بەرەواژ لە ناونیشانەوە بۆ شێواز.. کاروان کاکەسوور

ئەگەر (نارین ڕۆستەم)ی شاعیر بە ئاگایییەوە وشەی (بەرەواژ)ی بۆ ناونیشانی دیوانەشیعرییەکەی هەڵبژاردبێت، یان بە نائاگایی، ئەوە شتێک لەوە ناگۆڕێت، کە ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی کاتێ دەتوانێت وەک گوتارێکی سەربەخۆ خۆی دەرببڕێت، کە مانای شتەکان بەرەواژ دەکاتەوە. بەرەواژکردنەوە پرۆسێسی گواستنەوەیە لە دنیای شمەکەوە بۆ دنیای ئاماژە. ئەگەر شتەکان لە دنیای شمەکدا تاکڕەهەندن و ڕاستەوخۆ لە ڕێی سەرچاوەوە ماناکانیان دەگەیەنن، ئەوە لە دنیای ئاماژەدا ئازادیی خۆیان بە دەست دەهێنن و لەژێر دەستەڵاتی سەرچاوە ڕزگاریان دەبێت، بەو مانایەی کڵێشە و قاڵبەکان لە ئارادا نامێنن، تا مانای پێشوەختە بەو شتانە بدەن، بەڵکوو هەر توخمێک دەتوانێت لەو بۆشایییەدا خۆی ناسنامەی خۆی دروست بکات، بگرە توانای ئەوەی هەیە بەردەوام ناسنامەکەی تێک بشکێنێت و هیی تری لێ پێک بهێنێت، بێ ئەوەی ئەو ناسنامەیە بچێتە دۆخێکی جێگیرەوە، بەڵکوو دەکرێت لە بێژمار دۆخی دیکەدا خۆی دابڕێژێتەوە، مادام لە بەرانبەر خوێندنەوە و ڕاڤە جیاوازەکاندا کراوەیە. بەم شێوەیە وێنەی شیعری (Poetic image) لە (بەرەواژ)دا بەرهەمی بەریەککەوتنی کۆمەڵێک پارگۆ (enunciation)ی جیاوازە، کە لە ڕێی ئەو بەریەککەوتنەوە شتەکان لە دنیای شمەکەوە بۆ دنیای ئاماژە دەپەڕنەوە. ئەگەر ئەدەبی ئاسایی، کە بە زمانی ڕۆژانە دەنووسرێت، لەبارەی بابەتەوە دەدوێت و ڕاستەوخۆ مانا زانراوەکان دەگەیەنێت، بەو واتایەی ئاڕاستەکە تاکڕەهەندە و تەنیا لە دەرەوە بۆ ناوەوەیە، ئەوە لێرەدا، لە (بەرەواژ)دا شتەکان خۆیان دەبنە زمان و ناڕاستەوخۆ خۆیان دەردەبڕن، کە فرەدەنگی و فرەڕەهەندی بەرهەمی ئەو ناڕاستەوخۆیییەن. واتە ئاڕاستەکان لە ناوەوە بۆ دەرەوە و لە دەرەوە بۆ ناوەوەن، بگرە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاواز هەن و لە ئاسمانی دەقدا بەر یەک دەکەون.
وێنەی شیعری لە (بەرەواژ)دا بەرەواژکردنەوەی هەردوو چەمکی مێژوو و جیۆگرافیایە، بەو مانایەی کات لە خەسڵەتی زنجیرەیی دادەماڵێت و خەسڵەتی بازنەییی پێ دەدات، کە لەمەوە دووری و نزیکی مانای فیزیکیی خۆیان لە دەست دەدەن، توخمە جۆراوجۆرەکان لەناو ئەو بۆشایییەدا توانای ئەوەیان دەبێت بە هەموو لایەکدا بجووڵێن و بەر یەکتر بکەون. ئەمە نەک هەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکێتییەیە، کە ڕێزمان سەپاندوویەتی، بەڵکوو ئازادکردنی ئەو پارگۆیانەیشە، تا بکەونە جووڵە و مانای دیکە بەرهەم بهێنن.
لە (بەرەواژ)دا زمان لە ئاستی کۆمەڵایەتییەوە دەچێتە ئاستی تاک، کە وەک چۆن خۆی مانای جیاوازتر لەوەی هەیە، بە شتەکان دەدات، بە هەمان شێوە وا دەکات هەر خوێنەرێکیش وێنەی دیکەیان لێ پێک بهێنێت. (بەرەواژ) لەوە دەردەچێت، کە تەنیا بە ناونیشانێک دابنرێت بۆ کتێبێک، بەڵکوو دەبێتە شێواز، شێوازێکی تایبەت.
(پەردە) نوێترین شیعری (نارین ڕۆستەم)ـە، کە بە شێوازی بەرەواژ نووسراوە و کۆمەڵێک توخمی جیاوازی وەک پەردە، پەنجەرە، نەخشی گوڵەبەڕۆژە، عەبا، دەزوو، دەرزی، جلشۆر، کارگەی پەردەدرووین و هیی دیکە لە پاڵ کارەکتەری کچ، دایک، منداڵانی گەڕەک و هیی دیکە دەگرێتە خۆی.
پەردەکە
گوڵەبەڕۆژەیەکی تێدا بوو
چاوەڕوان بوویت
ڕۆژێک بدڕێت و
ئەو منداڵانەی گەڕەک،
کە تۆپیان دەگرتە پەنجەرەکەتان،
بناسیت.
هێزی زمان توانیویەتی هەموو ئەوانە بۆ وێنە بگۆڕێت، بەو مانایەی بوونەتە ئاماژە و ئەرکی دیکەی جیاوازیان گرتووەتە ئەستۆ. واتە دۆخەکە لە (بینین)ـەوە گۆڕاوە بۆ (هێنانەبەرچاو). لە هێنانەبەرچاودا بەربەستە فیزیکییەکان تێک دەشكێن و توخمەکان لەوە دەردەچن پێبەندی جیۆگرافیا و مێژوویەکی دیاریکراو ببن، بەڵکوو لە بۆشاییدا دەخولێنەوە، تا سنووری کات و شوێن ببڕن، کە ئەو داینامیکییە وا دەکات لە هەر جووڵەیەکدا مانای نوێ بە دەست بێت. لێرەدا توخمی ناکاوی دەردەکەوێت، بەوەی وێنەکان ئەوەمان پێ ناڵێن، کە چاوەڕێمان کردووە، بەڵکوو دەمانخەنە بەردەم کۆمەڵێک گریمانەوە.
ساڵێکیان
پەردەکە چڵکن بوو و
گوڵەبەڕۆژەکە لەناو جلشۆردا
مەلەی دەکرد.
بەرەو پەنجەرەکە ڕات کرد.
عەبا ڕەشەکەی دایکت
بووبوو بە پەردە!
لێرەدا توخمی گێڕانەوە بەشدارە لەوەی سنووری کۆنکریتبەندیی نێوان توخمەکان هەڵبگیرێت، تا (کات) لە زنجیرەیییەوە بۆ بازنەیی بگۆڕێت، هاوکات (شوێن) ئەو ڕەقێتییەی نەمێنێت و بە هەموو لایەکدا بکشێت، کە لێرەوە لادان، یان تێپەڕاندن (Displacement) دێتە کایەوە و شتەکان لە شێوەی سیمبۆڵدا دەردەخات. بە مانایەکی دی، کاتێ پێکهاتەیان دەگۆڕێت و لە شێوەی دیکەدا پێشان دەدرێنەوە، ئەوە زمان بە ناچاری دەچێتە ئاستێکی دیکە و مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕاوەدا دەکات، کە جیاوازە لەوەی زمانی ڕۆژانە دەریدەبڕێت، بۆیە وێنەکان سەیر دێنە بەرچاو و ڕاڤەی جیاواز دەخوازن.
ساڵێکی دیکە
هەژاری کونێکی کردە پەردەکەوە،
لەو کونەوە:
خۆر چاوی لێ داگرتیت.
دایکت پێی زانی…
لە قوتووە شۆکوڵاتەکەدا
دەرزی و دەزووی دەرهێنا و
کونەکەی دوورییەوە.
دەقی ئەدەبی کاتێ دەتوانێت کاریگەر بێت و وێنەی جیاواز بخاتە ڕوو، کە ناڕاستەوخۆ خۆی دەردەبڕێت. واتە بە زمانی تاکانەی خۆی دەدوێت، نەوەک بە زمانی کۆمەڵایەتی، کە مانای وایە شتەکانی دنیایەکی ئاسایی ناگوێزێتەوە، بەڵکوو بە شێوازی نائاسایی دنیایەکی نائاسایی دەئافرێنێت.
ئێستا
لە کارگەیەکی پەردەدووریندا کار
دەکەیت
هەمووان وا دەزانن
مۆدێلێکی تازەت داهێناوە
کاتێک لە ناوەڕاستی پەردەکاندا
کونێک دروست دەکەیت.




ڕاگەیاندنەکانی لایەنە جیا جیاکانی سوریا و سەرنجێك.. زاهیر باهیر

وەکو دەبینرێت رووداوەکان زۆر بە خێرا تێدەپەڕن و ڕاگەیاندنی جیا جیا لە گەلێك لە لایەنەکانەوە ڕادەگەیەنرێت .

لەو ڕاگەیاندنانە:
” دوێنێ سێشەممە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند، “پابەندبونی پتەومان بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لەسەرتاسەری سوریا هەیە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ئامادەیی خۆمان نیشانده‌ده‌ین بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو لەشاری کۆبانێ، ئامانجیش له‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌، بۆ چارەسه‌رکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیایە، مه‌زڵوم عه‌بدى ئەوەشیخستەڕوو، ئامادەین بۆ دوبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا”.
مەزڵوم عەبدی پێشنیار دەکات لەپێناو سەرکەوتووی پڕۆسەی ئاگربەست لە سوریا، لە ژێر سەرپەرشتی ئەمریکا ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو لە کۆبانێ پێکبهێنرێت.

” مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، وەک دووپاتکردنەوەیەک بۆ پابەندبوونمان بە راگرتنی شەڕ لە تەواوی ناوچەکانی سوریا، ئامادەین بۆ پێکهێنانی ناوچەی لەچەک داماڵراو لە شاری کۆبانێ.”

ئەوەشیخستەڕوو ” ئامادەین بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا.”

مەرهەف ئەبو قەسرە فەرماندەی سەربازیی ده‌سته‌ى تەحریر شام کە ناسراوە بە”ئەبو حەسەن ئەلحەمەوی”، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسیی هەڕەشەی ئەوەیکردوە “ئەو ناوچانەی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر دەستی “هێزەکانی سوریای دیموکرات” (هەسەدە)دایە، دەخرێتە ناو ئیدارەی نوێی سوریا، ده‌شڵێت:”هەموو جۆرە فیدڕاڵییەتێک ڕەتدەکەینەوە”.

ئەبو قەسرە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس كه‌ لەشاری لازقییە ئەنجامیداوە وتویەتی:”گەلی کورد یەکێکە لەپێکهاتەکانی گەلی سوریا، بەڵام کێشەکە لەسەرکردایەتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە”.

ئه‌وه‌شى وتوه، “پەیامی ئێمه‌ ڕونە، سوریا دابەشنابێت‌و هیچ جۆرە فیدراڵییەتێکی تێدا دروستنابێت”.
“ئەو ناوچانەی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی (هەسەدە)دان، ان شا‌ء الله دەخرێنە ناو ئیدارەی نوێی وڵاتەوە”.

ئەبوو قەسرە لەسەر قسەکانی دەڕوات و دەڵێت “دروستکردنی دامەزراوەیەکی سەربازیی کە هەموو کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکانی ژێر ئاڵاکەی کۆبکاتەوە، هەنگاوی داهاتوو، دەبێت دوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد لەهەر وڵاتێکدابێت دەبێت هەموو یەکە سەربازییەکان لەژێر چەتری یەک دامەزراوەدابن”.
ئەنەکەسەش مەرجی خۆیان هەیە بۆ دانیشتن و جۆرێك لە یەكکەوتن لەگەڵ هەسەدەدا ، قسەکەریان، نەواف رەشید، ئاوا دەڵێت “مەزڵووم عەبدی خۆی وەکو نوێنەری کورد و رۆژئاوای کوردستان بناسێنێت و بڵێت من نوێنەری کوردم و لە رۆژئاوای کوردستانم، نەک نوێنەری منبج و رەققە، هەروەها دەبێت مەزڵووم عەبدی بە تورکیا بڵێت، ئەوان پەکەکە نین، هەروەها دەبێت بە روونی پێیان بڵێت کە ئەوان دژی تورکیا نین.”
لە لایەکی دیکەوە ئەمەش هەیە کە دەستەی تەحریری شام بە دەمی ڕایانگەیاندوو ” تەحریری شام ناوچە کوردیەکانی بەفەرمی خستەوە ڕیزی کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتیی دیمەشەوە. بەمەش بۆشایی ئەو گرژیانەی نەهێشت کە پێشتر لەسەردەمی ئەسەد دا هەبوو.
تەحریری شام ئەم هەنگاوەی بە دژی هێرشەکانی تورکیا نا و ئەمریکا پشتیوانیی دەکات”.
سەرنجی من:
ئەمانە بڕێکن لەو ڕاگەیاند و قسانەی کە لەم یەک دوو ڕۆژەدا کراون کە هیچ کام لەمانە تەنانەت ئەوەی مەزڵوم کۆبانی-ش مایەی دڵخۆشی نیە و هیوایەكی گەش بۆ ڕۆژائاوا نییە.
هەموومان دەزانین دەستەی تەحریری شام یەک دەستە یا یەك گروپ نین تاکو پابەند بن بە قسە و لێدوانی سەرکردە سەرەکییەکەوە کە ئەبو موحەمەد جۆلانییە ، مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم هەتا ئەگەر جۆلانی-یش با بڵێین هەڵوێستی گۆڕا بێت بەرانبەر ڕۆژئاوا گروپەکانی دیکە هەمان هەلوێستی ئیسلامگەرایی توندو تیژیان هەیە ، دیدو کرداریان بەرانبەر بە کورد بە گشتی و ڕۆژئاوا زۆر دوژمنانەیە.
من ڕام وایە ئەبو موحەمەد جۆلانی شەڕی چەکدارانە لەگەڵ ڕۆژئاوا ناکات بەڵکو شەڕی ئیداری لەگەڵدا دەکات، بە یاسا نەك بە چەك، واتە بوونی ڕۆژئاوا بە بەشێکی نەبچراو لە سوریا ، لەو بارەشدا هەموو سەرۆکایەتی سەراپای دەزگە ئیدارییەکان، هەموو خزمەتگوزارییەکان، هەموو قوتابخانە و خەستەخانەکان و شارەوانییەکان دەکەونەوە ژێر دەسەڵاتی مەرکەزی و هەسەدە و ئیدارەی ئێستای ڕۆژئاوا هیچ ڕۆڵێکیان نامێنێت و خۆی لە خۆیدا هەڵدەوەشێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ، ئەو بەرنامەی خۆیندن و پڕۆگرمانەی کە لە قوتابخانەکان و زانکۆکاندا لە ڕؤژئاوای ئێستادا هەیە هەر هەموی هەڵدەوەشێتەوە و دەبێت یەك پلان و یەك مەنهەجی خوێندن و پەروەردە لە هەموو سوریادا هەبێت ، تەنانەت هەموو وێنەکانی ئۆجەلان و ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە هەر هەمووی فڕێ دەدرێت، هەموو سرودەکانی کوردایەتی و ئەوەی کە بە ئۆجەلان و سەرۆكدا هەڵدەدرێت نەك هەر نامێنێت بەڵکو حەرامیش دەکرێت .
چەمکی فیدراڵییەت و کۆنفیدراڵیزم ، پرسی ژنان و فێمێنیستی، پرۆژەی ئیکۆلۆجی و ژینگە دۆستی هەر هەمووی هەڵدەوەشێتەوە و بەتاڵ دەبێتەوە . لە لایەکی دیکەوە ئابوری ئەوێ و پرسی کۆمەڵایەتی و دەزگەی داد دادگا و یاسا چی تر لای هەسەدە و ئیدارەی ڕۆژئاوا نامێنێت ، ئەو عەقد کۆمەڵایەتییەی کە ئیدارەی ڕۆژئاوا ساڵێك لەمەوبەر نوێی کردەوە گەرچی خراپترو دواکەوتوترە لەوەی پێشتری 2014 ی ، ئەوەش نە کاری پێدەکرێ و نە لە هیچ شوێنێك دەڕوات ، چونکە حکومەتی نوێی ئیسلامی باوەڕی بە فیدراڵیەت نییە ، باوەڕی بە یەکێتی سوریا و ئیسلام هەیە ، ئەو لەژێر سیاسەت و ڕێنمایی و پلانی تورکیادا دەڕوات و تورکیاش سیاسەتی نەگۆڕ و پلانی دۆززەخی بۆ کورد لە هەموو شوێنێکدا هەیە .
ئابووری ڕۆژئاوا کە لە دەستی ئیدارەکەی ئێستادا هەیە بە هەر ناوێکەوە بێت : هەرەوەزیی ، حکومیی ، خۆسەریی … هەر هەمووی دەبێت بە گوێرەی یاسا بگەڕێتەوە ژێر دەستی حکومەتی مەرکەزی و ئەو سەرپەرشتی بکات .
بەڵام من باوەڕم وایە عەفرین لەژێر دەستی تورکیا دەردەهێنرێت و تورکیا پاشەکشەی لێدەکات ، بەڵام ئەردۆگان مەرجی هەیە لەسەر حکومەتی نوێی سوریا ئەویش دژایەتیکردنی ڕۆژئاوا و هەسەدەیە ، ئەردۆگان هەنگاوێك ناچێتە دواوە ئەگەر دوو هەنگاو قازانجی تێدا نەبێت . ئەوەش گرنگە کە بڵێین لە هەموو سیاسەتەکانی حکومەتی نوێی سوریا، ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا پشتگیری لێدەکەن. هەسەدە و ڕۆژئاوا ئەو پێگە گرنگەی نامێنێت و هەر وەکو بە لاوازبوون و نەمانی داعش لە سوریا هەنگاوی یەکەم بوو بۆ لەناوچوونی خودی هەسەدە و ڕۆژئاوا. ئەمان چی تر پێویستیان بە هەسەدە وەکو جاران نامێنیت .
بەداخەوە کە من زۆر ڕەشبینم لە بارودۆخی نوێ ، ڕەشبینییەکەشم هۆکار و پاساو و بناخەی خۆی هەیە . لەو بارەشدا ڕۆژئاوا ، هەسەدە دەبێت ئایندەی خۆیان دیاری بکەن. ئایا ڕازی دەبن بەوەی کە لە سەرەوە وتم یاخود شەڕدەکەنەوە؟ کە شەڕکردنیان دۆڕاندنی خۆیان و وێرانکردنی هەموو ڕۆژئاوا و ڕەنگە پەلیش بهاوێت بۆ باشووریش .
هیوادارم ڕەشبینییەکانی من بێ بنەما و بێ ئایندە بن.

زاهیر باهیر
18/12/2024




زارێ یەكەم فیلمی سینەمایی كوردی.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

(نزارۆف)لەو ساڵانەی بۆ كاركردن هاتبووە ئەرمینیا، فیلمە بەناوبانگەكەی (نامووس)ی
بەرهەم هێناو دەنگدانەوەیەكی گەورەی بۆ (نەزارۆف) بەدەست هێنا.
بەهۆی ئەوەی بایەخێكی زۆری بەدەرخستنی كولتووری رۆشنبرییی و نەتەوەیی گەلەكەی دابوو، جگە لەنیشاندانی زۆر لە كێشە كۆمەڵایەتیەكان .
سەركەوتنی ئەو فیلمە، وای لە (نەزارۆف) كرد، زێتر لەوەندە، خۆی بۆ كێشە و ئەشكەنجەو ئازاری گەلانی رۆژهەڵات تەرخان بكات.
ئەوەبوو لەساڵی 1926 ئەو دەرهێنەرە، گروپە سینەماییەكەی خۆی كۆكردەوە، بەرەو چیاكانی (ئاراكاسی) هەڵكشان، كەهەرێمێكی كورد نشینە، بۆ ئەوەی لەوێ فیلمە درێژەكەی خۆی)زاریا ـ واتە (زارێ) تۆمار بكات.
نزارۆف ـ لەو فیلمەدا بەگشتی باس لەژیانی كوردەكان دەكات لەسەردەمی رووسیای قەیسەری دا.
ئەوەتا لەكتێبی (یاداشتی ئەكتەرو دەرهێنەرێك كە لەساڵی 1965 لە مۆسكۆ دەرچووە، باس لەئەزموونی سینەمایی خۆی دەكات، بەتایبەت ئەزموونی لە گەڵ فیلمی (زارێ) و لەم بارەیەوە ئاماژە بەوە دەكات كە چۆن لەكاتی بەرهەم هێنانی ئەو فیلمەدا، هیچ سەرچاوەیەكی ئەوتۆی لە بەردەست دا نەبووە، كە باس لە مێژووی كوردو ژیانی كوردەكان بكات، خۆشی زانیارییەكی ئەوتۆی لەم بارەیەوە نەبووە، تەنها شتێكی كەم نەبێت، بۆیە دەستی كردووە بەگەڕان بەدوای كولتوورو داب و نەریت ورەوشت و مێژوو خێڵەكانی ئەو نەتەوەیە.
نزارۆف لەفیلمی (زارێ) دا، چیرۆكی ئەڤینداری نێوان كوڕو كچێك دەگێڕێتەوە لەیەكێ لە گوندە كورد نشینەكاندا.
كوڕەكە شوانكارەیەكە و ناوی (سەعیدە )و (نری سیسلییت) ی ئەكتەر دەوری دەبینێ، كچە هەژارێكیش كەناوی (زارێ) یە، تینازی ــ دەورەكەی دەبینێ.
سیناریۆی فیلمەكە وا داڕێژراوەكە دەرەبەگێكی گوندەكە، ئەگەرچی ژنیشی هەیە، كاتێ بەخۆشەویستی نێوان سەعیدو زارێ دەزانێ، بەخیلییان پێ دەباو لەسەر ئەوە سووڕ دەبێت، كە زارێ بۆ خۆی بخوازێت.
لەو دەمەدا جەنگی جیهانیی یەكەم هەڵدەگیرسێ و دەسەڵاتدارانی قەیسەر بڕیار دەدەن هەموو لاوە كوردەكانیش پەلكێشی ئەو شەڕە كاولكارییە بكەن.
سەعیدی ئەڤیندار یەكێ بوو لەو كۆمەڵە گەنجانەی رەوانەی ئۆردوگایێكی سەربازی كران لەنزیك گوندەكە.
ئیدی لەو كاتانەدا كە كاروانی سەربازەكان بۆ ئاو خواردنەوە لەتەك كانیەكاندا وچان دەدەن بۆ ئاوخواردنەوە، سەعید دەرفەت وەردەگرێت و را دەكاتە نێو ئاوایی، كەچی كاتێ تەمیوور بەگ ئەمە دەزانێ، فرمان دەداتە پیاوەكانی، سەعید پەلبەست كەن و رادەستی بكەنەوە و بكەوێتە زیندان.
كاتێكیش كە زۆربای برا گەورەی زارێ بە برینداری دەگەڕێتەوە، برینەكەی زۆر سەخت و دژوار دەبێت، لەنێو گریەو هاواری كەسو كاری گیان لەدەست دەدات، ئیدی بەگ بێ كەسی زارێ بە دەرفەت دەزانێ، بۆیە فرمان دەداتە پیاوەكانی، زارێ پەلكێش كەن و بە زۆر لەخۆی مارە دەكات.
بەڵام زارێ زۆر ئازایانە بەروویدا دەوەستێ و نایەڵی بەهیچ شێوەیەك بەگ لێی نزیك بێتەوە.
ئا لەو كاتەدا، خدۆی برا بچووكەكەی زارێ، بۆ رزگار كردنی خوشكەكەی تەقە لەبەگ دەكات و برینداری دەكات، كەچی پیاوانی بەگ زوو فریای دەكەون و بەخەنجەر خدۆ دەكوژن.
دوای ئەوەش كە بەگ چاك دەبێتەوە، بەزۆرە ملێ زەماوەندی خۆی لەگەڵ زارێ دا دەگێڕێت، بەڵام كاتێ سەعید بەم هەواڵە تاڵە دەزانێ، بۆ تۆڵەسەندنەوە خۆی و هەندێ لەهاوڕێیانی لە بەندیخانە رادەكەن.
كاتێ بەگ لەبەردەم خۆ بەدەستەوە نەدانی زارێ دووچاری بێ ئومێدی دەبێت، بەئامانجی سووكایەتی پێكردنی، دەنگۆی ئەوە لەئاواییدا بڵاو دەكاتەوە كە گوایە زارێ كچ نیە.
لەتۆڵەی ئەوەش سەرەوژێر زارێ سواری گوێ درێژێ دەكەن و دەموو چاویشی سواغ دەدەن و هەتكی پێ دەكەن، ئینجا لەناو بارانی تیرو توانجی خەڵكی بەئاواییەكەدا دەیگێڕن.
ئا لەو كاتەدا سەعیدو هاوڕێكانی دەگەنە ئەو شوێنەو تەمیوور بەگ و پیاوەكانی دەكوژن، ئینجا زارێش لە گەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن و روو دەكەنە چیا ..

حەیدەر عەبدولڕەحمان




کورتە چیرۆک/ گفتوگۆی چایخانە.. رەسوڵ بەختیار

مرۆڤەکان بەتەواویی گۆڕاون، وەک پێشتر نییە، کاتێک لەچایخانە دابنیشیت گوێت لەهەندێک چیرۆکی سەرنجڕاکێش بێ، پێشتر، مەبەستم لەپێشتر ساڵانی نەوەد تا دووهەزارە، گوێت لەهەندێک بابەتی خۆش دەبوو.
دەیگوت: عوسمان چوومەوە گوند و دێهاتەکانی خۆمان خزمانم بینی، سەیرە هەر وەک خۆیانن هیچ نەگۆڕاون، وەکجاران پیاون لەپشت یەکن، کەس ناوێرێ زەفەریان پێ ببا، چوومە ناو باخەکان بەڕاستی خۆشبوو، شووتی سەوز سەوز بوو، یەکسەر لەبڕکی کردەمەوە، چەقۆیەکم هێنا دوو کەرتم کرد، بەڕاستی بەتام بوو، ئێستاش تامی لەژێر زمانمدایە، ئاخ چۆن بچمەوە، ئەو منداڵانە فێری شار بوون، کەس نایەت.
یەکێکی دیکە هەڵیدەدایەوە: منیش وەک تۆ زۆر حەزم لەگوندە، دەمەوێ لەم جەنجاڵی شارە رزگارم بێ، شار ئێمەی کوشت هەمووی کردین بە کرێکار و فەرمانبەر، بەڕاستی کاتێ ئەو بەڕێوبەرە رەزاگرانە دەبینم، وا دەزانم پارەی ئەم هەرێم و عێراقە هەمووی ئەوە دەیخوا.
کەچی گفتوگۆی ئێستایی نێو چایخانەکان ئێرە و ئاسمان جودایە.
هەر ئەو عوسمانەی پێشتر باسمان کرد، باس لە ڤیلا و کچی جوان و مۆدیل دەکات.
کاتێک عوسمان دێتە چایخانە بەناو هاوڕێیەکانی هەڵدەستنەوە، کاک عوسمان وەرە ئێرە، من دەچمە ئەوێ.
عوسمان وەک ئەوەی لەباب و باپیرانییەوە موڵک و ماڵی بۆ مابێتەوە، بەبرادەرە نزیکەکەی دەڵێ: ئەوە چیبوو تووشی منت کرد، زۆر کەللەرەقە، بەڵام هەر سێ دەفتەر دۆلارم لێی قازانج کرد، جارێکی دیکە، ئەو شکوڵاتانەم بۆ مەنێرە، وەڕسی کردم، وا دەزانێ خەڵکی ڵەندەنە، ڵەندەن چییە، دەتوانم لایەکی ڵەندەن بکڕم.
هاوڕێیەکەی: وازی لێ بێنە، بۆ پڕۆژە نوێیەکەمان جیتکرد؟
عوسمان: خەم مەخۆ، وەبەرهێنان لەم پڕۆژەیە دوو ملیۆن دۆڵار قازانجمانە. لەوەش گەڕێ، بۆ مانگی داهاتوو پڕۆژەیەکی دیکە هەیە، هەمووی تۆ خاوەنداری بکە، خۆت دەزانی، زۆر سەرقاڵم، ئەوە با دیاری بێ.
هەر لەنێو ئەو چایخانەیەدا، یەکێک بۆ یەکەمجارە لەو چایخانە دەبیندرێ، سڵاو دەکا، چەند کەسێک سڵاوەکەی وەردەگرنەوە، یەکسەر دەڵێن: شێرۆ ئەوە تۆیی، دەزانین لەئەڵمانیایی، ئێ ئێ هەواڵت چۆنە؟
شێرو:هەواڵم چۆن بێ، خێزانەکەم لێم جیابۆوە، کوڕە گەورەکەشم قسەم لەگەڵ ناکات، کچە بچووکەکەشم تەمەنی یانزدە ساڵە لەگەڵ دایکییەتی، بەڵام کەس قسەم لەگەڵ ناکات.




کێڵگەی موچە و ئاو و کارەبا.. نەوزاد بەندی

بوونەوەران بە گشتی و مرۆڤ بە تایبەتیی هەوڵ بۆ ئەو شتانە ئەدەن کە نییانە ..کە دەستیان نەکەوتووە ..کە لێیان زەوتکراوە یان کە لێیان دزراوە ..
ئەم حاڵەتە دەروونییە ، ئەمڕۆ لە سیاسەتیی نێودەوڵەتیی و لۆکاڵییدا زۆر بە بێ ویژدانانە کاری پێکراوەو بە هۆیەوە مرۆڤەکان و خواست و ئامانجەکانیان بچووک کراوەنەتەوە ..ئەوەندە بچووک کراونەتەوە ، ڕەنگە بتوانین بڵێین کۆمەڵگاگەلێکی گێژ و گەمژە و ئەقڵسوک و ماندوویان دروستکردووە ، کۆمەڵگاگەلێکی پڕ له ناکۆکیی و دووبەرەکیی و دژایەتیی و کێبڕکێی نائاسایی و نایاسایی ، لە پێناوی هیچدا..
بۆ نمونە جارێکیان لە میسر ، لەگەڵ شۆفێرێکی میسرییدا لە جیزەوە چووین بۆ شەرملشەیخ ، ئەو شۆفێرە بە درێژایی شەو نەخەوت ، هەر خەریکی شۆفێریی بوو ، بۆ ڕۆژی دوایی ،نیوەڕۆ گەیشتینە جێ ، پێم ووت : ئێستا ئیتر بۆ خۆت بڕۆ بنوو ..
ووتی : نوستنی چی ؟ خوا ئەکا ئیش ئەبێ ، ئێستا ئەگەڕێمەوە بۆ قاهیرە !!
ووتم تۆ لە دوێنێوە نەخەوتویت ، ئێستا چۆن ئەتوانیت ؟
ووتی : لای ئێمە ئیش لە سەروو هەموو حیساب و کیتابێکەوە ، کە ئیش هەبوو ، هەموو جۆرە ئیسراحەت و خەو و خواردنێک ڕەت ئەکرێنەوە ، چونکە ئێمە زۆر بێ ئیش کراوین ..ڕەنگە بڵێم ئیش پێشی ئایین و عیبادەتیشی داوەتەوە لە میسر ، ئیتر خەو چییە ، ئوستاز ؟؟
ئەمە ئەو سیاسەتە ناشیرین و بێ ویژدانەیە کە مافێک یان چەند مافێکی سەرەتایی مرۆڤەکان زەوت ئەکات و ..وایان لێ ئەکات ، واز لە هەموو خواست و ئامانجە گەورەکانیان بێنن و ..بە دوای ئەو مافە سەرەتاییانەیاندا بگەڕێن ..بەو جۆرە واز لە بەها بەرزەکانی ئایین و شۆڕش و ڕیفۆرم و ئەدەب و هونەر و داهێنان و سامانە سروشتییە گەورەکان بهێنن ، بۆ ئەوەی داگیرکەری لۆکاڵیی نیشتمانیی بە هاوکاریی داگیرکەرە جیهانییەکان ، داهات و داهاتووی ئەو نیشتمانە هەڵلوشن و .. لە ئایین و زانست و هونەر و ئەدەب و داهێنان ، بە تەواوەتیی دایانماڵن ..
لێرەدا وەک نووسەر و پزیشکیی دەروونیی فەڕەنسیی لە سەردەمی داگیرکردن و کۆمەڵکوژییەکەی جەزائیرییەکاندا ، فرانتز فانۆن باسی لێوە دەکات ، داگیرکەرە جیهانییە زەبەلاحەکانی وەک فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەمریکا ، لە ڕێی هەندێ کەسایەتیی بەناو نیشتمانییەوە دەستوەردەدەنە کۆمەڵگاکانی جیهانی سێ ، بە حیساب ئەو کۆمەڵگایانەەگ سەرکردەی هاوزمان و هاوپۆشاک و خەباتگێڕ فەرمانڕەواییان دەکات و ئازاد و سەربەخۆن ، بەو جۆرە لە ڕێی ئەو فەرمانڕەوا خۆفرۆشانەوە ، ئەم دراما خەمگینە دەست پێدەکات و کۆمەڵگا بە لاڕێدا دەبەن .. چەند مافێکی زۆر سەرەتایی لە خەڵکەکە زەوت ئەکەن و بە بەهانەی جیا جیا قات و قڕیی ڕادەگەیەنن ، قەرزار بوونیان ڕادەگەیەنن .. وایان لێدەکەن هەموو ژیان و بیرکردنەوە و خەون و ئاواتیان لەو چەند مافە سەرەتاییەدا خەرج بکەن ، بەو جۆرە لە کۆمەڵگایەکی داهێنەرەوە ، دادەبەزن بۆ کۆمەڵگایەکی دەستسپی و نابەکام و بێ هیوا و ڕۆژەکانیان سەرجەم وەک یەکیان لێ دێ و .. خەون و هیواکانی سەرجەم مرۆڤەکان وەک یەکیان لێ دێت ، بەو جۆرە ئەو کۆمەڵگایه بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەبێتە کۆمەڵگایەکی خەولێخراو ..کۆمەڵگایەکی بێ دەسەڵات و کاڵفام ..کۆمەڵگایەکی نابەکام و بێ کەسایەتیی ، یان ڕاستتر وەک کێڵگەیەکی پەلەوەر یان مێگەلێکی لێ دێت ..
تەماشا بکەن لە کوردستانی خۆماندا ، دوو مامۆستای ئاینیی ..دوو مامۆستای زانکۆ و ..دوو کرێکار و .. دوو فەرمانبەر و ..دوو دوکاندار و ..دوو مناڵ و .. دوو ژنی ماڵەوە کە کۆدەبنەوە ، باسی موچە دەکەن .. ئاخۆ کەی موچە دێت ..ئاخۆ کەی بەغداد تەواوکارییەکانی موچە دەنێرێ ..ئاخۆ چارەنوسی !!! موچەی مانگەکانی یانزە و دوانزە چییان بەسەردێت ..ئاخۆ پاشەکەوتەکە بە تەواوەتیی خوراوە یان ئەخرێتە سەر کارتی بانکیی ..کارتی هەژماری من یان نیشتمانیی باشە ..کامیان پڕکەینەوە ..کەی مان بگرین لە دژی پێنەدانی موچە ..
دوو شاعیر ..دوو وەرزشکار .. دوو مێژوونوس ..دوو ئەندازیار .، دوو خوێندکار ..دوو خانەنشین کاتێ کوئەبنەوە باسی بێ ئاوی و .. ماتۆڕی هەڵدانی ئاو دەکەن ..باسی ئەوە ئەکەن کە ئەمشەو سەعات دووی دوای نیوەشەو سەرە ئاویانە و نابێ بخەون ، بۆ ئەوەی تانکییەکانی لێ پڕ بکەن ..ئاخۆ نرخی تەنکەرێ ئاو به چەندە و .. ئایا بۆ خواردنەوە دەست ئەدا .. ئایا سۆندەکەی ئەگاتە نهۆمی دوو ..
دوو ڕۆژنامەنووس .. دوو پاسکیلچیی .. دوو دەستگێڕ .. دوو شۆفێر ..دوو بەرگدروو ..دوو عەرەبانچیی ..دوو پۆلیس .. دوو سەرتاش ..دوو پێشمەرگە کاتێ یەکتر ئەبینن ، باسی سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانیی ئەکەن و .. باسی نرخی ئەمپێڕی موەلیدەی کارەبا ئەکەن و .. باسی چۆنێتی دانانی خانەی تیشکی خۆر ئەکەن تا لەم دەردە کوشندەیەی کارەبا ڕزگارییان بێ .. باسی ئنڤەیتەر ئەکەن ..باسی ئەوە ئەکەن چۆن خانۆکەیان بفرۆشن و بچن لە سیتییەکانی حیزب ، شوقەیەک بکڕن و ببن بە خاوەنی کارەبا و ئاوی 24 سەعاتیی .. لە ئەمپێڕ و جۆزە و هەڵسانەوەی جۆزە ڕزگاریان بێ .یان چۆن قاچاخچییەکی خاوەن متمانە بدۆزنەوە و .. سەری خۆیان بۆ ئەوروپا هەڵگرن و سێ بە سێ بێ کارەبایی تەڵاق بدەن ..
بەو جۆرە ، دەسەڵاتی کوردیی بۆ بچووککردنەوەی هاووڵاتییانی کورد ..بۆ تواندنەوەی بیر و باوەڕ و داهێنان و بەهرەکانی هاووڵاتیانی کورد ، لەسەر ئەو قڕتێخستنی سێ مافە سەرەتاییە کار ئەکا ، موچە و کارەبا و ئاو ..ئەو سێ شتەی کە هیچ کێشەیەکیان تیا نییە و کراون بە کێشە .. کە چارەسەرکردنیان زۆر ئاسانترە لە دروستکردنی ئەو سەدان تاوەرە هەوربڕەی کە دەسەڵات دروستیان ئەکا بۆ خۆی و ماڵ و مناڵەکانی .. بەڵام چارەسەریان ناکا ، چونکە لە بنچینەدا ئەو سێ کێشەیەی ئاو و کارەبا و موچە ، بۆ ئەوەیە کە دەسەڵات گەورە و باڵا بێ و هاووڵاتیانی کوردیش بودەڵە و بچووک ببنەوە ..وەک مناڵیان لێ بێ و هەمیشە لە هەوڵی یەکبینەدا بن بۆ دەستخستنی ئاو و کارەبا و موچە یان بۆ وەرگرتنی تازەترین و ڕاستترین هەواڵ سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی ئاو و کارەبا و موچە ..!! ئەم دۆخە تراژیدییە وا دەکات دوو مامۆستای فیزیا لە جیاتی باسی ئانیشتاین و نیوتن بکەن ، جنێو بە کاربەدەستی ئاو و کارەبا و موچە بدەن .. وا دەکا دوو ڕۆژنامەنوس لە جیاتی ئەوەی باسی داگیرکارە جیهانییه زەبەلاحەکان بکەن کە دەمیان ژەندۆتە نەوت و غاز و خاک و ئاوی نیشتمانەکەیانەوە ، باسی ئەوە ئەکەن ئاخۆ شاندی تازەی حوکمەتی هەرێم چ ڕۆژێ ئەچن بۆ بەغدا بۆ بەدواداچونی چارەنووسی موچەی مانگی یانزە و دوانزە .. دوو هونەرمەند لە جیاتی بیر لە کردنەوەی پێشانگا و دروستکردنی پەیکەری دوانزە سوارەی مەریوان و سمکۆ و قازی بکەنەوە ، بیر لەوە دەکەنەوە چۆن ژنەکانیان تەڵاق بدەن و ..چۆن وەک هاوڕێکانیان خۆیان بگەیەننە ئەوروپا .. دوو فێرخواز لە جیاتی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زانستیی بن ، هەوڵی دنیا دەدەن نمرەی 100 لە 100 بێنن بۆ ئەوەی کۆلێژی پزیشکییان دەست بکەوێ کە تەنها کۆلێژە ، دادەمەزرێن و ئەبن بە موچە خۆر ..
ئەو نمونانە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو یارییە قێزەونەیە کە پیادە دەکرێ لە ڕێی بچووککردنەوەی مرۆڤەکانەوە ..کاتێ ژووری هاووڵاتیان تاریک ئەکەیت ..کاتێ هاووڵاتیان تینوو ئەکەیت ..کاتێ هاووڵاتیان برسی ئەکەیت لە ڕێی دەستخستنە بینەقاقای کارەبا و ئاو و موچەوە ، ئیدی ئەو هاووڵاتییە تایبەتمەندیی و پسپۆڕیی خۆی لە دەست دەدات .. لە جیاتی ئەوە ئەبێتە چاودێر بە سەر ئاو و کارەبا و موچەوە .. ئیدی ئەو هاووڵاتییە هەر بەهرەیەکی هەبێ ، هەر توانا و داهێنانێکی هەبێ ، هەمووی لەناو زەلکاوی بێ ئاوی و بێ کارەبایی و بێ موچەییدا هەرەس دێنن .. ئیتر هیچ بابەت و هەواڵێک لە نیشتماندا بوونی نامێنێ ، بێجگە لە هەواڵی ئەمپێڕی کارەبا و نۆرە ئاو و کاتی دابەشکردنی موچە ..لەوێد ئیتر پیاوەتی و کەرامەت و ئینتیما و نیشتمانپەروەریی کۆتاییان دێت ..
دوو زانا.. دوو پسپۆڕ .. دوو بەهرەدار ..دوو یەکەمی کۆلێژەکان ..دوو پاڵەوانی جیهانیی کورد .. کە کۆ دەبنەوە باسی زانست و پسپۆڕیی وورد و بەهرە و داهێنان و مەدالیا ئاڵتونیەکانیان ناکەن ، بەڵکو باسی ئەوە ئەکەن کە ئایا دەسەڵاتیی کوردی دایاندەمەزرێنێ و موچەیان بۆ دەبڕێتەوە ؟ ئایا دەسەڵاتی کوردیی شوقەی مۆدێرنیان بۆ دابین دەکات بە جۆرێ ڕزگاریان بێ لە هەردوو ئەژدیهای بێ ئاوی و بێ کارەبایی ؟
لێرەدا ئیتر شتێک نامێنێتەوە بە ناوی پیرۆزیی و بەرزیی زانست و پسپۆڕیی و بەهرەداریی و داهێنان و یەکەمیی و پاڵەوانێتیی .. یان ڕاستتر هەموو ئەو بەها بەرزانەی مرۆڤایەتیی ئەبنە هاوێنەیەک یان تەلەسکۆبێک بۆ گەڕان بە دوای ئاو و کارەبا و موچەدا ..
ئەوسا شتی سەیر و سەمەرە دێتە ئاراوە ، وەکو پڕۆفیسۆرێک کە چەندین داهێنانی ووردیی هەیە ، لە چەندین زانکۆی ئەوروپیدا وانە بێژ بووە و داهێنانەکانی لە زۆربەی ڕیڤییوە زانستییە جیهانییەکاندا چاپ کراوە ، دێتە گۆ و ..بە دڵێکی پڕ و ڕوخسارێکی تێکشکاوەوە ئەڵێ : بێ موچەیی وایلێکردووم ئوتومبیلەکەم بفرۆشم ، لە کاتێکدا ئوتومبیلی جی کڵاسی گرانبەها بۆ کچە مۆدێلە بێگانەکان ئەکڕن ..!
کار ئەگاتە ئەوەی ، دەسەڵاتی کوردیی خۆیشی ئەچێتە ناو یارییەکەوە و ..ئەڵێ : کاکە گیان ! موچەی من و هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بخەنە کۆتایی خشتەی موچە دابەشکردنەوە ..!
لێرەدا ئیتر میللەت وەک مناڵێکی حەوت ساڵانەیان لێ دێت ، دڵیان بەوە خۆش ئەبێ کە وەزارەتەکەی ئەوان ، یەکەم وەزارەتە لە خشتەی دابەشکردنی موچەدا .. لە هەمان کاتدا کەسانێکی تر بێزاریی و توڕەیی خۆیان نیشان دەدەن بەرامبەر ئەوەی کە بۆچی لە خشتەی دابەشکردنی موچەدا ، وەزارەتەکەی ئەوان یەکەم نییە و خراوەتە ناوەڕاستەوە ..
بەو جۆرە ئیتر یارییەکە ، خەون و هیوا و ئامانجی هاووڵاتیان لەوەدا کۆدەبنەوە کە چەندەم ڕۆژ لە خشتەی موچەدا ، سەرەیان دێت .. ئیتر کۆمەڵگا ڕێک وەک شێتخانەی لێ دێت بە جۆرێک ئەوەی یەک شەممە موچە وەردەگرێت بەوەی کە شەممە موچە وەردەگرێت ، دەڵێ : لێدەن بۆ خۆتان ، ڕۆژێک پێش ئێمەن !! ..
ئەمە لە کاتێکدایە کە ملیارەها دۆلاری ئەو میللەتە لە ڕێی ئاودیو کردنی نەوت و غاز و داهاتەکانی ناوخۆ و گومرکەوە وون دەکرێ و ..ئەچێتە گیرفانی چەند داگیرکەرێکی جیهانی و لۆکاڵییەوە ..
ئەم دۆخە تراژییدییە درێژە دەکێشێ و .. ئاو و کارەبا و موچە ئەڕۆنە ناو کڕۆمۆسۆمەکانەوە و ..بۆ نەوەکانی داهاتوو ئەگوێزرێنەوە .. لەگەڵیدا مرۆڤێکی خاڵی لە هەموو بەها بەرزە مرۆڤایەتییەکان ، کە تەسبیحات تەنها بە سێ وشە ئەکات : ئاو ، کارەبا ، موچە … ئەگوێزرێتەوە ..
ئەوەیش گەورەترین تاوانی دژە مرۆڤایەتییە و لە جینۆساید ترسناکترە و ..پێویستە دادگاکان دۆسییەی بۆ بکەنەوە و ..ئەو دەسەڵاتە دادگایی بکەن کە مرۆڤی کوردی بە جۆرە بودەڵە و بچووک کردۆتەوە ، ترسناکتر لەوەی لە ڕۆمانی مەسخی فرانز کافکادا ، بەسەر گریگۆری سامبسادا هات .. چونکە گریگۆری یەک کەس بوو ، بوو بە سیسرک ..بەڵام گۆڕینی شەش حەوت ملیۆن مرۆڤ بۆ مێگەلی مەڕ و کێڵگەی مریشک ، تاوانێکە نابێ دادگاکان لێی بێ دەنگ بن .




بیـرۆکە لە چـیرۆکی منـداڵان.. رەزا شـوان

بیـرۆکەی چـیرۆک، هـەنـدێک جـاریش پێی دەوترێت “تەوەر، بابەت” بە بڕبڕەپشت و بە دینەمۆی چیرۆک دادەنرێت. یەکێکە لە رەگەزە سەرەکییەکانی چیرۆک. بیرۆکە ئەو بنەمـایەیە کە هـونـەری چـیرۆکەکی لەسـەر بنیـات دەنـرێت. هـەڵـبژارن و دیـارکـردنی بیرۆکەی چیرۆک، بەبێ ئامانج و بەبێ مەبەستێکی دیارکراو نییە. بیـرۆکەی چـیرۆک بە تەواوی گـوزارشـت لـە بیـرۆکە یان لە را و بـۆچـوونی نـووسـەر دەکات. لەوانـەیە بیرۆکەی چیرۆک، تەنیا یەک بابەت بێت، یان بە دەوری چەند بابەتێکدا بسووڕێتەوە. کە چـیرۆکـنووسەکە دەیـەوێت، لە کارێکی هـونـەریی جـوان و بەچـێژ و بەپـێـزدا، لە چـوارچـێوەی چـیرۆکێکـدا بیانخـاتەڕوو. بیـرۆکەی سەرەکـیی چـیرۆک، ئـەو بیـرۆکە ناوەنـدییەیە یان ئـەو چەمکەیە، کە چـیرۆکـنووس دەیـەوێـت لـە رێـگەی گـێڕانەوە و کارەکـتەرەکان و کـات و شـوێنەکانەوە، وێـنای بکات. چـیرۆکـنووسی سەرکەوتـوو و داهـێنەر، دەزانێـت چـۆن بیـرۆکەی چـیرۆک هـەڵـدەبـژرێـت و چ پەیـام و ئامانجـێکی ئەرێـنی لە چـیرۆکەکەیـدا، بە منـداڵانی خوێنـەر دەگەیەنـێـت.
بیـرۆکەی چـیرۆکی منـداڵان، پێویـستە راسـتەوخـۆبێـت. بەڵام دەکـرێت بە شـێوەیەکی ناراستەوخـۆشبـێـت، لەسـەر زمـانی پاڵـەوان یان کارەکـتەریكەوە بخـرێـتـەڕوو. واتـا راستەوخۆ لە چـیرۆکەکەد نەخراوەتەڕوو. رەخەنەگـرانگران ناڕاستەوخۆیەکەیان پێ باشـترە. دۆزینەوە و هەڵهـێنجـانـدنی بیـرۆکەی چـیرۆک و ئەو و ئامانج و مەبەست،
یان ئـەو پەیـام و وانـە و پەنـدانـەی کە چـیرۆکەکان لەخـۆیـان گـرتـوون. بۆ هـەمـوو منـداڵـێک ئاسان نـین. بیـرکردنەوە و هـەوڵـدانی دەوێـت. بێگـومان شـێواز و ستایـلی هـەر چـیرۆکنووسێکـیش، لە هـەڵـبژاردنی بیـرۆکەی نووسین و داڕشتنی چـیرۆک بۆ منـداڵان، وەک یـەک نـین و جـیـاوازییـان هـەیە.
ناشـبێـت بنەمـا سەرەکـییەکانی تـری چـیرۆک، بکـرێـن بە قـوربـانی بیـرۆکە. دەبێـت گـونجـان و هـاوسەنگـیـیەک لە نێـوانیـانـدا هـەبـێـت.
هەندێک لە مەرجە پێویستییەکانی، بیـرۆکەی بابەتی چیرۆکی منداڵان:
١ـ پێویستە چیرۆکی منداڵان، راست و روون و لۆژیکی بێت. تا منداڵان لێی تێبگەن.
٢ـ پێویـستە بیـرۆکەی بابـەتی چـیرۆکی منـداڵان، بەنـرخ و بەسـوودبێـت و پەیامێکی پەروەردەیی لەخۆگرتـووبێـت. تا شایەنی ئەوە بێت کە پێـشکەش بە منـداڵان بکـرێت.
٣ـ نابێت بیرۆکەی چـیرۆکی منـداڵان، بە فۆرمێک بخریتەڕوو، کە منداڵان بێزار بکات. ناشبێت درێژدادڕی و زیادەڕۆیی تێدا بکرێت. بە کورتی و بە پوختی پێشکەش بکرێت.
٤ـ پێویستە بیرۆکەی بابەتی چیرۆکی منـداڵان، دووربێت لە: توندوتیژی، شەڕانگـێزی، لە ترس و تۆقـین، لە کوشتن، لە زەبر و ئەشکەنجەدان، لە مـووبەکردن، لە جـنیۆدان، لە لەخۆبایی، لە نێـرگزی، لە سووکایەتیکـردن، لە بێ هـیوای و رەشبینی. لە رووخان، لە دزی، لە درۆ، لە ناپـاکی، لە ئیرەیی،…هـتد. بەرانبەر بەم کار و رەفـتارە نەرێنییانە، پێـویـستە بیـرۆکەی جـوان و بەهـای بـەرز و رەفـتاری دروسـت و ئـەرێـنی لـە هـۆشی منـداڵانـدا بچـێـنن، وەک: خـۆشـەویــستی، ئاشـتی، هـاوڕێـتی، مـرۆڤـایـەتی، دڵـسـۆزی، مـیهـرەبـانی، نـیـشـتـمـان پـەروەری، هـاوکـاری، هـیـوداری، گـەشـبـیـنی، راسـتگـۆیـی، دادپەروەری، ژینگەپارێزی، یارمەتی، خـێرخوازی، لێـبووردن، کامەرانی، بەختەوەری، ئـازادی، ئازایەتی، بـڕوا و متـمانە بەخـۆبوون، بەزەیی بە ئاژەڵ، دادپەروەری،…هـتد.
٥ـ چـیرۆکنووسی چیرۆکی منـداڵان، ئەوە دەزانێـت کە بۆ منـداڵان دەنووسێـت نەک بۆ گـەورەساڵان. پـەیـام و ئامـانج و مەبـەستی چـیرۆکەکـانی ئـاراسـتەی منـداڵان دەکـات. پێـویستە لە خستنەڕووی بیرۆکەکانی چیرۆکەکانی، تایبەتمەندییەکانی جیهـانی منـداڵان لەبەرچاوبگرێت. رەچـاوی قـۆناغـە جیاوازەکانی گەشەکردنی منـداڵـی بکات، لە رووی هـۆش و هـزر و ئەندێشە و تێگەیـشتن و وەرگرتن و فەرهـەنگی وشەکانی زمـانیان و دەروونی و سـۆزداری و پـەروەردەیی و کۆمـەڵایـەتییەوە. مامـەڵە لەگـەڵ پـرسـەکانی جیهـانەکەیـانـدا بکات. بۆ نمـوونە: بیـرۆکەی بابەتەکانی ئەو چـیرۆکانەی بۆ منـداڵانی بـچـووک گـونجـاون، رەنـگە بـۆ منـداڵانی گـەورەتـر گـونجـاونـەبـن. نـابـێـت ئـەوەش لەیادبکەن، کە وێـژەی منداڵان ـ زیاتر لەوانی تر ـ بە ئامانج و مەبەستەوە بەستراوە.
٦ـ چیرۆکی باش، ئەو چیرۆکەیە، کە بیرۆکەی باشی هەبێـت. ئەم بیرۆکە باشەش، بە شـێوازێـکی ئاسان و بە زمـانـێکی شـیریـن بە منـداڵان بگەیـەنـرێـت. چونـکە لە کاتی خوێندنەوەیاندا یان گوێگرتندا، کاریگەری و کاردانەوەیان لەسەر ژیانی منداڵان دەبێت.
بیرۆکە بە تەنها لە چیرۆکـدا بەس نییە، بەو پێیەی دەبێت پرۆسەی داهـێنەرانە هەبن. کە منداڵان بگۆازنەوە بۆ کەشوهـەوایەکی چیرۆکەکە و ورووژانـدنیان. چیرۆکنووسی لـێهـاتـوو و داهـێـنەر، ئـەو نـووسەرەیە، کـە ئـەو بیـرۆکەیە دەخـاتەڕوو، کە لەگـەڵ منـداڵانـدا بگـونجـێـت. بۆیـان نامـۆ نەبێـت.
٧ـ پێویـستە هـاوسەنـگی و گـونجـان لە نێـوان بیـرۆکە و رەگـەزە بنەمـاییـەکای تری بنیاتنانی چـیرۆکی منـداڵان هـەبـێـت.
٨ـ ناونیشانی گونجـاوی چـیرۆک زۆر گـرنگە. رۆڵـێکی گرنـگی لە سەرنجـڕاکـێشانی خوێنەران هەیە. پێویستە ناونیشانی چیرۆک گوزارشت لە بیرۆکەی چیرۆکەکە بکات.
٩ـ کۆتـایی چـیرۆکی منـداڵان زۆر گـرنگە، کە بە خۆشی و سەرکەوتـن و گەشـبینی و گەیشت بە هـیوا و بە ئامـانج و بە گەیانـدنی پەیـامی چـیرۆکەکە کۆتـایی بـێـت. نابێـت بـە روخـان و بێ هـیوایی و بـە کارەساتی تـراژیـدی کـۆتـایی بێـت. کـە لـە ئەمـڕۆ لـە داهاتووشدا، کاردانەوە و رەنگدانەوەیەکی نەرێنیان، لەسەر دەروونی منـداڵان دەبێت.
دوبـەی: ٢٠٢٤