چۆن سەیری تەلەفزیۆن بکەین.. ئاراس سەعید

تیۆدۆر ئادۆرنۆ (1903 – 1969) سۆسیۆلۆگ و فەیلەسووفی قوتابخانەی تیۆری فرانکفۆرت
لەساڵی 1954 لە وتارێکدا، بە ناونیشانى (چۆن سەیری تەلەڤیزیۆن بکەین/ How to Look at Television) کە دواتر تێزەکەی لە پەرتووکێکدا لە ساڵی 1991دا بەناوی (پیشەسازی کولتووری/Culture Industry) بڵاو کردەوە.
لەتێزەکەیدا ئادۆرنۆ، ئاماژە بەوە دەکات لە کولتووری ئەمڕۆدا کەس لە کاریگەری میدیا و تەلەفزیۆن قوتاری نابێت، ئەمەش بەهۆی توانا و دەسەڵاتی میدیا بۆ دەستڕاگەیشتن بە خولیا و ئارەزووەکانی ئێمە و، چۆنیەتی لەقاڵبدانی بیرکردنەوەمان. ئەوەی کە میدیای مۆدێرن لە ئێمەدا دەستی پێدەگات، شتێکە کە ئادۆرنۆ دەڵێت: جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لە سەدەی نۆزدەهەم کە میدیا توانای ڕاوکردنی هەموو کەسێکی نەبوو. ئەمەش بەهۆی سادەیی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بینەر، وەک ئەوەی لە کوێ دەژیا یان بەشێک بووە لە کام چینی کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا ئێستا، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کۆمەڵناسی بینەردا ڕوویداوە و (Adorno 1991: 161) لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنان و هەڵبژاردنی سەکۆی بینیندا تێکەڵ بووە. (کولتووری باوی میدیایی) دەستی بەسەر هەموو میدیاکان و ناوەڕۆکی هونەریدا گرتووە و ناوەڕۆکەکەی ئاڕاستەی هەمووان دەکرێت و ڕزگاربوون لێی قورستر دەکات. بەرهەمی میدیاکان بە ڕادەیەک زیادی کردووە کە خۆ لێ دوور خستنەوەیان نزیکە لە مەحاڵەوە؛ تەنانەت ئەوانەی پێشتر لە کولتوری باو دوور بوون چ دانیشتوانی گوندنشین لەلایەک و ئەوانەی ڕۆشنبیرییەکی ئاست بەرزیان هەبوو (وەک یەک) کاریگەرییان لەسەرە.(Adorno 1991: 160) ئادۆرنۆ ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی میدیا کاریگەری سیحری ڕاکێشانی بۆ هەموو کەسێکە وەک یەکە و دەڵێت کە لەناو بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بۆ نموونە: هەندێک چوارچێوەی ئاماژەدان هەن، هەر ئەم چوارچێوەی ئاماژەپێدانانەن کە چەشنە پەیوەندیدارە تایبەتییەکان بۆ بینەر بەرهەم دەهێنن، ئەو ئەمانە بە (کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە-دەروونییەکان) ناودەبات(Adorno 1991: 158) کە ئەم جۆرە کاریگەرییانە دەتوانن کاریگەری زیانبەخشیان لەسەر کۆمەڵگا هەبێت چونکە ڕەنگە مرۆڤەکان نەک تەنها تێڕوانینێکی ڕاستەقینە بۆ واقیع لەدەست بدەن، بەڵکو لە کۆتاییدا ڕەنگە هەر توانایان بۆ ئەزموونی ژیان بەهۆی لەچاوکردنی بەردەوامی چاویلکەی شین و پەمەییەوە مات بێت.(Adorno 1991: 171) بە ونکردنی ئەوەی کە چی ڕاستەقینەیە و چ ساختەیە. سەرەڕای ئەوەش، ئادۆرنۆ پێی وایە کە تەلەفزیۆن فۆڕمی هونەری خۆی لەدەستداوە و ئێستا گرنگی بە ژمارەی بینەران دەدات بە پێچەوانەی کوالیتی بەرنامەکان. ئەمەش بە بۆچوونی ئەو بووەتە هۆی سەردەمێک کە میدیا زانیاری بەشێوەی (تۆتۆلۆژیی/ هەمان بێژی) بەرهەم دەهێنێت(Adorno 1991: 169)، بۆیە بینەران هەست دەکەن کە پێشتر ئەو بەرهەمەیان بینیوە، یان لانیکەم پێشتر هەمان فۆرمیان ئەزموون کردووە.

پیشەسازی کولتووری
بەدیدی ئادۆڕنۆ سیستەمی سەرمایەداری لە ڕێگەی (پیشەسازی کولتوورییەوە) پەیکەربەندی مرۆڤ دادەڕێژێتەوە بۆ تایپێک لە مرۆڤی نامۆ و پاسیڤ. بەدەربڕێنکی دیکە؛ پیشەسازی کولتووری سوبێکت لە جەوهەری خۆی دادەماڵێت و دەیگۆڕێت بۆ تایپێک، کە نموونەى جەستە و ڕۆحیان بەگوێرەى پڕۆگرام و ئامڕازە تەکنیکییەکان بێت. دەتوانرێت بڵێین ئەمە نوێنەرایەتی ئەوە دەکات کە چۆن میدیا بووەتە بەرهەمی کۆمەڵگای سەرمایەداری.
بۆچوونەکانی ئادۆرنۆ لە بۆچوونەکانی ئاڵتۆسێرەوە نزیکە (ئاڵتۆسێر ئەمە بە ئامێری دەوڵەتی ئایدیۆلۆژی ناودەبات) کە وایکردووە کە پەیامە ئایدیۆلۆژییەکان ئاسانتر کاریگەریان هەبێت لەسەر جەماوەر. بەڵام ئادۆرنۆ پێی وایە ئەمانە (پەیامی شاراوەن) لە ژێر کۆنتڕۆڵی هۆشیاری دەرباز دەبن و لە مێشکی بینەردا نوقم دەبن بەبێ ئەوەی ئاگاداری ڕوودانی بێت؛ (پەیامی شاراوە لە کۆنترۆڵی هۆشیاری دەرباز دەبێت، سەیری ناکرێ). ئادۆڕنۆ بۆ تێگەشتن لەم نامۆبوونە مرۆییە، بەهۆی پەیامە شاراوەکانەوە، نموونەی کاتەکانی پشووی چینی کرێکاران دەهێنێتەوە و بە تێڕوانین لە ژیانی ڕۆتینی کرێکاران لە شارەگەورەکاندا، چەمێکیکی نوێی دادەهێنێت، ئەویش ( ژەهراویکردنی کاتی پشوو/ Les loisirs deviennent toxiques) ئادۆرنۆ بە قووڵی تیشک دەخاتە سەر کاتەکانی وچان و پشوو وەرگرتنی کرێکاران، بەتایبەتی کۆتایی ئێواران و ڕۆژانی پشوو. بەدیدی ئادۆڕنۆ سەرمایەداری مۆدێرن لە ڕێگەی پیشەسازی کولتوورییەوە کاتەکانی پشوو بەو شێوەیە پڕۆگرام دەکات، کە خۆی دەیەوێت. کاتەکانی پشوو لە بنەمادا بۆ پشوو وەرگرتن و پاڵدانەوە نیە، بەڵکو هەلومەرجێکە بۆ خۆپەروەدەکردن و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەمان، لە ڕێگە میدۆمە بەردەستەکانەوە. بۆ نموونە تەماشاکردنی پڕۆگرامێکی تەلەفیزیۆنی لەبارەی نامۆبوونی کرێکاران، فیلمێک لەبارەی ئازادییەوە، خوێندنەوەی کتێبێک لەبارەی سیاسەتەوە. وەلێ ئادۆرنۆ پێی وایە، کاتەکانی پشوومان لەژێر بەزەیی دوونیایی مۆدێرن و پیشەسازیدایە، کە لەناو کات و شوێندا ناتوانین خۆمانی لێ قوتار بکەین. بەدەربڕێنیکی دیکە، پیشەسازی کولتووری بەشێکە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری مۆدێرن و ناتوانین لە کۆمەڵگەیی داببڕین،(سینەما، فیلمەکان، ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن، میدیا) بۆ ئەوە بەرهەمهاتوون هزری مرۆڤ بەو شێوازە پڕۆگرامبکەن، کە تووشی بیربڵاوی بێت، تا کۆبیریان لەسەر ئیرادەی گۆڕێنی واقیعی سیاسی نەمێنێت.
لەساڵی 1954 لە وتارەکەیدا، بە ناونیشانى (How to Look at Television)لێکۆڵینەوەى لەبارەى لێکەوتەکانی تەلەڤیزیۆنەوە کرد و لە فۆڕمە هونەرییە نوێیەکەی تەلەڤیزیۆنى کۆڵییەوە. ئادۆرنۆ پێى وابوو، لە بنەمادا تەلەڤیزیۆن بۆ مەبەستى ئازادییە. هەروەها ئارگۆمێنتى لەبارەى ئەوەوە کرد، کە تەلەڤیزیۆن پێغەمبەرێکی ساختەچییە لە سەردەمی مۆدێرندا وەک خەواندنى موگناتیسى وایە بۆ مرۆڤایەتی. بۆ نموونە پڕۆگرامی هەواڵەکان بریتییە لە کۆمەڵێک چیرۆکی دراماتیکی و ورژێنەری سیاسی، کە هەموو گریمانەیەک لەناو دەبن بۆ ئەوەی بزانین لەنێو زیندانێک، ئازاد دەژین. دوونیای شاشە هێرشی ئەهریمەنی هەسارەیەکی دیکە نیشان دەدات. وەلێ هیچ گرنگیەک بە ژیانی واقیع نادات.
( تیۆدۆر ئادۆرنۆ و ماکس هۆرکهایمەر) لە کتێبی (دیالێکتیکى رۆشنگەریدا/ Dialectic of Enlightenment) پێیان وابوو، ڕۆشنگەری بزووتنەوەیەکى کەلتوورى بوو بۆ ئازادکردنى عەقڵ لە ئەفسانە و خوڕافیات، کەچی تەلەفیزیۆن وەک ئەهریمەنێک، هەژموونی خۆی سەپاندووە، بە شێوەیەکى بونیادیى لەگەڵ ئەو باوەڕانەدا دەرگیرمان دەکات، کە جیاوازن لە باوەڕەکانى خۆمان.
لە چەمکی پیشەسازی کولتووریدا، رەخنە لە میدیای جەماوەری و کولتووری جەماوەری دەگرێت. بەدیدی ئادۆڕنۆ، میدیای جەماوەری، ڕۆڵی پێغەمبەرێکی درۆزن دەگێڕێت لە فریودانی جەماوەردا، بە ناوەڕۆکێکى خالی لە ئەندێشەى ڕەخنەیى سەرنجى جەماوەر ڕادەکێشرێت. بەڵام تابلۆ کێشراوە بێهۆشکەرەکە کە لە ڕێگەى ناوەڕۆکێکى دیزاینکراوەوە دەرخواردمان دەدرێت زۆرجار بە دژە چیرۆک و ڕوانگە ڕەخنەییەکانى چاومان دەبەستێت و کوێرمان دەکات، بەوەى کە بەو شێوەیە وابەستەى خۆیمان دەکات و لەگەڵیدا ئاوێتە دەبین. ئادۆڕنۆ دەڵێت: (سەرمایەداری هەرگیز ئەوەمان پێنافرۆشێت کە دەمانەوێت.)
بەرخۆریزم لە سەرمایەداری مۆدێرندا پانتاییەکی فراوان لە پیشەسازی کەلتووریدا، داگیردەکات. پیشەسازی کولتووری پێمان دەڵێت؛ گەر پارەمان هەبێت، ئەوەی دەیخوازین، دەتوانین بەدەستی بهێنین. پەپێچەوانەوە ئادۆرنۆ پێ وایە، هیچ کات ناتوانین دەستمان بە ویستە ڕاستەقینەکانمان بگات. بنۆڕە تەلەفیزیۆن کاتێک ڕیکلام بۆ کالایەک دەکات، سەرەتا بەدیمەنی پەیوەندییەکی توندووتۆڵی کۆمەڵایەتی دەستپێدەکات لە یەکێک لە بۆنە خێزانییەکاندا، لەناکاو جۆرێک کاڵا دێتە نێو دیمەنەکەوە. ویستەکانی تۆ، ڕزگاربوونە لە تەنهاییەکی بێهودە، کڕینی ئەوکاڵایە نە مۆتیڤە دەرونییەکانی تۆ خالی دەکاتەوە، نە کەمووکورتییەکانت پڕ دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بیبیتە خاوەنی تەواوی ئەو کاڵایانە، وەلێ تۆ پێویستت بە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی پتەوە، کە هیچ کات سەرمایەداری ئەوە بۆتۆ فەراهەم ناکات.

Works Cited
Adorno, T (1991.) Culture Industry. London: Routledge
Althusser, L (1971.) Lenin and philosophy, and other essays. London: Vintage
[Online resource] http://plato.stanford.edu/entries/adorno/#3 Accessed 02/02/2015




بۆچی شكسپیر لە تراژیدیاوە ڕووی كردە كۆمێدیا؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

وەك چۆن شكسپیر لەتراژیدیادا نووسەرێكی شانۆیی كەم وێنە بووە، لەهەمان كاتیشدا لە نووسینی شانۆی كۆمێدیشدا باڵا دەست بووە و لە تەمەنی خۆیدا 17 شانۆگەری كۆمێدی نووسیووە، كۆمێدیای شكسپیری بە كۆمێدیای رۆمانسیش ناودەبرێت،
لەسەردەمی ئەلیزابیسی دا كۆمیدیا مانایێكی جیاوازی هەبوو، زۆر جێگەی بایەخ بووە، زۆر جاران شانۆگەرییەكان دەبوا بەئەنجامێكی بەختەوەر كۆتایی بێت، شكسپیر ویستویەتی بە حەزی زۆر لە بینەرانی كردووە، كە ئارەزوویان ئەوە بووە تراژیدیاكانی شكسپیر بەو كۆتاییە مەرگەساتانە نێت، كە دووچاری جۆرێك لە دڵگرانی و خەمۆكی دەكردن، بە لەناوچوونی كاراكتەرە ئەرێنی و رۆمانسیەكانی و سەركەوتنی خیانەت كاران و چاوچنۆك و تەماع كارانی دەسەڵات.
ئەگەرچی شسكپیر ویستویەتی درۆ لەگەڵ واقیع دا نەكات و رووداوەكان وەك خۆی بەرجەستە بكات و لەگەڵ بینەرانی خۆیدا راستگۆ بێت، بەڵام هەمیشە بینەر ویستویەتی ئەوەی لەواقیع دا دەیبینی لەشانۆو سینەمادا دووبارە نەبێتەوە، ئەوشتێ ببینێ كە ئاواتی بۆ دەخوازێ و بەشێكە لە خەون و ئاواتەكانی.
بۆیە شكسپیر ویستی لەرێگەی نووسینی شانۆی كۆمێدی ئاواتی بەشێك لەو بینەرانە بێنێ، بە رەچاو كردنی ئەوەی كە هەموو بینەران لەبۆچوون و دنیا بینی دا وەك یەك نین، وەك چۆن زۆرێك لەبینەران بەشانۆگەرییە تراژیدییەكانی كاریگەر دەبن، بەڵام بەشێكی تر هەن ئارەزووی شانۆی كۆمێدی دەكەن .
لەلایەكی ترەوە شكسپیر بەم چەند شانۆگەرییە كۆمێدییە ویستویەتی بڵێ ئەو دەسەڵاتی لە بە سەر هەمووفۆرمێكی شانۆییدا دەشكێ و بەتەنیا تراژیدیا نەبەستراوەتەوە، بۆیە خۆی لەزۆر شێوازی جیا جیای شانۆیی داوە، بەهەمان ئاستی شانۆگەرییە تراژیدیاكانی.
ئەم حاڵەتە هور تەنهالە شانۆدا نەبووە، بەهەمان شێوە لەسینەماشدا، هەر تەنها شانۆگەرییە تراژیدیاكانی شكسپیر نەكراون بەفیلم بەڵكو زۆرێك لەشانۆگەرییە كۆمێدی و رۆمانسییەكانیشی، لەسینەماشدا هەمان سەركەوتنیان بەدەست هێناوە كە لەشانۆدا هەبووە.

گرنگترین شانۆگەرییە كۆمێدیەكانی شكسپیر بریتی بوون لە:
خەونی نیوەشەوی هاوین، كارەكان بەكۆتاییەكانیانەوە، (وەك حەزی لێدەكەیت، سیمیلین، خۆشەویستی هەوڵێكی بێ هودەیە، هاوار بەهاوار، بازرگانی ڤینیسیا، هاوسەرە خۆش بەزمەكانی وندرسون، ژاوەژاوێكی بێ ئەنجام، بیرسیلیس، میر تیر، راهێنانی پلنگ، كۆمێدیای هەڵەكان، گێژەڵوكە، شەوی دوانزەهەم، دوو خزمە باشەكان، حیكایەتی زستان.
هەندێ لەرەخنەگرانیش پێیان وابووە، ئەو شانۆگەریانەی بەكۆمێدیا ناونراون، لەرەسەندا شانۆگەری رۆمانسین.
شكسپیر هەوڵی داوە لەرووی زمان و دیالۆگەوە، بەشێوازێكی كەمێك شەفاف ترو ساناتر شانۆگەرییەكانی داڕێژێ و زمانێكی میللییانەیان بداتێ، كە بەشی زۆریان لەم خاڵانەدا گرد دەبوونەوە:

  • لەو شانۆگەرییە كۆمێدیانە بەپلەی یەكەم پشتی بەدیمەن و رووداو بەستووە، كە لە رێگەی دروست كردنی هەندێ دیمەن و جوولەی كۆمێدی بینەر بێنێتە پێكەنین .
  • ململانێ ی گەنجە دڵدارەكان كە زۆرجاران كێشەیان لەگەڵ گەورەكانییان دابوو .
    *لێك جودا بوونەوەو پاشان گەڕانەوە بۆ باوەشی یەكتر، لەچوارچیوەی كۆمەڵێ دیمەنی سەرەژێرو تەنز ئامێزدا.
  • تەڵەكەبازی و ئەنجامەكانی، كە بینەر زۆرجاران بەهۆی ئاشكرابوونی ئەو تەڵەكە بازیانەو ریسوا بوونی كاراكتەرەكانی دڵخۆش بووەو كەوتۆتە پێكەنین .
    *كێشەو گرفتەكانی ناو خێزان، كە هەندێ جار بینەر لەگەڵ ئەو واقیعە تایبەتیانە پێكەنیووە، رەنگە زۆر جاران واقیعی خۆی تێدا دۆزیبێتەوەو ئەویش بووبێتە بەشێك لەرووداوو كاراكتەرەكانی.
    یەكێك لەدیارترین شانۆگەرییە كۆمێدیەكانی شكسپیر (خەونێك لە نیوەشەوی هاوین دا ) ی شكسپیرە، كە دەكەوێتە نێو چوارچیوەیەكی خەیاڵی،هاوكوف لەگەڵ واقیع داو رووداوەكانی لە( ئەسینا ) روودەدەن، لەو نمایشەدا كاراكتەری (بۆتۆم ) دەبێتە گوێ درێژو ئاشقی تیتانیای شاژن دەبێت، بۆیە هەندێ جار نمایشەكە بە ناوی( خەونی بۆتۆم ) یش ناونراوە.
    هەروا نمایشی ( شەوی دوانزەهەم) شانۆگەریەكی كۆمێدی نەبووە كە هەر تەنها خەڵك بهێنێتە پێكەنین، بەڵكو لە بنەچەدا شانۆگەریەكی تراژیدی بووە، بەڵام شكسپیر بەرگێكی خەیاڵی لەبەر كردووە، شانۆگەریەكی لەناو شانۆگەریەكی تر داڕشتووە و دابەشی كردووە بۆ چەند بەشێك، لەهەر یەكێكیان خەونێكی دیاری كردووە و هەموو خەونەكانیشی بەیەك بەستۆتەوە.
    بۆیە زۆرێك لەرەخنەگران ئەو شێوازەی نێوان تراژیدیاو كۆمێدیایان لەشانۆگەریەكانی شكسپیر بەشێوازی ( كۆمێدیای تراژیدی Tragicomedy ) ناو ناوە.

    فیلمی سەردەمی ون بوون
    ساڵی 2015 دەرهێنەری ناسراو ( ریتشاردبراسیول) فیلمێكی كۆمێدی دەربارەی ژیانی شكسپیر بەرهەم هێنا كە تێیدا سوودی لەچیرۆكێكی واقعی شكسپیر بینیووە.
    دەرهێنەر ئەو سەردەمەی لەژیانی شكسپیر ناو ناوە (سەردەمی ون بوون) و تێیدا باس لەژیانی سادەی رۆژانەی شكسپیر دەكات بەر لەوەی ئەو ناوداریەتیە جیهانییەی هەبێ، لەوانە باسی ئەوە دەكات كە چۆن شكسیپیر چۆتە تیپێكی گۆرانی رۆك، بەڵام دواتر لەتیپەكە دەریان كردووە، بۆیە بەناچاری لەجلو بەرگێكی نەناسراودا، دەستی كردووە بەكاسبی تەماتە فرۆشی لەبازاڕەكانی لەندەن.
    دەرهێنەر شكسپیری كردووە بەپیاوێكی بێ كارو كاسبی، كە ئەو بێ كاریەی زۆر جاران هەڕەشەی لەژیانی خێزانی كردووە، بۆیە سەری خۆی لەگوندەكەی خۆیان( ستراتفۆرد) هە ڵگرتووە، بەو ئاواتەی بچێتە شارو دەست بكات بەكاری نووسینی شانۆگەری.
    دەرهێنەر بۆ وێنگرتنی ئەم رووداوانەی ژیانی شكسپیر رووی كردۆتە شوێنی لەدایك بوونی شكسپیر، كە پێشتر بە ناوی ( ولیەم ) ناو نرابوو، بۆ ئەوەی لەوێ شوێنەوارەكانی ئەو نووسەرە بلیمەتە بەسەر كاتەوە.




ئەو باڵادەی ئێمەشی شاد کرد.. عەبدوڵا ساڵح

هاوڕێی ئازیزم ( چاوە – فاتیح شێخ ) بەرهەمێکی ئەدەبی قەشەنگی ڕاناوە لە ( ١٧٥ ) لاپەڕەدا بە ناوی ( باڵادی شادی ) . شێوازی چاپکردنەکە دەستکورتی نوسەری پێوە دیارە، قەوارەیەکی مام ناوەندی، دوور لەهەمو زریق و باقێک کە هەندێک کتێبی بێناوەرۆکی ئەم سەردەمەی پێدەڕازێندرێنەوە، بەڵام کەدەچیە ناو ئەم باڵادە، شاکارێکی ( توحفە) ئەدەبی بەدی دەکەی کە تاکو ئێستا لەنێو ئەدەبیاتی کوردیدا یا نەبووە یا من نەمدیوە. لە هەموو شتێکا جیاواز لەوانی تر تەنانەت ، لەبری پێشەکی – پاشەکی – لەدوا لاپەڕەدا نوسیوە بەناوی ( لەباتی پێشەکی ، پاشکۆ و سوپاس ).
سەرەتا دەبێ بڵێم، من نە شاعیرم و نە ئەدیب و نە ڕەخنەگر، بەڵکو خۆم بە ئەدەب دۆست دەزانم، بۆیە ئەگەر هەڵسەنگاندنەکەم کەم و کورتی تێدا بوو دەمبورن چونکە ئەو شاکارە ئەدەبیە خستمیە نێو گێژاوێکەوە خەریک بوو سەری خۆمی لێدەرنەکەم ، بەڵام دواتر دڵخۆش وشادی کردم ! هیوادارم خوێنەرانی لەمەودوای ئەم باڵادە ئاوا پێی شاد بن.
دوای خوێندنەوەی لەخۆمم پرسی، ئەرێ ئەوەی خوێندمەوە چی بوو ؟ ڕۆمان بوو ؟ نەخێر! ئەی شیعر بوو ؟ نەخێر! ئەی پەخشانە شیعر بوو ؟ نەخێر ! ئەی چیرۆک بوو ؟ نەخێر! ئەی ……..چی بوو؟
نەخێرسەبکی داڕشتنەکەی ئەم کتێبە هیچیان نەبوو ، بەڵام هەموشیان بوو!!
ئەدی ناوەرۆکەکەی چیبوو ؟ مێژوو بوو؟ نەخێر ! سەرگوزەشتەبوو؟ نەخێر ! گۆرانی بوو ؟ نەخێر! ئاواز و مۆسیقا بوو؟ نەخێر! تابلۆی ڕەنگین و جوان بوو ؟ نەخێر ! فۆلکلۆر بوو ؟ نەخێر ! عیشق بوو نەخێر ! فەلسەفە بوو ؟نەخێر! گێڕانەوەی مێژوو بوو ؟ نەخێر! سەرگوزەشتەی کەسەکان بوو؟ نەخێر !…..
نەخێر ناوەرۆکی ئەم بەرهەمە هیچیان نەبوو، بەڵام هەموشیان بوو !!
ئەدی پالەوانەکەی کێبوو ؟ ( شاد ، شادی ، گەشە ، شاهۆ ، دایە حەبیبە ، کەسنەزان و ئەوانی تر ) ، نەخێر هیچیان نەبوون و هەموشیان بوون.
ئەدی زمانە کوردیەکەی ؟ دیالیکتی هەورامی ؟ سنەیی؟ و دواتر سلێمانی؟ بەڵێ هەموو ئەو دیالیکتانە بوو بەشێوازێک کە لەوپەڕی جوانیدا پێکەوە نەخشاندبوونی ، ئەمجا جگە لە زمانی کوردی ، فارسی و ئینگلیزی و تەنانەت عەرەبیشی تێکەڵ کردبوو.

( چاوە) سەرەتا، تابلۆیەکمان دەخاتە بەردەم کە یەکترناسینی کیژ وکوڕێکی لاوی کوردزمانی کوردستانی ئێرانە لە دیسکۆیەکی شاری لەندەندا – بەریتانیا – دوای سەماوکەیف، لە قەتاردا دەکەونەلای یەک و پێکتر ئاشنا دەبن، ئەم یەکتر ناسینە دەبێتە هۆی تێکەڵاوی دوو بنەماڵە و ئیتر دەستپێک لێرەوەیە، کۆمەڵەک بەسەرهاتی هەریەک لە و پاڵەوانانە خۆی دەنوێنێ و سەرمان دەکا بە داڵان و کون و کەلەبەری مێژووی دوور ونزیک و دەمناخاتە گریان و دواتر شادمان دەکا.
ڕوداوەکە چیبوو ؟ یەک ڕوداو بوو؟ نەخێر هەر ڕوداوێک نەبوو، بگرە کۆمەڵەک سەرگوزەشتەو ڕابردوی کۆمەڵە مرۆڤێکی ئەم سەردەمە کە بەدەست زوڵم و زۆرەوە ناچارن زێدی خۆیان جێبهێڵن و سەری خۆیان هەڵگرن ، بەڵام بۆ وڵاتێک نا کە پێی بگوترێ (( وڵاتی غەریبی )) بەڵکو بۆ وڵاتێک کە تێدا توابنەوە و لەهەمان کاتیشدا نەتوابنەوە ، بەجۆرێکی وا تێکەڵاوی بووبن – Integration – کە ڕەنگە دانیشتوانە ئەسڵیەکە ئاوا وڵاتی خۆیان نەناسن، لەباری مێژوو ، ئەدەبیات و زۆر شتی تر . ئەوان ، واتە بەشێک لە پاڵەوانەکان، هیچ غەریب نین، نە لە رووی زمانەوە نە لەباری مێژووی وڵاتەکە و نەلەباری داب و نەریتەوە، بەجۆرێک تێکەڵاو بوون مەگەر خۆیان خۆیان بناسنەوە دەنا بەموو لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە جیاناکرێنەوە . ئەم حاڵەتەش بێئەوەی ژیان و مێژوو وخۆشی ناخۆشی وڵاتی یەکەمیان بیرچووبێ.

لەم شاکارە ئەدەبیەدا ( چاوە) ستایڵێکی ئەدەبی نوێمان دەخاتە بەردەم کە پێم وایە کەم وێنەیە، باس لەو عیشقە دەکا کە نازانێ تەمەن چی یەو هیچ حیسابی بۆناکا، باس لە جێژو لەززەتی ماچی عاشقانە دەکا، باس لە عیشق دەکا لە ئاستی هەرە ڕومانسیە جوانەکەیدا ، لێرەدا هێمنی شاعیرم بیردەخاتەوە کە دەڵێ:
ئەوین نەبوایە پێی ناوێ بخۆی سوێند
جیهان چۆڵبوو پەپوش تێیدا نەدەخوێند
لەوێوە بەرەو دنیای ڕازاوەی فۆلکلۆر و دەمانباتە بەردەرگای هونەرمەندی بەتوانا، دۆستی زۆر ئازیزم (کاک محەممەدی ماملێ) و هەموو ئەو یاداگاریانەی پێکەوە هامنبووە وەک تابلۆیەک دێنێتە بەرچاوم لەگەڵ بلوێری شوانەکەی هێمن :
نیوە شەوە، دنیا خامۆش
دێتەگوێم ئاهەنگێکی خۆش
ئاهەنگێکی گیان پەروەرە
شادی هێنە خەفەت بەرە
ئاهەنگێکی دڵنەوازە
تارە؟ وێڵۆنە؟ یاسازە؟
نا..نا.. ئاهەنگی بلوێرە
جاوەرە گوێی بۆ ڕادێرە
چاوە، تێکهەڵکێشێکمان نیشاندەدا لە ناحەز و جوان ، لە شادی وخەم ، چەندین تراژیدیامان دەخاتە بەر چاو کە هەرکام لە پاڵەوانانی ئەم شاکارە بەسەریان هاتوە .
ئەمجا دەستمان دەگرێ و دەمانبا بۆ گردی سەیوانی سلێمانی و لەوێش بۆ مەزاری ژنە کوژراوە بێناو نیشانەکان و دەنگە سیحراویەکەی ( فەیروزمان ) بۆ دەچڕێ :
زوروني كل سنة مرة
حرام
تنسوني بالمرة
حرام
ئەمجا خۆی پەخشانە شیعرێک دەکاتە دیاری بۆ سەر ئەو مەزارە و لە کۆپڵەیەکیدا دەڵێ:
گشت ساڵێک لەدەمە و بەهارا
لەبەینی ڕۆژانی ( ڤالانتاین) – هەشتی مارس – ئادارا
با گشتمان گوڵبەدەس بچینە سەردانیان
هەرکەس وا ئاشقە، هەرکەس وا شەیدای ژیانە
هەرکەس وا خەمخۆری بێنازی ژنانە
هەرکەس وا بە سکڵی تیرۆری هەر ژنێ هەناوی قرچاوە
پۆل پۆل و تاک تاکی ژن و پیاو، کچ وکوڕ
ئەوانەی ئەڤینی ئازیزێک لە دڵیان ئاڵاوە
با بچینە سەردانی مەزاری خەمباریان
مەزاریان بکەینە جێ ژوانی ئاشقان
جێ ڕوانی ئاشقێنی دڵداران
ئەمجا دەمانبا بۆ نێو ڕەنج و دەردی کۆڵبەرانی کوردستانی ئێران ومەرگ و ژیانی کولەمەرگی و سەختی ئەوان و لەوێوە دەستمان دەگرێ بەرە وڕاپەڕینەکەی ( ژینا ) گیان کە لەجیهانا بۆتە ڕەمزی تێکۆشان.
من پێم وایە ( چاوە) دەرگایەکی لە نێو ماڵی ئەدەبیاتی کوردیدا کردۆتەوە و ڕێچکەیەکی شکاندوە کە تا ئێستا دەستی بۆ نەبراوە یا من نەمدیوە .
دەبا لەکۆتاییشدا من ئەم وڕێنە بکەم:

ئای! چاوە گیان
دەستت خۆش بێ وخامەت ڕەنگین
بۆ ئەو شاکارە ئەدەبیەی
خستمیە گریان
دواتر زەردەخەنەی
هێنایە سەر لێوم
ئومێدی بەخشیە دڵ، دەروون
بەخشیە گیان

ئەوەی کەوا تۆ نەخشاندت
عیشقە، جوانی
ماچی ئەویندارانە
لەجێ ژوان
نازانم ئەم شاکارەی تۆ چۆن بناسێنم
بڵێم شیعر
پەخشانە شیعر
سەرگوزەشتە، چیرۆک
یاخود ڕۆمان
یاخود هیچیان
یا هەمویان؟

ئای چاوە گیان
شاکارەکەت
هاوار وئازاری دڵە
دلە سافەکەی (کەسنەزان)
ئەوەی (شاد وشادی) گیان
یا خود ئەوەی (شاهۆ وگەشی)
یا (حەبیبە)
یاخود (فەرهاد وجەین) گیان

جگە لەهەموو ئەمانە ش
دەنگی زوڵاڵی (ژینا)یە
ئەو ژینایەی لەبەردڵان
ژینایەک ناو وناوبانگی
بوو بەمەشخەڵ بۆ خەباتی
ئازادی ژنان
لە گشت جیهان

یا خەباتێک
ئەو خەباتەی
من و تۆی خستە مەیدانێک
بۆ ئازادی
بۆ یەکسانی
بۆ رزگاری چەوساوەکان

عەبدوڵا ساڵح
٣١ – ١٢ – ٢٠٢٤




ڕاکردن لە کوردایەتی و قەبوڵکردنی نامەردی.. گۆران هەڵەبجەیی

{ئیسلامیەکان باشوور بەنمونە}

{خۆشەویستی وڵات شەرەفە ،ئەوشەرەفەش بەزۆرنادرێت بەکەسانێک کە نەخوازن-شێخ سەعید پیران}
[کوردبوون سەختە،ڕاکردن لێی نامەردیە- بەڕێز ئۆ-جەلان]

گەر تێکۆشانت پێ ناکرێت،گەر ناتەوێت لەگەڵ ئازارەکانی نەتەوەکەتدا بیت ،گەر هاوسۆزی بەرخوردان و خەباتی سەختی نەتەوەکەت نیت،گەر دڕندەیی و فاشیەتی ڕژێمە داگیرکەرەکان هەستی مردووت نابزوێنێت، تاڕادەیەک ئەمانە ئاسایین چونکە شتێک تۆی بەستوونیەتەوە بە نەتەوە و نیشتمانەکەتەوە ،تەنها زمانە،بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە ئەم جۆرە مرۆڤانە دژ بە خواستی گەلەکەیان کاربکەن و ببنە چاوساغ و کۆیلەی دوژمنانی خودی نەتەوەی خۆیان .
لێرەدا بەپلەی یەک مەبەستم لە ئیسلامیەکانی باشوورە ،بە ئەحزاب و ڕەوت و مەلاو کەسایەتی و ژمارەیەکی زۆر لە ئیمانداران.بە ئەزموونی ڕابردوودا بۆمان دەرکەوتووە کە ئەم جۆرە مسوڵمانانە ئەوەی جێگەی بایەخ نەبێت لایان پرسی نەتەوەیە،نەک هەر گرنگی نیە لایان بەڵکو هەمیشە دۆزی نەتەوەکەیان کردوەتە قوربانی ئاینەکەیان.لەکن ئەوان مسوڵمانێکی میانمار کە هەزارەها کم دوورە لێیانەوە پیرۆزترە لە کوردێکی بێ باوەڕیی وڵاتپارێز.ئامادەن هەموو کورد بکەنە قوربانی وڵاتێک،حیزبێک،ڕێکخراوێک یاکەسێکی مسوڵمان، ئیدی لەهەرکوێی ئەم هەسارەیە بێت.
ئەمانە لەمێژە دابڕاون لە هەستی خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان ،دەتوانم بڵێم هەڵوێستیان هاوتەریبە لەگەڵ گەڵ دامەزرێنەرو سەرانی ئیخوانی میسر .بۆنمونە حەسەن بەننای دامەزرێنەر دەڵێت[هیچ ئینتمایەکم بۆ نیشتمان نیە،وە سید قطبیش دەڵێت{نیشتمان لە مشتێ خۆڵی بۆگەن زیاتر هیچی ترنیە.]
لەڕابردوو وە لەئێستاشدا ئەو هەمووستەم و چەوساندنەوەو وێرانکاری و داگیرکاری و کووشتارەی سوپای ئەردۆغان لە عەفرین،سەری کانی ،گرێ سپی و دەڤەرەکانی باکوور ئەنجامیداون ویژدانی مردویانی نەجوڵان و بەوشەیەکیش ئیدانەیان نەکرد،کەچی مسوڵمانێک لە دوورترین خاڵی جیهان بکوژرێت ئەمانە شیوەنی بۆدەگێڕن و میدیاکانیانی خۆیان پڕدەکەن لەهاوسۆزی بۆی.دڵنیام ئەم مسوڵمانە ئەردۆعانیانە بەلەناوچوونی ئەو ئەزموونە سەرکەوتوەی ڕۆژئاوا خۆشحاڵدەبن ،بەتایبەت گەر سەرکەوتوو ئەردۆغانی بەناو مسوڵمان بێت.
دەمێک لە ڕێگەی میدیاکانەوە بەگەرمی داکۆکی لە حەماس دەکەن لەکنیان زۆر ئاساییەو و بەئەرکێکی ئاینی دەزانن ،بەڵام دەمێک دەربارەی کوردی ڕۆژئاوا یا باکوور پرسیاریان لێدەکرێت ئەو دەمە یاخۆیان گێل دەکەن یادەڵێن باسەکەمان ئەوەنیە یا خود ئەوە بابەتێکی سیاسیە.
بەویژدانەوە دەڵێم کە ژمارەیەک لەئەندامانی حیزبە ئیسلامیەکان تادەگاتە ئاستی سەرکردایەتی،هەندێک مەلاو وتار خوێن ،پیاوانی ئاینی ناودار، ئیسلامی ئاسایی بێلایەن ،ئەمانە خاوەنی هەڵوێستی نەتەوەیی جوانن و بەردەوام داکۆکی لە خاک و نیشتمان دەکەن و سەرکۆنەی ڕژێمە چەوسێنەرەکان دەکەن ،ئەمانە جێگەی ڕێزو خۆشەویستین و ئومێدەوارم نمونەیان زیادبێت .دوای لێبوردن دەکەم کە ناوی ئەو بەڕێزانە یاداشت ناکەم نەکا ناوی کەسێکیانم لەیاد بچێت ببێت هۆی زویربوونی.
لەولاشەوە هەرچی مەلاو پیاوانی ئاینی تورک هەیە لەدەمی هێرشی سوپای تورکیا بۆداگیرکردنی عەفرین، لەسەرجەم شارو شارۆچکەو گوندەکانی تورکیاوە لەمینبەری هەزارەها مزگەوتەوە نزاوپاڕانەوەیان بۆسەرکەوتنی سوپای تورکیا دەکرد.هەموو گوێمان لەو مەلایانە بوو کەهاواری دەکردو بانگەوازی بۆ سەربازە تورکەکان دەکرد و دەیگووت {بەزەیتان بەمارمێلکەدا بێتەوە بەڵام بەزەیتان بەکورددا نەیتەوەو بیانکوژن}.جاگەرئەمە هەڵوێستی ئیماندارێکی لەخواترس بێت ئەی دەبێ کەسێکی شۆڤێنی چیبڵێت؟ دڵنیام کە مەلا تورکەکان سەبارەت بەهەڵوێستیان بەرامبەر بەکورد هەمان هەڵوێستی ئەردۆغان و باخچەلی و حیزبەکانیانەو دەبنە شۆڤێنیەکی عەیار [٢٤].سەیرلەوەدا بوو لەو چەند هەزار پیاوی ئاینی و مەلایانەی کوردی باشوور ،نەمبیست کەسێک وەڵامی بداتەوە گەر نەرمە وەڵامێکیش بێت .
لەوانەیە مسوڵمانانی کورد نەزانن یا دەزانن و خۆیانی لێ گێل دەکەن کە ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا بە ئەردۆغانیشەوە هەموو کورد بەدوژمن دەزانن ئیدی چەکدار،بێچەک،عەلمانی،ئیسلامی و هەڵگرانی هەر ئاین و مەزهەب و ئایدیایەک بێت.
بۆ جوانکردنی دەسەڵاتەکەی خۆی ،ئەردۆغان چەند کوردێکی خۆفرۆشی مسوڵمان لەکاتی پێویستدا بەکاردەهێنێت ،ئەوانەش درێخیان نەکردوە لەو ڕووەوە و زیاد لە پێویست بەئەرکی جاشایەتی خۆیان هەستاون ، بەنمونەی عەلی قەرەداغی،مەلا ئەحمەدی پێنجوێنی،مەلامەزهەری دەم هەڕاش،مەلاهەڵۆی کەمەرگر،یاخود سەرۆکی حیزبە ئیسلامیەکان وەک سەلاحەدین بەهادین ،علی باپیر عیرفانی مەلا عەلی و هاوفکررەکان و ئەندامەکانیان.
لەهەر چوارپارچەی کوردستان چەند هەزارێک مزگەوت هەن ،ئەمانە لەلایەن مەلاو بانگخوازەوە بەڕێوەدەبرێن،ئەوەی بۆم دەرکەوتووە ئەوەیە کە جگە لە بەشی باشوور سەرجەم مەلاکانی سێ بەشەکەی دیکە هەڵوێستی جوامێرانەیان هەیەو بەردەوام پشتگیری نەتەوەکەی خۆیان کردوە،تەنانەت هەندێکیان بەهۆی هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەییانەوە دووچاری هەڕەش و گرتن و دەرکردن لەمەلایەتی بوونەوە ،بەتایبەتی مەلا بەڕێزەکانی ڕۆژهەڵات،کەچی ئەوانەی باشوور بێهەڵوێسترین ،ترسنۆکترین نامەردترین توێژن.وادیارە ئەو نامەردیەیان پێ قەبوڵە کە بریتیە لەڕاکردن لەکوردایەتی،دەی پیرۆزیان بێت نامەردی و جاشایەتی.




هەوڵ ئەدەم بتبینم.. نەوزاد بەندی

لە هەموو جێ ..
لە هەموو کات ..
کە پەنجەرە ئەکەمەوە ،
ئەمەوێ پێش کزەی کانون ،
هەناسەی تۆ بێت و بڕوات ..
کاتێ پۆلیسی هات و چۆ ،
بە دەستێکی ڕامانئەگرێ ،
ئەمەوێ تۆ بی ..نەک هیچ کەس..
لەناو پاسا ،
ئەوەی لەبەردەممایه نا ،
با تۆ ئەوەی تەنیشتم بی ..
لەسەر شەقام ،
کاتێ سەر بەرز ئەکەمەوە ،
هەر کەسێ ببینم ، تۆ بی ..
تۆ هەورەکەی سەرسەرم بی ..
لە غەزەلنووس ،
نا ..نا.. ئەوەی تەنیشتم نا ،
تۆ ئەوەی بەرامبەرم بی ،
بە دیار دوو شەربەتی
ڕەنگپەڕیوی
ئەناناسەوە ، دانیشین ..
بێ ئەوەی سەیری تۆ بکەم ،
باسی چاخی پێش تۆ ناسینت بۆ بکەم ..
لە فڕۆکەخانە ،
کۆنتڕۆڵ ،
هاوێنەی کامێراکە نا ..
ئەمەوێ تۆ بمپشکنی ..
وەک عاشق ئاشکرا نەبم ..
سێبەرەکەم ئەبێ بە تۆ ،
قۆڵی ڕاستی
ئەکاتە ناو قوڵی چەپم ..
لەبەر باران ،
نیوەی چەترەکەم لادەدەم ،
وەک بڵێی زۆر نابا تۆ دێی ..
لەبەردەم چایخانەیەکی
سەفەریدا ،
کە قۆری و خەڵوز پێکەوە ،
قرچ قرچ ئاگر ئەتروکێنن ..
ئەوەی لە تەنیشتما داوای
چایەکی سەفەری ئەکا ،
ئەوە تۆی لەگەڵ چاکەدا ،
نوقوڵێکی بۆ ئەهێنن ..
ئەمەوێ ڕۆژانی باران ،
هەرچی لەسەر جادەکانە ،
هەموویان تۆ بن .. تەنها تۆ ..
دەماری مەچەکت لەناو
دەستما لێ با ..
کە بە دستی بەتاڵەوە ،
ئەگەڕێمەوە نیوەڕۆ ..




سوپایەکی نیشتیمانی.. کەریم قادر

بەپێی لێدوانی مەحمود ئەلمەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا داوایەکی لە محەمەد شەیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق كردووە؛ پێویستە چەک بەدەست دەوڵەتەوە بێت. لەبنەمادا ئەو قسەیە بەو مانایە دێت، نابێت لەپاڵ سوپا، هیچ هێزێکی دیکە، بۆ نموونە حەشدی شەعبی چەکی بەدەستەوە بێت کە لە ٦٨ گروپ و تاخم پێکهاتووە و بەگوێرەی ناوەندی سیاسەتسازان ژمارەی مونتەسیبەکانی ١٣٠-١٤٠ هەزار چەکدار دەبێت، هەروەها ڕێژەی ٪٨٥ی مونتەسیبەکانی لە پێکهاتەی شیعەن، هەریەک لە پێکهاتەی سونە و تورکمان و ئەوانیدیش ڕێژەیەکیان هەیە، بەڵام لەئاستی سەرکردایەتیدا بە ڕێژەی ٪١٠٠ لەلایەن پێکهاتەی شیعەوە کۆنترۆڵکراوە.
بەداخەوە، لەوەتەی باشووری کوردستان بە عێراقی دەستکردەوە لکێندراوە، هەر لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا دەگاتە سەردەمی عێراقی نوێ، سوپا ئامرازێک بووە بەدەستی حکومەت بۆ لێدان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد کە دواترین لە ١٦ی ئۆکتۆبەر لەسەردەمی خولی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ بوو و تا ئێستاش ئەو سوپایە لە هەڵکوتانە سەر ماڵی مرۆڤی کورد بەردەوامە، بەتایبەتی لەناوچە دابڕێندراوەکانەوە.
ئەو داوایەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بەوپێیەی ئەمریکا داهێنەری عێراقی نوێیە کاتێک کاری خۆی دەکات لەلایەک چاوسوورکردنەوەی لەگەڵ بێت، لەلایەکی دیکە دەبێت پێداگر بێت کە سوپایەک دروست بکرێت لەئاستی سەرکردایەتی و مونتەسیبەوە گوزارشت لە پێکهاتەی ئەتنی و مەزهەبی عێراق بکات و دەستوورێکی هەبێت کە لەژێر هیچ بارودۆخێکدا لەسەر بنەمای سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاوە کاری بەسەر ململانێ ناوخۆییەکان نەبێت و بڕیاری شەڕ و بەکارهێنانی سوپا لەدەست تاکە دەسەڵاتێک نەبێت.




کتێب\ چیرۆکی مناڵان.. خەونەکەی دارا.. وەرگێڕانی: موکەڕەم رەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




چەند سەرنجێك دەربارەی دیدارەکەی دەم پارتی بۆلای ئۆجەلان.. زاهیر باهیر

پێشەکی دەبێت ئەوە بڵێم کە گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بە بزوتنەوەی چەکداریی پەکەکە هەمیشە لە قازانجی خودی کەیسەکە خۆیەتی و بە سوودی نەك هەر کوردستانی باکور و تورکیا دەگەڕێتەوە تەنانەت کارایی ئەرێنی زۆریش لەسەر ڕۆژئاوا و باشوور و ڕۆژهەڵاتیش بەگوێرەی خودی کێشەکانیان دادەنێت .
گفتوگۆ و ئاشتەوایی پەکەکە لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەتا گەر پەکەکە سازشیش بکات هیشتا لە قازنجی خۆیان و لایەنەکانی دیکەن کە لەسەرەوە باسم کردن .

ئەوەی کە من لێرەدا دەینوسم ڕەنگدانەوە و پەیوەندی بە بارودۆخی هەنوکە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەم دوو سێ هەفتەیەدا ڕویداوە هەیە. بەگۆڕینی بارودۆخەکە بێ گومان شیکردنەوە و ڕای جیاواز دێتە ئاراوە.

سەرنجەکان:

یەك: زۆر زۆر بە دەگمەن ڕێدەکەوێت کە لایەنی براوە یا باڵادەست داوای گفتۆگۆ و وتووێژ لە لایەنە لاوازەکەی بەرانبەری بکات. ئەمەش یانی تورکیا کە ئێستا لایەنێکی باڵادەستە و گەورترین سەرکەوتنی لەم ڕووداوانەی ئەم دواییەدا تاکو ئێستا بەدەستهێناوە، کە دەیەوێت گفتۆگۆ لەتەك پەکەکەدا بکات دەبێت جێی گومان و تێرامان بێت .
تا ئێستا ئاراستەی ڕووداوەکان و هەڵوێستی هاوپەیمانانی هەسەدە سەبارەت بە ئەردۆغان و هاوکارانی ئەو کە مەترسیدارترین هەڕەشە دەکەن هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ ڕۆژئاوا و کورد تێدا نابینرێت.
لەگەڵ وتنی ئەوەشدا نابێت پەکەکە یا ئۆجەلان گفتۆگۆ ڕەتبکەنەوە دەبێت ئەوە رەچاو بکەن کە بارودۆخی تورکیا و ناوچەکە گۆڕاوە و بەرەوگۆڕانکاری زیاتر ، بەڵام نەك بە قازنجی کورد ئەوەی کە تا ئێستا دەیبینین، دەڕوت .

دوو: ئۆجەلان کە 27 ساڵە دیلە و بەندە و ژمارەی دیدارەکانی کەس وکار و پارێزەرانی بۆ لای، لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێت ، هاوکاتیش ئەو مامەڵە ناشینرینەی کە حکومەتی فاشی تورکیا لەگەڵیدا دەیکات ڕێگرن لەوەی کە ئەو وەکو دیلێك ، بەندییەك ئازادانە بیربکاتەوە و ڕای ڕاست و دروستی خۆی بڵێت و بینێرێت بۆ قەندیل.
لەبەر ئەو هۆکارانە دەبێت هەمو قسە و پەیامێکی ئۆجەلان بخرێنە ژێر پرسیا و شیکردنەوەیەکی زۆر وردەوە ، کە لە زۆر حاڵەتدا نابێت بە هیچ شێوەیەك حسابیان بۆ بکرێت .

سێ : سەرانی پەکەکە و گرفتی سەرەکی : بە درێژایی ئەم 27 ساڵە پەکەکە نەیتوانیوە کە سەرکردەیەك یا خود چەند ڕابەر و سەرۆکێك بەخۆی پەروەردە بکات و بتوانن بێ لە گەڕانەوە بۆ ئۆجەلان و پەیام و پێشنیارەکانی ئەو، هیچ جۆرە بڕیارێك بدات چ سەبارەت بە تورکیا و چ بە کوردستانەکانی دیکە بە تایبەتی هەرێمی باشوور و ڕۆژئاوا .

سەرانی پەکەکە ئەوەندەی لە کێبڕکێی دانی دیمانەدان لەناو یەکدیدا ئەوەندە لە کێبڕكێی دانی پێشنیارێك، پێشنیازێك ، بۆ چارەسەری کێشەکەیان لە نێوانی خۆیاندا نین . هەر بۆیە کە یەکێکیا دیمانەیەك دەکات دەبێت بە زووترین کات ئەوانی دیکەش دیمانەی خۆیان یا نوسینی خۆیانیان هەبێت . ئەمەش باشترین بەڵگەیە کە پەکەکە هەر وەک چۆن ناوەندێکی بڕیار و جێبەجێکاریی خۆیان نییە، هەر ئاواش ناوەندێکی یەکگرتوشیان بۆ نوسینی ، شییکردنەوەی ، دیمانەیەكی فەرمی پەکەکە نییە.
خودی ئەمەش ئەو گرفتەی بۆ پەکەکە دروستکردووە کە لە پرسی ئاشتی و ئاشتەواییدا هەر دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئۆجەلان، و ئۆجەلانیش ئەوە حاڵییەتی واتە دیل و بەند کە ڕەنگە لەژێر هەندێك فشاری ناوەوە و دەرەوەدا ڕا و بۆچونی هەڵە بدات ، کە سەرەنجام بە زیانی هەموو لایەك بگەڕێتەوە. خۆ ئەگەر بە وردی تەماشای ئەو پەیامە بکەین کە بە نوێنەرانی دەم پارتیدا ناردویەتییە دەرەوە دەبینین کە پەیامێکی ئێکجار و سادو و ساکار و لاوازە و وەکو پەیامێك وایە بۆ ئاشتەوایی نێوانی دوو کەسی ئاسایی شەڕکەر، یا ڕەنجاندنی دڵی نێوانی دووکەس بێت تاکو ئاشتببنەوە ئاوایە .
بەڵگەیەکی دیکە بۆ ئەوەی کە قەندیل و سەرانی پەکەکە نە ناوەندن و نە خاوەن بڕیار ئەوەیە ئەگەر تەماشای پەیامەکانی ئۆجەلان بکەیت ئەوە دەلێت ئەو ” خاوەن بڕیارە و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە ” ئەمەش یانی پێگەی سەرەکی لە پرسی کوردی باکورداد بۆ خۆی داناوە، ئەوە کە ناوەندە ، ئەوە کە بڕیار دەرە ، نەك قەندیل و سەرانی بەناو فەرمی ئێستای پەکەکە .

ئۆجەلان لەم پەیامەیدا نە داخوازییەکی سیاسی هەیە و نە مەرجی هەنوکەیی بۆ ئەردۆغان و حکومەتەکەی و حکومەتی نوێی سوریاش هەیە. هەر ئاواش هیچ پێشنیارێکیشی تێدا نییە بۆ کوردانی ڕۆژئاوا و هەسەدە و پەیەدە و هەرێم و حیزبەکانی باشووریش. ونبوونی ئەم پەیامانە و زۆری دیکەش جێی دڵەڕاوکێ و بێ متمانەییە بە ئۆجەلان و پەیامەکانی ئێستای .
دیارە من ناڵێم کە ئۆجەلان هەڵوێستی خۆی شل کردوە بۆ تۆرکیا، یا مێشکی داوەتە دەست حوکمڕانانی تورکیا ، بەڵام پەیامێکی ئاوا سادە و ساکار ماستێکە و بێ موو نییە .

لە کۆتاییدا دەڵێم دەبێت پەکەکە خۆیان گەر بتوانن لەبەر ڕۆشنایی رووداوەکانی ئێستا و بارودۆخی تایبەتی خۆیان و هێز و ئایندەیان و ڕەچاوکردنی پێگە و سوودی هەرێمی باشوور و پرسی ڕۆژئاوا و هەسەدە و کوردانی دیکەی دەرەوەی هەسەدە، هەڵسەنگاندن بکەن. ئەمانن کە لە مەیدانەکەدان نەک ئۆجەلان، ئەمانن حکومەتی تورکیایان بێزار کردووە نەك ئۆجەلان، ئەمانن پادارن و ئۆجەلان بێ پا. هاوکاتیش سەرنجی پەیامەکان و ڕا و بۆچوونی ئۆجەلان لەسەر دیمانە و دیدارەکانی ئێستا و ئایندەی لەگەڵ تورکیا یا هەر لایەنێکی دیکە، دەبێت زۆر بە وردی بدەن.
دەکرێت تێڕوانینی ئەمان بۆ ئۆجەلان وەکو ڕابەرێك، سەرکردەیەکی ڕۆحی بێت نە سەرۆکێکی بڕیاردەر ، هەرچەند دەبوایە پەکەکە ئەمەی هەر لە سەرەتاوە بکردایە ، ئێستا لەم کاتە ناسکەشدا هەر درەنگ نییە.

زاهیر باهیر
29/12/2024




مرۆڤێكی تەنیا لە نیشتمانێكی تەنیادا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

هەركاتێك بمەوێت لە بارەی كتێب و خوێندنەوە، پەیوەندی خۆم و سەرەتاكانی ئاشنابوونم بە دنیای كتێب و خوێندنەوە بدوێم و بنووسم، هەست دەكەم وشەیەك و زمانێكم نییە بۆ ئاخاوتن و قسەكردن، ئاخر ئاسان نییە مرۆڤ وەسفی كتێب و جیهانی كتێب بكات، بە تایبەتیش بۆ منێك كە كتێب بۆی بووە دایك، باوك، مامۆستا، هاوڕێ، خێزان و بنەماڵە و هەموو شتێك ! بۆیەشە زۆر بە ڕاشكاوی ئەوە دەڵێم، من دەتوانم چەندین ساڵ لە دووری ئەوانە بژیم و هەڵكەم، بەڵام ڕۆژێك بێ كتێب و خوێندنەوە هەڵناكەم، چونكە من لە كتێبەكانەوە فێربووم و پەروەردە بووم. من لە باوەشی دایك و باوكێكی نەخوێندەوار، میللی و نەریتی و خێڵەكییانە لە دایكبووم، ئاسان نییە مرۆڤ لە باوەشی دایك و باوكێكی چاو نەكراوەو میللی لە دایكبوو بێت و بتوانێت، ئەو كولتوور و نۆرم و دیدگە میللییانەش جێبێڵێت كە ئەوان و كۆمەڵگە هەیانە. من لە سەرەتاوە، بۆ ئەوەی لەو دیدگایە دەرچم، دەبوو دەرەچەیەك بدۆزمەوە و بەر ژیانێكی دیكەی جیاواز بكەوم بۆ ئەوەی ئەو هەست و تێگەیشتنە لای خۆم دروست كەم، كە ئیدی مرۆڤم، بە تایبەتیش كە خێزانەكەم وەك هەر خێزانێكی دیكەی كوردی، كە منداڵەكانییان بێ هیچ دڵنەوایی و فێركردنێك فڕێ دەدەنە نێو عەزابی ژیان، منیش بەو شێوەیە كەوتمە نێو عەزابی ژیان. بۆیە دەبوو خۆم لە دنایەكی دیكەی جیاواز بدۆزمەوە، كە ئەویش دنیای جوانی كتێب بوو. ئەم ئاشنابوونە بە كتێب، بووە سەرەتای كاروان و گەشتێكی هەمیشەیی ژیانم كە بە ئێستاشەوە، نازانم لە كوێ و كەی كۆتایی دێت. لە ساڵانی نەوەدا، ئەو كاتەی مرۆڤ بەهای نانێكی نەبوو، لوولەی تفەنگەكان هەموو سووچێكی نیشتمانی تەنیبوو، خوێن لە شەقامەكان دەڕۆیشت، كە قوتابی پەیمانگابووم، بە دەیان و سەدان جار، نان نەبوو بیخۆم، گیرفانم خاڵی بوو، سەرماو بێ دەرەتان وبێ لانە بووم، بەڵام ژوور سەرەینەكەم تەژیبوو لە كتێب. ئەو كات بە لامانەوە ئاسایی بوو، بێ نان بین، بێ خەوتن و پۆشاك و بێ پەیوەندی سۆزداریی و خۆشەویستی بین، بەڵام بێ كتێب نا. بۆیە شەوان تا بەرەبەیان دەمانخوێندەوە و گەنگەشەی كتێبمان دەكرد. ڕۆژگارەكان زوو تێ دەپەڕن، مرۆڤەكان ئەزموونی نوێ تاقیدەكەنەوە، ڕۆژگار مرۆڤەكان بە ئاراستەیەكی دیكە و ژیانێكی دیكە دەبات، بەڵام من هەرگیز نەمتوانی دەستبەرداری كتێب و خوێندنەوە ببم، تا سەرەنجام بوومە مرۆڤێكی تەنیا، لە نێو نیشتمانی تەنیای كتێبەكاندا. ڕۆژگارەكان هاتن و چوون، ساڵاكان دێن و دەچن، بەڵام پەیوەندی من و كتێب، ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵ دەبێتەوە و بە نێو یەكتری دا دەچێت، تا ئەو ئاستەی هیچ ڕۆژێك لە ژیانی من تێناپەڕێت ئەگەر كتێبێكی تێدا نەخوێنمەوە. ئەم هۆگربوونەم بە كتێب، من كردیتە مرۆڤێكی دیكە، مرۆڤێك دابڕاو، گۆشەگیر، تەنها و دوور لە خەڵك، دوور لە هەموو بۆنەیەك كە.بە ڕاستی ئەوەندەی كتێبەكان دڵخۆش و ئاسوودەم ناكەن، هاوكات نیگەرانیشم ناكەن وەك مرۆڤەكان، كە بە داخەوە ئێستا زۆرینەی هەرە زۆریان تەنها ناویان مرۆڤە و دوورن لە هەموو بەهایەكی مرۆیانە. خۆشترین بۆنە و ساتەكانی ژیانی من ئەو كاتانەیە كە كێبێك دەخوێنمەوە، كتێب بۆ من نیشتمان و ژیان و هەموو بوونمە، كتێب بۆ منی تەنیا و دڵشكاو لە ژیان نیشتمانێكە بێ سنوور، نیشتمانێكە وەرزەكانی تەنها كتێبن، ڕۆژ و مانگ و ساڵەكانی تەنها كتێبن، ئەوەندەی دڵم بە كتێبەكان دەكرێتەوە، پەروەردەیان كردم و فێریان كردم ئەوەندە، بە هاوڕێ و خێزان و كەسە نزیكەكانم نابێتەوە، ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێت كە من دەتوانم بە ساڵ و ساڵان، كەسێك نەبینم، بەڵام ناتوانم ڕۆژانە چاوێك بە كتێبێك نەخشێنم و نەیخوێنمەوە، چونكە هەستدەكەم خۆم بوومەتە كتێب. ئەو هۆگربوونە، جۆرێك ئاڵوودەبوونی بە كتێب لا دروست كردووم، كە تەنها لەگەڵ كتێب بم، زۆرجار ئەمە جێگەی ڕەخنە، نیگەرانی و سەمەرەیە لای هاوڕێكانم، كە من چۆن بەو شێوەیەم بەڵام ئیدی من وام، چێژ لەو ژیانەی خۆم وەردەگرم و تیایدا ئاسوودەم. چەند ساڵێكە كردوومە بە نەریت، كە ناوی ئەو كتێبانە بنووسم كە لە ماوەی ئەو ساڵەدا خوێندوومنەتەوە، ئەمساڵیش سوپاس بۆ خودای گەورە دەرفەتی ئەوەی پێدام كە ئەوكتێبانە بخوێنمەوە:

1_ چەند دوور بیت ئەوەندە نزیكی / حیكمەت/ و _ هێرۆ سالار، 152 ل.
2_پرسیارەكانی خۆشەویستی / كۆمەڵایەتی / فوزیە دریع / و عەبدوڵا زەنگەنە، 436 ل. 3ئستاتیكاو جیاوازی / دیمانە/ عەبدولرەحمان مەعروف/ 234 ل.
4_شێوازەكانی گێڕانەوە لە ڕۆمانی داگیركردنی تاریكیدا/ لێكۆڵینەوە/ دیمەن عەبدوڵا ساڵح /320 ل.
4_ سیاسەتی یەكسانی لە نێوان ژن و پیاودا / كۆمەڵایەتی / وەزارەتی ناوخۆ/23 ل.
5_- دەربارەی ماركسیزم لە زانستی زماندا / زمانەوانی / ستالین / و _ جەلال دەباغ / 56 ل.
6_ڕیشاڵی تیۆری ڕۆمانی كوردی/ لێكۆڵینەوە/ سەلاح جەلال/ 126 ل.
7_ حیكایەتی ڕەشپۆشەكان/ چیڕۆك/ دانا فایەق/ 100ل.
8_لە كلاسیكەوە بۆ مۆدێرن/ شانۆ/ دانا ڕەئووف/ 405 ل.
9_دیوەكەی تری دڵدار/ لێكۆڵینەوە/ بوخاری وشیار/ 105 ل.
10_ زەوی پلاستیك وەك دەرخەری كێشەكان/ لێكۆڵینەوە/ پێشەوا كاكەیی/ 100 ل.
11_ چشتێك لە چەشنی شیعر/ لێكۆڵینەوە/ عەبدولخالق یەعقوبی/ 250 ل.
12_ئەدەب و مەینەتی/ لێكۆڵینەوە/ نەجات نوری/ 330 ل.
13_كۆمۆنیستەكان لە شۆڕش دەترسن/ دیمانە/ سارتەر/ و شوان ئەحمەد/ 131 ل. 14دەربارەی شیعری گۆران/ لێكۆڵینەوە/ ئەنوەر قادر/ 250 ل.
15_باولەكەی باوكم/ وتار/ ئۆرهان پامۆك/ و _ سامان كەریم/ 220 ل.
16_گوڵی خۆشەویستی هەڵوەریو/ ڕۆمان/ جەلال دەباغ/ 70 ل.
17_ئەشكەوتی بەكرێگیراوان/ ڕۆمان/ دلێر كەریم/ 124 ل.
18_شیعرو بێدەنگی/ لێكۆڵینەوە/ ئارام سدیق/ 257 ل.
19_خود و خودبینی/ ڕامانی ڕوحی/ فاروق هۆمەر/ 340 ل.
20_ دارستانی شیعر/ بیۆگرافی/سیروان رەحیم/ 240 ل.
21_ بیست و یەك تیشكی كوردستان/ چیڕۆكی منداڵان/ پەیام ئیبراهیم/ 124ل.
22_ گەشتی ژیانم/ بیرەوەری/ عەتییە حەمە سەعید/ 369 ل.
23_لە بارەی خۆشەویستییەوە بۆم بدوێ/ ڕۆمان/ ئێزگین كلێچ/ و ئەسرا وەهاب 170 ل. 24كچانی مەلەك تاوس/ ڕۆمان/ حەمەفەریق حەسەن/125 ل.
25_ با شاعیرێك بكڕین/ ڕۆمان/ ئەفۆنشۆكرووش/ وعیماد حەسەن/ 124 ل. 26 بوون لەگەڕانەوەی زەردەشدا/ لێكۆڵینەوە/ محمەد نەبی/ 125ل.
27_كۆدەكانی نیگای ژنێك/ ڕۆمان/ سامان حەمە سەعید/ 222 ل.
28_هەندێك كەس هەرگیز تێناگەن/ ساتیر/ تۆخۆلسكی /و سەروەرعمر/ 104 ل. 29 بە پێچەوانەی ڕەوتی باوە/ شانۆنامە/ فرمێسك مستەف/ 72 ل.
30_مرۆڤێكی تەنیا لەنێو كەوشەنی كتێبدا/ دیمانە/ جوتیار قارەمان / 111 ل.
31_ كلیدان/ فەرهەنگ/ عەبدولا َتاهیر بەرزنجی/ 578 ل.
32_سەرگوزشتەی پیاوێك/ ڕۆمان/ پاتریك سۆزكیند/ و- عەبدولغەنی كاكۆ/ 87 ل.
33_ هێمن و هەژار دۆست و دژوار/ لێكۆڵینەوە/ خالید دلێر/ 170 ل.
34_ئاستەكانی خوێنەوەی شانۆنامە/ لێكۆڵینەوەی شانۆیی / ڕێباز محمد جەزا/ 279ل.
35_ پاریسی من/ بیرەوەری/ فەرهاد پیرباڵ/ 176 ل.
26_تابلۆكانی ماریا/ شانۆنامە/ لیدیا شۆیەرمان/76/و فرمێسك مستەفا/ 73ل. 27 هێما لە دەقە واڵاكانی شێركۆ بێكەس/ لێكۆڵینەوە/ هەژار فەقێ/ 257 ل.
38_ فەرهەنگی زمانی شیعر/ لێكۆڵینەوە/ زانا خەلیل/ 328 ل.
39_ بۆنی خاك لە پرسی نەتەوەییدا / لێكۆلینەوە / فواد سەراج/ 192 ل.
40_وێناو ئایدیا/ لێكۆڵینەوە/ موحسین ئەحمەد عمر/ 563 ل.
41_ كورد و دیاسپۆرا/ سیاسی/ دانەر ئەبوبەكر/ 168 ل.
42_ دەق بیانووە بۆ گێڕانەوە/ ئەدەبی/ حەمەكەریم عارف/ 230 ل.
43_ فڕینی دوور/ ئەدەبی/ ناسری حیسامی / 127 ل.
44_ ڕێبازەكانی ڕەخنەی ئەدەبی/ ئەدەبی/ كۆمەڵێك نووسەر/ و _ عەتا قەرەداغی/ 157 ل.
45_ شیعری نوێی كوردی/ لێكۆڵینەوە/ فەرهاد پیرباڵ/ 136 ل.
46_ برسێتی و ئاوریشم/ گوتار/ هێرتا مۆلەر/ و _ سەروەرعمر/ 350 ل.
47_ پرتەفاڵی شین/ گوتار/ موحسین ئەحمەد عمر/ 165 ل.
48_ دراوسێ/ هزری/ هاوار محمەد / 275 ل.
49_ پارادۆكسەكانی خوێندن/ پەروەردەیی/ شەرمین ڕەشید/ 375 ل.
50_ ئەدەبناسی/ ئەدەبی/ د –كمال میراودەلی/ 612 ل.
51_ئەدەب و مێژوو/ ئەدەبی/ حەمەی حەمە باقی/ 570 ل.
52_ ڕەئیس ڕەمەزانەكان/ نۆڤلێت/ فەرهاد پیرباڵ/ 47 ل.
53_خیانەتی حەڵال/ ئەدەبی/ حەمە كەریم عارف/ 420 ل.
54_نامەكانی ڤان كۆخ/ نامە/ ڤانكۆخ/ و _ حەمە هاشم/ 152 ل.
55_ ڕوانگە یاران و نەیارانی/ ئەدەبی/ حوسێن عارف/ 444 ل.
56_ملوانكەی ئەفسووناوی/ ڕۆمانی منداڵان/ ئەمین محمد/ 92 ل.
57_كەسێتی مێژووی لە ڕۆمانەكانی ژان دۆستدا/ لێكۆڵێنەوە/ گزنگ حسن/ 285 ل.
58_ من و شێر پەنجەی باوكم/ پزیشكی/ دشوان عوسمان/ 154 ل. 59وێنەی مەعشوق لە شیعرەكانی خاڵە ڕەشدا/ چیابان فارس/ 122 ل.
60_ سێ وتار دەربارەی ئەدەبیاتی كوردی/ ئەدەبی/ و _ حوسێن محمد زادە/ 187 ل.
61_ ئەو وڵاتەی كەنییە/ شیعر/ ئێدیت سوێدەرگران/ و _ كەریم تاقانە/ 75 ل.
62_ ئاهەنگی دەمامكەكان/ وتار/ مەلوول/ 82 ل.
63_ئافرەت لە شانۆی كوردیدا/ شانۆ/ مەغدید حاجی/ 280 ل.
64_منداڵانی هێڵی ئاسن/ ڕۆمان/ ئەی نزست/ و هەڵمەت عوسمان/ 70 ل. 65شتێكت پێ دەڵێم بەختەوەرت بكا/ وتار/ سارا عەبدولرەحمان/ و _ ئاشنا محمد 222 ل.
66_ دادگاییكردنی ئەدەب/ ئەدەبی/ نەوزاد ئەسوەد/ 150 ل.
67_ لە ستاییشی ژیاندا/ ئەزموون/ ڕەفیق سابیر/ 510 ل.
68_ ئایكۆنی بەرەنگاری/ توێژینەوە/ نەوزاد عەلی ئەحمەد/ 310 ل.
69_هونەرەكانی ئەدەب/ توێژینەوە/ نەوزاد عەلی ئەحمەد/ 255 ل.
70 كلووە بەفرەكان پەنجەكانم نا تەزێنن/ بیرەوەری/ گەزیزە/ 225 ل. 71بەهاكانی ژیان/ پەرە پێدانی مرۆیی / فازل جاف/ 193 ل.
72_ نامۆیی لە شیعری حاجی قادردا/ توێژینەوە/ د_ شوكریە ڕەسول/ 55 ل.
73 _ ڕۆشنبیرە فریو دەرەكان/ وتار/ نەجات نوری/ 288 ل.
74_ درەوشانەوەی مێژوو/ وتار/ عیماد ئەحمەد/ 315 ل.
75-مەرگێكی هەڵواسراو/ چیڕۆك/ یوسف ئیسماعیل /121 ل.
76_لێكترازان/ شانۆنامە/ دانا ڕەئوف/ 164 ل.
77_ڕەوتی گەشەكردنی چیڕۆكی كوردی / لێكۆڵینەوە / عەزیز محمد پوور / 172 ل.
78_ پوورخورشید / ڕۆمان / شێخ سدیق / 208 ل.
79_شەڕەف / ڕۆمان / ئەلیف شەفەق/ و _ شەفیقی حاجی خدر / 460 ڵ.
80_ یادنامەكانی نیوە شەو / وتار / مستەفا محمود / و باسیمە ستار / 127 ل. 81زیاتر لە ژیانێك / شانۆنامە / ئەژین فەهمی / 126 ل.
82_ژن / ڕۆمان / ڕێواس بانیخێڵانی / 240 ل،
83_ئابڕوو / ڕۆمان / جاز ڤیندەر / و _ شیلان دەرگەڵەیی / 220 ل.
84_ ڕۆچوون بە نێو ئەندێشەدا / ڕامانی ڕوحی / فاروق هۆمەر / 303 ل.
85 _ چاوەكانی تابان / چیڕۆكی ڕۆژنامەنووسی / یاسین قادر بەرزنجی / 82 ل.
86_كۆچ و تاراوگە / كۆمەڵناسی/ حەمە نوری عومەر كاكی / 194 ل.
87_پرۆسە سایكۆلۆژییەكان لە زمانی كوردیدا/ زمانەوانی / ئاڤێستا كەمال / 400 ل.
88_پیاوانی بەر خۆر/ ڕۆمان/ غەسان كەنەفانی/ عەبدولكەریم شاكر/ 101 ل.
هیرۆمۆنتیكای دەقە ویژدانییەكان/ توێژینەوە / دزاهیر لەتیف/ 222 ل. 89ژیانێكی ڕامبۆیانە/ شیعر / ئازاد ئەسوەد/ 72 ل.
90_شۆڕشەكەم دژی شێر پەنجە/ یادەوەری / ستیڤان شەمزینی/ 265 ل.
91_ عشق و دەركەوتەكانی / توێژینەوە / محمد تاتانی /200 ل.
92_نەفرەتی نەوبەهاران/ ڕۆمان / بە ختیار عەلی/ 262 ل.
93_دیاردەناسی شارو شوێن/ ئەنترۆپۆلۆژی/ ڕێبوار سیوەیلی / 400 ل.
94_ڕۆمان و خوێنەرە جیاوازەكانی / دیمانە/ شاخەوان سدیق/ 122 ل.
95_زەماوەندی سیمرخ/ بیرەوەری / عالییە میرزا/ و _ ئاوات محمدامین / 160 ل.
96_چیڕۆكەكانی ئەدیبێك/ دیمانە/ شاخەوان سدیق/ 153 ل.
97_خەونەكانی مەتڕان/ ڕۆمان / زرار سەرتاش / 138 ل.
98_ بازنەكانی شەقامی سوور/ ڕۆمان/ كارزان حیدر/ 256 ل.
99_برینا ڕەش/ شانۆنامە/ موسا عەنتەر / و محمد عزەدین/ 143 ل. 100زەردەخەنەی ئەبەدی/ ڕۆمان/پێر لاگەر ڤڤیست/ و كەریم تاقانە/ 105 ل. 101داهێنان و پەنجەرەیەك بۆ ڕوانین / لێكۆڵینەوە/ نالە حەسەن/ 240 ل،
102_ نامەیلێ بۆ شاعیرێكی گەنج/ ئەدەبی/ ڕینە ماریا/ و دیلان قادر/ 92 ل. 103 هایكۆ لە ژاپۆنەوە بۆ كوردستان / لێكۆلینەوە/ ملكۆ محمد/ 221 ل.
104_ پەیڤ و پەیام ئەدەبی / ڕەفیق سابیر / 536 ل.
105_ئەریكۆلۆژیای ڕۆمانی كوردی / توێژینەوە/ حەمە مەنتك / 908 ل.
106_چارەنووس/ ڕۆمان/ سەلام عومەر/ 178 ل.
107_پوختەی خاڵبەندی / زمانەوانی / دیاكۆ هاشمی / 90 ل.
108_ مارو پەیژە / نۆفلێت/ بەرهەم ئەنوەر/ 109 ل،
109_حەمە كەریم عارف پیاوێك / دیمانە / غازی حەسەن/ 348 ل.
110_پێنچ شارو دوو یادگە/ دیمانە/ ئیسكەندەر حەبەش/ و دلاوەر قەرەداغی/354 ل. 111 بازرگانیكردن بە ژنان / كۆمەڵایەتی/ و _ شاكر شاكر نادر / 182 ل.
112_كەلێنی نێوان نەوەكان / كۆمەڵناسی / شەمال لەتیف / 334 ل.
113_شەترەنج/ نۆڤلێت/ شتیفان تسڤایگ/ ڕەشید / 104 ل.
114_لە دنیای گوڵاندا / ئەدەبی / ڕەفیق سابیر / 130 ل.
115_وەك قەقنەس دەسووتێم / شانۆ، گەزیزە / 220 ل.
116_حەنۆكە/ مێژوویی / ئیسماعیل تەنیا / 500 ل.

بێگومان، بەشێكی زۆر لەو كتێبانە، خوێنەوە و ڕانانم بۆ كردوون، بە خوێنەرانم ناساندوون، هەندێكیشیان لە بارەیانەوە نووسیومە، بەڵام وتارەكانم بڵاو نەكردۆتەوە. تا دێت زیاتر دەچمە نێو كتێبەكان و كتێبەكان دێنە نێو ناخم، ئارەزوو دەكەم دووركەومەوە لە مرۆڤەكان، هەر لەگەڵ كتێبدا بم ڕەنگە كەسانێك ئەمە بەگۆشەگیریی، دابڕان، نائومێدیوون و ئاڵوودەبوون و شكست لە ژیان لێكبدەنەوە، ئەوان هەر چۆنی دەبینن، ئازادن، چونكە ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە چی لە ناخمدایە دەریبببڕم و ڕاشكاو و ڕاستگۆ بم، لەگەڵ خۆم، دواتر لەگەڵ هەمووان.

ڕواندز_ 30/12/2024




دەورەیەکی تازەی هێرشەکانی تورکیاو میلیشیاکانی دەوری بۆسەر ناوچە کوردیەکانی سوریا.. نوری بەشیر

هێرشەکانی ئێستای حکومەتی تورکیاو میلیشیا کۆنەپەرستەکانی دەوری بۆسەر ناوچە کوردیەکان لەسوریا، درێژەی هێرشەکانی پێشوویەتی، بەڵام بەتایبەتمەندی ئەم دەورەیە کە تورکیا دەورەی پێشوو وەک ئێستا نەیدەتوانی ئەنجامی بدات، بەڵام ئێستا خۆی بەبراوەو سودمەندی سەرەکی لەم ئاڵوگۆڕەی سوریا دەزانێت هەلومەرجەکە بۆی ئاوەڵاترە.
هەلومەرجی نوێی سوریا زۆر ئاڵۆزو پر پێچ و پەنایە، بەپێی ئەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی حکومەتە بۆرژوازیەکان و میدیا گوێ لەمستیان رۆژانە بڵاوی دەکەنەوە، بەپێی ئەو سەرەیەی کە گیراوە بۆ دیمەشق و دانیشتن و قسەوباس و وێنەگرتن و هەواڵ بڵاوکردنەوە لەگەڵ ئەبو محەمەد جۆلانی و بەرزکردنەوەی خۆی و گروپەکەی هەیئەی تەحریری شام و کردنی بەڕابەری حکومەتی نوێی سوریای دوای بەشار ئەسەدو دانانی دەسەڵات و وەزیرەکان هەمووی لەلایەن هەتەشەوە.
هەر بەپێی ئەو هێرش و دەخالەتەی حکومەتی تورکیا وەک ئەوەی خۆی بەخاوەنی سوریا دەزانێت بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی سوریای دڵخوازی خۆیان و هەڕەشەو هێرش بۆسەر ناوچە کوردیەکان و هەسەدە و ئامادەن کۆمەكوژی ئانجامبدەن، هەروەک لە هەڕەشەکانی ئێستای ئۆردگاندا دەڵێ: یان دەبێت چەکەکانیان دابنێن، ئەگەرنا بەچەکەکانیانەوە لەناو خاکی سووریادا دەیانێژین.
یان وەک ئەوەی کە حکومەتی ئیسرائیل لە باشوری سوریا ئەنجامی دەدات دەیان کیلۆمەتر هاتۆتە ناو سوریاوە، هەروەک ئەوەی کە قەتەر ئەنجامی دەدات بۆ جێخستنی جۆلانی و وەک ئەوەی کە ئەمریکا هێزەکانی زیاد دەکات و وڵاتانی عەرەبی هەوڵی زوو داسەپاندنی جۆلانی بەسەر سوریادا دەدەن و یان هەڕەشەکانی ئەم چەند رۆژەی ئێران، ئەوا هەموو ئەوانە جیا لە سیناریۆیەکی تاریک و کۆنەپەرست و تەسلیم بوون کە دەیخەنە بەردەم کۆمەڵگەی سوریا بەگشتی و هەموو حزب و لایەنە مەدەنی و ئینسانیەکان، بۆئەوەی بەو هەلومەرجەی هەیە و ئەو بەرنامەیەی کە هەیانە بۆ سوریا خۆیان بەدەستەوە بدەن و لەدەوری ئەو بەدیلە کۆببنەوە کە ئەوان دەیانەوێت، شتێکی تر نیە.
بەڵام ئەمە هەموو هاوکێشەو سیناریۆکە نیە، لەو کۆمەڵگایەدا تەنیا ئەوە نیە کە هێزە سەرمایەداریە جیهانی و ناوچەییەکان و بەتایبەت تورکیا تەپڵی بۆ دەکوتن، بەڵکو لەسەراسەری سوریاوە دەنگی ناڕەزایەتی دەبیسترێت؛ لە رۆژئاواوە لە لازقیەو دەوربەری، لە خوارەوە لە ناوچەی سوەیدا و دەرعاو لە رۆژەهەڵاتەوە ناوچە کوردیەکان و لەناو شارەکانی حەڵەب و حەماو دیمەشقیشدا، جیا لەوەی خەڵکی مەدەنی و ئینساندۆست، حزب و لایەنی کە دەنگی ناڕەزایەتی هەڵدەبڕن و پەیامێکی دیکە ڕادەگەیەنین کە جیاوازە لە سیناریۆکانی بۆرژوازی جیهانی و ناوچەکە.
لە کاتێکدا ئەم هێزانەش تەنیا نین و پشتگیری ریزی ملیۆنان لە خەڵک و هێزی ئازادیخوازو کرێکاری و مرۆڤدۆستی ناوچەکەو جیهانیان لەگەڵدایە، ئەو هێزەی کە لەپاڵ خەڵکی فەلەستیندا وەستان، ئاواش لەپاڵ ئەماندا دەوستن.
ئەوە تەنیا تورکیا نیە کە دەیەوێت ئایندەی سوریا بەوشێوەیە بڕوات کە بەرژەوەندیەکانی خۆی دەخوازێت، بەڵکو دەخالەتی ژمارەیەک وڵاتانی جیهانی و ناوچەیی و هەتا ئێرانیش کە لەئاوەڵایی ئێستای سوریادا، لەهەوڵی جێگا گرتندان و دەیانەوێت مۆری خۆیان بدەن لە شکڵی حکومەتی داهاتوو و بەرژەوەندیەکانیان لەسوریا بڕواتە پێشەوە. ئەوە تەنیا هەتەشەو میلیشیاکانی دەوری تورکیا نیە، بەڵکو بەپێی هەواڵەکانی العربیەو چەندان میدیای تر کە لە نێوان ٨٠ بۆ ١٠٠ هێزو گروپ و لایەنی جیا لەسوریادا بوونی هەیە، ئەمانە هەمووی تورکیاو جۆلانی چۆن کۆیاندەکەنەوەو چۆن بەو بەرنامە کۆنەپەرستانەیەی جۆلانی و فاشیەتی تورکیا رێکدەخرێن لەژێر ناوی سوریایەکی تازەدا.
ئەگەرچی تورکیا دەیەوێت سوریا بکاتە دەروازەیەک بۆ مەرامە سیاسی و ئابوریەکانی و لەوێوە بۆ ناوچەکەش، هەربۆیە بەو شێوەیە کاری بۆ دەکات؛ بەتایبەت ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی و هێرش بۆسەر ناوچە کوردیەکان گەورەکردنی ئەو شەڕەی کە دەستیپێکردووە؛ لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەرێگای میلیشیاکانیەوە زیادبکات و پاشەکشە بە قەسەدە بکات، واتە شوێن پێی خۆی بەرەسمی قایم بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت کاریگەری زیاتر لەسەر جۆلانی و حکومەتی ئایندە دابنێت، بۆ ئەمەش نەک هەر وەزیری دەرەوەی هاکان فیدانی ناردە دیمەشق و بەڵکو ئۆردوگان خۆیشی بەنیازە بڕواتە دیمەشق و لەگەڵ جۆلانی کۆبێتەوەو قونسوڵگەریش لە حەڵەب بکاتەوە.
ئەگەرچی سوریا لەنێوان کێشەی ناوخۆو ناوچەکەدا گیریخواردووە، بەتایبەت جێگاوڕێگای ئەمریکا کە دەستبەرداری سوریا نابێت، نەک هێزە سەربازیەکانی لە ٩٠٠ وە کردوە بە دوو هەزار سەرباز، بەڵکو چەک و تەقەمەنی بەکاروانی گەورەشدا ناردۆتە ناوچە کوردیەکان. هەربۆیە بەشێکی شانسی تورکیا دەبێت لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکادا بڕواتە پێشەوە.
هەوڵەکانی تورکیاو میلیشیاکانی بۆ هێرشی ناوچە کوردیەکان و داگیرکردنی و پاشەکشە بەهێزەکانی قەسەدەش، ئەمەش ناتوانێت بەتەواوی لەناو ئەو کێشە جۆراوجۆرانەی کە سوریادا هەیە وە تا ئەمریکا لەو ناوچانەدا بێت، تەنها ئەوە نەبێت لەگەڵ ئەمریکادا رێکەوتن بکات و ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبكات، بڕواتە پێشەوە.
جێگاوڕێگای ئێستای کورد لە سوریاو هەتا وڵاتەکانی تردا، وەک جاران نەماوەو هەربۆیە تورکیا ئەگەرچی براوەی ئاڵگۆڕی سوریایەو هێزەکانی کە خستیانە پێشەوە، بەڵام هەموو شتێک ناتوانێت بە بەرنامەی ئەو بڕواتە پێشەوە. ئەوەی کە دەیەوێت جۆلانی هاوڕا بێت لەگەڵ تورکیاو جێگاوڕێگایەک نەدرێت بە کوردەکان و هەسەدە لەدەورەی حکومەتی راگوزەرو کاتی و حکومەتی ئایندەدا، کە ئەمەش لەچوارچێوەی هەلومەرجی بەشداری هەموو هێزو لایەنەکانی تری سوریادا بەبێ بەشداری هێزە کوردیەکان لەکۆنگرەیەکی نیشتمانی کە قەرارە بگیرێت ناتوانێت بەخواستی تورکیا بەتەواوی بچێتە پێشەوە. جۆلانی وەک رێویەکی فێڵباز لەناو داعش و قاعیدەو لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکا لەناوچەکەدا گەورە بووەو هاتۆتەپێشەوە ئەو راستیە باش دەزانێت و ئەوە دەرک دەکات.
ئەم هەنگاوەی تورکیاو میلیشیا کۆنەپەرستەکانی دەوری، بەشێکە لەو فاشیەتە قەومی و ئیسلامیەی کە لەتورکیادا بەدژی کوردەکانی پیادەی دەکات، بەتایبەت هەوڵەکانی ئێستای لەسوریادا تەنیا هەنگاو و لێدان نیە لە هەسەدە وەک چوارچێوەیەکی سیاسی و سەربازی بۆ بەرگری لەخەڵكی کورد، عەرەب و خەڵکانی ئەو ناوچانە، بەڵکو راستەوخۆ بۆ لێدان و خستەژێرپێی ماف و خواستەکانی خەڵكی کوردی سوریاو ناوچە کورد نشینەکانە و ئەمەش بەدژی ئیدعای ئەمریکاو غەرب و وڵاتانێکە کە گوایە هاوپشتی سوریایەک دەکەن کە هەموو پێکهاتەکان بەشداری تێدا بکەن و بەدژی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکانیشە.
هەربۆیە ئەگەر تورکیا بیەوێت سوریا بەو ئاکارەدا بڕوات کەخۆی دەیەوێت، لەژێرناوی لێدان لە تیرۆرو پەکەکەو هەسەدەو دژی کوردەکان، دەبێت هەموو دەسەڵاتی سوریاو سوریا بەئاکاری دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و خەلافەتی ئیسلامی سەرکوتگەری لەچەشنی خۆی بەرێت، کە ئەمەش بەپێی ئەو هەلومەرجەی سوریاو هەموو لایەنە ناوچەیی و جیهانیەکان دەیانەوێت سوریایەکی ئارام دروستبکەن بۆ مسۆگەری بەگەڕخستی سەرمایەو بازرگانیەکانیان و لەلایەکی تریشەوە سوریا وەک کۆمەڵگایەکی مەدەنی، ئەوا تورکیا بەئاسانی ناتوانێت ئەو بەرنامەیەی دایناوە بە ئارەزوی خۆی بچێتە پێشەوە.
کەواتە ئاڵوگۆڕەکان مەرج نیە تەنیا بەو ئاکارەدا بڕوات کە بەرنامە داڕێژەرانی وەک ئەمریکاو تورکیا و قەتەرو روسیا دەیانەوێت، بەڵكو دەکرێت کۆمەڵگا بە ئاراستەیەکی تردا ببرێت، راستە ئەوان ئەمڕۆ هێزی زاڵن و دەیانەوێت حکومەتی سوریا بەو شێوەیە دروست بێت کە خۆیان دەیانەوێت، کە بۆیان گرنگ نیە دەسەڵاتی جۆلانی و ئایندەی ئیسلامی میانەڕەوە یان توندڕەوە، بەڵکو ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە بەرژەوەندیەکانیان پارێزراو بێت، بەڵام خەڵك و ناوچەکش تەجروبەی دەسەڵاتی ئەم هەموو هێزانەو هێزە ئیسلامیەکانی لەبەردەمدایە لەچەشنی؛ داعش، قاعیدە، تاڵیبان، جمهوری ئیسلامی ئێران، حزبوڵا، حوسیەکان و حەماس و دەیان گروپی ئیسلامی تیرۆریست و تا دەگاتە دەسەڵاتی کۆنەپەرستی حکومەتی ئێستای تورکیا، رۆشنە کە خەڵكی سوریا کۆمەڵگایەکی ئازادو خۆشگوزەرانیان دەوێت و لەبەرژەوەندیاندایە، نەک دەسەڵاتێکی ئیسلامی و کۆنەپەرست و سەرکوت و لەژێر کاریگەری تورکیادا.




ئایا حکومەتی هەرێم پێکدێت؟.. عوسمانی حاجی مارف

ڕێگای پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، “کابینەی دەیەم”، درێژ و دڕکاوی و ئاڵۆزە، دوای ئەوەی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی کوردستان، کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەنجامدرا، ئەنجامێکی دا بەدەستەوە کە ڕێژەی یاسایی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت لەلایەن هەر لایەنێکەوە بە تەنیا، بووەتە حاڵەتێکی نەگونجاو، تا بتوانن بەبێ دواکەوتن حکومەت پێکبهێنن.
بارزانی کە ٣٩ کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستهێناوەو بەزۆرینە ئەژماری دەکات، ئیتر بەناوی ئەوەی زۆرینەیە، وامامەڵە دەکات کە مافی خۆیەتی پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەژێر دەستی خۆیدا بمێنێتەوە، هەروەها پۆستە لاوەکیەکان بەسەر لایەنە براوەکانی تردا دابەشبکات.
لەڕاستیدا واقعی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە سێ دەیەیە دەسەڵاتی بنەماڵەو میلیشیایە، ئاماژەیە بۆئەوەی حکومەتی هەرێم بەبێ ڕێکەوتنی هەردوو لایەنی سەرەکی کە بارزانی و تاڵەبانیە، ئەگەری پێێکهێنانی حکومەت ئەستەمە، بۆیە هەرێم بە واقعێکی تاڵ و دژوار پێناسە دەکرێت.
ناکۆکی و داواکاری هەردوولایەنی سەرەکی لەسەر هاوبەشی پۆست و پێکهێنانی حکومەت، سەقامگیری و کۆتاییەکی دیاریکراوی نیەو هەمیشە دەکەوێتە بەر چارەنوسێکی ناچاریەوە، کە هەمیشە لەدەرەوەی خواست و ویست و ئیرادەی خەڵکەوە ڕێکدەخرێت.
لەبەر ڕۆشنایی سەقفی بەرزی داخوازیەکانی تاڵەبانی پێدەچێت ئەمجارە ڕێکەوتنەکانی بارزانی و تاڵەبانی ئاسان نەبێت، چونکە لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، یەکێتی کە ٢٣ کورسی بەدەستهێناوە، سەقفی داواکاریەکانی پێشووی، کە بریتی بوو لە سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لە حکومەتی پێشوودا، بەرزکردۆتەوە بۆ ئەو ئاستەی داوای پۆستی سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەتی هەرێم بکات لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، یان پۆستە سیادیەکان بە خول لەگەڵ پارتی بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ هەر لایەکیان بێت، ئەمەش داوایەکی گران و سەختە لەسەر بارزانی.
زۆربەی ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کورسیان بەدەست هێناوە، جگە لە یەکێتی و پارتی، ڕایانگەیاندووە کە نایانەوێت بەشداری حکومەت بکەن. هاوسەنگی هێز لەم هەڵبژاردنانەدا گۆڕاوە، هیچ براوەیەکی ڕەها نیە کە بتوانێت حکومەت بەتەنیا پێکبهێنێت، هەروەها دۆخی پڕگێژاوی سیاسی ناوچەکەش حاڵەتێکی چاوەڕوانی داوە بە بارزانی و تاڵەبانی تا ئەوەی بتوانن بەڕۆشنی دیاری بکەن کە پێکهاتەی حکومەتەکەیان چۆن بێت.؟
دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لەوانەیە هەرێم بخاتە دۆخێکی سەختی یاسایی نوێوە، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببەن بۆ فشارکردن بەرەو پێکهێنانی حکومەت، یان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئەم حاڵەتەش فشارێک دەبێت لەسەر بارزانی و تاڵەبانی.
هەرچەندە ئەم هەرێمە زیاتر لە دوو دەیەیە کە بە فەرمی لەلایەن عێراقەوە بەهرەمەند بووە لە پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان، بەڵام لەتەواوی ئەو ماوەیەدا واقعێکی تر دەبینین کە هەرێم بەسەر دوو بواری نفوزدا دابەشبووە، بارزانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکی کۆنتڕۆڵکردوە، تاڵەبانی کۆنتڕۆڵی سلێمانی و هەڵەبجەی کردوە، هەر حزبێکیان هێزی ئەمنی و سەربازی تایبەتی هەیە، داهاتی ناوخۆی پارێزگاکان و دەروازە سنووریەکان کۆنترۆڵ دەکەن و بڕیاردەرن تێیدا.
ئەم هەڵبژاردنە دیمەنێکی سیاسی ئاڵۆزی دەرخست، بەوپێیەی هیچ کام لە دوو لایەنی سەرەکی، بارزانی و تاڵەبانی نەیانتوانی زۆرینەی ڕەها بەدەست بهێنێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەرچەندە بارزانی ئەمجارەش بەجۆرێک لە لوتکەدا هاتە دەرەوە، بەڵام بەوەی زۆرینەی رەهای بەدەست نەهێنا، فرسەتی بە تاڵەبانی داوە بۆ هاوبەشی لە پێکهێنانی حکومەتدا کە بە ئاسانی خۆی نەدا بەدەستەوە و خواستێکی بەرزتر دەکاتە مەرجی دانیشتنەکانیان و بە مەرجەوە لە پێکهێنانی حکومەتدا لەگەڵ بارزانی دەمێنێتەوە. هەرچەندە لایەنی تر وەک نەوەی نوێ ١٥کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام لە ئێستادا کاریگەریان لەسەر پێکهێنانی حکومەت تەواو سنووردار دەردەکەوێت.
بارزانی لە دروستکردنی هاوپەیمانی فراواندا، بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی ڕەتکردنەوەی زۆربەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، بۆ بەشداریکردن لە هەر حکومەتێک کە بارزانی و تاڵەبانی سەرکردایەتی بکەن، ڕووبەڕووی ئاستەنگیەکی گەورە دەبێتەوە. هەر لەم ئاراستەیەوە تاڵەبانی هەوڵدەدات ئەو هەلومەرجە بقۆزێتەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە دانیشتنەکاندا بۆ بەدەستهێنانی پێگەی گرنگتر لە حکومەتی داهاتوودا.
بەغدا چاوی لەسەر پێشهاتە سیاسیەکانی هەرێمە و بەردەوام دەخالەت دەکات و کێشەکانیشان بە هەڵواسراوی هێشتۆتەوە، بەڵام لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، سودانی، هەوڵدەدات پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێم پتەوتر بکات و ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بارزانی و تاڵەبانی.
سودانی دەبینێت کە دۆخی ناوچەکە دوای کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد ئاڵوگۆڕی تازەی هێناوەتەئاراوە، ئاشکرایە ئەو ئاڵوگۆڕانەش کاریگەریان لەسەر دۆخی ناوچەکە فراوانتر کردۆتەوە، بۆیە سودانی لەم نێوەندگیریەدا مەیلی لەسەر ئارامکردنەوەی دۆخی عێراق و کوردستانە گەر بتوانێ ئەنجامی بدات!.
ئەوە ڕاستە کە سودانی هەوڵئەدات بۆئەوەی بەشداری بکات لە خێراکردنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەڵام لەنێوان هەرێم و ناوەنددا چەندین فایلی هەڵپەسێردراوی تر هەن، لەوانە بودجەو مووچە، دانانی یاسای نەوت و گاز، پێشمەرگە، سنورەکان و مادەی ١٤٠ی دەستوور، تا دەگات بە بەشداری لە “پرۆژەی گەشەپێدان”دا، هەروەها کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق دادەنێت، کە سودانی هەوڵئەدات وەک سەرۆکوەزیران بمێنێتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا سودانی تاچەند دەتوانێ ئەوانە یەکبخات و تیا سەرکەوتوبێت؟، بەتایبەتی کە ئێستا بۆخۆشی دەرگیرە بە کێشەکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕۆڵ و پێگەی ئێران لە عێراقدا، بۆیە ئەم نێوەندگیریەی سودانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ڕاوەستاو دەیهێڵێتەوە.
ڕۆڵی سودانی کاتێک ئەتوانێ کاریگەر بێت لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، کە دەوری هەبێت لە جێگیرکردنی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو پێکهاتەی حکومەتی عێراقدا، حکومەتی هەرێم بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لەگەڵ کێشەکانی بەغداد ژیاوە و ناچار بە پابەندبون بووە بە گەڕانەوە بۆ بەغدا، بۆیە پێویست دەکات سودانی بتوانێ هاوسەنگی ڕاگرێت لەبەرامبەر نەیارەکانی لەناو حکومەتی بەغداو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و بارزانی و تاڵەبانی و چارەنوسی خۆیدا، هەروەها دیاریکردنی بودجە و فرۆشتنی نەوت و گەیشتنی داهاتی هەرێم بە حکومەتی عێراق، کە لەم بارەیەوە ئەنجامگیریەکی ڕۆشن نە بۆ عێراق نە بۆ هەرێم دیار نیە.!
لەژێر ڕۆشنایی ناکۆکیە گەورەکانی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، یەکێتیەکان ئاماژە بەوە ئەدەن، کە پارتی هەوڵدەدات کۆنتڕۆڵکردنی حکومەت و بەتایبەت داهاتی هەرێم و نەوتی هەرێم، بە هەر شێوەیەک خۆی دەیەوێت پیادەی بکات، بۆئەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو لایەکدا بسەپێنێت. ئەمەش بەدرێژایی ساڵانی پێشوو بینراوە کە هیچ هاوبەشیەکی ڕاستەقینە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا نەبوە، بەڵکو زیاتر شتەکان بەپێی باڵادەستی پارتی و بەرژەوەندیەکانی بەڕێوەچوە.
باڤڵ ئاماژەی بەوەکردووە، کە خوازیاری شەراکەتێکی واقعین، بۆ کارکردنی هاوبەش لە حکومەت و پەرلەماندا، شەراکەت بۆ باڤڵ بەمانای بەدەستهێنانی ئیمتیازێکی زیاتر و پاراستنی پێگەو نفوزی سیاسیانە، شەراکەتی واقعیش بۆ بارزانی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان و مانەوەی ئیمتیازەکانیەتی لە حکومەتدا. ئەوەی ئاشکرایە هەردوولایان ئەوە باش دەزانن و دان بەوەدا دەنێن کە بەبێ ڕێکەوتنی هەردوولایان حکومەت پێکنایەت، بۆیە لە دوائەنجامدا چاریان نیە و لەژێر فشاری پێکهێنانی حکومەتدا دەبن، تا قەیرانی سیاسی و ناڕەزایەتی خەڵک لولیان نەدات، بەڵام چۆن ڕێکدەکەون؟ پرسیارێکە جارێ بەجێماوە.
مەسعود بارزانی لەمیانەی وتارێکیدا وتی “پێویستە حکومەتی داهاتوی هەرێم بەپێی پرەنسیپی یەک هەرێم و یەک حکومەت و یەک پەرلەمان پێکبهێنرێت، بەئامادەبونی هێزێکی یەکگرتوی پێشمەرگە”. بەڵام ئەمە چۆن کاری لەسەر دەکرێت و چۆن پێکیدەهێنن؟، دیارە کە دوای سی ساڵ زیاتر لە ئەزمونی دەسەڵات و حکومەتەکانیان نیشانیان داوە هیچ زەمینەیەکیان ئامادە نەکردوە کە بتوانن یان بیانەوێت کارێکی لەو چەشنە ئەنجام بدەن.
هەرێم بەدەست دابەشکردنی نفوز و دەسەڵات لە نێوان بارزانی و تاڵەبانیدا دەناڵێنێت، کە هەندێکجار خەریک بووە بگاتە ئەو ئاستەی بەفەرمی بکەوێتە سەر هەڕەشەی جیاکردنەوەی پارێزگای سلێمانی لە حکومەتی هەرێم، یان بەردەوام ئەم جیاکردەنەوەیە وەک خواست و فشارێک دەدرێتەوە بەڕوی بارزانی و حکومەتی عێراقداو خولقێنەری قەیرانێکی بێچارەسەرە.
کێشە و قەیرانی سیاسی هەرێم لە دابەشکردنی ناوچەکانی نفوزی نێوان هەردوو حزبی سەرەکیدایە، بەناوی زۆنی زەردو زۆنی سەوز، بۆیە هیچ لایەنێک ناتوانن بەبێ لاکەی تر مانایەک بە پێکهینانی حکومەت بدەن، تەنانەت ئەگەر یەکێکیان بەتەنها حکومەت ڕاگەیەنێت، ئەوکات دەبێتە دابەشبونی فەرمی ئەو دوو زۆنە لە یەکتر و دۆخێکی نائارامتر ڕادەگەیەنن.
حکومەتی ئەمجارەش، چ لە پارتی بێت یان یەکێتی، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت ناوچەکانی لایەنی بەرامبەر کۆنتڕۆڵ بکات، دوو هێزی میلیشای پاشکۆیە بە بەرژەوەندی وڵاتانی تر و پابەند بە غداوە، لەم دۆخەی ئێستای بارگرژی ناوچەکەدا، گەر حکومەتیش پێکبهێنن، لە دابەشنەکردنی مووچە و نەبونی خزمەتگوزاریەکان و نائەمنی و ناسەقامگیری زیاتری لێ سەوز نابێت. بۆیە کۆتایی دەسەڵاتیان ئاسودە بەخشە بۆ دانیشتوانی هەرێم.




با هەمووان لە حزوری روفاتی ئەنفالکراوانمان بین

هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و هێنانەوەی روفاتی ئازیزانمان بۆ كوردستان مایەی دەستخۆشییە، كە لە رابردوودا رەخنەمان هەبووە لە بوونی کەمتەرخەمی و بێباکی لایەنی پەیوەندیدار لە بەرانبەر نەهێنانەوەیان.

لەئێستادا کە دووەمین گۆڕی بە کۆمەڵی ئازیزانی ئەنفالکراوانمان لە ناوچەی تەلشێخە لە بیابانەکانی سەماوە هەڵدەدرێتەوە و پرۆسەکەش هێشتا بەردەوامە وبەپێی ڕاگەیاندراوی فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، رووفاتی زیاتر لە (150) ئەنفالکراوی تێیدایە، کە سەرجەمیان ژن و منداڵن.

لەم ساتەوەختەدا، جەخت لە جێبەجێكردنی تەواوی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لەسەر كەیسی ئەنفال دەکەین، کە بریتین لە دادگاییکردنی تاوانباران و پێشکەشکردنی داوای لێبوردنكردن لەلایەن دەوڵەتی عێراق لە قوربانیان و قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوەی کەسوکاری قوربانیان.

هاوکات نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لە بەرانبەر:-

یەکەم: بێدەنگی لایەنە فەرمیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، وەك (سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت ـ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ـ سەرۆکایەتی کۆمار ـ فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا)، شەرمەزار دەکەین، کە تا ئەم ساتە، بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێك لەمەڕ هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانمان بە ڕەو نابینن و هاوکات مایەی نەنگیە کە ئەو لایەنە حکومیانە کار بە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەسەر کەیسی ئەنفال و تەواوی کەیستەکانی تر ناکەن، هەر لە قەربوکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و دادگاییکردنی تاوانباران و بە جیهان ناساندنی تاوانەکان.

دووەم: بەشداری پێنەکردنی کەسوکاری قوربانیان و نووسەران و رێکخراوەکان لە مەڕاسیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکە، کە یاسای پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان لە دۆسیەی ئەنفال، ئەو مافەی بۆ هەموو لایەك دابینکردووە.

سێیەم: بەشداری پێنەکردنی لایەنە نێودەوڵەتیەکانی وەک نێردەی یۆنامی و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانی دیکە، کە مەخابن ئەمە لە هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی ئازیزانمان لە جینۆسایدی بارزانیەکان لە مانگی شوباتی 2023ـشدا روویدا.

بۆیە ئێمە وەك رێکخراوەکان و نووسەران و چالاکوانانی بواری جینۆساید، کە ناومان لە خوارەوە هاتووە.. داواكارین:
1- پەلە بكرێت لە هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان و هێنانەوەی روفاتی ئازیزانمان بۆ باوشی نیشتمان.. لە رێگای فراوانتکردنی تیمی نیشتیمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان.
2- پێویستە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان نوێنەری كەسوكاری قوربانیان و رێكخراوەكانی تایبەتمەند و نووسەرو چالاكوانان ئامادەبن.. کە یاسای پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان ئەم مافەی بۆ دابین کردوون.
3- پێویستە بێ جیاوازی هەموو كەناڵەكانی راگەیاندن بانگ بكرێن و زەمینەی کاری میدیایی باش بۆ تۆمارکردنی ئازارەکانی میلەتەکەمان بڕەخسنێرێت.
4- پێویستە كەناڵ میدیا جیهانیەکان و رێكخراوە بیانییەكان بانگهێشت بكرێن بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، بۆ ئەم مەبەستە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بكرێت.. ئەمەش وەك رێگایە بۆ بەجیهان ناساندنی کەیسەکانی جێنۆسایدی کورد.
5- لە كاتی هێنانەوەی رووفاتەکان بۆ كوردستان، مەراسیمی شایستە رێكبخرێت، کە لە ئاستی گەورەیی قوربانییەكان بێت.
6- نابێت پرۆسەی هەڵدانەوە و هێنانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان لەلایەن هیچ لایەنێكەوە بقۆزرێتەوە بۆ بەرژەوەندی و تەوزیفی سیاسی.
7- پێویستە پرۆسەی پشكنینی (DNA) خێراترو بەرفراوانتر بكرێت بۆ روفاتەكان و كەسوكاری قوربانیان، بە ئامانجی ناسینەوەی روفاتەکان.
8- دۆسیەی ئەنفال تەنها پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان نییە، بەڵکو کاری سەرەکی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفالە و لە پێشیانەوە دەستگیرکردن و دادگاییکردنی 258 داواكراوی كورد لە جاش و موستەشارەکان، داواکاری سەرەكی هەمووانە.
9- تیمەکانی وەرگرتنی خوێن لەکەسوکاری ئەنفالکراوان، بە مەبەستی پشکنینی (DNA) بەردەوام وفراوانتر بکرێت و سەرجەم ناوچەکانی کوردستان بگرێتەوە.
10- پێویستە پارێزگاری لە جل وبەرگ ۆ کەرستەکانی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکان بکرێت و بهێنرێتەوە بۆ کوردستان و لە شوێنێکی شایستە نمایش بکرێت، بۆ نەوەی داهاتوو و شاندە بیانیەکان.

نوسەران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید ــ رێککەوتی 2024/12/28.
1- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید – KWG
2- گۆڤاری تۆپزاوە ـ تایبەت بە پرسی ئەنفال و جینۆساید
3- ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدكراوان
4- تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
5ـ رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
6- رێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال
7- تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – koncicc
8- رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
9-رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
10-رێكخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ
11- رێكخراوی چاودێری كوردۆساید – چاك
12- ڕۆژنامەی نوگرەسەلمان
13- رێكخراوی جیهانێكی بێ چەكی كیمیاوی و بایۆلۆجی
14- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
15- رێکخراوی داکۆکی لە قوربانیانی گۆرە بەکۆمەڵەکان
16- رێکخراوی باران بۆ پرسی ئەنفال
17ــ عەلی مەحمود ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
18- عەدالەت عومەر ــ نووسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆساید
19- هێمن حەسیب ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
20- هاوڕێ پێشڕەو ــ پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری ئەنفالکراو
21- ئەحمەد مەجید ــ چالاکوانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراو
22- عادل مەلا ساڵح ــ باڵوێزی ناوەندی ئاشتی جیهانی
23- شاخەوان شۆڕش ــ نوسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید
24- جەبار ئەحمەد ــ توێژەر لەبواری جینۆساید
25- حمە زرنگ ــ چالاکوانی بواری جینۆساید
26- گەردە مامە حەمە ــ چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ
27- فواد عوسمان ــ نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید
28- پەرژین جعفر حاجی روستم ــ خوشکی شەهیدو ئەنفال
29-گەردە مامە حەمە، چالاکوان و خوشکی ئەنفالکراو
30- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان




سەرهەڵگرتن.. نوێترین بەرهەمی داستان بەرزان

سەرهەڵگرتن مردوویەک ئەم کتێبە دەنووسێت
نوێترین بەرهەمی داستان بەرزان

یادداشتەڕۆمانی (سەرهەڵگرتن مردوویەک ئەم کتێبە دەنووسێت) نوێترین کتێبی شاعیر و نووسەر (داستان بەرزان)ە کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێی (٢٠٢٥) بڵاوبێتەوە، کتێبەکە لەلایەن (زاری)یەوە دیزاین کراوە و (ناوەندی یاسەمین) چاپی دەکات…
سەبارەت بە کتێبە نوێیەکەی (داستان بەرزان) وتی: یادداشتەڕۆمانی (سەرهەڵگرتن مردوویەک ئەم کتێبە دەنووسێت) وەک بەشێکی تر لە زنجیرەی یادداشتەڕۆمانەکانی ( ١٩٨٧کتێبی برینی من – بەرلین کتێبی پەناهەندەیی من) کارم تێدا کردووە و دەبێتە کۆتا بەشی ئەو زنجیرەیە، هەرچەندە خوێنەر دەتوانێت سەربەخۆ هەر کام لە بەشەکان بخوێنێتەوە، بەڵام کاتێک هەرسێکیان دەخوێنیتەوە بۆی دەردەکەوێت پەیوەندییەکی بابەتی و هێڵێکی سەرەکی چیرۆک و تەکنیک و شێوەی گێڕانەوە هەر سێکیان پێکەوە گرێ دەدات، ئەوەی لەم بەشەدا بۆم گرنگ بووە تەواوکردنی سەرجەم ئەو چیرۆک و بەسەرهاتانەبووە کە مەبەستم بووە لە میانی ئەم زنجیرەیەدا کاریان لەسەر بکەم، هەڵبەت بە تەکنیک و شێوازێک کە بۆ ئەم شێوە کارکردنە بەشیاوم زانیوە…
شایەنی باسە لە ساڵانی پێشوودا هەر دوو بەشەکەی ئەم زنجیرە یادداشتەڕۆمانەی (داستان بەرزان) لە دوو کتێبی جیادا بڵاوبوونەتەوە و ئەم کتێبە دەبێتە سێیەم و کۆتا بەشی ئەو زنجیرەیە کە نووسەر لە ساڵی (٢٠١٨) دەستی بە نووسینی کردووە و لە ساڵی (٢٠٢٥)دا دوایین بەشی بڵاودەکاتەوە…

کتێبە چاپکراوەکانی دیکەی داستان بەرزان
لە نێوان ساڵانی (٢٠١٢ بۆ ٢٠٢٣)

١- تۆم هەبێت/ شیعر/ یانەى قەڵەم.
٢- بووم بە ژێر ڕۆژە خێراکانى مۆدێرنەوە/ شیعر/ یانەى قەڵەم.
٣- خودێکى پەرتبوو/ شیعر/ خانەى ڕۆنان.
٤- کتێبی شانۆ/ وتاری شانۆیی/ تیپی شانۆی ئەزموونگەری کەرکوک.
٥- ئەستێرەکان برینى مرۆڤن/ شیعر/ خانەى ڕۆنان.
٦- ١٩٨٧ کتێبی برینى من/ یادداشتەڕۆمان/ خانەى ڕۆنان.
٧- لە نەخۆشییەک دەترسم نامەوێت ناوى لەم کتێبەدا هەبێت/ شیعر/ناوەندى یاسەمین.
٨- دەروازەیەک بۆ دراماتۆرگی/ تیۆری شانۆیی/ گروپی شانۆی گۆدۆ.
٩- تێرمیناڵ/ چیرۆک/ ناوەندەى یاسەمین.
١٠- کۆڤید/19 تەوەر/ دەزگاى میدیایی ژیان.
١١- بەرلین کتێبی پەناهەندەیی من/ یادداشتەڕۆمان/ ناوەندەى یاسەمین.
١٢- فرۆشراو وەرناگیرێتەوە/ شیعر/ ناوەندەى یاسەمین.
١٣- باڵندەیەک هەبوو… دڵی نەبوو/ ڕۆمان/ ناوەندەى یاسەمین.
١٤- من ئۆرژیناڵم/ شیعر/ ناوەندی یاسەمین.
١٥- شاعیرەکان دڵستەمدیدەن/ شیعر/ دەزگای نووسیار.




هێڵ و گونجاندنی هێزی خود له‌ ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا.. بڵند باجه‌لان

سه‌ره‌تا:
هه‌میشه‌ گه‌یشتن به‌ فه‌زای ئه‌و وشانه‌ی له‌ ڕۆحه‌وه‌ ده‌رده‌چن، پێویستی به‌ مه‌عریفه‌ هه‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌باره‌ی (فه‌زای شیعری) بكه‌ین، ئه‌وا له‌پاڵ ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌، پێویستیمان به‌ دروستكردنی دنیایه‌ك هه‌یه‌، بانگمان ده‌كا بۆ خۆشه‌ویستی و به‌رائه‌ت و ترازان له‌ كینه‌ و تارمایی.
ئه‌ركی ڕه‌خنه‌گر بریتی نییه‌ له‌ دابه‌شكردنی ده‌ق به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی ده‌قی (باش) و (خراپ)، به‌ڵكو گه‌یشتنه‌ به‌و فه‌زایه‌ی، ڕۆح تیایدا سه‌نته‌ره‌ و ئاگادار كردنه‌وی خوێنه‌ریشه‌ له‌و ته‌گه‌ره‌ ده‌ستكردانه‌ی، زۆرجار (جه‌هلی ئه‌ده‌بی)، كه‌ به‌رهه‌می (كینه‌ی ئایدۆلۆژی و فیكری و ده‌روونییه‌)، له‌ پشتیه‌وه‌یه‌تی.
بۆ گه‌یشتن به‌و ڕۆحه‌ شیعرییه‌، كار ده‌كه‌ین بۆ كه‌شفكردنی چه‌ند كۆدی شاراوه‌ی نێو دنیای مه‌ودا فراوانی شیعری (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)، چونكه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین توانیویه‌تی، خوێنه‌ر بخاته‌ نێو بازنه‌ی ئه‌و بیركردنه‌وانه‌ی، هه‌میشه‌ پێویستییان به‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ هه‌یه.‌
شیعر دنیایه‌كه‌ سه‌ربه‌خۆ. سه‌ربه‌خۆیی دنیای شیعر سنوورداره‌، شیعر سه‌ربه‌خۆییه‌كی سنووردار، سه‌ربه‌خۆیه‌. ئه‌وه‌ی سنووری سه‌ربه‌خۆیی شیعر دیاری ده‌كا, فیكره‌. ئه‌وه‌ فیكره‌ وا ده‌كا شیعر سه‌ربه‌خۆ بێت, وه‌لێ‌ فیكر خۆشی دیارخه‌ری سنووره‌، كه‌واته:‌ فیكر سه‌ربه‌خۆییه‌كی سنووردار ده‌به‌خشێ‌ به‌و دنیایه‌ی ناوی شیعره‌. سنووره‌كانی شیعر، كه‌ فیكر دیاری كردوون, پێویستین. له‌ودیو ئه‌و سنووره‌ سروشتییانه‌ی شیعردا ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی تر بوونیان هه‌یه‌. سنوورداركردنی سه‌ربه‌خۆیی شیعر دواجار به‌خشینی سه‌ربه‌خۆییه‌كی ته‌واوه‌ به‌ شیعر ئه‌و كاته‌ی قسه‌ دێته‌ سه‌ر (شیعری جوان).
‌ بۆ نووسینی شیعرێكی جوان, بوونی ئه‌و سنووره‌ جوانانه‌ پێویستین, چونكه‌ جوانییه‌كی فیكری ده‌به‌خشن به‌ شیعر، ئه‌گه‌ر ئه‌و سنوورانه‌ گوزارشتێكی ڕووت بن له‌ خودی فیكر, كه‌واته:‌ ده‌ركه‌وت شیعر پێویستی به‌ فیكره‌، فیكریش پێویستی به‌ شیعره‌, له‌ كاتێكدا فیكر و شیعر ده‌كه‌ونه‌ نێو یه‌ك بازنه‌ی خودییه‌وه‌, واته:‌ ئه‌گه‌ر شیعر بازنه‌یه‌كی هه‌بێت, یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و بازنه‌یه‌ فیكره‌, به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه،‌ ئه‌گه‌ر فیكر بازنه‌یه‌كی سروشتی هه‌بێت, ئه‌وا شیعر كه‌لێنێك له‌و بازنه‌یه‌دا پڕ ده‌كاته‌وه‌.
شیعرییه‌ت چڕ بوونه‌وه‌ى حاڵه‌تێکى واقیعى و زانستى نییه‌، قسه‌کردن له‌باره‌ى خۆ گرێدانه‌ به‌ گوریسى نه‌گه‌یشتنه‌وه‌. شیعرییه‌ت لای هه‌ندێ شاعیر، به‌ وێنه‌ و ڕایه‌ڵێكى فیکرى و مه‌عریفى، خۆى نه‌خستۆته‌ ڕوو، وه‌کو هاوكێشه‌یه‌كی ته‌مومژاوى له‌ چه‌ندین شوێن به‌یان نه‌بووه‌، شیعرییه‌تێکه‌ ده‌کرێ ببینرێ، به‌ڵام ناکرێ بکرێته‌ میکانیزمى به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى ڕه‌خنه‌.
لێدوان له‌ شیعرییه‌ت له‌ سیاقێكی ڕه‌خنه‌یی وشكدا، ڕشتنى خوێنى شیعره‌ (poem) و نووسینه‌وه‌ى نه‌هامه‌تییه‌کانه‌ به‌ خوێنى ئه‌ده‌ب، ئێمه‌ ته‌نیا قسه‌ له‌باره‌ی جۆرى شیعرییه‌ت ده‌که‌ین. (ڕۆلان بارت) له‌ کتێبى (ئه‌فسانه‌ناسیدا – fable logy) ڕه‌خنه‌ له‌ ڕه‌خنه‌گره‌کان ده‌گرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێیان وایه‌ ده‌قێک، که‌ ئه‌وان تێى نه‌گه‌ن؛ خوێنه‌ریش تێى ناگا. گرژى ڕه‌خنه‌گره‌ کۆنه‌کان گه‌یشته‌ ئاستێک، که‌ ده‌قه‌کانى (بارت) به‌ بێبه‌ها و بێسه‌لیقه‌ له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن، دواجار (بارت ) وه‌ڵامى به‌شێک له‌ ڕه‌خنه‌گره‌ کۆنه‌کانى دایه‌وه‌ له‌ کتێبى (ڕه‌خنه‌ و حه‌قیقه‌ت)دا.
پێناسه‌كان بۆ ڕه‌خنه‌ جیاوازن. (کریتیک) لاى (شێکسپیر) به‌ واتاى تێپه‌ڕاندنى سنووره‌ ئه‌خلاقییه‌کانه‌. ئه‌خلاق لێكدانه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تى هه‌یه‌ لاى (شێکسپیر) که‌ له‌ ده‌قه‌کانیدا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌. (هاملێت) و (ماکبێس) گوزارشت له‌ فۆڕمێک له‌ ئه‌خلاق ده‌که‌ن به‌ جیاوازییه‌کانى نێوانیانه‌وه‌. گرنگه‌ ڕه‌خنه‌گره‌کان گوێ به‌ بۆچوونى جیاواز بده‌ن و کار بۆ به‌ته‌خته‌بوون و به‌به‌فربوونى عه‌قڵ نه‌که‌ن.
لاى (کانت)ى فه‌یله‌سووفى مۆدێرنه‌، ڕه‌خنه،‌ واته:‌ فۆڕمێک له‌ دادوه‌رى، (هیگل)یش ڕه‌خنه‌ى به‌و واتایه‌ى (کانت) قه‌بووڵ کردووه‌ و له‌ (ئۆدیسه‌ى ڕۆح)دا به‌کارى هێناوه‌.
جوانترین ده‌ق ئه‌و ده‌قه‌یه‌، زۆرترین ڕه‌خنه هه‌ڵده‌گرێ و زۆرترین به‌یه‌کداکه‌وتن و جه‌نگى ناوخۆیى له‌ نێوان وشه‌کانیدا ڕووده‌دا. وه‌کو پێویستییه‌ک و ئه‌لته‌رناتیڤێک بۆ ستایشکردن، ڕه‌خنه‌م گرتووه‌.
دووپات کردنه‌وه‌ى ڕوانگه‌ نه‌ریتییه‌کانى دڕدۆنگى توندڕه‌وانه‌ و پابه‌ندبوون به‌و واقیعه‌ى له‌ وه‌هم و ئه‌ندێشه‌ ڕووته‌کانه‌وه‌ نزیکه‌، تاریکستانى فیکر به‌رهه‌میه‌تى. ڕه‌خنه‌گرتن له‌ پاڵ ئه‌وه‌ى كرده‌یه‌کى درێژکراوه‌ و درێژخایه‌نى مه‌عریفییه‌، دروشم و سیمبوله‌ و له‌ په‌ناگه‌ی ئه‌ده‌بیى و فیکریدا، خۆمان (منى نووسه‌ر ) و ده‌قه‌کانمان (ده‌قى نووسراو )ى پێ ده‌ناسینه‌وه‌.
که‌سانێک ئه‌و میتۆده‌یان به ‌دڵ نییه‌، ئه‌م وته‌یه‌ دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌: (شیعر هه‌موو که‌سێک پێى ده‌وێرێ)، ئه‌م وته‌یه‌ زاده‌ى نه‌بوونى ڕۆشنبیرییه‌کى فیکرى و شیعرییه‌ و دابڕانه‌ له‌ ڕۆشنبیریى ئێستاى ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک بنه‌ماى شیعرى (نه‌ک پێوه‌رى شیعرى) ڕێککه‌وتین، که‌ شیعره‌کانمانى له‌سه‌ر هه‌ڵبسه‌نگێنین، ئه‌وا چیتر شیعر بێده‌سه‌ڵات نییه‌، ته‌نیا شاعیره‌کان ده‌توانن بینووسن، شاعیریش ئه‌و که‌سه‌یه‌، که‌ شیعر ده‌نووسێ، شیعریش واته‌ شیعرییه‌ت و شتى تر.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ لێكۆڵه‌ر‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ت نییه‌ به‌و جۆره‌ی خۆی ده‌یبینێ، به‌ڵكو بینینی بابه‌ته‌كه‌یه‌ به‌و جۆره‌ی هه‌یه‌، ئه‌و كرداره‌ش كامڵ نابێت تا به‌ چاوی وشه‌ی نێو ده‌قه‌كانه‌وه‌ سه‌یری ده‌قه‌كان خۆیان نه‌كه‌ین.
ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ سه‌نته‌ر، وشه‌گه‌لی نێو تێكسته‌، دواجار یه‌كگرتنی وشه‌كان ڕسته‌گه‌لی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌: (هه‌ڵبه‌ت مامه‌ڵه‌ی لێكۆڵه‌ر‌ له‌گه‌ڵ وشه‌ و ڕسته‌، دوو مامه‌ڵه‌ی جیاوازه‌). ده‌ره‌نجامی یه‌كگرتنی ڕسته‌كان، هاتنه‌ كایه‌ی تێكسته‌ به‌ ژانره‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌. هه‌موو تێكستێك ڕووبه‌ڕووی چه‌ند ڕێگایه‌كی بێكۆتایی ده‌بێته‌وه‌، له‌ دیارترینی ئه‌و ڕێگایانه‌ش، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ وه‌كو ڕێگایه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناخ و دڵی ده‌ق: (لێره‌دا لێكۆڵینه‌وه‌مان به‌ رێگا چوواند، ئه‌گینا خودی لێكۆڵینه‌وه‌ش تێكسته‌).

پاژی یه‌كه‌م: خود چییه‌؟
قسەكردن لەباره‌ی چەند بابەتێك بەیەكەوە، پێویستی بە جۆرێك لە پۆلێنكردن هەیە، یانی ناكرێ‌ ئێمە قسە له‌باره‌ی بابەتی ئەخلاق بكەین، ئەگەر قسەمان نەكردبێ‌ لەباره‌ی خود، بەڵام بۆ قسەكردن لەباره‌ی خود، پێویستیمان بە گەڕانەوە نییە بۆ ئەخلاق، چونكە خود دەروازەی ئەخلاقە نەك بە پێچەوانەوە.
بۆیە من وەكو نووسەری ئەم بابەتە، ڕێگا بە خۆم دەدەم ڕاستەوخۆ و بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ ئەخلاق، قسە لەباره‌ی خودی مرۆڤ بكەم، بەڵام دواجار ئەمە ئەوە ناگەیەنێ، كە ئەو مرۆڤانەی باسیان دەكەین بكەونە دەرەوەی ئەخلاقەوە، بابەتەكە پەیوەستە بە پێویستی قسەكردن و ئەوەی، كە من دەبێت چی بڵێم و دەبێت چی نەڵێم.
بۆ قسەكردن لەباره‌ی خود، ڕووبەڕووی كۆمەڵێك دەرگای جیاواز دەبینەوە، هەندێ‌ لە دەرگاكان كراوەن و هەندێكی تریان داخراون و هەندێكی تریان شكاون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كەلتووری جیاواز و وێنا جیاوازەكانی خود و شێواز و میتۆدە جیاوازەكانی قسەكردن لەباره‌ی خود.
مەبەست لە خود، كەسی یەكەمی قسەكەرە، واتە: منی بینراو، كە دەمەوێ‌ حەقیقەتی كەسیی خۆم و حەقیقەتی شتەكانی دەوروبەرم بخەمە ڕوو، ئەو مەودایەی لە نێوان خود و دەوروبەر هەیە، بەستراوەتەوە بە زەمەنەوە، ئەوە زەمەنە مەودای نێوان خود و ئەویتر دیاری دەكا.
خودێك هەیە لەناو خودی ئێمەدا، ئەو خودە چون منداڵێكی ساوایە، وەلێ‌ زۆر جوان بیردەكاتەوە و توانای بیركردنەوەی بەرزە، ئەو باسەش گفتوگۆ هەڵدەگرێ،‌ كە ئایا ئەو منداڵە ساوایە خودە ڕاستەقینەكەیە یانی ئەو خودەی فەیلەسووفان بە خودی حەقیقی ناوزەدی دەكەن, یان خودی هەڵگری ئەو منداڵە ساوایە خودە حەقیقییەكەیە؟ بە لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئاسانتر: ئایا مرۆڤەكەی ناومان خودی حەقیقییە، یان خودی خۆمان؟
ئەوەی ناسنامه‌ی كەسێك دیاری دەكا، وای لێ دەكا بیناسینەوە، دواتر مامەڵەی لەگەڵدا بكەین و پەنجەی لە ئاستدا شل بكەین، چۆنیەتی بینین و تێبینیكردنی خودە جەوهەرییەكەیە، ئەمەش دوو وەسفی گشتی و تایبەتی لەخۆ دەگرێ‌، هەڵگری هەردوو وەسفەكەیە وەكو دوو وەسفی جیاواز، ئەگەر ڕوونكردنەوەیەك بدەین لەو ئاستەدا، ئەوا دەكرێ‌ بڵێین مەبەست لە وەسفی تایبەتی، خاسیەتەكانی كەسەكەیە، ناسنامه‌ی خودیش عەقڵ و ژیری خودە، واتە: عەقڵ و ژیری ناسنامه‌ی خود دیاری دەكەن و بەرپرسیارن لەو ناسنامه‌یه‌.
ئێمە هەریەكەمان هه‌ست بە خودی تاك دەكەین، هەست بەوە دەكەین ئەوەی لە بەرانبەرمانه‌ شتێكە، كە دەكرێ‌ لە وشەیەكدا چڕی بكەینەوە، ئەویش وشەی (تاك)ە، دەشكرێ‌ بڵێین خودێك، كە جێگای گومان نییە. دڵنیاین لەوەی لەسەر ئەرزی واقیعدا بوونی هەیە، توانای هاموشۆ و خواردن و خەوتن و خوێندنەوە و دواتریش داهێنانی هەیە، خودێكی بیركەرەوەیە، بەو مانایەی توانای بیركردنەوەی هەیە، ئاگایە بە بوونی خۆی و لە بوونی خۆی دڵنیابۆتەوە، هیچ چه‌ندوچوون و گومانێكی نییە لە بوونی خۆی (تیۆریییەكی دیكارت لە فەلسەفەی مۆدێرندا هەیە جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەكاتەوە).
كەواتە: ئەو كاتەی مرۆڤ شوێنی نەفسی دەكەوێت، نەفسی دەبێتە خودە ڕاستەقینەكە و ئیتر ئەو كەسە بەگوێرەی بڕیارەكانی نەفسی جووڵە دەكا، نەفسی داوای چی لێ بكا ئەوە دەكا، دەست لە هەڵە ناپارێزێ‌، خراپە دەكا و گوێش بەوە نادا، كە دەرەنجامی هەڵەكانی بەرەو كوێی دەبەن, تا ئەو كاتەی, بڕیار لەسەر خۆی دەدا بەوەی تەسلیمی نەفسی دەبێت و ئیتر بەگوێرەی بڕیارەكانی نەفسی دەجووڵێتەوە، دەبێتە كۆیلەی نەفسی.
ئەگەر بڕیار بێت خود كۆی هۆشیاری نەبێت وەك ئەوەی (جۆن لۆك) دەڵێ‌، ئەوا خود بەشێكە لە عەقڵ، خود ئەو بەشەی عەقڵە, هەڵگری ڕابردووە، لای (جۆن لۆك) ئەمە گوزارشتە لەوەی كە ئێمە هەمان كەسین لە پەنای گۆڕانە ڕادیكاڵییەكاندا. لای (كیركگارد)، خود یەكسانە بە سۆز و لای (نیتشە) خود (ئیرادە)یە. دەشكرێ‌ خود بیركردنەوەی عەقڵانی بێت.
لێرەدا پرسیار دەكەین: (ئایا ئێمە جگە لە ناسینی خۆمان، توانای ناسینی ئەوانی تریشمان هەیە؟) ئەگەر قسەكردن لەباره‌ی هەر یەكێك لە ئێمە قسەكردنێكی ڕووت بێت لەباره‌ی هۆشیارییمان و قسەكردن لەباره‌ی هۆشیاری قسەكردن بێت لەباره‌ی ئێمە، لەو ئاستەدا چۆنچۆنی دەتوانین بگەین بە خودەكانی دەرەوەی خودی خۆمان؟
(سارتەر) پێی وابوو خود بەردەوام لە داهاتوودا دانیشتووە، ئێمە دەمانەوێ‌ خۆمان بكەین بە شتێك. ئەو تیۆرییانەی لە فەلسەفەدا پێیان وایە خود بوونی هەیە، لای سارتەر بێكەڵكن، چونكە سارتەر پێی وایە خودی ڕەسەن شتێكە بنیاتدەنرێ‌، شتێك نییە بدۆزرێتەوە، سارتەر ئەو تیۆرییانە بە بەدئیمانی ناودەبا.

پاژی دووه‌م: خنكان له‌نێو دنیای جوانیدا:
خنكان هه‌ر به‌ ته‌نیا وێستگه‌ی گه‌یشتن نییه‌ به‌ مردن، به‌ڵكو زۆر جار گوزارشته‌ له‌ قووڵترین خاڵی بیركردنه‌وه‌، كه‌ له‌ڕێگایه‌وه‌ ده‌گه‌ین به‌ حه‌قیقه‌تی زیاتر، كه‌واته:‌ جۆرێك له‌ خنكان هه‌یه‌، له‌ ده‌ره‌نجامی گه‌ڕان به‌دوای حه‌قیقه‌ته‌وه‌ پێی ده‌گه‌ین.
(ئاوه‌دانی ڕه‌گم
ڕه‌گ ده‌مگه‌یه‌نێ به‌ لێهه‌ڵبووم
لێهه‌ڵبووم بۆم ده‌ڕوانێ
لێوی په‌ڕیوم به‌ گۆلمی خۆم وه‌ده‌نێم
پرچی په‌رتی مناڵیم هێشووی سێبووری گرتووه‌
دێم و كۆت و به‌ندی كات و ناكات ده‌كه‌مه‌وه‌)
دیوان: به‌رگی یه‌كه‌م، ل: 9.
له‌م كۆپله‌ شیعره‌دا، شاعیر مرۆڤ په‌یوه‌ست ده‌كا به‌ ڕه‌گه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌خشه‌ری هێزه‌ به‌و مرۆڤه‌ی، ویستی گه‌یشتنی هه‌یه‌ به‌ وزه‌ی درێژه‌دان به‌ ژیان. دیسانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ منداڵی، پشت به‌ست به‌ ئاوه‌دانیی ئه‌و ڕه‌گه‌ی شاعیر تێبینی ده‌كا، سێبووری بۆ ئێستای شاعیر ده‌هێنن، ده‌ره‌نجام منداڵیی شاعیر پڕ ده‌بێت له‌ ده‌نكه‌ ترێ و دڵۆپه‌ فرمێسك كه‌ تامی بزه‌ ده‌ده‌ن، سه‌ره‌نجامی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ش، كرانه‌وه‌ی ئه‌و كۆته‌ هه‌میشه‌ییانه‌یه‌، كه‌سێك له‌ زه‌مه‌نێكی شیندا ده‌یانخاته‌ گه‌رده‌نمانه‌وه‌.
زه‌مه‌ن كاتێ شین ده‌بێت، هه‌موو شتێكی نێو زه‌مه‌ن هه‌ر شینه‌، پرته‌قاڵه‌كان شینن و په‌نجه‌ره‌كانیش هه‌ر شین، ده‌رگاكان شینن و فرمێسكه‌كانیش هه‌ر شین، بۆیه‌ بۆ ڕزگار بوون له‌و (شینستانه‌)، پێویسته‌ به‌رده‌وام ئێستامان گه‌ڕانه‌وه‌ بێت بۆ منداڵی، چونكه‌ ئه‌و دنیا په‌مه‌ییه‌ی له‌نێو خه‌یاڵی زۆرێكمان بوونی هه‌یه‌، مه‌گه‌ر هه‌ر له‌ باخچه‌ سه‌وزه‌كانی ئه‌وێدا پێی بگه‌ین، ئه‌گینا بیابانی شینی (گه‌وره‌بوون)، هه‌رگیز نابێته‌ مه‌مله‌كه‌تی خه‌یاڵه‌ په‌مه‌ییه‌كان.
وه‌كو گوتمان، شاعیر تێبینی ئه‌و ڕه‌گه‌ پته‌وه‌ ده‌كا، كه‌ هێزی ئه‌وه‌، هێزی خۆشویستنی وشه‌ و نیشتمان و خودا، هێزی به‌رگه‌گرتن به‌رانبه‌ر ئازار و سه‌راب و ناڕه‌حه‌تی، كه‌ ئه‌مه‌ش دیدگای (نیتشه‌)یه‌، كاتێ پێی وابوو، ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا و دژی بۆچوونی (شۆپنهاوه‌ر) بوو، كه‌ وجودی ئازاری وه‌كو پێویستییه‌ك قه‌بووڵ نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و پێی وابوو، كه‌ به‌زه‌یی تۆ به‌رانبه‌ر به‌ من، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه،‌ ترسی ئه‌و ئازاره‌ی تووشی من بووه‌، له‌ خۆت دوور بخه‌یته‌وه‌.
پاژی سێیه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سروشت و ترسان له‌ سروشت:
ئه‌و ساته‌ی، مرۆڤ له‌نێو سروشتدا، سروشتێكی به‌د نمایش ده‌كا، ئه‌وا به‌رانبه‌ر تووشی ئازارگه‌لێك ده‌كا، وه‌كو ئازاره‌كانی نێو سروشت ده‌رده‌كه‌ون، كه‌چی له‌نێو وێنا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئه‌و نمایشه‌، ده‌زانین، كه‌ ئازاره‌كان هیچ نین جگه‌ له‌ ئازاری مرۆڤه‌ به‌ده‌كان كه‌ ده‌مانسووتێنن.
( سروشت هه‌موو شتێكت ترساندوومی
لرفه‌ی ئاگرت
بڵندایی چیات
گه‌فی ڕووبارت
ده‌شتایی ڕووتت
په‌نجه‌م له‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی دوانه‌هاتوو یان گیان پێنه‌ماو)
دیوان: به‌رگی یه‌كه‌م، ل: 5.
ترسان له‌ سروشت، ترسانه‌ له‌و دیوه‌ بینراوه‌ی، كه‌ مردن به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ، به‌ڵام له‌ شیعره‌كه‌دا هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ترسان له‌ مردن بوونی نییه‌، ته‌نیا ترسان له‌ ڕێگاكانی گه‌یشتن به‌ مردن هه‌ستی پێ ده‌كرێ، بۆیه‌ شاعیر وه‌كو كاره‌كته‌رێكی بوێر باسی ئازاری ئه‌و سروشته‌ ده‌كا، بوێرییه‌ك كه‌ له‌ ترسان له‌ ئاگر و چیا و ڕووبار و ده‌شتاییدا به‌ كۆتا ده‌گات، ترسانێك، كه‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی دوانه‌هاتوو، یان گیان پێ نه‌ماو به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ.
مرۆڤ له‌ ئه‌ستانه‌ی گه‌یشتن به‌ مردن، له‌وه‌یه‌ بیر له‌ ڕێگاكانی گه‌یشتن به‌و مردنه‌ بكاته‌وه‌، وه‌ك چۆن باڵنده‌یه‌ك ده‌فڕێ و ده‌شزانێ فڕینی ئه‌و له‌وه‌یه‌ مردنی ئه‌و بێت، له‌وه‌یه‌ له‌ میانه‌ی ئه‌و فڕینه‌یدا، ببێت به‌ قوربانیی فیشه‌كێك، یان ساچمه‌یه‌ك، یان دارلاستیكێك، به‌ڵام هێشتا ئه‌و ترسانه‌ له‌ فڕین پاشگه‌زی ناكاته‌وه‌ و به‌رده‌وامه‌ له‌ فڕین به‌ره‌و مه‌مله‌كه‌تی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی، بێكۆتایه‌.
(سارتەر) لە شانۆنامەی (دەرگای داخراو)دا، لەسەر زاری كارەكتەرێكەوە دەڵێت: (نەخێر لە دۆزەخدا پێویستیمان بە گورزی ئاگرین نییە، دۆزەخ هەر ئەمانەی دەوروبەرمانن). ناڕەحەتیی نائاسایی (سارتەر)، بەشێكی پەیوەستبووە بە شێوەی (سارتەر) خۆیەوە، كە خاوەنی دوو چاوی كز بووە و مامەڵەی ئەوانی تر لەگەڵیدا لە منداڵییەوە نائاسایی بووە، دواجار (سارتەر) نیگای ئەوانی تر بە ڕق و كینەوە ڕوون دەكاتەوە، بۆیە ژیان لەگەڵ ئەوانی تر لای ئەو فەیلەسووفە، دۆزەخێكە بۆ خۆی، چونكه‌ هه‌ست به‌و ئازاره‌ ده‌كا كه‌ له‌ مرۆڤه‌كانه‌وه‌ پێمان ده‌گه‌ن.
پاژی چواره‌م: له‌ ئه‌زموونی مردنه‌وه‌ بۆ ئه‌زموونی گۆڕستان:
گۆڕستان ئه‌زموونێكی تازه‌یه‌ بۆ مرۆڤ به‌ هه‌میشه‌یی، چونكه‌ به‌رده‌وام مردووی تازه‌ دێنه‌ نێو گۆڕستان، بۆیه‌ ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ به‌رده‌وام خۆی تازه‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌رده‌وام له‌سه‌ر حیسابی خوێن و ئێسقان و جه‌سته‌ی ئێمه‌، بانگه‌شه‌ بۆ ڕیفۆڕم ده‌كا.
( گۆڕستان ماڵێكه‌ ئازیزه‌كانی بانگ ده‌كاته‌ ناو خۆی به‌ مه‌دالیا ناسراویان ده‌كا
فێری زمانی هه‌موومان ده‌بن
له‌
كتێب و
چرا و
سرووش و
شۆڕش و
ئه‌سپ ده‌دوێن
دارشه‌خسه‌كانی لێیان ده‌بڕدرێ بۆ
لانك و
بلوێر و
گۆپاڵ و
په‌رژین
چۆن و به‌ چ تامه‌زرۆیییه‌ك ده‌مخه‌یته‌ سه‌ر دووباڵی به‌هێزی فڕین
ئای فڕین به‌ره‌و كوێم ده‌بات)
دیوان: به‌رگی یه‌كه‌م، ل: 19.
شاعیر باسی ونبوونی ئازیزه‌كان ده‌كا له‌نێو گۆڕستاندا، باسی ئه‌و لێدوانه‌ ده‌كا، كه‌ لێدوانه‌ له‌ كتێب و چرا و شۆڕش و ئه‌سپ، دواتر (فڕینی نادیار) كه‌ فڕینه‌ به‌ره‌و دنیایه‌كی نادیار، خه‌یاڵی شاعیر داگیر ده‌كا، فڕینێك له‌پاڵ ئازار و ناڕه‌حه‌تییه‌كانی، له‌خۆگری تامه‌زرۆییه‌كانی گۆڕستانه‌ و وێناگه‌لی وه‌كو لانك و بلوێر و گۆپاڵ و په‌رژین به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ.
گۆڕستان پێمان ده‌ڵێ: شكستی مەزن ئەو شكستەیە, مرۆڤ هەست بكا لەسەر ڕێگایەكی ڕاستە و هەر ئەو ڕێگایەش سپاردەی دۆزەخی بكا، شەڕ لە پێناوی ئایدیایەك بكا، هەر ئەو ئایدیایەش بیبا بەرەو كەناراوەكانی مردن، شانازی بە مەعریفەیەكەوە بكا، هەر ئەو مەعریفەیە وجود و بیركردنەوە و عەقڵی لێ بسێنێ‌، كەواتە: لەو ساتەدا ئەو مەعریفەیە هیچ نییە جگە لە جەهلێكی خەست، كە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێ بۆ گومڕابوونی زیاتر.
مادام ژیان هەر كۆتایی دێت و لە چركەساتێكدا دەبینەوە بە سفر، كەواتە: ئەوەی دەمێنێتەوە، ڕابردووی ئێمەیە، هەر ئەو ڕابردووە بەرپرسیارە لە داهاتووی ئێمە و خۆشی و ناخۆشی ئێمەی پێوە لكاوە، بەئەندازەی جوان كێشانی تابلۆی ڕابردوومان، باخچەی ئایندەمان فراوانتر دەبێت, ئەو حەقیقەتە شتێكە پێویستی بە سەلماندن نییە، چونكە زمانی حاڵی هەموو مردووەكان ئەوەمان پێ دەڵێن، كە ژیانی دنیا كۆتایی بۆ هەیە، بەڵام وێستگەی جوانكردن و نەخشاندنی ژیانی حه‌قیقییه‌، هەر ئەو چركەساتەی سپاردەی خاكمان دەكەن، تێ دەگەین ئازاردانی ئه‌وانی تر، چ كارەساتێكی مەزن بوو، وەلێ‌ تازە درەنگە بۆ هەموو شتێك.
كۆتایی:
شاعیر به‌ر‌ده‌وام له‌م به‌رهه‌مه‌یدا كه‌ (زێوان)ه‌، پێمان ده‌ڵێ: پێویسته‌ به‌ قووڵی له‌ دنیا بڕوانین و مامه‌ڵه‌یه‌كی قووڵ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان بكه‌ین، وه‌لێ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌، هیچ له‌ حه‌قیقه‌تی پووچێتی دنیا كه‌م ناكاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌:
1- دیوانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، به‌رگی یه‌كه‌م، 2018، هه‌ولێر.
2- ژیان بێمانایه‌؟، بڵند باجه‌لان، 2023، هه‌ولێر.
3- سه‌فه‌ر به‌ره‌و مناڵی به‌ كه‌شتیی گه‌وره‌بوون، بڵند باجه‌لان، گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ، 2022.
4- زه‌ینه‌ب خان له‌نێو دنیای چه‌مكه‌ جیاوازه‌كاندا، بڵند باجه‌لان، هه‌ولێر.




پێنووسێکی پاراو بۆ زمانێکی غەدرلێکراو.. (فەتتاح ئەمیری لە یادگەی مندا).. هۆمەر نۆریاوی

ئەو بزاوتەی دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران(1979ی زایینی)بۆ نووسین بە زمانی دایک دەکەوێتە ڕێ،ئەمجارە لە چاو ڕابردوو بە شێوازێکی بەرفرەوانتر و زۆر خێراتر هەر هەموو شار و شارۆچکە و گوند و لادێیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە و گۆمە مەنگەکە دە هێندە دەشڵەقێنێت.هەوڵەکان وەک هەمیشە سەرەتا ڕووی لە تاکی خەمخۆری چاند و زمانی کوردی دەبێت و پێشڕەوکان دێنە نێو مەیدانەکە و گوڕ و تینێکی تایبەت بە بزاوتەکە دەبەخشن.
یەک لەو سیما و کەسایەتییە ناوئاشنا و زمانپاراوانەیش”فەتتاح ئەمیری”یە کە لە ڕێی دنیای بەرینی ڕۆمانەوە پێ دەنێتە نێو مەیدانەکە و پێنووسەکەی دەخاتە خزمەت بڵاوکردنەوە،گەشەبەخشین و پێشخستنی زمانی دەوڵەمەندی کوردی. سەرەتا ساڵی 1990،ڕۆمانی”هاوارەبەرە”،وەک نۆبەرە،لە لایەن ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی،ئینتشاراتی سەلاحەدین ئەییووبی لە ورمێ بڵاو دەکاتەوە کە زۆر زوو جێی خۆی لە دڵاندا دەکاتەوە و خوێنەرێکی فرە دەدۆزێتەوە. نووسەر ئەوەندە بە کوردییەکی سادە و ساکار و پاراو و زەنگین دەنووسێت کە بە هەزاران وشە و دەستەواژەی نوێی سەرزاران دەخاتە خزمەت زمانی نووسین.
لە لای فەتتاح ئەمیری،زمانی گوند(شێوەئاخاوتنی گوندییانە) ئەوەندە پاراوە کە ڕۆمانەکانی دەستپێک بەو شێوازە دەنووسێت.
فەتتاح ئەمیری لە وتووێژێک دەگەڵ گۆڤاری سروە هەر سەبارەت بەم پرسە گرینگە دەڵێ:”بۆ لاوەکانیش،من پێم وایە دەبێ زمانی ڕەسەن لە گوندەکاندا بدۆزنەوە و لە وشەداتاشین خۆ بپارێزن”.(گۆڤاری سروە،مارف ئاغایی،ل23)
ئەم پرسە یادەوەرییەکی هەرە شیرینی سەردەمی دامەزرانی کۆڕی زانیاریی کورد لە بەغا(1970)م لە لا زیندوو دەکاتەوە کە بڕیار دەدرێت بۆ کۆکردنەوەی خەرمانەیەک وشە و دەستەواژەی پاراو و ڕەسەنی کوردی،دەستە و گرووپێکی تایبەت ڕەوانەی گوند و لادێیەکانی کوردستان بکرێت و بەری ئەو گەڕانەیش دواتر لە بەرگێکی زانستییانەدا بخرێتەوە خزمەت زمانی نووسین. لێرەوە پەی بە دەوڵەمەندبوونی ئەم شێوەئاخاوتنە دەبەین کە گەر بکەوێتە دەست لێزان،خەمخۆر و دڵسۆزی خۆی، دەتوانێت و دەزانێت چلۆن زمانی کوردی سەد هێندە پێ زەنگینتر بکات کە پڕ ڕوونە ئەم گرینگەیش لە هەموو کەسێک ناوەشێتەوە و فەتتاح ئەمیرییەکانی گەرەکە تا پێنووسەکە بەدەستەوە بگرن.
هەر لەم ڕێگەیەوە فەتتاح ئەمیری هەزاران وشە و دەستەواژە و ئیدیۆم بۆ نێو ڕۆمانەکانی دەگوێزێتەوە کە دواتر دەبنە فەرهەنگۆکێکی دەوڵەمەند بۆ زمانی کوردی.توانا و دەستەڵاتە باڵاکەی ئەم ڕۆماننووسە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم شارا زەنگینە لە وشەی گوندییانە دەخاتە خزمەت زمانی نووسین.
خاڵێکی باڵکێشی دی سەبارەت بە فەتتاح ئەمیری ئەوەیە کە ئەم ڕۆماننووسە دوابەدوای بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی گۆڤاری سروە کە ساڵی 1364ی هه‌تاوی (1985ی زایینی)لەسەر دەستی شاعیر و ڕووناکبیری ناسراو”هێمن موکریانی”(1986-1921)دەردەچێت،پێ دەنێتە نێو بواری ڕۆژنامەگەریی کوردی و دواتر لەم گۆڤارە بەپێزەدا دەوری کارا دەبینێت و گۆشەی “سروەی ئازیز”دەنووسێت. ئەم نووسەرە هەر نۆبەرەکەیشی(هاوارەبەرە)لە ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی،ئینتشاراتی سەلاحەدین ئەییووبی لە ورمێ چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
قۆناخێکی تری ژیانی ئەم کەسایەتییە کوردە ڕووی لە ئەنجوومەنی ئەدەبیی بۆکانە کە دواتر دەبێتە دەنگ و سیمایەکی ناودیاری نێو ئەنجوومەنەکە و لەو سەنگەرەوە درێژە بە ڕاژە و خزمەتەکەی بە سامانی فەرهەنگیی کورد دەدات.
ڕەهەندێکی دیکەی پەرۆشەکەی ئەم نووسەرە ڕووی لە پاراستن و خزمەتکردنی زمانی پاکژی کوردییە.ڕاستە لەبەر غەدرێکی دیرۆکیی بەرانبەر زمانی کوردی کە سەرچاوە و هۆکارەکەیشی بۆ زاڵبوونی زمانی سەردەست دەگەڕێتەوە،هەرگیز وەک پێویست ئەو مۆڵەت و دەرەتان و دەرفەتە بەم زمانە نەدراوە بە فەرمی پێ بنێتە نێو کایەکانی ژیانەوە بەڵام لە بن سێبەری سەدان خەباتکار و ڕۆڵەی ئەمەکناسی کورددا ئەم زمانە هەر درێژەی بە سەلماندنی بوونی خۆی داوە و بەم هەموو غەدرە دیرۆکییەیشەوە تا دێت زێتر بوونی خۆی لە نێو زمانە زیندووەکانی دنیادا دەسەلمێنێت و هەنووکەیش بەرەو قۆناخی بەزانستیبوون مل دەنێت کە لێرەوە ئەرکەکە پڕ گرانتر دەبێت و پێویستە زانستوەری کورد بەدەستوبرد بێتە نێو مەیدانەکەوە کە بەختەوەرانە گەلێک هەنگاوی بڵندیش لەم پێوەندییەدا هەڵگیردراوە. لە ڕۆژ ڕوونترە کە بڕینی ئەم ڕێگە پڕ هەوراز و نشێو و دوور و درێژەیش لە سای سەدان ڕێبواری خەمخۆری وەک “فەتتاح ئەمیری”یەوە مەیسەر بووە. هەر بۆیە ئەم ڕۆماننووسە پێی وایە یەک لە کۆسپەکانی بەردەم نووسینی پاراوی کوردی ئەوەیە کە “زۆر کەس وەک فارس و عەرەب بیر دەکاتەوە و بە کوردی دەنووسێت کە ئەوە نابێ”. لە ڕاستیدا هەر ئەم پەتایە ئێستاکە بەرۆکی زمانی کوردی گرتووە و پێویستە بە هەموومانەوە کار بۆ دەربازبوون لەم قۆناخە ئاڵۆسکاوە بکەین. دیارە یەک لە هۆ و هەگەرە سەرەکییەکانی ئەم پەتا کوشندەیەیش ڕووی لە خەمساردیی خوێندەواری کورد خاسما توێژی زانستوەرە کە ئەوەندە لە نێو زمانەکانی دیکەدا(بەتایبەت زمانی سەردەست)نغرۆ بووە،زمانە دەوڵەمەندەکەی خۆی لە لا نزم و نەوی دێتە بەرچاو. هەر هەمان ئارێشە کە ڕۆماننووس و ڕووناکبیری کورد،فەتتاح ئەمیری ئاماژەی پێ دەدات.
وەک خودی خۆم(نووسەری ئەم دێڕانە)ڕاستیت گەرەکە زۆر پێش ئەوەی لە نزیکەوە فەتتاح ئەمیری ببینم،لەڕێی نووسینەکانییەوە دەمناسی و ئاشنا بە قەڵەم و خامە پاراوە کوردییەکەی بووم. لە ناوەڕاستی شەستەکانی هەتاوی(ناوەڕاستی هەشتاکانی زایینی)خوێندکاری زانستگەی تاران بووم. سروە و ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی(پەخشکاری سەلاحەدین ئەییووبی) هاتبوونە نێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە. هۆگرێکی هەرەقەتی سروە و بەرهەمەکانی ئەم ناوەندە بووم. هەر لەو ڕۆچنەیەوە بە پێنووسی فەتتاح ئەمیری ئاشنا بووم کە گۆشەیەکی لە سروەدا(سروەی ئازیز) بۆ خۆ کردبووەوە و بەری خامەکەی بۆ خوێنەر و بەردەنگ دەگوێزتەوە. بەڵام دواتر و بۆ جاری یەکەم لە کۆڕه‌یاده‌که‌ی مانگی گه‌لاوێژی ساڵی 1374ی هه‌تاوی(1995)کە بۆ ڕێزنان له‌ که‌سایه‌تی مامۆستا”عەبباس حه‌قیقی”(1997-1902)شاعیر لە شاری بۆکان،بەڕێوە چوو،چاوم بە فەتتاح ئەمیری کەوت کە ئەندامێکی کارای دەستەی بەڕێوەبەر بوو. من دەگەڵ دوو هاوڕێی هێژام بە ناوەکانی برایم بەریاجی(شاعیر و میدیاکار) و هاوژینەکەی سوورەییا مەولانی(میدیاکار)بانگهێشتی ئەو کۆڕەیادە کرابووین و لە تارانەوە ڕوومان لە بۆکان نا کە سەفەر و گەشتەکەمان چەند یادەوەری سەیر و جیاوازی لێ دروست بوو کە نووسین و گێڕانەوەی با بمێنێت بۆ کات و وەختی خۆی. من لەسەر شیعرێکی مامۆستا حەقیقی بابەتێکم ناردبوو کە دیارە وەرگیرابوو و بابەتەکە بە قسەی خودی بەڕێوەبەران بە یەکەم ناودێر کرابوو. یەک لەو سیما نازەنینانە بەوپەڕی میهرەبانییەوە ئامێزی لە ڕوو کردینەوە،فەتتاح ئەمیری بوو. یادەوەری ئەو ڕووداوە فەرهەنگییە هەر هەمیشە لە خەیاڵدانمدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
ئەرچی کۆچی دواییی فەتتاح ئەمیری بە خەسارێکی گەورە بۆ ئەدەبی کوردی دادەنرێت بەڵام ئەوەندە وشەی ڕەنگاڵەیی بۆ زمانەکەی بەجێ هێشتووە کە هەر ساتە و ڕوو لە بەرهەمێکی بکەیت،سەدان پەیڤی نازەنینی کوردییت بەدەستەوە دێت و گەلێک کەلێنت بۆ پڕ دەکاتەوە کە هەر ئەوەندەیش بەسە بۆ گەورەیی ئەم نووسەرە کوردە.
جێی ئاماژەپێدانە فەتتاح ئەمیری، ساڵی 1325ی هەتاوی(1946)لە گوندی “مەنیچەر”ی محاڵی “ئاختاچی”سەر بە شاری بۆکان چاوی لە ڕووی ژیان هەڵدێنێت و ڕۆژی 21ی دێسەمبەری 2024(1ی بەفرانباری 2724)یش لە تەمەنی 78 ساڵیدا بۆکان بۆ هەمیشە دەبێتە دواهەواری و خاکی ئەوێندەرێ بۆ لەمەوبەدوا دەبێتە نزرگەی ئاشقانی ئەدەبی کوردی و لە تەنیشت گۆڕە پیرۆزەکەی مامۆستا “عەبباس حەقیقی” دا بە خاکی نیشتمان دەسپێردرێت.
ئەم ڕۆماننووسە بەدرێژایی ساڵانی تەمەن ئەم بەرهەمانەی بە کتێبخانەی کوردی بەخشیوە: ڕۆمانی”هاوارەبەرە”،ساڵی 1990،ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی،ئینتشاراتی سەلاحەدین ئەییووبی لە ورمێ، ڕۆمانی میرزا،1993،چاپەمەنیی خانی،ڕۆمانی زیندەخەو،دەزگای چاپ و پەخشی ئاراس،2003،هەولێر، گێژەڵووکە(بەرگی یەکەم) و خەم و خەیاڵ(بەرگی دووەم)،پەخشکاری ئامیار،چاپی یەکەم،1400ی هەتاوی.
ژێدەر:
• وتووێژی تایبەتی هاژە لەگەڵ ڕۆماننووسی کورد فەتتاح ئەمیری،ڕەزبەری 1394ی هەتاوی
• فەتتاح ئەمیری لە گێڕانەوەی ڕیاڵەوە تا خوڵقاندنی کەشی جادوویی،ماڵپەڕی کوردشۆپ
• “شه‌ونم”*ی نێو وێژه‌ی کوردی،نووسین و توێژینه‌وه‌ ،هۆمه‌ر نۆریاوی،ژماره‌ 4ی گۆڤاری “ڕێزان”،ڕه‌شه‌ممه‌ی 1393ی هه‌تاوی،ڕووپه‌ڕه‌کانی 14 تا 18
*شەونم، ناوی به‌رهه‌مێکی مامۆستا “عه‌بباس حه‌قیقی”یه‌‌.
• گۆڤاری فەرهەنگی،ئەدەبیی سروە،ساڵی هەشتەم،خەرمانانی 1371ی هەتاوی و چەندان سەرچاوەی دی




ئاڵودەبوون بە پەیوەندییە سۆزدارییەکان خۆشەویستی بە نموونە: .. 170.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی وتاری ١٧٠.

شیکردنەوەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و بایۆلۆجی

ئاڵودەبوونی پەیوەندییە سۆزدارییەکان یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆخە دەروونییەکان کە کۆمەڵگای هاوچەرخ رووبەڕووی دەبێتەوە. ئەم دۆخە، کە لە زانستی دەروونناسیدا وەک “Love Addiction” یان “Relationship Dependency” ناسراوە، کاریگەری قووڵی لەسەر ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی هەیە. توێژینەوە نوێیەکان پیشانی دەدەن کە نزیکەی ١٠-١٥٪ی تاکەکان لە جۆرێک لەم دۆخە دەناڵێنن، هەرچەندە زۆربەیان دان بەم دۆخەدا نانێن یان نایناسنەوە.

کاتێك کە ئەم پرسە لە ڕووی نیورۆبایۆلۆجییەوە سەیری دەکەین و شیدەکەینەوە ئەوا:
لە رووی نیورۆبایۆلۆجییەوە، ئاڵودەبوونی سۆزداری پەیوەندی راستەوخۆی بە سیستەمی پاداشتی مێشکەوە هەیە. کاتێک تاک لە پەیوەندی سۆزداریدایە، مێشک بڕێکی زۆر لە دۆپامین دەردەدات، کە هۆرمۆنی خۆشی و چێژە. ئەم پرۆسەیە هاوشێوەی ئەو میکانیزمەیە کە لە ئاڵودەبوونی ماددە هۆشبەرەکاندا روودەدات. توێژینەوەکانی دکتۆر هێلین فیشەر (٢٠٢١) پیشانی دەدەن کە ناوچەی VTA لە مێشکدا، کە بەرپرسیارە لە دەردانی دۆپامین، لە کەسانی ئاڵودەبووی پەیوەندی سۆزداریدا چالاکییەکی زیاتری هەیە.

نیشانە سەرەکییەکان:
کەسانی تووشبوو بە ئاڵودەبوونی پەیوەندی سۆزداری کۆمەڵێک نیشانەی دیاریکراویان هەیە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دکتۆر سوزان جۆنسۆن (٢٠٢٣)، ئەم نیشانانە بریتین لە: بیرکردنەوەی بەردەوام و ئۆبسێسیڤ سەبارەت بە پەیوەندییەکان، ناتوانای لە کۆنترۆڵکردنی هەستەکان سەبارەت بە هاوبەشی ژیان، ترسی قووڵ لە تەنیایی و رەتکردنەوە، لەدەستدانی سنووری تاکەکەسی لە پەیوەندییەکاندا، پشتبەستنی زۆر بە هاوبەشی ژیان بۆ دابینکردنی خۆشبەختی، هەستکردن بە بەتاڵی و نائومێدی کاتێک لە پەیوەندیدا نییە.

هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لەئاستێکی تردا بەم چەشنەن کە: لێکۆڵینەوە درێژخایەنەکان دەریانخستووە کە چەندین هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی رۆڵیان هەیە لە دروستبوونی ئەم دۆخەدا:

پەیوەندی نائارام لە منداڵیدا (Insecure Attachment):
توێژینەوەکانی دکتۆر مەری ئەینسوۆرس (٢٠١٩) پیشانی دەدەن کە زۆربەی کەسانی تووشبوو بە ئاڵودەبوونی پەیوەندی سۆزداری لە منداڵیدا پەیوەندییەکی نائارامیان لەگەڵ سەرپەرشتیارەکانیان هەبووە. ئەمە وایان لێدەکات لە گەورەییدا بە شێوەیەکی نادروست مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییەکان بکەن.

تراومای پێشوو:
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دکتۆر بێسێڵ ڤان دێر کۆڵک (٢٠٢٢)، تراومای پێشوو، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندیان بە پەیوەندییە سۆزدارییەکانەوە هەیە، دەتوانن ببنە هۆی دروستبوونی ئەم دۆخە.

کاریگەری کەلتووری و کۆمەڵایەتی:
میدیا و کەلتووری پۆپ رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پێکهێنانی تێگەیشتنی نادروست لە خۆشەویستی و پەیوەندی. توێژینەوەکانی دکتۆر جین توێنج (٢٠٢١) ئاماژە بە کاریگەری نەرێنی سۆشیال میدیا و فیلمەکان دەکەن لەسەر تێڕوانینی گەنجان بۆ پەیوەندییە سۆزدارییەکان.

چارەسەرە زانستییە نوێیەکان بەشێوەیەکی گشتی بۆ ئەم پرسە:
زانستی دەروونی هاوچەرخ چەندین رێگەی چارەسەری کاریگەر پێشنیار دەکات:

تێراپی رەفتاری-مەعریفی پێشکەوتوو (Advanced CBT):
ئەم شێوازە نوێیە لە چارەسەر، کە لەلایەن دکتۆر جودیت بێک (٢٠٢٣) پەرەی پێدراوە، کار لەسەر:
گۆڕینی بیرکردنەوە ئۆتۆماتیکییەکان، دروستکردنی سنووری تەندروست لە پەیوەندییەکاندا، فێربوونی خۆڕێکخستنی هەستەکان، پەرەپێدانی ستراتیجی مامەڵەکردنی تەندروست.

تێراپی EMDR بۆ چارەسەری تراوما:
توێژینەوەکان پیشانی دەدەن کە EMDR دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەری ئەو تراومایانەی کە بوونەتە هۆی دروستبوونی ئاڵودەبوونی پەیوەندی.

تێراپی دڵبەستن (Attachment-Based Therapy):
ئەم شێوازە چارەسەرییە، کە لەلایەن دکتۆر سوو جۆنسۆن (٢٠٢٢) پەرەی پێدراوە، کار لەسەر چاککردنەوەی پەیوەندییە سەرەتاییەکان و دروستکردنی دڵبەستنی تەندروست دەکات.

چارەسەری Life style change:
میدیتەیشن و یۆگا, راهێنانی جەستەیی, رێکخستنی خۆراک و خەو, پشتگیری کۆمەڵایەتی.

پێشنیارە پراکتیکییەکان بۆ خۆچارەسەری:
پەرەپێدانی خۆناسین, دروستکردنی ژیانێکی سەربەخۆ,
فێربوونی تەکنیکەکانی خۆئارامکردنەوە, پەرەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان, دانانی سنووری تەندروست لە پەیوەندییەکاندا.

سەرچاوەکان:
1-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/15990719/

2-https://www.verywellhealth.com/relationship-trauma-5211576

3-https://www.elsevier.es/en-revista-european-journal-psychiatry-431-articulo-treatment-love-addiction-current-status-S0213616318300120.

4-https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC5378292/

5-https://healthpsychologyresearch.openmedicalpublishing.org/article/70218-love-addiction-current-diagnostic-and-therapeutic-paradigms-in-clinical-psychology




ڕاوچیی و قوربانیی.. نەوزاد بەندی

کە دێیتە دنیاوە ، ئەکەویتە دارستانێکەوە ، ئەبێ ببیت بە ڕاوچی ئەگەر نا ، ئەبیتە نێچیر و قوربانیی ..
بابەتەکە بەو ڕەهاییەیش نییە ، واتا ڕۆڵەکان هەندێ جار ئەگۆڕێن ،یان جێگۆڕکێ ئەکەن ، ڕاوچیی لە هەموو کات وشوێنەکانا ، ڕاوچی نییە ، ئەو بەڕێوەبەرەی خەون و ئارامیی و داهاتووی فەرمانبەرەکانی بۆ خۆی ڕاو ئەکات ، لە ژووری بەڕێوەبەری گشتیدا ، ئەبێ به نێچیر و قوربانیی ..یان ڕەنگە لە ماڵەوە قوربانیی دەستی هاوسەرەکەی بێ .. لە هەمان کاتیشدا نێچیر و قوربانیی ، لە هەندێ جێگای تردا ، لە هەندێ کاتی تردا ، ئەبێتە ڕاوچی ، بۆ نمونە ئەو سەربازەی کە عەریف و سەرکردەکانی بەردەوام ڕاوی ئەکەن ، کە ئەڕواتەوە بۆ ماڵەوە ئەکەوێتە ڕاوکردنی مناڵەکانی خۆی ..یان وەک قوربانیی مامەڵە لەگەڵ دراوسێکانیدا ئەکات ..
بەڵام ئەبێ لەوە بێ شک بیت کە لە دنیادا ، لە دوو ئەرک زیاتر ، ئەرکی سێییەم نییە ، ئەویش ڕاوچێتیی و بوون بە قوربانییە ..
هەر دێیتە ژیانەوە ، دایک و باوک ڕاوت ئەکەن ، جۆری پۆشاک و خواردن و زمان و ئایین و هەموو شتێکت بۆ دیاری ئەکەن و بەسەرتا ئەیسەپێنن .. تا دەگاتە ئەوەی ڕاوی خەون و هیواکانت ئەکەن ، ئەتخەنە سەر هەمان پیشەی خۆیان .. ئەوەتا بە ئاشکرا دیارە ، مناڵی پزیشک ، پزیشک دەردەچێ و ..مناڵی قەساب و دارتاشیش ، قەساب و دارتاش دەردەچن .. ئەم ڕاوکردنەیش بە گوتاری ڕێز و خێزان و بەها کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵێ دروشمی تر پەردەپۆشکراون ، بە جۆرێک قوربانییەکان ئامادەن سوێند بخۆن کە قوربانیی نین ..لە هەمان کاتدا ڕاوچێکانیش ئامادەن سێ بە سێ تەڵاقت بۆ بخۆن کە لە ژیانیاندا ئازاری مێروولەیەکیان نەداوە و .. دڵۆپێ خوێن ببینن ،ئەبورێنەوە .. ڕاستیش ئەکەن ، چونکە لەناو مێگەلدا ، (کە گۆستاف لۆبۆن بە مێگەل پێناسەی زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا دەکات ) کوشتن تەنها ئەو کوشتنەیە چەقۆیەک یان فیشەکێک بوەشێنرێت و ..خوێن بڕژێت .. بێجگە لەو کوشتنە ، کوشتنی تر نییە .. واتا کەسێک ، خەون و ئاواتی ڕۆژنامەگەرییە یان وەرزشە ، تۆ هێواش هێواش بە لاڕێیدا ببەیت و بیکەیت بە پۆلیسی هاتوچۆ ،کوشتن نییە ، ئەمە بە بڕوای مێگەلەکە ، نەک هەر کوشتن نییە ، بەڵکو دامەزراندن و دەستگیربوونە لە پارە و .. هەنگاوی یەکەمە بۆ دروستکردنی خێزان و خستنەوەی کۆمەڵێ پۆلیسی هاتوچۆی خنجیلە ..
ئەمەیان ناسکترین و هێمنترین و بەسۆزترین ڕاوکردنە ، لەناو خێزاندایه و پڕپڕە لە بەزەیی و خۆشەویستیی ..بەو پەڕی دڵسۆزیی و وەفادارییەوە بەهێزەکان ، بێهێز ولاوازەکان لە قاڵب ئەدەن و.. هەرچی بیانەوێ لێیان دروست ئەکەن ..یان ڕاستتر خۆیان چۆن بن ، بوونەوەری لەو جۆرە بەرهەم دێنن ..حەز و خولیای خۆیان چۆن بێت ، هەمان حەز و خولیایش لەواندا دروست ئەکەن .. بەڵام لە دەرەوەی خێزان ، ئینجا ڕاوکردنە بێ بەزەیی و ئاشکراکە دێتە بەرچاو .. وەستایەک دەیان کرێکاری داوەتەبەر ، بە نانە سکیی ، لە بەیانییەوە تاکو ئێوارە کاریان پێ ئەکا و لێیان تووڕە ئەبێ و جنێویان پێ ئەدا .

ئەم لێ تووڕه بوون و جنێوپێدان و شکاندنە ، وەک ئەو تیرانە وان کە ئەدرێن لە پشتی گا ، لە زۆرانبازی گادا ، واتا زامدار کردن و شڕکردن و ماندوو کردنی قوربانییەکەیه بۆ ئەوەی ڕاوکردنەکەی ئاسان بێت یاخود بۆ ئەوەی قوربانییەکە بیر لە یاخیبوون و خۆدەربازکردن نەکاتەوە .. ڕێک وەک ئەو مشکەی ئەکەوێتە بەردەستی پشیلە ، کارێکی پێ دەکات ، ئازادیشی بکات ناتوانێت دەربازی بێ ، بڕوای تەواوەتیی بەوە دێنێ کە ئەو نێچیرە و ڕاوکراوە و خوراوە ..
ئەم بڕواهێنانەی نێچیر بەوەی کە ئەو قوربانییە ، یەکێکە لە کارەساتبارترین بڕیارە پێشوەختەکان ..لە هەمان کاتدا یەکێکە لە تاوانە قێزەونەکانی ڕاوچێکان ، کە هەستی چۆکدادان و خۆڕادەستکردن لە ناخی نێچیرەکانیاندا ئەچێنن .. ئیتر ملیۆنەها سەربازی گەنج و بەتوانا ئەبنە قوربانیی ڕاوچییەکی پیر و ناشیرین و پەککەوتوو ، کە توانیوێتیی ئەو هەستە کوشندەیه لەناو ئەو ملیۆنان گەنجە به توانایەدا بچێنێ و ڕاویان بکات ..بە دروشم و کۆمەڵێ درۆی شاخدار ، هەڵیانخەڵەتێنێ و بیانخاتە ناو داوەکەوە .. قوربانییەکان بیر لەوە ناکەنەوە ..نایشیانەوێ هیچ کەسێک ئەوەیان بیر بخاتەوە ، کە ڕاوچییەکی خوێڕی و پیر و ترسنۆک و بێ ویژدان ، ئەوانی بەو دەردە بردووە .. چونکە تازه ئەوان وەک مشکی بەردەستی پشیلەکە ، ئەژنۆیان شکاوە و ناتوانن بیر لە هیچ شتێکی تر بکەنەوە .. دۆخێکی تراژیدییە ، جەنگ و کۆمەڵکوژیی و برسیکردنی بە کۆمەڵ و هەموو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییەکان ، لەو دۆخەوە سەرچاوە ئەگرن .. واتا دۆخی بێ ویژدانیی ڕاوچییەکان و .. هەڵخەڵەتان و نائومێدیی قوربانییەکان ..
ئەوسا ئیتر دیلکردن و پەشێوکردن ئەبنە مۆدێل و ئەچنە ناو کولتوور و ئایین و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە .. تەماشا ئەکەیت مامۆستایەک ڕوو دەکاتە هەزاران نوێژ خوێن و تاوانباریان ئەکا کە وەک پێویست خوا ناناسن و گوناحیان زۆرە و ..بە قوڕ بەسەر و ڕەنج بە خەسار هەڕەشەیان لێ ئەکات و بۆیان ئەسەلمێنێ کە هەرچیبکەن لە ئاگری دۆزەخ قوتاریان نابێ ، ئەوانیش دڵیان پڕ ئەبێ و ئەگرین ..ئەوسا ئەو مامۆستا ئایینیە ئەبێتە یەکێک لە سەرکەوتووترین مامۆستاکان کە وا دەکات گوێبیستەکانی بگرین ..گریان لەو دۆخەدا ، هەڵکردنی ئاڵای سپی و ددان نانە بە تاوانباریی و گوناهبارییدا .. ئامادەیی نیشاندانە بۆ هەموو سزا و ئەرک و ئەشکەنجەیەک لە بەرامبەر ئەو گوناهـ و تاوانانەی کە مامۆستا بە سەریاندا سەپاندوویەتیی ..
هەروەها ئەو دکتۆرە ، ئەو نوسەرە ، ئەو بیریارەی کە به قێزەوە تەماشای ئەوانی تر ئەکا و ..بە هیچ نەزان و کۆیلە و بێ دەسەڵات و ملهوڕ ، پێناسەیان ئەکات .. ئەو دۆخە ، هەمان ئەو تیرانەیە کە ئەدرێن لە پشتی گا ، لە زۆرانبازیی گادا .. تەماشا ئەکەیت هەموو عەرەب چێژێکی تایبەتیی لە ووتارەکانی محەمەد ماغوت و عەلی وەردی و شیعرەکانی نزار قەبانیی ئەبینن کە جنێو و سوکایەتیی بە عەرەب دەکەن .. ئەوروپییەکان تام و چێژ لە نوسینەکانی نەعوم چۆمسکی و ئەلکسیس کاریل ئەبینن کە سوکایەتیی بە عەقڵی مۆدێرنە و تەکنۆلۆژیا ئەکەن و .. نوقڵانەی جەنگی وێرانکەر و داهاتووی تاریک و نوتەک لێدەدەن ..لێرەدا مرۆڤەکان خۆیان بە دوای ڕاوچێکانا ئەگەڕێن بۆ ئەوەی ڕاویان بکات …بۆ نمونە کە شۆڕش دژی دەرەبەگایەتیی لە ئیسپانیا بەرپا بوو ، جوتیاره کۆیلەکان ئازاد کران ..دوای ماوەیەک جوتیارەکان چوونەوە بۆ لای دەرەبەگەکانیان و ..داوایان کردن بیانکاتەوە به کۆیلە تاکو لە برسا نەمرن .. ئەمە پەڕ و باڵکردنی به کۆمەڵە ، بە جۆرێک ئیتر بیری ئازادی و هەڵفڕین ، ئەچێتە خانەی گەمژەیی و کوفر و تاوانەوە ، وەک دەڵێن ئەو باڵندانەی لەناو قەفەزدا لە دایکبوون ، لەلایان وایە هەڵفڕین تاوانێکی گەورەیە ..
کۆمەڵێک ڕێگا چارە ، کە بە حیساب بۆ ئازادیی و مەدەنییەت و به جیهانیبوون هاتنە ئاراوە ، وەکو ڕێکخراوە مرۆییەکان و ڕاگەیاندن .. کۆمەڵێ کەسایەتیی کاریزما و دژە کۆیلایەتیی و دژەڕەگەز پەرستییش پەیدا بوون و ..جەنگ و شۆڕشی گەورە گەورەیان بەرپا کرد ، لە دژی ڕاوی بە کومەڵی مرۆڤەکان ..بەڵام ئەو چالاکیی و کەسایەتییانەیش دواجار بوون بە بابەتی پڕوپاگەندە بۆ زیاتر ڕاوکردنی مرۆڤەکان ..بۆ نمونە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دادپەروەرانە دەردەکات ، بەڵام ڕاوچییە گەورەکان مافی ڤیتۆیان بە خۆیان داوە بۆ ئیفلیجکردنیـ هەر بڕیارێک کە بە دڵیان نەبێ ..واتا ئەم ڕێکخراوە ئەبێ به گاڵتەجاڕ ..یان لە گاڵتەجاڕ ، گاڵتە جاڕتر ..
یان هەندێ جەنگاوەری هیندییە سوورەکانی وەک شیرۆکیی یان چۆڤرلێت ، کە دژی دڕندەیی و داگیرکاریی سپی پێستەکان ، تا دوا دڵۆپ خوێن جەنگان و کوژران ، ئێستا ئەو ناوانە کراون بە بڕاندی ئوتومبیل لە ووڵاتی داگیرکەرە زلهێزەکاندا وەک سیمبوڵی هێزو توانای مەکینە نەک مرۆڤ ، بانگەشەیان بۆ دەکەن .. ئەم گاڵتەپێکردن و پێڕابواردنە بە سیمبوڵەکانی ئازادی و پێشمەرگایەتیی ، ڕاوچێتیی تۆختر ئەکاتەوە و .. قوربانییەکان وا لێدەکات سەرسام بن پێیان .
لێرەدا گەورەترین هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی ئەم یاسای دارستانە ، ئایینەکان بوون .. لەو بارەیەوە وۆڵ دیوارنت لە مێژووی شارستانییەکاندا ، ئەڵێت : لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ شارستانیی و کۆمەڵە مرۆڤێک نەبوون ، ئاینێکیان نەبووبێ ..واتا ئایین بەردەوام لەگەڵ مرۆڤدا بووە ، وەک هەوڵێک بۆ چەککردنی ڕاوچێکان و ..ڕاهێنانەوەی نێچیرەکان بۆ ژیانێکی سەربەرزانە و ئازادانە ..بەڵام دواجار ، ڕاوچییە زەبەلاحەکان ، ئایینەکانیشیان وەک کەرەستەیەکی ڕاو بەکارهێنا و .. بە لاڕێیاندا بردن و .. دەستە و تاقمی هێندە ترسناکیان لێدروست کردن ، نێچیرەکان بە کۆمەڵ چوونەوە تەویلەکانی زلهێزان و .. بەڵێننامەی نێچیرایەتیی و کۆیلایەتیی و قوربانیبوونیان بۆ تازەکردنەوە ..

نەوزاد بەندی




مژده‌ نـاوه‌خته‌كانی كـاوبا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

به‌دیار گیانه‌ڵای خه‌ونه‌كانمه‌وه‌
(چه‌نگ)ی مێژووم له‌ باوه‌شدا
ئاوازی مه‌حاڵ ده‌ژه‌نم ..
ئه‌سته‌مان به‌ حیكمه‌تی قوڵنگ
ئاشنا ده‌كه‌م..

ئا..
ئێمه‌ سێبه‌ری دره‌ختێكمان به‌س بوو
موچڕكه‌ خه‌وتووه‌كانمانی
پێ بێدار بكه‌ینه‌وه‌ ..
تیشكه‌ ڕه‌شداگه‌ڕاوه‌كانی ئارامی
له‌ تووله‌ڕێ و یـاڵ و به‌نده‌نان وه‌ربگرینه‌وه‌..

فرمێسكمان جۆگه‌ی
به‌سه‌ر ڕه‌شایی شه‌ودا ده‌به‌ست
شه‌به‌نگی خه‌مبار
له‌ جه‌ژنی گومانداراندا
ده‌نگوباسی ئه‌هلی دڵی ده‌گه‌یاند..
فرمێسك بكوژ بوون
ئه‌وه‌ی له‌و شه‌وه‌دا ڕشتمان
هه‌وای كۆنه‌پارێزی لێی دابوو
سێبه‌ری ئاگردانێكی كوژاوه‌ بوو
مه‌رگی ناوه‌ختی
له‌ تۆغیانی ژیاندا پێشانداین.

به‌ره‌به‌یانێكی سۆزانی ،
كه‌ دووكه‌ڵێكی ده‌قنه‌شكاوی ، خوێناوی ، بێ چاندی
لێ هه‌ستا
زرنگانه‌وه‌ی په‌رێشانی بوو
به‌ری ئاسۆی لێ گرتین ..
ئه‌وسا ،
مژده‌ ژه‌نگگرتووه‌كانی كاوبا
له‌ گۆشه‌ی جیا جیاوه‌
ده‌ستی له‌ ساویلكه‌ییمان ده‌گێڕا ..

ئیتر نه‌ما
دڵ ئاوێنه‌ی دڵ بێ.. نه‌ما
نه‌ما كچان
به‌ خۆیان و ملوانكه‌ ساده‌كانیانه‌وه‌
ئاینده‌یان
له‌ داڕژانی ئه‌ستێران ببینن
یا وانه‌یه‌ك
ته‌نێ وانه‌یه‌ك
له‌ بارانه‌وه‌ فێر بن..

هه‌ور ناناسینه‌وه‌..
باران ناناسینه‌وه‌..
یاده‌وه‌ریه‌كانمان،
به‌ خاڵه‌ سپییه‌كانی خه‌ڵوز ده‌بینین..

به‌ مه‌ته‌ڵێكی هه‌ڵنه‌هێنراو ده‌وره‌ دراوین
ئۆردووی خه‌یاڵبازان
كه‌ تارماییشیان نابینرێ
شه‌شده‌ری ڕوئیاكانمانیان
به‌ چڵی هه‌ڵچووی تاسان گرتووه‌
ئاگرمان پێ ده‌دروونه‌وه‌
فرمێسكه‌ قه‌تیسه‌كانمان پێ كون ده‌كه‌ن
پێخه‌فی به‌فرمان پێ ڕاده‌خه‌ن..
چه‌مكی سه‌رچڵیمان
به‌ چه‌ند تیكتۆكێكی بێ واز ، بێ ئاره‌زوو
تێده‌گه‌یێنن..

ئه‌وه‌ باڵانوێنی مرۆڤه‌ ئێستا
سه‌ر به‌ هاوینێكی پڕوكێنه‌ر
سه‌ر به‌ زستانێكی تووش
به‌ ئاوازێكی بابوێر
به‌ ختووكه‌ی پێده‌شت
به‌ مژده‌ خۆشه‌ هه‌ڵخه‌له‌تێنه‌ره‌كانی كاوبا.

سواڵی له‌باوكه‌وتن
پردی سه‌ر شه‌پۆله‌ سه‌رشێته‌كان ..
خه‌نده‌ی كه‌مه‌ندان..
جه‌نگه‌ی نوخشه‌لێدانی
به‌ژنی گه‌رداو..
ستاندنه‌وه‌ی ڕه‌ندایه‌تی..
سه‌ڵا و كه‌باری جاڕ و ڕیكلامان
كه‌ هه‌وا
له‌ ئۆكسجینی هه‌ناسه‌سوار وه‌رده‌گرن..
چه‌شه‌خوازیی زیندانان
شاڵاوی گیرسانه‌وه‌ و
ڕیتمی دادوه‌ری
له‌ ده‌ركه‌زایانه‌وه‌یه‌..

ئه‌وه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌
وه‌رزی ڕۆژه‌ڤ و
سارده‌كێل لێك ناكرێنه‌وه‌ ..
لووتكه‌ی چیایان
وێنه‌ی شاییه‌كی به‌ره‌واژ
له‌ بیره‌ نه‌وته‌ بۆگه‌نه‌كان داوێین..
به‌ تامی با
جه‌ربه‌زه‌یی ده‌رمانخواردوو..
ژیان
به‌ ئاوازێكی نه‌شازی شه‌یپوورێكی شكاو نه‌شئه‌دار..
وره ‌، بڕست ، جه‌ساره‌ت
به‌رده‌ستی ڕووهه‌ڵگرانه‌..
دونیای جوان
ژیانی جوان
سرووشتی جوان
گریمانه‌یێكه‌
به‌ قاڵبه‌سابوونێكی كۆڵێی جاران
سپێردراوه‌..

ئیتر هیچ له‌ هیچ ده‌خوازرێ..
(گوناه)ی گوناه
له‌به‌ر ده‌رگای مزگه‌وت و كه‌نیسان
به‌ ڕه‌ونه‌قێكی شكۆداره‌وه‌
ڕیزیان بۆ گوڵاڵه‌سووره‌ی
به‌ر په‌رچه‌می هێمنی به‌ستووه‌‌..
بێده‌نگی،
هه‌ڵایسانی بن بیره‌
ده‌بێ خوو
به‌ فشاری قووڵ و بێدیماهی
شه‌وه‌وه‌ بگرین..
هه‌وڵ بده‌ین بگه‌ڕێینه‌وه‌ ڕه‌حمی یه‌كه‌م
شه‌نگترین و
ئه‌مینترین ته‌لار..

ده‌سبه‌تاڵی،
بزه‌ی لاله‌زارانه‌
سه‌رسام..
مه‌ستتر له‌ مه‌ستی
له‌ شه‌خته‌ ساردتر
به‌دبینتر
له‌و په‌یمانانه‌ی
شانۆی پێ ده‌ڕازێنرێنه‌وه‌..
ڕه‌نگ له‌ ڕووان نه‌ماو
شه‌رمن
له‌ هه‌مان ئه‌و كاوبایه‌دا ده‌توێنه‌وه‌ ،
ساوی ڕه‌شه‌با ده‌ده‌ن..
خه‌رقه‌ی كازیوه‌ ده‌پۆشن
بۆ سه‌فه‌رێك
له‌ بازنه‌ی گێژه‌نێكی ڕه‌وان ده‌خوولێته‌وه‌،
ژیان و مه‌رگی
پێ كڕاوه‌ و فرۆشراوه‌..

شاخه‌كان هه‌ڵه‌یان كرد
كه‌ڕه‌نای میدیا
به‌رخه‌ل په‌رت و كۆ ده‌كاته‌وه‌..
ودمی به‌دنیهادی
شه‌هدی پێ ده‌كرێته‌ شه‌ره‌نگ
زه‌نوێر
له‌ سه‌ره‌مه‌رگدا
شه‌تاو ده‌ستیان به‌سه‌ردا دێنێ..

ئای له‌ زیخه‌ڵانی ئه‌و سنگانه‌ی
یاده‌وه‌ریه‌ ڕه‌شه‌كانی قووت دا
ژه‌نگی سه‌ر دڵه‌به‌ردینه‌كانی لادا
مه‌وسیمی باڵانوێن و كینه‌په‌ڕێنیان
بۆ كردین
به‌ بووكه‌به‌فرینه‌ی خه‌یاڵی نه‌خۆشیان..
هه‌یبه‌تیان
له‌ ئاهه‌نگێكی ئیرۆتیكی زڕدا
دایه‌وه‌ شه‌وی كوێر
كه‌ڵه‌شێری به‌ناوه‌خت
تیا بانگ ئه‌ده‌ن..
برینی تێدا ده‌كولێنه‌وه‌ ..

كه‌ڕه‌نای میدیا
سپتیتانكێكی بێ بنه‌
به‌ ڕه‌نگی په‌لكه‌زێڕینه‌ ده‌رده‌كه‌وێ
به‌ ده‌نگی شمشاڵ ده‌گاته‌ گوێ!!

ئای له‌و كلیلانه‌ی
له‌ ته‌نیشت دڵمان دانابوو
ئه‌و كلیلانه‌ی
داماننابوو
گه‌نجینه‌ی هیوای پێ بكه‌ینه‌وه‌..
هاتن بێباك
به‌ دڵه‌وه‌
خستیانه‌وه‌ ناو سه‌رابی كاوبا..
هێللانه‌ی باڵندانیان به‌ شیرازه‌یه‌ك ،
له‌ ئۆده‌ی بووژانه‌وه‌ كه‌وتبوو
كۆر كردنه‌وه‌ ..
بۆنی ڕه‌نگ و
خه‌ونی ئاوهه‌ڵدێرانیان كوشت..
به‌رده‌وام بوون
له‌ به‌رده‌وام بوون….

حوزه‌یرانی 2024




ڕۆچوون.. ستار ئەحمەد

ساتەکان ڕامدەکێشن
ڕۆژگار
دەست بەتەمەنمەوە ناگرێ
تاریکی بۆ بەژنم دەدوورێ
هێور هێور
بەژیانێکی دیکەم دەسپێرێ
بەتەواوی لەیادا ڕۆدەچم
لەهیچا مەلە دەکەم
دەست دەنێم بەڕووی ڕۆحمەوە
لەکەنارێکی دەربازبوون
چەند مۆمێک دادەگیرسێنم
بەستە بۆ ڕۆچوونی خۆم دەخوێنم
لەپاڵ هەر نسێیەکا
لەنێو دڵۆپەی هەنسکێکا
لەتاریکی یان پرشنگا
ژینی خۆم لەت دەکەم
بەردەوام سات دەڕواو
تینم کزۆڵیم دادەگیرسێنێ
بەنەمان و لەناوچوونی گیانی خۆم
ئاسوودەم و ئاهەنگ دەگێڕم
بەتەمای ڕۆژێکی جوانترم
حەز دەکەم ساتەکان زوو بڕۆن
لەپڕ لەکەندەڵانی گۆڕێکا
بۆ هەتایە پاڵم دەخەن
وەک شنەبا دێم و دەچم
کەس بیر لەنەمانم ناکاتەوە
شەوێک مردوویەک نایەتە سەردانم
بێ پشوو
ئاوو زادو با
لەزامی زەمین گیر دەبم
شیعر
گۆرانی
مۆسیقا
هونەرو وێژەم بیر دەچێتەوە
لەنێوانی گڕو گوڵا
چاوەکانم دەبڕمە نووری خودا
نەگریان
فرمێسکێک دەکاتە خەڵاتم
گوڵێکیش ناڕوێت
لەڕێگەی سەرساڵ و
جەژن و ئاهەنگ و پێشهاتم
بێسوودە
خودانی کتێب و
سامانی دونیابم
چیم هەبوو
ئاگرێک ساز ئەکەن
بۆ شادی و شەوانی بەراتم
سەری ساڵە
نەدارو ڕووتەڵەم
ئاگریش خۆی نادات
لەقەرەی ئاواتم

ستار ئەحمەد




گۆڤاری زمان و زار ژمارە ١٦

گۆڤارێکی زمانناسیی وەرزییە..

سەرنووسەر: فەرەیدون سامان
خاوەنی ئیمتیاز: د. تەها رەسوڵ

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ١٦ی گۆڤاری زمان و زار کلیکی ئێرەبکەن..




ئەنجومەنی پارێزگاکان : مۆنۆمێنتێک بۆ گەندەڵی و ڕێگریکردن لە کارکردن.. کۆژین بەهادین مەحموود

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کوردستاندا ئەرکە سەرەکییەکەى ناکات و لەبەرامبەردا گۆڕاوە بۆ سیمبولی هەڵخەڵەتاندن و گەندەڵی و بێبایەخکردنی ئاشکرای بەها دیموکراسیەکان. سەرەڕای یاساکان کە چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەبێت بکرێت، بەڵام لە ماوەی ٢٠ ساڵدا تەنیا دوو هەڵبژاردن ئەنجام دراوە- یەکێکیان لە ساڵی ٢٠٠٥ و ئەوی دیکەیان لە ساڵی ٢٠١٤، ئەم ئەنجومەنانە لەبری ئەوەی وەک دامەزراوەیەک کاربکەن کە خزمەت بە خەڵک بکەن، بوونەتە ئامراز بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکانى پارتی و یەکێتی ، بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی وەبەرهێنانە قازانج بەخشەکان بۆ سەرکردەکانیان و حیزبەکەیان.

ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی ئاسایی بە ڕێکەوت نییە؛ هەنگاوێکی حیسابکراوە لەلایەن نوخبەی دەسەڵاتدارەوە بۆ پاراستنی دەستگرتنیان بەسەر دەسەڵاتدا. ساڵانێک یاساکانی هەڵبژاردن بە بیانووی ئاستەنگى سیاسی و یاسایی هەڵپەسێردرابوون، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگری لە هەر ئەگەرێکی گۆڕانکاری دەکرد. ئەنجوومەنەکان کە مەبەست لێی دەزگای یاسادانانی ناوخۆیین، دەسەڵاتی خۆیان لێسەندراوەتەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. ناتوانن یاسا دەربکەن بۆ خزمەتى ئەو شارانەى کە دەبوو بەڕێوەى بەرن، ناتوانن بودجە بەڕێوەببەن و ناتوانن یاسا جێبەجێ بکەن. ئەوان تەنها بە ناوەوە بوونیان هەیە، وەک قەوارەیەکی بێدەسەڵات لە پۆشاکێکی دیموکراسی دێن و دەچن لە کاتێکدا بڕیارە ڕاستەقینەکان لەلایەن نوخبە حزبییەکانەوە دەدرێت.

نموونەیەکی بەرچاوی ئەم شکستەش، دۆسیەی هەڤاڵ ئەبوبەکرە، کە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەدەستەوەیە، کە زۆر زیاتر لە ماوەی یاسایی کە چوار ساڵە. لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستاش، تۆمەتەکانی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن بەربڵاو بووە لە نێو پارێزگاکەى و ئەو ئەنجومەنەى کە سەرپەرشتى دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە کە دەبوو لە دواى ئەو هەموو کێشانە ئەرکى بەرپرسیارێتى بنواندایە و دەستى لە کار بکێشایەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەو لایەنە سیاسییە دەکات کە ئەوی دامەزراندووە. ئەم جۆرە حاڵەتانە نائاسایی نین؛ بوونەتە بابەتێکى یاسایى !. پارتی و یەکێتی ئەو ئەنجومەنانەیان کردووە بە میکانیزم بۆ دەوڵەمەندکردنی تۆڕەکانی خۆیان و پاراستنی باڵادەستی خۆیان. وەبەرهێنان و سامانی گشتی و سەرچاوە ناوخۆییەکان بە توندی لەلایەن ئەم لایەنانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن و بەمشێوەیەش بوارێکی کەم بۆ شەفافیەت و لێپرسینەوە دەمێنێتەوە.

دەرئەنجامى ئەم کێشە ئیدارییە خەڵکی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایین. ئەنجومەنەکان کە بڕیار بوو حوکمڕانی لە خەڵک نزیک بکەنەوە، تەنانەت نەیانتوانیوە سەرەتاییترین بەڵێنەکانیش جێبەجێ بکەن. بێتوانایی ئەوان لە کارکردن وەک ئۆرگانی سەربەخۆ، متمانەی گشتی لە پرۆسەی دیموکراسیدا تۆراندووە. لەوەش خراپتر، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش کە لە ئێستا و ڕابردوودا نوێنەرایەتی هیوای هاووڵاتیانی ئاسایییان دەکرد، دواى بەرژەوەندییەکانى خۆیان کەوتوون تەنانەت کار گەشتۆتە ئەوەش زۆرکات ئەندامێکى حیزبێکى ئۆپۆزسیۆن لە بەرژەوەندى حیزبەکەى هەڵدەگەڕێتەوە و دواى بەرژەوەندى و کورسى و دەسەڵات دەکەوێت وەکو لە هەڵبژاردنەکانى کوردستاندا ئەندام پەرلەمانى دەرچووى حیزبى کۆمەڵى ئیسلامى (هێرۆ عەتار) دژى ویستى حیزبەکەى بەشدارى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى کوردستانى کرد و چەندین ڕەخنە و هەڕەشە بەدواى خۆیدا هێنا و کۆتاییەکەشى دوورخستنەوەى ناوبراوبوو لە حیزبەکەى و ئیستاش کورسییەکەى لە بازاڕى ڕەشدا دەفرۆشرێت بەو لایەنەى زۆرترین پارە بدات،لەمەوە دەرەکەوێت کە ئۆپۆزسیۆن ناتوانن تەحەدای پێکهاتە چەسپاوەکانی دەسەڵات بکەن.

بۆچوونى منیش وایە ,ئەم مەسخەرە نابێت بەردەوام بێت. ئەنجومەنی پارێزگاکان لەم دۆخەی ئێستایاندا گاڵتەکردنە بە دیموکراسی و خیانەتکردنە لە خواستەکانی خەڵک.هەروەها ڕێگریکردن لە هەڵبژاردن گەندەڵییەکى ئاشکرایە و قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە دەبێت کۆتایی پێبێت. خەڵکی کوردستان شایەنی ئەو دامەزراوانەن کە ڕێز لە سەروەری یاسا بگرن و پێداویستییە گشتیەکان لە پێش بەرژەوەندییە حزبییەکان دابنێن. پێویستە لە زووترین کاتدا هەڵبژاردن بکرێت.

کۆژین بەهادین مەحموود




ماڵباتێکی گەوهەرین.. نووسین و توێژینەوە: هۆمەر نۆریاوی

(لە بن نسێی کۆچە ئەبەدییەکەی دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی دا)

کلیلەوشە:ماڵباتی ئیبراهیمی،هیوا قادر،ئاوێر،شەپۆل،بەنی هەتوان،کورد
من بە تەنها دەمرم و مردن پێم دەڵێ:
پیاوە غەریبەکە ئەم ئێوارەیە گوڵێکم لێ بکڕە،
من دەڵێم؛دڵۆپە ئاوەکانی سەر پەڕەی گوڵەکانتم
پێ بفرۆشە،با تونیم نەبێ.
ئەفسووس من وەختم نەماوە بۆ کڕینی گوڵ.
(هیوا قادر،ل81)

پەیڤی بەرایی:
گەر بە نێو ڕووپەڕی دیرۆکی کورددا بگەڕێین،سەدان ماڵباتی خەمخۆر و گەلپەروەرمان پێ شک دێت کە هەر یەکە و لە گۆشە و سووچێکی نیشتمانەکەی کوردان یانژی لە تاراوگە و غوربەتەوە، سەرچاوەی ڕاژە و خزمەت بەرانبەر چاند و زمانی کوردی بوونە و هەوڵیان داوە زمان و کولتووری کوردی شانبەشانی زمان و چاندی نەتەوەکانی سەر ئەم گۆی زەوییە پێش بکەوێت و ناوی کورد و فەرهەنگەکەیشی هەردەم ناوێکی درەوشاوە و گەشی سەرزاران بێت. بەدرخانییەکان،جەلیلەکان،جەلیزادەکان،موکریانییەکان،موفتیزادەکان و موددەڕیسەکان،تەنێ ناوی چەند بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر دێتە ئەژمار کە بەختەوەرانە تا دێت نموونەیان زێتر دەبێت. ئەم کورتە نووسینە ئاوڕێکی کورت دەداتەوە لە ماڵباتێکی تا سەرئێسقانی گەلپەروەری دی هەر لەم پەیوەندییەدا کە ئەویش ماڵباتی “ئیبراهیمی”یە کە چەندان سیمای دیاری تێدا هەڵکەوتووە؛ سەرتۆپەکانیش بریتینە لە مامۆستایان “ئاوێر”،”شەپۆل”و”بەنی هەتوان”.
ماڵباتێک نغرۆی گەلپەروەری:
ماڵباتی ئیبراهیمی(مەلاسەعید ناسراو بە”ئاوێر”(2004-1932) ،محەممەدساڵح ناودێر بە “شەپۆل”(2018-1933) و محەممەد بە نازناوی “بەنی هەتوان”(2024-1947)،یەکێکی دی لەو بنەماڵە درەوشاوانەی نێو مێژووی کورد دێتە ئەژمار کە هەر هەموو تەمەن و ژینی خۆی بە گەلەکەی خۆ بەخشیوە و بەدرێژایی ساڵانی ژیان،زێترین خزمەتی بە ڕووبەری زانست،ئەدەب و ڕۆشنبیریی نەتەوەکەی خۆ کردووە.
ئەم ماڵباتە،سەرەڕای ئەوەی هەر یەکە و لە گۆشەیەکەوە لە هەوڵی بڵاوکردنەوە،پەرەپێدان و پێشخستنی زمان و فەرهەنگەکەی خۆدا بوونە،بۆ خاکەڕایی و ڕەوشتبەرزییش،ویردی سەرزارانە و هەنووکەیش ئەم نەریتە و خەسڵەتە بڵندەی بۆ نەوەی ئێستایشی گوێزتووەتەوە و هەر ئێستاکەیش ئەم ماڵباتە دەیان مرۆی گەلپەروەری تێدایە کە هەر کامە و لە ڕەهەندێکەوە لە پێناو پێشخستنی دۆزی نەتەوەکەی خۆدا خەبات دەکەن.
ماڵباتی ئیبراهیمی لە سەردەمێکدا پرسی هەرە هەستیاری پەروەردەی لە لا گرینگ دەبێت کە تا ئێستایشی لەگەڵ بێت،ئەم بابەتە بەبایەخە ئەوەند لە لای ئێمەی کورد ئاوڕێکی هەرەقەتی و ڕاستینەی لێ نادرێتەوە و هەرگیزیش نەبووەتە پەرۆشێکی سەرەکی. پڕ ڕوونە ئەو گەلەی ژێرخانی پەروەردەیی لاواز بێت،کەمتر دەتوانێت لە داهاتوودا لە بەری ڕۆشنبیریی نەتەوەکەی بچنێتەوە. هەر بۆیە تا چەندە بایەخی فرەتر بۆ پرسی پەروەردە دابنرێت،سبەی خاوەنی کۆمەڵگەیەکی خەمخۆرتر بەرانبەر چاند و زمانی نەتەوەکەمان دەبین.
ئیبراهیمییەکان لە ڕۆژگارێکی ئەنگوستەچاودا ڕێیان دەکەوێتە گەورەباژێڕێکی وەک تاران کە بە هەزارانمان پێ شك دێت شەرمیان لە ناسنامەی خۆ دەکرد و کوردبوونی خۆیان دەشاردەوە بەڵام گەورە و گچکەی ئەم ماڵباتە پاش تەمەنێکی دوور و درێژ دەڵێی هەر لە نێو چەقی نیشتمانەکەی خۆدا گەورە بوونە و پەروەردەیەکی تەواو کوردانە بە ئاکار و کردار و گفت و لفتیانەوە دیارە و بگرە هەر درێژەپێدەری ڕێگا و ڕێبازەکەی گەورەکانی خۆنە. هەر بۆیە پرسی پەروەردە ئەوەندە دەوری گرینگ دەبینێت. مرۆڤ کە شەرم لە زمانەکەی خۆ بکات،بێ سێ و دوو شەرم لە خودی نەتەوە و ناسنامەکەیشی دەکات و خۆیشی لە هەمبەر زمان و نەتەوەکانی دیکەدا پێ نزم و نەوی دەبێت. وەک نموونە ئاماژە بە مامۆستا شەپۆل دەدەم کە بەردەوام لە پێناو پێشخستن و گەشەپێدانی پەیڤی کوردیدا خەباتی دەکرد. جاری وایە لە مەتەرێزی ڕادیۆوە ئەو ئەرکەی جێبەجێ دەکرد و جاری دواتریش سەنگەری ڕۆژنامەگەریی کوردی هەڵدەبژارد و هەر ئەوەندە بزانین کە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979(1357ی هەتاوی)دووی وەرگرتنی مۆڵەتی بڵاڤۆکێکی کوردی دەکەوێت و گۆڤاری “گرشەی کوردستان” لە تارانەوە بڵاو دەکاتەوە. ئەم گۆڤارە هەر بە هەوڵی تاکەکەسیی ئەم مرۆڤە نەتەوەپەروەرە تا 9 (نۆ) ژمارەیەکی لێ دەردەچێت.
دوابەدوای ئەوەی لە نەوەدەکانی هەتاوی بەملاوە(2012) ڕووم لە شاری سنە نا،لە سای نزیکایەتی دەگەڵ بنەماڵەی مامۆستا شەپۆل لە تاران،هەر زۆر زوو دەگەڵ خودی دوکتۆر “محەممەد”ی برای و دوکتۆر شێرکۆی کوڕی مامۆستا محەممەد ئاشنایەتیم پەیدا کرد و ئەوەی چاوەڕوانیم دەکرد ڕاست هەر بە هەمان شێوە دەرچوو و ئەمانیش ڕاست نموونە باڵاکەی گەلپەروەریی و خاکەڕایین. لە دەیان کۆڕ و دانیشتندا دەگەڵ دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی لەسەر خەم و پەرۆشەکان پێکەوە بیر و ڕامان گۆڕیوەتەوە. لێرەوە پەی بەو گرینگە دەبەین کە هەر لە کەڤنەوە پەرۆشێکی سەرەکیی ئەم ماڵباتە،زمان و کولتووری نەتەوەکەی بووە و دوکتۆر محەممەدیش وەک گەورەکانی پێش خۆی لە هەمان پێناودا خەباتی کردووە؛هەر بۆیە ناوی هەردەم لە مێژووی کورددا وەک خۆری بەیان درەوشاوە دەبێت.

لە ئامێزی ژیاندا:
دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی ناسراو بە “بەنی هەتوان”،ساڵی 1326ی هەتاوی(1947ی زایینی)لە شاری مەهاباد لەدایک دەبێت. “محەممەد ئیبراهیمی محەممەدی”، برا بچووکی مامۆستایان دوکتۆر محەممەدسەعید ئیبراهیمی ناسراو بە ئاوێر و دوکتۆر محەممەدساڵح ئیبراهیمی ناسراو بە “شەپۆل”ە و بنەماڵەیەکی گەوهەرینە کە هەر لە کۆنەوە تا هەنووکە بۆ دڵسۆژی بەرانبەر نەتەوەکەی خۆ ویردی سەرزارانە.
نووسەر و توێژەر،دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی ،تەمەنێکی دوور و درێژ لە ڕێی وانەوتنەوەوە بووبوو بە سەرچاوەی خزمەت. ئەم کەسایەتییە خودان سەنگە،مامۆستای چەندان زانستگە بوو و تەمەنێک لەو ڕۆچنەیەوە خزمەتی چەند بوارێکی وەک فێرکاریی و پەروەردە،زمان و چاندی کوردی دەکرد.دەیان نووسینی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو بووەتەوە کە لەو بەینەدا دەکرێت ئیشارەت بدەینە “سیروان” و “ئاسۆ”.
ئەم نووسەرە خاوەنی چەندان بەرهەمی بەپێزی وەک “وارگەی مێژوویی کورد”،وەرگێڕانی گوڵبژێرێک لە “کتێبی کورد و کوردستان”ی “ڤاسیلی نیکیتین”(1960-1885) بۆ سەر زمانی کوردییە و،لە دەیان کۆنفرانس و کۆنگرەیشدا دەوری کارا دەبینێت.
ئەم مرۆ ڕۆحسووکە،نازناوی “بەنی هەتوان”ی بۆ خۆ هەڵبژاردبوو کە لەبەر خۆشەویستی بەرانبەر مەلا مستەفا بارزانی(1979-1903) خۆی بەو نازناوە ناودێر دەکرد چونکە بارزانیی نەمری بە باوکی مەرهەم و ساڕێژکەری برین و زامی کوردان دادەنا.
دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی هەر بە تەمەنی گەنجیی ئەو شانازییەی پێ دەبڕێت ساڵی 1979،لە کاتی ئەسپەردەکرانی تەرمەکەی بارزانیی نەمردا لە شاری شنۆ ،لەسەر گۆڕەکەی شیعر بخوێنێتەوە و تەڵقینی داداوە.
سەرەنجامیش لە دواڕۆژانی پاییزی ڕەنگاڵەیی نیشتماندا ڕۆژی چوارشەممە،28ی سەرماوەزی 2724(18ی دێسەمبەری 2024)لە شاری سنە کۆچی دواییی کرد و ڕۆژی پێنجشەممە،29ی سەرماوەزیش خاکی پیرۆزی نیشتمان بوو بە دواهەواری.
شاری سنە کە هەمیشە باوەشی بۆ گەلپەروەران ئاوەڵا بووە،بەوپەڕی میهرەبانییەوە ئامێزی لە ڕووی ئەم مرۆ خاکەڕایەیش کردەوە و لە بەشی هونەرمەندان و ناودارانی ئارامستانی بەهەشت محەممەدیی ئەم شارەدا ماڵۆچکەیەکی بۆ تەرخان کرا و تەرمەکەی بۆ هەمیشە لە باوەشی خاکی نازەنینی ئەم بەشەی نیشتماندا ستاری گرت؛لێرەوە ئەم کردە و هەڵوێستە بڵندەی دەستەی ڕێزنان لە ناودارانی کوردستان بەرز دەنرخێنم و ئەم هەنگاوەیان جێی پێزانین و دەستخۆشیی فرەوانە.
دەرەنجام: دیرۆک شایەتی ئەوە دەدات کە ماڵباتی ئیبراهیمی، یەک لە بنەماڵە هەرە ڕەسەنەکانی نێو کورد دێتە ئەژمار کە بەشی فرەی تەمەن و ژینیان لە پێناو بڵاوکردنەوە،پەرەپێدان و پێشخستنی زمان و چاندی کوردیدا تێپەڕیوە و ئەم نەوە،ئەم وانە گرینگەی بۆ نەوەی پاش خۆی گوێزتووەتەوە و هەر هەموو(گچکە و گەورە)بە بێ جیاوازیی ڕەگەز بۆ گەلپەروەری سەرتۆپن. ئەوەی لە نێزیکەوە ئاشنا بەم ماڵباتە نازەنینە بێت،دەزانێت پەرۆشێکی سەرەکیی لە لای بنەماڵەی ئیبراهیمی،پاراستن و پێشخستنی کولتوور و زمانی کوردییە بە گوێرەی سەردەم. خاکەڕایی،ڕەوشتبەرزیی و گەلپەروەری،سێ تایبەتمەندی هەرە دیاری نێو ئەم ماڵباتە گەوهەرینە دێتە ئەژمار.هەر بۆیە گەر ئاوڕێک لە تاکە تاکەیان بدرێتەوە،ئەو ڕاستییەت لە لا دەردەکەوێت وێڕای خۆتەیارکردن بە زمانی زانست،خەمخۆرییەکەیشیان بەرانبەر نەتەوەکەیان لە باڵاترین ئاستدایە. دیارە ئەم پرسە بۆ ژێرخانێکی بەهێزی پەروەردەیی دەگەڕێتەوە و ئەو ڕاستییەمان لە لا خویا دەکات تا چەندە لەسەر بنەمای پەروەردەیەکی کوردانە دەڕۆن و ڕاژە و خزمەتکردنی چاند و کولتووری کوردییان هەتا چەندە لە لا گرینگە. لێرەوە تێدەگەین لە لایەکەوە بارهێنانی زارۆک لەسەر بنەمای پەروەردەیەکی کوردانە و دواتریش گرتنەپێشی ڕێبازی زانستی بۆ بڵاوکردنەوە،پەرەپێدان و پێشخستنی چاند و زمانی کوردی لە لای ئەم ماڵباتە بەهەند وەرگیراوە. هەر ئەوەندە بڵێم کوڕ و کچی نێو ئەم بنەماڵە گرانقەدرە لە چەندان مەتەرێزی وەک دەروازەی زانست،وەرگێڕان،نووسین و میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی سەرقاڵ و مژولی ڕاژە و خزمەت بە زمان و کولتوورەکەی خۆن. ئەم ماڵباتە بە درێژایی تەمەن، هەردەم ڕووناکایی بۆ گەلەکەی بووە و لە هەر وشە، نووسین،ئاخاوتن و دەرکەوتنێکدا،تەنێ هەر یەک پەیڤ خۆ دەنوێنێت و بەس؛ ئەویش ناوی پیرۆزی “کوردستان”ە.

نووسین و توێژینەوە: هۆمەر نۆریاوی

ژێدەر:
• دیوانی هیوا قادر،چاپخانەی هاووڵاتی،2012،کوردستان
• باوکی خۆشەویستم،ماڵئاوا،نامەی دیاکۆ ئیبراهیمی بۆ کۆچی دواییی باوکی کە لەسەر قەبرەکەی لە لایەن ئازاد ئیبراهیمی(1979)،نووسەر و میدکاکاری ناسراوی کوردەوە خوێندرایەوە.
• کورتە باسێک لەسەر ژیانی مامۆستا مەلا سەعید ئیبراهیمی،ئازاد ئیبراهیمی،ماڵپەڕی هاژە،خاکەلێوەی 1401ی هەتاوی
• دوو چڵە نێرگزی نیشتمان و تەمەنێک خزمەت،هۆمەر نۆریاوی،دووحەوتەنامەی لووتکە،ژمارە 30،مارتی 2018

‎⁨لە ڕاستەوە: عومەر فارۆقی- محەممەد ئیبراهیمی- هۆمەر نۆریاوی- ئیبراهیم ئەحمەدی – ئیرەج عیبادی⁩.



هونەرمەند”نەسرین مەرجان” یەكەم ئافرەتی كورد بووە چۆتە كۆلێژی هونەر لە بەغدا.. ن- كامەران حاجی ئەلیاس

لە كوردستان زۆرێك لەبنەماڵەكان، دەبنە هاوكارێكی باشی نەوەكانیان بۆ ئەوەی بەحەزو ئارەزووەكانیان بگەن لەپێناویشیان قوربانی زۆریان داوە، ئەوەی مەبەستمە هەڵوێستەی لەسەر بكەم بەگشتی بنەماڵەیەكی هونەری دیاری،هەولێر و كوردستانە، ئەویش بنەماڵەی (مەرجان)-ە وە بەتایبەتیش هونەرمەند خاتوو (نەسرین مەرجان)-ە ئەو هونەرمەندەی وەكو یەكەم ئافرەت لە كوردستان بەمەبەستی برەودان بە هونەرەكەی لە ساڵی 1970 دەچێتە شاری بەغدا لە ئەكادیمای هونەرە جوانەكانی بەغدا دەخوێنێت..
سەرەتا پێمان باش بوو كورتەیەك لەسەر بنەماڵەی (مەرجان) باس بكەین، بابزانین نازناوی(مەرجان) چۆنە بۆتەپاشگری ناوەكەی نەسرین خان؟ مەرجان كێ بوو؟
(داپیرە) ی هونەرمەند نەسرین خان ناوی مەرجان بووە، لەبەر ئەوەی ئافرەتێكی سەلار و خان مان و بوێر و ڕچە شكێن و ئازابووە لەسەردەمی خۆیدا، لەبەر ئەو خەسڵەتانەجوانانەی نەنكی نازناوی مەرجان یان بۆ خانەوادەو بنەماڵەكەیان هەڵبژاردووە و تائێستا ناوێكی پرشنگدارە بۆ بنەماڵەی مەرجانەكان..
مام خدر مەرجانی باوكی یەكێك بووە لە هونەرمەندە میللییەكانی شاری هەولێر (زوڕناژەن، شمشاڵژەن و باڵەبانژەن ) ێكی بەناوبانگ بووە، بێگومان ئەو هونەرە بێ خەوش و شادی بەخشەی باوكی كاردانەوەی لەسەر هونەرمەند بووەو لەگەڵ هونەرەكەی باوكیدا ژیاوە و هەنگاوی بۆ داهاتووی ناوە.
مام خدر مەرجانی باوكی نەسرین خان لە زوڕناژەنین پیاوێكی مەعلان و ماقووڵی مەجلیسی هەولێرییان و خەڵكی دەوروبەرەكەی بوو، لەناو شار و لە دەشتی قەراج و كەندێناوە و موركیە و شەمامك و خۆشناوەتی تا دەگاتە دۆڵی ئاكۆیان و باڵەكایەتی بەناوبانگ و خۆشەویست و لەبەردڵان بوو، كەم شایی و زەماوەند و بۆنە بەبێ زوڕنایەكەی مام خدر مەرجان تێدەپەڕی، ئەو سەردەستەی پیاوە جوان و خواستراوەكەی مەجلیسی پیاوماقوڵان و بەگزادان بوو.
لەهەر گۆشەیەكی ماڵدا كتێب بوونی هەبوو بێت واتە چرایەك بۆ هەمیشە داگیرساوەو دەدرەوشێتەوە، ئەم بۆچوونە بۆ ئامێرەكانی مۆسیقاو تابلۆی هونەری هەروایە، كەواتە بوونی ئامێرە بەجۆش و هەست بزوێنەكانی وەك ( زوڕنا و شمشماڵ و باڵەبان) بوونی تابلۆی هونەری لەناو خانەوادەكەی نەسرین مەرجان دا وەك چرایەكی گەش بوون هەموو كات ڕۆشنی بەدڵ و هەستی نەسرینی منداڵ و مێرمنداڵ بەخشیوە.
هونەرمەند نەسرین خدر مەرجان لە لە 10-6 1947 شاری هەولێر لەدایك بووە قۆناغەكانی خوێندنی وسەرەتایی و ناوەندی وئامادەیی هەر لەم شارە تەواو كردووە،بەهاندان و پاڵپشتی بنەماڵەكەیان بەتایبەتی هەردوو براكەی هونەرمەند واحید مەرجان و هونەرمەند یەحیا مەرجان وەك یەكەم ئافرەتی كوردلە كوردستان بەمەبەستی خوێندنی زانستی هونەری لە ساڵی 1970 دەچێتە ئەكادیمیای هونەرجوانەكانی بەغدا بەشی شێوەكاری لە لقی نیگار وەردەگیرێت، چوارساڵی خوێندن بەكارامەیی تەواو دەكات، لەوماوەی خوێندنی لە نێو ئەكادیمیا و دەرەوەی ئەكادیمیا بەشداری چەندین چالاكی هونەری كردووە.
هونەرمەمەند نەسرین مەرجان لەماوەی ژیانی هونەری خۆی بەشداری چەندین پیشانگەی شێوەكاری كردوە یەكەم پیشانگەی هاوبەشی لە شاری بەغدا لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی كورد بووە لە بارەگای ئاژانسی دەنگ و باسی عێراق لەژێر چاودێری سیاسەتمەداری كوردی كۆچكردوو سەیدا (ساڵح یوسفی ) بووە، هەر لەساڵی 1973 وەك ئەكتەر بەشداری چەندین زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی كردووە، لە بۆنە نیشتمانییەكان بەشداری كارای هەبووە، بەتایبەتیش یادەكانی نەورۆز لەشاری بەغدا.
نەسرین خان وەكو پێشكەش كارێكی لێهاتوو لە ساڵی 1973 بەرنامەیەكی هونەری بەناوی (جیهانی هونەر) پێشكەش دەكرد،كەبەرنامەیەكی هەفتانە ی تەلەفزیۆنی بوو،لەهەمان كاتدا بۆماوەیەك وەكو بێژەر لە رادیۆی كوردی بەغدا كاری كردوە.
دوای ئەوەی ئەكادیمای هونەرەجوانەكان تەواو دەكات لە ساڵی 1976 دەگەڕێتەوە،شاری هەولێر یەكەم پیشانگەی تایەبەتی خۆی لەقوتابخانەی ئەیوبیە دەكاتەوە لەپیشانگەیەكەدا (30) تابلۆی زیتی و ئاوی نمایش كرد،لە ساڵی 1982لەگەڵ كۆمەڵی لە هونەرمەندان، بەشداری پیشانگەی پۆستەرات كردوە، هەروەها بەشداری چەندین چالاكی هونەری،لەرێگەی یەكێیەتی ئافرەتانی كوردستان و سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان كردوە.
هونەرمەند نەسیرین خان لەساڵی 1983 دەگوازرێتەوە بۆ شاری دهۆك لەوێش لەگەڵ هونەرمەندانی دهۆك لە چالاكی هونەری بەردەوام بووە،لەساڵی 1983 لە بەرێوەبەرایەتی چالاكی قوتابخانەكان بەشداری پێشبركێ (پۆستەرات)ی پارێزگای كردوە،هەر لەشاری دهۆك لە ساڵی 2004 پیشانگەیەكی تایبەتی خۆی لە هۆڵی (شەهید سەلمان) كردۆتەوە، 35 تابلۆی خۆی نمایش كرد.
هونەرمەند نەسرین خان بۆماوەی 7ساڵ مامۆستا بووە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی دهۆك، ئەندامی كارای سەندیكاری هونەرمەندانی كوردستانە، دوای خانەشین بوونی گەڕاوەتەوە شاری هەولێر لە ئێستادا خۆی ئامادە دەكات بۆ كردنەوەی پیشانگایەكی تایبەت.
شایانی باسەخاتوو نەسرین خان منداڵەكانیش هەمان رێچكەی هونەری ئەویان گرتووە ،دوو كوڕی هەیە بە ناوی ( یونس) كەدەرچوی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی هەولێرە بەشی شێوەكاری ودەرچووی كۆلێژی هونەرە جوانەكان بەشی سینەما وە (یوسف) ئەویش دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی هەولێرە بەشی شێوەكاری.
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لەم بەرێزانەی خوارەوە وەرگتووە:

  • واحید مەرجان ئەو هونەرمەندەی نیو سەدەی تەمەنی بەهونەر بەخشی جەمال دەلاك.
    -پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هونەرمەند هۆشیار مەرجان .
    -پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ تابان خان .



ئەنادۆل.. پشکۆ ناکام

…..ئەمساڵ بەرەو ئاوا بوون مل ئەنێ ، گەر بمانەوێ لەم ساڵەیا بە دوای ووشەیەکا بگەڕێین کە لە هەموو وشەیەکی تر زیاترو زیاتر بەکار هاتوە لە ووتار و خۆپیشاندان و سایت و سۆسیال میدیا و تەنانەی لە مقۆمقۆی بەینی هەولێر و بەغا و تەسریحاتی لایەنەکان” بە مولحید و ئیسلامییەکانەوە” خۆ ماندووکردنی ناوێ کە ئەو وشەیە”مووچە”یە..زۆرترین وسەی خەڵکی لەسەر بوە زۆرترین قسە و لێدوانی خوا پیاوەکانی بەناو هەرێمیش هەر لەسەر مووچە بوە ،بەڵام هەردەم بە ڕەتکردنەوەی ڕاستییەکان و : “کالعادة”چەواشە کردنی خەڵک بە گشتی و مووچە خوراوەکان بە تایبەتی ، باس کردنی مووچە وامان لێئکا بە توانجەوە بڵێین مووچە گرنگ نیە !! حکومەت گرنگە!! خەڵک بە مووچەشەوە قابیلی نەمانە ،بەڵام حکومەتێک وەک ئەمەی هەرێم کە قووت کراوەتەوە لەبەر دەممان ڕەنگە بە دوو سێ قەڕن پەیا نەبێتەوە لە داوێن پاکی ! و نیشتمان پەرەوەری ! و مێژوو بێ گەردییەوە ! ئەم حکومەتە کە لە دونیایا هاوتای نیە و نابێ “ لم یلد و لم یولد” دوای ڕووبارێ خوێن دروست بوە و سێ چوار ڕووبار قووت و داهات و گیرفان و مافی ئەو خەڵکەی هەڵ لۆشیوە و خەشنۆش کردوە ، دوای سەد ساڵ ! خەبات هاتۆتە سەرکار و سێ چوار سەد ساڵێک کوردی بردوە بۆ دواوەوە، ئەم حکومەتە “ بێ حوکمە” کە لای باکور و ڕۆژهەڵاتەوە دۆمینەیی لەسەر کراوە و دوا جار بە ٣٩ خاڵ بۆ ئەم و ٢٦ خاڵ بۆ ئەوی تر یارییەکە قەپات و هیچ بەدەستەوە تەواو بوە و پولە زیاەکانیش بەسەر هەردوو لا دابەش کراوە ، حکومەتێکی وا بێ دەسەڵات بۆ هەموو پرسێک ئەبێ “هەلاو قارداش” و “ هەلەو ئاغا”ی تێبکەوێ غەمی چەن شت بخوا؟کامی باشترە والییەکەی هەولێر مووچە بخوا..ببورن مووچە دابەش بکا یان نەچەمێتەوە؟ ئەم حکومەتە نایەوێ جارێکی تر وەک “ێاش بەتاڵ “ بۆ کەس بچەمێتەوە ، قیرسیا با ڕووبارە خوێنەکە ببێ بە : ڕووبارێ مەعیدە”.. جگە لەوەش خەڵک ئاگای لەوە نیە ئەم حکومەتە مەسرەفی چەن زۆرە ،هەر تاکسییەکی عادی بزانە مەسرەفی چەن زۆرە جا وەرە وەرە سەر حکومەت کە هەر سەرۆکەکەی ! سی سەیارەی وا بە دواوە بۆ ئەوەی پارێزراو بێ و نەچەمێتەوە جگە لەوەی ئەو سەیارانە وەک تاکسی نەفەر هەڵناگرن..

ئەی گەر ئەو نەوتە وشکی کرد حکومەتی “ نا “ چەمیو مووچە چۆن دابەش بکا ؟ئەو کاتە مەگەر بە خێری دراوسێکان “قورمە سەبزی” و “ دوێنەر- گەص” دابەش بکا..[ بۆ نەگبەتی دوێنەر لە درۆینەوە نزیکە ]..ئەم حکومەتە ئەیەوێ خەڵک لەسەر ئەوە ڕابێنێ گەر خوا نەکردە خلیسکا و چەمایەوە و معاش نەما بتوانن خۆ ڕاگر بن و شۆڤینییەکانی بە غا دڵخۆش نەبن و بزانن بێ مووچەیی نامان چەمێنێتەوە ،هەر چەمایشینەوە ئامادە بین ساحەکە چۆڵ بکەین ، دوێنێ ووتمان : لەبەر ئەوەی ئێمەش “ئاریا”ی ین، ئەمجارە ئەڵێین : لەبەر ئەوەی ئێمەش “انادۆل” ین…




تێسلە و ئاوی شێخی باڵەک.. چیرۆک.. دیدار مەسیفی

ئێوارەیێکی خۆڵەمێشی بوو! برازایە جوانەکەم ئۆتۆمبێڵە ئۆدییە سپییەکەی لە پێش دەرگای ماڵی خوشکە گچکەکەم ڕادەگرێت و بلەز پەنجە بە زەنگی سەر دەرگاکەوە دەنێت. دواتر یەک چرکەیش لە چاوەڕوانی کرانەوەی دەرگاکە نامێنێتەوە و مینا پاڵەوانی فلیمی ئەنەمیەشن و بەناوبانگی سۆنیک بە خێرایی دەگەڕێتەوە سەر کورسی شوفێری. خوشکم دەڵێت لەوەتەی منی نەبینووە ئەم برازایەیشی نەبینیووە!

  • من لەوسەری دونیا دەژیم و هەر دە ساڵ و جارێک بۆم ڕێک دەکەوێت، بگەڕێمەوە لاتان!؟ کەچی خوشکێ، ئێوە هەمووتان لە یەک شار دەژین و دەبێت سوپاسگوزار بن کە نەخشەکەی شێوەی بازنەیی هەیە.
    هەستمکرد خوشکە زرنگەکەم بە چاکی لە مەبەستی بەکارهێنانی وشەی بازنە لە نێو ئاخاوتنەکەم نەگەیشت و بە هەندیشی وەرنەگرت. لێ دەتگوت هەر لە بنەڕەتەوە و بە شێوەیێکی خۆنەویستانە من ئەم وشەیەم بۆیە بەسەر زاردا هات بوو هەتا هەر گەیشتمە سەر کورسی پێشەوەی ئۆتۆمبێڵەکە، یەکسەر بە گویێ برازایەکەمیشیدا بچرپێنم، بەو پێیەی ئەو ئەندازیارە زووتر لە مەبەستەکە دەگەیشت کە شێوەی بازنە هەمیشە ماوەکان کورتتر دەکاتەوە.
    برازایەکەم دەنگێکی گەلێک شیرین و سۆزداری هەیە و دەشێت لە یەک کاتدا بە چەند شێوە ئاوازی دەنگی بگۆڕێت. جارێکیان بەر لە گەڕانەوەم بۆ زێدی شیرین، بۆ شت کڕین بۆ دەرەوە چووم و هەر کە ئۆتۆمبێڵەکەم لە گۆڕەپانی فراوانی مۆڵێکدا ڕاگرت، زەنگی پەیامێکم لە ئایفۆنەکەم گوێ لێ بوو. من هەمیشە ئارەزوو دەکەم گیرفانێکم لە نزیکی پێیەکانم هەبێت و ئایفۆنەکەمی لێ دابشارم. بەو نیازەی دەستم بە درەنگی پێی ڕابگات و، ئایفۆنەکەیش بە سانایی بۆی نەلوێت زوو زوو بە خۆیەوە مژووڵم بکات و لە ژیانی ڕاستی دابمڕێنێت.
    لەو کاتەی پەیامەکەم بۆ هات شەو بوو و هەر کە لەسەر ڤایبەر کردمەوە گوێم بە گۆرانیێکی ناوازەی مەم ئارارات پڕ بوو کە دەڵێت: “شەڤ بوو ستێر لە ئاسمان، د لەرزە بایێ پشت چیایان!” تاوێکی درێژ لە نێو ئۆتۆمبێڵەکە مامەوە و بە گەردێک بۆم ئاشکرا نەدەبوو لەوەی دەنگەکە دەنگی مەم نەبوو بەڵکە هی برازایەکەم بوو! ئیدی ڕوندک بە چاومدا هاتە خوارەوە و یەکسەر پەیامێکم بۆی نووسی کە هەرگیز لەو بەهرە شیرینانەی بێبەشـم نەکات.
    لە سەروەختی گەڕانەوەمدا من هەتا ئەو کاتە لە سەنگەری خوشکە گچکەکەم مامەوە کە هێشتا ئەو برازایەمم جارێکی تر لە نزیکەوە و بە تەمەنێکی گەورەتر نەبینی بوو! هەرچەندە ئەو ڕووخسارە پاکیزەکەی هەڵەتی منداڵی پێوە مابوو، لێ بەژنی زراڤ و درێژی وەها گەشەی کرد بوو بۆنی وەرزی بەهاری لێ دەهات. لە نێو ئۆتۆمبێڵەکەدا زۆر ئەستەم نەبوو بەژنی برازایەکەم بە پێوانێکی نادیار بخەملێنم، بە تایبەت لەو کاتەی کورسی شوفێری گەلێک لەوەی من ماوەی خوولەکێک لە سەری دانیشتبووم، بەرەو پاش بردبوو. بە دڵمدا نەهات پێی بڵێم کە بۆچی لە ئۆتۆمبێڵەکەی نەهات بووە دەرەوە، چونکە هەر لە سەرەتاوە گەرەکم شتەکەی بۆی پینە بکەم و بڵێم لەوانەیە پەلەی بوو بێت و پێی خۆش نەبوو بێت لە کۆڵانە جەنجاڵەکدا لە یەک-دوو خوولەک پتر بمێنێتەوە.
    برازایەکەم زۆر لە مێژ نەبوو هاوسەگیری کردبوو و زانیبووم کە گورانی (ئەهواک- واتە خۆشمدەوێت) کتومت وەک عەبدولحەلیم حافز دەچڕێت. بە دانیشتن لە ماڵە خنجیلانەکەیان نەمویست شتەکان تێکەڵوپێکەڵ بکەم، لەو کاتەی بابەتەکانی لە ماڵی خوشکەکەم باس کران نێوانی زەوین و ئاسمان جوداییان هەبوو لەگەڵ ئەوانەی ماڵی ئەو برازایەم.

خوشکە گچکەکەم لە چاو من تەمەنی زۆر گەورە نەبوو، لێ بابەتەکانی گفتوگۆی هەر هەمووی هی نێو دڵی منیش بوون. بە تایبەت لەگەڵ هاتنی دەنگی شیرینی حەسەن سیساوەیی لە تیڤییەکەی سەر مێزەکەی ژووری دانیشتن، ئەو بە ڕژدی و بە بزەیێکی جوانەوە پێداگری لە بەکارهێنانی وشەگەلی لەمەڕ سەردان، میوان، جیران، ژیان، و باوان و هتد دەکرد و لە نێو ئاخاوتنە جوانەکانی هەمیشە دوو پاتەی دەکردنەوە.
دوای نزیکەی بیست خولەک گەیشتینە ماڵی برازایەکەم کە لە باڵەخانەیێکی کۆنکریتی بیست و پێنج نهۆمی دەرەوە و باکووری شار بوو. هەر لە دەرگاوە بەر لەوەی لە برازایەکەم زووتر پێم بخەمە ژوورەوە، بارەکەم بە تەواوی و بە سەد و هەشتا پلە بە پێچەوانەی ماڵی خوشکەکەم دیت. بۆ نموونە تیڤییەکە بە دیوارە بوو و دامرکا بوو، دەتگوت لە تەمەنییدا بۆ چرکەیێکییش هەڵنەکراوە.
ئیدی هەمووی پێنج خوولەکی تر تێنەپەڕی کە خۆمان لە نێو بابەتەکانی گفتوگۆ و ئاخاوتنی سەر مێزی نان خواردن بینییەوە. دەبێت بڵێم پێداگری برازایەکەم لەسەر وشەگەلێک بوو کە هەمان کێشی زمانەوانی وشەکانی سەر زاری خوشکەکەمیان هەبوو، لێ ماناکانیان دوورترین پێوەندیان بەوانەوە هەبوو. لە ماڵی برازایەکەم وشەگەلی وەک ئایفۆن، درۆن، ئەمازۆن و بیت کۆین و هتد، دەهاتنە نێو گوێم و لەو جارەدا تیپی (نوون) لە کۆتایی هەر وشەیێکدا بە دوو نووکە تیژەکەی (N) هوروژمیان بۆم دەهێنا. لێ، لە دەرەوەی گشت باسوخواستەکاندا، من هەرگیز نەمدەتوانی داوەری بکەم و یەک گەرد لە خۆشەویستی نێو دڵم بۆ هەر یەکێک لەو هەردوو ئازیزەم لە دەستبدەم.
برازایەکەم کەسێکی هێندە ڕێزدار و ئارامە ئەگەر باسی ئەهریمەنێکیشی هێنابووایە گۆڕێ، لە پێش چاوانت بە جوانی دەردەکەوت. دوا جار بەر لەوەی ماوەی گەڕانەوەم بۆ ماڵی خوشکم نزیک بێتەوە و ماڵە خنجیلانەکەیان بەجێبهێڵم، برازایەکەم بە شێنەیی هات لە تەکم دانیشت و تراکی ڤیدیۆیێکی کورت و گەلێک سەرنجڕاکێشی پێ پێشان دام. هەرچەندە لە سەرەتادا مەبەستی گرتە ڤێدیۆیەکە ئاشکرا نەبوو و دیار نەبوو کە لە بارەی چییە، بە تایبەت لەو کاتەی زوومی کامێرا یەک لە دووی یەک چەند کەلوپەلێکی تەکنەڵۆژی سەردەمی نوێ بەسەر دەکردەوە و پێشیانی دەدا. من خۆشییم لە سەیرکردنیان نەدەبینی و وەهام دەزانی شێوەیێکە لەو ڕیکڵامە بێتامانەی نێو شاشەکانی تیڤی کە هەمیشە گەرەگیانە هەرچی زووترە جوانییەکانی ژیانی کوردەواری بکوژن و لە نێوی ببەن. لێ، لەو کاتەی ڤیدیۆکە بە کۆتا هات، من نەمتوانی خۆم لەوە بدزمەوە و چەپڵە بۆ ئەو دەستە لێ نەدەم کە بیری لەو داهێنانە کردبووەوە و وەها بە جوانی بیرۆکەکەی داڕشتبوو.
وێنەی نیکۆڵا تێسلەی زانا بە هۆی کۆمەڵە کەلوپەلێکی ئەلیکترۆنی وەها بە شێوەیێکی سەیر و ناوازە بەرجەستە بوو و دروستبوو، چاوی هەر کەسێک بووایە لە ئاستییدا مات و ئەبڵەق بەجێدەما. وێنەکە وەهای لە مرۆ دەکرد لە گومانی خێرا کەمێک شێنەیی بنووێنێت و هەمیشە لە چاوەڕوانی دەرئەنجام بمێێنێتەوە، وێجا بڕیاربدات. ئیدی بە سەیرکردنی هونەر و وێنە ناوازەکەی تێسلە، وشەگەلی باوی سەردەم کە کاتژمێرێک زووتر لە زاری برازایەکەم دەرچوو بوون و ژاوەژاوێکی سەیریان لە زەینمدا دروست کرد بوو، لە فشار هێنان دەکەوتن و ڕەوتی دانیشتنەکەیش بەرەوە ئاقارێکی بەرفرەتر دەچوو.
من بۆ ماوەیێکی درێژ لە دیمەنی تێسلە ڕادەمام و لە دوا گۆشە نیگایەوە وێنەکە کتومت وەک فۆتۆگرافێکی بریسکەدار و ڕوون و ڕاستی خۆی دەنوواند. لێ لە هەمان کاتیشدا بەشێک لە زەینم بە کونوکەلەبەری ژیانی گوماناوی ئەم زانایە بەدبەختە گوزەری دەکرد و هێندێک شتی وەبیر دەهێنامەوە کە لەو ساڵانەی دوایی و لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی لە پڕی ناوی تیسلە خوێندبوومەوە.
دەڵێن تێسلە پیاوێکی بەژن درێژ و گەلێک ڕێک و پۆشتە بوو. بە کەمدوویی و ڕێزداریێکی بێوێنە ناسراو بوو و گەلێک جارانیش خۆشی لە گاڵتەوگەپیش بینیووە. ئەو سەرباری زرنگی و داهێنانە مەزنەکانی، دوا ساڵەکانی ژیانی لە دوورەپەرێزیێکی سەیر بەڕێکرد. هەتا لە زستانی ساڵی ١٩٣٧ لەو کاتەی لە هۆتێڵەکە دەردەکەوێت بۆ ئەوەی بەرەو کاتێدرال بڕوات و وەک دوا ئارەزووی ژیانیشی، دانەویڵە بە کۆترەکان بدات، ڕووداوێکی گوماناوی بۆ پێش دێت. تێسلە هێشتا دوو یان سێ کۆڵان لە هۆتێڵەکە دوور نەکەوتبووەوە و لەو کاتەی دەیەویست لە شەقامەکە بپەڕێتەوە، ئۆتۆمبێڵیکی تاکسی خۆی پێدا دەکێشێت و بەرەو ئاسمان بەرزی دەکاتەوە و دواتر بە زەبر فڕێی دەداتەوە سەر زەوی. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا تیسلە پشتی دەچەمێتەوە و زیانی زۆری پێ دەگات، هەروەها سێ پەراسووی دەشکێن و گەلێک برینیش هەتا مردنی بە نەزانراوی لە نێو لەشییدا دەمێننەوە. چونکە تێسلە بە هۆی گۆمانەکانی بۆ ئەو ڕووداوە و گەلێک ڕووداوی دیکەی پێشتری ژیانی لە نیویۆرک، هەموو چارەسەریێکی پزیشکی ڕەت دەکاتەوە. ئیدی ئەو بە لەشی هەپڕون و پیری بۆ هەتا سەر خۆی لە ماڵەکەی لە ژووری ٣٣٢٧ ی هۆتێڵ نیویرۆکەر دەئاخنێت و چیدیکە جارێکی دیکە پێ نانێتە دونیای دەرەوە.
لە حەفتەمین ڕۆژی مانگی یەکی ساڵی ١٩٤٣ و لە دوای پێنج ساڵ لە ڕووداوەکە، کارمەندێکی ژنی هۆتێڵەکە بە ناوی ئەلیس گوێ بەو ئاگادارینامەیە نادات کە تێسلە ماوەیێک بوو بە سەر دەرگای ژوورەکەی هەڵواسیبوو (تکایە بێزارم مەکە!)، دەچێتە ژوورەوە. ئەلیس لە ژوورەوە هەست دەکات بۆنێکی ناخۆش و دژوون لە ژوورەکەدا پنگاوەتەوە. بەڵام لەو کاتەی نیگای چاوەکانی دەکەونە سەر تەختی نووستن و تێسلە بە مردوویی دەبینێت، ژنە یەکسەر هاواری لێ هەڵدەستێت و بۆ دەرەوە ڕادەکات.
دوای ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەری هۆتێێڵەکە پۆلیس و ئەندامانی ئێف-بی-ئای و کەسانی پسپۆڕی دیکە وەژوور دەکەون و تەرمەکە و گشت شتەکانی نێو ژوورەکە لوول دەدەن و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن. ئیدی لەو ڕۆژەوەڕا ناوی تێسلە دەبێت بە مێژوویێکی تەپس کراو و ژیان و مردنی و کارە مەزنەکانی تەنێ لە بازنەیێکی بچووک و نەزانراودا دەمێنێتەوە.
دوای هەشتا ساڵ لەو کاتەی ئۆتۆمبێڵێکی پاتری و زیرەک بە ناوی تێسلە بە جادە و شەقامەکاندا گوزەر دەکات، بە دەگمەن کەسانێک هەن بەوە بزانن کە ڕۆژگارێک مرۆڤێک بەم ناوە هەبووە و ژیاوە. بەڵێ، ئەو زانایێکی بەرپرسیار و تاکانە و گەلێک زرنگ بوو، لێ هەمیشە وەک مرۆیێکی بەختنایار و نیگەران ژیا! تێسلە بە درێژایی ژیانی هەرگیز هاوسەرگیری نەکرد و وتەیێکی باوی هەیە کە دەڵێت داهێنەر هەرگیز نابێت هاوسەگیری بکات! ئەو مرۆیێکی مەزن بوو کە ڕووداوی ئۆتۆمبێڵ دەیکوژێت و دوای تێپەڕینی نزیکەی سەدەیێکیش مۆدێڵی ئۆتۆمبێڵێکی پاتری ناوازە و گران بەهای بە ناو دەکرێت.
بۆ شەوی دواتر من لە ماڵی خوشکە گەورەم دانیشتبووم و بیرم لە بەرواردکردنی بابەتی نێو ماڵەکان دەکردەوە. لەم سەردەمەدا بە هۆی هەبوونی پێگەی سەرەکی شاشە هەموو شتێک پچڕان و پارچەبوونێکی سەیری تێکەوتووە و، بە دیدی من شتەکان هەرگیز بە دەست و وشەکانی سەر زاری خوشکە گچکە و زیتەکەم کۆ ناکرێتەوە. تراکە ڤیدیۆکەی تێسلە کە برازایەکەم ڕۆژێک پێشتر بە میهرەبانییەوە پێشانی دابووم، دەتگوت زادەی ئەم نیگەرانییە بوو کە مرۆ هەنووکە بە بێ ئامێرێکی تەکنەلۆژی وەک ئایفۆن هەرگیز بە سانایی وێنە گەورەکەی هیچ شتێکی وەچەنگ ناکەوێت.
ماڵی خوشکە گەورەکەم وەک نەریتێکی دەیان ساڵە ئاوی شێخی باڵەکیان لێ نابڕێت. لێ، ئەوەی شیاوی باس و نیگەرانییە لەو سەردانە ئاوەکە لە نێو پەرداخێکی پلاستێکی گچکەدا کۆت و بەند کرابوو. هەروەها هاوشیوەی ئەو جۆرە مارکانەی پەرداخی ئاو بوو کە لە سەردەمی کورت کردنەوەی ڕۆژی تازیە لە هۆڵی مزگەوت و ژێر چادرەکاندا دابەش دەکرێن و پاشان لە دەرەوە وەک گردی لە نایلۆن کەڵەکە دەبن.
لە ڕۆژی گەڕانەوەمدا بۆ زێدی شیرین، باو و بارانێکی وەها بوو کە دڵۆپەکان بە لێشاو لەسەر بان و شەقامەکاندا هەڵدەبەزینەوە و شوێنی ئۆتۆمبێڵانیان بە تەواوی داگیرکردبوو. هەورە خۆڵەمێشییەکانیش هێندە تووڕە و تووش دیار بوون و بە هیچ شێوەێک ڕوون نەبوو کەنگی ڕوویان سپی بکەنەوە. هاوڕێیەکم چەند مانگێک بوو کیژە گەورەکەی بە فەرمی بڕاوانامەی پارێزەری وەرگرت بوو و، ئەویش دوو یان سێ ڕۆژە لە پاداشتدا ئۆتۆمبێڵێکی تێسلەی سپیی بۆ کڕیووە.

  • دڵدار، بەیانی باش! من ئێستا بە تێسلەکەی هەڵاڵە دێم بۆ بەر دەرگای ماڵەوە و دەتگەیێنم بۆ مەتار (فرگە)! پێم خۆشە لە نێو هاوڕێیان تۆ یەکەم کەس بێت لە کورسی پێشەوەی تێسلەکەمان دابنیشیت.
  • بەیانی باش، ئارام! زۆر سوپاس. بەڵام پێویست ناکات تۆ ئەزیەت بکێشیت و لەو دوورییەوە بێیت. من کە گەڕامەوە هەڵبەت ڕۆژێک هەر ڕێک دەکەوێت پیاسەیێک بەو ئۆتۆمبێڵە بکەین. پیرۆزبایێکی دووانە لە کیژە جوانەکەت دەکەم!
  • نا، من بەڵێنم بە خۆم داوە و لەم ڕۆژە باشتر نییە بێم بە دواتدا!
  • زۆر باشە، کاتژمێر ١٠:١٠ لەبەر دەرگا چاوەڕێت دەبم!
    لە ماڵی برازایەکەم بیرم لە ساتەکانی دانیشتم لە نێو تێسلە ڕەنگ سپییەکەی هەڵاڵە دەکردەوە و سەردەمێکی کەمێک جوان و لە هەمان کاتیشدا گەلێک ترسناکم دەهاتە پێش چاو. بە تایبەت لەو ڕۆژگارانەی بە ئۆتۆمبێڵە کۆریاییە شڕەکەم بە ئۆتۆبانەکە بۆ سەر کار دەچووم و دەگەڕامەوە و لە پڕ ئۆتۆمبێڵیێکی تێسلەی بێ شۆفێر بە لەنجەوە بە لایێکمدا ڕەت دەبوو. ئۆتۆمبێلە تێسلەکە سەرنجی بە جۆرێک وێڵ دەکردم و وەهای لێم دەکرد لە هەموو شتێک بترسم. گەلێک جارانیش ئۆتۆمبێڵی تێسلە شۆفێری تێدا بوو، بەڵام پاڵی دابووە پشتەوە و بە شێنەیی ڕۆژنامە یان کتێبی دەخوێندەوە. من هەردوو دیمەنی خوێندنەوەکەم نە دەچوو بە دڵدا چونکە هەنووکە بە دەگمەن کەسێک دەبینیتەوە لە شوێنی گشتی کتێبێک یان ڕۆژنامەیێکی بە دەست بێت. لە دیدی من لە هەردوو دیمەندا شۆفێری تێسلە گەمەی لەگەڵ ڕابردوو و داهاتووە دەکرد و ئەوەی من لە نێو ئۆتۆمبێڵە شڕەکەمدا بینیبووم، پتر لە نوواندنێکی ساویلکە دەچوو لەوەی لە زیندوو کردنەوەی کات بجێت لە ڕێگەی خوێندنەوەوە.
    بۆیە لە دوای نان خواردن لەو کاتەی برازایەکەم خەریک بوو دیمەنە هونەرەییەکەی پێشان دەدام کە تێیدا ڕووی نیکۆڵا تێسلەی بە جۆرێکی ناوازە لە پڕ دەردەکەوت. من نازانم بۆچی لە بری گشت ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی دەربارەی ژیانی ئەم زانایە هەمبوو، تەنی ئەو ساتەوەختانەم دەهاتەوە یاد کە تێسلەم لە شێوەی ئۆتۆمبێڵێکی زیرەک بەسەر جادە و شەقامەکانی شارەکەی لێیەوە گەڕابوومەوە زێدی خۆم، بینی بوو. لەو ئێوارەیەدا زانیاری ورد و پترم دەربارەی نیکۆڵا تێسلە لە برازایەکەمەوە گوێ لێ بوو کە هەرگیز پێشبینیم نەکرد بوو. ئەو دەیگوت تێسلە پیاوێکی پشت ڕاست و سەر ڕاست و ڕێگە ڕاست بووە! تێسلە بە درێژایی ژیانی لە ئەمریکا و لە نێو جەنجاڵی و ناشیرینیێکدا کە بە دۆلار پەردەپۆش کرابوو، ویژدانی گەلێک بە پاکی ڕاگرت.
    لە نێو ئاخاوتنە شیرینەکانی برازایەکەم، من وەک ئەوەی خەون ببینم، دیمەنی تێسلە بە ڕوونی دێتە پیش چاوم. تێسلە دەبینم ڕووەو پەنجەرەی ژووی ژمارە (٣٣٢٧) لە هۆتێڵ نیویۆرکیر دانیشتووە و ڕۆمانێکی ئیڤۆ ئەندریچ دەخوێنێتەوە. ماوەەیێکی درێژە بیرۆکەی بیردۆزە فیزیاییەکان مینا پەروانە و گەلێک خێراتر لە تایەری ئۆتۆمبێڵێکی سەدەی داهاتوو لە زەیندا دەخوولێتەوە و دێن و دەچن. لێ هێندەی بیر دەکاتەوە سپۆنەسەرێکی ئەمریکایی و بێ فێڵ و تەڵەکەی بۆ پەیدا نابێت هەتا بە هێز و پاڵپشتی پارە، خەونەکەی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بۆ ڕاستی بگۆڕێت.
    تێسلە هاوەڵ و هاوپیشەی زۆری لە دەورەوپشتە و باوەڕی بە یەکێکیان نییە. هیندێک جار پێشبینی دەکات لە ژوورەکەدا خۆی و بیردۆزەکانی سەر دەنێننەوە و کەس بە هەبوونیان نازانێت. تێسلە بەر لە دەستپێکردنی ڕۆمانەکەی ئەندریچ، ڕۆژێک لە ڕۆژنامەیێکدا چیڕۆکێکی نووسەرێکی ئەمریکایی بە ناوی مارک توین دەخوێنێتەوە و گەلێکی لە دڵدا دەنیشێت. ناوی چیڕۆکەکە (کاتژمێر) ە و باس لە پیاوێک دەکات کە کاتژمێرێکی چاک و جوانی هەیە و بۆ ماوەی هەژدە مانگ زۆر بە دروستی و بێ ئەوەی پاش و پێشێک بکات، کار دەکات و ساتەکانی ژیانی بۆ دەپێوێت. بۆیە پیاوەکە وەها دەزانێت کاتژمێرەکەی شتێکی ئەفسووناوییە و هەرگیز پەکی ناکەوێت. هەتا شەوێک لە پڕ دەبینێت کاتژمێرەکەی وەستاوە و کار ناکات. پیاوەکە هەست دەکات ئەوە پەیامی کارەساتێکە!
    ڕۆژی دوایی بۆ ڕاستکردنەوەی کاتژمێرەکەی زوو ماڵەکەی بەجێدەهێڵێت و هەر کە بە لای شوێنی زێڕینگەرێکدا ڕەت بێت و لە دەرگاکە دەچێتە ژوورەوە. زێڕینگرەکە کاتژمێرەکە لە دەست پیاوەکە وەردەگرێت و پێی دەڵێت کە چوار خوولەک وەدوا کەوتووە! پیاوەکە دەڵێت: ” هەرچەندە بە ئازارەوە لە دەوری زێڕینگەرەکە هەڵپەڕیم و پێیم گوت واز لە کاتژمێرەکەم بهێنێت، کەچی ئەو هەر پێداگری کرد کە دەبێت ڕێکخەرەکەی چاک بکاتەوە. ئیدی کاتژمێرەکەم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەمێک دەچێتە پێش و لە ماوەی مانگێکدا کاتژمێرەکەم تایێکی وەها دەیگرێت کە لە ژێر سێبەردا دەچێتە سەر سەد و پەنجا پلە. دواتر گشت کاژمێرەکانی شار لە دوای خۆی بەجێدەهێڵێت و هەتا دەبینم بە سێیزدە ڕۆژ وەپێش ڕۆژمێر کەوتووە. کاتژمێرەکەم لە نێو بەفر و مانگی نۆڤێمبەردا بوو، کەچی هێشا ئۆکتۆبەر مانگی گەڵای دارەکانی نەگۆرێ بوو! ئیدی کرێی سەرە مانگ و پارە دانی شتەکانی دیکەیش زوو وادەی هات و بە ئاستێک گەیشت چیتر نەمتوانی خۆمی لەبەر ڕابگرم.”
    پیاوەکە لە گێڕانەوەی سەرهاتەکەی بەردەوام دەبێت و ئەوجارە کاتژمێرەکەی دەبات بۆ لای سەعاتچیێک کە پێدەڵێت کاتژمێرەکەی خاوێن کردنەوە و ڕۆنی پێویستە. ئیدی بە پێچەوانەی جاری پێشوو پیاوەکە ئەوجارە لە هەموو شتێک وەدوا دەکەوێت و وەهای لێ دێت خۆی بە مومیای مۆزەخانەکان بچووێنێت.
    لێرەوەڕا چیڕۆکەکەی مارک توین وەها بەردەوام دەبێت و کاتژمێرەکە هەرجارەی کێشەیێکی تازەی تێدەکەوێت و خاوەنەکەی بە دڵگرانییەوە دەیبات بۆ لای وەستایێکی دیکە: یەک دەلێت شا کلیلەکەی شکاوە، ئەویتر دەڵێت کریستاڵەکەی خوار بووەتەوە! ئیدی بێزاری پیاوەکە دەگات بە ئاستێک و بە دڵگرانییەوە بە سەعاتچیێک دەڵێت: ” کاتژمێرکەم بە دوو سەد دۆلار کڕیووە، لێ هەتا هەنووکە دوو-سێ هەزار دۆلارم بۆ چاککردنەوەی خەرچ کردووە!”
    دوا جار لەوکاتەی پیاوەکە کاتژمێرەکەی دەبات بۆ لای سەعاتچێێک و یەکسەر ئەو ناسێتەوەکە پێشتر لە شارەکە ئەندازیارێکی بەلەمی هەڵمی سەرنەکەوتوو بوو. پاش ئەوەی ئەم سەعاتچییەش وەک ئەوانی دیکە کاتژمێرەکە دەپشکنێت و بە لەنگییەکەی نازانێت، یەکسەر بە باوەڕەوە بە پیاوەکە دەڵێت: “کاژمێرەکە هەڵمی گرتووە!” ئیدی پیاوەکە پشووی لەبەر دەبڕێت و بە نادڵییەوە بە سەعاتچییەکە دەڵێت: ” مامم ویلیەم (هەنووکە لە ژیاندا نەماوە!) دەیگوت: هەسپی چاک بە چاکی دەمێنێتەوە هەتا ئەو کاتەی جارێک غار دەدات. کاتژمێری چاکیش هەتا ئەو کاتە بە چاکی دەمێنێتەوە کە هێشتا نەچووە بۆ ژێر دەستی وەستا. هەورەها مامم دەیپرسی ئەگەر وەها نەبووایە دەبێت ئەو هەموو وەستا سەرنەکەوتووانە، لە وەستای چەک و پێڵاو بگرە هەتا ئەندازیار و ئاسنگەر چییان بەسەر هاتبووایە؟ لێ، کەس نەبوو ئەو شتەی پێ بڵێت!”
    تێسلە لە دوای خوێندنەوە ئەم چیڕۆکە دڵ و دەروونی بە شێوەیێکی سەیر ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت. دواتر زۆر بە وردی لە وێنەی نووسەرەکە ڕادەمێنێت و هەست دەکات دووانەیێکی خۆی یان شێوەی ئەو برایە کۆچکردووەی تێدا دەبینێت کە لە هەڵەتی منداڵییدا لە پێش چاویدا لە سەر ئەسپ دەکەوێتە خوارەوە و دەمرێت. ئەسپێکی عەرەبی دەگمەن بوو و پاشایێکی عوسمانی لە سەرایڤۆ بە دیاری بۆ باوکە قەشەکەی تێسلەی هێنا بوو.
    تێسلە بەر لەوەی گوندە جوانەکە و زێدی باووباپیرانیشی بەجێبهێڵیت کۆڵی ئەم خەم و تراژیدیایە هەردەم وەک بارێکی گران بە سەر دڵییەوە مابوو. بۆیە لە شاری نیویۆرک لەو کاتەی لە وێنەی مارک توین ڕادەمێنێت و چیڕۆکەکەی بە جورێک بە دڵدا دەنیشێت و وەها دەزانێت کاتژمێرەکە ڕاڤە لە چارەنووسی وی دەکات لە ئەمریکا. دواتر بڕیاڕ دەدات کە گشت بەرهەکانی ئەم نووسەرە بخوێنێتەوە و ئەگەر بۆی بلوێت دەستی هاوڕێیەتیشی بۆ درێژ بکات.
    تێسلە لەو شوێنەی لێوەی هات بوو بە دەگمەن نووسەر و شاعیری بینیبوو کە وەک نووسەرانی ئینگلیز و ئەمریکایی پارەدار بوو بن یان هەر لە سەرەتاوە بە پێگەیێکی کۆمەڵایەتی بەرچاوەوە هاتبن بۆ نێو دونایی نووسین. بۆیە لە تێڕامانی بۆ ڕووخسار و جلوبەرگی مارک توین بە ڕوونی هەست بە جیاوازییە سەیرەکە دەکات و خەریک بوو بیری بۆ شتێک بچێت، کەچی نەیدەزانی ئەنجامەکەی زوو بێهوودەیی بە دواوە دێت.
    پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بوو و تێسلە بە تامەزرۆییەوە دوا پەرەگرافەکانی ڕۆمانەکەی ئیڤۆ ئەندریچ دەخوێنیتەوە و چیڕۆکەکەی مارک تویینیش وەک خۆی لە نێو زەینیدا بە زیندووی ماوە و بە دەیان شێوە و ڕەنگ خۆی دەنووێنێت. لەو کاتەدا خۆیشی نازانێت چۆن وەها بلەز خۆی دەگۆڕێت و بە دوای بەرهەمەکانی مارک توین بەرەو کتێبخانە یان کتێبفرۆشیێک دەکەوێتە ڕێ.
    چەند هەفتەیێک دوای خوێندەوەی گشت بەرهەمەکانی مارک توین، ڕۆژێک تێسلە لە ژیانی ڕاستییدا بە دیداری مارک توین دەگات و لە یەکەم ساتدا هەردوو پیاوە پۆشتەکە یەکدی وەک دوو هاوڕێی چەندین ساڵە دەبینن.لەو دانیشتنەدا گفتوگۆ لەسەر گەلێک بابەتێکی گرنگ دەکەن و تێسلە دڵی خۆشە کە لە چاو هاوەڵ و هاوپیشەکانی کە هێندێکیان هەڵگڕی بڕوانامەی دکتۆرا بوون لە زانستی فیزیک، پیاوێکی ناسیووە کە هەم نووسەرە و هەمیش دەوڵەمەندێکی دڵ و دەروون گەشە، لێ کەمێک لە خۆبایی.
    مەڕ بە پێی خۆی و بزن بە پێی خۆی! پەندێكی پێشینان بوو و دەتگوت لە خاکی کوردانەوە بە گوێی کارەکتەرەێکی ڕۆمانەکانی ئیڤۆ ئەندریچ داچووبوو و شێوەکەی بە تەواوی گۆڕابوو. لێ لەو کاتەی پەندێکی وەها لە زاری مارک توینیشەوە دەبیستێت کە بە ڕێز و شەرمەزارییەوە داوا ئەرنێییەکەی هاوڕێ تازەیەکەی ڕەت دەکاتەوە بۆ سپۆنسەرکردنی بیردۆزە زانستییەکانی، تیسلە دێتە سەر ئەوە باوەڕە کە بڵێت دەوڵەمەند هەر یەک شتە ئەگەر لە بەرگی نووسەردا بێت یان لە هی زانای فیزیک و ماتماتیک.
    مارک تویین بە ڕوونی و ڕەوانی بە تێسلە ڕادەگەیێنێت کە پێشتر زانایێکی لەو دویوی پێنج دەریاچەکە ناس بوو و داوای سپۆنسەری لێی کردبوو بۆ داهێنان و هێنانەدی خەونی تێلیفۆن. وێجا بە گاڵتەوە بە تێسلە دەڵێت: من خۆم لە بێڵ گێل کرد، لێ لە بەرانبەر ئێوەی زۆر زرنگ و پۆشتە و بەڕێزدا خۆم گەلێک شەرمەزار و نەوی دەبینم و نازانم چی بە زارمدا بهێنم.
    مارک تویین دوا وشە و بڕیار کە بە گوێی تێسلەیدا دەچرپێنێت، بۆنی ڕەتکردنەوەکەوە لە زاریدا کەمێک خۆشتر دەرکەوێت. لەو کاتەی دەڵێت کە ئەو بە نیازە سەروەتەکەی بۆ هێنانەدی دەزگا و ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوە لە شارەکەدا دابمەزرێنێت و هاوکاری هەر کەسێک بکات کە خەونی نووسین بەرۆکی بەرنادات.
    تێسلە بە نادڵی دەگەڕێتەوە ژووری هۆتێڵەکەی و ڕووپەل لە ژێری دەستییدا باڵ دەگرن. ژمارەی بەڵگەنامە و ئەو ڕووپەلانەی بە بیرۆکە و بیردۆزی ناوازە پڕ دەبن، ژوورەکەی لێ داگیر دەکەن. فشاری هاوەڵێکی لە شوێنی کارەکەی، لە هی ئەکتەری میسری فەرید شەوقی دەچوو کە لە گەلێک لە فیلیمەکانییدا لە بەرانبەر دۆست و نەیارەکانییدا پێڕەوی دەکرد، بێزاریی و تووڕەییکی زۆر دەخەنە نێو دڵی تێسلە.
    بۆیە لە ساڵەکانی دواییدا و پاش دوا هەناسەکانی خۆڕاگری و بەرگری کردن، تێسلە بە ڕۆژ و مانگ خۆی لە ژوورەکەی دەئاخنێت و نایەوێت کەس ببینێت. لەو کاتە پڕ لە نیگەرانییەی ژیانییدا، ئەو دەیەویست بڵێت کە داهێنانەکانی بۆ خزمەتکردنی گشت خەڵکی سەر ئەو زەوینە کەونار و ماندوویە بە دەستی نەیارانی. بۆیە بڕیاری دا ئەگەر دەستێکی پاکی بۆ هاوکاری کردن وەگیر نەکەوێت، بیرۆکە زانستییەکانی و هەرچی وەدەستی دەهێنێت لە نێو ناخی و بەڵگەنامە کۆکراوەکاندا هەڵیانبگرێت و هەتا ڕۆژی خۆی دەرگەیان بەسەر دابخات.
    گەلێک شەوان تێسلە بە تاریکی دادەنیشت و چرای ژوورەکەی بۆ هەڵخەڵەتاندنی ئەو بە ناو هاوەڵ و هاوپیشانەی خۆی کە لە دوژمن ترسناکتر بوون، دادەمرکاند. دواتر لە پەنجەرەی ژوورەکەی نزیک دەبوویەوە و پەردەکەی هەڵدەدایەوە و هەمان ئەو چەند ئۆتۆمبێڵە فوردە ڕەشەی دەبینی کە لە خوارەوە چاودێری هۆتێڵيکەیان دەکرد. بەڵێ، دەیبینی چۆن لە کورسی پێشەوەی ئۆتۆمبێڵێکدا بە ئاستەم تارمایی ئەو پیاوە بالابەرز و زانایە دیار بوو کە تیسلە پاشناوەکەی گۆڕی بوو بە ترۆمپا، ئەوەیش بە هۆکاری فشاری بەردەوامی بۆ وەدەستخستنی بیردۆزە زیرەک و ناوازەکانی وی.
    هەنووکە ناوی تیسلە هی گشت ئەو هاوەڵ و هاوپیشە زرینگانەی داپۆشیووە کە چەقەڵ بوون لە پێستی بەرخ. هەرچەندە ناوی گەلێکیان هەتا سەر بە نەزانراوی دەمێنێتەوە، لێ شیمانەی هەیە ناو و هەڵکەوتەی ئەکتەرە میسرییە بە ناوودەنگەکە بە زەینی کەسێکدا بێت کە بە هۆی وشەی (شەوق- ڕووناکی) ەوە لە ڕۆژێکی دوور بێت یان نزیک تیشکێک سەر لایە شاراوەکانی ژیانی تێسلە. یان بچێتە سەر باسکردنی ژیانی هاوەڵەکانی و بزانێت لە کوێدا ڕۆڵی چەقەڵیان بینوە نەوەک هاوڕێ. هەروەها شیمانەی هەیە وشەی (شەوق- ڕووناکی) مینا کلیل و ئامرازێک ڕۆڵ ببینێت و ڕازێکی شاراوە بۆ کەسەکە هەڵبێنێت هەر کاتێک بیەوێت لە ژیانی مرۆیێکی بە ناوودەنگ بکۆڵێتەوە، یان هەر هی تاکێکی ئاسایی کە بە دیدی وی گەلێک بەختیارە ناوەکەی لە بازنەی ئازیزانی بۆ دوورتر نەچووە.
    ئەو ڕۆژەی تێسلە لە دایک ببوو، لە دەرەوە باووباران و تاریکیێک بوو، هەترەشی مرۆی دەبرد و دەیترساند. بۆیە لەو کاتەی مامانەکە دەنگی زێڕەی کۆرپەکەی نێو دەستی گوێ لێ دەبێت، بێئەوەی سێ و دووی لێ بکات شتێکی سەیری بە زاردا دێت و دەڵێت: ئەو دەنگە دەنگی تاریکییە! لەگەڵ دەربڕینی ئەو ئاخاوتنە ناشیاوە، هەورە تریشقە و بروسک ئاسمانی ڕەنگ خۆڵەمێشی لەتوپەت دەکەن و ڕووناکی دەکەنەوە. ئیدی لێرەوە دایکی تێسلە هەناسەیێکی شادمانی هەڵدەمژێت و بە نادڵییەوە بەرسڤی مامانەکە دەداتەوە ودەڵێت: کچێ، زمانت بە خواری مەگێڕە و زیڕەی کۆرپەکەم دەنگی ڕووناکییە!
    خوشکەکەی نێو دەڤەری چیاکانم لە ماڵە خنجیلانەکەی دێت و دەچێت و یەک چرکە دانانیشێت. پەرداخی بە تاڵ لە سەر مێزەکەی بەردەمم هەڵدەگرێت و بلەز یەکێکی دیکەی پڕ دەهێنیتەوە و لە جێگەی دادەنێتەوە. من هەستمدەکرد خوشکەکەم وەهای دەزانی لە خاکی غەریبی ئاوی ئۆقیانووسەکانم هەمووی خواردۆتەوە و بە ئاوی شێخی باڵەک نەبێت سوێرایی نێو ناخم داناشۆرێت و شیرین نابێتەوە.
    لە دوای خورادنی ژەمێكی بە چیژێ کوردەواری و چایەی بۆنداری دەستی خوشکە گەورەکەم، من خۆم بە دوا بەرداخە نایلۆنەکەی لۆگۆی شێخی باڵەکی لە سەر بوو مژووڵ کردبوو و دەمەویست پێشان بدەم کە چیتر ئاو ناخۆمەوە. لێ، لەو کاتەی یارییم لەگەڵ سەرپۆشە ئەلومنییومە تەنکەکە دەکرد، ئەوجارە خوشکم زۆری بەلاوە سەیر بوو کە چۆن وەها تووشی بێدەنگیێکی قووڵ ببووم و خەریکی کارێک بووم کە لە هی مندالێکی دە ساڵان دەچوو. نەوەک هی برایێکی کە لە چاوی خوشکەکەم گەلێک بەستەزمان و ساویلکە دیار بوو، چونکە نیو سەدە لە ژیانی گوزەرا بوو و کەچی هێشتا هەر ڕەبەن و تەنیا و خاوەنی هیچە.
    دوای بینینی وێنەکەی تێسلە، من لەمەودوا چاوی ئایفۆنەکەم لە بەرانبەر دیمەنێک ڕادەگرم کە چاوی ئاساییم بە تاکی تەنێ بۆی کۆ ناکرێتەوە. بۆیە لەو کاتەی خوشکە گەورەکەم بەرەوە ناندینەکە چوو و هەستم کرد ئەمجارە دەچێت دەفری پڕ لە میوە دەهێنێت، بە خێرایی بە ئایفۆنەکەم وێنەیێکی سەرپۆشە ئەلومنییۆکەم چرکاند. سەرپۆشەکە دەمێک بوو بە هۆی جوولە و خولانەوەی خۆنەویسانەی لە نێو دەستمدا، کەمێک گەچراو بوو و لوسی و سافییەکەی پێشووی نەمابوو.
    ماوەێیکی درێژ و هەتا گەڕانەوەی خوشکم لە سەر شاشەی ئایفۆنەکە سەیری وێنەکەم کرد و لە پڕ لە پێش چاوانم ڕووخسارێکی لە شێوەی نیکۆڵا تێسلە دەرکەوت. وێنەکە بە شێوەیێکی گەلێک سەیر نزیکی هەبوو لەگەڵ هونەرییەکەی برازایەکەم لە شەوی پێشوو لە یوتیوب پێشانی دابووم. من لە بەرانبەر وێنەکەدا بەشێوەیێک دامام و کارە منداڵانەیەکەی نیگای چاوی خوشکەکەم بەر لە چەند خوولەکێک بڕیاری لەسەردا بوو، بۆم بوو بە زادەی ناساندنی پنتێک لە قووڵایی نەستدا کە تێیدا مرۆ لە هەمان کاتدا هەم دەتوانێت منداڵ بێت یان هەمیش گەورە. لەوێدا مرۆ بە سووکی بە سەر سنووری ڕەگەز و لەش و گشت ئەو بەربەستانە باز دەدات کە پەردە بە سەر ڕاستییدا دەپۆشن .
    من لە دوای ئەوەی لە نێو شەپۆڵی ئەم هزرکردنە قووڵەی سەروو وەدەردەکەوم، بە ئەسپایی لە ئایفۆنەکەم پەنجە لە سەر ناوی برازایەکەم دادنێم و یەکسەر وێنەکەی بۆ دەنێرم. دواتر کەمێک چاوەڕێ دەکەم و زەنگ بۆ ژمارەکەی لێ دەدەم و داوای لێ دەکەم هەم هونەرەکەی سەر یوتیوبم بۆ بنێرێت و هەمیش ڕاڤەی خۆی دەربارەی ڕێکەوتەکە.
    برازایەکەم لەسەروەختی ئاخاوتنەکەدا لە ئاوازی دەنگی دیار بوو شادمانیێکی مەزن دڵ و دەروونی داگیر کرد بوو و لە ئەنجامدا خەریک بوو چەندین وشەی سەر زای خوشکە گچکەکەمی دەهاتنە سەر زار. تێلیفۆنە چەند خولەکییەکە بە دوایی هات و برازایەکەم پاش کەمێک وێنەی تێسلە لەسەر سەرپۆشی ئاوەکە و کارە هونەرییە بەرزەکەی نێو یوتیوبی لە پاڵ یەکدی دانابوون و بۆی ڕەوانە کردم.
    خوشکە گەورەکەم مات ببوو و بە هێمنی لە دیار بەزمی ئەو کارە منداڵانەیەم و بیستنی ناوهێنانی تێسلە دانیشت بوو. من گەرەکم بوو بزانم ناوی تێسلە چی ڕاڤەیێکی لەگەل خۆیدا هێنابووە نێو ژوورەکە و خوشکم چۆن لەو بەزمە سەیرەی نێوان من و برازایە دەنگخۆشەکەمی تێگەیشتبوو. بۆیە سەرباری مێواندارییە بێ هاوتاکەی، بۆ ئەوەی چیتر ئەو لە نێو نیگەرانی و گومان و دڵەڕاوکێ نەهێڵمەوە، سەرم هەڵبڕی و گوتم:
  • خوشکێ وەرە لە کن من دابینشە و سەیری ئەم دوو وێنەیە بکە.
  • ئەو کابرایە کێیە برا، ئەحمەد مەزهەرە!؟
  • ئەحمەد مەزهەر کێیە، من دەیناسم!
  • نا ئەو کورد نییە! ئەکتەرێکی کۆنە زۆر فلیمی لەگەڵ فەرید شەوقیید هەیە، ئەگەر بیناسیت!؟
    لێرەوەڕا خوشکم ڕەنگی هەڵبزرکانی سەر ڕوومی بینی و پتر لێم هاتە پێشەوە وەک منداڵەکەی جاران بم یەکسەر دەستێكی لە شانم دانا.
  • برا چی ڕووی داوە، شتێک هەیە من نەیزانم!؟
  • نا خوشکێ هەر فلیمێکی ترسناکی ئەو ڕۆژگارانەم وەبیر هاتەوە!
    ئیدی من بەر لەوەی بخەوم تێلیفۆنێکم بۆ برازایەکەم کرد و پێیم گوت گۆرانی (گولێ گولێ) ی دیار دەرسیمم بۆ بچڕێت کە هەمان ناوی خوشکە گچکەکەمی هەڵگرتووە، بەڵكە خەوێکی خۆشم لێ دەکەوێت. یان وشەکانی سەر زاری برازایەکەم کە بەر لە چڕینی گۆرانییە خۆشەکە بە گوێمیدا چرپاند بوو، هەر بە زیندووی دەمێننەوە هەتا لە دەڤەری شێخی باڵەک دەگەڕێمەوە شار و دەچمەوە ماڵی خوشکە گچکەکەم.
    چونکە دڵم ڕوون بوو لەو کاتەی برازایە دەنگخۆشەکەم لە کەراژەوە بە دوامدا دێت، بارەکە بە پێجەوانەی ڕۆژی پێشوو سەراو لێژ و ڕاست بووەتەوە. بە تایبەت کە برازایەکەم لە دوای خۆمەوە دەبینم بە شادمانی و ڕووی بە خەندەوە پێ دەنێتە نێو ماڵی گوڵێی خوشکم و سەردانی دەکات. هەورەوها لە ژوورەوەیش بۆ چرکەیێک لە شاشەی ئایفۆن و کاتژمێرە ئەپڵەکەی ناڕوانێت، نەوەک خوشکە گچکەکەم هەست بکات کە ئەو بێزاری دەنووێنێت و لە دانیشتن لە ماڵەکەیدا ناشادە.
    ئیدی لە نێو ئەم کەشە خێزانییە گەرمەدا، من و برازایەکەم بێ ئەوەی بابەتی وێنەکەی تێسلە دووپاتە بکەینەوە و بیهێنینەوە گوڕێ، سێو و هەنار و پرتەقالە بۆندارەکان لەت دەکەین و کاتی مردوو و لەدەست چوو لەگەڵ ئازیزێکماندا، زیندوو دەکەیننەوە.
    تێبینی: لەگەڵ تەواوکردنی ئەم چیڕۆکە خوشکە گەورەکەم لە دووری پتر لە دە هەزار کیلۆمەترەوە، پەیامێکی لە ڕێگەی ڤایبەرەوە بۆ هەناردم کە شیعر و وێنەێکی دەستە خوشکێکی شاعیری تێدا بوو بە ناوی ست کاکۆ. ڕێکەوتێکی گەلێک لە پڕ و سەیر بوو، چونکە ناوی شیعرەکە (کاتژمێر) بوو. بە شانازییەوە لە خوارەوە چەند کۆپڵەیێک لەو شیعرە جوانە دەنووسمەوە:
    بۆیە کاتژمێرم
    خۆشناوێ
    چرکەی تەمەنم دەژمێرێ
    ژیانم لەتەک خۆیدا دەبا و
    بە پەیکی مەرگم دەسپێرێ

_ئەم چیڕۆکە پێشتر لە ژمارە (٣٢٥) ی گۆڤاری ڕامان لە ٥/١١/٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە




تێڕامانێک لەئازار.. نووسینی: محمد سۆران

ئەزموونێکی کەسییە کە ئەو کەسانەی بەدەست ناخۆشی دەناڵێنن هەستی پێدەکەن، یان بەهۆی هۆکارێکی ماددی وەک ئازاری جەستەیی، یان ڕەنگە بەهۆی هۆکاری دەروونییەوە بێت وەک کێشەی جۆراوجۆری ژیان، دابیننەکردنی پێداویستییە کەسییەکان، لەدەستدانی نزیکییەک مرۆڤ، جیابوونەوە لە گروپە کۆمەڵایەتییەکان، سنووردارکردنی ئازادی، نەخۆشی و مردن. هەروەها ئازار دەتوانێت لە بابەتە سادەکانەوە دەست پێبکات تا بابەتی بەرگە نەگیراو، کە بەپێی کەسەکە خەمڵێندرێت.

ئازار لە چوارچێوەی زۆر کایەی چالاکی مرۆڤدا ڕوودەدات و فۆرمەکانی ئازار بەپێی سروشت و سەرچاوە و هۆکارەکان و مانا و گرنگی و ڕەفتارە کەسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییە پەیوەندیدارەکان و چارەسەر و چۆنیەتی بەڕێوەبردنیان جیاوازن. زۆرجار ئازارەکان پۆلێن دەکرێن بە ئازاری جەستەیی یان ئازاری دەروونی. ڕەنگە ئازارەکان بە پلەی جیاواز لە چڕیدا بێت، لە سووکەوە تا بەرگە نەگیراو. هەڵوێست و کاردانەوەکان بەرامبەر بە ئازارەکان دەتوانن زۆر جیاواز بن، ئەمەش بەندە بەوەوە کە ئایا ئازارەکان دەتوانرێت خۆپارێزی لێبکرێت یان حەتمییە، دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت یان بێهودە و ڕەوایە.

ئارسەر شۆپنهاوێر، فەیلەسوفی ئەڵمانی کە بە فەلسەفە ڕەشبینەکەی بەناوبانگە، لە ساڵی ١٨٥٢

هیدۆنیزم تیۆرێکی ئەخلاقی لەخۆدەگرێت کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە چێژ و ئازار پێوەرەکانی چاکە و خراپە. بە بڕوای فەیلەسوفی یۆنانی ئیپیکۆروس، پێویستە سەرەتا هەوڵبدەین خۆمان لە ئازارەکان بەدوور بگرین و ئارامییەک بەدەست بهێنین کە دوور لە بەدواداچوون بۆ دڵەڕاوکێ یان دەرئەنجامە نەخوازراوەکانی چێژە زوو تێپەڕەکان.

بەپێی عەقیدەی ستۆیکیزم، خۆبەدەستەوەدان دەبێت بە توندی کۆنترۆڵ بکرێت و ڕۆحیش بگەیەنرێتە حاڵەتێکی بێباکی بەرامبەر بە چێژ و ئازار.

بە بڕوای جێرمی بێنتام فەیلەسوفی ئینگلیزی و دامەزرێنەری عەقیدەی سوودگەرایی، کە قوتابخانەیەکی ئەخلاقییە و دەڵێت: بەهای ئەخلاقی کردەوەیەک بە بەشداریکردنی لە بەرژەوەندی گشتیدا دیاری دەکرێت.

واتە کردارەکە بەپێی ئەوەی کە ئەنجامەکەی چییە، دڵخۆشی یان خۆشی بەرامبەر بە ئازار هەڵدەسەنگێندرێت. ئەو ڕێکارێکی پێشنیار کرد کە پێی دەوترێت حساب بۆ ژماردن و دیاریکردنی ڕێژەی چێژ و ئازار کە بەهۆی هەر کردارێکەوە بەرهەم دێت.

لە فەلسەفەی خێرخوازیدا پێویستە هەوڵەکانی مرۆڤ هەوڵی کەمکردنەوەی ئازارەکانی ژمارەیەکی زۆرتر لە بوونەوەرە زیندووەکان بدات، هەروەها دڵخۆشترکردنی ئەوانەی ئازار دەچێژن نەک دڵخۆشترکردنی ئەوانەی کە دڵخۆشن. فەلسەفەی خێرخوازی هاتۆتە ناو زۆر فەلسەفەی ترەوە بەجۆرێک کە ئەمڕۆ ناتوانین وەک فەلسەفەیەکی سەربەخۆ بیزانین.

ڕەشبینی جیهان وەک شتێکی تەواو خراپ و پڕ لە ئازاری بەرگە نەگیراو و ڕانەگیراو دەبینێت و ڕەنگە باشتر بووایە ئەگەر ژیانێکی لەو جۆرە بە هیچ شێوەیەک نەبووایە. ئارسەر شۆپنهاوێر، فەیلەسوفی ئەڵمانی کە بە فەلسەفە ڕەشبینەکەی بەناوبانگە، پێشنیاری پەنابردن بۆ هونەر و فەلسەفە و لەدەستدانی ئیرادەی ژیان و تەحەمولکردنی “هاوڕێی ئازار” دەکات. هەروەها شوپنهاوەر پێی وایە کەمێک مێدیتەیشن بەسە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ژیان بەهایەکی نییە و هیچ گرنگییەکی گەورە نییە بۆ بەردەوام بوون لەسەری و وابەستەبوون بە ژیانەوە پرۆسەیەکی کوێر و ناعەقڵانییە کە لە ئیرادە سەرچاوە ناگرێت.

بەپێچەوانەوە گۆتفرید لایبنیز پێی وایە ئەو جیهانەی ئێمە تێیدا دەژین باشترینە لە هەموو جیهانە مومکینەکان، ئەو پێی وایە کاتێک خودا ویستویەتی ژیان دروست بکات، کۆمەڵەیەکی بێکۆتایی جیهان لە بیرکردنەوەکانیدا هەبووە و بە دڵنیاییەوە ئەم جیهانەی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی دروست بکات بۆ هۆکارێک.

نیچە دیدگایەکی تری هەبوو، دەڵێت تا زیاتر بتەوێت سەرکەوتوو بیت، زیاتر بەدوای ئازار و شکستدا دەگەڕێیت، ئەوان سووتەمەنی تۆن بۆ پێشەوە. لەسەر زمانی ئەو دەستەواژە بەناوبانگە دێتە ئاراوە: «بۆ هەموو ئەوانەی گرنگییان پێدەدەم، هیوای ئازار ، خەمۆکی، نەخۆشی، سووکایەتی، سووکایەتی بەخۆبوون، ئازاری گومان و شکاندنی شکستتان بۆ دەخوازم و منیش دەیکەم بەزەییتان پێدا نەبێتەوە. چونکە هیوادارم بەو شتە بیسەلمێنن کە ئایا یەکێکتان شایەنی ئەوەیە ئەوەی لەم ژیانەدا دەیەوێت بەدەستی بهێنێت یان نا، تەنها ئەم کەسە بەرگەی ئازارەکان دەگرێت.»فەلسەفەی نیچە بە دابڕان لە ئازارە شەخسیەکانی نایەت، بەو پێیەی ئەو کچە ڕەتیکردەوە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کەسە بکات کە خۆشی دەویست و ئەو گەشتێکی دوور و درێژی لە نەخۆشی جەستەیی و دەروونیدا ژیاوە کە بە مردن لە دامەزراوەیەکی دەروونیدا لە ساڵی ١٩٠٠ کۆتایی هات. هەر نیچە دەربارەی ئازار دەڵێت: « مرۆڤ چۆن دەتوانێ وێنەی ژیانێکی جوان بۆ خەڵک بکات، لەکاتێکدا ژیانی خۆی نووقمی نەخۆشی و ئازار بێت.»




كردنەوەی گرێكوێرەكان لە پێكهێنانی حكومەت دا.. سەلام عومەر

هەر پارتەو بە گەزی خۆی حكومەتی ئایندە دەپێوێ‌..

روداوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەراست خێران و كەوتنی دەسەڵات و قیتبوونەوەی گروپە تیرۆرستیەكانیش خێراتر، لەنێو ئەو هاوكێشە ئاڵۆزەی هەرێمەكەمان پێیدا تێدەپەڕێ بەتایبەت كە سەری زمانی هەموو چاودێرە سیاسیەكان یەكگرتنی باڵە ناكۆكەكانی كوردانی خۆرئاوایە و رێكخستنەوەی ماڵی خۆمانە، تا ببێتە پشگیریەكی بەهێز بۆ هەسەدە، كەچی پرسی پێكهێنانی حكومەت دوای هەوڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆتە باس‌و خواسی ئەم رۆژانەو هەر میدیایەو بەجۆرێك سیناریۆی بۆ دروستدەكات‌و هەرپارتەو بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی بیر لەحكومەتی ئایندەی كوردستان دەكاتەوە، وەك ئەوەی ئاگری ئەو گۆڕانكاریانە لە ئێمەوە دوور بێت و هەستی پێنەكەین، هەموو ئەو سیناریۆیانەش كەلەدوای هەڵبژاردنەكاندا تیشكی خرایە سەر، بەتایبەت ئەگەری دووبارەبوونەوەی حكومەتەكەی یەكێتی‌و پارتی كە بەفیفتی فیفتی ناسراوە بەرنامەی هەندێ لایەنەو خۆ هەندێكی دیش دەخوازن شكست بەم بیرۆكەیە بهێنن و دەیانەوێ هەر پارتەو بە قەت كورسیەكانی پارچێك لە كێكەكەی دەست كەوێ، ئەگەرنا گرێكوێرەكان تونتر دەكەن.
ئێستا لەنێو دانوستانێكی بەر تەسكدا بیر لە حكومەتی بنكە فراوان دەكرێتەوە، وەلێ زۆرێك لە حزبەكان كە لەنێو حكومەتدا زیانێكی زۆریان بەركەوتووە دەخوازن ببنە ئۆپۆزۆسیۆن و بەڵكو لە هەڵبژاردنی ئایندەدا بتوانن بەڕەكە لەژێر پیی ئەو دوو پارتە دەربهێنن، بەتایبەت لەنێو ئەو قەیرانە سەختەی دارایدا كە موچەخۆرانی تەواو ماندوو كردووە و حكومەتی بەغدا دەرگای زۆرینەی گەندەڵیەكانی لەسەر داخستوون، ئا لێرەدا ئەو خوانەی كە دانوستانەكانی گەرم كردووە هەر بۆ ئەوانە رادەخرێ كە فێرە پارووی چەورن و ئەوانەش كە پێشتر تەنیا نان و پیازیان داونێ مۆڕە دەكەن، لەم سەین و بەینەدا هاوڵاتی داماویش بیر لە دەنگەكانی خۆی دەكاتەوەو چاوەڕێیە لەنێو قومارێكی هاوشێوەی ئەوانی رابردوو بیانخەنە سەر مێزی دانووستانەكان و وەك كارتێكی سووتاو چوارساڵی رەبەقی پێبەڕێكەن، ئێستا نزیكترین ئەگەر حكومەتی بنكە فروانە، واتە سەرجەم ئەو پارتانەی كورسی پەرلەمانیان هەیە، بەقەد قورسایی خۆیان بەشداربن، ئەوەی بەشداریش نابێت شەقامیان پیشان دەدەن و لە بنەوەشڕا هەڕەشەی گوشینیان لێدەكرێ‌، خۆئەگەر پڕۆژەیەكی نیشتمانی لەم نێوەندەدا بەئامانجی یەكخستنەوەی باڵە لێكترازاوەكان‌و پارتە دژەكان بێتە نێو كایەكانی دروستكردنی حكومەتێك تا هەموان لەسەر یەك سفرە كۆكاتەوە بۆ بنیاتنانی پایەكانی دیموكراسی، ئەوە دیسانەوە پێویستیمان بەتەواوی پارتەكان دەبێت‌و لەم كاتانەشدا هەر بنكە فراوانیەكە باڵ بەسەر ئایندەی هەرێمەكەمان دادەپۆشێ، بەڵام هەر بەتامی حكومەتەكانی رابردوو، واتە قەیرانی دارایی و كێشمەكێشی حزبی و پەراوێز خستنی ئەوانی دی بەردەوامی دەبێت، لەم كاتانەشدا ئۆپۆزۆسیۆن قسەی خۆی دەبێ بەڵام لەبیریشمان نەچێ‌ ئۆپۆزۆسۆنەكانی رابردوو لەسەر شەقام بوون و نەیانتوانی بیگۆڕن لە كاتێكدا لە ئەوجی هێزدا بوون، بۆئەم جارەیان دەبێت بە بەرنامەیەكی تۆكمەترەوە بچن و لەناو حكومەتی بنكە فراواندا گۆڕانكاری ریشەیی بكەن، تا هەرهیچ نەبێت متمانەی شەقام و ئەو هەندە دەنگدەرە وەدەست بهێننەوە كە لە گەڵیان ماون، بۆیە ئەگەر هەر تاكو لایەنێك بەگیانێكی نیشتمانیانەو هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیەوە سەرنجێك یان بیاسەك بەنێو ئەم ئەگەرانەدا بكات، ئەوە حكومەتی بنكە فراوان، بەبێ‌ گیانی گۆڕانكاری و خۆ نوێكردنەوە لە هەموو بوارەكاندا سەركەوتوو نابێت، كە گوێ‌ لە هەموان رانەگرێ‌، ئەگەر تەواوی پرۆژە چاكسازیەكان نەخاتە بەرنامەیەوە، بەتایبەت ئاشكرا كردنی داهاتە نەوتی و نانەوتیەكان و پارتە نارازیەكانیش رازی نەكات،، ئەوجا دەكرێ‌ حكومەتی بنكە فراوان ئەو بۆچوونە هەڵەیە تێپەرێنێ كەدەگوترا (مادام لەحكومەتدای، نابێت رەخنە بگری)، دەكرێ وەك چۆن لەنێو پەرلەماندا بۆچوونی جیا هەبوو لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا كۆبوونەوەكان بەئاراستەیەكدا ببردرێ، پرۆژەكان بەشێوەیەك گەڵاڵە بكرێن، لەخزمەتی زۆرینە دابێ‌و كارێك بكرێ، چیدی حزب حكومەت بەڕێوە نەبات‌و چیدی داهاتە بزرەكان نەشاردرێنەوە و ئەوەی هەیە و لەژێر باڵەكانیاندا شاردویانەوە دەریبهێنن و حكومەت بەجۆرێك تەندروست بكرێ، تەواوی وەزارەتەكان بخرێنە خزمەتی هاوڵاتیان‌و چیدی حكومەت بەبێ ئەوانەی پرۆژەی دەوڵەمەندیان هەیە، تاك لایەنە رەفتار نەكات‌و هەر هەموو پێكهاتەكان بەئامانجی خزمەتگوزاری زیاتر ئۆپۆزسیۆن بن، واتە كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو نەك بەحزبی كردنی تەواوی بەرێوەبەرەكانی ناو وەزارەت و خوێندنگاكان خۆئەگەر زۆرینەی وەزیرەكانیش هەمەرەنگبن ئەوە ئامانجەكانی ئۆپۆزۆسیۆن و شەقام لە حكومەت نزیكتر دەكاتەوە و ئی بنبەڕێ دەبێت بخرێتە سەر بەڕێ.
دەكرێ‌و ئیدی كاتیەتی پارتەكان بەرژەوەندی نیشتمان و متمانەی دەنگدەرو خەونەكانی ئایندە بكەنە پڕۆژەیەكی نیشتمانی‌و لاربوونی باری دارایی هاوڵاتی راست بكەنەوەو روی خۆیان‌و هاوڵاتیان بەروونی پیشانی میدیا جیهانی‌و ناوخۆییەكان بدەن، بەتایبەت لەو كاتە هەستیارەی خۆرهەڵاتی ناوەراستی پێدا تێدەپەڕێ، لەو كاتەی بەغدا بیانوو لەدوای بیانووتان پێدەگرێ و ئێوەش خاڵە لاوازەكانتان تۆختر دەكەنەوە، بەتایبەتتر برایەكانمان لە خۆرئاوا پشگیری هەموانی پێویستە و لەناوخۆشدا كارێك بكەن چینایەتی ئەوەندە زەق نەبێتەوە، خۆ ئەگەر ئەوكارانە بكەن ئەوا چیدی لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا پارتەكان وەك سواڵكەر لە هاوڵاتی ناپاڕێنەوە.
(پارتەكان سواڵی دەنگدان دەكەن، هاوڵاتیانیش سواڵی نان)




کورتەچیرۆک: کرێچی.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

تا دەهات ئازاری گورچیلەی لای دەستەڕاستی زۆرتری بۆ دەهێنا، دەستێکی خستە سەر تەنگەی و ئاخێکی هەڵکێشا. ئەوە حەفتەیەک دەبێت ژانی گورچیلەی هەر دێت و زیاد دەبێت، ڕەنگە چیتر ئەمانە وردەبەرد نەبن و کەرپووچ بن کە لەنێو گورچیلە قوڕبەسەرەکەیدا خۆیان مەڵاس دابن. ئای دەبێت کەی بەیانی ببێتەوە، تا خۆی بخاتە ژێر چەقۆی نەشتەر و لەم ئازارە ڕزگاری ببێت.

ڕۆندکی نۆ ساڵان هاتە ژوورەوە، هەر لە دوورەوە دەنگی هەڵبڕی: «باوکە، باوکە، ئەوە سەرداری خاوەنی خانووەکەمانە بانگت دەکات.» هەژار هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا، بۆ چەند چرکەیەک لە شوێنی خۆی ڕەقوتەق هیچ نەبزووت، هەستایە سەر پێیەکانی و بەرەو دەرگاکە ڕۆیشت. دەمێک تکای لە سەردار کرد تاوەکوو هەندێکی تریش مۆڵەتی پێ بدات، سەد جاران سوێندی بۆ خوارد هەر کە لە نەشتەرگەرییەکەی قیت ببێتەوە، با بە دەرۆزەکردنیش بێت کرێی هەر سێ مانگی ڕابردووی بۆ دەنێتە دەستی.

وەکوو خووی پێوە گرتبوو، چەند قسەیەکی ڕەقی بە هەژار گوت و بەردەرگاکەیانی بەردا، هەتا گەیشتەوە لای قەمەرەکەش و دەرگاکەشی کردەوە بۆڵەبۆڵی هەر دەهاتە گوێیەکانی هەژار: «ئەها بەو ئاسمانە شینەی، ئەگەر هەتا حەفتەکی دی کرێیەکەم هەموو نەدەیێ، دەرت دەکەم، بەلاشخانەمان دانایتەوە، بەلاشخانە!»

لەوەتەی ژنەکەی بەجێیانی هێشتووە، گوزەرانیان هەر مەمرە و مەژی بووە، سەرەتا لە کارەکەی بەیانیانی دەرکرا، گوایە داڵغەی زۆری لێدەدا، دواتر بەردەکانی گورچیلەی زۆریان بۆ هێنا و کاری ئێوارانیشی بەجێ هێشت. هەر لەم بیرانەدا بوو، کاتێک کە ڕۆندکی بەستەزمان سەیرێکی کرد و بەنووزەوە پێی گوت: «باوکە گیان دەرمان دەکات؟» «نا نا کچی خۆم، دەرمان ناکات!»

هەر لەگەڵ‌ یەکەم گەردی بەیانی، هەگبەکەی خۆی پڕ کرد و لەگەڵ کچەکەی بەرەو نەخۆشخانە بەڕێ کەوت. ڕۆندک دیسان لێی پرسی: «هەر ئەمڕۆ دەرمان دەکات، وا نییە؟» «نا نا دڵەکەم، دەرمان ناکات!» بەرەو هۆڵی چاوەڕوانی ڕۆیشت، لە ڕێزی پێش پێشەوە دانیشتبوو و چاوەڕێی نۆرەی خۆی بوو. هەر کە ناوی خوێندرایەوە، توند توند کچەکەی کردە باوەشی، بە چاوانی پڕ لە فرمێسکەوە گوتی: «کچم هەر لێرە ڕاوەستە، هەر نیو کاژێرەکە و بەخۆ دێمەوە.» ئەویش دیسان لێی پرسی: «ئەدی ئەگەر دەری کردین، دایکم چۆن دەماندۆزێتەوە؟» «نا نا دڵیژگەکەم دەرمان ناکات، هەر لەوێ چاوەڕێی دایکت دەکەین، هەر دەگەڕێتەوە!»

لەسەر قەرەوێڵەکە پاڵکەوتبوو، بیری لەم چەند مانگەی ڕابردوو دەکردەوە، ئەو ڕۆژەی کە هاواری خێزانی دەرگای ماڵەکەی بە یەکجاری لەدوای خۆی داخست. دوو حەفتەی ڕێک لە ماڵەوە دەرنەچوو، ڕیشن ڕیشن، بۆگەن بۆگەن، تەنانەت ڕۆندکی کچیشی لێی دەترسا. تەلەفۆنێک، دوو تەلەفۆن، چەند تەلەفۆنێکی بەڕێوەبەرەکەی ناچاری کرد بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، دوو ڕۆژی نەبرد و لەوێش دەرکرا، ئێ چۆن بتوانێت کار بکات، تازە ئابڕووی هەمووی هەڵڕژاوە!

ژانی گورچیلەکەی تا دەهات و زیاتر دەبوو: «ئەمە کەی ژیانە! تاوانم چی بوو تاوەکوو ئەم هەموو ناخۆشییە یەک بەدوای یەکانەم بەسەر بێت. ئێ‌ سەردار چی بکات، ئەویش منداڵی هەیە و دەبێت نانیان بدات. خۆ ئەگەر سەردار کۆنە هاوڕێم نەبوایە و یەکێکی تر بوایە ڕەنگ بوو نیو ئەوەندەش لەسەرم ڕانەوەستابوایە. ئاخ لەم بەختە ڕەشەم، ئاخ!»

پەرستارە چاوشینە قژسوورەکە هاتە سەر سەری و دەربارەی کەشوهەوا پرسیاری لێ کرد، هێدی هێدی سۆندەی بەنجەکەی خستە سەر دەم و لووتی، تا دەهات چاوەکانی سستتر دەبوون. دەنگەکان دوورتر دەکەوتنەوە، سۆماشی لێڵتر دەبوو، سەیرێکی پەرستارەکەی کرد، هەر لە هاواری خێزانی دەچوو.

چەند کاژێرێک تێپەڕی، چاوەکانی کردەوە، سەیرێکی دەوروبەری خۆی کرد، نەیزانی بۆچی لێرە دانیشتووە. ڕووداوەکانی دوێنێی هیچ بیر نەمابوو. سەر ئێشەیەکی بەهێز تینی بۆ هێنا، دەستی بۆ پەرداخە ئاوەکەی بەردەمی خۆی برد. یەک دوو قومی لێدا. ڕۆندک بە هەڵەداوان هاتە سەر سەری، چاوەکانی لەخۆشییان بریسکەیان دەدایەوە، هاواری کرد: «باوکە، باوکە، ئەوە هەستای!»

سەیرێکی کچەکەی بەردەمی کرد، دەنگی خۆی خڕ کردەوە، دەنگە گڕەکەی هەڵبڕی: «بانگی هەژاری باوکت بکە، پێی بڵێ سەرداری خاوەنخانوو هاتووە، ئەگەر هەر ئێستا بە خۆی و بە کرێی هەر چوار مانگی ڕابردوو نەیەتە دەرەوە، با بە شتومەکەوە بێتە دەرەوە و ئێرەم بۆ چۆڵ بکات!»




زێدە بیابان.. شیعری عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بە دەربڕینەکانی هونەرمەندی شێوەکار (قەرەنی جەمیل) پێشکێشە

(١)
ئازادی لە نەخشەی بیابان دەتکێ
باران لە هاواری سەراب دەبێ بە ریشۆڵە
ریشۆڵەكان دەنووک لە تیشکى رووناکى دەگرن
لە ئاودا تیشکی رووناکی دووبارە هەڵدێ
ئەوەتا لێرەم وەک رووکاری رەشبردنەوە.
(٢)
جوانی رەفتاری بیابان هێشوو و هێشوو دەکا
رابردوو خۆڵەمێشییە
ئەوەتا لێرە دادەنیشم لەنێو ئێوە
ئاخۆ هەست بە گومانەکان دەپێون
ئاخۆ لە شکانی سەراب دەگەن
بزەی ئاو دەناسنەوە
ئاخۆ جیاوازی، وێناکردنی ناجیاوازییە، یان هاونشینی؟
(٣)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
ئاو دووبارە سەراب هەڵدەدا
مرۆڤ هێشوو و هێشوو لە بیابان دەکەوێ
با دێتەخوارێ
بۆ ژیان شامانایەک هەبوو
بۆ سەراب پێوانیەک نییە.
(٤)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
باران پێڵاوەکانی بیابان پڕ خۆڵ دەکا
با لە پرچی سەراب دەڕژێ
بە پێ خاوسی
بەبێ زیندووکردنەوەی شامانایەک
ناپەڕینەوە
لە پەنا رەنگی خۆڵەمێشی
لێرە دووبارە وەک روواڵەت لە ئێوە دەکەوم
مردن جێنشینی بینینە.
(٥)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
مرۆڤایەتی چەشنی نەخشەی بیابان
هێشووی هەتاو
نواندنەوە، زێدە مانا،
سەراب
بە ئاوەوە دەخورێتەوە.
(٦)
چیتر دابەزین نییە
بیابان لەبەر دەرگاتانە
رەنگی خاک جگە لەخۆی هیچ ناگەیەنێ
بە پێڵاوی پڕ لە خۆڵ
دووبارە وەک رووکەش لە ئێوە دەچم.
(٧)
ژیان شاراوەیەکی زێدە دیارە
رەنگ شاراوەیەکى زێدە گەرم
بە نمایشە شێواوەکانی
روو لە ئارەزوو دێتەخوارێ
بوونی مرۆڤ زڕوێنەیە
بە ئاسمانەوە کۆتایی بە حەقیقەت دێنێ.
(٨)
من نامەوێ ئاسمان لە خاک بچێ
زەوى لە ئاسمان بێتەوە
بەربوونەوەی ئەسڵ، شتێ لە شتێ ناکا
گەر دەرگا بکەنەوە
ئایکۆنەکان دەگەڕێنەوە
گەمەی نا- نواندنەوەیە.
(٩)
دنیا سەراب بێ یان وەهم
خاڵی گەشانەوەی هونەر وێناکردنی فریودانه
وێناکردنى زڕوێنە
خڕبوونەوەی ناتەبایی چێژە لێرە و لەوێ
من دەزانم
لە زێدە حەقیقەت دەبنەوە
تۆ دەزانی
شتێ لە پشت لەبەرگرتنەوە، بوونی نییە.
(١٠)
مردووەکان زیندووەکانیان گۆڕیووە بۆ ئاوەدانی
زیندووەکان مردووەکانیان گۆڕیووە بۆ زمان
ژیان گێڕانەوەی مرۆڤە بۆ دۆخی بێ شوناسی
ئەوەتا لێرە لەنێو ئێوە هەڵدەستمەوە
گەر دەرگا بکەنەوە
جەستەی بێ ئەندام دەبێ بە گۆڕ
لە پێگەی رەشبردنەوە و دابڕان
مردوو زیندووەکان دەردەکەون.

٢٠٢٤/٩/٢٨ هەولێر




ئایا ئێران دەستبەرداری بەرنامەی چەکی ئەتۆمی دەبێت؟.. کەریم قادر

کۆماری ئیسلامی ئێران کێشە و سەریەشەی زۆری بۆ ناوچەکە بەگشتی و ئیسرائیل بەتایبەتی دروست کردووە کە بەهۆیەوە زیانی ماددی و مەعنەوی لێکەوتووتەوە و بارگرانی بۆی دروست کردووە. لەبەرایی هەمووانەوە بیرۆکەی سڕینەوەی ئیسرائیلی لە هزری خەڵکانێک چاندووە.
ئەگەر سایکۆلۆژی ئیسرائیل بەرانبەر ئەوانە لەبەرچاوبگرین کە زیانیان لێی داوە، یان تەنانەت بیریان لەوە کردبێتەوە زیانی لێ بدەن، بە هەر جۆرێک بێت، هێزی خۆی نیشانداون، لەوەدا ئامرازی جۆراوجۆری بەکارهێناوە و باڵادەستە.
بابەت و گرژییەکانی ناوچەکە هێندە تێکەڵاون، چاودێرانێک پێیانوایە لەو هەموو شەڕ و تێکچڕژانەی لە ناوچەکە لەئارادان، شتێک لە شێوەی ڕێککەوتنێکی شاراوەی نەنووسراو لەنێوان هەردوولادا هەیە. ئەگەر بە دیوێک خوێندنەوە بۆ شەڕەکانی حەماس، حزبوڵای لوبنانی، حوسییەکان بکەین، هەروەها چاوێکیش بە ملیشیاکانی عێراق بگێڕین، بەتایبەتی کە لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای ئێران بەهەند وەربگرین کە دوای هەموو شەڕێک دەیانگوت، “تۆڵە دەکەینەوە”، بەڵام لەسەر زەویدا هیچیان نەدەکرد و لە لێدوان زیاتر نەبوو، ئەگەر شتێکیشیان کردبێت، لە خۆ بەڕووسوور نیشاندان زیاتر نەبووە. بۆیە ناهەقی چاودێرانێک نییە بەو باوەڕە بگەن کە لەبەرانبەر پاراستن، یان دوورخستنەوەی ئاگر لەخۆی هاوبەشییەک لەئارادایە، بەتایبەتی ئەگەر قسەکەی خامەنایی لەبارەی کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد (٢٠٠٠-٢٠٢٤) کە گوتی، “گەمژەییە لەناوخۆ شەڕی دوژمنەکانت بکەیت” بە هەند وەربگیرێ، زۆر باش لە نیازەکانی ئێران دەگەیەت کە نایەوێت شەڕ بگاتە ناو ماڵەکەی و لەوانەی لەم پێناوەدا هەموو کارێک بکات.
ئیسرائیل متمانەی بە هیچ کار و کردەوەیێک نییە لەلایەن ئەوانەوە بێت کە ڕۆژانێک هەڕەشەی سڕینەوەیان لێی کردووە، یان وەک خۆیان دەڵێن “قەوارەی زایۆنیزم” لەناوچەکەدا نامۆیە. لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنە، دوای نەمانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە تەواوی ژێرخانی سەربازی ئەو وڵاتەی خاپور کرد، چونکە نە دەخوازێ هیچ لە درواسێکانی پڕچەک بن، نە متمانەی بەکەس هەیە.
بە مانایەکی دیکە، ئیسرائیل لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، بەهیچ شێوەیەک ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی قەبوڵ نییە، لەسەر ئەو بنەمایە بە هەموو شێوەیەک کار بۆ لەناوبردنی ئەو چەکە دەکات کە بەپێێ هەوڵەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو لە بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نزیک کەوتووتەوە. ئەگەر ئێران بیەوێ ئسرائیل وازی لێبێنێت و شەڕ نەگاتە ناو ماڵەکەی ، دەبێت بەرنامەکەی خۆی بۆ گەیشتن بەو چەکە هەڵوەشێنێتەوە.
ئەمەش لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەت توکیا دەردەکەوێت کە گوتی: “وێڕای ئەوەی ئێران نایەوێ لەگەڵ ئیسرائیل شەڕ بکات، وەک ئەوەی بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ ئەنقەرەیان دووپات کردووتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران بەدوور نازانین”،
کاتێک ئێران لەناوچەکە شتێکی بەناوی بەرەی مقاوەمە دروست کرد، زیاتر بۆ خۆپاراستن و سەپاندنی هەژموونی خۆی بوو، وەک ئەوەی پێشتر قاسم سلێمانی بە ئەمریکییەکانی گوتبوو “کۆنترۆڵی پێنج پایتەخت لە ژێر هەژموونی ئێران دایە”.
هەرچەندە بەهۆکارگەلێک تورکیاش ناخوازێ ئەو شەڕە هەڵبگیرسێ، بەڵام ئێران ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ناخوازن، دەبێت وەک پەیامێکی ڕوون لەلێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بکۆڵێتەوە، کە خۆی لە دەستبەرداربوون لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی دەبینێتەوە، چونکە دوا ئامانجی ئیسرائیل لەپێناو ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، نەک هەر ئێرانێکی باشە، بەڵکو ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمیشی قەبوڵ نییە. دیارە تورکیاش حەز ناکات ئێران ببێتە خاوەن ئەو چەکە وێرانکارە کە ئەمڕۆ تاڕادەیەک بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا داشی سوارە.
ڕەنگە هەبن لە ئێران دژی دەستبەرداربوون لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی بن، چونکە باوەڕێک لای ئەو گروپە دروست بووە، ئەگەر دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمیش بێت، ئیسرائیل بەپشتیوانی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی واز لە تەنگهەڵچنین بە ئێران ناهێنێ، تا لە قاڵبی نەدەن، یان وەک خۆیان دەڵێن پارچە پارچەی نەکات. بێگومان هۆکار و ئامرازی ئەو تەنگ پێهەڵچینەنەش هەمیشە ئامادەیە، چونکە ئێران لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی کەسی و مافی پێکاهاتەکانەوە تۆمارێکی باشی نییە.




وەک چیاکان کۆن.. شیعری نەوزاد مدحەت

ڕەگەکانمان قوڵ وەک لوتکەی زاگرۆس،
لە خاکێک کە پێی باپیرانمانی ناسیوە.
نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبین،
زمان و گۆرانی و چیرۆکەکانمان بەرگری دەکەن.

هیچ سنورێکی کێشراو
ناتوانێت ڕۆحمان زیندانی بکات،
هەرچەندە بەزەبری خەنجەر لێکمان دادەبڕن
ئێمە منداڵانی خاکی دێرینین،
یەکبوون هەمیشە لەناو دڵمان لێدەدات.

هەوڵ دەدەن چرای ئومێدمان خامۆشبکەن،
وەک ئەوەی ئازادیمان هەڵبژاردنی خۆمان نەبێت.
هێز لە دەماری شاخاویمان هەرگیز خامۆشنابێت
وەک هاژەی ئەو چەمانەی ئاوەدانیمان ئاوەدانتردەکەن.

هیوا لە نوێژی بێدەنیگدا هەڵدەگرین،
بۆ دادپەروەریەک بەزەبر نەبێت نایەت.
مێژویەکە نەوەکان خەونی ئاشتی دەبینن،
کەچی ئەویتر، ئەویترێکی لە دوورەوە هاتوو
گۆشە گۆش لە ناو ماڵی خۆما سەری دەبڕێت

ژمارەکان دەگۆڕن،
توڕمان دەدەنە شوێنە دوورەکان
ئاو بەردەدەنە گۆڕستانەکانمان
بەڵام بزرنابین چەند دوور بڕۆین
جارێکی تر و جارێکی تر..
لە ناو دڵی چیاوە دێینە دەر

لە ناو تاریکی قوڵدا ڕووناکیمان دەپارێزین،
بالۆرەمان لە چیا نابڕێت
بۆ بەرەبەیانی ئازادی هەمیشە باوەڕمان هەیە،
ئەمە ئەو هەوایەیە کە دەبێت هەڵیمژین.

نەوزاد مدحەت




زمان و شاعیر.. خەزعەل ئەلماجدی.. و: عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

شیعرییەت شایتحاڵی تەواوی سەردەمەكان

وزەی زمانی شیعری پەرت نییە، پارێزراوە. بە پێچەوانەی وزەی زمان لە بوارەكانی دیكەدا كە بەرەو سوودگەرایی و دەستاودەستكردن و تێگەیشتن دەبێتەوە… وزەی شیعری لە چوارچێوەی فۆڕمی شیعرییدا پارێزراوە، نە دەگۆڕێ و نە لەكار دەكەوێ. ئایا بەپێی ئەو تێگەیشتنە، دەتوانین شیعر لە رووی زمانەوانییەوە پێناسە بكەین و بڵێین شیعر زمانە، كاتێ وزەی خۆی دەپارێزرێ. لە رووی زمانییەوە پێناسەی پەخشان بكەین و بڵێین پەخشان زمانە، كاتێ پەرت دەبێ، یان وزەكانی بەكار دەهێنین، یان لە پێناو شتێكی دیاریكراو سوودی لێوەردەگرین. لەو دەرئەنجامەشەوە بڵێین زمان لە شیعردا هێزێكی نەگۆڕە، لە كاتێكدا زمان لە پەخشاندا هێزێكی گۆڕاوە، بۆ جۆرێكی تر، بۆ نموونە پەخشانی دەرەكی (بابەتخوازی و زانستی) زمان بۆ كار، هەواڵ، هاندان، وەسفكردن دەگۆڕێ، پەخشانی فێركاری بۆ زانست و زانیاری دەگۆڕێ. بەڵام هێزی زمانی شیعر ناگۆڕێت، بەڵكو لە ناوەوەی خۆیدا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە. پەخشان لە مێژوودا جێگیر دەبێت، شیعریش بەرەنگاری مێژوو دەبێتەوە، چونكە ناگۆڕێت و دوای مێژوو ناكەوێت، بەڵكو شتێ لە ناوەوەی گوتار و رووداوە قەدەغەكراوەكانی دەوروبەری لە خۆدا هەڵگرتووە. بۆ نموونە قەسیدەكانی (موتەنەبی) لە بەرانبەر سەدەی چوارەمی كۆچی وەستاون، لە كاتێكدا دەسەڵات و میدیا و هەواڵ و یاسا و دابونەریتەكانی سەدەی چوارەمی كۆچی كەوتوونەتە نێو مێژووەوە. لە سەدەی نۆزدەمی پڕ لە رووداو و هەواڵ، قەسیدەكانی رامبۆ وەستاون، وەك رۆناكییەكی درەوشاوە و تازە، بە هێز و چالاكییەوە لە مرۆڤ دەڕوانن. ئایا ئەوە بەو مانایەیە كە پەیام ((پەیامی شیعری)) دەبێ بابەتەكەی لە خودی خۆیدا بێ (بابەتەكەی لەو شتانە وەرنەگرێت، كە دەوری داوە و ئاماژە بە شتەكانی دەوروبەری خۆی نەكات).. ئەوە پەیامێكی شیعرییە، وەك ئەوەی لە دەقی شیعرییدا هەیە؟
هەڵبەتە نا.. چونكە كاتێ باس لە ئەركەكانی زمان دەكەین و دەبینین یەكێك لە ئەركەكانی زمان، شیعرییەتە ((لەبەر ئەوەیە كە ناوەڕۆكی پەیامەكەی یان زمانەكەی خودی زمانەكەیەتی، نەك ئەوەی ئاماژەی بۆ دەكات)) ئەو قسەیە ((واتە پەیامی شیعر)) تەواو لەگەڵ قسەكانمان لە بارەی ((هونەری شیعری)) جیاواز دەكەوێتەوە، چونكە شیعر نواندنێكی هونەرییە، ((بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نواندنی هونەری)) تەنیا ئامانجەكەی نییە. با بە وردی بڵێین ئەوە شیعرییەتە وەك ئامانجێك تەنها لە رێگای هونەرەوە دەتوانرێ بە دەست بهێنرێت، بەڵام ((ئەركی شیعر))یش دەشێ لە مەبەست ((پەیامی شیعری)) یان ئامانجی شیعریدا هەڵگرینەوە، كە رەنگە شیعر تێیدا سەركەوتوو بێت، یان لە بەدیهێنانیاندا سەركەوتوو نەبێت. ((روونكردنەوەی)) ئەو قسانەش بە گشتی ((خودێتی و زمانەوانی و تەمومژی)) شیعری كەم دەكاتەوە و بە شیاوی چارەی دەكات، چونكە سروشتی ئەو پەیامەی كە چارەی دەكات، ئەوەیە كە خودی زمانی ئاڵۆز چەمێكە دەبێ بوڕوژێندرێت، چونكە هەمیشە سەرلێشێواوییەكی گەورە لەنێوان ئەركی شیعری و ئەركەكانی دیكە (كۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی و سۆزداری و سوودگەرایی.. هتد) درووست دەكات، كە دەكەونە چوارچێوەی ئەركە بابەتییە لەكاركەوتووەكانی زمان. لێرەدا بە هیچ شێوەیەك مەبەستم داخستنی ئامانجی زمانی شیعری ((پەیامی شیعری)) نییە، كە هەمیشە كراوەیە، بەڵكو دەبێ بزانین كە شیعر((هونەری شیعری)) ئەگەر ملكەچی ئەو ئەركانە بێت، ئەوە ئامانجی خۆی ((وەك شیعر- زمانی شیعری)) لە دەست دەدات و دەبێتە پاشكۆ بۆ ئەركی دیكە. لێرەدا ناتوانین ئەو كارە یەكلا بكەینەوە و بڵێین ئەوەی شیعر دەنووسێ دەبێ بەو رێچكەیەدا بڕوات. بەڵكو شاعیر دەبێ لە خۆیەوە ((بە شێوەی تایبەتی خۆی)) پارێزگاری لە شكۆی شیعر و روونی و وزەی شیعری بكات، شاعیر دەبێ هۆشیارییەكەی تا ئەوسنورە بێ، كە نەكەوێتە ژێر چەكوشی ئامانجەكانی دیكەی زمان، پاشان شوێنكەوتە و ملكەچیان. شاعیر دەبێ بۆ ئامانجی شیعر هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، پێویستی بە هۆشیارییەكی گەورەی شیعری یەكگرتووهەیە، دەبێ لەگەڵ كاتدا هەنگاو بنێ، خۆی لە هەموو ئەو رێگایانە بدزێتەوە، كە بەرەو گەڕانەوە و بێبایەخی و موجامەلەی دەبەن.

شوشتنەوەی وشەكان
وشە لە شیعری كۆندا ناسنامەی دیار نییە، بە ئاراستەی ئەو مانایەدا دەڕوات، كە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی رۆژێ لە رۆژان بۆی پێشنیار كراوە، لە پێناوی دروستكراوە.. بۆیە وشە تەنها وەك ئامرازێ بۆ بەكارهێنان و گەیاندن دەمێنێتەوە، نە زۆر نە كەم.. وشە لە شیعری كۆندا هیچ كەسایەتییەكی نییە.. چونكە لە شیعری كۆندا ((مانا)) دۆخەكە بەڕێوە دەبات. بەڵام ئەگەر وای دابنێین كە زمان لە پێكهاتن و هەڕەمەكییەت و یاسا ناوەكییەكانیدا هاوتای ژیان بێت، لەبەر ئەوەی زمان لە خودی ژیان و پێشكەوتنەكانی ژیانەوە گەشەی كردووە، كەواتە ئەی بۆچی دەستەواژەكان (وشەكان) بە بوونەوەری زیندووی ئەو ژیانە نازانین، كە كەسایەتی و سەربەخۆیی خۆیان هەیە، وەكو رووەكەكان و ئاژەڵەكان و زیندەوەرە وردەكان، كە ژیانی شاراوە و تایبەتی خۆیان هەیە، زۆربەی جاران هەر نایانبینین، تەنها ئەوانە نەبێ كە دیارن و پەیوەندییان بەیەكترییەوە پەیوەندی مانەوە و ململانێ و ئەزموون و هاوژیانییە. دەشێ لە ژیانی رۆژانەدا زمان ئامرازی گەیاندن و تێگەیشتن بێ، وشەكان ((بوونەوەرە زیندووەكان)) قوربانی بە كەسایەتی و ژیانی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ بگات، بۆ ئەوەی ئەو لەیەكگەیشتنە بەردەوام بێ. بەڵام ئایا هیچ دەستەواژەیەك بەو قوربانیدانە خۆبەخشانەیە رازییە؟ نەخێر، بەڵكو ئەوە بەكاربردنە رازییان دەكات. بەڵام ئەدەب ئەو بەكاربردنە رەتدەكاتەوە و دادپەروەری لەگەڵ ئەو بوونەوەرانە و پەیوەندییەكانیان دادەمەزرێنێ و شكۆیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، لەو رووەوە شیعر ژانرێكە زیاد لە ژانرەكانی دیكەی ئەدەب پارێزگاری لە پەرتبوونی وشەكان (دەستەواژەكان) و پەیوەندییەكانیان دەكات، لە هەموو ئەو بەكارهێنانانە رۆژانەییە، یان رۆتینییەی كە كەسایەتی وشەكانیان پیس كردووە و تێكشكاندووە، پاكیان دەكاتەوە و شكۆ و هێزییان بۆ دەگەڕێنێتەوە.. دەیانخاتە نێو بەكارهێنانی نوێ و ژیانی ((ژیانی زمانەوانی نوێ))یان بۆ دەڕەخسێنێ و دەیانخاتە نێو پەیوەندییەكی نائاسایی و چاوەڕواننەكراوەوە.. جێگایان بۆ دەدۆزێتەوە و وایان لێدەكات تێیدا نیشتەجێ بن، بەمجۆرە دەقی شیعری سەرسامی درووست دەكات، چونكە: واتای نوێ ((ژیانی نوێ)) بە وشە دەبەخشێت. وشە دەخاتە پەیوەندی نوێوە. بەمجۆرە زمان نوێ دەبێتەوە و ئەو نوێبوونەوەیەش دەبێتە نوێبوونەوەی ژیانی مرۆڤ و بوژانەوە و گرژی و نەشونماكردنی مرۆڤ.
پەیوەندییە زمانەوانییە كۆنەكان لە شیعر و پەخشاندا پەیوەندی دیاریكراون یان وەك رەوانبێژی پۆلینكراون، ناشێ لێیان دەرچین و نكۆڵی لە رەوانبێژییان بكەین، بەڵكو دەبێ چوارچێوەیەكیان بۆ بدۆزینەوە و لە شێوازێكی چەقبەستوودا دایانبنێین، بەوەش دەستەواژەكان و پەیوەندییەكانیان لە شیعری كۆندا بە هۆی تووندی سیستمی زمانەوانی و عەقڵی و كۆتوبەندكردنیان لە چواچێوەی رۆحی مرۆییدا تووشی پووكانەوە دەبن، بەمجۆرە رزگاركردنی شیعر و عەقڵ لەو هێزە نەرێیە پێویستی بە دیدگایەكی ریشەیی هەیە! ئەو دیدگایەش دەبێ شتێ لەخۆ بگرێ كە ژیانی ئاسایی و لەكاركەوتوو نەتوانێ بیبڕێت، شتێكی سەرووی سروشتی، شتێكی ناوازە و لەپڕ كە بشێ وەك پێویست دەستەواژە و پەیوەندییەكانیان لە داڕشتنەوەی نوێدا بنوینێ. رێبازی بونیادگەری لێكۆڵینەوە لە بارەی پەیوەندی نێوان دەستەواژەكان وەك حەقیقەتی زمانەوانی و جەوهەری زمان (فۆنۆلۆژی، مۆرفۆلۆژی، شێوازگەریی) بە كاری لەپێشینەی خۆی دادەنێ و لەوەشدا گەیشتۆتە دەرئەنجامی زۆر گرینگ، بەڵام لەبەرانبەر ئەوەشدا بوونی (وشە) و دەستەواژەكانی پشتگوێ خستووە و تەنها وەك پارچەكانی شەترەنجی داناون، كە دەشێ داربن یان ئاسن یان قوڕ و هەویر، كە هیچ جیاوازییەكی گرنگیان لە وازیكردنی شەترەنجدا نییە و دواتریش هەر بەو پێودانگە گەمەی زمانەوانی ملكەچی سیستمی ناوەوەی زمان دەكات. ئەگەرچی بونیادگەری لە هەندێ لە تیۆرە جۆراوجۆرەكانیدا گرنگنترینیان تیۆری زایندەیی ((تەولیدی)) ((چۆمسكی)) كە بە راستی لە رووی یاساكانی زمانی زایندەیی و گۆڕانكاری ((تەولیدی و تەحویلی))دا، وێناییەكی رازیكەر بە دەستەوە دەدات. دوور لەو لێكۆڵینەوە زمانەوانییە گشتیانە، ئیتر دەستەواژەكان هەروا مانەوە، تا لقێكی تایبەت بە ناوی زانستی ئاماژە (علم الدلالە) هاتە ناوەوە، بەڵام ((ئەو لقە)) لەگەڵ زانستی زمان تێكەڵ نەبوو، تاكو بەیەكەوە وێناكردنێكی رازیكەر لەبارەی زمان بەگشتی و شیعرییەت بە تایبەتی بخەنە روو. شاعیر بۆخۆی دەبێ لە هەموو ئەو زانستانە قووڵبێتەوە، نابێ هەر تەنها پێیانەوە پابەندبێ، بەڵكو لەسەری پێویستە تێیانبگات و هەرسییان بكات، پاشان لە یاسا سەختەكان بگوزەرێ. ((وەك كۆتوبەندی نووسین تەماشایان نەكات)) بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە بەدوایاندا نەچێ و لێیان تێنەگات، بەڵكو بە پێچەوانەوەوە شاعیر دەبێ ئاگای لە زانستەكانی زمان بێ و بەدوای لێكۆڵینەوەی زمان و تێگەیشتنی زمانەوە بێ و هۆشیاری لێیانەوە بە دەستبهێنێ.. زۆرێك لە شاعیران حەز لە بوارەی زمان ناكەن، بەڵام بنەمای نووسینی شیعر پەیوەندی بە تێگەیشتنی تایبەتی زمانەوە هەیە، شاعیر دەبێ پارێزگاری لە زمان بكات و بچێتە نێو تایبەتمەندییەكانی زمانەوە، بە تایبەتی هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی پەیوەندی بە شیعرەوە هەیە، بەو مانایەش ((لەخۆوەیی)) و دەرچوون لە رێچكەی ((ناوكۆیی)) باو، ئەو كاتە بە جوانی دەردەكەوێت، كە شاعیر لە قۆناغی نەخوێندەوارییەوە بەرەو قۆناعی مەعریفە هەنگاو دەنێت.. چونكە هۆشیاری دەرگای فرەوانی گفتوگۆ دەكاتەوە. ئەگەرچی شاعیری خاوەن بەهرەی گەورە و كەم رۆشنبیر، پێویستی بە بڕێكی زۆر لە ((خۆبەخۆیی)) و ((هەڕەمەكییەت)) هەیە.. بەڵام شاعیری پڕ بەهرە و پڕ لە رۆشنبیری پێویستی بە دوو ئەوەندە توانای ((خۆبەخۆی)) و (هەڕەمەكییەت) هەیە، چونكە ((نووسین)) هەمیشە ناچاری دەكات، كە ئەو رۆشنبیرییە گەورەیەی خۆی بە شێوەی ((خۆبەخۆی)) بیخاتە روو. لێرەوە دەشێ گرفتەكانی پێشوو شیبكەینەوە و بڵێین: شاعیری باش و خوێندەوار، زۆر لە شاعیرێكی نەخوێندەوار، پێویستی بە ((خۆبەخۆیی)) و ((هەڕەمەكییەت))ە، بۆ ئەوەی بە باشی پارێزگاری لەتازەبوونەوەی بەهرەكەی خۆی بكات. ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە بۆچی شاعیرە نەخوێندەوارە باشەكان، لە فرە رۆشنبیری دەترسن؟! چونكە دەزانن هەتا رۆشنبیریت زۆرتر بێت، پێویستیت بە ((خۆبەخۆی)) قووڵتر و بە پیتتر دەبێت. خودی ئەو شیكردنەوەیە رۆناكی دەخاتە سەر ئەو راستییەی كە ئەو شاعیرە باشانەی دوای رۆشنبیرییەكی زۆر بەهرەی شیعرییان كز دەبێ، لەو شاعیرانەن كە هەر لە بنەماوە ((خۆبەخۆبوون)) و ((هەڕەمەكی)) بوونیان دیاریكراو بووە، بۆیە توانای ئەو رۆشنبیرییە و مەعریفە زۆرەیان نەگرتووە و بەهرەكەیان تێكشكاوە. ئەوان قەوارەی بەهرەی خۆیان نەدەزانی، بۆیە تێكشكان، بەڵام نەك لەبەرئەوەی مەعریفە و رۆشنبیرییان بە دەستهێنا، چونكە هەرگیز مەعریفە و رۆشنبیری جێی بەهرەی شیعری ناگرێتەوە! بەهرەی شیعری گەورەترین گەنجینەیە، كە مرۆڤ لە ژیاندا دەیدۆزێتەوە، بە راستی بە داخەوە كە بە شێوەیەك لە شێوەكان لە دەستی دەدات. با بۆ رەوتی نووسینەكە بگەڕێینەوە و ببینین كە شاعیری حەقیقی ئەو كەسەیە، كە بە شێوەیەكی دیكە لە زمان ((وشە و پەیوەندییەكانی)) رادەمێنێ و سازشیان لەسەر ناكات، هەمیشە وشەی سەرسوڕهێنەر، نامۆ دەڵێ كە پێشتر گوێمان لێینەبووە.

شیعر و قسەكردن
ئەگەر لە بارەی زمان وەك سیستمێكی كۆمەڵایەتی و قسەكردن بەو مانایەی كارێكی تاكە كەسییە (فردییە) لەنێو سیستمی كۆمەڵایەتیدا، بۆ لێكجیاكردنەوە بە ناوبانگەكەی (دی سوسێر) بگەڕێینەوە، ئەوە بۆمان دەردەكەوێت، كە زمان لە كتێب و فەرهەنگ و گرامەری زمانەوانی نیشتەجێیە، بەڵام قسەكردن لە شەقام و كارگە و نێو ماڵاندا بە وزە و چالاكییەوە دەجولێتەوە. شیعر كارێكی تایبەتی و تاكە كەسییە بۆیە دەكەوێتە نێو قسەكردنەوە ((لێرەدا قسەكردن بە مانای زاراوەكان نایەت))، كەچی گیروگرفتەكانی شیعر ئەوەیە، كە لەنێو قسەكردندا بەشێكی تایبەت و خودییە. شیعری كۆن ((لە رێگای بیستنەوە)) بوو. بەڵام شیعری نوێ، پاش ئەوەی چاپكردن دەركەوت، كە كتێب و نووسین لەنێو خەڵك بڵاوبۆوە، ئیتر خوێندنەوەی شیعر، جێگای بیستنی شیعری گرتەوە، واتە كە نووسین دەركەوت، شیعری نوێ سەری هەڵدا و جیاكردنەوەی ئەركی بیستنی شیعری لێكەوتەوە، ((واتە شیعر لە سیستمی بیستنەوە بۆ سیستمێكی خوێندنەوە هەنگاوی نا)). لێرەوە ئیتر كەوتینە پارادۆكسێكی نوێوە. شیعری كۆن بە قسەكردنی زارەكییەوە بەندە، یان دەبیسترێت و لەگەڵ تامی قسەكردنی زارەكی سەردەمەكەی بڵاودەبێتەوە، ئەو تامەش نامینێ كاتێ ئەو شێوە قسەكردنە بەسەر دەچێت. بەڵام شیعری نوێ بە قسەكردنی نووسراوەوە بەندە، بایەخەكەی ئەو كاتە كەم دەبێتەوە، كە سەلیقەی باوی سەردەمەكەی بەسەر چێژەكەیدا زاڵ بێت. بەمجۆرە زمان ((زمانی قسەكردن)) لە بۆتە نووسینی شیعری نوێدا دەوڕوژێ ((زمان دەنووسرێتەوە)) و شیعر پشت بە گۆڕانكارییەكانی نووسین دەبەستێ، گرنگترین گۆڕانكارییەكانیش كە پێی هەڵدەستێ سەرەولێژكردنی ئەركی تەواوی شیعر و گۆڕینی ستراتیژییەتی ئامانجی شیعرییە، بە جۆرێك كە شیعری (شەعبی) ئەوەی كە بۆ دەستاودەستكردن پەیوەندی خۆی بە قسەكردنی ((خەڵك))ەوە راگرتبوو، (لە جەوهەردا) هێندە بە نووسینەوە پەیوەست نەبوو، شیعری شەعبی بێ ئەوەی نیازێكی هەبێ دوو جۆر بوو: یەكێكیان خۆی دادەهێنا و خۆی لە رێگای نووسینەوە ((نووسینی بیستنەوە)) دەبینییەوە و لە رێگای نووسینەوە كاریگەری درووست دەكرد. ئەویدیكە دەكەوتە سەر رووكاری زمان یان ((بیستنی بیستنەوە)) قسەكردنەوە، وەك ئەوەی شێوەیەك بێ لە شێوەكانی پەیوەندیكردن بە كۆمەڵگاوە. ئەركی (بیستن) لە شیعری كۆن، یان شیعری شەعبی ((زمان دەبیسترێتەوە)) لەلایەن كۆمەڵ (وڕوژان)ی دەنایەوە و جیاواز لە ئەركی (بینین)ی تاكە كەسی ((زمان دەنووسرێتەوە)) لە شیعری نوێدا! بەمجۆرە بەرانبەر رەگەزێكی نوێ دەبینەوە، كە پێویستی بەیەكێك لەو دوو شێوازە هەیە: یەكێكیان شیعرە و ئەویدیكە شیعر نییە! لێرەوە مەترسییەكی نوێ دەست بەسەر شێوەكانی چێژ و گۆڕانكارییەكاندا دەگرێت، كە رەنگە بكەوێتە دەرەوەی تێگەیشتنی ئەدەبی و بە تەواوی سەیرورەی مرۆڤایەتییەوە بلكێ.. واتە لە ئەدەبەوە تا بە بوونی خودی مرۆیی دەگات. ئەدەبی كۆن هیچ شێوازێكی رادیكاڵ و پڕجۆشی ئەدەبی بەدەست نەهێناوە، بەڵكو هەمیشە بە پەلە شێوازەكانی خۆی گۆڕیووە، ئەوەش ئەگەرچی لە راستیدا لە ئەنجامی هۆشیارییەوە بوو، بەڵام بەدبەختی ئاگایی نووسەرانی لەوەدابوو، كە نەیاندەتوانی لە بەرانبەر ئەو سەردەمانە بە شێوەیەكی قووڵی نیگەرانئامێز بوەستنەوە.. جگە لەوە كارەكانیان بەرهەمی ئەو گۆڕانكارییە فیكرییەكانی نەبوو، كە خودی خۆیان پێیهەڵدەستان، تا بتوانن ئەدەبێكی (خودی) نوێ بونیاد بنێن، بەڵكو زمانێكی ئاسۆیی هاوبەشیان هەبوو، كە دەكەوتە نێوان خەڵك و شێوازی نووسینی ستوونی نوێنەرایەتی دەكرد، چ لە ناوەوەی نووسەر، ناخی نووسەر -چ وەك هاوبەشیكردنی خەڵك- لێرە ((لە نووسینی شیعری شەعبی)) زمان وەك مێژووی مەعریفە، ئاوارەی رابردوو بوو، بەڵام شێوازی نووسینی شیعری نوێ لەنێو مێژووی گشتیدا، بازدانێكی تاكە كەسی داهێنان و خەلقكردن بوو، هەوڵێك بوو یان كۆمەڵە هەوڵیكی تاكخوازانە بوو بۆ بوژانەوە و گۆڕینی بونیادی زمانی باو. لەسەر ئەو بنەمایە مێژووی ئەدەبی كۆن، مێژووییەكی خاو و بێزاركەر بوو، كە تێیدا گۆڕانكارییەكان هەڵبەز و دابەزییان بوو، لە شێوە و ناوەڕۆكی ژانرە ئەدەبییەكاندا ناڕێك دەردەكەوتن، بەڵام مێژووی ئەدەبی نوێ، خەریكە خێراتر دەبێت، نەك هەر وەك مێژووی نەشونماكردن، بەڵكو وەك مێژووی داهێنان و خەلقكردن، بەپێی زاوزێكردنی پشتاوپشتگەری بەڕیوەناچێ، بۆیە داهێنان لە ئەدەبی نوێ تاكخوازانەیە، باوك و كوڕ ناناسێ.. تاك درووستكەرێكە، بەڵام لۆژیكی پشتاوپشتگەرێتی كە ئەدەبی كۆن بانگەشەی بۆ دەكات، تەگەرەیەكە لە تەگەرەكانی بەردەم وزە و هەڵسانەوە و جوانی ئەدەبی نوێ.

چالاكردنی زمان لە رێگای شیعرەوە
دوای ماندووبوونێكی زۆری رەخنەگری فەرەنسی (پێریس) بۆ دۆزینەوەی پێناسەكردتێكی وردی شیعر لەژێر رۆناكی بەردەوامی دەرچوون لە ناوكۆییەكان، دوای دروستبوونی ململانێیەكی تووندی نێوان شیعر وەك مەترسییەكی بەردەوام و پەخشان وەك مەترسییەك بە دژی شیعر، دوای هەموو ئەوانە (پێریس) گەیشتە ئەوەی بڵێ ((زمان ناتوانێ گوزارشت لە شیعر بكات، بەڵكو شیعر فێڵ –لە زمان دەكا- یاخیبوونە، خەباتە بە دژی زمان) كەواتە چۆن ئەو دوو رستەی خوارەوە بەیەكەوە دەگونجێنین (شیعر گوزارشت لە زمان دەكات) (شیعر لە زمان یاخی دەبێت))؟. رەنگە چەمكی (لادانی زمانی) ئەوەی (كۆهین) پێشنیاری كردووە، جۆرە چارەیەك بێ، بەڵام ئەو چارەكردنە زمانێكی پێوانەیی (كە بوونی نییە) دەسەپێنێ، ((زمانێكی پێوانەیی دیار)) كە بۆ ئەوەی شیعر بونیاد بنێین، بتوانین لێی دەرچیین ((لێی لادەین))، بەڵام لەبەر ئەوەی قسەكردنی رۆژانە لادانی زمانی لێدەكەوێتەوە و دەرچوونە لە زمانی پێوانەیی، بۆیە دەشێ بڵێین لادانی زمانی دەكەوێتە نێو لادانی رۆژانەی بەكارهێنانی قسەكردنەوە، بەمجۆرەش وێنەكە تا ئەندازەیەك دەشێوێ، یان بەیەكگەیشنێكی بە پیت دەخاتە نێوان شیعر وەك (یاریكردنێكی بەرزی زمانەوانی) و قسەكردنی رۆژانەوە.. چارەكردنی (كۆهین) وەك پشتبەستنێكی رەها (لە پێوانە و لادان) بۆ ناوكۆییە رەوانبێژەكان دەگەڕێتەوە، جا بۆ ئەوەی بگەینە پێناسەكردنی شیعر، وەك پێشنیارێكی نوێ خۆی دەنوێنێ. چونكە ئەو كێشە كۆن و نائومێدكەرانەی كە لە دەوری پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆكدا دەسوڕێنەوە، تەنیا وێستگەیەكی بچووك پێكدەهێنن، كە دەشێ بۆ ئەوەی لێی دوور بكەوینەوە، لێی بوەستین، واتە لێكۆڵینەوە تەقلیدییەكانی شیعر (سەرەڕای هەوڵەكانیان) هەر لەنێوان (هەژاری و كەمخوێنی) دێن و دەڕۆن، دەڵێن فۆرم لە ناوەڕۆك جیا نابێتەوە، پاشان دەڵێن شیعر ئەوەیە كە فۆرم و ناوەڕۆك لەگەڵ یەكتر هاوسەنگ بێت ((هاوڕێك بەیەكەوە ڕێبكەن)) ئەوەش چارەیەكی ئاسان و سازشكارانەیە، پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوون و راستی نییە. چونكە رەگەزەكانی فۆرم ناسراون و دەتوانین دەستنیشانیان بكەین و ئەركەكانیان بژمێرین و دیاریان بكەین، وەك چۆن دەتوانین رەگەزەكانی ناوەڕۆك دیاری بكەین و لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە بكەین. كەچی لە پەخشان و بە دیاریكراوی پەخشانی ئەدەبی، هاوسەنگییەك لەنێوان فۆرم و ناوەڕۆكدا هەیە. بەڵام بەنسبەت پەخشانی زانستی ناوەڕۆك بەسەر فۆرمدا زاڵە، چونكە فۆرم لە پەخشانی زانستییدا ئامرازێكە بە وردی ئەركی گەیاندنی ناوەڕۆكە. كەواتە تەنها شیعر لە بایەخی فۆرم بەسەر ناوەڕۆكدا ناوازەیە، واتە لە بایەخی فۆرمەوە دەتوانین ئاستی پێشكەوتنی شیعرەكە و دابەزینی هونەری دیاری بكەین. فۆرم ئاراستەكانی ناوەڕۆكی قەسیدە دیاری دەكات، ئاراستەكانیش فەزای قەسیدەكە دەجولێنن و ئەو ئامانجانە دیاری دەكەن، كە قەسیدەكە هەوڵی بۆ دەدات، هەمووشیان تەگەرەن و جوولەی فۆرم بۆ خۆیان كێش دەكەن. فۆرم رووتكردنەوەی فۆرم دیاری دەكات، فۆرم بەندە بە بەشتكردنی ناوەڕۆكی دیاریكراوی فۆرمەوە، حەقیقەتی ئەو شتەش ئەوەیە، كە فۆرم نوێنەرایەتی رێڕەوێك دەكات، كە لە میانیدا دەتوانین ناوەڕۆكی (هەرچی بێت) بە كردە نوێنەرایەتی بكەین. زمان لە كۆمەڵێ رەگەز پێكهاتووە بە ناوكۆییەكی دیاریكراوەوە بەندە، كە زمان دەكاتە فۆرم، نەك جەوهەر، بۆیە شیعر بەرهەمە، یان بەرهەمێكی ئەو ناكۆییەیە، واتە بەرهەمێكە لە (فۆرم)دا نەك لە جەوهەر، بۆیە شیعر فۆرمە لە فۆرمدا، یان میتافۆرم. بەڵام شیعر فۆرمی زمانەوانی نییە، بۆیە مافی ئەوەمان هەیە بپرسین جەوهەری شیعر بۆ كوێ چووە، جەوهەری شیعر كامەیە و چۆن بەدەست دێت؟ جەوهەر لە رەگەزەكانی زماندا بوونی هەیە، نەك لە دەرەوەی زمان، نەك لە كۆمەڵە شتێكی دەرەوەی زمان ((كۆمەڵە شتێك كە دەرك دەكرێن.. هتد)) ئەو شتانەی كە دەرك دەكرێن لەگەڵ جەوهەری ناسراوی فیزیادا یەكدەگرێتەوە، كەواتە جەوهەری شیعری، نەك جەوهەری فیزیایی لە كوێیەدایە؟ من پێموایە (جەوهەری شیعری) بە شێوەی فۆرم لە وەدیهێنانی هەبووەكاندایە، لەبەرئەوەی (وەدیهێنانی هەبووەكان) ئەگەرێكی لاوازە و بە گشتی دەكەوێتە نێو مەحاڵەكانەوە، بۆیە جەوهەری شیعری لە ناوەوەماندا وەك وەهمێكی جوان، نامۆ، سەرسوڕهێنەر خۆی دەشارێتەوە. بەمجۆرە دەتوانین دوای ئەو بەدواداچوونە بڵێین جەوهەری شیعری نە لە واقیعدایە، نە لە قەسیدەدا، بەڵكو لە ناخی شاعیریدایە، جەوهەری شیعری پەندۆڵێكە ((چاڵمە- لە هاتووچۆکردنی پەندۆڵی سەعاتەوە هاتووە)) لەنێوان شاعیر و ئەوەی دەینووسێ هاتوچۆ دەكات، بەڵام كەی ئارام دەبێتەوە، ئەوە تەنها مردن دەزانێ، مەبەستم مردنی شاعیرە. نووسین بە كورتكردنەوەی زمان هەڵدەسێت، بە داپاچینی زیادە و درێژداڕییە ئاڵۆزەكانی، پاشان ئەدەب ((لە نووسیندا)) خێرا بە كەمكردنەوەی ئاڵۆزی خانەكانی نووسین هەڵدەستێ، بۆ ئەوەش شیعر بە تایبەتی دوایین رۆڵ دەگێڕێ، بەمجۆرە بابەتەكە وەك هەڕەمێكی بنكە فرەوان بە ئاراستەیەكی ورد و ناسك بەرەو لوتكە دەبێتەوە، بێگومان بنكە فرەوانەكەی ئەو هەڕەمەش زمانە. بەڵام لوتكەكەی شیعرە. لەوێدا فۆرمی شیعری وەك بارستەیەك لە رەمز و ئاماژە، رۆناكی دەبەخشێت و هەوڵدەدات دووبارە بێتەوە و بێتە (میتافۆرمێكی باڵا)ی زمان، بەو رێگایەش زمان پاكبكاتەوە، لەوێشەوە وەك ئاماژەكاریی مۆزیكا بیچنێ، ئەوەش دووبارە هەوڵێكە بۆ پاككردنەوەی عەقڵی مرۆیی و هەڵوەشانەوەی بەردەوامی بنبەستووەكانی رەوانبێژی و ناڕەوانبێژی، كە زمان پشتی پێدەبەستێت. هەموو هەوڵە دووبارەكانی شاعیرە گەورەكان بۆ گەیشتن بە ئاستە باشەكانی نووسین بە دڵنیاییەوە هەوڵی تاكەكەسین، كە كاتێ شیعر دووچاری چەقبەستن دێ، یان لە ئاستێكدا قەتیس دەبێت، ئەوە لە ئەگەری كەوتن ((رووخان))ی شیاو رزگاری دەكەن. بۆیە بازدان لە نووسیندا لە ئاستێكەوە بۆ ئاستێكی دیكەی بەرزتر، هەر تەنها بە واتای باڵایی عەقڵ و رۆح نایەت، بەڵكو چاككردن و كورتكردنەوەی زمانە. بەمجۆرە شیعر زمان دەكاتە دەقێكی كراوە، میكانیزمە شیعرییەكانی دەگۆڕێ تا كونیلەكانی زمان بكاتەوە، بۆ ئەوەی زمان بە جوانی هەناسە بدات و درێژە بە ژیان بدات. داتاشینی زمان (لە رێگای شیعرەوە) واتای كەمكردنەوەی دەستەواژە بەكارهێنراوەكانی شیعر نییە، بەڵكو بە واتای شۆردنی بەردەوامی دەستەواژە جێگیر و بەكاربردووە ماندووەكان دێت، یان بە مانای گواستنەوەی دەستەواژە دووبارەبووەكانە بۆ كۆمەڵێ شێوازی نوێی بەكارهێنان، واتە وڕوژانی دەستەواژە نوێیەكان، بۆ ئەوەی دەستەواژە نوێیەكانیش ئاوێتەی زمانی باو بن و زمان بكەنەوە، ئەگەر زمانیش بكرێتەوە ئەوە عەقڵیش دەكرێتەوە و تەواوی ژیانیش دەكرێتەوە، بەمجۆرە شیعر بواری ژیانی بەرفرەوان دەكات، وەك چۆن بواری عەقڵ و زمانی بەرفرەوان دەكات، ئەوەش وەك ئەركی یەكەم و نایابی شیعر تەماشا دەكرێ. كەواتە ئەگەر ئێمە وەك رەخنەگر، واقیع یان خودی شاعیر وەك شوێنی بەدیهێنانی جەوهەری شیعری بە دوور بگرین، ئەوە بەو مانایەیە، كە بڵێین شیعر فۆرمی بەدیهێنان و دەركەوتنی ئەو جەوهەرەیە. بەو شێوەیە زمان هەر قسەكردن نییە، لە بواری واقیعی و دەروونی، یان سۆزداری ناوەوە و دەرەوەی شاعیر، بەڵكو رۆڵێكی نائاسایی لە شیعردا دەنوێنێ. زمان لە شیعردا هەر تەنها دالی مەدلولەكان نییە، كە لەنێو فەرهەنگاندا دەیدۆزینەوە، یان لە سۆز و هەستی شاعیردا دەیدۆزینەوە.. بەڵكو ((زمان لە شیعردا)) بە تەواوی بوونێكی سەربەخۆی دیكەیە. (یاكۆبسن) دەڵێت: (بەڵام شاعیریەت چۆن دەردەكەوێت؟ لەوەدا دەردەكەوێت، كە وشە وەك وشە هەستی پێبكرێت، نەك وەك جێگرەوەیەك بۆ ئەو شتەی كە بەناوی كراوەتەوە، یان وەك دەركەوتنی هەست و سۆزی وشەكان و پێكهاتە و دەلالەت و شێوەی ناوەوە و دەرەوەیان، شاعیرییەت تەنها شانشنێكی جیا لە واقیع نییە، ئەگەرچی كێشی تایبەتی خۆی و بەهای تایبەتی خۆی هەیە). زمان لە بنەمادا دنیایەكی سەربەخۆیە لە واقیع، بەڵام زمان پەیوەندییە سوودگەرا مەزنەكەی خۆی لەگەڵ واقیع دەپارێزێ. كەچی شیعر زمانێكی سەربەخۆیە لەنێو زماندا و بەیەك هەنگاو لە زمان دوور دەكەوێتەوە و بە دوو هەنگاو لە واقیع، بۆیە شیعر پەیوەندی لەگەڵ زمان و واقیع پەیوەندییەكی دژئامێز و جوانە و لەسەر ملكەچنەبوون وەستاوە. شیعر بریتییە لە زیادەڕۆیی زمان و واقیع لە بەریەككەوتنی نوێی تەقەڵەكانی چنین و پێشنیاركردنی سیستمێكی دیكە بۆ زمان و واقیع.. ((شیعر بە ئاسایی خرایە نێو چواچێوەی پێدراوەكانی زمان، چونكە هیچ مەودایەكی لەنێوان (واقیع و زماندا) دانەناوە. شیعر خرایە نێو پێدراوەكانی زمان، چونكە دەیەوێ واقیع كۆپی بكاتەوە، كاتێ واقیع كۆپی دەكاتەوە، شیعر دەبێتە بەشێكی مردووی واقیع.)) كەواتە هەمیشە شیعر وەك شوێنی مەترسیداری ئاگایی و بڵێسە، لە زمان و واقیعدا و بە شێوەیەكی نوێ وزەی خۆی لە تێگەیشتن بەدەست دەهێنێتەوە، دوور لەو ناونانانەی كە ئێمە لە رابردوو وەك شیعرپێماندابوو، بەڵام ئەمڕۆ كات رێگا نادات هەمان ئەرك بە شیعر ببەخشین. لێرەدا ئەوەی پێشنیارمان كردووە ئەوەیە، كە شیعر لەو هەوڵانە دانابڕێ كە نوێنەرایەتی واقیعی جوانناسی یان زمانی دەكات، بەڵكو شیعر لەلایەك جەخت لە سەربەخۆیی خۆی و ئەركی شیعری دەكاتەوە و لەلایەكی دیكە هەوڵدەدات خزمەتێكی گەورە بە زمان و واقیع بگەیەنێت، پیسبوونی زمان و واقیع بە شیعر، ئەگەرێكی نایابی شیعرە، تاكو چالاكی نوێ بۆ بزاڤێكی جیاواز.. بۆ هەژاندنی خانەكانی خۆی بخاتەوە و هیچ سەرهەڵدانێكی نوی بۆ ئەوان نەهێڵێتەوە، ئەگەرچی شیعر لە ئەنجامدا هەوڵ بۆ زیندووكردنەوەی زمان و واقیع دەدات، بەڵام بەردەوام خۆی لێیان دابڕێت.

سەرچاوە:
رۆژنامەی (زەمان)
ژمارە 1933 رێكەوتی 5/10/2004
تێبینی: ((جووت كەوانەكان)) بۆ روونكردنەوەی زێتر، وەرگێڕ دایناون.




ئایندەی خەڵکی سوریا و ڕۆژئاڤا بەرەوکوێ دەچێ؟.. ئاسۆ کمال

پرسیاری ئێستای میدیای ناوچەکە و جیهان ئەوەیە کە چ دەسەڵات شوێنی دیکتاتۆریەتی ئەسەد دەگرێتەوە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایندەی خەڵکی سوریا و ڕۆژئاڤا چی بەسەر دێ؟
هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی ئیسلامیە سونیە توندڕەوەکان لە سوریا و ئەفغانستان و بێدەنگی دەوڵەتانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەرامبەریان نیشانەی گۆڕانکاریەکە لە دۆخی سیاسی و بەرە دژ بەیەکەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
دەسەڵاتی کۆنە داعشیانەی “هیئة تحریر الشام” پێویستی بە پێشبینیکردن نیە، چونکە لە “ئەدلیب”ی ژێر دەستیاندا هەمان یاساکانی تاڵیبانیان سەپاندوە. پرسیار لەسەر ئەوەیە کە ئایا ئەم هێزە ئیسلامیانە چۆن دەتوانن خزمەت بە جێبەجێکردنی نەخشەی مسۆگەرکردنی بازاڕ و پڕۆژە ستراتیژیە ئابوری و سیاسیەکانی ئەو دەوڵەتە بورژوازیانە بکەن، کە ئێستا لە سوریا و ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕێگەی شەڕی سیاسی و سەربازی نێوانیانەوە ئەم نەخشانە دەبەنە پێشەوە؟
هەمیشە پەیوەندی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەگەڵ ئیسلامیەکاندا بەپێی بەرژەوەندی و ستراتیژیەکان گۆڕانکاری بەسەرداهاتوە. لەسەرەتادا ئەمریکا و ڕۆژئاوا ئەم هێزانەیان لە جەنگی سارددا دروستکرد و دواتر لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا بونە دوو بەرەی دژ بەیەک. لە لایەن ئێرانەیشەوە، لە عێراق و سوریا بەکاردەهێنران بۆ لێدان لە ئەمریکا. ئێستا لە شکستی ئێران لەسوریادا، تورکیا جێگای ئێرانی گرتۆتەوە و هێزە ئیسلامیەکان لەلایەن تورکیاشەوە بۆ جێگیرکردنی باڵادەستی خۆی لە دۆخی سوریادا بەکاردەهێنێت. تورکیا دەیەوێ لەگەڵ ئەمریکادا مامەڵە بکات. مامەڵەی ئەوەی کە؛ دەسەڵاتی ئیسلامیە سونەکانی سوریا ڕازی دەکا کە مل بە مانەوە لە ژێر چەتری سەربازی ئەمریکا لە سوریادا بدەن ئەگەر تورکیا ڕێگری لەبەردەمدا نەبێ بۆ بەرتەسککردنەوەی سنوری دەسەڵاتی ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان.

گۆڕانی سەرەکی لە ڕوخانی ئەسەد تێکشکانی “بەرەی بەرگری” کۆماری ئیسلامی ئێران و نەهێشتنی پێگەی دەوڵەتی ڕوسیایە لەناوچەکەدا، کە لە پاڵ شکستی حەماس و حزب اللە دا بەتەواوەتی ستراتیژی دەوڵەتی ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توشی داڕمان کردوە.
لەسایەی ئەم گۆڕانکاریانەدا ئیسرائیل و ئەمریکا زیاتر دەتوانن پڕۆژە هاوبەشە ئابوری و ئەمنی و سەربازیەکانیان لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی و کەنداو نەخشە ڕێژبکەن.
هەر بۆیە ڕوخانی ئەسەد تەنیا دیکتاتۆرێکی لەکۆڵی خەڵکی سوریا کردەوە و چیتر خەڵکی سوریا بارمتەی ستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی ئیسرائیل نین، بەڵام خەلکی سوریا و ناوچەکە لەدەست شەڕی ئەم بەرەو هێزە دڕندانەی تری ئیسلامیەکان و ئیران و تورکیا و ئەمریکا و ئیسرائیل ڕزگاریان نەبوە، کە دوو دەیەیە سوریا و ناوچەکەیان کردۆتە دۆزەخێک کە نیوملیۆن ئینسانی تێدا کوژراو و بریندار بوە و زیاتر لە ١٤ ملیۆنی خەڵکەکەی ئاوارە کردوە. ڕوخانی ئەسەد نەمانی تاوانبارێکی جەنگەکەیە لە مەیدانی شەڕێکی بەربەریدا، کە هەموو تاوانبارەکانی تری لە دەسەڵاتدان. چۆن لە درێژەی ئەم شەڕە ناوچەییەدا دامەزراندنی دورگەیەکی ئارام و ژیانێکی گونجاو بۆ خەلکی سوریا لە سەر دەستی هەمان ئەم هێزانە چاوەڕوان دەکرێ؟
هەر چۆن شەڕی غەزە نیشانی دا کە چیتر مەسەلەی فەلەستین لە چوارچێوەی پێشووی چارەسەر و شەڕەکانی پێشودا نەماوەتەوە و بەشێکە لە شەڕێکی ناوچەیی فراوانتر، بەهەمان شێوە ڕوخانی دیکتاتۆریەتی ئەسەدیش کۆتایی دیکتاتۆریەت و شەڕ و کێشەکانی خەڵکی سوریا نیە. ئایندەی سوریا ئێستا لەسایەی شەڕ و ململانێیەکی سەربازی و سیاسی و ئابوری ناوچەیی و جیهانی فراوانتردا گیری خواردوە.
ڕۆمانسیەتی کۆتایی سەدەی بیستی ڕوخانی دیکتاتۆری و گەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و سەروەری سنوری دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی تیرۆر، ئێستا جێگای خۆی داوە بە حساباتی ئابوری و بازاڕی سەرمایە و کۆمپانیا و نەوت و دابەشکردنەوەی دەسەڵات و ناوچە و سەرچاوەکانی وزە و حساباتی جیۆپلەتیکی دەولەت و هێزە بورژوازیە ڕەنگاوڕەنگەکان، کە لە ڕیگەی شەڕی سیاسی و سەربازی نێوانیانەوە یەکلایی دەکەنەوە. خەلکی سوریا و ڕۆژئاڤا قوربانیەکی تری ئەم ئاژاوەی ململانێیەن.
خەڵکی عیراق و کوردستان زیاتر لە ٢٠ ساڵە باجی ژیان لەم ئاژاوەی جەهەنەمە بورژوازیەدا دەدەن، کە ئەمریکا و ئێران و هێزە ئیسلامی و ناسیونالیستەکان بۆیان تەنیون. بەدیلەکانی بورژوازی لە سوریادا جگە لە سەپاندنی شەریعەتی ئیسلامی و کەوتنە ژێر دەستی تورکیا و مانەوە لە بازنەی شەڕی دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەمریکادا نەبێ هیچی تر نیە، هەربۆیە خەڵکی ڕۆژئاڤا و سوریا جگە لە هێزی خۆیان بۆ بەرگری لە ژیان و چارەنوسیان هیچ ڕێگەیەکی تریان نیە، وەک نمونەی شکست پێدانی داعش لە کۆبانی . خەباتی خەڵکی سوریا و ڕۆژئاوا پێویستی بە ڕزگاربونە لەم ئاژاوەیەی ململانێی بەدیلی هێزە ئیسلامی و دەوڵەتە سەرمایەدارەکان و سوود وەرگرتن لەم فرسەتە کە دیکتاتۆریەتی ئەسەد نەماوە بۆ جێگیرکردنی بەدیلێکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری .

ئاسۆ کمال
١٩دیسەمبەری ٢٠٢٤




ئۆجەلان لەبەردەم بانگەشەی ئاشتیخوازی ئەردۆگاندا.. عوسمانی حاجی مارف

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نومان کورتولموش، لە پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار، پشتگیری لە پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی کرد، کەسەرۆکی پارتی مەهەپەیە، بۆ چارەسەرکردنی گرژیە لەمێژینەکانی حکومەتی تورکیا لەگەڵ پەکەکەدا.
پێشتر باخچەلی پێشنیاری کردبوو کە عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە، لەبەرامبەر ڕاگەیاندنی کۆتایهێنان بە یاخیبونی پەکەکە، لە سزای هەتاهەتایی ئازاد بکرێت. هەروەها بەهەمانشێوە ڕێگەی پێبدرێت لە پەرلەمانی تورکیا قسە بکات، کورتولموش لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەو پێشنیارە کردەوە.
واپێدەچێت پێشنیارەکەی باخچەلی بۆ ئەوە بێت کە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی کوردەکان بدات لە گۆڕینی دەستوور بۆ هەڵبژاردنەوەی ئەردوگان، بۆئەوەی لەلایەک لەئایندەدا ئەردۆگان وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێتەوە، لەلایەکی ترەوە ئەنقەرە دەیەوێت بەرەی ناوخۆیی خۆی لەبەرامبەر کاردانەوەی ئەگەری شەڕی ئیسرائیل و ئێران و بارگرژی زیاتری دۆخی ناوچەکە بەهێزتر بکات. هەروەها لەترسی ئەوەی کە ئیسرائیل لەکۆتایدا کاریگەری زیاتر لەسەر پەکەکە دانەنێت، بۆیە هەوڵئەدات بە بانگەوازی ئاشتیخوازی ئەم پرسە بخاتە بەردەم مامەڵەیەکی سیاسیەوە.
لەگەڵ ئەوەی ناوچەکە بەتایبەتی لە سوریا تووشی هەڵچوونێکی بەرچاو بووە، ئەو هەڵچوونەی کە لە ئاکامی هێرشەکانی هەیئەی تەحریری شامەوە، کە نزیکی تورکیان، هەروەها روخانی ئەسەدو هەڵاتنی، دۆخێکی تازەی بۆ لایەنە کوردیەکانیش هێناوەتە پێشەوە، ڕەنگە کاریگەری لەسەر خولقاندنی دۆخێکی تر لە ئاڵۆزی دابنێت. ئەم گۆڕانە دەتوانێت ببێتەهۆی ئەوەی زلهێزە جۆراوجۆرەکانی ناوچەیی و جیهانی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ لایەنە کوردیەکاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانیان بەئاراستەیەکی جیاوازدا بەرن، کە چارەنوسێکی نادیارتر چاوەڕوانیان دەکات، هەر لەم چوارچێوەیەدا دەبینین کورتولموش و باخچەلی و ئەردوگان دەربارەی پێشنیاری ئازادکردنی ئوجەلان بێدەگیان لێکردووەو مامەڵەکەیان ڕاگرتووە.
تورکیا بەئامانجی دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانەیە کە لە ڕۆژئاوای فوراتە و تائێستاش لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان، لەوانە مەنبەج، تەل ڕیفعەت و چەندانی تر، بەشێک لەنەخشەی ئەردۆگان، بەدوای کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد و دەورەیەکی راگوزەر و نادیار لە دۆخی سوریادا، بەدەستهێنانی فرسەتێکە بۆ تێکدانی ئیدارەی دەسەڵاتی هێزە کوردیەکان، کە پێی دەوترێت باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. گەر ئەمەی بۆ چووە سەر، ئەوکات پێشنیارەکەی باخچەلی بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان دادەخات، لەهەمانکاتدا لە پرۆسەی لاوازبونی پێگەو نفوزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا، پەکەکە زیاتر دەخاتە ناو کەمینی سوپاکەیەوە.
تورکیا، ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە جموجۆڵەکانی هیئەی تەحریری شام لە حەلەب و ناوچەکانیدا تا کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد، گەر ڕۆڵ و نەخشەی تورکیا نەبوایە هەیئەی تەحریر شام نەیدەتوانی سەربەخۆ ئەو جموجۆڵانە بەو فراوانیە بکات، یا بەردەوام درێژە بە هێرشەکان و دەستبەسەراگرتنی شارەکانی تر بدات و بچێتە ناو شاری دیمەشقەوە.
بەگشتی ئەتوانین بڵێین بەکردەوە تورکیا لەم دەورانەدا سەرکەوتوو بووە لە فریودانی هەموو لایەنەکان، لە هاوپەیمان و نەیارەکانی بۆ گەیشتن بە سێ ئامانجی سەرەکی:
ئامانجی یەکەم: بریتیە لە نەهێشتنی میلیشیا ئێرانیەکان لە سوریا، ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەرژەوەندیەکان و دەوری ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە، کە دوای حزبولڵاو حەماس و هەسەدە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوای یەکلاییبونەوەی دۆخی سوریا، هێزەکانی حەشدی شەعبیش لە عێراق بکاتە ئامانج، کە لەهەمانکاتدا لەم پرۆسەیەدا ڕەنگە لە هەنگاوی داهاتودا حوسیەکانی یەمەنیش بگرێتەوە.
ئامانجی دووەم: بەدوای روخانی ئەسەد، تا ئەوکاتەی دۆخی سوریا ئارام دەبێتەوە و حکومەتێک لە سوریا دادەمەزرێت کە بەئاراستەی بەرگری لە بەرژەوەندی و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بێت، هێزەکانی لە خاکی سوریا ناکێشێتەوە، بۆ ئاسانکاری ئەم پرۆسەیە ڕەنگە تورکیا هەیئەی تەحریر شام لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەدا تێکەڵ بکات لەژێر چەترێکی نوێدا بەناوێکی وەک سوپای نیشتمانی ئازادی سوریا، تورکیای پێ بپارێزێت و پێگەی خۆی لەسوریا فراوانتر بچەسپێنێت. هەر لەم رێگەیەشەوە ئیدارەی لایەنە کوردیەکان شکست پێبهێنێت.! لەهەمانکاتدا لە پرۆسەی هاندانی گەرانەوەی پەنابەرانی سووریە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا بۆ ماڵوحاڵی خۆیان، ئەوەی دەبینرێت گەرانەوەی ئاوارەکان دەستی پێکردووە.
ئامانجی سێیەم: کە گرنگترینە بۆ تورکیە، سنووردارکردنی ڕۆڵی هێزەکانی (هەسەدە)یە لە ڕۆژئاوای فورات وەک هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات لە داهاتوودا. ئەم قۆناغە بۆ ئەردۆگان بە چارەنوسساز هەژمار دەکرێت. هەر لەم دۆخەدا کە جموجۆڵەکانی هەیئەی تەحریر سایەی کردووە، دەسەڵاتی ئەسەد کۆتایی هاتوە، بەم شێوەیە تورکیە بەبیانوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی، تەواوبوونی پڕۆژەکەی بۆ داگیرکردنی باکووری سوریا و نەهێشتنی پرسی کورد بە لاوازکردنی ئیدارەی لایەنە کوردیەکان و دەرکێشانی دەوری پەکەکە لەو ناوچانە، مسۆگەر دەکات.
جگە لەوەش ئەردۆگان ڕایگەیاندوە ڕەنگە تورکیا هێرشێکی نوێ لە باکووری سوریا دەستپێبکات بۆ دامەزراندنی ناوچەی پارێزراو بەدرێژایی سنوورەکانی، بەتایبەتی بەدوای ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا. لەهەمانکاتدا ئاڵۆزیەکانی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا- تورکیا لە پشتیوانیە درێژخایەنەکانی ئەمریکا بۆ هەسەدە سەرچاوە دەگرێت، لەکاتێکدا هەردووکیان پەکەکەیان خستۆتە ناو لیستی تیرۆرەوە.
پرۆسەی بەناو ئاشتی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەم هەلومەرجەدا بەو مانایەی سەوداومامەڵەیەکی سیاسیە و لە نەخشە فروفێڵەکانی ئەردوگان و حکومەتی تورکیایە، ناتوانێت نیشاندانی ئومیدێک بێت بۆ سەقامگیری و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیادا.
پلانەکانی تورکیا بەڕوونی ئەوە دەردەخەن کە تورکیا هەنگاوی خێرا بۆ گەیشتن بە ئامانجە فراوانخوازیەکانی دەنێت، بە کەڵکوەرگرتن لەو بارودۆخە شێواوەی ناوچەکەدا، کە لەئاکامی ئەو هێرش و داگیرکاری و ویرانکاریانەی ئیسرائیل لەبەرامبەر دانیشتوانی غەززەو لوبناندا پیادەی کردوەو ناوچەکەی لەبەردەم دۆخێکی تازەی پر ئاڵوگۆڕی و ئاڵۆزدا ڕاگرتووە، لە هەمانکاتدا دەخالەت و باڵادەستی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بەرجەستەو فروانترکردووە.
گومانی تیا نیە ئەم هەنگاوانەی ئەردوگان بەشێکە لە خزمەت کردن بە بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا کەسەرچاوەی خولقاندنی ئەو بارگرژی و کارەساتانەن.
تەماحەکانی تورکیاش وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کاریگەری زیاتر دادەنێت، کە بەئاشکرا دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا بەری پێناگیری، لەهەمانکاتدا لەبەر ڕۆشنایی وەڵام نەدانەوەی بەردەوامی بە مەسەلەی کورد لە تورکیا و بەبیانوی پاراستنی ئاسایشی تورکیا، هێزەکانی لە سوریاو عێراق دەهێڵێتەوە. هەروەها پشتیوانیکردن و پەیوەندیکردن بە ئۆپۆزسیۆنە ئیسلامیە چەکدارەکانی سوریا بە داعشیشەوە دەگرێت و پتەوتری دەکات، ئەمەش مانای مەترسیەکانی دەورو کاریگەری تورکیایە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی بەدوای زیاتر لاوازبونی رۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا، کاریگەری لەسەر دۆخی عێراق و حکومەتی هەرێم و چونیەتی مامەڵە لە بەرامبەر زۆنی زەردو زۆنی سەوز بە شێوەی جیاواز دادەنێت، لەهەمانکاتدا دەبێتە پشتیوانیەکی بە‌هیز بۆ سیاسەتی داسەپاندنی پێگەو نفوزی ئیسرائیڵ لە ناوچەکەدا.




بەرنجامی جەنگی ئیسرائیل و حەماس هەر ئەوە نییە کە ڕوویداوە و دەیبینین.. زاهیر باهیر

ئەو جەنگەی نێوانی ئیسرائیل و حەماس گۆڕانکاری گەورە و گرنگی لە ناوچەکەدا کرد کە تا ئێستا کۆتایی نەهاتوە. ئەمەی کە ڕوویدا بەڕای من کۆتایی پرۆژە گرنگەکە نییە کە لێکدانەوەی جیا جیای بۆ دەکرا، بەڵکو چەند دیاردە و ڕووداوێکی دیکەیشی یە دوای خۆیدا هێناوە یا دەیهێنێت، کە تا ئێستا بۆ زۆربەمان ناڕوون و شاراوەیە .
هاتنی ئاخوندەکانی ئێران بۆ سەر حوکم لە کۆتایی هەفتاکانی چەرخی رابوردوودا گەر چی لە لای زۆرێك لە چەپەکانی جیهان بە شۆڕش ناوزەدە کرا بەڵام لە ڕاستییدا نەك هەر شۆڕش نەبوو بەڵکو ڕەدیەکی گەورە بوو لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و کولتوری خەڵکی ئێراندا. هەندێك لەو ئاڵوگۆڕانەش تا ڕادەیەك ناوچەکە و بگرە هەندێك شوێنی دیکەی جیهانیشی گرتەوە.
هاتنی ئەوان بۆسەر حوکم و جەنگیان لەگەڵ عێراق دا باشترین چەک بوو بۆ لێدانی بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵکی لە ئێراندا و تا ڕادەیەك لە عێراق -یشدا. هەناردەکردنی بەناو شۆڕش بۆ وڵاتانی ناوچەکە دروشمێکی زۆر جددی گەورە بوو کە لەلایەکەوە بووە هۆی داکوتان و بەرقەراربوونیان لە حوکمکردنیاندا بە هەناردەکردنی قەیرانەکانیان و سەرقاڵکردنی ئێرانییەکان بە جەنگەوە و پرزە لێبڕینیان، لە لایەکی دیکەشەوە کاراساتێکی گەورە بوو کە بەسەر گەلانی عێراق و ناوچەکەشدا هات.
حوکمڕانی ئەمان پەیامێکی گەورەش بوو بۆ سعودییە کە ڕابەر و پێشڕەوایەتی سوونەی جیهان بوو. ئا لەم بارەدا ئێران و سعودییە کەوتنە بەرانبەر بەیەك کە هەر یەکەیان نوێنەر و ڕابەری لایەنێکی ئیسلام بوون، ئیڕان شیعە و سعودییە سوونە. بۆ ئەمەش پێویستیان بە دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوی نوێ بوو لە هەر شوێنێک بۆیان بکرایە، هاوکاتیش بەهێزکردنی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی کە وجوودیان هەبوو.
پێویست ناکات من دەستنیشانی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە بکەم کە بە هاوکاری و پارەی هەردولایان لە عێراق و شوێنی تریشدا دروست کران. لە لایەکی دیکەوە بەشداریکردنیان لەو جەنگەی کە لە ئەفغانستان دژ بە ڕژێمەکەی نەجیبوڵا کردیان کە بە وەکالەتی ئەو حیزب و لایەنانە کران کە هەردوولایان هاوکاری کۆمەڵەکانی خۆیانیان دەکرد.

جەنگەکەی ئیسرائیل و حەماس جگە لەوەی کە تا ئێستا چی بەدوای خۆیدا هێناوە و چی لەناو بردووە و چی خولقاندوە، دوو دیاردە یاخود ڕووداوی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی گەورەشی بە دوای خۆیدا هێنا کە کارایی خۆیان لەسەر خودی وڵاتەکانیان و ناوچەکەش دادەنێن و هەر ئاواش لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا یاخود ئەوەی کە خۆیان بە ‘ کۆمۆنێتی نێودەوڵەتیی’ ناوی دەبەن. ئەو دوو دیاردەیەش :

یەك: وەکو ئاشکرایە تورکیا گەر ڕۆڵی سەرەکی نەبووبێت لەوەی کە ئێستا لە سوریا خولقاوە ئەوە یەکێك بووە لەو لایەنانەی کە ڕۆڵی سەرەکی بووە. هەر لەبەر ئەوەش تا ئێستا لەو جەنگەی ئیسرائیل و حەماس و ئەمەی کە ئێستاش ڕووی دا ئەو براوەی دووهەمە ئەگەر یەکەم نەبێت دوای ئیسرائیل.
ئەوەی کە ڕوویدا هاوکێشەی هێزی لە ناوچەکەدا گۆڕی. نکوڵی ئەوە ناکرێت کە ئێران زەرەرمەندی یەکەم بوو هێشتاش لە زیانەکانی داهاتووش دەرباز نەبووە و پاشەکشەی گەورەی کردووە و لە پاشەکشەی زیاتریشدایە . ئەو چی تر توانای بەڕێکرن و هاوکاریکردنی گروپە تیرۆریستەکانی ناو عێراق و حیزبوڵا و حەماس و حوسیەکان و گروپگەلی دیکەی نەما و بۆ هەمیشە ڕژێمی ئاخوندەکان ئەو ئیرادە و توانا و وزەیەیان لە دەست دا پاش بنکەنکردنی بناخە دەرەکییەکانی حوکمەکەیان لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی.
ئێران چی تر ناتوانێت بەردەوامی بە سیاسەتی پێشتریان بدەن ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر ئەو ململانێ گەورەیەی کە بناخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی ئەو چەند سەدەیەی نێوانی شیعە و سوونە لەسەر دەستی ئیمپراتۆرییەتی صەفەوی و عوسمانی دا ، لانی کەم بۆ چەند دەیەیەکی دیکە بەم شێوەیەی کە لەم چوار دەیەیەی پێشوودا بینمان خەفە کرا و ئەو کارەسات و نەهامەتییە گەورەیەی کە ئەم ماوە درێژە کە تا ئەم ڕۆژانەش میللەتانی ئەم ناوچەیە بە دەستییەوە دەیانناڵاند ، لە کۆڵ کرانەوە، دیارە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ململانێی نێوانی گروپە سوونییەکان لە داهاتوودا ڕوونادات. بە هاتنی ئەم بارودۆخەش ئەو پرۆژانەی کە ئێران بە هاوکاری دەوڵەتانی دیکە بە دەستیوە بوو بیکات وەکو هیلالی شیعیی ئەوەش بەسەر چوو.

دوو: گۆڕانکارییەکی گرنگی دیکە کە ڕویداوە، کە نازانینن تا چەندێك دەوام دەکات ، دۆڕانی پێگە و پلەی دینی و ڕابەرایەتی تەرەفی سوونیی سعودییە. ڕووداوەکانی ئەم دوایە ڕۆڵی ئێرانی وەکو دەوڵەتێکی چالاك لەو بوارەدا نەهێڵاو ئێستا ئەو ڕۆڵ و چالاکی و هێزە بە دەوڵەتی تورکیا و لە بری پاشای سعودییە بە خەلیفەی عوسمانی، ڕەجەب ئەردغان، شوێنی دەگیرێتەوە.
لەمەولا ئەوە تورکیایە کە ڕابەرایەتی تەریقە و نەهجی سوونیی دەکات، ئەردۆغانە ڕۆڵی پیاوە ئەفسانەییەکە، سوڵتانەکەی سوونە و سوونەگەریی دەبینێت، ئیتر ڕێکخراوە ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکان و زانکۆ ئیسلامییەکان بە ئەزهەر و کۆمەڵە دینیەکان و زاناکان بە یەکێتی زانایانی ئیسلامی جیهانیشەو لە لایەن ئەردۆغانەوە هاوکاری دەکرێن بە تایبەت لە کاتێکدا کە دکتۆر عەلی قەرەداخی بووە کەسی یەکەم لەو دەزگەیەدا، ئەوانیش بە ڕۆڵی خۆیان خزمەتی سوڵتان دەکەن.

زاهیر باهیر
20/12/2024




سوریای دوای ئەسەد و چەند سەرنجێک.. عەبدوڵا ساڵح

دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا لە ماوەی ( ١٢) ڕۆژدا وهاتنە مەیدانی ڕێکخراوی تیرۆرستی ( جبهة النصرة – هيئة تحرير الشام ) وەک دیفاکتۆیەکی جێگرەوەی ئەو ڕژێمە، ڕابەرەکەی ( ئەبو محەمەد ئەلجولانی – ئەحمەد ئەلشەرع) وەک تاکە سەرکردە و حاکمی دیفاکتۆی سوریا خۆی داسەپاند لە نێو بێدەنگیی باقی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا، کە نزیک بە دوانزە لایەنیان هێزی میلیشیایان هەیە، ئەمەش وەک جۆرێک لە پەراوێزخستنی ئەوان دەرکەوت.
ڕوداوەکانی سوریا، لە ئێستادا، زۆر لەوە ئاڵۆزترن پێشبینی دەرئەنجامەکانیان لە کورتماوەدا بکرێ، دوای ئەم ڕوخانە وێنەی گشتی ڕەوتی ڕووداوەکان لە سوریادا ڕوون نییە، لەبەر ڕۆشنایی یەکتربڕینی بەرژەوەندی و ئەجێندا و حیساباتی نێوان لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و هەروەها لایەنە ئۆپۆزۆسیونەکانی تری سوریا جگە لە بەرەی نوسرە.
بۆیە تەنیا دەکرێ ئاماژە بە چەند لایەنێکی ئەم ڕوداوە بکرێ کە بەزەقی دەرکەوتون و لەوانەش:

  • ئەم پەلامارە سەربازیەی هێزە توندڕەوە ئیسلامیەکان دەمێک بووە لە لایەن تورکیاوە نەخشەو پلانی بۆ دانرابوو، واتە کتوپڕ نەبوو ، تەنانەت دەنگۆ هەیە جگە لە ئەمریکا و هاوپەیمانانی ڕوسیاش لێی بێخەبەر نەبووبێ.
  • جەماوەری وەتەنگ هاتوی سوریا هاتنە مەیدان و دیواری ترسیان شکاند، واتە ئەو بەربەستەیان تێکشکاند کە بۆ زیاتر لە نیو سەدە ئەم ڕژێمە دیکتاتۆریە هەڵیچنی بوو، گرتوخانەی بەدناوی ( سەید نایا ) یەکێکە لە نمونەکانی ئەم دیواری ترسە. هەر بۆیە ڕووخانی شارە یەک لەدوای یەکەکانی سوریا بەبێ هیچ ڕوبەڕوبونەوەیەکی بەرچاو لە ڕێگەی چەند هەزار تفەنگچیەکەوە نەبوو، بەڵکو بە خواست و ویستی ئەو جەماوەرە بوو کە ئیتر چیتر ئەم ڕژێمە ناتوانی حاکمیەتی خۆی بە ترس و تۆقاندن بەسەریاندا بسەپێنێ. سوپای ماندوی سوریاش، چ لە ڕوی کەرەستەو پێداویستی جەنگی و چ لە ڕوی سەربازیەوە، ئیتر ئەم دەسەڵاتە بۆ ئەوان هیچ مانایەکی نەمابوو تا بەرگری لێبکەن بۆیە بەشێکیان چونە بەرەی جەماوەری ڕاپەڕیو وەبەشێکیان ڕایانکرد.
  • ئێران و دەستەو دایرەکەی ( حەماس،حزبوڵا ودواتر ڕژێمی ئەسەد ) شکستێکی سەربازی و سیاسی گەورەیان خوارد، وا پێدەچێ ئەم پەلامارە بۆسەر هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران ، چ لە عێڕاق و چ لە یەمەن بەردەوامی هەبێ، لە ئەنجامدا ئێران وەک هێزێکی ئیقلیمی پاشەکشەی پێکرا و بە شوێنیدا بۆشایەک لەناوچەکە دروست بوو کە تورکیا توانیویەتی تا ئەمڕۆ بەشی زۆری ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە .
  • تورکیا ڕاستەوخۆ دەستی هەبوو لە دنەدان و پاڵپشتی کردنی چەکدارانی گروپە ئیسلامیەکان کە چەندین ساڵە لەژێر باڵی خۆی داڵدەی داون و تا ئەو ڕۆژەی پەلاماری پێدانە سەر سوریا و یەکەم هەنگاو شاری حەڵەب گیرا. ئێستا یاریکەری سەرەکی نێو مەیدانی سیاسی سوریا، تورکیایە لە ڕێی هێزە توندڕەوەو ئیسلامیەکانەوە. وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئەوان لە سوریا ئامانجێکی ستراتیجیان هەیە ئەویش تێکشکانی بەرەنگاری کوردەکانی سوریایە، بۆیە چەند ڕۆژی نەبرد دوای ڕوخانی ئەسەد ، هێزە بەکرێگیراوەکەی تورکیا ((سوپای سوریای ئازاد ))، ئەوهێزەی کە چەند ساڵ پێش ئێستا وەک بەکرێگیراو( مورتەزەقە) لەلایەن ئەردۆگانەوە نێردرا بۆ شەڕ لە (لیبیا) و دواتر بۆ شەڕی ناوچەی (ناگۆرنی قەرەباغ) لە ئەرمینیا و ئێستاش بۆ باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ شەڕی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەپشتیوانی تانک و تۆپی سوپای تورکیا، ئەوە بووسەرەتا پەلاماری تەلڕفعەت و مەنبەجیاندا و ئێستاش ڕویانکردۆتە ( کۆبانی)، لە ئەگەری پەلاماری ئەم هێزە بەکرێگیراوە بۆ ئەم شارە، ئەوا کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
  • قەتەریش وەک هاوفکر و هاو ئایدۆلۆجی تورکیا لوتی خۆی خستۆتە ناو ئەو هەڵایەی لەسوریا سەری هەڵداوە، کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری، وەک دەزگایەکی زەبەلاحی ڕاگەیاندن لە جیهاندا چۆتە پشت ئەم سیاسەتانەی تورکیا لە ناوچەکە وبۆتە زوڕناژەنی ئەردۆگان.
  • ئەردۆگان وەک ئیخوانیەکی فاشیست هەڵگری بیرو باوەڕی توندوو تیژی ئیسلامیە، لەلایەک دەیەوێ خەونی زیندوو کردنەوەی خەلافەتی عوسمانی بێنێتەدی و لەلایەکی ترەوە وەک فاشیستێکی قەومی باڵادەستی خەڵکی تورکزمانی بەسەر باقی نەتەوەکانی تری ناوچەکەدا کردۆتە ئامانج، بەکورتی بۆتە فاشیستێکی دووفاقە.
  • هەڵوێستی، ژێرزمان و سەرزارەکی، ئەمریکا لەمەڕ کۆنترۆڵی خەونەکانی ئەردۆگان، بۆ ئەوە نابێ دانیشتوانی کوردستانی سوریا ئومێدی لەسەر هەڵبەستن، ئەوان بە ئاشکرا دەڵێن ئێمە تەنیا بۆشەڕ دژی داعش پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات دەکەین، هاتنە مەیدانی فەرەنسا و بەجۆرێکیش ئەلمانیا بۆ ڕێگری لە وکۆشتارگایەی ئەردۆگان بەنیازە بەرپای بکا، دووبارە ئەوەندە جێگای ئومێد نیە چونکە ئەو زلهێزانە بۆیە هاتونە مەیدان تا پەیامێک بدەنە تورکیا کە ڕێگا نادەین بەتەنیا سوریا قووت بدەی. هەرکات ئەوانە بەرژەوەندیەکانیان لەلایەن تورکیاوە زامن بکرێ ئەوا دەستبەرداری ئەم زڕە پشتیوانیەش دەبن.
  • کارەساتی گەورەتر بۆ دانیشتوانی کوردستانی سوریا ئەوەیە نەتەنیاهۆ و دەوڵەتە فاشستەکەی ئیسرائیل بەرگریان لێبکا، دەوڵەتێک کە دوای پەلامارە تیرۆرستیەکەی حەماس بو سەر ئیسرائیل لە ٧ ی ئۆکتۆبەری پار ساڵ، تا ئەمڕۆ نزیک بە چلو پێنج هەزار خەڵکی سڤیلی فەلەستینی کوشتوە کە بەشێکی بەرچاویان مناڵن، ئەم دەسەڵاتە ڕەگەزپەرستە ساڵێک زیاترە کەرتی غەزەی کاولکردوە وە هیچ سیمایەکی شارستانی پێوە نەهێشتوە و دەست لەهێچ تاوانێک بەرامبەر دانیشتوانەکەی ناپارێزێ، ئەم پیشتیوانیە ئیسرائیل بەشێک لە ئەحزابی ناسیۆنالستی کوردی بە هەندیان وەرگرتوە و چاویان تێبڕیوە.
  • بەگۆڕینی جلوبەرگ (جولانی) لە تیرۆریستێکەوە نابێتە کۆترێکی ئاشتیخواز، ئەوانە بنەما فکریەکەیان ( جیهاد)ە ، کاتێک کە دەسەڵاتیان بۆ یەکلا نەبۆتەوە گوتاریان دەڵێ: ” ادعوا الى سبيل ربك بالحكمة والموعظة الحسنة”، واتە بەئامۆژگاری و قسەی جوان ڕێگای خوا پەرستی بەخەڵکی نیشان بدە، کاتێکیش دەسەڵاتیان بەتەواوی هاتە دەست دەڵێن : ” ومن لم يحكم بما أنزل الله فأولئك هم الكافرون” ئەوەی بەو شەرعە حوکم نەکا کە خوا هێناویەتە خوارەوە کافرە و سزای کافریش لە ئیسلامدا دیارە. لەو ڕۆژانە یەکێک لە بەرپرسە دیارەکانی ئەو دەسەڵاتەبەناوی ( عوبەیدە ئەرنائوت) ڕایگەیاند ( جاری کاتی ئەوە نیە باس لە وەبکەن ژن ببێتە وەزیر یا ئەندام پەرلەمان، ژنان دەبێ ئەو کارانەیان پێبسپێردرێ کە لەگەڵ توانایی جەستەیان دێتەوە!! )
  • دوێنێ پێنجشەممە ١٩-١٢-٢٠٢٤ لە مەیدانی (ئومەویون)لەناوجەرگەی دیمەشق سەدان کەس گردبونەوە و داوای پێکهێنانی دەوڵەتێکی عەلمانی ومەدەنیان کرد و پێداگریان کرد لەسەر ڕۆڵی ژنان لە سوریای ئایندەدا وبەدەنگی بەرز هاواریەنکرد ( دەوڵەتی دینۆکراتیمان ناوێ) .
  • ئەوەی لێرەدا دەکرێ ئومێدی لەسەر هەڵببەسترێ چاوی هیوای تێببڕێ بۆ بەرەنگاری لە سیاسەتەکانی ئەردۆگانی چەنگ بەخوێن، و دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئازاد و یەکسان لە سوریا،تەنیاو تەنیا بە هێنانەدی یەک ڕیزی و یەکگرتویی خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێشی سوریا بەهەموو پێکهاتەکانیەوە ومەیدانداری سیاسیان و ڕێگریان لە ئاڵوگۆرکردنی دیکتاتۆرێک بە یەکێکی تر، ئەم خەباتە بێشک جێگای پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە و جیهانە.

٢٠ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤




سەردەم گۆڕاوە..کەریم قادر

ئەگەرچی درەنگە، بەڵام بەمەبەستی خۆنوێکردنەوەی ناوچەکە باهۆزێک هەڵیکردووە، تا هەموو شتێک جێی خۆی نەگرێت، هێور نابێتەوە. لەبری ئەوەی قسەی پێچەوانە بکەن، دەخوازێ ئەو ڕەشماڵەی پێی دەگوترێ وڵات بەشێوەیەک نوێ بکەنەوە، وەک هەیە جێگەی هەمووانی تێدابێتەوە.
وڵاتانی ئەوروپا لە هەوڵی سەرکەوتنی سوریای دوای ڕژێمی بەشاردانە و دەیانەوێ سوریا بۆ هەموو پێکهاتەکانی بێت، ئەنالینا بیربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێ، لە سەردانی ڕۆژی هەینیمدا بۆ تورکیا ئەوەیان بۆ ڕووندەکەمەوە، “دەبی مافەکانی کورد لە باکووری سوریا پارێزراو بێت”.
هەر تایبەت بەو بابەتە ڕۆژی چوارشەمە ژان پۆڵ بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گوتی، “دەبێت کورد بەشێک بن لە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی”.
ئەلیکساندەر دیکروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا بە ڕووداوی گوت، “بانگەوازی ئێمە بریتییە لە ڕاگرتنی توندووتیژییەکان و ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی سووریا.”
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانی لەگەڵ نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان دەڵێ، “پاراستنی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی سووریا، بابەتێکی دیکەیە وڵاتەکەمان هەرگیز سازشی لێناکات.”
محەمەد شەیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمان “جەختی لەسەر پەرۆشی عێراق بۆ یەکگرتوویی خاکی سوریا و دڵنیابوون لە بەشداری کردنی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی سوریا لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا کردەوە”.
“عوبەیدە ئەرنائوت، گوتەبێژی کاروباری سیاسیی سووریا لە حکومەتی ڕاگوزەر لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕووداو، دەڵێ” قبووڵ ناکەین هیچ پارچەیەکی خاکی سووریا لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ئێستای دیمەشق بێت”. هەروەها دەڵێ، “کورد لە سەردەمی رژێمی ئەسەد دا لە زۆربەی مافەکانیان بێبەشکرابوون، بەڵام ئێمە وەک خاوەنی مافێک سەیریان دەکەین کە دەبێت بۆیان بگەڕێتەوە”.
ئەوانە، بە ئەوڕوپیەکانیشەوە هەر یەکێکیان بانگەواز بۆ لەیلای خۆیان دەکەن، بۆیە کورد بەتایبەتی هەسەدە دەبێت واز لە تاکڕەوییەکانی بهێنێ و بە ئاشکرا بانگەوازی یەکڕیزی بکات و ئەو شەڕەی دەیکرد، بیکاتە شەڕ لەپێناو مافە نەتەوەییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
تا ئێستا لە لێدوانەکانیدا هەیئەی تەحریری شام، لەپێناو مانەوە و تێگەیشتنی دۆخەکە باشی هێناوە، بەڵام هەموو ئەگەرێکی لە پێشە، تەنانەت لەوانەیە تووشی هەڵگەڕانەوەی ناوخۆیشی بێت، چونکە ڕەگێکی جیهادی لەڕیزەکانی تەحریری شام هەیە. ئەگەر بیەوێ بەردەوام بێت، دەبێت لەسەر بەڵێنەکانی بەردەوام بێت، ئەگەر لە بەڵینەکانیشی پەشیمان بێتەوە، چۆن ڕژێمی بەشار هەفتەیەک خۆی لەبەردەم هێرشەکانی ئەو ڕانەگرت، لەوانەیە ئەو بە هۆکارگەلێک تەنیا چەند کاتژمێرێک خۆی ڕانەگرێت.




ئەمریکاو جۆلانی.. عوسمانی حاجی مارف

ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە پاداشتێکی دە ملێۆن دۆلاری، بەڵام دوای کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد، دیداری نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ جۆلانی، کە سەرۆکی ڕێکخراوێکی چەکداریە و تا ئێستاش ناویان لە لیستی ئەو کەسانەدایە کە دادپەروەری نێودەوڵەتی وەک تیرۆریست داوایان دەکات، لەڕاستیا بە گاڵتەجاڕیەکی بێتام و ئابڕوبەرانە و سەیروسەمەرە لە مێژووی ڕژێمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بۆرجوازیدا تۆمار دەکرێت، کە بە ئاشکرا نیشانی ئەدات جیهانی سەرمایەداران کارگەیەکە بۆ بەرهەم هێنانی ساختەکاری و فروفێڵ و چەسپاندنی تەواوی بێ بەهایی لە بەرامبەر ژیانی مرۆڤایەتیدا، ئەمەش لەم مامەڵەیەی ئێستایان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گاڵتەجاریەکە مانای بۆگەناوی سیستمی دیموکراتیمان بۆ شی دەکاتەوە، گاڵتەجاری و ساختەکاری بووەتە پراکتیزەکردنێکی شەفاف و شەرماوەر.
بەڵام ئەو پرسیارە پڕ لە ئازارەی کە نە ئەمریکیەکان و نە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان نە بەشێکی زۆر لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا بیری لێ ناکەنەوەو بۆیان مەسەلە نیە، ئایا ئەزمونی پڕتراژیدیای دەسەڵاتی ئەسەدی باوک و ئەسەدی کوڕی لە حوکمڕانی سوریا، دوای ٥٤ ساڵ لە کۆتایی دەسەڵاتیان، دەتوانرێت لەسایەی دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی بۆرجوازی دۆخێکی ئاسودە بۆ خەڵکی سوریا دابینکرێت؟، کاتێک باش دەزانین ئەو چەکدارانەی پێشتر مەشقی کوشتنی دڕندانەی خەڵکی مەدەنیان لەبەرچاوی خەڵکدا ئەنجامداوە و تیرۆریان دەکرد، گەر لەدەسەڵاتدا بن جێمان نیشان ئەدەن؟.
بەشار ئەسەد هەڵات، بەڵام دەوڵەتی ئەسەد لە ماوەی ٥٤ ساڵی بوونی خۆیدا چی کردووە بۆ بەهێزکردنی مانەوەی خۆی لە ژێر دروشمی دەسەڵاتەکەی “بۆ هەمیشە”؟. بەڵام لەشکرێک کە پێی دەگوترا “پارێزەری نیشتمان” لە شەو و ڕۆژێکدا ون بوو؟ ئایا دەوڵەتی ئەسەد، دوای ٥٤ ساڵ لە دامەزراندنی، تەنیا پێکهاتەیەکی کارتۆنی بوو، وا بە یەک لێدانی سووک خرایە خوارەوە؟
بەشار و باوکی سەرکەوتوبون لە دابینکردنی پیسترین و خراپترین شێواز و کەرەستەی ئەشکەنجەدان کە لە ماوەی ٥٤ ساڵدا بەرامبەر بە هاووڵاتیانی بێتاوانی سوریا پراکتیزە دەکران، ئەمەش وایکرد بەشار ئەسەد سەرۆکایەتی دەوڵەتێک بێ کە قەسابخانەی مرۆڤ بو، هەمو ساتێکی جوانی و خۆشی سوریای زەلیل کردبو.
ئەو سوریایەی جۆلانی و هاوەڵانی دەستیان بەسەردا گرت و دەیانەوێت نوێنەرایەتی بکەن، ڕزگارکردنی دانیشتوانی سوریایەک نیە کە ٥٤ ساڵ دانیشتوانەکەی لە زیندانێکی گەورەی پانتایی ووڵاتەکەیاندا بون، چونکە جۆلانی و ڕێکخراوەکەی بە پشتبەستن بە پراکتیزەکانی پێشوویان، وەک ڕێکخراوێکی ئیسلامی کۆنەپەرست، ڕێکخراوەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە بە تیرۆریست ناسێنراوە، بە پشتیوانی تورکیاو قەتەر چونە ناو شارەکان و بە سیناریۆی شكاندنی دەرگای زیندانەکان دەسەڵاتی ڕێکخراوەکەیان ڕاگەیاند. ئەگەر لەسەرەتادا بەم شێوەیە ٥٤ ساڵ هەژموونی ئەسەدیان نەکردایەتە نیشانە، نەیاندەتوانی سەرکەوتن بەسەر سوریادا بەدەستبهێنن. چاوی جیهان ئەمڕۆ لەسەر سوریایە، بەتایبەتی لەگەڵ ئاشکرابونی هەر خولەکێک وردەکاری نوێ سەبارەت بە ڕادەی ئەو ئازارانەی کە سوریاییەکان لە ماوەی ٥٤ ساڵ دەسەڵاتی بەعس و بنەماڵەی ئەسەددا تووشی بوون، کە لەلایەن ڕژێمی ئێران و ڕوسیا پشتیوانی دەکران.
ئێستاش جێگای سەرسوڕمان نیە کە ئەمڕۆ شاهیدی کێبڕکێی نێوان وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپاین بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە ئاڵۆزکردنی ڕووداوەکان لە ناوخۆی سوریادا، لە هەمانکاتدا بەدوای شکستی ڕوسیا و ئێران، ئاساییە هەڵوێستێکی دژایەتی لەبەرامبەر جۆلانی و ڕێکخراوەکەیدا دەرنەبڕن، ئەمەش ئەو پرۆسەیە دەخاتەوە رێ کە تاچەندین ساڵی تر خەڵکی سوریا لە ژێر عەبای ئیسلامێکی جیابوەو لە قاعیدە وداعش، شێوازێکی تر لە زێندانیان بۆ بنیات دەنێتەوە.
تەنیا نۆ ڕۆژ دوای دەرکردنی ئەسەد بوو کە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەستیان کرد بە کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکەدا، یەکەم هەنگاو لە لایەن حکومەتی بەریتانیاوە هات، کە شاندێک لە بەرپرسانی باڵای نارد، لەگەڵ جۆلانی کۆبونەوە. جۆلانی لە میدیاکانەوە وەها ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاند کە کۆمەڵێک لێهاتوو و تەکنۆکراتن، قسەکانی لەگەڵ شاندەکە تیشکی خستە سەر پێویستی بنیاتنانی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەکان و دامەزراندنی ئاسایش، هەروەها باسی لە ڕۆڵی گرنگی نێودەوڵەتی بەریتانیا و پێویستی گەڕاندنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا و بەستنەوەی ئەم بابەتە کرد بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا، هەڵبەتە پەیامەکانی جۆلانی تەنیا دڵنیایی نەبو بۆ شاندی بەریتانیا، لەهەمان کاتدا پەیامی دڵنیایی بون بۆ شاندەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا.
ئەمریکا ئەوەی نەشاردۆتەوە کە پەیوەندی لەگەڵ هەیئەی تەحریر شامدا هەبووە. لە هەمانکاتدا یەکێتی ئەوروپا هیچ شەرمەزاریەکی نەبینی لە ڕاگەیاندنی ئامادەیی خۆی بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە دیمشق.
سوریای دوای ٥٤ساڵ لە دەسەڵاتی پڕمەینەتی ئەسەددا دەرگاکانی کراوەتەوە بۆ دەورەیەکی تازە لە پیادەکردنی ململانێ و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، ئەورپا، تورکیا و ئیسرائیلدا، ئەو ئیسرائیلەی بە هێرشەکانی بۆسەر غەززەو لوبنان زیاد لە ٤٥هەزاری کوشت و دوو ملێۆن ئاوارەبون، جۆلانی و هەیئەی تەحریری شام وەک هێزێکی ئیسلامی بە گۆڕینی ڕوخساریان، سوریا دەخەنە ناو گەمەی سیاسی ئەم دەورە پڕ ئاڵۆز و گێژاوەوە، کە تائێستا ڕون نیە دۆخی سوریا چۆن یەکلایی دەبێتەوەو خەڵکی سوریا دەبێت چەندی تر قوربانی بدەن.




مام ڕێویەکانی مەیدانی کوردایەت!.. هاوکار قادر خوڕشید

مێژووی دوورو نزیک گەواهی ئەوەی بۆمان داوە کە، حیز،بی کوردی هەموو سنورێکی ڕەوشتی سیاسییان تێپەڕاندووە، لەوەی هێندەی سیناریۆی قێزەون دابڕێژن، بۆ شووشتنەوەی مێشکی خەڵکی عەوام و ساویلکە.
سەرتۆپی هەموو فێڵ و دووڕووی سیاسییش بەڕێز جەلال تاڵەبانی بوو. جەلال تاڵەبانی خاوەنی کەسایەتییەکی ئاڵۆزو غامزو دووڕوویی سیاسیی بوو وە ئوستازو دامەزرێنەری قوتابخانەی ئیرادە فرۆشی بوو. تەبعەن مام جەلال تاڵەبانیش قوتابی مەدرەسەی برایم ئەحمەد بوو هەر بە ژەهری تەڵەکەبازی سیاسیی، ئەویش جۆش کرابوو.
بەڕێز جەلال تاڵەبانیش کوڕو برازاکانی لەسەر هەمان ڕێچکەی سیاسیی تەربیەت کردن. تاڵەبانی ڕێوی سیاسەت بوو، جامبازترین و بێمتمانەترین سیاسی بوو. لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک ڕاست نەبوو، وەکو مەلا کرێکار ئەڵێت، “تەشپیات نەبێ سەری گای ئەکرد بە پاشەڵی گایا” بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت. ئەشێ هەر کەسێکیتر بڵێت هاوکار قادر زیادەڕەوی ئەکات، بەڵام جەلال تاڵەبانی لەدرێژایی ژیانی سیاسییدا دوو جار هێندەی دوژمنانی کورد زیانی بۆ کورد هەبوو، بەجۆرێک پێموایە هەتا چل ساڵیتریش مناڵەکانیشمان باجی چەوتی و خیانەتەکانی تاڵەبانی ئەدەن. تەنانەت ئەوەی ئێران، تورکیاو عێراق پێیان نەکرا بە جەلال تاڵەبانیان کرد، تاڵەبانی وەکو مەقاشێک لەدەستی خۆیان بوو هەر پشکۆیەکی سیاسیی کە ئەیانزانی دەستی خۆیان ئەسوتێنێ بە تاڵەبانیان هەڵدەگرت. بەجۆرێک کە نەک هەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، تەنانەت لەکۆتایی تەمەنیدا حیزبەکەی خۆیشی کرد بە قوربانی کورسی و ناوبانگی خۆی. هەربۆیە تاڵەبانیش هەمان مەدرەسەی فرت و فێڵی سیاسیی گواستۆتەوە بۆ ئەو دەسەڵاتدارە گەنجانەی ئێستا بڕیار لەسەر ژیانی دایکە خوشکو مناڵەکانی ئێمە ئەدەن. تاڵەبانی و مێژووە پڕ لەشەرمەزارییەکەی وەکو کتێبی خیانەت و گەوجاندنی میللەت بۆ کوڕو برازاکانی مایەوەو لەگەڵ خوێندنەوەی هەر دێڕێک لەم کتێبەدا، زیاتر ڕۆئەچن بەناو چاڵی بێ مۆڕاڵی سیاسیی و فەساددیدا.
تاڵەبانی زۆر دەمێک بوو ئەو سیاسییە گەنجانەی ئێستای ئامادەئەکردن کە لەسەر هەمان نەریتی سیاسیی باوکو باپیریان بڕۆن. یەکەمین کاریشی بە بافڵ کرد لە ٣/٢٠٠٣دا کە ئەوکات بافڵ زۆر گەنجێکی خوێن گەرم بوو وە هیچ لەسیاسەت تێنەدەگەیشت. بەڵام بەفەرمانی باوکی هێزێکی کۆماندۆی بردو مامۆستا عبدللە قەسرێ و چوار پاسەوانی شەهید کرد. وە یەکەم کردەوەی قێزەونیش کە دوای مردنی تاڵەبانی کردیان خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو کە بەهۆیەوە کەرکوک و تەواوی ناوچەکانی دەوروبەریان فرۆشت و سەدان کەسیان بەکوشتنداو کاریگەری ئەو ڕووداوەش دەمێنێت بەسەر تاک بەتاکی ژیانی هەموو کوردێکەوە بۆ ماوەی پەنجا ساڵیتریش. دوای ئەو ناپاکییە گەورەیەش کە بەدەستی بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی و لاهوری شێخ جەنگی و براکانی ئەنجامدرا، ئیتر درکیان بە دۆڕانێکی سیاسیی و جەماوەری خۆیان کردو حیز-بەکەیان تا دەهات بەرەوە قەبارەیەکی بچوکتر ئەڕۆیشت. بۆیە هەستان فێڵێکی گەورەیان لە جەماوەری خۆیان و خەڵکە ناڕازییەکە کردو سیناریۆی ئەوەیان داڕشت گوایە لاهورو بافڵ دوو کوتلەو دوو ئاراستەی سیاسیی پێچەوانەی یەکترن.
چونکە ئەوان درکیان بەوە کردبوو، کە هەر ئاراستەیەک جەماوەری تایبەت بەخۆیان هەیەو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش یەک سیاسەتی گشتی هەیەو ناکرێت دوو ئاراستەی پێچەوانە بێت لەژێر یەک سەرکردایەتیدا. بۆیە ئەبوایە دوو سەرکردایەتی بەڕووکەش جیاواز دابمەزرێنن و جەماوەری هەردوک ئاراستەکە بەرەو خۆیان گۆش بکەن.
ئەم شەڕو ناکۆکییانەی بەینی پافڵ و لاھور سیناریۆیە، خۆیان دەیانەوێت بەڕووکەش یەکێتی بکەن بەدوو حیزب، پافڵ حیزبێک و لاھور حیزبێک، حیزبەکەی پافڵ لەگەڵ ئاراستەی ئێران و شیعە عەڕەبەکانی عێڕاق ھەماھەنگی ھەبێت و جەماوەری ئەم ئاراستەیەو جەماوەری یەکێتییە ڕەسەنەکانیش بەرەو خۆی ڕابکێشێت. حیزبەکەی لاھوریش ھەماھەنگی لەگەڵ تورکیاو ئەمریکاو پارتی هەبێت و تاڕادەیەک یەکێتییە ناڕازییەکان و شەقامی ناڕازیش بۆلای خۆی ڕابکێشێت.
هەندێک زووڕناژەنی شۆسیال میدیاش پەمپ بدەن کە فووی پیابکەن بۆ هاندان و گەوجاندنی خەڵکی. بۆ نمونە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووس و چەقاوەسووەکان بەقودرەتی قادر لەناکاو لەسەنگەری معاڕەزەیی خۆیان هاتنە دەرەوەو دەنگی دۆڵ و شاباشەکانیان ڕۆژە ڕێیەک ئەڕۆیشت. هەندێکیان پشتگیرییەکی سەرسەختانەیان لە بافڵ ئەکردو هەندێکیشیان لە لاهور. زۆرینەشیان بێئاگا بوون لەوەی دەنگی دۆڵی هەردوکیان بۆ یەک ئامانجەو خزمەت بە یەک ئاراستە دەکەن. کە ئەویش ئاراستەی سیاسەتیی گشتیی یەکێتییە.

لەڕاستیدا بنەماڵەی تاڵەبانییەکان تاڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بوون لەم سیاسەتەیاندا، بەڵام لەسەر حیسابی گەوجاندن و خۆڵ کردنە چاوی میللەتدا. ئەگەر ئەمەیان نەکردایە ئێستا یەکێتی وەکو گۆڕان هەڵوەشابویەوەو ڕیسوایی سیاسیی بینە قاقای یەکێتی گرتبوو. بۆیە لاهور، بافڵ، قوبادو ئاراس جەنگی گشتیان لە نەوەکانی مام جەلال و برایم ئەحمەدنو لەسەر هەمان سکەی سیاسیی ئەڕۆن کە بناغەکەی نزیکەی ٧٠ ساڵە داڕێژراوە. لەلایەک نیوەی کوردستان ئەفرۆشن و سەدان کەس بە نوێژی نیوەڕۆ تیرۆر دەکەن و ڕۆژنامەنووسان دەکوژن و تەواوی داهاتی گشتی سنوری سلێمانی ئەدزن و بازرگانی بەژیان و گیانی خەڵکەوە دەکەن، کاتێکیش درکیان دۆڕانی سیاسیی و جەماوەری خۆیان کرد، دێن بەکۆمەڵێک فێڵی تازە تەڵەکەبازانە میللەت دەگەوجێنن و دووبارە لەسەر بنەمایەکیترو بەدەموچاوێکیتری پلاستیکی دێنەوە مەیدانی سیاسەت و ئوستازی شووشتنەوەی مێشکی خەڵکیشن.

هاوکار قادر خوڕشید




گرفتەکانی بەردەم کەسایەتی ناڕسیزم بۆ پرسی هاوسەرگیری و بەیەکەوە ژیان..١٦٩.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی ١٦٩

کەسانی نارسیست بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری توشی کێشمەکێشی جۆراوجۆردەبن لەبەر چەندین هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی. سەرەتا، ئەم کەسانە خۆپەرستن و تەنها بیر لە خۆیان دەکەنەوە، ناتوانن هەست و سۆزی کەسانی تر لەبەرچاو بگرن و هاوسۆزییان هەبێت. ئەمەش وادەکات پەیوەندییەکی تەندروست و هاوسەنگ لەگەڵ هاوسەرەکەیان دروست نەکەن.

هەروەها، کەسی نارسیست هەمیشە پێویستی بە ستایش و پەسەندکردنی بەردەوام هەیە لەلایەن دەوروبەرەوە. ئەم خەسڵەتە وادەکات کە نەتوانن ڕەخنە قبوڵ بکەن و کاتێک هاوسەرەکەیان ڕەخنەیان لێ دەگرێت یان داوای گۆڕانکارییان لێ دەکات، بە توندی بەرپەرچی دەدەنەوە. لەهەمان کاتدا، زۆر جار هەوڵی کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی هاوسەرەکەیان دەدەن بۆ ئەوەی هەست بە دەسەڵات بکەن.

لە ڕووی سۆزدارییەوە، کەسی نارسیست ناتوانێت پەیوەندییەکی قووڵ و ڕاستەقینە دروست بکات. ئەوان زۆر جار هەست و سۆزی درۆینە پیشان دەدەن تەنها بۆ ئەوەی کەسانی تر ڕابکێشن بۆ لای خۆیان. کاتێک پەیوەندییەکە جێگیر دەبێت، دەست دەکەن بە پیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان کە دەبێتە هۆی ئازاردانی دەروونی هاوسەرەکەیان.

توێژینەوە دەروونییەکان دەریانخستووە کە کەسانی نارسیست زۆر جار مەیلی خیانەت و ناپاکییان هەیە لە پەیوەندییەکانیاندا، چونکە هەمیشە بەدوای سەرنجڕاکێشان و ستایشی زیاترەوەن. ئەمەش وادەکات کە نەتوانن پابەندی پەیوەندییەکی درێژخایەن و باوەڕپێکراو بن، کە پێویستییەکی سەرەکییە بۆ ژیانی هاوسەرگیری سەرکەوتوو.

سەرچاوە:
1-https://my.clevelandclinic.org/health/diseases/9742-narcissistic-personality-disorder

2-https://www.communicateandconnect.com/resources/narcissistic-marriage-problems/

3-https://www.simplypsychology.org/narcissistic-marriage-problems.html

4-https://www.waltersgilbreath.com/narcissistic-marriage-problems/




کەزی.. دانا حەمید

کەزیت هەناسەیەکی ڕەشە،
بەسەر شانتا دەخشێ.
لەناو تەنیایی ژوورەکەتدا
دەبێتە گۆڕستانی سەدان گوڵی وشکەوەبوو…

لەبەردەم ئاوێنەکەتدا،
کەزیت دەڵێی مارێکی خەواڵووە:
لە دوا هێلانەی پایزدا
خەونی مردن دەبینێ.

ئەم شەوە، لەناو پەنجەکانتدا،
کەزیت وەک دوا دڵۆپەکانی ژیان
خۆی کۆدەکاتەوە؛
دەبێتە دەریایەکی ڕەشی بێ بنار.

کەزیت، لە شەوی هەرە تاریکدا،
وەک دارستانێکی سووتاو
لەسەر شانت خامۆش دەبێ و
دەبێتە گۆڕی هەزاران خەونی مردوو…

تۆ لەبەردەم ئاوێنەکەتدا ڕاوەستاویت؛
کەزیت وەک زامێکی کۆن،
لە شانتەوە دەکشێ و
دەبێتە نەخشەی وڵاتێکی ونبوو.

پەنجەکانت لەناو کەزیتدا،
وەک مەلی باڵ شکاو،
لە دوا هێلانەی ژیاندا
هێلکەی مەرگ دەخەنەوە…

کەزیت ئێستا ڕووبارێکی ڕەشە:
لە کانی چاوەکانتەوە هەڵدەقوڵێ،
بەسەر شانتا دەڕژێ و
دەبێتە گۆڕی حەوت نەوەی خەم.

شەو، لەناو کەزیتا ڕەش هەڵدەگەڕێ و
پەنجەکانت وەک دوا گەڵای پایز
لەناو تاریکییدا دەوەرن،
دەبنە خۆڵەمێشی یادەوەرییەکی کۆن.

کەزیت لە ئاوێنەکەدا دەبێتە شریتێکی ڕەش:
لەنێوان تۆ و مەرگدا درێژ دەبێتەوە،
وەک دوا سنووری نێوان بوون و نەبوون
لەسەر شانت دەلەرزێ…

لەم شەوە قووڵەدا، کەزیت،
وەک دوا هەناسەی پاییز
لەسەر شانت کۆتایی دێ و
دەبێتە بەردی سەر گۆڕی تەنیایی.




دەنگی بێدەنگی.. شەهلا نوری

هەموو شتێک لە دەوروبەرم
شتێکم بیردەخاتەوە
خەیاڵەکانم بۆشتێک
دەباتەوە
ئارەزوم هەیە ئەمجارەیان گۆڕەکەم بەدەست وپەنچەی خۆمدا دازایینی بکەم
دەفتەری شیعرەکانم ببن بە کۆشەیەک ، لاپەڕەکان دەکەم بە تەنراوەی گڵێمێک و
ڕایان دەخەم
مردوو شۆرەکان ،
مەلا دەنگ خۆشکە تێر و مەستی مەی ئەنگوریان بکەم
تا زیکرو حەدیسی شیعرەکانم بۆ من و مردووکان،بۆ زیندوکان
بڵێنەوە
قەبرسانەکان بێ فەرمان شیعر زیندە چاڵ ناکەن
قەناس بەدەستەکان فێری کوشتنی بێ
سەرپێچی شیعرێک بوونە
دارەبەستم بە عەکسی خۆم دەڕازێنمەوە
بە زەنگولە زەردی کانزای هەڵۆڵی
پڕ لە شيعر
بێدەنگی دەهاژێنم
تارای پار لەخۆم دەئاڵێنم ، گۆڵدانی شیعرم
بۆ مارمێلکە و کرمەکان ، بۆ بەردەکان بە دیاری دەکەم
بەخەڵاتی سپێ و بۆێ بخوورو مێخەک تەرمی خۆم
شاد دەکەم
موبایلەکەم جێ دەهێڵم
با من و شیعرەکان
کەس نەماندۆزێتەوە
خەۆێکی قوڵ قوڵ دەکەین
تا دەنگی بێدنگی بێوەژنکۆشی وشیعرەکانی
کپ دەبنەوە

شەهلا نوری




بەرەواژ لە ناونیشانەوە بۆ شێواز.. کاروان کاکەسوور

ئەگەر (نارین ڕۆستەم)ی شاعیر بە ئاگایییەوە وشەی (بەرەواژ)ی بۆ ناونیشانی دیوانەشیعرییەکەی هەڵبژاردبێت، یان بە نائاگایی، ئەوە شتێک لەوە ناگۆڕێت، کە ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی کاتێ دەتوانێت وەک گوتارێکی سەربەخۆ خۆی دەرببڕێت، کە مانای شتەکان بەرەواژ دەکاتەوە. بەرەواژکردنەوە پرۆسێسی گواستنەوەیە لە دنیای شمەکەوە بۆ دنیای ئاماژە. ئەگەر شتەکان لە دنیای شمەکدا تاکڕەهەندن و ڕاستەوخۆ لە ڕێی سەرچاوەوە ماناکانیان دەگەیەنن، ئەوە لە دنیای ئاماژەدا ئازادیی خۆیان بە دەست دەهێنن و لەژێر دەستەڵاتی سەرچاوە ڕزگاریان دەبێت، بەو مانایەی کڵێشە و قاڵبەکان لە ئارادا نامێنن، تا مانای پێشوەختە بەو شتانە بدەن، بەڵکوو هەر توخمێک دەتوانێت لەو بۆشایییەدا خۆی ناسنامەی خۆی دروست بکات، بگرە توانای ئەوەی هەیە بەردەوام ناسنامەکەی تێک بشکێنێت و هیی تری لێ پێک بهێنێت، بێ ئەوەی ئەو ناسنامەیە بچێتە دۆخێکی جێگیرەوە، بەڵکوو دەکرێت لە بێژمار دۆخی دیکەدا خۆی دابڕێژێتەوە، مادام لە بەرانبەر خوێندنەوە و ڕاڤە جیاوازەکاندا کراوەیە. بەم شێوەیە وێنەی شیعری (Poetic image) لە (بەرەواژ)دا بەرهەمی بەریەککەوتنی کۆمەڵێک پارگۆ (enunciation)ی جیاوازە، کە لە ڕێی ئەو بەریەککەوتنەوە شتەکان لە دنیای شمەکەوە بۆ دنیای ئاماژە دەپەڕنەوە. ئەگەر ئەدەبی ئاسایی، کە بە زمانی ڕۆژانە دەنووسرێت، لەبارەی بابەتەوە دەدوێت و ڕاستەوخۆ مانا زانراوەکان دەگەیەنێت، بەو واتایەی ئاڕاستەکە تاکڕەهەندە و تەنیا لە دەرەوە بۆ ناوەوەیە، ئەوە لێرەدا، لە (بەرەواژ)دا شتەکان خۆیان دەبنە زمان و ناڕاستەوخۆ خۆیان دەردەبڕن، کە فرەدەنگی و فرەڕەهەندی بەرهەمی ئەو ناڕاستەوخۆیییەن. واتە ئاڕاستەکان لە ناوەوە بۆ دەرەوە و لە دەرەوە بۆ ناوەوەن، بگرە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاواز هەن و لە ئاسمانی دەقدا بەر یەک دەکەون.
وێنەی شیعری لە (بەرەواژ)دا بەرەواژکردنەوەی هەردوو چەمکی مێژوو و جیۆگرافیایە، بەو مانایەی کات لە خەسڵەتی زنجیرەیی دادەماڵێت و خەسڵەتی بازنەییی پێ دەدات، کە لەمەوە دووری و نزیکی مانای فیزیکیی خۆیان لە دەست دەدەن، توخمە جۆراوجۆرەکان لەناو ئەو بۆشایییەدا توانای ئەوەیان دەبێت بە هەموو لایەکدا بجووڵێن و بەر یەکتر بکەون. ئەمە نەک هەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکێتییەیە، کە ڕێزمان سەپاندوویەتی، بەڵکوو ئازادکردنی ئەو پارگۆیانەیشە، تا بکەونە جووڵە و مانای دیکە بەرهەم بهێنن.
لە (بەرەواژ)دا زمان لە ئاستی کۆمەڵایەتییەوە دەچێتە ئاستی تاک، کە وەک چۆن خۆی مانای جیاوازتر لەوەی هەیە، بە شتەکان دەدات، بە هەمان شێوە وا دەکات هەر خوێنەرێکیش وێنەی دیکەیان لێ پێک بهێنێت. (بەرەواژ) لەوە دەردەچێت، کە تەنیا بە ناونیشانێک دابنرێت بۆ کتێبێک، بەڵکوو دەبێتە شێواز، شێوازێکی تایبەت.
(پەردە) نوێترین شیعری (نارین ڕۆستەم)ـە، کە بە شێوازی بەرەواژ نووسراوە و کۆمەڵێک توخمی جیاوازی وەک پەردە، پەنجەرە، نەخشی گوڵەبەڕۆژە، عەبا، دەزوو، دەرزی، جلشۆر، کارگەی پەردەدرووین و هیی دیکە لە پاڵ کارەکتەری کچ، دایک، منداڵانی گەڕەک و هیی دیکە دەگرێتە خۆی.
پەردەکە
گوڵەبەڕۆژەیەکی تێدا بوو
چاوەڕوان بوویت
ڕۆژێک بدڕێت و
ئەو منداڵانەی گەڕەک،
کە تۆپیان دەگرتە پەنجەرەکەتان،
بناسیت.
هێزی زمان توانیویەتی هەموو ئەوانە بۆ وێنە بگۆڕێت، بەو مانایەی بوونەتە ئاماژە و ئەرکی دیکەی جیاوازیان گرتووەتە ئەستۆ. واتە دۆخەکە لە (بینین)ـەوە گۆڕاوە بۆ (هێنانەبەرچاو). لە هێنانەبەرچاودا بەربەستە فیزیکییەکان تێک دەشكێن و توخمەکان لەوە دەردەچن پێبەندی جیۆگرافیا و مێژوویەکی دیاریکراو ببن، بەڵکوو لە بۆشاییدا دەخولێنەوە، تا سنووری کات و شوێن ببڕن، کە ئەو داینامیکییە وا دەکات لە هەر جووڵەیەکدا مانای نوێ بە دەست بێت. لێرەدا توخمی ناکاوی دەردەکەوێت، بەوەی وێنەکان ئەوەمان پێ ناڵێن، کە چاوەڕێمان کردووە، بەڵکوو دەمانخەنە بەردەم کۆمەڵێک گریمانەوە.
ساڵێکیان
پەردەکە چڵکن بوو و
گوڵەبەڕۆژەکە لەناو جلشۆردا
مەلەی دەکرد.
بەرەو پەنجەرەکە ڕات کرد.
عەبا ڕەشەکەی دایکت
بووبوو بە پەردە!
لێرەدا توخمی گێڕانەوە بەشدارە لەوەی سنووری کۆنکریتبەندیی نێوان توخمەکان هەڵبگیرێت، تا (کات) لە زنجیرەیییەوە بۆ بازنەیی بگۆڕێت، هاوکات (شوێن) ئەو ڕەقێتییەی نەمێنێت و بە هەموو لایەکدا بکشێت، کە لێرەوە لادان، یان تێپەڕاندن (Displacement) دێتە کایەوە و شتەکان لە شێوەی سیمبۆڵدا دەردەخات. بە مانایەکی دی، کاتێ پێکهاتەیان دەگۆڕێت و لە شێوەی دیکەدا پێشان دەدرێنەوە، ئەوە زمان بە ناچاری دەچێتە ئاستێکی دیکە و مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕاوەدا دەکات، کە جیاوازە لەوەی زمانی ڕۆژانە دەریدەبڕێت، بۆیە وێنەکان سەیر دێنە بەرچاو و ڕاڤەی جیاواز دەخوازن.
ساڵێکی دیکە
هەژاری کونێکی کردە پەردەکەوە،
لەو کونەوە:
خۆر چاوی لێ داگرتیت.
دایکت پێی زانی…
لە قوتووە شۆکوڵاتەکەدا
دەرزی و دەزووی دەرهێنا و
کونەکەی دوورییەوە.
دەقی ئەدەبی کاتێ دەتوانێت کاریگەر بێت و وێنەی جیاواز بخاتە ڕوو، کە ناڕاستەوخۆ خۆی دەردەبڕێت. واتە بە زمانی تاکانەی خۆی دەدوێت، نەوەک بە زمانی کۆمەڵایەتی، کە مانای وایە شتەکانی دنیایەکی ئاسایی ناگوێزێتەوە، بەڵکوو بە شێوازی نائاسایی دنیایەکی نائاسایی دەئافرێنێت.
ئێستا
لە کارگەیەکی پەردەدووریندا کار
دەکەیت
هەمووان وا دەزانن
مۆدێلێکی تازەت داهێناوە
کاتێک لە ناوەڕاستی پەردەکاندا
کونێک دروست دەکەیت.




ڕاگەیاندنەکانی لایەنە جیا جیاکانی سوریا و سەرنجێك.. زاهیر باهیر

وەکو دەبینرێت رووداوەکان زۆر بە خێرا تێدەپەڕن و ڕاگەیاندنی جیا جیا لە گەلێك لە لایەنەکانەوە ڕادەگەیەنرێت .

لەو ڕاگەیاندنانە:
” دوێنێ سێشەممە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند، “پابەندبونی پتەومان بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لەسەرتاسەری سوریا هەیە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ئامادەیی خۆمان نیشانده‌ده‌ین بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو لەشاری کۆبانێ، ئامانجیش له‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌، بۆ چارەسه‌رکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیایە، مه‌زڵوم عه‌بدى ئەوەشیخستەڕوو، ئامادەین بۆ دوبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا”.
مەزڵوم عەبدی پێشنیار دەکات لەپێناو سەرکەوتووی پڕۆسەی ئاگربەست لە سوریا، لە ژێر سەرپەرشتی ئەمریکا ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو لە کۆبانێ پێکبهێنرێت.

” مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، وەک دووپاتکردنەوەیەک بۆ پابەندبوونمان بە راگرتنی شەڕ لە تەواوی ناوچەکانی سوریا، ئامادەین بۆ پێکهێنانی ناوچەی لەچەک داماڵراو لە شاری کۆبانێ.”

ئەوەشیخستەڕوو ” ئامادەین بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا.”

مەرهەف ئەبو قەسرە فەرماندەی سەربازیی ده‌سته‌ى تەحریر شام کە ناسراوە بە”ئەبو حەسەن ئەلحەمەوی”، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسیی هەڕەشەی ئەوەیکردوە “ئەو ناوچانەی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر دەستی “هێزەکانی سوریای دیموکرات” (هەسەدە)دایە، دەخرێتە ناو ئیدارەی نوێی سوریا، ده‌شڵێت:”هەموو جۆرە فیدڕاڵییەتێک ڕەتدەکەینەوە”.

ئەبو قەسرە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس كه‌ لەشاری لازقییە ئەنجامیداوە وتویەتی:”گەلی کورد یەکێکە لەپێکهاتەکانی گەلی سوریا، بەڵام کێشەکە لەسەرکردایەتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە”.

ئه‌وه‌شى وتوه، “پەیامی ئێمه‌ ڕونە، سوریا دابەشنابێت‌و هیچ جۆرە فیدراڵییەتێکی تێدا دروستنابێت”.
“ئەو ناوچانەی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی (هەسەدە)دان، ان شا‌ء الله دەخرێنە ناو ئیدارەی نوێی وڵاتەوە”.

ئەبوو قەسرە لەسەر قسەکانی دەڕوات و دەڵێت “دروستکردنی دامەزراوەیەکی سەربازیی کە هەموو کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکانی ژێر ئاڵاکەی کۆبکاتەوە، هەنگاوی داهاتوو، دەبێت دوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد لەهەر وڵاتێکدابێت دەبێت هەموو یەکە سەربازییەکان لەژێر چەتری یەک دامەزراوەدابن”.
ئەنەکەسەش مەرجی خۆیان هەیە بۆ دانیشتن و جۆرێك لە یەكکەوتن لەگەڵ هەسەدەدا ، قسەکەریان، نەواف رەشید، ئاوا دەڵێت “مەزڵووم عەبدی خۆی وەکو نوێنەری کورد و رۆژئاوای کوردستان بناسێنێت و بڵێت من نوێنەری کوردم و لە رۆژئاوای کوردستانم، نەک نوێنەری منبج و رەققە، هەروەها دەبێت مەزڵووم عەبدی بە تورکیا بڵێت، ئەوان پەکەکە نین، هەروەها دەبێت بە روونی پێیان بڵێت کە ئەوان دژی تورکیا نین.”
لە لایەکی دیکەوە ئەمەش هەیە کە دەستەی تەحریری شام بە دەمی ڕایانگەیاندوو ” تەحریری شام ناوچە کوردیەکانی بەفەرمی خستەوە ڕیزی کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتیی دیمەشەوە. بەمەش بۆشایی ئەو گرژیانەی نەهێشت کە پێشتر لەسەردەمی ئەسەد دا هەبوو.
تەحریری شام ئەم هەنگاوەی بە دژی هێرشەکانی تورکیا نا و ئەمریکا پشتیوانیی دەکات”.
سەرنجی من:
ئەمانە بڕێکن لەو ڕاگەیاند و قسانەی کە لەم یەک دوو ڕۆژەدا کراون کە هیچ کام لەمانە تەنانەت ئەوەی مەزڵوم کۆبانی-ش مایەی دڵخۆشی نیە و هیوایەكی گەش بۆ ڕۆژائاوا نییە.
هەموومان دەزانین دەستەی تەحریری شام یەک دەستە یا یەك گروپ نین تاکو پابەند بن بە قسە و لێدوانی سەرکردە سەرەکییەکەوە کە ئەبو موحەمەد جۆلانییە ، مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم هەتا ئەگەر جۆلانی-یش با بڵێین هەڵوێستی گۆڕا بێت بەرانبەر ڕۆژئاوا گروپەکانی دیکە هەمان هەلوێستی ئیسلامگەرایی توندو تیژیان هەیە ، دیدو کرداریان بەرانبەر بە کورد بە گشتی و ڕۆژئاوا زۆر دوژمنانەیە.
من ڕام وایە ئەبو موحەمەد جۆلانی شەڕی چەکدارانە لەگەڵ ڕۆژئاوا ناکات بەڵکو شەڕی ئیداری لەگەڵدا دەکات، بە یاسا نەك بە چەك، واتە بوونی ڕۆژئاوا بە بەشێکی نەبچراو لە سوریا ، لەو بارەشدا هەموو سەرۆکایەتی سەراپای دەزگە ئیدارییەکان، هەموو خزمەتگوزارییەکان، هەموو قوتابخانە و خەستەخانەکان و شارەوانییەکان دەکەونەوە ژێر دەسەڵاتی مەرکەزی و هەسەدە و ئیدارەی ئێستای ڕۆژئاوا هیچ ڕۆڵێکیان نامێنێت و خۆی لە خۆیدا هەڵدەوەشێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ، ئەو بەرنامەی خۆیندن و پڕۆگرمانەی کە لە قوتابخانەکان و زانکۆکاندا لە ڕؤژئاوای ئێستادا هەیە هەر هەموی هەڵدەوەشێتەوە و دەبێت یەك پلان و یەك مەنهەجی خوێندن و پەروەردە لە هەموو سوریادا هەبێت ، تەنانەت هەموو وێنەکانی ئۆجەلان و ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە هەر هەمووی فڕێ دەدرێت، هەموو سرودەکانی کوردایەتی و ئەوەی کە بە ئۆجەلان و سەرۆكدا هەڵدەدرێت نەك هەر نامێنێت بەڵکو حەرامیش دەکرێت .
چەمکی فیدراڵییەت و کۆنفیدراڵیزم ، پرسی ژنان و فێمێنیستی، پرۆژەی ئیکۆلۆجی و ژینگە دۆستی هەر هەمووی هەڵدەوەشێتەوە و بەتاڵ دەبێتەوە . لە لایەکی دیکەوە ئابوری ئەوێ و پرسی کۆمەڵایەتی و دەزگەی داد دادگا و یاسا چی تر لای هەسەدە و ئیدارەی ڕۆژئاوا نامێنێت ، ئەو عەقد کۆمەڵایەتییەی کە ئیدارەی ڕۆژئاوا ساڵێك لەمەوبەر نوێی کردەوە گەرچی خراپترو دواکەوتوترە لەوەی پێشتری 2014 ی ، ئەوەش نە کاری پێدەکرێ و نە لە هیچ شوێنێك دەڕوات ، چونکە حکومەتی نوێی ئیسلامی باوەڕی بە فیدراڵیەت نییە ، باوەڕی بە یەکێتی سوریا و ئیسلام هەیە ، ئەو لەژێر سیاسەت و ڕێنمایی و پلانی تورکیادا دەڕوات و تورکیاش سیاسەتی نەگۆڕ و پلانی دۆززەخی بۆ کورد لە هەموو شوێنێکدا هەیە .
ئابووری ڕۆژئاوا کە لە دەستی ئیدارەکەی ئێستادا هەیە بە هەر ناوێکەوە بێت : هەرەوەزیی ، حکومیی ، خۆسەریی … هەر هەمووی دەبێت بە گوێرەی یاسا بگەڕێتەوە ژێر دەستی حکومەتی مەرکەزی و ئەو سەرپەرشتی بکات .
بەڵام من باوەڕم وایە عەفرین لەژێر دەستی تورکیا دەردەهێنرێت و تورکیا پاشەکشەی لێدەکات ، بەڵام ئەردۆگان مەرجی هەیە لەسەر حکومەتی نوێی سوریا ئەویش دژایەتیکردنی ڕۆژئاوا و هەسەدەیە ، ئەردۆگان هەنگاوێك ناچێتە دواوە ئەگەر دوو هەنگاو قازانجی تێدا نەبێت . ئەوەش گرنگە کە بڵێین لە هەموو سیاسەتەکانی حکومەتی نوێی سوریا، ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا پشتگیری لێدەکەن. هەسەدە و ڕۆژئاوا ئەو پێگە گرنگەی نامێنێت و هەر وەکو بە لاوازبوون و نەمانی داعش لە سوریا هەنگاوی یەکەم بوو بۆ لەناوچوونی خودی هەسەدە و ڕۆژئاوا. ئەمان چی تر پێویستیان بە هەسەدە وەکو جاران نامێنیت .
بەداخەوە کە من زۆر ڕەشبینم لە بارودۆخی نوێ ، ڕەشبینییەکەشم هۆکار و پاساو و بناخەی خۆی هەیە . لەو بارەشدا ڕۆژئاوا ، هەسەدە دەبێت ئایندەی خۆیان دیاری بکەن. ئایا ڕازی دەبن بەوەی کە لە سەرەوە وتم یاخود شەڕدەکەنەوە؟ کە شەڕکردنیان دۆڕاندنی خۆیان و وێرانکردنی هەموو ڕۆژئاوا و ڕەنگە پەلیش بهاوێت بۆ باشووریش .
هیوادارم ڕەشبینییەکانی من بێ بنەما و بێ ئایندە بن.

زاهیر باهیر
18/12/2024




زارێ یەكەم فیلمی سینەمایی كوردی.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

(نزارۆف)لەو ساڵانەی بۆ كاركردن هاتبووە ئەرمینیا، فیلمە بەناوبانگەكەی (نامووس)ی
بەرهەم هێناو دەنگدانەوەیەكی گەورەی بۆ (نەزارۆف) بەدەست هێنا.
بەهۆی ئەوەی بایەخێكی زۆری بەدەرخستنی كولتووری رۆشنبرییی و نەتەوەیی گەلەكەی دابوو، جگە لەنیشاندانی زۆر لە كێشە كۆمەڵایەتیەكان .
سەركەوتنی ئەو فیلمە، وای لە (نەزارۆف) كرد، زێتر لەوەندە، خۆی بۆ كێشە و ئەشكەنجەو ئازاری گەلانی رۆژهەڵات تەرخان بكات.
ئەوەبوو لەساڵی 1926 ئەو دەرهێنەرە، گروپە سینەماییەكەی خۆی كۆكردەوە، بەرەو چیاكانی (ئاراكاسی) هەڵكشان، كەهەرێمێكی كورد نشینە، بۆ ئەوەی لەوێ فیلمە درێژەكەی خۆی)زاریا ـ واتە (زارێ) تۆمار بكات.
نزارۆف ـ لەو فیلمەدا بەگشتی باس لەژیانی كوردەكان دەكات لەسەردەمی رووسیای قەیسەری دا.
ئەوەتا لەكتێبی (یاداشتی ئەكتەرو دەرهێنەرێك كە لەساڵی 1965 لە مۆسكۆ دەرچووە، باس لەئەزموونی سینەمایی خۆی دەكات، بەتایبەت ئەزموونی لە گەڵ فیلمی (زارێ) و لەم بارەیەوە ئاماژە بەوە دەكات كە چۆن لەكاتی بەرهەم هێنانی ئەو فیلمەدا، هیچ سەرچاوەیەكی ئەوتۆی لە بەردەست دا نەبووە، كە باس لە مێژووی كوردو ژیانی كوردەكان بكات، خۆشی زانیارییەكی ئەوتۆی لەم بارەیەوە نەبووە، تەنها شتێكی كەم نەبێت، بۆیە دەستی كردووە بەگەڕان بەدوای كولتوورو داب و نەریت ورەوشت و مێژوو خێڵەكانی ئەو نەتەوەیە.
نزارۆف لەفیلمی (زارێ) دا، چیرۆكی ئەڤینداری نێوان كوڕو كچێك دەگێڕێتەوە لەیەكێ لە گوندە كورد نشینەكاندا.
كوڕەكە شوانكارەیەكە و ناوی (سەعیدە )و (نری سیسلییت) ی ئەكتەر دەوری دەبینێ، كچە هەژارێكیش كەناوی (زارێ) یە، تینازی ــ دەورەكەی دەبینێ.
سیناریۆی فیلمەكە وا داڕێژراوەكە دەرەبەگێكی گوندەكە، ئەگەرچی ژنیشی هەیە، كاتێ بەخۆشەویستی نێوان سەعیدو زارێ دەزانێ، بەخیلییان پێ دەباو لەسەر ئەوە سووڕ دەبێت، كە زارێ بۆ خۆی بخوازێت.
لەو دەمەدا جەنگی جیهانیی یەكەم هەڵدەگیرسێ و دەسەڵاتدارانی قەیسەر بڕیار دەدەن هەموو لاوە كوردەكانیش پەلكێشی ئەو شەڕە كاولكارییە بكەن.
سەعیدی ئەڤیندار یەكێ بوو لەو كۆمەڵە گەنجانەی رەوانەی ئۆردوگایێكی سەربازی كران لەنزیك گوندەكە.
ئیدی لەو كاتانەدا كە كاروانی سەربازەكان بۆ ئاو خواردنەوە لەتەك كانیەكاندا وچان دەدەن بۆ ئاوخواردنەوە، سەعید دەرفەت وەردەگرێت و را دەكاتە نێو ئاوایی، كەچی كاتێ تەمیوور بەگ ئەمە دەزانێ، فرمان دەداتە پیاوەكانی، سەعید پەلبەست كەن و رادەستی بكەنەوە و بكەوێتە زیندان.
كاتێكیش كە زۆربای برا گەورەی زارێ بە برینداری دەگەڕێتەوە، برینەكەی زۆر سەخت و دژوار دەبێت، لەنێو گریەو هاواری كەسو كاری گیان لەدەست دەدات، ئیدی بەگ بێ كەسی زارێ بە دەرفەت دەزانێ، بۆیە فرمان دەداتە پیاوەكانی، زارێ پەلكێش كەن و بە زۆر لەخۆی مارە دەكات.
بەڵام زارێ زۆر ئازایانە بەروویدا دەوەستێ و نایەڵی بەهیچ شێوەیەك بەگ لێی نزیك بێتەوە.
ئا لەو كاتەدا، خدۆی برا بچووكەكەی زارێ، بۆ رزگار كردنی خوشكەكەی تەقە لەبەگ دەكات و برینداری دەكات، كەچی پیاوانی بەگ زوو فریای دەكەون و بەخەنجەر خدۆ دەكوژن.
دوای ئەوەش كە بەگ چاك دەبێتەوە، بەزۆرە ملێ زەماوەندی خۆی لەگەڵ زارێ دا دەگێڕێت، بەڵام كاتێ سەعید بەم هەواڵە تاڵە دەزانێ، بۆ تۆڵەسەندنەوە خۆی و هەندێ لەهاوڕێیانی لە بەندیخانە رادەكەن.
كاتێ بەگ لەبەردەم خۆ بەدەستەوە نەدانی زارێ دووچاری بێ ئومێدی دەبێت، بەئامانجی سووكایەتی پێكردنی، دەنگۆی ئەوە لەئاواییدا بڵاو دەكاتەوە كە گوایە زارێ كچ نیە.
لەتۆڵەی ئەوەش سەرەوژێر زارێ سواری گوێ درێژێ دەكەن و دەموو چاویشی سواغ دەدەن و هەتكی پێ دەكەن، ئینجا لەناو بارانی تیرو توانجی خەڵكی بەئاواییەكەدا دەیگێڕن.
ئا لەو كاتەدا سەعیدو هاوڕێكانی دەگەنە ئەو شوێنەو تەمیوور بەگ و پیاوەكانی دەكوژن، ئینجا زارێش لە گەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن و روو دەكەنە چیا ..

حەیدەر عەبدولڕەحمان




کورتە چیرۆک/ گفتوگۆی چایخانە.. رەسوڵ بەختیار

مرۆڤەکان بەتەواویی گۆڕاون، وەک پێشتر نییە، کاتێک لەچایخانە دابنیشیت گوێت لەهەندێک چیرۆکی سەرنجڕاکێش بێ، پێشتر، مەبەستم لەپێشتر ساڵانی نەوەد تا دووهەزارە، گوێت لەهەندێک بابەتی خۆش دەبوو.
دەیگوت: عوسمان چوومەوە گوند و دێهاتەکانی خۆمان خزمانم بینی، سەیرە هەر وەک خۆیانن هیچ نەگۆڕاون، وەکجاران پیاون لەپشت یەکن، کەس ناوێرێ زەفەریان پێ ببا، چوومە ناو باخەکان بەڕاستی خۆشبوو، شووتی سەوز سەوز بوو، یەکسەر لەبڕکی کردەمەوە، چەقۆیەکم هێنا دوو کەرتم کرد، بەڕاستی بەتام بوو، ئێستاش تامی لەژێر زمانمدایە، ئاخ چۆن بچمەوە، ئەو منداڵانە فێری شار بوون، کەس نایەت.
یەکێکی دیکە هەڵیدەدایەوە: منیش وەک تۆ زۆر حەزم لەگوندە، دەمەوێ لەم جەنجاڵی شارە رزگارم بێ، شار ئێمەی کوشت هەمووی کردین بە کرێکار و فەرمانبەر، بەڕاستی کاتێ ئەو بەڕێوبەرە رەزاگرانە دەبینم، وا دەزانم پارەی ئەم هەرێم و عێراقە هەمووی ئەوە دەیخوا.
کەچی گفتوگۆی ئێستایی نێو چایخانەکان ئێرە و ئاسمان جودایە.
هەر ئەو عوسمانەی پێشتر باسمان کرد، باس لە ڤیلا و کچی جوان و مۆدیل دەکات.
کاتێک عوسمان دێتە چایخانە بەناو هاوڕێیەکانی هەڵدەستنەوە، کاک عوسمان وەرە ئێرە، من دەچمە ئەوێ.
عوسمان وەک ئەوەی لەباب و باپیرانییەوە موڵک و ماڵی بۆ مابێتەوە، بەبرادەرە نزیکەکەی دەڵێ: ئەوە چیبوو تووشی منت کرد، زۆر کەللەرەقە، بەڵام هەر سێ دەفتەر دۆلارم لێی قازانج کرد، جارێکی دیکە، ئەو شکوڵاتانەم بۆ مەنێرە، وەڕسی کردم، وا دەزانێ خەڵکی ڵەندەنە، ڵەندەن چییە، دەتوانم لایەکی ڵەندەن بکڕم.
هاوڕێیەکەی: وازی لێ بێنە، بۆ پڕۆژە نوێیەکەمان جیتکرد؟
عوسمان: خەم مەخۆ، وەبەرهێنان لەم پڕۆژەیە دوو ملیۆن دۆڵار قازانجمانە. لەوەش گەڕێ، بۆ مانگی داهاتوو پڕۆژەیەکی دیکە هەیە، هەمووی تۆ خاوەنداری بکە، خۆت دەزانی، زۆر سەرقاڵم، ئەوە با دیاری بێ.
هەر لەنێو ئەو چایخانەیەدا، یەکێک بۆ یەکەمجارە لەو چایخانە دەبیندرێ، سڵاو دەکا، چەند کەسێک سڵاوەکەی وەردەگرنەوە، یەکسەر دەڵێن: شێرۆ ئەوە تۆیی، دەزانین لەئەڵمانیایی، ئێ ئێ هەواڵت چۆنە؟
شێرو:هەواڵم چۆن بێ، خێزانەکەم لێم جیابۆوە، کوڕە گەورەکەشم قسەم لەگەڵ ناکات، کچە بچووکەکەشم تەمەنی یانزدە ساڵە لەگەڵ دایکییەتی، بەڵام کەس قسەم لەگەڵ ناکات.




کێڵگەی موچە و ئاو و کارەبا.. نەوزاد بەندی

بوونەوەران بە گشتی و مرۆڤ بە تایبەتیی هەوڵ بۆ ئەو شتانە ئەدەن کە نییانە ..کە دەستیان نەکەوتووە ..کە لێیان زەوتکراوە یان کە لێیان دزراوە ..
ئەم حاڵەتە دەروونییە ، ئەمڕۆ لە سیاسەتیی نێودەوڵەتیی و لۆکاڵییدا زۆر بە بێ ویژدانانە کاری پێکراوەو بە هۆیەوە مرۆڤەکان و خواست و ئامانجەکانیان بچووک کراوەنەتەوە ..ئەوەندە بچووک کراونەتەوە ، ڕەنگە بتوانین بڵێین کۆمەڵگاگەلێکی گێژ و گەمژە و ئەقڵسوک و ماندوویان دروستکردووە ، کۆمەڵگاگەلێکی پڕ له ناکۆکیی و دووبەرەکیی و دژایەتیی و کێبڕکێی نائاسایی و نایاسایی ، لە پێناوی هیچدا..
بۆ نمونە جارێکیان لە میسر ، لەگەڵ شۆفێرێکی میسرییدا لە جیزەوە چووین بۆ شەرملشەیخ ، ئەو شۆفێرە بە درێژایی شەو نەخەوت ، هەر خەریکی شۆفێریی بوو ، بۆ ڕۆژی دوایی ،نیوەڕۆ گەیشتینە جێ ، پێم ووت : ئێستا ئیتر بۆ خۆت بڕۆ بنوو ..
ووتی : نوستنی چی ؟ خوا ئەکا ئیش ئەبێ ، ئێستا ئەگەڕێمەوە بۆ قاهیرە !!
ووتم تۆ لە دوێنێوە نەخەوتویت ، ئێستا چۆن ئەتوانیت ؟
ووتی : لای ئێمە ئیش لە سەروو هەموو حیساب و کیتابێکەوە ، کە ئیش هەبوو ، هەموو جۆرە ئیسراحەت و خەو و خواردنێک ڕەت ئەکرێنەوە ، چونکە ئێمە زۆر بێ ئیش کراوین ..ڕەنگە بڵێم ئیش پێشی ئایین و عیبادەتیشی داوەتەوە لە میسر ، ئیتر خەو چییە ، ئوستاز ؟؟
ئەمە ئەو سیاسەتە ناشیرین و بێ ویژدانەیە کە مافێک یان چەند مافێکی سەرەتایی مرۆڤەکان زەوت ئەکات و ..وایان لێ ئەکات ، واز لە هەموو خواست و ئامانجە گەورەکانیان بێنن و ..بە دوای ئەو مافە سەرەتاییانەیاندا بگەڕێن ..بەو جۆرە واز لە بەها بەرزەکانی ئایین و شۆڕش و ڕیفۆرم و ئەدەب و هونەر و داهێنان و سامانە سروشتییە گەورەکان بهێنن ، بۆ ئەوەی داگیرکەری لۆکاڵیی نیشتمانیی بە هاوکاریی داگیرکەرە جیهانییەکان ، داهات و داهاتووی ئەو نیشتمانە هەڵلوشن و .. لە ئایین و زانست و هونەر و ئەدەب و داهێنان ، بە تەواوەتیی دایانماڵن ..
لێرەدا وەک نووسەر و پزیشکیی دەروونیی فەڕەنسیی لە سەردەمی داگیرکردن و کۆمەڵکوژییەکەی جەزائیرییەکاندا ، فرانتز فانۆن باسی لێوە دەکات ، داگیرکەرە جیهانییە زەبەلاحەکانی وەک فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەمریکا ، لە ڕێی هەندێ کەسایەتیی بەناو نیشتمانییەوە دەستوەردەدەنە کۆمەڵگاکانی جیهانی سێ ، بە حیساب ئەو کۆمەڵگایانەەگ سەرکردەی هاوزمان و هاوپۆشاک و خەباتگێڕ فەرمانڕەواییان دەکات و ئازاد و سەربەخۆن ، بەو جۆرە لە ڕێی ئەو فەرمانڕەوا خۆفرۆشانەوە ، ئەم دراما خەمگینە دەست پێدەکات و کۆمەڵگا بە لاڕێدا دەبەن .. چەند مافێکی زۆر سەرەتایی لە خەڵکەکە زەوت ئەکەن و بە بەهانەی جیا جیا قات و قڕیی ڕادەگەیەنن ، قەرزار بوونیان ڕادەگەیەنن .. وایان لێدەکەن هەموو ژیان و بیرکردنەوە و خەون و ئاواتیان لەو چەند مافە سەرەتاییەدا خەرج بکەن ، بەو جۆرە لە کۆمەڵگایەکی داهێنەرەوە ، دادەبەزن بۆ کۆمەڵگایەکی دەستسپی و نابەکام و بێ هیوا و ڕۆژەکانیان سەرجەم وەک یەکیان لێ دێ و .. خەون و هیواکانی سەرجەم مرۆڤەکان وەک یەکیان لێ دێت ، بەو جۆرە ئەو کۆمەڵگایه بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەبێتە کۆمەڵگایەکی خەولێخراو ..کۆمەڵگایەکی بێ دەسەڵات و کاڵفام ..کۆمەڵگایەکی نابەکام و بێ کەسایەتیی ، یان ڕاستتر وەک کێڵگەیەکی پەلەوەر یان مێگەلێکی لێ دێت ..
تەماشا بکەن لە کوردستانی خۆماندا ، دوو مامۆستای ئاینیی ..دوو مامۆستای زانکۆ و ..دوو کرێکار و .. دوو فەرمانبەر و ..دوو دوکاندار و ..دوو مناڵ و .. دوو ژنی ماڵەوە کە کۆدەبنەوە ، باسی موچە دەکەن .. ئاخۆ کەی موچە دێت ..ئاخۆ کەی بەغداد تەواوکارییەکانی موچە دەنێرێ ..ئاخۆ چارەنوسی !!! موچەی مانگەکانی یانزە و دوانزە چییان بەسەردێت ..ئاخۆ پاشەکەوتەکە بە تەواوەتیی خوراوە یان ئەخرێتە سەر کارتی بانکیی ..کارتی هەژماری من یان نیشتمانیی باشە ..کامیان پڕکەینەوە ..کەی مان بگرین لە دژی پێنەدانی موچە ..
دوو شاعیر ..دوو وەرزشکار .. دوو مێژوونوس ..دوو ئەندازیار .، دوو خوێندکار ..دوو خانەنشین کاتێ کوئەبنەوە باسی بێ ئاوی و .. ماتۆڕی هەڵدانی ئاو دەکەن ..باسی ئەوە ئەکەن کە ئەمشەو سەعات دووی دوای نیوەشەو سەرە ئاویانە و نابێ بخەون ، بۆ ئەوەی تانکییەکانی لێ پڕ بکەن ..ئاخۆ نرخی تەنکەرێ ئاو به چەندە و .. ئایا بۆ خواردنەوە دەست ئەدا .. ئایا سۆندەکەی ئەگاتە نهۆمی دوو ..
دوو ڕۆژنامەنووس .. دوو پاسکیلچیی .. دوو دەستگێڕ .. دوو شۆفێر ..دوو بەرگدروو ..دوو عەرەبانچیی ..دوو پۆلیس .. دوو سەرتاش ..دوو پێشمەرگە کاتێ یەکتر ئەبینن ، باسی سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانیی ئەکەن و .. باسی نرخی ئەمپێڕی موەلیدەی کارەبا ئەکەن و .. باسی چۆنێتی دانانی خانەی تیشکی خۆر ئەکەن تا لەم دەردە کوشندەیەی کارەبا ڕزگارییان بێ .. باسی ئنڤەیتەر ئەکەن ..باسی ئەوە ئەکەن چۆن خانۆکەیان بفرۆشن و بچن لە سیتییەکانی حیزب ، شوقەیەک بکڕن و ببن بە خاوەنی کارەبا و ئاوی 24 سەعاتیی .. لە ئەمپێڕ و جۆزە و هەڵسانەوەی جۆزە ڕزگاریان بێ .یان چۆن قاچاخچییەکی خاوەن متمانە بدۆزنەوە و .. سەری خۆیان بۆ ئەوروپا هەڵگرن و سێ بە سێ بێ کارەبایی تەڵاق بدەن ..
بەو جۆرە ، دەسەڵاتی کوردیی بۆ بچووککردنەوەی هاووڵاتییانی کورد ..بۆ تواندنەوەی بیر و باوەڕ و داهێنان و بەهرەکانی هاووڵاتیانی کورد ، لەسەر ئەو قڕتێخستنی سێ مافە سەرەتاییە کار ئەکا ، موچە و کارەبا و ئاو ..ئەو سێ شتەی کە هیچ کێشەیەکیان تیا نییە و کراون بە کێشە .. کە چارەسەرکردنیان زۆر ئاسانترە لە دروستکردنی ئەو سەدان تاوەرە هەوربڕەی کە دەسەڵات دروستیان ئەکا بۆ خۆی و ماڵ و مناڵەکانی .. بەڵام چارەسەریان ناکا ، چونکە لە بنچینەدا ئەو سێ کێشەیەی ئاو و کارەبا و موچە ، بۆ ئەوەیە کە دەسەڵات گەورە و باڵا بێ و هاووڵاتیانی کوردیش بودەڵە و بچووک ببنەوە ..وەک مناڵیان لێ بێ و هەمیشە لە هەوڵی یەکبینەدا بن بۆ دەستخستنی ئاو و کارەبا و موچە یان بۆ وەرگرتنی تازەترین و ڕاستترین هەواڵ سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی ئاو و کارەبا و موچە ..!! ئەم دۆخە تراژیدییە وا دەکات دوو مامۆستای فیزیا لە جیاتی باسی ئانیشتاین و نیوتن بکەن ، جنێو بە کاربەدەستی ئاو و کارەبا و موچە بدەن .. وا دەکا دوو ڕۆژنامەنوس لە جیاتی ئەوەی باسی داگیرکارە جیهانییه زەبەلاحەکان بکەن کە دەمیان ژەندۆتە نەوت و غاز و خاک و ئاوی نیشتمانەکەیانەوە ، باسی ئەوە ئەکەن ئاخۆ شاندی تازەی حوکمەتی هەرێم چ ڕۆژێ ئەچن بۆ بەغدا بۆ بەدواداچونی چارەنووسی موچەی مانگی یانزە و دوانزە .. دوو هونەرمەند لە جیاتی بیر لە کردنەوەی پێشانگا و دروستکردنی پەیکەری دوانزە سوارەی مەریوان و سمکۆ و قازی بکەنەوە ، بیر لەوە دەکەنەوە چۆن ژنەکانیان تەڵاق بدەن و ..چۆن وەک هاوڕێکانیان خۆیان بگەیەننە ئەوروپا .. دوو فێرخواز لە جیاتی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زانستیی بن ، هەوڵی دنیا دەدەن نمرەی 100 لە 100 بێنن بۆ ئەوەی کۆلێژی پزیشکییان دەست بکەوێ کە تەنها کۆلێژە ، دادەمەزرێن و ئەبن بە موچە خۆر ..
ئەو نمونانە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو یارییە قێزەونەیە کە پیادە دەکرێ لە ڕێی بچووککردنەوەی مرۆڤەکانەوە ..کاتێ ژووری هاووڵاتیان تاریک ئەکەیت ..کاتێ هاووڵاتیان تینوو ئەکەیت ..کاتێ هاووڵاتیان برسی ئەکەیت لە ڕێی دەستخستنە بینەقاقای کارەبا و ئاو و موچەوە ، ئیدی ئەو هاووڵاتییە تایبەتمەندیی و پسپۆڕیی خۆی لە دەست دەدات .. لە جیاتی ئەوە ئەبێتە چاودێر بە سەر ئاو و کارەبا و موچەوە .. ئیدی ئەو هاووڵاتییە هەر بەهرەیەکی هەبێ ، هەر توانا و داهێنانێکی هەبێ ، هەمووی لەناو زەلکاوی بێ ئاوی و بێ کارەبایی و بێ موچەییدا هەرەس دێنن .. ئیتر هیچ بابەت و هەواڵێک لە نیشتماندا بوونی نامێنێ ، بێجگە لە هەواڵی ئەمپێڕی کارەبا و نۆرە ئاو و کاتی دابەشکردنی موچە ..لەوێد ئیتر پیاوەتی و کەرامەت و ئینتیما و نیشتمانپەروەریی کۆتاییان دێت ..
دوو زانا.. دوو پسپۆڕ .. دوو بەهرەدار ..دوو یەکەمی کۆلێژەکان ..دوو پاڵەوانی جیهانیی کورد .. کە کۆ دەبنەوە باسی زانست و پسپۆڕیی وورد و بەهرە و داهێنان و مەدالیا ئاڵتونیەکانیان ناکەن ، بەڵکو باسی ئەوە ئەکەن کە ئایا دەسەڵاتیی کوردی دایاندەمەزرێنێ و موچەیان بۆ دەبڕێتەوە ؟ ئایا دەسەڵاتی کوردیی شوقەی مۆدێرنیان بۆ دابین دەکات بە جۆرێ ڕزگاریان بێ لە هەردوو ئەژدیهای بێ ئاوی و بێ کارەبایی ؟
لێرەدا ئیتر شتێک نامێنێتەوە بە ناوی پیرۆزیی و بەرزیی زانست و پسپۆڕیی و بەهرەداریی و داهێنان و یەکەمیی و پاڵەوانێتیی .. یان ڕاستتر هەموو ئەو بەها بەرزانەی مرۆڤایەتیی ئەبنە هاوێنەیەک یان تەلەسکۆبێک بۆ گەڕان بە دوای ئاو و کارەبا و موچەدا ..
ئەوسا شتی سەیر و سەمەرە دێتە ئاراوە ، وەکو پڕۆفیسۆرێک کە چەندین داهێنانی ووردیی هەیە ، لە چەندین زانکۆی ئەوروپیدا وانە بێژ بووە و داهێنانەکانی لە زۆربەی ڕیڤییوە زانستییە جیهانییەکاندا چاپ کراوە ، دێتە گۆ و ..بە دڵێکی پڕ و ڕوخسارێکی تێکشکاوەوە ئەڵێ : بێ موچەیی وایلێکردووم ئوتومبیلەکەم بفرۆشم ، لە کاتێکدا ئوتومبیلی جی کڵاسی گرانبەها بۆ کچە مۆدێلە بێگانەکان ئەکڕن ..!
کار ئەگاتە ئەوەی ، دەسەڵاتی کوردیی خۆیشی ئەچێتە ناو یارییەکەوە و ..ئەڵێ : کاکە گیان ! موچەی من و هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بخەنە کۆتایی خشتەی موچە دابەشکردنەوە ..!
لێرەدا ئیتر میللەت وەک مناڵێکی حەوت ساڵانەیان لێ دێت ، دڵیان بەوە خۆش ئەبێ کە وەزارەتەکەی ئەوان ، یەکەم وەزارەتە لە خشتەی دابەشکردنی موچەدا .. لە هەمان کاتدا کەسانێکی تر بێزاریی و توڕەیی خۆیان نیشان دەدەن بەرامبەر ئەوەی کە بۆچی لە خشتەی دابەشکردنی موچەدا ، وەزارەتەکەی ئەوان یەکەم نییە و خراوەتە ناوەڕاستەوە ..
بەو جۆرە ئیتر یارییەکە ، خەون و هیوا و ئامانجی هاووڵاتیان لەوەدا کۆدەبنەوە کە چەندەم ڕۆژ لە خشتەی موچەدا ، سەرەیان دێت .. ئیتر کۆمەڵگا ڕێک وەک شێتخانەی لێ دێت بە جۆرێک ئەوەی یەک شەممە موچە وەردەگرێت بەوەی کە شەممە موچە وەردەگرێت ، دەڵێ : لێدەن بۆ خۆتان ، ڕۆژێک پێش ئێمەن !! ..
ئەمە لە کاتێکدایە کە ملیارەها دۆلاری ئەو میللەتە لە ڕێی ئاودیو کردنی نەوت و غاز و داهاتەکانی ناوخۆ و گومرکەوە وون دەکرێ و ..ئەچێتە گیرفانی چەند داگیرکەرێکی جیهانی و لۆکاڵییەوە ..
ئەم دۆخە تراژییدییە درێژە دەکێشێ و .. ئاو و کارەبا و موچە ئەڕۆنە ناو کڕۆمۆسۆمەکانەوە و ..بۆ نەوەکانی داهاتوو ئەگوێزرێنەوە .. لەگەڵیدا مرۆڤێکی خاڵی لە هەموو بەها بەرزە مرۆڤایەتییەکان ، کە تەسبیحات تەنها بە سێ وشە ئەکات : ئاو ، کارەبا ، موچە … ئەگوێزرێتەوە ..
ئەوەیش گەورەترین تاوانی دژە مرۆڤایەتییە و لە جینۆساید ترسناکترە و ..پێویستە دادگاکان دۆسییەی بۆ بکەنەوە و ..ئەو دەسەڵاتە دادگایی بکەن کە مرۆڤی کوردی بە جۆرە بودەڵە و بچووک کردۆتەوە ، ترسناکتر لەوەی لە ڕۆمانی مەسخی فرانز کافکادا ، بەسەر گریگۆری سامبسادا هات .. چونکە گریگۆری یەک کەس بوو ، بوو بە سیسرک ..بەڵام گۆڕینی شەش حەوت ملیۆن مرۆڤ بۆ مێگەلی مەڕ و کێڵگەی مریشک ، تاوانێکە نابێ دادگاکان لێی بێ دەنگ بن .




بیـرۆکە لە چـیرۆکی منـداڵان.. رەزا شـوان

بیـرۆکەی چـیرۆک، هـەنـدێک جـاریش پێی دەوترێت “تەوەر، بابەت” بە بڕبڕەپشت و بە دینەمۆی چیرۆک دادەنرێت. یەکێکە لە رەگەزە سەرەکییەکانی چیرۆک. بیرۆکە ئەو بنەمـایەیە کە هـونـەری چـیرۆکەکی لەسـەر بنیـات دەنـرێت. هـەڵـبژارن و دیـارکـردنی بیرۆکەی چیرۆک، بەبێ ئامانج و بەبێ مەبەستێکی دیارکراو نییە. بیـرۆکەی چـیرۆک بە تەواوی گـوزارشـت لـە بیـرۆکە یان لە را و بـۆچـوونی نـووسـەر دەکات. لەوانـەیە بیرۆکەی چیرۆک، تەنیا یەک بابەت بێت، یان بە دەوری چەند بابەتێکدا بسووڕێتەوە. کە چـیرۆکـنووسەکە دەیـەوێت، لە کارێکی هـونـەریی جـوان و بەچـێژ و بەپـێـزدا، لە چـوارچـێوەی چـیرۆکێکـدا بیانخـاتەڕوو. بیـرۆکەی سەرەکـیی چـیرۆک، ئـەو بیـرۆکە ناوەنـدییەیە یان ئـەو چەمکەیە، کە چـیرۆکـنووس دەیـەوێـت لـە رێـگەی گـێڕانەوە و کارەکـتەرەکان و کـات و شـوێنەکانەوە، وێـنای بکات. چـیرۆکـنووسی سەرکەوتـوو و داهـێنەر، دەزانێـت چـۆن بیـرۆکەی چـیرۆک هـەڵـدەبـژرێـت و چ پەیـام و ئامانجـێکی ئەرێـنی لە چـیرۆکەکەیـدا، بە منـداڵانی خوێنـەر دەگەیەنـێـت.
بیـرۆکەی چـیرۆکی منـداڵان، پێویـستە راسـتەوخـۆبێـت. بەڵام دەکـرێت بە شـێوەیەکی ناراستەوخـۆشبـێـت، لەسـەر زمـانی پاڵـەوان یان کارەکـتەریكەوە بخـرێـتـەڕوو. واتـا راستەوخۆ لە چـیرۆکەکەد نەخراوەتەڕوو. رەخەنەگـرانگران ناڕاستەوخۆیەکەیان پێ باشـترە. دۆزینەوە و هەڵهـێنجـانـدنی بیـرۆکەی چـیرۆک و ئەو و ئامانج و مەبەست،
یان ئـەو پەیـام و وانـە و پەنـدانـەی کە چـیرۆکەکان لەخـۆیـان گـرتـوون. بۆ هـەمـوو منـداڵـێک ئاسان نـین. بیـرکردنەوە و هـەوڵـدانی دەوێـت. بێگـومان شـێواز و ستایـلی هـەر چـیرۆکنووسێکـیش، لە هـەڵـبژاردنی بیـرۆکەی نووسین و داڕشتنی چـیرۆک بۆ منـداڵان، وەک یـەک نـین و جـیـاوازییـان هـەیە.
ناشـبێـت بنەمـا سەرەکـییەکانی تـری چـیرۆک، بکـرێـن بە قـوربـانی بیـرۆکە. دەبێـت گـونجـان و هـاوسەنگـیـیەک لە نێـوانیـانـدا هـەبـێـت.
هەندێک لە مەرجە پێویستییەکانی، بیـرۆکەی بابەتی چیرۆکی منداڵان:
١ـ پێویستە چیرۆکی منداڵان، راست و روون و لۆژیکی بێت. تا منداڵان لێی تێبگەن.
٢ـ پێویـستە بیـرۆکەی بابـەتی چـیرۆکی منـداڵان، بەنـرخ و بەسـوودبێـت و پەیامێکی پەروەردەیی لەخۆگرتـووبێـت. تا شایەنی ئەوە بێت کە پێـشکەش بە منـداڵان بکـرێت.
٣ـ نابێت بیرۆکەی چـیرۆکی منـداڵان، بە فۆرمێک بخریتەڕوو، کە منداڵان بێزار بکات. ناشبێت درێژدادڕی و زیادەڕۆیی تێدا بکرێت. بە کورتی و بە پوختی پێشکەش بکرێت.
٤ـ پێویستە بیرۆکەی بابەتی چیرۆکی منـداڵان، دووربێت لە: توندوتیژی، شەڕانگـێزی، لە ترس و تۆقـین، لە کوشتن، لە زەبر و ئەشکەنجەدان، لە مـووبەکردن، لە جـنیۆدان، لە لەخۆبایی، لە نێـرگزی، لە سووکایەتیکـردن، لە بێ هـیوای و رەشبینی. لە رووخان، لە دزی، لە درۆ، لە ناپـاکی، لە ئیرەیی،…هـتد. بەرانبەر بەم کار و رەفـتارە نەرێنییانە، پێـویـستە بیـرۆکەی جـوان و بەهـای بـەرز و رەفـتاری دروسـت و ئـەرێـنی لـە هـۆشی منـداڵانـدا بچـێـنن، وەک: خـۆشـەویــستی، ئاشـتی، هـاوڕێـتی، مـرۆڤـایـەتی، دڵـسـۆزی، مـیهـرەبـانی، نـیـشـتـمـان پـەروەری، هـاوکـاری، هـیـوداری، گـەشـبـیـنی، راسـتگـۆیـی، دادپەروەری، ژینگەپارێزی، یارمەتی، خـێرخوازی، لێـبووردن، کامەرانی، بەختەوەری، ئـازادی، ئازایەتی، بـڕوا و متـمانە بەخـۆبوون، بەزەیی بە ئاژەڵ، دادپەروەری،…هـتد.
٥ـ چـیرۆکنووسی چیرۆکی منـداڵان، ئەوە دەزانێـت کە بۆ منـداڵان دەنووسێـت نەک بۆ گـەورەساڵان. پـەیـام و ئامـانج و مەبـەستی چـیرۆکەکـانی ئـاراسـتەی منـداڵان دەکـات. پێـویستە لە خستنەڕووی بیرۆکەکانی چیرۆکەکانی، تایبەتمەندییەکانی جیهـانی منـداڵان لەبەرچاوبگرێت. رەچـاوی قـۆناغـە جیاوازەکانی گەشەکردنی منـداڵـی بکات، لە رووی هـۆش و هـزر و ئەندێشە و تێگەیـشتن و وەرگرتن و فەرهـەنگی وشەکانی زمـانیان و دەروونی و سـۆزداری و پـەروەردەیی و کۆمـەڵایـەتییەوە. مامـەڵە لەگـەڵ پـرسـەکانی جیهـانەکەیـانـدا بکات. بۆ نمـوونە: بیـرۆکەی بابەتەکانی ئەو چـیرۆکانەی بۆ منـداڵانی بـچـووک گـونجـاون، رەنـگە بـۆ منـداڵانی گـەورەتـر گـونجـاونـەبـن. نـابـێـت ئـەوەش لەیادبکەن، کە وێـژەی منداڵان ـ زیاتر لەوانی تر ـ بە ئامانج و مەبەستەوە بەستراوە.
٦ـ چیرۆکی باش، ئەو چیرۆکەیە، کە بیرۆکەی باشی هەبێـت. ئەم بیرۆکە باشەش، بە شـێوازێـکی ئاسان و بە زمـانـێکی شـیریـن بە منـداڵان بگەیـەنـرێـت. چونـکە لە کاتی خوێندنەوەیاندا یان گوێگرتندا، کاریگەری و کاردانەوەیان لەسەر ژیانی منداڵان دەبێت.
بیرۆکە بە تەنها لە چیرۆکـدا بەس نییە، بەو پێیەی دەبێت پرۆسەی داهـێنەرانە هەبن. کە منداڵان بگۆازنەوە بۆ کەشوهـەوایەکی چیرۆکەکە و ورووژانـدنیان. چیرۆکنووسی لـێهـاتـوو و داهـێـنەر، ئـەو نـووسەرەیە، کـە ئـەو بیـرۆکەیە دەخـاتەڕوو، کە لەگـەڵ منـداڵانـدا بگـونجـێـت. بۆیـان نامـۆ نەبێـت.
٧ـ پێویـستە هـاوسەنـگی و گـونجـان لە نێـوان بیـرۆکە و رەگـەزە بنەمـاییـەکای تری بنیاتنانی چـیرۆکی منـداڵان هـەبـێـت.
٨ـ ناونیشانی گونجـاوی چـیرۆک زۆر گـرنگە. رۆڵـێکی گرنـگی لە سەرنجـڕاکـێشانی خوێنەران هەیە. پێویستە ناونیشانی چیرۆک گوزارشت لە بیرۆکەی چیرۆکەکە بکات.
٩ـ کۆتـایی چـیرۆکی منـداڵان زۆر گـرنگە، کە بە خۆشی و سەرکەوتـن و گەشـبینی و گەیشت بە هـیوا و بە ئامـانج و بە گەیانـدنی پەیـامی چـیرۆکەکە کۆتـایی بـێـت. نابێـت بـە روخـان و بێ هـیوایی و بـە کارەساتی تـراژیـدی کـۆتـایی بێـت. کـە لـە ئەمـڕۆ لـە داهاتووشدا، کاردانەوە و رەنگدانەوەیەکی نەرێنیان، لەسەر دەروونی منـداڵان دەبێت.
دوبـەی: ٢٠٢٤




ئایا کورد لە سووریای نوێدا دەمێننەوە؟.. نووسینی مات برومفیڵد.. و: گۆران عەبدوڵڵا

ڕووخانی بەشار ئەسەد لەگەڵ خۆشحاڵییەکی بەرفراوان لە سووریا بەرەوڕوو بووەوە. بەڵام دۆخەکە بۆ دانیشتوانی کورد پڕە لە ناڕۆشنی، لەگەڵ فراوانبوونی بەرچاوی میلیشیاکانی سەربە تورکیا لە وڵاتەکەدا.

کارەساتبارترین قەیرانی مرۆیی و سەربازیی سەدەی بیست و یەکەم گەشتە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی. لەم کۆتایی هەفتەیەدا، سووریەکان دوای ئەوەی بەشار ئەسەد سەرەنجام لە گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراودا کە لەلایەن لقی قاعیدە هەیئەت تەحریر ئەلشام (HTS)ەوە ڕابەرایەتی دەکرا، ڕووخێنرا، خۆشحاڵ بوون. کورد لە ناوچەکانی خۆیان بەشداری خۆشییەکانیان کرد و پەیکەرەکانی دیکتاتۆرە ڕقلێبووەکەیان تێکشکاند.

بەڵام وەک هەموو سووریەکان، کورد لە ماوەی سیازدە ساڵی ڕابردووی توندوتیژی بەکۆمەڵ ئاوارەبوون، لەشەڕی نوێنەرایەتی و پاکتاوی نەژادیدا ئەوەندە ئازاریان چەشتووە کە دەزانن ڕێگای ئاشتی درێژ و دژوارە.

کاتێک تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨دا لە ئۆپەراسیۆنێکی سنووربەزێندا دووسەد هەزار هاوڵاتی کوردی سووریای ئاوارە کرد، زۆربەی خەڵکی ناوچەکە تا ئەوپەڕی توانا لە نزیک ماڵە بۆردومانکراوەکانیان مانەوە کە ئێستا لەلایەن کۆمەڵێک میلیشیای عەرەبی سوننە و تورکمانەوە داگیرکراون. دەیان هەزار کەس بە هیوای گەڕانەوە لە کەمپە پەرتەوازەکانی ناوچەی شەهبا (تەل ڕیفعەت)ی دراوسێ مانەوە و بەرگەی تۆپبارانی تورکیایان گرت. بەڵام کاتێک HTS هێرشی دە ڕۆژەی دەستپێکرد کە بە ڕووخانی ئەسەد کۆتایی هات. تورکیا و میلیشیاکانی کەڵکیان لەمە وەرگرت و تەنانەت ئەم کەمپە ڕەشەباگرتووانەی پەنابەرانیشیان داگیرکرد و دانیشتوانەکەیان دووبارە ئاوارە کردەوە. حسێن مەمۆ، نوێنەری فەرمی کوردی سووریا لە لەندەن بە جاکۆبین دەڵێت: “فراکسیۆنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا هەوڵ دەدەن هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچە کوردییەکان ڕەوا بکەن و هێرشەکانیان وەک هێرش بۆ سەر هێزەکانی ڕژێم پیشان دەدەن.”

موحەممەد شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمییە لەناوچەکانی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (DAANES)، هەزاران کورد، عەرەب و کەمینە ناوچەییەکانی لە کەمپەکانەوە بۆ ناوچە دوورەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی بردە شوێنە ئارامەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، بەڵام زۆری تریش بەجێمان. ئەو بە تەلەفۆن لە سووریاوە بە جاکۆبین دەڵێت: “سەدان کەس لە خەڵکی ئێمە گیریان خوارد و نەیانتوانی بڕۆن. هەندێکیان کوژران، هەندێکیان ئەشکەنجە دران، هەندێکیان دەستگیر کران و چارەنووسیان ناڕوونە.” ڤیدیۆکان پیشانی دەدەن کە شەڕکەرە بەکرێگیراوەکانی تورکیا سووکایەتی بە دیلە کوردەکان لە ژن و پیاو، دەکەن.

پڕۆژەی DAANES پەناگەیەکی ئارامی بۆ ملیۆنان سووری دابین کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە نموونەیەک پێشکەش دەکات بۆ چارەسەری داهاتووی سووریا لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، سەربەخۆیی ژنان و نوێنەرایەتی کەمینەکان. ڕێبازی پراگماتیکی HTS تەنانەت دەکرێت دەرگا بۆ هەماهەنگی داهاتوو لە نێوان بزووتنەوەی کوردی و لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆن بکاتەوە، لەگەڵ باڵی سەربازی DAANES کە بەشێک لە خاکی سوریای لە ژێر دەسەڵاتی ئەسەد دەرهێنا، بەڵام لەگەڵ هەوڵی تورکیا بۆ کەڵکوەرگرتن لە قەیرانەکە بۆ داگیرکردنی زیاتری خاکی سووریا و ئاوارەکردنی ملیۆنان کورد لە سنوورەکەی وایکردووە پڕۆژەی کوردی و سووریا بەگشتی بەرەو داهاتوویەکی نادیار بڕوات.

دوژمنی دوژمنەکان
ئەگەر پەندی “دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە” ڕاست بووایە، کوردەکانی سووریا خۆشەویستترین گەل دەبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام نەیانهێشت خۆشحاڵی بە چوونی ئەسەد بۆ مۆسکۆ درێژەی هەبێت، شەپۆلی نوێی توندوتیژی دژی کورد و هاوپەیمانە عەرەبەکانیان دەستی پێکردەوە.
شرۆڤەکار سینان جیددی، مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی جۆرجتاون، بە جاکۆبین دەڵێت: “شکستی چاوەڕوانکراوی ئەسەد لەوانەیە ببێتە هۆی دۆخێک کە تێیدا سووریا یان لەلایەن ڕێکخراوێکی سەلەفی-جیهادییەوە بەڕێوە ببرێت… یان دەبێتە شوێنێکی بێ حوکم لەگەڵ بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵات.”

هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی کورد یان هەر کەسێکی تر خەم بۆ ئەسەد بخوات، کە بەرپرسیارە لە زۆربەی کوشتنی هاوڵاتیان لە سووریا و بەردەوام هەوڵی لاوازکردنی DAANES-ی داوە، کە ئێستا زیاتر لە سێیەکی خاکی سووریا بەڕێوە دەبات. “DAANES پەیوەندییەکی پراگماتیکی بەڵام لاوازی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد هەبوو کە بە هەماهەنگیەکی سنووردار دژی هەڕەشە هاوبەشەکان پێناسە دەکرا،”.
شرۆڤەکار یوسف جان، لە سەنتەری ویڵسۆن، بە جاکۆبینی وت. “بەهەرحاڵ ڕژێمی ئەسەد دژی خواستەکانی [DAANES] بوو بۆ خۆسەری زیاتر.”

کەواتە لە تیۆردا، شکستی ئەسەد دەبێت هەواڵێکی باش بێت بۆ DAANES . بەڵام HTS کە ملیۆنان سووری لە شاری ئیدلیبی باکووری ڕۆژئاوا بەڕێوە بردووە، حوکمێکی ئیسلامی توندڕەوی خۆی دەسەپێنێت. چاودێری مافەکانی مرۆڤ بەڵگەی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی بەردەوامی هەزاران لە ڕۆژنامەنووس، کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی تۆمار کردووە کە هەوڵیان داوە پێشێلکارییەکانی HTS بەڵگەمەند بکەن یان ناڕەزایی دژی دەسەڵاتیان دەرببڕن. هەرچەندە ڕێکخراوەکە لەم ساڵانەی دواییدا ڕێبازەکەی نەرمتر کردۆتەوە وەک بەشێک لە هەوڵێک بۆ ڕەوایەتیدان بەخۆی، بەڵام ڕاپۆرتەکان نیشانیانداوە HTS هەڵمەتی ئەخلاقی ئەنجام داوە، کچانی گەنجی دەستگیر کردووە بە هۆی پابەند نەبوون بە پۆشاکی ئیسلامی؛ کوڕانی گەنجی دەستگیر کردووە بە هۆی ڕیش تاشین یان گوێگرتن لە مۆسیقا. سزای لەسێدارەدانی ئەنجامداوە بۆ جادووگەران و بێباوەڕان.

HTS بە دابینکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی کاریگەر ناسراوە، لەوەی کە پێی دەوترێت “ئیسلامیزمی تەکنۆکرات،” و شەڕکەرەکانی بە ڕاستی دیسیپلین کراون لە هەوڵەکانیان بۆ دەوڵەتێکی ئیسلامی نوێ لە سووریا. ئەم ڕێبازە یارمەتی HTS-ی دا سەرکەوتنی سەرەتایی بەدەست بهێنێت بە داگیرکردنی دووەم گەورەترین شاری سووریا، حەڵەب، جگە لە نزیکەی سەد هەزار کورد کە ئێستا لە دوو گەڕەکی ناوشار گەمارۆ دراون و ئێستا لەلایەن شەڕکەرانی HTS-ەوە دەوریان دراوە. خەڵکی ناوچەکە ڕاپۆرتیان داوە سەبارەت بەکەمی خۆراک و بڕینی کارەبا.

“ئێمە نازانین دۆخەکە چۆن دەبێت، چونکە ئەم هێزانە هەموویان ئیسلام بە توندوتیژی دەسەپێنن،”. حەمودە چالاکوانێکی میدیاییە لە شێخ مەقسوودی گەمارۆدراو لەلایەن HTS وە دەڵێت: ئێرە هەر لە سەرەتای ململانێکانی سووریاوە هەمیشە خۆسەری خۆی لەلایەن کوردەوە پاراستووە، سەرەڕای گەمارۆدان لەلایەن ئەسەد و هێرشی گوماناوی چەکی کیمیایی لەلایەن گرووپە ئیسلامییە ئۆپۆزسیۆنەکان و تۆپبارانی هەڕەمەکی کە دەگاتە ئاستی تاوانی جەنگ.
هەروەها دەڵێت: “لە حەڵەب، کورد، مەسیحی، ئێزیدی و زۆر گرووپی ئیتنیکی و ئایینی هەن، ئەم گرووپانە ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبنەوە. HTS ئەم کەمینانە قبووڵ ناکات و ژنان ناچار دەکات سەریان داپۆشن.” ڕاپۆرت کراوە کە شەڕکەرانی HTS لانیکەم دوو کەسیان لە ئێزیدێکان کوشتووە، کە لەسەر دەستی داعش ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەوە، کاتێک هەوڵیان داوە لە حەڵەب هەڵبێن. مەسیحییەکی ئەرمەنی، کە بە نەناسراوی قسەی کرد لە ترسی تۆڵەسەندنەوە، باسی دیمەنی سزادان دەکات و دەڵێت: “هەر کە [HTS] هاتنە ناو حەڵەب، درەختێکی کریسمسیان بڕییەوە [وەک هێمای کۆمەڵگەی مەسیحی]. دڵنیامان دەکەنەوە کە زیانمان پێناگەیەنن، بەڵام ئێمە سەرگەردانیین و نازانین چی بکەین.”

ئەجێندای دژە کورد

ژنان، کەمینەکان و هەموو ئەوانەی بەدوای داهاتوویەکی سیکۆلار و دیموکراتیدا دەگەڕێن، ڕووبەڕووی داهاتوویەکی زۆر نیگەرانکەر دەبنەوە لەژێر حوکمڕانی HTS. بەڵام هێزە ئیسلامییەکان سەرەڕای ئەم دۆخەیان شکستێکی سەرنجڕاکێشیان بەسەر ئەسەددا بەدەست هێناوە، لەکاتێکدا بەگشتی خۆیان دوور گرتووە لە تاڵانکردنی هاوڵاتیان و ململانێی پێویستیان نەکردووە لەگەڵ کورد. لە بەرامبەردا زۆربەی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی تورکیا کە بەناو بەشداری هێرشەکەیان کرد هەرگیز گوللەیەکیان بە تووڕەییەوە بەرەو هێزەکانی ئەسەد نەتەقاندووە. لە جیاتی ئەوە، جارێکی تر تەرکیزیان خستۆتە سەر توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە دژی هاوڵاتیانی کورد و پڕکردنی گیرفانی خۆیان، کە تەنانەت بووەتە هۆی دەستگیرکردنی چەندین فەرماندەیان لەلایەن HTS-ەوە.

ئەو میلیشیایانەی تورکیا لەژێر ئاڵای سوپای نیشتمانی سووریا (SNA) یەکی خستوون، لەمێژە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە تۆمەتبار کراون بە تاوانی جەنگ، لەوانە لاقەکردنی ژنان، کوشتنی بەکۆمەڵی هاوڵاتیانی کورد، ئەشکەنجەدان، لە کارەبادان، لەسێدارەدان و پیشاندانی هاوڵاتیان لە قەفەزدا لە شەقامەکان وەک قەڵغانی مرۆیی. لە کەمپەینە سەربازییە پێشووەکانی تورکیادا، ئەم میلیشیایانە سەدان کەسیان کوشت و سەدان هەزار هاوڵاتیان ئاوارە کرد.
ئەوانەی مانەوە ڕووبەڕووی حوکمی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی تورکیا بوونەتەوە کە هاوڵاتیان دەڕفێنن، ئەشکەنجە دەدەن و لەسێدارەیان دەدەن، لەگەڵ سیاسەتێکی بەردەوامی گۆڕانکاری دیمۆگرافی زۆرەملێ لەو ناوچانەی پێشتر کە کورد، ئێزیدی و کەمینە مەسیحییەکانی تێیدا نیشتەجێ بوون. لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەدا، ئەم میلیشیایانە تەرکیزیان خستۆتە سەر بەدوواکەوتنی هاوڵاتیانی کورد کە بەهۆی پێشهاتە خێراکانەوە گیریان خواردووە، لەگەڵ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی DAANES-ی کورد. هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا منداڵانی کوردی کوشتووە و بینا مەدەنییەکانی ڕۆژئاڤای کردۆتە ئامانج بەهیچ شێوەیەک سوپا داڕووخاوەکەی ئەسەدیان نەکردۆتە ئامانج.

لەم نێوەندەدا ڕادەی دروستی هاوکاری HTS لەگەڵ تورکیا جێگەی هەندێک گفتوگۆیە. بە فەرمی تورکیا HTS وەک “گرووپێکی تیرۆریستی” لەقەڵەم دەدات و نکۆڵی لە هەر زانیارییەکی پێشوەخت سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییانەی دەکات بە پێچەوانەی میلیشیاکانی تر، HTS ئەوەندە بەهێزە کە بتوانێت بە تەنیا لە ناو سووریا کار بکات. بێگومان، ئەنقەرە سەرسام بووە بە خێرایی ڕووخانی ئەسەد. هەرچەندە، سەرکردایەتی تورکیا و HTS لەمێژە لە ڕێگەی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە هەماهەنگیان کردووە؛ میلیشیاکانی SNA کە بەشداری ئۆپەراسیۆنی ئەمدواییەیان کردووە لەلایەن تورکیاوە پارە، ڕاهێنان و ئاراستەیان پێدەکرێت؛ و ئاڵاکانی تورکیا لە قەڵای حەڵەب هەڵکرابوون دوای داگیرکردنی، لەکاتێکدا سیاسەتمەدارە نەتەوەپەرستە توندڕەوەکانی تورک باسی پێگەی پێشووی وەک گەوهەرێک لە تاجی عوسمانیدا دەکەن. شرۆڤەکار جان دەڵێت: یەک شت دڵنیام تورکیا هەر دەستکەوتێکی ڕاستەقینەی هەبێت بەکاری دەهێنێت دژی کورد، هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە.

ئامانجی سەرەکی تورکیا لە سووریا زۆر سادەیە: لەناوبردنی حوکمڕانی فرەنەتەوەیی بە ڕابەرایەتی کورد لە سنوورەکەی، و پاڵنانی دانیشتوانی کورد بۆ بیابانی سووریا لە ڕێگەی دامەزراندنی “ناوچەی ئارام”ی بیست میل قووڵ. هەروەها نیشتەجێکردنی پەنابەرانی سووری لە شوێنە پێشووەکانی کورد، وەک ڕێگایەک بۆ ڕازیکردنی هەستی دژە پەنابەری ناوخۆیی و چەسپاندنی گۆڕانکاری نەژادی لە سنوورەکەی.

تورکیا لە چەند خاڵێکی سنوورەکەدا ئەم ئامانجەی بەدەست هێناوە. سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی بۆ لەناوبردنی DAANES بەڵام مەرامەکانی نەدەهاتنە دی بەهۆی سەرسەختی حکومەتی ئەسەد لە دانوستانەکان سەبارەت بە ناوچەی سنووری و بەهۆی بوونی هێزەکانی ڕووسیا و ئەمریکا لە خاکی DAANES. لەکاتێکدا ڕێگەی بە تورکیا داوە هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدات، بۆ لەناوبردنی ئاوی ناوچەکە…”
کارەبا و ژێرخانی مرۆیی، هەردوو ئەم هێزانە لە کۆتاییدا پێیان باشتر بوو پێگەیەک لە باکوور لەگەڵ هێزە کوردە متمانەپێکراوەکان بپارێزن لەوەی شایەتی توندوتیژی زیاتری ئاژاوەگێڕی و گۆڕانکاری هێز بن بە قازانجی ئەنقەرە.

ململانێی فرەجەمسەر

تورکیا بەدوای چرای سەوزی ئۆپەراسیۆنێکی کۆتاییدا دەگەڕا لە مۆسکۆ یان واشنتن بە چاوەڕواننەکراوییەکی سەرسوڕهێنەرانە HTS بۆی هێنایەدی. کاتێک HTS بەرەو دیمەشق هەڵکشا، ڕووسیای لاواز و سەرقاڵ دەستی لە هاوپەیمانە پێشووەکەی ئەسەد هەڵگرت. ئێران، کە لەمێژە لەگەڵ ئەسەد هاوبەشبووە لە دڕندایەتی کردن بە سووریەکان و بەکارهێنانی وڵاتەکە وەک مەیدانێک بۆ حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی خۆی، نەیتوانی یان نەیویست دەستێوەردان بکات دوای ساڵێک لە گورزە کوشندەکانی ئیسرائیل بۆ سەری.

بەڕاستی، ئیسرائیل لە ئاژاوەکە سوودی وەرگرتووە بۆ فراوانکردنی داگیرکاری درێژخایەنی خۆی و قووڵتر چوونە ناو خاکی سووریاوە لە باشوور. هەروەها کەرەستەی پێشووی سوپای سووریای بە هێرشی ئاسمانی لەناوبردووە پێش ئەوەی بکەوێتە دەستی HTS، کە ڕێکخراوە سەلەفییەکە وەک هەڕەشەیەکی چارەنووسساز دەبینێت. لەم نێوەندەدا، وەڵامی ئەمریکا بۆ هەردوو دەستکەوتەکانی HTS و هەڕەشەکانی تورکیا دژی کورد سەرەتا لاواز بوو. باڵی سەربازی DAANES لە ئێستادا هەوڵی داوە ئەو خاکانەی پێشتر کۆنتڕۆڵکراون لەلایەن ئەسەد و میلیشیا ئێرانییەکان داگیریان بکاتەوە، لەژێر پاساوی هاوپەیمانێتی دژە-داعش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان کار دەکات لەکاتێکدا سەرەتاکانی پێگە لە ئەوبەری فورات دادەمەزرێنێت لە بەرامبەر هێرشی چاوەڕوانکراوی زیاتری تورکیا.

سەرکردایەتی ئەمریکا وتی درێژە بە ئەرکی دژە-داعش لە ڕۆژهەڵاتی وڵات دەدات. هێشتا، ناڕوونە تا چەند ئەمە دەتوانێت DAANES لە توندوتیژی تورکیا بپارێزێت، یان چۆن ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ HTS یان هاوپەیمانێتی بەرفراوانتری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سەرتاسەری باشووری سووریا مامەڵە دەکات – تەنانەت پێش ئەوەی کارتی چاوەڕواننەکراوی هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لەبەرچاو بگرین.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە ئاڵۆزانە، هەڵەیە توندوتیژی تورکیا وەک ئەندامێکی سەرەکی ناتۆ دژی کوردە هاوپەیمانە ناوزەدکراوەکانی ئەمریکا، یان هەڵکشانی HTS دژی ئەسەد، وەک ململانێیەکی سادەی نوێنەرایەتی ڕۆژئاوا-ڕۆژهەڵات ببینرێت. بەڵام یەک شت ڕوونە: ئێستا تورکیایە کە لە پێشەوەیە، هەوڵ دەدات دۆخێکی نوێ لە سەرتاسەری باکووری سووریا دابمەزرێنێت کە هەردوو هاوپەیمانانی ئەسەد و ئێران و کەمبونەوەی هێزە ڕۆژئاوایەکان لە ناوچەکە دەربخات. تورکیا (دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ) وەک یاریکەری سەرەکی لەسەر ئەرزی واقع خۆی دەنوێنێت.
دوای دەرکردنی بەردەوام و چاوەڕوانکراوی هاوڵاتیانی کورد لە هەرێمە دابڕاوەکانیان لە باکووری ڕۆژئاوا – پاکتاوی نەژادی کە بەبێ وشەیەکی ناڕەزایی لە هاوپەیمانە ناوزەدکراوەکانی کورد ڕوودەدات – چاوی تورکیا ڕووی لە ڕۆژهەڵاتە. نزیکەی سەد هەزار کەسی ئاوارەی ناوخۆیی (IDPs) پێشتر گەیشتوونەتە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی DAANES، لە دۆخێکی مرۆیی خراپدا، لەگەڵ چەندین کەسی بەتەمەن و ساوا کە بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا هەزاران کەس بەهۆی نەبوونی شوێنی حەوانەوە لە دەرەوە دەخەون. “جێگا نییە بۆ خەڵکەکە لێرە،” شێخۆ یەکێک لە بەرپرسە کوردەکان کە بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ دەکات، دەڵێت: لەکاتێکدا سەیری هاتنی پەنابەران دەکات بۆ ناوەندێکی وەرگرتنی کاتی لە یاریگای وەرزشی شارەکە. “هەندێک لە بەتەمەنەکان بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستدەدەن. هەموو نەخۆشخانەکانی DAANES تەرخانکراون بۆ خەڵکەکە و چارەسەری بەخۆڕایی پێشکەش دەکەن، بەڵام هێشتا پێویستییەکی بەپەلەی پزیشکیمان هەیە.”

لە راستییدا ئەم ناوچانە، بەتایبەتی شاری فرەنەتەوەیی، زۆرینە عەرەبی مەنبیج، لە سنووری ئاگربارانی تورکیادایە. لەگەڵ دەرچوونی ئێران و ڕووسیا لە یارییەکە و هەنگاوی هەڵەی ڕۆژئاوایەکان، تورکیا یاریکەری باڵادەست دەبێت لە سووریایەکی نوێی ئیسلامیدا. سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کە لەمێژە سوودی لە پێگەی ناوەندگیری وەرگرتووە وەک دوژمنی دوژمن لە نێوان مۆسکۆ و واشنتن، لە کۆتاییدا وا دیارە هەموو کارتەکانی بەدەستەوەیە.

داهاتووی سووریا

“هیوا و ترس دەتوانن پێکەوە بن کاتێک بیر لە داهاتووی سووریا دەکەینەوە،” شرۆڤەکار جان دەڵێت. “زۆر باشە کە دەبینین خەڵکی چەوساوە ئازادی بەدەست دەهێنن، بەڵام هۆکاری زۆر هەن بۆ وریابوون، چ مەترسی توندڕەوە ئیسلامییەکان بێت یان گرووپە توندڕەوەکانی تر، یان هێزە بیانییەکان بە ئەجێندای خۆیانەوە.” لە تیۆریدا، بزووتنەوەی کورد دەبێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە هەر چارەسەرێکی پۆزتیڤی داهاتووی سووریادا. DAANES لەمێژە ئامادەیی پراگماتیکی خۆی نیشان داوە بۆ کارکردن لەگەڵ کارگێڕییەکی چاکسازیکراوی دیمەشق، ئەگەر پابەندبوونی ڕاستەقینە بە لامەرکەزی و مافەکانی ژنان و کەمینەکان پیشان بدات. حسێن مەمۆ، بەرپرسی کوردی سووریا لە لەندەن، بە جاکۆبین دەڵێت دەیەوێت ببینێت “هەموو سووریەکان لە پرۆسەی بڕیارداندا بەشدارن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتی، فرەیی و سیکۆلار کە بێلایەن بمێنێتەوە سەبارەت بە ئایین، تایەفە، نەتەوە و بیروڕای سیاسی.”

بەشێوەیەکی چاوەڕوانەکراو، نیشانەی بەراییی هێورکردنەوە لە نێوان HTS و DAANES هەیە، هەردوولاشیان پێیان باشترە دوور بکەونەوە لە ململانێ بۆ جەختکردنە سەر شەڕی پاشماوەکانی ئەسەد و رێگریکردن لە تورکیا بە شێوەی جیاواز. HTS دڵنیاکردنەوەی داوە بە کوردەکانی حەلەب و ڕێککەوتنی کشانەوەی بۆ هاوڵاتیانی کورد ئاسان کردووە. نوێنەرانی DAANES ئێستا لەگەڵ HTS گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە داهاتووی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەڵەب، کەپەناگەیەکی درێژخایەنە بۆ دانیشتوانەکەی کە پێشتر بەهۆی IDP-کانی هەڵاتوو لە توندوتیژی دواییەوە زیادی کردووە، نیشانەیەکی ئەگەریە بۆ پەیوەندییەکانی داهاتوویان.

باڵی سەربازی DAANES دەستکەوتی وەدەستهێنا لەو خاکانەی کەپێشتر کۆنتڕۆڵکرابون لەلایەن حکومەتەوە، ئەگەری دوور وانیشان دەدات سووریای دوای-ئەسەد دابەش کرابێت لە نێوان HTS-ی ئیسلامی-زۆرداردا و DAANES-ی فرەیی، دیموکراتی – چاوەڕوانییەک کە تەنها هەفتەیەک لەمەوبەر تەواو نەگونجاو دەهاتە بەرچاو. بەڵام نوێنەران بە قووڵی وریایانەوە دەڕوانێتە دۆخەکە سەبارەت بە وەرچەرخانەکان و گریمانەکانی سەرکردایەتی HTS بەرەو پلۆرالیزم، لەکاتێکدا هێزە ئیسلامییەکە لەوانەیە بڕیار بدات لەگەڵ تورکیا بوەستێت بۆ بەدەستهێنانی ڕەوایەتی نێودەوڵەتی. هەرچۆنێک بێت قەیرانە سەرسوڕهێنەرەکە دەردەکەوێت، توندوتیژی پشتگیریکراوی تورکیا دژی کورد، ژنان و کەمینەکان بەردەوام دەبێت لە مەترسی خستنە سەر هیواکانی خەڵکە ئاساییەکانی سوریا بۆ داهاتوویەکی بەڕاستی دیموکراتی.

سەرچاوە:

https://jacobin.com/2024/12/kurds-syria-assad-hts-dannes

فەرهەنگۆک:
HTS:
هەیئەت تەحریر شام
DAANES:
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا
SNA:
سوپای نیشتمانی سوریا
IDP:
ئاوارەکانی ناوخۆ




حەوشەی بۆن و شیعر و جوانی.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

حەشەکەمان پڕ لە بۆنی خۆشەویستی و ڕەشەڕێحانەی جوانی بوو
شیعر دەهات هەموو ڕۆژێ بەسەتڵێ ئاوی باوەڕ و مرۆڤدۆستی
ئاوڕشێنی بەر هەیوان و ڕاڕەوەکەی بۆ دەکردین
خەیاڵ سۆندەی لە بۆڕی جوانی دەبەست و
سەری باڵندە شەرمن و بێکەسەکانی دەشووشت و
دەیخستنە بەردەم هەتاو و خۆری ژیان
چیرۆک دەهات لەناو حەوشەی ماڵی ئێمە دەبووە ڕاستی
خوشکەکانم دڵدارییان لەگەڵ خەم و بێکەسی خۆیان دەکرد و
یەک یەک دەبوون بە ئەفسانە و
دەچوون لەناو قژی مێژوو دەبوون بە چیرۆکی ئومێد
حەوشەکەمان تەنها دەرگایەکی هەبوو، دەیڕوانییە سەر کێڵگەیەک لە جوامێری و
دەشتاییەک لە ئاوازە بەسۆز و ئاوارەکانی ئەم مەملەکەتە بێڕەنگە
دەرگای حەوشەکەمان ئێستا لەسەر پشتە و
کراوەیە بەڕووی ڕۆمانی تەریوو و شیعری ونبوو
کراوەیە بەڕووی کچانی نێو سەفەر و کۆچەکان
ئاگادارن.. یەک یەک هەموو بینیتان چۆن
ڕووبارەکان هاژەیان کرد و ڕۆیشتن
بێ ئەوەی گوێ لە ئاخ و ناڵەی خەمخۆریی و بێدەربەستی ئینسان بگرن
شەقامەکان پڕ ڕێبوارن و هەر کەس حیکایەتێک دەیبەستێتەوە بە بوون و
هیچ کەس ئاگای لە دڵی پڕ برینی ڕەشپۆشەکانی حەوشەی پڕ نهێنی نییە
وەرزەکان هاتن و چوون و باڵندەکان سەفەریان کرد و هاتنەوە
تەنها فرمێسکی چاوانی دایکم نەبێ ئەمێستاکەش
قەتیس قەتیس لەگۆشەی چاو دەڕوانێتە دەرگای حەوشە
هەتا ئومێد، هیوا، ئاوات بێنەوە ماڵ.
دایکم ڕۆیی و مێژوو لەگەڵ خۆی هەڵیگرت
باوکم سەفەر کردی بە ڕێبواری ڕێگای دۆزینەوەی بەختەوەری
خوشکەکانم یەک یەک لەگەڵ گوڵ و مانگ و ئەستێرەکان بوونە هاوڕێ
براکەشم دەڵێن هەتاو دڵڕەقانە بۆ خۆی بردی
تەنها من لەم حەوشە گەورەیەی خەیاڵ و بیرەوەری ماومەتەوە
بەدەم سروودی جەنگەکان دەستی شیعر و بۆنی گوڵم بەدەستمەوە و
دەبمە هەوری سەر ئاسمانی قەسیدەیەک لە بێکەسی و بێ سەفەری
دەبمە خولیا و دەڕۆم ترۆپکی شاخەکان دەکەم بە ژوانی خەیاڵ
دەبمە فڕین .. ئاسمانی حەوشە پڕ دەکەم لە شەقەی باڵ
دەبمە جوانی لەناو دڵ و نیگای ژیان
بۆ هەمیشە دەبمە خۆرەتاوی یەکسانی و ئازادی ئینسانەکان.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣




گۆمی دوكەڵ.. شیعری\عەبدولسەلام ئیسماعیل سادق

خەمە ڕوتە داپۆشراوەكانم
ببەم بۆ كام كێوی تەخت
كام دەشتی كێوئاسا
بەر كام شەپۆڵیاندا بدەم
بە كام ئاسماندا بیاننێرم

وشەكانم یەك یەك
بە تەنافی ئاسمانەوە هەڵواسیوە
بەڵكە ببینرێن
و
بخوێنرێنەوە
بەڵام چیدی
ئاسمانیش بەرگەی هەڵگرتنی وشەكانمی نەماوە
لە قورساییی وشەكانم پشتی چەماوەتەوە

هاوینێكی سارد هات
و
وشەكانمی سڕ سڕ كرد
وشك وشك بوون وشەكانم
بەڵام نەمردن

ئاسمان خۆری لە ئامێز گرتووە
بەڵام
من جەستەم ساردە
و
وشەكانم لە ناوەوە ئارەق دەكەن
دوكەڵێكی ڕەش ڕەش
لە ژێر دەرگەی هەر یەك لە وشەكانم دێتە دەرەوە
و
جۆگەڵە دەگرێت
لە ڕێڕەوی ئاسمانەوە
گۆمێكی مەنگ دروست دەبێت
گۆمی دوكەڵ

بۆ دواجار ئاسمانیش گریا
لەگەڵ هەر پێلكێك
تنۆك تنۆك دوكەڵ لە چاوانی دەهاتە خوارەوە
بەڵام بەر زەوی نەدەكەوتن
هەر لە ئاسمان
لە تەنافی وشەكانم
گیر دەبوون




ئازاری خامنەیی و چارەنووسی کۆماری ئیسلامیی!.. ڕێبوار ڕەشید

لە ماوەی دە ساڵەی حکومی ئایەتوڵاخومەینیدا گەلانی ئێران خراپترین ڕۆژەکانی خۆیان بە سەر برد، لە بەڵێنی ئازادیی و کارەبا و ئاو و گازی خۆڕاییەوە بەرەو سەپاندنی کۆنەپەرستیی و چەوساندنەوەی چینایەتیی و مەزهەبیی و جێندەریی و نەتەوەیی. ئایەتوڵا خومەینی، بە پێی وتەی خۆی، ڕابەری خەڵک و حکومەت بوو. لە ڕاستییدا ئەندازیاری حکومەتی شەڕ و فەرمانداری کۆمەڵکوژیی بوو.
جێی داخە، ئایەتوڵاخومەینی سزا نەدرا، بێ ئازار مرد.
هاتنە سەرکاری خامنەیی لە ٤/٦/١٩٨٩ئەو ڕاستیەی دەرخست کە دۆخی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان خراپتر بوو. کۆماری ئیسلامیی زیاتریش کەوتە دژایەتی گەلانی ئێران بەتایبەتیی کورد و بەلوج و عەرەب. ڕاوەدوونانی چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی، ترساندن و تۆقاندنی خەڵک، زیندانکردن و فشارهێنان پەرەی سەند. کوشتن بوو بە هونەری ئیسلامیستیی.
هەر مانگێک پاش هاتنەسەرکاری خامنەیی د. قاسملۆ لە ڤیەننا (١٣/٧/١٩٨٩) و پاشان شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە ئەڵمان (١٧/٩/١٩٩٢) تیرۆر کران. خامنەیی، شاگردی یەکەمینی ئایەتوڵاخومەینی، ئەندازیار و بڕیاردەری شەپۆلی تیرۆرکردنی چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتیی لە سەرەتای نەوەدەکاندا لە ڕێگای دەستی درێژەوەبووی خۆی لە باشوور ئەنجامی دەدان. لە ٣٥ ساڵی دەستبەکاربوونیدا بە سەدان چالاکوانی سیاسیی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران تیرۆر کراون.
خامنەیی رابەری فەرمیی بزووتنەوە و دامەزراوەی مەزهەبیی، فەرماندەی گشتیی سوپا و بەڕێوەبەری فەرمیی هەموو دەزگا ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ئایینیەکانە، واتە بەرپرسیاری یەکەمە لە هەموو ئەو کوشتنوبڕین و ڕاوەدوونان و سووکایەتیپێکردن و پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ کە لە ئێران و لە دەرەوەی ئێران وەکو کاری تێرۆریستیی کراون و دەکرێن.
خامنەیی ئەو کەسەیەکە نکۆڵی لە روودانی هۆلۆکۆست دەکات و گاڵتەی بە قڕکردنی جوولەکە و بە زیانەخرۆیی و وەحشیگەریی نازیزیم دێت، کە پارەوپولی ئێران، بە سەدان ملیارد دۆلار، بۆ شەڕی سکێتاریزمی مەزهەبیی و ئایدیۆلۆژیی مەزهەبیی دژ بە ئیسرائیل و تەنانەت بە سوننەی چواردەور سەرف دەکات. خامنەیی بوو فەرمانی بە راوەدوونان و گرتن و ئازاردان و کوشتنی بەهائیەکان دا بۆ ئەوەی لە ئێران نەمێنن. لە سەردەمی خامنەییدا لەشفرۆشیی و ناچارکردنی ژنان بە لەشفرۆشیی و بڵاوکردنەوەی مەوادی بێهۆشکار بوو بە کولتوری داسەپێندراو و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. بە پێی پلانی خامنەییە کە مەوادی بێهۆشکار بەتایبەتیی لە کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، کە بێکاریی و فشاری کۆمەڵایەتیی بە ئەوپەڕی خراپبوون گەیشتووە.
خامنەیی ئەندازیاری ڕێکخستنگەلی جاش و شێوەکانی سیخووڕیی و ڕێکخستنی جاشئیسلامی سیاسییە لە ڕۆژهەڵات و لە هەندێک لە ئەوانەی باشوور. لە رێگای کەسانی وەکوو قاسم سولەیمانییەوە نەخشە و پلانەکانی خامنەیی لە ئێراق و لوبنان و یەمەن و فەلەستین بەڕێوە دەچوو، بەهەمان شێوەی مستەفا چەمران، کە بکوژی خەڵکی کوردستان و نەمران فوئاد مستەفا سوڵتانیی و سەدیق کەمانگەر و سەدانی دیکە بوو لە گیانبەختکردووان، هەرواش قاسم سولەیمانیی جەللادی بە پیادەکردنی ئەو تیرۆرانە بوو کە خامنەیی لێیان بەرپرسیارە.
خامنەیی نوێنەری دیار و بەر چاوی ئیسلامی سیاسیی مونافیق و دژەژن و بەدکار و بەدڕەووشتە کە ئێستا نموونەکانی لە شێوەی ”ئیسلامی سوننی“ پەلاماری لاقی ڕۆشنبیران و ژنانی باشوور دەدەن، بوختان و درۆ بە دەم هەر ژنێکەوە دەکەن کە باس لە ئازادیی و مافی مرۆڤ و مافەکانی ژنان بکات. ئەوانەی باشووریان کردووە بە مەیدانی کۆنەپەرستیی و خورافات، هەر لە خواردنەوەی میزی وشترەوە تا شێوەکانی نوشتە و دوعا و تاد.
کەی خامنەیی دەمرێت پرسیارێکی بێ وەڵامە، بەڵام راستییەک هەیە کە فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادیی” دەبێت بە گیانکێشەری خامنەیی و شاگردەکانی. لە مێژوودا ڕوو دەداتەوە وشەگەلی پارادایمێکی ئازادیخوازانە ریز دەبن و تنۆکە ژەهر لە سەرخۆ دەکەونە ناو زاری تاوانبارانێک. ئەو تاوانبارانەی دەبێت لە قەفەسی ترس و سووکایەتیپێکردندا مەرگی دۆڕاندنیان بە سەردا بسەپێنرێت. مەرگی مەحکوم بە تەسلیمبوون!
جێی داخی گران و بیرەوەریەکی تاڵە کە تا ئێستا هەموو ئەو ئایەتوڵا و ئاخوندە بەرپرسانەی ئێران، نموونەی خاڵخاڵیی، بەهەشتیی، گرکانی، موسەویی، ڕەفسەنجانی، تەبرێزیی، حەسەنیی و بە سەدان ئایەتوڵای تاوانکار کە ئاسایی مردن، بەبێ ئەوەی گەل بتوانێت دادگاییان بکات و سزای دروستیان بە سەردا بسەپێنێت.
ئایەتوڵاخومەینی کاتێک مرد ئێران بەرەو لوتکەی سەقامگیریی بەڕێوە بوو. لە باوەشی دڵنیایی و لە ناو سەدای لەبەیکی پاسداران و ژێر سێبەری خایەرانی زەینەبدا گیانی دەرچوو. مردنی بێ ئازاری خومەینی، بۆ ئازادیخوازان بە ئازارە.
کۆتایی خامنەیی بە هەمان شێوەی ئایەتوڵاخومەینی نابێت.
کۆتایی خامنەیی لە دوندی هەڵدێرەوە دەست پێ دەکات کە بنکەکانی تیرۆریستی ئیسلامی سیاسیی لە غەززە و لوبنان زیانی شایانباسیان بەرکەوت و ئەسەدی سووریای دۆست و قەڵا، فڕێ درایە ناو زبڵدانی مێژووەوە. ئەمە ئازارێکی گەورە و گرانە. ئازارێکە تیایدا مەرگ شادی دەهێنێت. خەرجکردنی سەدن ملیارد دۆلار لە پارەی خەڵکی ئێران بۆ دروستکردنی نفوزێکی سیاسیی شیعە سەرئەنجام بوو بە هۆی ماڵوێرانیی بۆ فەلەستینیەکان و لوبنان و سووریا و بێگومان یەمەن و هەروەها عێراقیش ئەگەر زووبەزوو دەستبەرداری وەفاداریی بۆ ئێران نەبن. هەروەها پێگەی ئایینیی و کولتوریی شیعەی دەوڵەتانی کەنداو سعودیەشی لاواز کرد.
کۆتایی خامنەیی هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنەکانی رۆژائاوای کوردستان و گەرمبوونی بەرخۆدانی باکووردایە کە ئەردؤغانی ئایەتوڵای سوننە و دامەزرێنەری داعش و تیرۆریزمی سوننەی ئیسلامیی، سەرەڕای سەرکەوتنی ئیستایان لە سووریا، لە دۆڵی دۆڕاندایە.
ئەمانە هەموو ئازارن، ئازارێکی گەورەن و هیچ خامناییەک و ئەردۆغانێک بەرگەی ناگرن.
خامنەیی بە دەم ئازارەوە کۆتایی دێت. ئازارێک کە لە دامێنی دۆڕان و بەربوونەوەی هەتاهەتایی سەرچاوە دەگرێت. ئازارێک کە حوکمی ڕەهای دە ساڵەی فاشیزمی سێکتاریستی خومەینیشی دەچێتە سەر.
مەرگی خامنەیی لە مێژە وەختی هاتووە. ئەو مەرگەی دەمی گەلانی ئازادیخوازی ئێران شیرین دەکات و ئەو ئازارە بە زەبرە بە دڵی ئەم دیکتاتۆرە تۆتالیتارە فاشیستە کۆنەپەرستە و ئەو حەشاماتە ڕەشۆکەیەی دوای کەوتووە، دەگەیەنێت.
ڕەنگە کۆماری ئیسلامیی پاش مردنی خامنەییش ماوەیەک بەردەوام بێت و ڕەنگیشە هاوپێچ بن، بەڵام ترسێک لە ئێستاوە دڵی هاوتاوانکارەکانی خامنەیی داگیر کردووە کە بە هەمان شێوەی خۆی لە ئازاری دۆڕان و بەرەو کۆتایی چووندا چرکەکانی کات دەژمێرن.
هەستێکی تۆڵە سەندنەوە بە سوار کۆڵی میلی کاتژمێرەوە بێ ئۆقرە سینگ دەکوتێت. تۆڵەی ئاو و کارەبا و گازی خۆڕایی نا، تۆڵەی ئازاردانی مرۆڤ و ئازادیخوازان، تۆڵەی گۆڕینی جەستە و رۆحی ژنان بۆ پیاوێکی شاخلێڕواوی کەڵبەدار، تۆڵەی دانی عەبا و پەچە بەسەر تەواوی ئێراندا، تۆڵەی ئەشکەنجە و ڕشتنی خوێنی هەزاران رۆحی شاد، تۆڵەی زەوتکردنی ئازادیی و بێڕێزیکردن بە ویژدانی مرۆڤایەتیی. تۆڵەسەندنەوە لە مێژووی درۆ و دەلەسە و بوختان.
تۆڵەی دزین و بە هەدەردانی سامانی گشتیی گەلانی ئێران.
”ژن، ژیان، ئازادیی!“
“ژن، ژینا، ئازادیی!”

ڕێبوار ڕەشید
١٣/١٢/٢٠٢٤




خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی – دکتۆر مارف خەزنەدار.. محەمەد عەبدولڕەحمان مێرگەیی

کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی)ی د. مارف خەزنەدار، حەوت بەرگە و چاپی یەکەمی لە ساڵی 2001 و چاپی دووەمیشی لە ساڵی 2010 لەلایەن دەزگای ئاراس لە هەولێر چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم گوتارە خوێندنەوەیەکی کورت و خێرایە بۆ هەر حەوت بەرگەکە بە گشتی.
سەرەتا هەروەکوو لە پێشەکی بەرگی یەکەمی کتێبەکەیدا ئاماژەی پێداوە، بەلای خەزنەدارەوە گشت ئەو بەرهەمانەی لەم کتێبەدا بە نموونە هێنراون (بەرزترین قسەی جوانی زمانی کوردین)، واتە مێژووی ئەدەبی کوردی بریتییە لە مێژووی (قسەی جوانی) کوردی. هەر حەوت بەرگی ئەم کتێبە وەکوو دانەرەکەی مەبەستی بووە؛ بە میتۆد و ڕێبازێکی تایبەتی وەها نووسراوە، کەوا بە چەشنی سەرچاوەیەکی (قوتابخانەیی، زانستگایی، ئەکادیمییانە، فەرهەنگییانە و ئینسکلۆپیدیانە) بێت. هەروەک خۆی باسی لێوەکردووە، ساڵانێکی زۆری تەمەنی هەر خەریکی کۆکردنەوە و ساغکردنەوە و نووسینەوەی ئەم کتێبە بووە.
ئەم بەرهەمە تاکە سەرچاوەیە لەبارەی مێژووی ئەدەبی کوردییەوە بەو شێوازە زانستیی و فراوانە و لەدووتوێی زیاتر لە چوارهەزار و سەد لاپەڕەدا نووسرابێت. تا حاڵی حازر لە گشت سەرچاوەکانی دیکەی مێژووی وێژەی کوردی زانستیی تر و چڕوپڕترە.
لە بەرگی یەکەمدا خەزنەدار دووسەد لاپەڕەی تەرخانکردووە بۆ باسەکانی وەکوو: مێژووی نەتەوەی کورد، جوگرافیای کوردستان، ئایین و ژیانی کۆمەڵایەتی، ژیانی خوێندەواری و ڕۆشنبیری، دەستنووس، کوردناسی و زمان، ڕۆژنامەگەریی، ئەدەبی کۆن و نەنووسراو… تاد.
لەم کتێبەدا بەدرێژی باسی ژیان و (ناوەڕۆک و ڕووخسار)ی بەرهەمی زۆربەی زۆری شاعیرانی کوردی سەر بە زۆربەی شێوەزارەکانی زمانی کوردی کراوە، لەوانەش بیستوسێ شاعیری شێوەزاری کرمانجی سەروو، هەروەها شاعیرە بەناوبانگەکان زۆرترینیان لەبارەوە نووسراوە. بۆ نموونە لە بەرگی دووەمدا، خەزنەدار هەشتاوچوار لاپەڕەی بۆ ئەحمەدی خانی (1650-1707) تەرخانکردووە و لە بەرگی سێیەمدا نۆوەد لاپەڕەی لەبارەی نالییەوە (1800-1877) نووسیوە. لەلایەکی دیکەوە باسی ژیان و بەرهەمی هەندێک شاعیر و نووسەر کراوە کەوا خوێنەر پێشتر پێیان ئاشنانەبووە و بەلایەوە ناسراونەبوونە.
لەسەر ئەو بنەمایەی (مەدەنیەتی ئیسلامی) کاریگەری هەبووە لەسەر ئەدەبیات و وێژەی کوردی، خەزنەدار لەبەر ڕۆشنایی ئەم باوەڕەدا ئەم مێژووی ئەدەبی کوردییەی نووسیوەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە ئەدەبی کوردی بە دوو شێواز خۆی پیشاندەدات، یەکیان خۆماڵیی ئەویش (شیعری لیریکی و چیرۆکی شیعرییە)، شێوەکەی دیکەش لە ئەنجامی لێکدانی مەدەنیەتی کورد خۆی و هەر سێ نەتەوەی دراوسێی (عەرەب، فارس، تورک) و بە هۆکاری ئایینی موسڵمان دروستبووە، ئەمیش بریتییە لە (غەزەل و قەسیدە). (بڕوانە: بەرگی یەکەم، لاپەڕە 181 و 202)
بەلای خەزنەدار شیعر بەرهەمێکە تەعریف ناکرێت، ژیانی ئادەمیزادیش بەبێ شیعر نابێت و لە بنەڕەتدا شیعر خۆی دروستکردن و خوڵقاندن و داهێنانە، جوانکاریی و گیانی هونەریی کردوویەتی بە بەرهەمێکی وەها بە شێوەیەک بێت کە چێژ و ئەندێشەی مرۆڤ دەجووڵێنێت و بۆ گشت شوێن و چاخ و ڕۆژگارێک دەگونجێت.
خەزنەدار باوەڕی وایە بەرهەمی جوان و ڕەسەن بە کامڵی لەدایکدەبێت، ئینجا ئەمە لە هەر قۆناغێکی تەمەن و ژیانی شاعیردا بێت. خەزنەدار ئەو تیۆرییە بە هەڵە دەزانێت کە پێیوایە شاعیر وەک زانا؛ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ توانا و بڕستی لە دانان و هۆنینەوەی شیعردا بەرەو زیاتر دەچێت، بەڵکوو گشت شیعرێکی بەرز بە کامڵی دێتەبوون و جا چ لە وەختی تەمەنی گەنجیەتی شاعیردا بێت یاخود لە تەمەن و ڕۆژگاری پیریدا بێت.
بە هەمان شێوە خەزنەدار پێیوایە بەهرەی هونەریی و خەیاڵی شیعریی، پەیوەندییەکی ئەوتۆیان نییە بە پلە و ڕادەی خوێندەوارییەوە. هەروەک هونەر زێدەتر پەیوەندی هەیە بە چێژ و خەیاڵەوە و کەمتر پەیوەندی هەیە بە ڕاستیی و لۆژیک، هەروەها داهێنانی هونەریی و ئەدەبیی دوور لە تیۆریی زانستییە و بەهرەی داهێنانی هونەر هیچ چەشنە سنوور و مەرج و ڕێسا و دەستوورێکی بۆ نییە.
خەزنەدار باوەڕی وایە مەبەستی سەرەکی لە گشت داهێنانێکی هونەریی و ئەدەبی ئەوەیە لەو قاوغ و چوارچێوەیەی بۆی دانراوە بچێتەدەرەوە و ببێ بە موتڵەق. داهێنانی ئەدەبییش بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵە، نەوەک تەنها بۆ گرووپێک و توێژێکی دیاریکراوی ناو جڤاکێک. سەبارەت بە پەیوەندی ئەدەب بە سیاسەتەوە، خەزنەدار بۆچوونی وایە ئەدەب لە سیاسەت گوشادتر و مەزنترە و داهێنانی ئەدەبیی و هونەریی بەبێ سیاسەت سەردەگرێت، بەڵام ئەو بەرهەمەی ناوئاخنی سیاسی و ئایدیۆلۆژی هەبێت، بەبێ جوانکاریی سەرناگرێت.
بۆیە داهێنان لە شیعری سیاسیدا پێویستی بە شاعیری لێزان و وەستا هەیە، چونکە ئەو شاعیرە کاتێک ئیلهام لە دیاردە و ڕووداوێک وەردەگرێت و پارچە شیعرێکی بۆ دەهۆنێتەوە، ڕەنگە ئەم دیاردەیە زوو یان درەنگ بە خراپە بگەڕێتەوە، ئەودەمەش دەبێت بە دروشمێکی سیاسی ڕۆژانەی بێتام. خەزنەدار پێداگیری لەوەدەکات کە دەبێت وەها حسێب لەگەڵ بەرهەمی ئەدەبیی بکرێت بە جۆرێک تەنها لەڕووی هونەرییەوە بێت و هیچ پەیوەندییەکی بە ئایدیۆلۆژییەتی نووسەرەکەوە نەبێت. (ب5، ل274، ل436، ب6، ل392، ل414، ل647، ب7، ل72، ل212، ل274، ل325، ل341، ل469، ل505، ل697، ل704)
لەبارەی کاریگەریی زێدەتری شیعر لەچاو پەخشانەوە، خەزنەدار پێیوایە بۆ نموونە ئەگەر لیریکی (لەخەوهەڵسن)ی ئەحمەد موختار جاف 1898-1935، کەوا لە سییەکانی سەدەی بیستەم بووە بە سروودی وریابوونەوە و بانگەوازی خوێندەواری و کوردایەتی، لەڕووی ناوەڕۆکەوە ئەگەر شاعیر بە پەخشان بینووسیایە، ئەوا کاریگەرییەکی وەهای نەدەبوو و ئاوڕی لێنەدەدرایەوە. (ب5، ل487-488)
جێی سەرنجە خەزنەدار ئەگەر یەک تاقە دێڕە شیعری شاعیرێکی لەبەردەست دابووبێت و بەلایەوە جوان بووبێت، ئەوا ئاماژەی پێداوە و بە نازدار وەسفی کردووە. بۆ نموونە لە بەرگی سێیەم و لە بەشی چوارەمدا، لە باسی شیعری کێشی عەرووزی لە پێش نالیدا، دەبینین سەبارەت بە دێڕە شیعرێکی مەلا عەبدوڵڵای بێتووشی 1747-1806 خەزنەدار نووسیویەتی: ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە (دێڕە شیعرێکی نازدار)مان لەبەردەستدایە و سەرچاوەکان دەڵێن ئەم شیعرە لە بەرهەمی نووسەری ناوداری کورد بێتووشییە، دێڕەکەش ئەمەیە:
لە دیباجەی کیتابی حوسنی عالەم هەر وەرەق لادەم
دەبینم مەبحەسی وەسفت لە هەر فەسڵێ و لە هەر بابێ (ب3، ل53)
بە هەمان شێوە خەزنەدار باوەڕی وایە ئەگەر شاعیرێک تەنها یەک تاقە شیعری هەبووبێت، بەڵام شیعرەکە بە پێوەرەکانی جوانیی جوانبێت، ئەوا ئەو شاعیرە بە شاعیرێکی مەزن دادەنرێت، بۆ نموونە لە بەرگی پێنجەم و لە باسی شوکری فەزلی 1882-1926 و شیعرەکەی بۆ شێخ مەحموودی گوتووە بەناوی (ئیش کە ڕووی ئێستە لە هەورازە سەرەوژێری نەکەی)، خەزنەدار دەڵێت: ئەم تاکە شیعرە شەش دێڕییە؛ گێتییەکی گەورەی بێپایانە، ئەوەندە بەنرخ و بەبەهایە، ئەگەر شوکری فەزلی شیعری دیکەی نەبووایە و تەنیا ئەم شیعرەی هەبووایە، بەم شەش دێڕە بە شاعیرێکی گەورە دەکەوتە بەرچاو. (ب5، ل421، 436)
هەر لەمەڕ بە لوتکەبوونی جوانیی یەک دێڕەوە، ئەوەتە بیریار و ئەدەبناس مامۆستا مەسعوود محەمەدیش (1919-2002) لە بەرامبەر ئەم دێڕەی نالی کە دەڵێت:
ثوبووتت باعیثی نەفیی منە، وەک لامی زولفەینت
لە هەردوولا قەدت بگرێتە ناو، وەک «لامەلفلا» بێ
لە شەرحەکەیدا ئەوەندە پێی سەرسام و شاگەشکە بووە هەتا ئەوەی بارتەقای چەندین غەزەل و قەسیدەی دادەنێت. وەکوو لە کتێبەکەیدا (دەستەودامانی نالی، لاپەڕە211) نووسیویەتی (ئەم بەیتە یەکێکە لە هەرە هەرە هەرە دەگمەنەکانی هەڵبەستی عالەمی ئیسلام، ماڵم حەقە، بەیتێکە چەندین غەزەل و قەسیدە دەهێنێ).
لەبارەی شیعرییەتی دەقێکی جوان و پەیوەندی بە کێش و قافیەوە، بۆ نموونە لە بەرگی حەوتەم و لە باسی کاکەی فەللاح 1920-1990، خەزنەدار دەڵێت: شاعیر بەشداری بەرچاوی هەبووە لە دەوڵەمەندکردنی شیعری نوێی کوردیدا و لەو لیریکەی بەناوی (بۆچی نابێ) کەوا لەسەر کێشی هەشت بڕگەییە و چوار پێنج قافیەی تێدا بەکارهێناوە، کاتێک شاعیر لەو شیعرەیدا بە دلبەر دەڵێت: لەبەرئەوەیە من خۆم خۆشدەوێت، چونکە تۆم خۆشدەوێت، بەواتای ئەوەی ئەگەر دلبەری خۆش نەویستایە؛ خۆی خۆش نەدەویست. خەزنەدار دەڵێت: ئەگەر ئەم بیرەی شاعیر کاکەی فەللاح لەناو قاڵبی کێش و قافیەشدا نەبێت، ئەوە هەر شیعرە. (ب7، ل613-614)
سەبارەت بە پەیوەندی شیعر بە ئەوینەوە، پێچەوانەی بیروڕای موفتی پێنجوێنی 1881-1952 لەو شیعرەی دژی دڵداری دایناوە، خەزنەدار دەڵێت: شیعر بێ دڵداری نابێت، ئەڤین ماک و سەرچاوەی بنچینەیی و لەبن نەهاتووی ئەدەب و هونەرە. بێجگە لە باسەکانی کەموکوڕی کۆمەڵگە و پرسی نەتەوەیی و کێشەی چینایەتی، گشت ئەو شاعیرانەی وەسف و ستاییشی کیژی جوانیان کردووە، ئەوانیش شاعیری دیارن. وەک خەزنەدار لە جێی دیکەدا دەڵێت: لەناو کورداندا کچی جوان زۆرە و تەنانەت شاعیرانی کرمانجی سەروو، هەمیشە جوانی ژنیان بە دەوڵەمەندیی چوواندووە. لە بەرامبەریشدا بێگومان ئەدەبی کوردی هەناسەی بەهێز و گەرمی لە بزووتنەوەی سۆفیزم وەرگرتووە. (ب6، ل147-148، ل189، ل273، ب7، ل197)
دەربارەی لاساییکردنەوەی شاعیرێک بۆ شاعیرێکی دیکە، خەزنەدار بە ئیسناف و دادمەندییەوە لەم لایەنە دەڕوانێت و بە چاوی نزم تەماشای شاعیری لاساییکەرەوە ناکات، بەڵکوو وێڕای ئاماژەدان بە لاساییکردنەوەکەی، هەمانکات تیشک دەخاتە سەر لایەنە جوان و داهێنانەکانی ئەویش. لەمبارەوە ئاماژە بە دوو نموونە دەدەین. وەک ئاشکرایە زۆر شاعیری کلاسیک هاتوون لاسایی نالی-یان کردووەتەوە، یەکێک لەوانە (مەحوی 1831-1906)یە. لە بەرگی چوارەم و لە باسی مەحویدا، خەزنەدار نووسیویەتی قەسیدەی (بەحری نوور) کەوا لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی مەحوییە و ڕاستە مەحویش وەکوو کۆمەڵێک شاعیری دیکە بە هەمان کێش و قافیەی نالی لاسایی شیعرە نەعتە بەناوبانگەکەی نالی کردووەتەوە کە بەم دێڕە دەستی پێکردووە:
ئەلا ئەی نەفسی بووم ئاسا هەتا کەی حیرسی وێرانە
لەگەڵ ئەم عیشقبازانە بڕۆ ئازانە بازانە
وەک خەزنەدار دەڵێت مەحوی نەوەک تەنیا لە کێش و قافیە لاسایی نالی کردووەتەوە، بەڵکوو لە مەعنا و وێنە و ڕستە و لێکسیکۆنیش لە دەوری داهێنانەکانی نالی دەخولێتەوە و گەرچی نەگەیشتۆتە پلەی هونەریی نالی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا؛ شاعیرانی دیکە و هەم مەحویش لە قەسیدەکەیدا وەستایەتی و هونەرکاریی و داهێنانی تێداکردووە. (ب4، ل215-216)
نموونەیەکی دیکە لە بابەتی لاساییکردنەوەی شاعیران، لە بەرگی پێنجەم و باسی مەلا محەمەدی کۆیی (1876-1943) خەزنەدار دەڵێ: ئەگەرچی مەلا محەمەد لاسایی شیعرە میللییەکانی حاجی قادری (1816-1897) کردووەتەوە و شیعری حاجی ڕێبەڕێک بوون بۆی، بەڵام مەلا محەمەد وەکوو قوتابییەکی زیرەکی حاجییە و بەردەوامبوونی ئەوە، ئەگەر شیعری حاجی لەڕووی ناوەڕۆکەوە دانایانە و ڕۆشنبیرانەبێت، ئەوا شیعرەکانی مەلا محەمەدیش وەکوو ئامۆژگاریییە بۆ توێژی نەخوێندەوار و گیانی کوردایەتی لەناو دڵیان هەڵدەقوڵێنێ و هەوڵدەدات ئایین و شەریعەت لەگەڵ پرسی نەتەوەیی کورد بگونجێنێ. (ب5، ل381)
ئەگەرچی خاوەنی کتێب وەکخۆی دەڵێ: ئەم کتێبە بەشێوەیەکە بیروباوەڕی خاوەنەکەی تێیدا ڕەنگدەداتەوە و قسەکانیش تەنیا پەیوەندییان بە نموونە ئەدەبییەکانەوە هەیە، بەڵام دەبینین هەندێجار خەزنەدار لە مێژووی ئەدەب چووەتەدەرەوە و هەندێک بیروباوەڕی کوردایەتی و هەڵوێستی نیشتیمانپەروەرانەی تایبەتی خۆی لەمەڕ هەندێ پرسی نەتەوەیی کورد دەربڕیوە، بۆ نموونە لە دوو جێگەدا کاتێک باس لە وەرگێڕانێکی (مەم و زین) دەکات بۆ سەر زمانی عەرەبی لەلایەن (محەمەد سەعید ڕەمەزان بۆتی)ی کوردی سوریا کەوا لە ساڵی 1957 بڵاویکردووەتەوە، خەزنەدار هەڵوێستی خۆی دەربارەی دۆخی ناهەمواری گەلی کورد لە سوریا دەردەبڕێت و بەمشێوەیە باسی لێوەدەکات: جێی داخە سانسۆری سوریا هەموو ئەو دێڕە شیعرانەی (خانی) کوردایەتی تێداکردوون لای بردوون و دەستەڵاتی سیاسی ڕازی نەبووە بە بڵاوکردنەوەیان. هەر لەومیانەدا خەزنەدار دەڵێت: بەربەرەکانیکردنی کورد لە سوریا سیاسەتێکی هەمیشەیی و نەگۆڕاوە لەوەتەی سەربەخۆبوونی وڵاتەکە لەدوای جەنگی دووەمی گێتییەوە. (ب2، ل12، ل402، ب6، ل62)
لە جێی دیکەدا ڕەخنە لە شۆڤێنییەتی عەرەبی دەگرێت و لەبارەی سەرکردەیەکی شۆڤێنیی وەکوو جەمال عەبدولناسڕ، خەزنەدار دەڵێت: (ئەو کابرا عەرەبە شۆڤێنییە هەر لە بنەڕەتدا دانی بە مافی تەواوی میللەتی کورد نەهێناوە). (ب6، ل457)
سەبارەت بە ڕووخاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، خەزنەدار ڕەخنەی توندی لە دەستەڵاتی سۆڤیەتی جاران گرتووە و بەمجۆرە باسی ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە و بیروباوەڕ و هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت: سوپای ڕووسیای سۆڤیەت، تەشقەڵەیەکی سیاسی نامەردانەی لەگەڵ کوردی ناوچەی موکریان کرد و لەبەر بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان، سوپای سوور لە ئێران چووە دەرەوە و کۆماری مەهاباد ڕوخێنرا و سەرکردەکانی کوردیش لە سێدارەدران. خەزنەدار نووسیویەتی ئەگەرچی ئەمە گەورەترین ڕووداوێک بوو لە مێژووی کوردستانی ئێران و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بەڵام لە هەمانکاتدا سەرچاوەیەکی گرینگ بوو بۆ هۆشیارکردنەوەی نەتەوەی کورد.
خەزنەدار بە توندی ڕەخنە لە دەستەڵاتی سیاسی ئێران دەگرێت و دەڵێت: هەر لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سەفەوییەوە تا ئێستا بیروڕای بەرامبەر بە کورد نەگۆڕاوە، سیاسەتی گشتی تواندنەوەی کوردە لەناو (پانئێرانیزم). خەزنەدار ئاماژە بەوە دەدات کەوا نەتەوەی کورد لە ئێران سەرەڕای بەربەرەکانی لەڕووی نەتەوەییەوە، چەوساندنەوەشی وەکوو پەیڕەوانی سەر بە ئایینزای سووننە زیاترە. لەگەڵ ئەوەشدا خەزنەدار گەشبینە بەرامبەر بە ئاییندەی کورد لە ئێران و دەڵێت: خەڵکی کوردستانی ئێران هۆشیارن، بیروهۆشیان هەمیشە بۆ پارێزگاری ئەدگاری نەتەوەیی و داواکردنی مافی مرۆڤایەتییانە. (ب6، ل16-17)
سەبارەت بە کوردی تورکیا، لە بەرگی شەشەمی کتێبەکەیدا خەزنەدار نووسیویەتی: لەدوا ساڵانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەم، گەلێک ڕێکخراو و پارتی سیاسی و یانە و مەڵبەندی ڕوناکبیری و ئەدەبیی و هونەریی؛ لە کوردستانی تورکیا و شارە گەورەکانی دیکەی تورکیا پەیدابوون و هەریەک لەوانە زۆر ڕۆژنامە و کۆوار و چاپەمەنییان دەرکردووە…، لە بەرامبەریشدا دەستەڵاتی تورکیا جاڕی جەنگی داوە لە دژیان. خەزنەدار دەڵێت: ئەم دەستەڵاتە خەیاڵی خاوە و کورد ئێستا و ئەوساش کۆڵی نەداوە، هەتا ئەمڕۆش خەباتی ڕۆشنبیری و سیاسی ئەو میللەتە ئازادیخوازە بەردەوامە. بەلای خەزنەدارەوە کورد هەمیشەییە و هەر دەمێنێت. (ب6، ل14-15)
سەبارەت بەوەی سەرکردەی کوردان دەبێت چۆنبێت، لە باسی موخلیسی (1910-1985) شاعیردا و لە بابەتی شیعری کوردایەتی، خەزنەدار سەرنج دەخاتە سەر بۆچوونێکی شاعیر و بە هەڵەی دەزانێت، موخلیس لە شیعرێکیدا بەناوی (کورد) دەڵێت سەرۆکی کورد نابێت بێگانە بێت و سەرۆک ئەگەر خوێنیشت بمژێت، بەڵام مادام کورد بێت باشترە. خەزنەدار ئەم بۆچوونەی شاعیری بەلاوە هەڵەیە و ڕەخنەی لێدەگرێت و دەڵێت: (شاعیر ڕاستە کە دەڵێ سەرۆک نابێ بێگانە بێ، بەڵام ڕاست نییە کە دەڵێ خوێنمژیش بێ لە بێگانە باشترە، بەپێچەوانەوە لەڕووی سایکۆلۆجییەوە ئەگەر دوژمن خراپەت لەگەڵدا بکا ئێشی دەروونی کەمترە لەوەی هاوخوێنت دوژمنایەتیت لەگەڵدا بکات). (ب7، ل192-194)
دەربارەی دەردی دووبەرەکی ناوەخۆوە، خەزنەدار پێیوایە لەناو ئەدەبیشدا ئەوەندەی باس لە دوژمنی دەرەوەی کورد کراوە وەکوو هاوسێکان و ئەمپریالیستی جیهانیی، ئەوەندە باس لە دوژمنی ناوەوە نەکراوە، خەزنەدار دەڵێت: بەڕاستی کاریگەریی دووبەرەکی ناوەوە لە دواکەوتن و بەئامانج نەگەیشتنی کورد لە کاریگەریی دوژمنی دەرەوە کەمتر نەبووە. هەر بەم دەردی دووبەرەکی ناوەخۆییە گشت شۆڕش و هەڵسانەکانی دیکەی کورد هاوشێوەی حکومەتەکەی شێخ مەحموود ڕووخاون. (ب5، ل455-456).

محەمەد عەبدولڕەحمان مێرگەیی
هەولێر/ 12/12/2024

سەرچاوەکان:
1- دکتۆر مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، چاپی دووەم، دەزگای ئاراس، هەولێر، ساڵی 2010.
2- مەسعوود محەمەد، دەستەودامانی نالی، چاپی سێیەم، دەزگای ئاراس، هەولێر، ساڵی 2010.




پرسە لە نێوان هونەرمەندێكی هەڵپەرست و پێشمەرگەیەكی پاكدا!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ڕۆژانە یە هۆكاری جیاواز، لە شێوەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ، نەخۆشی و تلانەوە بە دەست زامە قووڵەكانییان، كە دەرەنجامی بەرگریی لە خاكی پیرۆزی كوردستان كەوتۆتە جەستەیان، شەهیدبوون و تەقینەوە و تیرۆر، نەخۆشی درێژ خایەن، پێشمەرگە قارەمانەكان دەمرن و خوێنی پیرۆزییان تێكەڵ بە خاكی پیرۆزی كوردستان دەبێت. ئەوان تا لە ژیاندان، كەس هەست بە ئازارەكانییان ناكات، كە دەشمرن، بە پرسەیەكی سارد و سوڕ و هەژارانە، پرسەیەكیان بۆ دا ئەنرێت بەرپرسێكی گەندەڵ بە پرسەنامە و بەشدارییەك، هاوخەمی خۆیان بۆ دەرنابڕن، لە كاتێكدا هەموویان لافی ئەوە لێ دەدەن گوایا ئەوانیش پێشمەرگەن و چەند بە گەورەیی و شكۆمەندییەوە سەیری پێشمەرگە و قوربانییەكانی دەكەن، كە لە ڕاستیدا وانییە. لە بەرانبەر ئەمەدا، هونەرمەندێكی هەڵپەرست و بەرژەوەندیخواز، كە هەموو تەمەنی لە سەنگەر گۆڕین و پەت پەتێن و حزب گۆڕین، بە سەر بردووە و هەر ڕۆژە و لای حزبێك با لە كوێ هاتووە لەوێ شانەی كردووە، لەمبەرو ئەوبەری جۆگا بووە، كە دەمرێت بە سەدان پرسەنامەی بەرپرسان و بەشداری و هاوخەمی بۆ دەچێت و دەردەبڕدرێت. لە كاتێكدا ئەگەر گریمان كۆی كارە هونەرییەكانی ئەو جۆرە هونەرمەندانە بخەیتە سەریەك، یەك دڵۆپ خوێنی ڕژاوی پێشمەرگەیەكی شەهید و زامدار ناهێنێت، كە لە پێناو سەربەستی خاكەكەی و ئارامی و ئازادی مندا، لە دژی تیرۆرستە ئیسلامییەكانی داعش لە سەنگەری بەرگریی نواندوویەتی، چونكە ئەوەی من و خاكەكەم لە ژێر دەستەیی و داگیركاریی و بەربەریەتی داعش و دوژمنان دەپارێزێت، پێشمەرگەیە نەك ئەو جۆرە هونەرمەندانە كە ئامادەن مێژوو، كەسییەتی، ناوبانگی خۆیان لە شەو و ڕۆژێكدا لە حزبێكەوە، كە تەمەنێكییان تێدا بردۆتە سەر، بفرۆشنە حزبێكی دیكە تەنها لە پێناو پارەدا. جێگەی داخە، كەم نین ئەوانەی لە پەراوێزی ناوی پیرۆز و پەیامی گەورەی هونەر، بوونەتە هەڵپەرست و پۆست و پێگە و بەرپرسیاریەتیان وەرگرت، ئەوانە تەنها لە پاداشتی فرۆشتنی بیر و باوەڕو ڕابردووی خۆیان لە حزبێكەوە بە حزبێكی دیكە، بە یەك بڕیار پلەیەكی كارگێڕی باڵایان وەردەگرت و دەبوونە بەڕێوەبەری گشتی و هەر بەو پلەیەش دوای چەند ساڵێكی كەم خانەنشین دەكران و تا هەتایە ئەو مووچە زۆر و زەبەندە وەردەگرن. كە فەرمانبەرێكی ئاسایی بە چل ساڵ خزمەت وەریناگرێت. جێگەی داخە مێژوویی هونەری ئێمە لە دوای ڕاپەڕین تەژییە لەو جۆرە هەڵپەرستانە، كەچی لە ژێر ناوی هونەر و داهێنان و خزمەت بە هونەری كوردی دەناسێنرێن و دەنرخێنرێن. گەر بە مێژووی هونەری خۆمان لە ڕابردوودا بچینەوە، نموونەی دیكەی پێچەوانە دەبینین. تاهیر تۆفیق چەند هەژارانە مرد، ڕەسوول گەردی، حەسەن سیساوەیی ! ئەی كەریم خەمزەیی، كە ئەستێرەی هەفتاكان بوو، كەچی ئێستا تەسبیح دەفرۆشێت، ئەی حەسەن زیرەك چی مانا نەیبینێت لە ژیان؟ ئەی دڵشاد مەریوانی؟ مەگەر بەعس لە سۆنگەی کوردایەتییەكەی لە سێدارەی نەدا؟ ئەی شێخ حوسێن بەرزنجی؟ كە ئاوازی بۆ سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب داناوە! ئەمانە و دەیان ناوی دیكە كە نموونەی هونەرمەندی نەمر، بە شكۆ گەورە و مەزنن، كە هیچ كاتێك ئامادە نەبوون پەیامی پیرۆزی هونەر بۆ هەڵپەرستی و پۆست و بەرژەوەندیخوازی بەكار بێنن و خەڵكی فریو بدەن. ئەمانە لە سەر وتە و ڕێبازە جوانەكەی حەزرەتی مەسیح(سەلامی خوای لێ بێت) بوون، كاتی دەڵێت:_( چی بە كەڵكی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو دنیا بەرێتەوە و خۆی بدۆڕێنێت) بێگومان مەزنی و شكۆمەندی و مێژوو، گەورەیی بۆ ئەو كەسانەیە كە هەموو دنیا دەدۆڕێنن بۆ ئەوەی خۆیان ببەنەوە نەك بە پێچەوانەوە.




کێشەی کوردستانی سوریا لەناو کێشەیەکی گەورەتردا؟.. نوری بەشیر

ئەوەی لەسوریا روویدا بەپێی رێکەوتنێکی پێشوەختەی ئەمریکا، تورکیا و روسیا و هەروەها لەرێگای تورکیاوە لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام بۆ لابردنی بەشار ئەسەدو ماوەنەوەی پاشماوەی دەسەڵاتەکەیەتی بەهاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک گروپ و حزبی ئیسلامی و قەومی کۆنەپەرست، لەسەریانەوە هەیئەی تەحریری شام، واتە رژێمێک نەڕووخاوە، بەڵکو لەچوارچێوەی بەرنامەو بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری جیهانی؛ ئەمریکاو روسیا لەلایەک و وڵاتانی تری کۆنەپەرست و سەرکوتی سەمایەداری ناوچەکە لەوانە؛ تورکیاو ئیسرائیل، ساتوسەودایەك بەڕیخراوە؛ بەشار ئەسەد لابراوەو گوێزراوەتەوە بۆ وڵاتی روسیا و بە هێنانەپێشەوەی هێزێکی کۆنەپەرست بەسەرکردەیەکی پێشینە داعش و قاعیدەی وەک محەمەد جۆلانی، کە قەرارە لەلیستی تیرۆری ئەمریکادا دەربهێنرێت بۆبردنەپێشەوەی ئەو بەرنامەیەی کە دایانناوە بۆ سوریاو لەوێوە بۆ نەخشەیەکی گەورەتر لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەبەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانە بپارێزێت.
لەگۆڕانکاریەکی وادا، بەمانەوەی بەشێکی زۆری دامودەزگاکانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، وەک سەرۆک وەزیران محەمەد غازی جەلالی و بەشێکی زۆری تری وەزیران و سەرانی دامودەزگا سەربازی و ئەمنیەکان، بەڵام ئەمجارەیان لەژێر دەسەڵاتی جۆلانیدا، هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی نوێی هێزێکی ئیسلامی لەسوریا کە تەجروبەیەکی باشیان لە پێشڕەویی و شکستی هێزە ئیسلامیەکانی پێشوو و لەپەیوەندیەکانیان بە ئەمریکاوە وەرگرتووە تا بەهێزکردنی دەسەڵاتیان. ئەم ئاڵوگۆڕانە لەقسەکانی محەمەد جۆلانیدا زۆر بە ئاسانی هەستی پێدەکرا لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ سی ئێن ئێن دا، بەڵام رۆژی گواستنەوەی بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ لە ٨ی دیسەمبەردا کە لە وتارەکەی لە مزگەوتنی ئەمەوی لە دیمەشق، چووەوە سەر ئەسڵەکەی خۆی وەکو سەرکردەی هێزێکی ئیسلامی و داعشی و قاعیدەیی.
قوربانیەکانی ئەم ساتوسەدایەی ئیسلامیەکان و باقی هێزە کۆنەپەرستەکان و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمریکاو وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، لەپێشیانەوە تورکیاو ئیسرائیل، خەڵکی مەدەنی سوریاو کوردستانی سوریا و ناوچەکەیە. کەواتە لەم لابردنەی بەشار و هێنانی هێزی ئیسلامیەکاندا، لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانەدا، ئەوا خەڵکی جارێکی ترو بەشێوەیەکی دیکە دەکەونەوە بەردەم پشێوی و هەڕەشەی ئەم هێزە نوێیانە لەژێر ناوی روخانی دەسەڵاتی ٥٤ ساڵەی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆردا. واتە هاوکاتی سەرکوت و ترساندن و دروستکردنی فەزای شەڕوپێکدادانی هێزەکان لەسوریادا؛ ئەمریکا لەژێرناوی دژایەتی تیرۆر کە بەحساب مەبەستی داعشە، لەسوریا دەمێنێتەوە. تورکیا لەژێرناوی دژایەتی تیرۆر هێرشەکانی بۆناوچە کوردیەکانی باکوری سوریا درێژەپێدەدات کە هێزەکانی یەپەگەو قەسەدەی لێیە. ئیتر هێزە ئیسلامیەکانی تری سەر بە جۆلانی لە سبەینێیەکدا هێرشەکانی لەژێرناوی بەرگری لەدینی ئیسلام، دژی جیاوازیخوازی، دژی ژن و بێدینی، توندەکاتەوەو ئەوکات تورکیاو ئیسرئیل و ئەمریکاش ئەمە بەڕەسمی دەناسن بۆی وەک مەسەلەی ناوخویی سوریاو هەروەها بۆ ئەمن و ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی سوریا لەقەڵەمی دەدەن. کاریگەریەکانی ئەمەش بۆناوچەکە لەچوارچێوەی سیاسەت و بەرژەوەندی ئەمریکاو تورکیاداو ئیسرائیلدا دەبەنە پێشەوە.
لەیەکەم رۆژی راگەیاندنی جێهێشتنی دیمەشق لەلایەن بەشار ئەسەدەوە، ئیسرائیل لە باشورەوە بەرزاییەکانی جۆلانی تێپەڕان و نزیکەی ١٤ کیلۆمەتر هاتۆتە ناوخاکی سوریاوە. تورکیاش لەباکوری سوریاوە هێرشی کردۆتەوە سەر ناوچە کوردیەکانی ژێر دەسەڵاتی قەسەدە. لەئاوا هەلومەرجێکدا جێگاوڕێگای کوردستانی سوریا، کە جێگایەکە بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و لەژێرناوی ئەوەی کوردەکان هاوبەشمانن، بەرەو کوێ دەڕوات، ئایا دەکرێت ئەم پەیوەندیە لەوەباشتر بێت کە لە ١١ ساڵی رابردوودا راگیراوە کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکای تێداچووەتە پێشەوە و پارێزراوە، ئایا ئایندەی خەڵکی کوردستانی سوریا لەناو گێژاو و سەرگەردانی و ئایندەی تاریکی ژێر دەسەڵاتی هێزە دینی و قەومیە کۆنەپەرستەکانی سوریادا بەرەو کوێ دەڕاوت و رێگای پارێزگاری لەخەڵکی ئەم ناوچەیە و ئایندەی چۆن پارێزراو دەبێت؟.
سەرەتا دەبێت ئەو هێزو حزبە کوردیانەی کوردستانی سوریا کە ماوەیەکە سیاسەتی خۆیان گرێداوەتەوە بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە لە سوریادا، ئەوە بزانن کە دۆخی سیاسی و ئەمنیی داهاتووی سوریا بەجۆرێک گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە کە دوورنیە ئەمریکا لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا لەگەڵ تورکیا لە ناوچەکە و لە سوریادا هەمان ئەزمونی هێنانەوەی تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ گیانی خەلکی ئەفغانستانیان دوبارە نەکاتەوە. یان وەکو چۆن لە پرۆسەی ریفراندۆمی کوردستانی عێراقدا پشتی کردە ناسیۆنالیستە کوردەکان لەبەرخاتری تورکیاو عێراق و دەستی حەشدی شەعبی و ئێرانی ئاواڵەکرد بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان.
بێگومان لەهەلومەرجێکی ترسناکی وادا کە خەڵكی سوریاو ناوچەکە لەژێرسایەی بەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانەدا دەدرێتە دەستی دەسەڵاتێکی ئیسلامی وەک هەیئەی تەحریر شام، سەرباری هەر ئاڵوگۆڕێک کە لەناوەکەیدا دەیکات، ناکرێت هیچ چاوەڕوانیەک و خۆشخەیاڵیەک بە ئایندەیەکی باش بۆ خەڵکی سوریا بەگشتی و خەڵکی کوردستانی سوریا چاوەڕوان بکرێت.
ئەوەی لە راگەیاندنی ژمارە یەکی ئەو هێزانەدا هاتووە کە ناوەرۆکەکەی بڕیاری٢٢٥٤ی جنێفە بۆچارەسەری کێشەی سوریا کە لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی وڵاتانی؛ روسیا، تورکیاو ئێران لە دۆحە، تەئکیدی لێکرایەوە، هیچ شتێک نیە جگە لەچاو بەست و فریوکاری و دەیانەوێ ڕوو بەجیهان بڵێن کە چارەسەری شەڕی ناوخۆی سوریا و دامەزراندنی ئارامی سیاسی و حکومەتێکی جێگاپەسەندی خەڵکیان مەبەستە! بەڵام راستی ناوەرۆکی خاڵەکانی ئەم راگەیاندنە ئەگەرچی ئیشارە بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان دەکات، بەڵام هیچ جێگاوڕێگایەکی تایبەتی بۆ مافەکانی خەڵكی کوردستانی سوریای تێدا نیەو ناشبێت، بەتایبەت کە لەخاڵی یەکەمیدا باسی یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات.
ئەم فەزا ترسناکەی سوریا دەرگا بەڕووی جۆرەها گروپ و دەستەجاتی ئیسلامی و قەومی کۆنەپەرستدا دەکاتەوە لەسوریا کەنوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی وڵاتەجۆراوجۆرەکان بکەن و ببنە هۆی شەڕو کوشتارو ماڵوێرانی بۆخەڵکی سەراسەری سوریاو خەڵكی کوردستاینش، ئەگەر خراپتر نەبن ئەوا هەمان چارەنوسیان دەبێت و ئەگەری ئەوەش هەیە کە ناوچەکەش بگرێتەوە. بەتایبەتی ئەوەی کە هێزە جیهانی و ناوچەییەکان و سەرجەم میدیا بۆرژوازیەکانیان لەدەورەی ٢٧ی نۆڤەمبەر تا ٨ی دیسەمبەر، رۆژی گوێزانەوەی بەشار ئەسەد بەشێوەی نهێنی بۆ روسیا، هێزی هەیئەی تەحریرزی شامیان بەجۆرێک گەورەکرد، کە ئەبو محەمەد جۆلانی بوو بەبەڕێز ئەحمەد شەرع و لە میدیاکانەوە گەورەیان کرد، پاشەکشەکانی هێزەکانی بەشار ئەسەد لە ناوچەکان و گرتنی لەلایەن هێزەکانی تەحریری شامەوە گەورەکران و بە دەستکەوت و پێشڕەوی ئەم هێزە بەدنیایان ناساد! لەکاتێکدا ئەم هێزە ئیسلامیە ئامادەکراوە دەورێکی وای نەبوو، هەمووی سیناریۆی پێشوەختەی ئامادەکراو بوو. ئەم هێزە جیا لە رابردویەکی ڕەش، شتێکی تری نەبووە. بەڵام بۆ یەکجاریش هێزەکانی یەپەگەو قەسەدەیان وەکو هێزێکی کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی سوریا لە دژایەتیکردنی تیرۆرو داعش باس نەکرد، ئەمەش دیارە کە بۆ ڕازیکردنی تورکیایەو هەروەها نیشانەی زاڵبوونی سیاسەت و دەوری تورکیایە لەم ئاڵوگۆرانەو دەوری لە داهاتووی سیاسی سوریادا!.
ئەوەی لەبەردەم ئەم خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی سەراسەری سوریادا و هەموو ئەو هیزانەدا خۆی بەرجەستە دەکات کە ئایندەیەکی ڕۆشن و یەکسان و ئینسانی بۆ کۆمەڵگای سوریا ئامانجی خەباتیانە، ئەوەیە کە لە دەرەوەی سیاسەت و ئەجێندای هەموو ئەو لایەنە جیهانی و ناوچەییەنادا دەست بۆ گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەران و لە ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی ئەو ووڵاتەدا بەرن. دەبێت خەڵکی سوریا جاوی لە پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بێت نەك لە ساتوسەودای دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و بۆروازیی ناوچەیی و هێزە کۆنەپەرستە نەتەوەیی و ئیسلامیەکان… ئەرکی خەڵکی ئازادیخوازی دنیاو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیە کە لەپاڵ خواستە ڕواکانی خەڵکی سوریادا بوەستنەوە بۆ ئایندەیەکی یەکسان و ئازاد و خۆشگوزەران… دوور لە شەڕ و کارەسات و تەدەخولی سیاسی و سەربازی و ئەمنی دەوڵەتانی بۆرژوایی جیهانی و ناوچەیی!




ئاوڕێك لە یەكەم ڕێكخراوی ژنانی كوردستان (كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد).. رەسوڵ بۆسکێنی

بێگومان هەر لە كۆنەوە ڕەگەزی مێینە پێكهاتەیەكی سەرەكی كۆمەڵگا و پێكهێنەری مێژووی جیهان بووە، بە پێی هەلومەرجی سەردەمە مێژووییەكان و جۆری نەتەوەكان ڕۆڵی خۆیان بینیوە، لە هەموو سەردەمەكاندا ڕەگەزی مێینە لە پێشكەوتنی ژیانی مرۆڤدا جێ دەستیان دیار بووە، بە پێی سەرچاوە مێژووییەكانیش بەرەوپێشچوونی ژنان لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەكاندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، پەرەسەندنی هزری و سیاسی وڵاتانی جیهان لە چ ئاستێكدا بووبێت، لە ژێر ئەو كاریگەریەدا چالاكی و جوڵانەوەی ژنانیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
بە گشتی ڕۆڵی ژن لە سەدەی هەژدە و لە دوای شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوروپا، لە ساڵانی (1760- 1830) گۆڕانكاری بەرچاو سەریهەڵدا، ئەمەش بەهۆی سێ هۆكاری سەرەكی بووە: (ڕیفۆرمی ئایینی، شەپۆلی دیموكراسی و شارستانی، شۆڕشی پیشەسازی)، وێڕای خەباتی بەردەوام، ئەم سێ هۆكارە بایەخی گرنگیان لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی و لە خەباتی ژنان دا هەیە، گۆڕانكاری گرنگ لە ژیانی ژنانی ئەم ناوچەیەدا لە دوا قۆناغه‌كانی دەوڵەتی عوسمانی و لە كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهانیدا ڕوویدا، له‌و سه‌رده‌مەدا ژماره‌یه‌كی زۆر چالاكی و كۆمەڵەی نەتەوەیی و كۆمه‌ڵه‌ی ژنان دامەزرا، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و بارودۆخ و گۆڕانكارییانه‌ی، له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌ گشتی و ئه‌سته‌مبوڵ به ‌تایبه‌تی دروستبوو‌، ژنانی كوردیش لەم گۆڕانكاریانەی جیهان بێبەش نەبوون و تێكەڵ بە كارو چالاكی بوون.
بەپێی سەرچاوەكان ڕۆڵی ئافرەتی كورد بەرامبەر بە گەلانی دراوسێ جیاوازی بەرچاوی هەبووە، بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەیەكی مافخوازانە ئاوڕ لە دۆخی ژن لە مێژووی كورددا بدەینەوە، كۆمەڵگای كوردی كۆمەڵگایەكی خێڵەكی دواكەوتوو بووە، بەڵام بزووتنەوەی نەتەوایەتی و خەباتی ژنان بە پێی پێویست تێیدا گەشەی كردووە و زۆر لە دەوروبەر دوانەكەوتووە، ژنانی کوردیش یەكەم هەنگاویان هەڵێناوە، بۆ مسۆگەركردنی بە دەستهێنانی مافەكانی خۆیان، له‌ ئه‌سته‌مبوڵ بیریان له‌ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆیان كردۆته‌وه‌، بە مەبەستی دەربڕینی خواست و کێشەکانی خۆیان چالاکییان ئەنجام داوه‌.
بۆ یەكەمین جار كۆمه‌ڵه‌ی تەعالی ژنانی كورد دامەزرا، بەڵام چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئەم كۆمەڵەیە بە نادیاری مایەوە، تاكو لە ساڵی 1985 بۆ 1988ی زایینی 25 ژمارە لە گۆڤاری (ژین) لەلایەن محەمەدئەمین بۆز ئەرسەلان دۆزرایەوە و بڵاوكرایەوە، بەم جۆرە یەكەمین زانیارییەكان لەسەر كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد ئاشكرا بوون، لە چەند ژمارەی جیاوازی ئەو گۆڤارەدا، چەندین وتار و نوسراو و پەیڕەوی ئەو كۆمەڵەیە، تۆزی مێژوویان لەسەر لادرا، بەچەند شێوەیەك باسی ڕۆژی دامەزراندنی ڕێكخراوەكە دەكرێت، بەڵام ئەوەی ڕوونە، له‌ 20 حوزه‌یرانی 1919 به‌ ناوی كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی ژنانی كورد (كورد قادینلار تعالی جمعیتی) له‌ سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی و لەسەر دەستی كۆمەڵێك خانمی نەجیبزادەی كورد لە ئه‌سته‌مبوڵ دامه‌زراوه‌، كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد، وەك یەكەم كۆمەڵەی ژنانی كورد، لەلایەن كۆمەڵێ لە هاوسەرانی گەورە پیاوانی ناودار و ڕۆشنیبیر و كاربەدەستانی كورد دامەزرا، بەداخەوە زانیاری زۆر دەربارەی ئەو كۆمەڵەیە لەبەردەستدانیە، بەڵام ئەوەی ڕوونە لە ڕۆژی دامەزراندنی ئەو كۆمەڵەیەدا له‌ بۆنه ‌و داوه‌تننامه‌یه‌كی فه‌رمیدا ژنانی كورد له‌ مه‌یدانی سوڵتان ئه‌حمه‌د لە ئه‌سته‌مبوڵ كۆده‌بنه‌وه‌ ئاهه‌نگی دامه‌زراندن ئه‌نجام ده‌ده‌ن، وردەکارییەکانی ئه‌م مەراسیمە لە ژمارە بیستی گۆڤاری (ژین)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
لەو مەراسیمەدا ئەنجوم یامولکی وتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە مەبەستی كار و پەیڕەوی ناوخۆی كۆمەڵە كردووە، کۆمه‌ڵه‌ سه‌ڕۆک و دوو جێگر و شه‌ش ئه‌ندام و سکرتێر و ژمێریارێكی هه‌بووه‌، یەکەم سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیە ئامینە خانم هاوسەری ژەنەراڵ شەریف پاشای خەندان بووە، هەروەها ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی ئەو ناوەندە بریتی بوون لە: ئامینە خانم هاوسەری سەید ڕەزا، نەزیرە خانم، ئەنجوم یامولکی هاوسەری مستەفا پاشای یاموڵكی، گوزیدە خانمی یامولکی هاوسەری عەبدولعەزیز یاموڵكی، عه‌دویه‌ به‌درخان، ئادڤیە بەدرخان، نازلی بەدرخان، زەریفە بەدرخان، سەعادەت بەدرخان، بڵقیس بەدرخان، و …لە بەڕێوەبەرانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ بوون، ‌شوێنی كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ باڵه‌خانه‌ی دەمیرجیانی نزیک گۆڕەپانی یەڵدێرمەنی ته‌علیمخانه بووه‌.
ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوە مۆدێڕنە، بریتی بوون لە بەرزکردنەوەی ئاستی فیکری ژنانی کورد، دۆزینەوەی کار و باشترکردنی دۆخی دارایی ژنان، باشترکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی ژنان، هەروەها ئاوڕدانەوە لە دۆخی 700 هەزار کورد کە بەهۆی شەڕی یەکەمی جیهانییەوە دوور خرابوونەوە، ئاوڕدانەوە لە دۆخی منداڵە بێ‌ سەرپەرەستەکانی کورد و … هەروەها لە درێژەی چالاکییەکانیان‌ دا یارمەتی مادیان کۆکردەوە، بۆ چاپی کتێب و کردنەوەی ژووری موتالا و کتێبخانە و هتد.
کۆمەڵەی ته‌عالی ژنانی کورد، یەکەمین ڕێکخراوی دیارو ناسراوی ژنانه‌ له‌ مێژووی کورد دا، هەرچەندە چالاكییه‌كانی کۆمەڵەکە زۆر به‌ کەمی تۆمار كراون، بەڵام له‌ مەراسیمی کردنەوەی كۆمه‌ڵه‌كه‌‌ لە گۆڕەپانی سوڵتان ئه‌حمه‌د‌ لە ئەستەمبوڵ، یەكێك لە ژنە چالاكەكانی ئەو ناوەندە ئەنجوم یاموڵكی هاوسەری مستەفا پاشای یاموڵكی سلێمانی، لە ڕۆژی مەراسیمی كرانەوەی كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد، لە شەوی مەولدی ئەو ساڵەدا لە گۆڕەپانی سوڵتان ئەحمەد لە ئەستەمبوڵ وتارێكی بە ناوی كۆمەڵەكە و ژنانی كورد پێشكەش كرد، وتارەكە لە ژێر ناوی “ئاماژەیەك” لە گۆڤاری (ژین) دا بڵاوكراوەتەوە، ئەنجوم خانم دەستپێكی كاری كۆمەڵەكەیان، بۆ بەدیهێنانی ئامانجی بەرز و پیرۆز سازكراوە، بەم بۆنە پیرۆزەوە بە نیشانەیەكی باشی داناوە، ئەنجوم خانم باس لە برایەتی گەلانی موسوڵمان و خواستی كورد بۆ گەیشتنی مافەكانی خۆی دەكات، سۆز و بەڵێن دەدا كۆمەڵەكەیان هەرچی لە دەستی بێت، بۆ پێشخستنی كورد و خەبات لە پێناوی مافە ڕەواكانیدا درێغی ناكات، هەروەها گوتی: ژنانی کورد پێویستە بۆ گەیشتن بە هزرێکی مۆدێڕن و سەردەمیانە هەوڵ بدەن و هەموو ژنان به‌ بێ جیاوازی نێوان ڕه‌گه‌زی، زمان و ئایین، ئەم خەباتە لە باوەش بگرن، هەروەها ئاماژە بەوە دەکا، ئێستا هەموو گەلان بە دوای مافی خۆیانەوەن و ئیتر ژیانی هاوبەش مانای نەماوە، ئێمەی کوردیش بە دوای مافی نەتەوەیی خۆمانەوەین، چونکە میلۆنان کورد لەو ناوچەیەدا کە پێی دەگوترێ کوردستانی گەورە، دەژین، ئەنجوم خانم لە وتەکانی دا سوپاسی تەواوی ئەو کەسانە دەکات، لەو ڕێگایەدا هاوکارییان دەکەن، هەروەها ئەوەشی زیاد کرد، دەرگای ئەو ناوەندە بە ڕووی هەر ئافرەتێکەوە کراوەیە، ئه‌وانه‌ی دەیانەوێت لە کاری خێرخوازیدا بەشداری بکەن و یارمەتی ئەو ژن و منداڵانە بدەن کە لە ڕووداوەكانی جەنگی جیهانی، بەتایبەت ژن و منداڵی ئەرمەنییەکان کە لە شەڕدا زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
لێرەدا دەكرێ وتەكانی ئەنجوم خانم لەو بۆنەیەدا وەكو پرۆگرامی سیاسی كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد سەیربكرێن، بەلای ئەنجوم خانمەوە دەبێ كۆمەڵە یارمەتی پێشكەش بە ژنان و زاڕۆیانی كورد بكات، كە بە هۆی كارەساتەكانی شەڕی جیهانیەوە تووشی مەینەتی زۆر هاتوون و پێویستیان بە یارمەتی و هاوكاری هەیە، ئەو یارمەتیانە بریتیە لە دۆزینەوەی كار و قوتابخانە و ناوەندی فێركردن و بەڕێوەبەرایەتی بۆ ژنان و منداڵانی كورد، هەروەها زۆری لا مەبەست بووە ڕێكخراوەكەیان كاری زۆر بكات بۆ گەشەسەندنی ناسنامەی كوردی و یارمەتی دانی خێزان و ئاوارە كوردەكان لە ئەستەمبوڵ و شارە گەورەكانی تری دەوڵەتی عوسمانی تێكشكاو، هەندێ لە چالاكیەكانی كۆمەڵەی ژنانی تەعالی كورد لەسەر لاپەڕەی گۆڤار و ڕۆژنامەكانی ئەو سەردەمە بە تایبەت گۆڤاری (ژین) ڕەنگیان داوەتەوە.
لە ڕێگای وتارێكی عەبدولعەزیز یاموڵكیەوە لەو گۆڤارەدا دەزانین ئەو ڕێكخراوە كۆبوونەوەیەكی فراوانی بۆ ژنانی كورد لە ئەستەمبوڵ سازكردووە، بۆ چارەسەركردنی كێشەی خێزانەكانی كورد بەگشتی و لەو شارەدا بە تایبەتی، هەروەها ڕێكخراوەكە خەتەنەكردنی منداڵانی نەداری كوردی لە نەخۆشخانەی شیشلی لە ئابی 1919 گرتۆتە ئەستۆی خۆی، لەڕێگای ئەو چالاكیانەوە ئەو ڕێكخراوە هەوڵی دەدا ژنانی كورد بكێشێتە نێو گۆڕەپانی خەباتی كۆمەڵاتی و سیاسیەوە.
هەوڵدانی كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد لە بوارەكانی ناسنامەی نەتەوەیی و پەروەردە و فێردكردن و هاریكاری ژنان و زارۆكانی كورددا، خەسڵەتی ڕێكخراوێكی ژنانی هاوچەرخیان داوەتە ئەم كۆمەڵەیە، چالاكیەكانی كۆمەڵەی ژنانی كورد، بە جۆرێك هەست و سۆزی نووسەران و شاعیرانی ئەو سەردەمەی بزواندووە، گروپی نووسەرانی گۆڤاری ژین بۆ یەکەم جار باس لە ئازادکردنی ئافرەت و مافی ئافرەتی کورد دەکەن، شەریف‌ پاشا یەکێک لەو کەسایەتییانە بووە، پێشتریش لە بارەی ژنانی فێمینیستەوە گوتبووی: “ئەم وڵاتە فێمینیست گەلێکی زۆری هەیە، هاوسەری منیش یەکێکە لەوان، هەروەها گوتوویەتی داهاتووی بزووتنەوەی ژنان ڕوون و باش دەبێت”
یەكێك لە نووسەرانی ئەو ڕۆژانە بەم شێوەیە باسی ئامانجەكانی كۆمەڵەی ژنانی كردووە: ” بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەكی هاوسەردەم بۆ ژنی كورد و ڕیفۆرمێكی ڕیشەیی لە ژیانی كۆمەڵایەتی و خێزانی لە كۆمەڵگای كوردی و دەستی یارمەتی درێژكردن بۆ ئەوانەی بەهۆی شەڕی جیهانیەوە بە ناچاری پەڕاگەندە بوون و هاتوونەتە ئەستەمبوڵ و ژیانێكی پڕ لە مەینەتی بەسەردەبەن، كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد دامەزراوە، ڕێكخراوی ژنانی كورد ناوەندێكی كردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەركی كوردایەتی خۆی بەجێ بێنێ”، هەروەها شاعیری كورد عەبدولڕەحیم ڕەحمی شیعرێكی پڕ لە سۆزی بە باڵای كۆمەڵەدا هەڵداوە.
بێجگە لە شەریف پاشا ڕووناکبیرانی تری وەک: مەمدووح سەلیم، عەزیز یامولکی، مولانزاده ڕەفعەت و … بە کردەوە و نووسراوەکانیان نیشانیان داوە، پشتیوانی بزووتنەوەی ژنان و کۆمەڵەی تەعالین.
بە پێی زانیارییەكان چالاکییەکانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ نزیکەی ساڵێکی خایاندووە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر چۆنیەتی کۆتایی هاتنی چالاکییەکانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌به‌رده‌ستدا نین، دەربارەی داخستنی كۆمەڵەكە بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە ڕۆژنامەی (زاریا ڤاستۆکا) لە ساڵی ١٩٢٩ لە تفلیس دەرچووە و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هەواڵەکە بە واژۆی کۆمیتەی ژنانی کورد باس له‌ داخستنی كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌كات.
ئەم كۆمەڵەیە وەكو هەموو كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی تری كورد لە ئەستەمبوڵ، لە دوای ماوەیەك لە سەرهەڵدانی بزاڤی كەمالیەوە لەكار كەوت و ئەندامەكانی پەرتەوازە بوون و بڵاوەیان لێكرد، هەندێكیان لە تەك هاوسەرەكانیاندا گەڕانەوە بۆ باشووری كوردستان و عێراق و لەوێ لە بواری دیكەدا، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە و فێركردندا، ڕۆڵی بەرچاویان بینی و ئەوانی دی، كە لە توركیا مانەوە خۆیان و هاوسەر و بنەماڵەكانیان كەوتنەبەر شاڵاوی بێبەزەییانەی كەمالیستەكان و بە ناچاری ژیانی بێ دەنگیان هەڵبژارد.
لێكدانەوەی ڕۆڵ و پێگەی ئەم ڕێكخراوە لە مێژووی كورددا، بەگشتی و مێژووی بزاڤی ژنانی كوردا بە تایبەتی بەسەرهات و چارەنووسی ئەندامەكانی باس و خواسی زیاتر هەڵدەگرەن، یەكێك لە ئەركە سەرەكیەكانی كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی ژنانی كوردە، لەو پرسانە بكۆڵنەوە و پەند لە ئەزموونەكانی وەربگرن.
دامەزراندنی کۆمەڵەی تەعالی ژنانی کورد، ئەگەر لە ژێر سێبەری كۆمەڵەی تەعالی كوردستان و بەهاندانی پیاوانی ڕۆشنبیر و بە چاولێكەری ژنانی دی لە دەوڵەتی عوسمانی دامەزرابێ، هیچ لەوە ناگۆڕێ، یەکەمین ڕێکخراوی مۆدێڕنە، لە لایەن ژنانی کوردەوە بۆ خزمەت بە کێشەی ژنانی کورد دامەزراوە، هاوکات لەو سەردەمەدا ژنانی نەجیبزادەی کورد لە چەندین بواردا چالاکی بەرچاویان هەبووە، بەڵام ئەو بەشە لە چالاکی خانمانی کورد پشت‌گوێ خراوە، بەداخەوە بۆتە هۆکاری ئەوەی تورکەکان بەشێک لە چالاکی ئەو خانمانە و تەنانەت ڕەچەڵەکی هەندێك لەو خانمانە بە تورک ناودێر بکەن و لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان مۆرکی نەتەوەیی کوردیان لە سەر بسڕنەوە، بەڵام ئەوە دەستپێکێک بوو لە هەوڵ و چالاکی ژنانی کورد و دواتر درێژەی ئەو هەوڵ و چالاکیانە لە شارەکانی سلێمانی و مەهاباد… ڕەنگدانەوەی زیاتریان هەبووە.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دروستبوونی كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی كورد له‌ ئه‌سته‌مبوڵ (1919) به‌رهه‌می لێكه‌وته‌كانی دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و په‌ره‌سه‌ندنه جۆراوجۆره‌‌كانی ئه‌سته‌مبوڵ بوو، ئه‌و ئامانجانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ پێناویدا دروستبووه‌، بۆ ئه‌و سه‌رده‌م وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ بووه‌، لەم سەردەمە زووەی مێژووی رێكخراوەییدا لە نێو كورداندا هەنگاوێكی ورد و بوێرانەی ناوە.
بۆ ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
1- چالاك كوردە، ئاوڕێك لە ” كۆمەڵە تەعالی ژنانی كورد” https://amanj24.ir/1403/07/18
2- د.جەبار قادر ، ژنانی كورد لە مێژوودا، 3- 10- 2016، https://www.historyofkurd.com.
3- د.فاخر عالی، كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد 1919، 16ی دیسەمبەری 2023، https://nishtmandialog.com




کۆتایی ئەسەد و ئاکامەکانی.. عوسمانی حاجی مارف

هەرچەندە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و باشوری لوبنان لەماوەی زیاتر لە ٤٢٠ ڕۆژدا سەرنجی تەواوی جیهان و میدیاکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشابوو، بەڵام ڕوداوەکانی ئەم دواییەی حەڵەب و ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا لە کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەک لە باکووری سوریا، توانی ببێتە هەواڵی تەواوی میدیاکان و مانشێتی ڕۆژنامەکان.
ڕۆژی شەممە ٣٠/١١، نیشاندانی شکستێکی گەورەی هێزەکانی ڕژێمی سوریابوو لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، کە لەلایەن هەیئەی تەحریری شام بەڕێوەبراو توانیان دەست بەسەر شاری حەڵەبدا بگرن و دواتر چونە ناو شارەکانی حەماو حومصەوە، لە درێژەدان بەم هێرشانەدا، لەئاکامدا کۆتایی رژێمی حکومەتی ئەسەد لە شاری دیمەشق راگەیەندرا.
هەرچەندە لەسەرەتادا لە زاری هێزەکانی ڕژێمی سوریا ئەوە بڵاو کرایەوە، کە ڕژێم بەڵێنی هاوکاری سەربازی زیاتری ڕووسیای وەرگرتووە بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی سوریا، لەهەمانکاتدا پێشبینی ئەوەیان دەکرد لەماوەی ٧٢ کاتژمێردا کەرەستەی سەربازی نوێی ڕوسیا بەدەستیان بگات، بەڵام لە مبارەیەوە روسیا هیچ هەنگاوێکی نەنا.
ئەو هێرشەی (هەیئەی تەحریر شام) دەستیپێکرد بۆ سەر شاری حەڵەب و شارەکانی تر، لە هەمانکاتدا تورەیی و نارەزایەتی جەماوەری سوریا لە رژێم، نەک تەنها کۆتایی بە رژێمی ئەسەد هێنا، بەڵکو نەخشەیەکی سیاسی نوێ لەسەر سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل دەکێشێت. ئەوەی شایانی باسە ڕووسیا و ئێران لەم دۆخی جەنجاڵیەی ناوخۆی سوریادا نەیانتوانی هێزەکانیان لە سوریا جێگیر بکەن و ئەسەد بپارێزن.
ئەو گروپە نوێیەی کە لە کۆمەڵێک هێزی ئۆپۆزسیۆنی میلیشیای بەرفراوان پێکهاتووە، لە کوتلە ئیسلامیەکانەوە تا دەگاتە میانڕەوەکان، هێرشەکەیان بۆ سەر حەڵەب و شارەکانی تر ئەنجامداوە، کە لە لەلایەن (هەیئەی تەحریری شام)ەوە سەرکردایەتی دەکرێن، یەکێکە لە ڕێکخراوەکانی قاعیدەیە لە سوریا، کە پێشتر بە (بەرەی نوسرە) ناسرابوو، ئەو گروپانەی کەبەشداریان لەم هێرشەدا کردوە بەشێکیان لەلایەن تورکیا و بەشێکی دیکەشیان لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، بەتایبەتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن بە شێوەیەکی بەرچاو لەم شەڕەدا کاریگەریان هەیە. تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ قەتەر، هاوپەیمانیەکیان پێکهێناوە بۆ دابەزینی ئاستی پێگەی ئێران لە سوریا.
لەم نێوەدا تورکیا تۆمەتبار دەکرێت بەوەی پەنای بۆ کۆکردنەوەی کوتلە چەکدارەکان بردووە لە ناوچەکانی نفوزی خۆیدا، بۆئەوەی لەلایەک کۆنترۆڵی سوریا بکەن و گورزێک لە پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا بدەن، لەلایەکی ترەوە، ناوچەی نفوزی هێزە کوردیەکان کۆتایی پێبهێنێت یا لاوازبکرێن. لەهەمانکاتدا ئێران لە هەوڵی ئەوەدا بوو دوای شەڕی لوبنان، ئامادەیی خۆی لە سوریا بپارێزێت، بەڵام تورکیا نەك تەنها لە سوریا، بەڵکو لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیەوێ پێگەی ئێران لاوازو کەم کاریگەر بکات.
ئەو لایەنانەی کە پشتیوانی ئەسەدیان دەکرد، وەک ڕووسیا و ئێران، لەئێستادا سەرقاڵی کێشەی دیکەن، ئەویش بۆ روسیا شەڕی ئۆکرانیایە، بۆ ئێرانیش دۆخی لوبنانە کە حزبوڵای لوبنان وەک هێزێكی سەر بەئێران دوای ئەو هێرشە چڕانەی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری لوبنان بەجۆرێک لاواز بووە کە نەیدەتوانی پشتگیری لە ئەسەد بکات.
هەڵبەتە تورکیا و (هەیئەی تەحریری شام)، هاوکاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززەو لوبنان و لێدانی گورزی گەورە لە حەماس و حزبولڵا، هەستیان بەجۆرێک لە لاوازی هێزەکانی حکومەتی ئەسەدیان کردبو، بۆیە دەرفەتێکیان دیوەتەوە بۆ لێدانی هێزەکانی حکومەتی سوریا، لەکاتێکدا واپێدەچیت ئەم هێرشانەی (هەیئەی تەحریری شام)، لە حساباتی ڕوسیا و ئێراندا نەبوبێت.!
هێرشی کوتوپڕو بەلێشاوی زۆری گروپە چەکدارەکان بۆ ناوچەی شەڕ لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، هێز و میلیشیاکانی ئێران لە باشووری حەڵەب سەرسامکرد، لەهەمانکاتدا کۆبونەوەی سەربازی عێراق لەسەر سنوورەکان وەها نیشان ئەدات، دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵ دەرچووەو مەترسی بۆ سەر ناوچەکە پێکهێناوە، هەرچەندە حەڵەب زۆر دورە لە سنوری عێراقەوە، بەڵام حەشدی شەعبی بەدەوری ئێران و بە بیانوی بەرگریکردن لە عێراق خەریکە تیوە دەگلێت.
هەڵبەتە ناردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن عێراقەوە، دەبێتە هۆی کردنەوەی بەرەیەکی تر لەبەرامبەر ئیسرائیلدا، خەریکە ڕاستەوخۆ حەشدی شەعبیش دەکەوێتە ناو ئاگرەکەوە، ڕەنگە ئێران ئەمەی بە هەلێک زانیبێت بۆ هەوڵی قەرەبوکردنەوەی ئەو زیانانەی بەر حزبوڵڵا کەوتووە، بەناوی پاراستنی ئەسەد، جوڵەی بە حەشدی شەعبی کردوە، بەڵام کەوتنی رژێمی سوریا، ئەو ئومێدەی ئێرانی بردە دواوە. چی دەتوانێ بە حەشدی شەعبی بکات، نادیارە!.
لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتی ئەسەد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەڵایەکی گرنگ بو پارێزگاری لە پێگە و نفوزی ئێران، بەتایبەتی لەبەرامبەر دەوری تورکیا لە ناوچەکەدا. لەهەمانکاتدا تورکیاش بەردەوام لە هەوڵی کێبڕکێی لاوازکردنی ئێراندایە، بۆیە ئێران تا دوا هەناسە بەوجۆرەی بۆی لوابێت، وازی لە سوریا و ئەسەد نەدەهێنا. ئێستا ئێران لەبەرامبەر دۆخێکی تازەدا بەرەو رووە.!
هەروەها ئێران بەشێوەیەکی دیپلۆماسی هەنگاوی دەنا بۆ ڕاگرتن و ڕێگریکردن لە کۆنترۆڵکردنی ئەو شوێنانەی کە ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا دوای حەڵەب دەستیان بەسەردا دەگرت، بەتایبەتی کە هێزەکانی حکومەتی سوریا پاشەکشەیان کردوەو نەیانتوانیوە بەرگری بکەن، یان چاوەڕێی هێرشی بەرپەرچدانەوەی ڕۆڵێکی کاریگەر لە ڕوسیایان دەکرد، بەڵام وەڵامدانەوەی ئەو هەنگاوە دیپلۆماسیانەی ئێران سنووردار بوون و جێگایەکی نەگرت.
لەبەرامبەر بارگرژی دۆخەکەو ململانێی زلهێزەکان و رۆڵی تورکیادا، کۆماری ئیسلامی زیاتر بەو باوەڕە گەیاندووە کە شەڕی سوریا و کۆتایی ئەسەد زیاتر ئامانجی گەمارۆدانی نفوزی ئێرانە، بۆیە ئێران تەنیا لایەن بوو بەرژەوەندی لە مانەوەی ئەسەدا هەبوو.
کۆماری ئیسلامی و ئەسەد، زیاتر چاوەڕوانی ڕۆڵی کاریگەری ڕووسیایان دەکرد لە پوچەڵکردنەوەی هێرشەکانی ئۆپۆزسیۆندا، بەوپێیەی ئێران دوای هێرشە چۆنایەتیەکانی ئیسرائیل کە دیارترین کادیرانی سوپای پاسدارانیان کردە ئامانج، یان دوای لێدانەکانی ئیسرائیل کە کەسایەتیەکانی حەماس و حزبولڵای تیرۆر کرد، ئێران ئامادەیی سەربازی کاریگەرانەی لە سوریادا نەما. هەروەها بۆ تاران زەحمەت بووە کە دەخالەتی ڕاستەوخۆبکات و ناشتوانێت بەئاسانی هێزەکانی حەشدی شەعبی کێش بکات بۆ ناو سوریا، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕوناکیەی کە لە هەموو ئاڕاستەکانەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە سەرنجی لەسەرە، ئەگەری ئەوە زۆرە کە ئیسرئیل هەر جوڵەیەک لەسەر فەرمانی ئێران بکرێت، لێی ئەدات.
بەڵام ئەوەی دیمان ڕوسیا بێدەنگ بوو، لەهەمانکاتدا ڕێگەی بە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان نەگرت، لەو ناوچانەی بڵاوبوبونەوە، بۆیە ساردی ڕووسیا تەنیا بە قەتیس بوون لە ئۆکرانیا ڕوون ناکرێتەوە. واپێدەچێت روسیا لەنێو ململانێ جێهانیەکاندا مامەڵەیەکی تایبەتی کردبێت لە نێوان دەستکەوتێک لە ئۆکرانیا و پاشەکشەیەک لە سوریا.
دوای ئەوەی کونسوڵخانەکەی ئێران لە حەڵەب کرایە ئامانج، توڕەیی ئێران بەرامبەر بەو شتانەی کە لە دژی بەرژەوەندیەکانی لە سوریا ڕوودەدەن، زیاتر بوو. ئیسماعیل باغایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد کە لەلایەن کوتلە چەکدارەکانەوە بۆ سەر کونسوڵخانە دەستی پێکرد، باغایی جەختیشی لەوە کردەوە، ئێران بە جددی لە ڕێگەی یاسایی و نێودەوڵەتیەوە بەدوادا چون بۆ ئەم هێرشە دەکات!
ئەوەی ئێرانی نیگەران کردووە، ئەوەیە کە ڕووسیا فشارێکی بەرچاوی نەخستە سەر تورکیا بۆئەوەی ناچاری بکات و داوا بکات ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان هێرشە بەرفراوانەکەی ڕابگرێت، ئەمەش وا دەردەکەوێت کە مۆسکۆ خەمی نییە لەوەی کە ڕوودەدات. لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە زاراوەی گشتی و فراوان ڕازی بوو کە ناڕەحەتی ڕووسیای نیشان نەدا دەربارەی ئەوەی ڕوودەدات.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا کە لاڤرۆڤ و فیدان “نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە پەرەسەندنی مەترسیداری دۆخی سوریا سەبارەت بە پەرەسەندنی هێرشی سەربازی بۆسەر پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب.”
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی هەماهەنگی هاوبەش و گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردووەتەوە، لەچوارچێوەی “فۆرمۆلەی ئاستانەدا” نەک ئەوەی چارەنوسی ئەسەد چی بەسەر دێت.
هەرچەندە سوپای سوریا لە بەیاننامەیەکدا پێش کەوتنی دیمەشق ئاماژەیان بەوەکردووە، ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکان، لەهەمانکاتدا دوو سەرچاوەی سەربازی ئاماژەیان بەوەکردوە که ڕووسیا بەڵێنی هاوکاری سەربازی زیاتری به دیمەشق داوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چەکدارەکان لە ماوەی 72 کاتژمێردا، بەڵام کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد، فەرامۆشی روسیای بەرامبەر بە چارەنوسی سوریا نیشاندا.
گەر هێرشەکانی هەیئەی تەحریری شام بۆسەر شارەکان و دواتر کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد دۆخێکی تازەی پێکدادان و بارگرژی و ناسەقامگیری زیاتری هێناوەتە ئاراوە بۆ سوریاو ناوچەکە، ئەوە ڕۆشنە لەپەیوەند بە ناکۆکی و کێشمەکێشی وڵاتانی زلهێزی دنیاو کاریگەریان لەسەر ناوچەکە، ناتوانرێت کۆتایی ئەم دۆخە و کارەساتەکانی دیاری بکرێت، هەر لایەنێک لە ڕوانگەی بەرژەوەندیەکانی و فروانکردنەوەی نفوزو پێگەی سیاسی خۆیەوە مامەڵەی دۆخەکە دەکات، بەتایبەتی ئیسرائیل بەجۆرێکی تر لەپێناو بەرژەوەندیەکانیدا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە درێژە پێئەدات. کۆتایی ئەسەد، پتەوبوونی پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا مسۆگەرتر دەکات. لەهەمانکاتدا فراوانبونەوەی نالەباریی زیاتری دۆخەکەو مەترسیەکانی لە ئاستی ناوچەکەدا سنورێکی دیاریکراوی نیە، شەری ناوخۆ ئەگەرێکی نزیکە لە واقعیەتی دوای چۆنیەتی کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی ئەسەد و بلاوبونەوەو دەوری هێزی میلیشیایی و تائفیەکان لە شارەکاندا.
هەڵبەتە ئەم دۆخە بێکاریگەر نابێت لەسەر عێراق، هەربۆیە چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتدار لە عێراقدا کە هێز و کوتلە هاوپەیمانەکانی ئێران لەخۆدەگرێت، ڕایانگەیاند: “ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات داگیرکاریە لەلایەن تیرۆریستانەوە”، هەروەها دەڵێن: “ئاسایشی سوریا درێژکراوەی ئاسایشی عێراقە”، چونکە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا لە بازنە بەرژەوەندیەکانی ئێراندایە.
بەجیا لە ململانێی جەمسەرە ئیمپریالیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و خوڵقاندنی دۆخێکی بەردەوامی ناجێگیری سیاسی و شەری گروپی تائیفی، لەهەمانکاتدا بڵاوبونەوەی چەندین گروپ و هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائیفی لە ناوچەکەدا، مایەی دروستکردنی گەورەترین ماڵوێرانی و تراژیدیای مرۆییە کە هەر وەرزە پەردەی کارەساتێک لادەدات و ئاکامەکەی دانیشتوانی ناوچەکە دەکاتە قوربانی.




وەرزەکانی فەلسەفە لەگەلەری ئارام.. لەگەڵ د. ئازاد حەمە

وەرزەکانی فەلسفە پرۆژەیەکی نوێی ( گەلەری ئارام)ە، هەرجارەو خوێندنەوەیەک بۆ فەیلەسوفێک دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ د. ئازاد حەمە.

پێویستمان بە فێربوونی نیچەیە..

وانەی شەشەم: لەودیو چاکەو خراپەوە چاکەو خراپەی تر هەیە؟؟/ لادانی دەمامکەکان.

پێنجشەممە
١٢\١٢\٢٠٢٤

کات: ٦ی ئێوارە
ناونیشان: عەقاری دوو کۆڵان خوار ئەمنە سوورەکە.




تابلۆی زامه‌كان.. شیعری ستار ئه‌حمه‌د

رۆحم به‌ته‌نیایی خۆمه‌وه‌ گرێداوه‌

گه‌واڵه‌یه‌كم…

به‌دوای رامووسانی ئه‌ستێره‌یه‌كا ده‌گه‌ڕێم

له‌ترپه‌ی ده‌نگی باران

چه‌ترێك له‌نوور ئه‌ده‌م به‌سه‌را

له‌گه‌ڵ به‌فری سه‌ر دیواره‌كان نم نم ده‌توێمه‌وه‌

نه‌پێیه‌ك به‌خشپه‌م له‌په‌نجه‌كانی ده‌ترازێ‌

رێگایه‌ك به‌نه‌مانم چوارچێوه‌ی ده‌دڕێنێ‌

نه‌زریوه‌یه‌ك كانیه‌ك ده‌خاته‌ ناخمه‌وه‌

ئه‌ستێره‌یه‌ك به‌ژوانم نادره‌وشێته‌وه‌

ته‌نیایی له‌رۆحی ته‌نیام ئاڵاوه‌

نیگای وه‌كو ئه‌ستێره‌…

له‌پرشنگی خۆردا ونه‌

بسته‌ خاكێكم…

له‌نێوانی ئه‌ستێره‌و هه‌وردا

داماوم بۆ چریكه‌ی ئه‌و مانگه‌ی

شه‌وانه‌ ده‌روازه‌ی ژووره‌كه‌ت ماچده‌كا

به‌دوای نهێنی رووناكی و

سیاچاره‌یی رێبواره‌كاندا وێڵه‌

قه‌ده‌رێكی شوومه‌

دابڕان…

ده‌ستی چاوه‌ڕوانی ببڕێته‌وه‌

په‌نجه‌ی رازه‌كان له‌برین هه‌ڵكێشێ‌

له‌تیله‌ی خۆزگه‌دا..

ورده‌ ماچ…

دانه‌ی باران ..

تریفه‌ی خۆر…

شنه‌یشه‌ماڵ…

گوڵی كه‌نار…

له‌بسكی خه‌م بدات

دورگه‌یه‌كم تاریك

پڕاوپڕ له‌كوشتن

مه‌ست به‌ته‌رمی دووگیان

په‌شۆكاو به‌كانی خوێن

ترساو له‌لرفه‌ی بروسكه‌ی گولله‌ی وێڵ

ئه‌مه‌ ئه‌هریمه‌نی له‌خاچدانه‌

ته‌وێڵت به‌ئه‌سكڵی برین

هه‌ناوت به‌زه‌بری سێداره‌

چاره‌نووست…

به‌ئاورنگی ئالووده‌بوون بسپێرێ‌

ده‌ریایه‌كم له‌كانی عومرم وه‌ڕسم

زێدم چه‌كه‌ره‌ی دوندێكی سه‌رسه‌خته‌

كه‌ئاده‌مم ناسی….

به‌هه‌شتم له‌كیس چوو

گۆڕ بووه‌ تابلۆی زامه‌كانم

گه‌ڵایه‌ك…

رووتبوونه‌وه‌ی پێبه‌خشیم

زمانم به‌پشكۆ هاته‌گۆ

كراسێكیان له‌ئاگر بۆ بۆدووریم ، لیمنابێته‌وه‌

هه‌تا ئێستا نزایه‌ك له‌پرشنگ

هه‌ناسه‌یه‌ك له‌عیشق

چركه‌یه‌ك له‌تاسه‌ی نیشتمان

سترانی لێبورده‌یی….

به‌سه‌ر ده‌روونما نه‌چڕیوه‌

بۆیه‌ شه‌وانه‌ له‌خۆم وه‌ڕسبم

سپێده‌…

به‌دوای رۆحی خۆمدا بازئه‌ده‌م

له‌گه‌رووی برینا سه‌ر خه‌وێك ده‌شكێنم

پێپه‌تی ردێنی هه‌ور ده‌گرم

ده‌ستم ناگاته‌ پرشنگێك

بۆ ئه‌وه‌ی له‌سێبه‌ری باڵای خۆمدا

په‌نجه‌كانم بژمێرم

ته‌مه‌نی هه‌نگاوه‌كانم نازانم

بێئاگام له‌پشكۆی ئه‌و رێگایانه‌ی

ساتێك گه‌رمی نه‌كردینه‌وه‌

ئه‌مێستا میوانی شه‌واره‌ی سه‌ره‌ڕێی

منیش له‌به‌رده‌م…

خانه‌قای یه‌زدانا راوه‌ستاوم

ده‌ستێكم رۆحی بزێومی داگیرساندووه‌

ده‌سته‌كه‌ی تریشم….

گه‌ردنی تاریكی..

كردووه‌ به‌كاتژمێری دیوارێك

به‌ته‌قه‌ی ده‌رگایه‌ك شادنه‌بووه‌

شه‌ونوێژێك له‌پاڵیدا نه‌كراوه‌

بۆیه‌ تینوو به‌وێردی ده‌ف وسۆز

ده‌روێشی رێگرتووی مه‌زاری عه‌شقی تۆم

دێوانه‌م وه‌ك ئه‌و موریدانه‌ی

له‌لانكا عه‌وره‌تیان ده‌بڕن

به‌نینۆك ناوكیان ده‌تاشن

تامه‌زرۆم وه‌ك ئه‌و شێتانه‌ی

له‌گۆشه‌ی كووچه‌كان

له‌خه‌ڵكی ده‌ڕوانن

چاوه‌ڕێی نانێ‌ ره‌ق

یان بزه‌ی لێوێك و شه‌وباشن




9 دیسەمبەر رۆژی قەدەغەكردنی جینۆسایدو رێزگرتن لە قوربانیانە

76 ساڵ لەمەوبەر بڕیاری قەدەغەكردنی جینۆسایدو سزادانی بكەرانی دەرچوو, 9 ساڵ لەمەوپێشیش لە لایەن نەتەوەی كگرتووەكانەوە بە بەشداری 153وڵەت بڕیاری ئەوە درا ئەم رۆژە وەك رۆژی جیهانی قەدەغەكردنی جینۆسایدو رێزگرتن لە قوربانیان و سزادانی بكەرانی بناسرێت .
لێ لە كاتێكدا یادی ئەم رۆژە لە كوردستان دەكەینەوە, بە داخەوە لە عێراقەكەی ئێمە كە 65 ساڵە پەیوەست بووە بە رێكەوتننامەكەوە, تاوانبارانی جینۆساید ئازادن و لە پێگەی خۆیانەوە وەك بەشداربووی تاوان سەیر ناكرێن و دان نانیچن بە راستییەكاندا, لە بۆنەكاندا وەك رێزلێگیراو دەردەكەون و دوای مردنیان پرسەی شاهانەیان بە ئاڵای كوردستانەوە بۆ دادەنرێت.
بۆ ئەوەی رێز لەو بڕیارە جیهانییە و قوربانیانی جینۆساید بگرترێت و كەرامەتیان پارێزراو بێت , پێویستە دەست بەجێ تاوانباران دادگایی بكرێن, ئەوە گەڕاندنەوەی رێزو كەرامەتە بۆ قوربانیانی جینۆسایدی گەلی كوردستان. هەر لێرەوە وەك ئەم ڕێكخراوانەی ناوییان لە خوارەوە هاتووە داوا لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق دەكەین ئەم ڕۆژە بە فەرمی بناسێنن بكرێتە ڕۆژێكی تایبەت تیایدا ڕێز لە قوربانیانی جینۆسایدی كوردستان و عێراق بگرن و وەڵام بە سەرجەم داواكارییەكانیان بدرێتەوە لە دادگاییكردنی تاوانباران, باشتركردنی ژیانیان, داوای لێبوردن كردن لێیان, قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوییان, گەڕانەوەی ڕوفاتی ئازیزانیان , بۆ دووبارە نەبوونەوەی جینۆسایدو دڵنەوایی قوربانیان عێراق دەست بەجیچ ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

ناوی رێكخراوەكان:

1- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
2 تۆڕی ئایكان كوردستان
3 رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان
4 رێكخراوی جیهان بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی
5 هەلمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
6 هەڵمەتی دادپەروەری
7-ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قبانیان وجینۆسایدكراوان
8-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
9 -تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی-koncicc
10-رۆژنامەی نگرە سەلمان




ئەرۆدۆغان جەنگە سەرەکییەکەشی بردەوە.. زاهیر باهیر

ئەردۆغان ئەو پیاوە سیاسییە بە ئەزموونە لە فێڵ و پاشقوللێدان لە دۆست و دووژمنانی. ئەو پیاوەی کە لەوەتی حوکمڕانی دەکات هیچ گرەوێك، هیچ شەڕیکی نەدۆڕاندووە. سیاسییەكی موحەنەك کە لە سیاسەتەکانیدا هەمیشە براوە بووە.
خودی سیاسەت یانی فێڵ و تەڵەکە و بەکارهێنانی تاکتیکی زیرەکانە لە بەرانبەر نەیاراندا و لەدەستنەدانی هیچ جۆرە هەلێک یاخود خولقاندن و قۆستنەوەی هەموو دەرفەتێك لە پیناوی خۆی و حیزب و دەسەڵاتەکەیدا.
ئەردۆغان توانیوێتی دووسەرە یاری بکات و بزانێت چۆنیش یارییەکە دەباتەوە ئیتر ئەوەی بەلاوە گرنگ نەبووە کە هەڵوێستی جیا جیا و ناکۆك و سازشکارانە و هەزیلانەش لە بەرانبەر دوژمنانیا ببێت . ئێمە ئەمەمان لەگەڵ ڕوسیا و ئەمەریکا و تەنانەت ئەم دواییە کە لەگەڵ سوریاشدا کردی لێ بینیوە.
بێ گومان ئەردۆغان ئەمانەی بە هاوکاری پێگەی وڵاتەکەیی و بوونی تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە و ئەو زەمینە لە بارەی مەوقیعی تورکیا و بوونی وەکو وڵاتێکی کشتیاری و گەورە، کردووە. هەر هەموو ئەمانە هاوکار بوون بۆ بردەنەوەی گرەوەکانی، هاوکاتیش ناتوانرێت نکوڵی لە توانا و زیرەکی و لێزانی خۆشی بکرێت .
با هەر تەماشایەکی مێژوی ئەردۆغان لەم 15 ساڵەی ڕابوبوردوودا بکەین تاکو ئەو حقیقەتانەی سەرەوە بە بەڵگەوە ببینرێت.
لە ئاگربەستییەکەی پێش ساڵی 2015 لەگەڵ پەکەکە هەستی بەوە کرد کە لە ڕاستیدا ئەو ئاگر بەستییە پەکەکە و پرسی کوردانی باکور و ڕۆژئاوای زۆر بردۆتە پێشەوە و بەهێزیان دەکات و گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە تاووتوێی ئەوە دەکرا کە پەکەکە لە لیستی تیرۆر لە لایەن کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتییەوە دەربهێنرێت. هەر لەو کاتی ئاگربەستییەشدا ڕۆژئاوا بووە چەقی ئازادیخوازانی بەشێکی زۆری دونیا، بووە جێگەو پێگەی زۆرێك لە کۆمۆنیست و سۆشیالیست و ئەنارکیست و نقابەییەکان. ئەردۆغان هەستی بەوە کرد کە ئەمە مەترسی زۆر گەورە لە سەر تورکیا و وجودیی دروست دەکات . ئەوە بوو کوژرانی دوو پۆلیسەکەی لە باکوری تورکیا لە ساڵی 2015 کە گوایە لە لایەن پەکەکەوە بووە قۆستەوە و پەکەکەی لە تەموزی ئەو ساڵەدا خستە ناو داوەکەیەوە، داوی شەڕکردنەوە.
بێ گومان ئەردۆغان دەیزانی کە بەمە چی بەدەستدەهێنێت. دەیزانی کە دەتوانێت پێداگری بکات لەسەر ” تیرۆریستیی پەکەکە” ، دەتوانرێت هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بە پەکەکەوە گرێبدرێتەوە، لەو بارەشدا هاندانی دەوڵەتانێك کە پێی دەوترێت کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی دەدات تاکو ڕێگری لێنەکەن لە هێڕشکردنە سەر ڕۆژئاوا.
کاتێک پەکەکەشی ئاڵان لەو شەڕەوە لەناو خودی تورکیاشدا ئەوەی بۆنی پەکەکەی لێهات یا دەگیرا یا دەبوایە ڕایبکردایە ، لەولاشەوە هەلی بۆ ڕێکەوت کە تەواوی ئیدارەی شارەوانییەکانی کوردستانی باکور هەڵبووەشێنێتەوە و سەرۆکی و ئەندامانی شارەوانییەکان و تا گەیشتە ئەندامانی پارتەکەی دەمیرتاش بە خۆشی و هاوسەرۆکی پارتەکەی و زۆری تریش دەستبەسەر بکات. لەمانەش زیاتر هەندێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانی کە دیارترینیان دیاربەکر ( ئامەد) بوو وێران کرد . ئەو دەیزانی کە شەڕ لە قازانجێتی و ئاگربەستی لە زیانی.
بە سەپاندنی شەڕ بەسەر پەکەکەدا نەك هەر ئەو هەلەی دەستکەوت بۆ کردنی ئەوانەی سەرەوە، بەڵکو بەشێکی لە باشووری کوردستانیشی وێران کرد.
سەرکەوتنێکی دیکەی ئەردۆغان، بەهێزکردنی گروپە تیرۆریستەکان بوو کە لە هەموویان بەهێز تر و دڕندەتریان داعش بوو بەریدانە گیانی عێراق و هەرێمی کوردستان و سوریا و ڕۆژئاوا. هاوکاتیش خۆی لە لای ئەوروپا و ئەمەریکا بە دژە تیرۆر نیشان دەدا و کۆنتراکتی گەورەشی لەگەڵ یەکێتی ئەورپادا بەست بۆ ڕێگرتن لە ڕووکردنە پەنابەرانی سوری و عێراقی بۆ ئەوروپا، بەمەش پارەیەکی مشەی دەست کەوت.
لەمانەش زیاتر ئەو کودەتایە بوو کە لە تورکیادا ڕویدا کە تا ئێستاش نەزانراوە کە ئەوە کودەتای حەقیقی بوو یاخود دەستکردی خودی ئەردۆگان خۆی بوو تاکو ‘ گوڵانییەکان’ و هەرچی لە بەشی سوپا و پۆلیس و ئیدارە دەوڵەتییەکاندا هەبوون دووربخاتەوە ئەوانەشی کە دەیویست دەستبەسەریان بکات بەو بیانوەوە کردنی و هیچ گریمانێکی کردنی کودەتای ئایندەی نەهێڵایەوە .
سیاسەتێکی دیکەی ئەردۆغان ئەوە بوو گەر چی تورکیا ئەندامی ناتۆیە بەڵام ئەو لەو بەینەدا بەگوێرەی پێویستی خۆی و حیزبەکەی یاری دەکرد، هەم ئەندامێکی کارا بوو هەم دژ بە سیاسەتی ناتۆ دەجوڵایەوە کە لە هەردوکیاندا سەرکەوتوو بوو. لەگەڵ ڕوسیا پەیوەندییەکی گەرم تا کڕینی تەیارەی جەنگی و لەگەڵ ئەمەریکا و ناتۆش دا دۆست . ئەو سیاسەت وای لێکرد کە لە لایەکەوە لەگەڵ ناتۆ و کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی بێت و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ ڕوسیا و ئێران و چین دا پەیوەندی گەرموگوڕی هەبێت. سیاسەتەکەی ئەو تا ئەو ڕادەیە فڕوفێڵاوی بوو کە لە ساڵی 2018 دا عەفرینی داگیر کرد و هەموو ئەو لایەنانە : ڕوسیا ، ئەمەریکا ، ئێران بە ئاگا بوون، تا ئێستاش هیچ لایەك قسەیەك ناکەن و دەنگێك هەڵنابڕن لەو کوشتار و وێرانکاری و کاولکردنەی ئەو شارۆچکەیە و دەوروبەری کە میلیشیاکانی ئەردۆغان لەوێ دەیکەن .
لەجەنگی ئیسرائیل و غەزە و دواتر لوبنان و ئیران، ئەو هەڵوێستانەی کە هەیبوون بەرانبەر بە هەر هەموویان کە لای هەموومان ئاشکرایە کەچی لە سەریان هیچ سزایەك نەدرا ، هیچ سەرزەنشتێکی بەهێز نەکرا ، هیچ ئابرووچونێکی پێ ڕەوا نەبینرا، بۆیە وەکو بەرزەکی بانان لەم سیاسەتەشی بە سەلامەتی دەرچوو.
بۆ درێژە دان بەم سیاسەتە و مانەوەی لە حوکمدا توانی بارودۆخی سوریا و پەیوندی لەگەڵ روسیا و ئێران و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاش ڕابگرێت ، بەڵام لە راستیدا کڵاوی کردە سەر هەر هەمویان بە داعش و پەکەکەشەوە. کورد وتەنی هەموویانی کردە کوڕەی سێو لەباخەڵ.
ئەردۆغان ئەمەی ئاوا بەرێکرد تا هەفتەیەك لەمەوبەر کە هێزی دەستەی ئەحرار شامی گەر بە هاوکاری ئەمەریکا و ئیسرائیلیش نەبووبێت ئەوە بە بە ئاگایی ئەوان بووە ، کردە گیانی سوریا و هەرەسی بە حوکمی نیو سەدەی خێزانی ئەسەدهێنا .
ئەوەی کە ڕوویدا لە سوریا:

ئەمەی کە ڕوویداوە بە دڵنیاییەوە تورکیای لە پشتەوەیە گەرچی ڕەنگە پلانەکانی ئایندە بە گوێرەی ویستی ئەردۆگان نەڕوات بەڵام ئەو یەکێکە لە سوودمەندەکان و بە ئاسانی ناتوانرێت لە مەیدانەکە بکرێتە دەرەوە.
ئەمەی کە ڕوویدا پلانێکی زۆر گەورە و نهێنییە و ئێمە بەوردەکارییەکانی نازانیین بەڵام بەشداربووانی ئەم گەمە خوێناوییە دەمێکە پلانی بۆ دادەڕێژن کە ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد هەر بەو ئاسانییە نەبووە و نییە. بۆ نموونە ڕوسیا چۆن بەوە رازی بوو کە دەستبەرداری سوریا ببێت کە لە ناوچەکەدا قەڵایەکی بوو لەگەڵ ئیراندا. ڕەنگە ڕێکەوتنێک لەم بارەوە لەگەڵیدا کرابێت کە دوور نییە لەسەر حسابی ئۆکرانیا و گەلی نەگبەتی ئۆکرانیی بێت ، چونکە سیاسەت و سیاسەتمەداران ئەمەند بێ حورمەتن نە پەیمان ، نە ڕاستگۆیی و نە دڵسۆزی و نە دۆستایەتی و نە دووژمنایەتی هیچ کات ئەمانە لای سیاسەتچییەکان مەحاڵ و عەیبە نییە.
لێرەدا دەکرێت بڵێین ئیسرائیلیش ئەگەر سوودمەندی یەکەم دوای ئەردۆغان نەبێت ئەوە بە دڵنیاییەوە لەو کەمتر سوودمەند نییە. خۆی یەکێکە لە پلاندانەران و نەخشەکێشی ئەوەی کە ڕویداوە بۆیە دەکرێت شتێك لەو سنورەی سوریا بۆ ئاسایشی خۆی ببڕێت. هاوکاتیش هەر کەس لە سوریادا حوکمڕانی بکات خۆ لە داعش مەترسیدارتر نابێت و داعیشیش بە درێژای دروستبوونییەوە تا ئێستا هیج زیانێکی بۆ ئیسرائیل نەبووە ، تەنانەت پشتگیریی حەماسیشی نەکرد نە لە کۆناو نە لەم دوایەشدا.

ئەی ڕۆژئاوا؟

ئایندەی ڕۆژئاوا نادیارە، لە ڕاستیدا لە ئێستادا وا دەرناکەوێت کە مەترسی لەسەر بێت ، بەڵام ئەمە سەرەتایە و هێشتا پرۆژەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل و غەرب و ڕوسیا و تورکیا هیچ دیار نییە ، دوای ئەوەش هێشتا دەستەی تەحریری شام جێ قوونی خۆیان لەسەر تەختی حوکمڕانی گەرم نەکردۆتەوە ، هێشتا هێزیان کۆ نەکردۆتەوە ، هێشتا پلانی تەواوی حوکمیان نەکێشاوە، هێشتا حکومەتیان تەشکیل نەکردووە، هێشتا کێشەکانی نێو خودی گروپەکانی ئەو هێزە قوڵنەبوەتەوە .
قسە و راگەیاندنەکانی ئەم ڕۆژانەی دەستەی تەحریر و ئەبو موحەمەد جۆلانی نابێت بە هییچ شێوەیەك جێگای متمانە و بڕوا بێت . ئەمانە هەموی قسە و هەڵوێستی هەموو هێزێکە کە هێشتا پرژ و بڵاون و دەسەڵاتیان لە دەستدا نییە، یاخود لاوازە و پێویستی بە ماوەیەك هەیە ، هێشتا جێی خۆی نەکردۆتەوە . تا ماوەیەکی دیکەش شتێکی ئاوا لە سیاسەتی ئەمان و شێوازی حوکمکردنیان ناڕووندەبێت. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە هەندێك لەم گروپانە پاشماوەی داعش و قاعیدەن یاخود لەوان هاتوونەتە دەرەوە، ناکۆکی گەورە لە نێوانیاندا هەیە و لە سەر دەسەڵاتیش ناکۆکییەکان گەورەتر دەبن هاوکاتیش تورکیا وەکو هێزێکی پشت و پەنا بۆیان دەمێنتەوە.
خاڵێکی دیکەش هەیە ئەویش بوونی بۆمبێکی ئامادەکراوی کاتییە لە ڕۆژئاوا کە بوونی کەمپی هۆڵە. وەکو دەزانین ئەم کەمپە کەسانێکی زۆری داعش یاخود سەر بە داعش لەوێن لەو بارەشدا باوەڕ ناکەم کە ئەبو موحەمەد جۆلانی دەستبەرداری ئەم کەمپە ببێت ئیتر بە ئاشتی بێت یا بە شەڕ، بۆیە گریمانی ئەوە هەیە هەسەدە ناچار بکات کە دەستبەرداری ئەو چەند هەزار کەسە لەوێ ببێت کە خودی ئەمەش مەترسییەکی دیکەیە کە ڕەنگە وەکو هێزێک بیانەوێت تۆڵەی خۆیان لە هەسەدە بسەنن.
لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوە ناکرێت وا بزانرێت کە ڕۆژئاوا و هێزەکانی مەترسییان لەسەر نییە و ئەگەر هەشبێت ئەوە ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەیان پارێزن. هەتا ئەردۆغان و حیزبی ئاکەپە لەسەر حوکم بن هەمیشە ئایندەی رۆژئاوا نادیار دەبێت هەرگیزیش ناتوانرێت پشت بە ئەمەریکا و غەرب بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ببەسترێت . بەرژەوندییەکانیان لە هاوپەیمانەکانیان گرنگتر و لەپێشترە.

زاهیر باهیر
08/12/2024




چیرۆک\ كوڕ بوون.. سەلام عومەر

ئەو رۆژەی ئەتۆ بڵێ ئەو بەیانییەی هۆشەنگیان بردە قوتابخانە یەكەم پرسیار كە لە بەڕێوەبەرەوە گوێی لێبوو بە باوكی گوت: ئەوە كوڕی گەورەتە؟ ئەویش گوتی: بەڵێ، هۆشەنگی خزمەتكارتانە و تەنیا ئەو كوڕەشم هەیە لەگەڵ سێ كچ، وەڵامەكە هۆشەنگی گەڕاندەوە دواوە و بیری لە قسەی خزم و جیرانەكان دەكردەوە، كە هەمیشە بەداكیان دەگوت: زۆر بە بەختی كە بوویە دایكی كوڕ، یەكی دی دەیگوت تەمەن درێژ بێت ئیدی وەجاختان روونە، ئەوەندە نا، ئەگەر دایكیشی هەواڵی كەسێكی پرسیبا پێیان دەگوت برات نەمرێ، هەرگیز گوێی لێنەبوو بڵێن كچت نەمرێ یان بەدایكی كچان بی.
لێرەوە هۆشەنگی وردیلە وشەی كوڕ لەلای گەورە بوو، بە جۆرێك لەگەڵ گەورەبوونی، كوڕبوونیش گەورە دەبوو، ئاخر كاتێك ئەو تەمەنی گەیشتە هەرزەیی خوشكەكانی كە دووانیان لەخۆی گەورەتریش بوون هەر بە كاكە بانگیان دەكرد، ئەوان بۆیان نەبوو بچنە دەرێ و برادەریان هەبێ، كەچی ئەو هەمیشە لەكۆڵان بوو، لەگەڵ كچ و كوڕەكان یاریان دەكرد، دواتر دەچۆ تۆپ تۆپێن و سەیران و زۆر جاران شەویش درەنگ دەهاتەوە كەس نەیدەگوت ئابڕومان دەچێ، كەچی خوشكەكانی جگە لەوەی دەوامی قوتابخانەیان دەكرد لەماڵەوەش چی ئیشوكارە لە سەر ئەوان بوو، میوان هاتبا هەر ئەوان خزمەتیان دەكرد، خۆ دایكیشی هەمیشە چاوی لەسەر كوڕەكەی بوو، دوو كچە گەورەكەی خستبووە خزمەتی ئەو و پێی دەگوتن یەك شتی لێبێت تیتكتان بەسەریەوە ناهێڵم، زۆر كەڕەتان بەگوێی خۆی گوێی لێدەبوو كە دایكی دەیگوت: كچ میوانە زوو گەورە دەبێت و زووش دەڕوا، بەڵام كوڕ هەمیشە پشت و پەنایەو دوای ژن هێنانیش هەر لەگەڵمان دەمێنێتەوە، قەت كارێكیان بە كوڕەكەیان نەكرد تەنیا دەیانگوت بخوێنە، كەچی خوشكەكان و دایكی بەردەوام لەسەر قاپشۆر و خەریكی پاككردنەوەی ماڵ بوون، باب و كوڕیش كاریان تەنیا دانیشتن بوو.
هۆشەنگ لەنێو ئەو كەلتوورەدا گەورە بوو، كاتێك خوشكێكی خوازبێنی هات و شووی كرد، گوێی لێبوو بابی گوتی: (هەرچی زووە دەبێت ژنێك بۆ كوڕەكەمان بدۆزینەوە با جێی خوشكی چۆڵ نەبێت ) ئەو كاتە هێشتا هۆشەنگ قۆناغی ئامادەیی تەواو نەكردبوو، هەروابێتەوە تازە سەرەتای چاوچاوێنەی بوو لەگەڵ كچێكی جیرانیان و ئەوەی بیری لێنەكردبۆوە هاوسەرگیری بوو، چونكە هێشتا منداڵ بوو، خۆ ئەگەر بڕیاریشی دابا ئەوە كچە جیرانەكەیانی هەڵدەبژارد، كەچی شەوێك لەناكاو بابی پێی گوت: كوڕم گەورەبووی و ئیدی كاتی ژن هێنانتە، دایكی قسەكەی لە بابی منداڵان وەرگرتەوەو جگە لەوەی پشگیری قسەكەی بابی كرد گوتی جا سبەی دەچینە ماڵی خوشكم لەگەڵ نیانی كچی قسە بكە و ئێمە لەلای خۆمان بڕاندوومانەتەوە.
هۆشەنگ هەرچەند هەوڵیدا بۆ پاشگەزكردنەوەی باوانی و دەیگوت هێشتا قوتابیم و ئەو ئەركە زۆر قورسە، دواتر نیان منداڵە وەك من و دڵم بۆی ناچێ، هیچ سودی نەبوو، چونكە وەڵامی باوانی ئەوە بوو كە خوێندن بەهەردووكیان تەواو دەكەن و ئەوەندەش نا خەرجی تاهەتایە لەسەر وان دەبێت تا خوێندن تەواو دەكات و كارێك دەدۆزێتەوە.
ساڵێك بەسەر شووكردنی خوشكی تێنەپەڕی بوك گواسترایەوە ماڵ، هۆشەنگی قوتابی بووە زاوا و دڵیان كردە دوو پارچە، پارچەیەك ئەو دڵەبوو كە لەلای كچە جیرانەكەیان جێما بوو، پارچەكەی دی دابووە نیانی كچی پوری كە ئیدی هاوسەریەتی، كوڕەی داماو لەنێوان گەورەبوونی جەستەیی و لاویەتیدا بزر ببوو، ئەو هێشتا لە نووسینی نیوەی نامەیەكی خۆشەویستیدا بوو كاتێك بەسەر خێزاندا كەوت و نەیانهێشت نامەكە تەواوكا، تەواو نەچووبووە نێو پرۆسەی لاویەتی كاتێك خۆی لەباوەشی ژندا دیتەوە، هێشتا لە كردەكانی جووت بوونی نەدەزانی لە ژوورێكدا لەگەڵ كچێكیان جێهێشت، زۆر بەخێرایی گەورەیان كردو هاویشتیانە نێو ئەركێك كە ئی ئەو نەبوو، بۆیە كە ئاوڕی دایەوە دیتی منداڵی لە كۆڵان و حەوشەی ماڵێ كەوتووە و لاویەتیشی لەبەرچاوی خۆی كوشتیان، سمێڵی پێش ئەوەی گوگرە بێت چۆڕایە سەر لێوەكانی، لەجیاتی هەڵدانەوەی پەڕەی كتێبەكانی قوتابخانە، خەریكی هەڵدانەوەی كراس و ئاوەڵكراسی ژنەكەیەتی، ئەوەندەنا بەبیانووی ئەوەی بۆتە پیاو و خاوەنی ژنە، شەو گەڕان و هاوڕێیەتیشی لێ قەدەغە كرا.
هۆشەنگی داماو كەوتبووە نێو دوو بەرداشەوە لەلایەك خێزانەكەی و لاكەی دی هاوسەرەكەی كە تازە چرۆی خۆشەویستییەك كەوتبووە نێو دڵی، رێك ئەو خۆشەویستیەی دوای هاوسەرگیری باسی لێوەدەكرێ و درووست دەبێ، خۆشەویستیەكی خێرا، خێرا وەك ئەو جوت بوونەی كە هەر چەند خولەكێكی پێدەچوو، خێرا وەك ماچ و دەستلەملانەكان، ناسك وەك جەستەیان و شل وەكو عەورەتیان، وەلێ دەیدی وردە وردە خوشكەكانی دژایەتی نیانی هاوسەری دەكەن و دایكیشی لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردەی خۆیەتی و كچی خوشكیشیەتی كەچی پشتی كچەكانی دەگرێ، ئەوەندەنا درزێك خەریكە دەكەوێتە نێوان خۆشەویستی خۆی و دایكی، چونكە پێی وایە ئەو خۆشەویستیەی بۆ ژنەكەی هەیەتی بۆ ئەوی نییە، كاتێك بەڕووی خۆشەوە قسە لەگەڵ هاوسەرەكەی دەكات ئەو پێی ناخۆشە زۆرجاران لەسەر خوان نایەڵن لەلای یەكیش دانیشن.
هۆشەنگ هەر زوو دركی بە جیاوازیەكانی ئێستا و رابردوو كرد و پێی سەیر بوو كوڕە تاقانەكەی ئەو ماڵە كە وەك پاشا دەژیا ئێستا كەوتۆتە بەر توانجی خێزانەكەی و جگە لە كاڵبوونەوەی خۆشەویستی نێوان خۆی و خێزانەكەی دەیانەوێ ئەویش وەكو ئەوانی لێبێت و زۆر گرنگی بە هاوسەرەكەی نەدات، لەلایەكی دیشەوە داوای منداڵیان لێدەكرد و هەمیشە پێیان دەگوت دەی با كوڕێكتان ببێ، لە هەمووشی ناخۆشتر رۆژێك گلەیی لە داكی كرد لەو بارودۆخەی تێی كەوتووەو هەروابێتەوە بەبیری هێنایەوە كە ئەوان بەزۆر ژنیان بۆ هێناوە و پێشیان گوت تا خوێندنت تەواو دەكەی ئەركی خۆت و ماڵومنداڵت لەسەر ئێمەیە كەچی دایكی گوتی: هەرئەوەندەمان پێدەكرێ نانتان بدەینێ.
هەموو ئەو گۆڕانانە هۆشەنگی ناچاركرد نانی چاوشۆڕی نەخوا و سەربەخۆیی خۆی وەرگرێ و بەو تەمەنە كە هەرگیز كاری نەكردووە و ساردی و گەرمی بەرنەكەوتووە ماڵی خۆی بكات.


هۆشەنگ بەسەر ئەركێكی قورسدا كەوت، بۆیە وازی لەخوێندن هێناو ملیدایە كاركردن، یەك لە هاوڕێ هەرە نزیكەكانی كە زۆر پێش ئەو وازی لەخوێندن هێنا و دەستی دایە كاری قاچاغ بردیە لای خۆی و فێرە مامەڵەی نایلۆنی كرد، بڕیار بوو تا ساڵێك بابی كرێ خانووی بۆ بدات، بەڵام هەرچەند مانگێك بڕیارەكەی جێبەجێ كرد و كەزانی كوڕەكەی دەتوانێ كاروباری خۆی بەڕێكا بۆیە ئیدی پێی گوت كەوتووییە سەر پێی خۆت و بۆ لەمەو دوا خۆت كاروباری خۆت بەڕێكە و چیدی چاوەڕێی من مەبە كرێی خانووت بۆ بدەم، كوڕەی داماو تێگەیی مێشكی بابیشی شووراوەتەوە.
هۆشەنگ نایلۆنی، لە ئێران دەیهێنا و لە هەولێر ساغی دەكردەوە، دەیتوانی هەرچۆنێك بێت بەم مامەڵەیە ژیان بەڕێكا، بەڵام كە كرێی خانووی هاتە سەر و بووە خاوەنی دوو منداڵیش ئیدی ئەركی قورستر بوو بۆیە بیری لە فراوانكردنی كارەكەی كردەوەو بەهاوكاری هاوڕێیەكەی كە هەروەك شەریكیان لێهاتبوو، هەستا پارەیەكی زۆری لێقەرز كردو وەكو جاران چۆوە ئێران تا ئەمجارەیان كاڵای زیاتر بهێنێ و قازانجیشی زیاتر بێت، كەچی هەر كە لەسنوور ئاودیو بوو جانتاكەیان پشكنی و سێ گوللەیان لەنێویدا دیتەوە، خستیانە بەندیخانەوەو داماوە نەیزانی ئەو سێ گوللەیە چۆن خراوەتە نێو جانتاكەیەوە، ئیدی جگە لەو پارەی لەگەڵ خۆی بردبوو چەندینی دیشی قەرز كرد تا كەیسەكەیان كەمێك بۆسووك كردو لە بەندی هەتاییەوە بۆیان كردە هەژدە مانگ.
ئەو لە بەندیخانەدا لەگەڵ بكوژ و تریاك خۆر و دزدا هەژدە مانگی بەسەختی گوزەراند، لەوێ فێرە جگەرەكێشان و تریاك خواردن بوو، ئەوكوڕە تاقانە و كاسبەی كە چەند ساڵیك بوو تەنیا خەریكی خێزان و كاسبی بوو، گۆڕانێكی ریشەیی بەسەردا هات .


ئەو رۆژەی لە بەندیخانە گەڕایەوە هێشتا چەند ملیۆن دینارێكی برادەرەكانی قەرزار بوو، جگە لەوەی بۆ رزگار بوونی چەندینی دیشیان بۆ قەرز كردبوو، هەروا بێتەوە دنیایەك بیری خێزانەكەی دەكرد، بۆیە یەكەم شوێن ماڵی خۆیان بوو كە رووی تێكرد، لەوێ لەبەر دەرگایەكە هەڵوێستەیەكی كرد و ترسێك هەموو گیانی لەرزاند، لەرزینێك نەیدەزانی ئی تریاكە یان ترس؟ ترسی ئەوەی داخۆ ئەم ساڵ و نیوەی لە بەندیخانە بووە كێ كرێی بۆ داون؟ چۆن ژیاون و بڵێی خێزانەكەی پەراگەندە نەبووبن و ماڵەكەیان هەڕاج كردبێ، ئەوەی زیاتر دەستی دەلەرزاند گومانی مانەوەی هاوسەرەكەی بوو، داخۆ مێردی نەكردۆتەوە یان توانیویەتی دوو كچەكەی هەرلای خۆی بێڵێتەوە، كەوتبووە نێو بیركردنەوەو ترسێك لەبنی پێیەوە دەهات و لە تەپڵی سەری دەردەچوو، نیگەرانیەكی قوڵ لەنێوان ترس و خۆشەویستیدا لەبەردەم دەرگایەك چەقاندبووی كە خەونی هەموو شەوانەی بوو جارێكی دی لەو دەرگایەوە بچێتە ژوورێ.
پێش ئەوەی دوو دڵی و لەرزینەكانی یەكلایی بكاتەوە زۆر بە وریاییەوە لە لەدەرگای دا، كردنەوەی دەرگایەكە هەر چەند خولەكێكی پێچوو، وەلێ بایی تەمەنێك لەنێو گومانێكی ناخ هەژێندا بوو، داخۆ منداڵەكانی دەیناسنەوە؟ خۆشەویستیان كاڵ نەبۆتەوە؟ تا هاوسەرەكەی كردیەوەو چاوەكان هەر چەند چركەیەك لەیەكتری چەقین دواتر فرمێسك كوڵمەی هەردووكیانی تەڕ كردو باوەشێكی هێندە گەرمیان لێكدا وەك ئەوەی دەیان ساڵ بێت یەكتریان نەدیبێ‌، یان بەپەرجوو لەمردن گەڕابنەوە، گریانێكی پیاوانەو ژنانە ئاوێتەی یەكتری بوون و دواتر هەردوو كچەكەی كە تەمەنیان گەیشتبووە حەوت ساڵ و هەشت ساڵ هاتن و لەنێوان ئامێزی دایەو بابەدا بزر بوون، دیمەنێكی ناخ هەژێن و لەهەمانكاتدا خۆشیەكی سەیر باڵی بەسەر ئەم خێزانەدا كێشا.


هۆشەنگی داماو دوای پشوویەك و خواردنی نان و چایەك كە هاوژینەكەی بۆی ئامادەكرد، تەواوی پرسیارەكانی بەگۆڕێ وەركرد، ئەو پرسیارانەی چەند ساڵێك بوو لەنێو مێشكیدا دەخولانەوە، هاوژینەكەی گوتی:
باب و برایەكانم كرێیەكەیان بۆ دەدام و كەسەكانیشم خەرجیان دەدامێ، خۆشم فێرە خەیاتی كردوەو خەمت نەبێ هەندێ پارەشم پاشەكەوت كردووە.
هۆشەنگ لەم چركەیەدا هەموو گیانی بەلەرزین كەوتەوە غەمێك سیمای سوور سوور داگەڕاند، دەیزانی ماڵباتەكەی هیچ رۆڵیان نەبووە چونكە هەر دوای مانگێك لە پرۆسەی هاوسەرگیری بووك بووە دووژمنی داك و خوشكەكانی، ویستی بڵێ ئەدی؟
نیان گوتی: بەداخەوە ماڵی بابت هەر یەك دوو جاران هاتن و ئیدی نەمدیتنەوە، تەنانەت منداڵەكانیشیان ماچ نەكرد.
هۆشەنگی داماو هەردوو كچەكەی كە لە باوەشی بوون، سەرو ماچێكی تەڕی لێكردن و رقێك هەڵیستاندە سەرپێ و ویستی بڕوا، بەڵام نیانی هاوسەری داینیشاندەوەو ئارامی كردەوە، هەر ئەو رۆژە بۆ عەسرەكەی گوتی قەرزاری چەند كەسێكم دەمەوێ بچم و خۆمیان پیشان بدەم تا نەڵێن پارەكەمان رۆیی، نیانی هاوسەریشی چوو ئەوپارەی كۆیكردبۆوە لە مستی ناو گوتی: بێمنەتبە ئەگەر بەشی نەكرد ماوەیەكی دی هەمووی دەدەینەوە، چونكە خەڵكی گەڕەك و شار هەمووی كاری دوورمان بۆمن دێنن دەزانن لەهەموو كەس زیاتر من پێویستیم بەهەقدەستی كارەكانە.
هێشتا كەس نەیزانیبوو هۆشەنگ لە بەندیخانە ئازاد كراوە، ئەو یەكەم شوێن چووە لای هاوڕێ هەرە نزیكەكەی كە مامەڵەیان بەیەكەوە بوو، ئەو لە دەست و پێ سپیەوە كردیە كاسب، رێك پێچەوانەی ماڵباتەكەی كە كوڕێكی تاقانەی ناسكیان هەڵدایە نێو شەقامەكان، دوای باوەش لێكدان و خۆشحاڵی ئازاد بوون، هۆشەنگ ویستی باسی قەرزەكان بكا كەچی هەر تەریقی كردەوە برادەرەكەی گوتی: نەك هیچم لات نییە بۆ لەمەو دوا دیسانەوە دەست بەكار دەبینەوە، ئەوەندەنا قەرزی ئێرانیشم بۆ داویەوەو بڕۆ جارێ پشوو بدە.
هۆشەنگ لە دووكانی برادەرەكەی هاتە دەرێ و هەستی كرد جگە لە ماڵی باوانی هەمووان لەگەڵی باشن، ئاخر ئەو قوتابی بوو بەزۆر بۆ ئەوەی جێی خوشكی چۆڵ نەبێ ژنیان بۆ هێنا، دەنا ئەو كەسێكی دی لەنێو دڵیدا چرۆی كردبوو، بیری دەكردەوە و دەست و لێوی بەلەرزین كەوتبوو، لە غەمان هەموو لەشی داوای تریاكی دەكرد، رقێك لە كەسەكانی هۆشەنگی كاسبی كردبووە دڕەندە، رووی لەو شوێنە كرد كە دەیزانی مامەڵەی ئێرانیەكانی لێیە، لەوێ برادەرێكی نایلۆن فرۆشی دۆزیەوەو زۆر بەگەرمی باوەشیان لێكدا، دواتر داوای تریاكی كرد، برادەرەكەی بەبێ پرسیار دوو حەبی لە بەركی دەرهێناو پێیدا، گوتی دەزانم لە بەندیخانە فێر بووی ئیدی تازە پێشت تەرك ناكرێ بۆیە دەتدەمێ، بەڵام ئێرە جیاوازە دەبێت وردە وردە وازی لێبێنی.
ئاخر هەر كەسیمای هۆشەنگی دی زانی پێویستی بەو دەرمانەیە، هۆشەنگی داماو هێشتا تریاكەكە كاری خۆی نەكردبوو، برادەرەكەی گوتی وردەكاری بەندكردنی تۆ لای منە، تازە تریاك وردە وردە دەچۆ نێو خوێنی، وەلێ كە برادەرە ئێرانیەكەی گوتی: بەمەرجێك نهێنی دەستگیر كردنت ئاشكرا دەكەم ناوم نەهێنی، هۆشەنگی داماو بەبێ دوودڵی بەڵێنی پێدا.
تریاك خەریكی ئەوە بوو كاری خۆی دەكرد برادەرە ئێرانیەكەی گوتی:
یەكەم كەس نی مامەڵەت پێوە دەكرێ و بەپارە دەفرۆشرێی، ئەو مەلا سەدرەیەی جێگەی متمانەی خەڵكە و نازناوی مەلای بەخۆیەوە خستووە دەستی لەگەڵ پاسدارەكان تێكەڵ كردوەو پێش تۆ گوللەی لەنێو جانتای دووكەسی دیش ناوە و قوڕی بەسەری كردوون، ئیدی بۆ لەمەودوا هەرگیز مامەڵە لەگەڵ ئەو سەگبابەی نەكەی.
رێك لەوكاتەدا حەبەكان بەتەواوی كاری خۆی لەنێو جەستەی هۆشەنگ كرد، هەروابێتەوە دیمەنی نزیك بوونەوەی ئەو مەلایەی هاتەوە پێشچاو كە لە مەرز وەك خزمەتكار جانتای بۆ هەڵدەگرت و هەندێ پوڵیشی دایە و پێی گوت لە ئێرانێ پێویستیت پێی دەبێ، دیمەنەكان لێوی هۆشەنگی بەلەرزین خست و دەماری نێوچەوانی دەرپەڕین، دەستی لە بەركی ناو هەندێ پوڵی دەرهێنا و بەبرادەرەكەی گوت ئەوە پوڵی حەبەكان و دوو دانەی دیشم دەیە، برادەرەكەی پوڵەكەی وەرنەگرت و دوو دانە حەبی دیشی دایە و ماڵئاواییان لەیەكتری كرد.


هۆشەنگ هەموو گیانی ببووە رق، رق لە ماڵباتەكەی كە كوڕە تاقانەكەیان دووچاری خێزان كرد و دواتریش پشتیان تێكرد، رق لەو مەلا سەدرەیەی ساڵ و نێوێك خستیە دۆزەخەوە، حەبێكی دیشی ئاودیو كرد و رێك رووەو ماڵی بابی رۆیی ئەو پێیەكانی نەدەكەوتنە سەر زەوی دەمارەكانی سڕ ببوون، هزری یەكپارچە ببووە رق، بیری لە رابردووی دەكردەوە، لە منداڵی كە هەمیشە بە سەربەرزیەوە باسی كوڕە تاقانەكەیان دەكرد، بیری لە قسەی خەڵكی دەكردەوە كە بە داك و بابیان دەگوت بەداكی یان بابی كوڕان بی، برات نەمرێ و بە شوان ناوزەدیان دەكرد، كەچی بەكونفەیەكونێك پشگوێ خراو خستیانە ژێر بارێك كە ئیدی هەرگیز لێی دەرباز نابێ.
هۆشەنگ تەنیا بیری لە خێزانەكەی دەكردەوە و روە و ماڵی بابی هەر بەپێكەنینەوە وەلێ بە مێشكێكی سڕەوە رۆیی، لە بەردەم دەرگای جیرانەكەیان كە یەكەم خۆشەویستی لە رێگەی تەنیا نیگاوە لە جەستەیدا چاند، هەڵوێستەیەكی كرد، وەك ئەوەی لەدڵیدا نووسرابێ ئەوە دواهەمین دیدارە، كچەكەی جیرانیان لەمساتەدا هاتە دەرێ و دیسانەوە نیگای منداڵی و كامڵی لەیەكتری چەقین، رێك لەم چركەیەدا بوو منداڵێكی بچووك هاتە تەنیشت كچەكەو گوتی دایە، وشەی دایە لەلایەك دڵخۆشی كرد و لەلایەكی دی رقی تۆڵە كردنەوە هێندەی دی دەمارەكانی نێوچەوانی ئەستوور كرد، ئەوێی جێهێشت و روەو دەرگای ماڵی بابی رۆیی.
كاتێك لە دەرگای دا چاوەڕێی كردنەوەی نەكرد ئەو خۆی دەیزانی چۆن دەرگاكە بكاتەوە چۆ ژوورێ، هەمووان دووچاری سەرسووڕمان بوون، نەیهێشت یەك كەس لێی نزیك بێتەوە، داك و بابی ویستیان لە باوەشی بكەن نەیهێشت، خوشكە گچكەكەی نزیك كەوتەوە لە باوەشی خۆی كرد و چەند ماچێكی تەڕی لێكرد، دواتر هەر بە پێكەنینەوە بەڵام سیمای توڕەیی لێدەباری پێی گوتن:
ئەو كوڕەی لەنێو بیابان جێتان هێشت و نەتانهێشت حەزەكانی خوێندن و خۆشەویستی بێتە دی، ئەو كوڕە تاقانەی بەو تەمەنە ناسكە كەوتە بەندیخانەی تریاك خۆرەكان و لێتان نەپرسیەوە، ئێستا گەڕاوەتەوە وەلێ كوڕێكی دییە، لەبری كۆلیژ لەنێو بەندیخانە فێری زۆر شت بووەو ئەو دەزانێ چۆن مافەكانی خۆی وەردەگرێتەوە.
نەیهێشت یەك كەس نە باوانی نە خۆشكە بچووكەكەی كە تەنیا ئەو لەماڵێ ما بوو دووەكەی دی لە جێێ و رێی خۆیان بوون، قسە بكەن و چۆن هاتبوو ئاوا گەڕایەوە نێو خێزانەكەی، ئەو پارەی وەریگرتبو، و ئەوەش كە شەریكەكەی دابوویەی لەمستی هاوسەرەكەی كرد و داوای گەردن ئازایی كرد، دواتر هەردوو كچەكەی لەباوەش گرت، باوەشێك بایی هەموو تەمەن خۆشەویستی دانێ، دواتر توند هاوسەرەكەی بەخۆیەوە گوشی و ئیدی لەماڵ نەمایەوە و گوتی: پارەی كەسم لا نەماوە وەلێ هەندێ قەرزم ماوە دەبێت بیاندەمەوە.


مردوو شۆرەكان كاتێك جلوبەرگی هۆشەنگیان پشكنی تەنیا یەك حەبی تێدا بوو، لەگەڵ نیوپاكەت جگەرەی بەهمەن، كونێكیش لە بنی چەناگەی هەبوو كە هەموو لەشی كردبووە خوێن.
بەڵام جلوبەرگی مەلا سەدرەدین جگە لە پاكەتێك لەو حەبە، پوڵێكی زۆر و نامەیەكی فارسی تێدا بوو كەس بۆی نەدەخوێندرایەوە، سێ كون لە تەختی نێو چەوانی هەبوون، دیار بوو زۆر لەنزیكەوە لێی درابوو چونكە گڕ بەشێك لە پرچی هەڵكڕوزاندبوو.


تەنیا دوای رۆژێك لەم رووداوە، بێوەژنێك و دوو كچ بەتەنێ لەولای گۆڕێكەوە دەگریان، دایكێكیش پرچی بەسەری خۆیەوە نەهێشت و بەلاوانەكەیەوە دیار بوو پەشیمانی دەڕژاندە ئەو ناوە، باوكێكیش بەتاقی تەنێ و لەنێو شەرمەزاریەكی زۆردا فرمێسكی دەڕشت، دەیزانی ئەو تۆڵەیەی كوڕەكەی باسی كرد بۆ هەتاهەتایە ئەو ماڵباتە ئازار دەدات، لەرۆخی گڵكۆیەك كە سێبەرێكی باریكی دروست كردبوو هاوڕێكەی خەریكی فڕێدانی بەرد و كەرسەكە گڵەكان بوو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی تەواوی ئامادەبووان بوو كچێكی جیرانیان وەك پەڕۆیەكی شێدار بەسەر گڵكۆیەكەدا كەوتبوو، دەستی خستبووە ژێر روومەتی، با تەنیا زولف و هەنگوچكە باریكەكەی دەلەراندەوە و هەناسەشی بەشێك لە خۆڵی بان سەری هۆشەنگی فڕێدابووە سەر ئەڵقەی پەنجەی و بزری كردبوو.

سەلام عومەر




کاریگەری جەنگ لەسەر دەروونی تاکەکان و کۆمەڵگای دوای جەنگ.. ١٦٧.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

کاریگەری جەنگ لەسەر دەروونی تاکەکان و کۆمەڵگای دوای جەنگ، بەتایبەت لە باشووری کوردستان، دیاردەیەکی ئاڵۆزە کە چەندین ڕەهەندی دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری لەخۆدەگرێت: لەم وتارەدا تیشك دەخەینە سەر لایەنی سایکۆلۆژی تاکی کورد لە باشووری کوردستان بەهۆی بەشداری جەنگ یاخود بینینی جەنگەوە.

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)، زنجیرەی ١٦٧.

لە ڕووی دەروونییەوە، ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ بەشداری جەنگیان کردووە یان شایەتحاڵی ڕووداوە جەنگییەکان بوون، زۆر جار تووشی دۆخی پۆست تراوما (PTSD) دەبن. ئەم دۆخە بە شێوەی خەونی ناخۆش، یادەوەری ئازاردەر، هەستی تۆقین و دڵەڕاوکێی بەردەوام خۆی دەردەخات.
لێکۆڵینەوە دەروونییەکان دەریانخستووە کە جەنگ یەکێکە لە کاریگەرترین ڕووداوە تراوماتیکییەکان کە کاریگەری درێژخایەنی لەسەر دەروونی تاک و کۆمەڵگا جێدەهێڵێت (Van der Kolk, 2014). لە باشووری کوردستان، بەهۆی چەندین دەیە شەڕ و پێکدادان، ئەم کاریگەرییانە بەشێوەیەکی بەرچاو دەبینرێن.

پۆست تراوماتیک سترێس دیسۆردەر (PTSD):
بەپێی لێکۆڵینەوەی (Herman, 2015)، نزیکەی ٤٠٪ ی ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ بەشداری جەنگیان کردووە یان شایەتحاڵی ڕووداوەکان بوون، نیشانەکانی PTSD یان تێدا دەردەکەوێت
نیشانەکان بریتین لە: خەونی ناخۆش و کابووس، یادەوەری بەردەوامی ڕووداوە تراوماتیکییەکان،دڵەڕاوکێی بەردەوام
،هەستی تۆقین و خۆدوورخستنەوە لە کۆمەڵگا.

هەروەها، نەوەی دووەم و سێیەمیش کاریگەری تراومای جەنگیان پێدەگات، ئەمەش بە “تراومای نەوە بە نەوە” ناسراوە. منداڵانی ئەو کەسانەی جەنگیان بینیوە، هەرچەندە خۆیان ڕاستەوخۆ ئەزموونی جەنگیان نەبووە، بەڵام لە ڕێگەی گێڕانەوە و کاریگەری دەروونی باوان و دایکانیانەوە کاریگەری نەرێنی وەردەگرن.

لە لایەنی فیسیۆلۆجییەوە، جەنگ دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە سیستەمی هۆرمۆنی و دەماری مرۆڤدا. بەرزبوونەوەی ئاستی کۆرتیزۆڵ (هۆڕمۆنی سترێس) بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی جەستەیی و دەروونی.
هەروەها گۆڕانکارییە فیسیۆلۆجییەکان:بەپێی توێژینەوەکانی (McEwen, 2017): بەرزبوونەوەی ماوەی درێژخایەنی ئاستی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆل، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی مێشک بەتایبەت لە ناوچەی، هیپۆکامپەس و ئەمیگدالا، لاوازبوونی سیستەمی بەرگری لەش و زیادبوونی مەترسی نەخۆشییە جەستەییەکان.

لە ئاستی کۆمەڵگادا، جەنگ کاریگەری لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و متمانەی گشتی دادەنێت. لێکۆڵینەوەکان پیشانی دەدەن کە کۆمەڵگاکانی جەنگیان بەسەردا هاتووە، ئاستی توندوتیژی و گرفتە دەروونییەکان تیایاندا بەرزترە.

کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر کۆمەڵگا و تاك، زۆر قوڵ و درێژخایەنن. لە ڕووی دەروونییەوە، زۆربەی ئەو کەسانەی کە جەنگیان بینیوە یان تێیدا بەشداربوون، دووچاری کێشەی دەروونی وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و PTSD (دۆخی فشاری دوای تراوما) دەبن.
توێژینەوەکانی (Yehuda & Lehrner, 2018):
کاریگەری تراوما بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازرێتەوە، گۆڕانکاری ژێنەتیکی (Epigenetic changes)، کاریگەری لەسەر شێوازی پەروەردەکردنی منداڵان، دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لە نەوەی نوێ دروست دەکاتن.

کۆمەڵگای دوای جەنگ بە گشتی تووشی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری گەورە دەبێت. خێزانەکان لێک هەڵدەوەشێن، منداڵان بێ باوک و دایک دەمێننەوە، و ژێرخانی ئابووری وێران دەبێت. هەروەها متمانەی کۆمەڵایەتی لە نێوان خەڵکدا کەم دەبێتەوە و هەستی ترس و گومان زیاد دەکات.
لێکۆڵینەوەکانی (Bayer et al., 2016) پیشانیان داوە: لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کەمبوونەوەی متمانە بە کەسانی دیکە، گۆشەگیری و دووری لە کۆمەڵگا، کێشە لە پەیوەندییە خێزانییەکان دروست دەبێتن.

کاریگەرییە درێژخایەنەکانی جەنگ لەسەر کەسایەتی تاك دەردەکەوێت لە شێوازی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، توانای متمانەکردن بە کەسانی دیکە، و هەستی ئاسایش. زۆر جار ئەو کەسانە هەستی گوناهــ و خەمۆکییان لای دروست دەبێت، بەتایبەت ئەگەر کەسانی نزیکیان لە جەنگدا لەدەستدابێت.
لە ڕووی کەسایەتییەوە، تاکەکان دووچاری گۆڕانکاری قووڵ دەبن. هەندێک کەس توندوتیژتر دەبن، هەندێکی تر گۆشەگیر دەبن. زۆربەیان هەستی متمانەبەخۆبوون و ئاسایشیان لەدەست دەدەن و بەردەوام لە دۆخێکی هەستیاری دەروونیدا دەژین.

لێکۆڵینەوەکانی (Johnson & Thompson, 2008):
گۆڕانکاری لە خەسڵەتەکانی کەسایەتی، زیادبوونی هەستیاری بەرامبەر هەڕەشە، کەمبوونەوەی توانای خۆگونجاندن.
گۆڕان لە سیستەمی بەها و بیروباوەڕەکان.

کاریگەری لەسەر منداڵان:
لێکۆڵینەوەکانی (UNICEF, 2021):گۆڕانکاری لە گەشەی سروشتی منداڵان، کێشە لە فێربوون و پەروەردە، هەستی نائارامی و ناسەقامگیری، کاریگەری لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

لە لایەنی کلتورییەوە، جەنگ کاریگەری لەسەر بەها کۆمەڵایەتییەکان دەکات. بۆ نموونە، خەڵک زیاتر گرنگی بە مانەوە دەدەن. هەروەها نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە خێزانییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
لەپرسی کاریگەری ئابووری و کارکردن:
بەپێی (World Bank Report, 2019):کەمبوونەوەی توانای کارکردن، زیادبوونی ڕێژەی بێکاری، کاریگەری لەسەر داهاتی خێزان، زیادبوونی باری دارایی بەهۆی پێویستی چارەسەری دەروونی.

ڕێکارەکانی چارەسەر بۆ ئەم دۆخە لەسەر ئاستی تاك و پانتای کۆمەڵگای کوردی لە باشووری کوردستان:

لێکۆڵینەوەکانی (Cohen & Mannarino, 2015):
گرنگی چارەسەری دەروونی زوو، بەکارهێنانی تەکنیکی EMDR
چارەسەری گرووپی و خێزانی، پشتگیری کۆمەڵایەتی.

ستراتیجییەکانی خۆگونجاندن:
توێژینەوەکانی (Folkman & Lazarus, 2020):
گرنگی پەرەپێدانی میکانیزمەکانی خۆگونجاندن، ڕۆڵی باوەڕە ئایینی و کەلتوورییەکان، گرنگی پشتگیری خێزان و کۆمەڵگا
پەرەپێدانی تواناکانی تاک.

پێشنیارەکان بۆ چاکسازی:
بەپێی (WHO Guidelines, 2022):
دامەزراندنی سەنتەری تایبەت بۆ چارەسەری دەروونی.
ڕاهێنانی پسپۆڕانی دەروونی، پەرەپێدانی بەرنامەکانی هۆشیاری کۆمەڵگا، دابینکردنی پشتگیری دارایی بۆ قوربانیان. ئەم پرسە چارەسەرییانە هەموویان لە ئاستی جیا جیا و رێژەیی جیا جیادا دەتوانن هاوکاربن بۆ چارەسەری ئەم گرفتە.

سەرچاوەکان:
1-https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC8418154/

2-https://psycnet.apa.org/record/2015-30136-000

3-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/28856337/

4-https://www.semanticscholar.org/paper/Association-of-trauma-and-PTSD-symptoms-with-to-and-Bayer-Klasen/36a855621b5fe11860aaf519dcb14ce2b77dc323

5-https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC6127768/

6-https://www.semanticscholar.org/paper/The-development-and-maintenance-of-post-traumatic-a-Johnson-Thompson/ea1770e21f771db9785ee22bb1f2ff0032ecc7a6

7-https://journals.sagepub.com/doi/full/10.1177/00812463221076053

8-https://www.unicef.org/eca/stories/protecting-childrens-mental-health-emergency-settings#:~:text=The%20World%20Health%20Organization%20(WHO,likelihood%20of%20mental%20health%20reactions.

9-https://wkc.who.int/our-work/health-emergencies/knowledge-hub/mental-health-psychosocial-support-(mhpss)/mhpss-related-guidelines




لە سێبەری شەڕدا.. شیعری نەوزاد مدحەت

لەوێ لە لا شانی ئەو شەقامە
تەباشیر چوارگۆشەی خانە خانەی دەکێشا،
کۆڵان پڕ دەبوو لە تریقەی مناڵان
ژیان لەو پەڕی سادەیی خۆیدا
باوەشی بە خۆشەویستیدا دەکرد.

ئێستا شەقام چۆڵ و
داپۆشراوە بەخۆڵی باڵەخانە رووخاوەکان
وردیلە خەمگینەکان لە پەنجەرەکان دانیشتوون،
چاوەڕێی ئەو باوەشانەن کە دوێنێ لەباوەشیدەکردن.

جۆلانەکانی باخچەی گەڕەک
بێدەنگ دەجووڵێنەوە،
بای خەمبار بێ ترس لە گیزەی گولە و
رمبەی تۆپەکان
پاڵیان پێوە دەنێت.
چیتر زەنگی قوتابخانە کات دیاری ناکات ،
دەنگیان کپ کراوە بە دەنگە تاریکەکان

لە ژێرزەمینە قووڵەکان ،
فریشتەکانی ئەهریمەن لایەلایە دەچڕن،
دایکەکان زەردەخەنەی دڵنیایی
لە دەم و چاویان دەنەخشێنن
ترسەکانیان لە پشت چاوەکانیان دەشارنەوە.

بەڵام دڵی منداڵان
هێشتا خەونی ئاشتی دەبینێ،
ڕۆژانی پڕ لە وزەو راکەراکی ناوکۆڵان
کێکی لەدایکبوون وچاوەشارکێی دۆستانە،
هەموو ئەوانەی کە شەڕ ناتوانێ بیانسڕێتەوە.

هیواکانیان بە قەڵەمی ڕەنگاوڕەنگ دەکێشن،
لەسەر ئەو دیوارانەی
کە برینی شەڕ هەڵدەگرن،
ئازایەتیان وەک گوڵی کێوی
بەهێز دەڕوێت لە درزەکانەوە
کە منداڵی ڕاستی دەکاتەوە.

کاتێک بەیانی دێت، وەک دەبێت بێت،
ئاشتی تۆزی شەقامەکان رادەماڵێ
کات لە زەنگی قوتابخانەکانەوە دەڕژێتە کۆڵانەکان
باخچەی گەڕەک پڕدەبێت لە گەورەو بچووک
لەوێیە پێکەنینی منداڵان بە ئازادی دەڕژێت،
شەڕ دەبێتە چیرۆکێکی کۆن.

شیعری نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)




قەی رانی حکومەتەکانی ئەوروپا.. زاهیر باهیر

حکومەتەکانی ئەوروپا هەر لە ئەڵمانیاوە تاکو فەرەنسا ، بریتانیا ، پۆڵۆنیا ، هەنگاریا زۆری تریشیان لە قەیرانێکی سیاسی گەورەدا دەژین و ڕەنگیشی لەسەر بارودۆخی ئابووریشیان داوەتەوە، هەندێکیشیان قەیرانە ئابوورییەکە قەیرانی سیاسیشی بۆ دروست کردوون .
بەڕای من هەردوو قەیرانەکە، هەردوو پرسەکە واتە پرسی سیاسی و پرسی ئابووری تەواوکەری یەکدین و ئەمیان بەویانەوە بەستراوەتەوە و هیچ کام لەم دوو قەیرانە بێ ئەوی دیکەیان زەحمەتە بوونی هەبێت.
دەتوانم بڵێم لەم جارەدا قەیرانە سیاسییەکە قەیرانە ئابوورییەکەی خولقاندوە. ب قسەی من لەسەر قەیرانی ئابووریی تەواوی سیستەمەکە نییە ، بەڵکو ئەو قەیرانە ئابووریەیە کە لەسەر هاووڵاتیان و دانیشتوانیانەو باجەکەی دەدەن، لە کاتێکدا حکومەت یاخود حکومەتی جێگرەوە وەکو خۆی دەمێنتەوە کە دەکرێت کورد وتەنی بڵێین بۆ هاووڵاتیان هەمان تاس و هەمان حەمام دەبێت.

چۆن قەیرانە سیاسییەکە قەیرانە ئابوورییەکەی خوڵقاندوە؟

جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا لەلایەن ناتۆ و تەواوی وڵاتانی ئەوروپای سەر بە بلۆکی سەرمایەداری غەربی هەروەها زۆرێکیش لە ئابووریناسان و ڕۆشنبیرانی ڕؤژئاوا و کوردیش وا پێشبینییان دەکرد کە لە ماوەیەکی کەمدا ڕوسیا تێدەشکێ و مونافیسەکانی و دوژمنەکانی هەر لەو ماوە کەمەدا ئەوەی کەی دەیانخواست بەدەستیدەهێنن و ئەو کاتەش دەکەونە دابەشکردنی غەنیمەکە.
بەڵام جەرەیانی ڕووداوەکان تەواو تەواو پێچەوانەی خواستی ئەوان کەوتەوە تا ئەو رادەیەی کە لە هەفتەی پێشوودا زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە ڕاگەیاندنێکیدا ، کە پێدەچێت ئەوە حەلی دۆناڵد ترامپ بێت ، دەریبڕی کە ئامادەیە بە کردنی گەورەترین سازش، ئەویش دەستبەردار بوونی بەشێك لە خاکی ئۆکرانیایە بۆ ڕوسیا بە شێوەیەکی کاتیی. سەبارەت بە بەشە داگیرکراوەکانی تری لە ئایندەدا لە ڕێگەی دیالۆگ و چالاکی دیبلۆماسیانەوە دەستیان دەکەوێتەوە بەڵام بەو مەرجەی کە لە ئێستادا ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆدا قەبوڵ بکرێت.

درێژەدانی ئەم جەنگە نەك هەر درزێکی گەورەی خستە ناو دەوڵەتانی ئەوروپا و کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتییەوە، بەڵکو ئەو قەیرانە ئابوورییەی ئێستاشی دروست کرد کە بووە هۆی دەرکردنی وەزیری دارایی ئەڵمانیا لە لایەن چانسڵەی ئەڵمانیاوە ، ئێستاش متمانە سەندنەوە لە میشێڵ بارنیەر (Michel Barnier ) سەرەک وەزیرانی فەرەنسا کە بە 331 دەنگ توانرا ناچاری دەست لە کار کێشانەوەی بکەن. ئەمەش دووەم جارە لە ساڵی 1962وە لە فەرەنسەدا ڕوودەدات لە دوای متمانە سەندنەوە لە حکومەتەکەی جۆرجس کۆمپیدۆ .

چۆن قەیرانە ئابورییەکەی فەرەنسا لەسەر دەستی قەیرانە سیاسسیەکەیدا ڕویدا و بۆچی قەیرانی ئابوورییە؟

دوای ئەوەی بە بڕیاری ئیمانوێڵ ماکرۆن هەڵبژاردنیێکی کتوپڕ لە حوزەیران دا کرا تاکو چی تر بیانویەك لە حوکمڕانییەکەیدا بۆ متمانە پێکردنی لە لایەن فەرەنسییەکان و بەرە و لایەنەکانی دیکەوە نەمێنێتەوە ، لەو هەڵبژاردنەدا هیچ حیزب و لایەنێك ئەوەندە دەنگیان نەهێنا تاکو حکومەت پێكبهێنن. دواتر هەرچۆن بوو میشێڵ بارنیەر کرا بە سەرۆك وەزیران . ئەمە لە کاتێکدا کە ئابوری وڵات بەرەو خراپتر دەڕۆیشت و دەبێت چارەسەرێك بکرێت .
بێ گومان چارەسەر لە لای حکومەتی لیبراڵ و نیولیبراڵ بۆ پڕ کردنەوەی بوجە و نەکردنی قەرزی دیکە تەنها دوو تا سێ چارەسەرە: زیادکردنی باج، کەمکردنەوەی مەسروفات لە خزمەتگوزارییەکانی وەکو بەشی تەندروستی و خوێندن و پارکەکان ، بەشی هاتوچۆ و بەشی خانوو بەرە و دەستە و دایەرەکانی دەوڵەتیی، هەروەها کەمکردنەوەی یاخود بڕینی بیمەکان . هەر هەموو ئەمانەش لەسەر کرێکاران و هەژاران و خەڵکە ئاساییەکە دەکەوێت نەك دەوڵەمەندەکان و چینی باڵادەست .

لەم بارەدا میشێڵ بارنیەر بۆ پڕکەکردنەوەی 60 ملیار یورۆ ، بە پشتی بڕگەی 49.3 لە دەستوری فەرەنسەدا دەتوانێت ئەوانەی سەرەوە بکات بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەڕلەمان . هاوکاتیش دەستور ماف دەدات بە پەڕلەمان کە ئەگەر ڕازی نەبوون ئەوە دەتوانن متمانە لە سەرەکوەزیران و حکومەتەکەی بسەننەوە. ئەم بڕیارەی سەرەك وەزیران و کاردانەوەی پەڕلەمان بووە هۆی دەستکێشانەوەی خۆی و حەلبوونی حکومەتەکەی.
زۆرێك لە ئابووریناسان و سیاسییەکان قسەیان لەسەر ئەوە کردوە کە لە ئەمساڵدا فەرەنسا سەقامگیر نەبووە. ئێستاش دەڵێن ماوەیەکی دیکەی دەوێت تاکو ئەو سەقامگیرییە خۆی دەسەپێنێت.

باری ئابووری بریتانیا لە فەرەنسە باشتر نییە و ئەمانیش وەکو پێشتر باسم کردوە کە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی کە لە موچەدا هەبوو کاتێک کە حیزبی کرێکاران هاتە سەر حوکم هاتن چەند ڕیفۆرمێکیان کرد و بە تەماشن لە ساڵی ئایندەدا زیاتر بکەن. ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵ لە هەژاریدا دەژی و نزیکەی 11 ملیۆن کەسیش هەر لە هەژاریدا دەژین کە زۆرێکیان ئییشیش دەکەن، خزمەتگوزارییەکان لە کەمبوونەوەدان و نرخی وزە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا 9 سەرکەوتووە. هەڵئاوسانی پارە دابەزی بەڵام لە مانگی ڕابوردووەوە سەرکەوتەوە ، ڕێژی سوو تا ئێستاش هەر زۆر بەرزە کە کارایی خۆی لەسەر وەبەرهێنان و هەژراکردنی زیاتری خەڵك لە دانەوەی سلفەی عەقار و بەرزبوونەوەی کرێ و قەرزی سەیارە و پێویستی ماڵ داناوە . بەڵام لەبەر ئەوە حیزبی حوکمڕان هێشتا لە مانگی هەنگوینیدایە زۆر کەمتر میدیا و نقابە لێی دەخوێنن. هاوکاتیش حکومەت خۆی پابەندی هاوکاری دارایی ئۆکرانیا بە بڕی 3 ملیار پاوەندساڵانە تا ساڵی 2030 کرد.

بار و دۆخی ئابووری پۆلۆنیاش لەمانی دیکە باشتر نییە ئەمە جگە ناڕەزایەتی خەڵکەکەی بە هۆی ئەوەوە. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی مافی ژنان لە دەرهێنانی کۆرپەلەدا گرفتێکی سیاسی گەورەیە بۆ دەسەڵات . هەنگاریا ، گەر چی ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی دڵی بۆ روسیا دەسوتێ و نزیکە لە ڕوسیاوە ئەمەش سەریەشەیەکی دیکەیە بۆ یەکێتی ئەوروپا.

ئەم بارودۆخە ئابوری و سیاسییە لە ئەوروپادا لەوە ناکات کە بەرە و باشی بڕوات بە هاتنی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ کە لە شەڕی باج و مامەڵەی بازرگانییدایە لە گەڵ تەواوی ئەورپا و چین و کەنەدا و مەکسیکۆ و هەروەها وڵاتانی بریکس(BRICS ) کە 38 کە وڵاتگەرلێکی زۆرن. ترامپ بڕیارە لە یەکەم ڕۆژی حوکمکردنیا لە سەدا 25 گومرگ لەسەر مامەڵەی بازرگانی لەسەر مەکسیکۆ و کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپی دابنێت و لەسەر چین بە لە سەدا 10 زیاتر و لەسەر وڵاتانی بریکس لە سەدا 100 تاکو دراوی بریکس جێ بە دۆلار شلۆق نەکات . هەموو ئەمانە هێمای خراپتربوونی ئابووری ئەوروپا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەیە .

لە لایەکی دیکەوە بوونی شەڕی ئیسرائیل لە غەزە و لوبنان و ئێران و ئێستاش کە ئەم بارودۆخە تازەیە لە سوریا خولقاوە و لەوە دەکات کە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ناوینی تێوە بگلێ، ئابووری چەند وڵاتێك تا ڕادەیەك بەرەو داڕمان دەبات و هێشتاش نازانین چی دەبێت .
هەموو ئەمانە قەیرانە ئابوورییەکانی دەوڵەتانی ئەوروپی و هەندێك لە وڵاتانی دیکە قوڵتر دەکاتەوە، ئەم قەیرانەش ئەم حکومەتانە بەرەو قەیرانی سیاسی گەورە دەبات .

زاهیر باهیر
07/12/2024




گـرنگـیـیەکانی کـنجکاوی بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

زاراوەی کـنجکاوی لە زمانی ئینگـلیزیـدا (کریۆرستی) یە. لە عـەرەبیدا (فـضولیە) یە. لە لاتـینیـشـدا (کـریـۆسیتاس ـ کـریـۆسوس) بە واتا (ئارەزووی زانـین، پـرسیارکـردن، ئارەزووی هـەڵـبژاردن، فـێربـوون، کاری لـێهـاتـوویی)، چەنـد واتایەکی کەشی هـەیە.
کنجکاوی یەکێکە لە تایبەتمەنـدییە گرنگەکانی مـرۆڤ، کە دەتـوانێت یارمەتی بدات بۆ گەشەکردن و مانەوە. کنجکاوی رێگایەکە بۆ هاندانی مێشک بۆ فـێربوون. ئارەزووی مـرۆڤە بۆ زانـین و تێگەیـشتن. هـۆکاری سەرەکی پـێشکەوتـن و سەرکەوتنێ مرۆڤە. بەراورد لەگەڵ جـورەکانی تردا، کـنجـکاوی تایبەتـمەنـدییەکی ناوازەوەیە و پاڵـنەرێکە بۆ فـێربوون، کە لە هەموو مرۆڤـێکـدا بوونی هەیە. هەر لەبەر ئەم هـۆکارە، پێویستە راهـێنان لەسەر بنەمای ئەم تابەتمەنـدییە مـرۆییە بکـرێت، بۆ ئەوەی کاریگەرتر بێت.
پێـناسە سەرەتـاییەکان، کـنجـکاوی، بە ئـارەزووی پاڵـنەر بـۆ بەدەستهـێـنانی زانـیاری نـاوبـردوون. دەوتـرێـت ئـەم خـواسـتە پـاڵـنەرە، لە سـۆز و لە ئـارەزووی زانـین و لە تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێت. (کاتریـن تـۆمی) دەڵێـت:”بە گـشتی ئەسـتەمە بگەینە پێناسەیـەکی گـشتگـیر بـۆ چەمـکی کـنجـکاوی. بەڵام بە رێکەوتـنی گـشتی، کـنجکاوی ئامـرازێکە بـۆ کـۆکـردنەوەی زانیـاری”. دەرووننـاسانـیـش پـێـیانـوایە، کە کـنجـکاوی تەنهـا بـریتی نیـیە لە تێـرکردنی پێویستیـیەکی دەستبەجێ وەک، برسێتی یان توینـێتی. بەڵکـو سەرچـاوە و پاڵـنـەرێکی ناوخـۆیی هـەیە.
کـنجکاوی لەلای منـداڵان:
منداڵان بە سروشتی کنجکـۆڵـن. بە کنجکاوییەکی رەمەکی بێـسنوور و بە کارامەییەکی زگـماکی لەدایک دەبن. بۆیە گەشەکردنی تواناکانی کـنجکاوی لە منـداڵاندا، شتێک نییە کە لە هـیچەوە دەست پێبکات. هەر لە سەرەتاوە هەوڵـدەدەن لە جـیهانی دەوروبەریان تـێـبگەن. شــتەکانی دەوروبـەریـان دەبـیـنـن و دەسـتـیان لـێـدەدەن و تامـیان دەکـەن و دەپـرسـن: ئەمـە چـییە؟ بـۆچـی؟ چـۆن؟ لە کـوێـوە هـاتـوون؟ چـۆن کـاردەکـەن؟ ئـەی ئاسمان بۆ شینە؟ پـرسیارەکانیان بێشومارن و کۆتاییان نایات. هەنـدێک جار پرسیاری سەیر دەپرسن. ئارەزووی منداڵان لەم پرسیارانەی کە دەیانکەن، فـێربوونی زانیارییە دەربارەی نهـێنییەکانی شتەکانی دەوروبەرەیان. ئەگەر لە تەمەنێکی بچووکدا دەرفەت بە منـداڵەکانتان نەدەن کە کـنجکاوی بن، ناتـوانن زۆر شـت لەم جیهـانەدا بـدۆزنەوە.
توێـژینەوە و لێکـۆڵینەوەیەکی زۆر لەسەر کـنجکاوی لە منـداڵانـدا، لەسەر چەنـدین چـەمکی جـۆراوجـۆر کـراون. کە هـەمـوویان بە دەوری کـنجکاویـدا دەسووڕێـنەوە.
(ویـلـیام جەیـمس) دەڵـێت:”کـنجکاوی پـاڵ بە منـداڵانەوە دەنێـت بەرەوە تازەگـەری، بـەرەو ئـەوەی گەشـاوەیە، زینـدووە، سـەرسـوڕهـێـنەرن”. دەتـوانـرێـت وەک هـەر کارامەییەکی تر، ئـەم لـێهاتـووە سـروشتیە رەمەکـییە، لە منـداڵانـدا بە رەخـسانـدنی هـۆکارەکانی گەشەکردن و پێشکەوتـن بەهـێز بکـرێـت. منداڵان بە سروشتی خۆیان هەوڵی زیادکردنی کنجکاوی خۆیان دەدەن. هەموو ئەزموون کارێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئەمە بەکاردەهێنن. منداڵان لە ژیانێکی خێزانی ئارام و ئاسوودەدا زیاتر گەشەدەکەن.

کـنجکاوی شـتێک نییە کە ئێـمە فـێـری منـداڵانی بکەیـن. بەڵکو ئـەوە ئارەزوویەکی ناوەوەی منداڵانە بۆ فـێربوون. کە وایان لێدەکات بەدوای ئەزموونی نۆێـدا بگەڕێـن. کاتێک کە منـداڵان کنجکاوی دەبن، بە تامەزرۆییەوە بەدوای جیهـانی دەوروبەریاندا دەگەڕێن. دەڕوانن و دەپرسن. جیهانی منداڵان پڕە لە شتی نوێ، لە خولیای نوێ، لە تاقـیکردنەوەی نوێ. لە داهـێنان، لە سەرەکـێشی بۆ دۆزینەوە و زانین و تێگەیشتن.
تا کـنجـکاوی منـداڵان زیاتـر بێـت، زیاتـر تاقـیکـردنەوە دەکـەن و زیاتـر فـێردەبـن و وەردەگـرن. تـوێـژینـەوەکان ئـەو راسـتـیـیەشـیان دەرخـسـتـووە، کە پەیـوەنـدیـیەکی فـیـزیـۆلـۆژی لەنێـوان کـنجکاوی و چـێـژ و فـێـربـوونـدا هـەیە.

شارەزایان کنجکاوی بە کلیلی فـێربوون دەزانن. بۆیان دەرکەوتـووە ئەو منـداڵانەی
کە کـنجکاویـن، لە قـوتـابخـانە و لە ژیـانـدا سـەرکەوتـوون. بە زۆری دڵخـۆشـتر و گەشبینتر و جیاوازتـرن لە هـاوڕێ هـاوتەمەنەکانیان. جیاوازتـریشن لەسەر ئاستی پـراکتیکی و ئەکادیمی. بەگشتی کنجکاوی تایبەتمەندییەکی ئەرێنی یە، کە یارمەتی منـداڵان دەدات بۆ گەشەکـردن و فـێربـوون و بەدەستهـێنانی زانست و پێـشکەوتن.
هەرچەنـدە کنجکاوی تایبەتمەنـدییەکی بەسوودە لە منداڵاندا. بەڵام دەبێت کۆنترۆڵ بکـرێـت و بە ئاراستەیەکی دروستـدا، ئاراسـتە بکـرێـت.

هەر منداڵـێک ئارەزووی جیاوازی هـەیە. لەوانەیە زیـاتر لەو بابەتـانەی حەزیـان لـێـیانە زیاتر کـنجکاوی بن. هەوڵـدەدەن زیـاتر دەربـارەی ئارەزووەکانیان بـزانـن. راسـتە کە منـداڵان بە سـروشتی کـنجکـۆڵـن، بەڵام پێـویسـتیـیان بە هـانـدان و بە پـشتگـیری و بە ژیـنگەیەکی رەخـساو هـەیە، بـۆ پـەرەپـێـدانی داهـێـنانەکانیـان.
سوودەکانی کـنجکاوی بۆ منـداڵان:

کنجکاوی لە منداڵاندا چەندین سوود و گرنگی هـەیە. چونکە یەکێک لە لە باوترین تەکنیکەکانی بەرزکردنەوەی داهـێنان کنجکاوییە. سوودەکانی کنجکاوی بۆ منداڵان:
١ـ کاتێک کە منـداڵان کـنجکاودەبـن، کـنجکاوی مێـشکـیان بۆ فـێربوون ئامادەدەکات، مێـشکـیان دەبنـە ئامـرازێکی خـێرا، بۆ کـۆکـردنـەوەی زانیـاری و بە هـانـدەرێک بـۆ دروستکـردنی خولـیای فـێربـوونی بابـەتە دڵخـوازەکانیان.
٢ـ کنجکاوی لە منداڵاندا، یارمەتییان دەدات زیاتر حەزیان لە گەشەکردن و فێربوونی زانیاری نوێ و پرسیارکردن بێت، لە هەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەریان دان. زیاتر سەرنـج بـدەن و چاودێـری رووداو و گـۆڕانکارییەکانی جـیهـانی دەوروبەریان بکەن.
٣ـ کنجکاوی بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی گەشەکردنی دەروونی منداڵان، بۆیە پێویستە ژینگەیەکی لەباریـان بۆ بـڕەخـسێـنن بۆ وەرگـرتنی زانیـاری لە جیهـانی دەوروبەریان.
٤ـ کـنجکاوی رۆڵـێکی گەورەی لە چـۆنییەتی گەشەکـردنی کەسایەتیی منـداڵان هـەیە، ئەگەر بێتو بە باشی رێنمایی بکرێن و بە دروستی ئاراستە بکرێن. ژیانی منداڵەکانتان بە تـەواوی دەگـۆڕێـت.
٥ـ کنجکاوی بەشدارە لە چالاکردنی (هـیپۆکامپوس) کە بەشێکە لە ناوندەکانی مێشک. هـیـپۆکامپـوس پێویستیـیەکی بەسـوودە، بـۆ دروستکـردن و بەهـێزکـردنی یادەوەرییـە مـاوەکـورتەکان و مـاوە درێـژەکـان.
٦ـ کنجکاوی هـۆکارێکە هـانی منداڵان دەدات. کە ئارەزووی فـێربـوونی شتە نوێیەکان بکەن، لە رێگەی تاقـیکردنەوەوە. منداڵانی کـنجکاوی بەزۆری گەشـبین و دڵخـۆش و هـیواخـوازن و جیـاوازن، لەگـەڵ منـداڵانی هـاوتەمەنیانـدا.
٧ـ بە پشتبەستن بە توێژینەوەکان، کە لەلایەن کۆمەڵەی زانستی دەروونییەوە، ئەنجام دراون، کنجکاوی رۆڵێکی گرنگ لە ئاستی خوێندنی منداڵان دەگێڕێت. منداڵان کنجکۆڵ بەزۆری لە قـوتابخانەکانـدا، ئاستی ئەکادیمیان، لە منـداڵانی هـاوپـۆلەکانیان بەرزتـرە.
٨ـ کـنجکاوی لە منـداڵانـدا، دەتـوانێـت رۆڵـێکی زۆر گـرنگ بگـێڕێت لە باشترکـردنی پەیـوەنـدییەکانی منـداڵان. فـێردەبـن کە چـۆن سـنوور بـۆ پەیـوەنـدییەکانیـان دابـنـێن.
٩ـ کـنجکاوی وا لە منـداڵان دەکـات، کە بتـوانـن کـێشەکـانی خۆیـان چـارەسەربکەن. بـشتـوانـن لە داهـاتـوودا رووبـەڕووی ئاستەگـیـیەکانی رێـگەی ژیـانیـان بـبنـەوە.
١٠ـ کـنجکاوی یارمەتیی منـداڵان دەدات، کە بێـزارنەبـن و دان بە شـکـستیدا نەنـێن و چەند جارێک هەوڵبدەدەن بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن. بۆ نموونە (تۆماس ئەدیسۆن) ی داهـێنەری کارەبا. منداڵـێکی کنجکۆڵی زۆر پرسیارکەر بوو. بۆ داهـێنانی کارەبا، لە (٩٩٩) تاقـیکردنەوەدا سەرنەکەوت. بەڵام ئەدیسۆن بێـزار نەبوو و وازی نەهـێـنا، تا لە تاقیکردنەوەی (١٠٠٠) رەمیندا سەرکەوت و کارەبای داهـێنا. هەروەها نووسەر و شانۆکاری جیهـانی (شکسپـیر) دەڵـێت:”تا لاپەڕەیەکـم نووسی.. هـەزار پەڕەم دڕی”.
١١ـ منداڵانی کـنجکاوی، هەردەم شـتێک لە ئەنـدێـشە و مێشکیان دایە، بۆ داهـێنان و زانـین و دۆزینەوە، یا بـۆ تاقـیکـردنەوە و سەلـمانـدن.
١٢ـ کـنجکاوی، داهـێنان، لێهـاتـوویی چارەسەرکـردنی کـێشەکان، سێ تایبەتمەنـدیی گرنگن، کە فـێربـوونییان، تەواوی ژیانی منـداڵەکانتان مسۆگەر دەکەن و دەبنە هـۆی داهـێنان و داڕشـتـنی بیـرۆکەی نـوێ و پـلانـدانـان لە دواتـردا.
١٣ـ منداڵانی کنجکاوی، هەردەم حەزدەکەن خۆیان ببنە پێشەوە و لەبەردەم هاوڕیانی هـاوپۆلەکانیان و مامۆستاکانیان، تواناکانی خۆیان بسەلمێنن. زیاتر لە قوتابییەکانی تر دەستیان بەرزدەکەنەوە، زیاتر دەپرسن. حەزدەکەن زیاتر خۆیان خۆشەویسـت بکەن.
١٤ـ کـنجکاوی، ئازایـەتییەکی وێژەیی زیـاتـر بە منـداڵان دەبەخـشـێـت. بەبێ تـرس و بێ شەرمکردن، بە زارەکی لەبەردەم کەسانی تردا، گوزارشت لە ناخی خۆیان دەکەن.
چـۆن پـەرە بە کـنجکاوی منـداڵەکانتان دەدەن:

دایکان و باوکان و مامۆستایانی خۆشـەویست، دوای ئەوەی کە سوود و گرنگییەکانی کـنجکاویتـان زانی، بـۆ ورووژانـدنی بیـرکـردنەوە و بـۆ پـەرەپێـدان بە کـنجـکاوی لە منـداڵەکانتان و لە قـوتابییەکانتانـدا، گەلـێک هـۆکـار و رێـگا هـەیە کە بـیانگـرنەبـەر:
١ـ هانـدانی منداڵان بۆ پرسیارکردن: هەرچەندە ئەو پرسیارانەی منداڵەکانتان دەیانکەن بێـشومـارن و رەنگە بێـزارکەریـشـبـن. پـرسیارگەلـێکی سـەیـر و سەرسـوورهـێنەرتان لێبکەن. لەوانـەیە وەڵامـدانەوەیان قـورسبـێـت، یان وەڵامی دەسـتبەجـێی هـەنـدێـک لە پرسیارەکانیان نەزانـن. وەک: ئێـمە لە کـوێـوە هاتـوویـن؟ بۆ خەڵکی دەمـرن؟ خـوا لە کـوێـیە؟ بـۆ چـیای هـەڵگـورد ئەوەنـدە بـەرزە؟ بـۆچی…؟چـۆن…؟ بـۆچـی… بـۆ..؟ بە دەیان پرسیاری لەم جـۆرانە. بەداخەوە کە هـەنـدێک لە دایکان و باوکانی نابـەڵـەد، لە منداڵەکانیان تـووڕە دەبن و بە: چەنبـاز، هەڵـەوەڕ، خۆهەڵـقـورتین، زۆربـڵێ، بێشەرم ناویان دەبەن. بەڵام لە راسـتیدا زۆر پـرسیاکـردنی منـداڵان، نیشانـەی زیـرەکـیـیانە. بە دوای وەڵامی دروسـتی پـرسـیارەکـانیانـدا دەگـەڕێـن، دەیـانـەوێـت ئـەوەی نایـزانـن، لە رێـگەی وەڵامی راستەوە بیـانزانـن. بۆیـە هـانـدانی منـداڵەکانتـان بۆ پـرسـیارکـردن بە ئـازادی، گەشـە بە کـنجکاوییان دەکـات. ئیـلهـام بەخـشیش دەبـن بـۆ ئـەوەی درێـژە بە فیربوون و بە زانین و بە دۆزینەوە و بە وەرگرتن و بە داهـێنان بدەن. بۆیە کنجکاوی تایبـەتـمەنـدیـیەکی ئەرێـنی و خـوازراوە لـە منـداڵانـدا. هـەرگـیز نابێـت وەڵامـدانـەوەی پـرسیارەکانی منـداڵـەکانتان پـشتگـۆێ بخـەن، یان بە هـەڵە وەڵامیان بـدەنەوە. چونکە کاردانەوەی خـراپیان لەسەر دەروونی منـداڵەکانتان دەبێـت. وا تێدەگەن کە بەهەنـدیان نازانـن و شایەنی رێـزگرتن نین. ئەوان وا دەزانن کە ئێوەی دایکان و باوکان، هەموو شـتێک دەزانـن و وەڵامی هـەمـوو پـرسیارێکتان لەلایـە. پێـویستە بە نـەرم و نیانی و میهـرەبـانی و زەردەخـەنە و سـنگـفـراوانیـیەوە، گـوێ لە پـرسـیارەکانی منـداڵـەکانتان بگـرن و پـردێکی خۆشـەویـستی و رێـز لە نیـوانتـانـدا هـەبـێـت.
٢ـ چالاکـییەکانی رۆژانە: ناوبـەناو گـۆڕانکاری لە رۆتـینی رۆژانەی منـداڵان بکەن و سوپـرایـزە ئەرێنییەکان پێویستن، دەتـوانن ئارەزووی کنجکاوی منداڵان باشتر بکەن. کاریگەرییەکی زۆر لەسەریان دروستبکەن. چونکە رووڕبەرووی شتی نوێ دەبنەوە.
هەوڵی گۆڕانکاری و تازەگەری ناوازەیی دەدەن. هەستی کنجکاوی منداڵان و شێوازی دەرکەوتنیان و جـۆری پرسیارەکانیان، بەپێ قـۆنـاغـەکانی تەمـەنی منـداڵان دەگۆڕێت.
٣ـ زۆر خوێنـدنەوەی پەرتـووک: هـەر لە منـداڵـییەوە، منـداڵەکانتان بکەن بە هـاوڕێی پەرتـووک و گـۆڤارەکانی منـداڵان، تا خـوو بـە خـوێـنـدنەوەوە بگـرن. چـونکە وەڵامی بەشـێک لەو پرسـیارانەی لە ئەنـدێـشەیـان دان. لە رێـگەی خـوێنـدنەوەوە بەدەستـیان دەهـێنن. چـیرۆکی خۆشییان بۆ بخوێـننەوە و دەربارەی چـیرۆکەکە پرسیاریان لێبکەن.
٤ـ پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان لە کنجکاویدا، ببن بە پێشەنگ و بە سەرمەشق بۆ منـداڵـەکانتان: تا چاو لە ئێـوە بکەن و بە دووای زانیـاری و بیرۆکەی نوێـدا بگەڕێـن.
٥ـ منـداڵەکانتان بەرن بۆ سەیران و بۆ گەشـتی سروشت: بیان بەن بۆ مۆزەخانەکان و بۆ پەرتووکخانە گشتییەکان و بۆ پێشانگاکانی وێنە و بۆ کۆڕی ئەدەبی و رۆشـنبیری و بـۆ بـینـیـنی فـیـلمی سـینەمـایی تایبـەت بە منـداڵان و بـۆ بیـنـیـنی شـانـۆی منـداڵان. بە تایبەتی منـداڵان لە سـروشـتەوە زۆر کارامەیی فـێردەبـن و کـنجاویتردەبـن، کۆمەڵـێک بیرۆکە و پرسیار نوێیان و داهـێنانیان لا دروست دەبن. زانیاری زیاتر بەدەستدەهـێـنن. دەربارەی ئەو شتانەی کە دەیانبینن، پرسیاریان لێبکەن و گوێ لە وەڵامەکانیان بگرن.
٦ـ هەرچەندە زۆرێک لەو شتانەی کە منداڵان حەزیان لێدەکەن، یان دەیانەوێت تاقـییان بکەنەوە، مەترسـیدارن بۆیـان: بەڵام نابێت سەرکوت و دەمکوتی منداڵەکانتان بکەن و بیانتـرسـێنـن بە: نـەکەن، وا مەکەن، دەستیان لـێمەدەن، تاقـییان مەکەنەوە، رامەکەن، قـسەمـەکەن، سەرکـوێـریان بکەن و هـەمـوو شـتێک لـێـیان بـکەن بە بـڤـەیە،. بەڵکو باشتر وایە هـەوڵـبدەن ژینگەیەکی فـێربوونی گونجاو و هـانـدەریان بۆ بـڕەخـسێنن. با خۆیان تاقـیبکەنەوە. راستی و هەڵەکانی خۆیان بـزانـن، پەنـد و وانە لە سەرکەوتـن و لە شکستییەکانیان وەربگـرن. مەبەستیشمان ئەوە نییە، لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵـدا نەبـن. لە کاری ملهـوڕی و سەرەکـێشیی لە توانابەدەر و مەترسیدار دوورنەخرێنەوە.

بۆ هـانـدان و پشتگـیریی کنجکاوی لە منـداڵەکانتانـدا، دەبێـت کاتیان بۆ دیاری بکەن و بابەتی هەمەجۆرە و هەمەڕەنگەی یاریکردنینان بۆ دابین بکەن لەگەڵیاندا یاری بکەن. بۆ گەشەکردنی ئەنـدێشە و بیـرکردنەوەیان. بـواری پرسیار و وەڵامیان بۆ بـڕەخـسێنن.
٧ـ دابینکردنی ئامرازە مۆدێـرنە گونجاوەکان بۆ منداڵەکانتان: بتانەوێت یان نەتانەوێت، ئەم ئامرازانە، وەک: ئینتەرنێـت و ئایپـاد و ئەپـڵـیکەیـشنەکان. بـوونەتە پێویستیی ئەم سەردەمە. کە هـۆکارێکن بۆ گەشەکردنی کنجکاوی لە منداڵانـدا. کاریگەرییان هـەیە و سـوود بە منـداڵەکانتـان دەبـەخـشن، لەسـەر خـۆیـان فـێریان دەبـن کە چـۆن بەکاریـان بهـێـنن. بە دوای وەڵامی پـرسیارەکانیان و بە دوای شتی نـوێـدا دەگەڕێـن بێجگە لەو هـۆکار و رێگایانە، بۆ پەروەردەکردنی دروستی کـنجکاوی لە منداڵاندا، گەلێک هـۆکار و رێگەی تـر هـەن، کە هـانـدەر و یارمەتیـدەرن بۆ زیـاتر گەشـەکـردن و پەرەپـێـدانی کـنجکاوی و گەشبینی و هـیواخوازی لە منداڵەکانتانـدا. کە کاردانەوەیان لەسەر ژیانی ئەمـڕۆ و لە داهـاتـوویانـدا هـەیە و دەبێـت. پێـدەچـێـت کە کـنجـکاوی بە تـێپەڕبـوونی کات، کـاڵ بـێـتەوە یا کەمـتر بێـتەوە، فـێربـوونی فەرمی جـێگەی دەگـرێـتەوە.
ئەم نووسینەی ئـێـمە، دەربارەی کنجکاوی لە منـداڵاندا، بە مەبەستی زانیاری و سوود وەرگرتنە. جێگەی راوێـژکردن لەگەڵ پـزیشکی دەروونناسی منـداڵان ناگرێتەوە. ئەگەر لەم بارەیەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کنجکاوی منـداڵەکانتاندا، تووشی کـێشەیەک بوون، بێ شەرمکـردن دروسترە، راوێـژ بە پـزیشکێکی پسپۆری دەروونناسی منـداڵان بکەن.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە چەندین سایتی ئینگلیزی و عەرەبی وەرگرتووە.
رەزا شـوان
نەرویــج: ٢٠٢٤




ئەوە کوردە.. ئەوە کوردە.. ئەوە کورد.. شیعری نەوزاد بەندی

ـــ ـــ

بە هەوڵ و کار و خەباتی هەموو لایەک ،
توانیمان حوکمەتی کار بەڕێکەر
بگۆڕین بە حوکمەتێکی کەربەڕێکەر ..

٭ ٭ ٭

کاتێ مافی کوردێک ئەخۆی ،
خۆی شل ئەکا ،
لەبەر ئەوەی مافێکی تریشی بخۆی ..!

٭ ٭ ٭

گوێی لێ بگریت ،
بە هیچ شتێ ڕازی نییە ..
گوێی بۆ ببڕیت ،
بە هەموو شتێ ڕازییە ..

٭ ٭ ٭

بە هەوڵی دەسەڵاتی کورد و ..
بە بێ دەنگیی موچەخۆرانی لاتی کورد ،
کورد داهێنانێکی تری بۆ دەرهێنا
یان دەرهێنانێکی تری بۆ داهێنا :
مانگی 67 ڕۆژیی بوو .. تۆزێکی تریش شلی کەن ،
ئەیگەیەنینە 90 ڕۆژ ..
دڵنیام دوای نەوەد ڕۆژیش ، شلکردنتان هەر پێ ماوە ..
شلکردنتان بۆ دوای سەد ڕۆژیش داناوە ..!

٭ ٭ ٭

کورد ،
تاکە بوونەوەرێکە
لە مێژووی عیلمی حەیوانا ،
دڵی پڕ پڕە لە برین ..
ژیانی پڕ پڕە لە وەڕین ..
حەوشەکەی پڕ پڕە لە دز ..
کۆیلە و بەشخوراو و سەرکز ،
کەچی هەر دەم ئەکاتەوە ،
ڕێک بە قاقا پێ ئەکەنێ ..
ئەمە پێکەنینە ڕۆڵە یان پێداکەندنە ، ڕۆڵە ؟
ئەمە بێ حەیاییە، ڕۆڵە ،
یان عەقڵ دۆڕانە ، ڕۆڵە؟
ئەم هەموو نوکتەیە
لەکوێوەیه ..
چۆن ئەبارێ ؟
ئەمە نوکتەیە یان چڵمە شۆڕ بۆتەوە ، هەموو جارێ؟
یان میزە بە ڕێی قاچاخا ،
لە سەرەوە دێتە خوارێ ؟

٭ ٭ ٭
کاتێ بێگانەیەک
تۆپ و درۆن هەڵئەسێنێ
شار و دێی کورد ئەسوتێنێ ..
کورد لە پڕا ،
هەڵمەت بۆ بێگانە دێنێ ..
بۆ شەڕ نا ..
بۆ گەشت و گوزار ..
لە پایتەختی داگیرکەرەکەی ،
خەرج ئەکا ،
ساڵانە ملیاران دۆلار ..

٭ ٭ ٭

کورد پاڵەوانە بۆ شەڕی ،
کورد فەوتاندن ..
تاکە مەرجی کورد لە شەڕا ،
ئەوەیە بەرامبەر کورد بێ ..!

٭ ٭ ٭

کورد تەنها یەک کات گەرم ئەبێ و
دین و ئیمانی نامێنێ و
لە پڕ دەست ئەکا بە گریان ،
کە میکرۆفۆنی کەناڵێ ،
یەخەی ئەگرێ ..
تەنها ئەو کاتە، خەبەری ئەبێتەوە و
تێئەگا لە هەر چوارلاوە ،
خستوویانەتە ناو دەمی ،
ئەوەی پیسە یان پێڵاوە ..
ئەگەر شەش ملیۆن میکرۆفۆن ،
لە هەمان کاتا ، بخرێنە بەردەمی
تاک بە تاکی کورد ،
ڕێی تێ دەچێ بۆ چرکەیەک بتوانن لەسەر بە بابەتێ کۆبنەوە
یەکبوونیان پەرە پێ بدەن ..
تڕێ به کۆمەڵ لێبدەن ..

٭ ٭ ٭

لە خوای میهرەبان بە زیاد بێ ،
بە هەوڵی هەموو کوردەکان ،
جارێکی تر
هەرچی کوردە درا بە گان ..
توانیمان ووشەی دەسەڵات ،
بگۆڕین بۆ لات و مەنات ..
توانیمان ووشەی فەرمانبەر ،
بکەین بە دەنگدەر ..
بە هاندەر ..یان بە تاودەر ..
توانیمان وشەی جەماوەر ،
پڕکەین لە ئاو
بە بێ ئاگر ..
هەتا ئەبن بە سەماوەر ..

٭ ٭ ٭
کورد کە ئەبێ بە فەیلەسوف ،
ئینجا دەمی جڕت ئەگرێت و
بە لغاوەیا دێتە خوار ،
کەفاو و لینجاوی جنێو ..
کورد کە ئەگاتە دکتۆرا ،
ئینجا ڕوخساری ئەگۆڕێ و
ئەبێ بە دێو ..
تێ ناگەم لەم چاو و ڕاوە ..
بەڵام دڵنیام لە گڵ نا ،
کورد لە گو دروستکراوە ..

لە مێژووی گیانەوەرزانی و
تەنانەت ڕووەکزانیشا ،
هیچ بۆق و
بەڕوویەک نییە ،
نان و ئاو و ڕوناکی نەبێ و
نەیشمرێ ..
وشک نەبێ و
بۆ خۆی بژی ..
کەچی بۆ گیرفانی دوو باند ،
کردبێتی و بیکا چەندین شەڕی گەرمی براکوژیی ..
ئەوە کوردە ..
ئەوە کوردە .. ئەو کورد ..
حەیای نییە ،
مەڵێن بۆچی حەیات برد ..




بازگە.. شیعری ستار ئەحمەد

تیشکی چاوت
تەلیسمی هەناوی من بوو
بەدەم شنەی باوە فڕی
چوون کلوە بەفر
دەهاتە خوار
لەسەر لوتکە هەڵدەپەڕی
چەندین شەوان
سروشتی کردە گوڵە لۆکە
هەتا دەهات
سەر زەمینی خڕ داپۆشی
زاری سەرما نەهاتە گۆ
گەرمیی عەشقمان
بەسەر لاشەی چیایەکەوە
وێنەکێشی ڕووگەی خاک بوو
نەمانی ترس
بەرۆکی تاریکی گرت و
گوڵە ئەستێرەی شەوانە
کەم کەم نەوی
لەهەور دابڕا بۆ زەوی
گریەی چرۆ
لەژێر کڵاوی دڵۆپەدا
خزا لەپاڵ بەردی سوورا
جۆگەلەی جۆش
هاتە بزوان
باڵندەی تەزیوی دوان
هەڵچوونەوەی کانیلەکان
بەفری دەمیان
نەخشەیەک بوو بۆ نیشتمان
گازندەی برووسکەی ئاسمان
دەنگی تاسا
لەگەواڵەی پرچی هەورا
دیمەنەکان چەتری ڕووناکیان هەڵکرد
لێزمەی باران
لەگەرووی بادا وشکی کرد
توانای بەفر لەباڕەشا
تەرمی خۆری لە باوەشدا
ساتە چرپەی ئێواران بوو
تەلبەندی بازگەی ژوان بوو
هەنسکە ماچی داباران
تیشکە بای سروشت داگیرسا
پەری دەریا
لەلانکەی ئاودا ڕووت قووت
لەخەوی بێداری هەڵسا

ستار ئەحمەد




سوریا مەیدانی کێشەی جەمسەرە جیهانی و حکومەتانی ناوچەکە!.. نوری بەشیر

ئەوەی کە ئێستا لەسوریادا روودەدا، شەڕێکی ناوخۆیی نیە بە ئەندازەی ئەوەی کە مەیدانێکە بۆ کێشەی جەمسەرەکانی دنیا و حکومەتانی ناوچەکە کە کاریگەریان بەسەر سوریاوە هەیە. بەتایبەت بەدوای چەند ساڵ، لانی کەم لە شەش ساڵی رابردوودا لەگەڵ کەشێکی نیمچە ئارام کە هەموو هێزەکان لەناوچەکانی خۆیاندا بێدەگ بوون، لەگەڵ ئەوەی سوریایان دابەشکرد بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی؛ ئەسەد، روسیا، ئێران و حزبوڵا لەلایەک، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی؛ تورکیا و هەیئەی تەحریری شام و دەیان حزبی ئیسلامی تر، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەو یەپەگەو ئەمریکا لەلایەکی ترو هەندی ناوچەی بچوکی تر لەلایەن هێزەکانی داعش و هەندێ هێزی ئیسلامی ترەوە. بەڵام بۆچی لەمکاتەدا ئەمە روودەدات و بەخێراییەک هێزە ئیسلامیەکانی وەک هەیئەی تەحریری شام و ژمارەیەکی تر، بەیارمەتی تورکیا، حەڵەب و چەند ناوچەی دەوروبەری دەستبەسەردا دەگرن و هێزەکانی سوریا، روسیا و ئێران و حزبوڵا بەبێ بەرگری دەردەکەن، کە ئەمانە زۆر هەڵدەگرن و زۆر شکوگومان باسدەکرێت و لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆدەکرێت، کە شوێنی باس نیە لێرەدا، بەڵام دەکرێت هەندێ لە هۆکارەکان و زەمینەکانی لە کۆمەڵێک لایەنی ناوخۆو ناوچەیی و جیهانیدایە بخرێتەڕوو.
هەر ئەوەی لە ٢٠١١وە لەسوریادا حکومەتێکی جێگیرو دەسەڵاتی تەواوی هەتا بەسەر ناوچەکانی خۆیشیدا هەبێت نەبووەو نیە، ئەوەی بەشار ئەسەدی راگرتووە روسیاو هاوپەیمانەکانیەتی لە ئێران و حزبوڵایە، بەڵام جێگاورێگای هەریەک لەم هێزانە وەک دەورەی پێشوو نەماوەو گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا لە سیانزە ساڵی رابردوودا لەلایەن روسیاو ئێران و حزبوڵاوە ماوەتەوە، ئەسەد ئیدامە بەژیانی نەگریسی خۆی دەدات لە سوریایەکی پارچە پارچەبووی ژمارەیەک هێزو لایەنی جیهانی و ناوچەیی رایانگرتووە. لەو ماوانەدا کۆبوونەوەکانی جنێف لەلایەن ئەمریکاو رۆژئاواوە شکستی هێنا. کۆبوونەوەکانی ئاستانە لەلایەن روسیا، ئێران و تورکیاوە بۆ چارەسەری کێشەی سوریا شکستی هێنا، هەروەها هەوڵەکانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی بۆ هێنانەوەی سوریا بۆناو کۆمەڵگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی و ئارامکردنەوەی سوریا، سەرکوتوو نەبوو، هەوڵەکانی تورکیا بۆ دانیشتن لەگەڵ بەشار ئەسەد بۆ رێکەوتن و دانانی شەرت بۆ سوریا شکستی هێنا. هەر لەم ماوانەدا گۆڕانکاری لە جێگاوڕێگای روسیا، ئێران و حزبوڵا نەک تەنها لە سوریا بەڵکو لە ئاستی دنیادا گۆڕانی بەسەردا هات.
ئەم هێرشانەی ئێستای هەیئەی تەحریری شام و دەیان گروپی کە بە ١٢ گروپ دەستنیشان دەکرێت کە هەموویان دەستەجاتی ئیسلامی وەک هێزی کۆنەپەرست و دژی مەدەنیەتی کۆمەڵگان، هەروەها بوونی هێزەکانی تورکیا لەوناوچانەدا، کە هەموو ئەو لایانەش بەیارمەتی و دەستپێشخەری حکومەتی ئۆردوگان لە تورکیا دەچەرخێن و کۆمەک دەکرێن. رێک بەدوای ڕێکەوتنی ئیسرائیل و حکومەتی لوبنان بۆ ئاگربەستی ٦٠ رۆژەو کشانەوەی هێزەکانی حزبوڵا لە باشوری لوبناندا، کە لێدانەکانی حزبوڵاو کوژرانی حەسەن نەسروڵاو ژمارەیەک لەسەران و ئەندامانی حزبەکەی و کوژرانی هەزاران لەخەڵكی مەدەنی و کاولکردنی بەشێکی زۆری کۆمەڵگای لوبنان و ئاوارەیی، هەر حزبوڵا خۆی بێهێز نەکرد لە لوبنان و سوریا بەڵكو جێگاوڕێگای ئێرانیشی لە لوبنان و سوریا لاوازکرد. هاوکات روسیاش جێگاوڕێگای پێشووی لەسوریادا نەماوە بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ ناتۆدا لە ئۆکرانیا وە زۆرترین قورسایی لەسەر ئەو کێشەیە داناوە، کە کە کێشەی لەگەڵ ناتوادا و سەرکەوتنی دەتوانێت چارەنوسی هێزی لەدنیادا بگۆڕێت.
بێگومان ئەم هەنگاوەی حکومەتی تورکیا بۆ جوڵاندنی هێزەکانی هەیئەی تەحریری شام بەڕابەری ئەبو محەمەد جولانی پەروەردەی دەستی زەرقاوی و ئەبوبەکر بەغدای لە قوتابخانەکانی قاعیدەو داعشدا و ئیسلامیەکانی تر کۆمەكکردنیان بەهەموو شێوەیەک، بەبێ گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمریکا نەبووە، کە کاتو فرسەتێکی باشە بۆ تورکیا کە سود لە بێهێزی روسیاو ئێران و پاشەکشەی حزبوڵا لەناوچەکەدا وەرگرێت، ئەمە بۆ تورکیا لە پاشەکشەیەک لەناوچەکەدا بەشێوەیەک کردویەتی و هەلومەرجێکی قەیرانی تورکیا کە هەیەتی، دەویەوێت جێگایەک بگرێت، وە ئەمریکاش پێویستی بەمە هەیە.
لەولاوە هەموو وڵاتانی ناوچەکە لەپەیوەندو سەردانی یەکتردان لەم پەیوەندەدا لەئاستی باڵادا، ئێران لەرێگای وەزیری دەرەوە، لەگەڵ تورکیا و عێراق و سوریا و روسیا لەچاوپێکەوتندایەو بەنیازی سەردانی وڵاتانی عەرەبیە، سەرانی عێراق لەگەڵ تورکیاو ئێران لەپەیوەندیدایەو هێزەکانی سوپاو حەشدی شەعبی عێراقی لەسنورەکان و هەتا هەندێ لە ملیشیاکانی حەشدی شەعبی سنوری سوریایان تێپەڕاندوە بۆ یارەمەتی بەشار ئەسەد، پەیامی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئارامی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بەرچاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەو هێزانەو حکومەتانی ناوچەکەو جەمسەرەکانی روسیاو ئەمریکاش بە بەرنامەو بەرژەوەندی جیاوازی خۆیانەوەن و دەخالەت لەسوریا دادەکەن و کێشەیان هەیە، بەڵام هەموویان هاوڕان لەسەر چەند خاڵێک ئەویش دژایەتی تیرۆریزم و یەکپارچەیی خاکی سوریاو نەڕوخانی رژێمی بەشار ئەسەدە لەئێستادا.
دنیای دووڕوویی و درۆزن و چاوبەستی سەرمایەداری و حکومەت و سەران و حزبەکانیان، جارێکی کە هەرەوەک ئەوەی لە ئۆکرانیا روویدا بەردەوامە. ئەوا هەموولایەنەکان لەجەمسەرە جیهانی و حکومەتانی ناوچەکە، لەسوریا دووبارەی دەکەنەوە. سوریا لە ٢٠١١ وە نزیەکەی نیوەی لە خەڵكەکەی کە لەجێگاوڕێگای خۆیان هەڵكەنراون، لەوانە نزیەکەی ٧ ملیۆنی چۆتە درەوەو بە دنیادا بڵاوبوونەتەوەو لەوانە نزیکەی سێ ملیۆن و نیوی لە تورکیادان و هەروەها چەند ملیۆنی تر لەناوچەکانی تری سوریا ئاوارەو سەرگەردانن، جیا لە ملیۆنان کەس لە کوشتارو بریندار، بەجیالەوەی کە کۆمەڵگە کاولبووەو برسێتی و هەژاری پێشێلکاری کەیشتە ئەوپەڕی خۆی چ لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەدو حزبوڵای لوبنان و ئێران و روسیا لەلایەک و لەلایەکی ترەوە بەهۆی هێزە ئیسلامیە جۆراوجۆرەکان و تورکیاو ئەمریکاوە لەلایەکی ترەوە، بەڵام ئەوە ئەمەی ئێستاشی هاتەسەر.
بەڵام حکومەتان و میدیا گوێ لەمستە بۆرژوازیەکانیان هەریەکەو لەگۆشەنیگای بەرژوەندیەکانی خۆیانەوە کەئێستاش کوشتارو ئاوارەیی دەچێتەسەر، بەڵام بەشوێن بەرنامەی خۆیانەوەن کە تورکیاو ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دژایەتی روسیاو ئێران، کێشەیان نیە هێزێکی تیرۆریستی وەک هەیئەی تەحریری شام کە لە ناو قاعیدەو داعشەوە هاتووە بەشداری دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی پێبکەن و وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن دەیناسێنن و قبوڵیانە. روسیاو بەشار ئەسەد کە پاشەکشەیان پێکراوە لە حەڵەب و دەوروبەری و تەنیا فرۆکە جەنگیەکانیان بەدەستەوەیە ئەوا خەڵك لەگەڵ باڵەخانەو زەویدا تەخت دەکەن، لەژێر ناوی لێدان لە ئۆپۆزیسیۆن.
هەموو ئەو لایەن و هێزانە قسەوباسی رۆژانەیان دژی تیرۆر یان بەرگری یەکپارچەیی سوریایە، بەڵام بابزانین خۆیان لەکوێی تیرۆرو دابەشکردنی سوریادا راوەستاون. دیارە ئەوان بەپێی ئەو یارمەتیەی کە هی هەیئەی تەحریری شام و ئیسلامیەکانی تری دەدەن کە رۆژانە ژەهری دژی ژن و ئینسان دەڕژن و فتوا دەدەن و مرۆڤ دەکوژن و لە ٢٠١٧ وە ناوچەی ئەدلیب و باکوری سوریان جیاکردۆتەوەو ژەهری کۆنەپەرستی و جیاکاری تێدا دەچێنن، مەبەستیان ئەمانە نیە، لەهیچ شوێنێکدا باسی داعشیش ناکەن بە جیاوازی خوازو تیرۆریست ناویان نابەن.
دیارە قسەی ئەمانە لەسەر تیرۆرو تیرۆریزم و دابەشکاری خاکی سوریا، بەرنامەو سیاسەتیان دژی هێزێکی کەیە ئەویش هەسەدەو یەپەگەیە، کە لەسوریادا ئەگەر هێزگەلێک هەبێت باسی دابەشکردنی سوریا نەکات ئەمانەن، ئەگەر هێزگەلێک هەبێت دژی تیررۆ بێت هەرئەمانەن، کە بەکردەوە دژی تیرۆریزمی داعش و قاعیدە جەنگابن و ئەمەش جێگاورێگای ئێستای پێبەخشیون.
بەڵام ئەوەی تورکیا پێشڕەوایەتی بزوتنەوەی دژی تیرۆر دەکات و داوای یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات، کێشەی خۆیەتی لەگەڵ هێزیکدا لانی کەم لەسوریا نیشانیداوە کە جیاوازە لە ئیسلامیەکانی هەیئەی تەحریری شام و ئیسلامیەکانی ترو ئەمە بەجیا لەوەی تیرۆریست نین و جیاوازی خواز نین، بەڵام بۆ ئایندەی نەک تەنیا سوریا بۆسەر خۆیان و تورکیا بەترس دەیبیننەوە.
تا بە هەسەدە دەگات ” هێزەکانی سوریای دیموکرات” کە ناوچەیەکی زۆریان بەدەسەتەوە لە رۆژئاوای سوریا بەناوچە کوردیەکان و ناوچەی عەرەب زمان، کە ژمارەیەکی زۆر لە ‘ کوردو عەرەب بە وەی جیا دەکرێتەوە بە مەسیحی و موسڵمان و هەتا شیعەشیان تێدایە’، کە ژمارەیەک لە حزبی عەرەبی و کورد لەخۆدەگرێت لەوانە یەپەگە ‘ یەکینەکانی پاراستنی گەل’ وەک یەکێک لەو هێزانەیە کە وەک هێزێکی کوردی ناوچەی رۆژئاوا.
هێزەکانی هەسەدە، بەجیا لەهەر تێبینیەک و جیاوازیەک من کەهەمبێت لەگەڵیاندا، بەڵام نیشانیان داوە ناوچەکانی ئەوان جیاوازە لەناوچەکانی ترو خەڵكەکەی لەهەندێ ئازادی و ماف بەهرەمەندن بەتایبەتی ژنان، بەتایبە لەم هیرشانەی دواییدا بۆسەر حەڵەب و ناوچەکان خەڵكێکی زۆری ناوچە عەرەبیەکان روویانکردوەتە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە، کەبەپێی هەندێ سەرچاوە ئێستا ناوچەی رۆژئاوای سوریا نزیکەی زۆرترین دانیشتوانی سوریای لەخۆگرتووە، بەوەی کە ئاسایش ترە بۆ ئینسان. دیار ئەو حکومەت و میدیانە وەک هێزی سەرمایەداری و کۆنەپەرست چاویان بەجۆرێک لەناوچەی وادا هەڵنایەت و بۆ خەڵكەکەی بەڕەوا نابینن، بەڵام باسی ئەوە ناکەن بۆ ئەو خەڵکە عەرەبانە رووناکەنە ناوچەی ئیدلیبی ژێر دەسەڵاتی ئیسلامیەکان.
هەروەک ئەوەی لە ئۆکرانیا روودەدات جەنگی نێوان روسیاو هاوپەیمانەکانێتی لەگەڵ ناتۆ کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەلایەکی ترەوەیە، کە مەیدانەکەی وڵاتی ئۆکرانیایە. سوریاش مەیدانێکە بۆ کێشەی نێوان ئەو هێزە جیهانی و ناوچەییانە، کە قوربانیەکانی خەڵکی سوریا بەردەوام دەیدات، کە ترس و دڵەڕوکێی لەوڵاتانی ناوچەکە بۆ نائارامیەکی زیاتر دروستکردوە، کە چارەسەر نە بەمانەوەی بەشار ئەسەد بەتەنیاو هەتا دەسەڵاتیشی سەراسەری بێتەوە نیە، یان ئەوەی تورکیا پێشنیاری دەکات بۆ رێکەوتنی بەشار ئەسەد لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی وەک هەیئەی تەحریری شام و هەموو لایەنە ئیسلامیەکانی تر هەر نەک ئایندەیەکی باش بۆ سوریا ناهێنێت، بەڵکو ناوچەکەش تێکدەدات، خەڵک تەجروبەو دەرسی جمهوری ئیسلامی ئێرانی لەناوچەکەدا لەبەردەستدایە. کەواتە چارەسەر لای ئەوان نیە.
ئەم هەلومەرجەی سوریا بۆ ئێمە کۆمۆنیستەکان و کرێکاران زۆر گرنگە نەک وەک تەجروبەیەک بەڵكو وەک مەیدانێکی عەمەلی، ئەم هەلومەرجە بە ئێستایەوەو بەهەر ئایندەیەک کە دێتە پێشەوە کاریگەری گەورەی لەسەر هەلومەرجی باوچەکە دەبێت، بۆیە زەرورە لە نەزەری ئێمە بۆ رێگاچارە بەشوینیەوە بین بزانین چیە؟ لەهەلومەجێکی ئێستای سوریداا کۆمەڵگەیەکی نۆرماڵ نیە، واتە وڵاتێکی ئارام، یان خاوەن حکومەتێکی جێگیر ئەگەر دیکتاتۆریش بێت نیە، کە خەڵک لەشوێن و جێگای خۆیدا بێت و لەگەڵ رژێمێکی وادا دەستوپەنجە نەرمبکات، وەک لە ئێراندا هەیە، بۆیە دەبێت لەسەر هەلومەرجێکی وادا کە چینی کرێکار لەشوێن و جێگای خۆیدا نیە، کۆمەڵگا باری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی داڕوخاوە، حزبی چینی کرێکارو کۆمۆنیستی نیە، دەبێت لەکوێدا بۆ چارەسەر بگەڕێین.
ئێمە بۆ ئۆکرانیاش لێکدانەوەیەکی دروستمان کرد، هەربۆیە ئەگەر بۆ چارەسەری راستی کێشەی سوریا بگەڕێین، هەڵویستی دروستمان هەبێت، دەبێت لەبەرژوەندی خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی سوریاوە سەیر بکرێت، ئەبێت لەئێستا بۆ رێگایەک بگەڕێین کۆمەڵگا لەو سەرگەردانیە دەربهێنێت بۆ باشتر لەم هەلومەرجەی هەی، ئەبێت کاریگەری زیانباری خراپتر کە چاوەڕێی سوریا دەکات و کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت رێی پێبگیرێت، کەواتە ئەگەر رێگایەک هەبێت بۆکاتیهێنان بە کوشتارو کاولکاریەک کە نزیکەی ١٥ ساڵە بەردەوامەو هیچ بەهایەکی ئینسانیان لەو کۆمەڵگایەدا نەهێشتۆتەوە، مەدەنیەتیان لەوکۆمەڵگایەدا بڕیوە، ئەوا دەبێت بڵێین کە ئەمە تەنیا لەدەست خەڵكی زوڵملێکراوی ئەو کۆمەڵگایەدایە بەهاوپشتی بزوتنەوەیەکی ئینسانی و ئازدیخوازو کرێکاری و چەپ و رادیکال لەدنیادا، ئەوەی کراو دەکرێت بۆ فەلەستین، کەبەرژەوەندیان لەگەڵ ئەو جەمسەری جیهانی و حکومەتانی ناوچەکەو بەشار ئەسەدو ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی و حکومەتی تورکیادا یەک ناگرێتەوە.
زەرورە هەموو ئەو حزبانەی سوریا بە کوردی و عەرەبیەوە کە مەدەنی و عەلمانی و رادیکال و چەپن، بتوانن هێزی خۆیان بهێننە مەیدان، ناوچەو هێزێک کە قەسەدەو یەپەگە تێیدا هەیە نەک هەر بپارێزرێت بەڵكو بەرەو ناوچەکانی ترو فراوانتر بڕوات و لە هێزە ئیسلامیەکان و تورکیا لەلایەک و لە بەشار ئەسەدو ئێران و حزبوڵا پاکبکرێتەوەو. هاوپشتی جیهانی بۆیان رابکێشرێت، بۆ ئاڵوگۆڕێکی تر بەپێچەوانەی ئەوەی هێزە جیهانی و حکومەتانی ناوچەکە کە ئێستا دەیانەوێت، بۆ مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو خەڵكی سوریا.

٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٤




وێنا جیاوازه‌كان له‌ فه‌زای (سڵاو له‌ بیكێت)ی (داستان به‌رزان)دا.. بڵند باجه‌لان

سه‌ره‌تا:

(سڵاو له‌ بیكێت)، ناونیشانی ده‌قێكی (داستان به‌رزان)ه‌ كه‌ تیایدا شاعیر به‌ره‌و كۆمه‌ڵێك وێنای جیاوازی شیعری ئاراسته‌مان ده‌كا، كۆمه‌ڵێك وێنا كه‌ سه‌ر به‌ فه‌زای جیاوازن له‌نێو فه‌زای ده‌قه‌كه‌دا جێگایان ده‌بێته‌وه‌.
له‌ شیعره‌كه‌دا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌ستانه‌ی له‌ ژیانه‌وه‌ جێده‌مێنن، به‌ خه‌یاڵی گه‌یشتن به‌ مردنێك كه‌ له‌وه‌یه‌ نزیك بێت، ده‌بینین. وێناكان به‌رده‌وام ده‌بن تا سنووری گه‌یشتن به‌و وێنایه‌ی، گه‌یشتن پێی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ سنووره‌ ترازاوه‌كانی نیشتمانه‌وه‌. چونكه‌ كۆی ده‌قه‌كه‌ كاركردنه‌ له‌نێو ئازار و سه‌فه‌ره‌ له‌ ئازارێكه‌وه‌ به‌ره‌و ئازارێكی تر، ئه‌وا له‌ سێبه‌ری به‌شێك له‌ دیدگاكانی (فریدریك نیتشه‌)دا(1)، قسه‌ له‌سه‌ر شیعره‌كه‌ ده‌كه‌ین.

پاژی یه‌كه‌م: ئه‌ڵماسه‌كانی نێو جیهانێكی تاریك

گوزارشتكردن له‌ دنیایه‌كی تاریك كه‌ ناخمان پڕ ده‌كا له‌ تاریكی و نیگا و هه‌ستیشمان به‌ هه‌مان شێوه‌، وه‌كو (دنیای هه‌بوو)ی نێو شیعره‌كه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌، بۆیه‌ شاعیر به‌رده‌وام ده‌یه‌وێ له‌م دنیایه‌ ڕابكا، ڕاكردنێك كه‌ ده‌ره‌نجامی هه‌مان ئه‌و ململانێیه‌یه‌ له‌ ئاستی ژیاندا ده‌یكات.
(( ئه‌ڵماسه‌كان له‌ ناومدا
ده‌جوڵێنه‌وه‌ و
گه‌شه‌ ده‌كه‌ن
ڕێگرییان لێده‌كه‌م نه‌دره‌وشێنه‌وه‌
په‌رش نه‌بن
نه‌شكێن
نه‌توێنه‌وه‌
له‌ جیهانێكدا كه‌ تاریكه‌.))
ئه‌و به‌هایه‌ی له‌ ناخی شاعیردا هه‌ستی پێكرا، هه‌مان ئه‌و ئه‌ڵماسه‌یه‌ كه‌ پێویستی به‌ جۆرێك له‌ پارێزگاریی خودی هه‌یه‌، واته‌ ئه‌وه‌ شاعیره‌ ده‌بێت له‌ ئاستی ئه‌و هه‌موو تاریكییه‌ مه‌زنه‌، پارێزگاری له‌و ئه‌ڵماسه‌ تاقانه‌یه‌ بكا كه‌ وزه‌ی به‌رده‌وامیی خوده‌ و به‌ نه‌مانی، (خودێكی ته‌نیا و بێهێز) ده‌بێته‌ چه‌ق. به‌ ئامانجی دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌ی تاریكی و هاتنی تاریكیی مه‌زن، ده‌بێته‌ پارێزه‌ر و پاسه‌وانی ئه‌ڵماسه‌كه‌ی ناخی.
ئه‌م ململانێیه‌ له‌گه‌ڵ ژیان و تاریكی، فه‌زایه‌كی به‌رفراوانی فه‌لسه‌فه‌ی (نیتشه‌) ده‌گرێته‌وه‌. (نیتشه‌) شه‌رابی نه‌ده‌خوارده‌وه‌ و گه‌وره‌یی ده‌به‌سته‌وه‌ به‌ ئازاره‌وه‌، یانی ئه‌وانه‌ی له‌ ڕێگای شه‌راب و ڕاكردنه‌وه‌ خۆیان ده‌خه‌نه‌ نێو دۆخی نائاگایی، چیتر گه‌وره‌ نین، بۆیه‌ به‌ركه‌وتن به‌ ئازار وه‌كو پێویستی ده‌بینرێ كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی دیدگای (شۆپنهاوه‌ر)ه(2)‌، به‌ڵام په‌یوه‌ندی (نیتشه‌) له‌گه‌ڵ ڕاستی، وه‌كو په‌یوه‌ندی (مارتن لۆته‌ر)(3) نه‌بوو له‌گه‌ڵ (ئیمانی ئایدۆلۆژی)، سنووردار نه‌بوو، ئاسته‌ جیاوازه‌كانی ده‌گرته‌وه‌، ‌ هه‌ر ئه‌م دیدگایه‌یه‌ وا ده‌كا لای (نیتشه‌) به‌زه‌یی بكه‌وێته‌ نێو قاڵبی خراپه‌وه‌، ‌ كاتێ تۆ به‌زه‌ییت به‌ من دێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ خۆشتده‌وێم، به‌ڵكو له‌وه‌ ده‌ترسی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر من هاتووه‌ به‌سه‌ر تۆش بێت، له‌ ڕێگای نیشاندانی به‌زه‌ییه‌وه‌، ئه‌و ترسه‌ له‌ خۆت دوورده‌خه‌یه‌وه‌.
شاعیر له‌ شیعره‌كه‌دا به‌رده‌وام فێری ئه‌وه‌مان ده‌كا، سه‌ر به‌ ئازارێكی دیاریكراو نه‌بین، دۆخه‌ جیاوازه‌كانی ئازار تاقی بكه‌ینه‌وه‌ و خۆمان ئالووده‌ی یه‌ك جۆری ئازار نه‌كه‌ین كه‌ ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌و دنیایه‌ی له‌نێو شیعره‌كه‌دا مانیفێست ده‌بێت و دنیای ئه‌و ئازاره‌ هه‌میشه‌ییانه‌یه، ناخمان داگیر ده‌كه‌ن و ڕۆحمان ئاوێزانی گوناهه‌كانی ئینسان ده‌كه‌ن. پارێزگاریكردنی خود له‌ ناخ و ئه‌ڵماسه‌كه‌ی كه‌ فاكته‌ری مانه‌وه‌یه‌تی، دیسانه‌وه‌ ده‌مانبه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و شه‌قامانه‌ی، پڕن له‌ ئازار، له‌ ئازاره‌ گه‌وره‌كانی نیشتمانه‌وه‌ تا ئازاره‌ سه‌رابییه‌كانی شیعر، له‌ ئازاره‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی سووتانی باخچه‌وه‌، تا ئازاره‌ سووره‌كانی مردنی گوڵ، ئه‌و وه‌كو چۆله‌كه‌یه‌ك كه‌ سووتان ناسنامه‌ی وجدی بێت، ده‌یه‌وێت فێری وانه‌ جیاوازه‌كانی ژیانمان بكا.
((گرانه‌ له‌ ماڵه‌كه‌مدا كه‌سێك هه‌بێت بیری بكه‌م
كه‌سێك هه‌بێت له‌ دڵمدا
كه‌سێك له‌ ماڵه‌كه‌یدا بیرم بكات)).
(( من تاكه‌ مرۆڤم
پێكه‌وه‌ دۆست و دووژمن
ده‌بێت له‌ ده‌ستیان ڕابكه‌م
من ئه‌و نه‌فره‌ته‌م ئه‌ی دڵ
ئه‌و نه‌فره‌ته‌!))
ته‌نیایی شاعیر به‌ ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێ. شاعیری ته‌نیا، ته‌نیایی خۆی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ بیركردنه‌وه‌وه‌، واته‌ مادام كه‌سێك نییه‌ شاعیر بیری بكا یان ئه‌و بیری شاعیر بكا، كه‌واته‌ شاعیر ته‌نیایه‌، ته‌نیایه‌ك كه‌ نابه‌خته‌وه‌ری به‌ شوێن خۆیدا ده‌هێنێ، چونكه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وانه‌ی‌ یادمان ده‌كه‌ن و بیرمان لێ ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌بنه‌ هۆكاری به‌خته‌وه‌ریمان. ‌ وه‌كو (ئه‌رستۆ) ده‌ڵێ: به‌خته‌وه‌ری ئامانجی یه‌كه‌می كرداره‌كانمانه‌، وه‌لێ له‌و‌ سیاقه‌دا به‌خته‌وه‌ری به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ بیركردنه‌وه‌وه‌، مادام كه‌سێك نییه‌ بیری بكه‌ین و كه‌سێك نییه‌ بیرمان بكا، كه‌واته‌ ئه‌و خوده‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی مندا بوونی هه‌یه‌، من نییه‌ به‌ڵكو سێبه‌رێكه‌ ده‌یه‌وێ ڕۆڵی من ببینێ له‌سه‌ر شانۆی ژیاندا، ئه‌گینا ئه‌وه‌ خود نییه‌ كه‌ به‌خته‌وه‌ره‌.
(نیتشه‌) كاتێ تووشی نه‌خۆشییه‌ك ده‌بێت، بۆ خوشكه‌كه‌ی ده‌نووسێت: هیچ قه‌شه‌یه‌ك نه‌یه‌ته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌م، دواتر كه‌ له‌و نه‌خۆشییه‌ چاك ده‌بێته‌وه‌، وێستگه‌یه‌كی تری ته‌نیایی (نیتشه‌) دێت، ئه‌و كاته‌ی خۆشه‌ویستترین هاوڕێی كه‌ (واگنه‌ر)ه‌ ته‌نیای ده‌كا و له‌ (به‌یروت) كۆنسێرتگه‌لێك ساز ده‌كا، گوزارشتن له‌ پیرۆزییه‌كانی مه‌سیحیه‌ت، چونكه‌ (نیتشه‌) ئه‌گه‌رچی ئه‌خلاقیاتی مه‌سیحی قه‌بووڵ بوو، به‌ڵام ته‌واو دژی سیفه‌ته‌ خوداییه‌كانی ئه‌و بوو، پێیوابوو (پۆڵس) بنیاتنه‌ری مه‌سیحیه‌ته‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای ده‌كرد كه‌ بڵێ: شه‌راب و مه‌سیحیه‌ت یه‌ك سه‌رچاوه‌ كۆیان ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ویشیان بێهۆشكردنی خه‌ڵكه‌، بۆیه‌ كاتێك (واگنه‌ر) جارێكی تر باوه‌ش بۆ مه‌سیحیه‌ت ده‌كاته‌وه‌، (نیتشه‌) ڕاده‌ستی ته‌نیایی ده‌كا.
ته‌نیایی هه‌میشه‌ نمایشی ئازار ده‌كا، وه‌لێ زۆرجار مرۆی ته‌نیا چێژ له‌و ئازارانه‌ی ته‌نیایی ده‌بینێ و خۆی جوانتر ده‌ناسێ و كۆمه‌ڵگا و ئه‌وی تر باشتر ده‌ناسێ، ئه‌و ناسینه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ تا ئه‌ستانه‌ی ناسینی خودا و له‌ڕێگای ته‌نیاییه‌وه‌، خودایه‌كی ته‌نیا ده‌ناسێ. شاعیر له‌م ده‌قه‌دا، دوو باڵمان پێده‌دا كه‌ به‌رده‌وام سۆراغی كه‌سه‌ ته‌نیاكانی پێ بكه‌ین، به‌جۆرێك ئه‌وه‌نده‌ خه‌یاڵمان ده‌با بۆ لای ئه‌وی تری ته‌نیا، زۆرجار ته‌نیاییه‌ جه‌وهه‌رییه‌كه‌ كه‌ ته‌نیایی شاعیره‌، ده‌بێته‌ دووڕیانی گه‌یشت و نه‌گه‌یشتن، گه‌یشتن به‌و خۆشییانه‌ی ژیان ده‌یانچێنێ له‌ باغی نه‌ستدا، نه‌گه‌یشتن به‌و نێرگزه‌ی مردن ده‌یچێنێ له‌ ماڵی حه‌قیقه‌ت و ئه‌به‌دیه‌تدا، بۆیه‌ له‌ ده‌قه‌كه‌دا له‌پاڵ نمایشی دیوه‌ سه‌رابییه‌كه‌ی ژیان، پێناسه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ مردنیش دێت، یانی كاتێ مردن دێت، ته‌نیایی دێت، كاتێكیش ته‌نیایی دێت، ئه‌و دیوه‌ سه‌رابییه‌ی ژیان كه‌ باسمان كرد، چیتر ناتوانێ نمایش بكا.
(( شتێك فریای مرۆڤ بكه‌وێت
ته‌نه‌كه‌یه‌ك ڕۆنی به‌تاڵ
تاته‌شۆرێك / سندوقێك لم/ ئیسپانه‌یه‌ك/ به‌لۆعه‌یه‌ك
مۆبایلێك / كه‌ره‌ڤانه‌یه‌ك/ پاره‌یه‌كی دڕاو
فریای مرۆڤ بكه‌وێت
فریای خۆی بكه‌وێت مرۆڤ
شتێك فریای مرۆڤ بكه‌وێت))
هه‌ڵه‌یه‌كی زمانه‌وانی له‌م پارچه‌ شیعره‌دا بوونی هه‌یه‌، ده‌بوو شاعیر بڵێت: ته‌نه‌كه‌یه‌كی به‌تاڵی ڕۆن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌تاڵه‌ ته‌نه‌كه‌كه‌یه‌ نه‌ك ڕۆنه‌كه‌. به ‌هه‌ر حاڵ ده‌قه‌كه‌ به‌دوای فریادڕه‌سێك ده‌گه‌ڕێ، ده‌ستی ئینسان بگرێ و به‌ به‌هاكانی مرۆڤبوونی شادبكاته‌وه‌، باوه‌ش به‌ مرۆڤدا بكات و بیكاته‌وه‌ به‌ مرۆڤ، جا ئه‌و فریادڕه‌سه‌ ته‌نه‌كه‌یه‌كی به‌تاڵی ڕۆن بێت یاخود مۆبایلێك یاخود كه‌ره‌ڤانه‌یه‌ك یان هه‌ر شتێك كه‌ ده‌توانێ فریای مرۆڤ بكه‌وێ. دوایین شت كه‌ شاعیر وه‌كو فریادڕه‌سی مرۆڤ ده‌یبینێ، مرۆڤه‌، واته‌ مرۆڤ كۆتا شته‌ ئومێدی ئه‌وه‌مان پێی بێت بتوانێ مرۆڤ ڕزگار بكا. ئه‌م ڕیزبه‌ندییه‌ په‌یژه‌ییه‌ی له‌ شیعره‌كه‌دا هاتووه‌، دیوێكی ئیستێتیكی ده‌قه‌كه‌مان بۆ به‌یان ده‌كا كه‌ گوزارشتی وشه‌كانه‌ له‌ مێژووێك كه‌ مێژووی مرۆڤه‌ و ئێستا و داهاتووێك كه‌ هی مرۆڤه‌.
ئه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ ده‌یڵێ ئه‌وه‌یه‌ كه‌: زۆرینه‌ی مرۆڤه‌كان جێگای ئومێد نین، به‌ڵكو پێویسته‌ شه‌قام و كۆڵان و خانووه‌كان ته‌ی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤێك بدۆزینه‌وه‌ كه‌ كه‌ڵكی هه‌بێت بۆ مرۆڤێكی تر. (نیتشه‌) به‌رده‌وام كێشه‌ی هه‌بوو له‌گه‌ڵ زۆرینه‌، بگره‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ی (نیتشه‌) كێشه‌بوو له‌گه‌ڵ دیموكراسیه‌ت، به‌ درۆی ده‌بینی و پێیوابوو ده‌وڵه‌تێك كه‌ بێهێزه‌كان پێكیان هێناوه‌، به‌هێزه‌كانیان كۆت و زنجیر كردووه‌، به‌ڵام كه‌سی به‌هێز شه‌هوه‌تی له‌ناو نابات به‌ڵكو ڕێكی ده‌خات، ئه‌م گرفته‌ش له‌ (وه‌های گوت زه‌رده‌شت)دا زیاتر ده‌رده‌كه‌وێ. كتێبه‌كه‌ له‌ چوار به‌ش پێك دێت و به‌ ده‌ربڕینێكی شاعیرانه‌ نووسراوه‌، تیایدا كار كراوه‌ بۆ تێكشكاندنی خاچ. به‌ كورتی: (زه‌رده‌شت) دوای ده‌ ساڵ له‌ گۆشه‌گیری له‌ ئه‌شكه‌وت دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و باوه‌ڕی به‌و خودایه‌ نه‌ماوه‌ مه‌سیحییه‌ت باسی ده‌كا، لێره‌وه‌ دنیای مرۆڤی باڵامان پێ ده‌ناسێنێ.
ئه‌و ته‌نیاییه‌ی شاعیر تووشی بووه‌، پێویستی به‌ كه‌سی دووه‌می قسه‌كه‌ره‌ كه‌ ببێت به‌ سێبه‌رێك و شوێنی شاعیر بكه‌وێ، به‌ڵام شاعیر نایه‌وێت سێبه‌ره‌كه‌ی هی خۆی بێت یان هی هیچ مرۆڤێكی تر، له‌به‌ر خراپه‌ی زۆری مرۆڤ، ده‌یه‌وێ سێبه‌ره‌كه‌ی هی مۆبایلێك یاخود به‌لۆعه‌یه‌ك یاخود ئیسپانه‌یه‌ك بێت. ئه‌وكاته‌ی نامۆبوونی مرۆڤ ده‌بێته‌ شتێكی ئاسایی، خود دێت له‌نێو ئه‌و بازنه‌ی نامۆییه‌دا، به‌ قه‌ڵه‌می وجود، وێنه‌ی مردن و به‌ قه‌ڵه‌می مردن وێنه‌ی ژیان ده‌كێشێ، تازه‌ كه‌ له‌ دیدگای ئه‌ودا دره‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فریادڕه‌سێكی زه‌مینی بێت، ئه‌وا ئیتر دنیای زه‌مین چیتر دنیای هاتنی فریادڕه‌سه‌كان نییه‌، بۆیه‌ به‌شێون كه‌سێكی تر و دنیایه‌كی تر ده‌گه‌ڕێت جگه‌ له‌ زه‌وی و مرۆڤ كه‌ له‌ ته‌نیایی دووری بخه‌نه‌وه‌، ته‌نیاییه‌ك كه‌ نه‌بێته‌ وێستگه‌ی دابه‌زین له‌ نیشتمانی ته‌نیاییه‌كی باڵادا، بۆیه‌ چون گه‌ڕیده‌یه‌ك نمایشی خۆی ده‌كا!

پاژی دووه‌م: سته‌می مرۆڤ له‌ مرۆڤ و هاتنی خیانه‌ت!

شاعیر درێژه‌ به‌ ناساندنێكی دیكه‌ی مرۆڤ ده‌دا. ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ مرۆڤ ده‌ناسێنێ، خودی مرۆڤه‌، بۆیه‌ هه‌ر ئه‌و خوده‌ زۆرجار خیانه‌ت له‌ به‌هاكانی مرۆڤبوون ده‌كا و ناسنامه‌ و پێناسه‌یه‌ك به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێ، كه‌ هی مرۆڤ نییه‌، ئه‌گینا مرۆڤ بۆ ده‌بێت خیانه‌تكار بێت؟!
((جیهانی من جیهانی دیكه‌ی زۆری تیایه‌
ماندوونابێت له‌ دروستكردنی بۆشایی
به‌رله‌وه‌ی گه‌ردوون بخنكێت
به‌رله‌وه‌ی گه‌ردوون بتوێته‌وه‌.))
دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌ك كه‌ شاعیر په‌یوه‌ست ده‌كا به‌ ئومێده‌كه‌وه‌، له‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و گه‌شت و گه‌ڕانه‌ خێرایه‌وه‌یه‌ به ‌ناخی خۆیدا ده‌یكا، دۆزینه‌وه‌ی جیهانێك له‌نێو زیهن و ڕۆحی شاعیردا كه‌ دابڕن له‌و دنیایه‌ی مرۆڤه‌كان ئاوێزانی بوون، باسیان كراوه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت وه‌كو واقیع مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دنیا تازه‌ دۆزراوه‌كه‌ی نێو ناخی بكا و وه‌كو خه‌یاڵ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دنیا هه‌بووه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بكا، ئه‌گه‌رچی له‌ ڕووكه‌شدا دنیای ده‌ره‌وه‌ دنیای واقیعه‌ و دنیای ناوه‌وه‌ دنیای خه‌یاڵ، وه‌لێ هه‌میشه‌ حه‌قیقه‌ت له‌ قوڵاییدا بوونی هه‌یه‌ نه‌ك له‌ ڕووكه‌ش و بۆشاییدا. ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌یه‌ی خود ده‌ركی پێ ده‌كا، ئێستا گه‌ردوونێكی تر دێت و پڕی ده‌كاته‌وه‌، گه‌ردوونێك‌ له‌ ناخی ئه‌و خوده‌وه‌ له‌ دایك ده‌بێت و تا سنووری ئاسمان ئیدامه‌ به‌ وجودی خۆی ده‌كا، بۆیه‌ هێنده‌ دڵنیایه‌ له‌و گه‌ردوونه‌ی ناخی‌، وه‌كو دنیای قه‌بووڵكراوی خۆی پێمانی ده‌ناسێنێ نه‌ك جیهانێك كه‌ نه‌توانرێ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ.
بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و جیهانه‌، شاعیر ده‌یویست كه‌سێك ببێت به‌ هاوڕێی، ئێستا كه‌ نائومێده‌ له‌ هاتنی ئه‌و كه‌سه‌، ناچار هانا بۆ خۆی ده‌بات و له‌نێو قوڵاییه‌كانی خۆیدا به‌ ته‌نیا ئه‌و جیهانه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌، كاتێك ده‌زانێ ئه‌و كه‌سه‌ی قه‌راربوو هاوڕێی ئه‌و گه‌شته‌ی بێت و له‌و شۆڕشه‌یدا له‌گه‌ڵی بێت، ئیتر نایه‌ت. (نیتشه‌) به‌رده‌وام (واگنه‌ر)ی هاوڕێی كردبوو به‌و كه‌سه‌ی، له‌ بابه‌تی گه‌ڕانی به‌دوای حه‌قیقه‌تدا هاوده‌می بێت، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا هه‌ردووكیان له‌ژێر كاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) بوون، به‌ڵام كاتێك بارودۆخی (واگنه‌ر)ی له‌ (به‌یروت) بینی، زانی كه‌ چیتر هاوڕێكه‌ی ناتوانێ له‌و شۆڕشه‌ ئه‌خلاقییه‌ی باسی ده‌كرد، هاوه‌ده‌می بێت، بۆیه‌ له‌ كاتی سه‌ره‌مه‌رگی (واگنه‌ر)دا، (نیتشه‌) كتێبی (وه‌های گوت زه‌رده‌شت)ی بۆ نووسی، به‌ڵام (واگنه‌ر) فریا نه‌كه‌وت بیخوێنێته‌وه‌، له‌ كاتی شێتبوونیدا هێشتا (نیتشه‌) به‌ هاوڕێكه‌ی ده‌گوت: ڕۆژانێك من ئه‌و پیاوه‌م خۆشده‌ویست. هاوڕێكه‌ی چیتر نه‌بوو به‌ هاوده‌می شۆڕشی.
ئێمه‌ لێره‌ نامانه‌وێ دیدگای یه‌كێك له‌م دووانه‌ بسه‌پێنین به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تردا، له‌وه‌یه‌ دیدگای ئێمه‌ وه‌كو دیدگای سێیه‌م ده‌ركه‌وێ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو دیدگاكه‌، زیاتر مه‌به‌ستمانه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌سێك ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ دۆسته‌وه‌. ئه‌وكاته‌ی مرۆڤ له‌ هاوڕێكه‌ی جیاده‌بێته‌وه‌، ئه‌وا ڕووبه‌ڕووی دووڕیانێكی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر دنیایه‌كی پێ ببه‌خشێ جوانتر له‌و دنیای پێشووتر به‌یه‌كه‌وه‌ كێشاویانه‌، ئه‌وا كارێك ده‌كا ده‌كه‌وێته‌ نێو بازه‌ی چاكه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر كارێك بكا كه‌ جێهێشتنی ئه‌و به‌ واتای خۆشاردنه‌وه‌ و نه‌مانی بێت لای ئه‌و، ئه‌وا ئه‌و خۆشاردنه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو بازنه‌ی خراپه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و (دۆسته‌ بكوژ)ه‌ كه‌ له‌ ڕووكه‌شدا وه‌كو فریادڕه‌س هات، ئێستا ڕۆڵێ جه‌لاد ده‌بینێ.
(( من تاكه‌ مرۆڤم
پێكه‌وه‌ دۆست و دووژمن
ده‌بێت له‌ ده‌ستیان ڕابكه‌م
من ئه‌و نه‌فره‌ته‌م ئه‌ی دڵ
ئه‌و نه‌فره‌ته‌!))
له‌ پاژی یه‌كه‌مدا، له‌باره‌ی ئه‌م پارچه‌ شیعره‌وه‌ قسه‌مان كرد، ده‌توانین له‌م پاژه‌شدا له‌ ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ باسی بكه‌ین. خیانه‌تی دۆست، ترسناكترین جۆری خیانه‌ته‌، خیانه‌تێك هێنده‌ به‌ ئازاره‌، فریای ئه‌وه‌ ناكه‌وین پارچه‌ شكاوه‌كانی دڵمان كۆبكه‌ینه‌وه‌، فریای ئه‌وه‌ ناكه‌وین به‌ دۆست بڵێین: ئه‌ی دوژمن بۆچی ئاوات كرد؟! فریای ئه‌وه‌ ناكه‌وین دنیا به‌ بۆیه‌ی سپی ڕه‌نگ بكه‌ین و سڵاو له‌ ئاشتی بكه‌ین، چونكه‌ هه‌میشه‌ خیانه‌تی دۆست له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خیانه‌تانه‌یه‌، دنیا پڕ ده‌كه‌ن له‌ سه‌راب و زێرابه‌كانمان وه‌كو شه‌مه‌نده‌فه‌ری جوانی و شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ وه‌كو چۆله‌كه‌ی ئارامی پێ ده‌ناسێنن، بۆیه‌ به‌ ئازارترین جۆری خیانه‌ت، خیانه‌تی دۆسته‌ به‌رامبه‌ر دۆست، خیانه‌تی جوانییه‌ به‌رامبه‌ری دڵ!
(نیتشه‌) هه‌ستی به‌ كاریگه‌ری ئه‌و خۆبه‌كه‌مزانینه‌ كردبوو كه‌ هه‌ندێ جار وا له‌ كۆیله‌ ده‌كا، به‌رامبه‌ری گه‌وره‌كه‌ی بوه‌ستێته‌وه‌ و ببێته‌ ڕزگاركه‌ری دنیا. مرۆڤی باڵا كه‌ له‌وپه‌ڕی چاكه‌ و خراپه‌یه‌( خیانه‌تیش وه‌كو دۆخێك له‌ خراپه‌)، گاڵته‌ به‌ هه‌موو تراژیدیایه‌ك ده‌كا، هه‌وڵ ده‌دا مناڵه‌كه‌شی باڵا بێت، مرۆڤی باڵا ئامانجه‌ نه‌ك جۆری مرۆڤ، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی وه‌كو توخمێك یاخود جۆرێكی مرۆڤ له‌باره‌ی مرۆڤی باڵاوه‌ ده‌دوێن، نه‌یانتوانیوه‌ له‌ جه‌وهه‌ری ئه‌و مرۆڤ بگه‌ن، به‌ڵكو سه‌رابێك له‌ تێنه‌گه‌یشتن به‌یان ده‌كه‌ن، چونكه‌ وه‌كو گوتمان: مرۆڤی باڵا ئامانجه‌ نه‌ك جۆری مرۆڤ، هه‌ركاتێك مرۆڤی باڵا وه‌كو جۆری مرۆڤ بینرا، ئه‌وا له‌ حه‌قیقه‌تی ئه‌و ئامانجه‌ كه‌ مرۆڤی باڵایه‌، دوورده‌كه‌وینه‌وه‌.
دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دۆست له‌به‌ر بوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك كه‌ له‌نێو هه‌ناسه‌ی دۆستێكی تردا ده‌ستده‌كه‌وێ، خستنه‌ڕووی ته‌رزێكی دیكه‌ی خیانه‌ته‌، ئه‌وه‌ خیانه‌ته‌ وا له‌ كه‌سێك ده‌كا واز له‌ هه‌ندێك له‌ دۆستانی بهێنێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كاری ئه‌و له‌ ئێستادا سپارده‌ی كه‌سانێك كراوه‌ كه‌ له‌ جنسی جوانی نین، چونكه‌ ناكرێ كه‌سێك جوان بێت و ببێته‌ به‌شێك له‌ خیانه‌تی كه‌سێك به‌رامبه‌ر كه‌سێكی تر. ئه‌و دنیا پڕ له‌ خیانه‌ته‌ كه‌ شاعیر باسی ده‌كا، درێژده‌بێته‌وه‌ تا سنووری گه‌یشتن به‌ خیانه‌تێكی گه‌وره‌تر كه‌ خیانه‌تی خوده‌ به‌رامبه‌ر خود خۆی، واته‌ ئه‌وكاته‌ی ئه‌و خوده‌ نائومێد ده‌بێت خیانه‌ت له‌وانی تر بكا و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نییه‌ وه‌ها خیانه‌تێك بكا، ناچار خیانه‌ت له‌ خودی خۆی ده‌كا و ده‌بێته‌ خائینێكی ئه‌به‌دی كه‌ تا كۆتایی ئه‌و خوده‌، خیانه‌تی خود ئیدامه‌ پێده‌دا.

پاژی سێیه‌م: خود له‌نێوان ئاگر و جیهاندا
وه‌كو له‌ پاژی یه‌كه‌م و دووه‌مدا باسی ئه‌و نائومێدییه‌ مه‌زنه‌مان كرد كه‌ شاعیر باسی كرد و به‌ خیانه‌ت كۆتایی پێهێنا، ئێستا وێنایه‌ك له‌ جیهانی ئاگرین دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ خود به‌ره‌و ئاگرستانی ڕۆح ده‌با و وای لێده‌كا پرسیار له‌باره‌ی ئه‌و جیهانه‌ پڕ له‌ ئازاره‌وه‌ بكا، خۆی تیادا ده‌بینێته‌وه‌ و نمایشی ڕۆحی خۆی تیادا ده‌كا.
(( هه‌ڵبكه‌ ئه‌ی هه‌وای ناو سه‌رم
جیهان بخه‌ره‌ ترسه‌وه‌
وه‌ك دڵی من كه‌ گڕ ده‌خوات
له‌ تاو سه‌رێك كه‌ ئاگره‌))
ئه‌و هه‌وایه‌ی شاعیر باسی ده‌كا، ده‌بێت كوژێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌و جیهانه‌ ترساو و دڵه‌ گڕگرتووه‌ی كه‌ ئاگر ناسنامه‌یه‌تی، ناسنامه‌ی گڕ كه‌ به‌ زمانی ئاگر گوزارشت له‌ سووتانی خود ده‌كا و ڕێساكانی ته‌نیایی به‌ فڵچه‌ی نائومێدی ده‌كێشێ و ئازاره‌كان له‌ په‌نجه‌ره‌ی ئاوه‌وه‌ هه‌ڵده‌داته‌ نێو كانیاوی نائومێدییه‌وه‌، بۆیه‌ مه‌سه‌له‌ی بوونی سه‌رێك له‌ ئاگر ده‌بێته‌ چه‌قی باس و نازانرێ چۆن شاعیر له‌ سیاقی ئه‌و دڵه‌ پڕ له‌ گڕه‌ ڕزگاربكریێ مه‌گه‌ر به‌ هاتنی ئه‌و هه‌وا فێنك و كوژێنه‌ره‌وه‌یه‌ی كه‌ له‌ سه‌ری شاعیره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ و ده‌بێته‌ پێده‌شتی كوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌ی هه‌موو وجدی شاعیری خستۆته‌ به‌رده‌می گریمانه‌ی ئاگر و سووتانه‌وه‌، ده‌سته‌كانی شاعیری خستۆته‌ به‌رده‌می ده‌رگای فڕین و كه‌وتنه‌وه‌، ڕۆحی شاعیری خستۆته‌ به‌رده‌می ئه‌ستانه‌ی ته‌نیایی و مردنه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی له‌ شیعره‌كه‌دا ده‌بینرێ، جۆرێك له‌ به‌زه‌ییهاتنه‌وه‌یه‌‌ به‌ خود. (نیتشه‌) به‌زه‌ییهاتنه‌وه‌ی ده‌خسته‌ نێو چوارچێوه‌ی خراپه‌وه‌، چونكه‌ پێیوابوو ئه‌وكاته‌ی تۆ به‌زه‌ییت به‌ من دێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ منت خۆشده‌وێ، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ به‌زه‌ییت به‌ من دێته‌وه‌، تا ئه‌و ترسه‌ له‌ خۆت دووربخه‌یته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر من هاتووه‌، وای نیشان بده‌ی كه‌ ترسێك نییه‌ ڕووبه‌ڕووی تۆ ببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كا به‌زه‌ییت به‌ من بێته‌وه تا ترسی ئه‌وه‌ له‌خۆت دووربخه‌یته‌وه‌، ئه‌و شته‌ی به‌سه‌ر من هاتووه‌، به‌سه‌ر تۆش بێت. لای (نیتشه‌)، ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا و پێویستییه‌، بۆیه‌ به‌زه‌یی به ‌چوارچێوه‌ی خراپه‌وه‌ ده‌به‌سته‌وه‌، له‌و‌ پارچه‌ شیعری خواره‌وه‌ زیاتر قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین.
كاتێ مرۆڤ به‌زه‌یی به‌ ئه‌وی تردا دێته‌وه‌، بۆچوونی جیاواز له‌باره‌ی ئه‌و به‌زه‌ییه‌وه‌ دروست ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌ی به‌زه‌ییهاتنه‌وه‌‌ به‌ خود واتای چییه‌، مرۆڤ كاتێ به‌زه‌یی به‌ خۆی دێته‌وه‌ نیشانه‌ی چییه‌؟! نیشانه‌ی بێهێزییه‌تی یاخود نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حه‌قیقه‌تێك كه‌ له‌نێو خوددا هه‌یه‌ پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی تریش ده‌ربكه‌وێ؟.‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و به‌زه‌ییه‌، ئازارێكه‌ كه‌ له‌وانه‌ی تره‌وه‌ گه‌یشتووه‌ به‌ خود. شاعیر له‌ ده‌رنجامی ئه‌و به‌زه‌ییه،‌ خودێكی به‌هێز نمایش ده‌كا، به‌و واتایه‌ی به‌زه‌ییهاتنه‌وه‌ به‌ خود، وای نه‌كردووه‌ شاعیر ببێته‌ كه‌سێكی بێهێز، به‌ڵكو سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئازار و نائومێدی و خیانه‌تێك، هێشتا به‌دوای هه‌وایه‌ك ده‌گه‌ڕێ له‌نێو سه‌ری خۆیدا كه‌ ئازاره‌كانی به‌كۆتا بێنێت و خه‌مه‌كانی بكات به‌ ئاوازێك بۆ مانه‌وه‌ و ژیان.
(( پێشنیاز:
له‌ گه‌ڕان و هه‌ڵهاتن و كه‌وتن مه‌ترسن..
به‌یانی هه‌ر وه‌كو ئێستایه‌
سه‌دان به‌یانی دێت به‌بێ ده‌نگی كه‌ڵه‌شێر
من زۆرم دیون له‌و به‌یانییه‌ بێمروه‌تانه‌
ئیتر خۆم كاتێكم ناولێناوه‌ به‌یانی.))
له‌ كۆتایی گه‌شته‌كه‌یدا، شاعیر ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ كه‌ له‌و ژیانه‌ ماندووكه‌ره‌، مادام هه‌موو شته‌كان دووباره‌ن، كه‌واته‌ ئازاره‌كانیش دووباره‌ن، ئازاری دووباره‌ش شایانی ئه‌وه‌ نییه‌ لێی بترسی، به‌ڵكو ده‌بێت به‌ په‌ڕه‌موچه‌ی هیچ له‌سه‌ر كاغه‌زێكی له‌ هیچ وێنای بكێشرێ، ترسانیش له‌ هه‌ڵهاتن و كه‌وتن، له‌ كاتێكدا كه‌ به‌یانی هه‌ر وه‌كو ئێستایه‌ و كه‌ڵه‌شێرێك نییه‌ بقووقێنێ، ئیتر ده‌به‌نگییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت مرۆڤ خۆی كاتێك بدۆزێته‌وه‌ ناوی بنێ به‌یانی و شه‌وێك بدۆزێته‌وه‌ ناوی بنێ شه‌و و ڕابردووێك بدۆزێته‌وه‌ ناوی بنێ دوێنێ، مادام خه‌ڵكی له‌ ده‌نگی كه‌ڵه‌شێر ده‌ترسن، كه‌واته‌ هاتنی به‌یانی بۆ ئه‌و ترسنۆكانه‌ سوودی نییه‌، وه‌كو ده‌گوترێ: بۆیه‌ خه‌ڵكی زیاتر حه‌ز له‌ مریشك ده‌كه‌ن نه‌ك كه‌ڵه‌شێر، چونكه‌ خه‌ڵكی به‌دوای ئه‌و شته‌وه‌یه‌ سكیان تێر ده‌كا، نه‌ك ئه‌و شته‌ی خه‌به‌ریان ده‌كاته‌وه‌.
وه‌كو گوتمان (نیتشه‌) به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچونه‌ بوو كه‌ ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا، بۆیه‌ مانه‌وه‌ی ئازاری له‌گه‌ڵ مرۆڤ وه‌كو پێویستییه‌ك، به‌ گه‌وره‌ ده‌زانی، ئه‌و پێیوابوو مادام ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا، كه‌واته‌ پێویسته‌ ڕووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی دیدگای (شۆپنهاوه‌ر) بوو كه‌ ئه‌میان ئازاری وه‌كو پێویستییه‌ك نه‌ده‌بینی، ئه‌گه‌رچی له‌ سه‌ره‌تادا (نیتشه‌) و (واگنه‌ر)ی هاوڕێی هه‌ردووكیان له‌ژێر كاریگه‌ری دیدگا فه‌لسه‌فییه‌كانی (شۆپنهاوه‌ر) بوون، به‌ڵام دواتر بابه‌ت و تێڕوانینه‌كانیان ده‌به‌نه‌ نێو قاڵبێكی دیكه‌وه‌ و له‌ كۆمه‌ڵێك روانگه‌وه‌ بۆچوونه‌كانی (نیتشه‌) دژی بۆچوونه‌كانی (شۆپنهاوه‌ر) ده‌وه‌ستنه‌وه‌، یه‌كێك له‌و مه‌سه‌لانه‌ بابه‌تی ئازاره‌ كه‌ هه‌میشه‌ (نیتشه‌) پێیوابوو ئازار پێویستییه‌ نه‌ك سزایه‌ك بێت تووشمان هاتبێت، بۆیه‌ مرۆڤی به‌هێز له‌گه‌ڵ ئازار ده‌جه‌نگێ.
شاعیر له‌م شیعره‌دا، ئازاره‌كانی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ عه‌قڵه‌وه‌. پەیوەندی نێوان عەقڵ و حەقیقەت پەیوەندییەكی سروشتییە و دەستكرد نییە، ئەو پەیوەندییە پەیوەستە بە بیركردنەوەوە. دنیای عەقڵ لە حەقیقەت دەگەڕێ‌ و دەدوێ‌، ئینجا ئەو حەقیقەتە لە شەقامی (وەهمەكان)دا پیاسە بكا یان لە شۆستەی (واقیع)دا، گرنگ حەقیقەتێك هەیە و واتا عەقڵییەكانی لە خۆیدا مەڵاس داوە، یان دەكرێ‌ بڵێین، عەقڵێك هەیە و ماناكانی حەقیقەتی لە خۆیدا مەڵاس داوە. دنیای عەقڵ، دنیای وردبوونەوەیە لە واقیع و وەهم و دیار و نادیار و گشت و بەراوردكردنی ئەو گشتە لەگەڵ هیچ و درێژكردنەوەی كردارەكان تا ئاستی گەیشتن بە ئەنجام. ئەو كاتەی عەقڵ زۆرترین پرسیار لەدوای خۆیدا جێدێڵێ‌، سەلماندنی سەركەوتنی عەقڵەكە ئاسان ناكەوێتەوە. بەشێك لە پرسیارەكان، هەڵگری وەڵامەكانن لەنێو خۆیاندا و بەشێكی تریان دۆزەرەوەی پرسیاری زیاتر و بنیاتنەری وەڵامی زیاترن.
ئایا شاعیر له‌م ده‌قه‌یدا پرسیاره‌كانی له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن؟
پرسیاری مرۆڤ بەرهەمی ونبوونی حەقیقەتێك یان شتێكە، دەشێ ئەو حەقیقەتە ونە بوونی هەبێ، بەڵام كەسی پرسیاركەر كە دوورە لەو حەقیقەتە یان لەو شتە، لە دەرەنجامی ونبوونی ئەو شتەی بەدوایدا دەگەڕێ‌، تووشی گومان هاتووە، بۆیە دەیەوێ‌ لە ڕێگای پرسیاركردنەوە، ئەو گومانە لە خۆی دووربخاتەوە. پرسیارەكان دەست لە ملی وەڵامەكان ناكەن لە ئانی بوونی ناكۆكی فیكریدا, یانی كاتی ئاشتبوونەوەی پرسیار و وەڵامەكان پەیوەست نییە بە كێشە فیكرییەكانەوە، لەوانەیە بوونی كێشەی فیكری زیاتر، گومانی زیاتر و پرسیاری زیاتر دروست بكەن، بەڵام بە وەڵامی كەمترەوە .

ئه‌نجام:
(سڵاو له‌ بیكێت)ی (داستان به‌رزان)، هه‌وڵێكه‌ بۆ ده‌رخستنی نهێنییه‌ شاراوه‌كانی خود و داماڵینی ئه‌و دیوه‌ كرێت و دزێوه‌ی هه‌میشه‌ وه‌كو جه‌وهه‌ر نمایش كراوه‌. شاعیر گه‌ره‌كیه‌تی نهێنییه‌كان ئاشكرا بكا، نهێنییه‌ خودییه‌كان كه‌ ئازاری هه‌میشه‌یین و هاوزه‌مان له‌خۆگری ئه‌و پرسیاره‌ گه‌ورانه‌ن، مرۆڤ ده‌یه‌وێ نمایشیان بكا و بیانكاته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ خزانه‌ نێو باوه‌شی ئاسووده‌یی و حه‌قیقه‌تی زینده‌گی، حه‌قیقه‌تێك به‌ هه‌مان فڵچه‌ی ئه‌و وه‌همه‌ نه‌خشێنراوه‌ كه‌ كراوه‌ به‌ هۆكاری مانه‌وه‌ و بوون، بوونێك كه‌ وه‌همه‌ و درۆیه‌كی دیكه‌ی ژیانه‌، بۆ ڕزگاربوون له‌و درۆ گه‌وره‌یه‌ كه‌ ناوی ژیانه‌، شاعیر وزه‌ی زیاتر كۆده‌كاته‌وه‌، له‌ڕێگای ناسینی زیاتری خود و ئه‌وی تر و گه‌ردوون و خودا.

سه‌رنج:
ئه‌و شیعره‌ی كاك (داستان به‌رزان)، له‌ ژماره‌ (321)ی گۆڤاری (ڕامان) بڵاوبۆته‌وه‌، بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی شیعره‌كه‌، ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گۆڤاره‌كه‌.

په‌راوێزه‌كان:
(1) فه‌یله‌سوفێكی ئه‌ڵمانییه‌ كه‌ (وه‌های گوت زه‌رده‌شت) له‌ دیارترین كتێبه‌كانیه‌تی، له‌ چوار به‌ش پێك هاتووه‌، به‌ ده‌ربڕینێكی شاعیرانه‌ نووسراوه‌. (نیتشه)‌ له‌م كتێبه‌دا، هه‌وڵی تێكشكاندنی خاچیدا. كورته‌ی كتێبه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ (زه‌رده‌شت) دوای ده‌ ساڵ گۆشه‌گیری، له‌ ئه‌شكه‌وت دێته‌ ده‌ره‌وه‌.
(2) فه‌یله‌سوفێكی ئه‌ڵمانییه‌، پێیوابوو ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م ژینه‌ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كا، عه‌قڵ نییه‌، به‌ڵكو ئیراده‌یه‌كی وه‌حشییه‌ كه‌ عه‌قڵ به‌كارده‌هێنێ بۆ گشت مه‌به‌سته‌ ڕه‌شه‌كانی خۆی، ئه‌و ئیراده‌یه‌ ڕیشه‌ی بوونه‌ و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان، له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن. ئایدیالیستی ته‌واو نه‌بوو، هیچ كه‌س وه‌كو ئه‌و ڕه‌خنه‌ی له‌ مه‌تریالیزم نه‌گرتووه‌. ئیراده‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ كات و شوێنه‌وه‌، واته‌ خودی هه‌بوونه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی كات و شوێنه‌، كه‌واته‌ تاك و ته‌نیایه‌. هه‌رچه‌ند پله‌ی بوونه‌وه‌ر نزم بێت، ئیراده‌ هێنده‌ی تر زاڵه‌ به‌سه‌ر بوونیدا، بۆیه‌ كرداری ئاژه‌ڵه‌كان، هه‌مووی ئیراده‌یه‌، كرداری مرۆڤه‌كان هه‌ندێكی پێچراوه‌ به‌ عه‌قڵه‌وه‌، ته‌نیا كرداری مرۆڤه‌ به‌رزه‌كانه‌ كه‌ زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵه‌ نه‌ك ئیراده‌.
(3) له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ دژی پاپا شۆڕشی كرد و چه‌ندین چاكسازی دروست كرد كه‌ بووه‌ هۆی دروستبوونی ئایینی پرۆتستانت. جه‌ختی له‌سه‌ر وازهێنان له‌ گۆشه‌گیری كرده‌وه‌. زه‌واج له‌ مه‌سیحیه‌تی ڕاسته‌قینه‌دا جگه‌ له‌ گونجانێكی سه‌پێنراوی مرۆڤ له‌گه‌ڵ سروشته‌ تاوانباره‌كه‌ی خۆی، زیاتر نییه‌، به‌ڵام مارتن لۆته‌ر هاوسه‌رگیری به‌ جوان و پیرۆز دانا.

سه‌رچاوه‌كان.
1: سڵاو له‌ بیكێت، داستان به‌رزان، ژماره‌ (321)ی گۆڤاری ڕامان.
2: چیرۆكی ئایینه‌كان، سلێمان مه‌زهه‌ر، و: لوقمان حاجی قادر
3: فه‌لسه‌فه‌ بۆ ئه‌وكه‌سه‌ی ده‌یه‌وێت، د. نه‌بیل عبدالحمید عبدالجبار، و: هاوار محه‌مه‌د ڕه‌شید
4: سه‌فه‌ر به‌ره‌و مناڵی به‌ كه‌شتیی گه‌وره‌بوون، بڵند باجه‌لان، ژماره‌ (69-70)ی گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ.
5: فه‌لسه‌فه‌ و ژیان، فاروق ڕه‌فیق، سلێمانی، 2009




کورتەچیرۆک: ئاوارە.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

سەیرێکی بنمیچە کونکونەکەی ڕەشماڵەکەی کرد، ئۆفێکی کرد، سەرنجێکی هیسی لالە شووشە تەنییاوییەکەی دا، ئاخێکی هەڵکێشا. ڕۆژە ڕەشەکانی ژیانی خۆی بیر دەهاتەوە. ئەم ڕۆژەی کەوتەوە بیری کە لەپێش دەرگای ژووری بەڕێوەبەری فێرگەکەیان وەستابوو، مامۆستا پۆستاڵ لەپێیە، ورگنەکەی بەردەمی لێی دەخوڕییەوە و دەم نا دەمیش پێلاقەیەکی بەهێزی دەخێواندێ، گوایە دوو وشەی کوردی لە دەم هاتبووە دەرەوە.
قسەکەی باپیرەی کەوتەوە یادی، کە ئەویش لە باپیری خۆیەوە بیستبووی، کە ئەوان لە نەوەی سەرکردەی قارەمان شێرکۆی مامی سەڵاحەددین بوون، لە دەستی دڕندەیی مەمالیکە تورکەکان لە قاهیڕەوە لە سەرەتای سەدەی چواردە بەرەو گوندێکی نزیک کۆبانێ سەریان هەڵگرتبوو. کەچی هەتاوەکوو ئێستاش عەرەبە گەڕیدەکانی ئەوێ پێیان دەگوتن ئێوە بێگانەن و ئێرە وڵاتی ئێوە نییە!
دایکی دەیگێڕایەوە، کە ماڵباتی وان چەندین جاران لە لایەن تورکە عوسمانییە داگیرکەرەکان، لەم گوند بۆ ئەو گوند ڕاگوێزرابوونەوە، چەندین جار ئاوارەی ئەم دێ و ئەو دێ کرابوون، بە بیانووی ئەوەی کە بە ڕەچەڵەک دەگەیشتنەوە سەر بەدرخانییە بۆتانییەکان و بوونیان هەڕەشەیە بۆ سەر یەکێتیی خاکی پیرۆزی عوسمانی.
هێشتا بەهاری شانزەهەمی تەمەنی نەبینیبوو، شەڕ چەند ساڵێک بوو هەڵگیرسابوو، لەگەڵ برا گەورەکەی، لە گوندێکی نزیک کۆبانێ، لە دژی دڕندەییەکانی داعش لە سەنگەر بوو، لەم ڕۆژە ڕەشەی کە دڕندە ئیسلامییە داعشییەکان وەکوو جڕوجانەوەر ئەم ناوەیان پڕ کردبووەوە. وەکوو خووی هەمیشەییان، لەم سەربڕین بۆ ئەو پەلبڕین دەڕۆیشتن. هەر لەوێ لاقێکی وییان قرتاندبوو، هەر لەپێش چاوەکانیشی سەری تاقە برایەکەیان بڕیبوو. ئاخ چ ڕۆژگارێکی ڕەش بوو.
چەند حەفتەیەکی بەم شێوەیە، بە لاقێکی قرتاوی تیمار نەکراو، لە ژێرزەمینێکی شێداری تاریک، بەسەر بردبوو. چ ئاواتێکی بەم ژیانە نەمابوو، ئارام ئارام لە چاوەڕوانی مەرگدا بوو. ئەمە بوو ڕۆژێک، سەر لە بەیانی زوو، لەگەڵ یەکەم تیشکی ئاسۆ، لەبری مەرگ، چەند شەڕڤانێکی کوردی دلێر بەژوورێ کەوتن، لەم مردنە مسۆگەرە قوتاریان کرد، دەستبەجێش ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەرەکیی عەفرینیان کرد.
سەر لە بەیانییەک، تازە لە نەخۆشخانە دەرچووبوو، لەگەنە ماستێک لەبەر دەمی و پارچە نانێکیش بە دەستییەوە، بیری لە برایە جوانەمەرگەکەی دەکردەوە، بیری لەم ڕۆژانە دەکردەوە کە بەیەکەوە لە ڕێگای فێرگە، یان بە دەم یاری کردنەوە، باسی داهاتووی خۆیان دەکرد، باسی خەونەکانیان دەکرد. لە ناکاو، حریت و حۆری جەندرمە تورکە توورانییەکان، ئەڵڵاهوئەکبەری تیرۆریستە عەرەبە ئیسلامییەکان ئەویان ڕاچڵەکاند. بەرچاوانی ڕەش بوو، دەنگ و تەراتێنیان هەر لە هی داعشەکان دەچوو. هەتا ئێستاش داخی ئەو ڕۆژەی لە دڵ دەرنەچووە، هەتا ئێستاش جۆگەی فرمێسکەکانی وشک نەبووەتەوە.
چەند ساڵێکە لە کامپێکی نزیک حەلەب، لە ڕەشماڵێکی کونکونی سارد، لەگەڵ چەند سەد کوردێکی تر، لەژێر لێزمەی باران، لەبەر تینی بەهێزی هەتاوی هاوینان، ئاوارەی ئەم دەشت و دەرەن. هەموو ڕۆژێکیان بە ئومێدی گەڕانەوە بۆ شارەکەی خۆیان، گوندەکەی خۆیان، زێدی باوباپیرانیان دەکەنەوە، هەموو شەوێکیان بە هیوای دیدەنیی ئازیزانیان بەسەر دەبەن. ئاخ بۆ دەنگی هەناسەی نەنە گیان، ئاخ بۆ چایە گەرمەکەی دەستی دایەی، ئاخ بۆ چیرۆک و بەسەرهاتە خۆشەکانی باپیرە. ئاخۆ دەبێت ئەم ڕۆژانە بێنەوە، ئاخۆ دەبێت جارێکی تر چاوی بە دایک و باوکە پەککەوتووەکەیی، خوشکە بچکۆڵانەکەی، دایە گەورە و باوە گەورە دڵسۆزەکەی بکەوێتەوە.
هەر لەنێو گێژاوی ئەم بیرکردنەوانە بوو، گوێی لە دەنگی هاڕەهاڕی جەندرمە تورکە عوسمانییەکان، تیرۆریستە عەرەبە ئیسلامییەکانی تەحریرولشام بوو، دەنگی زیڕەی منداڵەکان، قیژەی دایکەکان، ناڵەی باوکەکان ئەم ناوەیان پڕ کردەوە. پێش ئەوەی بتوانێت لە شوێنی خۆی هەڵبستێتەوە، شمشێرێکی ژەهراویی بە ملی داهێنرا و ئاڵایەکی خوێناویی تورکییان لەسەر لاشەکەی چەقاند.

ڕاڤەی وشەکان:
هیس: دووکەڵی ئاگر
لالە: چرا
تەنی: واتە ئەو تەنە ڕەشانەی کە لە ئەنجامی سووتان دروست دەبن، تەنییاوی:‌ واتە شتێکی بە تەنی ڕووپۆشکراو.




کورد چۆن بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورکیا.. وهاب شاە محمد

کورد دەتوانێت لە ئاوێتەیەک لە ستراتیژی سیاسی و دیپلۆماسی و یاسایی بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورکیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کەڵک وەربگرێت. لێرەدا چەند ڕێگەیەکی ئەگەری دەخەینەڕوو:

  1. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پرۆسەی یاسایی ڕاپۆرتکردنی تاوانەکان بۆ دادگا نێودەوڵەتییەکان: ئەگەر بەڵگەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەبێت، دەتوانرێت دۆسیەکان بخرێنە بەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکانی وەک دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان (ICC) یان دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (ECHR). هاوکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕێکخراوە کوردییەکان دەتوانن ئەو پرسە لە ئۆرگانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ئەنجومەنی مافی مرۆڤ یان ئەنجومەنی ئاسایش وروژێنن و پێشێلکارییەکان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بەڵگەدار بکەن. لۆبیکردن بۆ گەمارۆکان: هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سزای نێودەوڵەتی دژی تورکیا، بەتایبەتی لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە گۆشەگیری نەتەوەیی و تاوانەکانی جەنگ.
  2. دیپلۆماسی و هاوپەیمانی هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتانی تر: کورد دەتوانێت داوای پشتیوانی لەو وڵاتانە بکات کە لە مێژوودا بەرژەوەندییان لە مافەکانی مرۆڤ نیشانداوە یان بەرژەوەندی ستراتیژییان لە ناوچەکەدا هەیە. بەهێزکردنی نوێنەرایەتی: دامەزراندنی نوێنەرایەتی لە کۆڕ و شارە نێودەوڵەتییەکان (هاوشێوەی ڕۆڵی دەسەڵاتی فەلەستین) بۆ بنیاتنانی پشتیوانی سیاسی. هاوپەیمانی لەگەڵ گروپە چەوساوەکانی تر: هاوکاری لەگەڵ بزووتنەوە قەومی یان سیاسییەکانی تر کە بەهەمان شێوە لەژێر سیاسەتەکانی تورکیادا ئازار دەچێژن، بۆ زیادکردنی فشارەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
  3. پێکهێنانی بیروڕا و میدیا هۆشیاری نێودەوڵەتی: بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و دۆکیۆمێنتاری و ڕاپۆرت بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو زوڵمە. ئاشکراکردنی خراپ بەکارهێنان لە ڕێگەی میدیای نێودەوڵەتی بەناوبانگەوە. نوێنەرایەتی فەرهەنگی: تیشک خستنە سەر کولتوور و مێژووی کورد بۆ بنیاتنانی هاوسۆزی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. توێژینەوەی ئەکادیمی و سیاسەت: پشتگیری لە توێژینەوە و ڕاپۆرتەکان لەسەر ستەم کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیاردەران هەبێت لەسەر ئاستی جیهانی.
  4. پاڵپشتی کۆمەڵگای مەدەنی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ: لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و هیومان ڕایتس وۆچ کاردەکەن بۆ بەڵگەنامەکردن و ڕاپۆرتکردنی پێشێلکارییەکان. ڕای گشتی: بەشداریکردنی گروپە چالاکوانە نێودەوڵەتییەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بۆ فشارخستنە سەر حکومەتەکان بۆ ئەوەی کاربکەن. ڕەوەند: کۆکردنەوەی ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور بۆ کاریگەری لەسەر سیاسەت لە وڵاتەکانیان.
  5. فشارە ئابوری و سیاسییەکان بایکۆتی ئابووری: هاندانی سزای ئابووری و بایکۆتی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی تورکیا وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر حکومەت. هاندانی بارودۆخی بازرگانی دادپەروەرانە: کاریگەری لەسەر کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لەو ناوچانە نەکەن کە ستەم لە خراپترین ئاستیدایە.
  6. بنیاتنانی ئۆتۆنۆمی و شەرعیەت پەرەپێدانی ناوچە ئۆتۆنۆمەکان: لەو ناوچانەی کە کورد لە ژێر دەسەڵاتیدایە (بۆ نموونە لە ڕۆژاڤا)، بە پێشخستنی دیموکراسی و یەکسانی و سەقامگیری سەرکەوتن لە خۆبەڕێوەبەریدا نیشان بدە. ئەمەش دەتوانێت پشتیوانی نێودەوڵەتی دروست بکات. بەدواداچوون بۆ دانپێدانان: کارکردن بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانان بە ناوچە یان ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کوردی وەک ئەکتەری شەرعی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.

    ئەنجام
    کورد پێویستی بە کەڵک وەرگرتن لە تێکەڵەیەک لە هاوکاری ستراتیژی و داکۆکی و ئامرازی یاسایی بۆ زیادکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی. ئامانجێکی درێژخایەن دەتوانێ دروستکردنی یەکڕیزی بێت لە نێوان گروپە kجیاوازەکانی کورد و دامەزراندنی ئەجێندایەکی ڕوون بۆ چۆنیەتی بەدیهێنانی ستەم لە ئاستی جیهانیدا.

    نوسینی/وهاب شاە محمد




منداڵیت بەرم نادا.. مەولود ئیبراهیم حەسەن

-تکایە منداڵیەتی خۆتان بپارێزن.

(١)
من بەخۆشەویستی تۆوە
لەدایک بووم
ناوکم بڕا
چاوم بە خۆشەویستی تۆوە
کرایەوە
بەشیری خۆشەویستی تۆوە
مەمکدرام
دارە دارەمکرد
بەخۆشەویستی تۆوە
زارم پژا
کەوتمە سەرپێ
بە خۆشەویستی تۆوە
لە دایک بووم
لە وڵاتی خۆشەویستی تۆوە
گەورە بووم
لە نێو خۆشەویستی تۆشدا
دەمرم

(٢)
لە هەموو گەڕەک
تەنیا من و تۆ
زۆر بە منداڵی
یەکترمان خۆشدەویست
خەڵکەکە هەموو
بە سوک سەیریان دەکردین
ئێستاش
تێنەگەیشتم
خۆشەویستی بۆچی سوکایەتیە

(٣)
زوڵفەکانت
وەک تیرە ماری ڕەش
بە نێو پەنجەکانم دا خزین
چ جوان و پڕ ترس بوو
ڕۆیشتنەکەت

(٤)
بە منداڵى
باوەشم
پڕ لە گەرمایی
کورتە خەوی تۆ بوو
ئەى ژن
ئێستا بەفریش دەبارێ
من هەر تۆم لە باوەشە

(٥)
بە گێڕانەوەی چیڕۆکی
شەڕو ئاشتبوونەوەی منداڵیمان
خەوم لێکەوت
وەرە
بە قژڕاکێشانەکانی گەنجی
خەبەرم کەوە

(٦)
ئەو خواردنە سادەیەی
جاری یەکەم
پێکەوە خواردمان
چەندین ساڵە
لێ ناگەڕێ برسیبم
نانخواردن لە گەڵ تۆ
چەند ئابووریە

(٧)
کە منداڵ بووی
یەکەمجار
لێنەگەڕای ماچت کەم
هەموو ماچەکانی گەنجیمان
تۆڵەی ئەو ماچەی
بۆ نەکردوومەتەوە

(٨)
بڕیار بوو پێکەوە
بچینە دەرەوە
گەیشمە بەر دەرگا
گوتت
دایکم لێناگەڕێ
ئێستاش
هەر جارێکی دەڵێی دایکم
وادەزانم لێناگەڕێ

(٩)
سێوی نەگەییوی
حەوشەکەتانمان لێکردەوە
دایکت هاواری کرد
لێگەڕێن
با گەورەبێت
چ خۆش بوو
گەورە نەبووباین

(١٠)
بە منداڵی نەمزانی
بووکە شووشەیەکی تۆم شکاند
بە پیری
تۆڵەی خۆت کردەوە
دڵت شاکاندم

(١١)
کە منداڵ بووین
زۆر دەترساین
خەڵک پێکەوە بمانبێنن
بە گەنجی چەند دڵخۆش بووین
کە بە یێکەوە دەبینراین

(١٢)
بە منداڵى
من پایزم خۆشدەویست
تۆ بەهار
ئێستا تۆ
پایزت خۆشدەوێ
من بەهار
لەو ساڵی تەمەن وەرز لێکدابڕاوە
کەی پێکدەگەین

(١٣)
هەموو ئێواران
کە لێکدادەبڕاین
غارم دەدا
بەرەو پێکگەیشتنی بەیانی
کەی پێکدەگەین
ئێستا
کە ناتوانم غاربدەم

(١٤)
کە منداڵ بووین
من تەنیا بەڕەنگی چاوەکانت
تۆم دەناسیەوە
چۆنت بناسمەوە
ئێستا
کە هەموو دەستە خوشكەکانیشت
چاویلکەیان لە چاو کردووە

(١٥)
منداڵیت بەرم نادا
تۆ هەمیشە
توڕەو بەناز بووی
ئێستاش
من بەم پیریە
بەردەوام
بیبەر و هەنگوین دەخۆم

(١٦)
منداڵ بووین
کە شەڕمان دەکرد
کەس نەبوو
ئاشتمان کاتەوە
بەم پیرییە
زۆر کەس هەن
لێکمان دەکەن

(١٧)
کە منداڵ بووم
لەسەری کۆڵان
چاوەڕێم دەکردی
تا دەهاتی
دەتوامەوە
کە دەهاتی
دەژیامەوە

(١٨)
بە منداڵی
کە پێدەکەنیت
گەڕەک گوڵ دایدەپۆشی
کە تووڕە دەبووی
وڵات دەکەوتە ڕەشپۆشی

(١٩)
منداڵ بووم
حەزم دەکرد
هەموو منداڵانی گەڕەک
کوێر بن
نەوەک تۆ ببینن
ئێستا حەز دەکەم
چاوی هەموو
گەنجانی وڵات هی من بێت
تەنیا
بۆ بینینی تۆ

(٢٠)
بە منداڵى
ناوی تۆ
کانیی هەڵقوڵێنی
هەموو جوانیەکانی ژیان بوو
ئێستا
چاوی تۆ
پەنجەرەی
بینینی دوا ڕۆژە

(٢١)
بە منداڵی
یەکەمجار
ویستم دەستت بگرم
هەموو گیانم کەوتە لەرزین
ئێستا
لەرزینی پیری لێناگەڕێ

(٢٢)
کە منداڵ بووین
لە سایەی عەشقەوە
هەموو وڵات
هی ئێمە بوو
ئێستا پیر بووین
ژوورێکمان دەسناکەوێ

(٢٣)
ئێستاش
بەم پیریەوە
هەرجارێکی
دەچمەوە گەڕەکی منداڵى
تەمەن لە بیردەکەم
بە دوای خانووە
کۆنەکەتان دا دەگەڕێم

(٢٤)
لە قوتابخانە
هەموو جارێ
پارچە کاغەزێکت دەخستە
نێو جانتاکەم
لێی نووسرابوو خۆشم دەوێی
ئێستاش
بەم خانەنشینیە
لە نێو هەموو جانتکانم
بەدوای ئەم پارچە کاغەزە دا دەگەڕێم

(٢٥)
ئەلف و بێی نووسینم
لە بیرکردووە
کەس و کاری خۆم
ناناسمەوە
ناوی خۆشم
لە بیر چووەتەوە
لە وەڵامی هەموو پرسیارێکا
دەڵێم پەری

(٢٦)
چومە لای دکتۆر
بۆ چارەسەری
گووتی کوێت دێشی؟
گوتم پەری
گووتی هۆی چیە؟
گوتم پەری
گووتی لە کەیەوە؟
گوتم پەری
گووتی لەگەڵ کێ؟
گوتم پەری
دکتۆر گوتی
خەرەفاوە

(٢٧)
ڕۆژی یەکەمی
چوونە قوتابخانەمان
گوڵێکت پێدام
خستمە نێو کتێبی ئەلف و بێوە
ئێستاش
بەم پیریەوە
هەر کتێبێکم دەسکەوێ
بەدوای ئەم گوڵی دیاری
منداڵیە دا دەگەڕێم

(٢٨)
لە تاقیکردنەوەی بیرکاری
هەردووکمان
نمرەی تەواومان وەردەگرت
ئێستا
پیر بووم
یەک و یەکم بۆ کۆ ناکرێتەوە
وەرە بەم پیریە
هەردووکمان ببین بەیەک

(٢٩)
لە قوتابخانە فێریان کردین
پێویستە مامۆستا و
دایک و باوکمان خۆشبووێ
خوێندنمان تەواوکرد
کەس پێی نەگوتین
پێویستە
یەکترتان خۆش بووێ

(٣٠)
لە قوتابخانە
لە وانەی ئایین
فێریان کردین
هەموومان دواجار دەمرین
گەورە بووین
کەس پێێ نەگوتین
ئێستا
پێویستە یەکترتان خۆشبوێ

(٣١)
ڕۆژێکی زۆر سارد بوو
لە قوتابخانە هاتینە دەرەوە
بەرگەمان نەگرت
یەکترمان گرتە باوەش
بەم پیرییەش
هەر جارێ کە تۆ دێیت
حەزدەکەم دار و بەرد بیبەستێ

(٣٢)
نەورۆز بوو
ئاگرمان کردەوە
پۆلیس دوامان کەوت
لە ترسا خۆت خستە باوەشم
ئێستاش
کە پۆلیس دەبینم
وا دەزانم نەورۆزە

(٣٣)
منداڵیت بەرم نادا
ئێستاش
بەم سەری سپی و
و چاوی کز و
دەستی لەرزۆک و خانەنشینیمەوە
بەیانیان
جانتاکەم هەڵدەگرم و
ڕێی قوتابخانە دەگرمەبەر
چاو لە تۆ دەگێڕم
هەر کچێک دەبینم
دەڵێم بەیانی باش پەری

(٣٤)
لە خانەی پیران
هەموو هاوتەمەنەکانم
گاڵتەم پێدەکەن و لێم بێزارن
دەڵێن چ پەری پەریتە
چەند هەست بە تەنیایی دەکەم
هاوپیرییەکی
خاوەن پەریم نییە

(٣٥)
ئەو ڕۆژەی گوتیان دەتگوێزنەوە
بۆ کەسێکی تر
من ژوورێکم ڕازاندەوە
جلی زاواییم کردە بەرو
بۆنی زاوایەتیم لە خۆم دا
ئێستاش
ئەو ژوورە هەر ڕازاوەتەوە
جلی زاواییەکەم هەرماوە
ئەو بۆنی زاوایەتیە
هێشتا بەری نەدوام

(٣٦)
منداڵیت بەرینەداوم
من هیچ گەورە نەبوویم
گەڕەک، شار
هیچ نەگۆڕاون
هێشتا سەردەمی پاشایەتیە
ساڵی یەکەمی قوتابخانەمانە
چ خۆشە
هەردووکمان
فێر بووین
ناوی یەکتر بنووسین

(٣٧)
لەسەر سەرینی مەرگم
دکتۆر دەپرسێ چۆنی؟
دەڵێم پەری باشە
دکتۆر پەری کێیە؟
پەری منم!
دکتۆر تۆ پیاوی
پەری ناوی ژنانە
من پەریم
دکتۆر خراپ تێکچووە!

(٣٨)
لە بیرتە
لە ڕێی قوتابخانە
لە نێوان (کوران) و (ئازادی)
پێڵاوەکانمان لە نێو قوڕ بەجێدەمان
من ئێستاش
دڵم لەوێ بەجێماوە

(٣٩)
شەو بوو
گوتت هەموو ئەم ئەستێرانە
هیمنن
گوتم من زۆرترم هەیە
گوتت چۆن
گوتم تۆ و ئەستێرەکان
پێکەنیت
گوتت شەیتان

(٤٠)
دەترسم
ئێستا نەمناسیتەوە
هەموو شتێک لە من گۆڕاوە
چاو نەبێت
دەترسم نەتناسمەوە
ئێستا
هەموو شتێک لە تۆ گۆڕاوە
چاو نەبێت
گرنگ ئەوەیە
چاوم بەچاوت بکەوێتەوە

(٤١)
تکایە
ئەگەر مامۆستا لێی پرسی
سێ جاران سێ دەکاتە چەند؟
نەکەی بڵێی دەکاتە نۆ
من ڕقم لە ژمارە نۆیە
زۆر دەترسم
لە نۆ ساڵیدا بتدەن بە شوو

(٤٢)
گەنجەکان
لۆمەم دەکەن
دەڵێن بەم پیری و سەری سپی و
خانەنشینیەوە
شیعری منداڵانە دەنووسی
گەنجەکان
نازانن سبەینێ
کە دەچنە تەمەنەوە
ئەوانیش
حەزدەکەن ببنەوە منداڵ

(٤٣)
هەژار بووین
هەردووکمان
پێکەوە
لەفەیەک و ساردییەکمان کڕی
قەپێک تۆ
قومێک من
قومێک تۆ
قەپێک من
ئێمە یەکەمین دوو منداڵ بووین
لە ساییەی خۆشەویستیەوە
یاسای وەک یەکییمان جێ بەجێکرد

(٤٤)
بانگەشەی هەڵبژاردن گەرمە
بێ ژمارە
بێ لیست
بێ حزب
بێ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن
بێ کارت
بێ ڕۆژی دیاری کراو
بێ پەنجە مۆرکردن
من بۆ هەمیشە
تۆ هەڵدەبژێرم تۆ

(٤٥)
ڕەنگەکانیان هەمووی داگیر کردووە
زەرد و
سەوز و
سوور و شین و مۆر و.. زۆر
ئێمە بێ ڕەنگ و بێ ناو و بێ نیشانین
بە هەردووکمان
یەک نیشانەمان هەیە
ئەویش بێ نیشانییە

(٤٦)
دایکم زۆرجار دەیگوت
واز لەم کچە بێنە
کوڕم خەریکی دەرسەکانتبە
دەمگوت دایە
ئەو کچەش دەرسە
دەرسی چی کوڕم؟
دەرسی عەشق
بە خوا ڕۆڵە
دوا ڕۆژی خۆت
بە قوربانی ئەم کچەتیوە دەکەی

(٤٧)
لە بیرتە گوڵم
کە منداڵ بووین
خەڵک پێکەوەیان دەبینین
دەیانگوت بێ ڕەوشتن
ئێستا
هەر ئەو خەڵکە بەم پیرییەوە
خەریکی ئەو بێ ڕەوشتیەن

(٤٨)
دڵ وشکەکان
کە پێکەوەیان دەدیتین
بە منداڵى
زۆر چیڕۆکی ناشیرینان
بۆ دروست دەکردین
ئێستا
هەر یەک چیڕۆک ماوەتەوە
ئەم دووانە بە منداڵیش هەر
یەکتریان خۆشدەویست

(٤٩)
زۆر جار
بە قسەی خەڵک
دارکاری کراوین
بە منداڵی
لەسەر یەکتر خۆشویستن
ئێستا
لە سایەی ئەو عەشقەوە
لە خانەی بەساڵاچووان
خەڵات و چەپکە گوڵى
کۆنترین دوو خۆشەویستمان
پێشکەش دەکەن

(٥٠)
خەریکم سەفەر دەکەم
دەچمە هەندەران
بیستوومە لە هەندەرانی
ئەرێ
هەندەران
چەند وڵات و
چەند شار و
چەند گەڕەک و
چەند ماڵە؟
تۆ لە نێو دڵی
کام ماڵمی؟

(٥١)
هەر لە منداڵیەوە
زۆرم ئازار چەشت
بەدەست
خزم و
دۆست و
نەناسەوە
هەموو شتێکم لە بیرکردووە
ئەگەر
خۆشەویستی تۆ نەبا
خۆشم خۆم نەدەناسیەوە

(٥٢)
منداڵ بووم
ئارازووم بوو
پارەم زۆر بێ
تا خۆش بژیم
جوان بپۆشم
گەنج بووم
ناوبانگم بێ و
خۆمی پێ هەڵکێشم
ئێستا
تەنیا خۆشەویستی تۆم بەسە

(٥٣)
بیستوومە
بەربژێرکراوی
بۆ پەرلەمان
نازانم سەر بە کام لیست و
لە کام بڕی
دنیایە
ئەگەر دەرچووی
نەکەی تۆش
ساڵ دوازدەی مانگ
هەموو ڕۆژێ
کراسێکی نوێ بکڕی

(٥٤)
منداڵ بووین
خەیاڵمان زۆر
دەوڵەمەند و
ڕەنگاوڕەنگ بوو
ئێستا پیر بووین
خەیاڵمان نەماوە
چاومان
بە ئاستەم
یەک ڕەنگ دەبینێ
ئەویش ڕەنگی پێکەوەییە

(٥٥)
منداڵ بووین و
هەموو جارێ
کتێبی کوردی تۆم دەدزی
چ خۆش بوو
دەهاتیت و دەپاڕایتەوە
تا بتدەمەوە
ئێستا پیربووین و
تۆ دڵی منت دزیووە
بە پاڕانەوش نامدەیتەوە

(٥٦)
منداڵ بووین و
لە نێو لاپەڕەکانی
کتێبی کوردی
دوو داری دوورمان دەدی
لە ژێر ئەو دوو دارە
دوو منداڵی عاشق
ئێستا پیر بووین
نە کتێب ماوە و
نە دار دەبینین
تەنیا دوو عاشقی پیر

(٥٧)
سەیرکە
لە سایەی خۆشەویستیمان
لە منداڵیەوە
شەوانی درێژمان لە خانەی پیران
پڕ بووە
لە خەونی جوان جوان
ڕۆژانی کورتمان لە خانەی پیران
پڕ بووە
لە گێڕانەوەی خۆش خۆش
ئێمە وەک ئەو پیرانە نین
هەر زوو
بۆ یەکتر کوژانەوە

(٥٨)
سەیرکە
ئێمە لە سایەی
ئەو عەشقە منداڵیەمان
لە خانەی پیران
هەموو کاتێکمان
وەک یەکەمین ژووانە
هەموو یەکتر بینینمان
یەکەمین یەکتر بینینە
هەموو شەوێکمان
شەوی یەکەمی
بووک و زاوایەتیمانە
هەموو بەیانیەکمان
یەکەمین بەیانی
شەوی یەکەمین پێکەوە بوونمانە

(٥٩)
زۆرم لا سەیرە
ئەو ژن و مێردە پیرانە دەبینم
ڕۆژانە بەشەڕ دێن
قسە پێک دەڵێن
لێک زویر دەبن
پێکنایێنەوە
کەچی ئێمە
شەو و ڕۆژ
مانگ و ساڵ
هەموو تەمەن بەشی
یەکتر خۆشویستنمان ناکات

(٦٠)
سەیرکە
چۆن ئیدارەی
خانەی پیران
حەوشەکەی پڕکردووە
لە گوڵی سوور
لەو ڕۆژەوە
کە بینیان
من هەموو بەیانیەک
گوڵێکی سوور
پێشکەش بە تۆ دەکەم

(٦١)
سەیرکە
ئەمساڵ سەری ساڵ
چیشت لێنەرەکەی خانەی پیران
تاکانەترین خەڵات و
سەیرترین خەڵاتی
بە من و تۆ بەخشی
بەهۆی ئەوەی
تا ئێستا
داوای هیچ خواردنێکی
تایبەتمان نەکردووە
هیچ خواردنێکمان
ڕەتنەکردووتەوە
بۆ ئێمە
هەموو خواردنەکان
ئەو سارد و لەفەیەن
یەکەمین جار پێکەوە خواردمان

(٦٢)
سەیرکە
ئوتوو چیەکەی
خانەی پیران
هەموو ڕۆژی
جلەکانمان ئوتوو دەکات
خۆشەویستیمان
لێناگەڕێ
جلی گەچراو بکەینەبەر

(٦٣)
دکتۆرەکەی
خانەی پیران سەرسامە
تا ئێستا
ئێمە لە سایەی
یەکتر خۆشویستنمانەوە
داوای
هیچ حەبێکی سەرێشە
هیچ حەبێکی
بەرزە خوێن
هیچ حەبێکی
خەولێنەکەوتنمان لێ نەکردووە

(٦٤)
تۆ دەزانی
هەموو ژن و مێردە پیرەکانی
خانەی پیران
دەمانبوغزێنن
لەبەرئەوەی بەردەوام
لە ئیدارەوە پێیان دەڵێن
ئێوە بۆچی
وەک ئەم دووانە
خۆشەویست و تەبا نین

(٦٥)
هەفتانە
لە خانەی پیران
مەلایەک دێت
قسەمان بۆ دەکات
قەشەیەک دێت
قسەمان بۆ دەکات
دەروونناسێک دێت
قسەمان بۆ دەکات
کۆمەڵناسێک دێت
قسەمان بۆ دەکات
هیچ ژن و مێردێک
گوێیان لێناگرن
من و تۆ
لە سایەی خۆشەویستیەوە
بەردەوام
قوتابی هەمووانین

(٦٦)
لە بیرتە
لە خانەی پیران
ئەو شەوەی کارەبا بڕا
پیرەکان
خەویان لێ نەدەکەوت
هاواریان دەکرد
بەرداغیان دەشکاند
من و تۆ
هێمن هێمن
لە بەردەم چرای خۆشەویستی
چیڕۆکی خۆشەویستی خۆمان
بۆ یەکتر دەگێڕایەوە

(٦٧)
ئەو ڕۆژە
لێکۆڵەرێک هاتبوو
یەک یەک
لە پیرەکانی دەپرسی
خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانت کامە بوو؟
یەکێ دەیگوت
ڕۆژانی منداڵى
یەکێ دەیگوت
ڕۆژانی گەنجی
یەکێ دەیگوت هیچ ڕۆژێکیان
من و تۆ بووین
گوتمان هەموو تەمەنمان

(٦٨)
دوێنێ دەروونناسێک هاتبوو
یەک و لاپەڕەی دا بە هەموومان
گوتی
چێتان پێخۆشە ئەوە بنووسن
یەکێ نووسیبووی
خۆزگە پیریی نەبووایە
یەکێ نووسیبووی
ئێرە دۆزەخە
یەکێ نووسیبووی
بۆ چ نامرم
من و تۆش نووسیمان
ژیان خۆشەویستییە

(٦٩)
ئیدارەی خانەی پیران
داوایانکرد
هەریەکەو وێنەیەک
بەگەورەیی
بەسەر سەری خۆمان هەڵواسین
یەکێ وێنەی منداڵی
یەکێ وێنەی چوونە قوتابخانەی
یەکێ وێنەی ڕۆژی شاییەکەی
یەکێ وێنەی ڕۆژی دەرچوونی
یەکێ وێنەی ڕۆژی دامەزرانی
ئێمەش
ئەلبوومی تەمەنی
پڕ خۆشەویستی خۆمان
هەڵواسی

(٧٠)
هەموو ساڵێ
لە خانەی پیران
من و تۆ
بەهۆی خۆشەویستی
بەردەواممان
بەهۆی بێ کێشەییمان
بەهۆی پاک و خاوێنیمان
ئیدارە
بە دزی خەڵاتمان دەکەن
نەوەک پیرەکانی تر توڕەبن

(٧١)
ئیدارەی خانەی پیران
بێ تاقەت بوون
هێندەی
ڕۆژی لە دایکبوونمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژى یەکترناسینمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی شاییەکەمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی دامەزراندنمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی خانەنشینبوونمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی هاتنە خانەی پیرانیمان
بۆ بکەن بە جەژن

(٧٢)
هونەرمەندێکیان هێنابوو
ئیدارەی خانەی پیران
بۆ دڵخۆش کردنمان
گەرم گەرم گۆرانی دەگوت
پیرەکان
چیە ئەم دەنگە دەنگە
ئەم هەراو چەقە چەقە
بیبڕنەوە بێزار بووین
من و تۆش
دەستمان گرتبوو
سووک سووک
شاد شاد
منداڵانە شاییمان دەکرد

(٧٣)
لە هەموو تەمەنما
هەرگیز
لێم نەپرسیوی
چۆن منت خۆشویست
لە هەموو تەمەنتا
هەرگیز
لێیت نە پرسیوم
بۆ چ منت خۆش ویست
لە ڕستەکانی خۆشەویستی
بۆچی و چۆن
جێیان نابێتەوە

(٧٤)
لەوەتەی تۆم خۆشویستووە
هەرگیز هەستم نەکردووە
هەژارم
دەوڵەمەندم
گەرمامە
سەرمامە
ساغم
نەخۆشم
بەردەوام هێندە دەزانم
لەخەوما و
لە بێ ئاگاییمدا
لە منداڵی و
لە پیرییمدا
هەمیشە تۆم خۆشویستووە

(٧٥)
لە بیرتە
یەکەمجار چووین
خانووێک بە کرێ بگرین
خاوەن ماڵ پرسی
منداڵتان هەیە
گوتمان خۆشەویستی
گوتی سەیارەتان هەیە
گوتمان خۆشەویستی
گوتی پارەتان لە بانک هەیە
گوتمان خۆشەویستی
توڕەبوو
گووتی بڕۆن بڕۆن
نان و خۆشەویستی بخۆن
لەو ڕۆژەوە
ئێمەش
نانی خۆشویستی دەخۆین

(٧٦)
لە منداڵیەوە
پێکەوەین
بەخۆشەویستیەوە
تا ئێرەمان هێناوە
ئێرەی خانەی پیران
سبەینێ کە مردین
پێکەوە لە گۆڕێک بمانێژن
بەڵێ یەک گۆڕ
دوو گۆڕ تێرایی ئێمە ناکات

مەولود ئیبراهیم حەسەن
پایزی /٢٠٢٤ – هەولێر

——————————

-ئەم جارەش برای بەڕێزم مامۆستا ( هەردی قاسم ) ی هونەرمەند دڵسۆزی نواندو هەڵەکانی بۆ ڕاستکردمەوەو وێنەیەکی جوانترو گونجاوتری بۆ شیعری ( منداڵێت بەرم نادا..) دیزاینکر د، لە دڵەوە بەگەرمی سوپاسی دەکەم .




زه‌وه‌ززه‌ی ده‌روێـش.. چیرۆكنووسی بولگارستان: نیكۆلای خـایتۆڤ.. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئەوەی بۆتی دەگێڕمەوە لە دێر زەمانەوە ڕووی داوە..
هێشتا چواردەم لە تەمەنم نە بوارد بوو، نە دایكم هەبوو نە باوك، باوكمیان سەبارەت بە مانگاكەی ساڵحەوە كوشتبوو دایكیشم بە ئیسپانیە تا مرد. لە لای نەنك و باپیرێكی پیرەوە پەروەردە بووم.. دەستی ڕاستی داپیره‌م ڕەق ببوو ، ئەمەش مانای وایە كەسێك نەبوو ئیش و كاری ماڵێ ڕاپەرێنێ.. باپیرم چاوی لە من بوو ژنم بۆ بێنێ، لێی نەپرسیم، جاران نەیان دەپرسی، ئەوانەی ژنیان بۆ دەهات ڕیش سپی و پیرەكان لە ناوەخۆدا ئیشەكەیان دەبڕاندەوە. جارێكیان گوێم لێ بوو پێكەوە دەئاخڤین نەنكم وتی: ـــ: هێشتا منداڵە! باپیره‌م وەڵامی دایەوە: گەورە دەبێ، گرینگ ئەوەیە كیژێكی بۆ ببینینەوە! باپیرم چی دیبوو و چۆن؟ ئەمەیان كە ناتوانم پێتی بڵێم بەڵام جارێكیان كە لە ناو مێرگدا گەڕامەوە بنیادەمێكم بینی مەقەستێكی گەورەی دەبەر پشتێ دا بوو، باپیرم وتی: ــ ڕەمەزان! ئەوا ئەو بەرگدرووەم بانگ كردووە، شەرواڵێكت بۆ بدروێ، جا ڕەنگاو ڕەنگت دەوێ یا سادە؟ لەوەی زیاتری لێ نەپرسیم، بۆیان خواستم.. ژنیان بۆ هێنام لەوەی زیاتریشیان لێ نەپرسیم (شەرواڵێكی ڕەنگاو ڕەنگ یا سادە). چوارشەممە بەرگدروو هات، پێنچ شەممە شەلوارەكەی تەواو كرد، شەلوارێكی ڕەنگاو ڕەنگی خەت خەت و چنراو بوو.. ڕۆژی(هەینی)یش دۆڵنگێو هات و كەوتە لێدانی تەپڵی زەماوەند، دۆڵ لێ دەدرێ و مەنجەڵ و قازانی پر لە گۆشتیش كوڵەكوڵیانە، منیش نازانم داخۆ دەبێ بووكەكەم كێ بێ؟ بە شەرمەوە لە نەنكم پرسی: ـــ: هاوسێیە، یا هەر خەڵكی گوندییە؟ بەڵام كێیە و چۆن دەبێ، نەنكم شتێكی نەگوت، منیش لە سەری نەڕۆیشتم.. ئێوارە زانیم كێیە و چۆنە.. شێخ دروودی مارەیی خوێند و تەپڵمان بۆ لێ درا.. پاشان هاتە سەر ئەو وەختەی پێكەوە لە ژوورەكەدا جێمان بێڵن. باپیرم جودای كردمەوە و وتی: ـــ: ئاگاداربە، بەیانی ده‌بێ خوێن هەبێ! ئەگەر بووی بە پیاو ئەوا وەك پیاوان بە.. گرینگ ئەوەیە خوێن هەبێ دەنا دەبیتە مەسخەرەی تەواوی گوندی، پاڵێكی پێوە نام و دەژوورێی كردم و دەرگای كلیل دا.
نیو سەعات دەبوو وەك كۆڵكەدار دانیشتبووم بێ ئەوەی فززەم لێوە بێ یا ڕووپۆشی لە سەر لادەم پاشان هەر خۆی بە دەستی خۆی ڕووپۆشەكەی لادا و دەركەوت.، وام زانی باپیرم ئافرەتێكی قەڵەو و تێكسمڕاوی بۆ هێناوم، كەچی من كیژێكی لە وێنەی پەپوولەم دی، سپی دەت گووت شیرە، چاوی گەورە و سیحراوی.. بە سەرسامیەوە تێیەوە ڕامابووم، ئەویش سەیری دەكردم.. پاشان دایە قاقای پێكەنین ئینجا پرسی: ـــ: شەرم دەكەی؟
ـــ: ئەرێ وەڵڵا..!!
ـــ: شەرم لە چی دەكەی؟ شەڵوارێكی ڕەنگینت دەبەردایە سەیری ئەو پشدینە، حەز دەكەی یاری بكەین، بگەوزێین؟ پێش ئەوەی پێی بڵێم كە داخۆ دەمەوێ یان نا شویتكی گرتم و بۆ خۆی ڕاكیشام و ماچی كردم و دایهێنامەوە. بەم چەشنە به‌ كه‌یفی تۆمان یاری كرد و ئاگامان لە خۆ بڕا، هەستمان بە كەڵەبابی بەیانی نەكرد.. لەو دەمی دا كە خوێنەكەم بیر كەوتەوە كوڕنیشكم كەوتنە نێوچاوانێ »ئێستا كە خۆشە، بەڵام سپێدە دادێ و ئەوانەی لە خوێن دەپرسن دێن.. ئەدی ئاكام؟« بینیمی چیم بەسەر هات، لێی پرسیم كە داخۆ بیر لە چی دەكەمەوە؟ وتم: ـــ: لە خوێن! وتی: ـــ بۆت پەیدا دەكەم.. ڕوومەتی پڤ دان.. بوون بە گوڵاڵە سوورە و تفنكیشی كۆڵینەوە خوێنی لێ پژا.. لەوەی گەڕێ لە كوێ و بە چیمان سڕیەوە، هەموو شتێ كۆتایی پێ هات، وەك پیاوێك لەگەڵ ئافرەتێك دا دەژی، لەگەڵ سلیفیانادا ژیام، ئەو كیژە، بەڵام هاوسەرمە.. مێینە هەر لە منداڵێیەوە ڕوخساری ئافرەتیان پێوە دیارە، جا ئەوە لە ژێر برژانگانیان دایە یا لە ژێر نینۆكان، گرینگ ئەوەیە هەیە، بەڵام مەسەلەكە بۆ نێرینە جیایە، ئەو پیاوەی كە ڕدێنی نەبێ ڕوومەتی ئافرەتی پێ بخورێنێ پیاو نیە! دڵیش كە بیر لە ئافرەتێ دەكاتەوە لەسەرو ڕدێنێ ناپرسێ كە ئەمەش لە خۆم ڕوویدا، كاتێ لەگەڵ سلیفیانا گەوزیم و لێك ئاڵاین و ئەوەندی پێمان كرا یاریمان كرد، دڵم هێزی دەهاتەبەر هێز! كە ویستیشیان بە زۆرەملی ڕێی پێ بگۆڕن، لە ڕەگ و ڕیشەوە لە منیان دەركێشا، ئەوەش بێ ئەوەی كەسێ هەستی پێ بكا، هەموو شتێ وەك دەڵێن ئاسایی ڕۆیی، وەكو ئەوەی لەسەر ئاوێ بێ وا بوو، كەس نەبوو بۆ ئەوە بچێ كە لەوانەیە لەژێر ئاوەكەدا بەردێ هەبێ و قایێخەكەمانی تێ هەڵبنگوێ و هەلاهەلا بێ. (سلیفیانا) لە ماڵەوە دەمێنێتەوە، خزمەتی نەنكم دەكا كە دەگەڕێنەوەیش زرۆبی و ناوساجیمان لەپێش دادەنێ و ئیشان دەكا، گسك لێ دەدا، تەنانەت ماڵە كۆنەكەمان وای لێ هاتووە وێنەی ڕۆژێ پرشنگان دەدا، كۆڵەگەكانیش زەردەمسكە بوونەتەوە،(سلیفیانا) بە گوڵ و گیای هەمەچەشتی ڕازاندبوونەوە، وای لێ هاتبوو ڕۆژێ سێ جاران مینای پەنجەرەكەی تەڕ دەكرد و پاكی دەكردەوە و لە باتی ئاوێنە قژی لەبەر دادەهێنا، قژێكی هەبوو لێرە زەردی دەنواند و لەوێ سوور وەك بڵێی گڕی تێبەر بوو بێ، كە لە لایێكی تر تەماشات دەكرد وەك زێڕی زیندوو وابوو، كەروێشكەی لەسەر سەری دەكرد، دەست دەكاتێ دایدەهێنێ، منیش دەچم سه‌یری دەكەم و تێیەوە ڕادەمێنم تا باپیرم بانگم دەكا:
ـــ: ڕەمەزان هەستە، بزنەكانت خەریكە لە برسان دەمرن! ئای چ ئازارێكە بە دەست بزنانەوە، هاوینان خۆر تەمەڵی دەنوێنێ و لە تاقی ئاسمانایە و ئاوا نابێ.. پێنج فلوسانیش ناهێنێ، بووكی منیش لە گوندییە.. وام بە خەیاڵدا دێ بە گۆچانەكەم بكەومە بەر خۆر و پاشان ختمی بكەم لە زەوی و ئیتر هەڵنەیێتەوە، منیش بە گەنجی بمێنمەوە تا هەر شەو بێ و تا هەتایێ لە تەكیەوە پاڵ بكەوم یا بە هەناسەم برژانگی دابێنم، فێر بووم هەموو بەیانیان كە لە خەو هەڵدەستم فوو لە برژانگی دەكەم، تاكو هەموو تاڵێكی دەچێتەوە جێی خۆی. بەڵێنم بە (سلیفیانا) دابوو كە لەگەڵ باپیرم دەچمە پێشانگایێ لە (فلیپیە) شانەیێكی ئێسقانی بۆ برژانگان بۆ بهێنم، كە چی بەڵێنەكەم نەگەیاندە جێ. ڕۆژێكیان لەگەڵ باپیرم لە دروێنە بووم كە ئێوارە گەڕاینەوە ماڵێ، چووینەوە سەر هەوارێك خاڵی و تار و بێ بووك. نەنكم وتی، براكانی سلیفیانا داوایان كرد، ئەویش نەیدا بوونێ و ئەوانیش پاڵێكیان پێوە نابوو و بردبوویان. وتبوویان سلیفیانا جیازیی هەیە و پێویستە وەری بگرێ، سواری ئەسپێكیان كرد كە خەڵكیشیان گەیشتنێ بە ناو دارستانەكەدا بۆی دەرچوون. نازانم چیم بەسەر هات؟ بەڵام كە باپیرم بینیمی دەست بۆ چەقۆیێ دەبەم، گرتمی و بە نەنكمی وت: كندڕێكم بدەرێ! نەنكم كندڕێكی هێنا و باپیریشم لە ئەستوونەكەی بەستمەوە و پێی وتم: تۆ دەبێ لە پێناوی زەوەززەدا خۆت ڕاگری.. نابێ ببزووی دەمەوێ نەوەی حەسەن دەروێش لێرە گاگۆڵكێ بكا، پاشان دەچی لە كوێ دەكوژرێی كەیفی خۆتە! سواری ئێسترەكە بوو و بۆی دەرچوو، بانگی نەنكمیشی كرد: ـــ: ئاگات لە وەچەی دەروێش بێ، دەنا سەرت دەقەڵێشنمەوە! نەنكم باپیرم چاك دەناسێ بۆیە دەست و پێی نەكردمەوە. منیش وەك بڵێی سەد (زەروو)م بە دڵەوە نووسابێ و خوێنم بمژن هیچی ترم بە خەیاڵدا نەدەهات، تەنها ئەو هیوایە كزە نەبێ كە دەشێ براكانی بە ڕاستی بۆ جیازەكە بردبیانەوە، دوای ئەوەیش بیرم لەوە دەكردەوە كە ئەوان براینە و غەریبە نین. دڵی خۆم بەو تۆزە هیوایە دەدایەوە تا باپیرم لەگەڵ مەلا بانگدانێ هاتەوە، زاری ئێسترێی كەفی هەڵدابوو، ئەوەندەی بەنێو زڵكاوانیشدا تێپەرێ تەواوی بەدەنی تەڕ ببوو. پاڵی پێوەنام و دەژوورێی كردم و دەرگایشی گاڵەدا، لەگەڵ نەنكیشم چوونەوە ژوورەكەی خۆیان. دیوارێكمان ناوبڕ بوو، لە نێوەڕاستیدا دووكەڵكێشێكی تێدا بوو، دیوارەكە لە ڕاستی دووكەڵكێشەكەدا دەنگی تیا دەهات و دەمتوانی گوێم لە قسەو گفتوگۆیان بێ. خۆم لە كونجێك ئاخنی و گوێم بۆ ڕادێران، باپیرم بە دەنگێكی نزمەوە دەئاخڤی، بەڵام هەموو شتێ تێ گەیشتم دەیگوت: ـــ: ئیتر بووك هی ئێمە نییە، برایە بێ ئەدەبەكانی زانیبوویان هێشتا كچە، بۆیە بە دوو (سابرێن)ـانیان داوەتە ڕەفعەت! نەنكم لێی پرسی: ئەی ئێستا؟ -: ئێستاش بردوویانەتە دارستان و كەس نازانێ كەنگێ دەگەڕێنەوە، بەڵام چ سوودێكی هەیە بگەڕێتەوە و تۆوەكی بیژۆكی لە هەناواندا دابێ. نەنكم وتی: جا ئێستا چ دەكەی؟ -: دەزانی چ؟ وام بە خەیاڵدا دێ ڕەفعەت وەك گوللە لە قیڕیدا ختم بكەم، دەشیكەم! بەڵام ئێستا نا، ژنێ بۆ ڕەمەزان دێنم و چاوەڕێ دەكەم تاكو نەوەكە پەیدا دەبێ، جا دەزانم چۆن وا بكەم دایكی ڕەفعەت خڕە فرمێسكان هەڵبارێنێ.
قسەكانی باپیرم، ئا ئەو قسانەی وای لێ كردم كە خۆم بە ئۆجاغەكەوە بنێم نەبزووم و داوای لێ كردم بە دیار خۆڵەمێشەوە بم! لەگەڵ گەردی بەیانیدا باپیرم لەگەڵ شێخی هاتنەلام دڵی دامەوە، تانەخنكێم و نوقم نەبم و تا دوژمنایەتی كەس نەكەم و لەگەڵ كەس بە داوا نەیێم، هەر بۆ ئەوەی نەوەیەك بۆ باپیرم بەجێ بێڵم پاشان خوای دەكرد سەرم پان دەبووەوە!!
ئەو ڕووداوانەی لە دوایشدا هاتن، بێرە، بە ناو دڵم دا چوون… وێنەی كۆمەڵە تابلۆیێك… ئازاریان دەدام… تابلۆی یەكەم كە سیلیفیانا گەڕایەوە گوندی، ماڵی ڕەفعەت هاوسێمانن، ناوبڕمان تەنها دیوارێكە، بەڵام كە گەڕانەوە كەس نەیدیتن، مانگێك بڵێ زیاتریشی پێ چوو بوو پێیەوە دیار نەبوو ئەم دەڵە كە جووتبێتی… ڕوومەتی وەك هەویر شێلا بوو، زاتی نەدەكرد ئەمە بڵێ منیش هەموو شتێكم دەزانی… لە یەكەمین ڕۆژەوە ڕەفعەت عاشقی ببوو، كاتێ كە لە حەوشەی دیبوو دێ و دەچێ، كونێكی لە دیواریدا كردبوو و تەماشای دەكرد، ئەو بە حەفت ساڵان لەمن گەورەترە سەرەڕای ئەوەیش لە خۆشیان دایە، ناچێتە داران و ناشچێتە كێڵگە، تەنها یارمەتی باوكی دەدا، باوكی گۆشتفرۆشە. عارەقێ دەخواتەوە و ددانان دەگڕسێنێ و پاشان دەچێ سنگ دەردەپەڕێنێ و فشەو فەخفەخە بەسه‌ر خەڵكیدا دەفرۆشێ… ماڵی ڕەفعەت دوو سابرێنی قەڵەویان هەیە دوو زەنگوڵیان بە ملی یەوەیە، كە دەزرنگێنەوە لە پشت دە گردانت گوێ لێ دەبن، براكانی سلیفیانا (ڕەجەب و یۆمێر) تەماحكارن، شوانكارەشن حیساب بۆ سابرێن و زەنگوڵان دەكەن، جڵەویان بۆ ڕەفعەت شل كردووە، ئەوان سابرێنەكانیان دەوێ ئەویش خوشكیان، زانیبووشیان هێشتا كچە دەقەبەڵیان كردبوو. زۆرم حەز دەكرد سلیفیانا ببینم، بەڵام ئەو زاڵمە لە پشت قفڵێی نابوو چ ڕێگایەك نەبوو پێی ببینم، جارێكیان غەریبیم بۆی هەستا، هەر تاریك دا هات بە سەر بانەكە كەوتم و چووم لە پەنا دووكەكێشەكەوە خۆم حەشار دا، لە پەنجەرەی ماڵی ڕەفعەتەوە سەیرم دەكرد… پەنجەرەكە خڕە، لە ناوەوەشدا لامپایێكی نەوتی دەسووتێ چی لە ماڵدایە دیارە، هەمووی نا… بەڵام دەمدیتن لەبەر خوانەكە دادەنیشن، پاشان دەمدیتن هەڵی دەگرنەوە و ڕەفعەتم دەدی پشتی دەكردەوە و خۆی تەنها دەكرد و… و …؟ نەمدەتوانی چاوەكانی ببینم، بەڵام سەری وەك بڵێی بڕابێ دەلەنگیەوە ئەویش دەیگرت و هەر دوو پەنجەی گەورەی دەخستە ژیر چەناگەی و وەك دڕندە هەڵی دەلووشی. لامپاكە دەسووتاو دڵی منیش وێنەی مۆم دەتوایەوە…
ئەم دڵە چۆن نەتوێتەوە؟ چۆن نەوەستێ؟ چۆن بگاتە سبەی و دوو سبەی؟! نەنكم هەستی بەوە كرد خۆم لە پەنای دووكەڵكێشەكەوە دەنێم بە باپیرمی گوت، ئەویش دیار بوو سەرزەنشتی كردو وتی: -: با بكا، چ دەكا با بكا… با ڕق بخواتەوە، با پڕ بێ لە قین… با فێر بێ خوێنی ئافرەت لە لووتیەوە وەرنەگرێ! بڵێی باپیرم ڕاستی كردبێ یان نا؟ ناتوانم حوكمی ئەوە بدەم، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ڕقەكەوە بێ كارەسات بوو… كە حەزت دەچێتە شتێك، بیر لە چیتر ناكەیەوە… بووكه‌ڵه‌ی پڕ لە پووشت دیوە؟ هیچی تیا نییە، نە دڵ، نە ئێسقان تەنها پووش و بەس من وەك ئەو بووكه‌ڵه‌یه‌م، بەڵام پووشی من ڕق و كینەیە، هەر بە وەیشم خۆ لە سەر پێیان ڕاگرتووە. ئەو ڕقەی لە ڕەفعەتم دەبێتەوە ئەوەتا بە سەرمەوەیە، لە ناو نوێنیێ، لە كێڵگەشدا لەگەڵمایە، شەوو ڕۆژ… خەیاڵی ئەوە دەكەم چۆنی بە تەورداسێ دەبڕمەوە یا بە خەنجەرێی دادەڕسێمە هەناوان، ئەویش دەم و دەست نامرێ و پێوەی دەناڵێنێ؟ ڕیخۆڵەكانی لە سەر ئەرز بە دوای خۆی ڕادەكێشێ، منیش بە پێیان پانیان دەكەمەوە و بە نینۆكان لە باڵ یەكیان دەردێنم، بێ ئەوەی بەمەیش دڵم ئاوێ بخواتەوە، بە خەنجەر ئازاری نابێ، بیرم لە ئازاردانێكی دیكە كردەوە، بیرم لەوە كردەوە لە سەرخۆ بیخنكێنم، ماوەی بدەمێ، بەڵام ئەوەم لا ڕوون بوو، ئەگەر بیگرم بەری نادەم بۆیە خنكاندنەكەیشم بە دڵ نەبوو، ئازار و ئەشكەنجەی ترم داهێنا و سێ سەد جارم كوشت و ژیاندمەوە. سەرم گڕی گرت، كوشتمەوە، لەت لەتم كرد و كردم بە هەزار پارچە، دەستم شل بوون ئەوجار بە ددانان، تاكو ئاخری پووشی ناو بووكۆكە گڕی گرت و منیش تام لێهات، لێوە لەرزەم گەیشتێ و نەخۆش بووم، كەوتمە ناو جێیان. ئەو وەختە باپیرم تەنگاو بوو! لەبەر من نا، لەبەو وەچەی دەروێش، لەگەڵ خۆی بردمە (تریگراد) بۆ لای ئایشە قەڵەو… ئەویش زۆری دەرمانی تاڵ دامێ و بە زۆر مەڵحەمانیشی چەور كردم، ئیتر تایەكە بەری دام و حەفتەیێكی پێنەچوو چاك بوومەوە، بەڵام باپیرم نەیهێنامەوە گوندی، لە (تریگراد) بەجێی هێشتم، لەوێ لای بزنە گەلی (دیلیۆمێر)، ئایشە قەڵەویشی ڕاسپارد چی پێ باشە بمداتێ بە مەرجێك بێ سمێڵ و ڕدێن نەگەڕێمەوە. هەر وایش بوو، جا ئەوە بە هۆی تاڵاو بوو یا لەبەر ئەوەی چونكە بە ناو ساڵان كەوتم- هەر ماوەی چەند مانگێك بوو سمێڵ و ڕدێنم پێوە هاتن، كەس نازانێ ئەوە چ ڕدێنێكە، بەڵام بە هەرحاڵ ڕدێنە، ئەمەیش نەختێ هێوری كردمەوە و ڕزگارم بوو لەو دەردە بەرازەی و ڕۆیشتم بە دوای ئارەزووی خۆم كەوتم… باپیرم هات وتی: یاڵڵا با ژنت بۆ بێنین خورێ خورێم كەوتۆتە دەستی و شینێ بە دایكی ڕەفعەت هەر دەگێڕم! بە باپیرم وت: دەتوانی ژنێم بۆ بێنی و چم لێ دەكەی كەیفی خۆتە، بەڵام تخوونی ڕەفعەت ناكەوی من خۆم حیسابی لەگەڵ پاك دەكەمەوە… سوێندیشم دا كە بە قسەم بكا. ژنم لە تریگراد هێنا، ئەمجارەیان چ فڕوفێڵی تێدا نەبوو، هەموو شتێ بەر كەماڵ بە سەرچوو، منداڵەكەم بوو، بەڵام نەك بە نۆ مانگان، بە حەفت مانگان! دیارە زانیوویەتی باپیرم ئەوەندەی لێ بەساتییە و پێشی وادەی بوونی كەوتووە! چەند ساڵ بوو باپیرم نەدیبوو پێبكەنێ، ئێستا بینیم… گڕژیەوە و ڕاكشا بمرێ… بە ڕاستیی ڕاكشا هەر دوای سێ ڕۆژان پاش لە دایك بوونی منداڵەكە، دەمی داچەقی و كەوتە سەر جێیان، برۆی چەپەی بە تەنێ هەڵدەتكی، بانگی كردم و وتی:ــ ڕەمەزان كوڕم! خۆ دیتت، باپیرتم ها! زەوەززەی دەرۆیش؟؟ ئەوەتا ئێستاش دەڕۆم مزگێنی بدەمە باوكت، بەڵام (ڕەفعەت)، ئەوا ئەویشم بە تەمای تۆ كرد! باپیرم ئەمەی وت و بە دوایی بوو، ژن و مناڵێك و ڕەفعەتیشی بە تەمای من بەجێ هێشت، دە وەرە جا ڕەمەزان بزانین چۆن سێ شتان بە دەستێكی هەڵدەگری، ژن و منداڵێك و دژمنیش، تۆی كە پووشی بووكه‌ڵه‌ت تێدایە، دەبێ ڕاست ڕێ بكەی و بزنەكانت بلەوەڕێنی و بكێڵی تا بخۆی، وە ئەمما جەرگ و دڵت ئەوەتان لە لای قەسابی، ڕەفعەت چۆنی بوێ وای دەگووشێ. لەبەر خۆمەوە دەمگوت: پێویستە منداڵەكەم هەراشۆكە ببێ كە دایكی بتوانێ پەروەردەی بكا، ئەو دەمی سكی ڕەفعەتت بۆ هەڵدەدڕم، لە دوایشدا وتم چاوەڕێ دەكەم تا ڕەپێ دەبێ و دەڕوا… كە ڕۆیشتیش وای لێهات سلیفیانا بە دەر دەكەوت، منداڵێكیشی دە ئامێزی دا بوو و پەچەی لە ڕووان دابوو، وەك جاری جاران هات و چۆی لە حەوشەكە دەكرد، دیار بوو نەی دیبووم، بەڵام چاوی لێ دەگێڕام بمبینێ. كونێكم دە دیواری ژوورەكەیان كردو سەیرم دەكرد، كاتی كە من لە ژوورەوە تەماشام دەكرد، ڕەفعەت لە پەنجەرەكەوە چاوی لێ بوو، ژنەكەیشم چاوی لێ بووم، لە بەختی من ژنێكی شەڕانی نییە، نە هاواری كرد و نە حەفت و هەشتیشی لەگەڵ كردم، چوو بێ هەست و خوست فرمێسكی هەڵدەباراندن.

بەم چەشنە ڕۆژگار هاتن و ڕۆژگار ڕۆین… جووتی دەكەم و كارێزان لێدەدەم، یا نەخۆ لەگەڵ بزناندا دەبم، بە پەلەشم، پێش ئەوەی تاریك دابێ دەگەڕێمەوە بەو كوونەوە دەنووسێم كە لە دیواری ژوورەكەدا كردوومە و چاوەڕوانی سلیفیانا دەكەم بیبینم جا ئەگەر بیبینم ئەوا دڵم دادەمركێتەوە ماندوویەتیشم دەڕەوێتەوە، ئەگەر نەیشی بینم ئەوا شەوێ بە ددان گڕساندن بەڕێ دەكەم… كەوڵی دەكەم… دەیخنكێنم، دەرمان خواردی دەكەم، لەگەڵ ئەوەشا دڵم قەرار ناگرێ! زۆر جارانم داناوە تەواوی بكەم، بەڵام هەر كە بیر لەوە دەكەمەوە دەچمە زیندان و لەوێشدا هیچ كونێك نییە سلیفیانای تێدا ببینم، واز دێنم و پەشیمان دەبمەوە. ئا بەم جۆرە ژیانم دەڕۆیی، ڕۆژ دوای ڕۆژو ساڵ لە دوای ساڵ… ئەگەر منداڵم گەورە نەبوونایە و شوویان نەكردبایە و منداڵیان نەبووایە، نەمدەزانی چەن ساڵ تێپەڕیون. ناوبڕی نێوان ئێمەو ماڵی ڕەفعەت لە دار گڵوانییە و لە باڵ یەكدی چووەتەوە، ئاوایش ئاسان نەبوو هەموو ئێواران بە بەفر و مەی سەرخۆش ببێ و بەیانیانیش لەگەڵ شەختەدا ڕابێ…
زۆری خواردۆتەوە و وەختی داهاتووە گڵۆڵەی بكەوێتە لێژییەوە… قەسابخانەكەیشیان لێ ستاندووە، بەمەیش زیاتری بێن تەنگ بووە… ئەگەر دەرزی ئاژنیش نەكرێ، ئەوا مەی وێنەی دەرزی تێی دەچەقێ. مەی پشتی شكاندووە و فڕێی داوەتە سەر جێیان… كچەكانی شوویان لە گوندێكی تر كردووە و خۆی و سلیفیانا بە تەنها ماونەتەوە. پێلەقەیێكم لە ناوبڕە هەڵوەشاوەكەدا، وەك ئەوەی بـچمە ماڵی خۆم، چوومە حەوشەی ماڵی سلیفیانا، نەخێر بە حەوشەیشدا بۆ ژووری ڕەفعەت تێپەڕیم، لەوێ لێی دانیشتین. چل ساڵ دەبێ یەكەمین جارە كە ئێمە هەرسێكمان لە یەك جێگادا كۆدەبینەوە و یەكەمین جاریشە بەرەو ڕوو دەڕوانمە ڕەفعەت و سلیفیانایشمان لە بەیندایە… ( فكرم پیسە گەورەم با پێت بڵێم!)، حەزم دەكرد بە بەرچاوییەوە سلیفیانا لە ئامێزێ بگرم و لە باوەشمدا بیبینێ وەكو چۆن من بە درێژایی ژیانم لە باوەشی ئەومدا دیوە… بەڵام ئەو قبووڵی نەكرد:
-: ئەوەندە بەسە كە لێرەین، ئەگەر ئەو زاڵم بووبێ، تۆ وا مەبە! دەپرسی ئەدی ئێستا؟ ئێستاكە كار بەم چەشنە دەڕوا: ڕەفعەت سەرمای دەبێ… سلیفیانایش كەری نییە پێی بچێتە داران و ئاگری بۆ بكاتەوە و سۆبەی بۆ تێ باوێ… من دەچم!! هەموو ڕۆژێ باری كەرێك دار دەهێنم و بەشیش ناكا… یاساوڵەكانی دارستان بینیمیان لێیان نووسیم، دوایشم كەوتن بمگرن و جارێكی ترم لە سەر بنووسن… هەڵاتم… بۆیە ئێستا بە شەو دەچم و بەو چاوانە سەیریان دەكەم و بەو دەستانەیش دەیانبڕم تاكو یاساوڵەكان دەنوون، ئینجا دارەكان بە نێو دۆڵەكەدا دێن و بەرەو ماڵ دەیانكێشمەوە. بەڵان چی؟ لە ڕێی ئەوەی كە ئاگری بەرداوەتە ڕۆحم لەشم تێك شكاوە!… ئاگریش دەكەمەوە، ئەوەی پێ گەرم دەكەمەوە وای لێكردووم..
چڵ ساڵان، تاوێ لە نێو ئاگر و تاوێ لە نێو شەختەدا بژیم.. نەمدەتوانی واز بهێنم، كە وازیشم هێنابووایە دەبووایە سلیفیانا خۆی بچووبایە داران.. بانگم دەكا یارمەتی بدەم.. دەستم پێ لە ئیش هەڵدەگرێ، چونكە چاكیش ئالیك دراوە و قورسە، لە پاك كردنەوەی جێ و باڵنگانی و عەیب نەبێ پاشەڕۆك، پێویستی بەوە هەیە بڵند بكرێ، ئەویش ئافرەتێكی لاوازە و ئەو هەموو ئیشانەی پێ ناكرێن.. كەواتە كێ ئەم كارە بكا؟؟!! كێ؟ ئینجا وەرە ڕەمەزان ئەوجار خزمەتی ڕەفعەت بكە، كە خزمەتیشم دەكرد هەر بۆ ئەوەبوو بارەكە لە سەر شانی سلیفیانا نەبێ…
بیستمەوە لە گەڕەكێ باس دەكەن: (تەماشا، تەماشا.. چۆن هاوسێیەكە! چ ئینسانێكە؟..)، بەڵام ئەوان ناوەوەی من نابینن چی تێدایە.. براینە هەناوم زووخاوی تیا دەكوڵێ و دەكوڵێ.. منیش چاوەڕێی مردنی ڕەفعەت دەكەم تاكو سلیفیانا مارە بكەم، كەچی ئەو نابووتەیش نامرێ.. ئا ئەمەیشە زووخاوی زووخاوان.. دەمەوێ پێكەوە لە ژێر لێفەیێكدا بنووین، وەك پیاوێ لەگەڵ ئافرەتێكدا دەنوێ.. پاشانیش چ دەبێ با ببێ.. ژن و ماڵ و منداڵم بەجێ دێڵم و دەچمەوە لای.. بەڵام ئا ئەوەتا ڕەفعەتە شەپڵەلێدراو كڕوكپ لە نێوانماندا كەوتووە، ئەوەتا كاتیش دەفڕێ و ئاوی چۆكانیشم دەچێ و ناشزانم داخۆ لەگەڵ سلیفیانا وەك ژن و پیاو لەگەڵ یەك دەنووین یا وەك خوشك و برا كەس حەقی بە سەرمانەوە نابێ..؟ زۆر جار دەڵێم: ئەو هەر بە ئازارە، ئێمەیش لەگەڵی مردووین.. بۆچی دەرگای ژوورەكەی، كە ئەوە دوو ساڵە دایخستووە لە سەر واڵا نەكەمەوە.. نە دەیخنكێنم و نەنووقمیشی دەكەم.. دوو سێ شەوانی لەبەر سەرمادا لێ دەگەڕێم كاری لە كار دەترازێ.. بیرم ئا لەوە كردەوە، بەڵام ئیتر ئەم كارەكەی بڕاندەوە… ڕوانیم سلیفیانا تەماشام دەكا.. لێی گەڕام و ڕێی خۆم گرت و بەرەو دارستان بچم داری بۆ بهێنم..! لە دوو ڕێیاندا لێم تێك دەچێ.. ڕێگام پێشان بدە! گەر دەتوانی ڕێنمایم بكە، یاخود یارمەتیم بدە ئەو دارانە لە كەرێ بێنم و بڕۆم.. ددانی ئەو نابووتەی تێك دەچەقن و چاوەڕوانە.

سه‌رچاوه‌ : ژماره‌ 2 ی ساڵی دووه‌می گۆڤاری ( الاداب الاجنبیة )ی سووری.

*زه‌وه‌ززه‌- وەچە




دۆستایەتی بافڵ و ئەعرەجی.. عوسمانی حاجی مارف

بەغدا و تاران حسابێکی تایبەت بۆ بافڵ و یەکێتی دەکەن، چونکە بێدودڵی هەڵدەستن بە پێشخزمەتیەکی ئەمنی گەوره و ڕۆڵێکی سیاسی دەگێرن بۆ بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەی له مانگی ئازاری ساڵی ڕابردودا ڕایانگەیاندبوو، لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ئاسایشی ناوچه سنووریەکانی نێوان ئێران و هەڕێم، بە چەکداماڵین و دورخستنەوەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژ بەئێران لە سنورەکانی ئێران و هەرێمدا، کە دەیانەوێت بەمجۆرە دڵسۆزی و پابەندبونی زیاتری خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی بسەلمێنن، تا لەسایەی کۆماری ئیسلامیدا پارێزگاری لە پێگەی سیاسیان بکەن،هەر بەم شێوەیەش بافڵ دەتوانێت دەسەڵاتی سیاسی بەڕێوەببات.
بافڵ بەجیا لەوەی پێداگری و جەخت لەسەر دڵسۆزی سی ساڵەی بەردەوامی ڕێبازی یەکێتی دەکاتەوە بۆ کۆماری ئیسلامی، لەهەمانکاتدا بەدوای ڕۆڵێکی کاریگەریەوەیە تا ئەوە مسۆگەر بکات لە نێو هاوپەیمانەکانی لە ئێران و لە عێراق جێگایەکی دامەزراو بچەسپێنێت! تا بەم ڕێگەیە هاوسەنگی هێزەکەی لە بەرامبەر ڕکابەرەکەی کە بارزانی و پارتیە بە قازانجی خۆی بگۆڕێت بۆ بەرزبونەوەی ئاستی ئەو هاوسەنگیەی كە چەندین ساڵە خەوی پێوەدەبینن.
لەهەمانکاتدا بارزانی و پارتی بەهەمانشێوەی پێشخزمەتی بۆ تورکیا توانیویانە هاوسەنگی هێزو سیاسیان لەبەرامبەر تاڵەبانی و یەکێتیدا بپارێزن، بەهەمانشێوە تورکیاش حسابێکی تایبەت بۆ بارزانی و پارتی دەکات.
ئەتوانم بڵێم هەوڵی پاراستنی سنوورەکانی ئێران ڕۆڵێکی کارای هەیە، کە جێگەی تایبەت بۆ تاڵەبانی لەنێو هاوپەیمانەکانی لەتاران و لە عێراق مسۆگەر دەکات.
دوای گەڕانەوەی قاسم ئەعەرەجی لە ئێران، کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقە، سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە دەکات کە لەنێوان ئێران و عێراق و هەرێمدا پەسەندکراوە، هەروەها سەبارەت بەو دۆسیەی دەربارەی بونی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا لەئارادایە، ئەعرەجی بەرەو سلێمانی بەڕێکەوت و لە دەباشان گفتوگۆی لەگەڵ بافڵ و ژمارەیەک بەرپرسی سیاسی و ئەمنی ئەنجامدا، قاسم ئەعرەجی کە سەر بە ڕێکخراوی بەدرە، یەکێکە لە کوتلە بەهێزەکانی شیعەی عێراقی دڵسۆز بۆ ئێران، بافڵ پەیوەندی زۆر نزیکی لەگەڵدا پەرەپێداوە، هەوڵئەدات لە ململانێی لە بەرامبەر بارزانیدا پشتیوانیەکی بەهێزی هەبێت، بەو هیوایەی ئەوە نیشان بدات کە بەم ڕێگەیە دەست بەسەر سەرکردایەتی هەرێمدا بگرێت! ئەوەی لەم هەڵبژاردنەی ٢٠/١٠/٢٠٢٤دا بۆی نەچووە سەر، هەوڵئەدات بەڵکو لەڕێگە ئەعرجیەوە قومارێکی تر بەرامبەر بارزانی بکات و دەستکەوتێکی هەبێت! یان لەدواجاردا گەر دۆخەکە نەشێوێنن، پێگەیەکی زیاتر لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا بەدەست بهێنن.
لەڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ئەعەرەجیدا ئاماژە بەوەکراوە، کە بەڕێنمایی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سودانی، بەیاوەری شاندێکی ئەمنی، سەردانی سلێمانیان کرد، بۆ بەدواداچوون لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، هەروەها لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەعرەجی و ئەندامانی شاندی ئەمنی یاوەری، لەگەڵ سەرکردەکانی دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی بە ئامادەبونی بافڵ کۆبوونەتەوە و باسیان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و سەرجەم وردەکاریەکانی تێدا کردووە.
میدیاکانی ئێران لە زاری ئەعرەجیەوە ڕایانگەیاندووە کە ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێرانە، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم ئامادەن ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ببنەوە، لەهەمانکاتدا بافڵ باسی لەپێشهاتە ئەمنی و سەربازیەکانی ناوچەکە و پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنیەکان لە هەرێم و عێراق کردووە.
چەکداماڵینی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و دورخستنەوەیان لە سنوورەکانی ئێران خاڵێکی سەرەکی لەڕێکەوتنی ئەمنی نێوان بەغدا و تاران بوو، سەرچاوە عێراقیەکان ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەیان لە سێ خاڵی سەرەکیدا کورتکردۆتەوە: ڕێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران و ڕادەستکردنی داواکراوەکان بەپێی یاسا، چەکداماڵین و لابردنی کەمپەکان و کۆکردنەوەیان لە کەمپەکانی دوور لە سنوور.
دۆسیەی ئۆپۆزیسیۆن لە ناوچە سنوریەکانی نێوان ئێران و هەرێم، دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر، بەڵام ئەوەی زیاتر پرسی سنوورەکانی چڕکردەوە، دەورانی دوای ئەو ناڕەزایەتیانە بوو کە بەدوای تیرۆری (مەهسا ئەمینی) لە ناوخۆی ئێراندا سەریان هەڵدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، کۆماری ئیسلامی بەجیا لەسەرکوتی ئەو ناڕەزایەتیانە لەهەمانکاتدا پەنایبردە سەر سنوردارکردنی هەڵسورانی ئۆپۆزیسیۆنەکانی و دەستیکرد بە هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئێستاش ئێران بەڕێکەوتن و بە هاوکاری بافڵ و حکومەتی عێراق ئەوکارەی بۆ ئەنجام ئەدرێت. سەرەڕای سەختی ئەرکەکە، دەسەڵاتدارانی عێراق دەتوانن پشت بە خزمەتگوزاریەکانی یەکێتی نیشتمانی ببەستن بۆ بەرتەسکردنەوەی جموجۆڵی ئەو چەکدارانە.
بەغدا هەوڵئەدات بە کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵی چەکدارە کوردەکان لەناو خاکی عێراقدا، تا تاران و ئەنقەرە ئارام کاتەوە، کە هەردووکیان پەرۆشی ئەو پرسەن.
ئێران پێشتر هەڕەشەی ئاشکرای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی لە ناوخۆی عێراقدا کردبوو، ئەگەر عێراق و هەرێم دەستپێشخەری نەکەن بۆ کۆتایهێنان بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری ئێران لەسەر خاکەکەیان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو گەر ڕێکەوتنەکە لکاتی خۆیدا جێبەجێ نەکرێت، ئەوا بەرپرسانی ئێران خۆیان بەرامبەر بەهێزو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە هەرێم ئەو چەکداماڵینە جێبەجێ دەکەن.
زیادبونی پێویستی بافڵ و یەکێتی بە پشتیوانیکردنی ئێران و ئەعرەجی، لەو ڕووەوەیە کە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ململانێی سیاسی بەکاریان دەهێنن کەلە بەرامبەر بارزانی و پارتیدا نمایشی دەکەن، نمایش لەبەرامبەر ئەو ڕکابەریەی کە تائێستا تاڵەبانی لە تەواوی ژیانی سیاسی جەلالیەتدا، نەیتوانیوە بەسەریدا سەرکەوێت.
واقعی حکومەتی هەرێم و زۆنی زەرد و سەوز، پێکهاتەیەکە لە باڵادەستی حزبەکانی بورجوا ناسیۆنالستی کورد، بە ڕابەری بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی، بەهێزی میلیشیاو بە پشتیوانی و پاشکۆبوون بە دەوڵەتی ووڵاتانی تر، پارێزگاری لەخۆیان دەکەن و سەرمایەگوزاری و تاڵانچێتی و قاچاخچێتی دەکەن، ئەمە نمونەی ئەزمونی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتە لە کوردستاندا، کە هیچ هەنگاوێکی پێویستی بۆ خواستەکانی خەڵک نەنراوە.
لەوە گەوجانەتر نیە کە هەندێ لایەن و ڕۆشنفکر، ئومێدی ئەوە دەبەخشنەوە کە گۆڕانی ئەم دەسەڵاتە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت، زیانی ئەمجۆرە ئومێدانە دامرکانەوەی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریانەیە کە داوای کۆتایهێنانی ئەم دەسەڵاتە دەکەن، کۆتاییەک کە لەڕیگەی ڕاپەرینەوە تەواوی دامودەزگاکانیان هەڵدەوەشێنێت، دامودەزگایەک بەدەورو ئیرادەو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک دادەمەزرێننەوە.




زەنگێكی مەترسیدار بۆ خێزانی كورد.. پارێزەر/ ئاشتی ئەرسەلان

وەك پارێزەر و خەمخۆرێكی خێزانی كورد، كە رۆژانە لە نێو دادگاكان كاردەكەم دەمەوێت كۆمەڵگەكەم لە مەترسییەكی گەورە ئاگادار بكەمەوە، ئەگەرچی لێرەولەوێ‌ كۆمەڵێك كەس ئەم مەترسییەیان وروژاندووه‌ كە ڕووی لە تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردییە، بەڵام من ئەمجارە وەك شایەتحاڵێكی نێو دادگاكان بۆتان باس دەكەم كە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا چ مەترسییەكی گەورە خەریكە ڕوو لە هەموو خێزانێكی كورد دەكات.
هاوڵاتیانی ئازیز، دایك و باوكە بەڕیزەكان، بە داخەوە بە هەر هۆكارێك بێت ماددەی هۆشبەر تەشەنەی كردووە و لە ئێستادا لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە! گەنجەكانمان بەهۆی بەلاڕێدابردن و خەڵەتاندنیان لەلایەن كەسانێكی تووش بوو بە ماددەی هۆشبەر، ڕۆژانە ڕێژەی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر ڕوو لە زیاد بوونە، چونكه‌ بە شێوەیەكی خێرا بڵاودەبێتەوە. له‌م كاره‌ هەر بە گەنج نەوەستاون بەڵكو كاردەكرێت بۆ لە خشتەبردنی نەوجەوانانیش و تێوەگلانیان لەم كارە. لە بەشێك لە شارە گەورەكان بەهۆی بازرگانیكرن و رەواجدان بە ماددە هۆشبەرەكان گەڕەك نییە كۆمەڵێك گەنج یان تاكێك ئالودەی ئەم ماددە هۆشبەرانە نەبووبیت، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی جدی دروستكردووه‌ له‌سه‌ر ئایینده‌ی ڕۆڵه‌كانمان.
لێرەدا دەمەوێت بڵێم، زۆر گرنگە چاودێرییەكی چڕ و بەردەوامان هەبێت بۆ منداڵەكانمان كە ئایا هاوڕێیەتی كێ‌ دەكەن و هەڵسوكەوتی رۆژانەیان زیاتر لەگەڵ كێیە؟ وه‌ هه‌رگیز ڕێگایان نه‌ده‌ین شه‌وان بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ مه‌گه‌ر بۆ كارێكی پێویست نه‌بێت. بە حوكمی ئەوەی من رۆژانە لە دادگاكانم كاتێك ئەو هەموو گەنجە دەبینم كە ئالوودەی ماددەی هۆشبەرن دڵم ژان دەكات، زۆربەشی كاتێك پرسیاریان لێدەكەی كە چۆن تووش بوون؟ ئاماژە بەوە دەكه‌ن كە هۆكاری سەرەكی بۆ توشبوونیان (برادەر) بووە! بۆیە بەڕاستی دەبێت زۆر وریابین كە منداڵەكانمان كێ‌ دەكەن بە هاوڕێی و دۆستی ڕۆژانەیان. هەموو توێژەرانی دەروونی ئاماژە بەوە دەكەن كە منداڵ ئەوەندەی كاریگه‌ری ده‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ره‌ بە چاك و خراپی، ئەوەندە كاریگه‌ری ماڵه‌وه‌ی له‌سه‌ر نییه‌. پەیامبەرمان (د.خ) لە بارەی كاریگەری برادەر لەسەر برادەر دەفەرمووێت: (برادەر لەسەر دینی برادەرەكەیەتی). ئینجا لە هەمووی ناخۆشتر و كارەساتبارتر ئەوەیە كە لەم زەمەنەی ئیستادا كێشەكە گەورەتر بووە، چونكە هەر بە گەنجی كوڕ نەوەستاوە بەڵكو كچ و ژنانیشیان ئالودەی ئەم ماددە هۆشبەرانە كردووە و خزاوەتە نێو خێزانی كورد!
بە داخەوە رۆژانە دەیان كەیسی ماددەی هۆشبەر لە دادگاكان بوونیان هەیە، ئەگەر بە شێوەیەكی چڕ و پڕ كاری لەسەر نەكرێت و رێگری نەكرێت لە هاتنە ناوەوەی ئەم ماددانە بۆ كوردستان، ئەوا دڵنیام لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو ژمارەیەی كە ئێستا هەیە چەند قات دەبێتەوە. بۆیە زۆر گرنگە خێزانی كورد بە گشتی وشیار بێتەوە و لە مەترسی ئەم ماددە هۆشبەرانە ئاگادار بێت، چونكە هەڕەشەیەكی جدی هەیە بۆ داهاتووی وڵاتمان.
ئەی گەنجی بەڕێز، لە توشبوون بە ماددە هۆشبەرەكان جگە لەوەی خۆت زەرەرمەندی یەكەمی ئەی بیرت لە دەوروبەرت كردووەتەوە؟ دایك، باوك، خوشك، برا… ئەی ئەوانەی ماڵ و منداڵیان هەیە و خیزاندارن چی!؟ خودای گەورە عەقڵ و هۆشێكی باشی پێدای بۆچی بە پارەی خۆت عەقڵ و هۆشت لەناو دەبەیت و سەرئەنجام لە چواردیواری بەندینخانە خۆت دەبینیەوە؟!

پارێزەر/ ئاشتی ئەرسەلان




پەیوەندی سۆزداری، خۆشەویستی یەکلایەنە و بەشێك لە لێکەوتەکانی..166.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی١٦٦

لە ڕوانگەی زانستییەوە، خۆشەویستی یەکلایەنە دیاردەیەکی فیسیۆلۆژی و دەروونییە کە کاریگەری بەرچاوی لەسەر سیستەمی هۆرمۆنی و دەماری مرۆڤ هەیە. کاتێک مرۆڤ تووشی ئەم دۆخە دەبێت، مێشک دەست دەکات بە دەردانی ڕێژەیەکی زۆر لە هۆرمۆنی دۆپامین و نۆرئەدرینالین، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی خۆشەویستی بەهێز و پەیوەستبوون بە کەسێکی دیاریکراوەوە.

لە ڕووی دەروونییەوە، ئەم دۆخە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی خولێکی نەرێنی لە بیرکردنەوەدا. مێشک بە شێوەیەکی بەردەوام سەرقاڵی بیرکردنەوە لە کەسی خۆشەویست دەبێت، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر چۆنیەتی ژیانی ڕۆژانە و بەرهەمداری کەسەکە دروست دەکات. توێژینەوە زانستییەکان پیشانیان داوە کە ئەم دۆخە دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیستەمی خەوتن، خواردن و تەندروستی گشتی کەسەکە دابنێت.

لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە، خۆشەویستی یەکلایەنە دەتوانێت وەک دەرفەتێک بۆ گەشەکردنی کەسایەتی سەیر بکرێت. ئەم ئەزموونە، سەرەڕای ناخۆشییەکەی، دەرفەتێکی باشە بۆ ناسینی خود و پەرەپێدانی توانا کەسییەکان. زۆربەی توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم قۆناغە دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزبوونی کەسایەتی و فێربوونی شارەزایی نوێ لە بواری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا.

چارەسەری زانستی بۆ ئەم دۆخە پشت دەبەستێت بە تێگەیشتنی قووڵ لە میکانیزمی کارکردنی مێشك و سیستەمی هۆرمۆنی. توێژەران پێشنیاری بەکارهێنانی چەندین ڕێگەی تایبەت دەکەن کە لەسەر بنەمای گۆڕینی پەیوەندی نێوان خانە دەمارییەکان داڕێژراون. یەکێک لە گرنگترین ئەم ڕێگایانە، چالاکی جەستەیی بەردەوامە کە دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی ئەندۆرفین و باشترکردنی مەزاجی کەسەکە.

پڕۆسەی چاکبوونەوە لەم دۆخە پێویستی بە کات و بەرنامەیەکی تایبەت هەیە. توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە بە گشتی ٣ بۆ ٦ مانگ پێویستە بۆ ئەوەی مێشک بگەڕێتەوە بۆ دۆخی هاوسەنگی خۆی. لەم ماوەیەدا، گرنگە کەسەکە سەرقاڵی چالاکی نوێ و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز بێت، چونکە ئەمە یارمەتی دروستبوونی پەیوەندی دەماری نوێ دەدات لە مێشکدا.

خۆشەویستی یەکلایەنە دۆخێکی کاتییە و بە تێپەڕبوونی کات و بەکارهێنانی ستراتیژی زانستی، کەسەکە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی و تەندروست. ئەم گەڕانەوەیە پێویستی بە بەدواداچوونی بەردەوام و پابەندبوون بە پڕۆگرامی چارەسەری هەیە، بەڵام ئەنجامەکەی بە دڵنیاییەوە ئەرێنی دەبێت.

سەرچاوە:
1-https://www.medicalnewstoday.com/articles/one-sided-relationship

2-https://www.forbes.com/sites/traversmark/2024/09/16/a-psychologist-shares-5-types-of-unrequited-love-and-which-is-worst/

3-https://www.verywellmind.com/one-sided-relationship-signs-causes-effects-coping-5216120

4-https://www.psychologs.com/one-sided-love-and-its-impact-on-mental-health/?amp=1




تەنز/ سەعدۆ و هەلا بیلنەشاما.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

سەعدەدین، كە ئێمە بە سەعدۆ بانگمان دەكرد، كوڕێكی ڕەقەڵەی كەپوو قنجی چاوشین بوو، باوكی وی لەناو قەیسەری، دوكانی جاجم و خرار و جەواڵفرۆشیی هەبوو. ئێواران دوای دەوامی قوتابخانە بۆ هاریكاریی باوكی دەچووە دوكانەكە، بە قسەی خۆی دەیگوت ئێمە شكاكین و لە بەری ئێرانەوە هاتووین. سەعدۆ هاوپۆلی من بوو لە پێنجی زانستی و قوتابییەكی هاروهاج و فێڵزان و چاوكراوە و بە جوولەجوولیش بوو، وەلێ لە ماتماتیك ئەوەندە زیت و زرنگ بوو، وەك دەڵێن ئاگری قودرەتێ بوو! زیرەكییەكەی بە ڕاددەیەك بوو، جار هەبوو هەستم دەكرد مامۆستاكەمان سڵی لێ دەكاتەوە. قەت لە ماتماتیك و شیكارییەكانی دانەدەما. ڕۆژانە دوای بەربوونمان لە مەكتەب، من و سەعدۆ بە پێ بەناو كۆڵانەكانی گەڕەكی عارەباندا دەگەیشتینە ناو بازاڕ و ئەو بەرەو دوكان و منیش بەرەو گۆڕەپانەكەی شوێنی یانەی كۆنی فەرمانبەران و لەوێ سواری پاسەكانی ئیسكان دەبووم و دەگەڕامەوە ماڵەوە. سەردەمانی ناكۆكیی نێوان حكوومەتی عیراق و كورد، دوای ڕێكەوتننامەی یازدەی مارت، لە نیوەی یەكەمی حەفتاكانی بووری، وەختێك سەعدۆ دیار نەما. زۆرجار بەكن دوكانەكەی باوكی دادەچووم، دەمبینی داخراوە، تومەز بابی وی بەگەڵ پێشمەرگە و ئەو خەڵكە كەوتووە كە بۆ پێشمەرگایەتی چوونەتە سەرەوە بۆ شاخ! دوای ئەوە ئیتر من سەعدۆم نەدیتەوە. نزیكەی چل ساڵ دواتر، ڕۆژێكیان لە تەیراوە، نزیك مزگەوتەكەی مەلا ڕەشید لەسەر عەرەبانەیەك دانەویبوومەوە، خەریكی پیواز بژاردن بووم، كە سەرم قیت كردەوە زەلامێكی چوارشانە تەماشای دەكردم، دوای دوو سێ جار تەماشاكردن و دیققەتدان، بۆم دەركەوت ئەمە سەعە خۆیەتی! هاوارێكم كردێ: كوڕە سەعدۆ؟ ئەوە تۆی؟ لێم سووڕایەوە و باوەشمان بەیەكدا كرد، ڕاستی من نازانم لە خۆشییان بوو یان لە چی! فرمێسك زایە چاوم و ئاگام لە پیوازومیواز نەما!.. هەستم كرد سەعدۆ زۆر گۆڕاوە، پێشتر لەڕ و لاوازێكی سیرمە بوو، ئێستا یەكی كەتەی چوارشانەی لێ دەرچووە!.. لەبیرمە لە پۆلی پێنج كە مامۆستا عومەر لە وانەی ڕووەكزانی، پرسیاری ئەركی ماڵەوەی لێ دەكرد، ئەو نەیدەزانی و لێی باش نەبوو چونكە حەزی بە دەرسەكە نەبوو و نەشیدەخوێند! پێی دەگوت: (دانیشە! سەعدۆی پیسی سیسی سیرمەی سەر سەیانی). هەر شەش وشەی ڕستەكەی عومەرەفەندی، پیتی (س)یان تێدا بوو، بۆیە قسەكەی ئەوەندە مۆسیقی و شیعراوی دەهاتە بەر گوێمان، هی هەندێ نەبوو لەبیری بكەین.. من لە باسی یادگارییەكانی ئەوكاتە، ئەوەی عومەرەفەندیم بیرخستەوە، ئیتر هەردووكمان لە بیرخستنەوەی ئەمە و بیرەوەریی دیكەی ئەو سەردەمانە دەتریقاینەوە و دەماندایە قاقای پێكەنین. خۆشیی سەردەمانی هەرزەكاری، لە تۆمارگەی هزرماندا بە هەوەنتە ناسڕێتەوە!.. لەگەڵ سەعدۆ لە جووت جادەكەی تەیراوە، بەدەم پیاسەوە خەریكی گێڕانەوەی سەرهاتەكانی ساڵانی قوتابخانە و هاوپۆلیمان بووین.. خۆشترینی ئەوانەی سەعدۆ بیری خستمەوە، كە یەكێكە لە تاكتیكەكانی هونەری فرتبازی و فێڵزانی! مەگەر تەنیا یەكێكی وەك سەعدۆی ماتماتیكزانی زۆڵ، بیری بۆ ئەم جۆرە فێڵانە بچێ!..
سەعدۆ گێڕایەوە: عەبە، لەبیرتە ئەو ڕۆژەی تووشی ژانە ددانێك بووم وەختابوو لەدەستی بگریم؟ ڕاستییەكەی ددانێشەكەیم لەبیر بوو، بەڵام بەهۆی زەینكوێرییەوە چیڕۆكەكەیم بەباشی نەدەهاتەوە یاد! سەعدۆ لە سەرابنەوە دەستی بە گێڕانەوە كرد: شەوێكیان بەهۆی ژانی ددانمەوە خەو نەچووبووە چاوم، چەند حەبێكی پۆنستانتیشم خواردبوو، كاریگەرییان نەبوو، بەیانییەكەی هاتمە بازاڕ و تا نزیكی نیوەڕۆ لە دوكانەكەمان خۆمم غافڵاند، كەچی ژانە ددان دەتگوت مارەزیوە لەناو ددانێكم دەگەڕێ و بەری نەدەدام!. بۆ سەعات دوازدە، كە تۆ هاتیە دوام و بەیەكەوە شۆڕبووینەوە قوتابخانە، من بەهۆی ژانەكەمەوە حەجمینم لێ بڕابوو، ئاگام لە دەرس و دەوام نەمابوو، تۆیش لە پشووی وانەی سێیەم، منت بردە لای مامۆستا سەڵاح مەردان، كە مامۆستایەكی توركمان بوو، ماوەیەك بووە بەڕێوەبەرمان، لەوێ مۆڵەتی نەخۆشی و چوونە دختۆرمان وەرگرت و هاتینە دەرەوە. هەر بە پێ چووینە شەقامی پزیشكان، لەوێ نۆڕینگەی چەند دختۆرێكی ددانمان دۆزییەوە، یەكیان وابزانم ناوی دختۆر تەڵعەت بوو! چەند دختۆرێكی تریش لە خوار ئەو هەبوون، یەكی تریان پێم وابێ ناوی دختۆر یاوس یان یەڵماز بوو! باشت لەبیرە كە من پارەی تەواوم پێ نەبوو، دەستت لەناو هەردوو گیرفانی شەرواڵەكەم ڕاكرد، لە نیو دینار زیاترت نەدیتەوە، خۆشت ڕۆژاناسا هەر پارەی پاسی گەڕانەوە بۆ ماڵەوەت پێ بوو. لە نۆڕینگەی دختۆر تەڵعەت بەسەركەوتین، دوای نیو سەعات چاوەڕێ، لە دختۆر چووینە ژوورەوە. كە دختۆرەكە تاماشای ددانی كردم، سەرێكی بادا و گوتی:
ددانت كلۆر بووە و پێویستی بە هەڵقۆڵین و پاككردنەوە و پڕكردنەوەیە.
منیش هەر نیگەرانی ئەوە بووم كە پارەكەی بەڕكم بەشی چارەی ددانەكەم ناكات. دختۆرەكە تەماشایەكی كردمێ تا بزانێ ئاخۆ چی دەڵێم!
باشە یان نا؟
گوتمە دختۆر: ئەم پڕكردنەوەیە چەندی دەوێ؟ مەبەستم تەكلیفی پارەكەیە.
دختۆرەكە وەڵامی دامەوە: كاكە گیان بەهەمووی دەكاتە دوو دینار.
لە دختۆرەكەم پرسی، بۆ وا گرانە؟
گوتی: دینارێك هەقی بەنجەكەیە و دینارێكیش هیی پڕكردنەوەكەی. نرخەكە دیاریكراوە.
بیرم كردەوە، قیڕوسیا. گوتم: زۆرباشە، بەنجەكەی لێدە.
دختۆر دوو بەنجی لەملاولای ددانەكەم دا و گوتی: فەرموو لە دەرەوە بیست خولەكێك چاوەنۆڕبە تا بەنجەكە كاری خۆی دەكات.
هاتینە دەرەوە و پێنج خولەكێك لە بەر دەركی دختۆرەكە لای ڕێكخەری كارەكانی، دانیشتین. من هەر لە بیركردنەوەی ئەوەدا بووم چی دەقەومێ ئەگەر تەواوی پارەكەم نەبێ بیدەمە دختۆر؟
لەهیكڕا بیرێك هزری ڕاژەنیم.. عەبە، بیرتە بەیەكەوە هاتینە خوارەوە و چووینە لای دختۆرێكی دیكەی ددان؟ هەڵە نەبم هەر دختۆر یاوسەكە بوو!.. لەوێ ڕێكخەرەكەی دوای نزیكەی چارەكە سەعاتێك ناردینیە لای ئەو دختۆرە. ئەویش بە وردی لە ددانە بەنجاوییەكەم ڕاما و گوتی:
ددانەكەت زۆر كلۆر بووە و پێویستی بە پڕكردنەوەیە، ئەمەیش بە بەنج دەكرێ.
گوتمە دختۆرەكە: سەرلەبەری ئیشەكە، چەندی پارە پێویستە؟
وەڵامی دایەوە: گەر دەتەوێ ببڕای ببڕ، ئەو ددانەت ژانی نەیەتەوە، هەمووی دەكاتە دوو دینار.
گوتم: بۆ ئەوەندە گرانە؟
گوتی: دینارێك هەقی بەنجەكەیە و دینارێكیش هیی پڕكردنەوەكەی. نرخەكە دیاریكراوە.
پێشتر بیرم كردبووەوە پلانی فێڵێكی تۆكمەم دانابوو، بەڵكوو بە نیوە لێی دەرچم و دواتریش ڕێیەك بۆ باقی پارەی تێچوو بدۆزمەوە!
تەماشایەكی دختۆرەكەم كرد، ئەویش هەر چاوەنۆڕی وەڵامدانەوەمە. ترسێك ناخی گرتم. دوای چەند چركەیەك ڕووم كردە دختۆرەكە و گوتم:
باشە دختۆر گیان، ئەگەر بێ بەنج ددانەكەم بۆ پڕكەیتەوە، بێگومان هەقدەست و چارەسەری خۆ هەمان نرخ نییە؟ دەبێ نیوە بێت! مەبەستم بوو دوای ئەوەیش هێشتا نرخەكەی پێ كەم بكەمەوە.
وەڵامی دامەوە: بابی من، ئەو ددانەت زۆر كلۆر بووە، چۆن بەرگەی ژانی ڕنین و چاكردنەوەی دەگریت؟ خۆ ئەمە گاڵتەی منداڵان نییە؟
گوتم: با، بۆ من گاڵتەی منداڵانە و دڵنیام بەرگەی دەگرم.
دختۆرەكە زۆری مشتومڕ لەگەڵ كردم، سوودی نەبوو، من هەر سوور بووم لەسەر ئەوەی هەر دەبێ بێ بەنج بیكەم. ئەویش تووڕە بوو و گوتی:
شەرتبێ تۆ ئەوەندە جوامێر و ئازا و پیاو بیت و بێ بەنج لەژێر دەستم بەئارامی داسەكنێیت. شەرتبێ هیچت پارە لێ وەرنەگرم. سەیرە هاااا! تۆ لەو تەمەنەت چۆن دەتوانی بەرگەی ئەو ژانە بگریت؟ بێ بەنج؟! نامەوێ من پارەم ناوێ. دەی وەرەوە ژێر دەستم.. چوومەوە سەر كورسییەكەی و كەوتمەوە ژێر دەستی. دەستی بە ڕنینكاریی ددانەكەم كرد و نیو سەعات بەرگەی ئەو ژانەم!! گرت. هەتا هاتینە دەرەوەیش دختۆرەكە هەر بە واق وڕماوی تەماشای دەكردم و دەیگوت: یا هەلە بیلنەشاما!
خۆم و پارەی گیرفانی شەرواڵم وەكوو خۆی، سوپاسێكی گەرمی دختۆرم كرد. خۆ لەبیرتە، وەك پاڵەوانێك بەپێشت كەوتم و لە قاڵدرمەكان هاتینە خوارەوە؟. دوای سەعاتێك زیاتریش بەنجەكەی دختۆر تەلعەت هەر بەرینەدابووم.
تا گۆڕەپانی پاسەكان بەیەكەوە بووین و بەدرێژایی ئەو ڕێیە پێكەنین بەرینەدەداین و ئەو خەڵكەش هەر تەماشای دەكردین. لە گۆڕەپانەكە تەوقەیەكمان كرد و تەماشایەكی دوڕ چاوم كردیت، سكم پێت سووتا، من دەستم لە گیرفانم نا و لەو پارەیەی پێم بوو ڕوبعێكم خستە گیرفانت و تا لێك بزربووین هەر پێدەكەنیین.
————————————————
*هیچ مەرج نییە، چیڕۆك بەسەرهات یان گێڕانەوە یان ڕەنگدانەوەی ڕاستی بێت.
ع.ف




وەک مۆلۆتۆڤ لەسەر شەقام!.. ئومێد قەرەنی

ئەو شیعرەم بۆ خۆمە؛
ئەتۆ بڵێی
لەبری هەموو ئەو شەوە تاڵانەی
کە سەرخۆش بووم بۆ خنکاندنی ترسەکانم
جیهانێکی دیکە هەبووبێ بێ پۆلیس؟
هەسارەیەک بێ توندوتیژیی؟
ئەستێرەیەک بێ بەدبەختیی؟

ئەو شیعرەم بۆ یارە؛
کاتێ تەنیاییم وەک تیغێکی تیژ
لەسەر دەماری ملی ڕووتی دادەنێم.
ئەو شیعرەم بۆ هاوڕێیەکانمە؛
کاتێ ئارەقە لە هەنیەیانەوە دادەچۆڕێ
سەختە بزانی رەنگی پانتۆڵەکانیان چیە،
ژێر نینۆکەکانیان ڕەنگاوڕەنگە
هەڵسوکەوتیان بە دڵی تۆ نییە،
نازانن سیستەم چیە!
کەچی دەوڵەت، هەموو ڕۆژێ
لە ڕێی تەزووی کارەباوە
لە ڕێی بۆڕیی ئاوەڕۆوە
دێتە نێو ماڵەکانیانەوە!

ئەو شیعرەم بۆ خۆمانە؛
کاتێ ئایندەمان تا سبەی دەڕوا
ئێستامان تا دوێنێ
ئەمڕۆمان لە بۆشاییدایە.

ڕەنگە دوا جار ئەو شیعرەم هەر بۆ خۆم بێ؛
هیچم نییە لێی بترسم
هیچم نییە لە دەستی بدەم
دەمەوێ سبەی ئومێدێکی دیکە بم
یەک دەم بژیم و ونببم
وەک یاریی ئاگرین لە ئاسماندا
وەک مۆلۆتۆڤ لەسەر شەقام!

ئومێد قەرەنی




دینێک بۆ فرۆشتن!.. ڕێبوار ڕەشید

گۆڕانکاریی کۆنەپەرستانەی سی ساڵی ڕابردوو لە باشووری کوردستان و گەڕانەوەی بۆ دواوە هۆی سیاسییان لە پشتەوەیە. یەکێک لە گرنگترین لەو هۆیانە پرسی دینە. لە هەناوی ئاینی ئیسلامەوە جۆرگەلێک لە ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی لەم دەڤەرە دروست کراون کە لە هەر شتێک بچن لە دینێک ناچن.
مێژووی ئایین زۆر تازەترە لە مێژووی مرۆڤ. ئایین بەرهەمی دەیان هەزار ساڵ پاش پێشکەوتنی مرۆڤە بۆ بوونەوەرێک کە بتوانێت بدوێت و بیر بکاتەوە و هەستی خۆی دەرببڕێت. لە سەرەتادا ترس لە بورکان و ئاگرکەوتنەوە و تاریکیی و چڕیی دارستانەکان و قووڵیی و فراوانیی دەریاکان و پانتایی ئاسمان و ئەو شتانەی دیکە مرۆڤی ترساندووە و خستوویەتیە گومان و ڕازەوە. مرۆڤ زۆر پێش ئەوەی بتوانێت بدوێت و بپرسێت و بیر بکاتەوە، هەستی بە ترس کردوە کاتێک بینیوویەتی لە چاو دیاردە و کارەساتەکانی سرووشت و ئاژەڵانی کێویی و گۆڕانی وەرزەکاندا خۆی بوونەوەرێکی بەستەزمان و بچووکە.
بە پێی زانست ئێمە دەزانین مرۆڤی ئەمڕۆ گەشەی هۆمۆ سەیپیانزە و لە کیشوەری ئەفریقاوە سەرچاوە دەگرێت و کە پاشان بە جیهانی ئەمڕۆدا بڵاوبوونەتەوە. لەگەڵ بڵاوبوونەوە و نیشتەجیبووندا کولتور و نەریت و زمان و هتد پەیدابوون و گۆڕانکارییان بە سەردا هاتووە.
بە چاوخشاندنی زۆر سەرپێیی کە هیچ ماندووبوونێکی ناوێت بۆمان دەردەکەوێت کە دینەکان یەکێک لەو لایەنانەی مرۆڤن کە پاش چەندین هەزار ساڵ لە هەبوونی مرۆڤ پەیدابوون و زیاتر پێوەندییان بە جوگرافیا و سرووشتی شوێن و کاتەوە هەیە، وەک لە مرۆڤ.
کاتێک مرۆڤێک لە بەشە هیندوسەکەی هیندوستان لە دایک بێت ئەوا هەر لە دایکەوە دینەکەی هیندوسە و خودا مەزنەکەی براهمایە و لەوێشە و هەندێک خودای دیکەی وەکو شیڤا و هاوسەرەکەی پەرەڤاتی و کوڕەکانی گانیشا و کارتیکەیا و چەندینی تر هەن. یاخود بودیست یان جانیست یان هەر شتێکی تر بێت. خۆئەگەر لە چین لە دایک بێت ئەگەر بودیست نەبێت کۆنفۆشیانیستە و ئەگەر نا ئەوا تائویستە و بێگومان وەکو هەموو مرۆڤێکی تر دەتوانن باوەڕیان بە هیچ لەم دینانە نەبێت و ئەتێئیست یا ئەگنۆتیست بن یان هەر هیچ بە لایانەوە گرنگ نەبێت. ئەگەر هەمان مرۆڤ لە دونیای مەسیحدا لە دایک بێت جۆرەکانی مەسیحیی دەبێت و لە جیهانی جوولەکەدا بە یەهودی لە دایک دەبێت. ئەو مرۆڤەی لە سەردەم و لە جوگرافیای فینیقیدا ژیابێت ئایینەکەی باڵت بووە کە خودای خۆر و زریان بووە و لە سەردەمی میترادا میترایی و لە سەردەمی زەردەشتییدا زەردەشتیی بووە و بەو شێوەیە.
مرۆڤ پێش داگیرکاریەکانی کریستیانیزم (مەسیحیەت) لە ناو جوگرافیای سکاندیناڤیا باوەڕی بە خوداوەندی ئاسا بووە. خوداوەندەکانی تر وەکو تور و ئۆدێن و فرەی و فرەیا و هتد هەبوون. باوەڕداران لە ژێر فشار و هەڕەشە و گوڕەشەی زۆردا ناچار کراون ببن بە عیسایی. زۆر لە ئایینەکانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجامی داگیرکردنەکانەوە بچووک بوونەتەوە یان بوون بە بۆنەیەکی کولتوریی یاخود هەر نەماون. ئاینێک هەمیشە بووە بە ئاینی ئەو ناوچە جوگرافیایە کە تێیدا بڵاو بووەتەوە.
لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا ئاینێک بووە بە ئایینی فەرمیی دەوڵەت. ئەمە لە مێژوودا نموونەی زۆرە. کریستیانیزم لە ماوەی سێ (300) سەد ساڵدا دینێکی تەواو جیاواز بوو لەگەڵ ئەو کاتەدا کە بوو بە ئایینی ڕۆما و بوو بە ئایینی دەسەڵات. پاشان بۆ نموونە لەو وڵاتانەدا کە بە هۆی جیاواز پێیان دەگوترێت “شارستانیی” وەکو ئوروپا و ئەمەریکا و هەندێک وڵاتی تر ئایین لە دەوڵەت و سیاسەت جیا کراوەتەوە. بەو شێوەیە بەرپرسیاریەتیی مرۆڤ بەرامبەر هاومرۆڤ و خاک و یاسا و ڕێساکان و کار و ئەرک و ماف و لەبەرچاوگرتنی یاسانەنووسراوەکان لە سفارێکدایە کە پێوەندیی بە مرۆڤ و خوداکەیەوە نییە. هیندوسێک و موسڵمانێک و کریستیانێک و جوویەک و ئەتائیستێک و ئەگنۆتیستێک و یەکێکی تر کە بتێک بپەرستێت، جا ژن بێت یان پیاو یان نێرەموکێک یاخود ڕەشپێست یان سپیپێست یان سەر بە هەر ئەتنیکێک بێت لە بەردەم یاسا و ڕێسا و دادگا و خوێندنگا و نەخۆشخانە و تاد جیاوازیەکیان نییە.
خەڵکی هەموو ناوچەیەکی ئەم گۆی زەمینە بانگەشەی باشترین و میهرەبانترین و گەورەترین و بەدەسەڵاتدارترین بۆ خودا و ئاینیی خۆیان دەکەن. تەنانەت ئایینە بچووکەکانیش خۆیان بە باشترینەکان دادەنێن. هەموو ئەم خوداوەندانەی جیهان کە بە هەزارانن بە شێوەی جیاواز داوای گوێڕایەڵیی دەکەن و بە تۆڵەسەندنەوەی توند هەڕەشە لە سەرپێچییکاران دەکەن.
مرۆڤی ئەمڕۆ لە جیهاندا کە بەرەو ٨ ملیارد دەچێت نە کەمتر لە چوار (4) هەزار خودای بە ناوی جیاوازەوە هەیە. هەر یەکێک لە ئەمانە خودای خۆیان بە گەورەترین و بەهێزترین و دەسەڵاتدارترین و میهرەبانترین دادەنێت و هاوکات کاتێک پێویست بکات بە توندترین و تۆڵەستێندترین خودا. هیچ کەس و لایەنێک خودای خۆی بە کەمتر و بێهێزتر و لاوازتر لە هیچ خودایەکی دیکە دانانێت و تا ئەمڕۆش شەڕی بچووک و گەورە لە سەر ئەم بێنەوبەرەیە لێرەولەوێ ڕوو دەدەن. هەموو ئەمانە بە کۆمەڵێک هەڵبەستراوە و پێداگرتن باسی گەورەیی خودا و پەیامنێر و نووسراوەی خۆیان دەکەن. ئەگەر تا ڕادەیەک یاسای نێوخۆیی یان نێودەوڵەتیی نەبێت ئەوا زۆرینەی ئەم دینانە پاوانی یەکتر دەبەزێنن و هەڵ دەکەوتنە سەر یەکتر و کۆمەڵکوژیی گەورە ئەنجام دەدەن. میهرەبانیی دین و گەورەیی و بەخشندەیی خوداکانیان هەرگیز ئەوەندە بەس ناکات کە یەکتر بە هەرچی خراپەکارییە تاوانبار نەکەن. ئەمە لە مێژوودا سەلمێندراوە.
ئیسلامیش وەکو ئایینێک لە جیهانی خۆیدا خودا و کتێب و پێغەمەری خۆی بە گەورەترین و باشترین و چاکترین دادەنێت. ئەمە کە خەسڵەتی هەموو ئایینێکە تا ئێرە ئاساییە.
لە ناو هەموو ئەم دینانەی سەر زەمیندا کە هەن و کە ژمارەیان بە هەزارانە، ئایینی ئیسلام لە ئاڵۆزترین و ناڕۆشنترین دینەکانە و بە پێی ئەو لێکدانەوانەی رۆژانە لە دەمی ئەوانەوە کە نوێنەرایەتی ”ئەڵڵا“ دەکەن و لێیان دەبیستین،لە ڕۆزگاری ئەمڕۆدا ئیسلام هیچ پێناسە و سنوور و میچێکی نییە. ڕاستە ئاماژە بەپێنج کۆڵەکەی ئیسلام دەکرێت و ئەویش کە خۆی حەدیسێکە (گێڕانەوەیەکە!)، بەڵام هەر سەدان و بگرە هەزاران تەفسیریی جیاواز بۆ قورئان و حەدیسەکان و کردە ڕۆژانەییەکان دەکرێت، و هاوکات هاواریش دەکرێت کە ”ئێمە هەموو موسڵمانین“.
لە ڕاستییدا لە زۆربەی دۆخەکاندا تەنها ”ئەڵڵا” خاڵی هاوبەشە، دەنا تەنانەت خودی پێغەمبەر و حەدیسەکان کە دەگوترێت هی ئەو یان کەسایەتیی دیکەی موسڵمانن نابن بە خاڵی هاوبەش.
ئیسلام ئایینێکە هێندەی ژمارەی لایەنگرانی خۆی جۆری هەیە. هەر موسڵمانە و دەتوانێت بە ئارەزووی دڵی خۆی پێناسەی موسڵمانبوونەکەی و ئیسلام بکات.
هیچ یەکێک لەم دینانەی سەر زەوی ئەگەرچی هەندێکیان راستەوخۆ خۆیان بە ئاسمانیی دادەنێن و یەکتاپەرستن و هی دیکەش وەکو هیندویزم یەکتاپەرست بەڵام ئاسمانیی نییە، وەکو ئیسلام خۆی بە کۆتا دین و بە هەرە ڕاستترین دانانێت و نەهی و نەفی لەوانی تر ناکات. لە ناو ئەم چەند هەزار دینەی سەر زەمیندا تەنها ئیسلامە کە بە داری زۆرێ خۆی بە سەر تاکەکەسدا دەسەپێنێت و خۆی بە دوا دین دا دەنێت لەو مانایەدا کە ئیتر هەرچی هەیە پووچەڵ دەبنەوە.
ئایینی یەهودی کە بناخەی کریستیانیزمیشە و لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ ئیسلام هەیە هەروەکو ئیسلام یەکتاپەرستە، بەڵام دروست بە پێچەوانەی ئیسلامەوە ئایینێکی فراوانخواز و پەرەستێنخواز و پاوانخواز نییە. ئەم جیاوازییە زۆر گەورە و بنەڕەتییە. مرۆڤێک ئەگەر بیەوێت و سەدان جاریش و داوا بکات بە یەهودی قبوڵ ناکرێت. هیندویزمیش بە هەمان شێوەیە. کریستیانیزمی ئەمڕۆش هەر وایە و لە زۆربەی ئایینیەکانی دیکەدا دەبێت خۆت بە دڵخوازی خۆت داوا بکەیت و کەسیش چاوەدێریت بۆ پێڕەوکردن و پیادەکردن ناکات.
ئیسلام سەر دیوار و بندیوار و چواردەور لە مرۆڤ دەگرێت و جارێک بە شایەتومانی سەر غەرغەرەی مەرگیش ڕازیە و جارێک بە سەربەرزییەوە شایەتومانی ژێر چەقۆ و کێردیش وەردەگرێت. جارێک بە قسەی مەلاکان هەر کەسێک نوێژ نەکات هەرگیز بەهەشت نابینێت و جارێک تەنیا خودا خۆی لە ڕۆژی قیامەتدا بڕیار دەدات و تەانەت باسی دوا مرۆڤیش دەکرێت کە لە دۆزەخەوە بۆ بەهەشت دەنێردرێت. تاوانبارانی دز و تاڵانچی و بکوژ و ببڕ حەواڵەی خودا دەکرێن، بەڵام خودا دەتوانێت هەر هەموویان یان ئەوانەی دەیەوێت ببەخشێت بێ گوێدان بەو کەسانەی لە سەر زەوی زیانیان پێ گەیشتووە یان “ناچن بۆ ناو بەهەشت تا وشتر بە کونەدەرزیدا تێپەڕ نەبێت/ ولا یدخلون الجنە حتی یلج الجمل فی سم الخیاط”. هاوکاتیش نوێژێکی لەیلەتوقەدر یان حەجێک و عەمرەیەک دەتوانێت هەموو گوناهەکان بسڕێتەوە و بەو شێوەیە.
چوون بۆ بەهەشت چەندیش ئاسان یان زەحمەت بێت ئەوا بە پێچەوانەی ئایینەکانی ترەوە ئیسلام بە قامچی دوات دەکەوێت تا بتکات بە موسڵمان و لە بەر خاتری خۆشت دەیکات. لەبەرئەوە نا کە خودا پێویستی بە بوونی تۆ وەک موسڵمانێک هەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی خودا لێت ڕازی بێت و بچیت بۆ بەهەشت و خۆشت لێ بگوزەرێت.
لە ئەگەری بەموسڵمان نەبووندا بە کافر و مولحید و هتد جوێنبارانت دەکەن و بێ لە ئەوەی لە سەر زەوی بە شێوەی جیاواز هەڕەشەت لێ دەکەن ئەوا بە سووتاندنی هەتاهەتایی و شەق و تێهەڵدان و سووکایەتییپێکردنی ئەو دنیا (قیامەت/ زیندووبوونەوە) بۆت تەواو دەکەن. هەندێکیان هیندە دەڕۆن دەڵێن کە خودی ئەڵلا شەقشەقێنت پێ دەکات. دوا بڕیار و لێبووردەیی و بەخشینەکانی خودا بە ئاسانیی لە بیر دەکرێن.
نوێنەرانی ئەم ئایینە دەیان حەدیس بۆ نموونە بۆ ئەوە هەیە کە هەر کەس لە سەر دین و باوەڕی خۆی بێت با ببێت و بە دەیان حەدیسیش لە سەر ئەوە هەیە کە نوێژنەکەر کافرە و کە تەنانەت ئەوانی هاوڕێیەتیی نوێژنەکەر دەکەن کافرن و کە تەنانەت هاوسەرەکانیشیان پێیان حەرامن و کە تەنیا چارەسەریان کە بە کافری نەمرن ئەویە کە لێیان جیاببنەوە و بەو شێوەیە.
ئەم نموونە خۆدژگۆیانە/ کۆنترادیکتانە (تناقض) هەموویان دەتوانن ڕاست ین و هەمووشیان دەتوانن هەڵە بن. بە پێی دەسەڵات و کات و شوێن و بەرژەوەندیی لایەنەکان و کەسانی دووچار و مەبەستی سەرەکیی سەرئەنجامەکان دەگۆڕدرێن. لە ئەم نوێنەرایەتیەدا ئامانج ڕێبازەکان پیرۆز دەکات و ئامانجیش هەمیشە بردنەوەیە لە ئەو کەسەی دژبەرە. کێشە لە سەر هێلکەی کەڵەشێرێک کە چۆن دابەش بکرێت لە حاڵەتێکدا ئەگەر سێ کەس خۆیان بکەن بە خاوەنی، سەدان مەلا بە حەدیسی جیاواز و ئایەتی جیاواز و لێکدانەوەی جیاوازەوە ئەو هێلکەیە بە یەکێک لەو سێ کەسە ڕەوا دەبینن و ئەو ڕاستییەی کە کەڵەشێر هێلکە ناکات هەرگیز نابێت بە باس.
لە دیدێکی ترەوە کاتێک لە جوگرافیای دونیای ئیسلام دەڕووانین دەبینین دەسەڵاتدارانی لەم سەر بۆ ئەو سەری ئەم دونیای ئیسلامە لە سەر گەل و نیشتیمانی خۆیان تۆتالیتار و دیکتاتۆر و تاڵانچین. لە کۆماری ئیسلامیی مۆریتانیاوە کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی جیهانە و هەروەها یەکێکیش لە وڵاتە هەژارە خراپەکانە کە تەنانەت کۆیلەشی تیادا دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت بە ناو هەموو باکووری ئەفریقا (تونسی لێ دەربچێت) بەرەو قووڵاییەکانی دونیای ئیسلامدا تا دەگاتە بەنگلادیش خەسڵەتە تایبەتییەکانیان کە بووە بە ناسنامەیان، بریتیین لە فەسادی ئەخلاقیی و کوشتن و بڕین و ستەمی میللی و چینایەتیی و جێندەریی و تاد، رێزنەگرتن لە پێکهاتە ئایینیەکانی دیکە و لە مرۆڤگەلی لێقەوماو و پەناهێندە و بیانیی، عەشیرەتگەریی و تایەفەگەریی و چەوساندنەوەی ژنان وەکو ئاڵوگۆڕ بە ژنان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵایەتیی و تاوانکاریی، منداڵ بە شوودان و بە زۆر بە شوودان و خەتەنەکردنی بنەڕەتیی و تاد. هەموو ئەمانە لە دایک و باوکەوە و بە ناسنامەی باری کەسیەتیی موسڵمانن. موسڵمانبوونەکە بۆ دەوڵەت هێندە گرینگە کە تەنانەت لە سەر ناسنامەکانیشیان دەنووسرێت. ناموسڵمانبوونەکەیش بە هەمان شێوە گرینگە چونکە مرۆڤی هاووڵاتیی بۆی نییە بێ وەڵام بێت و حەتمەن دەبێت دینێک هەڵبژێرێت کە ئەگەرچی ڕەنگە ببێت بە مایەی هەڵاواردن و شاربەدەرکردن یان تەنانەت کوشتنیش.
هەر بۆ نموونە لە سەرهەڵدانی داعیشدا ئەوە بەس بوو کە مرۆڤێکی موسڵمانی سەر بە دینی شیعە بێت بۆ ئەوەی هەر لە جێی خۆیدا سەر ببڕدرێت. کەسانێک هەن تا ئێستایش شیعە و سوننە وەکو دوو مەزهەبی هەمان دین دەبینن، بەڵام هەموو ئەو دژایەتیانەی لە نێوان سوننە و شیعەدا هەن بەڵگەن بۆ ئەوەی دوو مەزهەبی هەمان دین نیین، بەڵکو دوو دینی سەربەخۆن. کێشەکە لەوەدایە کە هیچیان بەرۆکی ئەوی تریان بەرنادات و واز ناهێنێت تا خودا ئەو بڕیارە بدات. نەخێر، شەڕەکە لە پێشدا زۆر پێش ئەوەی بگاتە بەر قاپی خودا، دەبێت ببردرێتەوە.
کاتێک دەبێت بە باسی ئیسلام ئەوا بێگومان دەگوترێت کە خودی ئایینەکە پاکە و بێگەردە و ئەوە موسڵمانە کە ناتوانێت موسڵمانێکی ڕاست بێت و کەسیش نازانێت موسڵمانبوونی ڕاست کامەیە و چۆنە. کاتێک دێتە سەر موسڵمان ئەوا هەر موسڵمانێک ئەوی تر بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەو موسڵمانی ڕاستەقینە نییە. ئەمە تاوانبارکردنێکی زنجیرەیی سیستەماتیکی دونیای ئیسلامە. نەک هەر تاکەکەسی گشتیی موسڵمان بەڵکو بە سەدان و هەزاران مەلا یەکتر بە موسڵمانی ناڕاستەقینە تاوانبار دەکەن. هەروەها چەندین ڕێبازی فەرمییش هەیە کە بە هەمان شێوە یەکتر دەناسێنن.
لە هەموو دونیای شارستانیدا کە ئەگاتە نزیکەی ملیاردونیوێک مرۆڤ هێندەی شارۆچکەیەکی جیهانی موسڵمان، بۆ نموونە شارۆچکەیەکی کوردستان، نە بە درۆ سوێند بە خودای خۆیان دەخۆن، نە خۆیان ناچار بە درۆکردنی رۆژانە دەکەن، نە ڕێگای جوێندان و دەمپیسیی دەگرنە بەر، نە بوختان و قسە بۆ یەکتر و بۆ بێتاوانان هەڵ دەبەستن، نە ناپاکیی بەرامبەر هاووڵاتیی و نیشتیمانی خۆیان دەکەن، نە دزیی لە موڵکی گشتیی دەکەن و نە بێڕێزیی بەرامبەر بە یەک و بە ژینگە و بە سرووشت دەکەن و نە بە بەتایبەتییش پەلاماری خوشک و دایک و ژنی یەکتر دەدەن. ئەمە بە گشتیی خەسڵەتی دونیای ئیسلامە.
ئیسلام لە درێژخایانی خۆیدا بووە بە دامەزراوەیەکی بازرگانیی گەورە و ئاڵۆز، واتە ئینتەرپرایزێک. لەو دامەزراوەیەدا هەیکەلێکی ڕێکخستنی بەرچاو هەیە کە لە “خادم الحرمین الشریفین” ـەوە دەست پێ دەکات، واتە کلیلدار یان خزمەتکاری ماڵی خودا لە مەککە و ماڵی پێغەمبەر لە مەدینە کە بە نەریت مەلیکی ئالسعودن، هەتا دەگاتە مجێورێکی مزگەوتێکی بچکۆلەی هەر شوێنێکی ئەم دونیای ئیسلامە. لەم دامەزراوەیەدا کە پاشا و بنەماڵەی ئالسعود نوێنەرایەتیی دەکەن بە هەزاران شێخ و سەید و موفتی و بە سەدان هەزار مەلا و فەقێ و مجێوەر و تاد هەن. هەموو ئەمانە بە شێوەی جیاواز لە پرۆسە و دەسەڵاتی سیاسییدان. لە هەندێکیاندا دەستبەسەرداگیراو و زیندانیین و لە هەندێکیشیاندا هەمەکارەن. لە هەردوو حاڵەتەکەدا دەوڵەت بە هەزارویەک بیانوو و پاساو هەم خۆی دەپارێزێت و هەم موسڵمانبوونی ڕاستەقینەی خۆی دەخاتە بەردەست، هەروەکو چۆن دژبەرە موسڵمانەکان بە هەزارویەک بیانوو و پاساو ناموسڵمانبوونی دەسەڵات و موسڵمانبوونی ڕاستەقینەی خۆیان دەفرۆشنەوە. حەشاماتێکی سەدان ملوێنی ڕەشوڕووت و بەدبەختی بە ناسنامەموسڵمان، کاریگەریی بنەڕەتییان لە سەر نفوزی سیاسیی ئیسلام هەیە چونکە سوود لە ناو و ژمارەیان وەردەگیرێت. لە هەر یەکێک لە ئەمانەدا، جا گوندێکی بچووک لە وڵاتێک بگرێتەوە یان دەوڵەتێکی تایبەتیی بگرێتەوە یان یەکێک لە سوننە یان شیعە یان یەکێک لە ڕێبازەکان بگرێتەوە، دەتوانێت بە تەواویی ئیسلامێکی جیاواز بێت. بەو شێوەیە ئایینێک دروست کراوە کە سنوور و میچی بە ئارەزووی ئیمانداری خاوەن دەسەلات دەگۆڕدرێت. ئەو دەسەڵاتە دەتوانێت لە چوارچێوەی گوندێکدا بێت.

ئیسلام لە باشووری کوردستان
ئیسلام لە باشووری کوردستان کە بە دڵنیاییەوە لەگەڵ زۆر شوێنی جیهانیی ئیسلام جیاوازە بە گشتیی سێ جۆرە. جۆری یەکەم ئەو ئیسلامە نەریتییە سونەتییەیە (نەک سوننە) کە تاکەکەسێک لە نەریتی باوی باوکایەتییەوە ناسنامەیەکی ئیسلامیی هەیە و باوەڕی بە خودایەکە کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا عادەتەن هەر بە “خودا” ناسراوە نەک بەتایبەتیی بە “ئەڵلا” و کە تاکەکەس بە پێی تێگەیشتن و توانا و کاریگەریی دەوروبەری بە شێوەیەک کە پێی ڕاست و دروستە موسڵمانبوونی خۆی پیادە دەکات. ئەم جۆرە موسڵمانبوونە لە کۆمەڵگای باشووردا هەتا سەرەتای دەیەکانی نەوەدی سەدەی پێشوو بەربڵاوترین لە شێوەی موسڵمانبوون بوون و پیاوانی ئایینی کە هەرە زۆرینەیان نیشتیمانپەروەرن بوون و زۆریان تێکۆشەریش بوون لە مێژووی کورددا لەم شێوەیە بوون. گرنگترین و گەورەترین خەسڵەتی ئەم شێوەیە لە ئیسلام بە شێوەکانی تەریقەتی شێخایەتیی و موسڵمانی ئاسایی ئەوەیە کە ئیسلام تا ڕادەیەکی باڵا ئاشتیخوازە و هەر کەس لەگەڵ خودای خۆیدا تەرەفە، واتە پێوەندیی خود و خودا. لەم شێوەیەدا تاکەکەسی موسڵمان دەستوەرناداتە کاروباری خەڵکی تر و تەنانەت لە ناو خێزانەکانیشدا باوک وەکو سەرۆکی خێزان ئۆتۆنۆمیەکی شایانباس بە ئەندامانی خێزان دەدات. لەم مۆدێلەدا جلوبەرگ و شێوەی خۆڕازاندنەوە و ڕووخسار و خوێندن و هاتنوچووی گشتیی و هتد تا ڕادەیەکی شایانباس لە بازنەی ئازادیی تاکەکەسدا بووە.
هەموومان لە ڕێگای ئەو تۆمارانەوە کە سەبارەت بە جلوبەرگ و خوێندنگاکان و نەخۆشخانەکان و گۆرانی و هونەرەکانی ترن چ لە عێراق و چ لە کوردستان، و تەنانەت ئێران و تورکیا و ئەفغانستان و تاد، دەتوانین بگەڕیینەوە بۆ ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتا و هەشتاکان و ببینین کە ئەم جۆرە لە موسڵمانی ڕۆحانیی پاک زۆربایەتیی بووە و هاوکات هیچ جۆرە لە خەسڵەتێکی ئیسلامی سیاسیی بە ئەو سەردەمانەوە نییە.
ئایا هیچ کەسێک دەتوانێت ئەوەندە بێ ئابڕوو بێت کە مۆری کافربوون و بێڕەووشتیی و بیئەدەبیی لە هەموو موسڵمانانی سەدەی ڕابردوو و یان ئەوانە بدات؟
لەم جۆرە موسڵمانەدا کە لایەنە ڕۆحانیەکەی دیارە تاکەکەس بەگشتیی یەک ڕووە و یەک کەسایەتیی هەیە.
جۆری دووەم موسڵمانی بازرگانە. موسڵمانی بازرگان ئەو موسڵمانەیە کە لە ڕوواڵەتدا لە موسڵمانێکی نەریتیی دەچێت، بەڵام لە ڕاستییدا کاسبی بە دینەکەوە دەکات. ئەم کاسبییە هەر لە مزگەوت دروستکردنەوە تا ئاشکراکردنی زەکات و سەرفترە و گۆشتی خێر و کڕینی بەرماڵێک و دوو مەسینە بۆ مزگەوت بە شێوەیەک دەکات کە ببینرێت و لە ئەو ڕێگایەوە مۆری پیاوچاکبوون دەکڕێت و دەیخاتە خزمەتی ئەو کاسبیەوە کە هەیەتی. لایەنە ڕۆحانییەکە لە ئەم جۆرەیاندا تەواو کاڵە و ڕوواڵەتگەرییەکە بە ئاسانیی دەناسرێتەوە. ئەم جۆرە موسڵمانانە نەک هەر دووڕوون، بەڵکو چەندڕوون و لە هەر شوێنە و کەسایەتیەکی جیاوازیان هەیە. لەگەڵ هەر یەک لە ژن و منداڵان و دەرودراوسێ و هاوگەڕەک کەسایەتیەکی جیاوازیان هەیە، لە بازاڕ و مامەڵەکردن و ناو خەڵکی گشتییدا کەسایەتییەکی تر و بەو شێوەیە. جیهانی ئیسلام پڕە لەم جۆرە و بێگومان لە کوردستان بەئەژمارن.
جۆری سێیەم ئیسلامی سیاسییە. ئیسلامیی سیاسیی لە باشوور بە تایبەتیی هەر سی (30) ساڵێک تەمەنیەتی و بە گشتیی چل (40) ساڵێک و دروستکراوی سعودیە و پاکستان و پاشان بەتایبەتیی تورکیا و ئێرانە کە دیارە ئەوە چەند ساڵێکە بەتایبەتیی لەلایەن قەتەر و ئیستیخباراتی تورکییەوە برەوی پێ دەدرێت و دەخرێتە بازاڕاوە. ئەم جۆرە لە ئیسلام بە توندیی کەوتووەتە ناو بازاڕی سەودا و مامەڵەی بازرگانیی ئایینەوە و تورکیا و ئێران وەکو بەشێک لە شەڕی تایبەت دژ بە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان بەکاری دەهێنن. لە ئەم شێوەیەدا هەموو شتێک بە دامەزراوە کراوە و کەسی موسڵمان ڕێک خراوە و بە دیسپلینێکی پۆلیسیی و لێپرسینەوە و چاودێریکردن و چاولەسەربوون بەستراوەتەوە. کەسانی ناو ئەم جۆرە لە ناو سۆشیالمیدیادا چالاکن و خراپترین لە دەمپیس و جوێنفرۆشەکانن و بە سەدان پەیجی درۆزنە و ساختە بەڕێوە دەبەن و بە دەستە هێرش دەکەنە سەر ئامانجەکانیان و بوختان و درۆ هەڵ دەبەستن. ئیسلامی سیاسیی لە کوردستاندا بەتایبەتیی دژ بە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان کار دەکات، بەڵام بە شێوەیەک مامەڵە دەکات کە کوردی عەیار بیستوچوار بێت.
ئەم “ئیسلامە فوڵ مواسەفاتە کوردیە” هەر شەڕوالێک و چۆغە و جامانەیەک زیاتر لە سەریان ناکەوێت و بێگومان زووزووش باس لە کولتوری کوردیی بە شێوەی خۆیان دەکەن کە گوایا هی کوردی ڕەسەنە. ئەم جۆرە لە موسڵمان بە ئاشکرا پێوەندیی بە ئێران و تورکیاوە هەیە و لە خزمەتی بەرژەوەندیە ئاساییشیی و نەتەوەییەکانی ئەواندا کار دەکات. ئەرکی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان مەژغوڵکردنی تاکەکسی کوردە بە ناوی ئەو جۆرە لە ئیسلام کە تورکیا و ئێران لە کوردیان دەوێت. ئەوان دەیانەوێت کورد لە هەموو بەهایەکی نەتەوەیی دابماڵن، بەڵام بە شەڕواڵ و چۆغەیەکەوە بیهێڵنەوە تا بە ڕووخسار لە “کورد” بچن و بتوانن ناویان بە “کوردی موسڵمان” بێنن.
ئەم جلە کوردییە درۆزنەیە کە تا سەر ئێسک ساختەچیەتیی بازرگانییکردنە بە دینەوە بێگومان تەنیا بۆ پیاوانە دەنا ئەگەرچی جلوبەرگی نەریتی کوردیی ژنان ئاودامان و درێژ و داپۆشەرە ئەوا ژنان دەبێت ڕوو بکەنە جبە و عەبا و سەرپۆشی تەواو و مەقنەعە و محاجەبە و قیناع. کاتێکیش جلی کوردی بپۆشن، هەر عەبا و جبە و محاجەبە و تاد بە سەردا دەدەن.
هۆی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم ئیسلامی سیاسییە دەگەڕێتەوە بۆ برسیکردنی خەڵکی باشوور کە خەڵکانێکی سەر بە تورکیا و ئێران ئارد و نان و شتومەکی خۆراکییان لە پاش ڕاپەڕینەوە بە خەڵک دەبەخشییەوە و وردەودە ئەم کارە مۆری ڕەووشتیی ئیسلامیی لێ درا و لە بیر کرا کێ و بە چ مەبەستێک لە پشتیەوەیەتی.
ڕێکخستنەکان لەگەڵ کاتدا پێشخران و دامەزراوە و کاسبی جیاواز دروست کران و هەلی کار و پارەی بندییواری خوداپەرستیی بۆ خەڵک بڕدراوەتەوە کە بێگومان بەشێکە لە شەڕی تایبەت و خەڵکی ڕەشوڕووت و بەدبەختی ئەم دەڤەرە لێی تێ ناگەن. ئەم جۆرە لە “ڕەووشتی ئیسلامیی” شۆڕ بووەوە بۆ ناو گەنجانی بێ کار و خوێندکارانی هەژار لە نزیکەی سەرانسەری باشووردا. ئیسلامیستە ڕووخسار شاردراوەکان، کە لە پشت “دەمامکی ڕەووشتی ئیسلامیی”خۆیان حەشار دەدا و ئێستایش هەر وان، پارەی داخیلی و خواردن و شتیان وەرنەدەگرت لە قوتابییەکان، قوتابییەکانیش لەبەر ئەمە و تا خەرجی خوێندنیان کەمتر بێت لە داخلییەکانی ئەوان دەمانەوە. پێدانی شوێنی داخلی و خواردنی بەلاش بوو بە هۆکاری یەکەمی ئەم ملشکاندنەی گەنجانی کورد. ڕوون و ئاشکرا بوو ئەو گەنجانە و گەورەساڵانی دایکوباوک و چواردەوریان لە پێناو ئەو ژەمە نان و خۆراک و وردەئیمتیازانەدا بوون بە چاودەبەری ئەم ڕێکخراوانە و هەر چیەکیان پێ بگوترایە دەبا ڕاستەوخۆ بیکەن و نەوێرن بڵێن نا چونکە بە دەرکردن کۆتایی پێ دەهات. پاساوەکەش کە هەمووی بۆ “خوداگیان” ـە و لە پێناوی ئیسلامدایە هەموو هەستێکی ویژدانناڕەحەتیی لای نێچیر ڕادەماڵی. کاتێک، بۆ نموونە، لەیلەتولقەدر خێری هەزار مانگی هەبێت، ئەوا خودا ئەوەندە گەورەیە کە ڕۆژی خۆی لە نیشتیمانفرۆشان و خیانەتکارانیش خۆش دەبێت، جا با گوناهەکانیان دەریایەک خوێن و ئازاریش لە سەر هاومرۆڤەکان کەوتبێت.
هەمان ئەو کارە بوو کە بەعسیەکان کاتی خۆی زیاتر لە نیوملوێن کوردیان لە ژێر ناوی “المرتزقە” دا ڕێکخستبوو. “المرتزقە” بە مانای جاش نایەت وەکو هەندێک کەس لێی تێ دەگەن، بەڵکو بە مانای “ڕزقدراو/ بژێوی دراو/ ئەو کەسەی بژیوی دابینکراوە” دێت. سەددام حوسەین بە ئەوانەی دەگوت “بژیویدراوی خۆم”، دروست بە پێچەوانەی ئەو گوتەی ئیسلامەوە کە خودا رزقی خەڵک دەدات. دووبارەکردنەوەی ئەم تاکتیکە لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە، ئەم جارەیان بە ناوی خودا و ئیسلامەوە زۆر ئاسان بوو. ئیتر کەس پێویستی نەدەکرد خۆی بە قەرزداری سەرۆککۆمارێک یان حیزبێک بزانێت، بەڵکو ئەم ئارد و نان و خۆراک و پارە و کارە لە خوداوە دێت. کێشەکە لە ئەوەدایە کە وردەوردە ناوی خودا دەسڕدرایەوە و جۆری ئیسلامییە تورکیی و ئێرانییەکە جێیگای دەگرتەوە.
ئێستا کە کراوە بە سیستەمێکی چەسپاو کەس نایەوێت بیری لێ بکاتەوە کە ئایا لەو پرۆسەیەدا خودا چی لێ هات. گرینگ ئەوەیە ورگەکان تێر ببن و خەرجیی ڕۆژانە و مانگانە لە هەر فۆرمێکدا بێت، فەراهەم بکرێت. لە کۆتاییدا خۆ هەموو شت هەر چارەنووسی خودایە و هەر شتێک خۆی رەزامەندیی لە سەر نەبێت، نابێت.
ئەم ڕێکخستنە کە پسپۆڕیی شەڕی تایبەتیی لە پشتەوەیە، ڕۆژانە هەموو بەرنامەیان بۆ دانرابوو (ئێستایش هەر بەردەوامە) کە دەبوو لە دانیشتن و کۆبوونەوەکانی ئەم ڕێکخراوانەدا بن و کتێبی تایبەت بە ڕێبازەکەی خۆیان لەژێر ناوی پەروەردە و ڕۆشنبیرکردن و لە خودانزیکبوونەوە بە بەلاش بە قوتابییەکان دەدا. هەموو ئەمانە لە فۆرمی بایعی ئیسلام سیاسییدا.
ئەگەر ئێران بە پێی کولتوری فارسیی فێرە کە پەلە ناکات و بە لاواندنەوە نێچیری خۆی سەر دەبڕێت و لە سەر کوشتەشی شین دەکات، ئەوا تورکەکان کە دوژمنی سەرسەختی گەلانی ڕەسەنی ئەم ناوچەیەن و بەتایبەتییش زۆر لە کورد تووڕەن کە وێنەی ئەرمەن و ئاسوور و یۆنانی میان نەداوە، بە ئاشکرا ڕێبازی ئیسلامیی تورکییان فەرز دەکرد. بۆ نموونە لە ژێر ناوی نورسی و پەیامەکانی (نور) هەموو کۆمەڵە کتێبەکەیان بە بەلاش بڵاو دەکردەوە و بە شێوەیەکیش دەیانکرد کە دۆست و خۆشەویستی کوردن و کاریان ئەوەیە خزمەت بە کورد بکەن. ئەم ڕێکخراوەیە ئەوەندە تورکی لای گەنجی کورد خۆشەویست کردووە، کە تورک کراوە بە وێنای خودا لە سەر زەوی. لە کودەتای ١٥/٦/٢٠١٦ دا کاتێک کە ئەردۆغان گوڵەنی پێ تاوانبار کرد، ئەوا ئیسلامیستەتورکچیەکانی کورد دڵیان نەدەهات نە دژی ئەردۆغان و نە دژی گوڵەن بن و کەوتبوونە داوی خۆشەویستیی یەکسەرەوە لەگەڵ تورک و لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو نازونیعمەتە دەترسان کە بە پارەی ئەو دووانە لە سەری دەلەوەڕان. شایانی باسە، کاتێک کە ئەردۆغان کەوتە شەڕی سیاسیی و دیپلۆماسیی و ئابووریی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە مەکتەبەئیسلامیەکانی گوڵەن ـیان هەبوو و فەرمانی دەدا داینبخەن، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان نەک هەر هیچی نەگوت بەڵکو ڕێگای لە پێشخستن و بەردەوامیی پێوەندییەکانیش نەگرت.
دۆخە سیاسییە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەکە هێندە لە بارە کە لەم ساڵانەی دوواییدا ئیسلامی سیاسیی وردەوردە قاچی لێ درێژ کردووە و بە ئارەزووی خۆی خەریکی مۆرلێدانە لەوی کێ موسڵمانی ڕاستەقینەیە و کێ کافرە و مولحیدە و خوانەناسە و تاد. بەو شێوەیە پسووڵەی موسڵمانبوون دەفرۆشنەوە و بە خیتابی هێرشبەرانەی دەمپیسانەی تاوانبارکارانە تەون دەچنن. ئەمە بە ناوی “ئەخلاق”ـەوە دەکەن و مەبەستیشیان لە ئەخلاق تەنها ناوگەڵە و ئەویش بێگومان ناوگەڵی ژنە. لەو هێرشەدا بەتایبەتیی موسڵمانی ئاسایی بە ئامانج دەگرن و دەیانەوێت لە رێگای تیرۆری ئایدیۆلۆژیی و تیرۆری شەخسیەوە ملکەچییان بە سەردا بسەپێنن.
هێرشی بەربڵاو و تایبەتییان بە پلەی یەکەم لە سەر ژنانە و هەرچی بە دەمیاندا دێت دژ بە ژنانێک کە نایانەوێت لە ژێر عەبا و حیجابدا بن، دەیڵێن و بە بیانووی ئەوەی کە گوایا بۆ خودای دەکەن ئەوا هەموو شتێک بە ڕەوا دەبینن. زۆرینەی ئەو مەلایانەی سووکایەتییکردن بە ژنان دەکەن دەکەونە دۆخێکی شێتییەوە. بۆ نموون هەر هەموویان بەوە دەست پێ دەکەن کە ژنێک تەلەفۆنی بۆ کردوون، یان دەڵێن نایانەوێت ناوی بهێنن. تەنانەت هێرشی سێکسییش دەکەن بۆ سەر ئەو ژنانەی کە حەوشە دەشۆن لەگەڵ ئەوەدا کە یەکێک لە کارە رۆژانەییەکانی زۆرێک لە ژنانی کورد خاوێنکردنەوە و شتنی حەوشەیە. بیانووی ئەمانە هەڵکردنی کراسەکەیانە کە عادەتەن ئاودامانە. باسکردنی ژن وەکو خواردنی میوەیەکی ئاوەکیی لێ هاتووە کە مەلای ئاخێوەر لیک و ئاو و هەندێک جار بە ڕوونیی شەهوەتیش بە دەمیدا دێتە خوار و دەکەوێتە قەوچەقوچ و مڵچەمڵچ و هەڵلوشین، بەتایبەتیی لە باسی بەهەشت و بە سێکسیکردنی خەسڵەتی بەهەشت.
لە دژایەتیکردنی ژناندا ژنان دەکرێن بە پارچەیەک گۆشتی سێکسیی. ئەو پارچە گۆشتە هەست و نەستی نییە، تووشی نەخۆشین نابێت و هیچ شوێنێکی نائێشێت، بیر لە منداڵ و برا و باوک و دایک و کەسوکار و دەراوسێ و نیشتیمانی ناکاتەوە، کێشەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی نییە و خەمی هیچ ناخوات و سەری بە هیچەوە نائێشێنێت و تەنیا و تەنیا هەر بیر لە سێکس دەکاتەوە. هەر ئەوەندە چاوت لێ خافڵ کرد پیاوێک دەخەڵەتێنێت و دەیدا بە سەر خۆیدا. ئەمە ئەو وێنایەی ژنە کە لە زۆرینەی کەلـلەسەرەکانی ناو وەزارەتی ئەوقافەوە هەتا کۆلکە مجێورەکاندا تێگەیشتنێکی نەگۆڕە. ژن مرۆڤ نییە، بەڵکو پەراسوویەکی هەڵخەڵەێندراوە و مەرامی لە خشتەبردنی پیاوە.
هاوتەریب هێرش بۆ سەر ئەدەبیات و گۆرانی و موزیک دەکەن و لە ئەم هێرشەدا بەتایبەتیی خەباتی ئازادیخوازیی بە ئامانج دەگرن. بۆ نموونە، هێرشێکی گەورەیان کردووەتە سەر سروودی “ئەی ڕەقیب” کە شیعری پایەبڵند و نەمر “دڵدار” ـە گوایا دڵدار کفری کردووە. بە ئەم شێوەیە لوتبەرزییەکی بینراویان تۆمار کردووە و ڕەقەمێکیان بە خۆیان وەکو پارێزەری دینی ئیسلام داوە.
تێکدانی شیعری “ئەی ڕەقیب” و هەوڵدان بۆ گێلکردن و گەوجکردن و گاڵتەکردن بە ئەقڵی موسڵمانی ئاسایی کورد گەورەکانی ئەم ئیسلامە سیاسییەیە. ئەوی ئەلفبێیەک لە شیعری کوردی تێ بگات (ناکرێت ئەمانە کە خۆیان بە زانا لە قەڵەم دەدەن، نەزانن!) دڵدار دەڵێت: ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان، نایشکێنی دانەری تۆپی زەمان.
دڵدار دەڵێت: دانەری تۆپی زەمان، کە خودایە، نایشکێنێ، نەک ناتوانێت بیشکێنێت و نەک بۆی ناشکێندرێ، بەڵکو “نایشکێنێ”، واتە دەست بە باڵ و بە پشتییەوە دەگرێت.
بە چەواشەبردنی خەڵکی موسڵمانی ناهۆشیاری کورد تەنها و تەنها بازرگانییەکی سیاسیی و دژایەتتیکردنی خەباتە ئازادیخوازییەکەیەتی. لە ڕێگای ئەو دەستدرێژیی کردنەوەوە بۆ سەر دڵدار لە ڕاستییدا هێرش بۆ سەر شاعیرانی سەدەکانی ڕابردوو دەکرێت کە نزیکەی هەموویان شێخ و سەید و مەلا و فەقێ و قورئانخوێن بوون، بەڵام بازرگانی دینیی نەبوون. هەموو نیشطیمانپەروەر بوون و خزمەتیان بە زمانی کوردیی کردووە و بە رێزەوە لە ژنیان ڕووانیووە و داوایان لە لاوانی کوڕ و کچی کورد کردووە پشت لە عەشێرەتگەرایی و ناوچەچیەتیی و نەخوێندەواریی بکەن و ڕوو لە یەکیەتیی و پێشکەوتن و ئازادیخوازیی بکەن.
لە درێژخایانی ئەم دواکەوتووییەدا دکتۆر مەلاش پەیدا بوون کە هەندێکیان وەک پسپۆڕی دەروونیی و هەندێکی تر وەک پسپۆڕی هەموو زانستەکان و هەندێکی تر پسپۆڕی خواردنەوەی میزی وشتر و گرتن و ڕاونانی جندۆکە و دوعای سەیروسەمەنە و جۆرەکانی نوشتە تاد. حیزبەکانیش بۆ ئەوەی لەم خورافات و هاشوهوشە دوانەکەون بە ناوی ڕاوێژکاری ئایینییەوە، مەلایان دامەزراندووە کە بە گشتیی بێ دەنگن، بەڵام هەندێک جار لە دژایەتیی جۆرێک لە دەربڕینی ئیسلامی سیاسییدا نووزەنووزێکی ئیسلامیی دەکەن.
لە نێوان ئەو دەسەڵاتە نەنووسراوەی خۆیان و ئەو دەسەڵاتە لاستیکییەی کە دەسەڵاتداران بۆیان فەراهەم کردوون، دەستوەردەداتە ناو هەموو شتێکی تاکەکەس و هەموو شتێکی کۆمەڵگا. لە پرسی ژن و بەهەشت و دۆزەخەوە تا دەگاتە چۆنیەتی قن شۆرین و گەڵوگون پاککردنەوە. هاوکات کۆمەڵێک شێوەی ڕووخسار و هەڵسوکەوت و مامەڵەیان هەیە کە دەیانەوێت بە سەر هەموو کۆمەڵگایدا بسەپێنن گوایا ئەوە شێوە ڕووخسار و هەڵسوکەوت و مامەڵەی پەیامنێری ئیسلامە، وەکو شێوەی سمیڵ و ڕیش و جلوبەرگ و خواردنی خۆراک بە دەست و تاد. بۆ نموونە هەوڵ دەدەن لە یەک ژن زیاتر بهێنن و هەندێکیان بۆیان دەلوێت بیگەیەن بە چوار. هاوکات جلوبەرگیان هەمیشە تازە کە بێگومان لەگەڵ پارەی مووچەی رەسمییاندا نایەتەوە و ئوتومبێلی گرانبەها تا دەگاتە گولـلەنەبڕ و هتد کە دیارە سوننەتی پەیامنێری موسڵمانان نەبووە.
ئەمانە پلەی زانای ئایینیی یان زانای ئیسلامیی ـیان بە خۆیان بەخشیوە هەروەکو ئەوەی ئیسلام زانستێک بێت. لەبەرئەوە بە وشەی مەلا ڕازی نیین و لانی کەم نازناوی مامۆستا لە خۆیان دەنێن هەر وەکوئەوەی موسڵمانبوون جۆرێک لە پیشە بێت.
بوون بە مەلا لەم دوو گرووپەی موسڵماندا باشترین کاسبی سەردەمە. مەلایەکی سەر بە گرووپی بازرگان یان ئیسلامی سیاسیی بێ ئەوەی یەک دینار بخاتە سەرمایەگوزاریی یان مەترسییەوە و تەنیا بە دووبارەکردنەوەی کۆمەڵێک حەدیس و ئایەت سامانێک پێکەوە دەنێت کە لە ئاستی باڵای چینی مامناوەندیی دایە. هەر لە ئەوەوە کە دەتوانن لە ژنێک زیاتر بهێنن و تەنانەت بیگەیەنن بە چوار و ڕەنگە زیاتریش، هەتا ئوتومبێلی چەند دەفتەریی و مووچەی مانگانە و ئیمتیازی لابەلا و لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پەیداکردنی ڕێز و پلەوپایەیەکی کۆمەڵایەتیی کە خێزانێک ئەگەر دەرزەنێک شەهیدیشی هەبێت پێی ڕەوا نابینرێت. پارەپەرستیی و شەهوەتپەرستییەکە هێندە ئاشکرایە کە هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات و بە هەزاران نموونە هەن.
ئەم جۆرە مەلایانە وەکو نوێنەری خودا لە سەر زەوی دێن و دەچن. وێنای خودا بە شێوەی جیاواز نیشان دەدەن و لە باسەکانیاندا دەیهێننە سەر زەوی و هەندێکیان هێندەش دەڕۆن کە باسی ئەوەش دەکەن کە خودا لە رۆژی قیامەت چۆن خۆی شەقشەقێن بە سەرپێچیکاران دەکات و تاد.
ئەگەر تا سی (30) ساڵێک لەمەوبەر مزگەوت ماڵێکی خودا بوو کە چەند ئیماندارێک تێیدا کۆدەبوونەوە و نوێژێکیان پێکەوە دەکرد و دەمەتەقێیەکی کۆمەڵایەتییان تێدا دەکرد، ئێستا بووە بە دامەزراوەیەکی ڕێکخراو بۆ بەهێزکردنی نوێنەرەکانی خودا لە سەر زەوی. لەوێدا پاداشت و سزاکان سەدان و بگرە هەزاران لقوپۆپیان لێ دەبێتەوە و شێوەی دەرخەیاڵیی دەگرنە خۆیان، هەر لە باسی شێوەکانی ئازاردان و چوون و نەچوون بۆ دۆزەخ تا جوانی حۆری و دیلمانەکان و بۆ توانای بەردەوامی لە خەیاڵنەهاتووی سێکس کردن. لە مزگەوتەکانەوە هەڕەشە لە ئیمانداران دەکرێت کە ئەوی نوێژ نەکات تەنانەت ژنەکەیشی پێی حەڵاڵ نییە و لە خوتبەدا ئەم قسەیە بە گوێی ژنانیشدا دەدرێتەوە کە بە پیاوە نوێژنەکەرەکانیان حەڵاڵ نیین.
ئەم هەزاران مزگەوتە لە لایەن وەزارەتێکەوە بەڕێوە دەبردرێت کە پێی دەوگترێت وەزارەتی ئەوقاف. وەقف لە زمانی عەرەبیدا سەبارەت بە ئایین بە مانای “بەخشین، بەخشین یان دان یان پێدان ـی ماڵیی” بە مەبەستی ئایینی یان چاکەکاریی گشتیی دێت و ئەلئەوقاف کۆی وشەکەیە کە ڕەنگە وشەیەکی گونجاو بە کوردی “بەخشینگا” بێت.
کولتوری وەقف بە فەرمیی لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق ساڵی (1921) کە بە پێی کولتور و نەریتی باوی جێکەوتەی ئەوسا هەر لەلایەن خەڵک خۆیانەوە کۆبووەتەوە و بەش و دابەش کراوە. ساڵی (1929) بە پێی ماددەی (122) دەنووسرێت کە ئەوقافی ئیسلامیی دەکرێت بە فەرمانگایەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی (نەک وەزارەتێکی)حکومی و بە پێی یاسای دانراو و دیاریکراو بەرپرسی کاروبار و خەرجی خۆی دەبێت و لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندا دەبێت. ساڵی (1976) ئەم فەرمانگایە دەگۆڕدرێت بە وەزارەتێک و تا ساڵی (1993) هەندێک گۆڕانکاریی دەکرێت بەڵام گرینگترین خاڵ ئەوەیە کە هەر سەر بە دیوانی ئەوقاف دەبێت و لە ژێر چاودێری سەرۆککۆماردا دەبێت و بۆ کۆی موسڵمانان دەبێت نەک بۆ شیعە و سوننە.
پاش ڕووخانی ڕژیمی بەعس ساڵی (2003) نزیکەی هەموو شتێک لە عێراقدا گۆڕدرا و سەرئەنجامەکەی ئەم عێراقەی ئەمڕۆیە بە هەرێمی کوردستانەوە. پاش ڕژیمی بەعس وەزارەتی ئەوقاف هەڵوەشێندرایەوە و دوو دیوانی نوێ دروست کرا، دیوانێکی شیعە و دیوانێکی سوننە و یەکێکیش بۆ نائیسلامیەکان و هەرێمی کوردستانیش خۆی وەزارەتێکی ئەوقافی هەیە. واتە عێراقیەکان بوون بە خاوەنی چوار دیوانی ئەوقافی جیاواز و بە پێی دەستووری ساڵی (2005) چەسپێندراوە. دەگوترێت کە وەقفی سوننی سامانی لە هەموو ئەوانی تر زیاترە کە دەگاتە لانی کەم (12) ملیارد دۆلار. سەرچاوەی ئەو سامانە بێگومان دیار نییە و بەسەرهاتی سەیروسەمەنە سەبارەت بە موڵکی زەویوزار و شێوەکانی دیکەی سامان دەگێڕدرێتەوە. هەروەها ناشزانین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا، بەڵام وا پێدەچێت هەرێمی کوردستان سامانی خۆی هەبێت.
بۆ نموونە هەر یەک موڵکداری ئەوقافی ئەبوحەنیفە دەگاتە بیستوسێ (23) هەزار دۆنم لە زەوی کشتوکاڵیی و کە سێیەکی زەویوزاری پاریزگای بەسرە لە راستییدا ئەوقافی ئیسلامین و کاروبارەکان بانکی یان مەسرەفی ئیسلامی و زانکۆی ئەهلی و بنکەگەلی کاتبەسەربردن و بازرگانیی و پزیشکیی و تەندروستیی و تاد دەگرنەوە.
ئەم وەزارەتانەی ئەوقاف هەر وەکو هەموو وەزارەتەکانی تر هیچ شەفافیەتێکی ماڵیییان نییە، چ سەبارەت بە سەرچاوەی ڕاستەقینەی داهاتەکان و چ سەبارەت بە خەرجکردنەکان. وەزارەتی ئەوقاف لە کوردستان لەگەڵ ئەوەشدا کە بانگەشەی کەمکردنەوەی فەرمانبەر و خەرجیەکان دەکات وەزارەتێکی گەورەوگرانە کە لە وەزیری ئەوقافەوە بۆ جێگر و بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکان و مەلا و فەقێ و مجێور و شێوەکانی دیکەی فەرمانبەریی، بریتییە لە مەکینەیەکی زەبەلاحی بیروکراسیی مەسرفەگەر و وەکو هەموو وەزارەتێکی تر لە سەر موڵکی گشتیی دەژی. لە سی ساڵی ڕابردوودا بە خەزێنەی موڵکی گشتیی ئیماندارانێکی موسڵمان بەخێودەکرێن کە تەنیا بەرهەمێکیان ئەوەیە موسڵمانیەتیی بکەن.
هەمووان دەزانن کە ئێمە لە باشوور لە دەیان و سەدان بواری جیاوازدا دواکەوتووین و ئەمەش ڕێگاکانی بەرەو بەڕێوەبردنی شەفاف و مۆدێرن و شارستانیی بە پێوەری دیموکراتیی، واتە بەڕێوەبردنێکی یەکسان و دادپەروەر، داخستووە. یەکێک لەوانە نەبوونی ئامارە لە نزیکەی هەموو بەش و یەکە و کەرتێکدا. بۆ نموونە سەرچاوە و داهات و خەرجیەکانی وەزارەتی ئەوقاف و ژمارەی فەرمانبەران و مووچەبگیری ئەو وەزارەتە هەر بە درشتی هەیە و بە وردیی نادیارە. هەروەها پرینسیپەکانی ئەو جۆرە دامەزراندنانە و مووچەبگیرییەکان و تاد. ڕوون و ئاشکراشە کە هەموو ئەم دامەزراندنانە، سەرەڕای لاف و گەزافی ڕەووشتی ئایینیی و ناوی خودا و تاد، لە ڕێگای وابەستەیی و وەفاداریی حیزبایەتیی و واسیتە و بەخشیش و پیاوەتیکردن و سەرفی نەزەری خزمایەتیی و شێوە ناشیرینەکانی تری پێوەندییەوەیە.
وەزارەتی ئەوقاف ساڵانە بە دەیان ملوێن دۆلار لە سەر خەڵکی کوردستان دەکەوێت و ماکینەیەکی زەبەلاحی مەسرەفکارە کە هیچ بەرهەمێکی بەرجەستەی نییە. هەرچەندە لە ناو جۆری ڕێباز و مەلاکاندا ئەمەش هەر خۆی پرسێکی ناکۆکیە، بەڵام ئیشی سەرەکیی وەزارەتی ئەوقاف ئەوەیە کە هیدایەتی خەڵکی باشوور بکات بچن بۆ بەهەشت.
لە ئەم سترەکچەرە ئاڵۆزەدا کە هیچ کارێکی تایبەتیی و بەرهەمێکی تایبەتیی ئۆبجێکتیڤی نییە، بۆ نموونە وەکو ڕۆڵی بەرمیلێکە لە دەرەوەی ژوورێکی نەشتەرگەرییدا، جیاوازیی لە نێوان دامەزراوەی دین و دامەزراوەی دیانەتکردن کە دوو شتی جیاوازن، بە ئەنقەست و بە مەبەستی بازرگانیی تێکەڵ کراوە. ئەم تیکەڵکردنەش لە ژێر دەنگ و زەنای دەهۆڵکوتان و زووڕناژەنینی گەورەیی خودا و پێغەمبەر و قورئان و حەدیسەکان و تاد کە تاکەکەسی موسڵمانی ئاسایی دڵپاک گێژووێژ دەکات و نازانێت ڕاست و چەپی خۆی کامەیە. دامەزراوەی دین هەر دین خۆیەتی و ئەو کۆڵەکە و دیسپلینانەیە کە لە ڕێگای قورئانەوە خراوەتە بەردەست و هەر تاکەکەسێک دەتوانێت لە فەزای کەسیەتیی خۆیدا لێکی بداتەوە و پێڕەوی بکات. دامەزراوەی دیانەتکردن دروست ئەم دامودەستگایانەن کە ئێستا لە وڵاتانی ئیسلامییدا دروست کراون و بە نەبوونیان هیچ ڕوو نادات و کەس نابێت بە کافر و مولحید و خودا نەفرەت لە کەس ناکات.
ئەم بازرگانییە هەروەها لە ئەو ڕێگایەوە دەکرێت و بە هێز دەکرێت کە گوایا زۆرینەی کورد موسڵمانن لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە. ئەوی هەیە دوو پێداگرتنە، هەمووان بە تەسکەرە/ ناسنامە موسڵمانن و لە دایکوباوکێکی موسڵمانن.
کاروباری دین بۆ خودایە و ئەو لە شوێنی خۆیەوە بڕیار لە سەر کاروباری “بەدینبوون” دەدات کە بۆ تاکەکەسە و تاکەکەس لێی بەرپرسیارە. خودا لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە هەر تاکەکەسێکی ئەم جیهانە جیاوازە و هیچ کەس نییە لە یەکێکی تر بچێت، بە تایبەتیی لە بوارە باوەڕییەکاندا.
لەم دوو جۆرەی موسڵمانبووندا بە شێوەی مەڕوبزن مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگادا دەکرێت و دینی ئیسلام دەکەن بە چاوپۆشێکی گەورە و چاوی خەڵکی پێ نابینا دەکەن. بەهای مرۆڤیی وەکو درۆنەکردن، سەرڕاستیی، بوختان هەڵنەبەستن، ئێرەیینەبردن، بیری باش، وتەی باش، کرداری باش، ڕێزگرتن لە بەرامبەر، بە هەندوەرگرتنی هەستی بەرامبەر و تاد کراون بە بەهای ئیسلامیی. لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم بەها مرۆڤیانە بە هەزار ساڵ زیاتر پێش ئیسلام هەبوون و هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە ناوی ئیسلامیشیان نەبیستووە و خاوەنی جۆرەکانی خودای خۆیانن بەو بەهایانە ژیان دەکەن.
لەو کۆمەڵگایانەدا کە سێکۆلارن و ئایین و دەوڵەت لە یەک جودان ئەوا لە ڕاستییدا ئەو بەهایانە ئەلفبێی ژیانن و بەشێکی گرینگ لە سیستەمی خوێندن و پەروەردەن. ئەو بەهایانە لەگەڵ زۆر بەهای تردا کە ڕەنگە لە جیهانی ئیسلامدا هەر نەشبێت یان هەر بە سەر زارەکی هەبێت هەم بە شێکن لە ڕەووشتی گشتیی و هەم ئەرکیشن. بۆ نموونە ڕاوەستانی ئوتومبێل بۆ تاکەکسی پیادە هەم بەشێکە لە ڕەووشتی گشتیی و هەم ئەرکیشە. لە دونیای ئیسلامدا دەبێت بە کامێرای شاردراوەوە مانگێک ڕاوەستیت تا شۆفێرێک ببینیت دڵخوازانە بۆ مرۆڤێکی پیادەڕۆ بووەستێت.
پرسی زەکات و سەرفترە و چارەسەری هەژاریی و بێدەرەتانیی زۆر دەمێکە لە دو نیای شارستانییدا لە ڕێگای سیستەمی دەوڵەتەوە بۆ فەراهەمکردنی بیمەی گشتیی بژێویی و کۆمەڵایەتیی بۆ هەمووان چارەسەر کراوە. تاکەکەس، ژن بێت یان پیاو، هەمیشە لە بازنەیەکی بیمەدایە کە بتوانێت بژێویی ژیانی مستوەگر بکات، جا بیمەی بێکاریی، نەخۆشیی یان سۆشیالبگیریی بێت.
هەموو ئەمانە تەنانەت بۆ کەسانی پەنابەر و لە زۆر حاڵەتدا مرۆڤی تر کە مافی مۆڵەتی مانەوە و کاریشیان نەبێت فەراهەم دەکرێن بێ ئەوەی هەڵاواردنێک لەبەر ڕەنگی پێست، جێندەر و ئەتنیک و تاد لە ئارادا بێت. ئەم مافانە کە لە سەر بنەمای پاراستن و ڕێزگرتن لە کەرامەت و شانازیی و سەربەرزیی مرۆڤ دەستەبەرن لە دونیای ئیسلامدا، بە هەموو جۆرەکانییەوە، خەونیش نییە.
مرۆڤ لە دونیای شارستانییدا رێز لە نیشتیمان و هاووڵاتیان و ژینگە و یاسا و ڕێساکانی وڵاتی خۆی دەگرێت و بە دەگمەنی هەڵنەکەوتوو کەسێکیان تیادا هەڵدەکەوێت ببێت بە تابوری پێنجهەمی وڵاتانی دیکە بە تایبەتیی ئەگەر نەیار و دوژمنیان بێت. ئەمە دەکرێت بێ ئەوەی کەس منەت بە سەر کەسێکی دیکەدا بکات و بیکات بە شاباشی خواپەرستیی و دینێک. خۆشەویستیی نیشتیمان و ڕێزگرتن لە جیاوازیەکانی هاووڵاتیان و پێڕەوکردنی یاسانەنووسراوەکان و کارکردن بۆ سەقامگیرتر کردن و زیاتر ئارامیی ئەسڵەن باسی ئەلفبێی ژیانە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە سیستەمی دیموکراسیی و سێکۆلاریزم (عەلمانیەت) کە ڕیشەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پازدەهەم و بەتایبەتیش بەرهەمی خەبات و تێکۆشان دژی ئیستیبداد و چەوساندنەوە و دەسەڵاتی دین بوون، ئێستا تورکیا و ئێران لە کوردستان پەرە بە هەمان ڕێبازی ئایینی دژ بە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان دەدەن و دەیانەوێت پرسی دیموکراسیی و سێکۆلاریزم بکەن بە باسی دژە دین و بە بێڕەووشتیی ئوروپایی دەیچوێنن. بێگومان ئەم کاری شێواندن و تێکدانە بە پلان و بە شێوەیەکی سیتەماتیک دەکەن.
پێش هەر شتێک هەڵدەکوتنە سەر هەموو تاکەکەسێکی ژن و پیاو کە باس لە یەکسانیی و ئازادیخوازیی و مۆدێرنیتە و یاساسەروەریی و سێکۆلاریزم و جیایی دین و دەوڵەت و دیمۆکراسیی و تاد دەکات و بە ناشیرینترین شێوە لە هەوڵدان بۆ ناوزڕاندن و بۆ بوختان و درۆودەلەسە، بە ئاشکرا و بە نهێنیی، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەرەنگاری دەبنەوە. لە هەر ڕووانگەیەکەوە لێی بڕووانرێت ئەمە تەنیا داخوازیی و داوای داگیرکارانە و هیچ پێوەندییەکی بە دین و باوەڕێکی ڕۆحانییەوە نییە. هاوکات کە خۆیان دەکەن بە نوێنەری خودا و بە نموونەی ڕەووشت و بە قوربانیی و لە هەمانکاتیشدا بە دادوەر و بە بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵات و تەنانەت هەڕەشە لە دەسەڵات دەکەن و دەیخەنە حاڵەتی دیفاعەوە کە گوایا دەسەڵات عەلمانیە بۆیە ڕێگا بەم جۆرە بەدکاریانە دەدات. ئەوانەی لە سیاسەت تێ دەگەن دەزانن کە ئەم ڕەشە کوردە مووچەبگیرە کە لە سەر موڵکی گشتیی دەڵەوەڕێت لە تورکیا و ئێرانەوە، کە موفسیدترین و بێڕەووشترین و داڕزاوترین دەوڵەت و کۆمەڵگای ئەمڕۆن، کۆک دەکرێت و هان دەدرێت.

سەرئەنجام
شەڕە دین و کێشەی کام خودا گەورەتر و کام کتێب پیرۆزتر و کام دین باشترە تا سەدان ساڵی تر هەر بەردەوام دەبێت. ئەگەر باوەڕدارانی دینێک ڕێز لە دینی خۆیان بگرن ئەوا یەکەمین کار بیکەن ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک بازرگانیی بەو دینەوە نەکەن و نەیکەن بە سەرچاوەی بژێویی و خۆبەخێوکردن و خۆلەوەڕاندن و نەبن بە پۆلیسی دین و خۆیان نەکەن بە نوێنەری خودا و نەبن بە تابووری پێنجەمی داگیرکاران.
یەکەم هەنگاو بۆ ڕێگاگرتن لە ئەم بازرگانییە ترسناکە جیاکردنەوەی دین و دەوڵەتە. دین ببێت بە نەریتێکی ڕۆحانیی بۆ پێوەندیی تاکەکەس لەگەڵ ئەو خودایەدا کە لە تێگەیشتنی خۆیدا وێنای دەکات و دەوڵەتیش بە پشت بە ستن بە زانست و زانین و بەڵگە و یاسا و ڕێسا لە خزمەتی کۆی هاووڵاتیاندا بێت، بێ هیچ جۆرە جیاکاریی و هەڵاواردنێکی ڕەگەزیی، ئەتنیکیی، جەندەریی، ئایینیی، جەستەیی، ڕەنگی پێست و تاد.
موسڵمانێکی کورد دەتوانێت لە جیاتی پێنج (5) جار دەیان نوێژ بکات و هەر دووانزدە (12) مانگەکە بەڕۆژوو بێت و هەموو ساڵێک بچێت بۆ حەج و دوو هەفتە جارێک بچێت بۆ عەمرە و زەکات و سەرفترە بە چەپ و ڕاستدا بدات بە بێ ئەوەی کەس ڕێی لێ بگرێت. ئەو موسڵمانە دەتوانێت بە هەموو شێوەیەک خۆشەویستیی نێوان خۆی و خودا بەهێز بکات و موسڵمانبوونی خۆی بەیان بکات، بەڵام موسڵمانبوون نە بە منەت بێت، نە بۆ خۆدەرخستن و بۆ داپۆشینی عەیبوعار بێت، نە بۆ وەدەستهێنانی ئیمتیازی ڕەسیدی کۆمەڵایەتیی و ڕەووشتیی و نە بۆ پێگەی ئیمتیازدار بێت.
ئەو جۆرە موسڵمانە بە دڵنیاییەوە دەبێت بە ڕووخسارێکی جیاواز ئەگەرچی لە ناو خەڵکی ئاساییدا بەئەژمارە بەڵام لە ئێستادا بێ دەنگ و بێ ڕووخسار و بێ نوێنەرن. کاتی ئەوە هاتووە ئەو جۆرە لە موسڵمانی ڕۆحانیی کە دین لە پارە و مووچە و ئیمتیازە جۆراوجۆرەکان پاک دەکەنەوە دژ بە موسڵمانی بازرگان و ئیسلامی سیاسیی بووەستنەوە. ئەوانەی موسڵمانی ڕاستەقینەن دەبێت لە ئەم شەڕەدا سەرکاروان بن چونکە دینەکەیان خراوەتە مەزاتەوە و ڕۆژانە دەفرۆشرێت.

ڕێبوار ڕەشید
2024/12/01




گەرِان بە دواى تاكدێرییەكانى عەباس عەبدوڵڵا یوسف.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(بەیەكگەیاندنى وێنەى كاركاتێرى و كۆمیدیاى رەش)

پێشەكى:
شیعر لە كۆمەڵێك رەگەز پێكهاتووە، نەك بەو مانایەى كە سیستمێكى تەواو چنراو و پتەوە و هەر رەگەزێ‌ مانا و وەزیفەى دیاریكراو و تەواو بە شیعر دەبەخشێ‌ (واتە قسە لە تەواوبوونى رەگەزەكان ناكەم، جەخت لە پەیوەندى رەگەزى گێرِانەوە و شیعرییەت دەكەمەوە) لە دەقى داهێنەرانەدا رەگەزەكان تۆرِێكى بەرفرەوان، لە پەیوەندى ئیستیتیكى و رووداو پێكەوەیان دەبەستێتەوە، بەڵام كۆتا پەیوەندى نییە، بەڵكو هەر یەكەیان بە شێوەیەكى جیاواز و سەربەخۆ بە كردەى كورتبرِى و پرِشنگدانەوە و رازانەوە و جوانكردنى رووداوەكانى هەڵدەسن و لە ناوكۆییەكى شیعرییدا كۆى رەگەزەكان بە شێوەى بەردەوام گۆرِاو، جوانیەكانى یەكتر تەواو دەكەن و شیعرییەت بە جێدەهێنن. نهێنى دەق ئەوەیە، شیعرییەت هەڵدەنرێت، نانووسرێتەوە، شیعرییەت كردەیە، كار نییە. واتە شیعرییەت ئاكام نییە، بەڵكو وەك رەگەزێك لە رەگەزەكانى پرۆسەى ساتەوەختى نووسینى دەق و ساتەوەختى خوێندنەوە دەق دێتە بەرهەم. بە دیوەكەى دیكە بەردەوام وەك نهێنى خەیاڵى زمان و ناخى نووسەر و خوێنەریش دەمێنێتەوە!
بە كورتى دەمەوێ‌ بڵێم دەقى ئیبداعى لەسەر تواناى چەسپاندنى كردەى جوانى و ئاوێتەبوون و بەرجەستەبوونى بوێرى و خەیاڵى زمان وەستاوە و وەك سەیرورە پەیرِەوى لە گۆرِان و بەردەوامى دەكات. دەقى ئیبداعى جوانى و جیاوازى و چێژە… نە رەسەنایەتى بەرێوەى دەبات، نە لاسایكردنەوە، نە دەگاتە دواپلەى تەواوبوون، بەڵكو بەردەوام پرسى سەردەم و هێزى خەیاڵ و هەستى جیاوازى دەیخولقێنێ‌. داهێنان نە نەتەوەگەریى دەناسێ‌، نە دنیاگەریى… بەڵكو هەمیشە ئازادى و سەیرورە و كرانەوەى گۆرِانكارییەكانى سەردەم دەنووسێتەوە.
داهێنان فرە رەگ و فرە رەهەند و فرە ئازادییە. دەقى شیعرى نوێى كوردى گەرِانەوە نییە، بۆ بنەچەى ئایینى و كۆمەڵایەتى و سیاسى. داهێنانى شیعرى كوردى سێكوچەكەى بابان و گۆران و روانگە و كفرى و هەشتاكان و نەوەدەكان و… ناناسێ‌. داهێنان گۆرِانكارى و سەیرورەى بەردەوامە. داهێنان بەردەوام كەشفكردن و دنیابینییە، ژەهر و تریاكە، ئازادى و بوێرییە، جوانى و چێژە! بە دیوەكەى دیكەش داهێنان هەمیشە فەزاى هەر یەك لە خوێنەر و نووسەرە جیاوازەكان دەنوێنێتەوە! شیعریى هونەرى كوردى لەسەر ئیشكالییەتى بێكۆتایى جوانى و خەیاڵى زمان و گۆرِانكارى و سەیرورە، نوێ‌ دەبێتەوە.

پیرفۆرِمانس
(لە خوارەوە شوێنى زۆر هەیە)

لە هەشتاكاندا زمانى شیعریى كوردى (باشورى كوردستان) بەشێك لە شاعیرانى نوێخوازى سلێمانى و كەركووك، (بە تایبەتى) هەولێر، نەدەكەوتنە سەر رێچكەى تازەگەرى سروشتگەرایى گۆران و رەمزییەتى شۆرِشگێرى گروپى روانگە و هێماخوازى دەروونئامێزى گروپى كفرییەوە، برِوایان بە زمانى سادەى گۆران و تووندوتیژى روانگە و هێماخوازى كفرى نەبوو، بەڵكو شێوەیەكى دیكەى جیاواز بوون، لە دەرەوەى گۆران و كفرى و روانگەوە، خۆیان لە جولەى خەونبینى و خەیاڵ و جیاوازى گوزارشتكردن و زمانى ئاماژە، دەبینییەوە! دەتوانم بڵێم هەشتاییەكان وەك تێكشێنەرى دەقى ئامادەكراوى نێوان سروشت و مرۆڤ، ئایدیۆلۆژیا و مرۆڤ، كۆمەڵگا و مرۆڤ، بوون. هەرگیز لەگەڵ ئەزبەركردنى گوزارشت و دەستەواژە باوەكان و ئاستى نزمى زمانى تەعبیركردن و بیروبۆچوونى كۆنەخوازانە و رەمزى سیاسى، نەریتى كۆمەڵایەتى، نەدەهاتنەوە. بە دواى زمانێكى دیكەى نائامادە و خەیاڵێكى دیكەى شیعرى و لادانێكى هۆشیارانەى زماندا دەگەرِان و هەوڵى گۆرِینى نەریت و شێوازى دەقە زاڵەكان و ئەو دەقانەیان دەدا، كە ژیانى مرۆڤى كوردى ئاراستە دەكەن. بەو مانایە هەشتاییەكان خەیاڵى فەنتازییان بۆ شیعرى نوێى كوردى زیاد كرد.
ئەگەر روانگە زمانى سادەى (گۆران و هاورِێكان)ى لە پێناو زمانى شۆرِشگێرِانەوە دەستكارى كردبێت. ئەگەر گروپى كفرى نەرمتر لە روانگە، مامەڵەیان لەگەڵ فرەیى زمان كردبێت، ئەوە هەشتاكانى شیعرى نوێى كوردى هەر تەنها سیماى سروشتخوازانە و دەروونخوازانە و جیدانۆفخوازانەیان رەتنەكردەوە، بەڵكو بەرەو لادان لە كەلەپور و لادان لە نەریت و زمانى سیاسى و حەماسى و كۆمەڵایەتى بوونەوە و وازیان لە وەزیفەى پەروەردەیى و ئەخلاقى شیعر هێنا، لەسەر ئەو بنەمایەى كە: ئەگەر شیعر دووچارى نەخۆشى بچوككردنەوەى زمان و دەردى ئایدیۆلۆژیا و وەزیفى دیاریكراوى كۆمەڵایەتى بێ‌، ئەوە دەبێتە بڵندگۆى سیاسەت و نەریتە كۆمەڵایەتییە بۆگەنەكان و بەوەش وزەى مەعریفى و خەیاڵى هونەرى و جوانگوتن لە دەست دەدات؟!
لەنێوان روانگەخوازان و هەشتاكاندا، دوو بانگەشەكار لە بازارِى شیعرى كوردى رۆڵیان دەگێرِا: (سەلاح شوان) و (مەحمود زامدار) یەكەمیان لایەنگرى روانگە و دووەمیان سەر بە پێشرەوایەتى شیعرى نوێ‌ بوو! یەكەمیان بەرگرى لە هاوسەنگى و واقیعگەرایى و بابەتگەرایى دەكرد، دووەمیان تەقینەوەى زمان و تەمومژیى و جیهانگەرایى. یەكەمیان بانگەشەى دیدێكى ئاسۆیى و رەمزى و شۆرِشگێرانە دەكرد، دووەمیان بانگەشەى دیدێكى شاقولى و زمانێكى مەعریفى و شێوازگەریى دەكرد، یەكەمیان سەر بە كلتورى نەتەوایەتى بوو، دووەمیان بانگەشەى بۆ بەجیهانیبوون دەكرد.
ئەو دوو دیدە مەدلولگەرا و دەلالەتگەرایە، ئەو دوو دیدە راسترِەو و چەپرِەوە، ئەگەرچى هەندێ‌ جیاوازییان لەنێواندا هەبوو! بەڵام وەك پێویست ئامادەى كرانەوەى فیكر و بەدواداچوونى مەعریفەى شیعرى نەبوون، دنیابینیان زۆر برِى نەدەكرد! وەك پێویست تیۆرەكانى مەعریفەى ئەدەبى و رەخنەى تازەیان هەزم نەكردبوو. ئەو دوو دیدە مەدلولگەرا و دەلالەتگەرایە، وەك پێویست نەیانتوانى پانتاییەكى شیاو، بۆ تیۆریزەكردنى مەعریفەى شیعرى و سیستەمى فیكرى و كرانەوەى كلتورى بسازێنن… زۆریان گوت، بەڵام دواجار فەشەلیان هێنا؟!
لە سەرنەكەوتنى ئەو بازارِە جەنجاڵەى شیعردا لە سلێمانى بە تایبەتى (لە غوربەتا)ى محەمەد عومەر عوسمان جیاوازى خۆى نواند، لە كەركوك (زەردك)ى ئەحمەدى مەلا و لە هەولێر (لم نیازمە)ى عەباس عەبدوڵڵا یوسف و (گەرم نەبوونەوە)ى جەلال بەرزنجى و (دووكەڵ)ى هاشم سەراج و (سووتانى رەنگەكان)ى دلشاد عەبدوڵڵا، هەر یەك بە شێوازى جیاوازى هونەرییانە، نەك هەر لەگەڵ روانگە، لەگەڵ خودى زرِەوێنەى پێشرەوایەتى مەحمود زامداریش نەبوون و شێوازى جیاوازى خۆیان پەرەپێدا و خۆیان پێرفۆرِمانس كرد، بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئایا بەردەوامى گۆرِان و سەیرورەى شیعرى، وەستانى هەیە؟!

خێوەتەكەى ع. ع. یوسف
(لەوەى كە دێ‌، شیعر تاتۆ دەكەم)

عەباس عەبدوڵڵا یوسف، نووسەر و شاعیر لە 1950 لە هەولێر لە دایكبووە، دەرچووی پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی- هەولێرە. حەوت كۆمەڵە شیعر و یەك كۆ چیرۆكى چاپكراوى هەیە، بە ناوەكانی: (ئاو) لە 1974، (لم نیازمە) لە 1978، (كلكی كتكی پرسیارە) لە 2007، (ئۆدیسیۆس نێرە… یان مێیە؟) لە 2009، (گەشتی پێنج پەنجە) لە 2011، (كەری بۆریدان) لە 2011، كۆمەڵە چیرۆكی (سۆفیا لۆرین بە هەوێداری) لە 2011 و (نانۆ تاتۆ دەكەم) لە 2013.
ع.ع. یوسف هەر لە یەكەم كۆمەڵە شیعرییەوە (ئاو) بنەمایەكى بۆ هەڵدانى خێوەتێكى تایبەت بە خۆى دروست كرد، یەكێك لە ئاماژەكانى ئەو بنەمایەش، ئەوە بوو، كە لاساییكردنەوەى زۆر كەم بوو، ئینجا (دواى سێ‌ ساڵان) لە خوێندنەوەى بێوچان و هۆشیاریى رۆشنبیرى و مەعریفەى شیعرییەوە، بە چامە درێژەكەى (لم نیازمە) شاد دەبێت. لەوێشەوە (سى و سێ‌ ساڵان) كار لە ئەزموونى جیاواز و گوتارى شیعرى و ئاماژەى شیعرى و ماناى شیعرییدا دەكات. پەیوەندییەكى فرەلایەن لەنێوان بونیادى قووڵ و رووكەش دەسازێنێ‌. بەو مانایەش بایەخدانى شاعیر بە بونیادى قووڵ و رووكەش، گرنگیدانە بە رەگەزى گێرِانەوە و گوتارى شیعرى! ئیتر دواى ئەو هەموو ئەزموون و ئەزموونگەرییە چیدیكە لاى شاعیر لەوەى كە دێ‌، دوو كۆ دوو بە ناچارى ناكاتە چوار.
پریتۆن سوریالى بوو، دەڵێت: لەسەر شەقام بەر مرۆڤ دەكەوم. بەڵام ع. ع. یوسف، نەك هەر سوریالیانە، بەڵكو داداییانە پشت بە دووانەی رِەخنە و پێكەنین دەبەستێ‌ و شیعر تاتۆ دەكات، هەندێجاریش لەبرى ئەوەى بەر مرۆڤ بكەوێ‌، لەسەر شەقام بەر وڵاخێكی بنێس دەكەوێ‌، كە ئومێدێكی زلى لەسەر هەڵچنراوە!
دەتوانم بڵێم گوتارى شیعرى، شیعر تاتۆ دەكەم، هەوڵێكە بۆ بەیەكگەیاندنى هونەرى كاركاتێر و كۆمیدیاى رەش، تێكەڵكردنى سوریالییەت و دادییەتە. واتە رِەخنەگرتنە لە واقیع، بەدەم گاڵتە و پێكەنینەوە. گوتارى شیعر تاتۆ دەكەم، راڤەكردنى دنیایى كوردییە لە رێگاى بیركردنەوەى عەقڵانییەوە، لە شێوەى مافورێكى چنراو، بەو مانایەى، كە لە كۆمەڵێك نەخشى جیاواز و هێلى پێچاوپێچ پێكهاتووە. لە كۆى ئەو بەیەكگەیشتن و تێكەڵكردنەدا جەوهەرى شیعرى عەباس عەبدوڵڵا یوسف لە بنەمادا بریتییە لە دۆزینەوەى هێلى پەیوەندى نێوان گێرِانەوە و شیعرییەت، لەو پرۆسەیەشدا شاعیر كەمتر بەر دۆزینەوە دەكەوێ‌ و زێتر وزەى شیعرى لە راڤەكردنى گێرِانەوەوە هەڵدەگرێتەوە و لەوێشەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان تێكەڵى شیعرییەتى دەكات. بەڵام شیعرییەت گێرِانەوە نییە! وەك چۆن جۆرێك نییە، لە هەڵقوڵاویى پەرشبووى پرِشنگى ماناكانى بیركردنەوەى لۆژیكى.
لەو لێكۆڵینەوەیەدا، دەمەوێ‌ بیسەلمێنم، شیعر تاتۆ دەكەم، شیعرییەت لە راڤەكردنى گێرِانەوەدا تۆخ دەكاتەوە. ئەو روونكردنەوەیە، راڤەكردنى وسبەلێكراو و مانا شاراوەكانى وشە لە گێرِانەوەدا وەك قووڵایى دەرەوە دەبینێ‌ و لەلایەكى دیكە، پێیوایە دەشێ‌ لە دۆزینەوەى ئاستەكانى پەیوەندى دەق و خوێنەر، شیعرییەتى خوێندنەوە بخاتە روو.
لە یەكەمدا، كاتێ‌ شاعیر لە روانگەى راڤەكردنى گێرِانەوە و بیركردنەوە مامەڵە لەگەڵ مانا وسبەلێكراوە و شاراوەكانى وشە دەكات، ئەو كارەى لەبرى ئەوەى بەرەو شیعرییەت بێتەوە، بۆ پرسێكى عەقڵانى دەگۆرِێت! پرسى بیركردنەوەى عەقڵانى پرسێكى لۆژیكى حیسابییە، نەك خەیاڵى شیعرى.
لە دووەمدا، كاتێ‌ بە دەستهێنانى شیعرییەت لە روانگەى ئەویدیكەى جیاواز و خوێندنەوەى جیاوازەوە تەماشا دەكەین، لەبەر ئەوەى چەمكى راڤەكردن بە خوێنەر و ئاستى خوێنەرەوە دەلكێ‌، دەشێ‌ لەو تەماشاكردنەدا شیعرییەت پرِشنگ بداتەوە.
بۆ بنەماى یەكەم، سوودم لە شیعرییەتى (ژان كۆهین) وەرگرتووە، كە پێیوایە شیعرییەت زانستى شێوازگەرى شیعرى و زانستى لادانى زمانەوانییە. بۆ بنەماى دووەم، وەك ئەركێك لە ئەركەكانى پەیوەندى نێوان دەق و خوێنەرە جیاوازەكان، سوودم لە (تۆدۆرۆف) وەرگرتووە، كە قسە لە شیعرییەتى خوێندنەوە، یان وەرگر دەكات، ئەو جۆرە قسەكردنەش شیعرییەت بە ئاستەكانى خوێندنەوە و خوێنەرەوە دەلكێنێ‌.
بەڵام جەختكردنى شاعیر لە راڤەكردنى گێرِانەوە و زێتر بایەخدان بە مانا شاراوە و وسبەلێكرەوەكان و دامەزراندنى بنەماى گوتارى شیعرى لەسەر گێرِانەوە، فەرامۆشكردنى بنەماى تەماشاكردنى دووەم دەگەیەنێت. چونكە وەك دیارە لە تاكدێرییەكانیدا هەمیشە دەیەوێ‌ بە پێكەنین بە گژ كوێرەوەرییەكاندا بچێتەوە! هەمیشە دەیەوێ‌ زەردەخەنە لە كارەسات قەرز بكات و بە قۆشمە تۆڵە لە خەونە بەدینەهاتووەكان بكاتەوە. هەمیشە دەیەوێ‌ لە دەرەوە بەرەو قووڵاییەكان بێتەوە.
شاعیر دەڵێ‌: ژنەكەم بە تیلمە سواڵەتى سۆمەرِى، پانتۆڵمى پینەكرد. (برِوانە: ع. ع. یوسف، نانۆ تاتۆ دەكەم، 2013، هەولێر، ل74) وەك دەبینین لە رێگاى دووبارە گێرِانەوەوە و قووڵاییەكانى دەرەوە، تابۆكان تێكدەشكێنێت و هەموو ئەوەى لە گێرِانەوەدایە، پەردەى لەسەر هەڵدەداتەوە.. لەژێر خێوەتەكەى خۆى دەیەوێت لە رێگاى تاكدێرییەكانى خەونێكى گەورە شیعرى بچنێ‌! هەر لەوێشەوە هەوڵى كەشفكردنى توانا بێكۆتاییەكان و چێژى مانا وسبەلێكراو و شاراوەكان دەدات. پێیوایە ئەو توانا و چێژە لە نهێنى كەلەپورى كوردى و گێرِانەوەى قسەى سادە و فۆلكلۆرەوە خۆیان حەشار داوە.
(غازى حەسەن) لە كتێبى (فەیلەسوفە، كەرە، سێ‌ پێیە، سپییەكە، ئەمریكا، 2024، چاپى ئەلكترۆنى) كە لێكۆڵینەوەیە لەسەر شیعرە تاكدێرەكانى عەباس عەبدوڵڵا یوسف، دەڵێ‌: شاعیر لە رێگاى قسەی ئاسایی، قسەی پرِ واتای سەر زاری خەڵك، دەقێكی كورت و چرِ و پوختی تەژی لەواتای بە مانا و فۆرم و گوزارشت و گێرِانەوە و دەربرِینی نوێ بەرهەمهێناوەتەوە، ئەو شارەزایە، لە كەلتوور و نەریتی ئەوانی دیكە لەنێو كۆمەڵگا.
بە جۆرێكى دیكە دەتوانم ئەو قسەی پشترِاست بكەمەوە و بڵێم شاعیر لە رێگاى مانا شاراوەكان و وسبەلێكراو و ئارەزووە بەدینەهاتووەكانەوە، گەمەى ئازادى لەسەر قووڵایى دەرەوە دادەمەزرێنێ‌! ئەگەرچى ئەو خۆى بە خزمەتكارى شیعرییەت و قوڵایى ناوەوە دەزانێ‌، بەڵام بە خاترى گرینگیدا بە وێنەى لێكچووى نێو حیكایەتەكان و قسەى سەر زارى خەڵك، بە شیعرییەتێكى هەژارەوە دەگەرِێتەوە! لەگەڵ ئەوەشدا دەشێ‌ لە رێگاى ئاستى بەرزى خوێندنەوە و خوێنەر و وەرگرەوە بە جۆرێكى دیكە شیعرییەت لە تاكدێرەكانەوە بەرهەم بهێنینەوە.
دواجار لەوەى كە دێ‌، ئەگەرچى شاعیر وەك (پاڵەوانێكى سوریالى) حیكایەتى ئازادى و كەرامەتى مرۆیى، لەسەر شەقام كۆدەكاتەوە. بەڵام لە پێناو وێنەى كاریكاتێرى و كۆمیدیاى رەش و داداییەتەوە پەیوەندییەكى تووند بە گێرِانەوەوە دەكات. واتە ئەگەرچى سوریالییانە خۆى بە خزمەتكارى (شۆرِش) دەزانێ‌، بەڵام لە ئاوێتەكردنى سوریالییەت و داداییەتدا، ئازادى خۆى لە هەڵێنجاندنى مانا وسبەلێكراو و شاراوە و جیاوازەكانى راڤەكردنى گێرِانەوەدا دەبینێتەوە. سوریالییەكان ئازادى خۆیان لە خەیاڵى شیعرییدا بەرجەستە دەكرد. بەڵام شاعیر ئازادى خۆى لە رێگاى گاڵتە و گەپەوە بە دەست دەهێنێ‌.

مینیماڵیزم
(بزوێنەرى نانۆ یان تاكدێرى)

ئایا مینیماڵیزم بۆ رزگاربوون لە زێدەكانى ژیان و ئازادى، لە نانۆ، شیعرى زیپ، پۆستەرە شیعر، هایكۆ، هانكا، ئەفۆریزم، نزیكە، یان لە بەیت و تاكدێرى؟! بە كورتى مینیماڵیزم بزوێنەرى نانۆیە، یان تاكدێرى؟
وەك دەزانین وشەى نانۆ لە وشەى گریكى “نانۆس” وەرگیراوە، كە بە ماناى كورتەباڵا دێت. نانۆ كۆى شتە بچوكەكان دەگرێتەوە، بە پێوانەى بەشێك لە ملیار دێت (یەك لەسەر ملیارى مەتر، یەك لەسەر ملیارى چركە..) نانۆ بچووكترین بەشى ماددەیە، كە پارێزى لە خەسڵەتە فیزیاوى و سرووشتیەكانى دەكات. ئەوەش وا دەكات، بێتە رەگەزێكى روون و بێ‌ خڵت و بەرز.
نانۆ شیعر، شیعرى زیپ، پۆستەرە شیعر، ئەفۆریزم.. هەموو ئەو ناونانانە بەدیوێك لە دیوەكان پەیوەندییان بە خێراییەكانى سەردەم و ماكدۆناڵد و كۆكاكۆلاو و شەفافییەت و گەرمى و ئاورِنەدانەوە و جیاوازى و هەڵكردن و چێژیردنى لەپرِ و خەونە رەنگاورِەنگەكانەوە هەیە… لە نانۆشیعردا زمان ئامرازێك نییە، ئێمە بەكارى بهێنین، بەڵكو ماددەیەكە ئێمەى لێدروستكراوین. بەڵام مەرجى سەرەكى هایكۆ، هانكا، باوەرِهێنانە بە زمانى پاك و بێگەردى ساتى یەكەم، باوەرِهێنانە بە هەژارى و بێدەسەڵاتیى زمان، كە ناتوانێ‌ شایەتحاڵى ئەسڵ و حەقیقەت بێ‌، واتە لە بنەماى شیعرى هایكۆدا رۆشنبیرییەكى گەورەى سۆفیگەرایى دەبینرێت، كە هەوڵدەدات زمان بۆ ساتەوەختى خەلیقەت بباتەوە. لێرەوە دەپرسین ئایا هایكۆ، یان تاكدێریەكانى ع. ع. یوسف دەچنە نێو مەبەستەكانى سەردەمەوە، كە نانۆشیعر پەیرِەویان دەكات؟!. رەنگە ع. ع. یوسف بە جۆرێك لە جۆرەكان لە خاڵى بە گژداچوونەوەى كوێروەرییەكاندا، لە هایكۆى ژاپۆنى زۆر دوور نەبێت! بەڵام هایكۆى ژاپۆنى و بەیتى عەرەبى و تاكدێرییەكاتى ع. ع. یوسف، ناچنە نێو مەبەستى پەیوەندییە خێراكانى نانۆ و شیعرى زیپەوە.
لە شیعرى كۆنى عەرەبیدا چەمكی (بەیت) تاكدرێرى بە مانا شیعرییەكەى بەرفرەوانە و ئەدۆنیس بە ناونیشانى (دیوانى تاكدێرى، 2010) بەشێكى زۆرى لەو تاكدێرانە كۆكردۆتەوە و پێشەكى بۆ نووسیووە. بەڵام (ئۆنفرتى) شاعیرى ئیتاڵى، كۆمەڵە شیعرێكى بە ناوى (ژیانى مرۆڤ) هەیە، كە نەك هەر شیعرەكانى تاكدێریین، بۆ نموونە: بە بێكۆتایى رووناك دەبییەوە. بەڵكو هەندێجاریش شیعرەكانى لە دوو وشە زیاتر نیین. ئایا لەو بارەوە دەتوانین ئۆنفرتى بە ئاڤانگارد ببینین، یان بەیتى عەرەبى و هایكۆى ژاپۆنى؟! سەرەرِاى هەموو ئەوانەش دەكرێ‌ بڵێین لە شیعرى نوێى كوردیدا ع. ع. یوسف لە تاكدێرییەكانیدا ئاڤانگاردە.
بێگومان بەیتە شیعرى عەرەبى پێش ئەو هەوڵەى ئەدۆنیس لاى شاعیرێكى وەك (خەلیفە محەمەد ئەلتلیسى) بە فۆرِمێكى گەشى شیعرى عەرەبى دەناسێنرێت. ئەلتلێسى لە هەوڵى كۆكردنەوەى (قەسیدەى تاكدێرى- دار الشرق، 1991)دا، پێیوایە قەسیدەى تاكدێرى (بەیتى عەرەبى) پشت بەو تێگەیشتنە دەبەستێت، كە پرِشنگێكى لەناكاوە، بروسكەیەكى تێپەرِە، پاڵنەرێكى ویژدانى و ریتمێكى هەڵبرِاوە، گۆرانییەكى كورتە، گوزارشتكردنێكى چرِ و پرِە…هتد، ه.س.پ. ل31.
دەشێ‌ بڵێین ئەو وەسف و پێناسەیە لەگەڵ كورتە شیعر و شیعرى هایكۆ زۆر جیاوازییان نییە! بەڵام لە سەدەى سێنزمەوە هایكۆ لە تەك (هانكا) وەك فۆرِمێكى سەربەخۆى شیعرى كلاسیكى ژاپۆنى دەركەوتووە، كە بە كورترین شیعرى جیهانى دەژمێردرێت و لە كەمترین وشەدا و لە سێ‌ كورتە رستەى (5/7/5) برِگەیى پێكهاتووە و ماناى چرِ و قووڵ بە دەستەوە دەدات. لە هایكۆى ژاپۆنیدا سروشت رەنگدانەوەى رۆحە و بابەتەكان بە شێوەیەكى جوان و رەمزى بەكار دەهێنرێن. واتە هایكۆ زیاتر روو لە كەسى و سۆزدارى دەكات.
بەڵام تاكدێرییەكانى ع. ع. یوسف، روو لە گێرِانەوە و هەڵكۆڵینى ماناى وسبەلێكراو و شاراوەى گێرِانەوەكانە و لەو خاڵەوە هەوڵدەدات لە شیعرییەت نزیكبێتەوە! یان بە مانایەكى دیكە بۆ درێژەدان بە نزیكبوونەوە لە شیعرییەت، پەردە لەسەر مانایەكى قووڵایى دەرەوەى هێزە داخراوەكان هەڵدەماڵێ‌، تاكو دڵخۆشى، قەناعەت، پانتاییەك بۆ ئازادى راڤەكردنى جیاواز دروست بكات، بۆ ئەوەش روو لە شێوازى كۆمیدیاى رەش دەكات. بەو مانایەش تاكدێرییەكانى بە جۆرێك لە جۆرەكان لە دۆخى راستەقینەى گێرِانەوەى مرۆڤى كوردیمان نزیك دەكاتەوە و بارودۆخى كوردیمان بۆ رووندەكاتەوە. تاكدێرییەكانى شاعیر نیشاندانى تراژیدییەكانى مرۆڤى كوردییە، كە بە قووڵى تووشى دەردى تووندوتیژى و ستەمى دەسەڵات بووە. تاكدێرییەكانى بۆ ئەوە نووسراون، كە مانا و شیعرییەت لە رێگاى پێكەنینەوە بۆ یەك بچەمێنێتەوە، چالاكى نێوانیان تا سنورى لێكخشان درێژ بكاتەوە و گاڵتە بە بریقوباقى ئەو شیعرە بكات، كە پرِاوپرِ بە واقیعە؟!
غازى حەسەن دەڵێ‌، تاكدێرى لاى عەباس رەنگە پەیوەندییەكى پتەوى بە (ترسەوە) هەبێت. ترس لە سیاسەت، حزبایەتى، كۆمەڵگا، دەوروبەر… ه.س.پ. ل 45. لە گۆڤارى (دیوان، تەمموزى 2023) عەباس عەبدوڵڵا یوسف دەڵێت: من لە دەسەڵات زۆر ترساوم، چونكە زۆر دڵرِەقانە و درِندانە مامەڵەى دەكرد، بۆیە پێموابوو چوونە دەرەوە و شاخ و بەرەى هێزى چەكدارى هى پیاوى ئازا و نەترس و پیاوى خۆرِاگرە. بە هەمان شێوە لە تاكدێرییەكیدا دەڵێ‌: هێشتا دەرەوەى سەر، لە مێشك بە مێشكترە. ل29. لە ناو ئێستاى هەتاهەتایە، ئایندەم ونكرا. ل73.
ئەگەر لە هایكۆى ژاپۆنى و تاكدێرى كلاسیكى عەرەبى چەقین لەنێو كات و ونكردنى ئایندە، سروشتى و خۆرسك بكەوێتەوە! ئەوە وەك گوتمان نانۆشیعر پەیوەندى بە خێراییەكانى سەردەم و چێژیردنى لەپرِ و خەونە رەنگاورِەنگەكانەوە دەكات. نانۆشیعر پرِشنگەكانى ئێستا لە كردەى پیشەسازیدا دەنووسێتەوە. بەڵام تاكدێرییەكانى ع. ع. یوسف وێنەیەكى كاریكاتێرى لە مانا شاراوە و وسبەلێكراوەكانى گێرِانەوەى تەنزئامێز دەگرێ‌ و بە كۆمیدیاى رەش رەنگى دەكات، كە نوغرۆى راڤەكردن و ئاماژە و مێژوو و كاریگەرى كلتووریى و پاشماوەكانى كەلەپورى كوردین. بە دیوەكەى دیكەش رەنگى رەش و سپى و راڤەكردن و لێكدانەوەى ژیانى كۆنكرێتى خەڵك، وەك زمانى نووسینى تاكدێرەكانى تەماشا دەكات.
عەباس عەبدوڵڵا یوسف دەڵێت: تاكدێرى ستایلێكى تایبەتە بە خۆم، یان لانى كەم هیچ كەس بەو ستایلەى من ناتوانێ‌ بنووسێت، كە لە كورترین هەناسەى شیعریدا زۆرترین مانا ببەخشێت، ئەمەش بوارى گفتوگۆى تێدایە و ئامادەم سەرپێى كۆمەڵێك دێر بۆ یەك زیاد بكەم و پاشان هەموو زیادەكان فرِێ‌ بدەم (گۆڤارى دیوان، ژ 28 – 2023). چاوەرِوانى خۆمم. ل24. كەواتە خۆى خۆى دەنووسێتەوە و دەیەوێ‌ لە نێو هەر وشەیەكى رەش و سپییدا شتێكى نوێ‌ بدۆزێتەوە.

سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرى
(شێوازى كۆمیدیاى رەش)
هونەرى كاریكاتێر، هونەرێكى دێرینە و ئاوێتەكردنى بە كۆمیدیاى تاریك، بنەماى ئەو لێكۆڵینەوەیەى لەسەر دامەزراوە. وەك دەزانین كۆمیدیاى رەش ساڵى 1935 (ئاندرێ‌ پریتۆن) بەكارى هێناوە. بێگومان كۆمیدیاى رەش، لە تێكەڵكردنى سوریالییەت و دادییەت و لەوێشەوە بۆ دەسنیشانكردنى رەهەندە نەبینراوەكان و لۆچ و ئەگەرى كراوەى تاكدێرییەكانى ع.ع. یوسف رۆڵى تایبەتى دەگێرِێ‌. بەڵام نەك وەك بێ‌ نرخكردنى پرسى شیعرگەرایى و گێرِانەوەگەرایى، بەڵكو وەك دۆزینەوەى مانا وسبەلێكراوەكان و بەدواداچوونى سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرى بە شێوازى پێكەنینى رەش!
هەڵبەتە شیعر حەقیقەت بە مانا سادەییە واقیعیەكەى ناگێرِێتەوە! وەك دەزانین تاكدێرییەكانى ع.ع. یوسف سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرییە بە كۆمیدیاى رەش، گاڵتەكردنێكى جەرگبرِە بە ستەمى دەسەڵات و واقیع. كەواتە شاعیر لە نواندنى شیعر و گێرِانەوەدا نایەوێ‌ وێنەى حەقیقەت بكێشێ‌، بەڵكو لە پێناو ورِوژانى بیركردنەوەى رەخنەگرانەى (خوێنەر/ وەرگر)دا هەوڵى گرتنى وێنەیەكى لێكچووى حەقیقەت، بە كامیراى كۆمیدیاى رەش، دەدات.
وەك لەسەرەوە ئاماژەم بۆ كرد، هونەرى كاریكاتێرى لە شێوازى كۆمیدیاى رەش، مەیلى بۆ گێرِانەوەى مانا شاراوەكانى ناو حەقیقەتى زۆرترە، لە مەیلى بۆ خەیاڵ و شیعرییەت!! لێرەوەیە شاعیر لە تاكدێرییەكانیدا زێتر جەخت لە مانا شاراوە و وسبەلێكراوەكانى كلتور و قسە زاڵ و باوەكان دەكاتەوە و وەك شێوازى گێرِانەوە تەرجەمەى ژانوژوارەكانى سەردەمیان دەكات، نەك وەك خەیاڵى شیعرى و شیعرییەت.
چەقۆ هەر بە رووتى بینراوە. ل51.
ئەو تاكدێرییە لە گێرِانەوەى چەقۆ هەر بە رووتى بینراوە، وەك ئەوە وایە، شاعیر لە رۆژێكى سەختدا بێ‌ و (ئەپۆكرایف)انە لە كاتى مردندا تیغى چەقۆى لەسەر تاقى بكەنەوە و لە شێوازى كۆمیدیاى رەشدا بڵێ‌ (ئەگەر بمزانیایە كە ئەوە روودەدات، بەردى گەورەم قووتدەدا بۆ ئەوەى زیان بە تیغەكە بگەیەنم). ئەوەش یەكێكە لە رۆچوونەكانى بەرەو قووڵایى دەرەوە.
ئاشكرایە چەقۆى رووت، وەك میوەى رووتى شیعرى، كە خوێنەر لە كاتى خوێندنەوەدا تامى بكات، ئەگەرێكى لاوازە. بەڵام وەك راڤەكردنى نهێنى حیكایەتى دەسەڵات و ستەم و داپڵۆسین ئەگەرێكى بەرزە و هێزى تایبەتى هەڵگرتووە. جگە لەوەش بینینى چەقۆى رووت، تووندوتیژییە، تووندوتیژى فەرامۆشكردنى خەیاڵ و فەنتازیاكانى شیعرییە و زێتر روو لە حەقیقەتە! بەڵام بە دیوەكە دیكە پەردە هەڵدانەوە لەسەر تووندوتیژیش، وەك كەشفكردنى نهێنى حیكایەتەكان، ئاگاداركردنەوەیە، بۆ دوورخستنەوەى جەستەى مرۆڤ لە ئازار و پێكان.
ئەگەرچى رووتبوونەوەى چەقۆ، وەك میوەى رووت، هەستى شیعرى كەمتر نیشان دەدات، بەڵام وەك دەرخستنى رووەكانى ستەمى دەسەڵات، راستییەكى زۆرى لەخۆدا حەشار داوە. رووتكردنەوەى چەقۆ وەك ئەگەرى میوە، كردەیە! وەك ئەگەرى حیكایەتێكى رووت، كارە! یەكەمیان هەر چەندە كول بێ‌، رووى لە تامى شیعرە، دووەمیان هەرچەندە تیژ بێ‌ رووى ئاشكراكردنى حەقیقەتى زێترە. لە یەكەمیاندا دەشێ‌ خوێنەر چێژ لە شێوازى جیاوازى كردەى رووتكردنەوە ببینێ‌ و لە دووەمیاندا خوێنەر بە دڵنیاییەوە ئاوێتەى كارى گێرِانەوەى رەخنەگرانەیە.
بە كورتى یەكەمیان وەك كردە، دەشێ‌ لە نهێنى رووتكردنەوەدا جوانییەكى لەپرِ و بریسكەئامێزمان پێببەخشێ‌. دووەمیان وەك كار، راستییەكى رامانئامێز دەگەیەنێت. كەواتە ئاوێتەكردنى سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرى بە شێوازى بەكارهێنانى كۆمیدیاى رەش، تێكەڵكردنى شیعرگەرایى و گێرِانەوەگەراییە، ئاوێتەكردنى جوانى و حەقیقەت، پێكەنین و گریانە!
چاوەرِوانى خۆمم. ل24.
هەرگیز تاكى جیاواز لەنێو زاراوەیەكى گشتیدا ناتوێتەوە. چاوەرِوانى خۆمم. چونكە تاكى ناوازە جارێك دەبێت و دووبارە نابێتەوە. لە تاكدێرییەكانى عەباس عەبدوڵڵا یوسف مرۆڤ وەك تاك زۆرتر جێگاى بایەخى حەقیقەتى گێرِانەوەیە و كەمتر جێگاى بایەخى خەیاڵى شیعرییە! چونكە شیعر بۆ حەقیقەت ناگەرِێت، بۆ ئەوە ناگەرِێت، كە دەسەڵات چۆن خۆى وەك تێزى گشتى پیادە دەكات. لە شیعردا خەیاڵ و هەستى جیاوازى خودگەرایى دەبێتە جیگاى سەرنج، نەك حەقیقەت! شیعر خەیاڵ و هەستى جیاوازى و فرەرِەهەندى مانا و بۆچوونى گۆرِاو بە جۆرێكى كتوپرِ دەبەخشێ‌! گێرِانەوە بەرجەستەكردن و چەسپاندنى نهێنى ئایدیۆلۆژى تاكرِەهەندى و لۆژیكى نەگۆرِ و گشتییە. هەڵبەتە تێگەیشتنى نێوان حەقیقەت و خەیاڵ، تێگەیشتنە لە دەرەوەى ئەفلاتوونەوە، چونكە شیعر درۆ نییە، بەڵكو تەنها حەقیقەت وەك ئەوەى هەیە ناگێرێتەوە، ئەدەب وەك حەقیقەت خۆى دەرناخات، بەڵكو وەك (ئیكۆ) دەڵێت: مۆدێلێك لە حەقیقەتمان پێدەبەخشێ، كە زۆر خەیاڵییە. بێگومان كاتێك كافكا لە دێرى یەكەمى رۆمانەكەى (مەسخ)دا گریگۆر سامساى پاڵەوان وەك قالۆنچەیەكى گەورە نیشان دەدات و لە حەقیقەتەوە دەكەوێتە دەرەوەى حەقیقەتەوە، دەكەوێتە واقیعێكى دیكەوە، كە فانتازى و خەیاڵییە، دەكەوێتە شێوەیەكى دیكە لە واقیعیەت، كە لە دنیاى خەیاڵى شیعریمان نزیك دەكاتەوە، نەك حەقیقەتى واقیعى.
بەختیار عەلى لە كتێبى (زنجیرەكانى دۆنكیشۆت) دەڵێ‌: واقیعى ئەدەبى لەسەر لێكچوون لەگەڵ دنیاى دەرەوەدا دانەمەزراوە، بەڵكو لەسەر بنەماى ئاماژەدان بە دۆخى مرۆڤ لە جیهاندا كار دەكات. ل147.
بە كورتى لە كۆمارى ئەفلاتووندا تورِەیى ئەفلاتوون لەوەدایە، كە شاعیران خەیاڵ بە قووڵی لە یادەوەریمان دەچێنن، كە دوایی زەحمەتە تەنها وەك خەیاڵێك بمێنێتەوە! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شاعیران هیچ كاتێك كەس لەخشتە نابەن، كە گوایە چیرِۆكێكى راست و واقیعى دەگێرِێنەوە. چونكە لە شیعردا ئەدەب ئاوێنەى واقیع نییە. لەو لێكۆڵینەوەیەدا دەمەوێ‌ ئەو خاڵە بكەمە شوێنى ئاورِدانەوە، واتە دەمەوێ‌ بە هەمان شێوە بڵێم، شیعر زرِەوێنەى كەلەپور و كلتور و فۆلكلۆر و قسەى سادەى خەڵكى نییە، بەڵكو دنیایەكى جیاوازە بە فۆرِم و ئاماژە و خەیاڵى جیاواز، مۆدێلێكى دیكەى دنیا و واقیعى ئەدەبى دەدۆزێتەوە. بەو مانایەش عەباس عەبدوڵڵا یوسف ئەفلاتوونییە! چونكە گرنگى بە وێنەى لێكچووى حەقیقەت دەدات و بە ژانوژوارەكانى مرۆڤى سەردەمى دەلكێنێ‌، بەو مانایەش تاكدێرییەكانى دەچنە خانەى بیرهێنانەوە و یادەوەرییەوە، كە لە پرۆسەى راڤەكردنى مانا شاراوە و وسبەلێكراوەكانى گێرِانەوە بە دەستیان دەهێنێ‌.
كەواتە ئەو قسەیەى غازى حەسەن، كە دەڵێ‌: شاعیر لە رێگاى قسەی ئاسایی، قسەی پرِ واتای سەر زاری خەڵك، دەقێكی كورت و چرِ و پوختی تەژی لەواتای بە مانا و فۆرم و گوزارشت و گێرِانەوە و دەربرِینی نوێ بەرهەمهێناوەتەوە. ناشێ‌ وەك خەیاڵى شیعرى مامەڵەى لەگەڵدا بكرێ‌، بەڵكو زێتر هەڵگرى وێنەى لێكچووى حەقیقەتى ئەفلاتوونى و حیكاییە!
لێرەوە بە برِواى من، عەباس عەبدوڵڵا یوسف نموونەى ئەو كەسانەیە، كە دەیەوێت لاسایى نهێنى دەقەكانى گێرِانەوە بكاتەوە. دەیەوێ‌ وەك تاكێكى رەخنەگر بچێتە لۆچى ماناى شاراوە و نهێنیەكانییەوە، دەیەوێت ژیانى خۆى وەك گێرِانەوەكان بونیاد بنێتەوە، بێ‌ ئەوەى جیاوازییەكانى دەقى حەقیقەت و نهێنییەكانى دەقى شیعرى، بە خەیاڵەوە گرێ‌ بداتەوە، بێ‌ ئەوەى زمانى شیعرى و زمانى گێرِانەوە بە هەند وەرگرێ‌. ئەو بە دواى نهێنى وسبەلێكراوەكاندا دەگەرِێ‌، ترسى گەورەى ئەو، لە دەست بۆ بردنى ئەو نهێنیانە و لە دیتنى ئەو نهێنیانەدایە، چونكە لە پرۆژەى دایە و دەیەوێ‌ لە هەڵماڵینیان دەرگا لە هونەرى سپیكردنەوە و رەشبردنەوە بكاتەوە. لە پرۆژەى دایە، رەشبردنەوەى شیعرى بە سپیكردنەوەى راڤەكردنى مانا شاراوەكان چارە بكات. هەڵبەتە ئەو قسەیەم لەوێوە دێ‌، كە من پێموایە عەباس عەبدوڵڵا یوسف وازى لە (لم نیازمە) هێنا، لە پێناو سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرى بە تامى رەشبردنەوەى كۆمیدى، تاكو لەلایەك دڵخۆشى بە (خوێنەر/ وەرگر) ببەخشێ‌ و لەلایەكى دیكە رووبەرى ژیانى وسبەلێكراوەكان فرەوانتر بكا، بۆ ئەوەى خۆى لە ترسى درِندەیى دەسەڵات بە دوور بگرێ‌. روونتر بڵێم، بۆ ئەوەى تا سنورێكى فرەوان، لە رێگاى گاڵتە و پێكەنینەوە، هەم ئاماژەیەك بە تووندوتیژى و ستەمى دەسەڵات بدات و هەم خۆى لە گرفتى ئازادى و گرفتى نەریت و بە كۆمەڵایەتیبوون، بپارێزێ‌.
كەریش ئابووریناسە و دەڵێ‌: زەرِین كانگاى زێرِە. ل20.
لەو تاكدێرییەدا، ئەگەرچى كەر بوونێكى واقیعى هەیە، بەڵام تەماشاكردنى زەرِین وەك كانگاى زێرِ، لە جەوهەردا زرِەوێنەیە، یان سپیكردنەوەیەكى كاریكاتێرییە بە تامى كۆمیدیاى رەش، كە لەسەر بوونى خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات دروست بووە، نەك خەیاڵى شیعرى! خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات فانتازى دروستكردنى دەسەڵاتێكە، بەبێ‌ بەشداریكردنى عەقڵى ئەویدیكەى جیاواز! دەسەڵاتى فاشى تەنها دەیەوێ‌ بیرنەكەرەوە و ملكەچ و پاسیف و كەمئاگاكان بەشدارى بكەن. بە دیوەكەى دیكە لاى شاعیر خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات، بە گشتى لە خەیاڵى فاشیانەى نەریتى كۆمەڵگاى دواكەوتوو جیانابێتەوە.
مرۆڤى بیرنەكەرەوە، كەمئاگا، ملكەچ، پاسیف… هێز بە خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات دەبەخشێ‌، بەو هێزەش خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات دوو جولە دەكات، یەكێكیان بە ئاراستەى گەوجاندنى گشت كۆمەڵگایە، یەكێكیان بە ئاراستەى گەورەكردنى خەون و فانتازیاكانى خۆى. لەسەر هەمان بنەماش دەسەڵاى فاشیانە هێزى گەوجاندن، وەك وزەیەكى درۆزنانەى ئەرێنى دەخاتە بەر مرۆڤى ملكەچ، بیرنەكەرەوە، كەمئاگا و پاسیف، بەخشینى وزەى درۆزنانە، بۆ مرۆڤى پاسیف دوو جولەى هەیە: یەكێكیان، پرِە لە وێنە و ئاواتى نادروست و ناواقیعى دەربارەى واقیع. یەكێكیان، لە رێگاى وێنە ناوبراوەكانەوە مرۆڤى ملكەچ، بیرنەكەرەوە، كەمئاگا، پاسیف، خەون و فانتازیا و ئومێدە گەورەكانى داهاتووى خۆى بونیاد دەنێت.
رەنگە ئەو خەون و تێرِوانییەى دەسەڵات و مرۆڤى پاسیف بەو مانایە بێ‌، كە خودى ژیان هەر ئەوەیە، كە هەیە! بەو مانایەى كە ژیان لە فانتازیا و خەون و تێرِوانینى دەسەڵات جیا نابێتەوە. ئەگەر سیستمى پووچگەرایى بشێ‌ بێتە جێگاى بیركردنەوە، ئەگەر بنەماى ژیان تێكەڵكردنى خەونى دەسەڵات و خەونى تاك بێ‌، ئەوە تەواوى ژیان و كەرامەتى مرۆڤایەتى و جیاوازى و هەمەرِەنگى و كرانەوە بە بنبەستبوون دەگات.

دەرئەنجام:
1- لە ئەنجامى ئەو لێكۆڵینەوەیەدا بۆمان دەردەكەوێت، كە عەباس عەبدوڵڵا یوسف شاعیرێكى جیاواز و یاخییە، بەردەوام لە دەسەڵاتى زمانى باو و لە سنورە سیاسى و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان، رادەكات.
2- لەلایەك بەقسەهێنانى كەلەپور و فۆلكلۆر و قسەى سادەى خەڵك و راڤەكردنى مانا شاراوەكانیان، راكردنە لە ئازادى، لەلایەكى دیكە راكردنە لە بەكۆمەڵایەتیبوون. هەر بەو مانایەش لە (لم نیازمە)ەوە بەرەو كۆمیدیاى رەش هەنگاو دەنێ‌. واتە لە سپیكردنەوەى ئازادى بۆ رەشبردنەوەى بیركردنەوەى زمان هەنگاو بەرەو سنورەكانى زمانى گێرِانەوە دەنێت، لە بەكۆمەڵایەتیبوونى زمانى گێرِانەوە دەبێتەوە و هەنگاو بەرەو نهێنى مانا و وێنە رەشەكان دەنێت. لەوێ‌ لەنێو وێنە رەشەكاندا ماڵێك بۆ راڤەكردن بە بەردى گاڵتە دەسازێنێ‌ و بە شێوەیەكى نارِاستەوخۆ لەگەڵ رەشبردنەوەى گێرِانەوە و سپیكردنەوەى ئازادییەكانى لەو ماڵەدا دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەردوو بارەكەدا تاكدێَرەكانى لەگەڵ نانۆشیعر جیاواز دەكەوێتەوە.
3- كاركردن بۆ ماڵى گاڵتەئامێز و كەشفكردنى نهێنى تاریكى ژیان، كاركردنە بۆ كۆمیدیاى رەشى گێرِانەوە و خەونى دەرچوون، لەوێشەوە ئاوێتەكردنى شیعرییەتى سوریالى و بیركردنەوەى دادایى، دەبنە هۆى سەرەكى شێوانى ئازادى و شێوانى شیعرییەت! چونكە ئازادى و شیعرییەت كردەیە، گێرِانەوەى ژیان وەك بیركردنەوە، كارە. دواجار ژیانى شاعیر لە نەبوونگەرایى، یان لە بوونگەرایى وەهمییەوە دادەخرێت. بەو مانایەش كاركردنى شاعیر بۆ بەدەستهێنانى وێنەى لێكچووى حەقیقەت، كاركردنە بۆ نەبوونگەرایى ئازادى… لە كۆتاییدا دەمەوێ‌ بڵێم لەو دوو شێوە بیركردنەوەیەى لەو لێكۆڵینەوە بەرجەستەیە: كردە وەك رووداوى شیعرى، لە كار وەك حەقیقەتى گێرِانەوە، بەردەوامتر و پرِ بەخششترە.

هەولێر 8/8/2024




پێشهاتەکانی سووریا و لێکەوتە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی.. شێرکۆ کرمانج

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا هەیئەی تەحریری شام کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نزیک لە تورکیا-یە و پاشخانی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکخراوەکانی قاعیدە و داعش، هێرشی کردە سەر شاری حەلەب، دووەم گەورەشاری سووریا. لە ماوەیەکی کەم سوپای سووریا شکا و شارەکەی چۆڵکرد، ڕێک وەک ئەوەی لە ٢٠١٤ دا لە موسڵ ڕوویدا. ئێستا، کەم تا زۆر، تەواوی شارەکە بە فڕۆکەخانە و شوێنە ستراتیجییەکان لە ناو شار و دەوروبەری کەوتۆتە دەست گرووپەکەی هەیئەی تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی. هاوکات، بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی تورکیا، لە باکووری پارێزگای حەلەب، وردتر بڵێین لەو ناوچانەی کە پێشووتر تورکیا و گرووپی سوپای سووریای ئازاد داگیری کردبوون، هێرشیانە کردە سەر ئەو دەڤەرانەی کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوون. لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئەوانیش پێشرەفتی زۆریان کردووە و هێزەکانی هەسەدە وردە وردە ناوچەکانیان چۆڵ دەکەن. وێنە و نەخشە و جوگرافیا و پارسەنگی هێز تا ئێستا دەڵەمەییە، جارێ نازانرێت کە دۆخەکە چی بەسەر دێت، بەڵام سەختە بگەڕێتەوە پێش کەوتنی حەلەب. لەم بابەتە هەوڵدەدەین ڕۆڵ و کاریگەریی و دەرکەوتەکانی ئەم پێشهاتە نوێیە بۆ بکەرە سەرەکییە ناوخۆیی و هەرێمییەکان دەستنیشان بکەین.

سووریا، بەشار ئەسەد و ڕژێمەکەی
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە دوای بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ بە پشتیوانی سێ هێز و لایەن لەلێواری مەرگ گەڕایەوە. ڕاوێژ و پلان و بەشداری سوپای پاسدارانی ئێران و چەکدارەکانی حیزبوڵای لوبنانی لەلایەک و هێزی ئاسمانی ڕووسیا لە لایەکەی دیکە نەبا ڕژێمەکەی ئەسەد دەربازی نەدەبوو. ئێستاش ئەو داڕمانەی سوپاکەی ئەسەد ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە لاوازبوونی هەر سێ هاوپەیمانە سەرەکییەکەیەوەی هەیە. گورزە بەردەوام و کوشندەکانی ئیسرائیل لە چەند ساڵی ڕابردوو و کوشتنی دەیان ئەفسەری پلەبەرز و لێدانی سەدان بنکە و بارەگای سوپای پاسدارن لەناو سووریا، توناکانی ئێرانی لە بەهاناوەهاتنی ئەسەد تەواو کز کردبوو. هاوکات، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵا و کوشتنی زۆربەی هەرە زۆری سەرکردەکانی، بە حەسەن نەسروڵا-وە، لەگەڵ هەڵتەکاندنی ژێرخانی سەربازیی ئەو ڕێکخراوە هەم لە لوبنان هەم لە سووریا، ئەسەدی بێ بەش کرد لە بازووەکی بەهێز کە لە ٢٠١١ ەوە لە خەتی پێشەوە، نەک خەتی دواوەی، سوپای سووریا شەڕیان بەدژی هێزە سوننە-ئیسلامگەراکانەوە دەکرد. بێجگە لەمە، سەرقاڵبوونی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکەی ئەسەد، ڕووسیا، بە شەڕی ئۆکرانیا، هێندەی دیکە بەرەی سووریا-ئێران-حیزبوڵای لەبەرانبەر هێزە نەیارەکانیان لاوازتر کردبوو.
لەپاڵ ئەمانە، ڕژێمەکەی ئەسەد و سوپاکەی ماندوون و گەلی سووریا-ش ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان پشتیوانی حکومەتیان کردبێت لەبەر چاوی ڕەشی ئەسەد نەبووە بەڵكوو لەبەر مێژووی ڕەشی گرووپە جیهادی و سەلەفییەکانە کە بەشی هەرە زۆری ئۆپۆزسیۆنی سووریی پێک دێنن. ئەمەش وای کردووە کە جارجار شەقام پشتیوانی لەو گرووپانە بکات بەدژی سوپای سووریا.

تورکیا
لەم ڕووداوانەی ئەم دواییە، تورکیا بکەری سەرەکییە. ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا، دوای پاڕانەوەیەکی زۆر لە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە ٢٠٢٠ بە ڕێککەوتنێک گەیشت کە هەرچی پاشماوەی گرووپە تیرۆریستی و جیهادی و سەلەفییەکان هەیە لە پارێزگای ئیدلیب داڵدە بدات. ئەمە لەو کاتە دابوو کە سوپای سووریا و ئێران و حیزبوڵا بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی ڕووسیا، حەلەب و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا-یان یەک لە دوای یەک ڕزگار کرد. دیارە ئەوکات وا بڕیار بوو کە ناوچەکە لە چەک دابماڵدرێت، بەڵام جێبەجێ نەکرا. تورکیا لەو کاتەوە ئەو گرووپانەی ئیدلیب و ئەوانەش کە لە ناوچەکانی جەرابلس و ئەلباب و ئەعزاز و عەفرین، دوای دەرپەڕاندنی هێزە کوردییەکان و هەسەدە، داڵدە دابوون، ئامادە دەکات بۆ ڕۆژێکی ئاوا. پرسیارەکە ئەوەیە بۆ لەم کاتە؟
ئەوەی کە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ناوچەکە ئاراستە دەکات، پرسی کوردە. تورکیا بوونی کورد لە هەر شوێنێک وەک هەڕەشەیەکی وجودی دەبینێت، هەموو هەوڵێک دەدات بنبڕی بکات، ئەوەی بۆ نەکرێت گەمەی لاوازکردنی کورد دەکات. تورکیا پاڵنەری سەرەکی پشت ئەو جووڵەیەیە کە لەم ڕۆژانە لە حەلەب و سووریا هاتنەپێش. ئەو پێی وایە کە ئەمریکییەکان پشتیوانی کوردەکان دەکەن لە سووریا؛ ئێران و سووریا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، بەهێزیان نەکەن لاوازیان ناکەن. تورکیا هەلی بێهێزیی بەرەی ئێران و سەرقاڵی ئەمریکای بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات قۆزتەوە و دەیەوێت بە بەردێک چەندێک کێشکەیەک بکوژێت.
یەکەم، کورد (هەسەدە) سەرقاڵی شەڕ بکات، ئەگەر بۆشی کرا لەڕێگەی پڕۆکسییەکانییەوە گورزی لێ بوەشێنێت، وەک ئێستا لە تەلڕەفعەت و ڕۆژهەڵاتی حەلەب و ڕێگەی M4 دەبینرێت.
دووەم، ساڵێک زیاترە، تورکیا دەیەوێت دانوستان بکات لەگەڵ سووریا بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی کورد و گێڕانەوەی سوپای سووریا بۆ ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی هەسەدە کۆنتڕڵیان کردووە، ئەسەد تا ئەمڕۆ نەهاتۆتە ژێر بار. ئەم هەوڵەی تورکیا بەو ئاراستەیەیە.
سێیەم، هەر لە ڕێککەوتنی ڕێڕەوی هیند-کەنداو-ئەوروپا (IMEC) کە وا بڕیار بوو بە ئیسرائیل-دا تێپەڕێت تا دەگاتە لێدانی حەماس و حیزبوڵا و پڕۆکسییەکانی دیکەی ئێران و دانوستانەکان، تورکیای تێدا کەنارگیر کراوە. ئەمەش تورکیای نیگەران و توڕە کردووە. ئەم جووڵەیەی تورکیا پەیامێکە بۆ هەمووان (ئیسرائیل، وڵاتانی کەنداو، ئەوروپا، ئەمریکا، تەنانەت هیندستان-یش) کە ئێمە ئێستاش یاریکەرێکی سەرەکین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێ ئێمە نە ئاشتی نە شەڕ ناکرێن.
چوارەم، تورکیا ماوەیەکە دەیەوێت پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد لە باکوور زیندو بکاتەوە، بەڵام دەیەوێت بە کورد بڵێت کە ئەوە منم بڕیار لە مافەکانتان دەدەم چونکە ئەوە منم کە لە ناوچەکە نەک هەر لە باکوور بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەدەم. بەکورتی دەیەوێت بە کورد بڵێت، کە وەک دەولەت باخچەلی گوتی، دەبێت بێن و خۆڕادەستی ئێمە بکەنەوە.

ئێران و حیزبوڵا و “بەرەی مقاوەمە”
ئەگەر شەڕی داعش و دەرکەوتەکانی، هێزی ئێرانی گەیاندبێتە ترۆپک، ئەوا شەڕی غەززە و لێدانە جەرگبڕەکانی حیزبوڵا و حەماس توناکانی ئێرانی هێندە دابەزاندووە کە مەگەر شەڕە تاقەتپڕووکێنەکەی عێراق-ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨) هێندە کاتی خۆی لاوازی کردبێت. پێشهاتەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەگەر دەیان هۆکاری لە پشت بووبێت بەڵام هیچیان بە قەد کزبوونی ئێران و نینۆکردنی پڕۆکسییەکانی کاریگەریی لەسەر ئەم شکستەی سووریا لەبەرانبەر گرووپە جیهادییە سوننەکانی سووریا نەبووە.
پەیوەندی ستراتیجی ئێران لەگەڵ سووریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەڕی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق، کاتێک کە بێجگە لە سووریا هەموو وڵاتانی دیکەی عەرەبی پشتیوانیان لە عێراق دەکرد. گرنگی سووریا بۆ ئێران لەگەڵ دروستکردنی حیزبوڵا لە باشووری لوبنان دەیان هێندە زیادی کرد. سووریا ئەو ڕێڕەوەیە کە هیلالی شیعی تەواو دەکات، هیلالێک کە لە ئێرانەوە دەست پێ دەکات و بە عێراق و سووریا-دا تێپەڕ دەبێت بۆ باشووری لوبنان. بە واتایەکی دیکە، ئەو ڕێڕەوەیە کە ئێران چەک و تەقەمەنی پێدا دەگەیەنێتە حیزبوڵا تاوەکوو هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات. بۆیە وەک لە ٢٠١١، کاتێک گەڕی یەکەمی شەڕی ناوخۆی سووریا سەری هەڵدا، ئێران هەرچی لە توانایدا بوو خستیە گەڕ بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد و ڕژێمەکەی، لەوەشدا سەرکەوتوو بوو.
ئێستا کە گەڕی دووەمی شەڕی ناوخۆی سووریا دەستی پێ کردووە، ئێران هەمان هەوڵ دەدات بەڵام لە پێگەیەکی زۆر لاوازتر. پێگەیەک کە ساڵانێکە کەوتۆتە بن ڕەحمەتی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل. هاوکات، بازووە بەهێزەکەشی، حیزبوڵا، شکاوە، هەر بەناو ئاڵای سپی هەڵنەکردووە، ئەگینا، لانیکەم لە لوبنان، هیچ کاتێک ئاوا پەڕپووت نەبووە. هەر چۆنێک بێت، چاوەڕوانی دەکرێت، ئێران و ئەوەی وەک “بەرەی مقاوەمە” خۆیان دەناسێنن، دووبارە توناکانی خۆیان وەگەڕ بخەن، بۆ ڕزگارکردنی حەلەب-یش نەبێت بۆ پاراستنی ڕژێمەکەی ئەسەد لە دیمەشق، درێخی نەکەن. بەڵام بێ پشتیوانیی ڕووسیا، لەوانەیە نەتوانن ئەمجارە ئەسەد لە داڕمان ڕزگار بکەن.

ڕووسیا و بەرەیەکی دیکەی شەڕ
لە ئەیلوولی ٢٠١٥، تا ئەو کاتەی ڕووسیا هێزی ئاسمانی لە سووریا وەگەڕنەخست، هەموو چاودێران پێیان وابوو ئەمڕۆ نا سبەی ڕژێمەکەی ئەسەد، سەرەڕای پشتیوانی ئێران و حیزبوڵا، دەکەوێت. ڕووسیای جێگرەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لەو ئانوساتدا لە هەموو دنیادا تەنیا لە تەرتوس (شارێکی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست) بنکەیەکی سەربازیی دەریایی هەبوو، پێشی وابوو بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی وەک زلهێزێک سووریا ئەو بەردەبازەیە کە دەکرێت لێیەوە هەنگاوی دیکە بهاوێت. بۆیە پاراستنی سووریا و ئەسەد ببوون بە ئەولەویاتەکانی فلادیمێر پوتین. بۆ ماوەی پێنج ساڵ، ڕۆژ نەبوو هێزی ئاسمانی ڕووسی لە سووریا چالاکی سەربازی ئەنجام نەدات، تا دەرپەڕاندنی گرووپە جیهادییەکان و نەیارەکانی ئەسەد لە زۆربەی خاکی سووریا، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە نەبێت لەگەڵ ئیدلیب، کە وەک ئاماژەی پێ کرا، لە پێکهاتنێک لەگەڵ تورکیا کرا بە مۆڵگەی پاشماوەکانی داعش و قاعیدە و جەبهەت ئەلنوسرە، کە دواتر بەشی زۆریان بوون بەو هەیئەت تەحریر شام-ـەی ئێستا سەرکردایەتی هێرشەکانی سەر حەلەب و حەما دەکات.
ڕۆژێک دوای هێرش بۆ سەر حەلەب، جارێکی دیکە هێزی ئاسمانی ڕووسیا بەگەڕ کەوتەوە. ڕووسیا، سەرقاڵی شەڕی ئۆکرانیا نەبا، تەواوی تواناکانی خۆی دووبارە لە خزمەت مانەوەی ئەسەد وەکار دەخستەوە، بەڵام ئەمجارە لەوانەیە وەک گەڕی یەکەم نەتوانێت هاوکار بێت. لە ڕێگەی هێزەوەش نەبێت، ئەگەری زۆرە کە ڕووسیا فشارێکی زۆر بخاتە سەر تورکیا کە ڕێگری لە جیهادییەکان بکات تاوەکوو زیاتر سەرەڕۆیی نەکەن. ئەگەر زۆرە کە تورکیا ئەوە بۆ ڕووسیا بکات، چونکە مانەوە یان ڕمانی ئەسەد بۆ تورکیا سترتیج نییە، لانیکەم لە ئێستادا. ئەوەی گرنگە بۆ تورکیا، فراوان کردنی ناوچەکانی ژێر دەستی پرۆکسییەکانییەتی، هەم بۆ ناردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە سوورییەکان کە تا هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەردۆگان دەیەوێت لە کۆڵ خۆیانی بکاتەوە چونکە هەستێکی دژە-سووری لە شەقامی تورکیا سەری هەڵداوە. هاوکات، تورکیا لەڕێگەی بەرفراوانبوونی جوگرافیای پرۆکسییەکانی دەتوانێت فشاری زیاتر بخاتە سەر ئەسەد کە دەستبەرداری داواکانی تورکیا بێت و پشت لە کورد بکات.
لەم نێوەدا، ڕووسیا دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە هەم لە ئاستی دیبلۆماسی، هەم لە ئاسمانی سووریا، ببینێت. ڕۆڵێک کە هیچ بکەرێکی دیکە لەم ساتەدا ناتوانێت جێگرەوەی بێت. لەبەرئەوە، پوتین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕۆڵی شادروستکەر (king-maker) دەبینێت.

کورد و هەسەدە
لە گەڕی یەکەمی شەڕی ناوخۆی سووریا، هیچ لایەنێک بە قەد کورد قازانجی نەکردووە. دیارە باجەکەی زۆر قورس بووە، شەهید و بریندارێکی زۆر؛ وێرانبوون و لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە ڕۆژاڤای کوردستان، وەک عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی. سەرەڕای ئەمانە، جوگرافیای ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە ئێستاش دوای لە دەستدانی هەندێک ناوچە لە گەڕی دووەمی شەڕی ناوخۆ زۆر گەورەترە لە جوگرافیای ناوچە کوردییەکان. لەم گەڕەدا، تا ئێستا کورد زەرەرمەندە لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی. یەکەم، ئەو ناوچانەی کە لە دەستی داون زۆنی پچڕپچڕ بوون و تورکیا و پڕۆکسییەکانی هەر زوو بە تەواوی لە ناوچەکانی دیکەی ژێردەسەڵاتی هەسەدە دایبڕین. دووەم، پشتیوانە سەرەکییەکەی کورد لە سووریا، کە ئەمریکایە، بەگشتی لە ڕۆژئاوای فورات کەم بەرگری لە هێزەکانی هەسەدە دەکات و سەرقاڵی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیشن. ئەوە بێجگە لەوەی کە ئەمریکا زیاتر لە دژی بکەرە نادەوڵەتییەکان وەک داعش و گرووپە جیهادییەکانی دیکە بەرگری لە کورد دەکرد، بەڵام ئەمجارە لەبەر ئەوەی جیهادییەکان لەژێر باڵی تورکیا خۆیان حەشار داوە، ئەمریکا خۆی دوورەپەرێز گرتووە، لانیکەم تا ئێستا.
بۆ کورد گرنگە لەم ئانوساتەدا خۆی لە شەڕی بەرەی ئەسەد-ئێران-حیزبوڵا-مقاوەمە لەدژی بەرەی جەبهەی تەحریر شام و جەیشی سووری حور و تورکیا بپارێزێت. واچاکە پێگەی خۆی لە مەنبەج و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات توند بکات. ئەگەر هەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێزەکانی هەسەدە بە دژی بەرەی ئێران و مقاوەمە بەکاربێنن، ئەگەر ئەوە ڕووبدات و زەمانەتی پشتیوانی درێژخایەن لە کورد و ئیدارەی خۆسەری نەبێت، زۆر خراپ بەسەر کورد-دا دەشکێتەوە. خۆ ئەگەر پشتیوانی مسۆگەر بکرێت تێوەگلان لە شەڕ لەگەڵ بەرەی ئێران، لەوانەیە زۆر بە قازانجی کورد کۆتایی بێت.

ئیسرائیل و ئەمریکا
حەماس ئەو گۆنگەرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵگیرساند، ئیسرائیل و ئەمریکا سوودمەندی سەرەکی بوون لەو گۆنگەرە. ئەوەی لە سووریا ئێستا ڕوودەدات، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دەرکەوتەی سەرکەوتنەکانی ئیسرائیل و شکستەکانی بەرەی مقاوەمە-یە. ئەو گەڕەی شەڕی ناوخۆی سووریا ئەگەر بەدەستی ئیسرائیل-یش نەبێت ئەوە بە دڵی ئەوە، چونکە دوو بەرە کەوتوونەتە شەڕ لە دژی یەکدی کە هەردووکیان دژی ئیسرائیل-ن. ئیسرائیل حەزناکات هیچ بەرەیەک لەم بەرانە سەربکەوێ، بەڵکوو پێی خۆشە شەڕەکە درێژە بخایەنێت و هەر دوو بەرەکە لاواز و پەرپووت بن. ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لەم هاوکێشە نوێیە نیگەران دەکات، باڵادەستبوونی تورکیا-یە. ئیسرائیل و ئەمریکا حەزناکەن ئەو بۆشاییەی لە ئاکامی لاوازبوونی ئێران هاتۆتەگۆڕ لەلایەن تورکیا-وە پڕ بکرێتەوە.


بەکورتی، گۆڕانکارییەکان و پێشهاتەکان لە سووریا هەم خێران هەم چاوەڕوان نەکراو. بێجگە لەمە، بکەری دیکەش بێجگە لەوانەی باس کران ئەگەر تا ئێستاش لە گەمەکە نەئاڵابن لەوانەیە لە دواڕۆژێکی نزیک تێوەبگلێن، لەوانە سعودیە و ئیمارات. ئوردنیش ئێجگار نیگەرانە لە سەرکەوتنی گرووپە جیهادییەکان چونکە ئەویش وەک سعودیە و ئیمارات دانویان لەگەڵ گرووپە ئیسلامگەراکان، بە توندڕە و میانڕەوەوە، ناکوڵێ. هاوکێشەکان بە کام لادا لار دەبنەوە جارێ دیار نییە، بەڵام ئەوەی زانراوە کە بەرەی ئێران و مقاوەمە لە داشکاندان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کوڵاندایە. من زۆر جار گوتومە دەوڵەت لە قەیرانەکاندا لە دایک دەبێت. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، داخۆ کورد چەند ئامادەیە هەم بۆ قۆزتنەوەی ئەو هەلانەی کە ئەم گۆڕانکارییانە دەیانهێنە پێش لە ڕۆژاڤا و باشووری کوردستان، هەم بۆ دروست کردنی دەوڵەت، خەونە گەورەکەی کوردستانیان.




تاوانی خوێن یا تاوانی ویژدان، كامیان بە ئازار ترن؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

كاتێ ماكبێس بەهاندانی ژنەكەی بۆ دەست بەسەر داگرتنی دەسەڵات بەخۆی و خەنجەرە ژەهراویەكەی هەڵدەكوتێتە ژوورەكەی ( دنكان ) پاشاو خەڵتانی خوێنی دەكات، ئەو كات پاشا لەخەوێكی قوڵ دابوو.
هەرگیز رۆَژێ لەرۆژان بیری لەوە نەدەكردەوە، لەلایەن نزیكترین و باوەڕپێكراوترین كەسێكی نزیكی خۆی، بەم شێوەیە خیانەتی لە گەڵدا بكرێت و بەو دڵ ڕەقیەوە بكوژرێ.

ئەوەندە نابا كاتێ (ماكبێس) دەستەكانی بەخوێنی پاشای دۆست و ئازیزی دەبینێ، پەشیمانی دای دەگرێ، هەموو گیانی دەلەرزێ، ئەوەندەی هەوڵی سڕینەوەی خوێنەكە دەدات، ئەو خوێنەكە لەبەرچاوی ناسڕێتەوە.
لەهەموو لایەكیشەوە گوێ ی لەقیژەی تاوان و هاوار دەبێت، هەموو دنیای لێ وێك دێتەوەو دنیای لەبەرچاوی دا دەبێتە كۆڵانێكی تەسك كە نەزانێت چۆن لێی دەرباز بێت ..
ڕوو لەهەر كوێیەك دەكات، قیژەو هاواری تاوانەكە بەدواوەیەتی.
تەنانەت سروشتیش لێی یاخی دەبێت، كاتێ هەموو دەریاكان بەڕەنگی سووری خوێناوی خۆیان نیشان دەدەن.
ماكبێس ــ بەر لەوەی تاوانەكە ئەنجام بدات، سوور بوو لەسەر ئەوەی (دنكان)ی پاشا ـ بكوژێ و قسەی ساحیرەكان بێنێتە دی، كەدەبێتە پاشا.
هەر ماكبێس نا ژنەكەشی، بەهەمان شێوە پەشیمانی دایدەگرێ و دووچاری ئازارێكی دەروونی دەبێت، كە لەشێت بوون بچێت .
ئەوەتا ماكبێس دەڵێت :
چی بكەم؟ ئاوی هەر هەموو زەریاكان دەستەكانم لەم خوێنە پاك ناكەنەوە.
ژنەكەی: ئەی من ؟ منیش وەك تۆ دەستەكانم بەخوێن پەڵە پەڵە بوون، بەڵام قەت ئەوەندەی تۆ هەست بەترسنۆكی و دڵەڕاوكیی ناكەم ماكبێس..
كەچی دواتر دەردەكەوێ ئازاری ئەو لە ئازاری ماكبێسی هاوسەری كەمتر نیە، كاتێ دەڵێت: دەرچە، دەرچە ئەی پەڵەی نەفرەتی!
پێت دەڵێم دەرچە..
ئەم دیالۆگە، ئەو گرژییە دەروونییە گەورەیە نیشان دەدات كە هەردووكیان دوای تاوانەكە تووشی دەبن و بەرجەستەیەكی نایابی هەستكردن بە تاوانبارییە كە وردە وردە پەرەدەستێنێت.
ئەوەتا ماكبێس كە بیری دێتەوە پاشا (دنكان) هاوڕێ ی لەخەوێكی شیریندا كوشتووە، دەڵێت :
من لەگەڵ كوشتنی هاوڕێكەم، خەوتنیشم كوشت، بۆیە جارێكی تر خەوتن بەچاوی خۆم نابینمەوە.
بەڵام شكسپیر هیچ دیالۆگێكی بۆ (دنكان) پاشا نەنووسیووە، لەكاتی كوشتنەكەی، ویستویەتی دیمەنەكە بخاتە نێو ئەتمۆسفیرێكی كپ و بێدەنگ و سامناك، بۆ ئەوەی ترسو كاریگەری ترسناكی تاوانەكە گەورەتر نیشان بدات.
هیچ دەرفەتێكی نەداوەتە ( دنكان ) هیچ قسەیەكی هەبێت بەهێزتر لەگەورەیی تاوانەكە، یاخود نیشاندنی ئازارەكانی بۆ ئەو خیانەتە گەورەیەی هاوڕێكەی..
چونكە شكسپیر پێی وا بووە، بێدەنگیەكە هێزی درامی دیمەنەكە بەهێزتر دەكات لای بینەر .
تا ئەو ئازارە دەروونیە ئەوەندە پەرە دەسێنێ، ژیانیان لەناو دەبات.
شكسپیر چی بەمرۆڤیەتی دەڵێت ؟
دیمەنی كوشتنی شا )دانكن( لەنمایشی (ماكبێس) لەوە تێدەپەڕێنێ كە ئەم دیمەنە تەنها ڕووداوێكی دراماتیكی بێت و پەیامێكی فەلسەفی قووڵ بۆ مرۆڤایەتی بگوازێتەوە، بەڵكو لە ڕێگەی ئەم دیمەنەو پاشهاتەكانییەوە، دەتوانین چەندین بیرۆكە و پەیامی سەرەكی لە فەلسەفەی شكسپیر بدورینەوە، وەك :
1 .زێدەڕۆیی لەتەماحكاری و چاوچنۆكی، بەرهەمەكەی لەناوچوونە:
شكسپیر دەری دەخات كە چۆن تەماحكاری سنوورە ئەخلاقییەكان تێدەپەڕێنێت، لەوانەیە لە ئاكامدا ببێتە هۆی ڕووخانی مرۆڤ و ژیانی دەوروبەرەكەی .
ماكبێس و ژنەكەی ڕێگە بەتەماحی كوێرانە و ئارەزووی دەسەڵات دەدەن، بەسەر بەها مرۆییەكانیاندا زاڵ بێت.
ئەم نەخۆشیە دەروونیەش دەبنە بنەما بۆ دروست بوونی هۆی تاوانی ترسناك و پەشیمانییەكی بەردەوام.

2.خیانەتكاری .. متمانە و مرۆڤایەتی دەكوژێت
كوشتنی (دانكان) پاشا، خیانەتێكی دوو سەرەن:
یەكێكیان دەرهەق بەهاوڕێیەكی دڵسۆزو پاكی وەك (دانكان) پاشاو بێ نمەكی و بەدڕەوشتی بەرامبەری، تەنیا لەپێناو كورسی.
دووهەمیان: خیانەت لەمرۆڤایەتی و بەها پیرۆزەكانی.
3.تاوانكاری سزایەكی حەتمییە
شكسپیر تاوانكاری وەك هێزێكی دەروونی تێكدەر دەخاتە ڕوو، بۆیە ماكبێس و ژنەكەی ناتوانن لەتاوانەكانیان ڕزگاریان بێت.
تەنانەت دوای سەركەوتنی پیلانەكانیان و گەیشتن بەئامانجەكانیشیان، ئینجا كێشە گەورەكان دەست پێ دەكەن و ویژدان دەبێتە چەكی كاریگەری (دەنكان پاشا) بۆ تۆڵە سەندنەوە، بەئازاردانی دەروونی و ئۆقرە لێ هەڵگرتن

  1. خراپە سەرەتا خاوەنەكەی لەناو دەبات
    شكسپیر دەیەوێت ئەوە نیشان بدات كە كاری خراپەكاری هیچ ئاسوودەییەك بەخراپەكار نابەخشێ وناتوانێت بە شێوەیەكی كاتیش سەقامگیری دەروونی بۆ زامن بكات، زۆر جارانیش دەبێتە هۆكار بۆ شكاندنەوەی خراپەكاریەكان بەسەر بەدكارەكان خۆیاندا، وەك ئەو ئەنجامە تاڵەی ماكبێس و ژنەكەی لە كۆتاییدا ڕوو بە ڕووی بوونەوە.
    5.ڕێكوپێكی و دادپەروەری گشتگیر كوشتنی (دانكان) پاشا، تەنها تاوانێك نییە دەرهەق بە تاكێك، بەڵكو پێشێلكردنی نەزمی ئیلاهی و گەردوونییە.
    شكسپیر ئاماژە بەوە دەكات كە دادپەروەرییەكی گشتگیر هەیەكە هاوسەنگی ڕادەگرێ، تەنانەت ئەگەر سزادان دواش بكەوێت، بەڵام لەئەنجامدا هاوكێشەكان ڕاست دەبنەوە.
    شانۆگەری ماكبێس تا ئێستا لە زۆر لە پایتەختەكانی دنیا نمایش كراوە وەك شانۆ و سینەما، لەشانۆدا:
    ئەكتەری ناسراوی بەریتانی (لۆرانس ئۆلیفیە) لە پەنجاكانی سەدەی بیستەم شانۆیی ماكبێسی پێشكەش كردووە، كە تێیدا جەختی لەسەر لایەنی دەروونی كاراكتەرەكان كردۆتەوە.
    هەروا ( تریفورنان ) لەگەڵ تیپی شانۆیی شكسپیر ماكبێسی نمایش كردووە، كە تێیدا بە گشتی ئەتمۆسفیرێكی تەم و مژاوی و تاریكی دەرخستووە.
    لەسینەماشدا بەهەمان شێوە ماكبێس جێگەی بایەخی سینەماكاران بووە، تا ئێستا زێتر لە 40 فیلمی سینەمایی لەسەر بەرهەم هاتووە.
    یەكەم فیلم ساڵی 1946 لە دەرهێنانی (تۆماس بلایر) بەرهەم هاتووە.
    فیلمی دووەم ساڵی 1948 لە لایەن دەرهێنەری ئوسترالی ( ئۆرسۆن ویلز) بەرهەم هاتووە، فیلمەكەی بەفۆرمێكی نوێ، بە ڕەش و سپی كاری سیناریۆو دەرهێنان و نواندنی بۆ كراوە.
    سێیەم فیلم فیلمێكی ئەمریكی بووبەناوی ( ماكبێس) ساڵی 1950 لە لایەن ( كاترین ستیفنولهم) بەرهەم هاتووە.
    فیلمی چوارەم( ماكبێس) ساڵی1954 بەرهەم هاتووە، لە دەرهێنانی ( ماریۆ ئیڤانی)
    كورسی خوێناوی ــ پێنجەم فیلم بوو دەربارەی ماكبێس، لە دەرهێنانی( كیرۆساوا)
    جگە لەو چەند فیلمە 35 فیلمی دیكە دەربارەی ( ماكبێس) لە لایەن چەندین دەرهێنەری ناسراوی جیهانی بەرهەم هاتووە.



دۆن کیخۆت سوارچاکی شێتی، شۆڕشگێری یاخی.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

دەشێ هەردوو چەمكی (شێتێتی) و (یاخیبوون) لە زەقنەبوونەوەی تێرنەبوونێكی بەردەوامی دەروونی و واقیعی جێگیری نەریتگەرادا كورت بكەینەوە. تاك بیر لە تەسكردنەوەی سنوورەكانی ناخ دەكاتەوە و كۆمەڵگا بیر لە كۆنترۆڵكردنی بەهاكانی رزگاری دەكاتەوە. شێتی سنووری تێرنەبوونی ناخی تاكی داهێنەرە، یاخی رێگای رزگاری نیشانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەدات. یەكەمیان ئازادكردنی تاكە لە كۆمەڵگا و دووەمیان ئامانجی بەدەستهێنانی رزگارییە لە واقیعی جێگیر. ئازادكردنی تاك هەوڵێكە بۆ ئەوەی ببی بەوەی كە خۆت دەتەوێ، بەدەستهێنانی رزگاری پەیوەندی بە دەربازبوون لە پێدراوە چەسپاوەكان هەیە. كەواتە شێتی و یاخیبوون وەك بەردەوامی گۆڕان و سەیرورە، ئازادی و داهێنان، داهێنان و رزگاری لەنێو یەكتردا لە گەشەدان.
كاراكتەری ڕۆمانی دۆن کیخۆتی نووسەری ئیسپانی (میگێل دو سێرڤانتێس) هێمای تێپەڕاندنی دابونەریتی باوی چەسپاو و سەیرورە و گۆڕانە، دژی شەپۆلە چەسپاوەكانی واقیعە، لە دەریای بێ سنووری ئازادیدا. ئەو رۆمانە باسی ژیانی نەجیبزادەیەکی ئیسپانی دەکات، کە ناوی (ئەلونسۆ کیشانو)یە و تەمەنی سەرووی پەنچا ساڵە، لەگەڵ خوشکەزایەکی و خزمەتکارێکی، لە گوندێكی هەرێمی (لامنتشا)دا دەژین. دۆن کیخۆت دوای خوێندنەوەیەكی زۆر، بە کردە (بوونی مرۆیی) خۆی بەسەر واقیعدا واڵا دەكات، لە رێگای بیروڕاكانییەوە هەوڵدەدات بە کردە، وەك (سوارچاکێك) داکۆکی لە دادپەروەری و چەوساوەکانی جیهان بكات، ئەو جیهانەی كە بەهاکانی گۆڕان و سەیرورە ناس ناكات. ئەم چیرۆکە سەرسوڕهێنەرە بۆتە ئایکۆنێکی فەلسەفی و ڕۆشنبیریی کە نووسەران و فەیلەسوفان بەردەوام وزەی لێوەردەگرن.

واقیع
لەنێوان ئازادی و رزگاری

زۆرجار شێتی بە جیابوونەوە لە واقیع، یان ڕەتکردنەوەی واقیعی چەسپاو دادەنرێت. وەك چۆن ئازادی وەك شۆڕش هەندێ لە پێدراوەكانی ناسنامەی رزگاری رەتدەكاتەوە. ئەوەش بە ڕوونی لە شۆڕشە جیاوازەكانی دنیا و تەکنیکی گێڕانەوەی سێرڤانتسی رۆماننووس دەردەكەوێت. بەو مانایەش لای سێرڤانتس دۆن كیخۆتە مەحكومە بە خەیاڵ (هەموو شۆڕشەكانی دنیاش مەحكومن بە ئازادی)، بەڵام خەیاڵ (ئازادی) بۆ كوێمان دەبەن؟ لە پشت ئەو پرسیارە داهێنان (رزگاری) وەستاوە، داهێنان هەمیشە لە گۆڕان و سەیرورەی بەردەوامدایە. ئازادیش هەمیشە فۆرمەكانی رزگاری بەرەو جۆری دەبات. بە كورتی خەیاڵی داهێنان هونەری وێناكردنی سێبەرە وەك حەقیقەت، سێبەریش بەرهەمهێنانەوەی گەمەی نا- نواندنەوەیە! خەیاڵی ئازادیش دۆزینەوەی فۆرمە جیاوازەكانی رزگارییە و رزگاریش بەرهەمهێنانەوەی گەمەی نا- نواندنەوەیە.
جیاوازی رۆمانی دۆن كیخۆتە لە تەكنیكی گێڕانەوە و وەسفکردنی پاڵەوان لە هەموو رووییەكەوە (بەتایبەتی لایەنی دەروونیی و کۆمەڵایەتی، گرێی ئەدەبی، رەگەزی کتوپڕ) بەرجەستەیە. جیاوازی شۆڕش و ئازادی، لە ساتەوەختە چەسپاوەكانی رزگاری لە نا- نواندنەكانی خۆی بەردەوامە. چونكە داهێنان و رزگاری مرۆڤایەتی لە سەیرورەی بەردەوام گۆڕانی بەردەوامدایە.
شێتی تەقینەوەی فشارەكانی دەروونە و یاخی دنیا و ژیانێك ڕەتدەکاتەوە، کە مانای بەردەوامی گۆڕانی قبوول نییە. بۆیە دەتوانین (ئازادی) بە حاڵەتی شێتبوون و یاخیبوون بە دژی واقیعی سەپاوی (رزگاری) بچوێنین، بەو مانایەش ژیان خەون و خەیاڵەكانی شێتی و رزگاری ناناسێت؟ دۆن کیخۆت پێماندەڵێت، ئەگەرچی ئیگۆی گوتاری ئازادی شۆڕشگێرانە لەگەڵ گوتاری ناسنامەی رزگاری پێكەوە لە گەشەی بەردەوامدان. كەواتە ژیان هەرگیز بەو مانایە نییە، كاتێ رزگاری خەیاڵی ئازادییمان پێشێل دەكات، قبوولی بكەین؟!
كەواتە چیرۆکی دۆن کیخۆتە وێنەی كاراكتەری سەرەكی وەك سێبەری شكاو بە دژی پاڵەوانی هەرگیز نەبەزیوو دەكێشێ. واتە ئەو گێڕانەوەیە جگە لە پاڵەوانی بەزیوو، مۆنۆلۆگ، دانانی رەگەزی فرە دەنگیی و گرێی ئەدەبی، كە بەشێکی زۆری رۆمانەکانی دنیای ئەمڕۆی تەنیووە و کاریگەری لەسەر زۆر لە کارە ئەدەبی و فەلسەفییەكان داناوە، زێدە حەقیقەتیش دەكاتە كەرەسەی گاڵتەپێكردن.
دۆستۆیڤسکی دەڵێت: سێرڤانتس قووڵترین و بەهێزترین نووسەری جیهانە. شانۆنووسی ناوداری فەرەنسی مۆلێر، فرانس کافکا، گراهام گرین، ژنە نووسەری ئینگلیزی چارلۆتە… فرانس کافکا چیرۆكێکی بەناوی (حەقیقەتی شانشۆ پانسا) نووسیووە. تۆماس مان لە ڕۆمانی (چیای جادوویی) لەژێر كاریگەری بیرۆكەكانی سێرڤانتس، پاڵەوانێك هەڵدەبژرێ، کە لە کۆمەڵگاکەی دابڕاوە و لە گەشتێکی فەلسەفی ناوخۆیی لاسایی شێتی دۆن کیشۆت دەکاتەوە. ڕۆمانی (پاسەوان لە کێڵگەی شۆفان) سالینجەر، هەر لەژێر هەمان كاریگەری (کولین)ی پاڵەوانی هەوڵدەدات پاکی منداڵانە بپارێزێت، بۆ ئەوەش کەموکوڕییەکانی جیهانی ڕاستەقینە فەرامۆش دەكات.

ئازادی
وەک ئامرازی بەدواگەڕانی رزگاری

دەتوانین لەو سەردەمەی كە تێیدا دەژین، سەردەمی مۆدێرنە، كاراكتەری دۆن کیخۆت نەک وەک شێت ببینین، بەڵکو وەک فەیلەسوفێک بیبینین، كە لە رێگای یاخیبوون بە دژی دابونەریتە سەپاوەكانی کۆمەڵگا، هەوڵی خۆ دۆزینەوە دەدات. ئازادی ناوەوە لەو چوارچێوەیەدا بۆ ئێمە وادەردەکەوێت، کە ئامرازێکە بۆ بەدەستهێنان و بەردەوامی ئازادی و رزگاری. (بۆ نموونە) فرۆید لە تیۆرە دەروونییەكانیدا پێشنیاری ئەوە دەکات، کە دابڕان لە واقیع دەتوانێ وەڵامێک بێت، بۆ پێداویستییە دەروونییە قووڵەکان و دەشێ هەوڵێک بێ، بۆ دەربازبوون لە فشارە ڕاستەقینەكانی ژیانی مرۆڤ. بەڵام دەبێ ژیان لە گۆڕانی بەردەوام و سەیرورەی بەردەوام دابێت.
جەنگە بەناوبانگەکەی دۆن کیخۆتەی سێرڤانتێس لە دژی (ئاشی با) جەنگی مرۆڤی مۆدێرنە لە دژی ئەو هێزە ستەمكارە زەبەلاحەی کە کۆنترۆڵی ژیان دەکات. ئایا ئەمانە هێمای سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسیین، کە تاک ناتوانێت بەرییان بگرێت؟ تێڕوانینی دۆن کیخۆتە بۆ ئەم کارگە زەبەلاحانە تەنها نیشانەی بەرفرەوانی خەیاڵ و شێتییەکەی نییە، بەڵکو نیشانەی بەرفرەوانی ئازادییەكە، كە هەمیشە دنیا وەک سیستەمێکی تەحەداكەر دەبینێ. میشێل فۆکۆ لە کتێبی مێژووی شێتی دووبارە چەمکی شێتی تاقی دەکاتەوە، کە تیایدا باسی شێتی وەک حاڵەتێکی یاخیبوون لە عەقڵانیەتی ڕەها دەکات.
دۆن کیخۆت وەک کارەکتەرێک دەمێنێتەوە، کە نوێنەرایەتی گەڕانی بەردەوام بەدوای خۆیدا دەکات، لە جیهانێکی ڕیالیزمی بێلایەندا. چیرۆکی ئەم شێتە، پرسیار لەسەر مانا و خەیاڵ، ئازادی و رزگاری، حەقیقەت و سێبەر… دەوڕوژێنێت و خوێنەر بانگهێشت دەکات، بۆ بیرکردنەوە لە ژیان، بە شێوازێکی بەردەوام گۆڕاو و جیاواز. دەشێ لەو گێڕانەوەیەدا شێتی بانگەشەی ئازادی بەردەوام بێ و (ئاشی با) دەلالەت لە جێگیربوونی هەڵبژاردەكانی رزگاری بكات، کە مرۆڤی داهێنەر لە گەڕان بەدوای ناوەوەی خۆیدا پێی رازی نییە.

هەولێر 5/11/2024
…..

سەرچاوەکان:

  • میغیل دی سیرفانتس. دون کیخوتە. ترجـمة عبدالرحمن البدوي. دار المدی للثقافة و النشر.سوریا.1998
  • عبدالهادي سعدون. 400 عام على رواية «دون كيخوته»: الفارس النبيل لا يزال يحارب طواحين الهواء!.
  • دون كيشوت: فارس الجنون وحكمة التمرد على الواقع- جمیل سلیم ، 4 تشرینی دووەمی 2024.



تراجيديای سەرکەوتن و شکست لە هاوسەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.. ئاریان کەرکوکی

هێزی ناکۆک و کوشتار و وێرانکاری و دیمەنی توندوتیژی و پەنابەران و کۆچبەران لە ناو دەوڵەتەوە، کارەساتێکە بە سیناریۆی بیرمەندانی خاڵی لە مرۆڤایەتی داڕێژراوە زۆرجار لە کارەساتەکانی جەنگ و شەڕە ڕێکوپێک و ناڕێکەکان لە شاشەی تەلەفزیۆنی سەرەتاییدا دەبینرێت ، و فۆرمولەکردنی دوای ئەو پێشکەوتنانەی لە زانستە تەکنەلۆژییەکان لە ساڵی ١٩٠٠ەوە بەدەست هاتوون پەرەی سەندووە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەیە لە ئەنجامدانی ڕۆڵی کارەساتباردا، کە سەرکردەکانی تیشکیان خستۆتە سەر، و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شکستە لە شەڕەکاندا سەرکەوتن و هەر شەڕێک کە لایەنە ناکۆکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ نەیارەکانیان ئەنجامی دەدەن، شەڕی سەرکەوتنە، ڕۆیشتنیش بەرەو شەڕەکان سەرکەوتنێکە کە دەبێت لە مێژوودا یادی بکرێتەوە و ئەمەش وەک ڤایرۆسێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایە لە فەلسەفەی شەڕ و شەڕەکاندا ، کە دواهەمینیان شکستە لە کەرتی غەززە و شکست لە لوبنان، باشترین نموونەش شکست لە بەرامبەر سەرکەوتندا دەرکەوت لە درۆی ئەلسەحاف لە کاتی شەڕی کەنداو و شەڕەکانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، . کە هەردوولا لە شکستی بەردەوامدا بوون، بەڵام سەرکەوتن دروشمی ئەوان بوو. هەنووکە . شەڕی یەک ساڵ و دوو مانگ وەک شەڕێک بوو کە شێوازی تێکەڵاو بوو لە نێوان نزیکبوونەوەی سوپا و سیستەمی میلیشیاکاندا، لە هەموو ئەو شەڕە گەورەکاندا درێژترین شەڕ بوو کە ئیسرائیل لە هەموو بەرەکاندا کردوویەتی پڕ بوو لە سەرسوڕهێنەر کە ڕێگاکانی تێدا دیاری دەکرد ڕێگایەک کە نزیک بوو لە مەحاڵەوە وەستان، وەک چۆن ئەوانی تر وەستابوون، سەرسوڕمانی سەرەتای بوومەلەرزەیەک بوو لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، سەرسوڕمانی خۆڕاگریی شەڕی غەززەی لە بەرامبەر لەشکرکێشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیلدا بەرهەمهێنا، هەروەها سەرسوڕمانی… فراوانبوونی بۆ ئەوەی بگرێتەوە جوگرافیای ناوچەکە لە ڕەفحەوە تا نەقورە تا باب المنداب. هەروەها ئەمەش بووە هۆی سەرسوڕمانی نیگەرانی فەرمی و جەماوەری نێودەوڵەتی بە شێوەیەک کە پێشتر ڕووی نەدابوو، پاشان سەرسوڕمانی دادگای دادی نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی و دادگای تاوانەکان و ئەو فەرمانە دەستگیرکردنانەی کە دەریانکردبوو، و زۆرێکیان دیار و شاراوە بوون شتەکان، کە بەهۆی ئەم شەڕەوە بەرهەم هێنراون، درێژترین و توندوتیژترین شەڕە لە هەموو شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە یەکێک لە درێژخایەنترین ململانێکانی ئەو سەردەمەدا، شەڕەکان ڕوویان دا کە لە ڕێگەی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی ئاگربەستەوە بۆ ماوەیەکی کاتی یان هەمیشەیی ڕاگیرا. زۆرجار بە دەستێوەردانی دەرەکی ئەنجام دەدرا، کە بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش گەیشتە لوتکە. دوایین ڕێککەوتنی ئاگربەست دوێنێ ئەنجامدرا، و لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، بیست و حەوتی تشرینی دووەمی 2024 جێبەجێکرا، دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی پاسەوانەکان، ئێران، پارێزەری هەسەدە، و ئەمریکا، پارێزەری هەسەدە بوو ئیسرائیل. بەرژەوەندی دایک و باوکەکە لەسەر پێویستی ئاگربەست کۆبووەوە، بە هاندانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، کە ڕازی بوو خەڵاتێکی دڵنەوایی بداتە ڕکابەرەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا، بایدن، بۆ ئەوەی شانازی پێوە بکات بۆ ماوەی مانەوەی ماوەی سەرۆکایەتی و ژیانی، کاتێک… هانی ناوبژیوانی ئەمریکی ئامۆس هۆچشتاینی دا کە لە هەوڵەکانیدا بەرەو پێشەوە بچێت، لە کاتێکدا ئێران پێویستی بە هاندانی نەبوو؛ بەهۆی هۆشیارییەکەی لە هەستیاری ئەو شەست ڕۆژەی کە ماوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ترەمپ و پۆستی بڕیاردان لە واشنتۆن. کاتێک دایکان و باوکان ڕازی دەبن، خوێندکارەکانیان هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە جگە لە پابەندبوون و بە قسەکردن ئەوەی ڕوویدا وەک سەرکەوتنێکی ڕوون نیشان بدەن کە هەموو زیان و قوربانیدانێک لە پێناویدا بێ بایەخ دەکرێت! سێ ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر هاتنی دوایین ئاگربەست و ماوەتەوە بەهۆی پێویستی هەموو لایەنەکانی شەڕەکە بۆی، لە شێوەی ئاگربەستێکی شەست ڕۆژەدا کە ڕەنگە ئینکوباتۆرێک بێت بۆ هەوڵێکی سیاسی کە لە ئاگربەستەکە تێپەڕێت ، بۆ ئەوەی بچێتە ئەوپەڕی، وەک سنووردارکردنی سنوورە وشکانییەکان. ئەمەش دەرگای ئاشتی و ئاساییبوونەوە دەکاتەوە هاوشێوەی “ئاشتی و ئاساییکردنەوە” کە لە ناوچەکەدا بەدیهات و سەقامگیر بوو و ئەمەش ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ ئاماژەی پێکرا و چاوەڕوان دەکرێت بەردەوام بێت لە کارکردن لەسەری، کە پێشتر بە خێرایی جیاواز دەستیپێکرد و لە کاتی ئەم شەڕەدا. لە مەسەلەی شەڕ و ئاشتیدا هیچ بەدەر نییە لەو حوکمڕانییەی کە هەموو شەڕەکان بەڕێوەدەبات، ئەویش ئەوەیە کە ئاگربەست پرەنسیپ و یەکلاییکردنەوەی سیاسی هەواڵە و هیچ ڕستەیەکی بەسوود نییە: پرەنسیپێکی بێ هەواڵ. خاڵی دەستپێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەموو شەڕەکاندا ململانێی سەرەکییە لەگەڵ ئیسرائیل و بنچینەکەی پرسی فەلەستینە، و سەبارەت بە بوونی ئەو لە ململانێدا بڵێن چیت پێ خۆشە و چی هەڵدەبژێریت… هۆکارێکی ڕاستەقینە یان بیانوویەک، پابەندبوونێکی پرەنسیپی، ئایدیۆلۆژی، تاکتیکی یان چارەنووسساز، ئابووری یان بازرگانی، یان بەرگێک بۆ ململانێ ناوخۆیی و نێوانیانەکان و بەرنامەکانی لایەنەکان و ڕاپۆرتەکانی کودەتا سەربازییەکان، لە واقیعدا هەموو ئەمانەن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە شوێنێکی گەرمی سووتانی ئەفسوناوییە، خاوەنی توانای کوژاندنەوەی مەحاڵە، یان وەک کانزایەک کە ئەو شلەیەی کە دەتوانێت بیتوێتەوە هێشتا داهێنراوە. بەڵام ئەم شوێنە گەرمە ئەفسوناوییە تایبەتمەندییەکی هەیە کە وای لێدەکات ئامادەبێت بۆ چارەسەرکردن و چارەسەرێکی ڕیشەیی دەستپێکی ئاگربەستە لە بەرەی غەززەدا، وەک دوانە لوبنانییەکەی، بەمەرجێک دەستبەجێ بچین بۆ چارەسەرکردنی ڕەگەکەی فەلەستینییەکان و عەرەبەکان ئامادە نین تا ئەوپەڕی سنوورەکانی هاوکاری بکەن.




کتێب\ لە ئەمەریکاوە ناسین، دۆزینەوە، شیکردنەوە.. غازی حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کتێب\ غەریب شەیدا.. نووسینی: لیر مەنتۆف.. وەرگێرانی: د. عەدنان حەقی و موکەرەم رەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




پێنوسەکەی لیا.. چیرۆک بۆ مناڵان.. عەلی حەمە رەشید

لیا جانتاکەی کردەوە، هەموو پێداویستییەکانی قوتابخانەی تێدابوو، تەنیا پێنوسەکەی نەبێت کە زۆری بۆ گەڕا دیار نەبوو، ئیتر بە دایکی وت دایکە گیان نازانی پێنوسەکەی من لە کوێدایە؟دایکیشی بە پێکەنینەوە وتی جا کچی ئازیزم پێنوسی خۆتە من نازانم لە کوێدایە،بۆی بگەڕێ تا دەیدۆزیتەوە.دایکی ڕۆیشت ..لیا سەرجەم ئەو شتانەی کە لە ناو جانتاکەیدا بوو دەریهێنان،پێنوسەکەی دیار نەبوو.ئیتر کەوتە بیرکردنەوە وتی باشە ئەو پێنوسەی من دەبێ چی لێهاتبێت!لەم وتووێژەدا بوو لەگەڵ خۆی، لەپڕ دەنگێکی ناسک هاتە بەرگوێی و وتی: لیا لیا دڵتەنگ مەبە ،من لێردام. ئەویش تەماشایەکی ئەملاولای خۆی کرد بینی لەسەر ڕەفەی پەرتوکخانەکە لەبەر دەم گۆڤارێکی منداڵاندا وەستا بوو،ئەمیش چوو بۆ لای تا بیهێنێت،بەڵام پێنوسەکە وتی من نایەم هەر بۆخۆم لێرەدا دەبم.لیا وتی ئەی نازانی من پێویستیم بەتۆ هەیە دەمەوێت وێنەی جوانت پێ دروست بکەم .پێنوسەکە وتی:من خۆ هەر بۆ وێنە کێشان دروست نەکراوم.
لیا وتی:ئەی بۆ چی تر؟
پێنوسەکە وتی :من ئامادەم هەموو ئەو زانیاریانەی کە تۆ دەیزانیت بینوسم.
لیا وتی:جا من زانیاریم لە کوێوە دەست دەکەوێت؟
پێنوسەکە بە پێکەنینەوە وتی: لە گۆڤار و پەرتوکەکانەوە.
لیا وتی : چۆن؟
پێنوسەکە وتی:تۆ کاتێک دەخوێنیتەوە زانیارییەکان وەردەگریت،چونکە خوێندنەوە وەکو خۆراکی مێشک وایە.
لیا وتی:بەڵێ ڕاستە،ئەوە من هیچ ناخوێنمەوە بۆیە ناتوانم هیچ بەتۆ بنوسم.
پێنوسەکە وتی:بەڵێ بەڵێ ڕاستە لە ئێستاوە دەست پێبکە لەم گۆڤارەی لای منە دەست پێبکە.
لیا وتی: لەئێستاوە بڕیا دەدەم کە دەست بکەم بە خوێندنەوە.
پێنوسەکە وتی: من هاوڕێی وەک تۆم پێویستە تا منیش سەربەرز بم بە زانیارییەکانی تۆ و بیانخەمە سەر کاغەز.
لیا گۆڤار و پێنوسەکەی هەڵدەگرێ لەسەر کورسییەکەی خۆی دادەنیشێت و دەست دەکات بە خوێندنەوە و پێنوسەکەی و تیانوسێکیش بەرانبەر خۆی دادەنێت.
دوای ماوەیەک بە گۆرانییەوە دەڵێت:
پێنوسەکـــــەم لەگەڵمایە…هاوڕێیەکــی بە وەفایە
بۆ من هاوکــار و پێویستە…بۆیە لەلام خۆشەویستە
پێنوسەکە وتی:
راستە هاوڕێی ئازیزی تۆم…جێی شانازیی و سەربەرزیی بۆم
کـــــام زانیاریی و وتەی جوانە…دەزانی جێی ســـەرنجدانە
بیڵێ تــــا بۆت بنوسم زوو…بیکە بە دیـــــــاریی بۆ هەموو.




کاریگەری هۆکارە بایەلۆجییەکان و بۆماوەییەکان لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ و هەروەها ژینگە، چەند خولەکێك لەم پێشکەشکردنە..١٦٥..

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای).

زنجیرەی ١٦٥.

لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە، ڕەفتاری مرۆڤ دیاردەیەکی ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە کە لە ئەنجامی کاریگەری بەردەوام و پێکەوەگرێدراوی هۆکارە بایۆلۆجی، بۆماوەیی و ژینگەییەکان دروست دەبێت. مێشکی مرۆڤ وەک سیستەمێکی پێشکەوتوو، بەردەوام لە گۆڕان و کاردانەوەدایە و ئەزموونەکانی ژیان دەتوانن کاریگەری قووڵیان لەسەر دروستبوونی ڕەفتار و هەڵسوکەوت هەبێت. هۆرمۆنەکان و نیرۆترانسمیتەرەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە دیاریکردنی چۆنیەتی کارکردنی سیستەمی دەروونی و هەستەکی، بە جۆرێک کە گۆڕانکارییەکی بچووک لەم سیستەمانەدا دەکرێت کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر ڕەوشت و هەڵسوکەوتی تاک دابنێت. هەروەها، ئەو ژێنانەی کە بە میراتەوە دەگوازرێنەوە، هەر یەکەیان بەشدارن لە دیاریکردنی لایەنە جیاوازەکانی کەسایەتی، لە توانا هۆشییەکان تا هەستە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی بەردەوام لە نێوان ژینگەی دەرەوە و سیستەمی بایۆلۆجی ناوەکی ڕوودەدات، کە بە “ئەپی-ژنەتیک” ناسراوە، واتە ئەو پڕۆسەیەی کە تیایدا ژینگە دەتوانێت کاریگەری لەسەر چالاکی ژێنەکان دابنێت بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی ژنەتیکی ڕووبدات.

لەم وتارەدا، بایەخ بە لێکۆڵینەوەی قووڵی کاریگەرییە بایۆلۆجی و بۆماوەییەکان دەدەین کە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە دیاریکردن و ئاراستەکردنی ڕەفتاری تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی.

بنەما ژێنەتیکییەکانی ڕەفتار
ژێنەکان وەک نەخشەی سەرەکی ئەو فاکتەرانەن کە کاریگەرییان لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ هەیە. توێژینەوەکان نیشان دەدەن کە هەندێک تایبەتمەندی ڕەفتاری وەک هۆشیاری، هەستەکان، و توانای کۆمەڵایەتی بوون بە میراتی ژێنەتیکی دەگوازرێنەوە. بۆ نموونە:
گۆڕانی ژێنی MAOA: ئەم ژێنە کاریگەری لەسەر مەیلی توندوتیژی و ڕەفتاری دەروونی هەیە.
ژێنی سیروتۆنین (5-HTT): پەیوەندی بە هەستەکان و توانای مامەڵەکردن لەگەڵ ستڕێس و زەغەتەوە هەیە.

کاریگەری نیرۆبایۆلۆجی
مێشک وەک ناوەندی سەرەکی بڕیاردان و ڕەفتار، پڕۆسەی ئاڵۆزی کیمیایی و بایۆلۆجی تێدا ڕوودەدات کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر هەڵسوکەوت هەیە:
نیرۆترانسمیتەرەکان: دۆپامین، سیروتۆنین، و نۆرئەپینەفرین ڕۆڵی گرنگ دەبینن لە کۆنترۆڵکردنی هەست و سۆز.

هۆرمۆنەکان: تستۆستیرۆن و کۆرتیزۆل کاریگەری بەرچاویان لەسەر ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجی هەیە.

هۆکارە ژینگەیی و بایۆلۆجییەکان
تەنها بوونی ژێنەکان بەس نین، بەڵکو کاریگەری ژینگە و ئەزموونەکانیش گرنگن. پڕۆسەیەک بە ناوی “ئەپی-ژێنەتیک” نیشان دەدات کە چۆن ژینگە دەتوانێت لە چالاکی ژێنەکان بگۆڕێت. ڕەفتاری مرۆڤ بەرهەمی تێکەڵبوونی ئاڵۆزی هۆکارە بایۆلۆجی، بۆماوەیی، و ژینگەییەکانە. تێگەیشتن لەم پەیوەندییە ئاڵۆزە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشتر تێگەیشتن لە خۆمان و یەکتر.

سەرچاوەکان:

1-https://ouci.dntb.gov.ua/en/works/4Yg0w109/

2-https://europepmc.org/article/med/21835681

3-https://pure.psu.edu/en/publications/effects-of-stress-throughout-the-lifespan-on-the-brain-behaviour-

4-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/16988657/

5-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/12161658/




سمینارێك لەسەر جینۆسایدی كورد لە كۆنگرەی 23 ی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە شاری لاهای هۆڵەندا

تۆری ( KONCICC) بە هاوكاری بەشێك لە رێكخراوەكانی تایبەت بە جینۆساید, لە چوارچێوەی كۆنگرەی 23ی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە شاری لاهای هۆڵەندا, رۆژی سێشەم 3-12-2024 كاتژمێر 8:30 بەیانی بۆ 9:45 بەیانی, لە هۆڵی ( Antarctica), لە چوارچێوەی چالاكییەكانی ASP23سمینارێك رێك دەخات بە ناونیشانی ( مانەوەی شوێنەوارەكانی جینۆساید و كیمیاباران لە كوردستانی عێراقدا), تیایدا كۆمەڵێك دادوەر, پارێزەر, نووسەر, چالاكوان و قوربانی بەشداری دەكەن.

هاوكات پیشانگایەك لەسەر جینۆسایدی گەلی كوردستان لە ئامادەكردنی وێنەگر باست عەبدلجەبار….. هەموو رۆژەكانی كۆنگرەكە نمایش دەكرێت.

  • مامۆستا حەمەی حەمە ساڵەح …… كاریگەری چەكی كیمیایی لە كاتی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفال لە كوردستانی عێراق ١٩٨٧ – ١٩٨٨
  • دادوەری خانەنشینی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی عەباس حەمزە خدر ستانداردەكانی دادگاییكردنی دادپەروەرانە لە هەڵسوكەوتی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق
  • پارێزەری خۆبەخش ئەیاد كاكەیی هەوڵەكانی قوربانیانی چەكی كیمیاوی شاری هەڵەبجە بۆ بە دادگایی گەیاندنی كۆمپانیاكانی چەكی كیمیاوی
  • قوربانی رزگاربوو دارا محەمەد عەلی ساڵەح ….. خەریك بوو زیندە بە چاڵ كرێم
  • چالاكوانی جوتیاری عوبێد محەمەد داود شوان …..(كێشەی زەوی جووتیارانی كورد و توركمان لە كەركوك) مێژوو و دەرفەتەكانی چارەسەر .

پارێزەر رەمزیە محەمەد ساڵەح جەباری و چالاكوان مریەم كەریم فەتاح بەرەو رووبوونەوەی بە شودانی كچانی 9 سالانە لە عێراق وەك تاوانێكی نێودەوڵەتی.

بەڕێوەبەری سمینار هێمن حەسیب .
ئامادەكاری سمینار عەلی مەحمود
بۆ پەیوەندیكردن: عەلی مەحمود : واتس ئاپ 009647503714620