تێسلە و ئاوی شێخی باڵەک.. چیرۆک.. دیدار مەسیفی

ئێوارەیێکی خۆڵەمێشی بوو! برازایە جوانەکەم ئۆتۆمبێڵە ئۆدییە سپییەکەی لە پێش دەرگای ماڵی خوشکە گچکەکەم ڕادەگرێت و بلەز پەنجە بە زەنگی سەر دەرگاکەوە دەنێت. دواتر یەک چرکەیش لە چاوەڕوانی کرانەوەی دەرگاکە نامێنێتەوە و مینا پاڵەوانی فلیمی ئەنەمیەشن و بەناوبانگی سۆنیک بە خێرایی دەگەڕێتەوە سەر کورسی شوفێری. خوشکم دەڵێت لەوەتەی منی نەبینووە ئەم برازایەیشی نەبینیووە!

  • من لەوسەری دونیا دەژیم و هەر دە ساڵ و جارێک بۆم ڕێک دەکەوێت، بگەڕێمەوە لاتان!؟ کەچی خوشکێ، ئێوە هەمووتان لە یەک شار دەژین و دەبێت سوپاسگوزار بن کە نەخشەکەی شێوەی بازنەیی هەیە.
    هەستمکرد خوشکە زرنگەکەم بە چاکی لە مەبەستی بەکارهێنانی وشەی بازنە لە نێو ئاخاوتنەکەم نەگەیشت و بە هەندیشی وەرنەگرت. لێ دەتگوت هەر لە بنەڕەتەوە و بە شێوەیێکی خۆنەویستانە من ئەم وشەیەم بۆیە بەسەر زاردا هات بوو هەتا هەر گەیشتمە سەر کورسی پێشەوەی ئۆتۆمبێڵەکە، یەکسەر بە گویێ برازایەکەمیشیدا بچرپێنم، بەو پێیەی ئەو ئەندازیارە زووتر لە مەبەستەکە دەگەیشت کە شێوەی بازنە هەمیشە ماوەکان کورتتر دەکاتەوە.
    برازایەکەم دەنگێکی گەلێک شیرین و سۆزداری هەیە و دەشێت لە یەک کاتدا بە چەند شێوە ئاوازی دەنگی بگۆڕێت. جارێکیان بەر لە گەڕانەوەم بۆ زێدی شیرین، بۆ شت کڕین بۆ دەرەوە چووم و هەر کە ئۆتۆمبێڵەکەم لە گۆڕەپانی فراوانی مۆڵێکدا ڕاگرت، زەنگی پەیامێکم لە ئایفۆنەکەم گوێ لێ بوو. من هەمیشە ئارەزوو دەکەم گیرفانێکم لە نزیکی پێیەکانم هەبێت و ئایفۆنەکەمی لێ دابشارم. بەو نیازەی دەستم بە درەنگی پێی ڕابگات و، ئایفۆنەکەیش بە سانایی بۆی نەلوێت زوو زوو بە خۆیەوە مژووڵم بکات و لە ژیانی ڕاستی دابمڕێنێت.
    لەو کاتەی پەیامەکەم بۆ هات شەو بوو و هەر کە لەسەر ڤایبەر کردمەوە گوێم بە گۆرانیێکی ناوازەی مەم ئارارات پڕ بوو کە دەڵێت: “شەڤ بوو ستێر لە ئاسمان، د لەرزە بایێ پشت چیایان!” تاوێکی درێژ لە نێو ئۆتۆمبێڵەکە مامەوە و بە گەردێک بۆم ئاشکرا نەدەبوو لەوەی دەنگەکە دەنگی مەم نەبوو بەڵکە هی برازایەکەم بوو! ئیدی ڕوندک بە چاومدا هاتە خوارەوە و یەکسەر پەیامێکم بۆی نووسی کە هەرگیز لەو بەهرە شیرینانەی بێبەشـم نەکات.
    لە سەروەختی گەڕانەوەمدا من هەتا ئەو کاتە لە سەنگەری خوشکە گچکەکەم مامەوە کە هێشتا ئەو برازایەمم جارێکی تر لە نزیکەوە و بە تەمەنێکی گەورەتر نەبینی بوو! هەرچەندە ئەو ڕووخسارە پاکیزەکەی هەڵەتی منداڵی پێوە مابوو، لێ بەژنی زراڤ و درێژی وەها گەشەی کرد بوو بۆنی وەرزی بەهاری لێ دەهات. لە نێو ئۆتۆمبێڵەکەدا زۆر ئەستەم نەبوو بەژنی برازایەکەم بە پێوانێکی نادیار بخەملێنم، بە تایبەت لەو کاتەی کورسی شوفێری گەلێک لەوەی من ماوەی خوولەکێک لە سەری دانیشتبووم، بەرەو پاش بردبوو. بە دڵمدا نەهات پێی بڵێم کە بۆچی لە ئۆتۆمبێڵەکەی نەهات بووە دەرەوە، چونکە هەر لە سەرەتاوە گەرەکم شتەکەی بۆی پینە بکەم و بڵێم لەوانەیە پەلەی بوو بێت و پێی خۆش نەبوو بێت لە کۆڵانە جەنجاڵەکدا لە یەک-دوو خوولەک پتر بمێنێتەوە.
    برازایەکەم زۆر لە مێژ نەبوو هاوسەگیری کردبوو و زانیبووم کە گورانی (ئەهواک- واتە خۆشمدەوێت) کتومت وەک عەبدولحەلیم حافز دەچڕێت. بە دانیشتن لە ماڵە خنجیلانەکەیان نەمویست شتەکان تێکەڵوپێکەڵ بکەم، لەو کاتەی بابەتەکانی لە ماڵی خوشکەکەم باس کران نێوانی زەوین و ئاسمان جوداییان هەبوو لەگەڵ ئەوانەی ماڵی ئەو برازایەم.

خوشکە گچکەکەم لە چاو من تەمەنی زۆر گەورە نەبوو، لێ بابەتەکانی گفتوگۆی هەر هەمووی هی نێو دڵی منیش بوون. بە تایبەت لەگەڵ هاتنی دەنگی شیرینی حەسەن سیساوەیی لە تیڤییەکەی سەر مێزەکەی ژووری دانیشتن، ئەو بە ڕژدی و بە بزەیێکی جوانەوە پێداگری لە بەکارهێنانی وشەگەلی لەمەڕ سەردان، میوان، جیران، ژیان، و باوان و هتد دەکرد و لە نێو ئاخاوتنە جوانەکانی هەمیشە دوو پاتەی دەکردنەوە.
دوای نزیکەی بیست خولەک گەیشتینە ماڵی برازایەکەم کە لە باڵەخانەیێکی کۆنکریتی بیست و پێنج نهۆمی دەرەوە و باکووری شار بوو. هەر لە دەرگاوە بەر لەوەی لە برازایەکەم زووتر پێم بخەمە ژوورەوە، بارەکەم بە تەواوی و بە سەد و هەشتا پلە بە پێچەوانەی ماڵی خوشکەکەم دیت. بۆ نموونە تیڤییەکە بە دیوارە بوو و دامرکا بوو، دەتگوت لە تەمەنییدا بۆ چرکەیێکییش هەڵنەکراوە.
ئیدی هەمووی پێنج خوولەکی تر تێنەپەڕی کە خۆمان لە نێو بابەتەکانی گفتوگۆ و ئاخاوتنی سەر مێزی نان خواردن بینییەوە. دەبێت بڵێم پێداگری برازایەکەم لەسەر وشەگەلێک بوو کە هەمان کێشی زمانەوانی وشەکانی سەر زاری خوشکەکەمیان هەبوو، لێ ماناکانیان دوورترین پێوەندیان بەوانەوە هەبوو. لە ماڵی برازایەکەم وشەگەلی وەک ئایفۆن، درۆن، ئەمازۆن و بیت کۆین و هتد، دەهاتنە نێو گوێم و لەو جارەدا تیپی (نوون) لە کۆتایی هەر وشەیێکدا بە دوو نووکە تیژەکەی (N) هوروژمیان بۆم دەهێنا. لێ، لە دەرەوەی گشت باسوخواستەکاندا، من هەرگیز نەمدەتوانی داوەری بکەم و یەک گەرد لە خۆشەویستی نێو دڵم بۆ هەر یەکێک لەو هەردوو ئازیزەم لە دەستبدەم.
برازایەکەم کەسێکی هێندە ڕێزدار و ئارامە ئەگەر باسی ئەهریمەنێکیشی هێنابووایە گۆڕێ، لە پێش چاوانت بە جوانی دەردەکەوت. دوا جار بەر لەوەی ماوەی گەڕانەوەم بۆ ماڵی خوشکم نزیک بێتەوە و ماڵە خنجیلانەکەیان بەجێبهێڵم، برازایەکەم بە شێنەیی هات لە تەکم دانیشت و تراکی ڤیدیۆیێکی کورت و گەلێک سەرنجڕاکێشی پێ پێشان دام. هەرچەندە لە سەرەتادا مەبەستی گرتە ڤێدیۆیەکە ئاشکرا نەبوو و دیار نەبوو کە لە بارەی چییە، بە تایبەت لەو کاتەی زوومی کامێرا یەک لە دووی یەک چەند کەلوپەلێکی تەکنەڵۆژی سەردەمی نوێ بەسەر دەکردەوە و پێشیانی دەدا. من خۆشییم لە سەیرکردنیان نەدەبینی و وەهام دەزانی شێوەیێکە لەو ڕیکڵامە بێتامانەی نێو شاشەکانی تیڤی کە هەمیشە گەرەگیانە هەرچی زووترە جوانییەکانی ژیانی کوردەواری بکوژن و لە نێوی ببەن. لێ، لەو کاتەی ڤیدیۆکە بە کۆتا هات، من نەمتوانی خۆم لەوە بدزمەوە و چەپڵە بۆ ئەو دەستە لێ نەدەم کە بیری لەو داهێنانە کردبووەوە و وەها بە جوانی بیرۆکەکەی داڕشتبوو.
وێنەی نیکۆڵا تێسلەی زانا بە هۆی کۆمەڵە کەلوپەلێکی ئەلیکترۆنی وەها بە شێوەیێکی سەیر و ناوازە بەرجەستە بوو و دروستبوو، چاوی هەر کەسێک بووایە لە ئاستییدا مات و ئەبڵەق بەجێدەما. وێنەکە وەهای لە مرۆ دەکرد لە گومانی خێرا کەمێک شێنەیی بنووێنێت و هەمیشە لە چاوەڕوانی دەرئەنجام بمێێنێتەوە، وێجا بڕیاربدات. ئیدی بە سەیرکردنی هونەر و وێنە ناوازەکەی تێسلە، وشەگەلی باوی سەردەم کە کاتژمێرێک زووتر لە زاری برازایەکەم دەرچوو بوون و ژاوەژاوێکی سەیریان لە زەینمدا دروست کرد بوو، لە فشار هێنان دەکەوتن و ڕەوتی دانیشتنەکەیش بەرەوە ئاقارێکی بەرفرەتر دەچوو.
من بۆ ماوەیێکی درێژ لە دیمەنی تێسلە ڕادەمام و لە دوا گۆشە نیگایەوە وێنەکە کتومت وەک فۆتۆگرافێکی بریسکەدار و ڕوون و ڕاستی خۆی دەنوواند. لێ لە هەمان کاتیشدا بەشێک لە زەینم بە کونوکەلەبەری ژیانی گوماناوی ئەم زانایە بەدبەختە گوزەری دەکرد و هێندێک شتی وەبیر دەهێنامەوە کە لەو ساڵانەی دوایی و لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی لە پڕی ناوی تیسلە خوێندبوومەوە.
دەڵێن تێسلە پیاوێکی بەژن درێژ و گەلێک ڕێک و پۆشتە بوو. بە کەمدوویی و ڕێزداریێکی بێوێنە ناسراو بوو و گەلێک جارانیش خۆشی لە گاڵتەوگەپیش بینیووە. ئەو سەرباری زرنگی و داهێنانە مەزنەکانی، دوا ساڵەکانی ژیانی لە دوورەپەرێزیێکی سەیر بەڕێکرد. هەتا لە زستانی ساڵی ١٩٣٧ لەو کاتەی لە هۆتێڵەکە دەردەکەوێت بۆ ئەوەی بەرەو کاتێدرال بڕوات و وەک دوا ئارەزووی ژیانیشی، دانەویڵە بە کۆترەکان بدات، ڕووداوێکی گوماناوی بۆ پێش دێت. تێسلە هێشتا دوو یان سێ کۆڵان لە هۆتێڵەکە دوور نەکەوتبووەوە و لەو کاتەی دەیەویست لە شەقامەکە بپەڕێتەوە، ئۆتۆمبێڵیکی تاکسی خۆی پێدا دەکێشێت و بەرەو ئاسمان بەرزی دەکاتەوە و دواتر بە زەبر فڕێی دەداتەوە سەر زەوی. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا تیسلە پشتی دەچەمێتەوە و زیانی زۆری پێ دەگات، هەروەها سێ پەراسووی دەشکێن و گەلێک برینیش هەتا مردنی بە نەزانراوی لە نێو لەشییدا دەمێننەوە. چونکە تێسلە بە هۆی گۆمانەکانی بۆ ئەو ڕووداوە و گەلێک ڕووداوی دیکەی پێشتری ژیانی لە نیویۆرک، هەموو چارەسەریێکی پزیشکی ڕەت دەکاتەوە. ئیدی ئەو بە لەشی هەپڕون و پیری بۆ هەتا سەر خۆی لە ماڵەکەی لە ژووری ٣٣٢٧ ی هۆتێڵ نیویرۆکەر دەئاخنێت و چیدیکە جارێکی دیکە پێ نانێتە دونیای دەرەوە.
لە حەفتەمین ڕۆژی مانگی یەکی ساڵی ١٩٤٣ و لە دوای پێنج ساڵ لە ڕووداوەکە، کارمەندێکی ژنی هۆتێڵەکە بە ناوی ئەلیس گوێ بەو ئاگادارینامەیە نادات کە تێسلە ماوەیێک بوو بە سەر دەرگای ژوورەکەی هەڵواسیبوو (تکایە بێزارم مەکە!)، دەچێتە ژوورەوە. ئەلیس لە ژوورەوە هەست دەکات بۆنێکی ناخۆش و دژوون لە ژوورەکەدا پنگاوەتەوە. بەڵام لەو کاتەی نیگای چاوەکانی دەکەونە سەر تەختی نووستن و تێسلە بە مردوویی دەبینێت، ژنە یەکسەر هاواری لێ هەڵدەستێت و بۆ دەرەوە ڕادەکات.
دوای ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەری هۆتێێڵەکە پۆلیس و ئەندامانی ئێف-بی-ئای و کەسانی پسپۆڕی دیکە وەژوور دەکەون و تەرمەکە و گشت شتەکانی نێو ژوورەکە لوول دەدەن و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن. ئیدی لەو ڕۆژەوەڕا ناوی تێسلە دەبێت بە مێژوویێکی تەپس کراو و ژیان و مردنی و کارە مەزنەکانی تەنێ لە بازنەیێکی بچووک و نەزانراودا دەمێنێتەوە.
دوای هەشتا ساڵ لەو کاتەی ئۆتۆمبێڵێکی پاتری و زیرەک بە ناوی تێسلە بە جادە و شەقامەکاندا گوزەر دەکات، بە دەگمەن کەسانێک هەن بەوە بزانن کە ڕۆژگارێک مرۆڤێک بەم ناوە هەبووە و ژیاوە. بەڵێ، ئەو زانایێکی بەرپرسیار و تاکانە و گەلێک زرنگ بوو، لێ هەمیشە وەک مرۆیێکی بەختنایار و نیگەران ژیا! تێسلە بە درێژایی ژیانی هەرگیز هاوسەرگیری نەکرد و وتەیێکی باوی هەیە کە دەڵێت داهێنەر هەرگیز نابێت هاوسەگیری بکات! ئەو مرۆیێکی مەزن بوو کە ڕووداوی ئۆتۆمبێڵ دەیکوژێت و دوای تێپەڕینی نزیکەی سەدەیێکیش مۆدێڵی ئۆتۆمبێڵێکی پاتری ناوازە و گران بەهای بە ناو دەکرێت.
بۆ شەوی دواتر من لە ماڵی خوشکە گەورەم دانیشتبووم و بیرم لە بەرواردکردنی بابەتی نێو ماڵەکان دەکردەوە. لەم سەردەمەدا بە هۆی هەبوونی پێگەی سەرەکی شاشە هەموو شتێک پچڕان و پارچەبوونێکی سەیری تێکەوتووە و، بە دیدی من شتەکان هەرگیز بە دەست و وشەکانی سەر زاری خوشکە گچکە و زیتەکەم کۆ ناکرێتەوە. تراکە ڤیدیۆکەی تێسلە کە برازایەکەم ڕۆژێک پێشتر بە میهرەبانییەوە پێشانی دابووم، دەتگوت زادەی ئەم نیگەرانییە بوو کە مرۆ هەنووکە بە بێ ئامێرێکی تەکنەلۆژی وەک ئایفۆن هەرگیز بە سانایی وێنە گەورەکەی هیچ شتێکی وەچەنگ ناکەوێت.
ماڵی خوشکە گەورەکەم وەک نەریتێکی دەیان ساڵە ئاوی شێخی باڵەکیان لێ نابڕێت. لێ، ئەوەی شیاوی باس و نیگەرانییە لەو سەردانە ئاوەکە لە نێو پەرداخێکی پلاستێکی گچکەدا کۆت و بەند کرابوو. هەروەها هاوشیوەی ئەو جۆرە مارکانەی پەرداخی ئاو بوو کە لە سەردەمی کورت کردنەوەی ڕۆژی تازیە لە هۆڵی مزگەوت و ژێر چادرەکاندا دابەش دەکرێن و پاشان لە دەرەوە وەک گردی لە نایلۆن کەڵەکە دەبن.
لە ڕۆژی گەڕانەوەمدا بۆ زێدی شیرین، باو و بارانێکی وەها بوو کە دڵۆپەکان بە لێشاو لەسەر بان و شەقامەکاندا هەڵدەبەزینەوە و شوێنی ئۆتۆمبێڵانیان بە تەواوی داگیرکردبوو. هەورە خۆڵەمێشییەکانیش هێندە تووڕە و تووش دیار بوون و بە هیچ شێوەێک ڕوون نەبوو کەنگی ڕوویان سپی بکەنەوە. هاوڕێیەکم چەند مانگێک بوو کیژە گەورەکەی بە فەرمی بڕاوانامەی پارێزەری وەرگرت بوو و، ئەویش دوو یان سێ ڕۆژە لە پاداشتدا ئۆتۆمبێڵێکی تێسلەی سپیی بۆ کڕیووە.

  • دڵدار، بەیانی باش! من ئێستا بە تێسلەکەی هەڵاڵە دێم بۆ بەر دەرگای ماڵەوە و دەتگەیێنم بۆ مەتار (فرگە)! پێم خۆشە لە نێو هاوڕێیان تۆ یەکەم کەس بێت لە کورسی پێشەوەی تێسلەکەمان دابنیشیت.
  • بەیانی باش، ئارام! زۆر سوپاس. بەڵام پێویست ناکات تۆ ئەزیەت بکێشیت و لەو دوورییەوە بێیت. من کە گەڕامەوە هەڵبەت ڕۆژێک هەر ڕێک دەکەوێت پیاسەیێک بەو ئۆتۆمبێڵە بکەین. پیرۆزبایێکی دووانە لە کیژە جوانەکەت دەکەم!
  • نا، من بەڵێنم بە خۆم داوە و لەم ڕۆژە باشتر نییە بێم بە دواتدا!
  • زۆر باشە، کاتژمێر ١٠:١٠ لەبەر دەرگا چاوەڕێت دەبم!
    لە ماڵی برازایەکەم بیرم لە ساتەکانی دانیشتم لە نێو تێسلە ڕەنگ سپییەکەی هەڵاڵە دەکردەوە و سەردەمێکی کەمێک جوان و لە هەمان کاتیشدا گەلێک ترسناکم دەهاتە پێش چاو. بە تایبەت لەو ڕۆژگارانەی بە ئۆتۆمبێڵە کۆریاییە شڕەکەم بە ئۆتۆبانەکە بۆ سەر کار دەچووم و دەگەڕامەوە و لە پڕ ئۆتۆمبێڵیێکی تێسلەی بێ شۆفێر بە لەنجەوە بە لایێکمدا ڕەت دەبوو. ئۆتۆمبێلە تێسلەکە سەرنجی بە جۆرێک وێڵ دەکردم و وەهای لێم دەکرد لە هەموو شتێک بترسم. گەلێک جارانیش ئۆتۆمبێڵی تێسلە شۆفێری تێدا بوو، بەڵام پاڵی دابووە پشتەوە و بە شێنەیی ڕۆژنامە یان کتێبی دەخوێندەوە. من هەردوو دیمەنی خوێندنەوەکەم نە دەچوو بە دڵدا چونکە هەنووکە بە دەگمەن کەسێک دەبینیتەوە لە شوێنی گشتی کتێبێک یان ڕۆژنامەیێکی بە دەست بێت. لە دیدی من لە هەردوو دیمەندا شۆفێری تێسلە گەمەی لەگەڵ ڕابردوو و داهاتووە دەکرد و ئەوەی من لە نێو ئۆتۆمبێڵە شڕەکەمدا بینیبووم، پتر لە نوواندنێکی ساویلکە دەچوو لەوەی لە زیندوو کردنەوەی کات بجێت لە ڕێگەی خوێندنەوەوە.
    بۆیە لە دوای نان خواردن لەو کاتەی برازایەکەم خەریک بوو دیمەنە هونەرەییەکەی پێشان دەدام کە تێیدا ڕووی نیکۆڵا تێسلەی بە جۆرێکی ناوازە لە پڕ دەردەکەوت. من نازانم بۆچی لە بری گشت ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی دەربارەی ژیانی ئەم زانایە هەمبوو، تەنی ئەو ساتەوەختانەم دەهاتەوە یاد کە تێسلەم لە شێوەی ئۆتۆمبێڵێکی زیرەک بەسەر جادە و شەقامەکانی شارەکەی لێیەوە گەڕابوومەوە زێدی خۆم، بینی بوو. لەو ئێوارەیەدا زانیاری ورد و پترم دەربارەی نیکۆڵا تێسلە لە برازایەکەمەوە گوێ لێ بوو کە هەرگیز پێشبینیم نەکرد بوو. ئەو دەیگوت تێسلە پیاوێکی پشت ڕاست و سەر ڕاست و ڕێگە ڕاست بووە! تێسلە بە درێژایی ژیانی لە ئەمریکا و لە نێو جەنجاڵی و ناشیرینیێکدا کە بە دۆلار پەردەپۆش کرابوو، ویژدانی گەلێک بە پاکی ڕاگرت.
    لە نێو ئاخاوتنە شیرینەکانی برازایەکەم، من وەک ئەوەی خەون ببینم، دیمەنی تێسلە بە ڕوونی دێتە پیش چاوم. تێسلە دەبینم ڕووەو پەنجەرەی ژووی ژمارە (٣٣٢٧) لە هۆتێڵ نیویۆرکیر دانیشتووە و ڕۆمانێکی ئیڤۆ ئەندریچ دەخوێنێتەوە. ماوەەیێکی درێژە بیرۆکەی بیردۆزە فیزیاییەکان مینا پەروانە و گەلێک خێراتر لە تایەری ئۆتۆمبێڵێکی سەدەی داهاتوو لە زەیندا دەخوولێتەوە و دێن و دەچن. لێ هێندەی بیر دەکاتەوە سپۆنەسەرێکی ئەمریکایی و بێ فێڵ و تەڵەکەی بۆ پەیدا نابێت هەتا بە هێز و پاڵپشتی پارە، خەونەکەی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بۆ ڕاستی بگۆڕێت.
    تێسلە هاوەڵ و هاوپیشەی زۆری لە دەورەوپشتە و باوەڕی بە یەکێکیان نییە. هیندێک جار پێشبینی دەکات لە ژوورەکەدا خۆی و بیردۆزەکانی سەر دەنێننەوە و کەس بە هەبوونیان نازانێت. تێسلە بەر لە دەستپێکردنی ڕۆمانەکەی ئەندریچ، ڕۆژێک لە ڕۆژنامەیێکدا چیڕۆکێکی نووسەرێکی ئەمریکایی بە ناوی مارک توین دەخوێنێتەوە و گەلێکی لە دڵدا دەنیشێت. ناوی چیڕۆکەکە (کاتژمێر) ە و باس لە پیاوێک دەکات کە کاتژمێرێکی چاک و جوانی هەیە و بۆ ماوەی هەژدە مانگ زۆر بە دروستی و بێ ئەوەی پاش و پێشێک بکات، کار دەکات و ساتەکانی ژیانی بۆ دەپێوێت. بۆیە پیاوەکە وەها دەزانێت کاتژمێرەکەی شتێکی ئەفسووناوییە و هەرگیز پەکی ناکەوێت. هەتا شەوێک لە پڕ دەبینێت کاتژمێرەکەی وەستاوە و کار ناکات. پیاوەکە هەست دەکات ئەوە پەیامی کارەساتێکە!
    ڕۆژی دوایی بۆ ڕاستکردنەوەی کاتژمێرەکەی زوو ماڵەکەی بەجێدەهێڵێت و هەر کە بە لای شوێنی زێڕینگەرێکدا ڕەت بێت و لە دەرگاکە دەچێتە ژوورەوە. زێڕینگرەکە کاتژمێرەکە لە دەست پیاوەکە وەردەگرێت و پێی دەڵێت کە چوار خوولەک وەدوا کەوتووە! پیاوەکە دەڵێت: ” هەرچەندە بە ئازارەوە لە دەوری زێڕینگەرەکە هەڵپەڕیم و پێیم گوت واز لە کاتژمێرەکەم بهێنێت، کەچی ئەو هەر پێداگری کرد کە دەبێت ڕێکخەرەکەی چاک بکاتەوە. ئیدی کاتژمێرەکەم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەمێک دەچێتە پێش و لە ماوەی مانگێکدا کاتژمێرەکەم تایێکی وەها دەیگرێت کە لە ژێر سێبەردا دەچێتە سەر سەد و پەنجا پلە. دواتر گشت کاژمێرەکانی شار لە دوای خۆی بەجێدەهێڵێت و هەتا دەبینم بە سێیزدە ڕۆژ وەپێش ڕۆژمێر کەوتووە. کاتژمێرەکەم لە نێو بەفر و مانگی نۆڤێمبەردا بوو، کەچی هێشا ئۆکتۆبەر مانگی گەڵای دارەکانی نەگۆرێ بوو! ئیدی کرێی سەرە مانگ و پارە دانی شتەکانی دیکەیش زوو وادەی هات و بە ئاستێک گەیشت چیتر نەمتوانی خۆمی لەبەر ڕابگرم.”
    پیاوەکە لە گێڕانەوەی سەرهاتەکەی بەردەوام دەبێت و ئەوجارە کاتژمێرەکەی دەبات بۆ لای سەعاتچیێک کە پێدەڵێت کاتژمێرەکەی خاوێن کردنەوە و ڕۆنی پێویستە. ئیدی بە پێچەوانەی جاری پێشوو پیاوەکە ئەوجارە لە هەموو شتێک وەدوا دەکەوێت و وەهای لێ دێت خۆی بە مومیای مۆزەخانەکان بچووێنێت.
    لێرەوەڕا چیڕۆکەکەی مارک توین وەها بەردەوام دەبێت و کاتژمێرەکە هەرجارەی کێشەیێکی تازەی تێدەکەوێت و خاوەنەکەی بە دڵگرانییەوە دەیبات بۆ لای وەستایێکی دیکە: یەک دەلێت شا کلیلەکەی شکاوە، ئەویتر دەڵێت کریستاڵەکەی خوار بووەتەوە! ئیدی بێزاری پیاوەکە دەگات بە ئاستێک و بە دڵگرانییەوە بە سەعاتچیێک دەڵێت: ” کاتژمێرکەم بە دوو سەد دۆلار کڕیووە، لێ هەتا هەنووکە دوو-سێ هەزار دۆلارم بۆ چاککردنەوەی خەرچ کردووە!”
    دوا جار لەوکاتەی پیاوەکە کاتژمێرەکەی دەبات بۆ لای سەعاتچێێک و یەکسەر ئەو ناسێتەوەکە پێشتر لە شارەکە ئەندازیارێکی بەلەمی هەڵمی سەرنەکەوتوو بوو. پاش ئەوەی ئەم سەعاتچییەش وەک ئەوانی دیکە کاتژمێرەکە دەپشکنێت و بە لەنگییەکەی نازانێت، یەکسەر بە باوەڕەوە بە پیاوەکە دەڵێت: “کاژمێرەکە هەڵمی گرتووە!” ئیدی پیاوەکە پشووی لەبەر دەبڕێت و بە نادڵییەوە بە سەعاتچییەکە دەڵێت: ” مامم ویلیەم (هەنووکە لە ژیاندا نەماوە!) دەیگوت: هەسپی چاک بە چاکی دەمێنێتەوە هەتا ئەو کاتەی جارێک غار دەدات. کاتژمێری چاکیش هەتا ئەو کاتە بە چاکی دەمێنێتەوە کە هێشتا نەچووە بۆ ژێر دەستی وەستا. هەورەها مامم دەیپرسی ئەگەر وەها نەبووایە دەبێت ئەو هەموو وەستا سەرنەکەوتووانە، لە وەستای چەک و پێڵاو بگرە هەتا ئەندازیار و ئاسنگەر چییان بەسەر هاتبووایە؟ لێ، کەس نەبوو ئەو شتەی پێ بڵێت!”
    تێسلە لە دوای خوێندنەوە ئەم چیڕۆکە دڵ و دەروونی بە شێوەیێکی سەیر ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت. دواتر زۆر بە وردی لە وێنەی نووسەرەکە ڕادەمێنێت و هەست دەکات دووانەیێکی خۆی یان شێوەی ئەو برایە کۆچکردووەی تێدا دەبینێت کە لە هەڵەتی منداڵییدا لە پێش چاویدا لە سەر ئەسپ دەکەوێتە خوارەوە و دەمرێت. ئەسپێکی عەرەبی دەگمەن بوو و پاشایێکی عوسمانی لە سەرایڤۆ بە دیاری بۆ باوکە قەشەکەی تێسلەی هێنا بوو.
    تێسلە بەر لەوەی گوندە جوانەکە و زێدی باووباپیرانیشی بەجێبهێڵیت کۆڵی ئەم خەم و تراژیدیایە هەردەم وەک بارێکی گران بە سەر دڵییەوە مابوو. بۆیە لە شاری نیویۆرک لەو کاتەی لە وێنەی مارک توین ڕادەمێنێت و چیڕۆکەکەی بە جورێک بە دڵدا دەنیشێت و وەها دەزانێت کاتژمێرەکە ڕاڤە لە چارەنووسی وی دەکات لە ئەمریکا. دواتر بڕیاڕ دەدات کە گشت بەرهەکانی ئەم نووسەرە بخوێنێتەوە و ئەگەر بۆی بلوێت دەستی هاوڕێیەتیشی بۆ درێژ بکات.
    تێسلە لەو شوێنەی لێوەی هات بوو بە دەگمەن نووسەر و شاعیری بینیبوو کە وەک نووسەرانی ئینگلیز و ئەمریکایی پارەدار بوو بن یان هەر لە سەرەتاوە بە پێگەیێکی کۆمەڵایەتی بەرچاوەوە هاتبن بۆ نێو دونایی نووسین. بۆیە لە تێڕامانی بۆ ڕووخسار و جلوبەرگی مارک توین بە ڕوونی هەست بە جیاوازییە سەیرەکە دەکات و خەریک بوو بیری بۆ شتێک بچێت، کەچی نەیدەزانی ئەنجامەکەی زوو بێهوودەیی بە دواوە دێت.
    پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بوو و تێسلە بە تامەزرۆییەوە دوا پەرەگرافەکانی ڕۆمانەکەی ئیڤۆ ئەندریچ دەخوێنیتەوە و چیڕۆکەکەی مارک تویینیش وەک خۆی لە نێو زەینیدا بە زیندووی ماوە و بە دەیان شێوە و ڕەنگ خۆی دەنووێنێت. لەو کاتەدا خۆیشی نازانێت چۆن وەها بلەز خۆی دەگۆڕێت و بە دوای بەرهەمەکانی مارک توین بەرەو کتێبخانە یان کتێبفرۆشیێک دەکەوێتە ڕێ.
    چەند هەفتەیێک دوای خوێندەوەی گشت بەرهەمەکانی مارک توین، ڕۆژێک تێسلە لە ژیانی ڕاستییدا بە دیداری مارک توین دەگات و لە یەکەم ساتدا هەردوو پیاوە پۆشتەکە یەکدی وەک دوو هاوڕێی چەندین ساڵە دەبینن.لەو دانیشتنەدا گفتوگۆ لەسەر گەلێک بابەتێکی گرنگ دەکەن و تێسلە دڵی خۆشە کە لە چاو هاوەڵ و هاوپیشەکانی کە هێندێکیان هەڵگڕی بڕوانامەی دکتۆرا بوون لە زانستی فیزیک، پیاوێکی ناسیووە کە هەم نووسەرە و هەمیش دەوڵەمەندێکی دڵ و دەروون گەشە، لێ کەمێک لە خۆبایی.
    مەڕ بە پێی خۆی و بزن بە پێی خۆی! پەندێكی پێشینان بوو و دەتگوت لە خاکی کوردانەوە بە گوێی کارەکتەرەێکی ڕۆمانەکانی ئیڤۆ ئەندریچ داچووبوو و شێوەکەی بە تەواوی گۆڕابوو. لێ لەو کاتەی پەندێکی وەها لە زاری مارک توینیشەوە دەبیستێت کە بە ڕێز و شەرمەزارییەوە داوا ئەرنێییەکەی هاوڕێ تازەیەکەی ڕەت دەکاتەوە بۆ سپۆنسەرکردنی بیردۆزە زانستییەکانی، تیسلە دێتە سەر ئەوە باوەڕە کە بڵێت دەوڵەمەند هەر یەک شتە ئەگەر لە بەرگی نووسەردا بێت یان لە هی زانای فیزیک و ماتماتیک.
    مارک تویین بە ڕوونی و ڕەوانی بە تێسلە ڕادەگەیێنێت کە پێشتر زانایێکی لەو دویوی پێنج دەریاچەکە ناس بوو و داوای سپۆنسەری لێی کردبوو بۆ داهێنان و هێنانەدی خەونی تێلیفۆن. وێجا بە گاڵتەوە بە تێسلە دەڵێت: من خۆم لە بێڵ گێل کرد، لێ لە بەرانبەر ئێوەی زۆر زرنگ و پۆشتە و بەڕێزدا خۆم گەلێک شەرمەزار و نەوی دەبینم و نازانم چی بە زارمدا بهێنم.
    مارک تویین دوا وشە و بڕیار کە بە گوێی تێسلەیدا دەچرپێنێت، بۆنی ڕەتکردنەوەکەوە لە زاریدا کەمێک خۆشتر دەرکەوێت. لەو کاتەی دەڵێت کە ئەو بە نیازە سەروەتەکەی بۆ هێنانەدی دەزگا و ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوە لە شارەکەدا دابمەزرێنێت و هاوکاری هەر کەسێک بکات کە خەونی نووسین بەرۆکی بەرنادات.
    تێسلە بە نادڵی دەگەڕێتەوە ژووری هۆتێڵەکەی و ڕووپەل لە ژێری دەستییدا باڵ دەگرن. ژمارەی بەڵگەنامە و ئەو ڕووپەلانەی بە بیرۆکە و بیردۆزی ناوازە پڕ دەبن، ژوورەکەی لێ داگیر دەکەن. فشاری هاوەڵێکی لە شوێنی کارەکەی، لە هی ئەکتەری میسری فەرید شەوقی دەچوو کە لە گەلێک لە فیلیمەکانییدا لە بەرانبەر دۆست و نەیارەکانییدا پێڕەوی دەکرد، بێزاریی و تووڕەییکی زۆر دەخەنە نێو دڵی تێسلە.
    بۆیە لە ساڵەکانی دواییدا و پاش دوا هەناسەکانی خۆڕاگری و بەرگری کردن، تێسلە بە ڕۆژ و مانگ خۆی لە ژوورەکەی دەئاخنێت و نایەوێت کەس ببینێت. لەو کاتە پڕ لە نیگەرانییەی ژیانییدا، ئەو دەیەویست بڵێت کە داهێنانەکانی بۆ خزمەتکردنی گشت خەڵکی سەر ئەو زەوینە کەونار و ماندوویە بە دەستی نەیارانی. بۆیە بڕیاری دا ئەگەر دەستێکی پاکی بۆ هاوکاری کردن وەگیر نەکەوێت، بیرۆکە زانستییەکانی و هەرچی وەدەستی دەهێنێت لە نێو ناخی و بەڵگەنامە کۆکراوەکاندا هەڵیانبگرێت و هەتا ڕۆژی خۆی دەرگەیان بەسەر دابخات.
    گەلێک شەوان تێسلە بە تاریکی دادەنیشت و چرای ژوورەکەی بۆ هەڵخەڵەتاندنی ئەو بە ناو هاوەڵ و هاوپیشانەی خۆی کە لە دوژمن ترسناکتر بوون، دادەمرکاند. دواتر لە پەنجەرەی ژوورەکەی نزیک دەبوویەوە و پەردەکەی هەڵدەدایەوە و هەمان ئەو چەند ئۆتۆمبێڵە فوردە ڕەشەی دەبینی کە لە خوارەوە چاودێری هۆتێڵيکەیان دەکرد. بەڵێ، دەیبینی چۆن لە کورسی پێشەوەی ئۆتۆمبێڵێکدا بە ئاستەم تارمایی ئەو پیاوە بالابەرز و زانایە دیار بوو کە تیسلە پاشناوەکەی گۆڕی بوو بە ترۆمپا، ئەوەیش بە هۆکاری فشاری بەردەوامی بۆ وەدەستخستنی بیردۆزە زیرەک و ناوازەکانی وی.
    هەنووکە ناوی تیسلە هی گشت ئەو هاوەڵ و هاوپیشە زرینگانەی داپۆشیووە کە چەقەڵ بوون لە پێستی بەرخ. هەرچەندە ناوی گەلێکیان هەتا سەر بە نەزانراوی دەمێنێتەوە، لێ شیمانەی هەیە ناو و هەڵکەوتەی ئەکتەرە میسرییە بە ناوودەنگەکە بە زەینی کەسێکدا بێت کە بە هۆی وشەی (شەوق- ڕووناکی) ەوە لە ڕۆژێکی دوور بێت یان نزیک تیشکێک سەر لایە شاراوەکانی ژیانی تێسلە. یان بچێتە سەر باسکردنی ژیانی هاوەڵەکانی و بزانێت لە کوێدا ڕۆڵی چەقەڵیان بینوە نەوەک هاوڕێ. هەروەها شیمانەی هەیە وشەی (شەوق- ڕووناکی) مینا کلیل و ئامرازێک ڕۆڵ ببینێت و ڕازێکی شاراوە بۆ کەسەکە هەڵبێنێت هەر کاتێک بیەوێت لە ژیانی مرۆیێکی بە ناوودەنگ بکۆڵێتەوە، یان هەر هی تاکێکی ئاسایی کە بە دیدی وی گەلێک بەختیارە ناوەکەی لە بازنەی ئازیزانی بۆ دوورتر نەچووە.
    ئەو ڕۆژەی تێسلە لە دایک ببوو، لە دەرەوە باووباران و تاریکیێک بوو، هەترەشی مرۆی دەبرد و دەیترساند. بۆیە لەو کاتەی مامانەکە دەنگی زێڕەی کۆرپەکەی نێو دەستی گوێ لێ دەبێت، بێئەوەی سێ و دووی لێ بکات شتێکی سەیری بە زاردا دێت و دەڵێت: ئەو دەنگە دەنگی تاریکییە! لەگەڵ دەربڕینی ئەو ئاخاوتنە ناشیاوە، هەورە تریشقە و بروسک ئاسمانی ڕەنگ خۆڵەمێشی لەتوپەت دەکەن و ڕووناکی دەکەنەوە. ئیدی لێرەوە دایکی تێسلە هەناسەیێکی شادمانی هەڵدەمژێت و بە نادڵییەوە بەرسڤی مامانەکە دەداتەوە ودەڵێت: کچێ، زمانت بە خواری مەگێڕە و زیڕەی کۆرپەکەم دەنگی ڕووناکییە!
    خوشکەکەی نێو دەڤەری چیاکانم لە ماڵە خنجیلانەکەی دێت و دەچێت و یەک چرکە دانانیشێت. پەرداخی بە تاڵ لە سەر مێزەکەی بەردەمم هەڵدەگرێت و بلەز یەکێکی دیکەی پڕ دەهێنیتەوە و لە جێگەی دادەنێتەوە. من هەستمدەکرد خوشکەکەم وەهای دەزانی لە خاکی غەریبی ئاوی ئۆقیانووسەکانم هەمووی خواردۆتەوە و بە ئاوی شێخی باڵەک نەبێت سوێرایی نێو ناخم داناشۆرێت و شیرین نابێتەوە.
    لە دوای خورادنی ژەمێكی بە چیژێ کوردەواری و چایەی بۆنداری دەستی خوشکە گەورەکەم، من خۆم بە دوا بەرداخە نایلۆنەکەی لۆگۆی شێخی باڵەکی لە سەر بوو مژووڵ کردبوو و دەمەویست پێشان بدەم کە چیتر ئاو ناخۆمەوە. لێ، لەو کاتەی یارییم لەگەڵ سەرپۆشە ئەلومنییومە تەنکەکە دەکرد، ئەوجارە خوشکم زۆری بەلاوە سەیر بوو کە چۆن وەها تووشی بێدەنگیێکی قووڵ ببووم و خەریکی کارێک بووم کە لە هی مندالێکی دە ساڵان دەچوو. نەوەک هی برایێکی کە لە چاوی خوشکەکەم گەلێک بەستەزمان و ساویلکە دیار بوو، چونکە نیو سەدە لە ژیانی گوزەرا بوو و کەچی هێشتا هەر ڕەبەن و تەنیا و خاوەنی هیچە.
    دوای بینینی وێنەکەی تێسلە، من لەمەودوا چاوی ئایفۆنەکەم لە بەرانبەر دیمەنێک ڕادەگرم کە چاوی ئاساییم بە تاکی تەنێ بۆی کۆ ناکرێتەوە. بۆیە لەو کاتەی خوشکە گەورەکەم بەرەوە ناندینەکە چوو و هەستم کرد ئەمجارە دەچێت دەفری پڕ لە میوە دەهێنێت، بە خێرایی بە ئایفۆنەکەم وێنەیێکی سەرپۆشە ئەلومنییۆکەم چرکاند. سەرپۆشەکە دەمێک بوو بە هۆی جوولە و خولانەوەی خۆنەویسانەی لە نێو دەستمدا، کەمێک گەچراو بوو و لوسی و سافییەکەی پێشووی نەمابوو.
    ماوەێیکی درێژ و هەتا گەڕانەوەی خوشکم لە سەر شاشەی ئایفۆنەکە سەیری وێنەکەم کرد و لە پڕ لە پێش چاوانم ڕووخسارێکی لە شێوەی نیکۆڵا تێسلە دەرکەوت. وێنەکە بە شێوەیێکی گەلێک سەیر نزیکی هەبوو لەگەڵ هونەرییەکەی برازایەکەم لە شەوی پێشوو لە یوتیوب پێشانی دابووم. من لە بەرانبەر وێنەکەدا بەشێوەیێک دامام و کارە منداڵانەیەکەی نیگای چاوی خوشکەکەم بەر لە چەند خوولەکێک بڕیاری لەسەردا بوو، بۆم بوو بە زادەی ناساندنی پنتێک لە قووڵایی نەستدا کە تێیدا مرۆ لە هەمان کاتدا هەم دەتوانێت منداڵ بێت یان هەمیش گەورە. لەوێدا مرۆ بە سووکی بە سەر سنووری ڕەگەز و لەش و گشت ئەو بەربەستانە باز دەدات کە پەردە بە سەر ڕاستییدا دەپۆشن .
    من لە دوای ئەوەی لە نێو شەپۆڵی ئەم هزرکردنە قووڵەی سەروو وەدەردەکەوم، بە ئەسپایی لە ئایفۆنەکەم پەنجە لە سەر ناوی برازایەکەم دادنێم و یەکسەر وێنەکەی بۆ دەنێرم. دواتر کەمێک چاوەڕێ دەکەم و زەنگ بۆ ژمارەکەی لێ دەدەم و داوای لێ دەکەم هەم هونەرەکەی سەر یوتیوبم بۆ بنێرێت و هەمیش ڕاڤەی خۆی دەربارەی ڕێکەوتەکە.
    برازایەکەم لەسەروەختی ئاخاوتنەکەدا لە ئاوازی دەنگی دیار بوو شادمانیێکی مەزن دڵ و دەروونی داگیر کرد بوو و لە ئەنجامدا خەریک بوو چەندین وشەی سەر زای خوشکە گچکەکەمی دەهاتنە سەر زار. تێلیفۆنە چەند خولەکییەکە بە دوایی هات و برازایەکەم پاش کەمێک وێنەی تێسلە لەسەر سەرپۆشی ئاوەکە و کارە هونەرییە بەرزەکەی نێو یوتیوبی لە پاڵ یەکدی دانابوون و بۆی ڕەوانە کردم.
    خوشکە گەورەکەم مات ببوو و بە هێمنی لە دیار بەزمی ئەو کارە منداڵانەیەم و بیستنی ناوهێنانی تێسلە دانیشت بوو. من گەرەکم بوو بزانم ناوی تێسلە چی ڕاڤەیێکی لەگەل خۆیدا هێنابووە نێو ژوورەکە و خوشکم چۆن لەو بەزمە سەیرەی نێوان من و برازایە دەنگخۆشەکەمی تێگەیشتبوو. بۆیە سەرباری مێواندارییە بێ هاوتاکەی، بۆ ئەوەی چیتر ئەو لە نێو نیگەرانی و گومان و دڵەڕاوکێ نەهێڵمەوە، سەرم هەڵبڕی و گوتم:
  • خوشکێ وەرە لە کن من دابینشە و سەیری ئەم دوو وێنەیە بکە.
  • ئەو کابرایە کێیە برا، ئەحمەد مەزهەرە!؟
  • ئەحمەد مەزهەر کێیە، من دەیناسم!
  • نا ئەو کورد نییە! ئەکتەرێکی کۆنە زۆر فلیمی لەگەڵ فەرید شەوقیید هەیە، ئەگەر بیناسیت!؟
    لێرەوەڕا خوشکم ڕەنگی هەڵبزرکانی سەر ڕوومی بینی و پتر لێم هاتە پێشەوە وەک منداڵەکەی جاران بم یەکسەر دەستێكی لە شانم دانا.
  • برا چی ڕووی داوە، شتێک هەیە من نەیزانم!؟
  • نا خوشکێ هەر فلیمێکی ترسناکی ئەو ڕۆژگارانەم وەبیر هاتەوە!
    ئیدی من بەر لەوەی بخەوم تێلیفۆنێکم بۆ برازایەکەم کرد و پێیم گوت گۆرانی (گولێ گولێ) ی دیار دەرسیمم بۆ بچڕێت کە هەمان ناوی خوشکە گچکەکەمی هەڵگرتووە، بەڵكە خەوێکی خۆشم لێ دەکەوێت. یان وشەکانی سەر زاری برازایەکەم کە بەر لە چڕینی گۆرانییە خۆشەکە بە گوێمیدا چرپاند بوو، هەر بە زیندووی دەمێننەوە هەتا لە دەڤەری شێخی باڵەک دەگەڕێمەوە شار و دەچمەوە ماڵی خوشکە گچکەکەم.
    چونکە دڵم ڕوون بوو لەو کاتەی برازایە دەنگخۆشەکەم لە کەراژەوە بە دوامدا دێت، بارەکە بە پێجەوانەی ڕۆژی پێشوو سەراو لێژ و ڕاست بووەتەوە. بە تایبەت کە برازایەکەم لە دوای خۆمەوە دەبینم بە شادمانی و ڕووی بە خەندەوە پێ دەنێتە نێو ماڵی گوڵێی خوشکم و سەردانی دەکات. هەورەوها لە ژوورەوەیش بۆ چرکەیێک لە شاشەی ئایفۆن و کاتژمێرە ئەپڵەکەی ناڕوانێت، نەوەک خوشکە گچکەکەم هەست بکات کە ئەو بێزاری دەنووێنێت و لە دانیشتن لە ماڵەکەیدا ناشادە.
    ئیدی لە نێو ئەم کەشە خێزانییە گەرمەدا، من و برازایەکەم بێ ئەوەی بابەتی وێنەکەی تێسلە دووپاتە بکەینەوە و بیهێنینەوە گوڕێ، سێو و هەنار و پرتەقالە بۆندارەکان لەت دەکەین و کاتی مردوو و لەدەست چوو لەگەڵ ئازیزێکماندا، زیندوو دەکەیننەوە.
    تێبینی: لەگەڵ تەواوکردنی ئەم چیڕۆکە خوشکە گەورەکەم لە دووری پتر لە دە هەزار کیلۆمەترەوە، پەیامێکی لە ڕێگەی ڤایبەرەوە بۆ هەناردم کە شیعر و وێنەێکی دەستە خوشکێکی شاعیری تێدا بوو بە ناوی ست کاکۆ. ڕێکەوتێکی گەلێک لە پڕ و سەیر بوو، چونکە ناوی شیعرەکە (کاتژمێر) بوو. بە شانازییەوە لە خوارەوە چەند کۆپڵەیێک لەو شیعرە جوانە دەنووسمەوە:
    بۆیە کاتژمێرم
    خۆشناوێ
    چرکەی تەمەنم دەژمێرێ
    ژیانم لەتەک خۆیدا دەبا و
    بە پەیکی مەرگم دەسپێرێ

_ئەم چیڕۆکە پێشتر لە ژمارە (٣٢٥) ی گۆڤاری ڕامان لە ٥/١١/٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە




تێڕامانێک لەئازار.. نووسینی: محمد سۆران

ئەزموونێکی کەسییە کە ئەو کەسانەی بەدەست ناخۆشی دەناڵێنن هەستی پێدەکەن، یان بەهۆی هۆکارێکی ماددی وەک ئازاری جەستەیی، یان ڕەنگە بەهۆی هۆکاری دەروونییەوە بێت وەک کێشەی جۆراوجۆری ژیان، دابیننەکردنی پێداویستییە کەسییەکان، لەدەستدانی نزیکییەک مرۆڤ، جیابوونەوە لە گروپە کۆمەڵایەتییەکان، سنووردارکردنی ئازادی، نەخۆشی و مردن. هەروەها ئازار دەتوانێت لە بابەتە سادەکانەوە دەست پێبکات تا بابەتی بەرگە نەگیراو، کە بەپێی کەسەکە خەمڵێندرێت.

ئازار لە چوارچێوەی زۆر کایەی چالاکی مرۆڤدا ڕوودەدات و فۆرمەکانی ئازار بەپێی سروشت و سەرچاوە و هۆکارەکان و مانا و گرنگی و ڕەفتارە کەسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییە پەیوەندیدارەکان و چارەسەر و چۆنیەتی بەڕێوەبردنیان جیاوازن. زۆرجار ئازارەکان پۆلێن دەکرێن بە ئازاری جەستەیی یان ئازاری دەروونی. ڕەنگە ئازارەکان بە پلەی جیاواز لە چڕیدا بێت، لە سووکەوە تا بەرگە نەگیراو. هەڵوێست و کاردانەوەکان بەرامبەر بە ئازارەکان دەتوانن زۆر جیاواز بن، ئەمەش بەندە بەوەوە کە ئایا ئازارەکان دەتوانرێت خۆپارێزی لێبکرێت یان حەتمییە، دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت یان بێهودە و ڕەوایە.

ئارسەر شۆپنهاوێر، فەیلەسوفی ئەڵمانی کە بە فەلسەفە ڕەشبینەکەی بەناوبانگە، لە ساڵی ١٨٥٢

هیدۆنیزم تیۆرێکی ئەخلاقی لەخۆدەگرێت کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە چێژ و ئازار پێوەرەکانی چاکە و خراپە. بە بڕوای فەیلەسوفی یۆنانی ئیپیکۆروس، پێویستە سەرەتا هەوڵبدەین خۆمان لە ئازارەکان بەدوور بگرین و ئارامییەک بەدەست بهێنین کە دوور لە بەدواداچوون بۆ دڵەڕاوکێ یان دەرئەنجامە نەخوازراوەکانی چێژە زوو تێپەڕەکان.

بەپێی عەقیدەی ستۆیکیزم، خۆبەدەستەوەدان دەبێت بە توندی کۆنترۆڵ بکرێت و ڕۆحیش بگەیەنرێتە حاڵەتێکی بێباکی بەرامبەر بە چێژ و ئازار.

بە بڕوای جێرمی بێنتام فەیلەسوفی ئینگلیزی و دامەزرێنەری عەقیدەی سوودگەرایی، کە قوتابخانەیەکی ئەخلاقییە و دەڵێت: بەهای ئەخلاقی کردەوەیەک بە بەشداریکردنی لە بەرژەوەندی گشتیدا دیاری دەکرێت.

واتە کردارەکە بەپێی ئەوەی کە ئەنجامەکەی چییە، دڵخۆشی یان خۆشی بەرامبەر بە ئازار هەڵدەسەنگێندرێت. ئەو ڕێکارێکی پێشنیار کرد کە پێی دەوترێت حساب بۆ ژماردن و دیاریکردنی ڕێژەی چێژ و ئازار کە بەهۆی هەر کردارێکەوە بەرهەم دێت.

لە فەلسەفەی خێرخوازیدا پێویستە هەوڵەکانی مرۆڤ هەوڵی کەمکردنەوەی ئازارەکانی ژمارەیەکی زۆرتر لە بوونەوەرە زیندووەکان بدات، هەروەها دڵخۆشترکردنی ئەوانەی ئازار دەچێژن نەک دڵخۆشترکردنی ئەوانەی کە دڵخۆشن. فەلسەفەی خێرخوازی هاتۆتە ناو زۆر فەلسەفەی ترەوە بەجۆرێک کە ئەمڕۆ ناتوانین وەک فەلسەفەیەکی سەربەخۆ بیزانین.

ڕەشبینی جیهان وەک شتێکی تەواو خراپ و پڕ لە ئازاری بەرگە نەگیراو و ڕانەگیراو دەبینێت و ڕەنگە باشتر بووایە ئەگەر ژیانێکی لەو جۆرە بە هیچ شێوەیەک نەبووایە. ئارسەر شۆپنهاوێر، فەیلەسوفی ئەڵمانی کە بە فەلسەفە ڕەشبینەکەی بەناوبانگە، پێشنیاری پەنابردن بۆ هونەر و فەلسەفە و لەدەستدانی ئیرادەی ژیان و تەحەمولکردنی “هاوڕێی ئازار” دەکات. هەروەها شوپنهاوەر پێی وایە کەمێک مێدیتەیشن بەسە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ژیان بەهایەکی نییە و هیچ گرنگییەکی گەورە نییە بۆ بەردەوام بوون لەسەری و وابەستەبوون بە ژیانەوە پرۆسەیەکی کوێر و ناعەقڵانییە کە لە ئیرادە سەرچاوە ناگرێت.

بەپێچەوانەوە گۆتفرید لایبنیز پێی وایە ئەو جیهانەی ئێمە تێیدا دەژین باشترینە لە هەموو جیهانە مومکینەکان، ئەو پێی وایە کاتێک خودا ویستویەتی ژیان دروست بکات، کۆمەڵەیەکی بێکۆتایی جیهان لە بیرکردنەوەکانیدا هەبووە و بە دڵنیاییەوە ئەم جیهانەی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی دروست بکات بۆ هۆکارێک.

نیچە دیدگایەکی تری هەبوو، دەڵێت تا زیاتر بتەوێت سەرکەوتوو بیت، زیاتر بەدوای ئازار و شکستدا دەگەڕێیت، ئەوان سووتەمەنی تۆن بۆ پێشەوە. لەسەر زمانی ئەو دەستەواژە بەناوبانگە دێتە ئاراوە: «بۆ هەموو ئەوانەی گرنگییان پێدەدەم، هیوای ئازار ، خەمۆکی، نەخۆشی، سووکایەتی، سووکایەتی بەخۆبوون، ئازاری گومان و شکاندنی شکستتان بۆ دەخوازم و منیش دەیکەم بەزەییتان پێدا نەبێتەوە. چونکە هیوادارم بەو شتە بیسەلمێنن کە ئایا یەکێکتان شایەنی ئەوەیە ئەوەی لەم ژیانەدا دەیەوێت بەدەستی بهێنێت یان نا، تەنها ئەم کەسە بەرگەی ئازارەکان دەگرێت.»فەلسەفەی نیچە بە دابڕان لە ئازارە شەخسیەکانی نایەت، بەو پێیەی ئەو کچە ڕەتیکردەوە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کەسە بکات کە خۆشی دەویست و ئەو گەشتێکی دوور و درێژی لە نەخۆشی جەستەیی و دەروونیدا ژیاوە کە بە مردن لە دامەزراوەیەکی دەروونیدا لە ساڵی ١٩٠٠ کۆتایی هات. هەر نیچە دەربارەی ئازار دەڵێت: « مرۆڤ چۆن دەتوانێ وێنەی ژیانێکی جوان بۆ خەڵک بکات، لەکاتێکدا ژیانی خۆی نووقمی نەخۆشی و ئازار بێت.»




كردنەوەی گرێكوێرەكان لە پێكهێنانی حكومەت دا.. سەلام عومەر

هەر پارتەو بە گەزی خۆی حكومەتی ئایندە دەپێوێ‌..

روداوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەراست خێران و كەوتنی دەسەڵات و قیتبوونەوەی گروپە تیرۆرستیەكانیش خێراتر، لەنێو ئەو هاوكێشە ئاڵۆزەی هەرێمەكەمان پێیدا تێدەپەڕێ بەتایبەت كە سەری زمانی هەموو چاودێرە سیاسیەكان یەكگرتنی باڵە ناكۆكەكانی كوردانی خۆرئاوایە و رێكخستنەوەی ماڵی خۆمانە، تا ببێتە پشگیریەكی بەهێز بۆ هەسەدە، كەچی پرسی پێكهێنانی حكومەت دوای هەوڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆتە باس‌و خواسی ئەم رۆژانەو هەر میدیایەو بەجۆرێك سیناریۆی بۆ دروستدەكات‌و هەرپارتەو بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی بیر لەحكومەتی ئایندەی كوردستان دەكاتەوە، وەك ئەوەی ئاگری ئەو گۆڕانكاریانە لە ئێمەوە دوور بێت و هەستی پێنەكەین، هەموو ئەو سیناریۆیانەش كەلەدوای هەڵبژاردنەكاندا تیشكی خرایە سەر، بەتایبەت ئەگەری دووبارەبوونەوەی حكومەتەكەی یەكێتی‌و پارتی كە بەفیفتی فیفتی ناسراوە بەرنامەی هەندێ لایەنەو خۆ هەندێكی دیش دەخوازن شكست بەم بیرۆكەیە بهێنن و دەیانەوێ هەر پارتەو بە قەت كورسیەكانی پارچێك لە كێكەكەی دەست كەوێ، ئەگەرنا گرێكوێرەكان تونتر دەكەن.
ئێستا لەنێو دانوستانێكی بەر تەسكدا بیر لە حكومەتی بنكە فراوان دەكرێتەوە، وەلێ زۆرێك لە حزبەكان كە لەنێو حكومەتدا زیانێكی زۆریان بەركەوتووە دەخوازن ببنە ئۆپۆزۆسیۆن و بەڵكو لە هەڵبژاردنی ئایندەدا بتوانن بەڕەكە لەژێر پیی ئەو دوو پارتە دەربهێنن، بەتایبەت لەنێو ئەو قەیرانە سەختەی دارایدا كە موچەخۆرانی تەواو ماندوو كردووە و حكومەتی بەغدا دەرگای زۆرینەی گەندەڵیەكانی لەسەر داخستوون، ئا لێرەدا ئەو خوانەی كە دانوستانەكانی گەرم كردووە هەر بۆ ئەوانە رادەخرێ كە فێرە پارووی چەورن و ئەوانەش كە پێشتر تەنیا نان و پیازیان داونێ مۆڕە دەكەن، لەم سەین و بەینەدا هاوڵاتی داماویش بیر لە دەنگەكانی خۆی دەكاتەوەو چاوەڕێیە لەنێو قومارێكی هاوشێوەی ئەوانی رابردوو بیانخەنە سەر مێزی دانووستانەكان و وەك كارتێكی سووتاو چوارساڵی رەبەقی پێبەڕێكەن، ئێستا نزیكترین ئەگەر حكومەتی بنكە فروانە، واتە سەرجەم ئەو پارتانەی كورسی پەرلەمانیان هەیە، بەقەد قورسایی خۆیان بەشداربن، ئەوەی بەشداریش نابێت شەقامیان پیشان دەدەن و لە بنەوەشڕا هەڕەشەی گوشینیان لێدەكرێ‌، خۆئەگەر پڕۆژەیەكی نیشتمانی لەم نێوەندەدا بەئامانجی یەكخستنەوەی باڵە لێكترازاوەكان‌و پارتە دژەكان بێتە نێو كایەكانی دروستكردنی حكومەتێك تا هەموان لەسەر یەك سفرە كۆكاتەوە بۆ بنیاتنانی پایەكانی دیموكراسی، ئەوە دیسانەوە پێویستیمان بەتەواوی پارتەكان دەبێت‌و لەم كاتانەشدا هەر بنكە فراوانیەكە باڵ بەسەر ئایندەی هەرێمەكەمان دادەپۆشێ، بەڵام هەر بەتامی حكومەتەكانی رابردوو، واتە قەیرانی دارایی و كێشمەكێشی حزبی و پەراوێز خستنی ئەوانی دی بەردەوامی دەبێت، لەم كاتانەشدا ئۆپۆزۆسیۆن قسەی خۆی دەبێ بەڵام لەبیریشمان نەچێ‌ ئۆپۆزۆسۆنەكانی رابردوو لەسەر شەقام بوون و نەیانتوانی بیگۆڕن لە كاتێكدا لە ئەوجی هێزدا بوون، بۆئەم جارەیان دەبێت بە بەرنامەیەكی تۆكمەترەوە بچن و لەناو حكومەتی بنكە فراواندا گۆڕانكاری ریشەیی بكەن، تا هەرهیچ نەبێت متمانەی شەقام و ئەو هەندە دەنگدەرە وەدەست بهێننەوە كە لە گەڵیان ماون، بۆیە ئەگەر هەر تاكو لایەنێك بەگیانێكی نیشتمانیانەو هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیەوە سەرنجێك یان بیاسەك بەنێو ئەم ئەگەرانەدا بكات، ئەوە حكومەتی بنكە فراوان، بەبێ‌ گیانی گۆڕانكاری و خۆ نوێكردنەوە لە هەموو بوارەكاندا سەركەوتوو نابێت، كە گوێ‌ لە هەموان رانەگرێ‌، ئەگەر تەواوی پرۆژە چاكسازیەكان نەخاتە بەرنامەیەوە، بەتایبەت ئاشكرا كردنی داهاتە نەوتی و نانەوتیەكان و پارتە نارازیەكانیش رازی نەكات،، ئەوجا دەكرێ‌ حكومەتی بنكە فراوان ئەو بۆچوونە هەڵەیە تێپەرێنێ كەدەگوترا (مادام لەحكومەتدای، نابێت رەخنە بگری)، دەكرێ وەك چۆن لەنێو پەرلەماندا بۆچوونی جیا هەبوو لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا كۆبوونەوەكان بەئاراستەیەكدا ببردرێ، پرۆژەكان بەشێوەیەك گەڵاڵە بكرێن، لەخزمەتی زۆرینە دابێ‌و كارێك بكرێ، چیدی حزب حكومەت بەڕێوە نەبات‌و چیدی داهاتە بزرەكان نەشاردرێنەوە و ئەوەی هەیە و لەژێر باڵەكانیاندا شاردویانەوە دەریبهێنن و حكومەت بەجۆرێك تەندروست بكرێ، تەواوی وەزارەتەكان بخرێنە خزمەتی هاوڵاتیان‌و چیدی حكومەت بەبێ ئەوانەی پرۆژەی دەوڵەمەندیان هەیە، تاك لایەنە رەفتار نەكات‌و هەر هەموو پێكهاتەكان بەئامانجی خزمەتگوزاری زیاتر ئۆپۆزسیۆن بن، واتە كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو نەك بەحزبی كردنی تەواوی بەرێوەبەرەكانی ناو وەزارەت و خوێندنگاكان خۆئەگەر زۆرینەی وەزیرەكانیش هەمەرەنگبن ئەوە ئامانجەكانی ئۆپۆزۆسیۆن و شەقام لە حكومەت نزیكتر دەكاتەوە و ئی بنبەڕێ دەبێت بخرێتە سەر بەڕێ.
دەكرێ‌و ئیدی كاتیەتی پارتەكان بەرژەوەندی نیشتمان و متمانەی دەنگدەرو خەونەكانی ئایندە بكەنە پڕۆژەیەكی نیشتمانی‌و لاربوونی باری دارایی هاوڵاتی راست بكەنەوەو روی خۆیان‌و هاوڵاتیان بەروونی پیشانی میدیا جیهانی‌و ناوخۆییەكان بدەن، بەتایبەت لەو كاتە هەستیارەی خۆرهەڵاتی ناوەراستی پێدا تێدەپەڕێ، لەو كاتەی بەغدا بیانوو لەدوای بیانووتان پێدەگرێ و ئێوەش خاڵە لاوازەكانتان تۆختر دەكەنەوە، بەتایبەتتر برایەكانمان لە خۆرئاوا پشگیری هەموانی پێویستە و لەناوخۆشدا كارێك بكەن چینایەتی ئەوەندە زەق نەبێتەوە، خۆ ئەگەر ئەوكارانە بكەن ئەوا چیدی لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا پارتەكان وەك سواڵكەر لە هاوڵاتی ناپاڕێنەوە.
(پارتەكان سواڵی دەنگدان دەكەن، هاوڵاتیانیش سواڵی نان)




کورتەچیرۆک: کرێچی.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

تا دەهات ئازاری گورچیلەی لای دەستەڕاستی زۆرتری بۆ دەهێنا، دەستێکی خستە سەر تەنگەی و ئاخێکی هەڵکێشا. ئەوە حەفتەیەک دەبێت ژانی گورچیلەی هەر دێت و زیاد دەبێت، ڕەنگە چیتر ئەمانە وردەبەرد نەبن و کەرپووچ بن کە لەنێو گورچیلە قوڕبەسەرەکەیدا خۆیان مەڵاس دابن. ئای دەبێت کەی بەیانی ببێتەوە، تا خۆی بخاتە ژێر چەقۆی نەشتەر و لەم ئازارە ڕزگاری ببێت.

ڕۆندکی نۆ ساڵان هاتە ژوورەوە، هەر لە دوورەوە دەنگی هەڵبڕی: «باوکە، باوکە، ئەوە سەرداری خاوەنی خانووەکەمانە بانگت دەکات.» هەژار هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا، بۆ چەند چرکەیەک لە شوێنی خۆی ڕەقوتەق هیچ نەبزووت، هەستایە سەر پێیەکانی و بەرەو دەرگاکە ڕۆیشت. دەمێک تکای لە سەردار کرد تاوەکوو هەندێکی تریش مۆڵەتی پێ بدات، سەد جاران سوێندی بۆ خوارد هەر کە لە نەشتەرگەرییەکەی قیت ببێتەوە، با بە دەرۆزەکردنیش بێت کرێی هەر سێ مانگی ڕابردووی بۆ دەنێتە دەستی.

وەکوو خووی پێوە گرتبوو، چەند قسەیەکی ڕەقی بە هەژار گوت و بەردەرگاکەیانی بەردا، هەتا گەیشتەوە لای قەمەرەکەش و دەرگاکەشی کردەوە بۆڵەبۆڵی هەر دەهاتە گوێیەکانی هەژار: «ئەها بەو ئاسمانە شینەی، ئەگەر هەتا حەفتەکی دی کرێیەکەم هەموو نەدەیێ، دەرت دەکەم، بەلاشخانەمان دانایتەوە، بەلاشخانە!»

لەوەتەی ژنەکەی بەجێیانی هێشتووە، گوزەرانیان هەر مەمرە و مەژی بووە، سەرەتا لە کارەکەی بەیانیانی دەرکرا، گوایە داڵغەی زۆری لێدەدا، دواتر بەردەکانی گورچیلەی زۆریان بۆ هێنا و کاری ئێوارانیشی بەجێ هێشت. هەر لەم بیرانەدا بوو، کاتێک کە ڕۆندکی بەستەزمان سەیرێکی کرد و بەنووزەوە پێی گوت: «باوکە گیان دەرمان دەکات؟» «نا نا کچی خۆم، دەرمان ناکات!»

هەر لەگەڵ‌ یەکەم گەردی بەیانی، هەگبەکەی خۆی پڕ کرد و لەگەڵ کچەکەی بەرەو نەخۆشخانە بەڕێ کەوت. ڕۆندک دیسان لێی پرسی: «هەر ئەمڕۆ دەرمان دەکات، وا نییە؟» «نا نا دڵەکەم، دەرمان ناکات!» بەرەو هۆڵی چاوەڕوانی ڕۆیشت، لە ڕێزی پێش پێشەوە دانیشتبوو و چاوەڕێی نۆرەی خۆی بوو. هەر کە ناوی خوێندرایەوە، توند توند کچەکەی کردە باوەشی، بە چاوانی پڕ لە فرمێسکەوە گوتی: «کچم هەر لێرە ڕاوەستە، هەر نیو کاژێرەکە و بەخۆ دێمەوە.» ئەویش دیسان لێی پرسی: «ئەدی ئەگەر دەری کردین، دایکم چۆن دەماندۆزێتەوە؟» «نا نا دڵیژگەکەم دەرمان ناکات، هەر لەوێ چاوەڕێی دایکت دەکەین، هەر دەگەڕێتەوە!»

لەسەر قەرەوێڵەکە پاڵکەوتبوو، بیری لەم چەند مانگەی ڕابردوو دەکردەوە، ئەو ڕۆژەی کە هاواری خێزانی دەرگای ماڵەکەی بە یەکجاری لەدوای خۆی داخست. دوو حەفتەی ڕێک لە ماڵەوە دەرنەچوو، ڕیشن ڕیشن، بۆگەن بۆگەن، تەنانەت ڕۆندکی کچیشی لێی دەترسا. تەلەفۆنێک، دوو تەلەفۆن، چەند تەلەفۆنێکی بەڕێوەبەرەکەی ناچاری کرد بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، دوو ڕۆژی نەبرد و لەوێش دەرکرا، ئێ چۆن بتوانێت کار بکات، تازە ئابڕووی هەمووی هەڵڕژاوە!

ژانی گورچیلەکەی تا دەهات و زیاتر دەبوو: «ئەمە کەی ژیانە! تاوانم چی بوو تاوەکوو ئەم هەموو ناخۆشییە یەک بەدوای یەکانەم بەسەر بێت. ئێ‌ سەردار چی بکات، ئەویش منداڵی هەیە و دەبێت نانیان بدات. خۆ ئەگەر سەردار کۆنە هاوڕێم نەبوایە و یەکێکی تر بوایە ڕەنگ بوو نیو ئەوەندەش لەسەرم ڕانەوەستابوایە. ئاخ لەم بەختە ڕەشەم، ئاخ!»

پەرستارە چاوشینە قژسوورەکە هاتە سەر سەری و دەربارەی کەشوهەوا پرسیاری لێ کرد، هێدی هێدی سۆندەی بەنجەکەی خستە سەر دەم و لووتی، تا دەهات چاوەکانی سستتر دەبوون. دەنگەکان دوورتر دەکەوتنەوە، سۆماشی لێڵتر دەبوو، سەیرێکی پەرستارەکەی کرد، هەر لە هاواری خێزانی دەچوو.

چەند کاژێرێک تێپەڕی، چاوەکانی کردەوە، سەیرێکی دەوروبەری خۆی کرد، نەیزانی بۆچی لێرە دانیشتووە. ڕووداوەکانی دوێنێی هیچ بیر نەمابوو. سەر ئێشەیەکی بەهێز تینی بۆ هێنا، دەستی بۆ پەرداخە ئاوەکەی بەردەمی خۆی برد. یەک دوو قومی لێدا. ڕۆندک بە هەڵەداوان هاتە سەر سەری، چاوەکانی لەخۆشییان بریسکەیان دەدایەوە، هاواری کرد: «باوکە، باوکە، ئەوە هەستای!»

سەیرێکی کچەکەی بەردەمی کرد، دەنگی خۆی خڕ کردەوە، دەنگە گڕەکەی هەڵبڕی: «بانگی هەژاری باوکت بکە، پێی بڵێ سەرداری خاوەنخانوو هاتووە، ئەگەر هەر ئێستا بە خۆی و بە کرێی هەر چوار مانگی ڕابردوو نەیەتە دەرەوە، با بە شتومەکەوە بێتە دەرەوە و ئێرەم بۆ چۆڵ بکات!»




زێدە بیابان.. شیعری عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بە دەربڕینەکانی هونەرمەندی شێوەکار (قەرەنی جەمیل) پێشکێشە

(١)
ئازادی لە نەخشەی بیابان دەتکێ
باران لە هاواری سەراب دەبێ بە ریشۆڵە
ریشۆڵەكان دەنووک لە تیشکى رووناکى دەگرن
لە ئاودا تیشکی رووناکی دووبارە هەڵدێ
ئەوەتا لێرەم وەک رووکاری رەشبردنەوە.
(٢)
جوانی رەفتاری بیابان هێشوو و هێشوو دەکا
رابردوو خۆڵەمێشییە
ئەوەتا لێرە دادەنیشم لەنێو ئێوە
ئاخۆ هەست بە گومانەکان دەپێون
ئاخۆ لە شکانی سەراب دەگەن
بزەی ئاو دەناسنەوە
ئاخۆ جیاوازی، وێناکردنی ناجیاوازییە، یان هاونشینی؟
(٣)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
ئاو دووبارە سەراب هەڵدەدا
مرۆڤ هێشوو و هێشوو لە بیابان دەکەوێ
با دێتەخوارێ
بۆ ژیان شامانایەک هەبوو
بۆ سەراب پێوانیەک نییە.
(٤)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
باران پێڵاوەکانی بیابان پڕ خۆڵ دەکا
با لە پرچی سەراب دەڕژێ
بە پێ خاوسی
بەبێ زیندووکردنەوەی شامانایەک
ناپەڕینەوە
لە پەنا رەنگی خۆڵەمێشی
لێرە دووبارە وەک روواڵەت لە ئێوە دەکەوم
مردن جێنشینی بینینە.
(٥)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
مرۆڤایەتی چەشنی نەخشەی بیابان
هێشووی هەتاو
نواندنەوە، زێدە مانا،
سەراب
بە ئاوەوە دەخورێتەوە.
(٦)
چیتر دابەزین نییە
بیابان لەبەر دەرگاتانە
رەنگی خاک جگە لەخۆی هیچ ناگەیەنێ
بە پێڵاوی پڕ لە خۆڵ
دووبارە وەک رووکەش لە ئێوە دەچم.
(٧)
ژیان شاراوەیەکی زێدە دیارە
رەنگ شاراوەیەکى زێدە گەرم
بە نمایشە شێواوەکانی
روو لە ئارەزوو دێتەخوارێ
بوونی مرۆڤ زڕوێنەیە
بە ئاسمانەوە کۆتایی بە حەقیقەت دێنێ.
(٨)
من نامەوێ ئاسمان لە خاک بچێ
زەوى لە ئاسمان بێتەوە
بەربوونەوەی ئەسڵ، شتێ لە شتێ ناکا
گەر دەرگا بکەنەوە
ئایکۆنەکان دەگەڕێنەوە
گەمەی نا- نواندنەوەیە.
(٩)
دنیا سەراب بێ یان وەهم
خاڵی گەشانەوەی هونەر وێناکردنی فریودانه
وێناکردنى زڕوێنە
خڕبوونەوەی ناتەبایی چێژە لێرە و لەوێ
من دەزانم
لە زێدە حەقیقەت دەبنەوە
تۆ دەزانی
شتێ لە پشت لەبەرگرتنەوە، بوونی نییە.
(١٠)
مردووەکان زیندووەکانیان گۆڕیووە بۆ ئاوەدانی
زیندووەکان مردووەکانیان گۆڕیووە بۆ زمان
ژیان گێڕانەوەی مرۆڤە بۆ دۆخی بێ شوناسی
ئەوەتا لێرە لەنێو ئێوە هەڵدەستمەوە
گەر دەرگا بکەنەوە
جەستەی بێ ئەندام دەبێ بە گۆڕ
لە پێگەی رەشبردنەوە و دابڕان
مردوو زیندووەکان دەردەکەون.

٢٠٢٤/٩/٢٨ هەولێر




ئایا ئێران دەستبەرداری بەرنامەی چەکی ئەتۆمی دەبێت؟.. کەریم قادر

کۆماری ئیسلامی ئێران کێشە و سەریەشەی زۆری بۆ ناوچەکە بەگشتی و ئیسرائیل بەتایبەتی دروست کردووە کە بەهۆیەوە زیانی ماددی و مەعنەوی لێکەوتووتەوە و بارگرانی بۆی دروست کردووە. لەبەرایی هەمووانەوە بیرۆکەی سڕینەوەی ئیسرائیلی لە هزری خەڵکانێک چاندووە.
ئەگەر سایکۆلۆژی ئیسرائیل بەرانبەر ئەوانە لەبەرچاوبگرین کە زیانیان لێی داوە، یان تەنانەت بیریان لەوە کردبێتەوە زیانی لێ بدەن، بە هەر جۆرێک بێت، هێزی خۆی نیشانداون، لەوەدا ئامرازی جۆراوجۆری بەکارهێناوە و باڵادەستە.
بابەت و گرژییەکانی ناوچەکە هێندە تێکەڵاون، چاودێرانێک پێیانوایە لەو هەموو شەڕ و تێکچڕژانەی لە ناوچەکە لەئارادان، شتێک لە شێوەی ڕێککەوتنێکی شاراوەی نەنووسراو لەنێوان هەردوولادا هەیە. ئەگەر بە دیوێک خوێندنەوە بۆ شەڕەکانی حەماس، حزبوڵای لوبنانی، حوسییەکان بکەین، هەروەها چاوێکیش بە ملیشیاکانی عێراق بگێڕین، بەتایبەتی کە لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای ئێران بەهەند وەربگرین کە دوای هەموو شەڕێک دەیانگوت، “تۆڵە دەکەینەوە”، بەڵام لەسەر زەویدا هیچیان نەدەکرد و لە لێدوان زیاتر نەبوو، ئەگەر شتێکیشیان کردبێت، لە خۆ بەڕووسوور نیشاندان زیاتر نەبووە. بۆیە ناهەقی چاودێرانێک نییە بەو باوەڕە بگەن کە لەبەرانبەر پاراستن، یان دوورخستنەوەی ئاگر لەخۆی هاوبەشییەک لەئارادایە، بەتایبەتی ئەگەر قسەکەی خامەنایی لەبارەی کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد (٢٠٠٠-٢٠٢٤) کە گوتی، “گەمژەییە لەناوخۆ شەڕی دوژمنەکانت بکەیت” بە هەند وەربگیرێ، زۆر باش لە نیازەکانی ئێران دەگەیەت کە نایەوێت شەڕ بگاتە ناو ماڵەکەی و لەوانەی لەم پێناوەدا هەموو کارێک بکات.
ئیسرائیل متمانەی بە هیچ کار و کردەوەیێک نییە لەلایەن ئەوانەوە بێت کە ڕۆژانێک هەڕەشەی سڕینەوەیان لێی کردووە، یان وەک خۆیان دەڵێن “قەوارەی زایۆنیزم” لەناوچەکەدا نامۆیە. لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنە، دوای نەمانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە تەواوی ژێرخانی سەربازی ئەو وڵاتەی خاپور کرد، چونکە نە دەخوازێ هیچ لە درواسێکانی پڕچەک بن، نە متمانەی بەکەس هەیە.
بە مانایەکی دیکە، ئیسرائیل لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، بەهیچ شێوەیەک ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی قەبوڵ نییە، لەسەر ئەو بنەمایە بە هەموو شێوەیەک کار بۆ لەناوبردنی ئەو چەکە دەکات کە بەپێێ هەوڵەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو لە بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نزیک کەوتووتەوە. ئەگەر ئێران بیەوێ ئسرائیل وازی لێبێنێت و شەڕ نەگاتە ناو ماڵەکەی ، دەبێت بەرنامەکەی خۆی بۆ گەیشتن بەو چەکە هەڵوەشێنێتەوە.
ئەمەش لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەت توکیا دەردەکەوێت کە گوتی: “وێڕای ئەوەی ئێران نایەوێ لەگەڵ ئیسرائیل شەڕ بکات، وەک ئەوەی بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ ئەنقەرەیان دووپات کردووتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران بەدوور نازانین”،
کاتێک ئێران لەناوچەکە شتێکی بەناوی بەرەی مقاوەمە دروست کرد، زیاتر بۆ خۆپاراستن و سەپاندنی هەژموونی خۆی بوو، وەک ئەوەی پێشتر قاسم سلێمانی بە ئەمریکییەکانی گوتبوو “کۆنترۆڵی پێنج پایتەخت لە ژێر هەژموونی ئێران دایە”.
هەرچەندە بەهۆکارگەلێک تورکیاش ناخوازێ ئەو شەڕە هەڵبگیرسێ، بەڵام ئێران ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ناخوازن، دەبێت وەک پەیامێکی ڕوون لەلێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بکۆڵێتەوە، کە خۆی لە دەستبەرداربوون لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی دەبینێتەوە، چونکە دوا ئامانجی ئیسرائیل لەپێناو ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، نەک هەر ئێرانێکی باشە، بەڵکو ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمیشی قەبوڵ نییە. دیارە تورکیاش حەز ناکات ئێران ببێتە خاوەن ئەو چەکە وێرانکارە کە ئەمڕۆ تاڕادەیەک بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا داشی سوارە.
ڕەنگە هەبن لە ئێران دژی دەستبەرداربوون لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی بن، چونکە باوەڕێک لای ئەو گروپە دروست بووە، ئەگەر دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمیش بێت، ئیسرائیل بەپشتیوانی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی واز لە تەنگهەڵچنین بە ئێران ناهێنێ، تا لە قاڵبی نەدەن، یان وەک خۆیان دەڵێن پارچە پارچەی نەکات. بێگومان هۆکار و ئامرازی ئەو تەنگ پێهەڵچینەنەش هەمیشە ئامادەیە، چونکە ئێران لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی کەسی و مافی پێکاهاتەکانەوە تۆمارێکی باشی نییە.




وەک چیاکان کۆن.. شیعری نەوزاد مدحەت

ڕەگەکانمان قوڵ وەک لوتکەی زاگرۆس،
لە خاکێک کە پێی باپیرانمانی ناسیوە.
نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبین،
زمان و گۆرانی و چیرۆکەکانمان بەرگری دەکەن.

هیچ سنورێکی کێشراو
ناتوانێت ڕۆحمان زیندانی بکات،
هەرچەندە بەزەبری خەنجەر لێکمان دادەبڕن
ئێمە منداڵانی خاکی دێرینین،
یەکبوون هەمیشە لەناو دڵمان لێدەدات.

هەوڵ دەدەن چرای ئومێدمان خامۆشبکەن،
وەک ئەوەی ئازادیمان هەڵبژاردنی خۆمان نەبێت.
هێز لە دەماری شاخاویمان هەرگیز خامۆشنابێت
وەک هاژەی ئەو چەمانەی ئاوەدانیمان ئاوەدانتردەکەن.

هیوا لە نوێژی بێدەنیگدا هەڵدەگرین،
بۆ دادپەروەریەک بەزەبر نەبێت نایەت.
مێژویەکە نەوەکان خەونی ئاشتی دەبینن،
کەچی ئەویتر، ئەویترێکی لە دوورەوە هاتوو
گۆشە گۆش لە ناو ماڵی خۆما سەری دەبڕێت

ژمارەکان دەگۆڕن،
توڕمان دەدەنە شوێنە دوورەکان
ئاو بەردەدەنە گۆڕستانەکانمان
بەڵام بزرنابین چەند دوور بڕۆین
جارێکی تر و جارێکی تر..
لە ناو دڵی چیاوە دێینە دەر

لە ناو تاریکی قوڵدا ڕووناکیمان دەپارێزین،
بالۆرەمان لە چیا نابڕێت
بۆ بەرەبەیانی ئازادی هەمیشە باوەڕمان هەیە،
ئەمە ئەو هەوایەیە کە دەبێت هەڵیمژین.

نەوزاد مدحەت