چۆن سەیری تەلەفزیۆن بکەین.. ئاراس سەعید

تیۆدۆر ئادۆرنۆ (1903 – 1969) سۆسیۆلۆگ و فەیلەسووفی قوتابخانەی تیۆری فرانکفۆرت
لەساڵی 1954 لە وتارێکدا، بە ناونیشانى (چۆن سەیری تەلەڤیزیۆن بکەین/ How to Look at Television) کە دواتر تێزەکەی لە پەرتووکێکدا لە ساڵی 1991دا بەناوی (پیشەسازی کولتووری/Culture Industry) بڵاو کردەوە.
لەتێزەکەیدا ئادۆرنۆ، ئاماژە بەوە دەکات لە کولتووری ئەمڕۆدا کەس لە کاریگەری میدیا و تەلەفزیۆن قوتاری نابێت، ئەمەش بەهۆی توانا و دەسەڵاتی میدیا بۆ دەستڕاگەیشتن بە خولیا و ئارەزووەکانی ئێمە و، چۆنیەتی لەقاڵبدانی بیرکردنەوەمان. ئەوەی کە میدیای مۆدێرن لە ئێمەدا دەستی پێدەگات، شتێکە کە ئادۆرنۆ دەڵێت: جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لە سەدەی نۆزدەهەم کە میدیا توانای ڕاوکردنی هەموو کەسێکی نەبوو. ئەمەش بەهۆی سادەیی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بینەر، وەک ئەوەی لە کوێ دەژیا یان بەشێک بووە لە کام چینی کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا ئێستا، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کۆمەڵناسی بینەردا ڕوویداوە و (Adorno 1991: 161) لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمهێنان و هەڵبژاردنی سەکۆی بینیندا تێکەڵ بووە. (کولتووری باوی میدیایی) دەستی بەسەر هەموو میدیاکان و ناوەڕۆکی هونەریدا گرتووە و ناوەڕۆکەکەی ئاڕاستەی هەمووان دەکرێت و ڕزگاربوون لێی قورستر دەکات. بەرهەمی میدیاکان بە ڕادەیەک زیادی کردووە کە خۆ لێ دوور خستنەوەیان نزیکە لە مەحاڵەوە؛ تەنانەت ئەوانەی پێشتر لە کولتوری باو دوور بوون چ دانیشتوانی گوندنشین لەلایەک و ئەوانەی ڕۆشنبیرییەکی ئاست بەرزیان هەبوو (وەک یەک) کاریگەرییان لەسەرە.(Adorno 1991: 160) ئادۆرنۆ ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی میدیا کاریگەری سیحری ڕاکێشانی بۆ هەموو کەسێکە وەک یەکە و دەڵێت کە لەناو بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بۆ نموونە: هەندێک چوارچێوەی ئاماژەدان هەن، هەر ئەم چوارچێوەی ئاماژەپێدانانەن کە چەشنە پەیوەندیدارە تایبەتییەکان بۆ بینەر بەرهەم دەهێنن، ئەو ئەمانە بە (کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە-دەروونییەکان) ناودەبات(Adorno 1991: 158) کە ئەم جۆرە کاریگەرییانە دەتوانن کاریگەری زیانبەخشیان لەسەر کۆمەڵگا هەبێت چونکە ڕەنگە مرۆڤەکان نەک تەنها تێڕوانینێکی ڕاستەقینە بۆ واقیع لەدەست بدەن، بەڵکو لە کۆتاییدا ڕەنگە هەر توانایان بۆ ئەزموونی ژیان بەهۆی لەچاوکردنی بەردەوامی چاویلکەی شین و پەمەییەوە مات بێت.(Adorno 1991: 171) بە ونکردنی ئەوەی کە چی ڕاستەقینەیە و چ ساختەیە. سەرەڕای ئەوەش، ئادۆرنۆ پێی وایە کە تەلەفزیۆن فۆڕمی هونەری خۆی لەدەستداوە و ئێستا گرنگی بە ژمارەی بینەران دەدات بە پێچەوانەی کوالیتی بەرنامەکان. ئەمەش بە بۆچوونی ئەو بووەتە هۆی سەردەمێک کە میدیا زانیاری بەشێوەی (تۆتۆلۆژیی/ هەمان بێژی) بەرهەم دەهێنێت(Adorno 1991: 169)، بۆیە بینەران هەست دەکەن کە پێشتر ئەو بەرهەمەیان بینیوە، یان لانیکەم پێشتر هەمان فۆرمیان ئەزموون کردووە.

پیشەسازی کولتووری
بەدیدی ئادۆڕنۆ سیستەمی سەرمایەداری لە ڕێگەی (پیشەسازی کولتوورییەوە) پەیکەربەندی مرۆڤ دادەڕێژێتەوە بۆ تایپێک لە مرۆڤی نامۆ و پاسیڤ. بەدەربڕێنکی دیکە؛ پیشەسازی کولتووری سوبێکت لە جەوهەری خۆی دادەماڵێت و دەیگۆڕێت بۆ تایپێک، کە نموونەى جەستە و ڕۆحیان بەگوێرەى پڕۆگرام و ئامڕازە تەکنیکییەکان بێت. دەتوانرێت بڵێین ئەمە نوێنەرایەتی ئەوە دەکات کە چۆن میدیا بووەتە بەرهەمی کۆمەڵگای سەرمایەداری.
بۆچوونەکانی ئادۆرنۆ لە بۆچوونەکانی ئاڵتۆسێرەوە نزیکە (ئاڵتۆسێر ئەمە بە ئامێری دەوڵەتی ئایدیۆلۆژی ناودەبات) کە وایکردووە کە پەیامە ئایدیۆلۆژییەکان ئاسانتر کاریگەریان هەبێت لەسەر جەماوەر. بەڵام ئادۆرنۆ پێی وایە ئەمانە (پەیامی شاراوەن) لە ژێر کۆنتڕۆڵی هۆشیاری دەرباز دەبن و لە مێشکی بینەردا نوقم دەبن بەبێ ئەوەی ئاگاداری ڕوودانی بێت؛ (پەیامی شاراوە لە کۆنترۆڵی هۆشیاری دەرباز دەبێت، سەیری ناکرێ). ئادۆڕنۆ بۆ تێگەشتن لەم نامۆبوونە مرۆییە، بەهۆی پەیامە شاراوەکانەوە، نموونەی کاتەکانی پشووی چینی کرێکاران دەهێنێتەوە و بە تێڕوانین لە ژیانی ڕۆتینی کرێکاران لە شارەگەورەکاندا، چەمێکیکی نوێی دادەهێنێت، ئەویش ( ژەهراویکردنی کاتی پشوو/ Les loisirs deviennent toxiques) ئادۆرنۆ بە قووڵی تیشک دەخاتە سەر کاتەکانی وچان و پشوو وەرگرتنی کرێکاران، بەتایبەتی کۆتایی ئێواران و ڕۆژانی پشوو. بەدیدی ئادۆڕنۆ سەرمایەداری مۆدێرن لە ڕێگەی پیشەسازی کولتوورییەوە کاتەکانی پشوو بەو شێوەیە پڕۆگرام دەکات، کە خۆی دەیەوێت. کاتەکانی پشوو لە بنەمادا بۆ پشوو وەرگرتن و پاڵدانەوە نیە، بەڵکو هەلومەرجێکە بۆ خۆپەروەدەکردن و فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەمان، لە ڕێگە میدۆمە بەردەستەکانەوە. بۆ نموونە تەماشاکردنی پڕۆگرامێکی تەلەفیزیۆنی لەبارەی نامۆبوونی کرێکاران، فیلمێک لەبارەی ئازادییەوە، خوێندنەوەی کتێبێک لەبارەی سیاسەتەوە. وەلێ ئادۆرنۆ پێی وایە، کاتەکانی پشوومان لەژێر بەزەیی دوونیایی مۆدێرن و پیشەسازیدایە، کە لەناو کات و شوێندا ناتوانین خۆمانی لێ قوتار بکەین. بەدەربڕێنیکی دیکە، پیشەسازی کولتووری بەشێکە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری مۆدێرن و ناتوانین لە کۆمەڵگەیی داببڕین،(سینەما، فیلمەکان، ڕادیۆ، تەلەفیزیۆن، میدیا) بۆ ئەوە بەرهەمهاتوون هزری مرۆڤ بەو شێوازە پڕۆگرامبکەن، کە تووشی بیربڵاوی بێت، تا کۆبیریان لەسەر ئیرادەی گۆڕێنی واقیعی سیاسی نەمێنێت.
لەساڵی 1954 لە وتارەکەیدا، بە ناونیشانى (How to Look at Television)لێکۆڵینەوەى لەبارەى لێکەوتەکانی تەلەڤیزیۆنەوە کرد و لە فۆڕمە هونەرییە نوێیەکەی تەلەڤیزیۆنى کۆڵییەوە. ئادۆرنۆ پێى وابوو، لە بنەمادا تەلەڤیزیۆن بۆ مەبەستى ئازادییە. هەروەها ئارگۆمێنتى لەبارەى ئەوەوە کرد، کە تەلەڤیزیۆن پێغەمبەرێکی ساختەچییە لە سەردەمی مۆدێرندا وەک خەواندنى موگناتیسى وایە بۆ مرۆڤایەتی. بۆ نموونە پڕۆگرامی هەواڵەکان بریتییە لە کۆمەڵێک چیرۆکی دراماتیکی و ورژێنەری سیاسی، کە هەموو گریمانەیەک لەناو دەبن بۆ ئەوەی بزانین لەنێو زیندانێک، ئازاد دەژین. دوونیای شاشە هێرشی ئەهریمەنی هەسارەیەکی دیکە نیشان دەدات. وەلێ هیچ گرنگیەک بە ژیانی واقیع نادات.
( تیۆدۆر ئادۆرنۆ و ماکس هۆرکهایمەر) لە کتێبی (دیالێکتیکى رۆشنگەریدا/ Dialectic of Enlightenment) پێیان وابوو، ڕۆشنگەری بزووتنەوەیەکى کەلتوورى بوو بۆ ئازادکردنى عەقڵ لە ئەفسانە و خوڕافیات، کەچی تەلەفیزیۆن وەک ئەهریمەنێک، هەژموونی خۆی سەپاندووە، بە شێوەیەکى بونیادیى لەگەڵ ئەو باوەڕانەدا دەرگیرمان دەکات، کە جیاوازن لە باوەڕەکانى خۆمان.
لە چەمکی پیشەسازی کولتووریدا، رەخنە لە میدیای جەماوەری و کولتووری جەماوەری دەگرێت. بەدیدی ئادۆڕنۆ، میدیای جەماوەری، ڕۆڵی پێغەمبەرێکی درۆزن دەگێڕێت لە فریودانی جەماوەردا، بە ناوەڕۆکێکى خالی لە ئەندێشەى ڕەخنەیى سەرنجى جەماوەر ڕادەکێشرێت. بەڵام تابلۆ کێشراوە بێهۆشکەرەکە کە لە ڕێگەى ناوەڕۆکێکى دیزاینکراوەوە دەرخواردمان دەدرێت زۆرجار بە دژە چیرۆک و ڕوانگە ڕەخنەییەکانى چاومان دەبەستێت و کوێرمان دەکات، بەوەى کە بەو شێوەیە وابەستەى خۆیمان دەکات و لەگەڵیدا ئاوێتە دەبین. ئادۆڕنۆ دەڵێت: (سەرمایەداری هەرگیز ئەوەمان پێنافرۆشێت کە دەمانەوێت.)
بەرخۆریزم لە سەرمایەداری مۆدێرندا پانتاییەکی فراوان لە پیشەسازی کەلتووریدا، داگیردەکات. پیشەسازی کولتووری پێمان دەڵێت؛ گەر پارەمان هەبێت، ئەوەی دەیخوازین، دەتوانین بەدەستی بهێنین. پەپێچەوانەوە ئادۆرنۆ پێ وایە، هیچ کات ناتوانین دەستمان بە ویستە ڕاستەقینەکانمان بگات. بنۆڕە تەلەفیزیۆن کاتێک ڕیکلام بۆ کالایەک دەکات، سەرەتا بەدیمەنی پەیوەندییەکی توندووتۆڵی کۆمەڵایەتی دەستپێدەکات لە یەکێک لە بۆنە خێزانییەکاندا، لەناکاو جۆرێک کاڵا دێتە نێو دیمەنەکەوە. ویستەکانی تۆ، ڕزگاربوونە لە تەنهاییەکی بێهودە، کڕینی ئەوکاڵایە نە مۆتیڤە دەرونییەکانی تۆ خالی دەکاتەوە، نە کەمووکورتییەکانت پڕ دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بیبیتە خاوەنی تەواوی ئەو کاڵایانە، وەلێ تۆ پێویستت بە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی پتەوە، کە هیچ کات سەرمایەداری ئەوە بۆتۆ فەراهەم ناکات.

Works Cited
Adorno, T (1991.) Culture Industry. London: Routledge
Althusser, L (1971.) Lenin and philosophy, and other essays. London: Vintage
[Online resource] http://plato.stanford.edu/entries/adorno/#3 Accessed 02/02/2015




بۆچی شكسپیر لە تراژیدیاوە ڕووی كردە كۆمێدیا؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

وەك چۆن شكسپیر لەتراژیدیادا نووسەرێكی شانۆیی كەم وێنە بووە، لەهەمان كاتیشدا لە نووسینی شانۆی كۆمێدیشدا باڵا دەست بووە و لە تەمەنی خۆیدا 17 شانۆگەری كۆمێدی نووسیووە، كۆمێدیای شكسپیری بە كۆمێدیای رۆمانسیش ناودەبرێت،
لەسەردەمی ئەلیزابیسی دا كۆمیدیا مانایێكی جیاوازی هەبوو، زۆر جێگەی بایەخ بووە، زۆر جاران شانۆگەرییەكان دەبوا بەئەنجامێكی بەختەوەر كۆتایی بێت، شكسپیر ویستویەتی بە حەزی زۆر لە بینەرانی كردووە، كە ئارەزوویان ئەوە بووە تراژیدیاكانی شكسپیر بەو كۆتاییە مەرگەساتانە نێت، كە دووچاری جۆرێك لە دڵگرانی و خەمۆكی دەكردن، بە لەناوچوونی كاراكتەرە ئەرێنی و رۆمانسیەكانی و سەركەوتنی خیانەت كاران و چاوچنۆك و تەماع كارانی دەسەڵات.
ئەگەرچی شسكپیر ویستویەتی درۆ لەگەڵ واقیع دا نەكات و رووداوەكان وەك خۆی بەرجەستە بكات و لەگەڵ بینەرانی خۆیدا راستگۆ بێت، بەڵام هەمیشە بینەر ویستویەتی ئەوەی لەواقیع دا دەیبینی لەشانۆو سینەمادا دووبارە نەبێتەوە، ئەوشتێ ببینێ كە ئاواتی بۆ دەخوازێ و بەشێكە لە خەون و ئاواتەكانی.
بۆیە شكسپیر ویستی لەرێگەی نووسینی شانۆی كۆمێدی ئاواتی بەشێك لەو بینەرانە بێنێ، بە رەچاو كردنی ئەوەی كە هەموو بینەران لەبۆچوون و دنیا بینی دا وەك یەك نین، وەك چۆن زۆرێك لەبینەران بەشانۆگەرییە تراژیدییەكانی كاریگەر دەبن، بەڵام بەشێكی تر هەن ئارەزووی شانۆی كۆمێدی دەكەن .
لەلایەكی ترەوە شكسپیر بەم چەند شانۆگەرییە كۆمێدییە ویستویەتی بڵێ ئەو دەسەڵاتی لە بە سەر هەمووفۆرمێكی شانۆییدا دەشكێ و بەتەنیا تراژیدیا نەبەستراوەتەوە، بۆیە خۆی لەزۆر شێوازی جیا جیای شانۆیی داوە، بەهەمان ئاستی شانۆگەرییە تراژیدیاكانی.
ئەم حاڵەتە هور تەنهالە شانۆدا نەبووە، بەهەمان شێوە لەسینەماشدا، هەر تەنها شانۆگەرییە تراژیدیاكانی شكسپیر نەكراون بەفیلم بەڵكو زۆرێك لەشانۆگەرییە كۆمێدی و رۆمانسییەكانیشی، لەسینەماشدا هەمان سەركەوتنیان بەدەست هێناوە كە لەشانۆدا هەبووە.

گرنگترین شانۆگەرییە كۆمێدیەكانی شكسپیر بریتی بوون لە:
خەونی نیوەشەوی هاوین، كارەكان بەكۆتاییەكانیانەوە، (وەك حەزی لێدەكەیت، سیمیلین، خۆشەویستی هەوڵێكی بێ هودەیە، هاوار بەهاوار، بازرگانی ڤینیسیا، هاوسەرە خۆش بەزمەكانی وندرسون، ژاوەژاوێكی بێ ئەنجام، بیرسیلیس، میر تیر، راهێنانی پلنگ، كۆمێدیای هەڵەكان، گێژەڵوكە، شەوی دوانزەهەم، دوو خزمە باشەكان، حیكایەتی زستان.
هەندێ لەرەخنەگرانیش پێیان وابووە، ئەو شانۆگەریانەی بەكۆمێدیا ناونراون، لەرەسەندا شانۆگەری رۆمانسین.
شكسپیر هەوڵی داوە لەرووی زمان و دیالۆگەوە، بەشێوازێكی كەمێك شەفاف ترو ساناتر شانۆگەرییەكانی داڕێژێ و زمانێكی میللییانەیان بداتێ، كە بەشی زۆریان لەم خاڵانەدا گرد دەبوونەوە:

  • لەو شانۆگەرییە كۆمێدیانە بەپلەی یەكەم پشتی بەدیمەن و رووداو بەستووە، كە لە رێگەی دروست كردنی هەندێ دیمەن و جوولەی كۆمێدی بینەر بێنێتە پێكەنین .
  • ململانێ ی گەنجە دڵدارەكان كە زۆرجاران كێشەیان لەگەڵ گەورەكانییان دابوو .
    *لێك جودا بوونەوەو پاشان گەڕانەوە بۆ باوەشی یەكتر، لەچوارچیوەی كۆمەڵێ دیمەنی سەرەژێرو تەنز ئامێزدا.
  • تەڵەكەبازی و ئەنجامەكانی، كە بینەر زۆرجاران بەهۆی ئاشكرابوونی ئەو تەڵەكە بازیانەو ریسوا بوونی كاراكتەرەكانی دڵخۆش بووەو كەوتۆتە پێكەنین .
    *كێشەو گرفتەكانی ناو خێزان، كە هەندێ جار بینەر لەگەڵ ئەو واقیعە تایبەتیانە پێكەنیووە، رەنگە زۆر جاران واقیعی خۆی تێدا دۆزیبێتەوەو ئەویش بووبێتە بەشێك لەرووداوو كاراكتەرەكانی.
    یەكێك لەدیارترین شانۆگەرییە كۆمێدیەكانی شكسپیر (خەونێك لە نیوەشەوی هاوین دا ) ی شكسپیرە، كە دەكەوێتە نێو چوارچیوەیەكی خەیاڵی،هاوكوف لەگەڵ واقیع داو رووداوەكانی لە( ئەسینا ) روودەدەن، لەو نمایشەدا كاراكتەری (بۆتۆم ) دەبێتە گوێ درێژو ئاشقی تیتانیای شاژن دەبێت، بۆیە هەندێ جار نمایشەكە بە ناوی( خەونی بۆتۆم ) یش ناونراوە.
    هەروا نمایشی ( شەوی دوانزەهەم) شانۆگەریەكی كۆمێدی نەبووە كە هەر تەنها خەڵك بهێنێتە پێكەنین، بەڵكو لە بنەچەدا شانۆگەریەكی تراژیدی بووە، بەڵام شكسپیر بەرگێكی خەیاڵی لەبەر كردووە، شانۆگەریەكی لەناو شانۆگەریەكی تر داڕشتووە و دابەشی كردووە بۆ چەند بەشێك، لەهەر یەكێكیان خەونێكی دیاری كردووە و هەموو خەونەكانیشی بەیەك بەستۆتەوە.
    بۆیە زۆرێك لەرەخنەگران ئەو شێوازەی نێوان تراژیدیاو كۆمێدیایان لەشانۆگەریەكانی شكسپیر بەشێوازی ( كۆمێدیای تراژیدی Tragicomedy ) ناو ناوە.

    فیلمی سەردەمی ون بوون
    ساڵی 2015 دەرهێنەری ناسراو ( ریتشاردبراسیول) فیلمێكی كۆمێدی دەربارەی ژیانی شكسپیر بەرهەم هێنا كە تێیدا سوودی لەچیرۆكێكی واقعی شكسپیر بینیووە.
    دەرهێنەر ئەو سەردەمەی لەژیانی شكسپیر ناو ناوە (سەردەمی ون بوون) و تێیدا باس لەژیانی سادەی رۆژانەی شكسپیر دەكات بەر لەوەی ئەو ناوداریەتیە جیهانییەی هەبێ، لەوانە باسی ئەوە دەكات كە چۆن شكسیپیر چۆتە تیپێكی گۆرانی رۆك، بەڵام دواتر لەتیپەكە دەریان كردووە، بۆیە بەناچاری لەجلو بەرگێكی نەناسراودا، دەستی كردووە بەكاسبی تەماتە فرۆشی لەبازاڕەكانی لەندەن.
    دەرهێنەر شكسپیری كردووە بەپیاوێكی بێ كارو كاسبی، كە ئەو بێ كاریەی زۆر جاران هەڕەشەی لەژیانی خێزانی كردووە، بۆیە سەری خۆی لەگوندەكەی خۆیان( ستراتفۆرد) هە ڵگرتووە، بەو ئاواتەی بچێتە شارو دەست بكات بەكاری نووسینی شانۆگەری.
    دەرهێنەر بۆ وێنگرتنی ئەم رووداوانەی ژیانی شكسپیر رووی كردۆتە شوێنی لەدایك بوونی شكسپیر، كە پێشتر بە ناوی ( ولیەم ) ناو نرابوو، بۆ ئەوەی لەوێ شوێنەوارەكانی ئەو نووسەرە بلیمەتە بەسەر كاتەوە.




ئەو باڵادەی ئێمەشی شاد کرد.. عەبدوڵا ساڵح

هاوڕێی ئازیزم ( چاوە – فاتیح شێخ ) بەرهەمێکی ئەدەبی قەشەنگی ڕاناوە لە ( ١٧٥ ) لاپەڕەدا بە ناوی ( باڵادی شادی ) . شێوازی چاپکردنەکە دەستکورتی نوسەری پێوە دیارە، قەوارەیەکی مام ناوەندی، دوور لەهەمو زریق و باقێک کە هەندێک کتێبی بێناوەرۆکی ئەم سەردەمەی پێدەڕازێندرێنەوە، بەڵام کەدەچیە ناو ئەم باڵادە، شاکارێکی ( توحفە) ئەدەبی بەدی دەکەی کە تاکو ئێستا لەنێو ئەدەبیاتی کوردیدا یا نەبووە یا من نەمدیوە. لە هەموو شتێکا جیاواز لەوانی تر تەنانەت ، لەبری پێشەکی – پاشەکی – لەدوا لاپەڕەدا نوسیوە بەناوی ( لەباتی پێشەکی ، پاشکۆ و سوپاس ).
سەرەتا دەبێ بڵێم، من نە شاعیرم و نە ئەدیب و نە ڕەخنەگر، بەڵکو خۆم بە ئەدەب دۆست دەزانم، بۆیە ئەگەر هەڵسەنگاندنەکەم کەم و کورتی تێدا بوو دەمبورن چونکە ئەو شاکارە ئەدەبیە خستمیە نێو گێژاوێکەوە خەریک بوو سەری خۆمی لێدەرنەکەم ، بەڵام دواتر دڵخۆش وشادی کردم ! هیوادارم خوێنەرانی لەمەودوای ئەم باڵادە ئاوا پێی شاد بن.
دوای خوێندنەوەی لەخۆمم پرسی، ئەرێ ئەوەی خوێندمەوە چی بوو ؟ ڕۆمان بوو ؟ نەخێر! ئەی شیعر بوو ؟ نەخێر! ئەی پەخشانە شیعر بوو ؟ نەخێر ! ئەی چیرۆک بوو ؟ نەخێر! ئەی ……..چی بوو؟
نەخێرسەبکی داڕشتنەکەی ئەم کتێبە هیچیان نەبوو ، بەڵام هەموشیان بوو!!
ئەدی ناوەرۆکەکەی چیبوو ؟ مێژوو بوو؟ نەخێر ! سەرگوزەشتەبوو؟ نەخێر ! گۆرانی بوو ؟ نەخێر! ئاواز و مۆسیقا بوو؟ نەخێر! تابلۆی ڕەنگین و جوان بوو ؟ نەخێر ! فۆلکلۆر بوو ؟ نەخێر ! عیشق بوو نەخێر ! فەلسەفە بوو ؟نەخێر! گێڕانەوەی مێژوو بوو ؟ نەخێر! سەرگوزەشتەی کەسەکان بوو؟ نەخێر !…..
نەخێر ناوەرۆکی ئەم بەرهەمە هیچیان نەبوو، بەڵام هەموشیان بوو !!
ئەدی پالەوانەکەی کێبوو ؟ ( شاد ، شادی ، گەشە ، شاهۆ ، دایە حەبیبە ، کەسنەزان و ئەوانی تر ) ، نەخێر هیچیان نەبوون و هەموشیان بوون.
ئەدی زمانە کوردیەکەی ؟ دیالیکتی هەورامی ؟ سنەیی؟ و دواتر سلێمانی؟ بەڵێ هەموو ئەو دیالیکتانە بوو بەشێوازێک کە لەوپەڕی جوانیدا پێکەوە نەخشاندبوونی ، ئەمجا جگە لە زمانی کوردی ، فارسی و ئینگلیزی و تەنانەت عەرەبیشی تێکەڵ کردبوو.

( چاوە) سەرەتا، تابلۆیەکمان دەخاتە بەردەم کە یەکترناسینی کیژ وکوڕێکی لاوی کوردزمانی کوردستانی ئێرانە لە دیسکۆیەکی شاری لەندەندا – بەریتانیا – دوای سەماوکەیف، لە قەتاردا دەکەونەلای یەک و پێکتر ئاشنا دەبن، ئەم یەکتر ناسینە دەبێتە هۆی تێکەڵاوی دوو بنەماڵە و ئیتر دەستپێک لێرەوەیە، کۆمەڵەک بەسەرهاتی هەریەک لە و پاڵەوانانە خۆی دەنوێنێ و سەرمان دەکا بە داڵان و کون و کەلەبەری مێژووی دوور ونزیک و دەمناخاتە گریان و دواتر شادمان دەکا.
ڕوداوەکە چیبوو ؟ یەک ڕوداو بوو؟ نەخێر هەر ڕوداوێک نەبوو، بگرە کۆمەڵەک سەرگوزەشتەو ڕابردوی کۆمەڵە مرۆڤێکی ئەم سەردەمە کە بەدەست زوڵم و زۆرەوە ناچارن زێدی خۆیان جێبهێڵن و سەری خۆیان هەڵگرن ، بەڵام بۆ وڵاتێک نا کە پێی بگوترێ (( وڵاتی غەریبی )) بەڵکو بۆ وڵاتێک کە تێدا توابنەوە و لەهەمان کاتیشدا نەتوابنەوە ، بەجۆرێکی وا تێکەڵاوی بووبن – Integration – کە ڕەنگە دانیشتوانە ئەسڵیەکە ئاوا وڵاتی خۆیان نەناسن، لەباری مێژوو ، ئەدەبیات و زۆر شتی تر . ئەوان ، واتە بەشێک لە پاڵەوانەکان، هیچ غەریب نین، نە لە رووی زمانەوە نە لەباری مێژووی وڵاتەکە و نەلەباری داب و نەریتەوە، بەجۆرێک تێکەڵاو بوون مەگەر خۆیان خۆیان بناسنەوە دەنا بەموو لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە جیاناکرێنەوە . ئەم حاڵەتەش بێئەوەی ژیان و مێژوو وخۆشی ناخۆشی وڵاتی یەکەمیان بیرچووبێ.

لەم شاکارە ئەدەبیەدا ( چاوە) ستایڵێکی ئەدەبی نوێمان دەخاتە بەردەم کە پێم وایە کەم وێنەیە، باس لەو عیشقە دەکا کە نازانێ تەمەن چی یەو هیچ حیسابی بۆناکا، باس لە جێژو لەززەتی ماچی عاشقانە دەکا، باس لە عیشق دەکا لە ئاستی هەرە ڕومانسیە جوانەکەیدا ، لێرەدا هێمنی شاعیرم بیردەخاتەوە کە دەڵێ:
ئەوین نەبوایە پێی ناوێ بخۆی سوێند
جیهان چۆڵبوو پەپوش تێیدا نەدەخوێند
لەوێوە بەرەو دنیای ڕازاوەی فۆلکلۆر و دەمانباتە بەردەرگای هونەرمەندی بەتوانا، دۆستی زۆر ئازیزم (کاک محەممەدی ماملێ) و هەموو ئەو یاداگاریانەی پێکەوە هامنبووە وەک تابلۆیەک دێنێتە بەرچاوم لەگەڵ بلوێری شوانەکەی هێمن :
نیوە شەوە، دنیا خامۆش
دێتەگوێم ئاهەنگێکی خۆش
ئاهەنگێکی گیان پەروەرە
شادی هێنە خەفەت بەرە
ئاهەنگێکی دڵنەوازە
تارە؟ وێڵۆنە؟ یاسازە؟
نا..نا.. ئاهەنگی بلوێرە
جاوەرە گوێی بۆ ڕادێرە
چاوە، تێکهەڵکێشێکمان نیشاندەدا لە ناحەز و جوان ، لە شادی وخەم ، چەندین تراژیدیامان دەخاتە بەر چاو کە هەرکام لە پاڵەوانانی ئەم شاکارە بەسەریان هاتوە .
ئەمجا دەستمان دەگرێ و دەمانبا بۆ گردی سەیوانی سلێمانی و لەوێش بۆ مەزاری ژنە کوژراوە بێناو نیشانەکان و دەنگە سیحراویەکەی ( فەیروزمان ) بۆ دەچڕێ :
زوروني كل سنة مرة
حرام
تنسوني بالمرة
حرام
ئەمجا خۆی پەخشانە شیعرێک دەکاتە دیاری بۆ سەر ئەو مەزارە و لە کۆپڵەیەکیدا دەڵێ:
گشت ساڵێک لەدەمە و بەهارا
لەبەینی ڕۆژانی ( ڤالانتاین) – هەشتی مارس – ئادارا
با گشتمان گوڵبەدەس بچینە سەردانیان
هەرکەس وا ئاشقە، هەرکەس وا شەیدای ژیانە
هەرکەس وا خەمخۆری بێنازی ژنانە
هەرکەس وا بە سکڵی تیرۆری هەر ژنێ هەناوی قرچاوە
پۆل پۆل و تاک تاکی ژن و پیاو، کچ وکوڕ
ئەوانەی ئەڤینی ئازیزێک لە دڵیان ئاڵاوە
با بچینە سەردانی مەزاری خەمباریان
مەزاریان بکەینە جێ ژوانی ئاشقان
جێ ڕوانی ئاشقێنی دڵداران
ئەمجا دەمانبا بۆ نێو ڕەنج و دەردی کۆڵبەرانی کوردستانی ئێران ومەرگ و ژیانی کولەمەرگی و سەختی ئەوان و لەوێوە دەستمان دەگرێ بەرە وڕاپەڕینەکەی ( ژینا ) گیان کە لەجیهانا بۆتە ڕەمزی تێکۆشان.
من پێم وایە ( چاوە) دەرگایەکی لە نێو ماڵی ئەدەبیاتی کوردیدا کردۆتەوە و ڕێچکەیەکی شکاندوە کە تا ئێستا دەستی بۆ نەبراوە یا من نەمدیوە .
دەبا لەکۆتاییشدا من ئەم وڕێنە بکەم:

ئای! چاوە گیان
دەستت خۆش بێ وخامەت ڕەنگین
بۆ ئەو شاکارە ئەدەبیەی
خستمیە گریان
دواتر زەردەخەنەی
هێنایە سەر لێوم
ئومێدی بەخشیە دڵ، دەروون
بەخشیە گیان

ئەوەی کەوا تۆ نەخشاندت
عیشقە، جوانی
ماچی ئەویندارانە
لەجێ ژوان
نازانم ئەم شاکارەی تۆ چۆن بناسێنم
بڵێم شیعر
پەخشانە شیعر
سەرگوزەشتە، چیرۆک
یاخود ڕۆمان
یاخود هیچیان
یا هەمویان؟

ئای چاوە گیان
شاکارەکەت
هاوار وئازاری دڵە
دلە سافەکەی (کەسنەزان)
ئەوەی (شاد وشادی) گیان
یا خود ئەوەی (شاهۆ وگەشی)
یا (حەبیبە)
یاخود (فەرهاد وجەین) گیان

جگە لەهەموو ئەمانە ش
دەنگی زوڵاڵی (ژینا)یە
ئەو ژینایەی لەبەردڵان
ژینایەک ناو وناوبانگی
بوو بەمەشخەڵ بۆ خەباتی
ئازادی ژنان
لە گشت جیهان

یا خەباتێک
ئەو خەباتەی
من و تۆی خستە مەیدانێک
بۆ ئازادی
بۆ یەکسانی
بۆ رزگاری چەوساوەکان

عەبدوڵا ساڵح
٣١ – ١٢ – ٢٠٢٤




ڕاکردن لە کوردایەتی و قەبوڵکردنی نامەردی.. گۆران هەڵەبجەیی

{ئیسلامیەکان باشوور بەنمونە}

{خۆشەویستی وڵات شەرەفە ،ئەوشەرەفەش بەزۆرنادرێت بەکەسانێک کە نەخوازن-شێخ سەعید پیران}
[کوردبوون سەختە،ڕاکردن لێی نامەردیە- بەڕێز ئۆ-جەلان]

گەر تێکۆشانت پێ ناکرێت،گەر ناتەوێت لەگەڵ ئازارەکانی نەتەوەکەتدا بیت ،گەر هاوسۆزی بەرخوردان و خەباتی سەختی نەتەوەکەت نیت،گەر دڕندەیی و فاشیەتی ڕژێمە داگیرکەرەکان هەستی مردووت نابزوێنێت، تاڕادەیەک ئەمانە ئاسایین چونکە شتێک تۆی بەستوونیەتەوە بە نەتەوە و نیشتمانەکەتەوە ،تەنها زمانە،بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە ئەم جۆرە مرۆڤانە دژ بە خواستی گەلەکەیان کاربکەن و ببنە چاوساغ و کۆیلەی دوژمنانی خودی نەتەوەی خۆیان .
لێرەدا بەپلەی یەک مەبەستم لە ئیسلامیەکانی باشوورە ،بە ئەحزاب و ڕەوت و مەلاو کەسایەتی و ژمارەیەکی زۆر لە ئیمانداران.بە ئەزموونی ڕابردوودا بۆمان دەرکەوتووە کە ئەم جۆرە مسوڵمانانە ئەوەی جێگەی بایەخ نەبێت لایان پرسی نەتەوەیە،نەک هەر گرنگی نیە لایان بەڵکو هەمیشە دۆزی نەتەوەکەیان کردوەتە قوربانی ئاینەکەیان.لەکن ئەوان مسوڵمانێکی میانمار کە هەزارەها کم دوورە لێیانەوە پیرۆزترە لە کوردێکی بێ باوەڕیی وڵاتپارێز.ئامادەن هەموو کورد بکەنە قوربانی وڵاتێک،حیزبێک،ڕێکخراوێک یاکەسێکی مسوڵمان، ئیدی لەهەرکوێی ئەم هەسارەیە بێت.
ئەمانە لەمێژە دابڕاون لە هەستی خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتمان ،دەتوانم بڵێم هەڵوێستیان هاوتەریبە لەگەڵ گەڵ دامەزرێنەرو سەرانی ئیخوانی میسر .بۆنمونە حەسەن بەننای دامەزرێنەر دەڵێت[هیچ ئینتمایەکم بۆ نیشتمان نیە،وە سید قطبیش دەڵێت{نیشتمان لە مشتێ خۆڵی بۆگەن زیاتر هیچی ترنیە.]
لەڕابردوو وە لەئێستاشدا ئەو هەمووستەم و چەوساندنەوەو وێرانکاری و داگیرکاری و کووشتارەی سوپای ئەردۆغان لە عەفرین،سەری کانی ،گرێ سپی و دەڤەرەکانی باکوور ئەنجامیداون ویژدانی مردویانی نەجوڵان و بەوشەیەکیش ئیدانەیان نەکرد،کەچی مسوڵمانێک لە دوورترین خاڵی جیهان بکوژرێت ئەمانە شیوەنی بۆدەگێڕن و میدیاکانیانی خۆیان پڕدەکەن لەهاوسۆزی بۆی.دڵنیام ئەم مسوڵمانە ئەردۆعانیانە بەلەناوچوونی ئەو ئەزموونە سەرکەوتوەی ڕۆژئاوا خۆشحاڵدەبن ،بەتایبەت گەر سەرکەوتوو ئەردۆغانی بەناو مسوڵمان بێت.
دەمێک لە ڕێگەی میدیاکانەوە بەگەرمی داکۆکی لە حەماس دەکەن لەکنیان زۆر ئاساییەو و بەئەرکێکی ئاینی دەزانن ،بەڵام دەمێک دەربارەی کوردی ڕۆژئاوا یا باکوور پرسیاریان لێدەکرێت ئەو دەمە یاخۆیان گێل دەکەن یادەڵێن باسەکەمان ئەوەنیە یا خود ئەوە بابەتێکی سیاسیە.
بەویژدانەوە دەڵێم کە ژمارەیەک لەئەندامانی حیزبە ئیسلامیەکان تادەگاتە ئاستی سەرکردایەتی،هەندێک مەلاو وتار خوێن ،پیاوانی ئاینی ناودار، ئیسلامی ئاسایی بێلایەن ،ئەمانە خاوەنی هەڵوێستی نەتەوەیی جوانن و بەردەوام داکۆکی لە خاک و نیشتمان دەکەن و سەرکۆنەی ڕژێمە چەوسێنەرەکان دەکەن ،ئەمانە جێگەی ڕێزو خۆشەویستین و ئومێدەوارم نمونەیان زیادبێت .دوای لێبوردن دەکەم کە ناوی ئەو بەڕێزانە یاداشت ناکەم نەکا ناوی کەسێکیانم لەیاد بچێت ببێت هۆی زویربوونی.
لەولاشەوە هەرچی مەلاو پیاوانی ئاینی تورک هەیە لەدەمی هێرشی سوپای تورکیا بۆداگیرکردنی عەفرین، لەسەرجەم شارو شارۆچکەو گوندەکانی تورکیاوە لەمینبەری هەزارەها مزگەوتەوە نزاوپاڕانەوەیان بۆسەرکەوتنی سوپای تورکیا دەکرد.هەموو گوێمان لەو مەلایانە بوو کەهاواری دەکردو بانگەوازی بۆ سەربازە تورکەکان دەکرد و دەیگووت {بەزەیتان بەمارمێلکەدا بێتەوە بەڵام بەزەیتان بەکورددا نەیتەوەو بیانکوژن}.جاگەرئەمە هەڵوێستی ئیماندارێکی لەخواترس بێت ئەی دەبێ کەسێکی شۆڤێنی چیبڵێت؟ دڵنیام کە مەلا تورکەکان سەبارەت بەهەڵوێستیان بەرامبەر بەکورد هەمان هەڵوێستی ئەردۆغان و باخچەلی و حیزبەکانیانەو دەبنە شۆڤێنیەکی عەیار [٢٤].سەیرلەوەدا بوو لەو چەند هەزار پیاوی ئاینی و مەلایانەی کوردی باشوور ،نەمبیست کەسێک وەڵامی بداتەوە گەر نەرمە وەڵامێکیش بێت .
لەوانەیە مسوڵمانانی کورد نەزانن یا دەزانن و خۆیانی لێ گێل دەکەن کە ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا بە ئەردۆغانیشەوە هەموو کورد بەدوژمن دەزانن ئیدی چەکدار،بێچەک،عەلمانی،ئیسلامی و هەڵگرانی هەر ئاین و مەزهەب و ئایدیایەک بێت.
بۆ جوانکردنی دەسەڵاتەکەی خۆی ،ئەردۆغان چەند کوردێکی خۆفرۆشی مسوڵمان لەکاتی پێویستدا بەکاردەهێنێت ،ئەوانەش درێخیان نەکردوە لەو ڕووەوە و زیاد لە پێویست بەئەرکی جاشایەتی خۆیان هەستاون ، بەنمونەی عەلی قەرەداغی،مەلا ئەحمەدی پێنجوێنی،مەلامەزهەری دەم هەڕاش،مەلاهەڵۆی کەمەرگر،یاخود سەرۆکی حیزبە ئیسلامیەکان وەک سەلاحەدین بەهادین ،علی باپیر عیرفانی مەلا عەلی و هاوفکررەکان و ئەندامەکانیان.
لەهەر چوارپارچەی کوردستان چەند هەزارێک مزگەوت هەن ،ئەمانە لەلایەن مەلاو بانگخوازەوە بەڕێوەدەبرێن،ئەوەی بۆم دەرکەوتووە ئەوەیە کە جگە لە بەشی باشوور سەرجەم مەلاکانی سێ بەشەکەی دیکە هەڵوێستی جوامێرانەیان هەیەو بەردەوام پشتگیری نەتەوەکەی خۆیان کردوە،تەنانەت هەندێکیان بەهۆی هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەییانەوە دووچاری هەڕەش و گرتن و دەرکردن لەمەلایەتی بوونەوە ،بەتایبەتی مەلا بەڕێزەکانی ڕۆژهەڵات،کەچی ئەوانەی باشوور بێهەڵوێسترین ،ترسنۆکترین نامەردترین توێژن.وادیارە ئەو نامەردیەیان پێ قەبوڵە کە بریتیە لەڕاکردن لەکوردایەتی،دەی پیرۆزیان بێت نامەردی و جاشایەتی.




هەوڵ ئەدەم بتبینم.. نەوزاد بەندی

لە هەموو جێ ..
لە هەموو کات ..
کە پەنجەرە ئەکەمەوە ،
ئەمەوێ پێش کزەی کانون ،
هەناسەی تۆ بێت و بڕوات ..
کاتێ پۆلیسی هات و چۆ ،
بە دەستێکی ڕامانئەگرێ ،
ئەمەوێ تۆ بی ..نەک هیچ کەس..
لەناو پاسا ،
ئەوەی لەبەردەممایه نا ،
با تۆ ئەوەی تەنیشتم بی ..
لەسەر شەقام ،
کاتێ سەر بەرز ئەکەمەوە ،
هەر کەسێ ببینم ، تۆ بی ..
تۆ هەورەکەی سەرسەرم بی ..
لە غەزەلنووس ،
نا ..نا.. ئەوەی تەنیشتم نا ،
تۆ ئەوەی بەرامبەرم بی ،
بە دیار دوو شەربەتی
ڕەنگپەڕیوی
ئەناناسەوە ، دانیشین ..
بێ ئەوەی سەیری تۆ بکەم ،
باسی چاخی پێش تۆ ناسینت بۆ بکەم ..
لە فڕۆکەخانە ،
کۆنتڕۆڵ ،
هاوێنەی کامێراکە نا ..
ئەمەوێ تۆ بمپشکنی ..
وەک عاشق ئاشکرا نەبم ..
سێبەرەکەم ئەبێ بە تۆ ،
قۆڵی ڕاستی
ئەکاتە ناو قوڵی چەپم ..
لەبەر باران ،
نیوەی چەترەکەم لادەدەم ،
وەک بڵێی زۆر نابا تۆ دێی ..
لەبەردەم چایخانەیەکی
سەفەریدا ،
کە قۆری و خەڵوز پێکەوە ،
قرچ قرچ ئاگر ئەتروکێنن ..
ئەوەی لە تەنیشتما داوای
چایەکی سەفەری ئەکا ،
ئەوە تۆی لەگەڵ چاکەدا ،
نوقوڵێکی بۆ ئەهێنن ..
ئەمەوێ ڕۆژانی باران ،
هەرچی لەسەر جادەکانە ،
هەموویان تۆ بن .. تەنها تۆ ..
دەماری مەچەکت لەناو
دەستما لێ با ..
کە بە دستی بەتاڵەوە ،
ئەگەڕێمەوە نیوەڕۆ ..




سوپایەکی نیشتیمانی.. کەریم قادر

بەپێی لێدوانی مەحمود ئەلمەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا داوایەکی لە محەمەد شەیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق كردووە؛ پێویستە چەک بەدەست دەوڵەتەوە بێت. لەبنەمادا ئەو قسەیە بەو مانایە دێت، نابێت لەپاڵ سوپا، هیچ هێزێکی دیکە، بۆ نموونە حەشدی شەعبی چەکی بەدەستەوە بێت کە لە ٦٨ گروپ و تاخم پێکهاتووە و بەگوێرەی ناوەندی سیاسەتسازان ژمارەی مونتەسیبەکانی ١٣٠-١٤٠ هەزار چەکدار دەبێت، هەروەها ڕێژەی ٪٨٥ی مونتەسیبەکانی لە پێکهاتەی شیعەن، هەریەک لە پێکهاتەی سونە و تورکمان و ئەوانیدیش ڕێژەیەکیان هەیە، بەڵام لەئاستی سەرکردایەتیدا بە ڕێژەی ٪١٠٠ لەلایەن پێکهاتەی شیعەوە کۆنترۆڵکراوە.
بەداخەوە، لەوەتەی باشووری کوردستان بە عێراقی دەستکردەوە لکێندراوە، هەر لە سەردەمی پاشایەتییەوە تا دەگاتە سەردەمی عێراقی نوێ، سوپا ئامرازێک بووە بەدەستی حکومەت بۆ لێدان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد کە دواترین لە ١٦ی ئۆکتۆبەر لەسەردەمی خولی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ بوو و تا ئێستاش ئەو سوپایە لە هەڵکوتانە سەر ماڵی مرۆڤی کورد بەردەوامە، بەتایبەتی لەناوچە دابڕێندراوەکانەوە.
ئەو داوایەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، بەوپێیەی ئەمریکا داهێنەری عێراقی نوێیە کاتێک کاری خۆی دەکات لەلایەک چاوسوورکردنەوەی لەگەڵ بێت، لەلایەکی دیکە دەبێت پێداگر بێت کە سوپایەک دروست بکرێت لەئاستی سەرکردایەتی و مونتەسیبەوە گوزارشت لە پێکهاتەی ئەتنی و مەزهەبی عێراق بکات و دەستوورێکی هەبێت کە لەژێر هیچ بارودۆخێکدا لەسەر بنەمای سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاوە کاری بەسەر ململانێ ناوخۆییەکان نەبێت و بڕیاری شەڕ و بەکارهێنانی سوپا لەدەست تاکە دەسەڵاتێک نەبێت.




کتێب\ چیرۆکی مناڵان.. خەونەکەی دارا.. وەرگێڕانی: موکەڕەم رەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




چەند سەرنجێك دەربارەی دیدارەکەی دەم پارتی بۆلای ئۆجەلان.. زاهیر باهیر

پێشەکی دەبێت ئەوە بڵێم کە گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بە بزوتنەوەی چەکداریی پەکەکە هەمیشە لە قازانجی خودی کەیسەکە خۆیەتی و بە سوودی نەك هەر کوردستانی باکور و تورکیا دەگەڕێتەوە تەنانەت کارایی ئەرێنی زۆریش لەسەر ڕۆژئاوا و باشوور و ڕۆژهەڵاتیش بەگوێرەی خودی کێشەکانیان دادەنێت .
گفتوگۆ و ئاشتەوایی پەکەکە لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەتا گەر پەکەکە سازشیش بکات هیشتا لە قازنجی خۆیان و لایەنەکانی دیکەن کە لەسەرەوە باسم کردن .

ئەوەی کە من لێرەدا دەینوسم ڕەنگدانەوە و پەیوەندی بە بارودۆخی هەنوکە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەم دوو سێ هەفتەیەدا ڕویداوە هەیە. بەگۆڕینی بارودۆخەکە بێ گومان شیکردنەوە و ڕای جیاواز دێتە ئاراوە.

سەرنجەکان:

یەك: زۆر زۆر بە دەگمەن ڕێدەکەوێت کە لایەنی براوە یا باڵادەست داوای گفتۆگۆ و وتووێژ لە لایەنە لاوازەکەی بەرانبەری بکات. ئەمەش یانی تورکیا کە ئێستا لایەنێکی باڵادەستە و گەورترین سەرکەوتنی لەم ڕووداوانەی ئەم دواییەدا تاکو ئێستا بەدەستهێناوە، کە دەیەوێت گفتۆگۆ لەتەك پەکەکەدا بکات دەبێت جێی گومان و تێرامان بێت .
تا ئێستا ئاراستەی ڕووداوەکان و هەڵوێستی هاوپەیمانانی هەسەدە سەبارەت بە ئەردۆغان و هاوکارانی ئەو کە مەترسیدارترین هەڕەشە دەکەن هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ ڕۆژئاوا و کورد تێدا نابینرێت.
لەگەڵ وتنی ئەوەشدا نابێت پەکەکە یا ئۆجەلان گفتۆگۆ ڕەتبکەنەوە دەبێت ئەوە رەچاو بکەن کە بارودۆخی تورکیا و ناوچەکە گۆڕاوە و بەرەوگۆڕانکاری زیاتر ، بەڵام نەك بە قازنجی کورد ئەوەی کە تا ئێستا دەیبینین، دەڕوت .

دوو: ئۆجەلان کە 27 ساڵە دیلە و بەندە و ژمارەی دیدارەکانی کەس وکار و پارێزەرانی بۆ لای، لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕێت ، هاوکاتیش ئەو مامەڵە ناشینرینەی کە حکومەتی فاشی تورکیا لەگەڵیدا دەیکات ڕێگرن لەوەی کە ئەو وەکو دیلێك ، بەندییەك ئازادانە بیربکاتەوە و ڕای ڕاست و دروستی خۆی بڵێت و بینێرێت بۆ قەندیل.
لەبەر ئەو هۆکارانە دەبێت هەمو قسە و پەیامێکی ئۆجەلان بخرێنە ژێر پرسیا و شیکردنەوەیەکی زۆر وردەوە ، کە لە زۆر حاڵەتدا نابێت بە هیچ شێوەیەك حسابیان بۆ بکرێت .

سێ : سەرانی پەکەکە و گرفتی سەرەکی : بە درێژایی ئەم 27 ساڵە پەکەکە نەیتوانیوە کە سەرکردەیەك یا خود چەند ڕابەر و سەرۆکێك بەخۆی پەروەردە بکات و بتوانن بێ لە گەڕانەوە بۆ ئۆجەلان و پەیام و پێشنیارەکانی ئەو، هیچ جۆرە بڕیارێك بدات چ سەبارەت بە تورکیا و چ بە کوردستانەکانی دیکە بە تایبەتی هەرێمی باشوور و ڕۆژئاوا .

سەرانی پەکەکە ئەوەندەی لە کێبڕکێی دانی دیمانەدان لەناو یەکدیدا ئەوەندە لە کێبڕكێی دانی پێشنیارێك، پێشنیازێك ، بۆ چارەسەری کێشەکەیان لە نێوانی خۆیاندا نین . هەر بۆیە کە یەکێکیا دیمانەیەك دەکات دەبێت بە زووترین کات ئەوانی دیکەش دیمانەی خۆیان یا نوسینی خۆیانیان هەبێت . ئەمەش باشترین بەڵگەیە کە پەکەکە هەر وەک چۆن ناوەندێکی بڕیار و جێبەجێکاریی خۆیان نییە، هەر ئاواش ناوەندێکی یەکگرتوشیان بۆ نوسینی ، شییکردنەوەی ، دیمانەیەكی فەرمی پەکەکە نییە.
خودی ئەمەش ئەو گرفتەی بۆ پەکەکە دروستکردووە کە لە پرسی ئاشتی و ئاشتەواییدا هەر دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئۆجەلان، و ئۆجەلانیش ئەوە حاڵییەتی واتە دیل و بەند کە ڕەنگە لەژێر هەندێك فشاری ناوەوە و دەرەوەدا ڕا و بۆچونی هەڵە بدات ، کە سەرەنجام بە زیانی هەموو لایەك بگەڕێتەوە. خۆ ئەگەر بە وردی تەماشای ئەو پەیامە بکەین کە بە نوێنەرانی دەم پارتیدا ناردویەتییە دەرەوە دەبینین کە پەیامێکی ئێکجار و سادو و ساکار و لاوازە و وەکو پەیامێك وایە بۆ ئاشتەوایی نێوانی دوو کەسی ئاسایی شەڕکەر، یا ڕەنجاندنی دڵی نێوانی دووکەس بێت تاکو ئاشتببنەوە ئاوایە .
بەڵگەیەکی دیکە بۆ ئەوەی کە قەندیل و سەرانی پەکەکە نە ناوەندن و نە خاوەن بڕیار ئەوەیە ئەگەر تەماشای پەیامەکانی ئۆجەلان بکەیت ئەوە دەلێت ئەو ” خاوەن بڕیارە و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە ” ئەمەش یانی پێگەی سەرەکی لە پرسی کوردی باکورداد بۆ خۆی داناوە، ئەوە کە ناوەندە ، ئەوە کە بڕیار دەرە ، نەك قەندیل و سەرانی بەناو فەرمی ئێستای پەکەکە .

ئۆجەلان لەم پەیامەیدا نە داخوازییەکی سیاسی هەیە و نە مەرجی هەنوکەیی بۆ ئەردۆغان و حکومەتەکەی و حکومەتی نوێی سوریاش هەیە. هەر ئاواش هیچ پێشنیارێکیشی تێدا نییە بۆ کوردانی ڕۆژئاوا و هەسەدە و پەیەدە و هەرێم و حیزبەکانی باشووریش. ونبوونی ئەم پەیامانە و زۆری دیکەش جێی دڵەڕاوکێ و بێ متمانەییە بە ئۆجەلان و پەیامەکانی ئێستای .
دیارە من ناڵێم کە ئۆجەلان هەڵوێستی خۆی شل کردوە بۆ تۆرکیا، یا مێشکی داوەتە دەست حوکمڕانانی تورکیا ، بەڵام پەیامێکی ئاوا سادە و ساکار ماستێکە و بێ موو نییە .

لە کۆتاییدا دەڵێم دەبێت پەکەکە خۆیان گەر بتوانن لەبەر ڕۆشنایی رووداوەکانی ئێستا و بارودۆخی تایبەتی خۆیان و هێز و ئایندەیان و ڕەچاوکردنی پێگە و سوودی هەرێمی باشوور و پرسی ڕۆژئاوا و هەسەدە و کوردانی دیکەی دەرەوەی هەسەدە، هەڵسەنگاندن بکەن. ئەمانن کە لە مەیدانەکەدان نەک ئۆجەلان، ئەمانن حکومەتی تورکیایان بێزار کردووە نەك ئۆجەلان، ئەمانن پادارن و ئۆجەلان بێ پا. هاوکاتیش سەرنجی پەیامەکان و ڕا و بۆچوونی ئۆجەلان لەسەر دیمانە و دیدارەکانی ئێستا و ئایندەی لەگەڵ تورکیا یا هەر لایەنێکی دیکە، دەبێت زۆر بە وردی بدەن.
دەکرێت تێڕوانینی ئەمان بۆ ئۆجەلان وەکو ڕابەرێك، سەرکردەیەکی ڕۆحی بێت نە سەرۆکێکی بڕیاردەر ، هەرچەند دەبوایە پەکەکە ئەمەی هەر لە سەرەتاوە بکردایە ، ئێستا لەم کاتە ناسکەشدا هەر درەنگ نییە.

زاهیر باهیر
29/12/2024




مرۆڤێكی تەنیا لە نیشتمانێكی تەنیادا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

هەركاتێك بمەوێت لە بارەی كتێب و خوێندنەوە، پەیوەندی خۆم و سەرەتاكانی ئاشنابوونم بە دنیای كتێب و خوێندنەوە بدوێم و بنووسم، هەست دەكەم وشەیەك و زمانێكم نییە بۆ ئاخاوتن و قسەكردن، ئاخر ئاسان نییە مرۆڤ وەسفی كتێب و جیهانی كتێب بكات، بە تایبەتیش بۆ منێك كە كتێب بۆی بووە دایك، باوك، مامۆستا، هاوڕێ، خێزان و بنەماڵە و هەموو شتێك ! بۆیەشە زۆر بە ڕاشكاوی ئەوە دەڵێم، من دەتوانم چەندین ساڵ لە دووری ئەوانە بژیم و هەڵكەم، بەڵام ڕۆژێك بێ كتێب و خوێندنەوە هەڵناكەم، چونكە من لە كتێبەكانەوە فێربووم و پەروەردە بووم. من لە باوەشی دایك و باوكێكی نەخوێندەوار، میللی و نەریتی و خێڵەكییانە لە دایكبووم، ئاسان نییە مرۆڤ لە باوەشی دایك و باوكێكی چاو نەكراوەو میللی لە دایكبوو بێت و بتوانێت، ئەو كولتوور و نۆرم و دیدگە میللییانەش جێبێڵێت كە ئەوان و كۆمەڵگە هەیانە. من لە سەرەتاوە، بۆ ئەوەی لەو دیدگایە دەرچم، دەبوو دەرەچەیەك بدۆزمەوە و بەر ژیانێكی دیكەی جیاواز بكەوم بۆ ئەوەی ئەو هەست و تێگەیشتنە لای خۆم دروست كەم، كە ئیدی مرۆڤم، بە تایبەتیش كە خێزانەكەم وەك هەر خێزانێكی دیكەی كوردی، كە منداڵەكانییان بێ هیچ دڵنەوایی و فێركردنێك فڕێ دەدەنە نێو عەزابی ژیان، منیش بەو شێوەیە كەوتمە نێو عەزابی ژیان. بۆیە دەبوو خۆم لە دنایەكی دیكەی جیاواز بدۆزمەوە، كە ئەویش دنیای جوانی كتێب بوو. ئەم ئاشنابوونە بە كتێب، بووە سەرەتای كاروان و گەشتێكی هەمیشەیی ژیانم كە بە ئێستاشەوە، نازانم لە كوێ و كەی كۆتایی دێت. لە ساڵانی نەوەدا، ئەو كاتەی مرۆڤ بەهای نانێكی نەبوو، لوولەی تفەنگەكان هەموو سووچێكی نیشتمانی تەنیبوو، خوێن لە شەقامەكان دەڕۆیشت، كە قوتابی پەیمانگابووم، بە دەیان و سەدان جار، نان نەبوو بیخۆم، گیرفانم خاڵی بوو، سەرماو بێ دەرەتان وبێ لانە بووم، بەڵام ژوور سەرەینەكەم تەژیبوو لە كتێب. ئەو كات بە لامانەوە ئاسایی بوو، بێ نان بین، بێ خەوتن و پۆشاك و بێ پەیوەندی سۆزداریی و خۆشەویستی بین، بەڵام بێ كتێب نا. بۆیە شەوان تا بەرەبەیان دەمانخوێندەوە و گەنگەشەی كتێبمان دەكرد. ڕۆژگارەكان زوو تێ دەپەڕن، مرۆڤەكان ئەزموونی نوێ تاقیدەكەنەوە، ڕۆژگار مرۆڤەكان بە ئاراستەیەكی دیكە و ژیانێكی دیكە دەبات، بەڵام من هەرگیز نەمتوانی دەستبەرداری كتێب و خوێندنەوە ببم، تا سەرەنجام بوومە مرۆڤێكی تەنیا، لە نێو نیشتمانی تەنیای كتێبەكاندا. ڕۆژگارەكان هاتن و چوون، ساڵاكان دێن و دەچن، بەڵام پەیوەندی من و كتێب، ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵ دەبێتەوە و بە نێو یەكتری دا دەچێت، تا ئەو ئاستەی هیچ ڕۆژێك لە ژیانی من تێناپەڕێت ئەگەر كتێبێكی تێدا نەخوێنمەوە. ئەم هۆگربوونەم بە كتێب، من كردیتە مرۆڤێكی دیكە، مرۆڤێك دابڕاو، گۆشەگیر، تەنها و دوور لە خەڵك، دوور لە هەموو بۆنەیەك كە.بە ڕاستی ئەوەندەی كتێبەكان دڵخۆش و ئاسوودەم ناكەن، هاوكات نیگەرانیشم ناكەن وەك مرۆڤەكان، كە بە داخەوە ئێستا زۆرینەی هەرە زۆریان تەنها ناویان مرۆڤە و دوورن لە هەموو بەهایەكی مرۆیانە. خۆشترین بۆنە و ساتەكانی ژیانی من ئەو كاتانەیە كە كێبێك دەخوێنمەوە، كتێب بۆ من نیشتمان و ژیان و هەموو بوونمە، كتێب بۆ منی تەنیا و دڵشكاو لە ژیان نیشتمانێكە بێ سنوور، نیشتمانێكە وەرزەكانی تەنها كتێبن، ڕۆژ و مانگ و ساڵەكانی تەنها كتێبن، ئەوەندەی دڵم بە كتێبەكان دەكرێتەوە، پەروەردەیان كردم و فێریان كردم ئەوەندە، بە هاوڕێ و خێزان و كەسە نزیكەكانم نابێتەوە، ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێت كە من دەتوانم بە ساڵ و ساڵان، كەسێك نەبینم، بەڵام ناتوانم ڕۆژانە چاوێك بە كتێبێك نەخشێنم و نەیخوێنمەوە، چونكە هەستدەكەم خۆم بوومەتە كتێب. ئەو هۆگربوونە، جۆرێك ئاڵوودەبوونی بە كتێب لا دروست كردووم، كە تەنها لەگەڵ كتێب بم، زۆرجار ئەمە جێگەی ڕەخنە، نیگەرانی و سەمەرەیە لای هاوڕێكانم، كە من چۆن بەو شێوەیەم بەڵام ئیدی من وام، چێژ لەو ژیانەی خۆم وەردەگرم و تیایدا ئاسوودەم. چەند ساڵێكە كردوومە بە نەریت، كە ناوی ئەو كتێبانە بنووسم كە لە ماوەی ئەو ساڵەدا خوێندوومنەتەوە، ئەمساڵیش سوپاس بۆ خودای گەورە دەرفەتی ئەوەی پێدام كە ئەوكتێبانە بخوێنمەوە:

1_ چەند دوور بیت ئەوەندە نزیكی / حیكمەت/ و _ هێرۆ سالار، 152 ل.
2_پرسیارەكانی خۆشەویستی / كۆمەڵایەتی / فوزیە دریع / و عەبدوڵا زەنگەنە، 436 ل. 3ئستاتیكاو جیاوازی / دیمانە/ عەبدولرەحمان مەعروف/ 234 ل.
4_شێوازەكانی گێڕانەوە لە ڕۆمانی داگیركردنی تاریكیدا/ لێكۆڵینەوە/ دیمەن عەبدوڵا ساڵح /320 ل.
4_ سیاسەتی یەكسانی لە نێوان ژن و پیاودا / كۆمەڵایەتی / وەزارەتی ناوخۆ/23 ل.
5_- دەربارەی ماركسیزم لە زانستی زماندا / زمانەوانی / ستالین / و _ جەلال دەباغ / 56 ل.
6_ڕیشاڵی تیۆری ڕۆمانی كوردی/ لێكۆڵینەوە/ سەلاح جەلال/ 126 ل.
7_ حیكایەتی ڕەشپۆشەكان/ چیڕۆك/ دانا فایەق/ 100ل.
8_لە كلاسیكەوە بۆ مۆدێرن/ شانۆ/ دانا ڕەئووف/ 405 ل.
9_دیوەكەی تری دڵدار/ لێكۆڵینەوە/ بوخاری وشیار/ 105 ل.
10_ زەوی پلاستیك وەك دەرخەری كێشەكان/ لێكۆڵینەوە/ پێشەوا كاكەیی/ 100 ل.
11_ چشتێك لە چەشنی شیعر/ لێكۆڵینەوە/ عەبدولخالق یەعقوبی/ 250 ل.
12_ئەدەب و مەینەتی/ لێكۆڵینەوە/ نەجات نوری/ 330 ل.
13_كۆمۆنیستەكان لە شۆڕش دەترسن/ دیمانە/ سارتەر/ و شوان ئەحمەد/ 131 ل. 14دەربارەی شیعری گۆران/ لێكۆڵینەوە/ ئەنوەر قادر/ 250 ل.
15_باولەكەی باوكم/ وتار/ ئۆرهان پامۆك/ و _ سامان كەریم/ 220 ل.
16_گوڵی خۆشەویستی هەڵوەریو/ ڕۆمان/ جەلال دەباغ/ 70 ل.
17_ئەشكەوتی بەكرێگیراوان/ ڕۆمان/ دلێر كەریم/ 124 ل.
18_شیعرو بێدەنگی/ لێكۆڵینەوە/ ئارام سدیق/ 257 ل.
19_خود و خودبینی/ ڕامانی ڕوحی/ فاروق هۆمەر/ 340 ل.
20_ دارستانی شیعر/ بیۆگرافی/سیروان رەحیم/ 240 ل.
21_ بیست و یەك تیشكی كوردستان/ چیڕۆكی منداڵان/ پەیام ئیبراهیم/ 124ل.
22_ گەشتی ژیانم/ بیرەوەری/ عەتییە حەمە سەعید/ 369 ل.
23_لە بارەی خۆشەویستییەوە بۆم بدوێ/ ڕۆمان/ ئێزگین كلێچ/ و ئەسرا وەهاب 170 ل. 24كچانی مەلەك تاوس/ ڕۆمان/ حەمەفەریق حەسەن/125 ل.
25_ با شاعیرێك بكڕین/ ڕۆمان/ ئەفۆنشۆكرووش/ وعیماد حەسەن/ 124 ل. 26 بوون لەگەڕانەوەی زەردەشدا/ لێكۆڵینەوە/ محمەد نەبی/ 125ل.
27_كۆدەكانی نیگای ژنێك/ ڕۆمان/ سامان حەمە سەعید/ 222 ل.
28_هەندێك كەس هەرگیز تێناگەن/ ساتیر/ تۆخۆلسكی /و سەروەرعمر/ 104 ل. 29 بە پێچەوانەی ڕەوتی باوە/ شانۆنامە/ فرمێسك مستەف/ 72 ل.
30_مرۆڤێكی تەنیا لەنێو كەوشەنی كتێبدا/ دیمانە/ جوتیار قارەمان / 111 ل.
31_ كلیدان/ فەرهەنگ/ عەبدولا َتاهیر بەرزنجی/ 578 ل.
32_سەرگوزشتەی پیاوێك/ ڕۆمان/ پاتریك سۆزكیند/ و- عەبدولغەنی كاكۆ/ 87 ل.
33_ هێمن و هەژار دۆست و دژوار/ لێكۆڵینەوە/ خالید دلێر/ 170 ل.
34_ئاستەكانی خوێنەوەی شانۆنامە/ لێكۆڵینەوەی شانۆیی / ڕێباز محمد جەزا/ 279ل.
35_ پاریسی من/ بیرەوەری/ فەرهاد پیرباڵ/ 176 ل.
26_تابلۆكانی ماریا/ شانۆنامە/ لیدیا شۆیەرمان/76/و فرمێسك مستەفا/ 73ل. 27 هێما لە دەقە واڵاكانی شێركۆ بێكەس/ لێكۆڵینەوە/ هەژار فەقێ/ 257 ل.
38_ فەرهەنگی زمانی شیعر/ لێكۆڵینەوە/ زانا خەلیل/ 328 ل.
39_ بۆنی خاك لە پرسی نەتەوەییدا / لێكۆلینەوە / فواد سەراج/ 192 ل.
40_وێناو ئایدیا/ لێكۆڵینەوە/ موحسین ئەحمەد عمر/ 563 ل.
41_ كورد و دیاسپۆرا/ سیاسی/ دانەر ئەبوبەكر/ 168 ل.
42_ دەق بیانووە بۆ گێڕانەوە/ ئەدەبی/ حەمەكەریم عارف/ 230 ل.
43_ فڕینی دوور/ ئەدەبی/ ناسری حیسامی / 127 ل.
44_ ڕێبازەكانی ڕەخنەی ئەدەبی/ ئەدەبی/ كۆمەڵێك نووسەر/ و _ عەتا قەرەداغی/ 157 ل.
45_ شیعری نوێی كوردی/ لێكۆڵینەوە/ فەرهاد پیرباڵ/ 136 ل.
46_ برسێتی و ئاوریشم/ گوتار/ هێرتا مۆلەر/ و _ سەروەرعمر/ 350 ل.
47_ پرتەفاڵی شین/ گوتار/ موحسین ئەحمەد عمر/ 165 ل.
48_ دراوسێ/ هزری/ هاوار محمەد / 275 ل.
49_ پارادۆكسەكانی خوێندن/ پەروەردەیی/ شەرمین ڕەشید/ 375 ل.
50_ ئەدەبناسی/ ئەدەبی/ د –كمال میراودەلی/ 612 ل.
51_ئەدەب و مێژوو/ ئەدەبی/ حەمەی حەمە باقی/ 570 ل.
52_ ڕەئیس ڕەمەزانەكان/ نۆڤلێت/ فەرهاد پیرباڵ/ 47 ل.
53_خیانەتی حەڵال/ ئەدەبی/ حەمە كەریم عارف/ 420 ل.
54_نامەكانی ڤان كۆخ/ نامە/ ڤانكۆخ/ و _ حەمە هاشم/ 152 ل.
55_ ڕوانگە یاران و نەیارانی/ ئەدەبی/ حوسێن عارف/ 444 ل.
56_ملوانكەی ئەفسووناوی/ ڕۆمانی منداڵان/ ئەمین محمد/ 92 ل.
57_كەسێتی مێژووی لە ڕۆمانەكانی ژان دۆستدا/ لێكۆڵێنەوە/ گزنگ حسن/ 285 ل.
58_ من و شێر پەنجەی باوكم/ پزیشكی/ دشوان عوسمان/ 154 ل. 59وێنەی مەعشوق لە شیعرەكانی خاڵە ڕەشدا/ چیابان فارس/ 122 ل.
60_ سێ وتار دەربارەی ئەدەبیاتی كوردی/ ئەدەبی/ و _ حوسێن محمد زادە/ 187 ل.
61_ ئەو وڵاتەی كەنییە/ شیعر/ ئێدیت سوێدەرگران/ و _ كەریم تاقانە/ 75 ل.
62_ ئاهەنگی دەمامكەكان/ وتار/ مەلوول/ 82 ل.
63_ئافرەت لە شانۆی كوردیدا/ شانۆ/ مەغدید حاجی/ 280 ل.
64_منداڵانی هێڵی ئاسن/ ڕۆمان/ ئەی نزست/ و هەڵمەت عوسمان/ 70 ل. 65شتێكت پێ دەڵێم بەختەوەرت بكا/ وتار/ سارا عەبدولرەحمان/ و _ ئاشنا محمد 222 ل.
66_ دادگاییكردنی ئەدەب/ ئەدەبی/ نەوزاد ئەسوەد/ 150 ل.
67_ لە ستاییشی ژیاندا/ ئەزموون/ ڕەفیق سابیر/ 510 ل.
68_ ئایكۆنی بەرەنگاری/ توێژینەوە/ نەوزاد عەلی ئەحمەد/ 310 ل.
69_هونەرەكانی ئەدەب/ توێژینەوە/ نەوزاد عەلی ئەحمەد/ 255 ل.
70 كلووە بەفرەكان پەنجەكانم نا تەزێنن/ بیرەوەری/ گەزیزە/ 225 ل. 71بەهاكانی ژیان/ پەرە پێدانی مرۆیی / فازل جاف/ 193 ل.
72_ نامۆیی لە شیعری حاجی قادردا/ توێژینەوە/ د_ شوكریە ڕەسول/ 55 ل.
73 _ ڕۆشنبیرە فریو دەرەكان/ وتار/ نەجات نوری/ 288 ل.
74_ درەوشانەوەی مێژوو/ وتار/ عیماد ئەحمەد/ 315 ل.
75-مەرگێكی هەڵواسراو/ چیڕۆك/ یوسف ئیسماعیل /121 ل.
76_لێكترازان/ شانۆنامە/ دانا ڕەئوف/ 164 ل.
77_ڕەوتی گەشەكردنی چیڕۆكی كوردی / لێكۆڵینەوە / عەزیز محمد پوور / 172 ل.
78_ پوورخورشید / ڕۆمان / شێخ سدیق / 208 ل.
79_شەڕەف / ڕۆمان / ئەلیف شەفەق/ و _ شەفیقی حاجی خدر / 460 ڵ.
80_ یادنامەكانی نیوە شەو / وتار / مستەفا محمود / و باسیمە ستار / 127 ل. 81زیاتر لە ژیانێك / شانۆنامە / ئەژین فەهمی / 126 ل.
82_ژن / ڕۆمان / ڕێواس بانیخێڵانی / 240 ل،
83_ئابڕوو / ڕۆمان / جاز ڤیندەر / و _ شیلان دەرگەڵەیی / 220 ل.
84_ ڕۆچوون بە نێو ئەندێشەدا / ڕامانی ڕوحی / فاروق هۆمەر / 303 ل.
85 _ چاوەكانی تابان / چیڕۆكی ڕۆژنامەنووسی / یاسین قادر بەرزنجی / 82 ل.
86_كۆچ و تاراوگە / كۆمەڵناسی/ حەمە نوری عومەر كاكی / 194 ل.
87_پرۆسە سایكۆلۆژییەكان لە زمانی كوردیدا/ زمانەوانی / ئاڤێستا كەمال / 400 ل.
88_پیاوانی بەر خۆر/ ڕۆمان/ غەسان كەنەفانی/ عەبدولكەریم شاكر/ 101 ل.
هیرۆمۆنتیكای دەقە ویژدانییەكان/ توێژینەوە / دزاهیر لەتیف/ 222 ل. 89ژیانێكی ڕامبۆیانە/ شیعر / ئازاد ئەسوەد/ 72 ل.
90_شۆڕشەكەم دژی شێر پەنجە/ یادەوەری / ستیڤان شەمزینی/ 265 ل.
91_ عشق و دەركەوتەكانی / توێژینەوە / محمد تاتانی /200 ل.
92_نەفرەتی نەوبەهاران/ ڕۆمان / بە ختیار عەلی/ 262 ل.
93_دیاردەناسی شارو شوێن/ ئەنترۆپۆلۆژی/ ڕێبوار سیوەیلی / 400 ل.
94_ڕۆمان و خوێنەرە جیاوازەكانی / دیمانە/ شاخەوان سدیق/ 122 ل.
95_زەماوەندی سیمرخ/ بیرەوەری / عالییە میرزا/ و _ ئاوات محمدامین / 160 ل.
96_چیڕۆكەكانی ئەدیبێك/ دیمانە/ شاخەوان سدیق/ 153 ل.
97_خەونەكانی مەتڕان/ ڕۆمان / زرار سەرتاش / 138 ل.
98_ بازنەكانی شەقامی سوور/ ڕۆمان/ كارزان حیدر/ 256 ل.
99_برینا ڕەش/ شانۆنامە/ موسا عەنتەر / و محمد عزەدین/ 143 ل. 100زەردەخەنەی ئەبەدی/ ڕۆمان/پێر لاگەر ڤڤیست/ و كەریم تاقانە/ 105 ل. 101داهێنان و پەنجەرەیەك بۆ ڕوانین / لێكۆڵینەوە/ نالە حەسەن/ 240 ل،
102_ نامەیلێ بۆ شاعیرێكی گەنج/ ئەدەبی/ ڕینە ماریا/ و دیلان قادر/ 92 ل. 103 هایكۆ لە ژاپۆنەوە بۆ كوردستان / لێكۆلینەوە/ ملكۆ محمد/ 221 ل.
104_ پەیڤ و پەیام ئەدەبی / ڕەفیق سابیر / 536 ل.
105_ئەریكۆلۆژیای ڕۆمانی كوردی / توێژینەوە/ حەمە مەنتك / 908 ل.
106_چارەنووس/ ڕۆمان/ سەلام عومەر/ 178 ل.
107_پوختەی خاڵبەندی / زمانەوانی / دیاكۆ هاشمی / 90 ل.
108_ مارو پەیژە / نۆفلێت/ بەرهەم ئەنوەر/ 109 ل،
109_حەمە كەریم عارف پیاوێك / دیمانە / غازی حەسەن/ 348 ل.
110_پێنچ شارو دوو یادگە/ دیمانە/ ئیسكەندەر حەبەش/ و دلاوەر قەرەداغی/354 ل. 111 بازرگانیكردن بە ژنان / كۆمەڵایەتی/ و _ شاكر شاكر نادر / 182 ل.
112_كەلێنی نێوان نەوەكان / كۆمەڵناسی / شەمال لەتیف / 334 ل.
113_شەترەنج/ نۆڤلێت/ شتیفان تسڤایگ/ ڕەشید / 104 ل.
114_لە دنیای گوڵاندا / ئەدەبی / ڕەفیق سابیر / 130 ل.
115_وەك قەقنەس دەسووتێم / شانۆ، گەزیزە / 220 ل.
116_حەنۆكە/ مێژوویی / ئیسماعیل تەنیا / 500 ل.

بێگومان، بەشێكی زۆر لەو كتێبانە، خوێنەوە و ڕانانم بۆ كردوون، بە خوێنەرانم ناساندوون، هەندێكیشیان لە بارەیانەوە نووسیومە، بەڵام وتارەكانم بڵاو نەكردۆتەوە. تا دێت زیاتر دەچمە نێو كتێبەكان و كتێبەكان دێنە نێو ناخم، ئارەزوو دەكەم دووركەومەوە لە مرۆڤەكان، هەر لەگەڵ كتێبدا بم ڕەنگە كەسانێك ئەمە بەگۆشەگیریی، دابڕان، نائومێدیوون و ئاڵوودەبوون و شكست لە ژیان لێكبدەنەوە، ئەوان هەر چۆنی دەبینن، ئازادن، چونكە ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە چی لە ناخمدایە دەریبببڕم و ڕاشكاو و ڕاستگۆ بم، لەگەڵ خۆم، دواتر لەگەڵ هەمووان.

ڕواندز_ 30/12/2024




دەورەیەکی تازەی هێرشەکانی تورکیاو میلیشیاکانی دەوری بۆسەر ناوچە کوردیەکانی سوریا.. نوری بەشیر

هێرشەکانی ئێستای حکومەتی تورکیاو میلیشیا کۆنەپەرستەکانی دەوری بۆسەر ناوچە کوردیەکان لەسوریا، درێژەی هێرشەکانی پێشوویەتی، بەڵام بەتایبەتمەندی ئەم دەورەیە کە تورکیا دەورەی پێشوو وەک ئێستا نەیدەتوانی ئەنجامی بدات، بەڵام ئێستا خۆی بەبراوەو سودمەندی سەرەکی لەم ئاڵوگۆڕەی سوریا دەزانێت هەلومەرجەکە بۆی ئاوەڵاترە.
هەلومەرجی نوێی سوریا زۆر ئاڵۆزو پر پێچ و پەنایە، بەپێی ئەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی حکومەتە بۆرژوازیەکان و میدیا گوێ لەمستیان رۆژانە بڵاوی دەکەنەوە، بەپێی ئەو سەرەیەی کە گیراوە بۆ دیمەشق و دانیشتن و قسەوباس و وێنەگرتن و هەواڵ بڵاوکردنەوە لەگەڵ ئەبو محەمەد جۆلانی و بەرزکردنەوەی خۆی و گروپەکەی هەیئەی تەحریری شام و کردنی بەڕابەری حکومەتی نوێی سوریای دوای بەشار ئەسەدو دانانی دەسەڵات و وەزیرەکان هەمووی لەلایەن هەتەشەوە.
هەر بەپێی ئەو هێرش و دەخالەتەی حکومەتی تورکیا وەک ئەوەی خۆی بەخاوەنی سوریا دەزانێت بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی سوریای دڵخوازی خۆیان و هەڕەشەو هێرش بۆسەر ناوچە کوردیەکان و هەسەدە و ئامادەن کۆمەكوژی ئانجامبدەن، هەروەک لە هەڕەشەکانی ئێستای ئۆردگاندا دەڵێ: یان دەبێت چەکەکانیان دابنێن، ئەگەرنا بەچەکەکانیانەوە لەناو خاکی سووریادا دەیانێژین.
یان وەک ئەوەی کە حکومەتی ئیسرائیل لە باشوری سوریا ئەنجامی دەدات دەیان کیلۆمەتر هاتۆتە ناو سوریاوە، هەروەک ئەوەی کە قەتەر ئەنجامی دەدات بۆ جێخستنی جۆلانی و وەک ئەوەی کە ئەمریکا هێزەکانی زیاد دەکات و وڵاتانی عەرەبی هەوڵی زوو داسەپاندنی جۆلانی بەسەر سوریادا دەدەن و یان هەڕەشەکانی ئەم چەند رۆژەی ئێران، ئەوا هەموو ئەوانە جیا لە سیناریۆیەکی تاریک و کۆنەپەرست و تەسلیم بوون کە دەیخەنە بەردەم کۆمەڵگەی سوریا بەگشتی و هەموو حزب و لایەنە مەدەنی و ئینسانیەکان، بۆئەوەی بەو هەلومەرجەی هەیە و ئەو بەرنامەیەی کە هەیانە بۆ سوریا خۆیان بەدەستەوە بدەن و لەدەوری ئەو بەدیلە کۆببنەوە کە ئەوان دەیانەوێت، شتێکی تر نیە.
بەڵام ئەمە هەموو هاوکێشەو سیناریۆکە نیە، لەو کۆمەڵگایەدا تەنیا ئەوە نیە کە هێزە سەرمایەداریە جیهانی و ناوچەییەکان و بەتایبەت تورکیا تەپڵی بۆ دەکوتن، بەڵکو لەسەراسەری سوریاوە دەنگی ناڕەزایەتی دەبیسترێت؛ لە رۆژئاواوە لە لازقیەو دەوربەری، لە خوارەوە لە ناوچەی سوەیدا و دەرعاو لە رۆژەهەڵاتەوە ناوچە کوردیەکان و لەناو شارەکانی حەڵەب و حەماو دیمەشقیشدا، جیا لەوەی خەڵکی مەدەنی و ئینساندۆست، حزب و لایەنی کە دەنگی ناڕەزایەتی هەڵدەبڕن و پەیامێکی دیکە ڕادەگەیەنین کە جیاوازە لە سیناریۆکانی بۆرژوازی جیهانی و ناوچەکە.
لە کاتێکدا ئەم هێزانەش تەنیا نین و پشتگیری ریزی ملیۆنان لە خەڵک و هێزی ئازادیخوازو کرێکاری و مرۆڤدۆستی ناوچەکەو جیهانیان لەگەڵدایە، ئەو هێزەی کە لەپاڵ خەڵکی فەلەستیندا وەستان، ئاواش لەپاڵ ئەماندا دەوستن.
ئەوە تەنیا تورکیا نیە کە دەیەوێت ئایندەی سوریا بەوشێوەیە بڕوات کە بەرژەوەندیەکانی خۆی دەخوازێت، بەڵکو دەخالەتی ژمارەیەک وڵاتانی جیهانی و ناوچەیی و هەتا ئێرانیش کە لەئاوەڵایی ئێستای سوریادا، لەهەوڵی جێگا گرتندان و دەیانەوێت مۆری خۆیان بدەن لە شکڵی حکومەتی داهاتوو و بەرژەوەندیەکانیان لەسوریا بڕواتە پێشەوە. ئەوە تەنیا هەتەشەو میلیشیاکانی دەوری تورکیا نیە، بەڵکو بەپێی هەواڵەکانی العربیەو چەندان میدیای تر کە لە نێوان ٨٠ بۆ ١٠٠ هێزو گروپ و لایەنی جیا لەسوریادا بوونی هەیە، ئەمانە هەمووی تورکیاو جۆلانی چۆن کۆیاندەکەنەوەو چۆن بەو بەرنامە کۆنەپەرستانەیەی جۆلانی و فاشیەتی تورکیا رێکدەخرێن لەژێر ناوی سوریایەکی تازەدا.
ئەگەرچی تورکیا دەیەوێت سوریا بکاتە دەروازەیەک بۆ مەرامە سیاسی و ئابوریەکانی و لەوێوە بۆ ناوچەکەش، هەربۆیە بەو شێوەیە کاری بۆ دەکات؛ بەتایبەت ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی و هێرش بۆسەر ناوچە کوردیەکان گەورەکردنی ئەو شەڕەی کە دەستیپێکردووە؛ لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەرێگای میلیشیاکانیەوە زیادبکات و پاشەکشە بە قەسەدە بکات، واتە شوێن پێی خۆی بەرەسمی قایم بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت کاریگەری زیاتر لەسەر جۆلانی و حکومەتی ئایندە دابنێت، بۆ ئەمەش نەک هەر وەزیری دەرەوەی هاکان فیدانی ناردە دیمەشق و بەڵکو ئۆردوگان خۆیشی بەنیازە بڕواتە دیمەشق و لەگەڵ جۆلانی کۆبێتەوەو قونسوڵگەریش لە حەڵەب بکاتەوە.
ئەگەرچی سوریا لەنێوان کێشەی ناوخۆو ناوچەکەدا گیریخواردووە، بەتایبەت جێگاوڕێگای ئەمریکا کە دەستبەرداری سوریا نابێت، نەک هێزە سەربازیەکانی لە ٩٠٠ وە کردوە بە دوو هەزار سەرباز، بەڵکو چەک و تەقەمەنی بەکاروانی گەورەشدا ناردۆتە ناوچە کوردیەکان. هەربۆیە بەشێکی شانسی تورکیا دەبێت لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکادا بڕواتە پێشەوە.
هەوڵەکانی تورکیاو میلیشیاکانی بۆ هێرشی ناوچە کوردیەکان و داگیرکردنی و پاشەکشە بەهێزەکانی قەسەدەش، ئەمەش ناتوانێت بەتەواوی لەناو ئەو کێشە جۆراوجۆرانەی کە سوریادا هەیە وە تا ئەمریکا لەو ناوچانەدا بێت، تەنها ئەوە نەبێت لەگەڵ ئەمریکادا رێکەوتن بکات و ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبكات، بڕواتە پێشەوە.
جێگاوڕێگای ئێستای کورد لە سوریاو هەتا وڵاتەکانی تردا، وەک جاران نەماوەو هەربۆیە تورکیا ئەگەرچی براوەی ئاڵگۆڕی سوریایەو هێزەکانی کە خستیانە پێشەوە، بەڵام هەموو شتێک ناتوانێت بە بەرنامەی ئەو بڕواتە پێشەوە. ئەوەی کە دەیەوێت جۆلانی هاوڕا بێت لەگەڵ تورکیاو جێگاوڕێگایەک نەدرێت بە کوردەکان و هەسەدە لەدەورەی حکومەتی راگوزەرو کاتی و حکومەتی ئایندەدا، کە ئەمەش لەچوارچێوەی هەلومەرجی بەشداری هەموو هێزو لایەنەکانی تری سوریادا بەبێ بەشداری هێزە کوردیەکان لەکۆنگرەیەکی نیشتمانی کە قەرارە بگیرێت ناتوانێت بەخواستی تورکیا بەتەواوی بچێتە پێشەوە. جۆلانی وەک رێویەکی فێڵباز لەناو داعش و قاعیدەو لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەمریکا لەناوچەکەدا گەورە بووەو هاتۆتەپێشەوە ئەو راستیە باش دەزانێت و ئەوە دەرک دەکات.
ئەم هەنگاوەی تورکیاو میلیشیا کۆنەپەرستەکانی دەوری، بەشێکە لەو فاشیەتە قەومی و ئیسلامیەی کە لەتورکیادا بەدژی کوردەکانی پیادەی دەکات، بەتایبەت هەوڵەکانی ئێستای لەسوریادا تەنیا هەنگاو و لێدان نیە لە هەسەدە وەک چوارچێوەیەکی سیاسی و سەربازی بۆ بەرگری لەخەڵكی کورد، عەرەب و خەڵکانی ئەو ناوچانە، بەڵکو راستەوخۆ بۆ لێدان و خستەژێرپێی ماف و خواستەکانی خەڵكی کوردی سوریاو ناوچە کورد نشینەکانە و ئەمەش بەدژی ئیدعای ئەمریکاو غەرب و وڵاتانێکە کە گوایە هاوپشتی سوریایەک دەکەن کە هەموو پێکهاتەکان بەشداری تێدا بکەن و بەدژی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکانیشە.
هەربۆیە ئەگەر تورکیا بیەوێت سوریا بەو ئاکارەدا بڕوات کەخۆی دەیەوێت، لەژێرناوی لێدان لە تیرۆرو پەکەکەو هەسەدەو دژی کوردەکان، دەبێت هەموو دەسەڵاتی سوریاو سوریا بەئاکاری دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و خەلافەتی ئیسلامی سەرکوتگەری لەچەشنی خۆی بەرێت، کە ئەمەش بەپێی ئەو هەلومەرجەی سوریاو هەموو لایەنە ناوچەیی و جیهانیەکان دەیانەوێت سوریایەکی ئارام دروستبکەن بۆ مسۆگەری بەگەڕخستی سەرمایەو بازرگانیەکانیان و لەلایەکی تریشەوە سوریا وەک کۆمەڵگایەکی مەدەنی، ئەوا تورکیا بەئاسانی ناتوانێت ئەو بەرنامەیەی دایناوە بە ئارەزوی خۆی بچێتە پێشەوە.
کەواتە ئاڵوگۆڕەکان مەرج نیە تەنیا بەو ئاکارەدا بڕوات کە بەرنامە داڕێژەرانی وەک ئەمریکاو تورکیا و قەتەرو روسیا دەیانەوێت، بەڵكو دەکرێت کۆمەڵگا بە ئاراستەیەکی تردا ببرێت، راستە ئەوان ئەمڕۆ هێزی زاڵن و دەیانەوێت حکومەتی سوریا بەو شێوەیە دروست بێت کە خۆیان دەیانەوێت، کە بۆیان گرنگ نیە دەسەڵاتی جۆلانی و ئایندەی ئیسلامی میانەڕەوە یان توندڕەوە، بەڵکو ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە بەرژەوەندیەکانیان پارێزراو بێت، بەڵام خەڵك و ناوچەکش تەجروبەی دەسەڵاتی ئەم هەموو هێزانەو هێزە ئیسلامیەکانی لەبەردەمدایە لەچەشنی؛ داعش، قاعیدە، تاڵیبان، جمهوری ئیسلامی ئێران، حزبوڵا، حوسیەکان و حەماس و دەیان گروپی ئیسلامی تیرۆریست و تا دەگاتە دەسەڵاتی کۆنەپەرستی حکومەتی ئێستای تورکیا، رۆشنە کە خەڵكی سوریا کۆمەڵگایەکی ئازادو خۆشگوزەرانیان دەوێت و لەبەرژەوەندیاندایە، نەک دەسەڵاتێکی ئیسلامی و کۆنەپەرست و سەرکوت و لەژێر کاریگەری تورکیادا.




ئایا حکومەتی هەرێم پێکدێت؟.. عوسمانی حاجی مارف

ڕێگای پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، “کابینەی دەیەم”، درێژ و دڕکاوی و ئاڵۆزە، دوای ئەوەی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی کوردستان، کە لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەنجامدرا، ئەنجامێکی دا بەدەستەوە کە ڕێژەی یاسایی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت لەلایەن هەر لایەنێکەوە بە تەنیا، بووەتە حاڵەتێکی نەگونجاو، تا بتوانن بەبێ دواکەوتن حکومەت پێکبهێنن.
بارزانی کە ٣٩ کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستهێناوەو بەزۆرینە ئەژماری دەکات، ئیتر بەناوی ئەوەی زۆرینەیە، وامامەڵە دەکات کە مافی خۆیەتی پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەژێر دەستی خۆیدا بمێنێتەوە، هەروەها پۆستە لاوەکیەکان بەسەر لایەنە براوەکانی تردا دابەشبکات.
لەڕاستیدا واقعی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە سێ دەیەیە دەسەڵاتی بنەماڵەو میلیشیایە، ئاماژەیە بۆئەوەی حکومەتی هەرێم بەبێ ڕێکەوتنی هەردوو لایەنی سەرەکی کە بارزانی و تاڵەبانیە، ئەگەری پێێکهێنانی حکومەت ئەستەمە، بۆیە هەرێم بە واقعێکی تاڵ و دژوار پێناسە دەکرێت.
ناکۆکی و داواکاری هەردوولایەنی سەرەکی لەسەر هاوبەشی پۆست و پێکهێنانی حکومەت، سەقامگیری و کۆتاییەکی دیاریکراوی نیەو هەمیشە دەکەوێتە بەر چارەنوسێکی ناچاریەوە، کە هەمیشە لەدەرەوەی خواست و ویست و ئیرادەی خەڵکەوە ڕێکدەخرێت.
لەبەر ڕۆشنایی سەقفی بەرزی داخوازیەکانی تاڵەبانی پێدەچێت ئەمجارە ڕێکەوتنەکانی بارزانی و تاڵەبانی ئاسان نەبێت، چونکە لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، یەکێتی کە ٢٣ کورسی بەدەستهێناوە، سەقفی داواکاریەکانی پێشووی، کە بریتی بوو لە سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لە حکومەتی پێشوودا، بەرزکردۆتەوە بۆ ئەو ئاستەی داوای پۆستی سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەتی هەرێم بکات لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، یان پۆستە سیادیەکان بە خول لەگەڵ پارتی بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ هەر لایەکیان بێت، ئەمەش داوایەکی گران و سەختە لەسەر بارزانی.
زۆربەی ئەو لایەنانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کورسیان بەدەست هێناوە، جگە لە یەکێتی و پارتی، ڕایانگەیاندووە کە نایانەوێت بەشداری حکومەت بکەن. هاوسەنگی هێز لەم هەڵبژاردنانەدا گۆڕاوە، هیچ براوەیەکی ڕەها نیە کە بتوانێت حکومەت بەتەنیا پێکبهێنێت، هەروەها دۆخی پڕگێژاوی سیاسی ناوچەکەش حاڵەتێکی چاوەڕوانی داوە بە بارزانی و تاڵەبانی تا ئەوەی بتوانن بەڕۆشنی دیاری بکەن کە پێکهاتەی حکومەتەکەیان چۆن بێت.؟
دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لەوانەیە هەرێم بخاتە دۆخێکی سەختی یاسایی نوێوە، چونکە ئەگەری ئەوە هەیە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان پەنا بۆ دادگای فیدراڵی ببەن بۆ فشارکردن بەرەو پێکهێنانی حکومەت، یان هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئەم حاڵەتەش فشارێک دەبێت لەسەر بارزانی و تاڵەبانی.
هەرچەندە ئەم هەرێمە زیاتر لە دوو دەیەیە کە بە فەرمی لەلایەن عێراقەوە بەهرەمەند بووە لە پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان، بەڵام لەتەواوی ئەو ماوەیەدا واقعێکی تر دەبینین کە هەرێم بەسەر دوو بواری نفوزدا دابەشبووە، بارزانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکی کۆنتڕۆڵکردوە، تاڵەبانی کۆنتڕۆڵی سلێمانی و هەڵەبجەی کردوە، هەر حزبێکیان هێزی ئەمنی و سەربازی تایبەتی هەیە، داهاتی ناوخۆی پارێزگاکان و دەروازە سنووریەکان کۆنترۆڵ دەکەن و بڕیاردەرن تێیدا.
ئەم هەڵبژاردنە دیمەنێکی سیاسی ئاڵۆزی دەرخست، بەوپێیەی هیچ کام لە دوو لایەنی سەرەکی، بارزانی و تاڵەبانی نەیانتوانی زۆرینەی ڕەها بەدەست بهێنێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەرچەندە بارزانی ئەمجارەش بەجۆرێک لە لوتکەدا هاتە دەرەوە، بەڵام بەوەی زۆرینەی رەهای بەدەست نەهێنا، فرسەتی بە تاڵەبانی داوە بۆ هاوبەشی لە پێکهێنانی حکومەتدا کە بە ئاسانی خۆی نەدا بەدەستەوە و خواستێکی بەرزتر دەکاتە مەرجی دانیشتنەکانیان و بە مەرجەوە لە پێکهێنانی حکومەتدا لەگەڵ بارزانی دەمێنێتەوە. هەرچەندە لایەنی تر وەک نەوەی نوێ ١٥کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام لە ئێستادا کاریگەریان لەسەر پێکهێنانی حکومەت تەواو سنووردار دەردەکەوێت.
بارزانی لە دروستکردنی هاوپەیمانی فراواندا، بەتایبەت لەژێر ڕۆشنایی ڕەتکردنەوەی زۆربەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، بۆ بەشداریکردن لە هەر حکومەتێک کە بارزانی و تاڵەبانی سەرکردایەتی بکەن، ڕووبەڕووی ئاستەنگیەکی گەورە دەبێتەوە. هەر لەم ئاراستەیەوە تاڵەبانی هەوڵدەدات ئەو هەلومەرجە بقۆزێتەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە دانیشتنەکاندا بۆ بەدەستهێنانی پێگەی گرنگتر لە حکومەتی داهاتوودا.
بەغدا چاوی لەسەر پێشهاتە سیاسیەکانی هەرێمە و بەردەوام دەخالەت دەکات و کێشەکانیشان بە هەڵواسراوی هێشتۆتەوە، بەڵام لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، سودانی، هەوڵدەدات پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێم پتەوتر بکات و ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بارزانی و تاڵەبانی.
سودانی دەبینێت کە دۆخی ناوچەکە دوای کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد ئاڵوگۆڕی تازەی هێناوەتەئاراوە، ئاشکرایە ئەو ئاڵوگۆڕانەش کاریگەریان لەسەر دۆخی ناوچەکە فراوانتر کردۆتەوە، بۆیە سودانی لەم نێوەندگیریەدا مەیلی لەسەر ئارامکردنەوەی دۆخی عێراق و کوردستانە گەر بتوانێ ئەنجامی بدات!.
ئەوە ڕاستە کە سودانی هەوڵئەدات بۆئەوەی بەشداری بکات لە خێراکردنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەڵام لەنێوان هەرێم و ناوەنددا چەندین فایلی هەڵپەسێردراوی تر هەن، لەوانە بودجەو مووچە، دانانی یاسای نەوت و گاز، پێشمەرگە، سنورەکان و مادەی ١٤٠ی دەستوور، تا دەگات بە بەشداری لە “پرۆژەی گەشەپێدان”دا، هەروەها کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق دادەنێت، کە سودانی هەوڵئەدات وەک سەرۆکوەزیران بمێنێتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا سودانی تاچەند دەتوانێ ئەوانە یەکبخات و تیا سەرکەوتوبێت؟، بەتایبەتی کە ئێستا بۆخۆشی دەرگیرە بە کێشەکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕۆڵ و پێگەی ئێران لە عێراقدا، بۆیە ئەم نێوەندگیریەی سودانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ڕاوەستاو دەیهێڵێتەوە.
ڕۆڵی سودانی کاتێک ئەتوانێ کاریگەر بێت لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، کە دەوری هەبێت لە جێگیرکردنی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو پێکهاتەی حکومەتی عێراقدا، حکومەتی هەرێم بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لەگەڵ کێشەکانی بەغداد ژیاوە و ناچار بە پابەندبون بووە بە گەڕانەوە بۆ بەغدا، بۆیە پێویست دەکات سودانی بتوانێ هاوسەنگی ڕاگرێت لەبەرامبەر نەیارەکانی لەناو حکومەتی بەغداو بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و بارزانی و تاڵەبانی و چارەنوسی خۆیدا، هەروەها دیاریکردنی بودجە و فرۆشتنی نەوت و گەیشتنی داهاتی هەرێم بە حکومەتی عێراق، کە لەم بارەیەوە ئەنجامگیریەکی ڕۆشن نە بۆ عێراق نە بۆ هەرێم دیار نیە.!
لەژێر ڕۆشنایی ناکۆکیە گەورەکانی نێوان بارزانی و تاڵەبانی، یەکێتیەکان ئاماژە بەوە ئەدەن، کە پارتی هەوڵدەدات کۆنتڕۆڵکردنی حکومەت و بەتایبەت داهاتی هەرێم و نەوتی هەرێم، بە هەر شێوەیەک خۆی دەیەوێت پیادەی بکات، بۆئەوەی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو لایەکدا بسەپێنێت. ئەمەش بەدرێژایی ساڵانی پێشوو بینراوە کە هیچ هاوبەشیەکی ڕاستەقینە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا نەبوە، بەڵکو زیاتر شتەکان بەپێی باڵادەستی پارتی و بەرژەوەندیەکانی بەڕێوەچوە.
باڤڵ ئاماژەی بەوەکردووە، کە خوازیاری شەراکەتێکی واقعین، بۆ کارکردنی هاوبەش لە حکومەت و پەرلەماندا، شەراکەت بۆ باڤڵ بەمانای بەدەستهێنانی ئیمتیازێکی زیاتر و پاراستنی پێگەو نفوزی سیاسیانە، شەراکەتی واقعیش بۆ بارزانی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان و مانەوەی ئیمتیازەکانیەتی لە حکومەتدا. ئەوەی ئاشکرایە هەردوولایان ئەوە باش دەزانن و دان بەوەدا دەنێن کە بەبێ ڕێکەوتنی هەردوولایان حکومەت پێکنایەت، بۆیە لە دوائەنجامدا چاریان نیە و لەژێر فشاری پێکهێنانی حکومەتدا دەبن، تا قەیرانی سیاسی و ناڕەزایەتی خەڵک لولیان نەدات، بەڵام چۆن ڕێکدەکەون؟ پرسیارێکە جارێ بەجێماوە.
مەسعود بارزانی لەمیانەی وتارێکیدا وتی “پێویستە حکومەتی داهاتوی هەرێم بەپێی پرەنسیپی یەک هەرێم و یەک حکومەت و یەک پەرلەمان پێکبهێنرێت، بەئامادەبونی هێزێکی یەکگرتوی پێشمەرگە”. بەڵام ئەمە چۆن کاری لەسەر دەکرێت و چۆن پێکیدەهێنن؟، دیارە کە دوای سی ساڵ زیاتر لە ئەزمونی دەسەڵات و حکومەتەکانیان نیشانیان داوە هیچ زەمینەیەکیان ئامادە نەکردوە کە بتوانن یان بیانەوێت کارێکی لەو چەشنە ئەنجام بدەن.
هەرێم بەدەست دابەشکردنی نفوز و دەسەڵات لە نێوان بارزانی و تاڵەبانیدا دەناڵێنێت، کە هەندێکجار خەریک بووە بگاتە ئەو ئاستەی بەفەرمی بکەوێتە سەر هەڕەشەی جیاکردنەوەی پارێزگای سلێمانی لە حکومەتی هەرێم، یان بەردەوام ئەم جیاکردەنەوەیە وەک خواست و فشارێک دەدرێتەوە بەڕوی بارزانی و حکومەتی عێراقداو خولقێنەری قەیرانێکی بێچارەسەرە.
کێشە و قەیرانی سیاسی هەرێم لە دابەشکردنی ناوچەکانی نفوزی نێوان هەردوو حزبی سەرەکیدایە، بەناوی زۆنی زەردو زۆنی سەوز، بۆیە هیچ لایەنێک ناتوانن بەبێ لاکەی تر مانایەک بە پێکهینانی حکومەت بدەن، تەنانەت ئەگەر یەکێکیان بەتەنها حکومەت ڕاگەیەنێت، ئەوکات دەبێتە دابەشبونی فەرمی ئەو دوو زۆنە لە یەکتر و دۆخێکی نائارامتر ڕادەگەیەنن.
حکومەتی ئەمجارەش، چ لە پارتی بێت یان یەکێتی، بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت ناوچەکانی لایەنی بەرامبەر کۆنتڕۆڵ بکات، دوو هێزی میلیشای پاشکۆیە بە بەرژەوەندی وڵاتانی تر و پابەند بە غداوە، لەم دۆخەی ئێستای بارگرژی ناوچەکەدا، گەر حکومەتیش پێکبهێنن، لە دابەشنەکردنی مووچە و نەبونی خزمەتگوزاریەکان و نائەمنی و ناسەقامگیری زیاتری لێ سەوز نابێت. بۆیە کۆتایی دەسەڵاتیان ئاسودە بەخشە بۆ دانیشتوانی هەرێم.




با هەمووان لە حزوری روفاتی ئەنفالکراوانمان بین

هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و هێنانەوەی روفاتی ئازیزانمان بۆ كوردستان مایەی دەستخۆشییە، كە لە رابردوودا رەخنەمان هەبووە لە بوونی کەمتەرخەمی و بێباکی لایەنی پەیوەندیدار لە بەرانبەر نەهێنانەوەیان.

لەئێستادا کە دووەمین گۆڕی بە کۆمەڵی ئازیزانی ئەنفالکراوانمان لە ناوچەی تەلشێخە لە بیابانەکانی سەماوە هەڵدەدرێتەوە و پرۆسەکەش هێشتا بەردەوامە وبەپێی ڕاگەیاندراوی فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، رووفاتی زیاتر لە (150) ئەنفالکراوی تێیدایە، کە سەرجەمیان ژن و منداڵن.

لەم ساتەوەختەدا، جەخت لە جێبەجێكردنی تەواوی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لەسەر كەیسی ئەنفال دەکەین، کە بریتین لە دادگاییکردنی تاوانباران و پێشکەشکردنی داوای لێبوردنكردن لەلایەن دەوڵەتی عێراق لە قوربانیان و قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوەی کەسوکاری قوربانیان.

هاوکات نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین لە بەرانبەر:-

یەکەم: بێدەنگی لایەنە فەرمیەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، وەك (سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت ـ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ـ سەرۆکایەتی کۆمار ـ فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا)، شەرمەزار دەکەین، کە تا ئەم ساتە، بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێك لەمەڕ هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوانمان بە ڕەو نابینن و هاوکات مایەی نەنگیە کە ئەو لایەنە حکومیانە کار بە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەسەر کەیسی ئەنفال و تەواوی کەیستەکانی تر ناکەن، هەر لە قەربوکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و دادگاییکردنی تاوانباران و بە جیهان ناساندنی تاوانەکان.

دووەم: بەشداری پێنەکردنی کەسوکاری قوربانیان و نووسەران و رێکخراوەکان لە مەڕاسیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکە، کە یاسای پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان لە دۆسیەی ئەنفال، ئەو مافەی بۆ هەموو لایەك دابینکردووە.

سێیەم: بەشداری پێنەکردنی لایەنە نێودەوڵەتیەکانی وەک نێردەی یۆنامی و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانی دیکە، کە مەخابن ئەمە لە هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی ئازیزانمان لە جینۆسایدی بارزانیەکان لە مانگی شوباتی 2023ـشدا روویدا.

بۆیە ئێمە وەك رێکخراوەکان و نووسەران و چالاکوانانی بواری جینۆساید، کە ناومان لە خوارەوە هاتووە.. داواكارین:
1- پەلە بكرێت لە هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان و هێنانەوەی روفاتی ئازیزانمان بۆ باوشی نیشتمان.. لە رێگای فراوانتکردنی تیمی نیشتیمانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان.
2- پێویستە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان نوێنەری كەسوكاری قوربانیان و رێكخراوەكانی تایبەتمەند و نووسەرو چالاكوانان ئامادەبن.. کە یاسای پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان ئەم مافەی بۆ دابین کردوون.
3- پێویستە بێ جیاوازی هەموو كەناڵەكانی راگەیاندن بانگ بكرێن و زەمینەی کاری میدیایی باش بۆ تۆمارکردنی ئازارەکانی میلەتەکەمان بڕەخسنێرێت.
4- پێویستە كەناڵ میدیا جیهانیەکان و رێكخراوە بیانییەكان بانگهێشت بكرێن بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، بۆ ئەم مەبەستە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بكرێت.. ئەمەش وەك رێگایە بۆ بەجیهان ناساندنی کەیسەکانی جێنۆسایدی کورد.
5- لە كاتی هێنانەوەی رووفاتەکان بۆ كوردستان، مەراسیمی شایستە رێكبخرێت، کە لە ئاستی گەورەیی قوربانییەكان بێت.
6- نابێت پرۆسەی هەڵدانەوە و هێنانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان لەلایەن هیچ لایەنێكەوە بقۆزرێتەوە بۆ بەرژەوەندی و تەوزیفی سیاسی.
7- پێویستە پرۆسەی پشكنینی (DNA) خێراترو بەرفراوانتر بكرێت بۆ روفاتەكان و كەسوكاری قوربانیان، بە ئامانجی ناسینەوەی روفاتەکان.
8- دۆسیەی ئەنفال تەنها پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان نییە، بەڵکو کاری سەرەکی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفالە و لە پێشیانەوە دەستگیرکردن و دادگاییکردنی 258 داواكراوی كورد لە جاش و موستەشارەکان، داواکاری سەرەكی هەمووانە.
9- تیمەکانی وەرگرتنی خوێن لەکەسوکاری ئەنفالکراوان، بە مەبەستی پشکنینی (DNA) بەردەوام وفراوانتر بکرێت و سەرجەم ناوچەکانی کوردستان بگرێتەوە.
10- پێویستە پارێزگاری لە جل وبەرگ ۆ کەرستەکانی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکان بکرێت و بهێنرێتەوە بۆ کوردستان و لە شوێنێکی شایستە نمایش بکرێت، بۆ نەوەی داهاتوو و شاندە بیانیەکان.

نوسەران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید ــ رێککەوتی 2024/12/28.
1- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید – KWG
2- گۆڤاری تۆپزاوە ـ تایبەت بە پرسی ئەنفال و جینۆساید
3- ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدكراوان
4- تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
5ـ رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
6- رێكخراوی چیرۆكەكانی ئەنفال
7- تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – koncicc
8- رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
9-رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
10-رێكخراوی دادپەروەری و ئاشتی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ
11- رێكخراوی چاودێری كوردۆساید – چاك
12- ڕۆژنامەی نوگرەسەلمان
13- رێكخراوی جیهانێكی بێ چەكی كیمیاوی و بایۆلۆجی
14- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
15- رێکخراوی داکۆکی لە قوربانیانی گۆرە بەکۆمەڵەکان
16- رێکخراوی باران بۆ پرسی ئەنفال
17ــ عەلی مەحمود ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
18- عەدالەت عومەر ــ نووسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆساید
19- هێمن حەسیب ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
20- هاوڕێ پێشڕەو ــ پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری ئەنفالکراو
21- ئەحمەد مەجید ــ چالاکوانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراو
22- عادل مەلا ساڵح ــ باڵوێزی ناوەندی ئاشتی جیهانی
23- شاخەوان شۆڕش ــ نوسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید
24- جەبار ئەحمەد ــ توێژەر لەبواری جینۆساید
25- حمە زرنگ ــ چالاکوانی بواری جینۆساید
26- گەردە مامە حەمە ــ چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ
27- فواد عوسمان ــ نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید
28- پەرژین جعفر حاجی روستم ــ خوشکی شەهیدو ئەنفال
29-گەردە مامە حەمە، چالاکوان و خوشکی ئەنفالکراو
30- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان




سەرهەڵگرتن.. نوێترین بەرهەمی داستان بەرزان

سەرهەڵگرتن مردوویەک ئەم کتێبە دەنووسێت
نوێترین بەرهەمی داستان بەرزان

یادداشتەڕۆمانی (سەرهەڵگرتن مردوویەک ئەم کتێبە دەنووسێت) نوێترین کتێبی شاعیر و نووسەر (داستان بەرزان)ە کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێی (٢٠٢٥) بڵاوبێتەوە، کتێبەکە لەلایەن (زاری)یەوە دیزاین کراوە و (ناوەندی یاسەمین) چاپی دەکات…
سەبارەت بە کتێبە نوێیەکەی (داستان بەرزان) وتی: یادداشتەڕۆمانی (سەرهەڵگرتن مردوویەک ئەم کتێبە دەنووسێت) وەک بەشێکی تر لە زنجیرەی یادداشتەڕۆمانەکانی ( ١٩٨٧کتێبی برینی من – بەرلین کتێبی پەناهەندەیی من) کارم تێدا کردووە و دەبێتە کۆتا بەشی ئەو زنجیرەیە، هەرچەندە خوێنەر دەتوانێت سەربەخۆ هەر کام لە بەشەکان بخوێنێتەوە، بەڵام کاتێک هەرسێکیان دەخوێنیتەوە بۆی دەردەکەوێت پەیوەندییەکی بابەتی و هێڵێکی سەرەکی چیرۆک و تەکنیک و شێوەی گێڕانەوە هەر سێکیان پێکەوە گرێ دەدات، ئەوەی لەم بەشەدا بۆم گرنگ بووە تەواوکردنی سەرجەم ئەو چیرۆک و بەسەرهاتانەبووە کە مەبەستم بووە لە میانی ئەم زنجیرەیەدا کاریان لەسەر بکەم، هەڵبەت بە تەکنیک و شێوازێک کە بۆ ئەم شێوە کارکردنە بەشیاوم زانیوە…
شایەنی باسە لە ساڵانی پێشوودا هەر دوو بەشەکەی ئەم زنجیرە یادداشتەڕۆمانەی (داستان بەرزان) لە دوو کتێبی جیادا بڵاوبوونەتەوە و ئەم کتێبە دەبێتە سێیەم و کۆتا بەشی ئەو زنجیرەیە کە نووسەر لە ساڵی (٢٠١٨) دەستی بە نووسینی کردووە و لە ساڵی (٢٠٢٥)دا دوایین بەشی بڵاودەکاتەوە…

کتێبە چاپکراوەکانی دیکەی داستان بەرزان
لە نێوان ساڵانی (٢٠١٢ بۆ ٢٠٢٣)

١- تۆم هەبێت/ شیعر/ یانەى قەڵەم.
٢- بووم بە ژێر ڕۆژە خێراکانى مۆدێرنەوە/ شیعر/ یانەى قەڵەم.
٣- خودێکى پەرتبوو/ شیعر/ خانەى ڕۆنان.
٤- کتێبی شانۆ/ وتاری شانۆیی/ تیپی شانۆی ئەزموونگەری کەرکوک.
٥- ئەستێرەکان برینى مرۆڤن/ شیعر/ خانەى ڕۆنان.
٦- ١٩٨٧ کتێبی برینى من/ یادداشتەڕۆمان/ خانەى ڕۆنان.
٧- لە نەخۆشییەک دەترسم نامەوێت ناوى لەم کتێبەدا هەبێت/ شیعر/ناوەندى یاسەمین.
٨- دەروازەیەک بۆ دراماتۆرگی/ تیۆری شانۆیی/ گروپی شانۆی گۆدۆ.
٩- تێرمیناڵ/ چیرۆک/ ناوەندەى یاسەمین.
١٠- کۆڤید/19 تەوەر/ دەزگاى میدیایی ژیان.
١١- بەرلین کتێبی پەناهەندەیی من/ یادداشتەڕۆمان/ ناوەندەى یاسەمین.
١٢- فرۆشراو وەرناگیرێتەوە/ شیعر/ ناوەندەى یاسەمین.
١٣- باڵندەیەک هەبوو… دڵی نەبوو/ ڕۆمان/ ناوەندەى یاسەمین.
١٤- من ئۆرژیناڵم/ شیعر/ ناوەندی یاسەمین.
١٥- شاعیرەکان دڵستەمدیدەن/ شیعر/ دەزگای نووسیار.




هێڵ و گونجاندنی هێزی خود له‌ ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا.. بڵند باجه‌لان

سه‌ره‌تا:
هه‌میشه‌ گه‌یشتن به‌ فه‌زای ئه‌و وشانه‌ی له‌ ڕۆحه‌وه‌ ده‌رده‌چن، پێویستی به‌ مه‌عریفه‌ هه‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌باره‌ی (فه‌زای شیعری) بكه‌ین، ئه‌وا له‌پاڵ ئه‌و مه‌عریفه‌یه‌، پێویستیمان به‌ دروستكردنی دنیایه‌ك هه‌یه‌، بانگمان ده‌كا بۆ خۆشه‌ویستی و به‌رائه‌ت و ترازان له‌ كینه‌ و تارمایی.
ئه‌ركی ڕه‌خنه‌گر بریتی نییه‌ له‌ دابه‌شكردنی ده‌ق به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی ده‌قی (باش) و (خراپ)، به‌ڵكو گه‌یشتنه‌ به‌و فه‌زایه‌ی، ڕۆح تیایدا سه‌نته‌ره‌ و ئاگادار كردنه‌وی خوێنه‌ریشه‌ له‌و ته‌گه‌ره‌ ده‌ستكردانه‌ی، زۆرجار (جه‌هلی ئه‌ده‌بی)، كه‌ به‌رهه‌می (كینه‌ی ئایدۆلۆژی و فیكری و ده‌روونییه‌)، له‌ پشتیه‌وه‌یه‌تی.
بۆ گه‌یشتن به‌و ڕۆحه‌ شیعرییه‌، كار ده‌كه‌ین بۆ كه‌شفكردنی چه‌ند كۆدی شاراوه‌ی نێو دنیای مه‌ودا فراوانی شیعری (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)، چونكه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین توانیویه‌تی، خوێنه‌ر بخاته‌ نێو بازنه‌ی ئه‌و بیركردنه‌وانه‌ی، هه‌میشه‌ پێویستییان به‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ هه‌یه.‌
شیعر دنیایه‌كه‌ سه‌ربه‌خۆ. سه‌ربه‌خۆیی دنیای شیعر سنوورداره‌، شیعر سه‌ربه‌خۆییه‌كی سنووردار، سه‌ربه‌خۆیه‌. ئه‌وه‌ی سنووری سه‌ربه‌خۆیی شیعر دیاری ده‌كا, فیكره‌. ئه‌وه‌ فیكره‌ وا ده‌كا شیعر سه‌ربه‌خۆ بێت, وه‌لێ‌ فیكر خۆشی دیارخه‌ری سنووره‌، كه‌واته:‌ فیكر سه‌ربه‌خۆییه‌كی سنووردار ده‌به‌خشێ‌ به‌و دنیایه‌ی ناوی شیعره‌. سنووره‌كانی شیعر، كه‌ فیكر دیاری كردوون, پێویستین. له‌ودیو ئه‌و سنووره‌ سروشتییانه‌ی شیعردا ژانره‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی تر بوونیان هه‌یه‌. سنوورداركردنی سه‌ربه‌خۆیی شیعر دواجار به‌خشینی سه‌ربه‌خۆییه‌كی ته‌واوه‌ به‌ شیعر ئه‌و كاته‌ی قسه‌ دێته‌ سه‌ر (شیعری جوان).
‌ بۆ نووسینی شیعرێكی جوان, بوونی ئه‌و سنووره‌ جوانانه‌ پێویستین, چونكه‌ جوانییه‌كی فیكری ده‌به‌خشن به‌ شیعر، ئه‌گه‌ر ئه‌و سنوورانه‌ گوزارشتێكی ڕووت بن له‌ خودی فیكر, كه‌واته:‌ ده‌ركه‌وت شیعر پێویستی به‌ فیكره‌، فیكریش پێویستی به‌ شیعره‌, له‌ كاتێكدا فیكر و شیعر ده‌كه‌ونه‌ نێو یه‌ك بازنه‌ی خودییه‌وه‌, واته:‌ ئه‌گه‌ر شیعر بازنه‌یه‌كی هه‌بێت, یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و بازنه‌یه‌ فیكره‌, به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه،‌ ئه‌گه‌ر فیكر بازنه‌یه‌كی سروشتی هه‌بێت, ئه‌وا شیعر كه‌لێنێك له‌و بازنه‌یه‌دا پڕ ده‌كاته‌وه‌.
شیعرییه‌ت چڕ بوونه‌وه‌ى حاڵه‌تێکى واقیعى و زانستى نییه‌، قسه‌کردن له‌باره‌ى خۆ گرێدانه‌ به‌ گوریسى نه‌گه‌یشتنه‌وه‌. شیعرییه‌ت لای هه‌ندێ شاعیر، به‌ وێنه‌ و ڕایه‌ڵێكى فیکرى و مه‌عریفى، خۆى نه‌خستۆته‌ ڕوو، وه‌کو هاوكێشه‌یه‌كی ته‌مومژاوى له‌ چه‌ندین شوێن به‌یان نه‌بووه‌، شیعرییه‌تێکه‌ ده‌کرێ ببینرێ، به‌ڵام ناکرێ بکرێته‌ میکانیزمى به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى ڕه‌خنه‌.
لێدوان له‌ شیعرییه‌ت له‌ سیاقێكی ڕه‌خنه‌یی وشكدا، ڕشتنى خوێنى شیعره‌ (poem) و نووسینه‌وه‌ى نه‌هامه‌تییه‌کانه‌ به‌ خوێنى ئه‌ده‌ب، ئێمه‌ ته‌نیا قسه‌ له‌باره‌ی جۆرى شیعرییه‌ت ده‌که‌ین. (ڕۆلان بارت) له‌ کتێبى (ئه‌فسانه‌ناسیدا – fable logy) ڕه‌خنه‌ له‌ ڕه‌خنه‌گره‌کان ده‌گرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێیان وایه‌ ده‌قێک، که‌ ئه‌وان تێى نه‌گه‌ن؛ خوێنه‌ریش تێى ناگا. گرژى ڕه‌خنه‌گره‌ کۆنه‌کان گه‌یشته‌ ئاستێک، که‌ ده‌قه‌کانى (بارت) به‌ بێبه‌ها و بێسه‌لیقه‌ له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن، دواجار (بارت ) وه‌ڵامى به‌شێک له‌ ڕه‌خنه‌گره‌ کۆنه‌کانى دایه‌وه‌ له‌ کتێبى (ڕه‌خنه‌ و حه‌قیقه‌ت)دا.
پێناسه‌كان بۆ ڕه‌خنه‌ جیاوازن. (کریتیک) لاى (شێکسپیر) به‌ واتاى تێپه‌ڕاندنى سنووره‌ ئه‌خلاقییه‌کانه‌. ئه‌خلاق لێكدانه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تى هه‌یه‌ لاى (شێکسپیر) که‌ له‌ ده‌قه‌کانیدا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌. (هاملێت) و (ماکبێس) گوزارشت له‌ فۆڕمێک له‌ ئه‌خلاق ده‌که‌ن به‌ جیاوازییه‌کانى نێوانیانه‌وه‌. گرنگه‌ ڕه‌خنه‌گره‌کان گوێ به‌ بۆچوونى جیاواز بده‌ن و کار بۆ به‌ته‌خته‌بوون و به‌به‌فربوونى عه‌قڵ نه‌که‌ن.
لاى (کانت)ى فه‌یله‌سووفى مۆدێرنه‌، ڕه‌خنه،‌ واته:‌ فۆڕمێک له‌ دادوه‌رى، (هیگل)یش ڕه‌خنه‌ى به‌و واتایه‌ى (کانت) قه‌بووڵ کردووه‌ و له‌ (ئۆدیسه‌ى ڕۆح)دا به‌کارى هێناوه‌.
جوانترین ده‌ق ئه‌و ده‌قه‌یه‌، زۆرترین ڕه‌خنه هه‌ڵده‌گرێ و زۆرترین به‌یه‌کداکه‌وتن و جه‌نگى ناوخۆیى له‌ نێوان وشه‌کانیدا ڕووده‌دا. وه‌کو پێویستییه‌ک و ئه‌لته‌رناتیڤێک بۆ ستایشکردن، ڕه‌خنه‌م گرتووه‌.
دووپات کردنه‌وه‌ى ڕوانگه‌ نه‌ریتییه‌کانى دڕدۆنگى توندڕه‌وانه‌ و پابه‌ندبوون به‌و واقیعه‌ى له‌ وه‌هم و ئه‌ندێشه‌ ڕووته‌کانه‌وه‌ نزیکه‌، تاریکستانى فیکر به‌رهه‌میه‌تى. ڕه‌خنه‌گرتن له‌ پاڵ ئه‌وه‌ى كرده‌یه‌کى درێژکراوه‌ و درێژخایه‌نى مه‌عریفییه‌، دروشم و سیمبوله‌ و له‌ په‌ناگه‌ی ئه‌ده‌بیى و فیکریدا، خۆمان (منى نووسه‌ر ) و ده‌قه‌کانمان (ده‌قى نووسراو )ى پێ ده‌ناسینه‌وه‌.
که‌سانێک ئه‌و میتۆده‌یان به ‌دڵ نییه‌، ئه‌م وته‌یه‌ دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌: (شیعر هه‌موو که‌سێک پێى ده‌وێرێ)، ئه‌م وته‌یه‌ زاده‌ى نه‌بوونى ڕۆشنبیرییه‌کى فیکرى و شیعرییه‌ و دابڕانه‌ له‌ ڕۆشنبیریى ئێستاى ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک بنه‌ماى شیعرى (نه‌ک پێوه‌رى شیعرى) ڕێککه‌وتین، که‌ شیعره‌کانمانى له‌سه‌ر هه‌ڵبسه‌نگێنین، ئه‌وا چیتر شیعر بێده‌سه‌ڵات نییه‌، ته‌نیا شاعیره‌کان ده‌توانن بینووسن، شاعیریش ئه‌و که‌سه‌یه‌، که‌ شیعر ده‌نووسێ، شیعریش واته‌ شیعرییه‌ت و شتى تر.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ لێكۆڵه‌ر‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ت نییه‌ به‌و جۆره‌ی خۆی ده‌یبینێ، به‌ڵكو بینینی بابه‌ته‌كه‌یه‌ به‌و جۆره‌ی هه‌یه‌، ئه‌و كرداره‌ش كامڵ نابێت تا به‌ چاوی وشه‌ی نێو ده‌قه‌كانه‌وه‌ سه‌یری ده‌قه‌كان خۆیان نه‌كه‌ین.
ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ سه‌نته‌ر، وشه‌گه‌لی نێو تێكسته‌، دواجار یه‌كگرتنی وشه‌كان ڕسته‌گه‌لی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌: (هه‌ڵبه‌ت مامه‌ڵه‌ی لێكۆڵه‌ر‌ له‌گه‌ڵ وشه‌ و ڕسته‌، دوو مامه‌ڵه‌ی جیاوازه‌). ده‌ره‌نجامی یه‌كگرتنی ڕسته‌كان، هاتنه‌ كایه‌ی تێكسته‌ به‌ ژانره‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌. هه‌موو تێكستێك ڕووبه‌ڕووی چه‌ند ڕێگایه‌كی بێكۆتایی ده‌بێته‌وه‌، له‌ دیارترینی ئه‌و ڕێگایانه‌ش، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ وه‌كو ڕێگایه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناخ و دڵی ده‌ق: (لێره‌دا لێكۆڵینه‌وه‌مان به‌ رێگا چوواند، ئه‌گینا خودی لێكۆڵینه‌وه‌ش تێكسته‌).

پاژی یه‌كه‌م: خود چییه‌؟
قسەكردن لەباره‌ی چەند بابەتێك بەیەكەوە، پێویستی بە جۆرێك لە پۆلێنكردن هەیە، یانی ناكرێ‌ ئێمە قسە له‌باره‌ی بابەتی ئەخلاق بكەین، ئەگەر قسەمان نەكردبێ‌ لەباره‌ی خود، بەڵام بۆ قسەكردن لەباره‌ی خود، پێویستیمان بە گەڕانەوە نییە بۆ ئەخلاق، چونكە خود دەروازەی ئەخلاقە نەك بە پێچەوانەوە.
بۆیە من وەكو نووسەری ئەم بابەتە، ڕێگا بە خۆم دەدەم ڕاستەوخۆ و بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ ئەخلاق، قسە لەباره‌ی خودی مرۆڤ بكەم، بەڵام دواجار ئەمە ئەوە ناگەیەنێ، كە ئەو مرۆڤانەی باسیان دەكەین بكەونە دەرەوەی ئەخلاقەوە، بابەتەكە پەیوەستە بە پێویستی قسەكردن و ئەوەی، كە من دەبێت چی بڵێم و دەبێت چی نەڵێم.
بۆ قسەكردن لەباره‌ی خود، ڕووبەڕووی كۆمەڵێك دەرگای جیاواز دەبینەوە، هەندێ‌ لە دەرگاكان كراوەن و هەندێكی تریان داخراون و هەندێكی تریان شكاون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كەلتووری جیاواز و وێنا جیاوازەكانی خود و شێواز و میتۆدە جیاوازەكانی قسەكردن لەباره‌ی خود.
مەبەست لە خود، كەسی یەكەمی قسەكەرە، واتە: منی بینراو، كە دەمەوێ‌ حەقیقەتی كەسیی خۆم و حەقیقەتی شتەكانی دەوروبەرم بخەمە ڕوو، ئەو مەودایەی لە نێوان خود و دەوروبەر هەیە، بەستراوەتەوە بە زەمەنەوە، ئەوە زەمەنە مەودای نێوان خود و ئەویتر دیاری دەكا.
خودێك هەیە لەناو خودی ئێمەدا، ئەو خودە چون منداڵێكی ساوایە، وەلێ‌ زۆر جوان بیردەكاتەوە و توانای بیركردنەوەی بەرزە، ئەو باسەش گفتوگۆ هەڵدەگرێ،‌ كە ئایا ئەو منداڵە ساوایە خودە ڕاستەقینەكەیە یانی ئەو خودەی فەیلەسووفان بە خودی حەقیقی ناوزەدی دەكەن, یان خودی هەڵگری ئەو منداڵە ساوایە خودە حەقیقییەكەیە؟ بە لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئاسانتر: ئایا مرۆڤەكەی ناومان خودی حەقیقییە، یان خودی خۆمان؟
ئەوەی ناسنامه‌ی كەسێك دیاری دەكا، وای لێ دەكا بیناسینەوە، دواتر مامەڵەی لەگەڵدا بكەین و پەنجەی لە ئاستدا شل بكەین، چۆنیەتی بینین و تێبینیكردنی خودە جەوهەرییەكەیە، ئەمەش دوو وەسفی گشتی و تایبەتی لەخۆ دەگرێ‌، هەڵگری هەردوو وەسفەكەیە وەكو دوو وەسفی جیاواز، ئەگەر ڕوونكردنەوەیەك بدەین لەو ئاستەدا، ئەوا دەكرێ‌ بڵێین مەبەست لە وەسفی تایبەتی، خاسیەتەكانی كەسەكەیە، ناسنامه‌ی خودیش عەقڵ و ژیری خودە، واتە: عەقڵ و ژیری ناسنامه‌ی خود دیاری دەكەن و بەرپرسیارن لەو ناسنامه‌یه‌.
ئێمە هەریەكەمان هه‌ست بە خودی تاك دەكەین، هەست بەوە دەكەین ئەوەی لە بەرانبەرمانه‌ شتێكە، كە دەكرێ‌ لە وشەیەكدا چڕی بكەینەوە، ئەویش وشەی (تاك)ە، دەشكرێ‌ بڵێین خودێك، كە جێگای گومان نییە. دڵنیاین لەوەی لەسەر ئەرزی واقیعدا بوونی هەیە، توانای هاموشۆ و خواردن و خەوتن و خوێندنەوە و دواتریش داهێنانی هەیە، خودێكی بیركەرەوەیە، بەو مانایەی توانای بیركردنەوەی هەیە، ئاگایە بە بوونی خۆی و لە بوونی خۆی دڵنیابۆتەوە، هیچ چه‌ندوچوون و گومانێكی نییە لە بوونی خۆی (تیۆریییەكی دیكارت لە فەلسەفەی مۆدێرندا هەیە جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەكاتەوە).
كەواتە: ئەو كاتەی مرۆڤ شوێنی نەفسی دەكەوێت، نەفسی دەبێتە خودە ڕاستەقینەكە و ئیتر ئەو كەسە بەگوێرەی بڕیارەكانی نەفسی جووڵە دەكا، نەفسی داوای چی لێ بكا ئەوە دەكا، دەست لە هەڵە ناپارێزێ‌، خراپە دەكا و گوێش بەوە نادا، كە دەرەنجامی هەڵەكانی بەرەو كوێی دەبەن, تا ئەو كاتەی, بڕیار لەسەر خۆی دەدا بەوەی تەسلیمی نەفسی دەبێت و ئیتر بەگوێرەی بڕیارەكانی نەفسی دەجووڵێتەوە، دەبێتە كۆیلەی نەفسی.
ئەگەر بڕیار بێت خود كۆی هۆشیاری نەبێت وەك ئەوەی (جۆن لۆك) دەڵێ‌، ئەوا خود بەشێكە لە عەقڵ، خود ئەو بەشەی عەقڵە, هەڵگری ڕابردووە، لای (جۆن لۆك) ئەمە گوزارشتە لەوەی كە ئێمە هەمان كەسین لە پەنای گۆڕانە ڕادیكاڵییەكاندا. لای (كیركگارد)، خود یەكسانە بە سۆز و لای (نیتشە) خود (ئیرادە)یە. دەشكرێ‌ خود بیركردنەوەی عەقڵانی بێت.
لێرەدا پرسیار دەكەین: (ئایا ئێمە جگە لە ناسینی خۆمان، توانای ناسینی ئەوانی تریشمان هەیە؟) ئەگەر قسەكردن لەباره‌ی هەر یەكێك لە ئێمە قسەكردنێكی ڕووت بێت لەباره‌ی هۆشیارییمان و قسەكردن لەباره‌ی هۆشیاری قسەكردن بێت لەباره‌ی ئێمە، لەو ئاستەدا چۆنچۆنی دەتوانین بگەین بە خودەكانی دەرەوەی خودی خۆمان؟
(سارتەر) پێی وابوو خود بەردەوام لە داهاتوودا دانیشتووە، ئێمە دەمانەوێ‌ خۆمان بكەین بە شتێك. ئەو تیۆرییانەی لە فەلسەفەدا پێیان وایە خود بوونی هەیە، لای سارتەر بێكەڵكن، چونكە سارتەر پێی وایە خودی ڕەسەن شتێكە بنیاتدەنرێ‌، شتێك نییە بدۆزرێتەوە، سارتەر ئەو تیۆرییانە بە بەدئیمانی ناودەبا.

پاژی دووه‌م: خنكان له‌نێو دنیای جوانیدا:
خنكان هه‌ر به‌ ته‌نیا وێستگه‌ی گه‌یشتن نییه‌ به‌ مردن، به‌ڵكو زۆر جار گوزارشته‌ له‌ قووڵترین خاڵی بیركردنه‌وه‌، كه‌ له‌ڕێگایه‌وه‌ ده‌گه‌ین به‌ حه‌قیقه‌تی زیاتر، كه‌واته:‌ جۆرێك له‌ خنكان هه‌یه‌، له‌ ده‌ره‌نجامی گه‌ڕان به‌دوای حه‌قیقه‌ته‌وه‌ پێی ده‌گه‌ین.
(ئاوه‌دانی ڕه‌گم
ڕه‌گ ده‌مگه‌یه‌نێ به‌ لێهه‌ڵبووم
لێهه‌ڵبووم بۆم ده‌ڕوانێ
لێوی په‌ڕیوم به‌ گۆلمی خۆم وه‌ده‌نێم
پرچی په‌رتی مناڵیم هێشووی سێبووری گرتووه‌
دێم و كۆت و به‌ندی كات و ناكات ده‌كه‌مه‌وه‌)
دیوان: به‌رگی یه‌كه‌م، ل: 9.
له‌م كۆپله‌ شیعره‌دا، شاعیر مرۆڤ په‌یوه‌ست ده‌كا به‌ ڕه‌گه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌خشه‌ری هێزه‌ به‌و مرۆڤه‌ی، ویستی گه‌یشتنی هه‌یه‌ به‌ وزه‌ی درێژه‌دان به‌ ژیان. دیسانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ منداڵی، پشت به‌ست به‌ ئاوه‌دانیی ئه‌و ڕه‌گه‌ی شاعیر تێبینی ده‌كا، سێبووری بۆ ئێستای شاعیر ده‌هێنن، ده‌ره‌نجام منداڵیی شاعیر پڕ ده‌بێت له‌ ده‌نكه‌ ترێ و دڵۆپه‌ فرمێسك كه‌ تامی بزه‌ ده‌ده‌ن، سه‌ره‌نجامی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ش، كرانه‌وه‌ی ئه‌و كۆته‌ هه‌میشه‌ییانه‌یه‌، كه‌سێك له‌ زه‌مه‌نێكی شیندا ده‌یانخاته‌ گه‌رده‌نمانه‌وه‌.
زه‌مه‌ن كاتێ شین ده‌بێت، هه‌موو شتێكی نێو زه‌مه‌ن هه‌ر شینه‌، پرته‌قاڵه‌كان شینن و په‌نجه‌ره‌كانیش هه‌ر شین، ده‌رگاكان شینن و فرمێسكه‌كانیش هه‌ر شین، بۆیه‌ بۆ ڕزگار بوون له‌و (شینستانه‌)، پێویسته‌ به‌رده‌وام ئێستامان گه‌ڕانه‌وه‌ بێت بۆ منداڵی، چونكه‌ ئه‌و دنیا په‌مه‌ییه‌ی له‌نێو خه‌یاڵی زۆرێكمان بوونی هه‌یه‌، مه‌گه‌ر هه‌ر له‌ باخچه‌ سه‌وزه‌كانی ئه‌وێدا پێی بگه‌ین، ئه‌گینا بیابانی شینی (گه‌وره‌بوون)، هه‌رگیز نابێته‌ مه‌مله‌كه‌تی خه‌یاڵه‌ په‌مه‌ییه‌كان.
وه‌كو گوتمان، شاعیر تێبینی ئه‌و ڕه‌گه‌ پته‌وه‌ ده‌كا، كه‌ هێزی ئه‌وه‌، هێزی خۆشویستنی وشه‌ و نیشتمان و خودا، هێزی به‌رگه‌گرتن به‌رانبه‌ر ئازار و سه‌راب و ناڕه‌حه‌تی، كه‌ ئه‌مه‌ش دیدگای (نیتشه‌)یه‌، كاتێ پێی وابوو، ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا و دژی بۆچوونی (شۆپنهاوه‌ر) بوو، كه‌ وجودی ئازاری وه‌كو پێویستییه‌ك قه‌بووڵ نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و پێی وابوو، كه‌ به‌زه‌یی تۆ به‌رانبه‌ر به‌ من، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه،‌ ترسی ئه‌و ئازاره‌ی تووشی من بووه‌، له‌ خۆت دوور بخه‌یته‌وه‌.
پاژی سێیه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سروشت و ترسان له‌ سروشت:
ئه‌و ساته‌ی، مرۆڤ له‌نێو سروشتدا، سروشتێكی به‌د نمایش ده‌كا، ئه‌وا به‌رانبه‌ر تووشی ئازارگه‌لێك ده‌كا، وه‌كو ئازاره‌كانی نێو سروشت ده‌رده‌كه‌ون، كه‌چی له‌نێو وێنا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئه‌و نمایشه‌، ده‌زانین، كه‌ ئازاره‌كان هیچ نین جگه‌ له‌ ئازاری مرۆڤه‌ به‌ده‌كان كه‌ ده‌مانسووتێنن.
( سروشت هه‌موو شتێكت ترساندوومی
لرفه‌ی ئاگرت
بڵندایی چیات
گه‌فی ڕووبارت
ده‌شتایی ڕووتت
په‌نجه‌م له‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی دوانه‌هاتوو یان گیان پێنه‌ماو)
دیوان: به‌رگی یه‌كه‌م، ل: 5.
ترسان له‌ سروشت، ترسانه‌ له‌و دیوه‌ بینراوه‌ی، كه‌ مردن به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ، به‌ڵام له‌ شیعره‌كه‌دا هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ترسان له‌ مردن بوونی نییه‌، ته‌نیا ترسان له‌ ڕێگاكانی گه‌یشتن به‌ مردن هه‌ستی پێ ده‌كرێ، بۆیه‌ شاعیر وه‌كو كاره‌كته‌رێكی بوێر باسی ئازاری ئه‌و سروشته‌ ده‌كا، بوێرییه‌ك كه‌ له‌ ترسان له‌ ئاگر و چیا و ڕووبار و ده‌شتاییدا به‌ كۆتا ده‌گات، ترسانێك، كه‌ چاوه‌ڕوانییه‌كی دوانه‌هاتوو، یان گیان پێ نه‌ماو به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ.
مرۆڤ له‌ ئه‌ستانه‌ی گه‌یشتن به‌ مردن، له‌وه‌یه‌ بیر له‌ ڕێگاكانی گه‌یشتن به‌و مردنه‌ بكاته‌وه‌، وه‌ك چۆن باڵنده‌یه‌ك ده‌فڕێ و ده‌شزانێ فڕینی ئه‌و له‌وه‌یه‌ مردنی ئه‌و بێت، له‌وه‌یه‌ له‌ میانه‌ی ئه‌و فڕینه‌یدا، ببێت به‌ قوربانیی فیشه‌كێك، یان ساچمه‌یه‌ك، یان دارلاستیكێك، به‌ڵام هێشتا ئه‌و ترسانه‌ له‌ فڕین پاشگه‌زی ناكاته‌وه‌ و به‌رده‌وامه‌ له‌ فڕین به‌ره‌و مه‌مله‌كه‌تی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی، بێكۆتایه‌.
(سارتەر) لە شانۆنامەی (دەرگای داخراو)دا، لەسەر زاری كارەكتەرێكەوە دەڵێت: (نەخێر لە دۆزەخدا پێویستیمان بە گورزی ئاگرین نییە، دۆزەخ هەر ئەمانەی دەوروبەرمانن). ناڕەحەتیی نائاسایی (سارتەر)، بەشێكی پەیوەستبووە بە شێوەی (سارتەر) خۆیەوە، كە خاوەنی دوو چاوی كز بووە و مامەڵەی ئەوانی تر لەگەڵیدا لە منداڵییەوە نائاسایی بووە، دواجار (سارتەر) نیگای ئەوانی تر بە ڕق و كینەوە ڕوون دەكاتەوە، بۆیە ژیان لەگەڵ ئەوانی تر لای ئەو فەیلەسووفە، دۆزەخێكە بۆ خۆی، چونكه‌ هه‌ست به‌و ئازاره‌ ده‌كا كه‌ له‌ مرۆڤه‌كانه‌وه‌ پێمان ده‌گه‌ن.
پاژی چواره‌م: له‌ ئه‌زموونی مردنه‌وه‌ بۆ ئه‌زموونی گۆڕستان:
گۆڕستان ئه‌زموونێكی تازه‌یه‌ بۆ مرۆڤ به‌ هه‌میشه‌یی، چونكه‌ به‌رده‌وام مردووی تازه‌ دێنه‌ نێو گۆڕستان، بۆیه‌ ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته‌ به‌رده‌وام خۆی تازه‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌رده‌وام له‌سه‌ر حیسابی خوێن و ئێسقان و جه‌سته‌ی ئێمه‌، بانگه‌شه‌ بۆ ڕیفۆڕم ده‌كا.
( گۆڕستان ماڵێكه‌ ئازیزه‌كانی بانگ ده‌كاته‌ ناو خۆی به‌ مه‌دالیا ناسراویان ده‌كا
فێری زمانی هه‌موومان ده‌بن
له‌
كتێب و
چرا و
سرووش و
شۆڕش و
ئه‌سپ ده‌دوێن
دارشه‌خسه‌كانی لێیان ده‌بڕدرێ بۆ
لانك و
بلوێر و
گۆپاڵ و
په‌رژین
چۆن و به‌ چ تامه‌زرۆیییه‌ك ده‌مخه‌یته‌ سه‌ر دووباڵی به‌هێزی فڕین
ئای فڕین به‌ره‌و كوێم ده‌بات)
دیوان: به‌رگی یه‌كه‌م، ل: 19.
شاعیر باسی ونبوونی ئازیزه‌كان ده‌كا له‌نێو گۆڕستاندا، باسی ئه‌و لێدوانه‌ ده‌كا، كه‌ لێدوانه‌ له‌ كتێب و چرا و شۆڕش و ئه‌سپ، دواتر (فڕینی نادیار) كه‌ فڕینه‌ به‌ره‌و دنیایه‌كی نادیار، خه‌یاڵی شاعیر داگیر ده‌كا، فڕینێك له‌پاڵ ئازار و ناڕه‌حه‌تییه‌كانی، له‌خۆگری تامه‌زرۆییه‌كانی گۆڕستانه‌ و وێناگه‌لی وه‌كو لانك و بلوێر و گۆپاڵ و په‌رژین به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ.
گۆڕستان پێمان ده‌ڵێ: شكستی مەزن ئەو شكستەیە, مرۆڤ هەست بكا لەسەر ڕێگایەكی ڕاستە و هەر ئەو ڕێگایەش سپاردەی دۆزەخی بكا، شەڕ لە پێناوی ئایدیایەك بكا، هەر ئەو ئایدیایەش بیبا بەرەو كەناراوەكانی مردن، شانازی بە مەعریفەیەكەوە بكا، هەر ئەو مەعریفەیە وجود و بیركردنەوە و عەقڵی لێ بسێنێ‌، كەواتە: لەو ساتەدا ئەو مەعریفەیە هیچ نییە جگە لە جەهلێكی خەست، كە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێ بۆ گومڕابوونی زیاتر.
مادام ژیان هەر كۆتایی دێت و لە چركەساتێكدا دەبینەوە بە سفر، كەواتە: ئەوەی دەمێنێتەوە، ڕابردووی ئێمەیە، هەر ئەو ڕابردووە بەرپرسیارە لە داهاتووی ئێمە و خۆشی و ناخۆشی ئێمەی پێوە لكاوە، بەئەندازەی جوان كێشانی تابلۆی ڕابردوومان، باخچەی ئایندەمان فراوانتر دەبێت, ئەو حەقیقەتە شتێكە پێویستی بە سەلماندن نییە، چونكە زمانی حاڵی هەموو مردووەكان ئەوەمان پێ دەڵێن، كە ژیانی دنیا كۆتایی بۆ هەیە، بەڵام وێستگەی جوانكردن و نەخشاندنی ژیانی حه‌قیقییه‌، هەر ئەو چركەساتەی سپاردەی خاكمان دەكەن، تێ دەگەین ئازاردانی ئه‌وانی تر، چ كارەساتێكی مەزن بوو، وەلێ‌ تازە درەنگە بۆ هەموو شتێك.
كۆتایی:
شاعیر به‌ر‌ده‌وام له‌م به‌رهه‌مه‌یدا كه‌ (زێوان)ه‌، پێمان ده‌ڵێ: پێویسته‌ به‌ قووڵی له‌ دنیا بڕوانین و مامه‌ڵه‌یه‌كی قووڵ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان بكه‌ین، وه‌لێ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌، هیچ له‌ حه‌قیقه‌تی پووچێتی دنیا كه‌م ناكاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌:
1- دیوانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، به‌رگی یه‌كه‌م، 2018، هه‌ولێر.
2- ژیان بێمانایه‌؟، بڵند باجه‌لان، 2023، هه‌ولێر.
3- سه‌فه‌ر به‌ره‌و مناڵی به‌ كه‌شتیی گه‌وره‌بوون، بڵند باجه‌لان، گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ، 2022.
4- زه‌ینه‌ب خان له‌نێو دنیای چه‌مكه‌ جیاوازه‌كاندا، بڵند باجه‌لان، هه‌ولێر.




پێنووسێکی پاراو بۆ زمانێکی غەدرلێکراو.. (فەتتاح ئەمیری لە یادگەی مندا).. هۆمەر نۆریاوی

ئەو بزاوتەی دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران(1979ی زایینی)بۆ نووسین بە زمانی دایک دەکەوێتە ڕێ،ئەمجارە لە چاو ڕابردوو بە شێوازێکی بەرفرەوانتر و زۆر خێراتر هەر هەموو شار و شارۆچکە و گوند و لادێیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە و گۆمە مەنگەکە دە هێندە دەشڵەقێنێت.هەوڵەکان وەک هەمیشە سەرەتا ڕووی لە تاکی خەمخۆری چاند و زمانی کوردی دەبێت و پێشڕەوکان دێنە نێو مەیدانەکە و گوڕ و تینێکی تایبەت بە بزاوتەکە دەبەخشن.
یەک لەو سیما و کەسایەتییە ناوئاشنا و زمانپاراوانەیش”فەتتاح ئەمیری”یە کە لە ڕێی دنیای بەرینی ڕۆمانەوە پێ دەنێتە نێو مەیدانەکە و پێنووسەکەی دەخاتە خزمەت بڵاوکردنەوە،گەشەبەخشین و پێشخستنی زمانی دەوڵەمەندی کوردی. سەرەتا ساڵی 1990،ڕۆمانی”هاوارەبەرە”،وەک نۆبەرە،لە لایەن ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی،ئینتشاراتی سەلاحەدین ئەییووبی لە ورمێ بڵاو دەکاتەوە کە زۆر زوو جێی خۆی لە دڵاندا دەکاتەوە و خوێنەرێکی فرە دەدۆزێتەوە. نووسەر ئەوەندە بە کوردییەکی سادە و ساکار و پاراو و زەنگین دەنووسێت کە بە هەزاران وشە و دەستەواژەی نوێی سەرزاران دەخاتە خزمەت زمانی نووسین.
لە لای فەتتاح ئەمیری،زمانی گوند(شێوەئاخاوتنی گوندییانە) ئەوەندە پاراوە کە ڕۆمانەکانی دەستپێک بەو شێوازە دەنووسێت.
فەتتاح ئەمیری لە وتووێژێک دەگەڵ گۆڤاری سروە هەر سەبارەت بەم پرسە گرینگە دەڵێ:”بۆ لاوەکانیش،من پێم وایە دەبێ زمانی ڕەسەن لە گوندەکاندا بدۆزنەوە و لە وشەداتاشین خۆ بپارێزن”.(گۆڤاری سروە،مارف ئاغایی،ل23)
ئەم پرسە یادەوەرییەکی هەرە شیرینی سەردەمی دامەزرانی کۆڕی زانیاریی کورد لە بەغا(1970)م لە لا زیندوو دەکاتەوە کە بڕیار دەدرێت بۆ کۆکردنەوەی خەرمانەیەک وشە و دەستەواژەی پاراو و ڕەسەنی کوردی،دەستە و گرووپێکی تایبەت ڕەوانەی گوند و لادێیەکانی کوردستان بکرێت و بەری ئەو گەڕانەیش دواتر لە بەرگێکی زانستییانەدا بخرێتەوە خزمەت زمانی نووسین. لێرەوە پەی بە دەوڵەمەندبوونی ئەم شێوەئاخاوتنە دەبەین کە گەر بکەوێتە دەست لێزان،خەمخۆر و دڵسۆزی خۆی، دەتوانێت و دەزانێت چلۆن زمانی کوردی سەد هێندە پێ زەنگینتر بکات کە پڕ ڕوونە ئەم گرینگەیش لە هەموو کەسێک ناوەشێتەوە و فەتتاح ئەمیرییەکانی گەرەکە تا پێنووسەکە بەدەستەوە بگرن.
هەر لەم ڕێگەیەوە فەتتاح ئەمیری هەزاران وشە و دەستەواژە و ئیدیۆم بۆ نێو ڕۆمانەکانی دەگوێزێتەوە کە دواتر دەبنە فەرهەنگۆکێکی دەوڵەمەند بۆ زمانی کوردی.توانا و دەستەڵاتە باڵاکەی ئەم ڕۆماننووسە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم شارا زەنگینە لە وشەی گوندییانە دەخاتە خزمەت زمانی نووسین.
خاڵێکی باڵکێشی دی سەبارەت بە فەتتاح ئەمیری ئەوەیە کە ئەم ڕۆماننووسە دوابەدوای بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی گۆڤاری سروە کە ساڵی 1364ی هه‌تاوی (1985ی زایینی)لەسەر دەستی شاعیر و ڕووناکبیری ناسراو”هێمن موکریانی”(1986-1921)دەردەچێت،پێ دەنێتە نێو بواری ڕۆژنامەگەریی کوردی و دواتر لەم گۆڤارە بەپێزەدا دەوری کارا دەبینێت و گۆشەی “سروەی ئازیز”دەنووسێت. ئەم نووسەرە هەر نۆبەرەکەیشی(هاوارەبەرە)لە ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی،ئینتشاراتی سەلاحەدین ئەییووبی لە ورمێ چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
قۆناخێکی تری ژیانی ئەم کەسایەتییە کوردە ڕووی لە ئەنجوومەنی ئەدەبیی بۆکانە کە دواتر دەبێتە دەنگ و سیمایەکی ناودیاری نێو ئەنجوومەنەکە و لەو سەنگەرەوە درێژە بە ڕاژە و خزمەتەکەی بە سامانی فەرهەنگیی کورد دەدات.
ڕەهەندێکی دیکەی پەرۆشەکەی ئەم نووسەرە ڕووی لە پاراستن و خزمەتکردنی زمانی پاکژی کوردییە.ڕاستە لەبەر غەدرێکی دیرۆکیی بەرانبەر زمانی کوردی کە سەرچاوە و هۆکارەکەیشی بۆ زاڵبوونی زمانی سەردەست دەگەڕێتەوە،هەرگیز وەک پێویست ئەو مۆڵەت و دەرەتان و دەرفەتە بەم زمانە نەدراوە بە فەرمی پێ بنێتە نێو کایەکانی ژیانەوە بەڵام لە بن سێبەری سەدان خەباتکار و ڕۆڵەی ئەمەکناسی کورددا ئەم زمانە هەر درێژەی بە سەلماندنی بوونی خۆی داوە و بەم هەموو غەدرە دیرۆکییەیشەوە تا دێت زێتر بوونی خۆی لە نێو زمانە زیندووەکانی دنیادا دەسەلمێنێت و هەنووکەیش بەرەو قۆناخی بەزانستیبوون مل دەنێت کە لێرەوە ئەرکەکە پڕ گرانتر دەبێت و پێویستە زانستوەری کورد بەدەستوبرد بێتە نێو مەیدانەکەوە کە بەختەوەرانە گەلێک هەنگاوی بڵندیش لەم پێوەندییەدا هەڵگیردراوە. لە ڕۆژ ڕوونترە کە بڕینی ئەم ڕێگە پڕ هەوراز و نشێو و دوور و درێژەیش لە سای سەدان ڕێبواری خەمخۆری وەک “فەتتاح ئەمیری”یەوە مەیسەر بووە. هەر بۆیە ئەم ڕۆماننووسە پێی وایە یەک لە کۆسپەکانی بەردەم نووسینی پاراوی کوردی ئەوەیە کە “زۆر کەس وەک فارس و عەرەب بیر دەکاتەوە و بە کوردی دەنووسێت کە ئەوە نابێ”. لە ڕاستیدا هەر ئەم پەتایە ئێستاکە بەرۆکی زمانی کوردی گرتووە و پێویستە بە هەموومانەوە کار بۆ دەربازبوون لەم قۆناخە ئاڵۆسکاوە بکەین. دیارە یەک لە هۆ و هەگەرە سەرەکییەکانی ئەم پەتا کوشندەیەیش ڕووی لە خەمساردیی خوێندەواری کورد خاسما توێژی زانستوەرە کە ئەوەندە لە نێو زمانەکانی دیکەدا(بەتایبەت زمانی سەردەست)نغرۆ بووە،زمانە دەوڵەمەندەکەی خۆی لە لا نزم و نەوی دێتە بەرچاو. هەر هەمان ئارێشە کە ڕۆماننووس و ڕووناکبیری کورد،فەتتاح ئەمیری ئاماژەی پێ دەدات.
وەک خودی خۆم(نووسەری ئەم دێڕانە)ڕاستیت گەرەکە زۆر پێش ئەوەی لە نزیکەوە فەتتاح ئەمیری ببینم،لەڕێی نووسینەکانییەوە دەمناسی و ئاشنا بە قەڵەم و خامە پاراوە کوردییەکەی بووم. لە ناوەڕاستی شەستەکانی هەتاوی(ناوەڕاستی هەشتاکانی زایینی)خوێندکاری زانستگەی تاران بووم. سروە و ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی(پەخشکاری سەلاحەدین ئەییووبی) هاتبوونە نێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردی ڕۆژهەڵاتەوە. هۆگرێکی هەرەقەتی سروە و بەرهەمەکانی ئەم ناوەندە بووم. هەر لەو ڕۆچنەیەوە بە پێنووسی فەتتاح ئەمیری ئاشنا بووم کە گۆشەیەکی لە سروەدا(سروەی ئازیز) بۆ خۆ کردبووەوە و بەری خامەکەی بۆ خوێنەر و بەردەنگ دەگوێزتەوە. بەڵام دواتر و بۆ جاری یەکەم لە کۆڕه‌یاده‌که‌ی مانگی گه‌لاوێژی ساڵی 1374ی هه‌تاوی(1995)کە بۆ ڕێزنان له‌ که‌سایه‌تی مامۆستا”عەبباس حه‌قیقی”(1997-1902)شاعیر لە شاری بۆکان،بەڕێوە چوو،چاوم بە فەتتاح ئەمیری کەوت کە ئەندامێکی کارای دەستەی بەڕێوەبەر بوو. من دەگەڵ دوو هاوڕێی هێژام بە ناوەکانی برایم بەریاجی(شاعیر و میدیاکار) و هاوژینەکەی سوورەییا مەولانی(میدیاکار)بانگهێشتی ئەو کۆڕەیادە کرابووین و لە تارانەوە ڕوومان لە بۆکان نا کە سەفەر و گەشتەکەمان چەند یادەوەری سەیر و جیاوازی لێ دروست بوو کە نووسین و گێڕانەوەی با بمێنێت بۆ کات و وەختی خۆی. من لەسەر شیعرێکی مامۆستا حەقیقی بابەتێکم ناردبوو کە دیارە وەرگیرابوو و بابەتەکە بە قسەی خودی بەڕێوەبەران بە یەکەم ناودێر کرابوو. یەک لەو سیما نازەنینانە بەوپەڕی میهرەبانییەوە ئامێزی لە ڕوو کردینەوە،فەتتاح ئەمیری بوو. یادەوەری ئەو ڕووداوە فەرهەنگییە هەر هەمیشە لە خەیاڵدانمدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
ئەرچی کۆچی دواییی فەتتاح ئەمیری بە خەسارێکی گەورە بۆ ئەدەبی کوردی دادەنرێت بەڵام ئەوەندە وشەی ڕەنگاڵەیی بۆ زمانەکەی بەجێ هێشتووە کە هەر ساتە و ڕوو لە بەرهەمێکی بکەیت،سەدان پەیڤی نازەنینی کوردییت بەدەستەوە دێت و گەلێک کەلێنت بۆ پڕ دەکاتەوە کە هەر ئەوەندەیش بەسە بۆ گەورەیی ئەم نووسەرە کوردە.
جێی ئاماژەپێدانە فەتتاح ئەمیری، ساڵی 1325ی هەتاوی(1946)لە گوندی “مەنیچەر”ی محاڵی “ئاختاچی”سەر بە شاری بۆکان چاوی لە ڕووی ژیان هەڵدێنێت و ڕۆژی 21ی دێسەمبەری 2024(1ی بەفرانباری 2724)یش لە تەمەنی 78 ساڵیدا بۆکان بۆ هەمیشە دەبێتە دواهەواری و خاکی ئەوێندەرێ بۆ لەمەوبەدوا دەبێتە نزرگەی ئاشقانی ئەدەبی کوردی و لە تەنیشت گۆڕە پیرۆزەکەی مامۆستا “عەبباس حەقیقی” دا بە خاکی نیشتمان دەسپێردرێت.
ئەم ڕۆماننووسە بەدرێژایی ساڵانی تەمەن ئەم بەرهەمانەی بە کتێبخانەی کوردی بەخشیوە: ڕۆمانی”هاوارەبەرە”،ساڵی 1990،ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی،ئینتشاراتی سەلاحەدین ئەییووبی لە ورمێ، ڕۆمانی میرزا،1993،چاپەمەنیی خانی،ڕۆمانی زیندەخەو،دەزگای چاپ و پەخشی ئاراس،2003،هەولێر، گێژەڵووکە(بەرگی یەکەم) و خەم و خەیاڵ(بەرگی دووەم)،پەخشکاری ئامیار،چاپی یەکەم،1400ی هەتاوی.
ژێدەر:
• وتووێژی تایبەتی هاژە لەگەڵ ڕۆماننووسی کورد فەتتاح ئەمیری،ڕەزبەری 1394ی هەتاوی
• فەتتاح ئەمیری لە گێڕانەوەی ڕیاڵەوە تا خوڵقاندنی کەشی جادوویی،ماڵپەڕی کوردشۆپ
• “شه‌ونم”*ی نێو وێژه‌ی کوردی،نووسین و توێژینه‌وه‌ ،هۆمه‌ر نۆریاوی،ژماره‌ 4ی گۆڤاری “ڕێزان”،ڕه‌شه‌ممه‌ی 1393ی هه‌تاوی،ڕووپه‌ڕه‌کانی 14 تا 18
*شەونم، ناوی به‌رهه‌مێکی مامۆستا “عه‌بباس حه‌قیقی”یه‌‌.
• گۆڤاری فەرهەنگی،ئەدەبیی سروە،ساڵی هەشتەم،خەرمانانی 1371ی هەتاوی و چەندان سەرچاوەی دی




ئاڵودەبوون بە پەیوەندییە سۆزدارییەکان خۆشەویستی بە نموونە: .. 170.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی وتاری ١٧٠.

شیکردنەوەیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و بایۆلۆجی

ئاڵودەبوونی پەیوەندییە سۆزدارییەکان یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆخە دەروونییەکان کە کۆمەڵگای هاوچەرخ رووبەڕووی دەبێتەوە. ئەم دۆخە، کە لە زانستی دەروونناسیدا وەک “Love Addiction” یان “Relationship Dependency” ناسراوە، کاریگەری قووڵی لەسەر ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی هەیە. توێژینەوە نوێیەکان پیشانی دەدەن کە نزیکەی ١٠-١٥٪ی تاکەکان لە جۆرێک لەم دۆخە دەناڵێنن، هەرچەندە زۆربەیان دان بەم دۆخەدا نانێن یان نایناسنەوە.

کاتێك کە ئەم پرسە لە ڕووی نیورۆبایۆلۆجییەوە سەیری دەکەین و شیدەکەینەوە ئەوا:
لە رووی نیورۆبایۆلۆجییەوە، ئاڵودەبوونی سۆزداری پەیوەندی راستەوخۆی بە سیستەمی پاداشتی مێشکەوە هەیە. کاتێک تاک لە پەیوەندی سۆزداریدایە، مێشک بڕێکی زۆر لە دۆپامین دەردەدات، کە هۆرمۆنی خۆشی و چێژە. ئەم پرۆسەیە هاوشێوەی ئەو میکانیزمەیە کە لە ئاڵودەبوونی ماددە هۆشبەرەکاندا روودەدات. توێژینەوەکانی دکتۆر هێلین فیشەر (٢٠٢١) پیشانی دەدەن کە ناوچەی VTA لە مێشکدا، کە بەرپرسیارە لە دەردانی دۆپامین، لە کەسانی ئاڵودەبووی پەیوەندی سۆزداریدا چالاکییەکی زیاتری هەیە.

نیشانە سەرەکییەکان:
کەسانی تووشبوو بە ئاڵودەبوونی پەیوەندی سۆزداری کۆمەڵێک نیشانەی دیاریکراویان هەیە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دکتۆر سوزان جۆنسۆن (٢٠٢٣)، ئەم نیشانانە بریتین لە: بیرکردنەوەی بەردەوام و ئۆبسێسیڤ سەبارەت بە پەیوەندییەکان، ناتوانای لە کۆنترۆڵکردنی هەستەکان سەبارەت بە هاوبەشی ژیان، ترسی قووڵ لە تەنیایی و رەتکردنەوە، لەدەستدانی سنووری تاکەکەسی لە پەیوەندییەکاندا، پشتبەستنی زۆر بە هاوبەشی ژیان بۆ دابینکردنی خۆشبەختی، هەستکردن بە بەتاڵی و نائومێدی کاتێک لە پەیوەندیدا نییە.

هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لەئاستێکی تردا بەم چەشنەن کە: لێکۆڵینەوە درێژخایەنەکان دەریانخستووە کە چەندین هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی رۆڵیان هەیە لە دروستبوونی ئەم دۆخەدا:

پەیوەندی نائارام لە منداڵیدا (Insecure Attachment):
توێژینەوەکانی دکتۆر مەری ئەینسوۆرس (٢٠١٩) پیشانی دەدەن کە زۆربەی کەسانی تووشبوو بە ئاڵودەبوونی پەیوەندی سۆزداری لە منداڵیدا پەیوەندییەکی نائارامیان لەگەڵ سەرپەرشتیارەکانیان هەبووە. ئەمە وایان لێدەکات لە گەورەییدا بە شێوەیەکی نادروست مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییەکان بکەن.

تراومای پێشوو:
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی دکتۆر بێسێڵ ڤان دێر کۆڵک (٢٠٢٢)، تراومای پێشوو، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندیان بە پەیوەندییە سۆزدارییەکانەوە هەیە، دەتوانن ببنە هۆی دروستبوونی ئەم دۆخە.

کاریگەری کەلتووری و کۆمەڵایەتی:
میدیا و کەلتووری پۆپ رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پێکهێنانی تێگەیشتنی نادروست لە خۆشەویستی و پەیوەندی. توێژینەوەکانی دکتۆر جین توێنج (٢٠٢١) ئاماژە بە کاریگەری نەرێنی سۆشیال میدیا و فیلمەکان دەکەن لەسەر تێڕوانینی گەنجان بۆ پەیوەندییە سۆزدارییەکان.

چارەسەرە زانستییە نوێیەکان بەشێوەیەکی گشتی بۆ ئەم پرسە:
زانستی دەروونی هاوچەرخ چەندین رێگەی چارەسەری کاریگەر پێشنیار دەکات:

تێراپی رەفتاری-مەعریفی پێشکەوتوو (Advanced CBT):
ئەم شێوازە نوێیە لە چارەسەر، کە لەلایەن دکتۆر جودیت بێک (٢٠٢٣) پەرەی پێدراوە، کار لەسەر:
گۆڕینی بیرکردنەوە ئۆتۆماتیکییەکان، دروستکردنی سنووری تەندروست لە پەیوەندییەکاندا، فێربوونی خۆڕێکخستنی هەستەکان، پەرەپێدانی ستراتیجی مامەڵەکردنی تەندروست.

تێراپی EMDR بۆ چارەسەری تراوما:
توێژینەوەکان پیشانی دەدەن کە EMDR دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەری ئەو تراومایانەی کە بوونەتە هۆی دروستبوونی ئاڵودەبوونی پەیوەندی.

تێراپی دڵبەستن (Attachment-Based Therapy):
ئەم شێوازە چارەسەرییە، کە لەلایەن دکتۆر سوو جۆنسۆن (٢٠٢٢) پەرەی پێدراوە، کار لەسەر چاککردنەوەی پەیوەندییە سەرەتاییەکان و دروستکردنی دڵبەستنی تەندروست دەکات.

چارەسەری Life style change:
میدیتەیشن و یۆگا, راهێنانی جەستەیی, رێکخستنی خۆراک و خەو, پشتگیری کۆمەڵایەتی.

پێشنیارە پراکتیکییەکان بۆ خۆچارەسەری:
پەرەپێدانی خۆناسین, دروستکردنی ژیانێکی سەربەخۆ,
فێربوونی تەکنیکەکانی خۆئارامکردنەوە, پەرەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان, دانانی سنووری تەندروست لە پەیوەندییەکاندا.

سەرچاوەکان:
1-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/15990719/

2-https://www.verywellhealth.com/relationship-trauma-5211576

3-https://www.elsevier.es/en-revista-european-journal-psychiatry-431-articulo-treatment-love-addiction-current-status-S0213616318300120.

4-https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC5378292/

5-https://healthpsychologyresearch.openmedicalpublishing.org/article/70218-love-addiction-current-diagnostic-and-therapeutic-paradigms-in-clinical-psychology




ڕاوچیی و قوربانیی.. نەوزاد بەندی

کە دێیتە دنیاوە ، ئەکەویتە دارستانێکەوە ، ئەبێ ببیت بە ڕاوچی ئەگەر نا ، ئەبیتە نێچیر و قوربانیی ..
بابەتەکە بەو ڕەهاییەیش نییە ، واتا ڕۆڵەکان هەندێ جار ئەگۆڕێن ،یان جێگۆڕکێ ئەکەن ، ڕاوچیی لە هەموو کات وشوێنەکانا ، ڕاوچی نییە ، ئەو بەڕێوەبەرەی خەون و ئارامیی و داهاتووی فەرمانبەرەکانی بۆ خۆی ڕاو ئەکات ، لە ژووری بەڕێوەبەری گشتیدا ، ئەبێ به نێچیر و قوربانیی ..یان ڕەنگە لە ماڵەوە قوربانیی دەستی هاوسەرەکەی بێ .. لە هەمان کاتیشدا نێچیر و قوربانیی ، لە هەندێ جێگای تردا ، لە هەندێ کاتی تردا ، ئەبێتە ڕاوچی ، بۆ نمونە ئەو سەربازەی کە عەریف و سەرکردەکانی بەردەوام ڕاوی ئەکەن ، کە ئەڕواتەوە بۆ ماڵەوە ئەکەوێتە ڕاوکردنی مناڵەکانی خۆی ..یان وەک قوربانیی مامەڵە لەگەڵ دراوسێکانیدا ئەکات ..
بەڵام ئەبێ لەوە بێ شک بیت کە لە دنیادا ، لە دوو ئەرک زیاتر ، ئەرکی سێییەم نییە ، ئەویش ڕاوچێتیی و بوون بە قوربانییە ..
هەر دێیتە ژیانەوە ، دایک و باوک ڕاوت ئەکەن ، جۆری پۆشاک و خواردن و زمان و ئایین و هەموو شتێکت بۆ دیاری ئەکەن و بەسەرتا ئەیسەپێنن .. تا دەگاتە ئەوەی ڕاوی خەون و هیواکانت ئەکەن ، ئەتخەنە سەر هەمان پیشەی خۆیان .. ئەوەتا بە ئاشکرا دیارە ، مناڵی پزیشک ، پزیشک دەردەچێ و ..مناڵی قەساب و دارتاشیش ، قەساب و دارتاش دەردەچن .. ئەم ڕاوکردنەیش بە گوتاری ڕێز و خێزان و بەها کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەڵێ دروشمی تر پەردەپۆشکراون ، بە جۆرێک قوربانییەکان ئامادەن سوێند بخۆن کە قوربانیی نین ..لە هەمان کاتدا ڕاوچێکانیش ئامادەن سێ بە سێ تەڵاقت بۆ بخۆن کە لە ژیانیاندا ئازاری مێروولەیەکیان نەداوە و .. دڵۆپێ خوێن ببینن ،ئەبورێنەوە .. ڕاستیش ئەکەن ، چونکە لەناو مێگەلدا ، (کە گۆستاف لۆبۆن بە مێگەل پێناسەی زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا دەکات ) کوشتن تەنها ئەو کوشتنەیە چەقۆیەک یان فیشەکێک بوەشێنرێت و ..خوێن بڕژێت .. بێجگە لەو کوشتنە ، کوشتنی تر نییە .. واتا کەسێک ، خەون و ئاواتی ڕۆژنامەگەرییە یان وەرزشە ، تۆ هێواش هێواش بە لاڕێیدا ببەیت و بیکەیت بە پۆلیسی هاتوچۆ ،کوشتن نییە ، ئەمە بە بڕوای مێگەلەکە ، نەک هەر کوشتن نییە ، بەڵکو دامەزراندن و دەستگیربوونە لە پارە و .. هەنگاوی یەکەمە بۆ دروستکردنی خێزان و خستنەوەی کۆمەڵێ پۆلیسی هاتوچۆی خنجیلە ..
ئەمەیان ناسکترین و هێمنترین و بەسۆزترین ڕاوکردنە ، لەناو خێزاندایه و پڕپڕە لە بەزەیی و خۆشەویستیی ..بەو پەڕی دڵسۆزیی و وەفادارییەوە بەهێزەکان ، بێهێز ولاوازەکان لە قاڵب ئەدەن و.. هەرچی بیانەوێ لێیان دروست ئەکەن ..یان ڕاستتر خۆیان چۆن بن ، بوونەوەری لەو جۆرە بەرهەم دێنن ..حەز و خولیای خۆیان چۆن بێت ، هەمان حەز و خولیایش لەواندا دروست ئەکەن .. بەڵام لە دەرەوەی خێزان ، ئینجا ڕاوکردنە بێ بەزەیی و ئاشکراکە دێتە بەرچاو .. وەستایەک دەیان کرێکاری داوەتەبەر ، بە نانە سکیی ، لە بەیانییەوە تاکو ئێوارە کاریان پێ ئەکا و لێیان تووڕە ئەبێ و جنێویان پێ ئەدا .

ئەم لێ تووڕه بوون و جنێوپێدان و شکاندنە ، وەک ئەو تیرانە وان کە ئەدرێن لە پشتی گا ، لە زۆرانبازی گادا ، واتا زامدار کردن و شڕکردن و ماندوو کردنی قوربانییەکەیه بۆ ئەوەی ڕاوکردنەکەی ئاسان بێت یاخود بۆ ئەوەی قوربانییەکە بیر لە یاخیبوون و خۆدەربازکردن نەکاتەوە .. ڕێک وەک ئەو مشکەی ئەکەوێتە بەردەستی پشیلە ، کارێکی پێ دەکات ، ئازادیشی بکات ناتوانێت دەربازی بێ ، بڕوای تەواوەتیی بەوە دێنێ کە ئەو نێچیرە و ڕاوکراوە و خوراوە ..
ئەم بڕواهێنانەی نێچیر بەوەی کە ئەو قوربانییە ، یەکێکە لە کارەساتبارترین بڕیارە پێشوەختەکان ..لە هەمان کاتدا یەکێکە لە تاوانە قێزەونەکانی ڕاوچێکان ، کە هەستی چۆکدادان و خۆڕادەستکردن لە ناخی نێچیرەکانیاندا ئەچێنن .. ئیتر ملیۆنەها سەربازی گەنج و بەتوانا ئەبنە قوربانیی ڕاوچییەکی پیر و ناشیرین و پەککەوتوو ، کە توانیوێتیی ئەو هەستە کوشندەیه لەناو ئەو ملیۆنان گەنجە به توانایەدا بچێنێ و ڕاویان بکات ..بە دروشم و کۆمەڵێ درۆی شاخدار ، هەڵیانخەڵەتێنێ و بیانخاتە ناو داوەکەوە .. قوربانییەکان بیر لەوە ناکەنەوە ..نایشیانەوێ هیچ کەسێک ئەوەیان بیر بخاتەوە ، کە ڕاوچییەکی خوێڕی و پیر و ترسنۆک و بێ ویژدان ، ئەوانی بەو دەردە بردووە .. چونکە تازه ئەوان وەک مشکی بەردەستی پشیلەکە ، ئەژنۆیان شکاوە و ناتوانن بیر لە هیچ شتێکی تر بکەنەوە .. دۆخێکی تراژیدییە ، جەنگ و کۆمەڵکوژیی و برسیکردنی بە کۆمەڵ و هەموو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییەکان ، لەو دۆخەوە سەرچاوە ئەگرن .. واتا دۆخی بێ ویژدانیی ڕاوچییەکان و .. هەڵخەڵەتان و نائومێدیی قوربانییەکان ..
ئەوسا ئیتر دیلکردن و پەشێوکردن ئەبنە مۆدێل و ئەچنە ناو کولتوور و ئایین و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە .. تەماشا ئەکەیت مامۆستایەک ڕوو دەکاتە هەزاران نوێژ خوێن و تاوانباریان ئەکا کە وەک پێویست خوا ناناسن و گوناحیان زۆرە و ..بە قوڕ بەسەر و ڕەنج بە خەسار هەڕەشەیان لێ ئەکات و بۆیان ئەسەلمێنێ کە هەرچیبکەن لە ئاگری دۆزەخ قوتاریان نابێ ، ئەوانیش دڵیان پڕ ئەبێ و ئەگرین ..ئەوسا ئەو مامۆستا ئایینیە ئەبێتە یەکێک لە سەرکەوتووترین مامۆستاکان کە وا دەکات گوێبیستەکانی بگرین ..گریان لەو دۆخەدا ، هەڵکردنی ئاڵای سپی و ددان نانە بە تاوانباریی و گوناهبارییدا .. ئامادەیی نیشاندانە بۆ هەموو سزا و ئەرک و ئەشکەنجەیەک لە بەرامبەر ئەو گوناهـ و تاوانانەی کە مامۆستا بە سەریاندا سەپاندوویەتیی ..
هەروەها ئەو دکتۆرە ، ئەو نوسەرە ، ئەو بیریارەی کە به قێزەوە تەماشای ئەوانی تر ئەکا و ..بە هیچ نەزان و کۆیلە و بێ دەسەڵات و ملهوڕ ، پێناسەیان ئەکات .. ئەو دۆخە ، هەمان ئەو تیرانەیە کە ئەدرێن لە پشتی گا ، لە زۆرانبازیی گادا .. تەماشا ئەکەیت هەموو عەرەب چێژێکی تایبەتیی لە ووتارەکانی محەمەد ماغوت و عەلی وەردی و شیعرەکانی نزار قەبانیی ئەبینن کە جنێو و سوکایەتیی بە عەرەب دەکەن .. ئەوروپییەکان تام و چێژ لە نوسینەکانی نەعوم چۆمسکی و ئەلکسیس کاریل ئەبینن کە سوکایەتیی بە عەقڵی مۆدێرنە و تەکنۆلۆژیا ئەکەن و .. نوقڵانەی جەنگی وێرانکەر و داهاتووی تاریک و نوتەک لێدەدەن ..لێرەدا مرۆڤەکان خۆیان بە دوای ڕاوچێکانا ئەگەڕێن بۆ ئەوەی ڕاویان بکات …بۆ نمونە کە شۆڕش دژی دەرەبەگایەتیی لە ئیسپانیا بەرپا بوو ، جوتیاره کۆیلەکان ئازاد کران ..دوای ماوەیەک جوتیارەکان چوونەوە بۆ لای دەرەبەگەکانیان و ..داوایان کردن بیانکاتەوە به کۆیلە تاکو لە برسا نەمرن .. ئەمە پەڕ و باڵکردنی به کۆمەڵە ، بە جۆرێک ئیتر بیری ئازادی و هەڵفڕین ، ئەچێتە خانەی گەمژەیی و کوفر و تاوانەوە ، وەک دەڵێن ئەو باڵندانەی لەناو قەفەزدا لە دایکبوون ، لەلایان وایە هەڵفڕین تاوانێکی گەورەیە ..
کۆمەڵێک ڕێگا چارە ، کە بە حیساب بۆ ئازادیی و مەدەنییەت و به جیهانیبوون هاتنە ئاراوە ، وەکو ڕێکخراوە مرۆییەکان و ڕاگەیاندن .. کۆمەڵێ کەسایەتیی کاریزما و دژە کۆیلایەتیی و دژەڕەگەز پەرستییش پەیدا بوون و ..جەنگ و شۆڕشی گەورە گەورەیان بەرپا کرد ، لە دژی ڕاوی بە کومەڵی مرۆڤەکان ..بەڵام ئەو چالاکیی و کەسایەتییانەیش دواجار بوون بە بابەتی پڕوپاگەندە بۆ زیاتر ڕاوکردنی مرۆڤەکان ..بۆ نمونە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری دادپەروەرانە دەردەکات ، بەڵام ڕاوچییە گەورەکان مافی ڤیتۆیان بە خۆیان داوە بۆ ئیفلیجکردنیـ هەر بڕیارێک کە بە دڵیان نەبێ ..واتا ئەم ڕێکخراوە ئەبێ به گاڵتەجاڕ ..یان لە گاڵتەجاڕ ، گاڵتە جاڕتر ..
یان هەندێ جەنگاوەری هیندییە سوورەکانی وەک شیرۆکیی یان چۆڤرلێت ، کە دژی دڕندەیی و داگیرکاریی سپی پێستەکان ، تا دوا دڵۆپ خوێن جەنگان و کوژران ، ئێستا ئەو ناوانە کراون بە بڕاندی ئوتومبیل لە ووڵاتی داگیرکەرە زلهێزەکاندا وەک سیمبوڵی هێزو توانای مەکینە نەک مرۆڤ ، بانگەشەیان بۆ دەکەن .. ئەم گاڵتەپێکردن و پێڕابواردنە بە سیمبوڵەکانی ئازادی و پێشمەرگایەتیی ، ڕاوچێتیی تۆختر ئەکاتەوە و .. قوربانییەکان وا لێدەکات سەرسام بن پێیان .
لێرەدا گەورەترین هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی ئەم یاسای دارستانە ، ئایینەکان بوون .. لەو بارەیەوە وۆڵ دیوارنت لە مێژووی شارستانییەکاندا ، ئەڵێت : لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ شارستانیی و کۆمەڵە مرۆڤێک نەبوون ، ئاینێکیان نەبووبێ ..واتا ئایین بەردەوام لەگەڵ مرۆڤدا بووە ، وەک هەوڵێک بۆ چەککردنی ڕاوچێکان و ..ڕاهێنانەوەی نێچیرەکان بۆ ژیانێکی سەربەرزانە و ئازادانە ..بەڵام دواجار ، ڕاوچییە زەبەلاحەکان ، ئایینەکانیشیان وەک کەرەستەیەکی ڕاو بەکارهێنا و .. بە لاڕێیاندا بردن و .. دەستە و تاقمی هێندە ترسناکیان لێدروست کردن ، نێچیرەکان بە کۆمەڵ چوونەوە تەویلەکانی زلهێزان و .. بەڵێننامەی نێچیرایەتیی و کۆیلایەتیی و قوربانیبوونیان بۆ تازەکردنەوە ..

نەوزاد بەندی




مژده‌ نـاوه‌خته‌كانی كـاوبا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

به‌دیار گیانه‌ڵای خه‌ونه‌كانمه‌وه‌
(چه‌نگ)ی مێژووم له‌ باوه‌شدا
ئاوازی مه‌حاڵ ده‌ژه‌نم ..
ئه‌سته‌مان به‌ حیكمه‌تی قوڵنگ
ئاشنا ده‌كه‌م..

ئا..
ئێمه‌ سێبه‌ری دره‌ختێكمان به‌س بوو
موچڕكه‌ خه‌وتووه‌كانمانی
پێ بێدار بكه‌ینه‌وه‌ ..
تیشكه‌ ڕه‌شداگه‌ڕاوه‌كانی ئارامی
له‌ تووله‌ڕێ و یـاڵ و به‌نده‌نان وه‌ربگرینه‌وه‌..

فرمێسكمان جۆگه‌ی
به‌سه‌ر ڕه‌شایی شه‌ودا ده‌به‌ست
شه‌به‌نگی خه‌مبار
له‌ جه‌ژنی گومانداراندا
ده‌نگوباسی ئه‌هلی دڵی ده‌گه‌یاند..
فرمێسك بكوژ بوون
ئه‌وه‌ی له‌و شه‌وه‌دا ڕشتمان
هه‌وای كۆنه‌پارێزی لێی دابوو
سێبه‌ری ئاگردانێكی كوژاوه‌ بوو
مه‌رگی ناوه‌ختی
له‌ تۆغیانی ژیاندا پێشانداین.

به‌ره‌به‌یانێكی سۆزانی ،
كه‌ دووكه‌ڵێكی ده‌قنه‌شكاوی ، خوێناوی ، بێ چاندی
لێ هه‌ستا
زرنگانه‌وه‌ی په‌رێشانی بوو
به‌ری ئاسۆی لێ گرتین ..
ئه‌وسا ،
مژده‌ ژه‌نگگرتووه‌كانی كاوبا
له‌ گۆشه‌ی جیا جیاوه‌
ده‌ستی له‌ ساویلكه‌ییمان ده‌گێڕا ..

ئیتر نه‌ما
دڵ ئاوێنه‌ی دڵ بێ.. نه‌ما
نه‌ما كچان
به‌ خۆیان و ملوانكه‌ ساده‌كانیانه‌وه‌
ئاینده‌یان
له‌ داڕژانی ئه‌ستێران ببینن
یا وانه‌یه‌ك
ته‌نێ وانه‌یه‌ك
له‌ بارانه‌وه‌ فێر بن..

هه‌ور ناناسینه‌وه‌..
باران ناناسینه‌وه‌..
یاده‌وه‌ریه‌كانمان،
به‌ خاڵه‌ سپییه‌كانی خه‌ڵوز ده‌بینین..

به‌ مه‌ته‌ڵێكی هه‌ڵنه‌هێنراو ده‌وره‌ دراوین
ئۆردووی خه‌یاڵبازان
كه‌ تارماییشیان نابینرێ
شه‌شده‌ری ڕوئیاكانمانیان
به‌ چڵی هه‌ڵچووی تاسان گرتووه‌
ئاگرمان پێ ده‌دروونه‌وه‌
فرمێسكه‌ قه‌تیسه‌كانمان پێ كون ده‌كه‌ن
پێخه‌فی به‌فرمان پێ ڕاده‌خه‌ن..
چه‌مكی سه‌رچڵیمان
به‌ چه‌ند تیكتۆكێكی بێ واز ، بێ ئاره‌زوو
تێده‌گه‌یێنن..

ئه‌وه‌ باڵانوێنی مرۆڤه‌ ئێستا
سه‌ر به‌ هاوینێكی پڕوكێنه‌ر
سه‌ر به‌ زستانێكی تووش
به‌ ئاوازێكی بابوێر
به‌ ختووكه‌ی پێده‌شت
به‌ مژده‌ خۆشه‌ هه‌ڵخه‌له‌تێنه‌ره‌كانی كاوبا.

سواڵی له‌باوكه‌وتن
پردی سه‌ر شه‌پۆله‌ سه‌رشێته‌كان ..
خه‌نده‌ی كه‌مه‌ندان..
جه‌نگه‌ی نوخشه‌لێدانی
به‌ژنی گه‌رداو..
ستاندنه‌وه‌ی ڕه‌ندایه‌تی..
سه‌ڵا و كه‌باری جاڕ و ڕیكلامان
كه‌ هه‌وا
له‌ ئۆكسجینی هه‌ناسه‌سوار وه‌رده‌گرن..
چه‌شه‌خوازیی زیندانان
شاڵاوی گیرسانه‌وه‌ و
ڕیتمی دادوه‌ری
له‌ ده‌ركه‌زایانه‌وه‌یه‌..

ئه‌وه‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌
وه‌رزی ڕۆژه‌ڤ و
سارده‌كێل لێك ناكرێنه‌وه‌ ..
لووتكه‌ی چیایان
وێنه‌ی شاییه‌كی به‌ره‌واژ
له‌ بیره‌ نه‌وته‌ بۆگه‌نه‌كان داوێین..
به‌ تامی با
جه‌ربه‌زه‌یی ده‌رمانخواردوو..
ژیان
به‌ ئاوازێكی نه‌شازی شه‌یپوورێكی شكاو نه‌شئه‌دار..
وره ‌، بڕست ، جه‌ساره‌ت
به‌رده‌ستی ڕووهه‌ڵگرانه‌..
دونیای جوان
ژیانی جوان
سرووشتی جوان
گریمانه‌یێكه‌
به‌ قاڵبه‌سابوونێكی كۆڵێی جاران
سپێردراوه‌..

ئیتر هیچ له‌ هیچ ده‌خوازرێ..
(گوناه)ی گوناه
له‌به‌ر ده‌رگای مزگه‌وت و كه‌نیسان
به‌ ڕه‌ونه‌قێكی شكۆداره‌وه‌
ڕیزیان بۆ گوڵاڵه‌سووره‌ی
به‌ر په‌رچه‌می هێمنی به‌ستووه‌‌..
بێده‌نگی،
هه‌ڵایسانی بن بیره‌
ده‌بێ خوو
به‌ فشاری قووڵ و بێدیماهی
شه‌وه‌وه‌ بگرین..
هه‌وڵ بده‌ین بگه‌ڕێینه‌وه‌ ڕه‌حمی یه‌كه‌م
شه‌نگترین و
ئه‌مینترین ته‌لار..

ده‌سبه‌تاڵی،
بزه‌ی لاله‌زارانه‌
سه‌رسام..
مه‌ستتر له‌ مه‌ستی
له‌ شه‌خته‌ ساردتر
به‌دبینتر
له‌و په‌یمانانه‌ی
شانۆی پێ ده‌ڕازێنرێنه‌وه‌..
ڕه‌نگ له‌ ڕووان نه‌ماو
شه‌رمن
له‌ هه‌مان ئه‌و كاوبایه‌دا ده‌توێنه‌وه‌ ،
ساوی ڕه‌شه‌با ده‌ده‌ن..
خه‌رقه‌ی كازیوه‌ ده‌پۆشن
بۆ سه‌فه‌رێك
له‌ بازنه‌ی گێژه‌نێكی ڕه‌وان ده‌خوولێته‌وه‌،
ژیان و مه‌رگی
پێ كڕاوه‌ و فرۆشراوه‌..

شاخه‌كان هه‌ڵه‌یان كرد
كه‌ڕه‌نای میدیا
به‌رخه‌ل په‌رت و كۆ ده‌كاته‌وه‌..
ودمی به‌دنیهادی
شه‌هدی پێ ده‌كرێته‌ شه‌ره‌نگ
زه‌نوێر
له‌ سه‌ره‌مه‌رگدا
شه‌تاو ده‌ستیان به‌سه‌ردا دێنێ..

ئای له‌ زیخه‌ڵانی ئه‌و سنگانه‌ی
یاده‌وه‌ریه‌ ڕه‌شه‌كانی قووت دا
ژه‌نگی سه‌ر دڵه‌به‌ردینه‌كانی لادا
مه‌وسیمی باڵانوێن و كینه‌په‌ڕێنیان
بۆ كردین
به‌ بووكه‌به‌فرینه‌ی خه‌یاڵی نه‌خۆشیان..
هه‌یبه‌تیان
له‌ ئاهه‌نگێكی ئیرۆتیكی زڕدا
دایه‌وه‌ شه‌وی كوێر
كه‌ڵه‌شێری به‌ناوه‌خت
تیا بانگ ئه‌ده‌ن..
برینی تێدا ده‌كولێنه‌وه‌ ..

كه‌ڕه‌نای میدیا
سپتیتانكێكی بێ بنه‌
به‌ ڕه‌نگی په‌لكه‌زێڕینه‌ ده‌رده‌كه‌وێ
به‌ ده‌نگی شمشاڵ ده‌گاته‌ گوێ!!

ئای له‌و كلیلانه‌ی
له‌ ته‌نیشت دڵمان دانابوو
ئه‌و كلیلانه‌ی
داماننابوو
گه‌نجینه‌ی هیوای پێ بكه‌ینه‌وه‌..
هاتن بێباك
به‌ دڵه‌وه‌
خستیانه‌وه‌ ناو سه‌رابی كاوبا..
هێللانه‌ی باڵندانیان به‌ شیرازه‌یه‌ك ،
له‌ ئۆده‌ی بووژانه‌وه‌ كه‌وتبوو
كۆر كردنه‌وه‌ ..
بۆنی ڕه‌نگ و
خه‌ونی ئاوهه‌ڵدێرانیان كوشت..
به‌رده‌وام بوون
له‌ به‌رده‌وام بوون….

حوزه‌یرانی 2024




ڕۆچوون.. ستار ئەحمەد

ساتەکان ڕامدەکێشن
ڕۆژگار
دەست بەتەمەنمەوە ناگرێ
تاریکی بۆ بەژنم دەدوورێ
هێور هێور
بەژیانێکی دیکەم دەسپێرێ
بەتەواوی لەیادا ڕۆدەچم
لەهیچا مەلە دەکەم
دەست دەنێم بەڕووی ڕۆحمەوە
لەکەنارێکی دەربازبوون
چەند مۆمێک دادەگیرسێنم
بەستە بۆ ڕۆچوونی خۆم دەخوێنم
لەپاڵ هەر نسێیەکا
لەنێو دڵۆپەی هەنسکێکا
لەتاریکی یان پرشنگا
ژینی خۆم لەت دەکەم
بەردەوام سات دەڕواو
تینم کزۆڵیم دادەگیرسێنێ
بەنەمان و لەناوچوونی گیانی خۆم
ئاسوودەم و ئاهەنگ دەگێڕم
بەتەمای ڕۆژێکی جوانترم
حەز دەکەم ساتەکان زوو بڕۆن
لەپڕ لەکەندەڵانی گۆڕێکا
بۆ هەتایە پاڵم دەخەن
وەک شنەبا دێم و دەچم
کەس بیر لەنەمانم ناکاتەوە
شەوێک مردوویەک نایەتە سەردانم
بێ پشوو
ئاوو زادو با
لەزامی زەمین گیر دەبم
شیعر
گۆرانی
مۆسیقا
هونەرو وێژەم بیر دەچێتەوە
لەنێوانی گڕو گوڵا
چاوەکانم دەبڕمە نووری خودا
نەگریان
فرمێسکێک دەکاتە خەڵاتم
گوڵێکیش ناڕوێت
لەڕێگەی سەرساڵ و
جەژن و ئاهەنگ و پێشهاتم
بێسوودە
خودانی کتێب و
سامانی دونیابم
چیم هەبوو
ئاگرێک ساز ئەکەن
بۆ شادی و شەوانی بەراتم
سەری ساڵە
نەدارو ڕووتەڵەم
ئاگریش خۆی نادات
لەقەرەی ئاواتم

ستار ئەحمەد




گۆڤاری زمان و زار ژمارە ١٦

گۆڤارێکی زمانناسیی وەرزییە..

سەرنووسەر: فەرەیدون سامان
خاوەنی ئیمتیاز: د. تەها رەسوڵ

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ١٦ی گۆڤاری زمان و زار کلیکی ئێرەبکەن..




ئەنجومەنی پارێزگاکان : مۆنۆمێنتێک بۆ گەندەڵی و ڕێگریکردن لە کارکردن.. کۆژین بەهادین مەحموود

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کوردستاندا ئەرکە سەرەکییەکەى ناکات و لەبەرامبەردا گۆڕاوە بۆ سیمبولی هەڵخەڵەتاندن و گەندەڵی و بێبایەخکردنی ئاشکرای بەها دیموکراسیەکان. سەرەڕای یاساکان کە چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەبێت بکرێت، بەڵام لە ماوەی ٢٠ ساڵدا تەنیا دوو هەڵبژاردن ئەنجام دراوە- یەکێکیان لە ساڵی ٢٠٠٥ و ئەوی دیکەیان لە ساڵی ٢٠١٤، ئەم ئەنجومەنانە لەبری ئەوەی وەک دامەزراوەیەک کاربکەن کە خزمەت بە خەڵک بکەن، بوونەتە ئامراز بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکانى پارتی و یەکێتی ، بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی وەبەرهێنانە قازانج بەخشەکان بۆ سەرکردەکانیان و حیزبەکەیان.

ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی ئاسایی بە ڕێکەوت نییە؛ هەنگاوێکی حیسابکراوە لەلایەن نوخبەی دەسەڵاتدارەوە بۆ پاراستنی دەستگرتنیان بەسەر دەسەڵاتدا. ساڵانێک یاساکانی هەڵبژاردن بە بیانووی ئاستەنگى سیاسی و یاسایی هەڵپەسێردرابوون، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگری لە هەر ئەگەرێکی گۆڕانکاری دەکرد. ئەنجوومەنەکان کە مەبەست لێی دەزگای یاسادانانی ناوخۆیین، دەسەڵاتی خۆیان لێسەندراوەتەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. ناتوانن یاسا دەربکەن بۆ خزمەتى ئەو شارانەى کە دەبوو بەڕێوەى بەرن، ناتوانن بودجە بەڕێوەببەن و ناتوانن یاسا جێبەجێ بکەن. ئەوان تەنها بە ناوەوە بوونیان هەیە، وەک قەوارەیەکی بێدەسەڵات لە پۆشاکێکی دیموکراسی دێن و دەچن لە کاتێکدا بڕیارە ڕاستەقینەکان لەلایەن نوخبە حزبییەکانەوە دەدرێت.

نموونەیەکی بەرچاوی ئەم شکستەش، دۆسیەی هەڤاڵ ئەبوبەکرە، کە لە ساڵی ٢٠١٧ەوە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەدەستەوەیە، کە زۆر زیاتر لە ماوەی یاسایی کە چوار ساڵە. لە سەرەتاوە تاوەکو ئێستاش، تۆمەتەکانی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن بەربڵاو بووە لە نێو پارێزگاکەى و ئەو ئەنجومەنەى کە سەرپەرشتى دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە کە دەبوو لە دواى ئەو هەموو کێشانە ئەرکى بەرپرسیارێتى بنواندایە و دەستى لە کار بکێشایەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەو لایەنە سیاسییە دەکات کە ئەوی دامەزراندووە. ئەم جۆرە حاڵەتانە نائاسایی نین؛ بوونەتە بابەتێکى یاسایى !. پارتی و یەکێتی ئەو ئەنجومەنانەیان کردووە بە میکانیزم بۆ دەوڵەمەندکردنی تۆڕەکانی خۆیان و پاراستنی باڵادەستی خۆیان. وەبەرهێنان و سامانی گشتی و سەرچاوە ناوخۆییەکان بە توندی لەلایەن ئەم لایەنانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن و بەمشێوەیەش بوارێکی کەم بۆ شەفافیەت و لێپرسینەوە دەمێنێتەوە.

دەرئەنجامى ئەم کێشە ئیدارییە خەڵکی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایین. ئەنجومەنەکان کە بڕیار بوو حوکمڕانی لە خەڵک نزیک بکەنەوە، تەنانەت نەیانتوانیوە سەرەتاییترین بەڵێنەکانیش جێبەجێ بکەن. بێتوانایی ئەوان لە کارکردن وەک ئۆرگانی سەربەخۆ، متمانەی گشتی لە پرۆسەی دیموکراسیدا تۆراندووە. لەوەش خراپتر، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش کە لە ئێستا و ڕابردوودا نوێنەرایەتی هیوای هاووڵاتیانی ئاسایییان دەکرد، دواى بەرژەوەندییەکانى خۆیان کەوتوون تەنانەت کار گەشتۆتە ئەوەش زۆرکات ئەندامێکى حیزبێکى ئۆپۆزسیۆن لە بەرژەوەندى حیزبەکەى هەڵدەگەڕێتەوە و دواى بەرژەوەندى و کورسى و دەسەڵات دەکەوێت وەکو لە هەڵبژاردنەکانى کوردستاندا ئەندام پەرلەمانى دەرچووى حیزبى کۆمەڵى ئیسلامى (هێرۆ عەتار) دژى ویستى حیزبەکەى بەشدارى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى کوردستانى کرد و چەندین ڕەخنە و هەڕەشە بەدواى خۆیدا هێنا و کۆتاییەکەشى دوورخستنەوەى ناوبراوبوو لە حیزبەکەى و ئیستاش کورسییەکەى لە بازاڕى ڕەشدا دەفرۆشرێت بەو لایەنەى زۆرترین پارە بدات،لەمەوە دەرەکەوێت کە ئۆپۆزسیۆن ناتوانن تەحەدای پێکهاتە چەسپاوەکانی دەسەڵات بکەن.

بۆچوونى منیش وایە ,ئەم مەسخەرە نابێت بەردەوام بێت. ئەنجومەنی پارێزگاکان لەم دۆخەی ئێستایاندا گاڵتەکردنە بە دیموکراسی و خیانەتکردنە لە خواستەکانی خەڵک.هەروەها ڕێگریکردن لە هەڵبژاردن گەندەڵییەکى ئاشکرایە و قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە دەبێت کۆتایی پێبێت. خەڵکی کوردستان شایەنی ئەو دامەزراوانەن کە ڕێز لە سەروەری یاسا بگرن و پێداویستییە گشتیەکان لە پێش بەرژەوەندییە حزبییەکان دابنێن. پێویستە لە زووترین کاتدا هەڵبژاردن بکرێت.

کۆژین بەهادین مەحموود




ماڵباتێکی گەوهەرین.. نووسین و توێژینەوە: هۆمەر نۆریاوی

(لە بن نسێی کۆچە ئەبەدییەکەی دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی دا)

کلیلەوشە:ماڵباتی ئیبراهیمی،هیوا قادر،ئاوێر،شەپۆل،بەنی هەتوان،کورد
من بە تەنها دەمرم و مردن پێم دەڵێ:
پیاوە غەریبەکە ئەم ئێوارەیە گوڵێکم لێ بکڕە،
من دەڵێم؛دڵۆپە ئاوەکانی سەر پەڕەی گوڵەکانتم
پێ بفرۆشە،با تونیم نەبێ.
ئەفسووس من وەختم نەماوە بۆ کڕینی گوڵ.
(هیوا قادر،ل81)

پەیڤی بەرایی:
گەر بە نێو ڕووپەڕی دیرۆکی کورددا بگەڕێین،سەدان ماڵباتی خەمخۆر و گەلپەروەرمان پێ شک دێت کە هەر یەکە و لە گۆشە و سووچێکی نیشتمانەکەی کوردان یانژی لە تاراوگە و غوربەتەوە، سەرچاوەی ڕاژە و خزمەت بەرانبەر چاند و زمانی کوردی بوونە و هەوڵیان داوە زمان و کولتووری کوردی شانبەشانی زمان و چاندی نەتەوەکانی سەر ئەم گۆی زەوییە پێش بکەوێت و ناوی کورد و فەرهەنگەکەیشی هەردەم ناوێکی درەوشاوە و گەشی سەرزاران بێت. بەدرخانییەکان،جەلیلەکان،جەلیزادەکان،موکریانییەکان،موفتیزادەکان و موددەڕیسەکان،تەنێ ناوی چەند بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر دێتە ئەژمار کە بەختەوەرانە تا دێت نموونەیان زێتر دەبێت. ئەم کورتە نووسینە ئاوڕێکی کورت دەداتەوە لە ماڵباتێکی تا سەرئێسقانی گەلپەروەری دی هەر لەم پەیوەندییەدا کە ئەویش ماڵباتی “ئیبراهیمی”یە کە چەندان سیمای دیاری تێدا هەڵکەوتووە؛ سەرتۆپەکانیش بریتینە لە مامۆستایان “ئاوێر”،”شەپۆل”و”بەنی هەتوان”.
ماڵباتێک نغرۆی گەلپەروەری:
ماڵباتی ئیبراهیمی(مەلاسەعید ناسراو بە”ئاوێر”(2004-1932) ،محەممەدساڵح ناودێر بە “شەپۆل”(2018-1933) و محەممەد بە نازناوی “بەنی هەتوان”(2024-1947)،یەکێکی دی لەو بنەماڵە درەوشاوانەی نێو مێژووی کورد دێتە ئەژمار کە هەر هەموو تەمەن و ژینی خۆی بە گەلەکەی خۆ بەخشیوە و بەدرێژایی ساڵانی ژیان،زێترین خزمەتی بە ڕووبەری زانست،ئەدەب و ڕۆشنبیریی نەتەوەکەی خۆ کردووە.
ئەم ماڵباتە،سەرەڕای ئەوەی هەر یەکە و لە گۆشەیەکەوە لە هەوڵی بڵاوکردنەوە،پەرەپێدان و پێشخستنی زمان و فەرهەنگەکەی خۆدا بوونە،بۆ خاکەڕایی و ڕەوشتبەرزییش،ویردی سەرزارانە و هەنووکەیش ئەم نەریتە و خەسڵەتە بڵندەی بۆ نەوەی ئێستایشی گوێزتووەتەوە و هەر ئێستاکەیش ئەم ماڵباتە دەیان مرۆی گەلپەروەری تێدایە کە هەر کامە و لە ڕەهەندێکەوە لە پێناو پێشخستنی دۆزی نەتەوەکەی خۆدا خەبات دەکەن.
ماڵباتی ئیبراهیمی لە سەردەمێکدا پرسی هەرە هەستیاری پەروەردەی لە لا گرینگ دەبێت کە تا ئێستایشی لەگەڵ بێت،ئەم بابەتە بەبایەخە ئەوەند لە لای ئێمەی کورد ئاوڕێکی هەرەقەتی و ڕاستینەی لێ نادرێتەوە و هەرگیزیش نەبووەتە پەرۆشێکی سەرەکی. پڕ ڕوونە ئەو گەلەی ژێرخانی پەروەردەیی لاواز بێت،کەمتر دەتوانێت لە داهاتوودا لە بەری ڕۆشنبیریی نەتەوەکەی بچنێتەوە. هەر بۆیە تا چەندە بایەخی فرەتر بۆ پرسی پەروەردە دابنرێت،سبەی خاوەنی کۆمەڵگەیەکی خەمخۆرتر بەرانبەر چاند و زمانی نەتەوەکەمان دەبین.
ئیبراهیمییەکان لە ڕۆژگارێکی ئەنگوستەچاودا ڕێیان دەکەوێتە گەورەباژێڕێکی وەک تاران کە بە هەزارانمان پێ شك دێت شەرمیان لە ناسنامەی خۆ دەکرد و کوردبوونی خۆیان دەشاردەوە بەڵام گەورە و گچکەی ئەم ماڵباتە پاش تەمەنێکی دوور و درێژ دەڵێی هەر لە نێو چەقی نیشتمانەکەی خۆدا گەورە بوونە و پەروەردەیەکی تەواو کوردانە بە ئاکار و کردار و گفت و لفتیانەوە دیارە و بگرە هەر درێژەپێدەری ڕێگا و ڕێبازەکەی گەورەکانی خۆنە. هەر بۆیە پرسی پەروەردە ئەوەندە دەوری گرینگ دەبینێت. مرۆڤ کە شەرم لە زمانەکەی خۆ بکات،بێ سێ و دوو شەرم لە خودی نەتەوە و ناسنامەکەیشی دەکات و خۆیشی لە هەمبەر زمان و نەتەوەکانی دیکەدا پێ نزم و نەوی دەبێت. وەک نموونە ئاماژە بە مامۆستا شەپۆل دەدەم کە بەردەوام لە پێناو پێشخستن و گەشەپێدانی پەیڤی کوردیدا خەباتی دەکرد. جاری وایە لە مەتەرێزی ڕادیۆوە ئەو ئەرکەی جێبەجێ دەکرد و جاری دواتریش سەنگەری ڕۆژنامەگەریی کوردی هەڵدەبژارد و هەر ئەوەندە بزانین کە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979(1357ی هەتاوی)دووی وەرگرتنی مۆڵەتی بڵاڤۆکێکی کوردی دەکەوێت و گۆڤاری “گرشەی کوردستان” لە تارانەوە بڵاو دەکاتەوە. ئەم گۆڤارە هەر بە هەوڵی تاکەکەسیی ئەم مرۆڤە نەتەوەپەروەرە تا 9 (نۆ) ژمارەیەکی لێ دەردەچێت.
دوابەدوای ئەوەی لە نەوەدەکانی هەتاوی بەملاوە(2012) ڕووم لە شاری سنە نا،لە سای نزیکایەتی دەگەڵ بنەماڵەی مامۆستا شەپۆل لە تاران،هەر زۆر زوو دەگەڵ خودی دوکتۆر “محەممەد”ی برای و دوکتۆر شێرکۆی کوڕی مامۆستا محەممەد ئاشنایەتیم پەیدا کرد و ئەوەی چاوەڕوانیم دەکرد ڕاست هەر بە هەمان شێوە دەرچوو و ئەمانیش ڕاست نموونە باڵاکەی گەلپەروەریی و خاکەڕایین. لە دەیان کۆڕ و دانیشتندا دەگەڵ دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی لەسەر خەم و پەرۆشەکان پێکەوە بیر و ڕامان گۆڕیوەتەوە. لێرەوە پەی بەو گرینگە دەبەین کە هەر لە کەڤنەوە پەرۆشێکی سەرەکیی ئەم ماڵباتە،زمان و کولتووری نەتەوەکەی بووە و دوکتۆر محەممەدیش وەک گەورەکانی پێش خۆی لە هەمان پێناودا خەباتی کردووە؛هەر بۆیە ناوی هەردەم لە مێژووی کورددا وەک خۆری بەیان درەوشاوە دەبێت.

لە ئامێزی ژیاندا:
دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی ناسراو بە “بەنی هەتوان”،ساڵی 1326ی هەتاوی(1947ی زایینی)لە شاری مەهاباد لەدایک دەبێت. “محەممەد ئیبراهیمی محەممەدی”، برا بچووکی مامۆستایان دوکتۆر محەممەدسەعید ئیبراهیمی ناسراو بە ئاوێر و دوکتۆر محەممەدساڵح ئیبراهیمی ناسراو بە “شەپۆل”ە و بنەماڵەیەکی گەوهەرینە کە هەر لە کۆنەوە تا هەنووکە بۆ دڵسۆژی بەرانبەر نەتەوەکەی خۆ ویردی سەرزارانە.
نووسەر و توێژەر،دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی ،تەمەنێکی دوور و درێژ لە ڕێی وانەوتنەوەوە بووبوو بە سەرچاوەی خزمەت. ئەم کەسایەتییە خودان سەنگە،مامۆستای چەندان زانستگە بوو و تەمەنێک لەو ڕۆچنەیەوە خزمەتی چەند بوارێکی وەک فێرکاریی و پەروەردە،زمان و چاندی کوردی دەکرد.دەیان نووسینی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو بووەتەوە کە لەو بەینەدا دەکرێت ئیشارەت بدەینە “سیروان” و “ئاسۆ”.
ئەم نووسەرە خاوەنی چەندان بەرهەمی بەپێزی وەک “وارگەی مێژوویی کورد”،وەرگێڕانی گوڵبژێرێک لە “کتێبی کورد و کوردستان”ی “ڤاسیلی نیکیتین”(1960-1885) بۆ سەر زمانی کوردییە و،لە دەیان کۆنفرانس و کۆنگرەیشدا دەوری کارا دەبینێت.
ئەم مرۆ ڕۆحسووکە،نازناوی “بەنی هەتوان”ی بۆ خۆ هەڵبژاردبوو کە لەبەر خۆشەویستی بەرانبەر مەلا مستەفا بارزانی(1979-1903) خۆی بەو نازناوە ناودێر دەکرد چونکە بارزانیی نەمری بە باوکی مەرهەم و ساڕێژکەری برین و زامی کوردان دادەنا.
دوکتۆر محەممەد ئیبراهیمی هەر بە تەمەنی گەنجیی ئەو شانازییەی پێ دەبڕێت ساڵی 1979،لە کاتی ئەسپەردەکرانی تەرمەکەی بارزانیی نەمردا لە شاری شنۆ ،لەسەر گۆڕەکەی شیعر بخوێنێتەوە و تەڵقینی داداوە.
سەرەنجامیش لە دواڕۆژانی پاییزی ڕەنگاڵەیی نیشتماندا ڕۆژی چوارشەممە،28ی سەرماوەزی 2724(18ی دێسەمبەری 2024)لە شاری سنە کۆچی دواییی کرد و ڕۆژی پێنجشەممە،29ی سەرماوەزیش خاکی پیرۆزی نیشتمان بوو بە دواهەواری.
شاری سنە کە هەمیشە باوەشی بۆ گەلپەروەران ئاوەڵا بووە،بەوپەڕی میهرەبانییەوە ئامێزی لە ڕووی ئەم مرۆ خاکەڕایەیش کردەوە و لە بەشی هونەرمەندان و ناودارانی ئارامستانی بەهەشت محەممەدیی ئەم شارەدا ماڵۆچکەیەکی بۆ تەرخان کرا و تەرمەکەی بۆ هەمیشە لە باوەشی خاکی نازەنینی ئەم بەشەی نیشتماندا ستاری گرت؛لێرەوە ئەم کردە و هەڵوێستە بڵندەی دەستەی ڕێزنان لە ناودارانی کوردستان بەرز دەنرخێنم و ئەم هەنگاوەیان جێی پێزانین و دەستخۆشیی فرەوانە.
دەرەنجام: دیرۆک شایەتی ئەوە دەدات کە ماڵباتی ئیبراهیمی، یەک لە بنەماڵە هەرە ڕەسەنەکانی نێو کورد دێتە ئەژمار کە بەشی فرەی تەمەن و ژینیان لە پێناو بڵاوکردنەوە،پەرەپێدان و پێشخستنی زمان و چاندی کوردیدا تێپەڕیوە و ئەم نەوە،ئەم وانە گرینگەی بۆ نەوەی پاش خۆی گوێزتووەتەوە و هەر هەموو(گچکە و گەورە)بە بێ جیاوازیی ڕەگەز بۆ گەلپەروەری سەرتۆپن. ئەوەی لە نێزیکەوە ئاشنا بەم ماڵباتە نازەنینە بێت،دەزانێت پەرۆشێکی سەرەکیی لە لای بنەماڵەی ئیبراهیمی،پاراستن و پێشخستنی کولتوور و زمانی کوردییە بە گوێرەی سەردەم. خاکەڕایی،ڕەوشتبەرزیی و گەلپەروەری،سێ تایبەتمەندی هەرە دیاری نێو ئەم ماڵباتە گەوهەرینە دێتە ئەژمار.هەر بۆیە گەر ئاوڕێک لە تاکە تاکەیان بدرێتەوە،ئەو ڕاستییەت لە لا دەردەکەوێت وێڕای خۆتەیارکردن بە زمانی زانست،خەمخۆرییەکەیشیان بەرانبەر نەتەوەکەیان لە باڵاترین ئاستدایە. دیارە ئەم پرسە بۆ ژێرخانێکی بەهێزی پەروەردەیی دەگەڕێتەوە و ئەو ڕاستییەمان لە لا خویا دەکات تا چەندە لەسەر بنەمای پەروەردەیەکی کوردانە دەڕۆن و ڕاژە و خزمەتکردنی چاند و کولتووری کوردییان هەتا چەندە لە لا گرینگە. لێرەوە تێدەگەین لە لایەکەوە بارهێنانی زارۆک لەسەر بنەمای پەروەردەیەکی کوردانە و دواتریش گرتنەپێشی ڕێبازی زانستی بۆ بڵاوکردنەوە،پەرەپێدان و پێشخستنی چاند و زمانی کوردی لە لای ئەم ماڵباتە بەهەند وەرگیراوە. هەر ئەوەندە بڵێم کوڕ و کچی نێو ئەم بنەماڵە گرانقەدرە لە چەندان مەتەرێزی وەک دەروازەی زانست،وەرگێڕان،نووسین و میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی سەرقاڵ و مژولی ڕاژە و خزمەت بە زمان و کولتوورەکەی خۆن. ئەم ماڵباتە بە درێژایی تەمەن، هەردەم ڕووناکایی بۆ گەلەکەی بووە و لە هەر وشە، نووسین،ئاخاوتن و دەرکەوتنێکدا،تەنێ هەر یەک پەیڤ خۆ دەنوێنێت و بەس؛ ئەویش ناوی پیرۆزی “کوردستان”ە.

نووسین و توێژینەوە: هۆمەر نۆریاوی

ژێدەر:
• دیوانی هیوا قادر،چاپخانەی هاووڵاتی،2012،کوردستان
• باوکی خۆشەویستم،ماڵئاوا،نامەی دیاکۆ ئیبراهیمی بۆ کۆچی دواییی باوکی کە لەسەر قەبرەکەی لە لایەن ئازاد ئیبراهیمی(1979)،نووسەر و میدکاکاری ناسراوی کوردەوە خوێندرایەوە.
• کورتە باسێک لەسەر ژیانی مامۆستا مەلا سەعید ئیبراهیمی،ئازاد ئیبراهیمی،ماڵپەڕی هاژە،خاکەلێوەی 1401ی هەتاوی
• دوو چڵە نێرگزی نیشتمان و تەمەنێک خزمەت،هۆمەر نۆریاوی،دووحەوتەنامەی لووتکە،ژمارە 30،مارتی 2018

‎⁨لە ڕاستەوە: عومەر فارۆقی- محەممەد ئیبراهیمی- هۆمەر نۆریاوی- ئیبراهیم ئەحمەدی – ئیرەج عیبادی⁩.



هونەرمەند”نەسرین مەرجان” یەكەم ئافرەتی كورد بووە چۆتە كۆلێژی هونەر لە بەغدا.. ن- كامەران حاجی ئەلیاس

لە كوردستان زۆرێك لەبنەماڵەكان، دەبنە هاوكارێكی باشی نەوەكانیان بۆ ئەوەی بەحەزو ئارەزووەكانیان بگەن لەپێناویشیان قوربانی زۆریان داوە، ئەوەی مەبەستمە هەڵوێستەی لەسەر بكەم بەگشتی بنەماڵەیەكی هونەری دیاری،هەولێر و كوردستانە، ئەویش بنەماڵەی (مەرجان)-ە وە بەتایبەتیش هونەرمەند خاتوو (نەسرین مەرجان)-ە ئەو هونەرمەندەی وەكو یەكەم ئافرەت لە كوردستان بەمەبەستی برەودان بە هونەرەكەی لە ساڵی 1970 دەچێتە شاری بەغدا لە ئەكادیمای هونەرە جوانەكانی بەغدا دەخوێنێت..
سەرەتا پێمان باش بوو كورتەیەك لەسەر بنەماڵەی (مەرجان) باس بكەین، بابزانین نازناوی(مەرجان) چۆنە بۆتەپاشگری ناوەكەی نەسرین خان؟ مەرجان كێ بوو؟
(داپیرە) ی هونەرمەند نەسرین خان ناوی مەرجان بووە، لەبەر ئەوەی ئافرەتێكی سەلار و خان مان و بوێر و ڕچە شكێن و ئازابووە لەسەردەمی خۆیدا، لەبەر ئەو خەسڵەتانەجوانانەی نەنكی نازناوی مەرجان یان بۆ خانەوادەو بنەماڵەكەیان هەڵبژاردووە و تائێستا ناوێكی پرشنگدارە بۆ بنەماڵەی مەرجانەكان..
مام خدر مەرجانی باوكی یەكێك بووە لە هونەرمەندە میللییەكانی شاری هەولێر (زوڕناژەن، شمشاڵژەن و باڵەبانژەن ) ێكی بەناوبانگ بووە، بێگومان ئەو هونەرە بێ خەوش و شادی بەخشەی باوكی كاردانەوەی لەسەر هونەرمەند بووەو لەگەڵ هونەرەكەی باوكیدا ژیاوە و هەنگاوی بۆ داهاتووی ناوە.
مام خدر مەرجانی باوكی نەسرین خان لە زوڕناژەنین پیاوێكی مەعلان و ماقووڵی مەجلیسی هەولێرییان و خەڵكی دەوروبەرەكەی بوو، لەناو شار و لە دەشتی قەراج و كەندێناوە و موركیە و شەمامك و خۆشناوەتی تا دەگاتە دۆڵی ئاكۆیان و باڵەكایەتی بەناوبانگ و خۆشەویست و لەبەردڵان بوو، كەم شایی و زەماوەند و بۆنە بەبێ زوڕنایەكەی مام خدر مەرجان تێدەپەڕی، ئەو سەردەستەی پیاوە جوان و خواستراوەكەی مەجلیسی پیاوماقوڵان و بەگزادان بوو.
لەهەر گۆشەیەكی ماڵدا كتێب بوونی هەبوو بێت واتە چرایەك بۆ هەمیشە داگیرساوەو دەدرەوشێتەوە، ئەم بۆچوونە بۆ ئامێرەكانی مۆسیقاو تابلۆی هونەری هەروایە، كەواتە بوونی ئامێرە بەجۆش و هەست بزوێنەكانی وەك ( زوڕنا و شمشماڵ و باڵەبان) بوونی تابلۆی هونەری لەناو خانەوادەكەی نەسرین مەرجان دا وەك چرایەكی گەش بوون هەموو كات ڕۆشنی بەدڵ و هەستی نەسرینی منداڵ و مێرمنداڵ بەخشیوە.
هونەرمەند نەسرین خدر مەرجان لە لە 10-6 1947 شاری هەولێر لەدایك بووە قۆناغەكانی خوێندنی وسەرەتایی و ناوەندی وئامادەیی هەر لەم شارە تەواو كردووە،بەهاندان و پاڵپشتی بنەماڵەكەیان بەتایبەتی هەردوو براكەی هونەرمەند واحید مەرجان و هونەرمەند یەحیا مەرجان وەك یەكەم ئافرەتی كوردلە كوردستان بەمەبەستی خوێندنی زانستی هونەری لە ساڵی 1970 دەچێتە ئەكادیمیای هونەرجوانەكانی بەغدا بەشی شێوەكاری لە لقی نیگار وەردەگیرێت، چوارساڵی خوێندن بەكارامەیی تەواو دەكات، لەوماوەی خوێندنی لە نێو ئەكادیمیا و دەرەوەی ئەكادیمیا بەشداری چەندین چالاكی هونەری كردووە.
هونەرمەمەند نەسرین مەرجان لەماوەی ژیانی هونەری خۆی بەشداری چەندین پیشانگەی شێوەكاری كردوە یەكەم پیشانگەی هاوبەشی لە شاری بەغدا لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی كورد بووە لە بارەگای ئاژانسی دەنگ و باسی عێراق لەژێر چاودێری سیاسەتمەداری كوردی كۆچكردوو سەیدا (ساڵح یوسفی ) بووە، هەر لەساڵی 1973 وەك ئەكتەر بەشداری چەندین زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی كردووە، لە بۆنە نیشتمانییەكان بەشداری كارای هەبووە، بەتایبەتیش یادەكانی نەورۆز لەشاری بەغدا.
نەسرین خان وەكو پێشكەش كارێكی لێهاتوو لە ساڵی 1973 بەرنامەیەكی هونەری بەناوی (جیهانی هونەر) پێشكەش دەكرد،كەبەرنامەیەكی هەفتانە ی تەلەفزیۆنی بوو،لەهەمان كاتدا بۆماوەیەك وەكو بێژەر لە رادیۆی كوردی بەغدا كاری كردوە.
دوای ئەوەی ئەكادیمای هونەرەجوانەكان تەواو دەكات لە ساڵی 1976 دەگەڕێتەوە،شاری هەولێر یەكەم پیشانگەی تایەبەتی خۆی لەقوتابخانەی ئەیوبیە دەكاتەوە لەپیشانگەیەكەدا (30) تابلۆی زیتی و ئاوی نمایش كرد،لە ساڵی 1982لەگەڵ كۆمەڵی لە هونەرمەندان، بەشداری پیشانگەی پۆستەرات كردوە، هەروەها بەشداری چەندین چالاكی هونەری،لەرێگەی یەكێیەتی ئافرەتانی كوردستان و سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان كردوە.
هونەرمەند نەسیرین خان لەساڵی 1983 دەگوازرێتەوە بۆ شاری دهۆك لەوێش لەگەڵ هونەرمەندانی دهۆك لە چالاكی هونەری بەردەوام بووە،لەساڵی 1983 لە بەرێوەبەرایەتی چالاكی قوتابخانەكان بەشداری پێشبركێ (پۆستەرات)ی پارێزگای كردوە،هەر لەشاری دهۆك لە ساڵی 2004 پیشانگەیەكی تایبەتی خۆی لە هۆڵی (شەهید سەلمان) كردۆتەوە، 35 تابلۆی خۆی نمایش كرد.
هونەرمەند نەسرین خان بۆماوەی 7ساڵ مامۆستا بووە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی دهۆك، ئەندامی كارای سەندیكاری هونەرمەندانی كوردستانە، دوای خانەشین بوونی گەڕاوەتەوە شاری هەولێر لە ئێستادا خۆی ئامادە دەكات بۆ كردنەوەی پیشانگایەكی تایبەت.
شایانی باسەخاتوو نەسرین خان منداڵەكانیش هەمان رێچكەی هونەری ئەویان گرتووە ،دوو كوڕی هەیە بە ناوی ( یونس) كەدەرچوی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی هەولێرە بەشی شێوەكاری ودەرچووی كۆلێژی هونەرە جوانەكان بەشی سینەما وە (یوسف) ئەویش دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەكانی هەولێرە بەشی شێوەكاری.
بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لەم بەرێزانەی خوارەوە وەرگتووە:

  • واحید مەرجان ئەو هونەرمەندەی نیو سەدەی تەمەنی بەهونەر بەخشی جەمال دەلاك.
    -پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هونەرمەند هۆشیار مەرجان .
    -پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ تابان خان .



ئەنادۆل.. پشکۆ ناکام

…..ئەمساڵ بەرەو ئاوا بوون مل ئەنێ ، گەر بمانەوێ لەم ساڵەیا بە دوای ووشەیەکا بگەڕێین کە لە هەموو وشەیەکی تر زیاترو زیاتر بەکار هاتوە لە ووتار و خۆپیشاندان و سایت و سۆسیال میدیا و تەنانەی لە مقۆمقۆی بەینی هەولێر و بەغا و تەسریحاتی لایەنەکان” بە مولحید و ئیسلامییەکانەوە” خۆ ماندووکردنی ناوێ کە ئەو وشەیە”مووچە”یە..زۆرترین وسەی خەڵکی لەسەر بوە زۆرترین قسە و لێدوانی خوا پیاوەکانی بەناو هەرێمیش هەر لەسەر مووچە بوە ،بەڵام هەردەم بە ڕەتکردنەوەی ڕاستییەکان و : “کالعادة”چەواشە کردنی خەڵک بە گشتی و مووچە خوراوەکان بە تایبەتی ، باس کردنی مووچە وامان لێئکا بە توانجەوە بڵێین مووچە گرنگ نیە !! حکومەت گرنگە!! خەڵک بە مووچەشەوە قابیلی نەمانە ،بەڵام حکومەتێک وەک ئەمەی هەرێم کە قووت کراوەتەوە لەبەر دەممان ڕەنگە بە دوو سێ قەڕن پەیا نەبێتەوە لە داوێن پاکی ! و نیشتمان پەرەوەری ! و مێژوو بێ گەردییەوە ! ئەم حکومەتە کە لە دونیایا هاوتای نیە و نابێ “ لم یلد و لم یولد” دوای ڕووبارێ خوێن دروست بوە و سێ چوار ڕووبار قووت و داهات و گیرفان و مافی ئەو خەڵکەی هەڵ لۆشیوە و خەشنۆش کردوە ، دوای سەد ساڵ ! خەبات هاتۆتە سەرکار و سێ چوار سەد ساڵێک کوردی بردوە بۆ دواوەوە، ئەم حکومەتە “ بێ حوکمە” کە لای باکور و ڕۆژهەڵاتەوە دۆمینەیی لەسەر کراوە و دوا جار بە ٣٩ خاڵ بۆ ئەم و ٢٦ خاڵ بۆ ئەوی تر یارییەکە قەپات و هیچ بەدەستەوە تەواو بوە و پولە زیاەکانیش بەسەر هەردوو لا دابەش کراوە ، حکومەتێکی وا بێ دەسەڵات بۆ هەموو پرسێک ئەبێ “هەلاو قارداش” و “ هەلەو ئاغا”ی تێبکەوێ غەمی چەن شت بخوا؟کامی باشترە والییەکەی هەولێر مووچە بخوا..ببورن مووچە دابەش بکا یان نەچەمێتەوە؟ ئەم حکومەتە نایەوێ جارێکی تر وەک “ێاش بەتاڵ “ بۆ کەس بچەمێتەوە ، قیرسیا با ڕووبارە خوێنەکە ببێ بە : ڕووبارێ مەعیدە”.. جگە لەوەش خەڵک ئاگای لەوە نیە ئەم حکومەتە مەسرەفی چەن زۆرە ،هەر تاکسییەکی عادی بزانە مەسرەفی چەن زۆرە جا وەرە وەرە سەر حکومەت کە هەر سەرۆکەکەی ! سی سەیارەی وا بە دواوە بۆ ئەوەی پارێزراو بێ و نەچەمێتەوە جگە لەوەی ئەو سەیارانە وەک تاکسی نەفەر هەڵناگرن..

ئەی گەر ئەو نەوتە وشکی کرد حکومەتی “ نا “ چەمیو مووچە چۆن دابەش بکا ؟ئەو کاتە مەگەر بە خێری دراوسێکان “قورمە سەبزی” و “ دوێنەر- گەص” دابەش بکا..[ بۆ نەگبەتی دوێنەر لە درۆینەوە نزیکە ]..ئەم حکومەتە ئەیەوێ خەڵک لەسەر ئەوە ڕابێنێ گەر خوا نەکردە خلیسکا و چەمایەوە و معاش نەما بتوانن خۆ ڕاگر بن و شۆڤینییەکانی بە غا دڵخۆش نەبن و بزانن بێ مووچەیی نامان چەمێنێتەوە ،هەر چەمایشینەوە ئامادە بین ساحەکە چۆڵ بکەین ، دوێنێ ووتمان : لەبەر ئەوەی ئێمەش “ئاریا”ی ین، ئەمجارە ئەڵێین : لەبەر ئەوەی ئێمەش “انادۆل” ین…




تێسلە و ئاوی شێخی باڵەک.. چیرۆک.. دیدار مەسیفی

ئێوارەیێکی خۆڵەمێشی بوو! برازایە جوانەکەم ئۆتۆمبێڵە ئۆدییە سپییەکەی لە پێش دەرگای ماڵی خوشکە گچکەکەم ڕادەگرێت و بلەز پەنجە بە زەنگی سەر دەرگاکەوە دەنێت. دواتر یەک چرکەیش لە چاوەڕوانی کرانەوەی دەرگاکە نامێنێتەوە و مینا پاڵەوانی فلیمی ئەنەمیەشن و بەناوبانگی سۆنیک بە خێرایی دەگەڕێتەوە سەر کورسی شوفێری. خوشکم دەڵێت لەوەتەی منی نەبینووە ئەم برازایەیشی نەبینیووە!

  • من لەوسەری دونیا دەژیم و هەر دە ساڵ و جارێک بۆم ڕێک دەکەوێت، بگەڕێمەوە لاتان!؟ کەچی خوشکێ، ئێوە هەمووتان لە یەک شار دەژین و دەبێت سوپاسگوزار بن کە نەخشەکەی شێوەی بازنەیی هەیە.
    هەستمکرد خوشکە زرنگەکەم بە چاکی لە مەبەستی بەکارهێنانی وشەی بازنە لە نێو ئاخاوتنەکەم نەگەیشت و بە هەندیشی وەرنەگرت. لێ دەتگوت هەر لە بنەڕەتەوە و بە شێوەیێکی خۆنەویستانە من ئەم وشەیەم بۆیە بەسەر زاردا هات بوو هەتا هەر گەیشتمە سەر کورسی پێشەوەی ئۆتۆمبێڵەکە، یەکسەر بە گویێ برازایەکەمیشیدا بچرپێنم، بەو پێیەی ئەو ئەندازیارە زووتر لە مەبەستەکە دەگەیشت کە شێوەی بازنە هەمیشە ماوەکان کورتتر دەکاتەوە.
    برازایەکەم دەنگێکی گەلێک شیرین و سۆزداری هەیە و دەشێت لە یەک کاتدا بە چەند شێوە ئاوازی دەنگی بگۆڕێت. جارێکیان بەر لە گەڕانەوەم بۆ زێدی شیرین، بۆ شت کڕین بۆ دەرەوە چووم و هەر کە ئۆتۆمبێڵەکەم لە گۆڕەپانی فراوانی مۆڵێکدا ڕاگرت، زەنگی پەیامێکم لە ئایفۆنەکەم گوێ لێ بوو. من هەمیشە ئارەزوو دەکەم گیرفانێکم لە نزیکی پێیەکانم هەبێت و ئایفۆنەکەمی لێ دابشارم. بەو نیازەی دەستم بە درەنگی پێی ڕابگات و، ئایفۆنەکەیش بە سانایی بۆی نەلوێت زوو زوو بە خۆیەوە مژووڵم بکات و لە ژیانی ڕاستی دابمڕێنێت.
    لەو کاتەی پەیامەکەم بۆ هات شەو بوو و هەر کە لەسەر ڤایبەر کردمەوە گوێم بە گۆرانیێکی ناوازەی مەم ئارارات پڕ بوو کە دەڵێت: “شەڤ بوو ستێر لە ئاسمان، د لەرزە بایێ پشت چیایان!” تاوێکی درێژ لە نێو ئۆتۆمبێڵەکە مامەوە و بە گەردێک بۆم ئاشکرا نەدەبوو لەوەی دەنگەکە دەنگی مەم نەبوو بەڵکە هی برازایەکەم بوو! ئیدی ڕوندک بە چاومدا هاتە خوارەوە و یەکسەر پەیامێکم بۆی نووسی کە هەرگیز لەو بەهرە شیرینانەی بێبەشـم نەکات.
    لە سەروەختی گەڕانەوەمدا من هەتا ئەو کاتە لە سەنگەری خوشکە گچکەکەم مامەوە کە هێشتا ئەو برازایەمم جارێکی تر لە نزیکەوە و بە تەمەنێکی گەورەتر نەبینی بوو! هەرچەندە ئەو ڕووخسارە پاکیزەکەی هەڵەتی منداڵی پێوە مابوو، لێ بەژنی زراڤ و درێژی وەها گەشەی کرد بوو بۆنی وەرزی بەهاری لێ دەهات. لە نێو ئۆتۆمبێڵەکەدا زۆر ئەستەم نەبوو بەژنی برازایەکەم بە پێوانێکی نادیار بخەملێنم، بە تایبەت لەو کاتەی کورسی شوفێری گەلێک لەوەی من ماوەی خوولەکێک لە سەری دانیشتبووم، بەرەو پاش بردبوو. بە دڵمدا نەهات پێی بڵێم کە بۆچی لە ئۆتۆمبێڵەکەی نەهات بووە دەرەوە، چونکە هەر لە سەرەتاوە گەرەکم شتەکەی بۆی پینە بکەم و بڵێم لەوانەیە پەلەی بوو بێت و پێی خۆش نەبوو بێت لە کۆڵانە جەنجاڵەکدا لە یەک-دوو خوولەک پتر بمێنێتەوە.
    برازایەکەم زۆر لە مێژ نەبوو هاوسەگیری کردبوو و زانیبووم کە گورانی (ئەهواک- واتە خۆشمدەوێت) کتومت وەک عەبدولحەلیم حافز دەچڕێت. بە دانیشتن لە ماڵە خنجیلانەکەیان نەمویست شتەکان تێکەڵوپێکەڵ بکەم، لەو کاتەی بابەتەکانی لە ماڵی خوشکەکەم باس کران نێوانی زەوین و ئاسمان جوداییان هەبوو لەگەڵ ئەوانەی ماڵی ئەو برازایەم.

خوشکە گچکەکەم لە چاو من تەمەنی زۆر گەورە نەبوو، لێ بابەتەکانی گفتوگۆی هەر هەمووی هی نێو دڵی منیش بوون. بە تایبەت لەگەڵ هاتنی دەنگی شیرینی حەسەن سیساوەیی لە تیڤییەکەی سەر مێزەکەی ژووری دانیشتن، ئەو بە ڕژدی و بە بزەیێکی جوانەوە پێداگری لە بەکارهێنانی وشەگەلی لەمەڕ سەردان، میوان، جیران، ژیان، و باوان و هتد دەکرد و لە نێو ئاخاوتنە جوانەکانی هەمیشە دوو پاتەی دەکردنەوە.
دوای نزیکەی بیست خولەک گەیشتینە ماڵی برازایەکەم کە لە باڵەخانەیێکی کۆنکریتی بیست و پێنج نهۆمی دەرەوە و باکووری شار بوو. هەر لە دەرگاوە بەر لەوەی لە برازایەکەم زووتر پێم بخەمە ژوورەوە، بارەکەم بە تەواوی و بە سەد و هەشتا پلە بە پێچەوانەی ماڵی خوشکەکەم دیت. بۆ نموونە تیڤییەکە بە دیوارە بوو و دامرکا بوو، دەتگوت لە تەمەنییدا بۆ چرکەیێکییش هەڵنەکراوە.
ئیدی هەمووی پێنج خوولەکی تر تێنەپەڕی کە خۆمان لە نێو بابەتەکانی گفتوگۆ و ئاخاوتنی سەر مێزی نان خواردن بینییەوە. دەبێت بڵێم پێداگری برازایەکەم لەسەر وشەگەلێک بوو کە هەمان کێشی زمانەوانی وشەکانی سەر زاری خوشکەکەمیان هەبوو، لێ ماناکانیان دوورترین پێوەندیان بەوانەوە هەبوو. لە ماڵی برازایەکەم وشەگەلی وەک ئایفۆن، درۆن، ئەمازۆن و بیت کۆین و هتد، دەهاتنە نێو گوێم و لەو جارەدا تیپی (نوون) لە کۆتایی هەر وشەیێکدا بە دوو نووکە تیژەکەی (N) هوروژمیان بۆم دەهێنا. لێ، لە دەرەوەی گشت باسوخواستەکاندا، من هەرگیز نەمدەتوانی داوەری بکەم و یەک گەرد لە خۆشەویستی نێو دڵم بۆ هەر یەکێک لەو هەردوو ئازیزەم لە دەستبدەم.
برازایەکەم کەسێکی هێندە ڕێزدار و ئارامە ئەگەر باسی ئەهریمەنێکیشی هێنابووایە گۆڕێ، لە پێش چاوانت بە جوانی دەردەکەوت. دوا جار بەر لەوەی ماوەی گەڕانەوەم بۆ ماڵی خوشکم نزیک بێتەوە و ماڵە خنجیلانەکەیان بەجێبهێڵم، برازایەکەم بە شێنەیی هات لە تەکم دانیشت و تراکی ڤیدیۆیێکی کورت و گەلێک سەرنجڕاکێشی پێ پێشان دام. هەرچەندە لە سەرەتادا مەبەستی گرتە ڤێدیۆیەکە ئاشکرا نەبوو و دیار نەبوو کە لە بارەی چییە، بە تایبەت لەو کاتەی زوومی کامێرا یەک لە دووی یەک چەند کەلوپەلێکی تەکنەڵۆژی سەردەمی نوێ بەسەر دەکردەوە و پێشیانی دەدا. من خۆشییم لە سەیرکردنیان نەدەبینی و وەهام دەزانی شێوەیێکە لەو ڕیکڵامە بێتامانەی نێو شاشەکانی تیڤی کە هەمیشە گەرەگیانە هەرچی زووترە جوانییەکانی ژیانی کوردەواری بکوژن و لە نێوی ببەن. لێ، لەو کاتەی ڤیدیۆکە بە کۆتا هات، من نەمتوانی خۆم لەوە بدزمەوە و چەپڵە بۆ ئەو دەستە لێ نەدەم کە بیری لەو داهێنانە کردبووەوە و وەها بە جوانی بیرۆکەکەی داڕشتبوو.
وێنەی نیکۆڵا تێسلەی زانا بە هۆی کۆمەڵە کەلوپەلێکی ئەلیکترۆنی وەها بە شێوەیێکی سەیر و ناوازە بەرجەستە بوو و دروستبوو، چاوی هەر کەسێک بووایە لە ئاستییدا مات و ئەبڵەق بەجێدەما. وێنەکە وەهای لە مرۆ دەکرد لە گومانی خێرا کەمێک شێنەیی بنووێنێت و هەمیشە لە چاوەڕوانی دەرئەنجام بمێێنێتەوە، وێجا بڕیاربدات. ئیدی بە سەیرکردنی هونەر و وێنە ناوازەکەی تێسلە، وشەگەلی باوی سەردەم کە کاتژمێرێک زووتر لە زاری برازایەکەم دەرچوو بوون و ژاوەژاوێکی سەیریان لە زەینمدا دروست کرد بوو، لە فشار هێنان دەکەوتن و ڕەوتی دانیشتنەکەیش بەرەوە ئاقارێکی بەرفرەتر دەچوو.
من بۆ ماوەیێکی درێژ لە دیمەنی تێسلە ڕادەمام و لە دوا گۆشە نیگایەوە وێنەکە کتومت وەک فۆتۆگرافێکی بریسکەدار و ڕوون و ڕاستی خۆی دەنوواند. لێ لە هەمان کاتیشدا بەشێک لە زەینم بە کونوکەلەبەری ژیانی گوماناوی ئەم زانایە بەدبەختە گوزەری دەکرد و هێندێک شتی وەبیر دەهێنامەوە کە لەو ساڵانەی دوایی و لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی لە پڕی ناوی تیسلە خوێندبوومەوە.
دەڵێن تێسلە پیاوێکی بەژن درێژ و گەلێک ڕێک و پۆشتە بوو. بە کەمدوویی و ڕێزداریێکی بێوێنە ناسراو بوو و گەلێک جارانیش خۆشی لە گاڵتەوگەپیش بینیووە. ئەو سەرباری زرنگی و داهێنانە مەزنەکانی، دوا ساڵەکانی ژیانی لە دوورەپەرێزیێکی سەیر بەڕێکرد. هەتا لە زستانی ساڵی ١٩٣٧ لەو کاتەی لە هۆتێڵەکە دەردەکەوێت بۆ ئەوەی بەرەو کاتێدرال بڕوات و وەک دوا ئارەزووی ژیانیشی، دانەویڵە بە کۆترەکان بدات، ڕووداوێکی گوماناوی بۆ پێش دێت. تێسلە هێشتا دوو یان سێ کۆڵان لە هۆتێڵەکە دوور نەکەوتبووەوە و لەو کاتەی دەیەویست لە شەقامەکە بپەڕێتەوە، ئۆتۆمبێڵیکی تاکسی خۆی پێدا دەکێشێت و بەرەو ئاسمان بەرزی دەکاتەوە و دواتر بە زەبر فڕێی دەداتەوە سەر زەوی. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا تیسلە پشتی دەچەمێتەوە و زیانی زۆری پێ دەگات، هەروەها سێ پەراسووی دەشکێن و گەلێک برینیش هەتا مردنی بە نەزانراوی لە نێو لەشییدا دەمێننەوە. چونکە تێسلە بە هۆی گۆمانەکانی بۆ ئەو ڕووداوە و گەلێک ڕووداوی دیکەی پێشتری ژیانی لە نیویۆرک، هەموو چارەسەریێکی پزیشکی ڕەت دەکاتەوە. ئیدی ئەو بە لەشی هەپڕون و پیری بۆ هەتا سەر خۆی لە ماڵەکەی لە ژووری ٣٣٢٧ ی هۆتێڵ نیویرۆکەر دەئاخنێت و چیدیکە جارێکی دیکە پێ نانێتە دونیای دەرەوە.
لە حەفتەمین ڕۆژی مانگی یەکی ساڵی ١٩٤٣ و لە دوای پێنج ساڵ لە ڕووداوەکە، کارمەندێکی ژنی هۆتێڵەکە بە ناوی ئەلیس گوێ بەو ئاگادارینامەیە نادات کە تێسلە ماوەیێک بوو بە سەر دەرگای ژوورەکەی هەڵواسیبوو (تکایە بێزارم مەکە!)، دەچێتە ژوورەوە. ئەلیس لە ژوورەوە هەست دەکات بۆنێکی ناخۆش و دژوون لە ژوورەکەدا پنگاوەتەوە. بەڵام لەو کاتەی نیگای چاوەکانی دەکەونە سەر تەختی نووستن و تێسلە بە مردوویی دەبینێت، ژنە یەکسەر هاواری لێ هەڵدەستێت و بۆ دەرەوە ڕادەکات.
دوای ئاگادارکردنەوەی بەڕێوەبەری هۆتێێڵەکە پۆلیس و ئەندامانی ئێف-بی-ئای و کەسانی پسپۆڕی دیکە وەژوور دەکەون و تەرمەکە و گشت شتەکانی نێو ژوورەکە لوول دەدەن و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن. ئیدی لەو ڕۆژەوەڕا ناوی تێسلە دەبێت بە مێژوویێکی تەپس کراو و ژیان و مردنی و کارە مەزنەکانی تەنێ لە بازنەیێکی بچووک و نەزانراودا دەمێنێتەوە.
دوای هەشتا ساڵ لەو کاتەی ئۆتۆمبێڵێکی پاتری و زیرەک بە ناوی تێسلە بە جادە و شەقامەکاندا گوزەر دەکات، بە دەگمەن کەسانێک هەن بەوە بزانن کە ڕۆژگارێک مرۆڤێک بەم ناوە هەبووە و ژیاوە. بەڵێ، ئەو زانایێکی بەرپرسیار و تاکانە و گەلێک زرنگ بوو، لێ هەمیشە وەک مرۆیێکی بەختنایار و نیگەران ژیا! تێسلە بە درێژایی ژیانی هەرگیز هاوسەرگیری نەکرد و وتەیێکی باوی هەیە کە دەڵێت داهێنەر هەرگیز نابێت هاوسەگیری بکات! ئەو مرۆیێکی مەزن بوو کە ڕووداوی ئۆتۆمبێڵ دەیکوژێت و دوای تێپەڕینی نزیکەی سەدەیێکیش مۆدێڵی ئۆتۆمبێڵێکی پاتری ناوازە و گران بەهای بە ناو دەکرێت.
بۆ شەوی دواتر من لە ماڵی خوشکە گەورەم دانیشتبووم و بیرم لە بەرواردکردنی بابەتی نێو ماڵەکان دەکردەوە. لەم سەردەمەدا بە هۆی هەبوونی پێگەی سەرەکی شاشە هەموو شتێک پچڕان و پارچەبوونێکی سەیری تێکەوتووە و، بە دیدی من شتەکان هەرگیز بە دەست و وشەکانی سەر زاری خوشکە گچکە و زیتەکەم کۆ ناکرێتەوە. تراکە ڤیدیۆکەی تێسلە کە برازایەکەم ڕۆژێک پێشتر بە میهرەبانییەوە پێشانی دابووم، دەتگوت زادەی ئەم نیگەرانییە بوو کە مرۆ هەنووکە بە بێ ئامێرێکی تەکنەلۆژی وەک ئایفۆن هەرگیز بە سانایی وێنە گەورەکەی هیچ شتێکی وەچەنگ ناکەوێت.
ماڵی خوشکە گەورەکەم وەک نەریتێکی دەیان ساڵە ئاوی شێخی باڵەکیان لێ نابڕێت. لێ، ئەوەی شیاوی باس و نیگەرانییە لەو سەردانە ئاوەکە لە نێو پەرداخێکی پلاستێکی گچکەدا کۆت و بەند کرابوو. هەروەها هاوشیوەی ئەو جۆرە مارکانەی پەرداخی ئاو بوو کە لە سەردەمی کورت کردنەوەی ڕۆژی تازیە لە هۆڵی مزگەوت و ژێر چادرەکاندا دابەش دەکرێن و پاشان لە دەرەوە وەک گردی لە نایلۆن کەڵەکە دەبن.
لە ڕۆژی گەڕانەوەمدا بۆ زێدی شیرین، باو و بارانێکی وەها بوو کە دڵۆپەکان بە لێشاو لەسەر بان و شەقامەکاندا هەڵدەبەزینەوە و شوێنی ئۆتۆمبێڵانیان بە تەواوی داگیرکردبوو. هەورە خۆڵەمێشییەکانیش هێندە تووڕە و تووش دیار بوون و بە هیچ شێوەێک ڕوون نەبوو کەنگی ڕوویان سپی بکەنەوە. هاوڕێیەکم چەند مانگێک بوو کیژە گەورەکەی بە فەرمی بڕاوانامەی پارێزەری وەرگرت بوو و، ئەویش دوو یان سێ ڕۆژە لە پاداشتدا ئۆتۆمبێڵێکی تێسلەی سپیی بۆ کڕیووە.

  • دڵدار، بەیانی باش! من ئێستا بە تێسلەکەی هەڵاڵە دێم بۆ بەر دەرگای ماڵەوە و دەتگەیێنم بۆ مەتار (فرگە)! پێم خۆشە لە نێو هاوڕێیان تۆ یەکەم کەس بێت لە کورسی پێشەوەی تێسلەکەمان دابنیشیت.
  • بەیانی باش، ئارام! زۆر سوپاس. بەڵام پێویست ناکات تۆ ئەزیەت بکێشیت و لەو دوورییەوە بێیت. من کە گەڕامەوە هەڵبەت ڕۆژێک هەر ڕێک دەکەوێت پیاسەیێک بەو ئۆتۆمبێڵە بکەین. پیرۆزبایێکی دووانە لە کیژە جوانەکەت دەکەم!
  • نا، من بەڵێنم بە خۆم داوە و لەم ڕۆژە باشتر نییە بێم بە دواتدا!
  • زۆر باشە، کاتژمێر ١٠:١٠ لەبەر دەرگا چاوەڕێت دەبم!
    لە ماڵی برازایەکەم بیرم لە ساتەکانی دانیشتم لە نێو تێسلە ڕەنگ سپییەکەی هەڵاڵە دەکردەوە و سەردەمێکی کەمێک جوان و لە هەمان کاتیشدا گەلێک ترسناکم دەهاتە پێش چاو. بە تایبەت لەو ڕۆژگارانەی بە ئۆتۆمبێڵە کۆریاییە شڕەکەم بە ئۆتۆبانەکە بۆ سەر کار دەچووم و دەگەڕامەوە و لە پڕ ئۆتۆمبێڵیێکی تێسلەی بێ شۆفێر بە لەنجەوە بە لایێکمدا ڕەت دەبوو. ئۆتۆمبێلە تێسلەکە سەرنجی بە جۆرێک وێڵ دەکردم و وەهای لێم دەکرد لە هەموو شتێک بترسم. گەلێک جارانیش ئۆتۆمبێڵی تێسلە شۆفێری تێدا بوو، بەڵام پاڵی دابووە پشتەوە و بە شێنەیی ڕۆژنامە یان کتێبی دەخوێندەوە. من هەردوو دیمەنی خوێندنەوەکەم نە دەچوو بە دڵدا چونکە هەنووکە بە دەگمەن کەسێک دەبینیتەوە لە شوێنی گشتی کتێبێک یان ڕۆژنامەیێکی بە دەست بێت. لە دیدی من لە هەردوو دیمەندا شۆفێری تێسلە گەمەی لەگەڵ ڕابردوو و داهاتووە دەکرد و ئەوەی من لە نێو ئۆتۆمبێڵە شڕەکەمدا بینیبووم، پتر لە نوواندنێکی ساویلکە دەچوو لەوەی لە زیندوو کردنەوەی کات بجێت لە ڕێگەی خوێندنەوەوە.
    بۆیە لە دوای نان خواردن لەو کاتەی برازایەکەم خەریک بوو دیمەنە هونەرەییەکەی پێشان دەدام کە تێیدا ڕووی نیکۆڵا تێسلەی بە جۆرێکی ناوازە لە پڕ دەردەکەوت. من نازانم بۆچی لە بری گشت ئەو زانیارییە سەرەتاییانەی دەربارەی ژیانی ئەم زانایە هەمبوو، تەنی ئەو ساتەوەختانەم دەهاتەوە یاد کە تێسلەم لە شێوەی ئۆتۆمبێڵێکی زیرەک بەسەر جادە و شەقامەکانی شارەکەی لێیەوە گەڕابوومەوە زێدی خۆم، بینی بوو. لەو ئێوارەیەدا زانیاری ورد و پترم دەربارەی نیکۆڵا تێسلە لە برازایەکەمەوە گوێ لێ بوو کە هەرگیز پێشبینیم نەکرد بوو. ئەو دەیگوت تێسلە پیاوێکی پشت ڕاست و سەر ڕاست و ڕێگە ڕاست بووە! تێسلە بە درێژایی ژیانی لە ئەمریکا و لە نێو جەنجاڵی و ناشیرینیێکدا کە بە دۆلار پەردەپۆش کرابوو، ویژدانی گەلێک بە پاکی ڕاگرت.
    لە نێو ئاخاوتنە شیرینەکانی برازایەکەم، من وەک ئەوەی خەون ببینم، دیمەنی تێسلە بە ڕوونی دێتە پیش چاوم. تێسلە دەبینم ڕووەو پەنجەرەی ژووی ژمارە (٣٣٢٧) لە هۆتێڵ نیویۆرکیر دانیشتووە و ڕۆمانێکی ئیڤۆ ئەندریچ دەخوێنێتەوە. ماوەەیێکی درێژە بیرۆکەی بیردۆزە فیزیاییەکان مینا پەروانە و گەلێک خێراتر لە تایەری ئۆتۆمبێڵێکی سەدەی داهاتوو لە زەیندا دەخوولێتەوە و دێن و دەچن. لێ هێندەی بیر دەکاتەوە سپۆنەسەرێکی ئەمریکایی و بێ فێڵ و تەڵەکەی بۆ پەیدا نابێت هەتا بە هێز و پاڵپشتی پارە، خەونەکەی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی بۆ ڕاستی بگۆڕێت.
    تێسلە هاوەڵ و هاوپیشەی زۆری لە دەورەوپشتە و باوەڕی بە یەکێکیان نییە. هیندێک جار پێشبینی دەکات لە ژوورەکەدا خۆی و بیردۆزەکانی سەر دەنێننەوە و کەس بە هەبوونیان نازانێت. تێسلە بەر لە دەستپێکردنی ڕۆمانەکەی ئەندریچ، ڕۆژێک لە ڕۆژنامەیێکدا چیڕۆکێکی نووسەرێکی ئەمریکایی بە ناوی مارک توین دەخوێنێتەوە و گەلێکی لە دڵدا دەنیشێت. ناوی چیڕۆکەکە (کاتژمێر) ە و باس لە پیاوێک دەکات کە کاتژمێرێکی چاک و جوانی هەیە و بۆ ماوەی هەژدە مانگ زۆر بە دروستی و بێ ئەوەی پاش و پێشێک بکات، کار دەکات و ساتەکانی ژیانی بۆ دەپێوێت. بۆیە پیاوەکە وەها دەزانێت کاتژمێرەکەی شتێکی ئەفسووناوییە و هەرگیز پەکی ناکەوێت. هەتا شەوێک لە پڕ دەبینێت کاتژمێرەکەی وەستاوە و کار ناکات. پیاوەکە هەست دەکات ئەوە پەیامی کارەساتێکە!
    ڕۆژی دوایی بۆ ڕاستکردنەوەی کاتژمێرەکەی زوو ماڵەکەی بەجێدەهێڵێت و هەر کە بە لای شوێنی زێڕینگەرێکدا ڕەت بێت و لە دەرگاکە دەچێتە ژوورەوە. زێڕینگرەکە کاتژمێرەکە لە دەست پیاوەکە وەردەگرێت و پێی دەڵێت کە چوار خوولەک وەدوا کەوتووە! پیاوەکە دەڵێت: ” هەرچەندە بە ئازارەوە لە دەوری زێڕینگەرەکە هەڵپەڕیم و پێیم گوت واز لە کاتژمێرەکەم بهێنێت، کەچی ئەو هەر پێداگری کرد کە دەبێت ڕێکخەرەکەی چاک بکاتەوە. ئیدی کاتژمێرەکەم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەمێک دەچێتە پێش و لە ماوەی مانگێکدا کاتژمێرەکەم تایێکی وەها دەیگرێت کە لە ژێر سێبەردا دەچێتە سەر سەد و پەنجا پلە. دواتر گشت کاژمێرەکانی شار لە دوای خۆی بەجێدەهێڵێت و هەتا دەبینم بە سێیزدە ڕۆژ وەپێش ڕۆژمێر کەوتووە. کاتژمێرەکەم لە نێو بەفر و مانگی نۆڤێمبەردا بوو، کەچی هێشا ئۆکتۆبەر مانگی گەڵای دارەکانی نەگۆرێ بوو! ئیدی کرێی سەرە مانگ و پارە دانی شتەکانی دیکەیش زوو وادەی هات و بە ئاستێک گەیشت چیتر نەمتوانی خۆمی لەبەر ڕابگرم.”
    پیاوەکە لە گێڕانەوەی سەرهاتەکەی بەردەوام دەبێت و ئەوجارە کاتژمێرەکەی دەبات بۆ لای سەعاتچیێک کە پێدەڵێت کاتژمێرەکەی خاوێن کردنەوە و ڕۆنی پێویستە. ئیدی بە پێچەوانەی جاری پێشوو پیاوەکە ئەوجارە لە هەموو شتێک وەدوا دەکەوێت و وەهای لێ دێت خۆی بە مومیای مۆزەخانەکان بچووێنێت.
    لێرەوەڕا چیڕۆکەکەی مارک توین وەها بەردەوام دەبێت و کاتژمێرەکە هەرجارەی کێشەیێکی تازەی تێدەکەوێت و خاوەنەکەی بە دڵگرانییەوە دەیبات بۆ لای وەستایێکی دیکە: یەک دەلێت شا کلیلەکەی شکاوە، ئەویتر دەڵێت کریستاڵەکەی خوار بووەتەوە! ئیدی بێزاری پیاوەکە دەگات بە ئاستێک و بە دڵگرانییەوە بە سەعاتچیێک دەڵێت: ” کاتژمێرکەم بە دوو سەد دۆلار کڕیووە، لێ هەتا هەنووکە دوو-سێ هەزار دۆلارم بۆ چاککردنەوەی خەرچ کردووە!”
    دوا جار لەوکاتەی پیاوەکە کاتژمێرەکەی دەبات بۆ لای سەعاتچێێک و یەکسەر ئەو ناسێتەوەکە پێشتر لە شارەکە ئەندازیارێکی بەلەمی هەڵمی سەرنەکەوتوو بوو. پاش ئەوەی ئەم سەعاتچییەش وەک ئەوانی دیکە کاتژمێرەکە دەپشکنێت و بە لەنگییەکەی نازانێت، یەکسەر بە باوەڕەوە بە پیاوەکە دەڵێت: “کاژمێرەکە هەڵمی گرتووە!” ئیدی پیاوەکە پشووی لەبەر دەبڕێت و بە نادڵییەوە بە سەعاتچییەکە دەڵێت: ” مامم ویلیەم (هەنووکە لە ژیاندا نەماوە!) دەیگوت: هەسپی چاک بە چاکی دەمێنێتەوە هەتا ئەو کاتەی جارێک غار دەدات. کاتژمێری چاکیش هەتا ئەو کاتە بە چاکی دەمێنێتەوە کە هێشتا نەچووە بۆ ژێر دەستی وەستا. هەورەها مامم دەیپرسی ئەگەر وەها نەبووایە دەبێت ئەو هەموو وەستا سەرنەکەوتووانە، لە وەستای چەک و پێڵاو بگرە هەتا ئەندازیار و ئاسنگەر چییان بەسەر هاتبووایە؟ لێ، کەس نەبوو ئەو شتەی پێ بڵێت!”
    تێسلە لە دوای خوێندنەوە ئەم چیڕۆکە دڵ و دەروونی بە شێوەیێکی سەیر ئارامی بە خۆیەوە دەبینێت. دواتر زۆر بە وردی لە وێنەی نووسەرەکە ڕادەمێنێت و هەست دەکات دووانەیێکی خۆی یان شێوەی ئەو برایە کۆچکردووەی تێدا دەبینێت کە لە هەڵەتی منداڵییدا لە پێش چاویدا لە سەر ئەسپ دەکەوێتە خوارەوە و دەمرێت. ئەسپێکی عەرەبی دەگمەن بوو و پاشایێکی عوسمانی لە سەرایڤۆ بە دیاری بۆ باوکە قەشەکەی تێسلەی هێنا بوو.
    تێسلە بەر لەوەی گوندە جوانەکە و زێدی باووباپیرانیشی بەجێبهێڵیت کۆڵی ئەم خەم و تراژیدیایە هەردەم وەک بارێکی گران بە سەر دڵییەوە مابوو. بۆیە لە شاری نیویۆرک لەو کاتەی لە وێنەی مارک توین ڕادەمێنێت و چیڕۆکەکەی بە جورێک بە دڵدا دەنیشێت و وەها دەزانێت کاتژمێرەکە ڕاڤە لە چارەنووسی وی دەکات لە ئەمریکا. دواتر بڕیاڕ دەدات کە گشت بەرهەکانی ئەم نووسەرە بخوێنێتەوە و ئەگەر بۆی بلوێت دەستی هاوڕێیەتیشی بۆ درێژ بکات.
    تێسلە لەو شوێنەی لێوەی هات بوو بە دەگمەن نووسەر و شاعیری بینیبوو کە وەک نووسەرانی ئینگلیز و ئەمریکایی پارەدار بوو بن یان هەر لە سەرەتاوە بە پێگەیێکی کۆمەڵایەتی بەرچاوەوە هاتبن بۆ نێو دونایی نووسین. بۆیە لە تێڕامانی بۆ ڕووخسار و جلوبەرگی مارک توین بە ڕوونی هەست بە جیاوازییە سەیرەکە دەکات و خەریک بوو بیری بۆ شتێک بچێت، کەچی نەیدەزانی ئەنجامەکەی زوو بێهوودەیی بە دواوە دێت.
    پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بوو و تێسلە بە تامەزرۆییەوە دوا پەرەگرافەکانی ڕۆمانەکەی ئیڤۆ ئەندریچ دەخوێنیتەوە و چیڕۆکەکەی مارک تویینیش وەک خۆی لە نێو زەینیدا بە زیندووی ماوە و بە دەیان شێوە و ڕەنگ خۆی دەنووێنێت. لەو کاتەدا خۆیشی نازانێت چۆن وەها بلەز خۆی دەگۆڕێت و بە دوای بەرهەمەکانی مارک توین بەرەو کتێبخانە یان کتێبفرۆشیێک دەکەوێتە ڕێ.
    چەند هەفتەیێک دوای خوێندەوەی گشت بەرهەمەکانی مارک توین، ڕۆژێک تێسلە لە ژیانی ڕاستییدا بە دیداری مارک توین دەگات و لە یەکەم ساتدا هەردوو پیاوە پۆشتەکە یەکدی وەک دوو هاوڕێی چەندین ساڵە دەبینن.لەو دانیشتنەدا گفتوگۆ لەسەر گەلێک بابەتێکی گرنگ دەکەن و تێسلە دڵی خۆشە کە لە چاو هاوەڵ و هاوپیشەکانی کە هێندێکیان هەڵگڕی بڕوانامەی دکتۆرا بوون لە زانستی فیزیک، پیاوێکی ناسیووە کە هەم نووسەرە و هەمیش دەوڵەمەندێکی دڵ و دەروون گەشە، لێ کەمێک لە خۆبایی.
    مەڕ بە پێی خۆی و بزن بە پێی خۆی! پەندێكی پێشینان بوو و دەتگوت لە خاکی کوردانەوە بە گوێی کارەکتەرەێکی ڕۆمانەکانی ئیڤۆ ئەندریچ داچووبوو و شێوەکەی بە تەواوی گۆڕابوو. لێ لەو کاتەی پەندێکی وەها لە زاری مارک توینیشەوە دەبیستێت کە بە ڕێز و شەرمەزارییەوە داوا ئەرنێییەکەی هاوڕێ تازەیەکەی ڕەت دەکاتەوە بۆ سپۆنسەرکردنی بیردۆزە زانستییەکانی، تیسلە دێتە سەر ئەوە باوەڕە کە بڵێت دەوڵەمەند هەر یەک شتە ئەگەر لە بەرگی نووسەردا بێت یان لە هی زانای فیزیک و ماتماتیک.
    مارک تویین بە ڕوونی و ڕەوانی بە تێسلە ڕادەگەیێنێت کە پێشتر زانایێکی لەو دویوی پێنج دەریاچەکە ناس بوو و داوای سپۆنسەری لێی کردبوو بۆ داهێنان و هێنانەدی خەونی تێلیفۆن. وێجا بە گاڵتەوە بە تێسلە دەڵێت: من خۆم لە بێڵ گێل کرد، لێ لە بەرانبەر ئێوەی زۆر زرنگ و پۆشتە و بەڕێزدا خۆم گەلێک شەرمەزار و نەوی دەبینم و نازانم چی بە زارمدا بهێنم.
    مارک تویین دوا وشە و بڕیار کە بە گوێی تێسلەیدا دەچرپێنێت، بۆنی ڕەتکردنەوەکەوە لە زاریدا کەمێک خۆشتر دەرکەوێت. لەو کاتەی دەڵێت کە ئەو بە نیازە سەروەتەکەی بۆ هێنانەدی دەزگا و ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوە لە شارەکەدا دابمەزرێنێت و هاوکاری هەر کەسێک بکات کە خەونی نووسین بەرۆکی بەرنادات.
    تێسلە بە نادڵی دەگەڕێتەوە ژووری هۆتێڵەکەی و ڕووپەل لە ژێری دەستییدا باڵ دەگرن. ژمارەی بەڵگەنامە و ئەو ڕووپەلانەی بە بیرۆکە و بیردۆزی ناوازە پڕ دەبن، ژوورەکەی لێ داگیر دەکەن. فشاری هاوەڵێکی لە شوێنی کارەکەی، لە هی ئەکتەری میسری فەرید شەوقی دەچوو کە لە گەلێک لە فیلیمەکانییدا لە بەرانبەر دۆست و نەیارەکانییدا پێڕەوی دەکرد، بێزاریی و تووڕەییکی زۆر دەخەنە نێو دڵی تێسلە.
    بۆیە لە ساڵەکانی دواییدا و پاش دوا هەناسەکانی خۆڕاگری و بەرگری کردن، تێسلە بە ڕۆژ و مانگ خۆی لە ژوورەکەی دەئاخنێت و نایەوێت کەس ببینێت. لەو کاتە پڕ لە نیگەرانییەی ژیانییدا، ئەو دەیەویست بڵێت کە داهێنانەکانی بۆ خزمەتکردنی گشت خەڵکی سەر ئەو زەوینە کەونار و ماندوویە بە دەستی نەیارانی. بۆیە بڕیاری دا ئەگەر دەستێکی پاکی بۆ هاوکاری کردن وەگیر نەکەوێت، بیرۆکە زانستییەکانی و هەرچی وەدەستی دەهێنێت لە نێو ناخی و بەڵگەنامە کۆکراوەکاندا هەڵیانبگرێت و هەتا ڕۆژی خۆی دەرگەیان بەسەر دابخات.
    گەلێک شەوان تێسلە بە تاریکی دادەنیشت و چرای ژوورەکەی بۆ هەڵخەڵەتاندنی ئەو بە ناو هاوەڵ و هاوپیشانەی خۆی کە لە دوژمن ترسناکتر بوون، دادەمرکاند. دواتر لە پەنجەرەی ژوورەکەی نزیک دەبوویەوە و پەردەکەی هەڵدەدایەوە و هەمان ئەو چەند ئۆتۆمبێڵە فوردە ڕەشەی دەبینی کە لە خوارەوە چاودێری هۆتێڵيکەیان دەکرد. بەڵێ، دەیبینی چۆن لە کورسی پێشەوەی ئۆتۆمبێڵێکدا بە ئاستەم تارمایی ئەو پیاوە بالابەرز و زانایە دیار بوو کە تیسلە پاشناوەکەی گۆڕی بوو بە ترۆمپا، ئەوەیش بە هۆکاری فشاری بەردەوامی بۆ وەدەستخستنی بیردۆزە زیرەک و ناوازەکانی وی.
    هەنووکە ناوی تیسلە هی گشت ئەو هاوەڵ و هاوپیشە زرینگانەی داپۆشیووە کە چەقەڵ بوون لە پێستی بەرخ. هەرچەندە ناوی گەلێکیان هەتا سەر بە نەزانراوی دەمێنێتەوە، لێ شیمانەی هەیە ناو و هەڵکەوتەی ئەکتەرە میسرییە بە ناوودەنگەکە بە زەینی کەسێکدا بێت کە بە هۆی وشەی (شەوق- ڕووناکی) ەوە لە ڕۆژێکی دوور بێت یان نزیک تیشکێک سەر لایە شاراوەکانی ژیانی تێسلە. یان بچێتە سەر باسکردنی ژیانی هاوەڵەکانی و بزانێت لە کوێدا ڕۆڵی چەقەڵیان بینوە نەوەک هاوڕێ. هەروەها شیمانەی هەیە وشەی (شەوق- ڕووناکی) مینا کلیل و ئامرازێک ڕۆڵ ببینێت و ڕازێکی شاراوە بۆ کەسەکە هەڵبێنێت هەر کاتێک بیەوێت لە ژیانی مرۆیێکی بە ناوودەنگ بکۆڵێتەوە، یان هەر هی تاکێکی ئاسایی کە بە دیدی وی گەلێک بەختیارە ناوەکەی لە بازنەی ئازیزانی بۆ دوورتر نەچووە.
    ئەو ڕۆژەی تێسلە لە دایک ببوو، لە دەرەوە باووباران و تاریکیێک بوو، هەترەشی مرۆی دەبرد و دەیترساند. بۆیە لەو کاتەی مامانەکە دەنگی زێڕەی کۆرپەکەی نێو دەستی گوێ لێ دەبێت، بێئەوەی سێ و دووی لێ بکات شتێکی سەیری بە زاردا دێت و دەڵێت: ئەو دەنگە دەنگی تاریکییە! لەگەڵ دەربڕینی ئەو ئاخاوتنە ناشیاوە، هەورە تریشقە و بروسک ئاسمانی ڕەنگ خۆڵەمێشی لەتوپەت دەکەن و ڕووناکی دەکەنەوە. ئیدی لێرەوە دایکی تێسلە هەناسەیێکی شادمانی هەڵدەمژێت و بە نادڵییەوە بەرسڤی مامانەکە دەداتەوە ودەڵێت: کچێ، زمانت بە خواری مەگێڕە و زیڕەی کۆرپەکەم دەنگی ڕووناکییە!
    خوشکەکەی نێو دەڤەری چیاکانم لە ماڵە خنجیلانەکەی دێت و دەچێت و یەک چرکە دانانیشێت. پەرداخی بە تاڵ لە سەر مێزەکەی بەردەمم هەڵدەگرێت و بلەز یەکێکی دیکەی پڕ دەهێنیتەوە و لە جێگەی دادەنێتەوە. من هەستمدەکرد خوشکەکەم وەهای دەزانی لە خاکی غەریبی ئاوی ئۆقیانووسەکانم هەمووی خواردۆتەوە و بە ئاوی شێخی باڵەک نەبێت سوێرایی نێو ناخم داناشۆرێت و شیرین نابێتەوە.
    لە دوای خورادنی ژەمێكی بە چیژێ کوردەواری و چایەی بۆنداری دەستی خوشکە گەورەکەم، من خۆم بە دوا بەرداخە نایلۆنەکەی لۆگۆی شێخی باڵەکی لە سەر بوو مژووڵ کردبوو و دەمەویست پێشان بدەم کە چیتر ئاو ناخۆمەوە. لێ، لەو کاتەی یارییم لەگەڵ سەرپۆشە ئەلومنییومە تەنکەکە دەکرد، ئەوجارە خوشکم زۆری بەلاوە سەیر بوو کە چۆن وەها تووشی بێدەنگیێکی قووڵ ببووم و خەریکی کارێک بووم کە لە هی مندالێکی دە ساڵان دەچوو. نەوەک هی برایێکی کە لە چاوی خوشکەکەم گەلێک بەستەزمان و ساویلکە دیار بوو، چونکە نیو سەدە لە ژیانی گوزەرا بوو و کەچی هێشتا هەر ڕەبەن و تەنیا و خاوەنی هیچە.
    دوای بینینی وێنەکەی تێسلە، من لەمەودوا چاوی ئایفۆنەکەم لە بەرانبەر دیمەنێک ڕادەگرم کە چاوی ئاساییم بە تاکی تەنێ بۆی کۆ ناکرێتەوە. بۆیە لەو کاتەی خوشکە گەورەکەم بەرەوە ناندینەکە چوو و هەستم کرد ئەمجارە دەچێت دەفری پڕ لە میوە دەهێنێت، بە خێرایی بە ئایفۆنەکەم وێنەیێکی سەرپۆشە ئەلومنییۆکەم چرکاند. سەرپۆشەکە دەمێک بوو بە هۆی جوولە و خولانەوەی خۆنەویسانەی لە نێو دەستمدا، کەمێک گەچراو بوو و لوسی و سافییەکەی پێشووی نەمابوو.
    ماوەێیکی درێژ و هەتا گەڕانەوەی خوشکم لە سەر شاشەی ئایفۆنەکە سەیری وێنەکەم کرد و لە پڕ لە پێش چاوانم ڕووخسارێکی لە شێوەی نیکۆڵا تێسلە دەرکەوت. وێنەکە بە شێوەیێکی گەلێک سەیر نزیکی هەبوو لەگەڵ هونەرییەکەی برازایەکەم لە شەوی پێشوو لە یوتیوب پێشانی دابووم. من لە بەرانبەر وێنەکەدا بەشێوەیێک دامام و کارە منداڵانەیەکەی نیگای چاوی خوشکەکەم بەر لە چەند خوولەکێک بڕیاری لەسەردا بوو، بۆم بوو بە زادەی ناساندنی پنتێک لە قووڵایی نەستدا کە تێیدا مرۆ لە هەمان کاتدا هەم دەتوانێت منداڵ بێت یان هەمیش گەورە. لەوێدا مرۆ بە سووکی بە سەر سنووری ڕەگەز و لەش و گشت ئەو بەربەستانە باز دەدات کە پەردە بە سەر ڕاستییدا دەپۆشن .
    من لە دوای ئەوەی لە نێو شەپۆڵی ئەم هزرکردنە قووڵەی سەروو وەدەردەکەوم، بە ئەسپایی لە ئایفۆنەکەم پەنجە لە سەر ناوی برازایەکەم دادنێم و یەکسەر وێنەکەی بۆ دەنێرم. دواتر کەمێک چاوەڕێ دەکەم و زەنگ بۆ ژمارەکەی لێ دەدەم و داوای لێ دەکەم هەم هونەرەکەی سەر یوتیوبم بۆ بنێرێت و هەمیش ڕاڤەی خۆی دەربارەی ڕێکەوتەکە.
    برازایەکەم لەسەروەختی ئاخاوتنەکەدا لە ئاوازی دەنگی دیار بوو شادمانیێکی مەزن دڵ و دەروونی داگیر کرد بوو و لە ئەنجامدا خەریک بوو چەندین وشەی سەر زای خوشکە گچکەکەمی دەهاتنە سەر زار. تێلیفۆنە چەند خولەکییەکە بە دوایی هات و برازایەکەم پاش کەمێک وێنەی تێسلە لەسەر سەرپۆشی ئاوەکە و کارە هونەرییە بەرزەکەی نێو یوتیوبی لە پاڵ یەکدی دانابوون و بۆی ڕەوانە کردم.
    خوشکە گەورەکەم مات ببوو و بە هێمنی لە دیار بەزمی ئەو کارە منداڵانەیەم و بیستنی ناوهێنانی تێسلە دانیشت بوو. من گەرەکم بوو بزانم ناوی تێسلە چی ڕاڤەیێکی لەگەل خۆیدا هێنابووە نێو ژوورەکە و خوشکم چۆن لەو بەزمە سەیرەی نێوان من و برازایە دەنگخۆشەکەمی تێگەیشتبوو. بۆیە سەرباری مێواندارییە بێ هاوتاکەی، بۆ ئەوەی چیتر ئەو لە نێو نیگەرانی و گومان و دڵەڕاوکێ نەهێڵمەوە، سەرم هەڵبڕی و گوتم:
  • خوشکێ وەرە لە کن من دابینشە و سەیری ئەم دوو وێنەیە بکە.
  • ئەو کابرایە کێیە برا، ئەحمەد مەزهەرە!؟
  • ئەحمەد مەزهەر کێیە، من دەیناسم!
  • نا ئەو کورد نییە! ئەکتەرێکی کۆنە زۆر فلیمی لەگەڵ فەرید شەوقیید هەیە، ئەگەر بیناسیت!؟
    لێرەوەڕا خوشکم ڕەنگی هەڵبزرکانی سەر ڕوومی بینی و پتر لێم هاتە پێشەوە وەک منداڵەکەی جاران بم یەکسەر دەستێكی لە شانم دانا.
  • برا چی ڕووی داوە، شتێک هەیە من نەیزانم!؟
  • نا خوشکێ هەر فلیمێکی ترسناکی ئەو ڕۆژگارانەم وەبیر هاتەوە!
    ئیدی من بەر لەوەی بخەوم تێلیفۆنێکم بۆ برازایەکەم کرد و پێیم گوت گۆرانی (گولێ گولێ) ی دیار دەرسیمم بۆ بچڕێت کە هەمان ناوی خوشکە گچکەکەمی هەڵگرتووە، بەڵكە خەوێکی خۆشم لێ دەکەوێت. یان وشەکانی سەر زاری برازایەکەم کە بەر لە چڕینی گۆرانییە خۆشەکە بە گوێمیدا چرپاند بوو، هەر بە زیندووی دەمێننەوە هەتا لە دەڤەری شێخی باڵەک دەگەڕێمەوە شار و دەچمەوە ماڵی خوشکە گچکەکەم.
    چونکە دڵم ڕوون بوو لەو کاتەی برازایە دەنگخۆشەکەم لە کەراژەوە بە دوامدا دێت، بارەکە بە پێجەوانەی ڕۆژی پێشوو سەراو لێژ و ڕاست بووەتەوە. بە تایبەت کە برازایەکەم لە دوای خۆمەوە دەبینم بە شادمانی و ڕووی بە خەندەوە پێ دەنێتە نێو ماڵی گوڵێی خوشکم و سەردانی دەکات. هەورەوها لە ژوورەوەیش بۆ چرکەیێک لە شاشەی ئایفۆن و کاتژمێرە ئەپڵەکەی ناڕوانێت، نەوەک خوشکە گچکەکەم هەست بکات کە ئەو بێزاری دەنووێنێت و لە دانیشتن لە ماڵەکەیدا ناشادە.
    ئیدی لە نێو ئەم کەشە خێزانییە گەرمەدا، من و برازایەکەم بێ ئەوەی بابەتی وێنەکەی تێسلە دووپاتە بکەینەوە و بیهێنینەوە گوڕێ، سێو و هەنار و پرتەقالە بۆندارەکان لەت دەکەین و کاتی مردوو و لەدەست چوو لەگەڵ ئازیزێکماندا، زیندوو دەکەیننەوە.
    تێبینی: لەگەڵ تەواوکردنی ئەم چیڕۆکە خوشکە گەورەکەم لە دووری پتر لە دە هەزار کیلۆمەترەوە، پەیامێکی لە ڕێگەی ڤایبەرەوە بۆ هەناردم کە شیعر و وێنەێکی دەستە خوشکێکی شاعیری تێدا بوو بە ناوی ست کاکۆ. ڕێکەوتێکی گەلێک لە پڕ و سەیر بوو، چونکە ناوی شیعرەکە (کاتژمێر) بوو. بە شانازییەوە لە خوارەوە چەند کۆپڵەیێک لەو شیعرە جوانە دەنووسمەوە:
    بۆیە کاتژمێرم
    خۆشناوێ
    چرکەی تەمەنم دەژمێرێ
    ژیانم لەتەک خۆیدا دەبا و
    بە پەیکی مەرگم دەسپێرێ

_ئەم چیڕۆکە پێشتر لە ژمارە (٣٢٥) ی گۆڤاری ڕامان لە ٥/١١/٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە




تێڕامانێک لەئازار.. نووسینی: محمد سۆران

ئەزموونێکی کەسییە کە ئەو کەسانەی بەدەست ناخۆشی دەناڵێنن هەستی پێدەکەن، یان بەهۆی هۆکارێکی ماددی وەک ئازاری جەستەیی، یان ڕەنگە بەهۆی هۆکاری دەروونییەوە بێت وەک کێشەی جۆراوجۆری ژیان، دابیننەکردنی پێداویستییە کەسییەکان، لەدەستدانی نزیکییەک مرۆڤ، جیابوونەوە لە گروپە کۆمەڵایەتییەکان، سنووردارکردنی ئازادی، نەخۆشی و مردن. هەروەها ئازار دەتوانێت لە بابەتە سادەکانەوە دەست پێبکات تا بابەتی بەرگە نەگیراو، کە بەپێی کەسەکە خەمڵێندرێت.

ئازار لە چوارچێوەی زۆر کایەی چالاکی مرۆڤدا ڕوودەدات و فۆرمەکانی ئازار بەپێی سروشت و سەرچاوە و هۆکارەکان و مانا و گرنگی و ڕەفتارە کەسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییە پەیوەندیدارەکان و چارەسەر و چۆنیەتی بەڕێوەبردنیان جیاوازن. زۆرجار ئازارەکان پۆلێن دەکرێن بە ئازاری جەستەیی یان ئازاری دەروونی. ڕەنگە ئازارەکان بە پلەی جیاواز لە چڕیدا بێت، لە سووکەوە تا بەرگە نەگیراو. هەڵوێست و کاردانەوەکان بەرامبەر بە ئازارەکان دەتوانن زۆر جیاواز بن، ئەمەش بەندە بەوەوە کە ئایا ئازارەکان دەتوانرێت خۆپارێزی لێبکرێت یان حەتمییە، دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت یان بێهودە و ڕەوایە.

ئارسەر شۆپنهاوێر، فەیلەسوفی ئەڵمانی کە بە فەلسەفە ڕەشبینەکەی بەناوبانگە، لە ساڵی ١٨٥٢

هیدۆنیزم تیۆرێکی ئەخلاقی لەخۆدەگرێت کە بانگەشەی ئەوە دەکات کە چێژ و ئازار پێوەرەکانی چاکە و خراپە. بە بڕوای فەیلەسوفی یۆنانی ئیپیکۆروس، پێویستە سەرەتا هەوڵبدەین خۆمان لە ئازارەکان بەدوور بگرین و ئارامییەک بەدەست بهێنین کە دوور لە بەدواداچوون بۆ دڵەڕاوکێ یان دەرئەنجامە نەخوازراوەکانی چێژە زوو تێپەڕەکان.

بەپێی عەقیدەی ستۆیکیزم، خۆبەدەستەوەدان دەبێت بە توندی کۆنترۆڵ بکرێت و ڕۆحیش بگەیەنرێتە حاڵەتێکی بێباکی بەرامبەر بە چێژ و ئازار.

بە بڕوای جێرمی بێنتام فەیلەسوفی ئینگلیزی و دامەزرێنەری عەقیدەی سوودگەرایی، کە قوتابخانەیەکی ئەخلاقییە و دەڵێت: بەهای ئەخلاقی کردەوەیەک بە بەشداریکردنی لە بەرژەوەندی گشتیدا دیاری دەکرێت.

واتە کردارەکە بەپێی ئەوەی کە ئەنجامەکەی چییە، دڵخۆشی یان خۆشی بەرامبەر بە ئازار هەڵدەسەنگێندرێت. ئەو ڕێکارێکی پێشنیار کرد کە پێی دەوترێت حساب بۆ ژماردن و دیاریکردنی ڕێژەی چێژ و ئازار کە بەهۆی هەر کردارێکەوە بەرهەم دێت.

لە فەلسەفەی خێرخوازیدا پێویستە هەوڵەکانی مرۆڤ هەوڵی کەمکردنەوەی ئازارەکانی ژمارەیەکی زۆرتر لە بوونەوەرە زیندووەکان بدات، هەروەها دڵخۆشترکردنی ئەوانەی ئازار دەچێژن نەک دڵخۆشترکردنی ئەوانەی کە دڵخۆشن. فەلسەفەی خێرخوازی هاتۆتە ناو زۆر فەلسەفەی ترەوە بەجۆرێک کە ئەمڕۆ ناتوانین وەک فەلسەفەیەکی سەربەخۆ بیزانین.

ڕەشبینی جیهان وەک شتێکی تەواو خراپ و پڕ لە ئازاری بەرگە نەگیراو و ڕانەگیراو دەبینێت و ڕەنگە باشتر بووایە ئەگەر ژیانێکی لەو جۆرە بە هیچ شێوەیەک نەبووایە. ئارسەر شۆپنهاوێر، فەیلەسوفی ئەڵمانی کە بە فەلسەفە ڕەشبینەکەی بەناوبانگە، پێشنیاری پەنابردن بۆ هونەر و فەلسەفە و لەدەستدانی ئیرادەی ژیان و تەحەمولکردنی “هاوڕێی ئازار” دەکات. هەروەها شوپنهاوەر پێی وایە کەمێک مێدیتەیشن بەسە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ژیان بەهایەکی نییە و هیچ گرنگییەکی گەورە نییە بۆ بەردەوام بوون لەسەری و وابەستەبوون بە ژیانەوە پرۆسەیەکی کوێر و ناعەقڵانییە کە لە ئیرادە سەرچاوە ناگرێت.

بەپێچەوانەوە گۆتفرید لایبنیز پێی وایە ئەو جیهانەی ئێمە تێیدا دەژین باشترینە لە هەموو جیهانە مومکینەکان، ئەو پێی وایە کاتێک خودا ویستویەتی ژیان دروست بکات، کۆمەڵەیەکی بێکۆتایی جیهان لە بیرکردنەوەکانیدا هەبووە و بە دڵنیاییەوە ئەم جیهانەی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی دروست بکات بۆ هۆکارێک.

نیچە دیدگایەکی تری هەبوو، دەڵێت تا زیاتر بتەوێت سەرکەوتوو بیت، زیاتر بەدوای ئازار و شکستدا دەگەڕێیت، ئەوان سووتەمەنی تۆن بۆ پێشەوە. لەسەر زمانی ئەو دەستەواژە بەناوبانگە دێتە ئاراوە: «بۆ هەموو ئەوانەی گرنگییان پێدەدەم، هیوای ئازار ، خەمۆکی، نەخۆشی، سووکایەتی، سووکایەتی بەخۆبوون، ئازاری گومان و شکاندنی شکستتان بۆ دەخوازم و منیش دەیکەم بەزەییتان پێدا نەبێتەوە. چونکە هیوادارم بەو شتە بیسەلمێنن کە ئایا یەکێکتان شایەنی ئەوەیە ئەوەی لەم ژیانەدا دەیەوێت بەدەستی بهێنێت یان نا، تەنها ئەم کەسە بەرگەی ئازارەکان دەگرێت.»فەلسەفەی نیچە بە دابڕان لە ئازارە شەخسیەکانی نایەت، بەو پێیەی ئەو کچە ڕەتیکردەوە هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کەسە بکات کە خۆشی دەویست و ئەو گەشتێکی دوور و درێژی لە نەخۆشی جەستەیی و دەروونیدا ژیاوە کە بە مردن لە دامەزراوەیەکی دەروونیدا لە ساڵی ١٩٠٠ کۆتایی هات. هەر نیچە دەربارەی ئازار دەڵێت: « مرۆڤ چۆن دەتوانێ وێنەی ژیانێکی جوان بۆ خەڵک بکات، لەکاتێکدا ژیانی خۆی نووقمی نەخۆشی و ئازار بێت.»




كردنەوەی گرێكوێرەكان لە پێكهێنانی حكومەت دا.. سەلام عومەر

هەر پارتەو بە گەزی خۆی حكومەتی ئایندە دەپێوێ‌..

روداوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەراست خێران و كەوتنی دەسەڵات و قیتبوونەوەی گروپە تیرۆرستیەكانیش خێراتر، لەنێو ئەو هاوكێشە ئاڵۆزەی هەرێمەكەمان پێیدا تێدەپەڕێ بەتایبەت كە سەری زمانی هەموو چاودێرە سیاسیەكان یەكگرتنی باڵە ناكۆكەكانی كوردانی خۆرئاوایە و رێكخستنەوەی ماڵی خۆمانە، تا ببێتە پشگیریەكی بەهێز بۆ هەسەدە، كەچی پرسی پێكهێنانی حكومەت دوای هەوڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆتە باس‌و خواسی ئەم رۆژانەو هەر میدیایەو بەجۆرێك سیناریۆی بۆ دروستدەكات‌و هەرپارتەو بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی بیر لەحكومەتی ئایندەی كوردستان دەكاتەوە، وەك ئەوەی ئاگری ئەو گۆڕانكاریانە لە ئێمەوە دوور بێت و هەستی پێنەكەین، هەموو ئەو سیناریۆیانەش كەلەدوای هەڵبژاردنەكاندا تیشكی خرایە سەر، بەتایبەت ئەگەری دووبارەبوونەوەی حكومەتەكەی یەكێتی‌و پارتی كە بەفیفتی فیفتی ناسراوە بەرنامەی هەندێ لایەنەو خۆ هەندێكی دیش دەخوازن شكست بەم بیرۆكەیە بهێنن و دەیانەوێ هەر پارتەو بە قەت كورسیەكانی پارچێك لە كێكەكەی دەست كەوێ، ئەگەرنا گرێكوێرەكان تونتر دەكەن.
ئێستا لەنێو دانوستانێكی بەر تەسكدا بیر لە حكومەتی بنكە فراوان دەكرێتەوە، وەلێ زۆرێك لە حزبەكان كە لەنێو حكومەتدا زیانێكی زۆریان بەركەوتووە دەخوازن ببنە ئۆپۆزۆسیۆن و بەڵكو لە هەڵبژاردنی ئایندەدا بتوانن بەڕەكە لەژێر پیی ئەو دوو پارتە دەربهێنن، بەتایبەت لەنێو ئەو قەیرانە سەختەی دارایدا كە موچەخۆرانی تەواو ماندوو كردووە و حكومەتی بەغدا دەرگای زۆرینەی گەندەڵیەكانی لەسەر داخستوون، ئا لێرەدا ئەو خوانەی كە دانوستانەكانی گەرم كردووە هەر بۆ ئەوانە رادەخرێ كە فێرە پارووی چەورن و ئەوانەش كە پێشتر تەنیا نان و پیازیان داونێ مۆڕە دەكەن، لەم سەین و بەینەدا هاوڵاتی داماویش بیر لە دەنگەكانی خۆی دەكاتەوەو چاوەڕێیە لەنێو قومارێكی هاوشێوەی ئەوانی رابردوو بیانخەنە سەر مێزی دانووستانەكان و وەك كارتێكی سووتاو چوارساڵی رەبەقی پێبەڕێكەن، ئێستا نزیكترین ئەگەر حكومەتی بنكە فروانە، واتە سەرجەم ئەو پارتانەی كورسی پەرلەمانیان هەیە، بەقەد قورسایی خۆیان بەشداربن، ئەوەی بەشداریش نابێت شەقامیان پیشان دەدەن و لە بنەوەشڕا هەڕەشەی گوشینیان لێدەكرێ‌، خۆئەگەر پڕۆژەیەكی نیشتمانی لەم نێوەندەدا بەئامانجی یەكخستنەوەی باڵە لێكترازاوەكان‌و پارتە دژەكان بێتە نێو كایەكانی دروستكردنی حكومەتێك تا هەموان لەسەر یەك سفرە كۆكاتەوە بۆ بنیاتنانی پایەكانی دیموكراسی، ئەوە دیسانەوە پێویستیمان بەتەواوی پارتەكان دەبێت‌و لەم كاتانەشدا هەر بنكە فراوانیەكە باڵ بەسەر ئایندەی هەرێمەكەمان دادەپۆشێ، بەڵام هەر بەتامی حكومەتەكانی رابردوو، واتە قەیرانی دارایی و كێشمەكێشی حزبی و پەراوێز خستنی ئەوانی دی بەردەوامی دەبێت، لەم كاتانەشدا ئۆپۆزۆسیۆن قسەی خۆی دەبێ بەڵام لەبیریشمان نەچێ‌ ئۆپۆزۆسۆنەكانی رابردوو لەسەر شەقام بوون و نەیانتوانی بیگۆڕن لە كاتێكدا لە ئەوجی هێزدا بوون، بۆئەم جارەیان دەبێت بە بەرنامەیەكی تۆكمەترەوە بچن و لەناو حكومەتی بنكە فراواندا گۆڕانكاری ریشەیی بكەن، تا هەرهیچ نەبێت متمانەی شەقام و ئەو هەندە دەنگدەرە وەدەست بهێننەوە كە لە گەڵیان ماون، بۆیە ئەگەر هەر تاكو لایەنێك بەگیانێكی نیشتمانیانەو هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیەوە سەرنجێك یان بیاسەك بەنێو ئەم ئەگەرانەدا بكات، ئەوە حكومەتی بنكە فراوان، بەبێ‌ گیانی گۆڕانكاری و خۆ نوێكردنەوە لە هەموو بوارەكاندا سەركەوتوو نابێت، كە گوێ‌ لە هەموان رانەگرێ‌، ئەگەر تەواوی پرۆژە چاكسازیەكان نەخاتە بەرنامەیەوە، بەتایبەت ئاشكرا كردنی داهاتە نەوتی و نانەوتیەكان و پارتە نارازیەكانیش رازی نەكات،، ئەوجا دەكرێ‌ حكومەتی بنكە فراوان ئەو بۆچوونە هەڵەیە تێپەرێنێ كەدەگوترا (مادام لەحكومەتدای، نابێت رەخنە بگری)، دەكرێ وەك چۆن لەنێو پەرلەماندا بۆچوونی جیا هەبوو لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا كۆبوونەوەكان بەئاراستەیەكدا ببردرێ، پرۆژەكان بەشێوەیەك گەڵاڵە بكرێن، لەخزمەتی زۆرینە دابێ‌و كارێك بكرێ، چیدی حزب حكومەت بەڕێوە نەبات‌و چیدی داهاتە بزرەكان نەشاردرێنەوە و ئەوەی هەیە و لەژێر باڵەكانیاندا شاردویانەوە دەریبهێنن و حكومەت بەجۆرێك تەندروست بكرێ، تەواوی وەزارەتەكان بخرێنە خزمەتی هاوڵاتیان‌و چیدی حكومەت بەبێ ئەوانەی پرۆژەی دەوڵەمەندیان هەیە، تاك لایەنە رەفتار نەكات‌و هەر هەموو پێكهاتەكان بەئامانجی خزمەتگوزاری زیاتر ئۆپۆزسیۆن بن، واتە كەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو نەك بەحزبی كردنی تەواوی بەرێوەبەرەكانی ناو وەزارەت و خوێندنگاكان خۆئەگەر زۆرینەی وەزیرەكانیش هەمەرەنگبن ئەوە ئامانجەكانی ئۆپۆزۆسیۆن و شەقام لە حكومەت نزیكتر دەكاتەوە و ئی بنبەڕێ دەبێت بخرێتە سەر بەڕێ.
دەكرێ‌و ئیدی كاتیەتی پارتەكان بەرژەوەندی نیشتمان و متمانەی دەنگدەرو خەونەكانی ئایندە بكەنە پڕۆژەیەكی نیشتمانی‌و لاربوونی باری دارایی هاوڵاتی راست بكەنەوەو روی خۆیان‌و هاوڵاتیان بەروونی پیشانی میدیا جیهانی‌و ناوخۆییەكان بدەن، بەتایبەت لەو كاتە هەستیارەی خۆرهەڵاتی ناوەراستی پێدا تێدەپەڕێ، لەو كاتەی بەغدا بیانوو لەدوای بیانووتان پێدەگرێ و ئێوەش خاڵە لاوازەكانتان تۆختر دەكەنەوە، بەتایبەتتر برایەكانمان لە خۆرئاوا پشگیری هەموانی پێویستە و لەناوخۆشدا كارێك بكەن چینایەتی ئەوەندە زەق نەبێتەوە، خۆ ئەگەر ئەوكارانە بكەن ئەوا چیدی لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا پارتەكان وەك سواڵكەر لە هاوڵاتی ناپاڕێنەوە.
(پارتەكان سواڵی دەنگدان دەكەن، هاوڵاتیانیش سواڵی نان)




کورتەچیرۆک: کرێچی.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

تا دەهات ئازاری گورچیلەی لای دەستەڕاستی زۆرتری بۆ دەهێنا، دەستێکی خستە سەر تەنگەی و ئاخێکی هەڵکێشا. ئەوە حەفتەیەک دەبێت ژانی گورچیلەی هەر دێت و زیاد دەبێت، ڕەنگە چیتر ئەمانە وردەبەرد نەبن و کەرپووچ بن کە لەنێو گورچیلە قوڕبەسەرەکەیدا خۆیان مەڵاس دابن. ئای دەبێت کەی بەیانی ببێتەوە، تا خۆی بخاتە ژێر چەقۆی نەشتەر و لەم ئازارە ڕزگاری ببێت.

ڕۆندکی نۆ ساڵان هاتە ژوورەوە، هەر لە دوورەوە دەنگی هەڵبڕی: «باوکە، باوکە، ئەوە سەرداری خاوەنی خانووەکەمانە بانگت دەکات.» هەژار هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا، بۆ چەند چرکەیەک لە شوێنی خۆی ڕەقوتەق هیچ نەبزووت، هەستایە سەر پێیەکانی و بەرەو دەرگاکە ڕۆیشت. دەمێک تکای لە سەردار کرد تاوەکوو هەندێکی تریش مۆڵەتی پێ بدات، سەد جاران سوێندی بۆ خوارد هەر کە لە نەشتەرگەرییەکەی قیت ببێتەوە، با بە دەرۆزەکردنیش بێت کرێی هەر سێ مانگی ڕابردووی بۆ دەنێتە دەستی.

وەکوو خووی پێوە گرتبوو، چەند قسەیەکی ڕەقی بە هەژار گوت و بەردەرگاکەیانی بەردا، هەتا گەیشتەوە لای قەمەرەکەش و دەرگاکەشی کردەوە بۆڵەبۆڵی هەر دەهاتە گوێیەکانی هەژار: «ئەها بەو ئاسمانە شینەی، ئەگەر هەتا حەفتەکی دی کرێیەکەم هەموو نەدەیێ، دەرت دەکەم، بەلاشخانەمان دانایتەوە، بەلاشخانە!»

لەوەتەی ژنەکەی بەجێیانی هێشتووە، گوزەرانیان هەر مەمرە و مەژی بووە، سەرەتا لە کارەکەی بەیانیانی دەرکرا، گوایە داڵغەی زۆری لێدەدا، دواتر بەردەکانی گورچیلەی زۆریان بۆ هێنا و کاری ئێوارانیشی بەجێ هێشت. هەر لەم بیرانەدا بوو، کاتێک کە ڕۆندکی بەستەزمان سەیرێکی کرد و بەنووزەوە پێی گوت: «باوکە گیان دەرمان دەکات؟» «نا نا کچی خۆم، دەرمان ناکات!»

هەر لەگەڵ‌ یەکەم گەردی بەیانی، هەگبەکەی خۆی پڕ کرد و لەگەڵ کچەکەی بەرەو نەخۆشخانە بەڕێ کەوت. ڕۆندک دیسان لێی پرسی: «هەر ئەمڕۆ دەرمان دەکات، وا نییە؟» «نا نا دڵەکەم، دەرمان ناکات!» بەرەو هۆڵی چاوەڕوانی ڕۆیشت، لە ڕێزی پێش پێشەوە دانیشتبوو و چاوەڕێی نۆرەی خۆی بوو. هەر کە ناوی خوێندرایەوە، توند توند کچەکەی کردە باوەشی، بە چاوانی پڕ لە فرمێسکەوە گوتی: «کچم هەر لێرە ڕاوەستە، هەر نیو کاژێرەکە و بەخۆ دێمەوە.» ئەویش دیسان لێی پرسی: «ئەدی ئەگەر دەری کردین، دایکم چۆن دەماندۆزێتەوە؟» «نا نا دڵیژگەکەم دەرمان ناکات، هەر لەوێ چاوەڕێی دایکت دەکەین، هەر دەگەڕێتەوە!»

لەسەر قەرەوێڵەکە پاڵکەوتبوو، بیری لەم چەند مانگەی ڕابردوو دەکردەوە، ئەو ڕۆژەی کە هاواری خێزانی دەرگای ماڵەکەی بە یەکجاری لەدوای خۆی داخست. دوو حەفتەی ڕێک لە ماڵەوە دەرنەچوو، ڕیشن ڕیشن، بۆگەن بۆگەن، تەنانەت ڕۆندکی کچیشی لێی دەترسا. تەلەفۆنێک، دوو تەلەفۆن، چەند تەلەفۆنێکی بەڕێوەبەرەکەی ناچاری کرد بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، دوو ڕۆژی نەبرد و لەوێش دەرکرا، ئێ چۆن بتوانێت کار بکات، تازە ئابڕووی هەمووی هەڵڕژاوە!

ژانی گورچیلەکەی تا دەهات و زیاتر دەبوو: «ئەمە کەی ژیانە! تاوانم چی بوو تاوەکوو ئەم هەموو ناخۆشییە یەک بەدوای یەکانەم بەسەر بێت. ئێ‌ سەردار چی بکات، ئەویش منداڵی هەیە و دەبێت نانیان بدات. خۆ ئەگەر سەردار کۆنە هاوڕێم نەبوایە و یەکێکی تر بوایە ڕەنگ بوو نیو ئەوەندەش لەسەرم ڕانەوەستابوایە. ئاخ لەم بەختە ڕەشەم، ئاخ!»

پەرستارە چاوشینە قژسوورەکە هاتە سەر سەری و دەربارەی کەشوهەوا پرسیاری لێ کرد، هێدی هێدی سۆندەی بەنجەکەی خستە سەر دەم و لووتی، تا دەهات چاوەکانی سستتر دەبوون. دەنگەکان دوورتر دەکەوتنەوە، سۆماشی لێڵتر دەبوو، سەیرێکی پەرستارەکەی کرد، هەر لە هاواری خێزانی دەچوو.

چەند کاژێرێک تێپەڕی، چاوەکانی کردەوە، سەیرێکی دەوروبەری خۆی کرد، نەیزانی بۆچی لێرە دانیشتووە. ڕووداوەکانی دوێنێی هیچ بیر نەمابوو. سەر ئێشەیەکی بەهێز تینی بۆ هێنا، دەستی بۆ پەرداخە ئاوەکەی بەردەمی خۆی برد. یەک دوو قومی لێدا. ڕۆندک بە هەڵەداوان هاتە سەر سەری، چاوەکانی لەخۆشییان بریسکەیان دەدایەوە، هاواری کرد: «باوکە، باوکە، ئەوە هەستای!»

سەیرێکی کچەکەی بەردەمی کرد، دەنگی خۆی خڕ کردەوە، دەنگە گڕەکەی هەڵبڕی: «بانگی هەژاری باوکت بکە، پێی بڵێ سەرداری خاوەنخانوو هاتووە، ئەگەر هەر ئێستا بە خۆی و بە کرێی هەر چوار مانگی ڕابردوو نەیەتە دەرەوە، با بە شتومەکەوە بێتە دەرەوە و ئێرەم بۆ چۆڵ بکات!»




زێدە بیابان.. شیعری عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بە دەربڕینەکانی هونەرمەندی شێوەکار (قەرەنی جەمیل) پێشکێشە

(١)
ئازادی لە نەخشەی بیابان دەتکێ
باران لە هاواری سەراب دەبێ بە ریشۆڵە
ریشۆڵەكان دەنووک لە تیشکى رووناکى دەگرن
لە ئاودا تیشکی رووناکی دووبارە هەڵدێ
ئەوەتا لێرەم وەک رووکاری رەشبردنەوە.
(٢)
جوانی رەفتاری بیابان هێشوو و هێشوو دەکا
رابردوو خۆڵەمێشییە
ئەوەتا لێرە دادەنیشم لەنێو ئێوە
ئاخۆ هەست بە گومانەکان دەپێون
ئاخۆ لە شکانی سەراب دەگەن
بزەی ئاو دەناسنەوە
ئاخۆ جیاوازی، وێناکردنی ناجیاوازییە، یان هاونشینی؟
(٣)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
ئاو دووبارە سەراب هەڵدەدا
مرۆڤ هێشوو و هێشوو لە بیابان دەکەوێ
با دێتەخوارێ
بۆ ژیان شامانایەک هەبوو
بۆ سەراب پێوانیەک نییە.
(٤)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
باران پێڵاوەکانی بیابان پڕ خۆڵ دەکا
با لە پرچی سەراب دەڕژێ
بە پێ خاوسی
بەبێ زیندووکردنەوەی شامانایەک
ناپەڕینەوە
لە پەنا رەنگی خۆڵەمێشی
لێرە دووبارە وەک روواڵەت لە ئێوە دەکەوم
مردن جێنشینی بینینە.
(٥)
بە قاچی هیچ ناپەڕینەوە
مرۆڤایەتی چەشنی نەخشەی بیابان
هێشووی هەتاو
نواندنەوە، زێدە مانا،
سەراب
بە ئاوەوە دەخورێتەوە.
(٦)
چیتر دابەزین نییە
بیابان لەبەر دەرگاتانە
رەنگی خاک جگە لەخۆی هیچ ناگەیەنێ
بە پێڵاوی پڕ لە خۆڵ
دووبارە وەک رووکەش لە ئێوە دەچم.
(٧)
ژیان شاراوەیەکی زێدە دیارە
رەنگ شاراوەیەکى زێدە گەرم
بە نمایشە شێواوەکانی
روو لە ئارەزوو دێتەخوارێ
بوونی مرۆڤ زڕوێنەیە
بە ئاسمانەوە کۆتایی بە حەقیقەت دێنێ.
(٨)
من نامەوێ ئاسمان لە خاک بچێ
زەوى لە ئاسمان بێتەوە
بەربوونەوەی ئەسڵ، شتێ لە شتێ ناکا
گەر دەرگا بکەنەوە
ئایکۆنەکان دەگەڕێنەوە
گەمەی نا- نواندنەوەیە.
(٩)
دنیا سەراب بێ یان وەهم
خاڵی گەشانەوەی هونەر وێناکردنی فریودانه
وێناکردنى زڕوێنە
خڕبوونەوەی ناتەبایی چێژە لێرە و لەوێ
من دەزانم
لە زێدە حەقیقەت دەبنەوە
تۆ دەزانی
شتێ لە پشت لەبەرگرتنەوە، بوونی نییە.
(١٠)
مردووەکان زیندووەکانیان گۆڕیووە بۆ ئاوەدانی
زیندووەکان مردووەکانیان گۆڕیووە بۆ زمان
ژیان گێڕانەوەی مرۆڤە بۆ دۆخی بێ شوناسی
ئەوەتا لێرە لەنێو ئێوە هەڵدەستمەوە
گەر دەرگا بکەنەوە
جەستەی بێ ئەندام دەبێ بە گۆڕ
لە پێگەی رەشبردنەوە و دابڕان
مردوو زیندووەکان دەردەکەون.

٢٠٢٤/٩/٢٨ هەولێر




ئایا ئێران دەستبەرداری بەرنامەی چەکی ئەتۆمی دەبێت؟.. کەریم قادر

کۆماری ئیسلامی ئێران کێشە و سەریەشەی زۆری بۆ ناوچەکە بەگشتی و ئیسرائیل بەتایبەتی دروست کردووە کە بەهۆیەوە زیانی ماددی و مەعنەوی لێکەوتووتەوە و بارگرانی بۆی دروست کردووە. لەبەرایی هەمووانەوە بیرۆکەی سڕینەوەی ئیسرائیلی لە هزری خەڵکانێک چاندووە.
ئەگەر سایکۆلۆژی ئیسرائیل بەرانبەر ئەوانە لەبەرچاوبگرین کە زیانیان لێی داوە، یان تەنانەت بیریان لەوە کردبێتەوە زیانی لێ بدەن، بە هەر جۆرێک بێت، هێزی خۆی نیشانداون، لەوەدا ئامرازی جۆراوجۆری بەکارهێناوە و باڵادەستە.
بابەت و گرژییەکانی ناوچەکە هێندە تێکەڵاون، چاودێرانێک پێیانوایە لەو هەموو شەڕ و تێکچڕژانەی لە ناوچەکە لەئارادان، شتێک لە شێوەی ڕێککەوتنێکی شاراوەی نەنووسراو لەنێوان هەردوولادا هەیە. ئەگەر بە دیوێک خوێندنەوە بۆ شەڕەکانی حەماس، حزبوڵای لوبنانی، حوسییەکان بکەین، هەروەها چاوێکیش بە ملیشیاکانی عێراق بگێڕین، بەتایبەتی کە لێدوانەکانی بەرپرسانی باڵای ئێران بەهەند وەربگرین کە دوای هەموو شەڕێک دەیانگوت، “تۆڵە دەکەینەوە”، بەڵام لەسەر زەویدا هیچیان نەدەکرد و لە لێدوان زیاتر نەبوو، ئەگەر شتێکیشیان کردبێت، لە خۆ بەڕووسوور نیشاندان زیاتر نەبووە. بۆیە ناهەقی چاودێرانێک نییە بەو باوەڕە بگەن کە لەبەرانبەر پاراستن، یان دوورخستنەوەی ئاگر لەخۆی هاوبەشییەک لەئارادایە، بەتایبەتی ئەگەر قسەکەی خامەنایی لەبارەی کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد (٢٠٠٠-٢٠٢٤) کە گوتی، “گەمژەییە لەناوخۆ شەڕی دوژمنەکانت بکەیت” بە هەند وەربگیرێ، زۆر باش لە نیازەکانی ئێران دەگەیەت کە نایەوێت شەڕ بگاتە ناو ماڵەکەی و لەوانەی لەم پێناوەدا هەموو کارێک بکات.
ئیسرائیل متمانەی بە هیچ کار و کردەوەیێک نییە لەلایەن ئەوانەوە بێت کە ڕۆژانێک هەڕەشەی سڕینەوەیان لێی کردووە، یان وەک خۆیان دەڵێن “قەوارەی زایۆنیزم” لەناوچەکەدا نامۆیە. لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنە، دوای نەمانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە تەواوی ژێرخانی سەربازی ئەو وڵاتەی خاپور کرد، چونکە نە دەخوازێ هیچ لە درواسێکانی پڕچەک بن، نە متمانەی بەکەس هەیە.
بە مانایەکی دیکە، ئیسرائیل لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، بەهیچ شێوەیەک ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی قەبوڵ نییە، لەسەر ئەو بنەمایە بە هەموو شێوەیەک کار بۆ لەناوبردنی ئەو چەکە دەکات کە بەپێێ هەوڵەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو لە بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی نزیک کەوتووتەوە. ئەگەر ئێران بیەوێ ئسرائیل وازی لێبێنێت و شەڕ نەگاتە ناو ماڵەکەی ، دەبێت بەرنامەکەی خۆی بۆ گەیشتن بەو چەکە هەڵوەشێنێتەوە.
ئەمەش لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەت توکیا دەردەکەوێت کە گوتی: “وێڕای ئەوەی ئێران نایەوێ لەگەڵ ئیسرائیل شەڕ بکات، وەک ئەوەی بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ ئەنقەرەیان دووپات کردووتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران بەدوور نازانین”،
کاتێک ئێران لەناوچەکە شتێکی بەناوی بەرەی مقاوەمە دروست کرد، زیاتر بۆ خۆپاراستن و سەپاندنی هەژموونی خۆی بوو، وەک ئەوەی پێشتر قاسم سلێمانی بە ئەمریکییەکانی گوتبوو “کۆنترۆڵی پێنج پایتەخت لە ژێر هەژموونی ئێران دایە”.
هەرچەندە بەهۆکارگەلێک تورکیاش ناخوازێ ئەو شەڕە هەڵبگیرسێ، بەڵام ئێران ئەگەر شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل ناخوازن، دەبێت وەک پەیامێکی ڕوون لەلێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بکۆڵێتەوە، کە خۆی لە دەستبەرداربوون لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی دەبینێتەوە، چونکە دوا ئامانجی ئیسرائیل لەپێناو ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، نەک هەر ئێرانێکی باشە، بەڵکو ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمیشی قەبوڵ نییە. دیارە تورکیاش حەز ناکات ئێران ببێتە خاوەن ئەو چەکە وێرانکارە کە ئەمڕۆ تاڕادەیەک بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا داشی سوارە.
ڕەنگە هەبن لە ئێران دژی دەستبەرداربوون لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی بن، چونکە باوەڕێک لای ئەو گروپە دروست بووە، ئەگەر دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمیش بێت، ئیسرائیل بەپشتیوانی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی واز لە تەنگهەڵچنین بە ئێران ناهێنێ، تا لە قاڵبی نەدەن، یان وەک خۆیان دەڵێن پارچە پارچەی نەکات. بێگومان هۆکار و ئامرازی ئەو تەنگ پێهەڵچینەنەش هەمیشە ئامادەیە، چونکە ئێران لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی کەسی و مافی پێکاهاتەکانەوە تۆمارێکی باشی نییە.




وەک چیاکان کۆن.. شیعری نەوزاد مدحەت

ڕەگەکانمان قوڵ وەک لوتکەی زاگرۆس،
لە خاکێک کە پێی باپیرانمانی ناسیوە.
نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبین،
زمان و گۆرانی و چیرۆکەکانمان بەرگری دەکەن.

هیچ سنورێکی کێشراو
ناتوانێت ڕۆحمان زیندانی بکات،
هەرچەندە بەزەبری خەنجەر لێکمان دادەبڕن
ئێمە منداڵانی خاکی دێرینین،
یەکبوون هەمیشە لەناو دڵمان لێدەدات.

هەوڵ دەدەن چرای ئومێدمان خامۆشبکەن،
وەک ئەوەی ئازادیمان هەڵبژاردنی خۆمان نەبێت.
هێز لە دەماری شاخاویمان هەرگیز خامۆشنابێت
وەک هاژەی ئەو چەمانەی ئاوەدانیمان ئاوەدانتردەکەن.

هیوا لە نوێژی بێدەنیگدا هەڵدەگرین،
بۆ دادپەروەریەک بەزەبر نەبێت نایەت.
مێژویەکە نەوەکان خەونی ئاشتی دەبینن،
کەچی ئەویتر، ئەویترێکی لە دوورەوە هاتوو
گۆشە گۆش لە ناو ماڵی خۆما سەری دەبڕێت

ژمارەکان دەگۆڕن،
توڕمان دەدەنە شوێنە دوورەکان
ئاو بەردەدەنە گۆڕستانەکانمان
بەڵام بزرنابین چەند دوور بڕۆین
جارێکی تر و جارێکی تر..
لە ناو دڵی چیاوە دێینە دەر

لە ناو تاریکی قوڵدا ڕووناکیمان دەپارێزین،
بالۆرەمان لە چیا نابڕێت
بۆ بەرەبەیانی ئازادی هەمیشە باوەڕمان هەیە،
ئەمە ئەو هەوایەیە کە دەبێت هەڵیمژین.

نەوزاد مدحەت




زمان و شاعیر.. خەزعەل ئەلماجدی.. و: عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

شیعرییەت شایتحاڵی تەواوی سەردەمەكان

وزەی زمانی شیعری پەرت نییە، پارێزراوە. بە پێچەوانەی وزەی زمان لە بوارەكانی دیكەدا كە بەرەو سوودگەرایی و دەستاودەستكردن و تێگەیشتن دەبێتەوە… وزەی شیعری لە چوارچێوەی فۆڕمی شیعرییدا پارێزراوە، نە دەگۆڕێ و نە لەكار دەكەوێ. ئایا بەپێی ئەو تێگەیشتنە، دەتوانین شیعر لە رووی زمانەوانییەوە پێناسە بكەین و بڵێین شیعر زمانە، كاتێ وزەی خۆی دەپارێزرێ. لە رووی زمانییەوە پێناسەی پەخشان بكەین و بڵێین پەخشان زمانە، كاتێ پەرت دەبێ، یان وزەكانی بەكار دەهێنین، یان لە پێناو شتێكی دیاریكراو سوودی لێوەردەگرین. لەو دەرئەنجامەشەوە بڵێین زمان لە شیعردا هێزێكی نەگۆڕە، لە كاتێكدا زمان لە پەخشاندا هێزێكی گۆڕاوە، بۆ جۆرێكی تر، بۆ نموونە پەخشانی دەرەكی (بابەتخوازی و زانستی) زمان بۆ كار، هەواڵ، هاندان، وەسفكردن دەگۆڕێ، پەخشانی فێركاری بۆ زانست و زانیاری دەگۆڕێ. بەڵام هێزی زمانی شیعر ناگۆڕێت، بەڵكو لە ناوەوەی خۆیدا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە. پەخشان لە مێژوودا جێگیر دەبێت، شیعریش بەرەنگاری مێژوو دەبێتەوە، چونكە ناگۆڕێت و دوای مێژوو ناكەوێت، بەڵكو شتێ لە ناوەوەی گوتار و رووداوە قەدەغەكراوەكانی دەوروبەری لە خۆدا هەڵگرتووە. بۆ نموونە قەسیدەكانی (موتەنەبی) لە بەرانبەر سەدەی چوارەمی كۆچی وەستاون، لە كاتێكدا دەسەڵات و میدیا و هەواڵ و یاسا و دابونەریتەكانی سەدەی چوارەمی كۆچی كەوتوونەتە نێو مێژووەوە. لە سەدەی نۆزدەمی پڕ لە رووداو و هەواڵ، قەسیدەكانی رامبۆ وەستاون، وەك رۆناكییەكی درەوشاوە و تازە، بە هێز و چالاكییەوە لە مرۆڤ دەڕوانن. ئایا ئەوە بەو مانایەیە كە پەیام ((پەیامی شیعری)) دەبێ بابەتەكەی لە خودی خۆیدا بێ (بابەتەكەی لەو شتانە وەرنەگرێت، كە دەوری داوە و ئاماژە بە شتەكانی دەوروبەری خۆی نەكات).. ئەوە پەیامێكی شیعرییە، وەك ئەوەی لە دەقی شیعرییدا هەیە؟
هەڵبەتە نا.. چونكە كاتێ باس لە ئەركەكانی زمان دەكەین و دەبینین یەكێك لە ئەركەكانی زمان، شیعرییەتە ((لەبەر ئەوەیە كە ناوەڕۆكی پەیامەكەی یان زمانەكەی خودی زمانەكەیەتی، نەك ئەوەی ئاماژەی بۆ دەكات)) ئەو قسەیە ((واتە پەیامی شیعر)) تەواو لەگەڵ قسەكانمان لە بارەی ((هونەری شیعری)) جیاواز دەكەوێتەوە، چونكە شیعر نواندنێكی هونەرییە، ((بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نواندنی هونەری)) تەنیا ئامانجەكەی نییە. با بە وردی بڵێین ئەوە شیعرییەتە وەك ئامانجێك تەنها لە رێگای هونەرەوە دەتوانرێ بە دەست بهێنرێت، بەڵام ((ئەركی شیعر))یش دەشێ لە مەبەست ((پەیامی شیعری)) یان ئامانجی شیعریدا هەڵگرینەوە، كە رەنگە شیعر تێیدا سەركەوتوو بێت، یان لە بەدیهێنانیاندا سەركەوتوو نەبێت. ((روونكردنەوەی)) ئەو قسانەش بە گشتی ((خودێتی و زمانەوانی و تەمومژی)) شیعری كەم دەكاتەوە و بە شیاوی چارەی دەكات، چونكە سروشتی ئەو پەیامەی كە چارەی دەكات، ئەوەیە كە خودی زمانی ئاڵۆز چەمێكە دەبێ بوڕوژێندرێت، چونكە هەمیشە سەرلێشێواوییەكی گەورە لەنێوان ئەركی شیعری و ئەركەكانی دیكە (كۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی و سۆزداری و سوودگەرایی.. هتد) درووست دەكات، كە دەكەونە چوارچێوەی ئەركە بابەتییە لەكاركەوتووەكانی زمان. لێرەدا بە هیچ شێوەیەك مەبەستم داخستنی ئامانجی زمانی شیعری ((پەیامی شیعری)) نییە، كە هەمیشە كراوەیە، بەڵكو دەبێ بزانین كە شیعر((هونەری شیعری)) ئەگەر ملكەچی ئەو ئەركانە بێت، ئەوە ئامانجی خۆی ((وەك شیعر- زمانی شیعری)) لە دەست دەدات و دەبێتە پاشكۆ بۆ ئەركی دیكە. لێرەدا ناتوانین ئەو كارە یەكلا بكەینەوە و بڵێین ئەوەی شیعر دەنووسێ دەبێ بەو رێچكەیەدا بڕوات. بەڵكو شاعیر دەبێ لە خۆیەوە ((بە شێوەی تایبەتی خۆی)) پارێزگاری لە شكۆی شیعر و روونی و وزەی شیعری بكات، شاعیر دەبێ هۆشیارییەكەی تا ئەوسنورە بێ، كە نەكەوێتە ژێر چەكوشی ئامانجەكانی دیكەی زمان، پاشان شوێنكەوتە و ملكەچیان. شاعیر دەبێ بۆ ئامانجی شیعر هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، پێویستی بە هۆشیارییەكی گەورەی شیعری یەكگرتووهەیە، دەبێ لەگەڵ كاتدا هەنگاو بنێ، خۆی لە هەموو ئەو رێگایانە بدزێتەوە، كە بەرەو گەڕانەوە و بێبایەخی و موجامەلەی دەبەن.

شوشتنەوەی وشەكان
وشە لە شیعری كۆندا ناسنامەی دیار نییە، بە ئاراستەی ئەو مانایەدا دەڕوات، كە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی رۆژێ لە رۆژان بۆی پێشنیار كراوە، لە پێناوی دروستكراوە.. بۆیە وشە تەنها وەك ئامرازێ بۆ بەكارهێنان و گەیاندن دەمێنێتەوە، نە زۆر نە كەم.. وشە لە شیعری كۆندا هیچ كەسایەتییەكی نییە.. چونكە لە شیعری كۆندا ((مانا)) دۆخەكە بەڕێوە دەبات. بەڵام ئەگەر وای دابنێین كە زمان لە پێكهاتن و هەڕەمەكییەت و یاسا ناوەكییەكانیدا هاوتای ژیان بێت، لەبەر ئەوەی زمان لە خودی ژیان و پێشكەوتنەكانی ژیانەوە گەشەی كردووە، كەواتە ئەی بۆچی دەستەواژەكان (وشەكان) بە بوونەوەری زیندووی ئەو ژیانە نازانین، كە كەسایەتی و سەربەخۆیی خۆیان هەیە، وەكو رووەكەكان و ئاژەڵەكان و زیندەوەرە وردەكان، كە ژیانی شاراوە و تایبەتی خۆیان هەیە، زۆربەی جاران هەر نایانبینین، تەنها ئەوانە نەبێ كە دیارن و پەیوەندییان بەیەكترییەوە پەیوەندی مانەوە و ململانێ و ئەزموون و هاوژیانییە. دەشێ لە ژیانی رۆژانەدا زمان ئامرازی گەیاندن و تێگەیشتن بێ، وشەكان ((بوونەوەرە زیندووەكان)) قوربانی بە كەسایەتی و ژیانی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ بگات، بۆ ئەوەی ئەو لەیەكگەیشتنە بەردەوام بێ. بەڵام ئایا هیچ دەستەواژەیەك بەو قوربانیدانە خۆبەخشانەیە رازییە؟ نەخێر، بەڵكو ئەوە بەكاربردنە رازییان دەكات. بەڵام ئەدەب ئەو بەكاربردنە رەتدەكاتەوە و دادپەروەری لەگەڵ ئەو بوونەوەرانە و پەیوەندییەكانیان دادەمەزرێنێ و شكۆیان بۆ دەگەڕێنێتەوە، لەو رووەوە شیعر ژانرێكە زیاد لە ژانرەكانی دیكەی ئەدەب پارێزگاری لە پەرتبوونی وشەكان (دەستەواژەكان) و پەیوەندییەكانیان دەكات، لە هەموو ئەو بەكارهێنانانە رۆژانەییە، یان رۆتینییەی كە كەسایەتی وشەكانیان پیس كردووە و تێكشكاندووە، پاكیان دەكاتەوە و شكۆ و هێزییان بۆ دەگەڕێنێتەوە.. دەیانخاتە نێو بەكارهێنانی نوێ و ژیانی ((ژیانی زمانەوانی نوێ))یان بۆ دەڕەخسێنێ و دەیانخاتە نێو پەیوەندییەكی نائاسایی و چاوەڕواننەكراوەوە.. جێگایان بۆ دەدۆزێتەوە و وایان لێدەكات تێیدا نیشتەجێ بن، بەمجۆرە دەقی شیعری سەرسامی درووست دەكات، چونكە: واتای نوێ ((ژیانی نوێ)) بە وشە دەبەخشێت. وشە دەخاتە پەیوەندی نوێوە. بەمجۆرە زمان نوێ دەبێتەوە و ئەو نوێبوونەوەیەش دەبێتە نوێبوونەوەی ژیانی مرۆڤ و بوژانەوە و گرژی و نەشونماكردنی مرۆڤ.
پەیوەندییە زمانەوانییە كۆنەكان لە شیعر و پەخشاندا پەیوەندی دیاریكراون یان وەك رەوانبێژی پۆلینكراون، ناشێ لێیان دەرچین و نكۆڵی لە رەوانبێژییان بكەین، بەڵكو دەبێ چوارچێوەیەكیان بۆ بدۆزینەوە و لە شێوازێكی چەقبەستوودا دایانبنێین، بەوەش دەستەواژەكان و پەیوەندییەكانیان لە شیعری كۆندا بە هۆی تووندی سیستمی زمانەوانی و عەقڵی و كۆتوبەندكردنیان لە چواچێوەی رۆحی مرۆییدا تووشی پووكانەوە دەبن، بەمجۆرە رزگاركردنی شیعر و عەقڵ لەو هێزە نەرێیە پێویستی بە دیدگایەكی ریشەیی هەیە! ئەو دیدگایەش دەبێ شتێ لەخۆ بگرێ كە ژیانی ئاسایی و لەكاركەوتوو نەتوانێ بیبڕێت، شتێكی سەرووی سروشتی، شتێكی ناوازە و لەپڕ كە بشێ وەك پێویست دەستەواژە و پەیوەندییەكانیان لە داڕشتنەوەی نوێدا بنوینێ. رێبازی بونیادگەری لێكۆڵینەوە لە بارەی پەیوەندی نێوان دەستەواژەكان وەك حەقیقەتی زمانەوانی و جەوهەری زمان (فۆنۆلۆژی، مۆرفۆلۆژی، شێوازگەریی) بە كاری لەپێشینەی خۆی دادەنێ و لەوەشدا گەیشتۆتە دەرئەنجامی زۆر گرینگ، بەڵام لەبەرانبەر ئەوەشدا بوونی (وشە) و دەستەواژەكانی پشتگوێ خستووە و تەنها وەك پارچەكانی شەترەنجی داناون، كە دەشێ داربن یان ئاسن یان قوڕ و هەویر، كە هیچ جیاوازییەكی گرنگیان لە وازیكردنی شەترەنجدا نییە و دواتریش هەر بەو پێودانگە گەمەی زمانەوانی ملكەچی سیستمی ناوەوەی زمان دەكات. ئەگەرچی بونیادگەری لە هەندێ لە تیۆرە جۆراوجۆرەكانیدا گرنگنترینیان تیۆری زایندەیی ((تەولیدی)) ((چۆمسكی)) كە بە راستی لە رووی یاساكانی زمانی زایندەیی و گۆڕانكاری ((تەولیدی و تەحویلی))دا، وێناییەكی رازیكەر بە دەستەوە دەدات. دوور لەو لێكۆڵینەوە زمانەوانییە گشتیانە، ئیتر دەستەواژەكان هەروا مانەوە، تا لقێكی تایبەت بە ناوی زانستی ئاماژە (علم الدلالە) هاتە ناوەوە، بەڵام ((ئەو لقە)) لەگەڵ زانستی زمان تێكەڵ نەبوو، تاكو بەیەكەوە وێناكردنێكی رازیكەر لەبارەی زمان بەگشتی و شیعرییەت بە تایبەتی بخەنە روو. شاعیر بۆخۆی دەبێ لە هەموو ئەو زانستانە قووڵبێتەوە، نابێ هەر تەنها پێیانەوە پابەندبێ، بەڵكو لەسەری پێویستە تێیانبگات و هەرسییان بكات، پاشان لە یاسا سەختەكان بگوزەرێ. ((وەك كۆتوبەندی نووسین تەماشایان نەكات)) بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە بەدوایاندا نەچێ و لێیان تێنەگات، بەڵكو بە پێچەوانەوەوە شاعیر دەبێ ئاگای لە زانستەكانی زمان بێ و بەدوای لێكۆڵینەوەی زمان و تێگەیشتنی زمانەوە بێ و هۆشیاری لێیانەوە بە دەستبهێنێ.. زۆرێك لە شاعیران حەز لە بوارەی زمان ناكەن، بەڵام بنەمای نووسینی شیعر پەیوەندی بە تێگەیشتنی تایبەتی زمانەوە هەیە، شاعیر دەبێ پارێزگاری لە زمان بكات و بچێتە نێو تایبەتمەندییەكانی زمانەوە، بە تایبەتی هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی پەیوەندی بە شیعرەوە هەیە، بەو مانایەش ((لەخۆوەیی)) و دەرچوون لە رێچكەی ((ناوكۆیی)) باو، ئەو كاتە بە جوانی دەردەكەوێت، كە شاعیر لە قۆناغی نەخوێندەوارییەوە بەرەو قۆناعی مەعریفە هەنگاو دەنێت.. چونكە هۆشیاری دەرگای فرەوانی گفتوگۆ دەكاتەوە. ئەگەرچی شاعیری خاوەن بەهرەی گەورە و كەم رۆشنبیر، پێویستی بە بڕێكی زۆر لە ((خۆبەخۆیی)) و ((هەڕەمەكییەت)) هەیە.. بەڵام شاعیری پڕ بەهرە و پڕ لە رۆشنبیری پێویستی بە دوو ئەوەندە توانای ((خۆبەخۆی)) و (هەڕەمەكییەت) هەیە، چونكە ((نووسین)) هەمیشە ناچاری دەكات، كە ئەو رۆشنبیرییە گەورەیەی خۆی بە شێوەی ((خۆبەخۆی)) بیخاتە روو. لێرەوە دەشێ گرفتەكانی پێشوو شیبكەینەوە و بڵێین: شاعیری باش و خوێندەوار، زۆر لە شاعیرێكی نەخوێندەوار، پێویستی بە ((خۆبەخۆیی)) و ((هەڕەمەكییەت))ە، بۆ ئەوەی بە باشی پارێزگاری لەتازەبوونەوەی بەهرەكەی خۆی بكات. ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە بۆچی شاعیرە نەخوێندەوارە باشەكان، لە فرە رۆشنبیری دەترسن؟! چونكە دەزانن هەتا رۆشنبیریت زۆرتر بێت، پێویستیت بە ((خۆبەخۆی)) قووڵتر و بە پیتتر دەبێت. خودی ئەو شیكردنەوەیە رۆناكی دەخاتە سەر ئەو راستییەی كە ئەو شاعیرە باشانەی دوای رۆشنبیرییەكی زۆر بەهرەی شیعرییان كز دەبێ، لەو شاعیرانەن كە هەر لە بنەماوە ((خۆبەخۆبوون)) و ((هەڕەمەكی)) بوونیان دیاریكراو بووە، بۆیە توانای ئەو رۆشنبیرییە و مەعریفە زۆرەیان نەگرتووە و بەهرەكەیان تێكشكاوە. ئەوان قەوارەی بەهرەی خۆیان نەدەزانی، بۆیە تێكشكان، بەڵام نەك لەبەرئەوەی مەعریفە و رۆشنبیرییان بە دەستهێنا، چونكە هەرگیز مەعریفە و رۆشنبیری جێی بەهرەی شیعری ناگرێتەوە! بەهرەی شیعری گەورەترین گەنجینەیە، كە مرۆڤ لە ژیاندا دەیدۆزێتەوە، بە راستی بە داخەوە كە بە شێوەیەك لە شێوەكان لە دەستی دەدات. با بۆ رەوتی نووسینەكە بگەڕێینەوە و ببینین كە شاعیری حەقیقی ئەو كەسەیە، كە بە شێوەیەكی دیكە لە زمان ((وشە و پەیوەندییەكانی)) رادەمێنێ و سازشیان لەسەر ناكات، هەمیشە وشەی سەرسوڕهێنەر، نامۆ دەڵێ كە پێشتر گوێمان لێینەبووە.

شیعر و قسەكردن
ئەگەر لە بارەی زمان وەك سیستمێكی كۆمەڵایەتی و قسەكردن بەو مانایەی كارێكی تاكە كەسییە (فردییە) لەنێو سیستمی كۆمەڵایەتیدا، بۆ لێكجیاكردنەوە بە ناوبانگەكەی (دی سوسێر) بگەڕێینەوە، ئەوە بۆمان دەردەكەوێت، كە زمان لە كتێب و فەرهەنگ و گرامەری زمانەوانی نیشتەجێیە، بەڵام قسەكردن لە شەقام و كارگە و نێو ماڵاندا بە وزە و چالاكییەوە دەجولێتەوە. شیعر كارێكی تایبەتی و تاكە كەسییە بۆیە دەكەوێتە نێو قسەكردنەوە ((لێرەدا قسەكردن بە مانای زاراوەكان نایەت))، كەچی گیروگرفتەكانی شیعر ئەوەیە، كە لەنێو قسەكردندا بەشێكی تایبەت و خودییە. شیعری كۆن ((لە رێگای بیستنەوە)) بوو. بەڵام شیعری نوێ، پاش ئەوەی چاپكردن دەركەوت، كە كتێب و نووسین لەنێو خەڵك بڵاوبۆوە، ئیتر خوێندنەوەی شیعر، جێگای بیستنی شیعری گرتەوە، واتە كە نووسین دەركەوت، شیعری نوێ سەری هەڵدا و جیاكردنەوەی ئەركی بیستنی شیعری لێكەوتەوە، ((واتە شیعر لە سیستمی بیستنەوە بۆ سیستمێكی خوێندنەوە هەنگاوی نا)). لێرەوە ئیتر كەوتینە پارادۆكسێكی نوێوە. شیعری كۆن بە قسەكردنی زارەكییەوە بەندە، یان دەبیسترێت و لەگەڵ تامی قسەكردنی زارەكی سەردەمەكەی بڵاودەبێتەوە، ئەو تامەش نامینێ كاتێ ئەو شێوە قسەكردنە بەسەر دەچێت. بەڵام شیعری نوێ بە قسەكردنی نووسراوەوە بەندە، بایەخەكەی ئەو كاتە كەم دەبێتەوە، كە سەلیقەی باوی سەردەمەكەی بەسەر چێژەكەیدا زاڵ بێت. بەمجۆرە زمان ((زمانی قسەكردن)) لە بۆتە نووسینی شیعری نوێدا دەوڕوژێ ((زمان دەنووسرێتەوە)) و شیعر پشت بە گۆڕانكارییەكانی نووسین دەبەستێ، گرنگترین گۆڕانكارییەكانیش كە پێی هەڵدەستێ سەرەولێژكردنی ئەركی تەواوی شیعر و گۆڕینی ستراتیژییەتی ئامانجی شیعرییە، بە جۆرێك كە شیعری (شەعبی) ئەوەی كە بۆ دەستاودەستكردن پەیوەندی خۆی بە قسەكردنی ((خەڵك))ەوە راگرتبوو، (لە جەوهەردا) هێندە بە نووسینەوە پەیوەست نەبوو، شیعری شەعبی بێ ئەوەی نیازێكی هەبێ دوو جۆر بوو: یەكێكیان خۆی دادەهێنا و خۆی لە رێگای نووسینەوە ((نووسینی بیستنەوە)) دەبینییەوە و لە رێگای نووسینەوە كاریگەری درووست دەكرد. ئەویدیكە دەكەوتە سەر رووكاری زمان یان ((بیستنی بیستنەوە)) قسەكردنەوە، وەك ئەوەی شێوەیەك بێ لە شێوەكانی پەیوەندیكردن بە كۆمەڵگاوە. ئەركی (بیستن) لە شیعری كۆن، یان شیعری شەعبی ((زمان دەبیسترێتەوە)) لەلایەن كۆمەڵ (وڕوژان)ی دەنایەوە و جیاواز لە ئەركی (بینین)ی تاكە كەسی ((زمان دەنووسرێتەوە)) لە شیعری نوێدا! بەمجۆرە بەرانبەر رەگەزێكی نوێ دەبینەوە، كە پێویستی بەیەكێك لەو دوو شێوازە هەیە: یەكێكیان شیعرە و ئەویدیكە شیعر نییە! لێرەوە مەترسییەكی نوێ دەست بەسەر شێوەكانی چێژ و گۆڕانكارییەكاندا دەگرێت، كە رەنگە بكەوێتە دەرەوەی تێگەیشتنی ئەدەبی و بە تەواوی سەیرورەی مرۆڤایەتییەوە بلكێ.. واتە لە ئەدەبەوە تا بە بوونی خودی مرۆیی دەگات. ئەدەبی كۆن هیچ شێوازێكی رادیكاڵ و پڕجۆشی ئەدەبی بەدەست نەهێناوە، بەڵكو هەمیشە بە پەلە شێوازەكانی خۆی گۆڕیووە، ئەوەش ئەگەرچی لە راستیدا لە ئەنجامی هۆشیارییەوە بوو، بەڵام بەدبەختی ئاگایی نووسەرانی لەوەدابوو، كە نەیاندەتوانی لە بەرانبەر ئەو سەردەمانە بە شێوەیەكی قووڵی نیگەرانئامێز بوەستنەوە.. جگە لەوە كارەكانیان بەرهەمی ئەو گۆڕانكارییە فیكرییەكانی نەبوو، كە خودی خۆیان پێیهەڵدەستان، تا بتوانن ئەدەبێكی (خودی) نوێ بونیاد بنێن، بەڵكو زمانێكی ئاسۆیی هاوبەشیان هەبوو، كە دەكەوتە نێوان خەڵك و شێوازی نووسینی ستوونی نوێنەرایەتی دەكرد، چ لە ناوەوەی نووسەر، ناخی نووسەر -چ وەك هاوبەشیكردنی خەڵك- لێرە ((لە نووسینی شیعری شەعبی)) زمان وەك مێژووی مەعریفە، ئاوارەی رابردوو بوو، بەڵام شێوازی نووسینی شیعری نوێ لەنێو مێژووی گشتیدا، بازدانێكی تاكە كەسی داهێنان و خەلقكردن بوو، هەوڵێك بوو یان كۆمەڵە هەوڵیكی تاكخوازانە بوو بۆ بوژانەوە و گۆڕینی بونیادی زمانی باو. لەسەر ئەو بنەمایە مێژووی ئەدەبی كۆن، مێژووییەكی خاو و بێزاركەر بوو، كە تێیدا گۆڕانكارییەكان هەڵبەز و دابەزییان بوو، لە شێوە و ناوەڕۆكی ژانرە ئەدەبییەكاندا ناڕێك دەردەكەوتن، بەڵام مێژووی ئەدەبی نوێ، خەریكە خێراتر دەبێت، نەك هەر وەك مێژووی نەشونماكردن، بەڵكو وەك مێژووی داهێنان و خەلقكردن، بەپێی زاوزێكردنی پشتاوپشتگەری بەڕیوەناچێ، بۆیە داهێنان لە ئەدەبی نوێ تاكخوازانەیە، باوك و كوڕ ناناسێ.. تاك درووستكەرێكە، بەڵام لۆژیكی پشتاوپشتگەرێتی كە ئەدەبی كۆن بانگەشەی بۆ دەكات، تەگەرەیەكە لە تەگەرەكانی بەردەم وزە و هەڵسانەوە و جوانی ئەدەبی نوێ.

چالاكردنی زمان لە رێگای شیعرەوە
دوای ماندووبوونێكی زۆری رەخنەگری فەرەنسی (پێریس) بۆ دۆزینەوەی پێناسەكردتێكی وردی شیعر لەژێر رۆناكی بەردەوامی دەرچوون لە ناوكۆییەكان، دوای دروستبوونی ململانێیەكی تووندی نێوان شیعر وەك مەترسییەكی بەردەوام و پەخشان وەك مەترسییەك بە دژی شیعر، دوای هەموو ئەوانە (پێریس) گەیشتە ئەوەی بڵێ ((زمان ناتوانێ گوزارشت لە شیعر بكات، بەڵكو شیعر فێڵ –لە زمان دەكا- یاخیبوونە، خەباتە بە دژی زمان) كەواتە چۆن ئەو دوو رستەی خوارەوە بەیەكەوە دەگونجێنین (شیعر گوزارشت لە زمان دەكات) (شیعر لە زمان یاخی دەبێت))؟. رەنگە چەمكی (لادانی زمانی) ئەوەی (كۆهین) پێشنیاری كردووە، جۆرە چارەیەك بێ، بەڵام ئەو چارەكردنە زمانێكی پێوانەیی (كە بوونی نییە) دەسەپێنێ، ((زمانێكی پێوانەیی دیار)) كە بۆ ئەوەی شیعر بونیاد بنێین، بتوانین لێی دەرچیین ((لێی لادەین))، بەڵام لەبەر ئەوەی قسەكردنی رۆژانە لادانی زمانی لێدەكەوێتەوە و دەرچوونە لە زمانی پێوانەیی، بۆیە دەشێ بڵێین لادانی زمانی دەكەوێتە نێو لادانی رۆژانەی بەكارهێنانی قسەكردنەوە، بەمجۆرەش وێنەكە تا ئەندازەیەك دەشێوێ، یان بەیەكگەیشنێكی بە پیت دەخاتە نێوان شیعر وەك (یاریكردنێكی بەرزی زمانەوانی) و قسەكردنی رۆژانەوە.. چارەكردنی (كۆهین) وەك پشتبەستنێكی رەها (لە پێوانە و لادان) بۆ ناوكۆییە رەوانبێژەكان دەگەڕێتەوە، جا بۆ ئەوەی بگەینە پێناسەكردنی شیعر، وەك پێشنیارێكی نوێ خۆی دەنوێنێ. چونكە ئەو كێشە كۆن و نائومێدكەرانەی كە لە دەوری پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆكدا دەسوڕێنەوە، تەنیا وێستگەیەكی بچووك پێكدەهێنن، كە دەشێ بۆ ئەوەی لێی دوور بكەوینەوە، لێی بوەستین، واتە لێكۆڵینەوە تەقلیدییەكانی شیعر (سەرەڕای هەوڵەكانیان) هەر لەنێوان (هەژاری و كەمخوێنی) دێن و دەڕۆن، دەڵێن فۆرم لە ناوەڕۆك جیا نابێتەوە، پاشان دەڵێن شیعر ئەوەیە كە فۆرم و ناوەڕۆك لەگەڵ یەكتر هاوسەنگ بێت ((هاوڕێك بەیەكەوە ڕێبكەن)) ئەوەش چارەیەكی ئاسان و سازشكارانەیە، پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوون و راستی نییە. چونكە رەگەزەكانی فۆرم ناسراون و دەتوانین دەستنیشانیان بكەین و ئەركەكانیان بژمێرین و دیاریان بكەین، وەك چۆن دەتوانین رەگەزەكانی ناوەڕۆك دیاری بكەین و لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە بكەین. كەچی لە پەخشان و بە دیاریكراوی پەخشانی ئەدەبی، هاوسەنگییەك لەنێوان فۆرم و ناوەڕۆكدا هەیە. بەڵام بەنسبەت پەخشانی زانستی ناوەڕۆك بەسەر فۆرمدا زاڵە، چونكە فۆرم لە پەخشانی زانستییدا ئامرازێكە بە وردی ئەركی گەیاندنی ناوەڕۆكە. كەواتە تەنها شیعر لە بایەخی فۆرم بەسەر ناوەڕۆكدا ناوازەیە، واتە لە بایەخی فۆرمەوە دەتوانین ئاستی پێشكەوتنی شیعرەكە و دابەزینی هونەری دیاری بكەین. فۆرم ئاراستەكانی ناوەڕۆكی قەسیدە دیاری دەكات، ئاراستەكانیش فەزای قەسیدەكە دەجولێنن و ئەو ئامانجانە دیاری دەكەن، كە قەسیدەكە هەوڵی بۆ دەدات، هەمووشیان تەگەرەن و جوولەی فۆرم بۆ خۆیان كێش دەكەن. فۆرم رووتكردنەوەی فۆرم دیاری دەكات، فۆرم بەندە بە بەشتكردنی ناوەڕۆكی دیاریكراوی فۆرمەوە، حەقیقەتی ئەو شتەش ئەوەیە، كە فۆرم نوێنەرایەتی رێڕەوێك دەكات، كە لە میانیدا دەتوانین ناوەڕۆكی (هەرچی بێت) بە كردە نوێنەرایەتی بكەین. زمان لە كۆمەڵێ رەگەز پێكهاتووە بە ناوكۆییەكی دیاریكراوەوە بەندە، كە زمان دەكاتە فۆرم، نەك جەوهەر، بۆیە شیعر بەرهەمە، یان بەرهەمێكی ئەو ناكۆییەیە، واتە بەرهەمێكە لە (فۆرم)دا نەك لە جەوهەر، بۆیە شیعر فۆرمە لە فۆرمدا، یان میتافۆرم. بەڵام شیعر فۆرمی زمانەوانی نییە، بۆیە مافی ئەوەمان هەیە بپرسین جەوهەری شیعر بۆ كوێ چووە، جەوهەری شیعر كامەیە و چۆن بەدەست دێت؟ جەوهەر لە رەگەزەكانی زماندا بوونی هەیە، نەك لە دەرەوەی زمان، نەك لە كۆمەڵە شتێكی دەرەوەی زمان ((كۆمەڵە شتێك كە دەرك دەكرێن.. هتد)) ئەو شتانەی كە دەرك دەكرێن لەگەڵ جەوهەری ناسراوی فیزیادا یەكدەگرێتەوە، كەواتە جەوهەری شیعری، نەك جەوهەری فیزیایی لە كوێیەدایە؟ من پێموایە (جەوهەری شیعری) بە شێوەی فۆرم لە وەدیهێنانی هەبووەكاندایە، لەبەرئەوەی (وەدیهێنانی هەبووەكان) ئەگەرێكی لاوازە و بە گشتی دەكەوێتە نێو مەحاڵەكانەوە، بۆیە جەوهەری شیعری لە ناوەوەماندا وەك وەهمێكی جوان، نامۆ، سەرسوڕهێنەر خۆی دەشارێتەوە. بەمجۆرە دەتوانین دوای ئەو بەدواداچوونە بڵێین جەوهەری شیعری نە لە واقیعدایە، نە لە قەسیدەدا، بەڵكو لە ناخی شاعیریدایە، جەوهەری شیعری پەندۆڵێكە ((چاڵمە- لە هاتووچۆکردنی پەندۆڵی سەعاتەوە هاتووە)) لەنێوان شاعیر و ئەوەی دەینووسێ هاتوچۆ دەكات، بەڵام كەی ئارام دەبێتەوە، ئەوە تەنها مردن دەزانێ، مەبەستم مردنی شاعیرە. نووسین بە كورتكردنەوەی زمان هەڵدەسێت، بە داپاچینی زیادە و درێژداڕییە ئاڵۆزەكانی، پاشان ئەدەب ((لە نووسیندا)) خێرا بە كەمكردنەوەی ئاڵۆزی خانەكانی نووسین هەڵدەستێ، بۆ ئەوەش شیعر بە تایبەتی دوایین رۆڵ دەگێڕێ، بەمجۆرە بابەتەكە وەك هەڕەمێكی بنكە فرەوان بە ئاراستەیەكی ورد و ناسك بەرەو لوتكە دەبێتەوە، بێگومان بنكە فرەوانەكەی ئەو هەڕەمەش زمانە. بەڵام لوتكەكەی شیعرە. لەوێدا فۆرمی شیعری وەك بارستەیەك لە رەمز و ئاماژە، رۆناكی دەبەخشێت و هەوڵدەدات دووبارە بێتەوە و بێتە (میتافۆرمێكی باڵا)ی زمان، بەو رێگایەش زمان پاكبكاتەوە، لەوێشەوە وەك ئاماژەكاریی مۆزیكا بیچنێ، ئەوەش دووبارە هەوڵێكە بۆ پاككردنەوەی عەقڵی مرۆیی و هەڵوەشانەوەی بەردەوامی بنبەستووەكانی رەوانبێژی و ناڕەوانبێژی، كە زمان پشتی پێدەبەستێت. هەموو هەوڵە دووبارەكانی شاعیرە گەورەكان بۆ گەیشتن بە ئاستە باشەكانی نووسین بە دڵنیاییەوە هەوڵی تاكەكەسین، كە كاتێ شیعر دووچاری چەقبەستن دێ، یان لە ئاستێكدا قەتیس دەبێت، ئەوە لە ئەگەری كەوتن ((رووخان))ی شیاو رزگاری دەكەن. بۆیە بازدان لە نووسیندا لە ئاستێكەوە بۆ ئاستێكی دیكەی بەرزتر، هەر تەنها بە واتای باڵایی عەقڵ و رۆح نایەت، بەڵكو چاككردن و كورتكردنەوەی زمانە. بەمجۆرە شیعر زمان دەكاتە دەقێكی كراوە، میكانیزمە شیعرییەكانی دەگۆڕێ تا كونیلەكانی زمان بكاتەوە، بۆ ئەوەی زمان بە جوانی هەناسە بدات و درێژە بە ژیان بدات. داتاشینی زمان (لە رێگای شیعرەوە) واتای كەمكردنەوەی دەستەواژە بەكارهێنراوەكانی شیعر نییە، بەڵكو بە واتای شۆردنی بەردەوامی دەستەواژە جێگیر و بەكاربردووە ماندووەكان دێت، یان بە مانای گواستنەوەی دەستەواژە دووبارەبووەكانە بۆ كۆمەڵێ شێوازی نوێی بەكارهێنان، واتە وڕوژانی دەستەواژە نوێیەكان، بۆ ئەوەی دەستەواژە نوێیەكانیش ئاوێتەی زمانی باو بن و زمان بكەنەوە، ئەگەر زمانیش بكرێتەوە ئەوە عەقڵیش دەكرێتەوە و تەواوی ژیانیش دەكرێتەوە، بەمجۆرە شیعر بواری ژیانی بەرفرەوان دەكات، وەك چۆن بواری عەقڵ و زمانی بەرفرەوان دەكات، ئەوەش وەك ئەركی یەكەم و نایابی شیعر تەماشا دەكرێ. كەواتە ئەگەر ئێمە وەك رەخنەگر، واقیع یان خودی شاعیر وەك شوێنی بەدیهێنانی جەوهەری شیعری بە دوور بگرین، ئەوە بەو مانایەیە، كە بڵێین شیعر فۆرمی بەدیهێنان و دەركەوتنی ئەو جەوهەرەیە. بەو شێوەیە زمان هەر قسەكردن نییە، لە بواری واقیعی و دەروونی، یان سۆزداری ناوەوە و دەرەوەی شاعیر، بەڵكو رۆڵێكی نائاسایی لە شیعردا دەنوێنێ. زمان لە شیعردا هەر تەنها دالی مەدلولەكان نییە، كە لەنێو فەرهەنگاندا دەیدۆزینەوە، یان لە سۆز و هەستی شاعیردا دەیدۆزینەوە.. بەڵكو ((زمان لە شیعردا)) بە تەواوی بوونێكی سەربەخۆی دیكەیە. (یاكۆبسن) دەڵێت: (بەڵام شاعیریەت چۆن دەردەكەوێت؟ لەوەدا دەردەكەوێت، كە وشە وەك وشە هەستی پێبكرێت، نەك وەك جێگرەوەیەك بۆ ئەو شتەی كە بەناوی كراوەتەوە، یان وەك دەركەوتنی هەست و سۆزی وشەكان و پێكهاتە و دەلالەت و شێوەی ناوەوە و دەرەوەیان، شاعیرییەت تەنها شانشنێكی جیا لە واقیع نییە، ئەگەرچی كێشی تایبەتی خۆی و بەهای تایبەتی خۆی هەیە). زمان لە بنەمادا دنیایەكی سەربەخۆیە لە واقیع، بەڵام زمان پەیوەندییە سوودگەرا مەزنەكەی خۆی لەگەڵ واقیع دەپارێزێ. كەچی شیعر زمانێكی سەربەخۆیە لەنێو زماندا و بەیەك هەنگاو لە زمان دوور دەكەوێتەوە و بە دوو هەنگاو لە واقیع، بۆیە شیعر پەیوەندی لەگەڵ زمان و واقیع پەیوەندییەكی دژئامێز و جوانە و لەسەر ملكەچنەبوون وەستاوە. شیعر بریتییە لە زیادەڕۆیی زمان و واقیع لە بەریەككەوتنی نوێی تەقەڵەكانی چنین و پێشنیاركردنی سیستمێكی دیكە بۆ زمان و واقیع.. ((شیعر بە ئاسایی خرایە نێو چواچێوەی پێدراوەكانی زمان، چونكە هیچ مەودایەكی لەنێوان (واقیع و زماندا) دانەناوە. شیعر خرایە نێو پێدراوەكانی زمان، چونكە دەیەوێ واقیع كۆپی بكاتەوە، كاتێ واقیع كۆپی دەكاتەوە، شیعر دەبێتە بەشێكی مردووی واقیع.)) كەواتە هەمیشە شیعر وەك شوێنی مەترسیداری ئاگایی و بڵێسە، لە زمان و واقیعدا و بە شێوەیەكی نوێ وزەی خۆی لە تێگەیشتن بەدەست دەهێنێتەوە، دوور لەو ناونانانەی كە ئێمە لە رابردوو وەك شیعرپێماندابوو، بەڵام ئەمڕۆ كات رێگا نادات هەمان ئەرك بە شیعر ببەخشین. لێرەدا ئەوەی پێشنیارمان كردووە ئەوەیە، كە شیعر لەو هەوڵانە دانابڕێ كە نوێنەرایەتی واقیعی جوانناسی یان زمانی دەكات، بەڵكو شیعر لەلایەك جەخت لە سەربەخۆیی خۆی و ئەركی شیعری دەكاتەوە و لەلایەكی دیكە هەوڵدەدات خزمەتێكی گەورە بە زمان و واقیع بگەیەنێت، پیسبوونی زمان و واقیع بە شیعر، ئەگەرێكی نایابی شیعرە، تاكو چالاكی نوێ بۆ بزاڤێكی جیاواز.. بۆ هەژاندنی خانەكانی خۆی بخاتەوە و هیچ سەرهەڵدانێكی نوی بۆ ئەوان نەهێڵێتەوە، ئەگەرچی شیعر لە ئەنجامدا هەوڵ بۆ زیندووكردنەوەی زمان و واقیع دەدات، بەڵام بەردەوام خۆی لێیان دابڕێت.

سەرچاوە:
رۆژنامەی (زەمان)
ژمارە 1933 رێكەوتی 5/10/2004
تێبینی: ((جووت كەوانەكان)) بۆ روونكردنەوەی زێتر، وەرگێڕ دایناون.




ئایندەی خەڵکی سوریا و ڕۆژئاڤا بەرەوکوێ دەچێ؟.. ئاسۆ کمال

پرسیاری ئێستای میدیای ناوچەکە و جیهان ئەوەیە کە چ دەسەڵات شوێنی دیکتاتۆریەتی ئەسەد دەگرێتەوە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایندەی خەڵکی سوریا و ڕۆژئاڤا چی بەسەر دێ؟
هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی ئیسلامیە سونیە توندڕەوەکان لە سوریا و ئەفغانستان و بێدەنگی دەوڵەتانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەرامبەریان نیشانەی گۆڕانکاریەکە لە دۆخی سیاسی و بەرە دژ بەیەکەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
دەسەڵاتی کۆنە داعشیانەی “هیئة تحریر الشام” پێویستی بە پێشبینیکردن نیە، چونکە لە “ئەدلیب”ی ژێر دەستیاندا هەمان یاساکانی تاڵیبانیان سەپاندوە. پرسیار لەسەر ئەوەیە کە ئایا ئەم هێزە ئیسلامیانە چۆن دەتوانن خزمەت بە جێبەجێکردنی نەخشەی مسۆگەرکردنی بازاڕ و پڕۆژە ستراتیژیە ئابوری و سیاسیەکانی ئەو دەوڵەتە بورژوازیانە بکەن، کە ئێستا لە سوریا و ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕێگەی شەڕی سیاسی و سەربازی نێوانیانەوە ئەم نەخشانە دەبەنە پێشەوە؟
هەمیشە پەیوەندی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەگەڵ ئیسلامیەکاندا بەپێی بەرژەوەندی و ستراتیژیەکان گۆڕانکاری بەسەرداهاتوە. لەسەرەتادا ئەمریکا و ڕۆژئاوا ئەم هێزانەیان لە جەنگی سارددا دروستکرد و دواتر لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا بونە دوو بەرەی دژ بەیەک. لە لایەن ئێرانەیشەوە، لە عێراق و سوریا بەکاردەهێنران بۆ لێدان لە ئەمریکا. ئێستا لە شکستی ئێران لەسوریادا، تورکیا جێگای ئێرانی گرتۆتەوە و هێزە ئیسلامیەکان لەلایەن تورکیاشەوە بۆ جێگیرکردنی باڵادەستی خۆی لە دۆخی سوریادا بەکاردەهێنێت. تورکیا دەیەوێ لەگەڵ ئەمریکادا مامەڵە بکات. مامەڵەی ئەوەی کە؛ دەسەڵاتی ئیسلامیە سونەکانی سوریا ڕازی دەکا کە مل بە مانەوە لە ژێر چەتری سەربازی ئەمریکا لە سوریادا بدەن ئەگەر تورکیا ڕێگری لەبەردەمدا نەبێ بۆ بەرتەسککردنەوەی سنوری دەسەڵاتی ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان.

گۆڕانی سەرەکی لە ڕوخانی ئەسەد تێکشکانی “بەرەی بەرگری” کۆماری ئیسلامی ئێران و نەهێشتنی پێگەی دەوڵەتی ڕوسیایە لەناوچەکەدا، کە لە پاڵ شکستی حەماس و حزب اللە دا بەتەواوەتی ستراتیژی دەوڵەتی ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توشی داڕمان کردوە.
لەسایەی ئەم گۆڕانکاریانەدا ئیسرائیل و ئەمریکا زیاتر دەتوانن پڕۆژە هاوبەشە ئابوری و ئەمنی و سەربازیەکانیان لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی و کەنداو نەخشە ڕێژبکەن.
هەر بۆیە ڕوخانی ئەسەد تەنیا دیکتاتۆرێکی لەکۆڵی خەڵکی سوریا کردەوە و چیتر خەڵکی سوریا بارمتەی ستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی ئیسرائیل نین، بەڵام خەلکی سوریا و ناوچەکە لەدەست شەڕی ئەم بەرەو هێزە دڕندانەی تری ئیسلامیەکان و ئیران و تورکیا و ئەمریکا و ئیسرائیل ڕزگاریان نەبوە، کە دوو دەیەیە سوریا و ناوچەکەیان کردۆتە دۆزەخێک کە نیوملیۆن ئینسانی تێدا کوژراو و بریندار بوە و زیاتر لە ١٤ ملیۆنی خەڵکەکەی ئاوارە کردوە. ڕوخانی ئەسەد نەمانی تاوانبارێکی جەنگەکەیە لە مەیدانی شەڕێکی بەربەریدا، کە هەموو تاوانبارەکانی تری لە دەسەڵاتدان. چۆن لە درێژەی ئەم شەڕە ناوچەییەدا دامەزراندنی دورگەیەکی ئارام و ژیانێکی گونجاو بۆ خەلکی سوریا لە سەر دەستی هەمان ئەم هێزانە چاوەڕوان دەکرێ؟
هەر چۆن شەڕی غەزە نیشانی دا کە چیتر مەسەلەی فەلەستین لە چوارچێوەی پێشووی چارەسەر و شەڕەکانی پێشودا نەماوەتەوە و بەشێکە لە شەڕێکی ناوچەیی فراوانتر، بەهەمان شێوە ڕوخانی دیکتاتۆریەتی ئەسەدیش کۆتایی دیکتاتۆریەت و شەڕ و کێشەکانی خەڵکی سوریا نیە. ئایندەی سوریا ئێستا لەسایەی شەڕ و ململانێیەکی سەربازی و سیاسی و ئابوری ناوچەیی و جیهانی فراوانتردا گیری خواردوە.
ڕۆمانسیەتی کۆتایی سەدەی بیستی ڕوخانی دیکتاتۆری و گەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و سەروەری سنوری دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی تیرۆر، ئێستا جێگای خۆی داوە بە حساباتی ئابوری و بازاڕی سەرمایە و کۆمپانیا و نەوت و دابەشکردنەوەی دەسەڵات و ناوچە و سەرچاوەکانی وزە و حساباتی جیۆپلەتیکی دەولەت و هێزە بورژوازیە ڕەنگاوڕەنگەکان، کە لە ڕیگەی شەڕی سیاسی و سەربازی نێوانیانەوە یەکلایی دەکەنەوە. خەلکی سوریا و ڕۆژئاڤا قوربانیەکی تری ئەم ئاژاوەی ململانێیەن.
خەڵکی عیراق و کوردستان زیاتر لە ٢٠ ساڵە باجی ژیان لەم ئاژاوەی جەهەنەمە بورژوازیەدا دەدەن، کە ئەمریکا و ئێران و هێزە ئیسلامی و ناسیونالیستەکان بۆیان تەنیون. بەدیلەکانی بورژوازی لە سوریادا جگە لە سەپاندنی شەریعەتی ئیسلامی و کەوتنە ژێر دەستی تورکیا و مانەوە لە بازنەی شەڕی دەوڵەتانی ناوچەکە و ئەمریکادا نەبێ هیچی تر نیە، هەربۆیە خەڵکی ڕۆژئاڤا و سوریا جگە لە هێزی خۆیان بۆ بەرگری لە ژیان و چارەنوسیان هیچ ڕێگەیەکی تریان نیە، وەک نمونەی شکست پێدانی داعش لە کۆبانی . خەباتی خەڵکی سوریا و ڕۆژئاوا پێویستی بە ڕزگاربونە لەم ئاژاوەیەی ململانێی بەدیلی هێزە ئیسلامی و دەوڵەتە سەرمایەدارەکان و سوود وەرگرتن لەم فرسەتە کە دیکتاتۆریەتی ئەسەد نەماوە بۆ جێگیرکردنی بەدیلێکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری .

ئاسۆ کمال
١٩دیسەمبەری ٢٠٢٤




ئۆجەلان لەبەردەم بانگەشەی ئاشتیخوازی ئەردۆگاندا.. عوسمانی حاجی مارف

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نومان کورتولموش، لە پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار، پشتگیری لە پێشنیازەکەی دەوڵەت باخچەلی کرد، کەسەرۆکی پارتی مەهەپەیە، بۆ چارەسەرکردنی گرژیە لەمێژینەکانی حکومەتی تورکیا لەگەڵ پەکەکەدا.
پێشتر باخچەلی پێشنیاری کردبوو کە عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە، لەبەرامبەر ڕاگەیاندنی کۆتایهێنان بە یاخیبونی پەکەکە، لە سزای هەتاهەتایی ئازاد بکرێت. هەروەها بەهەمانشێوە ڕێگەی پێبدرێت لە پەرلەمانی تورکیا قسە بکات، کورتولموش لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەو پێشنیارە کردەوە.
واپێدەچێت پێشنیارەکەی باخچەلی بۆ ئەوە بێت کە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی کوردەکان بدات لە گۆڕینی دەستوور بۆ هەڵبژاردنەوەی ئەردوگان، بۆئەوەی لەلایەک لەئایندەدا ئەردۆگان وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێتەوە، لەلایەکی ترەوە ئەنقەرە دەیەوێت بەرەی ناوخۆیی خۆی لەبەرامبەر کاردانەوەی ئەگەری شەڕی ئیسرائیل و ئێران و بارگرژی زیاتری دۆخی ناوچەکە بەهێزتر بکات. هەروەها لەترسی ئەوەی کە ئیسرائیل لەکۆتایدا کاریگەری زیاتر لەسەر پەکەکە دانەنێت، بۆیە هەوڵئەدات بە بانگەوازی ئاشتیخوازی ئەم پرسە بخاتە بەردەم مامەڵەیەکی سیاسیەوە.
لەگەڵ ئەوەی ناوچەکە بەتایبەتی لە سوریا تووشی هەڵچوونێکی بەرچاو بووە، ئەو هەڵچوونەی کە لە ئاکامی هێرشەکانی هەیئەی تەحریری شامەوە، کە نزیکی تورکیان، هەروەها روخانی ئەسەدو هەڵاتنی، دۆخێکی تازەی بۆ لایەنە کوردیەکانیش هێناوەتە پێشەوە، ڕەنگە کاریگەری لەسەر خولقاندنی دۆخێکی تر لە ئاڵۆزی دابنێت. ئەم گۆڕانە دەتوانێت ببێتەهۆی ئەوەی زلهێزە جۆراوجۆرەکانی ناوچەیی و جیهانی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ لایەنە کوردیەکاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانیان بەئاراستەیەکی جیاوازدا بەرن، کە چارەنوسێکی نادیارتر چاوەڕوانیان دەکات، هەر لەم چوارچێوەیەدا دەبینین کورتولموش و باخچەلی و ئەردوگان دەربارەی پێشنیاری ئازادکردنی ئوجەلان بێدەگیان لێکردووەو مامەڵەکەیان ڕاگرتووە.
تورکیا بەئامانجی دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانەیە کە لە ڕۆژئاوای فوراتە و تائێستاش لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان، لەوانە مەنبەج، تەل ڕیفعەت و چەندانی تر، بەشێک لەنەخشەی ئەردۆگان، بەدوای کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد و دەورەیەکی راگوزەر و نادیار لە دۆخی سوریادا، بەدەستهێنانی فرسەتێکە بۆ تێکدانی ئیدارەی دەسەڵاتی هێزە کوردیەکان، کە پێی دەوترێت باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. گەر ئەمەی بۆ چووە سەر، ئەوکات پێشنیارەکەی باخچەلی بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان دادەخات، لەهەمانکاتدا لە پرۆسەی لاوازبونی پێگەو نفوزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا، پەکەکە زیاتر دەخاتە ناو کەمینی سوپاکەیەوە.
تورکیا، ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە جموجۆڵەکانی هیئەی تەحریری شام لە حەلەب و ناوچەکانیدا تا کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد، گەر ڕۆڵ و نەخشەی تورکیا نەبوایە هەیئەی تەحریر شام نەیدەتوانی سەربەخۆ ئەو جموجۆڵانە بەو فراوانیە بکات، یا بەردەوام درێژە بە هێرشەکان و دەستبەسەراگرتنی شارەکانی تر بدات و بچێتە ناو شاری دیمەشقەوە.
بەگشتی ئەتوانین بڵێین بەکردەوە تورکیا لەم دەورانەدا سەرکەوتوو بووە لە فریودانی هەموو لایەنەکان، لە هاوپەیمان و نەیارەکانی بۆ گەیشتن بە سێ ئامانجی سەرەکی:
ئامانجی یەکەم: بریتیە لە نەهێشتنی میلیشیا ئێرانیەکان لە سوریا، ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەرژەوەندیەکان و دەوری ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە، کە دوای حزبولڵاو حەماس و هەسەدە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە دوای یەکلاییبونەوەی دۆخی سوریا، هێزەکانی حەشدی شەعبیش لە عێراق بکاتە ئامانج، کە لەهەمانکاتدا لەم پرۆسەیەدا ڕەنگە لە هەنگاوی داهاتودا حوسیەکانی یەمەنیش بگرێتەوە.
ئامانجی دووەم: بەدوای روخانی ئەسەد، تا ئەوکاتەی دۆخی سوریا ئارام دەبێتەوە و حکومەتێک لە سوریا دادەمەزرێت کە بەئاراستەی بەرگری لە بەرژەوەندی و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بێت، هێزەکانی لە خاکی سوریا ناکێشێتەوە، بۆ ئاسانکاری ئەم پرۆسەیە ڕەنگە تورکیا هەیئەی تەحریر شام لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەدا تێکەڵ بکات لەژێر چەترێکی نوێدا بەناوێکی وەک سوپای نیشتمانی ئازادی سوریا، تورکیای پێ بپارێزێت و پێگەی خۆی لەسوریا فراوانتر بچەسپێنێت. هەر لەم رێگەیەشەوە ئیدارەی لایەنە کوردیەکان شکست پێبهێنێت.! لەهەمانکاتدا لە پرۆسەی هاندانی گەرانەوەی پەنابەرانی سووریە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا بۆ ماڵوحاڵی خۆیان، ئەوەی دەبینرێت گەرانەوەی ئاوارەکان دەستی پێکردووە.
ئامانجی سێیەم: کە گرنگترینە بۆ تورکیە، سنووردارکردنی ڕۆڵی هێزەکانی (هەسەدە)یە لە ڕۆژئاوای فورات وەک هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات لە داهاتوودا. ئەم قۆناغە بۆ ئەردۆگان بە چارەنوسساز هەژمار دەکرێت. هەر لەم دۆخەدا کە جموجۆڵەکانی هەیئەی تەحریر سایەی کردووە، دەسەڵاتی ئەسەد کۆتایی هاتوە، بەم شێوەیە تورکیە بەبیانوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی، تەواوبوونی پڕۆژەکەی بۆ داگیرکردنی باکووری سوریا و نەهێشتنی پرسی کورد بە لاوازکردنی ئیدارەی لایەنە کوردیەکان و دەرکێشانی دەوری پەکەکە لەو ناوچانە، مسۆگەر دەکات.
جگە لەوەش ئەردۆگان ڕایگەیاندوە ڕەنگە تورکیا هێرشێکی نوێ لە باکووری سوریا دەستپێبکات بۆ دامەزراندنی ناوچەی پارێزراو بەدرێژایی سنوورەکانی، بەتایبەتی بەدوای ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا. لەهەمانکاتدا ئاڵۆزیەکانی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا- تورکیا لە پشتیوانیە درێژخایەنەکانی ئەمریکا بۆ هەسەدە سەرچاوە دەگرێت، لەکاتێکدا هەردووکیان پەکەکەیان خستۆتە ناو لیستی تیرۆرەوە.
پرۆسەی بەناو ئاشتی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەم هەلومەرجەدا بەو مانایەی سەوداومامەڵەیەکی سیاسیە و لە نەخشە فروفێڵەکانی ئەردوگان و حکومەتی تورکیایە، ناتوانێت نیشاندانی ئومیدێک بێت بۆ سەقامگیری و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیادا.
پلانەکانی تورکیا بەڕوونی ئەوە دەردەخەن کە تورکیا هەنگاوی خێرا بۆ گەیشتن بە ئامانجە فراوانخوازیەکانی دەنێت، بە کەڵکوەرگرتن لەو بارودۆخە شێواوەی ناوچەکەدا، کە لەئاکامی ئەو هێرش و داگیرکاری و ویرانکاریانەی ئیسرائیل لەبەرامبەر دانیشتوانی غەززەو لوبناندا پیادەی کردوەو ناوچەکەی لەبەردەم دۆخێکی تازەی پر ئاڵوگۆڕی و ئاڵۆزدا ڕاگرتووە، لە هەمانکاتدا دەخالەت و باڵادەستی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بەرجەستەو فروانترکردووە.
گومانی تیا نیە ئەم هەنگاوانەی ئەردوگان بەشێکە لە خزمەت کردن بە بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا کەسەرچاوەی خولقاندنی ئەو بارگرژی و کارەساتانەن.
تەماحەکانی تورکیاش وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کاریگەری زیاتر دادەنێت، کە بەئاشکرا دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا بەری پێناگیری، لەهەمانکاتدا لەبەر ڕۆشنایی وەڵام نەدانەوەی بەردەوامی بە مەسەلەی کورد لە تورکیا و بەبیانوی پاراستنی ئاسایشی تورکیا، هێزەکانی لە سوریاو عێراق دەهێڵێتەوە. هەروەها پشتیوانیکردن و پەیوەندیکردن بە ئۆپۆزسیۆنە ئیسلامیە چەکدارەکانی سوریا بە داعشیشەوە دەگرێت و پتەوتری دەکات، ئەمەش مانای مەترسیەکانی دەورو کاریگەری تورکیایە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی بەدوای زیاتر لاوازبونی رۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا، کاریگەری لەسەر دۆخی عێراق و حکومەتی هەرێم و چونیەتی مامەڵە لە بەرامبەر زۆنی زەردو زۆنی سەوز بە شێوەی جیاواز دادەنێت، لەهەمانکاتدا دەبێتە پشتیوانیەکی بە‌هیز بۆ سیاسەتی داسەپاندنی پێگەو نفوزی ئیسرائیڵ لە ناوچەکەدا.




بەرنجامی جەنگی ئیسرائیل و حەماس هەر ئەوە نییە کە ڕوویداوە و دەیبینین.. زاهیر باهیر

ئەو جەنگەی نێوانی ئیسرائیل و حەماس گۆڕانکاری گەورە و گرنگی لە ناوچەکەدا کرد کە تا ئێستا کۆتایی نەهاتوە. ئەمەی کە ڕوویدا بەڕای من کۆتایی پرۆژە گرنگەکە نییە کە لێکدانەوەی جیا جیای بۆ دەکرا، بەڵکو چەند دیاردە و ڕووداوێکی دیکەیشی یە دوای خۆیدا هێناوە یا دەیهێنێت، کە تا ئێستا بۆ زۆربەمان ناڕوون و شاراوەیە .
هاتنی ئاخوندەکانی ئێران بۆ سەر حوکم لە کۆتایی هەفتاکانی چەرخی رابوردوودا گەر چی لە لای زۆرێك لە چەپەکانی جیهان بە شۆڕش ناوزەدە کرا بەڵام لە ڕاستییدا نەك هەر شۆڕش نەبوو بەڵکو ڕەدیەکی گەورە بوو لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و کولتوری خەڵکی ئێراندا. هەندێك لەو ئاڵوگۆڕانەش تا ڕادەیەك ناوچەکە و بگرە هەندێك شوێنی دیکەی جیهانیشی گرتەوە.
هاتنی ئەوان بۆسەر حوکم و جەنگیان لەگەڵ عێراق دا باشترین چەک بوو بۆ لێدانی بزوتنەوەی کرێکاران و خەڵکی لە ئێراندا و تا ڕادەیەك لە عێراق -یشدا. هەناردەکردنی بەناو شۆڕش بۆ وڵاتانی ناوچەکە دروشمێکی زۆر جددی گەورە بوو کە لەلایەکەوە بووە هۆی داکوتان و بەرقەراربوونیان لە حوکمکردنیاندا بە هەناردەکردنی قەیرانەکانیان و سەرقاڵکردنی ئێرانییەکان بە جەنگەوە و پرزە لێبڕینیان، لە لایەکی دیکەشەوە کاراساتێکی گەورە بوو کە بەسەر گەلانی عێراق و ناوچەکەشدا هات.
حوکمڕانی ئەمان پەیامێکی گەورەش بوو بۆ سعودییە کە ڕابەر و پێشڕەوایەتی سوونەی جیهان بوو. ئا لەم بارەدا ئێران و سعودییە کەوتنە بەرانبەر بەیەك کە هەر یەکەیان نوێنەر و ڕابەری لایەنێکی ئیسلام بوون، ئیڕان شیعە و سعودییە سوونە. بۆ ئەمەش پێویستیان بە دروستکردنی حیزب و ڕێکخراوی نوێ بوو لە هەر شوێنێک بۆیان بکرایە، هاوکاتیش بەهێزکردنی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی کە وجوودیان هەبوو.
پێویست ناکات من دەستنیشانی ئەو حیزب و ڕێکخراوانە بکەم کە بە هاوکاری و پارەی هەردولایان لە عێراق و شوێنی تریشدا دروست کران. لە لایەکی دیکەوە بەشداریکردنیان لەو جەنگەی کە لە ئەفغانستان دژ بە ڕژێمەکەی نەجیبوڵا کردیان کە بە وەکالەتی ئەو حیزب و لایەنانە کران کە هەردوولایان هاوکاری کۆمەڵەکانی خۆیانیان دەکرد.

جەنگەکەی ئیسرائیل و حەماس جگە لەوەی کە تا ئێستا چی بەدوای خۆیدا هێناوە و چی لەناو بردووە و چی خولقاندوە، دوو دیاردە یاخود ڕووداوی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی گەورەشی بە دوای خۆیدا هێنا کە کارایی خۆیان لەسەر خودی وڵاتەکانیان و ناوچەکەش دادەنێن و هەر ئاواش لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا یاخود ئەوەی کە خۆیان بە ‘ کۆمۆنێتی نێودەوڵەتیی’ ناوی دەبەن. ئەو دوو دیاردەیەش :

یەك: وەکو ئاشکرایە تورکیا گەر ڕۆڵی سەرەکی نەبووبێت لەوەی کە ئێستا لە سوریا خولقاوە ئەوە یەکێك بووە لەو لایەنانەی کە ڕۆڵی سەرەکی بووە. هەر لەبەر ئەوەش تا ئێستا لەو جەنگەی ئیسرائیل و حەماس و ئەمەی کە ئێستاش ڕووی دا ئەو براوەی دووهەمە ئەگەر یەکەم نەبێت دوای ئیسرائیل.
ئەوەی کە ڕوویدا هاوکێشەی هێزی لە ناوچەکەدا گۆڕی. نکوڵی ئەوە ناکرێت کە ئێران زەرەرمەندی یەکەم بوو هێشتاش لە زیانەکانی داهاتووش دەرباز نەبووە و پاشەکشەی گەورەی کردووە و لە پاشەکشەی زیاتریشدایە . ئەو چی تر توانای بەڕێکرن و هاوکاریکردنی گروپە تیرۆریستەکانی ناو عێراق و حیزبوڵا و حەماس و حوسیەکان و گروپگەلی دیکەی نەما و بۆ هەمیشە ڕژێمی ئاخوندەکان ئەو ئیرادە و توانا و وزەیەیان لە دەست دا پاش بنکەنکردنی بناخە دەرەکییەکانی حوکمەکەیان لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی.
ئێران چی تر ناتوانێت بەردەوامی بە سیاسەتی پێشتریان بدەن ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر ئەو ململانێ گەورەیەی کە بناخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی ئەو چەند سەدەیەی نێوانی شیعە و سوونە لەسەر دەستی ئیمپراتۆرییەتی صەفەوی و عوسمانی دا ، لانی کەم بۆ چەند دەیەیەکی دیکە بەم شێوەیەی کە لەم چوار دەیەیەی پێشوودا بینمان خەفە کرا و ئەو کارەسات و نەهامەتییە گەورەیەی کە ئەم ماوە درێژە کە تا ئەم ڕۆژانەش میللەتانی ئەم ناوچەیە بە دەستییەوە دەیانناڵاند ، لە کۆڵ کرانەوە، دیارە ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە ململانێی نێوانی گروپە سوونییەکان لە داهاتوودا ڕوونادات. بە هاتنی ئەم بارودۆخەش ئەو پرۆژانەی کە ئێران بە هاوکاری دەوڵەتانی دیکە بە دەستیوە بوو بیکات وەکو هیلالی شیعیی ئەوەش بەسەر چوو.

دوو: گۆڕانکارییەکی گرنگی دیکە کە ڕویداوە، کە نازانینن تا چەندێك دەوام دەکات ، دۆڕانی پێگە و پلەی دینی و ڕابەرایەتی تەرەفی سوونیی سعودییە. ڕووداوەکانی ئەم دوایە ڕۆڵی ئێرانی وەکو دەوڵەتێکی چالاك لەو بوارەدا نەهێڵاو ئێستا ئەو ڕۆڵ و چالاکی و هێزە بە دەوڵەتی تورکیا و لە بری پاشای سعودییە بە خەلیفەی عوسمانی، ڕەجەب ئەردغان، شوێنی دەگیرێتەوە.
لەمەولا ئەوە تورکیایە کە ڕابەرایەتی تەریقە و نەهجی سوونیی دەکات، ئەردۆغانە ڕۆڵی پیاوە ئەفسانەییەکە، سوڵتانەکەی سوونە و سوونەگەریی دەبینێت، ئیتر ڕێکخراوە ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکان و زانکۆ ئیسلامییەکان بە ئەزهەر و کۆمەڵە دینیەکان و زاناکان بە یەکێتی زانایانی ئیسلامی جیهانیشەو لە لایەن ئەردۆغانەوە هاوکاری دەکرێن بە تایبەت لە کاتێکدا کە دکتۆر عەلی قەرەداخی بووە کەسی یەکەم لەو دەزگەیەدا، ئەوانیش بە ڕۆڵی خۆیان خزمەتی سوڵتان دەکەن.

زاهیر باهیر
20/12/2024




سوریای دوای ئەسەد و چەند سەرنجێک.. عەبدوڵا ساڵح

دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا لە ماوەی ( ١٢) ڕۆژدا وهاتنە مەیدانی ڕێکخراوی تیرۆرستی ( جبهة النصرة – هيئة تحرير الشام ) وەک دیفاکتۆیەکی جێگرەوەی ئەو ڕژێمە، ڕابەرەکەی ( ئەبو محەمەد ئەلجولانی – ئەحمەد ئەلشەرع) وەک تاکە سەرکردە و حاکمی دیفاکتۆی سوریا خۆی داسەپاند لە نێو بێدەنگیی باقی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا، کە نزیک بە دوانزە لایەنیان هێزی میلیشیایان هەیە، ئەمەش وەک جۆرێک لە پەراوێزخستنی ئەوان دەرکەوت.
ڕوداوەکانی سوریا، لە ئێستادا، زۆر لەوە ئاڵۆزترن پێشبینی دەرئەنجامەکانیان لە کورتماوەدا بکرێ، دوای ئەم ڕوخانە وێنەی گشتی ڕەوتی ڕووداوەکان لە سوریادا ڕوون نییە، لەبەر ڕۆشنایی یەکتربڕینی بەرژەوەندی و ئەجێندا و حیساباتی نێوان لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و هەروەها لایەنە ئۆپۆزۆسیونەکانی تری سوریا جگە لە بەرەی نوسرە.
بۆیە تەنیا دەکرێ ئاماژە بە چەند لایەنێکی ئەم ڕوداوە بکرێ کە بەزەقی دەرکەوتون و لەوانەش:

  • ئەم پەلامارە سەربازیەی هێزە توندڕەوە ئیسلامیەکان دەمێک بووە لە لایەن تورکیاوە نەخشەو پلانی بۆ دانرابوو، واتە کتوپڕ نەبوو ، تەنانەت دەنگۆ هەیە جگە لە ئەمریکا و هاوپەیمانانی ڕوسیاش لێی بێخەبەر نەبووبێ.
  • جەماوەری وەتەنگ هاتوی سوریا هاتنە مەیدان و دیواری ترسیان شکاند، واتە ئەو بەربەستەیان تێکشکاند کە بۆ زیاتر لە نیو سەدە ئەم ڕژێمە دیکتاتۆریە هەڵیچنی بوو، گرتوخانەی بەدناوی ( سەید نایا ) یەکێکە لە نمونەکانی ئەم دیواری ترسە. هەر بۆیە ڕووخانی شارە یەک لەدوای یەکەکانی سوریا بەبێ هیچ ڕوبەڕوبونەوەیەکی بەرچاو لە ڕێگەی چەند هەزار تفەنگچیەکەوە نەبوو، بەڵکو بە خواست و ویستی ئەو جەماوەرە بوو کە ئیتر چیتر ئەم ڕژێمە ناتوانی حاکمیەتی خۆی بە ترس و تۆقاندن بەسەریاندا بسەپێنێ. سوپای ماندوی سوریاش، چ لە ڕوی کەرەستەو پێداویستی جەنگی و چ لە ڕوی سەربازیەوە، ئیتر ئەم دەسەڵاتە بۆ ئەوان هیچ مانایەکی نەمابوو تا بەرگری لێبکەن بۆیە بەشێکیان چونە بەرەی جەماوەری ڕاپەڕیو وەبەشێکیان ڕایانکرد.
  • ئێران و دەستەو دایرەکەی ( حەماس،حزبوڵا ودواتر ڕژێمی ئەسەد ) شکستێکی سەربازی و سیاسی گەورەیان خوارد، وا پێدەچێ ئەم پەلامارە بۆسەر هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران ، چ لە عێڕاق و چ لە یەمەن بەردەوامی هەبێ، لە ئەنجامدا ئێران وەک هێزێکی ئیقلیمی پاشەکشەی پێکرا و بە شوێنیدا بۆشایەک لەناوچەکە دروست بوو کە تورکیا توانیویەتی تا ئەمڕۆ بەشی زۆری ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە .
  • تورکیا ڕاستەوخۆ دەستی هەبوو لە دنەدان و پاڵپشتی کردنی چەکدارانی گروپە ئیسلامیەکان کە چەندین ساڵە لەژێر باڵی خۆی داڵدەی داون و تا ئەو ڕۆژەی پەلاماری پێدانە سەر سوریا و یەکەم هەنگاو شاری حەڵەب گیرا. ئێستا یاریکەری سەرەکی نێو مەیدانی سیاسی سوریا، تورکیایە لە ڕێی هێزە توندڕەوەو ئیسلامیەکانەوە. وەزیری دەرەوەی تورکیا بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئەوان لە سوریا ئامانجێکی ستراتیجیان هەیە ئەویش تێکشکانی بەرەنگاری کوردەکانی سوریایە، بۆیە چەند ڕۆژی نەبرد دوای ڕوخانی ئەسەد ، هێزە بەکرێگیراوەکەی تورکیا ((سوپای سوریای ئازاد ))، ئەوهێزەی کە چەند ساڵ پێش ئێستا وەک بەکرێگیراو( مورتەزەقە) لەلایەن ئەردۆگانەوە نێردرا بۆ شەڕ لە (لیبیا) و دواتر بۆ شەڕی ناوچەی (ناگۆرنی قەرەباغ) لە ئەرمینیا و ئێستاش بۆ باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ شەڕی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەپشتیوانی تانک و تۆپی سوپای تورکیا، ئەوە بووسەرەتا پەلاماری تەلڕفعەت و مەنبەجیاندا و ئێستاش ڕویانکردۆتە ( کۆبانی)، لە ئەگەری پەلاماری ئەم هێزە بەکرێگیراوە بۆ ئەم شارە، ئەوا کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
  • قەتەریش وەک هاوفکر و هاو ئایدۆلۆجی تورکیا لوتی خۆی خستۆتە ناو ئەو هەڵایەی لەسوریا سەری هەڵداوە، کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری، وەک دەزگایەکی زەبەلاحی ڕاگەیاندن لە جیهاندا چۆتە پشت ئەم سیاسەتانەی تورکیا لە ناوچەکە وبۆتە زوڕناژەنی ئەردۆگان.
  • ئەردۆگان وەک ئیخوانیەکی فاشیست هەڵگری بیرو باوەڕی توندوو تیژی ئیسلامیە، لەلایەک دەیەوێ خەونی زیندوو کردنەوەی خەلافەتی عوسمانی بێنێتەدی و لەلایەکی ترەوە وەک فاشیستێکی قەومی باڵادەستی خەڵکی تورکزمانی بەسەر باقی نەتەوەکانی تری ناوچەکەدا کردۆتە ئامانج، بەکورتی بۆتە فاشیستێکی دووفاقە.
  • هەڵوێستی، ژێرزمان و سەرزارەکی، ئەمریکا لەمەڕ کۆنترۆڵی خەونەکانی ئەردۆگان، بۆ ئەوە نابێ دانیشتوانی کوردستانی سوریا ئومێدی لەسەر هەڵبەستن، ئەوان بە ئاشکرا دەڵێن ئێمە تەنیا بۆشەڕ دژی داعش پشتیوانی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات دەکەین، هاتنە مەیدانی فەرەنسا و بەجۆرێکیش ئەلمانیا بۆ ڕێگری لە وکۆشتارگایەی ئەردۆگان بەنیازە بەرپای بکا، دووبارە ئەوەندە جێگای ئومێد نیە چونکە ئەو زلهێزانە بۆیە هاتونە مەیدان تا پەیامێک بدەنە تورکیا کە ڕێگا نادەین بەتەنیا سوریا قووت بدەی. هەرکات ئەوانە بەرژەوەندیەکانیان لەلایەن تورکیاوە زامن بکرێ ئەوا دەستبەرداری ئەم زڕە پشتیوانیەش دەبن.
  • کارەساتی گەورەتر بۆ دانیشتوانی کوردستانی سوریا ئەوەیە نەتەنیاهۆ و دەوڵەتە فاشستەکەی ئیسرائیل بەرگریان لێبکا، دەوڵەتێک کە دوای پەلامارە تیرۆرستیەکەی حەماس بو سەر ئیسرائیل لە ٧ ی ئۆکتۆبەری پار ساڵ، تا ئەمڕۆ نزیک بە چلو پێنج هەزار خەڵکی سڤیلی فەلەستینی کوشتوە کە بەشێکی بەرچاویان مناڵن، ئەم دەسەڵاتە ڕەگەزپەرستە ساڵێک زیاترە کەرتی غەزەی کاولکردوە وە هیچ سیمایەکی شارستانی پێوە نەهێشتوە و دەست لەهێچ تاوانێک بەرامبەر دانیشتوانەکەی ناپارێزێ، ئەم پیشتیوانیە ئیسرائیل بەشێک لە ئەحزابی ناسیۆنالستی کوردی بە هەندیان وەرگرتوە و چاویان تێبڕیوە.
  • بەگۆڕینی جلوبەرگ (جولانی) لە تیرۆریستێکەوە نابێتە کۆترێکی ئاشتیخواز، ئەوانە بنەما فکریەکەیان ( جیهاد)ە ، کاتێک کە دەسەڵاتیان بۆ یەکلا نەبۆتەوە گوتاریان دەڵێ: ” ادعوا الى سبيل ربك بالحكمة والموعظة الحسنة”، واتە بەئامۆژگاری و قسەی جوان ڕێگای خوا پەرستی بەخەڵکی نیشان بدە، کاتێکیش دەسەڵاتیان بەتەواوی هاتە دەست دەڵێن : ” ومن لم يحكم بما أنزل الله فأولئك هم الكافرون” ئەوەی بەو شەرعە حوکم نەکا کە خوا هێناویەتە خوارەوە کافرە و سزای کافریش لە ئیسلامدا دیارە. لەو ڕۆژانە یەکێک لە بەرپرسە دیارەکانی ئەو دەسەڵاتەبەناوی ( عوبەیدە ئەرنائوت) ڕایگەیاند ( جاری کاتی ئەوە نیە باس لە وەبکەن ژن ببێتە وەزیر یا ئەندام پەرلەمان، ژنان دەبێ ئەو کارانەیان پێبسپێردرێ کە لەگەڵ توانایی جەستەیان دێتەوە!! )
  • دوێنێ پێنجشەممە ١٩-١٢-٢٠٢٤ لە مەیدانی (ئومەویون)لەناوجەرگەی دیمەشق سەدان کەس گردبونەوە و داوای پێکهێنانی دەوڵەتێکی عەلمانی ومەدەنیان کرد و پێداگریان کرد لەسەر ڕۆڵی ژنان لە سوریای ئایندەدا وبەدەنگی بەرز هاواریەنکرد ( دەوڵەتی دینۆکراتیمان ناوێ) .
  • ئەوەی لێرەدا دەکرێ ئومێدی لەسەر هەڵببەسترێ چاوی هیوای تێببڕێ بۆ بەرەنگاری لە سیاسەتەکانی ئەردۆگانی چەنگ بەخوێن، و دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئازاد و یەکسان لە سوریا،تەنیاو تەنیا بە هێنانەدی یەک ڕیزی و یەکگرتویی خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێشی سوریا بەهەموو پێکهاتەکانیەوە ومەیدانداری سیاسیان و ڕێگریان لە ئاڵوگۆرکردنی دیکتاتۆرێک بە یەکێکی تر، ئەم خەباتە بێشک جێگای پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە و جیهانە.

٢٠ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤




سەردەم گۆڕاوە..کەریم قادر

ئەگەرچی درەنگە، بەڵام بەمەبەستی خۆنوێکردنەوەی ناوچەکە باهۆزێک هەڵیکردووە، تا هەموو شتێک جێی خۆی نەگرێت، هێور نابێتەوە. لەبری ئەوەی قسەی پێچەوانە بکەن، دەخوازێ ئەو ڕەشماڵەی پێی دەگوترێ وڵات بەشێوەیەک نوێ بکەنەوە، وەک هەیە جێگەی هەمووانی تێدابێتەوە.
وڵاتانی ئەوروپا لە هەوڵی سەرکەوتنی سوریای دوای ڕژێمی بەشاردانە و دەیانەوێ سوریا بۆ هەموو پێکهاتەکانی بێت، ئەنالینا بیربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێ، لە سەردانی ڕۆژی هەینیمدا بۆ تورکیا ئەوەیان بۆ ڕووندەکەمەوە، “دەبی مافەکانی کورد لە باکووری سوریا پارێزراو بێت”.
هەر تایبەت بەو بابەتە ڕۆژی چوارشەمە ژان پۆڵ بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گوتی، “دەبێت کورد بەشێک بن لە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی”.
ئەلیکساندەر دیکروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا بە ڕووداوی گوت، “بانگەوازی ئێمە بریتییە لە ڕاگرتنی توندووتیژییەکان و ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی سووریا.”
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانی لەگەڵ نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان دەڵێ، “پاراستنی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی سووریا، بابەتێکی دیکەیە وڵاتەکەمان هەرگیز سازشی لێناکات.”
محەمەد شەیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شازادە محەمەد بن سەلمان “جەختی لەسەر پەرۆشی عێراق بۆ یەکگرتوویی خاکی سوریا و دڵنیابوون لە بەشداری کردنی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی سوریا لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا کردەوە”.
“عوبەیدە ئەرنائوت، گوتەبێژی کاروباری سیاسیی سووریا لە حکومەتی ڕاگوزەر لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕووداو، دەڵێ” قبووڵ ناکەین هیچ پارچەیەکی خاکی سووریا لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ئێستای دیمەشق بێت”. هەروەها دەڵێ، “کورد لە سەردەمی رژێمی ئەسەد دا لە زۆربەی مافەکانیان بێبەشکرابوون، بەڵام ئێمە وەک خاوەنی مافێک سەیریان دەکەین کە دەبێت بۆیان بگەڕێتەوە”.
ئەوانە، بە ئەوڕوپیەکانیشەوە هەر یەکێکیان بانگەواز بۆ لەیلای خۆیان دەکەن، بۆیە کورد بەتایبەتی هەسەدە دەبێت واز لە تاکڕەوییەکانی بهێنێ و بە ئاشکرا بانگەوازی یەکڕیزی بکات و ئەو شەڕەی دەیکرد، بیکاتە شەڕ لەپێناو مافە نەتەوەییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
تا ئێستا لە لێدوانەکانیدا هەیئەی تەحریری شام، لەپێناو مانەوە و تێگەیشتنی دۆخەکە باشی هێناوە، بەڵام هەموو ئەگەرێکی لە پێشە، تەنانەت لەوانەیە تووشی هەڵگەڕانەوەی ناوخۆیشی بێت، چونکە ڕەگێکی جیهادی لەڕیزەکانی تەحریری شام هەیە. ئەگەر بیەوێ بەردەوام بێت، دەبێت لەسەر بەڵێنەکانی بەردەوام بێت، ئەگەر لە بەڵینەکانیشی پەشیمان بێتەوە، چۆن ڕژێمی بەشار هەفتەیەک خۆی لەبەردەم هێرشەکانی ئەو ڕانەگرت، لەوانەیە ئەو بە هۆکارگەلێک تەنیا چەند کاتژمێرێک خۆی ڕانەگرێت.




ئەمریکاو جۆلانی.. عوسمانی حاجی مارف

ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە پاداشتێکی دە ملێۆن دۆلاری، بەڵام دوای کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد، دیداری نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ جۆلانی، کە سەرۆکی ڕێکخراوێکی چەکداریە و تا ئێستاش ناویان لە لیستی ئەو کەسانەدایە کە دادپەروەری نێودەوڵەتی وەک تیرۆریست داوایان دەکات، لەڕاستیا بە گاڵتەجاڕیەکی بێتام و ئابڕوبەرانە و سەیروسەمەرە لە مێژووی ڕژێمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بۆرجوازیدا تۆمار دەکرێت، کە بە ئاشکرا نیشانی ئەدات جیهانی سەرمایەداران کارگەیەکە بۆ بەرهەم هێنانی ساختەکاری و فروفێڵ و چەسپاندنی تەواوی بێ بەهایی لە بەرامبەر ژیانی مرۆڤایەتیدا، ئەمەش لەم مامەڵەیەی ئێستایان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گاڵتەجاریەکە مانای بۆگەناوی سیستمی دیموکراتیمان بۆ شی دەکاتەوە، گاڵتەجاری و ساختەکاری بووەتە پراکتیزەکردنێکی شەفاف و شەرماوەر.
بەڵام ئەو پرسیارە پڕ لە ئازارەی کە نە ئەمریکیەکان و نە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان نە بەشێکی زۆر لە ووڵاتانی ڕۆژئاوا بیری لێ ناکەنەوەو بۆیان مەسەلە نیە، ئایا ئەزمونی پڕتراژیدیای دەسەڵاتی ئەسەدی باوک و ئەسەدی کوڕی لە حوکمڕانی سوریا، دوای ٥٤ ساڵ لە کۆتایی دەسەڵاتیان، دەتوانرێت لەسایەی دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی بۆرجوازی دۆخێکی ئاسودە بۆ خەڵکی سوریا دابینکرێت؟، کاتێک باش دەزانین ئەو چەکدارانەی پێشتر مەشقی کوشتنی دڕندانەی خەڵکی مەدەنیان لەبەرچاوی خەڵکدا ئەنجامداوە و تیرۆریان دەکرد، گەر لەدەسەڵاتدا بن جێمان نیشان ئەدەن؟.
بەشار ئەسەد هەڵات، بەڵام دەوڵەتی ئەسەد لە ماوەی ٥٤ ساڵی بوونی خۆیدا چی کردووە بۆ بەهێزکردنی مانەوەی خۆی لە ژێر دروشمی دەسەڵاتەکەی “بۆ هەمیشە”؟. بەڵام لەشکرێک کە پێی دەگوترا “پارێزەری نیشتمان” لە شەو و ڕۆژێکدا ون بوو؟ ئایا دەوڵەتی ئەسەد، دوای ٥٤ ساڵ لە دامەزراندنی، تەنیا پێکهاتەیەکی کارتۆنی بوو، وا بە یەک لێدانی سووک خرایە خوارەوە؟
بەشار و باوکی سەرکەوتوبون لە دابینکردنی پیسترین و خراپترین شێواز و کەرەستەی ئەشکەنجەدان کە لە ماوەی ٥٤ ساڵدا بەرامبەر بە هاووڵاتیانی بێتاوانی سوریا پراکتیزە دەکران، ئەمەش وایکرد بەشار ئەسەد سەرۆکایەتی دەوڵەتێک بێ کە قەسابخانەی مرۆڤ بو، هەمو ساتێکی جوانی و خۆشی سوریای زەلیل کردبو.
ئەو سوریایەی جۆلانی و هاوەڵانی دەستیان بەسەردا گرت و دەیانەوێت نوێنەرایەتی بکەن، ڕزگارکردنی دانیشتوانی سوریایەک نیە کە ٥٤ ساڵ دانیشتوانەکەی لە زیندانێکی گەورەی پانتایی ووڵاتەکەیاندا بون، چونکە جۆلانی و ڕێکخراوەکەی بە پشتبەستن بە پراکتیزەکانی پێشوویان، وەک ڕێکخراوێکی ئیسلامی کۆنەپەرست، ڕێکخراوەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە بە تیرۆریست ناسێنراوە، بە پشتیوانی تورکیاو قەتەر چونە ناو شارەکان و بە سیناریۆی شكاندنی دەرگای زیندانەکان دەسەڵاتی ڕێکخراوەکەیان ڕاگەیاند. ئەگەر لەسەرەتادا بەم شێوەیە ٥٤ ساڵ هەژموونی ئەسەدیان نەکردایەتە نیشانە، نەیاندەتوانی سەرکەوتن بەسەر سوریادا بەدەستبهێنن. چاوی جیهان ئەمڕۆ لەسەر سوریایە، بەتایبەتی لەگەڵ ئاشکرابونی هەر خولەکێک وردەکاری نوێ سەبارەت بە ڕادەی ئەو ئازارانەی کە سوریاییەکان لە ماوەی ٥٤ ساڵ دەسەڵاتی بەعس و بنەماڵەی ئەسەددا تووشی بوون، کە لەلایەن ڕژێمی ئێران و ڕوسیا پشتیوانی دەکران.
ئێستاش جێگای سەرسوڕمان نیە کە ئەمڕۆ شاهیدی کێبڕکێی نێوان وڵاتانی جیهان و بەتایبەت ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپاین بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە ئاڵۆزکردنی ڕووداوەکان لە ناوخۆی سوریادا، لە هەمانکاتدا بەدوای شکستی ڕوسیا و ئێران، ئاساییە هەڵوێستێکی دژایەتی لەبەرامبەر جۆلانی و ڕێکخراوەکەیدا دەرنەبڕن، ئەمەش ئەو پرۆسەیە دەخاتەوە رێ کە تاچەندین ساڵی تر خەڵکی سوریا لە ژێر عەبای ئیسلامێکی جیابوەو لە قاعیدە وداعش، شێوازێکی تر لە زێندانیان بۆ بنیات دەنێتەوە.
تەنیا نۆ ڕۆژ دوای دەرکردنی ئەسەد بوو کە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەستیان کرد بە کردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکەدا، یەکەم هەنگاو لە لایەن حکومەتی بەریتانیاوە هات، کە شاندێک لە بەرپرسانی باڵای نارد، لەگەڵ جۆلانی کۆبونەوە. جۆلانی لە میدیاکانەوە وەها ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاند کە کۆمەڵێک لێهاتوو و تەکنۆکراتن، قسەکانی لەگەڵ شاندەکە تیشکی خستە سەر پێویستی بنیاتنانی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەکان و دامەزراندنی ئاسایش، هەروەها باسی لە ڕۆڵی گرنگی نێودەوڵەتی بەریتانیا و پێویستی گەڕاندنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا و بەستنەوەی ئەم بابەتە کرد بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا، هەڵبەتە پەیامەکانی جۆلانی تەنیا دڵنیایی نەبو بۆ شاندی بەریتانیا، لەهەمان کاتدا پەیامی دڵنیایی بون بۆ شاندەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا.
ئەمریکا ئەوەی نەشاردۆتەوە کە پەیوەندی لەگەڵ هەیئەی تەحریر شامدا هەبووە. لە هەمانکاتدا یەکێتی ئەوروپا هیچ شەرمەزاریەکی نەبینی لە ڕاگەیاندنی ئامادەیی خۆی بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە دیمشق.
سوریای دوای ٥٤ساڵ لە دەسەڵاتی پڕمەینەتی ئەسەددا دەرگاکانی کراوەتەوە بۆ دەورەیەکی تازە لە پیادەکردنی ململانێ و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، ئەورپا، تورکیا و ئیسرائیلدا، ئەو ئیسرائیلەی بە هێرشەکانی بۆسەر غەززەو لوبنان زیاد لە ٤٥هەزاری کوشت و دوو ملێۆن ئاوارەبون، جۆلانی و هەیئەی تەحریری شام وەک هێزێکی ئیسلامی بە گۆڕینی ڕوخساریان، سوریا دەخەنە ناو گەمەی سیاسی ئەم دەورە پڕ ئاڵۆز و گێژاوەوە، کە تائێستا ڕون نیە دۆخی سوریا چۆن یەکلایی دەبێتەوەو خەڵکی سوریا دەبێت چەندی تر قوربانی بدەن.




مام ڕێویەکانی مەیدانی کوردایەت!.. هاوکار قادر خوڕشید

مێژووی دوورو نزیک گەواهی ئەوەی بۆمان داوە کە، حیز،بی کوردی هەموو سنورێکی ڕەوشتی سیاسییان تێپەڕاندووە، لەوەی هێندەی سیناریۆی قێزەون دابڕێژن، بۆ شووشتنەوەی مێشکی خەڵکی عەوام و ساویلکە.
سەرتۆپی هەموو فێڵ و دووڕووی سیاسییش بەڕێز جەلال تاڵەبانی بوو. جەلال تاڵەبانی خاوەنی کەسایەتییەکی ئاڵۆزو غامزو دووڕوویی سیاسیی بوو وە ئوستازو دامەزرێنەری قوتابخانەی ئیرادە فرۆشی بوو. تەبعەن مام جەلال تاڵەبانیش قوتابی مەدرەسەی برایم ئەحمەد بوو هەر بە ژەهری تەڵەکەبازی سیاسیی، ئەویش جۆش کرابوو.
بەڕێز جەلال تاڵەبانیش کوڕو برازاکانی لەسەر هەمان ڕێچکەی سیاسیی تەربیەت کردن. تاڵەبانی ڕێوی سیاسەت بوو، جامبازترین و بێمتمانەترین سیاسی بوو. لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک ڕاست نەبوو، وەکو مەلا کرێکار ئەڵێت، “تەشپیات نەبێ سەری گای ئەکرد بە پاشەڵی گایا” بەبێ ئەوەی بەخۆی بزانێت. ئەشێ هەر کەسێکیتر بڵێت هاوکار قادر زیادەڕەوی ئەکات، بەڵام جەلال تاڵەبانی لەدرێژایی ژیانی سیاسییدا دوو جار هێندەی دوژمنانی کورد زیانی بۆ کورد هەبوو، بەجۆرێک پێموایە هەتا چل ساڵیتریش مناڵەکانیشمان باجی چەوتی و خیانەتەکانی تاڵەبانی ئەدەن. تەنانەت ئەوەی ئێران، تورکیاو عێراق پێیان نەکرا بە جەلال تاڵەبانیان کرد، تاڵەبانی وەکو مەقاشێک لەدەستی خۆیان بوو هەر پشکۆیەکی سیاسیی کە ئەیانزانی دەستی خۆیان ئەسوتێنێ بە تاڵەبانیان هەڵدەگرت. بەجۆرێک کە نەک هەر بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، تەنانەت لەکۆتایی تەمەنیدا حیزبەکەی خۆیشی کرد بە قوربانی کورسی و ناوبانگی خۆی. هەربۆیە تاڵەبانیش هەمان مەدرەسەی فرت و فێڵی سیاسیی گواستۆتەوە بۆ ئەو دەسەڵاتدارە گەنجانەی ئێستا بڕیار لەسەر ژیانی دایکە خوشکو مناڵەکانی ئێمە ئەدەن. تاڵەبانی و مێژووە پڕ لەشەرمەزارییەکەی وەکو کتێبی خیانەت و گەوجاندنی میللەت بۆ کوڕو برازاکانی مایەوەو لەگەڵ خوێندنەوەی هەر دێڕێک لەم کتێبەدا، زیاتر ڕۆئەچن بەناو چاڵی بێ مۆڕاڵی سیاسیی و فەساددیدا.
تاڵەبانی زۆر دەمێک بوو ئەو سیاسییە گەنجانەی ئێستای ئامادەئەکردن کە لەسەر هەمان نەریتی سیاسیی باوکو باپیریان بڕۆن. یەکەمین کاریشی بە بافڵ کرد لە ٣/٢٠٠٣دا کە ئەوکات بافڵ زۆر گەنجێکی خوێن گەرم بوو وە هیچ لەسیاسەت تێنەدەگەیشت. بەڵام بەفەرمانی باوکی هێزێکی کۆماندۆی بردو مامۆستا عبدللە قەسرێ و چوار پاسەوانی شەهید کرد. وە یەکەم کردەوەی قێزەونیش کە دوای مردنی تاڵەبانی کردیان خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوو کە بەهۆیەوە کەرکوک و تەواوی ناوچەکانی دەوروبەریان فرۆشت و سەدان کەسیان بەکوشتنداو کاریگەری ئەو ڕووداوەش دەمێنێت بەسەر تاک بەتاکی ژیانی هەموو کوردێکەوە بۆ ماوەی پەنجا ساڵیتریش. دوای ئەو ناپاکییە گەورەیەش کە بەدەستی بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی و لاهوری شێخ جەنگی و براکانی ئەنجامدرا، ئیتر درکیان بە دۆڕانێکی سیاسیی و جەماوەری خۆیان کردو حیز-بەکەیان تا دەهات بەرەوە قەبارەیەکی بچوکتر ئەڕۆیشت. بۆیە هەستان فێڵێکی گەورەیان لە جەماوەری خۆیان و خەڵکە ناڕازییەکە کردو سیناریۆی ئەوەیان داڕشت گوایە لاهورو بافڵ دوو کوتلەو دوو ئاراستەی سیاسیی پێچەوانەی یەکترن.
چونکە ئەوان درکیان بەوە کردبوو، کە هەر ئاراستەیەک جەماوەری تایبەت بەخۆیان هەیەو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش یەک سیاسەتی گشتی هەیەو ناکرێت دوو ئاراستەی پێچەوانە بێت لەژێر یەک سەرکردایەتیدا. بۆیە ئەبوایە دوو سەرکردایەتی بەڕووکەش جیاواز دابمەزرێنن و جەماوەری هەردوک ئاراستەکە بەرەو خۆیان گۆش بکەن.
ئەم شەڕو ناکۆکییانەی بەینی پافڵ و لاھور سیناریۆیە، خۆیان دەیانەوێت بەڕووکەش یەکێتی بکەن بەدوو حیزب، پافڵ حیزبێک و لاھور حیزبێک، حیزبەکەی پافڵ لەگەڵ ئاراستەی ئێران و شیعە عەڕەبەکانی عێڕاق ھەماھەنگی ھەبێت و جەماوەری ئەم ئاراستەیەو جەماوەری یەکێتییە ڕەسەنەکانیش بەرەو خۆی ڕابکێشێت. حیزبەکەی لاھوریش ھەماھەنگی لەگەڵ تورکیاو ئەمریکاو پارتی هەبێت و تاڕادەیەک یەکێتییە ناڕازییەکان و شەقامی ناڕازیش بۆلای خۆی ڕابکێشێت.
هەندێک زووڕناژەنی شۆسیال میدیاش پەمپ بدەن کە فووی پیابکەن بۆ هاندان و گەوجاندنی خەڵکی. بۆ نمونە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووس و چەقاوەسووەکان بەقودرەتی قادر لەناکاو لەسەنگەری معاڕەزەیی خۆیان هاتنە دەرەوەو دەنگی دۆڵ و شاباشەکانیان ڕۆژە ڕێیەک ئەڕۆیشت. هەندێکیان پشتگیرییەکی سەرسەختانەیان لە بافڵ ئەکردو هەندێکیشیان لە لاهور. زۆرینەشیان بێئاگا بوون لەوەی دەنگی دۆڵی هەردوکیان بۆ یەک ئامانجەو خزمەت بە یەک ئاراستە دەکەن. کە ئەویش ئاراستەی سیاسەتیی گشتیی یەکێتییە.

لەڕاستیدا بنەماڵەی تاڵەبانییەکان تاڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بوون لەم سیاسەتەیاندا، بەڵام لەسەر حیسابی گەوجاندن و خۆڵ کردنە چاوی میللەتدا. ئەگەر ئەمەیان نەکردایە ئێستا یەکێتی وەکو گۆڕان هەڵوەشابویەوەو ڕیسوایی سیاسیی بینە قاقای یەکێتی گرتبوو. بۆیە لاهور، بافڵ، قوبادو ئاراس جەنگی گشتیان لە نەوەکانی مام جەلال و برایم ئەحمەدنو لەسەر هەمان سکەی سیاسیی ئەڕۆن کە بناغەکەی نزیکەی ٧٠ ساڵە داڕێژراوە. لەلایەک نیوەی کوردستان ئەفرۆشن و سەدان کەس بە نوێژی نیوەڕۆ تیرۆر دەکەن و ڕۆژنامەنووسان دەکوژن و تەواوی داهاتی گشتی سنوری سلێمانی ئەدزن و بازرگانی بەژیان و گیانی خەڵکەوە دەکەن، کاتێکیش درکیان دۆڕانی سیاسیی و جەماوەری خۆیان کرد، دێن بەکۆمەڵێک فێڵی تازە تەڵەکەبازانە میللەت دەگەوجێنن و دووبارە لەسەر بنەمایەکیترو بەدەموچاوێکیتری پلاستیکی دێنەوە مەیدانی سیاسەت و ئوستازی شووشتنەوەی مێشکی خەڵکیشن.

هاوکار قادر خوڕشید




گرفتەکانی بەردەم کەسایەتی ناڕسیزم بۆ پرسی هاوسەرگیری و بەیەکەوە ژیان..١٦٩.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی ١٦٩

کەسانی نارسیست بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری توشی کێشمەکێشی جۆراوجۆردەبن لەبەر چەندین هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی. سەرەتا، ئەم کەسانە خۆپەرستن و تەنها بیر لە خۆیان دەکەنەوە، ناتوانن هەست و سۆزی کەسانی تر لەبەرچاو بگرن و هاوسۆزییان هەبێت. ئەمەش وادەکات پەیوەندییەکی تەندروست و هاوسەنگ لەگەڵ هاوسەرەکەیان دروست نەکەن.

هەروەها، کەسی نارسیست هەمیشە پێویستی بە ستایش و پەسەندکردنی بەردەوام هەیە لەلایەن دەوروبەرەوە. ئەم خەسڵەتە وادەکات کە نەتوانن ڕەخنە قبوڵ بکەن و کاتێک هاوسەرەکەیان ڕەخنەیان لێ دەگرێت یان داوای گۆڕانکارییان لێ دەکات، بە توندی بەرپەرچی دەدەنەوە. لەهەمان کاتدا، زۆر جار هەوڵی کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی هاوسەرەکەیان دەدەن بۆ ئەوەی هەست بە دەسەڵات بکەن.

لە ڕووی سۆزدارییەوە، کەسی نارسیست ناتوانێت پەیوەندییەکی قووڵ و ڕاستەقینە دروست بکات. ئەوان زۆر جار هەست و سۆزی درۆینە پیشان دەدەن تەنها بۆ ئەوەی کەسانی تر ڕابکێشن بۆ لای خۆیان. کاتێک پەیوەندییەکە جێگیر دەبێت، دەست دەکەن بە پیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان کە دەبێتە هۆی ئازاردانی دەروونی هاوسەرەکەیان.

توێژینەوە دەروونییەکان دەریانخستووە کە کەسانی نارسیست زۆر جار مەیلی خیانەت و ناپاکییان هەیە لە پەیوەندییەکانیاندا، چونکە هەمیشە بەدوای سەرنجڕاکێشان و ستایشی زیاترەوەن. ئەمەش وادەکات کە نەتوانن پابەندی پەیوەندییەکی درێژخایەن و باوەڕپێکراو بن، کە پێویستییەکی سەرەکییە بۆ ژیانی هاوسەرگیری سەرکەوتوو.

سەرچاوە:
1-https://my.clevelandclinic.org/health/diseases/9742-narcissistic-personality-disorder

2-https://www.communicateandconnect.com/resources/narcissistic-marriage-problems/

3-https://www.simplypsychology.org/narcissistic-marriage-problems.html

4-https://www.waltersgilbreath.com/narcissistic-marriage-problems/




کەزی.. دانا حەمید

کەزیت هەناسەیەکی ڕەشە،
بەسەر شانتا دەخشێ.
لەناو تەنیایی ژوورەکەتدا
دەبێتە گۆڕستانی سەدان گوڵی وشکەوەبوو…

لەبەردەم ئاوێنەکەتدا،
کەزیت دەڵێی مارێکی خەواڵووە:
لە دوا هێلانەی پایزدا
خەونی مردن دەبینێ.

ئەم شەوە، لەناو پەنجەکانتدا،
کەزیت وەک دوا دڵۆپەکانی ژیان
خۆی کۆدەکاتەوە؛
دەبێتە دەریایەکی ڕەشی بێ بنار.

کەزیت، لە شەوی هەرە تاریکدا،
وەک دارستانێکی سووتاو
لەسەر شانت خامۆش دەبێ و
دەبێتە گۆڕی هەزاران خەونی مردوو…

تۆ لەبەردەم ئاوێنەکەتدا ڕاوەستاویت؛
کەزیت وەک زامێکی کۆن،
لە شانتەوە دەکشێ و
دەبێتە نەخشەی وڵاتێکی ونبوو.

پەنجەکانت لەناو کەزیتدا،
وەک مەلی باڵ شکاو،
لە دوا هێلانەی ژیاندا
هێلکەی مەرگ دەخەنەوە…

کەزیت ئێستا ڕووبارێکی ڕەشە:
لە کانی چاوەکانتەوە هەڵدەقوڵێ،
بەسەر شانتا دەڕژێ و
دەبێتە گۆڕی حەوت نەوەی خەم.

شەو، لەناو کەزیتا ڕەش هەڵدەگەڕێ و
پەنجەکانت وەک دوا گەڵای پایز
لەناو تاریکییدا دەوەرن،
دەبنە خۆڵەمێشی یادەوەرییەکی کۆن.

کەزیت لە ئاوێنەکەدا دەبێتە شریتێکی ڕەش:
لەنێوان تۆ و مەرگدا درێژ دەبێتەوە،
وەک دوا سنووری نێوان بوون و نەبوون
لەسەر شانت دەلەرزێ…

لەم شەوە قووڵەدا، کەزیت،
وەک دوا هەناسەی پاییز
لەسەر شانت کۆتایی دێ و
دەبێتە بەردی سەر گۆڕی تەنیایی.




دەنگی بێدەنگی.. شەهلا نوری

هەموو شتێک لە دەوروبەرم
شتێکم بیردەخاتەوە
خەیاڵەکانم بۆشتێک
دەباتەوە
ئارەزوم هەیە ئەمجارەیان گۆڕەکەم بەدەست وپەنچەی خۆمدا دازایینی بکەم
دەفتەری شیعرەکانم ببن بە کۆشەیەک ، لاپەڕەکان دەکەم بە تەنراوەی گڵێمێک و
ڕایان دەخەم
مردوو شۆرەکان ،
مەلا دەنگ خۆشکە تێر و مەستی مەی ئەنگوریان بکەم
تا زیکرو حەدیسی شیعرەکانم بۆ من و مردووکان،بۆ زیندوکان
بڵێنەوە
قەبرسانەکان بێ فەرمان شیعر زیندە چاڵ ناکەن
قەناس بەدەستەکان فێری کوشتنی بێ
سەرپێچی شیعرێک بوونە
دارەبەستم بە عەکسی خۆم دەڕازێنمەوە
بە زەنگولە زەردی کانزای هەڵۆڵی
پڕ لە شيعر
بێدەنگی دەهاژێنم
تارای پار لەخۆم دەئاڵێنم ، گۆڵدانی شیعرم
بۆ مارمێلکە و کرمەکان ، بۆ بەردەکان بە دیاری دەکەم
بەخەڵاتی سپێ و بۆێ بخوورو مێخەک تەرمی خۆم
شاد دەکەم
موبایلەکەم جێ دەهێڵم
با من و شیعرەکان
کەس نەماندۆزێتەوە
خەۆێکی قوڵ قوڵ دەکەین
تا دەنگی بێدنگی بێوەژنکۆشی وشیعرەکانی
کپ دەبنەوە

شەهلا نوری




بەرەواژ لە ناونیشانەوە بۆ شێواز.. کاروان کاکەسوور

ئەگەر (نارین ڕۆستەم)ی شاعیر بە ئاگایییەوە وشەی (بەرەواژ)ی بۆ ناونیشانی دیوانەشیعرییەکەی هەڵبژاردبێت، یان بە نائاگایی، ئەوە شتێک لەوە ناگۆڕێت، کە ئەدەب بە گشتی و شیعر بە تایبەتی کاتێ دەتوانێت وەک گوتارێکی سەربەخۆ خۆی دەرببڕێت، کە مانای شتەکان بەرەواژ دەکاتەوە. بەرەواژکردنەوە پرۆسێسی گواستنەوەیە لە دنیای شمەکەوە بۆ دنیای ئاماژە. ئەگەر شتەکان لە دنیای شمەکدا تاکڕەهەندن و ڕاستەوخۆ لە ڕێی سەرچاوەوە ماناکانیان دەگەیەنن، ئەوە لە دنیای ئاماژەدا ئازادیی خۆیان بە دەست دەهێنن و لەژێر دەستەڵاتی سەرچاوە ڕزگاریان دەبێت، بەو مانایەی کڵێشە و قاڵبەکان لە ئارادا نامێنن، تا مانای پێشوەختە بەو شتانە بدەن، بەڵکوو هەر توخمێک دەتوانێت لەو بۆشایییەدا خۆی ناسنامەی خۆی دروست بکات، بگرە توانای ئەوەی هەیە بەردەوام ناسنامەکەی تێک بشکێنێت و هیی تری لێ پێک بهێنێت، بێ ئەوەی ئەو ناسنامەیە بچێتە دۆخێکی جێگیرەوە، بەڵکوو دەکرێت لە بێژمار دۆخی دیکەدا خۆی دابڕێژێتەوە، مادام لە بەرانبەر خوێندنەوە و ڕاڤە جیاوازەکاندا کراوەیە. بەم شێوەیە وێنەی شیعری (Poetic image) لە (بەرەواژ)دا بەرهەمی بەریەککەوتنی کۆمەڵێک پارگۆ (enunciation)ی جیاوازە، کە لە ڕێی ئەو بەریەککەوتنەوە شتەکان لە دنیای شمەکەوە بۆ دنیای ئاماژە دەپەڕنەوە. ئەگەر ئەدەبی ئاسایی، کە بە زمانی ڕۆژانە دەنووسرێت، لەبارەی بابەتەوە دەدوێت و ڕاستەوخۆ مانا زانراوەکان دەگەیەنێت، بەو واتایەی ئاڕاستەکە تاکڕەهەندە و تەنیا لە دەرەوە بۆ ناوەوەیە، ئەوە لێرەدا، لە (بەرەواژ)دا شتەکان خۆیان دەبنە زمان و ناڕاستەوخۆ خۆیان دەردەبڕن، کە فرەدەنگی و فرەڕەهەندی بەرهەمی ئەو ناڕاستەوخۆیییەن. واتە ئاڕاستەکان لە ناوەوە بۆ دەرەوە و لە دەرەوە بۆ ناوەوەن، بگرە کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاواز هەن و لە ئاسمانی دەقدا بەر یەک دەکەون.
وێنەی شیعری لە (بەرەواژ)دا بەرەواژکردنەوەی هەردوو چەمکی مێژوو و جیۆگرافیایە، بەو مانایەی کات لە خەسڵەتی زنجیرەیی دادەماڵێت و خەسڵەتی بازنەییی پێ دەدات، کە لەمەوە دووری و نزیکی مانای فیزیکیی خۆیان لە دەست دەدەن، توخمە جۆراوجۆرەکان لەناو ئەو بۆشایییەدا توانای ئەوەیان دەبێت بە هەموو لایەکدا بجووڵێن و بەر یەکتر بکەون. ئەمە نەک هەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو یەکێتییەیە، کە ڕێزمان سەپاندوویەتی، بەڵکوو ئازادکردنی ئەو پارگۆیانەیشە، تا بکەونە جووڵە و مانای دیکە بەرهەم بهێنن.
لە (بەرەواژ)دا زمان لە ئاستی کۆمەڵایەتییەوە دەچێتە ئاستی تاک، کە وەک چۆن خۆی مانای جیاوازتر لەوەی هەیە، بە شتەکان دەدات، بە هەمان شێوە وا دەکات هەر خوێنەرێکیش وێنەی دیکەیان لێ پێک بهێنێت. (بەرەواژ) لەوە دەردەچێت، کە تەنیا بە ناونیشانێک دابنرێت بۆ کتێبێک، بەڵکوو دەبێتە شێواز، شێوازێکی تایبەت.
(پەردە) نوێترین شیعری (نارین ڕۆستەم)ـە، کە بە شێوازی بەرەواژ نووسراوە و کۆمەڵێک توخمی جیاوازی وەک پەردە، پەنجەرە، نەخشی گوڵەبەڕۆژە، عەبا، دەزوو، دەرزی، جلشۆر، کارگەی پەردەدرووین و هیی دیکە لە پاڵ کارەکتەری کچ، دایک، منداڵانی گەڕەک و هیی دیکە دەگرێتە خۆی.
پەردەکە
گوڵەبەڕۆژەیەکی تێدا بوو
چاوەڕوان بوویت
ڕۆژێک بدڕێت و
ئەو منداڵانەی گەڕەک،
کە تۆپیان دەگرتە پەنجەرەکەتان،
بناسیت.
هێزی زمان توانیویەتی هەموو ئەوانە بۆ وێنە بگۆڕێت، بەو مانایەی بوونەتە ئاماژە و ئەرکی دیکەی جیاوازیان گرتووەتە ئەستۆ. واتە دۆخەکە لە (بینین)ـەوە گۆڕاوە بۆ (هێنانەبەرچاو). لە هێنانەبەرچاودا بەربەستە فیزیکییەکان تێک دەشكێن و توخمەکان لەوە دەردەچن پێبەندی جیۆگرافیا و مێژوویەکی دیاریکراو ببن، بەڵکوو لە بۆشاییدا دەخولێنەوە، تا سنووری کات و شوێن ببڕن، کە ئەو داینامیکییە وا دەکات لە هەر جووڵەیەکدا مانای نوێ بە دەست بێت. لێرەدا توخمی ناکاوی دەردەکەوێت، بەوەی وێنەکان ئەوەمان پێ ناڵێن، کە چاوەڕێمان کردووە، بەڵکوو دەمانخەنە بەردەم کۆمەڵێک گریمانەوە.
ساڵێکیان
پەردەکە چڵکن بوو و
گوڵەبەڕۆژەکە لەناو جلشۆردا
مەلەی دەکرد.
بەرەو پەنجەرەکە ڕات کرد.
عەبا ڕەشەکەی دایکت
بووبوو بە پەردە!
لێرەدا توخمی گێڕانەوە بەشدارە لەوەی سنووری کۆنکریتبەندیی نێوان توخمەکان هەڵبگیرێت، تا (کات) لە زنجیرەیییەوە بۆ بازنەیی بگۆڕێت، هاوکات (شوێن) ئەو ڕەقێتییەی نەمێنێت و بە هەموو لایەکدا بکشێت، کە لێرەوە لادان، یان تێپەڕاندن (Displacement) دێتە کایەوە و شتەکان لە شێوەی سیمبۆڵدا دەردەخات. بە مانایەکی دی، کاتێ پێکهاتەیان دەگۆڕێت و لە شێوەی دیکەدا پێشان دەدرێنەوە، ئەوە زمان بە ناچاری دەچێتە ئاستێکی دیکە و مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕاوەدا دەکات، کە جیاوازە لەوەی زمانی ڕۆژانە دەریدەبڕێت، بۆیە وێنەکان سەیر دێنە بەرچاو و ڕاڤەی جیاواز دەخوازن.
ساڵێکی دیکە
هەژاری کونێکی کردە پەردەکەوە،
لەو کونەوە:
خۆر چاوی لێ داگرتیت.
دایکت پێی زانی…
لە قوتووە شۆکوڵاتەکەدا
دەرزی و دەزووی دەرهێنا و
کونەکەی دوورییەوە.
دەقی ئەدەبی کاتێ دەتوانێت کاریگەر بێت و وێنەی جیاواز بخاتە ڕوو، کە ناڕاستەوخۆ خۆی دەردەبڕێت. واتە بە زمانی تاکانەی خۆی دەدوێت، نەوەک بە زمانی کۆمەڵایەتی، کە مانای وایە شتەکانی دنیایەکی ئاسایی ناگوێزێتەوە، بەڵکوو بە شێوازی نائاسایی دنیایەکی نائاسایی دەئافرێنێت.
ئێستا
لە کارگەیەکی پەردەدووریندا کار
دەکەیت
هەمووان وا دەزانن
مۆدێلێکی تازەت داهێناوە
کاتێک لە ناوەڕاستی پەردەکاندا
کونێک دروست دەکەیت.




ڕاگەیاندنەکانی لایەنە جیا جیاکانی سوریا و سەرنجێك.. زاهیر باهیر

وەکو دەبینرێت رووداوەکان زۆر بە خێرا تێدەپەڕن و ڕاگەیاندنی جیا جیا لە گەلێك لە لایەنەکانەوە ڕادەگەیەنرێت .

لەو ڕاگەیاندنانە:
” دوێنێ سێشەممە، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند، “پابەندبونی پتەومان بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستێکی هەمەلایەنە لەسەرتاسەری سوریا هەیە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ئامادەیی خۆمان نیشانده‌ده‌ین بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو لەشاری کۆبانێ، ئامانجیش له‌م ده‌ستپێشخه‌ریه‌، بۆ چارەسه‌رکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیایە، مه‌زڵوم عه‌بدى ئەوەشیخستەڕوو، ئامادەین بۆ دوبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا”.
مەزڵوم عەبدی پێشنیار دەکات لەپێناو سەرکەوتووی پڕۆسەی ئاگربەست لە سوریا، لە ژێر سەرپەرشتی ئەمریکا ناوچەیەکی لەچەک داماڵراو لە کۆبانێ پێکبهێنرێت.

” مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، وەک دووپاتکردنەوەیەک بۆ پابەندبوونمان بە راگرتنی شەڕ لە تەواوی ناوچەکانی سوریا، ئامادەین بۆ پێکهێنانی ناوچەی لەچەک داماڵراو لە شاری کۆبانێ.”

ئەوەشیخستەڕوو ” ئامادەین بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا.”

مەرهەف ئەبو قەسرە فەرماندەی سەربازیی ده‌سته‌ى تەحریر شام کە ناسراوە بە”ئەبو حەسەن ئەلحەمەوی”، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسیی هەڕەشەی ئەوەیکردوە “ئەو ناوچانەی لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر دەستی “هێزەکانی سوریای دیموکرات” (هەسەدە)دایە، دەخرێتە ناو ئیدارەی نوێی سوریا، ده‌شڵێت:”هەموو جۆرە فیدڕاڵییەتێک ڕەتدەکەینەوە”.

ئەبو قەسرە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس كه‌ لەشاری لازقییە ئەنجامیداوە وتویەتی:”گەلی کورد یەکێکە لەپێکهاتەکانی گەلی سوریا، بەڵام کێشەکە لەسەرکردایەتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە”.

ئه‌وه‌شى وتوه، “پەیامی ئێمه‌ ڕونە، سوریا دابەشنابێت‌و هیچ جۆرە فیدراڵییەتێکی تێدا دروستنابێت”.
“ئەو ناوچانەی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی (هەسەدە)دان، ان شا‌ء الله دەخرێنە ناو ئیدارەی نوێی وڵاتەوە”.

ئەبوو قەسرە لەسەر قسەکانی دەڕوات و دەڵێت “دروستکردنی دامەزراوەیەکی سەربازیی کە هەموو کوتلە ئۆپۆزسیۆنەکانی ژێر ئاڵاکەی کۆبکاتەوە، هەنگاوی داهاتوو، دەبێت دوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی ئەسەد لەهەر وڵاتێکدابێت دەبێت هەموو یەکە سەربازییەکان لەژێر چەتری یەک دامەزراوەدابن”.
ئەنەکەسەش مەرجی خۆیان هەیە بۆ دانیشتن و جۆرێك لە یەكکەوتن لەگەڵ هەسەدەدا ، قسەکەریان، نەواف رەشید، ئاوا دەڵێت “مەزڵووم عەبدی خۆی وەکو نوێنەری کورد و رۆژئاوای کوردستان بناسێنێت و بڵێت من نوێنەری کوردم و لە رۆژئاوای کوردستانم، نەک نوێنەری منبج و رەققە، هەروەها دەبێت مەزڵووم عەبدی بە تورکیا بڵێت، ئەوان پەکەکە نین، هەروەها دەبێت بە روونی پێیان بڵێت کە ئەوان دژی تورکیا نین.”
لە لایەکی دیکەوە ئەمەش هەیە کە دەستەی تەحریری شام بە دەمی ڕایانگەیاندوو ” تەحریری شام ناوچە کوردیەکانی بەفەرمی خستەوە ڕیزی کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتیی دیمەشەوە. بەمەش بۆشایی ئەو گرژیانەی نەهێشت کە پێشتر لەسەردەمی ئەسەد دا هەبوو.
تەحریری شام ئەم هەنگاوەی بە دژی هێرشەکانی تورکیا نا و ئەمریکا پشتیوانیی دەکات”.
سەرنجی من:
ئەمانە بڕێکن لەو ڕاگەیاند و قسانەی کە لەم یەک دوو ڕۆژەدا کراون کە هیچ کام لەمانە تەنانەت ئەوەی مەزڵوم کۆبانی-ش مایەی دڵخۆشی نیە و هیوایەكی گەش بۆ ڕۆژائاوا نییە.
هەموومان دەزانین دەستەی تەحریری شام یەک دەستە یا یەك گروپ نین تاکو پابەند بن بە قسە و لێدوانی سەرکردە سەرەکییەکەوە کە ئەبو موحەمەد جۆلانییە ، مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم هەتا ئەگەر جۆلانی-یش با بڵێین هەڵوێستی گۆڕا بێت بەرانبەر ڕۆژئاوا گروپەکانی دیکە هەمان هەلوێستی ئیسلامگەرایی توندو تیژیان هەیە ، دیدو کرداریان بەرانبەر بە کورد بە گشتی و ڕۆژئاوا زۆر دوژمنانەیە.
من ڕام وایە ئەبو موحەمەد جۆلانی شەڕی چەکدارانە لەگەڵ ڕۆژئاوا ناکات بەڵکو شەڕی ئیداری لەگەڵدا دەکات، بە یاسا نەك بە چەك، واتە بوونی ڕۆژئاوا بە بەشێکی نەبچراو لە سوریا ، لەو بارەشدا هەموو سەرۆکایەتی سەراپای دەزگە ئیدارییەکان، هەموو خزمەتگوزارییەکان، هەموو قوتابخانە و خەستەخانەکان و شارەوانییەکان دەکەونەوە ژێر دەسەڵاتی مەرکەزی و هەسەدە و ئیدارەی ئێستای ڕۆژئاوا هیچ ڕۆڵێکیان نامێنێت و خۆی لە خۆیدا هەڵدەوەشێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ، ئەو بەرنامەی خۆیندن و پڕۆگرمانەی کە لە قوتابخانەکان و زانکۆکاندا لە ڕؤژئاوای ئێستادا هەیە هەر هەموی هەڵدەوەشێتەوە و دەبێت یەك پلان و یەك مەنهەجی خوێندن و پەروەردە لە هەموو سوریادا هەبێت ، تەنانەت هەموو وێنەکانی ئۆجەلان و ئاڵاکانی یەپەگە و یەپەژە هەر هەمووی فڕێ دەدرێت، هەموو سرودەکانی کوردایەتی و ئەوەی کە بە ئۆجەلان و سەرۆكدا هەڵدەدرێت نەك هەر نامێنێت بەڵکو حەرامیش دەکرێت .
چەمکی فیدراڵییەت و کۆنفیدراڵیزم ، پرسی ژنان و فێمێنیستی، پرۆژەی ئیکۆلۆجی و ژینگە دۆستی هەر هەمووی هەڵدەوەشێتەوە و بەتاڵ دەبێتەوە . لە لایەکی دیکەوە ئابوری ئەوێ و پرسی کۆمەڵایەتی و دەزگەی داد دادگا و یاسا چی تر لای هەسەدە و ئیدارەی ڕۆژئاوا نامێنێت ، ئەو عەقد کۆمەڵایەتییەی کە ئیدارەی ڕۆژئاوا ساڵێك لەمەوبەر نوێی کردەوە گەرچی خراپترو دواکەوتوترە لەوەی پێشتری 2014 ی ، ئەوەش نە کاری پێدەکرێ و نە لە هیچ شوێنێك دەڕوات ، چونکە حکومەتی نوێی ئیسلامی باوەڕی بە فیدراڵیەت نییە ، باوەڕی بە یەکێتی سوریا و ئیسلام هەیە ، ئەو لەژێر سیاسەت و ڕێنمایی و پلانی تورکیادا دەڕوات و تورکیاش سیاسەتی نەگۆڕ و پلانی دۆززەخی بۆ کورد لە هەموو شوێنێکدا هەیە .
ئابووری ڕۆژئاوا کە لە دەستی ئیدارەکەی ئێستادا هەیە بە هەر ناوێکەوە بێت : هەرەوەزیی ، حکومیی ، خۆسەریی … هەر هەمووی دەبێت بە گوێرەی یاسا بگەڕێتەوە ژێر دەستی حکومەتی مەرکەزی و ئەو سەرپەرشتی بکات .
بەڵام من باوەڕم وایە عەفرین لەژێر دەستی تورکیا دەردەهێنرێت و تورکیا پاشەکشەی لێدەکات ، بەڵام ئەردۆگان مەرجی هەیە لەسەر حکومەتی نوێی سوریا ئەویش دژایەتیکردنی ڕۆژئاوا و هەسەدەیە ، ئەردۆگان هەنگاوێك ناچێتە دواوە ئەگەر دوو هەنگاو قازانجی تێدا نەبێت . ئەوەش گرنگە کە بڵێین لە هەموو سیاسەتەکانی حکومەتی نوێی سوریا، ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا پشتگیری لێدەکەن. هەسەدە و ڕۆژئاوا ئەو پێگە گرنگەی نامێنێت و هەر وەکو بە لاوازبوون و نەمانی داعش لە سوریا هەنگاوی یەکەم بوو بۆ لەناوچوونی خودی هەسەدە و ڕۆژئاوا. ئەمان چی تر پێویستیان بە هەسەدە وەکو جاران نامێنیت .
بەداخەوە کە من زۆر ڕەشبینم لە بارودۆخی نوێ ، ڕەشبینییەکەشم هۆکار و پاساو و بناخەی خۆی هەیە . لەو بارەشدا ڕۆژئاوا ، هەسەدە دەبێت ئایندەی خۆیان دیاری بکەن. ئایا ڕازی دەبن بەوەی کە لە سەرەوە وتم یاخود شەڕدەکەنەوە؟ کە شەڕکردنیان دۆڕاندنی خۆیان و وێرانکردنی هەموو ڕۆژئاوا و ڕەنگە پەلیش بهاوێت بۆ باشووریش .
هیوادارم ڕەشبینییەکانی من بێ بنەما و بێ ئایندە بن.

زاهیر باهیر
18/12/2024




زارێ یەكەم فیلمی سینەمایی كوردی.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

(نزارۆف)لەو ساڵانەی بۆ كاركردن هاتبووە ئەرمینیا، فیلمە بەناوبانگەكەی (نامووس)ی
بەرهەم هێناو دەنگدانەوەیەكی گەورەی بۆ (نەزارۆف) بەدەست هێنا.
بەهۆی ئەوەی بایەخێكی زۆری بەدەرخستنی كولتووری رۆشنبرییی و نەتەوەیی گەلەكەی دابوو، جگە لەنیشاندانی زۆر لە كێشە كۆمەڵایەتیەكان .
سەركەوتنی ئەو فیلمە، وای لە (نەزارۆف) كرد، زێتر لەوەندە، خۆی بۆ كێشە و ئەشكەنجەو ئازاری گەلانی رۆژهەڵات تەرخان بكات.
ئەوەبوو لەساڵی 1926 ئەو دەرهێنەرە، گروپە سینەماییەكەی خۆی كۆكردەوە، بەرەو چیاكانی (ئاراكاسی) هەڵكشان، كەهەرێمێكی كورد نشینە، بۆ ئەوەی لەوێ فیلمە درێژەكەی خۆی)زاریا ـ واتە (زارێ) تۆمار بكات.
نزارۆف ـ لەو فیلمەدا بەگشتی باس لەژیانی كوردەكان دەكات لەسەردەمی رووسیای قەیسەری دا.
ئەوەتا لەكتێبی (یاداشتی ئەكتەرو دەرهێنەرێك كە لەساڵی 1965 لە مۆسكۆ دەرچووە، باس لەئەزموونی سینەمایی خۆی دەكات، بەتایبەت ئەزموونی لە گەڵ فیلمی (زارێ) و لەم بارەیەوە ئاماژە بەوە دەكات كە چۆن لەكاتی بەرهەم هێنانی ئەو فیلمەدا، هیچ سەرچاوەیەكی ئەوتۆی لە بەردەست دا نەبووە، كە باس لە مێژووی كوردو ژیانی كوردەكان بكات، خۆشی زانیارییەكی ئەوتۆی لەم بارەیەوە نەبووە، تەنها شتێكی كەم نەبێت، بۆیە دەستی كردووە بەگەڕان بەدوای كولتوورو داب و نەریت ورەوشت و مێژوو خێڵەكانی ئەو نەتەوەیە.
نزارۆف لەفیلمی (زارێ) دا، چیرۆكی ئەڤینداری نێوان كوڕو كچێك دەگێڕێتەوە لەیەكێ لە گوندە كورد نشینەكاندا.
كوڕەكە شوانكارەیەكە و ناوی (سەعیدە )و (نری سیسلییت) ی ئەكتەر دەوری دەبینێ، كچە هەژارێكیش كەناوی (زارێ) یە، تینازی ــ دەورەكەی دەبینێ.
سیناریۆی فیلمەكە وا داڕێژراوەكە دەرەبەگێكی گوندەكە، ئەگەرچی ژنیشی هەیە، كاتێ بەخۆشەویستی نێوان سەعیدو زارێ دەزانێ، بەخیلییان پێ دەباو لەسەر ئەوە سووڕ دەبێت، كە زارێ بۆ خۆی بخوازێت.
لەو دەمەدا جەنگی جیهانیی یەكەم هەڵدەگیرسێ و دەسەڵاتدارانی قەیسەر بڕیار دەدەن هەموو لاوە كوردەكانیش پەلكێشی ئەو شەڕە كاولكارییە بكەن.
سەعیدی ئەڤیندار یەكێ بوو لەو كۆمەڵە گەنجانەی رەوانەی ئۆردوگایێكی سەربازی كران لەنزیك گوندەكە.
ئیدی لەو كاتانەدا كە كاروانی سەربازەكان بۆ ئاو خواردنەوە لەتەك كانیەكاندا وچان دەدەن بۆ ئاوخواردنەوە، سەعید دەرفەت وەردەگرێت و را دەكاتە نێو ئاوایی، كەچی كاتێ تەمیوور بەگ ئەمە دەزانێ، فرمان دەداتە پیاوەكانی، سەعید پەلبەست كەن و رادەستی بكەنەوە و بكەوێتە زیندان.
كاتێكیش كە زۆربای برا گەورەی زارێ بە برینداری دەگەڕێتەوە، برینەكەی زۆر سەخت و دژوار دەبێت، لەنێو گریەو هاواری كەسو كاری گیان لەدەست دەدات، ئیدی بەگ بێ كەسی زارێ بە دەرفەت دەزانێ، بۆیە فرمان دەداتە پیاوەكانی، زارێ پەلكێش كەن و بە زۆر لەخۆی مارە دەكات.
بەڵام زارێ زۆر ئازایانە بەروویدا دەوەستێ و نایەڵی بەهیچ شێوەیەك بەگ لێی نزیك بێتەوە.
ئا لەو كاتەدا، خدۆی برا بچووكەكەی زارێ، بۆ رزگار كردنی خوشكەكەی تەقە لەبەگ دەكات و برینداری دەكات، كەچی پیاوانی بەگ زوو فریای دەكەون و بەخەنجەر خدۆ دەكوژن.
دوای ئەوەش كە بەگ چاك دەبێتەوە، بەزۆرە ملێ زەماوەندی خۆی لەگەڵ زارێ دا دەگێڕێت، بەڵام كاتێ سەعید بەم هەواڵە تاڵە دەزانێ، بۆ تۆڵەسەندنەوە خۆی و هەندێ لەهاوڕێیانی لە بەندیخانە رادەكەن.
كاتێ بەگ لەبەردەم خۆ بەدەستەوە نەدانی زارێ دووچاری بێ ئومێدی دەبێت، بەئامانجی سووكایەتی پێكردنی، دەنگۆی ئەوە لەئاواییدا بڵاو دەكاتەوە كە گوایە زارێ كچ نیە.
لەتۆڵەی ئەوەش سەرەوژێر زارێ سواری گوێ درێژێ دەكەن و دەموو چاویشی سواغ دەدەن و هەتكی پێ دەكەن، ئینجا لەناو بارانی تیرو توانجی خەڵكی بەئاواییەكەدا دەیگێڕن.
ئا لەو كاتەدا سەعیدو هاوڕێكانی دەگەنە ئەو شوێنەو تەمیوور بەگ و پیاوەكانی دەكوژن، ئینجا زارێش لە گەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن و روو دەكەنە چیا ..

حەیدەر عەبدولڕەحمان




کورتە چیرۆک/ گفتوگۆی چایخانە.. رەسوڵ بەختیار

مرۆڤەکان بەتەواویی گۆڕاون، وەک پێشتر نییە، کاتێک لەچایخانە دابنیشیت گوێت لەهەندێک چیرۆکی سەرنجڕاکێش بێ، پێشتر، مەبەستم لەپێشتر ساڵانی نەوەد تا دووهەزارە، گوێت لەهەندێک بابەتی خۆش دەبوو.
دەیگوت: عوسمان چوومەوە گوند و دێهاتەکانی خۆمان خزمانم بینی، سەیرە هەر وەک خۆیانن هیچ نەگۆڕاون، وەکجاران پیاون لەپشت یەکن، کەس ناوێرێ زەفەریان پێ ببا، چوومە ناو باخەکان بەڕاستی خۆشبوو، شووتی سەوز سەوز بوو، یەکسەر لەبڕکی کردەمەوە، چەقۆیەکم هێنا دوو کەرتم کرد، بەڕاستی بەتام بوو، ئێستاش تامی لەژێر زمانمدایە، ئاخ چۆن بچمەوە، ئەو منداڵانە فێری شار بوون، کەس نایەت.
یەکێکی دیکە هەڵیدەدایەوە: منیش وەک تۆ زۆر حەزم لەگوندە، دەمەوێ لەم جەنجاڵی شارە رزگارم بێ، شار ئێمەی کوشت هەمووی کردین بە کرێکار و فەرمانبەر، بەڕاستی کاتێ ئەو بەڕێوبەرە رەزاگرانە دەبینم، وا دەزانم پارەی ئەم هەرێم و عێراقە هەمووی ئەوە دەیخوا.
کەچی گفتوگۆی ئێستایی نێو چایخانەکان ئێرە و ئاسمان جودایە.
هەر ئەو عوسمانەی پێشتر باسمان کرد، باس لە ڤیلا و کچی جوان و مۆدیل دەکات.
کاتێک عوسمان دێتە چایخانە بەناو هاوڕێیەکانی هەڵدەستنەوە، کاک عوسمان وەرە ئێرە، من دەچمە ئەوێ.
عوسمان وەک ئەوەی لەباب و باپیرانییەوە موڵک و ماڵی بۆ مابێتەوە، بەبرادەرە نزیکەکەی دەڵێ: ئەوە چیبوو تووشی منت کرد، زۆر کەللەرەقە، بەڵام هەر سێ دەفتەر دۆلارم لێی قازانج کرد، جارێکی دیکە، ئەو شکوڵاتانەم بۆ مەنێرە، وەڕسی کردم، وا دەزانێ خەڵکی ڵەندەنە، ڵەندەن چییە، دەتوانم لایەکی ڵەندەن بکڕم.
هاوڕێیەکەی: وازی لێ بێنە، بۆ پڕۆژە نوێیەکەمان جیتکرد؟
عوسمان: خەم مەخۆ، وەبەرهێنان لەم پڕۆژەیە دوو ملیۆن دۆڵار قازانجمانە. لەوەش گەڕێ، بۆ مانگی داهاتوو پڕۆژەیەکی دیکە هەیە، هەمووی تۆ خاوەنداری بکە، خۆت دەزانی، زۆر سەرقاڵم، ئەوە با دیاری بێ.
هەر لەنێو ئەو چایخانەیەدا، یەکێک بۆ یەکەمجارە لەو چایخانە دەبیندرێ، سڵاو دەکا، چەند کەسێک سڵاوەکەی وەردەگرنەوە، یەکسەر دەڵێن: شێرۆ ئەوە تۆیی، دەزانین لەئەڵمانیایی، ئێ ئێ هەواڵت چۆنە؟
شێرو:هەواڵم چۆن بێ، خێزانەکەم لێم جیابۆوە، کوڕە گەورەکەشم قسەم لەگەڵ ناکات، کچە بچووکەکەشم تەمەنی یانزدە ساڵە لەگەڵ دایکییەتی، بەڵام کەس قسەم لەگەڵ ناکات.




کێڵگەی موچە و ئاو و کارەبا.. نەوزاد بەندی

بوونەوەران بە گشتی و مرۆڤ بە تایبەتیی هەوڵ بۆ ئەو شتانە ئەدەن کە نییانە ..کە دەستیان نەکەوتووە ..کە لێیان زەوتکراوە یان کە لێیان دزراوە ..
ئەم حاڵەتە دەروونییە ، ئەمڕۆ لە سیاسەتیی نێودەوڵەتیی و لۆکاڵییدا زۆر بە بێ ویژدانانە کاری پێکراوەو بە هۆیەوە مرۆڤەکان و خواست و ئامانجەکانیان بچووک کراوەنەتەوە ..ئەوەندە بچووک کراونەتەوە ، ڕەنگە بتوانین بڵێین کۆمەڵگاگەلێکی گێژ و گەمژە و ئەقڵسوک و ماندوویان دروستکردووە ، کۆمەڵگاگەلێکی پڕ له ناکۆکیی و دووبەرەکیی و دژایەتیی و کێبڕکێی نائاسایی و نایاسایی ، لە پێناوی هیچدا..
بۆ نمونە جارێکیان لە میسر ، لەگەڵ شۆفێرێکی میسرییدا لە جیزەوە چووین بۆ شەرملشەیخ ، ئەو شۆفێرە بە درێژایی شەو نەخەوت ، هەر خەریکی شۆفێریی بوو ، بۆ ڕۆژی دوایی ،نیوەڕۆ گەیشتینە جێ ، پێم ووت : ئێستا ئیتر بۆ خۆت بڕۆ بنوو ..
ووتی : نوستنی چی ؟ خوا ئەکا ئیش ئەبێ ، ئێستا ئەگەڕێمەوە بۆ قاهیرە !!
ووتم تۆ لە دوێنێوە نەخەوتویت ، ئێستا چۆن ئەتوانیت ؟
ووتی : لای ئێمە ئیش لە سەروو هەموو حیساب و کیتابێکەوە ، کە ئیش هەبوو ، هەموو جۆرە ئیسراحەت و خەو و خواردنێک ڕەت ئەکرێنەوە ، چونکە ئێمە زۆر بێ ئیش کراوین ..ڕەنگە بڵێم ئیش پێشی ئایین و عیبادەتیشی داوەتەوە لە میسر ، ئیتر خەو چییە ، ئوستاز ؟؟
ئەمە ئەو سیاسەتە ناشیرین و بێ ویژدانەیە کە مافێک یان چەند مافێکی سەرەتایی مرۆڤەکان زەوت ئەکات و ..وایان لێ ئەکات ، واز لە هەموو خواست و ئامانجە گەورەکانیان بێنن و ..بە دوای ئەو مافە سەرەتاییانەیاندا بگەڕێن ..بەو جۆرە واز لە بەها بەرزەکانی ئایین و شۆڕش و ڕیفۆرم و ئەدەب و هونەر و داهێنان و سامانە سروشتییە گەورەکان بهێنن ، بۆ ئەوەی داگیرکەری لۆکاڵیی نیشتمانیی بە هاوکاریی داگیرکەرە جیهانییەکان ، داهات و داهاتووی ئەو نیشتمانە هەڵلوشن و .. لە ئایین و زانست و هونەر و ئەدەب و داهێنان ، بە تەواوەتیی دایانماڵن ..
لێرەدا وەک نووسەر و پزیشکیی دەروونیی فەڕەنسیی لە سەردەمی داگیرکردن و کۆمەڵکوژییەکەی جەزائیرییەکاندا ، فرانتز فانۆن باسی لێوە دەکات ، داگیرکەرە جیهانییە زەبەلاحەکانی وەک فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەمریکا ، لە ڕێی هەندێ کەسایەتیی بەناو نیشتمانییەوە دەستوەردەدەنە کۆمەڵگاکانی جیهانی سێ ، بە حیساب ئەو کۆمەڵگایانەەگ سەرکردەی هاوزمان و هاوپۆشاک و خەباتگێڕ فەرمانڕەواییان دەکات و ئازاد و سەربەخۆن ، بەو جۆرە لە ڕێی ئەو فەرمانڕەوا خۆفرۆشانەوە ، ئەم دراما خەمگینە دەست پێدەکات و کۆمەڵگا بە لاڕێدا دەبەن .. چەند مافێکی زۆر سەرەتایی لە خەڵکەکە زەوت ئەکەن و بە بەهانەی جیا جیا قات و قڕیی ڕادەگەیەنن ، قەرزار بوونیان ڕادەگەیەنن .. وایان لێدەکەن هەموو ژیان و بیرکردنەوە و خەون و ئاواتیان لەو چەند مافە سەرەتاییەدا خەرج بکەن ، بەو جۆرە لە کۆمەڵگایەکی داهێنەرەوە ، دادەبەزن بۆ کۆمەڵگایەکی دەستسپی و نابەکام و بێ هیوا و ڕۆژەکانیان سەرجەم وەک یەکیان لێ دێ و .. خەون و هیواکانی سەرجەم مرۆڤەکان وەک یەکیان لێ دێت ، بەو جۆرە ئەو کۆمەڵگایه بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەبێتە کۆمەڵگایەکی خەولێخراو ..کۆمەڵگایەکی بێ دەسەڵات و کاڵفام ..کۆمەڵگایەکی نابەکام و بێ کەسایەتیی ، یان ڕاستتر وەک کێڵگەیەکی پەلەوەر یان مێگەلێکی لێ دێت ..
تەماشا بکەن لە کوردستانی خۆماندا ، دوو مامۆستای ئاینیی ..دوو مامۆستای زانکۆ و ..دوو کرێکار و .. دوو فەرمانبەر و ..دوو دوکاندار و ..دوو مناڵ و .. دوو ژنی ماڵەوە کە کۆدەبنەوە ، باسی موچە دەکەن .. ئاخۆ کەی موچە دێت ..ئاخۆ کەی بەغداد تەواوکارییەکانی موچە دەنێرێ ..ئاخۆ چارەنوسی !!! موچەی مانگەکانی یانزە و دوانزە چییان بەسەردێت ..ئاخۆ پاشەکەوتەکە بە تەواوەتیی خوراوە یان ئەخرێتە سەر کارتی بانکیی ..کارتی هەژماری من یان نیشتمانیی باشە ..کامیان پڕکەینەوە ..کەی مان بگرین لە دژی پێنەدانی موچە ..
دوو شاعیر ..دوو وەرزشکار .. دوو مێژوونوس ..دوو ئەندازیار .، دوو خوێندکار ..دوو خانەنشین کاتێ کوئەبنەوە باسی بێ ئاوی و .. ماتۆڕی هەڵدانی ئاو دەکەن ..باسی ئەوە ئەکەن کە ئەمشەو سەعات دووی دوای نیوەشەو سەرە ئاویانە و نابێ بخەون ، بۆ ئەوەی تانکییەکانی لێ پڕ بکەن ..ئاخۆ نرخی تەنکەرێ ئاو به چەندە و .. ئایا بۆ خواردنەوە دەست ئەدا .. ئایا سۆندەکەی ئەگاتە نهۆمی دوو ..
دوو ڕۆژنامەنووس .. دوو پاسکیلچیی .. دوو دەستگێڕ .. دوو شۆفێر ..دوو بەرگدروو ..دوو عەرەبانچیی ..دوو پۆلیس .. دوو سەرتاش ..دوو پێشمەرگە کاتێ یەکتر ئەبینن ، باسی سەعاتەکانی کارەبای نیشتمانیی ئەکەن و .. باسی نرخی ئەمپێڕی موەلیدەی کارەبا ئەکەن و .. باسی چۆنێتی دانانی خانەی تیشکی خۆر ئەکەن تا لەم دەردە کوشندەیەی کارەبا ڕزگارییان بێ .. باسی ئنڤەیتەر ئەکەن ..باسی ئەوە ئەکەن چۆن خانۆکەیان بفرۆشن و بچن لە سیتییەکانی حیزب ، شوقەیەک بکڕن و ببن بە خاوەنی کارەبا و ئاوی 24 سەعاتیی .. لە ئەمپێڕ و جۆزە و هەڵسانەوەی جۆزە ڕزگاریان بێ .یان چۆن قاچاخچییەکی خاوەن متمانە بدۆزنەوە و .. سەری خۆیان بۆ ئەوروپا هەڵگرن و سێ بە سێ بێ کارەبایی تەڵاق بدەن ..
بەو جۆرە ، دەسەڵاتی کوردیی بۆ بچووککردنەوەی هاووڵاتییانی کورد ..بۆ تواندنەوەی بیر و باوەڕ و داهێنان و بەهرەکانی هاووڵاتیانی کورد ، لەسەر ئەو قڕتێخستنی سێ مافە سەرەتاییە کار ئەکا ، موچە و کارەبا و ئاو ..ئەو سێ شتەی کە هیچ کێشەیەکیان تیا نییە و کراون بە کێشە .. کە چارەسەرکردنیان زۆر ئاسانترە لە دروستکردنی ئەو سەدان تاوەرە هەوربڕەی کە دەسەڵات دروستیان ئەکا بۆ خۆی و ماڵ و مناڵەکانی .. بەڵام چارەسەریان ناکا ، چونکە لە بنچینەدا ئەو سێ کێشەیەی ئاو و کارەبا و موچە ، بۆ ئەوەیە کە دەسەڵات گەورە و باڵا بێ و هاووڵاتیانی کوردیش بودەڵە و بچووک ببنەوە ..وەک مناڵیان لێ بێ و هەمیشە لە هەوڵی یەکبینەدا بن بۆ دەستخستنی ئاو و کارەبا و موچە یان بۆ وەرگرتنی تازەترین و ڕاستترین هەواڵ سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی ئاو و کارەبا و موچە ..!! ئەم دۆخە تراژیدییە وا دەکات دوو مامۆستای فیزیا لە جیاتی باسی ئانیشتاین و نیوتن بکەن ، جنێو بە کاربەدەستی ئاو و کارەبا و موچە بدەن .. وا دەکا دوو ڕۆژنامەنوس لە جیاتی ئەوەی باسی داگیرکارە جیهانییه زەبەلاحەکان بکەن کە دەمیان ژەندۆتە نەوت و غاز و خاک و ئاوی نیشتمانەکەیانەوە ، باسی ئەوە ئەکەن ئاخۆ شاندی تازەی حوکمەتی هەرێم چ ڕۆژێ ئەچن بۆ بەغدا بۆ بەدواداچونی چارەنووسی موچەی مانگی یانزە و دوانزە .. دوو هونەرمەند لە جیاتی بیر لە کردنەوەی پێشانگا و دروستکردنی پەیکەری دوانزە سوارەی مەریوان و سمکۆ و قازی بکەنەوە ، بیر لەوە دەکەنەوە چۆن ژنەکانیان تەڵاق بدەن و ..چۆن وەک هاوڕێکانیان خۆیان بگەیەننە ئەوروپا .. دوو فێرخواز لە جیاتی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زانستیی بن ، هەوڵی دنیا دەدەن نمرەی 100 لە 100 بێنن بۆ ئەوەی کۆلێژی پزیشکییان دەست بکەوێ کە تەنها کۆلێژە ، دادەمەزرێن و ئەبن بە موچە خۆر ..
ئەو نمونانە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو یارییە قێزەونەیە کە پیادە دەکرێ لە ڕێی بچووککردنەوەی مرۆڤەکانەوە ..کاتێ ژووری هاووڵاتیان تاریک ئەکەیت ..کاتێ هاووڵاتیان تینوو ئەکەیت ..کاتێ هاووڵاتیان برسی ئەکەیت لە ڕێی دەستخستنە بینەقاقای کارەبا و ئاو و موچەوە ، ئیدی ئەو هاووڵاتییە تایبەتمەندیی و پسپۆڕیی خۆی لە دەست دەدات .. لە جیاتی ئەوە ئەبێتە چاودێر بە سەر ئاو و کارەبا و موچەوە .. ئیدی ئەو هاووڵاتییە هەر بەهرەیەکی هەبێ ، هەر توانا و داهێنانێکی هەبێ ، هەمووی لەناو زەلکاوی بێ ئاوی و بێ کارەبایی و بێ موچەییدا هەرەس دێنن .. ئیتر هیچ بابەت و هەواڵێک لە نیشتماندا بوونی نامێنێ ، بێجگە لە هەواڵی ئەمپێڕی کارەبا و نۆرە ئاو و کاتی دابەشکردنی موچە ..لەوێد ئیتر پیاوەتی و کەرامەت و ئینتیما و نیشتمانپەروەریی کۆتاییان دێت ..
دوو زانا.. دوو پسپۆڕ .. دوو بەهرەدار ..دوو یەکەمی کۆلێژەکان ..دوو پاڵەوانی جیهانیی کورد .. کە کۆ دەبنەوە باسی زانست و پسپۆڕیی وورد و بەهرە و داهێنان و مەدالیا ئاڵتونیەکانیان ناکەن ، بەڵکو باسی ئەوە ئەکەن کە ئایا دەسەڵاتیی کوردی دایاندەمەزرێنێ و موچەیان بۆ دەبڕێتەوە ؟ ئایا دەسەڵاتی کوردیی شوقەی مۆدێرنیان بۆ دابین دەکات بە جۆرێ ڕزگاریان بێ لە هەردوو ئەژدیهای بێ ئاوی و بێ کارەبایی ؟
لێرەدا ئیتر شتێک نامێنێتەوە بە ناوی پیرۆزیی و بەرزیی زانست و پسپۆڕیی و بەهرەداریی و داهێنان و یەکەمیی و پاڵەوانێتیی .. یان ڕاستتر هەموو ئەو بەها بەرزانەی مرۆڤایەتیی ئەبنە هاوێنەیەک یان تەلەسکۆبێک بۆ گەڕان بە دوای ئاو و کارەبا و موچەدا ..
ئەوسا شتی سەیر و سەمەرە دێتە ئاراوە ، وەکو پڕۆفیسۆرێک کە چەندین داهێنانی ووردیی هەیە ، لە چەندین زانکۆی ئەوروپیدا وانە بێژ بووە و داهێنانەکانی لە زۆربەی ڕیڤییوە زانستییە جیهانییەکاندا چاپ کراوە ، دێتە گۆ و ..بە دڵێکی پڕ و ڕوخسارێکی تێکشکاوەوە ئەڵێ : بێ موچەیی وایلێکردووم ئوتومبیلەکەم بفرۆشم ، لە کاتێکدا ئوتومبیلی جی کڵاسی گرانبەها بۆ کچە مۆدێلە بێگانەکان ئەکڕن ..!
کار ئەگاتە ئەوەی ، دەسەڵاتی کوردیی خۆیشی ئەچێتە ناو یارییەکەوە و ..ئەڵێ : کاکە گیان ! موچەی من و هەر سێ سەرۆکایەتییەکە بخەنە کۆتایی خشتەی موچە دابەشکردنەوە ..!
لێرەدا ئیتر میللەت وەک مناڵێکی حەوت ساڵانەیان لێ دێت ، دڵیان بەوە خۆش ئەبێ کە وەزارەتەکەی ئەوان ، یەکەم وەزارەتە لە خشتەی دابەشکردنی موچەدا .. لە هەمان کاتدا کەسانێکی تر بێزاریی و توڕەیی خۆیان نیشان دەدەن بەرامبەر ئەوەی کە بۆچی لە خشتەی دابەشکردنی موچەدا ، وەزارەتەکەی ئەوان یەکەم نییە و خراوەتە ناوەڕاستەوە ..
بەو جۆرە ئیتر یارییەکە ، خەون و هیوا و ئامانجی هاووڵاتیان لەوەدا کۆدەبنەوە کە چەندەم ڕۆژ لە خشتەی موچەدا ، سەرەیان دێت .. ئیتر کۆمەڵگا ڕێک وەک شێتخانەی لێ دێت بە جۆرێک ئەوەی یەک شەممە موچە وەردەگرێت بەوەی کە شەممە موچە وەردەگرێت ، دەڵێ : لێدەن بۆ خۆتان ، ڕۆژێک پێش ئێمەن !! ..
ئەمە لە کاتێکدایە کە ملیارەها دۆلاری ئەو میللەتە لە ڕێی ئاودیو کردنی نەوت و غاز و داهاتەکانی ناوخۆ و گومرکەوە وون دەکرێ و ..ئەچێتە گیرفانی چەند داگیرکەرێکی جیهانی و لۆکاڵییەوە ..
ئەم دۆخە تراژییدییە درێژە دەکێشێ و .. ئاو و کارەبا و موچە ئەڕۆنە ناو کڕۆمۆسۆمەکانەوە و ..بۆ نەوەکانی داهاتوو ئەگوێزرێنەوە .. لەگەڵیدا مرۆڤێکی خاڵی لە هەموو بەها بەرزە مرۆڤایەتییەکان ، کە تەسبیحات تەنها بە سێ وشە ئەکات : ئاو ، کارەبا ، موچە … ئەگوێزرێتەوە ..
ئەوەیش گەورەترین تاوانی دژە مرۆڤایەتییە و لە جینۆساید ترسناکترە و ..پێویستە دادگاکان دۆسییەی بۆ بکەنەوە و ..ئەو دەسەڵاتە دادگایی بکەن کە مرۆڤی کوردی بە جۆرە بودەڵە و بچووک کردۆتەوە ، ترسناکتر لەوەی لە ڕۆمانی مەسخی فرانز کافکادا ، بەسەر گریگۆری سامبسادا هات .. چونکە گریگۆری یەک کەس بوو ، بوو بە سیسرک ..بەڵام گۆڕینی شەش حەوت ملیۆن مرۆڤ بۆ مێگەلی مەڕ و کێڵگەی مریشک ، تاوانێکە نابێ دادگاکان لێی بێ دەنگ بن .




بیـرۆکە لە چـیرۆکی منـداڵان.. رەزا شـوان

بیـرۆکەی چـیرۆک، هـەنـدێک جـاریش پێی دەوترێت “تەوەر، بابەت” بە بڕبڕەپشت و بە دینەمۆی چیرۆک دادەنرێت. یەکێکە لە رەگەزە سەرەکییەکانی چیرۆک. بیرۆکە ئەو بنەمـایەیە کە هـونـەری چـیرۆکەکی لەسـەر بنیـات دەنـرێت. هـەڵـبژارن و دیـارکـردنی بیرۆکەی چیرۆک، بەبێ ئامانج و بەبێ مەبەستێکی دیارکراو نییە. بیـرۆکەی چـیرۆک بە تەواوی گـوزارشـت لـە بیـرۆکە یان لە را و بـۆچـوونی نـووسـەر دەکات. لەوانـەیە بیرۆکەی چیرۆک، تەنیا یەک بابەت بێت، یان بە دەوری چەند بابەتێکدا بسووڕێتەوە. کە چـیرۆکـنووسەکە دەیـەوێت، لە کارێکی هـونـەریی جـوان و بەچـێژ و بەپـێـزدا، لە چـوارچـێوەی چـیرۆکێکـدا بیانخـاتەڕوو. بیـرۆکەی سەرەکـیی چـیرۆک، ئـەو بیـرۆکە ناوەنـدییەیە یان ئـەو چەمکەیە، کە چـیرۆکـنووس دەیـەوێـت لـە رێـگەی گـێڕانەوە و کارەکـتەرەکان و کـات و شـوێنەکانەوە، وێـنای بکات. چـیرۆکـنووسی سەرکەوتـوو و داهـێنەر، دەزانێـت چـۆن بیـرۆکەی چـیرۆک هـەڵـدەبـژرێـت و چ پەیـام و ئامانجـێکی ئەرێـنی لە چـیرۆکەکەیـدا، بە منـداڵانی خوێنـەر دەگەیەنـێـت.
بیـرۆکەی چـیرۆکی منـداڵان، پێویـستە راسـتەوخـۆبێـت. بەڵام دەکـرێت بە شـێوەیەکی ناراستەوخـۆشبـێـت، لەسـەر زمـانی پاڵـەوان یان کارەکـتەریكەوە بخـرێـتـەڕوو. واتـا راستەوخۆ لە چـیرۆکەکەد نەخراوەتەڕوو. رەخەنەگـرانگران ناڕاستەوخۆیەکەیان پێ باشـترە. دۆزینەوە و هەڵهـێنجـانـدنی بیـرۆکەی چـیرۆک و ئەو و ئامانج و مەبەست،
یان ئـەو پەیـام و وانـە و پەنـدانـەی کە چـیرۆکەکان لەخـۆیـان گـرتـوون. بۆ هـەمـوو منـداڵـێک ئاسان نـین. بیـرکردنەوە و هـەوڵـدانی دەوێـت. بێگـومان شـێواز و ستایـلی هـەر چـیرۆکنووسێکـیش، لە هـەڵـبژاردنی بیـرۆکەی نووسین و داڕشتنی چـیرۆک بۆ منـداڵان، وەک یـەک نـین و جـیـاوازییـان هـەیە.
ناشـبێـت بنەمـا سەرەکـییەکانی تـری چـیرۆک، بکـرێـن بە قـوربـانی بیـرۆکە. دەبێـت گـونجـان و هـاوسەنگـیـیەک لە نێـوانیـانـدا هـەبـێـت.
هەندێک لە مەرجە پێویستییەکانی، بیـرۆکەی بابەتی چیرۆکی منداڵان:
١ـ پێویستە چیرۆکی منداڵان، راست و روون و لۆژیکی بێت. تا منداڵان لێی تێبگەن.
٢ـ پێویـستە بیـرۆکەی بابـەتی چـیرۆکی منـداڵان، بەنـرخ و بەسـوودبێـت و پەیامێکی پەروەردەیی لەخۆگرتـووبێـت. تا شایەنی ئەوە بێت کە پێـشکەش بە منـداڵان بکـرێت.
٣ـ نابێت بیرۆکەی چـیرۆکی منـداڵان، بە فۆرمێک بخریتەڕوو، کە منداڵان بێزار بکات. ناشبێت درێژدادڕی و زیادەڕۆیی تێدا بکرێت. بە کورتی و بە پوختی پێشکەش بکرێت.
٤ـ پێویستە بیرۆکەی بابەتی چیرۆکی منـداڵان، دووربێت لە: توندوتیژی، شەڕانگـێزی، لە ترس و تۆقـین، لە کوشتن، لە زەبر و ئەشکەنجەدان، لە مـووبەکردن، لە جـنیۆدان، لە لەخۆبایی، لە نێـرگزی، لە سووکایەتیکـردن، لە بێ هـیوای و رەشبینی. لە رووخان، لە دزی، لە درۆ، لە ناپـاکی، لە ئیرەیی،…هـتد. بەرانبەر بەم کار و رەفـتارە نەرێنییانە، پێـویـستە بیـرۆکەی جـوان و بەهـای بـەرز و رەفـتاری دروسـت و ئـەرێـنی لـە هـۆشی منـداڵانـدا بچـێـنن، وەک: خـۆشـەویــستی، ئاشـتی، هـاوڕێـتی، مـرۆڤـایـەتی، دڵـسـۆزی، مـیهـرەبـانی، نـیـشـتـمـان پـەروەری، هـاوکـاری، هـیـوداری، گـەشـبـیـنی، راسـتگـۆیـی، دادپەروەری، ژینگەپارێزی، یارمەتی، خـێرخوازی، لێـبووردن، کامەرانی، بەختەوەری، ئـازادی، ئازایەتی، بـڕوا و متـمانە بەخـۆبوون، بەزەیی بە ئاژەڵ، دادپەروەری،…هـتد.
٥ـ چـیرۆکنووسی چیرۆکی منـداڵان، ئەوە دەزانێـت کە بۆ منـداڵان دەنووسێـت نەک بۆ گـەورەساڵان. پـەیـام و ئامـانج و مەبـەستی چـیرۆکەکـانی ئـاراسـتەی منـداڵان دەکـات. پێـویستە لە خستنەڕووی بیرۆکەکانی چیرۆکەکانی، تایبەتمەندییەکانی جیهـانی منـداڵان لەبەرچاوبگرێت. رەچـاوی قـۆناغـە جیاوازەکانی گەشەکردنی منـداڵـی بکات، لە رووی هـۆش و هـزر و ئەندێشە و تێگەیـشتن و وەرگرتن و فەرهـەنگی وشەکانی زمـانیان و دەروونی و سـۆزداری و پـەروەردەیی و کۆمـەڵایـەتییەوە. مامـەڵە لەگـەڵ پـرسـەکانی جیهـانەکەیـانـدا بکات. بۆ نمـوونە: بیـرۆکەی بابەتەکانی ئەو چـیرۆکانەی بۆ منـداڵانی بـچـووک گـونجـاون، رەنـگە بـۆ منـداڵانی گـەورەتـر گـونجـاونـەبـن. نـابـێـت ئـەوەش لەیادبکەن، کە وێـژەی منداڵان ـ زیاتر لەوانی تر ـ بە ئامانج و مەبەستەوە بەستراوە.
٦ـ چیرۆکی باش، ئەو چیرۆکەیە، کە بیرۆکەی باشی هەبێـت. ئەم بیرۆکە باشەش، بە شـێوازێـکی ئاسان و بە زمـانـێکی شـیریـن بە منـداڵان بگەیـەنـرێـت. چونـکە لە کاتی خوێندنەوەیاندا یان گوێگرتندا، کاریگەری و کاردانەوەیان لەسەر ژیانی منداڵان دەبێت.
بیرۆکە بە تەنها لە چیرۆکـدا بەس نییە، بەو پێیەی دەبێت پرۆسەی داهـێنەرانە هەبن. کە منداڵان بگۆازنەوە بۆ کەشوهـەوایەکی چیرۆکەکە و ورووژانـدنیان. چیرۆکنووسی لـێهـاتـوو و داهـێـنەر، ئـەو نـووسەرەیە، کـە ئـەو بیـرۆکەیە دەخـاتەڕوو، کە لەگـەڵ منـداڵانـدا بگـونجـێـت. بۆیـان نامـۆ نەبێـت.
٧ـ پێویـستە هـاوسەنـگی و گـونجـان لە نێـوان بیـرۆکە و رەگـەزە بنەمـاییـەکای تری بنیاتنانی چـیرۆکی منـداڵان هـەبـێـت.
٨ـ ناونیشانی گونجـاوی چـیرۆک زۆر گـرنگە. رۆڵـێکی گرنـگی لە سەرنجـڕاکـێشانی خوێنەران هەیە. پێویستە ناونیشانی چیرۆک گوزارشت لە بیرۆکەی چیرۆکەکە بکات.
٩ـ کۆتـایی چـیرۆکی منـداڵان زۆر گـرنگە، کە بە خۆشی و سەرکەوتـن و گەشـبینی و گەیشت بە هـیوا و بە ئامـانج و بە گەیانـدنی پەیـامی چـیرۆکەکە کۆتـایی بـێـت. نابێـت بـە روخـان و بێ هـیوایی و بـە کارەساتی تـراژیـدی کـۆتـایی بێـت. کـە لـە ئەمـڕۆ لـە داهاتووشدا، کاردانەوە و رەنگدانەوەیەکی نەرێنیان، لەسەر دەروونی منـداڵان دەبێت.
دوبـەی: ٢٠٢٤




ئایا کورد لە سووریای نوێدا دەمێننەوە؟.. نووسینی مات برومفیڵد.. و: گۆران عەبدوڵڵا

ڕووخانی بەشار ئەسەد لەگەڵ خۆشحاڵییەکی بەرفراوان لە سووریا بەرەوڕوو بووەوە. بەڵام دۆخەکە بۆ دانیشتوانی کورد پڕە لە ناڕۆشنی، لەگەڵ فراوانبوونی بەرچاوی میلیشیاکانی سەربە تورکیا لە وڵاتەکەدا.

کارەساتبارترین قەیرانی مرۆیی و سەربازیی سەدەی بیست و یەکەم گەشتە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی. لەم کۆتایی هەفتەیەدا، سووریەکان دوای ئەوەی بەشار ئەسەد سەرەنجام لە گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراودا کە لەلایەن لقی قاعیدە هەیئەت تەحریر ئەلشام (HTS)ەوە ڕابەرایەتی دەکرا، ڕووخێنرا، خۆشحاڵ بوون. کورد لە ناوچەکانی خۆیان بەشداری خۆشییەکانیان کرد و پەیکەرەکانی دیکتاتۆرە ڕقلێبووەکەیان تێکشکاند.

بەڵام وەک هەموو سووریەکان، کورد لە ماوەی سیازدە ساڵی ڕابردووی توندوتیژی بەکۆمەڵ ئاوارەبوون، لەشەڕی نوێنەرایەتی و پاکتاوی نەژادیدا ئەوەندە ئازاریان چەشتووە کە دەزانن ڕێگای ئاشتی درێژ و دژوارە.

کاتێک تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨دا لە ئۆپەراسیۆنێکی سنووربەزێندا دووسەد هەزار هاوڵاتی کوردی سووریای ئاوارە کرد، زۆربەی خەڵکی ناوچەکە تا ئەوپەڕی توانا لە نزیک ماڵە بۆردومانکراوەکانیان مانەوە کە ئێستا لەلایەن کۆمەڵێک میلیشیای عەرەبی سوننە و تورکمانەوە داگیرکراون. دەیان هەزار کەس بە هیوای گەڕانەوە لە کەمپە پەرتەوازەکانی ناوچەی شەهبا (تەل ڕیفعەت)ی دراوسێ مانەوە و بەرگەی تۆپبارانی تورکیایان گرت. بەڵام کاتێک HTS هێرشی دە ڕۆژەی دەستپێکرد کە بە ڕووخانی ئەسەد کۆتایی هات. تورکیا و میلیشیاکانی کەڵکیان لەمە وەرگرت و تەنانەت ئەم کەمپە ڕەشەباگرتووانەی پەنابەرانیشیان داگیرکرد و دانیشتوانەکەیان دووبارە ئاوارە کردەوە. حسێن مەمۆ، نوێنەری فەرمی کوردی سووریا لە لەندەن بە جاکۆبین دەڵێت: “فراکسیۆنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا هەوڵ دەدەن هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچە کوردییەکان ڕەوا بکەن و هێرشەکانیان وەک هێرش بۆ سەر هێزەکانی ڕژێم پیشان دەدەن.”

موحەممەد شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمییە لەناوچەکانی خۆسەری دیموکراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (DAANES)، هەزاران کورد، عەرەب و کەمینە ناوچەییەکانی لە کەمپەکانەوە بۆ ناوچە دوورەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی بردە شوێنە ئارامەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، بەڵام زۆری تریش بەجێمان. ئەو بە تەلەفۆن لە سووریاوە بە جاکۆبین دەڵێت: “سەدان کەس لە خەڵکی ئێمە گیریان خوارد و نەیانتوانی بڕۆن. هەندێکیان کوژران، هەندێکیان ئەشکەنجە دران، هەندێکیان دەستگیر کران و چارەنووسیان ناڕوونە.” ڤیدیۆکان پیشانی دەدەن کە شەڕکەرە بەکرێگیراوەکانی تورکیا سووکایەتی بە دیلە کوردەکان لە ژن و پیاو، دەکەن.

پڕۆژەی DAANES پەناگەیەکی ئارامی بۆ ملیۆنان سووری دابین کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە نموونەیەک پێشکەش دەکات بۆ چارەسەری داهاتووی سووریا لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، سەربەخۆیی ژنان و نوێنەرایەتی کەمینەکان. ڕێبازی پراگماتیکی HTS تەنانەت دەکرێت دەرگا بۆ هەماهەنگی داهاتوو لە نێوان بزووتنەوەی کوردی و لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆن بکاتەوە، لەگەڵ باڵی سەربازی DAANES کە بەشێک لە خاکی سوریای لە ژێر دەسەڵاتی ئەسەد دەرهێنا، بەڵام لەگەڵ هەوڵی تورکیا بۆ کەڵکوەرگرتن لە قەیرانەکە بۆ داگیرکردنی زیاتری خاکی سووریا و ئاوارەکردنی ملیۆنان کورد لە سنوورەکەی وایکردووە پڕۆژەی کوردی و سووریا بەگشتی بەرەو داهاتوویەکی نادیار بڕوات.

دوژمنی دوژمنەکان
ئەگەر پەندی “دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە” ڕاست بووایە، کوردەکانی سووریا خۆشەویستترین گەل دەبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام نەیانهێشت خۆشحاڵی بە چوونی ئەسەد بۆ مۆسکۆ درێژەی هەبێت، شەپۆلی نوێی توندوتیژی دژی کورد و هاوپەیمانە عەرەبەکانیان دەستی پێکردەوە.
شرۆڤەکار سینان جیددی، مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی جۆرجتاون، بە جاکۆبین دەڵێت: “شکستی چاوەڕوانکراوی ئەسەد لەوانەیە ببێتە هۆی دۆخێک کە تێیدا سووریا یان لەلایەن ڕێکخراوێکی سەلەفی-جیهادییەوە بەڕێوە ببرێت… یان دەبێتە شوێنێکی بێ حوکم لەگەڵ بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵات.”

هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی کورد یان هەر کەسێکی تر خەم بۆ ئەسەد بخوات، کە بەرپرسیارە لە زۆربەی کوشتنی هاوڵاتیان لە سووریا و بەردەوام هەوڵی لاوازکردنی DAANES-ی داوە، کە ئێستا زیاتر لە سێیەکی خاکی سووریا بەڕێوە دەبات. “DAANES پەیوەندییەکی پراگماتیکی بەڵام لاوازی لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد هەبوو کە بە هەماهەنگیەکی سنووردار دژی هەڕەشە هاوبەشەکان پێناسە دەکرا،”.
شرۆڤەکار یوسف جان، لە سەنتەری ویڵسۆن، بە جاکۆبینی وت. “بەهەرحاڵ ڕژێمی ئەسەد دژی خواستەکانی [DAANES] بوو بۆ خۆسەری زیاتر.”

کەواتە لە تیۆردا، شکستی ئەسەد دەبێت هەواڵێکی باش بێت بۆ DAANES . بەڵام HTS کە ملیۆنان سووری لە شاری ئیدلیبی باکووری ڕۆژئاوا بەڕێوە بردووە، حوکمێکی ئیسلامی توندڕەوی خۆی دەسەپێنێت. چاودێری مافەکانی مرۆڤ بەڵگەی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی بەردەوامی هەزاران لە ڕۆژنامەنووس، کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی تۆمار کردووە کە هەوڵیان داوە پێشێلکارییەکانی HTS بەڵگەمەند بکەن یان ناڕەزایی دژی دەسەڵاتیان دەرببڕن. هەرچەندە ڕێکخراوەکە لەم ساڵانەی دواییدا ڕێبازەکەی نەرمتر کردۆتەوە وەک بەشێک لە هەوڵێک بۆ ڕەوایەتیدان بەخۆی، بەڵام ڕاپۆرتەکان نیشانیانداوە HTS هەڵمەتی ئەخلاقی ئەنجام داوە، کچانی گەنجی دەستگیر کردووە بە هۆی پابەند نەبوون بە پۆشاکی ئیسلامی؛ کوڕانی گەنجی دەستگیر کردووە بە هۆی ڕیش تاشین یان گوێگرتن لە مۆسیقا. سزای لەسێدارەدانی ئەنجامداوە بۆ جادووگەران و بێباوەڕان.

HTS بە دابینکردنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی کاریگەر ناسراوە، لەوەی کە پێی دەوترێت “ئیسلامیزمی تەکنۆکرات،” و شەڕکەرەکانی بە ڕاستی دیسیپلین کراون لە هەوڵەکانیان بۆ دەوڵەتێکی ئیسلامی نوێ لە سووریا. ئەم ڕێبازە یارمەتی HTS-ی دا سەرکەوتنی سەرەتایی بەدەست بهێنێت بە داگیرکردنی دووەم گەورەترین شاری سووریا، حەڵەب، جگە لە نزیکەی سەد هەزار کورد کە ئێستا لە دوو گەڕەکی ناوشار گەمارۆ دراون و ئێستا لەلایەن شەڕکەرانی HTS-ەوە دەوریان دراوە. خەڵکی ناوچەکە ڕاپۆرتیان داوە سەبارەت بەکەمی خۆراک و بڕینی کارەبا.

“ئێمە نازانین دۆخەکە چۆن دەبێت، چونکە ئەم هێزانە هەموویان ئیسلام بە توندوتیژی دەسەپێنن،”. حەمودە چالاکوانێکی میدیاییە لە شێخ مەقسوودی گەمارۆدراو لەلایەن HTS وە دەڵێت: ئێرە هەر لە سەرەتای ململانێکانی سووریاوە هەمیشە خۆسەری خۆی لەلایەن کوردەوە پاراستووە، سەرەڕای گەمارۆدان لەلایەن ئەسەد و هێرشی گوماناوی چەکی کیمیایی لەلایەن گرووپە ئیسلامییە ئۆپۆزسیۆنەکان و تۆپبارانی هەڕەمەکی کە دەگاتە ئاستی تاوانی جەنگ.
هەروەها دەڵێت: “لە حەڵەب، کورد، مەسیحی، ئێزیدی و زۆر گرووپی ئیتنیکی و ئایینی هەن، ئەم گرووپانە ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبنەوە. HTS ئەم کەمینانە قبووڵ ناکات و ژنان ناچار دەکات سەریان داپۆشن.” ڕاپۆرت کراوە کە شەڕکەرانی HTS لانیکەم دوو کەسیان لە ئێزیدێکان کوشتووە، کە لەسەر دەستی داعش ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەوە، کاتێک هەوڵیان داوە لە حەڵەب هەڵبێن. مەسیحییەکی ئەرمەنی، کە بە نەناسراوی قسەی کرد لە ترسی تۆڵەسەندنەوە، باسی دیمەنی سزادان دەکات و دەڵێت: “هەر کە [HTS] هاتنە ناو حەڵەب، درەختێکی کریسمسیان بڕییەوە [وەک هێمای کۆمەڵگەی مەسیحی]. دڵنیامان دەکەنەوە کە زیانمان پێناگەیەنن، بەڵام ئێمە سەرگەردانیین و نازانین چی بکەین.”

ئەجێندای دژە کورد

ژنان، کەمینەکان و هەموو ئەوانەی بەدوای داهاتوویەکی سیکۆلار و دیموکراتیدا دەگەڕێن، ڕووبەڕووی داهاتوویەکی زۆر نیگەرانکەر دەبنەوە لەژێر حوکمڕانی HTS. بەڵام هێزە ئیسلامییەکان سەرەڕای ئەم دۆخەیان شکستێکی سەرنجڕاکێشیان بەسەر ئەسەددا بەدەست هێناوە، لەکاتێکدا بەگشتی خۆیان دوور گرتووە لە تاڵانکردنی هاوڵاتیان و ململانێی پێویستیان نەکردووە لەگەڵ کورد. لە بەرامبەردا زۆربەی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی تورکیا کە بەناو بەشداری هێرشەکەیان کرد هەرگیز گوللەیەکیان بە تووڕەییەوە بەرەو هێزەکانی ئەسەد نەتەقاندووە. لە جیاتی ئەوە، جارێکی تر تەرکیزیان خستۆتە سەر توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە دژی هاوڵاتیانی کورد و پڕکردنی گیرفانی خۆیان، کە تەنانەت بووەتە هۆی دەستگیرکردنی چەندین فەرماندەیان لەلایەن HTS-ەوە.

ئەو میلیشیایانەی تورکیا لەژێر ئاڵای سوپای نیشتمانی سووریا (SNA) یەکی خستوون، لەمێژە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و لێبوردنی نێودەوڵەتییەوە تۆمەتبار کراون بە تاوانی جەنگ، لەوانە لاقەکردنی ژنان، کوشتنی بەکۆمەڵی هاوڵاتیانی کورد، ئەشکەنجەدان، لە کارەبادان، لەسێدارەدان و پیشاندانی هاوڵاتیان لە قەفەزدا لە شەقامەکان وەک قەڵغانی مرۆیی. لە کەمپەینە سەربازییە پێشووەکانی تورکیادا، ئەم میلیشیایانە سەدان کەسیان کوشت و سەدان هەزار هاوڵاتیان ئاوارە کرد.
ئەوانەی مانەوە ڕووبەڕووی حوکمی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی تورکیا بوونەتەوە کە هاوڵاتیان دەڕفێنن، ئەشکەنجە دەدەن و لەسێدارەیان دەدەن، لەگەڵ سیاسەتێکی بەردەوامی گۆڕانکاری دیمۆگرافی زۆرەملێ لەو ناوچانەی پێشتر کە کورد، ئێزیدی و کەمینە مەسیحییەکانی تێیدا نیشتەجێ بوون. لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەدا، ئەم میلیشیایانە تەرکیزیان خستۆتە سەر بەدوواکەوتنی هاوڵاتیانی کورد کە بەهۆی پێشهاتە خێراکانەوە گیریان خواردووە، لەگەڵ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی DAANES-ی کورد. هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا منداڵانی کوردی کوشتووە و بینا مەدەنییەکانی ڕۆژئاڤای کردۆتە ئامانج بەهیچ شێوەیەک سوپا داڕووخاوەکەی ئەسەدیان نەکردۆتە ئامانج.

لەم نێوەندەدا ڕادەی دروستی هاوکاری HTS لەگەڵ تورکیا جێگەی هەندێک گفتوگۆیە. بە فەرمی تورکیا HTS وەک “گرووپێکی تیرۆریستی” لەقەڵەم دەدات و نکۆڵی لە هەر زانیارییەکی پێشوەخت سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییانەی دەکات بە پێچەوانەی میلیشیاکانی تر، HTS ئەوەندە بەهێزە کە بتوانێت بە تەنیا لە ناو سووریا کار بکات. بێگومان، ئەنقەرە سەرسام بووە بە خێرایی ڕووخانی ئەسەد. هەرچەندە، سەرکردایەتی تورکیا و HTS لەمێژە لە ڕێگەی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە هەماهەنگیان کردووە؛ میلیشیاکانی SNA کە بەشداری ئۆپەراسیۆنی ئەمدواییەیان کردووە لەلایەن تورکیاوە پارە، ڕاهێنان و ئاراستەیان پێدەکرێت؛ و ئاڵاکانی تورکیا لە قەڵای حەڵەب هەڵکرابوون دوای داگیرکردنی، لەکاتێکدا سیاسەتمەدارە نەتەوەپەرستە توندڕەوەکانی تورک باسی پێگەی پێشووی وەک گەوهەرێک لە تاجی عوسمانیدا دەکەن. شرۆڤەکار جان دەڵێت: یەک شت دڵنیام تورکیا هەر دەستکەوتێکی ڕاستەقینەی هەبێت بەکاری دەهێنێت دژی کورد، هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە.

ئامانجی سەرەکی تورکیا لە سووریا زۆر سادەیە: لەناوبردنی حوکمڕانی فرەنەتەوەیی بە ڕابەرایەتی کورد لە سنوورەکەی، و پاڵنانی دانیشتوانی کورد بۆ بیابانی سووریا لە ڕێگەی دامەزراندنی “ناوچەی ئارام”ی بیست میل قووڵ. هەروەها نیشتەجێکردنی پەنابەرانی سووری لە شوێنە پێشووەکانی کورد، وەک ڕێگایەک بۆ ڕازیکردنی هەستی دژە پەنابەری ناوخۆیی و چەسپاندنی گۆڕانکاری نەژادی لە سنوورەکەی.

تورکیا لە چەند خاڵێکی سنوورەکەدا ئەم ئامانجەی بەدەست هێناوە. سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی بۆ لەناوبردنی DAANES بەڵام مەرامەکانی نەدەهاتنە دی بەهۆی سەرسەختی حکومەتی ئەسەد لە دانوستانەکان سەبارەت بە ناوچەی سنووری و بەهۆی بوونی هێزەکانی ڕووسیا و ئەمریکا لە خاکی DAANES. لەکاتێکدا ڕێگەی بە تورکیا داوە هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدات، بۆ لەناوبردنی ئاوی ناوچەکە…”
کارەبا و ژێرخانی مرۆیی، هەردوو ئەم هێزانە لە کۆتاییدا پێیان باشتر بوو پێگەیەک لە باکوور لەگەڵ هێزە کوردە متمانەپێکراوەکان بپارێزن لەوەی شایەتی توندوتیژی زیاتری ئاژاوەگێڕی و گۆڕانکاری هێز بن بە قازانجی ئەنقەرە.

ململانێی فرەجەمسەر

تورکیا بەدوای چرای سەوزی ئۆپەراسیۆنێکی کۆتاییدا دەگەڕا لە مۆسکۆ یان واشنتن بە چاوەڕواننەکراوییەکی سەرسوڕهێنەرانە HTS بۆی هێنایەدی. کاتێک HTS بەرەو دیمەشق هەڵکشا، ڕووسیای لاواز و سەرقاڵ دەستی لە هاوپەیمانە پێشووەکەی ئەسەد هەڵگرت. ئێران، کە لەمێژە لەگەڵ ئەسەد هاوبەشبووە لە دڕندایەتی کردن بە سووریەکان و بەکارهێنانی وڵاتەکە وەک مەیدانێک بۆ حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی خۆی، نەیتوانی یان نەیویست دەستێوەردان بکات دوای ساڵێک لە گورزە کوشندەکانی ئیسرائیل بۆ سەری.

بەڕاستی، ئیسرائیل لە ئاژاوەکە سوودی وەرگرتووە بۆ فراوانکردنی داگیرکاری درێژخایەنی خۆی و قووڵتر چوونە ناو خاکی سووریاوە لە باشوور. هەروەها کەرەستەی پێشووی سوپای سووریای بە هێرشی ئاسمانی لەناوبردووە پێش ئەوەی بکەوێتە دەستی HTS، کە ڕێکخراوە سەلەفییەکە وەک هەڕەشەیەکی چارەنووسساز دەبینێت. لەم نێوەندەدا، وەڵامی ئەمریکا بۆ هەردوو دەستکەوتەکانی HTS و هەڕەشەکانی تورکیا دژی کورد سەرەتا لاواز بوو. باڵی سەربازی DAANES لە ئێستادا هەوڵی داوە ئەو خاکانەی پێشتر کۆنتڕۆڵکراون لەلایەن ئەسەد و میلیشیا ئێرانییەکان داگیریان بکاتەوە، لەژێر پاساوی هاوپەیمانێتی دژە-داعش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان کار دەکات لەکاتێکدا سەرەتاکانی پێگە لە ئەوبەری فورات دادەمەزرێنێت لە بەرامبەر هێرشی چاوەڕوانکراوی زیاتری تورکیا.

سەرکردایەتی ئەمریکا وتی درێژە بە ئەرکی دژە-داعش لە ڕۆژهەڵاتی وڵات دەدات. هێشتا، ناڕوونە تا چەند ئەمە دەتوانێت DAANES لە توندوتیژی تورکیا بپارێزێت، یان چۆن ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ HTS یان هاوپەیمانێتی بەرفراوانتری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سەرتاسەری باشووری سووریا مامەڵە دەکات – تەنانەت پێش ئەوەی کارتی چاوەڕواننەکراوی هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لەبەرچاو بگرین.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە ئاڵۆزانە، هەڵەیە توندوتیژی تورکیا وەک ئەندامێکی سەرەکی ناتۆ دژی کوردە هاوپەیمانە ناوزەدکراوەکانی ئەمریکا، یان هەڵکشانی HTS دژی ئەسەد، وەک ململانێیەکی سادەی نوێنەرایەتی ڕۆژئاوا-ڕۆژهەڵات ببینرێت. بەڵام یەک شت ڕوونە: ئێستا تورکیایە کە لە پێشەوەیە، هەوڵ دەدات دۆخێکی نوێ لە سەرتاسەری باکووری سووریا دابمەزرێنێت کە هەردوو هاوپەیمانانی ئەسەد و ئێران و کەمبونەوەی هێزە ڕۆژئاوایەکان لە ناوچەکە دەربخات. تورکیا (دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ) وەک یاریکەری سەرەکی لەسەر ئەرزی واقع خۆی دەنوێنێت.
دوای دەرکردنی بەردەوام و چاوەڕوانکراوی هاوڵاتیانی کورد لە هەرێمە دابڕاوەکانیان لە باکووری ڕۆژئاوا – پاکتاوی نەژادی کە بەبێ وشەیەکی ناڕەزایی لە هاوپەیمانە ناوزەدکراوەکانی کورد ڕوودەدات – چاوی تورکیا ڕووی لە ڕۆژهەڵاتە. نزیکەی سەد هەزار کەسی ئاوارەی ناوخۆیی (IDPs) پێشتر گەیشتوونەتە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی DAANES، لە دۆخێکی مرۆیی خراپدا، لەگەڵ چەندین کەسی بەتەمەن و ساوا کە بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا هەزاران کەس بەهۆی نەبوونی شوێنی حەوانەوە لە دەرەوە دەخەون. “جێگا نییە بۆ خەڵکەکە لێرە،” شێخۆ یەکێک لە بەرپرسە کوردەکان کە بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ دەکات، دەڵێت: لەکاتێکدا سەیری هاتنی پەنابەران دەکات بۆ ناوەندێکی وەرگرتنی کاتی لە یاریگای وەرزشی شارەکە. “هەندێک لە بەتەمەنەکان بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستدەدەن. هەموو نەخۆشخانەکانی DAANES تەرخانکراون بۆ خەڵکەکە و چارەسەری بەخۆڕایی پێشکەش دەکەن، بەڵام هێشتا پێویستییەکی بەپەلەی پزیشکیمان هەیە.”

لە راستییدا ئەم ناوچانە، بەتایبەتی شاری فرەنەتەوەیی، زۆرینە عەرەبی مەنبیج، لە سنووری ئاگربارانی تورکیادایە. لەگەڵ دەرچوونی ئێران و ڕووسیا لە یارییەکە و هەنگاوی هەڵەی ڕۆژئاوایەکان، تورکیا یاریکەری باڵادەست دەبێت لە سووریایەکی نوێی ئیسلامیدا. سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، کە لەمێژە سوودی لە پێگەی ناوەندگیری وەرگرتووە وەک دوژمنی دوژمن لە نێوان مۆسکۆ و واشنتن، لە کۆتاییدا وا دیارە هەموو کارتەکانی بەدەستەوەیە.

داهاتووی سووریا

“هیوا و ترس دەتوانن پێکەوە بن کاتێک بیر لە داهاتووی سووریا دەکەینەوە،” شرۆڤەکار جان دەڵێت. “زۆر باشە کە دەبینین خەڵکی چەوساوە ئازادی بەدەست دەهێنن، بەڵام هۆکاری زۆر هەن بۆ وریابوون، چ مەترسی توندڕەوە ئیسلامییەکان بێت یان گرووپە توندڕەوەکانی تر، یان هێزە بیانییەکان بە ئەجێندای خۆیانەوە.” لە تیۆریدا، بزووتنەوەی کورد دەبێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە هەر چارەسەرێکی پۆزتیڤی داهاتووی سووریادا. DAANES لەمێژە ئامادەیی پراگماتیکی خۆی نیشان داوە بۆ کارکردن لەگەڵ کارگێڕییەکی چاکسازیکراوی دیمەشق، ئەگەر پابەندبوونی ڕاستەقینە بە لامەرکەزی و مافەکانی ژنان و کەمینەکان پیشان بدات. حسێن مەمۆ، بەرپرسی کوردی سووریا لە لەندەن، بە جاکۆبین دەڵێت دەیەوێت ببینێت “هەموو سووریەکان لە پرۆسەی بڕیارداندا بەشدارن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتی، فرەیی و سیکۆلار کە بێلایەن بمێنێتەوە سەبارەت بە ئایین، تایەفە، نەتەوە و بیروڕای سیاسی.”

بەشێوەیەکی چاوەڕوانەکراو، نیشانەی بەراییی هێورکردنەوە لە نێوان HTS و DAANES هەیە، هەردوولاشیان پێیان باشترە دوور بکەونەوە لە ململانێ بۆ جەختکردنە سەر شەڕی پاشماوەکانی ئەسەد و رێگریکردن لە تورکیا بە شێوەی جیاواز. HTS دڵنیاکردنەوەی داوە بە کوردەکانی حەلەب و ڕێککەوتنی کشانەوەی بۆ هاوڵاتیانی کورد ئاسان کردووە. نوێنەرانی DAANES ئێستا لەگەڵ HTS گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە داهاتووی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەڵەب، کەپەناگەیەکی درێژخایەنە بۆ دانیشتوانەکەی کە پێشتر بەهۆی IDP-کانی هەڵاتوو لە توندوتیژی دواییەوە زیادی کردووە، نیشانەیەکی ئەگەریە بۆ پەیوەندییەکانی داهاتوویان.

باڵی سەربازی DAANES دەستکەوتی وەدەستهێنا لەو خاکانەی کەپێشتر کۆنتڕۆڵکرابون لەلایەن حکومەتەوە، ئەگەری دوور وانیشان دەدات سووریای دوای-ئەسەد دابەش کرابێت لە نێوان HTS-ی ئیسلامی-زۆرداردا و DAANES-ی فرەیی، دیموکراتی – چاوەڕوانییەک کە تەنها هەفتەیەک لەمەوبەر تەواو نەگونجاو دەهاتە بەرچاو. بەڵام نوێنەران بە قووڵی وریایانەوە دەڕوانێتە دۆخەکە سەبارەت بە وەرچەرخانەکان و گریمانەکانی سەرکردایەتی HTS بەرەو پلۆرالیزم، لەکاتێکدا هێزە ئیسلامییەکە لەوانەیە بڕیار بدات لەگەڵ تورکیا بوەستێت بۆ بەدەستهێنانی ڕەوایەتی نێودەوڵەتی. هەرچۆنێک بێت قەیرانە سەرسوڕهێنەرەکە دەردەکەوێت، توندوتیژی پشتگیریکراوی تورکیا دژی کورد، ژنان و کەمینەکان بەردەوام دەبێت لە مەترسی خستنە سەر هیواکانی خەڵکە ئاساییەکانی سوریا بۆ داهاتوویەکی بەڕاستی دیموکراتی.

سەرچاوە:

https://jacobin.com/2024/12/kurds-syria-assad-hts-dannes

فەرهەنگۆک:
HTS:
هەیئەت تەحریر شام
DAANES:
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا
SNA:
سوپای نیشتمانی سوریا
IDP:
ئاوارەکانی ناوخۆ




حەوشەی بۆن و شیعر و جوانی.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

حەشەکەمان پڕ لە بۆنی خۆشەویستی و ڕەشەڕێحانەی جوانی بوو
شیعر دەهات هەموو ڕۆژێ بەسەتڵێ ئاوی باوەڕ و مرۆڤدۆستی
ئاوڕشێنی بەر هەیوان و ڕاڕەوەکەی بۆ دەکردین
خەیاڵ سۆندەی لە بۆڕی جوانی دەبەست و
سەری باڵندە شەرمن و بێکەسەکانی دەشووشت و
دەیخستنە بەردەم هەتاو و خۆری ژیان
چیرۆک دەهات لەناو حەوشەی ماڵی ئێمە دەبووە ڕاستی
خوشکەکانم دڵدارییان لەگەڵ خەم و بێکەسی خۆیان دەکرد و
یەک یەک دەبوون بە ئەفسانە و
دەچوون لەناو قژی مێژوو دەبوون بە چیرۆکی ئومێد
حەوشەکەمان تەنها دەرگایەکی هەبوو، دەیڕوانییە سەر کێڵگەیەک لە جوامێری و
دەشتاییەک لە ئاوازە بەسۆز و ئاوارەکانی ئەم مەملەکەتە بێڕەنگە
دەرگای حەوشەکەمان ئێستا لەسەر پشتە و
کراوەیە بەڕووی ڕۆمانی تەریوو و شیعری ونبوو
کراوەیە بەڕووی کچانی نێو سەفەر و کۆچەکان
ئاگادارن.. یەک یەک هەموو بینیتان چۆن
ڕووبارەکان هاژەیان کرد و ڕۆیشتن
بێ ئەوەی گوێ لە ئاخ و ناڵەی خەمخۆریی و بێدەربەستی ئینسان بگرن
شەقامەکان پڕ ڕێبوارن و هەر کەس حیکایەتێک دەیبەستێتەوە بە بوون و
هیچ کەس ئاگای لە دڵی پڕ برینی ڕەشپۆشەکانی حەوشەی پڕ نهێنی نییە
وەرزەکان هاتن و چوون و باڵندەکان سەفەریان کرد و هاتنەوە
تەنها فرمێسکی چاوانی دایکم نەبێ ئەمێستاکەش
قەتیس قەتیس لەگۆشەی چاو دەڕوانێتە دەرگای حەوشە
هەتا ئومێد، هیوا، ئاوات بێنەوە ماڵ.
دایکم ڕۆیی و مێژوو لەگەڵ خۆی هەڵیگرت
باوکم سەفەر کردی بە ڕێبواری ڕێگای دۆزینەوەی بەختەوەری
خوشکەکانم یەک یەک لەگەڵ گوڵ و مانگ و ئەستێرەکان بوونە هاوڕێ
براکەشم دەڵێن هەتاو دڵڕەقانە بۆ خۆی بردی
تەنها من لەم حەوشە گەورەیەی خەیاڵ و بیرەوەری ماومەتەوە
بەدەم سروودی جەنگەکان دەستی شیعر و بۆنی گوڵم بەدەستمەوە و
دەبمە هەوری سەر ئاسمانی قەسیدەیەک لە بێکەسی و بێ سەفەری
دەبمە خولیا و دەڕۆم ترۆپکی شاخەکان دەکەم بە ژوانی خەیاڵ
دەبمە فڕین .. ئاسمانی حەوشە پڕ دەکەم لە شەقەی باڵ
دەبمە جوانی لەناو دڵ و نیگای ژیان
بۆ هەمیشە دەبمە خۆرەتاوی یەکسانی و ئازادی ئینسانەکان.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣




گۆمی دوكەڵ.. شیعری\عەبدولسەلام ئیسماعیل سادق

خەمە ڕوتە داپۆشراوەكانم
ببەم بۆ كام كێوی تەخت
كام دەشتی كێوئاسا
بەر كام شەپۆڵیاندا بدەم
بە كام ئاسماندا بیاننێرم

وشەكانم یەك یەك
بە تەنافی ئاسمانەوە هەڵواسیوە
بەڵكە ببینرێن
و
بخوێنرێنەوە
بەڵام چیدی
ئاسمانیش بەرگەی هەڵگرتنی وشەكانمی نەماوە
لە قورساییی وشەكانم پشتی چەماوەتەوە

هاوینێكی سارد هات
و
وشەكانمی سڕ سڕ كرد
وشك وشك بوون وشەكانم
بەڵام نەمردن

ئاسمان خۆری لە ئامێز گرتووە
بەڵام
من جەستەم ساردە
و
وشەكانم لە ناوەوە ئارەق دەكەن
دوكەڵێكی ڕەش ڕەش
لە ژێر دەرگەی هەر یەك لە وشەكانم دێتە دەرەوە
و
جۆگەڵە دەگرێت
لە ڕێڕەوی ئاسمانەوە
گۆمێكی مەنگ دروست دەبێت
گۆمی دوكەڵ

بۆ دواجار ئاسمانیش گریا
لەگەڵ هەر پێلكێك
تنۆك تنۆك دوكەڵ لە چاوانی دەهاتە خوارەوە
بەڵام بەر زەوی نەدەكەوتن
هەر لە ئاسمان
لە تەنافی وشەكانم
گیر دەبوون




ئازاری خامنەیی و چارەنووسی کۆماری ئیسلامیی!.. ڕێبوار ڕەشید

لە ماوەی دە ساڵەی حکومی ئایەتوڵاخومەینیدا گەلانی ئێران خراپترین ڕۆژەکانی خۆیان بە سەر برد، لە بەڵێنی ئازادیی و کارەبا و ئاو و گازی خۆڕاییەوە بەرەو سەپاندنی کۆنەپەرستیی و چەوساندنەوەی چینایەتیی و مەزهەبیی و جێندەریی و نەتەوەیی. ئایەتوڵا خومەینی، بە پێی وتەی خۆی، ڕابەری خەڵک و حکومەت بوو. لە ڕاستییدا ئەندازیاری حکومەتی شەڕ و فەرمانداری کۆمەڵکوژیی بوو.
جێی داخە، ئایەتوڵاخومەینی سزا نەدرا، بێ ئازار مرد.
هاتنە سەرکاری خامنەیی لە ٤/٦/١٩٨٩ئەو ڕاستیەی دەرخست کە دۆخی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان خراپتر بوو. کۆماری ئیسلامیی زیاتریش کەوتە دژایەتی گەلانی ئێران بەتایبەتیی کورد و بەلوج و عەرەب. ڕاوەدوونانی چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی، ترساندن و تۆقاندنی خەڵک، زیندانکردن و فشارهێنان پەرەی سەند. کوشتن بوو بە هونەری ئیسلامیستیی.
هەر مانگێک پاش هاتنەسەرکاری خامنەیی د. قاسملۆ لە ڤیەننا (١٣/٧/١٩٨٩) و پاشان شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە ئەڵمان (١٧/٩/١٩٩٢) تیرۆر کران. خامنەیی، شاگردی یەکەمینی ئایەتوڵاخومەینی، ئەندازیار و بڕیاردەری شەپۆلی تیرۆرکردنی چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتیی لە سەرەتای نەوەدەکاندا لە ڕێگای دەستی درێژەوەبووی خۆی لە باشوور ئەنجامی دەدان. لە ٣٥ ساڵی دەستبەکاربوونیدا بە سەدان چالاکوانی سیاسیی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران تیرۆر کراون.
خامنەیی رابەری فەرمیی بزووتنەوە و دامەزراوەی مەزهەبیی، فەرماندەی گشتیی سوپا و بەڕێوەبەری فەرمیی هەموو دەزگا ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و ئایینیەکانە، واتە بەرپرسیاری یەکەمە لە هەموو ئەو کوشتنوبڕین و ڕاوەدوونان و سووکایەتیپێکردن و پێشێلکاریانەی مافی مرۆڤ کە لە ئێران و لە دەرەوەی ئێران وەکو کاری تێرۆریستیی کراون و دەکرێن.
خامنەیی ئەو کەسەیەکە نکۆڵی لە روودانی هۆلۆکۆست دەکات و گاڵتەی بە قڕکردنی جوولەکە و بە زیانەخرۆیی و وەحشیگەریی نازیزیم دێت، کە پارەوپولی ئێران، بە سەدان ملیارد دۆلار، بۆ شەڕی سکێتاریزمی مەزهەبیی و ئایدیۆلۆژیی مەزهەبیی دژ بە ئیسرائیل و تەنانەت بە سوننەی چواردەور سەرف دەکات. خامنەیی بوو فەرمانی بە راوەدوونان و گرتن و ئازاردان و کوشتنی بەهائیەکان دا بۆ ئەوەی لە ئێران نەمێنن. لە سەردەمی خامنەییدا لەشفرۆشیی و ناچارکردنی ژنان بە لەشفرۆشیی و بڵاوکردنەوەی مەوادی بێهۆشکار بوو بە کولتوری داسەپێندراو و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. بە پێی پلانی خامنەییە کە مەوادی بێهۆشکار بەتایبەتیی لە کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، کە بێکاریی و فشاری کۆمەڵایەتیی بە ئەوپەڕی خراپبوون گەیشتووە.
خامنەیی ئەندازیاری ڕێکخستنگەلی جاش و شێوەکانی سیخووڕیی و ڕێکخستنی جاشئیسلامی سیاسییە لە ڕۆژهەڵات و لە هەندێک لە ئەوانەی باشوور. لە رێگای کەسانی وەکوو قاسم سولەیمانییەوە نەخشە و پلانەکانی خامنەیی لە ئێراق و لوبنان و یەمەن و فەلەستین بەڕێوە دەچوو، بەهەمان شێوەی مستەفا چەمران، کە بکوژی خەڵکی کوردستان و نەمران فوئاد مستەفا سوڵتانیی و سەدیق کەمانگەر و سەدانی دیکە بوو لە گیانبەختکردووان، هەرواش قاسم سولەیمانیی جەللادی بە پیادەکردنی ئەو تیرۆرانە بوو کە خامنەیی لێیان بەرپرسیارە.
خامنەیی نوێنەری دیار و بەر چاوی ئیسلامی سیاسیی مونافیق و دژەژن و بەدکار و بەدڕەووشتە کە ئێستا نموونەکانی لە شێوەی ”ئیسلامی سوننی“ پەلاماری لاقی ڕۆشنبیران و ژنانی باشوور دەدەن، بوختان و درۆ بە دەم هەر ژنێکەوە دەکەن کە باس لە ئازادیی و مافی مرۆڤ و مافەکانی ژنان بکات. ئەوانەی باشووریان کردووە بە مەیدانی کۆنەپەرستیی و خورافات، هەر لە خواردنەوەی میزی وشترەوە تا شێوەکانی نوشتە و دوعا و تاد.
کەی خامنەیی دەمرێت پرسیارێکی بێ وەڵامە، بەڵام راستییەک هەیە کە فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادیی” دەبێت بە گیانکێشەری خامنەیی و شاگردەکانی. لە مێژوودا ڕوو دەداتەوە وشەگەلی پارادایمێکی ئازادیخوازانە ریز دەبن و تنۆکە ژەهر لە سەرخۆ دەکەونە ناو زاری تاوانبارانێک. ئەو تاوانبارانەی دەبێت لە قەفەسی ترس و سووکایەتیپێکردندا مەرگی دۆڕاندنیان بە سەردا بسەپێنرێت. مەرگی مەحکوم بە تەسلیمبوون!
جێی داخی گران و بیرەوەریەکی تاڵە کە تا ئێستا هەموو ئەو ئایەتوڵا و ئاخوندە بەرپرسانەی ئێران، نموونەی خاڵخاڵیی، بەهەشتیی، گرکانی، موسەویی، ڕەفسەنجانی، تەبرێزیی، حەسەنیی و بە سەدان ئایەتوڵای تاوانکار کە ئاسایی مردن، بەبێ ئەوەی گەل بتوانێت دادگاییان بکات و سزای دروستیان بە سەردا بسەپێنێت.
ئایەتوڵاخومەینی کاتێک مرد ئێران بەرەو لوتکەی سەقامگیریی بەڕێوە بوو. لە باوەشی دڵنیایی و لە ناو سەدای لەبەیکی پاسداران و ژێر سێبەری خایەرانی زەینەبدا گیانی دەرچوو. مردنی بێ ئازاری خومەینی، بۆ ئازادیخوازان بە ئازارە.
کۆتایی خامنەیی بە هەمان شێوەی ئایەتوڵاخومەینی نابێت.
کۆتایی خامنەیی لە دوندی هەڵدێرەوە دەست پێ دەکات کە بنکەکانی تیرۆریستی ئیسلامی سیاسیی لە غەززە و لوبنان زیانی شایانباسیان بەرکەوت و ئەسەدی سووریای دۆست و قەڵا، فڕێ درایە ناو زبڵدانی مێژووەوە. ئەمە ئازارێکی گەورە و گرانە. ئازارێکە تیایدا مەرگ شادی دەهێنێت. خەرجکردنی سەدن ملیارد دۆلار لە پارەی خەڵکی ئێران بۆ دروستکردنی نفوزێکی سیاسیی شیعە سەرئەنجام بوو بە هۆی ماڵوێرانیی بۆ فەلەستینیەکان و لوبنان و سووریا و بێگومان یەمەن و هەروەها عێراقیش ئەگەر زووبەزوو دەستبەرداری وەفاداریی بۆ ئێران نەبن. هەروەها پێگەی ئایینیی و کولتوریی شیعەی دەوڵەتانی کەنداو سعودیەشی لاواز کرد.
کۆتایی خامنەیی هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنەکانی رۆژائاوای کوردستان و گەرمبوونی بەرخۆدانی باکووردایە کە ئەردؤغانی ئایەتوڵای سوننە و دامەزرێنەری داعش و تیرۆریزمی سوننەی ئیسلامیی، سەرەڕای سەرکەوتنی ئیستایان لە سووریا، لە دۆڵی دۆڕاندایە.
ئەمانە هەموو ئازارن، ئازارێکی گەورەن و هیچ خامناییەک و ئەردۆغانێک بەرگەی ناگرن.
خامنەیی بە دەم ئازارەوە کۆتایی دێت. ئازارێک کە لە دامێنی دۆڕان و بەربوونەوەی هەتاهەتایی سەرچاوە دەگرێت. ئازارێک کە حوکمی ڕەهای دە ساڵەی فاشیزمی سێکتاریستی خومەینیشی دەچێتە سەر.
مەرگی خامنەیی لە مێژە وەختی هاتووە. ئەو مەرگەی دەمی گەلانی ئازادیخوازی ئێران شیرین دەکات و ئەو ئازارە بە زەبرە بە دڵی ئەم دیکتاتۆرە تۆتالیتارە فاشیستە کۆنەپەرستە و ئەو حەشاماتە ڕەشۆکەیەی دوای کەوتووە، دەگەیەنێت.
ڕەنگە کۆماری ئیسلامیی پاش مردنی خامنەییش ماوەیەک بەردەوام بێت و ڕەنگیشە هاوپێچ بن، بەڵام ترسێک لە ئێستاوە دڵی هاوتاوانکارەکانی خامنەیی داگیر کردووە کە بە هەمان شێوەی خۆی لە ئازاری دۆڕان و بەرەو کۆتایی چووندا چرکەکانی کات دەژمێرن.
هەستێکی تۆڵە سەندنەوە بە سوار کۆڵی میلی کاتژمێرەوە بێ ئۆقرە سینگ دەکوتێت. تۆڵەی ئاو و کارەبا و گازی خۆڕایی نا، تۆڵەی ئازاردانی مرۆڤ و ئازادیخوازان، تۆڵەی گۆڕینی جەستە و رۆحی ژنان بۆ پیاوێکی شاخلێڕواوی کەڵبەدار، تۆڵەی دانی عەبا و پەچە بەسەر تەواوی ئێراندا، تۆڵەی ئەشکەنجە و ڕشتنی خوێنی هەزاران رۆحی شاد، تۆڵەی زەوتکردنی ئازادیی و بێڕێزیکردن بە ویژدانی مرۆڤایەتیی. تۆڵەسەندنەوە لە مێژووی درۆ و دەلەسە و بوختان.
تۆڵەی دزین و بە هەدەردانی سامانی گشتیی گەلانی ئێران.
”ژن، ژیان، ئازادیی!“
“ژن، ژینا، ئازادیی!”

ڕێبوار ڕەشید
١٣/١٢/٢٠٢٤




خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی – دکتۆر مارف خەزنەدار.. محەمەد عەبدولڕەحمان مێرگەیی

کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی)ی د. مارف خەزنەدار، حەوت بەرگە و چاپی یەکەمی لە ساڵی 2001 و چاپی دووەمیشی لە ساڵی 2010 لەلایەن دەزگای ئاراس لە هەولێر چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم گوتارە خوێندنەوەیەکی کورت و خێرایە بۆ هەر حەوت بەرگەکە بە گشتی.
سەرەتا هەروەکوو لە پێشەکی بەرگی یەکەمی کتێبەکەیدا ئاماژەی پێداوە، بەلای خەزنەدارەوە گشت ئەو بەرهەمانەی لەم کتێبەدا بە نموونە هێنراون (بەرزترین قسەی جوانی زمانی کوردین)، واتە مێژووی ئەدەبی کوردی بریتییە لە مێژووی (قسەی جوانی) کوردی. هەر حەوت بەرگی ئەم کتێبە وەکوو دانەرەکەی مەبەستی بووە؛ بە میتۆد و ڕێبازێکی تایبەتی وەها نووسراوە، کەوا بە چەشنی سەرچاوەیەکی (قوتابخانەیی، زانستگایی، ئەکادیمییانە، فەرهەنگییانە و ئینسکلۆپیدیانە) بێت. هەروەک خۆی باسی لێوەکردووە، ساڵانێکی زۆری تەمەنی هەر خەریکی کۆکردنەوە و ساغکردنەوە و نووسینەوەی ئەم کتێبە بووە.
ئەم بەرهەمە تاکە سەرچاوەیە لەبارەی مێژووی ئەدەبی کوردییەوە بەو شێوازە زانستیی و فراوانە و لەدووتوێی زیاتر لە چوارهەزار و سەد لاپەڕەدا نووسرابێت. تا حاڵی حازر لە گشت سەرچاوەکانی دیکەی مێژووی وێژەی کوردی زانستیی تر و چڕوپڕترە.
لە بەرگی یەکەمدا خەزنەدار دووسەد لاپەڕەی تەرخانکردووە بۆ باسەکانی وەکوو: مێژووی نەتەوەی کورد، جوگرافیای کوردستان، ئایین و ژیانی کۆمەڵایەتی، ژیانی خوێندەواری و ڕۆشنبیری، دەستنووس، کوردناسی و زمان، ڕۆژنامەگەریی، ئەدەبی کۆن و نەنووسراو… تاد.
لەم کتێبەدا بەدرێژی باسی ژیان و (ناوەڕۆک و ڕووخسار)ی بەرهەمی زۆربەی زۆری شاعیرانی کوردی سەر بە زۆربەی شێوەزارەکانی زمانی کوردی کراوە، لەوانەش بیستوسێ شاعیری شێوەزاری کرمانجی سەروو، هەروەها شاعیرە بەناوبانگەکان زۆرترینیان لەبارەوە نووسراوە. بۆ نموونە لە بەرگی دووەمدا، خەزنەدار هەشتاوچوار لاپەڕەی بۆ ئەحمەدی خانی (1650-1707) تەرخانکردووە و لە بەرگی سێیەمدا نۆوەد لاپەڕەی لەبارەی نالییەوە (1800-1877) نووسیوە. لەلایەکی دیکەوە باسی ژیان و بەرهەمی هەندێک شاعیر و نووسەر کراوە کەوا خوێنەر پێشتر پێیان ئاشنانەبووە و بەلایەوە ناسراونەبوونە.
لەسەر ئەو بنەمایەی (مەدەنیەتی ئیسلامی) کاریگەری هەبووە لەسەر ئەدەبیات و وێژەی کوردی، خەزنەدار لەبەر ڕۆشنایی ئەم باوەڕەدا ئەم مێژووی ئەدەبی کوردییەی نووسیوەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە ئەدەبی کوردی بە دوو شێواز خۆی پیشاندەدات، یەکیان خۆماڵیی ئەویش (شیعری لیریکی و چیرۆکی شیعرییە)، شێوەکەی دیکەش لە ئەنجامی لێکدانی مەدەنیەتی کورد خۆی و هەر سێ نەتەوەی دراوسێی (عەرەب، فارس، تورک) و بە هۆکاری ئایینی موسڵمان دروستبووە، ئەمیش بریتییە لە (غەزەل و قەسیدە). (بڕوانە: بەرگی یەکەم، لاپەڕە 181 و 202)
بەلای خەزنەدار شیعر بەرهەمێکە تەعریف ناکرێت، ژیانی ئادەمیزادیش بەبێ شیعر نابێت و لە بنەڕەتدا شیعر خۆی دروستکردن و خوڵقاندن و داهێنانە، جوانکاریی و گیانی هونەریی کردوویەتی بە بەرهەمێکی وەها بە شێوەیەک بێت کە چێژ و ئەندێشەی مرۆڤ دەجووڵێنێت و بۆ گشت شوێن و چاخ و ڕۆژگارێک دەگونجێت.
خەزنەدار باوەڕی وایە بەرهەمی جوان و ڕەسەن بە کامڵی لەدایکدەبێت، ئینجا ئەمە لە هەر قۆناغێکی تەمەن و ژیانی شاعیردا بێت. خەزنەدار ئەو تیۆرییە بە هەڵە دەزانێت کە پێیوایە شاعیر وەک زانا؛ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ توانا و بڕستی لە دانان و هۆنینەوەی شیعردا بەرەو زیاتر دەچێت، بەڵکوو گشت شیعرێکی بەرز بە کامڵی دێتەبوون و جا چ لە وەختی تەمەنی گەنجیەتی شاعیردا بێت یاخود لە تەمەن و ڕۆژگاری پیریدا بێت.
بە هەمان شێوە خەزنەدار پێیوایە بەهرەی هونەریی و خەیاڵی شیعریی، پەیوەندییەکی ئەوتۆیان نییە بە پلە و ڕادەی خوێندەوارییەوە. هەروەک هونەر زێدەتر پەیوەندی هەیە بە چێژ و خەیاڵەوە و کەمتر پەیوەندی هەیە بە ڕاستیی و لۆژیک، هەروەها داهێنانی هونەریی و ئەدەبیی دوور لە تیۆریی زانستییە و بەهرەی داهێنانی هونەر هیچ چەشنە سنوور و مەرج و ڕێسا و دەستوورێکی بۆ نییە.
خەزنەدار باوەڕی وایە مەبەستی سەرەکی لە گشت داهێنانێکی هونەریی و ئەدەبی ئەوەیە لەو قاوغ و چوارچێوەیەی بۆی دانراوە بچێتەدەرەوە و ببێ بە موتڵەق. داهێنانی ئەدەبییش بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵە، نەوەک تەنها بۆ گرووپێک و توێژێکی دیاریکراوی ناو جڤاکێک. سەبارەت بە پەیوەندی ئەدەب بە سیاسەتەوە، خەزنەدار بۆچوونی وایە ئەدەب لە سیاسەت گوشادتر و مەزنترە و داهێنانی ئەدەبیی و هونەریی بەبێ سیاسەت سەردەگرێت، بەڵام ئەو بەرهەمەی ناوئاخنی سیاسی و ئایدیۆلۆژی هەبێت، بەبێ جوانکاریی سەرناگرێت.
بۆیە داهێنان لە شیعری سیاسیدا پێویستی بە شاعیری لێزان و وەستا هەیە، چونکە ئەو شاعیرە کاتێک ئیلهام لە دیاردە و ڕووداوێک وەردەگرێت و پارچە شیعرێکی بۆ دەهۆنێتەوە، ڕەنگە ئەم دیاردەیە زوو یان درەنگ بە خراپە بگەڕێتەوە، ئەودەمەش دەبێت بە دروشمێکی سیاسی ڕۆژانەی بێتام. خەزنەدار پێداگیری لەوەدەکات کە دەبێت وەها حسێب لەگەڵ بەرهەمی ئەدەبیی بکرێت بە جۆرێک تەنها لەڕووی هونەرییەوە بێت و هیچ پەیوەندییەکی بە ئایدیۆلۆژییەتی نووسەرەکەوە نەبێت. (ب5، ل274، ل436، ب6، ل392، ل414، ل647، ب7، ل72، ل212، ل274، ل325، ل341، ل469، ل505، ل697، ل704)
لەبارەی کاریگەریی زێدەتری شیعر لەچاو پەخشانەوە، خەزنەدار پێیوایە بۆ نموونە ئەگەر لیریکی (لەخەوهەڵسن)ی ئەحمەد موختار جاف 1898-1935، کەوا لە سییەکانی سەدەی بیستەم بووە بە سروودی وریابوونەوە و بانگەوازی خوێندەواری و کوردایەتی، لەڕووی ناوەڕۆکەوە ئەگەر شاعیر بە پەخشان بینووسیایە، ئەوا کاریگەرییەکی وەهای نەدەبوو و ئاوڕی لێنەدەدرایەوە. (ب5، ل487-488)
جێی سەرنجە خەزنەدار ئەگەر یەک تاقە دێڕە شیعری شاعیرێکی لەبەردەست دابووبێت و بەلایەوە جوان بووبێت، ئەوا ئاماژەی پێداوە و بە نازدار وەسفی کردووە. بۆ نموونە لە بەرگی سێیەم و لە بەشی چوارەمدا، لە باسی شیعری کێشی عەرووزی لە پێش نالیدا، دەبینین سەبارەت بە دێڕە شیعرێکی مەلا عەبدوڵڵای بێتووشی 1747-1806 خەزنەدار نووسیویەتی: ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە (دێڕە شیعرێکی نازدار)مان لەبەردەستدایە و سەرچاوەکان دەڵێن ئەم شیعرە لە بەرهەمی نووسەری ناوداری کورد بێتووشییە، دێڕەکەش ئەمەیە:
لە دیباجەی کیتابی حوسنی عالەم هەر وەرەق لادەم
دەبینم مەبحەسی وەسفت لە هەر فەسڵێ و لە هەر بابێ (ب3، ل53)
بە هەمان شێوە خەزنەدار باوەڕی وایە ئەگەر شاعیرێک تەنها یەک تاقە شیعری هەبووبێت، بەڵام شیعرەکە بە پێوەرەکانی جوانیی جوانبێت، ئەوا ئەو شاعیرە بە شاعیرێکی مەزن دادەنرێت، بۆ نموونە لە بەرگی پێنجەم و لە باسی شوکری فەزلی 1882-1926 و شیعرەکەی بۆ شێخ مەحموودی گوتووە بەناوی (ئیش کە ڕووی ئێستە لە هەورازە سەرەوژێری نەکەی)، خەزنەدار دەڵێت: ئەم تاکە شیعرە شەش دێڕییە؛ گێتییەکی گەورەی بێپایانە، ئەوەندە بەنرخ و بەبەهایە، ئەگەر شوکری فەزلی شیعری دیکەی نەبووایە و تەنیا ئەم شیعرەی هەبووایە، بەم شەش دێڕە بە شاعیرێکی گەورە دەکەوتە بەرچاو. (ب5، ل421، 436)
هەر لەمەڕ بە لوتکەبوونی جوانیی یەک دێڕەوە، ئەوەتە بیریار و ئەدەبناس مامۆستا مەسعوود محەمەدیش (1919-2002) لە بەرامبەر ئەم دێڕەی نالی کە دەڵێت:
ثوبووتت باعیثی نەفیی منە، وەک لامی زولفەینت
لە هەردوولا قەدت بگرێتە ناو، وەک «لامەلفلا» بێ
لە شەرحەکەیدا ئەوەندە پێی سەرسام و شاگەشکە بووە هەتا ئەوەی بارتەقای چەندین غەزەل و قەسیدەی دادەنێت. وەکوو لە کتێبەکەیدا (دەستەودامانی نالی، لاپەڕە211) نووسیویەتی (ئەم بەیتە یەکێکە لە هەرە هەرە هەرە دەگمەنەکانی هەڵبەستی عالەمی ئیسلام، ماڵم حەقە، بەیتێکە چەندین غەزەل و قەسیدە دەهێنێ).
لەبارەی شیعرییەتی دەقێکی جوان و پەیوەندی بە کێش و قافیەوە، بۆ نموونە لە بەرگی حەوتەم و لە باسی کاکەی فەللاح 1920-1990، خەزنەدار دەڵێت: شاعیر بەشداری بەرچاوی هەبووە لە دەوڵەمەندکردنی شیعری نوێی کوردیدا و لەو لیریکەی بەناوی (بۆچی نابێ) کەوا لەسەر کێشی هەشت بڕگەییە و چوار پێنج قافیەی تێدا بەکارهێناوە، کاتێک شاعیر لەو شیعرەیدا بە دلبەر دەڵێت: لەبەرئەوەیە من خۆم خۆشدەوێت، چونکە تۆم خۆشدەوێت، بەواتای ئەوەی ئەگەر دلبەری خۆش نەویستایە؛ خۆی خۆش نەدەویست. خەزنەدار دەڵێت: ئەگەر ئەم بیرەی شاعیر کاکەی فەللاح لەناو قاڵبی کێش و قافیەشدا نەبێت، ئەوە هەر شیعرە. (ب7، ل613-614)
سەبارەت بە پەیوەندی شیعر بە ئەوینەوە، پێچەوانەی بیروڕای موفتی پێنجوێنی 1881-1952 لەو شیعرەی دژی دڵداری دایناوە، خەزنەدار دەڵێت: شیعر بێ دڵداری نابێت، ئەڤین ماک و سەرچاوەی بنچینەیی و لەبن نەهاتووی ئەدەب و هونەرە. بێجگە لە باسەکانی کەموکوڕی کۆمەڵگە و پرسی نەتەوەیی و کێشەی چینایەتی، گشت ئەو شاعیرانەی وەسف و ستاییشی کیژی جوانیان کردووە، ئەوانیش شاعیری دیارن. وەک خەزنەدار لە جێی دیکەدا دەڵێت: لەناو کورداندا کچی جوان زۆرە و تەنانەت شاعیرانی کرمانجی سەروو، هەمیشە جوانی ژنیان بە دەوڵەمەندیی چوواندووە. لە بەرامبەریشدا بێگومان ئەدەبی کوردی هەناسەی بەهێز و گەرمی لە بزووتنەوەی سۆفیزم وەرگرتووە. (ب6، ل147-148، ل189، ل273، ب7، ل197)
دەربارەی لاساییکردنەوەی شاعیرێک بۆ شاعیرێکی دیکە، خەزنەدار بە ئیسناف و دادمەندییەوە لەم لایەنە دەڕوانێت و بە چاوی نزم تەماشای شاعیری لاساییکەرەوە ناکات، بەڵکوو وێڕای ئاماژەدان بە لاساییکردنەوەکەی، هەمانکات تیشک دەخاتە سەر لایەنە جوان و داهێنانەکانی ئەویش. لەمبارەوە ئاماژە بە دوو نموونە دەدەین. وەک ئاشکرایە زۆر شاعیری کلاسیک هاتوون لاسایی نالی-یان کردووەتەوە، یەکێک لەوانە (مەحوی 1831-1906)یە. لە بەرگی چوارەم و لە باسی مەحویدا، خەزنەدار نووسیویەتی قەسیدەی (بەحری نوور) کەوا لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی مەحوییە و ڕاستە مەحویش وەکوو کۆمەڵێک شاعیری دیکە بە هەمان کێش و قافیەی نالی لاسایی شیعرە نەعتە بەناوبانگەکەی نالی کردووەتەوە کە بەم دێڕە دەستی پێکردووە:
ئەلا ئەی نەفسی بووم ئاسا هەتا کەی حیرسی وێرانە
لەگەڵ ئەم عیشقبازانە بڕۆ ئازانە بازانە
وەک خەزنەدار دەڵێت مەحوی نەوەک تەنیا لە کێش و قافیە لاسایی نالی کردووەتەوە، بەڵکوو لە مەعنا و وێنە و ڕستە و لێکسیکۆنیش لە دەوری داهێنانەکانی نالی دەخولێتەوە و گەرچی نەگەیشتۆتە پلەی هونەریی نالی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا؛ شاعیرانی دیکە و هەم مەحویش لە قەسیدەکەیدا وەستایەتی و هونەرکاریی و داهێنانی تێداکردووە. (ب4، ل215-216)
نموونەیەکی دیکە لە بابەتی لاساییکردنەوەی شاعیران، لە بەرگی پێنجەم و باسی مەلا محەمەدی کۆیی (1876-1943) خەزنەدار دەڵێ: ئەگەرچی مەلا محەمەد لاسایی شیعرە میللییەکانی حاجی قادری (1816-1897) کردووەتەوە و شیعری حاجی ڕێبەڕێک بوون بۆی، بەڵام مەلا محەمەد وەکوو قوتابییەکی زیرەکی حاجییە و بەردەوامبوونی ئەوە، ئەگەر شیعری حاجی لەڕووی ناوەڕۆکەوە دانایانە و ڕۆشنبیرانەبێت، ئەوا شیعرەکانی مەلا محەمەدیش وەکوو ئامۆژگاریییە بۆ توێژی نەخوێندەوار و گیانی کوردایەتی لەناو دڵیان هەڵدەقوڵێنێ و هەوڵدەدات ئایین و شەریعەت لەگەڵ پرسی نەتەوەیی کورد بگونجێنێ. (ب5، ل381)
ئەگەرچی خاوەنی کتێب وەکخۆی دەڵێ: ئەم کتێبە بەشێوەیەکە بیروباوەڕی خاوەنەکەی تێیدا ڕەنگدەداتەوە و قسەکانیش تەنیا پەیوەندییان بە نموونە ئەدەبییەکانەوە هەیە، بەڵام دەبینین هەندێجار خەزنەدار لە مێژووی ئەدەب چووەتەدەرەوە و هەندێک بیروباوەڕی کوردایەتی و هەڵوێستی نیشتیمانپەروەرانەی تایبەتی خۆی لەمەڕ هەندێ پرسی نەتەوەیی کورد دەربڕیوە، بۆ نموونە لە دوو جێگەدا کاتێک باس لە وەرگێڕانێکی (مەم و زین) دەکات بۆ سەر زمانی عەرەبی لەلایەن (محەمەد سەعید ڕەمەزان بۆتی)ی کوردی سوریا کەوا لە ساڵی 1957 بڵاویکردووەتەوە، خەزنەدار هەڵوێستی خۆی دەربارەی دۆخی ناهەمواری گەلی کورد لە سوریا دەردەبڕێت و بەمشێوەیە باسی لێوەدەکات: جێی داخە سانسۆری سوریا هەموو ئەو دێڕە شیعرانەی (خانی) کوردایەتی تێداکردوون لای بردوون و دەستەڵاتی سیاسی ڕازی نەبووە بە بڵاوکردنەوەیان. هەر لەومیانەدا خەزنەدار دەڵێت: بەربەرەکانیکردنی کورد لە سوریا سیاسەتێکی هەمیشەیی و نەگۆڕاوە لەوەتەی سەربەخۆبوونی وڵاتەکە لەدوای جەنگی دووەمی گێتییەوە. (ب2، ل12، ل402، ب6، ل62)
لە جێی دیکەدا ڕەخنە لە شۆڤێنییەتی عەرەبی دەگرێت و لەبارەی سەرکردەیەکی شۆڤێنیی وەکوو جەمال عەبدولناسڕ، خەزنەدار دەڵێت: (ئەو کابرا عەرەبە شۆڤێنییە هەر لە بنەڕەتدا دانی بە مافی تەواوی میللەتی کورد نەهێناوە). (ب6، ل457)
سەبارەت بە ڕووخاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، خەزنەدار ڕەخنەی توندی لە دەستەڵاتی سۆڤیەتی جاران گرتووە و بەمجۆرە باسی ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە و بیروباوەڕ و هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت: سوپای ڕووسیای سۆڤیەت، تەشقەڵەیەکی سیاسی نامەردانەی لەگەڵ کوردی ناوچەی موکریان کرد و لەبەر بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان، سوپای سوور لە ئێران چووە دەرەوە و کۆماری مەهاباد ڕوخێنرا و سەرکردەکانی کوردیش لە سێدارەدران. خەزنەدار نووسیویەتی ئەگەرچی ئەمە گەورەترین ڕووداوێک بوو لە مێژووی کوردستانی ئێران و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بەڵام لە هەمانکاتدا سەرچاوەیەکی گرینگ بوو بۆ هۆشیارکردنەوەی نەتەوەی کورد.
خەزنەدار بە توندی ڕەخنە لە دەستەڵاتی سیاسی ئێران دەگرێت و دەڵێت: هەر لە سەردەمی فەرمانڕەوایی سەفەوییەوە تا ئێستا بیروڕای بەرامبەر بە کورد نەگۆڕاوە، سیاسەتی گشتی تواندنەوەی کوردە لەناو (پانئێرانیزم). خەزنەدار ئاماژە بەوە دەدات کەوا نەتەوەی کورد لە ئێران سەرەڕای بەربەرەکانی لەڕووی نەتەوەییەوە، چەوساندنەوەشی وەکوو پەیڕەوانی سەر بە ئایینزای سووننە زیاترە. لەگەڵ ئەوەشدا خەزنەدار گەشبینە بەرامبەر بە ئاییندەی کورد لە ئێران و دەڵێت: خەڵکی کوردستانی ئێران هۆشیارن، بیروهۆشیان هەمیشە بۆ پارێزگاری ئەدگاری نەتەوەیی و داواکردنی مافی مرۆڤایەتییانە. (ب6، ل16-17)
سەبارەت بە کوردی تورکیا، لە بەرگی شەشەمی کتێبەکەیدا خەزنەدار نووسیویەتی: لەدوا ساڵانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەم، گەلێک ڕێکخراو و پارتی سیاسی و یانە و مەڵبەندی ڕوناکبیری و ئەدەبیی و هونەریی؛ لە کوردستانی تورکیا و شارە گەورەکانی دیکەی تورکیا پەیدابوون و هەریەک لەوانە زۆر ڕۆژنامە و کۆوار و چاپەمەنییان دەرکردووە…، لە بەرامبەریشدا دەستەڵاتی تورکیا جاڕی جەنگی داوە لە دژیان. خەزنەدار دەڵێت: ئەم دەستەڵاتە خەیاڵی خاوە و کورد ئێستا و ئەوساش کۆڵی نەداوە، هەتا ئەمڕۆش خەباتی ڕۆشنبیری و سیاسی ئەو میللەتە ئازادیخوازە بەردەوامە. بەلای خەزنەدارەوە کورد هەمیشەییە و هەر دەمێنێت. (ب6، ل14-15)
سەبارەت بەوەی سەرکردەی کوردان دەبێت چۆنبێت، لە باسی موخلیسی (1910-1985) شاعیردا و لە بابەتی شیعری کوردایەتی، خەزنەدار سەرنج دەخاتە سەر بۆچوونێکی شاعیر و بە هەڵەی دەزانێت، موخلیس لە شیعرێکیدا بەناوی (کورد) دەڵێت سەرۆکی کورد نابێت بێگانە بێت و سەرۆک ئەگەر خوێنیشت بمژێت، بەڵام مادام کورد بێت باشترە. خەزنەدار ئەم بۆچوونەی شاعیری بەلاوە هەڵەیە و ڕەخنەی لێدەگرێت و دەڵێت: (شاعیر ڕاستە کە دەڵێ سەرۆک نابێ بێگانە بێ، بەڵام ڕاست نییە کە دەڵێ خوێنمژیش بێ لە بێگانە باشترە، بەپێچەوانەوە لەڕووی سایکۆلۆجییەوە ئەگەر دوژمن خراپەت لەگەڵدا بکا ئێشی دەروونی کەمترە لەوەی هاوخوێنت دوژمنایەتیت لەگەڵدا بکات). (ب7، ل192-194)
دەربارەی دەردی دووبەرەکی ناوەخۆوە، خەزنەدار پێیوایە لەناو ئەدەبیشدا ئەوەندەی باس لە دوژمنی دەرەوەی کورد کراوە وەکوو هاوسێکان و ئەمپریالیستی جیهانیی، ئەوەندە باس لە دوژمنی ناوەوە نەکراوە، خەزنەدار دەڵێت: بەڕاستی کاریگەریی دووبەرەکی ناوەوە لە دواکەوتن و بەئامانج نەگەیشتنی کورد لە کاریگەریی دوژمنی دەرەوە کەمتر نەبووە. هەر بەم دەردی دووبەرەکی ناوەخۆییە گشت شۆڕش و هەڵسانەکانی دیکەی کورد هاوشێوەی حکومەتەکەی شێخ مەحموود ڕووخاون. (ب5، ل455-456).

محەمەد عەبدولڕەحمان مێرگەیی
هەولێر/ 12/12/2024

سەرچاوەکان:
1- دکتۆر مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی یەکەم، دووەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، چاپی دووەم، دەزگای ئاراس، هەولێر، ساڵی 2010.
2- مەسعوود محەمەد، دەستەودامانی نالی، چاپی سێیەم، دەزگای ئاراس، هەولێر، ساڵی 2010.




پرسە لە نێوان هونەرمەندێكی هەڵپەرست و پێشمەرگەیەكی پاكدا!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ڕۆژانە یە هۆكاری جیاواز، لە شێوەی ڕووداوەكانی هاتووچۆ، نەخۆشی و تلانەوە بە دەست زامە قووڵەكانییان، كە دەرەنجامی بەرگریی لە خاكی پیرۆزی كوردستان كەوتۆتە جەستەیان، شەهیدبوون و تەقینەوە و تیرۆر، نەخۆشی درێژ خایەن، پێشمەرگە قارەمانەكان دەمرن و خوێنی پیرۆزییان تێكەڵ بە خاكی پیرۆزی كوردستان دەبێت. ئەوان تا لە ژیاندان، كەس هەست بە ئازارەكانییان ناكات، كە دەشمرن، بە پرسەیەكی سارد و سوڕ و هەژارانە، پرسەیەكیان بۆ دا ئەنرێت بەرپرسێكی گەندەڵ بە پرسەنامە و بەشدارییەك، هاوخەمی خۆیان بۆ دەرنابڕن، لە كاتێكدا هەموویان لافی ئەوە لێ دەدەن گوایا ئەوانیش پێشمەرگەن و چەند بە گەورەیی و شكۆمەندییەوە سەیری پێشمەرگە و قوربانییەكانی دەكەن، كە لە ڕاستیدا وانییە. لە بەرانبەر ئەمەدا، هونەرمەندێكی هەڵپەرست و بەرژەوەندیخواز، كە هەموو تەمەنی لە سەنگەر گۆڕین و پەت پەتێن و حزب گۆڕین، بە سەر بردووە و هەر ڕۆژە و لای حزبێك با لە كوێ هاتووە لەوێ شانەی كردووە، لەمبەرو ئەوبەری جۆگا بووە، كە دەمرێت بە سەدان پرسەنامەی بەرپرسان و بەشداری و هاوخەمی بۆ دەچێت و دەردەبڕدرێت. لە كاتێكدا ئەگەر گریمان كۆی كارە هونەرییەكانی ئەو جۆرە هونەرمەندانە بخەیتە سەریەك، یەك دڵۆپ خوێنی ڕژاوی پێشمەرگەیەكی شەهید و زامدار ناهێنێت، كە لە پێناو سەربەستی خاكەكەی و ئارامی و ئازادی مندا، لە دژی تیرۆرستە ئیسلامییەكانی داعش لە سەنگەری بەرگریی نواندوویەتی، چونكە ئەوەی من و خاكەكەم لە ژێر دەستەیی و داگیركاریی و بەربەریەتی داعش و دوژمنان دەپارێزێت، پێشمەرگەیە نەك ئەو جۆرە هونەرمەندانە كە ئامادەن مێژوو، كەسییەتی، ناوبانگی خۆیان لە شەو و ڕۆژێكدا لە حزبێكەوە، كە تەمەنێكییان تێدا بردۆتە سەر، بفرۆشنە حزبێكی دیكە تەنها لە پێناو پارەدا. جێگەی داخە، كەم نین ئەوانەی لە پەراوێزی ناوی پیرۆز و پەیامی گەورەی هونەر، بوونەتە هەڵپەرست و پۆست و پێگە و بەرپرسیاریەتیان وەرگرت، ئەوانە تەنها لە پاداشتی فرۆشتنی بیر و باوەڕو ڕابردووی خۆیان لە حزبێكەوە بە حزبێكی دیكە، بە یەك بڕیار پلەیەكی كارگێڕی باڵایان وەردەگرت و دەبوونە بەڕێوەبەری گشتی و هەر بەو پلەیەش دوای چەند ساڵێكی كەم خانەنشین دەكران و تا هەتایە ئەو مووچە زۆر و زەبەندە وەردەگرن. كە فەرمانبەرێكی ئاسایی بە چل ساڵ خزمەت وەریناگرێت. جێگەی داخە مێژوویی هونەری ئێمە لە دوای ڕاپەڕین تەژییە لەو جۆرە هەڵپەرستانە، كەچی لە ژێر ناوی هونەر و داهێنان و خزمەت بە هونەری كوردی دەناسێنرێن و دەنرخێنرێن. گەر بە مێژووی هونەری خۆمان لە ڕابردوودا بچینەوە، نموونەی دیكەی پێچەوانە دەبینین. تاهیر تۆفیق چەند هەژارانە مرد، ڕەسوول گەردی، حەسەن سیساوەیی ! ئەی كەریم خەمزەیی، كە ئەستێرەی هەفتاكان بوو، كەچی ئێستا تەسبیح دەفرۆشێت، ئەی حەسەن زیرەك چی مانا نەیبینێت لە ژیان؟ ئەی دڵشاد مەریوانی؟ مەگەر بەعس لە سۆنگەی کوردایەتییەكەی لە سێدارەی نەدا؟ ئەی شێخ حوسێن بەرزنجی؟ كە ئاوازی بۆ سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب داناوە! ئەمانە و دەیان ناوی دیكە كە نموونەی هونەرمەندی نەمر، بە شكۆ گەورە و مەزنن، كە هیچ كاتێك ئامادە نەبوون پەیامی پیرۆزی هونەر بۆ هەڵپەرستی و پۆست و بەرژەوەندیخوازی بەكار بێنن و خەڵكی فریو بدەن. ئەمانە لە سەر وتە و ڕێبازە جوانەكەی حەزرەتی مەسیح(سەلامی خوای لێ بێت) بوون، كاتی دەڵێت:_( چی بە كەڵكی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو دنیا بەرێتەوە و خۆی بدۆڕێنێت) بێگومان مەزنی و شكۆمەندی و مێژوو، گەورەیی بۆ ئەو كەسانەیە كە هەموو دنیا دەدۆڕێنن بۆ ئەوەی خۆیان ببەنەوە نەك بە پێچەوانەوە.




کێشەی کوردستانی سوریا لەناو کێشەیەکی گەورەتردا؟.. نوری بەشیر

ئەوەی لەسوریا روویدا بەپێی رێکەوتنێکی پێشوەختەی ئەمریکا، تورکیا و روسیا و هەروەها لەرێگای تورکیاوە لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام بۆ لابردنی بەشار ئەسەدو ماوەنەوەی پاشماوەی دەسەڵاتەکەیەتی بەهاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک گروپ و حزبی ئیسلامی و قەومی کۆنەپەرست، لەسەریانەوە هەیئەی تەحریری شام، واتە رژێمێک نەڕووخاوە، بەڵکو لەچوارچێوەی بەرنامەو بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری جیهانی؛ ئەمریکاو روسیا لەلایەک و وڵاتانی تری کۆنەپەرست و سەرکوتی سەمایەداری ناوچەکە لەوانە؛ تورکیاو ئیسرائیل، ساتوسەودایەك بەڕیخراوە؛ بەشار ئەسەد لابراوەو گوێزراوەتەوە بۆ وڵاتی روسیا و بە هێنانەپێشەوەی هێزێکی کۆنەپەرست بەسەرکردەیەکی پێشینە داعش و قاعیدەی وەک محەمەد جۆلانی، کە قەرارە لەلیستی تیرۆری ئەمریکادا دەربهێنرێت بۆبردنەپێشەوەی ئەو بەرنامەیەی کە دایانناوە بۆ سوریاو لەوێوە بۆ نەخشەیەکی گەورەتر لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەبەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانە بپارێزێت.
لەگۆڕانکاریەکی وادا، بەمانەوەی بەشێکی زۆری دامودەزگاکانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، وەک سەرۆک وەزیران محەمەد غازی جەلالی و بەشێکی زۆری تری وەزیران و سەرانی دامودەزگا سەربازی و ئەمنیەکان، بەڵام ئەمجارەیان لەژێر دەسەڵاتی جۆلانیدا، هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی نوێی هێزێکی ئیسلامی لەسوریا کە تەجروبەیەکی باشیان لە پێشڕەویی و شکستی هێزە ئیسلامیەکانی پێشوو و لەپەیوەندیەکانیان بە ئەمریکاوە وەرگرتووە تا بەهێزکردنی دەسەڵاتیان. ئەم ئاڵوگۆڕانە لەقسەکانی محەمەد جۆلانیدا زۆر بە ئاسانی هەستی پێدەکرا لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ سی ئێن ئێن دا، بەڵام رۆژی گواستنەوەی بەشار ئەسەد بۆ مۆسکۆ لە ٨ی دیسەمبەردا کە لە وتارەکەی لە مزگەوتنی ئەمەوی لە دیمەشق، چووەوە سەر ئەسڵەکەی خۆی وەکو سەرکردەی هێزێکی ئیسلامی و داعشی و قاعیدەیی.
قوربانیەکانی ئەم ساتوسەدایەی ئیسلامیەکان و باقی هێزە کۆنەپەرستەکان و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمریکاو وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە، لەپێشیانەوە تورکیاو ئیسرائیل، خەڵکی مەدەنی سوریاو کوردستانی سوریا و ناوچەکەیە. کەواتە لەم لابردنەی بەشار و هێنانی هێزی ئیسلامیەکاندا، لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانەدا، ئەوا خەڵکی جارێکی ترو بەشێوەیەکی دیکە دەکەونەوە بەردەم پشێوی و هەڕەشەی ئەم هێزە نوێیانە لەژێر ناوی روخانی دەسەڵاتی ٥٤ ساڵەی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆردا. واتە هاوکاتی سەرکوت و ترساندن و دروستکردنی فەزای شەڕوپێکدادانی هێزەکان لەسوریادا؛ ئەمریکا لەژێرناوی دژایەتی تیرۆر کە بەحساب مەبەستی داعشە، لەسوریا دەمێنێتەوە. تورکیا لەژێرناوی دژایەتی تیرۆر هێرشەکانی بۆناوچە کوردیەکانی باکوری سوریا درێژەپێدەدات کە هێزەکانی یەپەگەو قەسەدەی لێیە. ئیتر هێزە ئیسلامیەکانی تری سەر بە جۆلانی لە سبەینێیەکدا هێرشەکانی لەژێرناوی بەرگری لەدینی ئیسلام، دژی جیاوازیخوازی، دژی ژن و بێدینی، توندەکاتەوەو ئەوکات تورکیاو ئیسرئیل و ئەمریکاش ئەمە بەڕەسمی دەناسن بۆی وەک مەسەلەی ناوخویی سوریاو هەروەها بۆ ئەمن و ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی سوریا لەقەڵەمی دەدەن. کاریگەریەکانی ئەمەش بۆناوچەکە لەچوارچێوەی سیاسەت و بەرژەوەندی ئەمریکاو تورکیاداو ئیسرائیلدا دەبەنە پێشەوە.
لەیەکەم رۆژی راگەیاندنی جێهێشتنی دیمەشق لەلایەن بەشار ئەسەدەوە، ئیسرائیل لە باشورەوە بەرزاییەکانی جۆلانی تێپەڕان و نزیکەی ١٤ کیلۆمەتر هاتۆتە ناوخاکی سوریاوە. تورکیاش لەباکوری سوریاوە هێرشی کردۆتەوە سەر ناوچە کوردیەکانی ژێر دەسەڵاتی قەسەدە. لەئاوا هەلومەرجێکدا جێگاوڕێگای کوردستانی سوریا، کە جێگایەکە بۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و لەژێرناوی ئەوەی کوردەکان هاوبەشمانن، بەرەو کوێ دەڕوات، ئایا دەکرێت ئەم پەیوەندیە لەوەباشتر بێت کە لە ١١ ساڵی رابردوودا راگیراوە کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکای تێداچووەتە پێشەوە و پارێزراوە، ئایا ئایندەی خەڵکی کوردستانی سوریا لەناو گێژاو و سەرگەردانی و ئایندەی تاریکی ژێر دەسەڵاتی هێزە دینی و قەومیە کۆنەپەرستەکانی سوریادا بەرەو کوێ دەڕاوت و رێگای پارێزگاری لەخەڵکی ئەم ناوچەیە و ئایندەی چۆن پارێزراو دەبێت؟.
سەرەتا دەبێت ئەو هێزو حزبە کوردیانەی کوردستانی سوریا کە ماوەیەکە سیاسەتی خۆیان گرێداوەتەوە بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە لە سوریادا، ئەوە بزانن کە دۆخی سیاسی و ئەمنیی داهاتووی سوریا بەجۆرێک گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە کە دوورنیە ئەمریکا لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیدا لەگەڵ تورکیا لە ناوچەکە و لە سوریادا هەمان ئەزمونی هێنانەوەی تاڵیبان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ گیانی خەلکی ئەفغانستانیان دوبارە نەکاتەوە. یان وەکو چۆن لە پرۆسەی ریفراندۆمی کوردستانی عێراقدا پشتی کردە ناسیۆنالیستە کوردەکان لەبەرخاتری تورکیاو عێراق و دەستی حەشدی شەعبی و ئێرانی ئاواڵەکرد بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان.
بێگومان لەهەلومەرجێکی ترسناکی وادا کە خەڵكی سوریاو ناوچەکە لەژێرسایەی بەرژەوەندیەکانی ئەو هێزانەدا دەدرێتە دەستی دەسەڵاتێکی ئیسلامی وەک هەیئەی تەحریر شام، سەرباری هەر ئاڵوگۆڕێک کە لەناوەکەیدا دەیکات، ناکرێت هیچ چاوەڕوانیەک و خۆشخەیاڵیەک بە ئایندەیەکی باش بۆ خەڵکی سوریا بەگشتی و خەڵکی کوردستانی سوریا چاوەڕوان بکرێت.
ئەوەی لە راگەیاندنی ژمارە یەکی ئەو هێزانەدا هاتووە کە ناوەرۆکەکەی بڕیاری٢٢٥٤ی جنێفە بۆچارەسەری کێشەی سوریا کە لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی وڵاتانی؛ روسیا، تورکیاو ئێران لە دۆحە، تەئکیدی لێکرایەوە، هیچ شتێک نیە جگە لەچاو بەست و فریوکاری و دەیانەوێ ڕوو بەجیهان بڵێن کە چارەسەری شەڕی ناوخۆی سوریا و دامەزراندنی ئارامی سیاسی و حکومەتێکی جێگاپەسەندی خەڵکیان مەبەستە! بەڵام راستی ناوەرۆکی خاڵەکانی ئەم راگەیاندنە ئەگەرچی ئیشارە بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان دەکات، بەڵام هیچ جێگاوڕێگایەکی تایبەتی بۆ مافەکانی خەڵكی کوردستانی سوریای تێدا نیەو ناشبێت، بەتایبەت کە لەخاڵی یەکەمیدا باسی یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات.
ئەم فەزا ترسناکەی سوریا دەرگا بەڕووی جۆرەها گروپ و دەستەجاتی ئیسلامی و قەومی کۆنەپەرستدا دەکاتەوە لەسوریا کەنوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی وڵاتەجۆراوجۆرەکان بکەن و ببنە هۆی شەڕو کوشتارو ماڵوێرانی بۆخەڵکی سەراسەری سوریاو خەڵكی کوردستاینش، ئەگەر خراپتر نەبن ئەوا هەمان چارەنوسیان دەبێت و ئەگەری ئەوەش هەیە کە ناوچەکەش بگرێتەوە. بەتایبەتی ئەوەی کە هێزە جیهانی و ناوچەییەکان و سەرجەم میدیا بۆرژوازیەکانیان لەدەورەی ٢٧ی نۆڤەمبەر تا ٨ی دیسەمبەر، رۆژی گوێزانەوەی بەشار ئەسەد بەشێوەی نهێنی بۆ روسیا، هێزی هەیئەی تەحریرزی شامیان بەجۆرێک گەورەکرد، کە ئەبو محەمەد جۆلانی بوو بەبەڕێز ئەحمەد شەرع و لە میدیاکانەوە گەورەیان کرد، پاشەکشەکانی هێزەکانی بەشار ئەسەد لە ناوچەکان و گرتنی لەلایەن هێزەکانی تەحریری شامەوە گەورەکران و بە دەستکەوت و پێشڕەوی ئەم هێزە بەدنیایان ناساد! لەکاتێکدا ئەم هێزە ئیسلامیە ئامادەکراوە دەورێکی وای نەبوو، هەمووی سیناریۆی پێشوەختەی ئامادەکراو بوو. ئەم هێزە جیا لە رابردویەکی ڕەش، شتێکی تری نەبووە. بەڵام بۆ یەکجاریش هێزەکانی یەپەگەو قەسەدەیان وەکو هێزێکی کاریگەری لەسەر گۆڕەپانی سوریا لە دژایەتیکردنی تیرۆرو داعش باس نەکرد، ئەمەش دیارە کە بۆ ڕازیکردنی تورکیایەو هەروەها نیشانەی زاڵبوونی سیاسەت و دەوری تورکیایە لەم ئاڵوگۆرانەو دەوری لە داهاتووی سیاسی سوریادا!.
ئەوەی لەبەردەم ئەم خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی سەراسەری سوریادا و هەموو ئەو هیزانەدا خۆی بەرجەستە دەکات کە ئایندەیەکی ڕۆشن و یەکسان و ئینسانی بۆ کۆمەڵگای سوریا ئامانجی خەباتیانە، ئەوەیە کە لە دەرەوەی سیاسەت و ئەجێندای هەموو ئەو لایەنە جیهانی و ناوچەییەنادا دەست بۆ گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەران و لە ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی ئەو ووڵاتەدا بەرن. دەبێت خەڵکی سوریا جاوی لە پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بێت نەك لە ساتوسەودای دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و بۆروازیی ناوچەیی و هێزە کۆنەپەرستە نەتەوەیی و ئیسلامیەکان… ئەرکی خەڵکی ئازادیخوازی دنیاو بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی و کۆمۆنیستیە کە لەپاڵ خواستە ڕواکانی خەڵکی سوریادا بوەستنەوە بۆ ئایندەیەکی یەکسان و ئازاد و خۆشگوزەران… دوور لە شەڕ و کارەسات و تەدەخولی سیاسی و سەربازی و ئەمنی دەوڵەتانی بۆرژوایی جیهانی و ناوچەیی!




ئاوڕێك لە یەكەم ڕێكخراوی ژنانی كوردستان (كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد).. رەسوڵ بۆسکێنی

بێگومان هەر لە كۆنەوە ڕەگەزی مێینە پێكهاتەیەكی سەرەكی كۆمەڵگا و پێكهێنەری مێژووی جیهان بووە، بە پێی هەلومەرجی سەردەمە مێژووییەكان و جۆری نەتەوەكان ڕۆڵی خۆیان بینیوە، لە هەموو سەردەمەكاندا ڕەگەزی مێینە لە پێشكەوتنی ژیانی مرۆڤدا جێ دەستیان دیار بووە، بە پێی سەرچاوە مێژووییەكانیش بەرەوپێشچوونی ژنان لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەكاندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، پەرەسەندنی هزری و سیاسی وڵاتانی جیهان لە چ ئاستێكدا بووبێت، لە ژێر ئەو كاریگەریەدا چالاكی و جوڵانەوەی ژنانیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
بە گشتی ڕۆڵی ژن لە سەدەی هەژدە و لە دوای شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوروپا، لە ساڵانی (1760- 1830) گۆڕانكاری بەرچاو سەریهەڵدا، ئەمەش بەهۆی سێ هۆكاری سەرەكی بووە: (ڕیفۆرمی ئایینی، شەپۆلی دیموكراسی و شارستانی، شۆڕشی پیشەسازی)، وێڕای خەباتی بەردەوام، ئەم سێ هۆكارە بایەخی گرنگیان لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی و لە خەباتی ژنان دا هەیە، گۆڕانكاری گرنگ لە ژیانی ژنانی ئەم ناوچەیەدا لە دوا قۆناغه‌كانی دەوڵەتی عوسمانی و لە كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهانیدا ڕوویدا، له‌و سه‌رده‌مەدا ژماره‌یه‌كی زۆر چالاكی و كۆمەڵەی نەتەوەیی و كۆمه‌ڵه‌ی ژنان دامەزرا، له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و بارودۆخ و گۆڕانكارییانه‌ی، له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌ گشتی و ئه‌سته‌مبوڵ به ‌تایبه‌تی دروستبوو‌، ژنانی كوردیش لەم گۆڕانكاریانەی جیهان بێبەش نەبوون و تێكەڵ بە كارو چالاكی بوون.
بەپێی سەرچاوەكان ڕۆڵی ئافرەتی كورد بەرامبەر بە گەلانی دراوسێ جیاوازی بەرچاوی هەبووە، بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەیەكی مافخوازانە ئاوڕ لە دۆخی ژن لە مێژووی كورددا بدەینەوە، كۆمەڵگای كوردی كۆمەڵگایەكی خێڵەكی دواكەوتوو بووە، بەڵام بزووتنەوەی نەتەوایەتی و خەباتی ژنان بە پێی پێویست تێیدا گەشەی كردووە و زۆر لە دەوروبەر دوانەكەوتووە، ژنانی کوردیش یەكەم هەنگاویان هەڵێناوە، بۆ مسۆگەركردنی بە دەستهێنانی مافەكانی خۆیان، له‌ ئه‌سته‌مبوڵ بیریان له‌ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ خۆیان كردۆته‌وه‌، بە مەبەستی دەربڕینی خواست و کێشەکانی خۆیان چالاکییان ئەنجام داوه‌.
بۆ یەكەمین جار كۆمه‌ڵه‌ی تەعالی ژنانی كورد دامەزرا، بەڵام چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئەم كۆمەڵەیە بە نادیاری مایەوە، تاكو لە ساڵی 1985 بۆ 1988ی زایینی 25 ژمارە لە گۆڤاری (ژین) لەلایەن محەمەدئەمین بۆز ئەرسەلان دۆزرایەوە و بڵاوكرایەوە، بەم جۆرە یەكەمین زانیارییەكان لەسەر كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد ئاشكرا بوون، لە چەند ژمارەی جیاوازی ئەو گۆڤارەدا، چەندین وتار و نوسراو و پەیڕەوی ئەو كۆمەڵەیە، تۆزی مێژوویان لەسەر لادرا، بەچەند شێوەیەك باسی ڕۆژی دامەزراندنی ڕێكخراوەكە دەكرێت، بەڵام ئەوەی ڕوونە، له‌ 20 حوزه‌یرانی 1919 به‌ ناوی كۆمه‌ڵه‌ی ته‌عالی ژنانی كورد (كورد قادینلار تعالی جمعیتی) له‌ سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی و لەسەر دەستی كۆمەڵێك خانمی نەجیبزادەی كورد لە ئه‌سته‌مبوڵ دامه‌زراوه‌، كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد، وەك یەكەم كۆمەڵەی ژنانی كورد، لەلایەن كۆمەڵێ لە هاوسەرانی گەورە پیاوانی ناودار و ڕۆشنیبیر و كاربەدەستانی كورد دامەزرا، بەداخەوە زانیاری زۆر دەربارەی ئەو كۆمەڵەیە لەبەردەستدانیە، بەڵام ئەوەی ڕوونە لە ڕۆژی دامەزراندنی ئەو كۆمەڵەیەدا له‌ بۆنه ‌و داوه‌تننامه‌یه‌كی فه‌رمیدا ژنانی كورد له‌ مه‌یدانی سوڵتان ئه‌حمه‌د لە ئه‌سته‌مبوڵ كۆده‌بنه‌وه‌ ئاهه‌نگی دامه‌زراندن ئه‌نجام ده‌ده‌ن، وردەکارییەکانی ئه‌م مەراسیمە لە ژمارە بیستی گۆڤاری (ژین)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.
لەو مەراسیمەدا ئەنجوم یامولکی وتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە مەبەستی كار و پەیڕەوی ناوخۆی كۆمەڵە كردووە، کۆمه‌ڵه‌ سه‌ڕۆک و دوو جێگر و شه‌ش ئه‌ندام و سکرتێر و ژمێریارێكی هه‌بووه‌، یەکەم سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیە ئامینە خانم هاوسەری ژەنەراڵ شەریف پاشای خەندان بووە، هەروەها ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی ئەو ناوەندە بریتی بوون لە: ئامینە خانم هاوسەری سەید ڕەزا، نەزیرە خانم، ئەنجوم یامولکی هاوسەری مستەفا پاشای یاموڵكی، گوزیدە خانمی یامولکی هاوسەری عەبدولعەزیز یاموڵكی، عه‌دویه‌ به‌درخان، ئادڤیە بەدرخان، نازلی بەدرخان، زەریفە بەدرخان، سەعادەت بەدرخان، بڵقیس بەدرخان، و …لە بەڕێوەبەرانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ بوون، ‌شوێنی كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ باڵه‌خانه‌ی دەمیرجیانی نزیک گۆڕەپانی یەڵدێرمەنی ته‌علیمخانه بووه‌.
ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوە مۆدێڕنە، بریتی بوون لە بەرزکردنەوەی ئاستی فیکری ژنانی کورد، دۆزینەوەی کار و باشترکردنی دۆخی دارایی ژنان، باشترکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی ژنان، هەروەها ئاوڕدانەوە لە دۆخی 700 هەزار کورد کە بەهۆی شەڕی یەکەمی جیهانییەوە دوور خرابوونەوە، ئاوڕدانەوە لە دۆخی منداڵە بێ‌ سەرپەرەستەکانی کورد و … هەروەها لە درێژەی چالاکییەکانیان‌ دا یارمەتی مادیان کۆکردەوە، بۆ چاپی کتێب و کردنەوەی ژووری موتالا و کتێبخانە و هتد.
کۆمەڵەی ته‌عالی ژنانی کورد، یەکەمین ڕێکخراوی دیارو ناسراوی ژنانه‌ له‌ مێژووی کورد دا، هەرچەندە چالاكییه‌كانی کۆمەڵەکە زۆر به‌ کەمی تۆمار كراون، بەڵام له‌ مەراسیمی کردنەوەی كۆمه‌ڵه‌كه‌‌ لە گۆڕەپانی سوڵتان ئه‌حمه‌د‌ لە ئەستەمبوڵ، یەكێك لە ژنە چالاكەكانی ئەو ناوەندە ئەنجوم یاموڵكی هاوسەری مستەفا پاشای یاموڵكی سلێمانی، لە ڕۆژی مەراسیمی كرانەوەی كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد، لە شەوی مەولدی ئەو ساڵەدا لە گۆڕەپانی سوڵتان ئەحمەد لە ئەستەمبوڵ وتارێكی بە ناوی كۆمەڵەكە و ژنانی كورد پێشكەش كرد، وتارەكە لە ژێر ناوی “ئاماژەیەك” لە گۆڤاری (ژین) دا بڵاوكراوەتەوە، ئەنجوم خانم دەستپێكی كاری كۆمەڵەكەیان، بۆ بەدیهێنانی ئامانجی بەرز و پیرۆز سازكراوە، بەم بۆنە پیرۆزەوە بە نیشانەیەكی باشی داناوە، ئەنجوم خانم باس لە برایەتی گەلانی موسوڵمان و خواستی كورد بۆ گەیشتنی مافەكانی خۆی دەكات، سۆز و بەڵێن دەدا كۆمەڵەكەیان هەرچی لە دەستی بێت، بۆ پێشخستنی كورد و خەبات لە پێناوی مافە ڕەواكانیدا درێغی ناكات، هەروەها گوتی: ژنانی کورد پێویستە بۆ گەیشتن بە هزرێکی مۆدێڕن و سەردەمیانە هەوڵ بدەن و هەموو ژنان به‌ بێ جیاوازی نێوان ڕه‌گه‌زی، زمان و ئایین، ئەم خەباتە لە باوەش بگرن، هەروەها ئاماژە بەوە دەکا، ئێستا هەموو گەلان بە دوای مافی خۆیانەوەن و ئیتر ژیانی هاوبەش مانای نەماوە، ئێمەی کوردیش بە دوای مافی نەتەوەیی خۆمانەوەین، چونکە میلۆنان کورد لەو ناوچەیەدا کە پێی دەگوترێ کوردستانی گەورە، دەژین، ئەنجوم خانم لە وتەکانی دا سوپاسی تەواوی ئەو کەسانە دەکات، لەو ڕێگایەدا هاوکارییان دەکەن، هەروەها ئەوەشی زیاد کرد، دەرگای ئەو ناوەندە بە ڕووی هەر ئافرەتێکەوە کراوەیە، ئه‌وانه‌ی دەیانەوێت لە کاری خێرخوازیدا بەشداری بکەن و یارمەتی ئەو ژن و منداڵانە بدەن کە لە ڕووداوەكانی جەنگی جیهانی، بەتایبەت ژن و منداڵی ئەرمەنییەکان کە لە شەڕدا زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
لێرەدا دەكرێ وتەكانی ئەنجوم خانم لەو بۆنەیەدا وەكو پرۆگرامی سیاسی كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد سەیربكرێن، بەلای ئەنجوم خانمەوە دەبێ كۆمەڵە یارمەتی پێشكەش بە ژنان و زاڕۆیانی كورد بكات، كە بە هۆی كارەساتەكانی شەڕی جیهانیەوە تووشی مەینەتی زۆر هاتوون و پێویستیان بە یارمەتی و هاوكاری هەیە، ئەو یارمەتیانە بریتیە لە دۆزینەوەی كار و قوتابخانە و ناوەندی فێركردن و بەڕێوەبەرایەتی بۆ ژنان و منداڵانی كورد، هەروەها زۆری لا مەبەست بووە ڕێكخراوەكەیان كاری زۆر بكات بۆ گەشەسەندنی ناسنامەی كوردی و یارمەتی دانی خێزان و ئاوارە كوردەكان لە ئەستەمبوڵ و شارە گەورەكانی تری دەوڵەتی عوسمانی تێكشكاو، هەندێ لە چالاكیەكانی كۆمەڵەی ژنانی تەعالی كورد لەسەر لاپەڕەی گۆڤار و ڕۆژنامەكانی ئەو سەردەمە بە تایبەت گۆڤاری (ژین) ڕەنگیان داوەتەوە.
لە ڕێگای وتارێكی عەبدولعەزیز یاموڵكیەوە لەو گۆڤارەدا دەزانین ئەو ڕێكخراوە كۆبوونەوەیەكی فراوانی بۆ ژنانی كورد لە ئەستەمبوڵ سازكردووە، بۆ چارەسەركردنی كێشەی خێزانەكانی كورد بەگشتی و لەو شارەدا بە تایبەتی، هەروەها ڕێكخراوەكە خەتەنەكردنی منداڵانی نەداری كوردی لە نەخۆشخانەی شیشلی لە ئابی 1919 گرتۆتە ئەستۆی خۆی، لەڕێگای ئەو چالاكیانەوە ئەو ڕێكخراوە هەوڵی دەدا ژنانی كورد بكێشێتە نێو گۆڕەپانی خەباتی كۆمەڵاتی و سیاسیەوە.
هەوڵدانی كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد لە بوارەكانی ناسنامەی نەتەوەیی و پەروەردە و فێردكردن و هاریكاری ژنان و زارۆكانی كورددا، خەسڵەتی ڕێكخراوێكی ژنانی هاوچەرخیان داوەتە ئەم كۆمەڵەیە، چالاكیەكانی كۆمەڵەی ژنانی كورد، بە جۆرێك هەست و سۆزی نووسەران و شاعیرانی ئەو سەردەمەی بزواندووە، گروپی نووسەرانی گۆڤاری ژین بۆ یەکەم جار باس لە ئازادکردنی ئافرەت و مافی ئافرەتی کورد دەکەن، شەریف‌ پاشا یەکێک لەو کەسایەتییانە بووە، پێشتریش لە بارەی ژنانی فێمینیستەوە گوتبووی: “ئەم وڵاتە فێمینیست گەلێکی زۆری هەیە، هاوسەری منیش یەکێکە لەوان، هەروەها گوتوویەتی داهاتووی بزووتنەوەی ژنان ڕوون و باش دەبێت”
یەكێك لە نووسەرانی ئەو ڕۆژانە بەم شێوەیە باسی ئامانجەكانی كۆمەڵەی ژنانی كردووە: ” بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەكی هاوسەردەم بۆ ژنی كورد و ڕیفۆرمێكی ڕیشەیی لە ژیانی كۆمەڵایەتی و خێزانی لە كۆمەڵگای كوردی و دەستی یارمەتی درێژكردن بۆ ئەوانەی بەهۆی شەڕی جیهانیەوە بە ناچاری پەڕاگەندە بوون و هاتوونەتە ئەستەمبوڵ و ژیانێكی پڕ لە مەینەتی بەسەردەبەن، كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد دامەزراوە، ڕێكخراوی ژنانی كورد ناوەندێكی كردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەركی كوردایەتی خۆی بەجێ بێنێ”، هەروەها شاعیری كورد عەبدولڕەحیم ڕەحمی شیعرێكی پڕ لە سۆزی بە باڵای كۆمەڵەدا هەڵداوە.
بێجگە لە شەریف پاشا ڕووناکبیرانی تری وەک: مەمدووح سەلیم، عەزیز یامولکی، مولانزاده ڕەفعەت و … بە کردەوە و نووسراوەکانیان نیشانیان داوە، پشتیوانی بزووتنەوەی ژنان و کۆمەڵەی تەعالین.
بە پێی زانیارییەكان چالاکییەکانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ نزیکەی ساڵێکی خایاندووە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر چۆنیەتی کۆتایی هاتنی چالاکییەکانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌به‌رده‌ستدا نین، دەربارەی داخستنی كۆمەڵەكە بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە ڕۆژنامەی (زاریا ڤاستۆکا) لە ساڵی ١٩٢٩ لە تفلیس دەرچووە و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هەواڵەکە بە واژۆی کۆمیتەی ژنانی کورد باس له‌ داخستنی كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌كات.
ئەم كۆمەڵەیە وەكو هەموو كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی تری كورد لە ئەستەمبوڵ، لە دوای ماوەیەك لە سەرهەڵدانی بزاڤی كەمالیەوە لەكار كەوت و ئەندامەكانی پەرتەوازە بوون و بڵاوەیان لێكرد، هەندێكیان لە تەك هاوسەرەكانیاندا گەڕانەوە بۆ باشووری كوردستان و عێراق و لەوێ لە بواری دیكەدا، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە و فێركردندا، ڕۆڵی بەرچاویان بینی و ئەوانی دی، كە لە توركیا مانەوە خۆیان و هاوسەر و بنەماڵەكانیان كەوتنەبەر شاڵاوی بێبەزەییانەی كەمالیستەكان و بە ناچاری ژیانی بێ دەنگیان هەڵبژارد.
لێكدانەوەی ڕۆڵ و پێگەی ئەم ڕێكخراوە لە مێژووی كورددا، بەگشتی و مێژووی بزاڤی ژنانی كوردا بە تایبەتی بەسەرهات و چارەنووسی ئەندامەكانی باس و خواسی زیاتر هەڵدەگرەن، یەكێك لە ئەركە سەرەكیەكانی كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی ژنانی كوردە، لەو پرسانە بكۆڵنەوە و پەند لە ئەزموونەكانی وەربگرن.
دامەزراندنی کۆمەڵەی تەعالی ژنانی کورد، ئەگەر لە ژێر سێبەری كۆمەڵەی تەعالی كوردستان و بەهاندانی پیاوانی ڕۆشنبیر و بە چاولێكەری ژنانی دی لە دەوڵەتی عوسمانی دامەزرابێ، هیچ لەوە ناگۆڕێ، یەکەمین ڕێکخراوی مۆدێڕنە، لە لایەن ژنانی کوردەوە بۆ خزمەت بە کێشەی ژنانی کورد دامەزراوە، هاوکات لەو سەردەمەدا ژنانی نەجیبزادەی کورد لە چەندین بواردا چالاکی بەرچاویان هەبووە، بەڵام ئەو بەشە لە چالاکی خانمانی کورد پشت‌گوێ خراوە، بەداخەوە بۆتە هۆکاری ئەوەی تورکەکان بەشێک لە چالاکی ئەو خانمانە و تەنانەت ڕەچەڵەکی هەندێك لەو خانمانە بە تورک ناودێر بکەن و لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان مۆرکی نەتەوەیی کوردیان لە سەر بسڕنەوە، بەڵام ئەوە دەستپێکێک بوو لە هەوڵ و چالاکی ژنانی کورد و دواتر درێژەی ئەو هەوڵ و چالاکیانە لە شارەکانی سلێمانی و مەهاباد… ڕەنگدانەوەی زیاتریان هەبووە.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دروستبوونی كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی كورد له‌ ئه‌سته‌مبوڵ (1919) به‌رهه‌می لێكه‌وته‌كانی دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و په‌ره‌سه‌ندنه جۆراوجۆره‌‌كانی ئه‌سته‌مبوڵ بوو، ئه‌و ئامانجانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ پێناویدا دروستبووه‌، بۆ ئه‌و سه‌رده‌م وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ بووه‌، لەم سەردەمە زووەی مێژووی رێكخراوەییدا لە نێو كورداندا هەنگاوێكی ورد و بوێرانەی ناوە.
بۆ ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
1- چالاك كوردە، ئاوڕێك لە ” كۆمەڵە تەعالی ژنانی كورد” https://amanj24.ir/1403/07/18
2- د.جەبار قادر ، ژنانی كورد لە مێژوودا، 3- 10- 2016، https://www.historyofkurd.com.
3- د.فاخر عالی، كۆمەڵەی تەعالی ژنانی كورد 1919، 16ی دیسەمبەری 2023، https://nishtmandialog.com




کۆتایی ئەسەد و ئاکامەکانی.. عوسمانی حاجی مارف

هەرچەندە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و باشوری لوبنان لەماوەی زیاتر لە ٤٢٠ ڕۆژدا سەرنجی تەواوی جیهان و میدیاکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشابوو، بەڵام ڕوداوەکانی ئەم دواییەی حەڵەب و ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا لە کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەک لە باکووری سوریا، توانی ببێتە هەواڵی تەواوی میدیاکان و مانشێتی ڕۆژنامەکان.
ڕۆژی شەممە ٣٠/١١، نیشاندانی شکستێکی گەورەی هێزەکانی ڕژێمی سوریابوو لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، کە لەلایەن هەیئەی تەحریری شام بەڕێوەبراو توانیان دەست بەسەر شاری حەڵەبدا بگرن و دواتر چونە ناو شارەکانی حەماو حومصەوە، لە درێژەدان بەم هێرشانەدا، لەئاکامدا کۆتایی رژێمی حکومەتی ئەسەد لە شاری دیمەشق راگەیەندرا.
هەرچەندە لەسەرەتادا لە زاری هێزەکانی ڕژێمی سوریا ئەوە بڵاو کرایەوە، کە ڕژێم بەڵێنی هاوکاری سەربازی زیاتری ڕووسیای وەرگرتووە بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی سوریا، لەهەمانکاتدا پێشبینی ئەوەیان دەکرد لەماوەی ٧٢ کاتژمێردا کەرەستەی سەربازی نوێی ڕوسیا بەدەستیان بگات، بەڵام لە مبارەیەوە روسیا هیچ هەنگاوێکی نەنا.
ئەو هێرشەی (هەیئەی تەحریر شام) دەستیپێکرد بۆ سەر شاری حەڵەب و شارەکانی تر، لە هەمانکاتدا تورەیی و نارەزایەتی جەماوەری سوریا لە رژێم، نەک تەنها کۆتایی بە رژێمی ئەسەد هێنا، بەڵکو نەخشەیەکی سیاسی نوێ لەسەر سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل دەکێشێت. ئەوەی شایانی باسە ڕووسیا و ئێران لەم دۆخی جەنجاڵیەی ناوخۆی سوریادا نەیانتوانی هێزەکانیان لە سوریا جێگیر بکەن و ئەسەد بپارێزن.
ئەو گروپە نوێیەی کە لە کۆمەڵێک هێزی ئۆپۆزسیۆنی میلیشیای بەرفراوان پێکهاتووە، لە کوتلە ئیسلامیەکانەوە تا دەگاتە میانڕەوەکان، هێرشەکەیان بۆ سەر حەڵەب و شارەکانی تر ئەنجامداوە، کە لە لەلایەن (هەیئەی تەحریری شام)ەوە سەرکردایەتی دەکرێن، یەکێکە لە ڕێکخراوەکانی قاعیدەیە لە سوریا، کە پێشتر بە (بەرەی نوسرە) ناسرابوو، ئەو گروپانەی کەبەشداریان لەم هێرشەدا کردوە بەشێکیان لەلایەن تورکیا و بەشێکی دیکەشیان لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، بەتایبەتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن بە شێوەیەکی بەرچاو لەم شەڕەدا کاریگەریان هەیە. تورکیا بە هەماهەنگی لەگەڵ قەتەر، هاوپەیمانیەکیان پێکهێناوە بۆ دابەزینی ئاستی پێگەی ئێران لە سوریا.
لەم نێوەدا تورکیا تۆمەتبار دەکرێت بەوەی پەنای بۆ کۆکردنەوەی کوتلە چەکدارەکان بردووە لە ناوچەکانی نفوزی خۆیدا، بۆئەوەی لەلایەک کۆنترۆڵی سوریا بکەن و گورزێک لە پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا بدەن، لەلایەکی ترەوە، ناوچەی نفوزی هێزە کوردیەکان کۆتایی پێبهێنێت یا لاوازبکرێن. لەهەمانکاتدا ئێران لە هەوڵی ئەوەدا بوو دوای شەڕی لوبنان، ئامادەیی خۆی لە سوریا بپارێزێت، بەڵام تورکیا نەك تەنها لە سوریا، بەڵکو لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیەوێ پێگەی ئێران لاوازو کەم کاریگەر بکات.
ئەو لایەنانەی کە پشتیوانی ئەسەدیان دەکرد، وەک ڕووسیا و ئێران، لەئێستادا سەرقاڵی کێشەی دیکەن، ئەویش بۆ روسیا شەڕی ئۆکرانیایە، بۆ ئێرانیش دۆخی لوبنانە کە حزبوڵای لوبنان وەک هێزێكی سەر بەئێران دوای ئەو هێرشە چڕانەی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری لوبنان بەجۆرێک لاواز بووە کە نەیدەتوانی پشتگیری لە ئەسەد بکات.
هەڵبەتە تورکیا و (هەیئەی تەحریری شام)، هاوکاتی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززەو لوبنان و لێدانی گورزی گەورە لە حەماس و حزبولڵا، هەستیان بەجۆرێک لە لاوازی هێزەکانی حکومەتی ئەسەدیان کردبو، بۆیە دەرفەتێکیان دیوەتەوە بۆ لێدانی هێزەکانی حکومەتی سوریا، لەکاتێکدا واپێدەچیت ئەم هێرشانەی (هەیئەی تەحریری شام)، لە حساباتی ڕوسیا و ئێراندا نەبوبێت.!
هێرشی کوتوپڕو بەلێشاوی زۆری گروپە چەکدارەکان بۆ ناوچەی شەڕ لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، هێز و میلیشیاکانی ئێران لە باشووری حەڵەب سەرسامکرد، لەهەمانکاتدا کۆبونەوەی سەربازی عێراق لەسەر سنوورەکان وەها نیشان ئەدات، دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵ دەرچووەو مەترسی بۆ سەر ناوچەکە پێکهێناوە، هەرچەندە حەڵەب زۆر دورە لە سنوری عێراقەوە، بەڵام حەشدی شەعبی بەدەوری ئێران و بە بیانوی بەرگریکردن لە عێراق خەریکە تیوە دەگلێت.
هەڵبەتە ناردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن عێراقەوە، دەبێتە هۆی کردنەوەی بەرەیەکی تر لەبەرامبەر ئیسرائیلدا، خەریکە ڕاستەوخۆ حەشدی شەعبیش دەکەوێتە ناو ئاگرەکەوە، ڕەنگە ئێران ئەمەی بە هەلێک زانیبێت بۆ هەوڵی قەرەبوکردنەوەی ئەو زیانانەی بەر حزبوڵڵا کەوتووە، بەناوی پاراستنی ئەسەد، جوڵەی بە حەشدی شەعبی کردوە، بەڵام کەوتنی رژێمی سوریا، ئەو ئومێدەی ئێرانی بردە دواوە. چی دەتوانێ بە حەشدی شەعبی بکات، نادیارە!.
لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتی ئەسەد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قەڵایەکی گرنگ بو پارێزگاری لە پێگە و نفوزی ئێران، بەتایبەتی لەبەرامبەر دەوری تورکیا لە ناوچەکەدا. لەهەمانکاتدا تورکیاش بەردەوام لە هەوڵی کێبڕکێی لاوازکردنی ئێراندایە، بۆیە ئێران تا دوا هەناسە بەوجۆرەی بۆی لوابێت، وازی لە سوریا و ئەسەد نەدەهێنا. ئێستا ئێران لەبەرامبەر دۆخێکی تازەدا بەرەو رووە.!
هەروەها ئێران بەشێوەیەکی دیپلۆماسی هەنگاوی دەنا بۆ ڕاگرتن و ڕێگریکردن لە کۆنترۆڵکردنی ئەو شوێنانەی کە ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا دوای حەڵەب دەستیان بەسەردا دەگرت، بەتایبەتی کە هێزەکانی حکومەتی سوریا پاشەکشەیان کردوەو نەیانتوانیوە بەرگری بکەن، یان چاوەڕێی هێرشی بەرپەرچدانەوەی ڕۆڵێکی کاریگەر لە ڕوسیایان دەکرد، بەڵام وەڵامدانەوەی ئەو هەنگاوە دیپلۆماسیانەی ئێران سنووردار بوون و جێگایەکی نەگرت.
لەبەرامبەر بارگرژی دۆخەکەو ململانێی زلهێزەکان و رۆڵی تورکیادا، کۆماری ئیسلامی زیاتر بەو باوەڕە گەیاندووە کە شەڕی سوریا و کۆتایی ئەسەد زیاتر ئامانجی گەمارۆدانی نفوزی ئێرانە، بۆیە ئێران تەنیا لایەن بوو بەرژەوەندی لە مانەوەی ئەسەدا هەبوو.
کۆماری ئیسلامی و ئەسەد، زیاتر چاوەڕوانی ڕۆڵی کاریگەری ڕووسیایان دەکرد لە پوچەڵکردنەوەی هێرشەکانی ئۆپۆزسیۆندا، بەوپێیەی ئێران دوای هێرشە چۆنایەتیەکانی ئیسرائیل کە دیارترین کادیرانی سوپای پاسدارانیان کردە ئامانج، یان دوای لێدانەکانی ئیسرائیل کە کەسایەتیەکانی حەماس و حزبولڵای تیرۆر کرد، ئێران ئامادەیی سەربازی کاریگەرانەی لە سوریادا نەما. هەروەها بۆ تاران زەحمەت بووە کە دەخالەتی ڕاستەوخۆبکات و ناشتوانێت بەئاسانی هێزەکانی حەشدی شەعبی کێش بکات بۆ ناو سوریا، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕوناکیەی کە لە هەموو ئاڕاستەکانەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە سەرنجی لەسەرە، ئەگەری ئەوە زۆرە کە ئیسرئیل هەر جوڵەیەک لەسەر فەرمانی ئێران بکرێت، لێی ئەدات.
بەڵام ئەوەی دیمان ڕوسیا بێدەنگ بوو، لەهەمانکاتدا ڕێگەی بە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان نەگرت، لەو ناوچانەی بڵاوبوبونەوە، بۆیە ساردی ڕووسیا تەنیا بە قەتیس بوون لە ئۆکرانیا ڕوون ناکرێتەوە. واپێدەچێت روسیا لەنێو ململانێ جێهانیەکاندا مامەڵەیەکی تایبەتی کردبێت لە نێوان دەستکەوتێک لە ئۆکرانیا و پاشەکشەیەک لە سوریا.
دوای ئەوەی کونسوڵخانەکەی ئێران لە حەڵەب کرایە ئامانج، توڕەیی ئێران بەرامبەر بەو شتانەی کە لە دژی بەرژەوەندیەکانی لە سوریا ڕوودەدەن، زیاتر بوو. ئیسماعیل باغایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشەی کرد کە لەلایەن کوتلە چەکدارەکانەوە بۆ سەر کونسوڵخانە دەستی پێکرد، باغایی جەختیشی لەوە کردەوە، ئێران بە جددی لە ڕێگەی یاسایی و نێودەوڵەتیەوە بەدوادا چون بۆ ئەم هێرشە دەکات!
ئەوەی ئێرانی نیگەران کردووە، ئەوەیە کە ڕووسیا فشارێکی بەرچاوی نەخستە سەر تورکیا بۆئەوەی ناچاری بکات و داوا بکات ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان هێرشە بەرفراوانەکەی ڕابگرێت، ئەمەش وا دەردەکەوێت کە مۆسکۆ خەمی نییە لەوەی کە ڕوودەدات. لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بە زاراوەی گشتی و فراوان ڕازی بوو کە ناڕەحەتی ڕووسیای نیشان نەدا دەربارەی ئەوەی ڕوودەدات.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا کە لاڤرۆڤ و فیدان “نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە پەرەسەندنی مەترسیداری دۆخی سوریا سەبارەت بە پەرەسەندنی هێرشی سەربازی بۆسەر پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب.”
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی هەماهەنگی هاوبەش و گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردووەتەوە، لەچوارچێوەی “فۆرمۆلەی ئاستانەدا” نەک ئەوەی چارەنوسی ئەسەد چی بەسەر دێت.
هەرچەندە سوپای سوریا لە بەیاننامەیەکدا پێش کەوتنی دیمەشق ئاماژەیان بەوەکردووە، ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکان، لەهەمانکاتدا دوو سەرچاوەی سەربازی ئاماژەیان بەوەکردوە که ڕووسیا بەڵێنی هاوکاری سەربازی زیاتری به دیمەشق داوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چەکدارەکان لە ماوەی 72 کاتژمێردا، بەڵام کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد، فەرامۆشی روسیای بەرامبەر بە چارەنوسی سوریا نیشاندا.
گەر هێرشەکانی هەیئەی تەحریری شام بۆسەر شارەکان و دواتر کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد دۆخێکی تازەی پێکدادان و بارگرژی و ناسەقامگیری زیاتری هێناوەتە ئاراوە بۆ سوریاو ناوچەکە، ئەوە ڕۆشنە لەپەیوەند بە ناکۆکی و کێشمەکێشی وڵاتانی زلهێزی دنیاو کاریگەریان لەسەر ناوچەکە، ناتوانرێت کۆتایی ئەم دۆخە و کارەساتەکانی دیاری بکرێت، هەر لایەنێک لە ڕوانگەی بەرژەوەندیەکانی و فروانکردنەوەی نفوزو پێگەی سیاسی خۆیەوە مامەڵەی دۆخەکە دەکات، بەتایبەتی ئیسرائیل بەجۆرێکی تر لەپێناو بەرژەوەندیەکانیدا هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکە درێژە پێئەدات. کۆتایی ئەسەد، پتەوبوونی پێگەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا مسۆگەرتر دەکات. لەهەمانکاتدا فراوانبونەوەی نالەباریی زیاتری دۆخەکەو مەترسیەکانی لە ئاستی ناوچەکەدا سنورێکی دیاریکراوی نیە، شەری ناوخۆ ئەگەرێکی نزیکە لە واقعیەتی دوای چۆنیەتی کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی ئەسەد و بلاوبونەوەو دەوری هێزی میلیشیایی و تائفیەکان لە شارەکاندا.
هەڵبەتە ئەم دۆخە بێکاریگەر نابێت لەسەر عێراق، هەربۆیە چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتدار لە عێراقدا کە هێز و کوتلە هاوپەیمانەکانی ئێران لەخۆدەگرێت، ڕایانگەیاند: “ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات داگیرکاریە لەلایەن تیرۆریستانەوە”، هەروەها دەڵێن: “ئاسایشی سوریا درێژکراوەی ئاسایشی عێراقە”، چونکە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا لە بازنە بەرژەوەندیەکانی ئێراندایە.
بەجیا لە ململانێی جەمسەرە ئیمپریالیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و خوڵقاندنی دۆخێکی بەردەوامی ناجێگیری سیاسی و شەری گروپی تائیفی، لەهەمانکاتدا بڵاوبونەوەی چەندین گروپ و هێزی میلیشیای ئیسلامی و تائیفی لە ناوچەکەدا، مایەی دروستکردنی گەورەترین ماڵوێرانی و تراژیدیای مرۆییە کە هەر وەرزە پەردەی کارەساتێک لادەدات و ئاکامەکەی دانیشتوانی ناوچەکە دەکاتە قوربانی.




وەرزەکانی فەلسەفە لەگەلەری ئارام.. لەگەڵ د. ئازاد حەمە

وەرزەکانی فەلسفە پرۆژەیەکی نوێی ( گەلەری ئارام)ە، هەرجارەو خوێندنەوەیەک بۆ فەیلەسوفێک دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ د. ئازاد حەمە.

پێویستمان بە فێربوونی نیچەیە..

وانەی شەشەم: لەودیو چاکەو خراپەوە چاکەو خراپەی تر هەیە؟؟/ لادانی دەمامکەکان.

پێنجشەممە
١٢\١٢\٢٠٢٤

کات: ٦ی ئێوارە
ناونیشان: عەقاری دوو کۆڵان خوار ئەمنە سوورەکە.




تابلۆی زامه‌كان.. شیعری ستار ئه‌حمه‌د

رۆحم به‌ته‌نیایی خۆمه‌وه‌ گرێداوه‌

گه‌واڵه‌یه‌كم…

به‌دوای رامووسانی ئه‌ستێره‌یه‌كا ده‌گه‌ڕێم

له‌ترپه‌ی ده‌نگی باران

چه‌ترێك له‌نوور ئه‌ده‌م به‌سه‌را

له‌گه‌ڵ به‌فری سه‌ر دیواره‌كان نم نم ده‌توێمه‌وه‌

نه‌پێیه‌ك به‌خشپه‌م له‌په‌نجه‌كانی ده‌ترازێ‌

رێگایه‌ك به‌نه‌مانم چوارچێوه‌ی ده‌دڕێنێ‌

نه‌زریوه‌یه‌ك كانیه‌ك ده‌خاته‌ ناخمه‌وه‌

ئه‌ستێره‌یه‌ك به‌ژوانم نادره‌وشێته‌وه‌

ته‌نیایی له‌رۆحی ته‌نیام ئاڵاوه‌

نیگای وه‌كو ئه‌ستێره‌…

له‌پرشنگی خۆردا ونه‌

بسته‌ خاكێكم…

له‌نێوانی ئه‌ستێره‌و هه‌وردا

داماوم بۆ چریكه‌ی ئه‌و مانگه‌ی

شه‌وانه‌ ده‌روازه‌ی ژووره‌كه‌ت ماچده‌كا

به‌دوای نهێنی رووناكی و

سیاچاره‌یی رێبواره‌كاندا وێڵه‌

قه‌ده‌رێكی شوومه‌

دابڕان…

ده‌ستی چاوه‌ڕوانی ببڕێته‌وه‌

په‌نجه‌ی رازه‌كان له‌برین هه‌ڵكێشێ‌

له‌تیله‌ی خۆزگه‌دا..

ورده‌ ماچ…

دانه‌ی باران ..

تریفه‌ی خۆر…

شنه‌یشه‌ماڵ…

گوڵی كه‌نار…

له‌بسكی خه‌م بدات

دورگه‌یه‌كم تاریك

پڕاوپڕ له‌كوشتن

مه‌ست به‌ته‌رمی دووگیان

په‌شۆكاو به‌كانی خوێن

ترساو له‌لرفه‌ی بروسكه‌ی گولله‌ی وێڵ

ئه‌مه‌ ئه‌هریمه‌نی له‌خاچدانه‌

ته‌وێڵت به‌ئه‌سكڵی برین

هه‌ناوت به‌زه‌بری سێداره‌

چاره‌نووست…

به‌ئاورنگی ئالووده‌بوون بسپێرێ‌

ده‌ریایه‌كم له‌كانی عومرم وه‌ڕسم

زێدم چه‌كه‌ره‌ی دوندێكی سه‌رسه‌خته‌

كه‌ئاده‌مم ناسی….

به‌هه‌شتم له‌كیس چوو

گۆڕ بووه‌ تابلۆی زامه‌كانم

گه‌ڵایه‌ك…

رووتبوونه‌وه‌ی پێبه‌خشیم

زمانم به‌پشكۆ هاته‌گۆ

كراسێكیان له‌ئاگر بۆ بۆدووریم ، لیمنابێته‌وه‌

هه‌تا ئێستا نزایه‌ك له‌پرشنگ

هه‌ناسه‌یه‌ك له‌عیشق

چركه‌یه‌ك له‌تاسه‌ی نیشتمان

سترانی لێبورده‌یی….

به‌سه‌ر ده‌روونما نه‌چڕیوه‌

بۆیه‌ شه‌وانه‌ له‌خۆم وه‌ڕسبم

سپێده‌…

به‌دوای رۆحی خۆمدا بازئه‌ده‌م

له‌گه‌رووی برینا سه‌ر خه‌وێك ده‌شكێنم

پێپه‌تی ردێنی هه‌ور ده‌گرم

ده‌ستم ناگاته‌ پرشنگێك

بۆ ئه‌وه‌ی له‌سێبه‌ری باڵای خۆمدا

په‌نجه‌كانم بژمێرم

ته‌مه‌نی هه‌نگاوه‌كانم نازانم

بێئاگام له‌پشكۆی ئه‌و رێگایانه‌ی

ساتێك گه‌رمی نه‌كردینه‌وه‌

ئه‌مێستا میوانی شه‌واره‌ی سه‌ره‌ڕێی

منیش له‌به‌رده‌م…

خانه‌قای یه‌زدانا راوه‌ستاوم

ده‌ستێكم رۆحی بزێومی داگیرساندووه‌

ده‌سته‌كه‌ی تریشم….

گه‌ردنی تاریكی..

كردووه‌ به‌كاتژمێری دیوارێك

به‌ته‌قه‌ی ده‌رگایه‌ك شادنه‌بووه‌

شه‌ونوێژێك له‌پاڵیدا نه‌كراوه‌

بۆیه‌ تینوو به‌وێردی ده‌ف وسۆز

ده‌روێشی رێگرتووی مه‌زاری عه‌شقی تۆم

دێوانه‌م وه‌ك ئه‌و موریدانه‌ی

له‌لانكا عه‌وره‌تیان ده‌بڕن

به‌نینۆك ناوكیان ده‌تاشن

تامه‌زرۆم وه‌ك ئه‌و شێتانه‌ی

له‌گۆشه‌ی كووچه‌كان

له‌خه‌ڵكی ده‌ڕوانن

چاوه‌ڕێی نانێ‌ ره‌ق

یان بزه‌ی لێوێك و شه‌وباشن




9 دیسەمبەر رۆژی قەدەغەكردنی جینۆسایدو رێزگرتن لە قوربانیانە

76 ساڵ لەمەوبەر بڕیاری قەدەغەكردنی جینۆسایدو سزادانی بكەرانی دەرچوو, 9 ساڵ لەمەوپێشیش لە لایەن نەتەوەی كگرتووەكانەوە بە بەشداری 153وڵەت بڕیاری ئەوە درا ئەم رۆژە وەك رۆژی جیهانی قەدەغەكردنی جینۆسایدو رێزگرتن لە قوربانیان و سزادانی بكەرانی بناسرێت .
لێ لە كاتێكدا یادی ئەم رۆژە لە كوردستان دەكەینەوە, بە داخەوە لە عێراقەكەی ئێمە كە 65 ساڵە پەیوەست بووە بە رێكەوتننامەكەوە, تاوانبارانی جینۆساید ئازادن و لە پێگەی خۆیانەوە وەك بەشداربووی تاوان سەیر ناكرێن و دان نانیچن بە راستییەكاندا, لە بۆنەكاندا وەك رێزلێگیراو دەردەكەون و دوای مردنیان پرسەی شاهانەیان بە ئاڵای كوردستانەوە بۆ دادەنرێت.
بۆ ئەوەی رێز لەو بڕیارە جیهانییە و قوربانیانی جینۆساید بگرترێت و كەرامەتیان پارێزراو بێت , پێویستە دەست بەجێ تاوانباران دادگایی بكرێن, ئەوە گەڕاندنەوەی رێزو كەرامەتە بۆ قوربانیانی جینۆسایدی گەلی كوردستان. هەر لێرەوە وەك ئەم ڕێكخراوانەی ناوییان لە خوارەوە هاتووە داوا لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق دەكەین ئەم ڕۆژە بە فەرمی بناسێنن بكرێتە ڕۆژێكی تایبەت تیایدا ڕێز لە قوربانیانی جینۆسایدی كوردستان و عێراق بگرن و وەڵام بە سەرجەم داواكارییەكانیان بدرێتەوە لە دادگاییكردنی تاوانباران, باشتركردنی ژیانیان, داوای لێبوردن كردن لێیان, قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوییان, گەڕانەوەی ڕوفاتی ئازیزانیان , بۆ دووبارە نەبوونەوەی جینۆسایدو دڵنەوایی قوربانیان عێراق دەست بەجیچ ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

ناوی رێكخراوەكان:

1- رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
2 تۆڕی ئایكان كوردستان
3 رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان
4 رێكخراوی جیهان بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی
5 هەلمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
6 هەڵمەتی دادپەروەری
7-ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قبانیان وجینۆسایدكراوان
8-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
9 -تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی-koncicc
10-رۆژنامەی نگرە سەلمان




ئەرۆدۆغان جەنگە سەرەکییەکەشی بردەوە.. زاهیر باهیر

ئەردۆغان ئەو پیاوە سیاسییە بە ئەزموونە لە فێڵ و پاشقوللێدان لە دۆست و دووژمنانی. ئەو پیاوەی کە لەوەتی حوکمڕانی دەکات هیچ گرەوێك، هیچ شەڕیکی نەدۆڕاندووە. سیاسییەكی موحەنەك کە لە سیاسەتەکانیدا هەمیشە براوە بووە.
خودی سیاسەت یانی فێڵ و تەڵەکە و بەکارهێنانی تاکتیکی زیرەکانە لە بەرانبەر نەیاراندا و لەدەستنەدانی هیچ جۆرە هەلێک یاخود خولقاندن و قۆستنەوەی هەموو دەرفەتێك لە پیناوی خۆی و حیزب و دەسەڵاتەکەیدا.
ئەردۆغان توانیوێتی دووسەرە یاری بکات و بزانێت چۆنیش یارییەکە دەباتەوە ئیتر ئەوەی بەلاوە گرنگ نەبووە کە هەڵوێستی جیا جیا و ناکۆك و سازشکارانە و هەزیلانەش لە بەرانبەر دوژمنانیا ببێت . ئێمە ئەمەمان لەگەڵ ڕوسیا و ئەمەریکا و تەنانەت ئەم دواییە کە لەگەڵ سوریاشدا کردی لێ بینیوە.
بێ گومان ئەردۆغان ئەمانەی بە هاوکاری پێگەی وڵاتەکەیی و بوونی تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە و ئەو زەمینە لە بارەی مەوقیعی تورکیا و بوونی وەکو وڵاتێکی کشتیاری و گەورە، کردووە. هەر هەموو ئەمانە هاوکار بوون بۆ بردەنەوەی گرەوەکانی، هاوکاتیش ناتوانرێت نکوڵی لە توانا و زیرەکی و لێزانی خۆشی بکرێت .
با هەر تەماشایەکی مێژوی ئەردۆغان لەم 15 ساڵەی ڕابوبوردوودا بکەین تاکو ئەو حقیقەتانەی سەرەوە بە بەڵگەوە ببینرێت.
لە ئاگربەستییەکەی پێش ساڵی 2015 لەگەڵ پەکەکە هەستی بەوە کرد کە لە ڕاستیدا ئەو ئاگر بەستییە پەکەکە و پرسی کوردانی باکور و ڕۆژئاوای زۆر بردۆتە پێشەوە و بەهێزیان دەکات و گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە تاووتوێی ئەوە دەکرا کە پەکەکە لە لیستی تیرۆر لە لایەن کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتییەوە دەربهێنرێت. هەر لەو کاتی ئاگربەستییەشدا ڕۆژئاوا بووە چەقی ئازادیخوازانی بەشێکی زۆری دونیا، بووە جێگەو پێگەی زۆرێك لە کۆمۆنیست و سۆشیالیست و ئەنارکیست و نقابەییەکان. ئەردۆغان هەستی بەوە کرد کە ئەمە مەترسی زۆر گەورە لە سەر تورکیا و وجودیی دروست دەکات . ئەوە بوو کوژرانی دوو پۆلیسەکەی لە باکوری تورکیا لە ساڵی 2015 کە گوایە لە لایەن پەکەکەوە بووە قۆستەوە و پەکەکەی لە تەموزی ئەو ساڵەدا خستە ناو داوەکەیەوە، داوی شەڕکردنەوە.
بێ گومان ئەردۆغان دەیزانی کە بەمە چی بەدەستدەهێنێت. دەیزانی کە دەتوانێت پێداگری بکات لەسەر ” تیرۆریستیی پەکەکە” ، دەتوانرێت هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بە پەکەکەوە گرێبدرێتەوە، لەو بارەشدا هاندانی دەوڵەتانێك کە پێی دەوترێت کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی دەدات تاکو ڕێگری لێنەکەن لە هێڕشکردنە سەر ڕۆژئاوا.
کاتێک پەکەکەشی ئاڵان لەو شەڕەوە لەناو خودی تورکیاشدا ئەوەی بۆنی پەکەکەی لێهات یا دەگیرا یا دەبوایە ڕایبکردایە ، لەولاشەوە هەلی بۆ ڕێکەوت کە تەواوی ئیدارەی شارەوانییەکانی کوردستانی باکور هەڵبووەشێنێتەوە و سەرۆکی و ئەندامانی شارەوانییەکان و تا گەیشتە ئەندامانی پارتەکەی دەمیرتاش بە خۆشی و هاوسەرۆکی پارتەکەی و زۆری تریش دەستبەسەر بکات. لەمانەش زیاتر هەندێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانی کە دیارترینیان دیاربەکر ( ئامەد) بوو وێران کرد . ئەو دەیزانی کە شەڕ لە قازانجێتی و ئاگربەستی لە زیانی.
بە سەپاندنی شەڕ بەسەر پەکەکەدا نەك هەر ئەو هەلەی دەستکەوت بۆ کردنی ئەوانەی سەرەوە، بەڵکو بەشێکی لە باشووری کوردستانیشی وێران کرد.
سەرکەوتنێکی دیکەی ئەردۆغان، بەهێزکردنی گروپە تیرۆریستەکان بوو کە لە هەموویان بەهێز تر و دڕندەتریان داعش بوو بەریدانە گیانی عێراق و هەرێمی کوردستان و سوریا و ڕۆژئاوا. هاوکاتیش خۆی لە لای ئەوروپا و ئەمەریکا بە دژە تیرۆر نیشان دەدا و کۆنتراکتی گەورەشی لەگەڵ یەکێتی ئەورپادا بەست بۆ ڕێگرتن لە ڕووکردنە پەنابەرانی سوری و عێراقی بۆ ئەوروپا، بەمەش پارەیەکی مشەی دەست کەوت.
لەمانەش زیاتر ئەو کودەتایە بوو کە لە تورکیادا ڕویدا کە تا ئێستاش نەزانراوە کە ئەوە کودەتای حەقیقی بوو یاخود دەستکردی خودی ئەردۆگان خۆی بوو تاکو ‘ گوڵانییەکان’ و هەرچی لە بەشی سوپا و پۆلیس و ئیدارە دەوڵەتییەکاندا هەبوون دووربخاتەوە ئەوانەشی کە دەیویست دەستبەسەریان بکات بەو بیانوەوە کردنی و هیچ گریمانێکی کردنی کودەتای ئایندەی نەهێڵایەوە .
سیاسەتێکی دیکەی ئەردۆغان ئەوە بوو گەر چی تورکیا ئەندامی ناتۆیە بەڵام ئەو لەو بەینەدا بەگوێرەی پێویستی خۆی و حیزبەکەی یاری دەکرد، هەم ئەندامێکی کارا بوو هەم دژ بە سیاسەتی ناتۆ دەجوڵایەوە کە لە هەردوکیاندا سەرکەوتوو بوو. لەگەڵ ڕوسیا پەیوەندییەکی گەرم تا کڕینی تەیارەی جەنگی و لەگەڵ ئەمەریکا و ناتۆش دا دۆست . ئەو سیاسەت وای لێکرد کە لە لایەکەوە لەگەڵ ناتۆ و کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی بێت و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ ڕوسیا و ئێران و چین دا پەیوەندی گەرموگوڕی هەبێت. سیاسەتەکەی ئەو تا ئەو ڕادەیە فڕوفێڵاوی بوو کە لە ساڵی 2018 دا عەفرینی داگیر کرد و هەموو ئەو لایەنانە : ڕوسیا ، ئەمەریکا ، ئێران بە ئاگا بوون، تا ئێستاش هیچ لایەك قسەیەك ناکەن و دەنگێك هەڵنابڕن لەو کوشتار و وێرانکاری و کاولکردنەی ئەو شارۆچکەیە و دەوروبەری کە میلیشیاکانی ئەردۆغان لەوێ دەیکەن .
لەجەنگی ئیسرائیل و غەزە و دواتر لوبنان و ئیران، ئەو هەڵوێستانەی کە هەیبوون بەرانبەر بە هەر هەموویان کە لای هەموومان ئاشکرایە کەچی لە سەریان هیچ سزایەك نەدرا ، هیچ سەرزەنشتێکی بەهێز نەکرا ، هیچ ئابرووچونێکی پێ ڕەوا نەبینرا، بۆیە وەکو بەرزەکی بانان لەم سیاسەتەشی بە سەلامەتی دەرچوو.
بۆ درێژە دان بەم سیاسەتە و مانەوەی لە حوکمدا توانی بارودۆخی سوریا و پەیوندی لەگەڵ روسیا و ئێران و ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاش ڕابگرێت ، بەڵام لە راستیدا کڵاوی کردە سەر هەر هەمویان بە داعش و پەکەکەشەوە. کورد وتەنی هەموویانی کردە کوڕەی سێو لەباخەڵ.
ئەردۆغان ئەمەی ئاوا بەرێکرد تا هەفتەیەك لەمەوبەر کە هێزی دەستەی ئەحرار شامی گەر بە هاوکاری ئەمەریکا و ئیسرائیلیش نەبووبێت ئەوە بە بە ئاگایی ئەوان بووە ، کردە گیانی سوریا و هەرەسی بە حوکمی نیو سەدەی خێزانی ئەسەدهێنا .
ئەوەی کە ڕوویدا لە سوریا:

ئەمەی کە ڕوویداوە بە دڵنیاییەوە تورکیای لە پشتەوەیە گەرچی ڕەنگە پلانەکانی ئایندە بە گوێرەی ویستی ئەردۆگان نەڕوات بەڵام ئەو یەکێکە لە سوودمەندەکان و بە ئاسانی ناتوانرێت لە مەیدانەکە بکرێتە دەرەوە.
ئەمەی کە ڕوویدا پلانێکی زۆر گەورە و نهێنییە و ئێمە بەوردەکارییەکانی نازانیین بەڵام بەشداربووانی ئەم گەمە خوێناوییە دەمێکە پلانی بۆ دادەڕێژن کە ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەد هەر بەو ئاسانییە نەبووە و نییە. بۆ نموونە ڕوسیا چۆن بەوە رازی بوو کە دەستبەرداری سوریا ببێت کە لە ناوچەکەدا قەڵایەکی بوو لەگەڵ ئیراندا. ڕەنگە ڕێکەوتنێک لەم بارەوە لەگەڵیدا کرابێت کە دوور نییە لەسەر حسابی ئۆکرانیا و گەلی نەگبەتی ئۆکرانیی بێت ، چونکە سیاسەت و سیاسەتمەداران ئەمەند بێ حورمەتن نە پەیمان ، نە ڕاستگۆیی و نە دڵسۆزی و نە دۆستایەتی و نە دووژمنایەتی هیچ کات ئەمانە لای سیاسەتچییەکان مەحاڵ و عەیبە نییە.
لێرەدا دەکرێت بڵێین ئیسرائیلیش ئەگەر سوودمەندی یەکەم دوای ئەردۆغان نەبێت ئەوە بە دڵنیاییەوە لەو کەمتر سوودمەند نییە. خۆی یەکێکە لە پلاندانەران و نەخشەکێشی ئەوەی کە ڕویداوە بۆیە دەکرێت شتێك لەو سنورەی سوریا بۆ ئاسایشی خۆی ببڕێت. هاوکاتیش هەر کەس لە سوریادا حوکمڕانی بکات خۆ لە داعش مەترسیدارتر نابێت و داعیشیش بە درێژای دروستبوونییەوە تا ئێستا هیج زیانێکی بۆ ئیسرائیل نەبووە ، تەنانەت پشتگیریی حەماسیشی نەکرد نە لە کۆناو نە لەم دوایەشدا.

ئەی ڕۆژئاوا؟

ئایندەی ڕۆژئاوا نادیارە، لە ڕاستیدا لە ئێستادا وا دەرناکەوێت کە مەترسی لەسەر بێت ، بەڵام ئەمە سەرەتایە و هێشتا پرۆژەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل و غەرب و ڕوسیا و تورکیا هیچ دیار نییە ، دوای ئەوەش هێشتا دەستەی تەحریری شام جێ قوونی خۆیان لەسەر تەختی حوکمڕانی گەرم نەکردۆتەوە ، هێشتا هێزیان کۆ نەکردۆتەوە ، هێشتا پلانی تەواوی حوکمیان نەکێشاوە، هێشتا حکومەتیان تەشکیل نەکردووە، هێشتا کێشەکانی نێو خودی گروپەکانی ئەو هێزە قوڵنەبوەتەوە .
قسە و راگەیاندنەکانی ئەم ڕۆژانەی دەستەی تەحریر و ئەبو موحەمەد جۆلانی نابێت بە هییچ شێوەیەك جێگای متمانە و بڕوا بێت . ئەمانە هەموی قسە و هەڵوێستی هەموو هێزێکە کە هێشتا پرژ و بڵاون و دەسەڵاتیان لە دەستدا نییە، یاخود لاوازە و پێویستی بە ماوەیەك هەیە ، هێشتا جێی خۆی نەکردۆتەوە . تا ماوەیەکی دیکەش شتێکی ئاوا لە سیاسەتی ئەمان و شێوازی حوکمکردنیان ناڕووندەبێت. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە هەندێك لەم گروپانە پاشماوەی داعش و قاعیدەن یاخود لەوان هاتوونەتە دەرەوە، ناکۆکی گەورە لە نێوانیاندا هەیە و لە سەر دەسەڵاتیش ناکۆکییەکان گەورەتر دەبن هاوکاتیش تورکیا وەکو هێزێکی پشت و پەنا بۆیان دەمێنتەوە.
خاڵێکی دیکەش هەیە ئەویش بوونی بۆمبێکی ئامادەکراوی کاتییە لە ڕۆژئاوا کە بوونی کەمپی هۆڵە. وەکو دەزانین ئەم کەمپە کەسانێکی زۆری داعش یاخود سەر بە داعش لەوێن لەو بارەشدا باوەڕ ناکەم کە ئەبو موحەمەد جۆلانی دەستبەرداری ئەم کەمپە ببێت ئیتر بە ئاشتی بێت یا بە شەڕ، بۆیە گریمانی ئەوە هەیە هەسەدە ناچار بکات کە دەستبەرداری ئەو چەند هەزار کەسە لەوێ ببێت کە خودی ئەمەش مەترسییەکی دیکەیە کە ڕەنگە وەکو هێزێک بیانەوێت تۆڵەی خۆیان لە هەسەدە بسەنن.
لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوە ناکرێت وا بزانرێت کە ڕۆژئاوا و هێزەکانی مەترسییان لەسەر نییە و ئەگەر هەشبێت ئەوە ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەیان پارێزن. هەتا ئەردۆغان و حیزبی ئاکەپە لەسەر حوکم بن هەمیشە ئایندەی رۆژئاوا نادیار دەبێت هەرگیزیش ناتوانرێت پشت بە ئەمەریکا و غەرب بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ببەسترێت . بەرژەوندییەکانیان لە هاوپەیمانەکانیان گرنگتر و لەپێشترە.

زاهیر باهیر
08/12/2024




چیرۆک\ كوڕ بوون.. سەلام عومەر

ئەو رۆژەی ئەتۆ بڵێ ئەو بەیانییەی هۆشەنگیان بردە قوتابخانە یەكەم پرسیار كە لە بەڕێوەبەرەوە گوێی لێبوو بە باوكی گوت: ئەوە كوڕی گەورەتە؟ ئەویش گوتی: بەڵێ، هۆشەنگی خزمەتكارتانە و تەنیا ئەو كوڕەشم هەیە لەگەڵ سێ كچ، وەڵامەكە هۆشەنگی گەڕاندەوە دواوە و بیری لە قسەی خزم و جیرانەكان دەكردەوە، كە هەمیشە بەداكیان دەگوت: زۆر بە بەختی كە بوویە دایكی كوڕ، یەكی دی دەیگوت تەمەن درێژ بێت ئیدی وەجاختان روونە، ئەوەندە نا، ئەگەر دایكیشی هەواڵی كەسێكی پرسیبا پێیان دەگوت برات نەمرێ، هەرگیز گوێی لێنەبوو بڵێن كچت نەمرێ یان بەدایكی كچان بی.
لێرەوە هۆشەنگی وردیلە وشەی كوڕ لەلای گەورە بوو، بە جۆرێك لەگەڵ گەورەبوونی، كوڕبوونیش گەورە دەبوو، ئاخر كاتێك ئەو تەمەنی گەیشتە هەرزەیی خوشكەكانی كە دووانیان لەخۆی گەورەتریش بوون هەر بە كاكە بانگیان دەكرد، ئەوان بۆیان نەبوو بچنە دەرێ و برادەریان هەبێ، كەچی ئەو هەمیشە لەكۆڵان بوو، لەگەڵ كچ و كوڕەكان یاریان دەكرد، دواتر دەچۆ تۆپ تۆپێن و سەیران و زۆر جاران شەویش درەنگ دەهاتەوە كەس نەیدەگوت ئابڕومان دەچێ، كەچی خوشكەكانی جگە لەوەی دەوامی قوتابخانەیان دەكرد لەماڵەوەش چی ئیشوكارە لە سەر ئەوان بوو، میوان هاتبا هەر ئەوان خزمەتیان دەكرد، خۆ دایكیشی هەمیشە چاوی لەسەر كوڕەكەی بوو، دوو كچە گەورەكەی خستبووە خزمەتی ئەو و پێی دەگوتن یەك شتی لێبێت تیتكتان بەسەریەوە ناهێڵم، زۆر كەڕەتان بەگوێی خۆی گوێی لێدەبوو كە دایكی دەیگوت: كچ میوانە زوو گەورە دەبێت و زووش دەڕوا، بەڵام كوڕ هەمیشە پشت و پەنایەو دوای ژن هێنانیش هەر لەگەڵمان دەمێنێتەوە، قەت كارێكیان بە كوڕەكەیان نەكرد تەنیا دەیانگوت بخوێنە، كەچی خوشكەكان و دایكی بەردەوام لەسەر قاپشۆر و خەریكی پاككردنەوەی ماڵ بوون، باب و كوڕیش كاریان تەنیا دانیشتن بوو.
هۆشەنگ لەنێو ئەو كەلتوورەدا گەورە بوو، كاتێك خوشكێكی خوازبێنی هات و شووی كرد، گوێی لێبوو بابی گوتی: (هەرچی زووە دەبێت ژنێك بۆ كوڕەكەمان بدۆزینەوە با جێی خوشكی چۆڵ نەبێت ) ئەو كاتە هێشتا هۆشەنگ قۆناغی ئامادەیی تەواو نەكردبوو، هەروابێتەوە تازە سەرەتای چاوچاوێنەی بوو لەگەڵ كچێكی جیرانیان و ئەوەی بیری لێنەكردبۆوە هاوسەرگیری بوو، چونكە هێشتا منداڵ بوو، خۆ ئەگەر بڕیاریشی دابا ئەوە كچە جیرانەكەیانی هەڵدەبژارد، كەچی شەوێك لەناكاو بابی پێی گوت: كوڕم گەورەبووی و ئیدی كاتی ژن هێنانتە، دایكی قسەكەی لە بابی منداڵان وەرگرتەوەو جگە لەوەی پشگیری قسەكەی بابی كرد گوتی جا سبەی دەچینە ماڵی خوشكم لەگەڵ نیانی كچی قسە بكە و ئێمە لەلای خۆمان بڕاندوومانەتەوە.
هۆشەنگ هەرچەند هەوڵیدا بۆ پاشگەزكردنەوەی باوانی و دەیگوت هێشتا قوتابیم و ئەو ئەركە زۆر قورسە، دواتر نیان منداڵە وەك من و دڵم بۆی ناچێ، هیچ سودی نەبوو، چونكە وەڵامی باوانی ئەوە بوو كە خوێندن بەهەردووكیان تەواو دەكەن و ئەوەندەش نا خەرجی تاهەتایە لەسەر وان دەبێت تا خوێندن تەواو دەكات و كارێك دەدۆزێتەوە.
ساڵێك بەسەر شووكردنی خوشكی تێنەپەڕی بوك گواسترایەوە ماڵ، هۆشەنگی قوتابی بووە زاوا و دڵیان كردە دوو پارچە، پارچەیەك ئەو دڵەبوو كە لەلای كچە جیرانەكەیان جێما بوو، پارچەكەی دی دابووە نیانی كچی پوری كە ئیدی هاوسەریەتی، كوڕەی داماو لەنێوان گەورەبوونی جەستەیی و لاویەتیدا بزر ببوو، ئەو هێشتا لە نووسینی نیوەی نامەیەكی خۆشەویستیدا بوو كاتێك بەسەر خێزاندا كەوت و نەیانهێشت نامەكە تەواوكا، تەواو نەچووبووە نێو پرۆسەی لاویەتی كاتێك خۆی لەباوەشی ژندا دیتەوە، هێشتا لە كردەكانی جووت بوونی نەدەزانی لە ژوورێكدا لەگەڵ كچێكیان جێهێشت، زۆر بەخێرایی گەورەیان كردو هاویشتیانە نێو ئەركێك كە ئی ئەو نەبوو، بۆیە كە ئاوڕی دایەوە دیتی منداڵی لە كۆڵان و حەوشەی ماڵێ كەوتووە و لاویەتیشی لەبەرچاوی خۆی كوشتیان، سمێڵی پێش ئەوەی گوگرە بێت چۆڕایە سەر لێوەكانی، لەجیاتی هەڵدانەوەی پەڕەی كتێبەكانی قوتابخانە، خەریكی هەڵدانەوەی كراس و ئاوەڵكراسی ژنەكەیەتی، ئەوەندەنا بەبیانووی ئەوەی بۆتە پیاو و خاوەنی ژنە، شەو گەڕان و هاوڕێیەتیشی لێ قەدەغە كرا.
هۆشەنگی داماو كەوتبووە نێو دوو بەرداشەوە لەلایەك خێزانەكەی و لاكەی دی هاوسەرەكەی كە تازە چرۆی خۆشەویستییەك كەوتبووە نێو دڵی، رێك ئەو خۆشەویستیەی دوای هاوسەرگیری باسی لێوەدەكرێ و درووست دەبێ، خۆشەویستیەكی خێرا، خێرا وەك ئەو جوت بوونەی كە هەر چەند خولەكێكی پێدەچوو، خێرا وەك ماچ و دەستلەملانەكان، ناسك وەك جەستەیان و شل وەكو عەورەتیان، وەلێ دەیدی وردە وردە خوشكەكانی دژایەتی نیانی هاوسەری دەكەن و دایكیشی لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردەی خۆیەتی و كچی خوشكیشیەتی كەچی پشتی كچەكانی دەگرێ، ئەوەندەنا درزێك خەریكە دەكەوێتە نێوان خۆشەویستی خۆی و دایكی، چونكە پێی وایە ئەو خۆشەویستیەی بۆ ژنەكەی هەیەتی بۆ ئەوی نییە، كاتێك بەڕووی خۆشەوە قسە لەگەڵ هاوسەرەكەی دەكات ئەو پێی ناخۆشە زۆرجاران لەسەر خوان نایەڵن لەلای یەكیش دانیشن.
هۆشەنگ هەر زوو دركی بە جیاوازیەكانی ئێستا و رابردوو كرد و پێی سەیر بوو كوڕە تاقانەكەی ئەو ماڵە كە وەك پاشا دەژیا ئێستا كەوتۆتە بەر توانجی خێزانەكەی و جگە لە كاڵبوونەوەی خۆشەویستی نێوان خۆی و خێزانەكەی دەیانەوێ ئەویش وەكو ئەوانی لێبێت و زۆر گرنگی بە هاوسەرەكەی نەدات، لەلایەكی دیشەوە داوای منداڵیان لێدەكرد و هەمیشە پێیان دەگوت دەی با كوڕێكتان ببێ، لە هەمووشی ناخۆشتر رۆژێك گلەیی لە داكی كرد لەو بارودۆخەی تێی كەوتووەو هەروابێتەوە بەبیری هێنایەوە كە ئەوان بەزۆر ژنیان بۆ هێناوە و پێشیان گوت تا خوێندنت تەواو دەكەی ئەركی خۆت و ماڵومنداڵت لەسەر ئێمەیە كەچی دایكی گوتی: هەرئەوەندەمان پێدەكرێ نانتان بدەینێ.
هەموو ئەو گۆڕانانە هۆشەنگی ناچاركرد نانی چاوشۆڕی نەخوا و سەربەخۆیی خۆی وەرگرێ و بەو تەمەنە كە هەرگیز كاری نەكردووە و ساردی و گەرمی بەرنەكەوتووە ماڵی خۆی بكات.


هۆشەنگ بەسەر ئەركێكی قورسدا كەوت، بۆیە وازی لەخوێندن هێناو ملیدایە كاركردن، یەك لە هاوڕێ هەرە نزیكەكانی كە زۆر پێش ئەو وازی لەخوێندن هێنا و دەستی دایە كاری قاچاغ بردیە لای خۆی و فێرە مامەڵەی نایلۆنی كرد، بڕیار بوو تا ساڵێك بابی كرێ خانووی بۆ بدات، بەڵام هەرچەند مانگێك بڕیارەكەی جێبەجێ كرد و كەزانی كوڕەكەی دەتوانێ كاروباری خۆی بەڕێكا بۆیە ئیدی پێی گوت كەوتووییە سەر پێی خۆت و بۆ لەمەو دوا خۆت كاروباری خۆت بەڕێكە و چیدی چاوەڕێی من مەبە كرێی خانووت بۆ بدەم، كوڕەی داماو تێگەیی مێشكی بابیشی شووراوەتەوە.
هۆشەنگ نایلۆنی، لە ئێران دەیهێنا و لە هەولێر ساغی دەكردەوە، دەیتوانی هەرچۆنێك بێت بەم مامەڵەیە ژیان بەڕێكا، بەڵام كە كرێی خانووی هاتە سەر و بووە خاوەنی دوو منداڵیش ئیدی ئەركی قورستر بوو بۆیە بیری لە فراوانكردنی كارەكەی كردەوەو بەهاوكاری هاوڕێیەكەی كە هەروەك شەریكیان لێهاتبوو، هەستا پارەیەكی زۆری لێقەرز كردو وەكو جاران چۆوە ئێران تا ئەمجارەیان كاڵای زیاتر بهێنێ و قازانجیشی زیاتر بێت، كەچی هەر كە لەسنوور ئاودیو بوو جانتاكەیان پشكنی و سێ گوللەیان لەنێویدا دیتەوە، خستیانە بەندیخانەوەو داماوە نەیزانی ئەو سێ گوللەیە چۆن خراوەتە نێو جانتاكەیەوە، ئیدی جگە لەو پارەی لەگەڵ خۆی بردبوو چەندینی دیشی قەرز كرد تا كەیسەكەیان كەمێك بۆسووك كردو لە بەندی هەتاییەوە بۆیان كردە هەژدە مانگ.
ئەو لە بەندیخانەدا لەگەڵ بكوژ و تریاك خۆر و دزدا هەژدە مانگی بەسەختی گوزەراند، لەوێ فێرە جگەرەكێشان و تریاك خواردن بوو، ئەوكوڕە تاقانە و كاسبەی كە چەند ساڵیك بوو تەنیا خەریكی خێزان و كاسبی بوو، گۆڕانێكی ریشەیی بەسەردا هات .


ئەو رۆژەی لە بەندیخانە گەڕایەوە هێشتا چەند ملیۆن دینارێكی برادەرەكانی قەرزار بوو، جگە لەوەی بۆ رزگار بوونی چەندینی دیشیان بۆ قەرز كردبوو، هەروا بێتەوە دنیایەك بیری خێزانەكەی دەكرد، بۆیە یەكەم شوێن ماڵی خۆیان بوو كە رووی تێكرد، لەوێ لەبەر دەرگایەكە هەڵوێستەیەكی كرد و ترسێك هەموو گیانی لەرزاند، لەرزینێك نەیدەزانی ئی تریاكە یان ترس؟ ترسی ئەوەی داخۆ ئەم ساڵ و نیوەی لە بەندیخانە بووە كێ كرێی بۆ داون؟ چۆن ژیاون و بڵێی خێزانەكەی پەراگەندە نەبووبن و ماڵەكەیان هەڕاج كردبێ، ئەوەی زیاتر دەستی دەلەرزاند گومانی مانەوەی هاوسەرەكەی بوو، داخۆ مێردی نەكردۆتەوە یان توانیویەتی دوو كچەكەی هەرلای خۆی بێڵێتەوە، كەوتبووە نێو بیركردنەوەو ترسێك لەبنی پێیەوە دەهات و لە تەپڵی سەری دەردەچوو، نیگەرانیەكی قوڵ لەنێوان ترس و خۆشەویستیدا لەبەردەم دەرگایەك چەقاندبووی كە خەونی هەموو شەوانەی بوو جارێكی دی لەو دەرگایەوە بچێتە ژوورێ.
پێش ئەوەی دوو دڵی و لەرزینەكانی یەكلایی بكاتەوە زۆر بە وریاییەوە لە لەدەرگای دا، كردنەوەی دەرگایەكە هەر چەند خولەكێكی پێچوو، وەلێ بایی تەمەنێك لەنێو گومانێكی ناخ هەژێندا بوو، داخۆ منداڵەكانی دەیناسنەوە؟ خۆشەویستیان كاڵ نەبۆتەوە؟ تا هاوسەرەكەی كردیەوەو چاوەكان هەر چەند چركەیەك لەیەكتری چەقین دواتر فرمێسك كوڵمەی هەردووكیانی تەڕ كردو باوەشێكی هێندە گەرمیان لێكدا وەك ئەوەی دەیان ساڵ بێت یەكتریان نەدیبێ‌، یان بەپەرجوو لەمردن گەڕابنەوە، گریانێكی پیاوانەو ژنانە ئاوێتەی یەكتری بوون و دواتر هەردوو كچەكەی كە تەمەنیان گەیشتبووە حەوت ساڵ و هەشت ساڵ هاتن و لەنێوان ئامێزی دایەو بابەدا بزر بوون، دیمەنێكی ناخ هەژێن و لەهەمانكاتدا خۆشیەكی سەیر باڵی بەسەر ئەم خێزانەدا كێشا.


هۆشەنگی داماو دوای پشوویەك و خواردنی نان و چایەك كە هاوژینەكەی بۆی ئامادەكرد، تەواوی پرسیارەكانی بەگۆڕێ وەركرد، ئەو پرسیارانەی چەند ساڵێك بوو لەنێو مێشكیدا دەخولانەوە، هاوژینەكەی گوتی:
باب و برایەكانم كرێیەكەیان بۆ دەدام و كەسەكانیشم خەرجیان دەدامێ، خۆشم فێرە خەیاتی كردوەو خەمت نەبێ هەندێ پارەشم پاشەكەوت كردووە.
هۆشەنگ لەم چركەیەدا هەموو گیانی بەلەرزین كەوتەوە غەمێك سیمای سوور سوور داگەڕاند، دەیزانی ماڵباتەكەی هیچ رۆڵیان نەبووە چونكە هەر دوای مانگێك لە پرۆسەی هاوسەرگیری بووك بووە دووژمنی داك و خوشكەكانی، ویستی بڵێ ئەدی؟
نیان گوتی: بەداخەوە ماڵی بابت هەر یەك دوو جاران هاتن و ئیدی نەمدیتنەوە، تەنانەت منداڵەكانیشیان ماچ نەكرد.
هۆشەنگی داماو هەردوو كچەكەی كە لە باوەشی بوون، سەرو ماچێكی تەڕی لێكردن و رقێك هەڵیستاندە سەرپێ و ویستی بڕوا، بەڵام نیانی هاوسەری داینیشاندەوەو ئارامی كردەوە، هەر ئەو رۆژە بۆ عەسرەكەی گوتی قەرزاری چەند كەسێكم دەمەوێ بچم و خۆمیان پیشان بدەم تا نەڵێن پارەكەمان رۆیی، نیانی هاوسەریشی چوو ئەوپارەی كۆیكردبۆوە لە مستی ناو گوتی: بێمنەتبە ئەگەر بەشی نەكرد ماوەیەكی دی هەمووی دەدەینەوە، چونكە خەڵكی گەڕەك و شار هەمووی كاری دوورمان بۆمن دێنن دەزانن لەهەموو كەس زیاتر من پێویستیم بەهەقدەستی كارەكانە.
هێشتا كەس نەیزانیبوو هۆشەنگ لە بەندیخانە ئازاد كراوە، ئەو یەكەم شوێن چووە لای هاوڕێ هەرە نزیكەكەی كە مامەڵەیان بەیەكەوە بوو، ئەو لە دەست و پێ سپیەوە كردیە كاسب، رێك پێچەوانەی ماڵباتەكەی كە كوڕێكی تاقانەی ناسكیان هەڵدایە نێو شەقامەكان، دوای باوەش لێكدان و خۆشحاڵی ئازاد بوون، هۆشەنگ ویستی باسی قەرزەكان بكا كەچی هەر تەریقی كردەوە برادەرەكەی گوتی: نەك هیچم لات نییە بۆ لەمەو دوا دیسانەوە دەست بەكار دەبینەوە، ئەوەندەنا قەرزی ئێرانیشم بۆ داویەوەو بڕۆ جارێ پشوو بدە.
هۆشەنگ لە دووكانی برادەرەكەی هاتە دەرێ و هەستی كرد جگە لە ماڵی باوانی هەمووان لەگەڵی باشن، ئاخر ئەو قوتابی بوو بەزۆر بۆ ئەوەی جێی خوشكی چۆڵ نەبێ ژنیان بۆ هێنا، دەنا ئەو كەسێكی دی لەنێو دڵیدا چرۆی كردبوو، بیری دەكردەوە و دەست و لێوی بەلەرزین كەوتبوو، لە غەمان هەموو لەشی داوای تریاكی دەكرد، رقێك لە كەسەكانی هۆشەنگی كاسبی كردبووە دڕەندە، رووی لەو شوێنە كرد كە دەیزانی مامەڵەی ئێرانیەكانی لێیە، لەوێ برادەرێكی نایلۆن فرۆشی دۆزیەوەو زۆر بەگەرمی باوەشیان لێكدا، دواتر داوای تریاكی كرد، برادەرەكەی بەبێ پرسیار دوو حەبی لە بەركی دەرهێناو پێیدا، گوتی دەزانم لە بەندیخانە فێر بووی ئیدی تازە پێشت تەرك ناكرێ بۆیە دەتدەمێ، بەڵام ئێرە جیاوازە دەبێت وردە وردە وازی لێبێنی.
ئاخر هەر كەسیمای هۆشەنگی دی زانی پێویستی بەو دەرمانەیە، هۆشەنگی داماو هێشتا تریاكەكە كاری خۆی نەكردبوو، برادەرەكەی گوتی وردەكاری بەندكردنی تۆ لای منە، تازە تریاك وردە وردە دەچۆ نێو خوێنی، وەلێ كە برادەرە ئێرانیەكەی گوتی: بەمەرجێك نهێنی دەستگیر كردنت ئاشكرا دەكەم ناوم نەهێنی، هۆشەنگی داماو بەبێ دوودڵی بەڵێنی پێدا.
تریاك خەریكی ئەوە بوو كاری خۆی دەكرد برادەرە ئێرانیەكەی گوتی:
یەكەم كەس نی مامەڵەت پێوە دەكرێ و بەپارە دەفرۆشرێی، ئەو مەلا سەدرەیەی جێگەی متمانەی خەڵكە و نازناوی مەلای بەخۆیەوە خستووە دەستی لەگەڵ پاسدارەكان تێكەڵ كردوەو پێش تۆ گوللەی لەنێو جانتای دووكەسی دیش ناوە و قوڕی بەسەری كردوون، ئیدی بۆ لەمەودوا هەرگیز مامەڵە لەگەڵ ئەو سەگبابەی نەكەی.
رێك لەوكاتەدا حەبەكان بەتەواوی كاری خۆی لەنێو جەستەی هۆشەنگ كرد، هەروابێتەوە دیمەنی نزیك بوونەوەی ئەو مەلایەی هاتەوە پێشچاو كە لە مەرز وەك خزمەتكار جانتای بۆ هەڵدەگرت و هەندێ پوڵیشی دایە و پێی گوت لە ئێرانێ پێویستیت پێی دەبێ، دیمەنەكان لێوی هۆشەنگی بەلەرزین خست و دەماری نێوچەوانی دەرپەڕین، دەستی لە بەركی ناو هەندێ پوڵی دەرهێنا و بەبرادەرەكەی گوت ئەوە پوڵی حەبەكان و دوو دانەی دیشم دەیە، برادەرەكەی پوڵەكەی وەرنەگرت و دوو دانە حەبی دیشی دایە و ماڵئاواییان لەیەكتری كرد.


هۆشەنگ هەموو گیانی ببووە رق، رق لە ماڵباتەكەی كە كوڕە تاقانەكەیان دووچاری خێزان كرد و دواتریش پشتیان تێكرد، رق لەو مەلا سەدرەیەی ساڵ و نێوێك خستیە دۆزەخەوە، حەبێكی دیشی ئاودیو كرد و رێك رووەو ماڵی بابی رۆیی ئەو پێیەكانی نەدەكەوتنە سەر زەوی دەمارەكانی سڕ ببوون، هزری یەكپارچە ببووە رق، بیری لە رابردووی دەكردەوە، لە منداڵی كە هەمیشە بە سەربەرزیەوە باسی كوڕە تاقانەكەیان دەكرد، بیری لە قسەی خەڵكی دەكردەوە كە بە داك و بابیان دەگوت بەداكی یان بابی كوڕان بی، برات نەمرێ و بە شوان ناوزەدیان دەكرد، كەچی بەكونفەیەكونێك پشگوێ خراو خستیانە ژێر بارێك كە ئیدی هەرگیز لێی دەرباز نابێ.
هۆشەنگ تەنیا بیری لە خێزانەكەی دەكردەوە و روە و ماڵی بابی هەر بەپێكەنینەوە وەلێ بە مێشكێكی سڕەوە رۆیی، لە بەردەم دەرگای جیرانەكەیان كە یەكەم خۆشەویستی لە رێگەی تەنیا نیگاوە لە جەستەیدا چاند، هەڵوێستەیەكی كرد، وەك ئەوەی لەدڵیدا نووسرابێ ئەوە دواهەمین دیدارە، كچەكەی جیرانیان لەمساتەدا هاتە دەرێ و دیسانەوە نیگای منداڵی و كامڵی لەیەكتری چەقین، رێك لەم چركەیەدا بوو منداڵێكی بچووك هاتە تەنیشت كچەكەو گوتی دایە، وشەی دایە لەلایەك دڵخۆشی كرد و لەلایەكی دی رقی تۆڵە كردنەوە هێندەی دی دەمارەكانی نێوچەوانی ئەستوور كرد، ئەوێی جێهێشت و روەو دەرگای ماڵی بابی رۆیی.
كاتێك لە دەرگای دا چاوەڕێی كردنەوەی نەكرد ئەو خۆی دەیزانی چۆن دەرگاكە بكاتەوە چۆ ژوورێ، هەمووان دووچاری سەرسووڕمان بوون، نەیهێشت یەك كەس لێی نزیك بێتەوە، داك و بابی ویستیان لە باوەشی بكەن نەیهێشت، خوشكە گچكەكەی نزیك كەوتەوە لە باوەشی خۆی كرد و چەند ماچێكی تەڕی لێكرد، دواتر هەر بە پێكەنینەوە بەڵام سیمای توڕەیی لێدەباری پێی گوتن:
ئەو كوڕەی لەنێو بیابان جێتان هێشت و نەتانهێشت حەزەكانی خوێندن و خۆشەویستی بێتە دی، ئەو كوڕە تاقانەی بەو تەمەنە ناسكە كەوتە بەندیخانەی تریاك خۆرەكان و لێتان نەپرسیەوە، ئێستا گەڕاوەتەوە وەلێ كوڕێكی دییە، لەبری كۆلیژ لەنێو بەندیخانە فێری زۆر شت بووەو ئەو دەزانێ چۆن مافەكانی خۆی وەردەگرێتەوە.
نەیهێشت یەك كەس نە باوانی نە خۆشكە بچووكەكەی كە تەنیا ئەو لەماڵێ ما بوو دووەكەی دی لە جێێ و رێی خۆیان بوون، قسە بكەن و چۆن هاتبوو ئاوا گەڕایەوە نێو خێزانەكەی، ئەو پارەی وەریگرتبو، و ئەوەش كە شەریكەكەی دابوویەی لەمستی هاوسەرەكەی كرد و داوای گەردن ئازایی كرد، دواتر هەردوو كچەكەی لەباوەش گرت، باوەشێك بایی هەموو تەمەن خۆشەویستی دانێ، دواتر توند هاوسەرەكەی بەخۆیەوە گوشی و ئیدی لەماڵ نەمایەوە و گوتی: پارەی كەسم لا نەماوە وەلێ هەندێ قەرزم ماوە دەبێت بیاندەمەوە.


مردوو شۆرەكان كاتێك جلوبەرگی هۆشەنگیان پشكنی تەنیا یەك حەبی تێدا بوو، لەگەڵ نیوپاكەت جگەرەی بەهمەن، كونێكیش لە بنی چەناگەی هەبوو كە هەموو لەشی كردبووە خوێن.
بەڵام جلوبەرگی مەلا سەدرەدین جگە لە پاكەتێك لەو حەبە، پوڵێكی زۆر و نامەیەكی فارسی تێدا بوو كەس بۆی نەدەخوێندرایەوە، سێ كون لە تەختی نێو چەوانی هەبوون، دیار بوو زۆر لەنزیكەوە لێی درابوو چونكە گڕ بەشێك لە پرچی هەڵكڕوزاندبوو.


تەنیا دوای رۆژێك لەم رووداوە، بێوەژنێك و دوو كچ بەتەنێ لەولای گۆڕێكەوە دەگریان، دایكێكیش پرچی بەسەری خۆیەوە نەهێشت و بەلاوانەكەیەوە دیار بوو پەشیمانی دەڕژاندە ئەو ناوە، باوكێكیش بەتاقی تەنێ و لەنێو شەرمەزاریەكی زۆردا فرمێسكی دەڕشت، دەیزانی ئەو تۆڵەیەی كوڕەكەی باسی كرد بۆ هەتاهەتایە ئەو ماڵباتە ئازار دەدات، لەرۆخی گڵكۆیەك كە سێبەرێكی باریكی دروست كردبوو هاوڕێكەی خەریكی فڕێدانی بەرد و كەرسەكە گڵەكان بوو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجی تەواوی ئامادەبووان بوو كچێكی جیرانیان وەك پەڕۆیەكی شێدار بەسەر گڵكۆیەكەدا كەوتبوو، دەستی خستبووە ژێر روومەتی، با تەنیا زولف و هەنگوچكە باریكەكەی دەلەراندەوە و هەناسەشی بەشێك لە خۆڵی بان سەری هۆشەنگی فڕێدابووە سەر ئەڵقەی پەنجەی و بزری كردبوو.

سەلام عومەر




کاریگەری جەنگ لەسەر دەروونی تاکەکان و کۆمەڵگای دوای جەنگ.. ١٦٧.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

کاریگەری جەنگ لەسەر دەروونی تاکەکان و کۆمەڵگای دوای جەنگ، بەتایبەت لە باشووری کوردستان، دیاردەیەکی ئاڵۆزە کە چەندین ڕەهەندی دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری لەخۆدەگرێت: لەم وتارەدا تیشك دەخەینە سەر لایەنی سایکۆلۆژی تاکی کورد لە باشووری کوردستان بەهۆی بەشداری جەنگ یاخود بینینی جەنگەوە.

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)، زنجیرەی ١٦٧.

لە ڕووی دەروونییەوە، ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ بەشداری جەنگیان کردووە یان شایەتحاڵی ڕووداوە جەنگییەکان بوون، زۆر جار تووشی دۆخی پۆست تراوما (PTSD) دەبن. ئەم دۆخە بە شێوەی خەونی ناخۆش، یادەوەری ئازاردەر، هەستی تۆقین و دڵەڕاوکێی بەردەوام خۆی دەردەخات.
لێکۆڵینەوە دەروونییەکان دەریانخستووە کە جەنگ یەکێکە لە کاریگەرترین ڕووداوە تراوماتیکییەکان کە کاریگەری درێژخایەنی لەسەر دەروونی تاک و کۆمەڵگا جێدەهێڵێت (Van der Kolk, 2014). لە باشووری کوردستان، بەهۆی چەندین دەیە شەڕ و پێکدادان، ئەم کاریگەرییانە بەشێوەیەکی بەرچاو دەبینرێن.

پۆست تراوماتیک سترێس دیسۆردەر (PTSD):
بەپێی لێکۆڵینەوەی (Herman, 2015)، نزیکەی ٤٠٪ ی ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ بەشداری جەنگیان کردووە یان شایەتحاڵی ڕووداوەکان بوون، نیشانەکانی PTSD یان تێدا دەردەکەوێت
نیشانەکان بریتین لە: خەونی ناخۆش و کابووس، یادەوەری بەردەوامی ڕووداوە تراوماتیکییەکان،دڵەڕاوکێی بەردەوام
،هەستی تۆقین و خۆدوورخستنەوە لە کۆمەڵگا.

هەروەها، نەوەی دووەم و سێیەمیش کاریگەری تراومای جەنگیان پێدەگات، ئەمەش بە “تراومای نەوە بە نەوە” ناسراوە. منداڵانی ئەو کەسانەی جەنگیان بینیوە، هەرچەندە خۆیان ڕاستەوخۆ ئەزموونی جەنگیان نەبووە، بەڵام لە ڕێگەی گێڕانەوە و کاریگەری دەروونی باوان و دایکانیانەوە کاریگەری نەرێنی وەردەگرن.

لە لایەنی فیسیۆلۆجییەوە، جەنگ دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە سیستەمی هۆرمۆنی و دەماری مرۆڤدا. بەرزبوونەوەی ئاستی کۆرتیزۆڵ (هۆڕمۆنی سترێس) بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی جەستەیی و دەروونی.
هەروەها گۆڕانکارییە فیسیۆلۆجییەکان:بەپێی توێژینەوەکانی (McEwen, 2017): بەرزبوونەوەی ماوەی درێژخایەنی ئاستی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆل، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی مێشک بەتایبەت لە ناوچەی، هیپۆکامپەس و ئەمیگدالا، لاوازبوونی سیستەمی بەرگری لەش و زیادبوونی مەترسی نەخۆشییە جەستەییەکان.

لە ئاستی کۆمەڵگادا، جەنگ کاریگەری لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و متمانەی گشتی دادەنێت. لێکۆڵینەوەکان پیشانی دەدەن کە کۆمەڵگاکانی جەنگیان بەسەردا هاتووە، ئاستی توندوتیژی و گرفتە دەروونییەکان تیایاندا بەرزترە.

کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر کۆمەڵگا و تاك، زۆر قوڵ و درێژخایەنن. لە ڕووی دەروونییەوە، زۆربەی ئەو کەسانەی کە جەنگیان بینیوە یان تێیدا بەشداربوون، دووچاری کێشەی دەروونی وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و PTSD (دۆخی فشاری دوای تراوما) دەبن.
توێژینەوەکانی (Yehuda & Lehrner, 2018):
کاریگەری تراوما بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازرێتەوە، گۆڕانکاری ژێنەتیکی (Epigenetic changes)، کاریگەری لەسەر شێوازی پەروەردەکردنی منداڵان، دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لە نەوەی نوێ دروست دەکاتن.

کۆمەڵگای دوای جەنگ بە گشتی تووشی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری گەورە دەبێت. خێزانەکان لێک هەڵدەوەشێن، منداڵان بێ باوک و دایک دەمێننەوە، و ژێرخانی ئابووری وێران دەبێت. هەروەها متمانەی کۆمەڵایەتی لە نێوان خەڵکدا کەم دەبێتەوە و هەستی ترس و گومان زیاد دەکات.
لێکۆڵینەوەکانی (Bayer et al., 2016) پیشانیان داوە: لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کەمبوونەوەی متمانە بە کەسانی دیکە، گۆشەگیری و دووری لە کۆمەڵگا، کێشە لە پەیوەندییە خێزانییەکان دروست دەبێتن.

کاریگەرییە درێژخایەنەکانی جەنگ لەسەر کەسایەتی تاك دەردەکەوێت لە شێوازی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، توانای متمانەکردن بە کەسانی دیکە، و هەستی ئاسایش. زۆر جار ئەو کەسانە هەستی گوناهــ و خەمۆکییان لای دروست دەبێت، بەتایبەت ئەگەر کەسانی نزیکیان لە جەنگدا لەدەستدابێت.
لە ڕووی کەسایەتییەوە، تاکەکان دووچاری گۆڕانکاری قووڵ دەبن. هەندێک کەس توندوتیژتر دەبن، هەندێکی تر گۆشەگیر دەبن. زۆربەیان هەستی متمانەبەخۆبوون و ئاسایشیان لەدەست دەدەن و بەردەوام لە دۆخێکی هەستیاری دەروونیدا دەژین.

لێکۆڵینەوەکانی (Johnson & Thompson, 2008):
گۆڕانکاری لە خەسڵەتەکانی کەسایەتی، زیادبوونی هەستیاری بەرامبەر هەڕەشە، کەمبوونەوەی توانای خۆگونجاندن.
گۆڕان لە سیستەمی بەها و بیروباوەڕەکان.

کاریگەری لەسەر منداڵان:
لێکۆڵینەوەکانی (UNICEF, 2021):گۆڕانکاری لە گەشەی سروشتی منداڵان، کێشە لە فێربوون و پەروەردە، هەستی نائارامی و ناسەقامگیری، کاریگەری لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

لە لایەنی کلتورییەوە، جەنگ کاریگەری لەسەر بەها کۆمەڵایەتییەکان دەکات. بۆ نموونە، خەڵک زیاتر گرنگی بە مانەوە دەدەن. هەروەها نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە خێزانییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
لەپرسی کاریگەری ئابووری و کارکردن:
بەپێی (World Bank Report, 2019):کەمبوونەوەی توانای کارکردن، زیادبوونی ڕێژەی بێکاری، کاریگەری لەسەر داهاتی خێزان، زیادبوونی باری دارایی بەهۆی پێویستی چارەسەری دەروونی.

ڕێکارەکانی چارەسەر بۆ ئەم دۆخە لەسەر ئاستی تاك و پانتای کۆمەڵگای کوردی لە باشووری کوردستان:

لێکۆڵینەوەکانی (Cohen & Mannarino, 2015):
گرنگی چارەسەری دەروونی زوو، بەکارهێنانی تەکنیکی EMDR
چارەسەری گرووپی و خێزانی، پشتگیری کۆمەڵایەتی.

ستراتیجییەکانی خۆگونجاندن:
توێژینەوەکانی (Folkman & Lazarus, 2020):
گرنگی پەرەپێدانی میکانیزمەکانی خۆگونجاندن، ڕۆڵی باوەڕە ئایینی و کەلتوورییەکان، گرنگی پشتگیری خێزان و کۆمەڵگا
پەرەپێدانی تواناکانی تاک.

پێشنیارەکان بۆ چاکسازی:
بەپێی (WHO Guidelines, 2022):
دامەزراندنی سەنتەری تایبەت بۆ چارەسەری دەروونی.
ڕاهێنانی پسپۆڕانی دەروونی، پەرەپێدانی بەرنامەکانی هۆشیاری کۆمەڵگا، دابینکردنی پشتگیری دارایی بۆ قوربانیان. ئەم پرسە چارەسەرییانە هەموویان لە ئاستی جیا جیا و رێژەیی جیا جیادا دەتوانن هاوکاربن بۆ چارەسەری ئەم گرفتە.

سەرچاوەکان:
1-https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC8418154/

2-https://psycnet.apa.org/record/2015-30136-000

3-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/28856337/

4-https://www.semanticscholar.org/paper/Association-of-trauma-and-PTSD-symptoms-with-to-and-Bayer-Klasen/36a855621b5fe11860aaf519dcb14ce2b77dc323

5-https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC6127768/

6-https://www.semanticscholar.org/paper/The-development-and-maintenance-of-post-traumatic-a-Johnson-Thompson/ea1770e21f771db9785ee22bb1f2ff0032ecc7a6

7-https://journals.sagepub.com/doi/full/10.1177/00812463221076053

8-https://www.unicef.org/eca/stories/protecting-childrens-mental-health-emergency-settings#:~:text=The%20World%20Health%20Organization%20(WHO,likelihood%20of%20mental%20health%20reactions.

9-https://wkc.who.int/our-work/health-emergencies/knowledge-hub/mental-health-psychosocial-support-(mhpss)/mhpss-related-guidelines




لە سێبەری شەڕدا.. شیعری نەوزاد مدحەت

لەوێ لە لا شانی ئەو شەقامە
تەباشیر چوارگۆشەی خانە خانەی دەکێشا،
کۆڵان پڕ دەبوو لە تریقەی مناڵان
ژیان لەو پەڕی سادەیی خۆیدا
باوەشی بە خۆشەویستیدا دەکرد.

ئێستا شەقام چۆڵ و
داپۆشراوە بەخۆڵی باڵەخانە رووخاوەکان
وردیلە خەمگینەکان لە پەنجەرەکان دانیشتوون،
چاوەڕێی ئەو باوەشانەن کە دوێنێ لەباوەشیدەکردن.

جۆلانەکانی باخچەی گەڕەک
بێدەنگ دەجووڵێنەوە،
بای خەمبار بێ ترس لە گیزەی گولە و
رمبەی تۆپەکان
پاڵیان پێوە دەنێت.
چیتر زەنگی قوتابخانە کات دیاری ناکات ،
دەنگیان کپ کراوە بە دەنگە تاریکەکان

لە ژێرزەمینە قووڵەکان ،
فریشتەکانی ئەهریمەن لایەلایە دەچڕن،
دایکەکان زەردەخەنەی دڵنیایی
لە دەم و چاویان دەنەخشێنن
ترسەکانیان لە پشت چاوەکانیان دەشارنەوە.

بەڵام دڵی منداڵان
هێشتا خەونی ئاشتی دەبینێ،
ڕۆژانی پڕ لە وزەو راکەراکی ناوکۆڵان
کێکی لەدایکبوون وچاوەشارکێی دۆستانە،
هەموو ئەوانەی کە شەڕ ناتوانێ بیانسڕێتەوە.

هیواکانیان بە قەڵەمی ڕەنگاوڕەنگ دەکێشن،
لەسەر ئەو دیوارانەی
کە برینی شەڕ هەڵدەگرن،
ئازایەتیان وەک گوڵی کێوی
بەهێز دەڕوێت لە درزەکانەوە
کە منداڵی ڕاستی دەکاتەوە.

کاتێک بەیانی دێت، وەک دەبێت بێت،
ئاشتی تۆزی شەقامەکان رادەماڵێ
کات لە زەنگی قوتابخانەکانەوە دەڕژێتە کۆڵانەکان
باخچەی گەڕەک پڕدەبێت لە گەورەو بچووک
لەوێیە پێکەنینی منداڵان بە ئازادی دەڕژێت،
شەڕ دەبێتە چیرۆکێکی کۆن.

شیعری نەوزاد مدحەت (گۆران عەبدوڵڵا)




قەی رانی حکومەتەکانی ئەوروپا.. زاهیر باهیر

حکومەتەکانی ئەوروپا هەر لە ئەڵمانیاوە تاکو فەرەنسا ، بریتانیا ، پۆڵۆنیا ، هەنگاریا زۆری تریشیان لە قەیرانێکی سیاسی گەورەدا دەژین و ڕەنگیشی لەسەر بارودۆخی ئابووریشیان داوەتەوە، هەندێکیشیان قەیرانە ئابوورییەکە قەیرانی سیاسیشی بۆ دروست کردوون .
بەڕای من هەردوو قەیرانەکە، هەردوو پرسەکە واتە پرسی سیاسی و پرسی ئابووری تەواوکەری یەکدین و ئەمیان بەویانەوە بەستراوەتەوە و هیچ کام لەم دوو قەیرانە بێ ئەوی دیکەیان زەحمەتە بوونی هەبێت.
دەتوانم بڵێم لەم جارەدا قەیرانە سیاسییەکە قەیرانە ئابوورییەکەی خولقاندوە. ب قسەی من لەسەر قەیرانی ئابووریی تەواوی سیستەمەکە نییە ، بەڵکو ئەو قەیرانە ئابووریەیە کە لەسەر هاووڵاتیان و دانیشتوانیانەو باجەکەی دەدەن، لە کاتێکدا حکومەت یاخود حکومەتی جێگرەوە وەکو خۆی دەمێنتەوە کە دەکرێت کورد وتەنی بڵێین بۆ هاووڵاتیان هەمان تاس و هەمان حەمام دەبێت.

چۆن قەیرانە سیاسییەکە قەیرانە ئابوورییەکەی خوڵقاندوە؟

جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا لەلایەن ناتۆ و تەواوی وڵاتانی ئەوروپای سەر بە بلۆکی سەرمایەداری غەربی هەروەها زۆرێکیش لە ئابووریناسان و ڕۆشنبیرانی ڕؤژئاوا و کوردیش وا پێشبینییان دەکرد کە لە ماوەیەکی کەمدا ڕوسیا تێدەشکێ و مونافیسەکانی و دوژمنەکانی هەر لەو ماوە کەمەدا ئەوەی کەی دەیانخواست بەدەستیدەهێنن و ئەو کاتەش دەکەونە دابەشکردنی غەنیمەکە.
بەڵام جەرەیانی ڕووداوەکان تەواو تەواو پێچەوانەی خواستی ئەوان کەوتەوە تا ئەو رادەیەی کە لە هەفتەی پێشوودا زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە ڕاگەیاندنێکیدا ، کە پێدەچێت ئەوە حەلی دۆناڵد ترامپ بێت ، دەریبڕی کە ئامادەیە بە کردنی گەورەترین سازش، ئەویش دەستبەردار بوونی بەشێك لە خاکی ئۆکرانیایە بۆ ڕوسیا بە شێوەیەکی کاتیی. سەبارەت بە بەشە داگیرکراوەکانی تری لە ئایندەدا لە ڕێگەی دیالۆگ و چالاکی دیبلۆماسیانەوە دەستیان دەکەوێتەوە بەڵام بەو مەرجەی کە لە ئێستادا ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆدا قەبوڵ بکرێت.

درێژەدانی ئەم جەنگە نەك هەر درزێکی گەورەی خستە ناو دەوڵەتانی ئەوروپا و کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتییەوە، بەڵکو ئەو قەیرانە ئابوورییەی ئێستاشی دروست کرد کە بووە هۆی دەرکردنی وەزیری دارایی ئەڵمانیا لە لایەن چانسڵەی ئەڵمانیاوە ، ئێستاش متمانە سەندنەوە لە میشێڵ بارنیەر (Michel Barnier ) سەرەک وەزیرانی فەرەنسا کە بە 331 دەنگ توانرا ناچاری دەست لە کار کێشانەوەی بکەن. ئەمەش دووەم جارە لە ساڵی 1962وە لە فەرەنسەدا ڕوودەدات لە دوای متمانە سەندنەوە لە حکومەتەکەی جۆرجس کۆمپیدۆ .

چۆن قەیرانە ئابورییەکەی فەرەنسا لەسەر دەستی قەیرانە سیاسسیەکەیدا ڕویدا و بۆچی قەیرانی ئابوورییە؟

دوای ئەوەی بە بڕیاری ئیمانوێڵ ماکرۆن هەڵبژاردنیێکی کتوپڕ لە حوزەیران دا کرا تاکو چی تر بیانویەك لە حوکمڕانییەکەیدا بۆ متمانە پێکردنی لە لایەن فەرەنسییەکان و بەرە و لایەنەکانی دیکەوە نەمێنێتەوە ، لەو هەڵبژاردنەدا هیچ حیزب و لایەنێك ئەوەندە دەنگیان نەهێنا تاکو حکومەت پێكبهێنن. دواتر هەرچۆن بوو میشێڵ بارنیەر کرا بە سەرۆك وەزیران . ئەمە لە کاتێکدا کە ئابوری وڵات بەرەو خراپتر دەڕۆیشت و دەبێت چارەسەرێك بکرێت .
بێ گومان چارەسەر لە لای حکومەتی لیبراڵ و نیولیبراڵ بۆ پڕ کردنەوەی بوجە و نەکردنی قەرزی دیکە تەنها دوو تا سێ چارەسەرە: زیادکردنی باج، کەمکردنەوەی مەسروفات لە خزمەتگوزارییەکانی وەکو بەشی تەندروستی و خوێندن و پارکەکان ، بەشی هاتوچۆ و بەشی خانوو بەرە و دەستە و دایەرەکانی دەوڵەتیی، هەروەها کەمکردنەوەی یاخود بڕینی بیمەکان . هەر هەموو ئەمانەش لەسەر کرێکاران و هەژاران و خەڵکە ئاساییەکە دەکەوێت نەك دەوڵەمەندەکان و چینی باڵادەست .

لەم بارەدا میشێڵ بارنیەر بۆ پڕکەکردنەوەی 60 ملیار یورۆ ، بە پشتی بڕگەی 49.3 لە دەستوری فەرەنسەدا دەتوانێت ئەوانەی سەرەوە بکات بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەڕلەمان . هاوکاتیش دەستور ماف دەدات بە پەڕلەمان کە ئەگەر ڕازی نەبوون ئەوە دەتوانن متمانە لە سەرەکوەزیران و حکومەتەکەی بسەننەوە. ئەم بڕیارەی سەرەك وەزیران و کاردانەوەی پەڕلەمان بووە هۆی دەستکێشانەوەی خۆی و حەلبوونی حکومەتەکەی.
زۆرێك لە ئابووریناسان و سیاسییەکان قسەیان لەسەر ئەوە کردوە کە لە ئەمساڵدا فەرەنسا سەقامگیر نەبووە. ئێستاش دەڵێن ماوەیەکی دیکەی دەوێت تاکو ئەو سەقامگیرییە خۆی دەسەپێنێت.

باری ئابووری بریتانیا لە فەرەنسە باشتر نییە و ئەمانیش وەکو پێشتر باسم کردوە کە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی کە لە موچەدا هەبوو کاتێک کە حیزبی کرێکاران هاتە سەر حوکم هاتن چەند ڕیفۆرمێکیان کرد و بە تەماشن لە ساڵی ئایندەدا زیاتر بکەن. ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە 3 ملیۆن منداڵ لە هەژاریدا دەژی و نزیکەی 11 ملیۆن کەسیش هەر لە هەژاریدا دەژین کە زۆرێکیان ئییشیش دەکەن، خزمەتگوزارییەکان لە کەمبوونەوەدان و نرخی وزە لە مانگی ئۆکتۆبەرەوە بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا 9 سەرکەوتووە. هەڵئاوسانی پارە دابەزی بەڵام لە مانگی ڕابوردووەوە سەرکەوتەوە ، ڕێژی سوو تا ئێستاش هەر زۆر بەرزە کە کارایی خۆی لەسەر وەبەرهێنان و هەژراکردنی زیاتری خەڵك لە دانەوەی سلفەی عەقار و بەرزبوونەوەی کرێ و قەرزی سەیارە و پێویستی ماڵ داناوە . بەڵام لەبەر ئەوە حیزبی حوکمڕان هێشتا لە مانگی هەنگوینیدایە زۆر کەمتر میدیا و نقابە لێی دەخوێنن. هاوکاتیش حکومەت خۆی پابەندی هاوکاری دارایی ئۆکرانیا بە بڕی 3 ملیار پاوەندساڵانە تا ساڵی 2030 کرد.

بار و دۆخی ئابووری پۆلۆنیاش لەمانی دیکە باشتر نییە ئەمە جگە ناڕەزایەتی خەڵکەکەی بە هۆی ئەوەوە. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی مافی ژنان لە دەرهێنانی کۆرپەلەدا گرفتێکی سیاسی گەورەیە بۆ دەسەڵات . هەنگاریا ، گەر چی ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە، بەڵام سەرۆک وەزیرانی دڵی بۆ روسیا دەسوتێ و نزیکە لە ڕوسیاوە ئەمەش سەریەشەیەکی دیکەیە بۆ یەکێتی ئەوروپا.

ئەم بارودۆخە ئابوری و سیاسییە لە ئەوروپادا لەوە ناکات کە بەرە و باشی بڕوات بە هاتنی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ کە لە شەڕی باج و مامەڵەی بازرگانییدایە لە گەڵ تەواوی ئەورپا و چین و کەنەدا و مەکسیکۆ و هەروەها وڵاتانی بریکس(BRICS ) کە 38 کە وڵاتگەرلێکی زۆرن. ترامپ بڕیارە لە یەکەم ڕۆژی حوکمکردنیا لە سەدا 25 گومرگ لەسەر مامەڵەی بازرگانی لەسەر مەکسیکۆ و کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپی دابنێت و لەسەر چین بە لە سەدا 10 زیاتر و لەسەر وڵاتانی بریکس لە سەدا 100 تاکو دراوی بریکس جێ بە دۆلار شلۆق نەکات . هەموو ئەمانە هێمای خراپتربوونی ئابووری ئەوروپا و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەیە .

لە لایەکی دیکەوە بوونی شەڕی ئیسرائیل لە غەزە و لوبنان و ئێران و ئێستاش کە ئەم بارودۆخە تازەیە لە سوریا خولقاوە و لەوە دەکات کە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ناوینی تێوە بگلێ، ئابووری چەند وڵاتێك تا ڕادەیەك بەرەو داڕمان دەبات و هێشتاش نازانین چی دەبێت .
هەموو ئەمانە قەیرانە ئابوورییەکانی دەوڵەتانی ئەوروپی و هەندێك لە وڵاتانی دیکە قوڵتر دەکاتەوە، ئەم قەیرانەش ئەم حکومەتانە بەرەو قەیرانی سیاسی گەورە دەبات .

زاهیر باهیر
07/12/2024




گـرنگـیـیەکانی کـنجکاوی بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

زاراوەی کـنجکاوی لە زمانی ئینگـلیزیـدا (کریۆرستی) یە. لە عـەرەبیدا (فـضولیە) یە. لە لاتـینیـشـدا (کـریـۆسیتاس ـ کـریـۆسوس) بە واتا (ئارەزووی زانـین، پـرسیارکـردن، ئارەزووی هـەڵـبژاردن، فـێربـوون، کاری لـێهـاتـوویی)، چەنـد واتایەکی کەشی هـەیە.
کنجکاوی یەکێکە لە تایبەتمەنـدییە گرنگەکانی مـرۆڤ، کە دەتـوانێت یارمەتی بدات بۆ گەشەکردن و مانەوە. کنجکاوی رێگایەکە بۆ هاندانی مێشک بۆ فـێربوون. ئارەزووی مـرۆڤە بۆ زانـین و تێگەیـشتن. هـۆکاری سەرەکی پـێشکەوتـن و سەرکەوتنێ مرۆڤە. بەراورد لەگەڵ جـورەکانی تردا، کـنجـکاوی تایبەتـمەنـدییەکی ناوازەوەیە و پاڵـنەرێکە بۆ فـێربوون، کە لە هەموو مرۆڤـێکـدا بوونی هەیە. هەر لەبەر ئەم هـۆکارە، پێویستە راهـێنان لەسەر بنەمای ئەم تابەتمەنـدییە مـرۆییە بکـرێت، بۆ ئەوەی کاریگەرتر بێت.
پێـناسە سەرەتـاییەکان، کـنجـکاوی، بە ئـارەزووی پاڵـنەر بـۆ بەدەستهـێـنانی زانـیاری نـاوبـردوون. دەوتـرێـت ئـەم خـواسـتە پـاڵـنەرە، لە سـۆز و لە ئـارەزووی زانـین و لە تێگەیشتنەوە سەرچاوە دەگرێت. (کاتریـن تـۆمی) دەڵێـت:”بە گـشتی ئەسـتەمە بگەینە پێناسەیـەکی گـشتگـیر بـۆ چەمـکی کـنجـکاوی. بەڵام بە رێکەوتـنی گـشتی، کـنجکاوی ئامـرازێکە بـۆ کـۆکـردنەوەی زانیـاری”. دەرووننـاسانـیـش پـێـیانـوایە، کە کـنجـکاوی تەنهـا بـریتی نیـیە لە تێـرکردنی پێویستیـیەکی دەستبەجێ وەک، برسێتی یان توینـێتی. بەڵکـو سەرچـاوە و پاڵـنـەرێکی ناوخـۆیی هـەیە.
کـنجکاوی لەلای منـداڵان:
منداڵان بە سروشتی کنجکـۆڵـن. بە کنجکاوییەکی رەمەکی بێـسنوور و بە کارامەییەکی زگـماکی لەدایک دەبن. بۆیە گەشەکردنی تواناکانی کـنجکاوی لە منـداڵاندا، شتێک نییە کە لە هـیچەوە دەست پێبکات. هەر لە سەرەتاوە هەوڵـدەدەن لە جـیهانی دەوروبەریان تـێـبگەن. شــتەکانی دەوروبـەریـان دەبـیـنـن و دەسـتـیان لـێـدەدەن و تامـیان دەکـەن و دەپـرسـن: ئەمـە چـییە؟ بـۆچـی؟ چـۆن؟ لە کـوێـوە هـاتـوون؟ چـۆن کـاردەکـەن؟ ئـەی ئاسمان بۆ شینە؟ پـرسیارەکانیان بێشومارن و کۆتاییان نایات. هەنـدێک جار پرسیاری سەیر دەپرسن. ئارەزووی منداڵان لەم پرسیارانەی کە دەیانکەن، فـێربوونی زانیارییە دەربارەی نهـێنییەکانی شتەکانی دەوروبەرەیان. ئەگەر لە تەمەنێکی بچووکدا دەرفەت بە منـداڵەکانتان نەدەن کە کـنجکاوی بن، ناتـوانن زۆر شـت لەم جیهـانەدا بـدۆزنەوە.
توێـژینەوە و لێکـۆڵینەوەیەکی زۆر لەسەر کـنجکاوی لە منـداڵانـدا، لەسەر چەنـدین چـەمکی جـۆراوجـۆر کـراون. کە هـەمـوویان بە دەوری کـنجکاویـدا دەسووڕێـنەوە.
(ویـلـیام جەیـمس) دەڵـێت:”کـنجکاوی پـاڵ بە منـداڵانەوە دەنێـت بەرەوە تازەگـەری، بـەرەو ئـەوەی گەشـاوەیە، زینـدووە، سـەرسـوڕهـێـنەرن”. دەتـوانـرێـت وەک هـەر کارامەییەکی تر، ئـەم لـێهاتـووە سـروشتیە رەمەکـییە، لە منـداڵانـدا بە رەخـسانـدنی هـۆکارەکانی گەشەکردن و پێشکەوتـن بەهـێز بکـرێـت. منداڵان بە سروشتی خۆیان هەوڵی زیادکردنی کنجکاوی خۆیان دەدەن. هەموو ئەزموون کارێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئەمە بەکاردەهێنن. منداڵان لە ژیانێکی خێزانی ئارام و ئاسوودەدا زیاتر گەشەدەکەن.

کـنجکاوی شـتێک نییە کە ئێـمە فـێـری منـداڵانی بکەیـن. بەڵکو ئـەوە ئارەزوویەکی ناوەوەی منداڵانە بۆ فـێربوون. کە وایان لێدەکات بەدوای ئەزموونی نۆێـدا بگەڕێـن. کاتێک کە منـداڵان کنجکاوی دەبن، بە تامەزرۆییەوە بەدوای جیهـانی دەوروبەریاندا دەگەڕێن. دەڕوانن و دەپرسن. جیهانی منداڵان پڕە لە شتی نوێ، لە خولیای نوێ، لە تاقـیکردنەوەی نوێ. لە داهـێنان، لە سەرەکـێشی بۆ دۆزینەوە و زانین و تێگەیشتن.
تا کـنجـکاوی منـداڵان زیاتـر بێـت، زیاتـر تاقـیکـردنەوە دەکـەن و زیاتـر فـێردەبـن و وەردەگـرن. تـوێـژینـەوەکان ئـەو راسـتـیـیەشـیان دەرخـسـتـووە، کە پەیـوەنـدیـیەکی فـیـزیـۆلـۆژی لەنێـوان کـنجکاوی و چـێـژ و فـێـربـوونـدا هـەیە.

شارەزایان کنجکاوی بە کلیلی فـێربوون دەزانن. بۆیان دەرکەوتـووە ئەو منـداڵانەی
کە کـنجکاویـن، لە قـوتـابخـانە و لە ژیـانـدا سـەرکەوتـوون. بە زۆری دڵخـۆشـتر و گەشبینتر و جیاوازتـرن لە هـاوڕێ هـاوتەمەنەکانیان. جیاوازتـریشن لەسەر ئاستی پـراکتیکی و ئەکادیمی. بەگشتی کنجکاوی تایبەتمەندییەکی ئەرێنی یە، کە یارمەتی منـداڵان دەدات بۆ گەشەکـردن و فـێربـوون و بەدەستهـێنانی زانست و پێـشکەوتن.
هەرچەنـدە کنجکاوی تایبەتمەنـدییەکی بەسوودە لە منداڵاندا. بەڵام دەبێت کۆنترۆڵ بکـرێـت و بە ئاراستەیەکی دروستـدا، ئاراسـتە بکـرێـت.

هەر منداڵـێک ئارەزووی جیاوازی هـەیە. لەوانەیە زیـاتر لەو بابەتـانەی حەزیـان لـێـیانە زیاتر کـنجکاوی بن. هەوڵـدەدەن زیـاتر دەربـارەی ئارەزووەکانیان بـزانـن. راسـتە کە منـداڵان بە سـروشتی کـنجکـۆڵـن، بەڵام پێـویسـتیـیان بە هـانـدان و بە پـشتگـیری و بە ژیـنگەیەکی رەخـساو هـەیە، بـۆ پـەرەپـێـدانی داهـێـنانەکانیـان.
سوودەکانی کـنجکاوی بۆ منـداڵان:

کنجکاوی لە منداڵاندا چەندین سوود و گرنگی هـەیە. چونکە یەکێک لە لە باوترین تەکنیکەکانی بەرزکردنەوەی داهـێنان کنجکاوییە. سوودەکانی کنجکاوی بۆ منداڵان:
١ـ کاتێک کە منـداڵان کـنجکاودەبـن، کـنجکاوی مێـشکـیان بۆ فـێربوون ئامادەدەکات، مێـشکـیان دەبنـە ئامـرازێکی خـێرا، بۆ کـۆکـردنـەوەی زانیـاری و بە هـانـدەرێک بـۆ دروستکـردنی خولـیای فـێربـوونی بابـەتە دڵخـوازەکانیان.
٢ـ کنجکاوی لە منداڵاندا، یارمەتییان دەدات زیاتر حەزیان لە گەشەکردن و فێربوونی زانیاری نوێ و پرسیارکردن بێت، لە هەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەریان دان. زیاتر سەرنـج بـدەن و چاودێـری رووداو و گـۆڕانکارییەکانی جـیهـانی دەوروبەریان بکەن.
٣ـ کنجکاوی بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی گەشەکردنی دەروونی منداڵان، بۆیە پێویستە ژینگەیەکی لەباریـان بۆ بـڕەخـسێـنن بۆ وەرگـرتنی زانیـاری لە جیهـانی دەوروبەریان.
٤ـ کـنجکاوی رۆڵـێکی گەورەی لە چـۆنییەتی گەشەکـردنی کەسایەتیی منـداڵان هـەیە، ئەگەر بێتو بە باشی رێنمایی بکرێن و بە دروستی ئاراستە بکرێن. ژیانی منداڵەکانتان بە تـەواوی دەگـۆڕێـت.
٥ـ کنجکاوی بەشدارە لە چالاکردنی (هـیپۆکامپوس) کە بەشێکە لە ناوندەکانی مێشک. هـیـپۆکامپـوس پێویستیـیەکی بەسـوودە، بـۆ دروستکـردن و بەهـێزکـردنی یادەوەرییـە مـاوەکـورتەکان و مـاوە درێـژەکـان.
٦ـ کنجکاوی هـۆکارێکە هـانی منداڵان دەدات. کە ئارەزووی فـێربـوونی شتە نوێیەکان بکەن، لە رێگەی تاقـیکردنەوەوە. منداڵانی کـنجکاوی بەزۆری گەشـبین و دڵخـۆش و هـیواخـوازن و جیـاوازن، لەگـەڵ منـداڵانی هـاوتەمەنیانـدا.
٧ـ بە پشتبەستن بە توێژینەوەکان، کە لەلایەن کۆمەڵەی زانستی دەروونییەوە، ئەنجام دراون، کنجکاوی رۆڵێکی گرنگ لە ئاستی خوێندنی منداڵان دەگێڕێت. منداڵان کنجکۆڵ بەزۆری لە قـوتابخانەکانـدا، ئاستی ئەکادیمیان، لە منـداڵانی هـاوپـۆلەکانیان بەرزتـرە.
٨ـ کـنجکاوی لە منـداڵانـدا، دەتـوانێـت رۆڵـێکی زۆر گـرنگ بگـێڕێت لە باشترکـردنی پەیـوەنـدییەکانی منـداڵان. فـێردەبـن کە چـۆن سـنوور بـۆ پەیـوەنـدییەکانیـان دابـنـێن.
٩ـ کـنجکاوی وا لە منـداڵان دەکـات، کە بتـوانـن کـێشەکـانی خۆیـان چـارەسەربکەن. بـشتـوانـن لە داهـاتـوودا رووبـەڕووی ئاستەگـیـیەکانی رێـگەی ژیـانیـان بـبنـەوە.
١٠ـ کـنجکاوی یارمەتیی منـداڵان دەدات، کە بێـزارنەبـن و دان بە شـکـستیدا نەنـێن و چەند جارێک هەوڵبدەدەن بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن. بۆ نموونە (تۆماس ئەدیسۆن) ی داهـێنەری کارەبا. منداڵـێکی کنجکۆڵی زۆر پرسیارکەر بوو. بۆ داهـێنانی کارەبا، لە (٩٩٩) تاقـیکردنەوەدا سەرنەکەوت. بەڵام ئەدیسۆن بێـزار نەبوو و وازی نەهـێـنا، تا لە تاقیکردنەوەی (١٠٠٠) رەمیندا سەرکەوت و کارەبای داهـێنا. هەروەها نووسەر و شانۆکاری جیهـانی (شکسپـیر) دەڵـێت:”تا لاپەڕەیەکـم نووسی.. هـەزار پەڕەم دڕی”.
١١ـ منداڵانی کـنجکاوی، هەردەم شـتێک لە ئەنـدێـشە و مێشکیان دایە، بۆ داهـێنان و زانـین و دۆزینەوە، یا بـۆ تاقـیکـردنەوە و سەلـمانـدن.
١٢ـ کـنجکاوی، داهـێنان، لێهـاتـوویی چارەسەرکـردنی کـێشەکان، سێ تایبەتمەنـدیی گرنگن، کە فـێربـوونییان، تەواوی ژیانی منـداڵەکانتان مسۆگەر دەکەن و دەبنە هـۆی داهـێنان و داڕشـتـنی بیـرۆکەی نـوێ و پـلانـدانـان لە دواتـردا.
١٣ـ منداڵانی کنجکاوی، هەردەم حەزدەکەن خۆیان ببنە پێشەوە و لەبەردەم هاوڕیانی هـاوپۆلەکانیان و مامۆستاکانیان، تواناکانی خۆیان بسەلمێنن. زیاتر لە قوتابییەکانی تر دەستیان بەرزدەکەنەوە، زیاتر دەپرسن. حەزدەکەن زیاتر خۆیان خۆشەویسـت بکەن.
١٤ـ کـنجکاوی، ئازایـەتییەکی وێژەیی زیـاتـر بە منـداڵان دەبەخـشـێـت. بەبێ تـرس و بێ شەرمکردن، بە زارەکی لەبەردەم کەسانی تردا، گوزارشت لە ناخی خۆیان دەکەن.
چـۆن پـەرە بە کـنجکاوی منـداڵەکانتان دەدەن:

دایکان و باوکان و مامۆستایانی خۆشـەویست، دوای ئەوەی کە سوود و گرنگییەکانی کـنجکاویتـان زانی، بـۆ ورووژانـدنی بیـرکـردنەوە و بـۆ پـەرەپێـدان بە کـنجـکاوی لە منـداڵەکانتان و لە قـوتابییەکانتانـدا، گەلـێک هـۆکـار و رێـگا هـەیە کە بـیانگـرنەبـەر:
١ـ هانـدانی منداڵان بۆ پرسیارکردن: هەرچەندە ئەو پرسیارانەی منداڵەکانتان دەیانکەن بێـشومـارن و رەنگە بێـزارکەریـشـبـن. پـرسیارگەلـێکی سـەیـر و سەرسـوورهـێنەرتان لێبکەن. لەوانـەیە وەڵامـدانەوەیان قـورسبـێـت، یان وەڵامی دەسـتبەجـێی هـەنـدێـک لە پرسیارەکانیان نەزانـن. وەک: ئێـمە لە کـوێـوە هاتـوویـن؟ بۆ خەڵکی دەمـرن؟ خـوا لە کـوێـیە؟ بـۆ چـیای هـەڵگـورد ئەوەنـدە بـەرزە؟ بـۆچی…؟چـۆن…؟ بـۆچـی… بـۆ..؟ بە دەیان پرسیاری لەم جـۆرانە. بەداخەوە کە هـەنـدێک لە دایکان و باوکانی نابـەڵـەد، لە منداڵەکانیان تـووڕە دەبن و بە: چەنبـاز، هەڵـەوەڕ، خۆهەڵـقـورتین، زۆربـڵێ، بێشەرم ناویان دەبەن. بەڵام لە راسـتیدا زۆر پـرسیاکـردنی منـداڵان، نیشانـەی زیـرەکـیـیانە. بە دوای وەڵامی دروسـتی پـرسـیارەکـانیانـدا دەگـەڕێـن، دەیـانـەوێـت ئـەوەی نایـزانـن، لە رێـگەی وەڵامی راستەوە بیـانزانـن. بۆیـە هـانـدانی منـداڵەکانتـان بۆ پـرسـیارکـردن بە ئـازادی، گەشـە بە کـنجکاوییان دەکـات. ئیـلهـام بەخـشیش دەبـن بـۆ ئـەوەی درێـژە بە فیربوون و بە زانین و بە دۆزینەوە و بە وەرگرتن و بە داهـێنان بدەن. بۆیە کنجکاوی تایبـەتـمەنـدیـیەکی ئەرێـنی و خـوازراوە لـە منـداڵانـدا. هـەرگـیز نابێـت وەڵامـدانـەوەی پـرسیارەکانی منـداڵـەکانتان پـشتگـۆێ بخـەن، یان بە هـەڵە وەڵامیان بـدەنەوە. چونکە کاردانەوەی خـراپیان لەسەر دەروونی منـداڵەکانتان دەبێـت. وا تێدەگەن کە بەهەنـدیان نازانـن و شایەنی رێـزگرتن نین. ئەوان وا دەزانن کە ئێوەی دایکان و باوکان، هەموو شـتێک دەزانـن و وەڵامی هـەمـوو پـرسیارێکتان لەلایـە. پێـویستە بە نـەرم و نیانی و میهـرەبـانی و زەردەخـەنە و سـنگـفـراوانیـیەوە، گـوێ لە پـرسـیارەکانی منـداڵـەکانتان بگـرن و پـردێکی خۆشـەویـستی و رێـز لە نیـوانتـانـدا هـەبـێـت.
٢ـ چالاکـییەکانی رۆژانە: ناوبـەناو گـۆڕانکاری لە رۆتـینی رۆژانەی منـداڵان بکەن و سوپـرایـزە ئەرێنییەکان پێویستن، دەتـوانن ئارەزووی کنجکاوی منداڵان باشتر بکەن. کاریگەرییەکی زۆر لەسەریان دروستبکەن. چونکە رووڕبەرووی شتی نوێ دەبنەوە.
هەوڵی گۆڕانکاری و تازەگەری ناوازەیی دەدەن. هەستی کنجکاوی منداڵان و شێوازی دەرکەوتنیان و جـۆری پرسیارەکانیان، بەپێ قـۆنـاغـەکانی تەمـەنی منـداڵان دەگۆڕێت.
٣ـ زۆر خوێنـدنەوەی پەرتـووک: هـەر لە منـداڵـییەوە، منـداڵەکانتان بکەن بە هـاوڕێی پەرتـووک و گـۆڤارەکانی منـداڵان، تا خـوو بـە خـوێـنـدنەوەوە بگـرن. چـونکە وەڵامی بەشـێک لەو پرسـیارانەی لە ئەنـدێـشەیـان دان. لە رێـگەی خـوێنـدنەوەوە بەدەستـیان دەهـێنن. چـیرۆکی خۆشییان بۆ بخوێـننەوە و دەربارەی چـیرۆکەکە پرسیاریان لێبکەن.
٤ـ پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان لە کنجکاویدا، ببن بە پێشەنگ و بە سەرمەشق بۆ منـداڵـەکانتان: تا چاو لە ئێـوە بکەن و بە دووای زانیـاری و بیرۆکەی نوێـدا بگەڕێـن.
٥ـ منـداڵەکانتان بەرن بۆ سەیران و بۆ گەشـتی سروشت: بیان بەن بۆ مۆزەخانەکان و بۆ پەرتووکخانە گشتییەکان و بۆ پێشانگاکانی وێنە و بۆ کۆڕی ئەدەبی و رۆشـنبیری و بـۆ بـینـیـنی فـیـلمی سـینەمـایی تایبـەت بە منـداڵان و بـۆ بیـنـیـنی شـانـۆی منـداڵان. بە تایبەتی منـداڵان لە سـروشـتەوە زۆر کارامەیی فـێردەبـن و کـنجاویتردەبـن، کۆمەڵـێک بیرۆکە و پرسیار نوێیان و داهـێنانیان لا دروست دەبن. زانیاری زیاتر بەدەستدەهـێـنن. دەربارەی ئەو شتانەی کە دەیانبینن، پرسیاریان لێبکەن و گوێ لە وەڵامەکانیان بگرن.
٦ـ هەرچەندە زۆرێک لەو شتانەی کە منداڵان حەزیان لێدەکەن، یان دەیانەوێت تاقـییان بکەنەوە، مەترسـیدارن بۆیـان: بەڵام نابێت سەرکوت و دەمکوتی منداڵەکانتان بکەن و بیانتـرسـێنـن بە: نـەکەن، وا مەکەن، دەستیان لـێمەدەن، تاقـییان مەکەنەوە، رامەکەن، قـسەمـەکەن، سەرکـوێـریان بکەن و هـەمـوو شـتێک لـێـیان بـکەن بە بـڤـەیە،. بەڵکو باشتر وایە هـەوڵـبدەن ژینگەیەکی فـێربوونی گونجاو و هـانـدەریان بۆ بـڕەخـسێنن. با خۆیان تاقـیبکەنەوە. راستی و هەڵەکانی خۆیان بـزانـن، پەنـد و وانە لە سەرکەوتـن و لە شکستییەکانیان وەربگـرن. مەبەستیشمان ئەوە نییە، لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵـدا نەبـن. لە کاری ملهـوڕی و سەرەکـێشیی لە توانابەدەر و مەترسیدار دوورنەخرێنەوە.

بۆ هـانـدان و پشتگـیریی کنجکاوی لە منـداڵەکانتانـدا، دەبێـت کاتیان بۆ دیاری بکەن و بابەتی هەمەجۆرە و هەمەڕەنگەی یاریکردنینان بۆ دابین بکەن لەگەڵیاندا یاری بکەن. بۆ گەشەکردنی ئەنـدێشە و بیـرکردنەوەیان. بـواری پرسیار و وەڵامیان بۆ بـڕەخـسێنن.
٧ـ دابینکردنی ئامرازە مۆدێـرنە گونجاوەکان بۆ منداڵەکانتان: بتانەوێت یان نەتانەوێت، ئەم ئامرازانە، وەک: ئینتەرنێـت و ئایپـاد و ئەپـڵـیکەیـشنەکان. بـوونەتە پێویستیی ئەم سەردەمە. کە هـۆکارێکن بۆ گەشەکردنی کنجکاوی لە منداڵانـدا. کاریگەرییان هـەیە و سـوود بە منـداڵەکانتـان دەبـەخـشن، لەسـەر خـۆیـان فـێریان دەبـن کە چـۆن بەکاریـان بهـێـنن. بە دوای وەڵامی پـرسیارەکانیان و بە دوای شتی نـوێـدا دەگەڕێـن بێجگە لەو هـۆکار و رێگایانە، بۆ پەروەردەکردنی دروستی کـنجکاوی لە منداڵاندا، گەلێک هـۆکار و رێگەی تـر هـەن، کە هـانـدەر و یارمەتیـدەرن بۆ زیـاتر گەشـەکـردن و پەرەپـێـدانی کـنجکاوی و گەشبینی و هـیواخوازی لە منداڵەکانتانـدا. کە کاردانەوەیان لەسەر ژیانی ئەمـڕۆ و لە داهـاتـوویانـدا هـەیە و دەبێـت. پێـدەچـێـت کە کـنجـکاوی بە تـێپەڕبـوونی کات، کـاڵ بـێـتەوە یا کەمـتر بێـتەوە، فـێربـوونی فەرمی جـێگەی دەگـرێـتەوە.
ئەم نووسینەی ئـێـمە، دەربارەی کنجکاوی لە منـداڵاندا، بە مەبەستی زانیاری و سوود وەرگرتنە. جێگەی راوێـژکردن لەگەڵ پـزیشکی دەروونناسی منـداڵان ناگرێتەوە. ئەگەر لەم بارەیەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کنجکاوی منـداڵەکانتاندا، تووشی کـێشەیەک بوون، بێ شەرمکـردن دروسترە، راوێـژ بە پـزیشکێکی پسپۆری دەروونناسی منـداڵان بکەن.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە چەندین سایتی ئینگلیزی و عەرەبی وەرگرتووە.
رەزا شـوان
نەرویــج: ٢٠٢٤




ئەوە کوردە.. ئەوە کوردە.. ئەوە کورد.. شیعری نەوزاد بەندی

ـــ ـــ

بە هەوڵ و کار و خەباتی هەموو لایەک ،
توانیمان حوکمەتی کار بەڕێکەر
بگۆڕین بە حوکمەتێکی کەربەڕێکەر ..

٭ ٭ ٭

کاتێ مافی کوردێک ئەخۆی ،
خۆی شل ئەکا ،
لەبەر ئەوەی مافێکی تریشی بخۆی ..!

٭ ٭ ٭

گوێی لێ بگریت ،
بە هیچ شتێ ڕازی نییە ..
گوێی بۆ ببڕیت ،
بە هەموو شتێ ڕازییە ..

٭ ٭ ٭

بە هەوڵی دەسەڵاتی کورد و ..
بە بێ دەنگیی موچەخۆرانی لاتی کورد ،
کورد داهێنانێکی تری بۆ دەرهێنا
یان دەرهێنانێکی تری بۆ داهێنا :
مانگی 67 ڕۆژیی بوو .. تۆزێکی تریش شلی کەن ،
ئەیگەیەنینە 90 ڕۆژ ..
دڵنیام دوای نەوەد ڕۆژیش ، شلکردنتان هەر پێ ماوە ..
شلکردنتان بۆ دوای سەد ڕۆژیش داناوە ..!

٭ ٭ ٭

کورد ،
تاکە بوونەوەرێکە
لە مێژووی عیلمی حەیوانا ،
دڵی پڕ پڕە لە برین ..
ژیانی پڕ پڕە لە وەڕین ..
حەوشەکەی پڕ پڕە لە دز ..
کۆیلە و بەشخوراو و سەرکز ،
کەچی هەر دەم ئەکاتەوە ،
ڕێک بە قاقا پێ ئەکەنێ ..
ئەمە پێکەنینە ڕۆڵە یان پێداکەندنە ، ڕۆڵە ؟
ئەمە بێ حەیاییە، ڕۆڵە ،
یان عەقڵ دۆڕانە ، ڕۆڵە؟
ئەم هەموو نوکتەیە
لەکوێوەیه ..
چۆن ئەبارێ ؟
ئەمە نوکتەیە یان چڵمە شۆڕ بۆتەوە ، هەموو جارێ؟
یان میزە بە ڕێی قاچاخا ،
لە سەرەوە دێتە خوارێ ؟

٭ ٭ ٭
کاتێ بێگانەیەک
تۆپ و درۆن هەڵئەسێنێ
شار و دێی کورد ئەسوتێنێ ..
کورد لە پڕا ،
هەڵمەت بۆ بێگانە دێنێ ..
بۆ شەڕ نا ..
بۆ گەشت و گوزار ..
لە پایتەختی داگیرکەرەکەی ،
خەرج ئەکا ،
ساڵانە ملیاران دۆلار ..

٭ ٭ ٭

کورد پاڵەوانە بۆ شەڕی ،
کورد فەوتاندن ..
تاکە مەرجی کورد لە شەڕا ،
ئەوەیە بەرامبەر کورد بێ ..!

٭ ٭ ٭

کورد تەنها یەک کات گەرم ئەبێ و
دین و ئیمانی نامێنێ و
لە پڕ دەست ئەکا بە گریان ،
کە میکرۆفۆنی کەناڵێ ،
یەخەی ئەگرێ ..
تەنها ئەو کاتە، خەبەری ئەبێتەوە و
تێئەگا لە هەر چوارلاوە ،
خستوویانەتە ناو دەمی ،
ئەوەی پیسە یان پێڵاوە ..
ئەگەر شەش ملیۆن میکرۆفۆن ،
لە هەمان کاتا ، بخرێنە بەردەمی
تاک بە تاکی کورد ،
ڕێی تێ دەچێ بۆ چرکەیەک بتوانن لەسەر بە بابەتێ کۆبنەوە
یەکبوونیان پەرە پێ بدەن ..
تڕێ به کۆمەڵ لێبدەن ..

٭ ٭ ٭

لە خوای میهرەبان بە زیاد بێ ،
بە هەوڵی هەموو کوردەکان ،
جارێکی تر
هەرچی کوردە درا بە گان ..
توانیمان ووشەی دەسەڵات ،
بگۆڕین بۆ لات و مەنات ..
توانیمان ووشەی فەرمانبەر ،
بکەین بە دەنگدەر ..
بە هاندەر ..یان بە تاودەر ..
توانیمان وشەی جەماوەر ،
پڕکەین لە ئاو
بە بێ ئاگر ..
هەتا ئەبن بە سەماوەر ..

٭ ٭ ٭
کورد کە ئەبێ بە فەیلەسوف ،
ئینجا دەمی جڕت ئەگرێت و
بە لغاوەیا دێتە خوار ،
کەفاو و لینجاوی جنێو ..
کورد کە ئەگاتە دکتۆرا ،
ئینجا ڕوخساری ئەگۆڕێ و
ئەبێ بە دێو ..
تێ ناگەم لەم چاو و ڕاوە ..
بەڵام دڵنیام لە گڵ نا ،
کورد لە گو دروستکراوە ..

لە مێژووی گیانەوەرزانی و
تەنانەت ڕووەکزانیشا ،
هیچ بۆق و
بەڕوویەک نییە ،
نان و ئاو و ڕوناکی نەبێ و
نەیشمرێ ..
وشک نەبێ و
بۆ خۆی بژی ..
کەچی بۆ گیرفانی دوو باند ،
کردبێتی و بیکا چەندین شەڕی گەرمی براکوژیی ..
ئەوە کوردە ..
ئەوە کوردە .. ئەو کورد ..
حەیای نییە ،
مەڵێن بۆچی حەیات برد ..




بازگە.. شیعری ستار ئەحمەد

تیشکی چاوت
تەلیسمی هەناوی من بوو
بەدەم شنەی باوە فڕی
چوون کلوە بەفر
دەهاتە خوار
لەسەر لوتکە هەڵدەپەڕی
چەندین شەوان
سروشتی کردە گوڵە لۆکە
هەتا دەهات
سەر زەمینی خڕ داپۆشی
زاری سەرما نەهاتە گۆ
گەرمیی عەشقمان
بەسەر لاشەی چیایەکەوە
وێنەکێشی ڕووگەی خاک بوو
نەمانی ترس
بەرۆکی تاریکی گرت و
گوڵە ئەستێرەی شەوانە
کەم کەم نەوی
لەهەور دابڕا بۆ زەوی
گریەی چرۆ
لەژێر کڵاوی دڵۆپەدا
خزا لەپاڵ بەردی سوورا
جۆگەلەی جۆش
هاتە بزوان
باڵندەی تەزیوی دوان
هەڵچوونەوەی کانیلەکان
بەفری دەمیان
نەخشەیەک بوو بۆ نیشتمان
گازندەی برووسکەی ئاسمان
دەنگی تاسا
لەگەواڵەی پرچی هەورا
دیمەنەکان چەتری ڕووناکیان هەڵکرد
لێزمەی باران
لەگەرووی بادا وشکی کرد
توانای بەفر لەباڕەشا
تەرمی خۆری لە باوەشدا
ساتە چرپەی ئێواران بوو
تەلبەندی بازگەی ژوان بوو
هەنسکە ماچی داباران
تیشکە بای سروشت داگیرسا
پەری دەریا
لەلانکەی ئاودا ڕووت قووت
لەخەوی بێداری هەڵسا

ستار ئەحمەد




سوریا مەیدانی کێشەی جەمسەرە جیهانی و حکومەتانی ناوچەکە!.. نوری بەشیر

ئەوەی کە ئێستا لەسوریادا روودەدا، شەڕێکی ناوخۆیی نیە بە ئەندازەی ئەوەی کە مەیدانێکە بۆ کێشەی جەمسەرەکانی دنیا و حکومەتانی ناوچەکە کە کاریگەریان بەسەر سوریاوە هەیە. بەتایبەت بەدوای چەند ساڵ، لانی کەم لە شەش ساڵی رابردوودا لەگەڵ کەشێکی نیمچە ئارام کە هەموو هێزەکان لەناوچەکانی خۆیاندا بێدەگ بوون، لەگەڵ ئەوەی سوریایان دابەشکرد بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی؛ ئەسەد، روسیا، ئێران و حزبوڵا لەلایەک، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی؛ تورکیا و هەیئەی تەحریری شام و دەیان حزبی ئیسلامی تر، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەو یەپەگەو ئەمریکا لەلایەکی ترو هەندی ناوچەی بچوکی تر لەلایەن هێزەکانی داعش و هەندێ هێزی ئیسلامی ترەوە. بەڵام بۆچی لەمکاتەدا ئەمە روودەدات و بەخێراییەک هێزە ئیسلامیەکانی وەک هەیئەی تەحریری شام و ژمارەیەکی تر، بەیارمەتی تورکیا، حەڵەب و چەند ناوچەی دەوروبەری دەستبەسەردا دەگرن و هێزەکانی سوریا، روسیا و ئێران و حزبوڵا بەبێ بەرگری دەردەکەن، کە ئەمانە زۆر هەڵدەگرن و زۆر شکوگومان باسدەکرێت و لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆدەکرێت، کە شوێنی باس نیە لێرەدا، بەڵام دەکرێت هەندێ لە هۆکارەکان و زەمینەکانی لە کۆمەڵێک لایەنی ناوخۆو ناوچەیی و جیهانیدایە بخرێتەڕوو.
هەر ئەوەی لە ٢٠١١وە لەسوریادا حکومەتێکی جێگیرو دەسەڵاتی تەواوی هەتا بەسەر ناوچەکانی خۆیشیدا هەبێت نەبووەو نیە، ئەوەی بەشار ئەسەدی راگرتووە روسیاو هاوپەیمانەکانیەتی لە ئێران و حزبوڵایە، بەڵام جێگاورێگای هەریەک لەم هێزانە وەک دەورەی پێشوو نەماوەو گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریا لە سیانزە ساڵی رابردوودا لەلایەن روسیاو ئێران و حزبوڵاوە ماوەتەوە، ئەسەد ئیدامە بەژیانی نەگریسی خۆی دەدات لە سوریایەکی پارچە پارچەبووی ژمارەیەک هێزو لایەنی جیهانی و ناوچەیی رایانگرتووە. لەو ماوانەدا کۆبوونەوەکانی جنێف لەلایەن ئەمریکاو رۆژئاواوە شکستی هێنا. کۆبوونەوەکانی ئاستانە لەلایەن روسیا، ئێران و تورکیاوە بۆ چارەسەری کێشەی سوریا شکستی هێنا، هەروەها هەوڵەکانی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی بۆ هێنانەوەی سوریا بۆناو کۆمەڵگەی عەرەبی و نێودەوڵەتی و ئارامکردنەوەی سوریا، سەرکوتوو نەبوو، هەوڵەکانی تورکیا بۆ دانیشتن لەگەڵ بەشار ئەسەد بۆ رێکەوتن و دانانی شەرت بۆ سوریا شکستی هێنا. هەر لەم ماوانەدا گۆڕانکاری لە جێگاوڕێگای روسیا، ئێران و حزبوڵا نەک تەنها لە سوریا بەڵکو لە ئاستی دنیادا گۆڕانی بەسەردا هات.
ئەم هێرشانەی ئێستای هەیئەی تەحریری شام و دەیان گروپی کە بە ١٢ گروپ دەستنیشان دەکرێت کە هەموویان دەستەجاتی ئیسلامی وەک هێزی کۆنەپەرست و دژی مەدەنیەتی کۆمەڵگان، هەروەها بوونی هێزەکانی تورکیا لەوناوچانەدا، کە هەموو ئەو لایانەش بەیارمەتی و دەستپێشخەری حکومەتی ئۆردوگان لە تورکیا دەچەرخێن و کۆمەک دەکرێن. رێک بەدوای ڕێکەوتنی ئیسرائیل و حکومەتی لوبنان بۆ ئاگربەستی ٦٠ رۆژەو کشانەوەی هێزەکانی حزبوڵا لە باشوری لوبناندا، کە لێدانەکانی حزبوڵاو کوژرانی حەسەن نەسروڵاو ژمارەیەک لەسەران و ئەندامانی حزبەکەی و کوژرانی هەزاران لەخەڵكی مەدەنی و کاولکردنی بەشێکی زۆری کۆمەڵگای لوبنان و ئاوارەیی، هەر حزبوڵا خۆی بێهێز نەکرد لە لوبنان و سوریا بەڵكو جێگاوڕێگای ئێرانیشی لە لوبنان و سوریا لاوازکرد. هاوکات روسیاش جێگاوڕێگای پێشووی لەسوریادا نەماوە بەهۆی کێشەکانی لەگەڵ ناتۆدا لە ئۆکرانیا وە زۆرترین قورسایی لەسەر ئەو کێشەیە داناوە، کە کە کێشەی لەگەڵ ناتوادا و سەرکەوتنی دەتوانێت چارەنوسی هێزی لەدنیادا بگۆڕێت.
بێگومان ئەم هەنگاوەی حکومەتی تورکیا بۆ جوڵاندنی هێزەکانی هەیئەی تەحریری شام بەڕابەری ئەبو محەمەد جولانی پەروەردەی دەستی زەرقاوی و ئەبوبەکر بەغدای لە قوتابخانەکانی قاعیدەو داعشدا و ئیسلامیەکانی تر کۆمەكکردنیان بەهەموو شێوەیەک، بەبێ گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمریکا نەبووە، کە کاتو فرسەتێکی باشە بۆ تورکیا کە سود لە بێهێزی روسیاو ئێران و پاشەکشەی حزبوڵا لەناوچەکەدا وەرگرێت، ئەمە بۆ تورکیا لە پاشەکشەیەک لەناوچەکەدا بەشێوەیەک کردویەتی و هەلومەرجێکی قەیرانی تورکیا کە هەیەتی، دەویەوێت جێگایەک بگرێت، وە ئەمریکاش پێویستی بەمە هەیە.
لەولاوە هەموو وڵاتانی ناوچەکە لەپەیوەندو سەردانی یەکتردان لەم پەیوەندەدا لەئاستی باڵادا، ئێران لەرێگای وەزیری دەرەوە، لەگەڵ تورکیا و عێراق و سوریا و روسیا لەچاوپێکەوتندایەو بەنیازی سەردانی وڵاتانی عەرەبیە، سەرانی عێراق لەگەڵ تورکیاو ئێران لەپەیوەندیدایەو هێزەکانی سوپاو حەشدی شەعبی عێراقی لەسنورەکان و هەتا هەندێ لە ملیشیاکانی حەشدی شەعبی سنوری سوریایان تێپەڕاندوە بۆ یارەمەتی بەشار ئەسەد، پەیامی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئارامی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بەرچاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەو هێزانەو حکومەتانی ناوچەکەو جەمسەرەکانی روسیاو ئەمریکاش بە بەرنامەو بەرژەوەندی جیاوازی خۆیانەوەن و دەخالەت لەسوریا دادەکەن و کێشەیان هەیە، بەڵام هەموویان هاوڕان لەسەر چەند خاڵێک ئەویش دژایەتی تیرۆریزم و یەکپارچەیی خاکی سوریاو نەڕوخانی رژێمی بەشار ئەسەدە لەئێستادا.
دنیای دووڕوویی و درۆزن و چاوبەستی سەرمایەداری و حکومەت و سەران و حزبەکانیان، جارێکی کە هەرەوەک ئەوەی لە ئۆکرانیا روویدا بەردەوامە. ئەوا هەموولایەنەکان لەجەمسەرە جیهانی و حکومەتانی ناوچەکە، لەسوریا دووبارەی دەکەنەوە. سوریا لە ٢٠١١ وە نزیەکەی نیوەی لە خەڵكەکەی کە لەجێگاوڕێگای خۆیان هەڵكەنراون، لەوانە نزیەکەی ٧ ملیۆنی چۆتە درەوەو بە دنیادا بڵاوبوونەتەوەو لەوانە نزیکەی سێ ملیۆن و نیوی لە تورکیادان و هەروەها چەند ملیۆنی تر لەناوچەکانی تری سوریا ئاوارەو سەرگەردانن، جیا لە ملیۆنان کەس لە کوشتارو بریندار، بەجیالەوەی کە کۆمەڵگە کاولبووەو برسێتی و هەژاری پێشێلکاری کەیشتە ئەوپەڕی خۆی چ لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەدو حزبوڵای لوبنان و ئێران و روسیا لەلایەک و لەلایەکی ترەوە بەهۆی هێزە ئیسلامیە جۆراوجۆرەکان و تورکیاو ئەمریکاوە لەلایەکی ترەوە، بەڵام ئەوە ئەمەی ئێستاشی هاتەسەر.
بەڵام حکومەتان و میدیا گوێ لەمستە بۆرژوازیەکانیان هەریەکەو لەگۆشەنیگای بەرژوەندیەکانی خۆیانەوە کەئێستاش کوشتارو ئاوارەیی دەچێتەسەر، بەڵام بەشوێن بەرنامەی خۆیانەوەن کە تورکیاو ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دژایەتی روسیاو ئێران، کێشەیان نیە هێزێکی تیرۆریستی وەک هەیئەی تەحریری شام کە لە ناو قاعیدەو داعشەوە هاتووە بەشداری دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی پێبکەن و وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن دەیناسێنن و قبوڵیانە. روسیاو بەشار ئەسەد کە پاشەکشەیان پێکراوە لە حەڵەب و دەوروبەری و تەنیا فرۆکە جەنگیەکانیان بەدەستەوەیە ئەوا خەڵك لەگەڵ باڵەخانەو زەویدا تەخت دەکەن، لەژێر ناوی لێدان لە ئۆپۆزیسیۆن.
هەموو ئەو لایەن و هێزانە قسەوباسی رۆژانەیان دژی تیرۆر یان بەرگری یەکپارچەیی سوریایە، بەڵام بابزانین خۆیان لەکوێی تیرۆرو دابەشکردنی سوریادا راوەستاون. دیارە ئەوان بەپێی ئەو یارمەتیەی کە هی هەیئەی تەحریری شام و ئیسلامیەکانی تری دەدەن کە رۆژانە ژەهری دژی ژن و ئینسان دەڕژن و فتوا دەدەن و مرۆڤ دەکوژن و لە ٢٠١٧ وە ناوچەی ئەدلیب و باکوری سوریان جیاکردۆتەوەو ژەهری کۆنەپەرستی و جیاکاری تێدا دەچێنن، مەبەستیان ئەمانە نیە، لەهیچ شوێنێکدا باسی داعشیش ناکەن بە جیاوازی خوازو تیرۆریست ناویان نابەن.
دیارە قسەی ئەمانە لەسەر تیرۆرو تیرۆریزم و دابەشکاری خاکی سوریا، بەرنامەو سیاسەتیان دژی هێزێکی کەیە ئەویش هەسەدەو یەپەگەیە، کە لەسوریادا ئەگەر هێزگەلێک هەبێت باسی دابەشکردنی سوریا نەکات ئەمانەن، ئەگەر هێزگەلێک هەبێت دژی تیررۆ بێت هەرئەمانەن، کە بەکردەوە دژی تیرۆریزمی داعش و قاعیدە جەنگابن و ئەمەش جێگاورێگای ئێستای پێبەخشیون.
بەڵام ئەوەی تورکیا پێشڕەوایەتی بزوتنەوەی دژی تیرۆر دەکات و داوای یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات، کێشەی خۆیەتی لەگەڵ هێزیکدا لانی کەم لەسوریا نیشانیداوە کە جیاوازە لە ئیسلامیەکانی هەیئەی تەحریری شام و ئیسلامیەکانی ترو ئەمە بەجیا لەوەی تیرۆریست نین و جیاوازی خواز نین، بەڵام بۆ ئایندەی نەک تەنیا سوریا بۆسەر خۆیان و تورکیا بەترس دەیبیننەوە.
تا بە هەسەدە دەگات ” هێزەکانی سوریای دیموکرات” کە ناوچەیەکی زۆریان بەدەسەتەوە لە رۆژئاوای سوریا بەناوچە کوردیەکان و ناوچەی عەرەب زمان، کە ژمارەیەکی زۆر لە ‘ کوردو عەرەب بە وەی جیا دەکرێتەوە بە مەسیحی و موسڵمان و هەتا شیعەشیان تێدایە’، کە ژمارەیەک لە حزبی عەرەبی و کورد لەخۆدەگرێت لەوانە یەپەگە ‘ یەکینەکانی پاراستنی گەل’ وەک یەکێک لەو هێزانەیە کە وەک هێزێکی کوردی ناوچەی رۆژئاوا.
هێزەکانی هەسەدە، بەجیا لەهەر تێبینیەک و جیاوازیەک من کەهەمبێت لەگەڵیاندا، بەڵام نیشانیان داوە ناوچەکانی ئەوان جیاوازە لەناوچەکانی ترو خەڵكەکەی لەهەندێ ئازادی و ماف بەهرەمەندن بەتایبەتی ژنان، بەتایبە لەم هیرشانەی دواییدا بۆسەر حەڵەب و ناوچەکان خەڵكێکی زۆری ناوچە عەرەبیەکان روویانکردوەتە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە، کەبەپێی هەندێ سەرچاوە ئێستا ناوچەی رۆژئاوای سوریا نزیکەی زۆرترین دانیشتوانی سوریای لەخۆگرتووە، بەوەی کە ئاسایش ترە بۆ ئینسان. دیار ئەو حکومەت و میدیانە وەک هێزی سەرمایەداری و کۆنەپەرست چاویان بەجۆرێک لەناوچەی وادا هەڵنایەت و بۆ خەڵكەکەی بەڕەوا نابینن، بەڵام باسی ئەوە ناکەن بۆ ئەو خەڵکە عەرەبانە رووناکەنە ناوچەی ئیدلیبی ژێر دەسەڵاتی ئیسلامیەکان.
هەروەک ئەوەی لە ئۆکرانیا روودەدات جەنگی نێوان روسیاو هاوپەیمانەکانێتی لەگەڵ ناتۆ کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لەلایەکی ترەوەیە، کە مەیدانەکەی وڵاتی ئۆکرانیایە. سوریاش مەیدانێکە بۆ کێشەی نێوان ئەو هێزە جیهانی و ناوچەییانە، کە قوربانیەکانی خەڵکی سوریا بەردەوام دەیدات، کە ترس و دڵەڕوکێی لەوڵاتانی ناوچەکە بۆ نائارامیەکی زیاتر دروستکردوە، کە چارەسەر نە بەمانەوەی بەشار ئەسەد بەتەنیاو هەتا دەسەڵاتیشی سەراسەری بێتەوە نیە، یان ئەوەی تورکیا پێشنیاری دەکات بۆ رێکەوتنی بەشار ئەسەد لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی وەک هەیئەی تەحریری شام و هەموو لایەنە ئیسلامیەکانی تر هەر نەک ئایندەیەکی باش بۆ سوریا ناهێنێت، بەڵکو ناوچەکەش تێکدەدات، خەڵک تەجروبەو دەرسی جمهوری ئیسلامی ئێرانی لەناوچەکەدا لەبەردەستدایە. کەواتە چارەسەر لای ئەوان نیە.
ئەم هەلومەرجەی سوریا بۆ ئێمە کۆمۆنیستەکان و کرێکاران زۆر گرنگە نەک وەک تەجروبەیەک بەڵكو وەک مەیدانێکی عەمەلی، ئەم هەلومەرجە بە ئێستایەوەو بەهەر ئایندەیەک کە دێتە پێشەوە کاریگەری گەورەی لەسەر هەلومەرجی باوچەکە دەبێت، بۆیە زەرورە لە نەزەری ئێمە بۆ رێگاچارە بەشوینیەوە بین بزانین چیە؟ لەهەلومەجێکی ئێستای سوریداا کۆمەڵگەیەکی نۆرماڵ نیە، واتە وڵاتێکی ئارام، یان خاوەن حکومەتێکی جێگیر ئەگەر دیکتاتۆریش بێت نیە، کە خەڵک لەشوێن و جێگای خۆیدا بێت و لەگەڵ رژێمێکی وادا دەستوپەنجە نەرمبکات، وەک لە ئێراندا هەیە، بۆیە دەبێت لەسەر هەلومەرجێکی وادا کە چینی کرێکار لەشوێن و جێگای خۆیدا نیە، کۆمەڵگا باری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی داڕوخاوە، حزبی چینی کرێکارو کۆمۆنیستی نیە، دەبێت لەکوێدا بۆ چارەسەر بگەڕێین.
ئێمە بۆ ئۆکرانیاش لێکدانەوەیەکی دروستمان کرد، هەربۆیە ئەگەر بۆ چارەسەری راستی کێشەی سوریا بگەڕێین، هەڵویستی دروستمان هەبێت، دەبێت لەبەرژوەندی خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی سوریاوە سەیر بکرێت، ئەبێت لەئێستا بۆ رێگایەک بگەڕێین کۆمەڵگا لەو سەرگەردانیە دەربهێنێت بۆ باشتر لەم هەلومەرجەی هەی، ئەبێت کاریگەری زیانباری خراپتر کە چاوەڕێی سوریا دەکات و کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت رێی پێبگیرێت، کەواتە ئەگەر رێگایەک هەبێت بۆکاتیهێنان بە کوشتارو کاولکاریەک کە نزیکەی ١٥ ساڵە بەردەوامەو هیچ بەهایەکی ئینسانیان لەو کۆمەڵگایەدا نەهێشتۆتەوە، مەدەنیەتیان لەوکۆمەڵگایەدا بڕیوە، ئەوا دەبێت بڵێین کە ئەمە تەنیا لەدەست خەڵكی زوڵملێکراوی ئەو کۆمەڵگایەدایە بەهاوپشتی بزوتنەوەیەکی ئینسانی و ئازدیخوازو کرێکاری و چەپ و رادیکال لەدنیادا، ئەوەی کراو دەکرێت بۆ فەلەستین، کەبەرژەوەندیان لەگەڵ ئەو جەمسەری جیهانی و حکومەتانی ناوچەکەو بەشار ئەسەدو ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی و حکومەتی تورکیادا یەک ناگرێتەوە.
زەرورە هەموو ئەو حزبانەی سوریا بە کوردی و عەرەبیەوە کە مەدەنی و عەلمانی و رادیکال و چەپن، بتوانن هێزی خۆیان بهێننە مەیدان، ناوچەو هێزێک کە قەسەدەو یەپەگە تێیدا هەیە نەک هەر بپارێزرێت بەڵكو بەرەو ناوچەکانی ترو فراوانتر بڕوات و لە هێزە ئیسلامیەکان و تورکیا لەلایەک و لە بەشار ئەسەدو ئێران و حزبوڵا پاکبکرێتەوەو. هاوپشتی جیهانی بۆیان رابکێشرێت، بۆ ئاڵوگۆڕێکی تر بەپێچەوانەی ئەوەی هێزە جیهانی و حکومەتانی ناوچەکە کە ئێستا دەیانەوێت، بۆ مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو خەڵكی سوریا.

٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٤




وێنا جیاوازه‌كان له‌ فه‌زای (سڵاو له‌ بیكێت)ی (داستان به‌رزان)دا.. بڵند باجه‌لان

سه‌ره‌تا:

(سڵاو له‌ بیكێت)، ناونیشانی ده‌قێكی (داستان به‌رزان)ه‌ كه‌ تیایدا شاعیر به‌ره‌و كۆمه‌ڵێك وێنای جیاوازی شیعری ئاراسته‌مان ده‌كا، كۆمه‌ڵێك وێنا كه‌ سه‌ر به‌ فه‌زای جیاوازن له‌نێو فه‌زای ده‌قه‌كه‌دا جێگایان ده‌بێته‌وه‌.
له‌ شیعره‌كه‌دا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌ستانه‌ی له‌ ژیانه‌وه‌ جێده‌مێنن، به‌ خه‌یاڵی گه‌یشتن به‌ مردنێك كه‌ له‌وه‌یه‌ نزیك بێت، ده‌بینین. وێناكان به‌رده‌وام ده‌بن تا سنووری گه‌یشتن به‌و وێنایه‌ی، گه‌یشتن پێی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ سنووره‌ ترازاوه‌كانی نیشتمانه‌وه‌. چونكه‌ كۆی ده‌قه‌كه‌ كاركردنه‌ له‌نێو ئازار و سه‌فه‌ره‌ له‌ ئازارێكه‌وه‌ به‌ره‌و ئازارێكی تر، ئه‌وا له‌ سێبه‌ری به‌شێك له‌ دیدگاكانی (فریدریك نیتشه‌)دا(1)، قسه‌ له‌سه‌ر شیعره‌كه‌ ده‌كه‌ین.

پاژی یه‌كه‌م: ئه‌ڵماسه‌كانی نێو جیهانێكی تاریك

گوزارشتكردن له‌ دنیایه‌كی تاریك كه‌ ناخمان پڕ ده‌كا له‌ تاریكی و نیگا و هه‌ستیشمان به‌ هه‌مان شێوه‌، وه‌كو (دنیای هه‌بوو)ی نێو شیعره‌كه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌، بۆیه‌ شاعیر به‌رده‌وام ده‌یه‌وێ له‌م دنیایه‌ ڕابكا، ڕاكردنێك كه‌ ده‌ره‌نجامی هه‌مان ئه‌و ململانێیه‌یه‌ له‌ ئاستی ژیاندا ده‌یكات.
(( ئه‌ڵماسه‌كان له‌ ناومدا
ده‌جوڵێنه‌وه‌ و
گه‌شه‌ ده‌كه‌ن
ڕێگرییان لێده‌كه‌م نه‌دره‌وشێنه‌وه‌
په‌رش نه‌بن
نه‌شكێن
نه‌توێنه‌وه‌
له‌ جیهانێكدا كه‌ تاریكه‌.))
ئه‌و به‌هایه‌ی له‌ ناخی شاعیردا هه‌ستی پێكرا، هه‌مان ئه‌و ئه‌ڵماسه‌یه‌ كه‌ پێویستی به‌ جۆرێك له‌ پارێزگاریی خودی هه‌یه‌، واته‌ ئه‌وه‌ شاعیره‌ ده‌بێت له‌ ئاستی ئه‌و هه‌موو تاریكییه‌ مه‌زنه‌، پارێزگاری له‌و ئه‌ڵماسه‌ تاقانه‌یه‌ بكا كه‌ وزه‌ی به‌رده‌وامیی خوده‌ و به‌ نه‌مانی، (خودێكی ته‌نیا و بێهێز) ده‌بێته‌ چه‌ق. به‌ ئامانجی دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌ی تاریكی و هاتنی تاریكیی مه‌زن، ده‌بێته‌ پارێزه‌ر و پاسه‌وانی ئه‌ڵماسه‌كه‌ی ناخی.
ئه‌م ململانێیه‌ له‌گه‌ڵ ژیان و تاریكی، فه‌زایه‌كی به‌رفراوانی فه‌لسه‌فه‌ی (نیتشه‌) ده‌گرێته‌وه‌. (نیتشه‌) شه‌رابی نه‌ده‌خوارده‌وه‌ و گه‌وره‌یی ده‌به‌سته‌وه‌ به‌ ئازاره‌وه‌، یانی ئه‌وانه‌ی له‌ ڕێگای شه‌راب و ڕاكردنه‌وه‌ خۆیان ده‌خه‌نه‌ نێو دۆخی نائاگایی، چیتر گه‌وره‌ نین، بۆیه‌ به‌ركه‌وتن به‌ ئازار وه‌كو پێویستی ده‌بینرێ كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی دیدگای (شۆپنهاوه‌ر)ه(2)‌، به‌ڵام په‌یوه‌ندی (نیتشه‌) له‌گه‌ڵ ڕاستی، وه‌كو په‌یوه‌ندی (مارتن لۆته‌ر)(3) نه‌بوو له‌گه‌ڵ (ئیمانی ئایدۆلۆژی)، سنووردار نه‌بوو، ئاسته‌ جیاوازه‌كانی ده‌گرته‌وه‌، ‌ هه‌ر ئه‌م دیدگایه‌یه‌ وا ده‌كا لای (نیتشه‌) به‌زه‌یی بكه‌وێته‌ نێو قاڵبی خراپه‌وه‌، ‌ كاتێ تۆ به‌زه‌ییت به‌ من دێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ خۆشتده‌وێم، به‌ڵكو له‌وه‌ ده‌ترسی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر من هاتووه‌ به‌سه‌ر تۆش بێت، له‌ ڕێگای نیشاندانی به‌زه‌ییه‌وه‌، ئه‌و ترسه‌ له‌ خۆت دوورده‌خه‌یه‌وه‌.
شاعیر له‌ شیعره‌كه‌دا به‌رده‌وام فێری ئه‌وه‌مان ده‌كا، سه‌ر به‌ ئازارێكی دیاریكراو نه‌بین، دۆخه‌ جیاوازه‌كانی ئازار تاقی بكه‌ینه‌وه‌ و خۆمان ئالووده‌ی یه‌ك جۆری ئازار نه‌كه‌ین كه‌ ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌و دنیایه‌ی له‌نێو شیعره‌كه‌دا مانیفێست ده‌بێت و دنیای ئه‌و ئازاره‌ هه‌میشه‌ییانه‌یه، ناخمان داگیر ده‌كه‌ن و ڕۆحمان ئاوێزانی گوناهه‌كانی ئینسان ده‌كه‌ن. پارێزگاریكردنی خود له‌ ناخ و ئه‌ڵماسه‌كه‌ی كه‌ فاكته‌ری مانه‌وه‌یه‌تی، دیسانه‌وه‌ ده‌مانبه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و شه‌قامانه‌ی، پڕن له‌ ئازار، له‌ ئازاره‌ گه‌وره‌كانی نیشتمانه‌وه‌ تا ئازاره‌ سه‌رابییه‌كانی شیعر، له‌ ئازاره‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی سووتانی باخچه‌وه‌، تا ئازاره‌ سووره‌كانی مردنی گوڵ، ئه‌و وه‌كو چۆله‌كه‌یه‌ك كه‌ سووتان ناسنامه‌ی وجدی بێت، ده‌یه‌وێت فێری وانه‌ جیاوازه‌كانی ژیانمان بكا.
((گرانه‌ له‌ ماڵه‌كه‌مدا كه‌سێك هه‌بێت بیری بكه‌م
كه‌سێك هه‌بێت له‌ دڵمدا
كه‌سێك له‌ ماڵه‌كه‌یدا بیرم بكات)).
(( من تاكه‌ مرۆڤم
پێكه‌وه‌ دۆست و دووژمن
ده‌بێت له‌ ده‌ستیان ڕابكه‌م
من ئه‌و نه‌فره‌ته‌م ئه‌ی دڵ
ئه‌و نه‌فره‌ته‌!))
ته‌نیایی شاعیر به‌ ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێ. شاعیری ته‌نیا، ته‌نیایی خۆی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ بیركردنه‌وه‌وه‌، واته‌ مادام كه‌سێك نییه‌ شاعیر بیری بكا یان ئه‌و بیری شاعیر بكا، كه‌واته‌ شاعیر ته‌نیایه‌، ته‌نیایه‌ك كه‌ نابه‌خته‌وه‌ری به‌ شوێن خۆیدا ده‌هێنێ، چونكه‌ هه‌میشه‌ ئه‌وانه‌ی‌ یادمان ده‌كه‌ن و بیرمان لێ ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌بنه‌ هۆكاری به‌خته‌وه‌ریمان. ‌ وه‌كو (ئه‌رستۆ) ده‌ڵێ: به‌خته‌وه‌ری ئامانجی یه‌كه‌می كرداره‌كانمانه‌، وه‌لێ له‌و‌ سیاقه‌دا به‌خته‌وه‌ری به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ بیركردنه‌وه‌وه‌، مادام كه‌سێك نییه‌ بیری بكه‌ین و كه‌سێك نییه‌ بیرمان بكا، كه‌واته‌ ئه‌و خوده‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی مندا بوونی هه‌یه‌، من نییه‌ به‌ڵكو سێبه‌رێكه‌ ده‌یه‌وێ ڕۆڵی من ببینێ له‌سه‌ر شانۆی ژیاندا، ئه‌گینا ئه‌وه‌ خود نییه‌ كه‌ به‌خته‌وه‌ره‌.
(نیتشه‌) كاتێ تووشی نه‌خۆشییه‌ك ده‌بێت، بۆ خوشكه‌كه‌ی ده‌نووسێت: هیچ قه‌شه‌یه‌ك نه‌یه‌ته‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌م، دواتر كه‌ له‌و نه‌خۆشییه‌ چاك ده‌بێته‌وه‌، وێستگه‌یه‌كی تری ته‌نیایی (نیتشه‌) دێت، ئه‌و كاته‌ی خۆشه‌ویستترین هاوڕێی كه‌ (واگنه‌ر)ه‌ ته‌نیای ده‌كا و له‌ (به‌یروت) كۆنسێرتگه‌لێك ساز ده‌كا، گوزارشتن له‌ پیرۆزییه‌كانی مه‌سیحیه‌ت، چونكه‌ (نیتشه‌) ئه‌گه‌رچی ئه‌خلاقیاتی مه‌سیحی قه‌بووڵ بوو، به‌ڵام ته‌واو دژی سیفه‌ته‌ خوداییه‌كانی ئه‌و بوو، پێیوابوو (پۆڵس) بنیاتنه‌ری مه‌سیحیه‌ته‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای ده‌كرد كه‌ بڵێ: شه‌راب و مه‌سیحیه‌ت یه‌ك سه‌رچاوه‌ كۆیان ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ویشیان بێهۆشكردنی خه‌ڵكه‌، بۆیه‌ كاتێك (واگنه‌ر) جارێكی تر باوه‌ش بۆ مه‌سیحیه‌ت ده‌كاته‌وه‌، (نیتشه‌) ڕاده‌ستی ته‌نیایی ده‌كا.
ته‌نیایی هه‌میشه‌ نمایشی ئازار ده‌كا، وه‌لێ زۆرجار مرۆی ته‌نیا چێژ له‌و ئازارانه‌ی ته‌نیایی ده‌بینێ و خۆی جوانتر ده‌ناسێ و كۆمه‌ڵگا و ئه‌وی تر باشتر ده‌ناسێ، ئه‌و ناسینه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ تا ئه‌ستانه‌ی ناسینی خودا و له‌ڕێگای ته‌نیاییه‌وه‌، خودایه‌كی ته‌نیا ده‌ناسێ. شاعیر له‌م ده‌قه‌دا، دوو باڵمان پێده‌دا كه‌ به‌رده‌وام سۆراغی كه‌سه‌ ته‌نیاكانی پێ بكه‌ین، به‌جۆرێك ئه‌وه‌نده‌ خه‌یاڵمان ده‌با بۆ لای ئه‌وی تری ته‌نیا، زۆرجار ته‌نیاییه‌ جه‌وهه‌رییه‌كه‌ كه‌ ته‌نیایی شاعیره‌، ده‌بێته‌ دووڕیانی گه‌یشت و نه‌گه‌یشتن، گه‌یشتن به‌و خۆشییانه‌ی ژیان ده‌یانچێنێ له‌ باغی نه‌ستدا، نه‌گه‌یشتن به‌و نێرگزه‌ی مردن ده‌یچێنێ له‌ ماڵی حه‌قیقه‌ت و ئه‌به‌دیه‌تدا، بۆیه‌ له‌ ده‌قه‌كه‌دا له‌پاڵ نمایشی دیوه‌ سه‌رابییه‌كه‌ی ژیان، پێناسه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ مردنیش دێت، یانی كاتێ مردن دێت، ته‌نیایی دێت، كاتێكیش ته‌نیایی دێت، ئه‌و دیوه‌ سه‌رابییه‌ی ژیان كه‌ باسمان كرد، چیتر ناتوانێ نمایش بكا.
(( شتێك فریای مرۆڤ بكه‌وێت
ته‌نه‌كه‌یه‌ك ڕۆنی به‌تاڵ
تاته‌شۆرێك / سندوقێك لم/ ئیسپانه‌یه‌ك/ به‌لۆعه‌یه‌ك
مۆبایلێك / كه‌ره‌ڤانه‌یه‌ك/ پاره‌یه‌كی دڕاو
فریای مرۆڤ بكه‌وێت
فریای خۆی بكه‌وێت مرۆڤ
شتێك فریای مرۆڤ بكه‌وێت))
هه‌ڵه‌یه‌كی زمانه‌وانی له‌م پارچه‌ شیعره‌دا بوونی هه‌یه‌، ده‌بوو شاعیر بڵێت: ته‌نه‌كه‌یه‌كی به‌تاڵی ڕۆن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌تاڵه‌ ته‌نه‌كه‌كه‌یه‌ نه‌ك ڕۆنه‌كه‌. به ‌هه‌ر حاڵ ده‌قه‌كه‌ به‌دوای فریادڕه‌سێك ده‌گه‌ڕێ، ده‌ستی ئینسان بگرێ و به‌ به‌هاكانی مرۆڤبوونی شادبكاته‌وه‌، باوه‌ش به‌ مرۆڤدا بكات و بیكاته‌وه‌ به‌ مرۆڤ، جا ئه‌و فریادڕه‌سه‌ ته‌نه‌كه‌یه‌كی به‌تاڵی ڕۆن بێت یاخود مۆبایلێك یاخود كه‌ره‌ڤانه‌یه‌ك یان هه‌ر شتێك كه‌ ده‌توانێ فریای مرۆڤ بكه‌وێ. دوایین شت كه‌ شاعیر وه‌كو فریادڕه‌سی مرۆڤ ده‌یبینێ، مرۆڤه‌، واته‌ مرۆڤ كۆتا شته‌ ئومێدی ئه‌وه‌مان پێی بێت بتوانێ مرۆڤ ڕزگار بكا. ئه‌م ڕیزبه‌ندییه‌ په‌یژه‌ییه‌ی له‌ شیعره‌كه‌دا هاتووه‌، دیوێكی ئیستێتیكی ده‌قه‌كه‌مان بۆ به‌یان ده‌كا كه‌ گوزارشتی وشه‌كانه‌ له‌ مێژووێك كه‌ مێژووی مرۆڤه‌ و ئێستا و داهاتووێك كه‌ هی مرۆڤه‌.
ئه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ ده‌یڵێ ئه‌وه‌یه‌ كه‌: زۆرینه‌ی مرۆڤه‌كان جێگای ئومێد نین، به‌ڵكو پێویسته‌ شه‌قام و كۆڵان و خانووه‌كان ته‌ی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤێك بدۆزینه‌وه‌ كه‌ كه‌ڵكی هه‌بێت بۆ مرۆڤێكی تر. (نیتشه‌) به‌رده‌وام كێشه‌ی هه‌بوو له‌گه‌ڵ زۆرینه‌، بگره‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ی (نیتشه‌) كێشه‌بوو له‌گه‌ڵ دیموكراسیه‌ت، به‌ درۆی ده‌بینی و پێیوابوو ده‌وڵه‌تێك كه‌ بێهێزه‌كان پێكیان هێناوه‌، به‌هێزه‌كانیان كۆت و زنجیر كردووه‌، به‌ڵام كه‌سی به‌هێز شه‌هوه‌تی له‌ناو نابات به‌ڵكو ڕێكی ده‌خات، ئه‌م گرفته‌ش له‌ (وه‌های گوت زه‌رده‌شت)دا زیاتر ده‌رده‌كه‌وێ. كتێبه‌كه‌ له‌ چوار به‌ش پێك دێت و به‌ ده‌ربڕینێكی شاعیرانه‌ نووسراوه‌، تیایدا كار كراوه‌ بۆ تێكشكاندنی خاچ. به‌ كورتی: (زه‌رده‌شت) دوای ده‌ ساڵ له‌ گۆشه‌گیری له‌ ئه‌شكه‌وت دێته‌ ده‌ره‌وه‌ و باوه‌ڕی به‌و خودایه‌ نه‌ماوه‌ مه‌سیحییه‌ت باسی ده‌كا، لێره‌وه‌ دنیای مرۆڤی باڵامان پێ ده‌ناسێنێ.
ئه‌و ته‌نیاییه‌ی شاعیر تووشی بووه‌، پێویستی به‌ كه‌سی دووه‌می قسه‌كه‌ره‌ كه‌ ببێت به‌ سێبه‌رێك و شوێنی شاعیر بكه‌وێ، به‌ڵام شاعیر نایه‌وێت سێبه‌ره‌كه‌ی هی خۆی بێت یان هی هیچ مرۆڤێكی تر، له‌به‌ر خراپه‌ی زۆری مرۆڤ، ده‌یه‌وێ سێبه‌ره‌كه‌ی هی مۆبایلێك یاخود به‌لۆعه‌یه‌ك یاخود ئیسپانه‌یه‌ك بێت. ئه‌وكاته‌ی نامۆبوونی مرۆڤ ده‌بێته‌ شتێكی ئاسایی، خود دێت له‌نێو ئه‌و بازنه‌ی نامۆییه‌دا، به‌ قه‌ڵه‌می وجود، وێنه‌ی مردن و به‌ قه‌ڵه‌می مردن وێنه‌ی ژیان ده‌كێشێ، تازه‌ كه‌ له‌ دیدگای ئه‌ودا دره‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فریادڕه‌سێكی زه‌مینی بێت، ئه‌وا ئیتر دنیای زه‌مین چیتر دنیای هاتنی فریادڕه‌سه‌كان نییه‌، بۆیه‌ به‌شێون كه‌سێكی تر و دنیایه‌كی تر ده‌گه‌ڕێت جگه‌ له‌ زه‌وی و مرۆڤ كه‌ له‌ ته‌نیایی دووری بخه‌نه‌وه‌، ته‌نیاییه‌ك كه‌ نه‌بێته‌ وێستگه‌ی دابه‌زین له‌ نیشتمانی ته‌نیاییه‌كی باڵادا، بۆیه‌ چون گه‌ڕیده‌یه‌ك نمایشی خۆی ده‌كا!

پاژی دووه‌م: سته‌می مرۆڤ له‌ مرۆڤ و هاتنی خیانه‌ت!

شاعیر درێژه‌ به‌ ناساندنێكی دیكه‌ی مرۆڤ ده‌دا. ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ مرۆڤ ده‌ناسێنێ، خودی مرۆڤه‌، بۆیه‌ هه‌ر ئه‌و خوده‌ زۆرجار خیانه‌ت له‌ به‌هاكانی مرۆڤبوون ده‌كا و ناسنامه‌ و پێناسه‌یه‌ك به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێ، كه‌ هی مرۆڤ نییه‌، ئه‌گینا مرۆڤ بۆ ده‌بێت خیانه‌تكار بێت؟!
((جیهانی من جیهانی دیكه‌ی زۆری تیایه‌
ماندوونابێت له‌ دروستكردنی بۆشایی
به‌رله‌وه‌ی گه‌ردوون بخنكێت
به‌رله‌وه‌ی گه‌ردوون بتوێته‌وه‌.))
دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌ك كه‌ شاعیر په‌یوه‌ست ده‌كا به‌ ئومێده‌كه‌وه‌، له‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌و گه‌شت و گه‌ڕانه‌ خێرایه‌وه‌یه‌ به ‌ناخی خۆیدا ده‌یكا، دۆزینه‌وه‌ی جیهانێك له‌نێو زیهن و ڕۆحی شاعیردا كه‌ دابڕن له‌و دنیایه‌ی مرۆڤه‌كان ئاوێزانی بوون، باسیان كراوه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت وه‌كو واقیع مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دنیا تازه‌ دۆزراوه‌كه‌ی نێو ناخی بكا و وه‌كو خه‌یاڵ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دنیا هه‌بووه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بكا، ئه‌گه‌رچی له‌ ڕووكه‌شدا دنیای ده‌ره‌وه‌ دنیای واقیعه‌ و دنیای ناوه‌وه‌ دنیای خه‌یاڵ، وه‌لێ هه‌میشه‌ حه‌قیقه‌ت له‌ قوڵاییدا بوونی هه‌یه‌ نه‌ك له‌ ڕووكه‌ش و بۆشاییدا. ئه‌و بۆشاییه‌ گه‌وره‌یه‌ی خود ده‌ركی پێ ده‌كا، ئێستا گه‌ردوونێكی تر دێت و پڕی ده‌كاته‌وه‌، گه‌ردوونێك‌ له‌ ناخی ئه‌و خوده‌وه‌ له‌ دایك ده‌بێت و تا سنووری ئاسمان ئیدامه‌ به‌ وجودی خۆی ده‌كا، بۆیه‌ هێنده‌ دڵنیایه‌ له‌و گه‌ردوونه‌ی ناخی‌، وه‌كو دنیای قه‌بووڵكراوی خۆی پێمانی ده‌ناسێنێ نه‌ك جیهانێك كه‌ نه‌توانرێ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ.
بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و جیهانه‌، شاعیر ده‌یویست كه‌سێك ببێت به‌ هاوڕێی، ئێستا كه‌ نائومێده‌ له‌ هاتنی ئه‌و كه‌سه‌، ناچار هانا بۆ خۆی ده‌بات و له‌نێو قوڵاییه‌كانی خۆیدا به‌ ته‌نیا ئه‌و جیهانه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌، كاتێك ده‌زانێ ئه‌و كه‌سه‌ی قه‌راربوو هاوڕێی ئه‌و گه‌شته‌ی بێت و له‌و شۆڕشه‌یدا له‌گه‌ڵی بێت، ئیتر نایه‌ت. (نیتشه‌) به‌رده‌وام (واگنه‌ر)ی هاوڕێی كردبوو به‌و كه‌سه‌ی، له‌ بابه‌تی گه‌ڕانی به‌دوای حه‌قیقه‌تدا هاوده‌می بێت، ئه‌گه‌رچی سه‌ره‌تا هه‌ردووكیان له‌ژێر كاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی (شۆپنهاوه‌ر) بوون، به‌ڵام كاتێك بارودۆخی (واگنه‌ر)ی له‌ (به‌یروت) بینی، زانی كه‌ چیتر هاوڕێكه‌ی ناتوانێ له‌و شۆڕشه‌ ئه‌خلاقییه‌ی باسی ده‌كرد، هاوه‌ده‌می بێت، بۆیه‌ له‌ كاتی سه‌ره‌مه‌رگی (واگنه‌ر)دا، (نیتشه‌) كتێبی (وه‌های گوت زه‌رده‌شت)ی بۆ نووسی، به‌ڵام (واگنه‌ر) فریا نه‌كه‌وت بیخوێنێته‌وه‌، له‌ كاتی شێتبوونیدا هێشتا (نیتشه‌) به‌ هاوڕێكه‌ی ده‌گوت: ڕۆژانێك من ئه‌و پیاوه‌م خۆشده‌ویست. هاوڕێكه‌ی چیتر نه‌بوو به‌ هاوده‌می شۆڕشی.
ئێمه‌ لێره‌ نامانه‌وێ دیدگای یه‌كێك له‌م دووانه‌ بسه‌پێنین به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تردا، له‌وه‌یه‌ دیدگای ئێمه‌ وه‌كو دیدگای سێیه‌م ده‌ركه‌وێ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو دیدگاكه‌، زیاتر مه‌به‌ستمانه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌سێك ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ دۆسته‌وه‌. ئه‌وكاته‌ی مرۆڤ له‌ هاوڕێكه‌ی جیاده‌بێته‌وه‌، ئه‌وا ڕووبه‌ڕووی دووڕیانێكی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر دنیایه‌كی پێ ببه‌خشێ جوانتر له‌و دنیای پێشووتر به‌یه‌كه‌وه‌ كێشاویانه‌، ئه‌وا كارێك ده‌كا ده‌كه‌وێته‌ نێو بازه‌ی چاكه‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر كارێك بكا كه‌ جێهێشتنی ئه‌و به‌ واتای خۆشاردنه‌وه‌ و نه‌مانی بێت لای ئه‌و، ئه‌وا ئه‌و خۆشاردنه‌وه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێو بازنه‌ی خراپه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و (دۆسته‌ بكوژ)ه‌ كه‌ له‌ ڕووكه‌شدا وه‌كو فریادڕه‌س هات، ئێستا ڕۆڵێ جه‌لاد ده‌بینێ.
(( من تاكه‌ مرۆڤم
پێكه‌وه‌ دۆست و دووژمن
ده‌بێت له‌ ده‌ستیان ڕابكه‌م
من ئه‌و نه‌فره‌ته‌م ئه‌ی دڵ
ئه‌و نه‌فره‌ته‌!))
له‌ پاژی یه‌كه‌مدا، له‌باره‌ی ئه‌م پارچه‌ شیعره‌وه‌ قسه‌مان كرد، ده‌توانین له‌م پاژه‌شدا له‌ ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌وه‌ باسی بكه‌ین. خیانه‌تی دۆست، ترسناكترین جۆری خیانه‌ته‌، خیانه‌تێك هێنده‌ به‌ ئازاره‌، فریای ئه‌وه‌ ناكه‌وین پارچه‌ شكاوه‌كانی دڵمان كۆبكه‌ینه‌وه‌، فریای ئه‌وه‌ ناكه‌وین به‌ دۆست بڵێین: ئه‌ی دوژمن بۆچی ئاوات كرد؟! فریای ئه‌وه‌ ناكه‌وین دنیا به‌ بۆیه‌ی سپی ڕه‌نگ بكه‌ین و سڵاو له‌ ئاشتی بكه‌ین، چونكه‌ هه‌میشه‌ خیانه‌تی دۆست له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و خیانه‌تانه‌یه‌، دنیا پڕ ده‌كه‌ن له‌ سه‌راب و زێرابه‌كانمان وه‌كو شه‌مه‌نده‌فه‌ری جوانی و شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ وه‌كو چۆله‌كه‌ی ئارامی پێ ده‌ناسێنن، بۆیه‌ به‌ ئازارترین جۆری خیانه‌ت، خیانه‌تی دۆسته‌ به‌رامبه‌ر دۆست، خیانه‌تی جوانییه‌ به‌رامبه‌ری دڵ!
(نیتشه‌) هه‌ستی به‌ كاریگه‌ری ئه‌و خۆبه‌كه‌مزانینه‌ كردبوو كه‌ هه‌ندێ جار وا له‌ كۆیله‌ ده‌كا، به‌رامبه‌ری گه‌وره‌كه‌ی بوه‌ستێته‌وه‌ و ببێته‌ ڕزگاركه‌ری دنیا. مرۆڤی باڵا كه‌ له‌وپه‌ڕی چاكه‌ و خراپه‌یه‌( خیانه‌تیش وه‌كو دۆخێك له‌ خراپه‌)، گاڵته‌ به‌ هه‌موو تراژیدیایه‌ك ده‌كا، هه‌وڵ ده‌دا مناڵه‌كه‌شی باڵا بێت، مرۆڤی باڵا ئامانجه‌ نه‌ك جۆری مرۆڤ، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی وه‌كو توخمێك یاخود جۆرێكی مرۆڤ له‌باره‌ی مرۆڤی باڵاوه‌ ده‌دوێن، نه‌یانتوانیوه‌ له‌ جه‌وهه‌ری ئه‌و مرۆڤ بگه‌ن، به‌ڵكو سه‌رابێك له‌ تێنه‌گه‌یشتن به‌یان ده‌كه‌ن، چونكه‌ وه‌كو گوتمان: مرۆڤی باڵا ئامانجه‌ نه‌ك جۆری مرۆڤ، هه‌ركاتێك مرۆڤی باڵا وه‌كو جۆری مرۆڤ بینرا، ئه‌وا له‌ حه‌قیقه‌تی ئه‌و ئامانجه‌ كه‌ مرۆڤی باڵایه‌، دوورده‌كه‌وینه‌وه‌.
دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ دۆست له‌به‌ر بوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك كه‌ له‌نێو هه‌ناسه‌ی دۆستێكی تردا ده‌ستده‌كه‌وێ، خستنه‌ڕووی ته‌رزێكی دیكه‌ی خیانه‌ته‌، ئه‌وه‌ خیانه‌ته‌ وا له‌ كه‌سێك ده‌كا واز له‌ هه‌ندێك له‌ دۆستانی بهێنێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كاری ئه‌و له‌ ئێستادا سپارده‌ی كه‌سانێك كراوه‌ كه‌ له‌ جنسی جوانی نین، چونكه‌ ناكرێ كه‌سێك جوان بێت و ببێته‌ به‌شێك له‌ خیانه‌تی كه‌سێك به‌رامبه‌ر كه‌سێكی تر. ئه‌و دنیا پڕ له‌ خیانه‌ته‌ كه‌ شاعیر باسی ده‌كا، درێژده‌بێته‌وه‌ تا سنووری گه‌یشتن به‌ خیانه‌تێكی گه‌وره‌تر كه‌ خیانه‌تی خوده‌ به‌رامبه‌ر خود خۆی، واته‌ ئه‌وكاته‌ی ئه‌و خوده‌ نائومێد ده‌بێت خیانه‌ت له‌وانی تر بكا و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نییه‌ وه‌ها خیانه‌تێك بكا، ناچار خیانه‌ت له‌ خودی خۆی ده‌كا و ده‌بێته‌ خائینێكی ئه‌به‌دی كه‌ تا كۆتایی ئه‌و خوده‌، خیانه‌تی خود ئیدامه‌ پێده‌دا.

پاژی سێیه‌م: خود له‌نێوان ئاگر و جیهاندا
وه‌كو له‌ پاژی یه‌كه‌م و دووه‌مدا باسی ئه‌و نائومێدییه‌ مه‌زنه‌مان كرد كه‌ شاعیر باسی كرد و به‌ خیانه‌ت كۆتایی پێهێنا، ئێستا وێنایه‌ك له‌ جیهانی ئاگرین دێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌ خود به‌ره‌و ئاگرستانی ڕۆح ده‌با و وای لێده‌كا پرسیار له‌باره‌ی ئه‌و جیهانه‌ پڕ له‌ ئازاره‌وه‌ بكا، خۆی تیادا ده‌بینێته‌وه‌ و نمایشی ڕۆحی خۆی تیادا ده‌كا.
(( هه‌ڵبكه‌ ئه‌ی هه‌وای ناو سه‌رم
جیهان بخه‌ره‌ ترسه‌وه‌
وه‌ك دڵی من كه‌ گڕ ده‌خوات
له‌ تاو سه‌رێك كه‌ ئاگره‌))
ئه‌و هه‌وایه‌ی شاعیر باسی ده‌كا، ده‌بێت كوژێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌و جیهانه‌ ترساو و دڵه‌ گڕگرتووه‌ی كه‌ ئاگر ناسنامه‌یه‌تی، ناسنامه‌ی گڕ كه‌ به‌ زمانی ئاگر گوزارشت له‌ سووتانی خود ده‌كا و ڕێساكانی ته‌نیایی به‌ فڵچه‌ی نائومێدی ده‌كێشێ و ئازاره‌كان له‌ په‌نجه‌ره‌ی ئاوه‌وه‌ هه‌ڵده‌داته‌ نێو كانیاوی نائومێدییه‌وه‌، بۆیه‌ مه‌سه‌له‌ی بوونی سه‌رێك له‌ ئاگر ده‌بێته‌ چه‌قی باس و نازانرێ چۆن شاعیر له‌ سیاقی ئه‌و دڵه‌ پڕ له‌ گڕه‌ ڕزگاربكریێ مه‌گه‌ر به‌ هاتنی ئه‌و هه‌وا فێنك و كوژێنه‌ره‌وه‌یه‌ی كه‌ له‌ سه‌ری شاعیره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ و ده‌بێته‌ پێده‌شتی كوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگره‌ی هه‌موو وجدی شاعیری خستۆته‌ به‌رده‌می گریمانه‌ی ئاگر و سووتانه‌وه‌، ده‌سته‌كانی شاعیری خستۆته‌ به‌رده‌می ده‌رگای فڕین و كه‌وتنه‌وه‌، ڕۆحی شاعیری خستۆته‌ به‌رده‌می ئه‌ستانه‌ی ته‌نیایی و مردنه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی له‌ شیعره‌كه‌دا ده‌بینرێ، جۆرێك له‌ به‌زه‌ییهاتنه‌وه‌یه‌‌ به‌ خود. (نیتشه‌) به‌زه‌ییهاتنه‌وه‌ی ده‌خسته‌ نێو چوارچێوه‌ی خراپه‌وه‌، چونكه‌ پێیوابوو ئه‌وكاته‌ی تۆ به‌زه‌ییت به‌ من دێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ منت خۆشده‌وێ، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ به‌زه‌ییت به‌ من دێته‌وه‌، تا ئه‌و ترسه‌ له‌ خۆت دووربخه‌یته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر من هاتووه‌، وای نیشان بده‌ی كه‌ ترسێك نییه‌ ڕووبه‌ڕووی تۆ ببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كا به‌زه‌ییت به‌ من بێته‌وه تا ترسی ئه‌وه‌ له‌خۆت دووربخه‌یته‌وه‌، ئه‌و شته‌ی به‌سه‌ر من هاتووه‌، به‌سه‌ر تۆش بێت. لای (نیتشه‌)، ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا و پێویستییه‌، بۆیه‌ به‌زه‌یی به ‌چوارچێوه‌ی خراپه‌وه‌ ده‌به‌سته‌وه‌، له‌و‌ پارچه‌ شیعری خواره‌وه‌ زیاتر قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین.
كاتێ مرۆڤ به‌زه‌یی به‌ ئه‌وی تردا دێته‌وه‌، بۆچوونی جیاواز له‌باره‌ی ئه‌و به‌زه‌ییه‌وه‌ دروست ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌ی به‌زه‌ییهاتنه‌وه‌‌ به‌ خود واتای چییه‌، مرۆڤ كاتێ به‌زه‌یی به‌ خۆی دێته‌وه‌ نیشانه‌ی چییه‌؟! نیشانه‌ی بێهێزییه‌تی یاخود نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حه‌قیقه‌تێك كه‌ له‌نێو خوددا هه‌یه‌ پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی تریش ده‌ربكه‌وێ؟.‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و به‌زه‌ییه‌، ئازارێكه‌ كه‌ له‌وانه‌ی تره‌وه‌ گه‌یشتووه‌ به‌ خود. شاعیر له‌ ده‌رنجامی ئه‌و به‌زه‌ییه،‌ خودێكی به‌هێز نمایش ده‌كا، به‌و واتایه‌ی به‌زه‌ییهاتنه‌وه‌ به‌ خود، وای نه‌كردووه‌ شاعیر ببێته‌ كه‌سێكی بێهێز، به‌ڵكو سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئازار و نائومێدی و خیانه‌تێك، هێشتا به‌دوای هه‌وایه‌ك ده‌گه‌ڕێ له‌نێو سه‌ری خۆیدا كه‌ ئازاره‌كانی به‌كۆتا بێنێت و خه‌مه‌كانی بكات به‌ ئاوازێك بۆ مانه‌وه‌ و ژیان.
(( پێشنیاز:
له‌ گه‌ڕان و هه‌ڵهاتن و كه‌وتن مه‌ترسن..
به‌یانی هه‌ر وه‌كو ئێستایه‌
سه‌دان به‌یانی دێت به‌بێ ده‌نگی كه‌ڵه‌شێر
من زۆرم دیون له‌و به‌یانییه‌ بێمروه‌تانه‌
ئیتر خۆم كاتێكم ناولێناوه‌ به‌یانی.))
له‌ كۆتایی گه‌شته‌كه‌یدا، شاعیر ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ كه‌ له‌و ژیانه‌ ماندووكه‌ره‌، مادام هه‌موو شته‌كان دووباره‌ن، كه‌واته‌ ئازاره‌كانیش دووباره‌ن، ئازاری دووباره‌ش شایانی ئه‌وه‌ نییه‌ لێی بترسی، به‌ڵكو ده‌بێت به‌ په‌ڕه‌موچه‌ی هیچ له‌سه‌ر كاغه‌زێكی له‌ هیچ وێنای بكێشرێ، ترسانیش له‌ هه‌ڵهاتن و كه‌وتن، له‌ كاتێكدا كه‌ به‌یانی هه‌ر وه‌كو ئێستایه‌ و كه‌ڵه‌شێرێك نییه‌ بقووقێنێ، ئیتر ده‌به‌نگییه‌، به‌ڵكو ده‌بێت مرۆڤ خۆی كاتێك بدۆزێته‌وه‌ ناوی بنێ به‌یانی و شه‌وێك بدۆزێته‌وه‌ ناوی بنێ شه‌و و ڕابردووێك بدۆزێته‌وه‌ ناوی بنێ دوێنێ، مادام خه‌ڵكی له‌ ده‌نگی كه‌ڵه‌شێر ده‌ترسن، كه‌واته‌ هاتنی به‌یانی بۆ ئه‌و ترسنۆكانه‌ سوودی نییه‌، وه‌كو ده‌گوترێ: بۆیه‌ خه‌ڵكی زیاتر حه‌ز له‌ مریشك ده‌كه‌ن نه‌ك كه‌ڵه‌شێر، چونكه‌ خه‌ڵكی به‌دوای ئه‌و شته‌وه‌یه‌ سكیان تێر ده‌كا، نه‌ك ئه‌و شته‌ی خه‌به‌ریان ده‌كاته‌وه‌.
وه‌كو گوتمان (نیتشه‌) به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچونه‌ بوو كه‌ ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا، بۆیه‌ مانه‌وه‌ی ئازاری له‌گه‌ڵ مرۆڤ وه‌كو پێویستییه‌ك، به‌ گه‌وره‌ ده‌زانی، ئه‌و پێیوابوو مادام ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا، كه‌واته‌ پێویسته‌ ڕووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی دیدگای (شۆپنهاوه‌ر) بوو كه‌ ئه‌میان ئازاری وه‌كو پێویستییه‌ك نه‌ده‌بینی، ئه‌گه‌رچی له‌ سه‌ره‌تادا (نیتشه‌) و (واگنه‌ر)ی هاوڕێی هه‌ردووكیان له‌ژێر كاریگه‌ری دیدگا فه‌لسه‌فییه‌كانی (شۆپنهاوه‌ر) بوون، به‌ڵام دواتر بابه‌ت و تێڕوانینه‌كانیان ده‌به‌نه‌ نێو قاڵبێكی دیكه‌وه‌ و له‌ كۆمه‌ڵێك روانگه‌وه‌ بۆچوونه‌كانی (نیتشه‌) دژی بۆچوونه‌كانی (شۆپنهاوه‌ر) ده‌وه‌ستنه‌وه‌، یه‌كێك له‌و مه‌سه‌لانه‌ بابه‌تی ئازاره‌ كه‌ هه‌میشه‌ (نیتشه‌) پێیوابوو ئازار پێویستییه‌ نه‌ك سزایه‌ك بێت تووشمان هاتبێت، بۆیه‌ مرۆڤی به‌هێز له‌گه‌ڵ ئازار ده‌جه‌نگێ.
شاعیر له‌م شیعره‌دا، ئازاره‌كانی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ عه‌قڵه‌وه‌. پەیوەندی نێوان عەقڵ و حەقیقەت پەیوەندییەكی سروشتییە و دەستكرد نییە، ئەو پەیوەندییە پەیوەستە بە بیركردنەوەوە. دنیای عەقڵ لە حەقیقەت دەگەڕێ‌ و دەدوێ‌، ئینجا ئەو حەقیقەتە لە شەقامی (وەهمەكان)دا پیاسە بكا یان لە شۆستەی (واقیع)دا، گرنگ حەقیقەتێك هەیە و واتا عەقڵییەكانی لە خۆیدا مەڵاس داوە، یان دەكرێ‌ بڵێین، عەقڵێك هەیە و ماناكانی حەقیقەتی لە خۆیدا مەڵاس داوە. دنیای عەقڵ، دنیای وردبوونەوەیە لە واقیع و وەهم و دیار و نادیار و گشت و بەراوردكردنی ئەو گشتە لەگەڵ هیچ و درێژكردنەوەی كردارەكان تا ئاستی گەیشتن بە ئەنجام. ئەو كاتەی عەقڵ زۆرترین پرسیار لەدوای خۆیدا جێدێڵێ‌، سەلماندنی سەركەوتنی عەقڵەكە ئاسان ناكەوێتەوە. بەشێك لە پرسیارەكان، هەڵگری وەڵامەكانن لەنێو خۆیاندا و بەشێكی تریان دۆزەرەوەی پرسیاری زیاتر و بنیاتنەری وەڵامی زیاترن.
ئایا شاعیر له‌م ده‌قه‌یدا پرسیاره‌كانی له‌ كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن؟
پرسیاری مرۆڤ بەرهەمی ونبوونی حەقیقەتێك یان شتێكە، دەشێ ئەو حەقیقەتە ونە بوونی هەبێ، بەڵام كەسی پرسیاركەر كە دوورە لەو حەقیقەتە یان لەو شتە، لە دەرەنجامی ونبوونی ئەو شتەی بەدوایدا دەگەڕێ‌، تووشی گومان هاتووە، بۆیە دەیەوێ‌ لە ڕێگای پرسیاركردنەوە، ئەو گومانە لە خۆی دووربخاتەوە. پرسیارەكان دەست لە ملی وەڵامەكان ناكەن لە ئانی بوونی ناكۆكی فیكریدا, یانی كاتی ئاشتبوونەوەی پرسیار و وەڵامەكان پەیوەست نییە بە كێشە فیكرییەكانەوە، لەوانەیە بوونی كێشەی فیكری زیاتر، گومانی زیاتر و پرسیاری زیاتر دروست بكەن، بەڵام بە وەڵامی كەمترەوە .

ئه‌نجام:
(سڵاو له‌ بیكێت)ی (داستان به‌رزان)، هه‌وڵێكه‌ بۆ ده‌رخستنی نهێنییه‌ شاراوه‌كانی خود و داماڵینی ئه‌و دیوه‌ كرێت و دزێوه‌ی هه‌میشه‌ وه‌كو جه‌وهه‌ر نمایش كراوه‌. شاعیر گه‌ره‌كیه‌تی نهێنییه‌كان ئاشكرا بكا، نهێنییه‌ خودییه‌كان كه‌ ئازاری هه‌میشه‌یین و هاوزه‌مان له‌خۆگری ئه‌و پرسیاره‌ گه‌ورانه‌ن، مرۆڤ ده‌یه‌وێ نمایشیان بكا و بیانكاته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ خزانه‌ نێو باوه‌شی ئاسووده‌یی و حه‌قیقه‌تی زینده‌گی، حه‌قیقه‌تێك به‌ هه‌مان فڵچه‌ی ئه‌و وه‌همه‌ نه‌خشێنراوه‌ كه‌ كراوه‌ به‌ هۆكاری مانه‌وه‌ و بوون، بوونێك كه‌ وه‌همه‌ و درۆیه‌كی دیكه‌ی ژیانه‌، بۆ ڕزگاربوون له‌و درۆ گه‌وره‌یه‌ كه‌ ناوی ژیانه‌، شاعیر وزه‌ی زیاتر كۆده‌كاته‌وه‌، له‌ڕێگای ناسینی زیاتری خود و ئه‌وی تر و گه‌ردوون و خودا.

سه‌رنج:
ئه‌و شیعره‌ی كاك (داستان به‌رزان)، له‌ ژماره‌ (321)ی گۆڤاری (ڕامان) بڵاوبۆته‌وه‌، بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی شیعره‌كه‌، ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گۆڤاره‌كه‌.

په‌راوێزه‌كان:
(1) فه‌یله‌سوفێكی ئه‌ڵمانییه‌ كه‌ (وه‌های گوت زه‌رده‌شت) له‌ دیارترین كتێبه‌كانیه‌تی، له‌ چوار به‌ش پێك هاتووه‌، به‌ ده‌ربڕینێكی شاعیرانه‌ نووسراوه‌. (نیتشه)‌ له‌م كتێبه‌دا، هه‌وڵی تێكشكاندنی خاچیدا. كورته‌ی كتێبه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ (زه‌رده‌شت) دوای ده‌ ساڵ گۆشه‌گیری، له‌ ئه‌شكه‌وت دێته‌ ده‌ره‌وه‌.
(2) فه‌یله‌سوفێكی ئه‌ڵمانییه‌، پێیوابوو ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م ژینه‌ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كا، عه‌قڵ نییه‌، به‌ڵكو ئیراده‌یه‌كی وه‌حشییه‌ كه‌ عه‌قڵ به‌كارده‌هێنێ بۆ گشت مه‌به‌سته‌ ڕه‌شه‌كانی خۆی، ئه‌و ئیراده‌یه‌ ڕیشه‌ی بوونه‌ و هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانی ژیان، له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن. ئایدیالیستی ته‌واو نه‌بوو، هیچ كه‌س وه‌كو ئه‌و ڕه‌خنه‌ی له‌ مه‌تریالیزم نه‌گرتووه‌. ئیراده‌ په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ كات و شوێنه‌وه‌، واته‌ خودی هه‌بوونه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی كات و شوێنه‌، كه‌واته‌ تاك و ته‌نیایه‌. هه‌رچه‌ند پله‌ی بوونه‌وه‌ر نزم بێت، ئیراده‌ هێنده‌ی تر زاڵه‌ به‌سه‌ر بوونیدا، بۆیه‌ كرداری ئاژه‌ڵه‌كان، هه‌مووی ئیراده‌یه‌، كرداری مرۆڤه‌كان هه‌ندێكی پێچراوه‌ به‌ عه‌قڵه‌وه‌، ته‌نیا كرداری مرۆڤه‌ به‌رزه‌كانه‌ كه‌ زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵه‌ نه‌ك ئیراده‌.
(3) له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ دژی پاپا شۆڕشی كرد و چه‌ندین چاكسازی دروست كرد كه‌ بووه‌ هۆی دروستبوونی ئایینی پرۆتستانت. جه‌ختی له‌سه‌ر وازهێنان له‌ گۆشه‌گیری كرده‌وه‌. زه‌واج له‌ مه‌سیحیه‌تی ڕاسته‌قینه‌دا جگه‌ له‌ گونجانێكی سه‌پێنراوی مرۆڤ له‌گه‌ڵ سروشته‌ تاوانباره‌كه‌ی خۆی، زیاتر نییه‌، به‌ڵام مارتن لۆته‌ر هاوسه‌رگیری به‌ جوان و پیرۆز دانا.

سه‌رچاوه‌كان.
1: سڵاو له‌ بیكێت، داستان به‌رزان، ژماره‌ (321)ی گۆڤاری ڕامان.
2: چیرۆكی ئایینه‌كان، سلێمان مه‌زهه‌ر، و: لوقمان حاجی قادر
3: فه‌لسه‌فه‌ بۆ ئه‌وكه‌سه‌ی ده‌یه‌وێت، د. نه‌بیل عبدالحمید عبدالجبار، و: هاوار محه‌مه‌د ڕه‌شید
4: سه‌فه‌ر به‌ره‌و مناڵی به‌ كه‌شتیی گه‌وره‌بوون، بڵند باجه‌لان، ژماره‌ (69-70)ی گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ.
5: فه‌لسه‌فه‌ و ژیان، فاروق ڕه‌فیق، سلێمانی، 2009




کورتەچیرۆک: ئاوارە.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

سەیرێکی بنمیچە کونکونەکەی ڕەشماڵەکەی کرد، ئۆفێکی کرد، سەرنجێکی هیسی لالە شووشە تەنییاوییەکەی دا، ئاخێکی هەڵکێشا. ڕۆژە ڕەشەکانی ژیانی خۆی بیر دەهاتەوە. ئەم ڕۆژەی کەوتەوە بیری کە لەپێش دەرگای ژووری بەڕێوەبەری فێرگەکەیان وەستابوو، مامۆستا پۆستاڵ لەپێیە، ورگنەکەی بەردەمی لێی دەخوڕییەوە و دەم نا دەمیش پێلاقەیەکی بەهێزی دەخێواندێ، گوایە دوو وشەی کوردی لە دەم هاتبووە دەرەوە.
قسەکەی باپیرەی کەوتەوە یادی، کە ئەویش لە باپیری خۆیەوە بیستبووی، کە ئەوان لە نەوەی سەرکردەی قارەمان شێرکۆی مامی سەڵاحەددین بوون، لە دەستی دڕندەیی مەمالیکە تورکەکان لە قاهیڕەوە لە سەرەتای سەدەی چواردە بەرەو گوندێکی نزیک کۆبانێ سەریان هەڵگرتبوو. کەچی هەتاوەکوو ئێستاش عەرەبە گەڕیدەکانی ئەوێ پێیان دەگوتن ئێوە بێگانەن و ئێرە وڵاتی ئێوە نییە!
دایکی دەیگێڕایەوە، کە ماڵباتی وان چەندین جاران لە لایەن تورکە عوسمانییە داگیرکەرەکان، لەم گوند بۆ ئەو گوند ڕاگوێزرابوونەوە، چەندین جار ئاوارەی ئەم دێ و ئەو دێ کرابوون، بە بیانووی ئەوەی کە بە ڕەچەڵەک دەگەیشتنەوە سەر بەدرخانییە بۆتانییەکان و بوونیان هەڕەشەیە بۆ سەر یەکێتیی خاکی پیرۆزی عوسمانی.
هێشتا بەهاری شانزەهەمی تەمەنی نەبینیبوو، شەڕ چەند ساڵێک بوو هەڵگیرسابوو، لەگەڵ برا گەورەکەی، لە گوندێکی نزیک کۆبانێ، لە دژی دڕندەییەکانی داعش لە سەنگەر بوو، لەم ڕۆژە ڕەشەی کە دڕندە ئیسلامییە داعشییەکان وەکوو جڕوجانەوەر ئەم ناوەیان پڕ کردبووەوە. وەکوو خووی هەمیشەییان، لەم سەربڕین بۆ ئەو پەلبڕین دەڕۆیشتن. هەر لەوێ لاقێکی وییان قرتاندبوو، هەر لەپێش چاوەکانیشی سەری تاقە برایەکەیان بڕیبوو. ئاخ چ ڕۆژگارێکی ڕەش بوو.
چەند حەفتەیەکی بەم شێوەیە، بە لاقێکی قرتاوی تیمار نەکراو، لە ژێرزەمینێکی شێداری تاریک، بەسەر بردبوو. چ ئاواتێکی بەم ژیانە نەمابوو، ئارام ئارام لە چاوەڕوانی مەرگدا بوو. ئەمە بوو ڕۆژێک، سەر لە بەیانی زوو، لەگەڵ یەکەم تیشکی ئاسۆ، لەبری مەرگ، چەند شەڕڤانێکی کوردی دلێر بەژوورێ کەوتن، لەم مردنە مسۆگەرە قوتاریان کرد، دەستبەجێش ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەرەکیی عەفرینیان کرد.
سەر لە بەیانییەک، تازە لە نەخۆشخانە دەرچووبوو، لەگەنە ماستێک لەبەر دەمی و پارچە نانێکیش بە دەستییەوە، بیری لە برایە جوانەمەرگەکەی دەکردەوە، بیری لەم ڕۆژانە دەکردەوە کە بەیەکەوە لە ڕێگای فێرگە، یان بە دەم یاری کردنەوە، باسی داهاتووی خۆیان دەکرد، باسی خەونەکانیان دەکرد. لە ناکاو، حریت و حۆری جەندرمە تورکە توورانییەکان، ئەڵڵاهوئەکبەری تیرۆریستە عەرەبە ئیسلامییەکان ئەویان ڕاچڵەکاند. بەرچاوانی ڕەش بوو، دەنگ و تەراتێنیان هەر لە هی داعشەکان دەچوو. هەتا ئێستاش داخی ئەو ڕۆژەی لە دڵ دەرنەچووە، هەتا ئێستاش جۆگەی فرمێسکەکانی وشک نەبووەتەوە.
چەند ساڵێکە لە کامپێکی نزیک حەلەب، لە ڕەشماڵێکی کونکونی سارد، لەگەڵ چەند سەد کوردێکی تر، لەژێر لێزمەی باران، لەبەر تینی بەهێزی هەتاوی هاوینان، ئاوارەی ئەم دەشت و دەرەن. هەموو ڕۆژێکیان بە ئومێدی گەڕانەوە بۆ شارەکەی خۆیان، گوندەکەی خۆیان، زێدی باوباپیرانیان دەکەنەوە، هەموو شەوێکیان بە هیوای دیدەنیی ئازیزانیان بەسەر دەبەن. ئاخ بۆ دەنگی هەناسەی نەنە گیان، ئاخ بۆ چایە گەرمەکەی دەستی دایەی، ئاخ بۆ چیرۆک و بەسەرهاتە خۆشەکانی باپیرە. ئاخۆ دەبێت ئەم ڕۆژانە بێنەوە، ئاخۆ دەبێت جارێکی تر چاوی بە دایک و باوکە پەککەوتووەکەیی، خوشکە بچکۆڵانەکەی، دایە گەورە و باوە گەورە دڵسۆزەکەی بکەوێتەوە.
هەر لەنێو گێژاوی ئەم بیرکردنەوانە بوو، گوێی لە دەنگی هاڕەهاڕی جەندرمە تورکە عوسمانییەکان، تیرۆریستە عەرەبە ئیسلامییەکانی تەحریرولشام بوو، دەنگی زیڕەی منداڵەکان، قیژەی دایکەکان، ناڵەی باوکەکان ئەم ناوەیان پڕ کردەوە. پێش ئەوەی بتوانێت لە شوێنی خۆی هەڵبستێتەوە، شمشێرێکی ژەهراویی بە ملی داهێنرا و ئاڵایەکی خوێناویی تورکییان لەسەر لاشەکەی چەقاند.

ڕاڤەی وشەکان:
هیس: دووکەڵی ئاگر
لالە: چرا
تەنی: واتە ئەو تەنە ڕەشانەی کە لە ئەنجامی سووتان دروست دەبن، تەنییاوی:‌ واتە شتێکی بە تەنی ڕووپۆشکراو.




کورد چۆن بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورکیا.. وهاب شاە محمد

کورد دەتوانێت لە ئاوێتەیەک لە ستراتیژی سیاسی و دیپلۆماسی و یاسایی بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورکیا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کەڵک وەربگرێت. لێرەدا چەند ڕێگەیەکی ئەگەری دەخەینەڕوو:

  1. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پرۆسەی یاسایی ڕاپۆرتکردنی تاوانەکان بۆ دادگا نێودەوڵەتییەکان: ئەگەر بەڵگەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەبێت، دەتوانرێت دۆسیەکان بخرێنە بەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکانی وەک دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان (ICC) یان دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا (ECHR). هاوکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕێکخراوە کوردییەکان دەتوانن ئەو پرسە لە ئۆرگانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ئەنجومەنی مافی مرۆڤ یان ئەنجومەنی ئاسایش وروژێنن و پێشێلکارییەکان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بەڵگەدار بکەن. لۆبیکردن بۆ گەمارۆکان: هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سزای نێودەوڵەتی دژی تورکیا، بەتایبەتی لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە گۆشەگیری نەتەوەیی و تاوانەکانی جەنگ.
  2. دیپلۆماسی و هاوپەیمانی هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتانی تر: کورد دەتوانێت داوای پشتیوانی لەو وڵاتانە بکات کە لە مێژوودا بەرژەوەندییان لە مافەکانی مرۆڤ نیشانداوە یان بەرژەوەندی ستراتیژییان لە ناوچەکەدا هەیە. بەهێزکردنی نوێنەرایەتی: دامەزراندنی نوێنەرایەتی لە کۆڕ و شارە نێودەوڵەتییەکان (هاوشێوەی ڕۆڵی دەسەڵاتی فەلەستین) بۆ بنیاتنانی پشتیوانی سیاسی. هاوپەیمانی لەگەڵ گروپە چەوساوەکانی تر: هاوکاری لەگەڵ بزووتنەوە قەومی یان سیاسییەکانی تر کە بەهەمان شێوە لەژێر سیاسەتەکانی تورکیادا ئازار دەچێژن، بۆ زیادکردنی فشارەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
  3. پێکهێنانی بیروڕا و میدیا هۆشیاری نێودەوڵەتی: بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و دۆکیۆمێنتاری و ڕاپۆرت بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو زوڵمە. ئاشکراکردنی خراپ بەکارهێنان لە ڕێگەی میدیای نێودەوڵەتی بەناوبانگەوە. نوێنەرایەتی فەرهەنگی: تیشک خستنە سەر کولتوور و مێژووی کورد بۆ بنیاتنانی هاوسۆزی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. توێژینەوەی ئەکادیمی و سیاسەت: پشتگیری لە توێژینەوە و ڕاپۆرتەکان لەسەر ستەم کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیاردەران هەبێت لەسەر ئاستی جیهانی.
  4. پاڵپشتی کۆمەڵگای مەدەنی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ: لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و هیومان ڕایتس وۆچ کاردەکەن بۆ بەڵگەنامەکردن و ڕاپۆرتکردنی پێشێلکارییەکان. ڕای گشتی: بەشداریکردنی گروپە چالاکوانە نێودەوڵەتییەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بۆ فشارخستنە سەر حکومەتەکان بۆ ئەوەی کاربکەن. ڕەوەند: کۆکردنەوەی ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور بۆ کاریگەری لەسەر سیاسەت لە وڵاتەکانیان.
  5. فشارە ئابوری و سیاسییەکان بایکۆتی ئابووری: هاندانی سزای ئابووری و بایکۆتی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی تورکیا وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر حکومەت. هاندانی بارودۆخی بازرگانی دادپەروەرانە: کاریگەری لەسەر کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لەو ناوچانە نەکەن کە ستەم لە خراپترین ئاستیدایە.
  6. بنیاتنانی ئۆتۆنۆمی و شەرعیەت پەرەپێدانی ناوچە ئۆتۆنۆمەکان: لەو ناوچانەی کە کورد لە ژێر دەسەڵاتیدایە (بۆ نموونە لە ڕۆژاڤا)، بە پێشخستنی دیموکراسی و یەکسانی و سەقامگیری سەرکەوتن لە خۆبەڕێوەبەریدا نیشان بدە. ئەمەش دەتوانێت پشتیوانی نێودەوڵەتی دروست بکات. بەدواداچوون بۆ دانپێدانان: کارکردن بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانان بە ناوچە یان ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کوردی وەک ئەکتەری شەرعی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.

    ئەنجام
    کورد پێویستی بە کەڵک وەرگرتن لە تێکەڵەیەک لە هاوکاری ستراتیژی و داکۆکی و ئامرازی یاسایی بۆ زیادکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی. ئامانجێکی درێژخایەن دەتوانێ دروستکردنی یەکڕیزی بێت لە نێوان گروپە kجیاوازەکانی کورد و دامەزراندنی ئەجێندایەکی ڕوون بۆ چۆنیەتی بەدیهێنانی ستەم لە ئاستی جیهانیدا.

    نوسینی/وهاب شاە محمد




منداڵیت بەرم نادا.. مەولود ئیبراهیم حەسەن

-تکایە منداڵیەتی خۆتان بپارێزن.

(١)
من بەخۆشەویستی تۆوە
لەدایک بووم
ناوکم بڕا
چاوم بە خۆشەویستی تۆوە
کرایەوە
بەشیری خۆشەویستی تۆوە
مەمکدرام
دارە دارەمکرد
بەخۆشەویستی تۆوە
زارم پژا
کەوتمە سەرپێ
بە خۆشەویستی تۆوە
لە دایک بووم
لە وڵاتی خۆشەویستی تۆوە
گەورە بووم
لە نێو خۆشەویستی تۆشدا
دەمرم

(٢)
لە هەموو گەڕەک
تەنیا من و تۆ
زۆر بە منداڵی
یەکترمان خۆشدەویست
خەڵکەکە هەموو
بە سوک سەیریان دەکردین
ئێستاش
تێنەگەیشتم
خۆشەویستی بۆچی سوکایەتیە

(٣)
زوڵفەکانت
وەک تیرە ماری ڕەش
بە نێو پەنجەکانم دا خزین
چ جوان و پڕ ترس بوو
ڕۆیشتنەکەت

(٤)
بە منداڵى
باوەشم
پڕ لە گەرمایی
کورتە خەوی تۆ بوو
ئەى ژن
ئێستا بەفریش دەبارێ
من هەر تۆم لە باوەشە

(٥)
بە گێڕانەوەی چیڕۆکی
شەڕو ئاشتبوونەوەی منداڵیمان
خەوم لێکەوت
وەرە
بە قژڕاکێشانەکانی گەنجی
خەبەرم کەوە

(٦)
ئەو خواردنە سادەیەی
جاری یەکەم
پێکەوە خواردمان
چەندین ساڵە
لێ ناگەڕێ برسیبم
نانخواردن لە گەڵ تۆ
چەند ئابووریە

(٧)
کە منداڵ بووی
یەکەمجار
لێنەگەڕای ماچت کەم
هەموو ماچەکانی گەنجیمان
تۆڵەی ئەو ماچەی
بۆ نەکردوومەتەوە

(٨)
بڕیار بوو پێکەوە
بچینە دەرەوە
گەیشمە بەر دەرگا
گوتت
دایکم لێناگەڕێ
ئێستاش
هەر جارێکی دەڵێی دایکم
وادەزانم لێناگەڕێ

(٩)
سێوی نەگەییوی
حەوشەکەتانمان لێکردەوە
دایکت هاواری کرد
لێگەڕێن
با گەورەبێت
چ خۆش بوو
گەورە نەبووباین

(١٠)
بە منداڵی نەمزانی
بووکە شووشەیەکی تۆم شکاند
بە پیری
تۆڵەی خۆت کردەوە
دڵت شاکاندم

(١١)
کە منداڵ بووین
زۆر دەترساین
خەڵک پێکەوە بمانبێنن
بە گەنجی چەند دڵخۆش بووین
کە بە یێکەوە دەبینراین

(١٢)
بە منداڵى
من پایزم خۆشدەویست
تۆ بەهار
ئێستا تۆ
پایزت خۆشدەوێ
من بەهار
لەو ساڵی تەمەن وەرز لێکدابڕاوە
کەی پێکدەگەین

(١٣)
هەموو ئێواران
کە لێکدادەبڕاین
غارم دەدا
بەرەو پێکگەیشتنی بەیانی
کەی پێکدەگەین
ئێستا
کە ناتوانم غاربدەم

(١٤)
کە منداڵ بووین
من تەنیا بەڕەنگی چاوەکانت
تۆم دەناسیەوە
چۆنت بناسمەوە
ئێستا
کە هەموو دەستە خوشكەکانیشت
چاویلکەیان لە چاو کردووە

(١٥)
منداڵیت بەرم نادا
تۆ هەمیشە
توڕەو بەناز بووی
ئێستاش
من بەم پیریە
بەردەوام
بیبەر و هەنگوین دەخۆم

(١٦)
منداڵ بووین
کە شەڕمان دەکرد
کەس نەبوو
ئاشتمان کاتەوە
بەم پیرییە
زۆر کەس هەن
لێکمان دەکەن

(١٧)
کە منداڵ بووم
لەسەری کۆڵان
چاوەڕێم دەکردی
تا دەهاتی
دەتوامەوە
کە دەهاتی
دەژیامەوە

(١٨)
بە منداڵی
کە پێدەکەنیت
گەڕەک گوڵ دایدەپۆشی
کە تووڕە دەبووی
وڵات دەکەوتە ڕەشپۆشی

(١٩)
منداڵ بووم
حەزم دەکرد
هەموو منداڵانی گەڕەک
کوێر بن
نەوەک تۆ ببینن
ئێستا حەز دەکەم
چاوی هەموو
گەنجانی وڵات هی من بێت
تەنیا
بۆ بینینی تۆ

(٢٠)
بە منداڵى
ناوی تۆ
کانیی هەڵقوڵێنی
هەموو جوانیەکانی ژیان بوو
ئێستا
چاوی تۆ
پەنجەرەی
بینینی دوا ڕۆژە

(٢١)
بە منداڵی
یەکەمجار
ویستم دەستت بگرم
هەموو گیانم کەوتە لەرزین
ئێستا
لەرزینی پیری لێناگەڕێ

(٢٢)
کە منداڵ بووین
لە سایەی عەشقەوە
هەموو وڵات
هی ئێمە بوو
ئێستا پیر بووین
ژوورێکمان دەسناکەوێ

(٢٣)
ئێستاش
بەم پیریەوە
هەرجارێکی
دەچمەوە گەڕەکی منداڵى
تەمەن لە بیردەکەم
بە دوای خانووە
کۆنەکەتان دا دەگەڕێم

(٢٤)
لە قوتابخانە
هەموو جارێ
پارچە کاغەزێکت دەخستە
نێو جانتاکەم
لێی نووسرابوو خۆشم دەوێی
ئێستاش
بەم خانەنشینیە
لە نێو هەموو جانتکانم
بەدوای ئەم پارچە کاغەزە دا دەگەڕێم

(٢٥)
ئەلف و بێی نووسینم
لە بیرکردووە
کەس و کاری خۆم
ناناسمەوە
ناوی خۆشم
لە بیر چووەتەوە
لە وەڵامی هەموو پرسیارێکا
دەڵێم پەری

(٢٦)
چومە لای دکتۆر
بۆ چارەسەری
گووتی کوێت دێشی؟
گوتم پەری
گووتی هۆی چیە؟
گوتم پەری
گووتی لە کەیەوە؟
گوتم پەری
گووتی لەگەڵ کێ؟
گوتم پەری
دکتۆر گوتی
خەرەفاوە

(٢٧)
ڕۆژی یەکەمی
چوونە قوتابخانەمان
گوڵێکت پێدام
خستمە نێو کتێبی ئەلف و بێوە
ئێستاش
بەم پیریەوە
هەر کتێبێکم دەسکەوێ
بەدوای ئەم گوڵی دیاری
منداڵیە دا دەگەڕێم

(٢٨)
لە تاقیکردنەوەی بیرکاری
هەردووکمان
نمرەی تەواومان وەردەگرت
ئێستا
پیر بووم
یەک و یەکم بۆ کۆ ناکرێتەوە
وەرە بەم پیریە
هەردووکمان ببین بەیەک

(٢٩)
لە قوتابخانە فێریان کردین
پێویستە مامۆستا و
دایک و باوکمان خۆشبووێ
خوێندنمان تەواوکرد
کەس پێی نەگوتین
پێویستە
یەکترتان خۆش بووێ

(٣٠)
لە قوتابخانە
لە وانەی ئایین
فێریان کردین
هەموومان دواجار دەمرین
گەورە بووین
کەس پێێ نەگوتین
ئێستا
پێویستە یەکترتان خۆشبوێ

(٣١)
ڕۆژێکی زۆر سارد بوو
لە قوتابخانە هاتینە دەرەوە
بەرگەمان نەگرت
یەکترمان گرتە باوەش
بەم پیرییەش
هەر جارێ کە تۆ دێیت
حەزدەکەم دار و بەرد بیبەستێ

(٣٢)
نەورۆز بوو
ئاگرمان کردەوە
پۆلیس دوامان کەوت
لە ترسا خۆت خستە باوەشم
ئێستاش
کە پۆلیس دەبینم
وا دەزانم نەورۆزە

(٣٣)
منداڵیت بەرم نادا
ئێستاش
بەم سەری سپی و
و چاوی کز و
دەستی لەرزۆک و خانەنشینیمەوە
بەیانیان
جانتاکەم هەڵدەگرم و
ڕێی قوتابخانە دەگرمەبەر
چاو لە تۆ دەگێڕم
هەر کچێک دەبینم
دەڵێم بەیانی باش پەری

(٣٤)
لە خانەی پیران
هەموو هاوتەمەنەکانم
گاڵتەم پێدەکەن و لێم بێزارن
دەڵێن چ پەری پەریتە
چەند هەست بە تەنیایی دەکەم
هاوپیرییەکی
خاوەن پەریم نییە

(٣٥)
ئەو ڕۆژەی گوتیان دەتگوێزنەوە
بۆ کەسێکی تر
من ژوورێکم ڕازاندەوە
جلی زاواییم کردە بەرو
بۆنی زاوایەتیم لە خۆم دا
ئێستاش
ئەو ژوورە هەر ڕازاوەتەوە
جلی زاواییەکەم هەرماوە
ئەو بۆنی زاوایەتیە
هێشتا بەری نەدوام

(٣٦)
منداڵیت بەرینەداوم
من هیچ گەورە نەبوویم
گەڕەک، شار
هیچ نەگۆڕاون
هێشتا سەردەمی پاشایەتیە
ساڵی یەکەمی قوتابخانەمانە
چ خۆشە
هەردووکمان
فێر بووین
ناوی یەکتر بنووسین

(٣٧)
لەسەر سەرینی مەرگم
دکتۆر دەپرسێ چۆنی؟
دەڵێم پەری باشە
دکتۆر پەری کێیە؟
پەری منم!
دکتۆر تۆ پیاوی
پەری ناوی ژنانە
من پەریم
دکتۆر خراپ تێکچووە!

(٣٨)
لە بیرتە
لە ڕێی قوتابخانە
لە نێوان (کوران) و (ئازادی)
پێڵاوەکانمان لە نێو قوڕ بەجێدەمان
من ئێستاش
دڵم لەوێ بەجێماوە

(٣٩)
شەو بوو
گوتت هەموو ئەم ئەستێرانە
هیمنن
گوتم من زۆرترم هەیە
گوتت چۆن
گوتم تۆ و ئەستێرەکان
پێکەنیت
گوتت شەیتان

(٤٠)
دەترسم
ئێستا نەمناسیتەوە
هەموو شتێک لە من گۆڕاوە
چاو نەبێت
دەترسم نەتناسمەوە
ئێستا
هەموو شتێک لە تۆ گۆڕاوە
چاو نەبێت
گرنگ ئەوەیە
چاوم بەچاوت بکەوێتەوە

(٤١)
تکایە
ئەگەر مامۆستا لێی پرسی
سێ جاران سێ دەکاتە چەند؟
نەکەی بڵێی دەکاتە نۆ
من ڕقم لە ژمارە نۆیە
زۆر دەترسم
لە نۆ ساڵیدا بتدەن بە شوو

(٤٢)
گەنجەکان
لۆمەم دەکەن
دەڵێن بەم پیری و سەری سپی و
خانەنشینیەوە
شیعری منداڵانە دەنووسی
گەنجەکان
نازانن سبەینێ
کە دەچنە تەمەنەوە
ئەوانیش
حەزدەکەن ببنەوە منداڵ

(٤٣)
هەژار بووین
هەردووکمان
پێکەوە
لەفەیەک و ساردییەکمان کڕی
قەپێک تۆ
قومێک من
قومێک تۆ
قەپێک من
ئێمە یەکەمین دوو منداڵ بووین
لە ساییەی خۆشەویستیەوە
یاسای وەک یەکییمان جێ بەجێکرد

(٤٤)
بانگەشەی هەڵبژاردن گەرمە
بێ ژمارە
بێ لیست
بێ حزب
بێ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن
بێ کارت
بێ ڕۆژی دیاری کراو
بێ پەنجە مۆرکردن
من بۆ هەمیشە
تۆ هەڵدەبژێرم تۆ

(٤٥)
ڕەنگەکانیان هەمووی داگیر کردووە
زەرد و
سەوز و
سوور و شین و مۆر و.. زۆر
ئێمە بێ ڕەنگ و بێ ناو و بێ نیشانین
بە هەردووکمان
یەک نیشانەمان هەیە
ئەویش بێ نیشانییە

(٤٦)
دایکم زۆرجار دەیگوت
واز لەم کچە بێنە
کوڕم خەریکی دەرسەکانتبە
دەمگوت دایە
ئەو کچەش دەرسە
دەرسی چی کوڕم؟
دەرسی عەشق
بە خوا ڕۆڵە
دوا ڕۆژی خۆت
بە قوربانی ئەم کچەتیوە دەکەی

(٤٧)
لە بیرتە گوڵم
کە منداڵ بووین
خەڵک پێکەوەیان دەبینین
دەیانگوت بێ ڕەوشتن
ئێستا
هەر ئەو خەڵکە بەم پیرییەوە
خەریکی ئەو بێ ڕەوشتیەن

(٤٨)
دڵ وشکەکان
کە پێکەوەیان دەدیتین
بە منداڵى
زۆر چیڕۆکی ناشیرینان
بۆ دروست دەکردین
ئێستا
هەر یەک چیڕۆک ماوەتەوە
ئەم دووانە بە منداڵیش هەر
یەکتریان خۆشدەویست

(٤٩)
زۆر جار
بە قسەی خەڵک
دارکاری کراوین
بە منداڵی
لەسەر یەکتر خۆشویستن
ئێستا
لە سایەی ئەو عەشقەوە
لە خانەی بەساڵاچووان
خەڵات و چەپکە گوڵى
کۆنترین دوو خۆشەویستمان
پێشکەش دەکەن

(٥٠)
خەریکم سەفەر دەکەم
دەچمە هەندەران
بیستوومە لە هەندەرانی
ئەرێ
هەندەران
چەند وڵات و
چەند شار و
چەند گەڕەک و
چەند ماڵە؟
تۆ لە نێو دڵی
کام ماڵمی؟

(٥١)
هەر لە منداڵیەوە
زۆرم ئازار چەشت
بەدەست
خزم و
دۆست و
نەناسەوە
هەموو شتێکم لە بیرکردووە
ئەگەر
خۆشەویستی تۆ نەبا
خۆشم خۆم نەدەناسیەوە

(٥٢)
منداڵ بووم
ئارازووم بوو
پارەم زۆر بێ
تا خۆش بژیم
جوان بپۆشم
گەنج بووم
ناوبانگم بێ و
خۆمی پێ هەڵکێشم
ئێستا
تەنیا خۆشەویستی تۆم بەسە

(٥٣)
بیستوومە
بەربژێرکراوی
بۆ پەرلەمان
نازانم سەر بە کام لیست و
لە کام بڕی
دنیایە
ئەگەر دەرچووی
نەکەی تۆش
ساڵ دوازدەی مانگ
هەموو ڕۆژێ
کراسێکی نوێ بکڕی

(٥٤)
منداڵ بووین
خەیاڵمان زۆر
دەوڵەمەند و
ڕەنگاوڕەنگ بوو
ئێستا پیر بووین
خەیاڵمان نەماوە
چاومان
بە ئاستەم
یەک ڕەنگ دەبینێ
ئەویش ڕەنگی پێکەوەییە

(٥٥)
منداڵ بووین و
هەموو جارێ
کتێبی کوردی تۆم دەدزی
چ خۆش بوو
دەهاتیت و دەپاڕایتەوە
تا بتدەمەوە
ئێستا پیربووین و
تۆ دڵی منت دزیووە
بە پاڕانەوش نامدەیتەوە

(٥٦)
منداڵ بووین و
لە نێو لاپەڕەکانی
کتێبی کوردی
دوو داری دوورمان دەدی
لە ژێر ئەو دوو دارە
دوو منداڵی عاشق
ئێستا پیر بووین
نە کتێب ماوە و
نە دار دەبینین
تەنیا دوو عاشقی پیر

(٥٧)
سەیرکە
لە سایەی خۆشەویستیمان
لە منداڵیەوە
شەوانی درێژمان لە خانەی پیران
پڕ بووە
لە خەونی جوان جوان
ڕۆژانی کورتمان لە خانەی پیران
پڕ بووە
لە گێڕانەوەی خۆش خۆش
ئێمە وەک ئەو پیرانە نین
هەر زوو
بۆ یەکتر کوژانەوە

(٥٨)
سەیرکە
ئێمە لە سایەی
ئەو عەشقە منداڵیەمان
لە خانەی پیران
هەموو کاتێکمان
وەک یەکەمین ژووانە
هەموو یەکتر بینینمان
یەکەمین یەکتر بینینە
هەموو شەوێکمان
شەوی یەکەمی
بووک و زاوایەتیمانە
هەموو بەیانیەکمان
یەکەمین بەیانی
شەوی یەکەمین پێکەوە بوونمانە

(٥٩)
زۆرم لا سەیرە
ئەو ژن و مێردە پیرانە دەبینم
ڕۆژانە بەشەڕ دێن
قسە پێک دەڵێن
لێک زویر دەبن
پێکنایێنەوە
کەچی ئێمە
شەو و ڕۆژ
مانگ و ساڵ
هەموو تەمەن بەشی
یەکتر خۆشویستنمان ناکات

(٦٠)
سەیرکە
چۆن ئیدارەی
خانەی پیران
حەوشەکەی پڕکردووە
لە گوڵی سوور
لەو ڕۆژەوە
کە بینیان
من هەموو بەیانیەک
گوڵێکی سوور
پێشکەش بە تۆ دەکەم

(٦١)
سەیرکە
ئەمساڵ سەری ساڵ
چیشت لێنەرەکەی خانەی پیران
تاکانەترین خەڵات و
سەیرترین خەڵاتی
بە من و تۆ بەخشی
بەهۆی ئەوەی
تا ئێستا
داوای هیچ خواردنێکی
تایبەتمان نەکردووە
هیچ خواردنێکمان
ڕەتنەکردووتەوە
بۆ ئێمە
هەموو خواردنەکان
ئەو سارد و لەفەیەن
یەکەمین جار پێکەوە خواردمان

(٦٢)
سەیرکە
ئوتوو چیەکەی
خانەی پیران
هەموو ڕۆژی
جلەکانمان ئوتوو دەکات
خۆشەویستیمان
لێناگەڕێ
جلی گەچراو بکەینەبەر

(٦٣)
دکتۆرەکەی
خانەی پیران سەرسامە
تا ئێستا
ئێمە لە سایەی
یەکتر خۆشویستنمانەوە
داوای
هیچ حەبێکی سەرێشە
هیچ حەبێکی
بەرزە خوێن
هیچ حەبێکی
خەولێنەکەوتنمان لێ نەکردووە

(٦٤)
تۆ دەزانی
هەموو ژن و مێردە پیرەکانی
خانەی پیران
دەمانبوغزێنن
لەبەرئەوەی بەردەوام
لە ئیدارەوە پێیان دەڵێن
ئێوە بۆچی
وەک ئەم دووانە
خۆشەویست و تەبا نین

(٦٥)
هەفتانە
لە خانەی پیران
مەلایەک دێت
قسەمان بۆ دەکات
قەشەیەک دێت
قسەمان بۆ دەکات
دەروونناسێک دێت
قسەمان بۆ دەکات
کۆمەڵناسێک دێت
قسەمان بۆ دەکات
هیچ ژن و مێردێک
گوێیان لێناگرن
من و تۆ
لە سایەی خۆشەویستیەوە
بەردەوام
قوتابی هەمووانین

(٦٦)
لە بیرتە
لە خانەی پیران
ئەو شەوەی کارەبا بڕا
پیرەکان
خەویان لێ نەدەکەوت
هاواریان دەکرد
بەرداغیان دەشکاند
من و تۆ
هێمن هێمن
لە بەردەم چرای خۆشەویستی
چیڕۆکی خۆشەویستی خۆمان
بۆ یەکتر دەگێڕایەوە

(٦٧)
ئەو ڕۆژە
لێکۆڵەرێک هاتبوو
یەک یەک
لە پیرەکانی دەپرسی
خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانت کامە بوو؟
یەکێ دەیگوت
ڕۆژانی منداڵى
یەکێ دەیگوت
ڕۆژانی گەنجی
یەکێ دەیگوت هیچ ڕۆژێکیان
من و تۆ بووین
گوتمان هەموو تەمەنمان

(٦٨)
دوێنێ دەروونناسێک هاتبوو
یەک و لاپەڕەی دا بە هەموومان
گوتی
چێتان پێخۆشە ئەوە بنووسن
یەکێ نووسیبووی
خۆزگە پیریی نەبووایە
یەکێ نووسیبووی
ئێرە دۆزەخە
یەکێ نووسیبووی
بۆ چ نامرم
من و تۆش نووسیمان
ژیان خۆشەویستییە

(٦٩)
ئیدارەی خانەی پیران
داوایانکرد
هەریەکەو وێنەیەک
بەگەورەیی
بەسەر سەری خۆمان هەڵواسین
یەکێ وێنەی منداڵی
یەکێ وێنەی چوونە قوتابخانەی
یەکێ وێنەی ڕۆژی شاییەکەی
یەکێ وێنەی ڕۆژی دەرچوونی
یەکێ وێنەی ڕۆژی دامەزرانی
ئێمەش
ئەلبوومی تەمەنی
پڕ خۆشەویستی خۆمان
هەڵواسی

(٧٠)
هەموو ساڵێ
لە خانەی پیران
من و تۆ
بەهۆی خۆشەویستی
بەردەواممان
بەهۆی بێ کێشەییمان
بەهۆی پاک و خاوێنیمان
ئیدارە
بە دزی خەڵاتمان دەکەن
نەوەک پیرەکانی تر توڕەبن

(٧١)
ئیدارەی خانەی پیران
بێ تاقەت بوون
هێندەی
ڕۆژی لە دایکبوونمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژى یەکترناسینمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی شاییەکەمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی دامەزراندنمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی خانەنشینبوونمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی هاتنە خانەی پیرانیمان
بۆ بکەن بە جەژن

(٧٢)
هونەرمەندێکیان هێنابوو
ئیدارەی خانەی پیران
بۆ دڵخۆش کردنمان
گەرم گەرم گۆرانی دەگوت
پیرەکان
چیە ئەم دەنگە دەنگە
ئەم هەراو چەقە چەقە
بیبڕنەوە بێزار بووین
من و تۆش
دەستمان گرتبوو
سووک سووک
شاد شاد
منداڵانە شاییمان دەکرد

(٧٣)
لە هەموو تەمەنما
هەرگیز
لێم نەپرسیوی
چۆن منت خۆشویست
لە هەموو تەمەنتا
هەرگیز
لێیت نە پرسیوم
بۆ چ منت خۆش ویست
لە ڕستەکانی خۆشەویستی
بۆچی و چۆن
جێیان نابێتەوە

(٧٤)
لەوەتەی تۆم خۆشویستووە
هەرگیز هەستم نەکردووە
هەژارم
دەوڵەمەندم
گەرمامە
سەرمامە
ساغم
نەخۆشم
بەردەوام هێندە دەزانم
لەخەوما و
لە بێ ئاگاییمدا
لە منداڵی و
لە پیرییمدا
هەمیشە تۆم خۆشویستووە

(٧٥)
لە بیرتە
یەکەمجار چووین
خانووێک بە کرێ بگرین
خاوەن ماڵ پرسی
منداڵتان هەیە
گوتمان خۆشەویستی
گوتی سەیارەتان هەیە
گوتمان خۆشەویستی
گوتی پارەتان لە بانک هەیە
گوتمان خۆشەویستی
توڕەبوو
گووتی بڕۆن بڕۆن
نان و خۆشەویستی بخۆن
لەو ڕۆژەوە
ئێمەش
نانی خۆشویستی دەخۆین

(٧٦)
لە منداڵیەوە
پێکەوەین
بەخۆشەویستیەوە
تا ئێرەمان هێناوە
ئێرەی خانەی پیران
سبەینێ کە مردین
پێکەوە لە گۆڕێک بمانێژن
بەڵێ یەک گۆڕ
دوو گۆڕ تێرایی ئێمە ناکات

مەولود ئیبراهیم حەسەن
پایزی /٢٠٢٤ – هەولێر

——————————

-ئەم جارەش برای بەڕێزم مامۆستا ( هەردی قاسم ) ی هونەرمەند دڵسۆزی نواندو هەڵەکانی بۆ ڕاستکردمەوەو وێنەیەکی جوانترو گونجاوتری بۆ شیعری ( منداڵێت بەرم نادا..) دیزاینکر د، لە دڵەوە بەگەرمی سوپاسی دەکەم .




زه‌وه‌ززه‌ی ده‌روێـش.. چیرۆكنووسی بولگارستان: نیكۆلای خـایتۆڤ.. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئەوەی بۆتی دەگێڕمەوە لە دێر زەمانەوە ڕووی داوە..
هێشتا چواردەم لە تەمەنم نە بوارد بوو، نە دایكم هەبوو نە باوك، باوكمیان سەبارەت بە مانگاكەی ساڵحەوە كوشتبوو دایكیشم بە ئیسپانیە تا مرد. لە لای نەنك و باپیرێكی پیرەوە پەروەردە بووم.. دەستی ڕاستی داپیره‌م ڕەق ببوو ، ئەمەش مانای وایە كەسێك نەبوو ئیش و كاری ماڵێ ڕاپەرێنێ.. باپیرم چاوی لە من بوو ژنم بۆ بێنێ، لێی نەپرسیم، جاران نەیان دەپرسی، ئەوانەی ژنیان بۆ دەهات ڕیش سپی و پیرەكان لە ناوەخۆدا ئیشەكەیان دەبڕاندەوە. جارێكیان گوێم لێ بوو پێكەوە دەئاخڤین نەنكم وتی: ـــ: هێشتا منداڵە! باپیره‌م وەڵامی دایەوە: گەورە دەبێ، گرینگ ئەوەیە كیژێكی بۆ ببینینەوە! باپیرم چی دیبوو و چۆن؟ ئەمەیان كە ناتوانم پێتی بڵێم بەڵام جارێكیان كە لە ناو مێرگدا گەڕامەوە بنیادەمێكم بینی مەقەستێكی گەورەی دەبەر پشتێ دا بوو، باپیرم وتی: ــ ڕەمەزان! ئەوا ئەو بەرگدرووەم بانگ كردووە، شەرواڵێكت بۆ بدروێ، جا ڕەنگاو ڕەنگت دەوێ یا سادە؟ لەوەی زیاتری لێ نەپرسیم، بۆیان خواستم.. ژنیان بۆ هێنام لەوەی زیاتریشیان لێ نەپرسیم (شەرواڵێكی ڕەنگاو ڕەنگ یا سادە). چوارشەممە بەرگدروو هات، پێنچ شەممە شەلوارەكەی تەواو كرد، شەلوارێكی ڕەنگاو ڕەنگی خەت خەت و چنراو بوو.. ڕۆژی(هەینی)یش دۆڵنگێو هات و كەوتە لێدانی تەپڵی زەماوەند، دۆڵ لێ دەدرێ و مەنجەڵ و قازانی پر لە گۆشتیش كوڵەكوڵیانە، منیش نازانم داخۆ دەبێ بووكەكەم كێ بێ؟ بە شەرمەوە لە نەنكم پرسی: ـــ: هاوسێیە، یا هەر خەڵكی گوندییە؟ بەڵام كێیە و چۆن دەبێ، نەنكم شتێكی نەگوت، منیش لە سەری نەڕۆیشتم.. ئێوارە زانیم كێیە و چۆنە.. شێخ دروودی مارەیی خوێند و تەپڵمان بۆ لێ درا.. پاشان هاتە سەر ئەو وەختەی پێكەوە لە ژوورەكەدا جێمان بێڵن. باپیرم جودای كردمەوە و وتی: ـــ: ئاگاداربە، بەیانی ده‌بێ خوێن هەبێ! ئەگەر بووی بە پیاو ئەوا وەك پیاوان بە.. گرینگ ئەوەیە خوێن هەبێ دەنا دەبیتە مەسخەرەی تەواوی گوندی، پاڵێكی پێوە نام و دەژوورێی كردم و دەرگای كلیل دا.
نیو سەعات دەبوو وەك كۆڵكەدار دانیشتبووم بێ ئەوەی فززەم لێوە بێ یا ڕووپۆشی لە سەر لادەم پاشان هەر خۆی بە دەستی خۆی ڕووپۆشەكەی لادا و دەركەوت.، وام زانی باپیرم ئافرەتێكی قەڵەو و تێكسمڕاوی بۆ هێناوم، كەچی من كیژێكی لە وێنەی پەپوولەم دی، سپی دەت گووت شیرە، چاوی گەورە و سیحراوی.. بە سەرسامیەوە تێیەوە ڕامابووم، ئەویش سەیری دەكردم.. پاشان دایە قاقای پێكەنین ئینجا پرسی: ـــ: شەرم دەكەی؟
ـــ: ئەرێ وەڵڵا..!!
ـــ: شەرم لە چی دەكەی؟ شەڵوارێكی ڕەنگینت دەبەردایە سەیری ئەو پشدینە، حەز دەكەی یاری بكەین، بگەوزێین؟ پێش ئەوەی پێی بڵێم كە داخۆ دەمەوێ یان نا شویتكی گرتم و بۆ خۆی ڕاكیشام و ماچی كردم و دایهێنامەوە. بەم چەشنە به‌ كه‌یفی تۆمان یاری كرد و ئاگامان لە خۆ بڕا، هەستمان بە كەڵەبابی بەیانی نەكرد.. لەو دەمی دا كە خوێنەكەم بیر كەوتەوە كوڕنیشكم كەوتنە نێوچاوانێ »ئێستا كە خۆشە، بەڵام سپێدە دادێ و ئەوانەی لە خوێن دەپرسن دێن.. ئەدی ئاكام؟« بینیمی چیم بەسەر هات، لێی پرسیم كە داخۆ بیر لە چی دەكەمەوە؟ وتم: ـــ: لە خوێن! وتی: ـــ بۆت پەیدا دەكەم.. ڕوومەتی پڤ دان.. بوون بە گوڵاڵە سوورە و تفنكیشی كۆڵینەوە خوێنی لێ پژا.. لەوەی گەڕێ لە كوێ و بە چیمان سڕیەوە، هەموو شتێ كۆتایی پێ هات، وەك پیاوێك لەگەڵ ئافرەتێك دا دەژی، لەگەڵ سلیفیانادا ژیام، ئەو كیژە، بەڵام هاوسەرمە.. مێینە هەر لە منداڵێیەوە ڕوخساری ئافرەتیان پێوە دیارە، جا ئەوە لە ژێر برژانگانیان دایە یا لە ژێر نینۆكان، گرینگ ئەوەیە هەیە، بەڵام مەسەلەكە بۆ نێرینە جیایە، ئەو پیاوەی كە ڕدێنی نەبێ ڕوومەتی ئافرەتی پێ بخورێنێ پیاو نیە! دڵیش كە بیر لە ئافرەتێ دەكاتەوە لەسەرو ڕدێنێ ناپرسێ كە ئەمەش لە خۆم ڕوویدا، كاتێ لەگەڵ سلیفیانا گەوزیم و لێك ئاڵاین و ئەوەندی پێمان كرا یاریمان كرد، دڵم هێزی دەهاتەبەر هێز! كە ویستیشیان بە زۆرەملی ڕێی پێ بگۆڕن، لە ڕەگ و ڕیشەوە لە منیان دەركێشا، ئەوەش بێ ئەوەی كەسێ هەستی پێ بكا، هەموو شتێ وەك دەڵێن ئاسایی ڕۆیی، وەكو ئەوەی لەسەر ئاوێ بێ وا بوو، كەس نەبوو بۆ ئەوە بچێ كە لەوانەیە لەژێر ئاوەكەدا بەردێ هەبێ و قایێخەكەمانی تێ هەڵبنگوێ و هەلاهەلا بێ. (سلیفیانا) لە ماڵەوە دەمێنێتەوە، خزمەتی نەنكم دەكا كە دەگەڕێنەوەیش زرۆبی و ناوساجیمان لەپێش دادەنێ و ئیشان دەكا، گسك لێ دەدا، تەنانەت ماڵە كۆنەكەمان وای لێ هاتووە وێنەی ڕۆژێ پرشنگان دەدا، كۆڵەگەكانیش زەردەمسكە بوونەتەوە،(سلیفیانا) بە گوڵ و گیای هەمەچەشتی ڕازاندبوونەوە، وای لێ هاتبوو ڕۆژێ سێ جاران مینای پەنجەرەكەی تەڕ دەكرد و پاكی دەكردەوە و لە باتی ئاوێنە قژی لەبەر دادەهێنا، قژێكی هەبوو لێرە زەردی دەنواند و لەوێ سوور وەك بڵێی گڕی تێبەر بوو بێ، كە لە لایێكی تر تەماشات دەكرد وەك زێڕی زیندوو وابوو، كەروێشكەی لەسەر سەری دەكرد، دەست دەكاتێ دایدەهێنێ، منیش دەچم سه‌یری دەكەم و تێیەوە ڕادەمێنم تا باپیرم بانگم دەكا:
ـــ: ڕەمەزان هەستە، بزنەكانت خەریكە لە برسان دەمرن! ئای چ ئازارێكە بە دەست بزنانەوە، هاوینان خۆر تەمەڵی دەنوێنێ و لە تاقی ئاسمانایە و ئاوا نابێ.. پێنج فلوسانیش ناهێنێ، بووكی منیش لە گوندییە.. وام بە خەیاڵدا دێ بە گۆچانەكەم بكەومە بەر خۆر و پاشان ختمی بكەم لە زەوی و ئیتر هەڵنەیێتەوە، منیش بە گەنجی بمێنمەوە تا هەر شەو بێ و تا هەتایێ لە تەكیەوە پاڵ بكەوم یا بە هەناسەم برژانگی دابێنم، فێر بووم هەموو بەیانیان كە لە خەو هەڵدەستم فوو لە برژانگی دەكەم، تاكو هەموو تاڵێكی دەچێتەوە جێی خۆی. بەڵێنم بە (سلیفیانا) دابوو كە لەگەڵ باپیرم دەچمە پێشانگایێ لە (فلیپیە) شانەیێكی ئێسقانی بۆ برژانگان بۆ بهێنم، كە چی بەڵێنەكەم نەگەیاندە جێ. ڕۆژێكیان لەگەڵ باپیرم لە دروێنە بووم كە ئێوارە گەڕاینەوە ماڵێ، چووینەوە سەر هەوارێك خاڵی و تار و بێ بووك. نەنكم وتی، براكانی سلیفیانا داوایان كرد، ئەویش نەیدا بوونێ و ئەوانیش پاڵێكیان پێوە نابوو و بردبوویان. وتبوویان سلیفیانا جیازیی هەیە و پێویستە وەری بگرێ، سواری ئەسپێكیان كرد كە خەڵكیشیان گەیشتنێ بە ناو دارستانەكەدا بۆی دەرچوون. نازانم چیم بەسەر هات؟ بەڵام كە باپیرم بینیمی دەست بۆ چەقۆیێ دەبەم، گرتمی و بە نەنكمی وت: كندڕێكم بدەرێ! نەنكم كندڕێكی هێنا و باپیریشم لە ئەستوونەكەی بەستمەوە و پێی وتم: تۆ دەبێ لە پێناوی زەوەززەدا خۆت ڕاگری.. نابێ ببزووی دەمەوێ نەوەی حەسەن دەروێش لێرە گاگۆڵكێ بكا، پاشان دەچی لە كوێ دەكوژرێی كەیفی خۆتە! سواری ئێسترەكە بوو و بۆی دەرچوو، بانگی نەنكمیشی كرد: ـــ: ئاگات لە وەچەی دەروێش بێ، دەنا سەرت دەقەڵێشنمەوە! نەنكم باپیرم چاك دەناسێ بۆیە دەست و پێی نەكردمەوە. منیش وەك بڵێی سەد (زەروو)م بە دڵەوە نووسابێ و خوێنم بمژن هیچی ترم بە خەیاڵدا نەدەهات، تەنها ئەو هیوایە كزە نەبێ كە دەشێ براكانی بە ڕاستی بۆ جیازەكە بردبیانەوە، دوای ئەوەیش بیرم لەوە دەكردەوە كە ئەوان براینە و غەریبە نین. دڵی خۆم بەو تۆزە هیوایە دەدایەوە تا باپیرم لەگەڵ مەلا بانگدانێ هاتەوە، زاری ئێسترێی كەفی هەڵدابوو، ئەوەندەی بەنێو زڵكاوانیشدا تێپەرێ تەواوی بەدەنی تەڕ ببوو. پاڵی پێوەنام و دەژوورێی كردم و دەرگایشی گاڵەدا، لەگەڵ نەنكیشم چوونەوە ژوورەكەی خۆیان. دیوارێكمان ناوبڕ بوو، لە نێوەڕاستیدا دووكەڵكێشێكی تێدا بوو، دیوارەكە لە ڕاستی دووكەڵكێشەكەدا دەنگی تیا دەهات و دەمتوانی گوێم لە قسەو گفتوگۆیان بێ. خۆم لە كونجێك ئاخنی و گوێم بۆ ڕادێران، باپیرم بە دەنگێكی نزمەوە دەئاخڤی، بەڵام هەموو شتێ تێ گەیشتم دەیگوت: ـــ: ئیتر بووك هی ئێمە نییە، برایە بێ ئەدەبەكانی زانیبوویان هێشتا كچە، بۆیە بە دوو (سابرێن)ـانیان داوەتە ڕەفعەت! نەنكم لێی پرسی: ئەی ئێستا؟ -: ئێستاش بردوویانەتە دارستان و كەس نازانێ كەنگێ دەگەڕێنەوە، بەڵام چ سوودێكی هەیە بگەڕێتەوە و تۆوەكی بیژۆكی لە هەناواندا دابێ. نەنكم وتی: جا ئێستا چ دەكەی؟ -: دەزانی چ؟ وام بە خەیاڵدا دێ ڕەفعەت وەك گوللە لە قیڕیدا ختم بكەم، دەشیكەم! بەڵام ئێستا نا، ژنێ بۆ ڕەمەزان دێنم و چاوەڕێ دەكەم تاكو نەوەكە پەیدا دەبێ، جا دەزانم چۆن وا بكەم دایكی ڕەفعەت خڕە فرمێسكان هەڵبارێنێ.
قسەكانی باپیرم، ئا ئەو قسانەی وای لێ كردم كە خۆم بە ئۆجاغەكەوە بنێم نەبزووم و داوای لێ كردم بە دیار خۆڵەمێشەوە بم! لەگەڵ گەردی بەیانیدا باپیرم لەگەڵ شێخی هاتنەلام دڵی دامەوە، تانەخنكێم و نوقم نەبم و تا دوژمنایەتی كەس نەكەم و لەگەڵ كەس بە داوا نەیێم، هەر بۆ ئەوەی نەوەیەك بۆ باپیرم بەجێ بێڵم پاشان خوای دەكرد سەرم پان دەبووەوە!!
ئەو ڕووداوانەی لە دوایشدا هاتن، بێرە، بە ناو دڵم دا چوون… وێنەی كۆمەڵە تابلۆیێك… ئازاریان دەدام… تابلۆی یەكەم كە سیلیفیانا گەڕایەوە گوندی، ماڵی ڕەفعەت هاوسێمانن، ناوبڕمان تەنها دیوارێكە، بەڵام كە گەڕانەوە كەس نەیدیتن، مانگێك بڵێ زیاتریشی پێ چوو بوو پێیەوە دیار نەبوو ئەم دەڵە كە جووتبێتی… ڕوومەتی وەك هەویر شێلا بوو، زاتی نەدەكرد ئەمە بڵێ منیش هەموو شتێكم دەزانی… لە یەكەمین ڕۆژەوە ڕەفعەت عاشقی ببوو، كاتێ كە لە حەوشەی دیبوو دێ و دەچێ، كونێكی لە دیواریدا كردبوو و تەماشای دەكرد، ئەو بە حەفت ساڵان لەمن گەورەترە سەرەڕای ئەوەیش لە خۆشیان دایە، ناچێتە داران و ناشچێتە كێڵگە، تەنها یارمەتی باوكی دەدا، باوكی گۆشتفرۆشە. عارەقێ دەخواتەوە و ددانان دەگڕسێنێ و پاشان دەچێ سنگ دەردەپەڕێنێ و فشەو فەخفەخە بەسه‌ر خەڵكیدا دەفرۆشێ… ماڵی ڕەفعەت دوو سابرێنی قەڵەویان هەیە دوو زەنگوڵیان بە ملی یەوەیە، كە دەزرنگێنەوە لە پشت دە گردانت گوێ لێ دەبن، براكانی سلیفیانا (ڕەجەب و یۆمێر) تەماحكارن، شوانكارەشن حیساب بۆ سابرێن و زەنگوڵان دەكەن، جڵەویان بۆ ڕەفعەت شل كردووە، ئەوان سابرێنەكانیان دەوێ ئەویش خوشكیان، زانیبووشیان هێشتا كچە دەقەبەڵیان كردبوو. زۆرم حەز دەكرد سلیفیانا ببینم، بەڵام ئەو زاڵمە لە پشت قفڵێی نابوو چ ڕێگایەك نەبوو پێی ببینم، جارێكیان غەریبیم بۆی هەستا، هەر تاریك دا هات بە سەر بانەكە كەوتم و چووم لە پەنا دووكەكێشەكەوە خۆم حەشار دا، لە پەنجەرەی ماڵی ڕەفعەتەوە سەیرم دەكرد… پەنجەرەكە خڕە، لە ناوەوەشدا لامپایێكی نەوتی دەسووتێ چی لە ماڵدایە دیارە، هەمووی نا… بەڵام دەمدیتن لەبەر خوانەكە دادەنیشن، پاشان دەمدیتن هەڵی دەگرنەوە و ڕەفعەتم دەدی پشتی دەكردەوە و خۆی تەنها دەكرد و… و …؟ نەمدەتوانی چاوەكانی ببینم، بەڵام سەری وەك بڵێی بڕابێ دەلەنگیەوە ئەویش دەیگرت و هەر دوو پەنجەی گەورەی دەخستە ژیر چەناگەی و وەك دڕندە هەڵی دەلووشی. لامپاكە دەسووتاو دڵی منیش وێنەی مۆم دەتوایەوە…
ئەم دڵە چۆن نەتوێتەوە؟ چۆن نەوەستێ؟ چۆن بگاتە سبەی و دوو سبەی؟! نەنكم هەستی بەوە كرد خۆم لە پەنای دووكەڵكێشەكەوە دەنێم بە باپیرمی گوت، ئەویش دیار بوو سەرزەنشتی كردو وتی: -: با بكا، چ دەكا با بكا… با ڕق بخواتەوە، با پڕ بێ لە قین… با فێر بێ خوێنی ئافرەت لە لووتیەوە وەرنەگرێ! بڵێی باپیرم ڕاستی كردبێ یان نا؟ ناتوانم حوكمی ئەوە بدەم، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ڕقەكەوە بێ كارەسات بوو… كە حەزت دەچێتە شتێك، بیر لە چیتر ناكەیەوە… بووكه‌ڵه‌ی پڕ لە پووشت دیوە؟ هیچی تیا نییە، نە دڵ، نە ئێسقان تەنها پووش و بەس من وەك ئەو بووكه‌ڵه‌یه‌م، بەڵام پووشی من ڕق و كینەیە، هەر بە وەیشم خۆ لە سەر پێیان ڕاگرتووە. ئەو ڕقەی لە ڕەفعەتم دەبێتەوە ئەوەتا بە سەرمەوەیە، لە ناو نوێنیێ، لە كێڵگەشدا لەگەڵمایە، شەوو ڕۆژ… خەیاڵی ئەوە دەكەم چۆنی بە تەورداسێ دەبڕمەوە یا بە خەنجەرێی دادەڕسێمە هەناوان، ئەویش دەم و دەست نامرێ و پێوەی دەناڵێنێ؟ ڕیخۆڵەكانی لە سەر ئەرز بە دوای خۆی ڕادەكێشێ، منیش بە پێیان پانیان دەكەمەوە و بە نینۆكان لە باڵ یەكیان دەردێنم، بێ ئەوەی بەمەیش دڵم ئاوێ بخواتەوە، بە خەنجەر ئازاری نابێ، بیرم لە ئازاردانێكی دیكە كردەوە، بیرم لەوە كردەوە لە سەرخۆ بیخنكێنم، ماوەی بدەمێ، بەڵام ئەوەم لا ڕوون بوو، ئەگەر بیگرم بەری نادەم بۆیە خنكاندنەكەیشم بە دڵ نەبوو، ئازار و ئەشكەنجەی ترم داهێنا و سێ سەد جارم كوشت و ژیاندمەوە. سەرم گڕی گرت، كوشتمەوە، لەت لەتم كرد و كردم بە هەزار پارچە، دەستم شل بوون ئەوجار بە ددانان، تاكو ئاخری پووشی ناو بووكۆكە گڕی گرت و منیش تام لێهات، لێوە لەرزەم گەیشتێ و نەخۆش بووم، كەوتمە ناو جێیان. ئەو وەختە باپیرم تەنگاو بوو! لەبەر من نا، لەبەو وەچەی دەروێش، لەگەڵ خۆی بردمە (تریگراد) بۆ لای ئایشە قەڵەو… ئەویش زۆری دەرمانی تاڵ دامێ و بە زۆر مەڵحەمانیشی چەور كردم، ئیتر تایەكە بەری دام و حەفتەیێكی پێنەچوو چاك بوومەوە، بەڵام باپیرم نەیهێنامەوە گوندی، لە (تریگراد) بەجێی هێشتم، لەوێ لای بزنە گەلی (دیلیۆمێر)، ئایشە قەڵەویشی ڕاسپارد چی پێ باشە بمداتێ بە مەرجێك بێ سمێڵ و ڕدێن نەگەڕێمەوە. هەر وایش بوو، جا ئەوە بە هۆی تاڵاو بوو یا لەبەر ئەوەی چونكە بە ناو ساڵان كەوتم- هەر ماوەی چەند مانگێك بوو سمێڵ و ڕدێنم پێوە هاتن، كەس نازانێ ئەوە چ ڕدێنێكە، بەڵام بە هەرحاڵ ڕدێنە، ئەمەیش نەختێ هێوری كردمەوە و ڕزگارم بوو لەو دەردە بەرازەی و ڕۆیشتم بە دوای ئارەزووی خۆم كەوتم… باپیرم هات وتی: یاڵڵا با ژنت بۆ بێنین خورێ خورێم كەوتۆتە دەستی و شینێ بە دایكی ڕەفعەت هەر دەگێڕم! بە باپیرم وت: دەتوانی ژنێم بۆ بێنی و چم لێ دەكەی كەیفی خۆتە، بەڵام تخوونی ڕەفعەت ناكەوی من خۆم حیسابی لەگەڵ پاك دەكەمەوە… سوێندیشم دا كە بە قسەم بكا. ژنم لە تریگراد هێنا، ئەمجارەیان چ فڕوفێڵی تێدا نەبوو، هەموو شتێ بەر كەماڵ بە سەرچوو، منداڵەكەم بوو، بەڵام نەك بە نۆ مانگان، بە حەفت مانگان! دیارە زانیوویەتی باپیرم ئەوەندەی لێ بەساتییە و پێشی وادەی بوونی كەوتووە! چەند ساڵ بوو باپیرم نەدیبوو پێبكەنێ، ئێستا بینیم… گڕژیەوە و ڕاكشا بمرێ… بە ڕاستیی ڕاكشا هەر دوای سێ ڕۆژان پاش لە دایك بوونی منداڵەكە، دەمی داچەقی و كەوتە سەر جێیان، برۆی چەپەی بە تەنێ هەڵدەتكی، بانگی كردم و وتی:ــ ڕەمەزان كوڕم! خۆ دیتت، باپیرتم ها! زەوەززەی دەرۆیش؟؟ ئەوەتا ئێستاش دەڕۆم مزگێنی بدەمە باوكت، بەڵام (ڕەفعەت)، ئەوا ئەویشم بە تەمای تۆ كرد! باپیرم ئەمەی وت و بە دوایی بوو، ژن و مناڵێك و ڕەفعەتیشی بە تەمای من بەجێ هێشت، دە وەرە جا ڕەمەزان بزانین چۆن سێ شتان بە دەستێكی هەڵدەگری، ژن و منداڵێك و دژمنیش، تۆی كە پووشی بووكه‌ڵه‌ت تێدایە، دەبێ ڕاست ڕێ بكەی و بزنەكانت بلەوەڕێنی و بكێڵی تا بخۆی، وە ئەمما جەرگ و دڵت ئەوەتان لە لای قەسابی، ڕەفعەت چۆنی بوێ وای دەگووشێ. لەبەر خۆمەوە دەمگوت: پێویستە منداڵەكەم هەراشۆكە ببێ كە دایكی بتوانێ پەروەردەی بكا، ئەو دەمی سكی ڕەفعەتت بۆ هەڵدەدڕم، لە دوایشدا وتم چاوەڕێ دەكەم تا ڕەپێ دەبێ و دەڕوا… كە ڕۆیشتیش وای لێهات سلیفیانا بە دەر دەكەوت، منداڵێكیشی دە ئامێزی دا بوو و پەچەی لە ڕووان دابوو، وەك جاری جاران هات و چۆی لە حەوشەكە دەكرد، دیار بوو نەی دیبووم، بەڵام چاوی لێ دەگێڕام بمبینێ. كونێكم دە دیواری ژوورەكەیان كردو سەیرم دەكرد، كاتی كە من لە ژوورەوە تەماشام دەكرد، ڕەفعەت لە پەنجەرەكەوە چاوی لێ بوو، ژنەكەیشم چاوی لێ بووم، لە بەختی من ژنێكی شەڕانی نییە، نە هاواری كرد و نە حەفت و هەشتیشی لەگەڵ كردم، چوو بێ هەست و خوست فرمێسكی هەڵدەباراندن.

بەم چەشنە ڕۆژگار هاتن و ڕۆژگار ڕۆین… جووتی دەكەم و كارێزان لێدەدەم، یا نەخۆ لەگەڵ بزناندا دەبم، بە پەلەشم، پێش ئەوەی تاریك دابێ دەگەڕێمەوە بەو كوونەوە دەنووسێم كە لە دیواری ژوورەكەدا كردوومە و چاوەڕوانی سلیفیانا دەكەم بیبینم جا ئەگەر بیبینم ئەوا دڵم دادەمركێتەوە ماندوویەتیشم دەڕەوێتەوە، ئەگەر نەیشی بینم ئەوا شەوێ بە ددان گڕساندن بەڕێ دەكەم… كەوڵی دەكەم… دەیخنكێنم، دەرمان خواردی دەكەم، لەگەڵ ئەوەشا دڵم قەرار ناگرێ! زۆر جارانم داناوە تەواوی بكەم، بەڵام هەر كە بیر لەوە دەكەمەوە دەچمە زیندان و لەوێشدا هیچ كونێك نییە سلیفیانای تێدا ببینم، واز دێنم و پەشیمان دەبمەوە. ئا بەم جۆرە ژیانم دەڕۆیی، ڕۆژ دوای ڕۆژو ساڵ لە دوای ساڵ… ئەگەر منداڵم گەورە نەبوونایە و شوویان نەكردبایە و منداڵیان نەبووایە، نەمدەزانی چەن ساڵ تێپەڕیون. ناوبڕی نێوان ئێمەو ماڵی ڕەفعەت لە دار گڵوانییە و لە باڵ یەكدی چووەتەوە، ئاوایش ئاسان نەبوو هەموو ئێواران بە بەفر و مەی سەرخۆش ببێ و بەیانیانیش لەگەڵ شەختەدا ڕابێ…
زۆری خواردۆتەوە و وەختی داهاتووە گڵۆڵەی بكەوێتە لێژییەوە… قەسابخانەكەیشیان لێ ستاندووە، بەمەیش زیاتری بێن تەنگ بووە… ئەگەر دەرزی ئاژنیش نەكرێ، ئەوا مەی وێنەی دەرزی تێی دەچەقێ. مەی پشتی شكاندووە و فڕێی داوەتە سەر جێیان… كچەكانی شوویان لە گوندێكی تر كردووە و خۆی و سلیفیانا بە تەنها ماونەتەوە. پێلەقەیێكم لە ناوبڕە هەڵوەشاوەكەدا، وەك ئەوەی بـچمە ماڵی خۆم، چوومە حەوشەی ماڵی سلیفیانا، نەخێر بە حەوشەیشدا بۆ ژووری ڕەفعەت تێپەڕیم، لەوێ لێی دانیشتین. چل ساڵ دەبێ یەكەمین جارە كە ئێمە هەرسێكمان لە یەك جێگادا كۆدەبینەوە و یەكەمین جاریشە بەرەو ڕوو دەڕوانمە ڕەفعەت و سلیفیانایشمان لە بەیندایە… ( فكرم پیسە گەورەم با پێت بڵێم!)، حەزم دەكرد بە بەرچاوییەوە سلیفیانا لە ئامێزێ بگرم و لە باوەشمدا بیبینێ وەكو چۆن من بە درێژایی ژیانم لە باوەشی ئەومدا دیوە… بەڵام ئەو قبووڵی نەكرد:
-: ئەوەندە بەسە كە لێرەین، ئەگەر ئەو زاڵم بووبێ، تۆ وا مەبە! دەپرسی ئەدی ئێستا؟ ئێستاكە كار بەم چەشنە دەڕوا: ڕەفعەت سەرمای دەبێ… سلیفیانایش كەری نییە پێی بچێتە داران و ئاگری بۆ بكاتەوە و سۆبەی بۆ تێ باوێ… من دەچم!! هەموو ڕۆژێ باری كەرێك دار دەهێنم و بەشیش ناكا… یاساوڵەكانی دارستان بینیمیان لێیان نووسیم، دوایشم كەوتن بمگرن و جارێكی ترم لە سەر بنووسن… هەڵاتم… بۆیە ئێستا بە شەو دەچم و بەو چاوانە سەیریان دەكەم و بەو دەستانەیش دەیانبڕم تاكو یاساوڵەكان دەنوون، ئینجا دارەكان بە نێو دۆڵەكەدا دێن و بەرەو ماڵ دەیانكێشمەوە. بەڵان چی؟ لە ڕێی ئەوەی كە ئاگری بەرداوەتە ڕۆحم لەشم تێك شكاوە!… ئاگریش دەكەمەوە، ئەوەی پێ گەرم دەكەمەوە وای لێكردووم..
چڵ ساڵان، تاوێ لە نێو ئاگر و تاوێ لە نێو شەختەدا بژیم.. نەمدەتوانی واز بهێنم، كە وازیشم هێنابووایە دەبووایە سلیفیانا خۆی بچووبایە داران.. بانگم دەكا یارمەتی بدەم.. دەستم پێ لە ئیش هەڵدەگرێ، چونكە چاكیش ئالیك دراوە و قورسە، لە پاك كردنەوەی جێ و باڵنگانی و عەیب نەبێ پاشەڕۆك، پێویستی بەوە هەیە بڵند بكرێ، ئەویش ئافرەتێكی لاوازە و ئەو هەموو ئیشانەی پێ ناكرێن.. كەواتە كێ ئەم كارە بكا؟؟!! كێ؟ ئینجا وەرە ڕەمەزان ئەوجار خزمەتی ڕەفعەت بكە، كە خزمەتیشم دەكرد هەر بۆ ئەوەبوو بارەكە لە سەر شانی سلیفیانا نەبێ…
بیستمەوە لە گەڕەكێ باس دەكەن: (تەماشا، تەماشا.. چۆن هاوسێیەكە! چ ئینسانێكە؟..)، بەڵام ئەوان ناوەوەی من نابینن چی تێدایە.. براینە هەناوم زووخاوی تیا دەكوڵێ و دەكوڵێ.. منیش چاوەڕێی مردنی ڕەفعەت دەكەم تاكو سلیفیانا مارە بكەم، كەچی ئەو نابووتەیش نامرێ.. ئا ئەمەیشە زووخاوی زووخاوان.. دەمەوێ پێكەوە لە ژێر لێفەیێكدا بنووین، وەك پیاوێ لەگەڵ ئافرەتێكدا دەنوێ.. پاشانیش چ دەبێ با ببێ.. ژن و ماڵ و منداڵم بەجێ دێڵم و دەچمەوە لای.. بەڵام ئا ئەوەتا ڕەفعەتە شەپڵەلێدراو كڕوكپ لە نێوانماندا كەوتووە، ئەوەتا كاتیش دەفڕێ و ئاوی چۆكانیشم دەچێ و ناشزانم داخۆ لەگەڵ سلیفیانا وەك ژن و پیاو لەگەڵ یەك دەنووین یا وەك خوشك و برا كەس حەقی بە سەرمانەوە نابێ..؟ زۆر جار دەڵێم: ئەو هەر بە ئازارە، ئێمەیش لەگەڵی مردووین.. بۆچی دەرگای ژوورەكەی، كە ئەوە دوو ساڵە دایخستووە لە سەر واڵا نەكەمەوە.. نە دەیخنكێنم و نەنووقمیشی دەكەم.. دوو سێ شەوانی لەبەر سەرمادا لێ دەگەڕێم كاری لە كار دەترازێ.. بیرم ئا لەوە كردەوە، بەڵام ئیتر ئەم كارەكەی بڕاندەوە… ڕوانیم سلیفیانا تەماشام دەكا.. لێی گەڕام و ڕێی خۆم گرت و بەرەو دارستان بچم داری بۆ بهێنم..! لە دوو ڕێیاندا لێم تێك دەچێ.. ڕێگام پێشان بدە! گەر دەتوانی ڕێنمایم بكە، یاخود یارمەتیم بدە ئەو دارانە لە كەرێ بێنم و بڕۆم.. ددانی ئەو نابووتەی تێك دەچەقن و چاوەڕوانە.

سه‌رچاوه‌ : ژماره‌ 2 ی ساڵی دووه‌می گۆڤاری ( الاداب الاجنبیة )ی سووری.

*زه‌وه‌ززه‌- وەچە




دۆستایەتی بافڵ و ئەعرەجی.. عوسمانی حاجی مارف

بەغدا و تاران حسابێکی تایبەت بۆ بافڵ و یەکێتی دەکەن، چونکە بێدودڵی هەڵدەستن بە پێشخزمەتیەکی ئەمنی گەوره و ڕۆڵێکی سیاسی دەگێرن بۆ بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەی له مانگی ئازاری ساڵی ڕابردودا ڕایانگەیاندبوو، لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ئاسایشی ناوچه سنووریەکانی نێوان ئێران و هەڕێم، بە چەکداماڵین و دورخستنەوەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژ بەئێران لە سنورەکانی ئێران و هەرێمدا، کە دەیانەوێت بەمجۆرە دڵسۆزی و پابەندبونی زیاتری خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی بسەلمێنن، تا لەسایەی کۆماری ئیسلامیدا پارێزگاری لە پێگەی سیاسیان بکەن،هەر بەم شێوەیەش بافڵ دەتوانێت دەسەڵاتی سیاسی بەڕێوەببات.
بافڵ بەجیا لەوەی پێداگری و جەخت لەسەر دڵسۆزی سی ساڵەی بەردەوامی ڕێبازی یەکێتی دەکاتەوە بۆ کۆماری ئیسلامی، لەهەمانکاتدا بەدوای ڕۆڵێکی کاریگەریەوەیە تا ئەوە مسۆگەر بکات لە نێو هاوپەیمانەکانی لە ئێران و لە عێراق جێگایەکی دامەزراو بچەسپێنێت! تا بەم ڕێگەیە هاوسەنگی هێزەکەی لە بەرامبەر ڕکابەرەکەی کە بارزانی و پارتیە بە قازانجی خۆی بگۆڕێت بۆ بەرزبونەوەی ئاستی ئەو هاوسەنگیەی كە چەندین ساڵە خەوی پێوەدەبینن.
لەهەمانکاتدا بارزانی و پارتی بەهەمانشێوەی پێشخزمەتی بۆ تورکیا توانیویانە هاوسەنگی هێزو سیاسیان لەبەرامبەر تاڵەبانی و یەکێتیدا بپارێزن، بەهەمانشێوە تورکیاش حسابێکی تایبەت بۆ بارزانی و پارتی دەکات.
ئەتوانم بڵێم هەوڵی پاراستنی سنوورەکانی ئێران ڕۆڵێکی کارای هەیە، کە جێگەی تایبەت بۆ تاڵەبانی لەنێو هاوپەیمانەکانی لەتاران و لە عێراق مسۆگەر دەکات.
دوای گەڕانەوەی قاسم ئەعەرەجی لە ئێران، کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقە، سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە دەکات کە لەنێوان ئێران و عێراق و هەرێمدا پەسەندکراوە، هەروەها سەبارەت بەو دۆسیەی دەربارەی بونی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا لەئارادایە، ئەعرەجی بەرەو سلێمانی بەڕێکەوت و لە دەباشان گفتوگۆی لەگەڵ بافڵ و ژمارەیەک بەرپرسی سیاسی و ئەمنی ئەنجامدا، قاسم ئەعرەجی کە سەر بە ڕێکخراوی بەدرە، یەکێکە لە کوتلە بەهێزەکانی شیعەی عێراقی دڵسۆز بۆ ئێران، بافڵ پەیوەندی زۆر نزیکی لەگەڵدا پەرەپێداوە، هەوڵئەدات لە ململانێی لە بەرامبەر بارزانیدا پشتیوانیەکی بەهێزی هەبێت، بەو هیوایەی ئەوە نیشان بدات کە بەم ڕێگەیە دەست بەسەر سەرکردایەتی هەرێمدا بگرێت! ئەوەی لەم هەڵبژاردنەی ٢٠/١٠/٢٠٢٤دا بۆی نەچووە سەر، هەوڵئەدات بەڵکو لەڕێگە ئەعرجیەوە قومارێکی تر بەرامبەر بارزانی بکات و دەستکەوتێکی هەبێت! یان لەدواجاردا گەر دۆخەکە نەشێوێنن، پێگەیەکی زیاتر لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا بەدەست بهێنن.
لەڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ئەعەرەجیدا ئاماژە بەوەکراوە، کە بەڕێنمایی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سودانی، بەیاوەری شاندێکی ئەمنی، سەردانی سلێمانیان کرد، بۆ بەدواداچوون لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، هەروەها لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەعرەجی و ئەندامانی شاندی ئەمنی یاوەری، لەگەڵ سەرکردەکانی دەزگا ئەمنیەکانی یەکێتی بە ئامادەبونی بافڵ کۆبوونەتەوە و باسیان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و سەرجەم وردەکاریەکانی تێدا کردووە.
میدیاکانی ئێران لە زاری ئەعرەجیەوە ڕایانگەیاندووە کە ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێرانە، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم ئامادەن ڕووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ببنەوە، لەهەمانکاتدا بافڵ باسی لەپێشهاتە ئەمنی و سەربازیەکانی ناوچەکە و پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنیەکان لە هەرێم و عێراق کردووە.
چەکداماڵینی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و دورخستنەوەیان لە سنوورەکانی ئێران خاڵێکی سەرەکی لەڕێکەوتنی ئەمنی نێوان بەغدا و تاران بوو، سەرچاوە عێراقیەکان ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەیان لە سێ خاڵی سەرەکیدا کورتکردۆتەوە: ڕێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران و ڕادەستکردنی داواکراوەکان بەپێی یاسا، چەکداماڵین و لابردنی کەمپەکان و کۆکردنەوەیان لە کەمپەکانی دوور لە سنوور.
دۆسیەی ئۆپۆزیسیۆن لە ناوچە سنوریەکانی نێوان ئێران و هەرێم، دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر، بەڵام ئەوەی زیاتر پرسی سنوورەکانی چڕکردەوە، دەورانی دوای ئەو ناڕەزایەتیانە بوو کە بەدوای تیرۆری (مەهسا ئەمینی) لە ناوخۆی ئێراندا سەریان هەڵدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، کۆماری ئیسلامی بەجیا لەسەرکوتی ئەو ناڕەزایەتیانە لەهەمانکاتدا پەنایبردە سەر سنوردارکردنی هەڵسورانی ئۆپۆزیسیۆنەکانی و دەستیکرد بە هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئێستاش ئێران بەڕێکەوتن و بە هاوکاری بافڵ و حکومەتی عێراق ئەوکارەی بۆ ئەنجام ئەدرێت. سەرەڕای سەختی ئەرکەکە، دەسەڵاتدارانی عێراق دەتوانن پشت بە خزمەتگوزاریەکانی یەکێتی نیشتمانی ببەستن بۆ بەرتەسکردنەوەی جموجۆڵی ئەو چەکدارانە.
بەغدا هەوڵئەدات بە کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵی چەکدارە کوردەکان لەناو خاکی عێراقدا، تا تاران و ئەنقەرە ئارام کاتەوە، کە هەردووکیان پەرۆشی ئەو پرسەن.
ئێران پێشتر هەڕەشەی ئاشکرای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازی لە ناوخۆی عێراقدا کردبوو، ئەگەر عێراق و هەرێم دەستپێشخەری نەکەن بۆ کۆتایهێنان بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری ئێران لەسەر خاکەکەیان، وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو گەر ڕێکەوتنەکە لکاتی خۆیدا جێبەجێ نەکرێت، ئەوا بەرپرسانی ئێران خۆیان بەرامبەر بەهێزو لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە هەرێم ئەو چەکداماڵینە جێبەجێ دەکەن.
زیادبونی پێویستی بافڵ و یەکێتی بە پشتیوانیکردنی ئێران و ئەعرەجی، لەو ڕووەوەیە کە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ململانێی سیاسی بەکاریان دەهێنن کەلە بەرامبەر بارزانی و پارتیدا نمایشی دەکەن، نمایش لەبەرامبەر ئەو ڕکابەریەی کە تائێستا تاڵەبانی لە تەواوی ژیانی سیاسی جەلالیەتدا، نەیتوانیوە بەسەریدا سەرکەوێت.
واقعی حکومەتی هەرێم و زۆنی زەرد و سەوز، پێکهاتەیەکە لە باڵادەستی حزبەکانی بورجوا ناسیۆنالستی کورد، بە ڕابەری بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی، بەهێزی میلیشیاو بە پشتیوانی و پاشکۆبوون بە دەوڵەتی ووڵاتانی تر، پارێزگاری لەخۆیان دەکەن و سەرمایەگوزاری و تاڵانچێتی و قاچاخچێتی دەکەن، ئەمە نمونەی ئەزمونی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتە لە کوردستاندا، کە هیچ هەنگاوێکی پێویستی بۆ خواستەکانی خەڵک نەنراوە.
لەوە گەوجانەتر نیە کە هەندێ لایەن و ڕۆشنفکر، ئومێدی ئەوە دەبەخشنەوە کە گۆڕانی ئەم دەسەڵاتە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت، زیانی ئەمجۆرە ئومێدانە دامرکانەوەی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریانەیە کە داوای کۆتایهێنانی ئەم دەسەڵاتە دەکەن، کۆتاییەک کە لەڕیگەی ڕاپەرینەوە تەواوی دامودەزگاکانیان هەڵدەوەشێنێت، دامودەزگایەک بەدەورو ئیرادەو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک دادەمەزرێننەوە.




زەنگێكی مەترسیدار بۆ خێزانی كورد.. پارێزەر/ ئاشتی ئەرسەلان

وەك پارێزەر و خەمخۆرێكی خێزانی كورد، كە رۆژانە لە نێو دادگاكان كاردەكەم دەمەوێت كۆمەڵگەكەم لە مەترسییەكی گەورە ئاگادار بكەمەوە، ئەگەرچی لێرەولەوێ‌ كۆمەڵێك كەس ئەم مەترسییەیان وروژاندووه‌ كە ڕووی لە تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردییە، بەڵام من ئەمجارە وەك شایەتحاڵێكی نێو دادگاكان بۆتان باس دەكەم كە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا چ مەترسییەكی گەورە خەریكە ڕوو لە هەموو خێزانێكی كورد دەكات.
هاوڵاتیانی ئازیز، دایك و باوكە بەڕیزەكان، بە داخەوە بە هەر هۆكارێك بێت ماددەی هۆشبەر تەشەنەی كردووە و لە ئێستادا لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە! گەنجەكانمان بەهۆی بەلاڕێدابردن و خەڵەتاندنیان لەلایەن كەسانێكی تووش بوو بە ماددەی هۆشبەر، ڕۆژانە ڕێژەی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر ڕوو لە زیاد بوونە، چونكه‌ بە شێوەیەكی خێرا بڵاودەبێتەوە. له‌م كاره‌ هەر بە گەنج نەوەستاون بەڵكو كاردەكرێت بۆ لە خشتەبردنی نەوجەوانانیش و تێوەگلانیان لەم كارە. لە بەشێك لە شارە گەورەكان بەهۆی بازرگانیكرن و رەواجدان بە ماددە هۆشبەرەكان گەڕەك نییە كۆمەڵێك گەنج یان تاكێك ئالودەی ئەم ماددە هۆشبەرانە نەبووبیت، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی جدی دروستكردووه‌ له‌سه‌ر ئایینده‌ی ڕۆڵه‌كانمان.
لێرەدا دەمەوێت بڵێم، زۆر گرنگە چاودێرییەكی چڕ و بەردەوامان هەبێت بۆ منداڵەكانمان كە ئایا هاوڕێیەتی كێ‌ دەكەن و هەڵسوكەوتی رۆژانەیان زیاتر لەگەڵ كێیە؟ وه‌ هه‌رگیز ڕێگایان نه‌ده‌ین شه‌وان بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ مه‌گه‌ر بۆ كارێكی پێویست نه‌بێت. بە حوكمی ئەوەی من رۆژانە لە دادگاكانم كاتێك ئەو هەموو گەنجە دەبینم كە ئالوودەی ماددەی هۆشبەرن دڵم ژان دەكات، زۆربەشی كاتێك پرسیاریان لێدەكەی كە چۆن تووش بوون؟ ئاماژە بەوە دەكه‌ن كە هۆكاری سەرەكی بۆ توشبوونیان (برادەر) بووە! بۆیە بەڕاستی دەبێت زۆر وریابین كە منداڵەكانمان كێ‌ دەكەن بە هاوڕێی و دۆستی ڕۆژانەیان. هەموو توێژەرانی دەروونی ئاماژە بەوە دەكەن كە منداڵ ئەوەندەی كاریگه‌ری ده‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ره‌ بە چاك و خراپی، ئەوەندە كاریگه‌ری ماڵه‌وه‌ی له‌سه‌ر نییه‌. پەیامبەرمان (د.خ) لە بارەی كاریگەری برادەر لەسەر برادەر دەفەرمووێت: (برادەر لەسەر دینی برادەرەكەیەتی). ئینجا لە هەمووی ناخۆشتر و كارەساتبارتر ئەوەیە كە لەم زەمەنەی ئیستادا كێشەكە گەورەتر بووە، چونكە هەر بە گەنجی كوڕ نەوەستاوە بەڵكو كچ و ژنانیشیان ئالودەی ئەم ماددە هۆشبەرانە كردووە و خزاوەتە نێو خێزانی كورد!
بە داخەوە رۆژانە دەیان كەیسی ماددەی هۆشبەر لە دادگاكان بوونیان هەیە، ئەگەر بە شێوەیەكی چڕ و پڕ كاری لەسەر نەكرێت و رێگری نەكرێت لە هاتنە ناوەوەی ئەم ماددانە بۆ كوردستان، ئەوا دڵنیام لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو ژمارەیەی كە ئێستا هەیە چەند قات دەبێتەوە. بۆیە زۆر گرنگە خێزانی كورد بە گشتی وشیار بێتەوە و لە مەترسی ئەم ماددە هۆشبەرانە ئاگادار بێت، چونكە هەڕەشەیەكی جدی هەیە بۆ داهاتووی وڵاتمان.
ئەی گەنجی بەڕێز، لە توشبوون بە ماددە هۆشبەرەكان جگە لەوەی خۆت زەرەرمەندی یەكەمی ئەی بیرت لە دەوروبەرت كردووەتەوە؟ دایك، باوك، خوشك، برا… ئەی ئەوانەی ماڵ و منداڵیان هەیە و خیزاندارن چی!؟ خودای گەورە عەقڵ و هۆشێكی باشی پێدای بۆچی بە پارەی خۆت عەقڵ و هۆشت لەناو دەبەیت و سەرئەنجام لە چواردیواری بەندینخانە خۆت دەبینیەوە؟!

پارێزەر/ ئاشتی ئەرسەلان




پەیوەندی سۆزداری، خۆشەویستی یەکلایەنە و بەشێك لە لێکەوتەکانی..166.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی١٦٦

لە ڕوانگەی زانستییەوە، خۆشەویستی یەکلایەنە دیاردەیەکی فیسیۆلۆژی و دەروونییە کە کاریگەری بەرچاوی لەسەر سیستەمی هۆرمۆنی و دەماری مرۆڤ هەیە. کاتێک مرۆڤ تووشی ئەم دۆخە دەبێت، مێشک دەست دەکات بە دەردانی ڕێژەیەکی زۆر لە هۆرمۆنی دۆپامین و نۆرئەدرینالین، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی خۆشەویستی بەهێز و پەیوەستبوون بە کەسێکی دیاریکراوەوە.

لە ڕووی دەروونییەوە، ئەم دۆخە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی خولێکی نەرێنی لە بیرکردنەوەدا. مێشک بە شێوەیەکی بەردەوام سەرقاڵی بیرکردنەوە لە کەسی خۆشەویست دەبێت، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر چۆنیەتی ژیانی ڕۆژانە و بەرهەمداری کەسەکە دروست دەکات. توێژینەوە زانستییەکان پیشانیان داوە کە ئەم دۆخە دەتوانێت کاریگەری لەسەر سیستەمی خەوتن، خواردن و تەندروستی گشتی کەسەکە دابنێت.

لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە، خۆشەویستی یەکلایەنە دەتوانێت وەک دەرفەتێک بۆ گەشەکردنی کەسایەتی سەیر بکرێت. ئەم ئەزموونە، سەرەڕای ناخۆشییەکەی، دەرفەتێکی باشە بۆ ناسینی خود و پەرەپێدانی توانا کەسییەکان. زۆربەی توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم قۆناغە دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزبوونی کەسایەتی و فێربوونی شارەزایی نوێ لە بواری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا.

چارەسەری زانستی بۆ ئەم دۆخە پشت دەبەستێت بە تێگەیشتنی قووڵ لە میکانیزمی کارکردنی مێشك و سیستەمی هۆرمۆنی. توێژەران پێشنیاری بەکارهێنانی چەندین ڕێگەی تایبەت دەکەن کە لەسەر بنەمای گۆڕینی پەیوەندی نێوان خانە دەمارییەکان داڕێژراون. یەکێک لە گرنگترین ئەم ڕێگایانە، چالاکی جەستەیی بەردەوامە کە دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی ئەندۆرفین و باشترکردنی مەزاجی کەسەکە.

پڕۆسەی چاکبوونەوە لەم دۆخە پێویستی بە کات و بەرنامەیەکی تایبەت هەیە. توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە بە گشتی ٣ بۆ ٦ مانگ پێویستە بۆ ئەوەی مێشک بگەڕێتەوە بۆ دۆخی هاوسەنگی خۆی. لەم ماوەیەدا، گرنگە کەسەکە سەرقاڵی چالاکی نوێ و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز بێت، چونکە ئەمە یارمەتی دروستبوونی پەیوەندی دەماری نوێ دەدات لە مێشکدا.

خۆشەویستی یەکلایەنە دۆخێکی کاتییە و بە تێپەڕبوونی کات و بەکارهێنانی ستراتیژی زانستی، کەسەکە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی و تەندروست. ئەم گەڕانەوەیە پێویستی بە بەدواداچوونی بەردەوام و پابەندبوون بە پڕۆگرامی چارەسەری هەیە، بەڵام ئەنجامەکەی بە دڵنیاییەوە ئەرێنی دەبێت.

سەرچاوە:
1-https://www.medicalnewstoday.com/articles/one-sided-relationship

2-https://www.forbes.com/sites/traversmark/2024/09/16/a-psychologist-shares-5-types-of-unrequited-love-and-which-is-worst/

3-https://www.verywellmind.com/one-sided-relationship-signs-causes-effects-coping-5216120

4-https://www.psychologs.com/one-sided-love-and-its-impact-on-mental-health/?amp=1




تەنز/ سەعدۆ و هەلا بیلنەشاما.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

سەعدەدین، كە ئێمە بە سەعدۆ بانگمان دەكرد، كوڕێكی ڕەقەڵەی كەپوو قنجی چاوشین بوو، باوكی وی لەناو قەیسەری، دوكانی جاجم و خرار و جەواڵفرۆشیی هەبوو. ئێواران دوای دەوامی قوتابخانە بۆ هاریكاریی باوكی دەچووە دوكانەكە، بە قسەی خۆی دەیگوت ئێمە شكاكین و لە بەری ئێرانەوە هاتووین. سەعدۆ هاوپۆلی من بوو لە پێنجی زانستی و قوتابییەكی هاروهاج و فێڵزان و چاوكراوە و بە جوولەجوولیش بوو، وەلێ لە ماتماتیك ئەوەندە زیت و زرنگ بوو، وەك دەڵێن ئاگری قودرەتێ بوو! زیرەكییەكەی بە ڕاددەیەك بوو، جار هەبوو هەستم دەكرد مامۆستاكەمان سڵی لێ دەكاتەوە. قەت لە ماتماتیك و شیكارییەكانی دانەدەما. ڕۆژانە دوای بەربوونمان لە مەكتەب، من و سەعدۆ بە پێ بەناو كۆڵانەكانی گەڕەكی عارەباندا دەگەیشتینە ناو بازاڕ و ئەو بەرەو دوكان و منیش بەرەو گۆڕەپانەكەی شوێنی یانەی كۆنی فەرمانبەران و لەوێ سواری پاسەكانی ئیسكان دەبووم و دەگەڕامەوە ماڵەوە. سەردەمانی ناكۆكیی نێوان حكوومەتی عیراق و كورد، دوای ڕێكەوتننامەی یازدەی مارت، لە نیوەی یەكەمی حەفتاكانی بووری، وەختێك سەعدۆ دیار نەما. زۆرجار بەكن دوكانەكەی باوكی دادەچووم، دەمبینی داخراوە، تومەز بابی وی بەگەڵ پێشمەرگە و ئەو خەڵكە كەوتووە كە بۆ پێشمەرگایەتی چوونەتە سەرەوە بۆ شاخ! دوای ئەوە ئیتر من سەعدۆم نەدیتەوە. نزیكەی چل ساڵ دواتر، ڕۆژێكیان لە تەیراوە، نزیك مزگەوتەكەی مەلا ڕەشید لەسەر عەرەبانەیەك دانەویبوومەوە، خەریكی پیواز بژاردن بووم، كە سەرم قیت كردەوە زەلامێكی چوارشانە تەماشای دەكردم، دوای دوو سێ جار تەماشاكردن و دیققەتدان، بۆم دەركەوت ئەمە سەعە خۆیەتی! هاوارێكم كردێ: كوڕە سەعدۆ؟ ئەوە تۆی؟ لێم سووڕایەوە و باوەشمان بەیەكدا كرد، ڕاستی من نازانم لە خۆشییان بوو یان لە چی! فرمێسك زایە چاوم و ئاگام لە پیوازومیواز نەما!.. هەستم كرد سەعدۆ زۆر گۆڕاوە، پێشتر لەڕ و لاوازێكی سیرمە بوو، ئێستا یەكی كەتەی چوارشانەی لێ دەرچووە!.. لەبیرمە لە پۆلی پێنج كە مامۆستا عومەر لە وانەی ڕووەكزانی، پرسیاری ئەركی ماڵەوەی لێ دەكرد، ئەو نەیدەزانی و لێی باش نەبوو چونكە حەزی بە دەرسەكە نەبوو و نەشیدەخوێند! پێی دەگوت: (دانیشە! سەعدۆی پیسی سیسی سیرمەی سەر سەیانی). هەر شەش وشەی ڕستەكەی عومەرەفەندی، پیتی (س)یان تێدا بوو، بۆیە قسەكەی ئەوەندە مۆسیقی و شیعراوی دەهاتە بەر گوێمان، هی هەندێ نەبوو لەبیری بكەین.. من لە باسی یادگارییەكانی ئەوكاتە، ئەوەی عومەرەفەندیم بیرخستەوە، ئیتر هەردووكمان لە بیرخستنەوەی ئەمە و بیرەوەریی دیكەی ئەو سەردەمانە دەتریقاینەوە و دەماندایە قاقای پێكەنین. خۆشیی سەردەمانی هەرزەكاری، لە تۆمارگەی هزرماندا بە هەوەنتە ناسڕێتەوە!.. لەگەڵ سەعدۆ لە جووت جادەكەی تەیراوە، بەدەم پیاسەوە خەریكی گێڕانەوەی سەرهاتەكانی ساڵانی قوتابخانە و هاوپۆلیمان بووین.. خۆشترینی ئەوانەی سەعدۆ بیری خستمەوە، كە یەكێكە لە تاكتیكەكانی هونەری فرتبازی و فێڵزانی! مەگەر تەنیا یەكێكی وەك سەعدۆی ماتماتیكزانی زۆڵ، بیری بۆ ئەم جۆرە فێڵانە بچێ!..
سەعدۆ گێڕایەوە: عەبە، لەبیرتە ئەو ڕۆژەی تووشی ژانە ددانێك بووم وەختابوو لەدەستی بگریم؟ ڕاستییەكەی ددانێشەكەیم لەبیر بوو، بەڵام بەهۆی زەینكوێرییەوە چیڕۆكەكەیم بەباشی نەدەهاتەوە یاد! سەعدۆ لە سەرابنەوە دەستی بە گێڕانەوە كرد: شەوێكیان بەهۆی ژانی ددانمەوە خەو نەچووبووە چاوم، چەند حەبێكی پۆنستانتیشم خواردبوو، كاریگەرییان نەبوو، بەیانییەكەی هاتمە بازاڕ و تا نزیكی نیوەڕۆ لە دوكانەكەمان خۆمم غافڵاند، كەچی ژانە ددان دەتگوت مارەزیوە لەناو ددانێكم دەگەڕێ و بەری نەدەدام!. بۆ سەعات دوازدە، كە تۆ هاتیە دوام و بەیەكەوە شۆڕبووینەوە قوتابخانە، من بەهۆی ژانەكەمەوە حەجمینم لێ بڕابوو، ئاگام لە دەرس و دەوام نەمابوو، تۆیش لە پشووی وانەی سێیەم، منت بردە لای مامۆستا سەڵاح مەردان، كە مامۆستایەكی توركمان بوو، ماوەیەك بووە بەڕێوەبەرمان، لەوێ مۆڵەتی نەخۆشی و چوونە دختۆرمان وەرگرت و هاتینە دەرەوە. هەر بە پێ چووینە شەقامی پزیشكان، لەوێ نۆڕینگەی چەند دختۆرێكی ددانمان دۆزییەوە، یەكیان وابزانم ناوی دختۆر تەڵعەت بوو! چەند دختۆرێكی تریش لە خوار ئەو هەبوون، یەكی تریان پێم وابێ ناوی دختۆر یاوس یان یەڵماز بوو! باشت لەبیرە كە من پارەی تەواوم پێ نەبوو، دەستت لەناو هەردوو گیرفانی شەرواڵەكەم ڕاكرد، لە نیو دینار زیاترت نەدیتەوە، خۆشت ڕۆژاناسا هەر پارەی پاسی گەڕانەوە بۆ ماڵەوەت پێ بوو. لە نۆڕینگەی دختۆر تەڵعەت بەسەركەوتین، دوای نیو سەعات چاوەڕێ، لە دختۆر چووینە ژوورەوە. كە دختۆرەكە تاماشای ددانی كردم، سەرێكی بادا و گوتی:
ددانت كلۆر بووە و پێویستی بە هەڵقۆڵین و پاككردنەوە و پڕكردنەوەیە.
منیش هەر نیگەرانی ئەوە بووم كە پارەكەی بەڕكم بەشی چارەی ددانەكەم ناكات. دختۆرەكە تەماشایەكی كردمێ تا بزانێ ئاخۆ چی دەڵێم!
باشە یان نا؟
گوتمە دختۆر: ئەم پڕكردنەوەیە چەندی دەوێ؟ مەبەستم تەكلیفی پارەكەیە.
دختۆرەكە وەڵامی دامەوە: كاكە گیان بەهەمووی دەكاتە دوو دینار.
لە دختۆرەكەم پرسی، بۆ وا گرانە؟
گوتی: دینارێك هەقی بەنجەكەیە و دینارێكیش هیی پڕكردنەوەكەی. نرخەكە دیاریكراوە.
بیرم كردەوە، قیڕوسیا. گوتم: زۆرباشە، بەنجەكەی لێدە.
دختۆر دوو بەنجی لەملاولای ددانەكەم دا و گوتی: فەرموو لە دەرەوە بیست خولەكێك چاوەنۆڕبە تا بەنجەكە كاری خۆی دەكات.
هاتینە دەرەوە و پێنج خولەكێك لە بەر دەركی دختۆرەكە لای ڕێكخەری كارەكانی، دانیشتین. من هەر لە بیركردنەوەی ئەوەدا بووم چی دەقەومێ ئەگەر تەواوی پارەكەم نەبێ بیدەمە دختۆر؟
لەهیكڕا بیرێك هزری ڕاژەنیم.. عەبە، بیرتە بەیەكەوە هاتینە خوارەوە و چووینە لای دختۆرێكی دیكەی ددان؟ هەڵە نەبم هەر دختۆر یاوسەكە بوو!.. لەوێ ڕێكخەرەكەی دوای نزیكەی چارەكە سەعاتێك ناردینیە لای ئەو دختۆرە. ئەویش بە وردی لە ددانە بەنجاوییەكەم ڕاما و گوتی:
ددانەكەت زۆر كلۆر بووە و پێویستی بە پڕكردنەوەیە، ئەمەیش بە بەنج دەكرێ.
گوتمە دختۆرەكە: سەرلەبەری ئیشەكە، چەندی پارە پێویستە؟
وەڵامی دایەوە: گەر دەتەوێ ببڕای ببڕ، ئەو ددانەت ژانی نەیەتەوە، هەمووی دەكاتە دوو دینار.
گوتم: بۆ ئەوەندە گرانە؟
گوتی: دینارێك هەقی بەنجەكەیە و دینارێكیش هیی پڕكردنەوەكەی. نرخەكە دیاریكراوە.
پێشتر بیرم كردبووەوە پلانی فێڵێكی تۆكمەم دانابوو، بەڵكوو بە نیوە لێی دەرچم و دواتریش ڕێیەك بۆ باقی پارەی تێچوو بدۆزمەوە!
تەماشایەكی دختۆرەكەم كرد، ئەویش هەر چاوەنۆڕی وەڵامدانەوەمە. ترسێك ناخی گرتم. دوای چەند چركەیەك ڕووم كردە دختۆرەكە و گوتم:
باشە دختۆر گیان، ئەگەر بێ بەنج ددانەكەم بۆ پڕكەیتەوە، بێگومان هەقدەست و چارەسەری خۆ هەمان نرخ نییە؟ دەبێ نیوە بێت! مەبەستم بوو دوای ئەوەیش هێشتا نرخەكەی پێ كەم بكەمەوە.
وەڵامی دامەوە: بابی من، ئەو ددانەت زۆر كلۆر بووە، چۆن بەرگەی ژانی ڕنین و چاكردنەوەی دەگریت؟ خۆ ئەمە گاڵتەی منداڵان نییە؟
گوتم: با، بۆ من گاڵتەی منداڵانە و دڵنیام بەرگەی دەگرم.
دختۆرەكە زۆری مشتومڕ لەگەڵ كردم، سوودی نەبوو، من هەر سوور بووم لەسەر ئەوەی هەر دەبێ بێ بەنج بیكەم. ئەویش تووڕە بوو و گوتی:
شەرتبێ تۆ ئەوەندە جوامێر و ئازا و پیاو بیت و بێ بەنج لەژێر دەستم بەئارامی داسەكنێیت. شەرتبێ هیچت پارە لێ وەرنەگرم. سەیرە هاااا! تۆ لەو تەمەنەت چۆن دەتوانی بەرگەی ئەو ژانە بگریت؟ بێ بەنج؟! نامەوێ من پارەم ناوێ. دەی وەرەوە ژێر دەستم.. چوومەوە سەر كورسییەكەی و كەوتمەوە ژێر دەستی. دەستی بە ڕنینكاریی ددانەكەم كرد و نیو سەعات بەرگەی ئەو ژانەم!! گرت. هەتا هاتینە دەرەوەیش دختۆرەكە هەر بە واق وڕماوی تەماشای دەكردم و دەیگوت: یا هەلە بیلنەشاما!
خۆم و پارەی گیرفانی شەرواڵم وەكوو خۆی، سوپاسێكی گەرمی دختۆرم كرد. خۆ لەبیرتە، وەك پاڵەوانێك بەپێشت كەوتم و لە قاڵدرمەكان هاتینە خوارەوە؟. دوای سەعاتێك زیاتریش بەنجەكەی دختۆر تەلعەت هەر بەرینەدابووم.
تا گۆڕەپانی پاسەكان بەیەكەوە بووین و بەدرێژایی ئەو ڕێیە پێكەنین بەرینەدەداین و ئەو خەڵكەش هەر تەماشای دەكردین. لە گۆڕەپانەكە تەوقەیەكمان كرد و تەماشایەكی دوڕ چاوم كردیت، سكم پێت سووتا، من دەستم لە گیرفانم نا و لەو پارەیەی پێم بوو ڕوبعێكم خستە گیرفانت و تا لێك بزربووین هەر پێدەكەنیین.
————————————————
*هیچ مەرج نییە، چیڕۆك بەسەرهات یان گێڕانەوە یان ڕەنگدانەوەی ڕاستی بێت.
ع.ف




وەک مۆلۆتۆڤ لەسەر شەقام!.. ئومێد قەرەنی

ئەو شیعرەم بۆ خۆمە؛
ئەتۆ بڵێی
لەبری هەموو ئەو شەوە تاڵانەی
کە سەرخۆش بووم بۆ خنکاندنی ترسەکانم
جیهانێکی دیکە هەبووبێ بێ پۆلیس؟
هەسارەیەک بێ توندوتیژیی؟
ئەستێرەیەک بێ بەدبەختیی؟

ئەو شیعرەم بۆ یارە؛
کاتێ تەنیاییم وەک تیغێکی تیژ
لەسەر دەماری ملی ڕووتی دادەنێم.
ئەو شیعرەم بۆ هاوڕێیەکانمە؛
کاتێ ئارەقە لە هەنیەیانەوە دادەچۆڕێ
سەختە بزانی رەنگی پانتۆڵەکانیان چیە،
ژێر نینۆکەکانیان ڕەنگاوڕەنگە
هەڵسوکەوتیان بە دڵی تۆ نییە،
نازانن سیستەم چیە!
کەچی دەوڵەت، هەموو ڕۆژێ
لە ڕێی تەزووی کارەباوە
لە ڕێی بۆڕیی ئاوەڕۆوە
دێتە نێو ماڵەکانیانەوە!

ئەو شیعرەم بۆ خۆمانە؛
کاتێ ئایندەمان تا سبەی دەڕوا
ئێستامان تا دوێنێ
ئەمڕۆمان لە بۆشاییدایە.

ڕەنگە دوا جار ئەو شیعرەم هەر بۆ خۆم بێ؛
هیچم نییە لێی بترسم
هیچم نییە لە دەستی بدەم
دەمەوێ سبەی ئومێدێکی دیکە بم
یەک دەم بژیم و ونببم
وەک یاریی ئاگرین لە ئاسماندا
وەک مۆلۆتۆڤ لەسەر شەقام!

ئومێد قەرەنی




دینێک بۆ فرۆشتن!.. ڕێبوار ڕەشید

گۆڕانکاریی کۆنەپەرستانەی سی ساڵی ڕابردوو لە باشووری کوردستان و گەڕانەوەی بۆ دواوە هۆی سیاسییان لە پشتەوەیە. یەکێک لە گرنگترین لەو هۆیانە پرسی دینە. لە هەناوی ئاینی ئیسلامەوە جۆرگەلێک لە ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی لەم دەڤەرە دروست کراون کە لە هەر شتێک بچن لە دینێک ناچن.
مێژووی ئایین زۆر تازەترە لە مێژووی مرۆڤ. ئایین بەرهەمی دەیان هەزار ساڵ پاش پێشکەوتنی مرۆڤە بۆ بوونەوەرێک کە بتوانێت بدوێت و بیر بکاتەوە و هەستی خۆی دەرببڕێت. لە سەرەتادا ترس لە بورکان و ئاگرکەوتنەوە و تاریکیی و چڕیی دارستانەکان و قووڵیی و فراوانیی دەریاکان و پانتایی ئاسمان و ئەو شتانەی دیکە مرۆڤی ترساندووە و خستوویەتیە گومان و ڕازەوە. مرۆڤ زۆر پێش ئەوەی بتوانێت بدوێت و بپرسێت و بیر بکاتەوە، هەستی بە ترس کردوە کاتێک بینیوویەتی لە چاو دیاردە و کارەساتەکانی سرووشت و ئاژەڵانی کێویی و گۆڕانی وەرزەکاندا خۆی بوونەوەرێکی بەستەزمان و بچووکە.
بە پێی زانست ئێمە دەزانین مرۆڤی ئەمڕۆ گەشەی هۆمۆ سەیپیانزە و لە کیشوەری ئەفریقاوە سەرچاوە دەگرێت و کە پاشان بە جیهانی ئەمڕۆدا بڵاوبوونەتەوە. لەگەڵ بڵاوبوونەوە و نیشتەجیبووندا کولتور و نەریت و زمان و هتد پەیدابوون و گۆڕانکارییان بە سەردا هاتووە.
بە چاوخشاندنی زۆر سەرپێیی کە هیچ ماندووبوونێکی ناوێت بۆمان دەردەکەوێت کە دینەکان یەکێک لەو لایەنانەی مرۆڤن کە پاش چەندین هەزار ساڵ لە هەبوونی مرۆڤ پەیدابوون و زیاتر پێوەندییان بە جوگرافیا و سرووشتی شوێن و کاتەوە هەیە، وەک لە مرۆڤ.
کاتێک مرۆڤێک لە بەشە هیندوسەکەی هیندوستان لە دایک بێت ئەوا هەر لە دایکەوە دینەکەی هیندوسە و خودا مەزنەکەی براهمایە و لەوێشە و هەندێک خودای دیکەی وەکو شیڤا و هاوسەرەکەی پەرەڤاتی و کوڕەکانی گانیشا و کارتیکەیا و چەندینی تر هەن. یاخود بودیست یان جانیست یان هەر شتێکی تر بێت. خۆئەگەر لە چین لە دایک بێت ئەگەر بودیست نەبێت کۆنفۆشیانیستە و ئەگەر نا ئەوا تائویستە و بێگومان وەکو هەموو مرۆڤێکی تر دەتوانن باوەڕیان بە هیچ لەم دینانە نەبێت و ئەتێئیست یا ئەگنۆتیست بن یان هەر هیچ بە لایانەوە گرنگ نەبێت. ئەگەر هەمان مرۆڤ لە دونیای مەسیحدا لە دایک بێت جۆرەکانی مەسیحیی دەبێت و لە جیهانی جوولەکەدا بە یەهودی لە دایک دەبێت. ئەو مرۆڤەی لە سەردەم و لە جوگرافیای فینیقیدا ژیابێت ئایینەکەی باڵت بووە کە خودای خۆر و زریان بووە و لە سەردەمی میترادا میترایی و لە سەردەمی زەردەشتییدا زەردەشتیی بووە و بەو شێوەیە.
مرۆڤ پێش داگیرکاریەکانی کریستیانیزم (مەسیحیەت) لە ناو جوگرافیای سکاندیناڤیا باوەڕی بە خوداوەندی ئاسا بووە. خوداوەندەکانی تر وەکو تور و ئۆدێن و فرەی و فرەیا و هتد هەبوون. باوەڕداران لە ژێر فشار و هەڕەشە و گوڕەشەی زۆردا ناچار کراون ببن بە عیسایی. زۆر لە ئایینەکانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریقا و ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجامی داگیرکردنەکانەوە بچووک بوونەتەوە یان بوون بە بۆنەیەکی کولتوریی یاخود هەر نەماون. ئاینێک هەمیشە بووە بە ئاینی ئەو ناوچە جوگرافیایە کە تێیدا بڵاو بووەتەوە.
لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا ئاینێک بووە بە ئایینی فەرمیی دەوڵەت. ئەمە لە مێژوودا نموونەی زۆرە. کریستیانیزم لە ماوەی سێ (300) سەد ساڵدا دینێکی تەواو جیاواز بوو لەگەڵ ئەو کاتەدا کە بوو بە ئایینی ڕۆما و بوو بە ئایینی دەسەڵات. پاشان بۆ نموونە لەو وڵاتانەدا کە بە هۆی جیاواز پێیان دەگوترێت “شارستانیی” وەکو ئوروپا و ئەمەریکا و هەندێک وڵاتی تر ئایین لە دەوڵەت و سیاسەت جیا کراوەتەوە. بەو شێوەیە بەرپرسیاریەتیی مرۆڤ بەرامبەر هاومرۆڤ و خاک و یاسا و ڕێساکان و کار و ئەرک و ماف و لەبەرچاوگرتنی یاسانەنووسراوەکان لە سفارێکدایە کە پێوەندیی بە مرۆڤ و خوداکەیەوە نییە. هیندوسێک و موسڵمانێک و کریستیانێک و جوویەک و ئەتائیستێک و ئەگنۆتیستێک و یەکێکی تر کە بتێک بپەرستێت، جا ژن بێت یان پیاو یان نێرەموکێک یاخود ڕەشپێست یان سپیپێست یان سەر بە هەر ئەتنیکێک بێت لە بەردەم یاسا و ڕێسا و دادگا و خوێندنگا و نەخۆشخانە و تاد جیاوازیەکیان نییە.
خەڵکی هەموو ناوچەیەکی ئەم گۆی زەمینە بانگەشەی باشترین و میهرەبانترین و گەورەترین و بەدەسەڵاتدارترین بۆ خودا و ئاینیی خۆیان دەکەن. تەنانەت ئایینە بچووکەکانیش خۆیان بە باشترینەکان دادەنێن. هەموو ئەم خوداوەندانەی جیهان کە بە هەزارانن بە شێوەی جیاواز داوای گوێڕایەڵیی دەکەن و بە تۆڵەسەندنەوەی توند هەڕەشە لە سەرپێچییکاران دەکەن.
مرۆڤی ئەمڕۆ لە جیهاندا کە بەرەو ٨ ملیارد دەچێت نە کەمتر لە چوار (4) هەزار خودای بە ناوی جیاوازەوە هەیە. هەر یەکێک لە ئەمانە خودای خۆیان بە گەورەترین و بەهێزترین و دەسەڵاتدارترین و میهرەبانترین دادەنێت و هاوکات کاتێک پێویست بکات بە توندترین و تۆڵەستێندترین خودا. هیچ کەس و لایەنێک خودای خۆی بە کەمتر و بێهێزتر و لاوازتر لە هیچ خودایەکی دیکە دانانێت و تا ئەمڕۆش شەڕی بچووک و گەورە لە سەر ئەم بێنەوبەرەیە لێرەولەوێ ڕوو دەدەن. هەموو ئەمانە بە کۆمەڵێک هەڵبەستراوە و پێداگرتن باسی گەورەیی خودا و پەیامنێر و نووسراوەی خۆیان دەکەن. ئەگەر تا ڕادەیەک یاسای نێوخۆیی یان نێودەوڵەتیی نەبێت ئەوا زۆرینەی ئەم دینانە پاوانی یەکتر دەبەزێنن و هەڵ دەکەوتنە سەر یەکتر و کۆمەڵکوژیی گەورە ئەنجام دەدەن. میهرەبانیی دین و گەورەیی و بەخشندەیی خوداکانیان هەرگیز ئەوەندە بەس ناکات کە یەکتر بە هەرچی خراپەکارییە تاوانبار نەکەن. ئەمە لە مێژوودا سەلمێندراوە.
ئیسلامیش وەکو ئایینێک لە جیهانی خۆیدا خودا و کتێب و پێغەمەری خۆی بە گەورەترین و باشترین و چاکترین دادەنێت. ئەمە کە خەسڵەتی هەموو ئایینێکە تا ئێرە ئاساییە.
لە ناو هەموو ئەم دینانەی سەر زەمیندا کە هەن و کە ژمارەیان بە هەزارانە، ئایینی ئیسلام لە ئاڵۆزترین و ناڕۆشنترین دینەکانە و بە پێی ئەو لێکدانەوانەی رۆژانە لە دەمی ئەوانەوە کە نوێنەرایەتی ”ئەڵڵا“ دەکەن و لێیان دەبیستین،لە ڕۆزگاری ئەمڕۆدا ئیسلام هیچ پێناسە و سنوور و میچێکی نییە. ڕاستە ئاماژە بەپێنج کۆڵەکەی ئیسلام دەکرێت و ئەویش کە خۆی حەدیسێکە (گێڕانەوەیەکە!)، بەڵام هەر سەدان و بگرە هەزاران تەفسیریی جیاواز بۆ قورئان و حەدیسەکان و کردە ڕۆژانەییەکان دەکرێت، و هاوکات هاواریش دەکرێت کە ”ئێمە هەموو موسڵمانین“.
لە ڕاستییدا لە زۆربەی دۆخەکاندا تەنها ”ئەڵڵا” خاڵی هاوبەشە، دەنا تەنانەت خودی پێغەمبەر و حەدیسەکان کە دەگوترێت هی ئەو یان کەسایەتیی دیکەی موسڵمانن نابن بە خاڵی هاوبەش.
ئیسلام ئایینێکە هێندەی ژمارەی لایەنگرانی خۆی جۆری هەیە. هەر موسڵمانە و دەتوانێت بە ئارەزووی دڵی خۆی پێناسەی موسڵمانبوونەکەی و ئیسلام بکات.
هیچ یەکێک لەم دینانەی سەر زەوی ئەگەرچی هەندێکیان راستەوخۆ خۆیان بە ئاسمانیی دادەنێن و یەکتاپەرستن و هی دیکەش وەکو هیندویزم یەکتاپەرست بەڵام ئاسمانیی نییە، وەکو ئیسلام خۆی بە کۆتا دین و بە هەرە ڕاستترین دانانێت و نەهی و نەفی لەوانی تر ناکات. لە ناو ئەم چەند هەزار دینەی سەر زەمیندا تەنها ئیسلامە کە بە داری زۆرێ خۆی بە سەر تاکەکەسدا دەسەپێنێت و خۆی بە دوا دین دا دەنێت لەو مانایەدا کە ئیتر هەرچی هەیە پووچەڵ دەبنەوە.
ئایینی یەهودی کە بناخەی کریستیانیزمیشە و لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ ئیسلام هەیە هەروەکو ئیسلام یەکتاپەرستە، بەڵام دروست بە پێچەوانەی ئیسلامەوە ئایینێکی فراوانخواز و پەرەستێنخواز و پاوانخواز نییە. ئەم جیاوازییە زۆر گەورە و بنەڕەتییە. مرۆڤێک ئەگەر بیەوێت و سەدان جاریش و داوا بکات بە یەهودی قبوڵ ناکرێت. هیندویزمیش بە هەمان شێوەیە. کریستیانیزمی ئەمڕۆش هەر وایە و لە زۆربەی ئایینیەکانی دیکەدا دەبێت خۆت بە دڵخوازی خۆت داوا بکەیت و کەسیش چاوەدێریت بۆ پێڕەوکردن و پیادەکردن ناکات.
ئیسلام سەر دیوار و بندیوار و چواردەور لە مرۆڤ دەگرێت و جارێک بە شایەتومانی سەر غەرغەرەی مەرگیش ڕازیە و جارێک بە سەربەرزییەوە شایەتومانی ژێر چەقۆ و کێردیش وەردەگرێت. جارێک بە قسەی مەلاکان هەر کەسێک نوێژ نەکات هەرگیز بەهەشت نابینێت و جارێک تەنیا خودا خۆی لە ڕۆژی قیامەتدا بڕیار دەدات و تەانەت باسی دوا مرۆڤیش دەکرێت کە لە دۆزەخەوە بۆ بەهەشت دەنێردرێت. تاوانبارانی دز و تاڵانچی و بکوژ و ببڕ حەواڵەی خودا دەکرێن، بەڵام خودا دەتوانێت هەر هەموویان یان ئەوانەی دەیەوێت ببەخشێت بێ گوێدان بەو کەسانەی لە سەر زەوی زیانیان پێ گەیشتووە یان “ناچن بۆ ناو بەهەشت تا وشتر بە کونەدەرزیدا تێپەڕ نەبێت/ ولا یدخلون الجنە حتی یلج الجمل فی سم الخیاط”. هاوکاتیش نوێژێکی لەیلەتوقەدر یان حەجێک و عەمرەیەک دەتوانێت هەموو گوناهەکان بسڕێتەوە و بەو شێوەیە.
چوون بۆ بەهەشت چەندیش ئاسان یان زەحمەت بێت ئەوا بە پێچەوانەی ئایینەکانی ترەوە ئیسلام بە قامچی دوات دەکەوێت تا بتکات بە موسڵمان و لە بەر خاتری خۆشت دەیکات. لەبەرئەوە نا کە خودا پێویستی بە بوونی تۆ وەک موسڵمانێک هەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی خودا لێت ڕازی بێت و بچیت بۆ بەهەشت و خۆشت لێ بگوزەرێت.
لە ئەگەری بەموسڵمان نەبووندا بە کافر و مولحید و هتد جوێنبارانت دەکەن و بێ لە ئەوەی لە سەر زەوی بە شێوەی جیاواز هەڕەشەت لێ دەکەن ئەوا بە سووتاندنی هەتاهەتایی و شەق و تێهەڵدان و سووکایەتییپێکردنی ئەو دنیا (قیامەت/ زیندووبوونەوە) بۆت تەواو دەکەن. هەندێکیان هیندە دەڕۆن دەڵێن کە خودی ئەڵلا شەقشەقێنت پێ دەکات. دوا بڕیار و لێبووردەیی و بەخشینەکانی خودا بە ئاسانیی لە بیر دەکرێن.
نوێنەرانی ئەم ئایینە دەیان حەدیس بۆ نموونە بۆ ئەوە هەیە کە هەر کەس لە سەر دین و باوەڕی خۆی بێت با ببێت و بە دەیان حەدیسیش لە سەر ئەوە هەیە کە نوێژنەکەر کافرە و کە تەنانەت ئەوانی هاوڕێیەتیی نوێژنەکەر دەکەن کافرن و کە تەنانەت هاوسەرەکانیشیان پێیان حەرامن و کە تەنیا چارەسەریان کە بە کافری نەمرن ئەویە کە لێیان جیاببنەوە و بەو شێوەیە.
ئەم نموونە خۆدژگۆیانە/ کۆنترادیکتانە (تناقض) هەموویان دەتوانن ڕاست ین و هەمووشیان دەتوانن هەڵە بن. بە پێی دەسەڵات و کات و شوێن و بەرژەوەندیی لایەنەکان و کەسانی دووچار و مەبەستی سەرەکیی سەرئەنجامەکان دەگۆڕدرێن. لە ئەم نوێنەرایەتیەدا ئامانج ڕێبازەکان پیرۆز دەکات و ئامانجیش هەمیشە بردنەوەیە لە ئەو کەسەی دژبەرە. کێشە لە سەر هێلکەی کەڵەشێرێک کە چۆن دابەش بکرێت لە حاڵەتێکدا ئەگەر سێ کەس خۆیان بکەن بە خاوەنی، سەدان مەلا بە حەدیسی جیاواز و ئایەتی جیاواز و لێکدانەوەی جیاوازەوە ئەو هێلکەیە بە یەکێک لەو سێ کەسە ڕەوا دەبینن و ئەو ڕاستییەی کە کەڵەشێر هێلکە ناکات هەرگیز نابێت بە باس.
لە دیدێکی ترەوە کاتێک لە جوگرافیای دونیای ئیسلام دەڕووانین دەبینین دەسەڵاتدارانی لەم سەر بۆ ئەو سەری ئەم دونیای ئیسلامە لە سەر گەل و نیشتیمانی خۆیان تۆتالیتار و دیکتاتۆر و تاڵانچین. لە کۆماری ئیسلامیی مۆریتانیاوە کە یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی جیهانە و هەروەها یەکێکیش لە وڵاتە هەژارە خراپەکانە کە تەنانەت کۆیلەشی تیادا دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت بە ناو هەموو باکووری ئەفریقا (تونسی لێ دەربچێت) بەرەو قووڵاییەکانی دونیای ئیسلامدا تا دەگاتە بەنگلادیش خەسڵەتە تایبەتییەکانیان کە بووە بە ناسنامەیان، بریتیین لە فەسادی ئەخلاقیی و کوشتن و بڕین و ستەمی میللی و چینایەتیی و جێندەریی و تاد، رێزنەگرتن لە پێکهاتە ئایینیەکانی دیکە و لە مرۆڤگەلی لێقەوماو و پەناهێندە و بیانیی، عەشیرەتگەریی و تایەفەگەریی و چەوساندنەوەی ژنان وەکو ئاڵوگۆڕ بە ژنان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵایەتیی و تاوانکاریی، منداڵ بە شوودان و بە زۆر بە شوودان و خەتەنەکردنی بنەڕەتیی و تاد. هەموو ئەمانە لە دایک و باوکەوە و بە ناسنامەی باری کەسیەتیی موسڵمانن. موسڵمانبوونەکە بۆ دەوڵەت هێندە گرینگە کە تەنانەت لە سەر ناسنامەکانیشیان دەنووسرێت. ناموسڵمانبوونەکەیش بە هەمان شێوە گرینگە چونکە مرۆڤی هاووڵاتیی بۆی نییە بێ وەڵام بێت و حەتمەن دەبێت دینێک هەڵبژێرێت کە ئەگەرچی ڕەنگە ببێت بە مایەی هەڵاواردن و شاربەدەرکردن یان تەنانەت کوشتنیش.
هەر بۆ نموونە لە سەرهەڵدانی داعیشدا ئەوە بەس بوو کە مرۆڤێکی موسڵمانی سەر بە دینی شیعە بێت بۆ ئەوەی هەر لە جێی خۆیدا سەر ببڕدرێت. کەسانێک هەن تا ئێستایش شیعە و سوننە وەکو دوو مەزهەبی هەمان دین دەبینن، بەڵام هەموو ئەو دژایەتیانەی لە نێوان سوننە و شیعەدا هەن بەڵگەن بۆ ئەوەی دوو مەزهەبی هەمان دین نیین، بەڵکو دوو دینی سەربەخۆن. کێشەکە لەوەدایە کە هیچیان بەرۆکی ئەوی تریان بەرنادات و واز ناهێنێت تا خودا ئەو بڕیارە بدات. نەخێر، شەڕەکە لە پێشدا زۆر پێش ئەوەی بگاتە بەر قاپی خودا، دەبێت ببردرێتەوە.
کاتێک دەبێت بە باسی ئیسلام ئەوا بێگومان دەگوترێت کە خودی ئایینەکە پاکە و بێگەردە و ئەوە موسڵمانە کە ناتوانێت موسڵمانێکی ڕاست بێت و کەسیش نازانێت موسڵمانبوونی ڕاست کامەیە و چۆنە. کاتێک دێتە سەر موسڵمان ئەوا هەر موسڵمانێک ئەوی تر بەوە تۆمەتبار دەکات کە ئەو موسڵمانی ڕاستەقینە نییە. ئەمە تاوانبارکردنێکی زنجیرەیی سیستەماتیکی دونیای ئیسلامە. نەک هەر تاکەکەسی گشتیی موسڵمان بەڵکو بە سەدان و هەزاران مەلا یەکتر بە موسڵمانی ناڕاستەقینە تاوانبار دەکەن. هەروەها چەندین ڕێبازی فەرمییش هەیە کە بە هەمان شێوە یەکتر دەناسێنن.
لە هەموو دونیای شارستانیدا کە ئەگاتە نزیکەی ملیاردونیوێک مرۆڤ هێندەی شارۆچکەیەکی جیهانی موسڵمان، بۆ نموونە شارۆچکەیەکی کوردستان، نە بە درۆ سوێند بە خودای خۆیان دەخۆن، نە خۆیان ناچار بە درۆکردنی رۆژانە دەکەن، نە ڕێگای جوێندان و دەمپیسیی دەگرنە بەر، نە بوختان و قسە بۆ یەکتر و بۆ بێتاوانان هەڵ دەبەستن، نە ناپاکیی بەرامبەر هاووڵاتیی و نیشتیمانی خۆیان دەکەن، نە دزیی لە موڵکی گشتیی دەکەن و نە بێڕێزیی بەرامبەر بە یەک و بە ژینگە و بە سرووشت دەکەن و نە بە بەتایبەتییش پەلاماری خوشک و دایک و ژنی یەکتر دەدەن. ئەمە بە گشتیی خەسڵەتی دونیای ئیسلامە.
ئیسلام لە درێژخایانی خۆیدا بووە بە دامەزراوەیەکی بازرگانیی گەورە و ئاڵۆز، واتە ئینتەرپرایزێک. لەو دامەزراوەیەدا هەیکەلێکی ڕێکخستنی بەرچاو هەیە کە لە “خادم الحرمین الشریفین” ـەوە دەست پێ دەکات، واتە کلیلدار یان خزمەتکاری ماڵی خودا لە مەککە و ماڵی پێغەمبەر لە مەدینە کە بە نەریت مەلیکی ئالسعودن، هەتا دەگاتە مجێورێکی مزگەوتێکی بچکۆلەی هەر شوێنێکی ئەم دونیای ئیسلامە. لەم دامەزراوەیەدا کە پاشا و بنەماڵەی ئالسعود نوێنەرایەتیی دەکەن بە هەزاران شێخ و سەید و موفتی و بە سەدان هەزار مەلا و فەقێ و مجێوەر و تاد هەن. هەموو ئەمانە بە شێوەی جیاواز لە پرۆسە و دەسەڵاتی سیاسییدان. لە هەندێکیاندا دەستبەسەرداگیراو و زیندانیین و لە هەندێکیشیاندا هەمەکارەن. لە هەردوو حاڵەتەکەدا دەوڵەت بە هەزارویەک بیانوو و پاساو هەم خۆی دەپارێزێت و هەم موسڵمانبوونی ڕاستەقینەی خۆی دەخاتە بەردەست، هەروەکو چۆن دژبەرە موسڵمانەکان بە هەزارویەک بیانوو و پاساو ناموسڵمانبوونی دەسەڵات و موسڵمانبوونی ڕاستەقینەی خۆیان دەفرۆشنەوە. حەشاماتێکی سەدان ملوێنی ڕەشوڕووت و بەدبەختی بە ناسنامەموسڵمان، کاریگەریی بنەڕەتییان لە سەر نفوزی سیاسیی ئیسلام هەیە چونکە سوود لە ناو و ژمارەیان وەردەگیرێت. لە هەر یەکێک لە ئەمانەدا، جا گوندێکی بچووک لە وڵاتێک بگرێتەوە یان دەوڵەتێکی تایبەتیی بگرێتەوە یان یەکێک لە سوننە یان شیعە یان یەکێک لە ڕێبازەکان بگرێتەوە، دەتوانێت بە تەواویی ئیسلامێکی جیاواز بێت. بەو شێوەیە ئایینێک دروست کراوە کە سنوور و میچی بە ئارەزووی ئیمانداری خاوەن دەسەلات دەگۆڕدرێت. ئەو دەسەڵاتە دەتوانێت لە چوارچێوەی گوندێکدا بێت.

ئیسلام لە باشووری کوردستان
ئیسلام لە باشووری کوردستان کە بە دڵنیاییەوە لەگەڵ زۆر شوێنی جیهانیی ئیسلام جیاوازە بە گشتیی سێ جۆرە. جۆری یەکەم ئەو ئیسلامە نەریتییە سونەتییەیە (نەک سوننە) کە تاکەکەسێک لە نەریتی باوی باوکایەتییەوە ناسنامەیەکی ئیسلامیی هەیە و باوەڕی بە خودایەکە کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا عادەتەن هەر بە “خودا” ناسراوە نەک بەتایبەتیی بە “ئەڵلا” و کە تاکەکەس بە پێی تێگەیشتن و توانا و کاریگەریی دەوروبەری بە شێوەیەک کە پێی ڕاست و دروستە موسڵمانبوونی خۆی پیادە دەکات. ئەم جۆرە موسڵمانبوونە لە کۆمەڵگای باشووردا هەتا سەرەتای دەیەکانی نەوەدی سەدەی پێشوو بەربڵاوترین لە شێوەی موسڵمانبوون بوون و پیاوانی ئایینی کە هەرە زۆرینەیان نیشتیمانپەروەرن بوون و زۆریان تێکۆشەریش بوون لە مێژووی کورددا لەم شێوەیە بوون. گرنگترین و گەورەترین خەسڵەتی ئەم شێوەیە لە ئیسلام بە شێوەکانی تەریقەتی شێخایەتیی و موسڵمانی ئاسایی ئەوەیە کە ئیسلام تا ڕادەیەکی باڵا ئاشتیخوازە و هەر کەس لەگەڵ خودای خۆیدا تەرەفە، واتە پێوەندیی خود و خودا. لەم شێوەیەدا تاکەکەسی موسڵمان دەستوەرناداتە کاروباری خەڵکی تر و تەنانەت لە ناو خێزانەکانیشدا باوک وەکو سەرۆکی خێزان ئۆتۆنۆمیەکی شایانباس بە ئەندامانی خێزان دەدات. لەم مۆدێلەدا جلوبەرگ و شێوەی خۆڕازاندنەوە و ڕووخسار و خوێندن و هاتنوچووی گشتیی و هتد تا ڕادەیەکی شایانباس لە بازنەی ئازادیی تاکەکەسدا بووە.
هەموومان لە ڕێگای ئەو تۆمارانەوە کە سەبارەت بە جلوبەرگ و خوێندنگاکان و نەخۆشخانەکان و گۆرانی و هونەرەکانی ترن چ لە عێراق و چ لە کوردستان، و تەنانەت ئێران و تورکیا و ئەفغانستان و تاد، دەتوانین بگەڕیینەوە بۆ ساڵانی پەنجا و شەست و حەفتا و هەشتاکان و ببینین کە ئەم جۆرە لە موسڵمانی ڕۆحانیی پاک زۆربایەتیی بووە و هاوکات هیچ جۆرە لە خەسڵەتێکی ئیسلامی سیاسیی بە ئەو سەردەمانەوە نییە.
ئایا هیچ کەسێک دەتوانێت ئەوەندە بێ ئابڕوو بێت کە مۆری کافربوون و بێڕەووشتیی و بیئەدەبیی لە هەموو موسڵمانانی سەدەی ڕابردوو و یان ئەوانە بدات؟
لەم جۆرە موسڵمانەدا کە لایەنە ڕۆحانیەکەی دیارە تاکەکەس بەگشتیی یەک ڕووە و یەک کەسایەتیی هەیە.
جۆری دووەم موسڵمانی بازرگانە. موسڵمانی بازرگان ئەو موسڵمانەیە کە لە ڕوواڵەتدا لە موسڵمانێکی نەریتیی دەچێت، بەڵام لە ڕاستییدا کاسبی بە دینەکەوە دەکات. ئەم کاسبییە هەر لە مزگەوت دروستکردنەوە تا ئاشکراکردنی زەکات و سەرفترە و گۆشتی خێر و کڕینی بەرماڵێک و دوو مەسینە بۆ مزگەوت بە شێوەیەک دەکات کە ببینرێت و لە ئەو ڕێگایەوە مۆری پیاوچاکبوون دەکڕێت و دەیخاتە خزمەتی ئەو کاسبیەوە کە هەیەتی. لایەنە ڕۆحانییەکە لە ئەم جۆرەیاندا تەواو کاڵە و ڕوواڵەتگەرییەکە بە ئاسانیی دەناسرێتەوە. ئەم جۆرە موسڵمانانە نەک هەر دووڕوون، بەڵکو چەندڕوون و لە هەر شوێنە و کەسایەتیەکی جیاوازیان هەیە. لەگەڵ هەر یەک لە ژن و منداڵان و دەرودراوسێ و هاوگەڕەک کەسایەتیەکی جیاوازیان هەیە، لە بازاڕ و مامەڵەکردن و ناو خەڵکی گشتییدا کەسایەتییەکی تر و بەو شێوەیە. جیهانی ئیسلام پڕە لەم جۆرە و بێگومان لە کوردستان بەئەژمارن.
جۆری سێیەم ئیسلامی سیاسییە. ئیسلامیی سیاسیی لە باشوور بە تایبەتیی هەر سی (30) ساڵێک تەمەنیەتی و بە گشتیی چل (40) ساڵێک و دروستکراوی سعودیە و پاکستان و پاشان بەتایبەتیی تورکیا و ئێرانە کە دیارە ئەوە چەند ساڵێکە بەتایبەتیی لەلایەن قەتەر و ئیستیخباراتی تورکییەوە برەوی پێ دەدرێت و دەخرێتە بازاڕاوە. ئەم جۆرە لە ئیسلام بە توندیی کەوتووەتە ناو بازاڕی سەودا و مامەڵەی بازرگانیی ئایینەوە و تورکیا و ئێران وەکو بەشێک لە شەڕی تایبەت دژ بە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان بەکاری دەهێنن. لە ئەم شێوەیەدا هەموو شتێک بە دامەزراوە کراوە و کەسی موسڵمان ڕێک خراوە و بە دیسپلینێکی پۆلیسیی و لێپرسینەوە و چاودێریکردن و چاولەسەربوون بەستراوەتەوە. کەسانی ناو ئەم جۆرە لە ناو سۆشیالمیدیادا چالاکن و خراپترین لە دەمپیس و جوێنفرۆشەکانن و بە سەدان پەیجی درۆزنە و ساختە بەڕێوە دەبەن و بە دەستە هێرش دەکەنە سەر ئامانجەکانیان و بوختان و درۆ هەڵ دەبەستن. ئیسلامی سیاسیی لە کوردستاندا بەتایبەتیی دژ بە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان کار دەکات، بەڵام بە شێوەیەک مامەڵە دەکات کە کوردی عەیار بیستوچوار بێت.
ئەم “ئیسلامە فوڵ مواسەفاتە کوردیە” هەر شەڕوالێک و چۆغە و جامانەیەک زیاتر لە سەریان ناکەوێت و بێگومان زووزووش باس لە کولتوری کوردیی بە شێوەی خۆیان دەکەن کە گوایا هی کوردی ڕەسەنە. ئەم جۆرە لە موسڵمان بە ئاشکرا پێوەندیی بە ئێران و تورکیاوە هەیە و لە خزمەتی بەرژەوەندیە ئاساییشیی و نەتەوەییەکانی ئەواندا کار دەکات. ئەرکی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان مەژغوڵکردنی تاکەکسی کوردە بە ناوی ئەو جۆرە لە ئیسلام کە تورکیا و ئێران لە کوردیان دەوێت. ئەوان دەیانەوێت کورد لە هەموو بەهایەکی نەتەوەیی دابماڵن، بەڵام بە شەڕواڵ و چۆغەیەکەوە بیهێڵنەوە تا بە ڕووخسار لە “کورد” بچن و بتوانن ناویان بە “کوردی موسڵمان” بێنن.
ئەم جلە کوردییە درۆزنەیە کە تا سەر ئێسک ساختەچیەتیی بازرگانییکردنە بە دینەوە بێگومان تەنیا بۆ پیاوانە دەنا ئەگەرچی جلوبەرگی نەریتی کوردیی ژنان ئاودامان و درێژ و داپۆشەرە ئەوا ژنان دەبێت ڕوو بکەنە جبە و عەبا و سەرپۆشی تەواو و مەقنەعە و محاجەبە و قیناع. کاتێکیش جلی کوردی بپۆشن، هەر عەبا و جبە و محاجەبە و تاد بە سەردا دەدەن.
هۆی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم ئیسلامی سیاسییە دەگەڕێتەوە بۆ برسیکردنی خەڵکی باشوور کە خەڵکانێکی سەر بە تورکیا و ئێران ئارد و نان و شتومەکی خۆراکییان لە پاش ڕاپەڕینەوە بە خەڵک دەبەخشییەوە و وردەودە ئەم کارە مۆری ڕەووشتیی ئیسلامیی لێ درا و لە بیر کرا کێ و بە چ مەبەستێک لە پشتیەوەیەتی.
ڕێکخستنەکان لەگەڵ کاتدا پێشخران و دامەزراوە و کاسبی جیاواز دروست کران و هەلی کار و پارەی بندییواری خوداپەرستیی بۆ خەڵک بڕدراوەتەوە کە بێگومان بەشێکە لە شەڕی تایبەت و خەڵکی ڕەشوڕووت و بەدبەختی ئەم دەڤەرە لێی تێ ناگەن. ئەم جۆرە لە “ڕەووشتی ئیسلامیی” شۆڕ بووەوە بۆ ناو گەنجانی بێ کار و خوێندکارانی هەژار لە نزیکەی سەرانسەری باشووردا. ئیسلامیستە ڕووخسار شاردراوەکان، کە لە پشت “دەمامکی ڕەووشتی ئیسلامیی”خۆیان حەشار دەدا و ئێستایش هەر وان، پارەی داخیلی و خواردن و شتیان وەرنەدەگرت لە قوتابییەکان، قوتابییەکانیش لەبەر ئەمە و تا خەرجی خوێندنیان کەمتر بێت لە داخلییەکانی ئەوان دەمانەوە. پێدانی شوێنی داخلی و خواردنی بەلاش بوو بە هۆکاری یەکەمی ئەم ملشکاندنەی گەنجانی کورد. ڕوون و ئاشکرا بوو ئەو گەنجانە و گەورەساڵانی دایکوباوک و چواردەوریان لە پێناو ئەو ژەمە نان و خۆراک و وردەئیمتیازانەدا بوون بە چاودەبەری ئەم ڕێکخراوانە و هەر چیەکیان پێ بگوترایە دەبا ڕاستەوخۆ بیکەن و نەوێرن بڵێن نا چونکە بە دەرکردن کۆتایی پێ دەهات. پاساوەکەش کە هەمووی بۆ “خوداگیان” ـە و لە پێناوی ئیسلامدایە هەموو هەستێکی ویژدانناڕەحەتیی لای نێچیر ڕادەماڵی. کاتێک، بۆ نموونە، لەیلەتولقەدر خێری هەزار مانگی هەبێت، ئەوا خودا ئەوەندە گەورەیە کە ڕۆژی خۆی لە نیشتیمانفرۆشان و خیانەتکارانیش خۆش دەبێت، جا با گوناهەکانیان دەریایەک خوێن و ئازاریش لە سەر هاومرۆڤەکان کەوتبێت.
هەمان ئەو کارە بوو کە بەعسیەکان کاتی خۆی زیاتر لە نیوملوێن کوردیان لە ژێر ناوی “المرتزقە” دا ڕێکخستبوو. “المرتزقە” بە مانای جاش نایەت وەکو هەندێک کەس لێی تێ دەگەن، بەڵکو بە مانای “ڕزقدراو/ بژێوی دراو/ ئەو کەسەی بژیوی دابینکراوە” دێت. سەددام حوسەین بە ئەوانەی دەگوت “بژیویدراوی خۆم”، دروست بە پێچەوانەی ئەو گوتەی ئیسلامەوە کە خودا رزقی خەڵک دەدات. دووبارەکردنەوەی ئەم تاکتیکە لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە، ئەم جارەیان بە ناوی خودا و ئیسلامەوە زۆر ئاسان بوو. ئیتر کەس پێویستی نەدەکرد خۆی بە قەرزداری سەرۆککۆمارێک یان حیزبێک بزانێت، بەڵکو ئەم ئارد و نان و خۆراک و پارە و کارە لە خوداوە دێت. کێشەکە لە ئەوەدایە کە وردەوردە ناوی خودا دەسڕدرایەوە و جۆری ئیسلامییە تورکیی و ئێرانییەکە جێیگای دەگرتەوە.
ئێستا کە کراوە بە سیستەمێکی چەسپاو کەس نایەوێت بیری لێ بکاتەوە کە ئایا لەو پرۆسەیەدا خودا چی لێ هات. گرینگ ئەوەیە ورگەکان تێر ببن و خەرجیی ڕۆژانە و مانگانە لە هەر فۆرمێکدا بێت، فەراهەم بکرێت. لە کۆتاییدا خۆ هەموو شت هەر چارەنووسی خودایە و هەر شتێک خۆی رەزامەندیی لە سەر نەبێت، نابێت.
ئەم ڕێکخستنە کە پسپۆڕیی شەڕی تایبەتیی لە پشتەوەیە، ڕۆژانە هەموو بەرنامەیان بۆ دانرابوو (ئێستایش هەر بەردەوامە) کە دەبوو لە دانیشتن و کۆبوونەوەکانی ئەم ڕێکخراوانەدا بن و کتێبی تایبەت بە ڕێبازەکەی خۆیان لەژێر ناوی پەروەردە و ڕۆشنبیرکردن و لە خودانزیکبوونەوە بە بەلاش بە قوتابییەکان دەدا. هەموو ئەمانە لە فۆرمی بایعی ئیسلام سیاسییدا.
ئەگەر ئێران بە پێی کولتوری فارسیی فێرە کە پەلە ناکات و بە لاواندنەوە نێچیری خۆی سەر دەبڕێت و لە سەر کوشتەشی شین دەکات، ئەوا تورکەکان کە دوژمنی سەرسەختی گەلانی ڕەسەنی ئەم ناوچەیەن و بەتایبەتییش زۆر لە کورد تووڕەن کە وێنەی ئەرمەن و ئاسوور و یۆنانی میان نەداوە، بە ئاشکرا ڕێبازی ئیسلامیی تورکییان فەرز دەکرد. بۆ نموونە لە ژێر ناوی نورسی و پەیامەکانی (نور) هەموو کۆمەڵە کتێبەکەیان بە بەلاش بڵاو دەکردەوە و بە شێوەیەکیش دەیانکرد کە دۆست و خۆشەویستی کوردن و کاریان ئەوەیە خزمەت بە کورد بکەن. ئەم ڕێکخراوەیە ئەوەندە تورکی لای گەنجی کورد خۆشەویست کردووە، کە تورک کراوە بە وێنای خودا لە سەر زەوی. لە کودەتای ١٥/٦/٢٠١٦ دا کاتێک کە ئەردۆغان گوڵەنی پێ تاوانبار کرد، ئەوا ئیسلامیستەتورکچیەکانی کورد دڵیان نەدەهات نە دژی ئەردۆغان و نە دژی گوڵەن بن و کەوتبوونە داوی خۆشەویستیی یەکسەرەوە لەگەڵ تورک و لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو نازونیعمەتە دەترسان کە بە پارەی ئەو دووانە لە سەری دەلەوەڕان. شایانی باسە، کاتێک کە ئەردۆغان کەوتە شەڕی سیاسیی و دیپلۆماسیی و ئابووریی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کە مەکتەبەئیسلامیەکانی گوڵەن ـیان هەبوو و فەرمانی دەدا داینبخەن، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان نەک هەر هیچی نەگوت بەڵکو ڕێگای لە پێشخستن و بەردەوامیی پێوەندییەکانیش نەگرت.
دۆخە سیاسییە ئابوورییە کۆمەڵایەتییەکە هێندە لە بارە کە لەم ساڵانەی دوواییدا ئیسلامی سیاسیی وردەوردە قاچی لێ درێژ کردووە و بە ئارەزووی خۆی خەریکی مۆرلێدانە لەوی کێ موسڵمانی ڕاستەقینەیە و کێ کافرە و مولحیدە و خوانەناسە و تاد. بەو شێوەیە پسووڵەی موسڵمانبوون دەفرۆشنەوە و بە خیتابی هێرشبەرانەی دەمپیسانەی تاوانبارکارانە تەون دەچنن. ئەمە بە ناوی “ئەخلاق”ـەوە دەکەن و مەبەستیشیان لە ئەخلاق تەنها ناوگەڵە و ئەویش بێگومان ناوگەڵی ژنە. لەو هێرشەدا بەتایبەتیی موسڵمانی ئاسایی بە ئامانج دەگرن و دەیانەوێت لە رێگای تیرۆری ئایدیۆلۆژیی و تیرۆری شەخسیەوە ملکەچییان بە سەردا بسەپێنن.
هێرشی بەربڵاو و تایبەتییان بە پلەی یەکەم لە سەر ژنانە و هەرچی بە دەمیاندا دێت دژ بە ژنانێک کە نایانەوێت لە ژێر عەبا و حیجابدا بن، دەیڵێن و بە بیانووی ئەوەی کە گوایا بۆ خودای دەکەن ئەوا هەموو شتێک بە ڕەوا دەبینن. زۆرینەی ئەو مەلایانەی سووکایەتییکردن بە ژنان دەکەن دەکەونە دۆخێکی شێتییەوە. بۆ نموون هەر هەموویان بەوە دەست پێ دەکەن کە ژنێک تەلەفۆنی بۆ کردوون، یان دەڵێن نایانەوێت ناوی بهێنن. تەنانەت هێرشی سێکسییش دەکەن بۆ سەر ئەو ژنانەی کە حەوشە دەشۆن لەگەڵ ئەوەدا کە یەکێک لە کارە رۆژانەییەکانی زۆرێک لە ژنانی کورد خاوێنکردنەوە و شتنی حەوشەیە. بیانووی ئەمانە هەڵکردنی کراسەکەیانە کە عادەتەن ئاودامانە. باسکردنی ژن وەکو خواردنی میوەیەکی ئاوەکیی لێ هاتووە کە مەلای ئاخێوەر لیک و ئاو و هەندێک جار بە ڕوونیی شەهوەتیش بە دەمیدا دێتە خوار و دەکەوێتە قەوچەقوچ و مڵچەمڵچ و هەڵلوشین، بەتایبەتیی لە باسی بەهەشت و بە سێکسیکردنی خەسڵەتی بەهەشت.
لە دژایەتیکردنی ژناندا ژنان دەکرێن بە پارچەیەک گۆشتی سێکسیی. ئەو پارچە گۆشتە هەست و نەستی نییە، تووشی نەخۆشین نابێت و هیچ شوێنێکی نائێشێت، بیر لە منداڵ و برا و باوک و دایک و کەسوکار و دەراوسێ و نیشتیمانی ناکاتەوە، کێشەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی نییە و خەمی هیچ ناخوات و سەری بە هیچەوە نائێشێنێت و تەنیا و تەنیا هەر بیر لە سێکس دەکاتەوە. هەر ئەوەندە چاوت لێ خافڵ کرد پیاوێک دەخەڵەتێنێت و دەیدا بە سەر خۆیدا. ئەمە ئەو وێنایەی ژنە کە لە زۆرینەی کەلـلەسەرەکانی ناو وەزارەتی ئەوقافەوە هەتا کۆلکە مجێورەکاندا تێگەیشتنێکی نەگۆڕە. ژن مرۆڤ نییە، بەڵکو پەراسوویەکی هەڵخەڵەێندراوە و مەرامی لە خشتەبردنی پیاوە.
هاوتەریب هێرش بۆ سەر ئەدەبیات و گۆرانی و موزیک دەکەن و لە ئەم هێرشەدا بەتایبەتیی خەباتی ئازادیخوازیی بە ئامانج دەگرن. بۆ نموونە، هێرشێکی گەورەیان کردووەتە سەر سروودی “ئەی ڕەقیب” کە شیعری پایەبڵند و نەمر “دڵدار” ـە گوایا دڵدار کفری کردووە. بە ئەم شێوەیە لوتبەرزییەکی بینراویان تۆمار کردووە و ڕەقەمێکیان بە خۆیان وەکو پارێزەری دینی ئیسلام داوە.
تێکدانی شیعری “ئەی ڕەقیب” و هەوڵدان بۆ گێلکردن و گەوجکردن و گاڵتەکردن بە ئەقڵی موسڵمانی ئاسایی کورد گەورەکانی ئەم ئیسلامە سیاسییەیە. ئەوی ئەلفبێیەک لە شیعری کوردی تێ بگات (ناکرێت ئەمانە کە خۆیان بە زانا لە قەڵەم دەدەن، نەزانن!) دڵدار دەڵێت: ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان، نایشکێنی دانەری تۆپی زەمان.
دڵدار دەڵێت: دانەری تۆپی زەمان، کە خودایە، نایشکێنێ، نەک ناتوانێت بیشکێنێت و نەک بۆی ناشکێندرێ، بەڵکو “نایشکێنێ”، واتە دەست بە باڵ و بە پشتییەوە دەگرێت.
بە چەواشەبردنی خەڵکی موسڵمانی ناهۆشیاری کورد تەنها و تەنها بازرگانییەکی سیاسیی و دژایەتتیکردنی خەباتە ئازادیخوازییەکەیەتی. لە ڕێگای ئەو دەستدرێژیی کردنەوەوە بۆ سەر دڵدار لە ڕاستییدا هێرش بۆ سەر شاعیرانی سەدەکانی ڕابردوو دەکرێت کە نزیکەی هەموویان شێخ و سەید و مەلا و فەقێ و قورئانخوێن بوون، بەڵام بازرگانی دینیی نەبوون. هەموو نیشطیمانپەروەر بوون و خزمەتیان بە زمانی کوردیی کردووە و بە رێزەوە لە ژنیان ڕووانیووە و داوایان لە لاوانی کوڕ و کچی کورد کردووە پشت لە عەشێرەتگەرایی و ناوچەچیەتیی و نەخوێندەواریی بکەن و ڕوو لە یەکیەتیی و پێشکەوتن و ئازادیخوازیی بکەن.
لە درێژخایانی ئەم دواکەوتووییەدا دکتۆر مەلاش پەیدا بوون کە هەندێکیان وەک پسپۆڕی دەروونیی و هەندێکی تر وەک پسپۆڕی هەموو زانستەکان و هەندێکی تر پسپۆڕی خواردنەوەی میزی وشتر و گرتن و ڕاونانی جندۆکە و دوعای سەیروسەمەنە و جۆرەکانی نوشتە تاد. حیزبەکانیش بۆ ئەوەی لەم خورافات و هاشوهوشە دوانەکەون بە ناوی ڕاوێژکاری ئایینییەوە، مەلایان دامەزراندووە کە بە گشتیی بێ دەنگن، بەڵام هەندێک جار لە دژایەتیی جۆرێک لە دەربڕینی ئیسلامی سیاسییدا نووزەنووزێکی ئیسلامیی دەکەن.
لە نێوان ئەو دەسەڵاتە نەنووسراوەی خۆیان و ئەو دەسەڵاتە لاستیکییەی کە دەسەڵاتداران بۆیان فەراهەم کردوون، دەستوەردەداتە ناو هەموو شتێکی تاکەکەس و هەموو شتێکی کۆمەڵگا. لە پرسی ژن و بەهەشت و دۆزەخەوە تا دەگاتە چۆنیەتی قن شۆرین و گەڵوگون پاککردنەوە. هاوکات کۆمەڵێک شێوەی ڕووخسار و هەڵسوکەوت و مامەڵەیان هەیە کە دەیانەوێت بە سەر هەموو کۆمەڵگایدا بسەپێنن گوایا ئەوە شێوە ڕووخسار و هەڵسوکەوت و مامەڵەی پەیامنێری ئیسلامە، وەکو شێوەی سمیڵ و ڕیش و جلوبەرگ و خواردنی خۆراک بە دەست و تاد. بۆ نموونە هەوڵ دەدەن لە یەک ژن زیاتر بهێنن و هەندێکیان بۆیان دەلوێت بیگەیەن بە چوار. هاوکات جلوبەرگیان هەمیشە تازە کە بێگومان لەگەڵ پارەی مووچەی رەسمییاندا نایەتەوە و ئوتومبێلی گرانبەها تا دەگاتە گولـلەنەبڕ و هتد کە دیارە سوننەتی پەیامنێری موسڵمانان نەبووە.
ئەمانە پلەی زانای ئایینیی یان زانای ئیسلامیی ـیان بە خۆیان بەخشیوە هەروەکو ئەوەی ئیسلام زانستێک بێت. لەبەرئەوە بە وشەی مەلا ڕازی نیین و لانی کەم نازناوی مامۆستا لە خۆیان دەنێن هەر وەکوئەوەی موسڵمانبوون جۆرێک لە پیشە بێت.
بوون بە مەلا لەم دوو گرووپەی موسڵماندا باشترین کاسبی سەردەمە. مەلایەکی سەر بە گرووپی بازرگان یان ئیسلامی سیاسیی بێ ئەوەی یەک دینار بخاتە سەرمایەگوزاریی یان مەترسییەوە و تەنیا بە دووبارەکردنەوەی کۆمەڵێک حەدیس و ئایەت سامانێک پێکەوە دەنێت کە لە ئاستی باڵای چینی مامناوەندیی دایە. هەر لە ئەوەوە کە دەتوانن لە ژنێک زیاتر بهێنن و تەنانەت بیگەیەنن بە چوار و ڕەنگە زیاتریش، هەتا ئوتومبێلی چەند دەفتەریی و مووچەی مانگانە و ئیمتیازی لابەلا و لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پەیداکردنی ڕێز و پلەوپایەیەکی کۆمەڵایەتیی کە خێزانێک ئەگەر دەرزەنێک شەهیدیشی هەبێت پێی ڕەوا نابینرێت. پارەپەرستیی و شەهوەتپەرستییەکە هێندە ئاشکرایە کە هیچ کەسێک ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات و بە هەزاران نموونە هەن.
ئەم جۆرە مەلایانە وەکو نوێنەری خودا لە سەر زەوی دێن و دەچن. وێنای خودا بە شێوەی جیاواز نیشان دەدەن و لە باسەکانیاندا دەیهێننە سەر زەوی و هەندێکیان هێندەش دەڕۆن کە باسی ئەوەش دەکەن کە خودا لە رۆژی قیامەت چۆن خۆی شەقشەقێن بە سەرپێچیکاران دەکات و تاد.
ئەگەر تا سی (30) ساڵێک لەمەوبەر مزگەوت ماڵێکی خودا بوو کە چەند ئیماندارێک تێیدا کۆدەبوونەوە و نوێژێکیان پێکەوە دەکرد و دەمەتەقێیەکی کۆمەڵایەتییان تێدا دەکرد، ئێستا بووە بە دامەزراوەیەکی ڕێکخراو بۆ بەهێزکردنی نوێنەرەکانی خودا لە سەر زەوی. لەوێدا پاداشت و سزاکان سەدان و بگرە هەزاران لقوپۆپیان لێ دەبێتەوە و شێوەی دەرخەیاڵیی دەگرنە خۆیان، هەر لە باسی شێوەکانی ئازاردان و چوون و نەچوون بۆ دۆزەخ تا جوانی حۆری و دیلمانەکان و بۆ توانای بەردەوامی لە خەیاڵنەهاتووی سێکس کردن. لە مزگەوتەکانەوە هەڕەشە لە ئیمانداران دەکرێت کە ئەوی نوێژ نەکات تەنانەت ژنەکەیشی پێی حەڵاڵ نییە و لە خوتبەدا ئەم قسەیە بە گوێی ژنانیشدا دەدرێتەوە کە بە پیاوە نوێژنەکەرەکانیان حەڵاڵ نیین.
ئەم هەزاران مزگەوتە لە لایەن وەزارەتێکەوە بەڕێوە دەبردرێت کە پێی دەوگترێت وەزارەتی ئەوقاف. وەقف لە زمانی عەرەبیدا سەبارەت بە ئایین بە مانای “بەخشین، بەخشین یان دان یان پێدان ـی ماڵیی” بە مەبەستی ئایینی یان چاکەکاریی گشتیی دێت و ئەلئەوقاف کۆی وشەکەیە کە ڕەنگە وشەیەکی گونجاو بە کوردی “بەخشینگا” بێت.
کولتوری وەقف بە فەرمیی لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق ساڵی (1921) کە بە پێی کولتور و نەریتی باوی جێکەوتەی ئەوسا هەر لەلایەن خەڵک خۆیانەوە کۆبووەتەوە و بەش و دابەش کراوە. ساڵی (1929) بە پێی ماددەی (122) دەنووسرێت کە ئەوقافی ئیسلامیی دەکرێت بە فەرمانگایەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی (نەک وەزارەتێکی)حکومی و بە پێی یاسای دانراو و دیاریکراو بەرپرسی کاروبار و خەرجی خۆی دەبێت و لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکوەزیراندا دەبێت. ساڵی (1976) ئەم فەرمانگایە دەگۆڕدرێت بە وەزارەتێک و تا ساڵی (1993) هەندێک گۆڕانکاریی دەکرێت بەڵام گرینگترین خاڵ ئەوەیە کە هەر سەر بە دیوانی ئەوقاف دەبێت و لە ژێر چاودێری سەرۆککۆماردا دەبێت و بۆ کۆی موسڵمانان دەبێت نەک بۆ شیعە و سوننە.
پاش ڕووخانی ڕژیمی بەعس ساڵی (2003) نزیکەی هەموو شتێک لە عێراقدا گۆڕدرا و سەرئەنجامەکەی ئەم عێراقەی ئەمڕۆیە بە هەرێمی کوردستانەوە. پاش ڕژیمی بەعس وەزارەتی ئەوقاف هەڵوەشێندرایەوە و دوو دیوانی نوێ دروست کرا، دیوانێکی شیعە و دیوانێکی سوننە و یەکێکیش بۆ نائیسلامیەکان و هەرێمی کوردستانیش خۆی وەزارەتێکی ئەوقافی هەیە. واتە عێراقیەکان بوون بە خاوەنی چوار دیوانی ئەوقافی جیاواز و بە پێی دەستووری ساڵی (2005) چەسپێندراوە. دەگوترێت کە وەقفی سوننی سامانی لە هەموو ئەوانی تر زیاترە کە دەگاتە لانی کەم (12) ملیارد دۆلار. سەرچاوەی ئەو سامانە بێگومان دیار نییە و بەسەرهاتی سەیروسەمەنە سەبارەت بە موڵکی زەویوزار و شێوەکانی دیکەی سامان دەگێڕدرێتەوە. هەروەها ناشزانین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە یان نا، بەڵام وا پێدەچێت هەرێمی کوردستان سامانی خۆی هەبێت.
بۆ نموونە هەر یەک موڵکداری ئەوقافی ئەبوحەنیفە دەگاتە بیستوسێ (23) هەزار دۆنم لە زەوی کشتوکاڵیی و کە سێیەکی زەویوزاری پاریزگای بەسرە لە راستییدا ئەوقافی ئیسلامین و کاروبارەکان بانکی یان مەسرەفی ئیسلامی و زانکۆی ئەهلی و بنکەگەلی کاتبەسەربردن و بازرگانیی و پزیشکیی و تەندروستیی و تاد دەگرنەوە.
ئەم وەزارەتانەی ئەوقاف هەر وەکو هەموو وەزارەتەکانی تر هیچ شەفافیەتێکی ماڵیییان نییە، چ سەبارەت بە سەرچاوەی ڕاستەقینەی داهاتەکان و چ سەبارەت بە خەرجکردنەکان. وەزارەتی ئەوقاف لە کوردستان لەگەڵ ئەوەشدا کە بانگەشەی کەمکردنەوەی فەرمانبەر و خەرجیەکان دەکات وەزارەتێکی گەورەوگرانە کە لە وەزیری ئەوقافەوە بۆ جێگر و بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکان و مەلا و فەقێ و مجێور و شێوەکانی دیکەی فەرمانبەریی، بریتییە لە مەکینەیەکی زەبەلاحی بیروکراسیی مەسرفەگەر و وەکو هەموو وەزارەتێکی تر لە سەر موڵکی گشتیی دەژی. لە سی ساڵی ڕابردوودا بە خەزێنەی موڵکی گشتیی ئیماندارانێکی موسڵمان بەخێودەکرێن کە تەنیا بەرهەمێکیان ئەوەیە موسڵمانیەتیی بکەن.
هەمووان دەزانن کە ئێمە لە باشوور لە دەیان و سەدان بواری جیاوازدا دواکەوتووین و ئەمەش ڕێگاکانی بەرەو بەڕێوەبردنی شەفاف و مۆدێرن و شارستانیی بە پێوەری دیموکراتیی، واتە بەڕێوەبردنێکی یەکسان و دادپەروەر، داخستووە. یەکێک لەوانە نەبوونی ئامارە لە نزیکەی هەموو بەش و یەکە و کەرتێکدا. بۆ نموونە سەرچاوە و داهات و خەرجیەکانی وەزارەتی ئەوقاف و ژمارەی فەرمانبەران و مووچەبگیری ئەو وەزارەتە هەر بە درشتی هەیە و بە وردیی نادیارە. هەروەها پرینسیپەکانی ئەو جۆرە دامەزراندنانە و مووچەبگیرییەکان و تاد. ڕوون و ئاشکراشە کە هەموو ئەم دامەزراندنانە، سەرەڕای لاف و گەزافی ڕەووشتی ئایینیی و ناوی خودا و تاد، لە ڕێگای وابەستەیی و وەفاداریی حیزبایەتیی و واسیتە و بەخشیش و پیاوەتیکردن و سەرفی نەزەری خزمایەتیی و شێوە ناشیرینەکانی تری پێوەندییەوەیە.
وەزارەتی ئەوقاف ساڵانە بە دەیان ملوێن دۆلار لە سەر خەڵکی کوردستان دەکەوێت و ماکینەیەکی زەبەلاحی مەسرەفکارە کە هیچ بەرهەمێکی بەرجەستەی نییە. هەرچەندە لە ناو جۆری ڕێباز و مەلاکاندا ئەمەش هەر خۆی پرسێکی ناکۆکیە، بەڵام ئیشی سەرەکیی وەزارەتی ئەوقاف ئەوەیە کە هیدایەتی خەڵکی باشوور بکات بچن بۆ بەهەشت.
لە ئەم سترەکچەرە ئاڵۆزەدا کە هیچ کارێکی تایبەتیی و بەرهەمێکی تایبەتیی ئۆبجێکتیڤی نییە، بۆ نموونە وەکو ڕۆڵی بەرمیلێکە لە دەرەوەی ژوورێکی نەشتەرگەرییدا، جیاوازیی لە نێوان دامەزراوەی دین و دامەزراوەی دیانەتکردن کە دوو شتی جیاوازن، بە ئەنقەست و بە مەبەستی بازرگانیی تێکەڵ کراوە. ئەم تیکەڵکردنەش لە ژێر دەنگ و زەنای دەهۆڵکوتان و زووڕناژەنینی گەورەیی خودا و پێغەمبەر و قورئان و حەدیسەکان و تاد کە تاکەکەسی موسڵمانی ئاسایی دڵپاک گێژووێژ دەکات و نازانێت ڕاست و چەپی خۆی کامەیە. دامەزراوەی دین هەر دین خۆیەتی و ئەو کۆڵەکە و دیسپلینانەیە کە لە ڕێگای قورئانەوە خراوەتە بەردەست و هەر تاکەکەسێک دەتوانێت لە فەزای کەسیەتیی خۆیدا لێکی بداتەوە و پێڕەوی بکات. دامەزراوەی دیانەتکردن دروست ئەم دامودەستگایانەن کە ئێستا لە وڵاتانی ئیسلامییدا دروست کراون و بە نەبوونیان هیچ ڕوو نادات و کەس نابێت بە کافر و مولحید و خودا نەفرەت لە کەس ناکات.
ئەم بازرگانییە هەروەها لە ئەو ڕێگایەوە دەکرێت و بە هێز دەکرێت کە گوایا زۆرینەی کورد موسڵمانن لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ بەڵگەیەک لە بەردەستدا نییە. ئەوی هەیە دوو پێداگرتنە، هەمووان بە تەسکەرە/ ناسنامە موسڵمانن و لە دایکوباوکێکی موسڵمانن.
کاروباری دین بۆ خودایە و ئەو لە شوێنی خۆیەوە بڕیار لە سەر کاروباری “بەدینبوون” دەدات کە بۆ تاکەکەسە و تاکەکەس لێی بەرپرسیارە. خودا لە هەموو کەس باشتر دەزانێت کە هەر تاکەکەسێکی ئەم جیهانە جیاوازە و هیچ کەس نییە لە یەکێکی تر بچێت، بە تایبەتیی لە بوارە باوەڕییەکاندا.
لەم دوو جۆرەی موسڵمانبووندا بە شێوەی مەڕوبزن مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگادا دەکرێت و دینی ئیسلام دەکەن بە چاوپۆشێکی گەورە و چاوی خەڵکی پێ نابینا دەکەن. بەهای مرۆڤیی وەکو درۆنەکردن، سەرڕاستیی، بوختان هەڵنەبەستن، ئێرەیینەبردن، بیری باش، وتەی باش، کرداری باش، ڕێزگرتن لە بەرامبەر، بە هەندوەرگرتنی هەستی بەرامبەر و تاد کراون بە بەهای ئیسلامیی. لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم بەها مرۆڤیانە بە هەزار ساڵ زیاتر پێش ئیسلام هەبوون و هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە ناوی ئیسلامیشیان نەبیستووە و خاوەنی جۆرەکانی خودای خۆیانن بەو بەهایانە ژیان دەکەن.
لەو کۆمەڵگایانەدا کە سێکۆلارن و ئایین و دەوڵەت لە یەک جودان ئەوا لە ڕاستییدا ئەو بەهایانە ئەلفبێی ژیانن و بەشێکی گرینگ لە سیستەمی خوێندن و پەروەردەن. ئەو بەهایانە لەگەڵ زۆر بەهای تردا کە ڕەنگە لە جیهانی ئیسلامدا هەر نەشبێت یان هەر بە سەر زارەکی هەبێت هەم بە شێکن لە ڕەووشتی گشتیی و هەم ئەرکیشن. بۆ نموونە ڕاوەستانی ئوتومبێل بۆ تاکەکسی پیادە هەم بەشێکە لە ڕەووشتی گشتیی و هەم ئەرکیشە. لە دونیای ئیسلامدا دەبێت بە کامێرای شاردراوەوە مانگێک ڕاوەستیت تا شۆفێرێک ببینیت دڵخوازانە بۆ مرۆڤێکی پیادەڕۆ بووەستێت.
پرسی زەکات و سەرفترە و چارەسەری هەژاریی و بێدەرەتانیی زۆر دەمێکە لە دو نیای شارستانییدا لە ڕێگای سیستەمی دەوڵەتەوە بۆ فەراهەمکردنی بیمەی گشتیی بژێویی و کۆمەڵایەتیی بۆ هەمووان چارەسەر کراوە. تاکەکەس، ژن بێت یان پیاو، هەمیشە لە بازنەیەکی بیمەدایە کە بتوانێت بژێویی ژیانی مستوەگر بکات، جا بیمەی بێکاریی، نەخۆشیی یان سۆشیالبگیریی بێت.
هەموو ئەمانە تەنانەت بۆ کەسانی پەنابەر و لە زۆر حاڵەتدا مرۆڤی تر کە مافی مۆڵەتی مانەوە و کاریشیان نەبێت فەراهەم دەکرێن بێ ئەوەی هەڵاواردنێک لەبەر ڕەنگی پێست، جێندەر و ئەتنیک و تاد لە ئارادا بێت. ئەم مافانە کە لە سەر بنەمای پاراستن و ڕێزگرتن لە کەرامەت و شانازیی و سەربەرزیی مرۆڤ دەستەبەرن لە دونیای ئیسلامدا، بە هەموو جۆرەکانییەوە، خەونیش نییە.
مرۆڤ لە دونیای شارستانییدا رێز لە نیشتیمان و هاووڵاتیان و ژینگە و یاسا و ڕێساکانی وڵاتی خۆی دەگرێت و بە دەگمەنی هەڵنەکەوتوو کەسێکیان تیادا هەڵدەکەوێت ببێت بە تابوری پێنجهەمی وڵاتانی دیکە بە تایبەتیی ئەگەر نەیار و دوژمنیان بێت. ئەمە دەکرێت بێ ئەوەی کەس منەت بە سەر کەسێکی دیکەدا بکات و بیکات بە شاباشی خواپەرستیی و دینێک. خۆشەویستیی نیشتیمان و ڕێزگرتن لە جیاوازیەکانی هاووڵاتیان و پێڕەوکردنی یاسانەنووسراوەکان و کارکردن بۆ سەقامگیرتر کردن و زیاتر ئارامیی ئەسڵەن باسی ئەلفبێی ژیانە.
لەگەڵ ئەوەشدا کە سیستەمی دیموکراسیی و سێکۆلاریزم (عەلمانیەت) کە ڕیشەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پازدەهەم و بەتایبەتیش بەرهەمی خەبات و تێکۆشان دژی ئیستیبداد و چەوساندنەوە و دەسەڵاتی دین بوون، ئێستا تورکیا و ئێران لە کوردستان پەرە بە هەمان ڕێبازی ئایینی دژ بە خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان دەدەن و دەیانەوێت پرسی دیموکراسیی و سێکۆلاریزم بکەن بە باسی دژە دین و بە بێڕەووشتیی ئوروپایی دەیچوێنن. بێگومان ئەم کاری شێواندن و تێکدانە بە پلان و بە شێوەیەکی سیتەماتیک دەکەن.
پێش هەر شتێک هەڵدەکوتنە سەر هەموو تاکەکەسێکی ژن و پیاو کە باس لە یەکسانیی و ئازادیخوازیی و مۆدێرنیتە و یاساسەروەریی و سێکۆلاریزم و جیایی دین و دەوڵەت و دیمۆکراسیی و تاد دەکات و بە ناشیرینترین شێوە لە هەوڵدان بۆ ناوزڕاندن و بۆ بوختان و درۆودەلەسە، بە ئاشکرا و بە نهێنیی، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەرەنگاری دەبنەوە. لە هەر ڕووانگەیەکەوە لێی بڕووانرێت ئەمە تەنیا داخوازیی و داوای داگیرکارانە و هیچ پێوەندییەکی بە دین و باوەڕێکی ڕۆحانییەوە نییە. هاوکات کە خۆیان دەکەن بە نوێنەری خودا و بە نموونەی ڕەووشت و بە قوربانیی و لە هەمانکاتیشدا بە دادوەر و بە بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵات و تەنانەت هەڕەشە لە دەسەڵات دەکەن و دەیخەنە حاڵەتی دیفاعەوە کە گوایا دەسەڵات عەلمانیە بۆیە ڕێگا بەم جۆرە بەدکاریانە دەدات. ئەوانەی لە سیاسەت تێ دەگەن دەزانن کە ئەم ڕەشە کوردە مووچەبگیرە کە لە سەر موڵکی گشتیی دەڵەوەڕێت لە تورکیا و ئێرانەوە، کە موفسیدترین و بێڕەووشترین و داڕزاوترین دەوڵەت و کۆمەڵگای ئەمڕۆن، کۆک دەکرێت و هان دەدرێت.

سەرئەنجام
شەڕە دین و کێشەی کام خودا گەورەتر و کام کتێب پیرۆزتر و کام دین باشترە تا سەدان ساڵی تر هەر بەردەوام دەبێت. ئەگەر باوەڕدارانی دینێک ڕێز لە دینی خۆیان بگرن ئەوا یەکەمین کار بیکەن ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک بازرگانیی بەو دینەوە نەکەن و نەیکەن بە سەرچاوەی بژێویی و خۆبەخێوکردن و خۆلەوەڕاندن و نەبن بە پۆلیسی دین و خۆیان نەکەن بە نوێنەری خودا و نەبن بە تابووری پێنجەمی داگیرکاران.
یەکەم هەنگاو بۆ ڕێگاگرتن لە ئەم بازرگانییە ترسناکە جیاکردنەوەی دین و دەوڵەتە. دین ببێت بە نەریتێکی ڕۆحانیی بۆ پێوەندیی تاکەکەس لەگەڵ ئەو خودایەدا کە لە تێگەیشتنی خۆیدا وێنای دەکات و دەوڵەتیش بە پشت بە ستن بە زانست و زانین و بەڵگە و یاسا و ڕێسا لە خزمەتی کۆی هاووڵاتیاندا بێت، بێ هیچ جۆرە جیاکاریی و هەڵاواردنێکی ڕەگەزیی، ئەتنیکیی، جەندەریی، ئایینیی، جەستەیی، ڕەنگی پێست و تاد.
موسڵمانێکی کورد دەتوانێت لە جیاتی پێنج (5) جار دەیان نوێژ بکات و هەر دووانزدە (12) مانگەکە بەڕۆژوو بێت و هەموو ساڵێک بچێت بۆ حەج و دوو هەفتە جارێک بچێت بۆ عەمرە و زەکات و سەرفترە بە چەپ و ڕاستدا بدات بە بێ ئەوەی کەس ڕێی لێ بگرێت. ئەو موسڵمانە دەتوانێت بە هەموو شێوەیەک خۆشەویستیی نێوان خۆی و خودا بەهێز بکات و موسڵمانبوونی خۆی بەیان بکات، بەڵام موسڵمانبوون نە بە منەت بێت، نە بۆ خۆدەرخستن و بۆ داپۆشینی عەیبوعار بێت، نە بۆ وەدەستهێنانی ئیمتیازی ڕەسیدی کۆمەڵایەتیی و ڕەووشتیی و نە بۆ پێگەی ئیمتیازدار بێت.
ئەو جۆرە موسڵمانە بە دڵنیاییەوە دەبێت بە ڕووخسارێکی جیاواز ئەگەرچی لە ناو خەڵکی ئاساییدا بەئەژمارە بەڵام لە ئێستادا بێ دەنگ و بێ ڕووخسار و بێ نوێنەرن. کاتی ئەوە هاتووە ئەو جۆرە لە موسڵمانی ڕۆحانیی کە دین لە پارە و مووچە و ئیمتیازە جۆراوجۆرەکان پاک دەکەنەوە دژ بە موسڵمانی بازرگان و ئیسلامی سیاسیی بووەستنەوە. ئەوانەی موسڵمانی ڕاستەقینەن دەبێت لە ئەم شەڕەدا سەرکاروان بن چونکە دینەکەیان خراوەتە مەزاتەوە و ڕۆژانە دەفرۆشرێت.

ڕێبوار ڕەشید
2024/12/01




گەرِان بە دواى تاكدێرییەكانى عەباس عەبدوڵڵا یوسف.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(بەیەكگەیاندنى وێنەى كاركاتێرى و كۆمیدیاى رەش)

پێشەكى:
شیعر لە كۆمەڵێك رەگەز پێكهاتووە، نەك بەو مانایەى كە سیستمێكى تەواو چنراو و پتەوە و هەر رەگەزێ‌ مانا و وەزیفەى دیاریكراو و تەواو بە شیعر دەبەخشێ‌ (واتە قسە لە تەواوبوونى رەگەزەكان ناكەم، جەخت لە پەیوەندى رەگەزى گێرِانەوە و شیعرییەت دەكەمەوە) لە دەقى داهێنەرانەدا رەگەزەكان تۆرِێكى بەرفرەوان، لە پەیوەندى ئیستیتیكى و رووداو پێكەوەیان دەبەستێتەوە، بەڵام كۆتا پەیوەندى نییە، بەڵكو هەر یەكەیان بە شێوەیەكى جیاواز و سەربەخۆ بە كردەى كورتبرِى و پرِشنگدانەوە و رازانەوە و جوانكردنى رووداوەكانى هەڵدەسن و لە ناوكۆییەكى شیعرییدا كۆى رەگەزەكان بە شێوەى بەردەوام گۆرِاو، جوانیەكانى یەكتر تەواو دەكەن و شیعرییەت بە جێدەهێنن. نهێنى دەق ئەوەیە، شیعرییەت هەڵدەنرێت، نانووسرێتەوە، شیعرییەت كردەیە، كار نییە. واتە شیعرییەت ئاكام نییە، بەڵكو وەك رەگەزێك لە رەگەزەكانى پرۆسەى ساتەوەختى نووسینى دەق و ساتەوەختى خوێندنەوە دەق دێتە بەرهەم. بە دیوەكەى دیكە بەردەوام وەك نهێنى خەیاڵى زمان و ناخى نووسەر و خوێنەریش دەمێنێتەوە!
بە كورتى دەمەوێ‌ بڵێم دەقى ئیبداعى لەسەر تواناى چەسپاندنى كردەى جوانى و ئاوێتەبوون و بەرجەستەبوونى بوێرى و خەیاڵى زمان وەستاوە و وەك سەیرورە پەیرِەوى لە گۆرِان و بەردەوامى دەكات. دەقى ئیبداعى جوانى و جیاوازى و چێژە… نە رەسەنایەتى بەرێوەى دەبات، نە لاسایكردنەوە، نە دەگاتە دواپلەى تەواوبوون، بەڵكو بەردەوام پرسى سەردەم و هێزى خەیاڵ و هەستى جیاوازى دەیخولقێنێ‌. داهێنان نە نەتەوەگەریى دەناسێ‌، نە دنیاگەریى… بەڵكو هەمیشە ئازادى و سەیرورە و كرانەوەى گۆرِانكارییەكانى سەردەم دەنووسێتەوە.
داهێنان فرە رەگ و فرە رەهەند و فرە ئازادییە. دەقى شیعرى نوێى كوردى گەرِانەوە نییە، بۆ بنەچەى ئایینى و كۆمەڵایەتى و سیاسى. داهێنانى شیعرى كوردى سێكوچەكەى بابان و گۆران و روانگە و كفرى و هەشتاكان و نەوەدەكان و… ناناسێ‌. داهێنان گۆرِانكارى و سەیرورەى بەردەوامە. داهێنان بەردەوام كەشفكردن و دنیابینییە، ژەهر و تریاكە، ئازادى و بوێرییە، جوانى و چێژە! بە دیوەكەى دیكەش داهێنان هەمیشە فەزاى هەر یەك لە خوێنەر و نووسەرە جیاوازەكان دەنوێنێتەوە! شیعریى هونەرى كوردى لەسەر ئیشكالییەتى بێكۆتایى جوانى و خەیاڵى زمان و گۆرِانكارى و سەیرورە، نوێ‌ دەبێتەوە.

پیرفۆرِمانس
(لە خوارەوە شوێنى زۆر هەیە)

لە هەشتاكاندا زمانى شیعریى كوردى (باشورى كوردستان) بەشێك لە شاعیرانى نوێخوازى سلێمانى و كەركووك، (بە تایبەتى) هەولێر، نەدەكەوتنە سەر رێچكەى تازەگەرى سروشتگەرایى گۆران و رەمزییەتى شۆرِشگێرى گروپى روانگە و هێماخوازى دەروونئامێزى گروپى كفرییەوە، برِوایان بە زمانى سادەى گۆران و تووندوتیژى روانگە و هێماخوازى كفرى نەبوو، بەڵكو شێوەیەكى دیكەى جیاواز بوون، لە دەرەوەى گۆران و كفرى و روانگەوە، خۆیان لە جولەى خەونبینى و خەیاڵ و جیاوازى گوزارشتكردن و زمانى ئاماژە، دەبینییەوە! دەتوانم بڵێم هەشتاییەكان وەك تێكشێنەرى دەقى ئامادەكراوى نێوان سروشت و مرۆڤ، ئایدیۆلۆژیا و مرۆڤ، كۆمەڵگا و مرۆڤ، بوون. هەرگیز لەگەڵ ئەزبەركردنى گوزارشت و دەستەواژە باوەكان و ئاستى نزمى زمانى تەعبیركردن و بیروبۆچوونى كۆنەخوازانە و رەمزى سیاسى، نەریتى كۆمەڵایەتى، نەدەهاتنەوە. بە دواى زمانێكى دیكەى نائامادە و خەیاڵێكى دیكەى شیعرى و لادانێكى هۆشیارانەى زماندا دەگەرِان و هەوڵى گۆرِینى نەریت و شێوازى دەقە زاڵەكان و ئەو دەقانەیان دەدا، كە ژیانى مرۆڤى كوردى ئاراستە دەكەن. بەو مانایە هەشتاییەكان خەیاڵى فەنتازییان بۆ شیعرى نوێى كوردى زیاد كرد.
ئەگەر روانگە زمانى سادەى (گۆران و هاورِێكان)ى لە پێناو زمانى شۆرِشگێرِانەوە دەستكارى كردبێت. ئەگەر گروپى كفرى نەرمتر لە روانگە، مامەڵەیان لەگەڵ فرەیى زمان كردبێت، ئەوە هەشتاكانى شیعرى نوێى كوردى هەر تەنها سیماى سروشتخوازانە و دەروونخوازانە و جیدانۆفخوازانەیان رەتنەكردەوە، بەڵكو بەرەو لادان لە كەلەپور و لادان لە نەریت و زمانى سیاسى و حەماسى و كۆمەڵایەتى بوونەوە و وازیان لە وەزیفەى پەروەردەیى و ئەخلاقى شیعر هێنا، لەسەر ئەو بنەمایەى كە: ئەگەر شیعر دووچارى نەخۆشى بچوككردنەوەى زمان و دەردى ئایدیۆلۆژیا و وەزیفى دیاریكراوى كۆمەڵایەتى بێ‌، ئەوە دەبێتە بڵندگۆى سیاسەت و نەریتە كۆمەڵایەتییە بۆگەنەكان و بەوەش وزەى مەعریفى و خەیاڵى هونەرى و جوانگوتن لە دەست دەدات؟!
لەنێوان روانگەخوازان و هەشتاكاندا، دوو بانگەشەكار لە بازارِى شیعرى كوردى رۆڵیان دەگێرِا: (سەلاح شوان) و (مەحمود زامدار) یەكەمیان لایەنگرى روانگە و دووەمیان سەر بە پێشرەوایەتى شیعرى نوێ‌ بوو! یەكەمیان بەرگرى لە هاوسەنگى و واقیعگەرایى و بابەتگەرایى دەكرد، دووەمیان تەقینەوەى زمان و تەمومژیى و جیهانگەرایى. یەكەمیان بانگەشەى دیدێكى ئاسۆیى و رەمزى و شۆرِشگێرانە دەكرد، دووەمیان بانگەشەى دیدێكى شاقولى و زمانێكى مەعریفى و شێوازگەریى دەكرد، یەكەمیان سەر بە كلتورى نەتەوایەتى بوو، دووەمیان بانگەشەى بۆ بەجیهانیبوون دەكرد.
ئەو دوو دیدە مەدلولگەرا و دەلالەتگەرایە، ئەو دوو دیدە راسترِەو و چەپرِەوە، ئەگەرچى هەندێ‌ جیاوازییان لەنێواندا هەبوو! بەڵام وەك پێویست ئامادەى كرانەوەى فیكر و بەدواداچوونى مەعریفەى شیعرى نەبوون، دنیابینیان زۆر برِى نەدەكرد! وەك پێویست تیۆرەكانى مەعریفەى ئەدەبى و رەخنەى تازەیان هەزم نەكردبوو. ئەو دوو دیدە مەدلولگەرا و دەلالەتگەرایە، وەك پێویست نەیانتوانى پانتاییەكى شیاو، بۆ تیۆریزەكردنى مەعریفەى شیعرى و سیستەمى فیكرى و كرانەوەى كلتورى بسازێنن… زۆریان گوت، بەڵام دواجار فەشەلیان هێنا؟!
لە سەرنەكەوتنى ئەو بازارِە جەنجاڵەى شیعردا لە سلێمانى بە تایبەتى (لە غوربەتا)ى محەمەد عومەر عوسمان جیاوازى خۆى نواند، لە كەركوك (زەردك)ى ئەحمەدى مەلا و لە هەولێر (لم نیازمە)ى عەباس عەبدوڵڵا یوسف و (گەرم نەبوونەوە)ى جەلال بەرزنجى و (دووكەڵ)ى هاشم سەراج و (سووتانى رەنگەكان)ى دلشاد عەبدوڵڵا، هەر یەك بە شێوازى جیاوازى هونەرییانە، نەك هەر لەگەڵ روانگە، لەگەڵ خودى زرِەوێنەى پێشرەوایەتى مەحمود زامداریش نەبوون و شێوازى جیاوازى خۆیان پەرەپێدا و خۆیان پێرفۆرِمانس كرد، بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئایا بەردەوامى گۆرِان و سەیرورەى شیعرى، وەستانى هەیە؟!

خێوەتەكەى ع. ع. یوسف
(لەوەى كە دێ‌، شیعر تاتۆ دەكەم)

عەباس عەبدوڵڵا یوسف، نووسەر و شاعیر لە 1950 لە هەولێر لە دایكبووە، دەرچووی پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایانی- هەولێرە. حەوت كۆمەڵە شیعر و یەك كۆ چیرۆكى چاپكراوى هەیە، بە ناوەكانی: (ئاو) لە 1974، (لم نیازمە) لە 1978، (كلكی كتكی پرسیارە) لە 2007، (ئۆدیسیۆس نێرە… یان مێیە؟) لە 2009، (گەشتی پێنج پەنجە) لە 2011، (كەری بۆریدان) لە 2011، كۆمەڵە چیرۆكی (سۆفیا لۆرین بە هەوێداری) لە 2011 و (نانۆ تاتۆ دەكەم) لە 2013.
ع.ع. یوسف هەر لە یەكەم كۆمەڵە شیعرییەوە (ئاو) بنەمایەكى بۆ هەڵدانى خێوەتێكى تایبەت بە خۆى دروست كرد، یەكێك لە ئاماژەكانى ئەو بنەمایەش، ئەوە بوو، كە لاساییكردنەوەى زۆر كەم بوو، ئینجا (دواى سێ‌ ساڵان) لە خوێندنەوەى بێوچان و هۆشیاریى رۆشنبیرى و مەعریفەى شیعرییەوە، بە چامە درێژەكەى (لم نیازمە) شاد دەبێت. لەوێشەوە (سى و سێ‌ ساڵان) كار لە ئەزموونى جیاواز و گوتارى شیعرى و ئاماژەى شیعرى و ماناى شیعرییدا دەكات. پەیوەندییەكى فرەلایەن لەنێوان بونیادى قووڵ و رووكەش دەسازێنێ‌. بەو مانایەش بایەخدانى شاعیر بە بونیادى قووڵ و رووكەش، گرنگیدانە بە رەگەزى گێرِانەوە و گوتارى شیعرى! ئیتر دواى ئەو هەموو ئەزموون و ئەزموونگەرییە چیدیكە لاى شاعیر لەوەى كە دێ‌، دوو كۆ دوو بە ناچارى ناكاتە چوار.
پریتۆن سوریالى بوو، دەڵێت: لەسەر شەقام بەر مرۆڤ دەكەوم. بەڵام ع. ع. یوسف، نەك هەر سوریالیانە، بەڵكو داداییانە پشت بە دووانەی رِەخنە و پێكەنین دەبەستێ‌ و شیعر تاتۆ دەكات، هەندێجاریش لەبرى ئەوەى بەر مرۆڤ بكەوێ‌، لەسەر شەقام بەر وڵاخێكی بنێس دەكەوێ‌، كە ئومێدێكی زلى لەسەر هەڵچنراوە!
دەتوانم بڵێم گوتارى شیعرى، شیعر تاتۆ دەكەم، هەوڵێكە بۆ بەیەكگەیاندنى هونەرى كاركاتێر و كۆمیدیاى رەش، تێكەڵكردنى سوریالییەت و دادییەتە. واتە رِەخنەگرتنە لە واقیع، بەدەم گاڵتە و پێكەنینەوە. گوتارى شیعر تاتۆ دەكەم، راڤەكردنى دنیایى كوردییە لە رێگاى بیركردنەوەى عەقڵانییەوە، لە شێوەى مافورێكى چنراو، بەو مانایەى، كە لە كۆمەڵێك نەخشى جیاواز و هێلى پێچاوپێچ پێكهاتووە. لە كۆى ئەو بەیەكگەیشتن و تێكەڵكردنەدا جەوهەرى شیعرى عەباس عەبدوڵڵا یوسف لە بنەمادا بریتییە لە دۆزینەوەى هێلى پەیوەندى نێوان گێرِانەوە و شیعرییەت، لەو پرۆسەیەشدا شاعیر كەمتر بەر دۆزینەوە دەكەوێ‌ و زێتر وزەى شیعرى لە راڤەكردنى گێرِانەوەوە هەڵدەگرێتەوە و لەوێشەوە بە جۆرێك لە جۆرەكان تێكەڵى شیعرییەتى دەكات. بەڵام شیعرییەت گێرِانەوە نییە! وەك چۆن جۆرێك نییە، لە هەڵقوڵاویى پەرشبووى پرِشنگى ماناكانى بیركردنەوەى لۆژیكى.
لەو لێكۆڵینەوەیەدا، دەمەوێ‌ بیسەلمێنم، شیعر تاتۆ دەكەم، شیعرییەت لە راڤەكردنى گێرِانەوەدا تۆخ دەكاتەوە. ئەو روونكردنەوەیە، راڤەكردنى وسبەلێكراو و مانا شاراوەكانى وشە لە گێرِانەوەدا وەك قووڵایى دەرەوە دەبینێ‌ و لەلایەكى دیكە، پێیوایە دەشێ‌ لە دۆزینەوەى ئاستەكانى پەیوەندى دەق و خوێنەر، شیعرییەتى خوێندنەوە بخاتە روو.
لە یەكەمدا، كاتێ‌ شاعیر لە روانگەى راڤەكردنى گێرِانەوە و بیركردنەوە مامەڵە لەگەڵ مانا وسبەلێكراوە و شاراوەكانى وشە دەكات، ئەو كارەى لەبرى ئەوەى بەرەو شیعرییەت بێتەوە، بۆ پرسێكى عەقڵانى دەگۆرِێت! پرسى بیركردنەوەى عەقڵانى پرسێكى لۆژیكى حیسابییە، نەك خەیاڵى شیعرى.
لە دووەمدا، كاتێ‌ بە دەستهێنانى شیعرییەت لە روانگەى ئەویدیكەى جیاواز و خوێندنەوەى جیاوازەوە تەماشا دەكەین، لەبەر ئەوەى چەمكى راڤەكردن بە خوێنەر و ئاستى خوێنەرەوە دەلكێ‌، دەشێ‌ لەو تەماشاكردنەدا شیعرییەت پرِشنگ بداتەوە.
بۆ بنەماى یەكەم، سوودم لە شیعرییەتى (ژان كۆهین) وەرگرتووە، كە پێیوایە شیعرییەت زانستى شێوازگەرى شیعرى و زانستى لادانى زمانەوانییە. بۆ بنەماى دووەم، وەك ئەركێك لە ئەركەكانى پەیوەندى نێوان دەق و خوێنەرە جیاوازەكان، سوودم لە (تۆدۆرۆف) وەرگرتووە، كە قسە لە شیعرییەتى خوێندنەوە، یان وەرگر دەكات، ئەو جۆرە قسەكردنەش شیعرییەت بە ئاستەكانى خوێندنەوە و خوێنەرەوە دەلكێنێ‌.
بەڵام جەختكردنى شاعیر لە راڤەكردنى گێرِانەوە و زێتر بایەخدان بە مانا شاراوە و وسبەلێكرەوەكان و دامەزراندنى بنەماى گوتارى شیعرى لەسەر گێرِانەوە، فەرامۆشكردنى بنەماى تەماشاكردنى دووەم دەگەیەنێت. چونكە وەك دیارە لە تاكدێرییەكانیدا هەمیشە دەیەوێ‌ بە پێكەنین بە گژ كوێرەوەرییەكاندا بچێتەوە! هەمیشە دەیەوێ‌ زەردەخەنە لە كارەسات قەرز بكات و بە قۆشمە تۆڵە لە خەونە بەدینەهاتووەكان بكاتەوە. هەمیشە دەیەوێ‌ لە دەرەوە بەرەو قووڵاییەكان بێتەوە.
شاعیر دەڵێ‌: ژنەكەم بە تیلمە سواڵەتى سۆمەرِى، پانتۆڵمى پینەكرد. (برِوانە: ع. ع. یوسف، نانۆ تاتۆ دەكەم، 2013، هەولێر، ل74) وەك دەبینین لە رێگاى دووبارە گێرِانەوەوە و قووڵاییەكانى دەرەوە، تابۆكان تێكدەشكێنێت و هەموو ئەوەى لە گێرِانەوەدایە، پەردەى لەسەر هەڵدەداتەوە.. لەژێر خێوەتەكەى خۆى دەیەوێت لە رێگاى تاكدێرییەكانى خەونێكى گەورە شیعرى بچنێ‌! هەر لەوێشەوە هەوڵى كەشفكردنى توانا بێكۆتاییەكان و چێژى مانا وسبەلێكراو و شاراوەكان دەدات. پێیوایە ئەو توانا و چێژە لە نهێنى كەلەپورى كوردى و گێرِانەوەى قسەى سادە و فۆلكلۆرەوە خۆیان حەشار داوە.
(غازى حەسەن) لە كتێبى (فەیلەسوفە، كەرە، سێ‌ پێیە، سپییەكە، ئەمریكا، 2024، چاپى ئەلكترۆنى) كە لێكۆڵینەوەیە لەسەر شیعرە تاكدێرەكانى عەباس عەبدوڵڵا یوسف، دەڵێ‌: شاعیر لە رێگاى قسەی ئاسایی، قسەی پرِ واتای سەر زاری خەڵك، دەقێكی كورت و چرِ و پوختی تەژی لەواتای بە مانا و فۆرم و گوزارشت و گێرِانەوە و دەربرِینی نوێ بەرهەمهێناوەتەوە، ئەو شارەزایە، لە كەلتوور و نەریتی ئەوانی دیكە لەنێو كۆمەڵگا.
بە جۆرێكى دیكە دەتوانم ئەو قسەی پشترِاست بكەمەوە و بڵێم شاعیر لە رێگاى مانا شاراوەكان و وسبەلێكراو و ئارەزووە بەدینەهاتووەكانەوە، گەمەى ئازادى لەسەر قووڵایى دەرەوە دادەمەزرێنێ‌! ئەگەرچى ئەو خۆى بە خزمەتكارى شیعرییەت و قوڵایى ناوەوە دەزانێ‌، بەڵام بە خاترى گرینگیدا بە وێنەى لێكچووى نێو حیكایەتەكان و قسەى سەر زارى خەڵك، بە شیعرییەتێكى هەژارەوە دەگەرِێتەوە! لەگەڵ ئەوەشدا دەشێ‌ لە رێگاى ئاستى بەرزى خوێندنەوە و خوێنەر و وەرگرەوە بە جۆرێكى دیكە شیعرییەت لە تاكدێرەكانەوە بەرهەم بهێنینەوە.
دواجار لەوەى كە دێ‌، ئەگەرچى شاعیر وەك (پاڵەوانێكى سوریالى) حیكایەتى ئازادى و كەرامەتى مرۆیى، لەسەر شەقام كۆدەكاتەوە. بەڵام لە پێناو وێنەى كاریكاتێرى و كۆمیدیاى رەش و داداییەتەوە پەیوەندییەكى تووند بە گێرِانەوەوە دەكات. واتە ئەگەرچى سوریالییانە خۆى بە خزمەتكارى (شۆرِش) دەزانێ‌، بەڵام لە ئاوێتەكردنى سوریالییەت و داداییەتدا، ئازادى خۆى لە هەڵێنجاندنى مانا وسبەلێكراو و شاراوە و جیاوازەكانى راڤەكردنى گێرِانەوەدا دەبینێتەوە. سوریالییەكان ئازادى خۆیان لە خەیاڵى شیعرییدا بەرجەستە دەكرد. بەڵام شاعیر ئازادى خۆى لە رێگاى گاڵتە و گەپەوە بە دەست دەهێنێ‌.

مینیماڵیزم
(بزوێنەرى نانۆ یان تاكدێرى)

ئایا مینیماڵیزم بۆ رزگاربوون لە زێدەكانى ژیان و ئازادى، لە نانۆ، شیعرى زیپ، پۆستەرە شیعر، هایكۆ، هانكا، ئەفۆریزم، نزیكە، یان لە بەیت و تاكدێرى؟! بە كورتى مینیماڵیزم بزوێنەرى نانۆیە، یان تاكدێرى؟
وەك دەزانین وشەى نانۆ لە وشەى گریكى “نانۆس” وەرگیراوە، كە بە ماناى كورتەباڵا دێت. نانۆ كۆى شتە بچوكەكان دەگرێتەوە، بە پێوانەى بەشێك لە ملیار دێت (یەك لەسەر ملیارى مەتر، یەك لەسەر ملیارى چركە..) نانۆ بچووكترین بەشى ماددەیە، كە پارێزى لە خەسڵەتە فیزیاوى و سرووشتیەكانى دەكات. ئەوەش وا دەكات، بێتە رەگەزێكى روون و بێ‌ خڵت و بەرز.
نانۆ شیعر، شیعرى زیپ، پۆستەرە شیعر، ئەفۆریزم.. هەموو ئەو ناونانانە بەدیوێك لە دیوەكان پەیوەندییان بە خێراییەكانى سەردەم و ماكدۆناڵد و كۆكاكۆلاو و شەفافییەت و گەرمى و ئاورِنەدانەوە و جیاوازى و هەڵكردن و چێژیردنى لەپرِ و خەونە رەنگاورِەنگەكانەوە هەیە… لە نانۆشیعردا زمان ئامرازێك نییە، ئێمە بەكارى بهێنین، بەڵكو ماددەیەكە ئێمەى لێدروستكراوین. بەڵام مەرجى سەرەكى هایكۆ، هانكا، باوەرِهێنانە بە زمانى پاك و بێگەردى ساتى یەكەم، باوەرِهێنانە بە هەژارى و بێدەسەڵاتیى زمان، كە ناتوانێ‌ شایەتحاڵى ئەسڵ و حەقیقەت بێ‌، واتە لە بنەماى شیعرى هایكۆدا رۆشنبیرییەكى گەورەى سۆفیگەرایى دەبینرێت، كە هەوڵدەدات زمان بۆ ساتەوەختى خەلیقەت بباتەوە. لێرەوە دەپرسین ئایا هایكۆ، یان تاكدێریەكانى ع. ع. یوسف دەچنە نێو مەبەستەكانى سەردەمەوە، كە نانۆشیعر پەیرِەویان دەكات؟!. رەنگە ع. ع. یوسف بە جۆرێك لە جۆرەكان لە خاڵى بە گژداچوونەوەى كوێروەرییەكاندا، لە هایكۆى ژاپۆنى زۆر دوور نەبێت! بەڵام هایكۆى ژاپۆنى و بەیتى عەرەبى و تاكدێرییەكاتى ع. ع. یوسف، ناچنە نێو مەبەستى پەیوەندییە خێراكانى نانۆ و شیعرى زیپەوە.
لە شیعرى كۆنى عەرەبیدا چەمكی (بەیت) تاكدرێرى بە مانا شیعرییەكەى بەرفرەوانە و ئەدۆنیس بە ناونیشانى (دیوانى تاكدێرى، 2010) بەشێكى زۆرى لەو تاكدێرانە كۆكردۆتەوە و پێشەكى بۆ نووسیووە. بەڵام (ئۆنفرتى) شاعیرى ئیتاڵى، كۆمەڵە شیعرێكى بە ناوى (ژیانى مرۆڤ) هەیە، كە نەك هەر شیعرەكانى تاكدێریین، بۆ نموونە: بە بێكۆتایى رووناك دەبییەوە. بەڵكو هەندێجاریش شیعرەكانى لە دوو وشە زیاتر نیین. ئایا لەو بارەوە دەتوانین ئۆنفرتى بە ئاڤانگارد ببینین، یان بەیتى عەرەبى و هایكۆى ژاپۆنى؟! سەرەرِاى هەموو ئەوانەش دەكرێ‌ بڵێین لە شیعرى نوێى كوردیدا ع. ع. یوسف لە تاكدێرییەكانیدا ئاڤانگاردە.
بێگومان بەیتە شیعرى عەرەبى پێش ئەو هەوڵەى ئەدۆنیس لاى شاعیرێكى وەك (خەلیفە محەمەد ئەلتلیسى) بە فۆرِمێكى گەشى شیعرى عەرەبى دەناسێنرێت. ئەلتلێسى لە هەوڵى كۆكردنەوەى (قەسیدەى تاكدێرى- دار الشرق، 1991)دا، پێیوایە قەسیدەى تاكدێرى (بەیتى عەرەبى) پشت بەو تێگەیشتنە دەبەستێت، كە پرِشنگێكى لەناكاوە، بروسكەیەكى تێپەرِە، پاڵنەرێكى ویژدانى و ریتمێكى هەڵبرِاوە، گۆرانییەكى كورتە، گوزارشتكردنێكى چرِ و پرِە…هتد، ه.س.پ. ل31.
دەشێ‌ بڵێین ئەو وەسف و پێناسەیە لەگەڵ كورتە شیعر و شیعرى هایكۆ زۆر جیاوازییان نییە! بەڵام لە سەدەى سێنزمەوە هایكۆ لە تەك (هانكا) وەك فۆرِمێكى سەربەخۆى شیعرى كلاسیكى ژاپۆنى دەركەوتووە، كە بە كورترین شیعرى جیهانى دەژمێردرێت و لە كەمترین وشەدا و لە سێ‌ كورتە رستەى (5/7/5) برِگەیى پێكهاتووە و ماناى چرِ و قووڵ بە دەستەوە دەدات. لە هایكۆى ژاپۆنیدا سروشت رەنگدانەوەى رۆحە و بابەتەكان بە شێوەیەكى جوان و رەمزى بەكار دەهێنرێن. واتە هایكۆ زیاتر روو لە كەسى و سۆزدارى دەكات.
بەڵام تاكدێرییەكانى ع. ع. یوسف، روو لە گێرِانەوە و هەڵكۆڵینى ماناى وسبەلێكراو و شاراوەى گێرِانەوەكانە و لەو خاڵەوە هەوڵدەدات لە شیعرییەت نزیكبێتەوە! یان بە مانایەكى دیكە بۆ درێژەدان بە نزیكبوونەوە لە شیعرییەت، پەردە لەسەر مانایەكى قووڵایى دەرەوەى هێزە داخراوەكان هەڵدەماڵێ‌، تاكو دڵخۆشى، قەناعەت، پانتاییەك بۆ ئازادى راڤەكردنى جیاواز دروست بكات، بۆ ئەوەش روو لە شێوازى كۆمیدیاى رەش دەكات. بەو مانایەش تاكدێرییەكانى بە جۆرێك لە جۆرەكان لە دۆخى راستەقینەى گێرِانەوەى مرۆڤى كوردیمان نزیك دەكاتەوە و بارودۆخى كوردیمان بۆ رووندەكاتەوە. تاكدێرییەكانى شاعیر نیشاندانى تراژیدییەكانى مرۆڤى كوردییە، كە بە قووڵى تووشى دەردى تووندوتیژى و ستەمى دەسەڵات بووە. تاكدێرییەكانى بۆ ئەوە نووسراون، كە مانا و شیعرییەت لە رێگاى پێكەنینەوە بۆ یەك بچەمێنێتەوە، چالاكى نێوانیان تا سنورى لێكخشان درێژ بكاتەوە و گاڵتە بە بریقوباقى ئەو شیعرە بكات، كە پرِاوپرِ بە واقیعە؟!
غازى حەسەن دەڵێ‌، تاكدێرى لاى عەباس رەنگە پەیوەندییەكى پتەوى بە (ترسەوە) هەبێت. ترس لە سیاسەت، حزبایەتى، كۆمەڵگا، دەوروبەر… ه.س.پ. ل 45. لە گۆڤارى (دیوان، تەمموزى 2023) عەباس عەبدوڵڵا یوسف دەڵێت: من لە دەسەڵات زۆر ترساوم، چونكە زۆر دڵرِەقانە و درِندانە مامەڵەى دەكرد، بۆیە پێموابوو چوونە دەرەوە و شاخ و بەرەى هێزى چەكدارى هى پیاوى ئازا و نەترس و پیاوى خۆرِاگرە. بە هەمان شێوە لە تاكدێرییەكیدا دەڵێ‌: هێشتا دەرەوەى سەر، لە مێشك بە مێشكترە. ل29. لە ناو ئێستاى هەتاهەتایە، ئایندەم ونكرا. ل73.
ئەگەر لە هایكۆى ژاپۆنى و تاكدێرى كلاسیكى عەرەبى چەقین لەنێو كات و ونكردنى ئایندە، سروشتى و خۆرسك بكەوێتەوە! ئەوە وەك گوتمان نانۆشیعر پەیوەندى بە خێراییەكانى سەردەم و چێژیردنى لەپرِ و خەونە رەنگاورِەنگەكانەوە دەكات. نانۆشیعر پرِشنگەكانى ئێستا لە كردەى پیشەسازیدا دەنووسێتەوە. بەڵام تاكدێرییەكانى ع. ع. یوسف وێنەیەكى كاریكاتێرى لە مانا شاراوە و وسبەلێكراوەكانى گێرِانەوەى تەنزئامێز دەگرێ‌ و بە كۆمیدیاى رەش رەنگى دەكات، كە نوغرۆى راڤەكردن و ئاماژە و مێژوو و كاریگەرى كلتووریى و پاشماوەكانى كەلەپورى كوردین. بە دیوەكەى دیكەش رەنگى رەش و سپى و راڤەكردن و لێكدانەوەى ژیانى كۆنكرێتى خەڵك، وەك زمانى نووسینى تاكدێرەكانى تەماشا دەكات.
عەباس عەبدوڵڵا یوسف دەڵێت: تاكدێرى ستایلێكى تایبەتە بە خۆم، یان لانى كەم هیچ كەس بەو ستایلەى من ناتوانێ‌ بنووسێت، كە لە كورترین هەناسەى شیعریدا زۆرترین مانا ببەخشێت، ئەمەش بوارى گفتوگۆى تێدایە و ئامادەم سەرپێى كۆمەڵێك دێر بۆ یەك زیاد بكەم و پاشان هەموو زیادەكان فرِێ‌ بدەم (گۆڤارى دیوان، ژ 28 – 2023). چاوەرِوانى خۆمم. ل24. كەواتە خۆى خۆى دەنووسێتەوە و دەیەوێ‌ لە نێو هەر وشەیەكى رەش و سپییدا شتێكى نوێ‌ بدۆزێتەوە.

سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرى
(شێوازى كۆمیدیاى رەش)
هونەرى كاریكاتێر، هونەرێكى دێرینە و ئاوێتەكردنى بە كۆمیدیاى تاریك، بنەماى ئەو لێكۆڵینەوەیەى لەسەر دامەزراوە. وەك دەزانین كۆمیدیاى رەش ساڵى 1935 (ئاندرێ‌ پریتۆن) بەكارى هێناوە. بێگومان كۆمیدیاى رەش، لە تێكەڵكردنى سوریالییەت و دادییەت و لەوێشەوە بۆ دەسنیشانكردنى رەهەندە نەبینراوەكان و لۆچ و ئەگەرى كراوەى تاكدێرییەكانى ع.ع. یوسف رۆڵى تایبەتى دەگێرِێ‌. بەڵام نەك وەك بێ‌ نرخكردنى پرسى شیعرگەرایى و گێرِانەوەگەرایى، بەڵكو وەك دۆزینەوەى مانا وسبەلێكراوەكان و بەدواداچوونى سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرى بە شێوازى پێكەنینى رەش!
هەڵبەتە شیعر حەقیقەت بە مانا سادەییە واقیعیەكەى ناگێرِێتەوە! وەك دەزانین تاكدێرییەكانى ع.ع. یوسف سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرییە بە كۆمیدیاى رەش، گاڵتەكردنێكى جەرگبرِە بە ستەمى دەسەڵات و واقیع. كەواتە شاعیر لە نواندنى شیعر و گێرِانەوەدا نایەوێ‌ وێنەى حەقیقەت بكێشێ‌، بەڵكو لە پێناو ورِوژانى بیركردنەوەى رەخنەگرانەى (خوێنەر/ وەرگر)دا هەوڵى گرتنى وێنەیەكى لێكچووى حەقیقەت، بە كامیراى كۆمیدیاى رەش، دەدات.
وەك لەسەرەوە ئاماژەم بۆ كرد، هونەرى كاریكاتێرى لە شێوازى كۆمیدیاى رەش، مەیلى بۆ گێرِانەوەى مانا شاراوەكانى ناو حەقیقەتى زۆرترە، لە مەیلى بۆ خەیاڵ و شیعرییەت!! لێرەوەیە شاعیر لە تاكدێرییەكانیدا زێتر جەخت لە مانا شاراوە و وسبەلێكراوەكانى كلتور و قسە زاڵ و باوەكان دەكاتەوە و وەك شێوازى گێرِانەوە تەرجەمەى ژانوژوارەكانى سەردەمیان دەكات، نەك وەك خەیاڵى شیعرى و شیعرییەت.
چەقۆ هەر بە رووتى بینراوە. ل51.
ئەو تاكدێرییە لە گێرِانەوەى چەقۆ هەر بە رووتى بینراوە، وەك ئەوە وایە، شاعیر لە رۆژێكى سەختدا بێ‌ و (ئەپۆكرایف)انە لە كاتى مردندا تیغى چەقۆى لەسەر تاقى بكەنەوە و لە شێوازى كۆمیدیاى رەشدا بڵێ‌ (ئەگەر بمزانیایە كە ئەوە روودەدات، بەردى گەورەم قووتدەدا بۆ ئەوەى زیان بە تیغەكە بگەیەنم). ئەوەش یەكێكە لە رۆچوونەكانى بەرەو قووڵایى دەرەوە.
ئاشكرایە چەقۆى رووت، وەك میوەى رووتى شیعرى، كە خوێنەر لە كاتى خوێندنەوەدا تامى بكات، ئەگەرێكى لاوازە. بەڵام وەك راڤەكردنى نهێنى حیكایەتى دەسەڵات و ستەم و داپڵۆسین ئەگەرێكى بەرزە و هێزى تایبەتى هەڵگرتووە. جگە لەوەش بینینى چەقۆى رووت، تووندوتیژییە، تووندوتیژى فەرامۆشكردنى خەیاڵ و فەنتازیاكانى شیعرییە و زێتر روو لە حەقیقەتە! بەڵام بە دیوەكە دیكە پەردە هەڵدانەوە لەسەر تووندوتیژیش، وەك كەشفكردنى نهێنى حیكایەتەكان، ئاگاداركردنەوەیە، بۆ دوورخستنەوەى جەستەى مرۆڤ لە ئازار و پێكان.
ئەگەرچى رووتبوونەوەى چەقۆ، وەك میوەى رووت، هەستى شیعرى كەمتر نیشان دەدات، بەڵام وەك دەرخستنى رووەكانى ستەمى دەسەڵات، راستییەكى زۆرى لەخۆدا حەشار داوە. رووتكردنەوەى چەقۆ وەك ئەگەرى میوە، كردەیە! وەك ئەگەرى حیكایەتێكى رووت، كارە! یەكەمیان هەر چەندە كول بێ‌، رووى لە تامى شیعرە، دووەمیان هەرچەندە تیژ بێ‌ رووى ئاشكراكردنى حەقیقەتى زێترە. لە یەكەمیاندا دەشێ‌ خوێنەر چێژ لە شێوازى جیاوازى كردەى رووتكردنەوە ببینێ‌ و لە دووەمیاندا خوێنەر بە دڵنیاییەوە ئاوێتەى كارى گێرِانەوەى رەخنەگرانەیە.
بە كورتى یەكەمیان وەك كردە، دەشێ‌ لە نهێنى رووتكردنەوەدا جوانییەكى لەپرِ و بریسكەئامێزمان پێببەخشێ‌. دووەمیان وەك كار، راستییەكى رامانئامێز دەگەیەنێت. كەواتە ئاوێتەكردنى سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرى بە شێوازى بەكارهێنانى كۆمیدیاى رەش، تێكەڵكردنى شیعرگەرایى و گێرِانەوەگەراییە، ئاوێتەكردنى جوانى و حەقیقەت، پێكەنین و گریانە!
چاوەرِوانى خۆمم. ل24.
هەرگیز تاكى جیاواز لەنێو زاراوەیەكى گشتیدا ناتوێتەوە. چاوەرِوانى خۆمم. چونكە تاكى ناوازە جارێك دەبێت و دووبارە نابێتەوە. لە تاكدێرییەكانى عەباس عەبدوڵڵا یوسف مرۆڤ وەك تاك زۆرتر جێگاى بایەخى حەقیقەتى گێرِانەوەیە و كەمتر جێگاى بایەخى خەیاڵى شیعرییە! چونكە شیعر بۆ حەقیقەت ناگەرِێت، بۆ ئەوە ناگەرِێت، كە دەسەڵات چۆن خۆى وەك تێزى گشتى پیادە دەكات. لە شیعردا خەیاڵ و هەستى جیاوازى خودگەرایى دەبێتە جیگاى سەرنج، نەك حەقیقەت! شیعر خەیاڵ و هەستى جیاوازى و فرەرِەهەندى مانا و بۆچوونى گۆرِاو بە جۆرێكى كتوپرِ دەبەخشێ‌! گێرِانەوە بەرجەستەكردن و چەسپاندنى نهێنى ئایدیۆلۆژى تاكرِەهەندى و لۆژیكى نەگۆرِ و گشتییە. هەڵبەتە تێگەیشتنى نێوان حەقیقەت و خەیاڵ، تێگەیشتنە لە دەرەوەى ئەفلاتوونەوە، چونكە شیعر درۆ نییە، بەڵكو تەنها حەقیقەت وەك ئەوەى هەیە ناگێرێتەوە، ئەدەب وەك حەقیقەت خۆى دەرناخات، بەڵكو وەك (ئیكۆ) دەڵێت: مۆدێلێك لە حەقیقەتمان پێدەبەخشێ، كە زۆر خەیاڵییە. بێگومان كاتێك كافكا لە دێرى یەكەمى رۆمانەكەى (مەسخ)دا گریگۆر سامساى پاڵەوان وەك قالۆنچەیەكى گەورە نیشان دەدات و لە حەقیقەتەوە دەكەوێتە دەرەوەى حەقیقەتەوە، دەكەوێتە واقیعێكى دیكەوە، كە فانتازى و خەیاڵییە، دەكەوێتە شێوەیەكى دیكە لە واقیعیەت، كە لە دنیاى خەیاڵى شیعریمان نزیك دەكاتەوە، نەك حەقیقەتى واقیعى.
بەختیار عەلى لە كتێبى (زنجیرەكانى دۆنكیشۆت) دەڵێ‌: واقیعى ئەدەبى لەسەر لێكچوون لەگەڵ دنیاى دەرەوەدا دانەمەزراوە، بەڵكو لەسەر بنەماى ئاماژەدان بە دۆخى مرۆڤ لە جیهاندا كار دەكات. ل147.
بە كورتى لە كۆمارى ئەفلاتووندا تورِەیى ئەفلاتوون لەوەدایە، كە شاعیران خەیاڵ بە قووڵی لە یادەوەریمان دەچێنن، كە دوایی زەحمەتە تەنها وەك خەیاڵێك بمێنێتەوە! بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شاعیران هیچ كاتێك كەس لەخشتە نابەن، كە گوایە چیرِۆكێكى راست و واقیعى دەگێرِێنەوە. چونكە لە شیعردا ئەدەب ئاوێنەى واقیع نییە. لەو لێكۆڵینەوەیەدا دەمەوێ‌ ئەو خاڵە بكەمە شوێنى ئاورِدانەوە، واتە دەمەوێ‌ بە هەمان شێوە بڵێم، شیعر زرِەوێنەى كەلەپور و كلتور و فۆلكلۆر و قسەى سادەى خەڵكى نییە، بەڵكو دنیایەكى جیاوازە بە فۆرِم و ئاماژە و خەیاڵى جیاواز، مۆدێلێكى دیكەى دنیا و واقیعى ئەدەبى دەدۆزێتەوە. بەو مانایەش عەباس عەبدوڵڵا یوسف ئەفلاتوونییە! چونكە گرنگى بە وێنەى لێكچووى حەقیقەت دەدات و بە ژانوژوارەكانى مرۆڤى سەردەمى دەلكێنێ‌، بەو مانایەش تاكدێرییەكانى دەچنە خانەى بیرهێنانەوە و یادەوەرییەوە، كە لە پرۆسەى راڤەكردنى مانا شاراوە و وسبەلێكراوەكانى گێرِانەوە بە دەستیان دەهێنێ‌.
كەواتە ئەو قسەیەى غازى حەسەن، كە دەڵێ‌: شاعیر لە رێگاى قسەی ئاسایی، قسەی پرِ واتای سەر زاری خەڵك، دەقێكی كورت و چرِ و پوختی تەژی لەواتای بە مانا و فۆرم و گوزارشت و گێرِانەوە و دەربرِینی نوێ بەرهەمهێناوەتەوە. ناشێ‌ وەك خەیاڵى شیعرى مامەڵەى لەگەڵدا بكرێ‌، بەڵكو زێتر هەڵگرى وێنەى لێكچووى حەقیقەتى ئەفلاتوونى و حیكاییە!
لێرەوە بە برِواى من، عەباس عەبدوڵڵا یوسف نموونەى ئەو كەسانەیە، كە دەیەوێت لاسایى نهێنى دەقەكانى گێرِانەوە بكاتەوە. دەیەوێ‌ وەك تاكێكى رەخنەگر بچێتە لۆچى ماناى شاراوە و نهێنیەكانییەوە، دەیەوێت ژیانى خۆى وەك گێرِانەوەكان بونیاد بنێتەوە، بێ‌ ئەوەى جیاوازییەكانى دەقى حەقیقەت و نهێنییەكانى دەقى شیعرى، بە خەیاڵەوە گرێ‌ بداتەوە، بێ‌ ئەوەى زمانى شیعرى و زمانى گێرِانەوە بە هەند وەرگرێ‌. ئەو بە دواى نهێنى وسبەلێكراوەكاندا دەگەرِێ‌، ترسى گەورەى ئەو، لە دەست بۆ بردنى ئەو نهێنیانە و لە دیتنى ئەو نهێنیانەدایە، چونكە لە پرۆژەى دایە و دەیەوێ‌ لە هەڵماڵینیان دەرگا لە هونەرى سپیكردنەوە و رەشبردنەوە بكاتەوە. لە پرۆژەى دایە، رەشبردنەوەى شیعرى بە سپیكردنەوەى راڤەكردنى مانا شاراوەكان چارە بكات. هەڵبەتە ئەو قسەیەم لەوێوە دێ‌، كە من پێموایە عەباس عەبدوڵڵا یوسف وازى لە (لم نیازمە) هێنا، لە پێناو سپیكردنەوەى هونەرى كاریكاتێرى بە تامى رەشبردنەوەى كۆمیدى، تاكو لەلایەك دڵخۆشى بە (خوێنەر/ وەرگر) ببەخشێ‌ و لەلایەكى دیكە رووبەرى ژیانى وسبەلێكراوەكان فرەوانتر بكا، بۆ ئەوەى خۆى لە ترسى درِندەیى دەسەڵات بە دوور بگرێ‌. روونتر بڵێم، بۆ ئەوەى تا سنورێكى فرەوان، لە رێگاى گاڵتە و پێكەنینەوە، هەم ئاماژەیەك بە تووندوتیژى و ستەمى دەسەڵات بدات و هەم خۆى لە گرفتى ئازادى و گرفتى نەریت و بە كۆمەڵایەتیبوون، بپارێزێ‌.
كەریش ئابووریناسە و دەڵێ‌: زەرِین كانگاى زێرِە. ل20.
لەو تاكدێرییەدا، ئەگەرچى كەر بوونێكى واقیعى هەیە، بەڵام تەماشاكردنى زەرِین وەك كانگاى زێرِ، لە جەوهەردا زرِەوێنەیە، یان سپیكردنەوەیەكى كاریكاتێرییە بە تامى كۆمیدیاى رەش، كە لەسەر بوونى خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات دروست بووە، نەك خەیاڵى شیعرى! خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات فانتازى دروستكردنى دەسەڵاتێكە، بەبێ‌ بەشداریكردنى عەقڵى ئەویدیكەى جیاواز! دەسەڵاتى فاشى تەنها دەیەوێ‌ بیرنەكەرەوە و ملكەچ و پاسیف و كەمئاگاكان بەشدارى بكەن. بە دیوەكەى دیكە لاى شاعیر خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات، بە گشتى لە خەیاڵى فاشیانەى نەریتى كۆمەڵگاى دواكەوتوو جیانابێتەوە.
مرۆڤى بیرنەكەرەوە، كەمئاگا، ملكەچ، پاسیف… هێز بە خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات دەبەخشێ‌، بەو هێزەش خەیاڵى فاشیانەى دەسەڵات دوو جولە دەكات، یەكێكیان بە ئاراستەى گەوجاندنى گشت كۆمەڵگایە، یەكێكیان بە ئاراستەى گەورەكردنى خەون و فانتازیاكانى خۆى. لەسەر هەمان بنەماش دەسەڵاى فاشیانە هێزى گەوجاندن، وەك وزەیەكى درۆزنانەى ئەرێنى دەخاتە بەر مرۆڤى ملكەچ، بیرنەكەرەوە، كەمئاگا و پاسیف، بەخشینى وزەى درۆزنانە، بۆ مرۆڤى پاسیف دوو جولەى هەیە: یەكێكیان، پرِە لە وێنە و ئاواتى نادروست و ناواقیعى دەربارەى واقیع. یەكێكیان، لە رێگاى وێنە ناوبراوەكانەوە مرۆڤى ملكەچ، بیرنەكەرەوە، كەمئاگا، پاسیف، خەون و فانتازیا و ئومێدە گەورەكانى داهاتووى خۆى بونیاد دەنێت.
رەنگە ئەو خەون و تێرِوانییەى دەسەڵات و مرۆڤى پاسیف بەو مانایە بێ‌، كە خودى ژیان هەر ئەوەیە، كە هەیە! بەو مانایەى كە ژیان لە فانتازیا و خەون و تێرِوانینى دەسەڵات جیا نابێتەوە. ئەگەر سیستمى پووچگەرایى بشێ‌ بێتە جێگاى بیركردنەوە، ئەگەر بنەماى ژیان تێكەڵكردنى خەونى دەسەڵات و خەونى تاك بێ‌، ئەوە تەواوى ژیان و كەرامەتى مرۆڤایەتى و جیاوازى و هەمەرِەنگى و كرانەوە بە بنبەستبوون دەگات.

دەرئەنجام:
1- لە ئەنجامى ئەو لێكۆڵینەوەیەدا بۆمان دەردەكەوێت، كە عەباس عەبدوڵڵا یوسف شاعیرێكى جیاواز و یاخییە، بەردەوام لە دەسەڵاتى زمانى باو و لە سنورە سیاسى و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان، رادەكات.
2- لەلایەك بەقسەهێنانى كەلەپور و فۆلكلۆر و قسەى سادەى خەڵك و راڤەكردنى مانا شاراوەكانیان، راكردنە لە ئازادى، لەلایەكى دیكە راكردنە لە بەكۆمەڵایەتیبوون. هەر بەو مانایەش لە (لم نیازمە)ەوە بەرەو كۆمیدیاى رەش هەنگاو دەنێ‌. واتە لە سپیكردنەوەى ئازادى بۆ رەشبردنەوەى بیركردنەوەى زمان هەنگاو بەرەو سنورەكانى زمانى گێرِانەوە دەنێت، لە بەكۆمەڵایەتیبوونى زمانى گێرِانەوە دەبێتەوە و هەنگاو بەرەو نهێنى مانا و وێنە رەشەكان دەنێت. لەوێ‌ لەنێو وێنە رەشەكاندا ماڵێك بۆ راڤەكردن بە بەردى گاڵتە دەسازێنێ‌ و بە شێوەیەكى نارِاستەوخۆ لەگەڵ رەشبردنەوەى گێرِانەوە و سپیكردنەوەى ئازادییەكانى لەو ماڵەدا دەمێنێتەوە، بەڵام لە هەردوو بارەكەدا تاكدێَرەكانى لەگەڵ نانۆشیعر جیاواز دەكەوێتەوە.
3- كاركردن بۆ ماڵى گاڵتەئامێز و كەشفكردنى نهێنى تاریكى ژیان، كاركردنە بۆ كۆمیدیاى رەشى گێرِانەوە و خەونى دەرچوون، لەوێشەوە ئاوێتەكردنى شیعرییەتى سوریالى و بیركردنەوەى دادایى، دەبنە هۆى سەرەكى شێوانى ئازادى و شێوانى شیعرییەت! چونكە ئازادى و شیعرییەت كردەیە، گێرِانەوەى ژیان وەك بیركردنەوە، كارە. دواجار ژیانى شاعیر لە نەبوونگەرایى، یان لە بوونگەرایى وەهمییەوە دادەخرێت. بەو مانایەش كاركردنى شاعیر بۆ بەدەستهێنانى وێنەى لێكچووى حەقیقەت، كاركردنە بۆ نەبوونگەرایى ئازادى… لە كۆتاییدا دەمەوێ‌ بڵێم لەو دوو شێوە بیركردنەوەیەى لەو لێكۆڵینەوە بەرجەستەیە: كردە وەك رووداوى شیعرى، لە كار وەك حەقیقەتى گێرِانەوە، بەردەوامتر و پرِ بەخششترە.

هەولێر 8/8/2024




پێشهاتەکانی سووریا و لێکەوتە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی.. شێرکۆ کرمانج

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا هەیئەی تەحریری شام کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نزیک لە تورکیا-یە و پاشخانی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکخراوەکانی قاعیدە و داعش، هێرشی کردە سەر شاری حەلەب، دووەم گەورەشاری سووریا. لە ماوەیەکی کەم سوپای سووریا شکا و شارەکەی چۆڵکرد، ڕێک وەک ئەوەی لە ٢٠١٤ دا لە موسڵ ڕوویدا. ئێستا، کەم تا زۆر، تەواوی شارەکە بە فڕۆکەخانە و شوێنە ستراتیجییەکان لە ناو شار و دەوروبەری کەوتۆتە دەست گرووپەکەی هەیئەی تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی. هاوکات، بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆی تورکیا، لە باکووری پارێزگای حەلەب، وردتر بڵێین لەو ناوچانەی کە پێشووتر تورکیا و گرووپی سوپای سووریای ئازاد داگیری کردبوون، هێرشیانە کردە سەر ئەو دەڤەرانەی کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوون. لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئەوانیش پێشرەفتی زۆریان کردووە و هێزەکانی هەسەدە وردە وردە ناوچەکانیان چۆڵ دەکەن. وێنە و نەخشە و جوگرافیا و پارسەنگی هێز تا ئێستا دەڵەمەییە، جارێ نازانرێت کە دۆخەکە چی بەسەر دێت، بەڵام سەختە بگەڕێتەوە پێش کەوتنی حەلەب. لەم بابەتە هەوڵدەدەین ڕۆڵ و کاریگەریی و دەرکەوتەکانی ئەم پێشهاتە نوێیە بۆ بکەرە سەرەکییە ناوخۆیی و هەرێمییەکان دەستنیشان بکەین.

سووریا، بەشار ئەسەد و ڕژێمەکەی
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە دوای بەهاری عەرەبی و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ بە پشتیوانی سێ هێز و لایەن لەلێواری مەرگ گەڕایەوە. ڕاوێژ و پلان و بەشداری سوپای پاسدارانی ئێران و چەکدارەکانی حیزبوڵای لوبنانی لەلایەک و هێزی ئاسمانی ڕووسیا لە لایەکەی دیکە نەبا ڕژێمەکەی ئەسەد دەربازی نەدەبوو. ئێستاش ئەو داڕمانەی سوپاکەی ئەسەد ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە لاوازبوونی هەر سێ هاوپەیمانە سەرەکییەکەیەوەی هەیە. گورزە بەردەوام و کوشندەکانی ئیسرائیل لە چەند ساڵی ڕابردوو و کوشتنی دەیان ئەفسەری پلەبەرز و لێدانی سەدان بنکە و بارەگای سوپای پاسدارن لەناو سووریا، توناکانی ئێرانی لە بەهاناوەهاتنی ئەسەد تەواو کز کردبوو. هاوکات، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵا و کوشتنی زۆربەی هەرە زۆری سەرکردەکانی، بە حەسەن نەسروڵا-وە، لەگەڵ هەڵتەکاندنی ژێرخانی سەربازیی ئەو ڕێکخراوە هەم لە لوبنان هەم لە سووریا، ئەسەدی بێ بەش کرد لە بازووەکی بەهێز کە لە ٢٠١١ ەوە لە خەتی پێشەوە، نەک خەتی دواوەی، سوپای سووریا شەڕیان بەدژی هێزە سوننە-ئیسلامگەراکانەوە دەکرد. بێجگە لەمە، سەرقاڵبوونی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکەی ئەسەد، ڕووسیا، بە شەڕی ئۆکرانیا، هێندەی دیکە بەرەی سووریا-ئێران-حیزبوڵای لەبەرانبەر هێزە نەیارەکانیان لاوازتر کردبوو.
لەپاڵ ئەمانە، ڕژێمەکەی ئەسەد و سوپاکەی ماندوون و گەلی سووریا-ش ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان پشتیوانی حکومەتیان کردبێت لەبەر چاوی ڕەشی ئەسەد نەبووە بەڵكوو لەبەر مێژووی ڕەشی گرووپە جیهادی و سەلەفییەکانە کە بەشی هەرە زۆری ئۆپۆزسیۆنی سووریی پێک دێنن. ئەمەش وای کردووە کە جارجار شەقام پشتیوانی لەو گرووپانە بکات بەدژی سوپای سووریا.

تورکیا
لەم ڕووداوانەی ئەم دواییە، تورکیا بکەری سەرەکییە. ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا، دوای پاڕانەوەیەکی زۆر لە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە ٢٠٢٠ بە ڕێککەوتنێک گەیشت کە هەرچی پاشماوەی گرووپە تیرۆریستی و جیهادی و سەلەفییەکان هەیە لە پارێزگای ئیدلیب داڵدە بدات. ئەمە لەو کاتە دابوو کە سوپای سووریا و ئێران و حیزبوڵا بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی ڕووسیا، حەلەب و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریا-یان یەک لە دوای یەک ڕزگار کرد. دیارە ئەوکات وا بڕیار بوو کە ناوچەکە لە چەک دابماڵدرێت، بەڵام جێبەجێ نەکرا. تورکیا لەو کاتەوە ئەو گرووپانەی ئیدلیب و ئەوانەش کە لە ناوچەکانی جەرابلس و ئەلباب و ئەعزاز و عەفرین، دوای دەرپەڕاندنی هێزە کوردییەکان و هەسەدە، داڵدە دابوون، ئامادە دەکات بۆ ڕۆژێکی ئاوا. پرسیارەکە ئەوەیە بۆ لەم کاتە؟
ئەوەی کە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ناوچەکە ئاراستە دەکات، پرسی کوردە. تورکیا بوونی کورد لە هەر شوێنێک وەک هەڕەشەیەکی وجودی دەبینێت، هەموو هەوڵێک دەدات بنبڕی بکات، ئەوەی بۆ نەکرێت گەمەی لاوازکردنی کورد دەکات. تورکیا پاڵنەری سەرەکی پشت ئەو جووڵەیەیە کە لەم ڕۆژانە لە حەلەب و سووریا هاتنەپێش. ئەو پێی وایە کە ئەمریکییەکان پشتیوانی کوردەکان دەکەن لە سووریا؛ ئێران و سووریا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، بەهێزیان نەکەن لاوازیان ناکەن. تورکیا هەلی بێهێزیی بەرەی ئێران و سەرقاڵی ئەمریکای بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات قۆزتەوە و دەیەوێت بە بەردێک چەندێک کێشکەیەک بکوژێت.
یەکەم، کورد (هەسەدە) سەرقاڵی شەڕ بکات، ئەگەر بۆشی کرا لەڕێگەی پڕۆکسییەکانییەوە گورزی لێ بوەشێنێت، وەک ئێستا لە تەلڕەفعەت و ڕۆژهەڵاتی حەلەب و ڕێگەی M4 دەبینرێت.
دووەم، ساڵێک زیاترە، تورکیا دەیەوێت دانوستان بکات لەگەڵ سووریا بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی کورد و گێڕانەوەی سوپای سووریا بۆ ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی هەسەدە کۆنتڕڵیان کردووە، ئەسەد تا ئەمڕۆ نەهاتۆتە ژێر بار. ئەم هەوڵەی تورکیا بەو ئاراستەیەیە.
سێیەم، هەر لە ڕێککەوتنی ڕێڕەوی هیند-کەنداو-ئەوروپا (IMEC) کە وا بڕیار بوو بە ئیسرائیل-دا تێپەڕێت تا دەگاتە لێدانی حەماس و حیزبوڵا و پڕۆکسییەکانی دیکەی ئێران و دانوستانەکان، تورکیای تێدا کەنارگیر کراوە. ئەمەش تورکیای نیگەران و توڕە کردووە. ئەم جووڵەیەی تورکیا پەیامێکە بۆ هەمووان (ئیسرائیل، وڵاتانی کەنداو، ئەوروپا، ئەمریکا، تەنانەت هیندستان-یش) کە ئێمە ئێستاش یاریکەرێکی سەرەکین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بێ ئێمە نە ئاشتی نە شەڕ ناکرێن.
چوارەم، تورکیا ماوەیەکە دەیەوێت پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد لە باکوور زیندو بکاتەوە، بەڵام دەیەوێت بە کورد بڵێت کە ئەوە منم بڕیار لە مافەکانتان دەدەم چونکە ئەوە منم کە لە ناوچەکە نەک هەر لە باکوور بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەدەم. بەکورتی دەیەوێت بە کورد بڵێت، کە وەک دەولەت باخچەلی گوتی، دەبێت بێن و خۆڕادەستی ئێمە بکەنەوە.

ئێران و حیزبوڵا و “بەرەی مقاوەمە”
ئەگەر شەڕی داعش و دەرکەوتەکانی، هێزی ئێرانی گەیاندبێتە ترۆپک، ئەوا شەڕی غەززە و لێدانە جەرگبڕەکانی حیزبوڵا و حەماس توناکانی ئێرانی هێندە دابەزاندووە کە مەگەر شەڕە تاقەتپڕووکێنەکەی عێراق-ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨) هێندە کاتی خۆی لاوازی کردبێت. پێشهاتەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەگەر دەیان هۆکاری لە پشت بووبێت بەڵام هیچیان بە قەد کزبوونی ئێران و نینۆکردنی پڕۆکسییەکانی کاریگەریی لەسەر ئەم شکستەی سووریا لەبەرانبەر گرووپە جیهادییە سوننەکانی سووریا نەبووە.
پەیوەندی ستراتیجی ئێران لەگەڵ سووریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەڕی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق، کاتێک کە بێجگە لە سووریا هەموو وڵاتانی دیکەی عەرەبی پشتیوانیان لە عێراق دەکرد. گرنگی سووریا بۆ ئێران لەگەڵ دروستکردنی حیزبوڵا لە باشووری لوبنان دەیان هێندە زیادی کرد. سووریا ئەو ڕێڕەوەیە کە هیلالی شیعی تەواو دەکات، هیلالێک کە لە ئێرانەوە دەست پێ دەکات و بە عێراق و سووریا-دا تێپەڕ دەبێت بۆ باشووری لوبنان. بە واتایەکی دیکە، ئەو ڕێڕەوەیە کە ئێران چەک و تەقەمەنی پێدا دەگەیەنێتە حیزبوڵا تاوەکوو هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات. بۆیە وەک لە ٢٠١١، کاتێک گەڕی یەکەمی شەڕی ناوخۆی سووریا سەری هەڵدا، ئێران هەرچی لە توانایدا بوو خستیە گەڕ بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد و ڕژێمەکەی، لەوەشدا سەرکەوتوو بوو.
ئێستا کە گەڕی دووەمی شەڕی ناوخۆی سووریا دەستی پێ کردووە، ئێران هەمان هەوڵ دەدات بەڵام لە پێگەیەکی زۆر لاوازتر. پێگەیەک کە ساڵانێکە کەوتۆتە بن ڕەحمەتی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل. هاوکات، بازووە بەهێزەکەشی، حیزبوڵا، شکاوە، هەر بەناو ئاڵای سپی هەڵنەکردووە، ئەگینا، لانیکەم لە لوبنان، هیچ کاتێک ئاوا پەڕپووت نەبووە. هەر چۆنێک بێت، چاوەڕوانی دەکرێت، ئێران و ئەوەی وەک “بەرەی مقاوەمە” خۆیان دەناسێنن، دووبارە توناکانی خۆیان وەگەڕ بخەن، بۆ ڕزگارکردنی حەلەب-یش نەبێت بۆ پاراستنی ڕژێمەکەی ئەسەد لە دیمەشق، درێخی نەکەن. بەڵام بێ پشتیوانیی ڕووسیا، لەوانەیە نەتوانن ئەمجارە ئەسەد لە داڕمان ڕزگار بکەن.

ڕووسیا و بەرەیەکی دیکەی شەڕ
لە ئەیلوولی ٢٠١٥، تا ئەو کاتەی ڕووسیا هێزی ئاسمانی لە سووریا وەگەڕنەخست، هەموو چاودێران پێیان وابوو ئەمڕۆ نا سبەی ڕژێمەکەی ئەسەد، سەرەڕای پشتیوانی ئێران و حیزبوڵا، دەکەوێت. ڕووسیای جێگرەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لەو ئانوساتدا لە هەموو دنیادا تەنیا لە تەرتوس (شارێکی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست) بنکەیەکی سەربازیی دەریایی هەبوو، پێشی وابوو بۆ گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی وەک زلهێزێک سووریا ئەو بەردەبازەیە کە دەکرێت لێیەوە هەنگاوی دیکە بهاوێت. بۆیە پاراستنی سووریا و ئەسەد ببوون بە ئەولەویاتەکانی فلادیمێر پوتین. بۆ ماوەی پێنج ساڵ، ڕۆژ نەبوو هێزی ئاسمانی ڕووسی لە سووریا چالاکی سەربازی ئەنجام نەدات، تا دەرپەڕاندنی گرووپە جیهادییەکان و نەیارەکانی ئەسەد لە زۆربەی خاکی سووریا، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە نەبێت لەگەڵ ئیدلیب، کە وەک ئاماژەی پێ کرا، لە پێکهاتنێک لەگەڵ تورکیا کرا بە مۆڵگەی پاشماوەکانی داعش و قاعیدە و جەبهەت ئەلنوسرە، کە دواتر بەشی زۆریان بوون بەو هەیئەت تەحریر شام-ـەی ئێستا سەرکردایەتی هێرشەکانی سەر حەلەب و حەما دەکات.
ڕۆژێک دوای هێرش بۆ سەر حەلەب، جارێکی دیکە هێزی ئاسمانی ڕووسیا بەگەڕ کەوتەوە. ڕووسیا، سەرقاڵی شەڕی ئۆکرانیا نەبا، تەواوی تواناکانی خۆی دووبارە لە خزمەت مانەوەی ئەسەد وەکار دەخستەوە، بەڵام ئەمجارە لەوانەیە وەک گەڕی یەکەم نەتوانێت هاوکار بێت. لە ڕێگەی هێزەوەش نەبێت، ئەگەری زۆرە کە ڕووسیا فشارێکی زۆر بخاتە سەر تورکیا کە ڕێگری لە جیهادییەکان بکات تاوەکوو زیاتر سەرەڕۆیی نەکەن. ئەگەر زۆرە کە تورکیا ئەوە بۆ ڕووسیا بکات، چونکە مانەوە یان ڕمانی ئەسەد بۆ تورکیا سترتیج نییە، لانیکەم لە ئێستادا. ئەوەی گرنگە بۆ تورکیا، فراوان کردنی ناوچەکانی ژێر دەستی پرۆکسییەکانییەتی، هەم بۆ ناردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە سوورییەکان کە تا هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەردۆگان دەیەوێت لە کۆڵ خۆیانی بکاتەوە چونکە هەستێکی دژە-سووری لە شەقامی تورکیا سەری هەڵداوە. هاوکات، تورکیا لەڕێگەی بەرفراوانبوونی جوگرافیای پرۆکسییەکانی دەتوانێت فشاری زیاتر بخاتە سەر ئەسەد کە دەستبەرداری داواکانی تورکیا بێت و پشت لە کورد بکات.
لەم نێوەدا، ڕووسیا دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە هەم لە ئاستی دیبلۆماسی، هەم لە ئاسمانی سووریا، ببینێت. ڕۆڵێک کە هیچ بکەرێکی دیکە لەم ساتەدا ناتوانێت جێگرەوەی بێت. لەبەرئەوە، پوتین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕۆڵی شادروستکەر (king-maker) دەبینێت.

کورد و هەسەدە
لە گەڕی یەکەمی شەڕی ناوخۆی سووریا، هیچ لایەنێک بە قەد کورد قازانجی نەکردووە. دیارە باجەکەی زۆر قورس بووە، شەهید و بریندارێکی زۆر؛ وێرانبوون و لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە ڕۆژاڤای کوردستان، وەک عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی. سەرەڕای ئەمانە، جوگرافیای ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەسەدە ئێستاش دوای لە دەستدانی هەندێک ناوچە لە گەڕی دووەمی شەڕی ناوخۆ زۆر گەورەترە لە جوگرافیای ناوچە کوردییەکان. لەم گەڕەدا، تا ئێستا کورد زەرەرمەندە لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی. یەکەم، ئەو ناوچانەی کە لە دەستی داون زۆنی پچڕپچڕ بوون و تورکیا و پڕۆکسییەکانی هەر زوو بە تەواوی لە ناوچەکانی دیکەی ژێردەسەڵاتی هەسەدە دایبڕین. دووەم، پشتیوانە سەرەکییەکەی کورد لە سووریا، کە ئەمریکایە، بەگشتی لە ڕۆژئاوای فورات کەم بەرگری لە هێزەکانی هەسەدە دەکات و سەرقاڵی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتیشن. ئەوە بێجگە لەوەی کە ئەمریکا زیاتر لە دژی بکەرە نادەوڵەتییەکان وەک داعش و گرووپە جیهادییەکانی دیکە بەرگری لە کورد دەکرد، بەڵام ئەمجارە لەبەر ئەوەی جیهادییەکان لەژێر باڵی تورکیا خۆیان حەشار داوە، ئەمریکا خۆی دوورەپەرێز گرتووە، لانیکەم تا ئێستا.
بۆ کورد گرنگە لەم ئانوساتەدا خۆی لە شەڕی بەرەی ئەسەد-ئێران-حیزبوڵا-مقاوەمە لەدژی بەرەی جەبهەی تەحریر شام و جەیشی سووری حور و تورکیا بپارێزێت. واچاکە پێگەی خۆی لە مەنبەج و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات توند بکات. ئەگەر هەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێزەکانی هەسەدە بە دژی بەرەی ئێران و مقاوەمە بەکاربێنن، ئەگەر ئەوە ڕووبدات و زەمانەتی پشتیوانی درێژخایەن لە کورد و ئیدارەی خۆسەری نەبێت، زۆر خراپ بەسەر کورد-دا دەشکێتەوە. خۆ ئەگەر پشتیوانی مسۆگەر بکرێت تێوەگلان لە شەڕ لەگەڵ بەرەی ئێران، لەوانەیە زۆر بە قازانجی کورد کۆتایی بێت.

ئیسرائیل و ئەمریکا
حەماس ئەو گۆنگەرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵگیرساند، ئیسرائیل و ئەمریکا سوودمەندی سەرەکی بوون لەو گۆنگەرە. ئەوەی لە سووریا ئێستا ڕوودەدات، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دەرکەوتەی سەرکەوتنەکانی ئیسرائیل و شکستەکانی بەرەی مقاوەمە-یە. ئەو گەڕەی شەڕی ناوخۆی سووریا ئەگەر بەدەستی ئیسرائیل-یش نەبێت ئەوە بە دڵی ئەوە، چونکە دوو بەرە کەوتوونەتە شەڕ لە دژی یەکدی کە هەردووکیان دژی ئیسرائیل-ن. ئیسرائیل حەزناکات هیچ بەرەیەک لەم بەرانە سەربکەوێ، بەڵکوو پێی خۆشە شەڕەکە درێژە بخایەنێت و هەر دوو بەرەکە لاواز و پەرپووت بن. ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل لەم هاوکێشە نوێیە نیگەران دەکات، باڵادەستبوونی تورکیا-یە. ئیسرائیل و ئەمریکا حەزناکەن ئەو بۆشاییەی لە ئاکامی لاوازبوونی ئێران هاتۆتەگۆڕ لەلایەن تورکیا-وە پڕ بکرێتەوە.


بەکورتی، گۆڕانکارییەکان و پێشهاتەکان لە سووریا هەم خێران هەم چاوەڕوان نەکراو. بێجگە لەمە، بکەری دیکەش بێجگە لەوانەی باس کران ئەگەر تا ئێستاش لە گەمەکە نەئاڵابن لەوانەیە لە دواڕۆژێکی نزیک تێوەبگلێن، لەوانە سعودیە و ئیمارات. ئوردنیش ئێجگار نیگەرانە لە سەرکەوتنی گرووپە جیهادییەکان چونکە ئەویش وەک سعودیە و ئیمارات دانویان لەگەڵ گرووپە ئیسلامگەراکان، بە توندڕە و میانڕەوەوە، ناکوڵێ. هاوکێشەکان بە کام لادا لار دەبنەوە جارێ دیار نییە، بەڵام ئەوەی زانراوە کە بەرەی ئێران و مقاوەمە لە داشکاندان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کوڵاندایە. من زۆر جار گوتومە دەوڵەت لە قەیرانەکاندا لە دایک دەبێت. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، داخۆ کورد چەند ئامادەیە هەم بۆ قۆزتنەوەی ئەو هەلانەی کە ئەم گۆڕانکارییانە دەیانهێنە پێش لە ڕۆژاڤا و باشووری کوردستان، هەم بۆ دروست کردنی دەوڵەت، خەونە گەورەکەی کوردستانیان.




تاوانی خوێن یا تاوانی ویژدان، كامیان بە ئازار ترن؟.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

كاتێ ماكبێس بەهاندانی ژنەكەی بۆ دەست بەسەر داگرتنی دەسەڵات بەخۆی و خەنجەرە ژەهراویەكەی هەڵدەكوتێتە ژوورەكەی ( دنكان ) پاشاو خەڵتانی خوێنی دەكات، ئەو كات پاشا لەخەوێكی قوڵ دابوو.
هەرگیز رۆَژێ لەرۆژان بیری لەوە نەدەكردەوە، لەلایەن نزیكترین و باوەڕپێكراوترین كەسێكی نزیكی خۆی، بەم شێوەیە خیانەتی لە گەڵدا بكرێت و بەو دڵ ڕەقیەوە بكوژرێ.

ئەوەندە نابا كاتێ (ماكبێس) دەستەكانی بەخوێنی پاشای دۆست و ئازیزی دەبینێ، پەشیمانی دای دەگرێ، هەموو گیانی دەلەرزێ، ئەوەندەی هەوڵی سڕینەوەی خوێنەكە دەدات، ئەو خوێنەكە لەبەرچاوی ناسڕێتەوە.
لەهەموو لایەكیشەوە گوێ ی لەقیژەی تاوان و هاوار دەبێت، هەموو دنیای لێ وێك دێتەوەو دنیای لەبەرچاوی دا دەبێتە كۆڵانێكی تەسك كە نەزانێت چۆن لێی دەرباز بێت ..
ڕوو لەهەر كوێیەك دەكات، قیژەو هاواری تاوانەكە بەدواوەیەتی.
تەنانەت سروشتیش لێی یاخی دەبێت، كاتێ هەموو دەریاكان بەڕەنگی سووری خوێناوی خۆیان نیشان دەدەن.
ماكبێس ــ بەر لەوەی تاوانەكە ئەنجام بدات، سوور بوو لەسەر ئەوەی (دنكان)ی پاشا ـ بكوژێ و قسەی ساحیرەكان بێنێتە دی، كەدەبێتە پاشا.
هەر ماكبێس نا ژنەكەشی، بەهەمان شێوە پەشیمانی دایدەگرێ و دووچاری ئازارێكی دەروونی دەبێت، كە لەشێت بوون بچێت .
ئەوەتا ماكبێس دەڵێت :
چی بكەم؟ ئاوی هەر هەموو زەریاكان دەستەكانم لەم خوێنە پاك ناكەنەوە.
ژنەكەی: ئەی من ؟ منیش وەك تۆ دەستەكانم بەخوێن پەڵە پەڵە بوون، بەڵام قەت ئەوەندەی تۆ هەست بەترسنۆكی و دڵەڕاوكیی ناكەم ماكبێس..
كەچی دواتر دەردەكەوێ ئازاری ئەو لە ئازاری ماكبێسی هاوسەری كەمتر نیە، كاتێ دەڵێت: دەرچە، دەرچە ئەی پەڵەی نەفرەتی!
پێت دەڵێم دەرچە..
ئەم دیالۆگە، ئەو گرژییە دەروونییە گەورەیە نیشان دەدات كە هەردووكیان دوای تاوانەكە تووشی دەبن و بەرجەستەیەكی نایابی هەستكردن بە تاوانبارییە كە وردە وردە پەرەدەستێنێت.
ئەوەتا ماكبێس كە بیری دێتەوە پاشا (دنكان) هاوڕێ ی لەخەوێكی شیریندا كوشتووە، دەڵێت :
من لەگەڵ كوشتنی هاوڕێكەم، خەوتنیشم كوشت، بۆیە جارێكی تر خەوتن بەچاوی خۆم نابینمەوە.
بەڵام شكسپیر هیچ دیالۆگێكی بۆ (دنكان) پاشا نەنووسیووە، لەكاتی كوشتنەكەی، ویستویەتی دیمەنەكە بخاتە نێو ئەتمۆسفیرێكی كپ و بێدەنگ و سامناك، بۆ ئەوەی ترسو كاریگەری ترسناكی تاوانەكە گەورەتر نیشان بدات.
هیچ دەرفەتێكی نەداوەتە ( دنكان ) هیچ قسەیەكی هەبێت بەهێزتر لەگەورەیی تاوانەكە، یاخود نیشاندنی ئازارەكانی بۆ ئەو خیانەتە گەورەیەی هاوڕێكەی..
چونكە شكسپیر پێی وا بووە، بێدەنگیەكە هێزی درامی دیمەنەكە بەهێزتر دەكات لای بینەر .
تا ئەو ئازارە دەروونیە ئەوەندە پەرە دەسێنێ، ژیانیان لەناو دەبات.
شكسپیر چی بەمرۆڤیەتی دەڵێت ؟
دیمەنی كوشتنی شا )دانكن( لەنمایشی (ماكبێس) لەوە تێدەپەڕێنێ كە ئەم دیمەنە تەنها ڕووداوێكی دراماتیكی بێت و پەیامێكی فەلسەفی قووڵ بۆ مرۆڤایەتی بگوازێتەوە، بەڵكو لە ڕێگەی ئەم دیمەنەو پاشهاتەكانییەوە، دەتوانین چەندین بیرۆكە و پەیامی سەرەكی لە فەلسەفەی شكسپیر بدورینەوە، وەك :
1 .زێدەڕۆیی لەتەماحكاری و چاوچنۆكی، بەرهەمەكەی لەناوچوونە:
شكسپیر دەری دەخات كە چۆن تەماحكاری سنوورە ئەخلاقییەكان تێدەپەڕێنێت، لەوانەیە لە ئاكامدا ببێتە هۆی ڕووخانی مرۆڤ و ژیانی دەوروبەرەكەی .
ماكبێس و ژنەكەی ڕێگە بەتەماحی كوێرانە و ئارەزووی دەسەڵات دەدەن، بەسەر بەها مرۆییەكانیاندا زاڵ بێت.
ئەم نەخۆشیە دەروونیەش دەبنە بنەما بۆ دروست بوونی هۆی تاوانی ترسناك و پەشیمانییەكی بەردەوام.

2.خیانەتكاری .. متمانە و مرۆڤایەتی دەكوژێت
كوشتنی (دانكان) پاشا، خیانەتێكی دوو سەرەن:
یەكێكیان دەرهەق بەهاوڕێیەكی دڵسۆزو پاكی وەك (دانكان) پاشاو بێ نمەكی و بەدڕەوشتی بەرامبەری، تەنیا لەپێناو كورسی.
دووهەمیان: خیانەت لەمرۆڤایەتی و بەها پیرۆزەكانی.
3.تاوانكاری سزایەكی حەتمییە
شكسپیر تاوانكاری وەك هێزێكی دەروونی تێكدەر دەخاتە ڕوو، بۆیە ماكبێس و ژنەكەی ناتوانن لەتاوانەكانیان ڕزگاریان بێت.
تەنانەت دوای سەركەوتنی پیلانەكانیان و گەیشتن بەئامانجەكانیشیان، ئینجا كێشە گەورەكان دەست پێ دەكەن و ویژدان دەبێتە چەكی كاریگەری (دەنكان پاشا) بۆ تۆڵە سەندنەوە، بەئازاردانی دەروونی و ئۆقرە لێ هەڵگرتن

  1. خراپە سەرەتا خاوەنەكەی لەناو دەبات
    شكسپیر دەیەوێت ئەوە نیشان بدات كە كاری خراپەكاری هیچ ئاسوودەییەك بەخراپەكار نابەخشێ وناتوانێت بە شێوەیەكی كاتیش سەقامگیری دەروونی بۆ زامن بكات، زۆر جارانیش دەبێتە هۆكار بۆ شكاندنەوەی خراپەكاریەكان بەسەر بەدكارەكان خۆیاندا، وەك ئەو ئەنجامە تاڵەی ماكبێس و ژنەكەی لە كۆتاییدا ڕوو بە ڕووی بوونەوە.
    5.ڕێكوپێكی و دادپەروەری گشتگیر كوشتنی (دانكان) پاشا، تەنها تاوانێك نییە دەرهەق بە تاكێك، بەڵكو پێشێلكردنی نەزمی ئیلاهی و گەردوونییە.
    شكسپیر ئاماژە بەوە دەكات كە دادپەروەرییەكی گشتگیر هەیەكە هاوسەنگی ڕادەگرێ، تەنانەت ئەگەر سزادان دواش بكەوێت، بەڵام لەئەنجامدا هاوكێشەكان ڕاست دەبنەوە.
    شانۆگەری ماكبێس تا ئێستا لە زۆر لە پایتەختەكانی دنیا نمایش كراوە وەك شانۆ و سینەما، لەشانۆدا:
    ئەكتەری ناسراوی بەریتانی (لۆرانس ئۆلیفیە) لە پەنجاكانی سەدەی بیستەم شانۆیی ماكبێسی پێشكەش كردووە، كە تێیدا جەختی لەسەر لایەنی دەروونی كاراكتەرەكان كردۆتەوە.
    هەروا ( تریفورنان ) لەگەڵ تیپی شانۆیی شكسپیر ماكبێسی نمایش كردووە، كە تێیدا بە گشتی ئەتمۆسفیرێكی تەم و مژاوی و تاریكی دەرخستووە.
    لەسینەماشدا بەهەمان شێوە ماكبێس جێگەی بایەخی سینەماكاران بووە، تا ئێستا زێتر لە 40 فیلمی سینەمایی لەسەر بەرهەم هاتووە.
    یەكەم فیلم ساڵی 1946 لە دەرهێنانی (تۆماس بلایر) بەرهەم هاتووە.
    فیلمی دووەم ساڵی 1948 لە لایەن دەرهێنەری ئوسترالی ( ئۆرسۆن ویلز) بەرهەم هاتووە، فیلمەكەی بەفۆرمێكی نوێ، بە ڕەش و سپی كاری سیناریۆو دەرهێنان و نواندنی بۆ كراوە.
    سێیەم فیلم فیلمێكی ئەمریكی بووبەناوی ( ماكبێس) ساڵی 1950 لە لایەن ( كاترین ستیفنولهم) بەرهەم هاتووە.
    فیلمی چوارەم( ماكبێس) ساڵی1954 بەرهەم هاتووە، لە دەرهێنانی ( ماریۆ ئیڤانی)
    كورسی خوێناوی ــ پێنجەم فیلم بوو دەربارەی ماكبێس، لە دەرهێنانی( كیرۆساوا)
    جگە لەو چەند فیلمە 35 فیلمی دیكە دەربارەی ( ماكبێس) لە لایەن چەندین دەرهێنەری ناسراوی جیهانی بەرهەم هاتووە.



دۆن کیخۆت سوارچاکی شێتی، شۆڕشگێری یاخی.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

دەشێ هەردوو چەمكی (شێتێتی) و (یاخیبوون) لە زەقنەبوونەوەی تێرنەبوونێكی بەردەوامی دەروونی و واقیعی جێگیری نەریتگەرادا كورت بكەینەوە. تاك بیر لە تەسكردنەوەی سنوورەكانی ناخ دەكاتەوە و كۆمەڵگا بیر لە كۆنترۆڵكردنی بەهاكانی رزگاری دەكاتەوە. شێتی سنووری تێرنەبوونی ناخی تاكی داهێنەرە، یاخی رێگای رزگاری نیشانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەدات. یەكەمیان ئازادكردنی تاكە لە كۆمەڵگا و دووەمیان ئامانجی بەدەستهێنانی رزگارییە لە واقیعی جێگیر. ئازادكردنی تاك هەوڵێكە بۆ ئەوەی ببی بەوەی كە خۆت دەتەوێ، بەدەستهێنانی رزگاری پەیوەندی بە دەربازبوون لە پێدراوە چەسپاوەكان هەیە. كەواتە شێتی و یاخیبوون وەك بەردەوامی گۆڕان و سەیرورە، ئازادی و داهێنان، داهێنان و رزگاری لەنێو یەكتردا لە گەشەدان.
كاراكتەری ڕۆمانی دۆن کیخۆتی نووسەری ئیسپانی (میگێل دو سێرڤانتێس) هێمای تێپەڕاندنی دابونەریتی باوی چەسپاو و سەیرورە و گۆڕانە، دژی شەپۆلە چەسپاوەكانی واقیعە، لە دەریای بێ سنووری ئازادیدا. ئەو رۆمانە باسی ژیانی نەجیبزادەیەکی ئیسپانی دەکات، کە ناوی (ئەلونسۆ کیشانو)یە و تەمەنی سەرووی پەنچا ساڵە، لەگەڵ خوشکەزایەکی و خزمەتکارێکی، لە گوندێكی هەرێمی (لامنتشا)دا دەژین. دۆن کیخۆت دوای خوێندنەوەیەكی زۆر، بە کردە (بوونی مرۆیی) خۆی بەسەر واقیعدا واڵا دەكات، لە رێگای بیروڕاكانییەوە هەوڵدەدات بە کردە، وەك (سوارچاکێك) داکۆکی لە دادپەروەری و چەوساوەکانی جیهان بكات، ئەو جیهانەی كە بەهاکانی گۆڕان و سەیرورە ناس ناكات. ئەم چیرۆکە سەرسوڕهێنەرە بۆتە ئایکۆنێکی فەلسەفی و ڕۆشنبیریی کە نووسەران و فەیلەسوفان بەردەوام وزەی لێوەردەگرن.

واقیع
لەنێوان ئازادی و رزگاری

زۆرجار شێتی بە جیابوونەوە لە واقیع، یان ڕەتکردنەوەی واقیعی چەسپاو دادەنرێت. وەك چۆن ئازادی وەك شۆڕش هەندێ لە پێدراوەكانی ناسنامەی رزگاری رەتدەكاتەوە. ئەوەش بە ڕوونی لە شۆڕشە جیاوازەكانی دنیا و تەکنیکی گێڕانەوەی سێرڤانتسی رۆماننووس دەردەكەوێت. بەو مانایەش لای سێرڤانتس دۆن كیخۆتە مەحكومە بە خەیاڵ (هەموو شۆڕشەكانی دنیاش مەحكومن بە ئازادی)، بەڵام خەیاڵ (ئازادی) بۆ كوێمان دەبەن؟ لە پشت ئەو پرسیارە داهێنان (رزگاری) وەستاوە، داهێنان هەمیشە لە گۆڕان و سەیرورەی بەردەوامدایە. ئازادیش هەمیشە فۆرمەكانی رزگاری بەرەو جۆری دەبات. بە كورتی خەیاڵی داهێنان هونەری وێناكردنی سێبەرە وەك حەقیقەت، سێبەریش بەرهەمهێنانەوەی گەمەی نا- نواندنەوەیە! خەیاڵی ئازادیش دۆزینەوەی فۆرمە جیاوازەكانی رزگارییە و رزگاریش بەرهەمهێنانەوەی گەمەی نا- نواندنەوەیە.
جیاوازی رۆمانی دۆن كیخۆتە لە تەكنیكی گێڕانەوە و وەسفکردنی پاڵەوان لە هەموو رووییەكەوە (بەتایبەتی لایەنی دەروونیی و کۆمەڵایەتی، گرێی ئەدەبی، رەگەزی کتوپڕ) بەرجەستەیە. جیاوازی شۆڕش و ئازادی، لە ساتەوەختە چەسپاوەكانی رزگاری لە نا- نواندنەكانی خۆی بەردەوامە. چونكە داهێنان و رزگاری مرۆڤایەتی لە سەیرورەی بەردەوام گۆڕانی بەردەوامدایە.
شێتی تەقینەوەی فشارەكانی دەروونە و یاخی دنیا و ژیانێك ڕەتدەکاتەوە، کە مانای بەردەوامی گۆڕانی قبوول نییە. بۆیە دەتوانین (ئازادی) بە حاڵەتی شێتبوون و یاخیبوون بە دژی واقیعی سەپاوی (رزگاری) بچوێنین، بەو مانایەش ژیان خەون و خەیاڵەكانی شێتی و رزگاری ناناسێت؟ دۆن کیخۆت پێماندەڵێت، ئەگەرچی ئیگۆی گوتاری ئازادی شۆڕشگێرانە لەگەڵ گوتاری ناسنامەی رزگاری پێكەوە لە گەشەی بەردەوامدان. كەواتە ژیان هەرگیز بەو مانایە نییە، كاتێ رزگاری خەیاڵی ئازادییمان پێشێل دەكات، قبوولی بكەین؟!
كەواتە چیرۆکی دۆن کیخۆتە وێنەی كاراكتەری سەرەكی وەك سێبەری شكاو بە دژی پاڵەوانی هەرگیز نەبەزیوو دەكێشێ. واتە ئەو گێڕانەوەیە جگە لە پاڵەوانی بەزیوو، مۆنۆلۆگ، دانانی رەگەزی فرە دەنگیی و گرێی ئەدەبی، كە بەشێکی زۆری رۆمانەکانی دنیای ئەمڕۆی تەنیووە و کاریگەری لەسەر زۆر لە کارە ئەدەبی و فەلسەفییەكان داناوە، زێدە حەقیقەتیش دەكاتە كەرەسەی گاڵتەپێكردن.
دۆستۆیڤسکی دەڵێت: سێرڤانتس قووڵترین و بەهێزترین نووسەری جیهانە. شانۆنووسی ناوداری فەرەنسی مۆلێر، فرانس کافکا، گراهام گرین، ژنە نووسەری ئینگلیزی چارلۆتە… فرانس کافکا چیرۆكێکی بەناوی (حەقیقەتی شانشۆ پانسا) نووسیووە. تۆماس مان لە ڕۆمانی (چیای جادوویی) لەژێر كاریگەری بیرۆكەكانی سێرڤانتس، پاڵەوانێك هەڵدەبژرێ، کە لە کۆمەڵگاکەی دابڕاوە و لە گەشتێکی فەلسەفی ناوخۆیی لاسایی شێتی دۆن کیشۆت دەکاتەوە. ڕۆمانی (پاسەوان لە کێڵگەی شۆفان) سالینجەر، هەر لەژێر هەمان كاریگەری (کولین)ی پاڵەوانی هەوڵدەدات پاکی منداڵانە بپارێزێت، بۆ ئەوەش کەموکوڕییەکانی جیهانی ڕاستەقینە فەرامۆش دەكات.

ئازادی
وەک ئامرازی بەدواگەڕانی رزگاری

دەتوانین لەو سەردەمەی كە تێیدا دەژین، سەردەمی مۆدێرنە، كاراكتەری دۆن کیخۆت نەک وەک شێت ببینین، بەڵکو وەک فەیلەسوفێک بیبینین، كە لە رێگای یاخیبوون بە دژی دابونەریتە سەپاوەكانی کۆمەڵگا، هەوڵی خۆ دۆزینەوە دەدات. ئازادی ناوەوە لەو چوارچێوەیەدا بۆ ئێمە وادەردەکەوێت، کە ئامرازێکە بۆ بەدەستهێنان و بەردەوامی ئازادی و رزگاری. (بۆ نموونە) فرۆید لە تیۆرە دەروونییەكانیدا پێشنیاری ئەوە دەکات، کە دابڕان لە واقیع دەتوانێ وەڵامێک بێت، بۆ پێداویستییە دەروونییە قووڵەکان و دەشێ هەوڵێک بێ، بۆ دەربازبوون لە فشارە ڕاستەقینەكانی ژیانی مرۆڤ. بەڵام دەبێ ژیان لە گۆڕانی بەردەوام و سەیرورەی بەردەوام دابێت.
جەنگە بەناوبانگەکەی دۆن کیخۆتەی سێرڤانتێس لە دژی (ئاشی با) جەنگی مرۆڤی مۆدێرنە لە دژی ئەو هێزە ستەمكارە زەبەلاحەی کە کۆنترۆڵی ژیان دەکات. ئایا ئەمانە هێمای سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسیین، کە تاک ناتوانێت بەرییان بگرێت؟ تێڕوانینی دۆن کیخۆتە بۆ ئەم کارگە زەبەلاحانە تەنها نیشانەی بەرفرەوانی خەیاڵ و شێتییەکەی نییە، بەڵکو نیشانەی بەرفرەوانی ئازادییەكە، كە هەمیشە دنیا وەک سیستەمێکی تەحەداكەر دەبینێ. میشێل فۆکۆ لە کتێبی مێژووی شێتی دووبارە چەمکی شێتی تاقی دەکاتەوە، کە تیایدا باسی شێتی وەک حاڵەتێکی یاخیبوون لە عەقڵانیەتی ڕەها دەکات.
دۆن کیخۆت وەک کارەکتەرێک دەمێنێتەوە، کە نوێنەرایەتی گەڕانی بەردەوام بەدوای خۆیدا دەکات، لە جیهانێکی ڕیالیزمی بێلایەندا. چیرۆکی ئەم شێتە، پرسیار لەسەر مانا و خەیاڵ، ئازادی و رزگاری، حەقیقەت و سێبەر… دەوڕوژێنێت و خوێنەر بانگهێشت دەکات، بۆ بیرکردنەوە لە ژیان، بە شێوازێکی بەردەوام گۆڕاو و جیاواز. دەشێ لەو گێڕانەوەیەدا شێتی بانگەشەی ئازادی بەردەوام بێ و (ئاشی با) دەلالەت لە جێگیربوونی هەڵبژاردەكانی رزگاری بكات، کە مرۆڤی داهێنەر لە گەڕان بەدوای ناوەوەی خۆیدا پێی رازی نییە.

هەولێر 5/11/2024
…..

سەرچاوەکان:

  • میغیل دی سیرفانتس. دون کیخوتە. ترجـمة عبدالرحمن البدوي. دار المدی للثقافة و النشر.سوریا.1998
  • عبدالهادي سعدون. 400 عام على رواية «دون كيخوته»: الفارس النبيل لا يزال يحارب طواحين الهواء!.
  • دون كيشوت: فارس الجنون وحكمة التمرد على الواقع- جمیل سلیم ، 4 تشرینی دووەمی 2024.



تراجيديای سەرکەوتن و شکست لە هاوسەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.. ئاریان کەرکوکی

هێزی ناکۆک و کوشتار و وێرانکاری و دیمەنی توندوتیژی و پەنابەران و کۆچبەران لە ناو دەوڵەتەوە، کارەساتێکە بە سیناریۆی بیرمەندانی خاڵی لە مرۆڤایەتی داڕێژراوە زۆرجار لە کارەساتەکانی جەنگ و شەڕە ڕێکوپێک و ناڕێکەکان لە شاشەی تەلەفزیۆنی سەرەتاییدا دەبینرێت ، و فۆرمولەکردنی دوای ئەو پێشکەوتنانەی لە زانستە تەکنەلۆژییەکان لە ساڵی ١٩٠٠ەوە بەدەست هاتوون پەرەی سەندووە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەیە لە ئەنجامدانی ڕۆڵی کارەساتباردا، کە سەرکردەکانی تیشکیان خستۆتە سەر، و یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شکستە لە شەڕەکاندا سەرکەوتن و هەر شەڕێک کە لایەنە ناکۆکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ نەیارەکانیان ئەنجامی دەدەن، شەڕی سەرکەوتنە، ڕۆیشتنیش بەرەو شەڕەکان سەرکەوتنێکە کە دەبێت لە مێژوودا یادی بکرێتەوە و ئەمەش وەک ڤایرۆسێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایە لە فەلسەفەی شەڕ و شەڕەکاندا ، کە دواهەمینیان شکستە لە کەرتی غەززە و شکست لە لوبنان، باشترین نموونەش شکست لە بەرامبەر سەرکەوتندا دەرکەوت لە درۆی ئەلسەحاف لە کاتی شەڕی کەنداو و شەڕەکانی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، . کە هەردوولا لە شکستی بەردەوامدا بوون، بەڵام سەرکەوتن دروشمی ئەوان بوو. هەنووکە . شەڕی یەک ساڵ و دوو مانگ وەک شەڕێک بوو کە شێوازی تێکەڵاو بوو لە نێوان نزیکبوونەوەی سوپا و سیستەمی میلیشیاکاندا، لە هەموو ئەو شەڕە گەورەکاندا درێژترین شەڕ بوو کە ئیسرائیل لە هەموو بەرەکاندا کردوویەتی پڕ بوو لە سەرسوڕهێنەر کە ڕێگاکانی تێدا دیاری دەکرد ڕێگایەک کە نزیک بوو لە مەحاڵەوە وەستان، وەک چۆن ئەوانی تر وەستابوون، سەرسوڕمانی سەرەتای بوومەلەرزەیەک بوو لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، سەرسوڕمانی خۆڕاگریی شەڕی غەززەی لە بەرامبەر لەشکرکێشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیلدا بەرهەمهێنا، هەروەها سەرسوڕمانی… فراوانبوونی بۆ ئەوەی بگرێتەوە جوگرافیای ناوچەکە لە ڕەفحەوە تا نەقورە تا باب المنداب. هەروەها ئەمەش بووە هۆی سەرسوڕمانی نیگەرانی فەرمی و جەماوەری نێودەوڵەتی بە شێوەیەک کە پێشتر ڕووی نەدابوو، پاشان سەرسوڕمانی دادگای دادی نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی و دادگای تاوانەکان و ئەو فەرمانە دەستگیرکردنانەی کە دەریانکردبوو، و زۆرێکیان دیار و شاراوە بوون شتەکان، کە بەهۆی ئەم شەڕەوە بەرهەم هێنراون، درێژترین و توندوتیژترین شەڕە لە هەموو شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە یەکێک لە درێژخایەنترین ململانێکانی ئەو سەردەمەدا، شەڕەکان ڕوویان دا کە لە ڕێگەی ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی ئاگربەستەوە بۆ ماوەیەکی کاتی یان هەمیشەیی ڕاگیرا. زۆرجار بە دەستێوەردانی دەرەکی ئەنجام دەدرا، کە بە بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش گەیشتە لوتکە. دوایین ڕێککەوتنی ئاگربەست دوێنێ ئەنجامدرا، و لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، بیست و حەوتی تشرینی دووەمی 2024 جێبەجێکرا، دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی پاسەوانەکان، ئێران، پارێزەری هەسەدە، و ئەمریکا، پارێزەری هەسەدە بوو ئیسرائیل. بەرژەوەندی دایک و باوکەکە لەسەر پێویستی ئاگربەست کۆبووەوە، بە هاندانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، کە ڕازی بوو خەڵاتێکی دڵنەوایی بداتە ڕکابەرەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا، بایدن، بۆ ئەوەی شانازی پێوە بکات بۆ ماوەی مانەوەی ماوەی سەرۆکایەتی و ژیانی، کاتێک… هانی ناوبژیوانی ئەمریکی ئامۆس هۆچشتاینی دا کە لە هەوڵەکانیدا بەرەو پێشەوە بچێت، لە کاتێکدا ئێران پێویستی بە هاندانی نەبوو؛ بەهۆی هۆشیارییەکەی لە هەستیاری ئەو شەست ڕۆژەی کە ماوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ترەمپ و پۆستی بڕیاردان لە واشنتۆن. کاتێک دایکان و باوکان ڕازی دەبن، خوێندکارەکانیان هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە جگە لە پابەندبوون و بە قسەکردن ئەوەی ڕوویدا وەک سەرکەوتنێکی ڕوون نیشان بدەن کە هەموو زیان و قوربانیدانێک لە پێناویدا بێ بایەخ دەکرێت! سێ ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر هاتنی دوایین ئاگربەست و ماوەتەوە بەهۆی پێویستی هەموو لایەنەکانی شەڕەکە بۆی، لە شێوەی ئاگربەستێکی شەست ڕۆژەدا کە ڕەنگە ئینکوباتۆرێک بێت بۆ هەوڵێکی سیاسی کە لە ئاگربەستەکە تێپەڕێت ، بۆ ئەوەی بچێتە ئەوپەڕی، وەک سنووردارکردنی سنوورە وشکانییەکان. ئەمەش دەرگای ئاشتی و ئاساییبوونەوە دەکاتەوە هاوشێوەی “ئاشتی و ئاساییکردنەوە” کە لە ناوچەکەدا بەدیهات و سەقامگیر بوو و ئەمەش ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ ئاماژەی پێکرا و چاوەڕوان دەکرێت بەردەوام بێت لە کارکردن لەسەری، کە پێشتر بە خێرایی جیاواز دەستیپێکرد و لە کاتی ئەم شەڕەدا. لە مەسەلەی شەڕ و ئاشتیدا هیچ بەدەر نییە لەو حوکمڕانییەی کە هەموو شەڕەکان بەڕێوەدەبات، ئەویش ئەوەیە کە ئاگربەست پرەنسیپ و یەکلاییکردنەوەی سیاسی هەواڵە و هیچ ڕستەیەکی بەسوود نییە: پرەنسیپێکی بێ هەواڵ. خاڵی دەستپێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەموو شەڕەکاندا ململانێی سەرەکییە لەگەڵ ئیسرائیل و بنچینەکەی پرسی فەلەستینە، و سەبارەت بە بوونی ئەو لە ململانێدا بڵێن چیت پێ خۆشە و چی هەڵدەبژێریت… هۆکارێکی ڕاستەقینە یان بیانوویەک، پابەندبوونێکی پرەنسیپی، ئایدیۆلۆژی، تاکتیکی یان چارەنووسساز، ئابووری یان بازرگانی، یان بەرگێک بۆ ململانێ ناوخۆیی و نێوانیانەکان و بەرنامەکانی لایەنەکان و ڕاپۆرتەکانی کودەتا سەربازییەکان، لە واقیعدا هەموو ئەمانەن. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە شوێنێکی گەرمی سووتانی ئەفسوناوییە، خاوەنی توانای کوژاندنەوەی مەحاڵە، یان وەک کانزایەک کە ئەو شلەیەی کە دەتوانێت بیتوێتەوە هێشتا داهێنراوە. بەڵام ئەم شوێنە گەرمە ئەفسوناوییە تایبەتمەندییەکی هەیە کە وای لێدەکات ئامادەبێت بۆ چارەسەرکردن و چارەسەرێکی ڕیشەیی دەستپێکی ئاگربەستە لە بەرەی غەززەدا، وەک دوانە لوبنانییەکەی، بەمەرجێک دەستبەجێ بچین بۆ چارەسەرکردنی ڕەگەکەی فەلەستینییەکان و عەرەبەکان ئامادە نین تا ئەوپەڕی سنوورەکانی هاوکاری بکەن.




کتێب\ لە ئەمەریکاوە ناسین، دۆزینەوە، شیکردنەوە.. غازی حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کتێب\ غەریب شەیدا.. نووسینی: لیر مەنتۆف.. وەرگێرانی: د. عەدنان حەقی و موکەرەم رەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




پێنوسەکەی لیا.. چیرۆک بۆ مناڵان.. عەلی حەمە رەشید

لیا جانتاکەی کردەوە، هەموو پێداویستییەکانی قوتابخانەی تێدابوو، تەنیا پێنوسەکەی نەبێت کە زۆری بۆ گەڕا دیار نەبوو، ئیتر بە دایکی وت دایکە گیان نازانی پێنوسەکەی من لە کوێدایە؟دایکیشی بە پێکەنینەوە وتی جا کچی ئازیزم پێنوسی خۆتە من نازانم لە کوێدایە،بۆی بگەڕێ تا دەیدۆزیتەوە.دایکی ڕۆیشت ..لیا سەرجەم ئەو شتانەی کە لە ناو جانتاکەیدا بوو دەریهێنان،پێنوسەکەی دیار نەبوو.ئیتر کەوتە بیرکردنەوە وتی باشە ئەو پێنوسەی من دەبێ چی لێهاتبێت!لەم وتووێژەدا بوو لەگەڵ خۆی، لەپڕ دەنگێکی ناسک هاتە بەرگوێی و وتی: لیا لیا دڵتەنگ مەبە ،من لێردام. ئەویش تەماشایەکی ئەملاولای خۆی کرد بینی لەسەر ڕەفەی پەرتوکخانەکە لەبەر دەم گۆڤارێکی منداڵاندا وەستا بوو،ئەمیش چوو بۆ لای تا بیهێنێت،بەڵام پێنوسەکە وتی من نایەم هەر بۆخۆم لێرەدا دەبم.لیا وتی ئەی نازانی من پێویستیم بەتۆ هەیە دەمەوێت وێنەی جوانت پێ دروست بکەم .پێنوسەکە وتی:من خۆ هەر بۆ وێنە کێشان دروست نەکراوم.
لیا وتی:ئەی بۆ چی تر؟
پێنوسەکە وتی :من ئامادەم هەموو ئەو زانیاریانەی کە تۆ دەیزانیت بینوسم.
لیا وتی:جا من زانیاریم لە کوێوە دەست دەکەوێت؟
پێنوسەکە بە پێکەنینەوە وتی: لە گۆڤار و پەرتوکەکانەوە.
لیا وتی : چۆن؟
پێنوسەکە وتی:تۆ کاتێک دەخوێنیتەوە زانیارییەکان وەردەگریت،چونکە خوێندنەوە وەکو خۆراکی مێشک وایە.
لیا وتی:بەڵێ ڕاستە،ئەوە من هیچ ناخوێنمەوە بۆیە ناتوانم هیچ بەتۆ بنوسم.
پێنوسەکە وتی:بەڵێ بەڵێ ڕاستە لە ئێستاوە دەست پێبکە لەم گۆڤارەی لای منە دەست پێبکە.
لیا وتی: لەئێستاوە بڕیا دەدەم کە دەست بکەم بە خوێندنەوە.
پێنوسەکە وتی: من هاوڕێی وەک تۆم پێویستە تا منیش سەربەرز بم بە زانیارییەکانی تۆ و بیانخەمە سەر کاغەز.
لیا گۆڤار و پێنوسەکەی هەڵدەگرێ لەسەر کورسییەکەی خۆی دادەنیشێت و دەست دەکات بە خوێندنەوە و پێنوسەکەی و تیانوسێکیش بەرانبەر خۆی دادەنێت.
دوای ماوەیەک بە گۆرانییەوە دەڵێت:
پێنوسەکـــــەم لەگەڵمایە…هاوڕێیەکــی بە وەفایە
بۆ من هاوکــار و پێویستە…بۆیە لەلام خۆشەویستە
پێنوسەکە وتی:
راستە هاوڕێی ئازیزی تۆم…جێی شانازیی و سەربەرزیی بۆم
کـــــام زانیاریی و وتەی جوانە…دەزانی جێی ســـەرنجدانە
بیڵێ تــــا بۆت بنوسم زوو…بیکە بە دیـــــــاریی بۆ هەموو.




کاریگەری هۆکارە بایەلۆجییەکان و بۆماوەییەکان لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ و هەروەها ژینگە، چەند خولەکێك لەم پێشکەشکردنە..١٦٥..

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای).

زنجیرەی ١٦٥.

لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە، ڕەفتاری مرۆڤ دیاردەیەکی ئاڵۆز و فرە ڕەهەندە کە لە ئەنجامی کاریگەری بەردەوام و پێکەوەگرێدراوی هۆکارە بایۆلۆجی، بۆماوەیی و ژینگەییەکان دروست دەبێت. مێشکی مرۆڤ وەک سیستەمێکی پێشکەوتوو، بەردەوام لە گۆڕان و کاردانەوەدایە و ئەزموونەکانی ژیان دەتوانن کاریگەری قووڵیان لەسەر دروستبوونی ڕەفتار و هەڵسوکەوت هەبێت. هۆرمۆنەکان و نیرۆترانسمیتەرەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە دیاریکردنی چۆنیەتی کارکردنی سیستەمی دەروونی و هەستەکی، بە جۆرێک کە گۆڕانکارییەکی بچووک لەم سیستەمانەدا دەکرێت کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر ڕەوشت و هەڵسوکەوتی تاک دابنێت. هەروەها، ئەو ژێنانەی کە بە میراتەوە دەگوازرێنەوە، هەر یەکەیان بەشدارن لە دیاریکردنی لایەنە جیاوازەکانی کەسایەتی، لە توانا هۆشییەکان تا هەستە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم پڕۆسەیە بە شێوەیەکی بەردەوام لە نێوان ژینگەی دەرەوە و سیستەمی بایۆلۆجی ناوەکی ڕوودەدات، کە بە “ئەپی-ژنەتیک” ناسراوە، واتە ئەو پڕۆسەیەی کە تیایدا ژینگە دەتوانێت کاریگەری لەسەر چالاکی ژێنەکان دابنێت بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی ژنەتیکی ڕووبدات.

لەم وتارەدا، بایەخ بە لێکۆڵینەوەی قووڵی کاریگەرییە بایۆلۆجی و بۆماوەییەکان دەدەین کە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە دیاریکردن و ئاراستەکردنی ڕەفتاری تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی.

بنەما ژێنەتیکییەکانی ڕەفتار
ژێنەکان وەک نەخشەی سەرەکی ئەو فاکتەرانەن کە کاریگەرییان لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ هەیە. توێژینەوەکان نیشان دەدەن کە هەندێک تایبەتمەندی ڕەفتاری وەک هۆشیاری، هەستەکان، و توانای کۆمەڵایەتی بوون بە میراتی ژێنەتیکی دەگوازرێنەوە. بۆ نموونە:
گۆڕانی ژێنی MAOA: ئەم ژێنە کاریگەری لەسەر مەیلی توندوتیژی و ڕەفتاری دەروونی هەیە.
ژێنی سیروتۆنین (5-HTT): پەیوەندی بە هەستەکان و توانای مامەڵەکردن لەگەڵ ستڕێس و زەغەتەوە هەیە.

کاریگەری نیرۆبایۆلۆجی
مێشک وەک ناوەندی سەرەکی بڕیاردان و ڕەفتار، پڕۆسەی ئاڵۆزی کیمیایی و بایۆلۆجی تێدا ڕوودەدات کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر هەڵسوکەوت هەیە:
نیرۆترانسمیتەرەکان: دۆپامین، سیروتۆنین، و نۆرئەپینەفرین ڕۆڵی گرنگ دەبینن لە کۆنترۆڵکردنی هەست و سۆز.

هۆرمۆنەکان: تستۆستیرۆن و کۆرتیزۆل کاریگەری بەرچاویان لەسەر ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆجی هەیە.

هۆکارە ژینگەیی و بایۆلۆجییەکان
تەنها بوونی ژێنەکان بەس نین، بەڵکو کاریگەری ژینگە و ئەزموونەکانیش گرنگن. پڕۆسەیەک بە ناوی “ئەپی-ژێنەتیک” نیشان دەدات کە چۆن ژینگە دەتوانێت لە چالاکی ژێنەکان بگۆڕێت. ڕەفتاری مرۆڤ بەرهەمی تێکەڵبوونی ئاڵۆزی هۆکارە بایۆلۆجی، بۆماوەیی، و ژینگەییەکانە. تێگەیشتن لەم پەیوەندییە ئاڵۆزە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە باشتر تێگەیشتن لە خۆمان و یەکتر.

سەرچاوەکان:

1-https://ouci.dntb.gov.ua/en/works/4Yg0w109/

2-https://europepmc.org/article/med/21835681

3-https://pure.psu.edu/en/publications/effects-of-stress-throughout-the-lifespan-on-the-brain-behaviour-

4-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/16988657/

5-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/12161658/




سمینارێك لەسەر جینۆسایدی كورد لە كۆنگرەی 23 ی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە شاری لاهای هۆڵەندا

تۆری ( KONCICC) بە هاوكاری بەشێك لە رێكخراوەكانی تایبەت بە جینۆساید, لە چوارچێوەی كۆنگرەی 23ی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە شاری لاهای هۆڵەندا, رۆژی سێشەم 3-12-2024 كاتژمێر 8:30 بەیانی بۆ 9:45 بەیانی, لە هۆڵی ( Antarctica), لە چوارچێوەی چالاكییەكانی ASP23سمینارێك رێك دەخات بە ناونیشانی ( مانەوەی شوێنەوارەكانی جینۆساید و كیمیاباران لە كوردستانی عێراقدا), تیایدا كۆمەڵێك دادوەر, پارێزەر, نووسەر, چالاكوان و قوربانی بەشداری دەكەن.

هاوكات پیشانگایەك لەسەر جینۆسایدی گەلی كوردستان لە ئامادەكردنی وێنەگر باست عەبدلجەبار….. هەموو رۆژەكانی كۆنگرەكە نمایش دەكرێت.

  • مامۆستا حەمەی حەمە ساڵەح …… كاریگەری چەكی كیمیایی لە كاتی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفال لە كوردستانی عێراق ١٩٨٧ – ١٩٨٨
  • دادوەری خانەنشینی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی عەباس حەمزە خدر ستانداردەكانی دادگاییكردنی دادپەروەرانە لە هەڵسوكەوتی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق
  • پارێزەری خۆبەخش ئەیاد كاكەیی هەوڵەكانی قوربانیانی چەكی كیمیاوی شاری هەڵەبجە بۆ بە دادگایی گەیاندنی كۆمپانیاكانی چەكی كیمیاوی
  • قوربانی رزگاربوو دارا محەمەد عەلی ساڵەح ….. خەریك بوو زیندە بە چاڵ كرێم
  • چالاكوانی جوتیاری عوبێد محەمەد داود شوان …..(كێشەی زەوی جووتیارانی كورد و توركمان لە كەركوك) مێژوو و دەرفەتەكانی چارەسەر .

پارێزەر رەمزیە محەمەد ساڵەح جەباری و چالاكوان مریەم كەریم فەتاح بەرەو رووبوونەوەی بە شودانی كچانی 9 سالانە لە عێراق وەك تاوانێكی نێودەوڵەتی.

بەڕێوەبەری سمینار هێمن حەسیب .
ئامادەكاری سمینار عەلی مەحمود
بۆ پەیوەندیكردن: عەلی مەحمود : واتس ئاپ 009647503714620




هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی بۆچی؟! ئیسلامی سیاسی و ترس لە شۆڕشی پرۆلیتاری.. موئەیەد ئەحمەد

ماوەیەکە ڕەوت و حزبە دەسەڵاتدارەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە لە عێراق، بە تایبەتی ئەوانەی هاوپەیمانن و گردبونەتەوە لە بلۆکی “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا، بەهەموو توانایانەوە خەریکی زیندووکردنەوەی پڕۆژەی یاسای جەعفەرین، کە عەبدولعەزیز حەکیم، باوکی سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی ئێستا، عەمار ئەلحەکیم، ساڵی (٢٠٠٤) پێشنیاری کرد، بەڵام بە بەرگێکی نوێ و بە ناوی پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە (١٨٨) کە لە ساڵی (١٩٥٩)وە کاری پێدەکرێ.
خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەی هەموارکردنەوەکە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە پەرلەمان، لە (١٦)ی ئەیلولی (٢٠٢٤)دا، لە ڕێگەی ڕێککەوتن و فێڵ و تەڵەکەی پەرلەمانییەوە، کە لە ڕژێمی سیاسی دوای (٢٠٠٣)وە باو و نۆرماڵە، بەڕێوەچوو، و ئەمەش بەبێ گوێدانە هەموو ئەو ناڕەزایەتییە بەربڵاوە و شەپۆلی توڕەیی جەماوەری لەدژی ئەم هەموارکردنەوەیە. بەم شێوەیە ئەم ڕەوتانە و هاوپەیمانەکانیان هەنگاوێکی دیکەیان لە جێبەجێکردنی هەمواری یاساکەدا هەڵگرت و بەمەش پێداگریان کردەووە لەسەر ئەنجامدانی تاوانێکی گەورە بەرامبەر ژنان و منداڵانی عێراق.
ئەو کەسەی لە بری “چوارچێوەی هەماهەنگی” دەستپێشخەریی کردووە و پڕۆژەکەی پیشکەش کردووە، پەرلەمانتارێکە بە ناوی (ڕائید ئەلمالیکی) کە مێژوویەکی خراپی هەیە لە ژیانی سیاسی تازەی عێراقدا. ناوبراو سەر بەو هێزانەی دژە شۆڕشی ئیسلامیـیە کە کاریان کرد بۆ لەباربردنی ئامانجەکانی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)، و بەسەر خوێنی زیاتر لە (٨٠٠) ژن و پیاوی ڕاپەڕیوی قوربانیانی سەرکوتی دەسەڵات و میلیشیاکان، خۆیان پەڕاندەوە بۆ ناو پەرلەمانی ئێستا لە ژێر ناوی لیستی “سەربەخۆکان”.
سەبارەت بە پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاساکە پرسیار زۆرن، لەوانە: بۆچی ئەم هەموو پێداگرییە دەکرێ لەلایەن ڕەوت و حزبەکانی ئیسلامی سیاسییەوە، بەتایبەتیـش لەلایەن “چوارچێوەی هەماهەنگی”یەوە، بۆ تێپەڕاندنی؟ و بۆچی بە تایبەتی ئەمڕۆ؟ وە بەرژەوەندی ئەم هێزانە چییە لە تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیەدا؟ لەکاتێکدا وڵات و ناوچەکە بە قەیرانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەدا تێدەپەڕێت.
یەکێک لە وەڵامە باوەکان ئەوەیە کە یاسای باری کەسێتی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩) کە لە ئێستادا لە کاردایە، گرێیەکی (عُقدة) ئایدیۆلۆژی و سیاسی بۆ ڕەوتی ئیسلامی سیاسی شیعە پێکدەهێنێت، و مەحاڵە ڕەوتی سیاسیی دەسەڵاتدار لە وڵاتدا بێدەنگ بێت لێی، ئەویش لە بەر ئەوەی کە ئەمەیان پێویستە و گۆڕینی بە یاسای جەعفەری یان هەموارکردنەوەی دەبێتە هۆی قووڵکردنەوەی کۆیلەکردنی ژنان و منداڵان، کە یەکێک لە گرنگترین پایەکانی ئیسلامی سیاسی پێکدەهێنن بۆ درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر جەماوەردا، و بۆ چەسپاندنی تائیفەگەری کە ئەمەش یەکێکە لەو پایانەی کە لەسەری بنیات نراوە.
ئەم وەڵامە لەلایەن هەندێکی ترەوە تەواو دەکرێت بەجەختکردنە سەر ئەوەی کە ئامانجی پرۆژەکە تاکتیکێکی سیاسییە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و دوورخستنەوەی سەرنجیان لەو سەختییە ئابووری و قەیرانە کۆمەڵایەتیانەی کە لە ئەنجامیدا زۆرینەی جەماوەر دەناڵێنێت بەدەستیانەوە، هەروەها ڕەنگە هەندێکی دیکە بڵێن مەبەست لە هەموارکردنەوەکە هەڵبڕینی شمشێری یاسای جەعفەرییە بۆ پەردەپۆشکردنی ئابڕووچوونە (فەزیحە) دارایـیە نوێـیە ئاشکرابووەکانی تاڵانکردن و دزیکردن لەلایەن هێزە ئیسلامییە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانەوە.
لەم جۆرە وەڵامانە ڕەنگە درێژە بکێشن، کە لەبنەڕەتدا بابەتین، و ئاماژە بەوە بدەن کە دوژمنایەتیکردنی ئاشکرا و ڕەگداکوتراوی ئیسلامییەکان بەرامبەر بە ژنان بەڵگە نەویستە و هۆکارێکی هەموارکردنەوەکە پێکدەهێنێ، یان باس لەو ئیمتیازاتانە بکەن کە تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیە دەیڕەخسێنێت بۆ توێژگەلێکی کۆمەڵایەتی لە ناو سیستەمی مەلا و فەقێیەکان، و ڕیزێکی دوورودرێژی خەڵکی دەوڵەمەند کە پێویستیان بەتێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانیان هەیە و دەیانەوێت دەستیان ئاوەڵابێت بۆ هاوسەرگیری دووەم و سێیەم و چوارەم و فەزیحەکان و تاوانەکانی تریان بە دژی ژنان. وە لە کۆتاییدا، کە مەرج نییە دوا وەڵام بێت، باس لەوە دەکرێت کە پێشنیارکردنی پڕۆژەی هەموارکردنەوەکە پەیوەستە بە بەرژەوەندیی هەڵبژاردنی لایەنە ئیسلامییەکان لە بەدەستهێنانی دەنگی کۆنەپەرستان و کۆنەپارێزان لەناو جەماوەردا.
گومانی تێدا نییە کە هەر یەکێک لەم وەڵامانە هۆکاری بابەتیی خۆی هەیە، و لە ڕاستیدا لایەنێکی ئەم سیاسەتە و هەوڵەکانی هەموارکردنەوەی یاساکە دەردەبڕێت، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە ئەم وەڵامانە لە بازنەی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی، و سیاسەتە تاکتیکییەکانی، و میکانیزمەکانی چەسپاندنی دەسەڵاتەکەی وەک بزووتنەوەیەک، دەرناچن، چونکە لە سەرخاندا دەمێننەوە بەبێ ئەوەی بگەنە جەوهەر و بنەمای ماددی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، و بەم پێیەش ستراتیژی ئەم سیاسەتە؛ واتە بێ دەستنیشانکردن و ڕەخنە لە بەرژەوەندی چینایەتی سەرمایەداری و ستراتیژی سیاسی چینایەتی بۆرژوازی دەمێنێتەوە کە ئەم سیاسەتە نوێنەرایەتی دەکات و لە پشتیەوە وەستاوە.
قەتیسکردنی ڕەخنە لە خولگەی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا و پراکتیکی سیاسی و تاکتیکی بزووتنەوە ئیسلامییە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان، کە هەڵگری ئایدۆلۆژیای ئیسلامی تائیفیین، و خولانەوە لە دەور و چوارچێوەی ئەم چەمک و تێڕوانین و میکانیزمانەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی کۆنترۆڵی ئەم ڕەوتانە، بەبێ ئەوەی پەیوەست بکرێنەوە بە بنەمای ماددی چینایەتی، و بەبێ پێدانی ناوەڕۆکی سیاسی چینایەتی پرۆلیتاری و دەوڵەمەندکردنیان پێی، وا دەکات کە ڕەخنەکە لە چوارچێوەی ڕەخنەی بۆرژوازی لیبڕاڵ-عەلمانی و مەدەنی و ڕەخنەی فێمینیستی لیبڕاڵ لەم سیاسەتە، دەرنەچێت. وە ئەمە بۆخۆی ڕێگری دەکات لە گرتنەبەری دیدێکی ڕوونی سیاسی و فیکریی پرۆلیتاری، و بەرجەستەکردنی ڕەخنەی سۆشیالیستی پرۆلیتاری بەرامبەر بەو سیاسەت و ستراتیژیانەی کە بۆرژوازی دەسەڵاتدار پێشنیاری کردوون و بەم شێوەیەش بەشدار دەبێت لە لاوازکردنی بەرپەرچدانەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ ئەم سیاسەتە، و تەنانەت لاوازکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئێستا لەبەرامبەر هەموارکردنەوەی یاساکەدا.

ڕەخنەی مارکسیستی و پێگەی چینایەتی ئیسلامی سیاسی
یەکەم مەرج بۆ ڕەخنەی مارکسیستی لەم سیاسەت و هێرشە دوژمنکارانەیەی ئیسلامییەکان دژی ژنان و منداڵانی عێراق ئەوەیە کە ڕەخنەیەکی ماددی بێت، هەر بەمپێیەش ڕەخنەیەکی چینایەتی بێت، و لە پێگەی پرۆلیتاریا و زەحمەتکێشان و ژنانی چەوساوەوە ‌هەلقوڵا بێت. دەرخستنی جەوهەر و سروشتی ئەم سیاسەتە و ئەم پێداگرییە لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەی هەموارکردنەوەکە پێویستی بە ڕوونکردنەوەی ئەو بنەما ماددییە هەیە کە ئیسلامییەکان ناچار بەوە دەکات کە پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە پێشنیار بکەن، هەروەها پێویستی بە دەستنیشانکردنی ئەو پەیوەندییەش هەیە کە هەموارکردنەوەکە هەیەتی بە خەباتی چینایەتی و ڕەوەندی شۆڕشی سۆشیالیستی پرۆلیتاریا لە عێراق و هەرێمدا.
ڕەنگە ئەم ئەنجامگیرییە سەیروسەمەر بێتەبەرچاو و وەک “کەمکردنەوەگەرایی” ئابووری (ڕیدەکشنیزم) و چینگەرایی و دوورکەوتنەوە لە جەوهەری مەسەلەکە دەرکەوێت؛ واتە وەک دوورکەوتنەوە دەرکەوێت لە جەخت لەسەر چەوساندنەوەی ژنان و منداڵان و چەسپاندنی تائیفەگەری لەڕێگەی ئەنجامدانی ئەم هەموارکردنەوەیە، و ڕەنگە بە چاوپۆشیکردنی “واقع” هەژمار بکرێت، لەلایەن ئەوانەی کە پێیانوایە حوکمڕانی ئیسلامییەکان یانی حوکمڕانییان وەک ئیسلامییەکان، و هیچی تر، ئەمەش یانی ئیسلامییەکان سیاسەتمەداری چینێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو نین، کە ئەویش بۆرژوازییە، بەڵکو ئایدیلۆگ و سیاسەتمەداری دواکەوتوو و کۆنەپەرست و تائیفی و میلیشیایی و دەرەوەی چینەکانن، وەک ئەوەی لە ئاسماندا هەڵواسرابن و لە دەرەوەی ئەو ژینگە ماددی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەدا بن کە تێیدا گەورەبوون و بوونی خۆیان لە پەیوەند پیوەی دریژەپێدەدەن.
بە کەمێک بیرکردنەوە نادروستی ئەو بۆچوونە ناڕاستانە دەردەکەوێت و ئەوە ڕوون ئەبێتەوە کە سیاسەتمەداری ئیسلامی بۆیە سیاسەتمەدارێکی ئیسلامییە، چونکە لە سەرووی هەموو شتێکەوە سیاسەتمەدارێکی بۆرژوازییە نەک بە پێچەوانەوە. ئەو بەرگریکارە لە سەرمایە و خاوەندارێتی سەرمایەداری، و دەچێتە نێو گۆڕەپانی سیاسەتەوە وەک خۆی چۆنە ئەوەها، واتە وەک بەرگریکارێک لە خاوەندارێتی سەرمایەداری و پایە “ئایینی” و “ئەخلاقی” و پێداویستییە سەرکوتگەریەکانی لە بەرامبەر چینی چەوساوەدا.
ئەگەر بمانەوێت هەموو ئەمانە زیاتر شیبکەینەوە، دەڵێین کە ڕەوتە ئیسلامییە سیاسییەکان کاتیک کە پێیان ناوەتە نێو ژیانی سیاسی کۆمەڵگا هاوچەرخەکانەوە، ئەرکێکی سیاسی چینایەتی سەرمایەداریان لە ئەستۆگرتووە و ئەنجامی دەدەن، یان بە واتایەکی تر، ئەوان ڕەوتی بۆرژوازین و ئەرکێکی تایبەتیان هەیە؛ کە پاراستنی سەرمایەداری و بەرژەوەندی گشتی سەرمایەیە، واتە بەرژەوەندی گشتی بۆرژوازی وەک چینێک لە بەرامبەر پرۆلیتاریا و سۆشیالیزمدا. ئەمەش ڕێک پێچەوانەی ئەو باوەڕەیە کە ئیسلامی سیاسی وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی ئایدیۆلۆژیکی هەر تەنها ئیسلامی لە قەڵەمدەدا کە گوایا ژیانی خۆی لە دەرەوەی چینەکان درێژەپێدەدا، واتە ئەو باوەڕەی کە ئەو واقیعە لەبەرچاوناگرێ کە ئەوە بەرژەوەندییە گشتییەکانی سەرمایە، و زەروورەتی پاراستنی سەرمایەدارییە لەبەرامبەر شۆڕشی سۆسیالیستیدا، لە سەردەمی سەرمایەداریی ئیمپریالیستی هاوچەرخدا، کە لە قەیراندایە و پڕە لە دژایەتی، وایکردووە و ئیستاش وادەکات کە ئەم بزووتنەوە ئیسلامییانە جێگەیان هەبێت لە دەروونی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و ململانێی چینایەتی جیهانی نێوان کار و سەرمایەدا.
بەم پێیە، ڕەوتی ئیسلامی سیاسی هەر لە سەرتاوە وەک بوونەوەرێکی چۆنایەتیی هاتۆتە ناو جیهانی سیاسەت و خەباتی چینایەتیەوە، و ئەرکێکی چینایەتیی گشتیی بۆرژوازی بەخۆسپاردووە، ئەویش؛ نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییە سیاسییە گشتییەکانی سەرمایەیە لەبەرامبەر چینی کرێکار و تۆێژە بێبەشکراوەکان لە خاوەنداریەتی، و لە بەرامبەرخەباتی سۆسیالیستی ئەم چینەدا، واتە بەجێگەیاندنی ڕۆڵی خۆی کە پەیوەستە بە ستراتیژی سیاسی گشتی بۆرژوازیەوە لە نیو ململانێی چینایەتی ناو کۆمەڵگاکاندا، نەک تەنیا بەجێگەیاندنی ڕۆڵێ خۆی وەک نوێنەری بەرژەوەندییەکانی بلۆکێکی دیاریکراوی بۆرژوازی. ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی سیمای چینایەتی بۆرژوازی خۆی، وەک بزووتنەوەیەک و ڕەوتێک، لە ڕێگەی پرۆسەیەکی وردە وردە و کەڵەکەبووەوە بەدەست نەهێناوە کە تێیدا سەرکردەی حزبەکانی و چالاکوان و نوێنەرانی، چ لە دەسەڵاتدا بن یان لە دەرەوەی دەسەڵات، ببنە تۆێژێکی بورژوازی بۆ ئەوەی ئەم ڕۆڵە سیاسییە ستراتیجی و چینایەتییە بۆرژوازییە بگێڕن، بەڵکو هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە ئیسلامی سیاسی تایبەتمەند بووە بەم کارەکتەرە سیاسییە چینایەتیـیە بورژوازیـیەوە.
لێرەدا پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان ئیسلامی سیاسی وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، و ڕەوتێکی سیاسی بۆرژوازی، و بوونەوەرێکی چۆنایەتی، و لە نێوان ماددەی مرۆیی و ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری و نەریت و یاسا کۆنەپەرستەکان و بیروباوڕە ئایینی و تائیفیـیە مەزهەبیەکان کە لە کۆمەڵگا و وڵاتێکی دیاریکراودا هەن، و یارمەتی ئەم ڕەوتە دەدەن لە باوەشیاندا گەشە بکات. بوونی چۆنایەتی ئیسلامی سیاسی و ڕۆڵگێڕانی خۆی لە پاراستنی سیستەمی سەرمایەداریدا بە مانای دابڕانی ئەو نییە لەو ژینگەیەی کە تێیدا پەرەی سەندووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەمانای پەرەپێدانی پەیوەندییەکەیەتی لەگەڵ ئەم ژینگەیە و بەرهەمهێنانەوەی لەسەر ئاستێکی باڵاتر و بەرفراوانتر و وێرانکەرترە لە پێشوو. ئەمەشە کە ئێمە لە جیهانی ئەمڕۆدا دەیبینین و بە شێوەیەکی ئەزموونی هەستی پێدەکەین لە هەرکوێ کە دەستی ئیسلامی سیاسی گەیشتبێتێ و دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتبێت.
سەبارەت بە بەجێگەیاندنی ڕۆڵی ئیسلامی سیاسی وەک پارێزەری سەرمایە و سیستەمی سیاسی بۆرژوا-ئیمپریالیستی، ئێمە بەشێوەیەکی ئەزموونی هەستی پێدەکەین، و لە پاڵپشتیی بۆرژوازی ئیمپریالیستی جیهانی بۆ ئەم ڕەوتە و هاوپەیمانییەتیی لەگەڵیدا وەک حزب، و ڕژێم و نەریتە سیاسییە نیوفاشیەکاندا کە ئامادەن ئەم ڕۆڵە کۆنەپەرستانە و دژە شۆڕشە ئەنجام بدەن، دەبینیین. پاڵپشتیی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا لە (خومەینی) و ئیسلامییەکان لە بەرامبەر شۆڕشی ئێران لە ساڵی (١٩٧٩) و پاڵپشتیکردنی (موجاهدین) و (قاعیدە) و (تاڵیبان) لە ئەفغانستان و پاشان (داعش) و هێزە تیرۆریستییەکانی دیکە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئەم هێزە‌ ئیمپریالیستانە، بەڵگەی ڕوونن بۆ ئەم ڕۆڵەی کە ئیسلامی سیاسی دەیگێڕێت.
جگە لەوانەش، هاوپەیمانی ئیمپریالیزمی جیهانی، نەک هەر تەنها ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا، لەگەڵ بزووتنەوە دەسەڵاتدارەکانی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیستە ئیسلامییەکان لە زۆریک لە وڵاتان، بەڵکو تێکەڵبوونی ئیمپریالیزمی دەرەوەی ڕۆژئاواش لەگەڵیان، وە دەیان نموونەی تر لە بەهێزکردنی ئەم هێزە کۆنەپەرستە (کە ئیسلامی سیاسییە) بۆ ئەنجامدانی سیاسەتی ئیمپریالیزم لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیدا، هەموو ئەمانە بەڵگەی یەکلاکەرەوەن بۆ ئەم پەیوەندیە ئۆرگانیک و ستراتیژە سیاسییەی ئیسلامی سیاسی لەگەڵ بۆرژوازیی جیهانی و بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایە و پاراستنی. هەر لەم ڕاستایەدا، هاوپەیمانی ئەمریکا و ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا لەگەڵ بزووتنەوە ئیسلامییە سیاسییە شیعەکان لە عێراق و تەنانەت دامەزراندنی سیستەمی سیاسی ئیسلامی تائیفی و ناسیۆنالیستی لەو وڵاتەدا دوای شەڕی عێراق و داگیرکردنی لە ساڵی (٢٠٠٣)، بەرجەستەکردنی ئەم پەیوەندییە ئۆرگانی و ستراتیژییەی نێوان هەردوو لایەنەکەیە.
ئەمەش دەمانگەیەنێتە خاڵێکی تر و بابەتێکی تری پەیوەندیدار، ئەویش ئەوەیە کە ئەو پێگەیەی ڕەوتە ئیسلامییە سیاسییەکان هەیانە، و ڕۆڵێک کە دەیگێڕن، لە بواری ململانێی چینایەتی لەناو کۆمەڵگاکاندا، لەچوارچێوەی هەمان بوارەکانی ئەم ململانێی و ڕەوەندەکەی و داینامیکییەکەیدا شکڵ دەگرێ و کریستاڵە دەبێ، و هەر بەم پێیەش لە ڕیگەی ئەو پێگە بۆرژوازیانەی بەرگریکردن لە سەرمایەداریـیەوە کە ئەم ڕەوتانە هەیانە و ئەو ڕۆڵەی کە لەم بوارە تایبەتەدا دەیگێڕن، دیاردەکرێ، دیارە وەک یەکێک لە بەدیلەکانی بۆرژوازی بەڕووی شۆڕشی سۆسشالیستیدا، واتە وەک ئەڵتەرناتیڤێک لەسەر ئاستی ڕژێمی سیاسی و ئایدیۆلۆژی کاریگەر لەبەرامبەر پرۆلیتاریا و شۆڕشە سۆشیالیستییەکەیدا. ئەمەش پێگەیەکە کە تەتبیق دەبێ بەسەر هەموو جۆرەکانی ئیسلامی سیاسی و باڵە جۆراوجۆرەکانی، هەر لە ڕەوتە تیرۆریستی و نیوفاشیستیە ڕەنگاوڕەنگەکانیەوە تا دەگاتە ڕەوتەکانی ئیسلامیی سیاسی شیعە و سوننەی دەسەڵاتدار و “ئۆپۆزیسیۆن”، کە سیستەمی نێودەوڵەتی بۆرژوازی بە فەرمی دانی پێداناون.
سەرقاڵبوون بە وردەکارییەکانی پۆلێنکردنی پایەی کۆمەڵایەتی ئەم بزووتنەوە ئیسلامیـیانە و باڵە جۆراوجۆرەکانیان، و ژماردنی پێکهاتەی ئەم پایانە لە چین و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی کە لێی پێکهاتوون و پۆلێنکردنیان بە شێوازی ماوتسی تۆنگ و چەپی پۆپۆلیستی، ڕێبازی مارکسیستی نییە بۆ شیکاری، و کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ ناباتە سەر پێناسەکردنی ناوەڕۆکی سیاسی و تایبەتمەندی بنەڕەتی ئیسلامی سیاسی و ڕۆڵی سیاسی ستراتیژی لەدژی پرۆلیتاریا و شۆڕشی ڕزگاریخوازنەی. ئەوەی لە بنەڕەتدا بۆ کۆمۆنیستێک پێویستە، دیاریکردنی پێگەی چینایەتیی ئیسلامی سیاسیـیە لە چوارچێوەی کۆی گشتی (كلية) خەباتی چینایەتی و ململانێی نێوان چینەکاندا لەسەر چارەنووسی سیاسی کۆمەڵگە، و هەروەها گرتنەبەری هێڵی ستراتیژی چینایەتی پرۆلیتاری و سۆسیالیستیـیە بەرامبەر ئەم ڕەوتانەی ئیسلامی سیاسی.
لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی وردەکارییەکانی پایەی (بنکەی) جەماوەریی ئیسلامی سیاسی پێویستە بۆ ئەوەی تاکتیکی سیاسی شۆڕشگێڕانەی کۆنکریت و دروست و کاریگەر لەلایەن کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکانەوە بگیرێتەبەر تا ڕووبەڕووی ئەو ڕەوتە ئیسلامییانە ببنەوە، چ لە ئاستی ناوخۆیی یان ناوچەییدا، و بۆ ئەوەی هۆشیاری سیاسی چینایەتی سەربەخۆی پرۆلیتاری لەناو جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا، کە زۆرینەی ئەم بنکە کۆمەڵایەتییە پێکدەهێنن، بەرەوپێشبەرن، و هەر لەم ڕاستایەشدا خەبات بکەن بۆ ڕزگاربوونییان لە خۆشباوەڕییەکانیان لەبەرامبەر ئەم ڕەوتانەی ئیسلامی سیاسیدا، بە ئامانجی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی چینایەتی سیاسی و ڕێکخراوەیی پرۆلیتاری. با نموونەی پایەی کۆمەڵایەتی دوو باڵی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی شیعە لە عێراقدا لەبەرچاو بگرین کە بریتین لە ڕەوتی سەدر و “چوارچێوەی هەماهەنگی” کە ڕەنگە یارمەتیدەرمان بێت بۆ ڕوونکردنەوەی مەسەلەکە.
ڕەوتی سەدر لە ناو بۆرژوازی گەورە و مامناوەنددا پایەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی پایە کۆمەڵایەتیەکەی لەناو بورژوازی بچووکدا، کە لەڕووی ئابوورییەوە تێکشکاوە، و لەناو خەڵکی زەحمەتکێش و هەژار و بێبەشی شار و لادێکاندایە. لە بەرامبەردا، ئەو هێزانەی لە “چوارچێوەی هەماهەنگی”دا کۆبوونەتەوە کە ئێستا حوکمڕانی وڵات دەکەن، لە دابڕاوترین ڕەوت و باڵەکانی ئیسلامی سیاسین لە جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژاران، و زۆربەی پایەکانیان جگە لە توێژە هەژارەکان کە لە دامودەزگا ئەمنییەکان و میلیشیا حزبییەکانن، لە توخمە خاوەن نفوزەکان و بۆرژوازی گەورەی کۆنەپەرست و خێڵەکان و وەکیلەکانیان (الزبائينية) پێکهاتووە، بەڵام ئەم باڵ و ڕەوتەی ئیسلامی سیاسی حوکمی وڵات ئەکات و ئەرکی چینایەتی بۆرژوازی گشتی خۆی ئەنجام دەدات، وەک چۆن ڕەوتی سەدر کاتی خۆی کاربدەست بوو و ئەم کارەی ئەکرد پێش ئەم دەورە پەرلەمانییە.
بۆیە ناسینی پێگە و ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم ڕەوتانە لە گۆڕەپانی خەباتی چینایەتیدا، تەنیا بە دەستنیشانکردن و تەشخیسکردنی پێگەی چینایەتی ئەم ڕەوتانە و حیزب و سەرکردەکانیان و کادرەکانیان و بەرنامەکانیان دەکرێت ئەویش لەجەرگەی هەمان ئەم ململانێیە بەردەوامەی نێوان پرۆلیتاریا و بۆرژوازیدا، و بەوەی کە تا چەند ئەم ڕەوتانە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە گشتیـیەکانی بۆرژوازی وەک چینیک و سەرمایەداری وەک سیستەم، دەکەن، لەبەرامبەر پرۆلیتاریای سۆشیالیستیدا، ئەمەش یانی زانینی ڕۆل و وئەرکیان لە ڕووبەڕووبوونەوەیاندا بەرامبەر شۆرشی سۆشیالیستی لەهەر وڵاتێکدا و ڕێگریکردن لە گەشەسەندنی.
بەم پێیە، وەک لە سەرەوە جەختمان لەسەر کردۆتەوە، ئەوە هەڵەیە کە پایەی جەماوەری پرۆلیتاریانەی بەشێک لەو ڕەوتانە، لە فیکرماندا تێکەڵ بکەین لەگەڵ پێگەی سیاسی و هێڵی سیاسیی سەرکردەکانیان و بەرنامەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی فاشیستیانەیان لە دژی کۆمۆنیزم و ڕزگاری مرۆڤ. هەرکەسێک لە چەپ، بە بەشێک لە چەپەکانی ڕۆژئاواشەوە، ڕەوایی بە ئیسلامی سیاسی بدات لەسەر بنەمای کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکەی لە نێو خەڵکی زەحمەتکێشدا، ئەوا چاوی لەم فاشیزمە لادەدات کەقاڵبووە بە گیانی دوژمنایەتیکردنی کۆمۆنیزم و ڕزگاری چینی کرێکار، و ڕزگاری ژنان لە کۆیلایەتی. ئەم جۆرە پاساوانە تەنها لەگەڵ ئەو بزوتنەوە ناسیۆنالیستی و لیبراڵانەدا تەبایە کە بە زارەکی باس لە سۆشیالیزم دەکەن، بەڵام بەکردەوە بەرگری لە هەموو ئەو شتانە دەکەن کە کۆنەپەرستییە لە پێناوی خزمەتکردنی ئاسۆی سیاسی خۆیان، و سیاسەتە ناسیۆنالیستی و ئیسلامـیە – ناسیۆنالیستیـیە بۆرژوازیەکانیان، کە لایەنگریـیە لە ئیسلامی سیاسی.
ڕەخنە لە سیاسەتە بۆرژوا ئیسلامییەکان بەجیا لە ڕۆڵی ئەوان سەبارەت بە لەباربردنی بزووتنەوەی سیاسیی سەربەخۆی پرۆلیتاریا و بەرگرتن بە کۆمۆنیزم و شۆڕشی سۆسیالیستی، وەک ڕەخنەیەکی شکڵی و دوور لە ڕاستی دەمێنێتەوە، و لە دوا شیکردنەوەدا ڕەخنەیەک دەبێت لە چوارچێوەی ئاسۆی سیاسی بۆرژوازی و جیهانبینی بۆرژوازی و ڕەوتە ناسیۆنالیستی و لیبڕاڵ و عەلمانیـیەکانی.
سیاسەتی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی شیعە لە عێراقدا بۆ سەپاندنی هەرچی زیاتری کۆیلایەتی بەسەر ژنان و منداڵاندا، لەڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیەوە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بە ئیفلیجکردنی وزەی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا لە عێراق و دابەشکردنی ڕیزەکانی لە ڕێگەی یاساکانی دەوڵەت و بەکارهێنانی تەواوی دەسەڵاتی یاسایی بۆ قووڵکردنەوە و فراوانکردنی ئەم دابەشبوون و ناتەبایی بوونە لەناو ڕیزەکانیدا. ئەڵبەتە ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو جیاکاری و ستەمکارییە ڕەگەزیـیەی کە لە نێو ڕیزەکانی ئەم چینەدا هەیە و بووە، و بەرهەمهێنانەوەیان بە شێوەیەکی گشتگیرتر و کوشندەتری وەها کە ئەم چینە بۆ دەیان ساڵ لە ژێر بارگرانیـیەکانیدا دەرنەچێ، ئەگەر نەتوانێت بە خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆی فڕێان بداتە زبڵدانی مێژووەوە. فراوانکردنەوەی تائیفەگەری لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، و تێکڕماندنی زیاتری پەیکەرەی کۆمەڵایەتی و مەدەنی دانیشتوانی وڵات، لە ئەنجامی تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیە، ئاکامێکی دڵنیای ئەم ستراتیژە سیاسییە کۆنەپەرستانەیە بۆ لێدانی بزوتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی سۆسیالیستی و ئاستەنگ دانان لە بەرامبەر گەشەسەندنی ڕەهەندی قەیرانی شۆڕشگێڕانە لە وڵاتدا.
ئەمڕۆ دوای زیاتر لە بیست ساڵ لە بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسی و ڕژێمی حوکمڕانی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی لە عێراق، ئەم ڕەوتانە سەرەڕای ئەوەی تۆێژێکی بۆرژوازی پێکدەهێنن لە کۆی چینی بۆرژوازی لە وڵاتدا، و بلۆکێکی سیاسی پەرلەمانی خاوەن میلیشیان، خۆشیان وەک تۆێژێکی بورژوازی گەورە جێگیر کردووە لە ڕێگەی گەندەڵی دارایی و ئیداری و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگاوە. بەهەرحاڵ، لە ڕووی ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەی کە ئەم توێژە ئەنجامی دەدات، نوێنەرایەتی بەرژەوەندی گشتی بۆرژوازی و بەرژەوەندییەکانی جوڵەی سەرمایە لە عێراقدا دەکەن.
ئەگەر جیاوازی هەلومەرج و سەردەم و کات لەبەرچاو بگرین، ئەوەی مارکس لە کتێبی “خەباتی چینایەتی لە فەرەنسا” لە نێوان ساڵەکانی (١٨٤٨-١٨٥٠) وتوویەتی سەبارەت بە “بانکدارەکان”، “لایەنگرانی پاشایەتی و شەرعیەتخوازەکان” و “کۆماریخوازانی بۆرژوازی”، بەسەر ئەمانیشدا ڕێکدێتەوە، کە چۆن ئەوان “تویژی” بۆرژوازی و “بلۆکی پەرلەمانی” بوون، بەڵام لە ڕێگەی هەوڵەکانیان بۆ دامەزراندنی “کۆماری بۆرژوازی” لە فەرەنسا، واتە “فۆرمی دەوڵەت” کە لەگەڵ “بەرژەوەندی چینایەتی گشتی بۆرژوازی”دا بگونجێت، ئەم “ئەرکە چینایەتیـیە گشتیـیەی بۆرژوازییان”، ئەنجامداوە. ئەم تۆێژە گەورە بۆرژوازیـیە لە عیراق بە جێبەجێکردنی یاسای باری کەسێتی، ئەو شتە بەدەست دەهێنێت کە جولەی سەرمایە و چینی بۆرژوازی لە وڵاتێکی تووشبووی قەیرانی چەند لایەنە و ئاڵۆزدا پێویستی پێیەتی، لە ڕووی سیاسەتی کۆنەپەرستانە، بۆ ئەوەی ڕێگای گەشەی بزووتنەوەی سۆسیالیستی پرۆلیتاریا و بزوتنەوەی مارکسیستی و سۆسیالیستی ژنان بگرێت، و ئەمە ئەو ئەرکە سیاسیـیەیە کە ئیسلامی سیاسیی شیعە، و پەرلەمانتار (ڕائید ئەلمالیکی)، جیبەجی دەکات کاتێک تاوان دژی ژنان و منداڵان لە عێراق ئەنجام دەدەن.

ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و سەرمایەداری،
لێکهەڵپێکراویی هەرچی زیاتر بە بازاڕی جیهانیەوە

ڕەوتی ئیسلامی سیاسی شیعە لە عێراق، دوای بیست ساڵ حوکمڕانی، چیتر تەنیا میلیشیا و حزب و هێزی سیاسی بە ئایدۆلۆژیایەکی ئاینی و تائیفی، لاواز لە ڕووی ئابوورییەوە پێکناهێنن، بەڵکو بوونەتە هێزی زەبەلاح و کاریگەری ئابووری. ئەم ڕەوتە لە ئیستادا تەحەکوم بە بودجەی زۆروزەبەندی دەوڵەتەوە دەکات، و قۆرخکاری گەورەترین پشکی گەندەڵی و تاڵانکردنی داهاتی دەوڵەت و سامانی کۆمەڵگایە، و پشکی سەرەکی خۆی هەیە لە پڕۆژە ئابووری و خزمەتگوزاری و سەربازییەکانی دەوڵەتدا، و لە پڕۆژە ستراتیژییەکانییدا و پڕۆژە ئابووریەکانی مەزارگە ئایینییەکان (عەتەباتەکان- مشاريع العتبات)، و زۆر پڕۆژەی تری لەم بابەتانە.
سەرباری ئەمەش، بە دەوری ئەم هێزانەی دەسەڵاتدا، و وەک بەشێکی ئۆرگانیکی پەیوەست پێیانەوە، ڕیزێکی فراوان و دوورودرێژی سەرمایەدارە گەورە و بچووکەکان و تۆڕێکی ئەکتۆپوسی سەرمایەی تاکەکان لە کۆمەڵگادا هەیە، کە سوود لە توانای ئابووریی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی وەردەگرن. ئەم حیزبانە و ڕەوتە دەسەڵاتدارەکان و سەرمایەدارەکانی دەوروبەریان تۆێژێکی بۆرژوازی گەورە و تاڵانچی و گەندەڵ پێکدەهێنن کە بەشێکی زۆر لە چالاکییە ئابورییە سەرەکیەکان قۆرخ دەکەن، نەک هەر ئەوە، بەڵکو حزبەکانیان دەسەڵاتی پەسەندکردن و جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتییەکانی دەوڵەتیان هەیە. لەناو ئەو سیاسەتانەدا ئەوانەی کە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییە گشتییەکانی جوڵەی سەرمایەن، بە تایبەت سیاسەتە کۆنەپەرستە دژی کرێکاریـیەکان و دژە ژنان و گەنجانی شۆڕشگێڕ.
سەرەڕای ئەوەش، ئەم ڕەوتانە، لەڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەتەوە، ئیتر لە ئیستادا مامەڵە لەگەڵ سەرمایەداری عێراقی پێش داگیرکردنی ئەمەریکا بۆ سەر وڵات لە ساڵی (٢٠٠٣)دا، ناکەن، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ سەرمایەدارییەک دەکەن کە بیست ساڵی تێپەڕاندووە لە گەشەسەندن و زیادبوونی تێکەڵبوونی بە بازاڕی جیهانی و سەرمایەداری جیهانیـیەوە. ئەمەش بەجۆرێکە کە گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی نەک تەنیا لە دەستەبەرکردنی باڵادەستی شێوازی ئابووری نیولیبراڵی فەراهەمهێناوە، لە ڕێگەی سیاسەتە ئابوورییەکانی هەمان ڕژێمی سیاسیی دەسەڵاتدارەوە کە ئەم ڕەوتانە سەرکردایەتی دەکەن، و لە ڕیگەی سیاسەت و پراکتیزە سەرکوتگەرییەکانی ڕژیم لە دژی بزووتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوە سەندیکاییەکانی کرێکاران و خەباتیان، و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی ئەم سیاسەتە ئابوورییانە، بەڵکو ئەم سەرمایەدارییە گۆڕانکارییەکی گەورەی بە خۆیەوە دیووە لە مەودای قووڵایی و ڕادەی تێکەڵبوونی لەگەڵ جوڵەی سەرمایەی جیهانی و گەردەلوولەکانی ئەم سەرمایەدارییە جیهانییە و قەیرانە خنکێنەرەکانی کە ماوەیەکە تووشی بووە، بە تایبەتی لە ساڵی (٢٠٠٨)ەوە. بە وتەی نووسەری ئەکادیمی (یوسف بەکر)، “یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی لەشکرکێشیی بۆسەر عێراق تێکەڵکردنی وڵات بوو بەشێوەیەکی تەواوکەماڵ تر بە سیستەمی سەرمایەداری جیهانییەوە”. (1).
بەمجۆرە ئامانج لەو ڕژێمە سیاسییە ئیسلامی و ناسیۆنالیستییە، کە لەسەر بنەمای پشکپشکێنە، ئەمریکا لە ساڵی (٢٠٠٣)دا لە عێراقدا دایمەزراند، کە ئیستاش هەروەهایە، سەقامگیرکردنی ڕژێمێکی سیاسیی بۆرژوازی بوو کە سەرمایەداری لەعێراقدا دەپارێزێت، ئەویش وەک سەرمایەداریـیەکی هەرچی زیاتر تێکەڵبوو بە بازاڕی جیهانی و لەناو جەرگەی پێشهات و هەڵچوون و زریان و قەیرانەکانی ئەم بازارەدا.
قەیرانی ئابووریی ڕژێم و بێتوانایی ئەم ڕژێمە لە چارەسەرکردنی كێشەکانی بێکاری، هەژاری، داڕمانی خزمەتگوزارییەکان و نزمیی ئاستی کرێ و بێگوزەرانی کرێکاران و فەرمانبەران و ئەو کرێکارانەی کە لە کەرتی کارە ناجیگیرەکاندا کاردەکەن، ساڵانێکی زۆرە گۆڕاوە بۆ قەیرانێکی کۆمەڵایەتی قووڵ و بەرفراوان. ئەم قەیرانە کۆمەڵایەتییە لە هەمانکاتدا ڕەنگدانەوەی ڕەهەند و توخمەکانی قەیرانی سەرمایەداری جیهانیـیە لەناوخۆی عێراقدا، هەروەها ڕەنگدانەوەی واقیعی سەرمایەداریی هاوچەرخە، کە تا ئەوپەڕی جیهانگیرییە، کە هەژاری، بێکاری، داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتیەکان، قەیرانی گوزەران و بێبەشی لە خانووبەرەی کۆمەڵایەتی، بۆ فراوانترین بەشەکانی جەماوەر، دروست دەکات لەلایەکەوە، و لە لایەکی دیکەوە، کەڵەکەبوونی سەرمایە لەلایەن کەمینەیەک کە تادێت کەمتر دەبێت، لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیدا، لەگەڵ لێکهڵپیکرانی هەرچی زیاتری ئەم سەرمایە کەڵەکەبووە بە تۆڕێکی جیهانی ئەکتۆپۆسیەوە (أخطبوطيه).
بۆیە ئەمڕۆ دەبینیین خەباتی کرێکاران لە کەرتە جیاجیاکانی دەوڵەت و پڕۆژە و دامەزراوەکانیدا لە پەرەدەسندندایە، و بزووتنەوەی هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران و کرێکاران بە تین و تەوژمێکی زیاترەوە بەردەوامە، کە ئەمەش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئیمتیازاتی تایبەتی ئەو تۆێژانە دەکات کە پلەی باڵایان هەیە لە ڕژێمی ئیستادا. ئەم پێشهات و پەرسەندنانە لە خەباتی کرێکاریدا، یەکێک لە نیشانەکانی گەشەی خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریایە لە فۆرمی کۆرپەیی خۆیدا دژی سەرمایە و سەرمایەداری، کە لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانکارییە هەمەلایەنە ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی کە سەرمایەدارییە بەخۆیەوە دیوە لە عێراقدا، هاتۆتە ئاراوە.
ئەمە و بە ملیۆنان کچ و کوڕی گەنج کە بێکارن، یان کارێکی ناجێگیر و ناسەقامگیریان هەیە بە کرێیەکی کەم بوونەتە بەشێکی گەورەی پرۆلیتاریا، کە ناڕەزایی و توڕەیی لە ناویاندا شەپۆل دەدات و بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆیان لە دژی سیستەمێکی ئابووری و سیاسی کە هەیە، بەڕیبخەن. بۆیە قەیرانی سەرمایەداری لە عێراق قەیرانی جەمسەرگیری چینایەتی و نەبوونی چارەسەری ئابوورییە لەسەر بنەمای سەرمایەداری و مۆدێلە ئابوورییە نیولیبراڵەکەی بۆ دەرچوون لە بارودۆخی ئێستا.

تێکشکاندنی ڕەشنووسی هەموارکردنەوەکە، ئەرکێکی دەستبەجێ و بەپەلەی خەباتی پڕۆلیتاریایە
لە کاتی قەیرانەکاندا، بۆرژوازی بە گشتی، بە بۆرژوازی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی دەسەڵاتداریشەوە، بەدوای ئەو دەرفەتانەدا دەگەڕێن کە لەبەردەستیاندایە لەنێو کۆگای (ستۆکی) کۆنەپەرستانەی (المخزون الرجعي) نەریت و بەهاکانی زاڵ لە کۆمەڵگادا، بۆ ئەوەی لێیانەوە دەرچن بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتە دژە جەماوەرەکانیان لەپێناوی ڕزگارکردنی سیستمەکەدا. ناسیۆنالیستەکان پەنادەبەن بۆ بڵاوکردنەوەی دەمارگیری ناسیۆنالیستی و دووبەرکی نەتەوەیی، و ئیسلامییەکانیش هەر وەک ئەوەی کە ئێستا دەیکەن، دەستدەدەنە توندوتیژکردنەوەی ستەم لەسەر ژنان و منداڵان. بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتدار لە عیراقدا ئەم ڕێگایەی هەڵبژاردوە، چونکە ئامانجێکی ئاسانە بۆ جیبەجیکردن بە هۆی زاڵیی کولتووری پیاوسالاری و نەریتی کۆنەپەرستانەی ئایینی و خێڵەکی لە کۆمەڵگادا، هەروەها بەهۆی پەسەندکردن و ڕازیبوونی زۆربەی لایەنە ناسیۆنالیست و ئیسلامییە ناسیۆنالیستەکانی دیکەی بەشداربوو لە ڕژیمدا، لەگەڵیاندا لە تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەکەدا.
تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە (١٨٨) دەبێتە هۆی چڕبوونەوە و توندوتیژتر کردنەوەی کۆیلەکردنی ژنان و زەوتکردنی ماف و ئازادییەکانیان و گۆڕینیان بۆ هاوڵاتی پلە دوو و سێ لەڕووی میرات و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە، وهەروەها دەبێتە هۆی چەسپاندن و یارمەتیدەانی فراوانکردنەوەی بازنەی هاوسەرگیری منداڵان، و کارە ناڕەواکانی تری دژی ژنان و منداڵان. هەروەها دەرگاکان بە فراوانی دەکاتەوە بۆ سەپاندنی یاسای جەعفەری، لەوانە هاوسەرگیری کچانی تەمەن (٩) ساڵ و سەپاندنی حیجاب و جۆرەکانی تری چەوساندنەوە و شێوازەکانی سەرکوتکردن و ئازاردەری ژنان و منداڵان.
ئەم هێرشە دڕندانەیەی بۆرژوازی ئیسلامی بۆسەر ژنان، پەیامێکی هەڕەشەئامێزە بۆ ژنان لە سەرتاسەری عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، و ئەمەش لە کاتێکدا ڕوودەدات کە بەردەوام ناڕەزایەتی کرێکاران لە عێراقدا بەرەو هەڵکشان دەچێت، هەروەها دەنگدانەوەی بزووتنەوەی هەموارکردنەوەی پلەبەندی مووچە، بە ئەگەری گەشەسەندنی زیاتری، درەنگ یان زوو، دەگاتە کرێکارانی ناوچەکە، ئەمەش لە کاتێکدا کە توخمەکانی دۆخێکی شۆڕشگێڕانە لە عێراقدا لەگەشەسەندندایە. هەروەها، ڕژیمی ئێران لە نێوخۆی خۆیدا لەگەڵ شەپۆلێکی تووڕەیی جەماوەری بەرفراوان بەرەوڕوو بووەتەوە. بۆیە ئەم هێرشە کردەوەیەکی سیاسی ڕۆتینی نییە لە دۆخێکی سەقامگیردا بۆ بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە عێراقدا، بەڵکو یەکێکە لەو ئامراز و سیاسەتانەی لە سەردەمی قەیرانەکاندا بەکارهێنراون لە لایەن بورژاوزی دەسەڵاتدارەوە، و پێداگری لەسەری پەیوەندییەکی توندوتۆلی هەیە بەم قەیرانە و دژایەتی شۆڕش و کۆمۆنیزم و خەباتی چینایەتی شۆرشگێرانەی پرۆلیتاریاوە.
سەندنەوەی یەکێک لە دەستکەوتەکانی پرۆلیتاریای سۆسیالیست و بزوتنەوەی ئەنتەرناسیۆنالیستی ژنان و بزوتنەوەی ئازادیخوازانەی ژنان لە عێراق، لە هەموو ژنانی ئەم وڵاتە، لەڕیگەی هەموارکردنەوەی یاسای (١٨٨)وە، سەرەڕای هەموو کەموکوڕیەکانی خودی ئەم یاسایە، سیاسەتێکی تاوانکاری و دوژمنکارانەیە بەرامبەر بە ژنان و منداڵان، و پاڵنەرەکەی بە پلەی یەکەم بەهۆی ترسەوەیە لە شۆڕش.
دیارە لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و لاواندا نییە کە بهێلن هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە تێپەڕێنرێ لە کاتێکدا کە ئامانج لە هەموارکردنەوەی یاساکە یئیفلیجکردنی خەباتی چینایەتی شۆڕشگێڕانەی ژنان و پیاوانە. پتەوکردنی خەباتی ژنان و پرۆلیتاریا و گەنجان و هەموو سۆشیالیست و ئازادیخوازان و ڕێکخستنی لە خەباتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەریندا بۆ ڕووخاندنی ئەم پرۆژەیە ئەرکێکی دەستبەجێ و بەپەلەیە کە ناتوانرێت دوابخرێت.
٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٤


Yousef K. Baker, “Global Capitalism and Iraq: The making of a neoliberal state”. International Review of Modern Sociology, vol. 40, no. 2, 2024, pp 48-121. JSTOR,
http://www.jstor.org/stable/43499905. Accessed 26 Sept. 2024.




ئەو شاعیرەمان ناوێت!.. سەدیق سەعید ڕوادزی

كایەی وەرگێڕانیش وەك زۆر كایەی دیكەی نێو كۆمەلگای كوردی، چەندین گرفت و كێماسی هەیە لە ڕووی زمان، بابەتی هەڵبژاردن، جۆری كتێبەكە و ناونیشان و چەندان گرفتی دیكەش. وەرگێڕان هونەرە، مەرج نییە هەموو كەسێك كە زمانێكی زانی، ئیدی لەو هونەرە بزانێت ئەگەر خۆشی بانگەشە بۆ خۆی بكات. زۆر لە نووسەرانی ئێمە، خەریكی كاری وەرگێڕانن لە زمانەكانی دیكەی دنیا، وەلێ ئەگەر خۆمان فریو نەدەین و ڕاشكاو بین لەگەڵ خۆمان، ئەوا لە نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی كوردیدا، ژمارەی وەرگێڕەكانی ئێمە، ئەوانەی پڕۆفیشناڵانە وەرگێڕان دەكەن و كەسانی سەركەوتووی ئەو بوارەن، لە پەنجەی دوو دەست تێناپەڕن و ئەوانی تر زۆربەی هەرە زۆریان وەرگێڕ نینە، بەڵكو خۆیان بەتەنافی وەرگێڕان هەڵواسیوە. وەرگێڕان وەك هەر كارێكی دیكە، سەلیقە و شارەزایی و زاڵبوونە بە سەر زمان بەر لە زانینی زمان. هەندێك وەرگێڕ هەن، ئەوەندە جوان بەرهەمەكان وەردەگێڕن، خوێنەر وا هەست دەكات ئەو بەرهەمە بە زمانە ڕەسەنەكە نووسراوە نەك زمانێكی تر. بە پێچەوانەوە بەشێك لە وەرگێڕانەكانیش، خوێنەر تووشی هەناسە سواری و بێزاری دەكەن و هیچ چێژ لە كتێبەكە نابینن، یاخود ئەو كتێبەی وەریدەگێڕن، كتێبێكی ئاسایی نووسەرێكی نەناسراوە، یاخود لە ڕووی ناوەڕۆكەوە بابەتی بێ ماناو بێ چێژن كە لە خوێنەوەیاندا خوێنەر بەر هیچ ناكەوێت. (با شاعیرێك بكڕین) ناوی ڕۆمانێكی (ئەفۆنشوكروش) ە، ئەم ڕۆمانە (عیماد حەسەن ) وەریگێڕاوە، ئەم ڕۆمانە دوو جار كراوەتە كوردی، ئەمەیان كە لەلایەن دەزگای ڕۆساوە، ئەویتریشیان لەلایەن دەزگای سەردەمەوە. ڕۆمانەكە باس لە شاعیرێك دەكات و یەكێكە لە بێ ماناترین ڕۆمانەكان، بە جۆرێك كە خوێنەر لە خوێنەوەی ڕۆمانەكە دەبێتەوە، نازانێت چی خوێندۆتەوە و باسی چی دەكات. ئەم جۆرە بە ناو ڕۆمانانە، ئەگەر ڕۆمانووسێكی كورد بینووسێت، خوێنەرانی خۆمان گاڵتەی پێ دەكەن، وەلێ ئێمە، چونكە هەمیشە هەستێكی خۆ بە كەمزانین لە ناخ و بیركردنەوەمان، لە دەرەنجامی ستەمی دوور و درێژی دوژمنان هەیە، ئیدی پێمان وایە ئەدەبی كوردی شتێكی تێدا نییە، شیاو بە بەراوردكردن بە ئەدەبی جیهانی بێت. من لە بارەی ناوەڕۆكی ئەو ڕۆمانە بێ مانایەوە هیچ ناڵێم، دەكرێ خوێنەران خۆیان بیخوێننەوە، بۆ ئەوەی ڕاست و دروستی قسەكانی منیان بۆ دەربكەوێت، تەنها لە سەر وەرگێڕانی ڕۆمانەكە دەوەستین، تا بزانین وەرگێڕ چی وەرگێڕاوە؟

  • لا 7 نووسیویەتی :_( براكەم بە نمرەیەكی ئا بڕوبەر سەخیفە)
  • لا 13 نووسیویەتی :_ (شوێنەكە پڕ بوو لە شاعیر هەموو جۆرە مواسەفاتێكی تێدا بوو، باڵا كورت، باڵا زراڤ، قژ زەرد) سەرنج بدەن شاعیر تاكە، وەسفەكان كۆن.
  • لا 23 نووسیویەتی :_( سەحن و كەوچك) كەوچك دیارە، بەڵام سەحنەكە چییە؟
  • لا 23 نووسیویەتی :_( پازدە گرام پارچە سەموونی جۆراو جۆر، كە كێشی هەریەكەیان سی گرام دەبوو ) سەرنج بدەن، ئەگەر پارچە سەموونەكان هەموویان كێشیان پازدە گرام بێت، چۆن كێشی هەر پارچەیەكیان سی گرام بووە؟ ئەگەر ئەم پانزە پارچەیە، لێكدانی سی گرامەكە بكەین، چەند دەرە چێت؟
  • لا 51 نووسیویەتی :_( بێدەنگییەكی تەمەن سێ چركەیی باڵی كێشا، هیچ شتێك نەیشێواند) سێ چركە بەشی هیچ دەكات؟ دواتریش باڵی بە سەر چی كێشا؟ نابێ دیار بێت؟
  • لا 51 نووسیویەتی :_( حەفتاو شەش دیسبیل) دیسبیل چییە؟ مەگەر ئەم بەناو ڕۆمانە بۆ خوێنەرانی كورد وەرنەگێڕدراوە؟
  • لا 52 نووسیویەتی :_( نە گۆشت هەیە نە ماسی، پێویستە لە سەرمان قایشی پشتمان تووند بكەین و لەو جوانكارییە خۆراكییانە ماڵداری بكەین ) ئەرێ كەس دەزانێت مەبەست لەو دێڕە چییە؟ تۆ بڵێی وەرگێڕی ڕۆمانەكە، بە وردی و بە قوولی چووبێتە نێو لایەنی واتایی ڕۆمانەكە؟ یان هەر تەنها وەرگێڕانەكەی بە لاوە مەبەست بووە؟!
  • لا 65 نووسیویەتی :_( هەموو ڕۆژێك لە ماڵەوە گفتوگۆی دەربارەی دەكرێ ) سەرنج لەلایەنی ڕێزمانی ڕستەكە بدەن.
  • لا 65 نووسیویەتی :_( ترس بە سەر ڕوخساریدا هەڵدەگەڕێ ) ئەگەر بەو وەرگێڕانە بێت، دەبێ ترس سوپایدارمان بێت !
  • لا 72 نووسیویەتی :_( زۆر تووڕە بوو، قژی بۆ سەر شانی چەپی كۆچیان كرد ) تۆ بڵێی قژەكە بە چی كۆچی كرد بێت؟ بە فڕۆكە، بە میتڕۆ، بە شەمەندەفەر ؟
  • 77 نووسیویەتی :_( من حەز بە شعیر دەكەم ) شیعر دیارە، بەڵام شعیر چییە؟
  • لا 87 نووسیویەتی:_( هەفتەی داهاتوو شاعیرەكەمان لە ناو ئوتومبێلەكە دانا ) سەرنج بدەن شاعیرەكەیان لە نێو ئوتومبێلەكە داناوە، بێ ئەوەی هەفتەكە دابێت، دەكرێ كەسێك وەرگێڕان بكات، بەڵام كردارە زمانییەكان ڕێزمانییانە نەنووسێت؟!
  • لا 89 نووسیویەتی :_( بڕوام وایە تۆ قەڵەو بوویتە، تۆش پیر بوویتە ) ئەم جۆرە وەرگێڕانانە، بە داخەوە بنەمای گرامەری زمانی كوردیش وێران دەكەن.
  • لا 93 نووسیویەتی :_( بە یانی لە خەو هەستام میزاجم تێكچڕژابوو ) هەموو ئەوانەی وەرگێڕان دەكەن (مەگەر بە دەگمەن) شارەزایەكی ئەوتۆیان لە ڕووی ئیتمۆلۆژیی و لایەنی فەرهەنگی وشەسازی زمانی كوردی نییە، نازانن چ وشەیەك بۆ چ بار و گوزارشت و دەربڕینێك بە كاردێت. میزاج تێكناچڕژێت، تێكچڕژان، واتا ئاپۆڕای خەڵك كە بواری هاتووچوون و دەرچوون نەمابێتەوە.
  • لا 107 نووسیویەتی :_( خەڵكێكی زۆر سەیری ڕۆشنبیری دەكەن ) نازانم چۆن سەیری ڕۆشنبیریی دەكرێت؟ وەرگێڕ لێرەدا، جیاوازی لە نێوان ڕۆشنبیریی وەك هاوەڵناو، ڕۆشنبیر وەك ناو نەكردووە، دەنا پێمان ناڵێی چۆن سەیری ڕۆشنبیریی دەكرێت، كە سیفەتێكی نا بەرجەستەیە؟ ئەوەی سەیری دەكرێت ڕۆشنبیرە وەك مرۆڤ، نەك زانین و مەعریفە و ڕۆشنبیریی، چونكە ئەوانە نابینرێن، بەڵكو لە ڕێی بیر و زمانەوە بەریان دەكەوین.
    وێرای ئەمانەش، ئەم ڕۆمانە پڕە لە وشەی عەرەبی، هەڵەی ڕێنووس و زمان و تایپ. دواجار دەڵێم، ئەم شاعیرەمان بە یەك فلسی قەڵپ ناوێت، خۆمان شاعیرمان كەم نییە، تا بچین شاعیرێكی نەناسراو و شیعرە بێ ماناكانی بكڕین !
  • ناوی كتێب: با شاعیرێك بكڕین، نووسینی: ئەفۆنشوكروش، وەرگێڕانی: عیماد حەسەن، بڵاوكراوەی: دەزگای ڕۆسا _ 2019.
  • ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (41119) لە 18/7 /2024 بڵاوكراوەتەوە.



من کارگەی دروستکردنی هێزی ژیانم.. داستان بەرزان

هێزی ژیانم بە کۆڵەوە
من کۆڵبەری هێزی ژیانم
کارخانەی بەرگەگرتنم هەیە
کۆگای چاوەڕوانی دادەنێم
گەنجینەی هیوا
خەمی کۆن کۆدەکەمەوە.

من هەورەبانی خەونی لەدەستچووم
پێشانگای ژانی مۆدێل بەرز
سەکۆی چێژی ستەمدیدەیی
هەوارگەی گۆشەگیریی پەتی
سەیرانگای تەنیایی بێ فڕوفێڵ
هۆتێلی پێنج برینی تەڕ و بە سوێ
خەڵوەتگەی لەگەڵ خۆت ناتەبایی
لانەی لە ئەزەلەوە بێکەسی
خولی فێربوونی دەربەدەریی.

من دایەنگەی بەشخوراوانم
فێرگەی بێنەوایان
ناوەندی فریودراوانم
خانەی دەستلێبەردراوان.
پەناگەم بۆ هەڵهاتووانی دەستی دۆست
کەمپینم بۆ هاوکاریی پەشموردەیی
پانتایی جێماوان لە کاروانی بێدەربەست
سێبەرم بۆ خەڵکانی بێپەروا مەست.

من هاوەڵم هەن خۆشم دەوێن
هاوەڵم هەن خۆشیان دەوێم
بەڵام من خۆم هاوەڵم نییە
خۆم حەزی بە چارەم نییە
خۆم بە دیدارم پەستە
بە ناسینم خۆشحاڵ نییە
پەژێوانە لە بەرکەوتنم.

با ئەمە لە نێوانی خۆماندا بمێنێتەوە
من بەدیاریکراوی دەزانم
کە پەتای ژیانمە
ژیان سواری کۆڵم بووە
هەر سەرەتای سەرەتا دەمزانی
هاتنم بۆ ئێرە باش نییە
دڵنیابووم پەشیمانی ناوێت
تاکو ژەهری بۆ بنۆشم
شتێکە و هاتۆتەڕێم
پێویست ناکات پەنجە بگەزم
ئیتر ئێرە ئێرەیە و
واهاتووە و واچووە و وادەڕوا
پەیمانی کۆن دەڵێت:
لە ژێر ئەم ئاسمانە بەرینەدا
هیچ شتێک نوێ نییە
هیچ شتێک!
بەڵام بەمجۆرەی ئێستا کە منی تێدام
مەگەر تەنیا ئاسمان
تەنیا ئاسمان
ئەگین مرۆڤ لە کوێ بۆ ئەمە کراوە
مرۆڤ بەو تۆزە گۆشت و ئێسک و دەمارەوە
مرۆڤ بەو چۆرە خوێن و فرمێسک و
بەو نەختە دڵ و زمان و زارەوە
بە دوو دەست و دوو پێ
چۆن دەتوانێت قووتاری بێ
چۆن دەتوانێت هەڵبێ؟

من نەمزانی ژیان یەکجار وایە
هەر نەبێت دامنابوو
ماوەیەک هەناسەیەک بدەم و
برینێکی نوێ لە سەرما پێنەبێت
هەر نەبێت دامانبوو بەر لە خۆم
ئایندەم بەو جۆرە دیار نەبێت
خۆ من پلانی درێژم بۆ داهاتووم نییە
لە بارێکدا لە ژێر باری بێبارییدا پساوم
گرنگ نییە گەش بێت یان ڕەش بێت!
من لە ئێستامدا گیرمخواردووە
دەزانم بۆ ئایندەش بە سەردا دەخلیسکێم
من ئێستا دەستی ستەمی لە پاشەڵم گیرکردووە
هەرگیز بە ئایندەی ئێستاکەم قایل نیم
من دەمزانی ژیانەکەی چەند بێبارە
ئەم زەمینە لەسەر پشتی ئاسمانیش بارە
بەڵام هەر نەبێت دامنابوو بتوانم بڕۆم و
لەگەڵ ئەم شیعرەدا گوێم لە زایەڵەی شکانی دڵ نەبێ
من دامنابوو هەمیشە ژیان سوار نەبێت
هەبێت بۆ جارێک کەسێک تەنیا کەسێک
کەسێک کە بە هەڵە ڕێی لێرە کەوتبێت
کەسێک تەنیا کەسێک
کەسێک کە بە هەڵە
سوارە بێت
من ئەو کەسە کەسیرەم نەیزانی لە دەمی دەرچوو
داوای کرد سەرکەوێ
سەرنەکەوت
زۆری مابوو
کە بینیم مرۆڤانێک
خوێنی ڕژاوی خۆیان بە دەستمەوە بۆن دەکەن
دەبینن چلۆن خەنجەر لە مۆخیان هەڵدەسووم
خۆش نەبوون و کۆڵنەدەربووم
لێنەگەڕان جارێکی تر هێزم هەبێت
بە گوێی ژیانی باڵگرتوومدا بچێنم
کە من بەر لە مردن
بۆخۆم مەرگم!

بێچارەنیم
بێچارەیی منە
کوا بێچارەم
ئەی ئەوە نییە چارۆکە؟
بێحاڵ نیم
بێحاڵی منە
کوا بێحاڵم
ئەی ئەوە نییە دەسڕۆکە؟
بێماڵ نیم
بێ ماڵی منە
کوا بێماڵم
ئەی ئەوە نییە کەپرۆکە؟

ئەی شەقام؟
شەقامی سەرشار بە دڵۆپەی ڕۆندک
کە هی ژانە کە هی منە کە قەترانە!
بۆ من نەبێت بۆ چیتانە؟

سواربن
بڕۆن و
بیئاژوون
سەر و بنی بکێڵن دنیا
کە هی خۆشە کە هی بۆشە هی خۆتانە

من شووشەم نییە
مەییم لە کوێ ڕژاوە؟
خۆم دڵێکم هەیە
لە شکان دروستکراوە.

بەر لە من دڵی من لە سنگی فراوانی کۆترێکدا دەیگماند
ئێستاکەش زۆر شەوان دڵی من دەبێتە ئەستێرە و
بۆ باربووی ژانی من چریسکەی دەگاتە ئاسمان
ئێستاکەش زۆر ڕۆژان دڵی من دەبێتە فرمێسک و
سەرزەمین دەداتە بەر تۆفان.

من دڵێک لە سنگما دانانێم هەر بۆ دڵ دانرابێت.

دڵی من شەبەقان دەبێتە جریوەی چۆلەکە
دەبێتە گوڵێکی بێقەرار ئێواران
هەورێکی ئاوارەی شەوەکان
دڵی من چی بکات نازانێت
چەند دەکات بسرەوێت ناتوانێت!

من دڵم خەونێکە بێقەرار دەگەڕێت
بۆ ئاسۆ دوورەکان
بۆ هیوا ونبووەکان
بۆ خولیا ساواکان.

دەگەڕێت بۆ دەشتێ بەرینی لەبەردا کە مابێت
بۆ کەلێک ڕووناکی نەمریی هەواری هەڵدابێت
بۆ دڵێک باڵایی دڵانی تێدابێت
وەکو خۆی لە دڵدا ژیابێت بۆ دڵی بێگەردی
وەکو خۆی لە دڵدا بۆ دڵی لێیدابێت
دەگەڕێت هەمیشە من دڵم
من دڵم لە سەردا
من دڵم لە دەستدا
کوا دڵم؟

من دڵم سروە بوو/ نەگیرا
من دڵم نەورەس بوو/ ڕام نەکرا
من دڵم بەور بوو/ ڕاو نەکرا.

من دڵم دڵێکە بەبێ دڵ نایکرێت(نوختە)
(سەری دێڕ)
لە ئاسمان بۆ ئاسمان ئاسمانێک ڕێسمانی نەما بێت
دڵی من لەبەرچی وەستابێت؟
لە زەمین بۆ زەمین زەمینێک زەمانی نەمابێت
دڵی من لەبەرچی لاییدابێت؟
مانگێکە ڕووناکی ناوەوەی دڵانی لێبڕاو/ دڵی من
جێماوی کاروانی وارێکە هیوایان لە سەراب ڕۆنراو/ دڵی من
ئاسمانێک ئەستێرەی بەرۆکی دۆڕاوە/ دڵی من
مانگێکە خەرمانەی دزراوە/ دڵی من
عەسرێکە تروسکەی لە جیاتی تیشکی خۆر داناوە/ دڵی من
خەونێکە کلیلی ئایندەی ڕفێندراوە/ دڵی من
پێم بڵێن: چی لە دڵ/ دڵ لە چی
بۆ منێک جێماوە
پێم بڵێن: دڵ بە چی/ بە چی دڵ
بۆ منێک جێماوە
پێم بڵێن: لە کوێیە دڵی من
کوا دڵم/ دڵی من!

مەگەر بەس ئاسمان بێت بزانێت
ئێستاکە دڵی من بە چ شاخێکەوە گیرساوە؟
کێ دەڵێ دڵی من بە چ داخێکەوە سووتاوە؟
مەگەر بەس ئاسمان بێت بزانێت
دەگەڕێم هەرچەندە دڵی من بێ سەر و بەبێ شوێن واماوە
ڕۆیشتووە دڵی من ڕۆژێک بوو تۆراوە.

هەرچەندە دڵی من دەگەڕێم بێ سەر و بەبێ شوێن واماوە
ڕۆیشتووە دڵی من ڕۆژێک بوو تۆراوە
بێ سەر و بەبێ شوێن دەگەڕێم دڵی من هەرچەندە نەماوە
ڕۆیشتووە ڕۆژێک بوو دڵی من تۆراوە
دڵی من ئێستاکە نەماوە.

لە مێژە ئاسمان هیچ دڵی لە بیردا نەماوە
دەمێکە هیچ دڵێک لە دڵدا سەردەمی نەماوە.

من گەڕیدەم بە بەبێ شوێن بە دڵدا
من شوێنکەوتەی ڕێگای دڵ لە دڵدا.

لە خەمدا هەر منم سەرقافڵەی کاروانی ڕێی دڵان
لە سەبرا هەر منم خەڵوەتم دەکێشم لە دڵدا بۆ دڵان.

(بووەستن)

کوا ئێوە ئێستاکە لە دڵدان؟
لە کوێدا لێدەدات
کوا دڵتان؟

من لە چاوەڕوانی دڵدا نوقم دەبم
تەماشای ناوەوەی خۆم دەکەم
چ نابینم
لە ڕەنگی بێدەنگی زیاتر
لە دەنگی بێڕەنگی زیاتر
چ بۆن ناکەم
لە بۆنی سەرمای گیان زیاتر
لە تامی گەرمی برین زیاتر
بەر چ ناکەوم
لە بەردی نەفرەتی سەر شانم زیاتر
لە زایەڵەی ئاوازێکی بێلانە زیاتر
لە سنگی بەتاڵمەوە دوور و نزیک دێتەگوێ:

ڕۆژگاری نەفرەت نابڕێتەوە
برینی کۆنمان هەر دەکولێتەوە
کەس ژانی ئێمە ناخوێنێتەوە
مرۆڤ مۆمێکە زوو دەتوێتەوە.
ڕۆژانی شادی ڕوومان تێناکەن
خەڵکی لە مەرگی بێدەنگ تێناگەن
شەوانی پڕ ژان دەستمان بەرنادەن
خەونەکان دوورن بە ئاسۆ ناگەن!




نامەی چواردەهەم و پانزدەهەم.. شەماڵ بارەوانی

نامەی چواردەهەم

دووبارە خەریکی خوێندنەوەی بەدگۆڕانەکەی کافکام. چ خۆشبەختم کە کافکام ناسی! ناڵێم کافکا باشترین ڕۆماننووسی مێژووی مرۆڤایەتییە، وەلێ یەکێکە لە ڕۆماننووسە باشەکان. ئەو قسانەی سەبارەت بە (ڕۆمانی کۆشک) کردت، هاوڕاتم. ئەی دادگاییەکەیت نەخوێندووەتەوە؟ ئازیزەکەم، تا بۆت دەکرێت بخوێنەوە. دەتوانی بیریش بکەیتەوە، بەڵام گەمژانە نا. با ژیانت هەمووی به وشە و کتێبەوە بەند بێت. بەڵام ئاگاداربە وەک باپیرەی سارتەر* دەیگوت، ئەدەب هەرگیز گەدەی مرۆڤ تێرناکات. ئەوەشت بیر نەچێت، هیچ کاتێک خۆت لە قەرەی هەندێک بابەت مەدە. بۆ نموونە: مردن چییە؟ سەرەتای ژیان چۆن دەستی پێکرد؟ کێ گەردوونی دروست کردووە، کێ ئێمە و هەموو شتێکی دروست کردووە؟ گەر هێزێکی باڵا و بانسروشتیی هەیە، ئەی بۆچی لە بەرانبەر ئەو هەموو نادادیی و ستەمکارییەی مرۆڤەکان و کارەساتە دڕندانەییەی سروشت بێدەنگە؟ گەر ئەو هێزە باڵایە ژیان و ئێمەی دروست کردبێت، حیکمەت و گرنگی ئەوە لە چیدایە؟ گەر بەهەشتێک و ژیانێکی تر هەیە، بۆچی یەکسەر لەوێ ژیان دەستی پێنەکرد و لەبری بەهەشتە یۆتۆپیاکەی ئەوێ، فڕێ دراینە ئەم دۆزەخە و ئەم هەسارە نەگریسەیە؟ هەر بەجیددی ئەو یارییە پووچ و بێتامە سوود و حیکمەت و مانای چییە؟ ئازیزەکەم، زۆر هەوڵم دا وەڵامێک بۆ گومانەکانم و مانایەک بۆ ئەم ژیانە بێ مانایە بدۆزمەوە، کەچی هەموو هەوڵەکانم وەهم دەرچوون. ئازیزەکەم، تۆ دەتوانی سەبارەت بە بوونمان لێرە یەک بەڵگەی لۆژیکیم بدەیتێ؟ دەی لەوە گەڕێ. ئەو بوونە سۆزانییە هی ئەوە نییە کاتی خۆتی لە پێناودا بە فیڕۆ بدەیت. گەڕان بۆ دۆزینەوەی مانایەک بۆ بوونمان لێرە، لە هەوڵێکی دۆنکیخۆتانە زیاتر نییە. بەڵێ تەنها شەڕکردنە لەگەڵ ئاشی با. من ڕووی پرسیارم لەو هێزە باڵایە دەکەم کە کاهینی گەڕەکەکەمان باسی دەکات، باشە” بۆچی وەسوەسەت بۆ گیانی ئێمە خوڵقاندووە؟ وەسوەسە! خودایە یانی هەر ئەو وەسوەسەیە نییە کە من دەمهەوێ خۆم لە شادی و چێژەکانی ژیان لادەم و توێشوویەک بۆ ئەو دنیا بنێرم کە لەوانەیە هەر نەبێ و زیاتر لە شتێکی خەیاڵیی دەچێ؟”*
دەزانم تۆش وەکو من دەیان پرسیاری وجوودیی و فەلسەفیی سەبارەت بە چەندین بابەتی میتافیزیکی و گەردوونی لە مێشکتدا جینگڵ دەدەن. دەزانم دڵت بەو وەڵامە سادە و ساکارانەی کاهینەکان ئاوی دڵنیایی و مەعریفە ناخواتەوە، وەلێ ڕێگەی تر و چارەی تر نییە. دڵنیابە هەرچەند بۆی بگەڕێیت و هەوڵی گەیشتن بە ڕاستی بدەیت، تا هەتایە وڵامگەلێکی دڵنیاکەرەوە و یەکلاکەرەوەی ئەو پرسیارانەت دەست ناکەوێت. بۆیە باشتر وایە هەر لە بۆتەی بێدەنگی، مەبەستم گومانگەرایی و نازانمگەراییدا بمێنیتەوە. من زۆر هەوڵمدا دروستکەری گەردوون بدۆزمەوە و بگەمە دەڤەری دڵنیایی، ئەفسووس! کاتی زۆرم بە فیڕۆ دا و شکستم هێنا. بۆیە باشتر وایە ئەزموون لە من وەر بگریت و کاتی خۆت بە میتافیزیکا و ئەو جۆرە بابەتانە بەفیڕۆ نەدەیت. گەر ئارەزوو دەکەیت بڕۆ دە جار کتێبی( مێتافیزیک چییە؟) بخوێنەوە، بزان هیچ شتێک لە بابەتەکە حاڵی دەبیت و دەزانیت کە مێتافیزیک چییە! دەشتوانی کتێبی(تەقینەوە گەورەکە: Big Bang)* یان (دەربارەی بنەچەی جۆرەکان – On the Origin of Species)* بخوێنیتەوە. ئەو دوو کتێبە بە بڕوای من تۆزەک یارمەتیدەرێک دەبن سەبارەت بە دروستبوونی گەردوون و مرۆڤ، بەڵام هەرگیز ناتگەیەنن بە وەڵامی پرسیارەکان و هەموو ڕاستییەکان و هیچی ئاوا لە قەبارەی گومانەکانت کەم ناکەنەوە. ببوورە ئازیزەکەم، کات درەنگە و دەبێ بڕۆم بخەوم. سەلامەت بیت.
ــــــــــــــــــــــــــــ
*مەبەست(ژان پۆل سارتەر)ـە.
*لیۆ تۆلستۆی، باوکە سێرگی، وەرگێڕانی: ئەمین گەردیلانی، چاپخانەی ڕۆژهەڵات(هەولێر)، چاپی یەکەم، ل٤٣.
*کتێبەکەی فەیلەسووفی ئەڵمانی(مارتین هایدگەر).
*مەبەست کتێبەکەی(ستیڤن هاوکینگ)ـە.
*مەبەست کتێبەکەی(چاڕڵز داروین)ـە.

ـــــــــــــــــــــــــــ
نامەی پازدەهەم

گیانەکەم، هەستدەکەم گەر چیتر لێرە، مەبەستم لەم هەسارەیە و لەناو ئەو هەموو گەمژەیە درێژە بە ژیان بدەم منیش دەبم به گەمژەیەک لە گەمژەکان. ئازیزەکەم، دەزانم ئەم قاڵۆنچانە گلەیی دەکەن و پێم دەڵێن زمانی زۆر درێژە. دڵنیابە ئەوان شایەنی قسەپێگوتنی زۆر زیاترن. فلۆبێر* لە نامەکانی زۆر زیاتری منی پێ کردوون و نامەکانی پڕ لە جوێنن دژ بە مرۆڤایەتی. ئازیزی من، “پاڵەوانێتی مرۆڤ لەو قۆناغەدا لەوەدایە، بتوانێ به سەربەرزی و زیندوێتی بمێنێتەوە و ئەقڵی خۆی لە دەست نەدات.”* ئازیزی من، هۆشیاریی لێره و لەناو ئەو ناهۆشیارانە زۆر قورسه. هۆشیاریی بەڵا و ئافاتێکی زۆر گەورەیە بۆ خاوەنەکەی لە کۆمەڵگەیەک کە تاکەکانی لە خورافەدا ڕۆچووبن.
لە کۆمەڵگەیەکدا هێندەی گوتارێکی خورافی و دژەلۆژیک و دژەزانستیی کاهینێک بڕ دەکات و بازاڕی هەیە، سەدا یەک قسەی ڕۆشنبیرێک بڕ ناکات. کۆمەڵگەیەک، دەرچووی زانکۆی لە هەموو تەمەنیدا کتێبێک نەخوێنێتەوە، مامۆستای زانکۆی لە مرۆڤێکی ئاسایی و گشتیی، گشتییانەتر بیر بکاتەوە و بڵێت: زانکۆ مێیە و پەرستگا نێرە، هەمیشەش نێر هەیەتی بەسەر مێوە!
کۆمەڵگەیەک، پیاوی ئایینیی بڵێت:٩٠٪ی نەبوون بە زاوا، هۆکارەکەی جنۆکەیە! گیانی من، ڕاستە ڕۆشنبیر بۆ خەڵکی ئاسایی و گشتیی نانووسێت. ڕۆشنبیر کار لەسەر نوخبە(ئیلیتە) دەکات، وەلێ ئەوە مانای ئەوە نییە کە ڕۆشنبیر بڕواتە بورجی عاج و دوور لە خەڵک و واقیع و کۆمەڵگەکەی خۆی بژیت. ڕۆشنبیر چاوی کۆمەڵگەیە، ڕێنیشاندەر و هۆشیارکەرەوە و دڵسۆزی کۆمەڵگەیە. بەڵام کە ڕێز و بەهای ڕۆشنبیر نەزانرا، باشتر وایە ڕۆشنبیر ئاگاداری خۆی بێت و بەرلەوەی ببێت به گەمژە، سنوورێک بۆ گەمژایەتی ئەوانی تر دابنێت. ئازیزی من، ڕۆشنبیریی لە کۆمەڵگە ڕۆژهەلاتییەکان، ئەو کۆمەڵگەیانەی که ڕەگیان لەسەر خورافە داکوتاوە و لە ئەفسانە ڕۆچوون و کۆمەڵگەی نەریتی و تەقلیدیی، سوننەتیی و مەزهەبیی و نێرسالارین، قورسە و حەوسەڵەی دەوێت. بەشی ڕۆشنبیران لەو وڵاتانە هەمیشە دەربەدەریی، کۆچ، تیرۆرکردن، بێتاقەتیی، بێزاریی و ڕەشبینیی بووە. ڕۆمانی (چۆن بووم بە گەمژە) بخوێننەوە. (ئەنتوان)ی پاڵەوانی ڕۆمانەکە سەرەنجام دەگات بەو قەناعەتەی کە ئەقڵ و بیرکردنەوە هۆکاری سەرەکی نەهامەتی و بەدبەختی و ئازارەکانیەتی و خەیاڵ و ژیان لەگەڵ کتێب و خوێندنەوە، هیچ بەهایەکی بۆ نەهێڵدراوەتەوە و بیرکردنەوە مانایەکی بۆ نەماوە و ژیانی ڕۆشنبیریی جگە لە عەزابێکی ئەبەدی، چیتر نییە و بیرکردنەوەیش ئازار و عەزابێکی نەبڕاوە و نەخۆشییە، با لە ڕیزی نەخۆشیش دانەنرابێت. ئەو، ئیدی بیرکردنەوەی ئەمە دەکەوێتە کەڵکەلەیەوە کە دەبێت مرۆڤ لێرە گەمژەبێت، ببێت به بەشێک لە هەمووان، دەستبەرداری قەناعەتی تایبەتی خۆی و بیروبۆچوونە جیاوازییەکانی خۆی و ئازادییەکانی بێت، تا بتوانێت لە کۆمەڵدا بژیت و خەڵک قبووڵی بکات و لەگەڵ دەوروبەر کارلێک بکات و بگونجێت و بە هێمنی و ئارامی بژیێت. ئەو پێمان دەڵێت ئیدی” بەشداری لەو ئەقڵە گەورەیە دەکەم کە پێی دەڵێن(بۆچوونی گشتی). من ناڵێم ئەمە باشە، یاخود خراپ، تەنها دەمەوێ بەشداری ئەو ئەقڵە بکەم و بەس. لەگەڵ ئەوانەیتر بم و لێیان حاڵی نەبم و وەکو ئەوان بم. لەنێوانیاندا بم…دەمەوێ وەکو هەموو خەڵکی تر بم. مێروولەیەک بم لەنێو مێروولەکان.” بەو شێوەیه ئیدی زەکاوەت و زیرەکیی و هۆشیاریی لای ئەو نەخۆشییە و ئەو دەیەوێت چیتر ئاستی هۆشیاریی و هێزی دەرککردنی کەم بێتەوە و باڵانسی جەهل و نەزانیی بەرزبێتەوە. ئیدی تەنها بژیت و بەس. ژیانێکی دیماگۆگانە و هیچ لە ژیان و دەوروبەر و واقیع و ڕاستییەکان نەزانێت. ئەو بۆی ڕوونبووەتەوە کە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە هەمووشتێک، هۆکارە کە نەتوانیت بژیت. بۆیە ئەو گەمژەیی و دیماگۆگییەت بە تاقە ڕێگەی چارەسەری کێشە و قەلەقییەکانی و نەخۆشییەکەی دەزانێت و بڕیار دەدات هۆشیاری و مێشکی بە کفنی گەمژەیی کفن بکات و ماڵئاوایی لەبیرکردنەوە بکات و دەرگای عەقڵی کڵۆم بدات و دەستبەرداری عەقڵانییەت بێت. (من بە دەست نەفرەتی عەقڵەوە دەناڵێنم و تووشی نەخۆشیی زیادەڕۆیی و ڕۆچوونی زۆر لەبیرکردەنەوەبووم). بەڵێ، (هەرکەسێک ئاستی زانستیی بەرزتربوو، ئازاری زیاتر دەبێت). بۆ قورتاربوونیش لەو دۆخە و یەکەم هەنگاویش بۆ بوون بە گەمژە، مەیخانە و مەی و سەرخۆشییە، بە تێڕوانینی ئەو! بۆیە بڕیاردەدات خۆی سەرخۆش بکات. ئەو پێی وایە بەو شێوەیە خەڵک دەیناسێت و خەڵک ڕێزی دەگرێت. کۆمەڵگایەک، لە تێڕوانینی ئەودا بەزەیی بە سەرخۆشدا دێتەوە، وەلێ بە ڕۆشنبیر و عاقڵ و ژیر نا. ئەو سەرەنجام لەو هەوڵەی شکست دێنێت و بە هۆی زۆرخواردنەوەی مەی و ئەلکهوولەوە، ژەهراوی دەبێت و دەکەوێتە نەخۆشخانە. ئەنتوان سەرەتا زۆر هەوڵ دەدات لە کۆمەڵدا شوێنێک و پێگەیەکی گونجاو بۆ بوونی خۆی بدۆزێتەوە وەک ڕۆشنبیرێک کە لەگەڵ ڕۆشنبیرییەکەی ئەو گونجاوبێت. مەوقعێک، کە شایەنی ئەو بێت و مەحەللی لە ئیعرابدا دیار بێت. وەلێ ئەفسووس!
کۆمەڵێک، کە بە تێڕوانینی ئەو کۆمەڵێکی تا بڵێیت سەتحییە و ناچێتە قووڵایی بابەتەکان و نرخی کاری فیکریی و ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیران نازانێت و ڕێز لە کایەی ڕۆشنبیریی ناگرێت. بۆیە بێزاریی و ڕەشبینیی ئەنتوان دادەگرێت، لە کۆمەڵێکی وا کە نرخ و بەها بۆ رۆشنبیری دانانێت و نازانێت ڕۆشنبیریی چییە و ڕۆشنبیر کێیە! لە کۆمەڵێک هێندەی حیساب بۆ گەمژەیەک دەکرێت، سەدا یەکیش بۆ مرۆڤی ژیر و ڕۆشنبیر ناکرێت و ڕۆشنبیر نرخ و بەهای بۆ دانانرێت. ئاخر لە کۆمەڵێکی مێگەلئاسا، کۆمەڵێکی بەکاربەر و ئستهلاکی، کۆمەڵێکی چێژگەرا، بۆ کۆمەڵێکی لەو چەشنە بیرکردنەوە و کاری فیکریی و فەلسەفیی و ڕۆشنبیریی هێندە ئاسان نییە. بیرکردنەوە ئەرک و ئەخلاقە، بەرپرسیارەتی و خەمە، گەلێک قورسە. بیرکردنەوە لە خەمی مرۆڤایەتی، لە ژیانی خەڵک، لە ئازاری هەمووان. بەڵێ گیانەکەم، منیش وەکو ئەنتوان گەیشتووم بەم بڕوایه کە”بەختەوەری ئەوەیە بتوانیت خۆت لە موعانات و ئازاری ئەوانەیتر بێ ئاگا بکەیت، ڕاحەت و ئارامی ژیان و ئەقڵ لە گوێپێنەدان و بێ موبالاتیدایە.” ڕەنگە بڕواکردن بەو قسانەی من بۆ گەمژەکان کەمێک سەخت بێت. بەڵێ، گەمژەکان تەنها باوەڕ بەوانە دەکەن کە هەواڵی ناڕاستیان پێ دەدەن. ئەوان خویان بە درۆوە گرتووە، چێژ لە گەمژەیی دەبەن. ئازیزی من، لێره تەنانەت قانوونیش تەنها بڕوا بەو کەسانە دەکات کە پارەی پێ دەدەن.”*
ـــــــــــــــــــــــــ
*گوتەیەکی نووسەر و ڕۆماننووس و ڕەخنەگری بە ڕەگەز سعوودی(عەبدولڕەحمان ئەلمونیف)ـە.
*مەبەست(گۆستاڤ فلۆبێر١٢ی کانوونی یەکەمی١٨٢١ – ٨ی ئایاری ١٨٨٠)ی خاوەن ڕۆمانی(مەدام بۆڤاری)یە. فلۆبێر، نووسەرێکی جیهانیی- فەرەنسییە و بە یەکێک لە گەورەترین ڕۆماننووسە فەرەنسییەکانی سەدەی نۆزدەهەم دێتەژماردن.
*ستیڤن کینگ، ڕۆمانی(١٩٢٢)، وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد، چاپ:٢٠٢٤، ل١١.




پڕۆژەی ئاگا وێنەیەكی تازەی خۆبەخشییە لە ئەدەبیاتی كوردیدا دەبێت شانازیی پێوە بكرێت

ڕەنگە ئەمە پرسیاری بەشێك لە هاوڕێیانم و نووسەر و ئەدیبان بووبێت، ئایە پڕۆژەی ئاگا چییە و چۆن كاردەكات، بۆ چاپكردنی كتێب سەرچاوەی ماددی لە كوێوە بە دەست دێنێت. چۆن توانی لە ماوەی ساڵێكدا دەیان ڕۆماننووسی گەنج بەرهەم بێنێت. بۆیە بە پێویستم زانی بەبێ ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ پرسكردن بە خاوەنی پڕۆژەكە، ڕووی جوانیی ئەو پڕۆژەیە هەڵماڵم. ئەوانەی كە خۆیان گەرەكیان نییە باسی خزمەت و كارەكانیان بكەن، ئەمە بە ئەركێكی ئەخلاقی دەزانم، بەبێ گوێدانە ئایدیا و بۆچوون، ستایشیان بكرێت و دەستی ماندبوونیان بگوشین.
نابێت نووسەران و ئەدیبان تەنیا لە قەڵەمی خۆیان بڕوانن و خۆیان لە خانەیەكی داخراودا قەتیس بكەن. ڕەمەزانی ساڵی پار نامەیەكم لە گەنجێكەوە بە دەست گەیشت. بێ ئەوەی من بیناسم و ئەویش من بناسێت. داوایكرد ژمارەیەك ڕۆمانی گەنجان بۆم دەنێرێت، بۆئەوەی سەیریان بكەم و كەموكوڕیی ئەدەبیی و ئاست و بنەماكانی ڕۆمانیان هەڵبسەنگێنم، باش و خراپ، لێكیان هەڵاوێر بكەم و ئەوەی شایانی چاككردن بێت پێیدا بچمەوە. ئەوانە دیاری بكەم كە شیاوی بڵاوكردنەوەیە تاكوو لەسەر ئەركی پڕۆژەیەك بەناوی ئاگا بۆیان چاپ و بڵاوی بكەنەوە. هەر لەو كاتەوە كاتی تەواوم بۆ تەرخانكردن و یەك یەك بە ڕۆمانەكاندا چوومەوە. ئەوەی ئومێدی ئەوەی لێ دەكرا ببێتە ڕۆمانێكی باش بە پێی پێویست و لانەدان لەبنەمای پێداچوونەوە دەستی قەڵممان گرتن و كەموكەسرییەكانمان بۆ چاككردنەوە. بۆ ئەوەی هەر نەبێت ببێتە هاندانێك بۆ ئەو گەنجانە، بتوانن لە ئایندە لەسەر پێی خۆیان بووەست. ئەم پڕۆژەیە ئومێدیكی گەورەی پێ بەخشیم كە توانیمان دەیان قەڵەمی شاراوەی چەندین گەنج ئاشكرا بكەین كە پێشووتر دەرفەتی ئەوەیان بۆ نەڕەخسابوو، تواناكانیان بخەنەگەڕ.
لەماوەی ساڵی ڕابردوو توانیمان دەیان ڕۆمان و كتێبی جۆراوجۆر بۆ گەنجان چاپ بكەین. جگە لە ڕۆمان دەیان ژانری دیكە لای كەسی شارەزا بەپێی پسۆڕیی و شارەزایی بە دەقەكان چوونەتەوە، بۆ هەردوو پێشەنگەی ساڵی بۆری هەولێر و ئەمساڵی سلێمانی هەڵەیان بۆ ڕەخسێندرا بەشداریی لە پێشەنگەی نیودەوڵەتی كتیب بكەن. جگەلەوی خولی ڕێنووسیی و ڕاستنوویسی كوردیمان بۆ كردنەوە. هەروەها لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە گرنگیان پێدرا و دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا لە كەناڵی ئاسمانی NRT4 وەك میوان بانگێشت بكرێن و باس لە بەرهەمەكانیان بكەن.
هەموو ئەم پڕۆژەیەش لەسەر شانی برای بەڕێزم سالار عومەر و هۆزان ڕەمەزان بەڕێوەدەچێت دوو گەنجی خۆنەویست. سەرباری ئەوەی كە توانیویانە دڵی ناسكی گەنجان ڕابگرن. بە دەردەسەریی و دەیان كێشە وگرفتدا تێپەڕین و لێرە و لەوێ پارە و كۆمەك بۆ كتێبیی گەنجان پەیدا بكەن. تەنانەت لە داهاتی كار و كاسبییەی خۆیان مانگانە بڕیك پارە بۆ پڕۆژەكە وەلا دەنێنن و لەسەر دەمی ماڵ و منداڵ و خێزانەكانیان دەگرنەوە. ئەمە رۆحییەتێكە لە بەخشیندا كەم وێنەیە. پڕۆژەی ئاگا تاكە پڕۆژەی ئیسلامییە، كە بە بێ گوێدانە ئایدیا و بۆچوون و یاخود جیاكردنەوەی دەقی ئایینیی و نا ئایینیی، دەرگەیان بۆ بیر و هزری گەنجان واڵاكردووە، بێ بەرامبەر و جیاكاریی دەقەكانیان بۆ بە چاپ دەگەیێنن.
بۆیە لێرە بە پێویستی دەزانم ئەوە بڵێم زەكات و سەرفترە تەنیا بۆ دروستكردنی بینای مزگەوت و قوتابخانەنییە. بەڵكوو بۆ دروستكردنی بینایی فكریی مرۆڤیشە. هیوادارم خێرخوازان و دەوڵەمەندان دەستی هاوكاری بۆ ئەم پڕۆژەیە و هەر پڕۆژەیەكی هاوشێوەی ئاگا درێژ بكەن، كە جگە لە خزمەت و كارێكی خۆبەخشی هیچی دیكەیان مەبەست نییە.
ئەمەش بۆ مێژوو دەڵێم ئەوەی پڕۆژەی ئاگا لەماوەی ساڵێكدا كردیی. تا ئێستا دەیان دەزگەی سێبەر و ئاڕاستەكراوی حزب و لایەنەكان و تەنانەت وەزارەتی ڕۆشنبیریی نەیانتوانیوە بیكەن. بۆیەشە من پشتگیریی تەواوی ئەم پڕۆژەیە دەكەم و جێگەی دەستخۆشین.

دڵشاد كاوانی.
نووسەر و ڕۆماننووس
29/11/2024




غەیبەت.. نەوزاد بەندی

بۆ / ز …ۆ .. س ..س ..ۆ …ز ..

باران غەیبەتی تۆم لەلا ئەکا ،
ئەڵێ : چەندەها جار قژیم تەڕ کردووە و ..
نەهاتۆتە ژێر چەترەکەت ..
زریانیش هەر غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ،
ئەڵێ : چەند جار هەڕەشەی ڕافڕاندنم لێ کردووە و ..
نەهاتۆتە ئەشکەوتەکەت ..
لە لای درەختەکان بوختان بۆ تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : سەد جار هاتۆتە ئێرە و نەهاتووم ..
بەفر غەیبەتی تۆ ئەکا ،
ئەڵێ چەند جار پێم وتووە
ڕەق ئەبیتەوە ، وتوێتی :
کێشە نییە ! من ڕاهاتووم ..
لە لای شیعر ، زۆر خراپ باسی تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : ئەڵێ لە ووشە کۆشکێ دروست کە ،
پێکەوە تیایا نەمر بین ..
وەک مەم و زین ،
با لە دوو نەفەر زیاتر بین ..
لافاو دێ و غەیبەتت ئەکا ،
ئەڵێ : تا هەیوانەکەیشیان هاتم و ..
ناونیشانی تۆم ،
لە تەمی پەنجەرەکەیان بۆ هەڵکۆڵی ..
ووتی ناچم . . با بخنکێم !
لە قاوەخانەی غەزەلنووس ،
کوپێ قاوە غەیبەتی تۆم لەلا ئەکا ،
ئەڵێ : چەند جار پێم وتووە ،
ئەم تەنیاییە ئەتکوژێ ..
وتوێتی جا با بکوژرێم ..
بیرۆکەیەک غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ،
ئەڵێ : پێم وتووە بڕۆ ناو شیعرێکی ،
با وەک شیرین بەرز بیتەوە ..
ئەڵێ : ناچم ..من خۆم بەرزم ..
لای دارکاژێکی تۆزاویی ،
بێویژدانانە بوختانێ بۆ تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : وتی با ڕۆژێ گەڵاکانی تۆ کۆکەینەوە ..
ئەڵێ : جا کوا ؟ خۆ من هەر چوار وەرزە سەوزم ..
مقەست غەیبەتی تۆ ئەکا ،
ئەڵێ : هەزار جار پێی ئەڵێم ،
قژت نابڕم .. ئەو حەز ئەکا
شەپۆلێکی ڕەش دایپۆشێ ..
کەچی ئەڵێ : بیبڕە دەنا ئەیسوتێنم ..
ئەڵێ : دیاره لە داخی تۆ ،
شەڕ ئەفرۆشێ ..
لای خۆم غەیبەتی تۆ ئەکەم ،
ئەڵێم : ساڵانە چەندەها موچەی ئیلهامم لێ ئەخوا ..
شیعر و ڕۆمانیشی کوشتووم ..
خوێنی دەیەها کتێبی ،
لە هیچ و خۆڕایی ڕشتووم ..
خۆم باوەڕ بە خۆم ناکەم و
بە خۆم ئەڵێم : بڵێ به خوا ؟
کازیوە بە شێداریی دێ و غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ..
ئەڵێ : سەدجار ئاگادارم کردۆتەوە ،
پێم وتووە با هەرسێکمان ،
سێ شەممەیەک بچین بۆ شاخ ..
وتوێتی : ئەوت لەگەڵ بێ ،
یەک هەنگاو نانێم گەر هەموو ئەو ڕێگایەیش
داپۆشرێ بە کانیاو و باخ ..
فڕۆکەخانە غەیبەتی تۆم لا ئەکا ،
ئەڵێ سەد جار پێم وتووە ،
لەناو پایتەختە دوورەکان ،
دەیان شەقام و ئوتێل و
کەنار دەریا و
مۆڵ و کافێ ،
چاوتان بۆ ئەگێڕن ، دیار نین ..
چەندین گەشتی ناو هەورەکان ،
چەندین بلیت..
چەندین کورسی ،
چەندین نەورەس ،
چاوتان بۆ ئەگێڕن ، دیار نین ..
کەچی ئەڵێ : با بۆخۆیان چاوەڕێ بن ..
کێ وتوێتی قەت ئێمە دێین ؟
یان کێ ئەزانێ ئێمە کێین ؟
من لای پەنجەرەی نیوە شەو ،
زۆر دڵڕەقانە غەیبەتی تۆ ئەکەم و ..
ئەڵێم بەس توخوا ئەم باسە لە نێوانمانا دەرنەچێ ..
ئەڵێ : نا نا .. خەمت نەبێ ..
بەردەوام تەمەن دێتە لام ،
غەیبەتی تۆم لە لا ئەکا ..
ئەڵێ : هەمیشە پێی ئەڵێم ،
وا ئەو پیر بوو ..
لە داخی تۆ ،
لە دۆست و دوژمن زویر بوو ..
ئێ هیچ نەبێ ،
گۆچانێکی بۆ بکە بە دەست و دیاری ..
لە جیاتی ملپێچ و عەتر و
نیو پوتی مارکەی بوگاتی ، دەنکێ حەبی زەغت و
شەکرەت بە دەستەوە بێ کە هاتی ..
ئەڵێ : نەخێر ..
کێ ئەڵێ من پێش ئەو نامرم
بۆ ناڵێی بمرە لە جیاتی ؟؟!!
خەو غەیبەتی تۆم لا ئەکا ….

نەوزاد بەندی




کۆتری فرووزی.. شەهلا نوری

کۆتری فرووزی کەناری چەمەن
باڵی گرتەوە
یاخی لە جێی بەرز
ئاخۆ بۆکام لا ئۆغر کردووە
بۆ کۆڵانێ تەنگ، یاخود دەریای مەنگ
وێڵ و شەیدای کامە داستانە!
ونبووی تارمایی ڕەشپۆشی کامە نازەنین
کام سوتووی سوتاوی ئەستوون ئامێزە
بە چ دارێکا خۆێ هەڵواسیوە
لەسەر تەلاری سەرای کام خێو دەنیشێ و
سەرخەو دەشکێنێ
لەکام ئاوی گڵ ئالودەی غەرقە
بئ مایە نییە ئەم باڵگرتنه!
شەیدای خورشيدى ئافاقه
يان
تەرزه تەمەنایەکە
کۆترێکی بەستەزمانە
لەبازنەی بۆشاییدا
گرفتارە و دەخوڵێتەوە
ئیدی ئاوێتەی کەنار نیت!
ھەڵنانیشی لە ئەم ناوە
تادەگاتە لای ئەو لاوە
بشی ئەو دارەیش بن سست بێ
دیسانەوە ، باڵ نەگرێ
وەک هەرەسی کێو داڕووخێ
هەر دەکەوێ
لەم جیهانە خەڵەتاوە

شەهلا نوری




نیگارێك له‌شنه‌ی با.. ستار ئەحمەد

له‌قه‌ده‌ری بادا گه‌ڵاكان بوار به‌هه‌ناسه‌ی گوڵ ناده‌ن
شه‌پۆل شه‌پۆل ئاورنگه‌ماچ له‌زاری سروشت دێنه‌خوار
به‌ره‌و كه‌ناری رووباره‌ سووره‌كان
بۆپێشوازی ئه‌و مه‌لانه‌ی چریكه‌ له‌نسێی چڵ ده‌خوازن
ئێوارانێك….
كوڵمی سوور به‌چزووی ره‌شه‌بادا هه‌ڵده‌زنێ‌
كراسی تاریكی به‌ركی ئاو داده‌دڕێ‌
ئه‌مه‌یه‌ قه‌ده‌ری با..
كاتێك لێو له‌كوڵمی هه‌ور ده‌سوێ‌
بۆیه‌ خه‌نده‌ی چرا له‌ رووی ئه‌ستێره‌ تێناگا
په‌نجه‌ره‌كان پرشنگی خۆر به‌ ته‌لی ئاوه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسن
ده‌مێكه‌ تینوێتی ته‌مه‌نی رۆژژگاره‌كان ده‌پێچێته‌وه‌
له‌ سوانه‌وه‌ی كۆرپه‌ی وه‌رزو
له‌ پێگرتنی ساڵه‌كانی نه‌هامه‌تیا
لانكی چاره‌نووس ده‌سرازه‌ بۆ مێژوو ده‌دوورێ
به‌رواره‌كان خه‌م له‌ گلێنه‌ی كانییه‌كاندا ده‌نووسنه‌وه‌
تارمایی هه‌وره‌ كۆچه‌ره‌كان، دوای شه‌ونمی گوڵ ده‌كه‌ون
ئه‌ستێره‌یه‌ك خۆی ده‌كات به‌ دیده‌ی مانگا
مانگ هه‌ڵمی بناره‌كان بۆ خۆر ده‌كاته‌ رچه‌ڕێ
تیشكی ئاسمانیش، زریانی شه‌واره‌
له‌ ته‌وێڵی گه‌واڵه‌ به‌ فرێكا راده‌كێشێ
به‌ره‌و سه‌هه‌نده‌ دووره‌كان
بۆ ئه‌و دۆڵانه‌ی گۆڕستانی چڵ‌و هه‌ڵاڵه‌ن
خۆزگه‌ی نوێبوونه‌وه‌..
گه‌ڵا گه‌ڵا له‌ شه‌پۆله‌ ورده‌كان ورد ده‌بێته‌وه‌
دڵه‌كوتێی گزنگ
بوورانه‌وه‌ی ئاو
هه‌ڵچوونی مه‌زاری شه‌وه‌ دیجووره‌كان
به‌ گۆرانی دوندی سه‌خت،
بارانی چیاكان ده‌خوێننه‌وه‌
نووسین له‌سه‌ر به‌فر
هه‌ڵكۆڵینی نیگار له‌ دڵی شنه‌ی بادا یاده‌وه‌ری ده‌ژێنێ
بووكی به‌هار له‌ ساڵنامه‌ی وه‌رزه‌كان ماره‌ ده‌كا
بۆ سه‌رچۆپی ئه‌و ساڵانه‌ی رۆژه‌كانی عیشقیان به‌با ده‌ناسان
ئاورنگه‌ ماچیان له‌ ده‌می كانیاوه‌كان ده‌قۆزتته‌وه‌
ته‌مه‌ن ره‌شه‌بای وه‌رزه‌كانی
ده‌كرده‌ نیگای چراكانی شار
شه‌قامه‌كان له‌ پێخاوسی به‌هار
گه‌ڵایان بۆ باڵای حه‌ز ده‌دووری
كفن ورده‌ به‌فری رۆحی چیا بوو
ده‌روونی دۆڵه‌كان،
ده‌له‌رزان بۆ پێشوازی نێرگزێك
زه‌مه‌نێك بۆ ژان
قه‌ده‌رێك بۆ ده‌رفه‌تی لێكترازان
ئالووده‌یی خاكیان
له‌ جه‌رگی كوێستان تاوتوێ ده‌كرد
بۆ ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی
شه‌ویان له‌ خۆر ده‌ئاڵاند
تاریكیان ده‌كرده‌ تارای
شه‌پۆلی به‌های كه‌ناری هێور بوونه‌وه‌
ئاسمان له‌ ماچی گوڵ به‌ گومان‌و
دیمه‌نه‌كان له‌ ره‌ونه‌قی چڵ ده‌ترسان
ئه‌و كاته‌ قه‌ڵه‌مێك
په‌ڕه‌ی گوڵی ماچ بكردایه‌
گولله‌یه‌ك ئاگری شه‌وچه‌ره‌ی
بۆ گوڵ‌و چیا ده‌كرده‌ نیشتیمان
ستار ئەحمەد




خاڵی گرنگ لە پشت بانگەشەکەی “دەولەت باهچەلی”یەوە چی بوو!.. ئیدریس مستەفا

ئازاترین و ژیرترین کەسەکانی دنیا ئەوانەن مل بۆ ئاشتی دادەنەوێنن نەک ئەوانەی سەرەکوتێ بۆ شەڕ دەکەن.
هێشتا باس و خوا گەرمە لەسەر گفتوگۆی تورکیا لەگەڵ کورد یاخود پ ک ک لە تورکیا بۆیە ئەم باسە شایەنی ئەوەیە هەردەم قسەی لەسەر بکرێ بەڵام دوور لە سۆزی نەتەوەیی و هەڵچوونی سیاسی.
وا مانگێک بە سەر بانگەشەکەی دەولەت باهچەلیدا رۆیشت و کوردی باکور/پ ک ک نەک هەر وەڵامێکی پیویستی نەبوو بۆی بگرە بە هێرشێکی چەکداریانەی خۆکوژی بۆ سەر بنکەیەکی درۆن دروست کردن لە ئەنقەرە وەڵام درایەوە کە ئەمە بۆ خۆی گورزێکی گەورە بوو لە پرۆسەیەی ئاشتی ئەمجارە کە تایبەتمەندی خۆی هەبوو. بانگەشەی ئاشتی ئەمجارەی تورکیا لەوەدا بوو دەستپێشخەریەکە لە لایەن توندڕەوترین و قەومی ترین پارتی سیاسی تورکیاوە کراوە کە بۆ تۆسقاڵێک باوەڕی بە کورد و مەسەلەی کورد نەبووە. بگرە لە ناوەراست و کۆتایی نەودەکانەوە کە بە گوڕوتینێکی بەهێزەوە هاتنەوە گۆڕەپانی سیاسی تورکیا و سەرکەوتنیان بە دەستهێنا لە هەڵبژاردنەکاندا، یەکێک لە دروشمەکانیان دژ بە کورد ئەوە بوو بێ ئەوەی ناوی کورد بهێنن دەیانگوت: گەر ئەم وڵاتەت خۆش دەوێ ئەوا بمێنەوە وەک ئەوەی هەیە ئەگەرنا بەجێی بهێڵە..
گەر لە دانوستانەکانی پێشوتری نێوان حکومەتی تورکیا و پ ک ک دا رێکەوتنی سیاسی بکرایە و خالەکانیشی لە راگەیاندنێکی رەسمیدا بەیان بکرایە ئەوا هەر لە چوارچێویەکی سیاسی دەمایەوە و ئەو بوارەی تری نەدەبڕی کە یەکێک لە خاڵەکان بوو بۆ سەنگی مەحەکی رێکەوتنەکە. چۆن؟
مەسەلەی کورد لە تورکیا هەر تەنها بە رێکەوتنی سیاسی سەر کاغەز چارەسەر نابێ یاخود بڵێم هەر بە کەشێکی سیاسی نابێ بەڵکە بە کەشێکی کۆمەڵایەتیش دەبێ، دەبێ ئەو تەلیسمە مێژووییە عەقڵیەتە کۆمەڵایەتیەش ببەزێنێ کە بە درێژایی سەد ساڵە دەوڵەتی تورکیا کاری لەسەر دەکات و نەوە دوای نەوە لەسەر ئەوە پەروەردە بوون کە تورکیا تەنها هی تورکە و کورد لە تورکیادا بوونی نیە؛ ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە چل ساڵە پ ک ک بە هیزێکی تیرۆرستی دەناسرێ و لە گۆڕەپانی ئەوروپی و ئەمریکیدا بە تیرۆرست ناسراوە.
لەگەڵ هەر رێکەوتنێکی سیاسیدا رووماڵکردنێکی کۆمەڵایەتیش پیویستە؛ عەقڵێک لە ناو کۆمەڵگەی تورکیدا سەدەیەکە چەسپیوە هەروا بەئاسانی هەزمی رووداوێکی سیاسی واناگرێ کە هێزێک چوار دەیەیە شەڕ و کوشتاری هەبووە لەگەڵ دەولەتەکەیاندا بگرنە ئامیزی خۆیان. ئەوەی دەیتوانی ئەم روماڵە بکات “مەهەپە” حزبەکەی دەولەت باهچەلی بوو. مەهەپە تەنها حزىیکی گەورەی تورکیایە کە بیروباوەڕێکی توندڕەوانەی بەرامبەر بە کورد و کەمینەکانی تریش هەیە بەڵام ئیستا بۆ یەکەمین جاریشە حزبێکی دەسەڵاتداری ئاوها بە ئاشکرا و لە گرنگترین مینبەری وڵاتەکەوە داوای ئاشتەوایی بکات جا رێگەی داواکاریەکەی چیە و چۆنە ئەوە بابەتێکی ترە. دوای ئەوەش بە ئاشکرا دان بەوەدا بنێ کە کورد هەیە لە تورکیادا و کورد برای تورکن و تورکیش برای کوردن و داوای لە کۆمەڵگەی تورکی کرد ئەم هزرە قبوڵ بکەن.
چونکە ئەوەی پرۆسە سیاسیەکان لە ئاستە کۆمەڵایەتیە سیاسیەکان فەشەل پێدەهێنێ یاخود گرفت و بەربەستی بۆ دروست دەکات جوڵانەوە سیاسیە توندڕەوەکانن کە ناڕازین بەوەی شکۆی نەتەوەیی یاخود ئاینیان سەردانەوێنی بۆ هیزێک کە پشیتر هەموان بە دوژمنی سەرسەختیان زانیوە و بوونی کورد و پ ک ک لە تورکیادا باشترین بەڵگەی ئەم دیدەمانە. بانگەشەکەی دەولەت باهچەلی ئەم ئەرکە قورسەی لەسەر رێکەوتنی سیاسی لادەبرد و رووماڵێکی کۆمەڵایەتی باشیشی دەکرد بەڵام دیارە هزری کوردی سیاسی لە باکور فەهمی ئەمەیان نەکرد یاخود نەیانویست ئەم مەسەلەیە بەسەمەر بگات؛ چونکە ئەوەی پرۆسەکان بە سەمەر دەگەێنێ هەر بە تەنها رێکەوتنە سیاسیەکان نین بەڵکو رێکەوتنە کۆمەڵایەتیەکانیشن.
گلەیی و رەخنەکانی کوردانی باکور/پ ک ک و هەندێ لە قەلەم بەدەستی کوردمانجی زمان ئەوەبوو کە تورکیا راست ناکات و ئەمەش فێڵێکی ترە یاخود بۆ یەکسەر زیندانیەکان بەرنادات یاخود پاریزگارە کوردەکان لە پلەکانیان لادەدات. تا پرۆسەی سیاسی گفتوگۆ دەست پێنەکات و تەنانەت لە کاتی دەسپێکردنیشدا جارێ هەر شەڕە و بگرە خودی دانوستان نیوەشەڕە بەڵام بە دیوێکی تردا؛ بەلام، کاتێک تۆ دەستپێشخەری رەتدەکەیتەوە واتە هیچ پرۆسەیەک ناچێتە پێشەوە و ئەو بابەتانەش لە پرۆسەیەکدا دەچنە پێشەوە. دیدێکی تر هەبوو گوایە تورکیا لە داهاتوی جیوپۆلەتیکی ناوچەکە دەترسێ بەهۆی ئەو رووداوانەی لە لوبنان و سوریا هەن؛ لەگەڵ بارودۆخی خراپی ئابوری وڵات کە تورکیای خستۆتە تەنگژە و لەلاوازیەوە و لەبەر ئەم هۆیانەیە کە تورکیا داوای دانوستان دەکات.
ئەوە دروست وایە بەڵام وەڵامی کورد نادروست بوو، بگرە ئەو دەسپێشخەریەی تورکیا بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ کورددا لە ئەنجامی ئەو بارودۆخە نوێیەی رۆژهەڵاتی ناوەراستە و ئەمە رێک بەرجەستەی ئەو دیدە زانستیە سیاسیە دەکات کە هاوسەنگی هێزەکان و رووداوەکان و هاوکێشەکان یا بە شەڕ یا بە گفتوگۆ دەگەنە ئەنجام. هەموو هیزێکیش لە ئەنجامی ئەو رووداو و هاوکێشانەوە شەڕ دەکات یان گفتوگۆ. جا باشترین کاراکتەرەکان ئەوانەن کە دەرفەتەکان دەقۆزنەوە، بەڵام پ ک ک نەک هەر ئەو دەرفەتەی نە قۆزتەوە بگرە توڕیشیهەڵدا. لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا نەچووە و بچێ، دانوستان بەو پێودانگانەی پێشتر هەبووە وەک بەشداری لایەنی ئەوروپی و تەنانەت ئاسیاییش زۆر گرنگە بچێتە پێشەوە. .
بەرهەمی چل ساڵ لە شەڕی چەکداری پ ک ک لەگەڵ تورکیا هیچ بەرهەمێکی نەبوو جگە لە کوشتار و ماڵوێرانی زیاتر و بگرە قەتیس مانەوەی سەدان کچ و کوڕ لە شاخ و دیاریش نیە تا چەند چل ساڵی تر لەوێ دەبن. بۆیە دەستبردن بۆ ئاشتی یا بە دەنگەوەچوونی ئاشتی جا لەهەر ئاستێکدا بێت نەک هەر هزرێکی سیاسی ژیرانەیە بەڵکو ئازاترین کردارە چونکە مرۆڤی ژیر و ئازا ئەوانەن بە دوای ئاشتیەوەن نەک ئەوانەن بە دوای شەڕ و هێزی بازووەن. پ ک ک و سیاسەتەکەی لە شارەوە دروست بووە و پیویستە واز لە شاخ بهێنێ و بێتەوە ناو شار چونکە کورد و کێشەی کورد لە ناو شارەکاندان و ئەوێش سەنگی مەحەکی چارەسەرەکانە نەک شاخە دوورەکان.
٢٦ی ١١ی ٢٠٢٤




دیدارێک لەگەڵ نووسەر و شاعیر گوڵزار فەرەج.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

نووسەر و شاعیر گوڵزار فەرەج: زمان وەرگێری هۆش و دەروونە، بۆ پەخشكردنی دەروونی مڕۆڤەكان
نووسەر گوڵزار فەرەج: رەخنە گرتن و رەخنە قبوڵكردن دوو شاباڵی سەركەوتنی نووسەرن بەرەو لوتكە

خاتوو گوڵزار حەمە فەرەج ناسراو بە( گوڵزار فەرەج) یەكێك لە قەڵەمە دیاریەكانی نێو ئەدەبی كوردی تائێستا خاوەنی حەوت كتێبە لە بواری پەخشان و ڕۆمان و تێكستی ئەدەبی و زانستی جەستەیی ..بەبەردەوامی لە گۆڤار و رۆژنامەو سایتەكان بابەت دەنووسێت ئەندامی لقی سلێمانی یەكێتی نوسەرانی كوردە ئەندامی دەستەی نوسەرانی رۆژنامەی ژیانەوە یە ئێمەش بە باشمان زانی ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ دا ساز بكەین.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

  • وەكو نەریتێكی سەرەتای پرسیاركردن بابزانین گوڵزارخان چۆن ئاوێتەی جیهانی ئەدەب و نووسین بوو؟
  • بەری درەختی فەنتازیاو، ھەندێك روداوی ڕاستەقینە ،وەك ڕۆشنایی تكانە نێو دیدەو ھزرەوە، بەس بون بۆ ئەوەی ببن بە پردێك كە ھەست و حەزی زاتیم بۆ نوسین لە دایك ببێت ، بەو مشتومڕانەی ناو خەیاڵی خۆمەوە بونە شاخێك ھێندە بڵند كە خەرییكە زمانی لوتكەی لە ڕومەتی ئاسمان ھەڵدەسوێ ،ھەرنەبێ لەبەر دیدەی خۆم وام لێدەنۆڕی، كەبوونە گەورەترین سەرمایەی من، دەڵێم مڕۆڤ گەر ئیرادەی ھەبو ،ھەمو شتێكی پێدەكرێ، ڕۆژانێك بو، كەكتێبێكی نوسەری پێش خۆمم دەكەوتە پێش چاو، بەحەسرەتەوە بوم، كەبتوانم كتێبی خۆم لەكتێبخانەكەی خۆمم ببینم، ھەر ئەو حەزە بو زادەی ئاواتەكانمی ھێنایە دی، سوپاس بۆ خوا هەر ئەو ئارەزوەم بوو بۆ نوسین وهاوڕێیەتی كتێب وای لێكردم رێچكەی كتێب و نوسین بگرم.
  • ئێوەخاوەن ئەزموونێكی باشی نووسینتان هەیە، بەڵام زیاترگرنگی بەپەخشانە شیعرداوە هۆكارەكەی بۆ چی دەگەرێتەوە؟
  • زمان وەرگێری هۆش و دەروونە ، بۆ پەخشكردنی دەروونی مڕۆڤەكان هەڵبەت ئەبێ دەڕبڕینك هەبێت بۆ وەدەرخستنی ئەوەی لەناخیەتی، منیش هەست دەكەم جوانترین نوسین و دەڕبڕین ئەگەر بكرێ بە پەخشان بنوسرێ بۆ ئەوەی بەتەواوەتی و كاڵا پڕ بەباڵا بێ ،ئەبێ ئەو وێنەشیعریان وەدەربخرێ كە لە ناخدایە و بەشێوەیەكی ئەدەبی و فەرهەنگی و وشەسازی بۆ بكرێ هەر لەپەخشاندا زیاتر پەیامەكە ئەگات بەخوێنەر و هەڵبەت ئەمە بەبۆچونی من وایە، و مامۆستای گەورەمان برایم ئەحمەد ئەوە دووپات ئەكاتەوە، كاتێك لە ڕۆژنامەی گەلاوێژی ئەو سەردەمە جوانترین پەخشان ئەنوسێ بەناوی بەرەو ڕووناكی .
  • لەسەر پەیامی شیعر بۆچوونی شاعیران جیاوازە هەندێكان دەڵیت شاعیر بۆخۆی دەنووسێت هەندێكیتر دەڵێن شیعر بەرپرسیارەتییە پەیامێكی گشتییە بۆ كۆمەڵگایە،ئەی تێروانینی ئێوە چۆنە؟
  • خودی شیعر سازی واتێدەگەم ئەوەندەی پڕۆسەی دۆزینەوە بێت، نیو ئەوەندە نوسین و داهێنان بێت شاعیر دەبێت
    شوێن هەڵگر بێت و جێپێی شیعر هەڵبگرێت تا دەستگیری بكات، هەرچواردەوری شاعیر شیعرە بەڵام چاوی تایبەتی دەوێ
    بیبینێت و بیدۆزێتەوە و هەڵیگرێتەوەو بیانخاتە روو.
  • بەشێك لە رەخنەگرانی شیعر دەڵێن ئەگەر فەلسەفە تێكەڵ بە شیعر بوو رۆحییەتی شیعر دەمرێت لەو بارەیەوە ئێوە چی دەڵێن؟
  • نوسینەوەو ئیشكردن لە فەلسەفەدا حەزێكی بەرزە فڕی دیكەیە لە نوسیندا ئەو كات مڕۆڤ بە ودەكاری و قوڵایی ڕۆح و ناخدا ڕۆدەچێتە خواروو هەموو جوانیە پەنهایەكان بەیان دەبن هەڵبەتە فەلسفە لە نێو شیعر.
  • ئێوە لە چ دەروازەیەكەوە لە دەرگای شیعر دەدەن (دەرگای خۆشەویستی، دەرگای منداڵی،دەرگای یادەوەری ،دەرگای دایك….)؟
  • نوسین دەرون دەسمێ ئاسۆی
    شیعرو نوسینم هەردەم بەرزە
    چونكە زادەی ئەو پەیوەندییەكە بە ژیانەوە دەمبەستێتەوە لەهەمان كاتیشدا بەخشش و ئیلهامێكی خوداییە، كەخودا پێیداوم شیعریش چڕترین دەربڕینی زمانە هەمیشە رازو نیازو خەونەكانی خۆم لەڕێی شیعرووشەسازییەوە دەڕبریوە
    كرۆك و كاكڵەی نیەتی شاعیر بەخشینی ساتێك ئارامی و ئومێدو هیوایە ئەبێت بە تاك، لەوێشەوە بەرەو كۆمەڵگە .
  • شاعیری گەورەی فەرنسی (مالارمییە) دەڵێت: شیعر نهێنییە دەبێ خوێنەر بەدوایی كلیلەكەی بگەرێت ،ئێوە چی دەڵێن؟
  • بێگومان وایە هەر نوسینێك شێوازی بیركردنەوەی مڕۆڤ نەگۆڕێ و كاری تێنەكات ئەو نەنوسینە نە شیعریشە
    هەر لەبەر ئەو هۆیەیە كەدەڵێ خوێنەر بەدوای كلیلەكەیدا دەگەرێ دەبێ هزرو ئاوەزی بەجۆڕێك لە جۆرەكان بگۆرێ لەهەست و بیركردنەوەیدا.
  • رەخنە لە نێوە هەموو كاییەكانی ژیان گرنگە ،وەكو نووسەرێك چۆنە دەڕواننە رەخنەگرانی شیعر لە كوردستان؟
  • پێم وایە رەخنە گرتن و رەخنە قبوڵكردندوو شاباڵی سەركەوتنی نوسەرن بەرەو لوتكە ،و وادەكات كە نوسەر هەمیشە بەدوای فەرهەنگ و وشەسازی و خەیاڵ فراوانیدا وێڵ بێت و لەو چەق سازیەی دەربازی بكات بەمەرجێ رەخنەنی دروستكەر بێت نەك رەخنەی روخێنەر.
  • ئاستی خانمانی شاعیر لە كوردستان چۆن دەبینی؟
    -پێم وایە و بەڕوونیش دیارە كە ژنان هەنگاوێكی بەرچاوو باشییان ناوە لەم ڕۆژگارەدا نەك لە نوسین و ئەدەبدا ، بەڵكو لە هەموو بوارەكانداو بەتایبەتیش لە فەرهەنگ نوسینداو جێ پەنجەیان دیارە و بەباشی چوونەتە نێو هەموو بوارەكانەوە.



چەقبەستنێک لە کوردستان!.. عوسمانی حاجی مارف

کێشە سیاسیەکانی هەرێم لە دوای هەڵبژاردنەکان

لەگەڵ کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان، پێشبینی دەکرێت کۆمەڵێک کێشەی سیاسی سەرهەڵبدەن کە ڕەنگە کاریگەریان هەبێت لەسەر پێکهێنان و هەڵبژاردنی حکومەتی نوێ و دۆخی ژیانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەتی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠/١٠/٢٠٢٤ جارێکی تر جەختی لەسەر هەژموونی بارزانی و تاڵەبانی کردەوە، ئەو هەژمونیەی کە پێشتر بەهێزی چەکداری و لەچوارچێوەی کایەی نفوزی خۆیاندا بەدەستیان هێناوە و سی ساڵ زیاترە قۆرخی دەسەڵاتیان کردووە.
گومانی تیانیە کە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بۆ ڕێگریکردن لە زۆرینەی رەهای بارزانی ئەنجامدراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دیمان بارزانی نزیکەی دوو ئەوەندەی دەنگی تاڵەبانی هەیە.
ئەم دیمەنە سیاسیە نوێیەی لە ئاکامی دۆخی هەڵبژاردنەکاندا پێشهاتووە، دەتوانێت وەک ئاکامێک بەدوای واقعیەتی کێشەکانی ئەو هەڵبژاردنەندا ببێتە هۆی درێژەدان لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا، چونکە بەو پێیەی کە یەکێتی بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەمان تەرخانکردنی پۆستە حکومیەکان وەک کابینەکانی پێشوو قەبوڵ ناکات. بەوەی کە تائێستا لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، یەکێتی پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی بەدەست نەهێناوە، ئێسا هەوڵ ئەدات ئەو پۆستانە بەدەست هێنێت، لەهەمانکاتدا لە بەرامبەریدا پارتی هەمیشە پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی بەدەستەوەیەو تەنها هەرخۆی بە خاوەنی ئەو پۆستە پێناسەدەکات، لەراستیدا نیشانەی مانەوەی دەسەڵاتی بارزانی و پێگەی سیاسیەتی. لەلایەکی ترەوە، یەکێتی لە بەغدا لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە پۆستی سەرۆکایەتی عێراقی بەدەستەوەیە، بەڵام پارتی لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠٢٢ کێبڕکێی بۆ ئەو پۆستەش کردووە.
هەڵمەتی ئەم دواییەی تاڵەبانی ئاشکرایە کە زیاتر جەختی لە سەر کەمکردنەوەی هەژموونی بنەماڵەی بارزانی کردووە. تاڵەبانی لەدوای ئەو بانگەشە توندەی لەکاتی هەڵبژاردندا بەکاریهێنا، ئامانجی تەنها پۆستی باڵای زیاتر نییە، بەڵکو ئامانجی پۆستە سەرەکیەکانیشە، وەک ئەو پۆستانەی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣ بەدەستی هێنابوو، کە بەرهەم ساڵح بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک سەرۆک وەزیرانێكی بێدەسەڵات خرایە سەر کار. بەڵام پێناچێت بارزانی جارێکیتر دان بەوەدا بنێت، هەرچەندە دەربارەی سەرۆکایەتی هەرێم، ئەگەری ئەوە هەیە جێی گفتوگۆ بێت.!
ئاماژەکان بە لەبەرچاوگرتنی ململانێی قوڵی نێوان بارزانی و تاڵەبانی ئەوە دەردەخەن کە پێکهێنانی حکومەتی نوێ درێژخایەن و پڕ کێشمەکێش دەبێت، سەرەڕای ئەمەش هەردوولا ئەوە باش دەزانن کە حوکمڕانی هەرێم هیچ لایەکیان بەتەنیا بۆیان ناچێتەسەر، ئەمە پێویستی بەوەدەبێت هەردوولایان سازش بکەن و نەرمی نیشان بدەن، بۆئەوەی حکومەتێک پێکبهێنن کە بتوانێ ئامادەبێ بۆ سەوداو مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاستەنگە بێشومارانەی کە لە ململانێیان لەبەرامبەر بەغدا دەرگیری بوون، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بەهەر شێوەیەک بگەنە ئەو ئەنجامەی حکومەتکەیان پێکبهێنن، زۆنی زەردو زۆنی سەوز ئەو بەڵا سەرسەختەیە کە هیچکات ڕێگە نادات بەیەکدەستی لەبەغدا دانیشن، ئەمەش گەورەترین بەربەستە لە کۆتاییهێنانی مامەڵکردن بە بودجەو مووچەو زۆربەی کێشەکانیان و مانەوەی ناسەقامگیریدا.
هیچ لایەنێک لە بارزانی و تاڵەبانی ناتوانێت بە تەنها و بە ئاسوودەیی حکومەت پێکبهێنێت، هەروەها پێکنایەت تەنها بە ڕێککەوتن و تەوافوقی نێوان ئەوان و لایەنە سیاسیەکانی تر نەبێت، لەلایەکی ترەوە هیچ یەکێک لەو دوو لایەنە سەرەکیە دەستبەرداری دەسەڵات نابێت. یەکگرتوی ئیسلامی، کە ئاماژەی بەوەدا بەهۆی ناڕازیبون لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەشداری حکومەتی داهاتوو ناکات، بەڵام یەکگرتوو ئەوە باش دەزانێت کەهیچ پێگەیەکی لە حکومەتدا نابێت، تەنها بەکار دەهێنرێت، بۆیە نارەزایەتی دەکات، کە ئەم نارەزایەتیەش لەو قەیرانەی تێیکەوتووە رزگاری ناکات.
لەهەمانکاتدا نەوەی نوێ بەجیا لەوەی لە لیستی سێیەمدایە، بەڵام پێگەیەکی سیاسی وەهای نیە کە بتوانێ لەپێکهێنانی حکومەتدا مامەڵە و گەمەیەکی جدی و یەکلایکەرەوە بکات، نەوەی نوێ لەگۆمێکی لێڵدا مەلە دەکات. واتە پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەدوای ململانێیەکی سەختەوە ئەنجامی پێکهێنانی رادەگەیەنرێت، کە ڕەنگە چەند مانگێک بخایەنێت، ئەمەش لەئەنجامی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانە، بەتایبەتی نێوان هەردوو حزبی سەرەکی، لە هەمانکاتدا هەلومەرجی سیاسی هەرێمی و عێراق و ناوچەکەش کارگەری دەبێت.
لەکاتێکدا کە بارزانی دەبێت هەوڵی زۆر گەورە بدات بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی پێشوتری و پاراستنی پێگەی سیاسی خۆی لە حکومەتی هەرێمدا، تەنانەت ئەگەر ئەو ناچاریەش هەیە، کە دەستبەرداری ڕێککەوتنەکانی پێشوەختە بێت لەسەر کەرکوک، یان پشکی هەرێم لە بودجەو چۆنیەتی دابەشکردنیدا، هەروەها ڕاگرتنی کێبڕکێی لەسەر پشکی سەرۆک کۆمار لە حکومەتی عێراقدا، ئەوەی گرنگە بۆ بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران نابێت، چونکە ئەگەر دەستبەرداری پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆک وەزیران ببێت، ئەوا شکۆی سیاسی لەدەست دەچێت و پێگەی دادەبەزێت.
لەهەر حاڵەتێکدا گەر دواجار حکومەت پێکبهێنرێت، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەدا دەبنەوە کە گرنگترینیان بریتین لە:
دەرگیربونیان لەگەڵ قەیرانی ئابوری، کە کێشەکانی پەیوەندی بەغداو هەولێر واپێدەچێت ئەو قەیرانە بگەیەنێت بە ئاستێکی باڵاتر، بەتایبەتی بەشێکی زۆر لەسەرچاوەی داهاتەکانیان کۆنترۆڵکراوە، لەم حاڵەتەدا کەمبونەوەی داهات یەخەیان پێدەگرێت، لەلایەکی تریشەوە دیار نیە کە حکومەتی هەرێم لە ڕێرەوی “پرۆژەی گەشەپێدان” کە پرۆژەیەکی گەورەی ئابوریە لە عێراقدا بەشی چۆن دەبێت، ئەگەر کابینەی حکومەتی نوێ نەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بچێتە سەر کێشەکانی، ئەوا بەرزبونەوەی ڕێژەی بێکاری دەتوانێت ببێتە هۆی ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جەماوەری و ناسەقامگیری ئابوری و دارایی زیاتر لە هەرێمدا.
لەهەمانکاتدا گومانی تێدانیە کە داواکاری هاووڵاتیان بۆ موچەو باشترکردنی بارودۆخی ژیان و پێداویستی و خزمەتگوزاریەکان زیادیکردووە. هەر دابەزینێک لە وەڵامی ئەم داواکاریانەدا بێمتمانەیی زیاتر دەکات و دەبێتە هۆی ناڕەزایی بەربڵاو لەئاستێکی بەرفراوانی جەماوەریدا، ناکۆکی کێشەکانی “تەوتین و هەژماری من” ئاسۆیەکی ئەرێنی ناخوێنێتەوە.
لەهەمانکاتدا بەردەوامی هەڕەشە ئەمنیەکانی دۆخی ناوچەکە لەبابەتی داعش و مەترسی فراوانبونەوەی شەڕو هێرشکاری ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، حکومەتی هەرێمی لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتووە، جگە لەوەی کە حکومەتی هەرێم مەیلی بەرامبەر بە لایەنێکی نێودەوڵەتی هەیە و دوژمنایەتی لایەنێکی دیکەی نێودەوڵەتی دەکات، ئەم حاڵەتە دەیخاتە سەر ڕێڕەوێک بۆ ململانێ و تەسفیەکردن، هەروەها دابەشبونی پاشکۆبونیان، بارزانی بۆ تورکیا و تاڵەبانی بۆ ئێران، دەرگاکردنەوەی زیاتری سنورەکان بۆ لەشکرکێشی سەربازی تورکیا و ئێران، بەردەوامی بۆردومانەکان کە دۆخی ئەمنی کردۆتە تەحەدایەکی گەورە. هەر شکستهێنانێک لە پاراستنی ئاسایشدا، ململانێ ناوخۆییەکان زیاتر دەکات و دۆخی هەرێم دەخاتە بەردەم چەقبەستنێک و رودانی کارەسات.
سەردانی سودانیش بۆ هەرێم و دیداری لەگەڵ چەند لایەنێکدا، جگە لە نمایشێک و هەوڵی دەستەمۆکردنی زیاتری لایەنەکان، تروسکایەکی تیا نەبوو لە پەیوەند بە ژیان و بەرژەوەندی خەڵکەوە.
حکومەتی داهاتووی هەرێم، ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە کە مەترسی لەسەر ئایندەی هەرێم دروست دەکات. تەنانەت خەونی بانگەوازی یەکڕیزی “کورد” بە ئەبەدی خراوەتە دوڕیانێکی بنبەست و چەقبەستوەوە، ئەو یەکڕیزیەی کە گوایە کۆتایی بە زۆنی زەردو سەوز بهێنێت!، بەڵکو ئەگەری ئەوە زیاتر نیشان ئەدرێت کە ببێتە دوو هەرێم.
هەڵبەتە ئەوە ڕۆشنە کە ئەم دۆخە نالەبار و پڕقەیرانە لە دواجاردا وەک هەمیشە بەسەر ژیان و گوزەران و نەبونی ئاسایش بەسەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و هەژارو بێکارو نەداردا دەشکێتەوە، بۆیە پێویست دەکات، جەماوەری ناڕازی بە ئامادەیی یەکڕیزی و ڕێکخراوەیی و سەراسەری ناڕەزایەتیەکانیان بەرنە پێشەوەو دەخالەتی ڕاستەوخۆ بکەن لە دابینکردنی ژیان و چارەنوسی خۆیاندا، ئەم هەڵبژاردنەو پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتەکەیان ئەوەی زیاتر رۆشنکردەوە کە هیچ ئاسۆیەکی لەبەردەم بەرژەوەندی دانیشتوانی هەرێمدا نەهێشتۆتەوە، جگە لەوەی نارەازتەیەکانیان بەهێز کەین.




كتێبی ڕەخنەیی گرفتی دەق لە ڕۆمانی كوردیدا چاپ و بڵاو دەبێتەوە

كتێبی گرفتی دەق لە ڕۆمانی كوردیدا. كتێبێكی ڕەخنەیی ئەدەبییە و تایبەتە بە ڕۆمان، لە نووسینی دڵشاد كاوانی یە، بەمزووانە پڕۆژەی ئاگا بۆیەكەمجار چاپ و بڵاوی دەكاتەوە و لە پێشەنگەی نێودەوڵەتی كتێب لە سلێمانی دەكەوێتە بەردیدی خوێنەران. ئەم کتێبە (146) لاپەڕەیە. لە دووبەش پێکهاتووە و بەشى یەکەمیان خوێندنەوە و توێژینەوەى ڕەخنەیین، لە چوار ڕۆمانى کوردیی، دوو قەڵەمى پێش ڕاپەرین و دوو قەڵەمى دواى ڕاپەڕین، لە كتێبەكەدا بە نموونە وەرگیراون.
بۆ ئەم مەبەستە دڵشاد كاوانی نووسەری كتێبەكە ڕایگەیاند: هەر چوار ڕۆمان لەپاڵ جوانییەكانیاندا كۆمەڵێك كەموكوڕیان هەن، كە نووسەرانیان درکیان پێ نەکردووە و لەم كتێبە وەك كاری ڕەخنەیی پەنجەى خراوەتەسەر.
ڕۆمانەكانیش پێكهاتوون لە ڕۆمانی هەیئەی سەلام عەبدوڵڵا. لەدایکبوونى دووەم. پێشڕەو عەبدوڵڵا. کانێ بچووکێ جوان عوسمان. خەونەکانى مەتڕان. زرار سەرتاش. بایۆڕۆمانى غه‌مبار. ئیبراهیم عومەر مەلازادە.
هەروەها گوتی: بەشى دووەمى کتێبەکە سێ نامەى ئەدەبین، نامەی یەكەم بۆ ئەو كەسانەنن كە دەیانەوێت بەشێوەیەكی زانستییانە ڕۆمان بنووسن و ڕەگەز و بنەما زانستییەكانی ڕۆمانی تێدا خراوەتە ڕوو. دوو نامەکەى دیکە بۆ ئەو ڕۆماننووس و کتێبانە نووسراوە کە بەر لە چاپبوونی کتێبەکان، بە مەبەستى پێداچوونەوەى ئاراستەى خاوەنەکانیان کراوە.
لە كتێبی گرفتی دەقدا هاتووە، گەورەترین هەڵەى ڕۆمان نووسین لەوەدایە کە دەقاودەق لاسایی ڕۆمانى جیهانیی بکرێتەوە. زۆربەى ڕۆمانە بەناوبانگەکانى دونیا، بەتایبەتیی ڕۆمانى ڕۆژاوایی کە بە زمانێکى سادە بابەتێکى قووڵ باس دەکەن. وەلێ ڕۆمانى کوردیی بە زمانێکى قووڵ و ئاڵۆز، شتێکى سادە دەگێڕێتەوە. ئەم شێوازە لە دەربڕینى دەقى ئەدەبیدا بۆ هەردوو لا ڕاستە. پەیوەندیی بە ئازادیی و پێشکەوتنى کۆمەڵگەکەوە هەیە، چونکە پانتایی ئازادیی و پێشکەوتن لە نووسیندا پەیوەستە بە نەریتە باوەکانى کۆمەڵگە و دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەو گەلە کە ڕۆماننووس تێیدا لە دایک دەبێت.
كتێبی گرفتی دەق لە ڕۆمانی كوردیدا دووەمین كتێبی ڕەخنەیی نووسەرە لەبارەی ڕۆمانەوە. هەروەها یانزەمین كتێبی چاپكراویەتی كە بۆ یەكەمجار چاپ و بڵاو دەبێتەوە.




شیکردنەوەی “خەمۆکی” لە ڕوانگەی دەروون بایۆلۆجییەوە..163.. ابراهیم موحەمەد (ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی ١٦٣.

ئەم نەخۆشییە دەروونییە بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەری لەسەر سیستەمی نیورۆترانسمیتەرەکانی مێشک دەکات، بەتایبەت سیرۆتۆنین و نۆرئیپینەفرین.

لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە، خەمۆکی گۆڕانکاری بەرچاو لە چالاکی مێشکدا دروست دەکات. توێژینەوەکان بە تەکنیکی وێنەگرتنی مێشک (Brain Imaging) دەریانخستووە کە ناوچەکانی پەیوەست بە سۆز و هەڵچوون، وەک هیپۆکامپەس و ئەمیگدالا، گۆڕانکاری بەرچاویان بەسەردا دێت لە کاتی خەمۆکیدا. هەروەها، چالاکی کۆرتێکسی پێشەوەی مێشک (Prefrontal Cortex) کە بەرپرسە لە بڕیاردان و کۆنترۆڵی هەڵچوون، کەم دەبێتەوە.

سیستەمی هۆرمۆنی جەستە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر خەمۆکی هەیە. زیادبوونی هۆرمۆنی کۆرتیزۆل، کە هۆرمۆنی سترێسە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ توندی خەمۆکیدا هەیە. ئەم زیادبوونە کاریگەری نەرێنی لەسەر سیستەمی بەرگری جەستە و پرۆسەکانی فێربوون و بیرکردنەوە دروست دەکات.

لە ڕووی نیورۆبایۆلۆژییەوە، خەمۆکی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ پلاستیسیتی مێشک (Neuroplasticity) هەیە. کەمبوونەوەی فاکتەری گەشەی دەماری BDNF (Brain-Derived Neurotrophic Factor) لە کەسانی تووشبوو بە خەمۆکی بەدی دەکرێت، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان خانە دەمارییەکان و توانای فێربوون دروست دەکات.

میکانیزمی چارەسەری دەرمانی بۆ خەمۆکی لەسەر بنەمای زیادکردنی ئاستی نیورۆترانسمیتەرەکان، بەتایبەت سیرۆتۆنین، کار دەکات. دەرمانە دژە خەمۆکییەکانی جۆری SSRI (Selective Serotonin Reuptake Inhibitors) بەرفراوانترین جۆری دەرمانن کە بەکاردەهێنرێن و کاریگەرییان لە ٧٠-٨٠٪ی حاڵەتەکاندا ئەرێنییە.

چارەسەری دەروونی، بەتایبەت چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی (CBT)، کاریگەری بەرچاوی لەسەر گۆڕینی نەخشە بیرکردنەوە نەرێنییەکان و پەرەپێدانی ستراتیجی مامەڵەکردنی گونجاو هەیە. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە تێکەڵکردنی چارەسەری دەرمانی و دەروونی باشترین ئەنجامی هەیە لە چارەسەرکردنی خەمۆکیدا.

فاکتەرە ژینگەییەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە پەرەسەندن و بەردەوامبوونی خەمۆکیدا دەگێڕن. سترێسی درێژخایەن دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستی کۆرتیزۆل، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر دەردانی نیورۆترانسمیتەرەکان و پێکهاتەی مێشک دەکات. هەروەها، کەمی ڤیتامین D و خۆراکی ناتەندروست پەیوەندییان بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە خەمۆکییەوە هەیە.

توێژینەوە نوێیەکان گرنگی میکرۆبایۆمی ڕیخۆڵە (Gut Microbiome) لە پەیوەندی نێوان خۆراک و خەمۆکی دەخەنە ڕوو. پەیوەندی نێوان ڕیخۆڵە-مێشک (Gut-Brain Axis) ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕێکخستنی حاڵەتی دەروونیدا دەگێڕێت، و گۆڕانکاری لە میکرۆبایۆمدا دەتوانێت کاریگەری لەسەر پەرەسەندنی خەمۆکی هەبێت.

هەروەها، ڕۆڵی چالاکی جەستەیی لە چارەسەری خەمۆکیدا لە ڕووی زانستییەوە سەلمێنراوە. وەرزش دەبێتە هۆی زیادبوونی دەردانی ئەندۆرفین و سیرۆتۆنین، کە ئەمانە کاریگەرییان لەسەر باشترکردنی حاڵەتی دەروونی هەیە. هەروەها، وەرزش یارمەتی زیادبوونی BDNF دەدات، کە ئەمەش پەیوەندی بە باشترکردنی پلاستیسیتی مێشکەوە هەیە.

سەرچاوە:
1-https://www.google.com/amp/s/www.psychologytoday.com/intl/basics/depression/the-biology-depression%3famp

2-https://www.mentalhealth.com/library/biology-of-depression-neurotransmitters

3-https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC8383338/




دەتوانین چی بکەین؟.. کۆشش بابکر

کاتێک ئەم پرسیارە دێتە هزرمان ،ناوچەکە لە دۆخێکی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری و ئەمنیدایە و ئاڵۆزی باڵی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێشاوە.
لە دوای دروستبوونی هەرێمی کوردستان لە “٣٣” ساڵی ڕابردوودا ئەگەر هەڵسەنگاندنێک بکەین ،ئایا دەتوانین بڵێین “دەسەڵاتی سیاسی” لە بەڕێوەبردن و فەراهەمکردنی ژیانێکی شکۆمەند کە شایەنی قوربانیدانی ئەو مێژووە دور و درێژە بێت کە کورد لە ڕابردوو لە پێناویدا خەباتی کردووە ،سەرکەوتوو بووە ؟!بێگومان بە ڕایی من نەخێر.
ڕەنگە لای هەندێک کەس بەراوردێکی لۆژیکی نەبێت لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا خۆمان لەگەڵ وڵاتانی دەور و بەر بەراورد بکەین ،بەڵام ئەگەر ئێمە پێمان وابێت “کات” هۆکاری پێشکەوتنی کایە جیاوازەکانی ژیانە لە وڵاتانی دەور و بەر دەکرێت بە هەڵەدابچین،چونکە کات بە تەنها ناتوانێت دامەزراوە و سیستەم دروست بکات.
هەر لە بوارەکانی دارایی و تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵاوە بگرە ،تا دەگاتە بواری ژینگە و ڕێگا و بان و سەربازی و سەروەری خاک و هتد… ئێمە لە نێو هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا کێشەی گەورە و جدیمان هەیە،کە بەشێکی زۆری کێشەکان درێژکراوەی چەند دەیەی ڕابردوون و تا ئەمڕۆ چارەسەری ڕیشەیی نەکراون.
جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان لە دۆخی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێدایە ،حکومەتێک کە پێناچێت پێکهێنەرەکانی لە حزبە حوکمڕانەکانی ڕابردوو جیاوازتر بن بە تایبەت هەردوو لایەنی دەسەڵاتداری سێ دەیەی ڕابردوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن،کە ئەمەش لە هەمانکاتدا دەکرێت بەردەوامی بە کێشە و نەهامەتییەکان بدات و هەم بە دیوێکی دیکەدا “دەرفەت”یش بێت.
کیشە بێت بەو مانایەی لە هەمان فۆڕم و شێوەی ڕابردوودا درێژە بە حکومڕانی بدرێت ، چارەسەرکردنی پرسگەلێکی زۆر کە ساڵانێکە هەرێمی کوردستان بە دەستییەوە دەناڵێنێت،درێژە بکێشێت.
لێرەوە دەبێت ئەوانەی کە جارێکی دیکە دەسەڵات دەگرنە دەست ئەو پرسیارە مەعقولە لە خۆیان بکەن کە دەتوانن چی بکەن؟ ئایا دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بە شێوازێکی تەندروست پەیکەری حکومەتداری لە هەرێمی کوردستان دابڕێژرێتەوە ؟ئەگەر بەڵێ کێ دەتوانێت ئەمە بکات ؟ کێ دەتوانێت سوارچاکی شۆڕشی چاکسازی بێت لە هەرێمی کوردستان ؟ کە بێگومان ئاستەنگەکانی بەردەمی زۆرن ،لەو پێناوەشدا باجی زۆری دەوێت .
قورسە کەسێک یان حزبێک بتوانێت هەموو ئەو بوارانەی خراونەتە خزمەتی حزبەوە جارێکی دی بیانخاتەوە خزمەتی کۆمەڵگە، بە بێ ڕەچاوکردنی ئینتیمای حزبی و دو زۆنی.
بێگومان هۆشیاری کۆمەڵگە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت بۆ دیاریکردنی حوکمرانییەکی باش یان باشتر وە بە پێچەوانەشەوە،وەک چۆن قسەیەک هەیە دەڵێت “هەموو میللەتێک شایەنی ئەو دەسەڵاتەیە کە حوکمی دەکات”
دوبارەکردنەوەی هەمان ئەو ڕێگەیەی لە ڕابردوو دەسەڵاتدارەکان پێیدا هاتوون و چوون ،ئەنجامێکی جیاوازتری لێ چاوەڕوان ناکرێت لەوەی ئێستا بەرهەمەکەی دەبینین،بە مانایەکی دی ئەگەر خراپتر نەبێت باشتر نابێت.
کاتی ئەوەیە ئەوانەی دەیانەوێت ڕێڕەوی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان ڕاست بکەنەوە ، لەو پێناوەدا کاربکەن بە ڕوونی نەخشەڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکان بۆ ڕایگشتی بخەنە ڕوو ،ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم پڕۆسەیە تێک بشکێنن ،چونکە یەک ڕێگا هەیە بۆ مانەوە ئەویش خزمەتکردن و لەنێوبردنی گەندەڵییە تەواوەتی.

کۆشش بابکر
koshishn@gmail.com




ژیان بەمردن دەمانترسێنێ.. شیعری سەلام عومەر

زەوی لە لانکەکەی دایکم دەچێ
ژیان بەخۆیەوە گرێ دەدا
ئاخر
هەموومان لە زیندان بەربووینەوە
کەچی کەوتینە
باوەشی مامانێکەوە
ئەویش
توند توند مەلۆتکەی کردین و
بەقۆنداغێک
هەموو جەستە و
تەواوی تەمەنی بەستینەوە


زەوی زیندانە
زیندانێک
لەنێوان دۆزەخ و بەهەشتدا
عاسێمان دەکا و
فێری …..
نزا
پاڕانەوە
برسیەتی
نوشتانەوەمان دەکا


ۆڵداشەکەی دایکم
وەکو زنجیرێک
هەندێک جار لە پێمان و
لەملمان و
كەمەرمان دەئاڵا
وەک ئەو دەسرازەی
بەدەم لایەلایەی دایکمانەوە
لەدەست و سینگ و لاقمان دەئاڵا
لایلایەیەک
پڕبوو لە ترس و
نووزانەوە
لە فریشتەو لە شەوەو
پاڕانەوە


ژیان هەڵماندەداتە نێو
قۆنداغ و
مەلۆتکە و
لانکەکەی دایكم
لە بەستنەوە راماندێنێ
فێرە گاگۆڵە و
دارەدارە و
بێدەنگیمان دەکا
هەڵماندەداتە نێو زیندانێکی گەورە و
برسیمان دەکا
تینوەتیمان ناشکێنێ و
کەچی
بەمردن دەمانترسێنێ.




نایلا خەڵاتگری خەڵاتی ئاشتیی نیودەوڵەتی منـداڵان.. رەزا شـوان

نایـلا ئیـبراهـیمی، کچـە خوێنـدکارێکی هـەرزەکاری تەمـەن (١٧) ساڵانـە. بە رەچەڵـەک ئەفـگانیـیە. لە ئێـستادا لەگەڵ خـێزانەکەیـدا پەنـابـەرن و لە وڵاتی (کەنەدا) دەژین. نایـلا چالاکوانێکی سەرسەخت و دلێر و بوێـری داکۆکیکەرە لە مافەکانی کچـان و ژنان و یەکـسانی جـێندەری لە ئەفگانستان، کە لەلایـەن رژێـمی تاڵـیبانی ئیـسلامی پـیاوسالاری ئەفـگانـستانـدا، وەک کـۆیـلە لە ژنـان دەڕوانن و هەمـوو ئازادییەک ومافی ژیانیان لێ سەنـدوونەتەوە. بۆیان نیە و قەدەغەیە لەدوای قوتابخانەی سەرەتـاییەوە، درێـژە بە خوێنـدن بـدەن. بۆیان نیە بەبێ یاوەریی پیـاوەکانیان یان بـراکـانیان یان خـزمـێکـیان، لە ماڵـەکانیان دەربچـن. بۆیان نیە بەبێ مـۆڵەت گەشت بکەن. دەبێت باڵاپۆش و رووپۆشبن و نابێت هـیچ شوێنێکیان بەدەرەوە بێـت. قـەدەغـەیە لە قـسەکـردندا دەنگیان هەڵبڕن. یان لە بەردەمی خەڵکیدا قسەبکەن و پێبکەنـن. نابێت بە ئارەزووی خـۆیان شـووبـکەن. قـەدەغـەیە لە دوای تەمـەنی (١٢) ساڵـییەوە لە شـوێنە گشتییەکانـدا گـۆرانی بڵـیـن. بۆیان نـیە بچـنە پـارکەکانـەوە. بـۆیان نیـە بچـنە هـۆڵـەکانی وەرزشەوە. قـەدەغـەیە بچـنە ئارایشتگاکان و خۆان بڕازێننەوە و خۆیان جـوان بـکەن. بە کـورتی رژێـمی تاڵـیـبانی ئەفـگانـسـتان، یاسـایـەکی تـونـدی ئـیسلامی بەرانبەر بە کچـان و ژنـانی ئەفگانستان جێبەجیدەکەن. کە دوورە لە پرەنسیپ و لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ مافەکانی ژنان و یەکسانی جـێندەری. خاوەنی هـۆش و بیـرێکی بـۆگەن و کـۆنەپەرستی و نێرسالارین. نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخەکەی بە “جیاوازیکردنی رەگەزی” باس کردووە.
چـیرۆکی ژیان و خەباتی نایـلا ئیبراهـیمی، لە تەمەنی (١٣) ساڵییەوە دەست پێـدەکات. ئەوەبـوو بەڕێـوەبـەرێـتی پەروەردەی شاری (کابـول) ی پایتەخـتی ئەفگانـستان، لە مانگی ئاداری (٢٠٢١) دا، بـڕیـارێکی دەرکـرد، قـەدەغـەی کچانی سەرووی (١٢) ساڵانی کرد، کە نابێـت لە شوێنە گـشتییەکاندا گۆرانی بڵـێـن. بەڵام نایـلای چـاونەتـرس، سەرپـێچی ئەم قـەدەغـەکـردنـەی کـرد، بە یارمـەتـیی بـراکەی لەژێـر نـاوی”مـن گـۆرانی دەڵـێـم” گـۆرانـییەکی وت. لە ڤـیدیۆیەکدا لە ئینتەرنێتدا، براکەی لە سۆشیال میدیادا بڵاویکردەوە. کەمپینی “من گۆرانی دەڵێم” سەرنجی بەرچاوی سۆشیال میدیای راکێشا. بە هەزاران لە کچـانی ئەفگانـستان ئافـەریـن و دەسـتخـۆشـیان لە نایـلا کـرد و سـتایـشی بوێرییان کـرد. ئەم دەســتـپـێـشخـەریـیەی نایـلا سەرکەوتووبوو. بووە هـۆی ئەوەی، کە بەڕێـوەبەرێتی پەروەردەی کابـول بڕیارەکەی هەڵـبوەشێـنێـتەوە. لـەو کاتەوە نایـلا پەیامـەکەی گەیـانـدە خـەڵکی جـیهـان. داواشی لە کچـان و لە ژنانی ئەفگانستان کرد، بێدەنگ نەبـن و لە پێناوی مافەکانیاندا تێبکۆشن.
نایـلا دەڵێت:”من خولـیای قـووڵم بۆ مـوزیک هەبـوو. مـن بەشێک بـووم لە دەنگی ئەفگانستان، کە گۆرانیمان لەسەر بابەتی جیاواز دەوتەوە. مافی ژنان یەکـێک بـوو لەوانـە. حـەزم لە مـانـاکانی پـشـت تـۆن و مـێلـۆدی ریتـم بـوو. ئەمەش بـوو بە هـۆکارێـک بۆ ئـەوەی خولـیای وتنی گـۆرانی بـبـم”.
نایـلا لە تەمەنی (١٥) ساڵـیدا، دوای پێـنج رۆژ لە رووخـانی ئەفگانـستان و دەسەڵاتی تاڵیبان. بە هاوکاریی (دامەزراوەی٣٠ باڵندە) لەگەڵ خـێزانەکەیدا بەرەو پاکستان هەڵهـاتـن و رزگاریـان بـوو. نایـلا دەڵـێت:”دوای ئەوەی کە تاڵیبان لە مانگی (ئابی/ ٢٠٢١) دا، دەسـەڵاتی ئەفگانـستانیان گـرتە دەست، مـن و خـێزانەکەم پەنامان بۆ پاکـستان بـرد. لـەوێ نـزیکەی ساڵـێک ئازارم چەشت. بەبێ ئەوەی کە دەستم بە خـوێنـدن بگات. لەو ماوەیەی لە پاکـستان بووم، کاتەکانم بە فـێربوونی زمانی ئینگـلیزی بە شێوەی ئۆنلاین، لە رێگەی رێکخراوە جیاوازەکانەوە بەسەر دەبـرد. لە کۆتاییدا ئاسوودەییمان لە کەنـەدا دۆزیـیەوە” دەشـڵـێـت:”سـەرەڕای ئـەو دەرفـەتـانـەی کە ئێـستا لەبەردەستم دان، لە ماڵـە نـوێیـەکەمـدا، هـەسـت بە ئاسـوودەییەکی گـەورە دەکـەم. بەڵام ناتـوانـم چـاوپـۆشی لە دۆخـی نالـەبـاری ژنـان و کچـانی ئەفـگانـستان بکەم. هەموو رۆژێک بیر لەو کچانە دەکەمەوە کە لە ئەفگانستان بەجێمهـێشتوون. کە لەژێـر دەستی رژێـمی تاڵیبانـدا، لە دەرەوەی قوتابخانەدا دەمـێننەوە و لە مافی سەرەتایی خۆیـان، بۆ خوێـدن بێبەشن و هـەمـوو ئـازادییەکـیان لـێیان سـەنـدوونەتـەوە”.
سەرەڕای ئەو سەختی و بەرهەڵستییانەی هاتنە ڕێی نایـلا، رازی نەبـوو کە بێدەنگ بێت، لە پێناوی داکۆکـیکردن لە ژنـان و کچانی ئەفگانستان. دەڵێت: “لە ناخمدا هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەکەم، کە وا دەکات بە ناوی هەموو کەسـێکەوە قـسەبکەم کە دەنـگی نیـە، مـافی قـسەکـردنی نیـە”.
لـێرەوە نایـلا دەستی بە خەبات و بە داکۆکـیکـردن لە مافەکانی مـرۆڤ و لە مافـەکانی کچـان و ژنـانی ئەفـگانـستان کرد. دەسـتپـێـشخـةرییەکی بە ناوی “هـەمـوو چـيرۆکـێک” دەسـتپێکردووە. وەک چالاکوانێکی ماندوونەناسە و بەبێ وچـان خەبـات و کاردەکـات. هـەمـوو ژیـانی خـۆی بـۆ ئـەوە تەرخـان کردووە، کە دەنگی کچانی ستەمـلێکراوی ئەفگانستان بە جیهان بگەیەنێت.
نایـلا ئیبراهـیمی، لە تەمەنی (١٦) ساڵیدا، لە کەمـپی “بـێـتا” لە کەنـەدا بۆ پەنابەران. وەک کارگـێڕێک لەو کەمپەدا کاردەکات. سـوودێکی زۆری لـەم کارەی بینیووە. هەموو هەفـتەیەک چاوی بە کارگێڕانی باڵادەست دەکەوێت، لە بوارەکانی کارگێڕی و تەکنەلۆژیا و پزیشکی و… هتد. هەرچەندە ئەو لە پاشخـانێکی جیاوازەوە هـاتووە. نایـلا دەڵـێت:” کەمـپی بێـتا، دەرگـای بـۆم کـردەوە. چـوومە ناو جیهـانی کەسانی زۆر زیـرەک. دیـدگای منیان گۆڕی. رێگەم پێـدرا کە من خـۆم بـم و داکـۆکی لەوە بکەم، کە باوەڕم پـێی هـەیە. یارمەتـییان دام کە متمانە بەخۆبـوونم بەرزبکەمەوە و شـوێـن خۆلـیاکـانم بکەوم”. نایـلا لەم کەمپەدا لە چەنـد وۆرک شـۆپێکـدا بەشداریکرد و را و بۆچـوونەکانی خـۆی خـستەڕوو. دەڵـێت:”زۆر جـار وا بیـردەکەیـتەوە، کە رووبەڕووی کـێشەگەلـێکی زیاتر لەچـاو تەمەنتەوە بوویتە. هـەست بەبێ هـیوای دەکەیت. چونکە وا بیردەکەیتەوە کە کەس لێت تێناگات و تۆ وەک کەسانی هاوتەمەنی خۆت نیت. بەڵام هـیوایەکت هـەیە”. دەشلێت:” دەبێت خـۆت بە جیهـان بناسـێـنیـت. ئەگـەر نا چـۆن کەسـانـێک دەدۆزیـتـەوە کە بەڕاستی پەیـوەنـدیـت لەگەڵـیانـدا دەبێـت”.
نایلا لە کۆنگرەکانی وەک لوتکەی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لە ساڵی (٢٠٢٣) لە شاری جـنـێـڤ ـ لە سـویـسرا. قـسەی کـرد و وتاری دەربارەی پـێـشـێلکارییەکانی مافـەکانی کچـان و ژنـانی ئەفـگانـستان پـێـشکەش کـرد. هەروەها لە ساڵی (٢٠٢٤) دا لە کۆنفرانسی (تید) لە ڤانکۆڤەر قسەی کرد. وتی:”ئەگـەر مافـەکانی ژنـان لە بەشـێکی جیهـانـدا زیـانیان پـێـبگات، ئەوا
لـە هـەمـوو جیهـان بە جـۆرێـک یا بە جـۆرێکی تـر زیـانیـان پـێـدەگـات”.
نایلا ئیبراهـیمی، بە هـۆی خەبات و داکۆکیکردن لە کچان و ژنانی ئەفگانی لەڕێی تۆمارکردنی گۆرانییەکی بەهـێزی ناڕەزاییەوە کە بە شێوەی ئۆنلاین بـڵاوبـۆتـەوە. درێـژە بە ئـیـلهـامـبەخـشـیـن و بـە هـانـدانی کـچـانی دیـکەی پەنابەرانی ئەفگانستان دەدات. بۆ ئـەوەی داکـۆکی بکەن لە بەدەسـتهـێنانی مافەکانی کچانی ئەفگانـستان. رووبـەڕووی ئەو سـتەمکاریـیانە ببـنەوە کە لەلایەن رژێمی تاڵـیبانەوە رووبەڕوویان بوونەتەوە. لە رێـگەی قسەکـردن
لە بەردەم خەڵـیـدا لە بـۆن و رووداوە جیهـانییەکانـدا.
نایـلا ئیبراهـیـمی ئەفگانی، وەک کچـە هـەرزەکـارێکی چالاکـوانی جیهـانی. لەلایەن رێکخـراوی مافی منداڵانی هـۆڵەنـدییەوە (کیـدس رایـتس) ەوە. لە پاداشتی خەبات و داکۆکیکردنی لە مافەکانی کچان و ژنان. (خەڵاتی ئاشـتیی نێودەوڵەتی منداڵان ـ ٢٠٢٤) یان پێشکەش کرد. ئەم خەڵاتە پێشکەش بەو هـەرزەکارانە چالاکانە دەکرێت، کە تەمانیان لە هەژدە ساڵ کەمـترن. پێـشتر ئەم خەڵاتە جیهانییە، پێشکەش بە دوو کچە هـەرزەکاری چالاکوانی جیهانی کراوە. ئەوانەش”گرێتا تونبـێرگ ـ سویـدی ـ چالاکوانی بـواری کەشوهـەوا” و “مـالالا یـوسـفـزای ـ پاکـستانی ـ بـراوەی خـەڵاتی نـۆبـڵی ئاشـتی”.
نایـلا ئیبراهـیمی، سێـیەم کچە هەرزەکارە، کە ئەم خەڵاتەی بەدەستهـێـناوە. لەنێـوان (١٦٥) هـەرزەکاری پالـێور، کە لە (٤٧) وڵاتـەوە بۆ ئەم خـەڵاتە هـەڵـبـژێـران. نایـلا ئیبراهـیمی بـۆ وەرگـرتنی ئـەم خـەڵاتە هـەڵـبـژێـردرا.
خەڵاتەکەش لە رۆژی سێ شەممەی (١٩/ نـۆڤـەمبەر/ ٢٠٢٤) لە ئاهەنگ
و رێـوڕەسـمێکی شایـستەدا، لە (نیـۆڤی کـێرک) لە ئەمسـتردام ـ پایتـەخـتی هـۆڵەندا پێشکەش کرا. خەڵاتەکەش لە لایەن براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، خاتـوو (تـوکـەل کـرمـان) ی یەمەنییەوە پێـشکەشی نایـلا ئیـبراهـیمی کـرد.
نایـلا وتی:”بـردنەوەی خەڵاتی نێودەوڵەتی ئاشتیی منـداڵان، بەو مانایەیە کە دەنگی ژنـان و کچـانی ئەفـگانی، لە سەرانسەری جیهـاندا دەنگ دەداتەوە”.
هەر لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە، لە بایاننامەیکـدا، ئاماژەی بەوە کردووە: “پێویستە هەمـوومان لە تاریکـترین کاتەکـانـدا، بەردەوامبین لە پێـدانی هـێز و هـیوامـان”.
رێکخەرانی رێکخراوی ئاشتیی نیودەوڵەتی منداڵان روونیان کردەوە و وتیان: “نایـلا ئیـبراهـیمی کە بە رەچـەڵەک خەڵکی ئەفگانـسـتانە و لە کەنـەدا دەژی، بوێرانە خەبات دەکات بۆ مافەکانی کچـان و ژنان لە وڵاتـە رەسەنەکی خوێـدا. بە تۆمارکـردنی گۆرانییەکی بەهـێزی ناڕەزایی دەسـتی پێکـرد، کە بە شێوەی ئـۆنـلایـن بڵاوکـراوەتەوە. ئەمەش یارمەتیدەربـوو بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ مافەکانی کچـان و ژنـان لە ئەفگانسـتان. بەردەوامە لە ئیلهـامبەخـشین بە ژنانی دیکەی ئەفگانـستان بۆ ئەوەی داوای مافەکانیان بکەن و دژایـەتی ئەو سـتەمە بکەن کە رووبـەڕوویان دەبێـتەوە. دەتـوانـن ە بۆنە نێودەوڵەتییەکان بـقـۆزنەوە و قـسەبـکەن و داکـۆکی لە دۆزی خـۆیـان بـکەن”.
بێجـگە لـەم خەڵاتە، نایـلا چەنـد خەڵاتـێکی کەشی بەدەستهـێناوە.
نایلا و براکەی و یەکێکی تر وەک تیمێکی سێ کەسی دەستیان پێکرد. گەشەی کـرد و بـۆتـە کـۆمەڵـێکی زینـدوو، کە زیـاتر لـە (١٠٠٠) لایەنگـریان تێـدایە. لایەنگری ماڵپەڕەکانن لە ئینتەرنێت و ماڵپەڕەکان و سۆشیال میـدیا. خەریـکە بـەرەو بە جیهـانی بـوون دەچـێـت. هـەر کەسێکیش بیەوێـت، دەتـوانێت ببێـتە لایەنگری یا بەشداربووی (هـێرستۆری) هەریەکە چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە.
نایـلا دەڵـێت:”تاکـە هـیوای ئێـستام، بۆ وڵاتـەکەم و بـۆ کچـانی ئەفـگانـستان، پەروەردە و خوێنـدنە. پەروەردە و فـێربـوون تاکە رێـگای دەربـازبـوونە لەو هەزاران کـێـشانەی کە ئەفگانـستان وەک وڵاتـێک رووبەڕوویـان دەبـێـتەوە. جـێگەی داخە کە نیـوەی دانیشـتوان، ریگایان پێنادرێـت بچـنە قـوتابخـانە”.

(*) بۆ ئەم نووسینە، سوود لە چەنـدین سایتێکی ئینگـلیزی وەرگرتووە.

سـویـد: ٢٠٢٤




سڵاو دایکە گیان.. شیرین کافی

دەزانم دەرفەتی ئەوەت نەبوو گاگۆڵکێ و دارەدارە و یەکەم هەنگاوم بۆ ژیان ببینی، دایکە گیان، نازانم بۆچی ژیان خەوی لەچاوەکانت تۆرانت، من ئێسە گەورەبوم بەڵام هەست بە سۆزی دایک ناکەم زۆر پرسیاری منداڵانەم هەبوو هەموویان هەتیوو و بێ وەڵام مانەوە.
ئەو شەوانەی بەفر و کڕێوەو شەستەباران و زریان تەنگی بە هەموو بوونەوەرێ هەڵدەچنی، ئەوا خۆیاندەخزاندە ناو ئەشکەوت و تەویلە و کۆلانەکان، زۆر شەو هەبوو بەدەستی داپیرم یاخود باپیرم لە لەژوورەقوڕینەکەمان دەکراینەدەرەوە بەهۆکاری ئەوەی لە سوچێکی ژوورە قوڕینەتایرکەکەدا لەگەڵ خوشکەکەم دەمانکردە دەمەقاڵێ لەسەر بووکەدارینەکانمان هەندێک جار بەیەکەوە وەدەردەنراین هەندێک جار بەتەنها، زۆر جارپەنامان دەبردە بەر قەبرسانەکەی پشتی ماڵەکەمان دەستەتەزیوە بچکۆلانەکانم بەکێڵی قەبرەکاندا دادەهێنا خۆزگەم دەخواست گڵکۆی تۆ با بەڵکو بتوانی گوێ بیستی برسێتی وئازارەکانمان بیت، بەڵام مەخابن تۆ گۆڕیشت نەبوو.
دایکە گیان، دایە گەورە بۆی باس کردم بەدەستەکانت کراست بۆمان دەدووری و لەشار ملوانکەی کچانە و گوڵی جوانت بۆ کەزیەکامان دەکڕی مەخابن ئێسـە کەزیەکانمان ئاڵۆسکاوە پێڵاومان لەپێدانیەقاچەکانمان لەسەرمادا تەزیوە جلەکانمان دڕاو و پینەکراوە سەردەست و ڕومەتەکانمان قڵیشاوە سەرمابدویەتی خوێنی تیازاوە، نەفرەت لەو دین و کولتوورەی کە بەخوێنی ڕژاوی تۆ دەستنوێژی پاکی هەڵدەگرێ بەنەفرەت بن کەنەیان هێشت تێربم لەبۆنی دایکایەتی.

کۆڵن
٢٤/١١/٢٠٢٤
شیرین کافی




میدیای كوردی لە نێوان پیشەگەری و پێشێلكاریدا.. ئیمان یادەوەر

لەناو بێدەنگی كۆڵانە تاریكەكانی ژیاندا، هەر جارەو چرایەك دەكوژێتەوە… هەرجارەو گوڵێك دەوەرێت… جەخار میدیاكانمان لە جیاتی ئەوەی باسی جوانی و بۆنی گوڵە وەریوەكە بكەن، تەنیا ئەو كرم و دەستە دێێننە بەرباس كە گوڵەكەی شكاندووە.

ئای لەمە بووە بە چ نەریتێكی قێزەون!!! كاتێك مرۆڤێك سەفەری دوا وێستگەی ژیان دەكات، لە جیاتی ئەوەی یادی جوانییەكانی بكەینەوە، دەكەوینە گێڕانەوەی چیرۆكی ئازارەكانی. لە جیاتی ئەوەی باسی رووناكی چاوەكانی بكەین كە رۆژێك لە رۆژان دنیای رووناك دەكردەوە، دەكەوینە باسی ئەو تاریكییەی كە لە كۆتاییدا هەڵیلووشی.
ئاخر مردن تەنها دەروازەیەكە، نەك چیرۆكی ژیان. بۆدەبێ نەزانین چۆن رێز لە نهێنییەكانی ژیان و مردن بگرین. هەر یەك لە ئێمە چیرۆكێكی تایبەتی خۆی هەیە، هەندێك لاپەڕەی ئەم چیرۆكە دەبێت هەر بە نهێنی بمێنێتەوە.
كاتێك باسی كۆچی دوایی كەسێك دەكەین، لە راستیدا باسی كۆتایی بەشێك لە چیرۆكی خۆمان دەكەین. وەك چۆن حەز دەكەین خەڵكی بە رێزەوە باسی چیرۆك و ئەزموونی ژیانی ئێمە بكات، دەبێت ئاواش بە رێزەوە باسی چیرۆكی ژیان و ئەزموونی ئەوانی تر بكەین.
(نەخۆشی)تەنها وشەیەكە لە فەرهەنگی ژیاندا. بەڵام مرۆڤایەتی، كتێبێكی تەواوە. دەبێت فێربین چۆن كتێبی ژیانی یەكتر بخوێنینەوە، نەك تەنها لاپەڕە تاریكەكانی…
میدیاكانمان ببێتە ئاوێنەی جوانییەكانی كۆمەڵگا، نەك تەنها پەنجەرەیەك بۆ سەیركردنی خەمەكان. و زیادكردنی بینەرو سەرنج و بەدڵبوون. دەبێت ئەوان نموونەبن بۆئێمە چۆن رێز لە نهێنی و تایبەتمەندی یەكتر بگرین، چۆن بە شێوەیەكی شارستانی و مرۆڤانە هەواڵەكان دەگەیەنرێن.
بەڕێزان دوورنییە هەر یەك لە ئێمە رۆژێك دێت و دەبینە بەشێك لەم هەواڵانەی بەردەستی میدیا، ئایا حەز دەكەین چۆن باسمان بكرێت؟ ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە ببێتە رێنیشاندەرێك بۆ رێگاو هۆشیاریمان لێرەدا بەتایبەت دەمەوێت جەخت لەسەر ئەو بابەتە بكەمەوە دیاردەیەكی نەخوازراو لە میدیای كوردیدا سەری هەڵداوە كە جێی نیگەرانی و سەرنجی هەموو لایەكە ئەویش دیاریكردنی جۆری نەخۆشی كەسە كۆچ كردووەكان لەوانە نەخۆشی(ژێرپەنجە) لەكاتێكدا چەندان نەخۆشیتری كوشندەهەن و دەبنە هۆی مردنی مرۆڤ، بۆیە هیچ پێویست بەئاماژدان بە نەخۆشیەكەی ناكات كەدەبێتە هۆی ترس و نیگەرانی زیاتری ئەوانەی هەڵگری هەمان نەخۆشین و ئازاردانی دەروونی ئازیزانیان، دواتر بڵاوكردنەوەی راستەوخۆی دیمەنی پرسە و سەرەخۆشی، وێنەی گریان و شیوەن، دەنگی هاوار و ناڵەی كەسوكار… ئەمە چ جۆرە میدیایەكە؟

لە كاتێكدا میدیای جیهانی و پیشەیی، تەنها هەواڵی كۆچی دوایی بە شێوەیەكی رێكوپێك و كورت رادەگەیەنن، بەداخەوە هەندێك لە میدیاكانی ئێمە كەوتوونەتە داوی وروژاندنی هەست و سۆزی خەڵك و بڵاوكردنەوەی دیمەنی ناشیاو.

لەنێو دونیایی سەرمایەداریدا بینینیش هۆكارێكە بۆ دەستخستنی سەرمایە بۆیە بەشێكی زۆری ئەوانەی هیچ بەهرە و توانایەكیان نییە تاوەكو لەڕێگەی جوانییەوە بگەن بە هەموو شتێك ئەمە وادەكات هەموو ڕێگەیەكی ناشرین بەكاربهێنن بۆ دەستخستنی هەندێك پارە و ناوبانگ، بۆ ئەمەش سۆشیال میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جێگەیەكی باش و هاوكارێكی بەردەوامی ئەو جۆرە كەسانەن، دەبینین هەزاران مرۆڤ لە لایڤێكی ڕاستەوخۆدا بەدیار كەسێكەوە دانیشتون كە دەیەوێت خۆكوژی بكات، بەڵام زانایەك ئەدیبێك كارێكی خۆی نمایش دەكات كەمترین كەس تەماشای دەكات و كاردانەوەیان بۆی دەبێت. لەمەوە بۆمان دەردەكەوێت كە مرۆڤەكان بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن چەند بەتامەزرۆییەوە دەیانەوێت بینەری مرۆڤێك بن كە دەستبەرداری خۆی دەبێت. ئەمەش وادەكات لە ئایندەدا ڕێژەی ئەوانەی كوشتن بەكارێكی ئاسایی تەماشابكەن و ئەنجامی بدەنەوە زۆر زێدەتر دەبێت . میدیا بەخۆی بزانێت یاخود نا كاریگەری لەسەر ئاڕاستەكردن و بیركردنەوەی كۆمەڵگەهەیە .بەڵام میدیای كوردی دەرفەتێكی گەورەی ڕەخساندووە بۆ مرۆڤە نەخۆش و كەم عەقڵ و زەبوونەكانی نیشتیمان بەچاوپێكەوتن و هێنانە بەردەم شاشە لێشاوێك لە بینەری زەلیل دروست دەكات بەجۆرێك كۆمەڵگە بووەبە دوو بەشەوە بەشێكیان نەخۆشی و ناخۆشی خۆیان نیشان دەدەن و بەشێكیشیان بینەر و هاوكار و هەندێكجاریش گاڵتەجاڕی ئەو دیمەنانەن ،ئەمەش وادەكات جێگەی مرۆڤ لەڕێز و خۆشەویستییەوە بگوێزێتەوە بۆ بەزەیی پێداهاتنەوە و گاڵتەپێكردن، لە دونیایەكدا كە گاڵتەجاڕی و بێبەهاكردنی مرۆڤەكان ببێتە سەرمایە و بەردەوامیدان بە كاری میدیایی و پڕ بینەركردنی دەبێتە هۆكاری دروستبوونی كۆمەڵگەیەكی نەخۆش، كاتێك هیچ سنورێك نییە بۆڕاگرتنی شكاندی شكۆی مرۆڤ و پیرۆزییەكانی نەوەیەك دروست دەبێت هیچ شتێكی بەلاوە گرنگ و پیرۆز نەبێت، سیستەم و دەسەڵات لەڕابردوودا لەڕێگەی نووسین و ڕۆژنامە و ڕادیۆو تیڤیەكانیانەوە فەرهەنگی كوردیان لە ستایش و شكۆوە گۆڕی بۆ جنێو زمانی پیس ئێستەش لەڕێگەی دروستكردنی ئەو هەمووە میدیا بێ چاودێرییەوە كۆمەڵگەیەكیان دروستكردووە جنێو بەهەموو شتێك دەدات بەجۆرێك باشترینیان ئەوانەن تازەترین جنێو دەڵێن سەركەوتوترینیان ئەوانەن گاڵتە بەهەموو سەركەوتویەك دەكەن .

پێویستە تادەتوانین مرۆڤەكان بگێڕینەوە بۆ خوێندنەوە خوێندنەوەی مێژوو كەلتوور و تێپەڕبوونیان بە فلتەری فەلسەفەو دەروونشیكاریدا و ئەدەب و هونەری میلەتەكەیان تاتێبگەن ئەوان فەرهەنگێكیان هەیە دەوڵەمەند بە هەمووشتێك كە دەتوانن ژیانی خۆیانی لەسەر بونیاد بنێن و بەئاسانی دەستبەرداری نەبن و بیگۆڕنەوە بەو هەموو ناشرینیەی كە میدیا هەر ڕۆژێك ناوێكیان بۆ دەدۆزێتەوە بۆئەوەی چاویان لێبكرێت .

دواجار پێویستە میدیاكارانمان تێبگەن:

  • پرسە و سەرەخۆشی، بۆنەیەكی تایبەتە بەكەسووكارانی كۆچكردوو
  • كامێرا نابێت ببێتە میوانی ناخوازراوی ساتە تایبەتەكانی خەڵك
  • گریان و شیوەنی كەسوكار، مافێكی تایبەتە و نابێت بكرێتە كەرەستەی میدیایی
  • هەواڵ دەكرێت بە شێوەیەكی كورت و پوخت بگات
    میدیای سەردەمیانە و پیشەیی ئەوەیە كە:
  • رێز لە تایبەتمەندی خەڵك دەگرێت
  • هەستی مرۆڤەكان ناكاتە كەرەستەی راگەیاندن
  • تەنها زانیارییە پێویستەكان دەگەیەنێت
  • ئەخلاقی پیشەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان دەپارێزێت

كاتی ئەوە هاتووە میدیاكانمان خۆیان بپاڵێون و بگەڕێنەوە سەر رێڕەوی راست.

ئیمان یادەوەر




چه‌پی گۆشه‌گیر.. به‌ختیار محه‌مه‌د

هه‌ندێك له‌ چه‌پ و خه‌ڵكێكیش هه‌ن، كه‌ قسه‌ له‌ سه‌ر چه‌پ ده‌كه‌ن، وا له‌ چه‌پ تێگه‌یشتوون، كه‌ نابێ به‌رگریی له‌ مافه‌ (سیاسی و ڕۆشنبیرییه) نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بكا و نابێ باسی ئه‌م مافانه‌ بكا؛ چونكه‌ ئه‌م ماف و به‌هایانه‌ – له‌ گۆشه‌نیگای ئه‌وانه‌وه‌ – ده‌چنه‌ خانه‌ی ناسیۆنالیزمه‌وه‌ و هیچ پێوه‌ندییه‌كیان به‌ كێشه‌ی چینایه‌تی و سۆشیالیزمه‌وه‌ نییه‌.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ بۆ هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یێك ڕاست بێ، به‌ڵام بۆ گه‌لێكی ژێرده‌سته‌ی دابه‌شكراوی وه‌ك كورد ڕاست نییه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌، چه‌پ لێره‌ ده‌بێ پێشه‌نگی خه‌بات و باسكردن و چاره‌سه‌ركردنی – له‌پاڵ پرسه‌ چینایه‌تییه‌كان – كێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بێ. ئه‌م پێشه‌نگایه‌تییه‌ ته‌نها به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ و گوتنه‌وه‌ی یه‌ك دوو دروشم نابێ، به‌ڵكو چه‌پ ده‌بێ به‌ كردار چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسه‌ له‌ ناسیۆنالیزم (ناسیۆنالیزمی ناپاكی درۆزنی بنه‌ماڵه‌یی خێڵه‌كیی) بستێنێته‌وه‌ و ‌خۆی ببێته‌ ڕابه‌ری ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌: بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاركه‌ری گه‌لی كورد و هه‌موو گه‌لانی مه‌زڵووم و ژێرده‌سته‌.
ده‌شێ بڵێین: له‌وه‌ته‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق هه‌یه‌، چه‌پی كورد پشتی له‌م كێشه‌یه‌ كردووه‌ و له‌ سه‌ر سینیه‌كی زێڕینیش پێشكه‌شی بزاڤی ناسیونالیزمی خێڵه‌كیی كردووه‌ و ئه‌م ناسیونالیزمه‌ ده‌یان ساڵه‌ جڵه‌وی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی به‌ ده‌سته‌ و بۆیه‌ له‌ زۆر قۆناغدا گه‌لی كوردی (وه‌ك هۆكاره‌ زاتییه‌كه‌) دووچاری شكست و ده‌رده‌سه‌ریی و ماڵوێرانیی زۆر كردووه‌.
ڕاستییه‌كه‌ی هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌كی چینایه‌تی له ‌كوردستان به‌ بێ به‌رنامه‌ و به‌ بێ ستراتیژیی چاره‌سه‌ری پرسی نه‌ته‌وه‌یی، سه‌ركه‌وتوو نابێ و جه‌ماوه‌ری به‌گه‌ڵ ناكه‌وێ. مێژووی هاوچه‌رخیش له‌ زۆر سه‌رده‌م و قۆناغدا شایه‌دی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌دا.

به‌ختیار محه‌مه‌د




لەپێناو ئەو ٤٥ ملیۆن کەسە دەست مەپارێزە.. کەریم قادر

وێڕای ئەوەی عێراق بەدەست کێشە چارەسەرنەکراوەکانی توشی سەرەگێژەی خۆی بووە، ڕۆژیش نییە ئەوەی ناوی لەخۆ ناوە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بەبیانووی پشتیوانیکردن لە غەزە و لوبنان، لەسەر شێوازی ٧ی ئۆکتۆبەری پار بە ناردنی مووشەک یان درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە، دەستی ئیسرائیل ڕانەکێشێتە ناو عێراق و دەخوازن ئەو ٤٥ ملیۆن و ٤٠٧ هەزار کەسەی عێراق بکەنە پێخۆری ویستی خەڵکانی دیکە کە بەدرێژایی مێژوو کەیفیان بە تەبایی و سەقامگیری عێراق نەهاتووە، بەڵکو بە هۆکارگەلێک سەقامگیری عێراقیان بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان زانیوە. بۆیە وەک سەرۆک مەسعود بارزانی گوتی: “بەهەر بەهایەک بێت نابێت عێراق لە شەڕی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگلێت”. ئەمە ئەوپەڕی دانایی نیشان دەدات، چونکە عێراق لەو پێگەیە نییە بتوانێ بتوانێت هەم تێچووی شەڕێک لە ئەستۆ بگرێ کە شەڕی ئەو نییە، هەم بەرانبەر وڵاتێک بوەستێتەوە کە لە هێزی ئاسمانی و تەکنۆلۆژیای هەوڵگرییەوە لەگەڵیدا بەراورد ناکرێ. بۆیە ئەگەر ڕێگە بدات ئەو شەڕە بگاتە عێراق،گومانی تێدا نییە ئاتاری بەسەر پاتارییەوە نامێنێ، هەروەها لەو دەستڕاکێشانەشدا، تەنیا ئەوانە تێیدا سوودمەند دەبن کە دوژمنایەتی مێژوویان لەگەڵیدا هەیە. لەم ڕاستییەوە بۆئەوەی عێراق لەو شەڕەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدوور بێت، ئەرکی حکومەتی عێراقە، سەرەتا لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانیەوە دەست پێ بکات و ئەو جوداییە نەهێڵێ کە لە مافدا لەنێوان گەلانی عێراقدا هەیە. دووەم بەرلەوەی خەڵکی دیکە بۆ لێدان لەو گروپە لەیاسا دەرچووانە دەستبەکار بێت، پێویستە حکومەت خۆی ئەو کارە بکات.
بەڵام بەو لێدوانەی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە کۆمەڵێک بیانووی لاواز هەڕەشەی لە عێراق کردووە و داوامان کردووە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆئەوەی عێراق نەبێتە بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و عێراق نابێتە سەکۆکی هیچ هێرشکردنێک. هەڕەشەی ئیسرائیل کۆتایی نایەت، چونکە ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی لەپێناو پارستنی قەوارەی خۆی دەست لەوانە ناپارێزێ کە ئازاری دەدەن.
جێی ئاماژەدانە، تائێستا لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، هەنگاوی کردەنی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دژ بە ئیسرائیل لەخاکی عێراقەوە نەبینراوە، ئەگەر عێراق بەو خاووخلیسکییە لە هەڕەشەکەی ئیسرائیل بڕوانێ، پەلاماردانی عێراقی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ لێدان لەو گروپانە بووەتە ئەگەرێكی بەهێز و چاوەڕوانكراو.
وەک ئەوەی لەبابەتی خۆپارێزی هەستی پێدەکرێ، گوشاری ئەمریکاش لەسەر ئیسرائیل سنووردارە، بۆیە لەو هەموو چوون و نەچوونە، وا جوانە حکومەت دەرفەت نەدات، عێراق بە دەردی غەزە و لوبنانی ببرێ، دواتر لەسەر مێزی گفتوگۆ خەڵکی دی بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی، خۆی بکات بە خاوەنی گفتوگۆکان، وەک ئەوەی لە پرسی غەزە و لوبنان دەیبینین.




بنەما داتەپیوەکانی مەسعود بارزانی.. گۆران هەڵەبجەیی

{دەوڵەت بەمرۆڤی نەخوێنەوار بەڕێوە نابرێت}،دکتۆر یوسف محەمەد.
ئەو دەسەڵات و ڕژێمانەی کە حیزبە تۆتالیتارییەکان بەڕێوەیان دەبەن،بەردەوام ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیران دەبنەوە کە بەرهەمی [ئەنقەستی]خودی خۆیانن.
هەڵسەنگاندنی هەر دەسەڵاتێک لەڕووی شکستی یا سەرکەوتوویی ،بە پێوەری کارەکانی هەڵدەسەنگێنرێت ،گەر سەرکەوتووبوو ئەوە خەرمانی کارە سودبەخشەکانی بەرزدەبێتەوە ،خۆ گەر شکستخواردووبوو ئەوە تای تەرازووی کارە خواروخێچەکانی قووستر دەبێت.
سەیر لەوەدایە ئەو جۆرە ڕژێمانە کە جڵەوەکانیان بەدەست حیزبێک یا دووحیزبی ئەقڵ دواکەوتووەیە کە نامۆن بە هونەری حکومداری مۆدێرن و هاوچەرخ ،وا تێدەگەن کە زۆرسەرکەوتوون و خەڵک لێیان ڕازیەو پێویستە بەردەوام ستایش بکرێن.ئەم بیرکردنەوە نادرووست و ناواقیعیە لەئەنجامی دووری و دابڕانیانەوەیە لە خەڵک.
ئەم بەرپرسە حیزبیانە بەردەوام لەوەهمادەژین ،وەهمی عەزەمەت،وەهمی خۆشەویستی نێو خەڵک،وەهمی زەرووریەتی مانەوەیان لەدەسەڵاتدا .ئەمانە خۆیان بەوە دەخڵەتێنن کەلە دەمی دەرکەوتنیاندا هەندێک بندیوارو گەجەروگووجەر چەپڵەیان بۆلێدەدەن یاخود سێلڤیان لەگەڵدا دەگرن.
حەقیقەتی ئەم جۆرە سەرکردانە ئەودەمە دەردەکەوێت کە دۆستەکانمان لە غەیرەکورد ، لە خراپی شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات ئاگاداردەکەنەوە ،یاخود کاتێک دەنگی ناڕەزایی و بێدادی خەڵکی ستەم لێکراو دەگاتە بارەگاکانیان.
بەو حسابەی پارتی دێرینترین و گەورەترین حیزبە لە باشوور ،ڕەفتارەکانیشی وەک حیزبی بەعس ، دەرەنجامی ئەقڵیەتی پارتی پێشڕەو و خۆبەمەزنزانینن.
ئەم وەهمە واتە وەهمی[زەعامەت و عەزەمەت] زۆر بەی سەرکردەکانی پارتی گرتوەتەوە بەوەی خۆیان زۆر لەسەرووی خەڵکەوە دەبینن و حسابی ڕەعیەتیان بۆدەکەن.
مەسعود بەرزانی کە لەدوای کوژرانی ئیدریسی برایەوە سەرۆکی ئەو حیزبەیە،ئەم گشت تەمەنە نەفێری سیاسەت و حیزب بەڕێوەبردنی کردوە وە نەفێری وڵات بەڕێوەبردن. [٣٣]ساڵە لەگەڵ زۆنی سەوز هەرێم دەبەن بەڕێوە،دیارە بەپێی مەوقعی جوگرافیا و نفوز و توانای هێزوپارە ،پارتی پتر کۆنترۆڵی حوکومڕانی بەدەستەوەیە.
ئەم سەرکردەیەی پارتی وڵات بە عەشیرەت تێگەشتوە ،هەر بۆیەش بەعەقڵیەتی سەرۆک عەشیرەت مامەڵە لەگەڵ جوومگەکانی حیزب و حکومەت دەکات .
ئەوەتی ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارن هەرێمیان نغرۆی قەیرانی قوڵکردوە،لەبری ئەوەی هەوڵبدەن بڕێک لەو قەیرانانە سووک یا چارەسەر بکەن ، دەبینین بەردەوام قەیرانی نوێ دێنە پاڵیان. دەمێکیش دەنگی ناڕەزایی و بێزاری خەڵک بەرزدەبێتەوە ،یەکێک لەم سەرکردە حکومی یا حیزبیانە دێت هەندێک قسەی ناوەڕۆک بەتاڵ بۆمیدیاکان دەکات کەهیچ ئەرزشێکیان لای خەڵک نیەو هەرگیز جێگەی بڕوانین، وانیشانی دەدات کە ئاستەنگیەکان گەورەنین و هەنگاو بۆ چارەسەرکردنیان نراوە ،بەمەش لەنرخی کێشەکان کەمدەکاتەوە .
یەکێک لەو کەسانەی کە لەدەمی قووڵبوونەوەی ئاستەنگی و گرفتەکاندا ،دەخوازێت خەڵک چاوەشە بکات مەسعود بارزانیە.
دوای هەڵبژاردنە پڕ ساختەکاریە {دیزاینکراوەکەی}پەرلەمانی کوردستان ،دۆخێکی ئاڵۆز هاتەوەتە پێشەوە ،جا ئەم سەرۆک فاشیلە هاتوەتە مەیدان و قسەی هیچ وپوچ فڕێدەدات کەگوایە [بنەمان] بۆچارەسەری دۆخەکە. تۆیەک کە لەدوای ڕاپەڕینەوە هەموو بڕیارە چارەنووسسازەکانت بەدەستبووە،عەرەب واتەنی [کل في کل] خۆت بوویت و ئێستەش هەرخۆتیت ،جا شوێنی خۆیەتی بپرسم بۆچی هەرگیز هەوڵت نەداوە بەپێی {بنەما} عەبقەریەکانت چارەسەری کێشەیەک بکەیت لەو کێشە هەمەجۆرەی کە باری سەرشانی خەڵکی ستەملێکراوی دەستی ئێوەی گران کردوە ؟ خێرە تائێستا خۆت و حیزبەکەت گچکەترین کێشەی هاوڵاتیانتان چارەسەر نەکردوە کەچی ئێستا دەتەوێت بە [فانۆسەکەی عەلادین] چارەسەری بکەیت؟
دڵنیام و زۆرینەی خەڵکی هەرێمیش هاوڕامن کە هەتا ئێوە پاشای عەرشی کەلاوەبن هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکەن،چونکە ناتانەوێت.ئەوەی گرنگە بەلاتەوە [دزی دزی دزیە ]کەهەرگیز تێرناخۆن.
سەیر لەوەدایە کەسانێک کە خۆیان بە سیاسەتمەدارو ڕوناکبیرو چەپ دەزانن دێن ئارایشتی ئەم قسە {بێ بنەما}یانەی مەسعود بارزانی دەکەن و دەخوازن بەخەڵکی بفرۆشنەوە.
بەڕاستی کارەساتە سیاسەتمەدارێک کە ئەزموونێکی درێژی لەسیاسەت و حیزبایەتی و دنیای نووسین و شارەزایی دەربارەی ڕووداوەکانی جیهان هەبێت ،کەچی پروپاگەندە بۆ کەسێکی نەخوێندەواری ناسیاسی بکات و ئومێدی چارەسەری کێشە ئاڵۆزەکانی لەسەر هەڵبچنێت.
هەرکەس ئەمەی کردبێت ئەوە شەرمەزاری بۆخۆی و حیزبەکەی و مێژووی خەباتی خودی خۆی دێنێت و لە ماستاوکردنێکی بێمانا بەولاوە هیچی تر نیە، کە لەوانەیە مەبەستێکی بەرژەوەندیدار لەپشتیەوە بێت . خاوەنی ئەم دەنگە داکۆکیکارانە لە مەسعود بارزانی ، دەبێ بگەنە ئەو قەناعەتە و باش بزانن کە ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەییانەی تالەبانی و بارزانی ڕزیون،گەنیون، ئێکسپایەربوون و شەرعیەتیان لەدەستداوە ،هاوکات تاوانبارن بەوەی کارەساتیان بەسەر خەڵکدا هێناو و پتر لە [٣٣] ساڵە ژیانی خەڵکیان کردوەتە دۆزەخ،جا هەرکەسێکیش لە هەر پێگەیەکدابێت خۆی لەم حەقیقەتە لادات ئەوە وەک سەرانی هەردووحیزب تاوانبارەو دەکەوێتە بەر نەفرەتی مێژوو ، هەر پیاهەڵدانێک گەر بێ مەبەستیش بێت ئەوە دەچێتە خانەی هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوە و جوانکردنی {بنەما داتەپیوەکان بارزانی}.

گۆران هەڵەبجەیی




ئەنتیگۆنا و ئەفسانەی ئۆدیب.. نیهاد جامی

هەندێک سات کتێبە بەراییەکان توانای ئەوەیان هەیە بۆ چارەسەری کێشە هەنووکەییەکانی شانۆ بمانگەڕێننەوە سەر کتێبە بەراییەکانی تێگەیشتن لەشانۆدا، ئەوە وا دەکات کتێبێکی میتۆدی تێگەیشتن لەساتەوەختێک و زەمەنێکی دەست نیشانکراو بخوێنینەوە، دەست نیشانکردنی زەمەنێک لەشانۆی کلاسیک کە وابەستەی بنەماڵەیەکی ناو ئەفسانەی گریکە، ئەویش وابەستەی هەردوو شانۆنامەی ئەنتیگۆنا و ئۆدیب پاشایە.
هەڵبەت سەرەتای ئاشنابوونی ئێمە بە ئەفسانەی ئۆدیب لەڕێی شانۆنامەیەکی ئامادەکراوی عەرەبی بوو، کە ئەو کات کاکەی فەلاح کردبووی بە کوردی، بۆیە خودی شانۆنامەکە نەبوو، بەڵکو شانۆنامەیەکی شانۆنوسی عەرەبی تۆفیق حەکیم بوو، وەک کاری ئەکادیمی ناوەندەکانی خوێندنی شانۆیی لەکوردستان پشتی پێ بەسترابوو، لەکاتێکدا تێکستە ئۆرگیناڵەکە نەبوو، بۆیە هەر خوێندنەوەیەک بەم شانۆنامەیە ببەخشرابا پەیوەندی بەشانۆنامە ئامادەکراوەکە هەبوو، هەڵبەت ئەوانەی لەبواری وەرگێڕانی شانۆنامەدا کار دەکەن دەتوانن دەقە ئۆرگینالەکان بکەن بە کوردیی، کە بەداخەوە ڕەنگە بە زەحمەت وەرگێڕێکمان هەبێت لەدەقی گریکیەوە بیکات بە کوردیی، بۆیە ناچاردەبین لەزمانی ترەوە وەربگیرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە خودی دەقە سەرەکیەکە بێت و ئامادەکراو نەبێت.
ئەوەی لێرەدا ئێمە لەسەری دەوەستین کتێبێکە لەژێر ناوی «ئەنتیگۆنا و ئەفسانەی ئۆدیب» کتێبەکە ساڵی ٢٠١٢ چاپکراوەو، قسەکردنە لەم دوو شانۆنامەیە کە لەلایان سێ نووسەرەوە شانۆنامەکان نووسراونەتەوە ئەوانیش سۆفۆکلیس و ژان ئەنوی و ژان کۆکتۆیە.
سەرەتا لەبارە ژان ئەنوی قسە دەکەین ئەنالیزەی کتێبەکە بۆ شانۆنامەی ئەنتیگۆنا دەخەینە ڕوو، کتێبەکە سەرەتا باس لەپەیوەندیی بنەماڵەیی نێوان ئۆدیب و ئەنتیگۆنا دەکرێت، پەیوەندیان بە یەکتری وەک خێزان و ئەوسا دێتە سەر پەیوەندی جوگرافی شوێن لەگەڵ کارەکتەردا، کاتێک سەرەتایەک بۆ ناسین نیشان دەدات، ئەوسا لەسەر شانۆگەری «ئەنتیگۆنا» ی دەوەستێت، بەپێی دۆکیۆمێنتە مێژوویەکان ئەم شانۆنامەیە چەندین نووسەر لەمێژوودا ڕووداوەکانیان نووسیوەتەوە، بەڵام بەو پێیەی دیارترینیان لەمێژوودا شانۆنامەکەی سۆفۆکلیس و لەسەردەمی نوێشدا ژان ئەنوی نووسیویەتی، بۆیە لەم کتێبەشدا بەشی یەکەمی تەرخان کراوە بۆ ئەنتیگۆنا لەڕوانگەی ئەم دوو نووسەرەوە، سەرەتا بیۆگرافیایەک بۆ ئەنوی خراوەتە ڕوو لەبارەی ناسین و نووسینی شانۆنامە و هەروەها ئەو شانۆنامەیەی کە لێرەدا جێی بایەخی ئەم کتێبەیە، رووداوەکانی شانۆنامەکە لەپاڵ گرنگی ڕۆلی ئەنتیگۆنا لەخودی تراژیدیاکە لەڕوانگەی نوسەرەوە شیدەکرێتەوە، چونکە کتێبەکە بۆ خۆی ئیشکردنێکی شیکاری دەقی شانۆییە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی لەشانۆنامەکەدا کار دەکەن، کۆمەلێک پرسیار خراوەتە ڕوو، کە بۆ تێگەیشتن لەشانۆنامەکە پێویستە وەلام بدرێنەوە، کە پۆلین کراوەتە سەر چەند تەوەرێکەوە لەوانە «نمایشی شانۆیی، قۆناغی گوزارشتکردن، فۆڕمی نوێ بۆ تراژیدیاکە، تەختەی شانۆ، خوێندنەوە لە زماندا، بەڵگەنامەکان»
دیارە بۆ بەرچاو ڕوونی پێویست دەکات ئەوە ڕوون بکەینەوە، ئەو شێوازی کتێبە تەنیا بۆ ئەو کتێبە نەگیراوەتە بەر، بەڵکو بۆ زۆربەی کتێبەکانی خوێندن و فێربوون لە فەڕەنسا پیادە دەکرێت، بۆ ئەوەی یارمەتی ئەو کەسانە بدات کە دەیانەوێت لەو بوارەدا کار بکەن، بۆیە کتێبخانەیەکی فراوان لەو فۆڕمی کتێبە دەبینین بەتایبەت لەبوارەکان شانۆ و ئەدەب و زماندا.
بۆ ئەوەی ئەو دۆکیۆمێنتە بناسین کە لەپشت پرۆسەی نووسینەوەیە بۆ ئەم شانۆنامەیە، ئەوە کتێبەکە باس لەو ڕووداوە دەکات، لەمانگی ئابی ١٩٤١ جەنگاوەری بەرهەڵستکاری لاو پول کۆلێت تەقە لە پۆل لاڤالی سەرۆکی حکومەتی ڤیشی دەکات و برینداری دەکات، لاوەکە سەر بە هیچ تاقم و گروپێکی سیاسیەوە نیە، سرووشتە پاڵەوانی و تراژیدیەکەی وا لە ژان ئەنوی دەکات، لە ١٩٤٢ سەر لەنوێ ئەم ڕووداوە لەڕێی شانۆنامەی ئەنتیگۆنا بنووسێتەوە، سالی ١٩٤٤ بۆ یەکەمجار شانۆنامەکە دەخرێتە سەر شانۆ و سەرکەوتنێکی بێ وێنە وەدەست دێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەرووی رەخنەیەکی زۆر دەبێتەوە، هەندێک بەوە نووسەر تاوانبار دەکەن بەوەی لەڕێی کەسایەتی کریۆن ویستویەتی پۆزش بۆ ڕژێمی ڤیشی بێنێتەوە، بەپێچەوانەی ئەو ڕەخنەیە هەندێک بڕوایان وایە ئەم شانۆنامەیە ڕۆحی شۆڕشگێریەتی و کاری سەرپێچیکردنە بەرامبەر دەسەڵاتی ستەمکار.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شانۆنامەیە قبوڵکردن و یاخی بوونە، لەڕێی ووشەی «بەڵێ» و «نەخێر» دەکاتە سەرچاوەی ئەو ململانێیە، بە بڕوای ئێمە تەنانەت کاتێک ووشەی «نەخێر» وەک یاخی بوون ئەلبێر کامۆ بەکاری دێنێت، لەبنەرەتدا لەو ڕوانینەی ئەم شانۆنامەیەوە سەرچاوەی گرتووە.
هەرچی شانۆنامەکەی سۆفۆکلیسە بۆ ئەم کتێبە دەبێتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ قسەوباسکردن لەتراژیدیای گریکی، هەوڵێکە بۆ ناسینی سەردەمی شانۆنامەکە و بونیادە پێکهاتوەکانی شانۆنامەکە، لەڕێی شیکردنەوەی دەقەکەوە هەندێک بنەمای کۆمەڵناسیانەمان بۆدەخاتە ڕوو لە پەیوەندی کۆمەڵگا و مەدەنیەت، لە پەیوەندی هاوڵاتی و مافە مەدەنیەکانی تاک، لێرەوە لەوە تێدەگەین بۆچی فەیلەسوفێکی ناسراوی وەک هیگل لەقسەکردنی پەیوەندی نێوان فەلسەفە و شانۆ بەتەنیا بۆ شانۆنامەی «ئەنتیگۆنا» دەگەڕێتەوە، دواتر کتێبەکە وەک ئەو میتۆدی کارکردنەی ئاماژەمان بۆی کرد هەوڵ دەدات کۆمەڵێک پرسیار بخاتە ڕوو بەمەبەستی تێگەیشتن لەنهێنیەکانی ناو دەقە شانۆییەکەوە، بەتایبەت لەداڕشتنەوەی دیالۆگ و پەیوەندی دوو خوشکەکە وەک ململانێی ژنەکان و ئامادەبوونی ڕەگەزی لەگەڵ دەسەڵات لەلایەک، لەلایەکیتر پەیوەندی هەڕەمی بنەماڵەیی بۆ دەسەڵات، ئەوەش بەرەو ڕووی گرنگترین پرسی تاوانمان دەبات لەناو گرێچنی شانۆنامەکە، بەوەی پرسیار ڕووبەروی گەڕانمان دەکاتەوە بۆ ناسینی هەریەکە لە کوژراو و بکوژ.
پرسیارێکیتر ئەوەیە ئاخۆ کریۆن بەدوای گەڕان بۆ چارەسەری کێشەکانەوەیە، یاخود هەمیشە دیالۆگ و گەڕانەکانی بەرەو ئاشکراکردنی تاوانمان دەبات؟ کە سەرەتا بە ئاشکرابونی تاوانی باوک «ئۆدیب» دەست پێدەکات و دواتر بە ئاگادارکردنەوەی دەسەڵات و یاخی بونی دەنگەکانی ناو بنەماڵە و ڕەخنەگرتن لەدەسەڵات و بەگژداچوونەوەی لەلایان ئەنتیگۆناوە؟
لەڕێی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان ڕووبەرووی وێنەیەکی زانراوی دەقەکە دەبین، ئەویش پرسیارەکان وا دەکەن کە چۆن بتوانین شیکردنەوە بۆ دەقە شانۆییەکە بکەین، بە بڕوای ئێمە ئەو جۆرە کارکردنە لەناوەندەکانی خوێندنی شانۆ نەک بەتەنیا دیدێکی نوێ بە خوێندکارانی شانۆ دەبەخشێت، بەڵکو دەتوانێت سەرەتایەکی زانستی جیاواز بۆ زانستی شانۆ بخاتە ڕوو.
شانۆنامەی «ئۆدیب» ی سوفۆکلیس، لە ئەفسانەیەکی گریکیەوە، دەبێرت بە شانۆنامەیەکی دەروونشیکاری ناسینی مرۆڤ لای سۆفۆکلیس، بەڵام هەر تێگەیشتنێک بۆ شانۆنامەکە زادەی گەڕانەوەیە بۆ بنەما سەرەتاییەکانی تێگەیشتن لەبونیادی شانۆنامەکەوە، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانین لەدیدی فرۆیدەوە ئەم شانۆنامەیە بناسین، بەر لەو ناسینە پێویستمان بەوەیە شیکاری تەواوی شانۆنامەکە بکەین لەئاستی نووسین و زەمەنی خۆیدا، کارگەلێک نەک ئێمە نەمانکردووە، بەڵکو بە بیانوی کۆن بوون و سادەبوون هەموو سەرەتاکانمان جێهێشت و هاتینە بەرزاییەکەوە کە هەمیشە مەترسی کەوتنمان لێکراوە.
پەیوەندی مرۆڤ و خودا، بوونی مرۆڤ وەک هاولاتی دوو پرسی لەیەکتر دوور و بەسەرچوو نین، هێندەی پەیوەندیەکی راستەوخۆی ناسین و تێگەیشتنە، کە ئەم کتێبە بە ڕوونی نیشانمانی دەدات.
ئەم شانۆنامەیە لەلای ژان کۆکتۆ وەک تێکستێکی نوێ هەندێک جومگەو پرسی گرنگی مرۆڤی هاوچەرخ لەڕوانگەی تراژیدیاو کلاسیکەوە دەست نیشان دەکات، کە وەک دوا لاپەڕەکانی ئەو کتێبر قسەو باسی لەبارەوە دەکرێت، قسەکردنێک شیکردنەوەی نهێنیە نەزانراوەکانە.
ئیشکردنی کۆکتۆ لەگەڵ ئەم ئەفسانەیە ئیشکردنەوەیە لەتەک شانۆنامەکەی سۆفۆکلیس، هەڵبەت ئەم نووسەرە جگە لە نووسینی شانۆنامە، لەژیاندا خێرا دەستی بە نووسین کردو بەشیعر دەست پێدەکات، لەو رۆژگارەی شوفێری ئەمبولانس ئەبێت ئەوە ڕێگری ئەوەی لێ ناکات، لەسەر نووسین بەردەوان بێت، بۆیە فیلمنامەش دەنووسێت و تەنانەت خەریکی نیگارکێشانیش دەبێت، بەدڵنیایی قسەکردن لە کۆکتۆ پێویستی بە بەزاندنی سنوری ئەو کتێبە هەیە، بەتایبەت کە کەمتر لە رۆشنبیریی ئێمەدا ئاوڕی لێ دراوەتەوە، بە ئومێدی رۆژێک بتواندرێت یان بتوانین ئەو کارە لە ئەستۆ بگرین.
سەرەتا شانۆنامەکە هاونزیکیەکی زۆری هەیە لەگەڵ شانۆنامەی «هاملێت» ی شکسپیر، بەوەی تارمایی لایۆسی باوک خۆی دەردەخات بۆ دوو سەرباز تا جۆکاستای شاژن ئاگادار بکەنەوە لە مەترسیەک کە ڕووبەرویان دەبێتەوە، ئەگەرچی ئەو سەرەتایە بەرەو لای تارمایی هاملێت دەمانبات، بەڵام دیدێکی ئاگایانەی ناو ترایژیدیاکەیە، وا دەکات لەمانا ئەفسانەییەکان و تێگەیشتنە شانۆیەکەی سۆفۆکلیس خۆی بە دوور بگرێت، وەک دیدێکی ناتەبا بۆ ئەفسانەکە خۆی بخاتە ڕوو، لێرەدا ئێمە ڕووبەرووی گرفتێکی تر دەبینەوە، چونکە یەک لەسەربازەکان هاوڕێ سەربازەکەیتری ئاگادار دەکاتەوە کە لەو بارەیەوە هیچ نەدرکێنێت و بێدەنگ بێت.
بۆیە تارمایی پاشای کوژراو ناچارە پەنا بەرێتە بەر کەسانی تر، بۆیە بۆ ئانوبی ڕووندەکاتەوە کەوا ئەو بێزار بووە لەکوشتنی مرۆڤگەلێکی نەزان و بێ وەڵام، دواتر هەوڵ دەدات قسە لەگەڵ ژنێک بکات کە لەگەڵ دوو منداڵەکەی بەڕێگاوەیە، ئەو نهێنیەی بەدوو سەربازەکەی ووت ئەو ژنەشی لێ ئاگادار دەکاتەوە، بەدوای رۆیشتنی ژن و منداڵەکان گەشتیارێکیتر خۆی دەناسێنێت، ئەویان ئۆدیبە، بۆیە باوک دەیەوێت بزانێت ئاخۆ ئۆدیب بەدوای ئەو دەگەرێت؟ ئەوەی سەیرە کوڕیش وەک باوک عەوداڵی ئەو گەڕانەیە، بەڵام پێویست ئەوەش بزانین زانین شتێک نابەخشێت، جگە لەوەستاندنی تاوان، بۆ ئۆدیبێکی تەمەن نۆزدە ساڵ، کاتێک خۆی بە باوک دەناسێنێت و ناو و تەمەنی خۆی ئاشکرا دەکات.
هەلبەت ئەو شانۆنامەیە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لەچۆنیەتی کارکردنەوە لەتەک تێکستی کلاسیکی، بەهۆی ئەوەی ئەم وتارەی ئێمە تایبەت بووە بەم کتێبەوە، بەڵام وەرگێڕانی شانۆنامەکەی کۆکتۆ و نووسین لەبارەی تێکستەکەوە، کارێکی گرنگ و پێویستیە و دەبێت لەدەرفەتی تردا بگەڕێینەوە سەری، بۆیە کۆی قسەکردنەکانمان بەپرسیارێک کۆتایی دێنین بەوەی بۆچی ژان کۆکتۆ گەڕاوەتەوە بۆ تارماییەکەی شکسپیر؟
ئەو پرسیارە سەرباری ئەوەی بەرەو دیدگای ترمان دەبات، بەڵام جێی خۆیەتی لەسەری بووەستین، و ئاماژە بە دوو ڕەهەندی بکەین، ڕەهەندی یەکەم وابەستەی میکانیزمی ڕووداوە، تێدەگەین گەڕانەوە بۆ ناو شانۆنامەی هاملێت بۆ چارەسەرکردنێکی جیاوازی سۆفۆکلیسیە، ڕەهەندی دووەمیشی ڕەهەندی مانایە، لەبارەی دەقئاوێزانەوە، لە شانۆی ئێمەدا دەقئاوێزان گواستنەوەی دەیالۆگ و کۆکردنەوەو ئامادەکردنە لەژێر ئەم ناوە، بەڵام ژان کۆکتۆ نمونەیەکی تەواو جیاوازە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە شانۆییەکەمان، بەوەی پێویستە دەقئاوێزان ئیشکردنەوە بێت لەگەڵ خاسیەتەکانی کارەکتەر یاخود بیرۆکەی ڕووداو، نەوەک کۆکردنەوەو گواستنەوەی دیالۆگی شانۆنامەیەک بێت، ئەوەی ئێمە دەیکەین ئامادەکردن و کۆکردنەوەیە نەک دەقئاوێزان.




ململانێی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێمان دەبات؟.. ئاریان کەرکوکی

لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد لە سەرەتای نەوەدەکانەوە، ئەمریکا وەک یەک زلهێز دەرکەوتووە، لە ڕووی ئابووری وسەربازییەوە سەرووترە. توانی لە ڕێگەی تۆڕێک لە هاوپەیمانی سیاسی وسەربازی ودامەزراوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی کاریگەری خۆی بەهێزتر بکات. سیاسەتی ئەمریکا لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تایبەتمەندە بە سەپاندنی سیستەمێکی جیهانی لەسەر بنەمای لیبڕاڵ دیموکراسی پاشان نیولیبرالیزم وئابووری بازاڕ و تا ڕادەیەکی زۆر توانیویەتی دیدگای خۆی لە ئاستی جیهانیدا بسەپێنێت، بەتایبەتی لە ئەوروپا و ئاسیا. سەردەمی هەژموونی ئەمریکایە بەسەر کاروباری جیهانیدا کە بە خێرایی خۆی بینیەوە کە لەگەڵ ڕووداوەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێ بووەوە، بەڵام ڕاکێشانی دەسەڵاتی ئەمریکا سنوور وتواناکانی تێپەڕاند. لەسەر ئاسیا دابەزی وئەفغانستان وعێراقی داگیرکرد.
سەرهەڵدانی چینییەکان، ململانێی ڕووسیا، فراوانبوونی چەکی ئێران، ترسی ئەوروپا وتەحەددیاتی دیکە دەسەڵاتی ئەمریکای لەسەر خاکی ئاسیا تێکداوە. لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی ٢٠٢٢، یەکێکە لە گرنگترین ئاستەنگەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ساردەوە ڕووبەڕووی بوونەتەوەهەرچەندە ئەم تەحەدایە دوو شتی بەیەکەوە گرێدراوی ئاشکرا کرد، یەکەمیان نەبوونی هەڵسەنگاندنێکی باشی ڕووسی بوو بۆ تواناکانی خۆی و هەروەها تواناکانی نەیارەکەی و ئەوەی دیکەیان بێتوانایی ئەمریکا بوو لە ڕاگرتنی ڕووسیا پێش ئەوەی شەڕەکە هەڵگیرسێت، ئەویش خێرا وەڵامدانەوەی بە سەپاندنی سزای گشتگیر بەسەر ڕووسیا و پێشکەشکردنی پشتیوانی سەربازی و ئابووری فراوان بۆ ئۆکرانیا بەردەوامبوونی باڵادەستی ئەمریکای لەسەر گۆڕەپانی ئەوروپا نیشان دا ئیدارەی ئێستای ئەمریکا سەرکەوتوو بوو لە یەکخستنی ڕیزەکانی ئەوروپا لە دژی ڕووسیا. کە ڕۆڵی سەرکردایەتی نەریتی خۆی لە کیشوەری ئەوروپادا گەڕاندەوە. سەرەڕای سەرکەوتنەکانی لە دروستکردنی شەڕی پەرتبوون بۆ ڕووسیا لە گۆڕەپانی ئەوروپادا، تەحەدای داهاتوو لەبەردەم ئەمریکای ترەمپدا هەیە. تەحەددای ستراتیژی هەیە، وەک تێچووی زۆری پشتیوانی سەربازی و ئابووری و دارایی بۆ ئۆکرانیا، هەروەها ئەگەری سەرهەڵدانی ڕەوتی سیاسی لە ئەوروپا کە مەیلیان بەرەو ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا هەیە لەسەر حیسابی پشتیوانی ئەمریک سەبارەت بە گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێدەچێت گۆڕانکارییەکان قووڵتر بن. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی گرنگی جیۆپۆلەتیکی وئابورییەوە، بە تایبەت کە یەدەگی نەوتی زەبەلاحی هەیە، ناوچەیەکی نەریتیی کاریگەرە بۆ ئەمریکا. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، ئێمە شاهیدی گۆڕانکاری بەرجەستە بووین لە ستراتیژی ئەمریکا بەرامبەر بە ناوچەکە، کە بەهۆی چەندین سیاسەتی ستراتیژییەوە بووە هەنگاونان بەرەو ئاسیا.
کاتێک ئەمریکا دەستی کرد بە گواستنەوەی سەرنجی خۆی بەرەو ئاسیا و زەریای هێمن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە پەرەسەندووەکانی چین؛ کە بووە هۆی دابەزینی ڕێژەیی بەرژەوەندییەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کەمکردنەوەی وابەستەیی و بەمەش کەمکردنەوەی پشتبەستنی واشنتۆن بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش پابەندبوونی سەربازی و سیاسیی بەهێزتر کرد بۆ ئەوەی بەرەو ڕۆژهەڵات بەرەو ئاسیا بڕوات. ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی زلهێزە ناوچەییە نوێیەکان بەدرێژایی گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووسیا، چین و ئێران، سوودیان لە دابەزینی نفوزی ئەمریکا وەرگرتووە بۆ زیادکردنی ئامادەیی خۆیان لە ناوچەکەدا . ڕووسیا ڕاستەوخۆ پاڵپشتی ڕژێمی سوریای کرد، چینیش ڕێککەوتنی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو ئەنجامدا. ئێران لە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی عەرەبەکانەوە کاریگەریی بەدەستهێنا کە بە نیشتەجێبوونی لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست گەیشتە لوتکە. هەرچەندە ڕووسیا سەرقاڵی شەڕی ئۆکرانیایە، بەڵام هێشتا کاریگەریی گرنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە سووریادا پاراستووە. ڕووسیا شەڕی لەگەڵ ئۆکرانیا قۆستەوە بۆ زیادکردنی هاوکارییە سەربازی و ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لەسەر حیسابی ئەمریکا.
لە یەکێک لە کاردانەوەکانی شەڕی ئۆکرانیا لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر داینامیکی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووەبە تایبەت سەبارەت بە پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی. دەسەڵاتی ئەمریکی: واڵتەر لیپمان، هێنری کیسینجەر وبرێنت سکۆکرۆفت ئەو پیاوانەن کە بەشدارییان لە داڕشتنی دەسەڵاتی ئەمریکادا کردووە. ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا قەرزاری ئەم پیاوانە بە کارایی پلاندانانی ستراتیژی ویەکخستنی چەک وسیاسەت. لیپمان، ڕۆژنامەنووس وبیرمەند ، کارەکتەری ئیمپراتۆریەتی ئەمریکای بە “دەوڵەتێکی دەریایی” وەسف کرد وکاریگەرییە بەرفراوانەکەی “تقلیدی جووڵەی مەل و با”. سەبارەت بە کیسینجەر، ئەو لە دەمارەی بیرۆکراسی ئەمریکادا دانی بەوەدا نا کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەیە وهیچ بڕیارێکی پەیوەست بە کاروباری دەرەوە نییە. وەک قوتابخانەی نەریتی زانستی سیاسی. سکۆکرۆفت هات کە وتی پەیوەندی نێوان زلهێزەکان ئەوەیە کە واقیعی سیاسی دروست دەکەن نەک بە پێچەوانەوە… ئەمریکا وەک زلهێزێک دەمێنێتەوە کە کاریگەرییەکی بەرفراوانی لە ئەوروپا وڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. ڕاستە بە هۆی سەرهەڵدانی زلهێزە نوێیەکان وگۆڕانی ئەولەویەتەکانی جیۆپۆلەتیکی ڕووبەڕووی تەحەددای بێوێنە دەبێتەوە.
شەڕی ئۆکرانیا تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ توانای ئەمریکا بۆ پاراستنی سەرکردایەتی سیستەمی جیهانی لە بەرامبەر ئاستەنگەکانی ڕووسیادا، لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاقیکردنەوەی ڕۆڵی نوێی خۆیەتی ئەگەر شەڕی ئەوروپا بە ڕووسیا بدۆڕێت. پرسیارەکە دەمێنێتەوە کە ئایا ئەمریکا دەتوانێت خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا بگونجێنێت و لە پێگەی دەسەڵاتی هەژموونگەریدا بمێنێتەوە، یان بەرەوڕووی دابەزینی وردە وردە کاریگەرییەکەی دەبێتەوە کە دەبێتە هۆی گواستنەوە بۆ سیستە مێکی نوێی نێودەوڵەتی؟ سەبارەت بە دەسەڵاتی ئیسرائیل، گفتوگۆکە دەمانباتە سەر ئایندەی دەسەڵاتی ئیسرائیل.
ئەم ئایندەیە زیاتر پەیوەست بووە بە چارەنووسی دەسەڵاتی ئەمریکاوە. ئەگەر گرافیکی ئەم دەسەڵاتە لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ەوە وەربگرین، بۆمان دەردەکەوێت کە لە شەڕی ١٩٦٧دا گەیشتە لوتکە، لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە ئیسرائیل لە دۆخێکی دابەزیندایە. ئەمەش بەو مانایە نییە کە شکستی هێناوە، بەڵکو بەو مانایەیە کە ئەرکەکەی لەسەر نەخشەی ستراتیژی لە پێوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی ئەمریکادا جێگەی پێداچوونەوە دەبێت. ئەمەش وا دەکات چارەنووسی لەگەڵ دەرئەنجامەکانی دەسەڵاتی ئەمریکا لە گۆڕەپانی ئۆکرانیادا تێکەڵ بێت، هەروەها سەرهەڵدانی چینییەکان لە ئاسیا. لە ساڵانی ڕابردوودا ئیسرائیل ڕووبەڕووی تەحەددای زیاتر بووەتەوە کە ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی زەمینی لە چەند بەرەیەکدا پەکخستووە. هەسەدە لە لوبنان، کوتلە چەکدارەکان لە غەززە. ئیتر باسی پەرەسەندنی هەڕەشەی مووشەکی و ئەتۆمی ئێرانیش ناکەم. وا دیارە ئەو هێزەی ئیسرائیل غەززەی وەک سەنگەرێکی کراوە پۆلێن کردووە. تایبەتمەندی ئەم گۆڕەپانە شەڕی نێوان شەڕەکانە یان شەڕی نێوان شەڕەکانە! سەبارەت بە گۆڕەپانی لوبنان، ئەکاونتەکە کراوەیە بەبێ ئەوەی توانای چارەسەرکردنی هەبێت. سنووری لوبنان یەکێکە لە بەرە هەرە مەترسیدارەکان بۆ ئیسرائیل، بەو پێیەی هەسەدە بەهۆی توانا سەربازییەکانی و پەرەپێدانی جبەخانەی مووشەکی وردبینییەوە، هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دروست دەکات. پێدەچێت حزبوڵڵا ستراتیژی شەڕی پەرتبوون بگرێتەبەر کە پشت بە بۆردومانی مووشەکی بەردەوام لە دژی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل دەبەستێت. ئەمەش فشار دەخاتە سەر بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل 0 ئیسرائیل زۆر پشت بە پشتیوانی ئەمریکا دەبەستێت، جا چ لە ڕێگەی یارمەتییە سەربازییەکانەوە بێت یان پشتیوانی دیپلۆماسی لە کۆڕبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. سەرەڕای بەردەوامی پاڵپشتی ئەمریکا، ڕەنگە پەیوەندییەکان ڕووبەڕووی هەندێک گرژی ببنەوە بەهۆی گۆڕانی ئەولەویەتەکانی ئەمریکا و زیادبوونی گرنگیدان بە ئاسیا و زەریای هێمن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چین. کە ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی بەرژەوەندی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەمبوونەوەی پشتیوانی لە ئیسرائیل لە قۆناغی داهاتوودا. ئایندەی دەسەڵاتی ئیسرائیل لەبەر ڕۆشنایی بەرەی فرەیی و مەترسییە ناوچەییەکان ڕووبەڕووی چەندین سیناریۆی ئەگەری دەبێتەوە. لەوانەیە لە ماوەی.. بۆ ساڵانی داهاتوو، پەرەسەندنی هەمەلایەنە:
ئەگەر ململانێیەکی هەمەلایەنە لە چەند بەرەیەک (لوبنان، غەززە، و ئێران) سەرهەڵبدات، ئیسرائیل خۆی لە دۆخێکی سەختدا دەبینێتەوە کە پێویستی بە ئاراستەکردنی سەرچاوە سەربازی و هەواڵگرییەکانی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەندین هەڕەشە. ئەم پەرەسەندنە ڕەنگە ببێتە هۆی زیانێکی گەورە لە بەرەی ناوخۆیی ئیسرائیل و دەستێوەردانی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی ململانێکان یان بەردەوامبوونی شەڕی درێژخایەنی پەرتبوون. ڕەنگە ئیسرائیل ڕووبەڕووی شەڕێکی ساڵانێک ببێتەوە، لەوانە هێرشی مووشەکیی وەرزی و دزەکردن بۆ سەر سنوورەکانی. سەبارەت بە دەسەڵاتی ئێران، پرسیار لەبارەی داهاتووی دەسەڵاتی ئێران و بەم پێیەش کاریگەرییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرهەڵدەدەن. پێدەچێت ناوچەکە شاهیدی چەند سیناریۆیەک بێت. یان چەند ڕێبازێکی هاوتەریب لە پرۆسەی خزمەتکردنی یەکتردا. یەکەم: بەهێزکردنی کاریگەری بە بەهێزکردنی بزووتنەوە چەکدارییەکان لە میحوەرەکەدا. گومانی تێدا نییە کە دەسەڵاتی ئێران بەو سیمایەی کە لە جوگرافیا و مێژووی خۆیەوە وەرگیراوە، مەیلی بەرەو کردەی نهێنی هەیە و بەلای خەڵکدا ڕاناکێشرێت. ئەم فەلاتە کە دەڕوانێتە دڵی ئاسیا و تێکەڵبوونی لەگەڵ گەرووەکانی ئاودا، هەوڵدەدات کاریگەرییەکانی چەسپێنێت نەک فراوانکردنی. دیسانەوە بە مانای ستراتیجی ئەمە بەو مانایەیە کە تاران لە بەرگریدایە نەک هێرشبەری. ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستی خۆی لە سەردەمی جەنگی لوبنان لە تەمموزی 2006. ئەمڕۆ دەسەڵاتی ئێران هەوڵدەدات قەرەبووی زیانەکانی ئەگەری لە نفوزی خۆیدا بکاتەوە بە بەهێزکردنی پشتیوانی خۆی بۆ میلیشیاکانی. ئێران خۆی بە ناچاری دەبینێتەوە کە لە ژێر چەتری ستراتیژ و ئاڕاستەی خۆیدا بەرەو دانوستان لەگەڵ زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییە سەرهەڵداوەکان، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی فشارە ئابووری و سیاسییەکانی سەری، ڕێبازی دانوستان بگرێتەبەر. کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵی کەمکردنەوەی نفوزی ئێران لە ناوچەکە دەدەن لە ڕێگەی سزای ئابووری و هێرشی سەربازی بۆ سەر شوێنە ئێرانییەکان لە سوریا، عێراق، غەززە و لوبنان. لەم گۆشەیەشەوە دەکرێ تەماشای شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت. لەم گۆشەنیگایەوە دەتوانرێت لە بزووتنەوەی دیپلۆماسی چالاکانەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تێبگەین. ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرئەنجامی ئەو ساتە نییە، بەڵکو بەرهەمی کەڵەکەبوونی مێژوویی، ئایینی، سیاسی و جیۆپۆلەتیکییە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر. ناوچەکە بەدەست زنجیرەیەک قەیرانی سەریەککەوتووەوە دەناڵێنێت، لەوانە ململانێی عەرەبی و ئیسرائیل و گرژیی نێوان زلهێزە گەورەکانی ناوچەکە، وەک ئێران، ئیسرائیل و تورکیا. لەگەڵ هاتنە ناوەوەی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ ناو ململانێکان، وەک ئەمریکا و ڕووسیا، ئەگەری کۆتاییهێنان بە شەڕەکان بە خێرایی ئاڵۆزتر دەبێت. چارەسەری ئاسان و خێرا بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نییە، چونکە هۆکارە مێژوویی، ئایینی، سیاسی و جیۆپۆلەتیکیەکان لە سووتەمەنیکردنی ململانێکان تێکەڵ دەبن…






سەمفۆنیای بێدەنگی.. شیعر/کاوە عوسمان عومەر

تنۆکە مرواریەکان، تنۆکە قەشەنگەکان
چەند هەستبزوێنن لە نێو تیشکە ئاڵتونیە بریقەدارەکان
(یەسینین/ شیعری تنۆکەکان)

دەرگای ئاسمان داخرا
ئافرەتەکان پیکەنینە وشکبوەکانیان
بردەوە ژورە تاریکەکان،
…………………….
دڵی شەقام هێشتا ترپەیەتی
درەنگانێک،
دوای وشکە نمەیەکی سارد،
کە پیاوە تەنیاکان
سێبەرەکانیان تێپەڕئەبێ
ترپەکانیش
ئەمرێ
…………………….
تابلۆیەکە خۆر، ڕەنگی
لێئەتکێ، پەنجەی
سەحەرێکی وێنەکێش
…………………….
نیگای ئەو بەردەڕوخسارەی
بەردەم چیای بێهودەییا
وەستاو،
…………………….
بە هێواشی لێژئەبێتەوە
هەنگاوە هێمنەکان
بەرەو پردی سەمەرەی
شەوێکی تر لە فرمێسک..
…………………….
پاشماوەی کەسێک ،
لە بێکەسیا،
سێبەرێکی ڕاخست،
لە نێو درەختە تەڕەکان خەوت
…………………….
سەگەکان لە برسا چاویان لێکنا،
هەژارەکان ، باخچەکانیان
کردە ماڵ،
…………………….
بێدەنگی پاش باران ،
ئەڤینێکی مردووە
…………………….
تەنیایی بوە هاوڕێی
ئەو شتانەشی سوتاند
کە جارێکی تر
نایەوێت بیناسێتەوە
…………………….
ئەو لەگەڵ کازیوەیەکا
کە خوێنی قورمزی لێئەتکا،
ڕۆحی گریا،،
…………………….
وەک ئەوسا
نەسیمی بیرەوەریەکی
بەدوای سەرگەردانی خۆیا
ڕاکێشا!
…………………….
خانوەکان
لە ژێر تاریکیا بچووک ئەبنەوە
ئاماژەیە
ڕۆژێکی ئاسایی ترتێپەڕی،
……………………

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی
Holger Feulner
بە سوپاسەوە لە پەیجی خۆی وەرگیراوە




گرەو.. پشکۆ ناکام

(( پێویستیمان بە جەنگێکی تازە هەیە کە چەکەکانی
كتێب و سەرکردەکانی ئەهلی فیکر و قوربانیەکانیش
نەزانین و کۆیلایەتی و ئایین بێ…
” دیستیۆفسکی ” ))
“”””””””””””””””””

……لە هەزار و چوار ساڵەوە لە دەشتاییەکانا ژیاون ، شەوانیان بە سووتانی دار و تەختەوە ڕووناک کردۆتەوە … تەنها شوانێتی و ڕاونان و داگیر کردنیان زانیوە ….بە “لم” دەستنوێژیان ئەگرت… شەڕیان کرد و جەنگان و کەوتنە گیانی یەکتر..لە هەزار و چوارسەد ساڵەوە هەر وەک ئەوانەی پێش خۆیان ئەفسانە و چیرۆک و قسە و باس و ژیاننامەیان بۆ جێهێشتووین ووتیان ئەوانە”پیرۆز”ن و دوای هەزار و چوارسەد ساڵ ئەبێ وەک ئەوان بیربکەینەوە..وەک ئەوان خۆمان بپۆشین..وەک ئەوان بژین..وەک ئەوان شەڕ و شۆڕ بکەین..وەک ئەوان هاوسەرگیریی بکەین تا تا ئاستی چوار ژن !!لە یەک کاتا..هەزار و چوارسەد ساڵ لە خۆ حەشاردان لە پشت چیرۆک و کەسانێ هیچ شتێ لە ڕاستی بوونیان نازانین و نابێ لە “جبە”کانیان دەرچین و دوایان کەوین و لەگەڵ جەنازەکانیانا بڕۆین و تا ئەمڕۆش سەردانی گۆڕەکانیان بکەین ….هەزار و چوارسەد ساڵە چییان ووتوە لێک ئەیەینەوە بۆ وایان ووتوە و مەبەستیان چی بوە!! هەزار و چوارسەد ساڵە بوێژ و دوعا ئەکەین و ئەپاڕێینەوە کە ماڵی جولەکە و مەسیحی تێک چێ و هیچمان بەدەستەوە نەماوە تا ووڵاتەکانیان تێک و پێک بەین و خۆشمان ووڵاتمان نەما بۆ بە بەدیل گرتنی ئافرەتەکانیان و تەنها ئافرەتە موسڵمانەکان بە دیل گیران..هەزار و چوار سەد ساڵە لە “زەکات” و ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی برسییەکانی ووڵاتە ئیسلامییەکان هەر لە زیا بوونایە…هەزار و چوار سەد ساڵە لە ڕۆژوو گرتن و وورگی شێخە موسڵمانەکان هەر لە زل بوون و قورس بوونایە.. هەزار و چوارسەد ساڵ لە شەیتان ڕەجم کردن و شەیتانە مۆسڵمانەکان هەر لە زۆر بوونان…ئەوانەی ئێوە بە نەتەوەی نوستوو حسابیان ئەکەن و نوێژ دژیان ئەکەن گەشتنە بۆشایی ئاسمان و لەسەر مانگ نووستن و ئەتۆمیان کرد بە دوو بەشەوە ، سانیەیان لەتکرد ، شۆڕشی تەکنەلۆجیای فیزیا و ئەلیکترۆنیان کرد ، ئێوەش تەنها لە شۆڕشی” ناوگەڵ” بەردەوام و سەرکەوتوون…لەوەتەی بوون بە خاوەنی”توالێت” بیر لەوە ئەکەنەوە چۆن بچنە ناوی و بە چی نوێژ بەتاڵ ئەبێتەوە جگە لە” ژن و کەر و سەگی ڕەش”!!!
هەزار و چوار سەد ساڵە باس لە کولتوور و ئایین و شەریعەتێک ئەکەن کە بۆ هەموو شوێن و ڕۆژگارێک ئەگونجێ ، گەر بە کەڵک بهاتایە بۆ تا ئێستاش هەر دواکەوتووین..؟ گەر سوودێکی تیا بوایە بۆ دونیای ڕۆژ ئاوا نەیبرد بۆ خۆی..؟
كاتێ ئەسپ بۆ ئەرز کێڵان و کەر بۆ پێشبڕکێ” موسابەقە” بەکار بێ ، هیچ خێرێکمان پێ ناگا و گرەوەکە ئەدۆڕێنین…

“””””””””””””””””””””””””””””
( لە دەقێکی ” محمد الماغوط ” وە وەرگیراوە )
“””””””””””””””””””””””””””””




تێڕوانینی ماتریاڵیستی بۆ داهێنان لەئەدەب و هونەر.. نووسینی : ئەحمەد مەرزوک.. وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ئەگەر بمانەوێت بەتێڕوانینی ماتریالیستییەوە باس لە داهێنانی ئەدەبیی و هونەریی بکەین، ئەوا پێویستە بە کورتی پێداچوونەوە بەو بابەتە سەرەکییەدا بکەین کە هۆشیاری مرۆڤ دیاری دەکات، ئەو بابەتەش واقیعە، کە نوێنەرایەتی پێکهاتەی ئابووری کۆمەڵگە و سەرخانە سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و هونەرییەکان دەکات و تەریبە پێی. هەروەها پێویستە لەسەرمان گەر بمانەوێت لە تێڕوانینی ماتریالیستی بۆ هونەر و ئەدەب تێبگەین، ئەوا دەبێت لە پێچەوانەکەی ئەم بۆچوون و تێگەیشتنە ماتریاڵیستییە تێبگەین کە ئەویش تێڕوانینی ئایدیالیستییە.
تێروانینی ئایدیالیستی، بە قوتابخانە فەلسەفی و ئایدیۆلۆژییە جۆراوجۆرەکانییەوە، پێیوایە ئەوەی واقیعی هەر کۆمەڵگەیەک لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا دیاری دەکات، شێوازی هۆشیارییە لەو قۆناغەدا. واتە ئەوە هۆشیارییە کە واقیع دیاری دەکات. ئەم تێڕوانینە تا ئێستاش لای فەیلەسوفە ئایدیالیستەکان بوونی هەیە. کارل مارکس و فرێدریک ئەنگڵس هاتن و لە بەرهەمەکانیاندا تێڕوانینێکی تریان بنیادنا کە ناکۆکە بە تێگەیشتنی ئایدیالیزم، مارکس وای دەبینێ کە ئەوە هۆشیاری مرۆڤەکان نییە کە بوونیان دیاری دەکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە بوونی کۆمەڵایەتییانە هۆشیارییان دیاری دەکات، ئەمەش بەو مانایەیە کە پێگەی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان لەسەر بنەمای سروشتی پەیوەندییەکانیان و ئەوەی بەرهەمی دەهێنن لە چوارچێوەی شێوازێکی دیاریکراوی بەرهەمهێنان، دامەزراوە. ئەمەجگە لە ململانێی نێوان دارا و نەدار، کە سروشتی ئەم هۆشیارییە دیاری دەکات.
هەورەها تێڕوانینی ئایدیالیستی بوونی بەها و پێوەر و میکانیزمە جێگیرەکان بەشێوەیەکی ڕەها و نامێژوویی بۆ ئەدەب و هونەر دەبینێت، ئەم ڕەوتە سەرنج دەخاتە سەر خودی هونەرمەند، دوور لەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژی، جا چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە یان شێوازی بەرهەمەکەیەوە بێت. لە کاتێکدا تێروانینی ماتریالیستی پێی وایە کە بەهاکان و پێوەرەکان و بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان دەربڕینی واقیعێکی کۆمەڵایەتین لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا، ڕەنگدانەوەی بەرهەمی هونەرمەند یان نووسەر هەرچییەک بێت، لەڕاستیدا دەربڕینێکە بۆ بارودۆخە باوەکانی ناو کۆمەڵگە، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی ناهۆشیارانەش بێت.
ئەگەر کارە هونەرییەکانی مرۆڤە سەرەتاییەکان وەربگرین کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی ئێجگار دوور، دۆزینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مرۆڤی پێش پەیدابوونی مێژوو، واقیع و ژیانی ڕۆژانەی خۆی بە شێوەی هونەری دەربڕیوە، چەشنی ئەو وێنانەی لەناو ئەشکەوتەکاندا دۆزراونەتەوە. وەک ئەشکەوتی تامیرا لە ئیسپانیادا و ئەشکەوتی سێ خوشک لە فەرەنسا. ئەم کارە هونەرییانە وێنەی مرۆڤگەلێکیان وێنا کردووە کە ئاژەڵ ڕاو دەکەن و پرۆسەی ڕاوکردنەکانیان بەرجەستە کردۆتەوە. هەروەها هەندێک لەو وێنانە؛ وێناکردنی مرۆڤەکانن کە لەگەڵ ئاژەڵە دڕندەکاندا لە زۆرانبازی دان و ئەمەش ڕەنگدانەوەی خواستی مرۆڤی سەرەتایی بوو بۆ زاڵبوون بەسەر سروشتدا لە ڕێوڕەسمێکی جادووییدا. لە ڕێگەی ئەم کارە هونەرییانەوە کە زۆرجار جۆرێک لە ڕێوڕەسمی جادوویی بووە کە کەسێکی ئەو سەردەمە بەپێی تێگەیشتنی خۆی پێیوابووە کە توانای شکستپێهێنانی نێچیرەکەی هەیە.
خۆ ئەگەر بچینە سەر ئەدەب و هونەری میزۆپۆتامیاش، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە دەربڕینە ئەدەبی و هونەرییەکان بەرهەمی سروشتی ئەو قۆناغەن و ئەو هونەرەی کە لە چیرۆک و داستان و شێوازەکانی هەڵکۆڵراوە هونەرییەکانی شوێنەوارەکاندا دەربڕدراون، بە پلەی یەکەم گوزارشت بوون لە نیگەرانییەکانی مرۆڤ لەو قۆناغەی میزۆپۆتانیا و هەورەها لە تێگەیشتن بۆ پەیوەندی لەگەڵ سروشت و ئەوانی دیکە و خوداوەندەکاندا. ئەو ئەدەب و هونەرە گوزارشت بوو لە پێگەی دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی و خێڵەکیی لەو مێژووەدا و هەورەها بەو پێیەی دەسەڵاتی ئایینی ئەو بناغەیە بوو کە فەرمانڕەواکان لە سۆمەر، بابل، یان ئاشوور شەرعیەتی خۆیانیان لێوەی وەرگرتووە. بەرهەمە شیعری و گێڕانەوەکان زۆرجار دەربڕینی گەورەیی و پاڕانەوە بوونە لەخواوەندەکان. بە هەمان شێوە ململانێی مرۆڤ لەو قۆناغە مێژووییەدا لەگەڵ سروشت و ئەو دەرد و پەتا و نەخۆشییانەی کە دووچارییان دەبوو، لە داستان و شیعر و هونەری پەیکەرسازیدا بەرجەستە کراونەتەوە.
هەروەها بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکان چەشنی تابلۆ قوڕینە نووسراوەکان و چیرۆک و پەندی پێشینان، وێنەی کشتوکاڵ و دروێنە و ڕاوکردن و شەڕیان گواستووەتەوە و دەقە سەرەکییەکانی ناو ئەفسانە و داستانەکان کۆشاون هەستکردن بە ئاسایش دەستەبەر بکەن و ئەو مەترسییانە لێکبدەنەوە کە مرۆڤ لەو کاتەدا ڕووبەڕووی بووەتەوە وەکو لافاو و وشکەساڵی و نەخۆشییەکان. بۆ نموونە داستانی گلگامش لە بەشێکیدا جە‌غد لەسەر بابەتی لافاو کردۆتەوە، ئەمەش گوزارشت لە بایەخی ئەم دیاردەیە (لافاو) دەکات لەسەر دانیشتوانی میزۆپۆتامیا، چونکە خەڵکی ئەم ناوچەیە توانای کۆنترۆڵکردنی لافاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتیان نەبووە. هەروەها هەمان شت بۆ گەلان و ناوچەکانی تریش کە بەدەست ئەم گرفتەوە ناڵاندوویانە ڕاستە. ئەمەش وایکردووە پرسی لافاو لە ئەدەب و هونەری ئەو سەردەمەدا باو بێت. واتە کاریگەری کارەساتە سروشتییەکان لەسەر مرۆڤی ئەو قۆناغە مێژووییە و هەوڵەکانی بۆ ڕازیکردنی خواوەندەکان لە بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکانی ئەو سەردەمەدا باو بووە.
ئەوەی بەسەر شارستانییەت لە میزۆپۆتامیادا پەیڕەو کراوە، شارستانییەتەکانی میسری و یۆنانی و ڕۆمانی و هەروەها ڕۆژهەڵاتی هیند و چین و شارستانییەتە کۆنەکانی تریشی لێ بێبەری نەبووە و بەپێی ئەو گەشەسەندنەی کە هەریەکێک لەو شارستانییەتانە پێی گەیشتوون، ئەدەب و هونەر وێنای سروشتی ژیان و بەرهەمهێنان و ململانێ و گۆڕانکاری و تێڕوانینەکانی زاڵی ناو ئەم کۆمەڵگایانەی لەو قۆناغە مێژووییەدا، کردووە.
دەکرێت بوترێت کە لێکدانەوە ئایدیالیستییەکان بۆ بەرهەمی هونەری و ئەدەبیی؛ دێت ئەم بەرهەمە لە هەلومەرجە ماددییەکەی دادەبڕێت و دوور لە ژینگە و ئەو ململانێیانەی لەناو کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن، لێکدەداتەوە. لە کاتێکدا تێڕوانینی ماتریالیستی پێی وایە ئەدەب و هونەر و سەرجەم بەرهەمە مرۆییەکانی تر ڕەنگدانەوەی قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوویین لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو و کاریگەریی دەسەڵات لەناو ئەو کۆمەڵگەیەدا.
شێوە و ناوەڕۆکی هونەر و ئەدەب لەگەڵ گۆڕانکاری پێکهاتەی ئابوری و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان، ئەویش ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت. ئەدەب و هونەر دوورترین بەرهەمی مرۆڤن لە سەقامگیری و چەقبەستوویی. ئەدەب و هونەر و ئەرکەکانیان لە کۆمەڵگەی چینایەتی تەژی لە ململانێ زۆر جیاوازترن لەو جۆرە ئەدەب و هونەرەی کە لە کۆمەڵگەیەکی سەرەتاییدا پشتگیری لە جیاکاری چینایەتی ناکەن، وەک ئەوەی لە کۆمەڵگەکانی پێش کشتوکاڵیدا هەبوون. هەموو هونەرێک بەرهەمی سەردەمی خۆی و بەرهەمی کارلێککردنییەتی لەگەڵ چەندین هەلومەرج و گۆڕانکاری هەمەجۆردا.
ئایدیالیستەکان هەمیشە ماتریالیستەکان بەوە تاوانبار دەکەن کە لەڕووی ئابوورییەوە هەوڵی لێکدانەوەی سەرجەم شتەکان دەدەن و ئەم بۆچوونەش تا ئاستێکی زۆر ڕووکەشانەیە. چونکە تێروانینی ماتریالیستی بە شێوەیەکی میکانیکی لە پەیوەندی نێوان ئابووری و هونەر ناڕوانێت، بەڵکو وای دەبینێت کە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی پڕ لە کارلێکە، لەناو کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا ڕوودەدات کە بنەما و بزاوتی لەسەر زەمینەی ململانێی نێوان چینی باڵادەست و چینی ژێردەستەدا دامەزراوە و ژێرخانی ئابووریش وەک ئامراز و هۆکارەکانی بەرهەمهێنان و سەرمایەش دەتوانێت سروشتی سەرخان وەک داب و نەریت و ئەخلاق و هونەر دیاری و ئاڕاستە بکەن. لەسەر ئەم بنەمایە شیعر و پەیکەرسازی و ڕۆمان و چیرۆک و مۆسیقا و هونەر و ئەدەبیاتەکانی تر، شێوەیان بەپێی شێوازی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو و بەپێی ئەو قۆناغە مێژووییەی کە ئەم شێوازە بەرهەمهێنانەی پێیدا تێپەڕیوە و هەروەها تا چەند ململانێکە لەناو ئەم شێوازەدا پەرەی سەندووە، دیاری دەکرێت.
دەتوانرێت بە کورتی دیارترین هێزەکانی کاریگەر لەسەر بەرهەمی ئەدەبی و هونەری لە هەر سەردەمێک لە سەردەمەکان ، بە واقیعی ئابووری و خەباتی چینایەتی بخرێنەڕوو، کە بەڕۆڵی خۆیان ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی و بنەماڵەیی و دەسەڵاتە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانی ترن، کە هەمیشە هەوڵدەدەن قۆرخکاری یان کاریگەری لەسەر شێوازە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنانی ئەدەبی و هونەری بکەن بەجۆرێک کە ئەگەر کاریگەرییەکە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت، لەڕێگەی بنیادنانی هونەر و ئەدەب و کلتووری دەسەڵات بە شێوازی جۆراوجۆر جا هۆشیارانە بێت یان ناهۆشیارانە. گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکان هەمیشە دەبنە هۆی گۆڕانکاری لە شێوە و ناوەڕۆکی ئەدەب و هونەر. بەو پێیەی هونەر و ئەدەبیاتی نوێ لەڕێگەی ئەو گۆڕانکارییانەوە دەسازدرێن، بەتایبەتیش لە کاتی تووندبوونەوەی ململانێ لە سەردەمی گواستنەوەدا بۆ نموونە لە قۆناغی کۆیلایەتییەوە بۆ قۆناغی دەرەبەگایەتی ململانێکە تووندتر دەبێتەوە یان بە پێی بارودۆخی هەر کۆمەڵگە و دەوڵەتێک کورت یان درێژ دەبێتەوە. ئەدەب و هونەریش لەگەڵ ئەو گۆڕانکاری و گەشەکردنەی کۆمەڵگەدا شانبەشان و هاوتەریب هەنگاو دەنێت، بەمەش زەمینەی ئەو گۆڕانکارییە و گوزارشت کردن لێی، بە شێوازی هونەری و گێڕانەوە و داستانیی دەردەبڕێت. هەر ڕێک وەکچۆن لە گۆڕانکاری شێوازی بەرهەمهێنانی فیۆداڵی بۆ شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا دەبینرێت.
ئەگەر بۆ نموونە شانۆنامەکانی شکسپیر وەربگرین، لە یەکێک لە لایەنەکانیاندا، گوزارشت بوون لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی سەرمایەداریی بازرگانی و پێکهاتنی دەوڵەتەکان بە مانا مۆدێرنەکەی، کە دەوڵەتگەلێک بوون مەیلی ناوەندی ناسیونالیستییەکی ناوەندگەرایان هەبووە کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە قووڵەکان یاوەری بوون و گرنگترینیان کەمبوونەوەی ڕۆڵی دەرەبەگایەتی بوو لە ئەوروپای ڕۆژئاوا. ئەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنە پیشەسازییانەی لە سەردەمی ڕێنیسانسدا ڕوویاندا و هەوڵێک بوون بەرەو گۆڕانکاری بەئاڕاستەی کۆتایی سەردەمی فیۆداڵی. هەروەها ئەم شانۆنامانەی شەکسپیر دەربڕینێک بوون بۆ ئەو ئاڵۆزییەی کە یاوەری ژیانی کۆمەڵایەتی بوو لەو قۆناغەدا و ئەو سەردەمەش هەنگاونانی بەرەو تاکگەرایی بەخۆوە بینی. لە زۆربەی شانۆنامەکانی شکسپیردا ئەم ململانێ تاکەکەسییانە دەبینین کە هاملێت، ماکبێس، ئۆتێلۆ، لیر، یان پاڵەوانەکانی دیکەی شانۆنامەکانی ویلیام شکسپیر تووشی دەبن. باڵادەستی مەیلی تاکگەرایی عەلمانی و گۆڕینی مرۆڤ بۆ دروستکەر و بوون بەچەقی ڕووداوەکان، دوای ئەوەی کە کڵێسا هەژموونی بەسەر ژیانی ڕۆژانە و بیری تاکەکاندا دەستەبەر کردبوو. ئەمەش پێچەوانەی ئەو شانۆنامانەیە کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لە ئەوروپادا باو بوون کە لە ڕۆحێکی تاکگەرایی لاوازتر بەهرەمەند بوون. وەک چۆن کارەکتەرەکانی شانۆنامە و چیرۆکەکانی پێش شکسپیریش لە سەرەتاوە تا کۆتایی یەک کارەکتەری یەکجۆریی بوون، یان کارەکتەری باش بوون یانیش بەڕەهایی خراپ بوون. شانۆنامەکانی شکسپیر گوزارشت بوون لە قۆناغێکی نوێی واقیعی بابەتیی کە ئاڵۆزتر بوو لەو سەردەمانەی پێش خۆی. وەک گوزارشتکردن لە سەرهەڵدانی شێوازێکی نوێی بەرهەمهێنان لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییانەی کە لە هەناوی خۆیدا هەڵیگرتبوو.

هەروەها دەتوانرێت سێرڤانتێس وەک نموونەیەکی دیکەی گواستنەوە لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دیکە ببینرێت. ڕۆمانی مەزنی دۆنکیشۆت، ئەو ڕۆمانە گەورەیەیە کە بە ڕوونی و ڕەوانی کۆتایی سەردەمی سوارچاکی و ئاغایەتی و شکۆی داب و نەریتی فیۆداڵی کە تێیدا زاڵ بووە، دەرئەبڕێت. هەنگاونان بەرەو ژیانێکی نوێ کە سێرڤانتێس توانی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرجەستەی بکات و هەروەها پاڵەوانی ڕۆمانەکەش گوزارشتی لە بێهودەیی و مردنی بیرۆکەکانی سوارچاکی لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵوەشاندنەوەی شێوازی بەرهەمهێنانی فیۆداڵی کە لە ئەوروپادا زاڵ بوو، دەکات . سەرهەڵدانی ڕۆمان لە سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەمدا یەکێکە لە گرنگترین گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان و سەرهەڵدانی چینی بۆرژوازی.پاڵەوانی ڕۆمانەکان زۆربەی جار سەر بە چینی ناوەڕاستی بۆرژوازین، یان خەڵکی ئاسایین، لەبری ئەو دەرەبەگ و ئاغا و شازادانەی کە لە بەرهەمەکانی پێشوودا باو بوون. سەردەمی ڕۆشنگەری کە ئەوروپا پێش شۆڕشی فەرەنسی بەخۆوەی بینیبوو، گوزارشت بوو لە گۆڕانکاریی لە سەردەمی فیۆدالیزمەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی بۆرژوازی. ئێمە لە ماوەی زیاتر لە سەد ساڵدا چەندین نووسەر و هونەرمەند و بیرمەند و فەیلەسوفی وەک مۆلیێر، ڤۆڵتێر، ژان ژاک ڕۆسۆ، هێلڤیسوس، دیدێرۆ و چەندانی ترمان بینی، کە بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی ئەم گۆڕانکارییانە بوون و فەلسەفەی ماتریالیستیش پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەم گۆڕانکارییانە لە فیکر و فەلسەفە و ئەدەب و هونەر و ئایدۆلۆژیادا دەرئەنجامی گۆڕانکاریی ئابووری و سیاسی بوون و نەک هۆکارێک بن بۆ ئەو ئاڵوگۆڕانە. لە کاتێکدا ئایدیالیزم جەغد لەوە دەکاتەوە کە بەرهەمی ئەم نووسەر و هونەرمەند و فەیلەسوفانە لە پلەی یەکەمدا هۆکاری شۆڕشی فەرەنسا بوون! ماتریالیزم پەرەسەندنی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان و سەرهەڵدانی چینێکی نوێی پیشەسازی و بازرگان بە پێشکەوتن و داهێنانە زانستییەکانەوە دەبەستێتەوە بە گەشەسەندن و داهێنانە زانستییەکان کە سروشتی ژیانیان گۆڕی و بوونە هۆی فراوانبوونەوەی شارەکان، ئەمە جگە لە دۆزینەوەی جوگرافییەکان کە هەلومەرجی تازەتری لێکەوتەوە. هەموو ئەم هۆکارە بابەتییانە پێکەوە بەشداربوون لە سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی ئەدەب و هونەر نەک بە پێچەوانەوە.
لێرەدا دەتوانین باسی هەریەک لە بەلزاکی فەرەنسی و تۆڵستۆی ڕووسی بکەین، کە بە ڕوونی گوزارشتیان لە سەرهەڵدانی سەردەمێکی نوێ کرد، کە ئەویش سەردەمی سەرمایەدارییە بە هەموو ئەو دژایەتییەی کە لە هەناوی خۆیدا هەڵیگرتووە. ئەم دوو ڕۆماننووسە توانیان وێنای چەوسانەوە و کۆیلەکردنی ئینسان و هەروەها ڕۆڵی پارە لە دروستکردنی ململانێ لە نێوان خەڵکدا بکەن. هەورەها توانییان ڕادەی ئەو نامۆبوونەی کە بەهۆی ئەم شێوازە نوێیەی بەرهەمهێنانەوە دروست دەبێت چەندە و چۆن تەماح؛ موڵکدار و بازرگان و دەوڵەتەکان لەپێناو بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر دەداتەپێش تەنانەت ئەگەر بە شەڕیش بێت، گوزارشت لێبکەن. هەرچەند ئاراستە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانی ئەم دوو ڕۆماننووسە لەگەڵ سەرمایەداریدا بوون، بەڵام واقیعی فەرەنسا و ڕووسیا و ئەو ململانێیانەی لەو قۆناغەدا زاڵ بوون بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە وێنا کرد. هەرچەندە بەرهەمەکانی بەلزاک و تۆڵستۆی شۆڕشگێڕانە بوون، بەڵام چارەسەرەکانیان بۆ واقیع زیاتر چارەسەرێکی ئەخلاقییانە بوو.
ئەوەی بەسەر ڕۆمان و شانۆنامەدا پەیڕەو دەکرێت بۆ مۆسیقاش هەر بەو جۆرەیە. ئەم هونەرە لە ڕێگەی گەشەسەندنی درێژخایەنی خۆیەوە کە هەر لە سەرەتاوە هاوڕێی ژیانی مرۆڤ بووە، گوزارشتی لە خواستەکانی مرۆڤ کردووە و یەکێک بووە لەو ئامڕازانەی کە لە ڕێوڕەسمی جادوویی و ئایینیدا لە سەرانسەری قۆناغ و شێوازەکانی بەرهەمهێنانی جیاوازدا، بەکارهێنراوە. بۆیەش هەمیشە مۆسیقا و گۆرانی و سروود، یاوەری سرووتەکانی پەرستگا و کڵێسا و ڕێوڕەسمە بەکۆمەڵەکان بوون کە لەلایەن گروپەکانەوە ئەنجام دەدران بەو ئومێدەی لە خوداوەندەکان نزیک ببنەوە یان کارئاسانییەک بێت بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان بە ئاسمان. مۆسیقا لە واقیعی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنیان بۆ جیهان لەسەردەمە جیاوازەکاندا جیا ناکرێتەوە هەروەک چۆن مۆسیقا لە سەردەمەکانی پێشوودا ڕۆڵی خۆی بینیوە، لە سەردەمی ئێمەشدا گوزارشتی لە واقیعی کۆمەڵگاکان و ئاسۆ و ململانێکانیان و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لەناو شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا ڕوودەدەن، کردووە.
دانانی بارودۆخێکی ئابوری و سیاسی دیاریکراو، کە لە سەرەتای هەژموونییەوە تا داڕمان و نەمانی ئەم هەژموونە، وەک بەرهەمهێنانی ڕێبازێک یان قوتابخانەیەکی هونەری یان ئەدەبی، جۆرێکە لە بێهەڵوێستیی. چونکە لەناو ئەم یان ئەو شێوازەدا گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕ هەن کە هاوتەریب لەگەڵ ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییەکان و تووندی و لەسەرخۆبوونی شێوازی خەباتی چینایەتی هەنگاو دەنێن. بۆیە دەبینین کە شێواز و قوتابخانە هونەرییەکانی ناو شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، بۆ نموونە، قەیرانەکانی ئەم سیستەمە و گۆڕانکارییەکانی لە قوتابخانەکانی هونەر لە پێناو هونەردا و لەوێوە بۆ قوتابخانەی سوریالیستی تا دەگات بە قوتابخانەی دەروونناسی تا شێواز و قوتابخانەکانی تر، دەرکەوتنێکن کەشانبەشان ئەو گۆڕانکاری و شەڕانە بوون کە لەگەڵ جەنگی جیهانی یەکەم و دووەمدا ڕوویاندا. بۆ نموونە هونەر و ئەدەبی بێهوودەیی لەو قۆناغەدا برەویان پەیدا کرد، دوای پرۆسە بەربڵاو و ترسناکەکانی تێکدانی شارەکان و کوشتنی خەڵک بۆ ئەوەی خزمەت بە ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکان بکەن. ئەم قوتابخانانە بۆ ئەوە دەرکەوتن تا نائومێدی مرۆڤ دەرببڕن و دوودڵی و گومان لە توانای گۆڕینی ئەو واقیعە لای مرۆڤ بچێنن. لەگەڵ ئەم هەموو نەهامەتی و وێرانکارییانەشدا، زۆرێک لە نووسەران و هونەرمەندان بە شێوازی بێهوودەیی و بێمانا گوزارشتیان لە واقیع دەکرد.ڕێک بە پێچەوانەی ئەدەبیاتی واقیعی شۆڕشگێڕانە کە هاندەری گۆڕانکاری و ڕزگاری بوو.
ئەگەر تەماشای سەرهەڵدانی سوریالیزم بکەین وەک قوتابخانەیەکی هونەری و ئەدەبیی کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە پاریس سەریهەڵدا، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم ڕێبازەش گوزارشتە لە کاریگەربوونی بە کۆمەڵێک لەو ئاڵوگۆڕانەی کە بەشدارییان لە شکڵپێدانیدا کردووە. یەکەمینیان باڵادەستی قوتابخانەی شیکاری دەروونییە لە ئەوروپا وەک فەلسەفە و میتۆدێکی چارەسەریی کە پشت بە لێکدانەوەی خەونەکان و نائاگایی و ململانێ سێکسییە سەرکوتکراوەکان دەبەستێت. ئەم هێزە وێرانکارە ناوخۆییانە مرۆڤ بەرەو لەناوچوون و شەڕ و مردن پاڵ دەنێت (غەریزەی شەڕانگێزی و مردن). ئەگەر ئەم تێڕوانینانە زاڵ بن بەسەر دەروونناسیدا، ئەوا زۆرێک لە زانستە مرۆییەکان و تەنانەت ئەو قوتابخانە فەلسەفییانەش کە لەسەر بنەمای ماتریالیزم دامەزراون وەک قوتابخانەی فرانکفۆرت، ئەمە سەرباری شەڕێکی ماڵوێرانکەر لە ئەوروپا کە بە ملیۆنان کەس بوونە قوربانی، وایکرد ئەم ڕێبازە لە بیرکردنەوەی لۆژیکی هۆشیارانە و تەنانەت زانست و هونەریش بێتوانا بێت و ئیتر ئەم ڕێبازە هونەرییە بەرەو ناعەقڵانییەت و نائومێدی هەنگاوی نا.

بنەمای ماددی بۆ داهێنان لە ئەدەب و هونەردا
زۆرێک لەو لێکدانەوە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەی کە هەن باسیان لە بابەتەکانی داهێنان لە زانست و هونەر و ئەدەبدا کردووە. وەک باسکردن هۆشیاری بە هەموو جۆرەکانییەوە. لێرەدا دوو تێڕوانین لەئارادان سەبارەت بە بنەچەی داهێنان لە هونەر و ئەدەبدا. یەکەمیان تێڕوانینی ئایدیالیستییە کە داهێنان لە ئەدەب و هونەر وەک حاڵەتێکی نەخۆشیناسیی یان حاڵەتێکی ئیلهامبەخش و شتی تر سەیر دەکات. ئەو تێڕوانینانەی کە بەرهەمی کار لە دەوروبەر و بارودۆخی ماددی و مێژوویی جیا دەکاتەوە. ئەوی تر تێڕوانینی ماتریالیستییە کە داهێنان بە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووری قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراوی دەبەستێتەوە، هەروەها ئەو دەرفەت و هەلومەرجانەی لەبەردەستی نووسەر یان هونەرمەندان کە پاڵی پێوە دەنێن بۆ خولقان و داهێنان. سەرەتا بەو تێڕوانینە ئایدیالیستییە دەست پێدەکەین کە زۆرێک لە ڕوانگە دەروون شیکارییەکان نوێنەرایەتی دەکەن. دیارترینی بۆچوونەکان کە لە بازنەی زانستی و ئەکادیمی و تەنانەت لە ئاستی جەماوەریشدا ناوبانگیان بەدەستهێناوە، بریتین لە:
یەکەم: ئەو تیۆریانەی کە داهێنان بە شێتی و نەخۆشییە دەروونییەکانەوە دەبەستنەوە و پێشەنگی ئەم ڕەوتە توێژەری ئیتاڵی لۆمبرۆسۆ و پزیشکی مەرەنسی بۆ نەخۆشییەکانی مێشک کریستجامەر بوون. پوختەی ئەوەی کە لۆمبرۆسۆ لە کتێبەکەیدا ( بلیمەتدار) جەغدی لەسەر دەکاتەوە ئەوەیە کە پەیوەندی لە نێوان شێتی و نەخۆشی دەروونی یان بلیمەتیدا هەیە و بلیمەتیش بە بۆچوونی لۆمبرۆسۆ؛ شێتییە. ئەو وای دەبینێت لەدەستدانی هاوسەنگی لە ڕوانگەیەکی ئەناتۆمییەوە لەناو مێشکی داهێنەردا ئەوەیە کە دەبێتە هۆی ئاوسانی مێشک یان گرژبوونی چەند بەشێک لە مێشک. ئەم ناهاوسەنگییەش لە بلیمەتیدا داهێنان دەخولقێنێت. بەڵام کریستجامەر بلیمەتی یان داهێنان وەک لادانێکی نەخۆشی دەمارەیی و بۆماوەیی دەبینێت کە تایبەتمەندی هەندێک خێزان بێت، ئەو توێژینەوەی لەسەر هەندێک لەخێزانەکان وەک خێزانەکانی بیتهۆڤن، کۆتێ، باخ و مایکل ئەنجێلۆ کرد و گەیشت بەو ئەنجامەی کە خێزانەکانی ئەم داهێنەرانە هەڵگری لادان و نەخۆشییەکانی مێشک بوون. ئەم تێڕوانینە لەلایەن لێکۆڵینەوە و توێژینەوە زانستییەکانەوە پووچەڵ کراوەتەوە، بەڵام هێشتا بۆچوونێکی بەربڵاوە لە نێو هەندێک لە ڕۆشنبیران و ئەکادیمییەکان.

دووەم: هەرچی فرۆیدە بە پلەی یەکەم لێکۆڵینەوەی لە داهێنانی هەندێک لە هونەرمەند و نووسەرەکاندا کرد، لەسەرووی هەمووشیانەوە لیۆناردۆ داڤینشی و دۆستۆیڤسکی، لێکدانەوەی فرۆید بۆ داهێنانی ئەم دوو داهێنەرە کە لە تیۆری گشتی دەروونشیکارییەکەیدا هاتووە،وای دەبینێت کە لە ئەدەب و هونەردا دۆخێک دێتە ئاراوە وەک ئەوەی فرۆید بە میکانیزمی بەرگری ناوزەدی دەکات. لە نێو مرۆڤە داهێنەرەکانیشدا وەک میکانیزمی خوویەکی نزم و ناپەسند سەرهەڵدەدات، ئەمەش هۆکارێکە کە مرۆڤ بە شێوەیەکی نائاگایی پەنای بۆ دەبات بۆ ئەوەی بەسەر پاڵنەرە سێکسییەپێویستییەکانی زاڵ بێت و ئەویش لە ڕێگەی داهێنانی هونەری یان ئەدەبی یان تەنانەت بیرکاری یان زانستییەوە، خۆی لێ خاڵی دەکاتەوە. فرۆید پێیوایە هونەرمەند و نووسەرانی داهێنەر هەمیشە نێرگسین و ئارەزووی سێکسییان بۆ خودی خۆیان هەیە و داهێنانیش بەوجۆرە، حاڵەتێکی سێکسی بایۆلۆژییە. بۆیە هونەرمەندی داهێنەر بە تایبەت ناتوانێت ئارەزووە سێکسییەکانی خۆی لە ئەنجامی فشاری کۆمەڵایەتی و ئەو قەدەغەکردنانەی کە بەسەریدا دەسەپێنرێت، تێر بکات.
ئەمانە ئەو تیۆرییانە بوون کە هەوڵیاندەدا داهێنان وەک حاڵەتێکی نەخۆشی بایۆلۆژی ڕوون بکەنەوە. وەک ئاماژەشمان پێدا زانست پشتگیری ئەم بۆچوونانە ناکات سەباری ئەوەی کە بەسەر زاری زۆر کەسەوە دەوترێنەوە. داهێنەرانیش وەکو زۆربەی خەڵک ڕەنگە هەندێکیان بەدەست شڵەژان یان نەخۆشییە دەروونییەکانەوە بناڵێنن، بەڵام دانانی ناوی نەخۆشی دەروونی یان شێتی بۆ سەرجەم داهێنەران زۆر دوورە لە ڕاستییەوە و تەنانەت توێژینەوە دەروونی و نەخۆشییە دەمارییەکانیش بێپەروا پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە نەخۆشی دەروونی یان نەخۆشی مێشک لەزۆربەری بوارە زانستی هونەری و ئەدەبییەکاندا، ڕێگری لە داهێنان دەکەن.
سێیەم: تیۆرییەکی تر هەیە کە داهێنان نەک وەک حاڵەتێکی نەخۆشی، بەڵکو وەک حاڵەتێکی سروشتیی دەبینێت، بەڵام ئەمە بۆ هەموو مرۆڤەکان وکو یەک بەردەست نییە. کەسانێک هەن بەهرەمەندن یان بلیمەتن و کەسانی تر بەوجۆرە نین. ئەم تیۆرییە داهێنەر لەو ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی کە تێیدا گەورە بووە و ئەو بوارەی بۆی ڕەخساوە و ئەو دۆخەی پێیدا تێپەڕیووە، دادەبڕێت. زاناکانیش هەمیشە لەهەموو بوارە جیاجیاکاندا بەوجۆرە دەڕواننە داهێنەران کە ئیلهام و چرکەساتی دەرکەوتنیان هەیە، لێکدانەوەشیان بۆ داهێنان، لێکدانەوەیەکی سۆفییانەیە. هەمیشە ساتی دەرکەوتن و هاتنی ئیلهام دەبەستنەوە بە بێ نەخشەیی و پلانیی و دوور لەو بارودۆخەی کە دا‌هێنەر بیر لەو چرکەساتانە بکاتەوە. وەک ئەوەی دۆزینەوەی لەناکاوی یەکێک لە یاساکانی بیرکاری پۆینکاریێردا، یان وەک ئەوەی نیوتن بە کەوتنە خوارەوەی سێوێک بەسەر سەریدا گەیشت بە یاسای کێشکردنی زەوی. بەمجۆرە بەنسبەت هەندێک لە نیگارکێشەکان کاتێک کە بیرۆکەیەکی دیاریکراوی بەپەلەیان بۆ دێت، دواتر دەچنە سەر کار و تابلۆکانیان بە شێوەیەک بەرجەستەی دەکەن وەک ئەوەی لە خەونێک بچێت؛ چەشنی سوریالیستەکان و ئەوانی دی. ئەم تیۆرییە هەمیشە سەرنج دەخاتە سەر ئەو خاڵەی کە هەندێک کەس خاوەنی بلیمەتی و زیرەکی لەڕادەبەرن و لە کۆتاییدا ئەم زاراوانە ناڕٶشنن و ناتوانرێت ڕوون بکرێنەوە.
ئەم بۆچوونەش هەر بەوەوە دەوەستێت وەسفی ئەوەی کە لە ڕاستیدا چی بەکردەوە لە مێشکی داهێنەردا دەگوزەرێت،بکات ،بەبێ ئەوەی گرنگی بەو هۆکارە کلتووری و کۆمەڵایەتییانە بدات کە دەبنە هۆی ئەم داهێنانە. هەروەها بنەمای مێشک بۆ پرۆسەی داهێنان پشتگوێ دەخات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مێشک ئەو ئامڕازەیە کە کارلێک لەگەڵ ژینگەدا دەکات و نوێنەرایەتی ئەم ژینگەیەش دەکات بۆ بەرهەمهێنانەوەی لە شێوەی بەرهەمی هونەری و ئەدەبی و زانستیدا.
چوارەم: سەبارەت بە بنەمای ماتریاڵیستی بۆ داهێنان لە ئەدەب و هونەردا، کە ناونیشانی باسەکەی ئەمڕۆمانە، ئەو تیۆریییە کە لە ماوەیەکی دوور و درێژ شکلگیریی کرد و لەگەڵ کارئەندامزانی ڕووسی ئیڤان پاڤلۆڤ گەیشت بە پلەی پێگەیشتن. ئەو تیۆرییە پێی وایە داهێنان لە هەموو شێوەکانیدا بنەمایەکی بایۆلۆژی هەیە کە بە کاری مێشک نوێنەرایەتی دەکرێت، ئەمەش بە دەوری خۆی بەرهەمی قۆناغێکی گەشەکردنە کە مرۆڤایەتی بە چەندین گۆڕانکاری لە ملیۆنان ساڵ بەر لە ئێستاوە تا هەنووکە پێیدا تێپەڕیوە و تا دەگات بەو توێژینەوە مۆدێرنانەی کە باس لە بابەتی داهێنان لە زانست و هونەر و ئەدەبدا دەکەن .

تێڕوانینی ماتریالیستی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە لە غیابی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و کولتووری گونجاودا، کەسی داهێنەر ناتوانێت داهێنەر بێت. ئەوەی ژینگەی سروشتی و کۆمەڵایەتی لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا دابینی دەکات و ئەو ململانێ و گۆڕانکارییانەی کە یاوەریی دەکەن و وە ئەو هۆکارانەی پەیوەستن بە گەشەپێدانی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بنەمان بۆ داهێنان لە هەر بوارێکدا. هەروەها داهێنان بۆ نموونە لە وێنەکێشان، ڕۆمان، یان مۆسیقا کاری پڕ زەحمەت لە مرۆڤ دەخوازێت کە ڕەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت. داهێنان لەناکاو ڕوونادات وەک هەندێ کەس وای دەیبینن وەک ئەوەی کێشەی ئیلهام، سرووش، یان بلیمەتی دوور لە واقیعی زیندووەوە بێت. بەڵکوو دوای لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ و درێژخایەن دێت و پێویستی بە هەوڵ و تەقەللایەکی زۆر هەیە، چونکە هەر بەرهەمێکی داهێنەرانەی مەزن و کاریگەر و هەر بەرهەمێکی ئەدەبی نەمر، ئەوە لە داهێنەرەکە دەخوازێت کە ئەزموونەکانی پێش خۆی وەرگرێت و هەرسیان بکات و ئینجا گوزارشتیان بکات. ئەمەش وا لە مێشکی داهێنەر دەکات کە تووشی ململانێیەکی ناوخۆیی بێت و لەم ڕێگەیەشەوە بە تەواوی سەرقاڵی بەرهەمەکەی دەبێت.
بنەمای ماتریاڵیستی بۆ داهێنان، مێشکی مرۆڤ کە ئاڵۆزترین مێشکی سەر ڕووی زەوییە دەکات بە جەوهەری خۆی. ئەوەشی وا لە مرۆڤ دەکات بتوانێت داهێنان بکات و هونەر و ئەدەب بەرهەم بهێنێت ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییە گونجاوەیە کە دەبێت لەبەردەستدا بێت. ئەگەر دەرفەت بۆ کەسێکی دیاریکراو و هەروەها هەلومەرج و پەروەردەی گونجاو لە تەمەنی منداڵییەوە بۆ دابین بکرێت، بۆ نموونە هاندەری بێت لە بواری ئەدەب و هونەردا، ئەوا چینی ژێرەوەی مێشک کە بەرپرسە لەم جۆرە چالاکییە لای کەسی داهێنەر چالاکتر دەبێت و ژمارەی خانە دەمارەکانی ئەم بوارە زیاتر دەبن بەبەراورد بەو کەسانەی کە لەسەر ئاستی ئەدەبی و هونەریدا سەرقاڵی داهێنان نین. توێژینەوەکان ئەوەش پشتڕاست دەکەنەوە و دەڵێن ئەو جێگایانەی بە پلەی یەکەم مامەڵە لەگەڵ سۆز و هەستەکاندا دەکەن، یەکێکە لە جیاکەرەوە گرنگەکانی بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکان. بەڵام سەبارەت بە زانایانی فیزیا و بیرکاری و لقە زانستییەکانی تر، ئەو ناوچانەی چینی خوارەوەی مێشکیان بەرپرسن لە بیرکردنەوەی لۆژیکی، کە زیاتر لێکهەپێکرانی دەماریان هەیە لە چاو ئەوانی تر. بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین داهێنان لە ئەدەب و هونەردا لە ڕێگەی نەخۆشیی مێشک یان دەروونەوە نایەتە دی و هەورەها جۆرێک نییە لە ئیلهام و ناوازەیی دوور لەو هەلومەرجە بابەتییانەی کە دەوری خوڵقێنەرەکەیان داوە و هەروەها دەرئەنجامی بەرزبوونەوەی غەریزەی سێکسی سەرکوتکراویش نییە، بەڵکو داهێنان لە جەوهەری خۆیدا دەرئەنجامی کارلێکی ژمارەیەکی زۆر لەو هۆکارانەی ناو ئەو ژینگەیەی مرۆڤە کە تێیدا دەژی و ناو مێشکی ئەو مرۆڤەیە کە بەرهەمێک بەرهەم دێنێت.
تێبینی : ئەم وتارە لە کۆڕبەندی دووشەممەی مەعریفی لە ٢٨ ی شوباتی ٢٠٢٢ پێشکەش کراوە.

سەرچاوە : التصور المادي للابداع في الادب و الفن، بقلم احمد مرزوک، موقع منظمة البدیل الشیوعي في العراق https://www.albadeel-alsheoi.org/ar/?p=7151




هۆکاری پشت نەنووسینی مەزهەب و نەتەوە لە سەرژمێریی عێراق: مەترسییەکانی سەر کورد و سوننە.. شێرکۆ کرمانج

عێراق وڵاتێکە کە کەمترین سەرژمێریی لێ کراوە بەڵام هەرکاتێک کرابێت، زۆرترین گەمە لەگەڵ زانیارییەکان کراوە و بۆ مەبەستی سیاسی و ئایدیۆلۆجی بەکارهاتووە. ئەم سەرژمێرییەی ئەمجارەی ٢٠٢٤، گوایە ناسیاسییە و زانیارییەکان بۆ پلاندانان بۆ گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەکاردێن، بەڵام من پێموایە ئەمجارە زۆر لە جارانی پێشووتر، مەرامی سیاسی و ئایدیۆلۆجی و مەزهەبیی و نەتەوەیی لە پشتە. لەم کورتەبابەتە، بە خێرایی هۆکارەکانی دانەنانی پرسیاری نەتەوە و مەزهەب دەخەمەڕوو، لەویشەوە بۆمان دەردەکەوێت کە چەندە پلانی سیاسیی و مەزهەبگەرا لە پشت ئەم سەرژمێرییەوەن. هاوکات مەترسییەکانی سەر کورد لە بوون لە عێراق-دا گفتوگۆ دەکەم.
سەرەتا با باسی ئەوە بکەین کە بۆچی مەزهەب لە فۆرمی سەرژمێرییەکەدا نەنووسراوە؟ بۆ تێگەیشتن لەمە دەبێت بزانین کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا چ گۆڕانکارییەک بەسەر دیموگرافیای شیعە لە عێراق-دا هاتووە.
یەکەمین سەرژمێریی لە عێراق لە ١٩٢٧ کراوە، بەڵام زانیارییەکانی ورد نەبوون و پرسیاری نەتەوە نەکراوە، بەڵام دین و مەزهەب هەژمار کراون. هەر چۆنێک بووبێت، زنیارییەکان هەندێک ئاماژە نیشان دەدەن. بۆ نموونە، لەو سەروبەندەدا کۆی دانیشتوانی بەغدا ٢٥٠ هەزار کەس بووە، لەو ژمارەیە سوننەکان ١٣٠ هەزار کەس بوون (بە ڕێژەی ٥٢٪)؛ شیعەکان ٥٤ هەزار کەس بوون (بەڕێژەی نزیک لە ٢٢٪)، جووەکان ٥٠ هەزار کەسێک بوون (بەڕێژەی ٢٠٪). دیارە بەشێکی زۆر لە شیعەکان کوردە-فەیلییەکان بوون، واتە شیعەی عەرەب هەر ئێجگار کەم بووە (تەماشای وێنەی هاوپێچ بکەن).
بابزانین لە سەد ساڵی ڕابردوو ئەم ڕێژەیە چی بەسەر دێت. لە ١٩٥٧، ژمارەی دانیشتوانی بەغدا لە ٢٥٠ هەزارەوە لە ١٩٢٧ بەهۆی کۆچ لە دێهات و شارەکانەوە چواربار زیاد دەکات بۆ نزیکەی ٨٠٠ هەزار. ئەمەش زیادبوونی ژمارەی شیعەکانی لە بەغدا لێ دەکەوێتەوە . ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی شیعە لە ٢٢٪ بۆ نزیکەی ٥٠٪ زیاد بکات (تەماشای کتێبەکەم “شوناسی عێراق” بکە، ل. ١٧٧). وەک ئاگادارن شەڕی شیعە-سوننە لە ساڵانی ٢٠٠٣ تاوەکوو ٢٠٠٨ بووە مایەی دەرپەڕاندنی ژمارەیەکی زۆر لە سوننەکان لە عێراق بەگشتی و لە بەغدا بەتایبەتی. بۆیە وەک لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە عێراق لە ٢٠٠٩ دەردەکەوێت چیدیکە بەغدا شارێکی زۆرینە سوننە نییە بەڵکوو شارێکی شیعەنشینە، بەزۆرینەیەکی ڕەها. لیستە سوننییەکان بەسەریەکەوە تەنیا ١٦٪ ی کورسییەکانی بەغدا-یان بردەوە، لەبەرابەردا لیستە شیعییەکان ٧٠٪ ی کورسییەکانی بەغدا-یان مسۆگەرکرد. لە دوا هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق لە ٢٠٢١، هەر دوو لیستی سوننە، عەزم و تەقەدوم، بەسەریەکەوە ١٧٪ دەنگەکانی بەغدایان بردەوە و شیعەکانیش زیاتر لە ٨٢٪. هەموو ئەمانە کەم تا زۆر ئاماژەن کە ڕێژەی شیعە لە بەغدا لە سەد ساڵی ڕابردوو لە نزیک لە ٢٠٪ ەوە بۆ زیاتر لە ٨٠٪ بەرزبۆتەوە. ئەمەش ڕێژەیەکی ئێجگار زۆرە، واتە بەغدا لە شارێکی سوننەنشینەوە بووە بە شارێکی شیعە. هەر کەسێک بەغدای لە چەند ساڵی ڕابردوو دیبێت، بە ڕوونی هەست بەوە دەکات. من خۆم ئەمساڵ دوو جار سەردانی بەغدا-م کرد.
لێرەوە دەزانین کە بۆچی پرسیاری مەزهەب لە فۆرمی دوا سەرژمێریی لە عێراق دەرهێنرا، چونکە ئەگەر پرسیاری مەزهەب کرابا ئەوە ژمارە و ڕێژەی سوننە هەم لە عێراق هەم لە بەغدا دەردەخست کە چەندە کەمی کردووە. ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری لێ دەکەوتەوە نەک هەر لەناو عێراق بەڵکوو لە دنیای عەرەبی و ئیسلامیش. سوننەکان لە هەر کوێیەک بن دەیان پرسی “بەغدای هاڕونە ڕەشید”، واتە بەغدای سوننەکان، بۆ وای بەسەر هات. ئەوە بێجگە لەوەی کە زانیارییەکان نیشانی دەداین کە چۆن شار و پارێزگا سوننەکان بەشیعەکراون، چۆن بەسرە لە سوننە خالی کراوە، چۆن سامەڕا و تەلەعفەر بەتەواوی بە شیعەکراون ئامادەیی بۆ بەپارێزگاربوونیان دەکرێت، واتە پرۆسەی تەشیع لە عێراق دەردەکەوت. هاوکات، ئەگەر داتاکان یارییان لەگەڵدا بکرێت، کە من ئەوە بە ئەگەرێک دەزانم، ئەوە لە غیابی نەتەوە و مەزهەب بەدیارناکەوێت کە بە قازانجی کێ گەمەکە کراوە. بە دوو وشە، مەزهەب نەنووسرا تاوەکوو پڕۆسەی بەشیعەکردنی عێراق بشاردرێتەوە.
بۆ دەرکەوتنی ژمارە و ڕێژەی کوردیش ئەمە هەر ڕاستە. ڕێژەی کورد لە عێراق لە ڕۆژی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە لە کەمبوونەوەدایە. لە یەکەم سەرژمێریی باوەڕپێکرا لە عێراق-دا، بەپێی سەرچاوەکان دەردەکەوێت، ڕێژەی کورد لە عێراق ساڵ بە ساڵ کەم دەکات. لە ١٩٤٧ ڕێژەکە زیاتر لە ٢٨٪ بووە، تا ١٩٨٧ بۆ کەمتر لە ٢٢٪ دابەزیوە. لە ١٩٩٧ ڕێژەکە کەم دەبێتەوە بۆ کەمتر لە ٢٠٪. لە دوای ٢٠٠٣، تا ماوەیەک بودجەی هەرێمی کوردستان بە ١٧٪ دیاری دەکرا، لەسەر ئەو بنەمایەی کە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم بە بەراورد بە عێراق لەو دەوروبەرەیە. ئەگەر کوردەکانی دەرەوەی هەرێمیش هەژمار بکەین ڕێژەکە دەگاتەوە نزیکەی ٢٠٪ ـەکە. واتە لە ١٩٤٧ بۆ ٢٠٠٣ کورد لە عێراق بە ڕێژەی ٨٪ کەمی کردووە، ئەوەش مانای ئەوەیە کە بەردەوام ڕێژەی کورد لە عێراق لە دابەزیندایە.
نازانم بڵێم خۆشبەختانە یان بەدبەختانە، لە دوای دامەزراندنی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩١، دۆخی خەڵکی کوردستان و ئاستی ڕۆشنبیریی و پەروەردە و خوێندنی کوردستانیان بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عەرەبی عێراق زۆر باشتر و بەرزترە. ھیچ شتێک ئەوە نەسلمێنێت، ڕێژەی گەشەی دانیشتوان، کەمیی ژمارەی منداڵ، ئەوە دەسەلمێنێت. ھەر کۆمەڵگەیەک پێشکەوتوو بوو، خێزان بچووکتر دەبێتەوە چونکە ژمارەی منداڵ کەم دەبێتەوە. ئەمە لە کوردستان بە بەبەراورد لەگەڵ عێراق بە زەقی ڕوویداوە. بۆیە ڕێژەی عەرەب بەردەوام لە زیادبوون و کورد لە کەمبوونە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە 2017 دا ژمارەی دانیشتوان لە عێراق بۆتە 37 ملیۆن، کە تەنیا 5 ملیۆن و 755 هەزار و کەسیان لە هەرێمی کوردستان دادەنیشن. واتە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم لە ١٧٪ لە ٢٠٠٣ بۆ ١٥.٥٪ دابەزیوە لە ٢٠١٧ دا. لەم سەرژمێرییەدا، من مەزەندە دەکەم، کە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم بۆ دەوروبەری ١٣٪ لە دانیشتوانی عێراق دابەزێت.
بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکەمان، بۆ بۆکسی نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێریی لادرا. من پێموایە هۆکارەکەی بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێتەوە:
یەکەم، ئەگەر نەتەوە لە فۆرمەکاندا بنووسرایە، ئەوە هەموو کوردێک دەیزانی کە نزیکەی ملیۆنێک عەرەب لە هەرێمی کوردستان-دا نیشتەجێن کە ترس و دڵەڕاوکێیەکی جددی دروست دەکرد لەسەر ئاراستەکانی هەرێم لە دواڕۆژدا، جا چ لە پەیوەند بە هەڵبژاردنی پارێزگاکان بێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێت، ڕاپرسی بێت لە هەرێم بۆ سەربەخۆیی یان هەر پرسێکی دیکە.
دووەم، عێراقییەکان نایانەوێت کوردستانیان بزانن کە ئەو ملیۆن عەرەبە، کە ڕۆژانە لە زیادبووندایە، لە دواڕۆژدا لە هەر ڕاپرسییەک بۆ هەموارکردنی دەستووری عێراقی لەوانەیە ئاراستەی دەنگدان لە پارێزگاکانی هەرێم (هەڵەبجە، سلێمانی، هەولێر، دهۆک) بگۆڕێت بە قازانجی شیعە و سوننە، واتە عەرەب لە عێراق-دا. لەبیرتان نەچێت بۆ هەموارکردنی دەستووری عێراق ئەگەر سێ پارێزگا بەپێچەوانەی هەموارکردنەکە دەنگ بدەن ئەوە هەموارکردنەکە ڕەت دەکرێتەوە. بە زیادبوونی ڕێژەی عەرەب لە هەرێمی کوردستان لە دواڕۆژدا ئەم ئەگەرە دێتەگۆڕێ، ئەمڕۆش نەبێت سبەی.
سێیەم، عێراقییەکان نایانەوێت خەڵکی کوردستان بزانن کە نزیکەی ٦٠٠ هەزار عەرەب تەنیا لە ٢٠٠٣ ـەوە تا ئێستا لە کەرکووک و دەورەبەری نیشتەجێ کراون. ئێستا ئەو ژمارەیە لای زۆر کەس زانراوە بەڵام بە فەرمیبوون و بە دەرخستنی لەلایەن دامەزراوەیەکی فەرمییەوە دەنگۆ کاردانەوەی زیاتری لێ دروست دەبوو، بۆیە نەیانویست خانەی نەتەوە لە فۆرمی سەرژمێرییەکەدا هەبێت.
چوارەم، خانەی نەتەوە هەبا، دوای دەرچوونی ئەنجامەکان دەردەکەوت کە ڕێژەی کورد لە عێراق لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو لە ٢٨٪ وە کەمبۆتەوە بۆ نزیکەی ١٣٪، واتە لە نیوە زیاتر کەمی کردووە. ئەمەش وای دەکرد کە ترسێکی گەورە لەنێو کوردستانیان دروست بکات، بەوەی مانەوەیان لەناو عێراق-دا مایەپووچە و ئەگەرەکانی لاوازبوونی پێگەی کوردستانیان دێنێتەگۆڕێ، کە ئاماژەکانی بە زەقی لەم ساڵانەی دواییدا دەرکەوتووە.
پێنجەم، کەمبوونی ژمارە و ڕێژەی کوردستانیان لە عێراق-دا، دوو بەرئەنجامی ئێجگار ترسناکی دیکەی لێ دەکەوێتەوە، لەوانەی پێشووتر ترسناکتر، کە خۆیان لە کەمبوونەوەی بودجەی تەرخانکرا و بۆ هەرێم و داکشانی ژمارەی کورسییە تەرخانکراوەکان بۆ پارێزگا کوردستانییەکان دەبینێتەوە.
با زیاتر لەم پرسە ڕوونین، لە خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق لە 2005، کوردستانیان ٥٨ کورسیان لە ٢٧٠ کورسی تەرخان کراو بۆ عێراق بردەوە (واتە، ڕێژەی کورسی براوە زیاتر لە ٢١٪ بوو). لە خولی دووەم لە 2010 سەرەڕای زیادکردنی کورسییەکان بۆ 325، کەچی ژمارەی کورسییە براوەکانی کوردستانیان بووە 57 (واتە، ڕێژەی کورسی براوە کەمی کرد بۆ ١٧.٥٪). لە 2014 لە کۆی 328 کورسی، کورد 61 کورسی مسۆگەر کردووە (واتە، ڕێژەی کورسی براوە تۆزێک زیادی کرد بۆ ١٨.٥٪). لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، کورد لە ٣٢٩ کورسی ٥٦ کورسی بەدەستهێناوە (واتە ڕێژەکە ئەمجارە کەمی کردووە و دابەزیوە بۆ ١٧٪). لە دوایین هەڵبژاردندا لە ٢٠٢١، ژمارەی کورسی کوردستانیان زیادی کرد بۆ ٥٨ کورسی (واتە ڕێژەکە تۆزێک زیادی کردووە بۆ ١٧.٥٪). بەگشتی، ئەم زانیارییانە پێمان دەڵێن کە ڕێژە و ژمارەی کورسییەکانی کوردستانیان لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە، ئەوە نەبێت کە کورد لە بچووکردنەوەی بازنە لە عێراق وەک یەک بازنە بۆ هەر پارێزگایەک یەک بازنە زەرەرمەند بووە و ڕێژەی کورسییەکان لە ٢١٪ بۆ ١٧-١٨٪ دابەزیوە.
بەڵام، دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە، لەبەر ئەوەی ژمارەی دانیشتوان لە پارێزگا عەرەبنشینەکان بە بەراورد بە پارێزگا کوردنشینەکان زۆر زیاد دەکات، ئەوە لێرە بەدواوە ڕێژەی کورسییەکانی کوردستانیان ئەگەری هەیە دابەزێت بۆ کەمتر لە ١٥٪. ترسە گەورەکەش ئەوەیە کە بەپێی دەستووری عێراقی دەبێت بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس نوێنەرێک هەبێت لە پەرلەمان، بۆیە ژمارەی کورسییەکانیش زیاد دەکرێت، لە ٣٢٩ وە بۆ نزیکەی ٤٦٠ کورسی، ئەوە ئەگەر ژمارەی دانیشتوان بگاتە ٤٦ ملیۆن. ئەوکات، لەبەر ئەوەی کە ژمارەی کورد بە بەراورد بە عەرەب کەمی کردووە نەک زیاد ئەوە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەیباتە زۆر کەمتر دەبێت، بەمەش هێندەی دیکە پێگەی کوردستانیان لە عێراق-دا لاواز دەبێت.
بەڵام ئەوەی من زەندەقم لێی چووە، ئەوەیە کە تا ئەو ڕادەی من ئاگادارم، ئەوانەی پێشبینی ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەکەن، ھەموویان پێیان وایە لە ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتوانی عێراق خۆی لە ٨٠ ملیۆن دەدات. لەو ڕێژەیە بەپێی ڕێژەی منداڵبوون لە نێو کورد و عەرەب، پێشبینی دەکرێت کە ڕێژەی کورد بۆ ٧٪ لە عێراق دابەزێت. ئەوەش پێگەی کورد نەک لاواز دەکات بەڵکوو هەر نایهێڵێت.
ئەم پێشهاتانە پێویستی بە قسەی زۆر و بیرکردنەوەی گەورە و ستراتیجیی ھەیە. بەڵام من یەک شت دەزانم و دەڵێم، ئێمە وەک کوردستانیان ھیچ چارەسەرێکمان نییە لە عێراق بێجگە لە جیابوونەوە، سەربەخۆیی، ئەگینا بە ٢٥ ساڵی دیکە کورد لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆکیش دەبێت بە کەمینە. بەکورتی، کورد یان خنکان یان جیابوونەوەی لە پێشە. خۆ ئەگەر سەربەخۆیی لەم قۆناغەدا زەحمەت، یان ئەگەرەکانی کەمە، ئەوە دەبێت کوردستانیان دوو شت بکەن، دەوڵەتئاسایەک لە ناو عێراق-دا بۆ کوردستانیان دروست بکەن، واتە هەرێم ببێت بە قەوارەیەک هاوشێوەی هەرێمی کیوبێک لە کەنەدا، تاوەکوو وەک ئەوان سیاسەتی خۆپاراستن لە هەڕەشە و ترس و هەژموونی هەرێمە ئینگلیزیزمانەکان پەیڕەو بکەن. هاوشێوەی کیوبێک، کوردستانیان دەبێت سیاسەتی پاراستنی زمان، سنووری هەرێم (دوای گێڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان)، کولتوور، مێژوو، دابونەریتی خۆیان بپارێزن، ئەگینا لەناودەچن.
بەکورتی، هەرێمی کوردستان یان دەبێت سەروەر و سەربەخۆ و ئازاد بێت یان سیاسەتی بەکیوبیککردنی کوردستان لە عێراق پەیڕەو بکات.




سەرژمێری هەنگاوێك بۆ وێناكردنی واقیعی دیمۆگرافی.. حامی احمد علی

دابەشكردنی داهاتەكان بەشێوازێكی دادپەروەری بەسەر پارێزگاكاندا ڕەنگ بێت زەقترین دروشمی سەرژمێری بێت لەعێراق، بەڵام هەستیارترین ئاماژە لەپشت ئەم دروشمەوە ئەستوربونی ڕەگە نەتەوایەتی و ئاینیەكانە كەبێگونان لەدوای ئەنجامی ئەم سەرژمێریەوە ئاماژەكانی دەردەكەون و داواكاریە نەتەوەیی و ئاینی و سیاسی و ئابوریەكان لەسەر ڕیژەی یاسایی و واقیعی دیمۆگرافی ئەم سەرژمێریەوە دەستنیشان دەكرێن، یەكێك لەخاڵە لاوازەكانی دۆزی كورد بەدرێژایی مێژوو پشتی پێ بەستوە ڕووكردنە چەك و پشتكردنە كاغەز بوە كەئەمڕۆش دیسان دەبێتە قۆناغێك و هەلێكی تری لەدەستچوو، لەهەموو سەردەمێكدا هێز و توانای سەربازی هیچ مەرج نەبوە بۆ سەرخستنی داواكاری نەتەوەیی، بەڵكو تەنها جێهێشتنی برینێكی قوڵی تربوە لەجەستەی زاماری نیشتماندا، ئامادەیی و كۆدەنگی سەركردە سیاسیەكان و پشتكردن لەبەرژەوەندیە كەسیەكان هۆكارێك بوە بۆ بەرەو پێشچونی دۆزی كوردو چارەسەری ڕیشەیی كێشەی كورد كەدیسان ئەمیش هەرگیز بەرجەستە نەبوە، بەڵام بەداخەوە هەمیشەو تائەمرۆش سیناریۆكان هەر چەندبارە دەبنەوە بەجۆرێك نەتوانراوە ئەو بەربەستە نهێنیە كەبەردەوام هۆكاربوە بۆ سەرنەكەوتن بشكێندرێت، هەربۆیەش لەقۆناغە یەك لەدوایەكەكانی شۆڕشی كورد لەئاستی باڵادا دۆڕاویین، سەرژمێریش یەكێكی ترە لەو هەلە زێڕینانەی كەدەكرێت ببێتە بناغەیەكی یاسایی و دەستوری بۆ گەڕانەوەی ناوچە كێشە لەسەرەكان لەلایەكەوەو دیاركردنی سەنگی هەرێمی كوردستان لەڕوی ژمارەی دانیشتوانەوە لەلایەكی ترەوە، لەیاسای سەرژمێری ژمارە (32)ی ساڵی (2023) لەمادەی (11)دا هاتوە كەدەڵێت دەبێت هەر (10) ساڵ جارێك پێویستە سەرژمێری گشتی ئەنجام بدرێت، هەر لەهەمان یاسادا لە مادەی (12)دا هاتوە ئەم سەرژمێریە هەموو ئەو عێراقیانە دەگرێتەوە كەلە دەرەوەی ووڵات دەژین بە جۆرێك باڵوێزخانەكان و ئەو لایەنانەی كەبەرژەوەندی عێراق دەپارێزن یان هەر ڕێگایەكی تر كەوەزیری پلان دانان دەستنیشانی دەكات دەبێت بەئەركی خۆی هەڵسێت لەم بوارەدا، بەڵام بەداخەوە دەیڵێم كەكوردانی تاراوگە بەشداریەكی لەسەدا سەدییان لەم سەرژمێریەدا نیە، عێراق (27) ساڵ لەبۆشایی سەرژمێریدا مایەوە، كەدەتوانین بڵێن بۆ هەرێمی كوردستان (37) ساڵیش دەكات، لەكاتێكدا لەیاسای ئاماردا لەمادەی یانزەدا هاتوە كەدەبێت هەر(10) ساڵ جارێك سەرژمێری گشتی لەعێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام بەچەند هۆكارو مەرامێكی سیاسیی و ئەمنی دواخراوە، ئەم سەرژمێریە لەعێراقدا بەدەیەمین سەرژمێری دادەنرێت و هەستیارترین و پڕبایەخترینیانە لەڕووی سیاسیەوە بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردنشینەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەیەكێك لەپایەگرنگەكانی شۆڕشی ئەم سەدەیە دادەنرێت لەكاتێكدا داهاتوی جیهان و ناوخۆی ووڵاتان بەرەو كرانەوەیەكی مەزنی بواری تەكنەلۆژیای سەربازی هەنگاو دەنێت، شۆڕشی چەكداری و بزوتنەوە كلاسیكیەكانی شاخ و شەقام كەهیوایان بەلولەی تفەنگەكانیانەوە هەڵچنیوە ڕۆڵێكی كاریگەر و ئەرێنیان نەماوە، ئەو شۆڕشانەی بەئارایشتی زاراوە فەلسەفیەكانی سەدەكانی ڕابوردوو پەیڕەو پڕۆگرامەكانیان دەنوسنەوە بەرەوپوكانەوەو لەناوچون دەچن، تائەم ساتەوەختە بەرهەمێكی ئەوتۆی لێ نابینین،بەداخەوە لەكاتێكدا دەرفەتێكی زۆر كەم ماوە لەبەردەم ئەم پرۆسە نیشتمانی و گرنگەدا هیچ هاندان و هەوڵێكی شایستە لەم بوارەدا بەدی ناكەین، ساتی نوسینی ئەم ووتارە بۆبەندەش هەر درەنگ بوو، بەڵام دەبوو هەر قسەیەكمان هەبێت، چونكە ماوەیەكی كەم بەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕیوە و بینیمان داهاتێكی خەیاڵی بۆ بانگەشە خەرج كرا، دڵگرانین لەساتە مێژووی و نیشتمانیەكاندا كەس خۆی بەخاوەنی پرۆسە چارەنوس سازەكان ناكات و ئامادە نیە بەتەنها پۆستەرێك لەمیدیاو شوێنە گشتیەكاندا بەشداری ئەم ڕووداوە مێژوویە بكات.
دیارترین ئەو ئاماژانەی لەناو پرۆسەی سەرژمێریدا چرای بەرپێی سیستەمی حكومڕانین بریتین لەهەلی كارو بێكاری و ئاستی بڕوانامەو نەخوێندەواری و چاودێری كۆمەڵایەتی و كەرتی كشتوكاڵ و كەرتی تەندروستی و دەستنیشانكردنی ڕێژەی نیوەی تەمەن و ڕێژەی كەم ئەندامی و گەشەی ئابوری و بازرگانی و دەسهاتی تاك و ئاستی وەبەرهێنان و كۆچی بەلێشاوی هاوڵاتیانی كوردو بێكاری لە ووڵاتدا، ئەم سەرژمێریە دەكرێت ببێتە پڕۆژەیەكی گشتگیر بۆ بەرچاو ڕوونی دەزگا حكومی ناحكومیەكان لە ووڵاتدا، هەروەها وەرچەرخانێكی مەزنی بەخۆداچونەوەی سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری و ئاستی وەبەرهێنان و دیاریكردنی شوێنی عێراقە لە پێوەرە نێودەوڵەتیەكاندا، فاكتەری سەرەكی شكستی كورد هەمیشە ئەوە بووە كەبەرامبەرەكانمان هەمیشە لەڕووی سیاسیەوە مەغرورنەبون و پاڵپشت بە یاساو ڕێنماییە دەستوریەكان هەڵسوكەوتیان كردوەو بارودۆخی هەرێمی و ناوخۆیی و نێوودەوڵتیان لەبەرچاوگرتوە، نەبونی ئامار و داتاكان هەمیشە لەمپەر بوەو بۆ ڕێكەوتنە سیاسیی و ئابوریەكان، بەغیابی ئامارێكی ووردو گشتگیر سەرجەم سێكتەرەكان لەڕەوڕەوەی پێشكەوتن دابڕاون، چونكە زانكۆكان و ناوەندە ئەكادیمیەكان بەتوێژینەوەكانیان ناتوانن ئەنجامێكی یەكلاكەرەوە بەبێ بونی ئامارێكی وورد فەراهەم بكەن.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ڕەچەڵەكی ووشەی ئامار لە زمانی لاتینیەوە بەمانای (دەوڵەتی سیاسی) دێت، واتە بەو مانایەی یەكەم هەنگاو كەدەوڵەت دەبێت گرنگی پێ بدات كۆكردنەوە و شیكردنەوەی زانیاریەكانە، لێرەوە تێدەگەین چەمكی ئامار چەندە لەڕوی ئابوریەوە گرنگە دوو هێندە لەڕووە سیاسیەكەیەوە قوڵتر ڕەگ لەناوەندی بڕیاردا دەچەقێنێت بەتایبەت لە سیستەمی حكومڕانی دەوڵەتێكی وەك عێراق، هۆشیاری تاكی كوردیش بەشێكی زۆری ئەم شكستەی بەردەكەوێت و رەِنگ بێت پەرچەكرداری برینداری كەسایەتی كوردو ستەم و نادادی كۆمەڵایەتی ناوخۆیی بێت بەهۆی دەسەڵاتی سیاسیەوە كەبوەتە دەرفەتێكی زێڕین بۆ نەیارەكان و بەشێكی بەرچاوی هاوڵاتیانی كوردستان لەپرۆسە نیشتمانیەكاندا بەشداری نەكەن بەپێچەوانەشە نەیارەكانمان توانیویانە هێزی خۆیان لەڕووی یاساییەوە سەقامگیربكەن و ئێمەش نائومێد بكەن.




گفتوگۆ لەگەڵ ئارام خەلیفانی.. هەڤپیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

ئارام خەلیفانی: ئەو شێوازەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان بەكاری دەهێنن باشترین شێواز و سیستەمی پەروەردەیە
ئارام خەلیفانی: زۆر نووسەر و پسپۆری بەتوانا و لێهاتوومان هەن كە دەتوانن گەشە بەپەروەردە و فێركردن بدەن
ئارام خەلیفانی: وەرگێڕان و نوسینەكانم هەم بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزیە و هەمیش پەروەردەیە
نووسەری بواری پەروەردە مامۆستا ئارام محەمەد عومەر ئەحمەد ناسراو بە( ئارام خەلیفانی) یەكێكە لەو نووسەرانەی كە لەرێگەی نووسینەكانییەوە خزمەتێكی بەرچاوی پەروەردە و فێركردنی كردوە بەتایبەتی لەبەشی فێربوونی زمانی ئینگلیزی دا.. ئەو دەرچووی بەشی زمانی كوردی فاكەلتی ئادابە لە زانكۆی سۆران تائێستا (10) كتێبی لەسەر پەروەردە و فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەچاپ گەیاندووە.لەنزیكەوە بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە:

هەڤپیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*ئەوهۆكارانە چین كەوای لە تۆی كرد رووبكەیتە نووسین و وەرگێران؟

  • هەستكردن بە كەم و كووڕی لەبواری پەروەردە و فێركردن و هەژاری لە فەرهەنگی كوردی لەهەمان كات دا هەبوونی بەهرە و توانام لەم بوارەدا كە لای خودای گەورە تاوانبار نەبم لەبەكارنەهێنانی وە سوود گەیاندن بە نیشتیمانەكەم و نەتەوەكەم چونكە هەبوونی بەهرە و توانا لەكەسێك و بەكارنەهێنانی بۆ بەرژەوە ندی گشتی وەك ژەهری مار وایە.
    *نووسین و وەرگێرانەكانت زیاتر لە بواری فێركردن وپەروەردەیە هەوڵ نەداوە، لەبوارەكانی تریش بنووسیت؟
  • وەرگێڕان و نووسینەكانم هەم بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزیە و هەمیش پەروەردەیە و لەهەوڵدام لەبوارەكانیتریش بنووسم بەتایبەتی لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی.چونكە مرۆڤی تێگەیشتوو و ڕۆشنبیر ئەوكەسەیە لەهەموو شتێك، شتێك بزانێت لەیەك شتیش هەموو شتێك بزانێت.

    *چۆن دەڕوانیتە نووسەرانی بواری پەروەردەو فێركردن لە كوردستان ئایا لەئاستی پێویست دان؟

  • ئەوەی راستی بێت، لەهەموو كۆمەلگایەك لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە لەو وڵاتەی ئێمەش بەهەمان شێوە زۆر نووسەر و پسپۆری بەتوانا و لێهاتوومان هەن كە دەتوانن گەشە بەپەروەردە و فێركردن بدەن لە وڵات.. بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی لیژنەیەكی پاك و لێهاتوو لەوەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ لێكۆلینەوە لەدەرچوونی سەرچاوەكە یان نەگونجانی سەرچاوەكە زۆر نووسەرمان هەن دەنوسن خۆیان نازانن چیان نوسیوە (مەرج نیە ئەوەی دەنوسیت دەربڕی ناخی خۆی بێت) بۆیە ئێمە كاتمان دەوێت بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوو.

    *شێوازی خوێندن و پەروەردە لە كوردستان گۆرانكاری زۆری بەسەرداهاتووە ،وەكو مامۆستاو نووسەرێك، ئاستی خوێندن لە كوردستان لە ئێستا چۆن دەبینیت؟

  • ئەو شێوازەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان بەكاری دەهێنن باشترین شێواز و سیستەمی پەروەردەیە ،بەڵام بەداخەوە لەبەر نەبوونی دەرفەتی گونجاو و كاتی پێویست تەرخان نەكراوە وەك پێویست جێبەجێ ناكرێت لەئێستادا لە قوتابخانە ئەركی مامۆستا لە قوتابی و بەڕێوەبەر گرانترە و هەبوونی مامۆستای ڕاهێنەر و لیژنەی دەرەكی بەپێویست نازانم بەڵكو سەرپەرشتیاری كارگێری و سەرپەرشتیاری پسپۆری بگەڕێتەوە و خودی سەرپەرشتیاری كارگێری خول لەجیاتی مامۆستای ڕاهێنەر بكاتەوە لە قوتابخانەكە و هەموو سەرپەرشتیاران شارەزاییان هەبێت لە میتۆدەكانی وانەوتنەوە.

    *وەكو مامۆستایەك سیفتەكانی مامۆستای سەركەوتووچین؟

  • لە یەكێك لە كتێبەكانم كە تایبەتە بەمامۆستای سەركەوتووە بەناوی (100 ئامۆزگاری بۆ مامۆستای سەركەوتوو لە گشت قۆناغەكان دا) لەرێگەی (15) خاڵەوە ئاماژەم بە مامۆستای سەركەوتوو داوە كە بریتین لە:
    1-هانی قوتابیەكەت بدە كاتێك كارێكی چاك ئەنجام دەدات، ڕێگای زیاتری بۆ ڕۆشن بكەوە.
    2- ڕێزی قوتابییەكەت بگرە، ئەگەر دەتەوێت ڕێزی تۆ بگرێت.
    3 -بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ قوتابی فێربكە، كاتێك پێویستیەكی هەبوو داوا لە تۆ بكات، تۆش بۆی جێبەێ بكە.
    4-هاوار بەسەر قوتابیدا مەكە و بەسەریدا هەڵمەشاخە.
    5- بە شتێك قوتابی مەترسێنە كە دەسەڵاتت بەسەردا نیە و ناتوانیت جێ بەجێی بكەیت.
    6- هەمیشە كاری ئاسان ڕێگای ئاسان و پرسیاری ئاسان ئاڕاستەی قوتابیەكەت بكە، خۆت لە شتی ئاڵۆز و گران بە دوور بگرە.
    7- ڕێگا بۆ هاتنە پێشەوەی یەكە یەكەی قوتابیەكان خۆش بكە، هیچ كامێكیان .پشتگوێ مەخە
    8-هەمیشە رقت لە كردەوەی ناشرین ببێتەوە نەك كەسەكە خۆی.
    9- بە خۆشترین ناو بانگی قوتابییەكەت بكە.
    10-لێبوردەییت زۆر بێت و سنورێكی فراوان بۆ قوتابیەكەت دابین بكە، بۆ ئەوەی هەڵەكانی چاك بكاتەوە.
    11- هەمیشە وا سەیری قوتابیەكەت بكە كە بە توانا و بەهێزە،بە گومانی خراپ سەیری مەكە .
    12- قسەیەك بۆ قوتابیەكەت مەكە كە خۆت بە كردەوە نەت كردبێ، داوای فێربوونی شتێك لە قوتابی مەكە كە خۆت نایزانی.
    13-بەردەوام خۆشەویستی و گرنگی پێدانی خۆت بۆ قوتابیان دووبارە بكەوە.
    14-هەرگیز پشت لە ئامۆژگاری قوتابیان مەكە، چونكە قوتابی لە ئاو زیاتر پێویستی بە ئامۆژگارییە.
    15-بە سەڵاو كردن و ڕووی خۆش یەكەم چركەی ڕووبەڕوو بوونەوەت لەگەڵ قوتابی دەست پێبكە.

    ناوی كتێپە چاپكراوەكانی نووسەر مامۆستا ئارام محەمەد:

  • (فەرهەنگی ئایلتس) چوار هەزار وشەی بنچینەیی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی و دەرچوون لە تاقیكردنەوەی ئایلتس.
  • كلیلی سەركەوتنەكانت لە تاقیكردنەوەی ئایلتس.
  • فەرهەنگی ئارام 3000 وشەی بنچینەیی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی.
  • فێربوونی زمانی ئینگلیزی بەبێ مامۆستا لەماوەی مانگێك دا.
  • (100) ئامۆژگاری بۆ مامۆستای سەركەوتوو.
    . – (100)یاری بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی
  • فێربوونی دووگمەكانی كیبۆردی كۆمپیوتەر.
  • هونەری وەڵام دانەوە.
  • دەنگەكانی زمانی ئینگلیزی.
  • فەرهەنگی سەنڕایزی قوتابخانە.



پـه‌راوێـزی هه‌شته‌مینی تێـكست.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

زۆر هه‌ن ده‌گریـن
‬بێ ئه‌وه‌ی‮ ‬بوار بده‌ن كه‌س‮ ‬فرمێسكیان ببینێ‬‬ ..‬‬‬‬‬‬
‬ نازم حیكمه‌ت‮ ‬‬‬‬
‬له‌شانۆگه‌ریی‮ (‬پیاوێكی‮ ‬سه‌یر)دا ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬

ئه‌شكه‌نجه‌دان به‌ هه‌ر دوو ڕووی جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌وه‌ پێشینیه‌كی‮ ‬دێرینی‮ ‬‬‬
له‌ مێژوودا هه‌یه‌ ،‮ ‬بۆ‮ ‬یه‌كه‌مین جار له‌لایه‌ك له‌ مێزوپۆتامیا‮ ‬به‌تایبه‌تی‮ ‬پاش پێكه‌وه‌لكاندنی‮ ‬به‌ ئاگروئاسنی‮ ‬ده‌وڵه‌تۆكه‌ خاوه‌ن شارستانییه‌كانی‮ ‬سۆمه‌ری‮ ‬له‌لایه‌ن (سه‌رجۆنی‮ ‬ئه‌كه‌دی)یه‌وه‌،‮ ‬كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی‮ ‬ئه‌شكه‌نجه‌ده‌دان بیانگوتبایه‌ له‌ل‮!‬ له‌ میسری‮ ‬دێرینیش هه‌ر به‌وجۆره‌ بوو،‮ ‬له‌ كاتی‮ ‬بنیاتنانی‮ ‬ئه‌هرامه‌كانه‌وه‌ بگره‌،‮ ‬تا ده‌گاته‌ ململانێی‮ ‬توندی‮ ‬نێوان مه‌ززه‌به‌كانی‮ ‬په‌رستن،‮ ‬له‌ نێوان‮ ‬یه‌كتاپه‌رست و ئه‌وانی‮ ‬تر‮. ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
گریگه‌كانیش ئه‌گه‌رچی‮ ‬ڕێگای‮ ‬ئازاردانیان له‌‮ ‬یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‮ ‬كێشه‌كانیاندا پیاده‌ كردووه‌،‮ ‬به‌ڵام دیسان وه‌كو پره‌نسیپ و كولتوور،‮ ‬ئه‌شكه‌نجه‌دانیان بۆ مرۆڤ به‌ كارێكی‮ ‬نابه‌جێ و ناپه‌سند زانیوه‌،‮ ‬به‌وه‌ی‮ ‬مرۆڤی‮ ‬تێدا زه‌لیل ده‌بێ ‬بۆیه‌ پێیان وابووه‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان ده‌بێ ته‌نیا بۆ بێگانه‌ و كۆیلان بێ‌‮!!‬ له‌ چاخه‌ مێژووییه‌كانیشدا هه‌ندێ جۆره‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانمان دیوه‌ و بیستووه‌ به‌ناوی‮ ‬وه‌رزشه‌وه‌ به‌ به‌رچاوی‮ ‬خه‌ڵك جێبه‌جێ ده‌كرێ وه‌ك تێكوه‌رانه‌ی‮ ‬مرۆڤ و هه‌ندێ له‌ گیانله‌به‌رانی‮ ‬له‌ وێنه‌ی‮ ‬شێر و پڵنگ و گادا‮.‬ له‌ پیاده‌كردنی‮ ‬ئه‌شكه‌نجه‌داندا وا دێته‌ به‌رچاو جه‌للاد و بینه‌ر بچنه‌وه‌ ناو‮ ‬یه‌ك ئه‌ڵقه‌،‮ ‬جه‌للاد وه‌ك‮ (‬سادی)‬ـیه‌ك كه‌ حه‌ز به‌ ئازاردانی‮ ‬به‌رامبه‌ر ده‌كا و بینه‌ریش وه‌ك‮ (‬مازۆشی)‬ـیه‌ك كه‌ ئاره‌زووی‮ ‬خۆ ئازاردانه‌ به‌ بینینی‮ ‬ئازاردانی‮ ‬كه‌سێكی‮ ‬تر‮!‬ له‌هه‌ر خانه‌یه‌كیش دابنرێ ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ نه‌ستی‮ ‬جه‌للاددا ‬ده‌سته‌وه‌ستانه‌ له‌ چوونه‌ ناو جوغزی‮ ‬دیالۆگ و تێگه‌یاندن و تێگه‌یشتنی‮ ‬به‌رامبه‌ر؛ ڕق و داخ له‌ دڵی‮ ‬و كوێربوونی‮ ‬گرێ ده‌روونییه‌كانی‮ ‬ده‌رده‌بڕێ‮..‬ به‌هه‌ر بیانوو و پاساوێك بێت ئه‌شكه‌نجه‌دان كورت هێنانه‌ له‌ دیتنی‮ ‬به‌رامبه‌ر وه‌ك مرۆڤ،‮ ‬وه‌ك ئاده‌مزاد‮.. ‬ كورت هێنانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر‮ (‬خود)‬یش‮.. ‬كه‌ خودیش له‌ جه‌سته‌ ئاوا ده‌بێ،‮ ‬شتێك نامێنێ به‌ناوی‮ ‬مرۆڤ،‮ ‬ئه‌وه‌ی‮ ‬ده‌شمێنێ له‌ دره‌ختێكی‮ ‬وشكه‌وه‌بوو ده‌چێ له‌ به‌رامبه‌ر باهۆزی‮ ‬مرۆڤبووندا خۆی‮ ‬ناگرێ‮..‬ ئه‌وانه‌ی‮ ‬له‌‮ ‬یه‌كه‌م چركه‌ساتی‮ ‬یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‮ ‬كێشه‌كانیان بیر له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان ده‌كه‌نه‌وه‌ ئینجا هه‌ر چه‌شنێكی‮ ‬بێ و له‌هه‌ر قاڵبێكدا بێ‮ ‬نه‌خۆشن و شایانی‮ ‬به‌زه‌یی‮ ‬پێدا هاتنه‌وه‌ن و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ری‮ ‬ده‌روونی‮ ‬هه‌یه‌‮.‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬




چیرۆک\ لەکەیەکی سوور.. نووسینی/ جەلال قادر

شیرینم لەناو ئەو (پاس)ە ناسی کە هەفتەی جارێک یان مانگی جارێک لە زانکۆی بەغدا دەگەڕاینەوە بۆ شاری (کەرکووک).
ئەو لەبەشی زمانی عەرەبی دەیخوێند، منیش لە بەشی دەروونناسی. لەناو پاسەکە چەندینجار ئاخافتنێكی کورت دەکەوتە نێوانمانەوە. شیرینی کچێكی ئەندام وردیڵانەو چاو قڵەترێ و شەرمن بوو، هەمیشە مڵپێچێکی رەساسی خەت سپی و ناوازەو نازداری لە گەردنی دەبەسەت. منیش‌ لاوێکی ڕەشتاڵەی نەختۆکەک پیس و چڵکن بووم. ماڵی شیرین لە گەڕەکی تەپە بوو، ماڵێ ئێـمەش کەوتبووە ناو خانووە قوڕەکانی گەڕەکی شۆریجە، لە کۆڵانی ڕەشیدئاوا.
ئێوارەکیان لە بەغدا دەگەڕاینەوە، ڕۆژی پێنج شەمە بوو، هێشتا خۆر ئاوا نەبووبوو. نزیک بە شارۆچکەی (خالس) پێدەچوو شوفێری ئۆتۆبوسەکەمان خەوی لێکەوتبێت، لەسەر جادە قیرتاوەکە لایدا و سووکانی لەدەست دەرچوو. پاسەکە کەوتە ناو دۆلێکەوە، زۆربەی موسافرەکان سەروگوێڵاکیان شکاو برینداربوون. منیش لووتم بەر کورسییەکەی بەردەمم کەوتو خوێنی ڵێبەربوو. ئاوڕێکم بۆ لای شیرین دایەوە، بینیم ئەو تەندرووستی باشە و خەمنی منیەتی. مڵپێچەکەی لە مڵی کردەوە خستیە سەر لووتم تا بەر لە خوێنڕژان بگرێت. لووتم ئاوسابوو، ئازارێكی زۆری هەبوو، بەس لەشەرما دانم بەخۆمدا گرتبوو.
لەپاش پانزە خوولەکێک کە سەرجەم موسافرەکا هەریەک لەلایەک و بەسەروڕووخساری زامارەوە بەسەر زەوی پاڵکەوتبووین. شوفێرەکە بە شەڵە شەڵ بەسەرماندا دەسووڕایاوە و دڵنەوایی دەداینەوە. گوێم ڵێبوو نەفەرێک دەیگووت : ئەلحەمدولا سەلامەتین…
وردە وردە گەشتیارو ئۆتۆمبیلەکانی خەتی ڕێگاوبان فریامان کەوتن. ئەو ئۆتۆمبیلانەی بەرەو بەغدا دەچوون چەند بریندارو موسافرێکیان لەگەل خۆیان گواستەوە.
خۆرئاوابوو، دونیا تاریک داهات، بۆ بەدبەختی ئێمە ئۆتۆمبیلێک نەبوو بەرەو کەرکووک بگەڕێتەوە. شیرین دەیگووت : ئێستا خەمی دایکمە، چاوەڕووانمەونیگەرانە.
دواجار قەمەرەیەکی سپی بەرزایلی ڕایگرت و گووتی : فەرموون، سواربن من دەتانگەیەنمەوە کەرکووک.
لە ڕێگا بە شیرینم گووت: لەگەلتا دێم تا بەردەرگەی ماڵتان بۆئەوەی دایک و باوکت دڵنیابن کە ئێمە تووشی ڕووداو هاتووین.
شیرین بە بزەخەندەیەکەوە گووتی: دەزانیت باسی تۆم کردووە لای دایک و باوکم.
_ بەڕاستە، بۆچی؟
+هەر حەزمکرد کە دایک و باوکم دڵنیابن کە لەو ڕێگایە هەمیشە چەند لاوێکی کوردم لەگەڵدایە.
بەهەربار، کاتژمێر نۆی شەو گەیشتینە سەر کۆلانەکەی ماڵی شیرین، بینیمان دایک و باوکی لەبەردەم دەرگا ڕاوەستاون.
شوفێرەکە ڕووی دەمی لەمن کرد و گووتی : پێویست ناکات تۆ دابەزی، تۆش دەگەینمەوە ماڵ.
_ سوپاس، ماڵت ئاوابێت، من ئەمشەو لێرە دەمێنمەوە.
ڕاستی من نەمویست چیتر شوفێرەکە ئەزێت بەم، چونکە هەرچەند هەوڵماندا پارەی کرێی لێوەرنەگرتین.
لەپاش ئەوەی بەسەرهاتەکەمان بۆ دایک و باوکی شیرین گێڕایەوە، گووتیان: ئێمە خەمی تۆمانە لووتت ئاوساوە پێویستە بچیت بۆ نەخۆشخانە تیمارت کەن.
لەم قسانەدا بووین ( سەردار) برای شیرین بە تویۆتایەکی کۆرۆنا لەبەردەم ماڵ ڕایگرت و هاتە حەوشە، لەپاش هەواڵپرسین گووتی : ئێستا منیش لە نەقلیاتی بەغدا لە شوفێرەکانی خەتم پرسی گووتیان ڕووداوێک بەسەر ئۆتۆبیسێکی خەت هاتووە. یەکسەر هەستمکرد شیرینی خوشکم لەناو ئەو ڕووداوەبێت.
بەهەرحال، براکەی شیرین منی گەیاندە نەخۆشخانەی (کۆماری)، پەرستارەکان بەخێرایی برینەکانی سەر لووتیان پێچاو گووتیان پێناچێت شکابێت، بەلام ئەگەر کاتت بوو سبەینێ بگەڕێوە سکرینی دەکەین.
تا نیوە شەو سەردار برای شیرین بەردەوام لەگەلمابوو. لە ڕێگا کە بەرەو ماڵ دەگەڕاینەوە، گووتم : ڕاستی نازانم چۆنچۆنی سوپاسی تۆ بکەم!
سەردار دەستی خستە سەرشانم و گووتی : بە پێچەوانەوە، ئێمە سوپاست دەکەین، کە هەموو جارێک لەگەڵ شیرین خوشکم دەگەڕێیتەوە و چاوت لێدەبێت. تەنانەت ئەمڕۆ شیرین کە لە گەڕانەوە دواکەوت، باوکم دەیگووت؛ ئەگەر ئەو کوڕە شۆڕیجەیی لەگەڵدابێت، خەمم نییە.
پێشئەوەی کۆتایی بەم بەسەرهاتەم بهێنم، حەزدەکەم پێتان بێژم کە مڵپێچەکەی شیرینم بەردەوام بەدەستەوەبوو. لەماڵ چەندیجار دایکم بەدەستەکانی خۆی شۆری و گووتی؛ کوڕی خۆم، چەند هەوڵدەدەم ناتوانم شوێنی خوێنەکە لێبکەمەوە.
بۆ هەفتەی داهاتوو، مڵپێچەکەم خستبووە ناو زەرفێکەوە لە حانووتی زانکۆ شیرینم بینی و پێمگووت : ببورە، مڵپێچەکەت شوێن دڵۆپە خێنەکانی لووتمی پێوە ڵکاوە ، چەندیجار دایکم بەدەست شۆری نەیتوانی لێیبکاتەوە.
شیرین چاو پڕ لەگریان و بە ڕووخۆشی و پێکەنینەوە گووتی : پێدەچیت ئەو مڵپێچە ببێت بە لەکەیەکی سوور بۆ یادگارییەکانی ژیانم. چونکە چوارساڵ لەمەوبەر کوڕێک لە گەڕەک کە زۆرم خۆشدەویست، بە دیاری بۆی هێنام، ئەویش بە یەکجاری بەجێی هێشتم. ئێستاش دەبێت دڵۆپە خوێنەکانی تۆ لە گەردنم بئاڵێنم.
بەنەرمی نووکی قامکی دەستم نا بەسەرشانیاو گووتم : دڵگران مەبە، هەر یەک لە ئێمە لەکەیەکی سووری بە روحەوە نووساوە. بەس بەڕاستی ئەو مڵپێچە بە گەردنی تۆوە زۆر جوانە!




سولطان.. شيعر: نزار قبانی.. بە کوردی کردنی: پشکۆ ناکام

خەڵکینە..
من سولطانی ئێوەم
دوای رێ وون کردن
بتەکانتان بشکێنن
و
بمپەرستن…..
من زوو زوو دەرناکەوم
لە سەر شۆستەی چاوەروانی
دانیشن
تا خەو ئەتانباتەوە
و
دوا تر یەمە بەر چاوتان
مناڵەکانتان بێ شیرجێهێڵن .
..ژنەکانتان بێ پیاو جێهێڵن
و
دوامکەوون….
شوکری نیعمەتی خوا بکەن. …
کە منی ناردوە
مێژوو بنووسمەوە
بێ(من) مێژوو نانووسرێتەوە
من لە ” چاکەیا” ئەسحابەیەکم
بۆ خۆم…،،
جگە لە من
پەروەردگار قژێکی ماش و برنجی
وەک ئەوەی منی نەخشانوە ..
و
ناوچەوانێکی پێغەمەرانەی
وەک ناوچەوانی
…. منی نوورانی نەکردوە
چاوەکانم دارستانی گوێز و میوەن
بەردەوام نوێژ بکەن
تا خوا چاوەکانم بپارێزێ…
خەڵکینە
من فەرهادی شیرینم
ژنەکانتان بنێرن
تا سکیان لە من پڕ بێ
مێردەکانیشتان بنێرن
تا سوپاسم بکەن
مایەی شەرەفە
گەنمی لەشم بخۆن
مایەی شەرەفە
میوەم لێ بکەنەوە
مایەی شەرەفە
لە من بچن..
چونکە من
ڕوداوێکم هەزاران ساڵە ..
ڕووی نەیاوە…
………………………
خەڵکینە؛
من دادپەروەرترین
و
جوانترینی هەموو دەستەڵاتدارەکانم..
من شەوقی مانگ
و
سپێتی بەفری کوێستانم..
من باشترین پەیامبەر ..و ..
داهێنەری یەکەم سێ دارەم
هەر کە بیر لە جێهێشتنی کورسییەکەم
ئەکەمەوە
بە دەم ئازاری ویژدانمەوە ..
ئەتلێمەوە
دوای من کێ حوکمی ئەم
خەڵکە باشە بکا !!
کێ شەل و کوێر و گەوج
چارەسەر بکا؟
ئەی کێ ئێسقانی
مردوەکان بژێنێتەوە
کێ شەوقی مانگ..
لە گیرفانی پاڵتۆکەی دەرهێنێ..؟
کێ باران ببارێنێ…..
ئەی کێ ئەم خەڵکە دارکاری بکا
و
بە دارا هەڵیانواسێ
کێ ناچاریان بکا
وەک مەڕ و ماڵات بژین
وەک مەڕ و ماڵات بمرن
هەر کە بیر لە جێهێشتنی ….
ئەو خەڵکە ئەکەمەوە
غەرقی فرمێسک ئەبم
بۆیە..:
بڕایارم دا
پشت بە خوا
تا رۆژی قیامەت
سواری ملی” گەل” بم.
……………………………….

خەڵکینە
وەک ئەسپ و کۆیلەکانم
من خاوەنتانم……
وەک فەرشەکانی کۆشکەکەم
بە سەرتانا ئەڕۆم..
لە هەستان و دانیشتنم..
سوجدەم بۆ بەرن
،،،، … گەر رۆژێک لە نێوان
پەڕەکانی بەردەستما نەمدۆزینەوە
ووریا بن
هیچ کتێبێکم بۆ نە خوێننەوە ….
ئەوە منم
دەربارەی ئێوە …ئەخوێنمەوە
ووریا بن
هیچ ووتارێک نەنووسن
ئەوە منم
دەربارەی ئێوە ئەنووسم
بە دزییەوە
گوێ لە گۆرانی نەگرن
چونکە ئاگاداری نیەتەکانتانم…
ووریا بن
تاوانێکی گەورەیە
بێ مۆڵەتی من
بچنە گۆڕەوە
کە قسەم کرد بۆتان
بێ دەنگ بن
چونکە قسەی من
پیرۆزە وەک قورئان
………………………….

خەڵکینە
چاوەڕێم کەن،من حەزرەتی مهدی ئێوەم
هەموو ئەو سروودانە بوەستێنن. ……
کە مناڵان
بەسەر نیشتیمانا ئەیڵێنەوە
چونکە ئێستا :
منم نیشتیمان
من تاک و نەمری..
هەموو زیندەوەرەکانم
من ناوەرۆکی میوە و
مۆسیقا و هەموو بەستەکانم
لە هەموو کون و قوژبنێکا
وێنەکانم هەڵواسن
بە ستایش و پیا هەڵدان،
دامپۆشن..
گەنجترین ژنم بۆ بێنن
چونکە من پیر نابم
لەشم پیرنابێ
زیندانەکانم پیر نابن..
دەزگاکانی داپڵۆسین
… لە ووڵاتەکەم پیر نابن
خەڵکینە:
گەر دەمامکی دەم و چاوم
لابەم
……ئەمناسنەوە…
چونکە جەنگیزخانی لاشەتانم
….. بە قەمە وسەگ و زیندانەکانم
بە توند و تیژیم
بێ تاقەت مەبن
بۆ ئەوەی نەکوژرێم
من ئەکوژم
بۆ ئەوەی هەڵنەواسرێم
خەڵک هەڵئەواسم
بە کۆمەڵ ئەتان نێژم
تا ئێوە
……..نەمنێژن
……………………

خەڵکینە..
ئەو رۆژنامانەم بۆ بکڕن
کە باسم ئەکەن….!
پەڕەی سەوز و زەرد………
لاستیکی خەت کوژاننەوە
چاپخانەم بۆ بکڕن
کەناڵی راگەیاندنم
بۆ بکڕن
لەم روژگارەیا هەموو شتێک
ئەکڕێت
تەنانەت( پەنجە)ش ئەکردرێت
لە بەر دەما
میوەی بیر و باوەڕ دابنێن
شاعیرێکم بۆ لێ بنێن
بۆم بخەنە
،، لیستی خواردنەکانم
من نەخوێنەوارم
گرێ کوێرەی ووتەی شاعیرەکانم
هەیە….
ئەو شاعیرانەم بۆ بکڕن
کە ستایشم ..ئەکەن
بمکەن بە ئەستێرەی
بەرگی هەموو چاپکراوەکان..
ئەستێرەکانی دانس و شانۆ..
هەرگیز لەمن جوانتر…..نین
من چیم بوێت :
بە” دراوی قورس ” ئەیکڕم
دیوان و سرودی هەموو
شاعیرەکان ، ئەکڕم
چونکە قاسەکانی”ماڵی موسڵمانان “
میراتیەکی!کۆنی باوکمە…….
بە ئاڵتون و نەوت
لە سەر هەموو کتێبەکان بنووسن
کە سەردەمی من
سەردەمی باشترین خەلیفەیە
…………………..
گەلە دڵسۆزەکەم..

.من ئەو ڕۆحە پاکەم
کە هاتووم لە تەپ و تۆزی
نەزانین، پاکتان کەمەوە..
دەنگم لەسەر هەموو کاسێتەکان
.. تۆمار بکەن
تۆنی دەنگم
وەک (سێوە) و (کوردستانی )یە
بە زەردەخەنەوە،
ڕەسمم بگرن
کە بە دان شیعر ئەکرۆژم
رەسمم بگرن
کە خوێنی پیتەکانی”ئەلف و بێ”
هەڵئەمژم ،رە سمم بگرن
رەسمی باڵاو قامەتم بگرن
بە جلە خاکیەکانمەوە
رەسمم بگرن…
کە بزنە کێویەک
یان ئاسکێک راو ئەکەم
رەسمم بگرن…
کاتێک بەرەو دوا مەنزڵگا تان
ئەتانخمە سەر شانم..
رەسمم بگرن
…………………………………..

خ خەڵکینە
کە خەو ئەبینن
من بەر پرسی خەوەکانتانم
..بەر پرسی هەر نانێکم ئەیخۆن
بەرپرسی ئەو شیعرانەشم
کە لە پشتمەوە ئەخوێنرێتەوە
لە ڕێی پیاوانی کۆشک
لە هەموو هەواڵێک ئاگادارم

هەواڵی چۆلەکەکان
و
دار و درەختەکان
تەنانەت چی ئەگوزەرێ
لە سکی ژنە سک پڕەکان
من پاسەوانی زیندانەکانتانم
لێم ببورن……..
خۆشم زیندانی ئێوەم
لە ناو کۆشکەکەما
نەفی کراوم..!!
نە ڕۆژ، نە ئەستێرە
گوڵاڵەیەک ئەبینم
هەر کە بە مناڵی کرام بە سولطان”
دەس و دایەرەی دیوەخان
بە چواردەورما ئەخولێنەوە
یەکێکیان دەهۆڵ لێ ئەیا
یەکێکی تر شمشاڵ
یەکێکیان جوزەلە پاک ئەکاتەوە
ئەوی تر نەعل
هەر کە بە مناڵی کرام
بە سوڵطان
هیچ راوێژ کارێک نەیوتوە: نەخێر
گوێم لە وەزیرێک نەبوە
بڵێ: نەخێر
سەفیرەکانم قەت بەرەو ڕوو
نەیان ووتوە: نەخێر
لە ناو جێگەی خۆشەویستیا
هیچ کام لە ئافرەتەکانم
نەیان ووتوە :نەخێر
فێریان کردم خۆم بە “خوا” ببینم.
بمبورن کە بومەتە
هۆلاکۆی سەردەم
بە مەبەستی کوشتن
بۆ یەک ڕۆژیش کوشتارم
نەکردوە..
چونکە تەنها
بۆ ” خۆشی” خۆم
…ئەتانکوژم
………… ………… ………. ……
“””””””””””””””””””””””””””””
(لە کتێبی “سەد نزار”ەوە وەرگیراوە )




شەڕی براکوژی و پاوانخوازیی و فرەلەشکریی بەرهەمی خه‌باتی چه‌کداریین!.. شێرکۆ کرمانج

لەم زنجیرە بابەتە کە تەوەرە سەرەکییەکانی خەباتی چەکدارییە تائێستا باسمان لە ژمارەیەک دەرکەوت و بەرئەنجامی نەرێنیی کردووە. لە بەشی یەکەم پێداگریمان لەسەر ئەوە کرد کە خەباتی چەکداریی وا دەکات بزووتنەوە کوردستانییەکان پشت بە داگیرکەرانی کوردستان ببەستن و جڵەو و ئاراستەی بزووتنەوەکەش لە دەست بدەن. لە بەشی دووەم باسمان لە خەباتی چەکداریی کرد وەک شێوازێکی باونەماو لە خەباتدا، لەوێدا جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا، خەباتی چەکداریی بۆتە مایەی شکستی بەردەوام بۆ حیزب و لایەنە کوردستانییەکان. لەم بەشە تاوتوێ پەیوەندی نێوان خەباتی چەکداریی لەگەڵ چەند دەرکەوتەیەکی دیکەی نەرێنیی دەکەین و ئەوە دەخەینەڕوو کە چۆن خەباتی خەباتی چەکداریی بۆتە مایەی هەڵگیرسانی شەڕی براکوژی و پاوانخوازیی و فرەلەشکریی نەک تەنیا لەنێوان حیزب و لایەنەکانی پارچەیەکی کوردستان بەڵكوو لەنێوان حیزب و لایەنە پارچە جیاجیاکانی کوردستان. لە کۆتاییشدا، گفتوگۆی کاریگەریی خەباتی چەکداریی لەسەر هه‌ڵئاواردنی دەستەبژێری سیاسی و ڕووناکبیریی لەگەڵ‌ جه‌ماوه‌ری کوردستان دەکەین.

شه‌ڕی براکوژی
وەک پێشووتر ئاماژەی پێ کرا،‌ خه‌باتی چه‌کداریی به‌گشتی و چالاکییه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شاخ و شاره‌کان کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و به‌رچاوییان هه‌بووه‌ له‌ وروژاندن و خرۆشاندنی هه‌ست و نه‌ستی شۆڕشگێڕانەی جه‌ماوه‌ر. به‌ڵام به‌ چاوخشانێکی خێرا به‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ کوردستانییه‌کان دیارده‌یه‌کی کوشنده‌ دێته‌به‌رچاو که‌ کاریگه‌رییه‌کی زۆر نەرێنیی له‌سه‌ر ڕه‌وتی بزووتنه‌وه‌کاندا‌ داناوه‌ و زۆرجاریش بۆته‌ مایه‌ی داڕمانی متمانه‌ به‌ هێزی پێشمه‌رگه، ئه‌ویش شه‌ڕی ناوخۆیه‌.
دوا بەدوای شکستی ١٩ ڕاپەڕینی چەکداریی لە باکووری کوردستان و ڕاپەڕینەکانی شێخ مەحموود و بارزان لە باشوور، هەروەها ڕووخانی کۆماری مەهاباد، شۆڕشی ئه‌یلول لە باشوور ده‌کرێت به‌ سه‌رتایه‌کی نوێ دابنرێت لە بزووتنەوە کوردستانییەکان، لانیکەم لە ڕووی ڕێکخرابوونیانەوە، کە پارتێکی سیاسیی ڕابەرایەتی دەکردن نەک وەک ئەوانەی پێش ئەمان کە بەگشتی شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکان سەرکردایەتیان دەکردن. بەگشتی، بزووتنەوە و ڕاپەڕینەکانی دوای جەنگی دووەمی جیهانی لەو خاڵەدا لەوانی پێش خۆیان جیا دەکرانەوە. سەرەڕای ئەوە،‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ شۆڕشی ئەیلول (١٩٦١-١٩٧٥) و جوڵانەوەکانی دوای ئەویش بە سەرکردایەتی حیزبە کوردستانییەکان، وەک: شۆڕشی نوێ/گوڵان (١٩٧٦-١٩٨٨) و شۆڕشی ڕۆژهەڵات (١٩٧٩-تائێستا)؛ ڕاپەڕینی تەباخ (١٩٨٤-تائێستا) چه‌نده‌ چه‌که‌کانیان به‌ دژی داگیرکه‌ر و نه‌یارانی کوردستان به‌کارهێناوه‌ ئه‌وه‌نده‌ش له‌ دژی یه‌کدی له‌ شه‌ڕی “براکوژی”دا به‌کاریان هێناوه‌. هه‌ر لایه‌نێک له‌لایه‌نه‌کانی شه‌ڕی براکوژی لایه‌نه‌ نه‌یاره‌که‌ی تاوانبار کردووە و ده‌کات.
لەوانەیە کەسانێک هەبن که‌ هۆکاری‌ شەڕی ناوخۆ بگێڕنەوە بۆ جیاوازیی ئایدیۆلۆجی و عەقڵییەتی پارتی پێشەنگ (الحزب الطلیعي)، ململانێ لەسەر دەسەڵات و سامان، دەستوەردانی هێزە داگیرکەر و دەرەکییەکان، تێنەپەڕاندنی عەقڵییەت و هەستی عه‌شیره‌تگه‌ریی و ناوچه‌گه‌ریی لەلایەن هێز و لایەنە کوردستانییەکان، تێنەگەیشن لە هاوچارەنووسیی و هەست نەکردن بە بەرپرسیارەتیی مێژوویی، لاوازیی هەست و هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کە باڵی کێشابێت بەسەر هەست و بیری تەسکی حیزبیی، هتد. ئه‌مانه‌ و چه‌ندین هۆی دیکه‌ هه‌موویان کەم تا زۆر کاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵگیرسان یان به‌رده‌وامی شه‌ڕی ناوخۆیی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمە مه‌به‌ستمانه‌ په‌نجه‌ی له‌سه‌ر دانێین ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌باتی چه‌کداریی یان بوونی هێزی چەکدار، واتە ئامادەیی چەک و چەکدار، میکانیزم و زه‌مینه‌ی شه‌ڕی براکوژی دێنێته‌گۆڕێ. لانیکه‌م، ده‌توانین به‌دڵنیاییه‌وه‌ بڵێین که‌ بوونی هێزی چه‌کدار فۆرمه‌کانی لێک حاڵینه‌بوون و یه‌کدی قه‌بوڵنه‌کردن و پێشبڕکێ له‌ فۆرمی دژایه‌تیکردنێکی ساده‌ دەگۆڕن بۆ فۆرمێکی خوێناوی. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی که‌ پێکدادانی چه‌کدارانه‌ کاره‌ساتی دڵته‌زێنی به‌دواوه‌یه‌ و چاره‌سه‌رکردنی ململانێکان و کێشه‌کان دوای خوێنڕشتنیش ئاڵۆزتر و برینه‌کانیش قووڵتر ده‌کەن.
له‌ فه‌زایه‌کی بێ چه‌ک، واتە بێ بوونی هێزی چەکدار دوورکەوتنەوە لە خەباتی چەکداریی وەک ڕێبازێک، ئاسۆی هۆشیارکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر فراوانتر دەکات و لایه‌نه‌ ئاژاوه‌گێڕه‌کانیش ده‌رفه‌تی پێکدادانی شه‌ڕئامێزیان نابێت. ئه‌و لایه‌نانه‌ی که‌ گومانی نوکه‌رایه‌تیشیان لێ ده‌کرێت له‌ نه‌بوونی چه‌کدا ده‌کرێت ئاسانتر ئاشکرا و ڕیسوا بکرێن. به‌ڵام که‌ به‌ چه‌ک هه‌وڵی له‌ناوبرنیان ده‌درێت له‌لایه‌ن نه‌یاره‌کانه‌وه، داگیرکەرانەوە،‌ زیاتر و باشتر پشتیوانی سه‌ربازیی و لۆجستیان لێ ده‌کرێت، بەمەش زه‌لکاوی شه‌ڕه‌که‌ قووڵتر ده‌بێت.
چه‌ک نه‌بێت خه‌ونێکی گه‌وره‌ی داگیرکەران و نه‌یارانی کورد زینده‌به‌چاڵ ده‌کرێت، چونکه‌ توانای به‌گژیه‌کدادانی لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان له‌ده‌ستیان دەرده‌چێت. چه‌کداربوونی لایه‌ن و حیزبه‌ سیاسییه‌کان ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆیی بەردەوام زیندوو ڕاده‌گرێت. دێوەزمەی شەڕی ناوخۆ ئێستاکه‌ش له‌ باشووری کوردستان هەر هەیە له‌نێوان یه‌کێتی و پارتی‌. به‌کورتی حیزبی چه‌کدار نەک هەر له‌ قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانی بەڵكوو‌ لە قۆناغی ده‌سه‌ڵاتداریش ئه‌گه‌ری ده‌ستبردنی بۆ چه‌کی لێ ده‌کرێت. بۆ؟ وەڵامەکە ئاسانە چونکە حیزبی چەکدار دوای هاتنە سەر حوکم ئامادە نییە هێزە چەکدارەکانی، کە وەک پارێزەری خۆی دەبینێت، لە چەک داماڵێت، یان بیانخزێنێتە نێو سوپایەکی بان-حیزبی و نیشتیمانیی، ڕێک وەک ئەوەی ئێستا لە باشوور دەبینرێت.
ململانێی سیاسی له‌ هه‌موو شوێنێک و زه‌مه‌نێک بوونی هه‌یه‌ و ده‌بێت. لە ڕاستیدا سیاسەت وەک زانست و وەک پراکتیز وەڵامگۆی ململانێکانە و مەبەست لێی ڕێکخستن و کەمکردنەوە و ئیدارەدان یان چارەسەرکردنیانە. سیاسەت تەنیا لەو شوێنە بوونی نییە کە یەک کەس بوونی هەیە، یەک کەسەکە بوو بە دوو، سیاسەت سەرهەڵدەدا. واتە، ئەو ململانێیانەی کە لە نێوان حیزب و لایەنە کوردستانییەکانیش هەیە سروشتییە و زادەی ئەو ڕاستییەیە کە ململانێ لە بوونی دوو کەس، دوو لایەن، دوو گرووپ، دوو حیزب، هتد، سەرهەڵدەدات. به‌ڵام چه‌ک و چەکداری کە زادەی ڕێبازی خەباتی چەکداریین، ململانێکان به‌ ئاقارێکی نه‌ویستدا ده‌بات. بۆ نموونە، شه‌ڕی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی بە سەرکردایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی لەلایەک و گرووپەکەی دیکە لەناو پارتی بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی له‌ شه‌سته‌کانی سەدەی ڕابردوو، یه‌کێتیی و پارتی له حه‌فتاکان و‌ هه‌شتاکانی سەدەی ڕابردوو، یه‌کێتیی و بزووتنه‌وەی ئیسلامیی‌ له‌ نه‌وه‌ته‌کانی سەدەی ڕابردوو تا سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم، کۆمه‌ڵه‌ی زەحمەتکێشان و حیزبی دیموکرات له‌ هه‌شتاکانی سەدەی ڕابردوو، حیزبی دیموکرات و ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ له‌ نه‌وه‌ته‌کانی سەدەی ڕابردوو، په‌که‌که‌ و هه‌رێم، په‌که‌که‌ و پارتی، په‌که‌که‌ و یه‌کێتیی، نموونه‌ی تاڵ، بەڵام زەقی، ئه‌و شه‌ڕه‌ ناوخۆییانه‌ن که‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان ڕوویانداوه‌. خه‌باتی چه‌کداریی نه‌با به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ململانێکان نه‌ده‌گه‌یشته‌ ڕاده‌ی پێکدانانی چەکداریی و خوێنڕشتن و قڕکردنی یه‌کدی.
به‌ڵگه‌یه‌کی زه‌ق بۆ په‌یوه‌ندی خه‌باتی چه‌کداریی له‌گه‌ڵ شه‌ڕی ناوخۆیی ئه‌وه‌یه‌ که‌ مه‌ڵبه‌ند و گۆڕه‌پانی پێکدادانه‌کان شاخه‌کانی کوردستان بوون ده‌نا خۆ ئه‌م لایه‌ن و حیزبانه‌ له‌ناو شاره‌کانیش ئه‌ندام و لایه‌نگریان هه‌بوو که‌چی کێشه‌کان له‌ شاره‌کان هه‌رگیز به‌ چه‌ک یه‌کلایینه‌کراونه‌ته‌وه‌. بێجگە لەمە، ململانێکانی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان (مەلا مستەفا لەدژی ئیبراهیم ئەحمەد)، یان ئەوانەی نێوان حیزبی دیموکرات (عەبدولرەحمان قاسملۆ لەدژی ئەوانی دیکە) پێش دەست پێ کردنی خەباتی چەکداریش لە باشوور یان ڕۆژهەڵات بوونیان هەبوو، بەڵام تەنیا کاتێک ململانێکان بە چەک یەکلاییکرانەوە، ئەوکاتەی کە خەباتی چەکداریی دەستی پێ کرد.
شایەدی کەسێک، کە کورد گوتەنی سەری خۆی لەنێو ئەو باسوخواسانەدا سپی کرد، لەوانەیە پشتڕاستکردنەوەیەکی باش بێت بۆ ئەو ئارگیومێنتەی کە لێرە من پێداگری لەسەر دەکەم و دەڵێم خەباتی چەکداریی هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی شەڕی براکوژییە. نه‌وشیروان مسته‌فا، کە لە شەستەکانەوە پەنجەی لەگەڵ بزووتنەوە کوردستانییەکان نەرم کرد تا مردنی لە ٢٠١٧دا، له‌ کتێبی “په‌نجه‌کان یه‌کتری ده‌شکێنن” (ل 136) ده‌ڵێت “ڕاسته‌ ناکۆکییه‌کان هه‌میشه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی سیاسییه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حیزبه‌کان‌ له‌شکری تایبه‌ت به‌ خۆیانیان نه‌بوایه‌ نه‌یان ئه‌توانی په‌نابه‌رنه‌ به‌ر شه‌ڕی چه‌کداریی بۆ به‌لاداخستنی ناکۆکییه‌کان.” ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە من جەختی لەسەر دەکەم، لە غیابی چەکدا پەنا بۆ ئامراز و شێوازی دیکە دەکرێت ببرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی پرس و کێشە و ململانێکان، وەک گفتوگۆ، دانوستان، پێکهاتن، هتد. بەڵام کاتێك حیزبەکان خەباتی چەکداریی پەیڕەو دەکەن و ململانێی لەنێوانیان سەرهەڵدەدات ئیدی چەک دەبێتە ئەو ئامرازەی کە دەستی بۆ درێژ دەکرێت لەبری میکانیزمە مەدەنییەکان.
نموونەیەکی دیکە بۆ سەلماندنی پەیوەندی نێوان شەڕی براکوژی و خەباتی چەکداریی دۆخی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە وەک حیزبێک. یەکگرتوو وەک حیزبێکی سیاسی کوردستانیی لە ١٩٩٤ دامەزراوە، لەو کاتەوە تا ئێستا لەو لایەنە دەگمەنانەیە کە لە شەڕی ناوخۆ نەگلاوە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە کە دەستەی چەکداری نییە و خەباتی چەکداریی نەکردووە بە ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، لانیکەم تا ئەمڕۆ. یەکگرتوو هێزی چەکداری هەبووایە، ئەگەری زۆربوو وەک لایەنەکانی دیکە لە شەڕی براکوژی بەشدار بووایە، جا حەزی کردبا یان نا.
لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە به ‌بوونی چه‌ک توندوتیژییه‌کان ده‌گه‌نه‌ ئاستی قڕکردنی یه‌کدی. بێجگه‌ له‌مه‌ بوونی چه‌ک کارئاسانی بۆ داگیرکه‌ران ده‌کات که‌ هه‌وڵی ته‌شه‌نه‌کردنی ململانێکان بده‌ن و به‌ره‌و ئاقاری پێکدادان و خوێناوی ببەن.
لایه‌نه‌ کوردییه‌کان به‌ گشتی چه‌ک و تفه‌نگ له‌ شان کردنیان وه‌ک سیمبوڵی خەباتی ڕزگارییخوازیی نیشتیمانیی ناساندوه‌، هیچ کامیشیان بوێری ئه‌وەیان نه‌کردووە که‌ ئه‌و تێڕوانینه‌ کۆن و ناوه‌ڕۆک چەپییانە یان خێڵه‌کییانە‌ بگۆڕن. ئه‌مه‌ وای کردووه‌ که‌ ده‌ست پێ کردن یان ده‌ست پێ کردنه‌وه‌ی خه‌بات هه‌میشه‌ به‌ ده‌رچوونی یه‌که‌م ته‌قه‌ له‌ تفه‌نگ بناسێنن. بۆ نموونە، یەکێتیی ١ی حوزەیران ١٩٧٥ دامەزراوە بەڵام دەستپێکی شۆڕشی نوێ لای یەکێتیی ئەو ڕۆژە نییە بەڵکوو ئەو ڕۆژەیە کە خەباتی چەکداریی دەست پێ دەکات، واتە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٦. ئەمە بۆ پە}کە{کە-ش هەر ڕاستە، پەکەکە لە ١٩٧٨ دادەمەزرێت بەڵام لە دیدی حیزبەکە، شۆڕشی تەباخ لە دامەزراندنی حیزبەکەوە دەست پێ ناکات بەڵکوو لە دەست پێ کردنی خەباتی چەکداری لە ١٥ ی تەباخی ١٩٨٤. کاره‌سات له‌وه‌دایه‌ ئه‌م ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه‌ وای کردووه‌ که‌ هه‌ره‌سهێنانی بزووتنه‌وه‌ چه‌کدارییه‌کان و کپبوونی تفه‌نگه‌کان به‌ سه‌رنه‌که‌وتن و شکستی بزووتنه‌وه‌کە‌ وه‌ک کۆیه‌ک ببینرێت‌. بۆنموونه‌، نسکۆی 1975 وه‌ک هه‌ره‌سهێنانێکی سه‌ربازیی نه‌ناسراوه‌ به‌ڵکوو وه‌ک داڕمانی ته‌واوی شۆڕشی ئەیلول ناسێنراوە، سەرەڕای ئەوەی کە پارتی وەک حیزبێکی سیاسیی لە نسکۆدا کۆتایی پێ نەهات.

پاوانخوازیی و خه‌باتی چه‌کداریی
وەک ئاکامێکی دیکەی نەرێنی خەباتی چەکداریی، ئه‌زموونی کوردستان کاره‌ساتێکی دیکه‌ له‌خۆ نیشان ده‌دات ئه‌ویش پاوانخوازیی و داگیرکردنی گۆڕه‌پانی خه‌باته‌، که‌ تا ئێستا کاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێکه‌وتۆته‌وه‌. لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان له‌به‌رئه‌وه‌ی زیاتر خۆیان له‌ ڕێگای‌ ده‌سته‌ چه‌کداره‌کانه‌وه‌ ناساندووه‌ و به‌گشتی له‌و شوێنانه‌ توانیویانه‌ خه‌بات بکه‌ن و ڕیشه‌داکوتن که‌ چه‌کداره‌کانیان بوونیان هه‌بووه‌. بۆ نموونه‌ یه‌کێتیی به‌ گشتی له‌ سۆران و پارتی له‌ بادینان و حیزبی دیموکرات له‌ موکریان و کۆمه‌ڵه‌ له‌ دەورەبەری سنە. ئەمە بۆ په‌+که+‌که‌ له‌ باکوور لەوانەیە زۆر ڕاست نەبێت بەڵام هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەو حیزبە گۆڕەپانی خەباتی لە باکوور قۆرغ کردووە، بە باش یان خراپ.
حیزبە کوردستانییەکان، بۆ کاراکردنی چالاکییه‌کانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ هێزه‌کانیانی بەسەردا زاڵە‌ هه‌وڵی ناردنی چه‌کداره‌کانیان داوه‌ بۆ شوێنه‌کانی دیکه، واتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان‌. ئه‌و کاره‌ساته‌ی که‌ له‌ 1978 له‌ ناوچه‌ی هه‌کاری ڕوویدا به‌شێکی له‌ ئاکامی پاوانخوازیی له‌لایه‌ن پارتی و ناردنی هێز بوو له‌لایه‌ن یه‌کێتیی-ه‌وه‌ بۆ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌که‌ی. یه‌کێتیی له‌ بڵاوکراوه‌کان باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ زامنکردنی ڕێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی چه‌ک‌ له‌ سووریا-وه‌ هۆی سه‌ره‌کی ده‌رچوونی ئه‌و هێزه‌ بوو. هه‌رچۆنێک بێت، هۆکاری پشت جووڵەی هێزەکانی یەکێتیی هەر چییەک بووبێت، شکاندنی پاوانخوازیی پارتی بێت یان گواستنه‌وه‌ی چه‌ک، هه‌ردووکیان په‌یوه‌ندییان به‌ خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ واته‌یه‌کی دیکه،‌ خه‌باتی چه‌کداریی هۆکاری سه‌ره‌کی کاره‌ساتی هه‌کاری بووە. ئەگەر یەکێتیی خەباتی چەکداریی نەکردبا پێویستیی بەوە نەدەبوو کە بچێت ڕێڕەوی کۆمەک و یارمەتی و چەک و تفاق لە سووریا-وە بۆ کوردستان مسۆگەر بکات؛ بەهەمانشێوە، پارتی ئەگەر هێزی چەکداری نەبوایە ئەوە عەقڵییەتی پاوانخوازیی لەلای گەڵاڵە نەدبوو. بەهەر حاڵ، کارەساتی هەکاری کە بەرهەمی خەباتی چەکدارییە دوای زیاتر لە ٤٥ ساڵ برینه‌کانی به‌ ته‌واوی سارێژ نه‌کراون.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ندان ساڵ له‌سه‌ر پاوانخوازی شه‌ڕیان کرد. بوونی چه‌کدارانی په‌که‌که‌ له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم تا ئێستا چه‌ندین شه‌ڕی لێ که‌وتۆته‌وه‌، ئێستاش ئه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ر ماوه‌. هەردوو نموونە، هەردوو پاوانخوازیی، دەرکەوتەی خەباتی چەکداریین. پە=کە=کە بۆیە پێویستی بە بنەوبارەگایە لە باشوور چونکە خەباتی چەکداریی دەکات. کەسێک، کادیرێک، چالاکوانێکی هەدەپە/دەم پارتی لە قەندیل و گارە و مەتین نابینیت، ئەوەی لەوێیە گەریلا چەکدارەکانی پە_کە-کەن.
بۆ چاره‌سه‌رکرنی ئه‌م دیارده‌یه‌ که‌ چه‌ندین نه‌هامه‌تی لێکه‌وتۆته‌وه‌، ده‌بێت لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان گه‌شه‌ به‌ توانای ڕێکخستن و سازدان و وه‌گه‌ڕخستنی جه‌ماوه‌ر بده‌ن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌سته‌ چه‌کداره‌کان. کادر و ڕێکخه‌رانی جه‌ماوه‌ر پێویست ناکات چه‌کدار بن.

هه‌ڵئاواردنی دەستەبژێر ‌و‌ جه‌ماوه‌ر
ئاکامێکی نەرێنیی دیکەی خەباتی چەکداریی لێک جیابوونەوەی دەستەبژێری (نوخبەی) سیاسیی و خەڵکی کوردستانە. دامه‌زراندن و ناردنه‌ شاخی ده‌سته‌ چه‌کداره‌کان هه‌میشه‌ یه‌که‌م کاری حیزب و ڕێکخراوه‌ کوردستانییه‌کان بووه‌. ده‌سته‌ چه‌کداره‌کانیش به‌گشتی له‌ دەستەبژێری (نوخبەی) سیاسیی و ڕووناکبیریی‌ هه‌ره‌ لێهاتوی حیزبه‌کان و ڕێکخراوه‌کان بوون. هه‌رزووش‌ ڕه‌وانه‌ی شاخ و داخ و ئه‌شکه‌وته‌کان ‌کراون. به‌م کاره بزووتنه‌وه‌ کوردستانییه‌کان دوو هه‌ڵه‌ی جه‌رگبڕیان کردووە‌، یان بڵێین دوو ئاکامی خراپی لێ ‌که‌وتۆتە‌وه‌‌. یه‌که‌میان، جیاکردنه‌وه ‌و دوورخستنه‌وه‌ی نوخبه‌ی ڕووناکبیرو ڕابه‌رانی بزووتنه‌وه‌که‌ بووە‌ له‌ جه‌ماوه‌ری شار و شارۆچکه‌کان، ئەو شوێنەی کە پێگەی سەرەکی چینی ناوەند و خوێندەوار و پیشەگەرەکانە. دووه‌میان، له‌ ده‌ستدانی ڕۆڵه‌‌ هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی ناو ئه‌و دەستەبژێرە‌ بووە له‌ شه‌ڕه‌ نابه‌رابه‌ره‌کاندا. شه‌هیدبوونی هەزاران سه‌رکرده‌ که‌ له‌ ته‌مه‌نێکی کورتی خه‌بات گیانیان له‌ ده‌ستداوە ده‌کرێت به‌ نموونه‌ بهێنینه‌وه، وەک شەهید فوئادی مستەفا سوڵتانی (تەمەن ٣٠ ساڵ) لە ڕۆژهەڵات، شەهید ئارام (شاسوار جەلال، تەمەن ٣١ ساڵ) لە باشوور، شەهید مەعسووم کۆرکماز (تەمەن ٣٠ ساڵ) لە باکوور‌. له‌ ده‌ستدانی ئه‌و هه‌موو‌ شه‌هیده‌ ڕووناکبیره‌ زه‌ره‌رێکی ئێجگار گه‌وره‌یه‌ که‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی کوردستان که‌وتووە، بەتایبەتی لە ڕووی گەشەی فکریی و ستراتیجی بزووتنەوەکان. بێگومان په‌نابردن بۆ چه‌ک هۆی هه‌ر سه‌رکیی شه‌هیدبوونیان بووە‌.
ئه‌و دەستەبژێرە که‌ ڕه‌وانه‌ی شاخ و دۆڵه‌کان ده‌کرێن ئه‌گه‌ر شه‌هیدیش نه‌بن ئه‌وه‌ به‌ حوکمی دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له‌ جه‌ماوه‌ر کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌سەر ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان له‌ناو شار و شارۆچکه‌کاندا نەدەما. ئه‌وان له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ ڕۆژ له‌ شاخه‌کان (لەم سەردەمەشدا لەنێو تونێلەکان) زۆربه‌ی کاتیان به‌سه‌رده‌برد و به‌ شه‌و به‌ ماندویی و شه‌که‌تی له‌ناو دێهاته‌کان له‌گه‌ڵ بوونی ترسێکی زۆر له‌ دوژمن نه‌یانده‌توانی وه‌ک پێویست جه‌ماوه‌ر ڕێکبخه‌ن و وەگەڕبخەن. دیاره‌ ئه‌وه‌ به‌و مانا‌یه‌ نییه‌ که‌ له‌ دێهاته‌کان کار نه‌کراوه‌ یان له‌ شاره‌کان ڕێکخستنه‌کان بوونیان نه‌بووه‌، به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و دەستەبژێرە‌ که‌ ده‌بوایه‌ له‌ ناو خه‌ڵک با له‌به‌ر په‌نابردن بۆ چه‌ک سنووری کاره‌کانیان له‌ ناوچه‌یەکی دیاریکراو قه‌تیس ده‌بوو، کاتێکیش شه‌هید ده‌بوون کاریگەرییان کۆتایی پێ دەهات. له‌ مێژووی کورد-دا چه‌ندین ڕێکخراو له‌ شار له‌ دایکبوون و له‌ شاخ وه‌ک ئاردی ناو دڕکیان لێهاتووه، بۆ نموونە حیزبی هیوا‌. هۆی ئه‌مه‌ش دیسان هه‌ڵپه‌کردنه‌ بۆ خه‌باتی چه‌کداریی.
لە بەشی داهاتوو گفتوگۆی چەند دەرکەوتەیەکی نەرێنیی دیکەی خەباتی چەکداریی دەکەین، لەوانە چۆن خەباتی چەکداریی کوردستانی کردووە بە کێڵگەی شەڕ و چۆن بۆتە مایەی دڵخۆشکردنی داگیرکەرانی کوردستان. ‌ ‌‌ ‌‌




گۆران و گه‌ڕان به‌دواى ئه‌ڵته‌رناتیڤى وێنه‌ ونبووه‌كان‏دا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

( دوای تێپەڕبوونی ٦٤ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی گۆران دا)

سەرەتا: بۆچوونی لەو جۆرە هەیە کە پێیوایە ئه‌ده‌ب بریتییه‌ له‌ نووسینه‌وه‌ى ئۆتۆبایۆگرافیاى نووسه‌ر به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چۆنێتى ژیانى نووسه‌رو بنه‌ماى فیكری و ئایدۆلۆژى كاریگه‌رى دیاریان ده‌بێت له‌سه‌ر جیهانبینى به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بی وهونه‌ریى، راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ ژیان ‎و ورده‌كارییه‌كانى ده‌ورى له‌به‌رچاو ده‌بینن له‌ فۆرمه‌له‌كردنى جیهانبینى هه‌ر ده‌قێكى ئه‌ده‌بیداو هه‌ر به‌وپێیه‌ش جیهانبینى هه‌ر ده‌قێكى ئه‌ده‌بى له ‌شیكردنه‌وه‌ى كۆتایدا په‌یوه‌ندى ته‌واوى به ‌دیدو بۆچوونى داهێنه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژیان‎و بوون، رووداو و مێژووى ژیانى داهێنەرى ده‌ق راسته‌وخۆ له‌رووى نەست و هه‌سته‌وه‌ تێكه‌ڵاوى بنیادى ده‌قه‌كه‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌نانه‌ ده‌بێته‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ى لایه‌نى مه‌وزوعى داهێنەرى ده‌ق‎ و بنیادى فیكری و تێڕوانینى بۆ ژیان ‎و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌aش گوزارشت كردن له‌خودى خۆی و به‌رجه‌سته‌كردنى تێڕاوانینى بۆ ژیان.
هه‌ندێ جار نووسه‌ر له‌خۆبه‌ستنه‌وه‌یدا به‌ وێنه‌گرتنى ریالیستانه‌ى ژیانه‌وه‌ راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌وێته‌ حاڵه‌تى ئیلتیزامى ئایدۆلۆژییه‌وه‌ به‌جۆریك كه‌ بنه‌مایه‌كى ئه‌خلاقی و به‌هاى جێگیر ده‌كاته‌ سنوورو خۆیى له‌ نێودا به‌ند ده‌كات‎و له‌م حاڵه‌ته‌شدا خه‌یاڵ و خه‌ون‎و ئه‌ندێشه‌ى بنیادنانى یۆتۆپیا ده‌مرێت‎و هیچ بوارێك بۆ رۆحى ئه‌فسوونگه‌رى نامێنێته‌وه‌، لێره‌وه‌ رۆحى داهێنان ئەگەر نەشمرێت ئەوا لاواز دەبێت ‎و له‌م باره‌شدا ئەسته‌مه‌ نووسه‌ر بتوانێت ده‌قى زیندوی داهێنەرانەی نەمر پێشكه‌ش بكات. ده‌قێك كه‌ تواناى هه‌ڵگرتن‎و به‌رزكردنه‌وه‌ى پرسیارى هه‌بێت. پرسیار به‌و مانایه‌ى كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ زانراو به‌رز بكرێته‌وه‌. مه‌به‌ستمان له‌ په‌یوه‌ستبوونى ده‌قى هونه‌رى به ‌ژیانه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌یان نییە چونكه‌ ساده‌یى ئاستى داهێنان له‌ ئه‌ده‌بى كوردیدا زیاتر ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ئه‌م هۆكاره.، ئێمه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمان له‌ كاریگه‌رى ژیانى داهێنه‌ر له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن ورده‌كاری و رووداوه‌كانى ژیان ده‌بنه‌ هه‌وێنى رۆحى داهێنان له‌ ئاستێكى باڵاى هونه‌ریدا به‌شێوازو جیهانبینى ئه‌زموونگه‌رییانه‌وه‌.
له‌لایه‌كى تره‌وه‌ روداوه‌كانى ژیان‎و مێژووى ژیانى داهێنەرى ده‌قى ئه‌ده‌بى ناڕاسته‌وخۆ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ نێو ده‌قى ئه‌ده‌بى له ‌رێگاى نه‌سته‌وه‌، ئه‌مه‌ش زیاتر له‌شێوازی گۆڕینى ئه‌و بیرو بۆچوونانه‌وه‌ ده‌بێت بۆ هێماو ده‌لالاتى زمانى كه‌ له‌ پشتیانه‌وه‌ ماناى جۆراو جۆر راوه‌ستاوه‌و وه‌كو ده‌ره‌نجامى پرۆسێسێكى ناوكۆیى له نەستی داهێنەرى ده‌قه‌وه‌ به‌رێگاى ناڕاسته‌وخۆ فڕێ ده‌درێنه‌ پانتایى ده‌قى ئه‌ده‌بیه‌وه،‌ كه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌یان شێوازی ئیلتیزامى ئایدۆلۆژى پێوه ‌دیار نابێت‎و زیاتر وه‌كو ئه‌نجامى یان ده‌رهاوێشتنى كارلێكى ناوكۆیى حه‌زو ئاره‌زوو ویسته‌ مرۆییه‌كانى داهێنەرى ده‌ق خۆى ده‌نوێنێت و ئه‌و پرسیارانه‌شى كه‌ ده‌قى به‌رهه‌مهاتووى ژێر هۆكارى نه‌ست هه‌ڵیده‌گرێت زیاتر پرسیارى جیدى ده‌بن به‌رامبه‌ر به‌ نه‌زانراو به‌رز ده‌كرێنه‌وه،‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ماناى گه‌ڕانه‌ له‌دواى ئاشكراكردن‏و زانینى شته‌ نهێنی و په‌نهان‎و نه‌زارنراوه‌كان كه‌ له‌ هاوكێشه‌ى كۆتایدا ماناى پرسیاركردن له‌ماهیه‌تى (بوون) هه‌ڵده‌گرن. هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستمان له‌ نه‌ست‎و ده‌ورى نه‌ست له ‌كرده‌ى داهێناندا له‌ روانگه‌یه‌كى رووتى ده‌رونزانیه‌وه‌ نییە، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان له ‌ده‌ورو كاریگه‌رى نه‌سته‌ له‌ خستنه‌ڕووى ئه‌وه‌ى له ‌ناخى داهێنه‌ردا هه‌یه‌ به‌بێ سانسۆر. دیسان له‌ ئاستێكى ئه‌فسووناوى باڵادا چونكه‌ نه‌ست په‌یوه‌ندى به‌هێزى به‌خه‌ون‎و خه‌یاڵ و یۆتۆپیاوه‌ هه‌یه‌، یۆتۆپیا به‌و مانایه‌ی كه‌ دروستكردنى مه‌مله‌كه‌تێک بێت له ‌سیاقى زمانیداو رووتكراوه‌ بێت له‌هه‌موو مانا جێگیرو مه‌ئلوفه‌كان کە چێژوه‌رگرتن‏و‎ هه‌ستى ئێستاتیكى ئێمه‌یان شێواندوه‌.
هه‌روه‌ك مه‌به‌ستمان له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى پرسیارى جیدى له ‌میانه‌ى ئه‌و ده‌قانه‌ى كه‌ له‌ پانتایى نه‌سته‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێن ئه‌و وڕێنه‌و گڕوگاڵانه‌ نییە كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ناوى ده‌قى ئەدەبییەوە فڕێ ده‌درێنه‌ نێو پانتایى رۆشنبیرى كوردییەوە كه‌به‌شى هه‌ره‌ زۆریان له‌ دواندنى رووكەشی ساده‌ى هه‌ست‎و سۆز زیاتر نین. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێسته‌ داهێنان له‌روانگه‌ى جیهانبینى فیكری و فه‌لسه‌فیه‌وه‌ لێى ده‌ڕوانرێت‎و شیعر به‌و ژانره‌ ئه‌ده‌بیه‌ داده‌نرێت كه‌ نه‌ك هه‌ر ده‌شێ به‌ڵكو ده‌بێ گرنگى به‌ مه‌عریفه‌ بدات‎ و بێ جیهانبینى مه‌عریفى ده‌ق ناتوانێت نه‌مرى به‌ده‌ست بهێنێت.
بۆ قسەكردن له‌سه‌ر ئه‌زموونى شیعرى گۆران ناكرێت ته‌نها له‌روانگه‌ى ئایدۆلۆژیاو ئیلتیزامى سیاسى گۆرانه‌وه‌ ئاخاوتن بكرێت گه‌رچى ئیلتیزام كردنى سیاسیانه‌ى گۆران نه‌ك نه‌بۆته‌ هۆى ده‌وڵه‌مەندتركردنى ئه‌زموونى داهێنانى به‌ڵكو زیانێكى گه‌وره‌ى له‌ ئه‌زموونى مه‌زنى گۆران‎و مه‌وداى فراوانى خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ى داوه‌. بۆیه‌ ده‌بێ بۆ لێكدانه‌وه‌ى شیعرى گۆران ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرین كه‌ به‌ر له‌هه‌موو شتێ ده‌رباره‌ى ئه‌زموونى داهێنه‌رێك ده‌دوێین كه‌ شۆڕشێكى باڵاى له‌ ئه‌زموونى شیعرى كوردیدا ئه‌نجامداوه‌. له‌راستیدا شۆڕشى گۆران له‌شیعرى كوردیدا شۆڕشه‌ له‌ شێوازی بنیادى زمانى ده‌قدا، ئه‌گینا له‌رووى جیهانبینییە وه‌ گۆران گوتارێكى نوێى تەواوی بەرهەمنەهێناوە کە بە تەواوی دابڕانی لە گوتاری شیعریی پێش خۆی کردبێت بە تایبەتی لە ئاستی پرسیارو جیهانبینیدا‌. زۆربه‌ى ئه‌و لێكدانه‌وانه‌ى پێشتر بۆ گۆران‎و به‌رهه‌مى گۆران كراون په‌یان به‌م راستییه‌ نه‌بردووه‌ چونكه‌ به‌ پێودانى ئایدۆلۆژی و ئیلتیزامى سیاسی له ‌زاتى داهێنه‌رانه‌ى گۆرنیان روانیووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش بۆچوونێكى راست نییە له ‌روانگه‌ى توێژینه‌وه‌و ره‌خنه‌ى زانستیانه‌ى ئه‌ده‌بیه‌وه. بۆیه‌ ناكرێت هه‌روا به‌ئاسانى به‌و حوكم‎و بڕیارانه‌ رازى ببین كه‌ تاكو ئێستا به‌رهه‌مى شیعرى گۆرانیان پێ پێوراوه‌. ئێمه‌ له‌ درێژه‌ى ئه‌م چه‌ند شیكردنه‌وه‌ماندا هه‌وڵمان داوه‌ زیاتر له‌ ئاستى داهێنانى گۆران‎و دۆزینه‌وه‌ى جیهانبینی و كاریگه‌رى نەرێنی ئیلتیزامى سیاسى گۆران بدوێین‎و ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى شیكردنه‌وه‌ى ده‌قه‌كانى ئه‌نجام بده‌ین.
زۆربه‌ى ئه‌و لێكدانه‌وانه‌ى پێشتر بۆ گۆران كراون ته‌نها وه‌ك شاعیرێكى مولته‌زیمى ئایدۆلۆژى له ‌شیعره‌كانى دوواون لایه‌نى دووه‌میش له‌ سه‌نگه‌رى دژى ئاراسته‌ى یه‌كه‌مدان كه ‌وسیتوویانه‌ گۆران له‌ خودى گۆران وه‌كو زاتى داهێنه‌ر، وه‌كو ئینسان له‌ژیان‎و مێژووى خۆى رووت بكه‌نه‌وه‌و به‌جیا له‌و مێژووه‌ بدوێن‎و له‌برى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ست به‌ تایبه‌تمه‌ندى بنه‌ماى پێكهێنه‌رى ده‌قه‌كانى گۆران خۆى له ‌ده‌قه‌كان بدوێن‎و له‌روانگه‌ى دۆزینه‌وه‌ى ده‌لالاتى ده‌قه‌كانیه‌وه‌ جیهانبینى شیعرى گۆران دیارى بكه‌ن. هه‌وڵیانداوه‌ به‌پێى هه‌ندێ پێوه‌رو ئەحکامی ئاماده‌ ده‌قه‌كانى گۆران بپێون. ئه‌م دوو رێگایە‌ بۆ لێكدانه‌وه‌ى به‌رهه‌مى داهێنان هیچیان ناتوانن مافى ده‌ق بده‌ن‎و جیهانبیى ده‌ق سه‌ربه‌خۆیانه‌ دیارى بكه‌ن. ئێمه‌ لێره‌دا هه‌وڵدەدەین‌ به‌رهه‌مى گۆران به ‌ئاراسته‌یه‌كى جیا له‌و دوو ئاراسته‌ى سه‌ره‌وه‌ باسكران لێكبده‌ینه‌وه‌، نه‌ لێكدانه‌وه‌ى ئایدۆلۆژیانه‌و ئیلتیزامى سیاسى بۆ شیعرى گۆران بكه‌ین‎و به‌ پێوەرێکی سیاسى ئاماده‌ بیپێوین یان هەڵیبسەنگێنین، نه‌ به‌ناوى تازه‌گه‌ری و ره‌خنه‌ى نوێوە هه‌ندێ چه‌مكى نوێ بسه‌پێنین به‌سه‌ر ده‌قه‌كانى گۆران‎داو پشت له‌ دۆزینه‌وه‌ى ده‌لالاتى زمانى ده‌قه‌كانى بكه‌ین. له‌هه‌مان كاتدا پێمان وایه‌ ده‌بێ كاریگه‌رى ژیانى تایبه‌تى گۆران خۆی و بارى كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویى ئه‌و قۆناغه‌ى گۆران ژیانى تیا به‌سه‌ر بردووه‌ ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ به‌رهه‌مى شیعرى گۆرانه‌وه‌و له ‌دۆزینه‌وه‌ى جیهانبینى ده‌قه‌كانیدا تارمایى ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ ئاشكرا بكه‌ین‎و له‌و ئاسته‌ باڵایه‌ى هه‌ستى ئێستاتیكى گۆرانیش بدوێین كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ روداوه‌كانى ژیاندا كردووه‌و چۆن گۆڕیونى بۆ ده‌لالات‎ و هێماو رۆحى هونه‌ری و داهێنانى كردون به‌ به‌رداو چۆن له‌ پێناوى ستراتیژى ئه‌زموونگه‌رێتیدا شێوازی كۆنى ره‌ت كردۆته‌وه‌و له‌ فۆرمێكى نوێ و نامه‌ئلوفدا شیعریه‌تى به‌رهه‌مهێناوه‌و هه‌وڵیداوه‌ په‌یوه‌ندیه‌كى پته‌و و به‌هێز له‌نێوان خه‌ون‎و خه‌یاڵ و مێژوودا دروست بكات‎و چۆن له ‌ئاستێكى باڵاى مامه‌ڵه‌كردنى هه‌ستى ئێستاتیكیدا یۆتۆپیا دروست بكات، یۆتۆپیا قه‌شه‌نگ‎و سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانى نێو سروشت كه‌ هه‌ر جاره‌ى بە شێوەیەک و له ‌شێوەیەکی جیاوازدا ئه‌ڵته‌رناتیڤ له‌سنوورى خه‌ون‎‏و یۆتۆپیادا دروست ده‌كات، به‌ڵام رۆحى مێژوو و واقیع زۆربه‌ى كات سنوورى ئه‌و یۆتۆپیا ده‌ڕوخێنێت و ده‌یخاته‌ سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ى گه‌ڕان له‌دواى مه‌وداى نوێ، یۆتۆپیاى نوێ، بۆ حه‌وانه‌وه‌و ئۆقره‌گرتن، بێ ئه‌وه‌ى گۆران خۆى وه‌كو شاعیرێكى داهێنه‌ر بگاته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى كه‌ خودى داهێنه‌ر ئۆقره‌ ده‌گرێت، گومان‎و دڵەڕاوكێى كۆتاییان نایه‌ت. شۆڕشى گۆران له‌بنیادى زمان‎و شێوازی شیعریدا ده‌رئه‌نجامى هه‌ره‌سى دڵنیایی و بڕوانه‌بوونه‌ به‌مانا جێگیرو مه‌ئلوفه‌كان، ده‌رئه‌نجامى گه‌ڕانه‌ له‌دواى رێگاى نوێ بۆ گوزارشت كردن له‌ خودو له‌بوون.

كاریگه‌رى قۆناغى مێژوویى له‌سه‌ر گۆران
ژیانى لاوێتى گۆران له‌دواى جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهانیه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، له‌ كاتێكه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى له‌وپه‌ڕى دواكه‌وتوویی و بێئاگایدا بوو. بارى ژیان تا راده‌یه‌كى زۆر ناهه‌موار بووه‌و سیسته‌مى فیودیالى ناكامڵى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش وه‌كو دامه‌زراوەیەكى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ڕێوە‌بردن له‌وپه‌ڕى بۆگه‌نی و به‌ره‌ڵایدا بووه‌ به‌ تایبه‌ت له‌و بەشەی كوردستان كه‌ گۆران سه‌ره‌تاى قۆناغى ژیانى تیا به‌سه‌ر بردووه،‌ واته‌ له ‌هه‌ڵه‌بجه‌و ده‌وورو به‌ریدا کە ئەوێش هەمان شێوەی نیشتیمانەکەی گۆران لە سایەی سیستەمێکی فیودیالی پێنەگەیشتووی خێڵایەتی کەلتوور دواکەوتوودا ژیاوە. ئه‌و قۆناغه‌ش وه‌كو بەڕێوەبردنی سیاسی و ده‌وڵه‌تى ساته‌وه‌ختى فه‌رمانڕه‌وایى ده‌وڵه‌تى عوسمانیه‌ كه‌ نزیك بوو بووه‌وه‌ له‌ هەڵوە‌شاندن‎و هه‌ره‌سهێنان كه‌ ئه‌وه‌ش ماناى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى دامه‌زراوەى ئیداری و سیاسییە‌. له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ئه‌ومێژووه‌ گه‌وره‌ترین جه‌نگى قه‌ڵاچۆكه‌رى به‌خۆیه‌وه‌ بینى كه‌ جه‌نگى جیهانى بوو، گۆڕانكارییه‌كى گه‌وره‌ى له‌مێژووى مرۆڤایه‌تیدا دروست كردو ئه‌نجام بووه‌ هۆى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سیسته‌مى ئیداره‌ى ئیمپراتۆرێتی عوسمانى له‌ كوردستانداو پاش ماوه‌یه‌ك ئیداره‌ى نوێ له‌هه‌ر به‌شێكى كوردستاندا فه‌رمانى كه‌وته‌ ده‌ست. ئه‌وبه‌شه‌ى كوردستان كه‌ گۆرانى تێدا ده‌ژیا كه‌وته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى عێراق‎و ئاراسته‌ى فه‌رمان‎و بەڕێوەبردن شێوەیەکی ترى به‌خۆیه‌وه‌ بینى به‌ڵام له‌ هیچ بارێكیاندا سیسته‌مى بەڕێوەبردن نه‌یتوانیووه‌ ببێته‌ نوێنه‌رى خه‌ڵك. ئه‌و خه‌ڵكه‌ى كه‌ دواتر گۆران به‌ دروشمه‌ شیعر ئامێزه‌كانى داواى راپه‌رینى لێده‌كردن‎و گوزارشتى له‌ ئێش‎و ژانه‌كانیان ده‌كرد.
له‌ قۆناغى پێگه‌یشتى گۆران‎دا شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر بووه‌ داینه‌مۆى كۆكردنه‌وه‌ى بیروبۆچوونى نوێخوازی، نه‌ك هه‌ر گۆران به‌ڵكو رۆشنبیرانى كورد به‌تێكڕا جگه‌ له‌ كۆنه‌په‌رسته‌كانیان بوونه‌ موریدى ئه‌و تیشكه‌ى كه‌ ئومێدى رووناك كردنه‌وه‌ى رێگاى به‌ره‌و ئاینده‌یان پێى هه‌بوو. دواى دامه‌زراندنى حیزبى شیوعى عێراقی و زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ى بیروباوه‌ڕى كۆمۆنیزمی و له‌هه‌مان كاتدا سیاسه‌تى توندووتیژو كۆنه‌په‌رستانه‌ى فه‌رمانڕه‌وایه‌تى پاشایەتی مه‌یلى رووناكبیرانى بۆ ئازادى زیاتر ده‌جووڵاند. رزگاربوونى به‌شێكى زۆر له‌گه‌لانى مافخوراوى ئه‌وسا له‌دواى جه‌نگى جیهانى بوونه‌ هۆكارێكى سه‌ره‌كى بۆ زیاتر كۆكردنه‌وه‌ى رۆشنبیران له ‌دورى دروشمى كۆمۆنیزم. گۆران له‌ ریزى پێشه‌وه‌ى رۆشنبیرانى نه‌ته‌وه‌كه‌ى بوو بۆیه‌ ده‌بوا له‌و بواره‌شدا له ‌ریزى پێشوه‌دا بێت
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م رووداوه‌ مێژووییانه‌و بارى دواكه‌وتوویی و هه‌ڵوە‌شاوەى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى كاریگه‌رى ته‌واوى له‌سه‌ر كه‌سێتى كۆمه‌ڵایه‌تى گۆران‎و له‌هه‌مان كاتدا له‌سه‌ر به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى گۆران هه‌بووه‌و ناكرێت گۆران له‌و مێژووه‌ بكه‌ینه‌وه‌و وه‌كو (ئامێر) دوور له‌په‌یوه‌ست بوون‎و وابه‌سته‌بوون به‌ده‌ره‌وه‌ى خۆى لێى بڕوانین. به‌شێكى زۆرى به‌رهه‌مى شیعرى گۆران گوزارشت كردنه‌ له‌واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویى تفت‎و تاڵى سه‌رده‌مه‌كه‌ى خۆى، هه‌ر كاریگه‌رى ئه‌و واقیعه‌یه‌ كه‌وا له ‌گۆران ده‌كات چ وه‌كو شاعیر چ وه‌كو ئینسان كه‌سێكى ناسه‌قامگیرو نامولته‌زیم بێت به‌عادات‎ و ته‌قالیده‌ باوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌. ئه‌وه‌ش ده‌یخاته‌ به‌رده‌م چه‌ندین كێشه‌و گیروگرفته‌وه‌. ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:
تاوێ نه‌گه‌ڕا چه‌رخى موخالیف به‌حیسابم
بێناڵه‌ نییە سانیه‎یه‎ك تارى روبابم
هه‌ر له‏حزه‎یه‌كى مه‌هدى هه‌زار گریه‌ بو ئه‌فسووس
ساڵانى مناڵیم‏و هه‌موو عومرى شه‌بابم
ئێسته‌ خه‌له‌لى عافیه‌تیش بارى به‌ده‌نمه‌
هه‌ر ده‌رده‌ ئه‌دا پاچى له‌بونیانى خه‌رابم
زیاتر سه‌به‌بى عه‌قڵ و شعوره‌ خه‌فه‌تى من
بۆ غه‌فڵه‌ت‎و نسیانه‌ هه‌موو نۆشى شه‌رابم!
هه‌ر لێره‌وه‌ پرسیارى گۆران به‌رز ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش دوو جه‌مسه‌رى لێكدانه‌وه‌ى هه‌یه‌. یه‌كەمیان پرسیاره‌ به‌رامبه‌ر به‌بێ ده‌سه‌ڵاتى و ناكرده‌یى خۆى له‌رووى چه‌رخى موخالیف‎دا، ئه‌و چه‌رخه‌ى به‌ئاره‌زووى خۆى دێت‎و ئه‌م مه‌حكومى ده‌ستى بووه‌و له‌ئاستیدا هیچى پێناكرێت.
مه‌به‌ستى گۆران له‌ چه‌رخى موخالیف ده‌شێ بارى ناهه‌موارى كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانى دواكه‌وتووى كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى بێت‎و ئه‌م وه‌كو نوێنه‌رى هه‌موو میلله‌ت ئه‌و ده‌نگى ناڕه‌زاییه‌ به‌رز بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌یان كه‌متر گرنگى ده‌مێنێت ئه‌گه‌ر واى بۆ بچین كه‌ گۆران وه‌كو خود خۆى به‌ته‌نها واهه‌ست بكات كه‌ هه‌رگیز رۆژگار له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌بووه‌و هه‌میشه‌ چه‌رخى زه‌مانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌پ گه‌رد بووه‌و له ‌سوودى ئه‌و نه‌بووه‌ بۆیه‌ ئه‌ویش گه‌یشتۆته‌ ئاستى بێئومێدی و گله‌یى خۆى له‌رۆژگار ده‌كات. دیاره‌ رۆژگاریش په‌یوه‌سته‌ به‌و واقیعه‌ مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ى كه‌ گۆرانى تێدا ژیاوه‌. به‌ڵام گۆران وه‌كو شاعیرێكى خاوه‌ن هه‌ست‎و وه‌كو رۆشنبیرێكى سه‌رده‌مه‌كه‌ى خۆى له‌ پێش خه‌ڵكى ئاساییه‌وه‌ هه‌ست به‌ ناهه‌مواری و به‌دبه‌ختیه‌كان ده‌كات بۆیه‌ پێىوایه‌ هه‌ر له‌حزه‌یه‌كى ژیانى جێگاى له‌دایكبوونى هه‌زار گریان ‎و ناڵینه‌. ته‌مه‌نى منداڵی ولاوێتى گۆران به‌و شێوەیە وه‌سف ده‌كرێت كه‌ پانتاییه‌ك بۆ ئاسوده‌یی و به‌خته‌وه‌رى تێدا نەبووە‌. هه‌ر بۆیه‌ به‌رهه‌مى شیعرى گۆران به‌تایبه‌تى ده‌قه‌ زیندووه‌كانى له‌ ده‌ورى ئه‌م خاڵه‌دا كۆده‌بنه‌وه‌ یان له‌ژێر كاریگه‌رى ئه‌و دۆخ و بارە مێژوویه‌دا له‌دایكبوون.
گۆران ده‌زانێ چه‌رخ‎‏و رۆژگار هه‌میشه‌ به‌پێچه‌وانه‌ى ویستى ئه‌وه‌وه‌یه‌و هۆكارى ئه‌و زانینه‌ش دەرك پێده‌كات‎‎و ده‌یگێڕێته‌وه‌ بۆ هۆكارى (عه‌قڵ و شعور) كاتێ ده‌ڵێت (زیاتر سه‌به‌بى عه‌قڵ و شعوره‌ خه‌فه‌تى من) به‌واتایه‌كى دى گۆران ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌وكه‌سه‌ى عه‌قڵى هه‌یه‌و سه‌ر له‌مه‌سه‌له‌كان ده‌رده‌كات‎و ده‌زانێت چۆن دێن‎و له‌ كوێوە دێن، ئه‌وا ئەو کەسە‌ هه‌رگیز ناحه‌وێته‌وه‌و ئاسووده‌ نابێت. به ‌واتایه‌كى دى گۆران واى بۆ ده‌چێت ئاسووده‌یی وپەیبردنپێكه‌وه‌ كۆنابنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر دەرك كردن‎و تێگه‌یشتن هه‌بوون ئه‌وا ئاسوده‌یى بوونى نابێت، چونكه‌ ئه‌و زاته‌ى ده‌گاته‌ ئاستى ناسینى شته‌كان‎‏و په‌یان پێده‌بات، ئیتر ده‌گاته‌ حاڵه‌تى گومان‎‏و نیگه‌رانى به‌رده‌وام‏و چىتر ئۆقره‌ ناگرێت. به‌ واتایه‌كى دى گۆران ده‌یه‌وێت بڵێت سه‌رچاوه‌ى به‌دبه‌ختی و ناسه‌قامگیرى ده‌روونی و رۆحی و خه‌فه‌ت خواردنى به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ عه‌قڵى به‌شته‌كان‎ ده‌شكێت و ناتونێت له ‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى وا دواكه‌وتوودا هیچ گۆڕانكارییه‌ك بكات، به‌ ناچارى ده‌یه‌وێت خۆى بدزێته‌وه‌ ئه‌ویش له‌رێگاى له ‌یادكردنیانه‌وه‌ به‌هۆى شه‌رابه‌وه‌. ره‌نگه‌ شه‌راب ده‌له‌لاله‌تى هه‌ر لادان‎و نه‌فیكردنێكى عادات‎و ته‌قالیدى باوى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام گۆران بیانوو بۆ خۆى ده‌دۆزێته‌وه‌و ده‌ڵێت (شه‌راب) ده‌رمانى ده‌ردى منه‌ له ‌كاتێكدا له ‌بارێكى ناسه‌قامگیرو په‌شێودام‎و خه‌فه‌تى پەیبردن رۆحم ده‌خوات، له‌كاتێكدا له‌نێو ئێت و ه‌ى بێئاگادا من له‌ناخه‌وه‌ عه‌قڵ و شعورى پەیبردنرێگام نادات بحه‌وێمه‌وه‌.
ده‌شێ له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ لێكدانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ بۆ ئه‌م ناڕه‌زایى ده‌ربڕینه‌ى گۆران بكرێت كه‌ جۆره‌ ئاخاوتنێكى دژایه‌تی و ناڕه‌زایه‌تییه‌ به‌رامبه‌ر به‌هێزى نادیارى بزوێنه‌رى گه‌ردوون، واته‌ خواوه‌ند كه‌ به‌تێڕوانینى گۆران هه‌میشه‌ به‌دژى ویسته‌كانى ئه‌م ده‌جوڵێت، به‌ڵام ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌ ناتوانێت پانتاییه‌كى فراوان له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر گۆران‎و به‌رهه‌مى گۆران دایگر بكات چونكه‌ سه‌ربارى په‌یوه‌ستبوونى گۆران به‌ مه‌سه‌له‌ روحیه‌كانه‌وه‌. له ‌گوتارى ئه‌ده‌بى گۆراندا پرسیار ده‌رباره‌ى نه‌زانراو و په‌ى پێنه‌براو، رووبه‌ڕووى (یه‌قینى) خواوه‌ند نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو زیاتر ده‌لاله‌تى به‌ گشتى كردنى حاڵه‌تى په‌ى پێنه‌بردن له‌ پرسیارى گۆراندا ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ ئه‌ویش بریتییه‌ له‌په‌ى پێنه‌بردن‎و نه‌توانینى ناسینى رۆح‎و مه‌سه‌له‌ رۆحیه‌كان. له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گۆران له‌ ناڕه‌زایى ده‌ربڕینیدا زیاتر واقعى باوى كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویى ده‌دوێنێوناڕه‌زایى به‌رامبه‌ر به‌و واقیعه‌ ده‌رده‌بڕێت، هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ له‌ لێكدانه‌وه‌ى شیعرى گۆراندا ئه‌و واقیعه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییه‌ وه‌كو مۆتیڤى رۆحى داهێنان لێیان بڕوانرێت.
چۆنێتى ژیانى تایبه‌تى گۆران‎و كاریگه‌رى له‌سه‌ر جیهانبینى شیعرى:
لێره‌دا ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاى ژیانى گۆران واته‌ بۆ زه‌مینه‌ى رابردووى ده‌قه‌كانی و له‌وێشه‌وه‌ له‌رووى ئۆتۆبایۆگرافیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كى خودى گۆران ده‌كه‌ین‎و هه‌وڵده‌ده‌ین كاریگه‌رى ئه‌و قۆناغه‌ له‌جوڵه‌و پراكتیك‎و جیهانبینى دواترى گۆراندا بدۆزینه‌وه‌.
گۆران له‌تافى منداڵیدا باوكى كۆچى دوایى ده‌كات‎و دواى دوو ساڵ له‌ مه‌رگى باوكى برا گه‌وره‌كه‌ى كه ‌ناوى محه‌مه‌د به‌گ (حه‌مه‌ به‌گ رووشه‌) بوو ده‌كوژرێت. دیاره‌ مردنى باوك‎و كوشتنى براى گه‌وره‌ كه‌ وێنه‌ى باوكه‌ له ‌ژیانى منداڵى گۆراندا ده‌بێته‌ له‌ده‌ستچوونى سه‌رچاوه‌ى به‌خشینى سۆزو خۆشه‌ویستی و گرێى هه‌ست كردن به ‌نه‌بوونى باوك وه‌كو سایه‌و سێبه‌ر له‌ هه‌ست‎و نه‌ستى گۆراندا دروست ده‌كات. ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆى دروستكردنى حاڵه‌تى نادڵنیایی و نیگه‌رانى به‌رده‌وام له‌ كه‌سیه‌تى گۆرانداو هه‌میشه‌ گۆران له‌به‌رامبه‌ر ترسێكى سه‌ختدا ده‌بێت، ترسى له‌ ده‌ستچوونى ئه‌و وێنانه‌ى كه‌ ده‌بوا بیان پاراستایه‌. ئاماده‌بوونى ترس به‌شێوه‌كى به‌رده‌وام له ‌نه‌ستى گۆراندا ده‌بێته‌ هۆى دروستكردنى گرێى هه‌ست به‌ كه‌مى كردن له‌ كه‌سیه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى گۆرانداو وه‌هاى لێ ده‌كات كه‌ خۆى به‌ جێگاى سۆزو به‌زه‌یى بزانێت‎و هه‌میشه‌ داواى سۆزو به‌زه‌یى (ئه‌وانى تر) بكات‎و له‌ چاوه‌ڕوانى سایه‌و سێبه‌رى باوكێكدا بێت. سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردن لاى گۆران له‌ گه‌ڕان له ‌دواى دۆزینه‌وه‌و گه‌یشتن به‌و وێنه‌یه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات. گه‌یشتنیش به‌و وێنه‌یه‌ هه‌روا كارێكى ئاسان نییە . به‌ تایبه‌تى كوشتنى براى گه‌وره‌ى گۆران له‌و قۆناغه‌ى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌واریدا مایه‌ى ترس‎و له‌هه‌مان كاتدا جێگاى پرسیار بووه‌.
كوشتنى براگه‌وره‌ى گۆران له‌راستیدا بریتییه‌ له‌ كوشتنى به‌شێكى داهاتووى سڵێمان به‌گى باوكى گۆران، له‌ هه‌مان كاتدا ئاماژه‌ى جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كیش بۆ سه‌ر خودى گۆرانى لاو نیشان ده‌دات‎و ده‌شێ ئه‌وه‌ له‌ نه‌ستى گۆراندا بچه‌سپێنێت كه‌ كاره‌ساتى كوشتنى برا گه‌وره‌كه‌ى هه‌ر ئه‌وه‌ نییە كه‌ ئه‌م خه‌مگین‎و دڵشكاو بكات، به‌ڵكو ئه‌و كرداره‌ ناڕه‌وایه‌ ده‌شێ سه‌ره‌تاى پرۆژه‌یه‌ك بێت بۆ كوشتنى گۆرانیش. به‌مانایه‌كى تر ئه‌و كرداره‌ سه‌ره‌تاى پرۆژه‌كه‌یه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌مێژووى سڵێمان به‌گى باوكى گۆران.
له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ كوشتنى محه‌مه‌د به‌گى برا گه‌وره‌ى گۆران له‌سه‌رده‌مى لاوێتى گۆراندا له‌كاتێكدا باوكى نه‌ماوه‌و ته‌مه‌نى له‌نێوان (17-18) ساڵیدا بووه‌ به‌ ناچارى گۆران ده‌كاته‌ به‌رپرسى یه‌كه‌مى ژیانى خۆی و دایكى كه‌ ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى تایبه‌تى له‌سه‌ر هه‌ست‎و بیرى گۆران هه‌بووه‌.
لێره‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سه‌ره‌تاى ژیانى لاوێتى گۆران پڕ له‌ ئازارو چه‌رمه‌سه‌رى بووه‌و گۆران سه‌رچاوه‌كانى سۆزو خۆشه‌ویستى پێ به‌خشینى تا راده‌یه‌ك له‌ دەستچووه‌. گه‌ڕان له ‌دواى دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌ڵته‌رناتیڤێك كه‌ هێشتنه‌وه‌ى خودى گۆران به‌ر له‌ هه‌موو شێ وه‌كو ئینسان بسه‌لمێنێت.
ئه‌و ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌ش له‌ شیعردا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. به‌ واتا به‌رهه‌مهێنانى شیعر لاى گۆران فاكته‌رێك ده‌یجوڵێنێ كه‌ ره‌گ‎و ریشه‌ى له‌رابردوودایه‌ ئه‌ویش فاكته‌رى له‌ده‌ست چوونى وێنه‌ى باوكه‌.
مه‌به‌ست له‌وێنه‌ى باوكیش لێره‌دا هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكى سه‌ره‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ركى بەڕێوەبردنی خواره‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت و له‌هه‌مان كاتدا به‌ په‌یوه‌ستێكى توندى رۆحى به‌ خواره‌وه‌ به‌سترابێت كه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌گوێره‌ى خێزان باوكه‌. ره‌نگه‌ به‌گوێره‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌كیش بریتى بێت له‌رابه‌ى رۆحى ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌. ده‌شێ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ستكردن به‌ ونبوونى وێنه‌ى باوك گرێى هه‌ستكردن به‌ ناته‌واوى لاى گۆران به‌جۆرێك دروست كردبێت كه‌ گۆران خۆى هه‌ستى به ‌جیاوازبوونى خۆى كردبێت‎ و هه‌وڵدانى بۆ نووسین هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى لاوێتییەوە له ‌لایه‌ك هه‌وڵدان بووبێت بۆ سه‌لماندى خۆی وەکو تاکەکەس، له ‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ شیعر هۆكارێك بووبێت هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گۆران ویستوویه‌تى بیكاته‌ هۆكارێ بۆ پرۆسه‌ى پاكژبوونه‌وه،‌ واته‌ رزگاركردنى خۆى له‌و باره‌ ده‌رونیه‌ ناجێگیره‌ى تێیدایه‌و گه‌یشتن به‌ بارێكى ده‌روونى سه‌قامگیر، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامى كۆتایدا پرۆژه‌ى پاكژبوونه‌وه‌ لاى گۆران نه‌گه‌یشتۆته‌ لوتكه‌، به‌ڵكو ئه‌و پرۆسه‌یه‌و میكانیزمى كاركردنى به‌ شێوازێكى پێچه‌وانه‌ گۆڕاوه‌و به‌ره‌و حاڵه‌تى بڵندبوون –تسامى- Sublime چووه‌و تیكڕاى ویست‎و ئاره‌زووه‌ چه‌پێندراوه‌كانى گۆران له‌برى پیاده‌كردن‎و خاڵیبوونه‌وه‌ بوونه‌ته‌ هه‌وێنى داهێنانى ئه‌ده‌بى له‌ژیانى شیعیرى گۆران‎دا.
به‌رهه‌مهێنانى شیعر لاى گۆران له‌بارى یه‌كه‌مدا هۆكارێك بووه‌ تا له‌و رێگایه‌وه‌ گۆران حه‌زو ئاره‌زوو و غه‌ریزه‌ى چه‌پێندراوى خۆى بخاته‌ روو یان شیعر بكاته‌ هۆكارو پانتاییه‌ك بۆ پیاده‌كردنى ئه‌و حه‌زو ویست‎و ئاره‌زووه‌ چه‌پێندراو و سه‌ركوتكراوانه‌ى سه‌رده‌مى منداڵی ولاوێتى. به ‌مانه‌یه‌كى تر شیعر لاى گۆران ئه‌ڵته‌رناتیڤێكه‌ بۆ دروستكردنه‌وه‌ى رابردویه‌ك كه‌ وێنه‌كانى تێدا دروست نه‌بووه‌. ئه‌وه‌ش له‌خۆیدا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ تافى منداڵى بەرجەستە ده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام لاى گۆران گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ تافى منداڵى هه‌رگیز گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى رۆمانسیانه‌ نییە و به‌مه‌به‌ستى زیندووكردنه‌وه‌ى رابردووى زێڕین‎و زیندوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ گه‌شه‌كانى تافی منداڵى نیە، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ رابردوو گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ به‌ مه‌به‌ستى دروستكردنى ئه‌و وێنانه‌ى كه‌ ئه‌وسا له‌كیس چوون، به‌واتا گۆران له‌ ئێسته‌دا ده‌یه‌وێت وێنه‌كانى رابردوو (وێنه‌ى باوك) به‌رجه‌سته‌ بكات به‌ مه‌به‌ستى جێنه‌هێشتنى رابردوو وه‌كو زه‌مه‌نێكى بۆشایی و بێ کردار.
ونبوونى وێنه‌ى باوك (سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌مى به‌خشینى سۆزو خۆشه‌ویستى) بابه‌تى دروستكردنى یه‌كه‌مین پرسیارى گۆرانه‌. پرسیار به‌و مانایه‌ى كه‌ گه‌ڕان بێت له‌دواى ونبوویه‌ك، له‌دواى ماهیه‌تى نه‌زانراو یان نه‌ناسراو و په‌ى پێنه‌براو به ‌مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌و زانین‎و ناسین‏و ئاشكراكردن. زه‌مه‌نى ئه‌و بابه‌ته‌ش واته‌ (وێنه‌ى باوك) له‌رووى به‌رجه‌سته‌كردنى سه‌ربه‌خۆوه‌ به‌سه‌رچووه‌و دۆزینه‌وه‌و ده‌سته‌به‌ركردنى راسته‌وخۆى كارێكى نه‌شیاوه‌. گه‌ڕانى گۆران له‌دواى گه‌یشتن به‌و وێنه‌یه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ گه‌ڕانى به‌رده‌وام له‌دواى (باوك) كارێكى بێ ئه‌نجامه،‌ بۆیه‌ گۆران له‌ پرۆسه‌ى به‌رده‌وامى گه‌ڕاندا راسته‌وخۆ به‌ وێنه‌ى یه‌كه‌م ناگاته‌وه،‌ بۆیه‌ هه‌وڵده‌دات ئه‌ڵته‌رناتیڤى بۆ بدۆزێته‌وه‌. ئیلتیزامى ئایدۆلۆژى گۆران له‌ ئه‌نجامى شكستهێنانیدا له‌ دۆزینه‌وه‌ى وێنه‌ى باوكه‌وه‌ دێت‎‎و ئیلتیزامى ئایدۆلۆژی و حیزبى گۆران بریتییه‌ له‌ هه‌وڵدانی ئەو بۆ دۆزینه‌وه‌ى وێنه‌ى باوك كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ هێماى راسته‌وخۆى ده‌سه‌ڵاته‌. لێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ واقیعى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى ده‌ورێكى زۆر دیارو ئاشكراى له ‌ژیانى تایبه‌تى گۆراندا گێڕاوه‌و وه‌كو تێكڕاى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى هه‌ست ده‌كات پێویستى به‌ باوكێكه‌ له ‌سایه‌یدا بحه‌وێته‌وه‌و فه‌رمانى لێ وەربگرێت‎‎و دوور له ‌بوونى ئه‌و باوكه‌ هه‌ست به‌ كه‌سێتی و بوون و ئاماده‌بوونى خۆى ناكات.
دیاره‌ وێنه‌ى باوك له‌ تێڕوانینى فرۆیده‌وه‌ وێنه‌یه‌كى دزێوه،‌ به‌ڵام به ‌گوێرەی‌ گۆران له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ سیسته‌مێكى كۆمه‌ڵایه‌تى فیودیالیدا ژیاوه‌و له‌ سیسته‌مێكى له‌م جۆره‌شدا پێناسه‌ى هه‌ر ئه‌ندامێكى كۆمه‌ڵگه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاماده‌بوونى ره‌گ‎و ریشه‌و نه‌سه‌ب‎و بنه‌ماڵه‌ ده‌كرێت، بۆیه‌ باوك ئه‌و هێزه‌ ئاماده‌یه‌ له‌ پشتى كوڕه‌وه‌ كه‌ ناسنامه‌ى بوونى بۆ ده‌سه‌لمێنێت. گۆران هه‌ر زوو هه‌ستى كردووه‌ كه‌ ئه‌م ئه‌و هێزه‌ مه‌عنه‌وییه‌ى له‌ده‌ست چووه‌ بۆیه‌ گرێى رق به‌رامبه‌ر به‌ باوك گۆڕاوه‌ به‌گرێى هه‌ستكردن به‌ نه‌بوونى باوك. هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانى تاوانى كوشتنى باوك لاى گۆران گۆڕاوه‌ بۆ هه‌وڵدان بۆ زندووكردنه‌وه‌ى باوك، چونكه‌ باوك به‌ر له‌ ئه‌وه‌ى ئه‌م بیر له‌ پرۆسه‌ى كوشتنى بكاته‌وه‌ خۆی مردووه‌. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ بابه‌تى رق Hate- گۆڕاوه‌ به‌ بابه‌تى سۆزو خۆشه‌ویستی و رەتکردنەوەی باوك‎و وێنه‌كانى گۆڕاوه‌ بۆ گه‌ڕان له‌ دواى دۆزینه‌وه‌ى باوك‎ و وێنه‌ى باوك.
سه‌ره‌تاى گرێى هه‌ستكردن به‌ونبوونى باوك (ونبونى سه‌رچاوه‌ى سۆزو خۆشه‌ویستى) هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ست به‌ نووسینكردنى گۆرانه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت، ئه‌وه‌تا له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ له‌كاتێكدا ته‌مه‌نى له‌نێوان (16-17) ساڵاندایه‌و بۆ دایكى ده‌نووسێت‎و بارى ده‌روونى خۆى به‌یان ده‌كات‎و ده‌ڵێت:
ئه‌ى دایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌پرسى حاڵم
ئێ تۆش وه‌كو باقى بێڕه‌حم نیت
تۆزقاڵێ ره‌حم ئه‌زانیت!
راستى شه‌و و رۆژ هه‌ر ده‌ناڵم
ده‌گریم‎و ده‌سوتێم هه‌روه‌كو مۆم
ئاهم ئه‌گاته‌ كۆشى گه‌ردوون
مات‎و كزو مه‌لوول‎ و مه‌حزون
بۆ حاڵى غه‌ریبى، بێكه‌سى خۆم/ 1921
لێره‌دا به‌ ئاشكرا هه‌ستكردنى گۆران به‌ نه‌بوونى هیچ سایه‌و سێبه‌رێك به‌ نه‌بوونى هیچ باوكێك ئاشكرا ده‌بێت، وێنه‌ى باوك وێنه‌یه‌كى سڕاوه‌یه‌ چ له‌رووى ئاماده‌بوونى فیزیكیه‌وه‌ هه‌تا گۆران نامه‌كه‌ى بۆ ره‌وانه‌ بكات، چ له‌رووى ئاماده‌بوونى مه‌عنه‌وییه‌وه‌ له‌ هه‌ست‎و زهنى گۆراندا هه‌تا به‌و شێوه‌یه‌ خۆى بێكه‌س نه‌بینێت.
ده‌بینین له‌جیاتى (باوك) نامه‌كه‌ ئاراسته‌ى دایك ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ى كورده‌واریدا كارێكى باو نه‌بووه‌. دایك تواناى پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆشاییه‌ى نییە. (دایك) یش لاى گۆران تاراده‌یه‌ك سیفه‌ته‌كانى دایكى لێ ده‌بێته‌وه‌و له‌برى ئه‌وه‌ى وێنه‌یه‌كى زیندووبێت له‌پێبه‌خشینى سۆزو خۆشه‌ویستى كه‌چى گۆران وه‌كو مه‌خلوقێكى ناپه‌یوه‌ست‎و دابڕاو له‌خۆى ده‌یدوێنێت. لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ دایك لاى گۆران ده‌بێته‌ (ئه‌و) یان به‌شێك له‌ (ئه‌وانى تر)، واته‌ ده‌بێته‌ كه‌سێكى نامۆو غه‌ریب به‌خودى گۆران، كه‌سێك كه‌ نه‌ك هه‌ر ناتوانێت هیچ گۆڕاِنێك له‌ دۆخی (بێكه‌سی وغه‌ریبى) گۆراندا دروست بكات، به‌ڵكو بێئاگاشه‌ له ‌گۆران وه‌كو په‌یوه‌ندى دایك به ‌كوڕه‌وه‌. لێره‌وه‌ به‌ ته‌واوى ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ دایك نه‌ك هه‌ر ناتوانێت ببێته‌ جێگره‌وه‌ى وێنەی‌ باوك بۆ گۆران به‌ڵكو ناتوانێت وێنه‌ى راسته‌قینه‌ى دایكیش بێت. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكارێكى سه‌ره‌كى بۆ گه‌ڕان ‏و‎ له‌دوا ڕۆیشتنى به‌رده‌وامى گۆران له ‌دواى ئه‌ڵته‌رناتیڤ.
ده‌شێ ده‌لاله‌تێكى ترى ئه‌و نامه‌ شیعرییه‌ى گۆران بۆ دایكى له‌پاڵ گه‌ڕان له‌دواى دۆزینه‌وه‌ى سۆزى باوك، جۆرێك له‌ خودنمایش كردن بێت بۆ ده‌ره‌وه‌ى خودی خۆی به ‌مه‌به‌ستى پاكژبوونه‌وه‌. واته‌ هه‌وڵدان بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ى ئه‌وانى تر له‌بارى شلۆقى ده‌روونى خۆى كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆى جۆره‌ سه‌قامگیرییه‌كى ده‌روونی و له‌و حاڵه‌ته‌ په‌شێوه‌ ده‌روونیه‌ رزگار ده‌بێت. له‌هه‌مان كاتدا سه‌رده‌مى هه‌رزه‌كارى گۆران هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ نووسینى ئه‌و نامه‌ شیعرییه‌دا بۆ دایكى كه‌ ئه‌وه‌ش دیسان بۆشاییه‌كى دى به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ ئه‌ویش بۆشایى رۆحییه‌ له ‌ژیانى لاوێتى گۆرانداو مه‌به‌ست له‌وه‌ش نه‌بوونى خۆشه‌ویستى ره‌گه‌زى به‌رامبه‌ره‌ كه‌ دواجار لاى گۆران ده‌بێته‌ گه‌ڕان له‌دواى پانتاییه‌ك بۆ مسۆگه‌ركردنى ویسته‌ جه‌سه‌دییه‌كان كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ ونبوونى جه‌سته‌ى به‌رامبه‌ر واته‌ ئافره‌ت‎دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. ئه‌مه‌ش له‌ قۆناغى دواترى ژیانى گۆران‎دا ئاشكرا تر ده‌بێت به‌ تایبه‌تى كه‌ گۆران ژنى یه‌كه‌مى به‌نابه‌دڵی و له‌ژێر فشارى دایكیدا ده‌هێنێت. لێره‌شه‌وه‌ گۆران ده‌گاته‌ به‌رده‌م هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌وێنه‌ى دووه‌م واته‌ (ئافره‌ت)، ئه‌ویش له‌دوو رووه‌وه‌ یه‌كه‌میان ژن هێنان بۆ گۆران كه‌ له‌ودیوى سنوورى خۆشەیستییەوە بوو، نه‌یتوانى سۆزو خۆشه‌ویستى قۆناغى پێشترى ژیانى گۆران زیندووبكاته‌وه‌و ببێته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤى وێنه‌ى یه‌كه‌م واته‌ باوك. دووه‌میش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى گۆران ژنى یه‌كه‌مى به‌نابه‌دڵى هێناوه‌و له‌روى جوانیه‌وه‌ به‌دڵێ نه‌بووه‌ كه‌واته‌ نه‌ له‌رووى حسى ئیساتیكییەوە، نه‌ له‌رووى ئاماده‌بوونى فیزیکیشەوە‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ نه‌یتوانیووه‌ جێگاى قه‌ناعه‌تى گۆران بێت‎و به ‌گۆران بگات‎و گۆرانیش به‌هیچ ئامانجێكى پێشترى نه‌گه‌یشتووه‌و بگره‌ خه‌ون‎و خه‌یاڵه‌ قووڵه‌كانیشى به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌ت‎و جەستەی ئافره‌ت بۆ پیاده‌كردنى ویست‎و غه‌ریزه‌ سه‌ركوتكراو و چه‌پێنراوه‌كانى هه‌ره‌سیان هێناوه. ئاشكراتر بڵێین ژنى یه‌كه‌مى گۆران وه‌كو جەستە‌ نه‌یتوانیووه‌ ببێته‌ پانتاییه‌ك كه‌ سنوورى دیسپلین كردن بشكێنێوگۆران له‌شێوەیەکی سروشتیداو بێ هیچ كۆت‎و پێوه‌ندێكى رۆحی و جه‌ستەیی (فیزیكى) به‌و جەستەیە‌ بگات‎و هه‌ستى پێبكات‎و بیدوێنێت، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ شیعره‌كانى دواترى گۆراندا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌و ده‌یان ده‌لاله‌تى چه‌پاندن‎و سه‌ركوتكردنى ئاره‌زووى سێكسى له‌ شیعره‌كانیدا ده‌دۆزرێنه‌وه‌.
ئێسته‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ونبوونى وێنه‌كان لاى گۆان دوو ونبوونن، ونبوونى (وێنه‌ى باوك) واته‌ یه‌كه‌مین سه‌رچاوه‌ى به‌خشینى سۆزو خۆشه‌ویستى. ونبوونى خۆشەویستی وجەستە‌ واته‌ (وێنه‌ى ئافره‌ت) وه‌كو وێنه‌ى دووه‌م. گوتارى ئه‌ده‌بى گۆران له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و دوو زه‌مینه‌ ونبووه‌ بنیادنراوه‌. له‌مێژووى ژیانى ئه‌ده‌بى گۆرانداو له‌تێكڕاى به‌رهه‌مه‌كانیدا ئه‌و دوو ئاراسته‌ بوونه‌ته‌ ئه‌ده‌ب كه‌ به‌رجه‌سته‌ى پرسیاره‌كانى ئه‌م دوو بۆچوونه‌ ده‌كه‌ن‎و دواجاریش هه‌ردووكیان یه‌كده‌گرنه‌وه‌و گوتارى ئه‌ده‌بى گۆران فۆرمه‌له‌ ده‌كه‌ن. ئه‌م دوو فاكته‌ره‌ مۆتیڤى سه‌ره‌كى دروستكردنى پرسیارن لاى گۆران، به‌ڵام به‌ ئاكام نه‌گه‌یاندنیان نه‌بۆته‌ هۆكارێك بۆ پاشه‌كشێ پێكردنى گۆران‎و مانه‌وه‌ى له‌ پانتاییه‌كى بێ (كرده‌و) بێ رووداو و وه‌ستاو و بێ جوڵه‌داو خۆى بداته‌ ده‌ستى ئومێدى به‌دىهاتنى ئاواته‌كانى له‌دواى مردن‎و وه‌كو ونبوونى وێنه‌كانى پێشوو خۆیشى به‌دنیاى ونبوون بسپێرێت، به‌ڵكو گۆران سنووره‌كانى وه‌ستاندن ده‌شكێنێوونبوونى هه‌ردوو وێنه‌ى پێشه‌وه‌ له‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤێكى تردا ده‌دۆزێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ (سروشت), لێره‌دا ده‌لاله‌تى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سروشت لاى گۆران ئاشكرا ده‌بێت‎و ئه‌و پرسیاره‌ش سه‌رهه‌ڵده‌دات داخۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ سروشت راكردنه‌ له‌ واقیعى باوى كۆمه‌ڵگه‌ى شارستانى؟ یان گه‌ڕانه‌وه‌یە به‌مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌ى ئه‌و وێنانه‌ى كه‌ له‌ژیانیدا له‌ده‌ستى چوون؟ یان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستى تیكه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ سروشت‎ و توانه‌وه‌و له‌ ئه‌نجامیش‎دا تیایدا دفن ببێت؟ داخۆ سروشت په‌یوه‌ست به‌تێڕوانینى گۆران بێلایه‌نه‌ یان لایه‌نداره‌ به‌وه‌ى كه‌ داخۆ خه‌سڵه‌تى ره‌گه‌زى (مێ)ى هه‌یه‌ یان نا؟ ئه‌مانه‌ چه‌ند پرسیارێكن كه‌ ده‌شێ له‌روانگه‌ى لێكدانه‌وه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ نێو سروشت‎و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌.
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیارانه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرین كه‌ تافى منداڵى له ‌ژیانى هه‌ركه‌سێكدا تافى تۆماركردنى یه‌كه‌مین یاده‌وه‌رییه‌كانى مرۆڤه‌و ئه‌و تافه‌ش سۆزو خۆشه‌ویتسییه‌كى خاوێن‎و بێگه‌ردى تێدایه‌. ونبوونى سۆزو خۆشه‌ویستى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ لاى گۆران ده‌شێ ته‌نها له ‌ئامێزى خاوێن‎و بێگه‌ردى سروشتدا دروست بكرێته‌وه‌. واته‌ بنیادنانه‌وه‌ى ئه‌و زه‌مه‌نه‌ به‌سه‌رچووه‌ى كه‌ له‌تافى خۆیدا هه‌ستى پێنه‌كراوه‌، ده‌شێ ته‌نها له‌ پانتایى سروشتدا دروست بكرێته‌وه‌. بۆیه‌ تاكه‌ رێگایه‌ك بۆ ئاماده‌كردنه‌وه‌ى رابردووى ونبوو و بێناسنامه‌ له‌ ساته‌وه‌ختى ئێسته‌دا له‌ پرۆسه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌و گه‌یشتنه‌وه‌ به‌ (سروشت) دا ده‌گات به‌ئه‌نجام، ئه‌مه‌ش ده‌مانگێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ى كه‌ ده‌ڵێت هه‌تا مرۆڤ له‌سایه‌ى سروشتدا بووه‌ شته‌كان خاوێن‎و بێگه‌رد بوون، ئه‌و وێنه‌ ئاڵۆزانه‌ى كه‌ مرۆڤ له‌ قۆناغى ژیانى نێو كۆمه‌ڵگه‌ى شاردا بۆى رام ناكرێت له‌نێو پانتایى سروشتدا به ‌ساده‌یى ده‌ست دەکەون و دەستەبەر دەکرێن.
گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ نێو سروشت له‌ راستیدا دوو ده‌لاله‌تى هه‌یه‌. یه‌كه‌میان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ تافى منداڵی و زیندوكردنه‌وه‌ى سۆزو خۆشه‌ویسى ونبووى ئه‌و تافه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆتافى منداڵی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو سروشت هاوشێوه‌ن له‌ خاوێنی و بێگه‌ردیدا. دووه‌میان سروشت وه‌كو دنیاى خاوێن‎و بێگه‌رد ئه‌و پانتاییه‌یه‌ كه‌ گۆران به‌ مه‌به‌ستى حه‌وانه‌وه‌ى ئه‌به‌دى بۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و له‌م باره‌شدا سروشت ده‌لاله‌تێكى ترى ده‌بێت كه‌ ئه‌ویش منداڵدانى دایك ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ گۆران له‌ دنیاى پڕ له‌ ئاژاوه‌ى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى دوور له ‌سۆزو به‌زه‌یی و خۆشه‌ویستییەوە بۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه.‌ واته‌ گۆران له ‌ژیانى ده‌ره‌وه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نێو ژیانى داخراو، واته‌ بۆ ناوه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى گه‌یشتنى به ‌دنیایه‌ك كه‌ هێمنی و هێورى تیا به‌ركه‌ماڵ بێت. ئه‌م حاڵه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ لاى گۆران هه‌ر هه‌ڵوێستێكى ساده‌ نییە له‌رووى مامه‌ڵه‌كردنى خودى گۆرانه‌وه‌ لێى بڕوانێت، به‌ڵكو جێكه‌وت‎و كاریگه‌رى دیارى هه‌یه‌ له ‌مێژووى شیعرى كوردى دواى گۆرانیشدا. گۆران له ‌گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ سروشت له‌ ئه‌نجامى هه‌ستكردن به ‌له‌ده‌ست چوونى وێنه‌ى باوك‎و وێنه‌ى ئافره‌ت‏دا ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ رەت ده‌كاتە‎وەو جۆرێك له‌خه‌ڵوه‌ت هه‌ڵده‌بژیرێت كه‌ ئه‌و خه‌ڵوه‌ته‌ش له‌برى ئه‌وه‌ى وه‌كو شاعیره‌ سۆفیه‌كانى پێش خۆى له‌ كونجى مزگه‌وت‎و حوجره‌كاندا بێت یان په‌نا بۆ ته‌سه‌وف ببات، له ‌دنیاى فراوانى سروشتدایه‌، به‌ڵام له‌ هه‌ردوو باره‌كه‌شدا ئه‌نجام هه‌ر پشتكردن ‎وخۆدوور خستنه‌وه‌یه‌ له‌ ژیانى كۆمه‌ڵگه‌.
گۆران سه‌ربارى ئه‌وه‌ى كه‌ ونبوونى ئه‌و دوو وێنه‌یه‌ پاڵى ده‌نێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نێو سروشت به‌مه‌به‌ستى به‌ده‌ستهێنانه‌وەی رابردووى ونبوو و له‌ده‌ستچوو له‌پانتایى سروشتداو له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ناگاته‌ ئاستى توانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سروشتداو مامه‌ڵه‌كردنى گۆران له‌گه‌ڵ سروشتدا بێت، خۆى وه‌ك به‌شێك له‌ سروشت نیشان بدات، به‌ڵكو مامه‌ڵه‌ى گۆران له‌گه‌ڵ سروشت‎و توخمه‌كانىدا مامه‌ڵه‌ى مرۆڤێكه‌ كه‌ له‌ زه‌مینه‌یه‌كى تره‌وه‌ هاتووه‌و له‌ ئه‌نجامى دووچاربوونى به‌ دوو شكستى كاریگه‌ر له‌ پانتایى زه‌مینه‌ى پێشوودا په‌ناى بۆ سروشت هاوردووه‌و سروشت به‌رزگاركه‌ر ده‌زانێت. گۆران له‌م روانگه‌یه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى سروشت ده‌كات هه‌ر بۆیه‌ هه‌ڵوێستى گۆران به‌رامبه‌ر به‌ سروشت هه‌ڵوێستى شاعیرێكه‌ كه‌ له‌نێوان خۆی وسروشتدا په‌یوه‌ندییه‌ك دروست ده‌كات كه‌ ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌ماى سروشتى مه‌زن‎و ئامێز پڕ له‌ سۆزو میهرە به‌رامبه‌ر به‌ گۆرانى هه‌ڵاتووى ژێر فشارى په‌یوه‌ندییه‌ ته‌ڵخ‎و دزێوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى شار بنیادنراوه‌. گۆران وه‌سفى سروشت ده‌كات‎و سروشت ده‌دوێنێت به‌و هیوایه‌ى سروشت ئامێزى بێگه‌ردو پڕ له‌ سۆزو میهرى بۆ بكاته‌وه‌و باربووى رابردووى دزێو و ته‌ڵخ ‎و دوور له‌ سۆزو به‌زه‌یى بۆ بكاته‌وه‌. به‌واتا گۆران له‌ پێناوى مه‌به‌ستێكى دیاردا سروشت ده‌دوێنێت و له‌ بنه‌ڕه‌تیشه‌وه‌ مه‌به‌ستى گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ سروشت له‌ پێناوى ئه‌و ئامانجه‌دایه‌، واته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ سروشت گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه‌ مه‌به‌ستێكى دیارى له‌به‌رچاوگیراو له‌پشتییه‌وه‌یه،‌ نه‌ك عیشقێكى ده‌روێشانه‌ به‌سروشتییەوە به‌ستبێت. هه‌ربۆیه‌ مامه‌ڵه‌كردنى گۆران له‌گه‌ڵ سروشتدا مامه‌ڵه‌ى شاعیرێكه‌ كه‌ له‌رووى سروشتدا ئاماده‌بوونى هه‌یه‌و له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ سروشت ده‌دوێنێت نه‌ك له‌و رواگه‌یه‌وه‌ كه‌ گۆران به‌ ته‌واوى ته‌ماهى له‌گه‌ڵ سروشتدا كردبێت‎و ئه‌نجامیش تیایدا توابێته‌وه‌. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش له ‌لایه‌ك مانه‌وه‌ى گۆران وه‌كو داهێنەرێكى ئاماده‌ له‌ دواى شیعره‌كانیه‌وه‌ نیشان ده‌دات، له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ ئاستى وه‌سفكردنى سروشت له‌لایه‌ن گۆرانه‌وه‌و مامه‌ڵه‌كردنى توخمه‌كانى سروشت له ‌تێكڕاى شیعره‌كانى گۆراندا وا ده‌رده‌كه‌ون كه‌ له‌وه‌ جوانترو قه‌شه‌نگتربن كه‌ خۆیان له‌ سروشتدا هه‌ن یان به‌شێوەیەکی گشتیتر بڵێین سروشت له‌وه‌سفكردنى گۆران‎دا له‌وه‌ جوانتره‌ كه‌ خۆى هه‌یه‌. ئه‌مه‌ش ئاستى به‌رزو شكۆدارى ئیحساسى شیعرى گۆران‎و هەستی ئیستاتیكى گۆران نیشان ده‌دات. هه‌ر مانه‌وه‌ى گۆران وه‌كو داهێنەرێكى ئاماده‌ له ‌دواى شیعره‌كانیه‌وه‌و وه‌كو داهێنەرێكى خاوه‌ن هەستی شیعریى مه‌زن كه‌ ئاستى هەستیاری وێنه‌گرتن‎و عه‌كس كردنه‌وه‌ى ئه‌و وێنانه‌ى له‌ ئاستێكى باڵاتردایه‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌راستیدا هه‌ن‎و ئه‌وه‌ش گۆران له‌ شاعیرانى رۆمانسى به‌گشتی و بایرۆن‎و كیتس‎و وردزۆرپ جیا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ویش له‌وه‌یدا كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌و شاعیرانه‌ بۆ سروشت گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى رۆمانسیانه‌یه‌و ئه‌نجامیش له‌نێو سروشتدا ده‌توێنه‌وه‌و هیچ ئاماده‌بوونێكیان نامێنێت، به‌ڵام گۆران ناتوانێت له‌گه‌ڵ سروشتدا ته‌ماهى بكات‎‏و تیایدا بتوێته‌وه‌ گه‌رچى هه‌نگاوى یه‌كه‌مى گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ سروشت به‌مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌ى وێنه‌ ونبووه‌كان‎و حه‌وانه‌وه‌و پاشانیش خۆ دفن كردنه‌ له‌نێو سروشتدا، كه‌واته‌ لێره‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ په‌یوه‌ندى گۆران‎و سروشت له‌ ئاستێكى شلۆق‎دا ماوه‌ته‌وه‌، له‌ ئاستێكدا كه‌ گۆران له‌حاڵه‌تى دڵه‌ڕاوكێدا بێت به‌رامبه‌ر به‌و باوكه‌ نوێیه‌ كه‌ هه‌ڵیبژاردووه‌ هه‌تا جێگاى پێشتری بۆ بگرێته‌وه‌.
لێرەوە دەردەکەوێت کە هه‌میشه‌ گۆران له‌ حاڵه‌تى تێڕاماندا بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ په‌یوه‌ندى خۆی و سروشت. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى ئه‌م حاڵه‌تى نیگەرانی و تێڕامانه‌وه‌ پرسیارى گۆران سه‌رهه‌ڵده‌دات كه‌ ئه‌ویش پرسیاره‌ له‌ ماهیه‌تى بوون. پرسیاره‌ له‌ ماهیه‌تى جوانى، پرسیاره‌ له‌ماهیه‌تى له‌زه‌تى رۆحی و جه‌سه‌دى، پرسیاره‌ له ‌نهێنییە كانى دنیاى ئه‌ودیوى زانین و په‌ى پێبردنى مرۆڤ.
ونبوونى وێنه‌ى باوك لاى گۆران زیاتر له‌و ماوه‌ مێژووییه‌دا به‌رچاو ده‌كه‌وێت ‎و به‌زه‌قى ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌كاته‌ ته‌مه‌نى منداڵى گۆران‎و قۆناغى هه‌رزه‌كاری و پێگه‌یشتن، به‌ڵام گۆران له ‌وێنه‌یه‌كى راسته‌وخۆى شیعریدا ئه‌و وێنه‌ له‌ده‌ستچووه‌ى به‌رجه‌سته‌ نه‌كردۆته‌وه‌ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێ له ‌دێڕه‌ شیعرێكدا، له‌ هه‌ڵوێستێكى ناڕه‌زایى ده‌ربڕیندا به‌رجه‌سته‌ى بارى بێباوكى خۆى ده‌كات‎و دڵێت:
نامه‌وێ هه‌تیو كه‌وم/ كه‌لاوه‌ بێت جێى خه‌وم.
به‌ڵێ ئه‌م دێڕه‌ شیعره‌ له‌كاتێكدا گوتراوه‌ كه‌ گۆران قۆناغى ژیانى هه‌تیووى به‌ڕێ كردووه‌و كه‌لاوه‌ش ته‌نها مه‌به‌ست له‌ژیانى نێو خانوویه‌كى كه‌لاوه‌ نییە، به‌ڵكو مه‌به‌ست به‌كه‌لاوەبوونى ژیانى منداڵى گۆرانه‌ له ‌رووى نه‌بوونی و له‌ده‌ستچوونى سۆزو خۆشه‌ویستى باوكه‌وه‌. له ‌رووى ژیانى پڕ له‌ چه‌رمه‌سه‌رێى گۆرانیشه‌وه‌ به‌پشتبه‌ستن به‌ مێژووى ژیانى گۆران ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ كاتێ ئه‌م ته‌مه‌نى حه‌ڤده‌ ساڵان ده‌بێ محه‌مه‌د به‌گى براى ده‌كوژرێت‎و ئه‌م ناچار ده‌بێت ده‌ست له‌ خوێندن هه‌ڵگرێت‎و له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ شان دانه‌ به‌ر ئه‌ركى به‌خێوكردنى خێزانه‌كه‌ى.
ونبوونى وێنه‌ى دووه‌میش لاى گۆران بریتى بوو له‌ ونبوونى وێنه‌ى ئافره‌ت واته‌ ونبوونى سه‌رچاوه‌ى سۆزو خۆشه‌ویستی و ونبوونى جەستەی ئافره‌ت ئه‌وه‌ش ماناى له‌ده‌ست چوون‏و نه‌گه‌یشتن به‌ ئاستی جێبەجێکردنی ئارەزووە جەستەییەکانی. گۆران حاڵه‌تى ونبوونى وێنه‌ى ئافره‌ت له ‌ژیانى خۆیدا به‌م شێوه‌یه‌ نیشان ده‌دات:
سه‌رده‌مێك بوو دنیاى گیانم تاریك‎و چۆڵ بوو
كام به‌رۆچكه‌ى گه‌رمه‌ دڵم چه‌شنى شه‌هۆڵ بوو
فه‌ریحه‌م وشك، ته‌بیعه‌تم زه‌ردو ژاكاوبوو
زه‌رده‌ خه‌نه‌م ئاخى سه‌رلێو فرمێسكى چاوبوو
……………………………………………
به‌ڵام ئه‌ى یار، یارى نازدار، شۆڕه‌ ژنى شۆخ
به ‌لێوى ئاڵ به‌چاوى ره‌ش، چاوى ره‌شى تۆخ
به‌ باڵاى به‌رز و به‌ئه‌ندامى نه‌رم ‎و شل ‎و جوان
ره‌وتى شیرین، عیشوه‌و نازى گفتوگۆو جوڵان
به‌م جوانیانه‌ كه‌ زینه‌تى به‌هه‌شتى دنیان
به‌م جوانیانه‌ كه‌ له ‌تۆدا هه‌موویان په‌یدان
له‌و رۆژه‌وه‌ دیومه‌ سیحرى زه‌رده‌خه‌نه‌ى تۆ
دنیاى ده‌روون مه‌له‌كانى هاتوونه‌وه‌ گۆ
سه‌رچاوه‌كه‌ى عومرى جوانیم هاتۆته‌وه‌ قوڵ
باغچه‌ى ژینم پڕبۆته‌وه‌ له ‌نه‌مامى گوڵ!
له‌ راستیدا گۆران بارى ده‌روونى خۆى ئاشکرا ده‌كات، له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ وێرانەیەک‌ ده‌دوێت كه‌ سه‌رده‌می منداڵی وهه‌رزه‌كارى تیا به‌سه‌ر بردووه‌، وێرانەی سۆزو خۆشه‌ویستى باوك، وێرانەو کاولەی سۆزو خۆشه‌ویستى ئافره‌ت له‌ قۆناغى هه‌رزه‌كاریدا، دواتریش كه‌ وێنه‌ى ئافره‌ت ده‌هێنێته‌وه‌ پێشه‌وه‌ ته‌نها به‌ مه‌به‌ستى هه‌وڵدانه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى گرێى هه‌ست به‌كه‌مى كردن له‌و قۆناغه‌داو وه‌سفكردنه‌كه‌ش ته‌نها وه‌سفێكى ته‌سویریه‌و گۆران ئافره‌تێكى غایب ده‌دوێنێ به‌واتا به‌ خه‌یاڵ ئه‌و دنیایه‌ دروست ده‌كات، ئه‌گینا گۆران بە ئەندێشە و خەیاڵ ده‌گات به ‌وێنه‌ى ئافره‌ت كه‌ له‌م حاڵه‌ته‌شدا ناتوانێت بگات به‌ جه‌سته‌ى مادى ئه‌و ئافره‌ته‌و ئاره‌زوو یان غه‌ریزه‌ى سه‌ركوتكراوى بۆ رەگەزی بەرامبەر جێبەجێ بکات و باری هەڵچووی خاڵى بكاته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ به‌هه‌مان هه‌ڵچوون‎و به‌هه‌مان هێزه‌وه‌ چه‌ندین جارى تر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌رووى لێكدانه‌وه‌ى ده‌روونى گۆرانه‌وه‌ ماناى نه‌گه‌یشتنه‌ به‌و وێنه‌یه‌.
گۆران ئه‌نجام ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ى بڵێت (ژن) سه‌رچاوه‌ى ئیلهامى منه‌و جوانیه‌كانى سروشت بێ بوونى (ئافره‌ت) ناتوانن بمخه‌نه‌ سه‌رباڵى نه‌شئه‌ى شیعر نووسین، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:
له‌كونجى زاکیره‌ما ژنێكى شۆخ نه‌كا
په‌رى صیفه‌ت به‌ په‌لوپۆى جه‌ماله‌وه‌ جیلوه‌
له‌ كوێ له‌ سەتحی زه‌مینا، له‌سینه‌ى فه‌له‌كا
ئه‌بێته‌ مه‌نبه‌عى شیعرم به‌دایعى ئه‌شیا.
هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌مان ته‌رزه‌ بۆچوون ده‌توانین به‌ڵگه‌ى شیعرى تر بهێنینه‌وه‌و زیاتر ئه‌وه‌ ئاشكرا بكه‌ین كه‌ گۆران ده‌یه‌وێت بڵێت سه‌ربارى جوانى سروشت‎و خاوێنی و بێگه‌ردى سروشت كه‌ ده‌شێ ئاسووده‌یى رۆحى ته‌نها له‌وێدا بدۆزرێته‌وه‌، كه‌چى دوور له‌ جوانى ئافره‌ت‎و میهرو سۆزو خۆشه‌ویستى ئافره‌ت سروشت ناتوانێت ببێته‌ ئه‌و مه‌نزڵگایه‌ى كه‌ حه‌وانه‌وه‌ى ئه‌به‌دى مسۆگه‌ر بكات. به‌بێ بوونى جه‌سته‌ى ئافره‌ت، به‌بێ زه‌رده‌خه‌نه‌و بزه‌ى پڕ له‌ سۆزو پڕ له‌ ماناى ئافره‌ت جوانى سروشت هیچ مانایه‌كى نییە. به‌ واتایه‌كى دى گۆران ده‌یه‌وێت جوانى سروشت‎و جوانى ئافره‌ت پێكه‌وه‌ گرێ بدات‎ و ئه‌وه‌ش نیشان بدات سروشت ‎و ئافره‌ت یه‌ك ماهیه‌تیان هه‌یه‌و هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ پانتایى خاڵى كردنه‌وه‌ى حه‌زوو ئاره‌زووى سه‌ركوتكراوى رۆحی و جه‌سه‌دى پیاو، به‌ڵام به‌بێ بوونى ئافره‌ت سروشت ناتوانێت حسى ئێستاتیكى گۆران بجوڵێنێت و لاى وایه‌ ئه‌گه‌ر ئافره‌ت نه‌بێت سروشت تاریكستاێكى بێ گیان‎و ناكاریگه‌ره‌. ئه‌وه‌تا له‌ هه‌ڵبه‌ستى ئافره‌ت‎و جوانیدا دواى ئه‌وه‌ى كه‌ وه‌سفێكى ته‌سویرى سروشت‎و توخمه‌كانى ده‌كات ده‌ڵێت:
ئه‌مانه‌ هه‌موو جوانن شیرینن
رۆشن كه‌ره‌وه‌ى شه‌قامى ژینن
به‌ڵام ته‌بیعه‌ت هه‌رگیزاو هه‌رگیز
بێ رووناكییه‌ بێ بزه‌ى ئازیز
گۆران له‌ ئه‌نجامى ونبوونى سه‌رچاوه‌كانى سۆزو خۆشه‌ویستى قۆناغى منداڵی و هه‌رزه‌كاریدا په‌نا بۆ دۆزینه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى نوێى سۆزو خۆشه‌ویشستى ده‌بات. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ش سروشته‌ كه‌ گۆران له‌لایه‌ك بۆ پڕكردنه‌وه‌ى بۆشایى رۆحی وعاتیفى قۆناغه‌كانى پێشتر له‌ پانتایى سروشتدا ده‌گه‌ڕێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌و له‌هه‌مان كاتیشدا كردنى سروشت به‌ پانتاییه‌ك بۆ خاڵیكردنه‌وه‌ى هه‌ست‎و سۆزى په‌نگ خواردووى ناخى كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ جۆرێك له‌ پاكژبوونه‌وه‌. ئه‌ویش ده‌لاله‌تێكى قووڵتر هه‌ڵده‌گرێت كه‌ بریتییه ‌له‌ خاڵیكردنه‌وه‌ى غه‌ریزه‌و ئاره‌زووى سه‌ركوتكراوى سێكسى.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ سروشت له‌ روانینى گۆڕانه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ جه‌سته‌ى ئافره‌ت. به‌ڵام گۆران له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ناتوانێت سروشت به‌ ته‌واوى بكاته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤى ئافره‌ت له‌ شیعره‌كانیداو ناتوانێت تێكڕاى حه‌زو ئاره‌زووه‌ سه‌ركوتكراوه‌كانى له‌ جه‌سته‌ى سروشتدا به‌ ئاكام بگه‌یه‌نێت، هه‌میشه‌ ئافره‌ت ده‌كاته‌وه‌ به‌هاوشێوه‌ى سروشت‎ وه‌كو جووته‌یه‌كى پێكه‌وه‌ به‌ستراو لێیان ده‌ڕوانێت كه‌ هه‌ردووكیان له‌ جوانی و ناسكی و له‌سۆزو به‌خشیندا چوون یه‌كن. له‌راستیدا گۆران له‌ ئه‌نجامى نه‌گه‌یشتن به‌ جوانى ئافره‌ت‎و جه‌سته‌ى ئافره‌ت وه‌كو ئه‌و وێنه‌ قه‌شه‌نگه‌ى چاوه‌ڕوانى ده‌كات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سروشت به‌و هیوایه‌ى سروشت بكاته‌ جێگره‌وه‌ى ئافره‌ت له‌و بوارانه‌دا، به‌ڵام ئه‌نجام ئه‌وه‌ى له‌ جه‌سته‌ى ئافره‌ت‎و جوانی و ئیحساسى ئافره‌ت پێى نه‌گه‌یشت، له‌سروشتدا نایدۆزێته‌وه‌و پێى ناگات. ئه‌وه‌ش واى لێ ده‌كات هه‌رچۆن به‌ ئیحساس‏و هه‌ستى ئێستاتیكییەوە جوانى ئافره‌ت‎و نهێنییەكانى جه‌سته‌ى ئافره‌ت‎و سۆز و عیشق دەدوێنێت و ده‌خوێنێته‌وه‌، به‌هه‌مان هه‌ستى ئیستاتیكییەوە جوانى سروشت‎و توخمه‌كانى بدوێنێت و بخوێنێته‌وه‌و وێنه‌یان بكێشێت.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ سروشت نه‌یتوانیوه‌ لاى گۆران ببێته‌ جێگره‌وه‌ى ته‌واوى ئافره‌ت، به‌ڵكو بۆته‌ وێنه‌ى هاوشێوه‌ى ئافره‌ت له‌ دیدى گۆرانه‌وه‌، له‌ هه‌ڵوێستى گۆرانه‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ست له‌و وێنە‌ هاوشێوه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچۆن گۆران نه‌یتوانیوه‌ به‌ لوتكه‌ى نهێنییەكانى ئافره‌ت بگات له‌رووى رۆحی و جه‌ستەییه‌وه‌و هه‌موو سۆزو حه‌زو غه‌ریزه‌ى سه‌ركوتكراوى خۆى خاڵى بكاته‌وه‌و بتوانێت ئافره‌ت له‌رووى رۆحی و جه‌ستەییەوە به‌پراكتیك بدوێنێ، هه‌مان شێوه‌ نه‌یتوانیوه‌ سروشت وه‌كو وێنه‌ى ئافره‌ت بدوێنێت له‌ هه‌ردوو بوارى رۆحی و جه‌ستەییەوە به‌ڵكو به‌ ئیحساسى شاعیرانه‌ى به‌رزى وێنه‌كێشانى سروشتى كردۆته‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤى وێنه‌ى ئافره‌ت.
سه‌رنه‌كه‌وتن له‌ دۆزینه‌وه‌ى وێنه‌ى ته‌واوه‌تى ئافره‌ت له‌ پانتایى سروشتدا، گۆران به‌ره‌و قۆناغێكى تر له‌ ژیانى شیعرى ده‌گوازێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش قۆناغى شیعرى سیاسی و ئیلتیزامى ئایدۆلۆژى گۆرانه‌ كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ش له‌رووى داهێنانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین قۆناغێكى وشك‎و بێبه‌ره‌ لاى گۆران ره‌نگه‌ له‌ دركاندن‎و ئاشكراكردنى راستییه‌ك نزیك بووبینه‌وه‌ كه ‌به‌لاى زۆربه‌مانه‌وه‌ مایه‌ى رازى بوون نییە. كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین قۆناغى ژیانى شیعرى گۆران په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌واوى به ‌ژیانى تایبه‌تى خودى گۆرانه‌وه‌ هه‌یه‌. شكسته‌كانى قۆناغى منداڵی وهه‌رزه‌كارى به‌ره‌و سروشت ده‌یبه‌ن. نه‌گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ى له‌ پێناویدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سروشت به‌ره‌و قۆناغێكى ئیلتیزامى ئایدۆلۆژى ده‌یبات. لاوازى فیكری و بارى ناهه‌موارى كۆمه‌ڵایه‌تیش گۆران به‌ره‌و نووسینى شیعرى سیاسى كێش ده‌كه‌ن. له‌م بواره‌شدا بەرهەمهێنانی شیعریه‌ت كارێكى سوك‎و ئاسان نییە، هه‌ر بۆیه‌ شیعرى سیاسى گۆران هیچێك ناخاته‌ سه‌ر خه‌رمانى پڕ له‌ داهێنانى ئەو، به‌ڵام ده‌شێ ئیلتیزامى سیاسی و ئایدۆلۆژى بووبێته‌ مایه‌ى ئۆقره‌گرتنى ده‌روونى گۆران‎و له‌ حاڵه‌تى شلۆق نیگەرانی و تێڕامان دوورى خستبێته‌وه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌دا گۆران ئه‌و شاعیره‌ داهێنه‌ره‌یه‌ كه‌ توانى له‌ ئاستى زماندا شۆڕشێك له‌ شیعرى كوردیدا بكات، ئه‌گه‌رچى گوتارى گۆران رەگوریشەی لای مەولەوی هەیە، بەڵام ئەزموونی ئەم بره‌وپێدانى گوتارى شیعرى نوێی كوردییه‌. دیسان له‌رووى جیهانبینى شیعری و ئه‌و پرسیارانه‌ى شیعرى گۆران هه‌ڵیده‌گرێت ده‌شێ ئه‌زموونى گۆران به‌ ئه‌زموونى تازه‌گه‌رى دابنرێت كه‌ تاكو ئێسته‌ش شیعرى كوردى سنوورێكى دیارى له‌نێوان خۆی و ئه‌زموونى گۆراندا به‌ ته‌واوى نه‌كێشاوه‌. سه‌ربارى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌زموونى نوێ به‌ڵام ره‌گ‎و ریشه‌ى ئه‌زموونى گۆران هه‌ر زیندووه‌ هه‌تا ساڵانى هه‌شتاكان كه‌ جۆره‌ دابڕانێك له‌ ئه‌زموونى گۆران له‌رووى شێوازی شیعری وگوتارى شیعرییه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، بەڵام ئەو هەوڵانە ناتوانن لە ژێر هەژموونی ئەزموونی گۆران دەربچن.
زۆربه‌ى زۆرى شاعیرانى كوردى دواى گۆران ئه‌گه‌ر گه‌ڕابنه‌وه‌ بۆ سروشت‎و مامه‌ڵه‌كردنى توخمه‌كانى سروشت ئه‌وا نه‌یانتوانیوه‌ له‌ژێر كاریگه‌رى ئه‌زموونى گۆران ده‌ربچن له‌چۆنێتى مامه‌ڵه‌كردنى سروشتدا، سروشت وه‌ك ئاماژه‌مان بۆ كرد لاى گۆران ئه‌ڵته‌رناتیڤى وێنه‌ى ونبووى قۆناغێكى دیارى ژیانى گۆرانه‌. له‌ ئه‌زموونى دواى گۆرانیشدا سروشتى كوردستان‎و توخمه‌كانى بریتین له‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ گوتارى مانەوە و گوتاری سیاسى نه‌ته‌وه‌یى كوردى پێكده‌هێنن.
دیاره‌ سروشت‎و توخمه‌كانى سروشتیش په‌یوه‌ستن به‌ قۆناغى ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ى شوانكاری و كشتوکاڵەوە،‌ واته‌ قۆناغى فیودیالى له ‌ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌واریدا. لێره‌وه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ گۆران له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ سروشت زیاتر گوزارشتى په‌یوه‌ستبوونى مرۆڤى كورد به‌ سروشته‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌شێ ئه‌وه‌ش وێنه‌گرتنێكى ریالیستیانه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى بێت كه‌ له‌و قۆناغه‌دا كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى سه‌ره‌تایى لادێنشینى نێو سروشت بووه،‌ بۆیه‌ ئه‌ده‌به‌كه‌شى ده‌ربڕینى ژیانى نێو سروشته.‌ به‌واتا شیعر لاى گۆران گوزارشتى ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ى قۆناغى پێش دروستبوونى كۆمه‌ڵگه‌ى شارو كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى ده‌كات. جێكه‌وتى گه‌ڕانه‌وه‌ى گۆران بۆ سروشت‎و مامه‌ڵه‌كردنى توخمه‌كانى سروشت به‌ به‌رهه‌مى شیعرى كوردییەوە تاكو ئه‌مڕۆ دیارو ئاشكرایه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ شیعرى كوردى به‌شێوەیەکی گشتى (جگه‌ له‌ هه‌ندێ هه‌وڵى تاكه‌ كه‌سى) زمانى سه‌رده‌مى نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌و تاكو ئێسته‌ گوزارشت له ‌كۆمه‌ڵگه‌ى فیودیالى ده‌كات كه‌ ئه‌ویش به‌گوێره‌ى ئاستى گه‌شه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی و پێشكه‌وتن‎ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوده‌واریدا له‌ ئاستى ژیانى نێو سروشتدا داده‌نرێت، واته‌ شیعرى كوردى به‌شێوەیەکی گشتى گوزارشت له‌ ژیانى كۆمه‌ڵگه‌ى فیودالى ده‌كات له‌ كاتێكدا ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى ئێسته‌ له‌ قۆناغێكى بره‌وسه‌ندوتردایه‌ ئه‌گه‌رچى نه‌گه‌یشتبێته‌ ئاستى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى خاوه‌ن ناسنامه‌ى مه‌ده‌نىبوون. هه‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش وه‌هاى كردووه‌ كه‌ شیعرى نوێى كوردى لاوازو دواكه‌وتووبێت له‌ ئاستى ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستى حیسی و تێگه‌یشتنى كۆمه‌ڵداو تواناى به‌رزكردنه‌وه‌ى پرسیاره‌ گه‌وهه‌رییه‌كانى ئینسانى كوردى نه‌بێت چ كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان چ كێشه‌ زاتییه‌ تاکە کەسیە مرۆییه‌كان.
ئێسته‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌زموونى شیعرى گۆران له‌ مێژووى شیعرى كوردیدا جێگاى دیارى هه‌یه‌و له‌ ئاستى داهێناندا گۆران خۆى ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ خه‌ون‎و خه‌یاڵ و مێژووه‌وه‌ به ‌مه‌به‌ستى دروستكردنى یۆتۆپیا بۆ رزگاركردن‎و له‌ ئامێزگرتنى رۆحى نیگه‌ران‎و ئۆقره‌ نه‌گرتووى مرۆڤى ئه‌م سه‌رده‌مه‌، گۆران ئه‌و ئه‌زمونگه‌ره‌یه‌ كه‌ له‌ دواى نوێ ده‌گه‌ڕێت‎، پرسیار ده‌رباره‌ى بوون‎و كێشه‌كانى بوون به‌رز ده‌كاته‌وه‌، له ‌مه‌سه‌له‌ى جوانی و چێژى راسته‌قینه‌ى ئیستاتیكی مرۆڤ ده‌پرسێت. داهێنانى گه‌وره‌ى گۆران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جیهانبینی گەردوونی شیعرەکانی كه‌ ئه‌وه‌ش سیفه‌تى سه‌ره‌كى به‌رهه‌مى نه‌مره‌.

( ئەم بابەتە لە هاوینی ١٩٩٢ نووسراوە، بەرچاوی خوێنەران نەکەوتووە، پێمباش بوو لە یادی ٦٢ ساڵەی کۆچی دوایی گۆراندا بڵاوی بکەمەوە).




تورکیا چی لە سوریا و عێراق دەوێت؟.. عوسمانی حاجی مارف

لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، لە بەرژەوەندیە ئەمنیەکانی تورکیادا نەبوون. ململانێ ناوخۆییەکانی عێراق کە دوای لەشکرکێشی و سەرهەڵدانی ئەلقاعیدە و داعش و شەڕی ناوخۆی سوریا، هەموو پێکەوە بوونە هۆی دۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە، کە زیاتر لە دوو دەیەی خایاندوە، لەم نێوەدا پەکەکە کە لەلایەن ناتۆوە وەک قەوارەیەکی تیرۆرستی دەستنیشانکراوە، دەیانساڵە شەڕی ئەنقەرە دەکات، سوودی لەو دۆخە گێژاوەی عێراق وەرگرت بۆئەوەی بوونی خۆی بەدرێژایی سنوورەکان لە نێوان تورکیا و کوردستانی عێراقدا جێگیر بکات.
لەسەر سنوورەکانی تری باشووری تورکیا، لە هەڵمەتی شەڕی بەرفراوانی دژ بە داعش، بووە هۆی ئەوەی کە هاوبەشی نێوان ئەمریکا و یەپەگە دروست ببێت کە بە باڵی چەکداری پەکەکە لەسوریا ئەژماردەکرێت، کە دواتر هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنووریەکانیان بەدەستهێنا. ئەم هاوبەشیە بووەتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم دووبارە دانانی پەیوەندیەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا.
هەرچەندە تورکیا، پێشبینی ئەوە دەکات کە بوونی سەربازی ئەمریکا له عێراق و سوریا بەشێوەیەکی بەرچاو لە کەمبونەوەدایە، بۆیە بەدواداچون بۆ ئامانجی فراوانتر دەکات، که بریتین له کۆنتڕۆڵکردنی ئەو نائارامیەی له سنوورەکاندا هەن، بۆیە هەوڵئەدات بۆ بێبەشکردنی پەکەکه لەهەر پانتاییەک بۆ هەڵسورانی چەکداری.
لەلایەکی ترەوە تورکیا هەوڵئەدات یەکەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە سوریا پاککاتەوە، چونکە تورکیا پەیوەندیەکانی یەپەگە بە پەکەکەوە وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی بۆ داهاتوی خۆی سەیردەکات. دواتریش دوای کۆتایی شەڕەکەی لەگەڵ یەپەگە، ڕەنگە دانوسان لەگەڵ دیمەشق و واشنتۆن بکات، بەڵام ئەمریکا و یەپەگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەئێستادا بەشێک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنترۆڵ دەکەن، بەڵام تورکیا دەیەوێت لەو ناوچانە خۆی لە گەڵ واشنتۆدا هەماهەنگی بکات. لە کۆتایدا ئەنقەرە پێیوایە لەدرێژخایاندا حکومەتی سوریا خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی دەکات. بۆیە پێیوایە ڕژێمی ئەسەد دەبێتە لایەنێکی بەشدار لە چارەسەری کێشەکانیدا.
ئەنقەرە کە شایەتحاڵی دوو دەیە ناسەقامگیریە، بەدرێژایی سنووری باشووری وڵاتەکەی، لە پێشبینیکردنی بۆ کشانەوەی ئەمریکا، پلانی هەیە هەنگاو بنێت بۆ کۆتاییهێنان بەم نادڵنیاییە، بە ئەگەری ئەنجامدانی ڕێککەوتنی فراوان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەددا.
داواکاری سەرەکی تورکیا لە ڕژێمی ئەسەد، سەرکوتکردنی یەپەگەیە و گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراون بۆ ژێر دەسەڵاتی ئەسەد. لەکۆتاییدا ئەنقەرە دەیەوێت ئەسەد لانیکەم بەشێک لە پەنابەرە سووریەکان بگەڕێنێتەوە کە زیاتر لە دە ساڵە لە تورکیە نیشتەجێن. بەڵام لەبەرامبەریشدا ئەسەد دەیەوێت هێزەکانی تورکیا سوریا بەجێبهێڵن.!
نزیکەی شەش ملیۆن سووری کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی تورکیا لە باکووری سوریا دەژین، نایانەوێت دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد بەم زووانە بگەڕێتەوە، ئەگەر هەر ڕووبدات. بەهەمان شێوە زۆرێک لە پەنابەران لە تورکیا نایانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
یەکێک لە نیگەرانیە سەرەکیەکانی ئەنقەرە ئەوەیە کە کشانەوەی خێرا لە باکوری سوریا دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی ئەمنی هاوشێوەی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان. ئەم سیناریۆیە، دروستکردنی لێشاوی زیاتری پەنابەرانە بۆ ناو تورکیا.
بۆ دوورکەوتنەوە لەم سیناریۆیە، ڕەنگە ئەنقەرە داوا لە ئەسەد بکات کە “ناوچەی خۆڵەمێشی” کاتی لە باکووری سوریا دابمەزرێنێت، هەروەها هێزە سەربازیەکانی تورکیا و ئەو هێزە میلیشیایانەی هاوپەیمانی تورکیا دەکەن، دەستیان بە هەندێک لە دەسەڵاتی ناوخۆیدا بگات، لەکاتێکدا دیمەشق خزمەتگوزاریە گشتیە سەرەکیەکانی وەک پەروەردە، خزمەتگوزاریەکانی گەیاندنی پۆست و هتد بەڕێوەدەبات. دواتر بەدوای کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ، گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی تەواوی ڕژێم لە باکووری سوریا دابین کەنەوە.
بەڵام بەشێوەیەکی سروشتی “دەستەی ڕزگاری شام” کە لایەنێکی ئیسلامی سونەن، بە هەموو شێوەیەک هەوڵئەدات هەر ڕێکەوتنێک کە ئەنقەرە لەگەڵ ئەسەد ئەنجامی بدات، تێکی بدەن. هەڵبەتە دژایەتیەکانی دەستەی ڕزگاری شام بووەتە ناچاری هاوکاری نێوان سوریا و تورکیا، ئەمەش دەتوانێت تورکیاو سوریا زیاتر لێک نزیک بکاتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندیەکانی ئەم دەستەیە لەگەڵ قاعیدە و زیادەڕەوی ئەم دەستەیە، ڕەنگە هێزی دەرەکیش دەستێوەردان بکەن بۆ یارمەتیدانی تورکیا لە دامرکاندنەوەی هەوڵەکانی ئەو دەستەیە، کە ئەمریکا و تەنانەت ڕۆژئاوا تا ئێستاش نیگەرانن لە مەترسی کۆچکردنی بەکۆمەڵ لە سوریاوە.
تەنانەت لەکاتێکدا تورکیا لەگەڵ ئەسەد دانوستانەکانی ئەنجام دەدات، هەروەها بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە داهاتووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەگەری هەیە واشنتن ئامادەبوونی سەربازیی خۆی لەوێ کەم بکاتەوە یان بە تەواوی بکشێتەوە. ئەنقەرە قۆناغێکی ڕاگوزەر پێشبینی دەکات کە تیایدا باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە شێوەیەکی نافەرمی دابەش بکرێت و لەلایەن خۆی و سوریاوە بەڕێوەی بەرن.
لەئێستادا لەگەڵ کەمی سەربازی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە هاوبەشیکردن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات کاردەکەن بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش. لە چوارچێوەی ئەم هەوڵەدا، یەپەگە و لایەنەکانی دیکەی هێزەکانی سوریای دیموکرات پارێزگاری لە زیندان و کەمپی دەستبەسەرکردن دەکەن کە نزیکەی ٧٠ هەزار چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان تێدا نیشتەجێیە.
بۆ هەندێک ناوچەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا – بەتایبەت دۆڵی ڕووباری فوراتی ناوەڕاست – ئەنقەرە هاوکار دەبێت لەگەڵ ئەمریکا و ڕێگری لە گەڕانەوەی داعش بە هاوکاری هۆزە عەرەبیەکانی دۆستی تورکیا.
سەبارەت بە بەشەکانی دیکە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەنقەرە گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق دەکات سەبارەت بە ڕێکخستنی گەڕانەوەی ڕژێمەکە و کۆتاییهێنان بە کۆنترۆڵی یەپەگە، ئەمەش لە چوارچێوەی یەکلایکردنەوە و کۆتایهێنانە بە شەڕ.
یەکێک لە ئاستەنگیەکانی بەردەم هەوڵەکانی تورکیا، ئێرانە کە تا ئێستاش وەک پشتیوانێکی گەورەی دەرەکی ئەسەد دەمێنێتەوە، بەڵام ئێران بێهیوا بووە لە فراوانکردنی نفوزی خۆی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەتایبەتی بەدوای هەڵگیرسانی شەڕ لەلایەن ئیسرائیلەوە دۆخەکە لەناو سوریا بۆ ئێران سەختر بووە، لەڕاستیدا ڕەنگە ئامادەبوونی سەربازی تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو “پردی وشکانی” ئێران پەک بخات کە سوریا بە عێراق و لوبنانەوە دەبەستێتەوە.
وەک ئاڵۆزیەکانی دۆخەکە وەها دەردەکەوێت، بژاردەیەکی سیاسەتی ئاسان بۆ ئەمریکا لە سوریادا نییە تا بتوانێت کۆنترۆڵی تەواوی خۆی بسەپێنێتەوە، چونکە لەبەرامبەر نەخشەی واشنتۆندا هیچ یەک لە ئێران و ڕوسیا و چین … ئامادە نین پێشوازی لە هەر ڕێکەوتنێک بکەن بەناوی ئەوەی کە ڕژێمی ئەسەد بگۆڕدرێت.
لەلایەکی ترەوە هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەنقەرە لە سوریا و عێراق، لەسەر ڕێڕەوی بردنەپێشەوەی پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” کە تۆڕێکی بازرگانیە بە عێراق و تورکیادا تێدەپەڕێت، بازاڕەکانی ئاسیا و ئەوروپا لەڕێگەی زەریای هیندی و دەریای ناوەڕاستەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش پەیوەندیەکی تایبەت بەجیالەوەی سوریا کە بەشێوەیەکی ئاسانتر پەیوەندی تورکیا بە عێراق دەبەستێتەوە، جگە لەو پەیوەندیەش کەسی ساڵ زیاترە تورکیا بە بارزانیەوە گرێیداوە.
لەهەمانکاتدا لەم دواییانەدا ئەنقەرە بڕیاریدا پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەغدا باشتر بکات، بەغداش گڵۆپی سەوز بۆ پرۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” هەڵکردوەو لە هەمانکاتدا پەکەکە وەک “رێکخراوێکی قەدەغەکراو” پۆلێن دەکات.
ئەنقەرە پێیوایە گرێبەستی بیناسازی قازانجبەخش بۆ بەندەر و ڕێگاوبان و ژێرخانی هێڵی ئاسنی پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” لە هەردوو شاری بەغدا و حکومەتی هەرێم بۆ ناو بازنەی خۆی ڕادەکێشێت، هاوکات داوای پاڵپشتی ئەمەریکا دەکات بۆ بەهێزکردنی نفوزی تورکیا وەک هێزێک بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لەبەرامبەر ئێراندا. ئەگەر هەموو ئەم ئامانجانە بەدی بهێنرێت، ئەنقەرە داوا لە بەغدا دەکات ئامادەبونی سەربازی تورکیا لە باکوری عێراق قبوڵ بکات.. لە هەمانکاتدا داوا لە تاڵەبانی دەکات کە پەناگەی ئارام لەسەر خاکەکەی بۆ پەکەکە ڕەتکاتەوە.
به ڕژەوەندیەکانی ئەمریکا و تورکیا له عێراق بەئاسودەتر و بەئاسانیتر یەکدەگرنەوە له چاو سوریا، پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” بەشێکی سەرەکی ئەم هەوڵەیە. بێگومان هەموو ئەم هەوڵانەی تورکیا کاریگەری لەسەر ئەو دۆخە دەبێت کە عێراق و سوریای کردۆتە گۆڕەپانی سەرەکی کێبڕکێ بەرامبەر بە ئێران. ئەگەر واشنتۆن و ئەنقەرە بگەنە ڕێکەوتن لەسەر ئایندەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دڵنیاییەوە تاران هەنگاو دەنێت بۆ تێکدانی هەوڵەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا، تاران جگە لە فشارخستنە سەر ڕژێمی ئەسەد بۆ ڕەتکردنەوەی هەر ڕێککەوتنێکی بەرفراوان لەگەڵ ئەنقەرە، لەهەمانکاتدا بە پەیوەندیە درێژخایەنەکانی لەگەڵ تاڵەبانی کەڵک وەردەگرێت بۆ ڕێگریکردن لە پلانەکانی تورکیا دژی پەکەکە لە عێراقدا.
هەروەها ئێران لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانی لە بەغدا کەڵک وەردەگرێت بۆ تێکدانی سیاسەتی پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان”، یان بە خاوکردنەوەی پرۆسەی بیناسازی یان دواخستنی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
دەستپێشخەری ئەم دواییانەی (دەڤلەت باخچەلی)، سەبارەت بە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان، کە تێیدا ئامادەیی خۆی بۆ ئازادکردنی ئۆجالان ڕاگەیاند بەو مەرجەی “عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە زیندان دەربهێنرێت و لە پەرلەمانی تورکیا چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت.”
“ئۆجەلان وتوویەتی، من ئامادەم بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆم جێبەجێ بکەم، داوا لە ڕێکخراوەکە دەکەم چەکەکانی دابنێت”.
ئێستا پرسی گەرمی تورکیا چەکدانانی پەکەکەیە، تورکیا دەیەوێت ئەو کارە لەسەر دەستی ئۆجەلان بکرێت، (دەڤڵەت باخچەلی) یەکەم کەس بوو ڕێگەی چەک دانانی پەکەکەی ڕاگەیاند و وتی “با ئەو گۆشەگیریەی سەر ئۆجەلان هەڵگیرێ و ببرێتە ناو پەرلەمان و لەبەردەم هەموو نوێنەرانی پەرلەماندا بڵی من کۆتایم بەو ڕێکخراوە هێناو چەکەکانتان دابنێن”.

ئەمە چەندە واقعی دەبێتەوە بەڵام پێشنیازی باخچەلی بەشێکە لەو سیاسەت و هەنگاوانەی تورکیا هەوڵئەدات کە ڕۆڵێکی زیاتر بگێڕێت لە دۆخی سیاسی ناوچەکە و ئەو ئاڵوگۆڕانەی پێشبینی دەکرێت، تا پێگەی خۆی قایم بکات، بەتایبەتی کە داگیرکاری ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و باشوری لوبنان و هەوڵدانی ئیسرائڵ بۆ فراوانکردنی شەڕ لە ناوچەکەدا، دۆخێکی تازەی فەراهەم هێناوەو هاوکێشەکان گۆڕانیان بەسەردا هاوتووە، تورکیاش وەک لایەنێک بۆ بردنەپێشەوەی دەستتێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا و لەڕاستای ئەم دۆخە دژوارەدا، لە هەوڵی دەستکەوتی بەرژەوەندی زیاترە، تا دوای وەستانی شەڕ لە ناوچەکەدا هاوسەنگی خۆی باڵاتر کات و پێگەی خۆی بە هێزتر کات، کە لەم بارەیەوە قسەکردن لەسەر هەندێ مافی خەڵکی کوردستانی تورکیا و ڕێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان و پەکەکە بکاتە زەمینەیەک بۆ ئەو ستراتیژەی کە دەیەوێت باڵادەستی بەسەر عێراق و سوریدا بسەپێنێت، ئەوەی بۆ تورکیا بێبایەخە مافی خەڵکی کورستانە.

بۆ هەندێ زانیاری بۆ ئەم وتارە سود لە وتارێکی “سونر چاغاپتاي” وەرگیراوە بە ناونیشانی “تركيا تريد إعادة ربط العراق وسوريا”




توێژینەوەیەك بۆ کۆنفرانسی لوتکەی 29 بۆ پرسی ژینگە.. زاهیر باهیر

لە ڕۆژی دوو شەمەوە ، 11/11/2024 کۆبونەوەی ساڵانەی چاکسازی ژینگە بۆ دوو هەفتە دەستی پێکردووە. نزیکەی 60 هەزار کەس لە نوێنەرانی دەوڵەت و بڕیاردەرانی سیاسی و وەربەهێنەرانی سەرمایە و ( سەرمایەدادار) و لۆبی چی و کەمپەینکارانی هەندێك لە دەوڵەتەکان لە 200 دەوڵەتەوە لە ئاستی نوێنەرایەتی جییاوازاد بەشداری دەکەن.
تا ئیستا ئەو کۆبونەوانەی کە کراون نەتوانراوە بە کۆی گشتی بگەنە چارەسەرێکی بنەبڕیی لە کێشەی ژینگەدا ، کەش و هەوادا. لەم وتارەدا پەنجە بۆ هەندێك لە کارەساتە سروشتییەاکان بە هۆی تێکچوونی ئاو و هەواوە و هۆکارەکانی و دوای ئەوە تا ئێستا چی کراوە و چی دەبێت بکرێت ڕادەکێشم. هەروەها ئەو پرسەش دەخەمە ڕوو کە ئایا ئەم کۆبوونەوانە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە بەرهەمدەهێنن و دەتوانن چارەسەری گرفتی ژینگە و ژیان بکەن، هاوکاتیش وەڵامەکەی بەجێدەهێڵم بۆ خودی خوێنەر خۆی.

ئەمانە هەندێك نموونەن کە وەکو بەڵگەیەك دەیخەمە بەردەم خوێنەر. لە ماوەی 30 ساڵەی دروستبوونی ئەم کۆنفرانسەدا وڵاتانی وەک چین، هیندستان و کۆریای باشوور بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش هێزی ئابووری خۆیان زیاد کردووە – ئەمەش یانی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن ، کە بە گازی ژەهراوی پێناسە کراوە.

بڕینەوەی دارستانەکان کە ڕۆڵی کاریگەری هەیە لەسەر پاککردنەوەی ژینگە سەرەڕای پەیماندانی 140 وڵات بۆ کۆتاییهێنان بە لەناوچوون و بڕینەوەیان، مانگێک لەمەوبەر ڕاپۆرتێکی جیهانی دەریخست کە خواست لەسەر گۆشتی مانگا و سۆیا و زەیتی خورما و نیکل ئەوەندە زۆرە ڕێگری لە هەوڵەکانی وەستاندنی بڕینەوەی دارستانەکان و وێرانکردنیان دەکات.

شیکارییەك دەریدەخات لە ساڵی 2023 دا لەناوچوونی دارستانەکانی جیهان زیادیکردووە، و زیاترە لەو کاتەی کە 140 وڵات سێ ساڵ لەمەوبەر بەڵێنیان دابوو تا کۆتایی ئەم دەیە، واتە تا ساڵی 2030 ، دەبوایە بڕینی دارستانەکان ڕابگیرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، نزیکەی 6.4 ملیۆن هێکتار (16 ملیۆن دۆنم) دارستان لە ساڵی 2023 دا تێکدراوە. تەنانەت دارستانی زیاتریش بە بڕی 62.6ملیۆن هێکتار وێرانکراوە بەهۆی دروستکردنی ڕێگاوبان و داربڕین و ئاگرکەوتنەوە کە زیانی گەورەی لە دارستانەکان داوە.

لە لوتکەی کەش و هەوای نەتەوە یەکگرتووەکان Cop26 ( کۆنفرانسی 26 )لە ساڵی 2021 بەگشتی هەموان ڕازیبوون کە بڕینەوەی دارستانەکان تا ساڵی 2030 ڕابگیرێت. لە ڕاگەیاندنێکدا لە هەڵسەنگاندنی دارستانەکان ئەمساڵ لەلایەن هاوپەیمانی توێژینەوە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە بڵاوکرایەوە، لەو ڕاگەیاندنەدا پێشکەوتنەکانی بەرەو ئەو ئامانجە خستە ڕوو. لەوێدا بە بەکارهێنانی هێڵی بنەڕەتی تێکڕای دارستانبڕین لە نێوان ساڵانی 2018 و 2020 ، بۆی دەرکەوت کە پێشکەوتن بە شێوەیەکی بەرچاو نەڕۆیشتۆتە پێشەوە سەبارەت بە بڕینی دارستان، لە ساڵی 2023 دا نزیکەی 50% زیاتربووە .

لە لایەکی دیکەشەوە هیچ نیشانەیەك نییە بۆ وازهێنان لە سووتەمەنی بەردینی بەڵێندراو بەجێگرتنەوەی کەرەسە پاکەکان، چونکە دەردانی گازی ژەهراوی پلەیەکی بەرزی نوێی تۆمارکردووە سەرەڕای بەڵێنەکانی کۆنفرانسی Cop28 ی ساڵێک لەمەوبەردا. بە پێچەوانەوە سووتانی خەڵوز و نەوت و گاز لە ساڵی 2024دا بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوەدا.

لە کۆنفرانسی Cop28 ساڵی 2023 لە دوبەی ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ” تێپەڕینی قۆناخی سووتەمینی خەڵووزی بەردینی ” کرا، بڕیارێکی ئەوەندە گرنگ بوو کە ستایشی کرا بەو پێیەی هیچ کام لە 27 لوتکەی پێشوو داوای سنووردارکردنی هۆکاری سەرەکی گەرمبوونی جیهانیان نەکردبوو.

ئەمانە و زۆری تر بەڵگەی ئەوەن کە بڕی کارەکان بەو شێوەیەی کە زەروورە جێ بەجێبکرێت ناکرێت بۆیە گردبووانی ئەم کۆنفراسە و حکومەتەکانیان دەکەونە بەر ڕەخنەی جددی شارەزایان و چالاکوانانی ژینگە و ئەوانەی دیکە کە بە تەنگ ژینگەوە دێن .

ئەم هەڵوێستەی ئەوان و زۆری تر جێگای سەرسوڕمان نییە لە کاتێکیشدا ئەوانەی کە پشکی گەورەی ژینگە پیسکردنیان دەکەوێتە ئەستو، ئەوانەی کە تا ئێستاش مۆڵەتی هەڵکۆڵینی زەوی دەدەن بۆ دۆزینەوەی غاز و نەوت ، ئەوانەی کە بارەگاو بنکەی سەرەکی کۆمپانیاکانی نەوتیان لێیە، ئەوە ئەوانن کە قسە لەسەر کێشەی ژینگە دەکەن و بڕیارە گرنگەکان دەدەن تاکو بۆ دانیشتوان زیانبەخش نەبێت .
ئەمەش تەواو وەکو ئەوە وایە کە لە وڵاتێکدا کە حکومەتەکەی سەرکوتی هاووڵاتیانیی زۆر دڕندانە دەکات قسە لەسەر ئازادی ڕا و بۆچوون بکات و کۆنفراسنی مافی مرۆڤ لەوێ بگێڕێت و بەرنامەی بۆ دابنرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت ، یا کۆنفرانسی خەڵکە هەرە زەنگینەکە بێت و قسە لەسەر زكبرسیان بکات.

شاری باکۆ، پایتەختی ئازەربایجانە، خانەخوێی ئەمجارەی ئەم کۆبوونەوە گەورەیەیە، خۆی خاوەنی سامانێکی زۆری غاز و نەوتە بەو ڕادەیەی کە لە سەدا 90ی هەناردەی داهاتی بۆ دەرەوە سامانی وزەیە ، تەنانەت ئیسرائیل لە سەدا 40 پێداویستی وزەی لەوێ دەکڕێت لە بەرانبەر فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی بۆ سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان ، چالاکوانی ژینگە و هەر کەس و لایەنێکی دیکە کە دژ بە دەسەڵاتی ئازەربایجان بن ، بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ دژ بە ئەرمەنییەکان و داگیرکردنی خاکیان و بەدیلگرتنی هاووڵاتانیان . ئیسرائیلیش ئەو وزەیەی کە لەوێ دەیکڕێ لە ئێستادا بۆ بەردەوامیدانی شەڕە نەگریسیەکەیەتی دژ بە فەلەستینییەکان و خەڵکی لوبنان. ئەمە نەك هەر ئیسرائیل بەڵکو هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا سووتەمەنی بەردینی لە ئازەربایجان دەکڕن و بڕیاریشە کە بڕی ئەم هاوردەیە لە ساڵی 2027 دا دووقات بکەنەوە.
ئەوەشی کە دەبێتە مایەی دڵگرانی و تووڕەبوون ئەوەیە کە سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام ئەلییڤ (Ilham Aliyev ) خۆی و خێزانەکەی ملیارەها دۆلاریان لە سەروەت و سامانی سروشتی وڵاتەکە بەدەستهێناوە، منەت نە لە سروشت و نە لە کەس دەزانێت بە بەشداربووانی کۆنفراسەکەی وت “نەوت و غازی ئازەربایجانی دیارییە لای خوداوە” و ڕوونیکردەوە کە دەرهێنانی نەوت بەردەوام دەبێت. لە چالاکییەکەدا وتی: “وەک سەرۆکی Cop29 ( کۆنفرانسی 29)، بێگومان ئێمە داکۆکیکارێکی بەهێز دەبین بۆ گواستنەوەمان لە سووتەمەنەی بەردینی بەرەو ژینگەی پاك و سەوز، ئێمە ئەوە دەکەین.” …“بەڵام لە هەمان کاتدا، دەبێت واقیعبین بین”. ئاماژەی بەوەشکردووە، “نابێت وڵاتان تاوانبار بکرێن [بەهۆی ئەوەی نەوت و غازیان هەیە] و نابێت تاوانبار بکرێن بۆ هێنانی ئەو سەرچاوانەی بۆ بازاڕ، چونکە بازاڕ پێویستی پێیەتی. خەڵک پێویستی پێیان هەیە”، ڕاگەیاندنەکەی بۆ بەشداربووانی کۆنفرانسەکە پەیامێکی زۆر ڕوون و ئاشکرابوو.

دەی لە دەوڵەێکی ئاوادا کە خانەخوێی نوێنەرانی ئەو هەموو وڵاتانەیە و بەو پاشخانە پیسەوە سەبارەت بە ژینگە و مافی مرۆڤ گرانە کارێکی زۆر باشی لێ سەوز ببێت. ناکرێت تۆ بانگەشەی ژینگەپارێزی بکەیت بەڵام هاوکاتیش دانیشتوانت لە کارەساتدا بن کە پرسی ژینگە واتە دادپەروەری و سەلامەتی ئازادیی هەموانە. جگە لەوەی کە سەرۆك خۆی هیچ پلانێکی نییە بۆ کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن . لەمەش سەیرتر لە کاتێکدا کە ئەم کۆبونەوەیە بۆ کێشەی ژینگەیە لە ئازەربایجان کەچی سنوری زەمینی و ئاوی بۆ ڕێگرتن لە هاتنی دۆستانی ژینگە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەم کاتەدا لەوێ داخراوە. تاکە ڕێگایەك بۆ ئەوەی بەشداربووان بگەنە کۆنفرانسەکە ڕێگەی ئاسمانییە ، کە خودی ئەمەش پیسکردنی زیاتری ژینگەیە .
جگە لەو زانیاریانەی سەرەوە بەپێی ئەو زانیاریانەی کە هاوپەیمانی چالاکوانانی Kick Big Polluters Out شیکارییان کردووە، لانیکەم 1773 لۆبی چی خەڵوز و نەوت و گاز ڕێگەیان پێدراوە بچنە ناو ئەم گردبوونەوەیەوە.

لەم ڕۆژانەدا گروپێك لە شارەزایان و پسپۆڕانی ژینگە نامەیەکیان ئاڕاستەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە ، لەو گروپەدا کەسە ناودارەکانیان بریتین لە بان کی مون سکرتێری گشتی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان و ماری ڕۆبنسن سەرۆکی پێشووی ئیرلەندا و کریستیانا فیگێرس بەرپرسی پێشووی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان و زانای ناوداری کەشوهەوا یۆهان ڕۆکسترۆم. لە نامەکەیاندا ئەوان ڕاشکاوانە وتویانە ” سیاسەتی کۆبونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چی تر لەگەڵ ئامانجەکاندا ناگونجێن . پێویستمان بە گۆڕانکارییە کە لە دانوستانەوە بمانبات بۆ جێبەجێکردن “

ئەفریقا 40%ی سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوەی جیهانی لەبەردەستدایە بەڵام تەنها 2%ی وەبەرهێنانە جیهانییەکانی بۆ خۆی ڕادەکێشێت. بەهۆی ئەوەی 20 لە کۆی 38 وڵاتی ئەفریقا کەمداهاتن و قەرزاری زۆرن و سوویەکی زۆر کەوتۆتە سەر قەرزەکانیان کە دەبێت ساڵانە بە قیست بیدەنەوە.

بۆچی پرسی ژینگە گرنگە و دەبێت بکرێتە خالی سەرەکیی؟

پێموایە ڕوونکردنەوە و بەڵگەی زۆری ناوێت بۆ فەرامۆش نەکردنی ژینگە و دەرککردن بە کارایی باش و خراپی لەسەر ژیانی تاکەکان و خودی کۆمەڵگەکان. ژیان و ژنگە دوو جەمسەری بەیەکەوە بەستراون و هەرگیز لە یەك دانابڕێن. خراپبوونی ژینگە یا وێرانکردنی ژینگە بە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ژیانەوە، ژیان بێ پاراستنی ژینگە بوونی نابێت، کە لە کاتێکیشدا تێکدانی دەستکردی مرۆڤە، هەر ئاواش دەکرێت کە خودی مرۆڤ چاکسازی تێدا بکات.
گەر تەماشای هەر ئەم یەك دوو ساڵە بکەین بە ڕوونی و ئاشکرا خراپبوونی ژینگە و کاردانەوەی لەسەر وڵاتان و کۆمەڵگەکانی زۆر خراپ کەوتۆتەوە.
هەندێك لە گەلانی ئەفریقا بەهۆی کارەساتی خراپی کەش و هەواوە تا 5%ی بەرهەمی ناوخۆیی خۆیان لەدەست دەدەن، لەکاتێکدا هەندێکیان تا 9%ی بودجەی نیشتمانی خۆیان بۆ ئەوەی بەسەر دەرئەنجامەکانیدا زاڵ بن دەخەنە لاوە.
دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی مەزەندە دەکات کە ئەفریقای باشووری بیابانەکان تەنها لە ماوەی دەیەی داهاتوودا ساڵانە پێویستی بە 30 -50 ملیار دۆلار دەبێت تەنها بۆ دابینکردنی تێچووی پاراستنی ئەو کۆمەڵگەیانەی کە ڕووبەڕووی کارەساتی بێ وێنەی پەیوەستبوو بە کەش وهەوا دەبنەوە. ئاشکراشە ناتوانرێت هەژاری کەم بکرێتەوە، برسێتی نەهێڵرێت و کۆمەڵگەیەکی ئاوەدان و خۆڕاگر بنیات بنرێت بەبێ چارەسەرکردنی کەش وهەوا.

ڕاپۆرتێکی مانگی پێشوو سەبارەت بە بەکارهێنانی زۆپا و ئامرازەکانی دیکەی غاز دەریخستووە کە ساڵانە 40 هەزار ئەوروپی دەکوژێت توێژینەوەکە دەڵێت ئەو گازە زیانبەخشانەی پەیوەندییان بە نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکانەوە هەیە، نزیکەی دوو ساڵ لە ژیانی مرۆڤ کەم دەکەنەوە. لە هەر سێ ماڵێک لە یەکێتی ئەوروپا، یەک ماڵ بە غاز خواردن دروست دەکات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە 54%ی ماڵەکانی بەریتانیا و زیاتر لە 60% لە ئیتاڵیا، هۆڵەندا، ڕۆمانیا و هەنگاریا غاز بەکاردهێنن. ئەمەش دەبێتە هۆی دەردانی مادەی زیانبەخش کە بۆری هەوا هەو پێدەکات.

لافاوەکەی مەغریب کە لە مانگی ڕابردوودا بوو 18 کەس گیانیان لەدەستدا و کاریگەرییەکانی لافاوەکە ئەو ناوچانەی زیاتر گرتەوە کە ساڵی ڕابردوو بەهۆی بوومەلەرزەیەکەوە زیانیان بەرکەوتبوو.
هەر دوو هەفتە لەمەوبەر بوو کە کە لە ڤالانسیا لە ئیسپانیا بە هۆی لافاوەوە 220 کەس گیانیان لە دەست دا و 80 کەسیش هێشتا چارەنوسیان نەزانراوە. دوای ئەوەش چەشنی هەمان لافاو مەلەگا-شی هەر لە ئیسپانیا گرتەوە و زەرەری شمەك و کاڵای زۆری بووە.

لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە باغلان لە ئەفغانستان لانیکەم 315 کەس بوونە قوربانی و زیاتر لە دوو هەزار ماڵیش وێران بوون. نزیکەی هەزار و 600 کەس بریندار بوون و سەدان کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون. هەروەها لافاوێکی خێرا لە پارێزگاکانی دیکە لە سەرانسەری ئەفغانستان وێرانکارییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لانیکەم 50 کەس لەو لافاوەدا گیانیان لەدەستدا. ئەفغانستان هەمیشە تووشی کارەساتی سروشتی بووە. لە نێوان وڵاتانی کەمداهاتدا، بە پێی یەکێک لە ڕاپۆرتەکان، لە ڕووی ژمارەی مردن بەهۆی ئەوانەوە لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 2015 ئەفغانستان پلەی دووەمی لە نێو ئەو وڵاتانەدا بەدەستهێناوە. بێ گومان لە ئەفغانستاندا هەر کارەساتی سروشتی یەخەی نەگرتوون بەڵکو مێژووی درێژی شەڕی چەکداری وڵاتەکە دۆخەکەی ئەوەندەی تر خراپتر کردووە.

لەم ساڵانەی دواییدا بەرزبوونەوەی چڕبوونەوەی زریانی زۆر گەورەمان دیوە کە زیاتر وێرانکاری بەدواوە بووە، وەکو زریانی وێرانکەری وەک ‘هێلین’ . بۆچی؟ چونکە دەردانی گازی گەرمخانەیی زەریاکە گەرم دەکات. خەمڵاندنێکی سەرەتایی ئەوەیە کە گەرمبوونی جیهانی بووەتە هۆی بارانبارینی 50% زیاتر لە کاتی زریانی ‘هێلین’ لە بەشێک لە جۆرجیا و باشوور و کارۆلینای باکوور لە ئەمەریکا. هەروەها ڕەنگە کاریگەری زریانەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زەویەوە خراپتر بووبێت، چونکە هەڵمبوونی دەرئەنجامی ئەوە ڕێگەی بە زریانەکە داوە بۆ ماوەیەکی زیاتر و زیاتر بەهێز بێت. بەڵام زۆربەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان – و زۆربەی وەڵامە سیاسییەکان – ئەم کارەساتەیان وەک ئەوەی شتێکی هەڕەمەکی سروشت بێت، مامەڵەیان لەگەڵ دەکرد.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کەشوهەوای توند لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا 2 ملیار دۆلاری لەسەر ئاستی جیهان تێچووە. ئەمریکا زۆرترین زیانی ئابووریی بەرکەوتووە، ڕاپۆرتەکەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی دەریخستووە، دوای ئەویش چین و هیندستان دێن.
شیکارییەکانی 4000 ڕووداو و کارەساتی توندی پەیوەست بە کەش وهەوا، لە لافاوێکی خێرا کە ماڵەکان لە چرکەیەکدا دەشواتەوە تا وشکەساڵی سووتانی هێواش کە بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر کێڵگەکان تێکدەدات، دەرکەوتووە کە زیانە ئابوورییەکان تەنها لە دوو ساڵی ڕابردوودا 451 ملیار دۆلار بووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕەوتێکی وردە وردە بەرزبوونەوەی تێچووی ڕووداوە توندەکانی کەش و هەوا لە نێوان ساڵانی 2014 و 2023دا دەرکەوتووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی لە ساڵی 2017 کاتێک وەرزێکی چالاکانەی زریانەکان ئەمریکای باکووری گرتەوە. ئەمەریکا زۆرترین زیانی ئابووری له ماوه ی 10 ساڵدا بەرکەوتووه ، ئەم زیانە به 935 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، چین به 268 ملیار دۆلار و هیندستان به 112 ملیار دۆلار. هەریەک لە ئەڵمانیا و ئوسترالیا و فەرەنسا و بەرازیل لە ڕیزبەندی 10 باشترینەکاندا بوون.

توێژینەوەیەک لە مانگی ڕابردوودا دەریخستووە، تێکچوونی کەش و هەوا هۆکاری زیاتر لە نیوەی ئەو هەزاران کەسە بووە کە بەهۆی گەرماوە لە هاوینی سووتێنەری ئەوروپادا لە ساڵی 2022دا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ئەگەری ئاستی زۆری بارانبارینی دوو هێندە زیاد کردووە کە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا ناوەڕاستی ئەوروپای گرتەوە.
حیسابکردنی دەردانی گازی ژەهراوی ساڵی 2024 لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەی کە تا مانگی تشرینی یەکەم بەردەستە و خەمڵاندنەکانی مانگەکانی کۆتایی ساڵ، کە لە ڕابردوودا ورد بوون. زیاتر لە 37 ملیار تەن گازی ژەهراوی لە ساڵی 2024 دا دەردەدرێت کە دەکاتە نزیکەی 4 ملیۆن تەن لە خولەکێکدا. دەردانی گازی ژەهراوی ساڵانە بە ڕێژەی زیادبوونی 2.4%، سەردەکەوێت ئەمەش بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی لە چین و شوێنەکانی دیکە. سووتانی نەوت بەڕێژەی 0.9% زیادیکردووە، بەتایبەتی بەهۆی گەشتە نێودەوڵەتییەکانەوە، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دەردانی خەڵوز بە ڕێژەی 0.2% بەرزبێتەوە.

زۆربەی دەردانی گازی ژەهراوی لە دارستانبڕین لە بەرازیل و ئەندەنوسیا و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆوە دێت. پڕۆفیسۆر جولیا پۆنگراتز، لە زانکۆی میونشنی ئەڵمانیا دەڵێت: “بەشێکی زۆری ئەم دەردانی گازی ژەهراوییانە لە ئەنجامی هەناردەکردنی کاڵاکانەوە بۆ باکووری جیهانییە، بۆ نموونە فاسۆلیای سۆیا لە ئەمریکای باشوورەوە دەچێتە چین و ئەوروپا”. ئاوا پێشبینی دەکرێت کە ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی لە هەردوو سووتەمەنی بەردینی و دارستانبڕین لە ساڵی 2024 دەگاتە بەرزترین ئاستی.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای هاتووچۆ و ژینگە کە ڕێکخراوێکی هەڵمەتی گواستنەوەی پاکی ئەوروپییە، فڕۆکە تایبەتەکان تا 14 هێندە پیسکەرترن، بۆ هەر سەرنشینێك، لە فڕۆکە بازرگانییەکان و 50 هێندەی شەمەندەفەرەکان پیسکەرترن.

ڕۆماین یۆئالێن، لە ڕێکخراوی گۆڕینی نەوتی نێودەوڵەتی، وتی” لە Cop28، هەموو وڵاتان بەڵێنیان دا کە لە سووتەمەنی بەردینی تێپەرن بەرەوە ئامرازە پاکەکان ملبنێن، بەڵام لەسەر زەوی واقیع ئێمە شایەتحاڵی پێچەوانە بووین: پڕۆژەی نوێی نەوت و گاز لە سەرانسەری جیهان پەسەند دەکرێن، بە سەرپێچییەکی تەواو وە لە زانستی کەش وهەوا” وتیشی ” لە کۆنفرانسی29 (Cop29) ، پێویستە ببینین وڵاتان بە [بەڵێننامە] دێنە سەر مێزەکە کە کۆتایی بە فراوانبوونی سووتەمەنی بەردینی بهێنن و وزەی نوێبووەوە خێراتر بکەن… خانەخۆی ئێستای بەرنامەی Cop29، ئازەربایجان، پلانی هەیە لە دەیەی داهاتوودا فراوانکردنی گەورەی بەرهەمهێنانی غاز بکات”.

داتا نوێیەکان کە لە کۆنفرانسی کەش وهەوای ئەمجارەی ( Cop29) نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئازەربایجان بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەی دەردانی گەرمکردنی هەسارەکان لە خەڵووز و نەوت و گاز لە ساڵی 2024 بە ڕێژەی 0.8% بەرز دەبێتەوە جیهان بۆ ئەوەی هەر چانسێکی هەبێت بۆ پابەندبوون بە ئامانجی پلەی گەرمی 1.5سەدی و سنووردارکردنی زیادتر کاریگەرییە دراماتیکییەکانی کەشوهەوا لەسەر خەڵک لە سەرانسەری جیهان.

لە لایەکی ترەوە پێشبینی دەکرێت ڕێژەی دەردانی سووتەمەنی بەردینی لە ساڵی 2024 نزیکەی 8% زیاتر بێت بە بەراورد بە ساڵی 2015 کە ئەو ساڵەی ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس واژۆکرا.

تا ئێستا چی کراوە و چی دەکرێت:

بە گەڕان بە دوای زانیارییەکان و چاودێریکردنی دەوڵەتەکان لە هەڵوێستیاندا بەرانبەر بە چارەسەری ژینگە دەکرێت هەندێك لە بەرنامەی چاکسازی ببینین.
سەرۆکی بەرازیل و سەرۆکی کۆڵۆمبیا ، ئەوان مەیلی خۆیان لە کەمکردنەوەی بڕینی دارستانەکان نیشان داوە. بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی سەرچاوە جیهانییەکان، لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2023، بەرازیل بە ڕێژەی 36% و کۆڵۆمبیا بە ڕێژەی 49% کەمکردنەوەی بڕینی دارستانەکانی بەخۆیەوە بینیوە. هەردووکیان پابەندن بە بە وەستانی بڕینەوەی دارستانەکان تا ساڵی 2030. ئەم دوو سەرۆکە لە ژێر کاریگەری وەزیرە ژینگە دۆستەکانیان دابوون وەکو : مارینا سیلڤا لە بەرازیل و سوزانا محەمەد لە کۆڵۆمبیا.

سەرەکوەزیرانی بریتانیا، کیری ستارمەر ڕۆژی سێشەممە، 12ای مانگ سەبارەت بە کەش و هەوا ڕایگەیاند کە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو ئامۆژگارییانەی کە لەلایەن زاناکان و ڕاوێژکارە سەربەخۆکانیەوە بە حکومەت دەدرێت. ئەو وتی بریتانیا بەڵێن دەدات ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە ڕێژەی 81% کەم بکاتەوە بە بەراورد بە ئاستی ساڵی 1990 تا ساڵی 2035. هەروەها باجی خستۆتە سەر فڕؤکەی جێتی کەسیی کە دەوڵەمەندەکان بۆ گەشت و کاریان بەکاریدەهێنن.

بڕیاریشە ئۆکسفام ڕاپۆرتێک بڵاوبکاتەوە کە پێشنیاری ئەوە دەکات زۆرینەی خەڵکی بەریتانیا پشتگیری لە باجی زیاتر دەکەن لەسەر فڕۆکە تایبەتەکان و سوپەر یەختەکان بۆ یارمەتیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەش و هەوا. هەروەها پێشبینی دەکرێت ئەم ڕاپرسییە کە لەلایەن YouGov ەوە ئەنجامدراوە، پشتگیرییەکی بەهێزی گشتی نیشان بدات بۆ زیادکردنی باج لەسەر دەوڵەمەندترین کەسانی بەریتانیا بۆ دابینکردنی بودجە بۆ ئەو مەبەستە، هەروەها زیادکردنی باج لەسەر ئەو بازرگانیانەی لەو کەرتانەی زۆرترین دەردانی گازی ژەهراوی بەرهەمدەهێنن.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، لە ساڵی 2021 دا نزیکەی 89.6 ملیار دۆلار بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتو دابین کراوە. بەڵام دارایی جیهانی کەش و هەوا بە شێوەیەکی ناڕێژەیی سەرنجی لەسەر کەمکردنەوە دەمێنێتەوە. نزیکەی 90%ی دارایی کەش و هەوا بەرەو کەمکردنەوەی دەردانی گازی ژەهراوی دەڕوات نەک پشتگیریکردنی

یەکێتی ئەوروپا ڕێسایەکی گەورەی پێشنیار کردووە کە فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە قەدەغە دەکات کە پەیوەندییان بە بڕینەوەی دارستانەکانەوە هەیە، وەک قاوە، شوکولاتە، چەرم و مۆبیلیات. بەڵام لە 3ی تشرینی یەکەمدا کۆمیسیۆنی ئەوروپا پێشنیاری دواخستنی ساڵێکی کرد “بۆ قۆناغ بە قۆناغی سیستەمەکە” دوای ناڕەزایەتی وڵاتانی وەک ئوسترالیا، بەرازیل، ئەندەنوسیا و کەناری عاج. هەر ئەو سەرچاوەیە وتی: “ئەم پاڵنەرە تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی فشارە سیاسییەکانەوەیە، و ئەوە شەرمەزارییە کە ئێمە ناتوانین پشت بە هەوڵە خۆبەخشییەکان ببەستین – ئەوان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی زۆر کەمیان بەدەستهێناوە.”

لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا لەوە دەکات ئەوەی کە کراوە هاتنە سەرحوکمی ترامپ ئەو لایەنە باشانە بسڕێتەوە . ئەو بەڵێنی داوە کە کەرتی وزە ڕێکبخات و ڕێگە بە پیشەسازی نەوت و گاز بدات و ئەمریکا لە ڕێککەوتنی کەش وهەوای پاریس بهێنێتە دەرەوە، کە لەو پەیمانەدا وڵاتان پابەندکرابوون هەنگاو بنێن بۆ دوورکەوتنەوە لە خراپترین کاریگەرییەکانی قەیرانەکە. بەڵام لەکاتێکدا ترەمپ هەوڵدەدات پێشکەوتنەکان پێچەوانە بکاتەوە. ” سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی جیهان ڕۆژی چوارشەممە وتی: ئێمە زێڕی شلمان لە هەموو وڵاتێکی جیهان زیاترە.”

شارەزایان دەڵێن خولی دووەمی ترەمپ دەتوانێت وێرانکەرتر بێت، چونکە لەلایەن دەسەڵاتێکی دادوەری کۆنەپەرستەوە یارمەتی دەدرێت و چەکدار دەکرێت بە نەخشەی وردی سیاسەتی وەک بەڵگەنامەی پڕۆژەی 2025 کە لەلایەن دامەزراوەی میراتی ڕاستڕەوەوە بڵاوکراوەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی داهاتووی ترەمپ لە ئێستاوە فەرمانی جێبەجێکردن دادەڕێژێت بۆ سڕینەوەی سیاسەتەکانی کەش و هەوا و کردنەوەی زەوییە پارێزراوەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز.
شیکارییەکی مانگی حوزەیران هۆشداریدا لەوەی کە پاشەکشەی داهاتووی ترەمپ دەتوانێت تا ساڵی 2030 4 ملیار تەن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن زیاد بکات بۆ بەرگەهەواوە کاتێک بەراورد دەکرێت لەگەڵ بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی بایدن. ئەوە “دەبێتە سزای لەسێدارەدان بۆ هەسارەکەمان”، جەیمی میندێن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کاتژمێری سفر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە باکۆ لە ڕۆژی دووشەممەدا، 11ی مانگ ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو یاریزانی گەورەی ناو ڕینگەکە ئەمریکا و چینن و چینیش تازە گەرەنتی وەرگرتووە کە سەرۆکی ئەمریکا بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو گۆڕانی کەش و هەوا لەگەڵ خۆیان ناهێنێتە ئاراوە و ئەوەش مانای شتێکە و لەسەر چین ئاسانتری دەکات، کە ئەوەش ناتوانێت یارمەتی نەدات و هەندێک کاریگەری نەبێت.”

سوید باج لەسەر فڕین کەمدەکاتەوە سەرەڕای ئەوەی دان بەوەدا دەنێت کە دەردانی گازی ژەهراوی زیاد دەکات ئەم بابەتە زیاتر لە 1 مانگە کەمپەینکاران ڕەخنە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی باج دەگرن کە لە ساڵی 2018 دا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە لەنێو بەرزبوونەوەی بزووتنەوەی ‘شەرمەزاری فڕین’.
باجی فڕین کە ئامانجی کەمکردنەوەی پیسبوونی فڕۆکەوانییە، لە ساڵی 2018 دا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بزووتنەوەی “شەرمەزاری فڕین” (flygskam) کە لەلایەن گرێتا تونبێرگەوە ناوبانگی دەرکرد. بەڵام لە بودجەی ساڵی داهاتوودا کە چەند ڕۆژێک لەمەبەر پێشکەش کرا، هاوپەیمانی ڕاستڕەوی میانڕەو کە پشت بە پشتیوانیی دیموکراتەکانی ڕاستڕەوی توندڕەوی سوید دەبەستێت، ڕایگەیاندووە کە لە 1ی تەمموزی 2025 وە باجەکە چیتر جێبەجێ نابێت. پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە نرخی بلیتەکانی سوید بە بڕی 80 کرۆن (5.93پاوەند) بۆ گەشتە ئەوروپییەکان کەم بکاتەوە و 325 کرۆن (24.9 پاوەند) بۆ گەشتەکانی دەرەوەی ئەوروپا.

ئەی دەبێت چی بکرێت بۆ پاراستنی ژینگە و ژیان ؟

بێ گومان وەکو لە سەرەوە وتم پرسی ژینگە و ژیان دوو پرسی ئەمەندە بەیەکەوە گرێدراون کە لەیەکدابڕینیان کۆتایهێنانی ژیانە. پرسێکیشە کە لە هەموو تاکێکی کۆمەڵ هەر لە منداڵێکەوە تاکو گەورەساڵێک و تا دەگاتە بزنسمان و بەرپرسان و سیاسییەکان و دەسەڵاتداران و دەوڵەتان هەم ڕۆڵی پیسکردنیان هەیە و هەم ڕۆڵی ڕاگرتنی ژینگە و پاراستنی لە پیسبوون و بەدوورگرتنی لە کاردانەوەی خراپ هەیە.
کەواتە تاکەکانی کۆمەڵیش بەسروشتی خۆیان دەتوانن و دەکرێت ڕۆڵی گرنگ لە ژینگەدا ببینن. لە کوڵانی کترییەکەوە بۆ چایەك، قاوەیەك کە تۆ یەك پیاڵەت پیویستە، یەك قاوەت پێویستە، کەچی بەشی سێ چا، سێ قاوە کترییەکە دەکوڵێنیت، لە کاتی وەرگرتنی دووشێك، لەفڕێدانی پارچەیەك کاغەز، بنێشتی دەم، لەبەرکردنی جۆری جل کە لە شۆردن و وشکردنەوەیدا لەسەر ژینگە کارایی دادەنێت ئەگەر هەر زۆر کەمیش بێت ، لە کڕین و بەکاهێنانی سەیارەدا و جۆری سەیارە، لە خۆگەرمکردنەوە و فێنککردنەوەدا، بەم شێوەیە تا دەگاتە جۆری ئەو خواردنەی کە دەخورێت بەتایبەت خواردنی گۆشت و وازنەهێنان لێی.
ئەمانەی سەرەوە تەنها چەند نموونەیەكی بچوك و باون کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبینەوە کە تاكی کۆمەڵ دەتوانێت ڕەچاویان بکات و ستایەڵی ژیانی خۆی بگۆڕێت.

هەر ئاواش بزنسمانەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و دەوڵەت ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە پیسکردنی ژینگەدا هەر وەکو لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، هاوکاتیش دەکرێت ڕۆلی گرنگیان هەبێت لە پاكڕاگرتنی ژینگە و پاراستنیدا .
زۆر بەرنامەی سەرەکی کردەیی هەیە بۆ سنوردارکردنی گەرمی ژینگە لە ئاستی پلەی 1.5 سەدیدا کە کردن و جێبەجێکردنیان گران نییە، گەرچی ئێمە ئەوە دەزانین هەتا ئەو کاتەی بزنس و دەسەڵات و دەوڵەت هەبێت هەرگیز کێشەی ژینگە چارەسەر نابێت چونکە دەبێت پێ بنێینە سیستەمی ئیکۆلۆچییەوە لە ژیانماندا، کۆمەڵ بکەینە کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجی، بەڵام دەکرێت کارەساتەکان ئەهۆنتر بکرێنەوە.
لە ئێستادا وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان بۆ ئەوەی خۆیان لە ڕوودانی کارەساتە سروشتییەکان بپارێن لانی کەم پێویستیان بە یەک ملیار دۆلار (750 ملیار پاوەند) ساڵانە تا 2035 هەیە تاکو یارمەتیان بدات لە بڕینی گازە گەرمخانەییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی کەش وهەوای توند.
بەرازیل کە ئێستا سەرۆکایەتی گروپی 20 دەکات هەوڵ دەدات بۆ دانانی باجێك بە ڕێژەی لە سەدا 2 لەسەر ملیاردەرەکان. ئەم باجە کاریگەری خۆی دەبێت . ئەم بیرۆکەیەی بەرازیل پاڵپشتی دەکات، دەتوانێت ساڵانە 200-250 ملیار دۆلار بەدەستبهێنێت.
زۆر شتی دیکە کە کردنیان ئاسانە وەکو دانانی باجی بەرهەمهێنانی پلاستیک کە لە بەرهەمهێنانی پلاستیک لە پۆلیمرەکانەوە وەردەگیرێت نەک لە مادەی ڕیسایکل کراو، دەتوانێت ساڵانە 25 بۆ 35 ملیار دۆلار بەدەستبهێنرێت ئەگەر بۆ هەر تەنێك باجی 60 بۆ 90 دۆلاری لەسەر دابنرێت.
باجدان لەسەر ئەو کەسانەی کە زۆرجار گەشت دەکەن و بلیتی سەفەری بزنس کڵاس دەکڕن دەتوانێت ساڵانە تا 164 ملیار دۆلار داهات بەدەستبهێنێت، ئەمەش بەپێی ئەو پلانەی کە دیزاینی بۆ دەکرێت.
پێشبینی دەکرێت دەردانی گازی ژەهراوی لە دووەم گەورەترین پیسکەری کە ئەمریکایە، کەمێک کەم ببێتەوە، خەڵوز بەردەوام دەبێت لە دابەزین بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی 120 ساڵدا، بەڵام بەهۆی زیادبوونی سووتانی غازەوە قەرەبوو دەکرێتەوە. ڕێژەی دەردانی گازی خەڵوز لە یەکێتی ئەوروپادا هێندەی تر خێراتر دادەبەزێت و ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە ڕێژەی 3.8%. بەڵام سووتانی خەڵوز لە هیندستان لە زیادبووندایە بەهۆی گەشەسەندنی بەهێزی ئابوورییەکەیەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بە ڕێژەی 4.6%..

توێژینەوەکانی گروپی فشاری ئۆیل گۆڕان ئینتەرناشناڵ کە 12ی مانگ بڵاوکرایەوە، دەریدەخات وڵاتانی دەوڵەمەند دەتوانن لە ساڵێکدا پێنج ملیار دۆلار لە تێکەڵەیەک لە سامان و باجی کۆمپانیاکان و خەفەکردنی سووتەمەنی بەردینی بەدەستبهێنن. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێوشوێنە سادەکان دەتوانن پێنج هێندە زیاتر پارە کۆبکەنەوە لەوەی وڵاتانی هەژار داوای دەکەن.

باجی سەروەت و سامان لەسەر ملیاردێرەکان دەتوانێت 483 ملیار دۆلار لە جیهاندا بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا باجی مامەڵەی دارایی دەتوانێت 327 ملیار دۆلار کۆبکاتەوە. باج لەسەر فرۆشتنی تەکنەلۆژیای گەورە و چەک و هەندێك کەرەسەی زۆر ناپێویستی دیکە 112 ملیار دۆلاری دیکە دەهێنێت و دابەشکردنەوەی 20%ی خەرجییە سەربازییە گشتیەکان بەهای 454 ملیار دۆلار دەبێت ئەگەر لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێ بکرێت.

وەستاندنی یارمەتییەکانی سووتەمەنی بەردینی دەبێتە هۆی گەڕانەوەی 270 ملیار دۆلار لە پارەی گشتی لە جیهانی دەوڵەمەنددا، و نزیکەی 846 ملیار دۆلار لە ئاستی جیهانییدا. باج لەسەر دەرهێنانی سووتەمەنی بەردینی لە جیهانی دەوڵەمەنددا بەهای 160 ملیار دۆلار دەبێت، لە ئاستی جیهانیشدا 618 ملیار دۆلار دەبێت.

ئەمانە و زۆری دیکە دەکرێت ببنە بریاری کۆنفرانسی ئەمساڵ ، کۆنفراسنی 29 و بەشێکی زۆریشیان جێبەجێ بکرێت . ئەم کۆبوونەوەیە بڕیارە ڕۆژی هەینی، 22ی مانگ تەواو بێت بەڵام زۆربەی وەخت درێژ دەبێتەوە بۆ ڕۆژانی شەمە و بەیانی یەکشەمەش. بەشداربووان بەتەمان لەم دوو هەفتەیەدا واتە لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەوە تا کۆتایی دانوستانەکان سەبارەت بە دارایی کەش وهەوا کۆتایی پێبێت. بەڵام زۆرێک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان ( گەشەنەکردوی ئابوورییەوە) بێزارن، پێیانوابوو پێشکەوتنێک بە ئەنجام نەگەیشتووە.

وڵاتە هەژارەکان دەیانەوێت لانیکەم یەک ملیار دۆلار لە ساڵێکدا یارمەتیان پێبدرێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوای توند. کێشەکە ئەوەیە کە وڵاتانی دەوڵەمەند هێشتا ژمارەیەکیان دانەناوە بۆ ئەو یارمەتییە، دوای ئەوەش پلانی دابەشکردنی ئەو پارەیە نەکراوە.
لەم بارەشەوە توێژینەوەیەك کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئابووریناسانی پێشەنگەوە ئەنجامدرا، پێشنیاری ئەوە دەکات کە بۆ ئەو مەبەستە دەکرێت نزیکەی 500 ملیار دۆلار لە کەرتی تایبەتەوە بێت، نزیکەی 250 ملیار دۆلاریش لە بانکەکانی گەشەپێدان و فرەلایەنەکانی وەک بانکی نێودەوڵەتییەوە بێت. ئەوان بۆیان دەرکەوتووە کە دابینکردنی ڕاستەوخۆی یارمەتی و قەرز لە وڵاتانی پێشکەوتووەوە بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتو پێویستی بە دوو هێندە زیاتر هەیە لە کاتێکدا ئەمڕۆ نزیکەی 40 ملیار دۆلارە. بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە هێشتا وڵاتانی زۆر دەوڵەمەند و داهاتی بەرزتر لەسەر ئەوە ڕازی نەبوون.

زاهیر باهیر

19/11/2024

Zaherbaher.com




هێشتا دێ گرژتر بیت، ئەگەر وەڵامی کردەنی ئیسرائیل نەدرێتەوە.. کەریم قادر

نامەکەی جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کە ئاراستەی سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانی کردووە، لە بندێڕەکانیدا ئاگادارکردنەوە و هەڕەشەیەکی جددی دەدۆزیتەوە؛ لەلایەک پێمان دەڵی ئیسرائیل بە دەست فڕۆکە بێفڕۆکەکانی کە لە عێراقەوە ئاراستە سەر وڵاتەکەی دەکرێ، ئازاری پێگەیشتووە.
مێژووی خۆپارێزی ئەو دەوڵەتەش ئەوەمان پێ دەڵێ کە لە کەس خۆش نابێت، ئازاری بدات، لەو لێخۆش نەبوونەدا بەرپرسانی سەربازی و حکوومی و مۆساد، تەنانەت جەماوەرەکەشی یەک دەستن و سڵ لەگرتنەبەری هیچ ڕێکارێک ناکانەوە. لەلایەکی دیکەوە بۆئەوەی بەشەڕفرۆش تۆمەتبار نەکرێ، لەنامەکەیدا داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات پابەندبێت بە بەڵێنەكانی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ڕێگریكردن لەو هێرشانە. لەڕاستیدا ئێمە نازانین عێراق چ بەڵێنێکی داوە، تەنیا ئەوە نەبێت هەمیشە دووپاتی لێدەکەنەوە، ڕێگە نادەین خاکی ئێمە(خاکی عێراق) دژی کەس بەکاربهێنرێت. ئەگەرنا لەهیچ کاتێکدا حکومەتی عێراق نەیتوانیوە کارەکانی ئەو ملیشیانە ڕابگرێ، یان کۆنترۆڵیان بکات(یان نەیویستوە ڕێگە لە کارەکانیان بگرێ)، هاوکات نامەکە جۆرێک لە ئاگادارکردنەوەشە، هەم بۆ عێراق، هەم بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەگەر حکومەتی عێراق نەتوانێت ئەو کارە بکات، یان ئەو داواکارییە جێبەجێ بکات، ئیسرائیل خۆی دەتوانێت ڕێگە لەو هێرشە درۆنی و مووشەکیانە بکات کە ئازاری دەدەن.
کاتێک لەنامەکەدا ئاماژە بە مادەی 51ی ڕێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەکات، بەپێی ئەو مادەیە ڕەواییەکی نێودەوڵەتی بەخۆی دەکات کە دەڵێ “بەگوێرەی مادەی 51ی ڕێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئیسرائیل بۆ پاراستنی خۆی و هاووڵاتییانی لە دژی هەر هێرشێك کە لەلایەن میلیشیاكانەوە لە عێراق دەكرێتە سەری، مافی بەرگریی لە خۆکردن و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنکی پێویستی هەیە”. واتە داوای دەستکردنەوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات.
وەک دیارە، سەرپەرشتکار، یان هەڵسوڕێنەری سەرەکی ملیشیاکان پێیخۆشە بەرەی شەڕ فرەوان بێت، بەو ئومێدەی دواجار ئیسرائیل ماندوو دەبێت و بە چۆکدا دێت، وەک ئەوەی ڕاگەیاندکارێکی بەڕەگەز عەرەبی نیشتەجێی بەریتانیا، هەر لەڕۆژی یەکەمەوە ڕمێنی ئەو بە چۆکداهاتنەی لێدا و بەردەوام لە نووسین و یوتوبەوە دووپاتی لێدەکاتەوە. ئاخر، بێجگە لەوەی ئیسرائیل خاوەن کەرەستەی شەڕ و هەواڵگرییەکی بەئەزموون و پێشکەوتووە، نامەکەی وەزیری دەرەوەش گۆمی مەنگی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی دەشڵەقێنێ. پێشتر زۆرجار ئیسرائیل لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشدا بە خستنەڕووی بەڵگە بەرگری لە هێرشەکانی خۆی بۆسەر ئەوەی ئەو پێیان دەڵێ دوژمن کردووە، بەڵام یەکەمجارە ئیسرائیل لە شەڕی خۆپارێزیدا، بەئاشکرا و لە دوو توێی نامەیەکی فەرمیدا بەر لە هێرشکردن کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی ئاگادار دەکاتەوە. بۆیە ئەو ئاگادارکردنەوە و داوا فەرمییە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ناچار دەکات دەستوبردێک بکات بۆ کۆتایهێنان بەو هێرشانەی لە ناو خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر ئیسرائیل.
بەمانایەکی دیکە ئەگەر لەم شەڕەدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوبەشیشی نەکەن، بەلانی کەم وا دەکات لەنێوان لایەنگر و هەڵبژاردنی بێدەنگی و بێلایەنیدا کەرت بن. لە کۆتاییدا ئەم کەرتبوونە بە بەرژەوەندی ئیسرائیل و دژ بە مەبەستی سەرپەرشتکاری فرەوانکردنی ئاگری ئەو شەڕە دەشکێتەوە کە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بڵێسەی بەرزبۆتەوە.
‎ ڕاستییەکی دیکە، ئیسرائیل بەرانبەر ئەوانەی ئازاری دەدەن، خەمسارد نەبووە و نییە. بۆیە دەبێت عێراق (ئەگەر مەبەستیەتی ئاگری ئەو شەڕە نەیگرێتەوە) وەڵامێکی کردەنی داواکەی ئیسرائیل بداتەوە کە لەنامەکەدا داوای لێ دەكات پابەندبێت بە بەڵێنەكانی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ڕێگریكردن لەو هێرشانە. ئەگەرنا، وەکو لە نامەکەی وەزیری دەرەوە هاتووە، ئیسرائیل بۆ پاراستنی خۆی و هاووڵاتییەکانی هەموو ڕێوشوێنکی پێویست دەگرێتەبەر. ئەمەش یەک مانای هەیە؛ لەناو ماڵی خۆیان گورزی خۆی لە ملیشیاکان دەوەشێنێ و کەسیش نازانێ چارەنووسی عێراق بە کوێ دەگات.




نامەی.. ١١-١٢و ١٣.. شەماڵ بارەوانی

نامەی یازدەهەم

ئەو شیعرەی دوێنێ بۆم ناردیت، خوێندتەوە؟
ئازیزی من، ئێستا خەریکی شیعرێکی ترم، هێشتا تەواوم نەکردووە، با تەواو بێت بۆتی دەنێرم. بەڵام ئەمەیانم بۆ تۆ نەهۆنیتەوە. دەی با هەندێکیت بۆ بخوێنمەوە، بزانم بەلاتەوە چۆنە؟ حەزدەکەم سەرنج و ڕەخنەکانتم بۆ باس بکەیت.

ماوەیەکە
هەموو شتێک لە ڕوانینم پووچ دەنوێنێ

وەک بۆهیمییەکم لێ هاتووە، لە هیچ شوێنێک ئۆقرە ناگرم

بەعزێک جار دەمەوێ فێڵ لە خۆم بکەم و وا نیشان بدەم کە زۆر دڵخۆشم

زۆر پڕم لەم گەردوونە چڵکنە زۆر!

درەنگ بۆم ئاشکرا بوو کە هەموو خەونە پووچەکانمم لەسەر تەنافێکی سوریالیستی هەڵخستووە و فریودەرانە پشتم بە کۆمەڵە یەقینێکی شووشەیی بەستووە

هەموو وەرزەکانم تەمتومانن
جەستەی هیواکانم نەزیف بوون
ڕۆژەکانم جگە لە سەرخستن و خلۆرکردنەوەی گاشەبەردەکەی سیزیف چیتر نین
مرۆڤەکان کۆپی یەکترن و ڕەنگەکانیش هەموویان دووبارەن
چێژ لە هیچ شتێک نابەم
ئێستاش هەر وا دەزانم هەموو زەمەن جگە لە جامێک تارمایی هیچی تر نییە
جاران کە هێشتا دوگمەی خۆزگەکانم نەترازابوو و پەنجەرەی وەهمەکانم تێکوپێک نەشکێنرابوو، وام دەزانی بوون یەکسانە بە بەهەشتە یۆتۆپیاکەی ئایین

دەمێکە قەدەر سەمای خۆشبەختی لە بۆتەقەی غوربەت ناشتووم
دەمێکە کەڵبەی ڕۆژگارێکی دڵڕەق چرچی پیریی خۆی لەسەر نەخشەی ڕوخساری پێکەنینەکانم ڕواندووە
دەمێکە له کۆڵانەکانی دڵشکاندا گیرم خواردووە

لەو ڕۆژەی کە کفنی ڕەشبینییان بۆ باڵای خەونەکانم دووری
هەنگاوەکانم هێشووی تەنیاییان گرت و دیواری هەناسەکانم درزیان برد

کە ناقووسی کلێسای بیناییم لەکار بکەوێت
چاوەڕوانی من بۆ کەوتنێکی تر چ واتایەکی هەیە
نەخێر، کات درەنگە و فریای هیچ فڕینێکی تری فریودەرانە ناکەوم
زەمەنێکە لە سنووری کوژانەوە وەستاوم
گەڕانەوەم بۆ دەسپێکی وەرزێکی تری عەبەسییانە جگە لە گەمژەیی چیتر نییە
ببوورن کە وا دەڵێم
بەڵام ئەوە حەقیقەتی چیرۆکی ژیانی من و ئەو وجوودە ناکەسبەچەیەبوو

ـــــــــــــــــــــــــ
نامەی دوازدەهەم

ئازیزەکەم، بیرم چوو پێت بڵێم دوایین کتێبم، مەبەستم کتێبی(خەونەکان لێرە هیچیان لێ سەوز نابێ) وەزارەتی ڕۆشنبیری مۆڵەتی چاپیان پێ نەدەدام و سێ مانگ کتێبەکەیان لی دادگاییکردم، بە بیانووی ئەوەی سنوورەکانی ئادابی گشتیم بەزاندووە. داوایان لێ دەکردم دەبێ هەندێک دەستەواژە و وشەی ناو کتێبەکە بسڕمە، ڕادەست نەبووم و وام نەکرد. ئازیزەکەم، فێندەمێنتالیستەکان فەزای گشتییان داگیرکردووین. چیتر مانایەک بۆ ئازادیی و مرۆڤی ئازاد لێرە نەماوە. مقەستی سانسۆر لە هەموو شوێنێک ئامادەیە هەوڵی بڕینی زمانی وشەی ئازاد و قرتاندنی گەرووی ڕستەی نا پابەند دەدات.
تۆ پێم بڵێ، لە وەها قەفەسخانەیەک، چ واتایەک بۆ ئازادیی نووسین و ناپابەندبوون دەمێنێتەوە؟

نامەی سێزدەهەم

ئازیزەکەم، ببوورە کە درەنگ وەڵامم داویتەوە. زۆر سەرقاڵ بووم. خەریکی هەڵەچنی بەرگێکی تری بیرەوەرییەکانم بووم. پێشتووتر کەسێکی تر ئەو ئەرکەی لەسەر لابردبووم و هەڵەچنییەکەی لەبری من دەکرد. ئێستا پێم دەڵێت خۆت زمانی نووسینت باش بووە و پێویستییت بە من نەماوە. هەست دەکەم بەو شێوەیە نیم و هێشتا نووسینەکانم پێویستییان بە هەڵەچنیی و پێداچوونەوەی زمانناسێک هەیە. حەزناکەم وەکو نووسەرانی تر بم و نووسینەکانم، مەبەستم کتێبەکانم بە بێسەروبەریی چاپ بکەم و دنیایەک هەڵەی ڕێنووس، ڕێزمان و خاڵبەندیم بەسەردا تێپەڕێت. ئەوە هەڵە و سکانداڵێکی زۆر گەورەیە بۆ نووسەر و خودی کتێبەکەش. لە ڕاستیدا هەندێک نووسینی سەرەتاییم هەن، مەبەستم ئەو کاتەی کە تازە دەستم دابووە نووسین و وتار و بابەتم بۆ ماڵپەڕ، گۆڤار و ڕۆژنامەکان دەنووسی، پڕ هەڵەی ڕێزمانی، ڕێنووس و خاڵبەندین. کاتێک دووبارە سەیریان دەکەمەوە، زۆر تەریق دەبمەوە و لە خۆم دەپرسم: چۆن لێگەڕاوم نووسینەکانم بەو شێوەیە بڵاو ببنەوە؟ ئازیزی من، ناکرێت نووسەر بیت و لە ڕووی ڕێزمان، ڕێنووس و خاڵبەندییەوە لاواز یان نەشارەزا بیت. شوکور ئێستا زۆر باش بووم و بەو کاتە هەر بەراورد ناکرێم. بەڵام مرۆڤ هەرچەند شارەزابێت، لەو شارەزاتر هەیە. بۆیە دەڵێم هەست دەکەم گەر بە کەمییش بێت، هێشتا پێویستم بە زمانناسێک هەیە. ڕۆسۆ لە کتێبی بیرەوەرییەکان، مەبەستم لە(ددانپێدانانەکان)ی باس لەوە دەکات کە ژیاننامەیەکی پڕ لە جەسارەتی نووسیوەتەوە و خوێنەرەکانی تووشی هێدمه دەکات. باس لەوەش دەکات کە لە لاویدا جەسارەتی نواندووە. ئازیزی من، منیش تا ئەندازەیەکی باش لە بیرەوەرییەکانمدا وام کردووە. وەک بیرەوەرینووسەکانی تری کورد دووڕوویی و درۆم نەکردووە. خۆم نەکردووەتە پاڵەوان و فریشتە و خەڵکی تر و بەرانبەریش ئەهریمەن و هیچ. دەی لەوە گەڕێ. تۆ چۆنی چۆن؟ باسی ئەوەت کردبوو کە بۆچی تەنها دوو لاپەڕەی بیرەوەرییەکانت سەبارەت بە باوکەکەت تەرخان کردووە؟ پێت وانییە ئەوەندە کەمە و حەقی باوکتت نەداوە؟ نەخێر، پێم وایە زۆریشە. بۆچی زۆرتر لەسەر باوکم بنووسم؟ باوکم چی فەزڵ و منەت و چاکەیەکی بەسەرمەوە هەیە؟ بەوەی کە منی لەپێناو چێژێکی کورت، بە ئازارێکی ئەبەدی و نەبڕاوە سپارد؟ بەوەی لەپێناو دامرکاندنەوەی ناوگەلی خۆی منی هێناوەتە بوون. با لە ڕێگای تر بۆ خۆی هەوڵی دابا بگات بە پلەی ئۆرگازم. بریا خووێکی نهێنی کردبا، نەک ئەوەی کارێکی ئاوا نابەجێ و هەڵەیەکی ئاوا گەورە بکات و من بێنێتە بوون. ئێستا زانیت کە ئەوە کرۆک و حەقیقەتی بابەتەکەیە، بۆیە کەمم نووسیوە. بڕوا بکە زۆرم خاتر گرتووە؟ تۆ ڕاست دەکەیت، بەڵێ، زۆر کەمم نووسیوە. دەبا زیاتری لەسەر بنووسم و زۆر زیاتر دادگایی بکەم. بێگومان جگە لەوەی لە دووتوێی بیرەوەرییەکانم، چیرۆکێکیشم لەسەر باوکم نووسیوە. بەڵام هێشتا چیرۆکەکەم بڵاونەکردووەتەوە. ناونیشانی چیرۆکەکەشم کردووە بە (ئەو باوکەی دەبوایە بیکوژم) هاهاها. مەترسە گیانە، من بکوژ نیم، لەو چیرۆکە مەبەستم کوشتنی فیزیکی نییە، بەڵکو کوشتنێکی مەعنەوییه. تۆ پێم بڵێ، ناحەقم کە باوکم بەو شێوەیە لە چیرۆک و بیرەوەرییەکانم دادگایی بکەم و بیکوژم؟ بە پێچەوانەی سارتەر کە لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت “مردنی باوکم گەورەترین دەرفەتی بەخت بوو، کە نەدەبوو بیرم بچێتەوە.” من مردنی باوکم گەورەترین بەدبەختیم بوو و هەرگیز بیرم ناچێتەوە. لە سەردەمی منداڵیم گەورەترین ئازار کە ڕۆژانە و هەموو ساتێک دەمچەشت، ئازاری بێباوکیی بوو. نەبوونی باوک، گەورەترین بۆشایی ژیانی من بوو. هەموو منداڵانی گەڕەک و دێ، باوکیان هەبوو، تەنها من نەبێت. باوکم نەبوو لە باوەشم بگرێت، پارەم وێ بدات، بمبات بۆ فرۆشگا، جل و پێڵاوم بۆ بکڕێت، نازم بکێشێت و ئامێزی باوکایەتیم تێوەربێنێت. بەڵێ، دەبێ وەک چۆن منداڵیی منی بە بۆشایی بێباوکیی کوشت، منیش تۆڵەی ئەوەی لێ بکەمەوە و بیکوژم. بەڵێ، دەبێ دادگایی بکەم. بیرمە کە منداڵ بووم، هەر کاتێک لە دایکمم دەپرسی بۆچی هەموو منداڵانی دێ باوکیان هەیە تەنها من نەبێت؟ ئەی کوا باوکی من؟ دایکم دەیگوت: کوڕەکەم، باوکت چووەتە بەهەشت. دواتر کاتێک کە گەورەبووم، ئینجا زانیم کە باوکم چووەتە دۆزەخ. بە دۆزەخ بێت! بەڵێ، باوکم لەسەر ئەوەی منداڵیی منی بە بۆشایی بێباوکیی سپارد و جیهانی منداڵیی منی وێران کرد، شایەنی دۆزەخە. ئەرێ گوتم دۆزەخ؟ ببوورە ئازیزەکەم، هێشتا کاریگەریی خورافەم بەسەرەوە ماوە. مەبەستم بریا دۆزەخێک هەبوایە. بەدڵنیاییەوە باوکم ئەو کات دۆزەخیی دەبوو. ئەفسووس! ئەو ئێستا لە عەدەمه. ئایا باوکم شایەنی ئەوەیە ئەفسووسی بۆ بکێشم؟ جا کێ ناڵێت نەڕۆیشتبایەتە عەدەم، ئەویش وەکو باوکانی تر نەدەبوو بە بت و جووتەگونی فەرمانەکانی خۆی شۆڕی سەر ملی ئازادیی و ئارەزووەکانم نەدەکرد؟ تۆ ڕاست دەکەیت ئازیزەکەم، ئەوە تەنها گریمانە و گومانێکە. کێ ناڵێت وەکو باوکەکەی ماریۆ فارگاس یۆسا* نەدەبوو و پەیوەندیم لەگەڵی زۆر خراپ نەدەبوو و ئێمەش لەسەر هیچ شتێک ڕێکنەدەکەوتین و هەموو توانا و بەهرەکانمی ڕەتنەدەکردەوە و ئەدەبی بە خوو و پیشەی نێرەمۆکەکان نەدەزانی؟ بیرم چوو ئەوەش بڵێم کە من پێچەوانەی ئۆجەلان، مەبەستم ئاپۆیه، باوکمم دادگایی کردووە. ئۆجەلان لە بیرەوەرییەکانیدا دایکی دادگایی دەکات. بەر لە من زۆریتر لە بیرەوەرییەکانیان باوکەکانیان دادگایی کردووە. مەبەستم محەمەد شوکری، نووسەری ڕۆمانی(خبزالحافي)، کافکا، چیخۆف، سارتەر، شێرزاد حەسەن…هتد. بەڵام ئەوەشت بیرنەچێت، دادگاییکردنی باوکم لەبارەی توندوتیژیی و دڵڕەقی باوکم نەبووە، وەک باوکەکانی محەمەد شوکری، کافکا، چیخۆف، شێرزاد حەسەن. نەخێر، دادگاییەکەی من تەنها بەهۆی مردنە لەناکاوەکەی باوکم و بۆشایی بێباوکییە. ڕاستە هێشتا زۆر لێت تووڕە و پەستم، بەڵام هەر خۆشم دەوێیت. بمبوورە ناچار بووم دادگاییت بکەم باوکە.
تۆش بمبوورە ئازیزەکەم، نامەکەم درێژی خایاند.

ــــــــــــــــــــ
*مەبەست(ماریۆ فارگاس یۆسا)ی ڕۆماننووسی ناوداری بە ڕەگەز (پیرۆیی)جیهانییە.




گەلەری ئارام و ئێوارە کۆڕێک بەبۆنەی رۆژی جیهانی فەلسەفەوە لەگەڵ د. ئازاد حەمە

دەستبەرداربوون لە فەلسەفە دەستبەرداربوونە لە بیرکردنەوە ئەوەش ئەستەمە.

شەممە ٢٣\١١\٢٠٢٤

کات: ٦ی ئێوارە

گەلەری ئارام: دوو کۆڵان خوار ئەمنە سوورەکە.




وەستانێک لەئاست ڕۆمانی (خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا)ی واڵتەر گرینوود.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

شوێنکات لە ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا
ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاردا؛ ڕۆمانێکی ناوازەی ڕۆماننووسی سۆشیالیستی بەریتانیی واڵتەر گرینوودە(١) کە لە ساڵی ١٩٣٢ نووسراوە و ساڵی ١٩٣٣ بڵاوبووەتەوە. ئەم ڕۆمانە وەک وەڵامێکی ڕۆماننووس بۆ قەیرانی بێکاری کە لە ئاستی لۆکاڵیی و نێودەوڵەتیدا لەپەرەسەندندابوو، نووسراوە. شوێنکاتی ڕۆمانەکە بریتییە لە گەڕەکێکی هەژارنشینی کرێکاریی بەناوی هانکی پارک کە یەکێکە لە گەڕەکە کرێکارییەکانی شاری سالفۆرد لە باکووری بەریتانیا، کە زێدی ڕۆماننووس واڵتەر گرینوودە و نووسەر لەوێ لەدایکبووە و پەروەردە بووە. ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە چەند ساڵ دوای ئەو مانگرتنە گشتییەکەی کرێکارانی بەریتانیا دێت کە لەساڵی ١٩٢٦دا، دەستی پێکرد. (٢)واتە ڕۆمانەکە شەش ساڵ دوای مانگرتنە گشتییەکە نووسراوە. ئەم ڕۆمانە کرێکارییە وەکو دەقێکی نێو بزووتنەوەی ئەدەبی کرێکاریی بەریتانیا، چەند ساڵ دواتر دەکرێتە شانۆنامە و ئینجا فیلم و دەبێتە یەکێک لە کارە هونەرییە هەرە سەرکەوتووەکانی بواری شانۆ و فیلم و سینەمای کرێکاریی. بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە سەرباری ئەوەی سەرکەوتنێکی ئەدەبیی و بازرگانی گەورە بوو، لەهەمان کاتیشدا کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر بۆچوونی خەڵکی بەریتانیا دانا سەبارەت بە قەیرانی دیاردەی بێکاری بەجۆرێک کە کاریگەری ئەم ڕۆمانە وای لە پەرلەمانی بەریتانیا کرد دەست بە لێکۆڵینەوە بکات و لە ئەنجامدا کۆمەڵێک چاکسازیی لە سیستەمە ئابوورییەکەی، بەڵام لەبەرژەوەندی چینی کرێکار، ئەنجام بدات.

کاراکتەر و گرێچنەی ڕۆمانەکە
بەوپێیەی لە سەرەتای دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەمدا، دوای دەیەیەک لە کۆتایهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم، دۆخی ئابووری و ژیانی کرێکاران لە بەریتانیا بەگشتی لە دۆخێکی نالەبار وخراپدا بوو. سەعاتکاری زۆر، کرێی کەم، ناسەلامەتی شوێنی کار، بێکاری لەڕادەبەدەر، بەکورتی هەژاری و بەشمەینەتییەکی زۆر ژیانی خەڵکی داپۆشیبوو. لەو سەردەمە قەیراناوییەی سیستەمی سەرمایەداری بەریتانیادا، ڕۆمانێک دەنووسرێت کە گوزارشت لە ڕەهەندە نائینسانییەکانی ئەو سیستەمە سەرمایەدارییە دەکاتەوە. ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاردا ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە نائینسانیی و ئەو ستەم و بێماف و پەژاراوییەی کرێکارانی بەریتانیا بوو. کارەکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە، کارەکتەری کۆمەڵایەتی واقیعین و بریتین لە خێزانە چوار نەفەرییەکەی هاردکاسڵ کە لە گەڕەکی هانکی پارک دەژین کە گەڕەکێکی هەژارنشینی شاری سالفۆردە لە بەریتانیا. هارد کاسڵ بەخۆی کرێکارێکی کۆمپانیای کانی خەڵووزە؛ کرێکارێکی ناهۆشیار و پیاوسالارە و هاوژینەکەی ژنی ماڵەوەیە. منداڵەکانیشی، کوڕەکەی (هاری تەمەن حەڤدە ساڵی خوێندکاری زانکۆی لینکن) سەرەتا لە کۆگای بارمتەدانان و دواتر وەک یارمەتیدەری ئەندازیاری لە کۆمپانیایەکی ئەندازیاریی دەست بەکار دەبێت. (سالی) کچیشی لە کارگەی چنین کرێکارە. دەروبەریشیان بریتین لە ژمارەیەک لە کارەکتەری ناسەرەکی (بەڵام ئەمانیش واقیعین) خەڵکی جۆراوجۆری وەک (لاری میس) ئاژیتاتۆری سۆشیالیست و (هێلن) کرێکاری کارگەی چنین و کۆمەڵێک ژنی تری بەتەمەن و سام گراندی سەرمایەدار، تۆم هەیر و سام هاردی و بیڵ سایمۆنس و جاک لیندزەی و جۆ ڕێجی فۆرمەن و کەیت و خاتوو بووڵ و خاتوو جایک و هەڵگینتن خانم و ناد نارکی و سام گواند و ..تاد، هەموو ئەم کارەکتەرانە جگە لە ناد نارکی پاڵەوانی جەنگ و گیرفان گەرم و و سام گراندی خاوەن سەروەت و سامان، ئەوانیتر هەموو نوێنەرایەتی ئابووری چینی کرێکار دەکەن کە بەهۆی دەرئەنجامەکانی قەیرانی ئابوورییەوە، دووچاری زیانی سیاسی و ئابووری زیاتر و زۆرتر دەبن.
ڕۆمانەکە لە سەرەتادا بە شێوەیەکی سەرەکی فۆکسی لەسەر هاری هاردکاسڵی حەڤدە ساڵە؛ کە لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە قوتابخانەی بەجێهێشتووە و ماوەی دوو ساڵ لە کۆگایەک کاری کردووە، کارێک کە ئارەزووی لێنەبوو بەشێکی لەبەر ئەوەی دەبوو ڕۆژانی شەممە کار بکات و بەمجۆرە نەیدەتوانی هاوڕێکانی ببینێت و کاتێکی خۆشیان لەگەڵدا بەرێتەسەر، بەشێکی تریشی لەبەر ئەوەی هەستی دەکرد ئەو کارە، لەبنچینەدا کاری پیاوان نییە. چونکە بەڕاستی موشتەرییەکان هەموویان ژن بوون. پاشان هاری بەڕاستی دەیویست و خوازیاری ئەوە بوو کاری ئەندازیاریی کار بکات و بەم شێوەیە چارەنووسی خۆی وەک ئەندازیارێک دیاری بکات. بۆیە سەرەنجام پاش هەوڵێکی زۆر دەتوانێت وەک یارمەتیدەری ئەندازیار دەست بەکاربێت و پاشان ئەزموون بەدەست بهێنێت و ببێت بە ئەندازیارێکی شارەزا. هاری سەرەتا وای هەست دەکرد کە هەموو شتێک بە ئاسانی بەڕێوە دەچێت و هیچ پێویست ناکات جارێکی تر خەمی ژیان و خەمی نانی سبەینێی بێت. هەروەها هاری لەسەرەتای بێکاربوونیدا بەڕێکەوت لە گرەوێکی براوەی هاوشێوەی قوماردا پشوویەکی کورتی کەنار دەریای لەگەڵ هاوڕێ کچەکەی (هێلین کە ئەویش وەکو سالی خوشکی هاری کرێکاری کارگەی چنینە) بۆ دەستەبەر دەبێت، بەڵام زۆری پێناچێت و دوای ئەو پشووە کورتە مۆتەکەی بێکاری دەست دەخاتە بیناقاقای ژیانی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر کۆڵ نادات و پێیوایە کە دەتوانێت کارێکی دەستبکەوێت، دەچێت هەموو شارەکە پەی دەکات و بەدوای کاردا دەگەڕێت، سەرەنجام بێهیوا دەبێت و کاری دەست ناکەوێت. لێرەوە و لەژێر فشاری ئەو بێکاربوونەدا کۆشکی خەیاڵی ژیانی هاری بەرەو داڕمان دەچێت و ئیتر لەوساتەوە ترووسکەی هیچ ئەگەر و ئەلتەرناتیڤێک و ئاسۆیەکی ڕووناک لای هاری نابینرێت. هێلینی کچە هاوڕێشی لەدوای پەیوەندییەکی سۆزداری کەم، دووگیان دەبێت. ئەمەش بۆ ئەو قۆناغەی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەوسای خەڵکی بەریتانیا و خێزانی هاردکاسڵ ( دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەم) مایەی ئیحراجی کۆمەڵایەتی بوو. سەرەنجام هاری لەگەڵ باوکیدا تووشی گیروگرفت و دەمەبۆڵە دەبێت لەسەر ئەوەی کاردکاسڵ بە خۆشەویستەکەی هاری کوڕی دەڵێت (سۆزانی!)، بۆیە هاری سەرەنجام بەتووڕەیی دەرگای ماڵ لەدوای خۆی دادەخات و ماڵ بەجێدێڵێت، ئەمەش ئەوەندەی تر دۆخی کۆمەڵایەتی ئەو خێزانە پەشێوتر دەکات و شیرازە کۆمەڵایەتییەکەی زیاتر تێکدەچێت. ئەم ماڵ جێهێشتنەی هاری وەک یەکێک لە کارەتکەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە جۆرێک لە گۆشەگیری کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە ئاراوە. هاری و هێڵن و مناڵە ساواکەیان لە ژوورێکی کۆن و پەرپووت ژیان دەگوزەرێنن. دوو لە هاوڕێ هەرە نزیکەکانی هاری دەکەونە زیندانەوە و جاک لیندزەیش دەبێتە سەرباز. بەگشتی ئەتمۆسفیری کۆمەڵایەتی هاری ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و دەشێوێت.

کۆمپانیای کانی خەڵووز هەفتەی کارکردنی بۆ سێ ڕۆژ کارکردن کەم دەکاتەوە و پاشان بەتەواوەتی دادەخرێت لەشکرێک لە کرێکارانی کانەکان ( دوانزە هەزار کرێکار) لەنێویشیاندا هاردکاسڵ بێکار دەکرێن، بێئەوەی هیچ بیمەیەکی بێکارییان پێڕەوا ببینرێت. زاڵمی کۆمپانیا لەوەدایە کە هەزاران کرێکار بێکار دەکات لە کاتێکدا دەیان ئامێری نوێی کارکردن هێنراوەتە کارگەکەوە. هاردکاسڵ لە بیمە بێبەش دەکرێت بەبیانووی ئەوەی کچ و کوڕێکی کار دەکەن. کاتێک کوڕەکەشی هاری بێکار دەکرێت، ئەویش هیچ بیمەیەکی بێکاری نادرێتێ بەبیانووی ئەوەی خوشکەکەی کار دەکات. بەمجۆرە ئەو خێزانە بێکار و بێ داهات دەبن. (سالی)ی کچی هاردکاسڵیش دڵخوازی کوڕە شۆڕشگێڕی سۆشیالیست و هەڵسوڕاوی حیزبی کار(٣) (لاری میس) و پێکەوە نەخشەی هاوسەرگیرییان داڕشتووە، بەڵام پلانی هاوسەرگیرییەکەیان ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بەهۆی ئەوەی لاری کارەکەی لەدەست دەدات. سالی ئامادەیە لەگەڵ خۆشەویستەکەی(لاری) بژێت و گوێ بەقسە و قسەڵۆکی خەڵک نەدات، بەڵام لاری ڕەتی دەکاتەوە بەوجۆرە بژێت. لاری میس خەباتگێڕێکی سۆشیالیست و ئەندامی حیزبی کار لە کاتی ڕێپێوانی بێکاراندا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٣١ دا و کەلەسەر بانگەوازی بزووتنەوەی نەتەوەیی کرێکارانی بێکار(٤) هاتە ئەنجامدان، سەباری ناجێگیریی باری تەندروستی و نەخۆشبوونی بە سەرما و کۆخە، دەستبەرداری ڕابەرایەتیکردنی ئەو نارەزایەتییە چینایەتییە نابێت. ئەو بە وشەی(هاورێیان) دەست پێدەکات و کاتێکیش بێکارانی ناڕازی بە دروشمی ( خەزێنەی بیمە هیچی تیا نییە، دەست لە دزینی قووتی خەڵک هەڵگرن) و بە هەڵکردنی ئاڵای سوور، بەڕێپێوان بەرەو گۆڕەپانی شارەوانی شاری ساڵفۆرد بەڕێدەکەون تا چاویان بە لێپرسراوی شار بکەوێت. لێپرسراوی شاریش ئامادەیی دەربڕیبوو کە نوێنەرانی خۆپیشاندانەکە ببینێت. بەڵام کاتێک دەگەنە نزیک باڵەخانەی شارەوانی و لەبری بینینی نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی کە شەش کەس دەبن، هێزەکانی پارێزەری سەرمایەداران(پۆلیس) لە پلانێکی ئامادەکراو و داڕێژراودا هێرش دەکەنە سەر نوێنەرانی خۆپێشاندەران و لەم ساتەدا هەردوولا، لایەک ئامادە و ساز و لایەکیش بەنیازی چارەسەری کێشەکانیان و ئاشتیخواز، ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و بەگژ یەکتردا دەچن و شەڕی دەستەویەخە ڕوو دەدات ، لەم شەڕ و پێکدادانەدا لاری میس بە شێوەیەکی زۆر خراپ بریندار دەبێت و یەک دوو ڕۆژ دواتر بەهۆی ئەو بریندابوونەیەوە گیان لەدەست دەدات. (سالی)یش سەرەتا لە ناچارییەکی بێئەندازە سامناکدا دەژێت و هیچ مەیلێکی نابێت بۆ داواکانی سام گراندی خاوەن سامان کە دەیەوێت بەزەبری پارە سالی تەفرە بدات و بیخوازێت و بیکاتە هاوسەری خۆی، بەڵام پاشان سالی بە دوودڵی و ناچاری ئابوورییەوە مل بەو دۆخە ناهەموارە دەدات خۆی ڕادەستی سام گراندی دەکات. سەرەتا داوای پارە لەسام دەکات و دوواتر ڕازی دەبێت ببێت بە هاوژینی (سام گراندی)، ئەو پیاوە سەرمایەدارییە دەوڵەمەندەی شار. ئەم قوربانیدانە ناچارییەی سالی تەنها و تەنها بۆ ئەوە بوو کە بتوانێت یارمەتی خێزانەکەی بدات تا لەو دۆخە ناهەموارە ئابوورییە، ڕزگاریان بکات. ساڵی پارەی بۆ دایک و باوکی و هاری برای دەستەبەر دەکات. بەڵام هاردکاسڵی باوک بەو هەڵوێست و تەسلیمبوونەی کچەکەی تووڕە دەبێت و سەرکۆنەی کچەکەی دەکات تا کار دەگات بەوەی دەست لە جەرگی خۆی، کچەکەی بەرز بکاتەوە و زللەیەکی لێبدات و پێی دەڵێت بڕۆ جارێکی تر نامەوێت بتبینمەوە. سالی لەم ساتەدا بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت تۆ هاریت دەرکرد و ئێستاش من دەردەکەی. لێرەدا بەم زللە لێدانە هێڵی درامی ڕۆمانەکە دەگاتە چڵەپۆپە و نووسەر زۆر ورد لەڕێگەی کۆمەڵێ وەسفی زیندووەوە وێنەیەکی بێهاوتای ئەو دۆخە چینایەتییە پڕ لەنەهامەتییەی ژیانی کرێکارانی ساڵفۆردی بەریتانیامان نیشان دەدات.
ڕۆمانی (خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا) بەپێی ڕەگەزە هونەریی و ناوەڕۆکە سۆشیالیستییەکەی، دەقێکە بەڕاستی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ژیان و خەباتی کرێکارانی ئەو قۆناغەی کۆمەڵگەی بەریتانیایە. جیهەتگیری چینایەتی لەم ڕۆمانە جیهەتگیرییەکی کرێکارییە و هێندە ڕوونە کە کەسێکی وەک ئەی جەی پی تایلەری مێژوونووسی بەریتانی بڵێت (شێوازی ژیان لە ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا لە نووسینی واڵتەر گرینوود کو یەکێکە لەو ڕۆمانە دەگمەنە بەڕاستی پرۆلیتارییانەی کە بە زمانی ئینگلیزی نووسراوە.)(٥). هەر ئەم جیهەتگیرییە چینایەتییە وا دەکات ماسیۆ گاوگان کە لە ژمارەیەک نووسین و لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەکانەوە کە بۆ ڕۆمانەکە کراون، بگات بەوەی باوەڕەی کە بڵێت(ئەم ڕۆمانە نوێنەرایەتییەکی دڵسۆزانەی بێکاران و بەڵگەنامەیەکی کۆمەڵایەتی ڕاستییەکانی خەباتی کرێکارانە. (٦) شایانی باسە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا هەر زوو سەرنجی نووسەران و سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و لەوەش گرنگتر سەرنجی ئەو چینە کۆمەڵایەتییەی شۆڕشگێڕەی ( چینی کرێکار) ڕاکێشا کە تێدەکۆشا بە شکۆ و لێهاتووییەوە دەست و پەنجە لەگەڵ هەژاری و نەداری و نەهامەتی ژیان نەرم بکات.

زمانی ڕۆمانەکە
زمان لە ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا، زمانێکە لەئاست دەق و ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەکەدایە. والتەر گرینوود لەم ڕۆمانەیدا کەیەکەمین ڕۆمانییەتی، ئاستی زمانی نووسینی نەهێناوەتە خوارەوە. بەپێچەوانەوە زمان لەم دەقەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە وەسف و دەرخستنی شوناس و ماهییەتی کارەکتەر و دۆخ و ئەتمۆسفیری دەقەکە. نووسەر لێهاتووانە زمانی بەپێی مەوقیعییەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی کارەکتەرەکان دیاریکردووە. بەواتایەکی تر زمان لەم ڕۆمانە نەکراوەتە قوربانی هیچ ڕەگەزێکی هونەری، بەڵکوو هەموو ڕەگەزەکان لەڕێگەی شائەرکی زمانی ڕۆمانەکەوە بە ئاستێکی بەرزتر و باڵاتر سپێردراون. زمانی نووسینی ڕۆمانەکە ، هەمان زمانی ئەدەبییاتی سەرەتای سەدەی ڕابردووە، کە بەبەراورد بە زمانی ئینگلیزی ئێستا، جیاوازییەکان بەڕوونی دەبینرێن. نەک هەر ئەوەش بگرە زمانی کرێکاریی ئەو سەردەمەیە بەهەموو قسەی نەستەق و پەند و ئیدیۆم و میتافۆرە باوەکانییەوە. لێهاتوویی نووسەر لێرەدا دەردەکەوێت کە شارەزایانە زانیویەتی هەر کارەکتەرێک دەبێت چۆن بدوێت و چ شێوازێکی گفتوگۆ و قسەکردن بەکار بهێنێت. بۆیە دەبنین زمانی ڕۆمانەکە، هەمان زمانی سادەی ڕۆژانەی بەکارهاتووی نێو کۆڕ و کۆمەڵی کرێکارانی سەرەتای سەدەی بیستەمی بەریتانیایە. زمانێک کە لەیەککاتدا زیاتر لە ئەرکێک ئەنجام دەدات. ئەرکی دەرخستنی شوناسی کارەکتەرەکان و هەلومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەروەها ئەرکی گەیاندنی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی ئەو پەیامە سیاسییە چینایەتییەی کە دەقەکە هەڵگریەتی. واڵتەر گرینوودی ڕۆماننووس زۆر سەرکەوتووانە زمانی لەجێگەی خۆی بەکارهێناوە و توانیویەتی ئەوەی مەبەستییەتی بیپێکێت.

ڕۆمانەکە و ڕەنگدانەوەی دۆخی سایکۆلۆژی چینایەتی بێکاران
واڵتەر گرینوودی ڕۆماننووس؛ تێگەیشتنێکی ورد و دروستی لەسەر دۆخی سایکۆلۆژیای چینە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی بەریتانی هەبووە و لەم ڕۆمانەیدا زۆر زیرەکانە ئیشی لەسەر ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخە سایکۆلۆژیاییە کردووە. ڕۆمانووس ئاگایی سیاسی چینایەتی کارەکتەرەکانی ناسیوە و بەرجەستەی کردوونەتەوە. ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا ئاوێنەیەکە ڕێک بەباڵای هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی کۆمەڵگەی بەریتانیی سەرەتای سەدەی بیستەم. زمانی کارەکتەرەکان و هەڵسوکەوت و تێڕوانینی سیاسییان و تێگەیشتن و ناسینی خۆیان کۆی ئەو ئاماژانەن کە نووسەر توانیویەتی سەرکەوتووانە بەرهەمێکی ئەدەبیی(ڕۆمانێک) بنووسێت کە بەمانای وشەکە واقیعی بێت، نەک هەر ئەمەش، بەڵکوو ئەو واقیعیبوونەی ڕۆمانەکەش لە دیدێکی سۆشیالیستانەوە داڕێژراوە. گرینوود نووسەرێکی مارکسیستی سەردەمی خۆی بوو بۆیە دەردە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی لەچەشنی بێکاری لەڕادەبەدەر و نەبوونی بیمەی بێکاری و سەعات کاری زۆر و هەقدەستی کەم و نەبوونی هیچ خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و فەرهەنگی پێویست و لەسەرووی هەمووشیانەوە نامۆبوون بە بەرژەوەندییە چینایەتییەکان وەک چینێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی پارە و هێزە سەرکوتگەرەکانی سوپا و پۆلیس و دەوڵەتی ناسیوە و لێرەشەوە و لەڕێگەی ئەو مەعریفە چینایەتییەوە توانیویەتی تۆن و میزاجی کارەکتەرەکان، هێمنی و بێدەنگی هەندێکیان، پیاوسالاری بۆرژوازییانە و تووڕەبوون و بەرز و نزمبوونەوەی تێمپەر و ناسینی دیاردەکان و وشیاری و ئاگایی ..تاد، هەموو ئەمانە بەیەکەوە وێنای ئەو دۆخ و هەلومەرجەی پێ بکات کە سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دەخوڵقێنن. بەم پێیە گرینوود هەر تەنها نووسەرێک نییە و بەڵکوو وەک سایکۆلۆژیستێکیش وێنای هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکە کردووە. ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەم ڕۆمانە چینایەتییە سۆشیالیەتییەی گرینوود کە مێژووی ئەدەبی بەریتانیی تا ئەمڕۆش شانازی پێوە دەکات. پێگەی ژن و خێزان و وابەستەبوونی منداڵ بە خێزان و باوکسالاری و گۆشەگیریی و هاوڕییەتی و خەبات لە ڕۆمانەکەدا بەجۆرێک نەخشێنراون کە یارمەتی خوێنەر دەدەن کە زۆر بە ئاسانی ئاستی کلتوور و فەرهەنگی کۆمەڵایەتی ئەو قۆناغ و سەردەمەی کۆمەڵگەی بەریتانیی بناسێت.

ئەم ڕۆمانە چۆن کرا بە شانۆ و فیلم؟
دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا لەساڵی ١٩٣٣، ناوبانگ و سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێنا و بووە پڕفرۆشترینی کتێبی ساڵ. ساڵی ١٩٣٤ لەڕێی شانۆنامەنووس ڕۆناڵد گۆو ئەم ڕۆمانە بۆ شانۆ ئامادەکرا. یەکەمین نمایشی ئەم شانۆیە لەسەر تەختەی شانۆی مانچستەر ڕیپەرتۆری بوو. قسەکردن لەسەر تەوەرە کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکان لە بەریتانیا لەڕێگەی هونەرەوە شێوازێکی تازە بوو لەسەر قۆناغ و سەردەمەکە. شانۆنامەکە بەهۆی دوو تیپی جیاوازەوە لەتەواوی بەریتانیا و پاشانیش لە لەندەن و پاریس و نیۆیۆرک، نمایشکرا. ئەمەش بووە هۆی ناووناوبانگی زیاتر بۆ واڵتەر گرینوودی ڕۆماننووس، چونکە ئەم شانۆنامەیە تا کۆتایی ساڵی ١٩٣٥ ملیۆن و نیوێک و تا ساڵی ١٩٤٠ لە بەریتانیا نزیکەی سێ ملیۆن بینەری هەبووە. ساڵی ١٩٦٧ وەک شانۆنامە لە تەلەفیزیۆن تۆمار کرا. مۆسیقای ئەم دەقە شانۆییەش لە ساڵی ١٩٧٠ لەلایەن تێری هەگس و ڕۆبەر گرەی و ئاڵن فلەکەوە ئامادەکرابوو. لەبواری سینەماش ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٤٠ هەوڵێک درا بکرێتە فیلم بەڵام بۆردی سانسۆری فیلمی بەریتانی(٧) ڕێگەی نەدا و پرپۆزڵەکەی ڕەت کردەوە بەبیانووی ئەوەی (چیرۆکێکی قێزەوەنە لە هەلومەرجێکی قێزەوەندا)(٨). دواجار لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤١ دا، دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە کە ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتبوو، ئەم ڕۆمانە سۆشیالیستییە کرێکارییە بە پرپۆزڵێکی هاوشێوەی جاری یەکەم لەڕێگەی وەزارەتی ڕاگەیاندنەوە ڕەزامەندی لەسەر درا و لەلایەن دەرهێنەری سینەمایی (جان باکستەر)ەوە کرایە فیلم. بۆڵتنی مانگانەی فیلم وەک گۆڤارێکی لێکۆڵینەوەی هونەریی هاوچەرخ پێیوایە فیلمی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا (فیلمێکە لە ڕیزبەندی باشترین ئەو فیلمانەی کە تا ئێستا بەرهەم هێنراوە. دەرهێنانەکەی نایاب و وێنەگرتنەکەشی جێگەی ستایش و گروپی کاستیش تابڵێی باش بوون).(٩)هۆکاری سەرەکی لەپشت سەرکەوتنی ئەم دەقە، وێناکردنی ئەو واقیعە کۆمەڵایەتییەی ژیانی چینی کرێکاری بێکارکراوی بەریتانیا بوو کە چۆن لە ژێر ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەداراندا، تاریکترین ژیانی پڕ لە نەهامەتی و سەرکوتیان بەسەر بردووە.

دواقسە
ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا ڕۆماننووسی کرێکاریی بەریتانی واڵتەر گرینوود، وەک دەقێکی واقیعی و خەباتکارانەی سۆشیالیست کە گوزارشتە لە ژیان و خەباتی کرێکارانی بێکاری بەریتانیا لە دەیەی سییەکانی سەدەی بیستەم، گەرچی بۆرژوازی ڕێگری لێکرد و هەوڵیدا بڵاونەبێتەوە، بەڵام ئاستی هونەریی و ناوەڕۆکی خەباتکارانەی ڕۆمانەکە سنوورەکانی هەوڵەکانی بۆرژوازی بڕی و بوو بە یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێب لە بەریتانیا. دواتریش سەرباری هەر سانسۆر و ڕێگرییەک بۆ شانۆ ئامادەکرا و پاشانیش کرا بە فیلم و تا ئێستاش بەهەزاران خوێنەر و بینەری هەبووە و هەیە. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە هەرکات ئەدەب و هونەر لە جەرگەی خەبات و ململانێی کۆمەڵایەتی و چینایەتی ناو کۆمەڵگە ئامادەیی هەبوو، ئەوا ئەو ئەدەب و هونەرە جێگەی خۆی لە دڵی ملیۆنان کرێکار و ئینسانی شۆڕشگێڕ و خەباتگێڕی ڕێگای یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکاتەوە. ڕۆمانی خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا، شاکارێکە دەبێت هەموو کرێکارێک بیخوێنیتەوە. بەو ئومێدەی ڕۆژێک بێت وەربگێردرێتە سەر زمانی کوردی و خوێنەری کوردزمانیش لەم شاکارە ناوازەیە بێبەش نەبێت. خراپیش نابێت ئەم کورتە نووسینە بەو وەڵامەی لاری میس نوێنەری بێکارانی خۆپیشاندەران و پاڵەوانی سۆشیالیستی ڕۆمانەکەی واڵتەر گرینوود کۆتایی پێبهێنین کە لە بەرانبەر قسەی لێپرسراوێکدا کە دەڵێت بەرپرسان ئامادەنین کاروبارە گرنگەکانیان دوابخەن بۆ ئەوەی نوێنەرانی بێکاران ببینین، لاریش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت(هیچ کاروبارێک لە کاروباری پرۆلیتاریای برسی گرنگتر نییە).(١٠)

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ئەیلوول و تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤

————————————-

پەراوێز و سەرچاوەکان :
(١)واڵتەر گرینوود(١٩٠٣ – ١٩٧٤) ؛ ڕۆماننووسی بەریتانی لەخێزانێکی کرێکاریی سەر بە بیروباوەڕی سۆشیالیستی( باوکی سەرتاش و دایکیشی لە چێشتخانەیەکدا وەک بەردەست کاری کردووە)، لەدایک بووە. بنەماڵەی دایکی گرینوود سەر بە ڕێکخراوە کرێکارییەکان و هەروەها وەک باوەڕیش سۆشیالیست بوون بەجۆرێک کە دایکی گرینوود ڕەفی کتێبخانەکەی باوکی گرینوودی بە کتێبی سۆشیالیستی پڕکردبووەوە. گرینوود لە کاتی بێکاریدا بۆ حیزبی کار، کاری کردووە. دوای ئەوە دەبێتە ڕاوێژکار و دەست دەکات بەنووسینی کورتەچیرۆک. پاشان بێکار دەکرێت و ئینجا بیمەی بێکارییەکەشی دەبڕن. گرینوود لەیاسا و ڕیساکانی ئەوکاتی بۆرژوازی بێزار دەبێت، لەساڵی ١٩٢٩ دوای ئەوەی هەقی سێ مانگ مووچەی وەک تاپسیت نادرێتی، ئەویش ئامێری تایپکردنەکە لە کۆمپانیاوە دەبات بۆ خۆی و دەست دەکات بە نووسینی چیرۆکی خەڵکی بەشمەینەتی هانکی پارک. ساڵی ١٩٣٢ لەکاتی بێکاریدا، گرینوود یەکەمین ڕۆمانی خۆی، خۆشەویستی لەڕۆژانی بێکاریدا دەنووسێت. گرینوود یازدە ڕۆمان و سێ کتێبی نووسین و یادەوەری بڵاودەکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی ئامادەکراون بۆ شانۆ و کراونەتە فیلم. گرینوود لەتەمەنی حەفتا ساڵیدا، لەساڵی ١٩٧٤ بە مێژوویەکی گەشاوە و پڕ لە شانازی چینایەتییەوە بۆ هەمیشە ژیان و خەبات و نووسین لەپێناو ئینسان، جێدێلێت.
(٢)مانگرتنێکی گشتی بوو کە لە بەریتانیا ئەنجامدرا، لە چوار تا دوانزەی ئایاری ١٩٢٦ خایاند و لەسەر بانگەوازی ئەنجوومەنی گشتی کۆنگرەی سەندیکاکانەوە بانگەوازی بۆ کرا. ئەم مانگرتنە مێژووییە لەلایەن کرێکارانی بەریتانیاوە کە نوێنەرایەتی ناڕەزایی ملیۆنان کەسیان دەکرد وخوازیاری گۆڕانکاری بوون لە سەرانسەری وڵاتدا، بەڕێوەچوو. هەرچەندە ملیۆنێک و حەوت سەد هەزار کرێکار هاتنە سەر جادە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە بەدیهێنانی داخوازییەکانیان کە بریتیبوون لە ڕێگریکردن لە کەمکردنەوەی هەقدەست و باشتربوونی هەلومەرجی کار.
(٣)حیزبی کار؛ وەک حیزبێکی سیاسی سۆشیال دیموکرات ساڵی ١٩٠٠ لە بەریتانیا، دامەزرا. ئەم حیزبە لایەنگری بزووتنەوە سۆشیال دیموکراتەکان و ڕێکخراوە کرێکارییەکان بوو. مێژوویەکی درێژی هەیە و بە گەلێ قۆناغ وئاڵوگۆڕدا تێپەڕیووە و هەتا ئەمڕۆش لەگۆڕەپانی سیاسی بەریتانیا بوون و چالاکی سیاسی هەیە.
(٤)بزووتنەوەی نەتەوەیی کرێکارانی بێکار؛ ڕێکخراوێکی کرێکارانی بێکاری بەریتانیا بوو و لەساڵی ١٩٢١ لەلایەن ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانیا، هاتە دامەزراندن. ئامانجی ئەم ڕێکخراوە؛ ڕاکێشانی سەرنج بوو بۆ دۆخی نالەباری کرێکارانی بێکار لە قەیرانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و مانگرتنی گشتی ساڵی ١٩٢٦ و دواتر قاتوقڕییە گەورە و بەرەنگاربوونەوەی دەزگای پێدانی بیمەی بێکاری بوو لە بەریتانیا. ئەم ڕێکخراوە لە سەرەتای جەنگی جیهانی دووەمدا ، واتە لە ساڵی ١٩٣٩ قەدەغە کرا و بڕیاری کۆتاییهێنان بەو بزووتنەوەیە لە ساڵی ١٩٤٣دا، درا، دواجار لە ساڵی ١٩٤٦ هەڵوەشایەوە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا چەندین هەوڵ دراوە بۆ زیندووکردنەوەی ئەم بزووتنەوەکە کە ئاخرینیان لە دەوروبەری ساڵی ١٩٩٢ بوو.
(٥)https://reading19001950.wordpress.com/2018/01/12/love-on-the-dole-by-walter-greenwood-1933/
(٦)http://www.screenonline.org.uk/film/id/485682/index.html
(٧)بۆردی سانسۆری فیلمی بەریتانی؛ ڕێکخراوێکی ناحکومیی بوو کە لەلایەن پیشەسازی فیلمی بەریتانیاوە لە ساڵی ١٩١٢ دامەزرا و بەرپرسیار بوو لە پۆلێنکردنی نەتەوەیی و سانسۆرکردنی ئەو فیلمانەی کە لە سینەماکان و بەرهەمە ڤیدیۆییەکان نمایش دەکران و لە میدیای فیزیکی لە ناوخۆی بەریتانیا، بڵاودەکرانەوە.
(٨)http://www.screenonline.org.uk/film/id/485682/index.html
(٩)The Monthly Film Bulletin, Published by The British Film Institute, Volume 8, No.88, April 1941, page 43.
(١٠)Love on the Dole, Walter Greenwood, Penguin Modern Classics. 1976, page 200.




شیرین تەشی دەرێسێ لەنێوان وەفایی و وەلی دێوانە دا.. حازم كوردە

شیرین تەشی دەرێسێ، گۆرانی مامۆستای گەورەی كورد مەزهەری خالقی لە ساڵی ١٩٦٠ وە گوتویەتی و هەرگیز كۆن نابێت !
هەر كاتێك گوێی لێبگری، هەروەك وایە دوێنێی ووتبیت ! گۆرانیەكە بە ووشەو بە ئاواز و بە هەست و بە گەورەیی ئەو زاتە گەورەیەی مەزهەر، تا درێژانێك لە مێژو كۆن نابێت !
بەشێكی گەورەی دیرۆكی میللەتێك، لە سۆزو هونەر و ئاوازی ئەو میللەتە هەڵئەقوڵێت.
من هەروەك چیرۆكی ئەم هۆنراوەم بیستوە هەندێك ئەڵێن هی وەفاییە هەندێكیش ئەڵێن هی وەلی دێوانەیە ،من زیاتر مائیلی ئەوەم هی وەلی دێوانە بێت، چونكە هۆنراوەكە دێوانەییە و پتر ئەشێ ئی مام وەلی دێوانە بێت!
بەر هەر حال هیچ كەس جیاواز نیە كە ئەم هۆنراوە یەكێكە لە جوانترین تێكهەڵەی وەسف و جوانی و ئەندێشەو
هۆنراو كە تا ئێستاش دڵی ملیۆنەها گەنجی كورو كچ پیرو گانج ئەكولێنێتەوە بۆ خۆشی و خۆشەویستی !
من كە بیستومە ( بەبێ سەرچاوەیكی باوەر پێكراو ) كە گۆیا كوێخای لادێیەك بەدوای وەلی دێوانە ئەنێرێت كە نامەیەك بۆ كوێخای دێیەكی دیكەی دوور بنوسێ ( چونكە لەو سەردەمە دا خوێندەوار دەگمەن بووە)
كوێخاش كچێكی زۆر قەشەنگی بێووێنەی ئەبێت بە ناوی شیرین كە لە پەنجەرەی ژوری سەرەوەی روو بە رووی باوكی و وەلی دێوانە ئەبێت و تەشی ئەرێسێت ،
هەر كە كوێخا دەست بە قسەكانی ئەكات بۆ نامە نوسین لە لایەن وەلی دێوانە، مام وەلی لە دیمەن و نیگای ئەم كچە سەرسام ئەبیت و تەواو شێت ئەبیت و ئیلهامی شیعری بۆ دێت !
ئیتر كوێخا چی لەدەمی دەر ئەچێ، وەلی هەر خەریكی نوسینی شیعرەكەی ئەبێت كە بەم شێوەی خوارەوەی
شیرین تەشی دەرێسێ
لەسەروی قامەتی یار، عەتر و عەبیر دەباری
دڵانی خستە لەرزە، لەرەی مەمكی هەناری
مەست مەست بە نیمنیگاوە، دوو نێرگسی خوماری
بە خەندە زوڵفی لادا، لەسەر عوزار و زاری
دونیا بە ئیتیزاری، شیرین تەشی دەڕێسێ
هاوار شیرین گیان، ئامان شیرین گیان
تەشی وەكو دڵی من، لە دەستی ئەو دەلەرزی
چەند جوان و دڵڕفێنە، ئافتاب و تەور و تەرزی
كاتێ كە بۆ سەر ئاوێ، زولفی لە سەرووی بەرزی
كە شەو بەیانی بەردا، گوڵ و وەنەوشە باری
دونیا بە ئیتیزاری، شیرین تەشی دەڕێسێ
هاوار شیرین گیان، ئامان شیرین گیان
پەنجەی بە چەشنی شمشاڵ، دوو دەستی پڕ لە خرخاڵ
ڕوومەت سپی، دوو لێو ئاڵ، پەرچەم سیاهـ بوو چاو كاڵ
وەك ڕەنگی نەخشی مانی، باڵا و كوڵم و خەت و خاڵ
سەڵای لە عاشقان دا، باغی گوڵ و هەناری
دونیا بە ئیتیزاری، شیرین تەشی دەڕێسێ
هاوار شیرین گیان، ئامان شیرین گیان
كە لە ووشەكەنی ورد ئبیەوە، وەسفیكت بۆ ئەكات كە لە وەسفەكانی حەزرەتی گۆران نزیك بێت !
كە لە غەزەلەكی وورد ئەبیتەوە، لە شیعرەكانی وەفایی خۆت ئەبینیەوە !
كە جوانترین تیكەڵاوی هونەری شیعر ئەبینی، ئەڵێی حەتما ئەوە وەلی دێوانەیە !
بەهەر حاڵ ! كە كوێخا بە دەم نەمەكەی تەواو ئەكات، وەلی دیوانەش شیعرەكەی تەواو ئەكات و ئەیداتە دەست كوێخای نەخویندەوار !
ئەویش بە ئسپسواران دەینێرێ بۆ كوێخایەكی تر !
پاش رۆژێك كە بە پەرۆش نامەكەی كوێخا ئەخوێنەوە و ئەوو شیعرە بلیمەتەی وەلی دێوانەی لێ بە دی ئەكەن و كوێخاكە خۆی دێت بۆ لای كوێخای خاوەن نامە !
ئینجا هەردوو كوێخا ك
لە ئەندێشەو عشقی نوسەرەكە تێئەگەن، كویخا میوانەكە ، دەست بەجێ خوازبینی شیرین بۆ وەلی دێوانە ئەكات !!!
بەڵام وەلی دێوانە هەر كە نامەكە رادەستی كوێخای باوكی شیرین ئەكات (كە لە رۆژهەڵات بووە ) را ئەكات بۆ سلێمانی و ناگەرێتەوە و جارێكی تر چیرۆكێكی تری شیرن و فەرهاد تۆمار ئەكرێتەوە !
https://www.youtube.com/watch?v=lHbcdmHlNx0

حازم كوردە سوید – ستۆكهۆلم




ئێمەی شکستخواردوو.. نەوزاد بەندی

ئێمە لە پشت وێنەی کتێبخانەکانەوە،
نەخوێندەواریی خۆمان ئەشارینەوە ..
لە پشت تابلۆی ڤان کوخ و پیکاسۆ ،
بێهونەریی خۆمان ئەشارینەوە ..
وەکو چۆن براکوژییمان لە پێشمەرگایەتیدا چاند ..
وەک چۆن لەسەر پارەی گومرک ،
خوێنی هەزارانمان ڕژاند ..
وەک چۆن لە پشت تاج و نەجمە و چەک و فیشەکی بێگانە ،
ترس و بیم و ئەژنۆ لەرزەی خۆمان مات دا ..
وەک چۆن کفر و دوو ڕووییمان
لە پشت نوێژ و عەمرە و قورئانا قایم کرد ..
وەک چۆن میراتیی کچانمان وەک شیری دایکمان هەڵقوڕاند
وەک چۆن هەرچی تاوانمانە
لەگەڵ ڕۆژووی عەرەفەدا سڕانەوە ..!
لەگەڵ ئاوێکی دەستنوێژا ،
شۆرانەوە ..!
لەگەڵ یەک دوو دێڕ نزادا ،
هەمووی سفر کرانەوە..!
لە ژێر دەم و قەپۆزێکی هەڵئاوساوا ،
ڕوخساری هەرچی دوژمنی ئەم خەڵکەیە ، خۆی مات داوە ..
وەک چۆن لە پشت ئوتومبیلی دوا مۆدێل و قات و بۆینباخی گران ،
شکستی فەرمانڕەوایی و
ئیدارەمان ، شاردۆتەوە ..
ئێمە لە پشت ڕاستییەوە ،
درۆ و فێڵ و نامەردیی ئەشارینەوە ..
لە پشت سناپ و جوانکاریی،
ڕوخسارە ناقۆڵاکانمان شاردۆتەوە ..
وەک چۆن داڕمانەکانمان ،
لە پشت نوکتە و قسەی قۆڕا ، شاردۆتەوە ..
شەقامە دزێوەکانمان ،
بە ملیۆنەها ئوتومبیل شاردۆتەوە ..
وەک چۆن هەرچی دز و دیلکوژ و گەوادە ، لە پشت ئەنفال و کیمیایی هەڵەبجەدا خۆی مات داوە ..
وەک چۆن داڕمانی خێزانمان ،
لە پشت پێکەنینی درۆ و
کێک و سەگ و پشیلەدا شاردۆتەوە ..
وەک چۆن گەڕانەوەمان بۆ چاخی بەردین ،
لە پشت بورجی ئیڤڵ و
شەقامەکانی ئەوروپا خۆی مات داوە..
گۆرانییەکانمان ئەوەندە بۆگەنیان دێ ،
لە پارک و
شەقامی بێگانەیان هەڵئەکێشین ..
شیعرمان بووە بە پێڵاو ،
کێ بیەوێ لە پێی ئەکا ..
وەک چۆن دڕندەییمان ،
لە پشت وێنەیەکی دایکە تێرێسا و
مۆنالیزادا شاردۆتەوە..
ئێمە کۆیلەیی و نیفاق و سەرشۆڕیی خۆمان ،
لە پشتی مەردایەتیی
عومەری کوڕی خەتابا ، خۆی مات داوە ..
خۆپەرستیی تا سەر ئێسقان ،
لە ژێر خواپەرستییەکی ڕووکەشدا قایم ئەکەین ..
جەردەمان لە ژێر سێبەری حاتەمی تەی نیشتەجێیە ..
وەک چۆن زینا ،
لە ژێر پەردەی سیغە و میسیارا تێپەڕی ..
ئێمه تەنانەت ناتوانین وەک پشیلە ، پاشماوەکانمان وون بکەین ، بڕوانە ئاودەستخانەکان ..
ئێمە تەنانەت ناتوانین وەک ئاژەڵێک ، داوای مافەکانمان بکەین ، بڕوانە بۆ موچەکانمان ..
ئێمە هۆلاکۆ و هیتلەر و سەداممان ،
لە پشت سندوقێکی فێڵبازی دەنگدانا شاردۆتەوە ..
ئێمە کۆمەڵکوژیی و کۆمەڵدزیی و کۆمەڵکۆیلەییمان ،
لە پشت وشەیەکی سەقەتی
پڕ لە هەڵەی چاپ و لۆژیکیی
دیموکراسیدا مات داوە ..
وەک چۆن زۆر خۆریی و هەڵئاوسان ،
له پشت هۆڵەکانی جیما خۆی مات داوە ..
ئێمە حەیای تاراوگە و کەیسی پەنابەریی و کەمپەکانی پەنابەریشمان بردووە ..
ئێمە خوشکمان هەر بە ناوی ژنی خۆمان ، ئاودیوی ئەوروپا کرد و داشنەڕزاین .. هەر ئیش بڕوا ..!
وەک چۆن ترسنۆکیی و ملکەچییمان ،
لە ژێر ئایەتەکانی سەبر و
نزا و پاڕانەوەدا عەمبار کرد ..
ئێمە تەنانەت حەیای شەیتانیشمان برد ..
حەیای درۆ و
نیشتمانفرۆشیی و
خیانەتیشمان داچۆڕان ..
کەی درۆ و خیانەت و نیشتمانفرۆشیی گەیشتونەتە ئەم ڕادەیە ؟
تەنانەت کتێبی گینزیش شۆک بوو ، هیچ گەوادێ نە گەوادیی پێوانەیی لەو جۆرەی تۆمار کردووە و .. نەهیچ قەحبەگەلێک ئەو دۆخەی قبوڵکردووە ..
حەیای زەوی و دارستان و تڕۆژەی٭ نیشتەجێبوون و تاوەر و شوقه و مۆڵمان برد ..
حەیای وەرزش ..
حەیای ڤیستڤاڵ ..
حەیای پێشانگا ..
حەیای بازرگانیی ..
حەیای خەڵات ..
حەیای یەکەم ..دووەم و سێیەمیشمان برد ..
حەیای بەنگ و
هی کوشتن و
دزی و
شەڕواڵپیسیشمان برد ..
ئێمە خۆخۆریمان لە پشت ئەنتەرڤیو ، چاوپێکەوتنا شاردۆتەوە ..
ئێمە گەدە و ئەندامەکانی زاوزێمان ،
لەناو مێشک و چاو و گوێچکە و لووتمانا چاک شاردۆتەوە ..
وەک چۆن حەیای پەرلەمان و ڕۆژنامە و وەزارەت و پۆست و پلە و کورسیمان برد ..
حەیای ئاڵتون ..
حەیای مەرز و
حەیای قەرز و
حەیای لێدوان و مایکمان برد ..
وەک چۆن کابرا موچە و داهات و داهاتووی
شەش ملیۆن کەسی لە پێکرد ..
ئێمە لە پشت سەعاتی پاتیک فیلیب و ڕیش و مێزەر و تەسبیح و شانەوە خۆمان مات داوە ..
مێژوو و شەرەف و ئینتیما و پیاوەتیمان شار بەدەرکرد ..
ئێمە حەیای کارتی بانکی و کۆمپیوتەر و حەواڵە و داتابەیسی دنیامان برد ..
ئێمە پەردەی ڕێپێوان و بانگەشە و ڕای بەرامبەرمان به ڕۆژ دڕی ..
ئێمە نمرە و داهێنان و زانکۆ و بڕوانامەی گەنجمان تێکەڵی جوملەی پێڵاو کرد ..
حەیا و شەرەفی ووتار و هەواڵمان برد ..
کتێب‌ و قەڵەممان سووتان ..
هەرچی باڵدار و بێ باڵ و ئاژەڵە ،
ئێمەی جێهێڵا ..
دەریایش لە بەر کەلاکی ئێمە،
ژەنگ گرتی .. ڕەنگی شێوا ..تامی گۆڕا .. بۆگەنی کرد ..
ئێمەیش چ خەڵک و چ حوکمەت
لە کەلاکیان بێبەریی بووین ..
ئێستا هەرچی هۆڵی قومار و
سۆزانی و باندی مافیایه وەکو سەگ
سەیرمان ئەکەن ..
حاشای موتڵەقیان لێکردووین ..

تێر نەخواردن ،
چاوچنۆکیی ،
لە پشت حەدیس و ئایەت و ڕۆبن هود و ڕێکخراوەکان ، پارێزراون ..
ئێمه کوردکوژییمان لە پشت ناوی کوردایەتیی و ئەی ڕەقیبا ، شاردۆتەوە ..
ئێمه ئەوەندە بودەڵەین ،
تانجییەکی دوو بەهارە ئەتوانێ سەد ساڵ حوکممان کا ..
هەڵماتێکی ڕوو قرنجاو ، سەد ساڵ هەڵمانئەپەڕێنێ ..
بزمارێکی کەوش ئەتوانێ تا ئەبەد پەنجەرمان بکا ..
ئێمە مەرگمان له پشت جوڵەی وەک ئەفلام کارتۆن ، مات داوە ..
ئێمە حەیای باج و بودجە و سامانی زەوی و ژێر زەوی و کەلەپورمان تک – تک تکان ..
زانستمان بە قبوڵ خاس و پاڕالێڵ ، ئەتک کرد و
گیرفانی خەڵکمان به ناوی پاشەکەوتەوە ، گسک دا ..
ئەوەیشی هی شکان نەبوو ، تێکمانشکاند ..
هیچ کەسێکمان یەک ناڕەزایی دەرنەبڕی ..
ئێمە نەوتمان وەکو حوشتر لە هەزار لاوە سەربڕی ..
هەر ئەوەندە ماوە ، دزیی دەعوامان لەسەر تۆمار کا .. بڵێ : حاشا ! ئەم جەردەییە قبوڵ ناکەم ..
ئێمە حەیای خاڵی سنووریی و دەستوور و پەیماننامەی نێو دەوڵەتیی و ئیمزا و پەنجەمۆریشمان برد ..
هەر ئەوەندە ماوە ، شەیتان
بێتە دادگا و
هاوار بکا : حاشا وە لیلا بە خەویش ئەم ئافاتانەم نەدیوە ..!
ئێمە مافیامان لەودیوی ئاپۆڕەی بازاڕ قایم کرد ..
ئێمە خۆمان عەیبەیەکی هەرە گەورەین ، بۆیە هیچمان پێ عەیب نییە … ئێمە خۆمان تاوانێکی هەرە قورسین ، بۆیە هەموو تاوانێکمان لا نۆڕمەڵە.. ئێمە خۆمان هەر لە بنچینەدا سوکین ، بۆیە شانمان وا سوکایەتیی هەڵئەگرێ .. ئێمە خۆمان گۆڕستانین ، بۆیه هەموو جۆرەکانی ئەشکەنجە و مردن وەرئەگرین ..
لە پیسترین زۆنگاوی نەزانیی و زوڵم و نامەردیدا ،
پێش میللەتان ،
پێکی خۆمان خواردۆتەوە ..
ئێمە شێرپەنجەین ، شێرپەنجە ! ، خۆمان لە جەستەی دنیادا شاردۆتەوە …

٭ تڕۆژە : هەڵەی چاپ نییە .




کورتەچیرۆک: سۆزانی.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

دەرگای بەفرگرەکەی کردەوە، خاڵی خاڵی، وەک دەشتێکی کاکیبەکاکی، جگە لە دەفرێک ئاوی تورشی، لەتکە نانێکی ڕەق و بنکڕی مەنجەڵێک ماست هیچی تری تێدا نەبوو. سەیرێکی فەردە بەتاڵەکەی برنجی کرد، لەتەنیشت ئەویش سەبەتە بەتاڵەکەی پەتاتەی بینی، چاوی بە بینینی سەلکە پیازێکی بۆگەنی گەشاوە.
بۆڵەبۆڵی مێردە ئیفلیجەکەی ڕایچڵەکاند، ئەوە دوو ڕۆژە ئاگر لەم ماڵەیان هەڵنەکراوە، ئەوە دوو ڕۆژە چێشتی گەرم لەم ماڵە نەخوراوە. هەر دوو مەمکەکانی وەکوو جووتە کانییەکی وشک وشکیان لێ هاتبوو، چەند ڕۆژێک دەبێت شیر پێی بەم مەمکانەی ئەو دانەکردووە. مەلۆتکەکەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەڕتر و لاوازتر دەبێت. ئاخ ئەم ژیانە چەند گرانە!
ئاخۆ دەبێت هەتا کەی بەرگەی ئەم بارە نالەبارە بگرێت. ئەو مێردەی کە هەتا چەند مانگێک بەر لە ئێستا لە سەنگەر بووە و بەرگری لە نیشتمان کردووە، ئێستا لەنێو جێ کەوتووە و نان نییە بیخوات، برینەکانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پیستر و ناسۆرتر دەبن. ئەو منداڵەی کە تاکە هیوای ژیانیان بوو، ئێستا هیشکوبریشک هەڵگەڕاوە و چەند ڕۆژێکە شیر بەر ئەم لێوانەی نەکەوتووە. ئای ئەوە چ ڕۆژگارێکە تێی کەوتوونە.
چارۆگەکەی خستە سەر سەری، منگەمنگێکی کرد و دەرپەڕییە دەرەوە. ملی ڕێگای گرتە بەر و هێدی هێدی بەرەو بازاڕ شۆڕ بووەوە. لەپێش دەرگایەکی بچووک، کە کەوتبووە لاکۆڵانێکی چەپ، ڕاوەستا. هەڵوەستەیەکی کرد، فرمێسکەکانی سڕییەوە. کاغەزەکەی دەستی دەرهێنا، سەیری ژمارەی سەر دەرگاکەی کرد، ئینجا سەیری نووسینەکەی سەر کاغەزەکەی کرد. بە دوودڵییەکەوە چووە ژوورەوە.
لە دەرگاکە هاتە دەرەوە، چارۆگەکەی سەری هەندێک لە پێشتر شڕتر پێچرابووەوە، یەخەی مەکسییەکەی هەندێک لە پێشتر زیاتر ترازابوو، فرمێسەکەکانی چاوی ڕووبارێکی گەورەتریان لەسەر ڕوومەتە پەمەییەکانی دروست کردبوو. دڵی لە جاران شکاوتر بوو، هێشتانیش زیاتر بێزی لە خۆی و ئەم بارەی ئێستا تێی کەوتوونە دەبووەوە.
بەرەو دوکانی مام کەریم ڕۆیشت، بەم چەند هەزار دینارەی تازە بە دەستی کەوتبوو کیلۆیەک برنج و دەببەیەک نەفت و یەک کیسەی بچووک شیری منداڵانی کڕی، و خێرا خێرا بەرەو ماڵەوە گەڕایەوە. هەندێک نەفتی لە لالە شووشە شکاوەکە کرد و دایگیرساند. برنجەکەشی خستە سەر ئاگرێکی کز کز. دەنگی قۆڕەی سکی مێردە ئیفلیجەکەی منداڵەکەی لە خەو هەڵساند. هەر بەپەلە شیرەکەی گرتەوە و خستییە نێو دەمی جگەرگۆشەکەی. لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئۆخخەی، نانی ئەمڕۆشم بۆ مسۆگەر کردن.»
ڕمبەڕمبی دەرگاکە ئەوی ڕاچڵەکاند، گوێی خۆی بۆ ڕادێرا، دڵی بە خورپە کەوت. ژاوەژاوی پشت دەرگاکە هەر دەهات و بەرزتر دەبووەوە، دەنگەکان دڕتر و تووڕەتر دەبوون. پێلاقەیەک بەر دەرگاکە کەوت، دوو پێلاقە. مستێک بەر دەرگاکە کەوت، دووان، سییان. سەرێک خۆی لەسەر دیوارەکە هەڵکێشا، دووان، سییان.
یەک بە یەکیان خزانە کەلاوەکەی کە پێیان دەگوت حەسار. ئەمیان تەورێک لە دەستی، ئەمیان چەقۆیەک، ئەویان دارێک و ئەویشیان قامچییەک. دەرگای ناندینەکەیان خستە سەر پشت، وەک گەلەگورگێکی برسی لەسەر سەری ئەم ژنە بەستەزمانە خڕ بوونەوە. وەک ئەوەی خودی ئەهریمەنیان کەوتبێتە بەر دەست، لە شەق و پێلاقان نەسڵەمینەوە، هەر کەسە و جارێک و دووان و سییان، قامچییەک، دارێک تەورێکیان خێواندە ئەم فریشتە بەستەزمانە.
ڕیش سپییە هەرە گەورەکەیان دەمە بۆگەنییەکەی کردەوە و شیڕاندی: «تۆ شەرم لە خۆت ناکەیەوە هەی سۆزانی؟ ئەو مێردە مەردەت لە ماڵێ بەجێ‌ دەهێڵیت، تا لەگەڵ‌ کوڕی خەڵکی ڕابوێریت، ئابڕوومانت برد، هەی ئابڕووت بچێت. تازە منداڵت بووە، تازە!»

نووسینی:‌ ئامانج شێروانی




شیعر\ عەلی بەگ.. نووسینی: هاینریش هاینە*.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

عەلی بەگ، پاڵەوانی باوەڕی ڕاستەقینە،
بە خۆشی لە باوەشی کچاندا ڕاکشاوە؛
خودا لێرە لەسەر زەوی پێشچێژی
چێژی بەهەشتی پێ بەخشیوە.

کەنیزەکان، جوان وەک حۆریەکان،
وەک ئاسک لە جوڵەدان
کاتێک یەکەمیان ڕیشی بۆ لوول دەکات،
دووەمیان نێوچاوانی بۆ ڕێک دەخات.

سێیەمیان عوود لێدەدات،
گۆرانی دەڵێت، سەما دەکات، پێدەکەنێ و
ماچی دەکات،
لەوێ بڵێسەی شادی دەگەشێتەوە.

بەڵام لەپڕ دەنگی کەڕەناکان، بەیەکدادانی شمشێرەکان
لە دەرەوە بەرزدەبێتەوە،
هاوار بۆ چەک،
تەقەی تفەنگ دێت
خودایە، فەرەنگییەکان هاتنە سەرمان!

پاڵەوان سواری ئەسپی شەڕ دەبێت،
دەچێتە ناو شەڕ، بەڵام هێشتا وا دیارە خەون دەبینێت؛
چونکە وا هەست دەکات لە باوەشی
کچاندا ڕاکشاوە وەکو پێشتر.

لە کاتێکدا سەری دەیان داگیرکەر دەپەڕێنێت،
وەک دڵدارێک پێدەکەنێت،
بەڵێ، بە نەرمی و نیانی پێدەکەنێت.

سەرچاوە:
THE POEMS OF HEINE
BY
EDGAR ALFRED BOWRING, C.B.
لاپەڕە ١٤٨
• هاینریش هاینە\ ئەڵمانیا\ ١٧٩٧-١٨٥٦

https://www.gutenberg.org/files/52882/52882-h/52882-h.htm#page_148

——————–

لە ژمارە ٢٣ی ٢٠٢٤ی بانێژەی ئەدەب و کلتوور بڵاوبۆتەوە..




رەهەنـدی نەتەوەیی و نیشـتمانی لە هـۆنـراوەی منداڵان.. رەزا شـوان

هـۆنراوەی منداڵان لقێکی گرنگە لە وێژەی منداڵان، رۆڵێکی گرنگی لە رۆشنبیریکردنی منداڵاندا هـەیە. فـۆرمێکی نایاب و سەرنجـڕاکێشە. جوانتریـن و ناسکـترین شـێوەیە، لە شێوەکانی هـونەر. نـزیکـترین هـونەرە لە دەروونی منداڵانەوە، چونکە بەهای دەنگی و وێنـەی هـونەری و چـنیـنی واژەیی لەخـۆگرتـووە. هـۆنـراوەی منـداڵان، لە ئەمـڕۆ و لە داهاتووشـدا، کاریگەرییەکی ئەرێنی گەورە و بەهـێز و ئەفـسووناوی لە پەروەردەکردنی منـداڵان هـەیە. رۆڵێکی کاریگەری لە دروستکردنی کەسایەتـی دروسـت و هـاوسـەنگی منـداڵان هەیە. هـۆنراوەی منداڵان، زۆربـەی هـونەری ژانـرەکانی تری وێـژەی منداڵانی لەخـۆگـرتـوون. بـۆیـە هـۆنـراوەی منـداڵان بـووە بە بـەشـێکی گـرنـگ؛ لـە بابـەتـەکانی پەرتووکی خوێندنەوە، بۆ قـوتابیانی پۆلەکانی قوتابخانەی بنەڕەتی، لە هەموو جیهاندا.
منـداڵان بە سـروشـتی، هـەر لە منـداڵـییەوە، هـۆگری هـۆنـراوە و گـۆرانی و سروودن. دایکانی کوردمان، بە دێڕە هـۆنراوەی فۆلکلۆری یان لە هەڵبەستی خۆیان، بە دەنگێکی ناسک و بە ئاوازێکی شیرین، جگەرگۆشەکانیان هەڵدەپەڕێنن. بە لایلایە دەیانـلاوێنن و چێژ و خۆشیی هـۆنراوە دەخەنە دڵی کۆرپەکانیان و دەیانکەنە خەوێکی خۆش و ئارام.
(لامارتین) دەڵێت:”جوانترین هـۆنـراوەر لە سەرانسەری جیهـاندا، لایـلایـەی دایکانە”.
هـۆنراوەی منـداڵان، سەرەڕای بەخـشینی چـێژ و خۆشی بە منـداڵان، چەندین پەیـام و بەها و رەهەنـدی لەخۆگـرتووە، وەک: پەروەردەیی، نەتەوەیی و نیشـتمانی پەروەری، کۆمەڵایەتی، مرۆڤایەتی، رەوشتی، سۆزداری، ژینگەپارێـزی، جوانی، زمانی،.. هـتد.
هـۆنـراوەی نیشـتـمانی کوردستانی، جـۆرێکی گرنگە لە جۆرەکانی هـۆنراوەی کوردی، کە دەربارەی سۆز و خوشەویستی و شکۆمەنـدیی کوردستانن، یان دەربارەی جوانی و ئەفـسووناویی سـروشتی کوردسـتانـن. دەربـارەی خەبـات و تـێکـۆشانـن، بۆ ئـازادی و بـۆ رزگارکردنی کوردسـتان لە داگـیرکەران. بـۆ پارێـزگاری و خۆبـەخـشـین لە پێـناوی کوردستانی نیشـتمانی پیـرۆزمان. ئەو هـۆنـراوانانەن کە یادی قـارەمانان و شەهـیدانی نەمـری کورد و کوردستان و داسـتانەکانی پێـشـمەرگە بـەرز رادەگـرن. ئـەم هـۆنـراوە کوردسـتانـییانەمـان، ئامـرازێـکی بەهـێـزن، بـۆ گـۆزارشـتکـردن لە خـۆشـەویـسـتی و هـاوبەستەبـوون بۆ کـورد و کوردسـتان.

هـۆنراوەی نیشـتمانی کوردستانی، بەشێکی گرنگە لە هـۆنـراوە بۆ منـداڵانی کوردمـان. لەم کورتە باسە چـڕ و پـڕەدا، باس لە رەهـەنـد و لە بەهـای نەتەوەیی و نیشـتمانی، لە هـۆنراوەی نیشـتمانی کوردستانی بۆ منـداڵان دەکەیـن، کە هـۆنراوەنووسانی پێـشـوو و ئـێستامان بە دەیان هـۆنـراوە و سـروودی کوردییـان، بۆ منـداڵانی کورد هـۆنیونەتەوە. کە دەربارەی سۆز و پەرۆش و خۆشەویستی و دڵسۆزی و هاوبەستەبوونن بۆ کورد و کوردسـتان. هـۆنـراوەی نـیـشـتمانی کوردسـتانی، پانتـاییەکی گـەورەیـان لە هـۆنـراوەی منـداڵانی کورد گـرتـووەتەوە.

پیویستە لە منداڵییەوە، لە باخچەی منداڵانەوە، منداڵانی کوردمان لە رێگەی هـۆنراوەی نیشـتـمانی کوردستانییەوە، بە هـەستی کوردایەتی و بە سـۆز پەرۆش و خۆشـەویـستی بۆ کوردستان، گـوش و پەروەردەیـان بکەیـن. تا لە ئەمـڕۆ و لە داهـاتـووشدا، شانـازی بە کوردبـوونی خۆیـان و بە کوردستانی نیشـتمانی هـەزاران هەزار ساڵەمانەوە بکەن.
هـۆنـراوەنووسی عـەرەب (سلێمـان ئەلعـیسا) دەڵێـت:”بـۆ ئەوەی منـداڵان زمـانەکەیان خۆشبوێـت، بۆ ئەوەی نیشـتمانەکەیان خۆشبویـت، بۆ ئەوەی خەڵکـیان خۆشبوێـت، بۆ ئەوەی گـوڵ و بەهـار و ژیـانیان خۆشـبوێـت، فـێری سـروودی خۆشـیان بکەن”.
خوێندنەوەی هـۆنراوەی و چـڕینی سـروودە کوردییـە کوردستانییەکانمان، بە تاک و بە کۆمەڵ بە جۆش و خرۆش و ئاوازەوە، لەلایەن منداڵانی کوردمانەوە؛ رۆحی کوردایەتی و کوردستان پەروەری، لەلایـان خۆشـەویـستر و شـیریـنتر دەکەن. ئەمـەش یەکـێکە لە گرنگـترین پەیـام و ئامانجەکانی هـۆنراوەی رەسەنی کـوردیمان بۆ منـداڵانـی کوردمان.

هۆنراوە و سروودی کوردی، رۆڵێکی گرنگ و کاریگەرییەکی زۆریان لە دروستکردنی کەسانی کوردستان پەروەر و تێکۆشەر و شۆڕشگـێڕی کوردمان هەبـووە و هـەیە. ئەو هـۆنـراوەنووسانەشمان، کە لە ئێستادا هـۆنراوەی کوردستانی بۆ منـداڵان دەنووسن. لە منـداڵـییانـدا، هـۆگـری هـۆنـراوە و سـروودی کـوردی ببـوون. کاریـگەرییـەکی زۆریـان لەسەریان هـەبـووە. یادەوەرییەکانی منـداڵـێیان هـێـناونەتەوە یـاد و بەرچـاوی خۆیان و ژیانی ئەمـڕۆی منداڵانی کوردستان لەبەرچاودەگـرن. بـوونە بە ئیـلهـام و بە هەوێن بۆ نووسینی هـۆنـراوە و سروودەکانیان، بۆ مـنداڵانی نەوەی ئەمڕۆی کوردمان. ئەگەر بە ژیاننامەی زۆربەی هـۆنـراوەنووسانی منـداڵانی کوردمـان بچـینەوە، ئـەو راسـتیـیەمان بـۆ دەردەکەوێـت، کە لە منـداڵییەوە دەستیان بە نووسینی هـۆنـراوەی ئاسان کـردوون.
(پاپـلـۆ نیـرۆدا) دەڵـێـت:”ئەگـەر هـۆنـراوەنـووس. ئـەو منـداڵـەی لـە نـاخـیـدا دەژیـت، لەدەست بـدات، ئـەوا هـۆنـراوەکـەشی لەدەســت دەدات”.
کەواتە هـۆنـراوە و سـروود، بە تایبەتیش هـۆنـراوەی نیشـتمانی کوردستانی، هـانـدەر و پاڵنەرن، بۆ ئەو منداڵە بەهـرەمـەندە کوردانەمان، کە ئارەزووی نووسـینی هـۆنـراوەیان هـەیە. مامۆستایانی وانەی زمانی کوردی، رۆڵیان هـەیە لە دۆزینەوەیان و لە پشتگیری و لە هانـدانیان. لە وڵاتی ژاپـۆن لە پـۆلی سێی بنەڕەتـییە، فـێری قـوتابییەکانیان دەکەن، کە (هـۆنـراوەی هـایکـۆ) بنووسن. هـایکۆ بە ژانـرە هـۆنراوەیەکی رەسەنی داهـێنراوی نیشـتمانیی ژاپـۆنی دەزانـن.
هـۆنراوە و سـروودی کوردیی نیـشـتمانی کوردستانی، بـێجـگە لە بەهـێزکـردنی سـۆز و هـەستی کوردایەتی و کوردستان پەروەری، رۆڵـیان لە بەرزکردنەوەی ئاستی ئاکادیـمی قـوتابیان و گەشەکردن و دەوڵەمەنـدکردنی زمـانی کوردی بە وشـە و بە زاراوەی نـۆی هـەیە. هـۆنراوەی نوێ بۆ منداڵان، ورووژێنەر و هـاندەری قوتابیانن، بۆ بیرکردنەوە و تێگەیشتن و رەخنەگرتن و گفتوگۆکردن، بۆ داهـێنان و پێشکەوتن. فێری ئەوە دەبن کە بە ئـازادی، گـوزارشـت لە هـەسـت و لە بیـرۆکە و لە را و لە بـۆچـوونەکانیـان بـکەن.
(رەسووڵ هـەمـزاتـۆڤ) دەڵـێـت:”بێگومـان ئێـمەی هـۆنـراوەنـووسان، بەرپـرسـیاریـن لە هـەمـوو جیهـان”.
نـەرویـج: ٢٠٢٤




گەشەكردنی كەركووك لە قەبارەو ژمارەی دانیشتوان.. عەلی مەحمود محەمەد

تایبەتمەندییەكانی شاری كەركووك

كەركووك وەك هەر شارێكی لە شارەكانی ئەم گەردوونە , ئەو هۆكارانەی بە شێوەی گشتی , بوونەتە هۆی گەشە و گەورە بوونەوەی شار و ڕێژەی شارنشینی لە جیهان , هەمان كاریگەرییان لەسەر گەشەكردنی شاری كەركووك و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شارنشینی لەم دەڤەرە داناوە , لە نێوان گەورە بوون و پوكانەوە *, كۆچی جوتیارانی هەرێمی كەركووك , لە لادیكانییەوە بۆ ناوەندی شار , بەدەر نییە لە یاسای جیهانی لە گۆڕانی پێكهاتەی كۆمەڵ , لە گواستنەوەی كۆمەڵگە لە قۆناغی دەرەبەگایەتییەوە بۆ قۆناغی سەرمایەداری , كە سیمای سەرەكی ئەم گۆڕانكارییە , خۆی لە كۆچی بە كۆمەڵی جوتیاران لە لادێوە بۆ شار , لە ژیانی لادێنشینییەوە بۆ شارنشینی دەبینێتەوە .
وەلێ نابێت ئەوە لە یاد بكەین شارەكان , بە ئاست و پلەی جیا لە یەكتر گەشەیان كردووە , هەموو بە یەك هێڵی هاوتەریب گەشە ناكەن لە مێژوودا , پێشكەوتنی ئابوری , لە باربوونی جوگرافیا و ژینگە , هێمنی هەلومەرجی سیاسیی ناوچەكە , ڕۆڵی خۆیان دەبیننن لەم بوارەدا .
گەشەكردنی شارەكان لە هەرێم , وڵات , كیشوەرەكان ئاست و شێوازی جودا جودا دەگرنە بەر , شاری وا هەیە لەماوەیەكی دیاریكراودا لە نەش و نما دەكەوێت و دەپوكێتەوە , تەنانەت لەسەر نەخشە دەسڕێتەوە , شاری دیكە هەیە بە پێچەوانەوە بە ڕادەی پێشبینی نەكراو لە ماوەیەكی كورت خایەندا گەشە دەكات .
گرنگترین ئەو پێشمەرجانەی پێویستە لەو پارچە زەوییەدا هەبێت , كە شارەكەی لەسەر دروست دەكرێت , بۆ بەردەوام بوون و گەشەكردنی شار , دەتوانیین لەم وتەیەی ئیبن خەلدونەوە بە گوێرەی كات و سەردەمی خۆی لەم خاڵانەدا چڕ بكەینەوە : (( ئیبن خەلدون لە سەدەی 14 ز باسی لەوە كردووە , بوونی لەوەڕگە , زەوی كشت و كاڵ , سوتەمەنی , كەرەستەی خانوسازی بۆ شوێنی شار گرنگە , تاكو هاونیشتمانیان بتوانن پێداویستییەكانیان دابین بكەن 1 .
ئەگەر ئەمانە گرنگترین پێداویستی دروستبوون و گەشەكردنی شار بێت , لە 7 سەدە لەمەوپێش , دیارە ئەم پێوەرانە لە ئێستادا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە , ژیانی نوێ پێشمەرجی نوێی بەرهەم هێناوە . شارێكی وەك دوبەی دڵۆپێك ئاوی شیرینی تێدا نییە , كەچی بۆتە گرنگترین و پێشكەوتوترین شاری عەرەبی و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . سەنگافورە و هۆنگ كۆنگیش ناتوانن بە هەردوكیانەوە مێگەلە مەڕێك مام ناوەندی تێر بكەن , یان خۆراكی بولبولی هاووڵاتییەكانیان بەرهەم بهێنن , كەچی هەموو جیهان ئاواتە خوازن تێیاندا بژێن .
بە پێی ئەم پێوەرانەی ئیبن خەلدون دیاریكردوون ئەو پارچە زەوییەی شاری لەسەر دروست دەكرێت دەبێت دارای هەندێك تایبەتمەندی بێت , لەو تایبەتمەندییانەوە دەتوانیین ئەوە هەڵێنجین , ناوچەی كەركووك هەموو پێداویستییەكی بە شاربوون و گەشەكردن و نەشونماكردنی هەبووە , چ لە ڕابردوودا , یاخود لە ئێستادا , كە پێداویستیەكانی گەشەكردنی شار گۆڕاوە .
هەرێمی كەركووك , ئاوهەوایەكی گونجا و سازگار و لەباری هەیە نە گەرم نە سارد , بۆ ژیان , كشت و كاڵ , بەخێوكردنی مەڕوماڵات.
پلەی گەرماكەی لە نێوان 8,6 بۆ 42,8 پلەی سەدی یە (ئەتڵەسی كەركووك – ل30) , ڕێژەی باران بارینی لە نێوان زیاتر لە 500ملم بۆ كەمتر لە 200 ملمە , لێ لە ناوەندی شار 300-400ملمە2 .
زۆری لەوەڕگای بەرینی نایاب بۆ مێگەلەكانییان لە پێدەشتەكانی كەركووك , هانی كۆچبارەكانی دەوروبەری داوە بۆ نیشتەجێ بوون لێی , لەوەرگەی مەڕو ماڵاتی ڕەوەندەكانی باشور بووە لە وەرزە قات و قڕییەكاندا , لەو دەشتاییە ئۆردویان هەڵدەدا , زەوی تەخت و بەراو بۆ كێلان و كشت و كاڵكردن , دەشتییەكی كاكی بە كاكی دەورەی شاری داوە , دەشتایی دڵگیر تا دڵ حەزبكات جۆگەو جۆباری پڕ ئاوی پێدا دەڕوات , لە پاڵ كارێز و ڕوبارەكان , دەشتایی بان ساڵەیی تاكو دیدەی چاو تەختانی و پڕ لە گژ و گیایە , تا دڵ بیەوێت بە پیت و بەرەكەتە .
گەنم و جۆ یەكێكە لە گرنگترین بەروبومە كشت و كاڵییەكانی هەرێمی كەركووك , ئەم دوو بەروبوومە بە خواردنە ستراتیژییەكانی مرۆڤ دادەنرێت لە تەواوی مێژوودا , دەتوانرێت بۆ مێژووی دوور هەڵبگرترێت و پاشەكەوتبكرێت , هاوكات بەرگەی ڕێگەی دوور و سەخت بگرێت بۆ بازرگانی و گواستنەوە , خواردنی سەرەكی و بەردەوامی مرۆڤیشە . هەندێك لە مێژوونوسان لەو باوەڕەدان , جوتیارانی گەنم و جۆ , بەهۆی بونی كاتی زۆری بەتاڵەوە لە زستان و بەهار ( گەنم و جۆ كاتی زۆری ناوێت بۆ وەبەرهێنان) , زیاتر بیر دەكەنەوەو داهێنان دەكەن , بۆیە زووتر تێكەڵ بە شارستانی بوونە لە مێژوودا . بە پێچەوانەی ئەو ناوچانەی جوتیارەكانی لە جیاتی گەنم و جۆ بە كاری چاندنی مەرەزەوە خەریك بوونە , ساڵ 12 مانگ , خەریكی بەرهەم هێنانن , كاتیان نامێنێت بۆ بیركردنەوە .
گەنم بۆ یەكەم جار لە مێژوودا لەم ناوچەیە بەرهەم هێنراوە و بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە . پاشماوەكانی گوندی چەرمووی 30 ماڵەی نزیك كەركووك , چەمی ڕێزانی دەڤەری قەڵاسێوكە , باشترین بەڵگەن بۆ ئەو ڕاستییەی ناوچەی كەركووك دایانگەی شۆڕشی كشتوكاڵە .
(( كەركووك بارانی زۆر و ئاوهەوای فێنكە , ناوچەیەكی بە بەرەكەتە بۆ بەروبوومی دێمی , چاخی كشت و كاڵی سەرەتایی لە نزیك 10 هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە لە كوردستان , چەمچەماڵ – چەرمو – چەم ڕێزان سەری هەڵداوە . یەكەم ئاوەدانی لە شێوەی گوندی كشت و كاڵی لە كوردستانەوە سەری هەڵدا 3 .
لە مێژوودا كشتوكاڵ و بازرگانی لە پێشەوەی بزاوتە ئابورییەكانی كەركووك بوونە . كەركووك وەك شار و ناوچە , گرنگی سێ لایەنەی هەبووە لە ڕابردوودا (( ناوچەیەكی كشت وكاڵی , سەرەڕێی بازرگانی , ستراتیژی شوێنی سەربازی)).
كشت و كاڵی ناوچەی كەركوك , بەشێوەی گشتی دێمییە , بەشێك لە زەوییەكەی گاسنی پێدا نەهاتبوو , هاوكات بەراویش لە دەمزێ و چەم و جۆگەلەو كانی و كارێزەكانی كراوە . دەوروبەری كەركووك بە باخی میوەو ڕەزوو كارێزە پڕ ئاوەكانی ناسراوە لای گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناس و گەشتیارەكان .
بوونی لەوەڕگەی بەرینی نایاب , ئاووهەوای گونجاوو لەبار ( نە سارد و نەگەرم) یارمەتیدەری پەروەردە كردنی بەربڵاوی مەڕوماڵات و ڕەشە وڵاخ و تەنانەت گامێش بووە لەم ناوچەیە .
لایەنێكی دیكەی گرنگی ئەم دەڤەرە , بوونی سامانی ژێر زەمینی زۆر و زەبەنی ئاوی سازگارە .
بونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لە نزیك شار , هۆكاری سەرەكییە بۆ بوونی هەر شارێك و گەشەكردنی .
كەركووك ناوچەیەكی دەوڵەمەند لە ڕووی هەبوونی ئاوەوە , پاشەكەوتێكی گەورەی سامانی ژێر زەمینی ئاوی هەیە , لەم ناوچەیە زۆر بە ئاسانی بیر دەگات بە ئاو , سەرباری بوونی ئاوی سەرزەمینی زۆر تیایدا وەك زێی بچوك , خاسە , عەرەفە , ناوچەی قۆرییە , سیروان , … كانی و كارێز و ناعورەكانی .
ئاوی خاسە سەرباری خواردنەوە , بۆ كشت و كاڵ و ئاودێری و كارپێكردنی ئاسیاوەكانی شار بەكار دەهێنرا . شوێنەكەی لە بەرزاییە , بۆیە مەترسی لافاو لە سەر شار نییە .
هەرچی لە ڕووی كەرەسەی خانوەوەیە , دەتوانیین كەركووك بە دەوڵەمەندترین شاری ناوچەكە دابنێین لەم بوارەدا , دارای خاكێكی پتەو , قوڕی جیڕو خۆڕاگر , بەردو مەڕمەڕی بەهێزە , جۆری كەرەسەی خانوو , تەمەنی خانوو و شێوەی دروستكردنی دیاری دەكات .
كەركووك دارای ئاوهەوای مام ناوەندیییە , بە پێی پێوەری ئیبن خەلدون بێت , خەڵكەكەی ویستییان لە خانووی بەردینە (( ئیبن خەلدون باوەڕی وایە خەڵكی ناوچەی ئاووهەوای مام ناوەندی خانوەكانییان بە بەرد دروست دەكەن و بەشێوەیەكی هونەرییانە دەیڕازێننەوە 4 .
كەرەسەی سەرەتایی خانوو دروستكردن لە كەركووك بریتییە : (ئاوی خاسە , گەچ , قایە , گڵی سوور , قەمیشەڵان , دیرەگ …. ).
بوونی كورەی بەرهەم هێنانی گەچ لە كەناری شاری كەركووك بە دوری نزیك بە 1-2 كم لە قەڵاوە , قایە و بەردی مەڕمەڕی سپی زۆر و زەبەن كە بەناوبانگە لە هەمان شوێن. هەروەها ڕوباری خاسە لە نزیكترین پنتی ئاوەدانیی كەركووكەوەیە , قەڵا چەند مەترێك لێوەی دوورە , سەرباری ئەوەی وەك ئاماژەمان پێیدا , نزیكی لە سەرچاوەی ئاوەوە , زوو گەیشتن بە ئاو بۆ لێدانی بیر و ناعور و كارێز .
گڵە سوورەی ناوچەی كەركووك , بەناوبانگە لە خۆراِگری و جیڕی بۆ سواق دان و پڕكردنەوەی بان خانوو , یاخود دروستكردنی خشت . تەنووری كەركووك لە هەموو عێراق و ناوچەكانیی دەوروبەرەوە دێن بۆ كڕینی , بەهۆی باشیی گڵەكەی و خۆڕاگری و جیڕی قوڕەكەی .
نزیك بوونی شار لە ناوچەی ڕەزو باخ و دارستانەكانەوە , وەك قۆرییە , چەمی زەنگەنە , سەرخاسە , قەڵاسێوكە , شێخ بزێنی خواروو سەروو , قەرەحەسەن , تازە , خورماتوو …. , هەروەها بێشەڵانی چڕ و پڕی كەنار چەم و ڕوبارەكان , دەتوانێت پێداویستیەكانی خانوو دروستكردن دابین بكات , لە داری دیرەگ و تەختەی دەرگا و پەنجەرە و قەمیش ڕێژكردنی خانوو , لە قامیش كۆلێت و كەپر دروست دەكرێت , سەری خانووی پێ دادەپۆشرێت , كەركووك ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە پیشەڵانی قامیش .
هاوكات دابینكردنی پێداویستی ماڵان و حەمامەكانی شار لە سوتەمەنی , هەروەها دەرگای ماڵان لە دار گوێزی پتەو دروست دەكران , بزماری سەرپانی گەورە بەسەرییەوە , تەنانەت بە 10 كەسی بەهێزیش ناكرایەوە .
زۆربەی شارە گەورەكان یان لەدەشتایین , یاخود كەوتونەتە قەراغ ڕوبار و دەریاوە . كەركووك كەوتۆتە ناوەندی ناوچەی گەرمیانەوە , جگە لەباربوونی كەشەكەی و بە پیتی خاكەكەی , هاوكات كەوتۆتە دەشتاییەكی پان و بەرینی ئاودارەوە , گەلی و دۆڵ و ملەی تەنگەبەر لە كەركووك نییە , بۆیە قەڵای بۆ دروستكراوە بۆ پاراستنی لە هێرشی داگیركەران , شار كەوتۆتە ناو قەڵایەكی لە گرتن نەهاتوو , لە دامێنی دەشتێكی بەرینی پڕ لە هەڵەت و تەپۆلكە , گردەكانی ستراتیژین بۆ كاروباری سەربازی , , ڕەزو باخی سەوزەی كەركووك لە وەبەرهێنانی تور و سڵق و سەوازایی بەناوبانگە لە ناوچەكە و هەموو عێراق .
پێكهاتەی جوگرافی شار , كاریگەری لەسەر قەبارەكەی دادەنێت , دەشتایی بوونی سنووری شار , هۆكاری گەورەبوونەوەیەتی بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی . كەركووك كەوتۆتە جەرگەی تەختاییەكەوە , بە هەر چوارلادا توانای گەورە بونەوە و فراوان بوونی هەیە , بە پێچەوانەی سلێمانی و ڕەواندز و ئاكرێ و ئامێدیی و …… .
هەروەها لەباربوونی ئاووهەوا , هاوكاری زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانە , تا ئاووهەوا لەبار بێت , تەندروستی هاووڵاتیان باش دەبێت و نەخۆشی كەم دەبێتەوە , هاوكات پەیداكردنی خۆراك سانا دەبێت , بۆ نموونە ئاوهەوا هۆكاری سەرەكی بوونی نەخۆشییە لە ناوچەی ئیستیوائی , كە ئەمەش بە یەكێك لە خاڵە نەگەتیفەكانی كیشوەری ئەفریكا دادەنرێت , یەكێك لە هۆكارەكانی زۆربوونی مردن و دواكەوتویی ئابوریی .
لایەنێكی دیكە بۆ درێژەدان بە ژیان و گەشەدان بە چالاكی ئابوری , بوونی سوتەمەنی و وزەیە لە نزیك شار . لە چاخەكانی ناوەڕاست , وزە بریتی بوو لە دار و پاشماوەی ئاژەڵ و ئاوو هێزی دەست و ئاژەڵ (دار و پاشماوەی ئاژەل زیانیان هەیە بۆ ژینگە) 5 .
مێژوونووسە یۆنانییەكان لەپرۆسەی (ئەلیكسەندەری گەورەدا) ئاماژە بۆ سێ شتی گرنگی ستراتیژی سەردەمە كۆنەكان دەكەن لە كەركووك ئەویش ( قەڵا, ئاگر,ڕووباری نەوت)ە 6. كەواتە كەركووك دەوڵەمەندە بە هەموو سەرچاوەكانی وزە .
وەك ئاماژەمان پێیدا , كەركووك ناوچەیەكی لەبارە بۆ پەروەردەكردنی ئاژەڵ , خەڵكی كەركووك , بە بەرفراوانی كەڵكیان لە پاشماوەی ئاژەڵ وەردەگرت بۆ سووتەمەنی ماڵان و گەرمكردنی حەمامەكان , ئەمەش زۆرجار سەرچاوەی نەخۆشییە كوشندەكان بووە لە مێژوودا . هەرچەندە دەرهێنانی نەوت لە كەركووك كۆنە , وەك گرنگترین بەشی وزە ((لە ساڵی 1639 وە نەوت بەشێوەی سەرەتایی لە كەركوك دەرهێنراوە 7 . ((یەكەم بیری نەوت لە جیهان لە ساڵی 1859 ز لێدراوە 8.
قیر لای كریستانەكان پیرۆزی خۆی هەیە , لە سواقدانی پەرستگاكان بەكاری دەهێنن . لە مێژووی كۆنیشدا بەكار هاتووە (( لە نێو گۆڕێك لە ئەشكەوتی ( شانەدەر) چەقۆیەك دۆزراوەتەوە , كە لە بەردی مەڕمەڕ دروست كراوەو مستەكەی ئێسكەو بە قیر داپۆشراوە 9. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی گرنگی بازرگانی شارەكەی زیاد كردووە.
بەم شێوەیە دەبینیین هەموو ئەو تایبەتمەندییە سروشتییانەی پێویستن بۆ دروستكردنی شار لە ناوچەیەك و گەشەكردنی , بە گوێرەی پێداویستی سەدەی 14 و پێشتریش , لە كەركووكدا بوونی هەبووە , هەر بۆیە كەركووك توانیوییەتی بەردەوامی بەخۆی بدات وەك شار و گەشەشبكات .
بوونی نەوت بەتەنها لەم سەردەمە لە كەركووكدا بەسە بۆ بوونی ئەم شارە بە ناوەندێكی گرنگی سیاسی و كاڕگێڕی . هەر نەوتە كوێتی كردووە بە شار لەو بیابانە لماوییە , دوبەیەكی دواكەوتویی كردووە بەگرنگترین شاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (( دۆزینەوەی نەوت بووە هۆی كۆبونەوەی دانیشتوان بە دەوری كۆمپانیاكان , بێجی نمونەیەكە 10 .
لە پاڵ هەموو ئەمانەی تا ئێستا ئاماژەمان پێیاندا , كەركووك مەزارگە و ئارامگەی كەسایەتی ئاینی جیاجیای تێدایە , مەڵبەندی چەندین تەریقەتی سۆفییانە بووە لە كۆنەوە , بوونی مەرقەدەكانی دانیال پێغەمبەر , ئیمام قاسم , زین العابدین لە كەركووكدا , خاڵی بەهێزن , هەروەها هۆكارن بۆ بەردەوامی دان بە كۆبونەوەی دانیشتووان لە دەورو بەریان , بە تایبەت هەردوو مەرقەدی ئیمام قاسم و زین العابدین , ساڵانە ژمارەیەكی زۆر شیعە دەچن بۆ سەردانی , ئەمەش گەشە دەدات بە گەشت و گوزاری ئاینی ناوچەكە , لە گەڵیدا بازاڕی شارەكە دەبوژێنێتەوە , بوونی خانێك بەناوی هیندی خانلەر(خانی هیندییەكان) لە كەركووكدا , كە بۆ زیارەتی شوێنە پیرۆزەكان لە هیندوستانەوە بۆی هاتوونە , باشترین بەڵگەیە بۆ بۆچونەكەمان .

بوونی قەڵا لە كەركووك
لە ڕابردوو قەڵا قەڵغانی شارە بووە بۆ بەرەو ڕوبوونەوەی هێرشبەرانی دەرەوە , بەبێ بوونی قەڵا و بورج شار ناتوانێت بەرەو ڕووی سوپای زۆر و زەبەنی هێرش بەران ببێتەوە , شار بەرامبەر بە هەڕەشەی دەرەوە , دەبێت پارێزراو بێت بە شورای قایمكراوو و قەڵای قایم .
بۆ بەرەو ڕوبونەوەی مەترسی دەرەوە , دروستكردنی قەڵا پێویستی سەرەكی بوو بۆ درێژەدان بە ژیان ,(( قەڵا لە توانای سەربازی شار زیادەكات وتوانای بەرگری دەباتە سەر 11.
مرۆڤ لە چاخە كۆنەكاندا , لە سەردەمی نەبوونی پەیماننامەی نێودەوڵەتی و یاسا و ئاشتی دا , هەموو كات لە قۆناغی جەنگدا بووە بەرامبەر بە دەرەوە . دەسكەوتی جەنگ ئابوری وڵاتی دیاریكردووە , بەرهەمی نەتەوەیی وڵات بەشی زۆری لە ڕێگەی غەزەواتەكانەوە دابینكراوە , بۆ خۆ پاراستن لە كارەساتەكانی شەڕی هێرش بەران , قەڵا باشترین ئامراز بووە بە دەست گەلانەوە بۆ داكۆكی لە مانەوە . زۆربەی شارە كۆنەكان لەسەرەتادا بریتی بوونە لە قەڵایەك یاخود كەوتوونەتەوە ناو شورایەك , لەوێوە گەشەیان كردووەو پەلیان هاویشتووە و گەورە بونەتەوە , تاكو لە كۆتاییدا قەڵا بووە بە ناوەندی شار .
كەركووك بەهۆی شێوەی دروستكردنەكەی و چڕبوونەوەی لەناو قەڵا , قەبارەی بۆشاییەكەی نزیك بوو لە 11% , نەبوونی ڕێگاو بانی بەرین وەڵام بە پێشكەوتنی هۆیەكانی گواستنەوەو داخوازی سەردەم بداتەوە .
گرنگی پێ نەدانی قەڵا لەلایەن دەوڵەتەوە , خراپی خزمەتگوزارییەكانی , لەم دەیان ساڵەی دوایندا , دانیشتووانە دەوڵەمەندەكەی قەڵا بەرەو گەڕەكە هێمن و نوێكانی كەنار شار كۆچییان كرد , لە جێگەیان هەژاران نیشتەجێ بوونە .
لەم ساڵانەی دوایندا بەشی زۆری دانیشتووانی قەڵا , یان لەتوركمانە هەژارەكانی پێك دەهاتن , یاخود لەو جوتیارە كوردانەی لە لادێوە كۆچیان دەكرد بۆ شار , بەهۆی هەرزانی كرێ خانوو لە قەڵا دەگیرسانەوە .
لە سەدەكانی ڕابردوو , دەسەڵاتی ناوچە لە لایەن قەڵاوە بەڕیوە دەبردرا . لەو سەردەمانە وەزیفەی شار زیاتر وەزیفەیەكی سەربازی بووە , نەك وەزیفەی بەرهەم هێنان و ئابووری و كارگێڕی . بۆیە دەبینیین شارەكان بریتی بوونە لە سەربازگەیەكی گەورە : ((قەڵا لەسەرەتاوە دەزگایەكی سەربازی بووە , كاری كردووە بۆ دابین كردنی ئاسایشی ناو قەڵاو و دەوروبەرەكەی . سەرباری ئەوەی ناوەندی كارگێڕیی ناوچەكەش بووە . لەگەڵ ئەوەشدا قەڵا تایبەتمەندی شاری نەبووە , دانیشتوانەكەی بەشێوەی سروشتی لە سەربازان پێك دەهاتن , ئەو سەربازانەی كاریان بە قەڵاوە پەیوەست بووە)) 12.
قەڵای كەركوك دانیشتوانەكەی لە سەربازان و دەست و پێوەندەكانییان و هاووڵاتیان پێك دەهات كە بە بازرگانی و پیشەگەری و فەرمانبەری و كشت و كاڵی ژیان دەگوزەرێنن .
وەك باسمان كرد شارە قەڵا, ڕۆڵی بنكەی سەربازی گێڕاوە , لە زۆر كاتدا شوێنی كۆبونەوەی سەربازان و خێزانەكانیان بووە , لەو شوێنەوە پەیوەندی بە دەوڵەتی ناوەندییەوە دەكرا , قەڵای كەركووك نموونەیەكە بۆ ئەمە , ناوەندی دەسەڵاتی مەركەزی بوو لە ناوچەكەدا .
كەركووك لە كۆتایی سەدەی نۆزدەهەم هەزاران سەربازی تێدا مۆڵدرابوو بە وتەی بارۆن ئیدوارد نۆڵد (( لەبەر چەند هۆیەك توركیا بە چاوێكی تر دەیڕوانییە ئەم شارە , لێرەدا نزیك 4500 چەكداری دەوڵەتی تێدا مۆڵ درابوو 13 .
دروست بوون و گەشەی شار , یان هۆكاری سەربازی لە پشتەوە بووە هەروەك كەركووك و هەولێر بە بوونی قەڵاكەی , یاخود هۆكاری ئاینی بووە وەك نەجەف و كەربەلا , یان هۆكاری سیاسی بۆ داسەپاندنی دەسەڵات بەسەر ناوچەدا وەك بەغدا, یاخود هۆكاری ئابوری بووە وەك موصڵ و بێجی .
شاری نەجەف لە سەدەی 9 كۆچی وەك ئیبن بەتوتە دەیگێڕێتەوە ((باشترین شاری عێراقی بووە , لە ڕوی بینا سازی و ڕێك و پێكییەوە , بازاڕی باش و پاكژی هەبووە , لە ڕێگای دەرگای ئاوەدانییەوە چوینە ژورەوە , بازاڕی بەقاڵەكان و چێشتچی و نانەواكان پێشوازییان لێكردین , دوایی بازاڕی سەوزەو میوە , پاشان بازاڕی بەرگ دروو ….. 14 . كۆبونەوە لە دەوری ناوەندێكی كارگێڕی بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر خێڵەكان , سەربازگیری , باج سەندن ئەركەكانی شارن لە ڕابردوودا .
هەروەها ڕێكخستن پێویستە بۆ كۆبونەوەی دانیشتوان لە دەوری بازاڕ , بۆ ڕێكخستنی كارەكان و پاراستنی نەزم و یاسا بازارگانییەكان و ڕێ گرتن لە فێڵ و تەڵەكەبازی و دزی و تاڵان , ئەمانەش بەبێ دەسەڵات ناكرێت .
بازاڕ پێویستی بە چاودێری و باج و لێپرسینەوەو پاراستن هەیە , باج نەدان بە دەسەڵاتی مەركەزی گەورەترین بەرەنگاربونەوەو تەحەدای سیاسی بوو لە ڕابردوو . بۆ دابینكردنی هەموو ئەمانە شار پێویستی بە دەسەڵات هەیە , بەرزترین ئۆرگانی دەوڵەت لەو سەردەمە قازی قوزات و والی ولات و قائیدی قوات بووە , كە ئەمانەش لە شار دادەنیشتن , پادشاش لە پایتەخت , هەروەها زیندان وەك شوێنی لێپرسینەوە لە پێشێلییەكان بەهەمان شێوە لە شاردا هەبووە .
بوونی سەربازگە پێویستە لە هەر ناوچەیەك , لە لایەكەوە بۆ پاراستنی ناوچەكە لە داگیركاری دەرەوە , كە بەردەوام لە بەردەم هەڕەشەی هێرشدا بووە , لە لایەكی دیكەوە بۆ پاراستنی ڕێگاو بانەكان , و سەركووتی یاخی بونەوەكان . هەروەها هاوكات ناوەندی كۆكردنەوەی باجی ڕاهداری(پاراستنی ڕێگاو بان لە دزی) لە خەڵك لەو كاروانانەی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا , باكوور و باشورەوە بە شاردا تێدەپەڕین بۆ ناوچەو وڵاتەكانی دیكە .
گەشەی شار پێویستی بە دابینكردنی ئاسایش و جێگیری سیاسی , ئابوری , كۆمەڵایەتی هەیە, شەڕ هەموو كات مەترسییە بۆ سەر گەشەی شار و مانەوەی .
كەواتە لە ئەنجامدا دەتوانیین بڵێین : باشترین ئامراز بۆ پاراستنی شار , لە سەردەمی پێش پەیدا بوونی چەك و تفاقی سەربازی نوێ , بوونی قەڵایە .
هاوكات ئەو شارانەی قەڵایان نەبووە , شوراو دەرگای شارییان هەبووە , نموونە ئەسكەندەرییە لە میسر 4 دەرگای هەبووە , شەوان دەرگاكانی داخراون 15 . بەغدا بەهەمان شێوە دەرگای هەبووە , بەڵام موصڵ قەڵاو شورای پێكەوە هەبووە .
كەركووك بازاڕی ناوچەكە
شار ناوەندی بازرگانی و چالاكی ئابورییە , هەموو شمەكێكی بۆ دێت و لێوە دەرەچێت , نیشانەی شارنشینی و بەرز بونەوەی ئاوەدانییە لە ناوچە .
ژیانی لادێ سادەو ساكارە , شار شوێنی كولتوری بەكاربردنە , خەڵك بە دوای خۆشیدا دەگەڕێن , بۆیە بازاڕی بەردەوام لە گەشەكردندایە . لادێ ژیان تێیدا سادەو ئاسودە و هێمنە , بەڵام ژیانی شار جەنجاڵ و ئاڵۆزە .
كەركوك نێوەندێكی بازرگانی گەورەیە لە ناوچەكە , دەورو بەری ئاوەدانەو پڕە لە شارۆچكەو قەڵای ئاوەدانی, بازاڕی ساغكردنەوەی بەروبوومە كشتوكاڵییەكانی ناوچەكە و دەوروبەرەكەشی بووە.. . ناوەندی ناردەی خوری و مەڕوماڵات وبەروبوومی كشت و كاڵی هەرێمەكە بووە بۆ دەرەوەی ناوچەكە و وڵاتیش …. .
لە بەرزاییەكانی زاگرۆسەوە , جوتیاران بەروبوومەكانیان لە بازاڕەكەی ساغكردۆتەوە . زۆربەی ئەو بەروبومانەی دەنێردرانە دەرەوە , لەو بەروبوومانە پێك دەهاتن , توانای بەرگە گرتنی ڕێگەی دوور و, مانەوە بۆ كاتی درێژخایەن , بەرگەگرتنی سەختی ڕێگای پڕ هەوراز و نشێوییان هەبووە , وەك دانەوێڵە و خوری و پێستەو .. .
(هەروەها هەمان هەڵكەوتو وای كردوە دامەزراوە بازرگانییەكان شارەكانی كوردستان لە یەكتری بچن 16 .
لە دائیرەی مەعارفی بەریتانیدا كەركووك وەك یەكێك لە بازاڕە سەرەكییەكان كوردستان سەیركراوە 17.
لەدائیرەی معارفدا بەم شێوەیە وەسفی كەركوك كراوە : (( بنكەیەكی گرنگ و سەرەكی بازرگانییە لە كوردستان )) هەروەها دەنوسێت (( كەركوك بە بازاڕی بەرهەم هێنانی كشت و كاڵی ناوچەكە دەژمێردرێت . جێگەیەكە بۆ هەناردنی خوری و دانەوێڵەو ماڵات و نۆك و كەتیرەی بەرهەم هێنراو لە بەرزاییەكانی زاگرۆسدا 18 .
لە بەرواری 25-6- 1820 كلۆدیۆس جیمس ڕیچ , لە گەشتەكەی كوردستانیدا , كاتێك دەبێتە میوانی میری بابان لە سلێمانی , لە یاداشتەكانیدا ئەمەی خوارەوەی نوسیووە : (( شەوی ڕابردوو من و عومەر ئاغا سەبارەت بە بەرووبوومی كوردستان زۆر دواین . شاری كەركوك ئەو بازاڕەیە كە هەموو بەرووبومی ئەم بەشەی كوردستانی بۆ دەبردرێت 19 .
كەركووك جگە لەوەی بازاڕی ساغكردنەوەی بەروبوومی جوتیاران بووە , هاوكات بازاڕەكەی ناوەندی پەیدا كردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كەركووك و شارەكانی دەوروبەریش بووە , ئەمە وا دەكات بڵێین : كەركووك شارێكی بازرگانی هەرێمی گرنگ بووە لە ناوچەكە (( لە هەندێك تێبینی ڕیچدا ئەوە دەرەكەوێت گەلێك شتومەكی دەگمەن و بە بەها لە كەركوكەوە بۆ سلێمانی دەنێردرا 20 .
كەركووك پەیوەندییەكی ئابوری بەهێزی بە شاری سلێمانییەوە هەبووە , بازاڕی دووەمی خەڵكی ناوچەكە بوو , ئەمەش وایكرد خەڵكی هەردوو شار پەیوەندیی بەهێز پێكەوە ببەستن , تا ئاستی هەڵگرتنی پاش ناوی كەركووك لە لایەن بازرگانانی سلێمانییەوە (( ئەم جۆرە پەیوەندییە بەهێزە ئابوورییانە وایكرد كە هەندێك لە خانەوادە بازرگانییە ناسراوەكانی سلێمانی نازناوی (( كەركوكی – كەركوكلی)) بۆخۆیان دابنێن 21 .
هەرێمی شار , ئەو پانتاییە جوگرافیایەیە , نزیكترین بازاڕ لێوەی شاری سەرەكی هەرێمەكەیە, هەموو خەڵكی ئەو سنوورە , پەیوەندیی سەرەكییان بەو شارەوەیە و پێداویستییەكانیان لێی دابین دەكەن . كەركووك یەكێكە لە شارە هەرێمییە گرنگەكان , پانتایی جوگرافیای هەرێمی كەركووك بەرفراوان و تەختاییە , هاوكات دەوڵەمەند و بە بەرهەمە , بۆیە پەیوەندی كردن بە شارەوە سانایە , بەهۆی دەوڵەمەندی و فراوانی دەوروبەرەكەیەوە , پێویستی بازاڕی دەوڵەمەند و گەورە هەیە .
هەندێك هەرێمی شار كە دوورن لە ناوەندەوە , دانیشتوانەكەی دابەش دەبن بەسەر دوو بەش , لە نێوان دوو شار , وەك دەشتی تەقتەق و ناوچەی تەكییەی چەمچەماڵ و گوێر و سێبیران …. .
بەهۆی لە باری پێكهاتەی زەوی و كەش و هەوای هەرێمی كەركووكەوە , دەوروبەرەكەی هەموو ئاوەدان بووە بە درێژایی مێژوو , هاوكات هیچ بەربەستێكی سروشتی سەخت نەبووە لە نێوان كەركووك و هەرێمەكەی , لە یەكتریان داببڕێت و پەیوەندی سەخت بكات لە نێوانیان , بۆیە دەبینیین بەشێكی زۆری هەرێمەكە بە شارو شارۆچكەكانییەوە , تەنانەت هەرێمی شارەكان دەوروبەریش , بازاڕیی هەمیشەیی و بەردەوامیان كەركووك بووە , تەنانەت بەهۆی سەرە ڕێ بوونییەوە بۆتە بازاڕی هەرێمی شارەكانی دەوروبەریش .
بازرگانی گرنگترین فەرمانی نێوان شار و هەرێمەكەیەتی , سەرباری ئەركە كارگێڕییەكان كە لادێ بەشار دەبەستێتەوە .
جووتیار لە شاردا ئەو بەرهەمانە دەفرۆشێت كە لە بەكاربەری خۆی زیاترە , هاوكات پێداویستییەكانی ڕۆژانەی دەكڕێت , بۆیە بوونی شار و بازاڕ بۆ درێژەدان بە بزاوتی ئابوری و پێشڤەچوونی شار پێویستە , چەندە ژیان پێش بكەوێت , هێزی بەكاربەری هاووڵاتیان سەردەكەوێت , پێداویستی هاووڵاتیان دەچێتە سەر , لادێ و شار زیاتر پێویستیان بە یەكتر دەبێت . شار و لادێ لە ڕێگەی كاڵا , سەرمایە , خزمەتگوزاری , بازرگانییەوە لە یەكتر نزیك دەبنەوە .
بازاڕ هۆی سەرەكی گەورە بوونەوەی شارە , چەندە بازاڕ گەشە بكات , چالاك بێت , دەوڵەمەند بێت , ئەوەندە لق و پۆپەكانی لە كاڕگێڕی و خزمەتگوزاری لە گەڵیدا گەشە دەكەن , هاوكات پێویستی بەهێزی كاری زیاتر دەبێت بۆ پێڕا گەیشتن بەكاروبارەكانی , لە گەڵیدا ژمارەی دانیشتووان پێ بە پێی گەشەی بازاڕ دەچێتە سەر .
سەرباری ئەوەی لە دەوڵەمەندیدا نەخۆشی كەم دەبێتەوە , ئاستی تەمەن دەچێتە سەر , كۆمەڵگەی تێر كەمتر دەكەوێتە بەر هەڕەشەی نەخۆشی كوشندە .
بەهەمان شێوە , چەندە ژمارەی دانیشتووان زیاد بكات , دەبێتە هۆی گەورەبونەوەی بازاڕە كۆنەكان , هاوكات پەیدا بوونی بازاڕی تازە . واتە بازاڕ و ژمارەی دانیشتووان پەیوەندییەكی ڕاستەوانەیان لەگەڵ یەكدیدا هەیە .
لە گەڵ گەشەی بازاڕ و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان , ژمارەی خانوو و ڕێگاو بان و مزگەوت و حەمام و خان و قوتابخانەو … زیاد دەكات , بەمانەش ڕوپێوی شار گەورە دەبێتەوە , لە گەڵیدا كارگێڕییەكەی فراوان دەبێت .
بەهۆی گەشەكرنی بازاڕ و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و ئاڵۆزبوونی كارگێرییەوە , شاری كەركووك لە سنوری خۆی كە قەڵایە دەرچووە دەرەوە , لە سەرەتادا بە هەر چوارلای شاردا بە شێوەی بازنەیی گەورە بوەوە , كەركووك و هەولێر نموونەیەكن بۆ ئەم گەورە بوونەوەیە . هیچكە 17 دوكانەكەی گەڕەكی مەیدان و بازاڕی شمشێر دروستكردنەكەی نایەتوانی پێویستی شار و دەوروبەر دابین بكات , هاوكات ژمارەی خانووەكانی نایەتوانی ئەو حەشاماتە بحەوێننەوە , بۆیە شار پێویستی بە دەرچوون بوو لە ناو قەڵا .
شار یان بەشێوەی بازنەیی بەدەوری خۆیدا گەشە دەكات , بەسەر ڕێگا سەرەكییەكانی شار , یاخود بە دەوری ناوەندە بازرگانییەكاندا پەل و پۆ دەهاوێت . بۆ كەركووك لە دوو قۆناغی جودا جودادا , هەردوو شێوە گەشەكردنەكەی بەخۆوە بینییوە .
لە سەرەتادا كەركووك بە دەوری بازاڕدا , بە چواردەوری قەڵادا گەشەیكرد , لە قۆناغی دواتردا بە دەوری خۆی و ڕێگا سەرەكیەكاندا گەورە بوەوە و پەل وپۆی هاویشت , دوای ئەوەی دەورو بەری بازاڕەكان توانای پڕ كردنەوەی ئەو حەشاماتەیان نەما لە ئەنجامی بەرزی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و كۆچی جوتیاران لە لادێوە ڕوو لە شار دەستی پێكرد , لە قۆناغی ئاوابوونی دەرەبەگایەتی و سەرهەڵدانی سەرمایەداری .
شار جگە لەوەی بازاڕی ئاڵ و گۆڕی هەرێمە , هاوكات بازاڕی فرۆشتنی هێزی كاریشە لە ناوچەكە , بێكارانی هەرێمی شار بۆ پەیداكردنی بژێوی خۆیان ڕووی تێدەكەن , بۆیە پنتی گیرسانەوە كۆچی بێكارانی هەرێمە .
كارە گرنگەكانی ڕابردوو لە شار بریتی بوون لە : بیناسازی , پێستەسازی , دەبەخانە ( سركە- عەرەق – ترشیات ) دروستكردن , هەروەها بەرهەمی ئاژەڵداری و هەویركاری .
لە سەرەتادا ناوچەی نیشتەجێ بوون , ناوچەی بازرگانی و پیشەسازی لە شاردا هەموو تێكەڵ بوون , بەڵام لە قۆناغەكانی دوواتردا بە گەورەبوونەوەو مۆدێرن بوونی شار , ئەو كەرتانە لەیەكتر جیاكرانەوە , گەڕەك و ناوچە پیشەسازییەكان دەركرانە دەرەوەی شار .
چینە كۆمەڵایەتییەكان لە شاردا , بە دەوری یەكتردا جەمسەر دەبەستن , گەڕەكەكان لەسەر بنچینەی چینایەتی , هەندێك جار لەسەر بنچینەی پیشەیی دابەش دەبن , جەماوەری شار دابەش دەبن بەسەر گەڕەكی میللی( هەژارنشین و مام ناوەندی) , هەروا هاووڵاتیانی ناو كۆلێت و چینكۆكان , لە لایەكی دیكەوە گەڕەكی ڕاقی قەراغ شارەكان . ئەم گەڕەكانە( بە تایبەت گەڕەكە دەوڵەمەند نشینەكان) سنوری نەتەوەیی لە شارێكی فرەنەتەوەیی وەك كەركووك دەبەزێنن , شێوەی سەرو نەتەوەیی بەخۆوە دەگرێت .
بازاڕی شار
كەركووك شارێكی سەرە ڕێی بازرگانی بووە لە مێژوودا , ئەمەش وای كردووە گرنگی ئابوری تایبەتی خۆی هەبێت .
پەیوەندی نێوان بەغدا – كەركوك لە چاخە سەرەتاییەكانی ئیسلامدا لاواز بوو . لەو سەردەمە ڕێگای بەغدا – كفری – داقوق – ئەربیل زۆر بە كەمی بەكار دەهێنرا 22, لە بەرامبەردا ڕێگای موصڵ سامەڕا بەغدا زیاتر بەكار هاتووە , دیارە گرنگی ڕۆڵی ئابووری شاری موصڵ هۆكاری ئەمە بووە .
ڕێگای ئەربیل – ئاڵتون كۆپری- دێی شاقرد , قەڵای كەرخینی(كەركەك) –داقوق- قەڵای خورماتوو- بەغدا , تەیمور لەنگ دووجار پێیدا تێ پەڕیووە , یەكەم جار لە ساڵی 1394 . هەروەها شاە محەمەد بن قەرە یوسف لە ساڵی 1411 ز هەمان ڕێگای بڕیووە 23 .
پردێ لە سەدەی 16ەدا هەبوو , كاتێك گەشتیاری ئەوروپی لئون رالوف بینیوییەتی , ناوی ناوچەكەی بە پردێ نوسیووە 24
بەڵام بە شێوەی گشتی ئەم ڕێگایە , سەرباری بوونی ڕێگەی موصڵ – سامەڕا – بەغدا یەكێك بووە لە ڕێگا گرنگە پڕ بایەخەكانی بازرگانی لە ناوچەكە . لە نێوان هەردوو دەوڵەتی ئێران و عوسمانی , شەنگار- موسڵ – هەولێر – پردێ- كەركوك –داقوق – كفری- خانەقین – مەندەلی- كرماشان , یاخود بۆ بەغدا . دواتریش بە هاتنی ئینگلیزەكان و پێشڤەچوونی هۆكارەكانی گواستنەوە و پەیوەندی ئەم گرنگییەی لە دەست نەدا , بەڵكە بەهۆی سنوری بوونی ناوچەكەوە , گرنگی زیاتری پەیدا كرد .
((بەریتانییەكان هەوڵیاندا كەركوك و هەولێر بكەنە بنكەیەك بۆ پتەوكردنی پەیوەندی یە ئابورییەكان , بە ڕۆژئاوای ئێران – كوردستان – ئازەرباینجانەوەی ببەستن . بە مەبەستی ئەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ناوچەكانی قەفقاس و ئەو دیوو قەفقاس , كە دەكەوێتە سنوری سۆڤیەتەوە لەكار بخەن 25 .
بەهۆی سستی هۆیەكانی گواستنەوە , بوونی كەركووك وەك شاری سەرە ڕێی بازرگانی , بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر (خان)ی لێ دروست بكرێت وەك وێستگەیەك بۆ پشودان , , ئەم میوانخانەو كاروان سەرایانە , یاخود ئەم خانانە دوو ئەركیان ئەنجام دەدا , لە لایەكەوە فرۆشگاو و بازاڕی ساغكردنەوەی بەربوومی جوتیاران بوون , لە لایەكی دیكەوە وەزیفەی میوانخانەیان دەگێڕا , هاوكات شوێنی حەواندنەوەی ئاژەڵەكانیشیان بوون و باری گالیسكەو ئەسپەكانی تێدا دادەگرترا .
هەروەها سەرە ڕێبوونی كەركووك , وای دەكرد , شار بەردەوام قەرەباڵغ بێت لە نێو ئاپورەی فرۆشیار و كڕیاردا ,, بە بازرگانان و ئەو ڕێبوارانەی لە ناوچەو شار و وڵاتانی دیكەوە بە كەركووكدا گوزەریان دەكرد , بۆ شار و وڵاتانی دیكە .
خانەكان لە دوكان و ژوری خەو و حەسانەوە پێك دەهاتن , دەكەوتنە ناوەندی بازاڕەوە , زۆربەیان دوو نهۆم بوون , نهۆمی سەرەوە بۆ حەسانەوەی میوانەكان , لە ژمارەیەكی زۆر ژوور پێك دەهات , خوارەوەش وەك كۆگەی كەل و پەل و شوێنی ئەسپ و كەر و .. بەكار دەهێنران .
بە دیوی دەرەوەش لەسەر ڕێگاكان دەرگای فرۆشگاكان دەكرانەوە . تا ئێستاكەش لەبازاڕی گەورە و جووت قاوەی كەركووك , ژمارەیەك لەو خانانەی تێدا ماون بە هەمان نەخشەی كۆن .
سەرباری بوونی ژمارەیەك خان , كەركوك بە ژمارەی زۆری گەرماوەكانی دەناسرایەوە . لەبەر ئەوەی هەموو ماڵێك توانای نەبوو گەرماوی تایبەتی بۆ خۆیان دروست بكەن , ئاوو سوتەمەنی پەیداكردن بۆ گەرماو لە كەركووك سانا نەبوو , بە تایبەت لە قەڵا , هەروەها پانتایی شار ڕێگەی بەوە نادا , هەموو ماڵێك گەرماوی تایبەت بە خۆیان هەبێت , چونكە سنووری شار لە قەڵادا قەتیس مابوو , سەرباری ئەوەی لە ڕوی ئابورییەوە قازانجی زۆری هەبوو ,نەخۆش و دەوڵەمەند و سەربازو گەشتیار و بازرگان و ڕێبواران بۆی دەچوون , بۆیە ژمارەیەكی زۆر حەمام لە كەركووك دروستكران . گەرماو بە یەكێك لە لەزەتەكانی ژیان دادەنرا .
(( شاری دیمەشق 160 گەرماوی تێدابوو , لەبەر ئەوەی ماڵەكان گەرماوییان نەبوو , وتەیەك باو بوو (( نعیم الدنیا الحمام)) 26 .
مزگەوت و بازاڕ و حەمام و خانەكانی شار هەموو لە نزیكیەكترەوە بوون , كەركووك بە ژمارەی زۆری حەمام و خانەكانییەوە دەناسرایەوە .
لە شار كار دابەش دەبێت , بازاڕ سەرباری بوونی ژمارەیەك زۆر فرۆشگای وردەواڵە فرۆش , سەوزە فرۆش , قوماش فرۆش ( تەنانەت فرۆشتنی ئاورێشم و قوماشی زێڕچن ) , گەنم فرۆش , قەساب , كەباب خانە , چێشتخانە دوكانی بۆن و بەرامە و بخوڕ , , ژمارەیەك پیشەسازی سەرەتایشی تێدا بوو نموونە كاسە , گۆزە , مەشكە , شەربە , كوپە , تەنوور دروستكردن . بازاڕی توتنچی , قمچی ,قازان سپیكەرەوە, كەبابچی , قوماش فرۆش , كورتان دوور, بەرگ دوور, لێفەدوور , چەخماخچی , زێڕەنگەر, پاك كەرەوەرەی چەك , شەغرە چی , ئاسنگەر , پیشەسازی چەقۆ و خەنجەر , گاسن , پەنجەرە , قاپ و قاچاغ و سەتڵ دروستكەر, نەجاڕی سندووقی دوڵدوڵی و قاپی و پەنجەرەو ڕەفت …… دروست كەری تێدا بوو .
لە نەجەف و بەغدا و موصڵ بازاڕەكان لە یەكتری جیابوون , سەوزە فرۆش – قەساب- ئاسنگەر – نەجاڕ ….. هتد 27 . بۆ كەركوكیش ئەمە ڕاستە .
. بەشێوەی گشتی شار لەم پێكهاتانەی لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەدەم پێك دەهات : قەڵا – شورا – سەرای – زیندان – بازاڕ – خانوو – كۆڵان – مەرقەدی پیاوچاكان – قەبرستان- مزگەوت – تەكیە – خانەقا – خان – چایخانە – قوتابخانە – مەخزەن – فرۆشگا .
قەبرسان و مزگەوت گرنگی خۆیان هەبوو , گەورەیی شار بە بوونی ژمارەی ئەو مزگەوتانەی نوێژی هەینی تێدا دەكرا دیاری دەكرا , شارێكی وەك بەغدا لە سەدەی 8 كۆچی 11 مزگەوتی تێدا بوو نوێژی هەینی تێدا دەكرا 28 .
كەركووك پاش قەتیس مانەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە 45 سەدە, لە ناو قەڵا , لە دەوروبەری 3 سەدەی ڕابردوودا , سنورە كۆنەكەی خۆی دەبەزێنێت و گەورە دەبێتەوە , بە دوو ئاراستەدا گەشە دەكات , لە ڕوی ڕوپێوی شار وە ژمارەی دانیشتووان , لە خوارەوە دێینە سەر هەردوو بوار و ئاراستەكە .

گەشەكردنی كەركووك لە ڕوی پانتایی و قەبارەوە

وەك ئاماژەمان پێی دا , لە سەرەتادا زۆربەی شارەكان قەڵا شاربوون , تەواوی پێكهاتەكانی شار , لە بازاڕ و كارگێڕی و گەڕەكی نیشتەجێ بوون , دەكەوتنە ناو سنوری قەڵاوە , یاخود شورای شارەوە .
لە دەرەوەی قەڵا و شورا , ژیان لەبەر هێرشی بەردەوامی دوژمنان ئەستەم بوو , مرۆڤەكان هەموو كات لە ترسی هێرشی لە ناكاو لەسەنگەردا بوون , بۆیە لە قەڵادا ژیانیان بەسەر دەبرد . لەوێدا بەرامبەر كوشتن و تاڵان و بە كۆیلەكردن پارێزراو بوون , شاری بێ قەڵاو شورا ژیانی تێیدا گران بوو .
هاوكات قەڵا ناوەندی كارگێڕی و هێزی دەوڵەتی ناوەندیش بوو لە هەرێمەكە , قائیدی قوات و قازی قوزات و والی ولاتی لێ دادەنیشت , كە گەورەترین دەسەڵاتداری هەرێمایەتی بوون .
جوانترین پێناس بە زمانی كوردی تاكو ئێستا بۆ كەركووكی كۆن كرابێت ,بە باوەڕی من ئەم چەند ڕستەیەی خوارەوەیە : ((لە بنەڕەتدا وەك قەڵاتێكی خڕ لەسەر گردێكی چوارگۆشەیی بینا كراوەو , 120 پێ لەو دەشتانە بەرزترە كە دەوریان داوە , دەڕوانێتە دۆڵی ڕووبارۆكۆكەیەكی كەم ئاو )) 29 .
قەڵا

ڕەپێوی قەڵا 22 هكتارە , كە دەكاتە 2,2كم2 , بە بەرزایی 18 مەتر 30 . قەڵا لەم گەڕەكانە پێك هاتووە (قەڵا-مەیدان – زندان – حمام مسلم- حمام مسیح).
گەڕەكی مەیدان دەكەوێتە باكوری قەڵاوە , گەڕەكی قەڵا دەكەوێتە ناوەڕاستی قەڵاوە , گەڕەكی حەمام دەكەوێتە باشوری قەڵاوە .
دەرگاكانی قەڵا ئەمانەن (( داش قاپی , تۆپ قاپی , یەدی قزلار , حەلوچییە)) , 2 دەرگایان بەكار دەهات بۆ دەربازبوونی گالیسكە , 2شییان بۆ هاتوچۆی پیادە .
تاكو كۆتایی هەشتاكان , قەڵا لە 560 خانوو پێك دەهات , كە كۆی گشتی 4000 كەسی تێدا دەژییا .
بەكارهێنانی زەوی بۆ خانوو 42% پانتایی قەڵای گرتبوەوە .
4% خانووەكانی باش بوو .
45% خانووەكانی مام ناوەندی بوون .
8% خانووەكانی كەلەپورین .
31% خانووەكانی خراپن .
12% خانووەكانی ڕوخاون بە كەڵك دانیشتن نایەن
8% ناوچەی سەوزایی .
8% دوكان و ناوچەی پیشەگەری .
12% كۆڵان .
10% شەقام 31 .
گەورەبوونەوەی شار لە دەرەوەی قەڵا

هەندێك پێیان وایە لە سەدەی 13 دا , كەركووك لە دەرەوەی قەڵاش ئاوەدان بووە , واتە كەركووك تەنها شارە قەڵا نەبووە : (( وڵاتناسی لە مێژینە(یاقوت الحموی) كۆچكردو لە 1229ز ئاشكرای كردووە كە قەڵای كەرخینی لە دەرەوەش ئاوەدانە 32 .
یاقوت حەمەوی كە لە ساڵی 1228 كۆچی دوایی كردووە , سەبارەت بە كەركووك دەنوسێت : ( كرخینی بكسر الخا‌و المعجمە پم با‌و ساكنە ونون و یا‌و فعالە وهی قلعە فی وگا‌و من الارچ حسنە حصینە بین داقوقا و اربیل رایتها وهی علی تل عال و لها ربچ صغیر – 33 بەڵام هەندێكی دیكە پێیان وایە , لە كۆتایی سەدەی چواردەهەمیشدا كەركووك تەنها لە قەڵا پێك هاتووە (( لەسەرەتای كانونی یەكەمی 1393ز , تەیمور لەنگ گەیشتە داقوق , لەوێوە بە ئاراستەی قەڵای كەركووك هەنگاوی نا , كە گەیشتە كەركووك خەڵكی قەڵا پێشوازییان لێ كردو دڵسۆزییان بۆی دەربڕی .
قەڵاكانی كەركووك(كەرخینی) و داقوق و خورماتوو , وە ئەو گوند و شوێنانەی سەر بە ئەوان بوون , ئەمیرە كوردەكانی ناوچەكەو دەسەڵاتدارە توركمانەكان و فەرماندە سەربازییەكان حوكمڕانی بوون . وڵاتی كەرخینی و داقوق بە دەست خێڵێكی كوردەوە بوو ژمارەی پیاوەكانی لە 700كەس زیاتر بوو 34 .
وەك دەبینیین كەركووك وەك خورماتوو و داقوق , بەقەڵا ناوزەد كراوە نەك شار , ئەمەش دەربڕی ئەوەیە, كەركووك لەو كات و ساتەدا , تەنها لە قەڵا پێك هاتووە , وەك سەرجەم شارە قەڵاكانی دیكەی ناوچەكە و بگرە جیهانیش , ئەگەر پەراوێزی بچوكیشی هەبوبێت وەك ئەوەی حەمەوی ئاماژەی پێ دەدات , بەهۆی بچوكییەوە شایانی ئاماژە پێدان نەبووە , یاخود هاوین نشینی بووە بەهۆی ئەوەی كەركووك هاوینان زۆر گەرمە , بە ناچاری خەڵكەكەی بە تایبەت دەوڵەمەندەكان پەنا دەبەنە بەر گوند و ئاوەدانی و كەپرو ناوچە كشت و كاڵییەكان دەوروبەر كەركووك .
نابێت ئەوە لە یاد بكەین , لەو كاتەدا داقوق لە ڕووی ئابوری و كارگێڕییەوە , گرنگی زیاتری هەبووە لە كەركووك , بگرە كەركووك بەشێك بووە لە شاری داقوقا , بۆیە لە سەرچاوە مێژوییەكان , ئاماژەكان لەو سەردەمەدا , زیاتر بۆ سەر داقوق بووە نەك كەركووك ((كەركووك وەكو شارێك ئەو دەمە نێوی لە نێو ناواندا نەبووە , بەڵكە ئەو ناوچەیەی كە شاری كەركووكی ئێستای لێ هەڵكەوتووە لەگەڵ ناوچەكانی دەوروبەری بە چەند ناوی دیكە ناسراوە : بەناوبانگترین شاری ئەو وەختەی دەڤەری كەركووك , شاری داقوقا(داقوق) بووە * كە لە سەرچاوەكاندا تا ڕادەیەك زانیاری مێژوویی لەسەر تۆمار كراوە 35 .
((تا كۆتایی سەدەی 14 لە ڕوی كارگێڕیی و ئابورییەوە بەشێك بوو لە داقوق 36 .
لەم خشتەیەی خوارەوە , كە ئاماری داهاتی كوردستانی بەشی عوسمانییە , لە ساڵی 1349 ز ئەنجامدراوە , تیایدا ئاماژە بە داقوق كراوە نەك كەركووك , هەروەها خشتەكە دەوڵەمەندی ناوچەی كەركووك دەردەخات , كە لە دوای سنجار زۆرترین داهاتی هەبووە بۆ دەوڵەتی ناوەندی :
زەنگاباد 11500 دینار
خانەقی ن 12200
اربیل 22000
ئاكرێ 27000
داقوق 78000
سنجار 147500
ئامەد 30000 37 .
كەركووك ناوێكی تازەیە بۆ شارەكە , تاكو سەدەی پانزەهەمی زاینی , كەركووك بە قەڵای كەرخینی ناوبراوە ((بۆ یەكەم جار ناوی كەركووك بەم شێوەیەی ئێستای لەساڵی 1424-1425 ز بەكار هاتووە , لە پەرتوكی زەفەرنامەی شەرەفەدینی عەلی یەزدی 38 .
یەكەم بەكارهێنانی ناوی كەركووك لە لایەن عەلی یەزدییەوە بوو لە سەدەی 15 ی ز 39 .
وەك ئاماژەمان پێیدا , زۆر پێیان وایە , كەركووك تەنها لە قەڵایەك پێك هاتووە , تەنانەت لە سەدەی شانزەهەمیشدا (( بە گوێرەی (منمنە) یەكی مێژوویی, كە هێرشەكانی سوڵتان سلێمان قانوونی بۆسەر عێراق لە ساڵی 1525دا دەردەخات , تەنها ئاوی خاسەو قەڵا دەردەكەوێت , ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت , لەو كاتەدا شاری كەركووك تەنها لە قەڵا پێك هاتووە 40 .
هەمان نووسەر , ئاماژە بە قەبارەی شار دەكات , لە ناوەڕاستی سەدەی 16 ((بە گوێرەی بەڵگەنامەكان , كە مێژوییان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1548 , شار پێك دەهات لە 145 خانوو كە خێزانەكان تێیدا دەژیان , وە 23 خانوو سەڵتی تێدا دەژیا , سەرباری بوونی بۆیەچی و ئاش و مزگەوت لە شاردا 41 .
یەكێك لەو مزگەوتانەی ئاماژەی پێداوە , مزگەوتی ئولۆیە (( مزگەوتی ئولو لە سەر پاشماوەی كەنیسە دروستكراوە , مێژوی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 16 42 .
مزگەوتێكی گرنگی پیرۆزی دیكەی شار , مزگەوتی دانیال پێغەمبەرە ((مزگەوتی دانیال پێغەمبەر لە ڕابردوودا كەنیسە بووە , نووسینەكان سەری دەیگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی چواردە 43 .
((سوڵتان مەحمود غازان , كە حوكمی ئێران و عێراقی كردووە لە ساڵی 1295 – 1304 دا , پاش ئیسلام بوونی زۆر توندڕەو بووە , كەنیسەی كریستانەكانی كردووە بە مزگەوت , ئەگەری ئەوە هەیە ئەو كەنیسەی دانیالی كردبێت بە مزگەوت 44 .
قەڵا سەرباری دانیشتوانەكەی , شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازانیش بووە , بە هۆی ئەوەوەی شار سەنگەری پارێزگاری ناوچەكە بووە لە هێرشی تاڵانچی و داگیر كەران , بۆیە هەموو كات وەزیفەی سەربازی هەبووە . گەڕەكی ئەغالق چونكە شوێنی نیشتەجێی سەركردە سەربازییەكانی ئینكشارییەكان بووە بۆیە بە گەڕەكی ئاغالق ناوبراوە ((گەڕەكی ئاغالیق لە قەڵا شوێنی نیشتەجێی سەربازان بووە 45 .
بە هەمان شێوە گەڕەكی حەمام , بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە , چونكە حەمامێكی گەورەی تێدا بووە , گەڕەكی مەیدانیش بازاڕی لێ بووە , بازاڕی شمشێر دروستكەرەكان , هەروەها پاشماوەی 17 دوكانی لێ دۆزراوەتەوە . حەمام مەسیحیش چونكە كریستانەكانی تێدا ژیاوە … .
((كۆنترین باڵەخانە لە قەڵا , یەدی قزلەرە , كە لە5 نهۆم پێك هاتووە , نهۆمی یەكەمی زیندان بووە , بۆیە بەو گەڕەكەیان ووتووە ( زیندان) 46 .
بوونی زیندان و سوپا لە قەڵای كەركووكدا , بە مانای بوونی فەرمانداری سەربازی و قازی دێت لە قەڵادا , لەو سەرو بەندەدا ئەم دوو پلە كارگێڕییە, بەرزترین پلەی دەسەڵاتداریەتی هەرێمایەتی بوون لە پاڵ والی وڵات , ئەو كەسایەتییانە بەو پلە كارگێڕییە بەرزەوە تەنها لە شاردا دادەنیشتن , پاش ئەوەی كەركووك پلەی كارگێڕییەكەی بەرز بوەوە والیشی تێدا جێگیر بووە .
گەڕەكی ئیمام قاسم لە ناوەڕاستی سەدەی 16دا ئاوەدان بووە , دووری قەڵا لە ئیمام قاسمەوە لە دەوروبەر 1 كم ە , بۆیە دەتوانیین ئەم ئاوەدانییە بە بەشێك لە شار دابنێین ((بە گوێرەی ئەو سەرچاوانەی بە دەستمانەوەیە كە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1548 گەڕەكی ئیمام قاسم لە 21 ماڵ پێك هاتووە , بەڵام مێژووی مزگەوتی ئیمام قاسم نەزانراوە , لێ ئەوەی ڕوونە ئەم مەرقەدە لە ساڵەكانی 1614 – 1691 – 1894 چاك كراوەتەوە 47 .
مێژووی مەزارگاكا زۆر كۆنترە لە سەردەمی چاك كردنەوەی چەند جارەی , هەروەسا مەزارگای كەسایەتییەكی وەك ئیمام قاسمی پیرۆز لای شیعەكان , بە بێ ئاوەدانی نابێت لە دەوروبەرەكەی , مەزارگای كەسایەتیەكی گەورە لای مەزهەبێكی گۆڕ پەرستی وەك شیعە , پێویستە بە موەزین و خزمەتگوزاری هەیە , بەردەوام شیعەكان بۆ سەردانی هاتوونە , بوونی خانێك بە ناوی هیندلر خانی لە كەركووكدا , كە بە ناو زیارەتكەرانی هیندییەوە ناو نراوە , باشترین گەواهییە بۆ ئەم بۆچوونە .
وەك ئاماژەمان پیێدا , نووسراوەكان ئاماژە بە بوونی ئاوەدانی لە دەرەوەی قەڵا , هەروەها نەبوونی دەدەن , بابزانیین گەشتیارە بێگانەكان لەم بارەوە چی دەبێژن : ((ئۆتێر كە یەكەم گەشتیاری فەرەنسی بووە , لە ساڵی 1735 سەردانی كەركووكی كردووە , لە ساڵی 1739 دووبارە سەردانی كردۆتەوە , باسی ئەوە دەكات كەركووك شارێكی قەبارە مام ناوەندییە . هەرەها ئاماژە بە ئەوەش دەكات كەركووك لە دووبەش پێك دێت , بەشی یەكەم قەڵاكەیە و بەشی دووەمی ناوچەی دەوروپشتی قەڵایە كە بازاڕی شار پێك دەهێنێت 48 .
بە پێچەوانەی(یاقوت الحموی) و ئەو سەرچاوانەی ئاماژەمان پێیان دا , كە باس لەوە دەكەن , كەركووك لە دەرەوەی قەڵا ئاوەدان بووە , هەندێك سەرچاوەی دیكە پێیان وایە (( لە سەرەتای سەدەی 18 شاری كەركوك لەناو قەڵا قەتیس ماوە , لەدوای ئەو مێژوەوە دانیشتوان لە دەشتاییەكەی خوار قەلاوە خانویان دروست كردووە . لە ساڵی 1766 گەڕۆك كارستن نیبۆر سەردانی كەركووكی كردوەو دەڵێت: ((كەركوك دەكەوێتە دەشتاییەكی جوانی بەبەرەكەتەوە , بەڵام ئاوەدانی كەمە . تەنها كەمێك لە شارەكە لەسەر تەپۆلكەكە ماوە , تەپۆلكەكە (قەڵا) قەرەباڵغە بە دانیشتوان , شوریەكی بە قوڕ بۆ دروست كراوەو حامییەی یەنیجەری تێدایە (حامیە : بەشێك لە سووپا كە پارێزگاری لەو شارە دەكەن كە تێیدان ) ئەمە پێی دەڵێن قەڵا … . خانوەكانی ئەم قەڵایە بێ جیاوازی لەو پەڕی خراپیدان , لەناو قەڵا 3 مزگەوتی بە منارەی تێدایە . كەركوك بارەگای پاشاكانە بە پلەی (گوغتین) بەڵام پاشاكان لەناو شارەكە ناژێن , بەڵكە لە دیوەكەی دیكەی ڕوبارەكە دەژێن و ناوچەی دەسەڵاتی بچوكە 49 .
وەلێ بە پێی هەردوو سەرچاوە , كەركووك دەكەوێتە دەشتاییەكی قەشەنگی دەوڵەمەندەوە , بەڵام كەم ئاوەدانە . قەڵایەكی پڕ لە دانیشتوان , بەڵام خزمەتگوزەرانی تەندروستی لاوازە . هاوكات ئاشی زۆری تێدایە , لەوێوە ئارد لێ دەكرێت و ڕەوانەی باشوور دەكرێت .
لەبەر ئەوەی ئاوەدانییەكانی قەڵا و دەرەوەی , دابڕانێك لە نێوانییان هەبووە , هەروەها ئەو ئاوەدانیانە كۆبونەوەی چڕی دانیشتوان نەبوونە , بەڵكە چەند پوازێكی لێرەو لەوێی بچوكی دانیشتووان بوونە , بۆیە ئەو پوازە نیشتەجێیانە لای هەندێك بە بەشێك لە كەركووك دیاری نەكراوە .
كارستن نیبۆر هەر خۆی وەلامی خۆی دەداتەوە , ئاماژە بۆ ئاوەدانی لە دیوەكەی ئەوبەری شار(ئەوبەر خاسە) دەكات , ئەمە سەرباری ئەوەی مەزارگای ئیمام قاسم بوونی حەتمیی بووە لەو كات و شوێنە , ناتوانرێت هاشای لێبكرێت .
نابێت ئەوە لە یاد بكەین , لە دوای هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عەباسی , هێرشی مەغۆل و تەتەر و سەفەوییەكان بۆ سەر عێراق و ناوچەكە بە كەركووكیشەوە , زۆربەی شارەكان كەوتنە بەر شاڵاوی وێرانكردن و تاڵان و بڕۆ , ئەمەش وایكرد لە ماوەی چەندین سەدەدا , باری ئابوری – كۆمەڵایەتی – شارستانی لە ناوچەكە لە دابەزیندا بێت , شارەكان هیچ پێشڤەچونێكی وایان بەخۆوە نەبێنیبێت شایانی ئاماژە پێدان بێت .
ئەوەی لای مێژوونوسان باوە, سەردەمی خەلافەتی عوسمانی , تەنانەت دوا سەدەكانی دەسەڵاتی عەباسی , سەردەمی پوكانەوەو مت بوون بووە لە مێژووی دەسەڵاتی ئیسلامی , سەردەمی گیانەلای دەسەڵاتی ئیسلامی توركی بوو , سەدەكانی خاوبونەوەو دواكەوتن و گەندەڵی و تێكشكان و هەرەسهێنان بوو , دەوڵەت بەشێوەی سستماتیك بەرەو هەڵوەشاندنەوەو هەرەس دەچوو , بۆیە چاوەڕوانی گەشەكردنی شاری لێناكرا .
جەنگ , پەلاماردان , كاولكردن , تاڵان و بڕۆ , كۆیلەكردن , نەخۆشی , لافاو , بومەلەرزە … لە مێژوودا زۆر شارو شارۆچكەی لە مرۆڤ پاك كردۆتەوە , زۆر شاری گەورەی بچوك كردۆتەوە , زۆری دیكەی لە بنەچەوە كوێر كردۆتەوە و لەسەر نەخشە سڕیوییەتییەوە , ئەمە بۆ كەركووك دروستە .
لە خوارەوە چەند نموونەیەك دەخەمە ڕوو :
((لە ساڵی 1248ز بارانێكی زۆر باری , لادێیەكان كەوتنە ژێر ئاواوەوە , قەڵای كەرخینی ڕوخا 50 . ساڵی 1733 سەدان گولە نرا بە قەڵاوە , بەڵام داگیر نەكرا .
(( ساڵی 1743 هێزەكانی نادر شا 80 ڕۆژ كەركووكیان ئابلوقە دا , 20000 گولە تۆپی گەورەو 20000 گولە مەنجەنیقییان بە قەڵاوە نا , خەڵكێكی زۆری لێ كوژرا 51 . نادر شاە لە ساڵی 1743 كەركووكی داگیر كرد , لە ساڵی 1746 عوسمانییەكان گرتیانەوە .
ساڵی 1769 بومەلەرزە لە شاری دا , ساڵی 1821 ئێران هێرشی بۆ كەركووك كرد , قەڵایان گرت , بەڵام لە مانگی شەعبان دەركران , لە ساڵی 1822 ئاژاوەو پشێوی شاری داگرت 52 .
لەبەشەكانی داهاتوودا بە چڕی باسی بەشێك لەو نەخۆشی و ئافاتانە دەكەین , پەلاماری دانیشتووانی شاری كەركووكییان داوە , بەشێكی زۆر دانیشتووانی شارییان كوشتووە , خەڵكی كەركووكیان بە ناچاركردنی شار چۆڵ كردن كردووە .
وەلی بە باوەڕی من ئەگەر كەركووك لە دەرەوەی قەڵا بەشێوەی ڕێك و پێك و فراوان بە پاڵ قەڵایا ئاوەدان بوایە , ئەگەری ئەوە هەبوو شورای شاریان بۆی دروست بكردایە , وەك زۆر لەو شارانەی لەبڕی قەڵایان شورایان هەبووە , یاخود ئەو شارانە هەردووك قەڵاو شورایان پێكەوە هەبووە , نموونە بۆ شێوەی دووەم شاری موصڵە قەڵاو شورای پێكەوە هەبووە , ئەوەی وای كردووە بیر لە دروستكردنی شورا نەكرێتەوە بۆ ئاوەدانی دەرەوەی شار , ئەوەبووە ئاوەدانییەكان پوازی بچووكی لێرەو لەوێی دابڕاو بووە لەشار و لە یەكتر .
بوونی ئاوەدانی بچووك لێرەو لەوێ لە شێوەی پوازی بچووك بچووك لە نزیك شارەكان ئاساییە .
ئەو گوند و ئاوەدانییانەی لەو سەردەمە لە دەوروبەری كەركووك هەبوونە , بەشێك نەبوونە لە شار , بەڵام بە گەورەبوونەوەی شار , دواجار بوونە بە بەشێك لێی نموونە قۆرییە و تسن و بڵاوەیە . یاخود ئاوەدانی دەرەوەی قەڵا لەوانەیە هەر پەراوێزی ئاوەدانی ناو قەڵا بوبێت , خەڵكەكەی هەندێك لە وەرزەكانی ساڵ , بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانیان ( ئاژەڵداری , كشت و كاڵ , ئاش , درەو , كۆكردنەوەی سوتەمەنی ) لە دەرەوەی قەڵا , جێگیر بووبن بۆ ماوەیەكی دیاریكراو , یاخود ماڵ و هەواری هاوینەی دەوڵەمەندان بوبێت . دەوڵەمەندان بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی , تەنگی جێگاو , كەمی ئاو , خراپی خزمەتگوزاریی پەڕیونەتەوە ئەوپەری چەمی خاسە و تێیدا نیشتەجێ بوونە ,پاشان دەبینیین هەموو دەزگا كارگێڕییە گرنگەكان وەك قشڵەو مەجیدییە هەر لەو بەر دروست دەكرێت , دواتریش هەر بەو شێوەیە دەچێتە پێشەوە , تەواوی دەزگا كارگێڕییەكان گرنگەكانی شار دەكەوێتە ئەوبەری شارەوە .
لە سەدەی 18 بە دواوە , دەبینیین كەم كەم , دەورو بەری كەركووك , لە ڕوی ئاوادانییەوە گەشەی سروشتی لەسەرخۆ دەكات , لە دەستپێكدا بە پاڵ قەڵایا ئاوەدانی پەیدا دەبێت , قەبارەی ئاوەدانییەكان لەوە دەردەچێت مێژوونوس و گەڕیدەو گەشتیاران ئاماژەی پێ نەدەن (( لە كارگێڕی عوسمانیدا بازاڕەكان بەگوێرەی پسپۆری و جۆرەكان ڕاستەوخۆ دەوری قەڵاتە نیشتەجێ كراوەكەیان دابوو , بەڵام دایەرەو سەراكانی حكومەت لەناو قشڵەكەی كە لە لای ڕۆژئاوای ڕووبارۆكەكەوەیە دروست كرابوون بڵاوبوونەوەو 53 .
سەرباری گەڕەكی ئیمام قاسم ** و قۆرییە * و شوان * و تسن لە پێش ئەو مێژوەوە لە دوری قەڵا هەبوونە .
لێرەوە دەبینیین , بەرتەكییە بوو بە بەشێك لە ناوكی ئاوەدان كردنەوە سەرەتاییەكانی شار , لە كەركووك بە گشتی وە ڕۆژهەڵاتی قەڵا بە تایبەتی , بە دوای ئەو مێژووەدا لەسەرەتاوە شار بە دەوری قەڵادا بەرین بوەوەو پەلو پۆی هاویشت .
سەرباری ئەو ئاوەدانیانەی ئاماژەمان پێیان دا , ((تەكیەی شێخ عەبدوالڕەحمان (تاڵەبانییەكان)لە ساڵی 1706 لە دەرەوەی قەڵا دروستكرا 54 .
دانیشتووانی شار بە ئەندازەیەك زۆر بوون , بازاڕ و كارگێڕی شار بە شێوەیەك بەرفراوان بوون , شار نایتوانی هیچكە لە پانتایی قەتیس ماوی قەڵادا وەك ڕابردوو بمێننەوە , ڕوپێوی قەڵا نایەتوانی پێداویستی گەشەی بازرگانی , پیشەسازی , خزمەتگوزاری , زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان , بەرینبوونەوەی كارگێڕی دابین بكات , بۆیە شار پَویستی بە پێست گۆڕین و دەرچوونە دەرەوە بوو لە قەڵا . قەڵا نە جێگەی دروستكردنی بازاڕی نوێی هەبوو , نە دەتوانرا قەسرو قسوری نوێ و ماڵ و خان و قوتابخانە و مزگەوتی تازەی تێدا دروست بكرێت , بۆیە دەرچوونە دەرەوە لە قەڵا شۆڕشێك بوو بەسەر شار قەڵایی كەركووكدا بەرپاكرا .
(( لە قەڵا 756 خانوو هەبوو لە ماڵ و مزگەوت و تەكیە , لە 3 گەڕەك پێك دەهات , بەشی باكور ناوی مەیدانە , گەڕەكی ئاغالق لە ناوەڕاست و حەمام مسلم یان زیندان لە باشوور 55 .
هیچی دی كەركووك لە توانایدا نەما لە قەبارەو شێوازی كۆندا بمێنێتەوە , وەڵام بە زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و پێشكەوتنە ئابوری وكۆمەڵایەتی وفەرهەنگییەكان بداتەوە ((دانیشتوانی قەڵات بۆ دەرەوەیان گواستەوەو لە ڕواڵەتەكانی شارستانی ئەوروپی نزیكبوونەوە كە دەستیكرد بە باڵكێشای بەسەر لای ڕۆژئاوای ڕووبارۆكۆكەكە دوای ئەوەی كۆچبەرەكان تێیدا نیشتەجێبوون و زۆربەیان لە مەسیحییەكان بوون 56 .
هەرچەندە گەشەی شار لە سەدەی 18 و 19 لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست , زۆر بە سستی و لەسەرخۆیی دەچووە پێشەوە , لە چاو ڕۆژئاوا , كە بە دوای شۆڕشی پیشەسازی , گەشەی گەورەی كرد , كەركووكیش وەك شارەكانی دیكەی ناوچەكە گەشەی گەورەی بەخۆوە نەبینی (( كەركوك شارە جوانەكە زۆر نەگۆڕا لە دوو سەدەی دوایندا 57 .
نابێت ئەوە لە یاد بكەین كە كەركوك بە درێژایی ماوەی ململانێی نێوان عوسمانی و سەفەوی , بە دابڕاوی و فەرامۆشكراوی مایەوە , گرنگی پێ نادرا , چونكە خاڵی تەماس و بەروڕوبونەوە و بەرەی پێشەوەی جەنگ بوو لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتە , لەگەڵ لەشكر كێشان و داگیر كردندا بە شێوەی ئاسایی شار دەبوو بە وێرانە .
لە كۆتایی سەدەی 18 ەوە , كەركووك بەرفراوانترین قۆناغی بەرین بونەوەی بەخۆوە بینی لە مێژووی خۆیدا , لە دوای دروستكردنییەوە تاكو ئەو كات . بازاری فراوان و مۆدێرن ( قەیسەری) , مزگەوتی نوێی ڕەنگاوڕەنگی لێ دروست دەكرێت , گەڕەكەكانی هاووڵاتیانیش دەرە چنە دەرەوەی قەڵا بۆ پێدەشتەكانی دامێنی قەڵا (( حەلواچییەكان و مزگەوتی غەوس دروستكردنیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1780 58 .
لە ساڵی 1759 قوتابخانەی غەوسییە لە گەڕەكی حەلواچییەكان دروستكرا 59 . لە ساڵی 1790 ز قوتابخنەی مەیدان دروستدەكرێت 60 .
لە دوای حەلواچییەكان , بە دووری چەند مەترێك لە قەڵاوە , بازاڕێكی مۆدێرن بە گوێرەی ئەو كات , كە بازاڕی داخراوی قەیسەرییە درووست دەكرێت , هەرچەندە قەیسەری كەركووك لە چاو بەشێك لە شارەكانی تر زۆر درەنگ دروستكرا , نموونە لە شاری موصڵ چەند سەدە لەوەپێش قەیسەری هەبووە , دروستكردنی قەیسەری بەدوایدا قشڵە , گەورەترین ئینجازی خانە سازییە لە سەدەی 19 لە كەركووك دا , سیمایەكی نوێیان بە شارەكە بەخشی , شەقییان لە قەڵابوونی شار وەشاند .
سەرباری ئەوەی بازاڕی قەیسەری بەو ژمارە زۆرەی دوكانەوە , تەكانێكی گەورەی بە بازاڕی شارەكە دا , هەر بۆیە دەبینیین بە دوای دروستكردنی قەیسەرییدا , ناوچەكانی نزیكی پڕ دەبێت لەماڵ , زۆر گەڕەكی نوێ دروست دەكرێت ((قەیسەری لە ساڵی 1800 دروستكرا , 7 دەرگای بۆ دروستكرا , لە 300 دوكان پێك هات 61 .
ساڵی1804 گەشتیاری هیندی میرزا ابو تاڵب خان سەردانی كەركووكی كردووە , دەڵێت كەركووك شارێكی مەزن و مەحكەمە , خانووەكانی بە بەردو قایە دروستكراوە , زۆربەی بەرەو ڕوخان دەچن 62 .
گەڕۆكی ئینگلیزی بكنغام , دوای 4 دەیە , لە سەردانەكەی كارستن نیبور , لە ساڵی 1816 , سەردانی كەركووكی كردووە , بەم شێوەیە باسی شارمان بۆ دەگێڕێتەوە : ((كەركوك لە 3 بەش پێك دێت , هەربەشێكیان ڕوپێوێكی فراوانی هەیە , بەشی سەرەكی لەسەر تەپۆلكەیەكە كە بە تەپۆلكەكەی ئەربیل دەچێت , لەناو ئەم قەڵایە ژمارەیەكی زۆر خانوو هەیە , منارەی هەر 3 مزگەوتەكە لە خانوەكانی دیكە بەرزترن , ژمارەی دانیشتوانی لە نێوان 5-6 هەزارە . بەشی دووەمی شار , كە گرنگە بۆ پارێزگاری لە شار , ئەم بەشە ڕوپێوی فراوانتر و ژمارەی دانیشتوانیشی زۆرترە لە بەشەكانی دیكە . دەكەوێتە دەشتایی پاڵ قەڵاوە , لە وێدا خانە سەرەكییەكانی شارو چایخانەو بازاڕەكان هەیە , دانیشتوانی ئەم بەشە نزیكە لە 10000 كەسە . بەشی سێیەمی شار نیو میل لە دوو بەشەكەی دیكەوە دوورە , ئەم بەشە بچوكترین بەشە , خانووەكانیشی پەرتە , ژمارەی دانیشتوانی لە 1000 كەس تێپەڕ ناكات , بەمەش كۆی ژمارەی دانیشتوانی كەركووك لە 15000 تێپەڕ ناكات 63 . هەرسێ بەشەكەی كەركوك گەورەیە , بە پلەیەك وامان لێدەكات وا بیر بكەینەوە , بڵێین لەوانەیە یەكێك بوبێت لە ناوچە ئاوەدانەكان لەمێژوی زوودا . كەركوك هێشتا گەورەترین شاری دەشتاییەكانی ڕۆژهەڵاتی دجلەیە 64 .
لە دوای دروستكردنی بازاڕی حەلواچییەكان لە دەرەوەی قەڵا , لەتەنیشت بازاڕی گەورەی شار , بە دەوری بازاڕ و قەڵایا گەڕەكی نیشتەجێبوونیش دروست دەكرێت ((بریادی و ئاوچی و مزگەوتی نەعمان مێژووی دروستكردنیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1818 65 .
ساڵی 1812 پەرتوكخانە لە گەڕەكی موسەڵا دروستكرا , 150 پەرتووكی تێدابوو 66 .
گەڕەكە ئاوەدانەكانی خوار قەڵا , لە سەرەتادا بریتی بوون لە : (( ئیمام قاسم , ئەخی حوسێن , پریادی , چقور , ئاوچی و موسەڵا و چای , هەموییان لە دەورو بەری یەك ماوەی مێژووییدا دروستكراون 67 . لە ساڵی 1815 قوتابخانەیەك لە لایەن جولەكەكانەوە دروستكرا , بە ناوی ( موسوی مكتبی ) (( ناوەكە توركییە , ئەمەش باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی مەرج نییە , ئەو شوێنانەی ناوی توركیان هەڵگرتووە , مۆركی توركی بونیان پێوە بێت )) , ئەم قوتابخانەیە 60 قوتابی كوڕ تێیدا دەیخوێند 68 .
گەڕیدەی بەریتانی كلودیس جیمس لە ساڵی 1820 ز سەردانی لەیلانی كردووە لە 10كم ی شاری كەركووك , هاوكات سەری لە قەڵاش داوە , باس لەوە دەكات , چەند گەڕەكێك لە دەرەوەی قەڵا هەیە 69 .
گەڕیدەی بەریتانی كلودیس جیمس لە ساڵی 1820 ز سەردانی لەیلانی كردووە لە 10كم ی شاری كەركووك , هاوكات سەری لە قەڵاش داوە , باس لەوە دەكات , چەند گەڕەكێك لە دەرەوەی قەڵاكەی هەیە 70 .
بە دوای زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی شار , گواستنەوەی بازاڕی سەرەكی شار بۆ دەرەوەی قەڵا , ناوچەی خوار قەڵا دەبێتە ناوەندی ئابوری شار , بۆیە بەرفراوان دەبێت و گەشە دەكات , بازاڕی جۆراوجۆری لێ پەیدا دەبێت , بە گوێرەی كار و پیشەكانییان بازاڕەكان دابەش دەبن (( ناوچەی خوار قەڵا لە ساڵی 1822 ەوە گەشەی كرد , بازاڕ , چایخانە , خان , ماڵ , ئاسنگەر و خمچی و دارتاش و … لێ دروستكرا 71 .
هاوكات بەهۆی زۆربوونی ئاوەدانی دەرەوە , قەڵا پێویستی بە دەرگای نوێ هەبوو , بۆ پتەوكردنی پەیوەندی ناو قەڵا لەگەڵ دەرەوەی , كە بە هەر چوارلادا شار پەل و پۆی هاویشت , كار و كاسبی و چالاكییە ئابورییەكانی شاریش هەموو كەوتنە دەرەوەی قەڵا . قەڵا 4 دەرگای هەیە , دەرگای ڕۆژئاوا ( تۆپ قاپی) لە 1822 كرایەوە (( تۆپ قاپی لە ساڵی 1822 كرایەوە , بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە نزیكترین ماوەدا بگەنە سەر پردەكە 72 .
بەڵام بە گوێرەی سەرچاوەیەكی دی , لە ساڵی 1824 ز لە ڕۆژئاواوە دەرگای باش قاپی لە بەرامبەر قەڵا لە گەڵ ڕیزێك دوكان دروستكرا , هاوكات دەرگایەكی دیكە و لەگەڵ كۆمەڵێك دوكان لە بەشی ڕۆژهەڵات كرانەوە 73 . لە سەر هەر دەروازە و دەرگایەكی قەڵا كۆشكێك دروستكراوە كە دیدەوانی گورز بە دەست دەیپاراستن ,ئەم دەرگا تازانە پەیوەست بوو بە گەورەبوونەوەی شارەوە .
لە سەرەتادا وەك ئاماژەمان پێی دا گەورە بوونەوەی شار , تەنها بە دەوری قەلدا بوو . بەشێكی دەوری قەڵا ( خۆرئاوا) بەدیوی خاسەیا , بەهۆی چەمی خاسەوە , توانای گەورە بونەوەی نییە , كە لە هەندێك خاڵدا بەینی قەڵاو خاسە زۆر تەنگ دەبێتەوە بۆ چەند مەترێك , بۆیە گەورە بوونەوەی كەركووك شێوەی بازەیی بەخۆوە نەگرت .
ئەوبەر خاسە , بە تایبەت قۆریە گەشەی زۆر ناكات لە چاو بەشەكانی دی شار , بەهۆی دوری لە ناوەندی شار و نەبوونی پردی مەحكەم لە نێوان هەردوو بەشەكەی شار , پردەكە بریتی بوو لە (( پردی دارین , بە پانایی 5 مەتر , لە نێوان هەردوو پردەكەی ئێستا , بۆ گواستنەوەی گالیسكە كە ئەسپ ڕای دەكێشا بەكار دەهێنرا 74 .
خاسە شاری كردبوو بە دوی بەشی دابڕاو لە یەكتر , بە تایبەت لە زستان و بەهار كە ئاو هەڵدەستێت پەیوەندی گران دەبێت لە زۆربەی كاتەكاندا (( لە ساڵی 1822 قۆریە بچوكترین بەشی كەركوك بوو , دانیشتوانی لە 1000 كەس تێ ناپەڕی 75 .
لە ساڵی 1825 ئاشێكی گەورە, ساڵی 1826 مزگەوتی نائیب ئۆغڵی لە گەڕەكی ئاخر حوسێن , ساڵی 1836 قەرە سەرای لە گەڕەكی شاترلو كە كرا بە بارەگای دەوڵەت , ساڵی 1845 بەیوك تەكیە لە گەڕەكی بڵاخ دروستكرا ن 76 .
بە دوایدا ئاوەدان كردنەوە پەڕیوەوە بۆ ئەوبەر خاسە , دروستكردنی قشڵەو مەجیدییە لەوبەر تەكانی دا بە گەورەبوونەوەی شار لەو بەشە . دروستكردنی قشڵەو مەجیدییە (( قشلە لە قشلاق ەوە هاتووە , قش بە مانی زستان , لاق یش بە مانای شوێن دێت )) لە پاڵ قەیسەری هەنگاوی گەورە بوو بۆ بە مۆدێرن كردنی شێوەی شار و گەشەدان بە تەرزی بیناسازی لە مێژووی نوێی كەركووكدا , تەنانەت چەسپاندنی كەركووك وەك گرنگترین شاری ناوچەكە .
(( قشڵەی كەركووك لە ساڵی 1863 محەمەد نامیق پاشا دروستی كرد 77 .
((قشڵە لە ساڵی 1836 لەسەر پانتایی 15000 مەتر چوارگۆشە دروستكرا , قەسری مەجیدییە لە ساڵی 1840 دروستكرا , كە لە 70 ژور پێك دەهات , ماوەیەكی زۆر متەسڕفییە و دارایی و تاپۆو دادگای تێدا بوو , كە گرنگترین دەزگاكانی ئەو سەردەمە بوون 78 . بەم شێوەیە دەبینیین كەركووك لە پاڵ گەورە بونەوەی بازاڕ و گەڕەكەكانی , كارگێڕییەكەشی گەورە بوەوە و شێوەی مۆدێرنی بەخۆوەبینی , ئەمەش وەڵامدانەوە بوو بە پێشكەوتنەكانی ڕۆژگار .
((لە ساڵی 1870 لە پاڵ قەڵا بازاڕی گەورە دروستكرا 79 .
درووستكردنی بازاڕی گەورە , بەو پانتایی و ڕوبەرە بەرفراوانەوە , وەڵامدانەوە بوو بە پێداویستی سەردەم , لە گەورە بونەوەی شار و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و نیشتەجێ بوونی ڕەوەندەكان لە لادێكان . مەدحەت پاشا لە ساڵی 1869 هەوڵی دا , عەشیرەتەكان نیشتەجێ بكات , عەرەبەكانی ناوچەی حەویجەی كەركووك بەشێكن لەوانە .
بۆ دروستكردنی پەیوەندی بەهێز نێوان هەردوو بەری شار , كە كارگێڕی و سەربازگا كەوتبوونە بەشە نوێكەی شارەوە, بازاڕ و ئاوەدانیش بەرەكەی دیكە , دروستكردنی پردێكی بەهێز لەسەر خاسە پێویست بوو , هەر بۆیە (( لە ساڵی 1875 پردی بەردینی خاسە دروستكرا , ئەمەش بووە هۆی گەشەی بەشی دیوی قۆریە , پردەكە لە 2 – 4 – 1954 ڕوخێنرا , لە شوێنی پردەكەی ئێستا دروستكرایەوە 80 .
دەرچوونە دەرەوەی شار بۆ دەرەوەی قەڵا , بەرین بونەوەی لەهەردوو بەری خاسە , پێویستیبوونی هۆیەكانی گواستنەوەی هێنایە پێشەوە بۆ پەیوەندی و گواستنەوە , بۆیە پردی بەردینی خاسە زۆر گرنگ بوو , بۆ بەیەك بەستنەوەی هەردوو دیوی شار .
((لە ساڵی 1882 خان و چایخانە و بۆیە خانە لەسەر خاسە دروستكران 81 .
بەدروستكردنی پردی خاسە , دیوی قۆرییەو مەجیدییە گەشەی كرد , بۆیە پلەی دووەمی گەشەی شار بەرینبوونەوی قۆرییە بوو لەوبەر پردەكە . ((ساڵی 1890 قۆریە لە 3 : شاترلو , ساریكەهیە , بەگلەر پێك دەهات 82 .
((بەشە دەشتایەكەی شاری كەركوكیش (قۆریە ), سەرەتای سەدەی هەژدەیەم دەست بە ئاوەدان كردنەوەی كراوە , ناوی قۆریەش لە گوندێكی بەو ناوە وەرگیراوە 83 .
هاوكات لە پاڵ چایخانەی مەجیدییەوە ((تەكیەی سەید ئەحمەدی خانەقا , لە ساڵی 1860 لە دروستكردنی بونەوە 84 .
دروستكردنی تەكییەی سەید ئەحمەد خانەقا , كە كەسایەتییەكی كوردی بەهێزی خاوەند نفوزی هەموو ناوچەی كەركووك بوو , هەنگاوێكی گەورە بوو بۆ گەشەدان بە شار و پەیدا كردنی هژمۆنیای زیاتری كورد لە كەركووكدا , هاوكات پەیوەندی مورید و هەوادارەكانیشی بە كەركووكەوە بەهێز دەكرد .
گەداو هاووڵاتیان , جوتیار و ئاغاكان بە خۆیان و دیارییەكانیانەوە دەهاتنە خزمەت شێخ , شێخ لە لایەن ماڵباتەكەیەوە پشتیوانی لێ دەكرێت , بۆیە ئەگەر كەسایەتی بەهێزو نیشتمان پەروەر بێت , بەهۆی پەیوەندی نەرێت پارێزی باوەوە لەو سەردەمە كارایی لەسەر پارسەنگی نفوزی نەتەوەكانیش دادەنا لەشار .
كەركووك لە ساڵی 1880 پێك دەهات لە (( 4630 ماڵ , 1183 دوكان , 284 عەرەسە , 12 نانەواخانە , 12 حەمام , 64 باخچە , 68 ڕەز , … 85 .
هەرچی نووسەری ئەلبانی شەمسەدین سامییە لە لە ئەنسكلۆپیدیای عوسمانی كە لەساڵی (1896) لە چاپخانەی(میهران) لە ئیستانبۆڵ چاپ كراوە لە سەر كەركووك بەم شێوەیە نوسیوییەتی((قەڵایەك, 36 مزگەوت , 7 قوتابخانە, 15 تەكیە و زاویە, 12 خان , 1282 دوكان , 8 حەما م , پردێك , روشدییەك , 3 كەلیسای هەیە.
شارەكە بە نێو قەڵا و ئەو گەڕەكانەی لەدەوروبەر و لای راستی قەڵا درووست كراون پێك دێت . سێ لەسەر چواری دانیشتوان كوردن و بەشەكانی دیكەش لە نستوری, تورك و عارەب و هتد, پێك دێن. 760 ئیسرائیلی(خۆی نەنووسراوە یەهودی, نووسراوە ئیسرائیلی) 460 كلدانی. سەرەڕای ئەوەی كە چەند كاروانسەرایەكی بۆ بازرگانی هەیە, كشتوكاڵی بەراو هەیە و لەدەوروبەرییەوە باخی میوە هەن.لەدەوروبەری شار ئاوی كانزایی و نەوت زۆرە.
لەشار ئامێری رستن و چنینی قوماش هەیە.
لە شاردا نزیكەی 20 ئامێری رستن و چنینی قوماش هەیە.لەشار دەباغی دەكرێت و تەنانەت ئاوریشم بەرهەم دێت. ئاوی شكوفەی پرتەقاڵ دەگیرێت. لەهاوین ئاو و هەوای گەرمە. ئاو و هەوای شار فێنك و پاكە. لە شارەكەدا چەند مەقبەرەیەكی لێیە و هەندێ پیر و چاكیش قەبرەكانیان خەڵك دەچێتە سەری)) *.
بەم شێوەیە دەبینیین كەركووك لەم ماوەیەدا گەورە بونەوەیەكی فراوان بەخۆوە دەبینێت , لە دوای دروستكردنییەوە تا ئەوكات بێ هاوتا بووە .
گرنگترین قوتابخانە سەرەتاییەكانی كەركووك ئەمانەی خوارەوەن , لەگەڵ ساڵی دروستكردنی :
-قوتابخانەی غەوسییە ( حەلواچییەكان ) ساڵی 1709 .
-قوتابخانەی الایوبییە , ساڵی 1710 گەڕەكی شاترلو.
-قوتابخانەی پیشەسازی 1868 لە كۆتایی شەقامی ئەتلەس .

  • قوتابخانەی ڕشدیە ساڵی 1868 ( یەكەم قوتابخانەی نڤامی لە كەركوك دامەزرا لە گەڕەكی ئەخی حوسێن .
    -قوتابخانەی ئیبراهیم پاشا لە شاترلو ساڵی 1891 .
    قوتابخانەی نائب ئۆغلی ئەخی حوسێن 86 .

15 ساڵی یەكەمی سەدەی بیست , لە كەركووك ژیان وەك خۆی مایەوە , پاشان بەهۆی گەشەی بازرگانی و هاتنی بێگانەوە بۆ ناو عێراق , لە دوای داگیركردنییەوەلەساڵی 1918 گەشەی كرد . وەلێ لە ڕووی قەبارەو ژمارەی دانیشتووانەوە , جگە لە سەردەمی گرانی گەورە , شار هەر لە مەزن بوون و گەورە بونەوەدا بوو .
((ڕوپێوی شاری كەركوك و هەولێر لە نێوان ساڵانی 1890- 1914 بوو بە دووجاری خۆی 87 .
(( ساڵی 1920 ڕوپێوی كەركووك بوو بە 4,8كم2 88 .
بە دوای داگیركردنی عێراق لە لایەن ئینگلیزەوە . ((پۆلیسخانە لە ڕۆژهەڵاتی خاسەوە لە ئەشەك مەیدان دروستكرا , مەلهایەك ( دعارە) لە تەنیشتییەوە كرایەوە بۆ پۆلیسەكان 89 .
لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەكەم , دەست كرا بە دروستكردنی هێڵی ئاسنینی بەغدا – كەركوك . بە دوایدا ویستگەی شەمەنەفەری كەركووك دروستكرا . بوونی شەمەندەفەر و هاتنی ئۆتۆمۆبێل گەشەی بە شار دا , بوونی شەمەندەفەر و ئۆتۆمۆبێل هۆكاری گەشەی شارن , هاوكات گەشە بە پەیوەندی و بازرگانیش دەدات . ئیتر سەردەمی كۆڵانە تەسكی ئەوپەڕ داخراوی بن تاقدارەكانی بڵاخ و چقور و موسەڵا نەما , كۆڵانەكان دەبێت فراوان دروست بكرێن , چونكە ئۆتۆمبێل و عارەبانچی پێدا تێ دەپەڕن . دروستكردنی شەقامی بەرین , قەبارەی شاری گەورە كردەوە , سەرباری ئەوەی زۆر پیشەو كارگێڕی نوێی وەك پۆلیسی هاتوچۆو دوكانی فیتەری و فرۆشیاری یەدەكی ئۆتۆمۆبێل و پەنچەرچی …. لەگەڵ خۆیدا هێنا .
دەزگای پۆلیس , گومرگ , باج , یانەی وەرزشی , نەخۆشخانەی سەربازی هەموو ئەمانە پێویستی ئینگلیزەكان بوو لە عێراقدا , بۆیە سوپای ئینگلیز كەوتنە دروستكردنی ئەم دەزگایانە لە شارەكانی عێراق .
شاری كەركووك لە ڕوی كاڕگێڕییەوە لە ماوەی 4 دەیە , دوو گۆڕانكاری بەسەردا هات , ساڵی 1879 متەسەرفییەی كەركووك بوو بە بەشێك لە ولایەتی موسڵ , دوایی بوو بە ولایەتێكی سەربەخۆو لە ساڵی 1919 هەولێری لێ جیا كرایەوە 90 .
هاتنی ئینگلیزەكان سەرباری ئەوەی وەك ئاماژەمان پێی دا , بۆ پێداویستی خۆیان كەوتنە دوستكردنی دەزگا ئیداری و خزمەتگوزارییەكان , لە لایەكی دییەوە تەرزی نوێ لە خانەسازی و نەخشەی شەقامی نوێشیان لەگەڵ خۆیاندا هێنا .
لە سەردەمی داگیركەری بەریتانیاشدا ساڵی 1919 ئینگلیزەكان سەرایكی دوو نهۆمی یان لە ڕۆژئاوای شارەوە بە بەرد وقسڵ دروست كرد و بانیشیان بە ئاسن و برغو قایم كرد تا ساڵی 1972 یش هەر سەرای حكومەت بوو 91 .
پەیدابوونی خانوی چەند نهۆمی , بەكارهێنانی چیمەنتۆ و شیش و شێلمان , تەشەنەكردنی تەرزی خانووی ڕۆژئاوایی گرنگترین سیماكانی تەلارسازییە لە دوای هاتنی ئینگلیزەكان بۆ عێراق .
هەروەها دوای هاتنی ئینگلیزەكان , گرنی دان بە دیوی دەرەوە بە تایبەت باخچەی بەر دەرگا زیادی كرد , بە پێچەوانەوە لە تەرزی خانوی ڕۆژهەڵاتی گرنگی بە ناوەوە دەدرا .
بەڵام ئەك گۆڕانكارییانە تاكو دەیەكانی دوایی لەسەرخۆو بە هێمنانە دەچووە پێشەوە ((چەمەنتۆ لە چوارچێوەیەكی تەسك بەكارهێنراوە , بەهۆی بەرزی نرخەكەی و بەكارنەهێنانی لەوە پێش 92 .
كاتێك دەوڵەت كەوتە دروستكردنی خانوو بۆكارمەندانی كەرتی نەوت لەسەر تەرزی ڕۆژئاوایی , ئیتر ئەم مۆدەیە لە شاردا بڵاو بوەوە و جێكەوت ((لە سەرەتای پەنجاكان سەدان خانوو بەناوی گەڕەكی عەرەفە دروستكرا(كركوك جدیدە), زۆربەی دانیشتوانییان ئاشوری و ئەرمەن و توركمان بوون 93 .
هەروەسا بۆ وەڵامدانەوە بە پێویستی سوپای ئینگلیز لە شارەكە (( هێزەكانی ئینگلیز ئوتێلی Resthouse ییان دروست كرد . بە دوایدا لە ساڵی 1925 , ئوتێلی ئەحمەد پاڵاس لە شوێن ئوتێلی كەركوكی ئێستا دروستكرا 94 .
واتە كەركووك لە قۆناغی خانەوەگواستییەوە بۆ قۆناغی ئوتێل پاڵاس , ئەمەش هەنگاوێكی مێژوییە بۆ مۆدێرنە بوونی شار .
تێكەڵ بوونی عێراق بە جیهانەوە , ڕادیۆو تەلەگراف و تەلەفۆن و تەلەفزیۆن و سینەمای لەگەڵ خۆیدا هێنا , ئەمانەش هەموو كەركووكییان گرتەوە (( ساڵی 1940 سینەما غازی دروستكرا , لە نزیك پردی بەردین 95 .
لە ناوەڕاستی سەدەی 16ەوە وەك ئاماژەمان پێیدا , ژمارەی خانووەكانی كەركووك , تەنها لە 168 خانوو پێك دەهات , لە ناوەڕاستی سەدەی بیست و لە ماوەی 4 سەدەدا , ژمارەی خانووەكانی زیاتر لە 47,1 جار زیاد دەكات بۆ زیاتر لە 8000 خانوو .
((ژمارەی خانوەكانی خۆی لە 8000 خانویەك دەدا , ژمارەی دانیشتوانەكەشی لە 60000 كەسێك زیاترە كە زۆربەیان بەتوركی و كوردی دەدوێن 96 .
((گرنگترین شەقامی شارەكە دەژمێرن كە 18 شەقامن 97 .
گواستنەوەی قەوارەی بەرهەم هێنانی ئابوری وڵات لە كشت و كاڵەوە بۆ بەرهەم هێنانی نەوت , تەكانی گەورەی بە شار دا , بەمەش سەنگی ئابوری لە لادێوە گواسترایەوە بۆ شار ( كەركووك – موصڵ- بەسرە- بەغدا ).
((ساڵی 1952 ەوە بۆ 1955 ژمارەی 341 خانوو لە عەرەفە دروستكرا 98 .
((ساڵی 1952 ژمارەی 12 خانوو )) وە(( 1953 ژمارەی 98 خانوو )) . ((ساڵی 1954 ژمارەی 202 خانوو تەواو كرا )) (( 1955 ژمارەكە گەیشتە 341 خانوو)) 99 .
تەنها لە نێوان ساڵی 1949 بۆ 1952 , لە شاری كەركووك بە فەرمی داوای مۆڵەت بۆ دروستكردنی 705 خانوو كراوە , هەرچەندە لەو سەردەمە ڕێگری یاسایی لە بەردەم خانوو درۆستكردن هەبووە , بۆ ئەوەی جوتیاران لادێ بەجێ نەهێڵن بگوازنەوە بۆ شار .

ساڵ 1949 1950 1951 1952
كەركوك (ژ مۆڵەت) 148 162 158 237
كۆی عێراق 3347 2950 2956 4343 100 .
لە بەشەكانی داهاتوودا بە چڕی و تێرو تەسەلی لە گەشەكردنی شاری كەركووك لە نێوان ساڵانی 1947 بۆ 1957 لە هەموو بوارەكان دەكۆڵینەوە .
بەم شێوەیە كەركووك لە گەورە بونەوەی بەردەوامدا بوو لە ساڵی 1973 ڕوپێوی گەیشتە 24,7 كم2 , دوانزە ئەندازە قەبارەی قەڵا 101 .
*مەختوتەی ژمارە 2636 لە پەرتوكخانەی ئەوقافی بەغدا هەیە , لە ساڵی 1117 هیجری كەركووك بە بەلدە هاتووە , لە مەختوتەیەی دیكە كە لە 1135 هجری بە ژمارە 20629 بڵاوكراوەتەوە بە لادێ ناوی هاتووە , دیارە لەو ماوەیەدا ڕوداوو برسێتی كەركووكی گرتۆتەوە ( هویە كركوك – محمد علی قەرەداغی –ئاراس –ص8-9 ).

  • بە پێی سەرچاوەی ( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ) كارستن نیبۆر فەرەنسییە , وەلێ بە پێی سەرچاوەی 102 .
    **(( گەڕەكی ئیمام قاسم كۆنترین گەڕەكی كەركوكە 103 .
    ***(( بەگوێرەی كۆنترین سەرچاوە لە بەردەستماندایە , كە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1548 , لە گەرەكی قۆریە 70 ماڵ هەبووە , بە ئەندازەی لادێیەكی بچوك بووە 104 .
    ****((گەڕەكی شوان , شوێنەواری ماوە بەرامبەر ئەحمەد ئاغایە 105 .
    *****((تسن لە سالی 1548 لە 93 ماڵ پێك دەهات 106 .
    ****** بەڵام نوسەرێكی دیكەی توركمان پێی وایە لە 360 دوكان پێك دێت (( قەیسەری كەركوك 360 دوكانی تێدایە , 12 شوقە لەسەریەوەیە 107 . ناوبراو پێی وایە 360 دەربڕی ڕۆژەكانی ساڵ و 12 ەكە دەربڕی مانگەكانی ساڵە.
    * قشڵە ((قشلاق وشەیەكی توركییە)) .

گەشەكردنی ژمارەی دانیشتوانی شاری كەركووك

وەك پێشتر ئاماژەمان پێی دا , كەركووك شارێك بووە زۆر كەم گەڕیدەو گەشتیار و ڕۆژهەڵاتناس سەردانییان كردووە و ڕێیان تێی كەوتووە , بۆیە كەمترین زانیاری لەبەردەستدایە سەبارەت بە قەبارەی شارەكە و ژمارەی دانیشتووانی .
بۆ داریكردنی قەبارەی شارێك , دەشێت خەمڵاندنەكان زیاتر ئامانج بپێكێت , چونكە لە ئاستی دیاریكردنی گەڕەك و ڕێژەی ئاوەدانی شاردایە . بەڵام ئەم خەمڵاندنانە بۆ دیاریكردنی ژمارەی دانیشتوان ئەنجامی نادروست دەدات بە دەستەوە , چونكە بەبێ ئەنجامدانی ئامار ناتوانرێت لە ڕێگەی خەمڵاندنەوە , ژمارەی دانیشتووانی شارێك دیاری بكرێت , ئەمە لە كاتێكدا ئەو ئامارانە لە مەزەندەی ئەو كەسانە زیاتر نەبوونە . سەرباری ئەمە زۆر لەو زانیارییانەی كە هەن , لەگەڵ یەكدیدا ناكۆك دەكەونەوە . بۆیە ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان هەموو مەزەندە و قەبڵاندنی گەڕیدە و گەشتیارانە , ئەوانیش ماوەی كەم لە شارەكە ماونەتەوە , نەیانتوانییوە زانیاری تەواو لەسەر ژمارەی دانیشتووان كۆبكەنەوە .
تاكو دوای داگیركردنی عێراق لە لایەن ئینگلیزەوە , دەوڵەت هیچ جۆرە ئامارێكی نەكردووە بۆ دیاریكردنی ژمارەی دانیشتووان , بۆیە لە ڕوی زانیارییەوە لەم بوارە كەركووك هەژارە , ئەوەی هەیە و لەبەردەستدایە جێگای متمانە پێكردن نی یە .
ئاماری مۆدێرنی جیگەی متمانە , تاكو ساڵی 1947ز ئەنجام نەدراوە لە شاری كەركووك , ئەوەی هەیە گریمانەو مەزنەدەیە , نەتەوەییە بەرچاو تەنگەكان ( كورد و توركمان) ئەو وتەو ژمارانەی لە قازانجی خۆیانە بەكاری دەهێنن , ئەوانەشی بە پێچەوانەی دروشمە سیاسییەكان ئەمڕۆیانە , چاوی خۆیانی لە ئاست دەنوقێنن , ئەمڕۆ جەنگ لە سەر خاوەندارییەتی شاری كەركووك لە جەنگی ژمارەكانی ڕابردوەوە سەرچاوەی گرتووە .
گەڕۆكی ئینگلیزی بكنغام لە ساڵی 1816 , سەردانی كەركووكی كردووە , بەم شێوەیە ئاماژە بە ژمارەی دانیشتووانی شار دەدات : ((كەركوك لە 3 بەش پێك دێت , هەربەشێكیان ڕوپێوێكی فراوانی هەیە , بەشی سەرەكی لەسەر تەپۆلكەیەكە كە بە تەپۆلكەكەی ئەربیل دەچێت , لەناو ئەم قەڵایە ژمارەیەكی زۆر خانوو هەیە , منارەی هەر 3 مزگەوتەكە لە خانوەكانی دیكە بەرزترن , ژمارەی دانیشتوانی لە نێوان 5-6 هەزارە . بەشی دووەمی شار , كە گرنگە بۆ پارێزگاری لە شار , ئەم بەشە ڕوپێوی فراوانتر و ژمارەی دانیشتوانیشی زۆرترە لە بەشەكانی دیكە . دەكەوێتە دەشتایی پاڵ قەڵاوە , لە وێدا خانە سەرەكییەكانی شارو چایخانەو بازاڕەكان هەیە , دانیشتوانی ئەم بەشە نزیكە لە 10000 كەسە . بەشی سێیەمی شار نیو میل لە دوو بەشەكەی دیكەوە دوورە , ئەم بەشە بچوكترین بەشە , خانووەكانیشی پەرتە , ژمارەی دانیشتوانی لە 1000 كەس تێپەڕ ناكات , بەمەش كۆی ژمارەی دانیشتوانی كەركووك لە 15000 تێپەڕ ناكات 108 .
وەلێ كلیمانی فەرەنسی 4 دەیە دوای بیكنغام , لە ساڵی 1856ز سەردانی كەركووكی كردووە, ڕونتر پەنجە لەسەر ژمارەی دانیشتووانی شار دادەنێت ., ئەو ژمارەی دانیشتووانی شاری كەركووك دیاری دەكات بە 25000 كەس , جگە لە سەربازانی عوسمانی لە شارەكە , ئەوەش دیاری دەكات كوردەكان 75% دانیشتووانی شار پێك دەهێنن 109 .
دوای كلیمان بە 17 ساڵ , ئەندازیاری ڕوسی یوسیب تشیرنیك , كە لە ساڵانی 1872-1873 سەردانی كەركووكی كردووە , ژمارەی خەڵكی شارەكەی بە 12000-15000 دیاری كردووە . باس لەوە دەكات هەموو دانیشتوانی شارەكە كوردن , جگە لە 40 خێزانی كریستان نەبێت 110 .
لە كۆتایی سەدەی نۆزدە بەگوێرەی زانیاری بارۆن ئیدوارد نۆڵد (( كەركووك شار و ناوچەیەكی گرنگە بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە توركیا بەرچاوم كەوتن , دانیشتووانی كەركووك 17 هەزار كەسە 111 .
دوای دوو دەیە لەو گەشتەی یوسیب تشیرنیك , شەمسەدین سامی ژمارەی دانیشتوانی شاری كەركوكی لە قاموس ئەعلامی توركی بە 30000 دیاری كردووە , لێ دوای 10 ساڵ لەو مێژووە , میجەرسۆن ئەو ژمارەیە كەم دەكاتەوە بۆ نیووە .
((میجەرسۆن لە ساڵی 1907دا , 16 ڕۆژ لە یەكێك خانەكانی كەركوك ماوەتەوە , ژمارەی دانیشتوانی كەركوكی بە لانی كەم 15000 دیاری كردووە 112 .

11 ساڵ دوای گەشتەكەی مێجەرسۆن , ئەدۆنیس ژمارەی شاری كەركووكمان دەداتێ ((ئەدۆنیس : كاتێك بەریتانییەكان داگیرییان كرد ژمارەی دانیشتووانی شارەكە دەگەیشتە 25 هەزار كەس 113 .
ساڵی 1920 ژمارەی دانیشتووانی بەشی ڕاستی شاری كەركووك گەیشتە 32191 كەس , كۆی دانیشتووانی شار گەیشتە 59210 كەس 114 .
لێرەوە ئەم جیاوازییە ئاشكرایانەمان بۆ دەردەكەوێت لە دیاریكردنی ژمارەی دانیشتووانی شار , دەبینیین هەر كەسە كە سەردانی شاری كەركوكی كردووە , ژمارەیەكی داوە بە دەستەوە , ئەمەش بەهۆی ئەوەوە بووە , زانیاری درووست نەبووە لەسەر ئاماری شار .
لە لایەن دەسەڵاتدارییەتییەوە ئاماری دروست نەكراوە , تاكو ئەو بێگانانە كەڵكی لێ وەربگرن لە یاداشتنامەو نوسینەكانیان .
نەبوونی سەرژمێری دەوڵەتی و بانكی زانیاری لە شار , هۆكاری ئەم سەرلێشێوانەیە , كە بێگانەكان گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان , لە دەفتەری بیرەوەری و نوسراوەكانیان , بە مەزەندەی خۆیان ژمارەی دانیشتوانی شاری كەركووكیان دیاریكردووە , بۆیە ژمارەكان ناكۆك لەگەڵ یەكتر, ناتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت و وەك بەڵگەنامەی بە متمانە كەڵكی لێ وەربگرترێت , بكرێنە سەرچاوە بۆ توێژینەوە و یەكلایكردنەوەی كێشە مێژوییەكان و ساغكردنەوەی ناسنامەی شارەكە .
هەرچەندە هۆكار زۆر لە ئارادا بووە , بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتووان بەردەوام لە بەرزبونەوەو دابەزیندا بێت , لە گشتدا گەشە نەكات و لە شوێن خۆی ڕابوەستێت , لەوانە : گرانی , نەخۆشی , لافاو , شەر ِ, قات و قڕی …. .
سەرما و گەرما ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە زۆربوونی ڕێژەی مردن , سەرباری نەخۆشی . با چاوێك بخشێنیین , بە بەشێك بچووك , لە گرنگترین ئەو ڕوداوە سروشتیانەی , لە ماوەیەكی كوورتی مێژوییدا , لە ناوچەی كەركووك ڕویانداوە , كە بوونە بە هۆكاری مردنی بە كۆمەڵ و ماڵ وێرانی بۆ هاووڵاتییانی شارەكە . ئاكامیان بە كەمبونەوەی ژمارەی دانیشتوانی شار و چۆڵ بوون و وێران بوونی تەواو بووە , ئەمە سەرباری جەنگ و هێرشەكان , بە تایبەت هێرشی سەفەوییەكان بۆ سەر كەركووك , گرتن و مەنجەنیق بارانكردنی وەك پێشتر ئاماژەمان پێی دا ((نادر شاە لە ساڵی 1743 كەركووكی داگیر كرد , لە ساڵی 1746 عوسمانییەكان گرتیانەوە )) . یاخود ((لە ساڵی 1624 خان ئەحمەد خانی ئەردەڵان بە لەشكرێكەوە چووە سەر شارەزور و كەركوك و قەڵای كەركوكی زەوت كرد 115 .
شارەكانی عێراق و ناوچەكە لە ڕوی شێوازی دروستكردنەوە زۆر كەم و كوڕییان هەبووە , ئەم كەم و كوڕیانەش بۆتە هۆی تەشەنەكردنی نەخۆشی تیایاندا , لەوانە : (( قەرەباڵغی , پیسی , كەمی ئاوو بە تایبەت لە ناو قەڵاكان , خراپی ڕێگاو بان , بوونی گیانەوەری پیس لە شار , بەخێوكردنی ئاژەڵ لەناو ماڵان , كەمی ڕێژەی بۆشایی ناوشار و باخچەو سەوزایی , داخراوی كۆڵانە تەسكەكان , بەهۆی ئەوەوەی كۆلانە داخراوەكان فێنك بوون , هاوكات ڕەشا با نایگرتەوە , هەروەها بوونی ژێر زەمین بۆ پاراستن لە گەرما و سەرماو ڕەشەباو تكە , لەبەر بچوكی خانوو تەسكی حەوشە …. )) .
شارەكان بە گشتی و قەڵاكانییان بە تایبەت , كۆڵانەكانییان زۆر تەسك بوو , ئەمەش بە هۆی كەمی ڕوبەری شارەوە , هەروەها پاراستنیی خەڵكەكەی لە گەرمایی هەتاوی هاوین . (( كۆڵانی تەسك , خۆرەتاو نایگرێتەوە , شتی تێدا بۆگەن دەبوو , ماڵەكان پەنجەرەیان نەبوو لە نهۆمەكانی خوارەوە , تا هەوای تازە بچێتە ژورەوە , بە تایبەت ئەو ماڵانەی دەكەوتنە سەر كۆڵانەكان , كەمی ڕوپێوی شارەكان و زۆری ماڵ , وای دەكرد شوێنی باخچە لە شاردا نەبێتەوە , كۆڵانەكان پڕ بوون لەگیاندار , لە ئەسپەوە بۆ كەر و حوشتر و مانگاو مەڕو ماڵات و… گەوەڕەكانیان لە تەنیشت شوێنی ژیانی خەڵكەكەوە بوو , یان لەو خانانەی نزیك بوون لە گەڕەكەكانەوە . ئەوەی ببوە دیاردەی ئاسایی ئەو پاشماوە و پیساییانە بوو لە گەڕەكەكان هەڵدەگیران , دواتر دەكران بە سوتەمەنی بۆ حەمامەكان , دەبوونە دایانگای مێش و مەگەز و سەرچاوەی نەخۆشی 116 .
شارەكانی عێراق لە سەدەی 15 ەوە , لەهەموو خزمەتگوزارییەكی تەندرووستی بێ بەش بوون , كەوتنە بەر شاڵاوی زۆر جۆرە نەخۆشی كوشندە , لە چەشنی تاعون و كولێرا و مەلاریا و تیفۆید , لە ساڵەكانی 1689 و 1719 و 1773 و 1774 و 1776 و 1780 و 1790 و 1801 و 1827 و 1830 و 1873 و 1874 و 1875 و 1876 و 1877 و 1899 و 1901 و 1902 و … هتد .
((لەو ماوانەدا زۆر جۆر نەخۆشی عێراقیان گرتەوە . هەر یەكێك لەم نەخۆشیانە , زیانی ئابوری و مرۆیی گەورەیان لێ كەوتۆتەوە , ئەمەش بەهۆی ئەوەوەی , دەسەڵاتدارییەتی عوسمانی گرنگی نادا بە كەرتی تەندروستی 117 .
مشك و جرج , یەكێك لە هۆكارەكانی تاعوونن لە مێژوودا . كە بەرفراوانی لەو شارە قەڵا ماڵە بچوك و تاریكانەدا بڵاو ببونەوە .
گرنگترین ئەو ڕوداوانەی لە كەركووكدا هاتنە ئاراوە , ئەوەی تۆمار كراوە بریتین لە :
((لە ساڵی 1248ز بارانێكی زۆر باری , لادێیەكان كەوتنە ژێر ئاواوەوە , قەڵای كەرخینی هەرەسی هێنا 118) .
ساڵی 1744 كولە دای بەسەر ناوچەی كەركووكدا (من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
((ساڵی 1757 … ( بەهۆی كارەساتی سەرماو بەفرەوە , ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتیانی كورد گیانیان لە دەست دا , تەنانەت كەس نەبوو تەرمەكانیان بشارێتەوە 119 )
(( هەمان ساڵ ناوچەكە كەوتە بەر هێرشی بەرفراوانی كولە . سەرباری برسێتی بەهۆی پەلاماری كولەوە. لە دواییدا نەخۆشیشی هاتە سەر . مردن ئەوەندە زۆر بووە , كە فریای ناشتنی تەرمەكانیان نەكەوتن 120 ) .
ساڵی 1770 پلەی گەرما هاتە خوارەوە , بووە هۆی فەوتانی بەروبوومی كشت و كاڵ و هاتنی گرانی (من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
ساڵی 1771 جارێكی دیكە كەركووك كەوتە بەر شاڵاوی كولە , لە ئاكامدا بەروبوومی كشت و كاڵ فەوتا و گرانی لێكەوتەوە .
ساڵی 1772 تاعون كەركووكی گرتەوە كە لە ئەستەنبوڵەوە هاتبوو , ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەڵك شارەكە بەجێ بهێڵن .
ساڵی 1773 باران زۆر باری بووە هۆی زۆری بەرهەم و هەرزانی (من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
ساڵی 1785 وشكە ساڵ بوو , بووە هۆی گرانی و كەمبوونی خۆراك و برسێتی لەناو هەژاران (من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
ساڵی 1792 جارێكی دیكە وشكە ساڵ بوو , بووە هۆی گرانی و برسێتی .
ساڵی 1802 تاڵانی ناوچەی شنۆو لاجان هێنرایەوە بۆ شار , كە لە هۆزی بڵباسیان گرتبووە , دابەشكرا بەسەر دانیشتووانی شاری كەركووك ( 60000 سەر مەڕ- 2000 مانگا – 2000 گا) 121 .
(( ساڵی 1815 گرژی كەركوكی گرتەوە , چەند مانگ درێژەی كێشا 122 .
((فارسەكان لە نێوان ساڵانی 1821-1823 شارەكانی كەركوك –سلێمانی- موسڵیان داگیركرد , بەڵام بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەوە پاشەكشەیان كرد 123 .
ساڵی 1821 كولێراو زەردویی كەركووكی گرتەوە كە لە هیندستانەوە هاتبوو , نزیك 1000 كەسی لە شار كوشت , 20 ڕۆژی خایاند 124 .
ساڵی 1824 جارێكی دیكە باران كەم باری , گرانی ناوچەكەی گرتەوە , زۆركەس لە برسان مردن , ساڵی 1827 جارێكی دیكە كولێرا ژمارەیەك هاووڵاتی شارەكەی كوشت , ساڵی 1828 كولە پەلاماری شاری دا , ساڵی 1829 قات و فڕی جارێكی دیكە كەركووكی گرتەوە .
ساڵی 1830 تاعون لە تەبرێزەوە گەیشتە سلێمانی , لەوێوە بۆ كەركووك , ڕۆژانە هەزارانی دەكوشت , دەسەڵاتی عوسمانی هانای بۆ ئینگلیز برد , خەڵك لە ترسان شاریان بەجێ دەهێشت , هەواریان لە دەرەوەی شار هەڵدا 125 .
یەكێك لەو نەخۆشییە كوشندانەی لە مێژوودا كەركووكی گرتۆتەوە , تاعونەكەی ساڵی 1830 ە , تەواوی سەرچاوەكان , ئاماژە بۆ تاعونێكی سەخت دەكەن لە ساڵی 1830 , لە شاری كەركووك , زۆر سەرچاوە پەنجەیان درێژكردووە بۆ ئەم ڕشانەوە گەورەیە , هەموویان ئاماژە بە زیانە زۆر و زەبەندە گیانییەكانی دەكەن .
(( ڕشانەوەی گەورە لە ساڵی 1830(30-50%)خەڵكی كەركوكی كوشتووە . سوپای عوسمانی تەرمی مردووەكانی بە كۆمەڵ بە عەرەبانە گواستۆتەوە بۆ شوێنی ئیسكانی كۆنی ئێستا لەو شوێنە ژێر گلی كردووە 126 . بەڵام بە داخەوە ئاماری ژمارەی دانیشتووانی كەركووكمان لە پێش و پاش تاعونەكە لەبەر دەستدا نییە , تاكو قەبارەی زیانە گیانییەكانمان بۆ ئاشكرا بێت .
((لە سەپتەمبەری 1830 , نەخۆشی تاعون لە كەركوك بڵاو بوەوە 127 ) .
((ساڵی 1830 تاعون لە كەركوك بڵاو بوەوە ) .
((تاعون بەشێكی زۆری شاری وێران كرد , خەڵكی لە شار دەركرد 128 .
((تاعون و برسێتی هات , بەجارێ خەڵكی داڕزان و دوژمنی بۆ هێشتینەوە , بە جۆرێك كاتێ دزی دەكرا هەر كۆمەڵە تۆمەتەكەی دەخستە پاڵ ئەوەی تر 129 )
((دوای ئەمە نەخۆشی تاعون وڵاتی داگرتوە بە جۆرێك نیوەی دانیشتوانی شارەكەو دێهاتەكانی دەوروبەری لەناو برد 130 .
ساڵی 1832 و 1845 كولێراو تاعون جارێكی دیكە كەركووكی گرتەوە , هەر جارەی ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی شاری كوشتووە , ئەوە نییە ئەمە یەكەم و دوا نەخۆشی بووبێت , خەڵكی شاری كەركووكی بە كۆمەڵ لەناو بردبێت , لەم بوارەدا نموونەی دیكەمان زۆرە :
(( ڕشانەوەی بچوك هاوكات لەگەڵ ساڵی گرانییەكە زیانی گەورەی نەگەیاندوە 131 ) .
((لە گرانی گەورە , برسێتی و گرانی بێ ئەندازە , سەدان كەسی لە كەركوكدا لە برسێتی كوشت 132 .
مردن بە برسێتی و نەخۆشی گرانی گەورە , كاریگەری جەنگ و تاڵان و بڕۆی عوسمانییەكان بوو لە سەر خەڵك , عوسمانی دەوڵەتێكی سەربازی بوو , بۆیە بەردەوام لە جەنگدا بووە ((لە سەرەمی عوسمانییەكان خەڵك كەوتنە بەر شاڵاوی تاڵان و بڕۆ ) .
سەرباری تاڵان و بڕۆی خەڵك , باجێكی زۆریشی بە دوادا هات ((لە هەر كەرێكی بێ بار 1 فلس باج وەردەگرترا , بەڵام كەری باردار 4 فلوس باجەكەی بوو ) .
لەبەر ئەوەی سوارە پیادە باجی لەسەر نەبوو خۆی لێ دەبوارد (( خەڵك خۆیان بارەكەیان هەڵئەگرت تا 4 فلسی باجەكە نەدەن )
((لە لادێكان هەر سەرە مەڕو بزنێك 4 عانە باجی لەسەر دانرا ) .
سوپای داگیركەری ئینگلیز , هەڵوێستی عوسمانییەكانییان گرتە بەر بەرامبەر بە چەوساندنەوەی خەڵكی هەژار , درێژەیان بە سیاسەتی عوسمانییەكان دا ((ئینگلیزەكان ئاغاكانیان كردە وەكیلی خۆیان بۆ وەرگرتنی باج 133 ) .
جەنگ كاریگەری زۆری لەسەر خەڵك دانا , جگە لە مەرگی بە كۆمەڵ لە بەرەكانی شەڕ , هاوكات تاڵان و بڕۆ و گرانی و بێكاری و برسێتی و نەخۆشی لەگەڵ خۆیدا بۆ جەماوەر هێنا .
ئەم خشتەیەی لە خوارەوە دەیبینن , سەرژمێری گوندێكی كوردستانە , لە پێش جەنگ و دوای جەنگ , ئەوە دەر ئەخات , جەنگ چ كارێكی ناهەمواری كردۆتە سەر دێ یەكی بچووكی لاڕێی وەك ((تەبلا)).
پێش جەنگ لە پاش جەنگ
ژمارەی ماڵەكان 20 20
هێش و گاسنی جووت 15 10
25 ( 134) . مەڕ و بزن 35

بەم شێوەیە وەك بینیمان جەنگ , برسێتی , نەخۆشی , سستەمی زاڵمانەی كارگێڕی هۆكاری ئەوەن كە ژمارەی دانیشتووان بەرز نەبێتەوە .
ئەم ئامارانەی تاكو ئێستا پێشكەشمان كردن , وەك پێشتر ئاماژەمان پێیان دا , هەموو خەمڵاندنی خەڵكانی بێگانەیە بۆ سەرژمێری دانیشتووانی ناو شار , نەك لیوای كەركووك بە شار و لادێكان دەوروبەرەوە .
لە دوای داگیركردنی عێراق لە لایەن ئینگلیزەوە , بۆ یەكەمجار ئاماری ناو شار و دەوروبەرەكەی دێتە پێشەوە . (( ساڵی 1919 بە گوێرەی خەمڵاندنی بەریتانیا , ژمارەی دانیشتوانی كەركوك 92000 بوو , بەڵام بە گوێرەی ئاماری لیژنەی عوسبەی ئومەم ژمارەی دانیشتوانی 111650 كەس بوو , 3,6% دانیشتوانی سەرجەم عێراقی دیاری دەكرد 135 .
((ساڵی 1921-1924 , بە گوێرەی خەمڵاندنی حكومەتی عێراقی , ژمارەی دانیشتووانی لیوای كەركوك , گەیشتۆتە 111650 كەس 136 .
(( ڕاپۆرتی كۆمەڵەی نەتەوەكان (عوصبە الامم) كە لە لایەن لیژنەی تایبەتییەوە لە ناوچەكە لە كوردستانە لە ساڵانی (1922-1924)ئەنجام دراوە : ژمارەی دانیشتوانی لیوای كەركووك , گەیشتە 111,650 كەس و بە پێی نەتەوەكانیان بەم پێیە دابەش بوونە : كورد 42,5% و عەرەب 31,9% و توركمان 23,4% و ئەوانی تر 2,2%, كۆی ژمارەیان 100% 137 ) .
سەرژمێری 1925 لیوای كەركووك 138850 كەس بووە , بە گوێرەی ئاماری حكومەتی عێراق ژمارەی دانیشتووانی لیوا 136795 كەس بووە 138 .
لە ساڵی 1930دا , بۆ یەكەمجار لە مێژوودا , دەزگایەكی حكومی , ئاماری ناو شاری كەركووك دەكات , هەرچەندە پێی ناچێت ئامارەكە فەرمی و زۆر ورد بوبێت , بەڵام دەشێت تاكو ئەوكات نزیكترین ژمارەی نزیك لە ڕاستییەوە بوبێت ((ساڵی 1930 ئامارێك كە شارەوانی كەركوك پێی هەڵسا , بەگوێرەی ئەو ئامارە ژمارەی دانیشتووانی شاری كەركوك 35000 بوو 139 ) .
هیچ كام لەم سەرژمێریییانەی ئاماژەمان پێیان دا تا ئێستا بە شێوەی ڕێك و پێك و مۆدێرنانە ئەنجام نەدراون , بۆیە بازنەی كەم هێنان بەرفراوانە . دەتوانیین لە ساڵی 1947 ەوە , پشت بە سەرژمێرییەكان ببەستین , كە شێوەی فەرمی و سەرتاسەریی ئەنجامدراوە (( هەرچەندە سەرژمێری ساڵی 1947 یەكەم سەرژمێری ڕەسمییە كە دەكرێت پشتی پێ ببەسترێت , بەڵام ئەو سەرژمێرییەش دوا بە دوای شاڵاوی سوپا بۆسەر كوردستان لە سییەكان و چلەكاندا كراو ئەو دەمەش خەڵكی هوشیارییەكی ئەوتۆیان نەبوو لە ترسی باج و خزمەتی سەربازی خۆیان دەشاردەوەو خۆیان ناونووس نەدەكرد 140 ) .
((لە ساڵی 1947 لەسەر بنچینەی مۆدێرن ئامار كرایەوە , ژمارەی دانیشتوانی لیوا گەیشتە 286005 كەس كە دەیكردە 5,9% ی هەموو عێراق 141 ) .
بەڵام ناو شاری كەركووك ((ژمارەی دانیشتوانەكەشی لە 60000 كەسێك زیاترە كە زۆربەیان بەتوركی و كوردی دەدوێن 142 ) .
((ساڵی 1947 ژمارەی دانیشتووانی كەركووك 67756 كەس بوو , كە 18000 لە وانە شوێنی لە دایكبونیان شارەكانی دیكەیە 143 ) .
10 ساڵ دوای ئەو سەرژمێرییە , سەرژمێرێكی فەرمی دیكە لە ساڵی 1957 ئەنجام درا , تاكو ئێستا بە متمانە پێكراوترین سەرژمێری دیاری كراوە لە عێراق , بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەی ناسنامەی كەركووك پشتی پێ دەبەسترێت ((سەرژمێری ساڵی 1957 گونجاوترین سەرژمێرییە كە پشتی پێ ببەسترێت , چونكە لە بارودۆخێكی گونجاوتردا كراوە 144 ) .
بە گوێرەی ئەو سەرژمێرییە , ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی شاری كەركووك , گەیشتە 120402 كەس .
بەم شێوەیە دەبینیین لە ماوەی نێوان ساڵانی 1930 بۆ 1947 – 1957 ژمارەی دانیشتووانی شاری كەركووك , تەكانی بێوێنەی بە خۆوە بینیووە , لە ماوەی ئەم 27 ساڵەدا , نزیك بە 350% گەشە دەكات .
لە بەشەكانی داهاتوودا , لە گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و ئابورییەكان دەكۆڵینەوە كە لەو ماوە مێژووییەدا (1947-1957) لە كەركووكدا ڕویان داوە , لێ ئێستا بەكورتی دەتوانیین گرنگترین ئەو هۆكارانە لەم سەرە خاڵانە كورت بكەینەوە :-

  • كۆچی جوتیارانی بێكار ڕوو لە شار .
  • زۆربوونی ژمارەی لە دایك بوون و كەمبونەوەی ڕێژەی مردن .
  • بوونی كۆمپانیای نەوت لە كەركووك پێویستی بەهێزی كار .
    ((سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن , ژمارەی كۆچبەران بۆ شاری كەركووك , لە شارەكانی دیكەوە , لە نێوان 1947 – 1957, زیاتر لە 39000 كەس بووە 146 ) .
    وەك ئاماژەمان پێیدا , بەرزبوونەوەی ڕێژەی لە دایك بوون و دابەزینی ڕێژەی مردن , هۆكاری ئەم گەشەكردنەی ژمارەی دانیشتووانە , دیارە باری تەندرووستی , خۆراك , خوێندن لەو ماوەیەدا چووە سەر .
    ڕێژەی لە دایك بوون لە پارێزگای كەركووك (1957-1987) بە هەزاران
    ساڵ لە دایك بوون بە هەزار
    57-58 7,3
    60-67 19,5
    77-87 28,7 (147)
    هەرچی ڕێژەی مردنە , بە پێچەوانەی لە دایك بون لە دابەزیندا بووە :
    ڕێژەی مردن لە پارێزگای كەركووك لە ماوەی 21 ساڵدا :
    ساڵ 57- 59 60- 61 72 -73 77-78
    كەركووك 4,8 1,7 2,7 4,8
    عێراق 3,9 3,8 2,9 4,5 (148) .
    د. شاكر خەسباك لە پەرتووكی (العراق الشمالی ) بەم شێوەیە ژمارەی مردوان لە شاری كەركووك دیاری دەكات : ژمارەی مردووان ساڵی 1957(407) كەس , ساڵی 1958(796) كەس , ساڵی 1960(1072) كەس , ساڵی 1961(844) كەس , ساڵی 1962(700)كەس , ساڵی 1965(672) , ساڵی 1966(815) 149 .
    پاش 8 ساڵ لە ئاماری ساڵی 1957 , دوای گۆڕانكارییەكانی ساڵانی 1958 و 1961 و 1963 لە كوردستان و عێراق , ئامارێكی نوێ لە عێراق ئەنجام دەدرێت , ژمارەی دانیشتووانی شاری كەركووك بەم شێوەیە بەرزبوەوە :
    ((كۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای كەركوك لە ساڵی 1965 گەیشتە 473626 كەس 150 .

ڕێژەی شارنشینی لە ساڵی 1965 , لە پارێزگای كەركووك و عێراق بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
(( لە پارێزگای كەركوك ڕێژەی شارنشینی 48,5% بووە , ژمارەی دانیشتوانی ناو شاری كەركووك 167,413 كەس بووە , كە دەیكردە 36,2% دانیشتوانی سەرجەم پارێزگا . لە پارێزگای بەغدا ڕێژەی شارنشینی 51,2% , بەصرە 46,5% و سلێمانی 21% بووە لەهەمان ساڵدا 151 . , دیارە شارنشینی دژ بە لادێنشنییە , بە پێچەوانەی یەك سەردەكەون و دادەبەزن .
لێرەوە بۆمان دەرەكەوێت , ڕێژەی شارنشینی لە پارێزگای كەركووك , لە پێش پارێزگای بەصرەوەیە , هەروەها زیاتر لە دوو بەرابەری پارێزگای سلێمانی بووە لە ساڵی 1965 , كە ئەمەش لەو كات بلە پلە بەرزەكان دادەنرا لە عێراقدا .
ڕێژەی شارنشینی لە شاری كەركووك , لە ماوەی 30 ساڵ (1947-1977) بەم شێوەیەی خوارەوە لە گەشەكردندا بووە:
ساڵ ژمارەی دانیشتووان ڕێژەی شارنشینی
1947 286005 33%
1957 388462 39%
1965 473616 48%
1975 —– 51%
1977 494767 70% ( 152 ) .
هەرچی ژمارەی لادێیە , لە پارێزگای كەركووك و سەرجەم عێراق , بەم شێوەیەی خوارەوە , لە گۆڕاندا بووە لە ماوەی نێوان ساڵانی 1957 بۆ 1987 :
ساڵ كەركووك عێراق
1957 1372 14050
16996 566 1971
16975 772 1975
1987 519 9954 (153 ) .
لە كۆتایی ئەم بەشەدا , خشتەیەك لە ئامارەكانی ڕابردووی بەشێك لە ئامارەكانی ئەم بابەتی پێشكەش دەكەم , لەسەر زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی شاری كەركووك لە ماوەی سەدەو نیوێكدا :
ساڵ ئەوەی پێی هەڵساوە ژمارەی دانیشتوان
1816 بكنغام 15000
1856 كلیمان 25000
1872-1873یوسیب تشسرنیك 12000-15000
1896 شەمسەدین سامی 30000
1907 میجەرسۆن 15000
1918 ئەدۆنیس 25000
1919 بەریتانیا 92000(لیوا)
1921-1924 عێراق 111650(لیوا)
1922-1924 عصبە الامم 111650
1930 شارەوانی كەركووك 35000
1947 حكومەت 67756
1957 — 120402
1965 — 167413

سەرچاوەكان :
1- (جغرافیە المدن- صبری فارس الهیتی –2002 – عمان- در الصفا‌و –ص11-12).
2-(ئەتڵەسی كەركووك –ل32).
3-( سایتی – تجمع الفلاحین والمزارعین العراق ).
4-( ل141- عصبیەت و تیۆری دەوڵەت لە بیری ئیبن خەلدوندا – ئەلبیرت عیسا –2005- چاپخانەی ڕوون .
5-( سراب النفگ- شیرین یونس- 24-8-2005 جزیرە نیت).
6-((باسەڕە –ژمارە 123 – 13-10-2005 – كەركووك لە تەرازووی ستراتیژی پێش سەدەی بیست – ئاكۆ خالید ئەحمەد ))
7-(منگقە كركوك –د.نوری گالبانی –1995 لندن – ص 38)).
8-( حیپ یوجد نفگ فپمە صینییون – حیاە 14-9-2005).
9-(( كەركووك لە ڕوانگەی مێژوەوە – د. نوری تاڵەبانی _ باسەڕە 122 – 6-10-2005)لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە (( گە باقر – مقدمە فی تاریخ الحڤارات القدیمە –ص188)
10-(نشاە مدن العراق و تگورها – تالیف – د.عبدالرزاق عباس حسین 1973 – معهدالبحوپ والدراسات العربیە -ص71).
11-(نشاە مدن العراق و تگورها – تالیف – د.عبدالرزاق عباس حسین 1973 – معهد البحوپ والدراسات العربیە -ص71).
12-(المدینە الكوردیە –من القرن 10-13 م-فرهاد حاجی عبوش –جامعە دهوك-ل47-48).
13-((باسەڕە –ژمارە 123 – 13-10-2005 – كەركووك لە تەرازووی ستراتیژی پێش سەدەی بیست – ئاكۆ خالید ئەحمەد )).

14-(رحلە ابن بگوگە –703_779 هجری – مكتبە توفیقیە القاهرە -161).
15-(رحلە ابن بگوگە –703_779 هجری – مكتبە توفیقیە القاهرە-ص17 )
16-(كەماڵ مەزهەر – كوردستانی نوێ-ژمارە 3273).
17-.(كركوك و توابعها حكم تاریخ والچمیر –د.كمال مڤهر احمد-جز‌و اول-ص54-55).
18-(كوردستانی نوێ-ژمارە 3273- 19- 1 – 2004- كەماڵ مەزهەر ).
19- (كەماڵ مەزهەر – كوردستانی نوێ-ژمارە 3273).
20-(كەماڵ مەزهەر – كوردستانی نوێ-ژمارە 3273) .
21- (كەماڵ مەزهەر – كوردستانی نوێ-ژمارە 3273).
22-(كەماڵ مەزهەر – كوردستانی نوێ-ژمارە 3273).
23-. (كوردستانی نوێ-ژمارە 3273- 19- 1 – 2004- كەماڵ مەزهەر )
(كردستان فی قرن الپامن الهجری –د.زرار صدیق توفیق –موئسسە موكریان-2001-ص312- سەیری مجم بلدان : بەشی دوو ل38 ,- 459,310 , بەشی 4 ل 450).
24- (كركوك و توابعها حكم تاریخ والچمیر –د.كمال مڤهر احمد-جز‌و اول- (56).
25-(كوردستانی نوێ-ژمارە 3273- 19- 1 – 2004- كەماڵ مەزهەر ).
26- حمامات السوق الدمشقیە تكافح للبقا‌و من خلال السیاح والباحپین شرق الاوسگ – 7-11-‏2005)).
27-(رحلە ابن بتوتە . ص161- ص 204.) .
28- (رحلە ابن بتوتە . ص 204.) .
29-(سەنتەری برایەتی –ژمارە 20 – هاوینی 2001- كەركوك لە چەرخە كۆنەكاندا- پرۆفیسۆر -د.جەماڵ ڕەشید –ل51).
30-((التاخی 4158 تاریخ 12-1-2004 كركوك قلب كوردستان – ا.د.فۆاد حمە خورشید –فصل الپالپ )).
31- ( كركوك مدینە قرابین والگاعە والتجارە – د.جلیل عگیە).
32-(سەنتەری برایەتی- ناوچەی كەركووك لە سەردەمی عەباسییەكاندا –750-1258ز – قادر محمد ئەشكەنەیی-ل108 ).
33- د.مصگفی جواد – كركوك فی تاریخ – مجلە اهل النفگ العدد 40 لسنە 1954 ) .
34- كردستان فی قرن الپامن الهجری – د.زرار صدیق توفیق –موئسسە موكریان-2001-ص219- سەرچاوەی سەرەكی الشامی – ڤفرنامە – ص144- 145-الیزدی: ڤفرنامە , 469-1 . روچە الصفا, 222- 6,التاریخ الغیاپی , ص189)(ابن فچل اللە العمری : مسالك الابصار, 125-3 , صبح الاحشی ,375 -4).
35-( سەنتەری برایەتی –ژمارە 20 – هاوینی 2001-ناوچەی كەركووك لە سەردەمی عەباسییەكاندا 656ز-1258ز-قادر محەمەد ئەشكەنەیی –ل102).
36-(كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر – جبار قادر – الحوار المتمدن العدد 1331 – 28-9-2005).
37- (كردستان فی قرن الپامن الهجری –د.زرار صدیق توفیق –موئسسە موكریان-2001-331,332,333 –حمداللە المستوفی:نزهە القلوب ,ص42-43, 77-79 , 97-98 , 117-129 ).
38- .(كركوك : تاریخ عریق و واقع مریر – جبار قادر – الحوار المتمدن العدد 1331 – 28-9-2005).
39-( حدود كردستان الجنوبیە تاریخیا الجنوبیە تاریخیا و جغرافیا – عبدوالرقیب یوسف – گبعە الاولی 2005 – ص257).
40-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
41-. ( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
42-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
43-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
44-. (كركوك ژمارە 9 بەرواری هاوینی 2001 -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك – عبدالرقیب یوسف – ص118).
45-.( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
46-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
47-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
48-(كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر – جبار قادر – الحوار المتمدن العدد 1331 – 28-9-2005).
49-( المدینە والحیاە المدنیە – جز‌و 2 – ص 272-273). 50-( كركوك عبر التاریخ – عزیز قادر صابنجی). 51-( كركوك ژمارە 9 بەرواری هاوینی 2001 -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك – عبدالرقیب یوسف – ص 111). 52-( من حوادپ كركوك 1700م-1959م-مجات كوپر اوغلو ). 53- (( سەنتەری برایەتی –ژمارە 20 – هاوینی 2001- كەركوك لە چەرخە كۆنەكاندا- پرۆفیسۆر -د.جەماڵ ڕەشید –ل51). 54-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ). 55-( كركوك ژمارە 9 بەرواری هاوینی 2001 -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك – عبدالرقیب یوسف – ص110). 56- سەنتەری برایەتی –ژمارە 20 – هاوینی 2001- كەركوك لە چەرخە كۆنەكاندا- پرۆفیسۆر -د.جەماڵ ڕەشید –ل51)). 57-(اربعە قرون فی تاریخ العراق الحدیپ – الستر ستیفن – ترجە جعفرالخیاگ – گبعە السادسە – 1985 – ص282). 58-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ئیلاف 14-7 – 2005 ). 59-(( من حوادپ كركوك 1700 م – 1959 م- نجات كوپر اوغلو)). 60-(( من حوادپ كركوك 1700 م – 1959 م- نجات كوپر اوغلو)). 61-.( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ) .
62-(( من حوادپ كركوك 1700م01959م_ نجات كوپر اوغلو ).
63- (المدینە والحیاە المدنیە – جز‌و 2 – ص 273-274).
64-(المدینە والحیاە المدنیە – جز‌و 2 – ص 274).
65-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
66-((من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
67-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
68-(( من حوادپ كركوك بین 1700-1959ز-مجات كوپر اوغلو ).
69-.( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
70-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
71-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
72-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
73-( من حوادپ كركوك 1700م-1959م-نجات كوپر اوغلو ).
74- ((التاخی 4158 تاریخ 12-1-2004 كركوك قلب كوردستان – ا.د.فۆاد حمە خورشید –فصل الپالپ )).
75-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
76-(( من خوادپ كركوك 1700-1959 –نجات كوپر اوغلو ).
77-( كركوك عبر التاریخ – عزیز قادر صابنجی)
**.
78- ( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
79-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
80-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
81-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ئیلاف 14-7 – 2005 ).
82-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ئیلاف 14-7 – 2005 ).
83-((كەركوك –ژمارە 10-كەركوك لە مەوسوعەیەكی عێراقی ساڵی 1947دا-د.نوری تاڵەبانی ل17)).
84-( كركوك ژمارە 9 بەرواری هاوینی 2001 -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك – عبدالرقیب یوسف – ص132).
85- التاخی 4158 تاریخ 12-1-2004 كركوك قلب كوردستان – ا.د.فۆاد حمە خورشید –فصل الپالپ )).
86-( موسوعە تركمان العراق – المدارس التركمانیە فی كركوك للفترە من 1656 – 1909 – نجاە كوپر اوغلو – ئەنتەرنێت ).
87-(( المجموعە الاحصائیە السنویە العامە لسنە 1952 – مگبعە الزهرا‌و – ص 97).
88-(( التاخی 4158 تاریخ 12-1-2004 كركوك قلب كوردستان – ا.د.فۆاد حمە خورشید –فصل الپالپ )).
89-( كركوك فی عهد الاستعمار البریگانی والعهد التالی – بقلم الملا جمیل روزبیانی – ترجمە انور مندلاوی – ئەنتەرنێت ).
90- (( التاخی 4158 تاریخ 12-1-2004 كركوك قلب كوردستان – ا.د.فۆاد حمە خورشید –فصل الپالپ )).
91- ((كەركووك ژمارە 22 –23- زستانی 2004 -مێژووی هونەری بیناكاری و نەخش و نیگاری ناوچەی كەركوك لە نێوان ساڵانی 1914-1975-((مستەفا نەریمان-بیرەوەرییەكانی ژیانم –بەغدا 1994 ل13-14)) سمكۆ بەهرۆز محەمەد- ل142)).
92-((كەركووك ژمارە 22 –23- زستانی 2004 -مێژووی هونەری بیناكاری و نەخش و نیگاری ناوچەی كەركوك لە نێوان ساڵانی 1914-1975- سمكۆ بەهرۆز محەمەد-126-127)).
93-(( منگقە كركوك –د.نوری گالبانی –1995 لندن -ص 39-40)).
94-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
95-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ئیلاف 14-7 – 2005 ).
96-((كەركوك –ژمارە 10-كەركوك لە مەوسوعەیەكی عێراقی ساڵی 1947دا-د.نوری تاڵەبانی ل17-18)).
97- (كەركوك –ژمارە 10-كەركوك لە مەوسوعەیەكی عێراقی ساڵی 1947دا-د.نوری تاڵەبانی ل18.
98- ماژا فی كركوك – تالیف فهمی عرب و فاچل محمد – گبعە كركوك – ص 53).
99- (ماژا فی كركوك – تالیف فهمی عرب و فاچل محمد – گبعە كركوك – ص54).
100-(المجموعە الاحصائیە السنویە العامە لسنە 1952 – مگبعە الزهرا‌و – وزارە الاقتصاد – 101((التاخی 4158 تاریخ 12-1-2004 كركوك قلب كوردستان – ا.د.فۆاد حمە خورشید –فصل الپالپ )).954 – ص 135).
102-(( كركوك عدد 16- كركوك فی القرنیین 18-19 كما وصفها الرحالە والمستشرقون – اكو برهان محمد– ص225-232)ناوبراو ئەڵمانییە.
103-(كركوك ژمارە 9 بەرواری هاوینی 2001 -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك – عبدالرقیب یوسف – ص 130).
104-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ئیلاف 14-7 – 2005 ).
105-( گۆڤاری كەركوك ژ 8 – بەهاری 2001 – بیرەوەرییەكانم – فاتیح حەمە ڕەش ل 117 )
106-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك – د.صبحی ساعتجی – ایلاف 14-7 – 2005 ).
107-( الوجود التركمانی فی كركوك – نصرت مردان – سویسرا )
108-(المدینە والحیاە المدنیە – جز‌و 2 – ص 273-274).
109- (كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر – جبار قادر – الحوار المتمدن العدد 1331 – 28-9-2005).
110- (التركیب الاپنی لسكان كركوك خلال قرن 1850-1958 -د.جبار قادر ).
111- ((باسەڕە –ژمارە 123 – 13-10-2005 – كەركووك لە تەرازووی ستراتیژی پێش سەدەی بیست – ئاكۆ خالید ئەحمەد )).
112- (التركیب الاپنی لسكان كركوك خلال قرن 1850-1958 -د.جبار قادر ).
113- (سەنتەری برایەتی –ژمارە 20 – هاوینی 2001- كەركوك لە چەرخە كۆنەكاندا- پرۆفیسۆر -د.جەماڵ ڕەشید ( ل64).
114-((التاخی 4158 تاریخ 12-1-2004 كركوك قلب كوردستان – ا.د.فۆاد حمە خورشید –فصل الپالپ )).
115-(كورد و كەركوك – لەتیف فاتیح فەرەج – ئەنتەرنێت ).
116- (المدینە والحیاە المدنیە – جز‌و 2 – ص 278).
117- (المدینە والحیاە المدنیە – جز‌و 2 – ص 286) .
118-( كركوك عبر التاریخ – عزیز قادر صابنجی).
119-. (كەركوك –ژمارە 7پاكتاوكردنی كورد و تەعریبكردنی كوردستان لە مێژووی كۆن دا – ل 46-47).
120-(كەركوك –ژمارە 7پاكتاوكردنی كورد و تەعریبكردنی كوردستان لە مێژووی كۆن دا ل47.).
121- (من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
122- (اربعە قرون فی تاریخ العراق الحدیپ – الستر ستیفن – ترجە جعفر الخیاگ –122 گبعە السادسە – 1985 – ص 282).
123- (لوتسكی-تاریخ الاقگار العربیە الحدیپ-دارالتقدم موسكو-ص27).
124-(من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
125- ((من احداپ كركوك 1700-1959- نجات كوبرلی اوغلو ).
126- (باسەڕە ,ژمارە 9-3-2005 –ئاكۆ خالید ئەحمەد).
127-(كركوك- لمحات تاریخیە – لیلی نامق- منشورات خبات- ص40).
128- (اربعە قرون فی تاریخ العراق الحدیپ – الستر ستیفن – ترجە جعفرالخیاگ – گبعە السادسە – 1985 – ص 318).
128-(اربعە قرون فی تاریخ العراق الحدیپ – الستر ستیفن – ترجە جعفرالخیاگ – گبعە السادسە – 1985 -ص325).
129-. (گەشتەكەی فرێزەر ساڵی 1834 -ئومێد ئاشنا وەریگێڕاوە –1998 چاپخانەی تیشك -ل60 ).
130- . (( گەشتەكەی فرێزەر ساڵی 1834 -ئومێد ئاشنا وەریگێڕاوە –1998 چاپخانەی تیشك ل39 )).
131- (باسەڕە ,ژمارە 9-3-2005 –ئاكۆ خالید ئەحمەد).
132-( كركوك قی عهد الاستعمار البریگانی والعهد التالی – بقلم الملا جمیل روزبیانی – ترجمە انور مندلاوی – ئەنتەرنێت ).
133- ( كركوك قی عهد الاستعمار البریگانی والعهد التالی – بقلم الملا جمیل روزبیانی – ترجمە انور مندلاوی – ئەنتەرنێت ).
134- ( ل23-یاداشتەكانی میجەرنۆئیل لە كوردستان –وەرگێڕانی حسێن ئەحمەد جاف و حسێن عوسمان-بغداد 1984).
135- (كركوك –دراسات فی التكوین القومی للسكان-د.خلیل اسماعیل محمد- ص29 ).
136- (كركوك –دراسات فی التكوین القومی للسكان-د.خلیل اسماعیل محمد-ص8).
137- (سەنتەری برایەتی –ژمارە 20 – هاوینی 2001-كێشەی بەعەرەبكردنی كەركوك لە كۆنەوە تا ئەمڕۆ-د.ڕەفیق شوانی-ل226).
138- ((كەركووك ژمارە 22 –23- زستانی 2004 – بایەخی چیۆپۆلەتیكی پارێزگای كەركوك – پشتیوان حسێن كەریم و كارزان ئیبراهیم ساڵەح – ل6)).
139- (التركیب الاپنی لسكان كركوك خلال قرن 1850-1958 -د.جبار قادر ).
140- ( جوگرافیای هەرێمی كوردستانی عێراق –سەنتەری برایەتی- جوگرافییای دانیشتوان –د.خەلیل ئیسماعیل-ل178 ).
141 – ( كركوك –دراسات فی التكوین القومی للسكان – د. خلیل اسماعیل محمد -ص29).
142- ((كەركوك –ژمارە 10-كەركوك لە مەوسوعەیەكی عێراقی ساڵی 1947دا-د.نوری تاڵەبانی ل17-18)) .
143- (كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر – جبار قادر – الحوار المتمدن العدد 1331 – 28-9-2005).
144- (جوگرافیای هەرێمی كوردستانی عێراق –سەنتەری برایەتی- جوگرافییای دانیشتوان –د.خەلیل ئیسماعیل-ل179 ).
145- (جوگرافیای هەرێمی كوردستانی عێراق –سەنتەری برایەتی- جوگرافییای دانیشتوان –د.خەلیل ئیسماعیل-ل179 ).
146- (كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر – جبار قادر – الحوار المتمدن العدد 1331 – 28-9-2005).
147- كەركووك ژمارە 22 –23- زستانی 2004 – بایەخی چیۆپۆلەتیكی پارێزگای كەركوك – پشتیوان حسێن كەریم و كارزان ئیبراهیم ساڵەح – ل17)).
148- (( كەركووك ژمارە 22 –23- زستانی 2004 – بایەخی چیۆپۆلەتیكی پارێزگای كەركوك – پشتیوان حسێن كەریم و كارزان ئیبراهیم ساڵەح – ل21)).
149- ( كەركووك ژمارە 22 –23- زستانی 2004 – بایەخی چیۆپۆلەتیكی پارێزگای كەركوك – پشتیوان حسێن كەریم و كارزان ئیبراهیم ساڵەح – ل23)).
150- (كركوك المدینە الچاحكە بالناروالنور –عونی داودی –الاتحاد 480 –5-7-2002).
151- (نشاە مدن العراق و تگورها – تالیف – د.عبدالرزاق عباس حسین 1973 – معهدالبحوپ والدراسات العربیە – ص77) .
152-( ئەتڵەسی كەركووك – هەولێر 2005 – لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بەعەرەبكردنی كوردستان –ل45).
153-( ئەتڵەسی كەركووك –هەولێر 2005 – لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بەعەرەبكردنی كوردستان ت64 ).




PKU (فینیل کیتۆنیوریا): شیکردنەوەیەکی زانستی و پزیشکی.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

پێداچوونەوەی زانستی: کوردۆ باپیر، پسپۆڕی بایۆلۆجی، سەرۆك بەشی بایۆلۆجی لە زانکۆی سۆران.

نوسینی وتار: ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)، زنجیرەی ١٦٢.

فینیل کیتۆنیوریا، کە بە PKU ناسراوە، نەخۆشییەکی بۆماوەیی میتابۆلیکە کە کاریگەری لەسەر شێوازی پڕۆسەی ئەمینۆ ئەسیدی فینیل ئەلانین دەکات لە جەستەدا. ئەم نەخۆشییە بەهۆی گۆڕانکاری (موتەیشن) لە جینی PAH ڕوودەدات، کە بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی ئەنزیمی فینیل ئەلانین هایدرۆکسیلەیز. ئەم ئەنزیمە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پڕۆسەی شیکردنەوەی فینیل ئەلانین، کە یەکێکە لە ئەمینۆ ئەسیدە سەرەکییەکانی جەستە.

کاتێک ئەم نەخۆشییە دەردەکەوێت، جەستە ناتوانێت بە شێوەیەکی دروست فینیل ئەلانین بشکێنێتەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی ئەم ماددەیە لە خوێن و شانەکاندا.

لە نەخۆشی PKU (فینیل کیتۆنۆریا)دا، کێشەکە لە ئەنزیمێکدایە کە پێی دەوترێت فینیل ئەلانین هایدرۆکسیلەیز. ئەم ئەنزیمە بەرپرسە لە گۆڕینی ئەمینۆ ترشی فینیل ئەلانین بۆ تایرۆسین. کاتێک ئەم ئەنزیمە کار ناکات یان کەم کار دەکات، فینیل ئەلانین لە لەشدا کەڵەکە دەبێت.

ئەم دۆخە کێشەی گەورە دروست دەکات، چونکە تایرۆسین پێشەنگی دروستکردنی دۆپامینە. دۆپامین ناقڵێکی دەماری گرنگە کە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە چەندین کرداری مێشکدا وەک: خۆشی، پاداشت، جووڵە، و فێربوون. کاتێک فینیل ئەلانین ناگۆڕێت بۆ تایرۆسین، دروستبوونی دۆپامین کەم دەبێتەوە.

ئەمەش دەبێتە هۆی کۆمەڵێک کێشەی دەماری و گەشەکردن، بەتایبەتی لە منداڵاندا. بۆیە زۆر گرنگە کە نەخۆشی PKU زوو دیاری بکرێت و ڕێژیمی خۆراکی تایبەت بگیرێتە بەر کە فینیل ئەلانینی کەمی تێدا بێت.

بەرزبوونەوەی ئاستی فینیل ئەلانین لە خوێندا دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە مێشک و سیستەمی دەماری ناوەندی، بەتایبەتی لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی دواکەوتنی گەشەی مێشک و کێشەی جددی لە گەشەکردنی هۆشی و جەستەیی منداڵدا.

بۆ نموونە ئەبڕاهام، منداڵێکی ٦ ساڵە کە نەخۆشی PKU ی هەیە:(ئەم نموونەیە کە لەسەر خۆمە تەنها بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکەیە).

ئەبڕاهام لەدایکبوونیەوە بە نەخۆشی PKU دیاری کرا. لە لەشی ئەودا، ئەنزیمی فینیل ئەلانین هایدرۆکسیلەیز بە باشی کار ناکات. ئەمەش وای کردووە کە کاتێك ئەبڕاهام خواردن دەخوات، فینیل ئەلانینی ناو خواردنەکە ناتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ تایرۆسین. لە ئەنجامدا: فینیل ئەلانین لە خوێنیدا کەڵەکە دەبێت و تایرۆسین کەم دەبێت، کە پێویستە بۆ دروستبوونی دۆپامین. هەروەها
بەهۆی کەمی دۆپامین: جار جار دەستی دەلەرزێت و هەندێک جار وزەی کەمە و زوو بێزار دەبێت، هەندێک جار لە قوتابخانە تەرکیزی کەمە.

بۆیە لەم دۆخەدا ڕێگا چارەسەرییە زانستییەکان بۆ دایک و باوکی ئەبڕاهام ئەوەیە کە: خواردنی تایبەتی کەم پڕۆتینی پێبدەن هەروەها بەردەوام چاودێری ئاستی فینیل ئەلانین لە خوێنیدا بکەن و تەواوکەرەکانی خۆراک و دەرمانی تایبەتی پێدەدەن و بەردەوام سەردانی پزیشکی تایبەت بکەن.

بەم شێوەیە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەبڕاهام PKU ی هەیە، بەڵام بە ڕێکخستنی خۆراک و چاودێری بەردەوام، توانیویەتی ژیانێکی نزیک ئاسایی بەسەر ببات.

نیشانەکانی نەخۆشی PKU زۆر و جۆراوجۆرن. لە سەرەتای ژیاندا، منداڵی تووشبوو لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی دیاری نەبێت. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، نیشانەکان دەردەکەون کە بریتین لە: دواکەوتن لە گەشەی مێشك، کێشە لە فێربوون و تێگەیشتن، کێشەی ڕەفتاری وەک چالاکی زۆر یان دەستدرێژی، کێشە لە جووڵە و هاوسەنگی، نیشانەی دەروونی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، و هەروەها تایبەتمەندی جەستەیی وەک پێستی ڕووناک و قژی کاڵ.

دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە ڕێگەی پشکنینی خوێنی نوێ لەدایکبووەکان دەکرێت، کە ئەمڕۆ لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان وەک بەشێک لە پڕۆگرامی پشکنینی نوێ لەدایکبووان ئەنجام دەدرێت. ئەم پشکنینە زۆر گرنگە، چونکە دەستنیشانکردنی زوو و دەستپێکردنی چارەسەر دەتوانێت ڕێگری بکات لە دروستبوونی زیانە هەمیشەییەکان.

چارەسەری سەرەکی بۆ PKU بریتییە لە پارێزی خۆراکی تایبەت کە تیایدا ڕێژەی فینیل ئەلانین کەم دەکرێتەوە. ئەمە پێویستی بە خۆپاراستن هەیە لە خواردنی ئەو خۆراکانەی کە دەوڵەمەندن بە پڕۆتین وەک گۆشت، هێلکە، شیر و بەرهەمەکانی، ماسی، پاقلەمەنی و ئەو خۆراکانەی کە شیرینکەرەوەی دەستکردیان تێدایە. لە جیاتی ئەمانە، نەخۆشەکان پێویستیان بە بەکارهێنانی فۆڕمۆڵای تایبەتە کە پێداویستییە خۆراکییەکانیان دابین دەکات بەبێ فینیل ئەلانین.

توێژینەوە نوێیەکان لە بواری چارەسەری جینی و دەرمانسازیدا هیوایەکی نوێیان بەخشیوە بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە. هەندێک دەرمانی نوێ، وەک ساپرۆپتەرین (Sapropterin)، دەتوانن یارمەتی هەندێک لە نەخۆشەکان بدەن بۆ باشترکردنی توانای شیکردنەوەی فینیل ئەلانین. هەروەها، توێژینەوەکان لە بواری چارەسەری جینیدا بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی هەمیشەیی.

کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی PKU پێویستی بە چاودێری بەردەوام و پشکنینی وردی ئاستی فینیل ئەلانین لە خوێندا هەیە. ئەمە بەتایبەتی گرنگە بۆ ئافرەتانی دووگیان کە PKU یان هەیە، چونکە بەرزبوونەوەی ئاستی فینیل ئەلانین لە خوێنی دایکدا دەتوانێت زیانی جددی بە کۆرپەلە بگەیەنێت. بۆیە پێویستە ئافرەتی دووگیان پێش دووگیانی و لە ماوەی دووگیانیدا کۆنترۆڵێکی زۆر وردی ئاستی فینیل ئەلانین بکات.

چارەسەری سەرەکی بۆ PKU بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی خواردن بە شێوەیەکی ورد، بە تایبەتیش بە کەمکردنەوەی خواردنی پرۆتین کە دەوڵەمەندن بە فینیل ئەلانین. ئەمەش مانای وازهێنان لە خواردنی گۆشت، ماسی، هێلکە، شیرەمەنی، پاقلەمەنییەکان و چەرەساتەکانە. لە جیاتی ئەمانە، کەسانی تووشبوو بە PKU پێویستە خۆراکە تایبەتەکان کە فینیل ئەلانینیان کەمە بخۆن، وەک شیر و خۆراکی تایبەت بۆ PKU. هەروەها پێویستە ئەم کەسانە ڕێژەی فینیل ئەلانین لە خوێنیاندا بە بەردەوامی بپشکنن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە لە ئاستێکی سەلامەتدایە.

سەبارەت بە کاریگەری ژینگە لەسەر PKU، ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە لەسەر سەرەتای نەخۆشییەکە چونکە هۆکارەکەی بۆماوەییە. بەڵام ژینگە، بە تایبەتیش جۆری خواردن، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە کۆنترۆڵکردنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە. لە ڕاستیدا، سەرکەوتنی چارەسەرەکە بە تەواوی پشت بە ڕادەی پابەندبوونی نەخۆش بە سیستەمی خۆراکی تایبەتەوە دەبەستێت. ئەگەر نەخۆش پابەندی ڕێنماییەکانی خۆراک نەبێت، ئەوا ڕێژەی فینیل ئەلانین لە خوێنیدا بەرز دەبێتەوە و دەبێتە هۆی دەرکەوتنی کێشەکانی تەندروستی وەک کەم ئەقڵی، کێشەی ڕەفتار، گرفت لە فێربووندا، و تەنانەت دەشێت ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە مێشک.

سەرەڕای ئەوەی PKU نەخۆشییەکی جددییە، بەڵام بە دەستنیشانکردنی زوو و چارەسەری گونجاو، زۆربەی نەخۆشەکان دەتوانن ژیانێکی ئاسایی و تەندروست بەسەر ببەن. هۆشیاری کۆمەڵگا و خێزانەکان سەبارەت بەم نەخۆشییە و گرنگی پشکنینی نوێ لەدایکبووان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم نەخۆشییە.

سەرچاوە زانستییەکان:
1-https://www.mayoclinic.org/diseases-conditions/phenylketonuria/symptoms-causes/syc-20376302

2-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/20123472/\

3-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/12474792/

4-https://my.clevelandclinic.org/health/diseases/17816-phenylketonuria

5-https://medlineplus.gov/genetics/condition/phenylketonuria/

6-https://www.betterhealth.vic.gov.au/health/conditionsandtreatments/phenylketonuria-pku

7-https://www.nhs.uk/conditions/phenylketonuria/#:~:text=Diagnosing%20PKU,the%20risk%20of%20serious%20complications.




تاریکی لەسەردەمی ڕۆشنبیریی شاشەدا.. نیهاد جامی

ئەوەی لەدنیای خۆرئاوادا دەبێتە جێگەی بایەخی کۆمەلگا، ئەو درۆیە نیە کەوا میدیای کوردیی نیشانی دەدات بەبیانوی تۆڕی کۆمەلایەتی و کاریگەری رۆشنبیریی شاشەوە، بەڵکو ڕۆشنبیریی شاشە کە بەرهەمی گەشەی تەکنەلۆژیە لەپاڵ بونی تۆڕە کۆمەلایەتیەکان ئەوانە وەک فریودەرو خەڵەتاندنی مرۆڤ بەکار نایەت، مەگەر بۆ هەرزەکاران و مرۆڤە لادەرەکان زیاتر ئەو دیدە نیشان بدات، هەڵبەت وەک کاری ریکلامکردن و بازرگانی ئامادەبونی خۆی سەپاندووە، بەلام ئەوە بە مانای کۆتایی مەعریفە و کتێب نیە، بەلکو ناوەندەکانی کتێب هەوڵیانداوە لەگەڵ رۆشنبیریی شاشە و تۆڕە کۆمەلایەتیەکاندا بوارو مەودای نوێ بۆ کارکردن بدۆزنەوە، کە چۆن لەبڕی تەسلیمبوون بەم دۆخە، هاتوون بۆ خزمەتی کتێب بەکاریان هێناون، کتێب خوێندنەوە لەرێگەی ئامێرەکانی وەکو کیندل و کۆبۆ و ئینک بووک کتێبخانەی گەرۆکی بە مرۆڤ بەخشی، کە تەنانەت لەناو شەقامیشداین ئێمە کتێبخانەی خۆمان لەگەڵ بێت، کتێبخانەیەکی بچکۆلەی ئەلکترۆنی کە زیاد لە دەهەزار کتێبمان خستبێتە جانتاکەمانەوە، لەهەر شوێنێک دانیشتین تەنیا نەبین و کتێبمان لەگەڵدا بێت.
لەپاڵ ئەوەدا تۆڕە کۆمەلایەتیەکان پڕکران لەکتێبی ئەلکترۆنی، لەو نێوەندەدا میدیای کوردیی دەیەوێت فریووی ئەو ڕاستیەمان بدات و لەشوێنیدا تەنیا یەک ڕووی ئەو گۆڕانکاریە ببینێت، دیدی هەرزەکاران و لادەرەکان وەک دیدی باوی ئەو کاریگەریە بخاتە ڕوو، بەدڵنیاییەوە ئەوەی لەئێستای کوردستان ڕوو دەدات هەر ئەو فریوو دانەیە، ئەوەی کورد کۆ دەکاتەوە لایڤی کچە مۆدێل و قسەی بێبەها و ئەوانەن کە لەدەرەوەی مەعریفەدا دەژین، بەلام ئەو خود نائاگاییە چەندە کاریگەری خراپی لەسەر داهاتووی ئێمە هەیە، بەهەمان شێوەش مۆدیلێکی نوێی ئایدیۆلۆژیە کە هێزە سیاسیەکان دلخۆش دەکات، بەوەی کۆمەلگا وەک خۆیان لێدەکەن و ئاسان دەتوانن نوێنەرایەتیان بکەن.
بیرمان نەچێت سیاسی کورد نەخوێندەوارترین توێژی کۆمەلگای کوردیین، ئەو دۆخەش لەرێی میدیاکانیانەوە برەوی پێ دەدەن کە خوێندنەوە لەتەواوی جیهاندا بەهای خۆی لەدەست داوە، لەبنەمادا ئەو دەستەواژەیە تەنیا مناڵە کالفامەکانی حزب دەتوانن باوەری پێبکەن، هەر بۆیە ئەو ئێستا خراپەی لەکوردستان هەیە زادەی ئەو دیدگا ناڕۆشنەیە کە ئاوا کۆمەلگای بۆ بردراوە، دەنا بازاری کتێب و جۆش و خرۆشی مرۆڤ لەدنیادا بۆ کتێب وەک حەتمیەتێکی ناو ژیانە، بۆیە ڕۆشنبیریی شاشە بۆتەوە کەنالێک بۆ خوێندنەوەی کتێب، کتێبی ئەلکترۆنی کەوا لەکوردستان بەخۆرایی دەست دەکەوێت، لەخۆرئاوا ئەو جۆرە کتێبەش دەبێت بۆ سەر ئامێرەکانت بیکڕیت ئەوسا بیخوێنیتەوە، ئەوەش گەواهی ئەوەیە مرۆڤ و کتێب پەیوەندیەکی بەردەوامی یەکترین.
هەلبەت کتێبە ئەدەبی و هونەریەکان لەهەموو ساتێک زیاتر مرۆڤ ڕووی تێدەکات، بەتایبەت رۆمان و هونەر، دەستەواژەی هونەر لەخۆرئاوا بۆ تەواوی هونەرەکان بەکار نایەت، لەو ناوبردنە ڕاستەوخۆ مەبەست لەهونەری شێوەکاریە، هونەرەکانیتر بەناوی خۆیان ناوزەد دەکرێن، “کتێبی فۆتۆگرافی” و “کتێبی شانۆیی” و “کتێبی سینەمایی” و “کتێبی مۆسیقی”، بەلام ناونانی هونەر چڕکراوەتەوە سەر هونەری شێوەکاری.
ماوەی ڕابردوو لە فەرەنسا خەلاتی فناک بۆ باشترین ڕۆمانی ساڵ درا بە رۆمانی “ڕۆحە شەڕانگێزەکان”ی خانمێکی رۆمانووس بەناوی ماری ڤانترا، میدیاکانی فەرەنسا و تۆڕی کۆمەلایەتی ئێکس پڕکران لەهەوالی خەلاتەکە و ڕۆمانەکانی لەپێشبڕکێدا بوونە، خەلاتەکە لەبنەرەتدا لەلایان ناوەندێکی کتێبەوەیە، ساڵانە متمانە دەکاتە سەر ٨٠٠ دەنگ، بەپێی ئامارو ڕاپرسیەک کە بلاوی دەکاتەوە، ٤٠٠ دەنگ لەلایان کتێبفرۆشەکانی ناوەندەکەوەیە، ٤٠٠ دەنگەکەی تر هی خوێنەرانی ئەو ناوەندەیە، ئەمساڵ بەدوای ئەوەی دەنگەکان لەسەر ٣٠ ڕۆمان بوو، کتێبی ناوبراو خەلاتی ساڵی وەرگرت.
ئەمە تەنیا نمونەیەکی هەرە بچوکی ئێستای دنیایە، بەلام چونکە ناوەندە کولتوری و میدیایەکان هەماهەنگن لەدەرخستنی ئەو ڕووە دیارەی کولتور، گەشەسەندن و ململانێکان لەپێناو داهێنان بەردەوامی هەیە، هێزە سیاسیەکان خۆیان بە دژە کولتور نازانن، ئەو سەرسامیەی کەوا مرۆڤ ڕوو لەکتێبی هونەری دەکات، وەک سەرچاوەو تابلۆکان، وەک ئەوەی ئیتر هەموان گەلەریی تایبەتی خۆیان لەکتێبخانەی ماڵەوە هەبێت و گفتوگۆکانی خێزانیش دەبنەوە بەشێک لەقسەکردنەوە لە کتێب و هونەر، ئەوەی بڕوای وایە کتێب و هونەر سەردەمیان بەسەرچوو، ئەوە ئەو دیدە فاشیزمانەی هێزە کوردیەکانە کە دەیانەوێت دنیا لەناو دیدی بنەماڵەیی ئەوان کورت بکەینەوەو تاوەکو نائاگایی بیرکردنەوە بە حیکمەت بزانین، ئێمە لەسەردەمێکی تاریکدا ناژین، هێندەی لەسەردەمێکداین تاریکبینەکان نوێنەرایەتی دنیای ئێمە دەکەن، زوو یان درەنگ دەبێت روناکی دەربکەوێت، ئەوەش رێک لەشانۆنامەی “کۆماری قەیرەکان” دەچێت، بۆچی لەم شانۆنامەیە دەچێت؟ پرسیارێک وەک گریمانەی خوێنەری ئەم وتارە دەیخەینە ڕوو.
بۆ ئەوەی ڕوناکی دەربکەوێت، دەبێت بێدەنگیەکانمان بگۆڕدرێن بۆ قسەکردن، گومانەکانمان چیتر لەشوێنی گومان نەمێننەوەو ببن بە پرسیار، ئێمە چاوەروانی چی دەکەین؟
پرسیارێک بێئەوەی کەسمان ئاراستەی بەرامبەری بکەین، بەڵام پرسیارێکە لەناو هەمووماندا بوونی هەیە، بێدەنگی و ترس لەزەبروزەنگی دەسەڵات وایکردووە پرسیارەکە لەناو خۆمان بکوژین، سەرەنجام ماڵی کوردی هاوشێوەی شانۆنامەی «کۆماری قەیرەکانی» شانۆنوسی عێراقی عەبدولستار ناسرە، ئەگەرچی شانۆنامەکە لەبنەرەتدا لەشانۆگەری «ماڵی بەرنادا ئەلبا» ی شاعیرو شانۆنوس لۆرکا وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی شانۆنوسە عێراقیەکە هەوڵیداوە گوزارشت لەدۆخی کۆمەلگای عێراقی بکات، ئەوە وایکردووە وەک تێکستێکی سەربەخۆ دەربکەوێت، ئەو نزیکی و کاریگەریە دەکرێت بابەتێکی ڕەخنەیی شانۆیی بێت، کە ئێمە لەم نوسینە لەو ئاستەدا کار ناکەین، هێندەی وەک بابەتێکی کۆمەڵناسی ئەدەبی سەیری دەکەین.
ماڵی کوردی ڕێک لەو کۆمارە دەچێت، نۆ قەیرە کچ لەماڵێکدان، لەچاوەروانیدا دەژین، دنیای دەرەوە بریتیە لە جەنگ، ژنەکان لەماڵێکی تاریکدا دەژین، لەو ماڵەدا خەونی ئەوان بریتیە لە هەواڵی دەرەوە، بەوەی ببیستن جەنگ کۆتایی هاتووەو دۆستەکانیان بگەڕێنەوە لایان، ئەو خەونە ڕزگاربوونیانە لە قەیرەبوون، بۆیە ماڵەکە دەبێتە کۆمارێک کە گوزارشت لەکۆی کۆمەڵگایەک دەکات، سەرەنجام لە دەرگا دەدرێت، هەر یەک لەوان بە خۆشەویستەکەی خۆی دەزانێت، کەچی دەردەکەوێت پیاوێکی کەچەڵی شەلە کە لە زیندان ڕایکردووە، هەر یەک لەقەیرەکان دەیانەوێت ئەو پیاوە بۆ ئەو بێت، سەرەنجام لەسەر ئەوە رێک دەکەون، کە پیاوەکە بۆ هەموویان بێت، وەک یەک لە قەیرەکان دەڵێت تەنیا کاتێک ئێمە واز لەتۆ دێنین کە شەهیدەکان بگەڕێنەوە، لێرەدا شەهید دەبێتە ڕەمزێک بۆ خەونێکی کوژراو، کەواتە ئەگەر جەنگیش کۆتایی بێت کە رۆژێک کۆتایی دێت، بەڵام شەهیدەکان ناگەڕێنەوە، بۆیە ئاشتی دوای جەنگ کەوتنە بەسەر خەونی کوژراو.
ئەوە ڕاستیەکە سەرەنجام دوای کۆتایی جەنگ، خەون هیچ نیە جگە لەدەستدانی خودی خەونەکەی بەر لە جەنگ، وەک یەکێک لە قەیرەکان دەلێت «هێشتا مناڵ بووم کە شەمەندەفەرە جوانەکەم ڕۆیشت و بەجێی هێشتم»هەڵبەتە لەو نێوەندەدا ئەوانەی دەست بەسەر ژیان دەگرن ئەو زیندانیە ڕاکردوانەی جەنگ و زیندانن، کە دەکەونە مالێک بەر لەژن، بۆیە کاتێک تیشکێک ڕوناکی دێتە ژوورەوە وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتایی جەنگ و ڕوناکبونەوەی دنیا، کە مرۆڤەکان دەتوانن ئێستا لەماڵەکانیان بچنە دەرەوە، پیاوە ڕاکردووەکەی زیندان دەلێت «ڕوناکی لێرە تاوانە»، تاوانە، چونکە کۆتایی ڕاکردوەکان و نەتوانینە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ژنەکان.
ئەم شانۆنامەیە وێنەیەکی هاوشێوەی کۆمەڵگای کوردیە، کە لێرەدا لەسەر هەندێک جومگەی دەوەستین، کۆمەلگای کوردیی بەهۆی جەنگی ئایدیۆلۆژی و ئابوری لەکۆمەڵە قەیرەیەک دەچن، کەوا خەون تیایدا کوژرا، گەرچی دەسەڵاتی سیاسی هەمیشە دەیەوێت خەون وەک دەستەواژەیەکی سیاسی درۆزنانە بەکار بێنێت، ئەو فریوودانە هاوشێوەی پیاوە ڕاکردوەکەیە کە وا مەزەند دەکات بۆ هەمیشە لەم ماڵەدا لەگەڵ قەیرەکان دەمێنێتەوە، ئەو دوو بنەماڵە کوردیەش بەهەمان دیدگا سەیری کۆمەڵگای کوردی دەکەن، کە ئەوان بۆ هەمیشە نوێنەرایەتی ئێمە دەکەن و کۆتاییان نایەت، ئەو دیدە فاشیزمە بۆ ڕوانین لەکۆمەلگا بەرهەمی بیرکردنەوەی فاشیزمی بەعسە، چونکە ئەو دوو هێزە سیاسیەش ئیتر خەون بەوە دەبینن بگەڕێنەوە منداڵدانی ئەو فاشیزمە، بۆیە ئەوەی بەعسیش نەیکرد ئەوان پێی هەڵسان، ئیتر هەڵەیەکی گەورەیە ئەم دوو هێزە بە بەعس بشوبهێنین، چونکە بەعس ئەو فاشیزمە بوو ئازادی زەوت دەکرد و مافە سەرەتاییەکانی ژیانی پێت دەبەخشی، نان و کارەبا و مووچە ئەو شتە لاوەکیانەی ژیان بوون، تەنانەت لەکاتی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەل ئێران بیانووی خراپی دۆخی ئابوری نەهێنایەوە، بەڵکو لەخوێندنگا سەرەتاییەکان رۆژانە خۆراکی بەسەر قوتابیەکان دابەش دەکرد، تا هەست بە برسیەتی نەکەن، ئەو ئەخلاقە فاشیەی بەعس خاڵی نەبوو لەبیرکردنەوەیەکی فاشیانە، بەوەی نان و پێداویستی ژیان دابین کراوە، ئەوەی بۆت نیە تەنیا ئازادیە، بەڵام فاشیزمی کوردیە هاوشێوەی بەعس ئازادی زەوت کردووە، لەهەمان کاتدا خودی ژیانیشی وەرگرتۆتەوە لێت.
ئێمە تەنیا ئەو کاتە ئازاد دەبین لەدەست فاشیزمی کوردیی ئەو دەمەی شەهیدەکان گەڕانەوە، گەڕانەوەی شەهیدەکان خەونی ژیاندۆستی کۆمەڵگایە، خەونێک کە لەهەشتاکانی سەدەی بیستەم حزبی کوردیی وەک درۆیەک گرتیە بەر تا لەشکرێک لەمرۆڤی کوردیی تیای بکوژرێت، کاتێک دەسەڵاتی بنەماڵەیی هەردووکیان کۆتایی هات بەدڵنیایی کوڕی هەردوو سەرۆک پێمان دەلێن «ڕوناکی لێرە تاوانە» تاوانبوون ڕوناکی وابەستەی کۆتایی ئەوان و ژیانێکی نوێیە، ئەوەی ئەم ژیانەی ناوێت تەنیا نەوە نوێیەکانی حزبی دوو بنەماڵە و کۆیلەکانی ناو کۆشک و حەرەم سەراکانیانن، چونکە دەیانەوێت روناکی نەیەتە ناو ئەم ماڵە و ئەو تاریکیە هەمیشەیی بێت هاوشێوەی تاریکی زیندانەکانیان بێت.
ئەو دنیا نوێیە زادەی دۆخێکە کە کۆتایی دەسەڵاتی کوردیی قەبارەکەی زۆر فراوانتر دەبێت لەکۆتایی دەسەلاتی بەعس، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەم فاشیزمە نوێیە ژیانی لەتەواوی ئاستەکان زەوت کردووە، فاشیزمی بەعس سەپاندنی زمان و سەربازی بوو، فاشیزمی کوردیی لەپاڵ ئەو مۆدیلە فاشیزمی زەوتکردنی ژیان و بەزیندانکردنی خودی ماڵەکانیشە کە ببێتەوە بە کۆماری قەیرەکان.

نیهاد جامی- فەڕەنسا




سلێمانی، گوندە گەورە حەیاتەکە!.. ڕێبوار ڕەشید

لە ساڵیادی ٢٤٠ هەمینی بە ئازارییدا!

چاومان هەڵهێنا لە سەر سەدەکە، سەروو دارۆغا لە تەپوتۆزی هاوینان و لە قوڕوچڵپاوی باران و لە بەفربارین و لە سەهۆڵبەندانی زستاندا هەموو پێکەوە یاریمان دەکرد.کچان و کوڕان پێکەوە یاری باجیباجێنە و چێشتەکوڵینە و هەلوکێن و تەق تەق کێ لە ماڵەوەیەیان دەکرد و ئێوارانیش ئەگەر هاوین بووایە لە نێوان کەلێن و بە سەر چیغی ستارەی سەر سەربانەکانەوە تریقانەوە و پێکەنین و وردەقسە بێ ماناکانمان هەر بەردەوام بوون.
شار ملێۆینێر و هەزارنێری تیادا نەبوو. پیاوان چایچیی و حەماڵ و کرێکار و ئاسنگەر و دارتاش و کەبابچی بوون و ئێواران هەموو جووت جووت و سیان و چوار بە ماندوویی بەرەو ماڵەوە دەگەڕانەوە.
شەڕەگەڕەکمان زۆر بوو. بە دارلاستیک و قۆچەقانیی شەڕەبەردێکمان لەگەڵ یەکدا دەکرد هەروەکو دوژمنی سەرسەختی یەکتر بین. زۆر لە هاوڕێکانم وەکو من بەخت یاریان نەبوو، ئێستایش نیشانەی بە بەرد شکاندن بە سەریانەوە ماوە. ژنان رۆژانە تا کاتی نووستن خەریکی کاروباری دووبارەبووەوەی ژیان بوون. هەموو ماندوو و وەڕس لە بەسەرهاتوو و ڕووداوە چاوەڕووانکراوەکان کە هەر بە سەر ئەواندا دەشکانەوە. شەڕەژنانیش هەبوو، بە زۆریی لە سەر سەرەی خێرئاو و وردە شەڕی منداڵان و دەمەقاڵێی بیستنەوەی قسەوباسێک بوون کە گەورە دەکران. لەوێشدا هەر قوربانیی بوون.
لە ساڵانێکی بە ئازاردا گەورەبووین. هەموو هەژار و نەدار. سەردەستی مرادخانی و چۆغەکانمان بە چڵم سڕین دەبریسکانەوە. کچان لە ئێمە خاوێنتر بوون. هەموو جۆرە جلوبەرگێکیان لە بەر دەکردین. خۆشیی چێشتنی گەورەمان جێژنی رەمەزان و قوربان بوون. رۆژی جێژن ئەو دوو عانەیەی دەیانداینێ هەر بەشی یەک دوو جار سواری عارەبانەی یەکقامچیی و دووقامچیی و سوڕێک چەرخوفەلەک و کورسیکورسیی دەکرد و هەندێک خۆراکی منداڵانە کە ڕۆژانی تریش دەمانخواردن. خەڵکی شار پێکەوە دەسازان.
گەورەبووین و چووین بۆ خوێندنگا کە ئەوسا دەگوترا مەکتەب. لەو مەکتەبانەدا فێربووین گەڕەکچیەتیی نەکەین و نەماندەوێرا لەگەڵ ئەوانەدا کە لە گەڕەکە نەیارەکانەوە هاتبوون بە شەڕ بێین چونکە گۆشتمان بۆ مامۆستاکان و ئێسکمان بۆ دایکوباوکمان بوو.
ساڵان ڕۆیشت و سلێمانیمان بە شێوەیەکی دیکە دەبینی. کازیوەیەک لە پشتی گۆیژەوە خەرمانەی دەکرد و خۆر بە ئارامیی سەری دەردەهێنا. لە سەر سەدەکەوە بەرەو دارۆغا و توویمەلیک شۆڕ دەبووینەوە. لەگەڵ کاتدا بە حاجیحان و سابوونکەران و گوێژە و خانووەقوڕەکان و کارێزی وەستاشەریف کە دارستانێکی چڕ بوو ئاشنا بووین. لە پاش ١١ی ئازاری ساڵانی حەفتاکاندا هەڵپەڕکێی گەرمی پێشمەرگە و خەڵکی ئاساییمان لە سەر گردی سەلیم بەگ و لە تووەکەی مەلیک نمایشی دووانزەسوارەی مەریوان و کاوەی ئاسنگەرمان دەبینی. هەینینان بە دزیی دایکمانەوە رووەو کانی شەکراو و بناری گوێژە یان رووەو قووڵایی شار بۆ ناو گوزەرەکانی بەر بەلەدێکە، بۆ جادەی مەولەوی و بۆ خانەقا، جارێک بۆ مەجیدبەگ و کارێزەوشک و جارێک بۆ سەرشەقام و جوولەکان و …ملمان دەنا.
سلێمانی وەکو شار دروست بووبوو. زوو بوو بە شاری مرۆڤی باش و شاعیران و ئەدیبدۆستان. شارێکی بچکۆلەی پاکوتەمیز بوو. رووخسارەکان یەکتریان دەناسیەوە. متمانە بە یەککردن لەو پەڕی گەرمیی خۆیدابوو. شایی و زەماوەند و پرسە و سەرەخۆشیی تایبەتیی بوون. بە شووکردن و ژنهێنان نەدەگوترا زەواج.
لە مەکتەب فێری رێز و خۆشەویستیی دەکراین. پڕ بە دەنگی خۆمان سروودی “ئەی ڕەقیب” و “ئەی دلێران”و “خوایە وەتەن ئاواکەی”و “ڕاپەڕین”مان دەگوتەوە. سەردەستەکانمان پاک و دەستەسڕی دەم و لووت سڕینمان هەڵ دەگرت. ناوی ئەحمەدی خانی و فەقێی تەیران و جگەرخوێن و ئایشێشان و کاوێس قەفتان و گۆران و پیرەمێرد و حاجی و مەستوورە و هەموو ئەوانەی تر بە گوێمان دەکەوت و پێییان ئاشنا دەبووین.
لەم شارەدا دەنگی ئازادیخوازان بڵند بوو. شاری شیوعیە باشەکان و چەپە باشەکان بوو. شاری پێشمەرگە راستەقینەکان بوو، ئەوانەی بە چەند فلسێک و پاکەتێک جگەرە داستانیان تۆمار دەکرد. شاری “ژانی گەل” و “هەر کورد ئەبین” و شاری رەفیق حیلمی و محەمەد ئەمین زەکی و تۆفیق وەهبی و بێکەسی باپیر و بێکەسی باوک و فازل محەمەد و بابا عەلی و زێوەر و قانع و ئەخۆل و موکری و مەولانا و سالم و کوردی و کاکەی فەلاح و سەدان دەنگی بوێر و ئازا و ئازاد بوو. شاری خۆشویستنی نیشتیمان و ناسینی بەردەقارەمان و مێجەرسۆن بوو. لە ئەم شارەوە بوو ئەحمەد موختاربەگی جاف فێری دەکردین “بە بێ قەدری بە سەریا ڕامەبوورن، حورمەتی بگرن، گوڵاڵە سوورەی ئەم خاکە، خوێناوی جگەرتانە”! هەر لەبەرئەوە ئاسایی بوو سلێمانی لە شاری “ژین و ژیان” و “گەلاوێژ” ـەوە ببێت بە شاری ئارام و جەعفەر و شەهاب و هێرۆ ئیبراهیم و ئەو هەموو سەرە پڕ شانازیانەی مێژووی ئەم نیشتیمانە.
سلێمانی شار بوو. شارێکی نیمچەپیشەسازیی بوو. شاری بەرهەمهێنانی تووتن و کارگەی جگەرە بوو. شاری جۆڵایی و هەلاجیی و خومچیەتیی و پێستەخۆشکردن و چەخماخسازیی و مسگەریی و زین و کۆپان و مووڕستن و پیشەی دەستیی و شاری کارگەی چیمەنتۆ و شەکر و کارگەی پێڵاوی سیروان و شەهلای چلوورەی ئەرخەوان بوو. شاری بە یەک گەیاندنی حەیران و لاوک و سیاچەمانە و هۆرەی جاف و چریکەی زیرەک و ماملێ و عەلی مەردان و کاوێس ئاغا و حەسەن جەزراوی و تایەر تۆفیق و شەماڵ سائیب و قادر و حەمەساڵح دیلان و مەریەم خان و سەید عەلی ئەسغەر و تاد بوو. سلێمانی شاری سوعبەت و پێکەنین و نوکتە و گاڵتەوگەپ، شاری فەریقەکوێر، شاری کەوتن و هەستانەوە و بەرەنگاربوونەوە و کۆڵنەدان، شاری خۆشەویستیی و وەفا و چاوەڕووانیی، شاری موزیک و تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی زانکۆی سلێمانی بوو، شاری کەریم کابان و عوسمان عەلی و ئاڵا عومەر و پەیمان عومەر، شاری شانۆ و تپیە پێشڕەوەکەی بوو، شاری بەرزانی قالەی خەڵووز، دڵشاد مەریوانی و کەمال سابیر و بەدیعە دارتاش و گەزیزە عومەر و خالید زامدار و گەلێک ئەستێرەی تر بوو. شاری ڕووانین بۆ ئەو دیو سنوورەکانیەوە بوو.
رۆژنامەگەریی ئەمڕۆ بە گشتیی رۆژنامەی حیزبیی و ریکلامی بازرگانیی و ئەو پەیجە سێبەر و دروستکراوانەن کە کاری سەرەکیان شەڕەجوێن و بوختان و درۆودەلەسە و شکاندنی ژنان و ناونەتۆرە و شکاندنی پیرۆزیەکانی کوردوکوردستانن.
ئێستا سلێمانی لە هەڕەتی لاوییدا بە تەنیا ٢٤٠ ساڵ تەمەنەوە گۆچانی ڕوو لە هەورازی هەڵگرتووە. ماڵ و گەڕەک و گوزەرەکان لە پەنجا و شەست ساڵی ڕابردوودا هیچ نەگۆڕاون. بازاڕەکان وەکو خۆیان ماون، کۆڵانەکان لە ژێر فشاری با و باران و خۆرهەتاودا توێژیان هەڵ داوە و ڕووخسارەکان بە هەستی ئازار و نامۆبوون بە خود و بە چواردەور لە گرێیەکانی پیرەمەگروون دەچن.
سلێمانی ئەمڕۆ گوندێکە، دێیەکی گەورەیە و بە هەزار و یەک لادێ هەڵئاوساوە. هەر لادێیە و بنیەکیان لە دێیە و بنەیەکیان لە سلێمانییە و هەر یەکێکیان بە شوێنێکیەوە نووساوە. دیارە شارەکە بە سرووششیی گەورە نەبووە و زادەی گۆڕانکارییەکی نائاساییە. بە ئاسانیی هەموو دێیەک بە پێوەندیی ڕۆژانە و تۆپەڵەبوونیان لە شێوەی گەڕەکەماڵدا دەناسرێنەوە. مزگەوتی تایبەت بە خۆیان هەیە و ئەگەر لە دێکەیان کێشەی شەخسیان هەبێت ئەوا لە لادێکەی سلێمانییشیان رەنگ دەداتەوە و ئەو مزگەوتە دەکەن بە دوو مزگەوت.
رۆژێک لە رۆژان زاراوەی سۆرانیی سلێمانی لە تێکەڵاوبوونی دیالێکتی بابان و ئەردەڵان و موکریاندا هێدی هێدی دروست دەبوو. ئێستا لە هەر گیرفانە لادێیەکی سلێمانی لەهجەیەک هەیە و شتێک بە ناوی زمانی سلێمانییەوە نەماوە. سلێمانی ئەمڕۆ شارێکی تۆپەڵ تۆپەڵە کە هەر بە جادەی خوار و خێچ و چارەنووسی بێپلانەوە پێکەوە بەستراوە. لە سلێمانی ئەمڕۆدا ژمارەی مزگەوتەکان کێبڕکێی براوە لەگەڵ ژمارەی خوێندگاکان و نەخۆشخانەکاندا دەکەن. بنکەی کولتوریی و کتێبخانەی گشتیی و پارک کە گەنجانی نێر و مێ بە یەک بگەیەنن و بە کوچەوکۆڵانی موزیک و ئاواز و شانۆ و کولتوری خۆیان و بە جیهانی شارستانییدا بیانبات، تۆزیان لێ نیشتووە و پەژمووردە چاوەڕێی ئەو نوێژەبارانەیە دەکەن کە ناگاتە دەنگی هیچ خودایەک.
هیچ کاتێک لە مێژوودا وەکو ئەمڕۆ بۆدواوەگەڕانەوەی کولتوریی لە بواری موزیک و شانۆدا ڕووی نەداوە. شانۆ بە گشتیی بووە بە دەم پانکردنەوە و گاڵتەبەیەککردن و ڕابوواردن بە ژنان و بە دۆزی ژنان و بە دیفاعکردن لە کولتوری باوی دواکەوتوو، هاوکات کە گۆرانی چڕین بووە بە بەیتبێژیی لەو پەڕەی ڕستەی بێ مانا و هەلەقومەلەق کە هیچ ئاستێکی هونەری تیادا بەدی ناکرێت و یاخود کراوە بە نووزەنووز و خڕکردنەوە و کۆکردنەوەی دەم و لێو و نیشاندانی ڕووخسار و پێشانگای جلوبەرگ. هەر ئەم کولتورە داڕزاوە گەڕاوەیەیە کە لە پێش هەر شتێک لە بواری سیاسەت و پرینسیپە جیددیەکانی کۆمەڵگادا ڕەنگیان داوەتەوە.
سلێمانی پێڕانەگەیشت بە ئاشی شاربوونی خۆی شاڵآوی کولتوری دێهاتی بشکێنێت و لە ناو هەناوی خۆیدا هەزمی بکات و لە نوێگەرییدا بە کولتوری شار بیپشکوێنێتەوە. ئەو کۆچبەرییە بێوێنەیەی لە دێهاتەکانی دەوروبەریەوە گەمارۆی دا هەم بە هۆکاری سیاسەتی داگیرکاریی و هەم بە هۆکاری تری ناوخۆیی لە درێژخایاندا بوون بە بەخوریکردنەوەی ڕیسی شارستانییەتی سلێمانی.
لەوەبەر لە فیستیڤاڵی هەڵەبجەدا بینیوومانە و لە ساڵیادی سلێمانیشدا بە دڵنیاییەوە دەیبینین کە چۆن هەموو داهێنان و پێشکەوتنێکی کولتوریی شار لە دۆڵمە و بریانی فرۆشتن، ملوانکەی مێخەک و سێوی مێخەک کرێژ و سرکەیی بەحیجاببوودا خولاسە دەبێتەوە و بەناوی بەرهەمی خۆماڵی و هونەری ژنانەوە دەفرۆشرێنەوە.
لە سلێمانی ئەمڕۆدا بە دەگمەن هەڵدەکەوێت ئوتومبێلێک مۆڵەت بە پیادەڕۆیەک بدات بپەڕێتەوە، پرسەی مردنی ژنان بە ناوی پیاوانەوە تۆخ دەکرێنەوە و جلوبەرگ بۆ ژنان بووە بە هێمای شەرەف. دۆخێکی سترێس و ڕاکەڕاک سەرتاپای شاری داگرتووە، زمانی بازاڕ پڕە لە وشەی عەرەبیی یان ئینگلیزیی ناتەواو، بێمتمانەییەکی تەواو لە نێوان کڕیار و فرۆشیار و مامەڵەکارانی بازاڕدا بڵاو بووەتەوە، چاولێکەریی و دووپاتکردنەوەی ئەوەی هەیە و کراوە بیرۆکەی دۆزینەوە و داهێنانیان بردووە بۆ خاڵی سفر. ئیسلامگەراییەکی سیاسیی بوختانچی و واتەواتکار و هێرشبەر بۆ سەر ژنان و هەر بیرێک لەگەڵ خۆیان نەگونجێت زۆرینەی مزگەوتەکانی کردووە بە گومڕانگا لە نیشتیمان و لە کولتوری پێشکەوتنخوازیی و شارستانیی ئازادیخواز. زانکۆ و خوێندنگاکان بوون بە حوجرەیەکی گەورە و خوێندن و زانست لە نێوان کەرتی ئەهلیی و حکومییدا بوون بە ناوەندی بەرهەمهێنانی ڕەشبینیی و باوەڕبەخۆنەبوون و تووڕەیی لە نیشتیمان.
ئێستا گۆڕستانی بێ ناونیشانان، لە پارکی ئازادیی کە بێکەسی باوک لەگەڵ رەگوڕیشەی دارسنەوبەرەکانیدا تێکەڵ بووە، لە گردی یارە کە مامەیارە گۆرانیی بەهار بە زەمزەمەی بولبولیەوە دەخوێنێت، لە گردی سەلیم بەگ کە شار هەڵپەڕکێی پێشمەرگەی دەکرد بە ڕەشبەڵەک، لە سەرچنار و دەرگەزێن و کانی ئاسکان و قەدپاڵەکانی ئەزمەڕ و ڕووخسارە بە هەیبەتەکەی پیرەمەگروون و تەنانەت لە پیرمەسووریش بەناوبانگتر و بەناونیشانترە. شەرەفی ونبووی ئەو پیاوانەی شار لەوێدا لە جەستەی بێناوی ئەو ژنانەدا پاک دەبنەوە و دەکڕدرێنەوە.
پیرەمێردی نەمر، باپیرەی خەمخۆر، رۆژنامەنووس و شاعیرە ئەدیبدۆستەکە، خوێندەوارە دەردەدارە کەی کورد، بە کارێزی وەستا شەریفدا بەرەو سەرەوەی سەیوان لە سەر ئەو گردە دانیشتووە و لە عەرشی پەروەردگاری ڕووانیووە کە سلێمانیەکەی بوو. نەورۆزان بە دەستی خۆی دۆڵمەی لێ ناوە و رۆشنبیرانی ئەو شارەی بانگهێشت کردووە و ئاگری نەورۆزی کردوەتەوە و زانیوویەتی سنگی کچانی شارەکەی و نیشتیمانەکەی چەندە بەرز و توندە. ئەو گردە، سەروپێچەکەی سەیوان، ئا بەو شێوەیە، لە هەناوی رەنجی پیرەمێردەوە بوو بە گردی مامەیارە. ئێستا هەموو حیزبێک گردێکی هەیە و تەنانەت تاکەکەسانیش گردی خۆیان هەیە. مامەیارە دێتە خەونم و پێی وایە هەر لە چاپخانە کۆنەکەی کار دەکات. بە دەم هاتن و چوونی بێ قەرارەوە پێم دەڵێت “دەمەوێت لەم شارە بارکەم، بڕۆم”. دەڵێم یارە بۆ کوی دەڕۆیت، تۆ ئیتر لە ناو عەرشی پەروەردگاردایت.
بە دەم نوقمبوون و غەرقبوونی کەشتیە شەقوشڕە تورکیەکانی ناو دەریای سپی ناوەڕاستەوە کە ئەهلی ئەم شارە و ئەم هەرێمەیان بەرەو بەهەشتە دوورەکان هەڵگرتووە، بە دەم لەرز و ئارەقەوە، خەبەرم دەبێتەوە.
بە ڕۆژیش حەزرەتی سالم لە کۆڵم نابێتەوە و خەریکی نووسینی نامەیەکی نوێیە بۆ نالی. کە نامەکە دەخاتە دەستم هەر وا سپییە، پیتەکان نابینم. بە رووخساری پرسیاراویمدا تێ دەگات و لێم وەردەگرێت و دووبارە دەست دەکاتەوە بە نووسین و دەیداتەوە دەستم و سەرلەنوێ پیتەکان دەرناکەون. پێکەوە لە فرۆشیارانی ئەم شارە دەڕووانین کە بە دەوری بەرهەمی تورکیی و ئێرانییدا هەڵدەپەڕن و سەما و ریکلامیان بۆ دەکەن و بەرژەوەندیی پارە لە سەروو زمان و کولتوری ئازادیخوازیی و نیشتیمانپەروەرییەوەیە. شارەکەی سالم بووە بە ژێر بەرهەمی پلاستیکیی ئێران و تورکیاوە و کراوە بە سەرەنوێلکی بەرهەمی دەوڵەتانی دەراوسێ. لێی تێ دەگەم شیعرەکەی دەستکاریی دەوێت.
دیسانەوە نامەکە لە سالم وەردەگرمەوە. لە ژێر هەنکەهەنکی ڕاکردنێکدا خەبەرم دەبێتەوە، چنگم توند لە دەستماڵەکەی دایکم گیر کردووە، ئەو دەستماڵەی کە تەنیا دیارییەکی ئەو ژنە حاجی حانیەیە بۆم ماوەتەوە کە بە منداڵی پەلی دەگرتین و دەیبردین بۆ حەمامی بەرخی و تا پێستمان خوێنی تێ دەزا بە لفکە دەیشتین. نامەکەی سالم لە دەستمدا نەماوە.
بە کامە گوزەری شاردا بڕۆم کە بەرهەمەکەی پێشکەوتبێت و هەمان ڕووخساری ماندوو و هەمان ڕێگا و دیواری ماوە بەسەرچوو و هەمان دەڕابە و قوفڵ نەبینم. کەرتی پیشەسازیی ئەم شارە نادیارە و کەرتی تەندروستیی قەسابخانەیەکی ئەهلیە و کارەبا لەو کاتەوە کە بەداواکاری ئێران و تورکیا تەل و وایەر و کێبڵ و محاویلە و عەمودەکانیان دزی، هەر لە هەڕەتی نیشتیمانبوونی خۆیدایە و گەل لە خۆشەویستیی یەکسەرە دایە لە گەڵی. ڕۆژ بە رۆژ زۆرێک لە ئەو کارگانەش کە هەبوون بە هۆی بێ کارەبایی و هۆکاری ترەوە دادەخرێن کە هیوای بەرهەمێکیان هەبوو.
لە ڕووی سیاسییەوە زۆر هەیە بگوترێت و زۆر گوتراوە بەڵام گرینگترینی ئەوەیە کە حکومەتەکەی ماڵی بارزانی بایکۆتی لە سەر داناوە و بە شەڕەشەق پرۆژە سوێندلێخوراوەکانی دەگەنە مەنزڵ یان هەرگیز ناگەن. ئێستا لە جیاتی ڕۆشنگەریی و بزووتنەوەی ڕووناکبیریی و کتێبخوێندنەوە و بەرهەمی شانۆیی و تەلەڤیزیۆنیی و سینەمایی خۆماڵیی گەنجی ئەم شارە بە دیار سندوقی تەلەڤیزیۆنەوە کە پڕن لە زنجیرەی تورکیی و فارسیی و عەرەبیی بازاڕیی کە خۆیان بۆ بازرگانیی و پارەپەیداکردن بەرهەمیان دەهێنن، دادەنیشن و بێهوودە لە هەوڵدان لاساییان بکەنەوە. کچان و کوڕان عاشقی بیچمە دروستکراوەکانی ئەم زنجیرانە دەبن ولاسایی مۆدێلی فەرش و قەنەفە و گڵۆپ و جلوبەرگ و پێڵاویان دەکەنەوە کە نازانن ریکلامن بۆ بازرگانیی.
سلێمانی، گوندە گەورە شێواوەکە، باشترین و جوانترین و رۆشبیرترین گوندە گەورەی ئەم هەرێمەیە کە سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی دەبێت بە دۆلار و لیرە و تمەن و بە چەرخوفەلەکەکانی مێژوودا سەرەوخوار و سەرەوژوور بەرەو ئەو ئەشکەوتانە دەڕۆن کە بە منداڵی لە کتێبی ئەمیرئەرسەلاندا لە ژێر تەلیسمی جادووگەرێکدا نابینا دەکران.
سلێمانی، هێشتا لە بەراوورددا لەگەڵ دەستەخوشکەکانی تری لەم هەرێمەدا کە هەر گوندی گەورەن و بە مزگەوتی بێئەژماری گەورەوگران و ڕازاوە و تەنراو بە هەزارویەک مەلا و بە کولتوری شەڕەخوێن و بە ئەسپئەسپێنی عەشایەریی و سوڵحی عەشایەریی و بە دادگای لایەندار و بە دامەزراوەی نادیاری سەدان و هەزاران فەرمانبەرەوە، دەنازن. هەر شاری ڕۆشنبیرییە.
لە ٢٤٠ هەمین ساڵیادیدا لە سێبەری یەکێک لە شیعرەکانی قانع دا و بە سۆزی هەستی بەرزی نیشتیمانپەروەریی دڵدار ـەوە بە مەولەویدا دەچمە خوار و گوێ لە دەنگە بە سۆزەکەی قادر کابانی گۆڕونبوو دەگرم کە لە درزی پەچەی گۆران ـەوە بە سەر جادەی چۆڵ و سێبەردا تێپەڕ دەبێت. دەزانم ڕۆژێک دێت سلێمانی دەبێتەوە بە شارێک.

ڕێبوار ڕەشید
2024/11/12




پرسەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیری.. بەشداربووان: عەبدولموتەلیب عەبدوڵا، شاخەوان سدیق، عەلی شێخ عومەر،کاروان عومەر کاکەسوور و سابیر ڕەشید

ئامادەکردنی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

پرسەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیری،هەرجارەی لەسەر بابەتێک چەند نووسەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیرێک دێنێتە گۆ. بانیژەی ئەدەب و کلتوور لە ڕۆژنامەی ڕەوت لەڕێگەی ئەم لاپەڕەیەوە دەیەوێت پەنجە بخاتە سەر گیروگرفتەکانی کایەی ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردیی و ورووژاندنی پرسیاری جیددی. لەم ژمارەیەدا بانیژەی ئەدەب و کلتوور پرسی پەیوەندی نێوان دەق خوێنەر دەوروژێنێت.
پرسی ئەم ژمارەیە : پەیوەندی نێوان دەق و خوێنەر، پەیوەندییەکی داینامیکی و لێکهەڵپێکراوە بەجۆرێک کە نەک هەر دەق بە بێ خوێنەر ناتوانێت بژێت، بەڵکوو خوێنەریش دیوێکی تری پرۆسەی نووسینی دەقە. لێرەدا دەپرسین خوێنەری کورد تا چەند لەگەڵ دەقی کوردیدا چووەتە پەیوەندییەکی هارمۆنییەوە؟ ئایا پەیوەندی نێوان خوێنەر و دەق لەئاستە جیاوازەکانی زمان و مەعریفەدا توانیویەتی گرفتەکانی خوێندنەوە چارەسەر بکات؟

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا :

خوێندنەوە ئەو هێزەیە کە وادەکات پەیوەندییەکی داهێنەرانە یان مانا و دەلالەتى تایبەت بەرهەم بهێنێتەوە، خەیاڵێکی داهێنەرانە بونیاد بنێ، نەک پەیوەندییەکی هارمۆنی… بەو مانایەش پەیوەندى دەقنووس بە تێکست یان ئەو كەلەپورەى تێکستى بەرهەمهێناوە، پەیوەندییەكە وەك (پۆل ریكۆر) دەڵێت، لە سەر پارادۆكس هەڵچنراوە. بەو مانایەش خوێندنەوە جۆراوجۆرو فرە رەهەندە، خوێندنەوە جیاوازییەکان هەڵدەنێ و بیرکردنەوە تایبەتەکان دەنووسێتەوە… خوێندنەوە تەنها لە بوونى رەوانبێژى دەق و مەعریفە و ئاگایى خۆى نانوێنێ، ئەوەى لە خوێندنەوەدا گرنگە خەیاڵى داهێنەرانەیە، نەک هاڕمۆنییەت، لەو ڕووەوە کتێب هیچ پێشنیارێکى هاڕمۆنى نییە، کتێب بەس خۆیەتی لە پەیوەندی بە تاقمە جیاوازەکانی تر و بە گوێرەی جەستە بێ ئەندامەکانی تر، هەرگیز پرسیاری ئەوە ناکەین خوێندنەوە لە پێگەی دال یان مەدلول مانای چییە… ئەوەى بوونى هەیە ئەو خوێنەرەیە کە روو لە دەرەوەیە، نەک ئەو خوێنەرەى کە رووى لە سندووقى کتێب و مەستى مانا و دەلالەتەکانە… بە کورتى کتێب، تێکست ماشێنێکی بچووکە و کورت نابێتەوە بۆ کۆمەڵێ ئاماژەى دیاریکراو یان تێگەیشنێکی دیاریکراو…. بەڵکو پێویستە خوێنەر دووبارە خۆی بەرهەمبهێنێتەوە.
هەموو منێكى خوێنەر كە دەخوێنێتەوە دووبارە خودى خۆى دەخوێنێتەوە، چونكە هەموو (منێكى خوێندنەوە) هەڵگرى بەرهەم هێنانەوەى خەیاڵى داهێنەرانەى خۆیەتى، بەڵام هیچ منێكى نووسینەوە و منێكى خوێندنەوە، منێكى كامڵ نییە، پاشان ئەوەى كە منى نووسینەوە و منى خوێندنەوە داواى دەكات، جگە لە داهێنان و بەرهەمهێنانەوەى داهێنان و سەیرورە شتێكى دیكە نییە، بۆیە منى خوێندنەوە هەمیشە نوێنەرایەتى جۆرێك لە سەیرورە (یان نیازگەرى داهێنەرانەى بەردەوام) دەكات، یان نوێنەرایەتى ئەو جێگیرنەبوونە دەكات، كە تەواوى ئەزموونگەرییەكانى داهێنان و سەیرورەى لەخۆ گرتووە. کەواتە كردەى خوێندنەوە بەردەوام (منى داهێنەرانە)ى سەیرورە نوێ‌ دروست دەكاتەوە. پۆل ریكۆر لە یەكێك لە نووسینەكانیدا دەڵێ‌ كاتێك دەخوێنمەوە (من)ى خۆم رووت دەكەمەوە، بۆ ئەوەى لە رێگاى خوێندنەوەوە بگەمە خودێكى دیكەى داهێنەرانەى نوێ‌. بەو مانایەش منى خوێنەر لە رێگای داهێنانەوە لە رێگاى سەیرورەى داهێنانەوە بوونی خۆی و پرۆسەی جێگیربوونى تێگەیشتن و سەیرورەى بەردەوام فەراهەم دەكات، چونكە بوونی زاتیانەی (خوێنەر/وەرگر) چركەیەكە لە چركەكانی بوونی راستەقینەى داهێنان و كاری داهێنانیش چركەیەكی وجودییە و هەر كاتێكیش هەر دوو چركەكە بە یەكگەیشتن ئیدی دیالۆگ لە سەر بنەماى (بەبیرهێنانەوە) و (تێبینكردن) و (سەیرورە) دروست دەبێت، لەوێشەوە پرسی بەردەوام و وەڵامی بەردەوام دێنە دی، كە بە هۆیانەوە رووە جێگرەکانى حەقیقەتی بوون ئاشكرا دەبێت، هەر لەوێشەوە بەردەوام ئەزموونی وجودییانەمان لە نێو جیهاندا گەشە دەكات.
بەڵام ئەوەى بەردەوام لە خوێنەر و کلتوورى خوێندنەوەى کوردى بەرچاومان دەکەوێ، ئەوەیە کە خوێنەرى کوردى هەمیشە خوێندنەوە وەک سندوقێکی داخراو روو لە ناوەوە دەبینێ، خوێنەرى کوردى هەمیشە هەوڵدەدا هەموو گرژی و بەرکەوتن و دژایەتیەکانی نووسەر بگوازیتەوە، هەموو سەرسامى و کاریگەرییەکانى نووسەر لە خۆیدا بڕوێنێ، هەرگیز خوێندنەوە وەک کاڵایەکى خاوى داهێنان و سەیرورە نایبینێ، هەرگیز خەیاڵى داهێنەرانەى خۆى لە خوێندنەوەدا پرۆسیسە ناکات، گرفتى خوێنەرى کوردى ئەوەیە، کە دەکەوێتە ژێر چالاکییەکانى نووسەرەوە و گرفتى خوێنەرى کوردى ملکەچبوونە، هەرگیز ئەکتیڤیبوونى خۆى نابینێ.
هەولێر / یەکی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤

شاخەوان سدیق :

بێگومان لەنێوان دەق و خوێنەردا پەیوەندییەكی پتەوی دینامیكی هەیە،چونكە دەق بەبێ بوونی خوێنەر هیچ گرنگی و بایەخێكی نییە و خوێنەریش بۆ ئەوەی هۆشیار بێت و ڕوانینەكانی بۆ خۆی و بوون بگۆڕێت پێویستی بە خوێندنەوەی دەقە، ڕاستە سەرەتا وشە هەبوو. بەڵام وشە و دەق، بەبێ ‌بوونی خوێنەر جگە لەوێنەی چەند پیتێكی كێشراوی بێ گیان زیاتر هیچیتر نین. هیچ دەقێك، زیندوو و كاریگەر نییە و هەموو دەقەكان مردوو بێ ڕۆحن، ئەوە خوێنەرەكانن، بەتایبەت ( خوێنەری جددی) دێن و ڕۆحیان بەبەردا دەكەن و مەعنایان پێدەبەخشن، بۆیە لە هاوكێشەی (نووسەر، دەق، خوێنەر)دا، سەنتەربوون نامێنێت بۆ یەكێك لەوانە، بەڵكو كرداری تێكەڵبوون و تێكهەڵكشان جێگەیان دەگرێتەوە و هیچكام لەوانە ناتوانن بەبێ بوونی ئەوی دیكە گرنگ و واتادار بن، کارلۆس ڕوزی زافۆن، لە ڕۆمانی “یاریی فریشتەکە” دا دەڵێت” هەموو كتێبێك بەردەوام چەند ڕۆحێك تێیدا دەژی، ڕۆحی نووسەرێك كە كتێبەكەی نووسیوە، ڕۆحی خوێنەرانێك كە ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو كتێبە دەخوێننەوە”
بێگومان ئەم ڕوانینە بەگشتی بۆ هەموو خوێنەرێك ڕاستە، جا خوێنەرەكە كورد بێت یان لەهەرشوێنێكی تری ئەم دونیایەدا بێت، جا دەقەكە كوردی بێت، یان بیانی و بەهەر زمانێك نووسرا بێت، لەئێستادا دەقی كوردی، یان بابڵێین نووسینی نووسەرانی كورد، لەئاستێكی فراواندا خوێنەری خۆیان هەیە و جیا لەمەش پەیوەندی و بەركەوتەی نێوان نووسەر و خوێنەر لەسەر خوانی دەق لەئاستێكی باشدایە، بەڵام مەسەلەی تێگەیشتن لە دەق و دروستكردنی هارمۆنی، بابەتێكە زیاتر پەیوەندی بە ئاستی ڕۆشنبیری و مەعریفی تاكی خوێنەرەوە هەیە، چونكە خوێنەر وەك زۆرێك لەبوارەكانی دیكە ئاست و ستێپی خۆی هەیە و فیگۆرەكانی زۆر و جیاوازن، ئێستا نووسین و بەرهەمی كوردی لەئاستێكی باشدایە و دەكرێت، دەقی كوردی بە گرنگییەوە لەسەری بوەستین و بیخوێنینەوە، ئەم تێڕوانینە لەدەرەوەی سەرنجەكانە لەسەر زمان و شێوازەكانی دەربڕین و گێڕانەوە، بەكێشە و گرفت و تێڕوانە ڕێزمانییەكانەوە، چونكە ئەمانە بابەتی جیاوازن و لە وردەكاریدا قسەی زۆر هەڵدەگرن. من پێموانییە ئێمە لەئێستادا و لەناو ڕۆشنبیری كوردیدا، كێشەیەكمان هەبێت بەناوی كێشەی خوێنەر،بەڵام ڕەنگە بابەتێكمان هەبێت بەناوی كێشەی نەبوونی دەقی باش و نووسەری ڕۆشنبیر و خەیاڵفراوان، ئەوەی بەناوی نەمان و نەبوونی خوێنەرەوە بانگەشەی بۆ دەكرێت، هیچ نییە جگەلە تێنەگەیشتن لەسەردەمەكە و ئەو گۆڕانكارییانەی كەبەسەر فۆڕم و شێوازی خوێندنەوەدا هاتن و وایان كردوە فیگۆری جیاواز جیاواز بۆ خوێنەر دروست ببێت، دەبێت ئیتر لەوە تێبگەین خوێنەر بەتەنها خوێنەری كتێب و كاغەز نییە و ئۆپشن وپلاتفۆڕمەكان بۆ بەدەستخستنی زانیاری ئێجگار زۆر و كراوەن، ئێستا خوێنەر و خوێندنەوە وەك زۆر بابەتی تر لەپرۆسە و كردارێكی گشتییەوە بۆ نوخبە و تاك هەنگاو دەنێت و لەڕووی مەعریفەشەوە لە زانیاری گشتییەوە بۆ زانیاری تایبەت و تایبەتمەند دەگوازرێتەوە، ئەم پڕۆسەیە گۆڕانكارییەكی جیهانییە و لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەیە، كە ڕوونكردنەوەیان زۆری دەوێت، بەڵام لەفۆڕم و وێنەگشتییەكەیدا و بۆ دووبارە تێگەیشتنەوە لەپەیوەندی و بەهاكانی دەق و خوێنەر، دەبێت بیر لەجۆرێكی دی لەڕوانین لەم بابەتە بكەینەوە. (سوهراب) واتەنی ” دەبێت چاوەكانمان بشۆین و جۆرێكی دیكە دونیا ببینین”

عەلی شێخ عومەر :

تیۆری وەرگرتن “تلقی” ئەم چەمكە لە ڕەخنەی ئەڵمانییدا، بڵاوبووەوە، تیۆری وەڵامدانەوەی خوێنەر لەئەمریكادا سەریهەڵدا و بڵاوبووەوە. ئەوەی نەمری بەدەق دەبەخشێت، خودی دەقەكە خۆیەتی، خوێنەر زیندووی دەكاتەوە، تیۆری وەرگرتن و وەڵامدانەوەی خوێنەر، لەسەردەستی وڵفگانگ ئایزەر و ڕۆبرت یاوس چەكەرەی كرد، بەهای ئەدەب لەبەرامبەر داهێناندا، یان نووسینی ئەدەبیدا وەردەگیرێت، ئەمەش بەخوێنەرەوە بەندە، كارتێكردن بە خودی دەقەكەوە،پشت بەچەندین سەرچاوە دەبەستێ، وەك فۆرمالیستی ڕووسی شكلۆفسكی، بونیادگەری براگ، دیاردەگەرایی ئینگاردن، هیرمۆنتیكای هانز جۆرج گادامیر، كە مامۆستای یاوس بووە، لەتیۆری وەرگرتندا، لەسۆنگەی ئەوەی چەندین جۆری خوێنەر هەیە، وەك خوێنەری شارەزا، نەشارەزا، ڕەخنەگر، بۆیە تێڕوانینی خوێنەرەكان بۆ دەقی ئەدەبی ناتوانێ یەكسان بێ، هەندێ سەرچاوە كاریگەریان لەسەر وەسیلەخوازی جۆن دیوی، بوونخوازی چۆمسكی دامەزراندووە، هەڵبەت تیۆری وەڵامدانەوەی خوێنەر، بە ناوی جیاوازەوە لەچوارچێوەی وردەكاریی خوێنەردا، بە چەندین تیۆرەوە پۆلیندە كراوە، نموونەی تیۆری”توانستی ئەدەبی جوناسان كیلر، ناسنامەی دەق نۆرمان هۆڵاند، كاریگەری دەروونی دیڤید بلیش، ڕۆڵی نیشانە ڕیڤایتر”، ئێمە لەئاستانەی كورت بڕییەوە، ئاماژە بەو چوار چەمكە دەكەین كە تیۆری وەرگرتن و وەڵامدانەوەی خوێنەری لەسەر بنیادنراوە. یەكەم كۆگای دەق : ئەو شوێنەیە دەق و خوێنەر بەیەك دەگەیەنێ، ئاوێتەبوونی ئەدەبەكانی پێشووتر و پێوەرە دەرەكییەكانی دەرەوەی دەق پەیرەو دەكەن، سنوورەكانی كارلێكردن و دواندنی نێوان دەق و خوێنەر دیاری دەكات. دووەم ستراتیژی دەق : تێگەیشتنی خوێنەرە، لەلایەن دەقەوە بەرپرسی ڕێكخستنی توخمەكانی نێو كۆگای دەقە، لەنێو توێژەكانی دەق ئەو هێڵە سوورانەی دەق دەگرێتەوە تا خوێنەر بەواتای دەق بگەیەنێ، دەبێ بەسەریدا بڕوات، بێ ئەمە ناتوانێ كۆدەكانی دەق شی بكاتەوە، سێیەم كلێنەكانی نێو دەق : ئەو بۆشاییانەیە خوێنەرپڕی دەكاتەوە، پەیوەندی لەگەڵ دەقدا دادەمەزرێنێ، ئەم بۆشاییانە بەو مەرجە شێوازی خەیاڵ كردنەوەی دەق ئاڕاستە دەكەن، كە دەق ڕێكیخستووە، لەهەمانكاتدا وەڵامدانەوەی خوێنەرەكان ڕێك دەخەن، كلێنەكان جگەلەوەی بزوێنەری خەیاڵە، ئاوێتەبوونی خوێنەر و دەقە، شوێنی بۆشایی لەنێوان دوو تێڕوانینە، بەدیوێك پاژەكانی دەق بەیەكەوە گرێ دەدات، مەودا بەخوێنەر دەبەخشێت، بەچەندین شێوە لێكدانەوە بۆ واتای دەق بكات، بەدیوێكی دیكە بەرامبەر بەپارەكانی تری، ئاماژە بەهەڵوەشاندنەوەی دەقەكە دەدات، چوارەم ڕوانینی گەڕۆك : بە چەند قۆناغێك پشت بە لۆژیك و تاقیكردنەوە دەبەستێ، بۆ ئەوەی خوێنەر بەتەواوی بەواتاكەی بگات، هەر قۆناغە و شتێكمان پێشكەش دەكات، لەكۆتاییدا تێكرا پێكهاتەكانی دەق لەسەر بنەمای نەرێنی دەق بنیاد دەنرێت، توانای گەیاندنی ئەزموونی نوێ و نەناسراوی هەیە، لەسایەی ئەم چەمكەشەوە لەسەر پێوەرەكانی فاكت و ئەزموونە باوەكانی دەق،كە وەرگر لێی تێنەگەیشتووە، لادان فەراهم دەكات.
چەمكەكانی یاوس و ئێستێتیكای وەرگرتن / لەئاریشەی دەستەی وەرگرەوە نەبێ،لەژیاندا كاری ئەدەبی بەردەوام نابێ، چونكە مێژووی ئەدەب، بریتییە لەمێژووی وەرگرتنی دەستەیەك خوێنەری یەك بەدوایەكەكانی دەق، لەمێژووی ئێستێتیكادا، یاوس پشتی بەزانستی ڕاڤەكردن بەست، بۆیە باس لەو بابەتانە دەكات كەپەیوەندی بەسروشتی كۆمەڵایەتی و مێژووییەوە هەیە،ڕەخنە لەمیتۆدی پەسن، لەڕەنگدانەوەی ماركسی، بەتایبەتی جۆرج لۆكاچ و لوسیان گۆڵدمان و چەمكی هونەر بۆ هونەری فۆرمالیستەكان دەگرێت، چەمكی وەرگرتن لای یاوس دوو لایەن دەگرێتەوە، یەكەم بكەر”فاعل”، دووەم كارلێكراو “منفعل” پرۆسەكە دوو ڕووی هەیە،ڕوویەكیان ئەو كاریگەرییە بەرهەم دەیخاتە سەر وەرگر، ڕووەكەی دیكە خوێنەر چۆن پێشوازی لە بەرهەمەكە دەكات یان چۆنییەتی وەڵامدانەوەیەتی، چونكە جەماوەر یان بۆنێردراو بەپێی ئاستی ڕۆشنبیری، تەمەن،ئەزموون و ڕەگەز، كۆمەڵێ وەڵامدانەوەی جۆراوجۆریان بۆ دەقە ئەدەبییەكە دەبێ، لەوانە خوێندنەوە بۆ بەسەربردنی كات، ڕەخنەگرتن، ڕەتكردنەوە، بەدڵبوون، چێژوەرگرتن لەفۆرم و لێكدانەوەی نوێ بۆ ناوەرۆك، دیارە دانەری دەق هەمیشە وەرگرە، بەردەوام واتای نوێ بۆ بەرهەمی ئەدەبی فەراهم دەكات، ئەمەش بە كۆمەكی دوو توخم دەستەبەر دەبێ، توخمی ئاسۆی پێشبینی یان”چاوەڕوانی” كە بریتییە لەو ڕەهەندانەی كارەكە گریمانە دەكات، توخمی ئەزموون، وەرگر بەپێی ئەزموونی خۆی تەواوی دەكات.
ئاسۆی پێشبینی یان چاوەڕوانی / لەڕێچكەی ستراتیژی دەقەوە، كۆمەڵێک گریمانەی هاوبەش دەدرێتە پاڵ خوێنەری نەوەیەكی دیاریكراو، گومانی ئەدەبی پێشبینییەكانی خوێنەر دووپات دەكاتەوە، دەیگۆڕێت، یان چاكی دەكاتەوە، بەم پێوەرانەش بێ، دەكرێ مەودای ئێستێتیكی بۆ بەرهەمی نوێ دیاری بكرێ،پێوەری خوێنەر لەوەرگرتنی دەقدا،چێژ لێوەرگرتن بەئەزموونی ئێستێتیكی هەژمار دەكات، هەڵبەت ئەمەش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە،بەپێی باوەری ئاینی،ڕەگەز، و ئاستی ڕۆشنبیری..تاد،گۆڕانكاری بەسەردا دێت. خوێنەر كە دەقێك وەردەگرێت بەشێوەیەكی جیاواز وەڵامدانەوەی بۆ دەبێت، ئاسۆی چاوەڕوانی لەڕێگای لێكدانەوەی ڕۆڵی خوێنەر، هێڵە سەرەكییەكانی شیكردنەوەی دەق دیاری دەكات، بەكارتێكردن ئاوێتەی دەق دەبێ، دواندنی لەتەكدا دەكات، تا دەگاتە ئاستێ، دەتوانێ زمانی ڕۆژانە لە زمانی جوانناسی جیاكاتەوە، لەنێو شارەزابوونیدا ئاسۆی پێوەر و پێوانەیەك بۆ بەرهەمەكە دروست دەكات، گەر ئەو بەرهەمە لەتەك ئاسۆكەیدا تەبا بوو، ئەوا بەرهەمەكە ناگۆڕێت، هەر دەقێ ئاسۆی چاوەڕوانی بگۆڕێ، ئەوە ئەو دەقە سەركەوتوو دەبێت، لەتەك شێوازە باوەكانی پێشتردا، هەڵگری تۆیەكی نوێ دەبێت، لادان دروست دەكات، پرسیاری نوێ دەورووژێنێ، لەكۆتاییدا تیۆری وەرگرتن، چەق دەخاتە سەر وەرگری دەق، بەم شێوەیەش خەسڵەتی نووسەر و دەق كاڵ دەبنەوە، پەیوەندی نێوان خوێنەر و دەق دیارتر دەبێت، ڕۆڵی نووسەر پشت گوێ دەخرێت، ڕۆڵان پارت بە لەدایكبوونی خوێنەر بانگەشەی مەرگی نووسەری ڕاگەیاند، بەمەش لەسێكووچكەی نووسەر، دەق و خوێنەر گۆڕانێكی بنەڕەتی هێنایە كایەوە، پەیوەندییەكە لەنێوان دەق و نووسەر، گوێزرایەوە بۆ دەق و خوێنەر، كەواتە دەق بوونی خۆی لە نووسەرەكەیەوە وەرناگرێ،بەڵكو خوێنەرەكەیە بوونی پێدەبەخشێت، واتای دەق چالاكی خوێنەرەكەیە، ئەزموون لەتەك دەقدا دەكات،چ كاتێ چالاكی پەیوەندی خوێنەر بە دەقەوە گەیشتە پلەی سەد،ڕۆڵی نووسەر بە سفر یەكسان دەبێت.
كەركوك گەڵاڕێزانی ٢٠٢٤

کاروان عومەر کاکەسوور :

هەر کاتێ دەق لە ئاستی گوتراوەوە، یان وردتر بگوترێت لە ئاستی نەبینراوەوە دەگاتە ئاستی بینراو و شێوەی نووسین ( Graphic Shape) وەردەگرێت، ئەوە پێوەندیی نێوان خۆی و خوێنەر دادەمەزرێنێت، کە پێوەندییەکە لەسەر پرۆبلەماتیکی گەورە دامەزراوە. دەق دەبێتە مەڵبەندی بەریەککەوتنی دوو هۆشیاریی جیاواز، هۆشیاریی نووسەر و هۆشیاریی خوێنەر. ئایا ئەو دەقە چەند توخمەکانی دایەڵۆگی لە خۆی گرتووە، بەو مانایەی ئایا توانای هەیە لە بەرانبەر دەرەوەدا خۆی بکاتەوە، تا جیاوازییەکانی بخاتە ڕوو؟ جیاوازی بە چ مانایەک؟ بەو مانایەی ئایا ئەو دەقە لە ڕێی شتە زانراوەکانەوە خۆی دامەزراندووە، یان ڕووی لە نەزانراوە و ئاستی شاراوەی ئەو شتانەی پێشان داوە؟ تا ئەو دەقە کراوەتر بێت، پتر زەوینە بۆ دەرکەوتنی چالاکیی خوێنەر خۆش دەکات. لێرەدا کردەی ڕاڤە دێتە پێشەوە، کە هەر ئەوەیشە جووڵە دەخاتە دەقەوە و بەردەوامیی پێ دەدات. واتە دەقی کراوە لە دوو ئاستدا دەردەکەوێت، کە دەکرێت بە شیعریەتی دامەزراندن و شیعریەتی ڕاڤە ناویان بنێین. یەکەمیان هیی نووسەر و دووەمیان هیی خوێنەرە. کاتێ دەق ئەوە نمایش ناکات، کە هەیە، بەڵکوو ئەوە دەردەبڕێت، نەناسراوە، ئەوە خوێنەرێکی ڕاڤەکەر دەخوازێت، تا لێکدانەوەی جیاواز بۆ دەربڕاوەکانی بکات. دەقی باو بەوەدا کڵێشە و پێوەرە باوەکان لە بەرچاو دەگرێت، ئەوە جەخت لە بنەمای (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) دەکاتەوە و لە ڕێی هەمان شێوازی باوەوە خۆی دەردەخاتەوە، کە لێرەدا بۆشایی نییە، تا تێیدا خوێنەری ڕاڤەکەر چالاکی بنوێنێت، بەڵکوو شتەکان بە ڕەهایی هاتوون و لێکدانەوە هەڵناگرن. دەکرێت بگوترێت دەقی باو دوو دەرگەی هەن، کە نووسەرەکەی خوێنەر ناچار دەکات بەمیاندا بچێتە ژوورێ و بەویاندا بێتە دەرێ. لێرەدا نووسەر نەک هەر پێشتر بڕیاری داوە چۆن دەق دابڕێژێت، بەڵکوو خوێنەریشی ناچار کردووە، بەو ئەنجامە بکات، وا خۆی پێی گەیشتووە. کاتێ لە دەقی کراوەدا بنەمای (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) تێک دەشكێت، ئەوە سەرتاپێی بونیادەکەی دەگۆڕێت، بەو مانایەی ئەو دوو دەرگەیە هەڵدەگیرێن، کە بۆ هاتنەناوەوە و چوونەدەرەوەی خوێنەر کراون، بەڵکوو لە هەر خاڵێکدا بێژمار دەرگە دەکرێنەوە. وەک پارادۆکسێک دەقی کراوە بێدەرگەیە، بەوەی بوونی دەرگە ئاماژەیە بۆ هەبوونی دیوار و مانای وایە شتەکان سنووردارن. ئینجا مادام هیچ دەقێک تەواو نەبووە، ئەوە چالاکیی خوێنەر لێرەدا بایەخی هەیە. (ڕۆڵان بارت) لە گوتاری (دەقی فرەئاڕاستە)دا پێی وایە ئەو (من)ـەی لە دەق نزیک دەبێتەوە، هەر خۆی پێشتر بریتییە لە کۆمەڵێک دەقی تر و کۆدی بێکۆتایی، یان بە دیاریکراوی کۆمەڵێک کۆدی ونبووە، بەو مانایەی بنەچەیان نادۆزینەوە.
دەگەینە ئەوەی بڵێین دەقی کراوە نە بۆ خوێنەرێکی دیاریکراو نووسراوە و نە لە پێناوی گەیاندنی تاکە مانایەکیشدا، بەڵکوو لە ڕێی ئاماژە بێسنوورەکانیەوە ڕێی خوێنەر دەدات بە دوای مانا شاراوەکانیدا بگەڕێت، بۆیە خوێندنەوە و ڕاڤە لە بەرهەمهێنانی مانادا هاوشانی یەکن، بگرە خوێندنەوە خۆی بریتییە لە ڕاڤە. دەقی کراوە و فرەئاڕاستە لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکی جیاوازدا، بە شێوەی جیاواز لە هیی پێشووی خۆی دادەڕێژێتەوە، بێ ئەوەی دۆخێکی چەسپاو بە خۆیەوە بگرێت، بەڵکوو توانای هەیە بەردەوام بچێتە دۆخی دیکەی جیاوازەوە.

سابیر ڕەشید :

بۆ ئەوەی بەتەواوی لەهاوکێشەی “نووسەر – دەق – خوێنەر” بگەین، دەبێ ئەوەش بزانین کە ئەم پێوەندییە لە تیۆری وەرگرتندا هەر لە مێژووەوە تا ئێستاکە بە سێ قۆناغدا تێپەریووە. یەکەمیان: کە لەسەدەی نۆزدەهەم و بیستەمدا هەبووە و لەم میتۆدە ڕەخنەییانەدا لەم هاوکێشەی سەرەوە کە باسمان کرد. یەکەمیان ” نووسەرە”، هەڵگێرەوەی هاوکێشەکە بووە و بەلای ئەویشدا شکاوەتەوەو ئەم پەیڕەوە لای نووسەر و توێژەر و ڕەخنەگرانی ئەم سەردەمەدا نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە و لەسەری ڕۆیشتوون. ئەم کاتی لەم هاوکێشەیەدا تەنیا نووسەر دیار بوو و دەق و خوێنەر تەنیا بەشدارێکی هاوکێشەکە بوون و ڕۆڵی سەرەکییان نەبوو. واتە دەقەکان بۆ خوێنەر بوو، تەنانەت وەریشدەگرت، بەڵام خوێنەر لەدەرەوەی دەق بوو تەنیا چێژی لێوەردەگرت و سوودی لێدەبینی. دووەمیان : ڕۆڵی :دەق بوو کە لە ساڵانی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی بیستەمدا، ئەوکاتەی بونیادگەری پەیدابوو و نووسەر و توێژەرانی وەکوو ڕۆڵان بارت و جۆلیا کریستیڤا و تۆدۆرۆڤ بەیەخییان بە دەقدا لەم هاوکێشەی سەرەوە کە باسمان کرد بەتایبەتی ڕۆڵان بارت کە چەمکی “مەرگی نووسەر”ی ڕاگەیاند و لەپلەی سفری نووسینی دەقدا، تەنیا دەق گرنگ بوو، نووسەر و خوێنەر لەدەرەوەی دەق بوون و خوێنەریش چێژوەرگر و شڕۆڤەکار و وەرگرێکی دەق بوو، بەڵام ئەو ڕۆڵەی نەبوو وەکوو ئەوەی دەقەکە جێی بایەخی سەرەکی بوو. سێیەم : ڕۆڵی خوێنەر لەم هاوکێشەی سەرەتا باسمان کرد ” نووسەر – دەق – خوێنەر”، ئەمەش لەقۆناغی دووەمی بونیادگەری و پاش بونیادگەری و تیۆری وەرگرتندا. واتە بایەخدانەکە لەنووسەر و دەقەوە دەگوازێتەوە بۆ خوێنەر.
ئەم میتۆدە سنوورێکی بۆ پیرۆزی نووسەر و دەق دانا، بەتایبەتیش لەدەرکەوتنی میتۆدە ڕەخنەییەکانی دوای بونیادگەری وەکوو: هەڵوەشانەوەگەرایی، هێرمۆنیتیکا، سیمیۆلۆژیا و هیتر ئاڕاستەکەیان خستە ناو شیکردنەوە و لێکدانەوە و وەرگرتنی خوێنەر.تەنانەت لە بیردۆزی وەرگرتندا مافی وەرگرتن و لێکدانەوە و تەنانەت بەشداری کردنی لەدەقدا بۆ خوێنەر گەڕاندەوە، تەنانەت بۆ گوێگر و بینەریش لە هونەرەکانی تری جگە لە نووسیندا. لەم نوێکاریانەدا کە هاتنەدی لایەنی زمانی و زمانەوانی ڕستەیان بە دەق گۆڕییەوە و زمان بووە پردی گەیاندن بۆ خوێنەر. لەوکاتەدا کە دەق بەرەو و دەلالەتخوازی و شیفرە و کۆد و ئەودیوی دەق و تەمومژ و دەقی ڕۆشنبیری و گەمە شاردراوەکانی مانا و زمانەوانیش بەرەو هاوکێشەی ” گادامێر”ی دەبرد کە بریتی بوو لە تێگەیشتن و تەئویلی و پراکتیزەکردن.
نووسینەکانی بارت و کریستیڤا و تۆدۆرۆڤ و دواییش نووسینەکانی سیمیۆلۆژیستەکانی وەکوو ئەمبرتۆ ئیکۆ و بنەماکانی فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژیای هۆسرێڵ و هایدگەر و گادامێر کە ڕۆڵی وەرگر لە توانا و نوسینی دەقدا بەرز دەنرخێنن و لای ئەوان مانا بایەخی دەق دیاری دەکات و کارلێکی دەق و خوێنەر ئاوێتەی یەکتر دەبن.
لەدەقی نوێدا بەتایبەتی لە چیرۆک و ڕۆماندا خوێنەر دێتە ناو دەق و نووسەرەکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێنەردا دەدوێ و پرسیاریان پێدەکات و خۆی لە خوێنەر ئاشکرا دەکات و باسی بیرۆکەی دەقەکەی دەکات وەکوو ئەوەی لەدوای بونیادگەریدا میتۆد، یان شێوازێکی نوێ پەیدا بوو کە ناویان لێناوە میتاگێڕانەوە، لەچیرۆک و گێرانەوەدا، لەڕۆمانیشدا وەکوو “میتاڕۆمان”ی پێدەڵێن. لای خۆمان ڕۆماننووسانی وەکوو عەبدوڵڵا سەراچ و عەتا نەهایی و عەتا محەمەد پەیڕەوی ئەم جۆرە نووسینەیان کردووە، لە چیرۆکیشدا ڕەئوف بیگەرد و ڕەئوف حەسەن و ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل و هی تریش ئەم جۆرە دەقانە بە بەشداری خوێنەر دەنووسن. هەروەها لەدەقی نوێشدا بەتایبەتی لەچیرۆک و ڕۆماندا بەچەندان شێواز و تەکنیکی نوێ دەنووسرێ، بەتایبەتی دوای باو نەمانی سێیانەی مۆباسانی ( سەرەتا – گرێچن – کۆتایی)، لەکۆتایی کراوەدا ، چیرۆک یان ڕۆمان کۆتاییەکەی بۆ خوێنەر وەکوو بەشدارێکی دەقەکە خۆی چۆنی بوێ وەها کۆتایی بۆ دەقەکە دابنێ. من خۆم لە چیرۆک و ڕۆمانەکانمدا لەزۆربەیان داوا لە خوێنەر دەکەم و پێی دەڵێم: تۆش وەکوو بەشدارێکی تری دەقەکەم دەتوانی خۆت کۆتاییەک ، یان ئەنجامی دەقەکە دیاری بکەیت.
بۆ وەڵامی پرسیارەکانیش، ئەوا وەڵامەکەی من ئەوەیە خوێنەری کورد ئێستاکە ئەو خوێنەرە ساویلکە و ئاساییەی جاران نییە کە تەنیا دەقی ئەدەبی بۆ مەبەستی مانا و چێژ بخوێنێتەوە و لەدەرەوەی دەقدا بێت، بەڵکوو ئەو خوێنەرە، مەبەستم خوێنەری ئێستایە کەلەم سەردەمەی پێشکەوتن و تەکنەلۆژیا و زۆری سەرچاوەی ڕۆشنبیری هەروا دوورەپەرێز نابێت لەگەڵ دەقدا، بەڵکوو پێوەندییەکی گیانی لەگەڵدا دادەمەزرێنێت و خۆی دەکات بە بەشدارێکی تری دەقەکە و خۆیشی بەنامۆ نازانێ لەدەقدا. لەئاستە جیاوازەکانی زمان و مەعریفەشدا گرفتەکانی خوێندنەوە ئاسانتر دەکات، چونکە خوینەری ئێستا خۆی ڕۆشنبیرە و ئاگادارە و خوێندەوارێکی سەرسەختی هەموو جۆرەکانی خوێندنەوەیە، واتە سەری لە زۆر ژانرە ئەدەبی و زانستییەکاندا دەردەچێ و تەکنەلۆژیای سەردەمیش نایەڵێ هیچی لێ بزر بێت، بەڵکوو ئینتەرنێت و گووگڵ و سایتە جۆراو جۆر و فەیسبووک و هۆکارەکانی تریش پاڵپشتن بۆ زانین و چاوکراوەیی، بۆیە خوێندنەوەش نابێتە گرفت و لای ئاسانە و دەتوانێ تێی بگات و بەگوێرەی ئاستی تێگەیشتنی خۆی بەشدارێکی تری کارامەی دەقە و هەر ئەمەش لە ئەدەبی نوێ و مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنەدا مەبەستە، خوێنەر چەقە گرنگەکەیە.




بە ئیسلامیكردنی نالی و دیدێكی نا كوردانە.. سەدیق سەعید ڕواندزی

بێگومان نالی، یەكێكە لە شاعیرە هەرە دیارە كلاسیكەكانی ئێمە و ئەم شاعیرە، شوێن و پێگەیەكی گەورەی لە مێژووی شیعری كوردیدا هەیە و شیعرەكانی هاوتەریب لەگەڵ قۆناغ و سەردەمەكان ماونەتەوە، بە ئێستاشەوە شیعرەكانی دەحوێنرێنەوە. مامۆستا مەسعود محمەد لە بارەی نالییەوە دەڵێت:(هەر دێڕە شیعرێكی ئەوە دەهێنێت چەندین ساڵی بۆ تەرخان بكرێت تا ڕاڤە و شیدەكرێتەوە) لەو سۆنگەیشەوە دەبینین، كە لە بواری نالی ناسی و كاركردن و توێژینەوە لە شیعرەكانی، تەنها چەند كارێكی كەم كراون، بە بەراورد لەگەڵ جاحی قادری كۆیی. لە دوای نالی، چەندین شاعیری دیكەی كلاسیكی لە ئەدەبی كوردیدا دەردەكەون، بەڵام دواجار نالی، هەر وەك نالی دەمێنێتەوە و ئەمەش بۆ لێهاتوویی و توانای شیعری نالی دەگەڕێتەوە، كە شاعیرێكی هوشیار و شارەزا و زمانزان بووە و بە كوردی و عەرەبی و فارسی شیعری نووسیوە و ئاگایەكی زۆری لە شیعرەكانی بەر لە سەردەمی خۆی، هەروەها هوشیاریەكی درك پێكراوی تەنانەت لە بارەی مۆدێرنە و ڕۆشنگەریی و ئازادییەكانی تاك و خود گەرایی هەبووە، ئەمەش بە ڕوونی لە شیعرەكانیدا هەستی پێ دەكرێت و دەبینرێت. نالی، بە شانازییەوە باسی خۆی و شیعرەكانی دەكات و لە چەندین شیعردا، ئەو تواناو لێهاتوویەی خۆی لە بواری شیعر نووسیندا خستۆتە ڕوو، لە ڕووی وەسف و بەلاغە و چواندن و چەندین هونەركاری دیكەی شیعریش، دەستێكی دیاری هەبووە، ئەمە وێرای ئەوەی لە هەمووی گرنگتر، بایەخی بە زمان و بە كوردی نووسین داوە و تەنانەت ئەو شیعرەشی كە بۆ پەیامبەری ئسلام، لە لاوندنەوەی ئەو نووسیویەتی، بە كوردی نووسیویەتی، بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە، كە زمانی شیعری نالی، زمانێكی تەواو پەتی و كوردانە بێت، بە پێچەوانەوە سەدان وشەی عەرەبی و فارسی لە شیعرەكانیدا هەن، بەڵام نابێ ئەوەمان بیر بچێت، كە نالی شاعیری سەردەم و قۆناغێك بووە، كە زمانی بەركار و نووسین و پەیڕەوكراو، هەر ئەو زمانە ئاوێتە یەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، نكۆڵی لە ڕۆڵی نالی وەك شاعیرێك لە پێشخستن و دەوڵەمەندكردنی زمانی كوردی ناكرێت. شاعیرە كلاسیكەكانی ئێمە، گەرچی دەرچووی شوێنە ئایینییەكان، تەكیە و خانەقاكان بوونە، گەلێكیان هەڵگری شوناسی ئایینی لە شێوەی شێخ و حاجی و مەلا بوونە، بەڵام هیچ كاتێك بە تەنها ئایینگەرایانە بیریان نەكردۆتەوە، بەڵكو ڕوانگەیكی دیكەیان بۆ ئایین هەبووە. بەردەوام ڕەخنەیان لە كارەكتەرە ئاینییەكان لە شێوەی مەلا و سۆفی و شێخ گرتووە، دیاردە گەردوونی و فیزیكی و ئیلاهییەكانیان، چواندووە بە نەخش و چا و ڕووخساری ژن و بگرە هەندێكیان بێ ڕتووش ئاستی ڕەخنە گرتنیان هەموو هیڵێكی سووری بەزاندووە، وەك شێخ ڕەزا. لە نێویشیاندا نالی، لە چەندین شوێنی دیوانەكەی (1) ڕەخنەی لە پیاوانی ئایینی گرتووەو، بۆ نمونە لەشیعرێكدا دەڵێت:

سەماعە گەردشی عیشقە حەقیقەت
لە سۆفی و رەقسی تەقلیدی نەما باس
نالی، باس لە بەزمی گوێڕاگرتن لە گۆرانی و هەڵسوڕاوانی خۆشەویستی دەكات و هاو كات سەمای سۆفی بە ناڕەسەن و تەقلیدی و بە سەرچوو دەناسێنێت، كە مەبەست لێی حالەتی سرووشتییە. یاخود لە دێڕە شیعرێكی دیكەدا دەڵێت:_
ڕیشەكەی پان و درێژ و بۆ ریا خزمەت دەكا
زاهیرە هەر كەس بە توول و عەرزی ریشیدا ریا
نالی باس لەوانە دەكات، كە چۆن لە پەراوێزی ڕیش هێشتنەوە وەك سونەتێكی ئایینی، خەڵكی فریو دەدەن و لە پێناو خواپەرستی و جێبەجێكردنی سوننەتەكان، ڕیشیان پان و درێژ ناكەن، بەڵكو بۆ ریای دنیا و فریودان و خۆنواندنە لە بەرگێكی ئایینیدا، كە لە بنەڕەتدا وانین. بە گشتی شاعیرانی ئێمە، ڕاستە پەروەردەیەكی ئایینی و ئیسلامییان هەبووە، بەڵام هیچ كاتێك ئەو شوناسە ئایینییە، وەك ناسنامەیەك بۆ شیعرەكانیان ناكەنە پێوەر بۆ ناسینەوەیان. ئێمە كە نالی و حاجی و شاعیرە كلاسیكەكانی دیكەمان هەن، لە بەر ئەوە نییە كە مەلا، یاخود شێخ و حاجی بوونە، بەڵكو لە سۆنگەی ئەوەیە كە خۆیان شاعیر بوونەو شوناسە ئاینییەكەیان، ڕاستە ڕەنگدانەوەی لە نێو شیعرەكانیان هەبووە، بەڵام تیمە و شوناسی بنەڕەتی شاعیر بوونیان نییە، بەو مانایەی نالی كە نالییە لەبەر ئەوە نییە كە مەلایە و بە ئایین ئیسلامە، بەڵكو خۆی نالییە و بوونی هەیە. هەر هەوڵێكیش بەو ئاراستەیە بێت، كە ئەم شوناسە مێژوویی و ئەدەبی و نەتەوەییە، لە شاعیرە كلاسیكەكانی ئێمە بسێنێتەوە و بارگاوی بكات بە شوناسی ئیسلامی، مایەی ڕەتكردنەوە و تێ نەگەیشتنە لە دنیای نالی. لەو سۆنگەیەوە (د _ ڕێبین ) ناوێك لە ماڵپەڕی چاودێردا نووسیویەتی 🙁 كورد كە بووە موسڵمان نالی و مەلای جەزیری لێ بەرهەم هاتووە) (2) واتا ئەگەر كورد نەبووایە بە موسڵمان، كە پێ دەچێ شارەزایی مێژووی ئەوەی نەبێت، كورد چۆن كراوە بە موسڵمان، ئەوا نە نالی، نە مەلای جەزیری، بگرە هیچ كام لە شاعیرە كلاسیكەكانی ئێمە بوونیان نەدەبوو. ئەمەش مانای وایە، فەرهەنگ و میراتی شیعری كلاسیكی كوردی و شاعیرە كلاسیكەكانی دیكەی كورد، بەرهەمی موسڵمانبوونمان و ئایینەكەمانە و دەبێ تا مردن، خۆمان بە قەرزاری ئیسلام بزانین، دەنا شاعیرێكمان نابوو ناوی نالی بێت ! بێگومان هەوڵدان بۆ سڕینەوەی شوناسی ڕاستەقینەی نالی، لە شوناسێكی كوردانە، شاعیرانە، كلاسیكییانە و دروستكردنی شوناسێكی ئیسلامییانە بۆی، بەرهەمی ئەقڵێكی عەرەبی، سەلەفی و دینییە، كە لە پەراوێزی بە ناو ئەكادیمیەت و توێژینەوەی زانستیدا لای هەندێك كەس دەبینرێت. نالی و هەموو شاعیرە كلاسیكەكانی دیكەی ئێمە، لە بەر ئەوە شاعیر نین، كە موسڵمانن و بە هاتنی ئیسلام بوونەتە شاعیر، بەڵكو خۆیان وەك شاعیر و وەك كوردێك شاعیرن، مەگەر نالی، خۆی لە شیعرەكانیدا، ستایشی زمانەكەی ناكات ؟ مەگەر نالی گاڵتە بە ئەقڵی خورافی و لاهووتی ناكات و گەمە بە سۆفی و ئایینداریی و ڕیایی ناكات؟ شاعیرانی ئێمە لە بری ئەوەی خۆیان وەك شەهیدی ئایین بناسێنن، دێن لە پێنا و زولف و ئەگریجە و ئافرەتدا، شەهید دەبن و خۆیان شەهید دەكەن. مانگ و ڕۆژ و ئەستێرە و توخمە گەردوونییەكان، كە دروستكراوی خودان، لە ئاست ڕوحی یارەكەیاندا، بێ بەها دەبیننن، هەر وەك نالی دەڵێت:
لە خەوفی تەلعەتی ڕۆژ هەر وەكو شێت
بە ڕوو زەردی هەڵات و كەوتە كێوان
نالی بەردەوام وەك ڕەخنەگرێكی ئایینی لە شیعرەكانی دەردەكەوێت و سیمبولە ئایینییەكانی لە شێوەی سۆفی و شێخ دەداتە بەر ڕەخنە. ئەگەر نالی، هێندە موسڵمانانە بیری كردبایەوە، ئایا ئەقڵێكی ڕەخنەیی و ڕیفۆڕمی لەو شێوەیەی دەبوو؟ هەر ئەم نالییە، لە شیعرێكی دیكەیدا دەڵێت:_
بێ نییەتی تەقبیلی دەمت عاتیلە ڕۆژووم
بێ حەزرەتی میحرابی برۆت باتیلە نوێژم
نالی، دوو ڕوكنی گەورەی ئیسلام بەتاڵ دەكاتەوە لە بنەما ئاینییەكانیان و دەیانبەستێتەوە بە دەم و برۆی ژنێك، بەو مانایەی ڕۆژ و نوێژی ئەو وەرناگیرێت، ئەگەر بەر لە بە ڕۆژو بوون، دەمی ئەو ماچ نەكات! هاوكات نوێژەكەشی بەهەمان شێوە، ئەگەر برۆی ئەو نەبینێت. ئەمە ڕوانگەی نالییە، نالی وەك سایكۆلۆژستێك دەچێتە نێو ناخی مرۆڤەكانی سەردەمی خۆی، كە چۆن لە پەنای ئایینداری بە ڕووكەش و فریودەرانە، سۆفی و سمبولە ئایینییەكان، سەرقاڵی فریودان وبە لاڕێ دابردنن و ئەوەی دەیكەن بۆ دنیایە، نەك بۆ ڕۆژی دوایی! یاخود ڕەخنە لەو مرۆڤانە دەگرێت كە پارەیان بە لاوە هەموو شتێكە و بە دەگمەن تیایان دایە، دەستگیڕۆیی هەژارێك بكات، هەروەك لە شیعرێكدا دەڵێت:_
ئەهلی دنیایی لەبە ر حیرس و تەمەع هوشیارن
بە خسووسی بگەڕێی مەست و خیردەمەندی نییە

هەر ئەو نالییەی، دكتۆر ڕێبین پێی وایە بەرهەمی هاتنی ئیسلامە بۆ كورد، لە شیعرێكی دیكەیدا، بێ ڕتووش، بێ سڵەمینەوەیەكی كۆمەڵایەتی و نەریتی و ئایینی، وەسفی ڕووخساری كوڕی لوس و سەرنجڕاكێش دەكات، كە هێشتا مووی لێ نەهاتووە و دەڵێت:_
كوڕ ئاینەیی حوسنی، تا وەك كچە مەنزوورە
گرتی كە غوباری موو چینی كوڕ و مینا كچ

مامۆستای پایەبەرز مەلا كەریمی مودەڕیس كە شڕۆڤەی ئەم شیعرەی كردووە دەڵێت :_( ئاوێنەی جوانی ڕوومەتی كوڕ تا وەك هی كچ وایەو مووی لێ نەهاتووە، بۆ تەماشاكردن ئەشێ، بەڵام كە تۆزی دێزی گەنە تووكی لێ نیشت، وەك قاپی فەخفوری لێ دێ، كەچی كچ هەر بە شووشەیی خۆی ئەمێنێتەوە و هیچی لێ نایێ ) (3) نالی لەو شیعرەیدا، باس لەوە دەكات تا سیما و ڕووخساری كوڕ بێ ڕیشە، وەك هی كچ جوان و سەرنجڕاكێشە، مەنزوورە، واتا مایەی تەماشكردن و سەرنجدانە، بەڵام كاتێ موو دەگرێت، ئەو مەنزوورییەی نامێنێت،. لێرەوەش مەنزوور پتر بە مانای سەرنجڕاكێشان و سەراسیمەیی دێت، نەك هەر تەماشاكردن. بەمەش نالی كوڕێكی بێ موو، دەكاتە تێمای شیعریی، كە ڕەنگدانەوەی ئەو جیهانبینییە ڕۆشنگەرەی خۆی بووە، چونكە نالی شاعیرێكی بیر كراوەو بە ئاگا بووە. كەچی ئەم بەڕێزە، دێت سووك و ئاسان نالیمان لێ دەكاتە ئیسلامی و دەڵێت كورد كە بووە موسڵمان، نالی و مەلای جەزیری لێ كەوتەوە، كە ئەمەش دیدێكە هەڵگڕی ئەقڵێكی ئیسلامی و سووننەتییە نەك ئەكادیمی و زانستی، چونكە بە ئیسلامیكردنی شاعیرەكانمان و داماڵینیان لە شوناسی كوردانەی خۆیان، بە تایبەتیش بۆ شاعیرێكی وەك نالی، كە زمانێكی تازە دێنێتە نێو شیعری كوردی و نابێ كەسیش پێی بڵێ خۆكردییە و خۆكوردییە، خۆی لە خۆیدا دیدگایەكی ئیسلامییانەی لە پشتە. نالی شاعیرێكی كوردە و خەڵكی خاك و خۆڵی شارەزوورە و هیچ پەیوەندییەكی بە میرات و كولتووری ئیسلامەوە نییە، كە میرات و كولتووری عەرەبەكانە. هەمووشمان دەزانین كورد چۆن و كەی و بۆتە موسڵمان؟ بۆیە بە ئیسلامكردنی شاعیرەكانمان، لە بری بە كوردیكردنیان، خزمەت بە ئەدەبی نەتەوایەتیمان دەكات؟ كێ دەڵێت ئەگەر ئایینی ئیسلامیش نەبووایە، نالی و مەلای جەزیری هەمان ئەو شاعیرانە نەدەبوون؟

——————————-

پەراوێزەكان:
1_دیوانی نالی، بە ڕاڤەی مامۆستای پایە بەرز مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس.
2_ ماڵپەڕی چاودێر، د –ڕێبین ئەحمەد، كورد كە بووە موسڵمان نالی و مەلای جەزیری لێ بەرهەم هاتووە، بەرواری 16/3/2024. ئەمەش لینكی بابەتەكەیە https://chawder.org/detailnews.aspx?jimare=37652&cor=15&related=2
3_ دیوانی نالی، بە ڕاڤەی مامۆستای پایە بەرز مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس، ل 165.

*ئەم بابەتە لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ ژمارە ( 1347) لە 14/11/2024 بڵاوكراوەتەوە.




چێژ و خۆشەویستی و هیومانیزم لای شەكسپیر.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

لە دەقی ڕۆماندا پێویستە چەند ڕەگەزێك هەبن، گرنگ ئەوەیە نووسەر پەیامێك بگەیەنێتە خوێنەر، جگە لەمەش چەندین مەرجی گرنگ هەن كە لە دەقەكاندا هەن کە زۆر لە خوێنەران نائاگان لێیان! چۆنیەتیی گێڕانەوە و شێواز و شوێن و كات و سەردەم و پەسن و پەسنكاریی ناو ڕستەكان و دیالۆگ و كەسایەتییەكان و پتەویی زمان كە لە نووسینی ترمدا باسم لەمە كردووە، ئەمانە بابەتی گرنگن كە نووسەری داهێنەر و بەتوانای ئەم بوارانە لێیان ئاگابڕاو نییە. هەروەها بیرۆكەی سەرەكیی ئەم دەقانە جا چ ڕۆمان بێت یان چیڕۆك یاخود دراما و شانۆنامە، هەموویان تەواوكەری دەقی سەركەوتوون، بە هەموویان ڕەگەزی تەشویق لە دەق دەچنن كە ئەمەیش بۆ بەردەوامیی پرۆسەی خوێندنەوە لەلایەن خوێنەر و چێژی دەق بۆ خوێنەر زۆر گرنگن. یەك لە خاڵە گرنگ و هاوبەشەكان لە نێوان ئەم ژانرە جۆراوجۆرانە بریتییە لە گرێچن كە لێرەدا دەمەوێ كەمێك لێی بدوێم. گرێچن لە دەقی ڕۆمان و چیڕۆك و درامادا، هاوشانی زمان و ڕەگەزەكانی دیكە، بریتییە لە بنیادێكی گرنگی دەق، بۆیە هەست دەكەین ئەو دەقانەی لە ڕووی زمان یان تەوزیفی گرێچنەوە كز و دەستەپاچەن، ناچنە خانەی بەكێشكردن و وروژاندنی خوێنەر و نابنە دەقێكی زیندووی چێژبەخش و خوێنەری كەم و مردەڵەیان دەبێت، بۆیەش دەبنە جۆرێك لە دەقی مردوو و فەرامۆش كراو! لە دەقە ناودار و جیهانییەكانی گەورە نووسەراندا، هەست دەكەین داهێنەرە گەورەكانی ئەم ژانرانە بە گرنگییەكی زۆرەوە بەرهەمەكانیان دەپەخشێنن. لەو داهێنەرە گەورانەی ئەم بوارە كە لە دەقەكانیدا، گرێچن لەوپەڕی دایە و هێزێكی گەورەیشی داوەتە بنیادی دەقەكانی و بەردەوام بەهۆی شیعرچنیی دەقەكانیشی، وێنەی نێو ڕستە و بابەتەكانی لە درەوشانەوەدان، ئەویش ولیەم شەكسپیرە. لە كارە درامییەكانی شەكسپیردا هەست بە گرنگییەكی زۆری گرێچنی شیعرین دەكەین، ئەم ڕەگەز و خاڵە بنەڕەتییە لای شەكسپیر چەندین ڕەهەند دەگرێتە خۆی، لەوانە بۆ نموونە لە هاملێت دا هەست دەكەین گرێچن سەراسۆی دەقەكەی گرتووە، بەشێوەیەك ناجێگیرییەكی سەرنجاویی لە دراماكەدا دروست كردووە، ئەمە جگە لە نیگەرانی و گۆڕانكارییە دەروونییەكانی كەسایەتییەكان و ئاڵۆزكاریی ئیستاتیكیانەی ڕووداوەكانی نێو دەقەكە. گرێچن لای ئەم نووسەرە گەورەیە چەندین ڕەگەز دەگرێتە خۆی، لەوانە ئاڵۆزكاری كە بەهۆی گرێچنەكان پەرشوبڵاو و چەند ڕەهەندیی تێكاڵاون، دیسانەوە چیڕۆك و ڕووداوە درامییەكان لە دەقەكانیدا ئاوێزانن بە پیلانكاری و بابەتی ڕامیاری و ناپاكی لە كەسایەتییەكان. توانای شەكسپیر لەوەدا خۆی دەبینێتەوە كە گرێكان بە شێوەیەكی هونەریی بەرز چنراون و هەر بەم شێوە هونەرییە بەرزەیش كڵافەی ئەو گرێ چنراوانە یەكاڵا و شی دەكاتەوە. خاڵی بەهێزی ناو دەقەكانی شەكسپیر لەوەدایە كە ئەم چاوەنواڕییە هەموو جار پێچەوانەی پێشبینی و بۆچوونی خوێنەر یان بینەر بووە، ئەگەر نا هەر دەقێك دەبێتە بابەتێكی مردەڵە و ئەمەش لە بەرهەمی ئەم داهێنەرە گەورانەدا ئەستەمە. شەكسپیر لە ڕۆمیۆ و جۆلێت، گرێچنە جۆراوجۆرەكان و زنجیرەی ڕووداوەكان بەسەر یەكدا كەڵەكە دەكات و دواجار بە تراژیدیا كۆتایییان پێ دەهێنێت! لەم دەقانەی شەكسپیر، گۆڕانكاری و ڕووداوەكان لەناكاو و چاوەنۆڕنەكراون! ئەمەش وا دەكات خوێنەر و جەماوەر بورووژێن و زیاتر چێژمەند بن. هەروەها ململانێ لەنێو دەقەكاندا بریتییە لە خاڵێكی بەهێزی گرێچنەكان لای شەكسپیر، جا ئەم ململانێ جۆراوجۆرانە بریتین لە دوو لایەن، ڕووكاری دەرەوە، ئەمەش بابەتی ڕامیاری و باری كۆمەڵایەتی دەگرێتە خۆی، یان شەكسپیر لە دەقەكانیدا ئەم ململانێیە دەباتەوە ناوەوە كە لەمەیش كار لەسەر سایكۆلۆجیا و باری دەروونیی كەسایەتی و پاڵەوانی ناو دەقەكان دەكات، بۆ نموونە وەك لە ماكبێس و تۆتێللۆ( كە دوو لە شاكارە تراژیدیەكانی شەكسپیرن)دا ئەم سەرنجانەمان لا دروست دەبێت. لە دەقە تراژیدییەكانی شەكسپیردا زۆربەی جار كۆتایی دیمەن و ڕووداوەكان، بە مەرگ و ماڵوێرانی و لەناوچوونی كەسایەتییە سەرەكییەكان دێت! وەك لە شا لییەر و ماكبێس، وەلێ لە دەقە كۆمیدییەكانی، كە دیمەن و ڕووداوی تەنزئامێز دەگرنەخۆ، (بۆ نموونە لە دوازدەمین شەو و خەونی هاوینەشەوێ) ئەمە بە پێچەوانەیە! و كۆتاییی دیمەن و ڕووداوەكان بە شادمانی و ئاشتەوایی و هاوسەرگیری و گەیشتنە ئامانج دەگەنە بنبەست! گرێچن لەكن شەكسپیر، بریتییە لە ئاوێتەیەك لە ڕامانی فەلسەفە ئامێز و یەكانگیریی هەستی قووڵی ئینسانیی لەگەڵ ڕووداوەكان، بۆیەش هەمیشە دەقەكانی وی بۆ خوێنەر و جەماوەری بینەری بەرهەمەكانی، نەمر و ئەوپەڕی چێژبەخشن.
هەردوو چەمكی خۆشەویستی و هیومانیزم(ئینسانییەت- چەمكی ڕامان و بۆچوونی ڕەوشتامێزە كە پەیامێكی بەرزی مرۆڤانەیە) لای شەكسپیر بریتین لە بنیاد و پەیكەری پێكهاتەی پەیامەكانی، ئەمەش وای كردووە شاكارەكانی بە نەمری بۆ سەرتاسەری مرۆڤ و مرۆڤایەتی بمێننەوە و ببنە پەیامێك بۆ هەموو سەردەم و زەمانێك، دیسانەوە بە ڕەگەزی بەرچاوی داهێنان و چەمكێكی قووڵی جوانی بخوێنرێنەوە، بۆیەش ئیستاتیكای شیعرامێزی نێو دێڕەكانی، خوێنەر و جەماوەر بەردەوام لە سەراسۆدا دەهێڵنەوە، هەروەها سۆزی هیومانیانە لای شەكسپیر، چەندین ڕەهەند دەگرنە خۆ، خۆشەویستی و لێبوردەیییش تەوەرەیەكی گرنگی شاكار و پەیامەكەیەتی، تەنانەت لە چەمكی خۆشەویستیدا هەست دەكەین زۆرجار ڕەهەندی تراژیدیانە وەردەگرێت و هەر بەم ستایلەیش كۆتایییان دێت. لە شاكارەكاندا، بۆ نموونە لە ڕۆمیۆ و جولێت چەمكی خۆشەویستی ستایلێكی نموونەیی وەردەگرێت، كە بەردەوام لەلایەن كۆمەڵگاوە ڕووبەڕووی لەمپەر و ئاستەنگ یان بەربەستی جۆراوجۆر دەبێتەوە، خۆشەویستی لەنێوان ڕۆمیۆ و جولێت بریتییە لە ئەڤینێكی فرە سۆزدار و قووڵ! ئەگەرچی ئەم چەمكە لەڕێی فشاری دەوروبەرەوە، ڕووبەڕووی هەڕەشەش دەبێتەوە، بۆ نموونە كێشە و ململانێی نێوان هەردوو بنەماڵەكەیان!
لە شانۆنامەی ژاوەژاوی بێ هاڕین، سەرنج دەدەین چەندین دیمەنی تەنزاوی هەن! كە ئەوانیش پێوەندییان بە چەمكی خۆشەویستییەوە هەیە، لەوانە چەندین دیاڵۆگی ساتیرامێز لەنێوان كارێكتەرەكان لەبارەی خۆشەویستی و هاوسەرگیری، هەموو ئەمانە دەچنە چوارچێوەی خۆشەویستییەكی گونجاو و قەبووڵكراو، ئەگەرچی تێهەڵكێشیشن بە ڕووداوی تراژیدیانە! بەڵام لە كلیۆپاترا و ئۆتێللۆدا خۆشەویستیەكی نەگونجاو و ڕوخێنەر سەرهەڵدەدەن، چونكە گومان و ئیرەیی و چاوپێهەڵنەهاتن بەرجەستەی كارێكتەرەكان دەبن و دەبنە تڕۆپك و دیمەنی بەرچاوی ڕووداوەكان، ئەمەش دیسانەوە وادەكات شاكارەكان بە تراژیدیا كۆتایییان بێت! لێرەدا هەست دەكەین چەمكی خۆشەویستی لەم دەقانەدا، بنیادێكی بەهێزی وەرگرتووە، پاشتریش چەمكەكە هەر بەهێزەوە ڕووبەڕووی نەهامەتی و داڕووخان دەبێتەوە. چەمكی خۆشەویستی لەكن شەكسپیر، هەر تەنێ لە بابەتەكانی تراژیدیا و كۆمیدیادا خۆی نابینێتەوە، بەڵكە زۆرجار ئەم چەمكە بریتییە لە خۆشەویستیی نێوان كەسایەتی و تاك و كارێكتەرەكان، كە لە ئەنجامدا چوارچێوەیەك لە پێوەندیی پتەوی نێوان هاوڕێ و هاودەمەكان دەگرێتە خۆی، هەروەها زۆرجار چەمكی خۆشەویستی، نیشتمانیش دەگرێتەوە. لە شا لییەردا هەست دەكەین چەمكی خۆشەویستی، ئامێز و باوەشی پڕ سۆزی باوكایەتی دەگرێتە خۆی، باوك لەوێدا لە ململانێی نێوان شا لییەر و كچەكانی، دەبێتە سەنتەری خۆشەویستی، هەر لەم شاكارەدا هەست دەكەین مرۆڤ دەتوانێت لە هەمان كاتدا هیومانییانە و دڕندانەیش بێت، هەروەها هەر لە هەمان كاتدا، بەهێز و لاوازیش ڕەفتار بكات، دواتریش دەبینین ئەم خۆشەویستییە بۆ تراژیدیا دەگۆڕێت! چونكە ناحاڵیبوون لە چەمكەكەدا هەیە. بلیمەتیی شەكسپیر لەوەدایە كە توانیویەتی لە كارەكانیدا هەردوو چەمكی خۆشەویستی و هیومانیزم بە ستایلێكی وەها بەرجەستە بكات كە وەرگر( خوێنەر و بینەر و گوێگر) هەست دەكات ڕووداو و دراماكان، هەروەها كارێكتەر و پێوەندییە جۆراوجۆرەكانیان بنیادیان لەنێو كەتواردا(واقیع) وەرگرتووە. شەكسپیر سەتان ساڵ لەوەبەر، دەق و شاكارەكانی خۆی نووسیوە، گرنگیی داهێنانەكانی لەوەدایە كە سەرجەمیان ئاوێتەی كەتواری ئێستا هەموو سەردەماكانن! نەك تەنێ هەر ڕابردوو، هەر ئەمەشە وەهای كردووە دەقەكانی بۆ هەتا هەتایە ببن بە دەقی نەمر.




لە ڕۆژی جیهانی هەژاریدا، کۆمەڵێک ڕاستی و هەندێک داتا!.. عەبدوڵڵا ساڵح

مارکس دەڵێ: (مێژووی مرۆڤایەتی مێژووی گەڕانە بەدوای خۆراکدا)!

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی (١٧ تشرینی یەکەمی) هەموو ساڵێکی وەک “ڕۆژی جیهانی هەژاری” دیاری کردووە، لەو ڕۆژەدا لە ساڵی (١٩٨٧) زیاتر لە سەد هەزار کەس لە گۆڕەپانی (ترۆکادێرۆ) لە پاریس کۆبوونەوە، کە هەمان ئەو شوێنەیە جاڕنامەکەی مافی مرۆڤی جیهانی تێدا واژۆ کراوە ساڵی (١٩٤٨)، ئەویش “بۆ ڕێزلێنان” لە قوربانیانی هەژاری لەڕادەبەدەر و برسێتی و توندوتیژی، لەوێدا ڕایانگەیاند کە هەژاری دەچێتە خانەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
بەپێی پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەژاری، تەنیا کەمی داهات یان دەستەبەرکردنی سەرچاوەیەکی بەردەوامی بژێوی ژیان نیـیە، بەڵکو لەوەش تێپەڕدەکا بۆ بەدخۆراکی، نەبوونی دەرفەتی خوێندن، و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، ئەوە جگە لە هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی، دوورخستنەوە لە کۆمەڵگا، و نەبوونی دەرفەت بۆ بەشداریکردن لە بڕیاردان.
لە دونیای ئەمڕۆدا کە بە ئاستێکی بێ وێنەی گەشەسەندنی ئابووری و پەرەسەندنی ئامرازە تەکنەلۆژییەکان و سەرچاوە داراییەکان دەناسرێتەوە، هەژاری چیتر و تەنها دیاردەیەکی سادەی فرەڕەهەند نییە، بەڵکو بەرهەمێکی واقیعی و یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی سیستەمی چینایەتی، واتە سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداریی داسەپاوی ئەم سەردەمە. هەر وەک چۆن مارکسیش دووپاتی دەکاتەوە: (کەڵەکەبوونی سامان لە جەمسەرێکی کۆمەڵگادا لە هەمان کاتدا کەڵەکەبوونی هەژاری و نەهامەتییە لە جەمسەرەکەی تردا).
جا ڕێکخراوی (نەتەوە یەکگرتووەکان) کە ڕێکخراوی ئەو وڵاتە سەرمایەدارییانەیە، وە پاسەوانی ئەم سیستمە چینایەتییە جیهانییەیە، لایەک بۆ ئەوەی نەهامەتی و تڕاژیدیاکانی سیستمەکە کەم بکاتەوە و ڕووخسارەکەی ڕووتوش بکات، وە لە لایەکی تریشەوە ڕێگەیەکی چاکسازییانە بخاتەڕوو بۆ چینە چەوساوە و توێژە برسی و هەژارەکان تا ڕوونەهێنن بۆ ڕێگەیەکی شۆڕشگێڕانە، ئەم ڕێکخراوەی (نەتەوە یەکگرتووەکان) ڕایگەیاندووە کە “هاودەنگ”ی هەژارانە و “پابەندە” بە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و هەلومەرجێک بێنێتە کایەوە کە “مەترسی دێوەزمەی هەژاری لە دڵی ئەم خەڵکەدا وەلانێ” و ژیانێکی باشتریان بۆ فەراهەم بێنێ! بەڵام لە ڕۆژی دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوەوە تا ئێستا هەژاری و برسییەتی و جەنگ و ئاوارەییش لەگەڵیا لە پەرەسەندن و زیاد بووندان.
بەراوردێکی سادە لە نێوان ژمارەی خەڵکی هەژار لە جیهاندا و ژمارەی کەسە داراکان بە ڕوونی سروشتی ئەم سیستەمە و دڕندەی یەکەی دەردەخات. پێوەرێکی هەژاری فرەڕەهەندی جیهانی بۆ ساڵی (٢٠٢٣)، کە ئامارەکانی ساڵی (٢٠٢٢) دەگرێتە خۆی، باس لەبوونی(١،١) ملیار خەڵکی هەژاری دەکا لە کۆی (٦،١) ملیار کەس کە لە (١١٠) وڵاتدا نیشتەجێن، ئەوەش بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ژمارەی هەژارترین هەژاران کە تەمەنیان لە خوار هەژدە ساڵەوەیە نزیکەی (٥٨٤) ملیۆن منداڵ و هەرزەکارە، هەروەها ئەو ڕێژەیە لە نێو منداڵانی کۆرپە (٢٧،٩%) بە بەراورد بە (١٣،٥%) لە نێوان گەورەکاندا، زۆرینەی هەژارترین هەژارەکان، واتە (٨٣،٢%) ی ئەوانە، لە ئەفریقای باشوری بیابانی گەورە (الصحراء الكبرى) و باشووری ئاسیا دان، واتە نیوە دورگەی کیشوەری هیندستان کە لە هەموو ناوچەکانی جیهان پڕ دانیشتووترە. هەر ئێستاش یەمەن و فەلەستین و سودانی بخەرە سەر، کە برسێتی لە دەرگایان دەدات.
بەو پێیەی ماڵپەڕی (فۆربێس) – کە ماڵپەڕێکە تایبەتە بە کاروباری سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکانی جیهان – دەڵێ :{سەبارەت بە ژمارەی دارا و دەوڵەمەندەکانی جیهان، ساڵی (٢٠٢٤)، کە هێشتاش نەگەیوەتە کۆتایی، شاهیدی ساڵێکی ناوازە بووین، لەو ساڵەدا، تا ئێستا، (٢٧٨١) ملیاردێری لە سەرانسەری جیهاندا تۆمارکراوە}، بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد، ئەمە ژمارەیەکی بێ وێنەیە تا ئێستا لە جیهاندا ڕوینەداوە لە کەمتر لە ساڵێکدا [١٤١] ملیاردێر زیاد بکا بە بەراورد بە ساڵی ( ٢٠٢٣).
بۆ نموونە لە هیندستان، کە لە پلەی سێیەمی جیهاندایە لە هەبوونی زۆرترین ژمارەی ملیاردێرەکان لە دوای ئەمریکا و چین، ژمارەی ملیاردێرەکان بەرزبووەتەوە بۆ بەرزترین ئاست کە تا ئێستا نمونەی نەبووە ئەویش بە تۆمارکردنی (٢٠٠) ملیاردێری لەو وڵاتە.
ئامارەکانی ڕێکخراوی (ئۆکسفام) – کە ڕێکخراوێکی جیهانییە و نوێنەرایەتی ملیۆنان کەس دەکات کە هاوبەشی بنەمایەکن دەڵێ “جیهان دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی بژێوی و هەژاری حەتمی نییە”، – دەریدەخات کە تەنها هەشت(٨) کەس لەڕەگەزی پیاو خاوەنی سامانێکن لە جیهاندا هاوتایە لەگەڵ دەرامەدی نیوەی هەژارترین دانیشتوانی جیهان! ئەو ڕێکخراوە باس لەوە دەکا کە قەڵشتی نایەکسانی لە سامان و دەرامەتدا زیاتر لە جاران فراوان بووە و داتاکانی چین و هیندستان ئاماژە بەوە دەکەن کە نیوەی هەژارترین دانیشتوانی جیهان خاوەنی کەمترین داهاتن لەوەی پێشتر خەمڵێنراوبوو، و ئەوەی تەنها نۆ (٩) کەس لە جیهاندا خاوەندارێتی دەکەن هاوتایە لەگەڵ ئەوەی (٣،٦) ملیار کەس کە بەدەستی دەهێنن، ئەوش نیوەی هەژارترین مرۆڤەکانی جیهان پێکدێنن.
وەک دەڵێن، جامەکە لەسەریەوە ڕژاوە و لافاوەکە گەیشتووەتە سەرلوتکەی چیاکان، هەژاری و نەداری هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە، هەژار کاتێک برسی دەبێ کە دەوڵەمەند لەتێریدا ورگی هەڵامسێ، ئەم ئامارە ترسناکانەش ئاماژەن بەوەی تەقینەوە بەڕێوەیە، بەڵام ئەم تەقینەوەیە حەتمیەتێکی مێژوویی نیـیە، بەڵکو پێویستی بە کاری ئاگاهانە و هوشیاری و ڕێکخستن هەیە و وەک مارکس دەڵێت: (هەژاری شۆڕش دروست ناکات، بەڵکو ئەوە هۆشیاری ئاگا بوونە بە هەژاری کە شۆڕش دروست دەکات، ئەرکی ستەمکار ئەوەیە هەژارو نەدارت بکا و ئەرکی قەشە و مەلای ستەمکارانیش ئەوەیە کە هۆشیاریەکەت و نبکا) واتە تەنیا بوونی هەژاری بەبێ هەستکردن بە ستەم و نادادپەروەری شۆڕشێک دروست ناکات، ئەگەرچی لەوانەیە ببێتە هۆی تەقینەوەیەکی جەماوەری کە لەڕێگەیەوە توڕەیی و تۆڵەسەندنەوە و ڕقی پەنگخواردوو بتەقێنێتەوە، وەک ئەوەی لە ڕوداوەکانی (١٧ شوباتی ساڵی ٢٠١١) لەکوردستان و ڕاپەڕینەکەی ئۆکتۆبەری (٢٠١٩) لە ناوەڕاست و خواروی عێڕاق دا ڕوویدا، بەڵام نەیتوانی هیچ ئاڵوگۆڕەکی ڕیشەیی بەدیبهێنێ.
ئەو پرسیارەی کە لێرەدا، بەگوێرەی ئەو داتایانەی سەرەوە، دێتە ئاراوە ئەوەیە: ڕێگای بنبڕکردنی یەکجارەکی و تەواوەتی هەژاری چییە؟ بەدڵنیاییەوە ئەوە نیـیە کە ڕۆژێک بۆهەژاری و وەبیرهێنانەوەی دەردەکانی لە جیهاندا دابنرێ، هەرچەندە خەبات بۆ سەپاندنی چاکسازی و باشترکردنی ژیان و دابینکردنی هەلومەرجی گوزەرانی گونجاو پرسێکە لە ڕەوتی ململانێ لەگەڵ بۆرژوازی و سیستەمی سەرمایەدارییەکەیدا نابێ دەستی لێهەڵگیرێ.
بەڵام بەدیهێنانی جیهانێکی خاڵی لە هەژاری، جیهانێکی ئازاد و یەکسان تەنها لە ڕێگەی شۆڕشی سۆسیالیستیەوەیە، ئەو شۆڕشەی کە چینی کرێکار وەک چینێکی ڕێکخراو و یەکگرتوو لەگەڵ هەموو توێژە زەحمەتکێش و هەژاران و ژنانی ستەملێکراودا ئەنجامی دەدەن.
٢٥-١٠-٢٠٢٤

عەبدوڵڵا ساڵح




کامێڵا هاریس بۆچی دۆڕا؟.. لوقمان ئابڵاخی

هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ ی ئەمریکا بۆ سەرۆکایەتی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ کە لە ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢٠ چل و پێنجەمین سەرۆکی ئەمریکا بوو وە کامێڵا هاریس، کە کەسی دووهەمی ئیدارەکەی بایدن بوو لە ٢٠٢٠ هەتا ٢٠٢٤.

فاکتەرە هەرە سەرەکیەکانی بردنەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەو ویلایەتانەیە کە بە (Swing States)واتە (الویلایات المتأرجحة) ناسراون کە نە سوورن(کۆماری) و نە شینن(دیموکرات) چونکە ویلایەتەکانی تر بە زۆرینە یان سوورن یان شینن.
ویلایەتەکان و ژمارەی ئەلیکتۆرەڵ کۆلێجەکانی( Electoral Colleges) ئەو ویلایەتانە ئەمانەن:
میشیگەن ١٥، ویسکۆنسن ١٠، پەنسلڤانیا ١٩، کارۆڵاینای باکوور ١٦، جۆرجیا ١٦، نیڤادا ٦، ئەریزۆنا ١١.
ترەمپ هەر هەموو ئەو ویلایەتانەی بردەوە.

دەنگی جەماوەری، پتر لە ٧٥ ملیۆن و نیو دەنگ بۆ ترەمپ بەرامبەر بە ٧١ ملیۆن نزیکەی نۆسەد هەزار دەنگ بۆ کامێڵا هاریس، وە ئەلیکتۆرەڵ کۆلێجی ، ترەمپ ٣١٢ بەرامبەر بە ٢٢٦ بۆ کامێڵا هاریس بوو. بەڵام تەنها ئەلیکتۆرەڵ کۆلێجەکان براوەی هەڵبژاردنەکە دیاری دەکەن نەک دەنگی جەماوەری(Popular Votes).

دیموکراتەکان مافی زۆرینەیان لە ئەنجومەنی پیران (سێنەت) دۆڕاند، ٥٣ کورسی بۆ کۆماریەکان و٤٧ کورسی بۆ دیموکراتەکان، و لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش (کۆنگرێس) چەند کورسیەکی تریان لە دەستدا، ٢١٤ کورسی بۆ کۆماریەکان و ٢٠٥ کورسی بۆ دیموکراتەکان، هەروەها لە ئاستی حاکمی ویلایەتەکانیشدا کۆماریەکان ٢٧ ویلایەت و دیموکراتەکان ٢٣ ویلایەتیان هەیە.

هۆکارەکانی دۆڕانی کامێڵا هاریس:

چی لە هەگبەکەی کامێڵا هاریسدا هەبوو؟
هاریس کەسی دووهەمی ئیدارەکەی بایدن بوو وە لە ماوەی ٤ ساڵدا هیچ شتێکی وای نەکردبوو کە سوودی بۆ ئەمریکیەکان هەبێت و بە توانایی ئەو دەربخات وە لە کامپەینەکەیشیدا بەرنامەیەکی ڕوونی نەخستە بەردەم ئەمریکیەکان.
کامێڵا هاریس کە چەپ و لیبراڵێکی ڕادیکاڵە، هەموو ئەو بەڵێنانەی کە بە ئەمریکیەکانی ئەدا لە کامپەینەکەیدا، هەڵگەڕانەوەیەکی تەواو بوو لە ئایدیۆلۆجیاکەی کە چەندین ساڵە بە کردار جێبەجێیکردون و لە ووتارەکانیدا درۆزنی، دووڕوویی و زانیاری ناڕاست بەردەوام ئامادەگی هەبووە لەبەرئەوە ئەمریکیەکان بە گومان بوون لە قسەکانی.
بۆ نمونە، هاریس کە لە خێزانێکی دەوڵەمەندەوە هاتووە و باپیرانی خاوەنی کۆیلەبوون، تاکو چەند مانگێک پێش بە کاندیدبوونی خۆی بە هندستانی دەناساند. بەڵام کە کرا بە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی، خۆی بە ڕەش پێست دەناساند وە لە کۆڕوکۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ڕەش پێستەکاندا باسوخواسی بە قەرەبووکردنەوەی ئەو ڕەش پێستانەی کە باپیرانیان کۆیلە بووە ئەدا بە گوێیاندا.
ئەو بەڵێنە کاردانەوەی نەرێنی بە دوای خۆیدا هێنا چونکە ئەوانەی کە باپیرانیان خاوەن کۆیلە بوون دەیانووت، ئێمە بۆچی بە کار و کرداری باپیرانمان سزابدرێین؟
بۆچی پارەی باجی ئێمە کە خاوەن کۆیلە نەبووین بدرێت بەو کەسانەی کە ئێستا نەک هەر کۆیلە نین بەڵکو هەموو مافێکی هاووڵاتیبوونیان هەیە و زۆریان پلە و پۆستی باشیان هەیە و خاوەن سامانیشن؟
هەموو ئەوانەی کە سپی پێست، ڕەش پێست، لاتینۆکان وە ئەو ئەمریکیانەی کە پێشتر کۆچبەری یاسایی بوون و باپیرانیان لە ئەمریکاش نەبووە کە خاوەنی کۆیلە بووبێت، ئەو پرسیارە دەکەن کە بۆچی ئەمانیش کە بە ڕەنج و ماندووبوونی خۆیان بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان دابینکردووە، پارەی باجی ئەوان بدرێت بەو کەسانەی کە ئێستا کۆیلە نین و کێشەی ژیان و بژێویان نیە؟

کامێڵا هاریس وەکو کەسێکی هیپوکریت دەردەکەوت چونکە ئەو هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی جۆو بایدنەوە دەیزانی کە بایدن نیشانەکانی (دیمێنشا) لەبیرچوونەوەی تێدا هەبوو، بەڵام ئەو ئەمەی لە ئەمریکیەکان شاردەوە و درۆی لەگەڵدا کردن و بەردەوام لە میدیاکاندا ئەیوت کە تەندروستی بایدن باشە و کێشەی بیرچونەوەی نیە. بەڵام کە دیموکراتەکان فشاریان خستە سەر بایدن کە واز لە خۆهەڵبژاردن بهێنێت و بەبێ هەڵبژاردنی نێوان دیموکراتەکان، کامێڵایان کرد بە کاندید، کامێڵا کەوتە باسکردنی تەندروستی بایدن.

کامێڵا هاریس و ژنان
لە کامپەینەکەیدا، هاریس ژنبوونی خۆی بەکارهێنا بۆ ڕاکێشانی سۆزی ژنان و بۆ وەدەستهێنانی دەنگی ژنان.
بۆ ئەو مەبەستەیش بابەتی مافی ژنان بۆ لەباربردنی منداڵی کرد بە سەرەکیترین بابەتی کامپەینەکەی و ژنانی بەوە ئەترسان کە ئەگەر ترەمپ ببێت بە سەرۆک، مافی ژنان بۆ لەباربردنی منداڵ لە سەرتاسەری ئەمریکادا قەدەغە دەکات.
هاریس لە کامپەینەکەیدا بەردەوام باسی بێڕێزی ترەمپی دەکرد بەرامبەر بە ژنان و لەمەیشدا دیموکراتەکان و ئەو کەناڵ و ڕۆژنامە چەپ و لیبراڵانەی لە بەشێکی ئەم ووتارەدا ناوم هێناون، بەردەوام دژ بە ترەمپ بوون و پشتگیری هاریسیان ئەکرد.
سەیر لەوەدایە کە سەرۆکی کامپەینەکەی ترەمپ ژن بوو کە گرنگترین وهەستیارترین پۆستە لە هەڵبژاردندا.
داتاکانی دوای هەڵبژاردنەکە ئەوە دەردەخەن کە ڕێژەی دەنگی ژنان بۆ ترەمپ لە ٥٪ لەسەدا پێنج زیاتر بووە لە ڕێژەی دەنگی ژنان بۆ هاریس.

لێشاوی کۆچی کۆچبەری نایاسایی بۆ ناو ئەمریکا
کاریگەری نەرێنی ڕێگەدان بە لێشاوی کۆچبەری نایاسایی زۆر گەورە بوو لەسەر ژیانی ڕۆژانەی ئەمریکیەکان وە کاریگەری چوار ساڵی حوکمڕانی بایدن-هاریس بۆ ئەمریکیەکان نەرێنی بوو چونکە:

١-واڵاکردنی سنوورەکانی ئەمریکا لێشاوی کۆچبەری نایاسایی بەخۆیەوە بینی کە پتر لە ١٢ ملیۆن کۆچبەر بوون.
بەڵێ، لە ناو ئەو کۆچبەرانەدا کەسانێک هەبوون لە ووڵاتەکانی خۆیان هەڵهاتن بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر، بەڵام ئەوەی کە ئێف بی ئای و هێزەکانی پاراستنی سنوورەکان پێیانزانیوە ئەوەیە کە سەدان سیخوڕی چینی، ڕوسی، کۆریای باکوور، ئێران و چەندین ووڵاتی تر هاتوونەتە ناو ئەمریکاوە. ئەوانەی کە بە دزیەوە داخڵ بوون و لەلایەن هێزی ئاسایشی ئەمریکا نەزانراوە زۆر لەوە زیاترە کە مایەی دوودڵی و ترسی خەڵکی ئەمریکایە چونکە هۆکاری تێکدانی ئاساییشی نیشتمانی و سەقامگیری ناو ئەمریکایە.
لەسەر ڕۆشنایی ئەم زانیاریانە، بە بۆچوونی من ئەگەر ئیدارەی ترەمپ چالاکانە بەدوای ئەو تێکدەر وسیخوڕانەدا نەگەڕێت و دەریان نەکات، بە دووری نازانم کە پشێوی و ئاشوب و تەنانەت تەقینەوە لە ناو ئەمریکادا ڕووبدات.

٢-هەر لە ناو ئەو کۆچبەرە نایاساییانەدا، هەزاران ئەندامی گانگستەر و مافیا ئاسا داخڵی ئەمریکا بوون کە بەهۆیانەوە ژمارەی تاوانەکان، لاقەکردنی سێکسی، دزی و تاوانەکانی تر بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە بە تایبەتی لە ویلایەتە شینەکاندا کە زۆرینەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانە پێشوازیان لێکراوە.

٣-ئەو قاچاخچیانەی کە بە لێشاو ئەم کۆچبەرە نایاساییانەیان دەهێنایە ناو ئەمریکاوە، جگە لەوەی کە خۆیان لاقەی سێکسی مناڵ وهەرزەکارانیان دەکرد، ئیستیغلالی بەشێکی بەرچاوی ئەو کۆچبەرانەیان کردووە، بە تایبەتی کوڕ و کچە گەنجەکان، و بازرگانیان پێوەکردوون و بۆ لەشفرۆشی بەکاریانهێناون.

٤-هەر بەهۆی واڵاکردنی ئەو سنوورانەوە، هێنانی فێنتنێتەڵ و ماددە هۆشبەرەکانی تر بێسنوور زیادیکرد بەو هۆیەوە ژمارەی ئالوودەبووان زۆر زیادیکرد کە هۆکاری تێکچوونی باری تەندروستیان بوو وە ژمارەی خۆکوشتن تیایاندا بەرزبۆوە کە ئەمەیش یەکێک بوو لەو قەیرانانەی کە ئەمریکیەکانی هەراسان و بێزار و تووڕەکردبوو .

ئاخر تاکو دوا ساتی حوکمڕانی ئیدارەکەی ترەمپ-پێنس، سنوورەکان تۆکمە و پارێزرابوون وە ژمارەی کۆچی کۆچبەران تەواو سنووردار کرابوو. بەڵام واڵاکردنی سنورەکان بە بڕیاری ئیدارەکەی بایدن -هاریس لە هەمان ڕۆژی دەستبەکاربوونیانەوە کرا کە ئەمانە هەمووی بە بەرچاوی ئەمریکیەکانەوە ڕوویاندا چونکە بڕیاری واڵاکردنەکە بە بەرچاوی هەموو میدیاکانی ئەمریکاوە لەلایەن بایدن و بە ئامادەگی هاریسن ئیمزاکرا.

٥- سەرچاوەی یارمەتی مادی، تەندروستی و خۆراکی و تەنانەت شوێنی ژیانی کۆچبەرە نایاساییەکان کە لە حوکمەتی ئەمریکا وەریدەگرن، باجدەرە ئەمریکیەکانن، کە ئەو پارەیەی لەواندا سەرفکراوە وتا ئێستایش سەرفدەکرێت دەبوایە بۆ خزمەتگوزاریەکان بۆ ویلایەتەکان و باشترکردنی باری ژیانی خەڵک بەکاربهێنرایە.
٦-هەرچەندە هەموو یارمەتیەکانیان لە حوکمەت وەرئەگرت، کۆچبەرە نایاساییەکان ئیشی ڕەش دەکەن و باج نادەن کە ئەمە لەلایەکەوە زیان بە ئابووری ئەمریکا ئەگەیەنێت و لەلایەکی تریشەوە هەلی کار بۆ کۆچبەرە یاساییەکان و بۆ هاووڵاتیە ئەمریکیەکانیش سنووردار ئەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پتر لە ٦٠٠٠٠٠ شەش سەد هەزارهاووڵاتی ئەمریکی بێلانەن(Homeless)ن وە ژمارەی ئەو هاووڵاتە ئەمریکیانەی کە لە خوار هێڵی هەژاریەوەن پتر لە سی و هەشت ملیۆن و نیو هاووڵاتین، واتە ڕێژەی ١١.٥٪ ژمارەی دانیشتوانی ئەمریکا لە خوار هێڵی هەژاریەوەن.

کامێڵا هاریس و ئیلیت و ئەستێرەکانی هۆلیوود
کامێڵا هاریس بە پشتی تەیڵەر سویفت، بیۆنسێ، ئۆپرا وینفری، ئێم ئەند ئێم، ڕۆبێرت دی نیرۆ، کوین لەتیفە و..هتد کامپەینی ئەکرد، کە هەموویان ئەستێرەکانی هۆلیوودن وە ئیلیتن و خاوەنی سەدەها ملیۆن دۆلارن وە لە جیهانی خۆیاندا ئەژین و بێئاگان لە موعاناتی ژیانی ڕۆژانەی ئەمریکیەکان.

بە یارمەتی ئیلیت و کۆرپۆرەیشن و ئەستێرەکانی هۆلیوودەوە یەک ملیار دۆلار بۆ کامپەینەکەی کامێڵا هاریس کۆکرایەوە کە تا ئێستا لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا هیچ کاندیدێک نەو بڕە پارە خەیاڵیەی بۆ کۆنەکراوەتەوە.
یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکانی بردنەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئەمریکادا، کۆکردنەوەی پارەیەکی زۆرە بۆ کامپەینەکە کە بەو ملیار دۆلارەوە وە بەو پشتگیری تەواوەی میدیا سەرەکیەکانی ئەمریکا کە: سی ئێن ئێ، ئێن بی سی، ئەی بی سی، ئیم ئێس ئێن بی سی، سی بی ئێس، زە نیویۆرک تایمس، واشینگتن پۆست، یو ئێس ئەی تودەی…هتد، بوون، دەبوایە بیبردایەتەوە. بەڵام لەبەرئەوەی کە خاوەنی کاریزما و بەرنامە نەبوو وە لەبەرئەوەی کە لیبراڵ و چەپێکی ڕادیکاڵ بوو، شکستیهێنا.

هیتلەر، نازیەکان و زبڵ و خاشاک
کامێڵا هاریس خاوەنی بەرنامەیەک نەبوو کە قەناعەت بەو ئەمریکیانە بکات کە شایستەی دەنگەکانی ئەوانە جگە لە خۆنمایشکردن لەگەڵ ئیلیتەکاندا و وێناکردنی ترەمپ بە هیتلەر و هەوادارەکانی بە نازیەکان، وە کە جۆو بایدن لایەنگرانی ترەمپی بە زبڵ وخاشاک وەسفکرد، کامێڵا هاریس بە ووشەیەکیش ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بەو سووکایەتیەی بایدن دەرنەبڕی کە ئەمریکیەکان بەوەیان لێکدایەوە کە ئەوە تەنها بۆچوونی بایدن نیە بەڵکو هی هاریس و دیموکراتەکانیشە.

کێ مەترسیە بۆ دیموکراسیەت؟

  • ترەمپ بەهۆی ووتارە توندوتیژەکانی بایدن، کامێڵا هاریس و دیموکراتەکان دوو جار هەوڵی کوشتنی بۆ درا وە هەوڵێکی تریش بۆ کوشتنی لەلایەن ئێرانیەکانەوە پلان بۆ دانرا بووکە لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ دا جێبەجێبکرێت، بەڵام ئێف بی ئای زووتر پێیانزانی و ئەو کەسانەیان دەستگیرکرد و پلانەکە پووچەڵکرایەوە.
  • بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرامی دیموکراتەکان ئەبوایە بایدن خۆی هەڵبژاردایەتەوە بۆ خولی دووهەم.
    لە حاڵەتی نەخۆشی سەرۆکدا، دیموکراتەکان جارێکیتر هەڵبژاردن لە نێوان خۆیاندا دەکەنەوە بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی ئەلتەرناتیڤ.
    بەڵام دیموکراتەکان بە زۆر بایدنیان وەلا نا وە بێ هیچ هەڵبژاردنێک، کامێڵا هاریسیان کرد بە کاندیدی ئەڵتەرناتیڤ.
    سەیر و سەمەرە لەوەدایە کە دیموکراتەکان ترەمپیان بە مەترسی بۆ دیموکراسیەت وەسفدەکرد.

لەگەڵم نەبیت، دوژمنی منیت
تەلسی گابارد جگە لەوەی کە لە ٢٠١٣ هەتا ٢٠٢١ خانمە کۆنگرێس بوو لەسەر لیستی دیموکراتەکان، بۆ ماوەی ١٧ ساڵیش ئەفسەر بووە لە پاسەوانی نیشتمانی ویلایەتی هاوای کە سوپای تایبەتە بە ویلایەتەکان.
دوای ئەوەی کە تەڵسی گابارد پشتیوانی بەرنامەکەی ترەمپی کرد، لەلایەن ئیدارەکەی بایدن و هاریسەوە خرایە ناو لیستی چاودێری تیرۆریستانەوە.
تەلسی گابارد یەکێکش بوو لە بەربژێری هەڵبژاردنە بەراییەکانی دیموکراتەکان بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٠.
هەر ئەوەی کە دیموکراتەکان حوکمەتیان بەکارهێنا کە هاووڵاتیەکی ئەمریکی کە ئەو هەموو پلە و پۆستە هەستیارانەی هەبووە بخرێتە ناو لیستی چاودێری تیرۆریستانەوە، دەیسەلمێنێت کە دیموکراتەکان تەنها ئەو کەسانە قبوڵدەکەن و ڕێز لێدەگرن کە وەکو خۆیان بیربکاتەوە و لە کاتی دەستڕۆیشتنیشیاندا سزای ئەوانە ئەدەن کە وەکو خۆیان بیرناکەنەوە و هاوڕایان نین.
سەیر لەوەیشدایە کە هاریس و دیموکراتەکان بەردەوام دەنگدەرانیان بەوە دەترساند کە ئەگەر ترەمپ ببێت بە سەرۆک، حوکمەت بەکاردەهێنێت بۆ سزادانی نەیارەکانی.
نموونەیەکیتر، ئاڕ ئێف کەی جونیەر کە دیموکرات بوو، پێیوابوو کە بەهۆی بارودۆخی تەندروستیەوە، بایدن بەکەڵکی سەرۆکایەتی نایەت و داوای لە دیموکراتەکان کرد کە لە جیاتی بایدن دژ بە ترەمپ خۆی کاندید بکات. بەڵام دیموکراتەکان بەوە ڕازینەبوون و بەبێ هەڵبژاردنی نێو دیموکراتەکان خۆیان، کامێڵا هاریسیان کرد بە کاندید لەبەرئەوە ئاڕ ئێف کەی جونیەر وەکو بێلایەن خۆی کاندید کرد کە بەهۆیەوە دیموکراتەکان دژایەتیەکی زۆر و تەنانەت سوکایەتیشیان پێکرد.

کامێڵا هاریس و بەها کۆمەڵایەتیەکان
دیموکراتەکان بە گشتی و کامێڵا هاریس بەتایبەتی باسی مافی ئافرەتیان ئەکرد بەڵام هیچ ڕێزێکیان بۆ ئەو دایکانە نەبوو کە بە فەرمانی دیموکراتەکان لە هەندێک لە ویلایەتە شینەکان لە قوتابخانەوە مناڵەکانیان دەبران بۆ نەخۆشخانە بۆ گۆڕینی ڕەگەزەکەیان لە نێرەوە بۆ مێ یان بەپێچەوانەوە و دەرمانی گۆڕینی هۆرمۆناتیان پێدەدان بەبێ ئەوەی پرس بەو دایک و باوکانە بکەن.

کامێڵا هاریس، پاڵپشتی ئەو پڕۆسەیەی دەکرد و پشتگیریکردنی گۆڕینی ڕەگەزی ئەوانەیشی کردوە کە تاوانبار بوون و حوکمدراون و لە زینداندا بوون.
هەڵبەتە گۆڕینی ڕەگەز پڕۆسەیەکە کە لە ئەمریکادا پارەیەکی زۆری تێدەچێت کە لەو بودجەیەوە سەرفدەکرێت کە پارەکەی لە باجدەرە ئەمریکیەکان وەردەگیرێت کە بەردەوام نرخی بیمەی تەندروستی لە بەرزبوونەوەدایە بۆ ئەوان. بەڵام ئەو پڕۆسەیە بە خۆڕایی بۆ ئەو زیندانیانە دەکرا کە بەرژەوەندیان لەوەدابوو کە لە زیندانی ژناندا بن نەک هی پیاوان.

ئەم بابەتی جێندەرە لە تیمی وەرزشکارانیشدا مایەی بێزاری و تووڕەیی ئەمریکیەکان بوو چونکە لە هەندێک حاڵەتدا نێرێک لە هەر یاریەکی وەرزشیدا لە نێو نێرەکاندا توانای بردنەوەی کێبڕکێی نەبوایە، ڕەگەزەکەی خۆی دەگۆڕی و ئیدی ڕێگەی پێدەدرا لە کێبڕکێی مێیەکاندا بەشداربێت کە دیسانەوە ئەوە زوڵم و غەدرێکی گەورەیە لە ژنان کرا چونکە ئەوەی کە جێندەرەکەی لە نێرەوە بۆ مێ گۆڕیوە، هەیکەل و توانا و ماسولکە نێرینەکەی لە دەستنەداوە. ئەمە وەکو ئەوە وایە کە پیاوێک بەرامبەر بە ژنێک کێبڕکێ بکات.
لە کاتێکدا کە ئافرەت هیچی لە پیاو کەمتر نیە وەکو مرۆڤ، بەڵام لە بوارە وەرزشی و ئەو بوارانەی کە پێویستی بە ماسولکە و هێز هەیە، پیاو باڵادەستە. هەروەکو چۆن لە بواری تردا ژن باڵادەستترە لە پیاو بەهۆی پێکهاتەی بایۆلۆجی و فسیۆلۆجیانەوە.
لە ویلایەتە شینەکان بابەتی هاوڕەگەزخوازی کراوە بە مەنهەج بۆ مناڵانی قوتابخانە سەرەتاییەکان کە باوکان و دایکان دژی ئەو مەنهەجەن چونکە ئەوان پێیانوایە ئەو تەمەنە هی ئەوەنیە کە ئەو بابەتانەیان بۆ باسبکرێت.

“جیهانگیری” کامێڵا هاریس و “ئەمریکا یەکەم”ی دۆناڵد ترەمپ

ئاراستەیەکی بەهێز هەیە بۆ بە جیهانگیریکردنی جیهان کە جیهانێک بەرهەمدەهێنێت لە هەستی نیشتمانی و نەتەوەییەوە دووربکەوێتەوە و دڵسۆزی(ولاء) تەنها بۆ بژێوی و بژێوی دروستکەر بێت کە لە ئەمریکادا ملیاردێرەکانی وەکو جۆرج سۆرۆس و بیڵ گەیت و مارک کوبا و ….هتد نوێنەری دەکەن کە دیموکراتەکان و کاندیدەکەیان، کامێڵا هاریس لەو بەرەیەدان و پشتگیریان ئەکەن و لە بازنەکەی ئەواندا دەخولێتەوە.
کاتێک ترەمپ ئەڵێت “یەکەم ئەمریکا” و “جارێکیتر ئەمریکا بەهێزدەکەینەوە”، هاوڕانەبوونیەتی بە جیهانگیری و سڕینەوەی ئەمریکا چونکە لە جیهانگیریدا ئەمریکا زیانی پێدەگات لەبەرئەوەی ئەگەر جیهانگیری بەو شێوەیەی ئەم ملیاردێر و کۆرپۆرەیشنانە دەخوازن جیهان بگرێتەوە، تەنها تا ئەو شوێنە بڕدەکات کە خزمەت بە ئەجێنداکانی چین و ڕووسیا ئەکات. بەڵام ئاڕاستەی جیهانگیری بوونی هەیە و واڵاکردنی سنووری ئەمریکا بۆ کۆچبەرە نایاساییەکان، خزمەتێکی زۆر بە ئەجێندای ئەو ملیاردێرانە ئەگەیەنێت کە بە کۆیلەکردنی مۆدێرن یەکێکە لەو ئەجێندایانە.

ئەمریکیەکان دەنگدان بە کامێڵا هاریس یان دۆناڵد ترەمپ بە مافی ڕەوای خۆیان دەزانن بۆ گۆڕینی هەر سیستەمێک یان سیاسەتێکی ئابووری، کۆمەڵایەتی کە لە خزمەتیاندا بێت وە ئەو خەڵکەی لە ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکا کە وەکو ئەستێرەکانی هۆلیود و چەپە ئیلیتەکان بیردەکەنەوە دەنگدەری ئەمریکی بە گەمژە وەسفدەکەن ئازادن بەڵام وەکو پەندە کوردیەکە ئەڵێت: ئەوەی دەستی لە ئاگردایە وەکو ئەو کەسە نیە کە دەستی لە ئاودایە.
ئەگەر پتر لە ٧٥ ملیۆن کەس گەمژە و گێل بوونایە، ئەمریکا هەرگیز لە هەموو جیهان پێشکەوتووتر نەدەبوو.

سەرئەنجام
هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریکا دەربارەی کەسایەتی و قسەزانی نەبوو بەڵکو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بەرنامەی هەڵبژاردنەوە هەبوو.
دۆناڵد ترەمپ ئەیزانی خەڵك لە چی بێزار و تووڕەن وە بەرنامەکەی ترس و دڵەڕاوکێ و داواکاری وپێویستیەکانی ئەمریکیەکانی تێدا بەهەند وەرگیرا بوو کە تەواو پێچەوانەی کامێڵا هاریس بوو کە خاوەنی بەرنامەیەکی ڕوون نەبوو بەڵکو تەنها کاری لەسەر ترساندن و تۆقاندنی ئەمریکیەکان ئەکرد کە ئەگەر دەنگ بەو نەدەن ترەمپ، کە هاریس بەردەوام بە نازی و دژ بە دیموکراسیەت وەسفیدەکرد، بیباتەوە هەموو ئازادیەکانیان لێ زەوتدەکات کە ئەوە ئارگیومێنتێکی لاواز بوو چونکە لە ٤ ساڵی حوکمڕانی پێشوویدا، ترەمپ ئازادی ئەمریکیەکانی زەوتنەکرد.
لە ڕاستیدا ئەمریکا ووڵاتێک نیە کە نەک ترەمپ بەڵکو هیچ سەرکردەیەک بتوانێت لە دەستووری ئەمریکا لابدات کە ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین یەکێکە لە بەندەکانی دەستوورەکەی.
چینی مام ناوەندی بە دەست گرانبوونی سووتەمەنی و خواردەمەنی و تێکچوونی باری ئابووریەوە کە بەهۆی سیاسەتی دیموکراتەکانەوە و هەڵەکانیانەوە و بەخشینی ملیارەها دۆلاری باجدەرە ئەمریکیەکان بە کۆچبەرە نایاسییەکان تەواو لە دیموکراتەکان بێزار و تووڕە بوون.

هەر لەبەرئەوە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە کە بردنەوەی ڕەهای دۆناڵد ترەمپی لێکەوتەوە، تەنها دۆڕانی هاریس نەبوو بەڵکو هی دیموکراتەکانیش بوو وە دەنگدەرانی ئەمریکا وەکو پەیامێک دایان بە گوێی دیموکراتەکاندا کە دابڕان لە کۆمەڵگا، پشتگوێخستنی خەڵک و داواکانیان ئەمە ئەنجامەکەی ئەبێت.

لوقمان ئابڵاخی ١١/١١/٢٠٢٤




بۆ کێ دەنووسی؟!.. برایم فەڕشی

بۆ کێ دەنووسی، پرسیارێکی گرنگە. گەر کتێب کاڵا بێ، خاوەن کاڵا دەبێ بزانێ کڕیار کێیە! وەرزێر پەتاتە و پیواز بۆ بازاڕ و کڕیار، بەرهەم دەهێنێ! کتێب پەتاتە و پیواز نییە، لێ بۆ کەسان بەرهەم دەهێندرێ، گەورە و بچووک، پیر ولاو، ژن و پیاگ، ئەم گرووپ و ئەو گرووپ، ئەم توێژ و ئەو توێژ!
نووسەری ڕۆمان وڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە کە بۆ کێ و کام گرووپی کۆمەڵگا دەنووسێ. وەشانخانە بە وردی خوێنەری کتێب و نووسەرەکانیان لە بەرچاو دەگرن و زۆربەیان لە نووسەران داوا دەکەن کە چۆن بۆ خوێنەری جێگای مەبەست بنووسن. ئەوەش قانوونی بازاڕە و کاڵایە!
ئەمە نەک بازاڕی کتێب، بازاڕی سینەما، ڕادیۆ، تەلەڤیزیۆن و سەرجەم مێدیا و سۆسیال مێدیا دەگرێتەوە. ئەوەش بەو مانایە نییە، وڵامی ئەم پرسیارە نەدرێتەوە کە نووسەر خۆی کێیە و بۆ کێ دەنووسی؟ ئایا هەر نووسەر، فەیلەسووف و زانستپێشە بۆ بازاڕ دەنووسن؟
هێندێک نووسەر بە مەبەست بۆ کەسان و توێژ و گرووپی جێگای نەزەری خۆیان، دەنووسن و لە ڕێگای کتێب و نووسینەکانیانەوە لە گەڵ ئەم توێژە گرێدەدرێن. هێندێک بە مەبەست بۆ گرووپێکی تایبەت نانووسن، بەڵام خوێنەری تایبەت بە خۆیان پەیدا دەکەن. ئەوەش زۆربەی ئەو نووسەرانە دەگرێتەوە کە لە بازنەیەکی تایبەت بە خۆیاندا دەخولێنەوە، چ وەک بابەت، چ وەک ژانر و چەشنی ئەدەبی.
ئەو نووسەرەی خۆی بە شیعر، چیرۆک، ڕۆمانەوە، خەریک دەکات و ئەویتر لە بواری وەک شانۆ، سینەما، فەلسەفە، هونەر، مێژوو، فەرهەنگ و زانست دەنووسێ، خوێنەری خۆی پەیدا دەکات.
بێرتۆلت بڕێشت دەیگوت: “نووسەر ناتوانن بەو خێرایییەی دەوڵەتەکان شەڕ ساز دەکەن، بنووسن. نووسەر دەبێ بیر بکاتەوە!”. لە سەردەمی ئێستا کە خوێندنەوەی کتێب بە گشتی ڕوو لە کەمی دەدات و منداڵ و لاو کەمتر ڕوو لە خوێندنەوە دەکەن و خۆیان لە بێژمار پلاتفۆڕمی ئینترنێتدا دەبیننەوە و زۆربەی کاتی شەو و ڕۆژیان لە بەر سمارتفۆن و تابلێت تێدەپەڕێ، خێرا خێرا نووسین و ڕووکەشی تێڕوانین و بەشداربوون لە تێگەیشتنی گشتی، بۆتە نۆڕم. ئەوە دایک و باب و گەورەکانیش دەگرێتەوە، کە بەردەوام کاتیان بە پلاتفۆڕمەکانەوە دەرباز دەبێت و نیاز بۆ خوێندنەوە نابینن!
ئەمڕۆ ئەم پرسیارە گرنگتر دەبێتەوە کە نووسەر بۆ کێ دەنووسێ؟ ئایا نووسەر دەبێ خێرا خێرا بنووسێ و بڵاوی کاتەوە؟
گونتر گاو، ژۆڕنالیست لە گونتر گراسی شاعیر و ڕۆماننوسی پرسێ: ” بۆچی چەند ساڵە هیچت نەنووسیوە، ئایا خوێنەرەکانت لە دەست نادەی؟” گراس لە وڵامدا دەبێژێ” نووسینی دوا ڕۆمانی من چوار ساڵی خایاند!”
نووسین بەرهەمی بیرکردنەوە و بیرکردنەوە دژوارترین کاری مرۆڤە و کاتی گەرەکە، بە پێچەوانە فرۆشیار بە پێی ویستی بازاڕ خێرا دەجولێنەوە. وەشانخانە ئەو کاتە لە سەر نووسەر بۆ تەواوبوونی بەرهەمەکەی ڕادەوەستێ، کە بازاڕیان بۆ تێر بکات. ئەڵبەت ئەوە هەموو وەشانخانەیەک ناگرێتەوە و هەیە کە خەمی گەورەیان بڵاوکردنەوەی زانیین و زانیاریی و بیروهزرە!
بە دەگمەن چیرۆکنووس، ڕۆماننووس، فەیلەسووف، نووسەری بابەتی سیاسی، ئابووریی، تەکنیک، زانست، هونەر و بواری تر، لە سۆسیال مێدیا بابەت بڵاو دەکەنەوە. سۆسیال مێدیا شوێنی خێرا خێرا خوێندنەوە و پەڕین لە سەر ئەم بابەت بۆ ئەو بابەت و ئەم لاپەڕ بۆ ئەو لاپەڕە، کە هەمووی لە چرکەساتدا تێدەپەڕێ. ئەم چرکەساتانە بیروهزری قووڵی لێناکەوێتەوە و دەرفەتی چوار ساڵە بۆ نووسینی ڕۆمان ناڕەخسێنێ. هەر بۆیە زۆربەی هەرە زۆری ئەو نووسەر و بیرمەندانەی دەنووسن، خۆیان لە سۆسیال مێدیا نابیننەوە، مەگەر ئەوەی سۆسیال مێدیا و مرۆڤی ناو سۆسیال مێدیا، ببێتە بابەتی نووسین و لێکۆڵینەوە!
بۆ کوردی بێ کیان، بێ مێدیا، بێ سیستەم کە خۆی لە بازنەی کۆمەڵگای ئیسلام-دا دەبینێتەوە، کە کەمترین خوێنەری کتێب لە سەر گۆی زەویین، ئەم پرسیارە گرنگتر دەبێ کە نووسەری کورد بۆ کێ دەنووسێ و بۆ کێ دەبێ بنووسێ؟ بۆ خەڵک و نەتەوەیەک کە تاکەکانی لە ساڵدا سێ کتێب ناخوێننەوە؟ بۆ سیاسیی و خوێندکارانی زانستگای کە بەدەگمەن کتێبی دوور لە بواری وانەی زانستگا دەخوێننەوە؟ نووسەر دەبێ بۆ کێ بنووسێ؟
لە هەموو کوردستان هەر چوار پارچە، بە دەگمەن چاپی کتێب دەگاتە ٥٠٠٠ و تیراژی کتێب لە دەوری ١٠٠ بۆ ٥٠٠ و کەمتر لەوە دەخولێتەوە و ئێستا بە هۆی تەکنیکی خێرای چاپی کتێب، زۆر لە وەشانخانەکانی کورد، ڕێژەی چاپی کتێبیان هێناوەتە خوار٥٠ کتێب و گەر داواکار هەبوو ئەوجا کتێبەکە لە چاپ دەدرێتەوە.
٥٠٠٠ و ٥٠٠ و ٢٠٠ و ٥٠ کتێب بۆ نەتەوەیەکی سەرووی پەنجا ملیۆن، دەبێتە چی؟ بەر لە زۆربوونی سۆسیال مێدیا خوێنەری ماڵپەڕەکانی کورد لە هەفتەدا چەند دەهەزار بوو، ئەمڕۆ بە دەگمەن ماڵپەڕکان خوێنەریان هەیە.
نووسین و خوێندنەوە گرێدراوی حەز و ویستی کەسەکانە، ویست بۆ فێربوون، بۆ وەرگرتنی زانیاریی، بۆ تێگەیشتن لە بوون و چێژ وەرگرتن لە ژیان. خوێندنەوە گرێدراویی ئاگابەخۆبوونی مرۆڤە، ئەو مرۆڤەی گەرەکی بێ لە بازنەی تەسک و ڕووکەشی تێگەیشتن، دەربازی قووڵایی تێگەیشتن لە دیاردەکان بێ.
ژیانی ڕووکەشی بەرهەمی ئۆتۆماتیسم و عادەت و دووبارەبوونەوەیە و مرۆڤ بەرەو قووڵایی تێگەیشتن لە بوون و ژیان نابا. مێدیا و سۆسیال مێدیای زانیاریی بەرتەسک بەخش، زۆرترین کاتی شەو و ڕۆژی مرۆڤ بە گشتی و مرۆڤی کورد بەتایبەت لە خۆ دەگرێ و ئەوەش، چۆنیەتی کۆمەڵگای کوردستان دەردەخات کە زۆرتر و زۆرتر بەرەو ڕووکەشیبوون دەکێشرێ.
مێدیا و سۆسیال مێدیای دەرەوەی کورد زۆرترین دەور و کاریگەریی دەگێڕن بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد لە بازنەی تێڕوانینی بەرتەسکدا بمێنێتەوە. نەتەوەیەک کە تاکەکانی دوور لە زانیاریی بۆ تێگەیشتن لە خۆی و سەردەم بمێنێتەوە، گۆڕان لە ژیانیاندا پێک نایات!

برایم فەڕشی
١٤/١١/٢٠٢٤




نامەی نۆیەم و دەیەم.. شەماڵ بارەوانی

نامەی نۆیەم

ئازیزەکەم، نەخێر، هیچ لە مردن ناترسم. بۆچی بترسم؟ جا چی هەیه دوای مردن تا لێی بترسم؟ ئەوەی من لێی حاڵی بووم، تەنها عەدەم هەیە و هیچی تر. کەواتا بۆچی بترسم؟ هەموومان مردنێک قەردارین. ئەمڕۆ یان بەیانی، هەر دەبێ بمرین. بۆیە من هەرگیز “مردن نامتۆقێنێ، بەڵکو ئەوەی دەمتۆقێنێ ژیانە!”* ئازیزی من، ئەفسووس! بە ویستی خۆمان لە دایک نەبووین و بە حەزی خۆشمان نەژیاین. دەی هەر هیچ نەبێت با مردنێک بمرین بە دەستی خۆمان و بە دڵی خۆمان بێت و مۆڵەتی هیچ کەسێکی پێویست نەبێت. ئازیزەکەم، ئارەزوو دەکەم دوای مردنم تەرمەکەم بسووتێنن. بیرت نەچێت بەر لە سووتاندنەکە هەر بەشێکی لاشەم کە سوودی بۆ ئەوانی تر دەبێت، مەبەستم گورچیلە و هەرشتێکی ترمە، بیبەخشن بەو هەژارانەی کە پێویستیان پێیەتی. دوای ئەوە گڕم تێبەردەن. دڵنیام کاهینەکان وەک چۆن لە ژیاندا دەستیان لە ژیانمان وەردا، بۆ مردنەکەشمان ئاوا و ڕێگە نادەن تەرمەکەم بسووتێنن. دەی گەر لە گۆڕستانتان ناشتم، لەسەر گۆڕەکەم بنووسن: هیــچ. بیرم چوو ئەوەشت پێ بڵێم، با هیچ کاهینێک لە کاتی ناشتنەکەمدا ئامادە نەبێت، نەشمبەم بۆ هیچ پەرستگایەک.
ــــــــــــــــــــــــ
*محەممەد زەفراف، چەنەبازەکان(ڕۆمان)، وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد.

نامەی دەیەم

ئازیزەکەم، وەکو من مەبە، هەوڵدە سوریالیستانە بژی و زیاتر یاخی بە. تا بۆت دەکرێت ڕمێنەر بە. ڕمێنەرەکان بنیاتنەری جیهانن. بڕوا بکە منیش هێندە کەسێکی سوننەتی و کۆیلەی دەستی قەدەر و ئێرە نیم. ڕاستە کەسێکی هەندێک نۆستالۆژیکم و جارجار حەزم لێیه بڕۆمەوە کۆڵانەکانی ڕابردوو و لە زەمەنی منداڵیدا گیر بخۆم، دڵنیابە ئەوە تەنها عاتیفەیەکی کاتییە. من چەندە پابەندم بە ڕابردوو، هێندەش کەسێکی واقیعیم و سەربە ئێستام. هەموو نووسین و کتێبەکانم بخوێنەوە، ئینجا دەزانیت کە من چەندە کەسێکی ڕمێنەر، یاخی و ناپابەندم به کۆدەکان. هیچ کاتێک حەزم نەکردووە لە کەس بچم و کۆپی ئەویتر و ئەوانی تر بم. هەمیشە هەوڵم داوە جیاواز و خۆم بم. بۆ ئەوەش باجی زۆرم لە پێناو بۆچوون و بیروباوەڕی دژەباوم داوە. دووچاری زۆر ئاستەنگ و ناخۆشیی و کێشە بوومەتەوە. زۆر جوێنم پێ دراوە. زۆر سووکایەتیم پێ کراوە. زۆر کەس لێم دوورکەوتوونەتەوە. ڕێگری لە چاپدانی بیرەوەرییەکانم کراوە. تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیشم لێ کراوە. چاوەڕێی چوونە زیندان و تەنانەت تیرۆرکردنیشم دەکەم. ئاوایە ئازیزی من، مادام بڕیارت دا خۆت بیت و لە وانی تر نەچیت و قبووڵی نەکەیت پاشکۆ و سێبەری ئەوم و ئەوی تر و ژمارەیەک لە ژمارەکان بیت. دەبێ ئامادەی باجدانیش بیت. دەبێ بەرگەی ئازار و فرمێسک و تەنیاییش بگریت. ئازادی خوێن و باجی دەوێ، باج. هەرکاتەک هەستتکرد کۆمەڵگا و دەوروبەر هیچ کێشەیەکیان لەگەڵتدا نییه، مەبەستم کێشەت بۆ نانێنەوە، لەوە دڵنیابە تۆ ساختەچی و دووڕوویت. مرۆڤی هۆشیار و کەسی ڕۆشنبیر هەمیشه لەگەڵ کۆمەڵێک بت لە کێشمەکێش، شەڕ، ناکۆکی و ململانێدایه. مەبەستم هەموو ئەو بتانەیە کە نیچە باسی لێوەکردوون. سەیرە، ڕۆشنبیر بیت و توانای خۆگونجاندنت لەگەڵ کۆمەڵگادا هەبێت! ئازیزی من، منیش وەکو ژان ژاک ڕۆسۆ هیچ کاتێک”حەزناکەم لەناو خەڵکدا بژیم، هێندە گوناهەکەم لە ئەستۆی ئەواندایە، هێنده لە ئەستۆی مندا نییە.”* گوتم دەبێ بەرگەی دوورکەوتنەوەی ئەوانی تر بگریت و خۆت لەگەڵ تەنیاییدا ڕابێنیت. بەڵێ، تەنیایی ناسنامەی مرۆڤە هۆشیارەکانە. ئازیزی من ڕاستە “تەنیایی ئەو جێگایەیە مرۆڤ تێیدا ئەوانی تر لەدەست دەدات، وەلێ خۆی تێدا دەدۆزێتەوە.”* ئازیزی من،”من
تەنـــــــیــــــــــام
تەنـــــــــــــــــــــــــیــــــــــام
تەنــــــــــــــــــــــــــــــیــــــــــــام وەک سـەگ…”*
پێویستە تۆش خێرا لەو دزانە دوور کەویتەوە و تەنیایی بکەیت بە ناسنامەت. بەڵێ، ئەوان هەموویان دزن. ئازیزی من “دز ئەوکەسە نییە ماڵەکەت دەدزێت، بەڵکو دزی ڕاستەقینە ئەوەیە بوونت دەدزێت.” دەزانم کە ” بێکەسی و تەنیایی چەند پێویستە بۆ داهێنان، هێندەش ترسناکە بۆ لە دەستدانی مرۆڤ و عەقڵی مرۆڤ.”* وەلێ چارمان نییە و دەبێ بڕۆینە پەراوێزترین جوگرافیای ئەو بوونە نەفرەتییە و لەوانی تر دووردوور بکەوینەوە. ئازیزی من، ڕاستە من هەمووانم لە دەست دا، بەڵام لە کۆتاییدا تەنیاییم بە دەستهێنا..

ـــــــــــــــــــــ
*با فەلسەفییانە بیر بکەینەوە “ئەو25 بیرمەندەی ژیانی ئێمەیان گۆڕی”، عەلی حوسێن، وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی، چاپی یەکەم، ل ٣٥٤-٣٥٥.
*ئۆشۆ.
*ژانرەکانی تر، توانا ئەمین.
*جوبران و هونەر و نووسین، ژیڤان خۆرانی، ماڵپەڕی(وشە)، PM:10:42:18/10/2017.




ئاکامەکانی هەڵبژاردن، لێکدانەوەی ماتریالیستی و هەڵوێستی کۆمۆنیستی.. نادر عەبدولحەمید

بەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی (پەرلەمانی هەرێمی کوردستان)، لە (٢٠-١٠-٢٠٢٤)دا، (کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێڕاق) ڕایگەیاند لەسەدا حەفتا و دوو (٧٢%) بەشداریان کردووە. ئەم ڕێژەیە قابیلی مشتومڕە (جەدەلە) و لەواقعدا زۆر لەوە کەمترە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا ڕێژەی بەشدار بووانی ئەم خولە لەچاو دوو خولی پێش خۆی نکۆڵی لێ ناکرێت کە زیاترە، سەرەتای ئەم باسەشمان لێکدانەوەیەکە لە ڕوانگەیەکی ماتریالیستیانەی چینایەتییەوە بۆ بەرزی ڕێژەی دەنگدان لەم خولەدا.
بەدڵنییاییەوە، هەم فشارەکانی هەردوو حزبی دەسەڵات و ئیمتیاز پێدان و کڕینی دەنگ، وە هەم هەڵمەتی ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵی خۆی بینیوە لە ڕێژەی زۆری بەشداربووندا، بەڵام هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە کە بۆچی جەماوەری ئەم هەرێمە لەگەڵ ئەم فاکتانەشدا لە دوو هەڵبژاردنی پێشووتردا (٢٠١٨ و ٢٠٢١) بایکۆتیان کرد، کەچی لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری؟ کەواتە دەبێ بەدوای ئەو هاندەرە دیاریکراوە بابەتییەدا بگەڕێین بۆ ڕووهێنانی جەماوەر لەم هەڵبژاردنەدا بۆ سندوقەکانی دەنگدان.

خاڵی هەرەسەرەکی ئەم هەڵبژاردنە
ئەگەر وەک کۆمەڵناسێک لە ڕوانگەی ماتریالیستی مێژووییەوە سەیر کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان بکەین دەبین لە دە (١٠) ساڵی ڕابردوودا، لە (٢٠١٤) بەدواوە، دوای قەیرانی مالی حکومەت و قەیرانی ئابووری گشت کۆمەڵگە، خۆپێشاندان و مانگرتنەکان وەک بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی لە ڕووی ناوەڕۆکی چینایەتی و خواستەکانیانەوە گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی تەواوی بەسەردا هاتووە، و جیاواز بووە لە بزووتنەوەکەی (سەردەشت عوسمان ٢٠١٠) و بزووتنەوەکەی (١٧ شوباتی ٢٠١١) و ئەوانەی پێشووتریش.
ئەم بزووتنەوە چینایەتییە تازەیەی دە (١٠) ساڵی ڕابردوو، پێ بە پێ و قۆناغ بە قۆناغ لە شەپۆلی خۆپێشاندانەکانی ئۆکتۆبەری (٢٠١٥) و سێپتێمبەری (٢٠١٦) و دێسێمبەری (٢٠١٧ – تا مارسی ٢٠١٨)دا بە خێرایی گەشەی کردووە و خۆشباوەڕی نەماوە بەو چاکسازییانەی کە هەردوو حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی قەومی و ئیسلامی (گۆڕان و حزبە ئیسلامییەکان لەو کاتەدا) بانگەشەیان بۆدەکرد، ئەمەش لە هەڵبژاردنی (٢٠١٨ و ٢٠٢١)دا بە ئاشکرا خۆی لە بایکۆتێکی بەرفراوانی جەماوەری و ڕێژەیەکی کەم لە بەشداری دەنگدان نیشاندا، بەڵام بۆچی ئەم تەوژمە چینایەتییە دژ بە دەسەڵاتی بورژوازی لۆکاڵ لە هەرێمی کوردستان، نەیتوانی لە بایکۆت زیاتر واوەتر بڕوات و لێرەدا وەستا؟ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ لە ئارادا نەبوونی حزبێکی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی خاوەن ئیتۆریتە و چەکدار بە ئاسۆیەکی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵ و ئینتەرناسیوناڵ. با ئەوە بێنینە بەرچاوی خۆمان ئەگەر حزبی بەلشەفی لە (١٩١٧)دا لە ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئەو کاتەی ڕووسیادا لە ئارادا نەبوایە، هەموو گیانفیداکاری چینی کرێکار و شوراکانیان نەیدەتوانی شۆڕشێکی سەرکەوتووی سیاسی-کۆمەڵایەتی وەک (شۆڕشی ئۆکتۆبەر) ئەنجام بدات.
جا لەم هەلە زێڕینە مێژووییە لە هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی (٢٠١٨-٢٠٢١) کە هاوکاتی (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)ی بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاقیش بوو، ئەو تەوژمە لە خەباتی چینایەتی توێژە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار، لە سەراسەری عێڕاقدا بە هەرێمی کوردستانەکەشیەوە کە وەک لافاوێک ڕووەو ڕاماڵینی دەسەڵاتی بورژوازی ناوەندی بەغدا و دەسەڵاتدارەتی لە هەرێمی کوردستانەکەیدا سەری هەڵدابوو، وە ئیمکانی گرێدانەوەیان هەبوو بەیەکترییەوە بۆ ئەنجامدانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەڵام لە غیابی حزبێکی پێشڕەوی لینینیدا ئەم ئیمکانییەتە نەهاتەدی و بورژوازی عێڕاق توانی بە هەڵبژاردنی (٢٠٢١) خۆی قوتار بکات و لە هەرێمی کوردستانیشدا لە (٢٠٢١) بەدواوە ئەم لافاوە لە توڕەیی و بێزاری جەماوەری زەحمەتکێش هەوڵیداوە دەریچەیەک بۆ ڕزگاربوون لەم پەنگخواردووییە پەیدا بکات، کە ئەم دەریچەیەی لەم هەڵبژاردنەدا بینییەوە!
لە خولی پێنجەمی (٢٠١٨)ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەوە، تا خولی شەشەمی هەڵبژاردنی (٢٠٢٤) جەماوەری زەحمەتکێش، ژنانی ستەملێکراو، ئەو کچ و کوڕانەی کە زۆرێکیان خوێندنیان تەواو کردووە و بێکاری و هەژارییان بەسەردا سەپێنراوە و لە بێ خزمەتگوزاریدا ڕاگیراون و پەڕاوێز خراون، هەرگیز خۆشباوەڕیان نەگەڕاندۆتەوە بۆ ئەم ڕژێم و دەسەڵاتە و حزبە فەرمانڕەواکانی، تا ئەمە نهێنی بەشدار بوونە زۆرەکەیان بێت، بە پێچەوانەوە ئەو جەماوەرە لەو باوەڕەدا بوو کە ئەمجارە لەم هەڵبژاردنەدا ئیمکانی ئاڵوگۆڕێک هەیە، هەر بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا کەمتر خواست و داواکاری خستەڕوو، وە چاوەڕێی ئەوە بوو کە گۆڕانەکە بێتەدی، ئەمەش لە بەرنامە و کەمپینی هەڵبژاردنی لیستە جیاوازەکانیشدا ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو کە کەمترین وادە و بەڵێن دەدرا و پێداگری بوو لەسەر “دەیگۆڕین” و “وەلای دەنێین”، “ڕێڕەوی دەسەڵات ڕاست دەکەینەوە” و “خۆسەپێنییەکەی ناهێڵین”، … هتد.
دۆڕاوی ئۆپۆزسیۆن بە هێنانی دەنگی زۆرەوە
جگە لە (پارتی دیموکراتی کوردستان) هەر هەموو حزبەکان هەتا بە (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان)یشەوە وەک ئۆپۆزسیۆنی ئەم حزبە بەشداریان لەم شانۆگەرییەی هەڵبژاردندا کرد بە ئامانجی شکاندنی قۆرخکاری (پارتی) بۆ جومگەکانی دەسەڵاتدارەتی لەم هەرێمە. [(یەکێتی) لە (١٩٩١)ەوە بە واقعی یەکێک لە دوو حزبی دەسەڵات بووە و لە کاتی هەڵبژاردن و لە ئێستای دوای هەڵبژاردنیشدا هەر ئەوەیە، بەڵام لەسەر شانۆی هەڵبژاردنەکە ڕۆڵی ئەکتەرێکی ئۆپۆزسیۆنی دەبینی بۆ گردکردنەوەی جەماوەر بەدەوری خۆیدا]، ئەمەش تەشخیسێکی دروست بوو بۆ مەزاجی جەماوەر. تەنانەت (گۆڕان)یش تەنها پێنج ڕۆژ پێش ئەوەی ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەسەر بچێت لە کابینەی نۆهەمی حکومەتی هەرێم کشایەوە و خۆ وەک ئۆپۆزسیۆن ڕاگەیاند.
وە ئاکامەکانیش ئەوە نیشان دەدەن، کە زۆرینەی جەماوەر دەنگیان بەو “بەرە”یە داوە لە ئۆپۆزسیۆنێکی نایەکگرتوو دژی حزبی ئۆکتۆپووسی (Octopus-ئەختەبووتی) دەسەڵات کە (پارتی)یە. ئەگەر پێنج (٥) کورسی کۆتای پێکهاتەکان هەژمار نەکەین ئەوا لە کۆی (٩٥) کورسیی پەرلەمان؛ پارتی (٣٩) و هەموو حزبەکانی تر لە لایەکی ترەوە وەک ئۆپۆزسیۆنی نەیار بەو حزبە (بەجیا لە نایەکگرتوویی و ناکۆکی ناوخۆیان)، (٥٦) کورسیان بەدەستهێناوە.
ئەگەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان وەک هەڵبژاردنی (وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) لە نێوان دوو جەمسەردا بووایە، کە هەرجەمسەرە بۆخۆی لە جۆرەها فراکسیۆنی جیاواز و ڕەنگاوڕەنگی ناکۆک بەیەک پێکهاتووە کە وەک بەرەیەکی یەکگرتوو وایە نەک وەک حزبێێکی سەنتڕاڵ، ئەوا جەمسەری ئۆپۆزسیۆنەکە لەم هەڵبژاردنەدا لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی لە دەست (پارتی) دەرهێنابوو. جەماوەر دەنگی داوە بە ئۆپۆزسیۆنی دژ بە حزبی قۆرخکاری دەسەڵات لە هەرێمەکە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن یەکگرتوو نییە و ناشتوانێت یەکگرتوو بێت تا دەسەڵات لە دەستی (پارتی) دەربهێنێ.
ئەم حاڵەتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ڕێک لە حاڵەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بریتانیا دەچێت کە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا (٢٠٢٤) بەڕێوە چوو. کۆی ئەو دەنگانەی کە هەردوو (حزبی پارێزگاران) و (حزبی ڕیفۆڕم) بە دەستیان هێنا لە (٣٨%) بوو، وە (٤%)ی زیاتر بوو لە دەنگی (حزبی کرێکاران) کە لە (٣٤%)ی بەدەستهێنا بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەوە کە ئەو دوو حزبە هاوپەیمانی یەکتری نەبوون، بۆیە (حزبی کرێکاران) بەڕێژەیەکی کەمتر لە کۆی ڕێژەکەی ئەوان، وەک براوەی یەکەم حکومەتی بریتانیای گرتە دەست.
(پارتی)ش لە هەرێم وەک حزبی کەمایەتی واقعی، (نەک هەر کەمایەتی لە ڕێژەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، بەڵکو هەتا کەمایەتی لەو ڕێژەیەش کە دەنگیداوە) جارێکی تر لەڕێگەی ئەم شانۆیەوە شەرعییەت بە فەرمانڕەوایەتی خۆی دەداتەوە و دەسەڵاتی خۆی قایم دەکاتەوە بەسەر جومگەکانی حوکمڕانی و بەسەر چارەنوسی چەند ملیۆن ئینسان لەم هەرێمەدا، وە لافی ئەوەش لێدەدات کە خەڵکی کوردستان هەڵیبژاردووە!
هەڵبژاردنی سەراسەری (٢٠٢١)ی عێڕاق کە تیایدا (ڕەوتی سەدر) لیستی براوەی هەڵبژاردنەکە بوو، بەدوای قەیرانی پێکهێنانی حکومەتدا خۆی کشاندەوە لە پەرلەمان و (چوارچێوەی هەماهەنگی) کە لیستی کەمینە بوو، دەسەڵاتی گرتەدەست وەک دژە شۆڕشێکی دژە (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩)، (ڕەوتی سەدر)یش بەو شێوازە خزمەتە چینایەتییەکانی خۆی بەدژی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشە ئەنجامدا. ئەمەی لە کوردستانیش دەگوزرێت لەم هەڵبژاردنەدا لە ناوەڕۆکدا هەمان مەسەلەیە، بەڵام لە شکڵ و میکانیزمەکانی هاتنەدیدا جیاوازن، (پارتی) وەک کەمینەکەی (چوارچێوەی هەماهەنگی) دەسەڵات دەگرێتەدەست و ئۆپۆزسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامی کوردستانیش دروست وەک (ڕەوتی سەدر) خزمەتکارییە چینایەتییەکانی خۆی دژی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ئەنجامدا.
زەمینە ماددییەکانی خۆشباوەڕی جەماوەر بە گۆڕانکاری پەرلەمانی
بەر لەوەی بڵێین جەماوەر خۆشباوەڕ بووە بە ئۆپۆزسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامی، پێویستە سەرەتا ئاماژە بەو زەمینە مادییە سیاسیـیانە بکەین کە بە موشەخخەسی وایان کردووە جەماوەرێک ئاسۆی ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی لە خەیاڵیاندا ببێتە ڕێگەیەکی عەمەلی و واقعی بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە ناهەموارەی ژیانیان؟
شکستی یەک لە دوای یەکی پڕۆژە سیاسی و ئابوورییەکانی حکومەت (ی پارتی)، وەک شکستی ئابووری سەربەخۆ و ڕیفڕاندۆم، نەتوانینی دابینکردنی مووچە، تێکچوونی پەیوەندی هەردوو حزبی دەسەڵات، سەرباری ئەوانەش لە ڕێگەی (دادگای باڵا)وە دۆسیەی نەوتی لێ سەندرایەوە، پەرلەمانەکەی هەڵوەشێندرایەوە و پابەند کرا بە پێدانی موچە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، جا کۆی ئەمانە نەک هەر جێگەوڕێگەی هەرێمە فیدڕاڵییەکە و حکومەتی هەرێم و حزبە فەرمانڕەواکانی لە بەرامبەر حکومەت و دەسەڵاتی ناوەندی عێڕاقدا بچووک کردەوە، بەڵکو لەبەرچاوی جەماوەری خەڵکی هەرێمەکەشی خستن.
پێ بە پێ لە ماوەی ئەم دە (١٠) ساڵەی ڕابردوودا ئەم حکومەت و دەسەڵاتە هیچ شکۆیەک و پیرۆزییەکی نەما لای جەماوەر و ئەو هێز و دەسەڵاتەی جارانیشی نەما، وە لەناوخۆشیدا یەک دەست و یەکگرتوو نەمایەوە (جێگری سەرەک وەزیران شەش مانگ بایکۆتی حکومەتی کرد)، بەم پێیە پارسەنگی هێز لە نێوان دەسەڵاتدارەتی هەرێم و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی توێژە جیاجیاکانی چینی کرێکار گۆڕانکاری بەسەردا هات، جا ئەم باروودۆخە مێژووییە سیاسییە زەمینەی ئەو خۆشباوەڕییانەی ڕەخساند کە دەسەڵاتێکی ئاوا ڕیسوا کە نەک هەر کێشەکانی هەرێم و ناوەندی پێ چارەسەر نەکراوە، بەڵکو خۆی بۆتە گەورەترین کێشەی ژیان و گوزەرانی خەڵکی، وە لە ئێستاشدا ناکۆکە لەناوخۆیدا و لە بێهێزترین و بێ سومعەترین قۆناغی خۆیدایە، ئیتر ئیمکان هەیە لەم هەلەی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا گۆشەگیر بکرێت و چۆکی پێ دابدرێت و دەسەڵاتیش لە دەستی دەربهێنرێت.

بوون بە پارسەنگ و ڕۆڵی بورژوا ئۆپۆزسیۆن
لە کاتێکدا لەناو کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا زەمینەی مادی و بابەتی فەراهەم هاتووە بۆ ئاڵوگۆڕێکی سیاسی کۆمەڵایەتی، وە جەماوەریش ئامادەی دەخالەتی سیاسییە، ئامادەبوونی بەدیلێکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ لە چرکە ساتێکی ئاوادا و لە مەیدانەکەدا، بۆی هەبوو ئاڵوگۆڕی سیاسی لە هەرێمەکەدا، زۆر واوەتر بەرێت لە ئاڵوگۆڕێکی شکڵی و سەرەوەیی و دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات.
بەڵام لە غیابی ئەو بەدیلەدا جەماوەر ناچاربوو فشارەکانی خۆی چڕ بکاتەوە و کاریگەری دابنێ لەسەر کێشمەکێشی دووبەرەی بورژوازی دژ بەیەک؛ تا کێشمەکێشی نێوانیان توندوتیژتر بێتەوە بەو هیوایەوە کە لەم کێشمەکێشەدا ناچار بن سازش لەسەر دابینکردنی هەندێ خواست و پێداویستییە سەرەتاییەکانی بکەن، بە کورتی ڕیفۆڕمێک لە بەرژەوەندی ئەو (جەماوەر) بەدەستبێت. بەم پێییە جەماوەر “گەمژەی سیاسی” نییە و فریووی نەخواردووە و هەڵنەخەڵەتاوە، بەڵکو لە غیابی بژاردەیەکی کۆمۆنیستیدا، جوڵەیەکی سیاسیی بە هوشیارییەکی دیاریکاراوەوە ئەنجام داوە. جا لێرەوەیە کە ئەو جەماوەرە دەبێتە پارسەنگ بۆ ڕەوت و هێز و لایەنە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی تا دەستاودەستی دەسەڵات لەنێوانیاندا ئەنجام بدرێت.
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بارودۆخەکە زۆر لەباربوو بۆ بانگەشە و هاتوهاواری ئۆپۆزسیۆن، چونکە جەماوەر ئەزموونی بایکۆتی کردبوو پێشووتر (لە ٢٠١٨ و ٢٠٢١) و هیچی لە ژیانی نەگۆڕی بوو، وە لە ئێستاشدا دەبینێ دەسەڵاتی هەرێمەکە لەوپەری ڕیسوایی و بێ تواناییدایە و ئەگەر ئەمجارە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ئەزموون بکات، ئەگەرێک هەیە گۆڕانێک لە ژیانیدا بێتەدی!، جا لەم ئاووهەوا لەبارەدا و لە حاڵەتێکیشدا کە جەماوەر بژاردەیەکی تری لەبەردەستدا نییە لەدەرەوەی ئەو بژاردە جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگانەی قەومی و ئیسلامی، ئەم ئۆپۆزسیۆنە لەم بارودۆخە لەبارەدایە کە ڕۆڵی کارای خۆی دەگێڕێ بۆ کێشکردنی هەرچی زیاتری جەماوەری ناڕازی بۆ بەشداری ئەم شانۆسازییە.
بەم شێوەیە جارێکی تر ئەم ئۆپۆزسیۆنە لە (٢٠٢٤)دا، هەمان ڕۆڵی (٢٠٠٩ و ٢٠١٣)ی ئۆپۆزسیۆنی (بزووتنەوەی گۆڕان) و حزبە ئیسلامییەکانیان بە جەماوەرێکی ناڕازی دووبارە کردەوە، کە ئەویش شەرعیەتدانەوە بوو بە هەمان دەسەڵات و وەک (نەوشیرەوان مستەفا) ئاوێکی ساردیشیان کرد بەسەر سەری خەڵکێکدا کە بەگەرموگوڕی هاتبوونە مەیدان بۆ گۆڕانکاری، کە ئەمەش بەدوای خۆیدا بێ ئومێدی و دیپرێشن و بە نەعلەتکردنی سیاسەت و تەسلیم بوون بە ئەمری واقع دێنێتە ئاراوە، و کاری شۆڕشگێڕانە و چالاکی کۆمۆنیستی و ڕێکخستنی سیاسی خەبات و ناڕەزایەتییەکان قورستر دەکات بۆ هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمۆنسیتی. ئەمە ڕۆڵی چینایەتی بورژوا ئۆپۆزسیۆنە لە خەباتی چینایەتی دژ بە چینی کرێکاردا.
وە ئەمە جەوهەری هاوکێشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانییە لە هەموو جیهاندا کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، ژنانی چەوساوە و توێژە بێ بەش و پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە لە بارودۆخێکی سیاسی دیاریکراودا، هاوڕای هاشوهوشی کەمپینی هەڵبژاردن دێنە مەیدانی کێشمەکێشی نێوان ڕەوت و لایەنە بورژوازییە جۆراوجۆرەکان لەسەر ئاڵوگۆڕییەکی سیاسی شکڵی و دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات، بەو هیوایەی کە بارودۆخی سەختی ژیانیان سوک بێت، بەڵام لەوسەرەوە بەدەستی بەتاڵەوە دەنێردرێنە ماڵەوە.
بەڵێ لە غیابی حزبێکی پێشڕەوی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵدا کە لە کێشمەکێشە سیاسی و فکرییەکانی کۆمەڵگەدا وەک ڕکەبەرێکی جدی بە دژی تەواوی بەرەی بورژوازی هاتبێتە مەیدانی جەنگ لە پێناو دەسەڵاتدا، ئەو جەماوەرە بژاردەیەکی تریان لەبەردەمدا نییە جگە لە بایکۆت یان بەشداری، بۆیە هەر چوار ساڵ جارێک یان بایکۆت تاقی دەکەنەوە یان بەشداریکردن، کە لە ڕێگەی بەشداریکردنیشەوە دەبنە پارسەنگی ئەم لایەن و ئەو ڕەوتی بورژوازی بۆ ئاڵوگۆڕییەکی ڕووکەشی سیاسی، کە لە واقعدا جگە لەوەی بەگشتی سیستمە سیاسییەکەی چینی بورژوازی شەرعییەتی پێوەر دەگرێتەوە، لە زۆر حاڵەتیشدا هەمان دەسەڵاتی فەرمانڕەوا شەرعییەت بەخۆی دەداتەوە، هەروەک لەم هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمدا دەیبینین.
بۆیە هەردوو ئەم ئەکتە سیاسییەی بایکۆت یا بەشداری هیچ لە جەوهەری مەسەلەکە ناگۆڕێت، وە ئەمە تەنگەنایەکی (مەئزەقە) مێژوویی و گرێ کوێرەکەیە و کۆمۆنیزم ڕووبەڕووی بۆتەوە لە جیهانی ئەمڕۆدا، نەک هەر لە هەرێمی کوردستان و عێڕاقدا، بەڵکو لە تەواوی کۆمەڵگە سەرمایەدارییەکان لەسەراسەری جیهان و لە ژێر دەسەڵاتدارەتی بورژوازیدا.

ئەڵقەی داخراوی بایکۆت یا بەشداری
هەزار و یەک بەڵگە لە ئارادایە، زووربەشیان ڕاست و دروستن، کە ئەم هەڵبژاردنەی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت بەپێی ستانداردە جیهانییەکانی بورژوازی هەڵبژاردنێکی کارتۆنیـیە، واقعی و دادپەروەرانە نییە.
ئەم بەڵگانە لەگەڵ هەموو ڕاستی و دروستییەکیشیاندا هێشتا لە ڕوانگەیەکی کۆمۆنیستییەوە پاکانە نیین بۆ بەشداری نەکردن، چونکە بنەمای بایکۆت کردنی کۆمۆنیستەکان لەسەر بێ خەوشی و پاکی هەڵبژاردنەکە نەوەستاوە، بەڵکو لەسەر ئەوە وەستاوە ئایە بەشداری یان بایکۆت وەک تاکتیکێکی موشەخخەس لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا کامیان کۆمەگ بە بردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی بەگشتی و بە تایبەتیش یارمەتی پەرەپێدانی چالاکی پڕۆلیتاریای سۆشیالیست دەدات لە دەرونی چینەکەی خۆیدا.
بەڵام ئەمە هێشتا هەر قسەیەکی گشتیی و تیۆرییە، پێویستە بە موشەخخەسی بزانین ئەو فاکتە چییە کە پێویستە هەڵوێستی بایکۆت یا بەشداری لەسەر دیاری بکرێت لەم هەلومەرجە دیاریکراوە سیاسییەی ئێستای هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا و لەم هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی (٢٠٢٤)ەدا؟
پێشتر لەژێر ناونیشانی (خاڵی هەرە سەرەکی ئەم هەڵبژاردنە)دا باسمان لە بزووتنەوەیەکی چینایەتی کرد لە دە (١٠) ساڵی ڕابردووا، کە چۆن لە پرۆسەیەکی خەباتکارانەی ڕۆژانەدا، وە بە ئەزموونی خۆی، خۆی جیاکردۆتەوە نەک هەر لە حزبەکانی دەسەڵات، بەڵکو لە ئۆپۆزسیۆنەکەشی و ئەمەش لە بایکۆتی جەماوەری بەرفراوانی هەردوو هەڵبژاردنی (٢٠١٨)ی هەرێم و (٢٠٢١)ی سەراسەری عێڕاقدا خۆی نیشاندا، وەک ڕەتکردنەوەی تەواوی ئەو سیستمە بە دەسەڵاتدار و بە بەدیلی ئۆپۆزسیۆنەکەیەوە، جا مەسەلەی ئەسڵی ئەوەیە کە دەبێ ڕێگە بگیرێت لەوەی کە ئەو ئاگاهییە بەرزە سیاسی و چینایەتییەی کەتا ساڵی (٢٠٢١) بەدەستهاتووە لەدوای ئەو ساڵە نەهێتەخوارەوە، بەڵکو پەرەدار بکرێ و بەرز بکرێتەوە بۆ ئەو ئاستە کە بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستیەوە بێتەمەیدان و وەک هەنگاوی یەکەم نەک هەر ئەم حکومەت و دەسەڵاتە دیاریکراوەی هەرێم، بەڵکو سیستمە سیاسییە کۆمەڵایەتییەکەشی تێکبشکێنێ و خۆی لێکهەڵبپێکێت بە بزووتنەوەی هاوچینەکانی لە گشت عێڕاقدا، وە کوردستان بکاتە مەڵبەندێک بۆ گەشەی خەباتی چینایەتی لەسەراسەری عێڕاقدا دژی دەسەڵاتی بورژوازی لە ناوەند و بۆ بەدیهێنانی شۆڕشێکی سۆشیالیستی سەراسەری و هەمە لایەنە.
واتا دەخالەتکردنێکی کۆمۆنیستی جدی فکری و سیاسی بۆ ڕێگری لەو هەوڵ و کۆششە فکری و سیاسییانەی کە ئەنجام دەدرا لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی قەومی ئیسلامی و ڕیفۆڕمخوازانی دەرونی سیستمە سیاسییەکە، بۆ کێشکردنی ئەم جەماوەرە و هێنانەخوارەوەی لەو ئاستە بەرزە لە هەڵوێستی سیاسی ڕەتکردنەوەی سەراپای سیستمە سیاسییەکە (بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیەوە) بۆ ئاستێکی نزم کە ببێتە بەشێک لە کێشمەکێشەکانیان و پارسەنگی ئەم یان ئەو حزب و ڕەوت و لایەنی بورژوازی لە هەڵبژاردندا.
جا ئەگەر بایکۆتەکە ئاکامی نەک هەر لێکدانەوەیەکی ماتریالیستی ئاوا، بەڵکو ئاکامی کارێکی کۆمۆنیستی پایەیی لەو چەشنە و پێشوەختی بەر لە هەڵبژاردنەکە نەبووبێت، ئەوا دەبێتە بایکۆتێک لە ڕووانگەی ڕادیکاڵیزمەی سەرووچینایەتی وردە بورژوازییەوە، کە لەڕووی عەمەلییەوە؛ یا ڕاگرتنی چینی کرێکارە لەو ئاستە لە هۆشیاریی ڕەتکردنەوەی سیستمەکە، کە ئەمەش مەحاڵە چونکە ناتوانێت لەشوێنی خۆیدا بمێنێتەوە بە وەستاوی، بۆیە جارێکی تر دێتە خوارەوە و لێرەوە ئەرکی ئەم ڕادیکالیزمە وردە بورژوازیە ئەوە دەبێت کە هەوڵبدات هەمدیسان بەرزی بکاتەوە تا دەوریەکی تر، بەم شێوەیە لە ئەڵقەیەکی بۆشدا دەسوڕێتەوە.
ئەگەری دووەم ئەوەیە کە ڕادیکالیزمەی وردەبورژوازی پاڵدەنێت بەو جەماوەرەوە و هانیان دەدات بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش بەبێ ئەوەی کە ئاسۆی سۆشیالیستی و ڕێکخراوبوونی ڕیزەکانی بەو ئاسۆیەوە بە ئەندازەی کافی لەئارادا بێت، کە لەوسەرەوە چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش هەرچەندە گورزیش لە پەیکەرەی دەسەڵاتدارەتی بورژوازی بدەن و تێکیبشکێنن، بەڵام ناتوانن دەسەڵاتدارەتی چینایەتی خۆیان (واتا دکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا ئەو تەعبیرەی کە بورژوازی دزێوی کردووە و زەندەقی لێ چووە) دابمەزرێنن و جارێکی تر حزب و ڕەوتگەلێکی تری بورژوازی سەروسامان دەدەنەوە بە دەسەڵات و ئەڵقە داخراوەکە بۆ ڕادیکالیزمەی سەروو چینایەتی وردەبورژوازی سەرلەنوێ دەست پێدەکاتەوە.
بۆیە لە غیابی کارێکی پایەیی کۆمۆنیستیدا بەشداری یا بایکۆت بۆ چینی کرێکار و زەحمەتکێش و توێژە بێ بەش و پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە گۆڕانکارییەکی مانابەخش ناهێنێتەدی.

کۆمۆنیزمی جەماوەری
لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا و لەناو ئەو بزووتنەوەیەی کە ناسراوە بە (بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێڕاق) ئەم ناوەڕۆکی ڕادیکالیزمە سەروو چینایەتییە بەناوی کۆمۆنیزم و کرێکارەوە ڕەواجی پێدەدرێت. کێشەکە ئەوە نییە کە هەڵوێستی بایکۆت و دژایەتی سەراپای سیستمە سیاسیـیەکە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەکەیەوە شتێکی باش نەبێت، کە دیارە ئەمە شتێکی باش و ئەرێنی (ئیجابی)یە، کێشەکە لەوەدایە کە پێشوەخت، پێش هەڵبژاردن ناوەڕۆکی کۆمۆنیزمەکەی ئەو ڕەوت و حزبانە، ئەم ڕادیکالیزمە جەماوەریـیەیە و لەم هەڵبژاردنەشدا هەر ئەمە ڕەنگ پێ دەدەنەوە.
لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا، چەند ساڵێکە تەوەرە و ستڕاتیژی سەربەخۆیی کوردستان، وەک ئاسۆیەک بۆ دەرچوون لە بارودۆخی “گێژاوی سیاسی” کوردستان، بێ ئەوەی بە دۆکیومێنتی ڕەسمی ڕەتکرابێتەوە، لە لایەن ئەو حزبەوە کە هەڵگریەتی بێدەنگەی لێکراوە، گەرچی هەندێ جار وەک نیگەرانی (لکاندنی هەرێم بە حکومەتی عێراقەوە کارەساتە!) گوزارشێک لە خۆی دەکات، بەڵام چەقی قورسایی خستنەڕووی ئاسۆی دەرچوون لەم دۆخەی هەرێم، لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا و بەتایبەت لە ڕێگەی ئەم حزبەوە، شفتی کردووە و چۆتەسەر شکڵپێدان و وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی سەروو چینایەتی ڕادیکاڵ و پۆپۆلیستی بۆ بەدەستهێانی “ئازادی” و “گۆڕانکاری”، لە ڕێگەی کۆکردنەوەی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی توێژە جیاجیاکانی زەحمەتکێشان و چینی کرێکار، وە لەم دواییانەدا ڕێکخراوی (کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری- مٶتمر الحرية والتغيير) پێکهێناوە بۆی، وەک پڕۆژەیەکی هاوبەش لەگەڵ حزبی دەستەخوشکی لەسەر ئاستی عێڕاق، تا بزووتنەوەیەکی سەروو چینایەتی ڕادیکاڵ و پۆپۆلیستی لە هەرێمی کوردستاندا لە پەیوەندیدا بە هاوشێوەیەکی لەم چەشنە لە عێڕاقدا شکڵ پێبگرن.
ئەم دوو حزبە لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەی (کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری)یەوە، ناڕەزایەتیی توێژە جیاجیاکانی چینی کرێکار و بەشە (فئة) ستەملێکراو و پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە کۆدەکەنەوە دژی حکومەت و دەسەڵات، هەوڵدەدەن ڕێکخراو و ڕابەرایەتییان بکەن و ئاسۆیەکی ڕادیکاڵیان پێ ببەخشن لە بزووتنەوەیەکی جەماوەری عموم خەڵکیدا. وە لە ئەدەبیاتی نوسراو و بیستراو و بینراویشیاندا باس لە بورژوازی و کرێکار و شۆڕش و کۆمۆنیزم دەکەن، وەک پەردەیەکی ڕازاوە بەسەر ئەو پڕاتیکە سیاسی و عەمەلی و واقعیـیە عموم خەڵکیـیەدا.
ئەم ڕەوتە لەم هەڵبژاردنەشدا هەر ئەو ناوەڕۆکە دیموکراتخوازە لە ڕادیکالیزمەی پۆپۆلیستی ڕەنگ پێدەداتەوە، بە زمان و چەمک و وشەی ڕادیکاڵ و سۆشیالیستی. واتا لەم هەڵبژاردنەدا هەر ئەم کۆمۆنیزمە جەماوەریـیەی ڕەنگپێداوەتەوە کە پێش هەڵبژاردنەکە خەریکی پیادەکردنی بووە.
هەروەها لەناو ئەم بزووتنەوە چەپ و کۆمۆنیستییەی هەرێمەکە، هەشە کە ناوی (کۆمۆنیست)ی هەر پێوە ماوە، بەڵام هیچ بانگەشەیەکی (ئیدیعایەکی) کۆمۆنیستی و کرێکاری نیـیە، و ڕەواج پێدەری هەمان ڕادیکالیزمەی سەرووچینایەتی پۆپۆلیستانەیە، دوور لە بەکارهێنانی چەمک و زاراوەی چینایەتی و سۆشیالیستی، وە بە ناوەڕۆکێکی ڕووتوقوتی دیموکراتخوازی و تاموبۆیەکی ناسیونالیزمی چەپ، وە هەر ئەوەشی ڕەنگ پێداوەتەوە لەم هەڵبژاردنەدا.
لەم نێوەدا (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)، لە چەند ساڵی ڕابردوویدا لە هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندن و ئەدەبیاتەکانیدا پێچەوانەی ئەو ڕەوتانەی، کە کار لەسەر کۆکردنەوەی و ڕێکخستن و ڕابەرایەتی ناڕەزایەتی گشتی دەکەن، بۆ شکڵپێدان و وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیستی جەماوەری و ئۆڕگانسازی بۆ دەکەن لە شکڵی “کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری”دا، بەڵێ بەپێچەوانەی ئەوەوە (بەدیلی کۆمۆنیستی) خەتێکی فکری سیاسی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵی خستۆتەڕوو، کە کاری پایەیی کۆمۆنیستی و ڕێکخراوکردنی خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریای خستۆتە دەستوری کاری خۆیەوە.
وە دژی هەرجۆرە ڕوانگە و لێکدانەوەیەکی سەرووچینایەتی وەستاوەتەوە بۆ “ئازادی” و “گۆڕانکاری” و نەک هەر پێداگری فکری کردووە لەسەر پەیوەستەگی واقعی ئەم دوو چەمکە بە خەباتی پڕۆلیتاریا و شۆڕشی سۆشیالیستییەوە، بەڵکو لە پڕتیکی ڕۆژانەشدا ئەو پەیوەستەگییەی بەرجەستەکردۆتەوە و بەدەستهێنانی هەرجۆرە (ئازادی) و (گۆڕانکاری)ێکی لە هەرێم و لەسەراسەری عێڕاقدا بە بردنەپێشەوەی ئەو کارە کۆمۆنیستیـیە و بە پێشڕەوی خەباتی پڕۆلیتاریاوە گرێداوە، وە دژی هەرجۆرە خۆشباوەڕییەک بە دیموکراتیزم و ناسیونالیزم وەک دوو ڕێگەچارە وەستاوەتەوە جا لەژێر هەر پەردە و پاکانەکەیدا بووبێت، وە لەم هەڵبژاردنەشدا هەر ئەوەی ڕەنگ پێداوەتەوە.

خەسڵەتی چینایەتی ئەم هەڵبژاردنە
فەلسەفەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوەیە کە وای نیشان بدات کۆمەڵگە لە تاکە کەسی ئازاد و خاوەن دەنگ پێکهاتووە و لە هەڵبژاردندا ئازادانە بەشداری دەکات و نوێنەری خۆی چ ئەندام پەرلەمان بێت یان حزبێکی سیاسی هەڵدەبژێرێت، وە ئەو ئەندام پەرلەمانە یا ئەو حزبە نوێنەری ئەم جەماوەرەیە کە هەڵی بژاردووە، بەمەش سەرپۆشی ناوەڕۆکی چینایەتی حزبەکان و دەسەڵات و هەروەها سەرپۆشی ناوەڕۆکی چینایەتی کۆمەڵگە و ستەم و چەوسانەوەی چینایەتیش دەکات لەناو کۆمەڵگەدا.
لەم هەڵبژاردنەی هەرێمی کوردستانیشدا ئەم وێنەیە ڕەواجی پێدراوە لە لایەن میدیای بورژوازییەوە، جا چ لەناو بازنەی حزبەکانی دەسەڵات و پەراوێزیدا بن یان لەناو بازنەی ئۆپۆزسیۆندا بن وەیا سەربەخۆ و بێلایەن بن. کێشەی ئۆپۆزسیۆن زیاتر ئەوەیە کە دەڵێ پڕۆسەی هەڵبژاردن دیزاینکراوە یان دەنگەکان ساختەکاریـیان تێدا ئەنجام دراوە، یان حزبەکانی دەسەڵات ڕێگر بوون لە هەلی یەکسان لە هەڵبژاردندا، …هتد، وە ئەمە لێکدانەوەیەتی بۆ دۆڕان و کەم بەدەستهێنانی ژمارەی دەنگ و کورسی ئۆپۆزسیۆن و بردنەوەی حزبەکانی دەسەڵات و بەدەستهێنانی دەنگ و کورسی زۆرتریان!
ئەگەر بە چاوێکی واقعی سەیری کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بکەین، دەبینین یەکانگیربوونێکی ئۆڕگانیک هەیە لەنێوان سیاسەت و ئابووری نەک هەر لای حزبەکانی دەسەڵات، بەڵکو لای حزبە ئۆپۆزسیۆنە قەومی و ئیسلامییەکانیش.
هەردوو حزبی دەسەڵات خاوەن کۆمپانیا و پڕۆژە هەرە زەبەلاحەکان و گروپی کۆمپانیا و خاوەن بانکە تایبەتەکانن، بازگانی دەرەکیان قۆرخکردووە، دەستیان داگرتووە بەسەر ڕووبەرێکی بەرفراوانی زەویە نایابەکانی دەوروبەری هەموو شارەکان و بە مفتی ئەم موڵکە گشتییەی کۆمەڵگەیان خستۆتە ژێر دەستی کۆمپانیاکانی کەرتی تەلارسازی و دروستکردنی گوندە هاوچەرخەکان، جگە لە دەست داگرتن بەسەر گومرگی خاڵە سنوریەکان و باج و دەرامەتی ناوخۆش، سەروەتەکانیان ملیارەها دۆلارە، وە تەواوی گەورە بازرگان و سەرمایەدار و پوڵدارانی خاوەن بزنێس لەم هەرێمە بە هەزار و یەک ڕایەڵە و پەیوەندی، بەم حزبانە و بە حکومەتی هەرێمەوە بەستراونەتەوە و بەرژەوەندییەکانیان پارێزراوە.
ئەمە جگە لە هێزێکی میلیشیایی زۆر و دامودەزگای بیرۆکراتی ئیداری دەوڵەتی و میدیایی زەبەلاح، کە توێژگەلێکی لە مشەخۆری ئەفسەر و پلەدار، بەرپرس و کارمەندی پلەباڵای تێوەگلاو لە گەندەڵییەکانی دەسەڵات، ڕۆشنبیری زوڕنا لێدەر بۆ دەسەڵات … بەم دوو حزبەی دەسەڵاتەوە بەستراونەتەوە و لەگەندەڵییەکانیان بەهرەمەندن.
بەواقعی ئەم دوو حزبە (پارتی) و (یەکێتی) و حکومەتەکەیان نوێنەرایەتی سەرمایەی گەورە، سەرمایەی نیشتمانی و سەرمایەی مۆنۆپۆل دەکەن، سەرمایەیەک کە مۆنۆپۆڵی (قۆرخی) تەواوی جومگە سەرەکییەکانی ئابووری هەرێمەکەی کردووە و بەرژەوەندی سەرمایەی ناوەنجی و بچووکی بەخۆیەوە بەستۆتەوە، وە لە هەموو ڕوویەکەوە لە دژایەتیدایە لەگەڵ بەرژەوەندی و ماف و ئازادییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی کچ و کوڕی سەربە خانەوادە کرێکاریـیەکان. ئەم حزبانە هیچ پایەیەکی مادی و کۆمەڵایەتییان لەناو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی هەرێمەکەدا نییە.
ناسیونالیزم بەگشتی و کوردایەتیش وەک بزووتنەوەی ناسیونالیستی کورد نوێنەری جوڵە و کەڵەکەی سەرمایەیە، ئەگەر ئەم خسڵەتە لە کوردستانی ئێران و کوردستانی تورکیا و کوردستانی سوریا لە ئێستادا بەرجەستە و دەرکەوتوو نەبێت، ئەوا لەم هەرێمەی کوردستانی عێڕاقدا زۆر بەڕۆشنی وەک ڕۆژی ڕوناک دەبینرێت.
هەرچی ئۆپۆزسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامییە، هیچ کێشەیەکی جەوهەری لەسەر سیاسەتە ئابوورییە نیولیبرالەکانی حکومەت و هەردوو حزبی دەسەڵات نییە لە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی و سامانی کۆمەڵگە بۆ دەستی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان، بەڵکو شەڕی لەسەر کێبڕکێی ئازادانەی ناو بازاڕە و دژی مۆنۆپۆلە (قۆرخکاریی) تا پشک و بەشی زیاتر بەر بەشێکی تری سەرمایەداران بکەوێت کە خۆیان بە مەغدور دەزانن لە چنینەوەی نیعمەتەکان لەناو بازاڕێکدا کە قۆرخکراوە.
لێرەوە بەڕوون و بەئاشکرا دەبینرێت هەردوو بەرەی دژ بەیەک (دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن) دوو جەمسەری یەک چینی کۆمەڵایەتین و لە کێشمەکێشی نێوان خۆیاندا بە جۆرەها میکانیزم، لەوانە خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار، وەگەرخستنی دەزگای زەبەلاحی میدیایی، سود وەرگرتن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و لە ژێریشەوە بەکارهێنانی دەزگای سیخوڕی و هێزی میلیشیایی و (ئاسایش) بۆ تۆقاندنی جەماوەر و کڕینی دەنگ و ئیمتیاز بەخشینەوە، …هتد، بەڵێ لەڕێگەی ئیمکاناتی مادی و میدیاییەوە مانیپیولەکردنی بیروڕای گشتی جەماوەرێک دەکەن (manipulate people’s minds)، کە چەوساوەی سیستمی ئابووری و ڕژێمە سیاسییەکەیانە و هانیان دەدەن بۆ بەشداری لە یاریێکدا کە بورژوازی چوارچێوە و یاساکانی دیاریکردووە، تا بـبـنە پارسەنگ چ بۆ شەرعیەتدان بە دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، یان ئیمتیاز وەرگرتن لە یەکتری لە کێشمەکێشە ناوخۆییەکانیاندا. ئەمە ناوەڕۆکی چینایەتی و واقعی ئەم هەڵبژاردنە و کێشمەکێشی ڕەوت و حزب و لایەنە قەومی و ئیسلامییەکان بوو لەم هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەی هەرێمی کوردستاندا.
خسڵەتە چینایەتییەکانی ئەم هەڵبژاردنە هەتا لەڕووی شکڵیشەوە زۆر لە هەڵبژاردنێکی مۆدێرنی دەوڵەتە بورژوا ئارام و خاوەن دامەزراوە دەوڵەتییەکان دەچوو، گەرچی هەرێمەکە خاوەن دامەزراوەی دەوڵەتیش نییە.

لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان
ئەم هاوپەیمانەتییە لە سێ حزبی (شیوعی کوردستان-عێڕاق)، (سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان) و (زەحمەتکێشانی کوردستان) پێکهاتبوو کە یەک کورسی لە بازنەی سلێمانی بۆ (حزبی سۆشیالیست) بەدەستهێنا.
ئەم لیستە لانی کەم لە شکڵدا جیاوازییەکی لە لیست و لایەنە بورژوا قەومی و ئیسلامییەکانی تر هەبوو، ئەویش ئەوەبوو لە ڕێگەی کاندیدەکانی (حزبی شیوعی کوردستان)ەوە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەدا دژی سیاسەتی ئابووری نیولیبرالی حکومەتی هەرێم لە ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەتی دەدوان و پێداگرییان لەسەر بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێش و هەوڵدان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانیان دەکردەوە.
ئەوەی مەبەستی ئێمەیە لێرەدا ئەوەیە کە بزانین جێگەوڕێگەی ئەم لیستە چییە بە بەراورد بە لیست و لایەنەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی بورژوا قەومی و ئیسلامی، وە جیاوازییەکەیان لەو ئۆپۆزیسیۆنە لە کوێدایە؟
سەرەتا ئەوە بڵێین کە ئەم سێ حزبە هەر لەسەرەتای پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە نەوەتەکانەوە لە زووربەی کابینەکاندا بەشداریان کردووە، یان سەرۆکی حزب و ئەندامانی مەکتەب سیاسی و کۆمیتە ناوەندیـیەکانیان ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم و سەرەک وەزیران بوون. واتا نەک هەر بەشێک بوون لە سیستمی سیاسی و دەسەڵاتدارەتی لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەژێر سایەی حزبی یەکەمی دەسەڵات (پارتی)یشدا بوون و ئەندامانی پلە باڵایان بەهرەمەند بوون لە ئیمتیاز و گەندەڵییەکانی حکومەتی هەرێم.
(حزبی شیوعی کوردستان-عێڕاق) لە ڕاگەینراوی كۆبونەوەی (كۆمیتەی ناوەندی) لە (١٢ نۆڤێمبەری ٢٠١٨) بەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی خوولی پێنجەمی ئەو کاتەدا کە توانی ببێتە خاوەنی یەک کورسی پەرلەمان، ڕایگەیاند کە (کۆمیتەی ناوەندی بڕیاری دا بەشداری کابینەی تازەی نەکاتن و دەنگی پێ‌ نەدات بەهۆی جیاوازی دیدمان دژ بە پەیرەوکردنی سیاسەتی نیولیبرالیزمی سەرمایەداری هێزە براوەکان، …. خۆمان وەک حزبێکی بەرهەڵستکار ڕادەگەیەنین، بەڵام بەرهەڵستکارێک لە ڕوانگەی بەرنامەیەکی چەپی نیشتمانی دیمەکراتیخواز). سەرەڕای ئەم ڕاگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن بوونە، بەڵام ڕاوێژکاری چەند ئەندامێکی کۆمیتە ناوەندییەکەی هەر بەردەوام بووە بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرەک وەزیرانن! کە دیارە هەردوو ئەم پۆستەش لە دەستی (پارتی)دان. لەوە دەچێت ئۆپۆزسیۆن بوونی (چەپی نیشتمانی دیموکراتیخواز) پێچەوانەی ڕاوێژکاری حکومەتی هەرێم نەبێت.
مەبەستمان لەم فاکتانە دەرخستنی جێگەوڕێگەکەیەتی کە ئەویش حزبێکی ڕیفۆڕمخوازی ناو سیستمی سیاسیی هەرێمی کوردستانە، جا چ بەشدار بێت لە حکومەت یان ئۆپۆزسیۆن بێت. ئەم ڕیفۆڕمخوازیی ناو سیستەمیـیەش هەرگیز بەو مانایە نایەت کە حزبێکی ڕیفۆڕمیست بێت، و لەناو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا خەریکی ڕێکخستن و بەگژاچوونەوەی دەسەڵات بێت و لە ڕێگەی فشاری بزووتنەوە جەماوەرییەکانەوە ڕیفۆڕم داسەپێنێت بەسەر دەسەڵاتی بورژوازیدا، بەڵکو لە ڕێگەی ڕاوێژکاری دەسەڵاتەوە خوازیاری چاکسازی و ڕیفۆڕمە لەناو خودی سیستمی سیاسی و ئابووری (دژی نیولیبرالیزم) و وەک (چەپی نیشتمانی دیموکراتیخواز) ئامۆژگاری پێشکەش دەکات بە دەسەڵات و هوشداری پێ دەدات کە “ئەزموونی بەنرخی کوردستان” و “بەها نیشتمانی و نەتەوەیەکان و ئەو دەسکەوتانەی کە بەدەست هاتوون” ناشیرین نەکات و لەدەستیان نەدا!
پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە بەشێک لە کادر و چالاکوانانی ئەو حزبە ساڵەهایە ناڕازین بەو ڕێبازەی کە حزبەکەیان هەیەتی لە نزیکایەتی حزبی دەسەڵاتداری یەکەمی هەرێمەکە (پارتی) و لەگەڵ ئەوەشدا کە (کۆمیتە ناوەند)ی بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونی داوە، بەڵام پەیوەندیـیە واقعیـیەکە بەو حزبەی دەسەڵاتەوە هەر لە شوێنی خۆیدا ماوەتەوە.
ئەم هاوڕێ ناڕازیـیانەی ناو حزب لە زۆرێک لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا دژی دەسەڵات چالاک بوون و باجی ئەم خەباتەشیان داوە و جێگەی پشتیوانی و دەستخۆشانە بوون، بەڵام نەیانتوانی خۆیان کۆبکەنەوە وەک فڕاکسیۆنێک، خەتێکی جیاواز و ڕێبازێکی فکری و سیاسی جیاواز لە سەرکردایەتی حزبەکەیان بخەنە بەردەم ئەندام و هەوادارانی حزب و خەباتێکی جدی بکەن دژی خەتی ڕاستڕەوانەی حزبەکە، بە پێچەوانەوە لە یەک ساڵی ڕابردوودا و لە پڕۆسەی ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییەدا ڕەخنە و گلەوگازەندەکانیشیان هەرچی هاتووە کاڵتر بۆتەوە و بوون بە بەشێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی خەتی ڕەسمی حزبەکەیان.
ناوەڕۆکی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەم هاوپەیمانەتییە هەرە باشەکەیان هەڵمەتی (حزبی شیوعی کوردستان) بووە، کە ئەوەی سەرەوەیە و باسمان کردووە، و داوای لە جەماوەری زەحمەتکێش و خەڵکی ئازادیخواز و عەلمانی و مۆدێرن کردووە تا دەنگیان پێبدەن و بچنە پەرلەمانەوە، بۆ ئەوەی لەناو پەرلەمانەوە هەم بەرگری لە بەرژەوەندییەکانیان بکەن و هەم پڕۆژە لەبەرژەوەندیان پێشکەش بە دەسەڵات بکەن، وە لە ڕێگەی چاودێری حکومەت و دامەزراوەکانی دەسەڵات و یاساوە هەوڵبدەن بەربگرن بەو سیاسەتانەی کە دژی جەماوەرە و لەبەرامبەردا پڕۆژەی ڕیفۆم بۆ خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن.
ئەمەش هەروەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا ڕیفۆڕمی دەرون ڕژێمی یان دەرون سیستمیـیە. وە بە درێژایی تەمەنی ئەم حزبە شیوعییەش ئەوە ڕۆڵی بووە، بەشێک بووە لە سیستمی سیاسی هەرێمەکە و تا ئێستا چوار بەش لە پێنج بەشی ژیانی لە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمدا بەشدار بووە، هەتا لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا دوای (٣١-ئابی ١٩٩٦) کە (پارتی) بە هاوکاری سوپای عێڕاق هەولێری گرتەوە، ئەم حزبە بەشداری لە حکومەتەکەی هەولێری (١٩٩٦)ی (پارتی)دا کرد بە دوو وەزیر، هەروەها کاتێکیش لە (١٧ شوباتی ٢٠١١) لە شەپۆلی خۆپێشاندانەکاندا چەندین لاوی خوێنگەرم شەڵاڵی خوێن کران لەبەردەم بارەگای (پارتی) لە سلێمانی، بەڵێ لەو کاتەدا ئەندامێکی مەکتەب سیاسی ئەو حزبە (وەزیری ڕۆشنبیری) و (قسەکەری فەڕمی) حکومەتی هەرێم بوو.
بەڵام هێشتا بزووتنەوەکەی (١٧ی شوبات) تەواو سەرکوت نەکرابوو کە تا (٢٠-٤-٢٠١١) خایاندی، بە بۆنەی یەکی ئایاری (٢٠١١)ەوە ئەم حزبە یاداشتێکی پێشکەش بە حکومەت کرد کە کۆمەڵێک خواست و داواکاری کرێکارانی تێدا بوو. جا ئەمە نمونەیەکی بەرجەستەی ڕیفۆمیستی ناو سیستەمەکەیە. حزبی دەسەڵاتداری حکومەت جەماوەری ناڕازی و خۆپێشاندەر دەداتەبەر دەستڕێژی گولـلە، (حشک)یش خاوەن وەزیرە و پڕۆژەی ڕیفۆڕم بۆ کرێکاران پێشکەش بەو حکومەتە دەکات! لە (٢٠١٨)شەوە هەمان ڕۆڵ دەبینێت، بەڵام لە دەرەوەی کابینە و خۆی وەک ئۆپۆزسیۆن دەناسێنێت، بەداخیشەوە کە شانسی نەبوو هیچ ئەندام پەرلەمانێکی دەرنەچوو تا وەک ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان هەمان ڕۆڵی ڕیفۆڕمیستی ناو سیستم ببینێتەوە.
هەرچی حزبی (سۆشیالیست) و (زەحمەتکێشان)ە کە (سەرۆکەکانیان لە ماوەی جیاجیادا ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێم بوون) لەوانەیە ئەم دوو حزبە خۆشیان پێیان سەریر و سەمەرە بێت ئەگەر وەک ئۆپۆزسیۆن حسابیان بۆ بکەیت! بەڵام هەرچۆنێک بێت کێشەیەکی ئەو تۆیان نییە لەگەڵ پلاتفۆڕمەکەی حزبی شیوعی.
ئەم سێ حزبە هەریەکەیان تایبەتمەندی جیاوازی فکری و مێژووی خۆی هەیە، بەڵام لە ناوەڕۆکی سیاسیاندا وەک دەڵێن مناڵی یەک خانەوادەن، واتا لە ڕووی فکری و شکڵگیری مێژووییانەوە جیاوازن لە یەکتری و ناتوانن تێکەڵ بەیەک بن و ببنە یەک حزب، بەڵام ڕێبازی سیاسیـیان زۆر نزیکە لە یەکەوە، ئەمەش بنەمای نەک هەر ئەم هاوپەیمانەتییەیان بووە کە وەک یەک حزبی سیاسی ڕۆڵیان گێڕاوە، بەڵکو هەموو مێژووی سیاسیشیان وەک یەکە لەناو سیستمی حوکمڕانی و سیاسی هەرێمەکە.

سێ خاڵ بۆ کۆتایی وتارەکە
لە وتارێکی پێشووترمدا بەر لە هەڵبژاردنەکە نوسیبووم کە ئەم هەڵبژاردنە دەروازەیەکە بۆ خەستبوونەوەی هەرچی زیاتری قەیرانەکان.
یەکەم. ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە، هەرێم دەخاتە ناو قەیرانێکی پێکهێنانی حکومەتییەوە، ئەمەش زۆر کێشە نییە، چونکە کاتێک ئەمە کێشەیەکی جدی دەبوو کە دوو حزبی دەسەڵات ببونایە کەمینەیەکی لاکەوتە و حزبە ئۆپۆزسیۆنە قەومی و ئیسلامییەکانی تر بەرپرس بکرانایە لە پێکهێنانی حکومەت، کە لەم حاڵەتەدا ئەستەم بوو (پارتی) و (یەکێتی) دامودەزگای فەرمانڕەوایتیـیان ڕادەست بکەن، یان یەکێک لە حزبەکانی دەسەڵات بۆ نمونە (یەکێتی) دەنگ و کورسی زۆر کەمی بهێنایە لە چاو (پارتی) و ئەو حزبەش بیویستایە بەبێ (یەکێتی) حکومەت پێکبهێنێت، کە لەم حاڵەتەشدا (یەکێتی) دامودەزگای فەرمانڕەوایەتی زۆنی سەوزی ڕادەست نەدەکرد، جا قەیرانێک کە لە ئێستادا بۆ پێکهێانی حکومەت دێتەئاراوە، وەک هی هەر وڵاتێکی تر لەسەر پۆست و پلە و بەشی هەردوو حزبە، لە زۆر وڵاتدا ئەمە پێش دێت، وەک نمونەی فەرەنسای ئەمساڵ.
کێشەکە ئەوەیە کە ناسیونالیزمی کورد وەک بزووتنەوەیەکی چینایەتی سیاسی تا ئێستا بە درێژایی زیاتر لە سێ دەیە سەرکەوتوو نەبووە لەوەی کە ئۆڕگانێکی دەسەڵاتدارەتی بورژوازی خاوەن دامەزراوەی دەوڵەتی دروست بکات کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەستاودەستی پێ بکرێت، هەرێمی کوردستان گەرچی یەک هەرێمی فیدڕاڵیـیە لەناو عێڕاقدا، بەڵام بەواقعی دوو هەرێمی کۆنفیدڕاڵیـیە لەناوخۆیدا لەژێر دەسەڵاتی دوو هێزی میلیشیاییدا، جا ئاکامەکانی ئەم هەڵبژاردنە هیچ شتێک لەو واقعە ناگۆڕێت و درێژکراوەی ئەو مێژووە دەبێت و ناپایەداری سیاسی و نادیاری ئایندەی هەرێمەکە و مانەوەی وەک گۆڕەپانێکی مانۆڕی سیاسی و میلتاریستیی تورکیا و ئێران و ئەمریکا هەر درێژە دەکێشێت.
دووەم قەیرانی ئابووری و بێکاری و ناڕەزایەتی درێژە دەکێشێت. حکومەتی ئایندە درەنگ یان زوو پێک دەهێنرێت و لەسەر هەمان ڕێباز دەڕوات لە پیادەکردنی سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نیولیبرالیزم و ڕێنماییەکانی (بانکی نێودەوڵەتی) و (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) کە لە (٢٠١٦)ەوە لە کۆنفراسی هاوبەشی (بانکی نێودەوڵەتی) و (حکومەتی هەرێم) بە بەشداری (نەتەوە یەکگرتووەکان) بەسترا و نەخشەکەی دانرا لە کابینەی هەشتەمدا، کابینەی نۆهەم بە هەنگاوی خێرا بردییە پێشەوە، کابینەی دەیەمی داهاتووش ئەگەر هەنگاوەکانی خێراتر نەکاتەوە ئەوا هێواشتری ناکاتەوە.
ئەمەش واتا درێژەدان بە کەڵەکەی سەرمایە و کۆکردنەوەی هەرچی زیاتری سەروەت و سامان و نیعمەتەکانی کۆمەڵگە لە دەستی کەمایەتییەک و ڕاگرتنی زووربەی هەرە زۆری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشیش لە هەژاری و بێکاری و پەراوێزخراوییدا.
کۆمەڵگەیەکیش کە دەرگیری هەژاری و بێکاری و جۆرەها تڕاژیدیا بێت، زەمینەیەکی بابەتی فەراهەم دێنێ بۆ پەرەسەندی کۆنەپەرستی و خکاندنی ئاوات و ئارەزووی لاوانی کچ و کوڕ بۆ ئازادی و پێشکەوتن، وە زەمینەی ژیانەوە و گەشەی داب و نەریتی پیاوسالارییش دەخوڵقێنێت و ستەم لەسەر ژنان توندوتیژتر دەبێتەوە و جێگەوڕێگەیان لە هەرێمەکە لەوەی کە هەیە زۆر خراپتری لێ دێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا ناڕەزایەتی سەرهەڵدەدات و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێکاران و لاوانی کچ و کوڕ و ژنانی ئازادیخواز دێنەمەیدان، وە ئەمجارە لەبارودۆخێکیشدا کە سەرمایەداری زیاتر کۆمەڵگە لەڕووی چینایەتییەوە قوتبی و دوو کەرت دەکات و دەسەڵاتیش زیاتر ڕووی ڕاستەقینەی بۆ جەماوەر دەردەخات.
سێیەم. دەبێ چ بکرێ و خۆئامادەکردن. شەپۆلێکی نوێ لە خەباتی چینایەتی بەڕێوەیە، ئەم خەباتە بەبێ دەخالەتی کۆمۆنیزم ناگات بە هیچ شوێنێک چونکە ئەوە کۆمۆنیزمە کە خەباتی توێژ و بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار و گروپە ستەم لێکراو و پەراوێزخراوەکان لە بزووتنەوەیەکی یەکگرتووی چینایەتیدا شکڵ پێدەدات و چینی کرێکار لە چینێکەوە کە بابەتی چەوسانەوەیە دەگۆڕێت بۆ چینێکی خەباتکار لە پێناو بەرژەوەندی چینایەتی خۆیدا، وە ئەوە کۆمۆنیزمە کە ڕابەرایەتی دەکات و دەیهێنێتەمەیدان بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتە چینایەتییەکەی. هەر ئەم ڕێگە واقعییەشە کە یەکێتی چینی کرێکار لە هەرێمەکەدا بەرجەستە دەکاتەوە و کۆتایی بەدوو ئیدارەیی و دوو زۆنی دەهێنێ، ئەمە ڕێگەی واقعی پڕۆلیتاریانە و کۆمۆنیستییە بۆ یەکگرتووکردنەوەی کوردستان و گرێدانەوەی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بە خەباتی هاوچینەکانیان لە سەراسەری عێڕاقدا.
شکڵپێدان و وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ لە دەرونی چینی کرێکار و خەبات و ناڕەزایەتییەکانیدا، وە یەکگرتووکردنی کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕ و مارکسیستەکان لەو پڕۆسەیدا، لە ئەرکە هەرە لە پێشەکانمانە.
کۆمۆنیست و مارکسیستەکانی هەرێمی کوردستان لەناو هەر حزب و ڕێکخراوێک و ئەڵقە و دەستەجاتێکدا بن پێویستە بەشێک بن لەم وەڕێخستن و شکڵپێدانە بەم بزووتنەوە چینایەتییە مەزنە، وە سنوربەندییەکی ڕۆشن و لێبڕاوانە لەگەڵ هەرجۆرە ئاسۆ و ئەجندایەکی ڕادیکالیزمەی سەروو چینایەتی و ناسیونالیستیدا بکەن لەناو ناڕەزایەتییەکاندا. ئەم باسە لە داهاتوود درێژە پێدەدەین.

کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
نادر عەبدولحەمید




ئۆتیزم: ناساندن، هۆکار، نیشانە و چارەسەرییە زانستییەکان..160.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی ١٦١.

ئۆتیزم (Autism) بریتییە لە دۆخێکی پەرەسەندنی دەماری کە کاریگەری لەسەر مێشک دەکات و بەشێوەیەکی سەرەکی کاریگەری لەسەر پەیوەندی کۆمەڵایەتی، پەیوەندیکردن و رەفتار دەکات. ئەم دۆخە لە تەمەنی منداڵیدا دەردەکەوێت.

هۆکارەکانی ئۆتیزم بەشێوەیەکی گشتی دەکرێ: هۆکاری جینی و گۆڕانکاری لە جینەکاندا و بۆماوەیی بێت.

هەرەوەها هۆکاری ژینگەییەکانی وەك: تەمەنی دایک و باوک کاتی دووگیانی و کێشەکانی کاتی دووگیانی و هەندێک دەرمان لە کاتی دووگیانی. سەرەڕای ئەمانەش هۆکاری بایۆلۆجییەکانی وەك
گۆڕانکاری لە پێکهاتەی مێشکدا، ناهاوسەنگی کیمیایی لە دەمارە گوێزەرەوەکان یاخود ڕێژەی پرۆتین و جۆر و شێوازەکەی لە مێشکدا دەتوانن ببنە فاکتەری دروستبوونی ئۆتیزم.

نیشانەکان لە کەسی توشبوو بە ئۆتیزم دەکرێ ئەمانە بن:
کێشە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی، دووری لە پەیوەندی چاو
کەمی هاوسۆزی، دژواری لە دۆستایەتی دروستکردن.
کێشە لە پەیوەندیکردن و دواکەوتن لە قسەکردن، دووبارەکردنەوەی وشە و ڕستە، تێنەگەیشتن لە زمانی جەستە.
هەروەها ڕەفتاری دووبارە و جووڵەی دووبارە و پابەندبوون بە ڕۆتین و هەستیاری بەرامبەر دەنگ یاخود رووناکی.

چارەسەرە زانستیەکان بۆ ئۆتیزم:
چارەسەری ڕەفتاری:
ABA (Applied Behavior Analysis)

و چارەسەری فیزیکی Physiotherapist.

ڕاهێنانی کۆمەڵایەتی و چارەسەری پیشەیی.

چارەسەری دەروونی: چارەسەری گفتوگۆیی، ڕاهێنانی دایک و باوك.

چارەسەری پزیشکی: دەرمان بۆ نیشانە تایبەتەکان و چاودێری بەردەوام.

و چارەسەری فیزیکی Physiotherapist

سەرچاوەکان:
1-https://www.psychiatry.org/psychiatrists/practice/dsm

2-https://www.who.int/news-room/fact-sheets/detail/autism-spectrum-disorders

3-https://www.nimh.nih.gov/health/topics/autism-spectrum-disorders-asd

4-https://www.cdc.gov/autism/data-research/index.html




کتێبی فەلسەفەی بیرکردنەوەى دڵشاد کاوانى بۆیەکەمجار چاپ و بڵاودەبێتەوە

پوختەیەک لە بارەی کتێبەکە

فەلسەفەی بیرکردنەوە، سەرەتایەک بۆ بیرى فەلسەفەى کوردیی.
فەلسەفەی بیرکردنەوە، کتێبێکی هزریی فەلسەفیی کوردییە 253 لاپەڕەیە و لە دووتووێی بەرگێکی جواندا خۆی دەبینێتەوە. ئەم کتێبە لە نووسینى دڵشاد کاوانییە و لەلایەن بەڕێوبەرایەتى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەى سۆرانى وەزارەتى ڕۆشنبیریی و هونەریی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە زینجیرەى ژمارە (19) بۆ ساڵی 2024 بۆیەکەمجار چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. کتێبەکە (22) وتاری فەلسەفیی لە خۆ دەگرێت، کە تێیدا ڕەگ و ڕیشەى سەرهەڵدانى فەلسەفە بۆ فەلسەفەى ڕۆژهەڵاتیی، وەک بنەچەى دایکى فەلسەفەکان گەڕاندۆتەوە. باسى قوتابخانە سەرەتاییەکانى فەلسەفەى یۆنانیی دەکات. هۆکارى نەبوونى قوتابخانەیەکى فەلسەفیی و ئاریشەى فەلسەفە لە بیرى تاکى کورددا لە ڕابردوو و ئێستا خستۆتە بەرباس.
دڵشاد کاوانى ڕایگەیاند: دواى ئازادیی لێپێچینەوە، ئەمە دووەمین کتێبى چاپکراوى ژانری فەلسەفیی و هەروەها دەیەمین کتێبى چاپکراویەتى، کە ئێستا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. بۆ یەکەمجار لە پێشەنگاى نێودەوڵەتى سلێمانى دەکەوێتـە بەردیدی خوێنەران.
ئەمەشى خستەڕوو: گرنگی بە چەمکەکانی بیرکردنەوە، فەزیڵەتەکان، حەقیقەت، بەختەوەری، ڕەوشت، ئەندرۆجینیزم و چەمکەکانی دیکەی ئەخڵاقی داوە. بە پشت بەستن بە تیۆرییەکانی فەلسەفە و بۆچوونی فەیلەسووفانی گریک و بیرمەندانی ڕۆژهەڵاتی و پێگەی ئەفسانەکانی ڕۆژهەڵاتی کاریگەری لە ڕەوتی فەلسەفەی دا دیاریکردووە. بەتایبەتی قوتابخانە فەلسەفییەکانی وەک میلیتۆس و ستۆیکیی، بە دیاریکراوی فەلسەفەی پێش سۆقرات و سەردەمی سۆقرات، کراوەتە ئامانج. هەروەها ئەرک و ڕۆڵی ڕەوشت لەسەردەمی مۆدێرنتە خراوەتە بەرباس. هەورەها نووسەر باسى لەوەکردووە، کە مرۆڤ و ئاکارەکانی دەخاتە بەر ڕەخنە.
ناونیشانی کتێبەکە لە ناونیشانی وتارێکی ناو کتێبەکە وەرگیراوە، کە نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا پەنجەی خستۆتە سەر ئاریشەکانی بەردەم کایە مەعریفییەکان و کتێب و نووسەرانی بابەتی بواری فەلسەفی لە کۆمەڵگەی کوردیدا، نائامادەگی بیرکردنەوەی فەلسەفی، لەسەردەمی ئێستا و وەک پرسێکی هەنووکەیی جیهان دەبینێت. بەتایبەتی بیرنەکردنەوەی بابەتییانە لەناو گەلی کورد و ڕووخانی شارستانیەتە یەک لەدوای یەکەکانی کورد، بەدەر لە هۆکاری لوجستی و داگیرکاری و کوشتن و بڕین و سڕینەوەی شوناسی کورد لەسەر دەستی داگیرکارانی، بیرکردنەوەی ڕوکەشیانە و نەبوونی ڕوانینی فەلسەفەکاری و قوتابخانەیەکەی فەلسەفی و بە گەورەترین گرفتی بەردم گەلی کورد دەزانێت.
لە کۆتاییدا دڵشاد کاوانى نووسەرى کتێبى فەلسەفەى بیرکردنەوە، گرنگى کتێبەکە لەوەدا دەبینێتەوە کە جیاواز لەو کتێبانەى دیکەى فەلسەفیی، کە تەنیا وێنا و ئاوێنەى گواستنەوەى ڕەنگ و ڕووی فەلەسەى ڕۆژئاوایی بوون، کەچى ئەم کتێبە بە بیرێکى کوردانە و ڕۆژهەڵاتیانە و تێگەیشتنێکى فەلسەفیانە لە ژیان و چەمکەکانى فەلسەیی دەڕوانێـت.
کتێبەکە پشتی بە ٢١ سەرچاوەی فەلسەفی بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی، بەستووە. ئیستا بۆ خوێنەران و هەوادارانی فکر و فەلسەفە بەردەستە.




حکومەتی دوای هەڵبژاردن.. عوسمانی حاجی مارف

حکومەتێک گەر یەکێتی نیشتمانی بەشداری تێدا نەکات، ئەو حکومەتە ناتوانێت پێکهاتەیەک بێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو ناوچەکانی هەرێمدا درێژکاتەوە، بەتایبەتی سلێمانی و هەڵەبجە، چونکە دەسەڵاتی یەکێتی بە هەر هاوسەنگیەک بێت لەبەرامبەر پارتیدا ڕایگرتووە، لەئەنجامدا وەها چڕبووەتەوە کە توانیویەتی تەواوی دامودەزگاکانی ناوچەی سەوز کۆنترۆڵ بکات. هەروەها هێزی تایبەتی خۆی لە پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس دابینکردووە.
ئێستا هەرێم لەبەردەم تاقیکردنەوەی چارەنووسێکی دیکەدایە، ئەویش پێکهێنانی حکومەتی نوێیە لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا کە بووە هۆی سەرکەوتنی بارزانی بەسەر ڕکابەری ڕاستەوخۆی خۆی، کە تاڵەبانیە، ئەمەش خوڵقێنەری پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، بۆیە نازانرێت سەقامگیری هەرێم چۆن دابین دەکرێت.
دەرکەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردن نەک هەر نائومێدی بۆ بافڵ و یەکێتی هێنایە ئاراوە، بەڵکو نائومێدی بۆ هاوپەیمانیە عێراقیەکانی و تەنانەت بۆ ئێرانیش دروستکرد، کە هیوایان ئەوە بوو لەو ڕێگەیەوە نفوزی خۆیان بۆ تەواوی هەرێم درێژ کەنەوە و پاشەکشەیەکی تر بە بارزانی بکەن.
ئەو هێزە عێراقیانەی هاوپەیمانی ئێرانن، کە بەهیوای ئەوە بوون هاوسەنگیە سیاسیەکانی هەرێم بە قازانجی یەکێتی، لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بگۆڕن، بەڵام سەرکەوتوو نەبون، بۆیە ڕەنگە دوای شکستی هەوڵەکەیان، بەنیازی ئاڵۆزکردنی پێکهێنانی حکومەت بن لە هەرێم، تا ڕێگری بکەن کەجارێکی تر پارتی لە دەسەڵاتدا جێگیر نەبێتەوە.
ئەم گۆڕانکاریە جۆراوجۆرانەی کە لەلایەن یەکێتیەکەی تاڵەبانیەوە داواکرابوو، هیوای دەخواست هاوکاربێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی هەڵبژاردنێکی جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بۆئەوەی بتوانێت ڕەوتی حوکمڕانی بگۆڕێت، بەو دروشمەی کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بەرزیدەکردەوە.
سەختی پرۆسەکەش لەوەدایە کە بەشداری هەردوو پارتی و یەکێتی لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، ناچاریەکی دۆخی سیاسی هەرێمە، ئەمەش چۆن ساغ دەبێتەوە ئاکامەکەی لە ئێستادا ڕۆشناییەک نیشان نادات.
بازنەی سیاسی عێراق بەگشتی ترسی ئەوەیان هەیە کە تاڵەبانی و یەکێتی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی دوای ئەم هەڵبژاردنە بەجۆرێک لە هەرێم ئاڵۆزتر بکات، بەوەی کە ئیمتیازاتێک زیاتر لە قەبارەی خۆی داوابکات، بە بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاریەکانی و خستنەڕووی مەرجی مەحاڵ بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا. بۆیە پێشبینی دەکرێت پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ماوەیەکی زۆر بخایەنێت و ڕەنگە دۆخێکی نوێ بسەپێنێت.
تۆنی نێوان پارتی و یەکێتی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆر تیژ بوو، ئەگەر ئەم دۆخە هەروا بمێنێتەوە، کە تائێستا ئەوەی پێوە دیارە، وەک ڕەتکردنەوەی “هەژماری من” و قسەکردن لەسەر ڕێگەنەدان بە حکومەتی تاکڕەو…، ئەوە مانای ئەوەیە کە پارتی دەبێت لەجیاتی یەکێتی بەدوای هێزی دیکەدا بگەڕێت کە هاوپەیمانی لەگەڵدا بکات.! ئەمەش دۆخێکی تەواو نالەبار دەخولقێنێت.
واتە ئەگەر ئەمە ڕووبدات، مەترسی دیکە سەرهەڵدەدەن کە بۆشایی نێوان سلێمانی و هەولێر فراوانتر دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی درز و شکاندنی پێکهاتەی حکومەتی هەرێم، دەبێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی حکومەتی عێراقی لە ئاستی ناوچەکەو تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا.
مەسعوود بارزانی، دوای دەرەنجامە سەرەتاییەکان وەک سەرکەوتوویەک لە هەڵبژاردنەکاندا، پابەندبونی خۆیان بە پێشخستنی گوتارێکی میانڕەوانە، لەکرانەوەی بۆ هاوبەشی و هاوکاری لەگەڵ هێزە سیاسیە جیاوازەکانی هەرێم بۆ پێکهێنانی حکومەت راگەیاند، بەڵام هاوکات تاڵەبانی تائێستا ناڕونی هەڵوێستی خۆیانی پاراستوە و قسەیەکیان لەسەر هەڵوێستەکەی بارزانی نەکردوە، بەردەوامن لە بەرەوپێشبردنی هاژوهوژی سەرکەوتنەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی کورسیەکانیان پێچەوانەکەی نیشان دەدەن
لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمان، ٣٩ کورسی بارزانی، ٢٣ کورسی تاڵەبانی، بەرزبوونەوەی بزووتنەوەی نەوەی نوێ بۆ پلەی سێیەم بە ١٥ کورسی، باقی کورسیەکان بەسەر لایەنەکانی تردا دابەشکران، هەروەها یەکێک لە دیاردەی سەرسوڕهێنەری ئەم هەڵبژاردنە لەدەستدانی کورسیەکانی بزووتنەوەی گۆڕانە کە چاوەڕوانکراو بوو، ئەمەیە کە پێشوەختە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی خستە ناو شێوازێکی تر لە گێژاوی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، چونکە هیچ گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی لە ئاسۆی دۆخی سیاسی هەرێمدا نیشان نەدا، یەکەم: بەپێچەوانەی ئەو بانگەشانەی کە ئۆپۆزیسیۆن دەیان کرد بۆ کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن پێچەوانەکەی نیشاندا. دووەم: بەوپێیەی بارزانی و تاڵەبانی وەک دوو لایەنی سەرەکی زۆرینەیان بەدەست نەهێنا، تا لایەنێکیان بتوانێ حکومەت پێکبهێنێت، مەگەر پێکهێنانی حکومەت دوبارە بە ڕێکەوتنی نێوانیان یان لەنێوان یەکێکیان و لایەنە سیاسیەکانی دیکەدا ڕێکخەنەوە! بەوپێیەی بارزانی جگە لە هاوپەیمانی لەگەڵ تاڵەبانی هیچ بەدیلێکی نییە، پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو قورس و ئاڵۆز دەبێت و کاتێکی زۆری دەوێت.
هەڵبەتە ئەو لایەنە بچووکانەش ڕۆڵی گەورەیان نابێت لە پێکهێنانی حکومەتدا، چونکە کورسیەکانیان کەمە و ئەو کورسیانە هاوکاری بارزانی و تاڵەبانی نابن بۆ پێکهێنانی زۆرینە کە بتوانن حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت، واقیعی کوردستانیش بەجۆرێک پێشهاتووە کە حکومەت هەر بەسەر بارزانی و تاڵەبانیدا دەسەپێت، کە ئایا حکومەت پێکدەهێنن یان نا، تەنانەت ئەگەر هەریەکەیان توانای ئەوەی هەبێت کە زۆرینە کۆکاتەوە، بەڵام ناتوانێ حکومەتێک بێت لە تەواوی جوگرافیای هەرێمدا ڕاوەستێت و دەسەڵاتی بەسەر تەواوی هەرێمدا بسەپێنێت.
ئەوەی لەم کەینوبەینەدا جێگای سەرنجە پێگەی نەوەی نوێیە لەم هەڵبژاردنەدا، ڕاستە وەک لایەنی براوەی سێیەم هاتۆتەپێشەوە، بەڵام لە حاڵەتێکی تەواو ناکۆک و سەرەگێژیدایە، کە ڕوون نیە چۆن مامەڵە بە کورسیەکانیەوە دەکات، چونکە گەر بەشداری لە حکومەتدا بکات، پێگە و نفوزی کۆمەڵایەتی تەواوی دادەبەزێت، هەر هەوڵێکی بزووتنەوەی نەوەی نوێ بۆ پەیوەستبوون بە حکومەتەوە، هاوتای خۆکوشتنی سیاسی دەبێت بۆ ڕێکخراوەکەی، هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ڕوویدا، گەر بەشداریش نەبێت دەبێتە لایەنێکی هیچکارە و ناتوانێ ئۆپۆزسیۆنێکی سەرکەوتوبێت.
ئەوەش ئاشکرایە هیچ یەکێک لە بارزانی و تاڵەبانی بەقازانجیان نیە ڕوو لە ئۆپۆزسیۆن کەن، ئەستەمە حکومەت بەڕێگەی ئۆپۆزسیۆن پێکبهێنرێت بەدەرکردنی یەکێکیان. بۆیە پرۆسەی دانوستان بۆ پێکهێنانی حکومەت لە هەرێم ماوەیەکی زۆری دەوێت.
هەرچەندە یەکێتی هاوبەشێکی سەرەکی بوو لەگەڵ پارتی لە حکومەتی پێشوودا، بەڵام وەک نەیارێکی بەهێز خۆی نیشانداو بەشێوەیەکی توند هێرشیان کردە سەر ڕکابەرەکەی، بەوپێیەی تاڵەبانی بانگەوازەکەی بۆ دەنگدەران دووباتکردەوە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی پارتی لەڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نائومێدکەر بوون بۆ یەکێتی، دوای ئەوەی بارزانی دوو هێندە دەنگی تاڵبانی بەدەستهێنا.
پڕۆسەی بەڕێوەبردنی هەرێم بەرەو پشێوی و دۆخێکی دژوار هەنگاو دەنێت، چونکە ئەگەر حکوومەتی داهاتوو لەلایەن هەردوو بارزانی و تاڵەبانی نوێنەرایەتی نەکرێت، ئەوە بابەتەکە ئاڵۆز دەبێت و وادەخوازێت کە پێویست دەکات بارزانی، ئیمتیاز بدات و نەرمی نیشان بدات بۆ ئەوەی بتوانێت حکومەتێک پێکبهێنێت تا ئیختیارێکی بەهێزی هەبێت کە بتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات و مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات، گەر وەها نەکات ئەو مامەڵەیە لەگەڵ بەغدا، پێگەی پارتی دەباتە دواوە.
ئەم دۆخەی ئێستا لەکێشەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا، دیاردەی ڕوودانی گۆڕانێکی بێپێشینە نیە، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ واقعی ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسیەی کە حکومەتی هەرێم و بارزانی و تاڵەبانی لەچوارچێوەی کێشەکانیان لەبەرامبەر ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان و فشارەکانی حکومەتی عێراقدا بەرەوڕووی بوون، کە بێدەسەڵات و بێچارە ڕاوەستاون، دووساڵ دواخستنی هەڵبژاردن، کێشەکانی بودجەو موچەی فەرمانبەران، فشارەکانی بەغداو ناچارکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سنورەکان لەلایەن بەغداوە، ئامادەنەبون یان نەتوانینی وەڵامدانەوە بە خواستەکانی خەڵک لە پێداویستی و خزمەتگوزاریەکان و دابینکردنی ژیان و گوزەرانیان، تادەگات بە ململانێکانی نێوان خۆیان وەک دوو دەسەڵات لە زۆنی جیاوزدا، لەهەمانکاتدا ئاڵۆزی و بارگرژی دۆخی سیاسی ناوچەکە، ناتوانێ نیشاندەری ئاسۆ و ئایندەیەک بن، کە لەم هەلومەرجە سیاسیەی ئێستای ناوچەکەو عێراق و کوردستاندا، کە حکومەت پێکبهینن یان پێکنەهێنن، دەتوانن دابینی ئارامی لە هەرێمدا بکەن، واتە نەک کاریگەریان نابێت لەسەر کۆتایی نائارامی و ناجێگیری و گێژاوی سیاسی لە کوردستاندا، بەڵکو بەردەوامی هەمان ڕیسوایی و شەرمەزاری چۆنیەتی حکومڕانی و بەڕێوەبردنی سیوسێ ساڵەی کۆمەڵگەدا ئەوە دوپات دەکەنەوە کە خۆشیان هۆکارێکی بێوێنەن لە بەرجەستەکردنەوەی نائەمنی و نائارامی و ستەم و چەوسانەوەو بێکاری بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، نیشاندەری گەورەترین نمونەی بەرگریکارو ڕاگرتنی کۆمەڵگەیەکی نایەکسانن.




میللەتێکی خۆخۆر یان شتگەلێکی هیچ.. نەوزاد بەندی

میللەتی کورد ، لە زیرەکترین میللەتەکانە .. هەموو جۆرە بەهرەکانی تێدایە ..لە بیرکاری و پزیشکی و سینەما و ئەندازیاری و هونەر و نوسیندا گەیشتۆتە چڵە پۆپە .. بەڵام لە گۆشە نیگای یەکترەوە ، هیچن ..!
تۆ بڕوانە لەو میللەتە ، بۆ نمونە کچێکی هەڵەبجە چەندەها مەدالیای ئاڵتونی هەیە لە بواری بەرزکردنەوەی قورساییدا ، هیچ کوردێک باسی ناکا ، ناچاره خۆی باسی خۆی بکا .. کارەساتێکی چەند گەورەیە خۆت باسی خۆت بکەیت لە پیناوی ئەوەی ئەرک وماندووبوونت وون نەبن ، خۆی و مەدالیاکانی بڕۆنە خزمەتی بەرپرسە بودەڵەکانی کورد ، کەچی ئەوان هەر تەماشایشی نەکەن ..تەنانەت وەک مشکێکی تۆپیو بۆ مەدالیاکانی بڕوانن .. داهێنەری ئوتومبیلی کارەبایی لە کۆمپانیای جەنڕاڵ مۆتۆڕی ئەمەریکیی ، کوردێکە ، هیچ کوردێک نایناسێ ، ناچاره خۆی باسی خۆی بکا ، به بێ ئەوەی هیچ کوردێک دەستخۆشییەکی لێ بکا ، به پێچەوانەوە ئەو هەر باسی چالاکی و داهێنانەکانی خۆی ئەکا و .. میللەتەکەیشی باوێشک ئەدەن .. کەناڵەکە ئەگۆڕن .. یان تێر جنێوی ئەکەن ..به درۆزن و فشەکەر و هەڵەوەڕ ئەیناسێنن ..پێی ئەڵێن ئەگەر پیاو بوویتایە لە شارەزوور یان لە بەستەسێن دروستت کردایە..!
گەورەترین دەرهێنەری سینەمایی کورد ، بە ناچاریی خۆی باسی خۆی ئەکا ، چونکە هیچ کوردێک باسی ناکا .. گوێی لێناگرن ، کە دێتەوە ، جۆرەها پرسیاری شەرمئامێزی لێ ئەکەن ، پێی ئەڵێن تۆ دزیت ، با لە ڤێستڤاڵی کان یش قازی بێت ، بەڵام تۆ دزیت .. گەورەترین گۆرانیبێژی ڕاپ و جێگرەوەی مایکڵ جاکسن ، کە کوردە .. نایناسن ..ئەویش به ناچاریی دێتەوە ناو میللەتەکەی و ..کەناڵێکی زۆر هەژار ، چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەکا و .پێی ئەڵێ : باسی خۆت بکە!! .. ئەبێ خۆی باسی خۆی بکا .. کەسیش گوێی لێ ناگرێ ، پێی ئەڵێن با بڕوا بێ ڕەوشتی وا .. هەزار ناوناتۆرەی دوا دەخەن ..
شتێکی چەند سەیرە ، میللەتێک پڕ بێ لە توانا و بەهرە ، بەڵام هەر خۆیان ئەو توانا و بەهرانە بە درۆ بخەنەوە .. ئەمە لە یاساکانی فیزیادا پێی دەووترێت سفرکردنەوە ، کاتێک چەند هێزێکی زۆر گەوره کە دژی یەک ئەبنەوە ، دەرئەنجامەکەی سفرە ..
ئیتر بەو جۆرە ، لە کاتێکدا نووسەری زۆر گەورەی جیهانیمان هەیە ، بەڵام لای خۆمان دز و درۆزن و بێ نرخە ..ئەویش ناچار ڕائەکا بۆ ئەوروپا و .. بە دەستێک قاپ ئەشوات و ..بە دەستەکەی تری ڕۆمان ئەنوسێ .. کە ئەیەوێ بێتەوە ، هەزار جنێوی مزری بۆ ئامادە ئەکەن ..
پیاوێکی دینداری گەورەی کورد ، لەلایەن دیندارەکانی هاوڕێیەوە ، جنێو باران ئەکرێت ، ئەکرێ بە کافر .. زەندیق .. خوێنی حەڵاڵ ئەکرێ ..
گەورەترین کێشەی تاکی کورد ئەوەیە ، کە ئەبێ واز له داهێنان بێنێ و ناچار بێ به چوارمشقیی لێی دانیشێ و .. باسی خۆی بۆ کورد بکا .. مەدالیاکانی ، خەڵاتەکانی کە میللەتانی تر پێیان داوە ، پیشانیان بدا ، بۆ ئەوەی پێی بڵێن درۆ ئەکەیت ..فشە فش مەکە .. ساڵەهای ساڵ ئەو داهێنەرانە باسی خۆیان ئەکەن چونکە هیچ کەسێک باسیان ناکات .. نەک هەر باسیان ناکەن ، بەڵکو تەنانەت ئامادە نین گوێیشیان لێ بگرن .. ئەوانیش به ناچاریی ،بە دڵی شکاوەوە ئەڕۆنەوە بۆ تاراوگە ، لەوێ فەرشی سووریان بۆ دادەخرێ و دەکرێنە پارێزگاری شارە گەورەکانیان وەکو تۆفیق بەگی پیرەمێرد کە 20 ساڵ پارێزگاری شاری ئەماسیای تورکیا بوو ..ڕێز و نرخاندنیان لەوێ بۆ ئەکرێ و .. لەوێ ئەمرن ..
کارەساتێکی چەند گەورەیە بەهرەمەندێکی کورد ڕووگیر بکەیت لە ئەمەریکا بێتەوە کوردستان ، بۆ ئەوەی گاڵتەی پێ بکەیت و پێی ڕابوێریت و ..وای لێ بکەیت لە مامۆستای زانکۆوە ببێتە ئاڵودەی ئەلکهول و ..لە داخ و مەراقدا بمرێ ..
شەرمەزارییەکی تا سەر ئێسقانە ، دانەری ئەلف و بێی زمانی کوردی ، کە دەیەها نەوەی بەرز و باڵا و زیرەکی بنیاتناوە ، ناچار بێ سەر هەڵبگرێ و لە تاراوگە بمرێ .. پێش ئەوەیشی بمرێ ، بە بەرچاوی خۆیەوە ، کتێبەکەی لە سیستمی خوێندن شار بەدەر بکرێ ، بۆ ئەوەی بە داخ و گینگڵدانەوە بمرێ .. کە ئەیشمرێ ، هیچ کوردێ نەک هەر فرمێسکێکی بۆ ناڕێژێ ، تەنانەت هیچ کوردێ نازانێ مردووە .. هەر بەو ئەلف و بێیەی کە فێری کردوون ، دوو دێڕ پرسەی بۆ نانوسرێ ..به پیتێکیش دڵی نادرێتەوە ..
ئەمە چۆن کارەساتێکە ؟ ئەم چ نەخۆشییەکە توشی عەقڵی ئەم میللەتە بووە ؟ کاتێ داهێنەرەکانی ناچار ئەکا ، ڕا بکەن ..خۆیان بکوژن .. شێت بن .. جۆرەها سوکایەتی و تاوان و بەدڕەوشتیی بۆ ئەچنن ، بۆ ئەوەی لە داهێنان ڕاوەستن .. بۆ ئەوەی تێک بشکێن .. بتوێنەوە ..داڕزێن .. حەیایان بچێ .. تف لە خۆیان و بەهرە و داهێنانەکانیان بکەن ..
لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکم ، کە بڕوانامەیەکی بەرزی هەیە و ..ئەلتەرناتیڤی ئەنتی بایۆتیکی دۆزیوەتەوە ، هاتبوو باسی داهێنانەکانی خۆی بۆ ئەکردم ، کە هیچ زانکۆیەک ..هیچ کەناڵێک ..هیچ کوردێک حیسابی چڵە پوشێکیان بۆ نەکردووە ..چونکە ئێمە میللەتێکی دڕندەین ، ئەوانەی داهێنەرن تیایدا ، ئەبێ وەک مەڕ و کارئاسک لە حزووریاندا بپاڕێنەوە و باسی داهێنانەکانیان بکەن ، بۆ ئەوەی ئەوانیش بیانهاڕن ..بیانخەنە ژێر ڕەحمەتی کەڵبەکانیانەوە ..بیانخەنە ژێر شەستە بارانی تف و جنێو و سوکایەتییەوە ..
پزیشکێک کە لە ناوجەرگەی ئەوروپادا ، گەورەترین پڕفیسۆری شێرپەنجە بوو ، لێرەوە موگناتیزە چاوچنۆک و دڕەندەکان ، ڕایانکێشایەوە بە حیساب پێویستیان پێیەتی و چۆن ئەبێ خزمەتی بێگانە بکا و ..میللەتەکەیشی لە زەلکاوی شێرپەنجەدا بتلێتەوە ، بەو جۆرە وەک چۆن شەماڵ سائیبیان لە سەر کورسی دکتۆرا لە ئەمەریکا هێنایەوە بۆ ئەوەی لێرە سوکایەتیی پێبکەن ، ئەویشیان لە ناوجەرگەی ئەوروپا ، پێش ئەوەی مافی هاووڵاتیبوون وەربگرێ ، هێنایەوە ..تەماشا ئەکا دەستی دەستی پێ ئەکەن ..تەنانەت دامەزراندنەکەی بۆ تازه ناکەنەوە .. بۆ ئەوەی تەماشای بکەن کە چۆن بەرە بەره ڕیسوا ئەبێ و شێت ئەبێ و لەسەر شەقامەکان لە برسا ئەمرێ ..ئەمیش پێش ئەوەی کار لە کار بترازێ ، پەیوەندی به ئەوروپاوە ئەکا و .. پێیان ئەڵێ : هاوڕێیان ! میللەتەکەم خەریکە وەک حەزرەتی حسێن سەرم ئەبڕن ، چارم چییه ؟
پێی ئەڵێن : گەورەم تۆ ڕازی بیت بێیتەوە بۆ لامان ، ئێمە ئەتخەینە سەرچاومان ..
ئەڵێ : چۆن ئەتوانم بێمەوە ؟ من نە ڕەگەزنامەی ئێوەم هەیه و نە پاسپۆرت و نە هیچ ..
پێی ئەڵێن :ئەوە بۆ ئێمە لێ بگەڕێ ..
کاتێ ئەچێتە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە ئەوروپیە لە ووڵاتی شام ، کابرای باڵوێز لە بەری هەڵئەستێت و ..پێی ئەڵێ : بەس پێم بڵێ تۆ کێی ، گەورەم ؟
ئەڵێ : بۆچی ؟
ئەڵێ : ئەوەی بۆ تۆ کراوە ، لە مێژووی ئەوروپادا بۆ هیچ کەسێک نەکراوە .. هیچ کەسێک به بێ ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی ئەوروپیی نەیتوانیوە به شێوەیەکی فەرمیی و له ڕێی باڵوێزخانەیەکی ئەوروپییەوە ، بۆ ئەوروپا بڕوات .
تەماشا ئەکەی پەیکەرسازێکی جیهانیی کورد کە لە لیژنەی داڕێژەران و دروستکردنی دراوی جیهاندا ئەندامە ، دێتەوە لێرە پەراوێز ئەخرێ ، پەیکەر لەسەر ئەرکی خۆی دروست ئەکا وهێشتا پێی ئەڵێن دزە .. بە ناخی زەویدا ئەیبەن و تاک شەڕواڵێک له پێ ئەکا و لە دوکانێکی بچووکدا تەلی حاجەت شوشتن ئەفرۆشێ ..!
ئیتر بەو جۆرەیە ، سیاسیەکی کورد ، سیاسیەکانی تری کورد ڕیسوا ئەکا ..ئەیانکا به پەڕۆ .. لە بەرامبەردا باسی پڕۆژە و چاکسازییەکانی خۆی ئەکا ، لە هەزار لاوە جنێوی مزری بۆ ئەڕوات .. سیاسیەکانی تریش قۆڵی مەردانەی لێ هەڵئەماڵن ، بۆ هێرشکردنە سەر یەکتری و حەیابردنی یەکتری ..
گەشتیارە کوردەکان گەشتی ئەستەمبوڵ و کیش و باکوری ئێران و ئەوروپا ئەکەن و پارەکانیان لەوێ خەرج ئەکەن ، ناچنە مەهاباد و دیاربەکر و ورمێ و ئیلام ..
تەماشا ئەکەی دوو کورد یەکتری ئەبینن ، یەکێکیان ئەڵێ بەردەرگای خۆمان و ئێوەیشم پاک کردەوە .. ئەوەی تریان لە جیاتی دەستخۆشیی ، پێی ئەڵێ :جائەوە چییە ؟ من هی خۆمان و ئێوە و گەڕەکی ئەودیویشم پاک کردۆتەوە ..
یەکێکیان ئەڵێ :ئەمشەو سەد لاپەڕەم خوێندۆتەوە ..
ئەوەی تریان ئەڵێ : جا سەد لاپەڕە چییە؟ من هەر کاتی نانخواردن ،دووسەدم خوێندۆتەوە ..
یەکێکیان ئەڵێ : من چوار
حەج و هەشت عەمرەم کردووە .. ئەوەی تریان ئەڵێ : ئەوەی تۆ هیچ نییە ، من هەشت حەج و شانزە عەمرەم کردووە و شەهیدیشم ! ..
یەکێکیان ئەڵێ : من لە هەشت ڕۆژنامەدا ئەنووسم و پەنجا کتێبم بە چاپ گەیاندووە ..
ئەوەی تر ئەڵێ : هیچ نییە ،من هەر لە سکی دایکما بووم کە دوو ئەوەندەی تۆ کتێب و ووتارم هەبوو ..
کار گەیشتۆتە ئەوەی سەرکردەی کورد هەبووە لەڕێی کوردا شەهید بووە ..یان بیست ساڵە لە زینداندایه ، کەچی کورد جنێویان پێ ئەدەن .. یان لە باشترین حاڵەتدا ، پشتگوێیان ئەخەن ، وەک ئەوەی هەر هیچ نەبووبن ..بەو جۆرە ..
ئەمەیش دەرئەنجامی سەیر و گاڵتەجاڕی لێ سەرچاوە ئەگرێ ، بۆ نمونە سەیر ئەکەیت کەناڵە کوردییەکان ڕیکلام بۆ کاڵای دوژمنانی کورد ئەکەن و بازاڕیان بۆ پەیدا ئەکەن ، لە بەرامبەردا کاڵا ناوخۆییەکان سوک و ڕیسوا وخراپ نیشان ئەدەن ..بەو جۆرە بازاڕەکانی کوردستان ئەبنە بازاڕی کاڵاکانی دوژمنانی کوردستان و بە شانازیشەوە ئەو پڕۆسە قێزەونە ئەنجام ئەدەن ..
تەماشا ئەکەیت ، هەزاران ووتار لەسەر چیرۆکی مۆباسان و چیخۆف و ئێدگار ئاڵن پۆ ئەنووسن ، بەڵام تەنانەت دێڕێکیش لەسەر چیرۆکێکی حەسەن قزڵچی و حسێن عارف و کاوس قەفتان نانووسن .. تەنانەت گەنجێکی ئەمڕۆ نازانێ کاوس قەفتان و ئەحلام مەنسوور کێن و چ کارە بوون .. بەڵام ئەوەندە بابەتیان لەسەر کافکا و تۆڵستۆی و ئۆرهان پاموک و بۆرخیس خوێندۆتەوە وا ئەزانن ئەوانن باوکی ئەدەبی کوردیی .. کەسێک باس لە ووتارە ڕەخنەگرییە دوور و درێژەکانی فوئاد مەجید میسری ناکات ..نازانن ئەنوەر قادر محەمەد و عەبدوڵا پەشێو کێن و خەریکی چین .. بەڵام ئاگاداری شیعرەکانی فروخ وسوهراپ و نازم حیکمەت وڕامبۆن ..
ئەم دۆخە سەیر و ترسناکە وا ئەکات ئەو کۆمەڵگایه بۆگەن بکات .. تیایدا کرم و مار سەر دەربێنن و ببن بە کەسی باڵا و بەرپرس .. هەتا بێ ، کرم و مارەکان گەورەتر بن و.. کەلاکی کۆمەڵگایش قێزەونتر و بۆگەنتر بێ ..
تیایدا هیچ شانازی و شەرەفمەندیی و پیاوەتییەک نەمێنێ .. مرۆڤەکانی بێ ماف و بێ گوزەران و کۆیلە و سووک بن ، لەوەیش ناخۆشتر ، شانازیی بە بێ مافی و بێ گوزەرانی و کۆیلایەتیی و سوکایەتیەوە بکەن .. هەندێکیان بە تاقیکردنەوەی خوایی بۆ بەندەکانی لێکی بدەنەوە کە ئارامگرتن لەسەریان ، بەهەشتی تیا دەست دەکەوێت وەک پاداشت ..
هەندێکی تریشیان بە قۆناغه تاریکەکانی مێژووی دابنێن و چاوەڕوان بن تا قۆناغی ڕێنیسانسی کوردیی دێت ..!
هەندێکی تریش لایان وابێ ژیان هەر وایە و .. کۆمەڵگا هەر وایه ..
لە کاتێکدا چاڵێکە وهەموویان پێکەوە هەڵیانکەندووە و.. هەموویشیان پێکەوە تێیکەوتوون .. هەموویشیان پێکەوە لە کێشمە کێشمی ئەوەدان کەسیان لە چاڵەکە دەرباز نەبن ، وەکو چۆن تورکەکان بە خەڵکی ناوچاڵەکە پێناسەی کورد ئەکەن .




ئاوابونێکی ئاڵتونی.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

لە شەوە بەهەشتیەکانەوە با جرپەکان وەڵام بدەنەوە
تاجی درەوشاوە، نێونیگای عیشقێکی تیژڕەوی بەسەرچوو !
مالارمێ / شیعری (گوڵەکان)
ئەم ئەفسوونەیە
نوری ڕژاوی سەرکەنار
ڕۆحم ڕزگار دەکا

گەڕاوەتەوە، جوانیەکی
دڕندە، لەوسەری کەل
کاتێک هەورە بوهەیمیەکان
خۆیان تێکەڵی شەپۆلی ڕوخساری ئەوێکی وون
تێکەڵ بە شنەبای بێهودەییم ئەکەن

با نەفرەتلێکراوبم، بە بێدەنگی
زیوینی سەحەرێک،
ئەفسووس! گەر…
سەمفۆنیای تێپەربووی
بێستانێکی پرچ سەوزی تەڕ
منداڵیەکی سرک بهێننەوە!

چۆن ببمەوە بە دڵۆپە ئاورینگی
خۆشبەختی، چۆن ئەم پەیژە
ئەفسونیە بەرەو کازیوەیەک
لە کڵپەدا هەڵکێشم؟؟؟،

ئەی کەشتی گومڕای ڕۆح،
بەرەو گۆرانی دووری ئەبەدی،
پێت ناڵێم ماڵئاوا، هێشتا
ئەدرەوشێمەوە بۆ گەیشتنی
چارۆکەی بریقەدارت ،
لە کەنار…

تۆیەک لەچرکە ساتێک
بوویتە تەمتومان،
با هەبێت، بیرەوەریت..
با هەبێت، خەندەی سەرهەڵگرتنت
تا ئەوپەڕی لوتکەی کۆشکی
کریستاڵی وێڵبووووووون
با هەبێت، زەنگەکانی
ئێوارەیەک لە ئەڤینی ناسک
وەک پەڕی ئەو گوڵە
ئاویانەی
گالیسکە هەورە پرتەقاڵیەکانی
خەون ئەفراندیان

تۆ تەنها
سەما بکە،
لە گۆمی درەوشاوەی شیعر،
ئەوێک..
فریشتەی
نێو تەمی سپێدە،
بە گوێما چرپاندی
هیچی تر مەڵێ!

چەماونەتەوە کەوانی ئەو پردانەی
هاوشێوەی دوا نیگای ئەو

پێش ڕۆچونی دڵ،
سەرفرازیە
چاوەڕێکەم ، تا گۆشەیەک
بەدەر لە شەڕانگێزی چرکە مسینەکانی
ڕۆتینی مرۆڤە بەندەکانی ماشین

ڕاستیەکەی، من پەیامم
بۆت نارد، لە وەرزێکا
کەس بەتەنگی شەن و کەوی
خونچە مۆرەکانی
عیشقی وەحشتناکی سەفەر نیە!

شیعر،
شمشاڵێکی
ئەفسوناویە
بێ لێو، سۆزی
خەمگینی ئاوابونێکی ئاڵتونی ئەچڕێ!

…………………………………………………………
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری پۆڵەندی
Tomasz Marciniak

بە سوپاسەوە لە پەیجی خۆی وەرگیراوە




خه‌باتی چه‌کداریی، ڕێبازێکی باونه‌ماو و شکستی بەردەوام.. شێرکۆ کرمانج

لە بەشی پێشووی ئەم زنجیرە وتارە باسمان لە دوو دەرکەوتەی نەرێنیی خەباتی چەکداریی کرد و گوتمان خەباتی چەکداریی حەتمییەتی پشتبەستنی بزووتنەوە کوردستانییەکان دێنێتەگۆڕێ لەگەڵ لەدەستدانی جڵەوی بزووتنەوەکان و ئاراستە فکریی و ئایدیۆلۆجییەکانیان. لەم بەشدا، سەرەتا باس لە خەباتی چەکداریی دەکەین وەک شێوازێکی خەبات کە باوی نەماوە. دواتر باس لەوە دەکەین کە چۆن خەباتی چەکداریی بۆتە مایەی شکستی بەردەوام بۆ بزووتنەوە کوردییەکان.

ڕێبازێکی باونه‌ماو
کورد وەک گرووپێکی ئیتنی-نەتەوەیی زیاد لە سەد ساڵ دەبێت پەنای بردۆتە بەر خەباتی چەکداریی، بۆ نموونە بزووتنەوەکانی: شێخ عوبەیدوڵای نەهری (١٨٨٠)؛ سمکۆی شکاک (١٩١٨-١٩٣٠، پچڕپچڕ)؛ شێخ مەحموودی حەفید (١٩١٩-١٩٤١، پچڕپچڕ)؛ شێخ سەعیدی پیران (١٩٢٥)؛ بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥)؛ شۆڕشی ئەیلول (١٩٦١-١٩٧٥)؛ شۆڕشی نوێ/گوڵان (١٩٧٦-١٩٨٨)؛ شۆڕشی ڕۆژهەڵات (١٩٧٩-١٩٨٦)؛ تەباخی پە(کە)کە (١٩٨٤-تا ئێستا). بەکورتی، کەم تا زۆر لە سەد ساڵی ڕابردوو بەردەوام گرووپگەلێک هەبوون لە کوردستان کە بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیڕەویان لە خەباتی چەکداریی کردووە وەک ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە مافەکانی کوردستانییان. بەڵام هەر هەموویان سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەیان بەدەست نەهێناوە. لەڕاستیدا، ئەو دوو ئەزموونەی کە ئێستا لە باشوور و لە ڕۆژاڤا بەرجەستەن هیچیان بەرهەمی خەباتی چەکداریی نین.
دیارە ئەوە بەو مانایە نییە کە خەباتی چەکداریی ئەزموونی سەرکەوتووی لە جیهاندا نەبووە. شەڕی ڕزگاریی نەتەوەیی/نیشتیمانیی: جەزائیر (١٩٥٤-١٩٦٢)؛ چین (١٩٢٧-١٩٤٩)؛ کوبا (١٩٥٣-١٩٥٩)؛ ڤێتنام (١٩٤٥-١٩٧٥) و زیمبابۆی (١٩٦٤-١٩٧٩) نموونەی سەرکەوتووی ئەم شێوازەن لە خەبات. بەپێچەوانەوەش، ئەزموونی ناکوردی سەرنەکەوتووش هەن، بۆ نموونە خەباتی ڕزگارییخوازی: گەلی تامیل لە سریلانکا (١٩٨٣-٢٠٠٩)؛ گەلی سەحارا لە مەغریب (١٩٧٥-تا ئێستا) و گەلی فەلەستین لە ئیسرائیل (١٩٤٨- تا ئێستا).
خه‌باتی چه‌کداریی، ئەوەی وەک “شه‌ڕی پارتیزانی”یش ناسراوە، شێوه‌ خه‌باتێکی نوێ بوو له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیست هێز و لایه‌نه‌ “شۆڕشگێڕ”ە چەپ و کۆمۆنستییه‌کان دایان هێنا و له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ ڕزگاریخوازه‌ نەتەوەیی-نیشتیمانییه‌کانیش لاسایی لێ کرایه‌وه‌. بەڵام وه‌ک شێوازێکی خه‌بات شه‌ڕی پارتیزانی بە کۆتایی سەدەی بیستەم له‌ که‌م شوێنی دنیا باوی ماوه‌. هه‌ندێک ڕێکخراوی چه‌پ له‌ ئه‌مریکای لاتین، وەک بزووتنەوەی فارک (FARC) لە کۆڵۆمبیا تا چەند ساڵێک لەمەوبەر درێژەیان بە شەڕی چەکداری دا، بەڵام ئەوانیش لە ٢٠١٦ دا ڕێککەوتنێکی ئاشتیان لەگەڵ حکومەت واژۆ کرد و دوای نزیکەی ٥٠ ساڵ لە شەڕی چەکداریی چەکیان دانا. شۆڕشگێرەکانی تامیل تایگەرس لە سریلانکا تا ٢٠٠٩ شەڕی پارتیزانیان پەیڕەو دەکرد، بەڵام بەداخەوە لەوێ بەبێ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی حکومەتی سریلانکا بەسەریاندا زاڵ بوو. حەماس لە فەلەستین سەرەڕای ئەوەی کە کەرتی غەززە لەڕووی ئیدارییەوە بەڕێوە دەبات کەچی درێژە بە خەباتی چەکداریی دەدات. دوا گەڕی خەباتی چەکدارییان لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ دا بوو بەڵام ماڵوێرانییەکی وای بۆ فەلەستینییەکان لێ کەوتۆتەوە کە تەنیا لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤٥ هەزار فەلەستینی کوژراون کە بەشی هەرە زۆریان مەدەنین.‌ په{‌که}‌که‌ و پژ*اک، هه‌ردووکیان ئێستاکانه‌ بە پچڕپچڕیش بێت درێژه‌ به‌م شێوه‌ خه‌باته‌ ده‌ده‌ن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەگەڵ ئەوەشدا کە هێزە چەکدارەکانی کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات و پاک و لایەنەکانی دیکەش لەژێر فشارێکی زۆردان و سەنگەرەکانیان دوای فشار لەلایەن دەوڵەتی ئێران و حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێ چۆل کرا بەڵام بیرۆکەی خەباتی چەکداریی بەتەواوی وەلانەنراوە.
له‌وانه‌یه‌ هەندێک کەس بپرسن، مه‌گه‌ر ڤێتنام، چین، کوبا، نیکاراگوا، هتد، هەموویان له‌ ڕێگه‌ی خه‌باتی چه‌کداری ڕزگاریان نه‌بوو؟ له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێین، به‌ڵێ. ئەگەر وەڵامەکە بەڵێیە، ئەدی بۆ ناکرێت لە کوردستان درێژە بەم شێوازە لە خەبات بدرێت و بۆ باوی نەماوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەڵێیین، نابێت ئه‌وه‌ له‌بیربکرێت که‌ دنیای ئه‌و سه‌رده‌م دنیای دوو-جه‌مسه‌ریی بوو. زۆرجار به‌رژه‌وه‌ندی جه‌مسه‌رێک‌ وای ده‌خواست که‌ پشتیوانی تەواو له‌ خه‌باتی ڕزگاریخوازیی گه‌لێک یان وڵاتێکی داگیرکراو، ڕسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، تا سه‌رکه‌وتن، بکات، ئەویش بە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی لەگەڵ پشتیوانی دیبلۆماسی و میدیایی. هاوکات هاوکێشەی هێز، هێزی ڕزگاریخواز لەلایەک و هێزی داگیرکەر لەلاکەی دیکە، لەئاکامی پشتیوانی دەرەکی و سروشتی هاوکێشەکانی هێز لەو سەردەمدا زۆر لێک نزیک بوون. بۆیە، سەرکەوتنی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان مەحاڵ نەبوو.
له‌ ڕێگای خه‌باتی چه‌کداریی چه‌ند وڵاتی دیکه‌ش وه‌ک جه‌زایر و لیبیا، وەک نموونە، له‌ ژێر ده‌ستی کۆڵۆنیالیستی فه‌ره‌نسی و ئیتالیی ڕزگاریان بوو. ئه‌مه‌ش ڕاسته‌، به‌ڵام ده‌بێ بزانین که‌ وڵاته‌ کۆڵۆنیالیسته‌ سوننەتییەکان وه‌ک بەریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئیتالیا‌ مانه‌وه‌یان له‌ وڵاته‌ کۆڵۆنیالکراوه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای قازانج و زه‌ره‌ر هه‌ڵده‌سه‌نگاند. هه‌رکاتێک ته‌رازووه‌که‌ به‌لای زه‌ره‌رێکی کۆنتڕۆڵنه‌کراوبا ئه‌وه‌ وڵاته‌که‌یان به‌جێده‌هێشت. زۆرجار له‌ ڕێی خه‌باتی چه‌کداریی ئاکامێکی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌هاته‌پێش و وڵاته‌ کۆڵۆنیالیسته‌که‌ ناچار به‌ ده‌رچوون ده‌کرا، وەک ئەوەی کە فەرەنسا لە جەزائیر و ئیتاڵیا لە لیبیا و بەریتانیا لە کینیا کردی.
ئه‌وه‌ی لێره‌ زۆر گرنگه‌ ئاماژه‌ی پێ بکه‌ین له‌ په‌یوه‌ند به‌ بارودۆخی داگیرکردنی وڵاتانی کۆڵۆنیالکراو و داگیرکردنی کوردستان ئه‌وه‌یه‌ که‌ داگیرکارییەکان له‌ بنه‌ڕه‌تدا جیاوازن. کوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانێکه‌وه‌ داگیرکراوه‌ که‌ خاکی کوردستان به‌ به‌شێکی سه‌رەکی وڵاته‌که‌ی خۆیان داده‌نێن، که‌چی فه‌ره‌نسا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکه‌ی کۆڵۆنیالیست به‌ده‌گمه‌ن وڵاته‌ داگیرکراوه‌کانیان به‌ به‌شێکی نه‌پساوه‌ی وڵاته‌کانیان داده‌نا. خۆ ئەگەر ئەوەشیان لە قۆناغێکدا کردبێت، ئەوە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای دامەزراندنی، ئەو تێگەیشتن و وەسفەی بۆ داگیرکارییە ئەوروپییەکان هەڵوەشاندەوە. هۆکارێکی دیکە بۆ ئەو جیاوازییە، ئەوەیە کە وڵاته‌ کۆڵۆنیالیسته‌کان بەگشتی هاوسنوور نەبوون لەگەڵ وڵاته‌ داگیرکراوه‌که‌. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر کوردستان-دا هاتووه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسیدا به‌ کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆیی (internal colonialism) ناوده‌برێت. ئێره‌ شوێنی ده‌رخستنی هه‌موو جیاوازییه‌کانی نێوان کۆڵۆنیالیزم و کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆی نییه‌، بێجگە له‌وه‌ی که‌ گوتمان وڵاته‌ داگیرکه‌ره‌که‌ خاکی وڵاته‌ داگیرکراوه‌که‌ به‌ به‌شێک له‌ خاکی خۆی ده‌زانێت بەڵام لەوەش ترسناکتر و جیاوازتر ئەوەیە کە خاکه‌ داگیرکراوه‌که، کوردستان لەم حالەتەدا،‌ به‌ڕه‌سمی له‌لایه‌ن ده‌زگا نێودەوڵەتییه‌کانی وه‌ک نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌به‌شێک له‌ خاکی وڵاته‌ داگیرکه‌ره‌که‌ ناسراوه نەک وڵات و خاکێکی داگیرکراو‌.
خاڵێکی دیکه‌ی جیاوازی دۆخی کوردی ئه‌وه‌یه‌ که‌ داگیرکه‌رانی کوردستان زۆر که‌م گرنگی بە زه‌ره‌ری مانه‌وه‌یان له‌ کوردستان دەدەن، چونکه‌ لێخۆشبوون له‌ کوردستان به‌ شکان له‌ سەروەریی نیشتیمانی خۆیان دەزانن. بۆیە زۆر جار بە لەناوچوونی خۆیان دێنەپێش، لای ئەوان گرنگ ئەوەیە کوردستان ڕزگاری نەبێت و بە مافەکانی نەگات. بێجگه‌ له‌مانه‌، ڕای گشتیی و میدیای ئازاد له‌م وڵاتانه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ فشاری ڕاسته‌قینه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بکه‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مریکییه‌کان و میدیاکه‌یان کردیان له‌ کاتی جه‌نگی ڤێتنام. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا تورکیا ‌زیاتر لە ٤ ترلیۆن دۆلاری له‌ شه‌ڕی کوردستان سه‌رف کردووە. ڕای گشتی و میدیای تورکیا نه‌ک هه‌ر دژی شه‌ڕ نین‌ به‌ڵکوو ته‌واوی بزووتنه‌وه‌که‌ی کوردستان به‌ تیرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. حکومه‌تی عێراق له‌ پێناو له‌ناوبردنی بزووتنه‌وه‌ چه‌کدارییه‌که‌ی باشووری کوردستان لە 197٥ به‌شێکی خاکی عێراقی به‌خشیه‌ ئێران. جمهوریی ئیسلامی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ نزیک بە دە ساڵێکە لەژێر گەمارۆی ئابوورییە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، بەتایبەتی ئەمریکا، هاوکات ڕێژه‌ی ئاوسانی (التضخم) ئابووری له‌ ١٠٠٪ تێپه‌ڕیکردوه‌ که‌چی له‌ هیچ شتێک ناسڵه‌مێته‌وه‌ له‌ ڕاوه‌دونان و کوشتنی کادیر و پێشمه‌رگه‌کان له‌م دیو یان ئه‌و دیوی سنووری ڕۆژهەڵات.
هەر چۆنێک بێت، له‌ دیدی ئه‌وروپا و “دنیای ئازاد” خه‌باتی چه‌کداریی نه‌ک هه‌ر باوی نه‌ماوه‌ به‌ڵکوو زۆر به‌دناو کراوە‌. له‌یلا زانا و سەلاحەدین دەمیرتاش و عه‌بدوڵا ئۆجەلان هه‌رسێکیان سەرکردەی کوردن و له‌ کوردستانی بنده‌ستی تورکیا خه‌بات ده‌که‌ن بۆ مافه‌کانی کوردستانییان. کەچی له‌یلا زانا و دەمیرتاش له‌به‌رئه‌وه‌ی توندوتیژیی به‌کارناهێنن له‌ خه‌باته‌که‌یاندا کاتێک‌ دەگیرێن، ئەوا هه‌موو ئه‌وروپا له‌سه‌ر کردارێکی لەو جۆرە لە دژی دەوڵەتی تورک به‌جواب دێن و شەرمەزاری دەکەن. لەڕاستیدا، دەمیرتاش لە ئەوروپا و ئەمریکا وەک ئۆبامای کورد ناسرابوو. که‌چی ئۆجەلان له‌به‌رئه‌وه‌ی وەک سەرکردەی گرووپێکی چه‌کداریی ناسراوە کە پەیڕەو لە شەڕی پارتیزانی دەکات، ئەوا نەک هەر لەکاتی گرتنی کەس بەرگریی لێ نەکرد بەڵکوو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بەشێک بوون لە پلانی دەستگیرکردنی. پێش گیرانیشی، کاتێک چوو بۆ ئه‌وروپا نه‌ک دوژمنانی کورد به‌ڵکوو دۆسته‌کانیشی به‌ هانایەوە نه‌هاتن.
بۆیه‌، کورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌ زمانی زه‌مانه‌ بدوێت و دژایه‌تی ڕه‌وتی جیهانی نه‌کات ده‌بێت به‌‌ شێوازه‌کانی خه‌باتی خۆیدا بچێته‌وه‌ و بزانێت که‌ شێوه‌ خه‌باتێکی باونه‌ماو ناتوانێت گوێگر و پشتیوانی له‌ خه‌باته‌که‌ی له‌ دنیای بڕیاربه‌ده‌ست بۆ په‌یدابکات.

شکستی به‌رده‌وام
زۆربه‌ی حیزب و ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان خه‌باتی چه‌کداریان به‌ به‌رزترین و شکۆدارترین قۆناغی خه‌باتی ڕزگاریی نیشتیمانیی به‌ جه‌ماوه‌ری کوردستان ناساندووه (لە بەشەکانی دیکە دەگەڕێینەوە سەر ئەم پرسە)‌. له‌ هه‌مانکاتدا به‌ درێژایی مێژوو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ (لێره‌ مه‌به‌ستمان پێشمه‌رگه‌ی شاخه‌) تاکه‌ هێزی به‌رگریکه‌ره‌ نه‌ک هه‌ر له‌ کوردستان به‌ڵکوو لە شه‌ره‌ف و ناموسی کورد‌.
من له‌و باوه‌ڕه‌دام که‌ کوردستانییان ده‌بێت به‌ چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه ‌و واقعیانه‌ی دوور له‌ هه‌ست و سۆزی کوێرانه‌ی کوردانه‌ به‌ مێژووی کوردستان-دا بچنه‌وه‌ و بزانن ئایا به‌ڕاستی هێزی پێشمه‌رگه‌ توانیویه‌تی ئه‌م ئه‌رکه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ شاخ ببینێت؟ به‌ واتایه‌کی دیکه‌ ئایا له‌ توانایدا بووه‌ ئه‌م ئه‌رکه‌ قورسه‌ بخاته‌ سه‌ر شان؟ به‌ خستنه‌ڕووی چه‌ند نموونه‌یه‌ک هه‌وڵده‌دین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ بده‌ینه‌وه‌.
مێژووی کورد پڕه‌ له‌ نموونه‌ی به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتنی خه‌باتی چه‌کداریی. بزووتنەوە چەکدارییەکەی 1974-1975 له‌ باشووری کوردستان نموونه‌یه‌کی زه‌قه‌. به‌ شایه‌دی هه‌موو لایه‌ک گه‌وره‌ترین بزووتنەوەی چەکداریی بووە لە کوردستان،‌ به‌تایبه‌تی له‌ بواری ژمارەی چەکدار و به‌جه‌ماوه‌ریی بوونیدا. بزووتنەوەکە زیاتر له‌ ١٠٠ هەزار چه‌کداری هه‌بوو. ئەوە لەکاتێکدا بوو کە ژمارەی کورد لە باشووری کوردستان لەوکاتدا لە دەوروبەری دوو ملیۆن بوو، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەشی هەرە زۆری هاونیشتیمانیانی باشووری کوردستان، تەمەن لە ١٨ بۆ ٣٠ ساڵان، چەکداری بزووتنەوەکە بوون. سەرەڕای ئەوە، هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ست پێ کردنی شەڕ لە ئازاری ١٩٧٤ تا ئازاری ١٩٧٥ ڕۆژانه‌ له‌ پاشه‌کشه‌دا بوو. ئەوە بەو مانایە نییە کە هێزی پێشمەرگە لەو ماوەیەدا هیچ سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە بەڵکوو مەبەستمان ئەوەیە کە لەسەرەتای شەڕ، بۆ نموونە، لە بەرەی هەولێر چیای سەفین لەبەردەستی هێزی پێشمەرگە بوو، بەڵام دوای نزیک بە ساڵێک لە شەڕ، گەلی عەلی بەگ-یش گیراو و شەڕ لە نزیک ڕەواندوز دەکرا. له‌ ڕاستیدا ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌بێ شه‌ڕ زۆربه‌ی شاره‌ گه‌وره‌کانی کوردستانی چۆڵ کرد. ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌‌ قه‌بوڵ بکه‌ین که‌ بزووتنەوەکە‌ به‌ پلانێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌ناوبرا، خۆ ناکرێ بەرگریی له‌ شکسته‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی لە مەیدانی شەڕدا بکرێت. ڕاسته‌ سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ش به‌ده‌ستهاتووه‌ له‌ پێکدادانه‌کاندا، وه‌ک شه‌ڕی هندرێن و ده‌یان داستانی قاره‌مانانه‌ی هه‌موو شۆڕشه‌کانی کوردستان. به‌ڵام پێوەرە سەربازییەکان ئەنجام دەپێون. بە واتایەکی دیکە، بردنه‌وه‌ی‌ پێکدادان (معرکه‌) گرنگ نییه‌، به‌ڵکوو بردنه‌وه‌ی شه‌ڕ (حرب) گرنگه‌.‌ ئه‌نجام له‌سه‌ر شه‌ڕ ڕاده‌وه‌ستێت نه‌ک پێکدادان.
دوابه‌دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌ 1979 به‌شێکی زۆری خاکی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، بە شارە گەورەکانی وەک سنە، سەقز، بۆکان، مەهاباد، مەریوان، هتد، له‌ ژێر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان بوو، حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە. که‌چی پێشمه‌رگه‌کانی حیزب و کۆمه‌ڵه‌ نه‌یانتوانی شەش مانگ زیاتر به‌رگری له‌ شارە گەورە‌ ئازاده‌کان بکه‌ن. تا ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی پێشوو لێره‌و له‌وێ نه‌بێت پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات بوونێکی ئه‌وتۆی نه‌ما. لەژێر فشار بنە و بارەگاکانیان هێنایە باشووری کوردستان. لێرە ئاماژەمان بەو کورتە-شۆڕشە چەکدارییانەی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکرد کە لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو سەریان هەڵدا و تەنیا چەند مانگێکیان خایاند چونکە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ڕەوشی پرسەکان نەبوو، بەڵام هەر چۆنێک بێت ئەوانیش بەشێکن لە شکستی خەباتی چەکداریی.
له‌ ساڵی 1984 په‌که‌که بانگی ده‌ست پێ کردنی خه‌باتی چه‌کداریی ڕاگه‌یاند، پێش بزووتنەوەکەی ١٥ تەباخی پە+کە+کە، لەنێوان ١٩٢٠ تا ١٩٣٨، لانیکەم ١٩ بزووتنەوەی چەکداریی دیکە لە باکووری کوردستان شکستیان خواردبوو. ئه‌وان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌کرد که‌ ده‌رسیان له‌ هه‌ڵه‌کانی شۆڕشه‌کانی پێش خۆیان لە باکوور و بەشەکانی دیکەی کوردستان وه‌رگرتووه، که‌چی لە کۆتایی نه‌وه‌ته‌کان هێزێکی ئەوتۆیان له‌ باکووری کوردستان نه‌ما کە شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ داگیرکەری تورک بکات و لە قووڵای تورکیا گورز لە سوپای داگیرکەر بوەشێنێت، بەتایبەتی دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان، کە بەتەواوی سه‌رکردایه‌تی و بنکردایه‌تیان گواسته‌وه‌ ناوچه‌کانی خواکورک و قه‌ندیل له‌ باشووری کوردستان.
ڕاستە له‌وکاته‌وه‌ به‌به‌رده‌وام خۆڕاگریی بێوێنەیان نواندووە لە دژی هێزەکانی تورکیا کە ساڵانە ئۆپەراسیۆن لە دژی گەریلاکان ئەنجام دەدات بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە دەوڵەتی تورکیا ئەوە بۆ ماوەی بیست ساڵ دەچێت هێزە چەکدارەکانی پە=کە=کەی لە هێزێکی هێرشکەر کردووە بە هێزێکی بەرگرییکەر، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ستراتیج و تاکتیکی شەڕی پارتیزانی یەکناگرێتەوە. پارتیزانەکان دەبێت خۆیان بڕیار بدەن کە کەی شەڕ دەکەن، لە کوێ شەڕ دەکەن؛ ئەوە پارتیزانەکانن کە ئامانج دیاری دەکەن نەک دوژمن. بەڵام ئەوەی ئێستا لە خەباتی چەکداریی لە باکوور هەستی پێ دەکرێت و دەبینرێت هیچ خسڵەتی شەڕی پارتیزانی پێوەدیار نییە. دیارە هۆکارەکە زانراوە، ئەویش ئەوەیە کە هاوكێشەی هێز زۆر لارە بە لای داگیرکەری تورکیا، بەتایبەتی دوای گەشەپێدان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن).
درۆن بەتەواوی هاوكێشەکانی هێزی گۆڕی و یاسا و ڕێسای گەمەکانی ئاوەژوو کرد، بۆیە وەک چۆن لە بەشی ڕابردوو و لەم بەشەدا هەندێک هۆکارمان خستەڕوو کە چۆن خەباتی چەکداریی نەهامەتهێن بووە بۆ خەڵکی کوردستان، بەهەمانشێوە، گەشەپێدان بە درۆن و باڵادەستی داگیرکەرانی کوردستان لەم بوارەدا، وەک ئاکامە نەرێنییەکانی دیکەی خەباتی چەکداریی، دەبێت ببنە مایەی بەخۆداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ڕێبازەکانی خەبات. درۆن خەباتی چەکداریی لە شەڕی پارتیزانی گۆڕی بۆ شەڕ لە تونێلەکان، ئەمە بۆ فەلەستینییەکانیش هەر ڕاستە. شەڕ لە تونێلەکان زۆر زەحمەتە ببێتە مایەی وەگەڕخستن و ڕابەرایەتیکردنی جەماوەر، وەک چۆن چێ جیڤارا و فیدێل کاسترۆ لە کوبا؛ ماوتسی تۆنگ لە چین و هۆشی منە لە ڤێتنام، کردیان.
نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی ‌زه‌قی بێتوانایی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ بەرگریکردن له‌ کوردستان خۆڕانه‌گریان بوو له‌به‌رابه‌ر دژه-‌هێرشه‌کانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق دوای ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی به‌هاری 1991. بێجگه‌ له‌ به‌رگرییه‌کی کورت له‌ توزخورماتوو و ده‌وروبه‌ری کفری له‌ هیچ شوێنێکی دیکه‌ی کوردستان هێزی پێشمه‌رگه‌ بەرخۆدانێکی وای له‌ خۆ نیشان نه‌دا.
هیوادارم ئه‌م ڕوونکردنه‌وانه‌ و خستنەڕووی ئەم ڕاستییانە وەک تانە و بێڕێزییکردن بە پێشمەرگە و گەریلا لێک نەدرێتەوە. من وەک پێشووتر ئاماژەم پێ کرد، گومانم لە دڵسۆزی و قارەمانی پێشمه‌رگه‌ و گەریلاکان نییە. بەهەمان شێوە ئەو قسە و گفتوگۆیانە یەک زەڕە بێڕێزیی نییە بە خوێنی شه‌هیده‌کان و ڕۆحی فیداکارانه‌ی پارتیزانه‌کانی کوردستان، چونکه‌ من ڕێزی بێپایانم هه‌م بۆ پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌کان، هه‌م بۆ زیندوه‌کان، هه‌یه‌. پێشم وایه‌ گەریلا و پێشمه‌رگه‌کان جوامێرترین و خۆنەویسترین ڕۆڵه‌کانی کوردستانن و ڕێزلێنان له‌ خوێن و ڕابردوویان ئه‌رکی هه‌موو کوردستانییه‌که‌. به‌ڵام، من پێم وایه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ خۆگرتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی واقعیانه‌ی ڕابردوو، یه‌که‌م هه‌نگاوه‌ بۆ تێپەڕاندنی ئه‌و نەهامەتییانەی به‌سه‌ر هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک دێن.
ڕاستییه‌کی تاڵ هه‌یه‌ ده‌بێت درکی پێ بکه‌ین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ داگیرکه‌رانی کوردستان توانای سه‌ربازیی و لۆجستیکی و ته‌کنۆلۆجیای شه‌ڕیان زۆر له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ و گەریلا زیاتره‌. پێشمه‌رگه‌ به‌ کلاشینکۆف چی پێ ده‌کرێت له‌گه‌ڵ هەلیکۆپته‌ر و فڕۆکەی جەنگی و ده‌بابه‌، ئێستا درۆنیشی هاتە سەر. وره‌و له‌خۆبردویی چین له‌به‌رابه‌ر چه‌کی کیمیاوی و درۆن. ده‌بێت دیسان ئه‌وه‌ بڵێم من لێره‌دا مه‌به‌ستم هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک هێزێکی سه‌ربازی ڕاهێنراوی پڕچه‌ککراو نییه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان یان لە ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژاڤا ده‌کرێت بکرێت به‌و هێزه‌ ئه‌گه‌ر یه‌کبخرێت و ڕێگه‌ی پێبدرێت، به‌ڵکو مه‌به‌ستم هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک هێزێکی پارتیزانی گه‌ڕیده‌یه‌ له‌ شاخه‌کان. دیاره‌ نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بکه‌ین که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمیش ڕێگه‌ی پێنادرێت خۆی پڕچه‌ک بکات، ئه‌وه‌ ساڵانێکە‌ حکومه‌تی مه‌رکه‌زی عێراقی له‌ هه‌وڵی سنووردارکردن و تواندنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ناو سوپای عێراق-دا.
هەم هێز‌ی پێشمەرگە، هەم گەریلاکانی کوردستان، که‌ بۆ به‌رگریکردن له‌ کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دروست کراون، له‌ کاته‌ هه‌ره‌ پێویسته‌کان وه‌ک ئه‌نفالکردنی کورد له‌ باشوور لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو؛ ڕەشەکوژیی خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو؛ لە ڕووخاندن و چۆڵکردنی زیاتر له‌ چوار هەزار گوند له‌ باکوور لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو، نه‌یانتوانی کورد له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ بپارێزن. ئه‌وه‌ مانای ئه‌وە نییه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ بێ وره‌بوون، ترسنۆک و خۆڕاگرنەبوون، به‌ڵکوو ئەمە ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ ئه‌و ئه‌رکه‌ زۆر قورستره‌ له‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و گەریلا بتوانن پێی هه‌ڵبستن. به‌کورتی هه‌موو ئه‌و کاره‌سات و نەهامەتییانە ئه‌وه‌ ده‌گه‌یەنێت که‌ خه‌باتی چه‌کداریی شه‌ڕێکی دۆڕاوه‌ و شێوازێکی نه‌زۆکه‌ بۆ خه‌باتی ڕزگاریی نیشتیمانیی.
لە بەشی داهاتوودا بە ئیزافەی قسەکردن لەسەر چەند نەهامەتییەکی دیکە وەک ئاکام و دەرکەوتەی خەباتی چەکداریی، شرۆڤەی ئەوە دەکەم کە بۆچی داگیرکەرانی کوردستان حەز دەکەن کە کورد دەست بۆ چەک درێژ بکات و پەیڕەو لە خەباتی چەکداریی بکات.




پوختەیەک لە کتێبی “لەشفرۆشە یاخیبووەکان: شەڕ بۆ مافی کرێکارانی سێکس.”.. ئامادەکردنی گۆران عەبدوڵڵا

“Revolting Prostitutes: The Fight for Sex Workers’ Rights”
نووسینی مۆلی سمیس و جونۆ ماک:
شوێنی بڵاوکردنەوە: لەندەن
٢٠١٨
دەزگای چاپی ڤێرسۆ

ئامادەکردنی گۆران عەبدوڵڵا

پێشەکی

ئەم کتێبە سەرەتا لە ٢٠١٨ لە لەندەن لە لایەن دەزگای چاپی (ڤێرسۆ )وە بە زمانی ئینگلیزی چاپکراوە. دواتریش لە ساڵی ٢٠٢٠ دووبارە لەلایەن هەمان دەزگاوە چاپکراوەتەوە.
ئەم کتێبە لە هەشت بەش پێکهاتووە. وەک بەڵگەیەکی سیاسی و ڕێبەرێکی کردەیی داڕێژراوە و خزمەت دەکات بە تێگەیشتن بەمافەکانی کرێکارانی سێکس لە چوارچێوەی بزووتنەوە فراوانترەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی. جەخت لەوە دەکاتەوە کە مافەکانی کرێکارانی سێکس جیاناکرێتەوە لە کێشەکانی تری دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لەوانە مافەکانی کرێکاران، مافەکانی کۆچبەران، دادپەروەری ڕەگەزی و یەکسانی ئابووری.
نووسەرەکان لەم کتێبەدا جەخت لە باشترکردنی ژیانی کرێکارانی سێکس دەکەنەوە، هەروەها چارەسەرکردنی چەندین کێشەی تری هاوشێوە، نەک تەنها تەرکیزکردن لەسەر باری یاسایی کاری سێکس. ئەوان بەڵگە بۆ ڕێبازێکی گشتگیر دەهێننەوە کە هەم کەمکردنەوەی زیانی دەستبەجێ و هەم گۆڕانی سیستەماتیکی درێژخایەن لەخۆ دەگرێت.

خاڵە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە:

١. ڕوانگەی مافەکانی کرێکارانی سێکس

  • کتێبەکە لە ڕوانگەی مافەکانی کار و کەمکردنەوەی زیانەوە باسی کاری سێکس دەکات.
  • لەلایەن کرێکارانی سێکسەوە نووسراوە، تێڕوانینی ڕاستەوخۆ لەسەر پیشەکە پێشکەش دەکات.
  • جەختدەکات لەسەر گرنگی گوێگرتن لە کرێکارانی سێکس.

٢. شیکردنەوەی مۆدێلە یاساییەکان

  • چەند ڕێگەیەکی یاسایی جیاواز بۆ کاری سێکس لە جیهاندا تاوتوێ دەکات:
  • تاوانبارکردنی تەواو.. نموونە: زۆربەی وڵاتانی ئەمریکا، باشووری ئەفریقا و کینیا . لێرەدا کڕیار و فرۆشیار هەردوو تاوانبارن.
  • مۆدێلی نۆردیک یان بە مۆدێلی سویدی ناسراوە، تاوانبار کڕیارە نەوەک فرۆشیار. سوید، نەرویج، فەرەنسا، ئایسلاند و کەندا.
  • یاساییکردن.. نموونە: ئەڵمانیا، هۆڵەندا، نیوزیلاند، نەمسا و نیڤادا لە ئەمریکا.
  • بەڵگە دەهێنێتەوە بەوەی بەیاسایکردنەوە دۆخی سەلامەتتر بۆ کرێکارانی سێکس دەڕەخسێنێت.

٣. شیکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان

  • لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن کاری سێکس پەیوەندی هەیە لەگەڵ:
  • کۆچکردن و سنوورەکان
  • ڕەگەز و چین
  • جێندەر و سێکسواڵێتی
  • هەژاری و نایەکسانی ئابووری
  • تیشک دەخاتە سەر ئەوەی چۆن گروپە پەراوێزخراوەکان زیاتر کاریگەریان دەکەوێتە سەر لەو بوارەدا.

٤. سەلامەتی و مافەکانی کرێکاران

  • باس لەوە دەکات چۆن تاوانبارکردن، مەترسییەکان بۆ کرێکارانی سێکس زیاد دەکات
  • سەلامەتی شوێنی کار و مافەکانی کار تاوتوێ دەکات
  • باسی خۆپاراستن لە توندوتیژی و دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی دەکات
  • جەخت لەسەر پێویستی ڕێکخراوە کرێکارییەکان دەکات

٥. ڕەخنە لە سیاسەتەکان

  • ڕەخنە لەو سیاسەتانە دەگرێت کە بانگەشەی “ڕزگارکردنی” کرێکارانی سێکس دەکەن
  • بەرەنگاری تێگەیشتنە هەڵەکان دەبێتەوە دەربارەی بازرگانیکردن بە سێکسەوە.
  • شیکردنەوە بۆ کاریگەری سیاسەتەکانی دژە-کۆچبەری لەسەر کرێکارانی سێکس دەکات
  • پرسیار لە ڕێکاری “کۆتایی هێنان بە خواست” دەکات

٦. پێگەی ئابووری

  • کاری سێکس لە چوارچێوەی سیستەمە ئابوورییە فراوانترەکاندا دادەنێت
  • باس لەوە دەکات چۆن هەژاری کاریگەری لەسەر چوونە ناو کاری سێکس هەیە
  • ڕۆڵی کار لە سەرمایەداری تاوتوێ دەکات
  • باسی مانەوەی کاری سێکسی دەکات

٧. سیاسەتی فێمینیستی

  • هاوڕایە لەگەڵ ڕوانگە فێمینیستییە جیاوازەکان سەبارەت بە کاری سێکس
  • ڕەخنە لە هەندێک لق و پۆپی بیرکردنەوەی فێمینیستی دەربارەی لەشفرۆشی دەگرێت
  • بانگەشە بۆ ڕێبازێکی فێمینیستی هاوفکر دەکات

٨. چارەسەری کردەیی

  • پێشنیاری گۆڕانکاری سیاسەی بەرجەستە دەکات
  • جەخت لەسەر ڕێبازی کەمکردنەوەی زیان دەکات
  • داکۆکی دەکات لە:
  • نایاساییکردن
  • مافەکانی کار
  • دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی
  • مافەکانی کۆچکردن
  • دادپەروەری ئابووری

بە گشتی، کتێبەکە وەک هەڵگری میتۆدی فیکری و سیاسی بزووتنەوەی کرێکاری مۆدرن کار دەکات، کە تێیدا چالاکوانان داوای یەکگرتنی هەموو کرێکاران دەکەن لە خەباتێک دژی سەرمایەداری، بە بەکارهێنانی کەناڵە بیرۆکراتییە بەردەستەکان لە جیاتی ڕووخاندنی تەواویان، لەناوبردنی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی چەوسێنەر لە ڕێگەی دەستگەیشتن بە زەمینەیەکی دادپەروەرانە و گرتنەبەری ڕێگەی میانڕەو لە کەمکردنەوەی زیان لەگەڵ بەهێزکردنی سەربەخۆیی کەسی.
دەرەنجام
کتێبەکە بەڵگەنامەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە خەباتی کرێکارانی سێکس و پێشنیارکردنی چاکسازی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنی مافەکانیان. سەرباری ئەو لایەنانە هەڵگر و گێڕەرەوەی کۆمەڵێک چیرۆکی دڵتەزێنە.

Nov 10, 2024




دیدار لەگەڵ شێوەكار ئیڤان نەجمەدین.. هەڤپیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

شێوەكار ئیڤان نەجمەدین: ڕەنگ بۆ تابلۆ زۆر گرنگە من زۆر ئارەزووی تێكەڵكردنی ڕەنگەكان دەكەم
شێوەكار ئیڤان نەجمەدین: وانەی هونەر بۆ قوتابیان گرنگە بۆئەوەی بیرۆكەو داهێنان لە گشت بابەتەكاندا بكەن
خاتوو (ئیڤان نەجمەدین ساڵح )، هەر لەتەمەنی منداڵییەوە خوولیا و ئارەزووی هونەری وێنەكاشانی هەبووە لە قوتابخانە بەشداری سەرجەم پیشانگاكانی كردووە ئەو حەزو و ئارەزووە وای لێكردوە بچێتەئەكادیمیای هونەرەجوانەكانی هەولێر بەشی شێوەكاری هەرلەپێناو برەودانی زیاتر بە بەهرەكانی توانی لە ساڵی 2023 بروانامەی ماستەر لە هەمان بواردا بەدەست بهێنێت بۆماوەی چوار ساڵ لەیەكێك لە قوتابخانەكانی شاری هەولێر مامۆستای پەروەردەی هونەر بووە …لەئێستادا مامۆستایە لە زانكۆی موسڵ ئێمەش بەباشمان زانی بەچەند پرسیارێك بەسەریبكەینەوە.
هەڤپیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس


*سەرەتا شێوەكار ئیڤان چۆن خۆی بە خوێنەرانمان دەناسێنێت ،چۆن ئاوێتەی هونەری شێوەكاری بوویت؟

  • من شێوەركا (ئیڤان نەجم دین ساڵح )، دەرچووی كۆلێژی هونەرەجوانەكانم لە ساڵی 2019، هەروەها ماستەر لە 2023 بەدەست هێناوە لە هەمان بواردا لەئێستا مامۆستای هونەرم لە یەكێك لە قوتابخانەكانی شاری هەولێر .ئەوەی ڕاستی بێت هەر لەتەمەنی منداڵیمەوە حەزو وئارەزووی زۆرم هەبوو بۆ وێنەكێشان لە هەموو قۆناغەكانی خوێندنم چالاكانە بەشداریم لە پیشانگاكانی قوتابخانە دەكرد،هەرئەو حەزو و ئارەزوەش وای لێكردم بڕیاربدەم دوای تەواوكردنی پۆلی 12 بچمە كۆلێژی هونەرەجوانەكان بەشی شێوەكاری بۆ ئەوەی پەرە بەتواناكانم بدەم لەوێ زیاتر بەشێوەیەكی ئەكادیمی فێری ئەلف و بای وێنەكیشان ببم.
  • بەرێزت زیاتر لەسەر كامە قوتابخانەی هونەری كاردەكەیت؟
  • من لەسەرەتای منداڵیم، ئارەزووی زۆرم لەوردەكاری وێنەكێشان هەبوو،وە هەر لە سەرەتایی كۆلێژیش زیاتر لەسەر قوتابخانەی ڕیالیزم كارەم دەكرد، لە ئێستاش زۆربەی كارەكانم پۆرترێتن بە شێوازی ڕیالیزم وێنەدەكێشم.

    *كامەن ئەو هونەرمەندە شێوەكارانەی كاریگەریان لەسەر تۆ هەبووە یاخود سەرسامی بە كارەكاریان؟

  • زۆرن ئەو هونەرمەندانەی كارەكانیان جوانن وسەرنجی منیان راكێشاوم بۆ نموونە لە هونەرمەندە جیهانیەكان( ئێدوارد مانێ و ڤانكوخ ) بە تایبەتی، لە هونەرمەندە كوردەكانیش (خەیری ئادەم، ،محەمەد ئیسماعیل، عەبدولڕەحمان میرزا زۆر بەكارەكانیان سەرسامم.

    *دووخاڵی سەرەكی لە زۆربەی تابلۆكان بوونی هەیە (ناڕوونی و جوانی)، بینەر چۆن دەتوانێت لە تابلۆكان بگات بێ ئەوەی شیكردنەوەی بۆ بكرێت؟

  • زۆربەی تابلۆكان لە ڕوویی ڕەنگ و تەكنیەكان چێژ بە بینەر دەبەخشێت لەلای هەر كەسێكیش ڕەنگە تێڕوانینی جیاوازی لا دروست بێت مەرج نیە كەسێك شیكردنەوە بكات بۆ ئەوەی چەمك و پەیامی تابلۆكە بگەیەنێت . جوانی لەلایی هەر كەسێك بە جۆرێكە ناڕوونی بە پێی كار وتەكنیكی هونەرمەندەكەیە هەندەكیان بابەتەكە دیارە لەسەر چی كراوە بەشێكی تریان بینەر دەتوانێت لەڕێگەی ڕەنگ وشێوازی كاركردن لە بابەتەكەحاڵی بێت.

    *تەكنەلۆژیای سەردەم بۆ نیگار كردنی تابلۆكانت بەكار دەهێنیت؟ بۆنموونە بەرنامەكانی كۆمپیوتەر؟

  • نەخێر، لەبەرئەوەی كارەكانم پۆرترێتن دەست كاری وێنەكە ناكەم، بەڵام ئەگەر لە داهاتوودا پێویست بكات بەكاری دەهێنم وەكو فۆتۆشۆب كە ئێستادا زۆر ێك لە هونەرمەندان سوودی لێوەردەگرن.

    *رەنگ مادەیەكی سەرەكی هەر تابلۆیەكە چۆن دەڕوانیتە كاریگەری رەنگەكان لە تابلۆیەكانت؟

  • بەدڵناییەوە ڕەنگ بۆ تابلۆ زۆر گرنگە هەر بۆیە من زۆر ئارەزووی تێكەڵكردنی ڕەنگەكان دەكەم لە پۆرترێتەكانمدا بۆ ئەوەی ڕووخسار و ناخی كەسەكە ڕەنگ بداتەوە لەكارەكەمدا هەروەها نەرمی و وردەكاری تێیدا بەڵام بەكارهێنانی بۆهەرتابلۆیەك دەبێ بەشێوەیەكی زانستی بەكار بێت ،لە خزمەت ناوەڕۆكی تابلۆیەكەدا بێت.

    *چوار ساڵ مامۆستای پەروەردەی هونەری بوویت، كاریگەری وانەی هونەر بۆقوتابیان چۆن دەبینیت ؟

  • ڕۆڵی وانەی هونەر لە قوتابخانەدا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لە قۆناغی بنەڕەتی قوتابیان ئاشنابن بە زۆربەی تەكنیكە هونەرییەكان قوتابیانیش زۆر حەزوو ئارەزوویان بۆ وانەكە هەیە.. من بۆ ماوەی ( 4) ساڵ مامۆستای وانەی هونەر بووم ئەزموونێكی باشم هەیەبەتایبەتی لە قۆناغی بنەڕەتی لە هەرسێ بازنەی خوێندن هەوڵم داوە زۆرترین كاری هونەری بكەن، قوتابیان بەهرەكانی خۆیان بدۆزنەوە لەگەڵ هەر تەكنیكێكدا،هەروەها ڕێگایەكی گرنگە بۆ بیرۆكەو داهێنانیان لە گشت بابەتەكاندا .

    *تۆڕەكۆمەڵاتییەكان تاچەند سوودیان هەبووە لە بڵاوكردنەوەی زانیاری و چالاكییە هونەرییەكان؟

  • لە ئێستادا كە سەردەمی تەكنەلۆجیایە زیاتر لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بابەتەكان بڵاودەكرێنەوە. بۆ كاری هونەری زۆر گرنگە چونكە بینەری زیاتری دەبێت لەوەی بە كردنەوەی پێشانگایەك زۆر كەس دەتوانێت بینەری كارەكانت بێت و سەرنجی خۆیان بخەنە ڕوو.



بۆچی ده‌نووسین؟.. د. موحه‌ممه‌د گه‌ڵاڵه‌یی

هه‌موو نووسینێك په‌یامێكی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ئامانجێكی دیاریكراو بۆ خزمه‌تی گشتیی و هه‌ندێجاریش بۆ ئامانجێكی تایبه‌تی كه‌سی به‌ده‌ر نییه‌، ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر هه‌قیقه‌ت غه‌در له‌ شاعیره‌كانیش كراوه‌، كه‌ به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێكی شاراوه‌ و نه‌زانراو پێیان ده‌وترێت:‌ (المعنی في قلب الشاعر)، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌سته‌واژیێكی وه‌ك (الغایة في قلب الكاتب)یش هه‌بوایه‌ ئه‌وا هاوكێشه‌كه‌ هاوسه‌نگتر ده‌بوویه‌وه‌‌‌، خۆ هه‌ندێجاریش ڕێكده‌كه‌وێ، كه‌وا‌ شاعیرێك نووسه‌رێكی به ‌ناوبانگ بێت به‌ تایبه‌تیی له‌ ژانره‌كانی نووسینی ڕۆمان و چیرۆك..هتد دا.
جا بۆیه‌؛ با بێینه‌ سه‌ر كرۆكی نووسینه‌كه‌مان، كه‌ هه‌ندێجار ده‌گوترێ: نابێت نووسین له‌ پێناو نووسین بێت!، به‌ڵێ؛ نابێت نووسین هه‌ر بۆ كه‌ڵه‌كردنی ووتاری دووباره‌، سواو و دزراو بێت..!
ئه‌ی كه‌واته نووسین له‌ پێناوی چ ئامانجێك دابێت و بۆچی پیته‌كان ده‌خه‌ینه‌ پاڵ یه‌كتری و وه‌ك نووسینێك بڵاویان ده‌كه‌ینه‌وه‌؟
به‌ڵێ؛ گونجاوه‌ نووسین هه‌ندێك له‌م ئامانجانه‌ی خواره‌وه‌ی‌‌ هه‌بێت:
بۆ زیادكردنی كۆمه‌ڵێك مه‌عریفه‌ و زانینی نوێ و نه‌بیستراو بێت بۆ خوێنه‌ران.
بۆ ده‌رخستنی كۆمه‌ڵێك ڕاستی و نه‌زانراوی سه‌رده‌می خۆی بێت.
بۆ خستنه‌ڕووی كێشه‌یێكی ڕه‌وا و چاره‌سه‌ریێكی ڕوون و ڕه‌وان ‌بێت.
بۆ هێناكایه‌ی گفتوگۆیێكی سه‌رده‌میانه‌ و ڕه‌خنه‌یی پڕ به‌رهه‌م و به‌ جووڵه‌ بێت.
بۆ به‌رگریكردن له‌ هه‌ق و ڕاستی مافخوراوان بێت.
بۆ فراوانكردنی په‌ڕاوێزی ئازادی بیر و ڕا گۆڕینه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌گرتن بێت.
بۆ هه‌ڵڕشتنی ڕق و بڵاوكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ و ئاژاوه‌ نه‌بێت.
بۆ خۆ ده‌رخستن، هه‌ڕاجكردن، هه‌رزانكردن بیروبۆچوون و نرخی نووسین نه‌بێت.
بۆ ستایشی زاڵم و سته‌مكار نه‌بێت، كه‌ ڕه‌وایه‌تیی به‌ هه‌موو نا دادیێه‌ك و زوڵمێك بدات.
له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌: بۆ سه‌لماندنی كۆیله‌ بوونی نووسه‌ر نه‌بێت.
هه‌ر بۆیه‌ نووسین به‌رپرسیاریه‌تییه‌، پێش ئه‌وه‌ی خاوه‌ندارییه‌تی له‌و ووشانه‌ بكرێت، كه‌ به‌ قه‌ڵه‌می نووسه‌رێك یان هه‌ر كه‌سێكی تره‌وه‌ ده‌نووسرێن‌، به‌ڵكوو به‌رپرساریه‌تیێكی ئه‌خڵاقی ویژدانییه‌ ئینجا ئاینیی، نیشتمایی و مرۆڤدۆستییه‌، چونكه‌ نووسین له‌ ناخی ویژدان و ئه‌خڵاقی نووسه‌ر وه‌ك مرۆڤێكی ڕیزلێگیراو سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و نووسینه‌ی كه‌ له‌ ئه‌خڵاق، كه‌ڕامه‌ت و ویژدانێكی زیندووه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت ئه‌وا بۆ سه‌دان و هه‌زاران ساڵ ده‌مێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بێت ئه‌وا دیاره‌ له‌چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌‌؟ و سه‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ ده‌بێت‌، كه‌ له‌ مێژوودا ته‌نها شه‌رمه‌زاری بۆ نووسه‌ره‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه، نموونه‌ی زۆر زیندووش له‌ ئێستا و ڕابردوودا هه‌ن و بۆ داهاتووش هه‌ر ده‌بن. كه‌وا وه‌ك: نووسه‌رانی ده‌رباری پادشا و سوڵتانه‌كان له مێژووی‌ مرۆڤایه‌تییدا هه‌ژمار ده‌كرێن.




بۆ ئەوانەی کە ئەمەریکییەکان بە گەمژە دەزانن.. زاهیر باهیر

لە سەروبەری هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ-دا سەدەها وتار و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە نوسراوە و کراوە سەبارەت بە دەنگدانی ئەمریکەییەکان بە ترامپ لەبری هارس ، بەتایبەت ژنان کە ترامپ بە دوژمنی ژنان ناسراوە.
بەڕای من هیج گەلێك/ نەتەوەیەك ، هیچ تاکێک گەمژە نییە کە بەرژەوەندی خۆی نەزانێت ، بە دڵنیاییەوە گەر لە ڕۆشبیران و توێژەرەوە سیاسییەکان زیرەکتر نەبن ئەوە لەوان کەمتر نین . ئەمە نەك هەر بۆ ئەمەریکیەکان و کورد ڕاستە بەڵکو بۆ هەموو میللەتێك ڕاستە . دروستیی ئەمەش لەوەدایە کە ئەوەی ڕا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێك یا حیزبێك دەدات تەماشای بەرژەەوندی خۆی دەکات. لەوانە بەرژەوەندی ئابووریی ، پاشخانی خێزانی و کۆمەڵایەتی ، دینی ، کولتور ، تێروانین لە ڕابوردو و ئێستا و بەتایبەت داهاتوش . زۆرن ئەو هۆکارانەکەی کە بنەمای دەنگدانن.
قسەی من زیاتر لەسەر ئەمریکییەکانە کە ڕۆژانە لە ماڵپەڕە کوردییەکان و پەیجەکانی فەیسبووکدا دەیبینین کە چۆن نوسەر و پۆستنوس و دیمانەکار بە خەڵکی ئەمەریکیدا دەڕشێنەوە ، بە بێ ئەوەی کە دوی بارودۆخی ژیانی خەڵکی ئەوێ کەوتبێت، بێ ئەوەی زمانێکی دیکە زیاتر لە کوردی بزانێت ، بێ ئەوەی پەنا بۆ ئامارێك بەڵگەیەك بۆ پاڵپشتکردنی قسە و بۆچوونەکانی ببات.
وەکو وتم خەڵکی بە هۆکاری جیا جیا دەنگ دەدات و سەرۆکێك یا حیزبێك هەڵدەبژێرێت . لەو هۆکارانەی کە من لەو وتار و توێژینانەوە لێیان حاڵی بووم زۆرن کە بڕێکیان سەرەکین و ئەمانەن: لە سەدا 45 خەڵکی ئەمەریکی بار و دۆخی ژیانیان لە 4 ساڵ لەمەوبەر باشتر نییە، ڕێژەی هەڵئاواسانی پارە بەرزە . هەردوولایان واتە ترامپ و هارس پەنایان بۆ ملیاردەرەکان دەبرد بۆ هاوکاری داراییان بۆ بەردەوامیدان بە کەمپەینەکەیان . کەمپەینەکەی ترامپ یاخود مانیفێستەکەی زۆر ڕوون و ئاشکرا و بێ شاردنەوە بوو : لەسەر پرسی ئیسرائیل و فەلەستییەکان، لەسەر شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا ، لەسەر پرسی ژنان و لەباربردنی کۆرپەلە ، لەسەر پرسی ترانس و هاوڕەگەزخوازان ، لەسەر کەسانی پەنابەر و کۆچبەر ، لەسەر پرسی باخ و گومرگ ، لەسەر پرسی پەیوەندی نێودەوڵەتی و سەرکردەکانی وڵاتانی جیهان ، لەسەر پرسی ناتۆ، لەسەر دەرکردنی زۆرێك لە کەسانی مشەخۆر و ناپێویست لە کۆشکی سپی و شوێنی تردا ، لەسەر پرسی ژینگە … لەسەر هەر هەمووی هەلوێستی ترامپ روون و ئاشکرابوو ، بەڵام مەرجیش نییە هەموویان جێ بەجێبکات.
هەرچیش کەمپەینی هارس بوو ، هەڵویستێکی ڕونی لە کێشە و شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین نەبوو ، بەم هۆکارەش بڕێکی زۆری دەنگی لەناو کۆمۆنێتی عەرب و موسڵماناندا بە تایبە لە ولایەتی موشیگاند لە دەستدا . لە پرسی ئۆکرانیادا هەنگاوێکی جیاواز لە بایدن لە چونێتی کۆتایهێنانی ئەم شەرە دۆڕاوەی ئۆکرانیا نەبوو ، بە دەگمەن قسەی لەسەر ژیانی خەڵکی دەکرد و لە سەر پێداویستییەکانیان. هەڵوێستێکی شلۆق و سەقەتی هەبوو لەسەر ناتۆ و لەسەر سەرۆکی تورکیا و عێراق و سعودییەوە و ئێران و زۆر شوێنی دیکە. شتێکی نوێی کاربڕ یا کردەیی لە بەرنامەکەیدا نەبوو.
خەڵکی دێت لبە زۆری لەو ڕوانگەیەوە دەنگ دەدات نەك لە ڕوانگەی ڕەنگی پێست و تەمەن و سەر بە چ پارتێکە. دوای ئەوەش خەڵکی دابەش بووە بەسەر توێژاڵی جیاجیادا کە لەو پەناگەیەوە قسە دەکات و ڕادەدات. هەروەها دین لە ئەمەریکادا بەهێزە بۆیە زۆرێ لە ژنان لەگەڵ لەباربردنی کۆرپەلەدا نین ، لەگەڵ پرسی هاوڕەگەزخوازو ترانس و جێندە ئایدێنتەتی و هاوسەرگیری لە نێوانی هەمان ڕەگەزدا نین .
دوای ئەمەش خەڵکی ژیانی زۆر خراپ بووە ئەویش بە هۆی شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیاوەیە بۆیە ئەمان دەیانەوێت شەڕەکە بوەستێت ، ئۆکرانیا زەوی و هەیبەتی دەدۆڕێنێت، یا نایدۆڕێنێت لای ئەوان شتێك نیە ، کوردواتەنی کچی خۆیان ناکەنە قوربانی کوڕی خەڵکی . بزنسی بچوك و دەستگێڕ و هەتاهەندێك لە کۆمپانیا گەوەرەکانیش دەیانەوێت کە گومرگ لەسەر هاوردەی دەرەوەی ئەمەریکا بەتایبەت وڵاتی چین کە مەترسی لەسەر ئابووری ئەمەریکا داناوە زۆر بەرز بێت تاکو ئەو دەرگایە بەسەر چین داخەن بۆ ئەوەی کاڵاکانی خۆیان سەرف بکەن . مووچەخۆر نایەوێت باجی لەسەر بەرزبکرێتەوە. دایکان و باوکان نایانەوێت ئەمەریکا شەڕێکی دیکە دروست بکات یاخود بئاڵێت لە شەڕێکی دیکەوە تاکو منداڵەکانیان لە دەست بدەن و هاوکاتیش ئەوەندەی دیکە ژیانیان گرانتر بێت . نایانەوێت کولتوری ئیسلامی بەسەریاندا زاڵببێت و ژیانیان لێ تاڵ بکرێت ، ویلایەتەکانیش وەکو سعودییەو و ئێران و ئەفغانساتان و پاکستان و عیراق و … تدی لێبێت، خەڵک شەریعە و مەحکەمەی ئیسلامی ناوێت .
هەموو ئەمانەیە کە لە ئەمەریکادا دەنگی بۆ ترامپ زیاد کرد تاکو بە هارس . جا پرسیارەکە ئەمەیە ئایا ئەمەریکییەکان دەبەنگ و گەمژەن یاخود ئەوانەمان کە هیچ نازانین و لە خۆمانەوە دەنوسین و ئەم نەتەوە و ئەو کەس ئەو لایەن بە گەمژە دەزانین ؟ ئایا خودی خەڵکی خۆی بەرژەوەندی خۆی دەزانێت یا ئێمە کە لەدەرەوەی ژیانی ئەوانین؟
ئەم پرسە لە کورستانیشدا هەر وا بووە خەڵکانێک کە دەنگیان بە یەکێتی یا پارتی یا نەوەی نوێ ، یا ئیسلامی داوە گەمژە نەبوون و نین ، خۆیان بەرژەوەندی خۆیان لەمن لە کەسانی دەرەوەی من باشتر دەزانن . خەڵکی زیرەکن لە پێگەی ئابووری و دارایی و ئەوانەی سەرەوە کە باسم کردن دەنگ دەدەن .
نموونەیەکی بچوك : پێش هەڵبژاردنەکەی کوردستان لە یەكێک لە تەلەفونەکانما بۆ دایکم ، لێم پرسی دایە دەنگ بە کێ دەدەیت؟ لە وەڵامدا وتی دەنگ بە باڤڵ و یەکێتی . وتم بۆچی دایە؟ وتی باڤڵ دەستی هەموو مافیاکانی کورت کردۆتەوە هەموویان چونەتەوە پێستەکەی خۆیانەوە ، دوو: وتی باڤڵ لەگەل حکومەتی عێراق دا ڕێکەوتووە موچەی خانەنشینی چوارقات کردوە . وتی من خانەنشینەیەکەم نزیکە 50 دۆلار بووە ئێستا دەبێت بە 200 دۆلار ، بۆیە دەنگی پێدەدەم . دەی قسەیەکی بۆ من نەهێڵایەوە گەرچی من پێم نەدەوت دەنگ مەدە یا دەنگ بە لایەنێکی دیکە بدە. ژنێکی نەخوێندەواری نزیکەی 85 ساڵ لە من باشتر بیردەکاتەوە تاکو گەر پێی بلێم نا دەنگ مەدە یا بەم و بەوی بدە . دیارە هەموو کەسێك وەکو دایکی من وریایە بە بەرژەوەندی خۆی و هەر لەو پێگەیەوە دەنگ دەدات .

زاهیر باهیر
10/11/2024
Zaherbaher@com




جیهان کێشەی کوردپشتگۆێ دەکات – تا کەی ناچار بین باجی بێدەنگی ئێوە بدەین؟.. شەم شەمەیی ساڵح

‎دەیان ساڵە کورد لە پێناو مافە ڕەواکانی خۆی و مافی سەرەتای ژیانێکی شکۆمەندانەدا خەبات دەکات. ئێمە توانیمان خۆمان دەرباز کەین لەهەرە قۆناغە سەختەکان ،لە جینۆساید و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و چەوساندنەوەی سیستماتیکی . بەڵام ئێستاکەش شەڕێکی بێدەنگی بەرامبەرمان بەڕێوەدەچێت – شەڕێک لە پشت بیانووی دیپلۆماسی و بەرژەوەندی ئابووری و هاوپەیمانی سیاسییەوە شاراوەتەوە. ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی فاشیست، سەرۆک کۆماری تورکیا لە مێژە سیاسەتێکی دڕندانەی دژ بە کوردی گرتۆتە بەر، لە هێرشی سەربازیوە بگرە بۆ سەر خەڵکی سڤیل تا سڕینەوەی تەواوەتی کولتوور و ناسنامەی ئێمە بەخۆدەگرێت. پرسیارەکە ئەوەیە – بۆچی جیهان بێدەنگە؟

دەسەڵاتێک کە بێ شەرمانە پاساو بۆ چەوساندنەوە دەزانێت

‎تورکیا لە سەردەمی سەرکردایەتی ئەردۆغان شەڕی تیرۆری کردە بەرگو بەهانێیەک بۆ ئەنجامدانی دڕندەیی بەرامبەر بە خەڵکی سیڤیلی کورد. ئەردۆغان بەردەوام بە بۆردومانی ئاسمانی و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ و قەدەغەی هاتووچۆ، بە شێوەیەکی کە زۆربەی شارە کوردەکانی کردوتەمەیدانی شەڕ. ئەم مەبەستە هەڵبەستراوە ی ناوناوە “شەڕی تیرۆر” – کە لە ڕاستیدا ستراتیژێکیەکی بە ئەنقەست و سیستماتیکە بۆ لەناوبردنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابووریی کورد. ئەم ڕش کوژیە ، نەخۆشخانە و قوتابخانەو جێگا گشتییەکانی کردۆتە ئەنجام کە خەڵکی بێتاوانی سڤیل دەکرین بەئامانجو دەکرێن ناچار دەکڕێن لەماڵی خۆیانو لەناو شارەکانی خۆیاندا دەربەدەربکرێن . ئەردۆغان بانگەشەی ئەوە دەکات کە شەڕی پەکەکە دەکات، بەڵام ڕاستتەکەی ئەوەیە کە ئەم هێرشەنامرۆڤایەتیو توندو تیژەدژ بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە لەژن و پیاو منداڵی بێتاوانەوە بگرە تەنانەت بۆتەجۆرێک لە پاکتاوی نەتەوەیی و ئێتنی .هەر جارێک دەنگی کورد بۆ ئاشتی و دادپەروەری بەرز دەکرێتەوە، بە شێوەیەکی دڕندانە بێدەنگ دەکرێن – نەک تەنها لەلایەن پۆلیس و سەربازی تورکیاوە، بەڵکو لە لایەن سیستەمی یاسای دەوڵەتیشەوە. کوردبوون لە تورکیادا، ژیانکردنە لەگەڵ مەترسییەکی هەمیشە لە ئارادا، کە زیندانیکردنە، ئەشکەنجەدانە، یان تەنانەت کوشتن، تەنهالەبەرناسنامەی کوردبون .

بێدەنگی ڕۆژئاوا هەم دووڕوویی و هەم ترسنۆکانەیە

‎کاتێک ڕووسیا ئۆکرانیای داگیرکرد، جیهان کەوتە ناڕەزایەتی دەڕبڕین و سزادان. سەرکردەکان باسیان لە گرنگی مافەکانی مرۆڤ دەکردو بونە بڵندگۆی وەستانەوە بەرامبەر ستەم و پاراستنی خەڵک. بەڵام کاتێک تورکیا کە وڵاتێکی ناتۆیە، خەریکی توندوتیژی و پاکتاوکردنی کورددەکات سرینەوەی نەتەوەیەک ، هەمان پرسیار هەمان سەرکردە بێدەنگی هەڵدەبژێرێ ؟ چونکە تورکیا هاوپەیمانێکی ستراتیژییە، دەشێ وەڵامی ئەم پرسیارە وابێت کە ڕۆژئاوا ناوێرێت بەڕاشکاوی بەریەککەوتن لەگەڵ تورکیا هەڵبژێرێت؟ . کەواتە دەبێ بڵێین ئایامافی مرۆڤ بۆ ڕۆژئاوا چی دەگەیەنێت؟ ئایا ئەم مافانە تەنها بۆ گەلانێکی تایبەتو ناوچەیەک هەڵبژێرداردەکرێن؟

‎ئێمەی کورد بێزار ین لەوەی کە گەمەمان پێ بکەن وە ببینە یارییەکی نێودەوڵەتیو بە پیوەر ی ئەوان هەژمار بکرێت وەک ژیانێکی بێ بەها، تا ئەو کاتەی لە ڕێگای بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ڕۆژئاوا نەبین نرخێکمان نەبێت. ئەمە خیانەتێکی زۆر گەورەیە بەرامبەر مرۆڤایەتی سەرکردەکانی جیهان ڕۆژان تێدەپەڕێنن بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی تورکیا ببنەوە، ئەمەش ئەچێتە ئاقاری بەڵگەی زیاترلە ئیفلاسی ئەخلاقی جیهان. ئەم بێ دەنگییە ی وڵاتانی دیموکراسی ڕۆژئاوا لەبەرامبەر، توندوتیژی ئەردۆغانیان لە دژی ئێمە کورد خودی خۆی ڕەهای دانەبەکوشتار دژی ئێمە. بێدەنگی واتای ڕەوای کوشتن.

“دژە تیرۆر” وەک بیانوویەک بۆ پاکتاوی نەتەوەیی

‎تورکیا لە مێژە تۆمەتەکانی تیرۆریزمی وەک چەکێک لە دژی کورد بەکار هێناوە. میدیاکان و سیاسەتمەدارانی نێودەوڵەتی بە گوێڕایەڵییەوە بانگەشەکانی ئەردۆغان دووبارە دەکەنەوە کە دەڵێت تەنها شەڕی تیرۆر دەکات. به ڵام ئه وه ی خۆیان له ئاماژه ی به دوور ده که نه وه ئه وه یه ئه و “تیرۆریستانه” زۆرجار ته نها دانیشتوو و چالاکوان و نووسه ڕ و هونه ڕمه ندی ئاسایی کوردن. هەر جارێک ئەردۆغان پێویستی بە بەهێزکردنی دەست بەسەر دەسەڵاتدا هەیە، کورد تاوانبار دەکات. ڕۆژئاوا بە تەواوی ئاگاداری ئەم دەستکارییە ڕیتۆریکییە، کەچی لەئاست ئەم گرنگە باسەستراتیژەی تورکیا داکوێرەو بێ چاوتروکاندن بەم کارانە قبوڵ دەکات.

‎بەڵام ئەم قسەکردنە دەرئەنجامی خوێناوی هەیە. لەژێر پەردەی “ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان”، هێزەکانی تورکیا تەواوی گەڕەکەکانیان وێران کردووە و هەزاران کوردیان لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەرکردووە. وێرانکارییەکانی شارەکانی وەک سیزرێ، سور و نوسەیبین سەختە بیخەیتە بەرچاوت – ئەم ناوچانە چیتر شوێنێک نین بۆ ئەوەی خەڵکی مەدەنی تێیدا بژین، بەڵکو ناوچەی شەڕن. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤیش ئەم پێشێلکارییانەیان کردۆتە بەڵگە ، بەڵام ڕاپۆرتەکانیان پشتگوێ دەخرێنو لەژێر فشاری بێدەنگیدا دەهێڵرێنەوە.
کوانەتەوە یەکگرتووەکان ؟کوان یەکێتی ئەوروپا؟ کوا هاودەنگیەکانمان؟

‎کاتی ئەوە هاتووە کە ڕێکخراوە گەورەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان چ سوودێکی هەیە ئەگەر ئەم مافانە تەنها هەندێک گروپی هەڵبژێردراو بپارێزن؟ کوا مۆڕاڵی بەرزی یەکێتی ئەوروپا کاتێک باس لە کارەکانی تورکیا لە دژی کورد دەکرێت؟ ئەگەر ئەم دامەزراوانە بۆ پاراستنی ئێمە کار نەکەن ئەی کێ دەیکات؟

‎داوا دەکەم نەتەوە یەکگرتووەکان سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت و یەکێتی ئەوروپا دەستبەجێ پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ڕژێمی ئەردۆغان بپچڕێنێت تا کۆتایی بهێنرێت بە ئەم سەرکوتکردنە دڕندانەیە. ئەوە تەنها داواکاری دادپەروەری نییە بۆ کورد، بەڵکو پێویستییەکی ئەخلاقییە بۆ ئەوەی جیهان نیشان بدات کە ئێمە چیدی توانایی پاکتاوی نەتەوەیی ناکەین. ئه مه ش گوشار خستنه سه ڕ ڕژێمێکه که به ئاشکرا سووکایەتی به مافه کانی مرۆڤ و یاسا نێوده وڵه تییه کان ده کات.

کاتی ئەوە هاتووە جیهان ڕوی ئازایەتی خۆی نیشان دات
‎سەرکردەکانی ڕۆژئاوا دەبێ ئێستا ئەوە بسەلمێنن کە قسەکانیان سەبارەت بە مافی مرۆڤ تەنیا قسەی پڕوپووچ نییە. هاوپشتی لەگەڵ کورد تەنیا ئەرک نییە، تاقیکردنەوەی ستراتیژی ڕەهای نۆێی یەکپارچەیی جیهانێکی گەورەیە. ئەگەر جیهان بەردەوام بێت لە پشتگوێخستنی پێشێلکارییەکانی تورکیا، ئەوا بەو مانایەیە کە مافەکانی مرۆڤ جێگەی گفتوگۆیە-ئەو کات دەتوانین بڵێن کێشە ڕەواکان بازرگانییان پێوە دەکرێن بۆ سوودی جیۆپۆلەتیکی و قازانجی ئابووری خۆیان.

‎ئێمەی کورد بۆ چەندین نەوە بەهێز بووین و شەڕمان کردووە، بەڵام بە تەنیا ناتوانین لەم جەنگەدا سەربکەوین. کاتی ئەوە هاتووە هێزە نێونەتەوییەکان هەنگاو بنێن لەگەڵمان، نەک تەنها بە قسە بەڵکو بە کردار. چونکە ئەگەر ئێوە بەردەوام بن لە شکستهێنانو هەڵخەڵەتانی ئێمە، یاخودبەردەوام بن لە چاو داخستن، ئەوا ئێوە نەک هەر شکستتان هێناوە بەڵکو پرینسیپە دادپەروەرییەکانیشتان پێشێل کردوە. خیانەتان لە هەموو ئەو بنەمایانە کردووە کە بانگەشەی مرۆڤایەتی دەکات . کاتی دیپلۆماسی بێدەنگ کۆتایی هاتووە – ئێمە داوای دادپەروەری ڕاستەقینە دەکەین، هەرئیستا .

شەم شەمەیی ساڵح
‎ڕۆژنامەنووسێکی کوردی سویدی




ئەرکی زانکۆ چییە؟.. نوسینی: محەمەد سۆران

لەهەموو جیهاندا زانکۆ کایەکی گرنگی کۆمەڵگایە. سەنگ و تایبەتمەندیەکی جیاوازی هەیە لەلای خوێندکاران. بەڵام لەکوردستان هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە. نامەوێ ڕەشبینانە سەیری هیچ لایەنێکی ژیان بکەم. بەڵام لەچاو ژمارەی دانیشتوان و کەمی جوگرافیمان ژمارەیەکی یەکجار زۆری زانکۆمان هەیە ( ئەهلی ، حکومی ). هەندێکیان دانپێدانانی وەرنەگرتووە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە. ئەمەش وای کردووە کە ئەرکی زانکۆ تەنیا بەخشینەوەی بڕوانامە بێت.
هەر بۆیە زانکۆ شوێنێک نەبێت بۆ بەخشینەوەی زانست و ناسینی کەسانی شارەزا، بەڵکو ئێستا کافێ و باخچەکانی زانکۆ خوێندکاری زیاتری تێدایە وەک لە پۆل و کڵاسەکان. گەیشتووە بەحاڵێک کە کەسە شارەزاکانیش بێ ئومێد بوونە. نووسەری ناسراو ( شێرزاد حەسەن ) ڕۆژێک پێی وتم : ئەگەر دەتەوێ خۆت پەروەردە بکەی، لەزانکۆوە فێری نابیت! تەنیا بخوێنەوە.

ئەگەر سەیری مێژوو بکەین لەزۆر کاتدا خوێندکارانی زانکۆ خاڵی یەکلاکەرەوە بوونە. باشترین نموونەش شۆڕشی فەڕەنسایە. خوێندکارانی زانکۆ ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لەهەڵگیرسانی شۆڕشەکە و بووبە هۆی نوێ بوونەوەی فەڕەنسا.
بەڵام لەکوردستاندا هەموو شتێک هەیە لەزانکۆ جگە لەزانست. ئەوەی هەیە خێزانی خوێندکار و خوێندکار خۆی تەنیا هەوڵ دەدەن بچنە بەشی پزیشکی. ئەگەریش بەدەستی نەهێنن خۆیان بەشکشت خواردوو لەقەڵەم دەدەن. ئایا بەڕاستی بەشە پزیشکییەکان ئەوەندە گرنگن کە خوێندکار بێ ئومێد بکات؟
بێگومان نەخێر، چونکە چەندین نموونەیی کەسی سەرکەوتوو هەیە کە قوتابخانەیان نەخوێندووە بەڵام ناویان لەکەسە گەورەکانی مێژوودایە. یەکێک لەوانە جوبران خەلیل جەبوبران، شکسپیر، ئەدیسۆن.

ئایا چی وای کردووە کە بەشە پزیشکیەکان گرنگ بن؟
هەموو دونیا لەخەمی سەرمایەداریدایە. بەڕای منیش سیستەمی سەرمایەداری ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەوەی کە بەشە پزیشکیەکان خوێندکاری زیاتری بۆ بڕوات. هەڵبەت نامەوێ لەئاستی هیچ بەشێک کەم بکەمەوە. بەڵام خەڵکێکی هێکجار زۆر خۆی بەو بەشانەوە خەریک کردووە کە پزیشکین. من ئەم قسەیە دەڵێم لەوانەیە گونجاو نەبێت. بەڵام ئێمە کۆمەڵگایەکی نەخۆش ، برسی و دەست بەتاڵین!
لەبەر ئەوەی بەشە پزیشکییەکانی ڕەواجی لەهەموو بەشەکانی تر زیاترە، چێشخانەکانمان هەمیشە پڕن لەخەڵک و هەموو گەنجەکان لەکافتریاکان دانیشتوون.
بۆ نووسینی ئەم وتارە سەیری بەشی چەند زانکۆیەکی جیهانیم کرد. یەکێک لەو زانکۆ جیهانیانە ئۆکسفۆرد بوو کە تەنیا یەک بەشی پزیشکی تێدا بوو. بەڵکو لەجێگەی ئەوان بەشی فەلسەفە، گەردونناسی، ئەدەب، مێژوو، ئابووری و یاسا هەبوون. لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە کۆمەڵگا پێگەیشتووەکان لەخەمی بیرکردنەوە و پێگەیاندنی تاکی هۆشیاردان، نەوەک پڕکردنی گریفان. هەر ئەوانیش هەلێکی لەباشیان بۆ گونجاندون هەتاوەکو کاریان دەست بکەوێت.
لەگەڵ ئەوەشدا لێرە زانکۆ ناحکومیەکان هۆکارێکن کە ئەگەر لەکاتێکدا خوێندکار نمرەیی پێویستی نەبێت ئەوا دەتوانن بە بڕە پارەیەک دەتوانن لەهەر بەشێک بیانەوێ بخوێنن. ئەمەش وای کردووە کەسانی نەشارەزا بێنە نێو کۆمەڵگاوە و تەنیا خوێندکار بەڕێ بکەن و تەنیا بیر لە پڕ کردنی گریفانی خۆیان بکەنەوە.

چارەسەریش لەئێستادا قورسە چونکە ئێمە بەگشتی کەوتوینەتە نێو گێژاوێکی قوڵەوە. لەبەر ئەوەی ساڵانێکی زۆرە ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە زاڵە بەسەرماندا و کەسانێکی زیاتر هەوڵی بۆ دەدەن. بەڵام ئەگەر هەوڵ بدرێت. ئەوا دەکرێت چارەسەری درێژخایەنی بۆ دابنرێ. ئەمەش بەخێزان و مامۆستاکان دەکرێت کە دەبێ ئەو بیرکردنەوەیان لێ بسێنینەوە و منداڵ بەشێوەیەک گەورە بکەین کە دوای خەونەکانی خۆی بکەوێت نەوەک ئەو کارەی کە ئێمە دەمانەوێ و نابێ بیکەین بە قوربانی بیرکردنەوەی چواردەور.




تیشكه‌ پڕه‌كان.. شیعر.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر


كاتژمێر سفر

ناقۆڵای ئاماژه‌ ڕه‌ش
چاوی گرژی كرده‌ قولاب و بانگەوازی هەڕەشە
قوربانیی خۆی هه‌ڵبژارد
به‌ ته‌نیشت گۆڕی كه‌مه‌ره‌شلان تێپه‌ڕی
وه‌ستاو له‌ نیوه‌ی په‌یژه‌ی ڕوخسار و تارمایی
له‌ناو هه‌موو یادگاری و ماڵی ڕوحه‌كان ماوه‌ته‌وه‌
گۆڕستان به‌ خورپه‌ی باڵی باڵنده‌ی ماندوو شووره كرابوو
چووم له‌ چیای تاسه‌ و ناوچه‌وان پڕ هه‌ست
تامی ئاشنابوونه‌وه‌ بكه‌م
دڵم به‌رزكرده‌وه‌ تا ئاستی دڵپشكوتوویه‌ك
به‌ باده‌ی سووری زه‌وی ژیاوه‌
پاشماوه‌ی داڕووخانیش ده‌داته‌ لا
خۆر كاتژمێری زه‌وییه‌
ده‌ستی تاریك و نۆبەتداری نهێنییەكانی ئاسۆی
خستووه‌ته‌ ئه‌م لا و ئه‌ولای چركه‌ی سفر
تاخمی چام شكا
27/3/2024 هه‌ولێر

هه‌ناسه‌ و ئاواز

به‌ دیواری ژووره‌كه‌مه‌وه‌ وێنه‌ی قاله‌مه‌ڕه‌م هه‌ڵواسیوه‌
چه‌ناگه‌ی خستووه‌ته‌ سه‌ر شمشاڵی
مردنیش ده‌ستی لێ به‌رز كردووه‌ته‌وه‌
ژماره‌ی كونه‌كانی بیرچووه‌ته‌وه‌
له‌ كامیان شه‌یتان ده‌رده‌كرێ
له‌ كامیشیان خوداوه‌ند دێته‌ هه‌ناسه‌ و ئاوازیه‌وه‌
كونه‌كانیش له‌ دڵی شمشاڵدا دوژمن نین
بیریشیان له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌
ئاواز شه‌یتان ده‌رده‌كا و خوداوه‌ند ده‌هێنێته‌ ژووره‌وه‌
وێنه‌كه‌ ته‌ماشای ون نه‌بووه‌
دیواری ماڵی منی گواسته‌وه‌ ناڵه‌شكێن
ده‌نگی كۆڕاڵ كردیه‌
مۆزه‌خانه‌ و سه‌را و هه‌وار و ته‌زووی خودایی
ئاگرێكی ئه‌فسانه‌یی گه‌رمی كردوونه‌ته‌وه‌
دڵم بۆ ئه‌وه‌ ڕاگرتووه‌
دره‌ختی سه‌روپرچ پڕ باڵنده‌ قسه‌م بۆ بكات
له‌ ساته‌كانی كه‌م به‌ش هه‌نگاوت گه‌رمتر كه‌
نامراد و نیوەزیندوو
مه‌ستانه‌ نه‌ڕژایته‌ كه‌ناری چپه‌ و ڕازی شه‌و
مراویی كێوی به‌ناو یاری ئاگرین تێپه‌ڕی
ڕۆحی مردووان بهێننه‌وه‌ و چاوان پڕكه‌ن
به‌چكه‌ی كه‌وتوو ده‌خه‌نه‌وە هێلانه‌وه‌
12/5/2024 هه‌ولێر

ڕووبه‌ری داره‌بازه‌

با بێ ئاراسته‌ نییه‌
مرۆڤیش
گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ هه‌موو شت پێویست و گه‌رمه‌
له‌پڕێكیش داده‌مێنن و بێده‌نگ ده‌بن
ئاگر له‌ دڵدا كڵپه‌ ده‌دا
گه‌وره‌ترین ڕووبه‌ر ڕووبه‌ری داره‌بازه‌یه‌
به‌ختم كرایه‌وه‌ و قه‌یتانی پێڵاوم گرێ دا
ڕێگا به‌ نه‌رمی ئاوى بۆ دڵ و چاو گه‌رم كرد و سووك ده‌ستی گرتم
وریابه‌ قووڵایی ڕوونبوونه‌وه‌یه‌
مۆسیقای به‌خاك سپاردن و پرسه‌
ده‌نگی نزمه‌ و خۆت لێ ون نه‌بێ
دارستان تاریكیش بێت لك و گه‌ڵا و سێبه‌ری ڕوونبوونەوە و سۆراغكردن
له‌ قەڵەڕەشی ڕەنگاوڕەگ و په‌ڵه‌ی شه‌ڕ زۆرتره‌
ڕووبار خۆی بێ روخسار و ناوك نەبڕاو و به‌ هه‌ڵپه‌ و هه‌ڵه‌شه‌یه‌
ته‌نیا شه‌پۆله‌كانی چاڵی ڕوومه‌تی پڕده‌كه‌نه‌وه‌ مه‌ستن
ڕووته‌ن ده‌موچاوی ئه‌وانه‌ی پیشان دام له‌بیریان كردووم
شار بینینێكی گه‌مژه‌بوو
ڕوخسار تێیدا پلاستیكی كه‌چه‌ڵبووی به‌رخۆربوو
ڕه‌نگم له‌ ته‌نیایی وه‌رگرت و دڵۆپه‌كانیشی له‌سه‌ر په‌نجه‌م ده‌ڕژێن
پڕ سرووش و به‌هره‌ و ده‌وره‌دراوم به‌وه‌ی ته‌نیایی كردم

19/5/2024 هه‌ولێر

ڕووناكیی خوداڕسك

ژیانی ڕابوردوو
ژیانێكی له‌ده‌ستچوو نه‌بوو
برین له‌ دڵی خۆمان و ده‌موچاوی منداڵمان ساڕێژبوو
باڵنده‌ی حه‌وشه‌ و بانیش په‌ڕی نه‌رمونیانیان پۆشیبوو
ڕۆح و باڵیان پڕبوون له‌ خواست
ڕووناكیی خوداڕسك له‌سه‌ر ده‌ستی دانان و به‌ باڵ كه‌وتن
باڵنده‌ی نه‌ترساو زوو ده‌چێته‌ سینگی نزیكترین دره‌خته‌وه‌
له‌شكری پێ له‌ ڕكێف سه‌ره‌تای مه‌ستیم نییه‌
شادییه‌كی كورتم لێ ون بوو
ڕێگای پڕ كاره‌ساتم پێ زانیبوو
ڕه‌نگ و زایه‌ڵه‌ و براده‌رانی من له‌كوێن
پێم له‌ دوام نایه‌
چاوم گه‌وره‌یه‌ و ڕێگاش ئەو شتانەم پێ دەڵێ كە دەیزانم
گۆڕه‌كه‌ش تازه‌یه‌ هێشتان گوڵه‌ حاجیله‌ی له‌سه‌ر شین نه‌بووه
ڕۆشناییه‌كی گه‌شاوه‌شی هه‌یه‌
پێنجشه‌ممه‌ پێم له‌ دوام دێ و تاسە
دەم و زمانی كردووەتەوە
دره‌ختی شاریش له‌گه‌ڵم دێن
باڵنده‌ له‌ناو پرچیان دەرگایان لێ واڵایە و سینگی یه‌ك ده‌خورێنن
ئاوی كووپه‌ و شانه‌یه‌ك له‌پاڵ سه‌رت داده‌نێم
پرچی ئاڵۆزت خاوكه‌وه‌ و له‌ هه‌موو بیانوویه‌ك ده‌بوورم
جلی شۆراو‌ وشك نه‌بووینه‌
كۆیان بكه‌مه‌وه‌
باڵی باڵندە تای لێیە و په‌نجه‌ره‌ش سڕ
مردن به‌ چه‌ند ڕۆژێك له‌من به‌ ته‌مه‌نتره‌
داوای كردووه‌ له‌ گه‌نجینه‌ی ئێمه‌ بمێنێته‌وه‌

26/5/2024 هه‌ولێر

گواستنه‌وه‌ی گۆڕ

ناوچه‌وانی به‌ ئه‌ندازه‌ی كێڵگه‌ فراوان و هاو واتابوو
ڕووناكی گه‌یینی گوڵه‌گه‌نمی هه‌ڵمژیبوو
خۆر له‌ زه‌وی نزیك بووه‌وه‌
شه‌پقه‌یه‌كی پووشم له‌سه‌ری كه‌نگر له‌ كۆڵ كرد
چه‌ترێكیشم هه‌ڵدا و دام نه‌دایه‌وه‌
چرا له‌ ژووری ئه‌نگوستیله‌ی یاقووت كه‌وتوو حیكمه‌تی چییه‌
گۆڕت وه‌ك سه‌رچاوه‌ گه‌رمی بێڕه‌نگی لێ هه‌ڵده‌قوڵێ
بوومه‌له‌رزه‌ش له‌م ناوه‌ بدا
گۆڕت ده‌گوازمه‌وه‌ ناو لووله‌ی ئێسكم ناهێڵم ڕایبوه‌شێنێ
له‌ پشت دارستانی نابینا
سه‌یری فڕینی ناوه‌ختی باڵنده‌ ناكەم
گوێ له‌ هاوار ده‌گرم و هیوای لێڵیش ناخوازم
ده‌بێ لك هه‌بن باڵنده‌ی له‌سه‌ر بنیشنه‌وه‌
سڵاو چیمه‌نی حه‌وشه‌ خوناوی شه‌ویی لێ ماوه‌ته‌وه‌
بنیشنه‌وه‌ ڕه‌نجی ژیان و گۆرانی ئاسكه‌ باریكه‌ی شاخ و دۆڵم
گه‌لێك ئاگرم بۆ بینین به‌رزكردووه‌ته‌وه
ده‌م هه‌یه‌ به‌ڵام چاو نییه‌
ڕووناكی سەر گوڵەگەنم بەتینە
4/6/2024 هه‌ولێر

فێنكی و تووشی

هه‌وا داویه‌ته‌ فێنكی
دوو كورسیم بردووه‌ته‌ به‌ر هه‌یوان
چایه‌ك دێم كه‌ و چی له‌ ته‌مه‌ن ماوه‌ باسی كه‌ین
به ڕۆژی ڕووناك ته‌رازووی پیری گران بوو‌
ڕه‌تێك ببه‌م و پێم بكه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی سارد
ده‌ست و په‌نجه‌ی تاجبه‌خشت بۆنوبه‌رامه‌ی زۆرن
نيولیر‌ی ملت مۆسیقا و مۆری بۆنه و جڵه‌وی جوانووه‌
تازه‌ ده‌هات چاوانم ڕووناكی سەر درەخت و باڵ و ياڵ
بگوازنەوە ناولەپم
قاز و مراوی ده‌م گۆلاو باڵ له‌ ئاو ده‌ن
پڕووشه‌م به‌سه‌ردا بپژێ
هه‌وا دایه‌ تووشی
دنیا تانەی كەوتە سەرچاو
ئاسمان هه‌ست به‌ چاو ده‌كا
چاوی چاودێرانیش ده‌ناسم

10/6/2024 هه‌ولێر

ئاسووده‌یی یاده‌وه‌رییه‌ك

ژیانم به‌ ده‌نكه‌ شه‌كری ناو شه‌كردان پێوا
له‌ ته‌نیشتم دانیشت و په‌رچه‌می هه‌ڵدایه‌وه‌
گوتی ژیان نەوا و بادەیە
حه‌وت ئاسمان مه‌ست بوو‌
ئه‌و شاره‌ گه‌وره‌یه‌ی ناوی هه‌سته‌ له‌دایك بوو
ڕووباری ده‌وروبه‌ر ماسیی هاتێ و گه‌رایان خست
ئاسمان سه‌رنجی ئه‌زه‌لی دا
سەرەتای سەرگەرمی و ده‌ست له‌سه‌ر ناوچه‌وان دانانی نه‌خۆش و پڕ ته‌مه‌نیی بۆ خواست
غه‌زه‌ل كێش و سەروای له‌سه‌ر ده‌ست گێڕا
خۆری له‌سه‌ر شانمان هه‌ڵاتوو بووه زه‌مینی حیكمه‌ت‌
نان له‌ پشتی په‌نجه‌ره‌وه‌
هاته‌ ئه‌م دیو
چا له‌خۆیه‌وه‌ شیرین بوو
په‌نجه‌ره‌ ده‌می كرده‌وه‌ چاوی پیرۆزی ناو پیرۆزان فه‌رموون
ده‌ست به‌سه‌ر هه‌وێنی ڕووناكیدا بهێنن
ته‌می زه‌رد پاشه‌كشه‌ی كرد
نوێژم بۆ ئاماژه‌ی ناوله‌پ دووباره كرده‌وه‌

22/6/2024 هه‌ولێر

په‌ڕوپۆ

به‌ نیازی نووسینی دوا دێڕی یه‌كه‌مین ئه‌فسانه‌
ده‌ستم به‌ گۆنای گۆڕدا هێنا
باڵنده‌ی چاوه‌ڕوان نیشتنه‌وه‌ و حیكمه‌تی ته‌مه‌نیان دامێ
سیوشه‌ش مه‌رجانم له‌ ده‌وری دانا بیپارێزن
بمپارێزن په‌ڕوپۆم له‌ ئاوی سڕ ماوه‌ته‌وه‌
په‌پووله‌ نزرگه‌ گرتی و باڵی نه‌رمی به‌رزكرده‌وه
ئاوازی به‌رزبوونه‌وه‌ی باڵ سرووشی هه‌ڵدا
به‌ هێواشی ڕووناكی خودایی ڕژا
به‌ شێنه‌یی گه‌شه‌ی گیا به‌ ژیان ڕاهاتمه‌وه‌
سیوشه‌ش جار نووسیم
ژیان و یه‌كه‌مین ئه‌فسانه‌
سروشت ته‌زووی گه‌رمی به‌ له‌شدا هات
له‌ژێر دره‌ختی حه‌وشه‌ سێبه‌رێكی پڕ جریوه‌ و جووكه‌
داینیشاندم و ته‌مبوورێكی خه‌مگین ده‌ژه‌نم
كات ژیان ده‌خوا
دەخەمە بۆشایییه‌كی ڕوونه‌وه‌
سروه‌ی ئێواره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ دره‌ختی حه‌وشه‌ ده‌دا
دڵنیام تاجی په‌پووسلێمانه‌
وێنه‌ی ژنێكی به‌ گۆزه‌ی زوڵاڵه‌وه‌ هه‌ڵگرتووه‌
سروشت وێنه‌یه‌كه‌ له‌ ڕوخساری یه‌كه‌مین ئه‌فسانه
سیوشه‌ش جار ته‌وافی یه‌كه‌مین ئه‌فسانه‌ ده‌كه‌م‌
1/7/2024 هه‌ولێر

هاوبه‌شی سپێده‌

پێش كازیوه‌ له‌ نزیك په‌نجه‌ره‌وه‌ داگیرساوه‌
ئه‌ستێره‌ی خانه‌خوێی ڕاسپاردووه
به‌ ده‌نگی دڵت بده‌وه‌ من و به‌ هه‌موو ناوێكه‌وه‌ بانگم بكات
كه‌سێكی تر نابێته‌ دێڕم
ده‌موچاوی سروشت لۆچی گرژی تێدا نییه‌
شایه‌نی سه‌یركردنه‌
گوڵاوی پرسه‌ و ئاخی گران له‌ خۆم ده‌ده‌م
خۆم و سێبه‌ری دره‌نگ بینراوم
ده‌چینه‌ باخچه‌یه‌كی پشتگوێ خراو‌
به‌ ئه‌مه‌ك و تاسه‌وه‌ له‌ یه‌كتر ڕاده‌مێنین
چاوی پڕ پەرجووم هه‌ڵده‌بڕم
سارد و به‌تاڵ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ هێلانه‌ی سیمرخ
شه‌وانم گران تێده‌په‌ڕن و كه‌ركه‌ده‌نێك ئاسۆی ڕاونام
خۆرێك ڕه‌نگ و ڕووی له من وه‌رگرت به‌ ناوی تێپه‌ڕی

3/7/2024 هه‌ولێر


باڵهاویشتنی جۆگە

لە مانگی دارستان چرۆ بووی
سەرسامی بەرەو لات هات
لەناو دەستی بەهێزت ڕاتگرتم
بە ئەسپایی دەجووڵایتەوە و چەفیەی شەدەشلانت بەستابوو
دەبێ بە بادە بەراوردت بکەم
هاتوومەتە ناو شلێران
دەستبازی لەگەڵ کێلت دەکەم
تاکباڵی هێزی گوشیوم و برك و هاڵاوی سوێ هه‌ناسه‌ی ته‌نگ
وەک جۆگەلەیەکی باریکی چاولێڵ و نیوەتانەگرتوو
سەربەرەوخوار پێ دەکوتم
لەسەر سەکۆیه‌كی نزیكه‌ لافاو دەڕوانم
ڕوخسار لە جەنگی مەرگن
چش لە ساردایی پایز گۆڕ بە شەونم تەڕن
سێبەرم بەسەر شەقام دەکشێ ساتمە دەکا و بە لادا دێ
بزەی خەون و وەرز و شایی و یاد و سۆز و شاد
لە حیکمەتی هەموو کتێبەکانی خوێندوومنەتەوە جۆشاوترن
خۆشیی لەپڕی منیان لێ دەڕسکێ
لە خۆڕەنگم شەرابم دەخەمڵێ و كووپەشم كەمێك بە خۆیەوە دەنازێ
وەرە خەونم
لەسەر سەکۆ بە باڵی کراوەم ڕاوەستاوم
هەتاوی نیوەڕۆ تووڕەیە
10/٧/٢٠٢٤ هەولێر

شه‌قامی باڵندان

هێزمان دایه‌ قاچی ئه‌سپ
ئه‌میش سمی پیشانی ئاوێنه دا و ئازاری
مانگ و گۆرانیی شاردراوه‌ی گێڕایه‌وه‌
ده‌ستم به‌سه‌ر گۆنای بێڕه‌نگیدا هێنا
لێوی به‌باركه‌وتووی جووڵا و كۆتری چیایان نیشتنه‌وه‌
خه‌ونی من ده‌بینن
ئاگردانی لاڕێ سارده‌
سۆزێكی كۆن له‌ دڵم ماوه‌ته‌وه‌
كوڵا و ساردبووه‌وه‌
ئاسۆی كازیوه‌ی كرده‌ ڕوخساری خۆی
بێ هیچ گوێپێدانێك
بیره‌وه‌ری زیندووكردمه‌وه‌
ژیان له‌سه‌ر په‌یژه‌وه‌ ده‌بینین
قسه‌مان له‌باره‌ی هێزی قاچی ئه‌سپ ده‌كه‌ین
شوێنپێكان هێزیان مژیوم و سه‌رچاوه‌ی خه‌ڵوه‌تن
به‌سه‌ریاندا دێمه‌وه‌
ته‌مبووره‌كه‌م ژێی شل بووینه‌وه‌
له‌ شه‌قامی باڵندانم
گۆرانییه‌ك ده‌مم ده‌كاته‌ هێلانه‌ زمانی لەناو دەڕوێ
28/7/2024 هه‌ولێر

كوڵمی حه‌وا

زه‌رده‌ی ئێواره‌یه‌ و بۆنی بخوور و ئاوابوون
به‌یه‌كه‌وه‌ په‌ڵه‌یان دا
وێنه‌ی ناو ئه‌لبوومه‌كه‌مان خه‌وتوون
تۆز به‌ری بینایی گرتووم و ڕۆشنیم دایه‌ كزی
لە دوورایی نێوان مۆسیقا و گۆرانیبێژ
سندووقی سیحر شكا
وه‌ك كوێرێك ده‌ست ده‌كوتم
خاك له‌ شێوه‌ی پرچت نه‌رمه‌ و شێوه‌زایه‌
ده‌ستم به‌ لانك ده‌كه‌وێ ڕایده‌ژه‌نم
ڕۆژانیش دێنه‌ ژووره‌وه‌
چرایه‌ك به‌ ناوچه‌وانی كتێبخانه‌م هه‌ڵده‌واسن
ده‌ڕوانێته‌ دێڕ و وێنه‌ و كۆپله‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی ڕازبوون
په‌نجه‌ره‌یه‌كی هه‌وا خۆش و پاراوی به‌سه‌ر ماڵه‌كه‌مدا
باران له‌ كه‌مییه‌ و پێویستیشه‌ زه‌وی بچێنرێ
حه‌وا له‌ په‌راسوو نییه‌
خودا كوڵمی به‌ بۆنی نانی گه‌رم ئاڵ كردووه‌
ڕۆیشتووی ببیته‌ گۆی زه‌وی و ڕه‌نگ بده‌یته‌
ئه‌ستێره‌ی پێش كازیوه‌ و باران دابارێنی
پرچی دره‌خت بشوا
سه‌كۆی هه‌ژارانیش بڕشێنی
تا ئەستێرەی باڵدار لە ئاسمان دێنە خوارێ
یاد سواری پاسكیلی سێ تایه‌ ده‌كه‌م
به‌سه‌ر كومباره‌ خۆڵه‌مێشییه‌كه‌ ده‌یسووڕێنمه‌وه
زایه‌ڵه‌ به‌دوای زایه‌ڵه‌دا دێ و هه‌موو به‌هره‌كانی خۆی ده‌زانێ‌
نه‌وه‌كه‌شمان ددانی ده‌ركردووه‌
كوڵمت نانی گه‌نمه‌
شێوه‌ و شێوه‌زا تێیدا چرۆ ده‌كه‌ن و تیشك پڕ ده‌بن
ماڵه‌كه‌شمان به‌ درەخت و باڵندەیە
جریوە و جووەكە دەبەخشن
هەزار ئومێدی لەناو بەجێماوە
گڵۆپی تای هەیە

28/7/2024 هه‌ولێر




کتێب\ رەهێڵ.. کۆبەرهەمی شیعری موکەڕەم رەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




نامەی حەوتەم و دەیەم.. شەماڵ بارەوانی

نامەی حەوتەم

ئازیزەکەم، جاران وا نەبووم، باوەڕم بە سەرەتاترین ئەفسانە، پووچترین حەکایەتی بەرئاگردان و بێماناترین خورافە دەکرد. مێشکم تا بڵێیت جەنجاڵ بوو لە قسە بێ ماناکانی کاهینەکان. ئێستا تەنانەت گومانم لە فەیلەسووفەکانیش لا دروست بووە. تۆ بڵێیت ئەوانیش درۆمان لەگەڵدا نەکەن؟ بەڵێ، من دڵنیام ئەوانیش درۆزنن! گوتم دڵنیام؟ هاهاها. ئازیزەکەم، منیش بڕێک جار یەجگار گەمژەم! لەمێژە چەمکی دڵنیاییم لە فەرهەنگی خۆمدا فڕێداوە. ئازیزەکەم، گەر تاقە مانایەک لەم ژیانە بێ مانایەدا هەبێت، ئەوە ڕمانی دیواری دڵنیاییە. تووشی دەردی بێ متمانەییەکی یەجگار سەخت بووم. هەست دەکەم هەمووان درۆم لەگەڵدا دەکەن. متمانەم بە هیچ کەسێک نەماوە. با ون بن ئەم ڕیسوا و بێئەمەک و درۆزنانە. بریا شتێکم لەدەست بهاتبا، دەزانی چیم پێ دەکردن؟ بە ڕۆژ تەنها قاڵۆنچەم پێ کۆ دەکردنەوە و بە شەویش ئەستێرەم پێ دەژماردن. بێکەڵکترین توخمی بوونەوەر ئەم پووچڕەگەزانەن. یـەع. ببوورە، دیسان هێڵنجێکی نهلیستانە گرتمی.

نامەی هەشتەم

بۆت نووسیبووم کە بە کێ زۆر سەرسامیت؟ نیچە و مارکس. ئازیزی من، بێگومان سەرسامی و کەوتنەژێرکاریگەری شتێکە و کوێرانە شوێنکەوتنیش شتێکی ترە. هیچ کاتێک کوێرانە شوێن هیچ بیروباوەڕ و کەسێک نەکەوتووم. هەمیشه ڕەخنە و ڕوانگە و لێکدانەوەی تایبەتی خۆم بۆ کەسایەتی، دیاردە و چەمکەکان هەبووە و دۆگما و قاڵبم ڕەت کردووەتەوە. ئەوکاتەی بڕواداریش بووم، زۆر ئاواتم بوو لە نزیکەوە ئەو هێزە باڵایەی کە کاهینی گەڕەکەکەمان دەیگوت گەردوون بەڕێوەدەبات و ژیان و مرۆڤ و هەموو شتێکی خوڵقاندووە ببینم، تا سەبارەت بە ئاکار، ئازادیی و کۆمەڵێک چەمکی تری ئاڵۆز و ناڕوون گفتوگۆی لەگەڵدا بکەم. ئازیزەکەم، هیچ کاتێک لەناو بۆتەی هیچ فیکر و ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕێکدا نەتوێوە. مەبە بە کۆپیپێستی هیچ کەسێک و ڕوانگەیەک. هەوڵدە تەنها خۆت بیت. هەرگیز لاسایی هیچ کەسێک مەکەوەوە و وا بکە لە هیچ کەسێک نەچیت. دڵنیابە ئەوانەی تر هەموویان سێبەر و ساختەن. دەتوانی نموونەی مرۆڤێکم بۆ بێنیتەوە ماسکی نەبەستبێت و دووڕوو و خۆپەرست نەبێت؟ زۆر لە مرۆڤەکان بێزارم زۆر. بەڵێ، سارتەر زۆر ڕاستی گوت، ئەوان دۆزەخی ئێمەن. تکایە، تا بۆت دەکرێت لێیان دوورکەوە. من لەگەڵ سەگ زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەکەم وەک لە مـرۆڤ.




گەمژەکانی ئەمەریکا گەمژەکەیان سەرخست.. گۆران هەڵەبجەیی

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دەریخست کە [دوناڵد ترامپ]ی سەرمایەدار بەڕێژەی {%51}بەرامبەر بە{47,5} لە[کاملا هاریس]ی بردەوە.زۆربەمان دەزانین کە ئەمەریکا وەک گەورەترین زلهێزی جیهان لەڕووی ئابووری و سەربازیەوە ،پایەکانی لەسەر بەرژەوەندی وەستاون،دۆست و دوژمنەکانیش بەرژەوەندی دیاریان دەکات کە بەردەوام لە گۆڕانکاریدان. لەوانەیە هەندێک زانیاریی دەربارەی کارکردنی ماشێنی زەبەلاحترین وڵاتێکی وەک ئەمەریکا لەکن کەسانی سادە کارێکی زەحمەت بێت، لێ لەکن ئەوانەی سەرقاڵی سیاسەتن، چۆنیەتی کارکردنی ئەو ماشێنە تاڕادەیەک زانراوە. ڕاستە سەرۆکی وڵات لەکۆشکی سپی دادەنیشێت و بەکۆمەڵێک ڕاوێژکاری بەتوانا لەبوارە جیاجیاکاندا دەورەدراوە کە سەرۆک بەپێی ڕاوێژ و ڕێنماییان هەندێک بڕیار وەردەگرێت ،بەتایبەت پەیوەست بە بڕێک لە پرسە ناوەکی و دەرەکیەکان ،بەڵام زۆربەی بڕیارە چارەنووسساز و هەستیارەکان لەدەرەوەی کۆشکی سپی لە لایەن چەند گروپێکەوە وەردەگیرێن کە بەرژەوەندی پێکەوە گرێیداون لەوانە،نوێنەرانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەکانی جەنگ،نوێنەرانی بانکە زەبەلاحەکان،نوێنەرانی گرووپی فشاری جولەکەی دەستڕۆیشتوو کە بۆبەرژەوەندی ئیسرائیل کاردەکەن. جا هەر سەرۆکێک بە پێچەوانەی خواستەکانی ئەم [گرووپە کاریگەرانە] ڕەفتار بکات، ئەوە کێشەی بۆدرووست دەکەن یا وەک {کەنەدی }دەیکوژن.
………………………………………
لە دیرۆکی سەرۆکەکانی ئەمەریکادا کە ژمارەیان[٤٧] سەرۆکە لە[جۆرج واشنتۆنەوە دەستپێدەکات {١٧٨٩}تا دەگاتە ترامپ ،کەبۆ دووەمجار دەسەڵات دەگرێتە دەست، هیچیان هێندەی ئەم ترامپە گێل و گەمژە نەبوون،هێندەی ئەم ڕاستڕەو وهزردواکەوتوو وڕاسست نەبوون،هێندەی ئەم دژە ئافرەت و بێگانە نەبوون.
وەرە تۆ سەرۆکی زەبەلاحترین وڵاتی جیهان بیت کەچی هێندە شارەزایی و زانیاریت دەربارەی مێژوو و سیاسەتی وڵاتان و نەتەوەکان نەبێت کە بتوانیت لەبەردەم میدیاکاندا ڕووی خۆتی پێ سپی بکەیت؟زانیاریەکانی تەنها تایبەتن بەخودی ئەمریکا و لەوە بەدەر شتێکی پێنیە تا لەدەرەوەی سنووری ئەمریکا کاری پێبکات. لەدەورەی پێشودا دەمێک گڵۆپی سەوزی بۆ ئەردۆغان داگیرساند بۆداگیرکردنی سەریکانی و گرێسپی ،ئەوەبوو لە ناوەو دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەیەکی زۆری هاتەسەر،کەچی بۆپاساو هێنانەوە بۆ ئەم کارە نامرۆڤانەی ویستی بەچەند قسەیەکی گەمژانە خۆی دەرباز بکات،لەوانە گوایە کوردەکان لەجەنگی دووەمی جیهانیدا هاوکاری سەربازی ئێمەیان نەکردوە،وەک ئەوەی کورد خاوەنی دەوڵەت و سوپایەکی پڕچەک بووبێت.یاخود گووتی کێشەی نێوان کوردو تورک پتر لە{٢٠٠} ساڵەو بەمن چارەسەرناکرێت.تەنها شتێک کە بەڕای خۆی پۆزەتیفە ئەوەبوو کەوتی کوردەکان شەڕڤانی ئازان.بەڵام خۆی لەوەلادا کە ئەو شەڕڤانە ئازایانە پێویستیان بە ژیانی ئاسودە و دوور لەهەڕەشەی تورکیا هەیە ،کە پاراستنیان لەئەستۆی ئەمریکادایە.
…………………………………………
سەبارەت بە گەمژەیی گەلی ئەمەریکا کە زیاتر مەبەستم زۆربەی ئەوانەیە کە دەنگیان بە ترامپداوە، بە دڵنیاییەوە وایە،ئەمەش پەیوەندی بە شێوەژیانیانیانەوە هەیە.ئەمەریکیەکان زیاتر بۆخۆیان دەژین و ئەولەویەت لەلایان خۆشگوزەرانی خۆیانە،کەئەوەش مافی خۆیانە ،وڵاتان و نەتەوەکانی دیکە گرنگیەکی ئەوتۆیان نیە لە کنیان،هەر بۆیەش زانیاریان دەربارەی ڕووداوەکانی جیهان لەزۆر لایەنەوە دەگمەن وکەمە.
………………………………………………….
پێم وابێت سەرەتاکانی ئەم سەدەیەبوو ئەکتەرێکی کۆمیدی دانمارکی بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی زانیاری ئەمریکیەکان سەفەری ئەمریکای کرد،لەشەقام و بازاڕەکاندا جۆرەها پرسیاری لە ڕێبواران دەکرد ،ئەوەی لەیادم مابێت ئەم پرسیارانەبوون: مارگرێت تاتشەر کێبوو؟نیلسۆن ماندیلا دەناسیت؟لە ئێستادا کێ سەرۆکی فەرەنسایە؟کەسیان وەڵامی درووستیان پێنەبوو،دەربارەی کۆچکردوو مارگرێت تاتشەریەکدوانێکیان گووتیان ئەکتەرە،ئەوانی دیکە وتیان نایناسین ،بۆنیلسۆن ماندیلاش هیچیان نەیانزانی کە کێیە ،لەهەمووی سەیرتر کەسێک گووتی ،وابزانم یاریزانی بۆکسێنە.لەهەمووی پێکەناویتر ئەوەبوو دەمێک ئەو ئەکتەرە کۆمیدیە لەبەردەمی {سوپەر مارکێتێکدا} وەستابوو،لەهەندێک لەوانەی پرسی کە دەهاتنەدەرەوە ،پرسیارەکەی ئەمەبوو:[وەک بزانیت ئەم سوپەرمارکێتە {شیری ماسی}یان هەیە؟
ئەم پرسیارەی لە چوارپێنجێک کرد تەنها یەکێکیان بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە، وەک ئەوەی بڵێ هێندە گەمژەنیم، بەڵام ئەوانی دیکە یادەیانگووت نازانم یاخود دەیانگووت بڕۆژوورەوە خۆت پرسیار بکە.
بۆیە بەدووری نازانم کە زۆرینەی ئەوانەی دەنگیان بەترامپداوە لەم جۆرەبن و وەک خودی ترامپ گەمژەن و شتێکی ئەوتۆ لە دانیا نازانن. تەنها ئومێدم ئەوەیە کە ئەمجارەش ترامپ کوردەکانی ڕۆژئاوا گورگانخوارد نەکات و گورگەبۆرەکەی تورکیایان تێبەرنەدات.

گۆران هەڵەبجەیی




دیاردەی خۆبەزلزانین و هەوڵدان بۆ شکاندنی یەکتر لەنێوان تاکەکانی باشووری کوردستان-160-.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی وتار ١٦٠.

دیاردەی خۆبەزلزانین و هەوڵدان بۆ شکاندنی یەکتر لەنێوان تاکەکانی باشووری کوردستان، دیاردەیەکی بەرچاوە کە ڕیشەی لە چەندین هۆکاری کۆمەڵایەتی و دەروونیدا هەیە. لەلایەک، سیستەمی پەروەردەیی و خێزانی کە تاکەکانی تێدا گەورە دەبن، زۆرجار هانی کێبڕکێی نادروست و خۆسەپاندن دەدات. هەروەها کاریگەری کەلتووری خێڵەکی و بیری تەقلیدی، وایکردووە تاکەکان هەمیشە هەوڵی سەلماندنی خۆیان بدەن بە شکاندن و کەمکردنەوەی بەهای کەسانی تر.

دۆخی ئابووری و نەبوونی دەرفەتی یەکسان بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتن لە ژیاندا، هۆکارێکی تری گرنگە کە وادەکات تاکەکان هەست بە ملمانێیەکی بەردەوام بکەن و بیر لە خۆیان و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بکەنەوە. هەستی نائەمنی و نەبوونی متمانە بە سیستەمی کۆمەڵایەتی و یاسایی، وایکردووە تاکەکان پەنا بۆ شێوازی نادروست ببەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

لەلایەکی ترەوە، لاوازی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کەمبوونەوەی هەستی هاوبەشی کۆمەڵایەتی، بووەتە هۆی ئەوەی کە تاکەکان کەمتر هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە یەکتر بکەن. ئەمەش وایکردووە کە زۆرجار بێ ڕەچاوکردنی کاریگەرییە نەرێنییەکان، هەوڵی زیانگەیاندن بە یەکتر بدەن. هەروەها نەبوونی کەلتوورێکی هاوکاری و یەکتر قبوڵکردن، وایکردووە تاکەکان نەتوانن سوود لە تواناکانی یەکتر وەربگرن و لەبری ئەوە هەوڵی لاوازکردنی یەکتر بدەن.

پێویستە سیستەمی پەروەردەیی و خێزانی گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا بێت، بەجۆرێک کە هانی هاوکاری و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان بدات. هەروەها گرنگە کار لەسەر بەهێزکردنی متمانەی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو تاکەکان بکرێت. پێویستە کەلتوورێکی نوێ پەرە پێ بدرێت کە تێیدا سەرکەوتنی تاکەکان بە شکاندن و زیانگەیاندن بە یەکتر نەبێت، بەڵکو لە ڕێگەی گەشەپێدانی توانا و لێهاتووییە تایبەتییەکانی خۆیانەوە بێت.

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)




تایبەتمەنـدییەکانی پاڵەوان لە چـیرۆکی منـداڵان.. رەزا شـوان

گـرنگـتریـن رەگـەز لە رەگـەزەکانی چـیرۆکی منـداڵان کارەکـتەرەکانـن، بە تایبـەتیـش پاڵەوانەکانی چـیرۆکەکان، رۆڵـێکی سەرەکی و گـرنگ و چارەنووسساز دەگـێرێن، بۆ گەیاندنی رووداو یا رووداوەکانی چیرۆکەکان، بە ئاکامێکی دڵخوازی منداڵان. چیرۆک بەبێ پاڵـەوان نـابێـت. مەرجـیش نییە، پاڵەوانی چـیرۆکەکانی منـداڵان، تەنیا مـرۆڤـبن، منداڵبن (کچ یا کوڕ) بن. دەکرێـت ئاژەڵ و باڵندە و دار و درەخت و گوڵ و پەپـوولە و زینـدەوەری تربـن، یان شتی بێ گیان بـن. یان پاڵەوانی ئەنـدێـشەیی و ئەفـسانەیی بن، وەک: دێـو و چـەتـەوڵ و جـنـۆکە و سـیـمـرخ و ئـەژدیـهـای بـاڵـداری حـەوت سـەر و قەقـنەس و جادووگەربـن. وەک لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکاندا هـەن. پاڵەوانی چـیرۆک هـێمای هـێز و بوێـری و ئیرادە و متمانە و رەنگـدانەوەی بەهـا و بنەماکانی چـیرۆکە.
پاڵەوانی چیرۆک کارەکتەرێکە، خوێنەر لە رێگەیەوە دەچێتە ناو جیهانی چیرۆکەکەوە. رووبەڕووی کـێشە و ملمـلانی سەخـت و بەرهـەڵـستییەکان دەبێـتەوە. بە ئازایەتییەوە لەبەردەم هـێزێکی دژەبـەرەدا دەوەستێتەوە، بۆ گەیشتن بە ئامانج و بە خواستی خۆی.

کارەکتەری پاڵـەوان لە کـورتە چـیرۆکی منـداڵانـدا، کارەکـتەری سەرەکـییە، دینـەمـۆی چـیرۆکەکەیە و رووداوەکـان بە دەوریـدا دەسـووڕێنـەوە. بەرپـرسـیارێـتی سـەرەکی لە چـیرۆکەکەدا هەڵـدەگرێت. پاڵـەوان پەیـامێکی هـەیە دەیەوێت بە منـداڵانی خوێنەری یا گـوێگـری چـیرۆکەکە بـگەیـەنـێـت. رەنـگە پاڵـەوانـێکی راسـتەقـیـنە بـێـت، کـە کـاری قارەمانانە و سەرەکێشی و سەرچـڵی ئەنجـام بـدات. یان رەنگە کەسێکی ئاسایی بێـت. یان کەسایەتییەکی ئەفـسانـەیی بێـت، بتوانێـت کـاری لە تـوانابـەدەر ئەنجـام بـدات.
لە جیهـانی وێـژەی منـداڵانـدا، پاڵـەوان وەک کەسـایەتـیـیەکی بـەرز و ئـیـلهـابەخـش و ئاراسـتەکەری منـداڵانی خوێـنەرە. لە رێـگەی خەبـات و کـۆشـش و سەرکەوتـنـییەوە، نەک هەر سەرگەرمی و خۆشی بە منـداڵان دەبەخـشێت، بەڵکو پەیام و وانەی گرنگی ئازایەتی و میهـرەبانی و کۆڵنەدان و متمانەبەخۆبوون و سەرکەوتنیان پێـدەبەخـشێت. خوێنەرانی منداڵان بانگهـێشتی جیهانێکی پڕ لە هـیوا و گەشبینی دەکات، کە ئەستەمی تێـدا نییە. لە سایەی خەبات و تێکـۆشـان و خـۆراگـری و سـووربـوون و کـۆڵـنەدانـدا، سەردەکەون و هـیوا و خەونەکانیان دێنـنەدی. منـداڵان فـێری ئەوە دەکەن، بە بوێـر و متـمانە بەخۆبـوون و بە ئیـرادە و ورەیـەکی بەرزەوە رووبەڕووی تـرس و ئاستەنگی
و بەرهەڵستییەکانیان ببـنەوە. فـێری بەهـای بـەرز و هـاوسۆزی و دڵسـۆزییان دەکەن. فـێریان دەکەن پشت بە خۆیان ببەستن و هەوڵبدەن خۆیان کێشەکانیان چارەسەربکەن. منـداڵان لە رێـگەی پاڵـەوانانی چـیرۆکەکـانەوە، فـێری بەهـا بـەرزەکـان و پـرەنـسیـپە مـرۆڤـایەتیـیەکان و چـەمکەکـان دەبـن، وەک: راسـتگـۆیی و دڵسـۆزی و هـاوکاری و قـوربانیـدان و فـریـادڕەسی و خـۆشـەویـستی و سـۆزداری و رێـزداری و… هـتد.
منـداڵ بە سـروشتی، بە دوای پاڵـەوانە دڵخـوازەکەیـدا دەگەڕێـت، کە وەک نمـوونەی خـۆیەتی. سـەرسـامی کەسـایەتی و رەفـتارەکـانیـیەتی. لاسـایی کارەکـانی و شـێوازی جـووڵـە و قـسەکـانـیـشی دەکـاتـەوە. تەنـانـەت ئـەگـەر چـیرۆکـەکـان لـە جـیهـانـێکی ئەندێشەیی و فانتازیشدا رووبـدەن. پاڵەوانی چـیرۆک، وەک هـێزێکی پاڵنەری پشـت چـیرۆکەوە کاردەکـات. زۆر جـار منـداڵ پەیـوەنـدیی سـۆزداری، لەگەڵ پاڵـەوانەکـەدا دروسـت دەکـات. پـاڵـەوان لـە چـیـرۆکـێکـەوە بـۆ چـیـرۆکـێکی دیـکە، بـەپـێی ئـەو کۆنتێکست و مانا و مەبەستەی کە چیرۆکەکە هەڵیدەگرێت، رەنگە جیاوازی هەبێت.
مەبەستیـش لە پاڵـەوانی چـیرۆکەکانی منـداڵان، تەنهـا لە رووی جەسـتەییـەوە نییە. بەڵکـو لە رووی دەروونی و زیـرەکی و زانـایی و دانـایـشەوەیە. دەشـێـت پاڵـەوانێ چیرۆک، منـداڵێکی وێنەکـێشی بە توانا بێـت. یان لە سایەی بلیمەتییدا پاڵەوان بێت.
کارەکـتـەری پـاڵـەوان لە چـیـرۆکی منـداڵانـدا، بـە زۆری بە چـەنـد تـایـبەتـمـەنـدی و جیاوازییەک دەناسـرێتەوە. دیاریتـرینی ئەو تایبەتـمەنـدیـیانە، بە کورتی بـریتیـن لە:
١ـ ئازایـەتی: پێویستە پاڵەوانی چیرۆک بوێـر و دلـێر و ئازایەتییەکی گەورەی هەبێت. نابێت ترسنۆک و لاواز و بێ دەسەڵات بێت. متمانەی بە توانای خۆی هـەبێت و بەبێ تـرس، رووبـەڕووی ئەو مەتـرسی و بەرهـەڵستییانە بـبـێتەوە کـە دێـنە رێی. ناشبێت زیادەڕۆیی لە کەسێتی پاڵەوان بکرێت، کە منداڵان باوەڕیان بە توانا و رۆڵەکی نەبێت.
٢ـ ئیـرادە: پاڵەوان بەوە ناسراوە، کە هـێزێکی نـاوەوە و ئیرادەیەکی تۆکـمەی هـەیە. خۆڕاگر و کۆڵنەدەرە و توانـای زاڵـبوون و سەرکەوتنی بەسەر سەخـتییەکانـدا هـەیە، سـوورە لەسەر سەرکەوتن و گەیـشتـن بە هـیوا و بە ئامـانجـەکەی.
٣ـ بـاوەڕ: پاڵەوان باوەڕێکی پتەو و نەگۆڕی بە بەها رەوشتییەکان و بە پرانسیپەکانی مرۆڤـایەتی هەیە. باوەڕیشی بە ئەستەم نییە و لەو باوەڕەدایە، کە لە سایەی خەبات و تێکـۆشـان و کـۆڵـنەدانـدا، هـەمـوو هـیوا و ئامـانجـێک دێـتـەدی.
٤ـ زیـرەکی: پاڵەوان لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا زیرەک و داهـێنەرە، بە بەکارهێنانی ئەقـڵ و جەسـتە و هـێز، بـۆ بەرەنـگاری و رووبـەڕووبـوونـەوەی بەرهـەڵـستـیـیەکـان.
٥ـ خـۆبەخـشین: پاڵـەوان بە خـۆبەخـتکـردن و گیانبەخـشـین، لە پێـناوی ئـەوانی تـردا، تایبەتمەنـدە و بەرژەوەندیی هەمووان دەخاتە پێش بەرژەوەندییە تایبەتیەکانی خۆیەوە.
٦ـ دادپـەروەری: پاڵـەوان هـەڵگـری بەهـاکـانی دادپـەروەری و دەسـتـپاکـییە، هـەوڵی چـاکەکـردن و بەرەنگاربـوونـەوەی سـتەم و زۆرداری و نادادپـەروەری دەدات.
٧ـ مـرۆڤـایەتی: پاڵەوانی چـیرۆک، تایبەتـمەنـدیی مـرۆڤـایەتی تێـدایە، وەک: بەزەیی، هـاوسۆزی، لـێبووردن، مـیهـرەبـانی، خـێرخـوازی، هـاوکاری و فـریادڕەسی،… هـتد.
٨ـ گەشـبـیـنی: پاڵـەوان تایـپەتـمـەنـدیی گەشـبـیـنی و هـیواخـوازی و ئەرێـنی هـەیە. رۆخـۆش و لـێو بەخەنـدەیە. شادی دەخـاتە دڵی کەسـانی دیـکەوە. پاڵەوانی چـیرۆک کەسێکی کـنجکاوی نوێخوازە و حەز بە داهـێنان و بە دۆزینەوە و بە ئافراندن دەکات.
٩ـ هـاوڕێـتی: پاڵەوان رێـز لە هـاوڕێتی و دەگرێت و پەیـوەنـدی ئەرێـنی دروستدەکات.
١٠ـ ئیلهامبەخشین: پاڵەوان ئیلهام و متمانە بە منداڵانی خوێنەر دەبەخشێت. کە توانای هـێنانەدیی هـیوا و ئامانج و خەونەکانیان هـەبێت. دەسـتیش لە مافـەکانیان هـەڵـنەگرن.
١١ـ راستگـۆیی: پاڵەوان راستگـۆیە و فـرت و فـێـڵ و درۆ لەگەڵ کەسانی تـردا ناکات.
١٢ـ دڵـسـۆزی: پاڵـەوان هـەمیـشە بە ئەمـەکە و دڵسۆزی هـاوڕێکانـێتی، لە تەنگانەدا دەبـێـت بە فـریـادرەسـیان. بـۆ یـارمەتیـدانیان ئامـادەیە هـەمـوو شـتـێک بـکات.
١٣ـ خـاکی: پێـویـسـتە پاڵـەوان کەسـایەتیـیەکی خـاکی و سـادە بێـت. پـۆز لـێـنەدات و خـۆی بە ئەنجامـدانەکانیـیەوە هـەڵـنەکـێشـێـت و سـووکایەتی بە هـیچ کەسێک نەکات.
١٤ـ سەرکردەیی: پێویسـتە پاڵـەوان توانـای رابەری و سەرکردەیی هـەبێت و بتوانێت بە سەرکەوتـوویی، سەرکـردایـەتی کەسانی تـر بـکات، بـەرەو ئامـانـجـێکی هـاوبەش.
١٥ـ ئەندێشە فـراوانی: پاڵەوان ئەنـدێشەیەکی فـراوانی هـەیە، بە قووڵی بیردەکاتەوە، بـۆ چـارەسەرکـردنی ئـەو کـێـشە و ئاستەگـیـیانەی کە رووبـەڕوویـان دەبـێـتـەوە.
١٦ـ ئاستی پاڵـەوان: پێویستە پاڵەوانەکانی چـیرۆکەکانی منداڵان، لە ئاستی گونجاوی ئەو قـۆنـاغـە تەمەنە منـداڵـییە دابـن، کە چـیرۆکنووس چـیرۆکەکانی بۆیـان نووسیوە.

(*) تا رادەیەک سـوودم لە چەنـد سایـتـێکی ئینگـلیـزی و عـەرەبی وەرگـرتـووە.
سـویـد: ٢٠٢٤




تەرزەی خۆشبەختیەک.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

زەنگەکان خوێنیان لێئەتکێ
پەنجەکانی خواوەندیش بریندار
مەرگ لەدەرگای منداڵێکی
چنگ بەستوو تەزیو ئەدا
ماڵێک لە گڵ
دەرگای شکاو

لە شەقامی شارێک تاریک
تارمایی پیادەکان دێن و دەڕۆن
ئاسمان تۆفانە گڕی بریسکەو تریشقە
دڵی تەنیاکان
بۆ چەند ساتێکی کەم
ڕەوشەن ئەکا

ئەمڕۆش ڕۆیی،
کەس لەوێ نیە،
لە دیدەگا، شتەکان
وون، زەریام دی
شەپۆلەکانی خۆی کۆکردەوە
نەورەسم دی بە دڵشکاوی
لە شەقەی باڵیدا

چونکە مەرگ
لەهەر سوچێکی کۆڵانی ژیانم
چاوە گورگانەی
بریسکەی دێ
بۆیە پێت ناڵێم
خۆشم ئەویت

ئەوسا،
خەندەکانی شیعرم
بۆت ئەکردە قردێلەی سەرت
ئێستا
کلۆی بەفری لێوم
پروشەی وەرزێکی هەناسسەساردی
ڕۆحمی پێیە

ئارەزووی دڕانی
وێنەکانی ئەو ڕۆژانەم
چاوەڕوانی وەک شانەی هەنگ
بوونی جێماوی تۆی
شیرینتر ئەکرد

لە هەموو گوناحە جوانەکانی
بەردو گیاو ڕوبار و سنەوبەرە
تەڕەکانی سەر ڕێگای سەفەرێکی دوور
خۆش ئەبم
دوای ماڵئاوایت

ئارەزووی شکۆی
جێهێشتنێکم
کە لێو هێشتا پڕ لە شکۆفەی شیعرە
چی شکۆمەندیەکە مەرگ
کە دوا گولە
بیپچرینێ بیرێکی مەست
بە ئەزەلی عیشق،
تا ژوورپڕکا،
لە پەڕەی گوڵ..و…پەڕەی شیعری ..
تەواو نەکراو…و..خوێنی ڕەشی…ڕۆحی
دەربازبوو

ئیترجارێکی تر..
سەرهەڵگرتن،
چارە نەما
کە ژورەکان هەر وەک کفن
زەردو ڕزیو
تاریکی تەنیابوون
وەک دەمی نەهەنگ
هیواهەڵچنین
بە سبەینێیەکی ئاسوودەتر
ئەبێتە تابووت

سەرلەبەیانی
هێشتا خەواڵوو
خۆم ئەدەمە دەست
شنەبایەکی مەست
بڵێی چەند قادرمە
بەرەو مانگێک
هێشتا جەستەی زیوینی
وەک چاوە تەڕەکانی
شکۆفەی لقی دار چنارە تەڕەکان
ئەبریسکێنێتەوە

بە چیمەنی دڕندە
ووشە بکە سەمفۆنیا،
و کام ئێوارەش
وەحشتەنتاک
گوڵە لازوردی نامۆیی
لە دڵی پڕ تۆفان و گێژەنەی سەفەر
بچێنە

زەمین بۆنوبەرامی
تەرزەیەکی
خۆشبەختی دێ
ئامێز ئەکاتەوە
دارستانێ
دوای هاوینێکی ووشک و
بیابان
جۆگەلەی گرت
خەرەندی ووشک
ئاوی سازگار
لێوی تەڕبوو
بە شەپۆلی ساتەوەختی
باخچە هەڵواسراوەکانی
بیرەوەری
شارێکی بزربوو!

…………………………………………………………
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئیسپانی
Enrique .Lorca ( ELG21)
بە سوپاسەوە لە پەیجی خۆی وەرگیراوە




کۆتایی ساڵانی هەنگوینی ئەمریکا و ئێران، لە ٢٠٠٣ ەوە تاکو ٢٠٢٣.. ئیدریس مستەفا

رایەڵەی باس…
ئێران دەورەی مێژوویی خۆی لە دەستدا وەک هیزێکی ناوچەیی گەورە و کاریگەر. ململانێی جەمسەرە گرنگ و زلهێزەکانی دنیا بە هەموو ئاستە ئابوری و سیاسی و سەربازی و تەکنۆلۆجیی تەنانەت فەرهەنگیەکانیشیەوە چۆتە قۆناغێکی ترەوە و چیتر دەورە کلاسیکیەکەی ئێران قبوڵ ناکات و ئێران چ بە خواست یا نەخواستی خۆی ئاڵوگۆڕ بەسەر وجودی ناوچەیی و نیوخۆیشیدا دێت. گەر ئێران لەم دەورە تازەیەی دنیا تێنەگات ئەوا بە پێچەوانەی رەوڕەوەی مێژووەوە دەڕوات کە یان دەبێ ببێ بەو وڵاتەی تەنها لە خەمی وڵاتەکەی خۆیدا بێت و واز لەسیاسەتی ستراتیجیەتی دەستیوەردانی وڵاتانی تر بهێنێت یاخود سەرکێشیە ناوچەییەکانی کە زیاتر لە چوار دەیەیە سیاسەتی ستراتیجی دەرەکی خۆی پێ رایی دەکات دەبێتە مڵوزمێک و توشی گێژەنەیەکی جیوسیاسی گەورەی دەکات کە نەک هەر ئێران بەڵکو سەرجەم هاوکشیە سیاسیەکانی ناوچەکە لەگەڵ خۆیدا بخاتە لەرزە و گۆڕین. ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران سێ کاراکتەرە سەرکیەکەی ئەو لەرزە و گۆڕینەن.


لەو دەمەوەی جمهوری ئیسلامی ئێران وە ک دەوڵەتێکی پان ئێرانیزم یاخود پان فارسیزم لەسەر ئایدیۆلۆجیایەکی ئاینی دروست بوو سەرەکیترین ستراتیجی جیوسیاسی دەوڵەتی خۆی بایەخدان بوو بە سیاسەتی دەستێوەردان لە وڵاتانی دراوسێی و ناوچەیی بۆ ئەمەش نەک ئاین بەڵکو مەزهەبی شیعی و دژە ئیسرائیلێتی کردە شمشیرێکی دوو دەم بۆ پشێوی لە ناوچەکەدا. لەو دەمەوە ئێران بووە بە یەکیک لە هۆکارە سەرەکیەکانی نائارامی و پشێویەکی وەها لە ناوچەکەدا کە پێشتر لە وێنەی نەبووە. خەرمانەی شیعی یان هیلالی شیعی ئەو تایبەتمەندیە بێ وێنەیەیە لە دەستێوەردان یاخود پاوانخوازی ئێراندا. لە ناو ئەو سیاسەتە ستراتیجیەی دەرەوەیدا وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، کۆماری ئیسلامی ستراتیجێکی تری هەیە ئەویش بەکارهێننای ئەو خەرمانەی شیعیەیە بۆ خزمەتی پان ئێرانیزم پان فارسیزم. گراند دیڵ یاخود گرێبەستی گەورەی ساڵی ٢٠٠٣ و تۆفانی ئەقسای ٢٠٢٣ و رورداوەکانی لەگەڵ خۆیدا هێنای ئەو دوو بابەتەن لێرەدا دەمانەوێ کەمێک بە دوورودرێژی باسی بکەین.

لە ساڵی ١٩٧٩ ەوە ئێران و ئەمریکا پەیوەندیەکی ستراتیجی هەبووە لە نێوانیاندا سەرباری نەبوونی هیچ پەیوەندیەکی رەسمی نێودەوڵەتی. دیارە ژێر بە ژێر هەمیشە پەیوەندیان هەبووە بەڵام هەر راستەوخۆ نەبووە بەو مانایەی دوو کەسێتی دیاری حکومی یا دەوڵەتی دانیشتن و گفتوگۆیان هەبێ. محەمەد نەهاوەندیان کەسایەتی دیاری سیاسی ئێران و راوێژکاری حەسەن روحانی سەرۆکی پێشووتری ئێران چەندن جارێک سەردانی ئەمریکای کردووە و راستەوخۆ لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکی دوور لە میدیاکان دیداری کردووە. ئەمریکا دانی پێداناوە کە نەهاوەندیان لە ئەمریکا بووە بەس لەگەڵ نوێنەرانی حکومی دانەنیشتووە بەڵام ئێران لە بنی رەتی کردۆتەوە. وەک ناراستەوخۆش، هەر وڵاتێکی ناوچە دەتوانێ و ئەو نێوەندیە بگێڕێ بەتایبەت سەڵتەنەتی عەمان کە بەناوبانگە لە میانڕەوی سیاسی دەولەتی خۆیدا و هەموان سەردانی دەکەن بەتایبەتی ئیسرائیلیەکان و ئێرانیەکان.
ئەوەی ستراتیجیە دوو قۆناغی گرنگە لە پەیوندیەکانی ئەمریکا و ئێران کە شایەنی ئاماژە پێدانن تاکو تایتڵی بابەتەکەمان ناوەڕۆکی باسەکەمان بسەلمێنێ ئەوانیش قۆناغی ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠٢٣ یە.

قۆناغی یەکەم: گرێبەستی گەورە (گراند دیڵ)
تاکو ساڵی پارەکە و ئەم وروداوانەی دوایی ئێران هیچ کات بە دژی سیاسەتە ستراتیجیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کاری نەکردووە و پشتیوانی کردنی باڵەکانی وەک حزبوئەڵڵا و حەماس هەرگیز بە مانای وەستانەوەی راستەوخۆ نەبووە بەڵکو ئەو بەشێکە لە پرۆکسی وار یاخود کێشمەکێشە لابەلاکانی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان. دیارە دەمانی شەڕی عێراق-ئێران ئەمریکا چەندان جار بێ پەردە چەکی بە ئێران فرۆشتووە و بەڵگەکان هەن لەو بارەیەوە. تەنانەت ساڵی ٢٠٠١ کاتێک ئەمریکا ویستی پەلاماری تاڵیبان بدات، ئێران هەموو ئاسمان خۆی بۆ کردەوە و فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمریکا بە ئارەزووی خۆیان ئاسمانی ئێرانیان دەبڕی هەرچۆنێک بیانویستایە.
دوای روخانی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا محەمەد جەواد لاریجانی کەسایەتی سیاسی گرنگی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیستاکەش راوێژکاری باڵای خامنەئی بۆ کاروباری دەرەوەیە، ئەودەم بابەتێکی بە ناوی حکموەتی ئێرانەوە پێشکەش بە ئەمریکاییەکانی ئیدارەی جۆرج جەبلیو بوش کرد بە ناوی گراند دیڵ. لەو گرێبەستە گەورەیەدا هەندی خاڵی باس کراوە گەر حزبوڵڵا و حەماس و جیهاد خۆیان بە خاوەن قەزیە بزانیایە هەرگیز ئەوەیان قبوڵ نەدەکرد و دەبوو هەر ئەو دەم واز لە ئێران بهێنن . لەو گرێبەستەدا ئێران بە ئەمریکا دەڵێ ئێمە ئەوە سەدام حوسێنمان رووخاند و ئێمە دەمانەوێ هاوبەشیەک یاخود هاوپەیمانێتیەک هەبێ لە نێوانماندا لەسەر ئاستی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین/رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە بەرمابەردا ئێمە ١) ئامادەین دەسبەرداری چەکی ناوەکی ببین. ٢) چەک بە حزبوڵڵا دادەنێین و دەیکەین بە حزبێکی سیاسی. ٣) پشتی حەماس و جیهاد دەبین بەردەدەین و و وایان لێدەکەین کە هێرش نەکەنە سەر ئیسرائیل لەمەودوا.
دیارە ئیدارەی ئەمریکی جۆرج بوش ئەم گرێبەستەی رەتکردەوە چونکە لە سیاسەتی ستراتیجی دەرەوەی ئەمریکادا شتیک نیە بە ناوی هاوبەشی پاوانخوازی جگە لەگەڵ جەمسەرە زلهیزەکاندا نەبێت. نفوزی پاوانخوازی سیاسی ئێران لە مێژ بوو گەیشتبووە وڵاتانی ئەمریکا لاتین لەوانە ئەرجەنتین و چیلی و پیرۆ و بەرازیل ئەمە هەروەها چەند وڵاتێکی ئەفریقیاش، ئەم گراند دیڵە مەودای پاوانخوازی ئێرانی فراوانتر و هەستیارتر دەکرد لە ناوچەیەکی وەک خۆرهەڵاتی ناویندا بۆیە ئەمریکا بێ یەک و دوو بەگەنی نەکرد.

قۆناغی دووەم: تۆفانی ئەقسای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣
تۆفانی ئەقسای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی حەماس بۆ گیان خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل سەرەتای قۆناغێکی ترە لە نەمانی ساڵانی هەنگوینی پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کە لەوەناچێ گەڕانەوەی هەبێ وەک پێشووتر. ئەو رووداوانەی لە ساڵی پارەوە تاکو ئیستا روویانداوە شوێنگەی ئێرانی لە هەر سێ ئاستی نێوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەرەو لاوازی بردووە بە رادەیەک جەمسەرە جیهانیەکانی وەک روسیا و چینیش ناتوانن لەو کەندەڵانە دەری بهێنن سەرباری هەر پەیوەندیەکی باش و رێکەوتنێکی سەربازی و ئەندامێتی لە بریکسدا.
ستراتیجیەتی ئێران وەک دەوڵەتێک بریتە لە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دراوسێیدا و گرتنەبەری پاوانخوازی لەو رێگەیەوە و گەر ئێران لەم ستراتیجیەدا فەشەل بهێنێ، کە وادیارە، ئەوا بوونی لە ناوخۆ و ناوچەکە و جیهانێشدا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئەوەی ئێرانی وەک هیزێکی گەورە و کاریگەر لە ناوچەکەدا پیشان دەدا:
یەک: ئەو باڵا شییعیانە بوون کە بە هیلالی شیعی یاخود بە محوەری مقاوەمە ناوزەدی دەکردن کە بەشێکی زۆری هزر و میدیای عەرەبیش وەک تۆتی دەیانگوتەوە. حزبوڵلا بە پلەیەکیش خوارتر حەماس روحی ئەو ستراتیجیە بوو لە ناوچەکە و لە بەرامبەر ئیسرائیلیشدا. ئیستا ئەو دوو هێزە بە قاعیدە و قەواعیدەوە وا بەرەو فەنابوون دەچن نەک هەر لەسەر ئاستی سەربازی بەڵکو ئاستی سیاسیش. یەمەنی حوسیەکان پێش ئەوەی ئێران بیکات بە باڵێکی بەفڕی وەک حزبوڵڵا، بێ باڵ کرا و لە هەموو لایەکی نێودەوڵەتیەوە ئیدانە دەکرێ و رسوا دەکرێ ئەمە جگە لە هێرشی بەردەوامی ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و خاڵە سەربازی و سەرچاوە و ستراتیجیە ئابوریەکانی. گەر ئێران بەرەو لاوازی ستارتیجی دەرەکی بڕوات بە تەواوی ئەوا کێشەی حوسیەکان لە یەمەن لە رووی سیاسیەوە قۆرخ دەکرێ لە لایەن وڵاتانی کەنداوە بە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵیاندا و خۆشیان ئەم مەیلەیان تێدا هەیە بە لەبەر چاو گرتنی ئەو چەندان هاتن و چوونەی دانوستانیان لەگەڵ بەشەکەی تری یەمەن لە سعودیە و قەتەر.
دوو: یەکیک لە گورزە ستراتیجیە گەورەکانی تر لە ئێران لە دەسچوونی سوریایەتی وەک گۆڕەپانێکی جەندان ساڵەی تراتێنی یان ترانزێتی سیاسی و سەربازی بۆ دەستێوەردان لە لوبنان و فەلەستین و تەنانەت ولاتانی وەک ئوردن و کەنداویش. رووداوەکانی ئەم چەندان مانگەی دوایی نیشانیدا کە چیتر ئێران بە دەردی سوریا ناخوات. هێرشە یەکانگیریەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا و حەماس و سوریا بێ ئەوەی یەک دەوڵەتی غەربی و بگرە جیهانیش سەرەکۆنەیەکی جدی بکەن هوروژمێکی گۆڕان یاخود لەرزەیەکی جیۆسیاسی بۆ ناوچەکەی پێوەیە و تەواوی هاوکێشە سیاسی و پەیوەندیە ناوچەییەکانی لە تەتەڵەبێژەنە داوە. لەو تەتەڵەبێژەنەیەدا ئێران زەرەرمەندی یەکەمە بەو پێیەی:
١) دیمەشق بۆتە گۆرستانێک بۆ کوشتنی جەنەراڵە سەربازیەکانی ئێران بێ ئەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا هیچ ئیدانەیەک یاخود هەنگاوێکی عەمەلی لە دەست بێت بۆ پاراستنی کەسێتی و هیزی ئێرانی لە سوریادا بەتایبەت ئیسرائیل بە ئاشکرا پێی گوتووە گەر دەسبەرداری ئێران نەبیت ئەوا چارەنوست لە نەسروڵڵا و هەنیە و سنوار باشتر نابێت. ٢) بەشار ئەسەد بە ئاشکرا دەرگای بۆ وڵاتانی ئەوروپی کردۆتەوە یاخود بڵێم ئەوان باوەشیان بە سوریادا کرد و گوتیان گەر بێتوو واز لە ئێران بهێنیت ئەوا ئێمە وەک یەکێتی ئەوروپا دەرگای پەیوەندیەکانت لەگەڵدا دەکەینەوە و بۆ نیەتپاکیش ئەوەتا جەند وڵاتێکمان سەفارەت و کونسوڵەتیان کردۆتەوە لە دیمەشقی پایتەخت وەک ئیتالیا و نەمسا؛ ئەمە جگە لە بەستنی کۆنفراسێک لە ئەوروپا لە مانگی رابردوودا لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و سوریا کە هەشت وڵاتی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و یەکێتی ئەوروپا ئەو کۆنفراسەیان بەڕیوە برد و بەڵێنیاندا کە ئەم جۆر ەدانیشتن و گفتوگۆیانە بەردەوام دەبن. ٣) ولاتانی کەنداو ئامادەیی لە ئەستۆگرتنی ماڵی بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی سوریا هەر لە دروستکردنەوەی شارەکانەوە تاکو ژیانەوەی ژێرخانی ئابوری. هەر خودی بانگهێشتی بەشار ئەسەد بۆ کۆمکاری عەرەبی و سەردانی ئەمیری دوبەی بۆ دیمەشق و کردنەوەی سەفارەت و کۆنسوڵیەکانی لە دیمەشق وەک ئیمارات و سعودیە و جەزائیر و میسر و ..هتد.
سێ: لە نەخشەی سیاسی نوێی سوریادا کە بە دانیشتنێک لە نێوان تورکیا و سوریا بە نێوەندگیری روسیا و تەنانەت ئاگاداری ئەمریکاش بەرێوە چوو لە یەک دوو هەفتەی رابردوودا دەسکۆتاکردنی ئێران بە ئاشکرا دەبینرێ. تورکیا و روسیا فشاری گەورەیان لەسەر ئەمریکا داناوە کە پشت بکاتە رۆژاڤا و لە بەرامبەریشدا تورکیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بکشێتەوە؛ هەروەها روسیا ناهێڵێ ئێران نفوزی سیاسی و سەربازی هەبی لە ئایندەی سوریادا.
چوار: سەرباری ئەوەی دوێنێ و پێرێکە وەزیری دەرەوی روسیا سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند کە ریکەوتنی سەربازی مۆر دەکەن لەگەڵ ئێراندا بەڵام ئەمە هەرگیز ناتوانێ لە ئاستی ئەو گرژیەی ئیستا ئێران و ئیسرائیل کەم بکاتەوە گەر توندتری نەکات. ئەولەویەت بۆ روسیا لە ئیستادا ئۆکراینە کە مەسەلەیەک و کێشەیەکی سەربازی ستارتیجی گەورەیە بۆ روسیا و ئێران هەرگیز ئەو شوێنگە جوگرافی و سۆزە مێژوویی و ئاینی و تەنانەت نەژادیەشی نیە وەک ئۆکراین هەیەتی؛ بۆیە روسیا گەر بە تەواویش بچیتە بەرەی ئێرانەوە لە حاڵەتی جەنگ لەگەڵ ئسرائیل-ئەمریکادا ئەوا جگە لە ناردنی چەک و تەقەمەنی ئەویش بە شێوەیەکی دیاریکراو ناتوانێ هیچ هەنگاوێکی گەورەتر بنێت. بۆ نموونە ئەوەی روسیا کڵاوەی ئەتۆمی دەداتە بێلاروس هەرگیز ناتوانێ و نایشیکات ئەوە بداتە ئێران بە جەندان حوکمی سیاسی نیودەوڵەتی و جیوسیاسی و سەربازی ستراتیجی کە لێرەدا شایانی باس کردن نیە.
پێنچ: چین کە ئەویش پەیوەندیەکی بەهیزی بازرگانی هەیە لەگەڵ ئێراندا ناتوانی هیچ بەشداریەکی سەربازی بنێت گەر دوو سبەی ئیسرائیل-ئەمریکا کۆماری ئیسلامیش بڕوخێنن. ئەوە دروستە ئێران بە نرخێکی هەرزان نەوت دەفرۆشی بە چین بەڵام هەرگیز ناگاتە ئاستی ئەو پەیوەندیە بازرگانی و ئابوریەی چین لەگەڵ ئەمریکادا هەیەتی. دیسانەوە چینیش وەک روسیا ئەولەویاتی ستراتیجی سەربازی خۆی هەیە کە تایوانە و مەسەلەی تایوان نەک هەر راستەوخۆ لە بەرامبەر ئەمریکادا رایگرتووە بەڵکو ئەگەری پێکدادانی دەستەوئیخەی هەیە لەگەڵ ئەمریکادا. بۆیە ئێران جەمسەرێکی تری گەورەی وەک چینیش لە دەست دەدات گەر بێتوو بکەویتە جەنگی راستەوخۆی ئیسرائیل-ئەمریکاوە.

هەواڵ و رووداوەکان…
لەگەڵ نوسینی ئەم بابەتەدا هەوڵێک و رووداوێکی گرنگ روویدا کە ئەمە پوختەکەیەتی:
لەگەڵ گرژبوونەوەی بەرامبەرکێیەکانی ئێران و ئیسرائیل بە هێرشی موشەکی و ئاسمانیەکانی بۆ سەر یەکتر لە سێ چوار مانگی رابردوودا بەتایبەت هێرش و پەلاماری موشەکی و فڕۆکەی جەنگی (ئێف ٣٥)ی بۆ ناو قوڵایی خاکی ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە لە مانگی رابردوودا، ئێران چ لە زاری رابەری روحی جهموریەتەکەوە عەلی خامنەئی و چ لە زاری جەنەراڵە سەربازیەکانی سوپای پاسدارانەوە پەیمان و سۆزی یەک لە دوای یەک دەدەن بە گوێی ناوجەکە و جیهاندا کە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرشێکی جەرگبڕ و وێرانکەر بۆ سەر ئیسرائیل.
هەر پیرێکە عەلی خامنەئی لە وتاری هەینیدا لە تاران بەیانی هێرشێکی لەو جۆرە کرد بۆ سەر ئیسرائیل، ئەمریکا بۆ بەیانیەکەی پێشکەوتووترین فڕۆکەی سەربازی وێرانکەری (بی٥٢)ی نارد بۆ ئیسرائیل کە هێز و تواناکەی لە جەنگدا شتیک لەملای چەکی ئەتۆمیەوەیە. لەگەڵ ناردنی ئەم چەکە وێرانکەرەدا ئەمریکا بە رەسمی ئاگاداری ئێرانی کردەوە و گوتی گەر بێتوو هێرشی تر بکەنە سەر ئیسرائیل ئەوا ئیمە چیتر ناتوانین دەستی ئیسرائیل بگرین لەوەی وەڵامتان بداتەوە. واتە دەستی ئیسرائیل والا دەکەین لەوەی چۆن و چەند وەڵامتان دەداتەوە. ئەم ئاگادرارکردنەوەیەی ئەمریکا لە پای ئەوە دێت کە لە هێرشی یەکەمی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی رابردوودا توانی قەناعەت بە ئیسرائیل بهێنێ کە لە بنکە ئەتۆمی و چاڵاوگە نەوتیەکان نەدات و سەرکردە ئێرانیەکانیش نەکاتە ئامانج.

٤ی ١١ی ٢٠٢٤




لە نێوان سپێدە و سێدارەدا.. دانا حەمید

لە ئاسۆی ڕۆژهەڵاتەوە، لەو شوێنەی کە خۆر سەرەتا تیشکە زێڕینەکانی بڵاو دەکاتەوە، چیرۆکێک دەست پێدەكات، چیرۆکێک کە باسی ژیان و مەرگ، ئازادی و کۆیلایەتی، هیوا و نائومێدی دەکات. لە شارێکدا کە مێژووەکەی بە خوێن نووسراوەتەوە، لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانیدا، لە ماڵە خشتییەکانیدا، لە بازاڕە قەرەباڵغەکانیدا، چیرۆکی گەلێک دەگێڕدرێتەوە کە لە نێوان دوو هێزی بەهێزدا گیری خواردووە: ”ویستی ژیان“ و ”هەڕەشەی نەمان“.
ڕۆمانی “پەتی سێدارە بەکاتی بانگی بەیانی” لە نووسینی «محەمەد ڕەئوف مورادی» لە وەرگێڕانی: «شوانە عەبدوڵا»، لە لایەن ناوەندی «ڕەهەند»ەوە، چاپ و بڵاوكراوەتەوە، فەزای ڕۆمانەكە وەک تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگ، وێنەی ژیانێک دەکێشێت کە لە ژێر سێبەری ترسدا دەژی. هەر لاپەڕەیەک، پەنجەرەیەکە بەسەر دنیایەکدا کە تێیدا خەون و کابوس تێکەڵ دەبن، شادی و خەم هاوسێی یەکترن، و ژیان و مەرگ دەست لە ملی یەک دەنێن. لێرەدا، وشەکان دەبنە چەک، ڕستەکان دەبنە سەنگەر، و پەرەگرافەکان دەبنە گۆڕەپانی شەڕێکی بێوچان لە نێوان ڕووناکی و تاریکییدا.
لە نێو لاپەڕەکانی ئەم ڕۆمانەدا، دەنگی چەندین نەوە دەبیسترێت. پیرەمێردێک کە یادەوەرییەکانی وەک گەنجینەیەک هەڵگرتووە، ژنێکی گەنج کە خەونەکانی لە قەفەزی نەریتدا زیندانی کراون، منداڵێک کە چاوەکانی پڕن لە پرسیار دەربارەی دنیایەک کە تێی ناگات، و لاوێک کە دڵی پڕە لە خرۆشانی شۆڕش. مامۆستایەک خەریکی خوێندەواری و وانەوتنەوەیە بە منداڵانی ئاواییەکە، هەر یەکەیان بەشێک لە مۆزایکی گەورەی چیرۆکەکەن، هەر یەکەیان دەنگێکە لە کۆڕاڵی مێژوویەکی پڕ لە ئازار و خۆڕاگری.
زمانی ڕۆمانەکە خۆی سەمفۆنیایەکە. وشەکان وەک نۆتەی مۆسیقا، ئاوازێک پێکدەهێنن کە خەمبارە وەک لایلایەی دایکێک بۆ منداڵە لەدەستچووەکەی، دەنگی بەرزە وەک هاواری شۆڕشگێڕێک لە مەیدانی خەباتدا. زاراوە و دەربڕینە ناوچەییەکان وەک گوڵی ڕەنگاوڕەنگ، جوانی و بۆنێکی تایبەت بە دەقەکە دەبەخشن، هەر یەکەیان چیرۆکێک، مێژوویەک لە خۆیدا هەڵدەگرێت.
سروشتی وڵات لەم ڕۆمانەدا تەنها پاشخانێک نییە، بەڵکو کەسایەتییەکی زیندووە کە بەشداری لە ڕووداوەکاندا دەکات. چیاکان وەک پاسەوانی هەمیشەیی، چاودێری خەڵکەکە دەکەن، دارستانەکان نهێنی خەباتکارانی تێدا حەشار دەدەن، و ڕووبارەکان گۆرانی ئازادی دەچڕن. ئەم تێکەڵبوونەی نێوان مرۆڤ و سروشت، وێنەیەکی شیعری بە ڕۆمانەکە دەبەخشێت کە خوێنەر دەباتە نێو دنیایەکی جادویی و ڕاستەقینە لە هەمان کاتدا.
ڕۆمانەکە هەروەها ئاوێنەیەکە بۆ کۆمەڵگایەک کە لە ژێر باری قورسی نەریت و مۆدێرنیتەدا دەناڵێنێت. لێرەدا، کچێکی گەنج خەون بە خوێندن دەبینێت لە کاتێکدا خێزانەکەی بیر لە شوکردنی دەکەنەوە. لاوێک خەونی گەڕان بە دنیادا دەبینێت، لە کاتێکدا کۆمەڵگا چاوەڕوانی لێ دەکات شوێن پێی باوکی هەڵگرێت. ئەم ململانێی نێوان کۆن و نوێ، نەریت و پێشکەوتن، یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە کە بە شێوەیەکی هونەری خراوەتە ڕوو.
یەکێک لە بەهێزترین لایەنەکانی ڕۆمانەکە، توانای نووسەرە لە دروستکردنی کەشوهەوایەکی هەستپێکراو. خوێنەر بۆنی نانی تازە لە تەنورەکان هەست پێدەکات، دەنگی بانگی بەیانی لە منارەکانەوە دەبیستێت، و گەرمای هاوینی کوردستان لەسەر پێستی هەست پێدەکات. ئەم توانایە لە دروستکردنی کەشوهەوای ڕیالیستی، ڕۆمانەکەی کردووە بە ئەزموونێکی هەستی تەواو، نەک تەنها خوێندنەوەیەکی ئاسایی.
ڕۆمانەکە هەروەها ڕەخنەیەکی توندە و شەپازلەیەکە لە سیستەمی چینایەتی و نایەکسانی کۆمەڵایەتی. نووسەر بە وردی ئەو کەلێنە قووڵە نیشان دەدات کە لە نێوان چینە جیاوازەکاندا هەیە، و چۆن ئەم نایەکسانییە کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەیە. لە ڕێگەی چارەنووسی کەسایەتییە جیاوازەکانەوە، خوێنەر دەتوانێت ببینێت چۆن هەلەکانی ژیان، خەون و ئاواتەکان، تەنانەت مافی ژیان، بە پێی پێگەی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێن.
ئەم ڕۆمانە تەنها چیرۆکێک نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ ئازادی، هاوارێکە دژی زوڵم و ستەم، و بەڵگەنامەیەکی مێژووییە بۆ خۆڕاگری گەلێک. هەر وشەیەک لەم ڕۆمانەدا، تۆوێکە کە لە دڵی زەوی خوێنەردا دەچێنرێت، تۆوی هۆشیاری، خۆناسین، و خۆشەویستی بۆ ئازادی. لە کۆتایی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا، خوێنەر هەست دەکات گۆڕانێک لە ناخیدا ڕوویداوە، وەک چۆن تیشکی خۆر لە سپێدەدا جیهان دەگۆڕێت.
ڕۆمانی “پەتی سێدارە بەکاتی بانگی بەیانی”، ئەزموونێکە، گەشتێکە بە ناخی ئینسانی کورددا. ئەمە چیرۆکی خەڵکێکە کە لە نێوان ئومێد و نائومێدیدا، لە نێوان خەون و واقیعدا، لە نێوان ژیان و مەرگدا هەنگاو دەنێن. ئەوە دەنگی ئەوانەیە کە مێژوو لە بیری کردوون، بەڵام ئەدەب زیندوی کردوونەتەوە. ئەم ڕۆمانە پەیامێکی بەهێزمان پێدەڵێت: تا کاتێک سپێدە هەبێت، هیواش هەر دەمێنێت، تەنانەت لە سێبەری سێدارەشدا.
ڕۆمانی ”پەتی سێدارە بەکاتی بانگی بەیانی“ بەرهەمێکی ئەدەبی گرنگە لە ئەدەبیاتی کوردییدا کە خاوەنی چەندین لایەنی بەهێزە. زمانی دەوڵەمەند و پاراوی ڕۆمانەکە، کە پڕە لە وشە و دەربڕینی ناوچەیی کرمانشا، جوانییەکی تایبەت و ناسنامەیەکی بەهێزی بە دەقەکە بەخشیوە. توانای نووسەر لە وێناکردنی واقیعی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک لە ژێر سیستەمێکی دیکتاتۆرییدا، یارمەتی خوێنەر دەدات هەست بە قووڵی دۆخەکە بکات. فرەدەنگی ڕۆمانەکە، کە چەندین ڕوانگە و ئەزمونی جیاواز لەخۆدەگرێت، وێنەیەکی فرەڕەهەند و تەواو لە کۆمەڵگا دەخاتە ڕوو.
گرنگیدانی تایبەت بە پرسی ژنان و ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بابەتێکی هەستیار و گرنگ لە کۆمەڵگای کوردییدا دەوروژێنێت. پەیوەندی قووڵی نێوان مرۆڤ و سروشت کە لە ڕۆمانەکەدا بەرجەستە کراوە، ڕەهەندێکی کولتووری بە دەقەکە بەخشیوە. ڕەخنە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بەهێزەکەی، دەوڵەمەندی فیکری بە ڕۆمانەکە دەبەخشێت. هەروەها، توانای نووسەر لە دروستکردنی کەشوهەوایەکی هەستپێکراو، خوێنەر دەباتە ناو دنیای ڕۆمانەکەوە.
لەگەڵ ئەم لایەنە بەهێزانەدا، ڕۆمانەکە چەند لایەنێکی لاوازیشی هەیە کە پێویستە ئاماژەیان پێ بکرێت. فرەیی دەنگەکان و چیرۆکە لاوەکییەکان هەندێک جار دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی ڕێڕەوی سەرەکی چیرۆکەکە، کە دەکرێت سەرلێشێواوی بۆ هەندێک خوێنەر دروست بکات. هەندێک لە ڕەخنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان زۆر ڕاستەوخۆ و تا ڕادەیەک کڵیشەیین، کە کاریگەری لەسەر هونەرمەندی دەقەکە هەیە. بە هۆی فرەیی کەسایەتییەکانەوە، هەندێک لە کەسایەتییەکان بە تەواوی پەرەیان پێ نەدراوە.
هەندێک جار وەسفە درێژەکان، بە تایبەتی سەبارەت بە سروشت، ڕێڕەوی چیرۆکەکە خاو دەکەنەوە. لە هەندێک بەشی ڕۆمانەکەدا، سنووری نێوان واقیع و خەیاڵ تێکەڵ دەبێت، کە دەکرێت سەرلێشێواوی بۆ هەندێک خوێنەر دروست بکات. ڕۆمانەکە زیاتر پشتی بە وەسفکردن بەستووە تا دیالۆگ، کە هەندێک جار ڕیتمی چیرۆکەکە خاو دەکاتەوە. هەروەها، سەرەتای ڕۆمانەکە بۆ هەندێک خوێنەر ڕوون نییە و کاتێکی زیاتر پێویستە بۆ تێگەیشتن لە کەشی گشتی چیرۆکەکە.
سەرەڕای ئەم لایەنە لاوازانە، ڕۆمانی «پەتی سێدارە بەکاتی بانگی بەیانی» بە گشتی بەرهەمێکی بەهێز و کاریگەرە لە ئەدەبی کوردییدا. ئەم ڕۆمانە توانیویەتی وێنەیەکی زیندوو و ڕاستەقینە لە ژیانی کۆمەڵگای کوردی لە قۆناغێکی هەستیاری مێژووییدا بخاتە ڕوو. هەروەها، بە هۆی زمانە بەهێز و پاراوەکەی و ناوەڕۆکە قووڵەکەی، توانیویەتی جێگەیەکی تایبەت لە نێو ئەدەبی کوردییدا بۆ خۆی دابین بکات. ئەم ڕۆمانە نەک تەنها بەرهەمێکی ئەدەبییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی گرنگی مێژوویی و کۆمەڵایەتیشە کە تیشک دەخاتە سەر قۆناغێکی هەستیار لە مێژووی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دانا حەمید




گفتوگۆ لەگەڵ خاتوونی شاعیر جوانە کەریمات.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

جوانە كەریمات: لە قۆناغی سەرەتایی دا یەكەمین وانە كە سەرنجی ڕاكێشام، وانەی خوێندنی زمانی كوردی بوو
جوانە كەریمات: مناڵان زۆر حەزیان لە شیعر و چیرۆك و داستانە، بەڵام زیاترحەزیان لە شیعرە
خاتوونی شاعیری بواری منداڵان جوانە كەریمات، لە دایكبووی شاری كەركووكە. ساڵانێكە بەعیشقەوە ژوانی لەگەڵ شیعردا بەستووە، بەتایبەتیش لەگەڵ شیعری منداڵان .خوێندنی وانەی كوردی لەقۆناغی سەرەتایی بەشێوەی شیعر لەلایەن مامۆستاكەیەوە، وایلێكردووە هۆگری شیعر بێت. تائێستا دوو نامیلكەی شیعری تایبەت بە منداڵان بڵاوكردۆتەوە، دوونامیلەكەی تریشی ئامادەیە بۆ چاپ. ئەم خاتوونە شیعر نووسین بۆ منداڵان بە فاكتەرێكی گرنگ دەزانێت تاوەكو زمانیان پاراو بێت.. ئێمەش هەڤپیڤینێكی ئەدەبیمان سەبارەت بە ئەزموون وكار وچالاكییەكانی ئەنجام دا.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بازانین جوانە كەریمات چۆن ئاشنای دونیای ئەدەب بوو؟

  • لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ئاشنابوونمان بە خوێندن، یەكەمین وانە كە سەرنج ڕاكێشام، وانەی خوێندنی زمانی كوردی بوو،كە بە شێوەی شیعریی نووسرابوون و بە وێنەی جوان و ڕەنگاوڕەنگ ڕازابووەوە. ئەوە جگە لەوانەی خوێندن، وانەی سروود و مۆسیقامان هەبوو. مامۆستای وانە ناوی مامۆستا عومەر بوو، ئەو مامۆستایە لە هەفتەغارەوە ماتۆرسیكل دەهات بۆ قوتابخانەی عەلی سەرا. ئەوكاتە، واتە “سەرەتای هەفتاكان ” خوێندن لە كەركووك بەزمانی كوردی بوو.
    مامۆستا عومەر هەر جارە و شیعرێكی كوردیی مناڵانی دەهێنا، ئەوەندە بە جوانی بۆمانی دەخوێندەوە، هەر هەموو قوتابیان بەماوەیەكی كەم ئەزبەریان دەكرد. هەندێ جاریش شیعرەكانی بەئاوازەوە بۆ دەخوێندەوە، ئێمەش هەر بەو شێوە ئەزبەرمان دەكرد. ئەمە سەرەتای ئاشناییم بوو بە ئەدەب كوردیی، بەشێوەیەكی گشتی و ئەدەب و شیعری مناڵان بەشێوەیەكی تایبەت.

    *بۆچی لە نێو ئەدەب دا شیعری منداڵانت هەڵبژارد ؟

  • هەر لەبەر ئەو وانە بەپێزانەی مامۆستاكانی سەرەتایمان كە وانەكانیان بە ڕەوانی پێدەوەتینەوە، بۆنموونە مامۆستای وانەی وێنەكێشان، مامۆستا ئەلیاس و مامۆستای وانەی سروود و مۆسیقا مامۆستا عومەر. بۆیە من و برا بچووكەكەم حەزمام لە شیعری مناڵان و وێنەكێشان كرد و زۆرجار لە ماڵەوە لاسایی ئەو شیعرانەمان دەكردەوەو لەخۆمانەوە شیعری مناڵانمان دەنووسی و وێنەمان دەكێشا.

    *پێتان وایە شیعر وەكو چیرۆك دەگاتە ناخی منداڵان ؟

  • بەڵێ بێگومان، مناڵان زۆر حەزیان لە شیعر و چیرۆك و داستانە، بەڵام شیعر لە چیرۆك زیاتر. چونكە لە كاتی خوێندنەوەی شیعر دا، جگە لە مانا و ناوەڕۆكی شیعرەكە ڕیتیمكی دڵڕفێنی میوزیكشی لەگەلدایە. ئەمەش دەبێتە هۆی سەرنجی مناڵان بۆ بابەتە شیعرییەكە.

    *ئەو بنەما و سیفەتانە چین، كەپێویستە لە شیعری منداڵاندا بوونی هەبێت؟

  • كۆمەڵێك مەرج هەیە لە شیعری مناڵاندا پێویستە هەبن: لەوانە وشەی ئاسان و ڕەسەنی كوردی، هەروا بایەخدان بە تاو كێش و ناوەڕۆك. مەرجە لەناو قاڵبی هەموو شیعرێكدا مەبەستێكی ئاراستە هەبێت، تەنها وشە ڕیزكردن نەبێت. لەهەموو گرنگتر دوور بێت لە توندوتیژی، باشتر وایە گوزارشت لە خۆشەویستی و مرۆڤایەتیی و خۆسەویستیی خاك و وڵات بكات.

    *چۆن دەڕوانیتە ئاستی شاعیرانی بواری منداڵان لە سەردەمی ئێستادا؟

  • ئەوەی زیاتر بەلای منەوە گرنگە، كە شاعیری مناڵانمان هەیە و ئێستاش بەردەوامن لە نووسین و شیعرەكانیشیان زۆر باشە و تەنانەت هەندێكیان وەك شاعیری مناڵان دەركەوتوون. ئەوە سەرباری ئەوەی كە لە كەركووك بەداخەوە تەنانەت گۆڤارێكی مناڵانیشمان نییە.

    *ئێوە خاوەنی دوو نامیلكەی شیعری منداڵانن (جوجەڵە و پەپولەی جوان) ئەگەر بكرێت ئاماژەیان پێبدەیت ؟

  • بەڵێ ئەم دوو نامیلكەیەم كە تایبەتن بە شیعر بۆ مناڵان لەسەر ئەركی خۆم چاپم كردوون و هونەرمەند گرفتار كاكەیی برام وێنەی بەرگ و نیگارەكانی ناوەوەی بۆ كێشاوە، ئا لێرەوە سوپاس و دەسخۆشیی لێدەكەم.
    (جووجەڵە) یەكەمین نامیلكەم بوو كە لەساڵی 2015 چاپم كرد، هەر لەبەر ئەوەی بینیم پێشوازییەكی گەرم لە یەكەمین كۆمەڵە شیعرییەم كرا و زۆرێك لە مناڵان شیعرەكانیان لەبەر كرد، بۆیە دووەمین نامیلكەشم ( پەپوولەی جوان) لە ساڵی 2024 چاپكرد، كە بەشی زۆری شیعرەكانی نێو ئەم نامیلكەیەشم گوزارشت لە خوشەویشتی نیشتمان و رێزگرتن وسۆز و ژینگە پارێزی دەكەن.

    *تاچەند شیعر رۆڵ و كاریگەری خۆی دەبینێت بۆئەوەی منداڵ زمان پاراو و ڕەوانبێژ بێت؟

  • زمانی بەشی زۆر لە شیعرە كوردییەكان بەزمانێكی پارا و جوانن نووسراەن، بە تایبەتی ئەگەر مناڵان ئەزبەری بكەن، زۆر كاریگەریی دەبێت بۆ ئەوەی مناڵان زمانێكی پەتی و ڕەوانیان هەبێت و لە دواڕۆژدا خۆشەویستی و وەفایەكیان بۆ زمانەكەی خۆیان هەبێت.

    *پرۆژەی نوێت هەیە؟

  • خوا یاربێت نامیلكەی سێیەم و چوارەمی شیعری مەنداڵانم لەهەگبەدایە، بەو هیواییەم زوو بكەوێتە بەر دیدی منداڵە چاوگەشەكانی كوردستان.



کتێب\ شانۆی سەر شەقام.. نیهاد جامی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




بە شەقامی کاک ئەحمەدی شێخا.. چیرۆکی : نەوزاد بەندی

ـــ ــ

( ئەزانی بۆ ؟ ژنبرامە هێشتا نانێکی لە ماڵما نەخواردووە …) ..( شتی قورس هەڵئەگرین ، ڕەحم بە بڕبڕەکانی پشتمان ناکەین ..) ..( ئەزانی ئێستا تەعین بووە ؟ یەعنی باران بێ ، بەفر بێ ، ڕەشەبا بێ ، ئەو حەقی نییە مەعاشەکەی بۆ بەستراوە ) .. ( ئێ خەڵکەکە ئەو وەزعەی پێ خۆشە ، فەرموو ئەوەیش دەنگدان ..) ..( هەموو شتێکمان پێچاوەتەوە ، چاوەڕێی قاچاخچییەکەین ، ئەڵێ ئەم چەند ڕۆژە لەسەرم ڕاوەستن ) ..( ئارەزووی خۆتە ، من وەک خۆم جلی لەنگە نەبێ ، لەبەری ناکەم ) ..( هەنار لەوێ گرانتر بوو ، سەیارەکەیشم نە کلاجی تیا ما ، نە بانس ) .. ( وەڵا خۆ من تمەنیشم کڕی ..) ..( بڕوا بکە ئەیدەم بە دەمیا ، وەڵا بیللا وا دایئەپۆڵسم بۆ حەوت پشتی عاقڵ ئەکەم ..) ..( درەنگ لە خەو هەڵسام .. ) ..( ناتوانم ، من ئیشی وا ناکەم ..) ..( ئەو خۆی حەز ئەکا جنێوی پێ بدرێ ، خەتای کەس نییە ) ..( براکەم ! یەک جار ئەووترێ زستان ساردە ) ..( حەز ئەکەم لەوە خراپترمان بەسەر بێ ..) ..( وەڵا خراپ نەبوو ، بەس زۆر ماندوو بووین ، دوانزە سەعات لەناو ئۆتۆبیسا بووین ) ..( لەرزم لێهاتووە ، سەنەوی و ئیجازەکەیشم وا تەواو ئەبن ، ئەبێ بڕۆمە ناو ڕۆژی حەشرەکەوە ) ..( دزن ، دز .. تۆ بە تەمای چیت ؟ ) ..( فەرعێکی تریشی کردۆتەوە ، بەس بەینی خۆمان بێ ، دەستی گۆڕیوە ) ..( ئەویش سوکە .. ئاااای چەنێ سوکە .. ) ..( دانەیەکیش بۆ من بکڕە ..) ..( هەمووی گۆشتی هیندییە ، وەڵڵا ..تۆ ئەم کوردە وا ئەناسی ؟ تۆزێ دوگی خۆمانەی پیا ئەتوێننەوە و یەڵڵا و بڕایەوە ) .. ( کاکە ، ژنی چی ؟ من خۆیشم پێ بەخێو ناکرێ ..) ..( بەڵام شتەکە بەو جۆرە بوو .. لێرە خەڵک وەک هەڵپەڕکێ ، یەک دوو حەرەکە زیاتر هیچی تر نازانن ) ..( بابە ، کتێبی چی ؟ کتێب و ئەم میللەتە ؟ ..) .. ( زۆر پیس دەوڵەمەند بوو ، بڕوا بکە کاتی خۆی باوکی ئەهات بۆ ئاشەکەی باپیرم ، سواڵی ووردە برنج و کەپەک و شتی ئەکرد ) ..( شیعرەکانی جوانن ، بەڵام خۆی زۆر بێ ئەخلاقە ..) ..( دووری بۆ مەڕۆ خۆم بکوژم ) ..( کەیفی خۆیەتی ، من ژیانی خۆم بۆ ئەو تێک نادەم ) ..( ئێمەیش ئەمساڵ خێرمان نەکرد ) ..( وەڵاهی با پێت بڵێم هەمووی بەتاڵە ، بەس ئەشەوبیلا نوێژەکان جێی خۆیان ئەگرن ) ..( ئێستایش خەریکی تەقریر نوسینە ) ..( من لە سبەینێوە دەست پێ ئەکەم ) .. ( ئێ بەڵێ وایە ، بەڵام وەرە قسە بۆ خۆی بکە ، بزانە مێشکت ناتەقێنێ ..) ..( هەتا دوو سێ ڕۆژ لێی ئەوەستم ، تەواو تەحەمولم نەما ) ..( ئەزانم ، کوڕی چاکە .. مەوقیفیشی هەیە ) ..( کورە کاریزمای چی ؟ تۆ تەواوی ؟ ) ..( بە جدیتە ؟ وەڵا بە عاقڵم ئەزانیت ) ..( ئەم عەسرە دوو کیلۆم فرۆشتووە ، ئەوەی ماوەتەوە تا سبەینێ ئەترشێ ! ) ..( نەوەڵڵا ، مەیە ..بەخوا تاقەتی کەسم نەماوە ..) ..( بەڵێ ، چوار مانگم ماوە ، ئیتر نەجاتم ئەبێ ) ..( حەلی تری نەبوو ، تەڵاقم دا ) ..( ئێرەیش ئەو خراپە نییە ، دنیا هەمووی تێکچووە ) ..( کورە پیاوی خۆیانە ) .. ( لای بە برا ؟ سەیری ئیخباری چی ئەکەی ؟ ) ..( ئێ باشە ، بەس بەخوا مریشکەکەی بۆنساردە ) ..( زۆر سوپاس ، جا ئەوەیش هی تۆیە ..) ..( ئەرێ دوێنێ شەو ئەو زرمەیە چی بوو ؟ ) ..( خۆی عەریزەکەی بۆ نووسیم ، بە دەستی خۆی ..) ..( بەخوا بووە بە فلیم ) ..( خەڵکەکە هەر یەکەی لە ئاشێ ئەکا ، شۆڕشی چی ؟ ) ..( هەر یەکەم ڕۆژ زانیم دز و ڕیسوایە ) ..( گەندەڵیی چی ؟ ئێمەیش بچینە ئەو شوێنە لەو باشتر نابین ) ..( چوار جار تەلەفۆنم بۆ کرد ، هەڵی نەگرت ، چی لێ بکەم ؟ ) ..( خەتای ئەو نییە ..) ..( خۆی وازم لێ ناهێنێ ، ئەڵێ نەیەی خۆم ئەسوتێنم ) .. ( قەت پاسکیل بۆ مناڵ مەکڕە بە تایبەت بۆ کچ ) ..( ئیتر شەوان کارەباکە ئەبڕن ..تەواو ، ئەبێتەوە بە تەویلە ) ..( من حەقم نییە بە سەریانەوە ، خوای ئەکرد دایکی یەکیان ئە…..ا ) ..( ئێ ئەوە کەی بوو ؟ بیست ساڵ پێش ئێستا ..) ..( گەوادی وا تا دوێنێ بوو سوێندی بەسەری لینین ئەخوارد ) ..( خۆی داوای کرد ، من ئاگام لێ نەبوو ) ..( ئێ وا جگەرەیشم تەرک کرد ، چی ئەبێ ؟ سێ چوار ساڵ زیاتر لەم زۆنگاوەدا ..) ..( چوار ژنی هەیە ، هێشتا چاوی بزە ..) ..( ئەمجارە ڕێک پیایا ئەکێشم ..) ..( دوێنێ شەو سەعات سێی بەرەبەیان هاتینەوە ، خەڵک ئێستا هیچی ناخەون ) ..( سەر وپێکە زوو کوڵا ؟ ) ..( تیک تۆکی چی ؟ بە بیلاهی ئەو خەڵکە هەمووی شێت بوون ) ..( جا خەیاتییەک ئەکا ، بڕوا ناکەم کەس شان با لە شانی ) ..( گویش بە دێلیڤەریی بێ ، هەمووی ئەخۆن ) ..( من وەک تۆ نیم ، مەمکە بە ڕەفیقی خۆت ) ..( بە تەمام بیفرۆشم ..جا خوا نەکا بتەوێ شتێ بفرۆشی ، بۆت ئەکەن بە پوش ) ..( ئەویش حەزی ئەکرد ، بەڵام باوک و براکەی نەیانهێشت ) ..( ئێ وا تەواویشت کرد ، خۆ ئەو جادانە پڕن لە خەریجی کولیه و مەعهەد کەس کەریان پێ نابەستێتەوە ) ..( ئەزانی مامی کێیە ؟ بۆیە وا لێئەخۆڕێ ) ..( خۆبەخشییەکە لە هیچ باشترە ، پیاو لە ماڵەوە دڵی ئەتەقێ ) ..( باوک نییە ، ڕێک سەگی هار ) ..( من تەداخولیان ناکەم ، ئەوەندەم ووت و سوودی نەبوو ، تەواو ..) ..( مناڵ ؟ بە تەمای مناڵیت خزمەتت بکەن ؟ ) ..( باوکم بە شەرەفم درۆ ئەکەی ) ..( بۆ دوو ساڵ ئەچێ دایبی پێ هەڵئەگرین ، لە وەزعێکاین مەگەر ئەو خوایه … ) .. ( ئەوانیش ئۆتیزمێکیان هەیە ) ..( وەرە زەلام بە ڕۆژی ڕوناک شیعری ئەم و ئەو بدزی ) .. ( ئێ مناڵی یەک کۆڵان بووین ، بەس ئیتر چی ئەڵێی ، ئەوە ئەوە و ..ئەمەیش منم کە ئەمبینی ..) ..( تۆزێ وەرەقی غاری تێکە ، عەیبی نامێنێ ) ..( ئێمەیش لە هیران و نازەنینەوە هاتینەوە ، توخوا ئەوە ڕێگایە ؟ ) ..( بەڵێ .. ئەرەوەڵا حەبلی شەوکی پچڕاوە ..) ..( سەگبابانە دوو پاس لەسەر جادەکان دانانێن ، مەعقولە ملیۆنێک کەس ملیۆنێک سەیارە.. ) .. ( دەستاوی خۆشە ، بەس زۆر ئەڵێ .. ) .. ( بەسەری خاڵە هەمووی یەک بەزمە ) .. ( ماستەکەی خراپ نییە ، بەس بەخوا شیری وشکی تێکەڵ نەکا ، حەجەکەی قبوڵ نابێ ..) ..( یەک دان بە سەد دۆلار پڕ ئەکاتەوە ، بەریش ناکەوێ ) ..( جا من حەقم چییە ؟ خوای ئەکرد ئەیانتۆپان ) ..( ئاگاتان لە بومەلەرزەکەی دوێنێ شەو بوو ؟ ) ..( ئەها وەک ڕێوی چۆن خۆی مت کردووە و ورتەی لێوە نایەت ؟ جارانیش کە له ژێر قۆنەرەیا بوو ، مێشکی بردبووین ) ..( بەس سیواک .. تا ئێستا مەعجونی دانم .. ) .. ( دوێنێ بینیم ، ملی حیز کرد و خۆی لێ گێل کردم ) ..( جارێکی تر لەو مزگەوتە نوێژ ناکەم ) ..( ئێ ئەویش هەر کورد نییە ؟ بە تەمای نیڵسۆن ماندێلا بێ ؟ وەڵا بیلا لەوان بێ ئەخلاقترە ) ..( نازانم ، بەس فەحسەکانی پاک بوون ) ..( ئەزانی ڕێک بە عەلاگەکەوە کردمه ناو تەنەکەی خۆڵەکە ) ..( ئەیهاوار ، ئەمە بازاڕە یان کوڕەو ؟ ) .. (بیشتۆپم ناچم بۆ لای دکتۆر ، دکتۆری چی ؟ بە کەرامەتم بەس خەڵک ڕووتاوەنەوەیە ) ..( بزانە گوێت لە پێکەنینێک ئەبێ ؟ ) .. (وەڵڵا ئێستا دەوامەکەم داوە بە کرێ ) ..( ئێ برا ئێمەیش وەک کوێت و سعودیە نەوتمان هەیە ..) ..( حەز ئەکەم چاوم کوێر بێ نەیبینم ) ..( تۆ چوار پێنج ساڵی کە سەیری کە ، بزانە عەرەب نابن بە زۆرینە ) ..( نازانم ، هەر کەسێ ئەبینی فەتح سەدری بۆ ئەکەن ..وەک تەئسیساتی ئاوی لێ هاتووە ) ..( درۆ ئەکا ، تۆیش عەقڵت هەبێ گوێی بۆ ناگری ، ڕەجائەن مەچۆ بۆ لای ) ..( ئێ برا لە سەیتەرەی منا نەماون ، ڕووی بابی ئەوە ڕەش بێ مناڵ ئەخاتەوە ) ..( ئەوەی منیش کیلۆمەتر سفر بوو ، بەس بە خوا بە یەک توور ) ..( ئێ باشە دێم ، بەڵام کەی بڕۆین ؟ ) ..( منیش خۆشم ئەوێ ، بەس قسەی قۆڕە ، پارەت پێ نەبوو لە پەنایەکا خۆت مات دە تا مەلەکلمەوت دێ ) ..( سێ چوار واستەم بۆ کردووە ، لەو مەکتەبە وەریناگرن ، موعەدەلەکەیشی نەوە و شەشە ) ..( وەڵا ئەڵێن گۆشتی مەڕە ، بەس چۆن وا هەرزان ؟ ) ..( هەر سەر سەلامەت بێ ) ..( نابێ خۆمان هیچ دروست کەین ) ..( توخوا ئێمە میللەتین یان عیللەتین ؟ ) ..( ئێ دە وەرە تۆ قسەی لەگەڵ بکە ..) ..( برا گەورەکەی ڕەفیقمە ، ناتوانم هیچ بڵێم ) ..( بە ڕاستی بێ ئەدەبە ، باشە ئەمە تەریق نابێتەوە ؟ ) ..( کاکە گیان خەڵک ڕازین ) ..( بابە ،لەگەڵ سەیدەلیە و موختەبەر و سۆنەرا شەریکە ) ..( ئێستایش کە ئەیبینم دڵم ئەکرێتەوە ، زۆر سەیرە ) .. ( هەر دوو ڕۆژە ، جا ئەڕۆنەوە ناو قاوغەکانی خۆیان ) ..( بەخوا شانزە دەرزی ، بە هەشت دەفتەر دۆلار ) ..( هێشتا هەڵمات و ڕەسمەکانی جۆلیانۆ جیما و ترنتیم ماوە ) ..( ئەوە خۆی بە چی ئەزانێ ؟ لای من یەک تاک پێڵاوە ) ..( ئێ چوزانم هایدرۆلیکی قەبری باوکی تێکردبوو . گێڕەکەی هەڵسان ) ..( برنجی تیا نەبێ ، تێر نابم ) ..( جا هەر ئەوە ؟ بڕوا بکە وار و وێخیان لەسەر خۆیان و مناڵەکانیان تاپۆ کردووە ) ..( پیاو نازانێ گوێ لە چی بگرێ ؟ وایان لێکردووی بڕوا بە بانگی موحەمەدیش نەکەی ) ..( سەعاتەکەی ڕێپلیکایه ) ..( دەتوخوا گوێ ئەدەیتە چی ؟ ) .. ( نەوەڵا ئێستا نوێژ ناکەم ) ..( بەس تەقاعود بم ، ئەڕۆم ..گوی سەگی تێ ئەکەم ) ..( هونەری چی ؟ نەبی بە پیاوی حیزب ، شکسپیریس بی ، ڕیسوات ئەکەن ) ..( ئێ خۆشە لە ئەوروپا قاچ بخەیتە سەر قاچ و دەربارەی ئەم سەرسەریخانەیە بنوسیت ) ..(من لە نەقڵیات نەبێ ، سەرناکەوم ) ..( عەمەلیاتی بۆ مەکە ، خراپتر ئەبێ ) ..( بەس ئەوەیان بەنزینەکەی باشە ) ..(ئێ خەڵک قسە ناکا ، هەر باشە سواریشمان نابن ) ..( حەرامە ، بابە ..شتی وا نەکەی ، ئەی ئەو خەڵکە گوناحیان چیە دۆلار بە 150 ئەکڕن ) ..( ئیتر بووە بە مۆدێل ، وەک لوتقرتاندنەکەی لێهاتووە ) ..( توخوا جاران یەک نەوع چیمەنتۆ نەبوو ؟ ئێستا پەنجا نەوع هەیە و ..هەموویشی درزی تێ ئەبێ ) ..( ئەمان خۆیان لە ئەڵمانیاوە ئەیهێنن ، تەقلیدیش ناکرێ ) ..( یەعنی ئیلا ئەبێ شاشە 75 بێ ؟ ) ..( وەڵا سوودی نییە ، حەز ئەکەی پێیشی بڵێ ) ..( جا بۆ کوێی ئەبەن ؟ ئیشەڵڵا بە تۆپیویی ئەیانبینین ) ..( ئاڵتونی چی ؟ ئەم خەڵکە زۆر بێ دەماغن ) ..( بە ئارەزووی خۆت ، من هەر ئەوە شک ئەبەم ) ..( سەد ساڵە لە باو باپیرانەوە بۆیان ماوەتەوە ) ..( پێشی زوو تەقەی تێ ئەکەوێ ئاگادار بە ) ..( سەدام حسێن چی بەسەرهات ؟ قابیلە لە سەدام حسێن موهیمتر بن ؟ ) .. ( ئێستا ئەوانەی کەرکوکیش گرانجان بوون ) ..( وەڵا هەمووی ببێ بە مۆڵ ، ئەم زاتە سەر ناکا به مۆڵێکا ) ..( من یەکەم کەسم کە ئیمزای ئەکەم ) ..( ڕاستە دز کوڕی دزە ، بەس مەوقیفی جوانیشی هەیە ) ..( توخوا ئەوە شارە ؟ ) ..( بەڵێ .. ڕێک تەقەی لێکردووە و کوشتوێتی ، کەسیش گونی نەگرتووە ) ..( باشه وەڵاهی سەیرە ، تۆ وەرە شەش ملیۆن کەس ئاوا خەسێنرا بن .. شەش ملیۆن پشیلە بوونایە باشتر بوو ) ..( ئاگاداری خۆت بە ، قسە لەملا و لا فڕێ مەدە ) ..( هێشتا بیری ئەکەم ، ئەزانی چەن ساڵە ؟ ) ..( ئێستا ئەم بەزمەیش داهاتووە ) .. ( هەتا من مابم نابێ ئەم حوکمەتە ئیستیفادەی فلسێکم لێ بکا ) .. ( کۆدی خاشاکەکەم لێکردەوە و کردم بە قەبری باوکیانا ) .. ( ئەویش فڕی ،تەواو ).. ( دە گوبخۆ . . ڕیسوا ) ..(وەرە بانگیان کە .. ئەوە مۆبایلەکەی من ، یەک یەک ئاگاداریان کەرەوە ، بزانە چەندیان دێن ) ..( خۆی کە بووی بە فەرمانبەر ئیتر ئەبی بە کۆیلە ) ..(ڕانک و چۆغەیەک ئەدوورێ ، ڕێک قاڵبیی ) ..( خوا هەڵناگرێ هات بۆ ماڵمان و عوزرخوایی هێنایەوە ، ئێ منیش چی بکەم ؟ لێی خۆش بووم ) ..( بڕوا بکە بە دوو سەعات تەقەم لێ هەستاند ) ..( بەخوا هەر نانەسکیەکەیە ) .. ( وەڵاهیی من لە فەقیریی بێزار نیم ، بەس ئەم گەوادانە ئەبینم بە ڤێلا و سەیارەی ئاخر مۆدێلەوە خەریکە دڵم ئەتەقێ ، بە بێ ئەوەی پوشێکیان نابێتە سەر پوشێ ..) …( منیش بۆم کڕی ، چی بکەم ؟ بەخوا یەک CD بە 65 هەزارە ..ئەمەیان سی دییەکانی زۆر گرانن ) ..(هەر لێرە وایە ، هەتا ئیش زیاتر بکەی ، فەقیرتر ئەبی ..هەرچی ملیۆنێریشە وەک مانگای مالوان لێی کەوتوون ، یەک دڵۆپە عارەقیان نەڕشتووە ) ..( کوڕەکەی منیش دەرەجەی نەهێنا ) ..( فێر بووە هەتا نەبێ بە زستان ، داوای ئایسکرێم ناکا ) ..( بەڵێ، کاکم ئێستا ڤایپ ئەکێشێ ).. ( ئیتر دنیا هەر وایە ، بە تەمای چیت لە دنیا ؟ ) ..( هاکا فەرتەنەکە دەستێ پێ کرد ) .. ( نازانم ، دوێنێ بوو ، پێرێ بوو ، چووم بۆ لای .. هیچ فەرقی نەکردووە ) ..( جا برا ئەوان چی دەربەستن ؟ یا ئەڵڵای ئەکرد مەکتەب و خەستەخانەیش دائەخران .. بۆ خۆیان باشترە ، هەرچی مەکتەب و خەستەخانەی ئەهلیی هەیە هی خۆیانە ) .. (هیچ مێشکی نەسووتانوم ، ئا ئەم کەناڵانە .. ئاخر بەس پێم بڵێ چ سودێکیان هەبووە ؟ ) .. ( بەخوا منیش ئەڕۆم ) ..( وەڵڵا بۆ منیشی کڕی بوو ) ..( ئەڵێن نانی جۆیە ، ئیتر خۆیان و خوای خۆیان ) ..(سێ مانگییەکەم حەوت ونیوە ، عیلاجیش ناخوم ! ) ..( جا چی تێ ئەچێ ؟ چوار بلۆک ئەبەن بە حەوادا و ئەڵێن به دوانزە دەفتەر ) ..( نامەیەکی بۆ ناردم ، جوابم نەدایەوە ) ..( خورماکەی جوان بوو ) ..(بەخوا بەنغالییەکی عەبوسە ، لەبەر دایکم نەبووایه دەرم ئەکرد ) ..( پف لەو هاندە سینییە ،بۆچی دانەیەکی تێ هەڵنایەی ؟ ) ..( هەموو عەسرێ لەوێم ) ..( پاریش پڕم کردەوە ، دەرنەچوو ) ..( داشبوڵەکەت کامیل بۆ ئەگۆڕن ) ..( وەڵڵا ئەوەی من دوو ملیۆن کامێرای تیا بوو ) ..( خۆ عەیبیشی نییە بەڵام مناڵەکانی من نایخۆن ) …( ئێستا هەر لەبەردەرگا پارەکە وەرئەگرن ) ..( بەخوا دەم و قەپۆزێکی ناشیرینی هەیە ) ..( تۆ وەرە زەلام سەعاتەکەی دەستت بایی ملیۆنێک دۆلار بێ ) ..( کۆکتێلەکەم مرد ) ..(ئەها، ئەو پەرلەمەنتارەی کە دەبە ئاوەکەی وەشان ..) ..( خزمی خۆیان نەبێ شتی بۆ بڵاو ناکەنەوە ) ..( ڕقت لە هەر کەسێ بێ دۆعای ئەوەی لێ بکە ئیشی بکەوێتە کورد ) ..( ئێستا کەلانە ئاگر ئەکاتەوە ) .. ( جا بۆچی بە سندوق ؟ ) … ….هتد ..




لکاندنی هەرێم بە حکومەتی عێراقەوە کارەساتە!.. عوسمانی حاجی مارف

حیزبی دەعوە و لایەنە شیعەکان لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە هەوڵیانداوە عێراق وەک دەوڵەت و کۆمەڵگا لەناوببەن و لە بازنەی دواکەوتویی و هەژاری و بێکاریدا بیهێڵنەوە تا هەر هەوڵ وهەنگاوێک بەرەو ڕێکخستنەوەو دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازادو پێشڕەو و شارستانی و یەکسان بەپێی دوو ئاراستە پووچەڵ کەنەوە.
ئاراستەی یەکەم کە هەوڵی خوڵقاندن و درێژەدان بە دابەشبون و ڕکابەری نێوان مەیلی تائیفی و قەومی، تائاستی خولقاندنی شەڕی تائفی و قەومی، لەم ئاراستەیەوە مشتەکۆڵەی دەسەڵاتی ئاسنینی شیعەی سەر بەئێرانیان دامەزراند، لەژێر “ناوی چوارچێوەی هەماهەنگیدا”.
ئاڕاستەی دووەم کە حیزبی دەعوە بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی دوو خولی(٢٠٠٦-٢٠١٤) گرتیەبەر، بریتییە لە دامەزراندنی هێزی ئەمنی تایبەت بە لایەنە شیعەکان بەهاوتەریبی لەگەڵ هێزە فەرمیەکان، کە لە کوتلە و میلیشیا شیعەکان پێکدێت، بەئامانجی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی جومگەکانی دەوڵەت و زاڵبوون بەسەر بڕیارە چارەنووسسازەکانیدا. مالیکی خۆی دانی بەوەدانا کە ئەو دامەزرێنەری ڕاستەقینەی ئەو میلیشیا و کوتلانەی سەر بە دەوڵەتە “هێزەکانی حەشدی شەعبی” کە ژمارەیان زیاتر لە ٧٩ کوتلەی چەکدارە.
بۆئەوەی ئەم دەوڵەتەی کە بەدەسەڵاتداری لایەنە شیعەکان ڕێکدەخرێت، هێز و کاریگەری و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدیاتی هەبێت هاوپەیمانیەکی بەهێزیان پێکهێنا، کە حزب و کوتلە شیعەکانی سەر بەئێران لە هاوپەیمانیەکەدا کۆدەکاتەوە بەناوی “چوارچێوەی هەماهەنگی”، بۆ ڕوبەڕووبونەوەی ئەو هاوپەیمانیە سێ قۆڵییەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا؛ وەک ڕەوتی سەدر(٧٣ کورسی) پەرلەمان، پارتی دیموکراتی کوردستان (٣١ کورسی)، هاوپەیمانی سەروەری (٦٥ کورسی)، بەڵام دوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە هاوپەیمانیەکەی، دەنگەکان گەڕایەوە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی کە دۆڕاوی ناو هەڵبژاردن بون. بەمشێوەیە “دۆڕاو” گۆڕا بۆ گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی. ئەمەش وای لێکرد حکومەت لەسایەی دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی پێکبهێنرێت. بەمشێوەیە حکومەتێک دامەزرا کە حکومەتی فەرمی بە سەرۆکایەتی محمد شیاع سودانیە، حکومەتی سێبەریش بە سەرۆکایەتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و فراکسیۆنەکان پێکهێنرا!
ئەم پێکهاتەیە لە دەسەڵاتی حزبی، بە ناوی چوارچێوەی هەماهەنگی و لە سایەی هێزی حەشدی شەعبیدا، لە جۆری بەرێوە بردنیان بۆ سەرمایەگوزاری لە عێراقدا، رەخساندی دۆخێکی گونجاوە بۆ درێژەدان بە گەندەڵی لە کۆمەڵگا و دەوڵەتدا، لەهەمانکاتدا خنکاندنی خەڵکە لە تاڵاوی جەهل و بێکاری و ئاژاوە و مادەی هۆشبەر و تیرۆرکردن و چەرخی ململانێ و شەڕی تائیفی و قەومیدا.!
لەماوەی حوکمڕانی درێژخایەنی ٢١ ساڵی ئەم حزبە دەسەڵاتدارانەدا، نەک هیچ خزمەتێکی بەرچاویان بە شارەکانی عێراق نەکردوە، بەڵکو وێرانکاریان تێدا بڵاوکردۆتەوە. بۆخۆشیان گەورەترین سەرمایەیان کەڵەکە کردوە. ئەوەی کە تا ئێستا بە ڕوونی دەیبینین تاڵانکردنی سامانی گشتی و دزینی خەزێنەی دەوڵەت و کۆنترۆڵکردنی جومگە ئابوری و دارییەکانی عێراقە.
حزبە دەسەڵاتدارە پێکهێنەرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لاوازبونی هاوسەنگی هێزیانەوە و بەناوی پێکەوەژیانی ئاشتیانە، ملکەچی دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی بوون و ناچارکراون کە تاڵانکردنی سامانی هەرێمیش بخەنە ژێردەستی حکومەتی عێراقەوە.
لەکاتێکدا باس لە پەیوەندی مشتومڕاوی نێوان بەغدا و هەولێر دەکرێت، بەتایبەتی لەسەر لکاندنەوەی تەواوی سەرچاوە ئابوری و داراییەکانی هەرێم بە عێراقەوە، وەفدێک بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی حکومەتی عێراق (تەیف سامی) لە هەولێر، لەسەر سەرچاوە و پرۆژە ئابوریەکانی هەرێم لە گێژاوێکدان، کە تائێستا بە ئاراستەیەکی شەفاف و ڕۆشندا تێناپەرێندرێت، ناشزانرێت کەی یەکلایی دەبێتەوە. ئەمەش چارەنوسی مامەڵەکردن بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی وەها ئاڵوز کردوە، کە هەر مانگە جۆرە پاساوێک دەکەنە هۆی دواکەوتنی موچە. وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەران بۆتە ڕووداوێکی ناوازە کە لەلایەن میدیاکانەوە وەک هەواڵێکی خۆش بۆ دانیشتوانی هەرێم بڵاودەکرێتەوە، لەهەمانکاتدا پرسی موچە بۆتە کێشەیەکی بێوەڵامی ململانێی نێوان بارزانی و تاڵەبانی.
لەهەمانکاتدا شیعەکان هەوڵئەدەن پێی هەرێمیش بکێشنە ناو تاڵاوەکانی عێراقەوە، بە گەمارۆدان و برسێتی و دواکەوتویی بڵاوکردنەوەی دوو بەرەکی و دژایەتی هەرجۆرە سیمایەکی شارستانیە لە ناوچەکەدا وەک سەپاندنی یاسای باری کەسێتی، لەهەمانکاتدا قوڵکردنەوەی کێشەکان و ململانێکانی نێوان بارزانی و تاڵەبانی تا ئەو ئاستە کە ململانێکانیان هۆکاری زیاتر توندبونەوەی بارگرژی نێوان هەردوو لایان بووە، وەک لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دیمان.
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە عێراق شایەتی ململانێی نێوان داکۆکیکارانی دەوڵەتی مەدەنی و داکۆکیکارانی دەوڵەتی ئایینی نەبووە و دەوڵەتی مەدەنی هەتیو کەوتوە. ئەمریکا ئەو بابەتەی بەوشێوەیە یەکلاییکردەوە کە دەسەڵاتی ڕادەستی نووری مالیکی کرد کە بە توندڕەوێکی مەزهەبی ناسراوە. مالکیش دەیزانی کە دەسەڵاتێک بەڕێوەدەبات دەکەوێتە نێوان دوو دوژمنەوە، ئەمریکا و ئێران، بەڵام بەئاشکرا لەسەر باڵادەستی ئێران بەسەر عێراقدا گیرسایەوە.
دۆخەکەش بەرەو شەڕێکی ناوخۆ کێشرا کە تێیدا هەزاران کەسی بێتاوان کوژران و شەڕێک، کە هێزەکانی عێراق پێشئەوەی بتوانن چەکەکانیان لە شەڕدا تاقی بکەنەوە، شکستیان هێنا. عێراق بەشێکی زۆری سەروەت و سامانەکەی لەدەستدا لەبەرامبەر ئەوەی تا مالیکی دەوڵەتەکەی دامەزرێنێت، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. هەموو ئەو یاسا ناوازانەی کە لەلایەن مالیکیەوە دەرچووە بە مەبەستی خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانی گروپەکانی خۆیەتی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی لە حکومەتی عێراقدا بە پاشکۆبونی بە ئێرانەوە. کاتێک مستەفا کازمی هەوڵیدا بە بەشێکی کەم بەو یاسایانەدا بچێتەوە، میلیشیاکان ماڵەکەیان بۆردومان کرد.
ئەمریکا عێراقی کێشایە ناو زەلکاو و تەڵەیەکی تائیفیەوە. کەوتنە ناو ئەو تەڵەیە، دەبێتە هۆی کوێربون، ئەوەی لەناو ئەو تەڵەیەدا یاری بکات واقیع بین نابێت، ناتوانێ مامەڵە لەگەڵ حەقیقەتدا بکات. بۆیە هەموو ئەو ڕاستیانەی کە لەلایەن شیعەکانی عێراقەوە پیادەدەکرێت، لە واقیعێکی ناکۆکەوە وەرگیراوە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە بە ئیرادەی ئەمریکی و ئامۆژگاری ئێران، دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە.
شیعەکانی عێراق بەشێوازێکی ئێرانی بیردەکەنەوە. ئەگەر شەڕێک لە دژی ئێران دەستپێبکات، لەگەڵیدا دەوەستن و شەڕی بۆدەکەن، ئەمە هاوکێشەیەکی سەیرە جێگای سەرسورمان و تێڕامانە کە پاشکۆبون بۆ دەوڵەتێک دەوڵەتی خۆت بکەیتە قوربانی، بەڵام وڵاتێک کە سێ ملیار دۆلار بۆ سەردانی حوسێنیە خەرج بکات، ئیتر پێوەرێکی گونجاوی تیا بەدی ناکرێت بۆ بیرکردنەوەیەکی عەقڵانی و ئینسانی.
ئەم پێکهاتەیە لە حکومەتی ئێستای عێراق بەهیچ جۆرێک جێگای متمانە نیە، کە پێوەرێک بێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک بەبێ ئێران، جێگیرکردنی دەسەڵاتێک بێت بەبێ هێزی میلیشیا، بەبێ ستەمی سیاسی، یان ئایندەیەک بێت بۆ ئارامی و خۆشگوزەرانی دانیشتوان، نمونەی دەسەڵاتێکی تەواو نەرێنیە لە گۆشەکیردنی دەور و ئیرادەی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا، بێئیرادەکردنی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی سادەترین خواست دەچەسپێنێت. ئەم چوارچێوە سەروخەڵکیە شایستەی ژیانی بەشەریەت نیە و پێویستە هەڵوەشێتەوەو کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە مۆرانەیەکە بۆ کەڵەکەی سەرمایەو پاراستنی سەرمایەداری، ژیانی مرۆڤەکانی عێراق دادەڕزێنێت.
هەر ئەم مۆرانەیە لەڕێگەی ئاست نزمی و ڕیسوایی و تاڵانچی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیەوە، خەریکە پەلدەهاوێت بۆ هەرێمێکی شەقوشڕی وەک کوردستان بەناوی ناوەندکردنەوەی عێراقەوە، ئەو ناوەندبونەی کە ئایندەی هەرێم و موچەی فەرمانبەران و گوزەران و قوتی خەڵک دەخاتە ناو پرۆسەیەکی پێچیدەو نادیارترەوە.
پێویستە ڕێگە نەدرێت هەرێمی کوردستان بەناوی موچەو هەر بیانویەکی ترەوە بکەوێتە ژێردەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگیەوە، رێگە نەدرێت بارزانی و تاڵەبانی خەڵکی کوردستان بخەنە ناو ململانێی نێوان خۆیان و حکومەتی عێراقەوەو یاری بە چارەنوسی ژیانێکی پڕ لەگێژاوی ترمان بکەن. خەڵکی عێراق و کوردستان پێویستیان بە شۆڕشێکە لە هەنگاوی یەکەمدا کۆتایی بەتەواوی هێزە میلیشیاکان لەکوردستان و عێراق بهێنن.

عوسمانی حاجی مارف




ڕانانێک بۆ کۆچیڕۆکی (چیبوو تێکی دام) ی شێمحمەد باڵەک.. ڕەمەزان حسن

دەروازە

لەگەڵ خوێندنەوەی هەردەقێک و کتێبێک یەکەم بەرکەوتەی نێوان خوێنەر و نوسەر پیت و فەرهەنگ و وشەکانی ناو دەقەکەن.بۆیە هەرکاتێک دەمەوێت کتێبێک بخوێنمەوە زۆر لەسەر زمانی نوسین و فەرهەنگی پێکهێنانی کتێبەکە دەوەستم.لەگەڵ هەڵهاتنی ئەوەڵ ڕۆژەکانی ساڵی نوێی دووهەزارو بیست وچوار یەکەم پەرتوکێک کەدەستم دایێ و خوێندمەوە پەرتوکی(چی بوو تێکی دام )ی زمانناس و زمان پاراوی کورد(شێمحەمەد باڵەک)بوو .سەرەتا هەروەک خوویەکی هەمیشەیی خوێندنەوەم وەک هەر کتێبێکی تر دەستم کرد بەخوێندنەوەی بەڵام لەگەڵ خوێندنەوەی پێشەکی و دواتر خوێندنەوەی چیڕۆکی یەکەمی بەناوی (کەوەکەی فەقێ ڕەسوو)… بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبەکەن..




کێ دەبێت بە چل وحەوتەمین سەرۆکی ئەمریکا.. لوقمان ئابڵاخی

هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریکا بۆ سەرۆکایەتی زۆر جیاوازترە لەهەموو هەڵبژاردنەکانی تری مێژووی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
دوور لە هەڵای میدیاکان لە ئەمریکا و لە جیهانیشدا، کە زوربەیان خزمەتی ئەجێندا تایبەتیەکان دەکەن، هەڵبژاردنی ئەمجارە لە نێوان دوو ئایدیۆلۆجیا و بەرنامەی جیاوازدایە کە شێوەی بەکارهێنان و بەڕێوەبردنەکەی بۆ هەردوو کاندیدەکە، کەم تا زۆر دیارە، تاقیکراوەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ کە کاندیدی پارتی کۆماریەکانە، چل و پێنجەم سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە ساڵی ٢٠١٦ هەتا ساڵی ٢٠٢٠ سەرۆک بوو.
کامێڵا هاریس کە کاندیدی دیموکراتەکانە، لە (٢٠٢٠ ) ەوە ، جێگری سەرۆکی ئەمریکایە.

لە ماوەی ٤ ساڵی سەرۆکایەتیەکەیدا، ترەمپ ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی زۆر گەورە بوو کە گرنگترینیان ئابووریەکی خراپ و هەڵاوساو؛ کێشەی کۆچبەری نایاسایی؛ ئنجا بڵاوبوونەوەی کۆڤید کە نەک لە ئەمریکا بەڵکو هەموو جیهان پێوەی گرفت بوون و کاریگەری نەرێنی لەسەر مرۆڤایەتی و ئابووری زوربەی ووڵاتانی جیهان هەبوو.

ترەمپ کە کەسێکی پراگماتیک و بزنسمانە، ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگانە بووەوە و ئابووری ئەمریکای هەڵساندەوە، نرخی خواردەمەنیەکان و نرخی سووتەمەنی بەهۆی سیاسەتە ئابووریەکەی ترەمپەوە دابەزی وە باجی لەسەر چینی مام ناوەندی کەمکردەوە.

لە چوار ساڵی فەرمەنڕەوایی ترەمپ، ئەمریکا شکۆ و هەیبەتی هەبوو وە ئاشتیەکی ڕێژەیی بەرقەرار بوو لە جیهاندا و هیچ شەڕێکی گەورەی وا لە ئارادا نەبوو کە مەترسی بێت بۆ سەقامگیری جیهان و گرژیەکی ئەوتۆ دروست بکات کە مەترسی تەشەنەسەندنی شەڕی وێرانکەر بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە رۆژهەڵاتی ئەوروپایشدا.
ترەمپ لە کامپەینی هەڵبژاردنەکەیدا بۆ ساڵی ٢٠١٦ بەڵێنی بە ئەمریکیەکان دا کە لێشاوی کۆچبەرە نایاساییەکان بوەستێنیت و شوورەیەکیش لە سنووی نێوان ئەمریکا و مەکسیکدا دروست بکات، کە بوو بە سەرۆک بەڵێنەکەی خۆی بەجێهێنا، شوورەکەی دروستکرد و کۆچی کۆچبەرە نایاساییەکانیشی تەواو سنووردارکرد.

لە ماوەی ٤ چوار ساڵی سەرۆکایەتی بایدندا کە کامێڵا هاریس جێگری بوو، ئابووری ئەمریکا بەرەو هەڵدێر چووە؛ باجی سەر چینی مام ناوەندی زیادیکردووە؛ نرخی خواردەمەنیەکان و نرخی سووتەمەنی زیادیکردووە؛ لێشاوی کۆچبەری نایاسایی بە شێوەیەک زیادیکردوە کە هەموو مێژووی ئەمریکا وواڵایی و بەرەڵایی سنووری بەو شێوەیەی بە خۆیەوە نەدیوە.

بایدن بەرپرسیارێتی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی کۆچبەری نایاسایی و پارێزگاریکردن لە سنوورەکانی بە کامێڵا هاریس پاراست کە شکستێکی گەورەی هێنا چونکە پتر لە ١٠ ملیۆن کۆچبەری نایاسایی ڕوویانکردە ئەمریکا کە بەهۆیەوە ئابووری ویلایەتەکانی ئەمریکای تێکدا وخراپ کرد.

لێرەدا بە پێویستی ئەزانم کە بە چەند خاڵێک بەرچاوڕوونی بە خوێنەران بدەم دەربارەی مەترسی و نەرێنیەکانی کۆچبەرە نایاساییەکان بەو لێشاوە و بەو ژمارە زۆرە کە ملیۆنەهای تێپەڕاندوە:

١- زوربەی ویلایەتە شینەکان، ئەوانەی کە دیموکراتەکان تیایاندا زۆرینەن، بودجەیەکی زۆری ویلایەت و یارمەتیەکانی حوکمەتی فیدراڵیان بەخشی بەو کۆچبەرە نایاساییانە کە ژمارەیان لە دە ملیۆن کۆچبەر تێپەڕی کردبوو لە کاتێکدا دانیشتوانی ویلایەتەکان خۆیان پێویستیان بەو پارەیە هەبوو بۆ نوژەنکردنەوەی ڕێگاوبان و پردەکان و چاکردنی خزمەتگوزاریەکان .
ئەمە جگە لەوەی کە ئەمریکا خۆی خاوەنی پتر لە سێ چارەکە ملیۆن بێلانەیە(هۆملێس)ە وە بەپێی دوایین زانیارییەکانی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا، ژمارە ئەو کەسانەی کە لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن نزیکە ٣٨ ملیۆن ئەمریکیە، واتە لە ١١.٥٪ ی دانیشتوانی ئەمریکا لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن.
٢- لەنێو ئەو کۆچبەرە نایاساییانەدا، بە سەدان سیخوڕی ووڵاتانی تری وەکو چین، ڕووسیا، کۆریای باکوور، ئێران و تەنانەت هەواداران و شوێنکەوتوانی (حزب الله)، داعش و قاعیدە و ئەو کەسانەی کە لە لیستی ڕێگە نەدراو بە فڕین بۆ ئەمریکا و لیستی چاودێری ئەمریکادا بوون.
٣- لەنێو ئەو کۆچبەرە نایاساییانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە تاوانباران و کەسانی خراپ کە لە ووڵاتەکانی خۆیان لەسەر تاوانی گەورە زیندانیکرابوون، بەرەەڵا کران و کارئاسانیان بۆ کرا کە ڕووبکەنە ئەمریکا.
لە ماوەی ئەم چوار ساڵەی پێشوودا ژمارەیەکی دیاری تاوانی کوشتن، لاقەکردن و دزیکردن لەلایەن کۆچبەری نایاساییەوە ئەنجامدراوە. زۆرینەی تاوانبارەکان لەوانە بوون کە لە ووڵاتەکانی خۆیشیاندا بە تاوانی جۆراوجۆر حوکمدرابوون.
٤-ئەو قاچاخچیانەی کە ئەم لێشاوەی کۆچبەرە نایاساییەکان دەهێننە ناو ئەمریکاوە، ئیستیغلالی بەشێکی بەرچاوی ئەو کۆچبەرانەیان کردووە، بە تایبەتی کوڕ و کچە گەنجەکان، و بازرگانیان پێوەکردوون و بۆ لەشفرۆشی بەکاریان دەهێنن.
٥- لە کاتێکدا کە ئەو کۆچبەرە نایاساییانە یارمەتی مادی، تەندروستی و خۆراکی و تەنانت شوێنی ژیانیش لە حوکمەتی ئەمریکا وەردەگرن، ئیشی ڕەش دەکەن و باج نادەن کە ئەمە لەلایەکەوە زیان بە ئابووری ئەمریکا ئەگەیەنێت و لەلایەکی تریشەوە هەلی کار بۆ کۆچبەرە یاساییەکان و بۆ هاووڵاتیە ئەمریکیەکانیش سنووردار ئەکات.

کارەکتەری کامێڵا و ترەمپ
لەبەر ئەوەی کە ترەمپ سیاسەتوان نیە، توانای ئەوەی نیە وەکو سیاسیەکان قسە بکات و نمایش بکات، هەندێکجاریش قسەکانی ڕەق دەردەکەون و شێوازی قسەکردنەکەیشی لە خەڵکی تر جیاوازە. لێرەدا ئەوانەی کە تەواو بێزاربوون لە سیاسەتوانە درۆزن و بێ بەڵێنەکان کە قسەکانیان تەنها بەڵێنە و هیچیتر، ترەمپیان پێ باشترە چونکە ترەمپ بزنسمان بووە و سیاسی نەبووە وە خەڵک بە گشتی بێزار و تەڕەیە لەسیاسیەتوانەکان کە تەنها بەرژەوەندی خۆیان مەبەستە.
لەمەدا پێچەوانەی کامێڵا هاریسە کە هەموو ئەو بەڵێنانەی کە ئێستا بە ئەمریکیەکانی ئەدات، هەڵگەڕانەوەیەکی تەواوە لە ئایدیۆلۆجیاکەی کە چەندین ساڵە جێبەجێیکردوە و لە کاروکردەکانیشیدا درۆزنی و بێ بەڵێنی بەردەوام ئامادەگی هەبووە.
بۆ نمونە، هاریس کە لە خێزانێکی دەوڵەمەندەوە هاتوە و باپیرانی خاوەنی کۆیلەبوون، تاکو شەش مانگ لەمەوبەریش خۆی بە هندستانی ئەزانی ، بەڵام کە بووە بە کاندید بۆ سەرۆکایەتی نەک هەر خۆی بێبەری کردوە لە هیندستانی بوونەکەی بەڵکو خۆی بە ڕەش.

کامێڵا بەڵێن ئەدات کە باجی سەر بەخشیشی شاگردی چێشتخانە و ئوتێلەکان هەڵگرێت لە کاتێکدا بەهۆی دەنگی ئەوەوە یاسای باجدانان لەسەر بەخشیشی شاگردەکان سەریگرت و بوو بە یاسا چونکە لە کاتی دەنگداندا، هەمووکۆماریەکان بە (نا) و هەموو دیموکراتەکان بە (بەڵێ) بۆ باجەکە دەنگیاندا کە پەنجای دیموکراتەکان بەرامبەر بە پەنجای کۆماریەکان بوو. بەڵام بۆ ئەوەی کە پڕۆژەیە دەرچوایە، پێویستی بە ٥٠ +١ هەبوو، وە ئەو یەک دەنگە کامێڵا هاریس ئیزافەی کرد چونکە ئەو وەکو جێگری سەرۆک ئەو مافەی هەیە کە پەنجا بە پەنجایە یەکلایی بکاتەوە.
شایانی باسە کە شاگردی چێشتخانەکان لە ئەمریکادا کەمترین کرێ وەردەگرن وە ئەو بەخشیشەی کە وەریدەگرن یارمەتی بەرزکردنەوەی کرێی ئیشەکەیانی ئەدا بۆ دابینکردنی بژێوی یان بۆ یارمەتی دانەوەی قەرزی خوێندنی زانکۆکانیان.

کامێڵا هاریس کەسێکی ئەمەندە خۆشەویست نەبوو لە ناو پارتەکەی خۆیشیدا، هەر لەبەرئەوە بوو کە ئەو کاتەی کە لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی دیموکراتەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ وەکو کاندیدی دیموکراتەکان هاتە پێشبڕکێکەوە، تەنانەت ویلایەتەکەی خۆیشی نەبردەوە.
عادەتەن ئەوانەی کە لە بەراییەکانی کۆماریەکان یان دیموکراتەکاندا پێشبڕکێ دەکەن، بەلایەنی کەمەوە ویلاتەکەی خۆیان دەبەنەوە. بەڵام کامێڵا نەیتوانی هیچ ویلایەتێک و تەنانەت ویلایەتەکەی خۆیشی بباتەوە.
ترەمپ کەسێکە باسی پاراستنی بەها خێزانیەکان هەیە، ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە موسڵمانەکانی ئەمریکا کە هەرچەندە ترەمپیشیان خۆشناوێت، لە میشیگەن پشتیوانی خۆیان بۆ ترەمپ دەربڕی.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتی ئەمریکا کەمتر پەیوەندی بە کەسایەتی کەسەکانەوە هەیە و زیاتر پەیوەندی بەو بابەتانەوە هەیە کە جێی بایەخی ژیانی ڕۆژانەی ئەمریکیەکانە، وەکو کێشەی کۆچبەری نایاسایی؛ خراپی باری ئابووری ئەمریکا و هەڵاوسانی ئابووری؛ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی؛ بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنیەکان؛ ڕەتکردنەوەی بەها و ئایدیۆلۆجیای ئەڵترا لیبراڵ و چەپە تووندڕەوەکان کە تەنها ئەو کاتانەی کە هاوڕایانیت قبووڵکراویت لایان و بە باشت دەزانن بەڵام بەپێچەوانەوەی ئەوانەوە بیت ئەوا بە فاشیەت و نازیەت و جۆرەها ناوناتۆرەی تر تاوانبارت دەکەن.
بە پێویستی ئەزانم هەڵوێستەیەک لەسەر بابەتی بەها خێزانیەکان بکەم و بەرچاوڕوونی بە خوێنەران بدەم.
ئەجێندای چەپی توندڕەو و ئەڵترا لیبراڵەکان، کە کامێڵا هاریس یەکێکە لە پێشەواکانیان، ئەجێندای هاوڕەگەزخوازی لە قوتابخانەکانی ئەمریکادا سەپاندوە.
هەڵبەتە هاوڕەگەزخوازی تا ڕادەیەکی زۆر لە ناو ئەمریکیەکاندا قبوڵکراوە، بەڵام ئەوەی کە ئەمریکیەکان لێی ئەترسن ودژایەتیدەکەن بە زۆر سەپاندنی ئەجێنداکانی هاوڕەگەزخوازەکانە.
بۆ نموونە لە هەندێک ویلایەت ئەگەر مناڵێک یان هەرزەکارێک لە ژێر فشاری هاوڕێکانیدا یان لەبەر هەر هۆیەکی تر لە قوتابخانە بکەوێتە داوی ئەوەی کە ئەیەوێت ڕەگەزی خۆی بگۆڕێت لە کوڕەوە بۆ کچ یان بە پێچەوانەوە، ئیدارەی ئەو قوتابخانەیە بەیاسای ویلایەت ئەو مافەیان پێدراوە کە ئەو مناڵە ببەن بۆ نەخۆشخانە بۆ ئەوەی نەشتەرگەری ڕەگەزگۆڕینی بۆ بکرێت بەبێئەوەی کە پرس بە باوک ودایکی منداڵەکە یان هەرزەکارەکە بکەن.
دیموکراتەکان ئەوەیان سەپاندووە کە ئەگەر کوڕێک ڕەگەزەکەی خۆی بکاتە بە کچ، بە یاسا مافی ئەوەی پێدەدرێت کە لە تیمی کچان یان ژناندا بەشداربێت کە ئەمە غەدرێکی زۆر گەورەیە کە لە کچان و ژنان ئەکرێت چونکە ئەو کوڕەی کە ڕەگەزی خۆی گۆڕیوە بۆ مێ، هێشتا هەیکەل وماسولکە وتوانای نێری هەیە کە ئەمە باڵادەستی و ئەگەری بردنەوەی زیاتر بەو (نێر/مێ)یە ئەدات کە یاریەکە بباتەوە. ترەمپ بەڵێنی ئەوەی داوە کە ڕیگە بەوە نادات ڕووبداتەوە.
لە هەموو ئەمریکادا بە یاسای فیدرال ئەوە چەسپاوە کە بۆ کڕینی جگەرە یان هەر جۆرە خواردنەوەیەکی ئەلکهولی بێت نابێت بە بێ دەرخستنی ناسنامە بفرۆشرێت هەرچەندە ئەگەر بەتەمەن و سەرسپیش بێت چونکە فرۆشتنی جگەرە و خواردنەوە بە خوار تەمەنی ٢١ بیست ویەک ساڵیەوە بە یاسا قەدەغە کراوە. بەڵام لە ویلایەتە شینەکان، سێنەتۆری ئەو ویلایەتانە بە یاسا ئەوەیان قەدەغەکردوە کە دەنگدەر لە کاتی دەنگداندا داوای ناسنامەی لێبکرێت لەلایەن چاودێرانی سێنتەری دەنگدانەکەوە.
هەڵبەتە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەمە هەوڵێکی دیموکراتەکان بێت بۆ ئەوەی کۆچبەری نایاسایی بەکاربهێنن بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بهێنن.
زۆرێک لە میدیاکانی ئەمریکا چەپ ولیبراڵن و بەردەوام ڕەواج بە ئەجێندای ئەوان ئەدەن. ترەمپ تا ئەو کاتەی کە خەریکی کارو کاسبی و بازرگانیەکانی خۆی بوو، لەلایەن هەموو میدیا چەپەکانەوە پەسەند و قبووڵکراو بوو. هەر لەو ساتەوە کە بڕیاری دا لەسەر تیکتی کۆماریەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا خۆی کاندید بکات، تاکو ئێستایش هەر دژایەتی ترەمپ دەکەن و کێچێکی لێ دەکەن بە گایەک لەکاتێکدا کە زۆر ڕووداو و تاوان و هەڵەی ئیدارەی دیموکراتەکان بێدەنگی لێدەکرێت. تەنانەت ئەو چوار ساڵەی پێشوویش کە بایدن سەرۆک بوو، ڕوویان لە هەڵە و شێوەی ئیدارەکردنەکەی بایدن وەرگێڕابوو هەر دژایەتی ترەمپیان ئەکرد.
لەمەدا کامێڵا هاریس باڵادەستە کە نەک تەنها پشتیوانی بێمەرجی ئەو میدیایانەی هەیە بەڵکو وایان لێهاتوە وەکو بەشێک لە کامپەینەکەی کامێڵا هاریس دەردەکەون.
ئەو ئەستێرانەی هۆلیودیش کە ئەڵترا لیبراڵن، پشتیوانی کامێڵا هاریس و دژایەتی ترەمپ دەکەن.

ترەمپ، هاوشێوەی کۆماریەکان، باوەڕی بە بچوکردنەوە و سنووردارکردنی دەسەڵاتی حوکمەتە، بەڵام هاریس، هاوشێوەی دیموکراتەکان، باوەڕی بە فراوانکردنی حوکمەت و دەسەڵاتەکانی حوکمەت و دەستوەردانی حوکمەتە لە ژیانی ڕۆژانەی ئەمریکیەکاندا.
هاریس نوێنەر و پشتیوانی جیهانگیریە، بەڵام ترەمپ پێی وایە کە خزمەتکردنی بەرژەوەندی ئەمریکا ئەرکی نیشتمانی ئەبێ پێش هەموو شتێک بێت.
لە ویلایەتە شینەکاندا چاوەڕوانی گرژی و تەنانەت توندوتیژیش دەکرێت لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە، بە تایبەتی ئەگەر ترەمپ بیباتەوە، لەبەر ئەوە هەر لە ئێستاوە پاسەوانی نیشتمانی لە ویلایەتی واشینگتۆن، ئۆریگن و نیڤادا چالاک کراون و لە ئامادەباشیدان.
ئەو سێ ویلایەتە وەکو بنکەی سەرەکی ئەنتیفا دادەنرێت کە ڕێکخراوێکی میلیشیا ئاسای توندڕەون و دژ بە کۆماریەکانن.

بە دڵنیایەوە دەنگدان ترەمپ لەم هەڵبژاردنەدا لەلایەن هەوادار و شوێنکەوتوانی ترەمپەوە بەهۆی یەکگرتنەوەی بیر وئایدیۆلۆجیاکانیانە لەگەل ترەمپدا، بەڵام ئەوانیتر کە ترەمپیان خۆشناوێت و دەنگی پێدەدەن لەبەرئەوە دەبێت کە باوەڕیان بە کامێڵا هاریس نیە و بەرنامە و پرۆژەکانی کامێڵا بە مەترسی دەزانن بۆ ئەمریکا و بۆ ئابووری وبۆ بەها خێزانیەکان.

لوقمان ئابڵاخی
٣ ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤




زمـانی كـوردی له‌ یـاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێڕاقی فیدڕاڵ دا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

» ئه‌گه‌ر میلله‌تێك توانی
ئه‌و زمانه‌ی به‌ ولآته‌كه‌ی به‌خشراوه‌ بپارێزێ
هه‌رگیز ئازادی لێ زه‌وت ناكرێ
وێنه‌ی هه‌ڵۆ كه‌ له‌ بڵندیاندا ڕاو ناكرێ ..
زمانه‌كه‌مان پێویسته‌ بپارێزین
وه‌كو دایك كه‌ سۆز ده‌داته‌ كۆرپه‌كه‌ی..
زمانه‌كه‌مان، زمانی تـاگـالی
له‌ لاتینی و
له‌ دیالێكتی ئینگلستان و له‌ زمانی فریشتان كه‌متر نییه‌..
خوا كه‌ به‌چاوی میهره‌وه‌ سه‌یری كردووین
له‌ گه‌ڵ هه‌موو موقه‌ده‌ساتی دی پێی به‌خشیوین.
شاعیری فیلپینی خۆسیێ ڕۆسال «

زمان كه‌ كۆڵه‌كه‌یه‌كی به‌هێزی سه‌لماندنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یییه،‌ ده‌بینین له‌ هه‌موو ئه‌و دانوستانانه‌ی نێوان كورد و حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق، خاڵێك بووه‌ له‌ خاڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی دانوستان و گفتوگۆ..
له‌به‌رامبه‌ردا ده‌زگا جۆراوجۆره‌كانی ئه‌و حكوومه‌تانه‌ ئه‌وه‌ی پێیان كرابێ له‌ شێواندنی زمانی كوردی و ڕێگرتن له‌ هه‌موو هۆیه‌كی به‌ره‌وپێشچوون و ته‌نانه‌ت په‌ره‌سه‌ندنی سرووشتیی خۆیشی درێغیان نه‌كردووه‌..( ئه‌گه‌رچی له‌ ڕاگه‌یاندن بۆ ڕووكه‌شی ئه‌وه‌یان شاردبێته‌وه‌ ..) ئه‌وه‌ش به‌تایبه‌تی دوای نسكۆی 1975 له‌ نیازی ڕاستینه‌یاندا ده‌ركه‌وت.
حكوومه‌تی ئه‌وسای عێراق هه‌موو ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ كولتوریانه‌ی له‌ پێشه‌وه‌شیان خوێندن به‌كوردی كه‌ له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ی ئاداری 1970دا به‌دی هاتبوو لێی پاشگه‌ز بووه‌وه‌ و له‌ پاڵ گۆڕینی به‌رنامه ‌و پرۆگرامی خوێندن به‌و مه‌به‌ست و ئامانجه‌ی خزمه‌تی پلانه‌كانی ده‌كا چه‌ندین جاریش خوێندنی كوردی كرده‌وه‌ عه‌ره‌بی به‌تایبه‌تی له‌دوا پاری حه‌فتاكان زۆربه‌ی وانه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی زمان ده‌وری سه‌ره‌كیان تێدا ده‌بینێ كرده‌وه‌ به‌ عه‌ره‌بی، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی قوتابی كورد له‌ قۆناخی زانكۆ كه‌ خوێندن به‌عه‌ره‌بی یه‌ دووچاری ته‌نگ وچه‌ڵه‌مه‌ نه‌بێ (!!).
بێگومان زمانیش وه‌ك هه‌ر زینده‌وه‌رێكی دیكه‌ به‌ په‌روه‌رده‌كردن گه‌شه‌ ده‌كا و په‌ل داوێ، كه‌ ڕێگای نه‌شونماشی لێ ده‌به‌سترێ له‌ قاوخی خۆیدا به‌ چه‌ق به‌ستوویی و دواكه‌وتوویی ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌و گه‌شه‌یه‌ ناكا پێویسته..‌
له‌م ڕاسته‌دا دیاره‌ كه‌سانی وه‌كو بابا تایه‌ر و خانی و مه‌لای جزیری و نالی و سالم و حاجی قادر و مه‌حوی و مه‌وله‌وی و كوردی و شێخ ڕه‌زا و و وه‌فایی و هه‌موو ئه‌و ڕووناكبیرانه‌ی دیكه‌ جێی سوپاس و ستایشن كه‌ خۆنه‌ویستانه‌ له‌ كات و ساتێكدا ویستویانه‌ بره‌و به‌ زمانه‌كه‌مان بده‌ن له‌ نانبڕانی زیاتر تێدا نه‌بووه‌، بگره‌ به‌هۆی زۆر ئه‌گه‌ری دیكه‌ی ئه‌وان سه‌رده‌مان ڕه‌نگه‌ نووسین به‌كوردی به‌چه‌شنه‌ دواكه‌وتووییه‌كیش له‌ قه‌ڵه‌م درابێ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستاش له‌ هه‌ندێ نێوه‌ندی سیاسی و ڕۆشنبیری دا كابرا به‌قه‌د ئه‌وه‌ی شانازی به‌وه‌ ده‌كا زمانی ئینگلیزی یا عه‌ره‌بی ده‌زانێ ئه‌وه‌نده‌ی پێ شه‌رم نییه‌ كوردی نازانێ ، یا كوردی نه‌زانینی پێ ئاسایییه‌ كه‌چی له‌وسه‌ریشه‌وه‌ به‌ڕووناكبیری كورد یا سیاسه‌تمه‌داری كورد ده‌ناسرێ و ناوی دێ.!
لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ مادده‌ی نۆیه‌می یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق دا هاتووه( كه‌ له‌ دوایشدا له‌ ده‌ستووری عیراق وه‌ك زمانێكی فه‌رمی ناسێنرا و چه‌سپێنرا)‌ له‌ ناسینی زمانی كوردی وه‌ك زمانێكی ڕه‌سمی عێراقی فیدڕاڵ به‌ هه‌موو مانایه‌ك كه‌ زمانی ڕه‌سمی پێ لێك ده‌درێته‌وه‌ نوخشه‌ی ئاینده‌یه‌كی پرشنگدار و گه‌شمان بۆ زمان و كولتوری كوردی پێ ده‌دا.. لێ به‌داخه‌وه‌ خۆمان تا ئه‌وڕۆیش نه‌مانتوانیوه وه‌ك پێویست تا سنووری ئه‌وپه‌ڕی به‌هره‌ی لێ وه‌ربگرین و به‌نه‌خشه‌ و پلانی تۆكمه‌ و سه‌رتاپاگیر له‌ ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا وابكه‌ین زمانه‌كه‌مان (كه‌ پێویست ده‌كا به‌هایه‌كی پیرۆزی لامان هه‌بێت) بیگه‌یێنینه‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی زۆربه‌ی تۆخم و ڕه‌گه‌زه‌كانی پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و زاراوه‌ی نوێ قبووڵ بكا.. وه‌ك هه‌موو زمانی دنیایێش له‌گه‌ڵ ڕه‌هه‌نده‌ نوێیه‌كانی سه‌رده‌مدا بێته‌وه‌.
ئاینده‌ی زمانه‌كه‌مان ڕه‌نگه‌ سه‌باره‌ت به‌زۆر ئه‌گه‌ران گه‌ف لێكراو بووبێ و ڕێگای په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه‌كردنی لێ گیرابێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زمانی كوردی هیچ كاتێك هه‌رچی نه‌بێ له‌ زمانی نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێی به‌و ڕه‌نگه‌ش دواكه‌وتوو نه‌بووه‌ ده‌ستی لێ شۆرابێ به‌تایبه‌تی له‌لایه‌نی ده‌ربڕینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جیاوازی هه‌ل و مه‌رجی گه‌شه‌سه‌ندن و په‌روه‌رده‌كردنی زمانی كوردی و ئه‌و زمانانه‌ كه‌ هه‌موو پێداویستی پێشكه‌وتنیان بۆ ڕه‌خساو بووه‌، به‌ نموونه‌ له‌ زمانی فارسی، توركی، زمانی كوردی خۆڕاگرتر و فه‌رهه‌نگ پاكتر بووه‌..
زمانێك ئیستیعابی قورئان بكا به‌هه‌موو ئه‌و ڕه‌وانبێژی و به‌لاغه‌ته‌ی تێیدایه له‌ كاتێكدا بزاڤێكی له‌و ڕه‌نگه‌یشی له‌ ڕووی وه‌رگێڕان نه‌بووه‌ شایانی باس ، ئه‌وه‌ی هه‌شبووه‌ زیاتر به‌ كۆششی تاكه‌ كه‌س بووه‌ ‌، به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌وه‌ستانیش نابێت له‌گه‌ڵ قانوون و زانست و فه‌لسه‌فه‌ و هونه‌ر و هه‌ست و نه‌ستی مرۆڤی هاوچه‌رخیش دا بێته‌وه‌.
وای ده‌بینم دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ ده‌ستوور لاسه‌نگیه‌كه‌ ڕاست كراوه‌ته‌وه‌‌، پێویسته‌ ناوه‌نده‌ كولتوریی و هونه‌ری و زانستییه‌كانیش په‌رۆشی مه‌سه‌له‌كه‌ بن و وه‌ك ئه‌ركێكی پیرۆز چاوی لێ بكه‌ن..
ئیتر كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ زمانه‌كه‌مان كه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌ر ڕاسته‌شه‌قام و به‌ربه‌ستێكی لانی كه‌م سیاسی له‌ پێشدا نه‌ماوه‌ هه‌نگاوی خێراتر و به‌له‌زتر باوێ.. ئیتر نابێ له‌ داتاشین و خواستن و جێگركردنی ئه‌و وشه‌ و زاراوانه‌ی پێویستی ڕۆژگار و سه‌رده‌م سه‌پاندوونی بترسین..
پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ (كه‌ به‌داخه‌وه‌ دره‌نگیشه‌) چوون ده‌توانرا زۆر زۆرتری له‌ماوه‌ی دوای (ڕاپه‌ڕین)ـه‌وه‌ بۆ بكرێ، به‌ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵ بدرێ نه‌ك ده‌زگایه‌ك به‌ ته‌نێ، به‌ڵكو چه‌ندان ده‌زگای تایبه‌ت به‌وه‌رگێڕان دابمه‌زرێنرێن ، با ده‌ست بده‌ینێ له‌ به‌رهه‌مه‌ دانسقه‌ كلاسیكیه‌كانی دنیادا پێدا بێین تا ده‌گاته‌ زانسته‌ جۆراوجۆره‌كانی سه‌رده‌م و كتێب و نامیلكه‌ی تایبه‌ت به‌منداڵان..
ئێمه‌ خۆمان خۆمان نابینین، به‌ڵام تۆ بڕۆ له‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ دووره‌وه‌ سه‌یرێكی خۆت بكه‌ ئه‌وجا ده‌بینی چه‌ند دواكه‌وتووین كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی تا ئێستا كراوه‌ له‌ڕووی وه‌رگێڕان له‌ كۆششی تاكه‌كه‌س تێنه‌په‌ڕیوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ماوه‌ی (ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی)شدا (دوای ڕاپه‌ڕین) ئه‌ویش له‌ ئاستی پێویستدا نه‌بووه‌ ، ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێ نه‌ له‌ڕووی هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌وه‌ نه‌ له‌ ڕووی تیراژه‌وه‌ له‌ ئاستی پێویست دا بووه‌ له‌ كاتێكدا وه‌رگێڕان كارێك نییه‌ به‌ته‌مای كۆششی تاكه‌كه‌سی وازی لێ بهێنرێ به‌ڵكو پێویستی به‌ چه‌ند ده‌زگایه‌ك هه‌یه‌ پلانی بۆ دابنێ و كاری بۆ ده‌سنیشان بكا..
پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان ده‌هێنێ خه‌می لێ بخورێ كه ‌سه‌ره‌ڕای ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كتێبخانه‌ی كوردی هۆ و پشتیوانیشه‌‌ بۆ گه‌شه‌كردنی زمانه‌كه‌مان.
به‌ڕه‌سمی ناسینی زمانی كوردی له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدڕاڵدا گه‌لێك ده‌رگا و به‌رهه‌ڵی له‌ پێش زمانه‌كه‌ماندا كرده‌وه‌‌ ئه‌گه‌ر خۆمان مه‌به‌ستمان بێ و له‌سه‌ری سوور بین و به‌ جیددی به‌هه‌ندی بگرین هه‌لێكه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك زۆر هه‌لی تر نه‌چوێنرێ ده‌خوازێ هه‌ر ئه‌مڕۆ پێش سبه‌ینێ بیری لێ بكرێته‌وه‌ و ده‌ستی پێ بكرێ كه‌ پێم وایه دره‌نگه ‌و
پێڕاناگه‌ین.




وێزگەكانی ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە دوای 7 ئۆكتۆبەرەوە.. رەوا حەمەجان

پاش هێرشە لە ناكاوەكەی چەكدارەكانی حەماس بۆ سەر خاكی ئیسرائیل لە (7 ئۆكتۆبەر) بۆ رۆژی دووەم واتا (8 ئۆكتۆبەر) سەرۆكی كۆچكردووی ئێران (ابراهیم رەئیسی) رایگەیاند ئێران پشگیری لە بەرگری لە خۆكردنی گەلی فەلەستین دەكات، واتا هێرشە خوێناویەكەی حەماسی بە بەرگری لەخۆكردن ناساند.
پاش ماوەیەك ئیسرائیل رایگەیاند كە ئێران بووجەی سەربازی حەماس دابین كردووەو و دەیكات.
لە دوای ئەوەی ئێران پشتگیری خۆی بو كردەوە تیرۆرستیەكەی حەماس دەربڕی و ئیسرائیلیش ئێرانی توهمەتباركرد بەوەی پشتگیری حەماس دەكات زنجیرەیەك رووداو روویاندا گرنگترینیان ئەمانەن:
1.لە (25/12/2023) جنراڵ (رەزا موسەوی) سەركردەی باڵا لە فەیلەقی قودس كوژرا لە لایەن ئیسرائیلەوە لە نزیك دیمەشق.
2.لە(20/01/2024) پێنج پلەباڵای گاردی شۆرشی ئێران كوژران لە نزیك دیموشق.
3.لە (01/04/2024) 7 ئەندامی پلەباڵای گاردی شۆرشی ئێران كوژران لە هێرشێكدا بۆ سەر كونسڵخانەی ئێران لە دیمەشق.

  1. لە (13/04/2024) ئێران هێرشی كردە سەر ئیسرائیل بە مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.
    5.لە (19/04/2024) ئیسرائیل هێرشی كردە سەر ئێران و دەیان شوێنی ئێرانی تەقاندەوە.
    6.لە (31/07/2024) ئیسرائیل سەرۆكی بیرۆی سیاسی حەماس (ئیسماعیل هەنیە)كوشت لە شوێنی مانەوەی لە نزیك تەهران، لە هەمان رۆژدا ئیسرائیل سەركردەیەكی سەربازی (حیزب الله) بە ناوی (فوئاد شكر) كوشت لە باشوری لوبنان.
  2. لە (27/ئەیلول) سوپای ئیسرائیل (حەسەن نەسروالله
    ) سەرۆكی گشتی (حیزب الله)ی كوشت، هەرلەم هێرشەدا (عەباس نیلفرۆشان)یش كوژرا كە یەكێكە لە سەركردە سەربازیەكانی ئێران.
    8.لە (01/10/2024) ئێران بە سەدان موشەك هێرشیكردە سەر ئیسرائیل.
  3. لە (22/10/2024) ئیسرائیل سەرۆكی نۆێی (حیزب الله ) كوشت كە (هاشم سەفیەدین)بوو.
    10.لە (26/10/2024) ئیسرائیل هێرشیكردە سەر ئێران بە موشەك و بە فرۆكە.
    بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو رووداوانەش كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێكرد هەڵگیرساندنی شەڕێكی راستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا ئەگەرێكی زۆر دوورە لەبەر ئەوەی سەرەڕای ئەوەی هەردوو لایەنی ململانیەكە ناخوازن شەر رووبدات، هەروەها ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاواش دژی دروستبوونی قەیران و شەرێكی ترن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، هەر بۆیە كۆتایی ئەم شەرە بە تەواو لاوازبوونی حەماس و حیزب الله كۆتایی دێت و ئیسرائیل لە ئێستادا بە كاتی شەڕ لە وڵاتەكەی بە دوور دەخاتەوە بەڵام هیچ گەرەنتییەك نیە پاش ماوەیەكی تر دووبارە شەڕ بەرۆكی ئیسرائیل ناگرێتەوە بە شێوەیەكی تر و لە لایەن گروپ و دەستەیەكی ترەوە، بۆیە چارەسەركردنی كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل بە شێوەیەكی یەكجارەكی تاقە گەرەنی دووبارەنەبوونەوەی (7ی ئۆكتۆبەر)ێكی ترە.



من شیعر دەژیم/ من شیعر دەمرم.. داستان بەرزان

ئەی شیعری نەنووسراوی دیوانم
دەرفەتم پێبدە
دەبمەوە هەسپێکی نەجیب
هێز لە گیانیدا/ نیڵە
خەون لە چاوییدا/ بروسکە
ئەڤین لە پێیەکانیدا/ جمە
بوێریی لە بوونیدا/ لرفە
دەرفەتم پێبدە.

ئەی بکوژترین بکوژی کوژراوم
هێز ئەگەر هێز بێت دەمی دەوێت/ کڵپە
خەون ئەگەر خەون بێت خەیاڵی دەوێت/ بێپەروا
ئەڤین ئەگەر ئەڤین بێت ڕۆیشتنی دەوێت/ ناکۆتا
بوێریی ئەگەر بوێریی بێت جومێریی دەوێت/ ترسێنەر
دەرفەتم پێبدە.

من هێزم دەوێت
من خەونم دەوێت
من ئەڤینم دەوێت
من بوێرییم دەوێت
بۆ ئەوەی ئەم زنجیرانە بپسێنم
بۆ ئەوەی ئەم دیوارانە بڕمێنم
بۆ ئەوەی پیرۆزیی ئەم سنوورانە
بۆ ئەوەی یاسای ئەم کتێبانە
بۆ ئەوەی بەهای ئەم نەریتانە
بخەمە ژێرپێم و
جارێکی دیکە نەگەڕێمەوە سەریان و
هەواڵم لە پاکیان نەمێنێت
ئەی ژانی بە ژانی لە ژانم.

سەرەتای… سەرەتای ئەم شیعرە
دەبوو بنووسم:
هەوایەکی دیکە/ بۆنێکی دیکە
لە سنگمدا
هاوارێکی دیکە/ دەنگدانەوەیەکی دیکە
لە گەروومدا
خۆمێکی دیکە/ منێکی دیکە
لەم جیهانە نەخۆشەدا
دەجووڵێت و
دەڕیسکێت و
دەهزرێت.
ئەی فڕینی فڕیوی فەریادم.

من هەناسەیەکی نوێ
من بۆنێکی نوێ
من هاوارێکی نوێ
من دەنگدانەوەیەکی نوێ
من خۆمێکی نوێ
من منێکی نوێم
پێویستە و
دەبێت و
ببێت
داگیرم بکات
پێویستە
سەر کەشتی خەیاڵیی ناو ئەم شیعرەم بنێت
من کەشتیوانی زریانی زمانم
من کەشتیوانی ڕمانی ڕەوانم
من کەشتیوانی خزانی خەزانم
من کەشتیوانی خوماری خەیاڵم
من کەشتیوانی ئاورینگی ئەندێشەم
من کەشتیوانی وێرانی وێنام
من کەشتیوانی خەواڵوی چووانم.

من شوێن ئەو ئازادییە کەوتووم
لە ناو شیعردا ئازایە
لە چیرۆکدا سەرەڕۆ
لە ڕۆماندا باڵدەگرێت
بەگشتی لە وشەدا خوێنە
خوێنە بۆ جەستەی سەرابم
دەنا زۆر بە سانایی
زۆر چاوقاییمانە دەبوومە کتێبفرۆشێک
شیعرم لە فلتەر دەدا و
شاعیرانم شەن دەکردن
چیرۆکم بە تەرازووی نازی کچانی دەم ئێوارە دەپێوا
ڕۆمانم لە چاوی ژنانی تازەپیاکەتوودا دەبینی
فەلسەفەم بە ڕۆژی نیوەڕۆ لە قەنارە دەدا
فەتوای تیرۆم بە هەر جوانییەک دەردەکرد
لەگەڵ ئاستی چێژی گێژی مندا نەگونجایە
دەبوومە پۆلیسی زمان
لیسێک بەدەستمەوە و
وشەم فەلاقە دەکرد
خەیاڵم دادگایی دەکرد
نوێگەرییم لە بەندیخانەدا توند دەکرد
من ئەو ئازادییەی ناو شیعر سواڵدەکەم
مان و نەمانم
بەو ئازادییەوە پەیوەستە
دەنا هەر زوو
دەبوومە کتێبفرۆشێک
لە کوردستانی پاک و جوان
شاری ڕۆژانی تاریکی
گوزەری هاوڕێیانی لەبلەبان
کوچەی نەخوێندەوارانی سەربەرز.

ڕەهێڵە هەنگاو دەنێ
دڵی من ماتە و لە جێگای خۆیەتی
گوڵ دەبارێت و سەری من دێشێت
لە جێگای خۆیەتی
سۆز شکۆفە دەگرێت و
هەستی من بێزارە و
لە جێگای خۆیەتی
هەور دێت
بارانی بەڕێژنە
بەفری بە کڕێوە
تەرزەی بە تاو
دڵی من
من دڵی
هەر ماتە و
ماتە هەر من
من هەر دڵی
من دڵی هەر ماتە
هەر دڵی من
من هەر ماتە دڵی
دڵی من هەر
ماتە هەر دڵی من
دڵی من ماتە و
هەر لە جێگای خۆیەتی.

من شیعر دەژیم
نهێنیئامێز دەکەومەوە
من شیعر دەمرم
سترانی کەس ناڵێمەوە.

من شیعر دەژیم
خولیای کەس
ژانی کەس
برینی کەس
فریوم نادات.

من شیعر دەمرم
شادی کەس
هەوای کەس
بۆ هیچ کوێ بانگم ناکەن.

من شیعر دەژیم
زریکەی کەس
بریسکەی کەس
بۆ هیچ کوێ نامکێشن

من شیعر دەژیم
من شیعر دەچێژم
من شیعر دەپۆشم
من شیعر دەهێنمەوە
من شیعر دەهۆنمەوە
من شیعر دادەگیرسێنم
من شیعر هاتووم
من شیعر دەڕۆم
من شیعر دەوەستم
من شیعر ڕادەکێشم
من شیعر دەنێمەوە.

من شیعر دەمرم
من شیعر دەنێژرێم
من شیعر دەڕوێمەوە
من شیعر هەڵدەستمەوە
من شیعر دەفڕم
من شیعر سزا دەدرێم
من شیعر پاداشت دەکرێم
من شیعر ماوم/ نەماوم
من شیعرم/ یان نیم!

من شیعردەمێنمەوە
شیعر دەژیم
شیعر دەمرم
ئەمانە مانای چین؟

ئەم شیعرە چییە؟
چرامە
چەترمە
چاڵمە
چیامە
چارەنووسمە
چاومە
چاویلکەمە
چۆماومە
چاوگمە
چۆڕاوگەمە
چریکەمە
چەمەنمە
چیڕەمە
ئەم شیعرە چیمە؟
هیچ کەسێک!
هەموو کەسێک!

من شیعر
ماڵەکەم
کەسوکارەکەم
ژنەکەم
منداڵەم
هاوڕێکانم
ناوەکانم
هەوادارەکانم
پاکی بە پاکی دەخوات.

من شیعر
سەرم
ملم
دڵم
ناوکم
ڕانم
ئەژنۆم
پێم دەخوات!

من شیعر
ژیانم
ئەڤینم
بوونم دەخوات

من دەیڵێمەوە:
سوپاس بۆ شیعر
نەفرەت لە شیعر.

ئەم شیعرە لە ژمارە (١١)ی گۆڤاری (دیالۆگ)دا بڵاوبۆتەوە.




خه‌باتی چه‌کداریی و حەتمییەتی پشتبەستن بە داگیرکەران.. شێرکۆ کرمانج

ئەم بەشێکە لە زنجیرە وتارێکی شرۆڤەکاریی، کە لەسەر خەباتی چەکداری و بەرئەنجام و دەرکەوتە نەرێنی و وێرانکارییەکانی بۆ سەر گەلی کوردستان لە ڕۆژانی داهاتوودا، دەیاننووسم. ئەوەی ڕاستی بێت سەرەتاکانی ئەم نووسینە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٢٤ ساڵ پێش ئێستا و ڤێرژنی یەکەمی ئەم نووسینە بە دوو بەش لە گۆڤاری هەوار، کە لە ئوسترالیا دەردەچوو، بڵاوکرایەوە. ئەم نوسخەیە بەدەستکاریی و نوێکردنەوە لەژێر تیشکی بەردەوامبوونی خەباتی چەکداریی لە باکووری کوردستان بەگشتی و ئەو چالاکییەی کە پار^تی کرێکا^رانی کوردستان (پەکەکە) لە ٢٣ی ئۆکتۆبەر ئەنجامیدا و بەرپرسێیەتییەکەی لە ئەستۆ گرت، نووسراوە. بابه‌تەکە‌ بەسەریەکەوە هه‌وڵدانێکه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ یه‌کێک له‌ هۆکارە‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌رنه‌که‌وتنی بزووتنەوە و شۆڕشه‌کانی گه‌لی کوردستان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، ئه‌ویش په‌یڕه‌ویکردنی‌ خه‌باتی چه‌کدارییە وه‌ک شێوازێکی خه‌بات بۆ گەیشتن بە مافەکانی گەلی کوردستان، لەنێویاندا ڕزگاریی نیشتیمانیی. بەگەڕانەوە بۆ مێژووی کورد، بەتایبەتی دوای شەڕی دووەمی جیهانیی و ئەزموونی خەباتی چەکداری لە کوردستان لەوکاتەوە، شرۆڤەی پێشهات و دەرکەوتەکان دەکەین. لەسەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە خەباتی چەکداریی لەوانەیە لایەنی باشیشی هەبووبێت وەک وروژاندن و حەماسەتخولقێنی و گورزوەشاندن لە داگیرکەر و ڕزگارکردنی هەندێک ناوچەی کوردستان جار جار، لێرە و لەوێ، بۆ ماوەی کورت یان درێژ. بەڵام ئەو لایەنە، یەکەم، لە دەرەوەی چوارچێوەکانی ئەم بابەتەیە، دووەم، بە هیچ شێوەیەک لایەنە ئەرێنییەکانی خەباتی چەکداریی بارتەقای لایەنە خراپ و ئاکامە کارەساتبار و نەرێنییەکانی نابن. بۆیە، ئه‌وه‌ی لە هەموو شتێک زیاتر ته‌رکیزی له‌سه‌ر ده‌کرێت ئاکامه‌ خراپه‌کانی ده‌ستبردنی حیزب و ڕێکخراوه‌ کوردستانییه‌کانه‌ بۆ خه‌باتی چه‌کداریی. پاش ده‌ستنیشان کردنی ئاکامه‌ خراپه‌کانی خه‌باتی چه‌کداری، هەوڵ دەدەین لە بەشەکانی کۆتایی ئەم زنجیرە بابەتە وەڵامی دوو پرسیاری دیکە بدەینەوە، یەکەم، داخۆ لایەنە کوردستانییەکان خەباتی چەکدارییان وەک تاکتیک و سەپێنرا و هەڵبژاردووە یان وەک ستراتیج. دووەم، داخۆ کوردستانییان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لە پێشە، ئەگەر هەیە ئەو بژاردەیە چییە و چۆنە گرنگییاکانی چین؟ گرنگی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ تاوەکوو ئێستا له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌م شێوازی خه‌باته‌ له‌لایه‌ن پەکەکە و پارتی ژیانه‌وه‌ی کوردستان (پژاک) و چه‌ندین لایه‌نی دیکه [وەک حیزبی دێموکڕاتی کوردستان (حیزبی دیموکرات) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (کۆمەڵە)]‌ که‌م تا زۆر په‌یڕه‌وی لێ ده‌کرێت، یان ئەگەر وازیشیان لێ هێنابێت ئەوە جارناجارێک گفتوگۆی دەکەنەوە. ئێمە پێمان وایە کە خەباتی چەکداریی، لانیکەم، دەبێتە مایەی: (١) پشتبەستنی بزووتنەوە کوردستانییەکان بە داگیرکەران؛ (٢) له‌دەستدانی جڵه‌و و ئاراستەی بزووتنه‌وه کوردستانییەکان؛ (٣)‌‌ ناشیرین و لەکەدار بوونی بزووتنەوەکان لەبەر پەیڕەوکردنی شێوازێکی باونەماو لە خەبات؛ (٤) شکستی بەردەوام و یەک لەدوای یەکی بزووتنەوە و شۆڕشەکان؛ (٥) هه‌ڵاواردنی هەردوو نوخبه سیاسی و ڕووناکبیریی کوردستان لەگەڵ ‌خەڵک و جەماوەر؛ (٦) هەڵگیرسان و درێژەدانی شه‌ڕی ناوخۆ؛ (٧) پاوانخوازیی و داگیرکردنی گۆڕه‌پانی خه‌بات و فرەلەشکریی؛ (٨) بەشەڕگەبوونی سەرزەویی کوردستان و کردنی بە کێڵگەی شەڕ لەلایەن داگیرکەران؛ (٩) بەهێزبوونی دەوڵەتی قووڵ و پێگەی سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی داگیرکەران؛ (١٠) ده‌ستبه‌ردارنه‌بوونی چه‌ک دوای سەرکەوتن. لەم بەشەدا گفتوگۆی کاریگەریی خەباتی چەکداریی لەسەر پشتبەستن بە داگیرکەرانی کوردستان دەکەین. یه‌کێک له‌ هۆکارە‌ هه‌ره‌ سه‌رکییه‌کانی به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتنی شۆڕشه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی کوردستان، پشت به‌ستنیان بووه‌ به‌ وڵاتانی دراوسێ و گره‌وکردنیان بووه‌ له‌سه‌ر کێشه‌کانی ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانییان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه‌. سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشی چوارده‌ ساڵه‌ی ئه‌یلول (1961-1975) به‌ سه‌رکردایه‌تی مه‌لا مسته‌فای بارزانی نموونه‌یه‌کی زه‌قی ئه‌و دیارده‌ کوشنده‌یه‌یه‌ که‌ تووشی شۆڕشه‌کانی کورد بووه‌.

پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی ١٩٦٢، واتە تەنیا ساڵێک دوای دەست پێ کردنی شۆڕشەکە، کاتێک شای ئێران، محمد ڕەزا، دەستی کرد بە دابینکردنی تەقەمەنی سووک و پاڵپشتی دارایی بۆ کوردەکان دژی حکومەتی عێراق. پشتگیریی دارایی ساڵانە و ناردنی چەک لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا زیادی کرد و لە ١٩٧٤ دا گەیشتە لوتکە و لە ٧٥ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند (تەماشای کتێبی “مام جەلال: دیداری تەمەن، ل. ٣٠٦ بکە). دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول لە 1975، یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان (یه‌کێتیی) له‌ دیمه‌شق دامه‌زرا و بۆ پشتیوانی له‌ شۆڕشی “نوێ” ئه‌وێیان به‌ تاران گۆڕیه‌وه‌. پاشانیش له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌کی جیۆپۆلیتیکی و سه‌رنه‌گرتنی مفاوه‌زاته‌کانی سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سەدەی ڕابردوو و زویربوونی سووریا لە مفاوەزاتەکە، یه‌کێتیی ڕووی کرده‌ تاران و پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران دامەزراند، بە ڕادەیەک کە سوپای پاسداران لە هەندێک چالاکی پێشمەرگە بەشداریان کرد. پێش یه‌کێتیی، پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران خۆشبوو له‌و خه‌باته‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکان چڕببووه‌ و پشتیوانی له‌ ئێران وه‌ر‌ده‌گرت. وەک یەکێتیی، پارتی لە هەندێک ناوچە چالاکی هاوبەشی لەگەڵ سوپای پاسداران ئەنجام دا. بێجگە لەمە، بارەگا سەرەکییەکانی پارتی لە گوندی زێوە و شاری کەرەج بوون تا ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١. له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش، حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌وتنه‌ به‌ر فشاری هێزه‌کانی جمهوری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، هەر زوو بۆ کۆمه‌ک و یارمه‌تی په‌نایان بۆ عێراق هێنا. هەندێک لە بارەگا سەرەکییەکانی هەردوو لایەن تا ڕاپەڕین لەو ناوچانەدا بوون کە لەژێر سایەی حکومەتی عێراقی-دا بوون و کەم تا زۆر کۆمەکی سەربازیی و لۆجستییان لە عێراق وەردەگرت. به‌هه‌مانشێوه،‌ په‌=که=‌که،‌ دوای دامه‌زراندی له‌ 1978 هه‌ر زوو سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی بنه‌وبارگه‌ی تێک ناو ڕووی کرده‌ سووریا. دواتریش دوای ڕاگه‌یاندنی خه‌باتی چه‌کداریی له‌ 1984 سووریای کرد به‌ پشتیوانی سه‌ره‌کیی خۆی و ده‌شتی بیقاع-یشی له‌ لوبنان کرد به‌ مه‌ڵبه‌ندی مه‌شق و سازدانی گه‌ریلاکانی بۆ شه‌ڕ له‌ کوردستان. بەگشتیی، پێداویستییەکانی خەباتی چەکداریی (چەک، فیشەک، ئازوقە، پارە، هتد) پاڵنەریی سەرەکی دروستبوونی پەیوەندی لەنێوان هێز و لایەنە کوردستانییەکان و داگیرکەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان بوون. لێره‌دا حەزدەکەم پێش ئەوەی زیاتر بچمە ناو بابەتەکە لەسەر دوو شت هەڵوەستە بکەم.
یەکەم، من ڕێز و پێزانینم بۆ هەموو ئەوانە هەیە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشمەرگە، گەریلا یان شەڕڤان بوون. هاوکات، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنوێنم، بەوانەش لە خەباتی چەکداریی گیانیان فیدا کردووە. ئەو ڕەخنانەی من لەسەر شێوازێکی خەباتە بە هیچ شێوەیەک نابێت وەک بێڕێزیی بە ماندووبوون و خوێنی ڕژاوی بەشدارانی خەباتی چەکداریی ببینرێت. دووەم، ده‌مه‌وێت خوێنه‌ر ئاگاداربکه‌مه‌ که‌ مه‌به‌ست له‌ پشتبه‌ستن نۆکه‌رایه‌تی کردن نییه‌، له‌م بابه‌ته‌ که‌ باس له‌ پشتبه‌ستن ده‌که‌ین مه‌به‌ستمان تاوانبارکردنی نه‌ سه‌رکردایه‌تی و نه‌ بنکردایه‌تی ئه‌م لایه‌نانه‌ نییه بەڵکوو ڕەخنەکردنی خەباتی چەکدارییە کە حەتمییەتی پشتبەستن بە داگیرکەرانی کوردستانی هێناوەتەگۆڕێ‌. بەبنەما لەسەر‌‌ دیالەکتیکی هۆ و ئه‌نجام دەکرێت شرۆڤەی پەیوەندی نێوان خەباتی چەکداریی و پشتبەستن بە داگیرکەران بکەین. به‌پێی ئه‌م دیاله‌کتیکه‌ هه‌موو ئه‌نجامێک هۆی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هۆکه‌ به‌هێز بێت ئه‌نجامه‌که‌ حه‌تمی ده‌بێت‌، ئه‌گه‌ر هۆکه‌ش بێهێز بێت ئه‌نجامه‌که‌ی وه‌ک ڕووداوێک ده‌رده‌که‌وێت‌‌، بە زمانی بازاڕ پێی دەڵێن ڕێککەوت (سودفە). بۆ نموونه،‌ ئه‌گه‌ر که‌سێک خۆی باش ئاماده ‌بکات بۆ تاقیکردنه‌یه‌ک ئه‌وه‌ سه‌رکه‌وتنی شتێکی حه‌تمییه‌، ئه‌گه‌ریش که‌م یان هه‌ر خۆی ئاماده ‌نه‌کات ئه‌وه‌ سه‌رکه‌وتنی به‌ سودفه‌یه‌. به‌ بنه‌ما له‌سه‌ر ئه‌م پرنسیپه‌ ده‌توانین هۆی سه‌رنه‌که‌وتنی شۆڕشه‌کانی کوردستان تا ئه‌و شوێنه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه‌ هه‌یه‌ شی بکه‌ینه‌وه‌.
که‌من ئه‌وانه‌ی گومانیان له‌وه‌دا هه‌بێت که‌ هۆی هه‌ره ‌سه‌رەکی شکستهێنانی “شۆڕشی ئه‌یلول” لە باشوور بە سەرکردایەتی پارتی پشتبه‌ستنی بوو به‌ ئێران، ئێرانێک کە لە باشترین دۆخ نەیارە و لە خراپترینیش دوژمن و داگیرکەر. گومان له‌وه‌شدا نییه‌ که‌ “شۆرشی نوێ”ی کوردستان له‌ 1976-1988 بە ڕابەرایەتی یەکێتیی به‌هه‌مانشێوه‌ پشتبه‌ستن بوو به‌ ئێران، کە به‌هه‌مان ئاکامی گه‌یاند. ئاشکراشه‌ که‌ “ڕێککەوتنی ئەدەنە” لە نێوان سووریا و تورکیا، بە سەرپەرشتی ئێران و میسر، له‌ 1998، بۆ وەستاندنی پشتیوانییەکانی سووریا لە پەکە^کە، کە ده‌رپەڕاندنی “عه‌بدوڵا ئۆجالان”ی سه‌رکرده‌ی شۆڕشی کوردانی باکوور بەدوای خۆیدا هێنا، هۆکاری هەرە سەرەکیی بێهێزبوونی بزووتنه‌وه‌که‌ له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستان-دا بوو، لانیکەم لاوازبوونی باڵی سەربازیی بزووتنەوەکە، کە لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو بەشێکی زۆری باکووری کوردستانی لەژێر دەسەڵاتدا بوو و چالاکییەکانی گەریلا ناوچەیەکی بەرفراوانی لە باکوور گرتبۆوە، کەچی لە بیست ساڵی ڕابردوودا تاک و تەرا نەبێت، گەریلا لە باکوور بوونی نەماوە. لە باشووریش گەریلا توانای هێرشیان لە دەست داوە، بەرگرییکردنی لێ دەرچێت، ئەویش لە چەند شاخێکی سەخت لە دەرەوەی سنوورەکانی باکووری کوردستان، لەنێو تونێل و ئەشکەوتەکانی باشوور نەبێت. ئەمانە ڕاستیی تاڵن.
زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین، کاریگه‌ریی ڕێککەوتنی ئەدەنە له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌کەی باکوور‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بوونی باره‌گاکانی په‌@که@‌که‌ له‌ لوبنان و پشبه‌ستنی به‌ سووریا بۆ دابینکردنی بارەگا بۆ مەشق و ڕاهێنان لە دۆڵی بیقاع و یارمەتی سەربازیی و لۆجستیکی. هه‌رئه‌ویش بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ سووریا ده‌ستی باڵای هه‌بێت له‌ دیاریکردنی ئاراسته ‌و دواڕۆژی بزووتنه‌وه‌که، لانیکەم تا ئەو کاتەی بارەگاکانی پە+کە+کە لە بیقاع بوون‌.
پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ئایا شۆڕشه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی کوردستان بۆ پشت به‌ داگیرکه‌رانی کوردستان ده‌به‌ستن؟ به‌ ده‌ربڕینێکی دیکه‌ شۆڕشه‌کان چۆن ده‌توانن پشت به‌ بێگانه‌ نه‌به‌ستن؟ کورد چۆن ده‌توانێت به‌رانگژی تورکیا بێته‌وه ‌و پشت به‌ سووریا نه‌به‌ستێت؟ یان دژی دەوڵەتی عێراق یان ئێران خه‌بات بکات بێئه‌وه‌ی یارمه‌تی له‌ ئێران یان عێراق وه‌رنەگرێت؟ ئایا ده‌کرێت شه‌ڕی پارتیزانی بکرێت و کۆمه‌ک له‌ ده‌روجیران وه‌رنه‌گیرێت؟ ئایا شه‌ڕ بێ ئازووقه‌ ده‌کرێت؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌بێت هۆکانی پشتبه‌ستن به‌ دراوسێکان (داگیرکه‌ران) بدۆزینه‌وه‌، ئه‌وسا ڕێگه‌چاره‌ی خۆقوتارکردن له‌ نه‌هامه‌تی پشتبه‌ستن به‌ بێگانه‌ ده‌ستنیشان بکه‌ین.
ده‌ست پێ کردن‌ و درێژه‌دان به‌ خه‌باتی چه‌کداریی لەلایەن بزووتنه‌وەکانی کوردستان، پێویستیی پشبه‌ستن به‌ ده‌روجیران دێنێته‌ گۆڕێ. بۆ؟ چونکه،‌ بۆ خه‌باتی چه‌کداریی، بزووتنه‌وه‌کان (کادیر و پێشمەرگەکانیان، گەریلاکانیان) پێویستییان به‌ چه‌ک و گولە و تفاقی جه‌نگی و زه‌خیره‌ بۆ چەکدارەکانیان دەبێت‌، هاوکات پێویستییان بە نەخۆشخانە دەبێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی بریندارەکانیان، هتد. ئه‌مانه‌ش‌ وا له‌ بزووتنه‌وه‌کان‌ ده‌که‌ن په‌نا بۆ وڵاتانی دراوسێ ببه‌ن بۆ کۆمه‌ک و یارمه‌تی و پشتیوانی. بە واتایەکی دیکە، خه‌باتی چه‌کداریی میکانیزمی پشتبه‌ستن به‌ دراوسێکان دێنێتەگۆڕێ. هاوکات، له‌به‌ر شوێن و واقیعی جوگرافی کوردستان کە “وڵاتێکی دەورەدراو” (landlocked)، واتە وڵاتێکی بێ کەنارە و لە هەموو لایەکەوە بە وشکانی دەوردراوە، ئەوا زۆرجار، ئەگەر نەڵێین هه‌میشه‌، ئه‌و لایه‌نەی کە بزووتنەوەکانی کوردستان داوای یارمەتی لێدەکەن، یەکێک لە چوار‌ داگیرکه‌رەکەی کوردستان-ە. هه‌ڵکه‌وتی کوردستان وای کردووه‌، ئه‌گه‌ر دۆستێکی کورد به‌نیازپاکی، یان بۆ بەرژەوەندی خۆی، بیه‌وێت یارمه‌تی ڕاپەڕینەکانی کوردستان بدات، ئه‌وا‌ به‌ناچاریی بۆ گه‌یاندنی کۆمه‌ک و چەک و تەقەمەنی ده‌بێ له‌ ڕێگه‌ی دراوسێیه‌کی، داگیرکەرێکی، کوردستان بیان گه‌یه‌نێت. مێژووش پێمان ده‌ڵێت که‌ دراوسێکانی کوردستان ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌کانیان یارمه‌تی کوردیان داوه‌ و ده‌ده‌ن، یان یارەمەتی لایەنی دیکە دەگەیەنن.
دیاره‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر دراوسێ نه‌یاره‌کانی کوردستان جێبه‌جێ نابێت، به‌ڵکوو له‌سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه‌ نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ی کوردستانیش لە باشوور یان هه‌ر دەوڵەتێکی سەربەخۆ له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان لە دواڕۆژ دابمەزرێت، جێبه‌جێ ده‌بێت. چونکه‌ هه‌رێمه‌که‌/وڵاتەکە، بۆ نموونە: هه‌رێمی کوردستان، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ کاتییه‌کانی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ کوردستانییه‌کان له‌ پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌کات، وەک ئەوەی ئێستا بە زەقی دەبینرێت لە مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور. بۆیه،‌ ئه‌و فشاره‌ی که‌ ئێستا هه‌رێم جارجار ده‌یخاته‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ چەکدارییەکانی ڕۆژهه‌ڵات یان باکوور شتێکی چاوه‌ڕوان کراوه‌.
لەوەشدا دەردەکەوێت کە خه‌باتی چه‌کداریی و پشتبه‌ستن به‌ لایه‌نێکی دیکه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی دیاله‌کتیکیانه‌یان هه‌یه‌. لەوەش ترسناکتر ئەوەیە، هه‌رکاتێک بزووتنەوەیەک پشت به‌ لایه‌نێکی دەرەکی‌ ببەستێت، ئه‌وا له‌لایه‌ک ده‌بێته‌ مایه‌ی له‌ده‌ستدانی جڵه‌وی بزووتنه‌وه‌که‌، له‌لایه‌کی دیکه‌ش، بزووتنه‌وه‌که‌ ده‌که‌وێته‌ ژێر کاریگه‌ریی ئایدیۆلۆجی و فکری لایه‌نه‌ پشتپێبه‌ستراوه‌که. بۆ نموونە، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی په(‌که)‌که‌ تاڕاده‌یه‌ک له‌ نه‌وه‌ته‌کان سه‌ربه‌خۆیی خۆی پاراستبوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی باره‌گای سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی له‌ سووریا و بنکەکانی مەشق و ڕاهێنانی لە لوبنان بوون، ئەوا ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر ده‌خزایه‌ ژێر کاریگەریی ئه‌و ده‌وڵەتە، وەک تێوەگلانی پە[کە]کە لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو‌ بۆ ڕازیکردنی پشتیوانەکەی، سووریا. هۆیه‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌ تا ده‌هات بزووتنه‌وه‌که‌ پێداویستیی جه‌نگ و تفاق و شوێنی مه‌شقکردنی زیاتر ده‌بوو. بەهەمان شێوە، بوونی په‌^کە^‌که‌ له‌ سووریا، که‌ هۆکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ستبردنی بۆ چه‌ک و پەیڕەوکردنی خەباتی چەکداریی،‌ یه‌کێک له‌و هۆکارانە بوو که‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و ئیسرائیل وه‌ک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ته‌ماشا بکرێت، چونکه‌ هەم سووریا، وڵاته‌ پشتپێبه‌ستراوه‌که‌، ده‌یان ساڵه‌ وه‌ک وڵاتێکی پاڵپشتیکەر له‌ تیرۆر ناسراوه‌، هەم خەباتی چەکداریی شێوازێکی ڕەتکراوەیە بۆ خەبات لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا (لە بەشەکانی داهاتوودا قسەی زیاتری لەسەر دەکرێت). لەلایەکی دیکەوە، توندڕه‌ویی سووریا کاریگه‌رییه‌کی خراپی له‌سه‌ر ڕه‌وتی فکریی و پراکتیزیی په‌+که+‌که‌ دانابوو. سووریا به‌مه‌به‌ستی فشارخستنه‌ سه‌ر تورکیا و پارسه‌نگکردنی ته‌رازووی هێز له‌ کێشه‌ی ئاو له‌گه‌ڵ تورکیا په‌-که-‌که‌ی به‌کارده‌هێنا. له‌هه‌مانکاتدا شه‌ڕی مه‌عنه‌وی و ئایدۆلۆجی ئه‌مریکا و ئیسرائیلی-شی پێ ده‌کرد، گوایه‌ به‌ره‌ی دژی ئیمپریالیزمیان پێکهێناوە، گوتارێک کە ئێستاش، دوای زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە دەرچوون لە سووریا، کەچی پە!کە!کە نەیتوانیوە لێی ڕزگار بێت. لەوانەیە یەکێک لە هۆکارەکانی دەربازنەبوون لە گوتاری دژە-ئیمپریالیزم، نزیکیی ئەو ڕێکخراوە بێت لە ئێران لەم ساڵانەی دوایی، کە خۆی بە ڕابەری بەرەی دژی-ئیمپریالیزم دەزانێت، ئەوەی ئێران ناوی لێناوە بەرەی مقاوەمەت.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە له‌ 1946 دامەزرا، تا سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو زیاتر خه‌ریکی خه‌باتی ژێرزه‌مینی و جه‌ماوه‌ری بوو. په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ هیچ ده‌روجیرانێکی کوردستان نه‌بوو، که‌چی له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ چه‌کدارییه‌که‌ی 1961 هه‌رزوو سه‌رکردایه‌تییه‌که‌ی به‌مه‌به‌ستی کۆمه‌ک وه‌رگرتن ده‌ستی له‌گه‌ڵ ئێران تێکه‌ڵ کرد. به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا له‌ڕێگای چه‌ند که‌سێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل-یش په‌یوه‌ندی به‌سترا. گۆڕانکارییه‌کی ئه‌وتۆ له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندی پارتی تا ١٩٦١ له‌ سه‌رکردایه‌تی بزووتنه‌وه‌که‌ و ڕه‌وته‌ فکرییه‌کانی پارتی ڕوویان نه‌دابوو، پرسیارەکە ئەوەیە، ئەد‌ی بۆچی دوای ده‌ست پێ کردنی خه‌باتی چه‌کداریی، بزووتنه‌وه‌که‌ ده‌ستی بۆ دراوسێکانی درێژ کرد. ئه‌گه‌ر خه‌باتی چه‌کداریی و پێداویستییەکانی شەڕ نه‌بووبێت ئه‌دی ده‌بێ چی بێت؟ واتە، خەباتی چەکداریی زەرورەتی پشتبەست بە بێگانەی هێناگۆڕێ. لەهەمان کاتدا، به‌نزیکبوونه‌وه‌ له‌ ئێران و ئیسرائیل پارتی‌ هەم جڵەوی بزووتنەوەکەی لە دەستدا، هەم بوو بە بەشێک لە گەمە ئیقلیمییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هەم لە‌ ڕه‌وته‌ شۆڕشگێڕییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌می ناوچه‌که‌ دوورکه‌وته‌وه‌، له‌وانه‌ حیزبی شیوعی عێراقیش. ئێمە لێرە باس لە باشی یان خراپی نزیکبوونەوە یان دوورکەوتنەوە لە حیزبی شیوعی و بلۆکی ڕۆژهەڵات ناکەین، بەڵکو دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە پشتبەستن بە بێگانە حەتمییەتی گۆڕین لە ئاراستەی فکریی بزووتنەوەکەش دێنێتەگۆڕێ. پارتی تا سەرەتای شەستەکانی ڕابردوو وەک هێزێکی چەپ خۆی دەناساند و لە حیزب و لایەنە چەپەکانی ناوچەکە نزیک بوو، بەڵام کاتێک بزووتنه‌وەکە لەگەڵ ئێران و ئیسرائیل پەیوەندی گرێدا، ئێدی پارتی پشتی له‌ چەپ و بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات کرد و ڕووی لە ئێران و ئەمریکا کرد، وەک بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی موحافیزکار خۆی نمایش دەکرد.
بەپێچەوانەوە‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌که‌ی باکوور بنه‌وبارگه‌ی له‌ سووریا دانابوو ئه‌ویش دژ به‌ ڕۆژئاوا و به‌ شنه‌ی ڕۆژهه‌ڵات سه‌مای ده‌کرد، بزووتنه‌وه‌ کوردییه‌که‌ش له‌سه‌ر هه‌مان ئاواز دەیخوێند و ئاڵای سووری کۆمۆنیزمی له‌ شاخه‌کانی کوردستان هه‌ڵکردبوو. به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا، وەک ئاماژەی پێ کرا، له‌ لوبنان له‌پاڵ فه‌له‌ستینیه‌کان شه‌ڕی ئیسرائیلی ده‌کرد.
ئه‌مانه‌ هه‌موو نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن که‌ خەباتی چەکداریی بێجگە لەوەی پێویستیی پشتبەستن بە وڵاتێکی دراوسێ، لە دۆخی کوردستان، داگیرکەرێک، دێنێتەپێش، ئەوا بزووتنه‌وە چه‌کدارییەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییه‌کانیان ده‌که‌ونە‌ ژێر کاریگه‌ریی فکریی و ئایدیۆلۆجیی ئه‌و لایه‌نەش کە پشتی پێ ده‌به‌ستن. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ مایه‌ی نه‌ک هه‌ر له‌ ده‌ستدانی جڵه‌وی بزووتنه‌وه‌که‌ به‌ڵکو ئاراسته‌ فکرییه‌کانیشی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقعی ڕۆژ نابن چونکه‌ به‌ ناچاری ده‌که‌ونه‌ ژێر ڕه‌حمه‌تی خه‌ته‌ ئایدیۆلۆجییه‌کانی ده‌وڵه‌ت یان لایه‌نه‌ پشتپێبه‌ستراوه‌که‌. یه‌کێک له‌ به‌ره‌نجامه‌کانی پشتبەستن بە بێگانە، کە زادەی پەیڕەوکردنی خەباتی چەکدارییە، لەگەڵ‌ ده‌ستدانی جڵه‌وی بزووتنه‌وەکە‌، دەوڵەتە پشتپێبەستراوەکە دەخاتە پێگەیەکی بەهێز لە کاریگەریی دروست کردن لەسەر بزووتنەوەکە. بۆیه‌ هه‌ر کاتێک به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی وڵاتە پشتپێبەستراوەکە بخوازێت فوویه‌ک له‌ “مه‌شخه‌ڵی” شۆڕشه‌کان/ڕاپەڕینەکان ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ خه‌باتی چه‌کداریی تاکه‌ هۆکاری سه‌رنه‌کەوتن یان سه‌رانگۆبوونی بزووتنه‌وه‌ کوردستانییه‌کانه‌، به‌ڵکو یه‌کێکه‌ له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کان. بۆیه‌ من له‌و باوه‌ڕه‌دام یه‌که‌م هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن و له‌ده‌ستنه‌دانی ڕكێفی بزووتنه‌وه‌کانی کوردستان به‌ وه‌لانانی خه‌باتی چه‌کداریی وه‌ک شێوازێکی خه‌بات ده‌ست پێ ده‌کات.
لە بەشەکانی داهاتوودا، گفتوگۆی خاڵە نەرێنی و نه‌هامه‌تییه‌کانی دیکەی خه‌باتی چه‌کداریی دەکەین، لەوانە: ناشیرینبوون و باونەمانی خەباتی چەکداری وەک شێوازێکی خەبات؛ شکستی بەردەوام و یەک لەدوای یەکی بزووتنەوە و شۆڕشەکان؛ تا کاریگەریی خەباتی چەکداریی لەسەر هه‌ڵاواردنی هەردوو نوخبه سیاسی و ڕووناکبیرییەکانی کوردستان لەگەڵ ‌خەڵک و جەماوەر.

ماویەتی..




هونەرمەندان بدوێنە شەرحی حاڵی خۆیان دەكەن!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

بڕوام وایە دیارترین توێژ لە دوای مامۆستایان ( خۆم مامۆستام و ئەوە دەزانم ) كە ناخوێننەوە، توێژی هونەرمەندانن، ئەمەش زۆر بە ڕوونی لە میانەی دیمانە و گفتوگۆ و بەشدارییان لە بەرنامە میدیایەكان دەردەكەوێت، كە زۆرباش هەست بەوە دەكەین كە هونەرمەندی كورد، چۆن هونەری هەیە، بەڵام ڕۆشنبیریی هونەری نییە، كە سەرچاوەكەی لە كتێب و خوێندنەوەوە دروست دەبێت. ئێمە لە كوردستاندا، ئەكتەری زۆر بە توانا، مۆسیقاڕی زۆر لێهاتوو، شێوەكاری زۆر داهێنەر، شانۆنامەنووس و سیناریست و گۆرانیبێژی زۆر بە توانامان هەن، بەڵام لە ڕووی ڕۆشنبیریی هونەریی و زمانی دەربڕینەوە، ئەوەندە هەژار و كۆلەوران، مرۆڤ بە زەیی پێدا دێنەوە، كە چۆن لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا، زوو پە كییان دەكەوێت و ناتوانن دوو ڕستەی ڕاست و دروست، دوو زانیاریی جیهانی و كوردستانی لە بارەی هونەرەكەی خۆیانەوە بخەنە ڕوو، چونكە بڕوایان وایە، سنووری هونەر تەنها لە ژەنینێكی ناوازە، تابلۆیەكی پڕ مانا، نواندنێكی جوان، دەنگێكی خۆش، كۆتایی دێت و ئیدی پێویشستیان بە هیچ نییە. زۆر جار كە سەیری زمانی هونەرمەندانی كورد، ئاستی ڕۆشنبیریی و زمانزانی و مەعریفیان دەكەم، بە ڕاستی بەلامەوە سەیرە و تەریق دەبمەوە، كە چۆن دەبێ هونەرمەند، كە ناو و شوناسێكی هێندە گەورە و جوانە ،بەو شێوەیە بێت و ئەمە ئاستی ڕۆشنبیریی و زمانزانی بێت؟ سەیر كەن هونەرمەندانی كورد چی دەكەن و چی دەڵێن؟ ئەوان لە بری ئەوەی داهێنان دوای داهێنان بكەن، هونەری نەتەوەكەیان لە هەموو ڕووێكەوە بە دنیا بناسێنن، دێن بە زمانێكی پەریووتی بێ زانیاریی و گوتە و دەستەواژەی هێندە میللی و كۆمەڵایەتییانە دەدوێن، كە نەك هەر جیاوازی لەگەڵ زمانی ئاسایی خەڵك نییە، بگرە پلەیەك لە ژێر ئەو زمانەشە. سەرنج بدەن، درامانووس و ئەكتەرێكی دیار، كە ئایكۆنێكی هونەری دیارە، بە دەنگێكی بەرز و بە هەناسە بڕكێوە دەڵێت:( نەكەن بێوەژن بێنن بە كەڵكی هیچ نایەن ) ئەم هونەرمەندە، بێ ئەوەی درك بەوە بكات، كە هەزارەها ژنی كورد هەن، هاوسەرەكانییان پێشمەرگە بوون و كاتێ ئەو لە ئەوروپا بێ خەم دەژیا، گیانیان لە پێنا و ئەو و نیشتمانەكەیان بەخت كرد و عاوسەرەكانیان بەداخەوە بێوەژن كەوتن. كەم نەتەوە هەیە لە دنیادا هێندەی نەتەوەی كورد، بە حوكمی ستەمی سیاسی و نەتەوەیی، ژنانی بێ مێرد كەوتبن، ئیدی ئەم بە ناو هونەرمەندە دێت بێ ئەوەی هەست بەوە بكات، كە چۆن هەست ونەستی ئەو ژنانە بریندار دەبێت، دەڵێت: مەیانهێنن ! بە ڕاست ئەمە زمانی هونەرمەندە، یان زمانی شوان و گاوان؟ مەگەر ئەوان كە نەدەزانن هونەر چییە و نواندن چییە، قەت قسەیەكی لەو شێوەیە دەكەن؟ هونەرمەندێكی دیكەی ژن، بە دەنگێكی بەرز هاوار دەكات و دەڵێت:
( یەك ملیار دۆلارم بەنێ دەمی پیاوێك ماچ ناكەم !) بەوەدا دیارە كە ئەم خاتوونە لە هونەر و نواندن نەگەیشتووە، چونكە جیاوازی لە نێوان دنیای هونەر و دنیای واقیع ناكات و وا دەزانێ هەردووكییان هەر یەكن. مەگەر جگە لە ژنە هونەرمەندەكان، ملیۆنان ژنی دیكە لە كۆمەڵگە نین؟ بۆچی دەرهێنەرێك بەوان ناڵێت ماچی پیاوێك بكەن؟ چونكە ئەوان هونەرمەند نین ! هونەر بێ ڕاشكاویی و بوێریی و سڵنەكردنەوە هیچ مانایەكی هەیە؟ ئایا ئەم ئەقڵە بە ناو هونەرییە هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەقڵی ئاسایی ژنێكی دواكەوتوو خێڵەكی هەیە؟ هونەرمەندێكی دیكەیان هاوسەرە پیاوەكەی كە زۆر لە خۆی قۆزترە، لە ماڵ دەردەكات و ناچاری دەكات لە سەر شەقام ونێو پاركەكان بنووێت ! یەكێكی دیكەیان، لە گۆرانییەكدا بۆ شووكردن دەكرووزێتەوە و داوا دەكات بچنە داخوازیی ! سەردەمانێك ژنی كورد بە شوو دەدرا، مارەبڕ دەكرا، دەگواسترایەوەـ هەفتا ساڵیش لەگەڵ پیاوەكەی بەیەكەوە دەژیان، كەچی هەرگیز ڕووبەڕووی دانەدەنیشت و پشتی تێ دەكرد، واتا ئەوەندە شەرمن و خاوەن ڕێز و سرووشتی كۆمەڵایەتییانەی جوان بوو. یەكێكی دیكەیان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی چنیوە و بە شانازییەوە باس لەوە دەكات تەمەنی پەنجا ساڵە و مێردەكەشی بیست ساڵە و بە سی ساڵ لەو گەورەترە، ئەو هونەرمەندانەشی كە ڕقیان لێیە لە بەر ئەوەیە كە گەنجێك هاوسەریەتی! لێرەدا قسە لە سەر ئەوە ناكەین كاتێ ژنێك دڵخۆشە بەوەی لە تەمەنی پەنجا ساڵی گەنجێكی بیست ساڵ هاوسەریەتی، چونكە دەزانین خۆشی و مەرامی ئەو هاوسەرگیرییە چییە و لە چیدایە ! تەنها دەڵێین ئایا ئەو باس و ڕووداوە بێ بەها و نا هونەری و ناكۆمەڵایەتییانە هی ئەوەن لە زاری هونەرمەندێكەوە بگوترێن؟ مەگەر هونەرمەند دەبێ داهێنان لە هونەرەكەی بكات، یان شانازی بەوە بكات كە مێردێكی گەنجی هەیە؟ یەكێكی دیكەیان دەڵێت 🙁 مێردەكەم سیفەتی جاكوراری هەیە ئەوەندە ترسناكە) بە مەرجێك سیفەتی ڕێویشی نییە، چونكە زانستی پزیشكی و دەرووناسی ئەوەی سەلماندووە پیاوی سپی پێست و قژ زەرد و چاوشینەكان، لاواز و بێ توانان و سیستەمی بەرگریی لە شیان وەك ڕەشپێست و گەنم ڕەنگەكان بە هێز نییە ! ئەویتریان باس لەوە دەكات كە هەموو لەشی تاتووە، نازانێ كامەیان بە لێزەر لا بات. یەكێكی دیكەیان هەرچی قسەی بازاڕی هەیە، بە ناوی بەندەوە ڕێز دەكات! بە ڕاست ئەمە دەبێ زمانی هونەرمەندان بێت؟ بێگومان بە داخەوە زۆرینەی هەرە زۆریان، ڕۆشنبیرییەكی كەم و زمانێكی پەرپووت و هەژاریان هەیە و هونەرمەندە ڕۆشنبیرەكانی ئێمە لە پەنجەی دوو دەست تێناپەڕن.
ناو و شوناسی هونەرمەند گەورە و پیرۆزە، نابێ بە ئاسانی بدرێتە پاڵ هەموو كەسێك، هونەرمەند دەبێ بە مانای وشە لە هەموو ڕووێكەوە بە تایبەتیش ڕۆشنبیریی و زمانەوە هونەرمەند بێت ! من چی لە گۆرانیبێژێكی ناودار، ژەنیارێكی دیار و بە توانا، ئەكتەرێكی خاوەن ئەزموون بكەم ئەگەر نەزانێت دوو قسەی جوان و پڕ مانا بە زمانێكی ڕێكی كوردییانە لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا دەرببڕێت. هونەر هەر تەنها بەهرە و نماییش نییە، بەڵكو لەوە گرنگتر پێگە و كاریگەریەتی لە سەر ئاستی تاك و كۆمەڵگە. هونەرێك لە خزمەت نەتەوە و نیشتمان، ئاكار و بەها ڕەوشتی و كۆمەڵایەتییەكانی مرۆڤ نەبێت، هیچ مانایەكی هەیە؟.هیوادارم هونەرمەندانی كورد كەمترین دەركەوتنیان هەبێت، نە بادا وەك ئەو باڵندەیەیان لێبێت كە دەڵێن تەنها یەكجار دەیخویند ئەویش دەیگووت:_ (قوڕ ).

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4181) لە 28/10/2024 بڵاوكراوەتەوە.




وتارێکی جەمال نەبەز بە ئەڵمانی لەبارەی شێخ حەسەنی گڵەزەردە.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

جەمال نەبەز کەسێکی فرەبەهرە بوو، لە یەککاتدا «مێژوونووس، ئەدیب، سیاسەتمەدار، زماننزان، وەرگێڕ، مامۆستای زانکۆ» جگە لە زمانی کوردی کۆمەڵێک زمانی بیانیی دەزانی، ئەمەش هاوکاری باشی کردبوو، تاوەکو دونیابینی و رۆشنبیری خۆی فراوانتر بکات. لە هەمووشی گرنگتر زیاتر خزمەتی گەلی کورد بکات بەتایبەتی لەڕووی ناساندنی کەلتوری کوردی بە وڵاتانی جیهان لەپێش هەموویانەوە گەلانی عەرەبی و ئەڵمانی، چونکە کۆمەڵێک کتێب و وتار و لێکۆڵینەوەی گرنگی بەم دوو زمانە نووسیوە.

لە ماوەی پێشوودا لە سلێمانی سەردانی «رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز»م کرد، لەراستیدا بوونی ئەم بنکەیەش، خۆی لە خۆیدا خزمەتێکی گەورەیە بە ئەدەب و فەرهەنگی کوردی بەگشتی و ئەدەبیاتی مامۆستا جەمال نەبەز بەتایبەتی. بەداخەوە ئێمە زۆر کەم گرنگییمان بە هێشتنەوەی توراسی مامۆستایانی پێشوومانداوە بەتایبەتی لە بواری ئەدەبیی و فەرهەنگیدا، لەکاتێدا زۆر لە وڵاتانی جیهان، لەپاش مردنی نووسەر و هونەرمەندان، بنکەیەک یان ماڵی نووسەرەکە وەکو مۆزەخانەیەک دەهێڵنەوە، بۆئەوەی لەلایەکەوە نەوەی نوێ رێز لە مامۆستایانی پێش خۆی بگرن، لەلایەکی تریشەوە پارێزگاری لە کەلتوری خۆیان بکەن و بە جیهانی بناسێنن. هەربۆیە ئەم هەوڵەی ئەو بەرێزانەی رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز، مایەی دەستخۆشی لێکردنە.
لەوێ کاک دەوەن مەعروف بەڕێوەبەری رێکخراوەکە، کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی مامۆستای جەمالی پێ پیشاندام، لەوانە کتێبەکانی مامۆستا بە زمانی ئەڵمانی و عەرەبی، جگە لە کۆمەڵێک وتار بە زمانی ئەڵمانی، کە هەر هەموویان تەوەری سەرەکییان گەلی کوردستانە. یەکێکیش لەو وتارانەی کە بووە مایەی سەرنجم، وتارێکی مامۆستا جەمالە کە لە ساڵی 1972 واتە پێش 52 ساڵ، لە گۆڤارێکی زانستیی ئەڵمانی، لە بارەی ئەستێرەنناس و کەسایەتیی ناوداری کورد « شێخ حەسەنی گڵە زەردە» یە.

وتارەکە بەناونیشانی:( Ein kurdisches Mond-Observatorium aus neuerer Zeit، روانگەیەکی کوردی بۆ بینینی مانگ لەسەردەمی نوێدا) کە لە گۆڤار( خۆرهەڵاتنناسی ئەڵمانی)دا بڵاوکراوەتەوە. لە وتارەکەدا جەمال نەبەز باسی کەسایەتی شێخ حەسەنی گڵە زەدەردە دەکات و دەڵێت: ئەو ئەسترۆناوێکی» ئەستێرەنناس « کورد بووە لە ناوەڕاستی سەدەی 18 دا ژیاوە، کۆمەڵێک کتێبی گرنگی نووسیوە، بەڵام بەداخەوە بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عیراقەوە سووتێنراون.
لەلایەکی ترەوە باسی ئەو داهێنان و کارە گرنگانە دەکات کە ئەم ئەستێرەنناسە کوردە کردووەیەتی، هەروەها باسی ئەو بورجە دەکات کە شێخ حەسەن دروستیکردووەو دەڵێت: ئەو بورجێکی ستوونی لەسەر شاخی گڵەزەردە دروستکردووە، کە لە بەرد و گڵ دروستکراوە.

پاشان باسی شاخی گڵە زەردە دەکات، گرنگی و پێگەی ئەم شاخە باس دەکات، کە دەکەوێتە نزێک شاری سلێمانییەوە.

بە گشتی ناساندنی ئەم کەسایەتییە کوردیە بە گەلی ئەڵمانیا، کە لە بواری زانستیدا داهێنانی کردووە، خزمەتێکی گەورەیە. لە داهاتوودا هەوڵ دەدەم تەواوی ئەو وتارەو وتارەکانی تریشی، لەگەڵ چەند کتێبێکی کە بە ئەڵمانی نووسیویەتی، وەربگێڕمە سەر زمانی کوردی، ئەمەش پڕۆژەیەکی رێکخراوی رۆشنبیری جەمال نەبەزە لە سلێمانی، هیوادارم بتوانم بە ئەنجامی بگەیەنم.




ناساندنی زانستی بۆ کتێبی “ئینسایکلۆپیدیای دەروونی..158.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

ناساندنی زانستی بۆ کتێبی “ئینسایکلۆپیدیای دەروونی”(نەخۆشییە دەروونییەکان).نووسەر: خلیل البواب، وەرگێرانی بۆ کوردی لەلایەن مامۆستای زانکۆ و پسپۆری بواری دەروونزانی: فکری مەجید.
چاپی یەکەم ساڵی ٢٠١٢(تاکو ئێستا ئەم پەرتووکە سێ جار لە چاپ دراوەتەوە).

نووسینی وتار: ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)، زنجیرەی ١٥٨.

کتێبی “ئینسایکڵۆپیدیای دەروونی (نەخۆشییە دەروونییەکان)” بەرهەمێکی زانستی و ئەکادیمی گرنگە لە بواری دەروونناسیدا کە لەلایەن نووسەری شارەزا “خەلیل ئەلبواب”ـەوە نووسراوە و لەلایەن پسپۆڕی بواری دەروونناسی”فکری مەجید کەورینی”یەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. ئەم کتێبە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و زانستی، کۆمەڵێک زانیاری گرنگ و پێویست لەخۆدەگرێت سەبارەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان، شێوازەکانی دەستنیشانکردن، و میتۆدە هاوچەرخەکانی چارەسەرکردن. گرنگی کتێبەکە لەوەدایە کە بە زمانێکی ڕوون و زانستی، دیاردە دەروونییەکان شیدەکاتەوە و لە ڕوانگەی پزیشکی و دەروونناسییەوە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکات.

لە ڕووی ناوەڕۆکەوە،کتێبەکە باس لە زۆربەی نەخۆشییە دەروونییەکان دەکات، وەک خەمۆکی، خەمۆکی ناوەکی، خەمۆکی دوای لەدایکبوونی مناڵ، و خەمۆکی ناچەشن، دڵەڕاوکێ، شیزۆفرینیا، دوو جەمسەری، کەسایەتی دووانە، ئۆتیزم، و چەندین نەخۆشی تر. کتێبەکە بە شێوەیەکی ورد و زانستی باس لە پێناسەی نەخۆشییە دەروونییەکان دەکات و پۆلێنبەندییەکی تەواوی بۆ جۆرەکانی نەخۆشی دەروونی خستووەتە ڕوو. هەر نەخۆشییەک بە جیا و بە وردی شیکراوەتەوە، هۆکارەکانی دروستبوونی، نیشانەکانی، شێوازەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی خراونەتە ڕوو.

لە ڕووی میتۆدۆلۆژیاوە، کتێبەکە پشت بە نوێترین توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەبەستێت لە بواری دەروونناسیدا. نووسەر و وەرگێڕ هەوڵیان داوە پشت بە سەرچاوە باوەڕپێکراو و نێودەوڵەتییەکان ببەستن و زانیارییەکان بەپێی پێوەرە زانستییە جیهانییەکان بخەنە ڕوو. هەروەها، کتێبەکە هاوتەریبە لەگەڵ پێوەرەکانی DSM-5 و ICD-10 کە دوو سەرچاوەی سەرەکین لە بواری پۆلێنکردن و دەستنیشانکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان.

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە کە تەنها تیۆری نییە، بەڵکو لایەنی پراکتیکیشی لەخۆگرتووە. لە هەر بەشێکدا، نموونەی پراکتیکی و حاڵەتی واقیعی خراونەتە ڕوو کە یارمەتی خوێنەر دەدەن باشتر لە چەمک و بابەتەکان تێبگات. هەروەها، شێوازەکانی هەڵسەنگاندن و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان بە شێوەیەکی پراکتیکی و کردەیی خراونەتە ڕوو.

کتێبەکە گرنگییەکی تایبەتی داوە بە بواری چارەسەری دەروونی و شێوازە هاوچەرخەکانی چارەسەرکردن. لەم بەشەدا، باس لە نوێترین میتۆد و تەکنیکەکانی چارەسەری دەروونی کراوە، لە چارەسەری دەرمانییەوە بۆ تێراپییە جۆراوجۆرەکان. هەروەها، ڕێنمایی و ڕاسپاردەی گرنگ خراونەتە ڕوو سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشە دەروونییەکان و شێوازی یارمەتیدانیان.

لە ڕووی زمانەوانییەوە، کتێبەکە بە زمانێکی ڕوون و پوخت نووسراوە کە تێگەیشتنی ئاسان کردووە بۆ خوێنەر. وەرگێڕ هەوڵی داوە زاراوە زانستییەکان بە شێوەیەکی دروست و گونجاو بگوێزێتەوە بۆ زمانی کوردی، بەجۆرێک کە هەم واتای زانستی خۆیان بپارێزن و هەم بۆ خوێنەری کورد تێگەیشتنیان ئاسان بێت. ئەمەش بەهایەکی زیاتری بەخشیوە بە کتێبەکە وەک سەرچاوەیەکی زانستی کوردی.

گرنگییەکی تایبەتی کتێبەکە لەوەدایە کە بۆشاییەکی گەورە پڕ دەکاتەوە لە کتێبخانەی کوردیدا. لە کاتێکدا کە کتێبی زانستی بە زمانی کوردی لە بواری دەروونناسیدا کەمن، ئەم کتێبە بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگ و پێویست بۆ خوێندکاران و پسپۆڕانی بواری دەروونناسی. هەروەها، کتێبەکە دەوڵەمەندی کردووە بە زاراوە و چەمکە زانستییەکان بە زمانی کوردی.

لە ڕووی پێکهاتەوە، کتێبەکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و لۆژیکی دابەشکراوە بۆ بەش و تەوەرە جیاوازەکان. سەرەتا چەمکە بنەڕەتییەکان دەخاتە ڕوو، پاشان بە شێوەیەکی پلە بە پلە دەچێتە ناو بابەتە ئاڵۆزترەکان. ئەم ڕێکخستنە وایکردووە خوێنەر بە ئاسانی بتوانێت شوێن زنجیرەی بابەتەکان بکەوێت و تێگەیشتنێکی قووڵ و هەمەلایەنە بەدەست بهێنێت.

بێگومان ئەم کتێبە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ چەند گرووپێکی جیاواز: بۆ خوێندکارانی زانکۆ دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی خوێندن و فێربوون، بۆ مامۆستایان و توێژەران دەبێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ وانەوتنەوە و توێژینەوە، بۆ پسپۆڕان و دەروونناسان دەبێتە ڕێنیشاندەرێک لە کاری پراکتیکیدا، و بۆ کەسانی ئارەزوومەند دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ تێگەیشتن لە دۆخە دەروونییەکان و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان.

پێشنیار دەکەم ئەم کتێبە بخوێندرێتەوە لەلایەن هەموو ئەو کەسانەی کە لە بواری تەندروستی دەروونیدا کار دەکەن یان دەخوێنن. بەتایبەت بۆ خوێندکارانی بەشی دەروونناسی و دەروونناسان، ئەم کتێبە دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ و پێویست. هەروەها بۆ کەسانی ئارەزوومەند، کتێبەکە دەرفەتێکی باش دەڕەخسێنێت بۆ تێگەیشتن لە نەخۆشییە دەروونییەکان و شێوازەکانی چارەسەرکردنیان، پەرتووکەکە بە شێوەیەکی زانستی و سیستەماتیک داڕێژراوە، هەر لە پێناسەی نەخۆشییەکان، هۆکارەکانیان، نیشانەکانیان، تا دەگاتە شێوازەکانی چارەسەر و خۆپاراستن. هەر نەخۆشییەک بە وردی و بە پشتبەستن بە سەرچاوە زانستییە باوەڕپێکراوەکان شیکراوەتەوە.ئەمەش وایکردووە کتێبەکە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ و تەواو بۆ خوێندکارانی بواری دەروونناسی و پسپۆڕانی ئەم بوارە.




بمنەخشێنە بە ئەبەدیەت.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

هەموو بێدەنگیەکان و شەوەکانم کردە ووشە
ئەوەی نەوترا ، من نوسیمەوە …

(ئارسەر ڕامبۆ / وەرزێک لە دۆزەخا)

پەراوێزم کە ، تۆفانی
ساتەکان، تازە گوێنادەمێ
بگەڕێمەوە نزرگە پیرۆزەگانی خەمگینی!
هەموو شتەکان خەیال دەرچوون
چەند ئاسان پەپولەکانی جوانی
لە پەنجەکانەوە فڕین! ئای لاوێتی!
خۆشیە جوانە درۆزنەکان، گریمانەی
ئەبەدیەت لە تەمی عیشقێک
کە زوو ڕەویەوە، چەند ئاسان بوو
فێربوونی ژمارەو پیتی
سروودی بوون و نەبوون!
بینیم ئاسمان ڕەنگی ئاڵتونی،و ڕەشی
خوێنی!، هاوڕێکەم ووتی..
با لە پەنجەرەی شەمەندەفەری کاتەوە
مەملەکەتی بریسکاوەی خۆری سپی ببینین
لە پشتەوە ئەسپسوارەکانی دۆزەخ قاقایان بوو!
دەشێ جارێکی تر لە ڕۆحی ترا
یەک ببینینەوە، ئەوی نازدار پێی ووتم،
هیشتا هەنگوین و شەکری
گوڵە هەڵاڵەکان بۆ ماچێکی ژەهرین
لەسەر لێوی بوو!
هەموو ڕەنگێکم ئەوێتەوە کە لە لاوێتی
بێستان و دەشت و دیواری قوتابخانەکانمان پێ بۆیە ئەکرد
وەک جاران زەردەم بێت
بە قووڵایی ئەو چاڵانەی
ژیان لە گەشتە بوهەیمیەکان
بۆی دانابووم، ئەو دەڵێ:
چی سودێکی هەیە دواکەوتن
یان زوو گەیشتن
گەر هەموو ڕێگاکان ئەچنەوە تاریکی مەرگ
چۆن بتوانم جارێکی تر
کازیوەت بم
ئەی فریشتەی ڕۆح قەقنەزی
یاخی لە عەرشی میهرەبانی
تا بە بەخشندەیی
لەگەڵ پەرتبوونی رۆحم بدوێم
چەشنی سۆناتای ئێوارەیەکی وەنەوشەیی
ژیانم بەردەوامە
وەڵامم دایەوە، زەنگێک لە کلێسای
شیعردایە، زرنگەی چرکەکانی تێپەڕینمە
بە نێو پیادەرەوەکانی سەردەمێکی فەنا
ئەمانەی ئەیبینی کۆچەری سەرهەڵگرتوون
دوپاتکردنەوەی هەمان سەفەری ئادەمە
بەرەو نەفرەت! بەرەو گەڕان بۆ مانا
کە خواوەندەکان لێیان سەندەوە
سەرباری ئەوەش،
هاژەی زەریای دڵمە
دەریاچەی بێهودەیی زیندوو ئەکاتەوە!

…………………………
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری نەمساوی
Thomas Muhl
بەسوپاسەوە لە بەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




كتێبێك لە بارەی شیعری شەوی یەڵدا چاپ و بڵاو دەكرێتەوە

وا بڕیارە لە یادی شەوی یەڵدا دا، كتێبێكی دیكەی سەدیق سەعید ڕواندزی بە ناوی (شەوی یەڵدا لە نێوان نالی و كوردی دا) چاپ و بڵاو بكرێتەوە. ناوەڕۆكی ئەم كتێبە، لێكۆڵینەوە و ساغكردنەوەی ئەو شیعرەیە، كە ئایا شیعری كام لەم دوو شاعیرەیە، كە هەتا ئێستا هەندێك بە شیعری نالی و هەندێكی دیكەش بە شیعری مستەفا بەگی كوردی دای ئەنێن. نووسەر لەو كتێبەیدا، بە خوێنەوەیەكی زمانی و فەرهەنگی زمانی شیعری هەردوو شاعیرەوە، شڕۆڤەی دەقەكە دەكات و ڕوونی دەكاتەوە كە ئەم شیعرە شیعری نالییە و هیچ پەیوەندییەكی بە كوردییەوە نییە، چونكە زمان و جیهانبینیی و لایەنی وشەسازیی شیعری دەقەكە، لە هی نالی دەچێت نەك كوردی. هەر لە پەراوێزی شڕۆڤەكردنەكەدا، نووسەر ئاماژە بە زمانی هەردوو شاعیر و دواتر بەستنەوەیان بە زمانی سەردەمی بابانەكان و شیعری كلاسیكی ئەو كاتە دەكات و دواتریش لە سەر زمان و لایەنی وشەسازیی شیعری شەوی یەڵدا دەوەستێت، كە ئایا شیعرەكە لە زمانی شیعرەكانی نالی دەچێت یان كوردی؟ وا بڕیارە ئەم كتێبە خوا یار بێت. لە ڕۆژی بیستی مانگی كانوونی یەكەمی داهاتوو، كە هاوكاتە لەگەڵ شەوی یەڵدا لەلایەن كۆمەڵگەی فەرهەنگی ئەحمەدی خانێ لە سۆران، چاپ و بڵاو بكرێتەوە !




كریستینا دەبێتە یەکەم کەشتیوانی ژن بۆ سەر مانگ.. رەزا شـوان

کریستینا هامۆک کۆچ، ژنێکی ئەمریکی بەڕەسەن ئەفریقییە. لە (٢٩/ یانوار/١٩٧٩) لە گرانـد راپیـدز لە میـشیگان لە ویلایەتە یەکگـرتووەکانی ئەمـریکا لەدایک بووە. لە ئێستادا تەمەنی (٤٥) ساڵە. لە شاری (جاکـسۆنـڤـيل) لە ویـلایـەتی کارۆلـیـنای باکوور گەورەبووە. دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانیاری ئەنـدازیاری کارەبا و لە فـیزیا و لە زانیـاری و بیـرکاری بەدەستهـێناوە. لە ساڵی (٢٠٠١) دا، بـڕوانامەی ماستەری لە ئەنـدازیـاری کارەبـا، لە زانکـۆی ویـلایـەتی کارۆلـیـنای باکـوور وەرگـرتـووە. هـەر لە ساڵی (٢٠٠١) دا، دەرچـووی پـرۆگـرامی ئەکـادیـمی نـاسایە، لە سـەنـتەری فـڕیـن بـۆ بۆشایی ئاسمان گۆدارد. لە چەندین کۆرس و ئەرکی ناسادا بەشداری کردووە، فـیزیای ئەستـێـرەیی و گـەردوونـناسی خـوێنـدووە. وەک یـاریـدەدەری مامـۆسـتا، لە کـۆلـێـژی مۆنتگۆمێـری لە ویلایەتی میریـلانـد کاری کـردووە و سەرپـەرشـتیی خولێکی فـیزیـای کـردووە. کـریـستینا کـۆچ دەڵـێـت:”کاتـێک کە لاو بـووم، زۆر حـەزم دەکـرد شـەوانە سەیـری ئاسـمان و سەیـری ئـۆقـیانـووس بـکەم”
کریستینا لە دوای دەرچوونی لە زانکۆ، وەک ئەندازیارێکی کارەبا، لە سەنتەری فڕینی بۆشایی ئاسمانی لە گۆدارد لە ویلایەتی میریلانـد و لە تاقیگەی فـیزیای کارپێکـراوی و لەسـەر تـیـشکـدانـەوەی ژیـنگەیی لە نـزیک زەوی، لە زانکـۆی جـۆنـز هـۆپکـیـنز بـۆ تاقـیکـردنەوە، لێکۆڵـینەوەی کردووە. هـەروەهـا کـۆچ بە کـرداریی زانـستی لە شـوێنە دوورەکـانی وەک، ئەنـتارکـتـیک، گـریـلانـد و باکـووری ئـەلاسـکا ئـەنجـامـداوە. وەک هاوکارێکی توێژینەوە، لەگەڵ پرۆگرامی جەمسەری باشووری ئەمریکا و ئەنـدازیـاری مەیدانی، لە بەڕوەبەریتی نیشتمانی، لەسەر ئۆقـیانووسەکان و بەرگەهەوا، بە کرداری کـاری کـردووە. لە (٢٠٠٧) وەک هـاریکارێکی چالاک تـوێـژینەوەی لەگەڵ بەرنـامەی جـەمسـەری باشـووری ئەمـریکا کـاری کـردووە. سێ سـاڵ و نیـو لـە گـەشتکـردنی بـۆ ناوچـەکانی جەمسەری باکـوور و جەمسەری باشـوور بە مەبەستی باس و تـوێـژینـەوە بەسەربـردووە. لە سـاڵی (٢٠١٣) دا، پەیـوەنـدیی بە ناسـاوە کـرد (ئـاژانسی ئاسـمانی نیشتمانی ئەمریکا) بۆ فڕینی ئاسمانی و بۆشاییگەری (فەزا) چەندین کاری تر کردووە.
کریستینا کـۆچ، هـاوسەرگیریی لەگەڵ کەشتیوانی ئاسمانی (رۆبـەرت کـۆچ) دا کردووە.
کریـستـینا کـۆچ، لە یەکـەم ئەرکی ئاسمانـیدا، لە مانگی ئاداری (٢٠١٩) دا، تا مانـگی شوباتی (٢٠٢٠) دەستی بە گەشتکـردنه ئاسمانییەکانی کـرد. لەنـاو ویسگەی بۆشایی ئاسمانی نێودەوڵەتی (ئی ئێس ئێس) دا، لە خولگەی زەویـدا، بۆ ماوەی (٣٢٨) رۆژ، لەنـاو ئەم ویـستگەیەدا ژیـاوە. کە درێـژتـریـن مـاوەی مانـەوەیە لە بۆشایی ئاسـمانـدا. بەمەش کۆچ ریکۆردێکی پێـوانەییەیی جیهـانی تـۆمارکرد، کە پێـشتر هـیچ ژنـێک ئەم کارەی ئەنجام نەداوە. پێشتر (سکـوت کـێلی) کە یەکەم ئەمـریکی یە، نـزیکەی ساڵێک لە بۆشایی ئاسماندا ژیانی بەسەربرد. کـۆچ لەم ئەرکەیدا، لەناو ئەم ویستگەیەدا، شانە بایـۆلـۆژییـەکانی بە شـێوەی سێ رەهـەنـدی چـاپکـرد، پـرۆتـینی چـانـد، کـاری لەسـەر تاقـیکردنـەوەیەکی مادە تاریکەکان کرد. کـۆچ بە یەکەمـین گەشتی بۆ بۆشایی ئاسمان، مێـژوویەکی پـڕ لە شانازی و شکۆمەنـدیی بـۆ ژنـان تۆمـارکـرد.
کریستینا کۆچ و خاتوو جـێسکا مێیر، یەکەم دوو ژنـن. کە لە (١٨/ ئۆکتۆبەر/٢٠١٩) لە وێـسگەی ئاسمـنی نیـودەوڵـەتی (ئی ئێس ئێس)، دەرچـوون و لە بۆشایی ئاسماندا رۆێشتن و گەڕانەوە ناو وێسگەکە. سەرەکێشییەکی زۆر گەورە بـوو. ئازایەتی زۆر و ئیـرادەیەکی بەهـێزی دەویـست. بەمەش کـۆچ ریکـۆردێکی تـری باڵای تـۆمارکـرد.
کریـستینا کـۆچ، ناوی لە لیسی (١٠٠) ژنی بەناوبانگی جیهـانی لە ساڵی (٢٠٢٠) دا تۆمارکـراوە، کە رۆژنـامـەی تایـمـز هـەڵـیانی بـژاردوون.
لە چوارچێوەی پـرۆژە گەورەکەی ناسا، بۆ بۆشـایی ئاسمان، بۆ گەڕانەوەی مـرۆڤ بۆ سـەر مانـگ، لە (٤١) کەشـتیوانی ئاسمانی چالاکـی کانـدیدکـراو بۆ ئەم گەشـتە. تەنها (٤) یان لێـیان هـەڵـبژارد، کە دووەم کەسـیان، کریـستیـنا کـۆچـە. لە ئێـستادا سەرقـاڵی مەشـق و خۆئامادەکردنە، بۆ ئـەم سەرەکـێـشییە نـوێیەی. دەیەوێـت وەک یەکەم ژن بۆ سەر مانگ و وەک نوێنەری هەموو ژنان ناوی لە مێژوودا بە پیتی زێڕین تۆماربکات.
لە چـوارچـێوەی پـرۆژە گەورەکەی، دەزگـای ناسا بۆ بۆشـایی ئاسـمان، بۆ گەڕانـەوەی مرۆڤ بۆ سەر مانگ، بە کەشـتیی (ئارتـیـمس ـ ٢) بـۆ سـووڕانەوە بە دەوری مانگـدا، کە دەبـوایە لە کۆتایی ئەمساڵـدا، ئەم گەشتە ئەنجـام بـدرایە. بەڵام دواکەوت و لە ساڵی داهـاتـوو (٢٠٢٥) دا ئەنجام دەدرێـت. ناسا لە کـۆبـوونەوەیەکـدا لە ساڵی (٢٠٢٣) دا، لە رێـوڕەسـمـێکی شایـستەدا، لە شاری (هـیوسـتن) ناوی ئـەو تیمە چـوار کەشـتـیوانە ئاسمانیـیانـەی راگەیانـد، و بە ئامادەبووانی ناسانـدان. کە بـۆ ئـەم گەشتەی سەر مانگ هەڵیانی بژاردوون. ئەم چوار کەشـتیوانانەن، کە تەمەنی هەمـوویان لە چـلەکان دان:
١ـ ریـد وایـزمـان ـ ئەمـریکی: وەک فـەرمـانـدەی ئەرکەکانی گەشـتەکەی ئارتیمس ـ٢.
٢ـ ڤـیکـتـۆر گـلـۆڤـەر ـ ئەمـریکی: فـڕۆکـەوانی و جەنگی دەریـایی.
٣ـ کـریـستـینا کـۆچ ـ ئەمـریکی ـ ئەفـریـقی: ئەنـدازیـاری کارەبـا. پسـپۆری ئەرکەکانی ئارتیمـس٢ ـ بۆ یەکەم جار و یەکەمین ژنـە لە مێژوودا، کە گەشتی سەر مانگ دەکات.
٤ـ جـێرمی هـانـز ـ کەنـدی: فـرۆکەوانێکی فـڕۆکەی جەنگی پێشوو کەنەدییە. پسپـۆری ئەرکەکانی ئارتیمس ـ ٢. یەکەم کەشتیوانە لە دەرەوەی ئەمریکادا، بەشداری لە گەشتی چـوون بۆ سەر مانگ دەکات. یەکەم جاریـشێ دەبێـت کە بەرەو بۆشایی ئاسمان بچـێت.
هـانـز وتی:”بەیەکەوە دەچـیـنە سـەر مانـگ”.
بیـل نـێـڵسن ـ بەڕێـوەبەری ناسا وتی:”ئەمـە تـیـمـێکی مـرۆڤـایـەتـیـیە”.
سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایـدن بە گەرمی پێشوازی لە چوار کەشتیوانەکانی ئارتـیمس ـ٢ کـردو وتی:”ئەرکەکەتان ئیلهـامبەخـش دەبێت بـۆ نەوەی داهـاتـوو بۆ گەڕان. نیـشانی هـەمـوو منـداڵـێک دەدات ـ لـە ئەمـریـکا و لە کەنـەدا و لە سەرانـسەری جـیهـان ـ کە ئەگـەر بتـوانـن خـەون بە شـتێکەوە ببیـنن.. دەتـوانـن بە دەستی بهـێـنـن”.
ئەمـریکا لە گەشتەکانی پێشووی بۆ سەر مانگ، لە (١٩٦٩ ـ ١٩٧٢) دا، لە کەشتیی (ئەپـۆلـۆ) دا، (٢٤) کەشتیوانیی بۆ سەرمانگ نارد، کە (١٢) یان چـوونە سەرمانگ.
یەکەم کەس کە پێی خستە سەر مانگ، کۆچکـردوو (نیـل ئارمسترۆنگ ـ ئەپۆلۆ ـ١١) بوو کە لە (٢٠/ یۆلیۆ/١٩٦٩) دا لەسەر مانگدا نیشتەوە. لە دوای ئارمسترۆنگ (باز ئاڵدریـن) یش دابەزییە سەر مانگ. لە کتێبێکم دا بە ناونیشانی (یەکەم گەشتی مـرۆڤ بۆ سـەر مانـگ) کە لە ساڵی (٢٠٢١) دا، پـرۆژەی قەفـتان لە سلـێمانی چاپیان کـرد و بـڵاویـان کـردەوە، بە درێـژی و بە وێنەوە باسی یەکەم گەشتی مـرۆڤم بـۆ سەر مانگ کـردووە. دوا گەشتیـش لە ساڵی (١٩٧٢) دا بـوو، دوا کەشتیوان (یـۆجـین سێرنـان و هـاریـسۆن شـمیـس) بـوون، کـە بـە (ئەپـۆلـۆـ ١٧) لە رۆژی (١٦/ نیسان/١٩٧٢) لەسـەر مانگ دابەزیـن. زیاتـر لە (٥٢) ساڵە، مـرۆڤ هـیچ گەشتێکی دیکەی بۆ سەر مانـگ نەکـردووە. سەرجـەم تیـمە کەشـتیوانەکانی پـێـشوو، لە رەگـەزی نـێر بـوون و هەمووشیان پێست سپی و ئەمریکی بوون. بەڵام لە گەشتی داهاتوو بۆ سەر مانگ بۆ یەکەم جار ژن و رەش پێست و کەشتیوانی دەرەوە ئەمریکاش لە ئارتیميس ـ ٢هەیە.
شایەنی باسیـشە، ژنـان لە پـشتەوەی هـەوڵەکانی گەڕانـەوەی ناسان بۆ سەر مانگ و کـلیلی کارەکان و ئامادەکارییەکانن. هـیوادارن کە مێژوو تۆماربکەن. خاتوو (بلاکوێـڵ تۆمپسۆن) کاربەدەستێکی باڵایە لە ناسا، دەڵـێت:” کاتێک دەگەڕێنەوە بۆ سەر مانگ، لەگەڵ یەکەم ژن و یەکەم کەسی رەنـگاوڕەنـگ.، ئەو چـاپە پـێـڵاوە واژۆدارانـە، بـەو مانایەیە، کە فـەزا و گـەڕان لە بەردەستی هـەمووان دایە. لە ئێستادا ژنـانی بەهـێـز و زیـرەک لە هەمـوو گۆشەیەکـدا دەبـینن، کە ئێـمە لە ناسادا کارەکان ئەنجـامی دەدەیـن. ئەو کەسانەی یارمەتیـدەرن بۆ دروستکـردنی ئەم موشکە زەبەلاحە ـ ئۆریـۆن ـ ئەگەر سەیربکەن، ژنان لە بەڕێوەبەرەکان، ئەندازیارە سەرەکییەکان، لە پۆستی باڵا و بەهـئز و لە هەر شـوێنێکی تردا هـەن و دیانبینن. ئەم ژنانە بناسن: لۆرا بولیا، شارون کـۆپ، ستیڤان ویڵسۆن، چارلی بلاکوێڵ تمپسۆن، کە یاریزانی سەرەکین لە پـرۆگامی ئارتیمس لەلایەن ناساوە. کارگـێڕانی باڵای ناسا ژنـانـن. ئەوە ئێمەی ژنـین کار بـۆ گەڕانەوە بۆ سەر مانگ دەکەیـن. لە (٣٥%) ناسا لە ژنـان پـێکهـاتـووە”.
بەرنامەی ئارتیـمس، نزیـکەی (٩٣) ملیـار دۆلاری تێـدەچـێت. چـوار گەشتی یەکەمی چـوار ملیـاری تێـدەچـێت. پـارەکەش حکـومـەتی ئەمـریکا دەیـدات.
نـاسا لە ساڵی (٢٠٢٢) یەکـەم گەشـتی ئارتـیـمس بـۆشـایی ئاسـمانی کـرد، کەپــسولی ئۆریۆنی بێ سەرنشینی فـڕی، تەنها بۆ سوڕایەوە بە دەوری مانگـدا. بۆ پـرۆڤـەکردنی جلوبەرگی تازەی کەشتیوانەکان. بەسەرکەوتووی بە دەوری مانگـدا سـووڕایـەوە و بە ساغیش گەڕایەوە بۆ سەر زەوی. ئەم گەشتە رێگە خۆشکەرە بۆ گەشتی ئارتیمس ـ٢.
بۆچی ناوی نـراوە (ئارتیمس)؟ لە ئەفسانە یۆنانییە کۆنەکاندا، (ئارتیمس) و (ئەپـۆلـۆ) خوشک و بـرابـوون و دوو خواوەنـد بـوون. ئەپـۆلـۆی بـرای خواوەندێکی زۆر بەهـێز و لـە تـوانـا بـەدەر بـووە. بەرپـرس بـووە لە جـووڵـەپـێکـردنی خـۆر. خوشـکەکـەشی ئارتـیمـس بە خواەنـدی مـانـگ ناسـراوە.
لە نێـوان کەشتی ئەپـۆلـۆ و ئارتیمـس جیـاوازی هـەیە. (ئەپـۆلـۆـ١١) سێ کەشتیوانی ئاسمانی هـەڵگـرتبـوو. بەڵام کەشـتی (ئارتیـمس ـ ٢) گەورەتـرە و چـوار کەشـتیـوانی ئاسمانی هەڵـدەگـرێت. ئارتیمس لە ئەپـۆلـۆ بەهـێزتـر و پێشکەوتـووتـر و تیـژفـڕتـرە.
ئامـانجە گـشـتـییەکانی بەرنـامەکەی ئارتـیمس ی ناسا، زۆرە لـەوە زیـاترە کە رۆژانی شکـۆمەنـدی ئەپـۆلـۆ دووبارە بکاتەوە. ئەمجارە مـرۆڤ لە ئارتـیمس ـ ٣ دا، دەچـێتە جـەمـسەری باشـووری مانـگ، کە ساردتـریـن و تـاریکـتریـن شـوێنـە لەسـەر مانـگ. بۆ دۆزینەوەی ئـاو لەنـاو شەخـتەدا.
ئەم چـوار کەشتیوانە ئاسمانەییانەنەی ئارتیـمس ـ ٢، لە ساڵی داهـاتـوودا (٢٠٢٥) بە کەپسولی ئارتـمیـس ـ ٢ دا، لەسەر موشەکی زەبـەلاحی هـەڵـدانی ئاسمانی (ئـۆریـۆن) گەشت بـۆ سەرمانگ دەکەن. لە سەر سەکـۆی هـەڵـدانی موشەکی بۆ بۆشایی ئاسمان، لە ناونـدی بۆشایی ئاسمانی کـنـێدی یەوە، بەرز دەبێتەوە.
ماوەی دیاریکـراوی گەشتەکەشـیان (١٠) رۆژە. تەنها بە دەوری مانگدا دەسووڕێنەوە و ناچـنە سەر مانـگ. دوای جـێبەجـێکـردنی بەرنامەکەیان، دەگەڕێنەوە بۆ سەر زەوی. بە ئەنجامـدانی ئەم گەشـتە. (کریـستینا هـامـۆک کـۆچ) دەبـێتە یەکەم ژنی گەشتکـردوو بـۆ مـانـگ. دەبێـتە ناودارتـریـن ژنی جـیهـان لە ساڵی (٢٠٢٥) دا.
ئارتیمس بە شێوەیەک دروست کراوە، کە دەتوانێت (٢٥٠) هەزار میل بفـڕێـت، رەنگە خێرایەکەشی باوەڕ پێکـراو نەبێت. کە لە کاتژمێرێکـدا لە (١٧) هەزار بۆ (٢٥) هـەزار میـل لە کاتـژمێرێکـدا دەبڕێـت. لەم ماوەیەدا چەند تاقـیکردنەوەیەک دەکەن و وێنەیەکی زۆری تەوەری باشووری مانگ دەاگرن. دوایش دەگەڕێنەوە بۆ سەر زەوی. ئەم گەشتە رێـگە خـۆشکەر دەبـێـت، بۆ گەشـتی سێـیەم، لە (ئارتـیمـس ـ ٣) دا، کە نیـاز وایـە، لە ساڵی (٢٠٢٦) دا، دوو کەشتیوان، لەوانەیە ژنێک و پیاوێک بێت، لەسـەر جەمسەری باشووری مانگ دایان بەزێنن. لە داهاتووشدا، بنکەیەکی ئاسمانی نیشتەجێبوون لەسەر مانگ دابنـێن و لەوێـوە، خەون و ئامـانجە گەوەکە بـەدی بهـێـنن، کە ناردنی مـرۆڤە بۆ سەر هـەسارەی مەریـخ، کە ناوی بە کوردی، هەسارەی (بـارام) یان (گـڕەهەسارە) یە.

ئەمـەش وڕینەکـردن نیـیە. لە سایەی گەشبـینی و متمـانە بەخـۆبـوون و ئیـرادەیـەکی پۆڵاییـن و بڕیاری تۆکمەدا، لە سایەی ویستن و کۆشش و سووربوون و کۆڵنەدان دا، هەموو خەون و هـیوایەکی مرۆڤ دێنەدی. چونکە شتێک نییە کە ناوی ئەستەم بـێت.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابـەتە، سـوودم لە چەنـدیـن سایتی ئینگلـیزی وەرگـرتووە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٤




کاتی وەلانانی کێشەکان هاتووە.. کەریم قادر

“ئەگەر گوڵ نین، دڕکیش مەبن”

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەلی، هەڕەشە و تانەنەت “قونکە” شەڕ و شەڕی بەوەکالەت لەنێوان ئیسرائیل و ئێران هەیە، ئێران هەڕەشە دەکات و دەڵێ، “دوژمنان چ ڕژێمی زایۆنی و چ ئەمریكا، لەسەر ئەوەی بەرامبەر بە گەلی ئیران و بەرەی مقاوەمە ئەنجامی دەدەن، بەدڵنیاییەوە وەڵامێكی توند وەردەگرن.”، هەروەها وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، دەڵێ: “فەرمان دراوە بە ناردنی کەشتیی جەنگی زیاتر، فڕۆکەی شەڕکەر، فڕۆکەی بارهەڵگر و چەندین بۆمبهاوێژی دوورمەودا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”. بەرپرسانی ئەمریکاش دەڵێن، “ئیسرائیل وەڵامی هەر هێرشێکی ئێران دەداتەوە، ئەگەر لە خاکی عێراقیشەوە جێبەجێ بکرێ”. ئیسرائیلیش لەلای خۆیەوە لە هەڵتەکاندنی ژێرخانی سەربازی و کوشتن و ڕفاندنی فەرماندەکانی حەماس و حزبوڵای لوبنانی بەردەوامە، دوور نییە ئەو دەست نەپاراستنەی ئیسرائیل هەندێ لە ملیشیاکانی عێراقیش بگرێتەوە کە بەپێی ئامارێک لە سێ مانگی ڕابردوو “نزیکەی ١٥٤هێرشیان كردووەتە سەر ئیسرائیل، واتە بەپێی ئەو لێدوان و هەواڵانە بێت، ئەگەری تەشەنەسەند و فرەوانبوونی شەڕەکە لە ئارادایە.
ڕێکخستنەوە و تۆکمەکردنی ناوماڵی کورد لەهەموو کات و سەردەمێکدا پێویستییەکی گرنگ بووە، بەڵام ئەمڕۆ لە هەرکاتێک گرنگترە، تەنانەت دەوڵەتێکی وەکو تورکیا بۆ پڕکردنەوەی درز و کەلێنەکانی ناوخۆی بەخۆکەوتووە. باشە، حزبە کوردستانییەکانی باشووری کوردستان، بەتایبەتی کە تازە هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووی بەڕێوەبردووە، چ دەبێت ئەگەر بۆ ئەم قۆناغە ناکۆکی و ناتەباییەکانتان بەلاوە بنێن و وەکی وڵاتە دیموکراسییە پێشکەوتووەکان لەسەر بنەمای شایستەی هەڵبژاردن، بەزوویی یەک هەرێم و یەک پەرلەمان و یەک حکومەت پێشکەشی خوێنی شەهیدان بکەن؟




كه‌شكۆڵ.. شیعری ستار ئەحمەد

ئەم سەفەرە
شانت لەگەردن دەترازێنێ
نەجانتایەك دڵت هەڵدەگرێت
دڵیكیش نابینی
ئارامگەبێت
تەماشای كەشكۆڵی لوولت كە
بزانە دێوانەی خاكی
یان كت و مت” شێتێكی شێت
بۆ كوێ دەڕۆی
ئەو گۆشەیەی تۆ دەگرێنێ
هەمان لانكۆڵەی حەوایە
ئەو بەهەشتەی لێیدەگەڕێی
هەر دارستانی ئەفسوسە
ئادەمێك
چەندین شەرابی رەنگاڵە
داڵاشێك
جەستەی براكەت و
قابیلێكی دی تێدایە
مەڕۆ..
شیعر لێرەبێت
یان لەوێ
ئەسكڵێكە..
تەنها بەر جەرگ و هەناوی
نەداران و
رۆحی شاعیران دەكەوێ
ئێمەو ئەوان
لەزمانی ئەمەك ناگەین
هەموو نیگاكان
بەخوناو دەچوێنین
ئێمە بین یاخود ئەوانیش
لەژێر پێی گوڵ و جوانیا
مین لەدەروونی قەڵەما دەڕوێنین
ئاسمانمان یەك و
ئەسـتێرە .. هەتاو
سروشتمان
لەهەمان گڵكۆیا دەمرێت
بیرت لەبوخچەكەت دەركە
جگەرەیەك داگیرسێنە
من دەتناسم
پرچت چرۆی سپی دەركردووە
ناخت تەرزەی عەشقی لێدەبارێت
مەڕۆ .. هاوڕێ مەڕۆ
بۆ نازانی عاشق شێتە
وەكوو ئەم خاكە زامدارە
بەئەوین و راستی دەژێت

ستار ئەحمەد




نامەکانم.. ٥ – ٦..شەماڵ بارەوانی

نامەی پێنجەم

ئازیزی من، نازانم ئەو شیعرەی بۆم ناردیت بە دڵت بوو یان نا؟ دەمێکی باشە ئیلهامی شیعریی بەسەری نەکردوومەتەوە. دوای دوو ساڵ لە بێدەنگی، ئەوە یەکەم شیعرە بۆتی بنووسم. مەبەستم لە دوای دوو کتێبی شیعرییم، جگە لەو شیعرەی کە بۆم ناردی، هیچی ترم نەنووسیوە. زۆر حەز دەکەم بەرلەوەی شەمەندەفەری مەرگ بگات، کتێبی سێیەمی شیعرییشت بۆ بنووسم و پێشکەشتی بکەم. ئازیزەکەم، ئەو جارە خۆت دێڕێک لە یەکێک لە شیعرەکان هەڵبژێرە و بیکه بەناونیشانی کتێبە شیعرییەکە. هەر دێڕێک کە خۆت بە لاتەوە سەرنجڕاکێش و جوان بوو. من کێشەیەکم هەیە لە هەڵبژاردنی ناونیشان. هەموو کتێبێک، بە تایبەتی کتێبە شیعرییەکانم، لەوە تێدا دەمێنم کە چ ناونیشانێکیان بۆ هەڵبژێرم. جاری وایە دە دێڕ لە کۆی هەموو شیعرەکانم دەهێنم و نازانم کامەیان بکەم به ناونیشانی کتێبه شیعرییەکەم. بەدڵنیاییەوە ئەم جارە تۆ ناونیشانەکە هەڵدەبژێریت.

ـــــــــــــــــــــــ
نامەی شەشەم

ئازیزەکەم، زۆر هەست به نامۆیی دەکەم. بەردەوام هێڵنجێکی زۆر بەهێز دامدەگرێت. دەڵێیت ڕۆحی پاڵەوانەکەی ڕۆمانی(هێڵنج)* مەبەستم(ڕۆکانتان)ـە، چووەتە ناو لەشم. هەموو شتێک بە پووچی و بێمانا لە بەر چاوەکانم خۆیان دەنوێنن. تۆ بڵێیت هایدگەر* ڕاستی نەگوتبێت و ئێمە بە هەڵە فڕێ نەدرابینەتە ئێرە؟ مەبەستم ئەم هەسارەیەیە. زۆر لەوە دڵنیام کە ئێمە لە شوێنێکی هەڵە و لە هەسارەیەکی هەڵە لە دایک بووین. هەرگیز نەدەبوو لێره لەدایک بین. مەبەستم فڕێ بدرێینە ئێره. منیش ئەوە بووەتە پرسیار لام و نازانم لای کێ و ئینجا بۆچی ئێمه بێ مۆڵەتی خۆمان فڕێ دراوینەتە ئێرە؟ بە لایەنی کەمەوە دەبوایە پرسێکمان پێ بکرابایە و مۆڵەتمان لێ وەرگیرابایە. پێم وابێ تۆش لەمەیان هاوڕایت لەگەڵم؟ ئەی وا نییە ئازیزم؟
ــــــــــــــــــــــــــ
*هێڵنج ڕۆمانێکی فەلسەفیی (٢٤٦)لاپەڕەیی(ژان پۆل سارتەر ١٩٠٥ -١٩٨٠) گەورە نووسەر و فەیلەسووفی وجوودی فەڕەنسییە و یەکەم چاپی لە ساڵی١٩٣٨ لێ بڵاوبووەوە.
*فەیلەسووفی ئەڵمانی(مارتین هایدگەر) ساڵی ١٨٨٩ لە باشووری ئەڵمانیا هاتووەتە دنیاوە و لە ساڵی ١٩٨٦ مردووە.




مافی كەمایەتییەكان لە نێوان رەیان شارباژێڕی و مونا چۆمانی.. عەلی مەحمود محەمەد

یاسای پێشووی هەڵبژاردنی كوردستان یەكێك بوو لە یاسا باشە دگمەنەكانی جیهان, كۆپیەكی یاسای هەڵبژاردنی هۆڵەندا بوو, بەڵام بە هەموار كردنەوەو گۆڕانی بۆ چەند بازنەیی تێكدرا, هێشتا دەتوانین بڵێین باشە, وەلێ هەڵبژاردنی هەرێمی كردستان لە پراتیكدا خراپترین هەڵبژاردن بوو بەهۆی نەبوونی سنورێك بۆ رۆڵی پارە لە هەڵبژاردن لە نەبوونی سنووری لانی زۆری خەرجكردن و بەكارهێنانی پارەی سیاسی و پارەی بیانی, ئیستغلال كردنی كۆتای كەمایەتییەكان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە, راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێش وەخت پێش هەڵبژاردنی گشتی, نەبوونی لیستی باشی دەنگدەران و …..لە هیندستان هەڵبژاردن 42 رۆژی خایاند دەست لە فۆرمێك نەدرا تا كۆتایی هەموو پێكەوە ژمێردران و راگەیەنران, كەچی لە كوردستان پۆلیسێك دەنگە دات یەكسەر بڵاو دەكرێتەوە كە كاریگەری لەسەر رەوتی دەنگدان دادەنێت, لە كوردستان یاسا باشەكە خراپكرا, پراتیكە خراپەكانی هەڵبژاردن لە جێگای خۆیان مان.

مافی كەمیاتییەكان
ئەوەندەی سیاسی و رۆشنبیرانی كورد لێكۆڵینەوەو نموونەیان لەسەر مافی نەتەوەكانی گەلانی جیهان خوێندۆتەوەو بە نموونە لە نووسین و لێدوانەكانیان هێناویانەتەوە نموونەی لە ناو گەلانی ژێردەستدا نییە, لەو نموونانەشەوە بۆ خۆیان بە دوای چاكتریندا دەگەڕان, ئەمەش مافی هەر گەلێكە داوای زۆرترین ماف بۆ خۆی بكات و هەوڵی كۆتایی هێنان بە ستەم و ژێر دەستی بدات, هەموو ئەوانەشی لە خەتی پارتە سیاسییكان و بزاوتەكانیان لایان داوە, لە گەڵ دەوڵەتی نەتەوەی سەردەست رێك كەوتوونە بە جاش و خائین ناوزەد كراون و دراونەتە قەڵەم, ئەگەر هەر چی دەست كەوتێكیشیان هەبووبێت, رێكیش ئەوانە جاش بوونە.
دوای راپەڕینی ساڵی 1991 كورد دەسەڵاتێكی خۆجێی دامەزراند, یەكەم هەنگاو دەبوایە شوێنەوارەكانی بەعسی بسڕایەتەوە, بەڵام دەسەڵاتدارانی كوردستان شوێن پێی بەعسیان هەڵگرتەوە لە مامەڵە لە گەڵ پێك هاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان, كەوتنە كڕین و دروستكردنی پارتی كارتۆنی لە چەشنی دیموكرات و شۆڕشگێڕانە كارتۆنییەكەی بەغداو مەجلس تەشریعی و تەنفیزییەكە لە كەسانێك كە جێگای پەسەندی ئەو نەتەوەو پێكهاتانە نین و نوێنەرایەتییان ناكەن, ئەمە بووە دیاردە.

هەڵبژاردنی ئەمجارە
سەرەتا ینك داوای دەكرد لیستی ناوی دەنگدەرانی كۆتاكان جیا بێت, خۆیان دەنگ بە خۆیان بدەن, نوێنەرانی راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن, ئەمە داوایەكی رەوا بوو. دەبوایە كۆتا كاكەیی و ئێزیدی و پێك هاتەكانی دیكەشی بگرتایەتەوە, ئەوانیش نوێنەرانی خۆیان هەبووایە لە پەرلەمان.
پێكهاتەكان لە زۆر پوازدا دەژێن, بە پێی چڕی دانیشتوانەكانیان كورسییەكانیان دابەش بكرابایا, نەك دوو بە سێ بەسەر پارتی و یەكێتی وەك كورسییەكانی پەرلەمان دابەش بكرابایان, لە كاتێك لە سلێمانی 64 خێزانی كریستان هەیە, كورسییەكانیان وەك دهۆك و هەولێرە كە لە هەر یەكەی هەزاران بۆ دەیان هەزار دەنگدەری لێیە, دەكرا بۆ پێكهاتەكان كوردستان یەك بازنە بووایە, هەرچەندە یەك بازنەیی بۆ هەموو كوردستان زۆر دیموكراسیانەتر بوو.

با سەیری ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی كۆتاكان بكەین, بزانین چ مەهزەلەیەك كراوە.
لە دهۆك بۆ كورسییەكی كۆتای كریستان 8 كاندی هەبوو, كۆی گشتی 7050 دەنگیان هێنایەوە, لە كاتێكدا پارتە كریستانەكان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردبوو, كاندیدەكەی پارتی بە ناوی جیمس حیسدۆ هیدۆ داود 5533 دەنگی هێنایەوە, ولیم بنیامین شلیمۆن دووەم كاندید خاوەند 1199 دەنگە , ژمارەكان ئەوەندە رێكن دەڵێی یاری بینگۆیە, واتا كاندیدەكەی پارتی بە تەنها 78%ی دەنگەكانی بە دەست هێناوە.
لە شاری سلێمانی 3 كریستان خۆیان كاندید كرد, 6657 دەنگیان هێنایەوە, كاندیدی حەشدی بابلیون دانا ئامانج نەجیب شەمعون 6200 دەنگی برد, واتا 93%ی دەنگی كریستانەكان چوارتای برد لە كاتێكدا حەشدی بابلیون یەك كەسیشی لە سلێمانی نییە, بۆ خۆی هەموو پارێزگای سلێمانی 125دەنگی كریستانی هەیە، ئەوانیش زۆریان دەنگیان بە سامان داوە نەك ئامانج, كەچی سامان جەمیل بۆیا كەریم تەنها 73 دەنگی كریستانی بە دەست هێناوە, بەمەش دەنگی كریستانەكان سلێمانی 5300% زیادی كردووە.
لە پارێزگای سلێمانی توركمانیش 6 كاندیدیان هەبوو, كۆی گشتی 7098 دەنگیان هێناوەتەوە, لەوانە نەجدەت نوری محەمەد عەرەب بە تەنها 5660 دەنگی هێناوەتەوە, لەسەر تەوجیهاتی وەستا رەسوڵ .
كەچی سەزگین مصەلەح الدین عەلی عەباس كاندیدی بەرەی توركمانی تەنها 505 دەنگی هێناوە, كە زۆربەی توركمانەكان كفری كە كەمتر لە 2000 دەنگیان هەیە دەنگیان بەو داوە, كەچی سێیەمە.
واتا كاندیدەكەی وەستا رەسوڵ1120%ی كاندیدی بەرەی توركمانی دەنگی هێناوەتەوە, چاكترە لە داهاتوو تووركمانەكان بەرەی وەستا رەسوڵیش پێك بهێنن بۆ خۆیان” دەنگەكەی وەستا رەسوڵ بڵاو كرایەوە”.
لە هەولێر كریستانەكان 7 كاندیدیان هەبوو, كۆی گشتی 7458 دەنگیان هێناوەتەوە, لەوانە رامی نوری عودیش دانیال كاندیدی پارتی 5752 دەنگی هێناوەتەوە, واتا 77%ی دەنگەكان بۆ كاندیدەكەی پارتی بووە.
هەر لە شاری هەولێر توركمانەكانیش 14 كاندیدیان هەبوو, كۆی گشتی 5236 دەنگیان هێناوەتەوە, مونا نەبی نادر عەبدوڵا ناسراو بە مونا قەهوەچی بە تەنها 3664 دەنگی هێناوەتەوە , واتا 70%ی كۆی دەنگەكان.
بەرەی توركمانی لە هەولێر لە گشتی لیستی هەبوو, بەڵام تەنها 1725 دەنگی هێنایەوە, واتا مونا چۆمانی 212%ی دەنگی بەرەی توركمانی هێناوەتەوە.

مونا و رەیان دوو نموونەی خراپ بۆ مافی پێكهاتەكان

چۆن بەعس بە دوای نموونە ناشرینەكانی كۆمەڵگای كوردی دەگەڕا بۆ جاشایەتی لە سەرۆك خێڵ و خەڵكانی لاوازو دواكەوتوو, بە هەمان شێوە پارتی و یەكێتی هەمان نموونە دووبارە دەكەنەوە, ناهێڵن پێك هاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن, بەو لێشاوە دەنگەی ناو هێزە چەكدارە كۆنترۆڵكراوەكان هەیانە رەوتی دەنگدانەكانی ناو پێكهاتەكان بە قازانجی كاندیدەكانیان دەگۆڕن.
مونا قەهوەچی لە پارتییەكان پارتیترە, بۆ سێیەم خول بە دەنگی زێرەڤانی دەبێتە پەرلەمانتار, لە ماڵەوە كارەكەری هەیە و سەر بە هەویە شوی كردووە, خۆی و هاوسەركەی سەرۆك و جێگری سەرۆكی پارتی ئیسلاحی توركمانین, لە هەموو خولەكانی هەڵبژاردن دەنگی یەكەمی ناو لیستی توركمانەكان بووە بە دەنگی زێرەڤانی.
هەرچی رەیان كلدانییە, سەرۆكی حەشدی كلدانییە, بە دەنگی حەشدی شەعبی و یەكێتی زۆرینەی كورسی كریستانەكانی بۆ خۆی بردووە, دوای كەركووك لە سلێمانیش لە رێگای یەكێتییەوە كورسییەكی برد, پێی دەچێت دادگای فیدراڵی تەنها لەبەر شێخ رەیان وەك شیعەكان ناویان لێ ناوە, كورسییەكی كۆتایان بۆ 64 خێزانە كریستانەكەی سلێمانی تەرخان كردبێت.
رەیان كلدانی بە بنەچە كریستانەو خەڵكی قوشە لە پارێزگای موسڵ, بەڵام دانیشتووی شاری سەدرە لە بەغدا, سەرۆكی كەتیبەی بابلیونە, لە رێكەوتی 18-7-2019 ەوە ناوی لە ریزی لیستی سزادراوانی یاسای ماغنیستی ئەمەریكادایە بەهۆی گەندەڵی و داگیركردن و فرۆشتنی زەوی هاوولاتیان لە دەشتی موسڵ و پەلاماردانی ئافرەتان و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ , ئەو دژە ئیسلامی سونەیە تا ئاستی راستیزم, لە موسڵ وەحشیانە لە گەڵ پێكهاتەی سونە مامەڵەی كردووە, یەكێك لە نزیكەكانی قاسم سلێمانی و مەهدی موهەندیس بووە, پێشتر لە سوپای مەهدی بووە, بەهۆی ژنخوازییەوە بووە بە موسڵمانی شیعە, 4 پەرلەمانتارەكەی لە كۆتای كریستان بە هەمان شێوەی كاندیدەكەی سلێمانی و كەركووك دەرچوونە, چاودێرانی كریستان پێیان وایە تەنها 10%ی كریستانەكان دەنگیان بە لیستەكەی داوە, بە فێڵ و دەنگی حەشدی شەعبی كورسی كریستانەكانی بۆ خۆی بردووە.
كەنیسەكانی كریستانەكان بێ بەری خۆیان لە كەتیبەكەی راگەیاندووە, بە تایبەتیش ململانێی توندی لە گەڵ پەتریرك لویس روفائیل ساكۆ پەتریركی كلدانی عێراق و جیهان هەیە, هەر لە بەر رەیان لە رێكەوتی 3-7-2023 بە مەرسومی سەرۆك كۆماری كشاندەوە كە دە ساڵ پێشتر لە سەردەمی تاڵەبانی دەرچوو بوو بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ئەوقافەكانی بكات, كە رەیان چاوی لە سەریەتی مەرسوم دەربچێت رەیان سالم داود بكات سەرپەرشتی وەقفی كەنیسە كە خاوەند موڵكێكی زۆرن, چۆن خوشكێكی كردووە بە پەرلەمانتار و خوشكەكەی تریشی كردووە بە بەرپرسی دارایی, ساكۆ لە ئاستی كاردیناڵدایە, لە دوای پاپا دووەم پۆستە لەناو كاسولیكەكان جیهان.
بەم شێوەیە دەبینین نەتەوەیەكی بن دەست بەم شێوەیە مافی نەتەوە بندەستەكان خۆی چارەسەر دەكات, دوا تەرزی چارەسەری نەتەوەیی لە نیشتمانێكدا خۆی وڵاتەكەی دابەشی چوار پارچە كراوە, لە لایەن دوو هێزی سیاسییەوە لە زووەكەوە ناو نراون بیبسی و كۆلا.




پاوانخوازی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، حەشدی شەعبی نموونە.. رەوا حەمەجان

لە دوای بە سەركەوتن گەشتنی شۆرشی گەلانی ئێران گروپێكی ئاینی تووندرەو سواری شەپۆلی شورشەكە بوون و لە رێرەوە شۆرشگێریكەیان لادا، بەگەرانەوەی خومەینی بۆ تەهران هیواش هیواش هەرچی گروپ و دەستەی ئیسلامی توندرەوەی ئیران هەیە لە دەوری خۆی كۆكردەوە، كاتێك هەستی كرد تەواو بەهێز بووە بەتەواوەتی دەستی گرت بە سەر شۆرشەكەدا و كۆنتروڵی تەواوی ئێرانی كرد، هەر بەمەشەوە نەوەستا بەڵكوكۆماری ئیسلامی ئێرانی راگەیاند و تەواوی وڵاتی خستەژێر حوكمی ئیسلامیەوە.
یەكێك لە بەرنامەكانی خومەینی سیاسەتی ناردنەدەرەوەی شۆرش بوو، بۆ وڵاتانی دراوسێی، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كە شیعەی تێدا دەژێت، یەكەم وڵاتیش عیراق بوو كە بەر ناردنەدەرەوەی شۆرشی ئیسلامی كەوت.
كۆماری ئیسلامی بە شێوەیەك رەگ و ریشەیان لە عێراق داكوتیوە لە پاش رووخانی رژێمی سەدام شیعەی عێراق بە تەواوەتی دەستیانگرت بە سەر حوكمدا.
دوابەدوای هاتنی داعش و داگیركردنی چەندین گەوەرشاری عێراق، ئێران هەستا بەچەكداركردنی شیعەكانی عێراق لە شێوەی میلشیادا لەژێر ناوی (حەشدی شەعبی)، ئەم گروپە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی عێراق هەڵسوكەوت دەكەن و راستەوخۆ لە ئێرانەوە ڕێنمایان بۆ دێت.
پاش تێكشكاندنی داعش بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی بە داعش، حەشدی شەعبی وەك هێزیكی میلیشیایی بە تەواوەتی دەستی گرت بە سەر ئەو ناوچە سوونە نشینانەی عێراقداكە تازە لە دەستی داعش رزگاركرابوون، پاش ئەوە حەشد دەرۆشتە ناو هەرشارێكی رزگاربوو لە دەست داعش، حەشدی شەعبی هەڵدەستا بە رەشبگێری و ئازاردان و وێرانكردن و تەنانەت كوشتنی سەدان كەس، خەلك دڵخۆش بوون بەوەی گوایە رزگاریان بووە لە دەستی تیرۆرستانی داعش بێ ئاگابوون لەوەی كە دووبارە كەتوونەتە ژێر دەستی گروپێكی تری لە یاسا دەرچوو كە كەمێك لە داعش جیاوازترە، سەدان نموونەی كردەوەی كوشتن و گرتن و راودوونان هەیە لەم باریەوە بۆ نموونە: تەنها لە ناو موسڵدا حەشدی شەعبی (2500 )خەلكی مەدەنی گولەبارانكردووە لە (3)رۆژی یەكەمی دەرپراندنی داعشدا، هاوڵاتی (فوزیە جواد حامد) لە چاوپێكەوتنێكیدا دەڵێت: لە دوای دەستبەسەركردنی هاوسەرم(حەسەن فەتاح موحەمەد) و (3) كوڕم لە لاین حەشدی شەعبیەوە هەتا ئێستا چارەنووسی هاوسەر و كورەكانم دیار نیە و نازانم، بۆ هەر كوێ دەرۆم دەڵێن لای ئێمە نیە.
لە شاری تكریت سەدان كەس هەتا ئیستا لە زیندانە نهێنیەكانی حەشدی شەعبیدان ئەمە جگەلەوەی چارەنووسی سەدان كەس تا ئێستا نادیارە و كەس نازانێت لە ژیان ماون یان كوژراون، هاوڵاتی (رزوان خلف) دەڵێت: لە پێش چاوی خۆم براكەم گولەباران كرا لە تكریت لە لایەن میلیشیاكانی حەشدەوە.
تەنها لە شاری دووزخورماتوو زیاتر لە (10) هەزار كوردی شارەكە ئاوارەبوونە لە دوای ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەستیانگرت بە سەر شارەكەیاندا و ناتوانن بگەرێنەوە بۆ شارەكەیان، رۆژانە هەرەشە لە خەڵك دەكرێت، هاوڵاتێكی خەڵكی دووز بەناوی (هاوبەش موحەمەد ئەحمەد) پاش ئەوەی باوك و دایكی لە لایەن حەشدی شەعبیەوە دەگیرێن دوای ماوەیەكیش برایەكی بە ناوی (هاوكار موحەمەد ئەحمەد) لە لایەن حەشدەوە دەكوژرێت، ئەم كارەساتە ماڵوێرانیەی كە بەسەر باوك و دایك و براكەی (هاوبەش موحەمەد ئەحمەد)دا هات وا دەكات كە پەیوەست بێت بە هێزەكانی خۆبەخش لە شارەكەی كە هێزێكن رووبەرووی حەشد دەوەستنەوە پاش ماوەیەك (هاوبەش موحەمەد ئەحمەد) بریندار دەبێت، دواتر بەناچاری دووزخورماتوو بەجێدەڵێت و روودەكاتە وڵاتانی ئەورووپا.
حەشدی شەعبی بەتەواوەتی حاكمی فەرمیە لە عێراقدا وەك حكومەت لە ناو حكومەت كار دەكات هاوشێوەی حیزب اللە لوبنان. هەر بۆیە زۆر گرنگە بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان و دامودەزگاكانی مافی مرۆڤ بێ دەنگ نەبن لە ئاست ئەو ماڵوێرانیەی حەشد هێناویەتی بە سەر گەلانی عێراقدا.




نامــەکــانـم.. 3 و 4.. شەماڵ بارەوانی

نامەی سێیەم

ئازیزەکەم، جاران بابایەکی بڕوادار بووم و دنیایەک خەون و خەیاڵم لەسەر مێتافیزیکا ڕۆنابوو، ئەفسووس! دواتر هەموویان بوون بە تراویلکە و دانەدانەیان وەک دیواری لە لمدروستکراو لەبەر چاوەکانم ڕمان. دەڵێن دنیایەکی تر هەیە و پڕیەتی لە عەدالەت و حۆری و شەراب! دڵنیام ئەگەر مرۆڤی تێدا بێت دیسان وێرانکاریی و خۆپەرستیی دەستپێدەکاتەوە و مرۆڤەکان گوو لەوێش دەکەن. ئازیزی من، وەکو چۆن ئێرە هەرگیز ئەو هەسارەیه نابێت کە مرۆڤ بتوانێت تێیدا بحەسێتەوە. بڕواناکەم شوێنێکی تر و هەسارەیەکی تریش هەبێت مرۆڤی کامڵی تێدا بدۆزینەوە. کەواتا با چیتر بەو جۆرە وەهم و وڕێنە و خەیاڵانە خۆمان و هیچ کەسێکی تر فریو نەدەین. مەبەستم مژدەی بەهەشتێکی تری بەڵێنپێدراو بە هیچ کەسێک نەدەین. با ئەوەشت پێ بڵێم، ڕاستە من کەسێکی ئەتایست* نیم، وەلێ لێتی ناشارمەوە کە بابایەکی ئەگنۆستیکم* مەبەستم نازانمگەرام. ڕاستە کاهینی پەرستگاکەی گەڕەکەکەمان هەموو ڕۆژێک بە دەنگێکی گڕ و جاڕسکەر و ناخۆش دەڵێت: هێزێکی باڵا هەیە و گەردوون و هەموو شتێک بەڕێوەدەبات. لە ڕاستیدا من لەوە دڵنیا نیم و هیچی وای لە بارەوە نازانم. مەبەستم ئەو هێزەیە کە کاهینەکە باسی لێوە دەکات. گوتم من نازانمگەرام. مەبەستم بابایەکی گومانگەرام و گومانم لە هەموو شتێک هەیه.
ـــــــــــــــــــــــــــ
*مرۆڤی ئەتایست( Atheist)- بێباوەڕ، باوەڕی بە هیچ شتێکی مێتافیزیکی نییە و بیرۆکەی: خودا، ئاین و پەیامبەرێتی بەتەواوی ڕەت دەکاتەوە.
*ئەگنۆستیسیزم(agnosticism)مەزهەبێکی فەلسەفییە و هەڵگرانی ئەو بیروباوەڕە دەربارەی بوون یان نەبوونی خودا چەمکی(نازانم) بەکاردێنن و به کوردی پێیان دەگوترێت: نازانمگەراکان.
ــــــــــــــــــــــــ
نامەی چوارەم

ئازیزەکەم، “لەدایکبوونمان گەورەترین خەسارەتمان بوو. منیش وەکو تۆ لەگەڵ دۆخێکدا دەجەنگم کە نەبوون منی تێدا فڕێ داوە.”* ئازیزەکەم، من لە کەشێکی تەواو کافکاییدام* و جگە لە قەڵەقیەکانم، هەست بە هیچی تر ناکەم. ڕەنگە ئەوانی تر هەستی پێ نەکەن. مەبەستم قەڵەقیەکانمە. جا ئەوان هەست بەچی دەکەن؟ ئازیزەکەم، تۆش وەکو من، هەر کاتێک هەستت بە دڵتەنگیی کرد، هەوڵ دە گوێ لە مۆزیک بگرە و لە سەگ نزیک بەوە، دڵنیام ئەوە زۆر باش دەبێ بۆت. پێکێک شەرابیشت هەبێت خراپ نییە. من بەو ڕێگایە لە قەبارەی خەمەکانم کەم دەکەمەوە و ئازارەکانم سڕ دەکەم. ئازیزەکەم، سەردەم سەردەمی دڵەڕاوکێ و خەمۆکییە، مرۆڤایەتی لە قەیراندایە. مرۆڤه هۆشیارەکان هەموویان لە خەم و ئازاری قووڵدا دەژین. ئەگەر بتەوێ خۆت بیت و لە هیچ کەسی تر نەچیت، دەبێ بەرگەی دوورکەوتنەوەی ئەوانی تر بگریت. بەڵێ، دەبێ خۆت لەگەڵ تەنیاییدا ڕابێنیت. بەڵێ تەنیایی.

ـــــــــــــــــــــــ
*با فەلسەفییانە بیر بکەینەە”ئەو25″ بیرمەندەی ژیانی ئێمەیان گۆڕی”، عەلی حوسێن، وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی، چاپی یەکەم، ل ٢٦٢.
*ڕۆماننووس و چیرۆکنووسی چیکی(فرانتس کافکا -٣ی تەممووزی ١٨٨٣ – ٣ی حوزەیرانی ١٩٢٤) کاراکتەر و پاڵەوانی چیرۆک و ڕۆمانەکانی زیاتر مرۆڤی گۆشەگیرن و لە قەڵەقدا دەژین. ئیدیۆمی(کافکایی)ش زیاتر بۆ دۆخێکی پڕ لە بێمانایی، دڵەڕاوکێ و کابووساوی بەکاردێت.




دابەشکردن بەسەر سفر!.. عەباس ئیسماعیل حەمەد

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




دیدار لەگەڵ نووسەری ئەدەبی مناڵان عەلی حەمە رەشید.. هەڤپەیڤین – كامەران حاجی ئەلیاس

نووسەرعەلی حەمە رەشید:ئەو بابەتانەی كە دەیان نووسم پەروەردەیین و باسی خۆشەویستی باوك و دایك و خێزان و مامۆستا و گوڵ و پەپولە و خۆرو هەور و باران و خاك و نیشتمان دەكەن
نووسەرعەلی حەمە رەشید: ئەدەبی منداڵان بە هەموو ژانرەكانیەوە جیاوازە و تایبەتمەندی خۆی هەیە
نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان عەلی حەمەڕەشید ڕەزا ناسراوبە(عەلی حەمەڕەشید بەرزنجەیی) یەكێكە لەونووسەرانەی كە شوێن پەنجەی لەنێوئەدەبی منداڵان دیارە لە ساڵانی هەشتاكان دەستی بەكاری نووسین كردوە لە بواری منداڵان خاوەنی زیاتر لە( 28) كتێبە لەو بوارەدا وە چەندین كتێبشی ئامادەیە بۆ چاپ .. هەندێ لە هۆنراوەكانی بوونەتە میتۆد نێوپرۆگرامەكانی قۆناغەكانی خوێندن هەروەها چەندین لە هۆنراەكانی كراوەن بە سروود وگۆرانی.. بۆ زیاتر ئاشنا بوون بەكارەكانی بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە .
هەڤپەیڤین – كامەران حاجی ئەلیاس

*هەموو شتێك سەرەتاییەكی هەیە بەرێزتان چۆن تێكەڵ بەجیهانی ئەدەبی منداڵان بوون؟

  • من هەر لە منداڵییەوە بەهۆی ئەو ژینگەیەی كەتێیدا پەروەردە بووم و ژیاوم حەزم بە خوێندنەوە كردووە،چونكە لەماڵی ئێمەدا دیوانی شاعیران و گۆڤار و ڕۆژنامەی ئەو كاتە هەبوو، كە برا گەورەكەم دەیكڕین و دەیخوێندنەوە.چونكە خوێنەرێكی باشبوو،هۆنراوەشی دەنووسی. كە چاوم كردوەو فێری خوێندنەوە بووم هەر لە پۆلی چوارەمی بنەڕەتییەوە ئەوانەم دەخوێندەوە و لە قوتابخانەشدا قوتابییەكی زیرەك بووم ،بیرمە لەپۆلی دووەمی بنەڕەتیدا بووم لە تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵدا مامۆستاكەم دەیزانی كە توانای نووسینم زۆر باشە و خەتم جوانە دوو نیوە دێڕ هۆنراوەی پێنووسیم كە ئەو مامۆستا بەڕێزە ناوی مامۆستا(ئەبوبەكر محەمەد كەریم) بوو ،زۆر بە جوانی لەسەر تەختەكە بە تەباشیر نووسیم.ڕێزو خۆشەویستیم هەیە بۆی .كە دواتریش لەیەكەم بۆنەی نەورۆزدا هەر ئەومامۆستایە هۆنراوەیەكی بۆ دانابووم كە بیخوێنمەوە، زۆر بەسەركەوتوویی لە ئاهەنگەكەدا خوێندمەوە كە خەڵكێكی زۆری لێبوو.دواتریش لەو شانۆییانەدا كە بۆ بۆنەكان ئامادەیان دەكرد لە پۆلی یەكی ناوەندیدا بەشدار دەبووم و ڕۆڵم دەبینی،لەو كاتەوە بەهرەی نووسینم تێدا دەركەوت و هۆنراوەم دەنووسی،تێكەڵ بوونیشم بە دنیای ئەدەبی منداڵان دەگەڕێتەوە بۆ یەكەم دامەزراندنم وەك مامۆستا لەساڵی ١٩٨٤ لە گوندی (مۆریاس) سەر بە ناحیەی سرۆچك (بەرزنجە).لەكاتی وانە وتنەوەدا جارجار هۆنراوەم بۆ دەوتن هەستمكرد كە منداڵان زیاتریان خۆشدەوێم و حەزیش بەوانەكەم دەكەن،بۆیە لەوێوە دەستمكرد بە هۆنراوە نووسین كە نیشان هاوڕێكانم دەدا بەلایانەوە پەسەند بوو هەندێكیان دەیان نووسی و ئەوانیش بە قوتابییەكانیان دەوت، وردە وردە هۆنراوەكان زیادیان كرد و یەكەم هۆنراوەشم لە ساڵی ١٩٨٥ دا لە ڕۆژنامەی( هاوكاری) دا بڵاوكردەوە كە بۆ منداڵان بوو. ئیتر دوای ئەو هۆنراوەی تریشم دەنارد و بڵاویان دەكردەوە، دوای ڕاپەڕینیش لەگەڵ ئەوەی كە زیاتر لە ئەدەبی منداڵان گەیشتم لەڕێگەی خوێندنەوەوە هەوڵمدا كە بیانكەم بە كتێب،دوای ئەوە كۆمەڵێك كتێبم بۆ منداڵان بەچاپ گەیاند و هەر گۆڤارێكیش بۆ منداڵان دەربچووایە لە هەر شوێنێكی كوردستان بابەتم بۆ دەناردن و بڵاویان دەكردە.

    *گومانی تێدانییە ئەدەبی منداڵان جیاوازە لەگەڵ ئەدەبەكانی تر بەبۆچوونی ئێوە ئەو جیاوازییانە چین؟ پێتان وایە نووسین لە بواری منداڵان كارێكی زەحمەت بێت؟

  • بەڵێ ئەدەبی منداڵان بە هەموو ژانرەكانیەوە هۆنراوە،چیرۆك،ئۆپەرێت، شانۆیی،ڕۆمان، سیناریۆ.. جیاوازە و تایبەتمەندی خۆی هەیە.لە ئەدەبی منداڵاندا لەگەڵ ئەوەی كە نووسەر دەبێت خاوەن بەهرە بێت، پێویستە وشەكان سەر بە فەرهەنگی منداڵ بن،دووربن لە وشە و دەستەواژەی زبر و نەگونجاو و ناپەروەردەیی، وشەی نامۆیان زۆر تێدا نەبێت ،كۆتاییەكی هیوا بەخشیان هەبێت،گرنگی بدرێت بە مرۆڤدۆستی و ژینگە دۆستی و ئاشتی و خۆشەویستی بۆ خێزان و خاك و نیشتمان،نووسەر شارەزای سایكۆلۆژیای منداڵ بێت و بزانێت بۆ كام قۆناغی تەمەن بابەتەكەی دەنووسێت،دووربن لە وشەی (خوێن،مردن،كوشتن،خنكان،سەربڕین………………) تا كاریگەری نەرێنی لەسەر دەرونی منداڵ دروست نەكات،ڕەچاوكردنی ئەم سەردەمە كە چی دەخوازێت تا بكرێتە ناونیشان و ناوەرۆكی ئەو بابەتەی كە دەینووسن، دوور بن لە دووپاتكردنەوە و سواوی و هەمیشە هەوڵی داهێنانی زیاتر بدات.لە هەمووی گرنگتر خەیاڵ پانتاییەی باش تێیاندا داگیر بكات.بۆ بەشی دووەمی پرسیارەكەشت دەڵێم نووسین خۆی بەرپرسیارێتییە بەگشتی بەڵام نووسین بۆ منداڵ بەتایبەتی بەرپرسیارێتییەكی زۆر قورسە لە هەموو ڕوویەكەوە، چونكە ئێمە كە بۆ منداڵ دەنووسین هەر ئەوە نییە كۆمەڵێك وشە ڕیز بكەین و كێش و سەروایان هەبێت بڵێین ئەوە هۆنراوەیە یان شتێك بگێڕینەوە و بڵێین ئەوە چیرۆكە هەریەكێك لەو ژانرانە تایبەتمەندی خۆیان هەیە و پێویستە ئاگاداری هونەر و تەكنیكی نووسینیان بین،ئاگاداری ڕێزمان بین،ئاگاداری ئەوە بین زانیاری نادروست بە منداڵ نەڵێین،جونكە زوو وەریدەگرن و سڕینەوەی كارێكی گرانە.

    *بوونی چەندین گۆڤارو رۆژنامەی تایبەت بە منداڵان تا چەند وەك پێوست لە خزمەتی منداڵان دان؟

  • لەڕاستیدا دوای ڕاپەڕین كۆمەڵێك گۆڤاری تایبەت بۆ منداڵان لە شارەكانی كوردستاندا دەرچوون كە خزمەتێكی باشیان بە ڕۆژنامەگەری منداڵان و بە ئەدبی منداڵان و بە منداڵان كردووە.بەداخەوە كە بەشێكی زۆریان ئاوا بوون و بەهۆی باری داراییەوە وەستاون،لە ئێستادا چەند گۆڤارێك ماون كە بەردەوامن .وەك ئاگاداربم یەك دوو گۆڤاری نوێ لە ئامادەكاریدان كە دەربچن.بێگومان گۆڤاری منداڵان بێجگە لەوەی كە خزمەت بە منداڵان دەكات خزمەتیش بە شاعیر و نووسەرانی بواری ئەدبی منداڵانیش دەكات تا لەوێوە بەرهەمەكانیان بڵاوبكەنەوە و زیاتر بناسرێن.

    *بە بۆچوونی ئێوە،نووسەرانی بواری منداڵان لە كوردستان لە چ ئاستێك دان؟ ئایا كاریگەریان هەبووە لەسەر هۆشیاركردنەوەی منداڵان؟

  • بەخۆشحاڵێیەوە لە ئێستادا كۆمەڵێك نووسەر و شاعیری دڵسۆز و خەمخۆری بواری ئەدەبی منداڵان لە كوردستاندا كار بۆ منداڵان دەكەن و پێكەوە توانیویانە تا ڕادەیەك كە ئەدەبی منداڵان لەو چەق بەستوویەی تێیدا بوو ڕزگار بكەن، دەبێت ئەوەش بزانین كە ئەدەبی منداڵانی ئێمە هەروەكو ئەدەبی منداڵانی وڵاتانی درواسێمان هەنگاوی باشی ناوە ،هەموو ئەو نووسینانەش لە هەر ژانرێكدا بن كاریگەری خۆیان هەبووە و هەیە لەسەر هۆشیاركردنەوەی منداڵان.بەڵام لێرەدا حەزدەكەم باسی ئەوە بكەم كە تیراژی ئەو كتێب و نامیلكە و گۆڤارانە زۆر كەمن لەبەر باری دارایی كە زۆرجار تیراژیان(٥٠٠) نوسخەیە كە لە ڕاستیدا وەك پێشتر باسمكردووە لە دیداری ترمدا بەشی منداڵانی چەند قوتابخانەیەك ناكات كە خۆی بۆ هەموو منداڵانی كوردستان نووسران.

    *نووسینەكانی بەرێزت تایبەتن بۆ قۆناغێكی دیاركراوی منداڵان؟ یاخود گشتگیرە؟

  • هۆنراوە و چیرۆك و ئۆپەرێت و جارجاریش شانۆیی دەنووسم.زیاتر نووسینەكانم بۆ منداڵانی باخچەی منداڵان و بازنەی یەك و بازنەی دوو،هەندێكجاریش بۆ بۆ بازنەی سێ دەبن بەڵام بەكەمی. لەگەڵ ئەوەشدا من بۆ هەموو منداڵانی كورد دەنووسم.بۆیە دەتوانم بڵێم گشتگیرە.

    *ئەو بابەتە چین كەزیاتر لە نووسینەكانت فۆكسی دەخەیتە سەری؟

  • من ساڵانێكی زۆر مامۆستا بووم و ئێستاش سەرپەرشتیاری پەروەردەییم،زۆری ئەو بابەتانەی كە دەیان نووسم پەروەردەیین و باسی خۆشەویستی باوك و دایك و خێزان و مامۆستا و گوڵ و پەپولە و خۆرو هەور و باران و خاك و نیشتمان دەكەن و پەیامی مرۆڤدۆستی و ژینگەدۆستی و ئاشتی لەخۆ دەگرن. بەها جوانەكان تێدایە، هۆنراوە و چیرۆك و ئۆپەرێت و جارجاریش شانۆیین، بۆ هەموو منداڵانی كورد دەنووسم.

    *بەرێزتان خاوەنی چەندین كتێبن لە هەردوو بواری هۆنراوە وچیرۆك پێشوازی بەگشتی و بە ‌تایبەتیش منداڵان لەو بەرهەمانە ‌چۆن دەبینیت؟

  • من تا ئێستا كۆمەڵێك بەرهەمم بۆ منداڵان چاپكردووە كە هۆنراوە و چیرۆك و شانۆیی و ئۆپەرێتن،لەلایەن منداڵانەوە پێشوازییەكی باشیان لێكراون،هەروەها لەلایەن ئاوازدانەرانیشەوە ئەوانەی كە كار بۆ منداڵان دەكەن زۆرترین هۆنراوەم ئاوازیان بۆ دانراوە و كراون بە گۆرانی كە زیاتر لە (٣٠٠) هۆنراوەن،هەروەها ئەو ئۆپەرێتانەش كە نووسیومن لە باخچەكانی منداڵاندا كاریان لەسەر كراوە و نمایش كران. ئەو ئاواز دانەرانەی كاریان لەسەر هۆنراوەكانم كردووە زۆرن كە ناتوانم ناوی هەموویان بهێنم، هۆنراوەشم هەیە لە ئاوازێك زیاتری بۆ دانراوە.
    یەكەم هونەرمەندیش كە ئاوازی بۆ یەكەم هۆنراوەی من دانا هاوڕێی هونەرمەند (سەلام حەمادی) بوو، هەروەها هاوڕێی هونەرمەند مامۆستا(سالار عەبدوڵا) ئاوازی بۆ زۆرترین هۆنراوەی من داناوە . تیپی هونەری منداڵانی سلێمانیش بە سەرپەرشتی هاوڕێی هونەرمەند مامۆستا(مۆفەق عارف لهۆنی) كاریان لەسەر بەشێكی زۆر لە هۆنراوەكانم كردووە.

    *بوونی ڕەخنە و ڕەخنەگر لە هەموو بوارێك دا گرنگە، ئایا ئێمە رەخنەگرمان لە بواری منداڵان دا هەیە ئەگەر هەیە چۆن دەڕوانیتە رەخنەكانیان؟

  • خۆی ڕەخنەش ژانرێكی سەربەخۆیە و ئەگەر بەشێوەیەكی ئەكادیمی و دروست و بنیاتنەرانە بێت ئەوە زۆر باشە و دەبێتە هۆی هەڵسەنگاندن و بەرەوپێشچوونی ئەدەب بەگشتی و ئەدەبی منداڵان بەتایبەتی ،لە ئێستادا ڕەخنە لە بواری ئەدەبی منداڵاندا هەیە بەس لە پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكات ، ئەو ڕەخنانەش كە بەرچاون و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا دەیانبینین هەندێكیان باشن و لەلایەن كەسانی شارەزاو بە تواناوە ئەنجام دراون، هەندێكیشیان وەكو پێویست نین.

    *لە قوتابخانەكان تاچەند گرنگی بە وانەی هونەری دەدرێت لەو كاتەی تائێستا میتۆدەیەكی تایبەت بە وانەكە لە قۆناغەكانی خوێندن دا نییە؟

  • من پێشتر بابەتێكم بڵاوكردەوە بەناوی(گرنگی وانەی سرودو مۆسیقا لە قوتابخانە بنەڕەتییەكاندا) كە بە وردی باسی بوون و گرنگی ئەو وانانەم كردووە بەڵام بە مەرجێك مامۆستای تایبەتی خۆی بیڵێتەوە ، وانەی هونەر و وەرزش وا لە قوتابیان دەكەن كە ئەو وزە زیادەیەی هەیانە بەشێوەیەكی دروست خاڵی ببنەوە و ئامادەبن بۆ ئەوەی وانەكانی تر بخوێنن،لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستا و قوتابخانەیان لا خۆشەویستتر دەبێت،بەهرەو تواناكانیشیان دەردەكەون و بە باشی گەشە دەكات.وانە وتنەوە لە باخچەكانی منداڵاندا لەڕێگەی چیرۆك و شانۆ و گۆرانی و میوزیكەوە دەوترێتەوە ،منداڵان بە پەرۆشەوە گوێی لێدەگرن و حەزی پێدەكەن.لە قوتابخانەشدا مامۆستایان دەتوانن بۆ هەندێك بابەت چیرۆك بەكاربهێنن تا قوتابیان باشتر لە وانەكە بگەن.وانەی هونەر و وەرزش دوو وانەی زۆر گرنگن هەروەكو وانەكانی تر ،چونكە لەڕاستیدا منداڵ ئەو ڕۆژانە ی هەر زۆر لەلا خۆشە كە یەكێك لەو وانانەیان هەبێت بەمەرجێك مامۆستای شارەزا و پسپۆڕی خۆی بیڵێتەوە.

    *مەرجی هۆنراوەی منداڵان بۆ ناو پڕۆگرامی خوێندن دەبێت چۆن بێت وەك دەزانین ئێوە هۆنراوەیەكتان لە كتێبی كوردی پۆلی دووەمی بنەڕەتیدا دانراوە؟
    -مایەی خۆشحاڵییە كە هۆنراوەی(پاكوخاوێنی ژینگە) وەك باستان كرد لە كتێبی كوردی پۆلی دووەمی بنەڕەتیدا /بەرگی دووەمدا دانراوە،ئەم هۆنراوەیە لەوانەیە یەكەم هۆنراوە بێت كە بۆ ژینگە نووسراوە و كراویشە بە گۆرانی كە هاوڕێی هونەرمەند مامۆستا هەژار عوسمان ئاوازی بۆ داناوە و بەسەر زاری منداڵانەوەیە،من لەماوەی پێشوودا لە( دیداری كاكەی فەلاح بۆ ئەدەبی منداڵان) لێكۆڵینەوەیەكم پێشكەش كرد بەناوی(بەشێك لە هۆنراوەكانی ناو پڕۆگرامی خوێندن،كاكەی فەلاح وەك نمونە) كە تێیدا بە ڕوونی باسی ئەوەم كردووە كە ئەو هۆنراوانەی كەلە پڕۆگرامی خوێندندا دادەنرێن وەك ئەوە نییە كەلە گۆڤار یان ڕۆژنامەدا بڵاودەكرێنەوە ،چونكە لەوانەیە تیراژیان كەم بێت نەگەنە دەست هەموو منداڵێك،بەڵام ئەو هۆنراوانەی كە لە پڕۆگرامی خوێندندا دادەنرێن دەگەنە هەموو منداڵێك لە گشت شار و شارۆچكە و گوندێك كە قوتابخانەی تێدا بێت ،بۆیە پێویستە لیژنەیەكی شارەزا و پسپۆڕ سەرپەرشتی بكات لە ڕووی هونەر و تەكنیكی نووسینەوە ،لەڕوی زمانەوە،لەڕووی دەروونییەوە،بۆ ئەو پۆلە بگونجێت كە بۆی دادەنرێت ،هیوا بەخش بێت،كۆتاییەكی باشی هەبێت كە منداڵ چاوەڕێی دێڕی تر نەكات،بەئاسانی ئاوازی بۆ دابنرێت و بكرێت بە گۆرانی،وشەی نەشیاو و نا پەروەردەیی تێدا نێت،دوور بێت لە زمانی ناوچەیی…

    *چۆن دەڕوانیتە ئەو بەرهەمانەی كە لێرەو لەوێ بۆ منداڵان چاپ دەكرێن؟ چی بكرێت باشە؟ پێشنیارتان چییە ؟

  • ڕاستە بەردەوام پەرتوك و نامیلكە ی تایبەت بۆ منداڵان دەردەچن بەڵام دەپرسین ئایا هەموویان گونجاو و پەروەردەیین بۆ ئەوەی بخرێنە بەردەست منداڵ؟ نەخێر لە بەر ئەوەی تیراژیان كەمە وەكو پێویست ناگەنە دەستی هەموو منداڵێك تا بیخوێنێتەوە،لەگەڵ ئەوەشدا تیایاندا هەیە كە هیچ مەرجێكی تێدا نییە كە تایبەت بێت بۆ منداڵ .من لە دیداری تریشمدا هەمیشە ئەوەم دووپات كردۆتەوە كە منداڵ بنچینەی بنیاتنانی كۆمەڵگەیە بۆیە پێویستە تا كۆمەڵگەیەكی دروست بنیاتبنێین پێویستە لە منداڵەوە دەست پێبكەین،بەرهەمی باش و بەسود و گرنگ و گونجاویان بخەینە بەردەست،كە ئەمەش بە بوونی دەزگایەكی پەخش و بڵاوكردنەوەی تایبەت بە منداڵان دەبێت لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە كە لیژنەیەكی پسپۆڕ و شارەزا سەرپەرشتی بكات لە هەموو بوارەكاندا ،ئەدەبی،هونەری،زمانەوانی،كلتوری،زانستی،دەرونی، منداڵ،ژینگەیی،هەر بوارێك كە ببێتە هۆی ئەوەی كە باشترین و بەسودترین و گونجاوترین و سەردەمی ترین و پێشكەوتووترین بەرهەم پێشكەش بە منداڵانی كورد بكرێت.هەرچەندە پێشتر بەڕێوەبەرێتی زنجیرە كتێبی منداڵان لە هەولێر و خانەی سمۆرە لە سلێمانی كە سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بوون كۆمەڵێك بەرهەمی باشیان بەشێوەیەكی جوان بەچاپ گەیاند ،بەداخەوە لەئێستادا هیچیان نەماون.

    *ئەگەر بكرێت ئاماژە بە چاپكراوەكانت بكەیت،ئایا پرۆژەی نوێت هەیە؟

  • ئەم بەرھەمانەم بە چاپ گەیاندووە، كە ھۆنراوە و چیرۆك وشانۆیی و ئۆپەرێتن بۆ منداڵان ،دوو بەرهەمیان كاری هاوبەشە لەگەڵ نووسەرانی تر.یەكێكیان بە هاوبەشی لەگەڵ دوو نووسەری تر بووە كە كۆمەڵێك چیرۆكی تایبەتن بۆ منداڵانی دایەنگە كە پێشتر كاری لەو شێوەیە نەكراوە. دووەمیشیان بە هاوبەشی لەگەڵ پێنج سەرپەرشتیاری پەروەردەیی دەربارەی ئامڕازەكانی فێركردنە لە باخچەكانی منداڵاندا یە :
    ١-فڕفڕۆكە…ھۆنراوە…ساڵی ١٩٩٥.
    ٢-خەندەی ئاوات…ھۆنراوە..ساڵی ١٩٩٨.
    ٣-ئافەرین..ھۆنراوە..ساڵی ٢٠٠٠. پێنج جار چاپكراوەتەوە.
    ٤-دیاری و سەردان…چیرۆك..ساڵی ٢٠٠٤. سێ جار چاپكراوەتەوە.
    ٥-كۆڤین و ھاوڕێكانی…ھۆنراوە…ساڵی ٢٠٠٨. دووجار چاپكراوەتەوە.
    ٦- سـرودی كوردسـتان….ھـۆنـراوە…ساڵی ٢٠٠٩.
    ٧- ڕازی قوتابییەكی زیـرەك….چیرۆك و ھـۆنـراوە…ساڵی ٢٠٠٩.
    ٨- دیـاری…..ھـۆنـراوە…ساڵی ٢٠١٠.
    ٩- بولبولـێكی زیـرەك….چیرۆك..وەرگێڕان لە عەرەبییەوە بەدەستكارییەوە ساڵی ٢٠١٢.دووجار چاپكراوەتەوە.
    ١٠ـ جەژن….ھـۆنـراوە…ساڵی ٢٠٠٩.
    ١١- وانەی كوردی…..چـیرۆك و ھـۆنـراوە…ساڵی ٢٠١٠.
    ١٢- بوكەكەم بە كوردی گۆرانی دەڵێت…..چـیرۆك…ساڵی ٢٠١٣.
    ١٣- گەشتەكەی گـوڵێ…..چـیرۆك…ساڵی ٢٠١٣.
    ١٤-ئەسپ و فـیل…..چـیرۆك…ساڵی ٢٠١٣.
    ١٥-یـاریی بیركـاری…..چیرۆك وھـۆنـراوە…ساڵی ٢٠١٣.
    ١٦- منـداڵ و فـیلم كـارتۆن…..شانـۆیی و ئۆپـەرێت…ساڵی ٢٠١٣.
    ١٧- چنار و ھـێمن..ئۆپەرێت و ھۆنراوە بۆ منداڵان …ساڵی.. ٢٠١٩.
    ١٨- ئاوازی شادی.. ئۆپەرێت و ھۆنراوە بۆ منداڵانی باخچـەی منداڵان ٢٠١٩
    ١٩-مریشكە كونج. بە (PDF) كراوە كە چیرۆك و ھۆنراوەیە.ساڵی ٢٠١٧
    ٢٠- جۆلانێ…ھـۆنـراوە…ساڵی ٢٠١٩. چاپەمەنی مانگ لە شاری بانە بۆیان كـردووم.
    ٢١- منداڵ و ژینگە …ھۆنراوە و ئۆپەرێت و شانۆیی دەربارەی ژینگە بۆ منداڵان.٢٠٢١. سێ جار چاپكراوەتەوە
    ٢٢- سمۆرە و منداڵ…ھۆنراوە…ساڵی ٢٠٢١.
    ٢٣-خۆزگە و خەونی منداڵان….هۆنراوە…ساڵی ٢٠٢١.
    ٢٤-نیشتمانی ماسی…هۆنراوە و ئۆپەرێت…ساڵی ٢٠٢١.
    ٢٥- ئاوازی پێكەنین…هۆنراوە…ساڵی ٢٠٢١.
    ٢٦- پەروەردەكردن لەڕێگەی چیرۆكەوە بۆ منداڵانی دایەنگە، بە هاوبەشی لەگەڵ نووسەران(ئەمین محەمەد،پەیام ئیبراهیم) ساڵی ٢٠٢٤)
    ٢٧- ئامڕازەكانی فێركردن لە باخچەكانی منداڵاندا..بە هاوبەشی لەگەڵ پێنج سەرپەرشتیاری پەروەردەیی..ساڵی ٢٠٢٤
    كۆمەڵێك بەرهەمیشم ئامادەی چاپن كە دووانیان كۆ بەرهەمی هۆنراوەكانمن بۆ منداڵان و یەكێكیشیان تایبەتە بەو ئۆپەرێت و شانۆییانەی كە بۆ منداڵانم نووسیوە،لەگەڵ چەند بەرهەمێكی تر..
    نووسەر عەلی حەمەڕەشید بەرزنجەیی لە چەند دێرێك دا:
    -لەساڵی ١٩٦١ لە شارۆچكەی بەرزنجە لە دایك ،لەساڵی ھەشتاكانەوە ھۆنراوە و چیرۆك بۆ منداڵان دەنووسێت، یەكەم ھۆنراوەم لە ڕۆژنامەی ھاوكاری دا بڵاوكردۆتەوە، كە ھۆنراوەیەك بووە بۆ منداڵان
  • ئەندامی یەكێتی نووسەرانی كوردم لقی سلێمانییە.
    -زیاتر لە (٣٠٠) هۆنراوەی ئاوازیان بۆ دانراوە و كراون بە گۆرانی بۆ منداڵان.
    ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (ئاراستەی پەروەردەیی) بووە كە بەڕێوەبەرێتی سەرپەرشتیكرندی پارێزگای سلێمانی وەرزانە دەریدەكرد .
  • ئێستاش سەرپەرشتیاری پەروەردەییە لە یەكەی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی ڕۆژهەڵات لە سلێمانی.



گۆرانی هاوڕازی تەم.. نوێترین بەرهەمی شەنگە ئەحمەد

گۆرانی: هاوڕازی تەم
وتنی: شەنگ ئەحمەد
تێکست: حەسیب قەرەداغی
میلۆدی: سەرکەوت نامیق

https://www.youtube.com/watch?v=4yHb8NYpMAE




گەلەری ئارام لە پرۆژەیەکی نوێدا.. پێویستمان بە فێربوونی نیچەیە.. وانەی چوارەم.. د. ئازاد حەمە

وەرزەکانی فەلسەفە

پرۆژەیەکی نوێی ( گەلەری ئارام)ە هەرجارەو خوێندنەوەیەک بۆ فەیلەسوفێک دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ د. ئازاد حەمە

پێویستمان بە فێربوونی نیچەیە

وانەی چوارەم:

فەلسەفە و ژن
خوێندنەوەی فەلسەفەی نیچە لە پەیوەندی بە قامچییەوە، بە پێی زەرادەشتی نیچە.

شەممە ٢\١١\٢٠٢٤
کات: ٧ی ئێوارە..
ناونیشان: عەقاری دوو کۆڵان خوار ئەمنە سوورەکە.

بۆ گوێگرتن لە وانەکان:

وانەی یەکەم:

وانەی دووەم:

وانەی سێیەم:




ئیرەییم دێ.. شەهلا نوری

ئێرەییم دێ
بە کزە بای سارد و ڕچیوی ئێواران
کە بەچوار دەورت دەسووڕێ
بەو شەقام و توولە رێیەی
بە سەریدا ڕێ دەکەی و دەمتاسێنێ
ئێرەییم دێ
پەشاڵەکەی دەوری ملت
لە ئامێزی خۆیت دەنێ
بەو ھەموو گوڵ و گەڵایە
لە سەر ڕێگات کڕنووش بردوون
بۆنی گوڵاوی تۆ دەمژن
بەھار ھات و ئاسمان ساماڵ
بەھاتنی شکۆفەی یار
چەم فێنک و سەوز سەوزە
زیباترین نامەی ئیشق
وئەوینێ سوور
مینا پاکیی ئاوی حەوزە




وێنەکەت بڵێسەیەکبوو سەوزی کردمەوە.. ڕێبین مەلا ئەحمەد

دەبارێم بەسەر زەوییە بەیارەکانی خۆم
ئاگرەکانم خامۆش دەکەمەوە
هەڵدەکەم بەسەر ئەو پێدەشتانە
ڕووناکی دەبەخشمە گیای شێداری نزاران
من ئەوەنیم کەدەمبینی
سوارێکی پەڕیوی هەزارەها شەڕی خۆمم
شەڕ بەتاریکایم دەفرۆشم
سۆراغی قوڵاییەکانی خۆم دەکەم
بە ڕێگا پڕ ئەستەم و هەڵدێرەکانی ناوەوەم هەڵدەگەڕێم
باسی ئازارم بۆ مەکە
هاڕدراوی دەستاڕێکی خولخواردووی زەمەنم
کلکەتەشی هەڵخلیسکاوی سەر ڕانی شۆڕە ژنێکم.

دەمەوێ هندە تەنیابم جگە لە خۆم کەس نەناسم
مرۆڤ تا خۆی نەناسێ هەست بە ئاوەدانی ناکات.

کاتێک شەو دەخزێمە سەر سینگ و مەمکی تەنیایی
ئاسوودەیی خۆی داوێتە ناو باوەشم
بیکردنەوەم باڵدەگرێ و بێدەنگیم وەک تەمێک بەوبنارانە هەڵدەکشێ
یادت وەک کەڕەسیسەی دەستی با
نازانم دەمباتە کامە شەقامی خرۆشاو
دەم سپێرێ بەکامە سوچی ئارام
باڵەفڕکەمە
بە سەماوە چووم هەڵوەریم
لەژێر پێی مرۆڤەکاندا خۆم ونکرد.

دەمەوێ خۆم بخزێنمە ناو سەمایەک
دەست لە ملی ئازارێک باڵینم و برینی خۆم نمایشکەم
وەتەی شایی و ڕەشبەڵەک کاڵبۆتەوە
چ غەمگینیەک بەرۆکی خەلکی گرتووە
لەگەڵ چ ڕەشبینییەک ڕێدەکەین.

لە سەرمای ئەو زستانە ڕامەکەن
هێشتا خۆر دەمی دەکەلاک ناون
لەو پۆلەمردانە بێهیوا مەبن
تا ئەزرۆک بەو دارانە ماون
گەر بزنەڕێی ئەو بەرپاڵانە شک نەبەم
چۆن دەتوانم ڕیی ئەستەمی هەڵدێری ئەو کەژە بگرم
ئەو کاتەی شەو نیمایشی خۆی دەکات
دەخزێمە ناو تاریکایی
گەرەکمە لە شەودا ببریسکێمەوە

ژیان سەوزتر دەبینم
ئاوی هەموو ڕووبارەکانی دونیا خامۆشم ناکەنەوە
وێنەکەت بڵێسەیەکبوو سەوزی کردمەوە.

لە گەرمایەکی بەتیندا، چۆڕاوگەی ئارەق بە ڕووخساردا ڕژاو
دارێک، بەردێک شک نەبەی نیسێی خۆت پێببەخشێ
دووریت چ هەتاوێکی دڵرەقە
پڕوشکی ئاوی پڕژەیە
فێنکایی چەمی سەکرانە
کاتێ شێوەت لە خەیاڵدا گەمەدەکات.

ڕێبین مەلا ئەحمەد




پاڕادۆکسی شکەستی ئیسڕائیل!..3.. نووسینی: ئەلوف بێن.. وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

چۆن سەرکەوتنی سەربازیی وەڵات شکەستی سیاسی بەرهەم دەهێنێت!
نووسینی: ئەلوف بێن ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
سەرچاوە: فۆڕین ئەفێرس
وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

تێبینی: ئەم بابەتە کەمێک درێژەو نەشم ویست کورتی بکەمەوە. چونکە ئەمە تەڕجومەیە نەک ئامادەکردن تاکو تەنها بیرۆکەو پۆینت و سەرخاڵەکانی دەست نیشان بکەم. بە هەر شێوەیەک لێم ببڕیبایە لە گرنگیەکەم کەم دەکردەوە. ئەم بابەتە لە فۆڕین ئەفێرس دا بڵاوکراوەتەوە کە گۆڤارێکی وەرزیە و پەیوەستە بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. دەستی نووسەرەکانی تا ڕادەیەک ئاوەڵاکردوە بۆ ئەوەی بتوانن چی بەڕاست دەزانن بیڵێن. ئەو گۆڤارە نوسەری چەپ و لیبڕاڵی لە ناودا دەنووسێت. بابەتەکانی ناوی هەمویان دەگەنە ١٤ تا ٢٠ لاپەڕە. ئەوەش نووسێنێکی درێژە، هەر بۆیەش من بۆ بڵاوکردنەوە کردمە سێ بەشەوە. جا ئەو بابەتە هەم ئازادانە نووسراوەو هەم نووسەرەکەشی جولەکەیەو بۆخۆشی سەرنووسەری گۆڤارێکی ئیسڕائیلییە بە ناوی هاڕێنتز. نووسەر لەم نووسینەیدا بە ئازادانە ڕەخنە لە ئیسڕائیل و سیاسەتە ڕەگەزپەرستەکەی و سیستەمی دەسەڵاتدارێتی باڵی ڕاستڕەوی نێو سیاسەتی ئیسڕائیل دەگرێ . هەروەها بە تەواوی پێەوە دیارە کە هاوسۆزی کێشەی فەلەستینەو لە گەڵ فەلەستینیەکاندا بۆ درووستکردنی دەوڵەتی سەبەخۆی خۆیان هاوڕایە.(ح.ڕ)

بەشی سێیەم:
ئەو برینانەی کە ئیسڕائیلیەکان بە دەستی خۆیان لە خۆیان کردن!
سەرباری ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ئیسڕائیلیەکان لە دژی ناتانیاهۆ بەڕێیان دەخستن و بە بەردەوامییش داوای هێنانەوە ماڵێی بارمتەکانیان دەکرد، ئینجا لە گەڵ ئەوەشدا کە هێشتا حکومەتەکەیان سەرکەوتنی تەواوی بەدەست نەهێنابوو وەک و کە بەڵێنی پێدابوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێستا دەنگی بەرزی دژە شەڕ لە نێو کۆمەڵگای ئیسڕائیلیدا کەم وێنەیە! هەرچەندە زۆرێک لە ئیسڕائیلیەکان ڕقیان لە ناتانیاهۆ خۆی و بنکە کۆمەڵایەتیە موحافزکارەکەی هەیە و شانازی بە جهانیی بوون و سێکیولاربوونی خۆیانەوە دەکەن، بەڵام هێشتا ناتوانن بگەن بەو سێکولارە ئەمەریکی و ئەوروپیانەی دوای جەنگی جیهانی دووەم لە ڕوی ئاشتی و دێموکڕاسییەوە. ئیسڕائیلیەکان دەیانەوێت بە پێی ئەو ڕێسایە بژین کە لە فلیمی ساڵی 1966 سپاگەتی ڕۆژئاوا ( باش و خەراپ و ناشیرین) کە ئەوە دەنگی دایەوەو بڵاو بوویەوە لە نێو ئیسڕائیلیەکانداو دەیان گووت : ” ئەگەر هەر پێویستەودەبێ ئەتۆ هەر تەقە بکەی ئیتر تەقە بکەو قسە مەکە” ئیسڕائیلیەکان پاساویان بۆ ئەو گوتەیە ئەوەیە کە دەڵێن ئێمە لە شوێنێکداین کە دەورەمان بە دوژمن گیراوە. جا باڕاک لە سەر زمانی ڕۆژهەڵاتناسانەوە ئەمە وێنا دەکا بە “ڤیلایەک لە نێو جەنگەڵێکدا!”
زوربەی هەرێ زۆری دەنگە نەیارەکانی ناتانیاهۆ، کە لە نێویاندا ئەندامانی پلە باڵا و چالاکی خانەنشینی نێو سوپایان تێدایە، هەروەها کەس وکاری ئەو بارمتانەی کە تا ئێستا لە ناو غەزەدا ماون، ئەوداوایەی کە لە ناتانیاهۆیان هەیە کەمترە لە داوای بەدیهێنانی ئاشتی، بەڵک و دەیانەوێت بۆ ماوەیکی کاتیی شەڕ ڕابگیرێت و سوپای ئیسڕائیل بکشێتەوە هەتا حەماس بارمتەکان بەردەداو ئینجا دەست بکەنەوە بەشەڕو سوپا بچێتەوە ناو غەزەوداگیری بکاتەوەو کۆتایی بە حەماس بهێنن و یەحیا سەنواریش بکوژن. (ئێستا یەحیا سەنوار کوژراوە (ح.ڕ) لە دوای ئەوەش دەیانەوێت سوپا هەربەوەندەوە نەوەستێت بەڵک و لە باکوورەوە هێرش بکاتە سەر لوبنان و زەویە سەرسنوریەکانی دیوی باشووری لوبنان داگیر بکاتەوە لەبۆ پاراستنی ئاساییشی خەڵکی ئیسڕائیل. کەواتە ئەوەی ئێستا ناتانیاهۆ دەیکات ڕێک لەگەڵ داواکاریەکانی خەڵکی ئیسڕائیل دێتەوە. تەنانەت ئەو هێرشەی ئیسڕائیل بۆسەرلوبنان کەمترمشتومڕی نێودەوڵەتی لەسەرە؛ هەندێک لە سەرکردەکان ناتانیاهۆیان وەک سەرۆک وەزیران خۆش ناوێت و پێی ڕازی نین بەڵام لەولاوە هانی دەدەن تاکو بە شێوەیەکی کاتی زەویەکانی ئەو دیوی لوبنان کە لە سنووری ئیسڕائیلەوە نزیکن داگیر بکەن و خەڵکی لوبنان لە نزیکی سنووری ئیسڕائیل دوور بخەنەوە. لێرەدا ڕەنگە ناتانیاهۆ کەسێکی خۆشەویستی نێو جەماوەر نەبێت بەڵام لە ڕاستیدا هیج ناکات بێجگە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی جەماوریی و جێبەجێکەری داخوازیەکانی خەڵکی ئیسڕائیلە!
حکومەتی ئەمریکاو زوربەی وەڵاتانی ئەوروپا تەنها بەرەنگارییەکی شێوە ڕەمزییان پێباشە کە ئیسڕائیل نیشانی بدا لە ناو غەزەو کەناری خۆرئاوادا، ئەوەتا کەنەدا، یەکیەتی ئەوروپا، فەرنسا، بەریتانیا و ئەمریکاش گەمارۆیان خستۆتە سەر هەندێک لە کۆمەڵگاکانی جولەکە نشینی تونڕەو کە هێرش دەکەنە سەر فەلەستینیەکان، هەروەها ئەڵمانیاو بەریتانیاو ئەمریکا ناردنی هەندێک چەکی تایبەت و بۆمب کە قورسایی بگاتە 2000 پاوەند ڕاگرتووە کە بڕوا بۆ ئیسڕائیل. بەڵام ئەوەی ڕاستیە ئەوەیە کە ڕۆژئاوا ڕێگای داوە بە ئیسڕائیل کە بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناو غەزەو کەناری ڕۆژئاوادا، هەروەها تاکو ئێستاش ڕۆژئاوا هیچ هەوڵێکی ڕاستەقینەی نەداوە بۆ ژیاندنەوەی پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین. لەو بارەوە ڕۆژئاواش هەمان بالۆرەی ناتانیاهۆ لێدەداتەوە کە گوایە کاتەکەی بۆ ئەو باسە گونجاو نیە! ساڵانێکی زۆرە ئەو سیاسەتەی نێوان ڕۆژئاواو ئیسڕائیل هەستی پێدەکرێت بە تایبەتی لەگەڵ ئەمریکا! ڕۆژئاوا ڕێک وەدوا ئیسڕائیل دەکەوێت لە بابەتی فەلەستیندا بە مەرجێک ئیسڕائیل بەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەبەر چاو بگرێت!
بەڵام سەرباری ئەو پاڵپشتیەی وەڵاتانی ڕۆژئاوا لەو شەڕەدا بۆ ئیسڕائیل کەچی لەبەرامبەردا ئیسڕئیلیەکان زۆرترهەست بە گۆشەگیریی دەکەن لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە! جا هەندێک لەو گۆشەگیرییە پاساوی هەیە. ئەوەتە زوربەی هێڵە هەواییەکانی هاتوچۆی دەرەوە بەرەو تەلئەبیب وەسدتاون، ئاستی متمانەبوونی نێودەوڵەتی بە ئیسڕائیل زۆرڕووی لەخوارە. بەڵام هەندێک لەو گۆشەگیریانە هۆیەکەیان نێوخۆی ئیسڕائیلە، دەزگای ڕاگەیاندنی سەرەکی باوی عیبڕی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی فەلەستینیەکان لە کەمپەکانی وەڵاتانی ڕۆژئاوادا بە دژە جولەکەو دژە سامیی وێنا دەکەن، ئەو دەزگایەش رێک وەدوا ناتانیاهۆ دەکەوێت کە پێی وایە ئەو ناڕەزایەتیانە درووست نین و سیاسین و شێوەیەکی کۆنی دژە جولەکەو دژە سامیانەیان هەیە!. بە هەمان شێوە ئەوەتە ئەو دڵنیایییەی کە لە دوو دادگای نێو دەوڵەتیدا نیشانی دەدەن کە ئیسڕائیل پرۆسەی کوشتنی بەکۆمەڵ و جینۆساید بەڕێوە دەبات لە غەزە کەچی لە نێوخۆی ئیسڕائیلدا ئەو هەوڵانە بە پڕوپاگەندەو نادرووست دەبینن!
لە مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵەوە حکومەتی ئیسڕئیل متمانەی بەخۆ زیادی کرد، بە تایبەتی کاتێک کە ئاستی هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوللە زیاد کرد. هەر لە دوای هێرشەکەی ئۆکتۆبەری ٧ بۆ سەرئیسڕائیل، حیزبواللاش لەولاوە بۆ پشتگیری لە حەماس سەلماندی کە لە توانایدا هەیە شارەکان و فڕۆکەخانەکان و وێستگەکانی کارەباو وزە ی ئیسڕائیل وێران بکات، هەر بۆیەش سوپای بەرگری ئیسڕائیل IDF هێزەکانی سەر زەمینیی خۆی کردە دووبەشەوە بەشێکیان لە باکوورەوە لە گەڵ حیزبوللە و بەشەکەی تریش لە باشوورەوە لەگەڵ حەماس کەوتە شەڕەوە! بۆئیسڕائیلیەکان کە لە ئۆکتۆبەری 7 وە هەستیان بەشکەست و داڕووخان دەکرد، بۆیە دژە هێرشی سوپای بەرگری ئیسڕائیل IDF هەمان شەڕی شەش رۆژەی ساڵی 1967 ی دەهێنانەوە بیر کە سوپای ئیسڕائیل سەرکەوتنی خێرای بەدەست هێنا دیارە کە بە زۆری لە رێگەی هێزی هەواییەوە بوو! ناتانیاهۆ ڕایگەیاند کە ئیسڕئیل شەڕەکەی دەباتەوەو سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت و کەوتە هەڕەشەی هەمان شێوەش لە ئێران کە ڕاستەوخۆ پارێزەرو پشتگیریکەری حیزبوللەیە! وەزیری پەروەردەو فێرکردنی ئیسڕائیل بە هۆی ئەو سەرکەوتنانەوە فەرمانی بە ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ کرد لە ناو خوێندنگا گشتییە ئایینیەکاندا. ئیسڕائیلیە سێکیولارو لیبڕالەکانی ناو ئیسڕائیل هەرچەندە بە شێوەی ئاشکرا لە شوێنە گشتیەکاندا ئەو سەماو هەڵپەڕکێیەیان نیشان نەدەدا بەڵام لە ژێرەوە پڕبەدڵ خۆشحاڵبوون بەو سەرکەوتنانەو سوپاس و پێزانینی خۆیان دەردەخست بۆ فڕۆکەوانە ئازاکان و هێزی هەوایی بۆ ئەو سەرکەوتنە بێوێنەیە!
بەڵام ئەو سەیروسەفایەی ئیسڕائیلیەکان زۆری پێنەچوو کە بوو بەهەڵم وهەردوای ئەوەی کە ئێران بە دەیان ساروخی دوور مەودای گرتە ئیسڕائیل و لە لایەکی تریشەوە تیرۆریستەکان لە ناو شەمەندوفەری تەلئەبیبدا شەش ئیسڕائیلیان کوشت! ئینجا ئەو هێرشە تازەیەی کە ئیسڕائیل بۆ سەر باشووری لوبنانی دەست پێکرد زۆرتری لەسەر کەوت لە ڕووی زیانی گیانیی ئیسڕائیلیەکانەوە وەک لە هێرشی جاری پێشوویان بۆ ناو لوبنان لە ئۆپەرایونە تایبەتیەکانیاندا! ئەوەش شتێکی ڕوون و ئاشکرایە کە شەڕی ئەم جارەیان کە ناوچەکەی گرتۆتەوەو ئێرانیش هاتۆتە ناویەوە ئەو هەلە بۆ ئیسڕائیل وەک جاران ناڕەخسێنێت کە سەرکەوتنی خێراو کەم زیانی تێدا بەدەست بهێنێت! هەروەها لە لایەکی ترەوە ئەو ترسەی کە ئیسڕائیلیەکان هەیانە کە شەڕەکە بدۆڕێنن زۆر گەورەترە لەوەی کە بەسەرکەوتنیان بەسەرحیزبوللەدا یان هەتا تەنانەت بەسەر ئێرانیشدا سەربکەون کەمی بکاتەوە ! هەربۆیەشە کە ئیسڕائیلیەکان ئەوڕۆ لە ڕووی سیاسیەوە لە حاڵەتێکی پەشۆکاودان چونکە هەموو شتێک گۆڕانی بەسەردا هاتوەو بۆیەش پێویستە ئەوانیش ستراتیجیەتی خۆیان بە پێی ئەو گۆڕانی واقیعە بگۆرن!
ساڵێک تێپەڕیوە کەچی هێشتا ئیسڕائیلیەکان لە ماتەمینی و تازیەی ئەو زیانانە دان کە لە ئۆکتۆبەری 7دا حەماس لێی خستن. وە هەمیشە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا دەیڵێنەوە بۆتە مۆتەکە بەسەر سەریانەوە! ئێستا ئیسڕائیل بەرەو داڕوخان دەڕوا لە ڕووی ئابووریەوە بە تایبەتی کە دەوڵەمەندو نوخبەی لیبڕاڵی ئیسڕئیلیی وەڵات بەجێ دەهێڵێت و ڕێگای هەندەرانی گرتۆتەبەر! حکومەت شکەستی هێناوە لە یەکخستنەوەی ڕیزی ئیسڕئیلیەکان و لە جیاتی ئەوە کەلێن و درز زیاترکەوتۆتە نێویانەوە. هێزی سەربازی ئیسڕائیل و سوپاکەی بە تایبەتی هێزی یەدەکی نێو سوپا ماندوو دیارە بە تایبەتی چونکە کەوتۆتە شەڕێکی کتوپڕی ئاڵۆزەوەو دەمێکیشە بەردەوامە! لە لایەکی ترەوە کە ئەگەریش دادگای نێودەوڵەتی هیچ فەرمانێک بۆ دەسگیرکردن و دادگایی کردنی فەرماندەو بەرپرسە ئیسڕائیلیەکانیش دەرنەکات دەبێ ئیسڕائیلیەکان لە حاڵەتێکی ترس و دڵەڕاوکێدا ژیانیان بەسەر بەسەربەرن چونکە ئەو هەموو وێرانیی و کوشتارەیان بەسەر غەزەو خەڵکی فەلەستیندا هێناوە!
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بە سەر شەڕدا، هەڕەشە درێژمەوداکانی سەر دێموکراسی لە ئیسڕائیلدا هەرگیز ئەوەندەی ئێستا مەترسیدار نەبوون!
ئیسڕائیل ئێستا لە باتی ئەوەی بکەوێتە ناو زۆنگاوی سەرخۆشییەوە بەوەی کە حەسەن نەسروللەی کوشتووەو ئینا خۆی بخاتە ناو شەڕێکی گەورەتری ناوچەیی لە دژی ئێران، دەبێ سوود لە پێگەی ئێستای خۆی لەشەڕدا وەربگرێت لەو بێهێزی و شکەستەی حەماس و حیزبواللە! دەبێ ئیسڕائیل ڕازی ببێت بەو ئاگربەستەی کە ئەمریکا پێشنیاری کردووە لە هەردووک بەرەی باکوور و باشووردا تا بتوانێت بارمتە ئیسڕائیلیەکان بهێنێتەوە ماڵ و کارئاسانیش بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەزە کە بە تەواویی شەڕ وێرانی کردووە! ئینجا دەست بکات بە پڕۆسەی چاکبوونەوەی نیشتیمانی! درێژە پێکێشانی شەڕلە هەوڵێکی بێهوودەدا بە مەبەستی سەرکەوتنی تەواوەتی، زیاتر زەرەرو زیانی گیانیی و ئابووریی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، جا ئەگەربێت و (تڕمپ)یش بیباتەوە لە هەڵبژاردنەکاندا لە مانگی نۆڤەمبەردا وەک و کە ناتانیاهۆ چاوەڕوانیەتی و دەیڵێتەوە! ئەوە بۆ چەندین دەیە دەچێت کە هەردووک لا غەزەو لوبنان بوونەتە زۆنگاوێکی پیس بۆ ئیسڕائیل کە تێیدا دەچەقەتێت، بۆیە دەبێ هەڵەی کۆن دووبارە نەبێتەوە بەڵام لە باتی ئەوە زەرەرو زیانەکان کەمبکرێنەوەو پێکهاتن و گرێبەستێک بکرێت! حکومەتێکی بەرپرسیاری ئیسڕائیلیی دەبێ ستراتیژیی درێژمەودای بەرژەوەندیەکانی وەڵاتی ئیسڕائیل هەڵبسەنگێنێت و پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین لەگەڵ مەحمود عباسی بە ساڵاچوودا دەستپێبکاتەوە بۆ پێکێنانی دوودەوڵەت. هەروەک چۆن بێگن پەیماننامەی ئاشتی مێژوویی نێوان ئیسڕائیل و میسری ئیمزا کرد دوای سەرکەوتنی ئیسڕائیل لە شەڕی 1973 لە بەرامبەر میسردا. بۆیە دابینکردنی ڕێبازێکی جێمتمانە بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لە کەناری خۆرئاوا و غەزەدا تاکە بناغەیە بۆ دابین کردنی ئاشتی دوورمەودا بۆ ئیسڕئیلیەکان و هەروەها گەڕەنتیش دەبێ بۆ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی نێوان ئیسڕائیل و سعودیە!
جا کارەسات و تراژاژیدیایەکە لێرەدایە کە حکومەتی ئێستای ئیسڕائیل وەڵات بەرەو لایەکی پێچەوانە دەبات. مەبەست و کاری لەمێژینەی ناتانیاهۆ بریتیە لە لەناوبردنی بزووتنەوەی نیشتیمانی فەلەستینیەکان و خۆ دوورخستنەوە لەهەر پێکهاتنێک و نەرمی نواندنێک لە گەڵ ئەو بابەتەدا. ئامنجی خۆی و هاوپەیمانیەتیەکەی بریتیە لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی جولەکە کە گەورەییەکەی لە ڕووباری ئوردونەوە بۆ بەحربێت، لەگەڵ فراوانکردن و پێدانی هەندێک ماف ئەگەر وای پێویست کرد، بەڵام خۆیان بەدوور بگرن لە پێدانی مافە سیاسیەکان بە هەر کەس کە جولەکە نەبێت تەنانەت بەوانەش نەدرێت کە عەڕەبن و لە ناو ئیسڕائیلدان و هاونیشتیمانی ئەوێن! لێرەدا کارەسات ئەوەیە کە زایۆنیستە نەیارەکانی ناتانیاهۆ دەڵێن دەبێ ناتانیاهۆ لاببرێت و لە دەسەڵاتدا نەمێنێت، بەڵام ئەو بوێریەیان نیە کە ئاڵای ئاشتی و پێکەوە ژیان لە گەڵ فەلەستینیەکان بەرزبکەنەوە! ئەوانە لەوە دەترسن کە ئەو کارەیان لە کاتی ئێستادا ڕەنگە جۆرێک لە نا نیشتیمانپەروەریی بێت و لەولاوەش بە خائین وێنا بکرێن لە لایەن باڵی ڕاستەوە! لە جیاتی ئەوەی ورترو قووڵتر لە مانای ئۆکتۆبەری 7 تێبگەن و درکیش بە ناجێگیریی ئەو باروودۆخەی ئێستای پێش شەڕ بکەن و هەروەها دان بنێن بە و وەهم و خەیاڵە کە بەشدارە لە مامەڵکردن لە گەڵ کێشەی فەلەستینیەکاندا لە گەڵ سواربوونی شەپۆلی گەشەی ئابووری و بەرزنرخاندنی خۆدەرخستنێکی وا کە پێیان وایە کێشەی فەلەستین بوونی نیە! ئەمە ئیسڕائیلیەکانی بەرەو قەبووڵکردنی ئەپارتایدو جیاکاریی دامەزراوەیی بردووە لە کەناری خۆرئاوادا و داگیرکردنی هەمیشەیی غەزەو ڕەنگە ئەمە پەل پکێشێت بۆ خوارووی لوبنانیش. جا ئینجا زاڵبوونی سیستەمی ئۆتۆکراسی و ئایینییش لە ناوخۆی وەڵاتدا گەشەدەکات. ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە لە ماوەی یەک ساڵی شەڕدا هەڕەشە درێژمەوداکان بۆ سەر دێموکراسی و بەهاکانی لیبڕالیی لە ناوخۆی ئیسڕائیلدا هەر بەرەو خەراپتر ڕۆییشتوون!

ئەلوف بێن سەرنووسەری ڕۆژنامەی هارێتزە!
سەرچاوەی ئەو نووسینە:
.https://www.foreignaffairs.com/middle-east/israel-paradox-defeat-aluf-benn




جوانیناسیی دەقی شیعری.. نوسینی: محەمەد سۆران

بۆ ئەوەی بڵێین شیعر شتێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە، بەڵام بۆ ئەم شیعرە کە سیستەمێکی جوانکاریی پێکبهێنێت، لەوەش سەرسوڕهێنەرترە شیعر بۆ خۆی تایبەتمەندییەکی جوانکارییە ئەگەر بۆ شتێک زیاد بکرێت یان شتێک لەگەڵیدا وەسف بکرێت، ئا پارچە مۆسیقایەک، یان هەر بەرهەمێکی داهێنەرانە، وردتر لە وشەی – شیعریی -ەوە نادۆزیتەوە کە وەسفێکی هاوتای جوانی و شکۆمەندی و داهێنان بێت، ئەوا شیعر خۆی لە خۆیدا تایبەتمەندییەکی جوانکارییە یان تایبەتمەندییەکی جوانکارییە، بۆیە چ جای هەوڵبدە بگەیتە جوانیناسی جوانی، یان بە قسەیەکی وردتر، جوانیناسی تایبەتمەندی جوانیناسی.

جوانیناسی لێرەدا جیاوازە لە جوانی، بەو پێیەی جوانی – وەک لە فەرهەنگی کورتدا پێناسە کراوە- تایبەتمەندییەکە کە لە شتەکاندا چاودێری دەکرێت و شادی و ڕازیبوون بۆ ڕۆح دەهێنێت، هەروەها ناوێکە کە پێچەوانەی ناشیرینییە، بەڵام جوانیناسی شتێکی ترە کە قووڵترە و دەتوانرێت لە ڕێگەی کۆمەڵێک تایبەتمەندی و سیفەتی تایبەتەوە دەربکەوێت کە شتێک وەسف دەکەن، چونکە هەموو شتێک جوانیناسی هەیە، تەنانەت ئەگەر لە ڕێژەیی خۆیدا جیاواز بێت، بوونی هەیە تەنانەت ناشیرینیش خۆی جوانیناسی هەیە، و یەکێکە لە جوانیناسیەکانی ناشیرینی بریتییە لە توانای نیشاندانی وەک ناشیرینی و نەک شتێکی تر.

جوانیناسی لە دەقێکی شیعریدا لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ سیستەمی چوارچێوەکان کە نەخشەی جوانیناسیی ئەم دەقە دادەمەزرێنن ئەم چوارچێوانە خاڵ و مەرج نین کە نوێنەرایەتی لێدوانێکی توند (مانیفێست) بکەن کە دەبێت پەیڕەوی لێبکرێت بۆ بەدەستهێنانی نەخشێکی جوانکاری، بەڵکو بەڵکو دۆخێکی هەمەچەشنی و نەرمی کە بەهۆی سەلیقەی داهێنەرەوە بەرهەم دەهێنرێت، فەزای فراوان ڕێگە بە گۆڕانکارییەکی زۆر دەدات و ئەم نەخشە جوانکارییە درێژکراوە و فراوانە، بەڵام تەواو جێگیرە ناوەڕۆکێک، دەتوانیت دەقێکی شیعریی کۆن و مۆدێرن بدۆزیتەوە کە پەیوەندییەکی جوانکاریی دیاریکراویان هەیە، کۆنتراستی و توانای سەرسوڕمان هەموویان پێکهاتەی نەخشێکی جوانکارین بۆ شیعرێک ئەم نەخشەیە لە دەقێکی شیعری مۆدێرندا بدۆزنەوە، چونکە جوانیناسی گریمانەی داهێنەری ڕاستەقینەیە، دوور لە هەر گۆڕاوێک.

ئەمە لە ئاستی ڕیتۆریکیدا دەبینینەوە بۆچوونەکانی عەبدولقاهیر ئەلجورجانی، ئیبن تەباتەبا، قەدەمە، حازم القورتاجانی و ئەوانی دیکە کە ئارەزووی لایەنی ڕیتۆریکییان هەبووە، دەتوانرێت لە زۆرێک لە دەقە شیعرییە مۆدێرنەکاندا بەکاربهێنرێت بۆ دەرهێنانی نەخشێکی جوانکاری لەوان پێموانییە ناکۆکی هەبێت کە شلۆقی، ڕووکەش، زیادەڕەوییەکی خام، تەقلیدی ڕقاوی و ستایلی خراپ هەموو ئەمانە و شتەکانی تر کاریگەری نەرێنی لەسەر جوانیناسیی دەقی شیعریی هەیە و لەوەش زیاتر دەڕۆم، وەک چۆن ئینکاری دەکات کوالیتی شیعر، بەجۆرێک کە ئەم نووسینانە ببنە هەر شتێکی تر جگە لە شیعر.

لە ناو جوانیناسیەکانی دەقی شیعریدا ئەوەیە کە بە چڕبوونەوە و قووڵی و دژایەتی و فرەچەشنی تایبەتمەندە کە پلەیەک لە سەرسوڕمان و کارلێککردن دروست دەکات و هەروەها بە فراوانی ماناسازی تایبەتمەندە و چەندین بژاردە دەدات بە وەرگر بۆ لێکدانەوە ، جا ئەم وەرگرە لە مێشکی خوڵقێنەردا بێت یان لە دەرەوەی تەرکیزی بەرژەوەندییەکەی بێت، و دەقی شیعریش لۆژیکێکی دیاریکراو دەگرێتەبەر، تەنانەت ئەگەر جیاوازیش بێت ئەم لۆژیکە جیاوازە لە لۆژیکی ژیان و ئینتێستیڤ، کەواتە هیچ شتێکی هەڵە نییە لەگەڵ ئەوەشدا، وەک چۆن دوورکەوتنەوە لە لۆژیک بە مانا تەقلیدییەکەی خۆی لە خۆیدا لۆژیکە، وەک چۆن عەقڵیەتی زیادەڕۆیی دەقی شیعری لە دۆخی ناڕوونیی سەرسوڕهێنەر دەباتە دەرەوە کە هاندەری بەکارهێنانی مێشکی وەرگر دەبێت بۆ ئەوەی ببێتە هاوبەش لە پرۆسەی داهێنەرانەدا لەگەڵ ئەوەی کە… دەق لێکدانەوەیەکی بەرفراوانی پێدەبەخشێت، بۆ جۆرێک لە پارچەپارچەبوون کە هیچی لێناکەوێتەوە، بۆیە گەیشتن بە سیستەمێکی جوانکاری قورس دەبێت.

هەروەها یەکێک لەو شتانەی کە بەشدارە لە داڕشتنی جوانیناسیی دەقی شیعریدا زمانی نووسینە- و مەبەستم ئەلفوبێی نووسین نییە- هەرکات زمان توانی جۆرێک لە تێکەڵاوبوون و دەوڵەمەندی دروست بکات، ئەمە دەبێتە جوانیناسی زیادکردن بۆ دەقەکە.ئافرێنەر ئەو کەسەیە کە دەتوانێت زمانی دەقەکە وەک وەرگرێک دیلت بکات بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بتوێنەوە، دروستکەریش ئەو کەسەیە کە دەتوانێت وشەسازییەکەی بە باشی بەکاربهێنێت و مامەڵە لەگەڵ زماندا بکات وەک ئۆرگانیزمێک کە گەشە دەکات و گەشە دەکات بۆ ئەوەی زەبری ماناسازی بە پێکهاتە زمانەوانییەکان بدات کە زۆر لە مانای وشەسازیی تەسکیان زیاترە لەناو پرۆسەکەدا – و ئەمەش دژایەتی تیۆری هونەر نییە لە پێناو هونەردا، بەبێ گوێدانە ڕێککەوتن یان ناکۆکی لەگەڵیدا – ئایا وەرگر لە فۆکۆسی بەرژەوەندی دروستکەردایە یان لە دەرەوەی، چونکە لە بنەڕەتدا خولقێنەر وەرگرێکە، بەڵکو یەکەم وەرگری داهێنەرییەکەیە بۆیە ئێمە ڕووبەڕووی سیستەمێکی جوانکاری دەبینەوە ئەگەر بە باشی وەبەرهێنانی تێدا بکرێت، ئەوا دەقێکی شیعریی بە شێوازێکی جوانکارییەوە بەرهەم دەهێنێت جگە لەوەی کە بەهۆی شیعربوونیەوە پێی دراوە.




ئایە دیموكراسی حوكمی كوردستان دەكات یان دەسەڵاتی بنەماڵە و گروپ و دەستە؟.. رەوا حەمەجان

لە مێژووی (100)ساڵی رابردووی كوردا هیچ دەرفەتێك بە قەد راپەرینەكەی ئازاری (1991)و ئازاد بوونی ناوچەیەكی بەرفراوانی باشووری كوردستان دەرفەتێكی زێرین نەبووە بۆ كوردی باشور بۆئەوەی بتوانن بە ئازادی بگەن و بونیادی كۆمەڵگایەكی بەهێز بنێن لە هەموو روویەكەوە بەتایبەتی لە لایەنی پەروەردەوە، دەسەلاتداری و ئابوری و سەربازیەوە. دەرفەتێكی گەورەبوو بۆ ئەوەی تاك و كۆمەڵگا ئاشنا بكرێت بە بنەماكانی دیموكراسی و پێەوەژیان و قەبووڵكردنی یەكتر.
بەڵام بەپێچەوانەوە لەبەر ئەوەی ئەو هێزە سیاسیانەی كە دەسەڵاتی سیاسیان گرتە دەست هەڵگری هیچ بیروباوەڕو ئایدوڵۆژیایەك نەبوون و نەیانتوانی دەسەڵات و كۆمەڵگایەكی مودێرن و دیموكراسی دروست بكەن، بەڵكو رۆژ لە دوای رۆژ كومەڵگایان بردە دواوەو هەرچی بیروباوەڕ و بیركردنەوەی كۆن و شێوازی دەسەڵاتداری خراپ هەیە پەرەیان پێدا.
دەسەڵاتی ئەم (33) ساڵەی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەك دیموكراسی ئاشنا نەكرد بە خەڵك و حوكمی دیموكراسی نەهێنایەكایەوە بەڵكو دوو بنەماڵە بە تەواوەتی خۆیان سەپاندووەتە سەر هەموو جومگەكانی حكومەت و كۆمەڵگادا، رۆژ دوای رۆژ هەرچی ئازادی هەیە پاشەكشێ دەكات رۆژانە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ روودەدات، هەر ناوچەیەكی كوردستان بەرپرسێك و گروپێك حوكمی دەكات، كۆی گشتی ئەم خراپ دەسەڵاتداریەی باشوری كوردستان بووەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی خەلك دەنگ هەڵبڕێت و بڕژێنە سەر شەقامەكان خۆپیشاندان ئەنجام بدەن بەڵام بەداخەوە لایەنی دەسەڵاتدار نەك ئامادەنین گوێبگرن لە خەڵك بەڵكو لە زۆربەی خۆپیشاندانەكانی شارەكاندا بە توندترین شێوە رووبەڕووی خەڵكی خۆپیشاندەر دەبنەوە و خەلك بریندار دەكەن و تەنانەت خەڵك دەكوژن وبرینداردەكرێن و سەدان كەس دەستگیر دەكرێن، تەنها لە خۆپیشاندنەكانی (17)ی شوبات نزیك (20) لاو كوژرا و سەدان كەس برینداركرا، خەڵكێكی زۆر زیندانیكرا دەیان كەس لە ترسی گرتن هەڵهاتن بو وڵاتانی ناوچەكە و ئەوروپا. تەنها لە ناو شاری سلیمانی (520) كەس گیران و دوای ماوەیەكی زۆر ئازادكران زۆربەیان بەناچاری رایانكرد بۆ دەرەوەی وڵات. دەیان رۆژنامەنووس تەنها لەبەر نووسین تیرۆركراوە نموونەی (زەردەشت عوسمان و ویداد حوسەین و سۆرانی مامە حەمە و كاوە گەرمیانی)، چەندین رۆژنامەنووس حوكم دراون نموونەی (شێروان شێروەندی) و هاورێكان.
لە خۆپیشاندانەكانی(2020)كە خەلك ئەنجامیدا بە پاڵپشتی هەڵسوراوانی (نەوەی نۆێ) بە توندرین شیوە خۆپیشاندانەكان سەركوتكرا لە لایەن هیزەكانی حیزب و حكومەت و تەنانەت هیزی بەرپرسەكانەوە. لە ناو شاری كەلار (163) كەس گیران لە لایەن هێزەكانی (محمود سەنگاوی)ەیەوە كە ئەندام سەركردایەتی نیشتمانی كوردستانە، هاولاتیەك بەناوی(دارا حەمە عەلی) كە خەڵكی كەلارە بۆ رادیۆی دەنگی ئەمریكای گیراوە كە چۆن لە ماڵەكەی خۆیدا رفینراوە لەلایەن هێزێكی دەمامدارەوە لە كەلار پاش تێهەڵدانێكی زۆر دواتر بەرەڵایانكردووە، ئەم هاوڵاتیە بە ناچاری روودەكاتە دەرەوەی كوردستان و ئێستا لە وڵاتانی ئەوروپا نشتەجێیە.
هاوڵاتیەكی تر بەناوی (هونەر حوسەین عەلی) كە چالاكەوانێكی (نەوەی نۆێ) یە لە شاری رانیە، یەكێك دەبێت لەو كەسانەی كە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكانی ساڵی (2020) دەكات لە رانیەو دەورووبەری بەڵام خۆپیشاندانەكەیان بە توندرین شێوە رووبەرووی لێدان و توندووتیژی دەبێتەوە، (رەحمان عەلی قادر) یەكێكە لەو كەسانەی كە بەشداری ئەو خۆپیشاندانەی كردبوو كە(هونەر حوسەین عەلی) و چەندین هاوڕێی رێكیانخستبوو دەگێرێتەوە و دەڵێت: زۆربەمان گیراین لە لایەن هێزەكانی (موستەفا عەوڵا شاوری)یەوە كە بەرپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لە رانیە، دوای ئازاردانێكی زۆر هەموومانی رووبەرووی دادگاكردەوە بەڵام باش بوو بەربووین.
دوای ئەوەی (هونەر حوسەین عەلی) بۆ جارێكی تر سەرپەرشتی خۆپیشاندانێكی تری كرد لە مانگی(9) ساڵی (2021) لەو خۆپیشاندانەكەدا وێنەی (موستەفا عەوڵا شاوری)ی دەدڕێنرێت لە لایەن (هونەر حوسەین عەلی) هێزەكانی (موستەفا عەوڵا شاوری) هەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەی بەمەبەستی دەسگیركردنی بەڵام لەبەر ئەوەی لەوكاتەدا ماڵ نەبوو نەگیرا، هەر بۆی بە ناچاری هەڵدێت و روو دەكاتە وڵاتانی ئەوروپا.
لە كۆتایدا ئەوەی ماوە بیڵێن بەداخەوە رۆژ لە دوای رۆژ حوكمی دوو بنەماڵەو بەرپرسەكانی چواردەوریان بە هیزتر دەبێت و دیموكراسی و ئازادیش بەرتەسكتر دەكرێَتەوە.

رەوا حەمەجان




ڕاکردن لە ئازادی و کۆیلەبوونی بەشێك لە تاکەکان لە باشووری کوردستان.. 157.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی ١٥٧.

دیاردەی ڕاکردن لە ئازادی و قبووڵکردنی کۆیلەبوون، دیاردەیەکی بەرچاوە لە کۆمەڵگای باشووری کوردستان. ئەم دۆخە بەرهەمی چەندین فاکتەری کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییە کە بە درێژایی مێژوو کاریگەرییان لەسەر تاکی کورد هەبووە. لەم وتارەدا، هەوڵ دەدەم شیکردنەوەیەکی زانستییانە بۆ ئەم دیاردەیە بکەم.

سەرەتا، پێویستە تێبگەین کە ئازادی بەرپرسیارێتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. بەڵام بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا، لەبەر هۆکاری جیاواز، حەز دەکەن لەژێر سێبەری دەسەڵاتێکی باوکسالارانە یان سیستەمێکی کۆنتڕۆڵکەردا بژین. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین فاکتەر، لەوانە: پەروەردەی نەریتی، سیستەمی خێزانی کۆن، و نەبوونی متمانە بەخۆ، پرسی شوناس، نائاگامەندی لەژێر چەتری ئەویتردا، شکاندنی شکۆی تاك لە باشوور.

هەروەها، دۆخی ئابووری و نەبوونی سەربەخۆیی ماددی کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر ئەم دیاردەیە. کاتێک تاک لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ نەبێت، ناچار دەبێت پەنا بباتە بەر سیستەمێک کە بژێوی ژیانی دابین دەکات، ئەگەرچی ئەمە بە نرخی لەدەستدانی ئازادییەکانی بێت.

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ترس لە ڕەخنە و دەرکەوتن وەك کەسێکی جیاواز لە کۆمەڵگادا، وادەکات زۆر کەس پەنا ببەنە بەر ژیانێکی دووبارە و یەکسان لەگەڵ ئەوانی تر. ئەمەش دەبێتە هۆی پوکانەوەی داهێنان و خۆدەربڕین کە دوو بنەمای سەرەکی ئازادین.

سیستەمی پەروەردە لە باشووری کوردستان، کە زیاتر لەسەر لەبەرکردن و دووبارەکردنەوە بەندە تا بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرهەمهێنانی نەوەیەك کە ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بیر بکاتەوە و بڕیار بدات.

چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی هەیە لە چەندین ئاستدا: پەروەردە، ئابووری، و کۆمەڵایەتی. پێویستە سیستەمێکی پەروەردەیی نوێ دابمەزرێت کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و سەربەخۆیی تاک بەهێز بکات. هەروەها، دابینکردنی هەلی کار و دەرفەتی ئابووری باشتر دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سەربەخۆیی تاك و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سیستەمە کۆنەکان.

-بەشی یەکەم، هەمان بابەت بەردەوام دەبێتن لە زنجیرەکانی تر.




نامەکانم “شەماڵ بارەوانی”.. نامەی دووەم

ئازیزەکەم، پێشتر لێوانلێو بووم لە هیوا، زۆر بە گەشبینییەوە لە ژیانم دەڕوانی. ماوەیەکە دەردی(نیچە)*م گرتووە و هەست بە تەنیاییەکی زۆر کوشندە و تێکشکێنەر و تاقەتپڕوکێن دەکەم. لەناو ئاپۆڕاش هەر وام. تەنیاییەک، برینێکی زۆر قووڵی لەسەر ڕۆحم دروست کردووە. هەست دەکەم لە سنوورەکانی ڕمانی دەروونی زۆر نزیک بوومەتەوە. ئاخ! چەند ئارەزووی قومێک ئاسوودەیی دەکەم. تکایه تۆ پێم بڵێ، تۆ بڵێیت ئەوە حاڵەتێک نەبێت لە شێتی؟ ئەی بۆچی من وام بەسەر هاتووە؟ هەموو هیواکانم لەدەست داوە و باوەڕم بە هیچ کەسێک و هیچ شتێک نەماوە. ئازیزی من، تا بۆت دەکرێت هەرگیز بڕوا بە وانی تر مەکە. من زۆر متمانەم لەسەر ڕۆنان، کەچی هەموویان فەیک و دووڕوو دەرچوون. گەر تۆ لە ژیانمدا نەبایت، دەمگوت: تەنها پێویستم به میوزیکێکی ئارامبەخش و پێکێک شەراب و سەگێک هەیه. دەمێکە ئەو هەستەم لا دروست بووە، تەنها پێڵاوەکانم بە کەلکم دێن و دەتوانم پشتیان پێ ببەستم! ببوورە کە وا دەڵێم. بەڵام ئەمە حەقیقەتێکە و دەبێ ددانی پێدا بنێم.

ــــــــــــــــــــــ
*(فرێدریش ویلھڵم نیچە -٥ی تشرینی یەکەمی ١٨٤٤ – ٢٥ی ئابی ١٩٠٠)، فەیلەسووفێکی ئەڵمانییە.




سیاسەتی ئیسرائیل لە شەڕەکانی غەززە و لوبناندا کۆتاییەکی ڕوونی نییە!.. عوسمانی حاجی مارف

لە سەعاتەکانی دوای ڕاگەیاندنی کوژرانی یەحیا سنوار بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، چەند ناوچەیەک لە کەرتی غەززە گەمارۆدراو کەوتە بەر بۆردومانی چڕەوە و کوشتاری خەڵکی مەدەنی نەوەستا. تەواو بەپێچەوانەی ئەوانەی باوەڕیان وابوو دوای تیرۆری سنوار شەڕ کۆتایی دێت و ژیان ئاسایی دەبێتەوە. دڕندەیی و ستراتیژی ناتانیاهۆ بۆ داگیرکاری و وەستانەوەی بەرامبەر چارەنوسی فەلەستین، لەوە واوەترە بە تیرۆری سەرکردەکانی حەماس و حزبوڵڵا، بۆردمان و کوشتارو شەڕی وێرانکەر ڕاگرێت، یان بەئاسانی دەست لە هەڕەشەکانی بەرامبەر ئێران هەڵبگرێت. بەداخەوە شەڕەکە نەوەستاوە و کوشتار بەردەوامەو لەهەمانکاتدا ئەگەری فراوانکردنەوەی شەڕەکە ئەگەرێکی زیاترە.
کوشتنی سنوار هیوای بەهەندێک دا کە ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ زیندووکردنەوەی دانوسان بەئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، گوایە بایدن لەمێژە هەوڵی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان دەدات، بەڵام دەرئەنجامێکی لەوشێوەیە بەهیچ شێوەیەک دڵنیا نییە. ئەمەش لە لێدوانەکانی بایدن دا ڕەنگدەداتەوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوبەڕوی کێشەی یەک لە دوای یەک و ئاڵۆز دەبنەوە.
هەروەها پلانی ناتانیاهۆ زیاتر بۆ پاراستنی ئیسرائیلە بۆ دوای جەنگ، تاگەر ئیسرائیل سەرکەوتنی گەورەتریش بەدەست بهێنێت، هەوڵئەدات بەشی باکووری غەززە لە ژێر داگیرکاری هەمیشەیی ئیسرائیلدا بهێڵێتەوەو دەستەیەکی حوکمڕانی دامەزرێنن کە حەماس لەخۆنەگرێت، بەڵام بزوتنەوەی حەماس دوای ساڵێک لە ئۆپەراسیۆنە سەربازیە چڕەکان هێشتا چالاکە. تا ئێستا ١٠١ بارمتەی ئیسرائیلیان ڕادەست نەکردۆتەوە.
پلانی ناتانیاهۆ لە باکووری کەرتی غەززەدا سەپاندنی گەمارۆیەکی تەواوە، کە داوادەکات هەموو هاوڵاتیانی مەدەنی غەززە ناوچەکە بەجێبهێڵن، هەموو ئەو کەسانەی کە لەم ناوچە سەربازیە وێرانکراوە داخراوانەدا ماونەتەوە، بە شەڕکەری دوژمن هەژمار بکرێن و دەرگای هاوکاریان لێداخرێت. هێزەکانی ئیسرائیل ناوچەیەکی بەرفراوانی باکووری غەززەیان گەمارۆداوە و داخستنی ڕێگاکان ڕێگری لە گەیاندنی پێداویستیەکان بۆ خەڵکی ناوچەکە دەکات، تا فەلەستینەیەکانی غەززە ناچاربن ناوچەکە بەجێبهێڵن و چۆلی کەن بۆ ئیسرائیلیەکان.
ئامانجی سەرەکی حکومەتی ئیسرائیل لە غەززە کۆتاییهێنانە بە حەماس، گەر ئەو کۆتاییهێنانەی حەماس لەسەر کوشتاری تەواوی دانیشتوانی غەززە بکەوێت، دەست ناپارێزێت، چونکە ناتانیاهۆ باش دەزانێت تا وەڵام بەکێشەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین نەداتەوە، کە نایەوێت بیداتەوە، زمینەی دووبارە بوژانەوەی حەماس هەیەو خاوەنی بنکەی فراوانی پشتیوانی جەماوەریە لەنێو دانیشتوانی فەلەستیندا.
ئیسرائیل لە مانگی سێپتەمبەری ڕابردودا بە فەرمی ڕایگەیاندوە، کۆتایهێنان بە هێرشەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر باکووری ئیسرائیل ئامانجێکی شەڕەکەیەتی. بەڵام بە دوای تیرۆرکردنی بەشێک لە سەرکردەکانی حزبوڵڵا، پلانێکی دیاریکراوی ڕۆشنی نیە. دەیانەوێت ناوچەیەکی پاراستن لە دیوی سنوری لوبنانیش دابمەزرێنن، کە حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی فەلەستین وەک حەماس نەتوانن چالاکی تێدا بکەن.
لە کاتێکدا کە لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بە هێواشی بەرەوپێش دەچێت، بەڵام پلانێکی رۆشنی بۆ پاراستنی ناوچەی پارێزراو نەخستۆتەڕوو، جگە لەوەی بەردەوام دەبێت لە پەسەندکردنی فشارە سەربازیەکان دژی حزبوڵڵا لە لوبنان، تا ئەوکاتەی تواناکانی ئەو گروپە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبنەوە یان لەناو دەچن .
ئەگەر ناتانیاهۆ ڕایبگەیەنێت کە دواجار لە غەززە یان لوبنان دەکشێتەوە، ئەوا مەترسی لەدەستدانی پشتیوانی ڕاستی توندڕەو دەبێت، بەمەش لایەنگرانی ڕاستی ناوەڕاست لەدەست دەدات و مەیلی وەستانەوەی ئۆپۆزسیۆنێک لەبەرامبەر خۆیدا دەجوڵێنێت، کە دواتر ئەو ئۆپۆزسیۆنە سوود لە ماندوێتی سەردەمی جەنگ وەردەگرن لە بەرامبەر ناتانیاهۆدا.
لایەنە ڕاست توندڕەوەکان زیاتر پشتگیری لەو بژاردەیە دەکەن و ئاواتەخوازن بۆ نیشتەجێکردنی ئیسرائیلیەکان لەغەززەدا، هەروەها فراوانکردنی نیشتەجێبونی ئیسرائیلیەکان لە باشووری لوبنان بۆ دەستەبەرکردنی ناوچەیەکی پارێزراو.
ناتانیاهۆ مێژوویەکی دوور و درێژی تۆمارکرد لە پشتگوێخستنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ و یاسا نێودەوڵەتیەکان، بە پەسەندکردنی نیشتەجێبونەکان لە کەناری ڕۆژئاوادا، بەبێئەوەی بەڕوونی سیاسەتی کۆنترۆڵکردنی هەمیشەیی بەسەر ئەو ناوچانەدا ڕابگەیەنێت. بۆیە ئەم سیاسەتە زیاتر بەوە وەسف دەکرێت کە کاریگەری لەسەر یەکلایکردنەوەی کۆتایی هێنان بە چاوەڕوانکردنی نێوان فەلەستینیەکان و ئیسرائیلیەکاندا دەهێنێت، کە نیشتەجێکردنی ئیسرائیلەیەکان لەو ناوچانەی بۆ پارستنی ئیسرائیل پێویستیانە لای ناتانیاهۆو راسترەوە توندرەوەکان مەسەلەیەکی براوەیە.
ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لەسەر ئاراستەی داگیرکاریەکی سەربازی کراوە لە غەززە، کە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی لەگەڵ میسر و غەززە لەخۆدەگرێت، ئەمەش وادەکات گواستنەوەی فەرمی دوای جەنگ بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی فەلەستین لە کەرتی غەززە لەلایەن هەر هێزێکی فەلەستینیەوە قورس بێت. لەم نێوەندەدا پێدەچێت ئیسرائیل درێژە بە ستراتیژی هەڵکوتانەسەر و کشانەوە بدات بە بەکارهێنانی هێزێک کە لە هەزار بۆ چوار هەزار سەرباز پێکهاتووە، نەک ئەو یەکە بچوکانەی کە تایبەتمەندی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانین لە کەناری ڕۆژئاوادا.
لەکاتێکدا ئەم ستراتیژە لە داگیرکردنی کەرتی ڕۆژئاوا لەلایەن ئیسرائیلەوە جێبەجێدەکرێت، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل بەشێوەیەکی یاسایی وەک داگیرکاری پێناسەی ناکات. لەبری ئەوە وەک بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی شەڕێکی درێژخایان کە لە دژی یاخیبونێکی ناوخۆی ئیسرائیل ئەژماری دەکات و حکومەتەکەی لەو یاخیبوونە دەپارێزێت، بەڵام ئەم ستراتیژە دەبێتەهۆی ئەوەی کە گواستنەوەی دەسەڵات لە دوای شەڕی غەززە قورس بێت، چونکە پێناچێت حەماس بەبێ قایلبوونی پێگەیەک لە دەسەڵاتی غەززەدا بە ئاگربەست ڕازی بێت، لە لایەکی تریشەوە پێدەچێت ئیدارەی ناتانیاهۆ ئامانجەکانی جەنگی خۆی لە لوبنان بە فراوانی بهێڵێتەوە تا ئەوکاتەی کە بتوانێ حزبوڵڵا گۆشەگیرکات.
ئەم ئامانجە لەگەڵ وێرانکردنی بەربڵاوی ژێرخانی سەربازی و مەدەنی لە باشووری لوبنان دەبێت، بۆئەوەی ناوچەکە نەگونجاو بێت بۆ جێگیرکردنی هەر هێزێکی میلیشیایی. دواتریش بەوشێوەیە سود لە دانوسان وەردەگرێت. ئەمەش ئیسرائیلیش پابەند دەکات بە بەردەوامی ململانێیەکی سەربازی ئاشکرا لە باشووری لوبنان لەگەڵ حزبوڵڵادا، تا دواتر بە چارەسەری دیپلۆماسی یان داڕمانێکی شکستخواردوی یەکێک لە لایەنەکان کۆتایی دێت، ئەم دۆخەش کۆتاییەکەی نادیارە.
توندڕەوانی نێو حکومەتی ئیسرائیل بەبێ سیاسەتێکی دیاریکراو هەوڵدەدەن ئەجێنداکانیان بۆ نیشتەجێکردنی ئیسرائیلیەکان لەغەززە و ئاسایکردنەوەی بنیاتنانی نیشتەجێبون لە باشووری لوبنان بەرەوپێش ببەن. ئەمەش پەیوەندیەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی زیاتر ئاڵۆز دەکات.
ئاسایکردنەوەی بیرۆکەی نیشتەجێبونی ئیسرایلیەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە ساڵانێکی زۆری خایاندووە لە کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا، پاش دەیان ساڵ لە فراوانبوون و گۆڕانکاری لە ڕای گشتیدا، زۆربەی ئیسرائیلیەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە نیشتەجێبونەکان بە تایبەتی لە کەناری ڕۆژئاوا، لە هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایدا لەگەڵ فەڵەستینیەکان هەمیشەیی دەبن، واتە دەبێت فەلەستینیەکان بەشێک بن لە ئیسرائیل.
بەوپێیەی حکومەتی ئیسرائیل وردەکاری سیاسەتی نیشتەجێکردنی خۆی لە غەززە یان لوبنان ناخاتەڕوو، پێدەچێت لایەنگرانی ڕاستی توندڕەو و بەشێک لە وەزیرەکان لایەنگری بۆ پێشخستنی ئامانجی نیشتەجێبون لە هەردوو ناوچەکەدا بکەن، بۆ ئەم نەخشەیەش بۆیان گرنگ نیە شەرەکە چەند دەخایەنێت و پێیان گونجاو نیە دانوسان بکرێت.
نەبوونی هیچ سیاسەتێکی ڕونی حکومەتی ئیسرائیل لە چۆنیەتی نیشتەجێکردن ئیسرائیلیەکان لە غەززەو لابردنی فەلەستینیەکان، بەو مانایەیە کە بەگەڕانەوەی دانیشتوانی ئیسرائیل بۆ غەززە، دەبێتە هۆی ئاوارەبونی هەمیشەیی فەلەستینیەکان لەو ناوچانەدا.
لە کاتێکدا پێدەچێت بەهۆی درێژەکێشانی شەرەکە لە ماوەیەکی نزیکدا نیشتەجێبونەکان لە باشووری لوبنان لەنێو بەشێکی زۆری ئیسرائیلیەکاندا بە ناپەسەند بمێننەوە، بەڵام لایەنگرانی نیشتەجێبون، هەوڵدەدەن باشووری لوبنان وەک ئامانجێکی داهاتووی داگیرکاری و نیشتەجێبون لە گوتاری گشتیدا ئاسایی بکەنەوە، بەتایبەت کە شەڕی لوبنان بەردەوامە، لەملاشەوە نەک هەوڵێکی عەمەلی و جدی لە ئەمریکاو ڕۆژئاوا بۆ کۆتایی ئەم شەڕە نەخراوەتەڕوو، بەڵکو پێداگری بۆ پشتیوانی لە ئیسرائیل و تاوانەکانی ڕێچکەیەکی بەردەوامە. لەهەمانکاتدا ململانێی زلهێزەکانی دنیا، تائێستا ڕەنگدانەویەکی وەها نیشان نادات کە دۆخەکە بەرەو کۆتایی ئەم شەڕە بێت، واتە دەتوانین بڵێین کۆتایی ئەم شەڕە ڕوون نیە، مەگەر گەورەبون و فراوانبونەوەی فشارێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی جەماوەری جیهانی بەر بەم کارەسات و هێرشانەی ئیسرائیل بگرێت.

عوسمانی حاجی مارف




گفتوگۆی رۆژنامەی رەوت لەگەڵ شیرین عەبدوڵڵا دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان

شیرین عەبدوڵا: ئەم پەرلەمانە بە هەموو لایەنە ناکۆکەکانیـیەوە، لە ڕاستیدا لە سەر یەک خاڵی زۆر سەرەکی یەکدەستن، ئەویش پیاوسالاریـیە … و هیچ ئاسۆیەکی ڕووناکتر بە ژنان نادات.

ڕەوت: زۆر لە لیستەکان باس لە جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن لەوانی پێشووتر، وە بەزۆری باس لە تێکشکانی زۆرینەی ڕەهای کورسیەکانی پەرلەمان لەلایەن (پارتی)ـیەوە دەکەن، بەهۆکاری جۆراوجۆر، نەمانی کۆتا، کەمی تەزویر، کۆمۆسیۆنی سەربەخۆ و بێلایەن و چەیکی دەنگەکان هەر لەلای سندوقەکان و ئایا ئەگەر ئەمانە وابن مانای ئەوەی دەدات، کەبەڕاستی ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی پەرلەمانی کوردستان ڕوودەدات، بەتایبەت لە بەرژوەندی ژنان؟
شیرین عەبدوڵا: هەموو ئەو بەناو گۆڕانکاریانەی لە سیستەمی پەرلەمانیدا باسی لێ دەکەن، هیچ شتێک نیـیە جگە لە دانی ڕووکەش و پەردەیەکی مۆدێرن بە سەر درێژەدان بە کۆنەپەرستی و بێ مافی ژنان و هەموو ستەملێکراوانی کۆمەڵگا. ئەوەندەی پەیوەندی بە ڕزگاری ژنانەوە بێت، کاتێک دەتوانین باسی گۆڕانکاری ئەرێنی و باش بکەین لە بەرژەوەندی ژنان، کە ژنان لە هەرێمدا هەست بە ئاسوودەیی بکەن؛ چ لە ماڵەوە و چ لە شوێنی کار و چ لە سەر شەقام و ڕێگاوبانەکانی ئەم ووڵاتە. ئاسوودەیی بە مانای ئەوەی:
لە مەترسی کوشتن و سوتاندن و توندوتیژی و دەستدرێژی جۆراو جۆری ناو خێزان و دەرەوەی بە دوور بن.
ژن و پیاو یەکسان بن لە بواری خوێندن و کار و بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆیان و خانەوادەکانیان.
هەڕەشەی پێشێل کردنی مافە کەسایەتی و کۆمەڵایەتی و ئابووریـیەکانیانیان لەسەر نەبێت.
ناچار نەبن واز لە کارکردن، یان خوێندن و چالاکیـیەکانی تریان بهێنن و بخزێنە ماڵەوە بۆ بەخێوکردنی منداڵ و پیر و نەخۆشەکانی فامیلیـیەکانیان بۆ پڕ کردنەوەی ئەو کەلێنانەی سیستەمەکە و دەسەڵاتداران دروستیان کردوە بە بۆنەی تێکدانی سیستەماتیکی کەرتە گشتیـیەکانی تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزاریـیەکانی ترەوە.
ژنان بتوانن بە ئاسانی دەستیان ڕابگات بە خزمەت گوزاری تەندروستی و دادگایی بۆ کێشەکانیان، وە بەبێ هیچ ڕێگریـیەکی کۆمەڵایەتی یان ئابووری.
ژنانی دوو گیان یان نەخۆش بەرەو ڕووی گومان و سوکایەتی و توندوتیژی نەبنەوە.
بە چاوی سووک و باوەڕ پێ نەکردنەوە سەیری کێشە یاساییەکانیان نەکرێت.
کاتێک توشی توندوتیژی و زەوت کردنی مافەکانیان دەبن هەست بە پشتگیری تەواوی یاسا و دامودەزگاکانی بکەن.
بە هۆی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێشکەوتنخوازیەوە تووشی کوشتن و ئەشکەنجە و شاڵاوی کۆنەپەرستانە نەبن.
ئەگەر باس لە گۆڕانکاری بکەین، ئەمانە و زۆر خاڵی دیکە هەیە کە دەبێت پێوەرەکانمان بێت بۆ گۆڕانکاری و لەخۆمان بپرسین ئایا ئێمە وەک ژنان تا چ ڕاددەیەک ئومێدمان بە هیچ کام لەم لایەنانە هەیە و ئایا شەڕ و پێکداچونەکانیان چەند پەیوەندی بە ژیان و خۆش گوزەرانی ئێمەی ژنەوە هەیە و چەند لە نیگەرانی و بێ مافیەکانی ئێمەی ژن کەم دەکەنەوە. ئەو ئاڵوگۆڕانەی سیستەمی پەرلەمانی کاتێک مەعنای دەبێت کە بەشێک بێت لە پاکێجێکی ئاڵوگۆڕی یەکسانیخوازانە و ئازادیخوازانە لە سەراپای (کوللی) سیستەمەکەدا، بەڵام دەبینین پەیامەکانیان پڕە لە دەمارگیری مەزهەبی و کۆنەپەرستی و دژە ژنی و دژە ئازادی.

ڕەوت: زۆر لە حیزبە نوێیەکان ( نەوەی نوێ، ڕەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل ) دەڵێن ئەگەر خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوە بە قازانجی (یەکێتی) و (پارتی)یە و بۆیە پێویستە خەڵک بەبەرفراوانی بەشداری ئەم دەرفەتە بکەن، ئێوە دەڵێن چی؟

شیرین عەبدوڵا: ئەوان پێویستیان بە دەنگە بۆ مسۆگەر کردنی کورسیـیەکانی پەرلەمان و بەشی خۆیان لە تاڵان و چەتەگەری و گەندەڵی ڕژێمدا. ڕاستە لەوانەیە بەشداری نەکردن لە دەنگدان لە بەرژەوەندی (یەکێتی) و (پارتی) بگەڕێتەوە، بەڵام نە ئەوان و نە هێزە تازەکانیش هیچ ئاسۆیەکی ڕووناک بۆ باشتر کردنی ژیان و چارەنوسی ماف زەوتکراوەکانی هەرێمیان پێ نیـیە.
بە لای منەوە ژنان و هەموو توێژە ستەملێکراوەکان ئەگەر پەنجە مۆری خۆیان بدەن لەم هەڵبژاردنە ئەوە دەنگدانە بە چەسپاندن و درێژە پێدانی کۆنە پەرستی و ئەو پیاو سالاری و سیستەمە دژە ژنەی کە چەندین ساڵە هەیە و ئاسوودەیی لێ بڕیوین. ژنان و کرێکاران و نەداران بە درێژایی تەمەنی ئەم هەرێمە، هەمیشە و بە شێوەیەکی سیستەماتیک دوور خراونەتەوە لە سیاسەت و بەشداری کردن لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیان. ئەم هات و هوریایەی کە دەیبینین و دەیبیستین لە ڕاستیدا هیچ مانایەکی واقیعی بۆ ژیانی زۆربەی هەرە زۆری ژنان و چەوساوەکانی ئەم هەرێمە نیـیە و هیچ لەو دۆخە سامناکەی ژیانیان کەم ناکاتەوە، بە پێچەوانەوە، ئەم پەرلەمانە بە هەموو لایەنە ناکۆکەکانیـیەوە، لە ڕاستیدا لە سەر یەک خاڵی زۆر سەرەکی یەکدەستن، ئەویش پیاوسالاریـیە و درێژە پێدانی ئەو سیستەمە دێرین و نێرینەیەی چەوسانەوەی ژنان و ستەم لێکراوانە و هیچ ئاسۆیەکی ڕووناکتر بە ژنان نادات.
ڕەوت
: بەرنامەی سیاسی و ئابووری و ئاڵوگۆڕ لە ژیانی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت کرێکاران و هەژارانی کوردستان لە هیچ لە لیستەکان دا نەهاتووە، یان زۆر بەکەمی هاتووە، ئایا بۆ کاریگەری ڕەوتی کۆمەڵایەتی و سۆسیالیستی بەم هەڵبژاردنەوە لاوازە و گوشاری ناڕەزایەتییەکانی بەم هەڵبژاردنەوە زۆر کەم دیارە و زیاتر مۆرکی شەڕێکی حیزبی ڕووتە لەسەر کورسی دەسەڵاتی سیاسی و سەرمایە و مۆنۆپۆلکردنیانە؟

شیرین عەبدوڵا: ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە هەرێمدا ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە ببێتە فشارێکی جددی لەسەر دەسەڵات، لە لایەک بە هۆی سەرکوتی خوێناوی و لە لایەکی ترەوە بە هۆی نا ئامادەیی و کەم ڕێکخراوبوونی هێزی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ گۆڕینی تەرازووی هێزەکان لە کۆمەڵگەدا.
ئەم حیزب و لایەنانەی شەڕی پەرلەمان دەکەن ئێستا، زۆر نامۆن بە داخوازیەکانی ژن و پیاو و لاو و منداڵ و پیری هەرێم و خۆشگوزەرانیـیانەوە لەبەرئەوەی کە ئەوان نوێنەری ئەم خەڵکە نین و بەرژەوەندیـیەکانی ئەمانیان لە ئاجێندەدا نیـیە، بە پێچەوانەوە، دەبینین کەمپەینەکانیان لەسەر ستایڵی دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بە تێچووی چەندەها ملیۆن دۆلار بەڕێوە دەچێت، وەڵامی ئەوان بۆ کێشەکانی مووچە و بێکاری و گرانی و نەبوونی ئازادیەکان، سەرکوتی زیاتری ناڕەزاییەتیـیەکان و کوشتن و دەستگیرکردنی چالاکوانان بووە و هیچ چاوەڕوانیـیەک ناکرێت کە لە پەرلەمانی داهاتودا شتێکی جیاواز بکەن.

١٨-١٠-٢٠٢٤




سەر زەمینی قسە دوورەکان، مانەوە وەک دواین جۆری مردن.. سۆران ساڵح

هەموو شتێک دەربارەی دڵشکاندن دەزانم
ئەوەش دەزانم کە بیرەوەری،
وەک ڕاوچییەک دەیەوێت ڕاوم بکات.
ئەگەرچی خۆم لەم ڕاکردنە ڕانەهاتووم
بەڵام ئازارێک هەیە گۆرانییەکانم دەمژێت،
شەوێک هەیە هێندە تاریک بووە،
قاچی لەوە دەرچووە ڕاست بڕوات.
بۆ ئەوەی ڕووناکیم نەکوژێتەوە
بۆ ئەوەی پەشیمانی لە دوایدا،
بەردم بە چۆکی دا نەدات، ڕۆیشتم.
چونکە ڕاوەستان ئیشی ئەوانەیە،
کە ڕێگاکان بە خواری دەبینن.
من بۆ ئەوەی ئەم ڕێگایە بناسمەوە
دەبێت بەردەوام ببم.

لەم ڕێگایە
هەرچەندە هاوارم کرد، نەبیسترام
هەرچەندە ژانم هەبوو، نەهاتن
مرۆڤ کە ڕەنگی نەما؛ بێناز دەکەوێت
مرۆڤ کە ناوەوەی سەرمای بوو؛ هەستی دەمرێت
بۆیە بە خۆم و دەنگێکی برسییەوە
بە خۆم و ژانێکی توندەوە، ڕێگام گرتە بەر.
بەڵام چونکە بەرگی ئەم تەنیایییە
هێندە ئەستوور بوو
نەمتوانی بەر گوێی زەوی بکەوم.

لە شارێک دەژیم
ڕۆژە خراپەکان لەبەر چاومدا،
وەک وێنەیەکی شیعری خراپ زاوزێ دەکەن.
دڵتەنگی وەک هەورێکی مات،
بارانی خۆشبەختیم لێ قەتیس دەکات.
ئەوەی کێشەیە ژیان هەر ئاسایی دەڕوات!
چۆن ساڵەکان وشک نابن؟
چۆن پێکەنینەکان بێ ماڵ نابن؟

کە ڕۆیشتم، ماڵم لە دەستدا
ناچار، چارەنووسی ئەم دەرگایەم دایە،
دەست دیوارە لەرزۆکەکان.
ئێستاش وەک هەفتەیەک،
سێبەری ڕۆژەکانم لێ ون بووە
وەک هەفتەیەک، هیچ کراسێکم
بۆ دڵتەنگی ڕۆژەکانم،نە دوورییە.
هەموو شتێک لێرە تاریک بووە،
مردن نەبێت!

هەرچەندە لێره شەوەکان درێژن
من لە ڕۆژە کورتەکان بەجێ مام
چونکە هیچ هاوڕێیەکم نییە
گوێ لە شیعرێکم بگرێت
ناچار لەبەر خۆمەوە، وێنەی ڕووبارێک دەکێشم
کە جۆگەلەیەک بێتاقەتی کردووە، بێتاقەت دەبم
بەڵام چونکە هیچ شەوێکیش ئی من نەبوو،
تەنیا دەمێنمەوە.

لەنێو ئەم تەنیاییە دا
دەنگم کە چاڵاکترین چەکی زمانم بوو
بوو بە تەرم.
شەقامەکانیش خەونەکانم قوت دەدەن
ئەو شەقامانە تەنیا بۆ ئەوە دروست کراون،
کە ئازارەکانی من بژمێرن!
دوور دەڕۆم، چونکە نەمتوانی مەودای ئەم فەرامۆشییە ببڕم.
هەتا ڕابردووم چیرۆکێکی خنکا و بێت/ سۆراغ بۆ شیوەنێکی نەبڕاوە/ دەکەم.

کە ڕەشەبا هەڵی کرد
کە دایکم بە غەمگینی
لەبەر دەرگا دانیشتبوو ترسام
هەرچەندە بیرم لە برینی خۆم دەکردەوە
هەرچەندە برینی خۆمم لێ دیار بوو
بەڵام چونکە لە پاییزدا، کەسێکم خۆش ویست
وەک دارێکی ئەستوور، بەرگەم گرت و نەشکام.

سۆران ساڵح




ستیڤانیش مرد.. شیعری نەوزاد بەندی

( بۆ مەرگی ستیڤان شەمزینیی )

بە دوو دێڕ ..تەنها دوو دێڕ ،
ووتیان ستیڤان جێی هێشتین ،
ئەو پیاوەی پڕ بوو لە نووسین ..
ئەوەی بەناو
ئەو هەموو جەنگەدا ڕۆیشت و
قەت تێکنەشکا
ئەوەی بە شەقاما ئەڕۆیشت ،
بە لێزمە ووشەی لێ ئەتکا ..
لە نانەوا ، تا سەرەی ئەهات ،
ئەو ناوەی پڕ ئەکرد
لە باڵی شیعر ..
ئەو کوڕی پێنوس و ..
نەوەی لاپەڕە بوو ..
قامکەکانی نە دەمەنچەیان گرتبوو ..
نە دار لاستیک ..
نە قۆچەقانی ..
نەجارێ مشتەکۆڵەیەکی وەشان ..
دەست سپی بوو ، ستیڤان ، زۆر دەست سپی بوو ،
لە قەڵەم زیاتر ، هیچ شتێ
لای ئەو نەبوو ..
لەناو ئەو هەموو فیشەک و
بەرد و تاوێرەدا ، وەکو
فەقێیەکی عاشق بە حوجرە ،
هەمیشە ،
بە چوار دەوری کتێبا تەوافی ئەکرد ..
لە لایەک ژوانی هۆنراوە و ..
لە لایەک بە دوای ئەستێرەی کشاوی میللەتەکەیدا ،
داوای ژیان و مافی ئەکرد ..
ئەو لە شارێکی ژەنگاوی و
میللەتێکی خوساوەدا ،
خەونی یوتۆپیای ئەبینی ..
لەناو ئەو هەموو عەشرەتە ،
به تیشێرتێک و
کاوبۆوە ..
لە ژێر کاسکێتەکەیەوە ،
خەونی دوور و جیای ئەبینی ..
ئەو هەورێ بوو لە ووشه و پیت ،
لە هەموو شوێنێ ئەباری ..
تەنها بە دوو دێڕ ، نوسییان ،
ستیڤان مرد ..
دوو دێڕ ..
دوو دێڕی ناچاریی ..
ئیتر باسی ئەو قەڵەمانەیان نەکرد ،
کە لەدوای ئەو هەتیو کەوتن ..
باسی ئەو لاپەڕە بێوەژن و ..
ئەو شیعرە بێوە پیاوانە ..
باسی جینۆسایدی پیت و ..
ئەو هەموو کتێبە مات و
تاساوانە ..
باسی ئەو ڕێبازە چۆڵەی
کە بێ ئەو ،
نەیزانی چی بکا ..
بۆ کوێ بڕوا ..
ئەو زەردەخەنە تاساوە و ..
ئەو هەناسە سوارانەی
کە هیچ لێوێ ،
کە هیچ سنگێ ،
مافی مانەوەی پێ نادا ..
لێرە بە دوو دێڕ ئەتکوژن ..
بە چلەیەکی ماتەمینیی ،
مەرگت دووپات ئەکەنەوە ..
گۆڕەوشار و
ئازاری دابڕانەکەت ،
جەندەها قات ئەکەنەوە ..
کەس ناپرسێ ،
بۆچی لەسەر ئەم مەرزە ،
نووسەر وا لە پڕ ئەمرن ؟
کەچی تابێ ،
سمێڵی سیاسیی ڕەشتر ..
شەوانی سیاسیی سوورتر ..
ملیاری سیاسیی زیاتر ..
ملی سیاسیی پانترە ؟
کەس ناپرسێ ،
بۆچی نووسەر لەم سەر مەرزە ،
وا غەریب و
نەخۆش و
مات و
هەژارن ؟
وا بێ کەس و
تەنیا و
وون و
بریندارن ؟
بە دوو دێڕ ،
تەنها بە دوو دێڕ ،
نوسیبوویان ستیڤان مرد ..
ئیتر
باسی ئەو هەموو پیتەیان نەکرد ،
کە بە برسێتی و تینوێتیی ،
کۆڕەویان کرد ..
باسی ئەو هەموو تیرۆژ و
تیشکی خۆرەی
داوای ئیقامەی شەویان کرد ..
ئەو هەموو مێز و کورسییەی
لە چاوەڕێی بێداریی ئەودا ،
لێک ئەترازێن و ئەپرۆتکێن ..
ئەو هەنگاوە نەنراوانەی
لە ژێر پێچکەی
تەنکەرە نەوتێکا ،
یەک یەک زیندەبەچاڵ ئەکرێن ..
بە دوو دێڕ ، ستیڤان مرد و ..
بڕۆنەوە دیوەخانی
سیاسییە هەمیشه سمێڵ ڕەشەکان ..
سیاسییە نەمرە
کچۆڵە خۆرە
ئاسکخۆرە
چاوگەشەکان …




کوخێک لە تەما.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

(١)
لە سپێدەیەک لە نورا..
بۆت گەڕام،
خەونی بوونیش..
بێ تۆ، نەبوونە!
(٢)
لە دوبارەبونەوەی ڕۆژەکان..
بێبەریم، دەشێ..
ئەبەدیەت دوێنێ بوبێ!
(٣)
لەدەستمان چوو، ئێستا..
ساتە خۆڵەمێشیەکان ..
دوا ئاسەواری گێژەنەی نێو بیابانە!
(٤)
چی جادویەکە ، زەردەپەڕ،،
دەوەنی ڕەوشەن، پشویەکی..
هەتا هەتا، ڕەهایی …
جوانی گوڵەزەردە خەوتوەکان
(٥)
کوخێک هەیە لە تەما،،
زەریاو مانگ و گەڵاو گوڵە هەڵاڵە..و..
سرووتی ئەفسونی جەستەیەک مەست..
بە فەرامۆشکردنی خەمە جوانەکانی ئەو،
سەکسیفۆنژەنی نادیاری ئێوارەیەکیش..
وون لە زەلکاوی ڕەنگینی پشت دارستانە ..
شەبەنگپۆشئامێزو..
گەنجینە شیعری بوهەیمی!
(٦)
بێداری دەریا..
بەدیار سەماکەرە ماسکدارەکانی گزنگ..
مانگێک بەدەفەوە حاڵی گرتوە..
گەلاوێژی جەستە تەڕ بە بارانی جوانی..
فرمێسکی زومردی ئەکاتە گڕی ژوان!
(٧)
بە فرمێسک و هەڵاڵەو ئاورینگی..
شەوێکی پەمەیی ، دەگەمە..
پردی خەیاڵ، کە پاشماوەی باڵی ئاویینی ..
فریشتە خەمگینەکانی دوای کۆچی تۆی لێجێما
(٨)
بە زەنگۆڵەی ئەستێرە خۆکوژەکان ،
سوێندبێ، هەمیشە تەمەنم بۆت ..
پایزە گەڵا خەزانی عیشقت بێ،،
(٩)
ئای زەریا! من کۆیلەو..
دێوانەی..
شەپۆلە بەخوڕە درەوشاوەکانتم
(١٠)
بەهرەیەکم پێویستە
ئەی ئەهریمەنی شیعری یاخی..
تا لە خونچە ڕەشەکانی داری زڕی مەرگ
خەرەندی ئەم ڕێگا تەمتومانەی ..
درەوازەی خۆری ئاوابووی چاوی ئەو،،
بکەمە فوارەی تەقیوی نێو هاژەی خودی ڕەها




ڕۆمانی ( وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان) بەزمانی فارسی بڵاودەکرێتەوە

ڕۆمانی (وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان) ، دووەمین ڕۆمانی (یوسف عزەدین)ە کەلەلایەن وەرگێڕ ( باست مرادی)ییەوە، دوای وەرگێڕانی ڕۆمانی ( تەنها ڕۆژێکی سارد) بکرێتە فارسی و لەلایەن دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی (انتشارات افراز) لەتاران/٢٠٢٤ بڵاوبکرێتەوە. هەروەها بابەتێکی تایبەتی لێكۆڵەر و نووسەر ( هۆشەنگ شێخ محەمەد)؛ تایبەت بەڕۆمانەکە، کەلەکتێبی ( دنیای تارمایی کاراکتەرە پەنهانەکان/دەزگای فام-٢٠٢٢) وەرگیراوەو بەزمانی فارسی لەپێشەکی ڕۆمانەکەدا بڵاوکراوەتەوەو پەرەگرافێکیشی خراوەتە سەر بەرگی دواوەی کتێبەکە.




پاڕادۆکسی شکەستی ئیسڕائیل!..2.. نووسینی: ئەلوف بێن.. وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

چۆن سەرکەوتنی سەربازیی وەڵات شکەستی سیاسی بەرهەم دەهێنێت!
نووسینی: ئەلوف بێن ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
سەرچاوە: فۆڕین ئەفێرس
وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

تێبینی: ئەم بابەتە کەمێک درێژەو نەشم ویست کورتی بکەمەوە. چونکە ئەمە تەڕجومەیە نەک ئامادەکردن تاکو تەنها بیرۆکەو پۆینت و سەرخاڵەکانی دەست نیشان بکەم. بە هەر شێوەیەک لێم ببڕیبایە لە گرنگیەکەم کەم دەکردەوە. ئەم بابەتە لە فۆڕین ئەفێرس دا بڵاوکراوەتەوە کە گۆڤارێکی وەرزیە و پەیوەستە بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. دەستی نووسەرەکانی تا ڕادەیەک ئاوەڵاکردوە بۆ ئەوەی بتوانن چی بەڕاست دەزانن بیڵێن. ئەو گۆڤارە نوسەری چەپ و لیبڕاڵی لە ناودا دەنووسێت. بابەتەکانی ناوی هەمویان دەگەنە ١٤ تا ٢٠ لاپەڕە. ئەوەش نووسێنێکی درێژە، هەر بۆیەش من بۆ بڵاوکردنەوە کردمە سێ بەشەوە. جا ئەو بابەتە هەم ئازادانە نووسراوەو هەم نووسەرەکەشی جولەکەیەو بۆخۆشی سەرنووسەری گۆڤارێکی ئیسڕائیلییە بە ناوی هاڕێنتز. نووسەر لەم نووسینەیدا بە ئازادانە ڕەخنە لە ئیسڕائیل و سیاسەتە ڕەگەزپەرستەکەی و سیستەمی دەسەڵاتدارێتی باڵی ڕاستڕەوی نێو سیاسەتی ئیسڕائیل دەگرێ . هەروەها بە تەواوی پێەوە دیارە کە هاوسۆزی کێشەی فەلەستینەو لە گەڵ فەلەستینیەکاندا بۆ درووستکردنی دەوڵەتی سەبەخۆی خۆیان هاوڕایە.(ح.ڕ)

بەشی دووەم :
بەردەوام بوونی ناتانیاهۆ لە دەسەڵاتدا لە گەڵ مێژووی ئیسڕائیلدا نایەتەوە!

ناتانیاهۆ بە ڕاکردنی لە بەرپرسیاریەتی و مناوەرەکردنێکی وردیشی دەستدایە تا مانەوەی خۆی و پێڕەکەی لە دەسەڵاتدا درێژە پێبدات، توانی خۆی ڕزگار بکات لەو لێکۆڵینەوە توندەی کە دەستی پێکردبوو لەسەر سیاسەتەکانی ناتانیاهۆ کە خۆی لە پێکەوە ژیان و گونجان لەگەڵ حەماسدا دەبینیەوە و لە لایەکی تریشەوە کە گوێی بەو هەموو ئاگادارکردنەوانە نەدەدا کە سوپاو دەزگاکانی هەواڵگریی پێیان دەدا لەسەر هێرشی چاوەڕوانکراوی لەو جۆرەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل. هەروەها هەوڵەکانیشی لە لاکەی ترەوە بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتدارێتی فەلەستین کە هاوبەشی پێشووی ئیسڕائیلە بۆ چەسپاندنی ئاشتی. جا ئێستا لە ترسی شکەستهێنانی لە دەنگدان و بە دوای ئەوەشدا دەگەڕێت کە دادگاییکردنەکەی لەسەر گەندەڵی وەدوا بخات، ناتانیاهۆ تەنانەت خۆی لە دەنگدانی پێشوەختەش بەدوور دەگرێت! بۆیە بەشی سەرەکی پلان و ستراتیژی ناتانیاهۆ ئێستا هەر ئەوەیە کە درێژە بەشەڕ بدات و تەنانەت بەربڵاوتریشی بکات تا بەرەو لوبنانیش بڕوات و ناشیەوێت لەگەڵ حەماس بگاتە هیچ ڕێکەوتنێک! جا ئەگەرئەو سیاسەتەی ناتانیاهۆ لە سەر حسابی تەواوی بە بارمتە گیراوەکانیش کە لە ناو غەزەو تونێلەکانی غەزەدان خەریکە هەر لە برسانا بمرن تەواو ببێت و بەسەرکەوتن بگات!
ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دەسەڵاتی خۆی بکات هاتووە دەسەڵاتێکی یەکجار زۆی نایاسایی داوەتە هاوڕێ هەرێ ڕاستڕەوەکانی نێو هاوپەیمانیەتەکەی خۆی کە هەموو ئەوانە پڕبەگەروویان دەنگی نا بەرز دەکەنەوە بۆ هەر ڕێکەوتنێکی بارمتە گۆڕینەوە کە کشانەوەی ئیسڕائیلی لە غەزە تێدا بێت لەگەڵ بەردانی چەکدارەکانی حەماس کە لە زیندانەکانی ناو ئیسڕائیلدان. ئا ئەمەشیان نوێنەرایەتی 180 پلە گۆڕان و بادانەوە لە هەڵوێستی نیشتیمانیدا دەکات! چونکە ئیسڕائیلیەکان هەمیشە شانازییان بەوەوە کردووە کە ئامادەی کردنی هەموو شتێکن لە پێناوی هێنانەوەی بارمتەو دیلەکانی جەنگ بۆ ماڵێ خۆیان، وەک لە هەڵمەتەکەی ساڵی 1976 دا دەرکەوت کە هێزی بەرگری ئیسڕائیلی IDF ئەنجامیدا لە شاری ئینتێبی یۆگەندا بۆ ڕزگارکردنی ئەو سەرنشینانەی کە لە ناو فڕۆکەیەکی فەرەنسیدا بوون کە لە تەل ئەبیبەوە ذەچوون بۆ پاریس و لە ڕێگا فڕێنرابوون و بەرەو یۆگەندا برابوون. کە لەو هەڵمەتە بوێرانەیەدا برا گەورەکەی ناتانیاهۆ بە ناوی یۆنی گیانی خۆی بەخت کرد! ئینجا هەر پێنج ساڵ پێش ئێستا سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بەرەو مۆسکۆ کەوتە ڕێ و بە شێوەیکی تایبەت و هەر بۆ خۆی کەوتە پێک هاتن لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمیر پۆتین بۆ بەردانی ئەو کچە گەنجە ئیسڕئیلیەی کە لە سەر هێنان و بردنی مادەی هۆشبەرەوە لە ڕوسیا گیرابوو. بەڵام سەیرە بۆچی ئەو کارەی نەکرد بۆ هێنانەوەی ئەو بارمتانەی کە لە ئۆکتۆبەری 7دا لە لایەن حەماسەوە ڕفێنرابوون!
پێڕە ڕاستڕەوەکەی ناتانیاهۆ چاک درکیان کردبوو بەوگرنگیدانەی ناتانیاهۆ پێیان لە لایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە دەیانزانی بارودۆخی ناتانیاهۆ چەندە ناسکە، بۆیە زیاتر مکوڕ بوون لەسەر داخوازیە سەرەکیەکانیان و لە نێویشیاندا گەڕانەوەی دوبارە کۆمەڵگا جولەکەکان بۆ ناو غەزە کە لە ساڵی 2005دا لە سەردەمی شاروندا وازیان لێهێنرا. هەرچەندە ناتانیاهۆ بە ئاشکرا ئەو بیرۆکەیەی ڕەتدەکردەوە بەڵام ڕەنگە لە بنەوە پێشی خۆش بووبێ تا خۆی بکاتە یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل تا بگوترێت کە لەسەردەمی ڕابەرایەتی ئەودا بیرۆکەی داخوازی فراوانکردنی هۆردوگای جولەکە نشینی ئیسڕائیل دەستی پێکردۆتەوە کە دەیان ساڵبووە پاشەکشەیان کردبوو لەو داواکارییانە! لەو چەند هەفتەی ڕابردوودا لەڤین، وەزیری داد، لە هێزی بن سێبەرەوە گەڕایەوە بۆ ناو حکومەت بۆ ئەوەی دەست بکاتەوە بە چاکسازیی لە دەسەڵاتی دادپەروەریدا و بە واز هێنانی لە ڕێبازی یاسادانان، خۆی خستە ناو خەندەقی شەڕی بیرۆکڕاتیانەوە و ڕیگەگرتن لە دامەزراندنی دادوەرو زیاتر پشتگوێخستنی ئامۆژگارییە یاساییەکانی داواکاری گشتی گالی بەهاڕاڤ میارا!
لە ساڵەکانی پێش ئۆکتۆبەری 7 ، هەندێک لە بەرپرس و سەرکردەی عەڕەبی هاوڵاتی ئیسڕائیلی کەوتبوونە هەوڵ و کارێکی بەردەوام بۆ ئەوەی هاووڵاتیەعەڕەبەکانی ئیسڕائیل والێبکەن بە تەواوی لە گەڵ کۆمەڵگای ئیسڕائیلی تێکەڵ ببن، ئەوەش بە دەستەبەرکردنی پێدانی مافی یەکسان و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتری ئابووری بۆیان! بەڵام هەر دوای هێرشەکەی حەماس، حکومەت ڕێک ئەم هەوڵەی شکەست پێهێناو دەستی کرد بە گرتن و دادگایی کردنی عەڕەبەکان و بە بەهانەی پۆستەکانیان لە سۆشیال میدیا و تەنانەت دەست کرا بە ڕێگری لە هەموو ئەوخۆپیشاندانانەی کە عەڕەبەکانی ئەنتی شەڕ پێی هەڵدەستان لە ناو ئیسڕائیلدا! دەزگا سەرەکی و باوەکانی ڕاگەیاندنیش ڕێک هەمان ڕێبازیان گرتەبەرو خۆیان بەدوور دەگرت کە لە پانێڵە زۆرو زەبەندەکانیاندا بەشداری بکەن بەو عەڕەبانەی کە کۆمینتیان هەبوو، قسەیان هەبوو، شتیان دەزانی بیڵێن! لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ، هاوپەیمانی ناتانیاهۆ توانی لە ڕووی سیاسییەوە دەست بەسەر تەواوی هێزی نیشتیمانی پۆلیسدا بگرێت و کۆنتڕۆڵی بکات و بیکاتە ئامڕازێکی کەسیی ژێر دەستی بەرەی هەرێ ڕاستڕەوی ئیسڕائیلیی کەسێکی خاوەن نفوزی وەک ئیتەمار بەن گڤیر، وەزیری ئسایشی نیشتیمانی، کە شاگردو خوێندکاری کەسێکی ڕەگەزپەرستی وەک قەشە، ڕەبای، مەیر کاهانە! لە لایەکی ترەوە بەن گڤیر دەستی کردە هەڵمەتێکی توندی شەڕی بیرۆکڕاتیانە، کەسی نزیکی خۆی و دۆست و هاوڕێیانی دامەزراندن لە شوێنە باڵاکان و پلەی ئەو ئەفسەرانەشی بەرز دەکردەوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی ڕەشبگیرییان دەست پێکردبوو لە نێو خۆپیشاندەرانی دژی حکومەت و ئینجا لە لایەکی تریشەوە چاوی خۆی دەنوقاند لە هەموو ئەو تاوانانەی کە جولەکە توندڕەوەکان لە دژی عەڕەب و لادێکانی کەناری خۆرئاوا ئەنجامیان دەدا، هەروەها خۆی خەواندبوو لە هەموو ئەو تاوانانەی کە دەکرا لە دژی کۆمەڵگاو گەڕەکە عەڕەبنشینەکانی ناو شارەکانی ئیسڕائیل . چونکە بە لای بەن گڤیرەوە هەتا ڕێژەی عەڕەب کەم بکرایەتەوە لە نا وئیسڕائیلدا لە بۆ جولەکەکان باشتر بووە!
هەتا ئەم دواییانەش زوربەی جولەکەکانی ئیسرائیل ئەم هەڵوێستە تونڕەوانەیان بە شەرمەزاری دەزانی بەڵام ئەوەیان بەدەنگی بەرز نیشان نەدەدا، هەر بۆیەش ناتانیاهۆ توانی بارودۆخەکە لەگەڵیاندا هێواش بکاتەوە! لە هەمان کاتدا یەکێکی ترلە هەرێ ڕاستڕەوەکان بە ناوی بێزالێل سمۆتریش، کە وەزیری داراییە لە کابینەکەی ناتایاهۆدا، ڕابەرایەتی هەڵمەتێکی ڕەگەزپەرستانە دەکا بۆ لکاندنی تەواوی کەناری خۆرئاوا بە ئیسڕائیلەوە! کە دیارە ئەمەش لە ڕێگەی برسی کردنی دەسەڵاتدارێتی فەلەستینیەکانەوە دەکات. ئەو دوو کەسە هەرێ ڕاستڕەوە سمۆتیش و بەن گڤیر بە ڕوونی و ئاشکرایی ئامانجی خۆیان خستۆتە ڕوو کە ئەویش بریتیە لە دەستبەسەراگرتن و لکاندنی تەواوی کەناری خۆرئاوا بە ئیسڕائیلەوە، بەڵام ئێستا ئەو کارە تۆزێک ئاڵۆزتر بووە ئەویش لەبەرئەوەیە کە داگیرکردن و شەڕی غەزە لە گۆڕێدایە!

پڕۆژەی یاسای پارە!
ئەو فرە بەرەیەی شەڕ کە ئیسڕائیل تێیەوە گلاوە شەڕێکی لە ناوخۆشیدایە کە ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران دەستی داوەتێ بۆ گۆڕینی نۆرم و هەڵوێستەکان. هەرچەندە ناتانیاهۆ زۆرێک لە بیرۆکە ئایدۆلۆجیەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ڕاستڕەوەکانیدا هاوبەشی پێدەکا ، بەڵام ئەو کەوتۆتە مناوەرکردن ڕووەو پێگەیەکی سیاسی کە بە بارمتە گیراوە لە لایەن ئەوانەوەو ئێستاش دەیەوێت تەواوی خەڵکی ئیسڕائیل بە بارمتە بگرێت وەک چۆن خۆی کراوەتە بارمتە!
هێرشەکەی 7 ی ئۆکتۆبەر ئیسڕائیلیە سێکیولارو بە تایبەتی نێودەوڵەتیەکانی خستە تەنگژەوە. لە ماوەی سێ دەیەدا دوای کۆنفرانسی مەدرید لە ساڵی 1991 و ڕێکەوننامەی ئۆسڵۆ لە ساڵی 1993دا، ئەو ئیسڕائیلیە سێکیولارو نێودەوڵەتیانە شانازیان بە وەڵاتەکەیانەوە دەکرد کە توانیویەتی وەک بەشێک لە ڕۆژئاوا دەرکەوێت، هەروەها کێشەی فەلەستینیش وەک گرفتێکی چارەسەرنەکراو سەیریکراوەو گوتراوە کە دەتوانرێت هەر وا بەوشێوەیە لەگەڵیدا بەردەوام بن. بەڕێوەبردنی کێشەی فەلەستین بەبێ هیچ بەرەو پێشچوونێک، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل لە ڕووی ئابووریەوە بەرەو پێش چووە و کێشەی فەلستینیش نە بەرەو ئاشتی و نە بەرەو شەڕێش براوە بریتیبووە لە ڕێبازی سیاسی ناتانیاهو هەر لەو ڕۆژەوەی کە هاتۆتەوە نێو گۆڕەپانی سیاسەت لە ساڵی 2009. هەروەها ناتانیاهۆ دەستی بە هەڵگەڕانەوە کرد لێیان و دەستی دایە چاکسازییەکی گشتی لە دەسەڵاتی دادوەریدا، جا ئەو هەوڵەی ناتانیاهۆ ڕێخۆشکەر بوو کە هاوپەیمانییەکی ناوخۆیی پێک بێت لە نێوانی ناتانیاهۆ و نوخبەی لیبڕالیی ئیسڕائیلی. هەتا ئەگەر ئەو نوخبەیە دەنگیشیان پێنەدابایە بەڵام لە لاکەی ترەوە زۆر دڵخۆشبوون بەوڕێژە زۆرە پارەیە کە ستراتیژیەکەی ناتانیاهۆ خستبوویە بەردەستیان و وایان نیشاندەدا کە وەڵاتەکەیان لە ڕێزی وەڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوادایە لە ڕووی گەشەسەندنی ئابووریدا و یەکێکە لە وەڵاتە بەرەو پێشچووەکان لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە!
جا ئێستا لیبڕاڵەکانی ناو ئیسڕائیل تووشی فشاری دوولایەنە بوونەتەوە، لە لایەکەوە لە لایەن ڕۆژئاوای پێشکەوتنخوازو لیبڕاڵەوە لە لایەکی تریشەوە لە لایەن بنکەی ناتانیاهۆوە لە ناو خۆی ئیسڕائیلدا تووشی پەراوێزخران و بە شەیتانی کردن بوونەەتەوە! هەرچەندە هەردووک بەرەی جولەکەی پارێزگارو ئایینی ناو ئیسڕائیل وەک یەک بەدەستی دابەزینی بەهای (شێکڵ) و بەرزبوونەوەی هەڵاوسانەوە دەناڵێنن بەڵام لە لایەکی ترەوە توانیویانە مانایەک بدەن بە بەردەوامی شەڕەکە! بە تایبەتی بۆ ئەوهێڵە توندڕەوە لە جوولەکە توندڕەوەکانی بەری کەناری خۆرئاوا کە ئێستا هەست دەکەن ڕاست بوون کە ساڵی 2005 دژایەتی چوونە دەرەوەی ئیسڕائیلیان دەکرد بە تەواوی لە غەزە. ئێستا هەست دەکەن لە نێو کۆمەڵگای ئیسڕائیلیدا پێگەیان بەرەو هەڵکشان و بەرزبوونەوە دەڕوات بە تایبەتی لە نێو سوپای هێزی بەرگریی ئیسڕائیلیدا کە تێدا بوونێکی کاریگەرو بەرچاویان هەیە!
ئیترئەو لیبڕالانەی کە لە هەموولایەک زیاتر پابەندبوون و زۆرتریش زەرەرمەند بوون ڕوویان کردە دوو ستراتیژ بۆ مانەوەی خۆیان. یەکیکیان ئەوەیە کە کۆچ بکەن بۆ وەڵاتانی تر جا ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت، یان دەچن داوای پاسپۆرتی وەڵاتێک دەکەن کە کەس و کاریان لەوێ نیشتەجێیە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کەس و کارەوە بتوانن ئەوانیش بچنە ئەو وەڵاتە! ئەو دیاردەیە لە پێش شەڕی غەزەش بوونی هەبووە، لەو ڕۆژەوە دەستی پێکردووە کە ناتانیاهۆ دەستی بە کودەتا کرد بەسەر دەزگای دادا. بۆیە قسەوباس لە نێو ئیسڕائیلیکاندا دەربارەی بەجێهێشتنی وەڵات بە تایبەتی لە نێو چینە دەوڵەمندو زیاتر ڕۆشنبیرو بە ئاگاکەدا بەرەو توندی و زۆر بوونیش ڕۆیی هە رکە شەڕی غەزە دەستی پێکرد لە گەڵ فەرمانڕەوایی ناتانیاهۆ. جا ئەو شوێنانەی کە ئیسڕائیلیەکان زیاتر کۆچیان دەکرد و دەیانویست بۆی بڕۆن بریتیبوون لە یۆنان، پۆڕتوغال، تایلاند و هەروەها ئەو شوێنە نەریتەی وەک لەندەن و نیویۆڕک. جا هەندێک لەو ئیسڕائیلیانە تەنانەت توانیویانە هەمان کارو بەرژەوەندیە ئابووریەکەی خۆشیان لە ناو ئیسڕائیلدا بپارێزن ئەوەش هەر لە دوورەوە بە ڕێگەی دیجیتاڵیی گەڕۆکەوە یان ئۆنلاینەوە!
نەیارانی ناتانیاهۆ بە هیوای ئەوەن کە بە شێوەیک لە شێوەکان ناتانیاهۆ بەختی نەمێنێت!
ستراتیژیەکەی تری نەیارانی ناتانیاهۆ بۆ مانەوەی خۆیان بریتی بوو لە بەردەوام بوون لەسەر هەڵوێستەکانیان و بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان و ناڕازایەتی دەربرین لە دژی ناتانیاهۆ لە لایەکەوەو لە لایەکی تریشەوە بەردەوامبوون لە پشتگیری کردنی سوپای بەرگریی ئیسڕائیل لە شەڕیدا لە دژی حەماس و داوای بەردانی هەموو ئەو بە بارمتە گیراوانەشیا دەکرد کە لە ژێردەستی حەماسدا ماون. لە کۆتایی مانگی هەشت دا قەیرانی بارمتەکان گەیشتە ترسناکترین ترۆپکی خۆی کاتێک کە حەماس شەش لەو بارمتانەی لە تونێلێکدا لە ڕەفەح کوشتن. جا لەو کاتی توڕەیی و پەژارەیەدا کە ناتانیاهۆ نەیتوانیوە بگاتە ڕێکەوتنێک لە گەڵ حەماسدا بۆ ڕزگارکردنی ئەو شەش بارمتەیەو گفتوگۆکانیش کۆتایی پێناهێنێت بۆ بەردانی هەموو ئەو بارمتانەی کە هێشتا بەرنەدراون، بۆیە بەو هۆیەوە بە سەدان هەزار لە ئیسڕائئیلیەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و لە دژی حکومەت و ئەو خۆپیشاندانەش گەورەترین ناڕازایەتی بوو کە لە دوای ئۆکتۆبەری 7 وە ڕوویدا!
بەڵام هەتاکو ئێستاش ناڕەزایەتیەکانی سەرشەقام نەیانتوانیوە بنکەی هاوپەیمانی ناتانیاهۆ بهێننە لەرزین. ئەو ناڕەزایەتیانە لە لایەن هەمان پێڕی نەیاری ناتانیاهۆ وە پشتگیری دەگرێن کە لە نێویاندا گاڵانت هەیە کە سەرکردایەتی ناڕەزایەتیەکانی کرد لە دژی ئەو چاکسازییەی کە ناتانیاهۆ دەستی پێکرد لە دەزگای داد. بەڵام سەرۆک وەزیران زۆر بە زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵ بارودۆخەکەدا کردو هەموو ئەو خۆپیشاندانانەی بە سیاسیی ناساندن و مەبەستی سەرەکییان هیچ شتێک نیە تەنها دەڕپەڕاندنی منە لە دەسەڵات. جا ئێستا ناتانیاهۆ بابەتی بارمتە ئیسڕائیلییەکانی ژێر دەستی حەماس و میحنەتی ئەوانی کردووەتە بەهانەو بەکاری دەهێنێت!
نەیارانی ناتانیاهۆ هەر بە هیوای ئەوەن بەشک و ناتانیاهۆ بەختی هیچی تر نەیهێنێت یان لە شوێنێکەوە قڵشتێک بومەلەرزەیەک درووست بکات. یەکێک لە هەرێ کێشە ئاڵۆزەکانی ناوخۆ کە ناتانیاهۆ ڕووبەڕووی بووەتەوە بریتیە لە لێخۆشبوون لەو گەنجانەی کە زۆر ئۆرسۆدۆکسی و توندڕەوی ئایینین لە چوونیان بۆ خزمەتی سەربازی! ئەوە بۆ چەندین دەیە دەچێت کە بەهانەی ڕابەرانی ئایینی هەرێ توندڕەوی ئۆرسۆدۆکسی بۆ ئەو بابەتە ئەوەیە کە دەبێ ئەو گەنجە ئۆرسۆدۆکسیانە بپارێزرێن لە ژیانی سێکیولاریی کە لەوانەیە لە سەربازگەکاندا ڕووبەڕووی ببنەوە. جا ئێستا ئەو شەڕە بە تەواوی ئەو جیاوازیە گەورەو نایەکسانەی ئاشکرا کردووە کە هەیە لە نێوانی گەنجە هەرێ توندڕەوە ئایینیەکان و گەنجانی تری ئیسڕائیل کە هەموو کات بانگ دەکرێن کە بچن بۆ خزمەتی سەربازیی و خۆیان بکەنە قوربانی وەڵاتەکەیان!
لە مانگی حوزەیراندا، دادگای باڵای ئیسڕائیل گوتی کە هیچ بنەمایەک لە گۆڕێدا نیە بۆ ئەوەی گەنجی ئۆرسۆدۆکسی توندڕەوی ئایینی نەچێت بۆ خزمەتی سەربازیی و ئەوەی تریان بچێت.دەبێ هەردووک لا بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت! جا ئێستا حکومەت لە جێبەجیکردنی ئەو بڕیارەدا سستی دەنوێنێت و سوپاش نایەوێت کەس بە زەبری زۆریی پەلکێشی خزمەتی سەربازیی بکات. ئێستا ئەو کێشەیەش لە گۆڕێدایەو جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە کاتێک کە ئەنجومەنی یاسادانان دەنگ لەسەر بودجەی ساڵی داهاتوو دەدات! ڕابەرە سیاسیەکانی بەرەی ئۆرسۆدۆکسی هەرێ توندڕەوی ئایینی دەستیان کردووە بە هەڕەشە و دەڵێن ئەگەر بێت و ئەو ڕەش نووسەی لێخۆشبوون لە لاوانی ئایینی ئۆرسۆدۆکسی لەبۆ خزمەتی سەربازیی ڕەزامەندی لەسەر دەرنەبڕن ئەوا حکومەت دەڕوخێنن! جا هەر لەو دواییانەدا و بۆ ئەو مەبەستە ناتانیاهۆ بۆ پاراستنی خۆی هات کەسێکی وەک گیدیۆن سار کە وەزیری دادی پێشوو بوو هێنایە ناو هاوپەیمانیەتیەکەی خۆی!

ئەلوف بێن سەرنووسەری ڕۆژنامەی هارێتزە! سەرچاوەی ئەو نووسینە:
.https://www.foreignaffairs.com/middle-east/israel-paradox-defeat-aluf-benn




تەزویر کێشە نییە، دەزانن کێشەکە چییە؟.. شێرکۆ کرمانج

چارەسەری کێشە بە دیاریکردنی کێشە دەست پێ دەکات، ڕێک وەک ئەوەی چۆن چارەسەری نەخۆشی بە دەستنیشان کردنی هۆکاری پشت نەخۆشییەکە دەست پێ دەکات. ئەوەی ئەلفوبێی سیاسەت و تەندروستی بزانێت ئەو ڕاستییە دەزانێت. بۆیە بەڕاستی قسەکردن لەسەر تەزویر مایەپووچ و بێ بنەمایە چونکە جەوهەری کێشەی دیموکراسی لە هەرێم، لە عێراق و لە تەواوی ناوچەکە (وەک وڵاتانی ئێران، میسر و تورکیا و ڕووسیا) گرفت یان بوونی تەزویر نییە بەڵکوو کێشەگەلێکی دیکە کە بوون بە ڕێگر لەپێش گەشەی دیموکراسی. لەم کورتەبابەتە بەسەرپێی قسە لەسەر هەندێکیان دەکەین.
ئەوەی هەڵبژاردن لە کوردستان و کۆمەڵێک وڵات نادیموکراسی دەکات، پرسی تەزویر نییە، چونکە نەک لەم هەڵبژاردنە بەڵکو لە هەموو هەڵبژاردنەکان، ئەوکاتانەی کە بەخەستی تەزویر دەکرا، تەنیا بای چەند کورسییەک دەکرا تەزویر بکرێت، بەگشتی دەکرێت بڵێین، لە کەمترین حالەت کورسییەک و لە زۆرترین حالەت پێنج کورسی لەو ١٠٠ کورسییەی پەرلەمانی کوردستان بە تەزویر دەبردرانەوە.
ئەوەی وا لە هەندێک کەس بکات پەنا بۆ تیوری پیلانگێڕیی، یان تەزویر و ساختەکاری ببات، ئەوەیە کە ئەوانە پێیان وایە پارتی و یەكێتیی جەماوەریان نییە، مادام جەماوەر و دەنگدەریان نییە، ئەدی ئەوە چۆنە هەموو جارێک زۆرینەی کورسییەکان دەبەنە. بەکورتی، پێمان خۆش بێت یان نا، ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە. پارتی و یەکێتیی دوو هێزی گەورەن لە کوردستان و جەماوەریان هەیە و جەماوەرەکەشیان گوێڕایەڵترن لە جەماوەری حیزبەکانی دیکە نەک تەنیا لەبەر دڵسۆزییان بۆ پارتی و یەکێتیی بەڵکوو لەبەر پەیوەستبوونی بەرژەوەندییەکانیان بەم دوو حیزبەوە، لەبەر مێژووی زۆر و دوورودرێژی ئەو دوو حیزبە، لەبەر خزمخزمێنەیان، هتد. ئەوەش ڕاستییەکە کە بە خۆشی بێت یان ناخۆشی دەبێت قەبوڵی بکەین. قەبوڵ کردن لەبەر ئەوەی نا کە ئەمە ڕاستە یان باشە بەڵکوو لەبەر ئەوەی واقیعێکە و سەپێنراوە، جا ئەوەی نازانێت ئەو واقیعە بۆ ئاوای لێهاتووە ئەوە شتێکی دیکەیە.
ئەوەی دەبێت قسەی لەسەر بکرێت تەزویر نییە بەڵکوو ئەو هۆکارانەن کە ڕێگرن لەپێش پڕۆسەی نیشتیمانسازی و بەدامەزراوەییبوونی دامودەزگاکانی هەرێم، کە دەکرێت لەم خاڵانەدا کورت بکرێنەوە:
یەکەم، نەبوونی هەلی یەکسان، واتە هەندێک حیزب، یەکێتیی و پارتی، بەتایبەتی، پارەیەکی زۆر و توانایەکی زۆر و زەبەلاحیان لەبەردەستدایە کە لە ئاکامی ناعەدالەتی و گەندەڵی و قۆرغکردنی جومگەکانی دەسەڵات مسۆگەریان کردووە و لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە خزمەتی خۆیان بەرژەوەندی کاندیدەکانیان بەکاریان دێنن.
دووەم، کۆنتڕۆڵکرنی میدیا بە هەموو شێوەکانی، هەر لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەوە بگرە تا سۆشیال میدیا، لەلایەن پارتی و یەكێتیی، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەو پارە زۆرەی لەبەردەست پارتی و یەکێتیی دایە کە لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر سامانی گشتیی و گومرگەکان و دروستکردنی کۆمپانیای زەبەلاحی خانوبەرە و هەناردە و هاوردەکردن و مسۆگەرکردنی کۆنتراکتەکان و موساتەحە و زەوی زاردا مسۆگەریان کردووە. لە بەرئەنجامدا هەر دوو حیزب بوون بە خاوەنی کۆمەڵێک بانک و کۆمپانیای میدیایی زەبەلاح. ئەمانەش دەرفەتی نایەکسانیان بۆ کاندیدەکانی ئەم دوو حیزبە بە بەراورد بەوانی دیکە ڕەخساندووە.
سێیەم، کۆنتڕۆڵکردنی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان، هەر لە پێشمەرگەوە بگرە تا دەگاتە پۆلیس، کە هەم بۆ چاوسوورکردنەوە، هەم بۆ گرتن و زیندانیکردنی نەیاران بەکار دێت. ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵکانی دەرەوەی ئەم دوو حیزبە دروست کردووە کە لە هەڵبژاردنەکاندا و لەسەر سندوقەکانی دەنگدان ئەنجامەکانی دەردەکەون.
چوارەم، نەبوونی دەستوور و دادگایەکی باڵا کە هەم بێلایەن بێت هەم یەکلاییکەرەوە بێت. لە غیابی دەستوور و دادگاش، یەکێتیی و پارتی هێندەی دیکە تواناکانی گەندەڵکاریی و کۆنتڕۆڵکردن و قۆرغکردنیان زیادی کردووە. ئەمەش ژینگەیەکی دروست کردووە کە دیموکراسی نەک تێیدا گەشە ناکات بەڵکوو بپووکێتەوە.
کەواتە تکایە واز لەوە بێنن کە تەزویر کراوە یان نەکراوە، چونکە وەک گوتمان، بێجگە لەوەی کە تەزویر ڕۆژ بە ڕۆژ، جار بە جار، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن، کەمی کردووە هیچ کاتێک تەزویر ئەو خەمە گەورە و ئەو گەمەگۆڕەرە، گەیم چەینگەرە، نەبووە.
ئەوەی گەمەکان و بارەکان بەلای پارتی و یەکێتیی دا لار دەکاتەوە ئەو چوار خاڵەیە کە ئاماژەم پێکردن، تا گەندەڵی کەم نەکرێتەوە، تا میدیا لەژێر دەسەڵاتی پارتی یەکێتیی دەرنەهێنراێت، تا سامانی گشتی لەلایەن حکومەتێک کە هی خەڵک بێت و بەرپرس بێت بۆ خەڵک، تا دادگای ئازاد و دەستوورمان نەبێت، تا هێزە ئەمنییەکان بە نیشتیمانیی نەکرێن، بەکورتی، تا پڕۆسەی نیشتیمانسازی لە هەرێم وەگەڕنەخرێت و نەبێت بە پڕۆسەیەکی تۆکمە، ئەوە دیموکراسی هەر ساختەکراسی بەرهەم دێنێت، بەڵام وەک گوتم نەک لەبەر تەزویر بەڵکوو لەبەر ئەوەی تەواوی پڕۆسەکە ساختەکارییە.




پەکەکە نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدات.. زاهیر باهیر

چەند ڕۆژێکە دەنگۆی وتووێژی نێوانی پەکەکە و حکومەتی تورکیا لە ئارادایە. پێناچێت ئەمە کاری ئەم چەند ڕۆژە بێت بەڵکو لانی کەم پێشینەیەکی چەند هەفتەیی هەیە. بەم بۆنەشەوە توێژەرەوانی کورد و ناکورد زۆری لەسەر دەنوسن و هەندێکیشیان خەنجەر لە کا دەدەن. هەندێك لە سەرانی پەکەکەش کۆمێنتی خۆیان داوە و ئەوانی دیکەش بە دوای ئەماندا دێن هەر وەکو پێشتر دیتومانە.
بۆ من هۆکاری ڕوودانی وتووێژەکە و کێ قسە دەکات و کێ دیمانە دەکات هیچ گرنگییەکی نییە، ئەوەی گرنگە ئەمە دەرفەتێکە و هاتۆتە پێشەوە کە پەکەکە دەبێت لەم بار و دۆخەدا بیقۆزێتەوە هەتا ئەگەر ئەنجامێکیشی نەبێت چونکە هەر هیچ نەبێت پشوویەکی باش دەبێت بۆ خودی پەکەکە خۆی و بۆ کوردستانی باکور و باشور و تا رادەیەکیش ڕۆژئاواش . پشوویەك دەبێ کە چی تر کەسە دەرکەوتوو چالاکەکانی نێو پەکەکە و ڕۆژئاوا لە تورکیادا راونانرێن و ناگیرێن، پشوویەکە هەر ئاواش تا ڕادەیەك ئاسایش بۆ باشووری کوردستانیش دەگەڕێتەوە، هەر هیچ نەبێت دۆستان و ئەندامانی پەکەکە ترسی تیرۆرکردنیان چ لە ڕێگەی تیرۆری چەکەوە یاخود درۆنەوە نابێت . پشوویەك دەبێت کە بارودۆخی یەکێتی نیشتمانیش تا ڕادەیەك ئاسایی دەکاتەوە و فڕۆکەخانەی سلێمانیش گەر بۆ وەختییش بێت دەکرێتەوە .
سوود و قازانجی ئەم هەلە ئەوەندە زۆرە کە لیستێکە و من نامەوێت بیکەمە مەبەست و کرۆکی بابەتەکەم. لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ئەوە دەبینم کە رەنگە زۆرێك هەبن لە ناو خودی پەکەکە هەتا بە سەرکردەکانیشیانەوە ڕاگرتنی شەڕ و وتووێژکردن پەسەند نەکەن، بەڵام لێرەدا دوو خاڵی گرنگ هەیە بۆ هەردوولا ، ئەوانەی کە لەگەڵیدان و ئەوانەشی کە دژن پێی دبێت رەچاو بکرێن.
یەك: ئایا پەکەکە لەو کاتەوەی، واتە مانگی تەموزی 2015 وە کە ئەردۆگان شەری بەسەردا سەپاندن چ هەنگاوێکیان ناوە؟ چەندێك زەرەریان بە حکومەت و دەوڵەتی تورکیا گەیاندووە ؟ چەندێك پرسی کورد لەوێ چووەتە پێشەوە؟ کوردان و کوردستانی باشوور و باکور و ڕۆژئاوا و تا ڕادەیەکیش تەنانەت ڕۆژهەڵاتیش، چەندێك لەم شەڕە نابەرانبەرییەدا سوود یا زییانیان بینیوە؟ چەندێك پێگەی هەردوولایانی واتە دەوڵەتی تورکیا و پەکەکەی لە ‘نێو کۆمۆنێتی نێودەوڵەتی’ بەهێز یا لاواز کردووە؟ ئەمانە و پرسیارگەلێکی دیکە دەبێت بکرێت و خودی کەسەکە تاو وتوێ بکات پێش دانی بڕیارەکەی.
بێ گومان بۆ پرسیارەکان وەڵامی جیا جیامان دەبێت ئەویش دەکەوێتە سەر ئەوەی کە ئایا ئێمە لە سەرچاوەی سۆز و ویست و حەزی خۆمانەوە لێکدانەوەی بۆ دەکەین یاخود لە واقیع و بارودۆخی ناوچەکە و تا رادەیەکیش جیهانەوە تەماشای دەکەین؟ بۆ من کە هەر لە 2015 وە دژ بەو شەرە بووم و چەندەها وتارم بە کوردی و بە ئینگلیزی لەسەری نوسیوە و دەیەها پۆستیشم لە فەیسبووکدا کردوە چونکە هەمیشە بە دوور لە سۆز و حەزی خۆم قسەم کردووە، بەڵکو بە تێڕوانین لە واقیع و پشتبەستن بە بەڵگە و زەمینەی بزوتنەوەکە لە باکور و تورکیا و هەژمون و لێکەوتەی ئەو بزوتنەوەیە چ نەرێنی یاخود ئەرێنی لەسەر بزوتنەوەکەی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگەی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا دادەنێت. من لەو دەلاقەیەوە تەماشام کردووە و هەڵوێستی خۆمم لێ وەرگرتووە،
ڕەتکردنەوەی وتووێژ لە هەلوێستی هێز و ئاسۆڕوونی و بوونی بەربیینیەکی باشتر لە پاشەڕۆژێکی نزیکتردا، رەنگە لۆژکانە بێت. بەڵام لە کاتێکدا کە بزوتنەوەیەکی چەکدارانەت هەبێت و ئەرکی سەرەکی تەنها بەرگریکردن بێت لە خۆی و باشترین چالاکی ئەو کەمپەینی ڕزگارکردنی بە تەنها ئۆجەلان، بێ لە هاوەڵەکانی لە بەندیخانە و ڕۆژانە و هەفتانە دەیان کەسانی چالاک و دۆست و ئەندامانت لە دەست بدەیت و نە لە باشووردا بتوانیت ئازادانە بسوڕێیتەوە و جالاکییەکانت بکەیت و هەمیشەش لە مەترسی تیرۆی درۆن و چەشنەکانی دیکەی تیرۆر بیت و هاوکاتیش دەسەڵاتی کوردیش ئەوە پارتییە دەست لەگەڵ هەموو لایەکدا تێکەڵ دەکات دژ بە پەکەکە ، خاك ، میللەت، سامان هەڕاج دەکات هەر بۆ ئەو مەبەستە ، یەکێتیش ڕێگا نادات کە هچ چالاکییەک دژ بە تورکیا و دەوڵەتی تورکیا بکرێت ، بەڵکو ڕێگا دەدات ، راستەوخۆ بێت یا ناڕاستەوخۆ تورکیا کێی بوێت لە زۆنەکەیدا تیرۆری بکات یا بیفڕێنێت ، ئەمانە و زۆر زۆری تر. باشە لە حاڵەتێکی ئاوادا وتووێژ ئەگەر هەر بە مەبەستی دانی پشوویەكیش بێت باشتر نییە لەو شەڕە دۆڕاوە؟ بە درێژایی شەری 9 ساڵ و وادەبێتە 4 مانگیش لەگەل حکومەتی تورکیادا پەکەکە و کورد زیانی نەکردبێت قازانجی نەکردووە ، جەماوەرێتییان گەر نەهاتبێتە خوارەوە نەچۆتە سەرەوە … ئیتر بۆچی وتووێژ نەکرێت؟؟ دوای ئەوە وتووێژە بە سەر نەگرتنیشی چ زیانێکی هەیە و دەبێت؟
دوو: مەرجەعێتی ئۆجەلان: مەرجەعیەیەت ئەو سەرچاوەیە کە بۆ حەلی گرفتەکان و دانی بڕیارە سەرەکییەکان لایەنەکان و کەسەکان دەگەڕێنەوە بۆی. مەرجەعییەت یانی پیرۆزکردنی ئەو سەرچاوە و بڕیار و لێکدانەوەکانی ، یانی نابیناکردنی هەر هەموو ئەوانی دیکەی ئەو حیزبە، ئەو بزوتنەوەیە ، یانی بە مەبەست و بەدەستی خۆت نابینا و نەبان لە واقیع و ڕاستییەکان دەکەیت ، یانی خۆڕادەستکردنی کەسانێك کە دەکرێت ئامۆژگاری و بڕیارەکانیان نادروست بن ، یانی نەفیکردنی کەسایەتی خۆت و هەڵپەساردنی مێشکت، یانی وابەستەیی بە کەسێك بە ڕایەك و بڕیارێك گەرچی پێشوەخت دەزانیت کە هەڵەیە….تد .
دیارە من هەر بە تەنها مەبەستم پەکەکە و دۆستان و هەوادارانی پەکەکە نییە ، بەڵکو هەموو حیزب و ڕابەر و سەرکردەکانە ڕۆحانی یاخود ناڕۆحانی لە هەر هەموو ناوچەکەدا. دەرد و پەتای پیرۆزیی و پیرۆزکردنی ڕابەر و سەرکردە و بوون بە مەرجەعییەت هەر پەکەکەی نەگرتۆتەوە بەڵکو هەموو حیزبەکانی ناوچەکەی لە کۆن و نوێدا گرتۆتەوە، هەر تەماشای بارزانی باوك و کوڕ، جەلال تاڵەبانی، سەرکردە و ڕابەرەکانی حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان و حیزبوڵا و حەماس و … تد گرتۆتەوە کە ناکرێت و نەگونجاوە ڕا و بڕیاری ئەو ڕابەر و سەرکردانە بە هەند وەرنەگیرێت و ڕەتبکرێنەوە.
سەبارەت بە پەکەکە و ئۆجەلان، ڕاستە ئۆجەلان بە جەستە بەندە بەڵام بە هزر و هەڵوێست و نوسینەکانی گەورەترین هەژموونی خۆی بەسەر پەکەکەدا زاڵ کردووە، نەك هەر سەرکردەیەکی کۆن و کارامەی پەکەکەیە بەڵکو ڕابەرێکی ڕۆحیشیانە . ئۆجەلان بە مێژوی خەباتی ناو شار و شاخ و بەندکردنی بۆ ئەم هەموو ساڵانە، لای پەکەکە و دۆستەکانی لە هەموو کورستانەکاندا پیاوێکی ئەفسانەییە و پیرۆز کراوە ، پیرۆزکردنیشی سەرچاوەی ڕەتکردنەوە و پەسەندکردنی ئەوەی دێتە پێش و ئەوەی ڕووی داوە، بۆیە قسە و بڕیارەکانی ئۆجەلان ئەوەندە سەنگ و قورسایی خۆیان هەیە ڕەتکردنەوەیان دەچێتە خانەی مەحاڵەوە .
پەکەکە وەکو حیزبێکی قوچەکەیی و ئیدۆلۆجیست و خاوەن دسپلینێکی تووند و تۆڵ کە تا ئێستاش تینیۆتی بە قسە و نوسینەکانی ئۆجەلان دەشکێ و ئاوی حەیاتیانە، لێبڕین و وشکبوونی ئەو ئاوە کارەسات بەسەر پەکەکەدا دێنیت، بیرمەندی یەکەم و ڕەسەنی پەکەکەیە و نەك هەر ئەوەندە بەڵکو پەکەکە ئەوەندە بڕوای بە خودی ئۆجەلان و نوسینەکانی هەیە کە لابەلاکردنەوەی کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دووتوێی مێشك و لاپەڕەی کتێبەکانی ئەودا دەبینین.
قسەکەی ‘دەوڵەت باخچەلی’ سەبارەت بە پرسی کورد لە تورکیادا ڕاستە، کە نە لە ئەدەنەیە و نە لە قەندیل بەڵکو لە ئیمڕاڵییە ، چونکە پەکەکە ناتوانن لە بڕیارەکانی ئۆجەلان دەرچن چونکە ئەوەندەیان پیرۆز کردووە و لە ئاسمانە ناکرێت بێهێننە سەرزەوی ، ناتوانیت قسەی بشکێنیت و خۆت کافر و مولحید بکەیت ، خۆت بێ حورمەت و تڕۆ بکەیت. ئەوە، ئەوە بڕیاری سەرەکی تا ڕادەی ئاگربەستی و وتووێژ و ڕێکەوتن و هەڵوەشاندنەوە و چەکدانان و واژۆی دوا دەستنووسی بڕیار و پلانەکان دەکات . قسەی دووهەمی باخچەلی، ئەمەشیان هەر ڕاستە کە دەڵێت با ئۆجەلان بەر بێت و قسەی لەگەڵدا بکرێت . باخچەلی زۆر بە باشی پەکەکە و ڕۆڵ و هەژموونی ئۆجەلان لەسەر پەکەکە و قورسایی بڕیارەکانی دەناسێت، ئەوەندە گەمژە نییە قسە فڕێ بدات . ئەو کە دەڵێت با ئۆجەلان بێت دژایەتی خۆی بۆ تیرۆریزم بەیان بکات بەو مەبەستە نییە کە ڕۆشنبیر و نوسەری کورد و سیاسییەکان شرۆڤەی بۆ دەکەن . ئەو دەڵێت با وتووێژی لەگەڵدا بکرێ، با بێتە دەرەوە لە بەندیخانە و ڕووبەڕوو دانوسستاندنی لەگەڵ بکرێت. ئەو دوای ئەمانە ئەو داخوازییە لە ئۆجەلان دەکات کە دژ بە تیرۆریزم و تیرۆر بوەستێتەوە . ئۆجەلان دەزانێت کە پەکەکە گەر لە کۆندا لە کاری تیرۆریستیدا گلابێت ، ئەوە ئێستا پەکەکە تیرۆریست نییە ، ئەوە حکومەتی تورکیایە کە بە درێژایی دروستبوونی فاشست بووە و لە ئێستاشدا دەوڵەتێکی فاشست و تیرۆریستییە.
من زۆر دەمێکە وتومە گەرچی ئۆجەلان بەندە بەڵام بیرکردنەوەی، تێڕاوانینی بۆ پرسی کوردی تورکیا و داهاتوی پەکەکە لەم بارودۆخەدا و تێپەڕینی قۆناخی جەنگی چەکداریی زۆر لەوانەی لە قەندیل دانیشتوون و بە حساب لە دەرەوەن و بەند نین، باشتر و دروستترە . ئۆجەلان ئاگربەستی دەوێت، ئەو یەکلاکردەنەوەی پرسی کوردی لە تورکیا بە وتووێژ و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەوێ نەك لە ڕێگەی بزوتنەوەی چەکدارییەوە، بزوتنەوەی چەکداری کوتانی ئاسنی ساردە، ئەگەر لەو کوتانەشدا پرژێکی لێ ببێتەوە سەروگوێلاکی ئەوانە دەگرێتەوە کە دەیکوتن نەك دووژمنەکانی. بزوتنەوەی چەکداری ڕۆڵی بەسەر چووە هەڵوەشاندنەوەی و جێگرتنەوەی بە خەباتی جەماوەریانە و ڕووکردنە شەقامەکانی شار و بۆ هەموو ئەو حیزبانە، بە پیرەوەچوونی پەڕلەمان لەڕێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەزاری خێرە و دەی بەرکەت. بەرنامەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکرات کە جۆزیف پرۆدۆن و مورەی بوکچین باسیان کردووە لە ڕێگەی حیزب و بزوتنەوەی چەکداررییەوە ناکرێت، بگرە حیزب تەگەرە و گەورەترترین بەربەست و دوژمنی سەرسەختی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتن.
ئەمەی کە ئێستا پەکەکە دەیکات نە بەرخۆردانە و نە جەنگی بەرەنگارییە و نە سوودیشی هەیە ، ئەمە شەر لە بەتاڵی باشترەی مەسەلە کوردییەکەیە. گرنگ نییە حیزبەکان، بزوتنەوەکان چ دروشمێك بەرز دەکەنەوە و چ بانگەشەیەك دەکەن و چەند شەهید دەدەن؟ گرنگ ئەوەیە کە ئایا لە زەمینەی واقیعدا چ گۆڕانکارییەك دەکەن؟ ئایا ئەوەی کە دەیکەن کەمتر زیانبەخشە لە بەرانبەر ئەوەی کە بەدەستی دەهێنن؟ جەماوەرییبونیان لە شەڕێکی نەبڕاوەی بێ دەستکەوتدایە یاخود هێنانی خۆشگوزەرانی و ئازادیی و دادەوەری کۆمەڵایەتی و تا ڕادەیەك هەنگاونان بۆ جۆرێك لە یەکسانی؟
پەکەکە پێویستی بە چاوخشاندنەوە بە سیاسەتی ئەم نۆ ساڵەیدا هەیە ، گەر لەم سات و وەختەدا نەتوانن ئەوە بکەن، ئەگەر ئەم دەرفەتە کە ئێستا ڕەنگە بێتە دی هەر هیچ نەبێت دەتوانن سوودی لێببینن و بەخۆیاندا بچنەوە.
تکایە تۆش، قەڵەم بەدەستی کورد خەنجەر لە کا مەدە ، تۆ گەر باوك و دایکی ئەو کوڕ و کچە گەنجانە نیت لەو شەڕەدا گیانی خۆیان دەکەنە قوربانی، خۆ ڕەنگە خۆت باوك یا دایك بیت . تکایە قسەی زل مەکە و هانی بەردەوامییدانی شەڕ بدەیت و خۆتیش مێشێك میوانت نەبێت و بە هیچ جۆرێك پریشکی ئەو شەڕە تۆ و خێزان و ئازیزانت نەگرێتەوە. ئەوە ئەو پەڕی بەدڕەوشتییە.

زاهیر باهیر
24/10/2024




پرسە نامەی دەنگەکان بە بۆنەی مەرگی نووسەر ستیڤان شەمزینی

بەڕێزان کەسوکار و دۆست هاوڕێیانی کاک ستیڤان

بە داخێکی گرانەوە هەواڵی کۆچی دوایی [کاک ستیڤان]مان پێگەیشت. وەک نووسەرێکی بەتوانای ماڵپەڕەکەمان، کە ساڵانێکە بەردەوامە لەگەڵماندا.

کاک ستیڤان بە دڵسۆزییەوە خزمەتی نووسین و کارەکەی خۆی دەکرد. توانای تایبەتی هەبوو لە گەیاندنی بیرۆکە ئاڵۆزەکان بە شێوەیەکی ڕوون و جوان، ئەمەش وای کردبوو ببێتە خاوەنی خوێنەری تایبەت بە خۆی و بە چاپگەیاندنی کۆمەڵێک کتێب.

ئەمەی خوارەوە لینکی پەیجی نووسەرە لە دەنگەکان

https://dengekan.info/archives/author/stivanshamzinani

تکایە هاوخەمی و سەرەخۆشی گەرممان قبوڵ بکەن لەم کاتە سەختەدا.

گۆران عەبدوڵڵا

بەرپرسی ماڵپەڕی دەنگەکان




دیاردەی ئازاردانی “مرۆڤە باشەکان” لە کۆمەڵگای کوردیدا.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

شیکردنەوەیەکی دەروونناسی و کۆمەڵناسی بۆ ئەم دیاردەیە.
(بۆیە وشەی دۆخ بەکارنایەنم چونکە دۆخ زەمەنێکی کاتیە و زۆرکات تێدەپەڕێنرێت، بەڵام دیاردە بریتیە لە زۆر دووبارەبوونەوەی دۆخەکە کە درێژخایەنەیە و کاریگەری قوڵ بەجێدەهێڵێت، ئەم وتارە بە پشت بەستن بە تێڕوانینی نووسەر بۆ ئەم دیاردەیە نووسراوە), زنجیرەی ١٥٦.

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای).

لە کۆمەڵگای کوردیدا، دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش و جێی نیگەرانی هەیە کە پەیوەندی بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی باش و دڵسۆزدا هەیە. ئەم دیاردەیە، کە دەکرێت بە “دیاردەی دژایەتیکردنی چاکە” ناوی لێ بنێین، پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵی زانستی هەیە لە ڕووی دەروونناسی و کۆمەڵناسییەوە. لەم وتارەدا، هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی زانستی و مەعریفی ئەم دیاردەیە شیبکەینەوە و هۆکارە سەرەکییەکانی دەستنیشان بکەین.

لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە، ئەم دیاردەیە ڕیشەی قووڵی لە دەروونی تاکی کوردیدا هەیە. مێژووی درێژی چەوساندنەوە و ستەم، کە نەتەوەی کورد پێیدا تێپەڕیوە، کاریگەری قووڵی لەسەر کەسایەتی تاکی کورد بەجێهێشتووە. ئەم بارودۆخە وای کردووە کە جۆرێک لە دڵەڕاوکێی بەردەوام و هەستی ناسەقامگیری لە ناخی تاکدا دروست ببێت. کاتێک کەسێکی باش و دڵسۆز دەردەکەوێت، ئەم هەستە نائارامە خۆی لە شێوەی دژایەتیکردن و ئازاردانی ئەو کەسەدا دەردەخات.

بەشێك لە کۆمەڵناسان پێیان وایە کە کۆمەڵگای کوردی، وەك زۆربەی کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان، لە قۆناغێکی گواستنەوەدایە لە کۆمەڵگایەکی نەریتییەوە بۆ کۆمەڵگایەکی مۆدێرن( کە لە کۆمەڵگای کوردیدا پرسی فیودالیزم و مۆدێرنیتە، بابەتەکە بریتیە لە بازدانێکی قوڵ کە بێ مەعریفەیە، بە هۆشیاری و ڕەگە و ڕیشەیەکی پتەوەوە هەنگاوی نەناوە کە دەرئەنجانەکانی باش نابێتن بەشێوەیەکی گشتی). لەم قۆناغەدا، تێکەڵبوونی بەها کۆن و نوێیەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە ناکۆکی لە سیستەمی بەهاکاندا. کەسانی باش و دڵسۆز، کە هەڵگری بەها بەرزەکانن، دەکەونە بەر هێرشی ئەو کەسانەی کە ناتوانن خۆیان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە بگونجێنن.

لە لایەکی دیکەوە، سیستەمی پەروەردەی کوردی، کە بەشێکی گرنگە لە پێکهێنانی کەسایەتی تاك، نەیتوانیوە بە شێوەیەکی دروست گرنگی بە بەها ئەخلاقی و مرۆییەکان بدات. ئەمەش وای کردووە کە نەوەی نوێ تێگەیشتنێکی ناتەواویان بۆ چەمکی چاکە و خراپە هەبێت. لە ئەنجامدا، زۆر جار ڕەفتاری باش و دڵسۆزانە وەک لاوازی یان ساویلکەیی لێک دەدرێتەوە.

قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان، کە بەردەوام کۆمەڵگای کوردی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، کاریگەری قووڵیان لەسەر دەروونی تاکەکان هەیە. کێبڕکێی ناتەندروست و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوە سنووردارەکان، وای کردووە کە زۆر کەس پەنا بۆ ڕەفتاری نەشیاو ببەن. لەم ژینگەیەدا، کەسانی باش و دڵسۆز دەبنە قوربانی ئەم بارودۆخە ناتەندروستە.

هۆکارێکی دیکەی گرنگ پەیوەندی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاوە هەیە. لە جیهانی ئەمڕۆدا، کە زۆر جار بەها ماددییەکان لە سەرووی بەها مەعنەوییەکانەوە دادەنرێن، کەسانی باش و دڵسۆز وەک نموونەیەکی نامۆ و نەگونجاو پیشان دەدرێن. ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتی ئەم کەسانە دروست دەکات.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە، پێویستە هەنگاوی جددی بنرێت. پێویستە سیستەمی پەروەردە بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێداچوونەوەی پێدا بکرێت و گرنگی زیاتر بە پەروەردەی ئەخلاقی و بەها مرۆییەکان بدرێت. هەروەها پێویستە خزمەتگوزارییە دەروونییەکان فراوانتر بکرێن و دەرفەتی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشە دەروونییەکان بڕەخسێت.

کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و گۆڕینی ئەم کولتوورە نەرێنییەدا بگێڕن. هەروەها پێویستە میدیا و ڕۆشنبیران گرنگی زیاتر بە بڵاوکردنەوەی نموونە باشەکان بدەن و هانی خەڵک بدەن بۆ پشتیوانیکردن لە یەکتر.

گۆڕینی ئەم دۆخە کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە کات و هەوڵی بەردەوام هەیە. بەڵام بە هاوکاری یەکتر و بە پشتبەستن بە زانست و تێگەیشتنی دروست، دەتوانین هەنگاو بەرەو کۆمەڵگایەکی تەندروستتر بنێین کە تێیدا چاکە و دڵسۆزی پاداشت بکرێنەوە نەک سزا بدرێن.




نامــەکــانـم.. 1.. شەماڵ بارەوانی

نامەی یەکەم

ئازیزەکەم، ماوەیەکە هەستێکی زۆر نامۆ و سەیر دەمهاڕێت! زۆر هەستەوەر و میزاجیی بوومه، زووش هەڵدەچم. دەمەوێ ئەو ڕاستییەت پێ بڵێم، هیچ مەیلێکیشم بۆ ژیان نەماوە. هەست دەکەم من سەر بەم جیهانە نیم و خۆم بە غەریب دەزانم لەنێو ئەوانی تر. هەندێک جار دەڕۆمە چۆلەوانی و زۆر چێژ لە بەسەرخۆداخران و تەنیایی و گریان دەبەم. هەندێک جاری تریش حەزم لێیە بڕۆمە ناو ئاپۆڕا و تا هێزم تێدایە بدەمە قاقا. هەندەک جار وەکو هەرزەکارێک دڵم بۆ ژیان لێدەدات و دەمەوێ بە هەموو هێزمەوە ئامێز لە باڵای گەردوون وەربێنم. هەندێک جاری تریش ڕقم لە هەموو بوون دەبێتەوە و ئارەزوو دەکەم وەکو سوریالستێک بەسەر هەموواندا بڕشێمەوە. دەمێک زۆر گەشبینم و وا دەزانم هەموو ڕێگاکان دەڕۆنەوە ماڵی دڵخۆشیی. دەمێکی تر هەموو خەندەکانم دەکەمە ناو سەبەتەی بێمانایی وجوود و دەڵێم پووچگەرایی بۆ من تەنها پەنجەرەیە کە تێیدا لە هەموو بوون بڕوانم و هێندە لە زەلکاوی ڕەشبینی ڕۆ دەچم، شۆپنهاوەر* بە تاقە پەیامبەری خۆم دەزانم. گاوێک ئارەزوو دەکەم لەگەڵ سەمفۆنیایەکی جیهانیی سەمایەکی زۆربایی دەست پێ بکەم. گاوێکی تر ئشتییا دەکەم بڕۆمە خەلوەتی گۆشەگیری و تەنانەت گوێم لە دەنگی ترپە جاڕسکەرەکانی هەناسەکانی خۆشم نەبێت. لەوانەیە تۆ و هەمووان ئەوە ناو بنێن شێتیی! بەڵام من بڕوام وایە کە هێشتا کاتی شێتبوونم ماوە. با ئەوەشت پێ بڵێم، من کەسێکی لاوازم و ناتوانم ململانێ لەگەڵ تەنیایی، مەرگ، شێتیی و نەخۆشیدا بکەم. دەترسم ڕۆژێک بێت و چیتر بەرگەی ئەو دۆزەخە نەگرم کە پێی دەڵێن ژیان. تۆ پێم بڵێ چار چییە؟ هەرگیز حەزناکەم جارێ پێشوازی لە مەرگ بکەم، بەڵام ئایا دەبێ ڕێگەیەکی تر هەبێ؟ هەر بەڕاستی، تۆ بڵێی ئەوە نەخۆشیی یان جۆرێک لە شێتبوون نەبێت کە من تووشی بوومە؟

شەماڵ بارەوانی
ـــــــــــــــــــــــــ
*ئارسەر شۆپنهاوەر، فەیلەسووفێکی ئەڵمانییە و بە فەیلەسووفە ڕەشبینەکە ناسراوە.




کاتی خۆی.. پشکۆ ناکام

….موسڵمانەکان لە مێژووی خۆیانا دوو جار ڕوویان کردۆتە ئەوروپا ، جاری یەکەم لە زەمانی فتوحاتی ئیسلامی بۆ داگیرکردنی ئەوروپا و بە شەق وەکو ناوچە عەرەبییەکان ئەوروپییەکان بخەنە ناو ڕەعییەتی ئیسلامییەوە کە خۆشبەختانە بۆیان نەلوا ، جاری دووەم موسڵمانەکان وەک پەناهەندە ڕوویان کردۆتە ئەوروپا بۆ دابین کردنی مەعیشەت و سەلامەتیان ، واتا وێڵی ئازادی و نانن، موعادەلەکە هەڵگەڕاوەتەوە : جارێک داگیرکردنی کافرستان و جارێک سواڵکردن لە کافرەکان…
زۆر جار گروپە ئیسلامییەکان{ داعش، ئیخوان ، سەلەفی ، قاعیدە} بێ منەتی خۆیان لە خێر و بەرەکەتی کافر و مولحیدەکان دەرئەبڕن و هەموو خۆشگوزەرانی ژیانیان بە نیعمەتی خوا ئەزانن!!
ئەگەر ڕۆژێ وەک گریمانەیەک ئەوروپییەکان فەزڵی خۆیان لە ئیسلامییەکان سەننەوە ئەبێ چی ڕووبات.؟ بە بێ شک قوڕ ئەکرێ بەسەری هەموویانا هەر وەک چۆن خۆیان قوڕیان کردوە بەسەر خەڵکی ووڵاتەکەیانا ، وەک نمونەیەک گەر مولحیدێکی ئەهلی جەهەنەمی وەک “ئەدیسۆن ” نەبوایە تا ئێستاش موسڵمانەکان ئەبوایە بە چرا و مۆمەوە بە چواردەوری کەعبەکەیان بسوڕانەوە ، ئەوروپی و بەرازخۆرەکان سەیارەیان دروست نەکردایە تا ئەمڕۆش ئەبوایە موسڵمانەکان بە حووشتر یان ووڵاخ هات و چۆیان بکردایە ، ئەوهەموو داهێنان و دۆزینەوە پزیشکیانەی ئەوروپییە مونافیقەکان نەبوایە موسڵمانەکان وەک هەزار و چوارسەد ساڵ لەمەوپێش بە هەزارانیان لێ ئەمرد و لەوانەیە هەڵامەتیش بەس بوایە بۆ قەرەبااڵغ کردنی سەرقەبرانەکانیان ..دروست کردنی تەیارە لە لایەن مولحیدەکانەوە نەبوایە ئەمڕۆ هیچ موسڵمانێکی دەوڵەمەنی قۆڵبڕ نەیئەتوانی بە ئاسانی بچێ بۆ ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی پزیشکیی چونکە بە دوعا و مەولو بوایە نابێ هیچ موسڵمانێ ” قەبز”یش بێ ، کەواتە لێرەیا کاکی موسڵمان بە خۆی و بەرماڵێکە دوو جار خێری لە بەرەکەتی کافرەکان بینی و بە مەمنونییەوە بینی جارێک بە وەرگرتنی تەیارە و جارێکیش بە وەرگرتنی عیلاج ، نوکتەش ئەوەیە کە چاک بۆوە مەولویەک ئەکا لەبەر ئەوەی خوا شیفای کرد !!! لە خۆی ناپرسێ بۆ پێش ئەوەی ئەو هەموو پارەیەی کە بە ساختەچێتی دەستی کەوتوە سەرف بکا لە سەفەر و عیلاجی ژێر دەستی دکتۆرێکی مونافیقا هەر کە نەخۆش کەوت مەولویەکی بکردایە تا خوا شیفایەکی بۆ بناردایە …..گەر یەکسانی ئافرەت وپیاو وەک بنەمایەکی فەلسەفەی ژیان لە ئەوروپاوە نەگەشتایە ووڵاتە ئیسلامییەکان و ژنیش نەبوایە بە دکتۆر ئەوا مەلا ژنەکان هەر بەدەم نەخۆشییەوە ئەتلانەوە ، بوونی سەدان ژنە دکتۆری بەتوانا و سەربەرز وای لە مەلا مێشک بەستوەکان نەئەکرد بڕۆن شەرحی پڕ و پووچ بهێننەوە بۆ ئەو حەدیس و ئایەتانەی ئافرەت بە ” ناقص العقل” لە قەڵەم ئەیا…
گەر عیلمی کافرەکان نەبوایە تا ئەمڕۆش خەڵک وای ئەزانی ڕۆژ بە چواردەوری ئەرزا ئەخولێتەوە چونکە پێغەمەری ئیسلامییەکان وای ووت بوو….کاتی خۆی.




تا.. شیعری سەلام عومەر

چەند پەنجەیەكم كەوتوون و
پرچیشم لە هەڵوەرینە
تا چاوەكانی بردووم و
جەستەشم پڕ لە برینە


بۆیە لە كەسێك دەگەڕێم
ئازارم بیر بباتەوە
نەك لە هەموو چركەیەك دا
قەتماغەم لێ‌ هەڵداتەوە


شەویش نییە خەونی ناخۆش
ئارامیم لێ‌ نەشێوێنێ‌
رۆژیش نییە هەندێ‌ هەواڵ
بەرنامەم هەڵنەوەشێنێ‌


ئێستا كۆڵبەرێكی برسیم و
نان بۆ سنووری بردمەوە
نەخۆشێكی بێچارەم و
دیسان تا سووری كردمەوە




کۆبونەوەی ساڵانەی دەزگە دراوییەکانی سەرمایەداریی چارەسەری گرفتەکانی ناکات.. زاهیر باهیر

لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەی ساڵانەی صندوقی دراوی نێودەوڵەتی ، بانقی جیهانی و نوێنەری بانقی مەرکەزی ئەوروپا و وەزیرەکانی دارایی وڵاتانی ئەوروپا لە واشنگتۆن دی سی سەبارەت بە هەندێك گرفتی سەرەکی جیهان دەکرێت. لە ڕاستیدا گرفتی سەرەکی جیهان خودی سیستەمەکەیە کە ئەم دەزگە دراویانە خۆیان بەشێکی گەورەی سیستەمەکەن لەتەك پایە سەرەکییەکەی کە دەوڵەتەکانن.

ئەوەی کە خاڵی سەرەکییە و پێشبینی دەکرێت کە لەم کۆبوونەوەیەدا قسە و باسی لەسەر بکرێت چەند پرسێکین. لەوانە ژینگە و تێكچوونی ئاو و هەواو ڕوودانی تۆفان و لافاو لە زۆر شوێن، تەنانەت لە وڵاتانی کە دەکەونە ناوچەی نیمچە بیابانەوە هەروەها بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تا ئەو ڕادەیەی کە دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی زۆر لەو شوێنانەی کە پلەی گەرما زۆر زۆر بەرز دەبێتەوە.
بە گوێرەی بۆچوونی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە گرفتی سەرەکی سیستەمەکە سێ گرفتن: گەشەنەکردنی ئابووری، کە گوایە ئەمە گرفتی سەرەکییە و جیهان پێوەی دەناڵێنێت . گرفتی دووەم گرفتی قەرزارییە کە 146 دەوڵەتی جیهان بە دەوڵەمەند و هەژارییەوە بە ڕێژەی جیا جیا قەرزارن. گرفتی سێیەم وەکو لە سەرەوە وتم گرفتی ژینگە و تێكچوونی کەش و هەوایە.

گەشەنەکردن: ڕاپۆرتەکانی کە لەسەر گەشەی ئابووریی دراون دەڵێن لە سالی 2008وە دوای ڕوودانی قەیرانە داراییەکە وڵاتە دەوڵەمەندەکان دووچاری دابەزینی گەشەی ئابووری هاتوون و ئەمەش گرفتی دروست کردووە.
لە ڕاستیدا گرفتی گەشەنەکردن یاخود دابەزینی گەشەی ئابووریی وڵاتان لە سای سیستەمی هەنووکەدا دوو گرفتی گەورە دروست دەکات : یەك: گرفتی بە دواهاتنی قەیرانەکان و وابەستەی قەیرانەکان، واتە قۆرتەکانی . دوو: دابەزینی گەشەی ئابووریی یانی بوونی بەتاڵەی زیاتر ، زیادبوونی نرخی پێداویستییەکانی ژیان ، یانی کەمبوونەوەی دانی تەکس ( باج) واتە نوقسانی لە بوجەی دەوڵەتدا. نوقسانی بوجەی دەوڵەتیش یانی کەمکردنەوەی بیمەکان و بڕینی پارەی خزمەتگوزارییەکانی وەکو قوتابخانە و خەستەخانە و شارەوانی بە هەموو بەشەکانییەوە هەروەها نەدانی یارمەتی و هاوکاری نەکردنی ولاتانی لێقەوماو و لەمەش زیاتر یانی قەرزکردنی زیاتر لە لایەن حکومەتەکانەوە، کەواتە بوون بەژێر قەرزی نەتەوەیی زیاترەوە.

قەرز و قەرزاریی: بە هۆی ئەوەی سەرەوە و تەماحی زۆری خاوەنکار و کۆمپانیاکان لە کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتردا دەوڵەت ساڵانە قەرز دەکات، قەرزیش دانەوەی هەیە و دانەوەکەشی بە ڕێژەیەکی بەرزی سووە کە دەبێت دەوڵەت بیداتەوە گەر نەیداتەوە ئەوە سووەکە دەچێتە سەرەوە و کەڵەکە دەبێت.
لەم بارەدا با سەرنجی هەندێك لەو وڵاتانە لە کۆی 146 وڵاتی قەرزار بدەین کە قەرزەکانیان وەک پێوەرێک، بە ڕێژەی داهاتی نیشتمانی لێکدەدرێتەوە، کە لە ئەوروپا و ئەمەریکا بە (GDP) ناودەبرێت، کە پێوەری بەردەوامیی قەرزەکان بە گوێرەی ئەوە دەخەمڵێنرێت.

ڕێژەی قەرزەکانی ئیتاڵیا بەرامبەر بە داهاتی ناوخۆیی (GDP) لە سەرووی 130% دایە، لە کاتێکدا ڕێژەی قەرزی ئەمریکا لە 124%دایە. یۆنان ڕێژەی قەرزەکەی نزیکەی 160% و ژاپۆن ڕێژەی قەرزەکەی زیاتر لە 260 %. بریتانیا لەم دواییەدا قەرزەکەی چووە سەرووی 100%وە. صندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات قەرزی گشتی جیهانی تا کۆتایی ئەمساڵ 100 تریلۆن دۆلار تێپەڕێنێت.
هاوکاتیس ئەو ڕاپۆتە هەڵسەنگاندنێکی پێشوەختیشی بۆ گەشەی ئابووری هەندێك وڵاتی گروپی حەوت کردووە لەوانە دەکرێت ئەمساڵ بەریتانیا سێیەم خێراترین ئابووری هاوبەش بێت لە گروپی حەوتەمدا، هاوتەریب لەگەڵ فەرەنسا و لە پشت ئەمریکاوە کە لە ڕێڕەوی گەشەکردنیدایە بە ڕێژەی 2.8% و کەنەدا کە پێشبینی دەکرێت بە ڕێژەی 1.3% گەشە بکات. ئیتاڵیا بە ڕێژەی 0.7% ، گەشەسەندنی ئابووری ژاپۆن بە 0.3% . گەشەسەندن لە ئەڵمانیا سفر دەبێت ئەو لە ئێستادا لە ململانێیەکی سەختدایە لەگەڵ ئابوورییەکەیدا.
ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی خێرخوازی دژە هەژاری گەشەپێدانی دارایی نێودەوڵەتی (DFI) دەریدەخات کە ڕێژەی دانەوەی قەرزەکان لە 42%ی تێچووی خزمەتگوزارییەکانە. واتە ئەگەر بڕ یار بێت کە 100 دۆلار بۆ خزمەتگوزارییەکان تەرخان بکرێت لە سەدا 42ی ئەمە دەدرێتەوە بە قەرزەکە. ئەمە لە لیستی 146 دەوڵەتەکەدا کە وڵاتانێکین کە تا ڕەدەیەك دەەوڵەمەندن بەڵام لە وڵاتانی ئەفریقادا ئەم بڕە قەرزە دەچێتە لە سەدا 55 ی خەرجی خزمەتگوزارییەکان کە دەدرێتەوە بە بانقی جیهانیی.

لەگەڵ ڕێژەی بەرزی قەرزکردندا کە لە کۆتایی ئەمساڵدا دەچێتە 100 تریلۆن دۆلار، کە وڵاتە دەوڵەمەندەکان زیاتر قەرزارن، پرسیارەکە ئەوەیە کە پارەی ئەم قەرزە بۆ کوێ دەڕوات؟ بێ گومان بەشێکی بۆ جەنگ و بەرپاکردنی جەنگە هەروەها بەشێکی تری بە گەندەڵی دەڕوات ، بەشێکیشی بە هاوکاری هاووڵاتانێك کە خودی دەوڵەت و سیستەمەکە ئەو بارودۆخەی خولقاندووە، ئەمە جگە لەوەی کە خودی دەوڵەت و ئیدارەکانی بیرۆکراتین. هەر ئەو هۆکارانەیە و هەندێکی دیکە کە دەبینین بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی بانقی جیهانی 700 ملیۆن کەس لە جیهاندا ڕۆژانە لەسەر تەنها 2 دۆلار و 15 سێنت دەژین. هەر هەمان ڕاپۆرت ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە زیاتر لە 3 دەیەی دەوێت تاکو ژیانی ئەو 700 ملیۆن کەسە لە جیهاندا لە قۆناخی هەژاری ڕەها دەربکرێت. لەسەدا 44 ی دانیشتوانی جیهان کە دەکاتە 3 ملیار، ڕۆژانە لەسەر کەمتر لە 6 دۆلار و 85 سێنت دەژین.
سەبارەت بەبەرزکردنەوەی ژیانی ئەو 3 ملیار کەسەش ئەوە چیرۆکێکی جیاوازە ئەگەر ئامانجەکە گواستنەوەی داهاتی ئەو 3 ملیار کەسە بێت بۆ سەرووی 6.85 دۆلار لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بۆشاییەکی دیکە دروست دەکات لە ژیانی خەڵکدا کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بە ڕێژەی 46% لە سەرووی ئاستی ساڵی 2019دا.
ئەی چارە؟

بێ گومان بۆ هەموو گرفتێك چارە هەیە چونکە ڕوودانی گرفت لە روودانی هۆکارێکەوە یا ڕووداوێکەوە ڕوودەدات. بەڵام لە دید و بوونییەی سەرمایەداری و سەرمایەدارانەوە و ئەو چارەسەرانەی کە بۆی دادەنێن هەرگیز چارەسەرێکی یەکلاییکەرەوە نییە . حەلی یەکلاییکەرەوە خودی سیستەمەکە هەڵدەتەکێنێت و دژ بە ئامانجی ئەوانە کە بەردەوامیدانە بە سستەمەکە و زیاتر چەسپاندنی.
هەر بۆ نموونە هەموو ئەو قەرزانە کە لە لایەن بانقی جیهانی و دەزگە دراوییەکانی دیکەوە دراون هەمووی بە مەرجی قورس دراون کە کەمەری دانیشتوانی وڵاتە هەژارەکانی شکاندووە، بە برسی کردنیان، بە بەرزرکردنەوەی نرخی پیداویستییەکانی ژیانیان، بە بەتایبەتیکردنی کەرتە خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت…تد . هەر خولقاندنی ئەم بارودۆخەیە کە زۆرێك لە ئابووریناسەکان لە ناو خودی ئەو دەزگە دراوییانەدا و لە دەرەوەیان بیر لە کوژاندنەوەی ( هەڵوەشادندنەوەی) ئەو قەرزانە دەکەن و جەدەلێکی گەورەی لەسەرە. تا ئێستا دەزگە دراوییەکان و کاربەدەستانیان بەمە ڕازی نین چونکە ئەمە کارێکی زۆر قورسە گەرچی ئەوان لە ڕێگای بەرزی ڕێژەی سووەکانەوە دەمێکە بڕی پارە ئەسڵییەکە کە بە قەرز داراوە وەرگیراوەتەوە.

لەمانەش زیاتر کۆمپانیا گەورەکانی وەکو نەوت و خەڵوزی بەردینی و سەیارە و گۆشت بە هەموو جۆرەکانییەوە و سوپەرمارکێتەکان و ئەوانی تریان هەرگیز نەك هەر ئامادە نابن کە دەستبەرداری زیاتری قازانجیان ببن بەڵکو بە هیچ شێوەیەکیش ناتوانرێت لغاو بکرێن . کردنی قازانجی زیاتریش لەسەر حسابی هەژارکردنی زیاتری دانیشتوانە ، لەسەر حسابی تێکدانی ژینگەیە و هەڵکەندنی خەڵکانێکی زۆر لە ڕێ و شوێن و زێدی خۆیان ، کەمکردنی داهات و زیاتربوونی هەژاری و بەتاڵەییە ، ئەمەش یانی ئەو وڵاتانەی کە توشی ئەم نەهامەتییە دەبن کە هەرە زۆرینەیان وڵاتانی هەژارن دەبێت چاوەڕوانی هاوکاری و یارمەتی بن، ئیدی وەکو خێر یاخود وەکو قەرزێك کە بەهۆی دانەوەیەوە کە سووەکەی بەرزە هەتا ماون دەبێت پێوەی بناڵێنن.
لە لایەکی دیکەوە صندوقی دراوی نێو دەوڵەتی باوەڕی وایە لەکاتێکدا ترەمپ خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە5ی ئەم مانگە ئامادە دەکات، پلانەکانی بۆ سەپاندنی باجی بەرچاو ( گومرگ) بەسەر کاڵا هاوردەکراوەکاندا خستۆتە ڕوو، سیاسەتێک کە پێدەچێت زنجیرەیەک ڕێوشوێنی تۆڵە سەندنەوە بێت. پێشبینی دەکرێت لێرەدا چین بە ئامانجی سەرەکی بگیرێت، هەرچەندە کاڵاکانی یەکێتی ئەوروپاش لەبەر چاویدان، واتە ئەوانیش دەکرێت هەمان چارەنووسیان هەبێت. ئەم نیگەرانیەی صندوقی دراوی نێودەوڵەتی گریمانی خراپتربوونی بارودۆخەکە زیاتر دەکات تاکو باشبوونی .
کەواتە تەنها چارەسەرێك هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی ئەم سیستەمەیە و جێگرتنەوەیەتی بە سیستەمێك ژیانی مرۆڤەکان مەبەستی بێت ، سیستەمێك کە پارە و هەموو چەشنەکانی خاوەندارێتی بە خاوەندارێتی دەوڵەتیشەوە لەناو بەرێت و بەخاوەندارێتی گشتی جێگەی بگیرێتەوە، ئابووری کۆمەڵگە چەك و بنەمای خۆشگوزەرانی ژیانی خەڵکەکەی بێت لەبری ئەوەی وەکو چەك و بنەمای برسیکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایەو چەك و تەقەمەنی جەنگ دژ بە دانیشتوان بەکاربهێنرێت.

زاهیر باهیر
23/10/2024

………………
تێبینی : هەموو ئامارەکان لە دوو ئابووریناسی بریتانییەوە : Phillip Inman, Larry Elliott وە وەرگیراون .




بینراوى هونەرى و گوتراوى شیعرى لە تابلۆ/ قەسیدەى (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات)ى لازۆ ئازاد.. خوێندنەوەى: عەبدولموتەلیب عەبدوڵلآ

دەق: لازۆ ئازاد

(1)
هونەرى وێنەكێشانى كلاسیكى تەكنیكى (لەیەككۆبوونەوە)ى شێوە و هێل و توخم و سێبەر و رەگەز و رەنگەكان، بە مەبەستى (دانوستاندن) و نیازى دیاریكراو پەیرِەو دەكات. هونەرى وێنە دیجیتاڵییەكان جیاواز و تایبەتن بە شێوە و هێل و وێنە بینراوەكانی هونەری كۆمپیوتەرەوە و زێتر گفتوگۆ لەیەكتریان نزیك دەكاتەوە.
لە هونەرى وێنەى دیجیتاڵى تەكنیكى دووبارەكردنەوە و شێواندنی هێل و رەگەز و توخمەكان دەبینرێت و هەموو ئەوانە هەندێكجار دەكرێت ببنە هۆی وێنەكردنی ئەبستراكت، یان تابلۆی سێ رِەهەندی و بەكارهێنانی واقیعی میتافۆرِئامێز.
هونەرى وێنە دیجیتاڵییەكان لە هونەری هاوچەرخدا گەشەی كرد و كەمتر پەیرِەوى نیازى دیاریكراو دەكات و خۆی لە ئازادى (گفتوگۆ)دا سەپاند. واتە لە هونەرى (نێت)دا چەندین شێوە و رەگەز و تایبەتمەندی جیاوازى وەك رِاستی مەجازی، رِاستی گەورەكراوە… نمایان دەكرێت.
(2)
(ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات) وەك تابلۆى شیعرى چەندین شێوە و هێل و توخم و سێبەر و رۆناكى و رەنگى جیاوازى وەك (دۆزینەوە، ئەزموونكردن، میهرەبانى، وردبینى و هەستكردن بە شتەكانى دەوروبەر، تایبەتمەندێتى هەستى ژنانە…)ى لەخۆگرتووە و هەموو ئەوانە وەك بەشى لێكجیاواز كاریگەریى و رۆڵى خۆیان لەسەر دەروونى شاعیردا دەگێرِن و وەك وێنەنێت لە دووبارەكردنەوەى پرسى بوونگەرایى و شێواندنى شێوە و هێل و سێبەر و رۆناكى و توخمەكان و وێنەكردنی ئەبستراكت … نزیك دەبنەوە. لەوێشەوە شێوە و هێل و سێبەر و رۆناكى و توخم و رەنگى وێنەكێشانى كلاسیكى بەجێدەهێلێت و شێوە و هێل و وێنە جیاوازە بینراوەكانی هونەری كۆمپیوتەر دەپۆشێت.
ئەو قەسیدەیە وەك تابلۆ سەر بە وێنە ئاوێتەكانى هونەرنێتن! خەسڵەتەكانى ئەو هونەرە بەرجەستە دەكەن! خەسڵەتەكانى ئەو هونەرە ئەوەیە، كە (گفتوگۆ) لەنێوان شێوە و هێل و رەگەز و توخم و بەشە جیاوازەكانى وێنەكان بوونى هەیە، بەڵام بێ‌ ئەوەى هیچییان ببنە سێنتەرى مەبەست. لێرەدا هونەرى وێنەنێت و هونەرى كلاسیك لە جیاوازى نێوان چەمكى دانوستاندن و چەمكى گفتوگۆدا خۆیان دەبیننەوە.
دواجار پێكهاتەى پرسى (دانوستاندن)ى ئەو تابلۆیە لە زمانى (گفتوگۆ)ى نووسراودا، یان بە مانایەكى دیكە خۆ بەیانكردنى وێنەى (بینراوى تابلۆ) لە زمانى (گوتراوى شیعری)یدا لە رێگاى ئەویدیكەى (خوێنەر/ وەرگر)ى جیاوازەوە جوانتر دەبینرێن و هەستیان پێدەكرێت. وەك چۆن لە ناوەوەى شاعیر (زمانى گوتراو و وێنەى كێشراو) هەردووكیان لە هەمان كاتدا (رەنگى تایبەتى تابلۆ) و (زمانى بەكارهێنراوى تایبەت)ن بۆ كەمكردنەوەی ئازار و ترس و نائومێدى و تاسە و خەمى ناوەوەى شاعیر، بەڵام بێ‌ ئەوەى (چ وەك پێكهاتەى تابلۆ، چ وەك زمانى بەكارهێنراوى گوتراو) بتوانن رەنگى (كاتى لەدەستچوو) و زمانى جوانییەكان لە پرسى بێكۆتایى (بۆ كوێ‌ دەچین) بگەرِێننەوە؟!
(3)
لازۆ ئازاد لە شاری (سلێمانی) لە گەرِەكی (سابونكەران) لە دایكبووە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی (مەحوی) بووە و پاشان تا دووی ناوەندی لە (دواناوەندی ژینی كچان)ى خوێندووە. لە سەرەتای ساڵی (200)ەوە لەگەڵ خانەوادەكەی كوردستانی جێهێشتووە. لە وڵاتی (سوید) خوێندنی ناوەندی وپاشان دواناوەندی بەشی ئەدەبی تەواو كردووە. ئێستا نیشتەجێى وڵاتی بەریتانیایە لە ساڵى 2015 بەشی كۆمەڵناسى لە زانكۆی (نیومان) بە تەواو كردووە و بەكالۆریس و پاشان برِوانامەى ماستەرى هەر لەو زانكۆیە بە دەستهێناوە.
لازۆ ئازاد ماوەی (24) ساڵە لە بەریتانیا دەژى و لە یەكێك لە رێكخراوە خێرخوازییەكان لە بێرمینگهام‌ – بەریتانیا راوێژكاری كۆمەڵایەتییە. دەڵێ‌: هەریەك لە ژیان و مرۆڤ و جوانی سەرچاوەی ئیلهامی شیعرەكانمن. جگە لە پیشەی شاعیری كاری خێرخوازیش دەكەم، ‎بە تەنها و بە هاوبەشیش كاری خێرخوازیم كردووە و بەردەوامم، مەرج نییە شاعیر كاری خێرخواز بكات، بەڵام من بە هیچ شێوەیەك شیعرم بۆ بژێوی ژیان نە نووسیوە.
بەرهەمەكانم بریتین لە (كراس رەش بە هاوبەشییە، 2007 دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، شازادەی كۆشكی رەش، 2013 دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، كتێبی نووسینەوەی هەزار و یەك خەون، ساڵى 2016 ناوەندى غەزەلنووس). سەبارەت بە نوێترین بەرهەمیشم تا ئێستا برِیارم لە ناونیشانەكەی نەداوە. برِواموایە گرنگە لە كوردستان دادوەریی بوونی هەبێت.
لازۆ ئازاد لە ساڵى 2023 دا لەلایەن بەرێوبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى و هونەرى سلێمانى خەڵاتى رێزلێنانى پێبەخشراوە.

ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات

رِەنگی شینی ژێر ملی باڵندە، دوای مردنی، دەچێت بۆ كوێ؟
‎خەونەكانی من كە دەبنە خۆڵەمێش و نایەنە دی، دەچن بۆ كوێ؟
‎تامی گەرمی دوو زمانی لێكئاڵاو دوای دابران، دەچێت بۆ كوێ؟
‎هەڵمی هەناسەی دوو دڵدار لە ناو تۆفانی خەوتوودا، دەچێت بۆ كوێ؟
‎من كە ساڵانێكی زۆر، دووری تۆ نەخۆشی خستبووم،
‎نزیكیمان دوای ئەو هەموو بریندارییە باری كرد بۆ كوێ؟
‎ئەو هەموو هیوایە كە لە سنگدا دانە دانە دەترووكان و باڵەكانیان دەكردنەوە،
‎دوای هەوری تاریك و تەم، چوون بۆ كوێ؟

‎خەونمان هەبوو،
‎چیرۆكمان هەبوو،
‎برینمان هەبوو،
‎ئەو هەموو شتەی دەكرا بیبەخشین و نەمانبەخشی، بوون بە چی؟

‎تۆ هەرگیز خەونی خۆتت ناشتووە چونكە نەتزانیوە دەچێت بۆ كوێ؟
‎برینی خۆتت بە گوڵە ئەرخەوان پێچاوە و پێت وابووە چاك دەبێتەوە؟
‎دانت بە خۆتدا گرتووە بۆ ئەوەی نەگریت و كەس بە چاوی بەزەیی ساختە سەیرت نەكات؟
‎بۆ ئەوەی بە دەنگی بەرز نەڵێیت، ئێوە خاشاكن!
‎بەدەم دوژمنەكانتەوە بە تامی دۆست پێكەنیویت بۆ ئەوەی چەقۆیەك كەمترت لێ بدەن؟
‎لە دوای ئەڤینی شكستخواردوو، بزمارت لە تابوتی خۆت داوە بە ئومێدی مردن؟

‎من ئەو رۆژانە دەستم بە دڵی شكاومەوە گرتبوو و رِام دەكرد،
‎گوێم لێبوو دەیانگووت شێتە.
‎وەك منداڵ بۆت دەگریام، دەنگم دەرنەدەهات،
‎وەك توتكە سەگی لاكۆڵان دەنوزامەوە.
‎چونكە تۆ نەتزانی كە رۆیشتم، ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات،
‎كە بەجێم هێشتی تۆفانەكەت بە دوامەوە بوو،
‎بێ ئاورِدانەوەش
‎تارماییت لە پێشمەوە رِێی دەكرد.

‎بەڵام دەموویست پێش مردنم،
‎رِەنگی
‎شینی
‎ژێر
‎ملی
‎باڵندە
‎ببینم….

كاتى لەدەستچوو
لەنێوان بینین و گوتندا

چەمكى بینین و گوتن دوو شێوەن لە چۆلایى رەنگى تابلۆ و زمانى بەكارهێنراوى شاعیر! بینین فیكرە، گوتنیش فیكرە، بەڵام ئەوەى بینین و گوتن لێكجیا دەكاتە بۆشاییە (یان پرسى كاتى لەدەستچوو -بۆ كوێ؟)یە، بەو مانایەش لە تابلۆ/ قەسیدەى (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات)دا بینین و گوتن هەردووكیان پرسیار و بیركردنەوەن لە بۆشایى كاتدا! واتە بیركردنەوە و پرسیارەكانى شاعیر دەكەونە جیاوازى/ بۆشاییەوە! بە دیوەكەى دیكە ئەوە جیاوازى/ بۆشاییە (بینین) و (گوتن) لەیەكجیا دەكاتەوە. ئەوە (شیعرییەت)ە وێنەنێت و گەردەلوولى رووتى زمانەوانى لەیەكجیا دەكاتەوە. دەمەوێ‌ بڵێم ئەو تابلۆ/ قەسیدەیە وەك (زمان) بۆشاییەكان، یان پرس و بیركردنەوەى (بۆ كوێ؟) شیعرییەت دەخەنەوە و وەك (وێنەنێت) جیاوازى راستى گەورەكراوەكان نائومێدى دەنوێنن.
پرس و بیركردنەوەى شاعیر سەر بە دەرەوەیە (دەچن بۆ كوێ؟) سەر بە شیعرییەتە، بەو مانایەش دەرەوە (گەردەلوولێكى رووت)ە و نێوانى گوتن و بینین دەشێوێنێ‌؟!. (ژیل دۆڵۆز) لە كتێبى (لە دەرەوەى فەلسەفەدا، وەرگێرِانى عەبدولسەلام بنعەبدئەلعالى و عادل حدجامى) دەڵێ‌: ” نیچە پێچەوانەى فەیلەسوفانى كلاسیك لە رێگاى ناوەوە (نەدەتوایەوە) بۆ ئەوەى دواتر بەرەو دەرەوە خۆى بەیان بكات، بەڵكو فیكر و نووسینەكانى لەسەر پەیوەندییە راستەوخۆییەكانى دەرەوەدا دەچەسپاند. ل4″ بیركردنەوەى كلاسیك بەرەو ناوەوەیە، بەڵام دەرەوە وەك گەردلوولى تەنیا دووانەى بینین و گوتن دەهەژێنێ‌… لازۆش ئەگەرچى لە رێگاى وێنەنێتەكانەوە راستى گەورەكراوى جیاواز دەكێشێ‌، بەڵام لە رێگاى پرس و بیركردنەوەى (بۆ كوێ‌) ئەو وێنەنێتانە دەكەونە دەرەوەى كات و بۆشایى و لە گەردەلوولى رووتى زمانەوانیدا شیعرییەت دەخەنەوە. بەو مانایەش بۆشاییەكانى شیعرییەت، جیاوازییەكان (خوێنەر/ وەرگر) بونیاد دەنێت و راستى گەورەكراویش جیاوازى ئازارەكانى ناوەوە بەرجەستە دەكەن.
دەمەوێ‌ بڵێم لە سەرەتاوە شێوازی پرس و بیركردنەوە و بەها و هەستەكانی شاعیر لە قەسیدە/ تابلۆى (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات) بەشێوەی هێل و سێبەر و رۆناكى و توخم و رەنگە جیاوازەكانى وێنەنێت ئازارەكان ئاشكرا دەكەن و دواتر وەك گەردەلوولێكى رووتى زمانەوانى لە دەربرِینى گوتنى جیاوازى شیعرییدا خۆیان دەنوێننەوە.
لە زۆرباردا ئەو قەسیدە/ تابلۆ هونەرییە (توانەوەى ناوەكى و بێهودەیى كاتى بەسەرچوو) وەك دەرخەری باری دەروونی/ زمانى (لازۆ)ى شاعیر بەیان دەكەن و بە دیوەكەى دیكەش وەك شێوازی چارەكردنى دەروونى دەكەونەوە و ئاڵۆزی (دەروونی/ زمانى) كەمدەكەنەوە.
ئەو خوێندنەوەیە لە رێگاى گەردەلوولى رووتى گوتنى شیعرى و وێنە بینراوەكانەوە بە دواى ئەو چارە (دەروونی/ زمانی)یەدا ناگەرِێت. بەڵكو هەوڵى بە جێگۆرِكێكردنى شێوەگرتنى گوتنى وێنەیى و بەرهەمهێنانی شیعرییەتنێت دەدات. بە مانایەكى دیكە لە هەوڵى ئەوەدایە كە پێمانبڵێت دەشێ‌ پێچەوانەش راست بێت.

هێزى وێنەنێت، بۆشاییەكانى شیعرییەت
پەیوەندی نێوان كارە هونەرییەكان و سایكۆلۆژیا، هەزاران ساڵ پێش ئێستا بۆ سەردەمی كاتارسیس دەگەرِێتەوە. بەڵام كارپێكردن بە سایكۆلۆژیای هونەر، لە فرۆیدەوە سەری هەڵداوە. لەو خوێندنەوەیەدا بۆ تێگەیشتنى هێزى بینینى وێنە و دەربرِینى گوتنى شیعری پێویستە وەك دۆلۆز جیاوازى لەنێوان (چۆلایى) و (دەرەوە)دا بكەین. چۆلایى هەتا ئێستا شێوەیە. بەڵام دەرەوە هێزەوە و شێوەى نییە. دەرەوە لە مەسافەكان پێكهاتووە، بەڵام چۆلایى بەیەكەوەبوون دەگەیەنێت. ئەگەر ئەو قسەیەى دۆلۆز تەرجەمەى (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات) بكەین، ئەوە لەبەرانبەر وێنەنێتەكاندا جیاوازى رِاستی گەورەكراوى ناوەوە دەبینین، لە بەرانبەر گەردەلوولى رووتى زمانەوانى بێ‌ شێوەیى شیعرییەت دیارە.
بەڵام دەبێ‌ ئەو راستییەش بڵێین كە وێرِاى جیاوازییەكانى نێوان رِاستی گەورەكراو و شیعرییەت، وێرِاى جیاوازییەكانى نێوان شێوەى هونەرى و هێزى هونەرى… بەشێكى گەورەى ئەو (تابلۆ/ قەسیدە)یە، جوانییەكان و نائومێدییەكانى ناوەوە بەرِێوەى دەبات. بەڵام بیركردنەوە و پرسیارى شیعرییەت و دەرەوە ئەوەیە، ئایا ئەو نائومێدى و ئاوات و جوانییانە بەرەو كوێمان دەبەن؟ یەكەمیان هێزى جیاوازى (بینین) فەراهەم دەكات و دووەمیان (بۆشایى) جیاوازى شیعرییەت! ئەوەش جێگۆرِكێكردنى گوتنى وێنەى شیعرییە بۆ بەرهەمهێنانی شیعرییەتنێت
بۆشاییەكان شێوەیان نییە، لە مەسافە زمانەوانییەكان پێكهاتوون. بەڵام چۆلایى لە بەیەكەوەبوونى هێل و رەگەز و رەنگەكان پێكهاتوون و شێوە بونیاد دەنێن. ئەو خوێندنەوەیە بۆ بەیەكەوەگونجاندنى هەر دوو بارەكە چەمكى پێكەوەسازان پێشنیار دەكات، چونكە ناشێ‌ شێوەى جوانییەكان و توانەوەى هێل و سێبەر و رەنگەكانى ناوەوەى (بینین)، وەك پەناگایەك بۆ هێزى دەرەوە و گەردەلوولى زمانەوانى و بۆشایى شیعرییەتى دەربرِینى (گوتن) فەرامۆش بكەین!
بێگومان لەنێوان شێوە و هێل و سێبەر و رۆناكى و توخم و رەنگەكانى بینین و بۆشاییەكانى شیعرییەت (خوێنەر/ وەرگر) دەپرسێ‌ مەبەستى ئەو (تابلۆ/ قەسیدە)یە چییە؟
لێرەدا دەتوانین بەبێ‌ بیركردنەوە بڵێین ئەوەى لەو (تابلۆ/ قەسیدە)یە روو دەدات، پرسى زمانەوانى نییە، بەڵكو توانەوەى ناوەوە شاعیرە لە كاتى لەدەستچوودا! جوانییەكان لەنێوان ئەو هێل و توخم و رەگەز و رەنگ و خاڵانە بەرەو كوێ‌ دەچن؟ ئایا لە تاریكى، لە شێوە و بەشە جیاوازەكانى كاتى لەدەستچووى ئەو (تابلۆ/ قەسیدە) هونەرییەدا دەتوانین هەستى دڵتەنگى و جێكەوتەى وێرانەیى و ئاماژە و رەمزەكانى شاعیر بۆ (خوێنەر/ وەرگر)ى شیعرییەت بگوازنەوە؟!
گوتمان توانەوە و هێزى وێنەى ناوەكى، لە چەمكى بینیندا شێوە ناگرن، ئەگەرچى پەیوەندى راستەوخۆى گەردەلوولى رووتى زمانەوانى گوتن دەهەژێنێت و شیعرییەت بۆ (خوێنە/ وەرگر) دەخاتەوە. بەڵام لەو (تابلۆ/ قەسیدە)یە (خوێنە/ وەرگر) لەسەر ماناى مانا وەستاوە. لەسەر ماناى (بینین)ى وێنەنێت لە دەربرِینى گەردەلوولى زمانەوانى شیعرییەتدا، واتە لەسەر ماناى تابلۆ لە پەیامى شاعیردا…
كەواتە زۆر شت هەیە (خوێنە/ وەرگر) بەرەو لێكدانەوە و شیكردنەوە بەرێت، بەڵام ئەوەى (خوێنە/ وەرگر) دەیەوێت زانیارى و لێكدانەوە لە بارەى شێوە و هێل و سێبەر و رۆناكى و توخم و رەنگى ناوەوەى شاعیر نییە، بەڵكو لە بارەى سەیرورەى زمان و شیعرییەتە. كەواتە (خوێنەر/ وەرگر) پێكهاتەى بینینى نیگارەكان (پرسى جوانییەكان بەرەو كوێ‌ و نەگەرِانەوەى كات) بەجێدەهێڵێ‌ و بەدواى دۆزینەوەى بۆشاییەكانەوەیە، بە دواى لادان و تێكشكانە زمانەوانییەكانەوەیە…
بەڵام ئایا كردەى پێكەوەسازانى وێنە و زمان، پرس و بیركردنەوە و دەرەوە و ناوەوە، كردەى بەیەكگەیشتنى بۆشایى زمانەوانى و شیعرییەتە؟ ئایا هیچ پرس و بیركردنەوەیەك لە دەرەوەى بەیەكگەیشتنەوە هەیە؟ ئایا شیعرییەت لە پێكەوەسازاندایە؟
بە برِواى ئەو خوێندنەوەیە راوكردنى جوانییەكانى كاتى لەدەستچوو برەو بە دارِشتنەوەى شیعرییەت لە گەردەلوولى رووتى زمانەوانیدا دەدەن. لەسەر ئەو بنەمایەش ئەگەر پێوانەكانى جوانى پەیوەست بێ‌ بە بوێرى و ئازادى (راستی گەورەكراوەكان) شاعیرەوە. ئەوە گواستنەوەى هێزى بینین بۆ شێوەگرتنى شیعرییەت، گواستنەوەى كۆتاییەكانى كاتە بۆ نەگەرِانەوە…
پرس و بیركردنەوەى بینین بۆ پرس و بیركردنەوەى گوتن، جەختكردنەوەیە لەسەر تاكگەرایى و ئازادى و گفتوگۆ بەو مانایەى كە تاك لە دەرەوەى ملكەچییەوەیە و سەر بۆ دانوستاندن و نائومێدى ناوەوە شۆرِ ناكات، بەو مانایەى كە تاك لە دەرەوەى كات مل بۆ گەرِانەوە كەچ ناكات! بەڵام ئایا ئەو جۆرە لە دەرچوون لە پەیوەندییەكان، ئەو جۆرە لە دەرچوون لە ناوەوە و لە جوانییەكان و ئاواتەكان بە راستى بەرەو مردنمان دەبەن؟ یان ئایا گەردەلوولى رووتى گفتوگۆى زمانەوانى (كات و سەیرورە)ى گفتوگۆ بەرامبەر عەقڵى بینین (مردن و نەگەرِانەوە)ى دانوستاندن دەبێتەوە؟!.
لە دەرەوەى بینین و گوتن، لە دەرەوەى بەسەرچوونى كات و نەگەرِانەوەدا، شیعرییەتى زمانەوانى، جۆرێك لە پەیوەندى ئابورى و هاوگونجان و پێكگەیشتنى وێنەنێتەكان بە شێوەیەكى جیاوازى دیكەوە (راستی گەورەكراوەكان) دەسازێنێ‌! واتە ئەو كوشتنەى (كات) وەك چۆن گەردەلوولى رووتى گفتوگۆى زمانەوانى بانگەشە دەكات، لە بینین و دانوستاندن رزگارى نەبووە و دوور نەكەوتۆتەوە، تەنها بۆ دووركەوتنەوە نەبێ‌! راستە شیعرییەت و چێژ بەجێدەهێنێ‌، بەڵام كاتى بێكۆتایى، گەرِانەوە بەجێناهێلێ‌. بە كورتى ئیشكردنى گەردەلوولى رووتى زمانەوانى، ئیشكردنە لەو شوێنانەى وێنەنێتەكان ناتوانن پەیوەندییەكانیان ئاشكرا بكەن.
كەواتە بیركردنەوە و پرسى بوونگەرایى وێنەنێتەكان رووبەرووى كاتى بەسەرچوو دەبنەوە. كاتى بەسەرچوو پێویستى بە بوێرى و ئازایەتى هەیە، بەڵام شیعرییەت بۆشاییە، بۆشاییش جیاوازییەكان دەخەمڵێنێ‌! جیاوازییەكان لە كاتكوشتنى شاعیردا پەیوەندى بە نەگەرِانەوەى گەردەلوولى سەیرورەى زمانەوانییەوە دەكەن.

هاوگونجان
لەیەككۆبوونەوە و شێواندنى توخمەكان

لەنێوان هونەرى وێنەكێشانى كلاسیكى و هونەرى (نێت)دا، لەنێوان شێواندنی توخمەكان و تەكنیكى لەیەككۆبوونەوەدا، لەنێوان بەرەو كوێى كۆتاییەكان و نەگەرِانەوەى بێكۆتاییدا… كاری بەرهەمهاتووى شاعیر لەرِووی (توانەوەى ناوەكى) سۆزداریەوە كاریگەرى لەسەر (وەرگر/خوێنەر)ى گشتى دروست دەكات. بەڵام كاری بەرهەمهاتوو لەرِووی (هێزى دەرەكى) باس لە توانای وەرگرتن و تێگەیشتنى (وەرگر/خوێنەر)ى تایبەت و بەخششەكانى دەكات.
لێرەوە جیاكاری وێنەنێتى هونەرى دەبێتە بنەماى گەردەلوولى رووتى زمانەوانى، بە پێچەوانەشەوە راستە! بە هەردوو باردا كاتى لەدەستچوو گۆرِانكارى و سەیرورە دەنێتەوە. دواجار دەبێ‌ بزانین كە خاڵی هاوشێوەی نێوان وێنەنێت و گەردەلوولى رووتى زمانەوانى جگە لە ژیانی شاعیر شتێكى دیكە نییە، واتە درووستكردنى هەستێكی مانادار نییە، بۆ رِووداو و فینۆمینەكان، بەڵكو هەموو ئەوانە ژیانى تایبەتى شاعیرە. دواجار ئەوە ژیانى تایبەتى شاعیرە لەسەر هاوگونجانى وێنە و زمان بەردەوامى بەخۆى دەدات.
پەیوەندى لەیەككۆبوونەوە و شێواندنى توخمەكان، پەیوەندى هونەرى كلاسیك و هونەرى وێنەنێت، لە پەیوەندى نێوان بلیمەتى و شێتى دەكات، بلیمەتى لە لەیەككۆبوونەوەى مەعریفەدا، رێكییە! شێتى شێواندنى توخمەكان و دووبارە بونیادنانەوەى نارِێكییە. رێكى بەرەو پرسى بێكۆتایى وەستاوە، نارِێكى بەرەو پرسى بۆشایى و سەیرورەى بەردەوام هەنگاو دەنێت.
كاتى بەسەرچوو لە (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات) هاتۆتە دەرێ‌ و لە زۆر شوێندا بەسەر بێكۆتاییدا سەركەوتووە! لاى لازۆ مردن و زیندەگى لە حاڵەتى بەردەوامى جەنگدان. كاتى بەسەرچووى ناوەوە پەیوەندى بە گەردەلوولى رووتى زمانەوانیدا نییە، كە گەردەلوولى رووتى زمانەوانى لە سەیرورەدا بێ‌، كاتى بەسەرچووى ناوەوە لێرە نییە، كە بلیمەتى لێرەیە شێتى لێرە نییە. بەمجۆرە داهێنان سەیرورەیە و لە خزمەتى گۆرِاندایە. بەڵام وەك چۆن ناتوانین سەیرورە و گۆرِان لێكجیا بكەینەوە، بە هەمان شێوە ناتوانین ناوەوە و دەرەوەى شاعیر لێكجیا بكەینەوە!؟
داهێنان دۆزینەوەى بونیادى گۆرِانكارییە و لەسەر بیركردنەوە و پرسى سەیرورە، بەردەوامى بەخۆى دەدات، هێزێكە لە دەرەوەدا شێوەى نییە و لە ناوەوە شێوە دەگرێ‌، هێزێكە لەگەڵ ئاشكرابوونى وزەیەكى دیكەى خەونەكان دەجوولێ‌، هەرگیز لەو شوێنەوە دەست پێناكاتەوە كە ئازارەكانى ناخى وێرانەى شاعیرى تێدا دوایین وێنەى گەورەكراو دەگرێت، بەڵكو لەو شوێنەوە دەست پێدەكاتەوە كە زمانى شیعرى شێوە دەگرێ‌. بیركردنەوە و پرسى وێرانەیى ناوەوەى شاعیر بەردەوام خۆى دووبارە دەكاتەوە، بەڵام بیركردنەوە و پرسى شیعرییەت لە سەیرورەدایە. شیعرییەت كاتێك دەست پێدەكات، كە كۆمەڵەى جیاواز جیاوازى وێرانەیى ناوەوەى شاعیر دەتوانن بە هۆى لە یەكجیابوونەوەى خەمەكان لە یەكتر نزیك بكەونەوە و هاوگونجان بنوێنن.

تێكەڵكردنى رەنگى شین و باڵندەى ئازاد
لە توانەوەى رەگەزەكان و دانوستانى رەنگەكانى ناوەوەدا (رەنگى شین) زاڵ دەبێت و شین كەشێكى ماتەمینى درووست دەكات، بەڵام لە گەردەلوولى رووتى زمانەوانى دەرەوەدا (باڵندەى ئازاد) باڵ دەگرێ‌ و بۆشایى شیعرییەت دەنوێنێ‌ و دەرگا لە خەونێكى رەنگاو و رەنگ و چێژئامێز و ئازاد دەكاتەوە.
رِەنگی شینی ژێر ملی باڵندە، دوای مردنی، دەچێت بۆ كوێ؟
‎خەونەكانی من كە دەبنە خۆڵەمێش و نایەنە دی، دەچن بۆ كوێ؟
(گفتوگۆ)ى نێوان رەنگى شین و باڵندەى ئازاد لەبەرجەستەكردنى پرسى دەچێت بۆ كوێ‌، بوونى دوو هەڵبژاردن دەخەنە روو، بێ‌ ئەوەى هیچییان ببنە سێنتەرى مەبەست! ئەگەر سەرچاوەى رەنگى شین بۆ حیكایەتێكى ناوەكى و دانوستان بگەرِێتەوە، ئەوە باڵندە ئازادە لەوەى كە چەند پابەندى پرسى ئەو حیكایەتە ناوەكییە دەبێت، ئەو ئازادییە، شیعریەتێك دەسازێنێ‌، كە (خوێنەر/ وەرگر) لە دەرەوە و لە رێى گفتوگۆدا پێى دەگات، لێرەدا دەمەوێ‌ جیاوازى نێوان چەمكى گێرِانەوە و چەمكى شیعرییەت، بە دانوستان و گفتوگۆ (كە پێشتر لە هونەرى وێنەنێت و هونەرى كلاسیكى بەیانم كردن) بچوێنم!
كەواتە ئەگەر شێوازى گێرِانەوەى ئازارە ناوەكییەكان، ئەگەر تەكنیكى (لەیەككۆبوونەوە)ى گێرِانەوەكان، دانوستاندن بەجێبهێلێ‌ و لەگەڵ وێنەنێت و واقیعی میتافۆرِى و گفتوگۆ بنێتەوە، ئەوە گوتراوى شیعرى زمانى كاتى لەدەستچوو بەرەو بۆشایى دەكاتەوە و گەردەلوولى رووتى زمانەوانى بونیاد دەنێت، گەردەلوولى رووتى زمانەوانى وەك رووداو بیركردنەوەى ئەویدیكەى (خوێنەر/ وەرگر) لەگەڵ خۆى دەكاتەوە! لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەى كە زمانى ئەو شیعرە زمانێكى هاوگونجاو و كراوەیە، زمانى كراوەش شیعرى واڵاى لێدەكەوێتەوە.
خەونمان هەبوو،
‎چیرۆكمان هەبوو،
‎برینمان هەبوو،
بینراوى خەون لەسەر بنەماى گێرِانەوەى ناوەكیدا هەوڵى ورِووژاندنى سۆزدارى و پرسى رابردووى هەڵگرتووە، لەسەر بنەماى زمانى كراوە و شیعرى واڵا، كاتى لەدەستچوو و بۆشاییەكانى زمانەوانى رەنگ دەكات. بە دیوەكەى دیكە وەك چۆن لەسەر بنەماى گێرِانەوە نیازى دانوستانى هەیە، بە هەمان شێوە دەشێ‌ لەسەر بنەماى زمانى شیعرى قابیلى گفتوگۆكردن بێت.
گوتمان بینین فیكرە، گوتنیش فیكرە، بەڵام ئەوەى بینین و گوتن لێكجیا دەكاتە (پرسى ئازادى -بۆ كوێ؟) و (كاتى لەدەستچوو-بۆ كوێ؟)یە، پرسى ئازادى ئێستاییە و كاتى بەسەرچوو دەكەوێتە رابردووەوە. ئەوەى بینین و گوتن لێكجیا دەكاتە، جیاوازى نێوان لەیەككۆبوونەوە و جیاوازییە، جیاوازى نێوان ناوەوە و دەرەوەیە… ئەو جیاوازییانە لە كاتكوشتنى شاعیردا پەیوەندى بە نەگەرِانەوەى گەردەلوولى سەیرورەى زمانەوانییەوە دەكەن.
‎من ئەو رۆژانە دەستم بە دڵی شكاومەوە گرتبوو و رِام دەكرد،
‎گوێم لێبوو دەیانگووت شێتە.
‎وەك منداڵ بۆت دەگریام، دەنگم دەرنەدەهات،
‎وەك توتكە سەگی لاكۆڵان دەنوزامەوە.
گوتمان توانەوە و هێزى وێنەى ناوەكى، لە چەمكى بینیندا شێوە ناگرن، ئەگەرچى پەیوەندى راستەوخۆى گەردەلوولى رووتى زمانەوانى گوتن دەهەژێنێت و شیعرییەت دەنێتەوە، بەڵام لە دێرەكانى پێشتر گوتمان كاتێ‌ گەردەلوولى رووتى زمانەوانى لە سەیرورەدا بێ‌، كاتى بەسەرچووى ناوەوە لێرە نییە، چونكە داهێنان لە سەیرورە و لە گۆرِانى بەردەوامدایە. داهێنانى ئەو تابلۆ/ قەسیدەیە ئیش لە هەستى دڵتەنگى و جێكەوتەى وێرانەیى ناوەوە دەكات، كە وێنەنێتەكان وەك میتافۆرِ پەیوەندییە جیاوازەكانیان ئاشكرا دەكەن، وەك ئەوەى بڵێ‌ من سەر بە نەوەیەكم كە رابردوو هیلاكى كردووە، بەڵام شیعرییەت لەسەر وێرانەیى دەروون نەوەستاوە، بەڵكو بە هۆى گەردەلوولى رووتى زمانەوانى دەجولێ‌ و ناوەوە دەخاتە هەژانەوە. شیعرییەت، وەك كەسێكی تر قسان دەكات، نەك وەك شاعیر و وێنەنێتەكان، وەك بۆشایى خۆى دەنوێنێ‌، نەك وەك جێكەوتەى خودى. بۆشایى شیعرییەت فۆرِمێكی تایبەتە و بەشەكییە لە رِێگای ئەویدیكەى نادیارەوە دەدوێت، نەك دیار.
تابلۆ/ قەسیدەى (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات) هەم تاكە كەس جێدەهێلێ‌ و هەم لە خود دەترازێ‌، لە كلاسیكدا تاكە كەس لەگەڵ بووندا تەریب و درێژ دەبێتەوە و لە جیهانی رِۆمانتیكدا ئەوە خود بوو قسەی دەكرد. بەڵام لەو خوێندنەوەیەدا تابلۆ/ قەسیدەى (ئاگرەكەت لەگەڵمدا هات) بەتەواوەتی لە تاكە كەس و خود جیاوازە. چونكە وەك تابلۆ لەگەڵ لەیەككۆبوونەوە و تەكنیكى دووبارەكردنەوە و شێواندنی هێل و رەگەز و توخمەكان لەگەڵ نواندنەوە درێژ بۆوە و بەپاڵ نواندنەوە لە وێنەى دیجیتاڵى خۆى نمایش دەكاتەوە. دواتریش تەماشاكردنى وەك قەسیدەیەكى زمانەوانى رووت هەموو ئەوانە تێدەپەرِێنێت. ئەمەیش هەروا سادە و بە هۆی هێزە نادیارەكانەوە نییە. بەڵكو بە هۆى گەردەلوولى رووتى زمانەوانى و سەیرورە و گۆرِانى بەردەوامییەوەیە، بە هۆى بیركردنەوەى جیاواز و هەمەرِەنگى و ئەرزش دانانە بۆ هەمووانە…
واتە دواى ئەوەى لەو خوێندنەوەیەدا (یەككۆبوونەوە)ى ئازارەكانمان نووساند بە جیاوازى وێنەنێتەكانەوە، ئینجا جیاوازى تاكە كەس و خودمان تێپەرِاند، لەوێوە لە جیاوازى راستییە گەورەكراوەكانى وێنەنێت، گەردەلوولى رووتى زمانى هەڵدەكا و نوێنەرایەتى بۆشایى شیعرییەت و سەیرورە و شیعرییەت دەكات.
بەڵام دەموویست پێش مردنم،
‎رِەنگی
‎شینی
‎ژێر
‎ملی
‎باڵندە
‎ببینم….

هەولێر 27/6/2024
خوێندنەوەى: عەبدولموتەلیب عەبدوڵلآ




پاڕادۆکسی شکەستی ئیسڕائیل!.. وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

چۆن سەرکەوتنی سەربازیی وەڵات شکەستی سیاسی بەرهەم دەهێنێت!
نووسینی: ئەلوف بێن ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
سەرچاوە: فۆڕین ئەفێرس

تێبینی: ئەم بابەتە کەمێک درێژەو نەشم ویست کورتی بکەمەوە. چونکە ئەمە تەڕجومەیە نەک ئامادەکردن تاکو تەنها بیرۆکەو پۆینت و سەرخاڵەکانی دەست نیشان بکەم. بە هەر شێوەیەک لێم ببڕیبایە لە گرنیەکەم کەم دەکردەوە. ئەم بابەتە لە فۆڕین ئەفێرس دا بڵاوکراوەتەوە کە گۆڤارێکی وەرزیە و پەیوەستە بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا. دەستی نووسەرەکانی تا ڕادەیەک ئاوەڵاکردوە بۆ ئەوەی بتوانن چی بەڕاست دەزانن بیڵێن. ئەو گۆڤارە نوسەری چەپ و لیبڕاڵی لە ناودا دەنووسێت. بابەتەکانی ناوی هەمویان دەگەنە ١٤ تا ٢٠ لاپەڕە. ئەوەش نووسێنێکی درێژە، هەر بۆیەش من بۆ بڵاوکردنەوە کردمە سێ بەش. جا ئەو بابەتە هەم ئازادانە نووسراوەو هەم نووسەرەکەشی جولەکەیەو بۆخۆشی سەرنووسەری گۆڤارێکی ئیسڕائیلییە بە ناوی هاڕێنتز. نووسەر لەم نووسینەیدا بە ئازادانە ڕەخنە لە ئیسڕائیل و سیاسەتە ڕەگەزپەرستەکەی و سیستەمی دەسەڵاتدارێتی باڵی ڕاستڕەوی نێو سیاسەتی ئیسڕائیل دەگرێ . هەروەها بە تەواوی پێەوە دیارە کە هاوسۆزی کێشەی فەلەستینەو لە گەڵ فەلەستینیەکاندا بۆ درووستکردنی دەوڵەتی سەبەخۆی خۆیان هاوڕایە.(ح.ڕ)
بەشی یەکەم:
ڕۆژی٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، حەماس دەزگا سەربازی و هەواڵگریەکانی ئیسڕائیلی تووشی سەرسوڕمان کرد! هەردووک دەزگاکەی ئیسڕائیل چەندین ساڵ بووە زانیویانەو زانیارییان هەبووە کە گروپە چەکدارەکانی فەلەستین ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێرش کردنە سەر ئیسڕائیل بۆکوشتن و ڕفاندنی سەربازو هاوڵاتیانی ئیسڕائیل! بەڵام ئەو دوو دەزگایە شکەستیان هێنا باوەڕبەوە بکەن کە ئەو گرووپانە بتوانن و بوێریی بنوێنن یان سەرکەوتن بەدەست بهێنن لە کردنی ئۆپەراسیۆنیکی ئاهوا کە تا ئێستا وینەی نەبووە! سوپای ئیسڕائیل و دەزگا هەواڵگریەکەی، هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهۆ و ئینجا بە شێوەیەکی گشتی هەموو خەڵکی ئیسڕائیلیش پێیان وابووە کە بەشی باشووری وەڵاتەکەیان زۆر سەخت و قایمەو ناتوانرێت زەفەری پێبەرن، پێشیان وابووە کە بالانسی هێزیش هە رلە بەرژەوەندی ئیسڕائیلدا بووە ، بۆیە هەموو لایەک پێی وابووە کە حەماس هەرگیز دەست بۆ کاری لەو شێوەیە نابات!
بەڵام حەماس ئەو تەحەداو بوێریەی نواند. لە چەند ڕۆژو هەفتەی دوای ئەنجامدانی ئەو هێرشە وێرانکەرەدا، شتێکی هاوبەش کە لە نێو هەموو ئیسڕائیلیەکاندا دەگوترایەوە ئەوە بوو کە دەگوترا ” هەموو شتێک گۆڕاوە” جا هەر بەڕاستیش بۆ ماوەیەک ئەو قسەیە ڕاست دەرچوو کە هەمووشتێک گۆڕابوو: ئەو هێرشە بڕوا بەخۆبوونی ئیسڕائیلیەکانی پەرتو بڵاوە پێکرد، ئەو متمانە درێژخایەنەی ئیسڕائیلیەکان هەیان بوو بە ئاساییشی وەڵاتەکەیان و سیاسەت و نۆڕمە کۆمەڵایەتیەکان سەرەونخوون بوویەوە! سەکردایەتی هێزی بەرەنگاریی ئیسڕائیل IDF لە شەوێکدا شکۆی خۆی لەدەستدا، بە تایبەتی کە وردەکاریەکان بۆ خەڵک ڕوون بوونەوە و بۆیان دەرکەوت کە سوپا نەیتوانیوە ڕێگریی لە هێرشی حەماس بکات و زۆریش درەنگ فریای ئەوە کەوتووە کە بتوانێت خەڵکی سڤیلی سەر سنوور و دەزگا سەربازیەکان و ئامادەبووانی بێ دیفاع و سڤیلی ناو فێستیاڤاڵ و مۆسیقا بپارێزێت!
دڕامای سیاسیی کە ئیسڕائیلیەکانی بۆ ماوەی نۆ مانگێک تا ئۆکتۆبەری حەوتی بەسەرداهات لە خۆ گرتبوو، هەوڵی ناتانیاهۆ چاکسازییەکی سەراپاگیربوو لە ناوەندەکانی دادگادا کە مەبەستی سەرەکی بریتیبوو لە سنوردارکردنی سەربەخۆیی دام و دەزگاکانی دەوڵەت لە وینەی دادگای باڵاو نوسینگەی داواکاری گشتی و خزمەتگووزاری مەدەنی تەکنۆکڕات بۆ ئەوەی هێزی زیاتر بداتە باڵە ڕاستڕەوەکەی خۆی و هاوپەیمانە ئایینیەکانی- ئەوەیان ئیتر لە بەرچاو ونبوو چونکە شەڕ بەسەرداهات. ئەندازیاری سەرەکی چاکسازی کە وەزیری داد، یاریڤ لێڤین بوو،لەوانەیە پەشیمان بوووبێتەوە لە کارەکەی چونکە خۆیشی بەشداربووە لە سەرقاڵکردنی ئیسڕائیل پێش هێرشەکەی حەماس. ناتانیاهۆ لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کابینەیەکی یەکگرتووی شەڕی پێکهێنا لە لایەنە سیاسیە جیاوازەکان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و هەروەها نزیکەی 250 هەزار سەربازی یەدەکی بانگهێشتی نێو سوپا کردەوە بۆ ئەوەی هێرشی پێچەوانە بۆ سەر غەزە ئەنجام بدەن!
دوای ئەوەی کە هێزی بەرگریی ئیسڕائیلIDF شۆکی ئۆکتۆبەری 7 بەریدا، دەستی کرد بە تۆڵەسەندنەوە بە شێوەیەکی زۆر بەهێزو چڕ، توانای سەبازیی و فەرمانڕەوایی حەماسی بەسەرغەزەدا لە بەریەک هەڵوەشاند، بەشیکی زۆری غەزەی کردە وێرانە، زیاتر لە دوو ملیۆن لە خەڵکی غەزەی ئاوارەی نێوخۆکرد، لە سەرووی چل هەزار لە خەڵکی غەزە کوژرا کە بە پێی لێدوانی هێزی بەرگریی ئیسڕائیل سێبەشی ئەو کوژراوانە حەماس بوون! هیزی بەرگریی ئیسڕائیل توانی بە تەواوی ڕێگریی لە حەماس بکات کە ساروخ بهاوێژن بۆ ناو ئیسڕائیل و بەشی زۆری سیستەمی توێنێڵەکانی حەماسیش لە ناو غەزەدا لە ناوبران، دەگوترێت کە هێزێکی ڕێکخراوی وەک حەماس ئێستا گۆڕاوە بۆ هێزێکی پەرت و بڵاوی شێوە گەریلا ئاسایی!
لە گەڵ ئەوەشدا کە هێزی بەرگریی ئیسڕائیل IDF نزیکەی سێ بەشی غەزەی داگیرکردوەو لە ژێر دەستی دایە، بەڵام بۆ زۆرێک لە ئیسڕائیلیەکان ئەو بارودۆخەی ئێستا وەک ئەوە وایە کە ئیسڕائیل دۆڕاندبی! جا سەرباری ئەو هەموو خۆ کۆکردنەوەو ئاماداکارییە، سەرباری پشتیوانی نزیکەی نەگۆڕی ئەمریکا بۆ ئیسڕائیل، بەڵام هێزی بەرگریی ئیسڕائیل IDF کە لە ژێر هەمان سەکردایەتی سەردەمی ئۆکتۆبەری 7 دایە، شکەستی هێناوە لە گەییشتن بە تەواوی ئامانجەکانی. بۆ نموونە یەحیا سەنوار خۆی تەسلیم نەکردووە. (ئێستا یەحیا سەنوار کوژراوە.. ح.ڕ) هەروەها نزیکەی سەد بارمتەی ئیسڕائیلی هێشتا دیارنین لە ناو غەزەدا کە دەگوترێت، بە پێی دوایین لێدوانی ناتانیاهۆ، نیوەی ئەوانە هێشتا لە ژیاندا ماون!
ئەو کارەساتە چەقبەستووە، لە گەڵ گۆشەگیریی ئیسڕائیل لە ڕووی نێو دەوڵەتیەوە، هەروەها دیدگایەکی تاریک لە ڕووی ئابوووریەوە ، هەموو ئەوانە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی هەستێکی بێهیوایی نەتەوەیی ! جا لە ڕاستیدا، پاڕادۆکسیەکە لێرەدایە کە ڕووکارە گرنگەکانی سیاسەتی ئیسڕائیل و کۆمەڵگای ئیسڕائیلیی لە دوای هێرشەکەی حەماس گۆڕانێکی کەمی بەسەرداهاتووە. دانیشتوانی ئیسڕائیل کە نیشتەجێی سەرسنوورەکان بوون لە باشوور و باکووری ئیسڕائیل هێشتا ناتوانن کە بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان! ئەو باروودۆخە لە باتی ئەوەی ئیسڕائیلییەکان یەک بخا لەبەرامبەر یەک دوژمنی دەرەکی کەچی درزو کەلێنی کێشە کۆنەکانەکانی گەورەتر کردووە لە نێوانی گرووپ و لایەنگرانی ناتانیاهۆ و لایەنە نەیارەکانی لە ناوخۆی ئیسڕائیلدا! ناتانیاهۆ لە یەک کاتدا نەیارەکانی و دۆستەکانی دەکوتێت و بەردەوامە کە خۆی وەک چەق وناوەندی سیاسەتی ئیسڕائیل نیشان دەدات! هاوپەیمانیی باڵی ڕاست کە ناتانیاهۆی لە دەسەڵاتدا هێشتۆتەوە داواکاریەکانی بۆ وردوخاشکردنی بزووتنەوەی بە دەوڵەتبوونی فەلەستینیەکان زیاد کردووە لە گەڵ جێگرتنەوەی نوخبەی ئیسڕائیل. کە ئەوەش داواکارییەکی بە ڕواڵەت جوانە بۆ لە ناوبردنی دام و دەزگا دێموکڕاتی و لیبڕالیەکانی ئیسڕائیل!
لە دوای ئەوەش، لە 7ی سێپتەمبەری ئەمساڵدا، سوپای ئیسڕائیل دەستی کرد بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک لە پەرچەهێرشی بوێرانە لە دژی ترسناکترین هاوسێی دوژمنی کە میلیشیاکانی حیزبو اللەی لوبنانی بوون- کەهاتن بەرەیەکی تری شەڕیان لە دژی ئیسڕائیل لە لای باکوورەوە کردەوە هەر یەک ڕۆژ دوای ئەوەی حەماس لە لای باشوورەوە هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل! ئیسڕائیل توانی ڕابەری دێرینی حیزبو اللە، حەسەن نەسرواللە، بکوژێت وهێرشی زەمینیش بەرەو باشووری لوبنان ئەنجام بدات! جا لێرەدا زۆرێک لە شڕۆڤەکارانی میدیای باوی ئیسڕائیلیی ئەو فراوانبوونی شەڕەیان لە لای باکووری وەڵاتەوە وەک دەرفەتێک دەبینی: نەک هەر بۆ ئیسڕائیل کە بتوانێت حیزبو اللە تەفروتونا بکات بەڵکو وەک دەرفەتێکیش بۆ وەڵاتەکەیان تا بیسەلمێنن کە ئیتر ساڵی شۆک و پڕمەترسییان تێپەڕاندو لە لا لایەکی تریشەوە بیسەلمێنن کە زیرەکیی وهێزو توانای تەکنەلۆجییان جارێکی تر بێتەوە نێو ناوان لە ڕووی نێو دەوڵەتییەوەو ئاهەنگی لە بۆ بگێڕن! بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەروەک چۆن شەڕی ناو غەزە ڕاستیە سامناکە شاراوەکانی زۆرێک لە ئیسڕائیلیەکانی نەگۆڕی کە چاوەڕوانیان بوون بگۆڕێن، بە هەمان شێوەش ئەم بەرەی تازەیەش لە شەڕهەر نایان گۆڕێت! بەرەی تازەی شەڕ هیچ ناگۆرێت هەتا ئیسڕائیل ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی قوڵترنەبێتەوە لە سیاسەتی ناوخۆی خۆیداو هەروەها لەبەرامبەر فەلەستینیەکانیشدا!
جووڵەو ئەملاولای پاڕادۆکسیانە!
یەک هەفتە دوای هێرشی ئۆکتۆبەری 7 ، ئەگەر بە ئیسڕائیلیەکی ئاسایی یان هەتا بە لایەنگرێکی (ناتانیاهۆ)شت بگوتبایە کە ناتانیاهۆهەرسەرۆک وەزیران دەبێ بۆماوەی ساڵێکی تریش و لە لایەن هەمان باڵی ڕاستیشەوە پشتی دەسەڵاتەکەشی دەگیرێت لەوانەیە ئەو کەسە باوەڕی پێت نەکردبایە! چونکە بە درێژایی مێژووی ئیسڕائیل درکەوتووە حکومەتی مەدەنی لەکارکەوتووە دوای هەر کارەساتێکی ئەمنیی زۆر خەراپ کە بەسەر ئیسڕائیدا هاتبێت! بۆ نموونە دوای شەڕی سوپا لە شەڕی 6 ئۆکتۆبەری1973 لە نێوان عەڕەب و ئیسڕائیلدا، یان لە کاتی لەشکرکێکشی ئیسڕائیل بۆ سەر لوبنان لە ساڵی 1982 ، کاتیک کە سەربازە یەدەکەکانی ئیسڕائیل لە بەرەکانی شەڕ گەڕانەوە دەستیان دایە ناڕەزایەتی و وایان لە گۆڵا مییر سەرۆک وەزیران و مەناحیم بێگن کرد کە دەست لە کار بکێشنەوە!. جا لە هەردووک حاڵەتەکەدا چەند مانگێکی پێچوو ئینجا حکومەت کەوتە خۆی و دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد بۆ ئەوەی بزانێت کە بۆچی ئەمە ڕوویدا!
ڕێی تێدەچوو، ئەگەر بتگوتبایە دۆخی ناتانیاهۆ زۆر خەراپتردەبێت لەوانەی پێش خۆی! لە سەرووی دەیان ساڵە ئەو پیاوە لە ناو سیاسەتدایەو هەمیشەش خۆی وەک مامۆستای ئاساییشی وەڵات پیشانداوە. ئەو دەیگوت کە باشتر لە جەنەڕاڵەکانی ئیسڕائیل دەزانێت وەڵات بە سەلامەتی ڕابگرێت، ئەو پێی دەگوتن بێ دیدگاو ترسنۆکن و زۆر ئاگایان لە ئارەزووەکانی ئەمریکایە! توندترین ڕکابەری سیاسیی ناتانیاهۆ لە ماوەی چەندین ساڵی سیاسەتیدا بریتیبوون لە فەرماندە سەربازیەکانی پێشوو کە هەندێکیان سەرۆک وەزیر بوون و هەندێکیش وەزیری بەرگریی بوون، بۆ نموونە کەسانی وەکو ئیسحاق ڕابین، یەهود باڕاک، ئاڕیاڵ شارون، بێنی گانتز، هەروەها وەزیری بەرگری ئێستا یواڤ گالانت. لە ڕووی نەریتییەوە بەرزترین پلە باڵاکانی هێزی بەرگریی ئیسڕائیل IDF و دەزگای هەواڵگریی ئیسڕائیلی بەدەست ئەشەکەنازیە لیبڕاڵەکانەوەن کە ناتانیاهۆ زۆر دەمێکە لە هەوڵی ئەوەدایە دەست بەسەر ئەو دوو دەزگایەدا بگرێت! هەر ئەو دامەزراوانەش بوون کە سەرکردایەتی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئیسڕائیلیان کرد لە بەرامبەر پڕۆژەیەکی ناتانیاهۆ بۆ چاکسازییەکی گشتی لە دەسەڵات و دەزگای دادوەرییدا!
بەڵام بەردەوام بوونی ناتانیاهۆ لە دەسەڵاتدا ڕەنگە پەیوەندی بەو بارودۆخەی ساڵی ڕابردووەوە هەبێت لە مێژووی ئیسڕائیلدا! تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت ناتانیاهۆ ڕەتی دەکاتەوە بچێتە ژێر باری هیچ بەرپرسیاریتیەک لە کوژرانی 1200 ئیسڕائیلی ودەستدرێژی و بریندارکردنی چەندین کەسی ترو بە بارمتەگرتنی 250 ئیسڕائیلی لە لایەن حەماسەوە، هەروەها ئەو هەموو وێرانەیە کە بەسەر وەڵاتیاندا هینا، کە هەموو ئەوانە لە تەنها یەک ڕۆژدا بەسەر ئەو خەڵک و کۆمەڵگایانەی سەرسنورەکانیاندا هێنا، ئینجا دوای ئەوە دەست کرا بە چۆڵکرنیان و ڕاگواستنیان بۆ شوێنێکی تر! ئاستی جەماوەریی ناتانیاهۆ بەرەو دابەزین ڕۆیی هەرچەندە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023بەرەو سەرەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو باشی رۆیی بەڵام هێشتا ئاستی جەماوەرییەکەی ناگا بە ڕکابەرەکانی لە وێنەی نەفتالی بێنەت سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسڕائیل. ڕاپرسیەک لەو بارەوە هەر دوای کوژرانی حەسەن نەسروللا ئەنجامدرا لە لایەن کەشێت 12 کەناڵی سەرەکی هەواڵی ئیسڕائیل، دەرکەوت کە ئەگەر بێت و ئێستا هەڵبژاردنێک لە ئیسڕائیلدا ئەمڕۆ بکرێت، هاوپەیمانی ناتانیاهۆ کە 68 کورسییان لە کەنێسەت داهەیە دادەبەزێت بۆ 46 کورسی! ناتانیاهۆ باش تێدەگاو زۆر باش هەلومەرجەکە دەخوێنێتەوەو دەزانێت کە خەڵک لێی تووڕەیە، هەر بۆیەش ستراتیژیەتێکی فرەلایەنەی دەستداوەتێ بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا! وا بۆ ماوەی ساڵێک دەچێ ناتانیاهۆ و پێڕەکەی تەواوی بەرپرسیاریەتی ڕوودانی ئۆکتۆبەری 7 دەخەنە ئەستۆی هێزی بەرگریی IDFو شاباک دەزاگای ئەمنی ئیسڕائیلی کە بەرپرسن لە دوسیەو چاودێریکردنی فەلەستینیەکان و سەرباری ئەوەش خەتای هەموو ئەوانەشە کە نەیان هێشت چاکسازی لە دەزگای دادوەریدا بکرێت بە تایبەتی ئەو سەربازە یەدەکانەی کە هەڕەشەی وەستاندنی ئەرکەکانیان کرد ئەگەر بێت و دەست بۆ ئەو کارە ببرێت!

ئەلوف بێن سەرنووسەری ڕۆژنامەی هارێتزە! سەرچاوەی ئەو نووسینە:
.https://www.foreignaffairs.com/middle-east/israel-paradox-defeat-aluf-benn




دیداری هونەرمەند پەرەنگ فەرازمەند.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند پەرەنگ فەرازمەند: لەگەڵ موزیك و گۆرانی گەورە بووم، موزیك هەمیشە بەشێك لە ژیانی من بووە
هونەرمەند پەرەنگ فەرازمەند: ساڵانێكی زۆرە سەرقاڵی توێژینەوەم لە سەر موزیكی كوردی
هونەرمەند پەرەنگ فەرازمەند: هەر خزمەتێك لە دەستم بێ بۆ كوردستان و زانكۆكانی كوردستان درێغی ناكەم
هونەرمەندی ژەنیار خاتوو(د.پەرەنگ فەرازمەند)،لە بنەماڵەیەكی هونەری لە ساڵی 1982 لە شاری مەهابادی ڕۆژەڵاتی كوردستان لە دایك بووە .لە لە تەمەنی 9 ساڵییدا بەژەنینی ئامێری پیانۆ دەستی بەهونەری موزیك كردوە.ئەو ساڵانێكی زۆرە سەرقاڵی توێژینەوە لە سەر موزیكی كوردییە وە لەوڵاتی ئەڵمانیا وەكو مامۆستای ئێتنۆموزیكۆلۆژی لە زانكۆی (مارتین لۆتێر )،وانە دەڵێتەوە .لە ئێستادا هونەرمەند پەرەنگ فەرازمەند هەموو توانەكانی خۆی تەنیا لە سەر توێژینەوە مەیدانیەكانی لە سەر موزیكی كوردی لە بەشە جۆراو جۆرەكانی كوردستان تەرخان كردوە… ئێمە بەباشمان زانی بۆ ئاشنا بوون لە كارو چالاكییەكانی بەچەند پرسیارێك بەسەری بكەینەوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بابزانین ژەنیار(پەرەنگ فەرازمەند) چۆن ئاوێتەی هونەری موزیك بوو؟

  • من لە بنەماڵەیەكی موزیك دۆست لە دایك بووم لە دایكێك كە لەساڵانی پەنجاكان و شەستەكانی سەدەی ڕابردوو، لە ڕادیۆ مەهاباد گۆرانی گوتووە و هەروەها ئامێری كەمانی ژەنیوە. ڕۆژانە ماڵەكەمان بە دەنگی موزیك و گۆرانی دەڕازاوە. كەوابوو من لەگەڵ موزیك و گۆرانی گەورە بووم و موزیك هەمیشە بەشێك لە ژیانی من بووە. هەر دایكم و باوكییشم ئامێریان دا دەستی من و خوشك و براكانم وە زۆریان بە لاوە گرنگ بوو كە بە شێوەیەكی پڕۆفێشناڵ موزیك فێر بین و لەگەڵ موزیك بژین. لە نێو هەموو منداڵەكان هەر من بە شێوەیەكی ئاكادمیك درێژەم بە هونەر دا بۆیە كەسێك لەكەش و هەوایەكی ئاوا دا گەورەبووبێت بێگومان ئاوێتەی میوزیك و گۆرانی دەبێت.

    *لە نێو ئەو هەموو ئامێرە موزیكیانە بۆچی تۆ ئامێری پیانۆت هەڵبژارد؟

  • لە ڕاستیدا هەر دایكم و باوكم ئەو ئامێرەیان دا دەست من، بەڵام من بە هەموو شێوە خولیای موزیك بووم وە لەفێربوونی پیانۆ سەركەوتوو بووم. بەڵام كە گەشتمە تەمەنی 15 و 16 ساڵان خۆم زیاتر لە موزیكی ڕۆژهەڵاتی و تۆنە ڕۆژهەڵاتیەكاندا دەدۆزیەوە وە پەیوەندیەكی ڕۆحی زیاترم لەگەڵ تۆنە ڕۆژهەڵاتیەكان و بە گشتی میوزیكی ڕۆژهەڵاتی و لە سەرووی هەمووان موزیكی كوردی درووست دەكرد، هەر لەبەرئەوەش خۆم ئامێری تارم وەكوو ئامێری دووهەم هەڵبژارد.

    *كێن ئەوانەی هاوكار و پاڵپشتی تۆیان كردوە بۆ ئەوەی بەردەوام بیت و بگەیتە ئەو ئاستەی ئێستا؟

  • بە دڵنیاییەوە گەر پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی دایك و باوكم نەبووایە بە تایبەت لە كۆمەڵگایەكی وەكوو ئەو سەردەمی ئێران، هەرگیز نەمدەتوانی درێژە بە هونەر بدەم. چوونكە لە ئێرانی ئەو سەردەم دا بەر بەست زۆر زۆر بوو لەسەر ڕێگای هونەر و ژیانی هونەری بەتایبەت بۆ خانمان. پاشانیش پاڵپشتی و دڵسۆزی مامۆستاكانم بوو كە زۆر هانیان دەدام بەرەو پێشكەوتن بچم. هەر بۆیە هەمیشە مەمنونیانم و دەستخۆشیان لێ دەكەم.

    *بەرێزتان توێژینەوەیەكی تێرو تەسەلتان لەسەر موزیكی كوردی ئەنجام دا كە چەند ساڵێكی خایاند، دەرئەنجامی بەچی گەیشتی؟

  • بەڵێ من ساڵانێكی زۆرە كە سەرقاڵی توێژینەوە لە سەر موزیكی كوردی. وەكوو یەكەم هەنگاو هەوڵم دا ژەنینی ئامێرێكی كوردی وەكوو شمشاڵ فێر بم وە هەروەها خۆم فێری خوێندنی مەقام و فۆرمە كوردیەكان كرد نەك بۆ ئەوەی ببمە گۆرانیبێژ یا خود شمشاڵ‌ژەن، تەنیا بۆ ئەوەی لە دنیا و لە ڕۆحی موزیكی كوردی تێبگەم. پاشان توێژینەوەكانم بەشێوەیەكی مەیدانی ئەنجام دا لە دوایشدا كتێبێكم لە سەر موزیكی كوردانی دیاسپۆڕا لە سوید بە زمانی فارسی نووسی كە بە تەمام وەریگێرمەوە بۆ سەر ئینگلیزی. ئێستاش خەریكی نووسینی كتێبێكم لەسەر بابەتی هێز و جەندەر لە موزیكی كوردی دا كە بە زمانی ئینگلیزیە وە تا ساڵی داهاتوو بڵاو دەكرێتەوە. دوو ئاڕتیكلیشم لە سەر ئامێرە موزیكیەكان وە هەروەها مەقام و فۆرمە كوردیەكانی ناوچەی موكریان نووسیوە. لە داهاتووشدا بە تەمای نووسینی كتێبێكم لە سەر فۆرم و مەقامەكانی ناوچەكانی دیكەی باشوور و باكووری كوردستان.

    *لەوڵاتی ئەڵمانیا،مامۆستای ئێتنۆموزیكۆلۆژین لە زانكۆی (مارتین لۆتێر )،دەكرێت باس لە چۆنیەتی خوێندن لەو زانكۆیە بكەیت؟

  • لە زانكۆی مارتین لۆتێری ئاڵمانیادا، سێ بەشی جیاوازمان هەیە لەسەر موزیك كە لێرەدا بە هەر بەشە دەگووترێ “ئەنیستیتۆ”: ئەنیستیتۆی موزیكی كلیسایی، ئەنیستیتۆی موزیك پێداگۆژی، وە هەروەها ئەنیستیتۆی موزیك‌ناسی كە بەشی ئێتنۆموزیكۆلۆژی لقێكە لە موزیكناسی كە چوار قۆناغی بەكەلۆریۆس، مەجستێر و دكتۆرا و پۆست دكتۆرا لە خۆ دەگرێت. هەڵبەت لە ئەنیستیتۆی موزیكناسی خوێندكاری بەكەلۆریوس و مەجستێر دەبێ لە هەموو كۆرسەكانی بەشەكانی ئێتنۆموزیكۆلۆژی، موزیكناسی مێژوویی، موزیكناسی سیستماتیك وە هەروەها موزیك و میدیا بەشداری بكەن. بەڵام ئازادن كە پڕۆژەی كۆتایی خوێندنیان لە كام لەو بوارانەدا بنووسن. بەڵام لە قۆناغی دكتۆرا و پۆست دكتۆرا تەنیا دەتوانن بۆ نموونە لە سەر ئێتنۆموزیكۆلۆژی تێزەكەیان بنووسن.
  • وەكو ژەنیارێك موزیكی كوردی لە ئێستادا لە چ ئاستێك دایە؟
  • من حەز ناكەم بە شێوەیەكی ئەرێنی یاخود نەرێنی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە. لەبەر ئەوەی كە لە هەموو سەردەمێكدا موزیكی هەموو میللەتان ئاڵ و گۆڕی بەسەر داهاتووە وە هەمیشە ئەو ئاڵ‌وگۆڕانە لایانگران و كەسانی ڕازی و ناڕازیان هەبووە. من وەكوو حەقیقەتێكی حاشا هەڵنەگر چاو لە دۆخی ئێستای موزیكی كوردی بە تایبەت لە باشوور و ڕۆژهەڵات دەكەم كە ستایل و شێوازی جۆڕاوجۆر و هەمەڕەنگی لەخۆوە گرتووە. زۆر جار شوناسێكی تێكەڵاویان لە موزیكی كوردی و غەیری كوردی بە خۆ گرتووە. لە هەموو ستایل و ژانرە نەریتی و غەیرە نەریتیەكانیشدا هەم موزیكی زۆر باشمان گوێ لێیە وە هەم كاری لاوازیشمان بە گوێ دەگات. بەڵام لە ڕووی ئەوەی كە لە سەردەمی ئێستا دا هەموو كەس دەزگا و پلاتفۆرمێكی سەربەخۆی تایبەت بە خۆی بەردەستە هەموو جۆرە بەرهەمێك و بە هەموو كوالیتیەك بە ئاسانی بڵاو دەكرێتەوە. بۆیە بە لەچاو ساڵانی ڕابردوو ڕێژەی كارە لاوازەكان لە پەنا كارە زۆر باشەكان زیادی كردووە.

    *هیچ هەماهەنگیت لەگەڵ هونەرمەندانی كوردستان هەیە؟بیرت لەوە نەكردۆتەوە بگەریتەوە كوردستان؟

  • بەڵێ من بەردەوام لە گەڵ چەند هونەرمەندێكی زۆر باش لەپەیوەندی دام و زۆر جار بە سەعات خەریكی گفتوگۆ كردن و ڕا و بۆچوون گۆڕینەوەین وە هەموو ئەو گفتوگۆیانە بە تایبەت بۆ من وەكوو كۆرسێك وایە كە پڕە لە فێركاری. بە دڵنیاییەوە پێمخۆشە لە كوردستان بم. بەڵام هەموو شت پەیوەندی بە دۆخی ژیانی ئاكادمیكی من هەیە. لە ڕاستیدا تا ئەو كاتەی خەریكی كاری ئاكادمی بم بۆ هەمیشە ناتوانم لە كوردستان بم . بەڵام هەر خزمەتێك لە دەستم بێ بۆ كوردستان و زانكۆكانی كوردستان درێغی ناكەم.

    *چۆن دەتوانین شوناسی موزیكی كوردی بپارێزنین ؟

  • ئەو پرسیارە تۆزێك قورسە! باشترە بڵێم هەستیارە. لە بەر ئەوەی لە هەر سەردەمێكدا و لە هەر بەشێكی كوردستان موزیكی كوردی وەكوو هی هەموو میللەتانی دیكە شوناسێكی تایبەت بە ئەو سەردەمی وەخۆ گرتووە. بەڵام بە ڕای من لە ئێستادا خۆ پاراستن لە لە لاسایی كردنەوەی موزیكی توركی و عەرەبی و فارسی و میللەتانی دیكە وە هەروەها تێكنەدانی گوێی بیسەرەكان وە ڕانەهێنانی گوێی ئەوان بە موزیكی غەیری كوردی دەتوانێ زۆر كاریگەر بێ. دەبێ مامۆستاكانیش میتۆدێكی تەواو كوردانە بگرنە بەر بۆ فێركردنی نەوەی نوێ. هەروەها میدیاكان ڕۆڵێكی زۆر سەرەكیتریان هەیە بۆ پاراستنی شوناسی موزیكەكەمان. ئەوانیش دەبێ تۆزێك هەستیارانەتر بەرهەم بگەیێننە گوێی بیسەری كورد. ناڵێم شتی سەردەمیانە بڵاو نەكەنەوە بەڵام دەكرێ لە پەنای شتە سەردەمیەكان، بەردەوام فۆرم و دەنگە كوردیە ڕەسەنەكانیش بڵاو بكەنەوە. بۆ نموونە بۆ كوردێكی ڕۆژهەڵات زۆر گرنگە كە گوێی لە مەقامەكانی ناوچەی گەرمیان و كەركوك و هەولێر و خانقین ببێ. چوونكە شوناسی كوردی بە ئاگادار بوون لە كەلتووری هەموو بەشەكانی كوردستان مانا پەیدا دەكات و دەپارێزرێت.

    هونەرمەند پەرەنگ فەرازمەند لەچەند دێرێك دا:
    . – لە تەمەنی هەفدە ساڵیدا دەستی بە فێر بوونی ئامێری تاری ئێرانی كردوە

  • دوای تەواو كردنی خوێندن لە قوتابخانە، لە ساڵی 2001 بۆ خوێندنی باڵا لەسەر موزیكی كلاسیكی ڕۆژئاوایی دەچێتە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی تاران . بەكەلۆریۆس و ماجستێری میوزیك وە پاشان ئێتنۆمیوزیكۆلۆژیی لە زانكۆی تاران تەواو كردوە.
  • دكتۆرای ئێتنۆمیوزیكۆڵۆژی لە زانكۆی مارتین لۆتێری لە وڵاتی ئاڵمانیا خوێند وە لە ساڵی 2020 ە وە بۆتە مامۆستای بەشی میوزیكۆلۆژی و ئێتنۆمیوزیكۆلۆژی لە هەمان زانكۆ دا.
  • بۆ ماوەی بیست ساڵ لە چەندین قوتابخانەی موزیك لە تاران و هەروەها دوو ساڵ لە زانكۆكانی ئێران وانەی جۆراوجۆری موزیكی وتووەتەوە.
  • لە ساڵەكانی 2002 وە 2003 ئەندامی گرووپێكی موزیكی كوردی بووە بەناو( نیشتمان) كە پێكهاتبوو لە كۆمەڵێك لە خوێندكارە كوردەكانی موزیك لە زانكۆ جۆراوجۆرەكانی تاران.
    2000 – تا 2007 ئەندامی ئۆركێسترای زانكۆی تاران‌ وە هەروەها ئەندامی ئۆركێستڕای زانكۆی ڕادیو و تەلەڤیزیۆنی تاران بووە.
  • لە 2008 بۆتە ئەندامی ئۆركێسترای میللی سیمرغ لە تاران.
    -لە ساڵی 2006 تاوەكو 2012 وەكو پیانیست ئەندامی گرووپێكی سیانی میوزیكی كلاسیكی ڕۆژئاوایی لە تاران كاری كردووە.
    -لە ساڵی 2013 تا ساڵی 2014 مامۆستای موزیك بووە لە زانكۆی سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
  • لە ساڵی 2003وە تۆژینەوەی لەسەر موزیكی كوردی ڕۆژهەڵات و باشوور و باكووری كوردستان دەستپێكردوە و لە ساڵی 2017دا تۆژینەوەكانی گواستۆتەوە سەر موزیكی كوردانی دیاسپۆڕا لە وڵاتی سوید.
  • ماستەر و تێزی دكتۆراكەی لەسەر موزیكی دیاسپۆڕای كورد لە سوید بووە، هەروەها بابەتی (پەیوەندی دەسەڵات و جێندەری لە موزیكی نەریتی و فرانتەیشناڵی كوردیدا) نووسیوە.
    لە ساڵی2020 بۆتە مامۆستای ئێتنۆموزیكۆلۆژی لە زانكۆی مارتین لۆتێر (Martin Luther .University) – لە وڵاتی ئەڵمانیا.



لە کوردستان هەڵبژاردن بردیەوە.. د.هەژار عثمان معروف

مرۆڤایەتی هەرچی ڕێگا هەیە تاقییکردەوە بۆ ڕێخستنی ژیانی گشتی کە پاشاکان وەجاخکوێر دەبون خەڵکی کۆبۆوە لە ناوەڕاستی شاردا لێدەگەڕان باڵندەی هوما بەسەر هەر کەسێکەوە بنیشێتەوە و دەیانکرد بە پاشا، کە جێنشینی سوڵتانەکانی عوسمانی لە کوڕێک زیاتر دەبون، کامیان دڕ و دڕندە و زیاترین تینوی دەسەڵات بوایە ئەوانی تری بە شێوازی جۆرا و جۆر و فڕوفێڵ بێبەزەییانە لە ناودەبرد یا لەکۆڵ خۆی دەکردنەوە بە دورخستنەوە و زیندانی هەتاهەتایی. کە وردە وردە سەردەمی پاشاکان بەسەرچو حیزبە سیاسیەکان دروستبون و کەوتنە گرتنە دەستی دەسەڵات بە کودەتای سەربازی لە پاشا و قەیسەر و مەلیکەکان یا بە ڕاپەڕینی جەماوەری، ئینجا دوای چەند ساڵێک خۆیان دەبون بە دەعبایەکی نوێ کە ناویان لێنا دیکتاتۆر و زۆر جار دیکتاتۆرەکانی وەک هێتلەر و مۆسۆلۆنی و ستالین وکەمال ئەتاتورک و قەزافی و سەدام و نومەیری وكیم ئیل نون….لە پاشا و سوڵتان و قەیسەر و مەلیکەکان خوێنڕێژتر و نادادپەروەرتر دەردەچون و خەڵکی وڵاتەکانیان بە حەسرەت و ئاهکێشانەوە دەیان وت خۆزگەم بە کفندزەکەی پێشو!
ئینجا مۆدەی ڕابەری ئاینی ومەزهەبی هاتەگۆڕێ و دەسەڵاتدارە ئاینیەکان خۆیان ناونا خەلیفەی مەعسوم لە گوناه و جێنشینی خودا و ئەسحابە و پێغەمبەرەکان و لەم دەعبا دڕندە کۆن – تازانەوە لافاوی شەڕە ئاینی و مەزهەبەکانی ناو ئیسلام خۆی و نێوان ئیسلامی جیهادیی هەردو باڵی شیعە و سونی لە لایەک و جولەکەی سەهێۆنیی ڕەگەزپەرست و داگیرکەری خاکی فەلەستینیەکان لە لاکەی ترەوە دروستبو، ئەمانە بێ ئەوەی پرس بە گەلەکانیان بکەن زۆر بێبەزییانە لە شەڕی خوێناوی و وێرانکەریان گلاندن کە تائێستا بە دڕندانەترین شێوەی نوێی چەک بەردەوامە! باشە تۆی موجاهید کە حەزت لە شەهید بون و چونە بەهەشتە ئایا سەدان هەزار ژن و منداڵ و پیاوی بێوەی کە موسوڵمانێتیی خۆیان دەکەن و ژیاندۆست و دنیادۆستن و حەزیان لە خۆشیەکانی دنیایە بۆ لەم شەڕەی تۆوە تێوەگلێن و بکوژرێن و بریندار ببن و برسی و نەخۆش لە کەمپی ماڵوێرانکراوەکان دا بکەونە سواڵی نان و ئاو و دەرمان، ئەمە چ حیکمەت و حەق و دادپەروەریەکە؟
تا ئێستا ئەو شێوازی حوکمەی لە جیهانی ڕۆژاوا بە تایبەتی لە ئەوروپای ڕۆژاوا و وڵاتانی سکەندەناڤی لە پرۆسەیەکی مێژویی پڕ ژان و ئاژاوە و چەندین شەڕی کورت و درێژخایەن هاتۆتەکایە و گەشەی بەردەوامی کردوە، لەگەڵ هەمو کەموکورتیەکانی، هێشتا باشترین شێوازی حوکم و بەڕێوەبردنی ژیانی گشتیە. ئەڵبەتە لەو وڵاتانە هەڵبژاردن بوەتە کولتورێک چونکە لە هەمو جۆر و ئاستەکانی ژیانی گشتی ساڵانە یا هەر چەند ساڵ جاێک بێ دواخستن بەڕێوە دەچێت، بۆ نمونە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سەرتاسەریی هەمو وڵات، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمە فیدرالیەکان و ئەنجومەنی شارەوانی و پارێزگاکان، هەڵبژاردنی سەندیکا و سەرکردایەتیی حیزبەکان و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی یانە وەرزشی و کۆمەڵایەتی و کۆمپانیا و بانک و….. تەنانەت پاپای فاتیکانیش بە هەڵبژاردن دەچێتە سەر کورسیی پاپایی.
بۆیە زۆر گرنگە هەمو تاکێکی هەراشی گەلەکەی ئێمەش زانیاریی سیاسیی هەبێت لە سەر چۆنێتیی بەڕێوەبردنی وڵات و حیزبە سیاسیەکان، دەزانم و ناحەقیشمان نیە! کە ئیمڕۆ لە هەرێمەکەمان سیاسەت و حیزبایەتی و بە تایبەتی کەسی حیزبی خەڵک بڕوای پێیان نەماوە و هەوڵ دەدات دوربێت لێیان، بەڵام ئەمە ڕاست نیە چونکە هەمو شتێکی ژیانی ڕۆژانەمان پەیوەندیی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی بە سیاسەتەوە هەیە و کەمترین شتێک کە دەبێ وەک ئەرکێکی سەرشانت بیکەیت چونتە بۆ دەنگدان لە هەمو جۆرەکانی هەڵبژاردندا، دەست دەگرم بە کڵاوی خۆمەوە با نەیبات ناخوا، کڕین و بەکاربردنی پێویستیە شمەکیەکانی ژیانی ڕۆژانە و پاڵدانەوە لە قەنەفەکەت دا و سەیرکردنی زنجیرە کۆری و تورکی و ….یا چەپڵە و حەسرەت و هەڵچون بۆ یاریەکانی بەرشە و ڕیال مەدرید و…بەس نین، حەیفە ژیانت ئاوا تەنگ و تەسک و خۆڵەمێشی و ڕۆتینێکی چەندبارەبۆوەی بێ چێژ بێت! دەزانم دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ناو پەرلەماندا نیە، بەڵام یاساکان لەوێوە دەردەچن و ئەگەر پەرلەمان خەڵکی دڵسۆز و بەتوانا و ڕۆشنبیر ی زۆر تێدابێت ئەوا یاسای باش دادەنێن کە دەبێتە بناغەیەکی مکومی حکومەت و بەدیهێنانی دادپەروەریی ئابوری و گشتی.
بەدوری نازانم پارتە دەسەڵاتدارەکان فڕ و فێڵ و دزی و گزیان کردبێت، بەڵام لە چاو هەڵبژاردنەکانی تردا ئەم جارە کەمتر بون
خۆشحاڵم کە لە هەڵبژاردنی ۲۰ی۱۰ی۲۰۲٤ دا بەشداربوم و بینیم بەشداربوان زۆر بون، ئارام و هاوسەنگ بون، هیچ شەڕ و پێکادانێک ڕوی نەدا، بە ڕاستی سەلماندمان ئینسانی کورد مەدەنیە و ژیاندۆستە و توانای پێشکەوتنی زۆری تێدایە.

د.هەژار عثمان معروف




کاریگەری زەبری دەروونی لەسەر هیپۆکامپەس.. 155.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی ١٥٥

زەبری دەروونی کاریگەرییەکی قووڵ و درێژخایەنی لەسەر مێشکی مرۆڤ هەیە، بەتایبەتی لەسەر بەشی هیپۆکامپەس کە ڕۆڵێکی گرنگ لە پرۆسەی یادەوەری و فێربووندا دەگێڕێت. هیپۆکامپەس بەشێکی بچووکی مێشکە کە لە سیستەمی لیمبیکدا هەڵکەوتووە و بەرپرسیارە لە دروستکردن و پاراستنی یادەوەرییە درێژخایەنەکان. کاتێک کەسێک ڕووبەڕووی ڕووداوێکی زۆر سترێس یان مەترسیدار دەبێتەوە، ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری فیزیۆلۆژی و کیمیایی لە هیپۆکامپەسدا.

یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی کاریگەری زەبری دەروونی لەسەر هیپۆکامپەس، بەرزبوونەوەی بەردەوامی ئاستی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵە لە لەشدا. کاتێک کەسێک لە دۆخێکی سترێسی بەردەوامدایە، جەستە بڕێکی زۆر لەم هۆرمۆنە بەرهەم دەهێنێت. ئەم زیادبوونە بەردەوامە لە کۆرتیزۆڵ دەبێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندی نێوان خانەکانی دەمار (نیورۆن) لە هیپۆکامپەسدا و تەنانەت دەتوانێت ببێتە هۆی مردنی ئەم خانانە. هەروەها، زەبری دەروونی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی فاکتەری نیورۆترۆفیکی مێشک (BDNF)، کە ڕۆڵێکی گرنگ لە گەشەکردن و پاراستنی خانەکانی دەماردا دەگێڕێت.

نیشانەکانی کاریگەری زەبری دەروونی لەسەر هیپۆکامپەس دەتوانن جۆراوجۆر بن. کەسەکە لەوانەیە کێشەی هەبێت لە دروستکردنی یادەوەری نوێ یان لە بیرهێنانەوەی ڕووداوە کۆنەکان. هەروەها دەکرێت کێشەی هەبێت لە فێربوونی زانیاری نوێ یان لە گواستنەوەی زانیاری لە یادەوەری کورتخایەنەوە بۆ یادەوەری درێژخایەن. لەوانەیە کەسەکە هەست بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زیاتر بکات، چونکە هیپۆکامپەس ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕێکخستنی هەستەکان و کۆنترۆڵکردنی سترێسدا دەگێڕێت.

خۆشبەختانە، مێشک توانای خۆچاککردنەوەی هەیە و چەندین ڕێگا هەن بۆ یارمەتیدانی چاکبوونەوەی هیپۆکامپەس دوای زەبری دەروونی. چارەسەری دەروونی، بەتایبەتی شێوازەکانی وەک چارەسەری ڕەفتاری-دەروونی (CBT) و چارەسەری پرۆسێسکردنەوەی زەبر لە ڕێگەی جووڵاندنی چاوەوە (EMDR)، دەتوانن یارمەتی کەسەکە بدەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ بیرەوەرییە ناخۆشەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی زەبر. هەروەها، ڕاهێنانی جەستەیی بەردەوام، خەوی تەواو، و پراکتیزەکردنی تەکنیکەکانی کەمکردنەوەی سترێس وەک مێدیتەیشن و یۆگا دەتوانن یارمەتی گەشەکردنی خانە دەمارییەکانی هیپۆکامپەس بدەن.

سەرچاوە زانستییەکان:
وەك توێژینەوەکانی دکتۆر ڕۆبێرت ساپۆلسکی لە زانکۆی ستانفۆرد و لێکۆڵینەوەکانی دکتۆر بروس مەکئیوین لە زانکۆی ڕۆکفێلەر، بەڵگەی زۆریان پێشکەش کردووە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی سترێس و زەبری دەروونی لەسەر هیپۆکامپەس. هەروەها، گۆڤاری نیورۆسایەنس و ژورناڵی زانستی سایکۆلۆژی چەندین توێژینەوەیان بڵاوکردووەتەوە کە پەیوەندی نێوان زەبری دەروونی و گۆڕانکارییەکانی هیپۆکامپەس دەخەنە ڕوو. ئەم سەرچاوانە گرنگییەکی زۆریان هەیە لە تێگەیشتن لە میکانیزمەکانی کاریگەری زەبری دەروونی لەسەر مێشک و دۆزینەوەی ڕێگاکانی چارەسەر و خۆپاراستن.




سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. دژوار عەبدولقادر

هەوڵی دروستکردنی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی ئارام و دوور لە توندوتیژی وەک ئامادەکارییەک بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران بەکارکەنارکردنی پرۆ ئێرانییەکان دەستی پێکردووە.
لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەشێکی زۆر لە وڵاتە عەرەبیەکانیش بەو باوەڕە گەیشتوون ئێران هەڕەشەیەکەی جدیی ناسەقامگیری ناوچەکەیە. ئەم هەوڵە گەورەیە بە بزووتنەوەی حەماس دەستی پێکرد، گەیشتە حزبوڵای لوبنانی، بەمنزیکانە دەگاتە بەرەی مقاوەمەی عێراقی. حوسییەکانی یەمەن کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە و لەدەرفەتێکدا بۆ خۆیان دەتوێنەوە.
بێگومان لەو هەڵمەت و هەوڵە نیمچە نێودەوڵەتییەدا کارکەنارکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پێکەکە)ش بەدەر نییە، بەڵام نەک بەشەڕ، بەڵکو لە ڕێگەی ئۆجەڵانەوە لەگەڵ قەندیل هەڵمەتەکە بەڕێوەدەبرێ و لەماوەیەکی نزیکدا کورد لە تورکیا بە سەربەخۆیی کولتووری، فەرهەنگی و ئیداری دەگەن و بەکۆتا دێت. بێگومان تورکیاش پێویستی بەوەها هەنگاوێکی بوێرانە هەیە، چونکە بۆی ناچیتە سەر هەر نکۆڵی لە دۆزی کورد بکات. هەروەها دوورنییە ئەم هەڵمەتە کارکەنارکردنی گروپی دیکەی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش لە خۆ بگرێت.




فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامی 6.2 ئیبن ڕوشد (ئاڤێروێس).. گێرت هێندریش.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

ئەو کاریگەرییە کە فەیلەسوفى عەرەبى ئیبن ڕوشدى کۆردۆبەیى لەسەر چەرخی نێڤینی ئەوروپی نواندی، زۆرتر بوو لەو بایەخە کە لە سەدەى هەڤدەیەم و هەژدەیەمى ئەوروپیدا بە ڕۆمانەکەى ئیبن توفەیل درا. دانتە لە “کۆمیدیاى خودایى”دا بەم شێوەیە ناوی ئیبن ڕوشدى بردووە: “ئاڤێروێس کە شەرحى مەزنى نووسیوە” (Inf IV، 144). ئەوە دیاردەیەکى تایبەتیى مێژووى هزرە کە فەلسەفەى ئیبن ڕوشد گەورەترین کاریگەریى لە هزرى ئەوروپى-کریستیانیدا نواند نەک لە هزرى عەرەبى-ئیسلامیدا. لێرە وەرگرتن (ڕێسەپسیۆن) و دانوستاندنى فراوانى ئەو سەرەتا بەهۆى سەرئەنجامەکانى مۆدێرنەوە، وەلێ بەتایبەتى لە سیى ساڵى ڕابوردوودا، دەستیپێکرد، ئەمەش سووڕهێنەرە: ئاخر ئایا فەیلەسوفێکى چەرخى نێڤین چیى پێیە بە جیهانێکى مۆدێرنەى ڕابگەیەنێت کە پارادیگماى هۆشەکی و کێشەى جڤاکیانەی تەواو جیاوازى هەیە؟ ئەمڕۆ ئیبن ڕوشد لە جیهانى عەرەبیدا زۆر زیاتر لە هەر فەیلەسوفێکى دیکەى عەرەبى-ئیسلامى بە هزرڤانی ترادیسیۆنێکى ڕۆشنایی دادەنرێت کە تایبەتە بە خودى کولتوورى ئیسلامی و ئوتۆنۆم و سەربەخۆیە لە ئەوروپا. هەروا لە لایەک ئەو کاریگەرییە کەمە کە ئیبن ڕوشد لەنێو ئەم کولتوورەدا لە دەوروبەری ژیانی خۆیدا نواندی، لە لایەکى دی واتاى ئەو بۆ دیسکورزى سەردەم، ڕووندەکرێتەوە: کاتێک هزرى ئەو لە سەردەمى خۆیدا بەر نێوەندێکى کەمێک ئامادەى جڤاکی و هۆشەکى کەوت، ئەوا سەرنجڕاکێشیی فەلسەفەکەى لەم سەردەمەدا بۆ ئەو شرۆڤە ڕەخنەییە دەگەڕێنرێتەوە کە لەبارەی پەیوەندیى نێوان ئاوەز و ئیمان ئەنجامى دا، کەواتە لەبارەی مژارێک کە واتایەکى سەنترالیى بۆ دیسکورزى ئەمڕۆى ئیسلام هەیە.
ئەبولوەلید موحەمەد ئیبن ئەحمەد ئیبن ڕوشد کە لە فەلسەفەى ئەوروپیدا بە ئاڤێروێس ناسراوە، ساڵى 1126 لە کۆردۆبا هاتە جیهانەوە، وەک کوڕى خانەوادەیەک کە تێیدا پشتاوپشت دادوەرانی خاوەن کاریگەریى سیاسی هەڵکەوتبوون. ئیبن ڕوشد ڕێگەى خوێندنێکى گشتگیرى گرتە بەر کە تەنیا فەلسەفە و ماتماتیک و زانستى سروشتیى لە خۆ نەگرتبوو، بەڵکو هەروەها پزیشکى و دادوەری، لەم پەیوەندییەشدا هاوکات لە تیۆلۆگیى ئیسلامیدا پێگەیەنرا. ساڵى 1169 ئەبو یەئقوب یوسف کە حوکمدارى ئەلمووەحیدون بوو لە مەڕاکیش (ماڕۆکۆ)، بۆ شارحێک دەگەڕا کە فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیسى بۆ ڕوونبکاتەوە، ئیبن توفەیلیش کە ئەو دەمە پزیشکى کۆشک بوو، پێشنیارى ئیبن ڕوشدى لاوى کرد ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنێت. ئێمە دەتوانین وای دابنێین کە ئیبن توفەیل لەو کاتە بەدوواوە مامۆستا و پشتیوانى ئیبن ڕوشد بووە. ئەو لە ساڵى 1171 بەدواوە دادوەرى باڵاى کۆردۆبا بوو و پاشان ساڵى 1182 وەک پزیشکى کۆشک جێى ئیبن توفەیلى گرتەوە. ئەو چەند ساڵێکى درێژخایەن، تا ئەو کاتە کە حوکمدار پشتی تێکرد، لە فەرمانگەى جیاوازدا کارى بۆ ئەلمووەحیدون کرد. کتێبەکانى لە نێوەندی گشتیدا سووتێنران، خۆیشى ناچار بوو کۆچ بکات بۆ تاراوگە. پێدەچێت فشاری زانایانى کۆنزەرڤاتیڤى ئایین لەسەر میر بەرپرسیار بووبێت لەو ڕووداوە. وەلێ ئیبن ڕوشد لە کۆتاییدا بە چەند تێزێکى سەرنجڕاکێش لەسەر پەیوەندیى نێوان ئیمان و ئاوەز دەرکەوتەوە. دەبێت کاریگەریى بەهێزى ئەو لەسەر میرى ئەلمووەحیدون و هەروەها ناوبانگی لە نێوەندی گشتیدا هۆی ئەوە بووبن کە ئاوارەکردنەکەی تەنیا ماوەیەکى کورتى خایاند. ئیبن ڕوشد دواى گەڕانەوەى سەرلەنوێ تا مردنى کاری فەرمیى لە کۆشکى حوکمداردا ئەنجامدایەوە.

مێتافیزیک

ئەوە ئاشکرایە کە “تەرقیە”ى ئیبن ڕوشد وەک فەیلەسوف بە شەرحێک (کۆمێنتارێک) ی ئەڕیستۆتێلیس دەستی پێکرد. ئاخر ئەو تەواو ئەڕیستۆتێلى بوو، چەرخى نێڤینى ئەوروپیش ئەوى سووک و ئاسان ناو نا “ئەلشارح”ى ئەڕیستۆتێلیس. هەندێک جار ئەم پابەندبوونەى هێندە زۆرە کە ئیدی لەدژى مەئریفە نوێکانى توێژەرانى ئەرەبى-ئیسلامى بەرگرى دەکات لە بیرۆکەکانى ئەڕیستۆتێلیس لەمەڕ فەلسەفەى سروشت و فزیک، جا گەرچى ئەو توێژەرانە بەئاشکرا باشتر لە مامۆستاکەى ئەنتیکە وەڵامى پرسیارەکانیان دابۆوە. ئیبن ڕوشد بەهۆى ئەم خۆبەڕاستزانییەوە تانوتى ئەوەى لێدرا کە تەنیا لاساییکەرەوەیەکى گریکەکەیە. وەلێ ڕاستییەکەی فەلسەفەى ئەو زۆر لە فەلسەفەى ئەڕیستۆتێلیس تێدەپەڕێت: ئەو، لەپاڵ شەرحەکانی ئەڕیستۆتێلیسدا، هەروەها هزرى فەیلەسوفانى دیکەى ئەنتیکەى ڕاڤە کرد، وەک بۆ نموونە “کۆمار” (Politeia)ى پلاتۆن (ئەم کارەی تەنیا بە وەرگێڕانێکى حیبرى بەدەستگەیشتووە)، ئەوجا “ئیساگۆگە” (Isagoge)ى پۆرفیریۆس یان “ئالماگێست” (Almagest)ى پتۆلێمیۆس. ئیبن ڕوشد هاوکات هەڵوێستێکى دووفاقی بەرانبەر ئیبن سینا وەردەگرێت: لە کارە سەرەکییەکەیدا بە ناونیشانى “تەهافوت ئەلتەهافوت” بەرگرى لە ئیبن سینا دەکات لەدژى هێرشەکانى غەزالى، وەلێ هاوکات زۆر ڕەخنەییانە خۆى بە هزرى ئەوەوە خەریک دەکات و بەرپەرچی هەندێک لە تێزە کرۆکییەکانى دەداتەوە. ئەمە بەتایبەتى زانینومای ئیدێکانى پلاتۆن دەگرێتەوە کە لە چەرخى نێڤیندا ناو دەنرا ڕیالیزمى یونیڤێرساڵەکان. شتەکان کە بەرجەستانە شیاوى دەرککردنن و بۆ ئەزموون کراوەن، لە ڕیالیزمى یونیڤێرساڵەکاندا بە ڕیالێتى دانانرێن، بەڵکو لە پشتیانەوە گەوهەرى سەربەخۆ لە شێوەى “ئیدێ” یان “یونیڤێرساڵ”دا (گشتێتیدا – و) خۆیان دەبیننەوە. ئیبن ڕوشد بە پێچەوانەوە وای دەبینێت کە یونیڤێرساڵەکان کاریگەریى زەینى چالاکن لەسەر دەروونەکانى مرۆڤ و هەبوونى خۆییان لە دەرەوەى دەروون پێنادات. زەین خۆى تێگە یونیڤێرساڵەکان (گشتییەکان) چێدەکات، ئەویش کاتێک فۆرمەکان لە تاکە شتەکانى ئەزموون دادەبڕێت. فۆرمەکان کە توخمى جیهانى هۆشەکین، لەنێو شتە کەرەسەییەکاندان. بەم پێیە ئیبن ڕوشد هەڵوێستێکى ناوگەرایى (nominalistisch) ی میانەیی وەردەگرێت، واتا: یونیڤێرساڵەکان لە ڕاستیدا تێگەى دروستکراوى زەینن، وەلێ لەبەر ئەوەى فۆرمەکان گشتێتین یان “دیارداوی ئیدێیی”ن لەنێو تاکە شتەکاندا، ئەوا زەین نەک تەنیا پێویستی بە نەزەری تاکە شتە بەرجەستەکانە بۆ ئەوەى بە “ئیدێ”ى فۆرمەکان بگات، بەڵکو هەروەها خودى جیهانى هۆشەکییانەى فۆرمە پەتییەکان پێویستیى بە شتە بەرجەستەکانە بۆ ئەوەی خودى خۆى بهێنێتەدی. مرۆڤ دەتوانێت لەمە هزرێکى ماتەریالیستى تێبگات، وەک چۆن ئێرنست بلۆخ لێی تێدەگەیشت. وەلێ ئەوەی ڕاستی بێت ئەمەیە مژاری ئیبن ڕوشد: مەئریفەى هۆشەکى هەمیشە تێگەیشتنە لە گشتێتیى ڕیال، کەواتە دەشێت بوونى شتەکان لەنێو خودى شتەکانى ئەزموونکردنی بەرجەستەدا ئاشکرا بکرێت بەبێ ئەوەى پێویست بێت لەتەک پلاتۆندا گریمانەی دووبەشاندنی شتەکان بەسەر دیاردە و کرۆکدا بکرێت. ئەم بیرۆکانە سەرلەنوێ لە فەلسەفەى ئەوروپیى چەرخى نێڤیندا لە ناوگەرایى میانەییدا سەرهەڵدەدەنەوە و لێرەشدا هەڵوێستى ئەڕیستۆتێلیزم بەهێز دەکەن.
ئەو کارانە کە تێیاندا هزرى خۆیى ئیبن ڕوشد بە ڕوونترین شێوە خویا دەبێت و ئەمڕۆ زۆرترین گرنگیان پێدەدرێت، بەزۆریى خەریکبوونە ڕەخنەییەکانى بوون بە هێرشى تیۆلۆگەکانەوە بۆ سەر فەلسەفە، بۆ نموونە بە “تەهافوت ئەلفەلاسیفە”کەى غەزالییەوە. ئیبن ڕوشد لەبارەی ئەم نووسینە شەرحێکى مەزن دەنووسێت و تێیدا ئەرگومێنتەکانى غەزالى وەک خۆیان دەخاتە ڕوو، پاشان بە شێوەیەکى سیستەماتیکى بەرپەرچیان دەداتەوە. “تەهافوت ئەلتەهافوت (Destructio destructionis / Die Inkohärenz der Inkohärenz) بە کارە سەرەکییەکەى ئیبن ڕوشد دادەنرێت. ئەو لەم نووسینەدا هەروەها ڕەخنەییانە بە تێگەى هۆئەنجامیى (کاوساڵێتیى) غەزالییەوە خەریک دەبێت، لێرەشدا ڕوودەکاتە نموونەکەى غەزالى لەمەڕ پارچەیەک لۆکە کە دەکەوێتە نێو ئاگرەوە. غەزالى سەبارەت بەم نموونەیەى خۆی دەبێژێت: مرۆڤ دەتوانێت تەنیا گریمانەى پەیوەندییەکى دوای-یەکییانە (post hoc)ی نێوان ئاگر و سووتان بکات، وەلێ هەرگیز ناتوانێت گریمانەى پەیوەندییەکی بەهۆوەیی (propter hoc)ی نێوانیان بکات. ئاگر بۆ غەزالى تەنیا هۆیەکى “خوازەیی”ى سووتانە. ئێستاش ئیبن ڕوشد بەپوختى پرسیار دەکاتەوە: ئایا مرۆڤێک کە بەڕێکەوت دەکەوێتە نێو ئاگرێکەوە، تەنیا بە شێوەیەکى خوازەیی دەسووتێت؟ بۆ ئەو ڕوون و ئاشکرایە کە سەرجەم شتەکان هەروەها خاوەنى ئەدگارانن. هۆی ئەوە کە شتەکان چی بن، هەر ئەوەش بن، دەگەڕێتەوە بۆ ئەدگارەکان. ئەمە لە ڕەوشی ئاگردا بۆ نموونە سووتانى ئەو شتەیە کە بەر ئاگرەکە دەکەوێت، بەگوێرەی ئەمەش دەبێت ئاگرەکە بە هۆ دابنرێت، چونکە گەر ئەوها نەبێت، ئەوسا ناتوانین هیچ گۆتەیەک نە لەبارەى شتەکان و نە لەبارەى دەستووری جیهان دەرببڕین، کە ئیدی هەروەها ئەو شیمانەیە نامێنێت بۆ ئەوەى لە خودا یەکەم هۆ تێبگەین و بەمەش هەبوونى بسەلمێنین.
ئیبن ڕوشد لەپاڵ “تەهافوت ئەلتەهافوت”دا چەند توێژینەوەیەکى بچووکى لەبارەی پەیوەندیى نێوان ئاوەز و ئیمان نووسى کە بریتین لە: “فەسڵ ئەلمەقال” (لێتوێژینەوەی بڕێنەرەوە) و “ئەلکەشف عەن مەناهیچ ئەلئەدیللە” (لێتوێژینەوەی بەڵگەکان لە ڕووی پێشبینییەکانی ئیمانەوە). ئەم نووسینانە ساڵى 1875 وەرگێڕران بۆ ئەڵمانى و لەژێر ناونیشانى “فەلسەفە و تیۆلۆگیى ئاڤێروێس”دا دانران.

ئیمان و ئاوەز

چۆن لە “تەهافوت ئەلتەهافوت”دا، هەر ئەوها تەواو لە “فەسڵ ئەلمەقال”دا، ئیبن ڕوشد هەوڵ دەدات ئەو تۆمەتى دەرچوونە لە ئیمان لەکاربخات کە غەزالى دابوویە پاڵ فەیلەسوفەکان بەگشتى و فارابى و ئیبن سینا بەتایبەتى، لێرەشدا لەسەر ئەو پرنسیپە دەڕوات کە هەروەها فەیلەسوفانى پێش خۆى پەیڕەوییان کردبوو، واتا: ڕاستییەکانى ئایین و فەلسەفە دژبێژیى یەکدى ناکەن. ئیبن ڕوشد دەبێژێت:
“لەبەر ئەوەى ئەم یاسا ئایینییانە (ئەم شەریعەتە) ڕاستین و داواى نەزەری گەیەنەر بە ڕاستى دەکەن، ئەوا ئێمەى موسڵمان بەتەواوى دەزانین، نەزەری بورهانى (دێمۆنستراتیڤ) گەیەنەر نییە بە شتێک کە پێچەوانەى یاساى سروشییە (شەرعە). ئاخر ڕاستى دژبێژیى ڕاستى ناکات، بەڵکو پێی دەگونجێت و گەواهیی بۆ دەدات.(…)
وەلێ گەر سەرچاوەى ئایین خۆى لێى بدوێت، ئەوا گوزارشتی دەرەکی دەگونجێت یان ناگونجێت بەو شتە کە بورهان گەیەنەرە پێی. گەر پێی بگونجێت، ئەوسا پێویست ناکات زیاتر بگۆترێت، وەلێ گەر پێی نەگونجێت، ئەوسا تەئویلکردنى پێویست دەبێت. (…)
واتاى تەئویل ئەوەیە کە لە مەغزای ڕاستینە مەغزاى پەیڤ دەربهێنرێت و بکرێت بە مەغزایەکى خوازەیی، بەبێ ئەوەى بەو ڕێیەوە زیان بە زمانی باوی عەرەبەکان بگەیەنرێت” (1).
کەواتە تەنیا بەرواڵەت دژبێژییەک هەیە لە نێوان ڕاستییەکى فەلسەفەیى سەلمێنراو و مەغزاى وشەیى تێکستێکى ئایینیدا، ئەم دژبێژییەش هەڵدەوەشێتەوە گەر مرۆڤ خوازەییانە (مێتافۆریانە) لە تێکستى ئایینی تێبگات. وەلێ ئەمە هەروەها واتایەکى ئەوتۆ دەگەیەنێت کە فەیلەسوفەکان خۆیان لەسەر هەمان ئاستى هزرمەندانەى (ئینتەلێکتوێلیى) “یاسادانەرانى ئایینى” و فەلسەفەش خۆى لەسەر هەمان ئاستى ئایینى سروشی دەبینێتەوە، هەر وەک چۆن ئیبن ڕوشد لە شەرحى “کۆمار”ى پلاتۆندا پێشانى دەدات: مەبەستى پەیامی بۆ هاتوو (پرۆفێتیی) “لەخۆدا هەمان جۆر و مەبەستى فەلسەفەیە” (ئیبن ڕوشد، 1996 و 93). بێگومان چەند ئاشکرایە کە “ناشێت ڕاستى دژبێژیى ڕاستى بکات”، ئەوەندەش توانستى مرۆڤان بۆ ناسینى ڕاستى بەگشتی نائاشکرایە، ئەویش چونکە “هەموو مرۆڤان بەهۆى سروشتیانەوە توانایان بۆ بورهان (دێمۆنستراسیۆن) نییە، تەنانەت بۆ گۆتە (الأقاويل) دیالێکتیکییەکانیش، جا نەخوازە بۆ گۆتە بورهانییەکان”، ئەوجا لەبەر ئەوەى بە پێچەوانەوە “مەبەستى شەرع تەنیا فێرکردنى هەمووانە، ئەوا پێویستە شەرع هەموو جۆرەکانى ڕێگەگەلی ڕاستاندن و هەموو جۆرەکانى ڕێگەگەلی تێڕوانین (التَصَوُّر) لە خۆ بگرێت” (2)، لێرەشدا زۆرترین بەشیان لە فۆرمى سیمبۆلى و ڕەوانبێژیدا (الخطابية) ئاڕاستەى جەماوەرى ئیمانداران دەکرێت و تەنیا بەشێکى کەمیان لەسەر سوورەتى 59، ئایەتى 2ى قورئان دەڕوات: “ئێوە کە تێڕوانینتان هەیە، هەروەها بهزرێن!” (3). کەواتە ڕاستییەکانى فەلسەفەى تیۆریانە (سپێکولاتیڤ) تەنیا تایبەتن بە هەندێک زانا. ئەم جەختکردنە لە بەربژێریی فەلسەفە ڕاڤەکارانى ئەوروپیی سەردەمی بەو تێڕوانینە گەیاند کە گۆیا داواکارییەکەى ئیبن ڕوشد بۆ ئازادیى هۆش تەنیا هەڵوێستێکى دەستەبژێرانەیە و لێرەشدا زانین و تێڕوانینى فەلسەفەیى دەستوێژ نین بۆ ڕزگارکردنى مرۆڤ. ئەم نرخاندنە پێشانی دەدات، لێرەدا چەند کەم توانستی هەستکردن بە دۆخى هزرمەندێکی نێو کولتوورێکى چەرخى نێڤین هەیە کە تێیدا ئایینداریى ئەقیدەگەرا و دەسەڵاتداریى دێسپۆتی سەروەر بوون.
خودى ئیبن ڕوشد بە پەیڤی تەواو ڕۆشن ڕەوشە سیاسییەکانى سەردەمەکەى دەردەبڕێت. ئەو لە شەرحی “پۆلیتێیا” (کۆمار – و) ى پلاتۆندا پەیوەندییەک لە نێوان دەسەڵاتى سیاسى و پاساوبۆهێنەرەوانی ئایینیدا چێدەکات: لە دەوڵەتى “تیرانى”دا “دەسەڵاتداران پەیوەست بە جەماوەرەوە تەنیا مەبەستی خۆییان هەیە، بۆیە هاوشێوەیی نێوان دەوڵەتى پیاوانی ئایین (priesterlich) و تیرانی زۆر جار ئەنجامێکى ئەوتۆ دەهێنێت کە بەشەکانی پیاوانى ئایین لەنێو ئەو دەوڵەتەدا دەبن بە بەشە تیرانییەکان و ئابڕووی ئەو کەسە دەبەن کە مەبەستى ئایینیی هەیە، وەک چۆن ئەمە لای ئەو پیاوانەى ئایین دەبینرێت کە خۆیان لەنێو دەوڵەتەکانى ئەم سەردەمەماندا دەبیننەوە”. پاشان ئیبن ڕوشد ئەم ڕەخنەیە کە بەئاشکرا لە عولەماى ئایینى ئیسلامی دەگرێت، بەبەرجەستەیى دیاری دەکات: “نموونەیەک بۆ ئەمە بریتییە لەو دەسەڵاتدارییە کە لە کۆردۆباى وڵاتماندا هەیە” (ئیبن ڕوشد، 1996، 119 بەدوواوە). ئیبن ڕوشد لە شەرحەکەى پلاتۆندا ئەم تێزە بەرەنگارى پەیوەندییە هەبووەکان دەکاتەوە: دەبێت یاسا ئایینییەکان هەمیشە بەگوێرەى گونجانیان بەو یاسایانە بنرخێنرێن کە مرۆڤان دایانناون. مۆرکەکانی ئەو پێگونجانە بریتین لەو ڕێسایانە کە پێناسەى ئەوە دەکەن، داخۆ چە ڕێکخراوێک (ى سیاسى) بە کرۆکى مرۆڤ بگونجێت، ئەمە بێگومان لەو شێوەیەدا کە چۆن فەلسەفە وەک زانستى ئاوەز ڕێساکان دادەنێت. کەواتە سەروەریی فەلسەفە هەڵوێستێکى دەستەبژێرانە نییە، بەڵکو سوورە لەسەر پێشتریدان بە بناغەڕشتنى ئاوەزیانەى یاساکان و ڕێکخراوە سیاسییەکان، تەواو بە پێچەوانەى ئەو داواکارییەوە کە دەبێژێت پێویستە یاساکانى مرۆڤ هەمیشە پابەند بن بە یاسا ئایینییەکانەوە.

ئەوە سەروەریی هزرە بەسەر ئیماندا کە ئیبن ڕوشد پشتگیریی لێدەکات، ئەو هەروەها بە “ئەرکی فەلسەفە”ی دادەنێت “کە ئایین لە بەردەم زەینی کەسانی پێشکەوتوودا بپشکنێت و بەمەش دەرفەت بدرێت بۆ ئەوەی بەڵگە لەبریی ئیلهام بدوێت”، هەروەک چۆن ئێرنست بلۆخ دروست ڕاڤەی کردووە (Bloch 1972, 484). کەواتە “لە ئاییندا هیچ پاشماوەیەکی سروشییانەی سەر-ئاوەزی” نامێنێتەوە “کە زەین لە بەردەمیدا ئاگنۆستییانە شکست بهێنێت” (هەمان سەرچاوە). هەر بەتەواوەتی ئیبن ڕوشد ئەم کاریگەرییەی لەسەر فەلسەفەی چەرخی نێڤینی دەمەو کۆتایی ئەوروپا نواند و ئەمڕۆش سەرلەنوێ لە فەلسەفەی عەرەبی-ئیسلامیی سەردەمدا ڕەچاو دەکرێت. جگە لەوە ئیبن ڕوشد لەبریی ئەو ڕەشبینییە کە غەزالی بەرانبەر ئاوەز هەیبوو، گەشبینییەکی تەواو ئاشکرای مەئریفە دادەنێت.

زەینى نەمر
ئەم گەشبینییەى مەئریفە هەروەها لە تیۆریی زەینى ئیبن ڕوشددا کارا دەبێت. تیۆریى زەین هۆیەکى سەرەکى بوو بۆ ئەو پۆلێمیکە کە لە فەلسەفەى ئیسلامى و کریستیانیدا ئاڕاستەى ئەو کرا. ئەڕیستۆتێلیس مرۆڤى وەک زیندەوەرێک پێناسە کردبوو کە بەهۆی زەینی خۆیەوە لە سەرجەم زیندەوەرانى دیکە جیادەبێتەوە و هەروەها بەتوانایە بۆ ئەوەی لە فۆرمە گشتى و نافانییەکان تێبگات. وەلێ لەم تێڕوانینەوە کێشەیەک دەکەوێتەوە: پێویستە ڕوون بکرێتەوە کە چۆن زەینى مرۆڤێک لە لایەک لە فۆرمە گشتى و نافانی و سەرکەسییەکان تێدەگات، وەلێ لە لایەکى دى تەنیا زەینی کۆنکرێتی تاکە مرۆڤێکە. ئەڕیستۆتێلیس لەم کێشەیەدا جیاوازیى لە نێوان دوو زەیندا کرد: زەینى ناچالاک (پاسیڤ) کە فانی و بمرە، بەمەش بریتییە لە هێزى پێشبینیى هەر تاکەکەسێک، هەروەها زەینى چالاک (ئەکتیڤ) کە لە وێنەکانى هێزى پێشبینییەوە فۆرمە هۆشەکییە ئەزەلییەکان دەرئەنجامێنێت (abstrahiert). زەینى چالاک دابڕاوە لە لەشى بەرجەستە و نافانییە، وەلێ بۆ ئەوەى بتوانێت پێشبینییەکانى زەینى ناچالاک بکات بە کردەکى (ئەکتوالیزە بکات)، پێویستیى بە نێوەندیاریى زەینێکى شیمانەییە (intellectus possibilis). ئەم زەینە شیمانەییە تەنیا توانستى مەئریفەى مرۆڤە و لە ڕووى نێوەرۆکەوە هیچ دەبێت گەر هاتوو زەینى چالاک کاریگەری نەنوێنێت. وەلێ بەمە ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرا کە داخۆ چۆن جیهانى پێشبینیى بمر و سنووردارى تاکە مرۆڤان پەیوەندی بە جیهانى هۆشەکییانەى زەینى چالاکەوە بکات، بەڵکو کێشەکە تەنیا گوێزرایەوە بۆ جێیەکی دی. وەلێ بە تێگەیشتنی ئیبن ڕوشد زەینى شیمانەیش نافانییە. ئەو ناوی دەنێت “زەینى ماتەریەل”، ئەوجا ئەرگومێنت دەهێنێتەوە: ئەم زەینە ماتەریەلە بەشدارە لە چێکردنی فۆرمە هۆشەکییەکاندا، ئەویش کاتێک فۆرمە هۆشەکییەکان بە زەینى ناچالاک دەگەیەنێت، وەلێ ئەو خۆى هاوکات زەینى کۆنکرێتى مرۆڤێکى پێویستە، کەواتە پێویستی بە زەینى ناچالاکە پێکەوە لەتەک پێشبینیى و وێنە خۆییەکانیدا لەبارەی جیهان. لەمەوە ستاتۆ تایبەتییەکەى زەینى ماتەریەل ڕوون دەبێتەوە. زەینى چالاک لە دەرەوەى مرۆڤە و فۆرمە هۆشەکییەکان لە خۆ دەگرێت. زەینى ناچالاک بەشێکە لە گرێدراویی لەش و دەروون و هاوشێوەى هەردووکیان فانییە. وەلێ گەر مرۆڤێک بمرێت، ئەوسا هیچ گومانى تێدا نییە کە یەکێتیى لەش و دەروون و لەتەک ئەویشدا زەینى ناچالاک لەناودەچێت، وەلێ زەینى ماتەریەل لەناوناچێت. ئەم زۆرێتی نییە و سەر بە تاکە مرۆڤان بێت، بەڵکو وەک یەکانە سەر بە ڕەگەزى مرۆڤە. کەواتە گەر زەینى مرۆڤ بەڕێى زەینى ماتەریەلەوە بە مەئریفەى فۆرمە هۆشەکییەکان بگات، واتا بە مەئریفەى ڕاستییە ئەزەلییەکان بگات، ئیدی بەم ڕێیەوە کارەکتەرێکى گەردوونى وەردەگرێت.
وەلێ بڕوابوون بە نەمریى تاکە دەروون سەر بە دۆگمە بنەڕەتییەکانى ئیسلام و کریستیانەتییە. کاتێک ئیبن ڕوشد تاکە دەروونە کەسییەکان بە بمر و تەنیا زەینى ماتەریەل کە شێوەیەکى “دەروونى ڕەگەزى”یە، بە نەمر دادەنێت، ئیدی فەلسەفەکەى دەکەوێتە ناکۆکییەوە لەتەک دۆگمە ئایینییەکاندا، هەر بەگوێرەی ئەمەش پەرچەکرداری ئەقیدەگەریی ئایینى لە هەردوو ئایینەکەدا دوژمنانە بوو. بۆ نموونە مەترانی پاریس ساڵى 1270 نەفرەتی لە سیازدە تێزى فەلسەفەیى کرد، لێرەشدا زانینومای ئیبن-ڕوشدییانەى دەروون یەکێک بوو لەو تێزانە. تۆماسى ئەکوینى کێشەنامەیەکی بە ناونیشانى “لەبارەى یەکانەى زەین لەدژى ئاڤێرۆیستەکان” (De unitate intellectus contra Averroistas) نووسی، کە ڕاستییەکەی کەمتر ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ئیبن ڕوشدەوە هەیە، بەڵکو ڕوودەکاتە فەیلەسوف سیگەر فۆن برابانت کە بەئاشکرا لایەنگریی خۆی بۆ زانینوماى زەینى ئیبن ڕوشد ڕاگەیاندبوو. دەنگدانەوەى زانینومای ئاڤێرۆیستى هەروەها لە “دى مۆناڕشییا” (De Monarchia، 1313)ى دانتەدا دەبینرێت: تێڕوانینى ئیبن ڕوشد بۆ زەینى ڕەگەزییانەی نەمر ئەوەیە کە ئەم زەینە بەردەوام بە گەشەسەندنی زانین و توانستى پەرچاندن پێشڤەدەچێت؛ دانتە ئالیگیرى لەم تێڕوانینەی ئەوەوە زەروورەى ڕێکخراوێکى سیاسیى دەرئەنجاماند کە دەرفەت بۆ پرۆسەیەکى هاوشێوەى گەشەسەندن دەڕەخسێنێت و خۆیشى تەنانەت سوود لە پرۆسەکە دەبینێت. وەلێ ئێستا بەم ڕێیەوە ڕێکخراوى ئاکاریانەی جڤاکی مرۆڤ چیدی ئەنجامی دەستورێکى ڕاگەیەنراوى خودا نییە، بەڵکو بەرهەمى ئاوەزى مرۆڤە و تەنیا بەڕێى ئەم ئاوەزەوە ڕەوایەتیى پێدەدرێت. تێزەکەى ئیبن ڕوشد لە هەڤرایەڵێکی هاوشێوەدا هەروەها لە ڕەوتی ڕۆشناییەکانی ئەوروپاشدا دێتەوە نێوان. هێردەر لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانى “چەند ئیدێیەک لەبارەی فەلسەفەى مێژووى مرۆڤایەتى” (91/1784) هێرش دەکاتە سەر ئەو تێزە: “فەلسەفەى مێژووى ئێمە ناچێتە سەر ئەم ڕێگەیەى فەلسەفەى ئاڤێرۆیستى کە وایدادەنێت سەرجەم ڕەگەزى مرۆڤ تەنیا یەک، بەڵێ یەک دەروونى زۆر نزمى هەیە و خۆی تەنیا تا ئەندازەیەک بە تاکە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت” (Herder 1989, 338). ئەم چزووە کە بە ڕووکەش ڕووەو نووسینەکەى لێسینگ بە ناونیشانى “پەروەردەى ڕەگەزى مرۆڤ” ئاڕاستەدراوە، بەبێ هیچ گومانێک ڕاستەوخۆ ئاڕاستەى کانت کراوە. ئاخر کانت لە “ئیدێى مێژوویەکى گشتى لە ڕوانگەى هاوڵاتێتیى جیهانییەوە” (1784) نووسیبووى: “لای مرۆڤ (وەک تاکە مەخلوقێکى ئاوەزمەند لەسەر زەمین) ئەو توانستە سروشتیانە کە ئامانجیان بەکارهێنانى ئاوەزى ئەوە، تەنیا لەنێو ڕەگەزدا نەک لەنێو تاکەکەسدا بەتەواوی گەشەدەسێنن” (Kant 1968, VIII 18). ئەوە گریمانەیەکی سەرنجڕاکێش دەبێت کە داخۆ کانت لێرەدا بەڕاستى “ئاڤێرۆیستییانە” ئەرگومێنت بهێنێتەوە یان داخۆ بە پێچەوانەوە بتوانین دەربئەنجامێنین، کە مەبەستى ئیبن ڕوشدیش لێهزرینێکى هاوشێوە بووە. بێگومان دوائەنجامی مژاری کانت بریتی نییە لە فیگورێکى کلاسیکی ئەڕیستۆتێلیانەی زانینومای دەروون، بەمەش پرسیار نییە لەبارەی نەمریى دەروونى کەسەکی، بەڵکو مژاری ئەو کارەکتەرى مێژووە وەک پێشڤەچوونى ماف: کاتێک مرۆڤان وەک بوونەوەرى ئاوەزمەند خۆیان دەست دەدەنە چاکسازیى پەیوەندییەکانیان، ئیدی ئەوان وەک بوونەوەرى ڕەگەزى بەشداری لەوەدا دەکەن کە لەنێو پرۆسەى مێژووییدا مەرجەکان بۆ شیمانەى گەشەی ئاوەز و ئاکار لەنێو تاکە مرۆڤدا چاکبکرێن و لە کۆتاییشدا بەتەواوى گەشەبسێنن.

ئیبن ڕوشد پێناسەی ئاوەز دەکات وەک یەکانەی زەین لەنێو ڕەگەزی مرۆڤدا، ئەمەش کەمتر واتایەکی تیۆرییانە، بەڵکو پتر واتایەکی پراکتیکی-مۆرالیانەی هەیە. ئاخر چیدی ئێستا ئایینی بۆماوەیی بناغەی یاساکانی ئاکار نییە، بەڵکو ئاوەزی گشتیی ڕەگەزی بریتییە لەو بناغەیە. ئەمە پەیوەستە بە تێڕوانینی ئیبن ڕوشدەوە سەبارەت بە باڵادەستیی فەلسەفە وەک زانستی ئاوەز بەسەر دۆگمەکانی ئیماندا.

بێگومان نابێت ئەو ئۆتۆنۆمییە کە ئیبن ڕوشد لێرەدا بۆ مرۆڤى ئاوەزمەند ڕایدەگەیەنێت، بەسەهوو لێمان بگۆڕرێت بە بیرۆکەی ئوتۆنۆمی لای کانت: ئیبن ڕوشد دەستبەرداری بڕوا بناغەییەکەى پارادیگماى ئۆنتۆلۆگى نابێت کە ڕاستی وەک مەئریفەى بوونەوەرى ڕاستینە دادەنێت، وەلێ ئۆتۆنۆمیى سەبژێکت لاى کانت وایدادەنێت کە مرۆڤ ناتوانێت ڕاستییەکى بەو چەشنە بناسێت، هەر لەمەشدایە بناغەى ئۆتۆنۆمییەکەی مرۆڤ و تەنانەت ئۆتۆنۆمیى ئاکاریش. بەمەش ئاوەز بۆ کانت ئۆتۆرێتییەکی بێسنووری دادوەرییە و هەر خۆیشی دەتوانێت سنوورەکانى خۆى دیارى بکات. ئاوەز بۆ ئیبن ڕوشد میدیەمى بەشداریکردنە لە دەستوورێکى بووندا کە خۆی لە دەرەوەى ئاوەزى سنووردارى مرۆڤدا دەبینێتەوە. کەواتە تانوتى ئاڤێرۆیزم کە هێردەر دەیگرێتە کانت، بەهەڵەتێگەیشتنە، وەلێ تانوتەکە هەروەها پێشانى دەدات کە تا چە ڕادەیەک ئەم فەیلەسوفەى چەرخى نێڤین دێتە نێو هزرى مۆدێرنەوە و بەشداری دەکات لە ڕشتنی بناغەکاندا بۆ وەرچەرخانە پارادیگماییەکە ڕووەو فەلسەفەى نوێسەردەم. ئەمە بێگومان تەنیا لە فەلسەفەى ئەوروپیدا ڕووى دا. فەلسەفەى ئیبن ڕوشد لە جیهانى عەرەبى-ئیسلامیدا دەرک کرا، وەلێ ئەوە بە ڕادەیەکى زۆر کەمتر وەک لە ئەوروپا و بەزۆریش لە شێوەى ڕەتکردنەوەدا.

سەرچاوە
Geert Hendrich, Arabisch-Islamische Philosophie, Frankfurt / M 2005

پەراوێز

1) بۆ وەرگێڕانی سیتاتەکەی ئیبن ڕوشد هەروەها گەڕاوینەتەوە بۆ سەرچاوە عەرەبییەکە. بڕوانە:
ابو الوليد بن روشد: فصل المقال فيما بين الحكمة والشريعة من الأنصال. دراسة وتحقيق: د. محمد عمارة. المؤسسة العربية للدراسات والنشر. بيروت 1981. ص 31-32
2) هەمان سەرچاوە، لا 55-56.
3) “فَاعْتَبِرُوا يَا أُولِي الْأَبْصَارِ”. لە وەرگێڕانی هەژار موکریانی: “سا ئێوە دەرس وەرگرن، ئەی گرۆی خاوەن ئاوەزان”.

فەرهەنگۆک
ئاگنۆستیک: جۆرە تێڕوانینێکی فەلسەفەییە کە دەبێژێت هەرگیز مرۆڤ ناتوانێت مەئریفەی دوایەمین بوونەوەرێکی هەبێت. ئاگنۆستیک دەشێت وەک سینۆنیومی ئاتێئیزم (ئیلحاد) دابنرێت.
پۆلێمیک: هێرشی زانستی، فەلسەفەیی یان سیاسی.
تیرانی: دەسەڵاتداریی ستەمکار.
دێسپۆتی: دەسەڵاتداریی تاکەکەسێکی ستەمکار.
دێمۆکراتی: دەسەڵاتداریی جەماوەری.
ناوگەرایی: (نۆمینالیزم) ڕێبازێکی دژبەری ڕیالیزمە (بڕوانە خوارەوە) و وایدادەنێت کە یونیڤێرساڵەکان (گشتێتییەکان، تێگە گشتییەکان) هیچ ڕیالێتییەکیان لە دەرەوەی هۆشی مرۆڤدا نییە، بەڵکو لەنێویدان و تەنیا بە دەرئەنجاماندن یان داماڵین لە پێشبینییە وێنەییەکان چێدەکرێن – وەک “ناو”ی شتەکان.
ڕیالیزمی یونیڤێرساڵەکان: لێرە واتای ڕیالیزم جیاوازە لە واتای مۆدێرنی تێگەکە. لەم ڕێبازە هزرییەدا کە لە پلاتۆنەوە دەردەچێت، بوونی ڕاستینە دەدرێت بە تێگەکان، گشتێتییەکان (یونیڤێرساڵەکان) و پابەند بەوانەوە شتە تاکەکان دەئافرێنرێن. یونیڤێرساڵ / گشتێتی نیشانەیە بۆ هاوبەشییەک کە دەشێت بوونەوەرانی جیاواز هەیانبن، بۆ نموونە زیندەوەر، سوور-ێتی، خولگەێتی و هتد. ئەم گشتێتییانە چواندنیان بۆ سەرجەم یونیڤێرسوم / گەردوون و بەمەش بۆ مرۆڤان هەیە.
زەین: توانستى تێگەیشتن.
فۆرم: ئایدۆس، ئیدێ، گشتێتی.
کردەکێتی و شیمانەیی: بە گریکی “ئێنێرجێیا”، بە لاتینی “ئەکتوالیتاس”، تێگەی گشتگیری ئەوەیە کە بەڕاستی لەگۆڕێیە، هەروەها تێگەکە ڕوودەکاتە کرۆکی لەگۆڕێبووەکە، وەلێ شیمانەیی (پۆسیبیلیتێ) ئاماژە بۆ توانستێک دەدات کە جارێ نەبووە بە کردەکی.
کۆنزەرڤاتیڤ: پارێزەری بەها کۆنە کاراکانی نێو سەردەمێک کە وەک هەقیقەتی نەشیاوی گۆڕان دایان دەنێت.
ئەڕیستۆکراتی: دەسەڵاتداریی دەوڵەمەندە بەگزادەییەکان.




خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی تیۆرییەکی گشتی بۆ لەبیرچوونەوە.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لە ماوەی پێشودا رۆمانی (تیۆرییەکی گشتی بۆ لەبیرچوونەوە)م خوێندەوە، کە لە نووسینی نووسەری ئەنگۆلی (جوزیە ئیدواردو ئاگوئالوسا)یە، حەمە کەریم عارف کردویەتی بە کوردی و ناوەندی رەهەند چاپی کردووە. نووسەرەکە بۆ من نوێ بوو، بەڵام کاتێک رۆمانەکەم خوێندەوە، خۆشحاڵ بووم کە بەرهەمی ئەم نووسەرەم خوێندەوە، بەتایبەتی کە زانیم نووسەرەکەی خەڵکی ئەفریقایە، دەمێکیشە بە دوای ئەدەبی ئەفریقادا دەگەڕام، چونکە کەمتر ئاگاداری ئەدەبی ئەفریقام.
ئەم رۆمانە لە رێگەی باسکردنی ژیانی ژنێکەوە، کۆمەڵێک پرسی گرنگی وروژاندووە لەپێش هەمووشیانەوە باسی شۆڕشی سەربەخۆیی ئەنگۆلا و جەنگی ناوخۆ و شۆڕشی چەپەکانی پورتوگال دژی رژێمی سالازاری دیکتاتۆری پورتوگال.

ناوەڕۆکی رۆمانەکە

لودۆڤیکا لەگەڵ ئودیتی خوشکی دەژی، ئەوان لە سەرەتادا لە پورتوگال دەژین، ئودیتی خوشکی مامۆستای زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانییە، پاشماوەیەک ئودیتی خوشکی ئۆرلاندۆ دەناسێت، کە ئەویش ئەندازیارێکی ئەنگۆلییە لە یەکێک لە کانەکانی ئەڵماسدا کار دەکات. پاشماوەیەک لودۆڤیکا و ئودیتی خوشکی بەرەو لواندا پایتەختی ئەنگۆلا دەڕۆن و لەوێ دەژین، ئودیتی خوشکی هیچ کاتێک لودۆ بە تەنیا جێناهێڵێت، هەربۆیە بڕیار دەدات کە خوشکەکەشی لەگەڵ خۆی بەرێت بۆ ئەنگۆلا. نووسەر لەم رۆمانەدا باسی قۆناغێکی ئێجگار هەستیار و گرنگی ئەنگۆلا و پورتوگال دەکات، کە ئەویش شۆڕشی چەپەکانی پورتوگالە لە دژی رژێمی سالازاری دیکتاتۆر، بە کۆتاییهێنانی رژێمی دیکتاتۆری سالازاریش، چەپەکان دان بە مافی چارەنووسی گەلی ئەنگۆلیدا دەنێن و سەربەخۆییان پێدەدەن. بەڵام وەکو دیارە هەر لە پاش سەربەخۆبوونی ئەنگۆلا جەنگی ناوخۆ دەستپێدەکات و ئەنگۆلا دەبێتە مەیدانێکی گرنگی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و روسیا، هەروەها کۆمەڵێک دەوڵەتی ئیقلیمیش رۆڵی خراپ دەگێڕن لە پێش هەموویانە ئەفریقای باشوور، کە ئەوکاتە رژێمێکی راسیزم حوکمی دەکرد.

لەپاش سەرهەڵدانی شۆڕشی چەپەکانی پورتوگال و سەربەخۆبوونی ئەنگۆلا لە ساڵی 1975، هاتنە سەرکاری رەوتە شۆڕشگێرەکان، بارێکی نائارامی و پشێویی هەموو وڵات دەگرێتەوە، ئەمەش وا دەکات کە ئۆرلاندۆ سندوقێک ئەڵماس بدزێت، شەوێک بەدزییەوە ماڵ بەجێبهێڵێت، لەم سەفەرە کتوپڕەشدا، ئودیتی خێزانی لەگەڵی دەڕوات، بەڵام لودۆ بۆ ماوەی 30 ساڵ، لە شوقەکەی ئەواندا خۆی زیندانی دەکات. هەتاوەکو سابالو پەیدا دەبێت، کە منداڵێکی هەتیوە لەسەر شەقامەکان دەژی، ئەم ژنە لەو زیندانەی خۆی دەردەهێنێتە دەرەوەو دووبارە دەیگەڕێنێتەوە بۆ ناو ژیان.
ژیانی تەنهایی و گۆشەگیری پانتایی گەورە لەم رۆمانەدا داگیر دەکات، لەپەنا ئەوەشدا رەوشی سیاسی و ئابووری گشتی ئەنگۆلا لەو قۆناغە گرنگەدا باس دەکات، هەروەها باسی ساڵانی پاش سەربەخۆبوون دەکات، لێرەشدا پانتایی بۆ گەندەڵیی و دزی سیاسییەکان تەرخان دەکات، کە چۆن ئەو شۆڕشگێرانەی دوێنی، دەبنە بەرپرس گەندەڵ و دز.

« هەمان ئەو کەسانەی کە سۆسیالیستیان بونیاد نابوو، رووخاندیان، سەرمایەداری بە هەموو دڕندەییەکی خۆیەوە، لەهەمان خۆڵەمێشی ئەوەوە، سەری بەرزکردەوە. ئیتر هەموو ئەوانەی تا چەند مانگێک لەوەوپێش لە ئاهەنگەکان و رۆژنامەکان و کۆبوونەوە سیاسییەکاندا، زۆر بەتوندی دژایەتی دیموکراسی بۆرجوازیان دەکرد، نها بە جلی پۆشتە و پەرداخەوە، کە دیزاینەری تایبەتی بۆیانی دیزاین کرد بوون، لە شاردا بە ئۆتۆبیلی کەشخەوە دەسوڕانەوە. بڕوانە ل82

شێوازی نووسین

یەکێک لەو شتە جوانانەی کە سەرنجی منی بۆ لای ئەم رۆمانە راکێشا، شێوازی نووسینیەتی، نووسەر زۆر شارەزایانە رۆمانەکەی نووسیوە، بەتایبەتی رەگەزی « بیرەوەریی و گرێی ئەدەبی» زۆر بە باشی بەکارهێناوە. زۆرجار رووداوێک باس دەکات، دوای چەندین لاپەڕە، ئینجا هۆکار و دەرەئەنجامەکانت پێدەڵێت، ئەم یاری چاوشارکێیەش لەگەڵ خوێنەر، نووسەری بەتوانا نەبێت، ناتوانێت بەکاریبهێنێت، چونکە پێویستیی بە شارەزایی زۆر هەیە، لە رەگەزەکانی رۆماندا.




هەنگاوی یەکەم ڕیسواکردنی خەسڵەتی بورژوازیانەی ڕژێم و هەڵبژاردنەکەیەتی لە هەرێم!.. موئەیەد ئەحمەد

هەر چەند ساڵ جارێک کە کەمپێنی هەڵبژاردن دەست پێدەکات لە هەرێمی کۆردستان، حزبە بورژواکان بە قەومی و ئیسلامی و نیولیبرالەکانیانەوە کۆمەڵگە سەرقاڵ دەکەن بەخۆیانەوە و وای نیشان دەدەن، بە تایبەت هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، و ئەمساڵێش (یەکێتی)، کە گۆڕانکاریەکی گەوەرە ڕوودەدات وەک ئەوەی شۆڕشیک بەرپاببێت. (گۆڕان) و (ئیسلامیـیەکان) و (نەوەی نوێ) ئاوایان کرد و ئیستاش ئۆپۆزسیۆنەکانی تر و تەنانەت (یەکێتی) یش وادەکەن. لە ئاکامیشدا هەمووشت لە جێگەی خۆی مایەوە و ڕژێمەکەش گەندەل تر و ڕادەی سەرکوت و قۆرخکاری و بیدەرتانی جەماوەر زیاتر گەشەیسەند.
زۆربەی جەماوەر بە ئەزمونی خۆیان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم سیناریۆیانە لە چەواشەکاری و دەستخەڕۆکردنیان زیاتر شتێکی تر نییە. هەروەها ئاشکرایە بۆیان کە ئەوەی ناگۆڕدرێ لە ڕێگەی پەرلەمان و هەڵبژاردنەوە لە هەرێم، هەمان ئەم ڕژێمە گەندەڵ و میلیشیایە و ئەم سیستمی چەوساندنەوە و بێمافییەیە، و هەمان دەسەڵاتی ئەو دوو حزبەیە (پارتی و یەکێتی) کە بونەتە مۆتەکەی سەرسنگیان، و هەمان باری سەختی ژیان و گوزەرانیانە کە هەر جارە خراپتر دەبێت.
ئەوە ڕاستیـیەکی بەرجەستەیە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و بانگەشەی ئیستا هی حزب و لایەنەکانی سەرەوەی کۆمەڵگەن، و لەناو بازنەی نۆینەرانی سیاسی و حزبەکانی چینی بورژوازی و توێژە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەدەچێ جا چ لە دەسەڵاتدا بن یان لە ئۆپۆزسیۆن، و خەسڵەتی سیاسی چینایەتی بورژوازی و کێشمەکێشی پێوە دیارە لەبەرامبەر چینی کرێکار و کۆمۆنیزمدا.
لەلایەک سەرمایەدارنی ملیاردێر و ملیۆنەری بەڕەچەڵەک سیاسی و سەرۆک حزبەکان و بەرپرسانی حزبی و حکومی، و بۆرژوا ئۆپۆززسیۆنی دەروون ڕژێمی لە ئیسلامی و قەومی و نیولیبرالەکانەوە دەبینین، بەخۆیان و دەستەوتاقمی ڕۆشنبیران و چالاکەوانە سیاسییەکانیانەوە، بە پارەوپول و ئیمکانیتی بێئەندازەوە، و لە لایەکی ترەوە، نەبوونی دەنگوسەدای سەربەخۆی پرۆلیتاریای کوردستان و ژنانی چەوساوە و لاوانی کچ و کوڕی ئەم هەرێمە، دەبینینن. لەم بانگەشەیەدا تەنانەت وشەیەک لەسەر سۆشیالیزم و یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی و ڕزگاری ژنان نییە، و قسەیەکی بەبایەخ لەسەر چارەسەری کێشە ئەسڵیەکانی کۆمەڵگە و ڕزگاربوون لەدەستی بێکاری و بێدەرامەتی و بێخزمەتگوزاری، نییە.
نەک هەر ئەوانەش بەڵکو قسەیەکیش لەسەر کۆتاییهێنان بەدەسەڵات و ڕژێمی میلیشیایی و ئیستبدادی سیاسی و سەرکوت و دوو ئیدارەیی نییە لە هەردوو زۆنەکەدا، کە کێشەیەکی هەرە سەرەکی سیاسیی کۆمەڵگەیە. ئەمەش بەسادەیی لەبەرئەوەی کە هەڵبژاردن هی هەمان ئەم ڕژێمەیە و بۆ دووبارەبەرهەمهینانەوەی بەڕێخراوە و بەڕێدەخرێت. قسەیەکیش گەرهەبێ لەم بارەیەوە لەم بانگەشەیەدا لەڕوانگەی ئۆپۆزسیۆنی قەومی و ئیسلامی و نیولیبرالەوەیە کە بۆ خۆیان پایەکانی خودی ڕژێمەکەن، و شەڕیانە لەسەر پشکەکانیان. دیارە ئەوەش بێمانایە گەر قسەکانی (یەکێتی) بەجیدی وەربگێریت لەم بارەیەوە چونکە جەوهەری کەمپێنەکەی گوڕینی پارسەنگی هێزە بەلای خۆیدا تا پشکی لە دەسەڵات و سەروەت و نەوت و گاز زیاتر بکات.
ئەوەی هەیە لەم بانگەشەیەدا جەنجاڵکردنی خەڵکە نەک بە سیاسەت و مانیفیستۆی ئینتیخاباتی کە ناوەڕۆکێک و مانایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوون و ئاشکرای هەبێت بۆ جەماوەری دانیشتووی کوردستان، بەڵکو جەنجاڵکردنیانە بە وەهمی ناسیونالیستی و ئیسلامی و نیولیبرالی و خورافاتەکانیان و بە پەیامی سوکایەتی بە ئازادی و شکۆمەندی ژنان و مۆراڵی دژە ئینسانی ئیسلامیزم، ئەمە سەرباری شەڕە جنێویان بەیەکتر.
هێشتا بزوتنەوەی شورایی و کۆمۆنیستی، کە هەوڵ و تێکۆشانی پرۆلیتاریای نەوەی ئەوسای هەرێمی کوردستان بوو، لە ئاووهەوای هەڵچوونە سیاسیەکانی (١٩٩١)دا، نەچووبووە دواوە، و هێشتا لەچەلێنجدا بوو لەبەرامبەر بورژوا ناسیونالیستی کوردی و هێزەچەکدارەکانی لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و چارەنوسی کۆمەڵگە لە پێگەی چینایەتی خۆیەوە لەم هەرێمەدا، حزبە ناسیونالیستەکان هەڵبژاردنی کوردستانی ساڵی (١٩٩٢)یان بەڕیخست و هەر یەک لە (پارتی) و (یەکێتی) بە نیواونیو دەسەڵاتیان دابەشکرد کرد لە ناوخۆی خۆیاندا و ڕژێمێکی سیاسی دوو ئیدارەیـیان پاش شەری ناوخۆیی و کارەساتەکانی دامەزراند.
لەو قۆناغەدا هەڵبژاردنی ساڵی (١٩٩٢) بۆ بورژوا ناسیونالیزم سوودوەرگرتن بوو لەوەهمی ناسیونالیستی لەناو جەماوەردا تا بیگۆڕێ بۆ شتێکی سیاسی کۆنکرێت کە جێگیرکردنی دەسەڵاتی حزبە چەکدار و مێلیشیاکانی ئەم بزوتنەوەیە بێت بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا، و ڕێگەیەکێش بێت بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لە نیوانی خۆیاندا. ئەو هەڵبژاردنە جیانەبوو لە ڕەوەندی کێشمەکشیی سیاسی چینایەتی ئەوسای کۆمەڵگە و بەئاشکرا سیمای دژە شورایی و دژە کۆمۆنیستی لەخۆدا هەڵگرتبوو، و وەهمی ناسیۆنالیستی مانایەکی چینایەتی سیاسی دیاریکراوی لەخۆدا عەکس کردبووەوە، و نەک هەر ناکۆک بوو لە بەرامبەر داوکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی جەماوەری کارەسات بەسەرداهێنراوی ئەوسای خەڵکی کوردستان، بەڵکو کەوتبووە بەرامبەر چاوەڕوانی سیاسی جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستان و ڕێکخراوەکانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی، کە پێداگریـیان لەسەر دەسەڵاتی شورایی دەکرد.
لە دوای (٢٠٠٣)وە هەڵبژاردن و پەرلەمان هەم لە هەرێم و هەم لە سەرئاستی بەشەکانی تری عێراق بەشێکە لە پاکێجی ڕژێمێکی میلیشی کۆنەپەرستانەی سیاسی ئیسلامی و قەومی کە لەدوای داگیرکردنی عیراق لەلایەن بورژوا ئیمپریالیستی ئەمریکیەوە دامەزرەوە، و هەڵبژاردن بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم ڕژێمە سیاسیەیە نەک فەراهمەهێنانی هەر ئاڵوگۆریەکی جیدی تیایدا.
کەمپێنی هەڵبژاردنیش لە هەرێم هی (پارتی) و (یەکێتی) و حزبەکانی تری ئۆپۆزسێونە کە نۆینەرانی سەرمایە و سەرمایەدارین. پاش (٣٣) ساڵ لە دەسەڵاتی میلیشیایی ئەم دوو حزبە بەسەر هەرێمدا و (٢٠) ساڵ بەسەر تاڵانوبڕۆی نەوت و گاز و داهاتی ناوچەکە و قۆرغی پشکی مالیـیان کە لە بەغداوە دێت، و پاش گەشەسەندنی هەرچی زیاتری سەرمایەداری لە عیراق و کوردستان و جێبەبەجێکردنی سیاسەتی ئابوری نیولیبرالیزم بەشیوەیەکی هەمەلایەنە و خێرا، و لە گەڵیشیدا هەرچی زیاتری لێکهەڵپێکرانی سەرمایەداری لە عیراق و هەرێمی کوردستان بە بازاری جیهانی، و کەڵەکەی سەرمایەی جیهانی و ناوچەیـیەوە، ئیتر باس کردن لە سیاسەتی هەڵبژاردن و پەرلەمان بە بێ نیشاندانی ئەم خەسڵەتە چینایەتیـیە سەرمایەداریەی، دووریە لە واقع و خزمەت بە هوشیاری پرۆلیتاریا و ستەمدیدەکان ناکات.
هەر بەم پێیەش، سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتی (پارتی) و (یەکێتی) وەک دوو حزبی میلیشیای بورژوازی دەسەڵاتدار لە جیۆپۆلیتیکسی ناوچەییدا و پەیوەستبوونی هەریەکەیان بە جەمسەریکی دەوڵەتی ناوچەیـیەوە؛ ئیران و تورکیا، واقعێکی سیاسی و ستراتیژی سەربازییە، و پەیوەندی هەردوکیشیان بەکۆمەڵگەوە پەیوەندی ڕژێـم و دەسەڵاتی سیاسیە وەک دەسەڵاتیکی چینایەتی بورژوازی بە دژی كرێکاران و زەحمەکێشان. هەوڵ و تەقەلاکانیان بۆ گۆڕینی پارسەنگی هێز لەنێوان ئەم دوو حزبەدا و هەوڵدان بۆ شکاندنەوەی لە بەرژەوەندی هەر لایەکیان لەڕێگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانییەوە کارێکی سیاسی گرنگە بۆیان و کۆمەڵەگەیان پێوە سەرقاڵکردووە. هەر بۆیە بێبایەخ کردنی ئەم مەسەلە سیاسییە بەبونەی میلیشییایی بوونیان و کارتۆنییەتی هەڵبژاردنەکانیان سەرگێژی دروست دەکا بۆ جەماەری نەداری کۆمەڵگە و ڕاستیـیە چینایەتییەکانی ئەم دوو حزبە و ستراتیژیان لە نەزەر ناگرێ.
ئەم هەڵبژاردنە چەند گاڵتەجاڕییە و یاریکردنە بە ئامانج و ئاواتەکانی خەڵكی کوردستان، بەڵام بۆ خۆی ڕووداوێکی سیاسیـیە و بەشێکە لە درێژەدان بە هەمان ڕژێمی زاڵی سیاسی و هەمان سیستمی ئابووری سەرمایەداری و زیاتر و زیاتر تێکەڵبوونیەتی لەگەڵ سەرمایەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا و درێژە دانە بە باری سەختی جەماوەری زەحمەتکێش و بێکاری و بێخزمەتگوزاری.
لە سیستمی پەرلەمانی بورژوا دیموکراتیکیشدا نە قسە لەسەر گۆڕینی سیستمی دەوڵەت و ڕژێمی بورژوازییە، نە تەسلیم بوونە بە داوکارە ڕادیکاڵەکانی جەماوەری کریکاران، بەڵکو دەستا و دەستاپیکردنی حکومەتە لەم حزبی بورژوازی بۆ ئەوی تریان.
ئەرکێکی سیاسی کۆمۆنیستەکان لەبەرامبەر بانگەشی هەڵبژاردنی ئەمڕۆدا لە کوردستان گرتنەبەری سیاسەتێکی چالاکانەی کۆمۆنیستیـیە بەرامبەری و هەنگاوی یەکەمی ئەمەش ڕیسواکردنی خەسڵەتی چینایەتی بورژوازیانەی ڕژێمی سیاسی کوردستان و حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیونە، و لێرەشەوە چوونەسەر هەموو لایەنەکانی تری خۆ ئامادەکردنی و ڕێکخستنی خەباتی چینایەتی و سۆشیالیستی پرۆلیتاریا لە دەرەوەی کایەی پەرلەمان و هەڵبژاردن.
هەر لەم ڕاستایەشدا نەک هەر بانگەشەی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و لاوان بکات کە بەشدار نەبن و بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن، بەڵکو ڕوونیبکاتەوە کە چۆن هەڵبژرادن و پەرلەمانی کوردستان ڕێگرە لەبەردەم بەرەوپێچوونی هەر ئاڵۆگۆرێکی شۆڕشگیرانە کە تاکە ڕێگەیە بۆ ڕزگاریان.

١٧ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤




چەن سەرنجێک لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.. سامانی وەستا بەکر

  1. هەموو حیزبەکان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنا ئەیانووت، ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە و بواری تەزویرکردن کەمە، هەربۆیە نابێ لە ئێستایا هیچیان پرتەوبۆڵەیانبێ.
  2. ئەو ئەنجامەی کە هەیە قەبارەی هەمووانی دیاری کرد ئەگەر بەشێک لە خەڵکی ڕۆشنبیر و نوسەر و نوخبە بۆچوونێکی تری هەبێ.
  3. چیتر ئەوە ڕاست نییە بوترێ حکومەت و دەسەڵات خۆ سەپێنن و گلەی لە شێوازی حوکمڕانی هەرێم بکرێ، خەڵک چووە سەر سندوقی هەڵبژاردن و قسەی خۆی کرد.
  4. نەنگییە خەڵک گلەی بێ مووچەی و کەمی خزمرتگوزاری بکا.
  5. شەرمە لە ئێستاوە خەڵک هەبێ ناڕەزای لە ئەنجامە پێشبینیکراوەکەی هەڵبژاردن دەربڕێ.
  6. نەنگییە چیتر باس لە دزی گەندەڵی بکرێ، مادام بەپێی وتەی حیزب و زۆربەی چاودێر و ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردن بوون هەڵبژاردنێکی بێ تەزویر بووە.
  7. دەرکەوت کە خەڵکی هەرێمی کوردستان حەزیان لە گۆڕانکاری نییە و ڕازی بەو شێوازی حوکمڕانیەی کە ٣٢ ساڵە هەیە.
  8. ئەنجآمی هەڵبژاردنەکە پێمان ئەڵێ کە خەڵکی هەرێم مووچە هەبێ یان نەبێ، گەرەنتی بژێوی ژیانیان بەشێوازیتر بۆ دابینکراوە، ئەگەروانییە کەواتە ئەبێ خەڵکی هەرێم تووشی نەخۆشی “ستۆکهۆڵم سیندرۆم” بوون و ئاشقی جەلاد و دزەکان بوون، وەک مەڕ زمان ئەهێنن بە چەقۆی سەڕبڕەکانا.
  9. دەرەنجامی هەڵبژاردنەکە ئەوە ئەگەیەنێ کە خەڵکی هەرێم بە لەشکرکێشی و داگیرکای و بۆردومان و کوشتنی خەڵکی سڤیلی کورد لەلایەن تورکیاوە ڕازین و کێشەیان نییە.
  10. هەر دەرنجامەکە ئەوە ئەگەیەنێ کە بوونی قەرارگا و دەستوەردانی ئێران لە وردودرشتی سیاسەتی هەرێما بەلای خەڵکەوە ئاساییە.
  11. دەرەنجامەکە پێی وتین کە پێشتر بێ ئاگابووین لە بوونی تورکمان لە سلێمانی و مەسیحی لە شارباژێڕ.
  12. دەرکەوت کە بادینان کەیفیان هەر بە بادینی یەت و حوکمی سۆرانی گیراناکەن.
  13. ئەنجامەکە ئاماژەئ گرنگی تیایە لەوەی دێگەڵە سنورێکی تۆکمەیە و بڕینی ئاستەمە.
  14. دەرەنجامەکە بۆی ڕوونتر کردینەوە کە خەڵکی هەرێم سۆزداری بەسەریان زاڵە و بە دڵ دەنگ ئەیەن و هەڵەبژێرن نەک بە بیر و هزری سیاسی.
  15. ئەکرێ بە ئاسانی پۆپۆلیست و بازرگانەکانی ناو سیاسەت گەمە بە ئاستی هۆشیاری خەڵک بکەن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریانبهێنن.
  16. وەڵامی ڕوونی بۆ حیزبە ئیسلامییەکان پێیەو پێیان ئەڵێ لە سیاسەتا شوێنی دین نابێتەوە، بڕۆنەوە ناو پەرستگاکان و دەست لە سیاسەت هەڵگرن، بەرۆکی ژن و کچی کورد بەردەن و بەزۆر کلتوری عەرەب مەسەپێنن بەسەریانا، خانمی کورد هەر دێر زەمانەوە سەرپۆشێکی سپی یاوە بەسەریا بۆ بەزۆر لەچکی تورکی، سعودی و ئێرانی ئەسەپێنن بەسەریانا.
  17. پێیوتین کە جارێ هۆشیاری خەڵک نەگەشتۆتە ئاستی ئەوەی کە کاندیدی سەربەخۆ دەرچێنێ.
  18. ئاستی هۆشیاری خەڵک هێندە لاوازە ئەکرێ چوار ساڵ بیچەوسێنیتەوە و بە ٢٠ ڕۆژ بانگەشەی هەڵبژاردن هەموو ستێکی لەبیربەریتەوانێ. ماسیش هەروایە ئەگەر لەجاری یەکەما ڕزگاری بوو لە قولاپی ماسیگرەکە، ئەوا تەنها پاش ٢٠ چرکە جاێکیتر ئەگەڕێتەوە بۆلای قەلاپەکە، هەتا لەدەمی گیرەبێ و ئەبێ بەکاڵا و خۆراک هەروەک ئەوەی ماسیگرەکە پلانی بۆ داناوە.
  19. تەنانەت لەناو کاندیدی حیزبەکانیشا ئەوانە هەڵەبژێرن کە لای حیزب پەسەنە نەک ئەوەی کە شیاوترینە بۆ بوون بە ئەندام پەرلەمان.
  20. پۆڕی خوراو و قوربانی دەستی خەڵکانی هەلپەرست و ناجۆر بزووتنەوەی گۆڕانە، کە ئەکرێ سوڕی ژیانی بە سوڕی ژیانی جاڵجاڵۆکە بچوێنرێ.
    لەکاتی دوو گیان بوونی جاڵجاڵۆکەیا، مێینەکە نێرەکە ئەکوژێ فڕییئەیاتە دەرەوە. پاشان دوای تروکان مناڵەکان دەستەکەن بەخواردنی لاشەی دایکیان و لەسەری ئەژین تا گەورەئەبن ئەکەونە سەرپێ. ئەمە کتومت لە گۆڕان ڕووییا، سەرەتا ناکۆکیەکان و باڵباڵێن و خۆ بەکەسی یەکەمزانی کاک نەوشیروانیان شەکەت و مانوو کرد تا ئاستی دوورکەوتنەوە، پاشان مشەخۆرەکان گۆڕانیان کرد بەخۆراکی حەزە کەسییەکانیان و بە پلیکانەی گۆڕانا سەرکەوتن بۆ دەسەڵات، دواتر هەندێکیان بە هەڵگەڕانەوەی ڕاستەوخۆ و چوونە ناو پارتی و کۆمەڵێک بەڵگە و نهێنی گۆڕانیان هاوشێوەی سیخوڕ گواستەوە بۆ پارتی تا جێی خۆیان بە باشی بکەنەوە. بەشێکیان کە هیچیان دەستنەکەوت وەک ئەوەی چاوەڕێی بوون گەڕانەوە ناو یەکێتی. بەشکیشیان بەرنامە و ڕێبازی کاک نەوشیروانیان بەکارهێنا بۆ دروستکردنی حیزب و دروستکردنی لیست بۆ پەرلەمان.
    ئەمانە هەموویان گۆڕانیان وەک ماسیە گەورەکە وشکردەوە و هاڕیان و کردنیان بە خۆراکی ماسیە بچوکە چاوچنۆکەکان.
    ئەگەرچی بزووتنەوەی گۆڕان ئازایەتی نوان و داوای لێبوردنی کرد لە هەڵەی ساڵانی ڕابردوو بەڵام
    بوونی دوو مەکۆی سەرەکی و دوو گۆڕان لە گردەکەو و لە کوردسات وە دواکەوتنی گۆڕان لە کشانەوە لە حکومەت و لاوازی مێدیای گۆڕان بوونە فاکتەری سەرەکی پاشەکشێی کەمەرشکێنی بزووتنەوەی گۆڕان چونکە ئاستی هۆشیاری میلەت زۆری ماوە بۆ جیاکاری و تێگەشتن لە پۆزش هێنانەوە، بەڵام ئەکرێ گۆڕان ئەم شکستە بکاتە سەرەتای هەستانەوە وگەڕانەوە بۆناو خەڵک.

سامانی وەستا بەکر
٢١-١٠-٢٠٢٤ سوید-ستۆکهۆڵم




خاتوو ریـپـین چـیرۆکنووسێکی ئـۆسترالـییە بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

خاتـوو (سـالی ریـپـیـن) نووسەرێکی بەنـاوبانکی ئـوسترالی و جیهـانییە، لە بـواری وێـژەی منـداڵان. لە ماوەی (٢٥) ساڵی رابـردوودا، زیـاتر لە (١٠٠) پەرتـووکی بۆ منـداڵان و بۆ نەوجـوانـان نووسـیوە و چاپیـانی کردوون و بـڵاویـانی کردوونـەتەوە. پەرتـووکەکانی پـڕفـرۆشـتریـن پەرتـووکـن لە ئوسترالـیادا. زیـاتر لە (١٠) ملیونیان دانەیان لە (١٨) وڵاتی جیهان و بە (١٤) زمانی جیهانی لـێفـرۆشراون. لە زۆربەی پەرتووکەکانیشی خەڵاتی لـێیان وەرگرتـوون. تا ئەمڕۆش درێـژە بە نووسین دەدات.
سـالی ریـپـین، لە شـاری (دارویـن) لـە ئـوسترالـیا لەدایـک بـووە. بەڵام لە باشووری رۆژهـەڵاتی ئاسیا گەورەبـووە. بە هـۆی کارەکەی باوکـییەوە، چەنـد ساڵ جـارێک لە دەرەوەی ئوسترالـیا ژیـاون.
سالی ئامادەیی هـونەریی لە مێلبۆرن تەواوکردووە، دوایش بۆ ماوەی (٣) ساڵ چووە بۆ چـین، لە شارەکانی شەنگەهـای و هانگـژۆ، هـونەری وێنەکێشانی کلاسیکی چینی خوێنـدووە. فـێری نـووسین و خوێنـدنەوە قـسەکـردن بە زمـانی چـینی بـووە.
سالی ریپین دەڵێت:”بۆ بێ بەخـتیم. زۆر منـداڵ بووم، لەگەڵ وێنەکـێشێکی فەرەنسیدا هـاوسەرگـیریم کـرد. زۆری نەخایاند، بـۆم روون بووەوە، لە پانتایی ماڵكێـدا، شوێنی دوو وێنەکـێشی لـێنابێـتەوە. رووم لە جـیهـانی وێنەکـێشانی وێنـەی روونکـردنـەوەی پەرتـووکی منـداڵان کرد. بۆ هـاوڕێتی وێنەکانیـشم چـیرۆکـیشـم بۆ منداڵان دەنووسی. ئەمـەیە کە مـنی گەیـانـدە ئـەو ناوبـانگ و ئەو پایـەیەی کە ئێستا لـێـیـم”.
سالی ریپین، لە تەمەنی شەش ساڵـییەوە، دەستی بە نووسینی پەرتـووک کردووە. تا ئێستاش درێـژە بە نـووسـین دەدات. زمـانی ئـینگـلـیزی و هـونـەر، بابەتی دڵـخـوازی بـوون. لە قـوتابخـانەی بنەڕەتیـدا، چـیرۆکی دەربارەی ژیـانی خـۆی و خـێزانەکەیـان دەنـووسی، بـە زۆریـش خـۆی وەک پـەرییـەک یـان شـازادەیـەک پـێـشـان دەدا. ئـەو چـیرۆکانەی کە دەیانی نووسین، پـیشانی مامۆستاکانی دەدان، ئەوانیش دەستخۆشیان لێـدەکـرد و بە دەنـگـێکی بـەرزەوە، لـە پـۆلـدا بـۆ قـوتـابیەکـانیان دەیـانخـوێـندنـەوە.
دەڵـێت:”مـن زۆر حـەزم لە نووسینە، ئایا مـن بەخـتەوەر نیـم، کە ئەمـە کاری منە؟.
دەشڵێت:”ئەوەم بە ئەنـدێـشەدا نەدەهـات، کە نـووسـین دەبێت بە پـیشەم، بەڵام شتێک نەبـوو، کە هـەرگـیز بتـوانـم دەستی لێ هـەڵـبگـرم. لە سەرەتـادا، لـەو باوەڕەدا بـووم، کە دەبـمە وێـنەکـێش”.
سالی ریپین. دوای تەواکردنی خوێندن و گەڕانەوەی لە چین، دەستیکرد بە یارمەتیدانی منـداڵانی چـینی ـ ئوسـترالی، لە جـێبەجێکـردنی ئەرکەکانی قـوتابخـانەکانیان. ئیلهامیش لە یەکـێک لە خوێنـدکارەکانەوە وەردەگـرێـت و بە بـۆنـەی سەری ساڵی چـینیـیەوە، بە زمـانی چـینی پەرتووکێک دەنووسێت، بە ناونیشانی (سەری ساڵی چـینی ڤانگ ڤانگ).
یەکەمین پەرتووکی بۆ گەورەساڵان، بە ناوی (شـتە کـێوییەکان) ەوە نووسیوە، کە باس لەوە دەکات کە چـۆن فـێری خوێنـدن بـوون. یەکەمـین پەرتـووکی بۆ منـداڵان، زنجیرەی پەرتووکی (بیلی بی براون)ە بۆ منـداڵانی تەمەن (٦ ـ ٨) ساڵانە. لە ساڵی (٢٠١٠) دا، لەلایـەن خـانەی بڵاوکـردنەوەی (هـاری گـرانـد) ەوە چاپکـراون و بڵاوکرانەتەوە. هـەر پەرتـووکـێکـیش لەم زنجـیرەیە. بابـەتی جیاوازیان لەخـۆگـرتـوون. بیـلی بی بـراون لە بە ناوبانگترین پەرتووکەکانێتی بۆ منداڵان، تەنیا لەم پەرتووکەی، چـوار ملیـۆن و نیو، دانـەی لە لـێفـرۆشـرا. بێجگە لەم پەرتـووکەی، پەرتـووکی (هـای جـاک) یەکـێکی تـرە لە پەرتـووکە بەناوبانگەکانی بـۆ منـداڵان.
لە مانگی (فبرایەر/ ٢٠٢٤) واتا لە ئەمساڵدا، دامەزراوەی (خەڵاتی منداڵانی ئوسترالیا) (سالی ریپـین) ی وەک بـراوەی خەڵاتی منداڵانی ئوسترالیا بۆ ساڵی (٢٠٢٤ ـ ٢٠٢٥) راگەیانـد. ئەم خەڵاتـەش بە (خـەڵاتی نـۆبـڵی منـداڵان) لە ئـوسترالیا دەزانـرێـت، کە لە ساڵی (٢٠١٢) ەوە دەستی پێکرد. دوو ساڵ جـارێ دەدرێـت بە نووسەرێکی لیهاتـووی بـواری وێـژەی منـداڵان یان بە وێنەکـێشێکئ وێنەی روونکـراوەی پەرتـووکئ منـداڵان.
سالی ریپین هـەشتەمین بـراوەی ئەم خەڵاتەیە. بـراوەی خەڵاتـەکەش، پۆستی باڵـیۆزی منـداڵانی نـیشـتمانی هـەیە. دەبێـت بەشدارییەکی گـەورە لە کۆمەڵـێک چالاکـیی وێـژەی منـداڵانی ئـوسترالـیا بکات. بـۆ مەبەستی یارمـەتـیی منـداڵان لە ئـوسترالـیا، گەشـت بۆ هەمـوو شـارەکانی ئۆسترالـیا دەکـات.
ئەم خەڵاتە، دەرفەتی بۆ سالی ریپین رەخساند، بۆ ئەوەی گەشت بۆ هەمـوو شوێنێکی وڵاتـەکەی بکات. قــسە لەسەر ئـەو شـتانە بکات، کە بۆ ئەو واتـایەکی زۆریان هـەیە. وەک: خوێندەواری، داهـێنان، پشگـیریی منـداڵانی تووشبووی دەمـارگـرژی لە پـۆلـدا.
پەیـامی سالی ریپـین ئەمـەیە:” هـەمـوو منـداڵان دەتـوانـن خـوێنـەربـن”.

ریپـین بە شێوەیەکی تایبەتی، حەزدەکات یارمەتیی ئـەو منـداڵانە بـدات، کە تـووشی دەمـارگـرژی و هـەڵـچـوون و دۆخـێکی دەروونـی بـوونـە، یـان ئـەو منـداڵانـەی کە کـێشەیان لە گـرانی خوێنـدنەوە هـەیە. بـۆیـە کـاری لە پێـشینەی ریپـین، بـریتـییە لە بیرکردنەوەی ئاستی هـۆشیاری، سەبارەت بەوەی کە چـۆن گـرانییەکانی فـێربوون و دەمـارگـرژی، کاریگەرییـان لەسەر خوێنـدنەوە و نـووسـینی منـداڵان هـەیە.
ریپـین تیشک دەخـاتە سەر ئەو ئاستەنگانەی خوێنـدنەوە، کە رووبـەڕووی ملیـۆنان منـداڵی ئـوسـترالی دەبنـەوە.
سالی ئامادەکەر و پێشکەشکەری بەرنامەی تەلەفـزیـونیش بـوو. لە چەنـدین کـۆڕ و فێستیڤاڵی وێـژەیشدا، بەشداری کردووە و بابەتی وێژەیی منداڵانی پێشکەش کردووە.

سالی ریپین، کاتێکیش کە سارقاڵی نووسین و وێنەکێشان نەبێت، لەگەڵ سەگەکەیدا، بەنـاو دارستانەکـانی نـزیکی ماڵـیان، پیاسە دەکـات. بیر لە بیـرۆکەی چـیرۆکی نـۆی دەکـاتەوە. هـەمـوو بیـرۆکەکانیـشی لە تـێکەڵکـردنی ئەنـدێـشە و ئەزمـوونەکانییەوە سەرچـاوەدەگـرن. زنجـیرە چـیرۆکەکانی: پـۆلی و پاسـتەر، زیاتر فـانتـازیـن، چونکە بەلایـەوە جـادووگەر و ئەهـریـمەن و جـنۆکە بوونیان نییە. زۆریـش لەو رووداوانەی لە چـیرۆکەکـانیدا روودەدەن، لـەو شـتانەوە سەرچـاوەیـان گـرتـوون، کە لـە جیهـانی ئەمـڕۆدا روویـان داون. سالی لە نـاخی دڵـییەوە چـیرۆکەکانی دەنووسێـت. پاڵەوان و کارەکـتەرەکانی چـیرۆکەکانی، لەلای منداڵان و دایکان و باوکان و لەلای مامۆستاکان، پەسەندن و دەنگدانەوەیەکی زۆریان هەیە. لە ئوسترالیا و جیهـاندا ناوبانگـیان هەیە.
بەشـێکی زۆری پەرتـووکەکـانی سالی ریپـین، خـۆی وێنـەکانی بـۆ کـێشاون. چـەنـد پەرتـووکـێکـیشی بە هـاوبەشی، لەگەڵ نووسـەرانی ئوسترالی تـردا نووسیویـانـێتی.
تاێسـتاش چەنـدیـن رێـزلـێنان و خەڵاتیان پـێی بەخـشـیون.
سالی ریـپین، سێ کـوڕ و سێ کـچی هـەیە، لەگـەڵ هـاوسەرەکەی و منـداڵەکانیـدا لە خانووە کۆنەکەیان، لە مـێلـبۆرن دەژیـن. لە ئێستادا سەرقـاڵە بە نووسینی زنجـیرەی تەلەفـزیۆنی ئەنمەیشن، بۆ منـداڵانی پێـش قـوتابخـانە. سەرەڕای نووسینی چـیرۆک،
لە کـۆمپانیایەکی ئـوسـترالی بەرهەمهـێـنانیش کاردەکات.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابـەتە سوود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگرتووە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٤




تازە کردنەوە.. شیعری نەوزاد بەندی

لە کۆتاییدا ،
مێژوومان
دیسان ، دووبارە کردەوە ..
دەردی دڵمان ،
دیسان بێچارە کردەوە ..

٭ ٭ ٭

ناسنامە کۆنەکانتانمان
(ئەوەی پیس و خوێناویی بوون )،
وا ئەمجارەیش نوێ کردەوە..
ئاگری دڵی هەتیو و
هەژارانمان ،
جارێکی تر پێ کردەوە ..
دەستمان لە خەوی غەفڵەتا ،
جەرگی توێ توێی
هەمدیسان توێ توێ کردەوە ..

پەنجە هەڵوەریوەکانمان ،
لە زەلکاوا
کۆکردەوە و ..
فێری چەپڵەمان کردنەوە ..
ئەو کۆترانەی کوشتبووتان ،
فێری تەقلەمان کردنەوە ..
لولاقە شکاوەکانمان ،
بوونەوە قوربانی سەما ،
ژانمان لە بیر بردنەوە ..

بە ئوتووی سارد ،
تووڕەیی ڕوخسارمان
جوان و لوس کردەوە ..
لە بەرامبەر ڕاستی و
ویژدان ،
زوو خۆمان عەبوس کردەوە ..
بە داڕوخاویی ،
چووینەوە خەیاڵ پڵاو ..
تەنانەت شەیتانیش ووڕ بوو ،
وێڵ بوو ، ئەیووت :
ئەمە مرۆڤن یان پێڵاو ..!؟

لە کۆتاییدا هەمدیسان ،
گۆزەکەمان کەوتە خوار و ..
شکا و ..
بێ ئاو گەڕاینەوە ..
نە تینوێتیمان لە بیر بوو ..
نە برسێتیی ..
بە ئاسانیی ، دۆڕاینەوە ..

پیرۆزتان بێ ،
ڕەوە تەنکەر
گەلە تاوەر
جوانکیلەی سپی و
ڕەش ئەسمەر ..
ملیارەها ملیار .. ملیار ..
دینار ..یۆرۆ ..
پاوەن ..دۆلار ..
ملیۆنەها مەترە دوجای
شارۆچکە و شار ..
پیرۆزتان بێ ،
بڕینی شاخ
سووتانی دار ..
قوتدانی خێر و خێرات و
سەر و ژێرەوەی داهات و
جادە و بازاڕ ..
زەوی .. ئاسمان ..
قوتی کافر و خواناسمان ..
خەمتان نەبێ ،
ئەوەی وورتەی لێ بێتە دەر
ئەیخەینە ژێر پێی جەماوەر

ئێستا ئیتر ،
دوای ئەوەی بە زۆرینەی دەنگ
ڕازی و ڕەزامەندین لێتان ..
چاوەڕوانین ،
بمانخەنەوە ژێر پێتان ..
بەڵام بە لیست دایبەزێنن ،
با مافمان نەخورێ ،
بزانین
کێمان بۆ پێڵاوی کێتان ..




ئەزموون وەك ئاخاوتنێك لەناو ژیان.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

ناسین

قه‌ت بیرم له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ له‌ شیعردا به‌دوای چیدا ده‌گه‌ڕێم، به‌ڵام ده‌زانم خه‌یاڵم په‌روه‌رده‌ ده‌كا؛ شێوه‌ به‌رجه‌سته‌ بكه‌م و نه‌رم ڕووداوه‌كانی جیهانی هاوچه‌رخ ببینم. به‌ سه‌ره‌تاناسی و ئاسۆ و دوورییه‌كی پڕ ئه‌مه‌ك و ناسین، كه‌ ناواخن و كاكڵه‌ی ژیان تێیدا ده‌ڕسكێ و ئاراسته‌ وه‌رده‌گرێ. له‌ چاوانی زمان و شیعر و شێوازخوازیم ڕوانیوه‌، پڕن له‌ خه‌می هونه‌ری و پرسیاری بوونیی، ئیلهامیش بیره‌وه‌رییه‌كه‌ و هیچی تر نییه‌. له‌ناكاودا دێته‌وه‌ بیرت و دۆخی نووسینت لا دروست ده‌كا.
زمانم به‌هۆی زمانه‌وه‌ ناسی، شیعر به‌هۆی شیعره‌وه‌، ژیانیش به‌هۆی ئاڵۆزییه‌كانی. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ده‌وروبه‌ری خۆیه‌تی. هه‌ست به‌ چی بكات هۆشیارییه‌كی پێ ده‌به‌خشێ و ده‌ری ده‌بڕێ، پاشان گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خوداوه‌ند ده‌كا. ڕۆشنبیری من گیراوه‌یه‌كی كوردی و په‌تییه‌. ئه‌م ڕۆشنبیرییه‌ وای لێكردووم په‌ی به‌ زمانی كوردی ببه‌م. خۆم به‌ فێنكبووه‌وه‌ و گه‌رمبووه‌وه‌ی سێبه‌ر و هه‌تاوی كلتووری كوردی بزانم. خۆم به‌ به‌ش و نیمچه‌ته‌واوكه‌ری وێستگه‌ و ڕێچكه‌ی پێشینانم زانیوه‌. نیشانه‌ و ئه‌دگار و ماك و كه‌سایه‌تیم ناسیون‌، ئازادی ڕه‌هام تێیدا بینیون، به‌ ساناییش به‌سه‌ریان تێنه‌په‌ڕیوم.
ساتی شیعریی خۆی به‌دوامدا دێ، سه‌ره‌تا سه‌ره‌قه‌ڵه‌می خولیا و خرۆشان تۆمارده‌كه‌م، پاشان به‌ كۆمه‌كی خه‌یاڵ چاوه‌ڕوانی كاتی گونجاو و كه‌شوهه‌وای هونه‌ری نووسین ده‌بم، ورده‌كاریی گه‌ردوونیی تێدا به‌كاربهێنم، خۆشم له‌ به‌دبه‌كارهێنان لابده‌م.
به‌ شیعری بێده‌نگ ڕووبه‌ڕووی كاره‌سات و جه‌نگ بوومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام وێنه‌م نه‌كێشاون. په‌یبردن و كاردانه‌وه‌یانم كردووه‌ته‌ فۆرمی ناڕه‌زایی و قووڵبوونه‌وه‌ی ئاخاوتن. شیعری بێده‌نگ بۆشایی نێوان ڕوانین و وێنه و چییه‌تی‌ و مۆسیقایه‌، هاوسه‌نگی ئه‌ندازه‌یی شیعری بێگه‌رده‌. له‌ ئه‌ندازه‌یی شیعری بێگه‌رددا؛ حیكمه‌تی بیناسازی زمانه‌وانی و داهێنان ده‌ناسم. له‌ ناسینێكیاندا واتا دام ده‌ڕێژێ. له‌ ناسینێكیشیان ئازادی ئێستێتیكا و وێڵبوون به‌دوای ئه‌و ده‌قانه‌ی ڕابه‌ران به‌دوایدا وێڵبوون و نه‌یان دۆزییه‌وه‌.

نوێبەخشی
لەناو كۆمەڵگای كوردیدا هیچ سەرچاوە و وزەیەكی ئەدەبی بە ئاستی شیعر نەبووەتە بنەمای پەیوەندی و مایەی بەرهەمهێنانی بیركردنەوەی چالاك، واتە: ئەندێشەی چاك، كرداری چاك، گوتاری چاك. هەروەها بەو پایە كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەش پەسند نەكراوە و نەدرەوشاوەتەوە.
گیانی زمانی دەربڕینی كوردیش، تا ئێستا هەر بە تەنیا لەناو پرۆژە شیعرییەكاندا زیندووە، كوردیش ویستی شیعر نووسین و هەستیاریی شیعری زۆر بەهێزە، تواناكانی خۆی تێدا تاقی دەكاتەوە، هەڵكەوتە كۆمەڵایەتییەكەشی وەریدەگرێت و ڕەوایی بە بەردەوامبوون و پەرەسەندنی دەدات، داهێنان بە وەرگرتنی قووڵایییەكانی ژیان بەرهەم دێ، لەم بەرهەمهێنانەشیدا ژیان دەخاتە ناو پرۆژەی دۆزینەوەوە.
ئەگەر دەربڕینێكیش لە فۆرمی ئاستدار و تیشكۆی خۆماڵییەوە دانەچۆڕابێتە ناو بوون و زەمینەی تەواوی دەربڕینەوە، بەهیچ شێوە و كەشوهەوایەك ناتوانێت نوێبەخش بێت و بێتە ناو پرۆژەی دۆزینەوەوە.
بۆ شاعیری نوێبەخش وەرگرتنی قووڵایییەكانی ژیان زیندووبوونەوەی زمانە، زمانی دۆزینەوەش زمانێكی یەك ئاراستەیی نییە، بەپرسیاری زۆرەوە لە ئاستە هەمەچەشنەكانی خۆی دەكۆڵێتەوە، قووڵایییەكان هێزی وشە و ئەزموونی تێدا نوستووە، لە دەربڕیندا ئەم هێزە تاقی دەكرێتەوە و دێتە ناو پرۆژەی دۆزینەوەوە، لەو چركە زیندووەی مرۆڤ خۆی لێ ئاشكرا دەبێت و دەزانێت كێیە، لەم چركەدا: زمان دەبێتە هەست و سۆز و مۆسیقا و خەون.
بەشێوەیەكی سەرەتایی نوێبەخشی لە ژیان و بیر و بیركردنەوەی كۆمەڵگا دەركەوتووە و هەنگاوی بۆ نراوە، بنەماكانی گۆڕان بەرەو پێداویستییە هاوچەرخەكان و هۆشیاری دەبێتە پێوەری دۆزینەوەی ئەدەبی، هەروەها نوێبەخشی هۆ و ئامانجە بۆ پەیوەندیكردن بە چالاكییەكانی ژیانەوە، بەشێك، بەشێكی لابەلاش نییە لە ژیان. ڕاستەوخۆ ناوكی ژیانە، مرۆڤ لە باروبواری بەختەوەریدا وەك خوداوەندێكی ڕاستەقینە دەژێنێت، ئەفسانە و ئەفسوونێكی واشی تێدایە گیان و جەستە لە بڵندی بحەوێنێتەوە.
بابەت ورووژاندن و شێوازی شاعیر هەستكردنە بە چركە زیندووەكانی ژیان و شۆڕبوونەوە بۆ ناو ناواخنی سروشت و لەدایكبوونی وەرزەكان و گونجان و تەبایی نێوانیان. واش بەرانبەر ڕابهێنێ هەست بەم شۆڕبوونەوە و گونجان و تەبایییەی نێوانیان بكات.
هەستی نووسینیش بە ساتەوەختی زۆر ناسك، یان زۆر دژوار تێدەپەڕێ. تێڕوانینەكان ئاڵوگۆڕیان تێدەكەوێ و دەڕسكێن.
شیعری ڕاستەقینەی خاوەن جیهانبینی، كە خودی مرۆڤ دابڕێژێتەوە، لە ژیری و پەند و سۆز و تاسە و ترپەی گەرمیی دڵ و خەونی ڕۆمانسییانە بەدەر نییە، ئەگەر شیعریش ڕووت كرایەوە لە ژیری و پەند و سۆز و تاسە و ترپەی گەرمیی دڵ و خەونی ڕۆمانسییانە بە هیچ جۆرێك ڕاستەقینە و خاوەن جیهانبینی نییە، كە خودی مرۆڤ دابڕێژێتەوە.
شاعیری نوێبەخش هیچ كاتێك چاوەڕوانی هاندان و ستایش ناكات، هەر كاتێكیش چاوەڕوانی هاندان و ستایشی كرد، ئەوە بڕوای بەوە نییە ئەوەی كە نووسیویەتی خۆبوونی و داهێنان بێت. دەربڕینی نایاب بەهۆی كرداری گەیاندن و هۆشیاریی زمانەوە لە ئاستی ئاسایی دەپەڕێتەوە بۆ ئاستی ئێستێتیكا و خۆبوونی، دەبێتە خاوەن پرسیار لە نێوان وریاییی زمان و وریاییی ئاخاوتن.
زمانی ئێستێتیكا، شێواز و ئەدگاری خۆی لە دەربڕینكردن و دەربڕینەوە وەردەگرێت. لە ئەزەلەوەش گیان، گیانی جەستەیەكە شێوەیەكی دیاریكراوی چركە زیندووەكانی بۆ ژیان و نەشونما دۆزیوەتەوە، شێوازیش ناوەند و گیانی نووسەرە، هیچ گیانێكیش بۆ جەستەیەكی دیكە وەرناگیرێت.
شێواز و شیعریبوون و زمان، ئەزموون بۆ دیاردەكانی ژیان و وێناكردنی كۆمەڵگا پێشنیازیان دەكات، دیاردەكانی ژیان و وێناكردنی كۆمەڵگاش پەیوەندی بە هەموویانەوە هەیە، بەشدارین لە چالاككردن و بەڕێوەبردنی، پەیامی هونەریی مرۆڤگەلێكە، كە هەوڵی سڕینەوە و لەبەینبردنی ئەو شتانە نادات، كە ژیان دەخەنە باروبوارێك بەرگری لە بە ژیانبوون و ئازار و ئازادیی خۆی دەكات.
ژیان و بوون و دنیاش لەناو شیعری نایاب و ئێستێتیكی و خۆبوونیدا نوێن، لەناو ڕۆشنبیریی كوردیدا نوێبەخشی هێشتان بە ڕوونی شوێنی شیاوی بۆ نەكراوەتەوە، ئاخاوتن لەبارەیەوە دەبێتە هەرا و زەنا، پێویستە ئەو بڕیارانەی لەم بارەیەوە بوونەتە مایەی سەرنجی كەمەیەكی كەم، بە ئاستێكی دیكەوە بخرێنە ناو ئاخاوتنەوە.
ئایا ئاخاوتنەكانمان لە خودی نوێبەخشیی دەقەوە دەرچوونە، یان لە دەرەوەی دەقەوە وەرگیراون و لە جەستەی تەنك و ناسكی دەقدا پراوەی پێدەكەین، كە جەستەی تەنك و ناسكی دەق هیچ پراوەیەك وەرناگرێت جگە لە پراوەی گیان نەبێت.
نووسینێك گەیشتبێت بە ئاستی دەق، پەیوەندیی ئاستداری چارەنووسسازی بە ئێستێتیكا و خۆبوونییەوە هەیە، كە هەمیشە وەك سەرچاوەیەكی ڕوون، هێزێكە بۆ بەرهەمهێنانی سەرچاوەی دیكە، بەرەنجامی خودێكی هەژاو و هۆشمەند و وریایە. بەشێكیش لە خودی هەژاو و هۆشمەند و وریا گەیشتوون بەو هەقیقەتە، كە شیعر بگەڕێتەوە ناو سۆز و هەست و ڕوونی و ئاشكرایی لە دەربڕیندا، ئەمەش وەك دیاردەیەك پێویستە بخرێتە ناو ئاخاوتنەوە. زۆر جاران گۆڕانكارییە ڕەچاونەكراوەكان كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر چۆنیەتیی بیركردنەوەی كۆمەڵگا و بیر و دەربڕینی تاكی نووسەرەوە هەیە. دەبێتە بابەتی نووسینەكانیان، بەڵام نابێتە مانای ڕوون و دیار، بگرە لە چێژدا دەبێتە سرووشی مانا و چالاكیی وێنە، سرووشی مانا و چالاكیی وێنەش شاعیر لەوە نزیك دەخەنەوە بچێتە ناو جیهانبینیی تەسەوفەوە و لەو جیهانبینییەوە پەی بەنهێنییەكان ببا و بە هەقیقەت بگات، واتە: شاعیر پەیبەر و شیعریش پەیپێبراو.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

جیایی
پانتایی جیاكارم لە بەرهەمەكانمدا خوڵقاندووە، لە پانتایییەكدا دەستنیشان ناكرێم. ئەرێ لە پانتایییە شیعرییەكاندا، دەچمەوە سەر چ پانتایییەكی خۆ تایبەتیكردن. تایبەتكار بۆی هەیە تەواوی هەبووەكانی، كە توانای كاریگەرییان تێدا دەركەوتووە، ڕاكێشێتە ناو بیركردنەوەی چالاكی، كە بەردەوام هێما و هێماپێكراو بەرهەم دەهێنێت. لە یەك كاتیش لەناو هەموو پانتایییەكاندا كار بكات و دەستیان بۆ ببات.
بەرانبەر بە ئاگایی خۆم جەنگاوەرێكی مەشقكردوو و ئەهلی زیندووێتی دڵ و یەكێـتیی ئەشقم، پانتایی ئێستێتیكا و ڕێبازی وردبوونەوەم لە ژیانمدا هەڵبژاردووە، دەمەوێت بە ڕاناوی نادیار زمانی تێدا هەستیار بكەم، هەستیاریی تەواوی زمانی كوردی لە شیعری كلاسیكیماندا تواوەتەوە و دەركەوتووەتەوە. كاتێك شیعری كلاسیكی دەخوێنمەوە هەست دەكەم تەواوی زمانی كوردی ڕووبەڕووم وەستاوەتەوە. دەمباتە ناو جیهانێك، كە قسەی لەبارەی دۆزینەوە و چركە زیندووەكانی بوون كردووە، نەك گێڕانەوە. خەون و ناوەندی وشە: هەوڵدانن بۆ خۆناسین. لە ماڵی گەورەی شیعردا هەموومان پێكەوە داوای شیعریبوون و زمانێكی نەرم دەكەین، ئەو داوایە وزەی گەشەكردنی كرۆكیجوانی و بەرزكردنەوەی ئاستی هەقیقەتی گیانی و درامای ژیانە. نەرمیی زمان لە نەرمیی ئەو كەرەستەوە دێت، كە دەربڕینی لێدەكات، زمان شانەیەكی زیندووی زۆر قووڵە لە جەستە و پێكهاتەی مرۆڤ لە گۆڕانی دید و پەیوەندییەكاندا.
جیاییی تاقیكردنەوەی من ئەوەیە: جیهانی پارچە پارچە دەخوڵقێنم و پەیوەندیی هێما و هێماپێكراویش دەپچڕێنم و دەستنیشانیان ناكەم. سەرچاوەكانی نووسین و ئاستەكانی دەنگ و تێبینیكردن و سەرنجدانم، لە جوانیی بێگەرد و بێ هاوتای ژیان وەردەگرم، دەگمەن و تاقانە دەبن بە هێما و هێماپێكراو.
شیعر چەند بچێـتە ناو ژیان و دنیای خودایی و هەقیقەتی ڕۆژگارەوە، هێندەی دیكە گیانی تا هەتایە پەروەردە دەكا و دەیپارێزێت و ئەفسانە و ئەفسوون لەخودی خۆیەوە برەو پێدەدا.
شتێك لە نووسین، كە وەك ئەزموونێك پێشكێشم كردبێـت، بەكاربردنی زمانی خەونە بۆ زمانی نووسین و ڕاچەناندن و چالاككردنی ناخی پڕ توانایی و یادەوەری. دواجار تواندنەوەی چالاكییەكانی بیر لە هەستیاریی نووسیندا.
چامەی درێژی فرە دەنگ و ئاستدار، پرۆژەیەكی كامڵە و لەسەر ئاستی بوون و كرانەوەی بەردەوام ڕادەوەستێت، سروشتی دایكی هەستەكانمە، ئاسۆیەكی ئەفسانە و ئەفسوون ئاسایییە، ناتوانم لێی دەربازبم، بە كامڵترین فۆرمی شیعریی دەزانم و پەیڕەوی دەكەم، لە ڕایەڵ و تانوپۆی ڕستەكانیدا توانای جووڵاندنی فرە دەنگی و فرە پەیوەندی دەڕسكێت. مانا و زمان دەگەڕێتەوە ئەو ئاستدارییەی هێزی نووسین ئاشكرای دەكات و دەیهێنێتە گۆڕێ، واتە: قووڵبوونەوە بە ناخی بينرا و شەپۆلی كات و شوێن سیمای بوون.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

فرە دەنگی
ڕوانینی گەردوونی بار و بوار بۆ گەشەسەندنی شیعر دەڕەخسێنێت، ببڕای ببڕ پەیوەندیی بە شۆڕشی گەیاندن و فۆرمەكانییەوە نییە. خەیاڵ و ئەو ئاسۆیەی جیهانی بەهۆیەوە وێنا دەكەیت، لە دەرەوەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كاری شیعریبوون بەڕێوە دەبەن، لە كەڵك وەرگرتن: دەست واڵا و دیموكراسین، سەرسامیی خۆشیان بە نەشونمای نوێبەخشیی گیانی ژیان ناشارنەوە.
دەتوانین لەوە دڵنیابین، كە شیعر هەموو سەنگایی ساتە وردەكانی بە تەنیا خستە سەر هەڵقوڵانی خەیاڵ، وەك بەرزایی و ناوەندی كاریگەر چووە ناوی و كرۆكی ژیانی بە هۆیەوە وێنا كرد. بێگومان لە باروبوارێك نزیك دەبینەوە، شیعری تاك دەنگی دەبێتە خۆنیشاندانێك و دەربڕین لەو باروبوارە بێهێزەدا.
دەكرێ لە بچووكبوونەوەی دنیا لە بینینی شاشەدا، یان هەر فۆرمەكی گەیاندنەوە، شیعری فرە دەنگ لە چنین و ڕایەڵ و تانوپۆی توند و تۆڵی ببێـتە جێگرەوەی خەیاڵ، وەك بەرزایی و ناوەندی كاریگەر.
لە شیعری فرە دەنگیدا خەیاڵ ڕەگەزی سوودبینینە، بەرزایی و ناوەندی كاریگەر نییە. نیشاندانی باوەڕ و گیانی كراوە و دەوڵەمەندیی ئەم شێوازە، بەئەندازەیەك لە چیرۆك و شانۆنامە و ڕۆمان و داستان و ئەدەبی پەخشاندا بە ئاشكرایی دەگاتە لووتكەی بینین و تێگەیشتنی ڕوون.
لە شیعری درامیدا گفتوگۆ لەگەڵ هەست و ئەقڵی خوێنەر و شاكەس و كەسایەتییە جۆراوجۆرەكان دادەمەزرێنێت، هاوتایییەك دەدۆزێتەوە لەباری نووسیندا پەیڕەوی دەكات. لە پێكهاتە و بنەمای منی شیعریدا پێكدێت و دەبینرێت، خۆی لە منی تاكە كەسی شاعیر دەكشێتەوە، ڕۆڵ و ئاستی شاكەس و كەسایەتییە جۆرا و جۆرەكان و چێژێك دەگەیەنن، چێژی ئاراستەكراوی شاكەس و كەسایەتییە جۆراوجۆرەكان و واتاناسی.
زۆرێك لە شیعری ئیمڕۆمان، لەسەر سیستمی تاكدەنگی منی شاعیر وەك ڕەگەزێكی كارپێكەر بەڕێوە دەچێت، ئەم شێوازەش وەك هونەر هەرچی پێبوو بەخشی، چاوەڕوان ناكرێت هونەرێكی كاریگەری پێ مابێت بۆ بەخشین و سەرسامی، چونكە هیچ شتێك ڕوونادات قسەكەر یەك قسەكەرە و پانتایی نووسینەكەی داگیركردووە، هەروەها بوونی شیعریش وەك شێواز و شێوە دەخاتە مەترسییەوە. لە كارایی و زیندوویی و هێز دووری دەخاتەوە، كە كارایی و زیندوویی و هێز باروبوارێكن هەمیشە زیندوومان دەكەنەوە و سەرچاوەی سەرسوڕهێنەرن.
یەكەمین كردەی هەستیاركردنی زمان، ڕستەكان بە مەبەستی گەیشتن بە چاوگە دەنگییەكان درێژ دەكاتەوە، چاوگە دەنگییەكانیش هەمیشە ئاگایی زمان تێیدا دەبێتە باروبواری ڕاستەقینەی نووسین و وزەی ترپە و ئاواز، لەم باروبوارەیەوە هەستیاریی زمان ڕوو دەدات. چەند ترپە و ئاوازێكی لێ دەبێتەوە بەناو خۆیدا دووبارە پەخش دەبێتەوە، جۆراوجۆریی ترپە و ئاواز: خەسڵەت و مۆرك و ماكی ناسینی ئەم چەشنەن، پشت بە وێنەهێنانەوەی یەك لە دوای یەكیش نابەستێت، زیاتر گێڕانەوە دەكاتە خۆبووژانەوە و دەركەوتن و ئاراستە وەرگرتن.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

دەستكاریكردن
دەقەكانم، ئەوانەی چاپم كردوون و ئەوانەی چاپیشم نەكردوون، هەمیشە لەسەر مێزی كاركردن دەستیان بۆ دەبەم، هەر چەند ڕستەیەكیان دەستكاری دەكەم و چەند لاپەڕەیەكیان دەخەمە سەر و چەند لاپەڕەیەكیشیان لێ لادەدەم. تا ئێستاش نەگەیشتووم بەدوا داڕشتنیان. ئەو هونەر و دڵەڕاوكێیەی دەستكاریكردنەش لە كاركردنی بێ وچانی كاتژمێر، گواسترایەوە ناو باروبواری دەروونیی شاعیریەتیی من.
كاتژمێر تەكان دەدا بەرەو ناو دەقی كات. دەقی كاتیش هەمیشە ئەو چركەیەی جوانە تێیدا چاوەڕوانیت، كە هێز دەخاتە ئەو چركەیەی بۆی دەڕوات، ڕۆیشتنی منیش هەمیشە بەرەو دەقی شیعرییە. هەموو شتەكانی كاریگەرییان بە نەشونمای ژیانەوە هەیە. لە زەینمدا ئامادەیان دەكەم و دەیانكەم بە بەشێك لە چالاكییەكانی بیركردنەوەم. دەستكاریی بەردەوامیش كارێكی دروستە بۆ نووسەری پڕ توانا و ئەزموونی پەڕینەوە، بۆ ناو پرسیارەكانی، كە بوون بەیەك جۆر دەستنیشان ناكەن، بەرگری و دەربڕین لە داهێنان دەكەن، چونكە هەر جارێك، كە دەستكاری دەكات، بەو نیازە بە تەواوی ژیان لەناو دەقەكەیدا ببینێت، یان ژیان بە تەواوی بهێنێـتە ناو دەقەكەیەوە و بیگەیەنێت بە ئاستی خەونی نووسین. ئەویش یەك لە مەحاڵەكانی نووسینە، نووسین هەوڵدەدات بۆ مەحاڵ، مانەوەش لەناو ئەو مەحاڵە سووربوونی نووسەرە بۆ بینینی ژیان بە تەواوی لەناو دەقی بێگەرددا.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.
شاعیر
شاعیر، سەر گەرمییەكانی خۆی لە سنووری بیركردنەوە و جیهانبینییەوە دەست پێدەكات و گیان و هەستەكانی چالاكە بەگشت جوانییە هاوبەشەكان. ئاراستەی ئاڵۆزكردنی جوانییە هاوبەشەكان نییە. سادەكردنەوەیەتی، بەرپرسە بەرانبەر بەرزبوونەوە و ڕسكاندنی ڕوانینی پڕ شیعریبوون و جووڵەی ئاخاوتن لە زماندا، پەیوەستیشە بەوەی پەیوەندییەكانی نێوان جوانی و فۆرمەكانی كۆمەڵگا وەك پرۆژەیەكی پەرەپێدان و پەرەپێدراو وەربگرێت.
كاری گوتار دامەزراندنیش لە پەیوەندییەكانەوە بكاتە وێنەیەكی ڕاستەقینەی ئەزموونكراوی هەقیقەت و بەهای مرۆڤ. لە هەمان كاتدا لە تواناكانی دەربڕیندا بەرزیان بكاتەوە ناو ڕایەڵ و تانوپۆی ڕستە و ترپە و ئاوازی ویژدانیان، لێیەوە وەك نیشان و نیشانە پیشانیان بدات، هەروەها دەسەڵاتی هەستیاریشی بەسەر ئاشكراكردنی چارەنووسی جوانی لە شێوازی نادیاردا، پشتگیر و پاڵپشت لە بەرزبوونەوە و بەهێزكردنی و داكۆكی لە مانەوەی بكات.
تەوەرەكانی هەست و سۆز و خەون بخاتە گەڕ بۆ هێشتنەوەی بەردەوامیی چێژی گیانی. جوانی وەك ڕەگەزێكی چالاك و بنیادنەر، لە پێكهاتەی دەقدا بكاتە ناوەندی بەیەكگەیشتنی پەیوەندییەكان و باوەڕهێنان بە هەقیقەت و تواناكانی ژیان. بۆ واتای ڕاستەقینەی لەناو دەوروبەرێكی بێ هێز لە هۆشیاریی فیكریدا، ئاكار دابڕێژێت. بەدواداچوونی مێژووی گیان و ئەوانی دیكە و چاونەترسیش بەرەو ڕووی ئەم ئاكار داڕشتنە بكاتە ماڵی هەر هەموومان و گەوهەر و ناوكی هونەری مانا دەرنەكەوتووەكان لە چركە زیندووە دەگمەنەكان هەڵداتەوە.
كردەی نووسین وەك سەرەتایەكی هەمیشەیی و خاڵە یەكتربڕەكانی كات و شوێن بپارێزێت. بە فراوانییەكی ئاستدار و كاریگەریش بانگەوازی لایەنداریی تەواوی ڕابگەیەنێت، دواجار بە ئاستی بەهای مرۆڤ بیناسێنێت، بپرسێت ئەرێ ئاستدارییەكانی شیعر و مرۆڤ چین، لە واقیعدا جێبەجێیان بكات و جێی پەسندی بن. تا چەند توانیویەتی جوانی و هونەر بگەیەنێتە ئاستی ژیان و دركاندن و بەهای مرۆڤ.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.
فەرهەنگ
وشە لەناو فەرهەنگدا بە یەك مانایی سنووردار و پابەندە، باروبواری هەڵكۆڵینی نەماوە و چەسپاو و جێگیر و نەگۆڕە، لەسەر ئاستێكی چەسپاو و جێگیر و نەگۆڕیش پەیوەندی بۆ دەستنیشان كراوە، واتە: لەناو ژیان و بزووتنەوەی بەرەو پێشچوون كار و چالاكی لێ وەرگیراوەتەوە و خانەنشین و لاكەنارە و ئاستداری لێ وەرگیراوەتەوە.
شاعیر لە وشەكانی ناو ژیاندا دەچێتە كەشی زاڵ و ڕۆشنی خۆیەوە، وشە لە ساتێكی وردەكارانەدا لە ژیان ئەزموون دەكات. شیعریش، هێز لە خودی زمان وەردەگرێت، بەزمانی ناو ژیانیش شيعريبوونى دەڕژێتێ و پەیوەندییەكانی بە جیهان دەبەستێتەوە، كار و چالاكیی وشە گەرمەكانی ناو ژیان، وشە بێ هێزەكانی ناو فەرهەنگیان لە خەیاڵگەی نووسەری خودوریا دەربەدەر كردووە. هەست بە نائومێدییەكی ترسناك دەكەم لەو وشانەی لەناو فەرهەنگاندا وەنەوز دەدەن. دوای گواستنەوەیان بۆ ناو ڕستەی شیعریی كتوپڕ خەوی دووبارەكردنەوەی لێ دەكەوێت. لەباری دووبارەكردنەوەشیاندا، بچووكتر دەبنەوە. دەستەواژە لەناو فەرهەنگدا خۆشباوەڕ و بێ ئومێدە، بەیەك مانایی دڵی داكەوتووە و فۆرمەكانی كۆتایی پێهێناوە.
شاعیریش لەناو فەرهەنگدا سڕ دەبێت و وێناكانی كورت دەهێنێت، نەك سەرسام. لە وشەكانی بەردەست و زەینی خۆیەوە دەست پێدەكات و ئاسۆی هاندان و فەزای زاڵ دەبێت. ڕۆشنبیرانی ئەكادیمی و فەرهەنگنووس و زمانەوان لە وشەكانی ناو فەرهەنگدا كار و چالاكییەكانیان بەرهەم دێنن. لە فەرهەنگدا ئاستی جیاكاری زمان نییە. هەموو داهێنانێكی زمان لە ئەدەبدا لە دەرەوەی فەرهەنگ ڕوودەدات، دەقی نایابیش لە كرۆكدا لە پەیوەندیی زمانەوە هێز و سەركەوتن وەردەگرێت، ئاسۆیەك هاندەریەتی، ئاسۆی ئاستداری و پێكهاتە و پێكهاتن.
لەناو مێژووی ئەدەبدا، ئەدەبێك نییە لە وشەكانی ناو فەرهەنگەوە سەركەوتنی بە دەست هێنابێت، بۆیە فەرهەنگ لای من بووە تەلیسمێكی بكوژ، زوو خۆم لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی دەرهێنا. ژیان فەرهەنگی شیعرە، هەر شاعیرێكیش هانا بۆ وشەكانی ناو فەرهەنگ ببات، نامۆیی و دەستەپاچەیی خۆی بە شیعر ئاشكرا دەكات. مامەڵەی لەگەڵ وشەی ئامادەكراوە، بایەخی ساتە هۆشیارییەكانی ناوەوەی خۆی لە دەست داوە، واتە: ڕۆڵی بەكارهێنانەوەی لەبیرچووەتەوە و هەست بە كاریگەریبوونی ناكات. ئەگەر نووسینێكی ئەدەبیش ساتە هۆشیارییەكانی ناوەوەی نووسەر، خرۆشانی تواناكان و چالاكیی نەبووبێت. دەقێكی بەتاڵە لە ئەفسانە و ئەفسوون و هۆشیاریی نووسین.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

ناونیشان
زۆر نییە لەناو ڕەخنە و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی كوردیدا ناونیشان وەك بابەتێكی سەربەخۆ و گرنگ، بەهای پێبەخشراوە و مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. لە هەموو باروبوارەكانیشدا ناونیشان و ناوەرۆك دەچنەوە سەر یەك ماك و بنەما، ئەویش ناوەندە، واتە: دەقەكە، ئەگەر ناونیشان داهێنان بێت، دەبێتە هەستگەرمی و سرووشێك، داهێنانێكی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەڵبژاردنی لەسەر بنەما و بیرۆكەی: ئەفسانە و ئەفسوون هەڵبژاردنێكی هۆشمەندانە و داهێنەرانەیە، لە وێنە و سرووش و دەربڕیندا بەدەردەكەوێت و وزەی ئەو هەستە دەدۆزێتەوە، كە لە ناوەرۆكدا بەدواداچوون و هەنگاو هەڵێنانە بۆ كۆكردنەوەی تاڵە تیشكەكان و وزەی ڕاستەقینە و هەوێنی شیعرەكە. لە ناوەرۆكدا دەقی نوێبەخش یەكەیەكی یەكگرتووی تێدا نییە، چونكە ژیان پارچە پارچە بووە و جۆرێك هەڵوەشێنراوەتەوە. هەندێك جار پارچەكان لێك دوورن و هەندێك جاریش لێك نزیك. گرنگ ئەوەیە لە هەردوو باروبواری لێك نزیكی و لێك دووریی پارچەكان هەرەم و دەربڕینی ژیانن و بنەمایەكی پەیوەندییان هەیە. هەست بە پچڕانی پەیوەندیی نێوان ناونیشان و ناوەرۆك ناكەین. ئەم دوو باروبوارەی لێك نزیكی و لێك دووری دابەش دەبن بەسەر دوو خاڵدا:
خاڵی یەكەم: ئەو دەقەی، كە دەقێكی نوێبەخشە یەكەیەكی یەكگرتووی تێدا نییە، ناونیشانەكە دەبێتە تاڵە تیشكێك لە ناوەرۆكەكەدا.
خاڵی دووەم: ئەو دەقەی، كە دەقێكی ئاسایییە یەكەیەكی یەكگرتووی تێدایە، ناونیشانەكە دەبێتە ڕامانی سەرەكی و بە تەواوی جەستەی دەقەكەدا شۆڕ دەبێتەوە و دەبێت بە ڕایەڵ و تانوپۆ، لە ناونیشانەوەش درێژە بە شیعرەكە دەدات ناونیشانەكانی من وەك تاڵە تیشكێكن بۆ مانا و ناوەرۆكی دەقەكان. نەك وەك ڕامانی سەرەكی بەتەواوی جەستەی دەقەكەدا شۆڕ بووبێتەوە، هەروەها تاڵە تیشكەكان لەخۆیدا كۆ دەكاتەوە.
ناونیشان ناتوانێت ڕایەڵ و تانوپۆی ناو دەق ڕێكبخات، لەبەر ئەوەی ئەو خۆی هەوڵدەدات بە زمانێكی نەرم لەگەڵ ڕەگەز و توخمەكان پەیوەندی دروست بكات و هاوگونجان پەیدا بكات، لە ناوەڕاستی هەشتاكاندا: (ئەحمەدی مەلا) زێدی خۆی: (زەردك) بۆ ناونیشانی كۆشیعرێكی بەكارهێنا. ئەمە دەستپێشخەری و دیاردەیەك بوو لە ناونیشانی كۆشیعری كوردی، زۆریش بەجوانی گەیشتووە بە ناوەندی خۆبوونی داهێنان.
بەشێك لەناونیشانی كۆشیعری كوردی بەلامەوە وردبوونەوە و مەودایەكی هونەری و دۆخگۆڕن و سەرسامبوومە پێیان، نەشمتوانیوە سەرسامیی خۆم بەرانبەریان بشارمەوە، ئاستێكی باڵایان بەدەقەكان داوە و هۆكارێك بوونە لە هۆكارەكانی داهێنان و گەلێك پنتیش لە ناوەرۆكدا ڕووندەكەنەوە، ئەو ناونیشانەی سەرسامیان كردووم ئەمانەن:
یەكەم: سەمای بەفری ئێواران – ی جەلال بەرزنجی.
دووەم: ڕوونبوونه‌وه‌- ی ڕەفیق سابیر.
سێیەم: تەمە سپییەكانی ڕۆح – ی كەریم دەشتی.
چوارەم: هێلانەی نغرۆ – ی مارف عومەر گوڵ.
پێنجەم: تاڤگەی مەند – ی نەژاد عەزیز سورمێ.
شەشەم: كاتێ قامیش بەئاگا هات بووبووە بلوێر – ی سامان دزەیی.
ناونیشان بەلای منەوە بەسەر سێ دۆخ و ئاستدا دابەشدەبێت و تێدەپەڕێت: ئەوەی لێرەدا وەك بار و بوار و دۆخگۆڕین، بەجۆش و ئەمەكەوە دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم. ناونیشانی: (خەون وا خۆی گێڕایەوە)یە. سرووشی ئەم ناونیشانەم بەجۆش و سرووشێكی دووربەدووری ناونیشانی: (زەردەشت وا دوا)ی نیتشەوە لا دروست بووە و لە داڕشتنیدا هاوگونجانێكم بەكارهێناوە، هەروەها ناونیشانی: (كاتێ قامیش بەئاگاهات بووبووە بلوێر)، لە سروشت و سرووشی دێڕە شیعرێكی: (مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی، لە سروودی نەی) وەرگیراوە. ئەوەی من گەرموگوڕییەكی زۆر شاراوەیە، ئەگەر خۆم ئەم گەرمی پێبەخشینەی ئەزموونی خۆم نەهێنمە بەرباس، كەس هەستی پێناكات و خاڵێكی هاودەقی لێ نادۆزرێتەوە، چونكە زۆر بە ئاگایییەوە لە ناوەندی ناونیشانەكەی نیتشەوە بەهرەم وەرگرتووە و چوومەتە دەرەوە، یان ناونیشانەكە لە سەرسامیی خۆی وەستاندوومی و بەڕێی خستوومەوە بۆ دروستكردنی سەرسامی خۆبوونی خۆم. هەرچی سامان دزەیییە لە ناوەندی دێڕەكەی ڕۆمی نەچووەتە دەرەوە و ماوەتەوە، هەروەها ئەوەندەی من ئاگاداربم، واشبزانم ئاگایییەكی ڕوون و وردم لە شیعری نوێی كوردیدا هەیە. وشەی (ئاو)، وەك ناونیشان یەكەم جار: (سامی شۆڕش) لە ژمارە (1)ی بڵاوكراوەی (نۆبەرە)، ساڵی 1970 بەكاریهێنا، شیعرێكی تێدا بڵاوكردەوە بە ناونیشانی: (بووكی ئاو). ئەم ناونیشانە بۆ سەرەتای حەفتاكان ناونیشانێكی دۆخگۆڕ و كاریگەر بوو، پاش چوار ساڵی: (عەباس عەبدوڵڵا یووسف) بەجۆرێك لە جۆرەكان وەریگرت، یان گواستییەوە، كردی بە ناونیشانی نامیلكەیەكی بەناونیشانی: (ئاو). جا نازانم ئەم شێوازی وەرگرتنە دەچێتە چ خانەیەك، وەرگرتن، یان گواستنەوە، یان… تاد، بەڵام هەندێك ناونیشان هەیە. دەقاودەق وەرگیراوە، یان گواستراوەتەوە، یان… تاد، (بەفری گەرم – الثلج الحار) لە بنەڕەتدا ناونیشانی ڕۆمانێكی: (یوری بونداریف)ە، (غائب طعمة فرمان) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی. (نەوزاد ڕەفعەت) لە ساڵی 1992، دەقاودەق وەریگرتووە، یان گواستوویەتییەوە، یان… تاد، كردی بە ناونیشانی كۆشیعرێكی خۆی، هەروەها ناونیشانی بەزەبر زەمینەیەكی كاریگەر و ترپە و ئاوازی مانەوە لە مێشكدا دەهێڵێتەوە و واقیعی خۆی تێدەپەڕێنی، دەبێتە واقیعی خواستراوی نووسینێكی تر، یان دۆخگۆڕینێك. نموونە: ناونیشانی كۆشیعری: (گوڵە بەدەكان)ی بۆدلێر، ناونیشانێكی ئێجگار ناسراوە و كاریگەری و زەمینەی كاریگەر و ترپە و ئاوازی مانەوەی لە مێشكی: (نەوزاد ڕەفعەت)دا جێهێشتووە و بە بێ هیچ ئاماژەیەك لە شیعرێكیدا، جا بێ ئاگایی بێ، یان بەئاگایی بەكاری هێناوە: (شەڕی گوڵە بەدەكانی باخی ئیرەم. گۆڤاری ڕامان، ژمارە 50. ل: 128) ناتوانین لەم بارەوە لە وردەكاری بەراورد بكۆڵینەوە، لەبەر ئەوەی دۆخگۆڕین نییە.
گواستنەوەیە.
من هەروا بە سادەیی ناونیشان وەرناگرم و بە قووڵی و وردبینییەوە، فەزای زاڵی دەخوێنمەوە و جێگای بایەخمە، ناونیشانی دۆخگۆڕ واتای جیابوون و جیاوازییە. لەو دۆخەوە خوێنەری نموونەیی تێدەگات نووسەر قووڵبینە، یان ڕووكەش.
ویستم لە ناونیشاندا كارێكی تایبەتمەند پێشكێش بكەم، لە جێگای پیت و دەنگدا وێنەبكێشم، واتە: ئەگەر ناونیشانی شیعرێكم: (باڵندەی مەلەوان) بێت. لە شوێنی ناونیشان وێنەیەكی ماسیگرە، یان قورینگ… تاد، بكێشم. لەیەك كاتدا هەم شێوەی وێنە و هەم نیشانەی نووسین بدات. ئەو ویست و هەوڵەم تەنیا وەك بیركردنەوەیەك مایەوە و جێبەجێم نەكرد، پێكهاتەی شێوە كاركردنەكەشم بنیاد نابوو. جێبەجێ نەكردنەكەشم تەنیا لەبەر ناكارایی و ئاستی شارەزانەبوونی نەخشەسازەكانی ڕۆژنامە و گۆڤارەكان بوو.
ساڵی 1993، هەوڵێكم لە شێوازی ناونیشان پێشكێش كرد. شیعرێكم بە ناونیشانی: (سەباح)، لە ژمارە (460ی پاشكۆی ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ)دا بڵاوكردەوە. مامەڵەم لەگەڵ چوار توخمەكەی بوون، وەك پێكهاتەی گەردوون و جەستەی خۆم كردبوو. (با، خۆڵ، ئاگر، ئاو). لە هەر بەشێكی سەربەخۆدا ناوی توخمە مامەڵە لەگەڵ كراوەكەم وەك ناونیشانی لاوەكی لەژێر بەشەكە دانابوو، نەخشەسازی ڕۆژنامەكە هونەرمەند: (هەڵگورد جوندیانی)، ئەم شێوازی ناونیشانەی بە ڕیزپەڕ و نامۆ زانی، بەنابەدڵی كاری تێدا كرد، ئەنجام هەوڵەكەی منی بە تەواوی نەگەیاند. لە دوای بڵاوبوونەوەیدا، بۆم ئاشكرا بوو ئەم شێوازە سووریالییە فەرەنسییەكان لە سەرەتای دروستبوونیان پێشكێشیان كردووە. ئەم هەوڵەشم وەك سەرەتایەك مایەوە و لێی دووركەوتمەوە، بەڵام ناونیشان بەوێنە وەك پرۆژەیەكی دواخراو لام ماوەتەوە و لە كۆشیعرێكم تا بۆم بكرێت و بتوانم پێشكێشی دەكەم، دەشزانم لە شێوە كاركردنەكەمدا بەرەو كوێ دەڕۆم و چ هێڵ و هێمایەك دەكەم بە ناوەند.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

مانیفێست
وەك پرۆژەیەك مانیفێستی شیعریی خۆم ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی ئەم ڕاگەیاندنە ببێتە پاڵپشت و تیشكۆ بۆ ئەزموونی شیعریم. مانیفێست و خۆڕوونكردنەوە، پەنجەمۆر و ڕوانینی تایبەتیی نووسەرن، بە كەرەستەیەكی خەمڵیو و ئەزموونێكی ڕاستەقینەوە بەرانبەر نووسین و ئاسۆی چاوەڕوانی نووسین. بۆ نووسین و گەڵاڵەكردنی، بە قووڵی سەرجەم دەقەكانی خۆم بە توانای گۆڕان لە ژیان و هونەر، هێنایەوە ناو زەینم. لە مەودای خاڵی لاوازی، تا خاڵە سەرسوڕهێنەكانی ئەزموونم وەرگرت، بەوپەڕی هۆشمەندی جیاكاریی هەستكردن لە مەوداكانی مامەوە و تێفكریم، تا بووە پرۆژەی باش بیركردنەوە و گفتوگۆیەكی ڕۆشن. بنەماكانیم لە شەوق و كاكڵە و ناخی ئەو مەودایانە دۆزییەوە، كە لە واقیعی نووسیندا هێناومەتە گۆڕێ. ئەو واقیعەی چۆنیشی بیر لێ دەكەمەوە و دەیجووڵێنم.
پێش نووسین بیر لە مانا ناكەمەوە، دوای نووسین مانا دەدۆزرێتەوە، هەروەها بیر و ڕاكانی ڕامگەیاندوون، هەموویان لە دەقەكاندا شوێنی ژیربێژی و ئەو ئاماژە و نیشانانەی تێیدا بەرهەم هاتوون، ئاشكران. چارەسەری هەندێك لە هەستە ڕۆمانسییە سەرەتایییەكانیشم كردوون، هێڵم بە ژێر دێڕە لاواز و سەرسوڕهێنەكانی كێشاون. خەونم كردووە بە فۆرمی دەستپێكردن و دووبارە گەڕانەوە بۆ واقیعێكی دامەزراوی خەونی.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

قۆناغ
شیعر وەك درێژبووەوەی قۆناغی پێشتری وەرناگیرێت، لە هەندێك ڕەگەزدا یەك دەگرنەوە، لە زۆر ڕەگەزیش تەواو ئاستیان دەكەوێـتە نێوان، دژی قۆناغ و ڕێباز و قوتابخانە و دابەشكردنم، دەقی داهێنراو بەسەر تەواوی ژیاندا دابەش دەبێت.
ژیان و خوێندنەوەی ڕووداو و دیاردەكان بەیەك ئاراستە نایەن، بە جیاكاری بیری یاخی و كەرەستەكانی شیعری لە كەشی شێوە گۆڕیندان، ئاستیش بەرەو گۆڕان و تێكەڵاوبوون وەردەگرن. هیچ قۆناغێكیش ناتوانێت قۆناغی پێشەخۆی تەواو لەناو خۆیدا ون بكات، داهێنانەكانی لە گۆشەیەكی تەنگەبەر گەمارۆ بدات. جیاكارییەكان سروشتین. جیاكارییەكانی ئەو قۆناغ و ئەزموونانەی لە داهاتووشدا دەبنە هۆ و مایەی گفتوگۆی گۆڕانكاری هەمدیس هەر سروشتی دەبن.
شیعر لە زماندا ڕەونەقی شیعریبوون بەدەست دەهێنێت، زمانیش بە ئاراستەی هاتنی، ئاستی گۆڕان و تێكەڵاوبوون وەردەگرێت.
ئایا زمانی قۆناغەكانی ژیان درێژەپێدەر و دووبارەكردنەوەی یەكن. بە جیاكاریی ئەو دەستكەوتە هونەرییانەی لە ئاكامی پەرەسەندنی بیر و پێویستییە كۆمەڵایەتی و شارستانییەكان ئەزموون كراون و دامەزراون، یان بابەت و مەبەستەكان شێوازیان دەگۆڕێن و نیشانەكانی هەست پێدەكرێن. زمانی شیعر، شیعریبوون لە زمانی قۆناغێكی دیاریكراو وەرناگرێت، واتە: زمانی شاعیرێك، لە زمانی شاعیرێكی ترەوە دەست پێناكات، هەموو سەردەم و مەوداكان ڕادەكێشێتە ناو بازنەی بەڕێوەچوونی خۆی، هێز دەڕژێنێتە ناو تەكانەكانی بۆ بەكاربردن و ئاماژە ژیربێژییەكان.
هیچ قۆناغێك نابینرێت، داهێنان تاجی لەسەر هێمایەكی دلێری نەنابێت و ئەستێرەیەكی بەرهەم نەهێنابێت. نموونە: قۆناغی كلاسیكی تاجی داهێنانی خستە سەری: (نالی). قۆناغی یەكەمی نوێبەخشی، تاجی داهێنانی خستە سەری: (گۆران). لە قۆناغی دووەمی نوێبەخشیدا، ئاستێكی تر دێتە گۆڕێ و ناتوانرێت داهێنەرێك وەك تاك و ئەستێرە دەستنیشان بكرێت و هەموو هونەرەكانی تێدا كۆبووبێتەوە.
نموونە: هەندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعریی لای: (لەتیف هەڵمەت) هەیە. لای: (ئەنوەر قادر محەمەد) نییە. هەندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعرییش لای: (شێركۆ بێكەس) هەیە. لای ئەوانی تر نییە، یان هەندێك فۆرم و شێواز و گوتاری شیعریی لای : (فەرهاد شاكەلی) هەیە. لای هیچێكیان نییە، كەواتە: لەم قۆناغەدا فۆرم و شێواز و گوتاری شیعری پەرەی سەندووە و ئاستی كۆی وەرگرتووە، تاك وەك ئەستێرە و هێمایەك وەرناگیرێت. فرە هێمایی هاتووەتە ناو داهێنانی شیعری كوردییەوە، بەڵام لە قۆناغی كلاسیكی و قۆناغی یەكەمی نوێبەخشیدا، هەموو هونەرەكان لە هەریەك لە: (نالی و گۆران)دا كۆببوونەوە. بۆیە توانرا وەك تاك و ئەستێرە دەستنیشان بكرێن. لەگەڵ ئەمەش قوتابخانە و قۆناغ و ڕێباز و تەوژم… تاد، لەناو دەچن. تەنیا شیعر، شیعری بێگەرد. بە پلەی یەكەم دەمێنێتەوە. درێژەپێدان و مێژوویی نین. هەندێ باری قووڵی سەرسامی تەسەوف لە شیعری ئەمڕۆ دەبینرێن و دەربڕین لە ژیان دەكەن.
سیماكانی لە قۆناغی كلاسیكی ڕەونەقیان بينراە، وەك پێویستییەك لەمڕۆدا ئەزموون دەكرێنەوە، ئەو پێویستییە ونبوونی نوێبەخشی نییە لەناو كلاسیكدا، ئەو شتانەی لە ڕۆژ و ڕۆژگاری خۆیاندا بەرەو بە ئەدەببوون دەچن، شتەكانی لەناو كۆمەڵگادا ئەدەبن و ئەوانی تواناشیان تێدایە ببنە ئەدەب، دەقئاوێزان بە جیاكاریی، بنیادی دامەزراندنە. هێڵی ڕوونی ڕوانینەكان بخاتە باری قووڵبوونەوە و سیما هاوبەشەكان بناسێنێت. زمانی جیاكار، ترپە و ئاوازی جیاكاری لێ دەبێتەوە. شێوەكانی دەربڕینیش لە ترپە و ئاواز وەردەگرێت. وەك فۆرم و پێكهاتەی ڕستە بەندیش جیاكارییەكان بەرەو چەندین ئاراستەی جیاكار ڕاماندەكێشن و بە كارامەیی بە گەڕمان دەخەنەوە بۆ دوانەخستنی ژیان، كە ژیان خۆی كردەیەكی دواخراوە. خاوەن فۆرم و توانایەكی سەرسوڕهێنیشە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

پێویستی
من چێژ لە سەردەمی خۆم، واتە: چركە زیندووەكانی ئێستا وەردەگرم و بە ئاسۆ و دوورییەكی گەرم و ئاسوودەی دەزانم، ڕۆژ و ڕۆژگارەكانی تێدا بەناویەكدا دەچن و بەیەك دەگەن، خۆم فریو نادەم بە ڕابردوو و داهاتووەوە، ئەمە منی دوورخستەوە لەوەی شیعری خۆسووركردنەوە و هەڵوێستی دروستكراو بنووسم. ئەدەبێكی بە كاكڵ و زیندوو، لە گومانی ناڕوونی ڕابردوو و داهاتووەوە بەرهەم نایەت. لەم لێوردبوونەوەوە هەستم بۆ ژیان و هەڵبژاردنی شتەكانی دەوروبەر، پێكهێنان و شیكردنەوە هەڵوێستی وەرگرت. شەپۆلی هۆشیاری لە ناخمدا خۆی هەڵاوێشت و بەڵگەی ئەوەی پیشان دا، لە ناختدا پەیامبەرێك خوڵقاوە پێویستی بە دەربڕین و نووسینی كتێبێكە بۆ هەمووان، كتێبی بۆ هەمووانی من شیعرە، شیعری بێگەردیش پەیامی نییە، بەڵام مانا و سرووشی هەیە، واتە: هەست بكەیت شتێك هەیە و بیرت پێدەكاتەوە.
لەو خرۆشانەی خەون و واقیع و ژیان داوایان لە گیانم كرد، پێویستە كۆمان بكەیتەوە، خاڵی بەیەكگەیشتنمان شیعرە. فەزای زیندووی پەیامبەریەتی لە بوونم ڕسكا. گۆڕانێكی ڕیشەیی لە ڕوانینە سەرەتایییەكانم بەرپا بوو، بەڵام لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی گیانیی یەكەمین ئامادەبوونی نووسین لە سەلیقە و چێژمدا چەخماخەی دا. خۆی وەك كاتێكی بەرجەستە لە بینین و نووسین پیشان دا. ژیان و مەرگم لەناودا كردە سەرمەشقی پایەداربوون.
سروشتی دەربڕینیش دەگۆڕێن، هەندێ جار واقیع و ژیان جێدەهێڵم و دەچمە ناو خەون. هەندێ جاری دیكەش خەون جێدەهێڵم و دەچمە ناو چركە زیندووەكانی واقیع و ژیان. ئەم جێگۆڕكێكردنە بیركردنەوە و گفتوگۆ و بینین و دەروونم ئازاد دەكەن و دەچمە ناو كەشی نووسین، واتە: دۆزینەوەی واقیعی نووسین. نووسینیش لە هەموو شوێنێكدا هەیە، لە هەندێك شوێندا بەڕوونی و سادەیی، لە هەندێ شوێنی تردا بە نیمچە ڕوونی، لە هەندێ شوێنی تریشدا بە شاراوەیی. تا لە بۆشایییەكانیش پێویستە شاعیربم، لە مردنیشدا وەڵامی پێداویستییە شیعرییەكان بدەمەوە. سوپاس بۆ خودا چارەنووسی لەدایكبوونم لە وڵاتێكدا بووە، شیعری تێدا شتێكی جەوهەری و خۆشەویستە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

ڕەخنە
نووسین لەبارەی دەقەكانم ڕێكخراون، ئایا بوونەتە هۆیەك لە دید و دیدگایانەوە بە خۆمدا بچمەوە، ڕەخنە ئامرازێكە بۆ باش تێگەیشتن لە ئەدەب، جۆرە سەرلێشێوانێك بۆ خوێنەر بەدی ناهێنێت. سەربەخۆیی دەق و خوێنەر گرنگە، كردەیەكی شارستانی و زانستییە، ڕۆشنبیر سەداسەد خۆشحاڵە پێی، بەڵام لەو ڕەخنانەی وەك مەبەست ڕایدەكێشمە ناو ئەو نووسینەوە یەكێكیانم بۆ دەستنیشان نەكرا پسپۆڕانە لەناو دەقێكم بە پرۆگرامێكی ئەكادیمی، یان خەیاڵێكی داهێنەرانە كاری كردبێت و بەشێك لە كردەی ڕەخنەیی لەناو خۆیدا هەڵگرتبێت. كەم ئەزموونی و كەم و كورتیی دەقی منی خستبێتە بەردەم كۆمەڵێك نیشانەوە، یان خوێنەری خستبێتە خوێندنەوەیەكی تایبەتییەوە، كە پشت بە میتۆدەكانی ڕەخنەگر ببەستێت.
ئەو دیاردانە وامان لێدەكەن بپرسین، ئەرێ ئەم نووسینانە بۆ ڕێكدەخرێن. هەقیقەت لە كوێیە. ئایا هیچ لەو نووسەرانەی، كە ڕۆشنبیریی خۆیان ئامادەیی لە نووسینە ڕێكخراوەكەدا نەبینیوە، توانیویانە پەیوەندییەكانی نێوان دەقەكانم بخوێننەوە و خۆیان تێیدا ئامادە بكەن بۆ كارێكی زانستییانە، كە توانای مانەوەی هەبێت، خاڵێك، یان چەند خاڵێكی قەناعەت پێكەر بخاتە ناو گفتوگۆوە، كە مەترسی بێت بۆ ئەو بیروڕا هونەرییانەی من پێشكێشم كردوون، ئاراستە و بڕوای ئەدەبیی منیان پێكهێناوە.
ڕەخنەگرانی ئەكادیمی و خەیاڵ داهێنەریش، توانیویانە پانتایییەكی هەمیشە ئامادەی ئەزموونم پیشان بدەن. هەستیارییەكی قووڵی تێدابێت لەناویدا ئاسوودە بیر بكەمەوە و پەیوەست بم بە خەونی نووسین. هەمیشە بڕوایەكی پتەویشم بە جیهانی منداڵییەوە هەیە. ئەو هەستە پاكەی لە گیانی منداڵییەتی پەروەردە كراوە. هەمان هەستی پاكیش لە سروشتدا دەجووڵێت. منداڵی و سروشت ناوەندێكن لە هەموو لایەكەوە بۆیان دەچم.
لە پەیوەندییە برادەرییەكانم بە هەموو هەستەكانمەوە ڕێز لەبەرانبەر دەگرم، كەچی زوو لەوە حاڵی دەبم بەرانبەر پێویستە وەك گوێزێكی پووچ لە لێژاییدا فڕێ بدرێت. چۆلەكە پشت و پێش و تەنیشتی خۆی دەبینێت. خاوەنی بینین و مەودایەكی بێشوماریشە. بە پێچەوانەی چۆلەكە یەك ئاراستەی بینینم بۆ ژیان هەیە. ئاراستەی بینینی هەقیقەت و بەرزایی ڕۆشنبیری و داهێنان، پەیڕەویشی دەكەم. چ زیانێكیش بەو هۆیەوە پێم بگات پێی زەرەرمەند نابم.
دیاردەی بێزراو لە ئەزموونی شاعیریەتیی من بينراە، هەبووە بە نووسینێك بردوومیەتە كەشكەڵان، دوای ماوەیەكی ئێجگار كورتیش هەر خودی هەمان كەسی خاوەن ئاراستەی كەشكەڵان، بوونی ئەدەبیمی ڕەت كردووەتەوە، كە ئەو ماوە ئێجگار كورتە ناتوانرێت وەك گۆڕان و ئەزموون لە دید و دیدگا تەماشا بكرێت.
ئەگەر نووسەر خۆی لە ئەنجامی ئەزموون و كاركردنی لەناو ئاماژە ئەدەبییەكاندا گەیشتبێت بەو دوو ئاراستەیەی كاركردنە و هاتبێتە سەر ڕۆشنایی باوەڕێك، وەك ئاكامی وەرچەرخانێك بیر لە ئاستەكان دەكەمەوە و پێی خۆشحاڵ دەبم. ئەگەر مایەی سوودوەرگرتن بێت، سوودیشی لێ وەردەگرم، بەڵام ئەگەر لەژێر چاوڕوونی و ڕازیكردنی دژەكانم ئەو هەڵگەڕانەوەیەی كردبێتە داو و هێڵێك و كردەی نووسینی بەدوادا ببات، لەوانەیە بتوانێت لە ماوەیەكی ئێجگار كورتدا بە چەند ئاراستەیەكی دیكەشدا كێش و نیشانە و ئاراستەكردن وەربگرێت. كاری ڕەخنەگر لەسەر ئەم پایە دەوەستێت سەنگی ئەدەب لە ڕۆشنبیریی كوردیدا دەربخات. هەندێك نووسین لە ئاستی هەرە بەرز ڕایانگرتووم. بێگومان ئەمەیان زێدەڕۆیی تێدایە. هەشە بە شێوەیەك دایپڵۆسیوم لە نزمترین ئاستی ئەدەبی دیاریكراوی كردووم. ئەمەشیان بێگومان ونكردنی ڕۆشنبیریی تێدایە.
خۆشم لەو دوو بەرەی دژ بەیەكە باش حاڵیم، داهێنان لەو پاداشتە نییە، كە لە ڕەخنەگر، یان هێزی باڵادەستی سیاسی وەردەگیرێت. خورپەی دڵ فەرمانڕەوایی بەردەوامیی داهێنانە. دیارییەكە خودا و زمان ئەو خورپەی دڵەمان دەدەنێ و ئاشكرای دەكەن.
هیچ ڕستەیەك لەبارەی نووسینێك نامدرەوشێنێتەوە، ئەگەر هەست و دەروونی نووسەرەكەی تێیدا ئازاد نەبێت، تا سەر ئێسكان گیر بخوات لە خوڵقاندنی دوو دیوی و كلكایەتی، لەگەڵ هەموو نووسینێكدام، تەنیا لەگەڵ ئەو نووسینەدا نیم ڕك و بوغز و تاكتیكی سیاسەت تێیدا دەستەڵاتدار بێت. ئەو نووسینانە هۆشیاریی ڕەخنەیان تێدا بەكار نایەت. زیاتر چاودێریی نووسین و هەڵكوتانە سەر و پەلاماردانن. ئەم جۆرە ڕەتكردنەوانەش تەنیا شكست بۆ خاوەنەكەی تۆمار دەكەن. شكستییەكەش دەبێتە بابەتی لادانی ڕەخنە لە میتۆدە ڕەخنەیییەكان و ئەم و ئەو ڕازیكردن لەسەر ڕەنجی ئەو دەقانەی خاوەنی هەقیقیترین بنەمای شیعریبوونن.
هەندێك لە نووسینی بێزراو، یەك لەوانە لە ژمارە(126)ی هەفتەنامەی: (پاشكۆی عێراق – 28/2/1990)، بەناونیشانی: (عاجباتی هەشتەم لە جیهانی ئەدەبی كوردی)، بە شێوەیەكی گاڵتەجاڕانە ئاماژەیان بەو وێنە شیعرییە: (شەمەندەفەر گوڵەبەڕۆژەی مێژوو دەكرتێنێت) داوە.
لە ئایندەشدا گاڵتەكردن بە ئەزموونی سەركێشان بەردەوام دەبێت. پێش منیش گاڵتە بە ئەزموونی سەركێشانی دی كراون، دواتریش بوونەتە هێمایەكی ڕوون و زۆر درەوشاوە. نموونە: گۆران، كە توانیویەتی سیمای داهێنانی تاقانەی خۆی دەربخات، چووەتە ناو هەندێك كۆڕ و كۆمەڵ، نیمچە ڕۆشنبیری كەم ئەزموون و ناڕۆشن بە: (هەلوور بەلوور تەكامە – زەرد و سوور و شەمامە) تانەیان لێداوە. لەبەر ئەوەی شیعری لە دەرەوەی ژیان دەرهێنا و كردی بە ژیان، ئاسۆ و دووری و پانتایییەكیشی بۆ خوێنەری نموونەیی جێهێشت. ئەم دەربڕینەیان وەك بەهانەیەك دەهێنایەوە، كە لەسەر ئەم كێشە خۆماڵییە سیماكانی شیعری كوردی دەرخستووە و بە كارامەیی و وردی هەوڵی تێگەیشتنی كێشە خۆماڵییەكانی داوە، من لێرەدا سەرنجەكانم دەرخستووە و لێم نەكۆڵیوەتەوە، واتە: ئەم دەربڕینەم تەنیا بۆ ڕوونكردنەوەیە. بەهەرحاڵ ئەرێ ئەو ڕێزدارانە كێ بوون و لە مێژوودا چییان پێكرا. لەمڕۆدا ئێمەمانان چەندیان دەناسین، وەك ڕەگ و سەرچاوەی چێژبەخش پەیوەندییە نادیارەكانی خەیاڵكردن و بیركردنەوەمان لێك ئاشكرا بكەن. لە لێكجیابوونەوە و پێكەوەبوونیانیش هاوگونجانێك نیشان بدەن، یان لە پانۆرامای داهێنان لە كوێندەر دەستنیشانیان بكەین. ئەوانەی هەقیقەتی داهێنانی مەزنیان زانیوە ئەوە دەزانن، كە (گۆران) توانی دیوانی نوێبەخشی شیعری كوردی بنووسێت، لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگار پێگە و ناوبانگ و شاعیرییەتی زیاتر بدرەوشێتەوە لەوەی، كە خۆی لە ژیاندا مابوو، هەیبوو، كەواتە: بەرهەمهێنانی شیعری بێگەرد ئەفسانە و ئەفسوونی هەموو سەردەمەكان و بەگەڕخەری هێزی ژیانە. لێكدانەوەی شیعر، یەك لەو گوناهانەیە، كە لێخۆشبوونی بۆ نییە، لە لەدەستدانی ئەزموونی ئێستێتیكای بەشێك لە نووسینی كوردی، لە لێكدانەوەی ئەم وێنە شیعرییەم، بەدڵ داوای بووردن لە گیانی بەهێزی ئەم گوناهە دەكەم، ڕەنگە خوێنەر هەندێك جار تێگەیشتنی بۆ دەق بگاتە ئاستی تێگەیشتنی نووسەرەكە و قووڵتریش بچێت.
دەقی من كەم تا زۆرێك هۆشیارییەكی جیاكاری هێناوەتە گۆڕێ و لەناو كلتووری كوردییەوە هاتووەتە بەرهەم، ڕەنگە هۆیەكەشی ئەوەبێت ویستبێتم لەناو ئەم كلتوورەدا هەوڵ بۆ خۆبوونی خۆم بدەم. ئەم وێنەیەش بەرهەمی بیری گەرمی منە، خەیاڵی شاعیرییەتیم لە هێنانە پێشەوەی منداڵی تاقی كردووەتەوە.
یەك لە جەژنەكانی حەفتاكان، جەژنانەكانم پەنجا فلس بوو، لەگەڵ یەك لە كوڕەكانی مامم چووین پەنجا فلسەكەمان خستە سەر هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر بەو نیازەی، كە بەسەریدا بڕوات پەنجا فلسەكە گەورە دەبێت و فۆرمی سەد فلسی وەردەگرێت. بە ئەنجامی ئەو كردارە دەتوانین چێژ زیاتر لە جەژن وەربگرین. كەچی بە شێوەیەكی وا هەردوو دیوی پەنجا فلسەكەی سڕییەوە شوێنەوار و نیشانەی پارەی پێوە دیار نەما. جا شەمەندەفەر لە چێژی جەژنێك بێبەشی كردووم و چێژی ساتێك لە منداڵیی كوشتووم و نەفەسبڕ دنیای ئەفسووناوی دەستكاری كردم.
لەم وێنەیەدا سڕینەوەكەم وەك كاردانەوەیەك كار پێكردووە و جووڵاندوومە. بەلای زۆرێك شەمەندەفەر هۆی گەیاندن و گەشت و خۆشحاڵی و بڵاچەی ئاواتە، بەڵام لە دید و دیدگای ئەو كاتی من وەك دڕندەیەكی ترسناك تەماشا دەكرا، هەروەها وەك وێنەیەكی ڕووبەڕووبوونەوە و گرژبوون بەكار براوە. شەمەندەفەر هاوتا كراوە بە كەسایەتیی دیكتاتۆر و جووڵێنراوە، كە نەشونماكردنی ژیان و زمان و نیشانە دەسڕێتەوە و دەوروبەرێكی نالەبار و بەربەستە بۆ گەشەكردن و پێشكەوتن.
هێزی خود لەم وێنەیەدا دەسەڵاتدارە، دەقئاوێزانییەكی نیشانە ناسیشم لە نێوان هێزی نووسین و هۆشمەندیی كۆمەڵگادا دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەی ئەم دەقئاوێزانییە لە كێشی ڕەخنەنووسێك نییە، كە خاوەنی پرۆژەی دۆزینەوە نەبێت.
كات و شوێن و هێما و هێزی خودی چالاك لە دەربڕینەكانمدا وێنەیان زۆرە، بەڵام تا بڵێی پڕ سرووشی هەمەچەشنی مرۆڤ و شێوە و شێوازی تەقینەوەی خێرا.
لەبارخراپیی كێشە و گرفتی ڕەخنەی ئەدەبی كوردیدا، هەندێك لە نەوەی پێش خۆم و نەوەی دوای خۆمی گوێڕایەڵیان، بەهەوڵی شانەیەكی لێك نزیك، نووسینم لەبارە ڕێكدەخەن. بە ئاشكراش كار بۆ ئەم هاوكارییەیان دەكەن. شانە دووبارەكردنەوەی ڕەفتاری خێڵایەتییە، بەهەمان جۆر و دەستووری سەلەفییانە بەڕێوە دەچێت. هەر خەوندیدەیەك ئەفسانە و ئەفسوون و ناوەندێكی زاڵ و كاریگەرە لە نووسیندا، ئەو ئەقڵییەتە كۆنخوازانەی بڕوایان بە بیركردنەوەی ئەوی دی نییە. ترسی هەڵوەشانەوە وەك عەلیشیشی گیڤبووەوە دەیانباتەوە ناو قەبارەی سروشتیی خۆیان، كەواتە: دژایەتیكردنەكە بە سروشتی و تۆماركردنی ناكۆكیی ئەوی دی وەردەگرم. نووسەر بینینی ژیان و سەیری دنیاكردنی، بووە كۆنترۆڵكردنی ئەوی دی، لەگەڵ دەروون و بیركردنەوەی خۆی گەییوەتە كۆتایییەكی بێزراو. نووسەرێكیش لەگەڵ خودی خۆی گەیشتە كۆتایی، گوڕنەتەڵە و چەنەباز و منگەمنگكار و دەعبای پەلوپۆ شكاو و مردۆخە، پێویستە بچێت داوا بكات لە خانەی پیر و پەككەوتووەكان ناونووس بكرێت. بگرەوبەردەم لەگەڵ ئەوی دی نییە، بینینی ژیان و سەیری دنیاكردنم لەگەڵ دەروون و بیركردنەوەی خۆمدا، هەمیشە لە ئەزموون و نیشانە ناسیدایە. شانە دەستكردی دەسەڵات و هێزی باڵا دەستی سیاسییە. كار پێكردنیشی بە نیازی ڕێ پێ بزركردن و دووچاری گرفتكردنی ئەوی دی، خۆی ترسێكی كەمەرشكێنە لە ئەزموونی پڕ شایەن بە ئاماژە، باوەڕ پتەویشم بەهێزی خەونبینیم بۆ نوێبەخشی، وا دەبینم یەك یەك دەگلێن و ڕووبەڕووی داهێنان شەرمەزار و چاو بەرەوژێر دەبن. خاوەن پرۆژەش دەبێت بە خاوەنی ئەو سەروەرییە بێدەنگەی كە دەقە، هەروەها جیاكاریی نەوە جیاكارەكانیش بە دیاردەیەكی تەندروست دەزانم و ڕێزی لێدەنێم، بەڵام بێز لەو بارە ناسروشتییە دەكەمەوە لەسەر بنیادی ڕوانین دروستی ناكەن و ئیرەیی و حوكمی پێشینەی بێ سوود بەڕێوەی دەبات. بە هیچ جۆرێكیش بیرم لەوە نەكردووەتەوە هێڵی هاوبەشی خۆم لە شیعری كوردیدا جیا بكەمەوە، بەڵام هەردەم ئەو بیركردنەوەیە دەمخواتەوە، كە هەنگاوێكی چوست و بنچینەیی دیكەبم لە ئەزموونی قەناعەت پێهاتووی خۆم. لە هەموو ناوەندێكی بە گێچەڵیش دوور دەكەومەوە، سەرگەرمی بەدیهێنانی خەونی نووسین دەبم، جۆشێكی خۆڕسك و لەخۆوە و باشم بۆ خوێندنەوە و نووسین لا پەیدا بووە. لەگەڵ ئەمەش: سەرجەم ئەزموونی هیچ شاعیرێكی كوردم بەدڵ نەبووە، بەڵام شیعری تاك تاك و هەڵبژاردەم بەدڵ بووە و ماچم كردووە. ئەم بارەی خۆم بۆ ئەزموونی ئەوانی دی، بەهەمان چەشنیش لای ئەوانی دی بۆ ئەزموونی خۆم بە ڕەوا دەزانم.
لە سەرجەم دەقەكانیشدا ئاراستەیەكی خەونیم، یان نیمچە خەونیم دەربڕیوە، خەون سرووش و سروشتی پێغەمبەرانە، خودا دەیدات بە كەسی پەیامدار. من وەك كەسایەتی، خەونێكم لە شیعرەوە بەرهەمهاتووم، خەونیش ڕادەگەیەنم. نادیارییەك لە خەوندا هەموو گەمارۆكانی شكاندووە، نووسین ڕاوی ئەو نادیارییەیە. خەون درەوشانەوەی واقیعە، زمان لە دەقی خەونیدا ئامرازی گەیاندن نییە، ئامرازی سرووش و چالاكیی وێنە و ناسینی ڕەنگەكانە. ئاسانە بگەیت بە ئەوی دی، بەڵام ئاسان نییە بگەیت بە خودی وریای خۆت، كە گەیشتی بە خودی وریای خۆت، دەرەوە و ئەوی دی بەلاتەوە دەبنە شتێكی لاوەكی، یان زۆر لاوەكی. گەیشتووم بەو قەناعەتە ڕەهایە، تەمەن و كات هەر هێندە باروبوار و ماوەم دەدەن بزانم من چیم لە ژیان دەوێت، بە گرنگیشی نازانم، بزانم دەرەوە و ئەوی دی چییان لە من دەوێت.
ئیلتیزامم بە بڕوا هونەرییەكانی خۆمەوە هەیە، كلتووری نیمچە تایبەت بە خۆشم هەڵبژاردووە و كاری پێدەكەم. هەستیش دەكەم كۆمەڵگای ئێمە چووەتە ناو نەریت و ڕابردووەوە، پێویستە دەربهێنرێت، مانەوەی توانا و ئەزموونی هەڵدەبزڕكێنێت و زیان بە گەشەسەندنی دەگەیەنێ و خەمڵینی دوا دەخات.
لەو هەموو گێچەڵانەی پێم كراون، تەنیا وەك نموونە و ڕوونكردنەوە: تیشكێك لە یەكێكیان وەردەگرم و مەودایەك دادەمەزرێنم: لە 6/3/1985 لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری خوێنەری هەولێر، یەكێتی نووسەرانی كورد – لقی هەولێر، كۆڕێكی شیعر خوێندنەوەی بۆ كۆمەڵێك شاعیر ڕێكخست، ڕێكخەر و كۆڕگێڕ: (محەمەد خدر مەولوود) بوو، من بەشی پێنجەمی (زێوان)م خوێندەوە. كۆپلەیەك لەم بەشەی خوێندمەوە ئەمەیە:
(من كەوتنی خۆم خۆش دەوێ
باوەشمی تێوەردێنم) زێوان: ل41
كۆڕگێڕ بەم كۆپلەیە كاریگەر بوو. تاسەی بەردەوامیشی بۆی هەبوو، هەر چەند جارێك یەكتریمان دەبینی باسی ئەم كۆپلەیەی دەكرد. ویستی كۆچیرۆكێك چاپ بكات. داوای لێكردم ئەم كۆپلەیە وەك كلیل بەكار بهێنێت و ناونیشانی كۆچیرۆكەكەی بكاتە (كەوتن)، لە كاتێكدا ئامادەبوو هەموو دەربڕینی ڕۆحی خۆی لەژێر كۆپلەیەكی زێواندا ناودێر بكات. دواتر ساردییەك كەوتە نێوانمان و زێوانیش وەك كتێب چاپكرا. لە ژمارە (15)ی ڕۆژنامەی: (ئاسۆ – 14/11/1989)، نووسینێكی لەبارەی زێواندا نووسی بەناونیشانی: (دەقی مردوو: زێوان = جل و بەرگ = .)، كارێكی بە زێوان كرد، مەگەر ڕەشەبا بە داری بەری كردبێت و هەر ئەڵڵا ئەڵڵا و دەستنیشانكردنی چییەتییەكی دیاریكراوی بوێ.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

خوێندنەوە
شێوازی خوێندنەوە بەشێك لە بەهای چێژی لەناو خۆیدا هەڵگرتووە، سەرەنجام ئەم گواستنەوەی چێژەش دەبێتە بەشێك لە ڕۆشنبیریی گوێگر.
شیعر وەك دەق، شیعر وەك شێوازی خوێندنەوە. دوو یەكەن لە یەك سەرچاوەوە پەرەیان نەگرتووە.
وەك دەق دەسەڵاتی جوانی و بیركردنەوە لە چێژدا دروست دەكات.
وەك شێوازی خوێندنەوەش، دەنگ و جووڵە و ئاوازی پیت و هێماكانی دەست و ڕوخسار، ڕۆڵی جوانی و بیركردنەوە دەگێڕن و دروستی دەكەن.
ئەزموونی شیعر خوێندنەوەی ناو هۆڵ و بەر میكرۆفۆنم هەیە، بەڵام شێوازی خوێندنەوە و دەنگ و جووڵە و ئاوازی پیت و هێماكانی دەست و ڕوخسارم پەیوەندیی خۆی لەگەڵ گوێگر نادۆزێتەوە، نەتوانینی گواستنەوەی مانا و جوانی لە نائاگاییم دەجووڵێت و مەوداكانی بیركردنەوەی خۆم لەگەڵ مەوداكانی چێژی گوێگر سەرچاوەكانیان تا ڕادە و ئاستی ڕژانە ناویەك لێك نزیك نابێتەوە.
لە 15/9/1985: (دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی كوردی) نووسینگەی هەولێر، كە: (مەحموود زامدار) بەرپرسی بوو، كۆڕێكی شیعر خوێندنەوەی بۆ شاعیران: (فه‌ره‌یدوون عه‌بدول به‌رزنجی و قوبادی جه‌لیزاده‌ و ئیسماعیل به‌رزنجی و محه‌مه‌د حوسێن هه‌ڵه‌بجه‌یی و من) لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری جەماوەری هەولێر ڕێكخست، من شیعری:
(دابارین)م تێدا خوێندەوە. (حوسێن عارف) سەرنووسەری گۆڤاری (كاروان) بوو، دوای تەواوبوونی كۆڕەكە ئەم گەورەیییەی نواند و بە بزەیەكی باوكانەوە شیعرەكەی لێ وەرگرتم و لە ژمارە (43) گۆڤاری كارواندا بڵاوی كردەوە. ئامۆژگاریشی كردم، شێوازی شیعر خوێندنەوەم باش نییە. ئەم ئارەزووە لەناخی خۆم بمرێنم، كە لەبەر میكرۆفۆن دەربكەوم و بناسرێم. پێی گوتم: میكرۆفۆن بۆ گۆرانیبێژ سەكۆی تاقیكردنەوە و خۆپێشكێشكردنە، تۆ شاعیری و بەرەو شیعری جیهانبینی و تێڕامان دەڕۆی. لەم چوار شاعیرەی تر، كە شیعریان خوێندەوە جیابووی. لەم باروبوارەدا زمان و شێوازت بە هونەری جۆراوجۆر و قووڵبوونەوە دەوڵەمەند بكە، به‌رده‌وامبوونیش بۆی سه‌لماندم ئه‌و چوار شاعیره‌ وه‌ك سه‌ره‌تا و له‌ یه‌ك شوێنپێ مانه‌وه‌. دوای ئەم گەورەیی نواندنەی هەمیشە وەك داهێنەرێك و مرۆڤێكی گەورە تەماشام كردووە و ڕێز و شكۆیە لە نێوانمان بەردەوامی هەیە.
شیعر شوێنی ڕاستەقینەی گرتووە. چڕبوونەوەی چێژی كۆمەڵگای كوردیش لە شیعردا بووەتە ناوەند. هیچ هونەرێكی دی هێندەی ئەم بەشە پەروەردەی چێژی كۆمەڵگای نەكردووە. هەندێك خورپەی بزربووی ناخ هەن، ڕەگەزەكانی دیكەی ئەدەبی نایدۆزنەوە. تەنیا شیعر لەباری درەوشانەوەیدا دەتوانێت بیاندۆزێتەوە. نووسین و هونەر ئاراستەیان بەرەو ژیان و چێژە، بەڵام كردەی داهێنانی پەتی، ستایشی ژیان نییە لە پێناوی چێژدا، تێڕوانینی نوێ لەبارەی ژیان و چێژ دەخوڵقێنێ و دەیكاتە قەناعەتی مرۆڤ، مرۆڤی نوێبەخش و بەخشندەش ڕازەكان دەدۆزێتەوە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

تێپەڕاندن
بە هیچ شێوەیەك بڕوام بە تێپەڕاندن نییە، بگرە بڕوام بەگۆڕان و جیهانبینیی جیاكار هەیە. تا ئێستاش نەمتوانیوە بڕوا بەوە بهێنم: (نالی)، (باباتاهیر)ی تێپەڕ كردووە، هەروەها: (گۆران) جەستەی شیعری كلاسیكی بەتەواوی جێهێڵاوە. ئێمەمانانیش خاڵی جیابوونەوەی ڕەهامان لەگەڵ نەوەی پێش خۆماندا نابێت. دەقئاوێزانییەكی بەهێز لە نێوان هەموو نەوەكاندا ئاشكرایە و لەوانەی دوای ئێمەمانانیش بەردەوامی دەمێنێت. وا دەبینم هەر ڕۆژ و ڕۆژگارێك جیهانبینیی خۆی بەسەر كەسی خاوەن جیهانبینیی ڕۆشنكار و هێمای هەمەچەشن دەسەپێنێ. وەك چۆن هەموو وەرزێك بە فراوانی سەیری ئاو و هەوای تایبەت بەخۆی دەكات و دەیسەپێنێتیش، ئەم ئاو و هەوایەش كەم و زۆرێك كاریگەری بە بارستی خۆی بەسەر نەشونمای درەختەكان جێدەهێڵێت. ئەوەی تێبینیم كردووە نەوەی پێش ئێمە ستوونی ژیانیان هێنایە ناو شیعر و ئەزموونیان كرد. ئێمە ستوونی و ئاسۆیی و بازنەیی ژیان و خەیاڵ و خەونمان هێنایە ناو شیعر و فراوانتر ئەزموونمان كرد و درەوشاوە و دەوڵەمەندتر ناساندمان.
نەوەی دوای ئێمەش كۆمەڵێك جیهانبینیی زیاد دەكەنە سەر قۆناغی شیعری ئێمە. ئەمە یاسای ژیانە و دەبێت قبووڵمان بێت. قبووڵكردنی ئەم هەقیقەتە ناوەندێكی چەسپاوە لە بڕوابەخۆبوون و هەقیقەت بینین و دیاردەكانی پەیوەندیدار بە چییەتی بوونەوە.
پرۆژەی تێپەڕاندنم نییە، زیاتر خەوندیدەی پێكهێنانی هێڵ و هێماكانی خۆمم، شیعریبوون سیمای ڕوونی گشت نەوەكانە و شانەیەكی زیندووی زۆر قووڵە لە جەستە و پێكهاتەی مرۆڤدا.
دەقئاوێزانی دەتگەیەنێت بە فۆرمی ڕۆشنبیری و بیركردنەوەی چالاك و دەتدرەوشێنێتەوە. ئەگەر ڕۆشنبیرییەك دەقئاوێزانی لەگەڵ گیانی بەهێزی ڕۆشنبیریی دنیا نەهێنێتە ئاستی هەست پێكردن، نەیتوانیوە لە پەیوەندی و گفتوگۆ و بیركردنەوەی ئەوانی دیكەدا، ببێتە كەسایەتییەك: بتوانێت زانستی ژیان كۆ بكاتەوە. ڕۆشنبیرییەكیش نەتوانێت ببێتە كەسایەتییەك. زانستی ژیان كۆ بكاتەوە، لەناو ڕۆشنبیریی دنیادا خەیاڵی باش بەڕێوە نەچووە.
لە بەرزبوونەوەی هێڵی هونەری دەتوانێت لەناو ڕۆشنبیریی دنیا نیشتەجێ بێت و لە گەڕان بۆ بنەڕەتیش چالاك و بەرهەمدار بێت، خەسڵەت و ئاسۆی خۆبوونی بدۆزێتەوە. چركەساتی ئاسۆی خۆبوونیش، چركەساتێكی گەرم و ئاسوودە و چڕە لە ژیاندا.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

بەهرە
لە دامێنی هەر دەقێكم، مێژوویەك تۆماركراوە، بڵێی بڕوام بەوە هەبێت نووسین هەڵچوون و كاتی تایبەتییە، یان بەهرە و سرووش ماوەیەكی دوور و درێژ بەردەوام بەشدار و هاوكارم بن لە نووسینی بەشە پێكهێنەرەكانی دەق. لەو تەمەنەی نووسینمدا، كە نزیكە چارەگە سەدەیەكە بەكامی دڵ لەناو سنوورەكانی لە هاتوچۆدام، ژیان هاندەر و هۆكاربووە بۆ وزەی خرۆشان. ڕاوی چەند دەقێكم كردوون، ئەوانەی نووسیویشمن هێشتان لە نووسینیان تەواو نەبوویمە و نەگەیشتووم بەدوا داڕشتنیان. بڕواشم وایە بەهرە و سرووش كار لە ئامادەبوونی نووسەر دەكەن بۆ كەشی خرۆشان، بەڵام وەك هاندەر و هۆكار و خورپەیەكی شاراوە نەك شتێكی بنەڕەتی و تەواوكاری بنیادی بەردەوامیی نووسین، لە نووسیندا زیاتر تێڕامان و خەون و ئێستێتیكای ویژدانی، بە پلەی یەكەم كاریگەری و بەشداریی بەردەوامیم دەدەنێ. ناخی وریام ئامادەی بنیادی بەردەوامیی نووسین دەكەن.
سەرەتاكانی نووسین لە هۆشیاری و یاداشت و خەونمدا ئامادە دەبێت. چاوەڕوانی كەشی نووسین دەكات. لەوانەیە ئەم كەشە چێژبەخشە شكۆ و بەهرە و سرووشی نووسین بێت و بنەماكانی بەڕێوە ببات، كە ژیان و سروشت و دڵبەر وەك تۆیەكی گەردوونی ببینێ و مامەڵەی ئێستێتیكی لەگەڵدا بكات. تا ڕادەیەكی زۆر باش نووسین پێویستی بە ژیری هەیە، تا دەستت بەسەر ئامرازە هونەرییەكانیدا بشكێت، ئەفسانە و ئەفسوونی نووسین بەهۆی بەهرەیەكی پەروەردەكراودا بەجێ بهێنێت.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

خوێنەر
لەناوەوەی خۆم، بە بۆچوون و تێگەیشتنی زاهیدێك ژیانم هەڵبژاردووە و بە چاوی دەمار و خوێن و پشت سەیری تەواوی شیعری كوردی دەكەم، شیعری: زمان و ئێستێتیكی و مرۆڤدۆستانەشم خۆشدەوێت، شیعر وەك توانا و ئەزموون هەڵگری وزەی ژیانە. لەناو شیعریشدا ژیان دووچاری نەسرەوتن و هەندێك جەنگی پێویستی كردووم. بوێرییەكانی ڕووبەڕووبوونەوە بەرانبەر ئەو مەترسییانەی لە لەناوچووندا دەبن بە هەست، كتێبی دەگمەنن. هەوڵ دەدەم تێیان بگەم، دواجاریش بیاننووسم، ئەو ژیانەم لا جوان و پەسندە، هەست و خەون لەناو دەقی شیعریدا دەیكەنە ئاماژە و ئاخاوتن. لە ئاخاوتندا لە خاڵی هاوبەش نزیك دەبینەوە، یان دەگەین بە وەڵامێك بۆ ئاخاوتن. خەون و یادەوەری لە سێبەریدا بە یەكتری دەگەن و دەبن بە واقیعێك لە واقیعەكانی بوون. لە نێوان پەسندكردن و ڕەتكردنەوەی خوێنەرانی هۆشیار و خوێنەرانی ئاساییدا، نووسین لەكوێ خۆی دەدۆزێتەوە. جیاكاریی نێوان خوێنەری زۆر و خوێنەر ئاشكرایە. قۆناغی شیعری كلاسیكی كوردی پڕ خوێنەرە، بەڵام خوێنەری نییە.
ئەو مشتومڕە لە نهێنیی ئەو دەقانەدا بە دەست دەكەوێت، وەك سەرچاوەی چێژبەخش پێویستمان بەخوێندنەوەیانە. پەیوەندییەكی دڵخۆشكەریان لەگەڵ مووچڕك و تەزوو و خورپەی شاراوەی ناخ پێكهێناوە.
من یەك بەباری خۆم، كە پەستی دامدەگرێت و لە هەموو دنیا بێ ئومێد دەبم پەنا بۆ دیوانی: مەحوی، یان دیوانی: حاجی قادری كۆیی، یان دیوانی: گۆران، یان دیوانی: دیلان، یان كۆشیعری: ئەحمەد تاقانە… تاد، دەبەم. لە شیعری كوردیدا ئەمانە نموونەی دەگمەنن. ئامادەم دەكەنەوە بۆ گرنگیدان بە هەموو بوارەكانی ژیان، یان دەگەمە فۆرمی گەیشتن بە هەموو شتەكان و ناخی خۆم. هەر هەموو ئاستێكیش ڕێز لە ژیان دەنێـت و هەوڵی بەرەو پێشەوە بردن و گەشەسەندن و بیركردنەوەی باشتر دەدات، هەریەكیش بە تێگەیشتنی خۆی چێژی لێ وەردەگرێت. نووسەریش لەسەر بنەما و فراوانبوونی مەوداكانی زمان و هێشتنەوەی بە زیندووێتی ئەو متمانەیەی دەبێتە خەونێكی بەدیهاتوو، لە خەونەوەش دەست پێدەكاتەوە. من خەونم هەیە، لە خەونەكانمدا دەست پێدەكەمەوە و دەچمە ناو مەوداكانی بیركردنەوە و نووسین.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

وشە
وشەی: خەون و منداڵی و مردن، بێئاگاییم دەجووڵێنن و لام دووبارە دەبنەوە، دەبێت لە پەرەسەندنی خۆیاندا قسەم لەبارەیانەوە هەبێت و چوارچێوەیەكیان بۆ بگرم، فەزا و ڕەگەزی ئەم وشانە دیدگای منیان دیل نەكردووە، زیاتر بەلای خۆیاندا بەكێشیان كردووم. لەناو مندا ڕەگیان وریایە و بەگەشەكردنم ناساندوون، كەشوهەوان بۆ ئەزموونی خەونیم، لە شیعردا ئیلتیزامم بە فەزای بوونەوە هەیە، نەك فەزا و ڕەگەزی هاندەر و هۆكار. بوون لە دەقدا دەبێتە شەپۆلی مانا و جوانی و شیعریبوون. شیعری من مەبەستی مێژوویی تێدا نییە. داڕشتنێكی بوونی و گەردوونی و خەونییە. كار لەناو خەون دەكەم بۆ دروستكردنی جیهانبینی، خەون و منداڵی و مردن پرسیاری ئەزەلین، نەكراوە وەڵامێكی ڕەها بۆ پرسیارەكانی ئەزەلییەت بدرێنەوە، هەر وەڵامێكی دەبێتەوە كۆمەڵێك پرسیاری دیكە بۆ ئازادكردنی واقیع. دووبارە نیاز و كەڵكەڵەی گەڕان و دۆزینەوە گەرم دەكەنەوە، دەمانخاتە بەردەم ئازادیی دەربڕین و هۆكاری گۆڕاو، خەون و خەیاڵ و توانا و ئەزموونمان دەجووڵێنێت، دەكرێت ئەم پرسیارە دوابخرێت بۆ دوای كۆتایی زەوی، یان دوای دۆزینەوەی بزەی مۆنالیزا و بەختیاری تا هەتایی، بڕوا بە بەختیاری تا هەتایە، كاریگەرترین و بەپیتترین ناوەرۆكی مێژووی گیانی پێكهێناوە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

لایەنگر
بەلامەوە گرنگە هەموو ئاستێك ببێتە لایەنگری دەقەكانم، یان نا. بەهای دەربڕینی ئازاد شوێنی نووسینی لە جیهان دۆزیوەتەوە، بە تەواوی مانای ئازادی، ئازادیم لە جۆری بیركردنەوە و هونەرە جوانەكان و چێژی نووسین بۆ خۆم دابین كردووە، ئازادی لەناو هەستیاریی نووسین دەتوێنمەوە، كەسی دووەمیش بەهەمان ئازادی بەڕێوە دەچێت. منی وەك نووسین بەلاوە گرنگە، یان نا. ئەو قەناعەتەشی لا وێنا دەكەم بە هەموو توانای گیانی و هێزی ئەقڵیمەوە ئاماژەكان بە دەربڕین و ناوەندی بەرهەمهێنان بگەیەنم، بارێكی گیانیش لەناوەندی نووسین چێژی هاندانم دەگەیەنێتە پلەی توانەوە و تێكەڵاوبوون بە زۆرێك لە شتەكان. هەوڵیش دەدەم ژیانی چێژدار و بەجوانی پەیوەست بخزێنمە گیانی گەردوون و ئادەمیزادەوە. گەردوون و ئادەمیزادیش بگەڕێنمەوە باری یەكەمین فڕین. ئێستێتیكای هاوبەش و ڕۆشنایییەكانی ناو دەق دەكەمە هونەری لێكدانەوە و تێگەیشتن بۆ پەخشكردنەوەی ڕۆشنایییەكانی خەیاڵ و ئەندێشەی وەرگر. وابەستەی كلتووری پڕ چالاكیی كوردیم، ئەو كلتوورەی پەیوەندیی بەهەر هەموو كۆمەڵگاوە هەیە. بەرهەمی هۆشمەندییەتی، كەواتە: ئێمە ناوەرۆكی گشتیی كلتوورین. تێكۆشانێكی سەخت دەكەم، ناوەرۆكێكی دەوڵەمەند و بە پیت و فەڕ بم.
كلتوور بەو بارە زیندووەی خوڵقاندوویەتی، بەناوبانگترین جۆری دەربڕینی ڕۆشنبیرییە. تا پاشەڕۆژێكی دووریش هەر بەو شێوە چالاكەی دەمێنێتەوە. مامەڵەی من لەگەڵ نووسیندا مامەڵەی ئیماندارە لەگەڵ خودا و سەرچاوە. خودا و سەرچاوەش دەبنە پرسیار و گفتوگۆ، پرسیار لە چییەتی بوون و نەبوون و شوێنەزا و گەردوون. دواجاریش دەمەوێت بزانم ئەو دۆزینەوانە چین، كە پێیان گەیشتووم، پرسیار و گفتوگۆمان چۆن بوونەتە یەكانگیربوونەوەی ئاسۆكانی ناوەند و نووسینیان لێوە درێژ بووەتەوە.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

شێواز
جوانی لە سادەیی و قووڵبینییەوە دەخوڵقێت. لێڵیش شتە سادەكان لەناو دەبا و دڵی جوانی تێدا هێور ناكرێتەوە، شتە جوانەكان بە سادەیی دەوترێن. لە بەشێك لە بەرهەمی هەشتاكانم لە بنیادی قووڵی تەمومژدا كارم كردووە، تەمومژ لە ئەنجامی جوانیی زمان دروست دەبێت، لێڵیش لە ئەنجامی بنیادی ڕووكەش و هەڵەی زمانەوە.
نموونە: بێزمانێك، واتە: لاڵێك دەچێتە لای مرۆڤێك، داوایەك دەخاتە ڕوو. بێزمانەكە لای خۆی مانا و لێكدانەوەیەكی بۆ داواكەی هەیە و دەزانێت چی دەوێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕوونیی زمانی نییە. ناتوانێت داواكەی لە بەرانبەر بگەیەنێت.
شاعیر هەن ڕوونیی زمان و جیهانبینییان نییە. لە دەروون و هەستی یەكئاستیی خۆیان مانایەكیان بۆ نووسینەكەیان داناوە، بەڵام ناتوانن ئەم مانایەیان بە شێوازێكی ڕوون لە بەرانبەر بگەیەنن، لێڵی ئەم نەگەیشتنەیە. ژیان خۆی پڕە لە شێوازی گۆڕان و جموجووڵ و هاندان و هۆكار، تەنانەت ڕەنگی سروشتیش گۆڕان لە خودی خۆی پەروەردە دەكات. درەخت لە پارچە زەوییەكی بچووكدا كەشوهەوای نەشونما وەردەگرێت، هەموو ساڵێكیش گەڵاكانی خۆی لەناو دەدا و هێمای ڕوون و شێوازی گەڵا نوێیەكانی دەكاتە كردەیەكی ڕاست. یەك شێوازیش لە ئەزموونی خەوندیدە و وێڵی دۆزینەوەی ژیانی بە پیتدا، دەسەڵاتدار نابێت. مانەوە و كاركردنیش لەناو شێوازێك ڕایەڵ و تانوپۆی داهێنان هەڵدەوەشێنێتەوە، هەموو سەربەخۆیی و دەسەڵاتێكی كەلكێشیش زەوت دەكات، گیانی بەردەوامبوونیش دادەڕزێنێت. ئەو شێوازەی لەناوەڕاستی هەشتاكانەوە ئەزموونم كرد، هەوڵم دا لەو ئەزموونەدا كار لەناو مانای زمان بكەم و مانای بابەت بمرێنم.
ئەزموونێك بوو، ویستە هونەری و كەلكێشییە زمانەوانییەكانم تێیدا پێشكێش كرد. دوای ئەم پێشكێشكردنەش خواستی گۆڕان لەناوەوە هەژاندمی، هەستم كرد كارێكی دیكە هەیە بۆ كردن، دنیایەكی دیكەش هەیە بۆ بینین و شێوازی ژیان. كاتێك ڕێگا بەخۆم دەدەم ئەزموونێك واز لێ بێنم و سەرگەرمی ئەزموونێكی دیكە بم، دیارە وەك ئەزموون گەیشتوومەتە دوا ئاستی و لام تەواو بووە، ئەگەر لەناویشیدا بمێنمەوە دووچاری خۆدووبارەكردنەوە و پێكوتە دێم، خۆدووبارەكردنەوە و پێكوتەش كەشی نووسینم لەبەرچاو دادەخەن، لەو باروبوارەدا هێزی خود و ڕستە كاریگەرەكانی مرۆڤی نوێبەخشیش بۆ جوانی و ژیان، بێ كاریگەر دەبن.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

ڕاگەیاندن
ڕاگەیاندن كەناڵ و ناوەندێكی خزمەتگوزارە بۆ كردەی ڕۆشنبیری. لەناو ڕۆژنامەوانیی كوردیدا گەیشتووم بە ئەزموونی بەپیتی زۆرێك لە نووسەرانی كورد و سوودمەند بوویمە بە بیر و بۆچوون و فۆرمەكانیان. لەلایەكی دیكەشەوە هێندەی لە بەشێك لە ڕۆژنامەوانی بە ناهەق لەبارەی منەوە نووسراوە، هێندە بەهەق لەبارەی ئەهریمەنەوە نەنووسراوە. سەرەڕای ئەمانەش بەبێ هیچ هۆیەك بە مەبەست و هەڵەی ده‌ستئەنقەست ناوم لە لێكۆڵینەوە و چاوپێكەوتنە ئەدەبییەكان دەسڕنەوە. بەشێك لە ڕۆژنامەوانیی كوردی هەوڵی تێدا دراوە هەقیقەتی شیعری من بشێوێنێت. لە ڕۆژگاری ژیاندا ئەوانەی لە چێژی باوخوازەوە تەماشای ڕستە كاریگەرییەكانی ژیان دەكەن تاوانكارن، نوێبەخشەكانیش قوربانیی ئەو هێزە باڵادەستانەن، كە تاوانكاران دەجووڵێنن و ئامادەیان دەكەن بۆ بەجێهێنانی مەرام و تاكتیكە سیاسی و شكستە ئەدەبییەكانیان، دیمەنە سادە و كاریگەرەكانی ژیان وەردەگرم بە تێكەڵاوكردنی فۆرمەكانی گەیاندن چەند ئاستێكی زمانەوانیی شيعريبوونى تێدا دەكەمە ستوونی تایبەتكردن و درەوشانەوە. وەك دەقی بە ئەدەببوو دەیخەمە بەردەم كۆمەڵێك نیشان و پرسیار، شتە سادەكانیش بەردەوام لە سرووتی تایبەتی و دانایی لەناو خوڵقاندنی نووسین زانیاریی ویژدانی و گەرمایی هەستەكانن. بوونمان لەناو خۆیاندا لەپێناو ژیان و جیهانبینییەكی باشتر بەرجەستە دەكەن، تا لە ژیان كاریگەری و كردەوەی خۆیان نیشان بدەن.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.
تێڕامان
بێدەنگی لە قووڵایی نەزانراودا پەیوەندیی دیكە لەگەڵ ژیان و بوون و گەردوون دەدۆزێتەوە، پەیوەندییە ساردبووەكانیشی لەگەڵ واقیع زیندوو دەكاتەوە. هەندێك شت لە واقیع وەردەگرێت، لە بیركردنەوەی ڕێكی دەخاتەوە و ئامادەی گوتنی دەكات. پێكهاتەی سرووتی كەسایەتیم لە نیشتەجێبوون لەسەر زەمین بۆ خۆ گونجاندن لەناو سەرچاوەكانی ژیان وا هەڵكەوتووە. ئاخاوتن لەناو دەق دروست دەكەم. لە قسەكردندا خودی ئامادەكراو دێتە پێشەوە، لە ئاخاوتنی ناو دەقیش ئەفسانە و ئەفسوونی خودی وریا و هۆشمەند. ئەگەر زۆر بدوێم، تێڕامانی ناوەوەم دەكوژێت و بنیادی ئامادەبوونی بەردەوامیی نووسینم دەشڵەژێ، ئەفسانە و ئەفسوونی خودیشم بەتاڵ دەبێت. زۆر دوان تەنیا بۆ كەسی سیاسی گونجاوە، باروبوار بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەویدی دروست بكات، نووسەریش باروبوار بۆ تێڕامانی تاكییەتی و هەستەكانی خۆی دەستەبەر دەكات. خۆم بە تێگەیشتن لە كرۆكی ڕۆژگار و بێباكی گرتووە، پرۆژەكانم بەهۆی زمان و ئەفسانە و ئەفسوونەوە پەرە پێدەدەم، نازانم ئەوەی نووسیومە باشە، یان نا. بەڵام بەو ڕاستییە گەیشتووم پێویستە لە هەوڵی تێڕامان و بێدەنگی بەردەوامبم، كە دەقی بێگەرد بێدەنگییەكی بەردەوامە.
بێدەنگی لای من مانا قووڵەكانی خەون و گەردوون ئاگادار دەكاتەوە و پرسیاری ژیان و بوونی هەیە و دەیكات بە توانا و ئەزموون.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.

گفتوگۆ
هەمیشە خۆم لە گفتوگۆ و دیمانە ڕۆژنامەوانییەكان بەدوور گرتووە، ئەو دەسكەوتانەی لە بار و بواری شیعرەوە بە دەستم هێناون، دەكرێ بكرێـنە جێگرەوەی هەموو گوتن و نووسینێكی دیكە. هیچ نیازێكی گوتنیشم نییە لە دیمانە ڕۆژنامەوانییەكان بیكەم بە ناوەندی دەربڕین و دركاندن. هەموو ساتە هۆشیاری و نهێنی و هەستكردنەكانی ڕایەڵ و تانوپۆی نووسینیان چنیوم، لە هەناوم خۆیان ڕاپسكاندووەتە دەرەوە و لە دەقەكانم دركاندوومن. خۆ تەرخانكردنیشم بۆ بەرهەمهێنانی دەق بەلاوە گرنگ و ناوەندە. دەق بنەمای پەیوەندییەكان جوان و فراوان دەكات، فۆرمەكانی دەروونیش دەگۆڕێت. سەرەتا شتە گشتییەكان دەدۆزمەوە. دواتر گیانی بزێوی شتەكان دەنووسمەوە و هەستی تێدا دەخوڵقێنم.
نووسین و قسەكردن لەبارەی شیعر بە كردەی دۆزینەوە تێناگەم، زیاتر گواستنەوە و گەیاندنە. هەوڵ دەدەم خۆمی لێ بپارێزم، لەگەڵ ئەوەش لە هەموو بابەتێك پتر، تامەزرۆی خوێندنەوەی دیمانە ڕۆژنامەوانییەكانی شاعیرانی بە ئەزموون و ژیننامەی كەسایەتییانم.
تێڕوانین و زۆر وردبوونەوەش لە شیعردا دەمانباتەوە بۆ سەردەمی لەدایكبوونی یەكەمین مرۆڤ. نووسین ناتوانێت لەبارەی یەكەمین مرۆڤ ڕستەیەك، تەنیا ڕستەیەك بەهێز بكات، تەنیا لەرزەی گیان دەتوانێت لەناویدا وردبێتەوە و بگات بەباری تێڕامانی یەكەمین مرۆڤ.
سەنگێك هەیە ناوی مێژوو، هەموومان وەك شیر دەكوڵێنێت، بۆی دەردەكەوێت چەندمان هەوێن دەبین و چەندیشمان هەڵدەبزڕكێین.




ڕه‌خنه‌ بزوێنه‌ره‌ *.. به‌ختیار محه‌مه‌د

ڕه‌خنه‌گر ئه‌و كه‌سه‌یه‌، كه‌ ڕه‌خنه‌ ده‌گرێ: نه‌رێنیی ده‌رده‌خا و ئاماژه‌ش بۆ ئه‌رێنیی ده‌كا.
ئیشی ڕه‌خنه‌گر نییه‌ ستاییش بكا، به‌ڵكو ڕاستیی باس ده‌كا.
ڕه‌خنه‌ هه‌میشه‌ لۆژیكی له‌گه‌ڵدایه‌، نه‌ك سۆز و هه‌وا و هه‌وه‌س (واته‌ نه‌ك لایه‌نگریی).
ئێمه‌ بۆیه‌ ڕه‌خنه‌ ده‌گرین، تا ڕاستیی بڵێین؛ ڕه‌خنه‌ به‌ دوای ڕاستییدا وێڵه‌. ڕه‌خنه‌ كرۆكی ڕاستییه‌.
ڕه‌خنه‌ كه‌ڵه‌كه‌كردنی مه‌عریفه‌یه‌: له‌ كوێ ڕه‌خنه‌ هه‌بوو، له‌وێش مه‌عریفه‌ له‌دایك ده‌بێ. هیچ مه‌عریفه‌یه‌ك به‌ بێ مامانی ڕه‌خنه‌ له‌دایك نابێ. له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كاندا ڕه‌خنه‌ غائیبه‌، بۆیه‌ مه‌عریفه‌ش ( فیكر و فه‌لسه‌فه‌ و زانستیش) غائیبه‌.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ نه‌زانه‌كانن، كه‌ ڕه‌خنه‌یان قبووڵ نییه‌.
ڕه‌خنه‌ ئامانجی هه‌یه‌: ئامانجی هۆشیاركردنه‌وه‌.
ڕه‌خنه‌ قبووڵ نه‌كردن بنه‌مای دیكتاتۆریه‌ته‌.
ڕه‌خنه‌ جه‌نگه‌ دژی عه‌قڵیه‌تێكی داخراو؛ ئه‌وجا له‌ هه‌ر بوارێكدا بێ.


ڕه‌خنه‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو دان پێدانانه‌.
ڕه‌خنه‌ براده‌رایه‌تی، خزمایه‌تی، هاوڕێیه‌تی، هاوسیێه‌تی، حزبایه‌تی… نازانێ. ڕه‌خنه‌ بڕوای به‌و په‌نده‌ (ئیدیۆمه)‌ كوردییه‌ هه‌یه‌، كه‌ ده‌ڵێ: ((حه‌ق ڕه‌قه‌))؛ بۆیه‌ ئه‌وه‌ی حه‌قانی بێ ڕه‌خنه‌ قبووڵ ده‌كا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی حه‌قانی نه‌بێ ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌. ڕه‌خنه‌ سه‌لماندنی ئه‌م حه‌قه‌یه‌ (ڕاستییه‌یه‌)، بۆیه‌ ڕه‌خنه‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو دان پێدانانه‌ به‌وی دیكه‌: به‌وی دیكه‌ی ده‌ق و كه‌س و بابه‌ت… له‌ چێوه‌ی حه‌قانیه‌ت و حه‌قیقه‌تدا.


وه‌ك گوتمان، ڕه‌خنه‌ پێوه‌ندی به‌ ناسیاره‌تی و براده‌رایه‌تییه‌وه‌ نییه‌. ڕه‌خنه‌ پڕۆژه‌یه‌: پڕۆژه‌یه‌كی مه‌عریفییه. بناغه‌كه‌ی عه‌قڵ و لۆژیكه‌. ڕه‌خنه‌ ئه‌گه‌ر خاترانه‌ی تێدابوو، ئه‌وه له‌ جغزی ڕه‌خنه‌ ده‌چێته‌ ده‌رێ و ده‌بێته‌ موجامه‌له‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌. ئێمه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌ق، له‌ كارێك، له‌ ڕه‌فتارێك… ده‌گرین؛ واته‌ به‌ بۆچوونی خۆمان كه‌موكووڕییه‌ك ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین، بۆیه‌ ڕه‌خنه‌ نابێ شه‌رمن بێ، به‌ڵكو ده‌بێ ئازاد و بوێر بێ. ڕه‌خنه‌ گه‌ڕانه‌ به‌ دوای ڕاستییدا، كه‌واته‌ ده‌بێ بێباك بێ له‌وه‌ی ئاكامه‌كه‌ی چی ده‌بێ (هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی له‌ توانادایه‌). نابێ ڕه‌خنه‌ باكی به‌وه‌ هه‌بێ، كه‌ فڵان و فیسار (با هاوڕێشی بن) لێی تووڕه‌ و نیگه‌ران ده‌بن؛ چونكه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ سه‌رووی هه‌موو پێوه‌ندییه‌ك و هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه‌؛ ماده‌م ئامانجه‌كه‌ی نیشان دانی حه‌قیقه‌ته‌، به‌های حه‌قیقه‌تیش له‌ هه‌موو شتێك گرنگتره‌.


ده‌بێ فێربین ڕه‌خنه‌ بگرین! ڕاشكاو و ڕاستگۆ بین له‌گه‌ڵ یه‌كتر! ڕووبه‌ڕووكار بین، نه‌ك ‌پاشمله‌كار‌! ئه‌وه‌ی ژیان ده‌گۆڕێ ڕه‌خنه‌یه‌، نه‌ك موجامه‌له‌ی پڕ له‌ درۆ. ده‌بێ فێربین ڕه‌خنه‌ له‌ یه‌كتر قبووڵ بكه‌ین! ئه‌مه‌ كرۆكی دیموكراسیه‌ته‌. فێربه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ خه‌ڵك بگره‌ و بۆ خۆشت ڕه‌خنه‌ت قبووڵ بێ، كه‌ لێت ده‌گیرێ.
نابێ پێمان ناخۆش بێ ڕه‌خنه‌ له‌ ئایینه‌كه‌مان، له‌ بیروباوه‌ڕمان، له‌ ده‌قه‌كه‌مان… بگیرێ (پێشمان ناخۆش بوو، به‌ ڕه‌خنه‌ وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه‌، نه‌ك به‌ جنێو و كاری توندوتیژی و به‌ تیرۆر). ڕه‌خنه‌ گۆڕان و به‌خته‌وه‌ری به‌دی ده‌هێنێ، نه‌ك ئاژاوه‌ و قیامه‌ت. ڕه‌خنه‌ پێوه‌ره‌ بۆ ڕاستگۆیی. هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ڕه‌خنه‌ی تێدا نه‌بوو، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتوو و درۆزنه‌، پڕه‌ له‌ ڕیاكاری و دووڕوویی.


هه‌موو كه‌سێك حه‌ز ده‌كا ستاییش بكرێ، نه‌ك ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێ؛ به‌ڵام ستاییش هه‌ندێ جار درۆی تێدایه‌، به‌ڵام ره‌خنه‌ ڕاستیی. ئێمه‌ باسی ڕه‌خنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ ده‌كه‌ین، نه‌ك ڕه‌خنه‌ی ساخته‌كار؛ به‌ڵكو ئیشی ڕه‌خنه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ درۆ تێك بشكێنێ. ڕه‌خنه‌گر سیفه‌تی ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ی هه‌یه‌، كه‌ له‌ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی جه‌نگدایه‌؛ بۆیه‌ ڕه‌خنه‌ جه‌نگه‌ له‌ دژی هه‌ڵه‌. لێره‌ قسه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشی (گۆستاڤ لۆبۆن) م دێته‌وه‌ بیر، كه‌ ده‌ڵێ: ((هه‌ڵه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی په‌ره‌ستاندنی ژیانی گه‌لانه‌، نه‌ك ڕاستیی)).(*) ئه‌وه‌ ڕاسته‌ ملانێی نێوان هه‌ڵه‌ و ڕاستی داینه‌مۆی هه‌موو پێشكه‌وتنێكه‌. له‌ فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ و ماركسیشدا ئه‌مه‌ پێی ده‌گوترێ: ((یاساكانی دیالیكتیك)). واته‌ یاسای نه‌فی نه‌فی و یاسای یه‌كیه‌تی دژه‌كان، كه ‌سه‌رچاوه‌ی پێشكه‌وتن و گۆڕانكارییه‌كانه‌.

(*) غوستاف لوبون, سيكولوجية الجماهير, ترجمة احمد حايك (الطبعة الثالثة: مايو – ايار, 2021), ص 145

به‌ختیار محه‌مه‌د




وەڵامی گۆران عەبدوڵڵا بە رۆژنامەی رەوت سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێم

ڕەوت:
زۆر لە لیستەکان باس لە جیاوازی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن لەوانی پێشووتر، وە بەزۆری باس لە تێکشکانی زۆرینەی ڕەهای کورسیەکانی پەرلەمان لەلایەن (پارتی)ـیەوە دەکەن، بەهۆکاری جۆراوجۆر، نەمانی کۆتا، کەمی تەزویر، کۆمۆسیۆنی سەربەخۆ و بێلایەن و چەیکی دەنگەکان هەر لەلای سندوقەکان و ئایا ئەگەر ئەمانە وابن مانای ئەوەی دەدات، کەبەڕاستی،
ئالوگۆڕ لە سیستەمی پەرلەمانی کوردستان ڕوودەدات؟

-گۆران عەبدوڵڵا
ئەگەر بەرەی ئۆپزسیۆن خەیاڵێکی رەنگاڵەیی بۆ دەنگدەرانی نەسازێنێت، ئەی ئیتر بە چ پاساوێک بەشداری هەڵبژاردن دەکات! ئەوەی لە هەڵاو زەنای لیستەکان دەبینرێت و دەبیسترێت بەزۆری شەڕی حیزبەکانە وەک ناو و سیمبول نەوەک ژیان و گوزەرانی خەڵک و چۆنییەتی ئاڵوگۆڕکردنی سیستەمی پەرلەمانی. بۆ هەموومان رۆشنەو شاهێدی مێژووی سیستەمی پەرلەمانیین لە هەرێمی کوردستان کە هەمیشە ئەوەی هاوکێشەکانی بە لایەکداخستبێت هێز بووە، وە هێزیش لەدەستی ینک و پدک دایە و هەرگیز نەبوونە و نابنە (هێزێکی نیشتمانی). کەمی و زۆری کورسێکانی پەرلەمان تا ئێستا نەبۆتە هۆکاری گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستەمی دەسەڵاتدارێتی هەرێم، بە پێچەوانەوە هێزە گەورەکان لیستی سێبەریان درووستکردووە، سیاسەت و کاری پەرلەمانتارێتییان گۆڕیوە بۆ پرۆژەی خۆ دەوڵەمەندکردن و بێناوەڕۆککردنی کاری سیاسی و جەماوەری. سیستەمی پەرلەمانی لە ئاستی دونیادا لە قەیراندایە لەگەڵ دەنگدەرانی بە هۆکاری میکانیزمەکەی. کاتێک دەتوانیین بڵێین گۆڕانکاری لە سیستەمی پەرلەمانی روودەدات ئەوکاتەی ناو هۆڵی پەرلەمان تێکهەڵکێشکرابێت بە هێزی جادەوە. کە دابڕاوبیت لە هێزێکی ئامادەباشی جادە، کارت لە پەرلەمان لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە بوتڵی ئاو لەیەکگرتن.

ڕەوت:
زۆر لە حزبە نوێـیەکان، (نەوەی نوێ)، (ڕەوتی هەڵوێست)، (بەرەی گەل)، دەڵێین ئەگەر خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوە بەقازانجی (یەکێتی) و (پارتی)ـیە، بۆیە پێویستە خەڵک بەفراوانی بەشداری ئەم دەرفەتە بکەن؟ ئێوە دەڵێن چی؟

-گۆران عەبدوڵڵا
خەڵک لە ١٩٩٢ بە فراوانی بەشداریکرد و ینک و پدک ی هێنایە ناو پەرلەمان، لە ساڵانێکی دواتریشدا گۆڕان و نەوەی نوێی برد. بەهاتنی گۆڕان و نەوەی نوێ چی گۆڕدرا لە ژیانی بنەڕەتی خەڵک بە غەیری دەوڵەمەند بوونی هەندێ لە خەڵکی مشەخۆر و ناشیرینکرندنی هێزی ئۆپزسیۆن و بێباوەڕکردنی خەڵک بە سیاسەت!؟ بەدڵنیاییەوە بەشدارینەکردنی خەڵک لە دەنگدان لەم دۆخە سیاسیەی هەرێم مانەوەی هەردوو زلهێزەکەیە لەدەسەڵات، ئەی بردنی ئەم لیستانە بۆ پەرلەمان چی جیاوازییەک دەخاتە ژیانی خەڵکەوە بە بەراورد بە پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردن؟ بەدڵنیاییەوە مێژووی سیاسی و پێگەی چینایەتی لیست و کەسەکان رۆشن بە ئێمە دەڵێت چی روودەدات، هەر ئەوە روودەدات کە ساڵانی پێشووتر روویان داوە.

ڕەوت:
ئایا بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان، چ کات دەتوانرێت مانایەکی شۆڕشگێڕانە وەربگرێت و هەڵوێستێکی دروست بێت؟

-گۆران عەبدوڵڵا
ئەو کاتە بایکۆت مانا پەیدا دەکات کە وەک هێزێکی سۆسیالیستی لە ناو خەڵکدا خاوەنی پایەیەکی کۆمەڵایەتی و دیدێکی رۆشنبیت بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. ئەو کاتەیە وشەی شۆڕشگێڕی شکۆی بۆ گەڕاوەتەوە، لەوەی ئەو هەموو ساڵە لیبراڵیزمی نوێ بە سیستماتیکی، شۆڕشگێڕی یەکسان کردووە بە هێنانی دیکتاتۆری و وێرانکردنی شارەکان. چەکەکانیان بە ناوی خەباتی مەدەنییەوە لێوەرگرتین و دوکانی گوڵفرۆشەکانیان پێپیشانداین، لە کاتێکدا خۆشیان بۆ کەڵەکەی بێسنووری سەرمایەکانیان دونیایان بەرەو لێواری مەرگ بردووە. کاتێک هێزبین، ئێمە هەین، کە بێهێزبووین لە زۆر بڵێیەک زیاتر هیچی تر نیین.

ڕەوت:
بەرنامەی سیاسی و ئابووری و ئاڵوگۆڕ لەژیانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت کرێکاران و هەژارانی کوردستان لە هیچ لە لیستەکاندا نەهاتووە، یان زۆر بەکەمی هاتووە، ئایا بۆ کاریگەری ڕەوتی کۆمەڵایەتی و سوشیالیستی بەم هەڵبژاردنەوە لاوازە و گوشاری ناڕەزایەتیـیەکانی کوردستان بەم هەڵبژاردنەوە زۆر کەم دیارە و زیاتر مۆرکی شەڕێکی حزبی ڕووتە لەسەر کورسی دەسەڵاتی سیاسی و سەرمایە و مۆنۆپۆلکردنیانە؟

گۆران عەبدوڵڵا
لەڕاپەرینی ١٩٩١ لەهەولێر، ئێمە وەک شورای کرێکاران چووینە پێش دەواجنی ئەحمەد ئیسماعیل بۆ قسەکردن لەگەڵ کرێکاران، کە گەشتین پێش ئێمە گروپێک بە خۆیان دەوت (چەپ) قسەیان بۆ کرێکاران دەکرد و دەیان وت ( ئەمڕۆ کوردستان رزگاری بووە و دەبێت زیاتر کاربکەین چوونکە بۆ خۆمانە)! ئێمەش دەستمان بە قسەکردن کرد و داوامان لە کرێکاران کرد کە نەچنە سەر کار و داوای زیادکردنی کرێکانیان بکەن. دوو بۆ چوون بە رۆشنی پێگە چینایەتێکان دیاری دەکەن. زۆرینەی رەهای لیستەکان مەبەستیانە بگەنە دەسەڵات، خاوەنی هیچ پرۆژەیەک نیین لە کێشەی مووچە، کار، بێکاری، پەیوەندێکانی هەرێم و سەنتەر،.. هتد هەر بۆیە لەرێی شاتە شات و دەنگ بەرزکردنەوەوە زیاتر کار لەسەر یەکتر شکاندنەوە دەکەن لە پێناوی درووستکردنی کەشی بەلاڕێدابردنی داخوازییە بنەڕەتێکانی خەڵک.




ئەمجارە لە بایکۆت زیاتر.. جەمال کۆشش

بەرەی بەشداربووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، تێکڕایان داوایان لەجەماوەر دەکرد، بەشداری هەڵبژاردن
بکەن، )ئەمە ئاسایـیە(، بەاڵم تیۆری سەیریان دادەهێنا، هەندێک دەیووت، )یەکێتی( و ) پارتی(، دەنگی جێگیری خۆیان
هەیە، ئەو بایکۆتە لە دەنگەکانی ئێمە کەمدەکاتەوە. هەندێکی تر دەیانوت بچن دەنگبدەن، بەکێ دەنگدەدەن بدەن، خۆتان
دەزانن بەکێ دەنگدەدەن، بەاڵم لە لەرەی )نەبرەی( دەنگی هەموویاندا، نەفرەتی جەماوەرییان هەست پێدەکرد لەبەرامبەر
خۆیان و لیستەکانیاندا.
جەماوەرێکی یەکجار زۆر بێ تریبۆن و بڵندگۆ مابوونەوە، وەک چۆن نوێنەرانیان نەبوو لەنێو لیست و قەوارە
پەرلەمانیـیەکاندا، ئاواش سەدا و دەنگ و نوێنەری سیاسی و حزبی و لیستی نەبوو لە دەرەوەی پەرلەمانیشدا، )یان زۆر
بەکەمی(، سەڕەڕای زۆروزەبەندی میدیا و هەزاران ڕ ۆژنامەنووس جگە لە یەک دوو کەناڵ نەبێت، ئەوانی دی
بەتەواوی بەفەرامۆشیان سپاردبوو، بەتایبەت بەشە ڕادیکاڵ و سۆشیالیستەکەی بەرەی بایکۆت، میدیا نەیدەویست بەهیچ
جۆرێک ئەم ڕەوتە لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردن تێکەڵ بکات. سیمای چینایەتی و سروشتی هەڵوێستی ئەم جەماوەرە
بەڕادەیەکی یەکجار زۆر ڕ وون و بەرجەستەیە، بەش و پێکهاتە جۆراجۆرەکانی چینی کرێکارانە کە لەگەڵ حزب و
دەسەاڵتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ناکۆک و ناتەبان.
بۆشاییەکی سیاسی گەورە لە نێو فەزای هەڵبژاردندا خۆی دەرخستەوە، کە هەژارانی کوردستان هیچ بونێکی بەرجەستەی
حزبیان نیـیە و بێ ئالتەرناتیڤن. ئەم بێ ئەڵتەرناتیڤیـ یە، کە سیاسەت دەبێتە بابەتی هەموو دانیشتوان و نزیک لە ژیان و
پرسیار لەسەر دەسەاڵتی سیاسی و چارەنوسی ئاڵوگۆر دەکرێت، ئەوەندەی دی چینێکی گەورە نامۆبوون لە پرۆسەکە و
هەستیان دەکرد، دەست و دەم بەستراون، وە تایبەتی تر زۆر خنکێنەر و غەمگین )کەئیب( بوو بۆ هەموو ئەو هەڵسوڕاوە
کرێکاری و کۆمۆنیستانەی کە کەمپینی بۆرژوازییان دەبینی، چ کۆنەپەرستیەک و چ هۆسەیەکیان ناوەتەوە. ئەم ڕۆژانە
تەواو دەبن، بەاڵم، وە بەڕاستی ئایندەی دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی داهاتوو، شایانی بیرکردنەوەیەکی
زۆر جددییە.
ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی خولەکانی پێشووتری پەرلەمان، ئەگەر بۆ بۆرژوازی و حزبەکانی مایەی دەرس و فێربوون
بێت، بۆ حزبی کرێکاران و چینی کرێکاریش هەروایە. خاڵێکی یەکجار گرنگ لەم پەیوەندەدا، ئەوە نیـیە، کە تاچەند
دەتوانین پەرلەمانیش وەک فورسەتێک بۆ خەباتی ئاشکراو پێ گەیەکی قانوونی بەکاربهێین، نەخێر بەڵکە لەگرەوی ئەوەدایە
کە چۆن حزب ڕۆ نەچێتە نێو کیشە و ناکۆکیـیەکانی ناو خێزانی بۆرژوازییەوە، کە چۆن و بەردەوام سەربەخۆیی سیاسی
و چینایەتی برەو پێ بدەین.
ئەوە ڕاستە بز ووتنەوەی کۆمۆنستی الوازە، چینی کرێکار، ڕێکخراوەی جۆراجۆری خۆی نیـیە…هتد، بەاڵم خاڵی بنەڕەتی
لەم کێشمەکێشە چینایەتیەدا، تیۆری شۆڕشی کۆمۆنستیـ یە کە هەمیشە لەنێو دڵی هەلومەرجە سەخت و پێچاوپێچەکاندا
پێویستە وەک ئامڕازی دروستکردنی سیاسەت و هەڵویست و حزبیەت، لەالیەن کۆمۆنستەکانەوە بەچینی کریکار بگات.
لەبایکۆت و بەرەی بایکۆت واوەتر، پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسی بە ئاڵتەرناتی ڤی کۆمۆنستی بۆ کۆمەڵگای کوردستان،
ئەرکە سەرەکیەکەیە. میدیای کۆمۆنستی پێویستە ڕۆڵیکی یەکجار بەرجەستە لە نەخشاندنی ئەم سیاسەتەدا بگێڕێت.
٢٠٢٤-١٠-١٦




هەڵبژاردنی خولی شەشەم، دەروازەیەک بۆ خەستبوونەوەی هەرچی زیاتری قەیرانەکان.. نادر عەبدولحەمید

دوای ئەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە (٦-١١-٢٠٢٢) کۆتایی هات، هەردوو حزبی دەسەڵات (پارتی) و (یەکێتی) نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتنێک کە خولی شەشەمی تێدا بەڕێوەبەرن، و ماوەی پەرلەمانیان درێژکردەوە، بەڵام (دادگای باڵای فیدڕاڵی عێڕاق) ئەمەی بەنادەستوری دانا و (پەرلەمانی هەرێمی کوردستان)ی هەڵوەشاندنەوە و (سەرۆکی هەرێم) و (حکومەتی هەرێم)ی پابەندکرد بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە ڕێگەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێڕاقەوە.
ئەم خولەی شەشەمە کە بڕیارە لە (٢٠-١٠-٢٠٢٤) ئەنجام بدرێت، بەدوای پەرەسەندن و تاوسەندنی ناکۆکی هەردوو حزبدا دێت؛ نەک هەر لەناوخۆی هەرێمەکە لەسەر ڕاوڕووتی سەروەت و سامان و کەڵەکەی سەرمایە، نەک هەر لەسەر پێشبڕکێ لە جێبەجێکردنی سیاسەتە میلیتاریستیـیەکانی هەردوو ڕژێمی بوژوا کۆنەپەرستی (جمهوری ئیسلامی ئیران) و شۆفێنستی (تورکیا) و بەرژەوەندیـیەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکی لەناو خودی هەرێم و هەریەکە لە زۆنی ژێر دەسەڵاتدارەتی خۆیدا، بەڵکو لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی هەرێمیش ناکۆکییەکانیان تەقیوەتەوە لەسەر پۆستی (سەرۆک کۆماری عێڕاق) و پۆستی (پارێزگاری کەرکووک).
ئەوەی کە لە هەڵمەتەکانی ئەم هەڵبژاردنەدا هەموو کەوتوونەتە پەلاماردان و ناوزڕاندنی سیاسی و تۆمەتبارکردنی یەکتری، بەتایبەتیش هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و میلیشیایی هەرێمەکە، زۆر واوەترە لە هاشوهوش و هەرای کەمپێنی هەڵبژاردن و لە بنچینەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئیفلاسێکی سیاسی تەمام عەیاری نەک هەر ئەم دوو حزبە، بەڵکو تەواوی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی سیاسی کوردایەتی و پوچەڵ بوونی قەوارەی هەرێم، دوای سێ دەیە لە فەرمانڕەوایەتی ناسیونالیزمی کورد بەسەر چارەنوسی جەماوەری زەحمەتکێشی ئەم هەرێمەدا.
لە سی (٣٠) ساڵی ڕابردوودا، ناسیونالیزمی کورد نەیتوانی هەرێمێکی یەکگرتوو لەناو دەوڵەتی ناوەندی عێڕاقدا پێک بهێنێت، کە حزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کورد بتوانن لە ڕێگەی کایەی سیاسی هەڵبژاردنەوە دەستاودەستی دەسەڵاتی تێدا ئەنجام بدەن و هەر چوار ساڵ جارێک حزبێک فەرمانڕەوا بێت، ئەوەی ڕۆشنبیرانی بورژوا لیبڕاڵ پێی دەڵێن دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەکان، کە بەناوهێنانی لیک بەدەمیاندا دێتەخوارێ.
ئەوەی لە واقعدا لە ئارادایە دەستبەسەراگرتنی دوو حزبی میلیشیاییە بەسەر دوو ناوچەی هەرێمەکەدا، کە دەستیان داگرتووە بەسەر سەروەت و سامانی سروشتی و بوون بە خاوەن کۆمپانیا هەرە زەبەلاحەکان لەسەر ئاستی هەموو عێڕاق و قۆرخی هەموو چەشنە بزنێسێکیا کردووە لە بازرگانی و پیشەسازی و عەقارات و زەویوزار و گومرگی سەرسنورەکان … هەر یەکە لە زۆنی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا.
بەم پێیە ناسیونالیزمی کورد وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و فکری، نەیتوانیوە چینی بورژوازی کورد لەم هەرێمەدا یەکگرتوو بکات و بیکات بە خاوەن ئۆڕگانێکی یەکگرتووی دەسەڵات.
لێرەوە لەم ڕوانگەوە هیچ مانایەک نامێنێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ دەستاودەست پێکردنی دەسەڵات، چونکە ئەسڵەن ئەو ئۆڕگانە یەکگرتووە نەهاتۆتەئاراوە و لە ئارادا نییە تا دەستاودەستی دەسەڵاتی پێ بکرێت!
بەدڵنیاییەوە ناوەڕۆکی دەسەڵات لە هەر زۆنێکدا بورژوازیـیە و پەیوەندیـیە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندییەکی سەرمایەدارانەی چینایەتیی چەوسێنەرانە و زاڵمانەیە، وە سەرمایەدارانیش بەهرەمەندن لە کۆی سیستمی سەرمایەداری و ئابووری نیولیبرالیزم و بەرژەوەندییەکانیان پارێزراوە لەلایەن دەسەڵاتەوە لەهەر زۆنە بەجیا، و بە زەبری سەرەنێزەی میلیشیای حزبی.
حکومەتی هەرێم، هەر وەزارەتێکی بگری لە ناوەڕۆکدا دوو وەزارەتە، بەتایبەت وەزارەتەکانی (پێشمەرگە،دارایی،داد)، حکومەتی هەرێم یەک سەرباز و یەک پێشمەرگەی نیـیە، ئەوەی هەیە میلیشیای (پارتی) و (یەکێتی)ە، ئەم حکومەتە یەک کەناڵی میدیایی تەلەفزیۆنی نییە، بەڵام هەریەکێک لەو حزبانەی دەسەڵات دەیانیان هەیە. بودجە و داهات و خەرجی هەر زۆرنێک جیایە، دادگا و یاسا لە هەر زۆنێک بەجۆرێک جێبەجێ دەکرێت.
جا ئەگەر وەک گریمانەیەک وادابنێین کە لیستە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دەرەوەی هەردوو حزبی دەسەڵات زۆرینەی کورسیـیەکان بەدەست بهێنن، ئەوا لە باشترین حاڵەتدا دەبنە خاوەنی حکومەتێکی کارتۆنی کە هیچ شتێکی نیـیە، و ئەوەی هەیە بەدەست هەردوو حزبی میلیشیایـیەوەیە. ئەگەر نەشڵێین ئەستەمە، ئەوا زۆر سەختە ئەم دوو حزبە دامودەزگای ئاسایش و دارایی و دادگا و … هتد ڕادەستی ئەو لایەن و حزبانە بکەن کە لە ئێستادا ئۆپۆزسیۆن واتا نەیار و ناحەزیانن.
بەپێی بانگەشەی بورژوازی بێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و دەستاودەستپێکردنی دەسەڵات بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانە، لەم حاڵەتە دیاریکراوەی هەرێمی کوردستاندا بە بردنەوەی ئۆپۆزسیۆن نەک هەر گرفتەکان چارەسەر نابن، بەڵکو قەیرانی پێکهێنانی حکومەتیش دێتە ئاراوە کە چۆنچۆنی حکومەت پێکبهێندرێت لەنێو ئەم هەموو لیست و قەوارانە و ئەم دوو حزبەی کە ئامادە نین دەسەڵات و داراییەکانیان ڕادەست بکەن؟
بەم پێیە هەڵبژاردنی ئەم جارە نەک هەر هیچ ئومێد بەخش نابێت، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ خەستبوونەوەی هەرچی زیاتری قەیرانەکان، و شکاندنەوەی لەسەری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و توێژە بێبەش و پەراوێزخراوەکانی وەک لاوان و ژنان.
سەرمایەداری و دەسەڵاتە بورژوازیـیەکەی لە هەرێم و لە عێڕاقدا گەیشتۆتە بن بەست، ئۆپۆزسیۆنی قەومی و ئیسلامی و نیو-لیبڕاڵ ئاگا بن بەم واقعیەتە یان نا، ئەرکی چینایەتییانە کە خۆشباوەڕی و فریوکاری پەرەپێبدەن تا خەڵکی کێش بکەن بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان و لە ڕێگەی شانۆگەری هەڵبژاردنەوە دەریچەیەک پەیدا بکەن بۆ ڕزگارکردنی سیستم و جیهانەکەیان لەو قەیرانەی کە تێیکەوتووە.
ئەوە ڕێکخراونەبوون و یەکگرتوونەبوونی چینی کرێکار و زاڵ نەبوونی ئاسۆی سۆشیالیستی ڕزگاریخوازانەیە کە تەواوی دەردی سەری و نەهامەتیـیەکانی ئەم قەیرانەی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی، وە لەگەڵیشیا شانۆگەری هەڵبژاردن درێژە دەکێشێت و دووبارە و چەندبارە دەبنەوە.
ئەمڕۆ نەک هەر لە عێڕاق و لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە زووربەی وڵاتانی سەرمایەداری قەیرانگرتوودا، بژاردەیەکی تری سیاسی لە دەرەوەی ئەم شانۆگەریـیەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ئارادایە، بەڵام بەرجەستەکردنەوەی ئەم بژاردەیە پەیوەستە بە پەرەدارکردنی ئاگاهی چینایەتی و تەحەززووبی کۆمۆنیزم لە دەرونی چینی کرێکار و هەژموونی پەیداکردنی ئاسۆی سۆشیالیستی وەک ئاڵتەرناتیڤێک بەسەر کۆمەڵگەدا. ئەمەش ئەرکی کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی پێشڕەوی سۆشیالیستە.

١٧-١٠-٢٠٢٤




دەنگدان وەک نیشانەی ژیان!.. د.هەژار مەعروف

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەری ڕەنجی خەباتی نوێی پتر لە شەست ساڵی گەلەکەمانە . ئەم حکومەتە ئەو جەستە شەکەت و پڕ لە نەخۆشی و کەم وکورتیەیە کە زۆرینەی گەلەکەمانی بێزار و نائومێد کردوە ، بەڵام هەر ئەو جەستەیەشە کە نەمامی ڕۆحێک تێیدا دەژی و پارێزراوە پتر لە چوارسەد ساڵە لە خاک و خۆڵی کوردستان دا سەری دەرهێناوە و سەدان باهۆز و گەردەلول و بومەلەرزە نەیانتوانیوە لەگەشەکردنی بوەستێنن و لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵیکەنن، ئەوە نەمامی داربەڕوی ڕۆحی ئەو کوردبون و کوردایەتیەیە لە مێژوی نوسراوی نوێدا پێش چوار سەد ساڵ شەرەفخانی بەدلیسی و ئینجا ئەحمەدی خانێ و حاجی قادری کۆیی وفایق بکەس و قانیع و شێرکۆ بێکەس و پەشێو و لەتیف هەڵمەت و ……. بانگیان بۆدا و وردە وردە پەیامەکەیان گەیشتە گوێی ملیۆنەها ئینسانی کورد لە هەمو دنیادا.
ئێستا کە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ دروستکردنی کابینەیەکی نوێی حکومەت دەنگدان دەستیپێکردوە، وەک هاوڵاتیەکی ئاسایی چی بکەین ؟
ڕەخنە ڕەوا و ڕاست و توند و تیژەکانمان لەم حکومەتە ، کە لە ناخی زۆرمان دا بوەتە زوخاو و خەفەت و جنێو و سوکایەتی پێکردن ، ئەم ڕەخنانە بخۆینەوە و بیگۆڕین بۆ تۆڵەی ئەوەی هەر نەچین بۆ دەنگدان؟ دەست بە کڵاوی خۆمانەوە بگرین با نەیبات؟ وەک بەکاربەرێک هەر خەریکی تێرکردنی پێویستیە مادیەکانی ژیانی ڕۆژانەمان بین؟ شەوان پاڵی لێبدەینەوە و خەریکی تەماشاکردنی زنجیرە تورکی و ئێرانی و عەرەبیەکان یا تەماشاکردنی پاڵەوانێتیی فتبۆڵینی بەرشە و ڕۆیاڵ بین؟ یا تەرکی دنیا بکەین و هەمو وزەی ڕۆحی و جەستەیی ژیانمان لە خواپەرستی خەرجبکەین؟
باشە ئەگەر وەک ئەوانەی سەرەوەمان کرد دۆخی ژیانمان باشتر دەبێت؟ پەرلەمان و حکومەتی ئایندەی هەرێم باشتر و دادپەروەرتر و کاراتر و پێشکەوتوتر دەبێت؟
ئەم جارە چاکسازی و گۆڕینی گرنگ کراون لە شیوە و ناوەڕۆکی هەڵبژاردن دا، بە جۆرێک کە دادپەروەریی زۆرتری تێدایە و ئەگەری فڕوفێڵ و گزی و دزیی دەنگ کەمترە لەوانی پێشو.
لە هەمو دنیای پێشکەوتودا بە هەڵبژاردنی ئازاد ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ و ئەمیش حکومەت دروستدەکەت، ئەوانەی دەنگ نادەن باشە ئەی چۆن حکومەت دروستبکەین؟ لێگەڕێین حکومەتە شکستخواردوەکەی ئێستا درێژە بە مانەوەی خۆی بدات؟ ناڵێم ژیان چونکە ئەوە ژیان نیە! ئەی لێگەڕێین سەرۆکی حیزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان لە پشتی دەرگای داخراوەوە بە کەیفی خۆیان حکومەتێکی خراپتر لەوەی ئێستا دروستبکەن؟ حکومەت بە یاسا دەڕوات بە ڕێوە، یاساش لە پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدرێ، پەرلەمان چاودێریی کارەکانی حکومەت و پیادەکردنی یاساکان دەکات، لێگەڕێین خەڵکی نا-خۆپەرست و نیشتمانپەروەر و ڕۆشنبیر و ئەزموندار بچنە پەرلەمان یا خەڵکی پۆست و پارە و خۆپەرست و ناڕۆشنبیر و نا – نیشتمانپەروەر بچنە پەرلەمانەوە؟
کە کەسیان بە باش نازانی، ئایا لەم سەدان کەس و دەیان لیستی هەڵبژاردنەدا تۆی هاوڵاتی ناتوانی یەکێکیان هەڵبژێری کە خراپی و ناشیرینیەکانی لەوانی تر کەمتر بێت؟
من دەتوانم ! بۆیە بە دڵ و دەرونێکی گەشبینەوە و بە جلی کوردیەوە دەنگی خۆم دەدەم و هیوادارم تۆش وابکەیت، دڵنیابە نەخۆت و خۆشەویستانت، نە کورد و کوردستانەکەت بەمە زیانتان پێناگات و دۆخەکەش خراپتر نابێت لە پێش هەڵبژاردن!

د.هەژار مەعروف




گەلەری ئارام لە پرۆژەیەکی نوێدا.. پێویستمان بە فێربوونی نیچەیە.. خولی سێیەم.. د. ئازاد حەمە

وەرزەکانی فەلسەفە

پرۆژەیەکی نوێی ( گەلەری ئارام)ە هەرجارەو خوێندنەوەیەک بۆ فەیلەسوفێک دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ د. ئازاد حەمە

پێویستمان بە فێربوونی نیچەیە

وانەی سێیەم:

چوکوشکاری لە ناو فەلسەفەدا:
روخاندندی بتە درۆینەکان.




ئیسپانیا “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا له فێستیڤاڵی فیلمی بەرلیناله.. ئامادەکردنی: مەنسوور جیهانی.

– ئیسپانیا به “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا لە حه‌فتاوپێنجه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌” له ساڵی ٢٠٢٥ ناسێندرا.

به پێی ڕاپۆڕتی ڕاگه‌یێندراویی ڕۆژنامه‌وانی ‌فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌”؛ ئیسپانیا ده‌بێته “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” Country in Focus لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا EFM لە حه‌فتاوپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌” Berlinale له ساڵی ٢٠٢٥. زۆربه‌ی فیلمسازان، وڵاتی ئیسپانیایان به شوێنێکی فیلمی ئه‌وروپی پته‌و و به‌‌هێزێکی سه‌رسووڕهێنه‌ریی نێوده‌وڵه‌تی گۆڕیوه و دابوونه‌ریتی کۆن و سه‌رکه‌وتووی فیلمه جۆراوجۆ‌ره‌کانی ئیسپانی له به‌رنامه‌ی فێستیڤاڵ، له بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا و هه‌روه‌ها له پلانه‌کانی پیشه‌سازیی به‌ڕلیناله‌دا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه.

له درێژه‌ی ئه‌و داهێنانه‌ی که له ساڵی ٢٠١٧ ده‌ستی پێکرد، بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا به پلانی “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج”، ناوچه‌یه‌کی سینه‌مایی گه‌وره‌ی له ناوه‌ندیی سه‌رنجدا داناوه. پیشه‌سازیی سینه‌ما، کاریی داهێنه‌رانه له ڕوانگه‌ی چه‌ند لایه‌نییه‌وه و هه‌روه‌ها هانده‌ریی نوێی پێشکه‌ش ده‌کرێت و ئاستی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌رز ده‌بێته‌وه. پاش ئاماده‌بوونی وڵاتانی مه‌کزیک، که‌نه‌دا، نۆڕوێژ، شیلی، باڵتیک و ئیتاڵیا، پلانی “ئیسپانیا له ناوه‌ند” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا لە فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌”؛ پێگه‌ی فیلمی ئه‌ورووپا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و ده‌رفه‌ته‌ جۆراوجۆره‌کان بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنه‌ران، بڵاوکه‌ره‌وه‌کان، سه‌رمایه‌داران و کارناسان پیشه‌سازیی سینه‌ما له ژانڕه‌ جیاوازه‌کانی له ئه‌نیمه‌یشنه‌وه تاکوو دڕام و زنجیره دڕاماکان پێشکه‌ش ده‌کات.

له درێژه‌ی ئه‌م ڕاگه‌یێندراوه ڕۆژنامه‌وانییه‌دا هاتووه: فیلمسازیی ئیسپانی نیو سه‌ده‌یه که به‌رنامه‌ی “به‌ڕلیناله”ی ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه. ده‌یان فیلمی ئیسپانی که له لایه‌ن به‌هره‌مه‌نده هه‌ڵکه‌وتوو و بلیمه‌ته‌کان خوڵقاندنیان بۆ کرواه، بینه‌ران و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانیان به شێوه‌ی یه‌کسان تووشی سه‌رسووڕمان کردووه؛ ٩ فیلمی براوه‌ توانیویانه خه‌ڵاتی “ورچی زێڕین” Golden Bear باشترین خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی به‌ڕلیناله به‌ده‌ستبێنن، “ئالکاڕاس” Alcarràs به‌رهه‌مه جوانه‌كه‌ی “کاڕلا سیمۆن” Carla Simón له ساڵی ٢٠٢٢ نوێترین ئه‌وانه‌یه. “پێدرۆ ئاڵمادۆڤار” Pedro Almodóvar هه‌روه‌ها پێگه‌یه‌کی گرینگی له مێژووی به‌ڕلیناله‌دا هه‌یه، چونکه فیلمی سینه‌مایی “یاسای ئۆگره‌تی” La ley del deseo له یه‌که‌مین نمایشی جیهانیدا له به‌شی “پانۆڕاما” Panorama له ساڵی ١٩٨٧ پیشان درا و توانی خه‌ڵاتی TEDDY AWARD بۆخۆی مسۆگر بکات.

خاتوو “تریشیا تۆتێل” Tricia Tuttle به‌رپرسی ‌فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بەرلیناله‌” سه‌باره‌ت به ئیسپانیا “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” گوتی: ئێمه به تامه‌جرۆییه‌وه چاوه‌ڕێی میوانان و به‌هره‌مه‌نده نوێیه‌کان له فێستیڤاڵین تاکوو پێکه‌وه جه‌ژنی پیشه‌سازیی فیلمی ئیسپانیا لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا پیرۆز ڕابگرین.

له کۆتایی ئه‌م ڕاگه‌یێندراوه ڕۆژنامه‌وانییه‌دا هاتووه: ئیسپانیا به‌بڕشته‌وه به‌ڵێن ده‌دات که په‌ره به به‌رهه‌مهێنانی فیلمی په‌یه‌دار و به‌دیجیتاڵی کردنی داهاتووی پیشه‌سازی سینه‌مای ئیسپانیا بدات. به لوتفی شه‌وقده‌ره ماڵیاتییه‌کان و کۆمه‌کی ماڵی ده‌وڵه‌ت، وڵاتی ناوه‌ندی سه‌رنج له بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا ٢٠٢٥ به ناونیشانی شوێنی وێنه‌گرتن بۆ به‌رهه‌مه‌ هاوبه‌شه‌ نێونه‌ته‌وییه‌کان، خوازیاریی زۆری هه‌یه. بێجگه له شوێنی وێنه‌گرتنه ناسراوه‌ سینه‌ماییه‌کان له شاره‌کانی مه‌درید و بارسلۆنا، ئه‌و ناوچانه‌ی که هاتووچۆی زۆریان به‌سه‌ره‌وه‌یه وه‌کوو ویلایه‌ته‌کانی باسک، کاتالۆنیا، گالیسیا، دوورگه‌کانی قه‌ناری و ئه‌ندلۆسیش؛ دڵڕفێنییه‌کانی پیشه‌سازیی سینه‌ما و هه‌روه‌ها ناوچه‌ تایبه‌تمه‌نده بێوێنه‌کانی ‌له خۆ گرتووه.

خاتوو “ته‌نجه مایسنێر” Tanja Meissner به‌رپرسی “بەرلیناله پڕۆ‌” Berlinale Pro سه‌باره‌ت به ئیسپانیا “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا له‌وبڕوایه ‌دایه: پیشه‌سازیی سینه‌ما و میدیای ئیسپانیا ناوبا‌نگی جیهانی خۆی بۆ گۆڕان به ناوه‌ندێکی ئه‌وروپی به لوتفی خوڵقاندنه به‌رچاوه‌کان، دانانی سه‌رمایه‌ی به‌مه‌به‌ست و داهێنه‌رانه‌ی ته‌کنۆلۆژیا به‌‌هێزتر کردووه و له ئاماده‌بوونێکی به‌هێزیی نێونه‌ته‌وه‌یی دایه به ناوه‌رۆکی کوالیته‌ی باش و ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌هره‌مه‌نده‌وه. ئه‌م وڵاته شه‌وقده‌ره ماڵیاتییه پێشبڕکێیانه، ڕێککه‌وته‌نامه‌کانی به‌رهه‌می هاوبه‌ش و ژێرخانی پیشه‌سازیی به‌هێز پێشکه‌ش ده‌کات.

“ئێڕنێست ئۆڕتاسۆن” Ernest Urtasun وه‌زیری که‌لتووری ئیسپانیا سه‌باره‌ت به ئیسپانیا “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا گوتی: بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا، بێگومان یه‌کێکه له به‌هێزترین پلاتفۆرمه‌کان بۆ سینه‌مای ئه‌ورووپا و ئیسپانیا به ناونیشانی “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” بۆ ئێمه ئه‌و هه‌له ده‌ڕ‌ه‌خسێنێت تاکوو به‌هره‌مه‌ندییه‌کانی پیشه‌سازیی ئیسپانیا له هه‌موو بواره‌کانیدا. له‌وانه؛ داهێنان، به‌رهه‌مهێنان، بڵاوکردنه‌وه و پێگه‌ی جیهانی‌ سینه‌مای خۆمان ده‌ربخه‌ین. له‌ڕاستیدا، ئه‌مه ئه‌رک و شانازیی وه‌زاره‌تی که‌لتووری ئیسپانیایه‌. پشتیوانی و ناساندنی پیشه‌سازیی سینه‌ما، ده‌رهێنه‌ران و به‌رهه‌مهێنه‌ران و هه‌روه‌ها ئیزنی سه‌رهه‌ڵدانی زیاتری سینه‌مای ئیسپانیا ده‌دات بۆ درێژه‌پێدانی ئه‌م ڕێگا پڕبایخه، هه‌ر وه‌کوو له ئێستادا له بازاڕه جیهانییه‌کانی فیلمدا ئاماده‌یه و بینه‌ران له سه‌رتاسه‌ری دنیا، به دیارییه‌وه داده‌نیشن.

بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا EFM لە ڕۆژانی ١٣ تا ١٩ی فێبرییه‌ی ٢٠٢٥ له چوارچێوه‌ی حه‌فتاوپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌” Berlinale لە شاری بەرلین له‌ وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەده‌چێت.

وێنەکان: مەنسوور جیهانی

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://www.berlinale.de/en/2025/news-press-releases/257538.html

مەنسوور جیهانی – ئیسپانیا به “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا لە حه‌فتاوپێنجه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌” له ساڵی ٢٠٢٥ ناسێندرا.

به پێی ڕاپۆڕتی ڕاگه‌یێندراویی ڕۆژنامه‌وانی ‌فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌”؛ ئیسپانیا ده‌بێته “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” Country in Focus لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا EFM لە حه‌فتاوپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌” Berlinale له ساڵی ٢٠٢٥. زۆربه‌ی فیلمسازان، وڵاتی ئیسپانیایان به شوێنێکی فیلمی ئه‌وروپی پته‌و و به‌‌هێزێکی سه‌رسووڕهێنه‌ریی نێوده‌وڵه‌تی گۆڕیوه و دابوونه‌ریتی کۆن و سه‌رکه‌وتووی فیلمه جۆراوجۆ‌ره‌کانی ئیسپانی له به‌رنامه‌ی فێستیڤاڵ، له بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا و هه‌روه‌ها له پلانه‌کانی پیشه‌سازیی به‌ڕلیناله‌دا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه.

له درێژه‌ی ئه‌و داهێنانه‌ی که له ساڵی ٢٠١٧ ده‌ستی پێکرد، بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا به پلانی “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج”، ناوچه‌یه‌کی سینه‌مایی گه‌وره‌ی له ناوه‌ندیی سه‌رنجدا داناوه. پیشه‌سازیی سینه‌ما، کاریی داهێنه‌رانه له ڕوانگه‌ی چه‌ند لایه‌نییه‌وه و هه‌روه‌ها هانده‌ریی نوێی پێشکه‌ش ده‌کرێت و ئاستی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان به‌رز ده‌بێته‌وه. پاش ئاماده‌بوونی وڵاتانی مه‌کزیک، که‌نه‌دا، نۆڕوێژ، شیلی، باڵتیک و ئیتاڵیا، پلانی “ئیسپانیا له ناوه‌ند” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا لە فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌”؛ پێگه‌ی فیلمی ئه‌ورووپا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و ده‌رفه‌ته‌ جۆراوجۆره‌کان بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنه‌ران، بڵاوکه‌ره‌وه‌کان، سه‌رمایه‌داران و کارناسان پیشه‌سازیی سینه‌ما له ژانڕه‌ جیاوازه‌کانی له ئه‌نیمه‌یشنه‌وه تاکوو دڕام و زنجیره دڕاماکان پێشکه‌ش ده‌کات.

له درێژه‌ی ئه‌م ڕاگه‌یێندراوه ڕۆژنامه‌وانییه‌دا هاتووه: فیلمسازیی ئیسپانی نیو سه‌ده‌یه که به‌رنامه‌ی “به‌ڕلیناله”ی ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه. ده‌یان فیلمی ئیسپانی که له لایه‌ن به‌هره‌مه‌نده هه‌ڵکه‌وتوو و بلیمه‌ته‌کان خوڵقاندنیان بۆ کرواه، بینه‌ران و ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانیان به شێوه‌ی یه‌کسان تووشی سه‌رسووڕمان کردووه؛ ٩ فیلمی براوه‌ توانیویانه خه‌ڵاتی “ورچی زێڕین” Golden Bear باشترین خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی به‌ڕلیناله به‌ده‌ستبێنن، “ئالکاڕاس” Alcarràs به‌رهه‌مه جوانه‌كه‌ی “کاڕلا سیمۆن” Carla Simón له ساڵی ٢٠٢٢ نوێترین ئه‌وانه‌یه. “پێدرۆ ئاڵمادۆڤار” Pedro Almodóvar هه‌روه‌ها پێگه‌یه‌کی گرینگی له مێژووی به‌ڕلیناله‌دا هه‌یه، چونکه فیلمی سینه‌مایی “یاسای ئۆگره‌تی” La ley del deseo له یه‌که‌مین نمایشی جیهانیدا له به‌شی “پانۆڕاما” Panorama له ساڵی ١٩٨٧ پیشان درا و توانی خه‌ڵاتی TEDDY AWARD بۆخۆی مسۆگر بکات.

خاتوو “تریشیا تۆتێل” Tricia Tuttle به‌رپرسی ‌فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بەرلیناله‌” سه‌باره‌ت به ئیسپانیا “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” گوتی: ئێمه به تامه‌جرۆییه‌وه چاوه‌ڕێی میوانان و به‌هره‌مه‌نده نوێیه‌کان له فێستیڤاڵین تاکوو پێکه‌وه جه‌ژنی پیشه‌سازیی فیلمی ئیسپانیا لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا پیرۆز ڕابگرین.

له کۆتایی ئه‌م ڕاگه‌یێندراوه ڕۆژنامه‌وانییه‌دا هاتووه: ئیسپانیا به‌بڕشته‌وه به‌ڵێن ده‌دات که په‌ره به به‌رهه‌مهێنانی فیلمی په‌یه‌دار و به‌دیجیتاڵی کردنی داهاتووی پیشه‌سازی سینه‌مای ئیسپانیا بدات. به لوتفی شه‌وقده‌ره ماڵیاتییه‌کان و کۆمه‌کی ماڵی ده‌وڵه‌ت، وڵاتی ناوه‌ندی سه‌رنج له بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا ٢٠٢٥ به ناونیشانی شوێنی وێنه‌گرتن بۆ به‌رهه‌مه‌ هاوبه‌شه‌ نێونه‌ته‌وییه‌کان، خوازیاریی زۆری هه‌یه. بێجگه له شوێنی وێنه‌گرتنه ناسراوه‌ سینه‌ماییه‌کان له شاره‌کانی مه‌درید و بارسلۆنا، ئه‌و ناوچانه‌ی که هاتووچۆی زۆریان به‌سه‌ره‌وه‌یه وه‌کوو ویلایه‌ته‌کانی باسک، کاتالۆنیا، گالیسیا، دوورگه‌کانی قه‌ناری و ئه‌ندلۆسیش؛ دڵڕفێنییه‌کانی پیشه‌سازیی سینه‌ما و هه‌روه‌ها ناوچه‌ تایبه‌تمه‌نده بێوێنه‌کانی ‌له خۆ گرتووه.

خاتوو “ته‌نجه مایسنێر” Tanja Meissner به‌رپرسی “بەرلیناله پڕۆ‌” Berlinale Pro سه‌باره‌ت به ئیسپانیا “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا له‌وبڕوایه ‌دایه: پیشه‌سازیی سینه‌ما و میدیای ئیسپانیا ناوبا‌نگی جیهانی خۆی بۆ گۆڕان به ناوه‌ندێکی ئه‌وروپی به لوتفی خوڵقاندنه به‌رچاوه‌کان، دانانی سه‌رمایه‌ی به‌مه‌به‌ست و داهێنه‌رانه‌ی ته‌کنۆلۆژیا به‌‌هێزتر کردووه و له ئاماده‌بوونێکی به‌هێزیی نێونه‌ته‌وه‌یی دایه به ناوه‌رۆکی کوالیته‌ی باش و ڕه‌سه‌نایه‌تی به‌هره‌مه‌نده‌وه. ئه‌م وڵاته شه‌وقده‌ره ماڵیاتییه پێشبڕکێیانه، ڕێککه‌وته‌نامه‌کانی به‌رهه‌می هاوبه‌ش و ژێرخانی پیشه‌سازیی به‌هێز پێشکه‌ش ده‌کات.

“ئێڕنێست ئۆڕتاسۆن” Ernest Urtasun وه‌زیری که‌لتووری ئیسپانیا سه‌باره‌ت به ئیسپانیا “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” لە بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا گوتی: بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا، بێگومان یه‌کێکه له به‌هێزترین پلاتفۆرمه‌کان بۆ سینه‌مای ئه‌ورووپا و ئیسپانیا به ناونیشانی “وڵاتی‌ ناوه‌ندی سه‌رنج” بۆ ئێمه ئه‌و هه‌له ده‌ڕ‌ه‌خسێنێت تاکوو به‌هره‌مه‌ندییه‌کانی پیشه‌سازیی ئیسپانیا له هه‌موو بواره‌کانیدا. له‌وانه؛ داهێنان، به‌رهه‌مهێنان، بڵاوکردنه‌وه و پێگه‌ی جیهانی‌ سینه‌مای خۆمان ده‌ربخه‌ین. له‌ڕاستیدا، ئه‌مه ئه‌رک و شانازیی وه‌زاره‌تی که‌لتووری ئیسپانیایه‌. پشتیوانی و ناساندنی پیشه‌سازیی سینه‌ما، ده‌رهێنه‌ران و به‌رهه‌مهێنه‌ران و هه‌روه‌ها ئیزنی سه‌رهه‌ڵدانی زیاتری سینه‌مای ئیسپانیا ده‌دات بۆ درێژه‌پێدانی ئه‌م ڕێگا پڕبایخه، هه‌ر وه‌کوو له ئێستادا له بازاڕه جیهانییه‌کانی فیلمدا ئاماده‌یه و بینه‌ران له سه‌رتاسه‌ری دنیا، به دیارییه‌وه داده‌نیشن.

بازاڕی فیلمی ئه‌وروپا EFM لە ڕۆژانی ١٣ تا ١٩ی فێبرییه‌ی ٢٠٢٥ له چوارچێوه‌ی حه‌فتاوپێنجه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “بەرلیناله‌” Berlinale لە شاری بەرلین له‌ وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەده‌چێت.

وێنەکان: مەنسوور جیهانی

بۆ زانیاریی زیاتر:
https://www.berlinale.de/en/2025/news-press-releases/257538.html




نەمبینیت.. شیعری نەوزاد بەندی

پێش ئەوەی بگەمە وێستگەی مردن ،
بێ لایەنیی خۆم ڕادەگەیەنم لە ژیان ..
وەک ئەوەی کە ڕژامە ناو ئاوەڕۆی کوردستان ،
بێ لایەنیی خۆم ڕاگەیاند لە خوێندن ..
لە پێشکەوتن .. لە داهێنان ..
بێلایەنیی خۆم ڕاگەیاند له پێکەنین ،
پێش گەیشتنی تاوی ناوەختی گریان ..
لە تۆوە نزیکتر بووم لە خۆم ..
یەک هەناسە لە نێوانماندا مابوو ..
یەک هەنگاو کەمتر ، ئەمزانیی ،
هۆگرم بیت ، هیچی تازەم پێ نییە بۆت ،
پێش گەیشتنی دەنگی باران ،
بێ لایەنیی خۆمم ڕاگەیاند لە هەورەکان ..
بە شەقاما ئەڕۆیشتم و ..
شەڕم لەگەڵ هەنگاوەکان ڕائەگەیاند ..
ئەو لەو دوورەوە منی دۆزییەوە ،
من لەم نزیکەوە ئەوم نەبینی ..
بووین بە قوربانی دابڕان ..
پێش گەیشتنی لیستی مردنی ئەمشەو ،
بێلایەنی خۆم لەم تەنەکەی خۆڵە ڕاگەیاند ..

شتی تریش ..

ــ نەوزاد بەندی ــ




هەڵبژاردن لەسەرچیە و دەبێ چی بکرێ؟.. ئاسۆ کمال

لە هەڵبژاردنی ئێستادا لە کوردستان هەر کام لە یەکێتی و پارتی دروشمی “گۆڕینی دەسەڵات و پاراستنی هەرێم”یان دژ بەیەک بەرزکردۆتەوە تا بتوانن دەنگدەران بەکاربێنن بۆ بەدەستهێنانی کورسی زیاتر لە پەرلەمانی داهاتودا. بەڵام لە ڕاستیدا کورسیەکانی پەرلەمان هەرچۆنێک ڕێکی بخەنەوە ئەم کەشتیەی دەسەڵاتی تێکشکاوی سیاسی و ئابوری هەرێمیان بەرەو پێشەوە پێ ئاراستە ناکرێ. لەو کاتەوە کە “کاپتن ئەمریکا” دەستی بەرداوە لەم ئەزمونی “فیدراڵی”یەی یەکێتی و پارتی، ئیتر ئەم کەشتیەی دەسەڵاتیان کەوتۆتە گێژاوێکەوە کە بە هیچ شێوەیەک خۆی ناگرێتەوە. ئێستا لەلایەک ئێران زۆنی سەوزی یەکێتی بە بارمتە گرتوە بۆ خزمەتکردن بە ئامانجەکانی لە عێراقدا ولە قەفەزکردنی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکان و تورکیاش لەسەرەوە زۆنی زەردی پارتی، وەک حەوشەی پشتەوەی ئۆپەراسیۆنەکان و چاڵە نەوتی هەرزان لێکردوە، کە ئارەزوی خۆی تەراتێنی تێدا دەکا.
لە ساڵی ١٩٩٨ کاتێک تاڵەبانی سەرمەست بوو بەو ڕێکەوتنە ستراتیژیەی ئەمریکا بۆیانی ڕیکخستبوو و بەرەو ڕوو لە کۆڕێکی لەندەندا بە “جەلال تاڵەبانی “م وت” ئێوە وپارتی، هەرکات ئومێدی ئەمریکاتان نەمێنێ، بێ ئومێدانە دەست دەکەنەوە بە شەڕی ناوخۆ و جگە لەمە ستراتیژێکتان بۆ کوردستان نیە.”.
دۆڕاندنی کەرکوک و نەوتەکەی و شکستی حکومەتی هەرێم لە دادگای پاریس لە کەیسی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و ڕێگرتن لە فرۆشتنی گازی هەرێم، دادگای فیدراڵی عێراقی خستۆتە جێگای ڕێکەوتنی ستراتیژی زێڕینی یەکێتی و پارتی، وە تەنانەت نەمانی دابەشکردنی داهاتی نەوت بە ڕیژەی ٤٣٪ بۆ یەکێتی و ٥٧٪ پارتی وەک پیشوو. ئەمە باڵانسی هێزی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا تێک داوە. پارتی دەیەوێ باڵادەستی خۆی بپارێزی لە کۆنترۆڵی داهات بەپێی زۆنەکان و یەکێتیش داوای یەکسانی بونی بەشی زۆنی سەوز لەگەڵ زەردا دەکا. ئەمە ناوەرۆکی دروشمی “”گۆڕینی دەسەڵات و پاراستنی هەرێم” یەکێتی و پارتیە. ئەمە شەڕی دابەشکردنەوەی داهاتی نەوتە و ئەمە هەموو ماستەرپلان و بەرنامەی ئەم دوو حزبەیە بۆ ئەم هەڵبژاردنە و هیچی تر.
کورسیەکانی پەرلەمان تەنیا ئامڕازێکی تری شەڕی ئەم دوو حزبەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم ناهاوسەنگیەی نێوان دەسەڵاتی ئابوری و سیاسیان. هیچ کام لەم دوو حزبە هیچ ستراتیژیەکی دەربازکردنی کوردستانیان لەم تەنگەژە ئابوری و سیاسی و ئیداریە نیە. هەڵبژاردنیش سەربارەت بەم ڕێگاچارە جیاوازانە نیە. ئەولەویەت بۆ ئەم دوو حزبە سەرمایەدارە پاراستنی داهات و دەسەڵاتی میلیشیاکانیانە و هەڵبژاردن و هەر سیاسەتێکی تر لە خزمەت ئەم ئامانجە سەرەکیەیاندایە، نەک هیچ بانگەشەیەکی فریوکارانەی گۆڕانکاری و باش بژێوی خەڵک و پاراستنی هەرێمی کوردستان.
هەر دوو لا دوای هەڵبژاردن درێژە بە هەمان سیاسەت و کار دەدەن کە دەتوانێ باڵانسی هێزیان بەرامبەر بە یەکتر بگۆڕێ. جا یەکێتی لەگەڵ ئێران و حکومەتی شیعەدا بۆ فشار خستنە سەر پارتی کارتی کورسیەکانی پەرلەمانی بەکار دەهێنێ و ڕێگا نادەن پارتی نەوت و گاز بفرۆشێ و پارتیش لەگەڵ تورکیا و لایەنەکانی تری حکومەتی عێراقدا یەکێتی لە قەیرانی موچە و بودجەدا دەهێڵێتەوە و چاوەڕێی هەر فرسەتێک لە عێراق و ناوچەکدا دەکا بۆ شکست پێدانی یەکێتی و ئیدارەکەی. ئەمانە ناکۆکی دوو هێزە کە بەرژەوەندی هاوبەشیان لە هێشتنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا هەیە وەک سەرچاوەی هاوبەشی داهات و دەسەڵاتی میلیشیاییان و بەم ناکۆکیانەشیانەوە درێژە بە دەسەڵاتەهاوبەشەکەیان دەدەن.
ئەم دوو حزبە ئەگەر ژمارەی کورسیەکانیان بگۆڕێت هیچ لەم داهاتانەی نەوت ناڕژێننە گیرفانی خەڵکەوە و تەنها گۆڕانی ژمارەی دۆلاری دابەشکردنەوەی پارەی نەوت و خاڵە سنوریەکان دا دەبێ لە حسابی بانکی یان ژێرزەمینی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و کۆسرەت و شێخ جەعفەر و کۆمپانایی کار و شەریکەکانی تریاندا. شەڕ و ناڕەزایەتی خەلکی کرێکار و فەرمانبەر دژی دەسەڵات بەهۆی نەدانی موچە و خانەنشینی و دزینی بەناوی پاشەکەوتەوە و نەبونی خزمەتگوزاریەکان وەک خۆی درێژەی دەبێ. ئەم شەڕە لەسەر دزینی ئەم داهاتەیە، نەک لەسەر دابەشکردنی دادپەروەرانەی. چۆن دەکرێ لەشەڕی دزەکاندا چاوەڕێی شکتێکی زیاتر لە “دابەشکردنی دادپەروەرانەیان” لە نێو خۆیاندا بکرێ؟
لە کوردستان دەسەڵات لە سەروو پەرلەمان و هەڵبژاردنەوەیە و هەر کات ئەم دوو دەسەڵاتەی یەکێتی و پارتی بیانەوێ ئەوا دەرگاکەی دادەخەن و لە هۆڵێکی بۆشی بێ دەسەڵات هیچی لێ ناهێڵنەوە.
چینە هەژارەکانی کوردستان دژ بە تەمەنی٣٠ ساڵەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و میلیشیایە خەباتیان کردوە و لە هەڵبژاردنەکانیشدا ڕێژەی بە شداریکردن و دەنگدانیان جاربەجار کەمتر بوە. ڕاستە ئەم بایکۆتکردنەی خەڵک بەشێک لەو ناڕەزایتیەی خەڵکی هەژاری کوردستان دژ بەم دەسەڵاتە نمایش دەکا. بەڵام لە ئێستادا کە دەبینین بەشێکی ئەم خەڵکە ناڕازیە کەوتونەتە دوای بانگەشەی یەکێتی و پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، ئاکامی نەبونی ڕیز و هێزی سەربەخۆ و ناڕێکخراوی ئەم خەڵکەیە کە نەیانتوانیوە تا ئێستا لە ڕێگەی خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆتەوە ئەم دەسەڵاتە بگۆڕن.
دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان وحکومەت لە کوردستاندا ، مافێکی بەرتەسکە، کە تەنیا دەتوانرێ کورسیەک بۆ قسەکردن لە پەرلەمان پێ بەدەست بهێنرێ، نەک گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە. کاتێکیش خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و هەژار دەتوانێ سوود لەم مافی دەنگدانە وەرگرێت کە خۆی لیست و حزب و کەسایەتی سەربەخۆی هەبێ. لە ئێستادا جێگەی ئەم بەدیلە چەپ و یەکسانیخوازە لە کوردستاندا خاڵیە و ئەمەش وا دەکا کە هێز و دەنگی ناڕازی خەڵکێک کە دەنگ نادەن ئەمڕۆ بێ کاریگەر و پەرژوبڵاو بێت لە مەیدانی سیاسیدا.
بێ گومان خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت بە دەنگدان بە یەکێتی و پارتی و ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی ئیسلامی و نەوەی نوێ و گۆڕان و بەرەی گەل، نەک مافی دەنگدانی خۆی ناتوانێ بکاتە کارتی فشار بەسەر ئەم هێزانەوە، بەڵکو وەک پێشتر خەڵک تاقیان کردۆتەوە تەنیا شەرعیەت دەداتەوە بەم دەسەڵات و حزبە سەرمایەدارانە و هەژارتربونی زیاتری خۆی.
هەربۆیە هەرچەند دەنگ نەدان بەم حزبانە دروستە لە ئێستادا، بەڵام ئەمە ڕێگاچارەی گۆڕینی ئەم دەسەڵاتەی سەرمایەداری نیە لە کوردستان و دەبێ خەڵکی ناڕازی دەرس لەم لاوازیە سیاسیەی خۆیان وەرگرن و لە هەڵبژاردن یان هەر فرسەتێکی سیاسی و ڕوداوێکی سیاسیدا بتوانن وەک هێز و ڕێکخراوی سەربەخۆ دەوریان هەبێ. هەرچۆن لە وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا هێزە چەپ و ڕیکخراوە کرێکاریەکان سەرەڕای بونی مافیا و گەندەڵی و دەسەڵاتی سەربازی بەرەی خەڵکی چەوساوەش دەتوانێ دەنگ و ڕەنگی هەبێ و وەک هەنگاوێک لە پرۆسەی خەبات و شۆڕش بۆ ڕزگای لەدەست سیستمی سەرمایەداری و پەرلەمان و حکومەتی بورژوازی ڕیزەکانی خەباتی خۆیانی پێ بەهێز و ئامادەبکەن.

ئاسۆ کمال
١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤




کاریگەری زەبری دەروونی لەسەر ئەمیگدالا.. 154.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی١٥٤

زەبری دەروونی کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر ئەمیگدالا، کە بەشێکی گرنگی مێشکە و ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە پڕۆسەی هەست و سۆز و بیرەوەریدا. توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە ئەزموونی زەبری دەروونی دەتوانێت گۆڕانکاری لە پێکهاتە و کارکردنی ئەمیگدالادا دروست بکات. ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانن ببنە هۆی زیادبوونی چالاکی ئەمیگدالا، کە لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی هەستیاری بەرامبەر بە هەڕەشە و مەترسی.
زەبری دەروونی کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر ئەمیگدالا هەیە، کە بەشێکی سەرەکییە لە سیستەمی لیمبیکی مێشکدا. ئەمیگدالا ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە پرۆسێسکردنی هەست و سۆز، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندیدارن بە ترس و مەترسییەوە. لێکۆڵینەوە نیورۆبایۆلۆجییەکان دەریانخستووە کە زەبری دەروونی دەتوانێت گۆڕانکاری بەرچاو لە پێکهاتە و فرمانی ئەمیگدالادا دروست بکات.

لە کەسانی تووشبووی زەبری دەروونیدا، ئەمیگدالا زۆر جار زیاتر چالاک دەبێت و وەڵامدانەوەی توندتری هەیە بۆ هاندەرە سۆزدارییەکان، تەنانەت ئەو هاندەرانەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی مەترسیدار نین. ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی نیشانەکانی تێکچوونی فشاری دوای زەبر (PTSD)، وەک دووبارەبوونەوەی بیرەوەرییە ناخۆشەکان، خۆدوورخستنەوە لە بارودۆخە هاوشێوەکان، و هەستکردن بە دڵەڕاوکێی بەردەوام.

هەروەها، زەبری دەروونی دەتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان ئەمیگدالا و کۆرتێکسی پێش-ناوچەوان بکات، کە بەرپرسیارە لە کۆنترۆڵکردنی هەست و سۆز. ئەم تێکچوونە دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازبوونی توانای کەسەکە بۆ ڕێکخستنی هەستەکانی و وەڵامدانەوەی گونجاو بۆ بارودۆخە جیاوازەکان.

یەکێک لە گرنگترین کاریگەرییەکانی زەبری دەروونی لەسەر ئەمیگدالا، زیادبوونی چالاکی و هەستیارییەتی. توێژینەوەکان بە بەکارهێنانی تەکنیکی وێنەگرتنی مێشک (fMRI) پیشانیان داوە کە لە کەسانی تووشبووی تێکچوونی فشاری دوای زەبر (PTSD)دا، ئەمیگدالا چالاکییەکی زیاتری هەیە کاتێک ڕووبەڕووی هاندەرە سۆزدارییەکان دەبنەوە. ئەم زیادبوونەی چالاکی دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی هەستیاری بەرامبەر بە هەڕەشە و وەڵامدانەوەی زیادە بۆ هاندەرە نەرێنییەکان.

هەروەها، زەبری دەروونی کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان ئەمیگدالا و ناوچەکانی تری مێشک دەکات، بەتایبەت کۆرتێکسی پێش-ناوچەوان (prefrontal cortex). لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە زەبری دەروونی دەبێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندی نێوان ئەم دوو ناوچەیە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کۆنترۆڵکردنی هەست و سۆز. ئەم دیاردەیە بە “کەمبوونەوەی کۆنترۆڵی تۆپ-داون” (reduced top-down control) ناسراوە.

لە ئاستی مۆلیکیولیدا، زەبری دەروونی دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە دەردانی ناقڵە دەمارییەکان- دەرمارە ڕاگەیاندنەکان (neurotransmitters) لە ناوچەی ئەمیگدالادا. بۆ نموونە، زیادبوونی ئاستی نۆرئەدرینالین (noradrenaline) لە ئەمیگدالادا تێبینی کراوە، کە پەیوەندی بە زیادبوونی هەستیاری و ئامادەباشی بۆ مەترسی هەیە. هەروەها، گۆڕانکاری لە سیستەمی GABA (کە ناقڵێکی دەماری کپکەرەوەیە) لە ئەمیگدالادا دۆزراوەتەوە، کە دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کپکردنەوەی چالاکی زیادە.

لە ئاستی جینێتیکیشدا، زەبری دەروونی دەتوانێت کاریگەری لەسەر دەربڕینی جینەکان (gene expression) لە ئەمیگدالادا هەبێت. توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە زەبری دەروونی دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری ئیپیجینێتیکی، وەک میسیلەیشنی DNA، کە کاریگەری لەسەر چۆنیەتی دەربڕینی جینە پەیوەندیدارەکان بە ڕێکخستنی هەست و سۆز دەکات.

سەرەڕای ئەم کاریگەرییە نەرێنییانە، گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە مێشک خاوەنی خەسڵەتی نیورۆپلاستیسیتییە (neuroplasticity)، واتە توانای گۆڕان و خۆگونجاندنی هەیە. چارەسەرە دەروونییەکان، وەک چارەسەری ڕەفتاری-دەروونی (CBT) و چارەسەری EMDR، دەتوانن یارمەتی دووبارە ڕێکخستنەوەی ئەم گۆڕانکارییانە بدەن و کاریگەرییە نەرێنییەکانی زەبری دەروونی لەسەر ئەمیگدالا کەم بکەنەوە.
گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییانە بەرچاون، بەڵام مێشک توانای خۆگونجاندن و چاکبوونەوەی هەیە. چارەسەری دەروونی و دەرمانی گونجاو دەتوانن یارمەتی کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی زەبری دەروونی لەسەر ئەمیگدالا و باشترکردنی ژیانی کەسە تووشبووەکان بدەن.

بەشێك لەسەرچاوە زانستیە بەکارهاتووەکان:
1-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/10845062/

2-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/16891563/

3-https://pmc.ncbi.nlm.nih.gov/articles/PMC3318959/

4-https://psycnet.apa.org/record/2003-00679-010

5-https://www.nature.com/articles/npp200983

6-https://www.researchgate.net/publication/311790958_Fear_conditioning_synaptic_plasticity_and_the_amygdala_implications_for_posttraumatic_stress_disorder

7-https://jennynurick.com/how-trauma-affects-the-brain/

8-https://scholar.google.com/citations?user=k7C9PhkAAAAJ&hl=en




یەك دابەش وجاران و کەم ناکرێ.. رۆستەم عەزیز عومەر

(سەباح ڕە نجدەر) بە هەمان ئازار شیعر دەنووسێت کەپێی لە دایك بووە شیعریش هاندەدات لە پێناوی سەربەخۆیی خۆیدا خەبات دەکات.
ئەمڕۆ، لەگەڵماندایە و شاعیرێکی زیندوو و داهێنەرە، سبەینێش نەمرە و لەگەڵماندا دەمێنێتەوە. ئەوەی لە ئێمەی نزیك دەکاتەوە خەیاڵی تایبەتی دەقەکانییەتی، داهێنانیش دواخستن قبووڵ ناکات، هەمیشە دۆخی گونجاندوە بۆ خۆی و دەقەکانی بۆیە شعرەکانی بە نەمری دەمێنێتەوەو دەبێتە شکۆداری بێگەرد، سەردەمەکان لە خۆیدا بەرهەم دەهێنێتەوە. شیعریش دەکا بەچاوگی نایاب و جۆشێکی بەکوڵ ( ڕەنجدەر) شاعیرێکی نوێخواز و داهێنەرە، لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێنان ناسنامە ی شاعیر بوونی بەدەست هێناوە، بڕوام وایە هەموو گەل و نەتەوەیەك لە ماوەی نیو سەدەدا توانای دروستکردنی تەنیا چەند ڕەمز و داهێنەرێکی هەیە، واتە هیچ نەتەوەیەك ناتوانێت ژمارەیەکی زۆری داهێنەر لە ناو دنیای سیاسەت و ئەدەب و کایەکانی تری ڕۆشنبیری دروست بکات، لە نێو پانتایی ئەدب و شیعردا (ڕەنجدەر) ناوێکە بە زیندویی دەمێنێتەوە.
دەمەوێت نووسینێکی مامۆستایی ڕەوانشاد (محمود زامدار) تان بێنمەوە یاد. یادی بەخێر، لە ناوەڕاستی هەشتایەکان لە ڕۆژنامەی هاوکاری دەیگوت: ( سەباح ڕەنجدەر) لاوێکە و هەڵکەوتووە، هونەر و داهێنانی تێدایە. هەوڵ و شێوازێکی ڕەسەن و خۆماڵییە بەرەو نوێ خوازی دەڕوات، لە دەیەیی هەشتاکان گرووپی پێشڕەو دێتە سەرهەڵدان، لە دیارترینی شاعیرەکان (سەباح ڕەنجدەر) ە ڕەنجدەر،جوایەز لە دەیەی پپێش خۆی، قاچی شیعری کوردی لە نەتەوەییبوونەوە بەرەو نێونەتەوەیی وەردەسووڕێنێت. کەشوهەوای ئەدەبیاتی ئەو هاچوون نابێت و نییە لەگەڵ هاوسەردەمەکەی. دەسکاریی ڕووخسار و ناوەڕۆکی شیعر دەکات، چەشەیەکی دیکە لە شیعر بەرهەم دەهێنێت.
بەڕێز محمود زامدار بەناونیشانی(مژدەیەکی تر بەرەو نوێ خوازی) بە دوو ئەڵقە لە ڕۆژنامەی(هاوکاری) دا بڵاوی کردەوە. بەوردی (زێوان) ی ناساند. باری خامۆشی و تێڕامانی و شۆڕبوونەوە بۆ ناخ و ڕوونبوونەوەی دیدگا. گرانایی پێکهاتەی هونەریشیان بردەوە سەردەنگ و دیمەن و وێنە. لایەنی کەم کەشێکی جیاکاری هێنایە گۆڕێ. جوانی شتێکی گشتی نییە. (زێوان) ئەزموونێکی وێنەخوازی و زمانگەراییە، شیعرێك کە جوان بوو، بەپێی پێوەری داهێنان لە هەموو سەردەمەکاندا بیرکردنەوەی جوانیی تێدا دەدۆزییەوە. لە کۆتایی بە ڕستەێك کۆتایی بە نووسیەکانی ڕەوانشاد محمود زامدار دێنم کە دەیگوت: خەیاڵی شیعری خۆم بەکار دەبەم و لە ناوچەوانی شیعری کوردی دەنووسم: نوێبەخشی.
بەڕێز (عارف عیتۆ)
لە مەراسیمی ڕێزلێنانی نوسەرانی کورد لقی هەولێر لە 2024/8/10 دا گوتی بەڕێز )سەباح ڕەنجدەر) هێمای شیعری نوێ خوازی شیعری نوێییە، وە ئەوەشی درکاند گوتی: لە هەولێر سێ بۆ چوار شاعیری زۆر باشی وەك ڕەنجدەرمان هەیە هیچیان کەمتر نییە لە شاعیرە جیهانییەکان.
بەڕێز مامۆستا (مومتاز حەیدەری)
ئەویش نەیشاردەوەو گوتی: سەباح ڕەنجدەر واتە (شیعری نوێ شیعری نوێش واتە سەباح رەنجدەر).
هەر لە هەمان ڕێزلێنان سابیر ڕەشید ئاماژەی بە 15 ماجستێر و دکتۆرا کرد کە لە سەر شیعرەکانی سەباح رەنجدەر هاتووە ئەوەش دڵ خۆشیێکی گەورەیە بۆ شیعری کوردی،
سەباح ڕەنجدەر لە نووسینیکی دی بە ناوی (شیعر زاراوەیەکی مللییە) دا دەڵێت:هەموو شیعرێك گوڵ نییە خۆی بۆ بینینی هەڵبخات و چاوانی بەرامبەر خۆی تیژ بکات. چڕە وەك گوڵاو، ناوكی گوڵ، بۆن بڵاو دەکاتەوە، لەڕێگایی هەستکردنی زمان و لێکدانی هەستەکان دەگەیتە بۆنکردن و هەست دادەمەزرێت، ڕەنجدەر شیعری لەسەر شاخی کەڵەکێوی و ناوچەوانی ئاسك و باڵی پەپوڵە و دووگوردی نوێژ نەبینیووە،
لەدەمی شمشێری جەلادو دیکتاتۆریش بینیوە، زمانی پاکێتی و نا بارگاویبوونی سادەیی و سادەگۆیی و هەرزە بیریدا ناژی، بەڵکوو ڕایەڵە بە قووڵ ڕوانین و دوور مەودا نووسین و گرینگیدان بە ئەدەبێتی شیعر دەبەخسیت. یەکێك لە گرفتەکان لە شیعری (ڕەنجدەر) دا ئەوەیە بێ پێڕەوی خاڵبەندییە و هەندێكجار پۆڵێن و بونیادی ڕێکخستنی دێر و کۆپڵە لە بۆتەی خۆیدا نییە، کە ئەمە دەبێتە تێکدانی ڕەوڕەوەی خوێندنەوەی خوێنەر و بەجۆرێك لە جۆرەکان، ئەرکی بەستنەوە و جۆشکاری و گرێدانەوەی نێوان دێرەکان دژوارییەك درووست دەکا،
سەباح ڕەنجدەر دەڵێت:
من پەروەردەی کلتووری شیعرییم و لە کرۆکی زمانی کوردییەوە هاتوومە دەرێ، کلتوور لەناو کۆمەڵێك هەڵومەرجی کاریگەردا دەڕسکێت. هیچ شتێکم لە دەرەوەی بیرکردنەوەی خۆمدا نەدۆزیوەتەوە، کە لێکدانەوەی جیاکاری بۆ ژیان نەبووبێ. ئەگەرچی دەشزانم ناوکی بێگەردیی شیعر لە پلەی مەحاڵدا بەدەست دێت و لە گرد و کۆی جۆش و خرۆشی ویژدانی و گۆشە جیاکارەکاندا گەڵاڵە دەبێت، بەڵام من وەك کەسێکی پڕ جۆش و خرۆش و یژدانی و ماندوو بە شیعرەوە، گەیشتن بە درەوشانەوەیەك ناوکی بیگەردی شیعر و ژیانمە. ڕەنجدەر بەڕێگایی شاعیرانی پێشوودا نەچووە، ئێستا خاوەن دەنگ و ڕەنگی خۆیەتی.
بۆیە بەپێویستم زانی وەك ئەمەك و ڕێز ئەم چەند نووسین و نووسینانەی نووسەران بخەمە ڕوو . بۆ پێش بینینی چاوی خوێنەران.
(سەباح ڕەنجدەر) لە کتێبی (بەهاو پێشبینییەکان) دا لە شیعری (یەکەکان لە ئاسۆی چاوەڕوانی) دا
یەك دابەش و جاران وکەم ناکرێ ،
خودا
خۆر
من
لەمەوبەدوا بازنەی یەکەکان داخران بەرگەی سەیرکردنمان بگرن بۆنی هەر کەسێك دەدەین ئاو و گیای کەروێشکەکانی بیر نەچێ و چڵی ناو دەمی ڕەش نەبووبێت.
شاعیر پێمان دەڵیێ:
( یەك دابەش و جاران و کەم ناکرێ( واتە(خودا)تاك وتەنیایە نەدابەش دەبێت و نەکەسیشی لێدەبێت و نەبەکەسیش دەچێت (خۆر) ئەوڕوناکییەیە بەتاریکی دەڵێت بارکەو بڕۆ. من ڕووناکیم ،هیچ کەسێك توانایی سەیرکردنی ڕووناکی چاوەکانی منی نیە (من) شاعیر بە ئالنگاری پێمان دەڵێت من(منم) لەسەرەتای نوسینەکانم تاکو ئێستا کەس نەیتوانیوە ناولەپم بخوێنێتەوە ،بۆیە حەز دەکەم هیچ کەسێك لە هیچ شوێنێك چاوەڕوانم نەکات شاعیر لە هەمان شیعریدا ، وێنەێکی دیکەمان بۆ دەخاتە ڕوو، چاو ناپاکیی لەگەڵ زەمین ناکات پێش من خودا و خۆری لێ بوو بەخێر هاتنی منیان کرد . هەرسێکمان گەیشتین بەهەموو شت و کەسێك کەچی هەرتەنیاین و دەمانەوێ زمانی ئەو منداڵانە فێربین.
بۆیە وێنە و تۆڕی چاو لەتوانیاندا هەیە بەشێوەێکی بەرفراوان کاریگەری خۆیان بنوێنن بۆ بەکارخستنی زمان و دیار خستنی واتاو سەقامگیری کردنی وێنە شاعیر دەڵێت هەموو شتێکیش جوان مایەوە دەستی هەموو جوان ماوەیەکمان کوشی لە چاوەڕوانی ڕوانەوەی لاسکە گوڵ لەناو لاپەڕەکانی کتێب ماینەوە سێبەر کەوتە سەر بۆشاییەکان بۆشاییەکان پڕن لەمرۆڤ مرۆڤ دابارین و سەر زەویان داپۆشی و بەیاننامەی درۆزنانەیان ڕاگەیان.
شاعیر جارێکی کە بەخەیاڵێکی جوان و وێنەکان دادەڕێژێت و بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ نیشتەجێیانی ماڵی شیعر، بۆیە لەکۆتایی شیعرەکە دەڵێت،
حەزدەکەم هیچ کەسێك لەهیچ شوێنێك چاوەڕوانم نەکات. من تەنها بەخۆم دەچم لە شیعر، لە هیچ وێسگەێکی شیعر ،چاوەڕوانی شیعر ناکەم، بەڵکو پابەندێتی دەشکێنێت و ئاسۆی وێژەی پابەندگەرا ڕوو لە کزی دەکات.
شیعر بۆ هاوکێشەی خودی و بوون خوازی دەگەڕێتەوە، لەبری بەرگری، بەرەو و جوانکاری و زمان و هونەر کاریی هەنگاو دەنێت. شاعیر لەگەڵ ئەوەشدایە گرنگی پەیڕەوی ڕەهەندەکانی جوانیناسی تێدا بکرێت.
نەك بە تەنیا خاوەن زمان ، بەڵكو تێگەیشتنێكی ئەبەستراكتانەیە ، پێرفۆرمانس ، نیەو درامی ئیپیكیە ، شیعری شاعیر لە نزمیەوە بۆ بەرزی دەفڕێت ، نەك لە بڵندیەوە بۆ زەوی ، هەرچەندە گرنگە شیعر لە قوڕ و لیتەی زەوی دانەبڕێت و پەیام ئاڵۆز نەبێت ، بونیادی شیعری ڕە نجدەر لە ژێر هەژموون و فیكر و ڕێتم و جوانكاری و عیرفانیەكی دەرە ئاینیدایە ، موكوڕە لەسەر گەڕانەوەی شكۆ بۆ شیعر و كاریگەرە بە خەونی خوڵقاندن لە شیعر دا .
سەرچاوە
ئەزموون و شیعری بێگەرد ( صباح ڕەنجدەر )
ناونیشان و دەق ( دیار لەتیف ) ل16




مام-وەستا و پەروەردە و ستراتیژیەتی نیشتمانی.. سامانی وەستا بەکر

مەبەستمە سەرنجی ئەو مامۆستایانە ڕاکێشم کە بەشێک یان زیاتری ئەم وتارە ئەیانگرێتەوە بە پێچەوانەشەوە مامۆستایانی “پەروەردە-دروستکار” جێگای شکۆو شانازین.
لەهاوینی ئەمساڵا لە گەشتەکەما بۆ کوردستان چەند شتێک سەرنجیان زۆر ڕاکێشام کە بەشێکیان ئومێدبەخش و بەشێکیشیان پێچەوانەکەی بوو، بەڵام ئەوەی کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام و نیگەرانی کردم پەروەردە بووکە مامۆستا پشكی شێری بەرەکەوێ لەوبوارەیا.
ساڵێ ١٩٨٠ کە لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی بووم و ساڵێ ١٩٩٦ کە دواساڵی خوێندم بوو لە زانکۆ هەمیشە مامۆستا دووکاری هەبوو:
یەکەم، پەروەردە.
دووەم، فێرکردن.
من کاری فێرکردن بەجێئەهێڵم بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە پرۆسەی فێرکردن و فێربوون چونکە ناکرێ هەرکەس لەئاستی خۆیەوە هەڵسەنگاندنی بۆبکا بەڵکو ئەوە کارێکی زانستییە و ئەبێ بە داتا و بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵای بکرێ، بەڵام ئەوەی کە ئەمەوێ قسەی لەسەر بکەم “پەروەردە”یە.

ئەو سەردەمە ئازادی بوونی نەبوو، ناوهێنانی نیشتمان و خەباتکردن بۆ سەربەخۆی یان خۆبەڕێوەبەری بە خیانەتی نیشتمانی ئەژمارەکرا، مامۆستاکان ئەبوو لەوانەی پەروەردی نیشتمانیا بەشان و باڵی “سەدام حسێن”ا هەڵەن، لە وانەی مێژوو ئەبوو باسی قارەمانی سەرکردەی عەرەبیان بۆ بکردینایە، شۆڕشەکانی وەک شۆڕشی جەزیر، لیبیا، میسر…هتد بکردایە، ئەبوو ژیانامە و کار و چالاکی تاک بەتاکی سەرکردە مێژوویەکانی عەرەبمان بۆ ڕوونکەنەوەو وەک قارەمانێک پێمان بناسێنن.
لەوانەی جوگرافیایا فێری نەخشەی نیشتمانی عەرەبیان ئەکردین…هتد بەکوردی و بەکوردی ئەبوو فێری هەموو شتێکمان بکەن جگە لە کوردایەتی چونکە ئەگەر زانیاری بگەشتایەتە دەست بەعسی و ئەمەنەکان ئەوا تووشی لێپرسینەوە و زیندانی کردن ئەبوون بــــــــــــــــەڵام لەگەڵ ئەوەشا هەرگیز فێری ئەوەیان نەئەکردین کە نیشتمان و خاکی کوردستانمان خۆشنەوێ، بەڵکو ئەگەر کەمترین بوار هەبووایە ئەوا بەڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ باسی خۆشەویستی کوردستان و خاک و ئاویان بۆ ئەکردین، لێرەیا نمونەی مامۆستایەکی جوامێر ئەگێڕمەوە.

ئەوکاتە لەسەردەمی ڕژێمەکەی سەداما بۆئەوەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان و لە پەیمانگای مامۆستایان کە ئەوکاتە پێی ئەوترا “دار المعلمین” وەرگیرێی ئەبوو ئیمزای بەعسی بوون بکرێ و لەشەش مانگ کەمتریش قبوڵ نەئەکرا، هەربۆیە لەسەرەتای دەستپێکی خوێندی پۆلی سێیەمی ناوەندیا، پیاوانی حیزبی بەعس ئەگەڕان بەسەر ناوەندەکانی خوێننا بۆئەوەی زۆرترین گەنج ئیمزابکا و ببێ بە بەعسی.

بیرمە لە پۆلی سێی ناوەندی بووین لە ناوەندی ئازادی کوڕان لە برایم پاشا لە سلێمانی، کە ئەوکاتە مامۆستای زۆر قەدرگران و خۆشەویست مامۆستا “کاوس یوسف” بەڕێوبەر بوو، لەپرێکا درگای پۆل کرایەوە و سێ کەس هاتنە ژوورێ کە یەکێکیان مامۆستای جوگرافیا بوو، کە بەکوردیەکی تێکشکاو قسەی ئەکرد هەندێک ئەیانووت عەرەبە و فێری کوردی بووە هەندێکیش ئەیانوو کوردی ناوچە دوورەکانی گەرمیانە و بە بەعسی ناسراو بوو لەناو فێرخوازەکانا، پێمخۆش نییە ناوی بهێنم، لەگەڵ دوو کەسی بەعسییا، وانەی کوردیمان هەبوو کە مامۆستای زۆر سەنگین و شکۆمەند مامۆستا خالید وانەکەی پێئەوتین کە جێگری بەڕیوبەریش بوو.

بەهەرحاڵ بەعسییەکان دەستان کرد بە پیاهەڵانی سەدام و حیزبه بەعسا و پێیان وتین ئەگەر ئیمزانەکەن هیچ شانسێکتان نییە لەو دوو شوێنەی کە لەسەرەوە ناوم هێناون وەرگیرێن، پێش ئەوەی بچنە دەرەوە وتیان ئەوەی ئەیەوێ ئیمزای بەعسی بوون بکا بابێت بۆ ئەو ژوورەی کە دیاریان کرد بۆمان.
هەرکەڕۆشتن ماۆستا خالید بەدەنگی بەرز و زۆر بوێرانە پێی وتین “ئەوەی لەم درگایە بچێتە دەرەوە و بچێتە ئەو ژوورەی تر بۆ ئیمزاکردن بۆ بوون بە بەعسی شەرەفی نییە و درێژەی بە قسەکانییا دەستی کردن بە باسکردنی کوردایەتی و پیرۆزی خاک و نیشتمان” تا ئەم ساتەش کە بیرلەوکاتەو بوێری مامۆستا خالید ئەکەمەوە زیاتر لام گەورەترەبێ، چونکە ئەولەوکاتەیا لێنەگەڕا کە فێرخوازەکانی هەڵخەڵەتێنرێن، فێری خیانەکردن ببن لە دایکی نیشتمان، فێری ئەوەی کردین کە ئەبێ ئیردەمان بەهێزبێ و نابێ لەپێناوی بەرژەوەندی تایبەتا خۆمان ڕادەستکەین، فێری کردین ئەگەرکەڵەشریش نەبێ خۆر هەر هەڵیەت…هتد دروود بۆ ئەو مامۆستا خالید و هەموو ئەو مامۆستایانەی وەک ئەون.

لەو نمونەیەی سەرەوەیا مەبەستم بوو ڕۆلی مامۆستا و گەورەی ئەرکی ئەو کارەی کە لەسەر شانێتی بە مامۆستایان بەپلەی یەک و کۆمەڵگەش بناسێنم. تەنها ئەرکی مامۆستا فێرکردن نییە بەڵکو پەروەردە و فێرکردنە، ئەگەر سەرنج بەین پەروەردە لەپێس فێکردنەوە یەت، بەو واتایەی کە کارە گرنگەکە پەروەردەیە، چونکە چەن خەڵکانی بلیمەت هەبوونیان هەبێ ئەگەر پێشتر پەروەردەیەکی دروستیان پێنەگەشتبێ زانستەکەیان سود بەخش نابێ بەلکو هەندێجار بەزیانیش ئەشکێتەوە.

وەک خۆم سەردانی هەر شوێنێ بکەم پێمخۆشە گفتوگۆ لەگەڵ مناڵەکانا بکەم، چونکوم ئەوان ڕاستگۆترینن و ئاوێنەکیشن بۆ تێگەشتن، بەتایبەتی لەبواری پەروەردەیا، بۆیە کە لە کوردستان بووم زۆر بە گرنگییەوە لەگەڵ مناڵانا گفتوگۆم ئەکرد سەبارەت بە ڕەوشی پەروەردە و فێربوون.
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام لایەنی پەروەردە بوو کە گرنگترینە لەو بوارەیا. هەڵەبەتە با ڕوونتربین پەروەردەش دوو بەشە بەشێکیان ئەکەوێتە ئەستۆی دایکان و باوکان بەشێکیشی ئەکەوێتە سەرشانی مامۆستایان.
ئەوەی منی نیگەران ئەکرد ئەو بەشەیە لە پەروەردە کە ئەکەویتە سەرشانی مامۆستایان، کە خۆی لە خۆی لە خۆشەویستی بۆ خاک، نیشتمان، نەتەوە، ئاڵا و کلتورا ئەبینێتەوە.
کاتێک کە گفتوگۆ لەگەڵ مناڵێکی کوردا ئەکەی لە هەرێمی کوردستان بۆتدەرەکەوێ کە کەمترین زانیاری لەسەر نئشتمانەکەی و مێژووەکەی هەیە، هەرئەوەشنا بەڵکو ئەوەی گرنگ نەبێ بەلایەوە ئەوەیە و هەندێجاریش بەگاڵتەجاڕییەوە باسی ئەکەن! کە ئەمە شکستێکی زۆر گەورەیە بۆ مامۆستایان بە گشتی و وەزارەتی پەروەردە بە تایبەتی.
ئاخر چۆن وانەبێ لە کاتێکا وەزیری پەروەردە هیچ کاتێک پلانێکی مامناوەند و درێژخایەنی نەبووە بۆ پەروەردەی مناڵان بەڵکو ئەوەی هەیانە پلانە بۆ فێرکردن.

مامۆستا و پەروەردە:
مامۆستا کە لەبنەڕەتا “مام-وەستا”یە کە بەتێپەڕبوونی کات پیتی “ۆ” شوێنی هەردوو پپتی “و-ە” گرتۆتەوە کە ئەمەش لەزمانی کوردیا زۆر باوە بۆ نمونە ساردبووەتەوە بووە بە ساردبۆتەوە هەروەک چۆن گەرمبووەتەوە بووە بە گەرمبۆتەوە.
لەسەرەتایا مام-وەستا پەیڤێ یان پێشگرێک بووە کە بۆ ڕێزلێنان و کارامەیی بەکەسێک وتراوە، کە لە کوردەواری و زۆربەی وڵاتان مام یان “عموا” لە عەرەبییا بە کەسێکی بەتەمەن یان گەورەتر لە خۆت ئەوترێ، وە وەستاش بە کەسی کارامە و شارەزا لەبواری کاری پێشەییا ئەوترێ بەڵام لە ئێستایا گۆڕاوە بۆ مامۆستا.
مامۆستا بە کەسی فێرکار ئەوترێ واتا کەسێک کە پیشەکەی وانە وتنەوە و پەروەردەکردنی دروست و تەندروستبێ.
بەڵام لە زمانی کوردییا ئەم پێشگرە واتا مامۆستا تا ئاستێک هەم لە واتای ناوە ڕەسەنەکەی خۆی کە “مام-وەستا”یە لاییاوە هەم ناوی مامۆستاش بەسەردوو چینا دابەش بووە.
چینی یەکەم مامۆستای فێرگەکانە بەگشتی.
چینی دووەم مەلا یان مامۆستای مزگەوتەکانە.
ئەمە وێڕای ئەوەی کە پێشناوی مامۆستا بۆ زۆر چینی دیکەش بەکارئەهێنرێ بۆ نمونە لە ئێستا بە زۆربەی خۆش-دەنگەکان “گۆرانیبێژ” ئەوترێ مامۆستا.
لەناو کوردا بە گشتی بە کەسی فێرکار بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێند ئەوترێ مامۆستا واتا لە قۆناغی سەرەتایی تا زانکۆ بۆ نمونە، مامۆستای سەرەتای بەعەرەبی “معلم-معلمة”، مامۆستای ناوەندی و دواناوەندی “مدرس-مدرسة”، مامۆستای زانکۆ “أستاذ-أستاذة”.
لە ڕاستیا ئەبێ بەکەسێ بوترێ مامۆستا کە قۆناغی پەروەردەی فێرکاری خويندبێ و بڕوانامەی هەبێ، مەخابن ئەمڕۆ بەهەمووی ئەوترێ مامۆستا”.
ئەحمەد شەوقی “أمير الشعراء”ی عەرەب و بەڕەچەڵەک کورد ساڵی ١٩٣٢ لە مەراسیمێکا کە لەلایەن یانەی قوتابخانەی مامۆستایانی باڵا بەڕێوەچوو،، بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی مامۆستا لەنێو خەڵکییا وتی:( قم للمعلم وفه التبجيلا، كاد المعلم أن يكون رسولا ) واتا هەستە سەرپێ و ڕێزی لێبگرە، مامۆستا نزیک بوو لەوەی پەیامبەربێ.
مەخابن تابێت مامۆستا واتا قوڵ پڕ ماناکەی لەدەستەیا و بۆ ئەمەش کۆمەلگە ڕۆڵێکی خراپئەگێڕێ کە ئەمەش بە زەرەری بەرژەوەندی گشتی ئەگەڕێتەوە، چونکەم ئەگەر مامۆستا کە بە پێشەنگ، فێرکار و پەروەردەکار ئەناسرێتەوە شکۆی بەرز ڕانەگیری ئەوا ئەوە بە نێگەتیڤ بەسەر کۆمەڵگەیا ئەشکێتەوانێ.

لەمەشیانا دەسەڵاتداران و حکومەت بەرپرسن کاتێک کە مامۆستا برسی ئەکەن و مافەکانی لەبەرامبەر ئەرکەکانیا پێنابەخشن، لەبەرامبەریشا بەشێک لە مامۆستایان کەمتەرخەمەبن بەرامبەر ئەو کارە پیرۆزەی لەسەرشانیانە.

وێڕای قورسی و گرانی بەدەستهێنانی بژێوی ژیان بەڵام گرنگە مامۆستایان هەمیشە لە لوتکەیا بمێننەوە و ڕۆڵە مێژوویەکەی مامۆستایان لەبیرنەچێ کە پەروەردەی دروست و تەندروستە، بۆیە لەم نوسینەیا پێناسە، ئامانج و گرنگی وەبیر کۆی مامۆستایان بەگشتی و بەتایبەتی ئەو مامۆستایانە ئەهینمەوە کە گرنگی بەو پێگە مەزن و شکۆدارەنایەن کە لە کۆمەڵگەیا هەیانە.

پێناسەی په روە ردە: په روه ردە ڕۆڵێکی گرنگی هەیه لەژیانی کۆمەڵگەکان و گەلانا، پایەیەکی سەرەکی گەشه و پێکهاتە و سەرفرازییە کە ئامرازێکی سەرەکی مانەوەو بەردەوامبوونی کۆمەڵگەیە، هەروەکچۆن پێویستیەکی کۆمەڵایەتییە کە ئامانجی دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا و گرنگیانە بە مرۆڤ، هەروەها پێویستییەکی تاکەکەسیشە بۆ مرۆڤ، بەو پێیەی کەسایەتییەکەی پێکئەهێنێت و توانا و کلتورەکەی پاڵاوتە ئەکات بۆ ئەوەی لە کارلێککردن و هاوئاهەنگیا بێت لەگەڵ کۆمەڵگاکانی دەووروبەری و بەشدارییەکی کاریگەرانەی تیابکات.
ئەفلاتۆن توویەتی، پەروەردە ئەوەیە کە هەموو جوانی و کامڵبوونێک بە جەستە و ڕەوان ببەخشێت کە گونجاوبێت.

پەروەردە چییە؟
١. پەروەردە ئەوەیە کە کارەکتەری منداڵ لەسەر ئەو شتانە بنیات بنێت کە لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی شکۆدارا ئەگونجێت.
٢. پەروەردە بریتییە لە دروستکردنی تاکێک کە کەسایەتییەکی بەهێزی هەبێت، ڕەوشتی باشبێ، بیرکردنەوەی ڕاستبێ، نیشتمانەکەی خۆشبووێ، شانازی بە نەتەوەکەیەوەبکا، ئاگاداری ئەرکەکانی سەرشانیبێ.
٣. پڕ چەککردنی بەو زانیاریانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەیا پێویستی پێیئەبێت.
٤. ئامادەکردنی تاکێکە کە بتوانێ ژیانی پڕ و تەواو بژی.
٥. پەروەردە ژیانە، پرۆسەی گونجاندن یان کارلێکی نێوان تاک و ژینگەی دەوروبەری.
٦. پەروەردە پرۆسەیەکە کە کردار و کاریگەرییەکان لەخۆئەگرێت، کە گەشەی تاک لە هەموو لایەنەکانی کەسایەتیا ئەکاتە ئامانج، کە بەرەو کامڵبوونی ئەرکەکانی ئەبات بە گونجاندن لەگەڵ ئەوەی دەوروبەری، بەوجۆرەی کە ئەرکەکانی پێویستیان پێیەتی لەڕووی توانا و ڕەفاترەوە.
٧. پەروەردە بریتییە لە کردارێکی بە مەبەست و هەماهەنگ کە ئامانج لێی گواستنەوەی زانستە.
٨. دروستکردنی تواناکان و داڕشتنی مرۆڤە.
٩. پەروەردە هەوڵانە بەرەو کامڵبوون لە هەموو ڕوویەکەوە و بە درێژایی ژیان.

گرنگی پەروەردە:
گرنگییەکی زۆر لەنێوان کۆمەڵگە جیاوازەکانا هەیە لەوانە:
١. فاکتەرێکی گرنگ لە هاوسەنگی ژینگەیا، لەڕێگەی ڕۆڵی پەروەردەی ژینگەییەوە تاک پەروەردە ئەکات لە مامەڵەکردنی لەگەڵ ژینگە و سروشتی دەوروبەریا، بەو پێیەی ژینگە تووشی پیسبوونی ژینگەی گەورە و مەترسیار بووە لە کە لەلایەن مرۆڤەوە ئەنجام ئەیرێت، لەبەر ئەو هۆکارە پەروەردە دەستی پێکردووە تا شوێنی پێویست بات بە ژینگە لە دڵی تاکەکانا بۆ پاراستنی، وە پێکهێنانی کەسێکی ژینگەپارێزی باش.
٢. پەروەردە بۆتە ستراتیژییەکی نیشتمانی بۆ خەڵکی جیهان، بودجە و پلان و سەرچاوە مرۆییەکانی لەلایەن سیاسەتی وڵاتانەوە دائەڕێژرێت، بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە تاکەکان هیوادارن لە ڕێگەی پەروەردەوە بەدەستی بهێنن.
٣. فاکتەرێکی گرنگە لە گەشەسەندنی ئابوریا، لەڕێگەی پێکهێنانی تاکی شایستە و وەبەرهێن، ئامادەکاری و شیاوکردنی سەرچاوە مرۆییەکان بۆ کارکردن لە ئابوریا.
٤. فاکتەرێکی گرنگە لە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیا، بەو پێیەی تاک پەروەردە ئەکات بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و ماف و ئەرکەکانی بناسێت.
٥. فاکتەرێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن کە هاوتەریب بێت لەگەڵ شارستانییەت، هاوسەنگ بێت لەگەڵ پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژیا، هەتاوەکولە ژیانێکی شکۆمەندانە بە خۆشگوزەرانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە نێوان هەموو تاکەکانا بژین.
٦. فاکتەرێکی گرنگە بۆ دامەزراندنی دیموکراسی دروست، بەو پێیەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی پیشانی تاکەکان ئەیات، بیرۆکەکان لە نەزانی ڕزگار ئەکات، بۆ ئەوەی تاکەکان باوەڕیان بە بۆچوون و جیاوازی ئەوانی دیکە هەبێت، هەروەها ڕۆڵی بەشداری کاریگەرانەیان لە گەشەپێیانی کۆمەڵگایاهەبێت.
٧. فاکتەرێکی گرنگە لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، یەکگرتوویی نەتەوەیی، ناسیۆنالیزم لە ڕێگەی یەکخستنی هێز و ڕەوتەکان لە کۆمەڵگایا، بۆ دروستکردنی یەکێتییەکی فیکری کە ئەبێتە هۆی یەکگرتوویی کۆمەڵگا و یەکگرتوویی تاکەکانی.

ئامانجی پەروەردەیی:
هەرچەنە ئامانجەکانی پەروەردە لە سەرانسەری سەردەم و کۆمەڵگا جیاوازەکانا جیاوازن، بەڵام بە گشتی هەوڵەیات تاک لەگەڵ کۆمەڵگاکەیا تێکەڵ بکات و هەر بۆیەش خەمی تاک و کۆمەڵگا بە یەکسانی هەیە لەنێو ئەم ئامانجانەیا.
١. ئامادەکردنی هاوڵاتییەکی باش، کە بە یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی پەروەردە دائەنرێت لە سەردەمی کۆن و سەردەمی ئێستایا، بەو پێیەی پەروەردە پەیوەندی بە گەیشتن بە هاوسەنگی لە بیرکردنەوە و هەست و سۆز و جەستە و ئەخلاقی مرۆڤا هەیە، بۆ ئەوەی هاوڵاتییەکی باشی لێدروستبێ، بە ڕێککەوتن لەگەڵ خۆی و لەگەڵ کۆمەڵگایا.
٢. شیاو کردنی تاک لە ڕووی ئایینی و دونیاییەوە، وەک چۆن پەروەردە ئاڕاستە کرابوو لەگەڵ گەشەسەندنی کرۆنۆلۆژی ئاڕاستەی ئایینی و ڕۆحی تاکەکان، بە لەبەرچاوگرتنی پێداویستییە مرۆیی و دونیاییەکان.
٣. پەروەردەکردن و ڕاهێنانی تاک لەسەر چۆنیەتی کارکردن و پەیداکردنی بژێوی ژیانی، بەو پێیەی ئەو پرۆسەیە تاک بۆ ژیان شایستە ئەکات و وا ئەکات خۆی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریا بگونجێنێت.
٤. گواستنەوەی شێوازە ڕەفتارییەکان و پاراستنیان بەبێ گۆڕانکاری لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، وەک لە شێوازە کۆنەپەرستەکانی پەروەردەیا، وەک شارستانیەتەکانی چین و هیندستان و میسری کۆن، کە تێیدا پەروەردە ڕوانگەیەکی کۆنەپەرستانەی گرتەبەر کە خەمی داب و نەریتی بوو.
٥. ئامانجی گەشەپێدان بۆ کۆمەڵگا بە گشتی لە هەموو لایەنە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسییەکانا.
٦. ئامانجە زانستییەکان لەسەر گواستنەوەی زانست و مەعریفە بۆ گەڕان بەدوای زانست و ئامادەکردنی فێرخواز لە ڕووی دەروونییەوە، فێرکردنی ڕێگاکانی لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان و زانیاریەکان، ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی تاک بە شێوەیەکی زانستی، بە واتایەکی تر، پەروەردە چیتر پشت بە تەڵقین “ئیندۆکتریناسیۆن” نابەستێت و هەڵگرتنی زانیاری لە مێشکا، بەڵکو لەسەر دروستکردنی عەقڵ بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی بیربکەنەوە.
٧. پێکهێنانی تاک و کۆمەڵگەی دیموکراسی، بەجۆرێک تاک لە بیرکردنەوە و بۆچوونەکانیا سەبارەت بەوانیتر بیری کراوە بێت و لێیانەوە فێربێت و فێریان بکات، مافەکانی خۆی بزانێت و پەیڕویان بکات، چونکە چاکەی تاک چاکەی کۆمەڵگەشە و لە کۆتاییا کۆمەڵگایەکی دیموکراسی دروست ئەبێت.
٨. ئامانجێکی پێشکەوتنخوازانە کە بۆخۆی ئامانجێکی گرنگە، چونکە ئەبێتە هۆی گەشەکردنی تاک،هەروەک چۆن گەشەکردن پرۆسەیەکی بەردەوامە، پەروەردەش بە هەمان شێوە بەردەوامە.
٩. ئامانجێکی نیشتمانی و نەتەوەیی، چونکە پەروەردە ئامرازێکە بۆ بەهێزکردنی هەستی یەکێتی نیشتمانی و نەتەوەیی، هەستێک کە لە یەکگرتوویی زمان و مێژوو و جوگرافیا و هیوا و خواستەکان بۆ داهاتوو سەرچاوە ئەگرێت.

سامانی وەستا بەکر
١٧-١٠-٢٠٢٤ سوید-ستۆکهۆڵم




(30) چرا بۆ یادی پاشای حەیران رەسوڵ بێزار گەردی دادەگیرسێنین.. هەندرێن خۆشناو

ئەمڕۆ پێنج شەممە 17/10/2024 شنە بای یادی سی ساڵەی ماڵئاوایی مامۆستای هونەرمەند رەسوڵ بێزار گەردی بەسەر كوردستان و هەولێری لاوك و حەیران و هونەر و موزیك و هۆنراوە گوزەردەكات، و كەڵە هونەرمەندی رەسەن مامۆستا بێزار گەردیمان دێنێتەوە یاد، و دەنگە بە سۆز و ئاوازە دڵرفێنەكانی بە گوێمان دەچرپێنێت، و هەستی پڕ عەشق و خۆشەویستیمان دەوڕوژێنێت، و پێمان دەڵێ مامۆستا (رەسوڵ) تان بێتەوە یاد، كە سیمبول و نیشانەیەكی دیاری شاری هەولێرە، رۆحی پاكی ئەم هونەرمەندە مەزنە قبوڵناكات كوچە و كۆڵانەكانی هەولێری دێرین جێبێڵێت، و وەك كزە بایەكی فێنك رۆژانە بەسەریاندا تێپەڕدەبێت، هەر كە لاوكێك یان حەیرانێك یان گۆرانیەكی رەسەنی كوردی دێتە بەر گوێچكەی رۆڵە بەوەفاكانی ئەم شارە.
ئەوڕۆ ئێوارێ لەدوم هەناردی لۆچی نەهاتی ..
حەیران ئەوڕۆكە سێ رۆژە زانیتم بازن و خڵخاڵت لەكن وەستا شەریفی زێڕینگرە، جلكی بوكێنیت لەسەر خەیاتی..
خزم و برادەر هەموو دەزانن ئەتوو سەری چەند ساڵانە دۆست و گراوی من بووی.. حەیف و سەد مخابنی دنیایێم
دەمینی شەو ساڵەكە هاوینێ بە قسەی دوژمنان و ناكەسان لەگەڵ من خایەن دەرهاتی..

ئەو هونەرمەندە توانی بە درێژایی نیو سەدە لە داهێنان و خزمەتكردنی هونەر و ئەدەب و فۆلكلۆری كوردی بچێتە دڵی هەموو هونەردۆستێك، و بچێتە كاروانی نەمران و مامۆستایان لەم بوارەدا، و سەرمەدیانە لە دڵ و سۆزی خەڵك بمێنێتەوە. هەر لە منداڵیەوە خولیای هونەر و كولتور و فۆلكلۆری نەتەوەكەی بووە، و هەر لە زووەكەوە دەوروبەری هەستیان بە بەهرەمەندی ئەو هونەرمەندە كردووە، و لە دەنگخۆشی و شارەزایی لە مەقام و لاوك و حەیران، و هەروەها لە شیعر هۆنینەوە و ئاوازدانان.
بە تۆ یار پەیدا نابێ
پەیداش بێ فایدەی نابێ
سەد ساڵ خونچە بشكوی
بێ بولبول بەهار قەت نابێ
بریندارم بریندارم

رەسوڵ بێزار گەردی لە چلەكانی سەدەی رابردوو روویكردۆتە رادیۆ و ئێزگەی كوردی، بە هەگبەیەكی پڕ لە داهێنان و هونەری رەسەن و شیعر و ئاواز و لاوك و حەیران، یەكەم كەس بووە كە حەیرانی كوردی لە رادیۆ گووتوە و بە راستەخۆیی پەخشكراوە، و هەروەها یەكەم كەس بووە كە حەیرانی نووسیوەتەوە، و بەتایبەتی ئەو حەیرانانەی كە گووتویەتیەوە و بۆخۆی دایناوە و دایڕشتووە و لە دوو توێی چەند كتێبێكدا تۆماریكردوون، یەكەم كەس بووە كە حەیرانی لەگەڵ موزیكدا چڕیوە، بۆخۆشی شیعری بۆ زۆربەی گۆرانیەكانی داناوە و ئاوازی بۆ هەموو بەرهەمەكانی خۆی داناوە، بووە یەكەم كەس كە ئاواز بۆ سەرجەم بەرهەمەكانی خۆی دابنێت، بۆیە بە ئاسانی جێگەی خۆی كردۆتەوە لە نێو مامۆستا و پێشەنگانی هونەری كوردی. مامۆستا رەسوڵ سیمبولی هونەری رەسەنی كوردی بوو، چونكە لاوك و حەیران هونەرێكی تایبەت بە گەلی كوردن، و گەلەكانی تر خاوەنی ئەم هونەرە رەسەنە نین، و ئەم هونەرە بە یەكێك لە بنەما سەرەكیەكانی ناسنامەی گەلی كورد دادەنرێت.
مامۆستا رەسوڵ بێزار گەردی پێشمەرگەیەكی ئازا و نیشتمان پەروەر بووە، نەك هەر بە هونەر و نووسین بەڵكو بە گیانیش خزمەتی كوردستانی كردووە، بەشدارییەكی بەرچاوی هەبووە لە شۆرشی ئەیلولدا، و یەكێك بووە لەو كەڵە پیاوانەی هەر لە سەرەتاكانی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان بەشداری تێداكردووە بە گوتنی چەندین سروودی لە یادنەكراو و هەروەها دانانی چەندین سروودی نیشتمانی، بۆتە یەكەم كەس كە سروودی نیشتمانی و بەرگری بە شێوازی حەیران و مەقام بچڕێت.
كاروانی ئێمە كەوتۆتە رێگا
بە ئامانجی كورد هەر ئەبێ بگا
ئەگەرچی شەوی خەباتی ژیان
گیانی زۆر لاوی وەك گوڵ هەڵوەران
بەڵام هەر ئەبێ شەفەق دەركەوێ
كورد لەو هەورازە سەختە سەركەوێ

ماڵئاوایی كردنی ئەم هونەرمەندە مەزنە، كەلێنێكی گەورەی كردەوە لە هونەری كوردی، بە تایبەتی لە بواری لاوك و حەیراندا، كە زۆر ئاشكرا هەست بەو كەلێنە دەكرێت، و كاریگەرییەكی گەورەی كردە سەر هونەری گۆرانی و موزیكی كوردی، چونكە رەسوڵ بێزار گەردی بەمانای وشە میری حەیران و حەیرانبێژان بوو، و رێباز و رێچكەیەكی تایبەتی خۆی هەبوو، و جێپەنجەی لە هونەری كوردیدا دیار و بەرچاوە. ئەو بلیمەتە بە دەنگە خۆش و بەسۆزەكەی سەدان گۆرانی و لاوك و حەیران و مەقام و سروودی چریوە و مەحاڵە لە یادبكرێن، كە وەك گەنجینەیەك بۆی بەجێهێشتین.
مامۆستا رەسوڵ بێزار گەردی دوایی چەندین ساڵ لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی دڵ، بێنازانە دڵە ماندووبوەكەی لە 17/10/1994 توانای ترپەكردنی نەما و كز و بێدەنگ بوو، لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا و سی ساڵ لەمەوبەر رۆڵە بەوەفاكانی هەولێری دێرین لە ئەدیبان و نووسەران و هونەرمەندان و خزم و برادەران، تەرمی پاكی ئەو زاتە مەزنەیان بە خاكی كوردستان سپارد، دوای ئەوەی بە گشت كۆڵان و شەقامەكانی هەولێردا دوایین گەشت و گەڕانی كرد، و ماڵئاوایی و خواحافیزی لە هەموو خەڵكی هەولێر و كوردستان كرد. یاخوا لە باوەشی خاكدا هەر شاد و سەربەرز بیت.




هــــایکۆ.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

کیژۆڵەیەکی ژاپۆنی،
پانتایی خەیاڵی گرتووم
هایکۆ!

لەبەردەم باخچەی ئازادی،
هوتاف بۆ قومێک ئازادی دەکێشن
خۆپیشاندەران.

شەتڵی ئومێدێک دەڕوێنم
هەتا سەر سنووری مردن
چاوەڕێ دەکەم

بێ شووشتن و کفن و دفن
بە خاکم سپارد
کۆترە مردارەکە!

قەمبووری نۆتردام،
بە هەورازی شەخەکەوە چەماوەتەوە
کۆڵبەر.

بە دڵی پڕ ئینتیماوە،
نیشتیمان بە یەک دینار دەفرۆشێت
ڕۆژنامەفرۆش!

بەم تەمەنەوە
لە بۆقە مغاویرییەکان دەترسێم
ماران گەستەم

سندوقی پۆستەکەم دەکەمەوە
تەنها کلیک لەسەر ئەو نامانە دەکەم
لە تۆوە هاتوون

لە چەمەکە زەماوەندە
هەموو ئێوارەیەکی هاوین
بۆقێک هاوسەرگیری دەکا

کە کیژۆڵەکە دەخەوێ
دەچێتە باوەشی دایکی
باوکی!

تەنوورەیەکی کورت
پیاوانیش لەبەری دەکەن
هایکۆ!

بۆ سەگەکانی کۆڵان
خواردنگەی پێنج ئەستێرەیە
حاویەی ماڵە زەنگینەکان!

ئەلبوومی یادەوەری
وێنە ڕەش و سپییەکانم جوانترن
لە ڕەنگاوڕەنگەکان

نیشتیمان
لای ئێوە سێ بڕگەیە
لای من چوار
چاوەکانی!




پایز.. شەهلا نوری

بەخۆم دەوت
شاعیرەکان بۆ وەرزی پایز زیزن
ئەم پایزە
لە ناو گەڵاسیسە وەریوەکانی سەر زەوی
خۆم دیتەوە
ئێوارەیەکی ساردوسڕی
بە خۆم دەوت بۆ بۆنی پایزیان لا ئاڵە
کە بۆنی پایزم کرد هاتە گژمە
هەمیشە دەمپرسی
بۆ دەڵێن مەوسمی گژە پایز
دیتم پشکۆ
ڕەنگم زەرد زەرد
وەکوو خلیسکی سەر زەوی وەرز
وتم بۆ دەڵێن وەرزی زەبوون و بێ کەیفی
سەرکزی خۆم دۆزیەوە
لە سیهەم گژی کزەبای ئەم ساڵییشدا
وتم بۆ خەزان بوو بەنازناوی ڕەمزی پایز
ووتیان ئەو بەرگ دڕانە
دیاری تۆیە هەر مانگ هەشتەمین ساڵی پایز

شەهلا نوری




کۆتایی مێژوو، دواهەمین مرۆڤ.. ئاراس سەعید

لە ساڵی 1989دا، بیرمەند و مێژوونووسی ئەمەریکی (فڕانسیس فۆکۆیاما) وتارێکی بەناونیشانی (کۆتایی مێژوو) لە گۆڤاری (The National Interest) بڵاوکردەوە و تێدا مژدەی کۆتایی مێژووی دا. هەر ئەوکات وتارەکە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و زۆری نەخایاند گرێبەستی لەگەڵ کرا بۆ فراوانکردنی وتارەکەی کە 18 لاپەڕە بوو بۆ کتێبێک. دواتر لە ساڵی 1992 تێزەکەی لە کتێبی (کۆتایی مێژوو و دواهەمین مرۆڤ)دا بڵاوکردەوە، بەدیدی فۆکۆیاما(کۆتایی مێژوو) مەرگی ئایدۆلۆژیاکان و کۆتایی هاتنی جەنگ و شەڕە خوێناوییەکانە. لەپەنجاکانی سەدەی بیستەمدا زۆرێک لە تیۆریستانی دەوڵەت جاڕی مەرگی کڵێشە ئایدۆلۆژییەکانیان دەدا. بەومانایەی ئایدۆلۆژیاکان لەسەرە مەرگدان، بەتایبەتی پاش هەرەسهێنانی نازیزم و فاشیزم.
لەساڵی 1989 ڕژێمە کۆمۆنیستییەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات هەرەسیان هێنابوو، لەوکاتەدا (فۆکۆیاما) بەنووسینی وتارێک جاڕی (کۆتایی مێژوو) دەدات. کۆتایی مێژوو وەک دوا قۆناغی ڕسکاوی مێژوو، دیمۆکراسی لیبڕاڵ دەبێتە (میتا_ئایدۆلۆژی) دواهەمین مۆدێلی ڕێکخستنی سیاسی لەبەردەم ئایندەی مرۆڤایەتی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و ئازادی.
بەدەربڕینێکی دیکە؛ دیمۆکراسیی سیاسی و سیستەمی ئابووری لیبراڵیزم کۆتا سیستەمی دونیای ئەمڕۆ و کۆتایی مێژووە و بڵندترین ئاستی ڕێکخستنی جڤاکی و کۆمەڵایەتییە، کە ناکرێت بەدیلێکی دیکەی بۆ بدۆزینەوە.
فۆکۆیاما دەڵێت: پێویستە مێژوو وەک پرۆسەیەی پەرەسەندن تەشابکەین. کۆتایی مێژوو، بەو مانایەیە کە لیبڕاڵ دیموکراسی فۆڕمی کۆتایی حکوومەتە بۆ هەموو گەلان. بەگوێرەی فۆکۆیاما، لە دوای شۆڕشی فەرەنسییەوە، دیموکراسی لیبراڵ چەندین جار سەلماندوویەتی کە لە بنەڕەتدا سیستەمێکی باشترە (لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسی و ئابووری…هتد) لە هەریەکێک لە ئەلتەرناتیڤەکان و بۆیە ناتوانرێت هیچ پێشکەوتنێک لەوانەوە بۆ سیستەمەکە ببێتە ئەلتەرناتیڤ.[Francis Fukuyama (1992). The End of History and the Last Man.]

کۆتایی مێژوو، قەرز لە هیگڵ و مارکس
تێزی کۆتایی مێژوو بیرۆکەیەکی نوێی نییە و فۆکۆیاما تێزەکەی لە (هیگڵ و مارکس) قەرزکردووە. بەدیدی هەرییەک لە هیگڵ و مارکس گەشەکردنی مێژووی کۆمەڵگاکان لە قۆناغێکدا کۆتایی دێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ململانێی نێوان دژەکان. ململانێی دژەکان ئەو بزوێنەرەن هەلومەرجی مێژووی ژیانی جڤاتی و کۆمەڵگەکان دەستنیشان دەکەن. هیگڵ مێژووی وەک پرۆسەیەکی عەقڵانیی شرۆڤەکردووە کە بەهۆی دەرکەوتنی ڕۆحی جیهان (Geist) لە قۆناغەکانی دیالێکتیکیدا و بەڕێوە دەچێت. بۆ هێگڵ، مێژوو بەرەوپێشچوونی هۆشیاری مرۆڤە بەرەو ئازادی. کۆتایی مێژوو قۆناغێکە کاتێک ڕوودەدات کە کۆمەڵگاکانی مرۆڤ دەگەن بە دۆخێک کە ئازادی بە تەواوی تێدا بەدی دێت و بە شێوەیەکی ئاسایی لە دۆخی عەقڵانیدا بەرجەستە دەبێت. هیگڵ پێی وابوو کە ئەمە لە سەردەمی خۆیدا بەدەست هاتووە، بەتایبەتی لە ڕێگەی دەوڵەتی دەستووری مۆدێرن. بەگوێرەی هیگڵ، تاک دەبێت لەناو نەتەوەدا بتوێتەوە ودرووستبوونی دەوڵەت نەتەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی پرووس کۆتایی مێژووە.
بیرۆکەی مارکس بۆ کۆتایی مێژوو لەسەر بیرۆکەی دیالێکتیکی هێگڵ بنیاتنراوە، بەڵام جەخت لەسەر هەلومەرجی ماددی و ململانێی چینایەتی دەکات. مارکس ئەنالیزەکردنی ململانێی چینایەتی بەگەشەی مێژوو دەزانێت و لە مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست دەنووسێت: مێژووی هەموو کۆمەڵگەکان تاهەنووکە مێژووی کۆمەڵگەی چینایەتییە… لەچەرخەکانی سەرەتای مێژوودا، کەم تازۆر لە هەموو شوێنێک دابەشبوونی بەکۆمەڵ بەدەستەو تاقمی جۆراوجۆر و پلەی جۆراوجۆری ڕیزی کۆمەڵایەتی دەبینین، لە ڕۆمای کۆندا، پاتریسیەن هەبوون، سوارچاک هەبوون، پلەبیەن و کۆیلەش هەبوون. لەسەدەکانی ناوەڕاستدا، خاوەنی موڵکی فیوداڵ، وەستاکار، شاگرد و ڕەعییەت هەبوون. کۆمەڵگەی مۆدێرنی بۆرژوازی، کە لەجەرگەی فەوتانی کۆمەڵگەی فیوداڵییەوە سەری هەڵداوە، ناکۆکی چینایەتی لەناو نەبردووە، بەڵکو چینی تازەی کۆمەڵایەتی و هەلومەرجی نوێی چەوساندنەوە و زەخت و زۆر و شێوەی نوێی خەباتی هێناوەتە ناو ئەوان.Marx and Engels: Manifesto of the Communist Part ] مارکس مێژووی بە ململانێی نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دەزانی کە ئامانجی کۆتایی بۆ مارکس، کۆتایی مێژوو بە دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بێ چین دیاری دەکرێت، کە چیتر چەوساندنەوە کۆتایی دێت و دەوڵەت لەناودەچێت. ئەم کۆمەڵگایە نوێنەرایەتی کۆتایی گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری مرۆڤایەتی دەکات، چونکە هەموو ناکۆکییە ماددی و ململانێ چینایەتیەکان کۆتایی دێت. بەدیدی مارکس، مەرجی لەناوچوونی خاوەندارێتی تایبەت لەناوبردنی دەوڵەتە. دەوڵەت ئامڕازێکە خاوەندارێتی تایبەتی دەپارێزێت. مارکس پێی وایە سەرمایەداری لە دوا قۆناغی کامڵ بوونیدا، دەبێتە سیستەمێکی ئابووری جیهانی و دووچاری هەڵوەشاندنەوە دەبێتەوە، چونکە لەم سیستەمدا ناکۆکی چینایەتی دوونیاپۆش هەیە، ئەنجامی ئەم دیدەش دەبێتە هۆی شۆڕشێکی جیهانی. (کرێکارانی جیهان یەکبگرن.)

جاک دێریدا و کۆتایی مێژوو
ناوناوبانگی ڕۆشنبیری فۆکۆیاما و بەهۆی جەماوەریی کتێبەکەی (کۆتایی مێژوو و دواهەمین مرۆڤ)ەوە بوو، کە نیشانەکانی دڵەڕاوکێی ڕاستڕەوەکان بوون سەبارەت بە دڵنیابوون لە (مردنی مارکس). لە ڕەخنەی فۆکۆیامادا (جاک دێریدا) دەنووسێت: لە سەردەمێکدا کە هەندێک بوێری ئەوەیان هەیە بەناوی ئایدیالی دیموکراسی لیبراڵەوە کە دواجار خۆی وەک کۆتا ئایدیالی مێژووی مرۆڤایەتی بەدیهێناوە: هەرگیز توندوتیژی، نایەکسانی، خەفەکردن، چەوساندنەوە، برسێتیی بوونی نییە! لە کاتێکدا بەمجۆرە ستەمی ئابووری کاریگەری لەسەر زۆرێک لە مرۆڤەکان لە مێژووی زەوی و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا هەبوو. لەبری ئەوەی لە کۆتایی مێژوودا گۆرانی هاتنی ئایدیالی لیبڕاڵ دیموکراسی و بازاڕی سەرمایەداری بڵێینەوە، لەبری ئەوەی ئاهەنگ بگێڕین بە “کۆتایی ئایدۆلۆژیاکان” و کۆتایی گوتارە ڕزگاریخوازە گەورەکان، با هەرگیز ئەمە پشتگوێ نەخەین، ڕاستییەکی گەورە، کە لە شوێنە بێشومارەکانی جیهانەکەماندا کە له ئازار پێکهاتووە: هیچ پلەیەکی پێشکەوتن ڕێگە بە مرۆڤ نادات ئەوە پشتگوێ بخات کە بە ژمارەیەکی ئیجگار ڕەها، ئەوەندە ژن و پیاو و منداڵ لەسەر زەوییە ژێردەستەکان، برسی یان قڕ نەکراون[….] . بەدیدی دێریدا (کۆتایی مێژوو) لە بنەڕەتدا ئیسکاتۆلۆژیای مەسیحییە، هاوتەریبە لەگەڵ گوتاری ئێستای پاپا سەبارەت بە کۆمەڵگەی ئەوروپا، کە فۆکۆیاما “فێڵێکی” فیکری پراکتیزە کردووە، بە بەکارهێنانی داتا ئەزموونییەکان هەرکاتێک لەگەڵ پەیامەکەیدا گونجاو بێت و دەست بە بانگەوازکردن بۆ ئایدیاڵێکی ئەبستراکت دەکات. هەرکاتێکیش داتا ئەزموونییەکان دژایەتی تێزی کۆتایی مێژووەکەی دەکەن؛ فوکۆیاما ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا وەک یەکەیەکی سیاسی ناتەواو دەبینێت، کاتێک بەراورد دەکرێت بە ئایدیاڵە جیاوازەکانی دیموکراسی لیبڕاڵ و بازاڕی ئازاد، بەڵام تێدەگات کە ئەم جۆرە ئەبستراکتانە (ئایدیاڵانە) بە بەڵگەی ئەزموونی نیشان نەدراون، هەرگیز ناتوانرێت دەربکەون، چونکە ئەوە ئایدیایەکی ئەبستراکتی فەلسەفی و ئایینین کە لە ئینجیلەکانی فەلسەفەی هیگڵەوە سەرچاوەیان گرتووە و لەگەڵ ئەوەشدا، فۆکۆیاما هێشتا تێبینییە ئەزموونییەکان بەکاردەهێنێت بۆ سەلماندنی تێزەکەی، کە خۆی هاوڕایە کە ناتەواو و ناکامڵە، بۆ چەسپاندنی تێزی کۆتایی مێژووەکەی، کە تەنها وەک تێزێکی ئەبستراکت دەمێنێتەوە و لە پشتڕاستکردنەوەی شکستخواردووە[Jacques Derrida (1994). Specters of Marx: State of the Debt, the Work of Mourning and the New International.]

مێژوو لە پشوو دەگەڕێتەوە
لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە سەرمایەداری لە شێوەی ئیمپریالیستانەدا باڵیکێلشا بەسەر هەموو سووچێکی جیهاندا، شەڕە خوێناوییەکانی ڕۆژئاوا تا شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا و شەڕی ئیسرائیل لەناوچەکەدا بەردەوامە. بناژۆخوازی ناسیۆنالیست و ئایینی وەک دژە هێزێک بۆ بڵاوبوونەوەی دیموکراسی لیبڕاڵ لە دایکبوو، لە نموونەی تایبەتی ئیسلامی توندڕەو جیهادی و تاقمی میلیشایی.
ساموێل هەنتینگتۆن، ​لە ساڵی ساڵی 1996 لە کتێبێکدا بە ناوی (پێکدادانی شارستانیەتەکان) دووبارە دروستکردنەوەی نەزمی جیهانی نووسی، هەنتینگتۆن لە کتێبەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ململانێی کاتی نێوان ئایدۆلۆژیاکان بە ململانێی کۆنی نێوان شارستانیەتەکان جێگەی دەگرێتەوە.، ئەوە ئایدۆلۆژیایی شارستانییەتی زاڵە، حکومی مرۆڤەکان دەکات.
دوای هێرشەکانی ١١ی سیپتەمبەر، جارێکی دیکە کۆتایی مێژوو لەلایەن هەندێک لە بیرمەندانەوە وەک هێمای بێهەڵوێستی و گەشبینی ناڕەوای جیهانی ڕۆژئاوا ئاماژەی بۆ دەکرا، بەو پێیەی کە کۆتایی هاتنی ئیمپریالیزم نوێنەرایەتی کۆتایی ململانێی گەورەی جیهانیش دەکات.
تەحەدایەکی دیکەی تێزی “کۆتایی مێژوو” گەشەسەندنی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی دوو وڵاتی ڕووسیا و چینە. چین حکومەتی تاک پارتی دەوڵەتی هەیە، لە کاتێکدا ڕووسیا، هەرچەندە بە فەرمی دیموکراسییە، بەڵام زۆرجار وەک خۆسەپێن و ئانۆکراسی ناودێردەکرێت. لە مانگی ئازاری 2022وە جیهانێک کە چین پشتگیری لە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا دەکات و ڕووسیاش پشتیوانی لە داگیرکردنی چینی بۆ تایوان دەکات. هەروەها داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا بەردەوامە. لە جیهانێکدا کە ململانێی ئەم زلهێزانە تێدا بەردەوامە. ئایا ئەمە کۆتایی کۆتایی مێژووە، یان مێژووی لە پشوو گەڕاوەتەوە؟
وەک ژیژەک دەڵێت، بیرۆکەی فوکۆیاما کە دەڵێت ئێمە گەیشتوینە کۆتایی مێژوو، نادرووستە. ژیژێک ئاماژە بەوە دەکات کە لیبراڵ دیموکراسی پەیوەستە بە سەرمایەدارییەوە؛ ئەو کێشانەی کە بەهۆی سەرکەوتنی سەرمایەداری و سیاسەتە نیولیبراڵەکانەوە دروست بوون ، وەک نایەکسانی زیاتری سامان و دڵەڕاوکێکی جەنگ مەترسییەکانی ژینگە، لە زۆرێک لە وڵاتاندا دەرکەوتن کە نائارامی بەرامبەر بە حکوومەتە دیمۆکراسییەکان لێ کەوتووەتەوە.




فیاسکۆ*- کۆمەڵگای ئێمە لەسەر سێ ئاست لە هەرەسی گەورەی خۆیدا دەژی.. ئەحمەد ڕەسوڵ

یەکەم: ئاستی سیاسی
کۆمەڵگای ئێمە، لە دوای چەند دەیە لە ئەزموونکردنی دەسەڵاتدارێتییەک کە بە مانای ووشە ستەمکار، تاڵانکار، خێڵەکیی و دژە خەڵکییە، ئەڵتەرناتیڤەکەی ئەو خاشاکە سیاسیی و مێدیاییە بوو. هەرەسی فیکر و سیاسەت لە فەزای سیاسییدا و لە بەرامبەردا پۆپیولیزم، دیماگۆجییەت و ڤەڵگەریزم تانوپۆی فەزای سیاسیی و گوتاری سیاسیی تەنیوە.
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە فەزای سیاسییدا، جگە لە هەرەسی گەورە و داڕمان، ناتوانێت هیچیدی بێت.
شاخ، ژان گرتی و مشکی بوو.
دووەم: ئاستی فەزای دینی
کۆمەڵگای ئێمە لە دوای ئەزموونکردنی چەند ڕووداو و ڕەوتی ئاینی توندڕەو و تێرۆریست، دەبایە ڕەوتێکی فراوانی نوێکردنەوەی خوێندنەوە، تێگەیشتن و ڕاڤەکردنی تێکستە دینییەکانی لە نێو نێوەندی ئاینیی و مەلاکان خۆیاندا سەرپێخستبایە کە تا ئێستا قۆناغی باشی بڕیبایە، بەڵام ئەڵتەرناتیڤەکەی چی بوو، ئەم هەموو مەلا و باگخوازە خۆنمایشکەر و خۆ بە پێغەمبەرزانەی کە ئاینیان لە نێو دەست و مێشکی خۆیاندا کەلەپچە کردووە. لە ئاینێکی فرە ڕەهەند و کراوەوە دەیانەوێت بیکەن بە ئاینێکی تاک ڕەهەند و داخراو. لە ئاینێکەوە بۆ ژیان، ئارامیی و خۆشەویستییەوە دەیانەوێت بیگۆڕن بۆ ئاینێک کە فۆبیایەکی ڕووتە بەرامبەر ژیان و هیستیریایەکی شێتانە بۆ ڕقلێبوونەوە لە هەموو شتێک. ئەم داگەڕانە ترسناکەی تێگەیشتن لە دین، جگە لە هەرەس و داڕمان ناتوانێت هیچیدیکەی پێبێت بۆ کۆمەڵگا.
سێیەم: ئاستی ڕوناکبیری
جگە لە داڕمانی گەورە دەتوانێت چیدیکە بێت کە ڕۆشنبیر بیت و گوتاری فیکریی خۆت لەسەر گوتاری سیاسیی و مێدیایی ساختە و بەتاڵی حزب موتوربە بکەیت. ئەوەی کە بە پشکی گەورە یان بچووک، لایەنداریی و تەرەفگیریی ڕۆشنبیران و ئەدیبان لە نێوەندی ڕووناکبیرییدا بووەتە ئاسایی، جگە لە هەرەسی ئەم کایەیەش هاوشانی کایەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئێمە چیدیکەیە؟

  • فیاسکۆ، بۆ یەکەم جار ئەم ووشەیەم لە فاروق ڕەفیقەوە بیست، ڕەنگە ٢٢ بۆ ٢٣ ساڵیک پێشتر.
  • فیاسکۆ: بەتەواوەتی شکست. شکستی سەرتاپاگیر. داڕمانی گشتی یان شکستی گشتی.



کتێب\ دەستووری شیکردنەوە لە زمانی کوردیدا.. موکەڕەم ڕەشید تاڵەبانی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبەکلیکی ئێرەبکەن..




پێویستە ناتانیاهوی یاخی ڕابگیرێت.. گۆران هەڵەبجەیی

کەم نین ئەو ڕابەرو سەرکردانەی لەجەنگدا ئەستێرەیان دەدەرەوشێتەوە ،ئەوانە جەنگ بە دەسکەوتێکی ئیلاهی دەزانن بۆ بەردەوام بوون لە دەسەڵاتەکەیان، هاوکات جەنگ هۆکارێکە بۆ خامۆشکردنی کێشەو قەیرانە ناوخۆییەکان .ئەم جۆرە سەرکردانە ،بەبێ ویست و ئارەزووی دانیشتوانی وڵاتەکە یاری بەچارەنووس و ژیانیانەوە دەکەن ،بۆیە بەردەوام بۆ هەل دەگەڕێن بۆ هەڵگیرسانی جەنگ.یەکێک لەوانە هیتلەربوو کە بەر لە دەسپێکی چەنگی دووەمی جیهانیدا گووتبووی:
[یەکەم شتی بنەڕەتی بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتنی هەمیشەیی ،کارکردنی بەردەوام و ڕێکخراوەییە لە تووندوتیژی.]
دیارە چەنگیش بەشێکی سەرەکیە لە مەبەستەکەی هیتلەر ، بەوەی تووندووتیژی سیمایەکی سەرەکیە لە هەموو جەنگێکدا.
گومان لەوەدا نیە ئیسرائیلیەکان بەدڵسۆزی ناسراون بۆ وڵاتەکەیان ،ئەم دڵسۆزیەش وایلێکردوون کە بۆ پاراستن و پێشکەوتنی وڵاتەکەیان هەموو شێوازێک بەکاربهێنن تا دەگاتە کاری زۆر نائینسانی .
لەدیرۆکی دەوڵەتی ئیسرائیلدا لەساڵی[١٩٤٨]ەوە تا ئێستا چەندین سەرۆک وەزیر دەسەڵاتداربوون ،لە نێوانیاندا هەبووە تووندڕەو بێبەزەیی میانڕەو و هێمن. گەر هەڵەنەبم لەو دیرۆکەدا کەسیان هێندەی{ ناتانیاهۆ} بێ بەزەیی و سادی و شەڕانگیز نەبوون.
ناتانیاهۆ لەوپەڕی ڕاستڕەوەکاندایە،بەپشتگیری حیزبە ئاینیە تووندڕەوەکان زۆرترین کات بەسەرۆک وەزیری ماوەتەوە.
ئەم جەنگەی غەزە نیعمەتێک بوو بۆی باری ،تا پلانە مەترسیدارەکەی جێبەجێ بکات ،ئەویش لەناوبردن یا لاوازکردنی هەر وڵات و کیان و لایەنێکە کە بەهەڕەشەیان دەزانێت بۆسەر وڵاتەکەی ،بەنمونەی حماس ،حیزب اللە ، حوسیەکان ، ملیشیاکانی سەربەئێران لەسوریاو عێراق و خودی ئێرانیش.
هەموو وڵاتێک مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات بەئیسرائیلیشەوە،بەڵام ناتانیاهۆ ئەم بەرگریەی لەسنوور دەرکردوە ، وێرانکاری ئەنقەست پەیڕەو دەکات ،زیادەڕۆیی لە پرۆسە سەربازیەکاندا دەکات ، ئەوەتا لەغەزەو لوبنان باڵەخانەکان بەسەر نیشتەجێبوونیاندا دەڕوخێنێت.
مەناعەتی نیە چەندین باڵەخانە تەختی زەوی بکات بە خەڵکەکەیەوە گەر بزانێت ئەندامێکی حیزبواللە لەیەکێکیاندایە. بەسیستەماتیک یەک لەدوای یەک گوندو باڵەخانەکان لە بەیروت و باشووری لوبنان وێران دەکات کە هەڕەشە نین بۆسەر سوپاکەی.
ئەوەی سەیرە ئیسرائیل لە مێژووی خۆیدا حسابی بۆ هیچ وڵاتێک نەکردوە و نایکات، تادەگاتە نەتەوە یەکگرتوەکانیش ،خۆی لەسەری هەموو جیهانەوە دەبینێت ،ئەوەتا بەهۆی ڕەخنەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان{ أنطونيو غوتيريش }،ناتانهاهۆ بە ناشیرینترین شێوە بەرسیڤی دایەوە .هەروەها دەمێک ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕەخنەی لەشێوازی بەڕێوەبردنی چەنگ کرد بەتایبەتی بەکار هێنانی تووندووتیژی زیاد لەپێویست، بەتووندی وەڵامی ماکرۆنی دایەوە .
نوێترین کاری ناتانهاهۆ کە زۆربەی وڵاتانی جیهانی نیگەران و تووڕە کرد ،تەقەکردن بوو لە هێزی {یونیفل}ی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان کە بوونیان لە سنوری نێوان لبنان و ئیسرائیل هەیە ،مەبەست لەم تەقەکردنەش بێزارکردنییانە تا ئەو سنوورە چۆڵ بکەن.
زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی کە سەربازیان لەو هێزەدا هەیە، ئیدانەی ئەم کارەی ئیسرائیلیان کرد ،هاوکات {١٣٦} وڵات کە لەسەر ئاستی جیهان بەشداریان لەو هێزەدا هەیە سەرکۆنەی ئەو کارەی ئیسرائیلیان کرد، بەڵام ناتنیاهۆ گوێی بەو دەنگانە نەداو بۆجاری دووەم کارەکەیان دووبارەکردەوە. لەئەنجامدا بەرپرسی ئەوهێزانە لە لوبنان گووتی، بەهیچ خۆرێک شوێنەکانمان چۆڵ ناکەین ،جا پێدەچێت ناتانیاهۆ حساب بۆ ئەم پەیامەش نەکات چونکە جارێکیتریش ئەو هێزانەی ئاگادارکردوەتەوە کە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن ،بەمەرجێک ئەو هێزانە بەبڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی سەربەنەتەوە یەکگرتوەکان لەوێن.
تەنها دەوڵەتێک کە کاریگەری لەسەر ئیسرائیل هەبێت و بتوانێت لەهەندێک شوێن ڕایبگرێت ئەمەریکایە،بەڵام وادەردەکەوێت ناتانیاهۆ لە بایدن و داروودەستەکەیشی یاخیە،بەوەی وەک هەواڵە جیهانیەکان بڵاویان کردەوە بایدن زۆر بەتووڕەییەوە سەرزەنشتی ناتانیاهۆی کردوە کە تەقەیان لەهێزەکانی یونیفل کردوە.
ئەوەی ناتانهاهۆ لە غەزە و لوبنان ئەنجامی دەدات بە پێی یاسا نێو دەوڵەتیەکان دەچنە خانەی تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتی.
پێدەچێت ناتانیاهۆ بەنیازبێت دەڤەرەکە بەرەو ئایندەیەکی مەترسیدار ببات و جەنگێکی درێژخایەن بەرپابکات، بۆیە پێویستە بەر لەوەی ئاواتەکەی بەجێبهێنێت سنورێک بۆ یاخیبوونەی دیاری بکرێت.




په‌راوێزی حه‌فته‌مینی تێكست.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

‬چه‌واشه‌كاریی‮ ‬ده‌رهه‌ق به‌ كورد و كێشه‌ی ڕه‌وا‌ی‮ ‬پێشینه‌ و مێژوویه‌كی‮ ‬هه‌یه‌‮..‬ سه‌یریش له‌وه‌دایه‌ زۆربه‌ی‮ ‬ئه‌وانه‌ی‮ ڕۆڵیان له‌ پرۆسه‌ی‮ ‬ئه‌و چه‌واشه‌كارییه‌دا هه‌بووه‌،‮ ‬له‌ تێگه‌یشتنی‮ ‬ئه‌وه‌ خاڵی‮ ‬نه‌بوون كێشه‌ی‮ ‬كورد،‮ ‬كێشه‌ی‮ ‬گه‌لێكی‮ ‬پارچه‌ پارچه‌كراوی،‮ ‬غه‌درلێكراوی،‮ ‬سته‌مدیده‌ی‮ ‬درێژایی‮ ‬مێژووه‌،‮ ‬به‌تایبه‌تیش ڕووناكبیر و ڕۆژنامه‌نووسانی‮ ‬ئه‌و گه‌لانه‌ی‮ ‬له‌گه‌ڵ كورددا ده‌ژین‮..‬ له‌هه‌موو سه‌رده‌مێكیشدا نموونه‌ی‮ هه‌بووه‌،‮ ‬لێ زیاتر له‌گه‌ڵ ده‌سپێكی‮ ‬بزاڤی‮ چه‌كداری ‬ئازادیخوازی‮ ‬كورددا ئه‌م دیارده‌یه‌ بێبه‌ختانه‌تر په‌ره‌ی‮ ‬سه‌ندووه‌‮..‬ دیاره‌ گله‌یی‮ ‬له‌سه‌رنشینانی‮ ‬كورسیی ده‌سه‌ڵاتی ‬ئه‌و وڵاتانه‌ ناكرێ،‮ ‬چونكه‌ میلله‌تانی‮ ‬خۆیشیان لێیان ڕازی‮ ‬نین و گه‌ر چییان پێ له‌گه‌ڵ نه‌كرێن له‌به‌ریان هه‌ڵدێن‮.. ‬گله‌یی‮ ‬له‌ ڕووناكبیرێك‮ ‬یا ڕۆژنامه‌نووسێك ده‌كرێ كه‌هه‌میشه‌ ئیددیعای‮ ‬دیموكراسی‮ ‬و مافی‮ ‬مرۆڤ و عه‌داله‌ت و ئازادی‮ ‬و مافی‮ ‬چاره‌نووسی‮ ‬گه‌لان ده‌كا‮.‬ له‌م دواییه‌دا،‮ به‌ ڕێكه‌وت ‬چه‌ند وتارێكم بینی ، باوه‌كو ده‌مێكه‌ بڵاو كراونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ناماقوولی و شاشی وای تێدا هاتبوو نه‌مویست به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕم . له‌و وتارانه‌ دوو وتارم به‌ نموونه‌ هێنانه‌وه‌ كه‌ جێی‮ ‬سه‌رنجن،‮ ‬ئه‌ویش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‮ ‬زانیاریی‮ ‬نوێیان تێدا هاتووه‌،‮ ‬به‌پێچه‌وانه‌وه‌،‮ ‬به‌هۆی‮ ‬ئه‌وه‌ی‮ ‬نووسه‌ره‌كانیان به خۆدیده‌ییه‌كی‮ ‬وایان نووسیوه‌ وه‌ك بڵێی‮ ‬كورد هه‌ر مرۆڤ نه‌بن ‮.‬ وتاری‮ ‬یه‌كه‌م له‌ ڕۆژنامه‌ی‮ (‬الدستور)‬ی‮ ‬ئه‌رده‌نیدا به‌بێ ناو بڵاوكراوه‌ته‌وه‌،‮ ‬ئه‌وی‮ ‬دیكه‌یان برایم زوبێدی‮ ‬ناوێك له‌ ڕۆژنامه‌ی‮ (‬الشرق الاوسط)دا بڵاوی‮ ‬كردووه‌ته‌وه‌ته‌وه‌‮..‬ ‮(‬الدستور) ‬نووسیویه‌تی‮ ‬ده‌ڵێ‮: ‬داواكانی‮ ‬كورد ڕه‌ت ده‌كرێنه‌وه‌،‮ ‬ئه‌ویش به‌ ئه‌گه‌ری‮ ‬چه‌ند هۆیه‌كی‮ ‬مێژوویی‮ ‬كه‌ ئه‌وپه‌ڕگیرانی‮ ‬كورد دژ به‌هه‌موو شتێكی‮ ‬عه‌ره‌بی‮ ‬دنه‌یان داوه‌‮(!!).‬ برایم زوبێدیش ده‌ڵێ‮: ‬سه‌ره‌ڕای‮ ‬ئه‌وه‌ی‮ ‬ئاڵای‮ ‬خۆیان هه‌ڵداوه‌‮ (‬مه‌به‌ستی‮ ‬كورده‌)‬،‮ ‬هاتوون تابلۆی‮ ‬ڕێنماییه‌كانی‮ ‬هاتوچووشیان به‌ كوردی‮ ‬نووسیوه‌،‮ ‬ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێ؟ پاشان هه‌ر به‌خۆی‮ ‬ده‌ڵێ‮: ‬به‌ڵام باشیان كردووه‌ به‌م دواییه‌ تابلۆكانیان كرده‌وه‌ته‌وه‌‌‌ عه‌ره‌بی‮ (!!).‬ ئینجا تۆ وه‌ره‌ له‌گه‌ڵ عه‌قڵییه‌تی‮ ‬وا دابنیشه‌ و گفتوگۆ و دانوستان بكه‌ و باسی‮ ‬دیموكراسی‮ ‬و ماف بكه‌،‮ ‬كه‌ له‌ ئه‌ساسدا نایانه‌وێ تێی‮ ‬بگه‌ن‮..‬ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانن،‮ ‬قه‌وانێكیان هه‌یه‌،‮ ‬ئه‌گه‌رچی‮ ‬خۆشیان ده‌زانن كۆن بووه‌ و‮ ‬ڕناوه‌،‮ ‬به‌ بۆنه‌ و بێ بۆنه‌ لێی‮ ‬ده‌ده‌نه‌وه‌،‮ ‬هه‌ر بۆیه‌شه‌ حاڵیان زۆر خۆشه‌‮.‬ به‌ڕاستی‮ ‬شووره‌ییه‌ بۆ نووسه‌ر‮ ‬یا ڕۆژنامه‌نووسێك به‌و عه‌قڵییه‌ته‌ دواكه‌وتووه‌ بیر بكاته‌وه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌مڕۆ دنیا دنیایه‌كی‮ ‬دیكه‌یه‌‮.‬ شووره‌ییه‌ له‌بیر خۆیان ببنه‌وه‌،‮ ‬كه‌ هه‌میشه‌ كورد بووه‌ دروشمی‮ ‬دیموكراسی‮ ‬بۆ عێراق‮ ‬هه‌ڵگرتووه‌ و خوێنی‮ ‬له‌و پێناوه‌دا داوه‌‮..‬ شووره‌ییه‌ بۆیان،‮ ‬له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و زوڵم و سته‌م و ئه‌نفال و كیمیابارانه‌،‮ ‬ڕۆژێ له‌ ڕۆژان كورد له‌ ناچارترین ناچاریدا په‌نای‮ ‬بۆ تیرۆر و تیرۆركاری‮ ‬نه‌بردووه‌ و هه‌میشه‌ شاعیر و نووسه‌رانی‮ ‬له‌سه‌ر كێشه‌ی‮ (گۆیا سه‌ره‌كی ئه‌وانییان) ‬فه‌ڵه‌ستینیان كردووه‌ته‌وه‌ته‌وه‌‮.‬ ‬شووره‌ییه‌ بۆ خه‌ڵكانێك خۆیان به‌ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس بناسێنن به‌و عه‌قڵیه‌ته‌ فاشستیه‌ سه‌یری گه‌لێك بكه‌ن كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاكیان داگیر كردووه‌ خێر و بێریان خواردووه‌ و ده‌خۆن ئینجا به‌و ڕه‌نگه‌یش لێی بڕوانن وه‌ك بڵێی كفری كافرمان كردبێ ڕێنمایی هاتووچوومان به‌ كوردی نووسیبێ. ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
به‌ڕاستی شووره‌ییه‌ ئه‌گه‌ر شتێك لای ئه‌م چه‌شنه‌ بوونه‌وه‌رانه‌ مابێ به‌ناوی‮ ‬شووره‌یی‮.‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬




شیوەنی دوای هەڵبژاردن.. عەلی مەحمود محەمەد

هەموو خەریكی سەیركردنی ئەو مەهزەلە ئاست نزمەین بە ناوی بانگەشەی هەڵبژاردن لە كوردستان دەگوزەرێت, قسەكەرەكان هەموو بێ بەرنامەن, مام ڤاندام لە چاویانەوە چومسكییە, تەنها كاندیدی كابرای قەبرستانەكە بۆ هەڵبژاردن بەرنامەی هەیە, ئەویش قەبرمان بۆ دوای ژیان پێشكەش دەكات, ژنیشمان كاتێك بۆ دێنێت رۆژی 3 جار لە چیای هەڵگورد سەركەوین, ئەوجا دەبێت شەو بدەینە دەم رۆژەوە, هەناسە دانیش تەرك بكەین, چونكە كاتەكە هێشتا بەش ناكات ئەگەر بە هەڵوەڕەش سەركەوین, دووجاری پڕ ناكەینەوە.
بیست رۆژی خۆشمان بردە سەر, نمایشەكان گاڵتە جاڕی بوون, جنێوی كۆمێنتەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش لە جوتكەكان خۆشتر بوون.
نەنكم یادی بەخێر زۆری لە ژیان بینیبوو دەیووت دوای هەموو پێكەنینێك گریان هەیە, منیش ئەو ترسەم هەیە و دەمەوێت لە سیناریۆكانی گریانی دوای هەڵبژاردنەكەوە دەست پێبكەم.
روژ 21ی ئۆكتۆبەرە, خەڵك هێشتا زۆرینەی مۆری مەرەكەبی دەنگدان بە پەنجەیانەوەیە, وردە وردە سندوقەكان گەڕاونەتەوە بۆ ئەلبیسەو سایلۆكە, هەندێك گەنج بەردەم ئەو جێگایانەیان گرتووە بۆ داكۆكی لە دەنگەكانی ئێمە, لە سەرەوەش بنەماڵە نا سیاسییەكان كە هەڵبژاردن بۆ بەش و پشكی ئەوان كراوە, خەریكی سات و سەوداو پەیوەندیكردنن, هەیە بە بەشی خۆی رازییەو هەشە ناڕازییە, هەندێك سیاسیش كە پێشتر هەڵتۆقیبوون, مام خدر رووسی لە تەنیشت بارەگاكەی خۆی ریزیان دەكات و دەیانكاتە رەقەم, ئاخر ئەو كەسانەی هیچ بیروباوەڕێكیان نەبێت و ئەلتەرناتیفی گونجاوی ئێران و توركیا نەبن, چەندە خۆیان لێ گەورە بووبێتەوە, لە تاقیكردنەوەی وادا یەكجار شانسیان دەبێت تاقیبكەنەوە, كە كەت وەك هەولێرییەكان دەڵێن ئیتر هەڵساندنەوەی موستەحیلە.

دوو سیناریۆ

هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان دوای هەڵبژاردنەكانی دیالەو موسڵ و كەركووك دێت كە تەرزێكی دیكە لە سیناریۆی سیاسی هێنایە پێشەوە, سیناریۆیەك لە مەتبەخی ئێران ئامادە كرابوو, دووریش لە جوگرافیاو ناوەندە شەرعییەكان یەكلا كرانەوە, تیایدا لە هەرسێكیان توركیا توڕ درایە دەرەوەی دەسەڵاتز
ئەم هەڵبژاردنە بەشێوەی سەرەكی نەك هەموو, ململانێی گەل و نا گەل نەبوو, ململانێی بنەماڵەكان بوو لە سەر نوێنەرایەتی ئێران و توركیا لە كوردستان, بۆ وەكالەت وەرگرتن بوو, ملمڵانێ بوو بۆ پشكەكانی ئێران و توركیا لە هەرێمی كوردستان.
توركیا سێ برین لە جەستەیەتی, دیالەو موسڵ و كەركوك, دەركردنی لە هەولێرو دهۆك تەڵقەی رەحمە بۆ ئەو لە عێراق كە زیاتر لە چوار سەدە لە ژێر هژمۆنیای ئەودا بووە.
هەر یەكێك لەو دوو وڵاتە چەند هێزێكی سیاسی نوێنەرایتییان دەكەن, پارتی و یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی نوێنەری توركیان و ینك و هەوڵوێست و كۆمەڵ و گۆڕانی گەڕەكی گردەكە و سۆسیالستیش نوێنەرایەتی ئێران دەكەن, تەنانەت كریستان و توركمانیش بە مەبدەئی مونا قەهوەچی خۆشناو و شێخ رەیانی كۆنە كلدانی و ئیسلامی شیعە مەزهەبی ئێستا كە نوێنەرەكانیان بە دەنگی زێرەڤانی و لیوا تایبەتەكان كە ناویان پێشمەرگەیە هەڵدەبژێردرێن, ئەوانیش دابەش بوونە بەسەر ئەو دوو ولاتە, بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشوری و رێكخراوی كلدۆ ئاشوری و بەرەی توركمانی زەقەی چاویان دێت, دەمیان بە كورسییەكە ناگات كە بە ناویانەوە دیاریكراون, ینك بەشی خۆی لە كورسی كەمینەكان وەرگرت ئیتر باسی جیاكردنەوەی لیستی دەنگدەران و شتی وا ناكات, ئەوانیش لەسەر مەبدەئی موناو رەیان دابەش دەبن بەسەر ئێران و توركیا.
یەكێك لە ئەگەرەكانی ئەنجامی هەڵبژاردن دووبارە كردنەوەی سیناریۆكەی كەركووكە, بەوەی ئێرانییەكان هێزەكانی سەر بە خۆیان ببەنە بەغدا, كاتێك توانیان 53 كورسییەكە تەواو بكەن, لەوێوە دوور لە ژاوە ژاوو حكومەت پێك بهێنن و پارتی ئاوت كەنەوە بۆ چوارەم جار, هەرچەندە هێشتا دوو هێزی وەك نەوەی نوێ و گەل خۆیان لەو هاوكێشە سیاسییە یەكلا نەكردۆتەوە, بەڵام ئەوانە هێزی لچتقن بە هەر لایەكدا بكەون دوور نییە, یان پارچەی گەورە گەورەیان لێ ببێتەوە, ئەم سیناریۆیە دوو لەمپەری گەورە لە بەردەمیدایە بۆ سەركەوتن:
توركیا و ئەمەریكاو ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو رێگا بەم سیناریۆیە لە ئێستادا نادەن, چونكە دۆڕانی ئەوانیشە لە ناوچەكەو دەبێتە ئینتڵاقی عێراقێكی شیعەی ئیسلامی, دژ بەم سیناریۆیە بۆ ئەم مەبەستە هێزەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان, لە حالەتی وا دا ئەگەری هەیە تا دێگەڵە بێت, هەروەها هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك لە رووی ئیدارییەوە بە دەست پارتین, هەڵبژاردنەكە بۆ ئیدارەی ناوخۆیی نییەو لەبەردەم جێبەجێ كردنی ئەم سیناریۆیە هەموو ئەگەرێك هەیە, تەنانەت روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو 31ی ئاب دووبارە ببنەوە بە شێوە كۆنەكە یان شێوازی نوێ.
پارتی هەوڵی دا لە گەڵ ئێران پەیوەندی ئاسایی بكاتەوە, چونكە پشتیوانییە نێودەوڵەتییەكەی چەندە بەهێز بێت, كارایی ئێرانی نابێت لە بەغدا, لەوێوە پەنجە ی خستۆتە بنا قاقای, لەبەر ئەوەی دەست بەرداری توركیا و ئیسرائیل و ئەمەریكاو خەلیج نەبوو, بۆیە دوای سەفەرە سەركەوتووانەكەی نیچیر بارزانی ئەوجا لە كەركوك ئێران پشتی پارتی شكاند و روحی دڵی لە دڵی كوردستان هەڵكێشا و دای بە زەوییا, شایی سەفەرە سەركەوتووەكەی لێ كرد بە شین.
وەك دەبینین دانیشتنەكان میوانخانەی بابل لە بەغدا چەندە نا دەستووری بێت بەرەی توركیا هەر دەبێت زوڕنا لێبدەن, تانەكان لەناو تەنەكەی زبڵەكەن, دادگاكان سیاسین و بە ئیعازی كیلابییەكان كار دەكەن نەك ناوەڕۆكی دەستوور, دەسكەوتەكان خوداوەندی پیرۆزن.
دەست بردن بۆ ئەم سیناریۆیە لەم قۆناغەدا بۆ ینك زۆر مەترسیدارە و ئەگەری سیناریۆی چەشنی 31ی ئابی هەیە, زیانەكەی زۆر لە قازانجەكەی زیاتر دەبێت, رازی نەبوونیش بۆ پارتی ئەگەری دووبارە بوونەوەی سیناریۆی پەلاماری هەمە لایەنەی سەربازی هەیە لە لایەن عێراقەوە بەناوی چەسپاندنی شەرعیەت.
سیناریۆی دووەم گونجاوترە بۆ هەردوو لایان, ئەویش رێككەوتنە لە سەر كابینەی نوێ و بەردەوامیدان بە بارودۆخی حازر, بێشك حكومەتە كۆنەكە دەڕوخێنن, حكومەتێكی نوێ لە خۆیان و خۆیان دوور لە گۆڕان و سۆسیالست پێك دەهێننەوە, هەم یەكێتی دەیڕوخێنێت , هەم پارتیش بە دانانەوەی مەسرور بارزانی ناتوانێكەی سەر دەگرێت, بە بەشداری شەریكی نوێ یاخود هەر كۆنەكان , بەڵام ژمارەكەی دەگۆڕن لە كابینەی نۆوە بۆ كابینەی دە, ئاڵوگۆڕیش بە پۆستە سیادییەكان دەكەن, بەشی بنەماڵەكان زیادو كەم دەكات.
ئەوانەشی قوڕگیان لە گەڵ هاوار دڕا, ئیسراحەتیان نەكرد بە جرت و فرتی ئەم شارەو ئەو شارە, وێنە سێڵڤییەكانیان بۆ یادگاری بۆ دەمێنێتەوە..تاس و حەمامی جارانیش دووبارە دەبێتەوە.




دەنگدان نارەزایەتی دەسوتێنێ.. عوسمانی حاجی مارف

بایکۆتی بارزانی، هەڵبژاردنی خستە سەر ڕێگایەکی بنبەست و داخراوەوە، ئەوەی نیشاندا کەبەبێ بەشداری پارتی هەڵبژاردن ناکرێت، بۆیە دادگای فیدراڵی ناچارکرد، دەستبەرداری بەشێک لە بڕیارەکانی بێت و گۆڕانی تیا بکات، تا بارزانی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکات، واتە زۆر بەسادەیی دەتوانین بڵێین هەرکات بارزانی بەرەوڕوی هەڵبژاردنێک بێت زیانی هەبێت بۆی، ئەتوانێ ئیفلیجی بکات، ئەمەش واقعی سروشتی جۆری دەسەڵاتی سیاسیە لە کوردستانی عێراقدا، کە خاوەن هێزی میلیشیا باڵادەسەتە، نەک دەنگ و دەخالەتی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا، ئەزمونی جۆری دەسەڵاتی سیاسی زۆنی زەردو زۆنی سەوز لە سیوسێ ساڵی ڕابردودا ئەوەی نەشاردۆتەوە، کە هەڵبژاردن چ گاڵتەجاریەکەو هیچ کات نەیتوانیوە هیچ گۆڕانێک یا کۆتایی هێنانبێت بەدەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی.
واتە پێش هەر شتێک پێویستە ئەوە بە هەند وەرگرین کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی نەیتوانی سیاسەتەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” کە پێکهێنەری حکومەتی عێراقن، لەبارەی هەڵبژاردنەوە خۆی بسەپێنێت، نەیتوانی بارزانی ملکەچ کات بۆ ئەو سیاسەتەی تاڕادەیەک بە بەرژەوەندی تاڵەبانی دەشکایەوە.
واتە بڕیاری بەشداری نەکردنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا، ئەوەی راگەیاند کە هەڵبژاردن ناتوانێ دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بگۆڕدرێت، چونکە گەر وانیە، ئەوە ئاسانترین فرسەت بو، پارتی تەریک بکرێتەوەو هەڵبژاردن بەگوێرەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ئەنجام بدرایەو دەسەڵاتی پارتی کۆتایی پێ بهێنرایە، بەڵام دیمان کە ناتوانرێت کارێکی لەو چەشنە ئەنجام بدرێت، دادگای فیدراڵی بەناچاری بڕیارەکانی گۆڕی.
ئەو خەیاڵات و چەواشەکاریانەی ئۆپۆزسیۆن وەک ئومێدێک بۆ کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی بانگەشەی بۆدەکەن، بێناوەڕۆک و بێ مانان، چونکە لە گەڵ هەر ئاڵوگۆڕێک کە لەدۆخی سیاسی کوردستاندا ڕویدابێت، یان پەیوەندیەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بارگرژی تێکەوتبێت، هەروەها حکومەتی عێراق و هێزەکانی شیعە فشارێکی زۆریان لەسەر بارزانی و تاڵەبانی دانابێت و میلی هاوسەنگی هێزیان بەقازانجی حکومەتی عێراق وەرچەرخاندبێت، مانای ئەوە نیە کۆتایی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیە، دەسەڵاتی زۆنی زەردو سەوز لاوازن لەبەرامبەر حکومەتی عێراقداو ناچارکراون ملکەچی ئەو واقعیەتەبن، حکومەتی عێراق ئەم دووهێزە میلیشیایەی بزوتنەوەی کوردایەتی بەو شێوەیە لاپەسەندە کە پاشکۆی سیاسەتەکانی حکومەتی عێراقبن، پارتی و یەکێتیش لە چوارچێوەی ئەو ململانێیانەی لە چەند ساڵی ڕابردودا لەبەرامبەر حکومەتی عێراقدا هەولیان بۆداوە، نەک مایەپوچ مانەوە، هەنگاوبەهەنگاو ئایندەی بەرژوەندیەکانیان لە ژێر سێبەری سیاسەتی حکومەتی عێراقدا پێناسەدەکەنەوەو پێگەی خۆیان دەپارێزن، بەڵام لەبەرامبەر خەڵک و ئەولایەنانەی وەک ئۆپۆزیسۆن خۆیان پێناسە دەکەن، پارتی و یەکێتی بەداخەوە کە توانایان نەگۆڕدراوەو بەردەوامی بەدەسەڵاتەکەیان ئەدەن و بەهیچ جۆرێک هەڵبژاردن ناتوانێ ئەو پرۆسەیەبێت مانای کۆتایی دەسەڵاتەکەیانی لێکەوێتەوە. لەلایەکی تریشەوە ئۆپۆزسیۆن بانگەشە بە ئومێدێکەوە دەکات کە گوایە لەڕێگەی پشتیوانی بە حکومەتی عێراق و دادگای فیدراڵیەوە ئەتوانن سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەڵام ئەوەی زۆر ڕۆشنەو حکومەتی عێراق و هێزەسیاسیەکانی عێراق بەهیچ جۆرێک حسابی لەسەر ناکەن، ئەو لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەی کوردستانە کە جێگای متمانەی سیاسی و بەرێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی نین، ئەو ئەرک و کارەو پێشخزمەتیەی بارزانی و تاڵەبانی ئەتوانن بۆ حکومەتی عێراق ئەنجامی بدەن، ئۆپۆزسیۆنەکەیان کۆمەڵێ لایەنی بێکارو هیچ لەبارانەبون.
هەروەها شێوازی ئەم هەڵبژاردنە ٢٠/١٠ی ئەمساڵ بە هەر جۆرێک بەڕێوەببرێت و هەرلایەنێک بەڕێوەی بەرێت، مانای ئەوە نیە ئەتوانرێت دەرگای ساختەکاری بەرامبەر بەهێزی میلیشیا ببەسترێت، ئەوەش بەدوور نازانم کە لایەنەکانی حکومەتی عێراق یارمەتی پارتی و یەکیتی لە ساختەکاریدا بدەن، جگە لەوەش هەردوو هێزی دەسەڵاتدار نفوزێکی تایبەتی بەخۆیان هەیە کە وەک دەنگدەری جێگیر حسابیان لەسەر کراوە، کە ناتوانن دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی و یەکێتی نەدەن کە ژماریەکی کەم نین، کە ئۆپۆزسیۆنەکان لەم جۆرە دەنگدەرانە بێبەشن، دەنگدان بۆیان پەیوەستە بە مەزاجی دەنگدەرانەوە، بۆیە داوا دەکەن زۆرترین کەس بەشداری بکات.
نابێت فریوی ئەوە بخۆێن کەبە دەنگدان ئەتوانن ئەم دەسەڵاتە ئاڵوگۆڕ پێبکەن، بۆیە نەچون بۆ بەردەم سندوقەکان و دەنگ نەدان بەشێک دەبێت لە پیادەی ئەو ئاڕاستەیە کە خەڵکی ناڕازی لەڕاستای ئەو ئامانجەدان کە بە ڕاپەڕینی جەماوەری دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتە کۆتایی پێبهێنن.
ئەوەی ئاشکرایە دەنگدان سەنگی مەحەکی مانەوە یان نەمانەوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی نەبووە نابێت، هەڵبژاردن لەکوردستان ئەو تایبەتمەندیەی هەیە کە تەنها ئامرازێکە بەدەستی بارزانی و تاڵەبانیەوە کە بەناوی هەڵبژاردنەوە شەرعیەت بەدەسەڵاتەکەیان بدەن، دەنا هەلبژاردن بکرێت یان نەکرێت زۆنی زرەدو و زۆنی سەوز باقیە، فرسەتدان بەبەشداری لایەنەکانی تریش بەهەر ناوێکەوە یان بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە، تەنها ئارایشکردنی شێوازی هەڵبژاردنەکەیە. ئاشکرایە کە ئەنجامی دەنگدانی ئەم هەڵبژاردنەش هەر جۆرێک بێت ناتوانێ ئاڵوگوڕ لەدەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی پێشبینی بکرێت، بەڵام دیارە ئەم دۆخی بێزاری و تورەیی و ناڕەزایەتیە فراوانەی خەڵک لەبەرامبەر حکومەتی هەرێمدا، ڕێژەی دەنگدەر کەمدەکاتەوە، ئەمەش زیاتر بەزیان بۆ لایەنەکانی بە ناو ئۆپۆزسێۆن تەواو دەبێت، چونکە ئۆپۆزسیۆنی بەشدار لەم هەڵبژاردنەدا، تەنها ئومێدیان بەدەنگدانە، نەچونی خەڵک بۆ دەنگدان، بی ئومێدیان دەکات لەو چاوەروانیەی کە بە هەڵبژاردن بۆ بەدەست هێنانی چەند کورسیەک هەیانە، ئەمەش مایەی ئەو مەترسیەیە بۆیان کە نەتوانن کورسی پێویست بەدەست بهێنن.
نەچون بۆ دەنگدان پێویستیەکی گەشەسەندنی نارەزایەتیەکانی خەڵکە، کە لە ڕۆژی دەنگداندا نەچینە دەرەوە و نەچینە سەر سندوقەکانی دەنگدان، نەچون بۆ دەنگدان مانای نایەکی گەورەیە بۆ ئەم دەسەڵاتە، چونکە تەواوی لایەنەکان بۆ ساختەکاری و بەسەرکەوتن گەیاندنی هەڵبژاردنەکەیان پێویستیان بە نیشاندانی وەستان و ڕیزبونی خەڵکە لە بنکەکانی دەنگداندا، پێویستە لەبەرامبەر ئەو ڕاستیەدا بەئاگابین کە دەنگی ئێمەیان ناوێت، تەنها وەک ئەکتەرێک بەکارمان دەهێنن، بۆیە یەکەم؛ نەچون بۆ دەنگدان ڕیسواکردنی تەواوی پرۆسەی گاڵتەجاری هەڵبژاردنەکەیانە، چونکە ئەوان بەهەر فروفێڵ و شێوازێکی ناشایستەو ساختەکاری بێت ئەتوانن یاری بەدەنگەکان بکەن. دووەم؛ ئەوان پێویستیان بە کۆبونەوەی خەڵکە بەدەوری بنکەکانی دەنگدان تانیشانی بدەن کە هەڵبژاردنەکەیان شەرعیەتی هەیە. بەڵام ئەوانەی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن و کاندیدیان هەیە، بە فریودانی ئەوەی دەنگی خەڵک نەسۆتێ لەخەڵک دەپاڕێنەوە بچن دەنگ بدەن، بەڵام کەسی ناڕازی بچێت بۆ دەنگدان یا نەچێ دەنگەکەی هەرسوتاوە، نەچون بەهێزکردنی پرۆسەی ناڕەزایەتیەکانمان نیشان ئەدات، چون بۆ دەنگدان دەنگی ناڕەزایەتی دەسوتێنێت.
بانگەشەی ئەم جارەیان بۆ هەڵبژاردن، ناتوانن بە بەڵێنی دابینکردنی خواست و موچەو پیداویستیەکانی ژیانی خەڵک فریوکاری بکەن، چونکە بە لاوازی پێگەیان لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا ئەو هەلەیان لەدەستداوە کە ڕویان بێت بانگەشەیەکی لەو چەشنەبکەن، زیاتر لە گۆشەیەکەوە بانگەشەکانیان ڕادەگەیەنن، کە ڕیسواکردن و تاوانبارکردن و شکاندنی یەکترە تائاستی دروشمی کۆتایی دەسەڵات، بەمجۆرە بانگەشەکەیان زیاتر نیشاندانی دۆخی شەڕە تا ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن بێت، ئەتوانم بڵێم هەڵخڕاندنی دۆخێکی لەم چەشنە زیاتر پێویستی بە نەچون بۆ دەنگدان و ڕیسواکردنی پرۆسەکەیانە، گەر ئۆپۆزسیۆنێکیش هەستی دڵسۆزی و پشتیوانی بۆ خواست و ئایندەی خەڵک هەبێت، لەڕیزی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا دەوەستێت بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە لە ڕێگەی ڕاپەڕین و شۆڕشی جەماوەریەوە، نەک بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا کەدەسەڵاتداران بۆ شەرعیەتدان بەدەسەڵاتەکەیان بەکاری دەهێنن.




تانیشک بچووکترین وەرگری دکتۆرایە لە جیهـان.. رەزا شـوان

(تانیـشک ماتـیۆ ئەبـراهـام) لاوێکی هـیندی ـ ئەمـریکـییە، لاوێکی پەرجـۆ و نـاوازەیە. بچووکـترین لاوە لە جیهـانـدا، کە لە تەمەنی (١٩) ساڵیدا، بە پـلەی نایاب دکـتۆرای لە (ئەنـدازیاریی بایـۆپـزیـشکی) دا وەرگـرت. تێـزی دکتۆرای تانـیشک لەسەر پەرەپێـدانی سیستەمی زیرەکی دروستکراوە. کە لە نەخۆشییەکانی دەستنیشانکردندا بەکاردەهێنرێت. دکتۆر تانیشک ئەبـراهـام، شۆڕشێکی ئەنـدازیاریی بایـۆپـزیشکی لە جیهـاندا بەرپاکرد.
باوکی تانیـشک ناوی (بـیجـۆ ئەبـراهـام) ە، ئەنـدازیـاری نەرمەکاڵا “بەرنـامەسازی”یە. دایکیشی دکتۆر (تاجی ئەبراهـام) ە. توێـژەری ڤـێتـێرنەری یە. خەڵکی شاری (کیرالا)ی هـیـندستانن. لە پـێـناوی هـەلی کارێـکی باشـتر و گـوزەرانـێکی خـۆشـتردا، کـۆچـیان بۆ ئەمـریکا کـرد. تانـیـشک ئەبـراهـام، لە سـاڵی (٢٠٠٤) دا، لە شـاری (ساکـرامـنتـۆ) لە ویلایەتی کالـیفـۆرنیا لە ئەمـریکا، لەدایک بـووە. پـۆلەکانی خوێنـدنی بنەڕەتی لە کامپی پەنـابـەران تەواوکـرد. لە مـاڵـیـشەوە، دایـک و بـاوکی وانـەی تایبـەتـییان پێـدەوتـەوە.
بەپێی ریزبەندیی ساڵەکان، دکتۆر (تانیشک ماتیۆ ئەبراهـام) ی پەرجـۆتان پێدەناسێنین.
١ـ لە تەمەنی (٢) ساڵیدا: دایک و باوکی بە تایبەتیش دایکی، تێبینی ئەوەیان کـردووە، تانیـشک لە تەمەنی (٤) مانگـیدا دەستیکـرد بە نیشانـدانی بـلیـمەتی، کە زۆر حەزی لە پەرتـووکی منـداڵان بـوو. پەڕەکانـیانی هـەڵـدەدایەوە و بە وردی سەرنـجی وێنـەکانیانی دەدا. لە تەمەنی دوو ساڵیدا، هەموو ئەو شتانەی کە بیستووبوونی یان خوێندبوویانەوە، بە ییـری خـۆی دەهـێـنانەوە. هـەر لـەم تەمـەنـەدا، پـرسـیارە سەرەتـایـیەکانی بیـرکاریی جـێبەجـێدەکـرد. کە زۆر کەس ناتـوانـن ئەنجـامـیان بـدەن.
٢ـ لە تەمەنی (٤) ساڵـیدا: پەیـوەنـدیی بە کۆمەڵەی (مـێـنسا) وە کرد، کە رێکخـراوێکی جیهـانییە، تایبەتە بە کەسانی زۆر زیـرەکی باڵا لە جیهـانـدا. لە تاقـیکردنەوەکانی ئاستی زیـرەکی ستانداردی مێنسادا (٩٩،٩%) پلەی بەدەستهێنا. بوو بە یەکێک لە بچووکترین ئەنـدامانی مـێـنسا لە جـیهـانـدا.
٣ـ لە تەمەنی (٥) ساڵـیدا: لە مـاوەی (٦) مـانگـدا، بە پـلـەی نایـاب، بـڕوانـامەی هـەر (٥) کۆرسەکەی بیرکاری وەرگرت. کە پرۆگرامەکانی پەروەردەیی بوون، بۆ فێرکردنی منداڵانی بەهـرەمەنـد. زانکـۆی (سـتانـفـۆرد) رێکـیخـستـبوون و پێشکەشیانی دەکـرد.
٤ـ لە تەمەنی (٦) ساڵـیدا: بـڕوانـامەی تەواوکردنی کۆرسی ئامـادەیی و کـۆلـێژیی، لە بـوارەکانیی: کـیمـیا، زانستی زینـدەوەرزانی، بایـۆلـۆژی، جیـۆلـۆجی دا، وەرگـرت. کە بچـووکـتریـن قـوتـابی بـوو، کـۆمـەڵەی (فـای تیـتا کاپـا) بە شانـازیـیەوە وەریـگـرت.
٥ـ لە تەمەنی (٧) ساڵیـدا: کورسێکی کـیمیای بە پـلەی نایـاب لە رێگەی ئـۆنلایـن، لە زانکـۆی کالـیفـۆرنیا، لە بـیرکـلی تەواوکـرد. هەر لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، کۆرسێکی تری لە بـواری جـیۆلـۆجی و فـەلـەکـناسی، لە کـۆلـێژی (ئەمـریکی ریـڤـەر) لە شاری ساکـرامنـتۆ، بە پـلەی یەکـەم دەرچـوو.
٦ـ لە تەمەنی (٨) ساڵیدا: بوو بە جێگری سەرۆکی دامەزرێنەری یانەی فەلەکناسی لە کۆلێژی ریڤەری ئەمریکی. هەر لە هـەشت ساڵیـدا، لە کاتی پـشکـنین و لێکۆڵـینەوە لە سـەدان وێنـەی روانـگەی ناسـای مـەودا دوور ـ پـرۆژەکانی کـیـلەری ناسـا. تـانیـشک بەرپـرس بـوو، لە دۆزینـەوەی هـەسارەیـەکی دەرکی و زریـانـێکی خـۆر.
٧ـ لە تەمەنی (٩) ساڵیدا: بچـووکترین کەس بوو، کە لە ساڵی (٢٠١٢) دا، بەشداریی لە کـۆنـفـرانسێکی ناسادا (ئەیـمس) کرد و وتەیەکی پێـشکەش کـرد. هەر لەم تەمەندا، بوو بە ئەنـدامی دوو ساڵەی کۆمەڵەی ئابـڕوومەنـدیی زانکۆیی (تیتا کاپا)ی ئەمریکی.
هـەر لـە تەمـەنی نـۆ سـاڵـیدا، لە سـاڵی (٢٠١٤ـ ٢٠١٥) وەک بچـووکـتریـن کـەس هـەڵـبژێـرایـەوە و بەشـداریی لە کـۆنـفـرانسی ناسادا کـرد و وتـەیەکی پـێـشکەش کـرد.
٨ـ لە تەمەنی (١٠) سالـێدا: بـرۆنامەی دبلـۆمی قوتابخانەی ئامادەیی بەدەستهـێنا. کە بچووکترین کەس بوو لە ئەمریکادا، لە دە ساڵیدا بڕوانامەی ئامادەیی بەدەستهـێنابێت. هـەر لە دە ساڵـیدا، دووبـارە بە جـێگـری سەرۆکی پەیـوەنـدییەکان هـەڵـبژێـرایـەوە.
٩ـ لە تەمەنی (١١) ساڵـیدا: لە کۆلـێژی (ئەمریکی ریـڤـەر) سێ بـڕوانـامەی بەشداری لە زانستە بیرکاری و فیزیاییەکان، زانستە گشتییەکان، خوێندنی زمانی بیانی، بە نمرەی نایـاب بەدەسـتهـێـنا.
١٠ـ لە تەمەنی (١٢) ساڵیدا:(سکۆلەرشیپی ریجێنس ـ هاوڕێتی) لە زانکۆی کالیفۆرنیا سانتاکـرۆز وەرگـرت. لە زانکـۆی کالـیفـۆرنیا لە شاری (دەیـڤـس) لە ئەمریکا وەرگیرا. بۆ ئـەوەی درێـژە بە خـوێنـدنی بەکالـۆریـۆس بـدات.
١١ـ لە تەمەنی (١٤) ساڵیدا: لە زانکـۆی کالـیفـۆرنیا بە پـلەی ناب و بە پلەی شانازی، بـڕوانـامەی بەکالـۆریـۆسی لە (ئەنـدازیـاریی بایـۆپـزیـشکی) دا بەدەسـتهـێـنا. بـوو بـە دکتـۆر دانیـش ئەبـراهـام.
دکـتور دانیشک، هەر لە چـواردە ساڵـیدا، دەسـتی بە خـوێنـدی دکتـۆرا کـرد. گـرنگی دا بە پەرەپێـدانی زیـرەکـیی دروسـتکـراو بـۆ دەستـنیشانـکـردنی نەخـۆشـییەکان.
١٢ـ دکتۆر تانیشک ئەبـراهـام، لە تەمەنی (١٩) ساڵیدا، لە (٧/ حوزەیـران/٢٠٢٣) دا، بە پـلەی نایـاب، لە زانکـۆی کالـیفـۆرنیـا لە شـاری دەیــڤـس لە ئەمـریـکا، بـڕونـامەی دکتـۆرای لە (ئەنـدازیـاریی بایـۆپـزیـشکی) دا، وەرگـرت. بـوو بە بچـووکترین وەرگری بڕوانـامەی دکـتۆرا لە جیهـانـدا.
لە ئاهـەنگی دەرچـوونیدا، بێجگە لە دایک و باوکی و خوشکە بچووکەکەی، داپیرەشی دکـتۆر (تـانکام مـاتـیۆ)ی تەمـەن (٩٠) ساڵ ئامـادەبـوو، کـە یەکـەم ژنـی هـینـدیـیە کە بـڕوانامەی دکتۆرای لە پـزیشکی ڤـێـتێرنەری لە هـیندستانـدا بە دەستهـێـناوە. باپیرەی کۆچکردووشی، دکتۆر (زەکەریا ماتیـۆ) تـویـژەری ڤـێتێرنەری بـوو. تانیشک ئیلهـامی لە باپیـرە و داپیـرەیەوە وەرگرتـووە. پێـزانینیـشی بۆ پشتگـیریی دایک و باوکی هـەیە.
١٣ـ دکتۆر تانیشک لە ئێستادا، تەمەنی (٢٠) ساڵە، تا ئێستا لە چەنـدین کۆنفـرانس و ۆرکـشۆپ و کۆنگـرەدا، بەشداریی کردووە و باسی لە بارەی زیرەکیی دروستکراوەوە پێـشکەش کـردووە. وانـەی وتـووەتەوە، لە تاقـیگاکـانـدا تـاقـیکردنەوەی ئەنجـامـداوە.

دکتۆر تانیشک ئەبراهـام، لە چەنـدین بەرنـامەی تەلەفـزیـۆنی و رادیـۆیی، رۆژنامەیی، دەربـارەی پسـپۆرییەکەی، دیمانەیان لەگەڵـدا سازداون. پێـشتریش وەک بەڕێـوەبـەری سۆشیال میدیای تایبەت بە (تویتەر) کاری کردووە. تانیشک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، زۆر چالاکە. لە ئێستادا کۆمپانیای تـوێـژینەوەی زیـرەکیی دروستکـراوی پـزیشکی، بە نـاوی (میـدبـارک) دامـەزرانـدووە و هـەر خـۆی بـەڕێـوەی دەبـات و سـەرکـردایـەتـیی دەکـات. ئـەم کۆمـپانیایە گـرنـگی بە راهـێـنانی مـۆدێـلی بنـەڕەتی بـۆ پـزیـشکی دەدات.
بێجگە لەو چالاکـییانە، تانیشک گەلـێک کار و چـالاکـیی جـیاوازی تـری ئەنجـام داون.
تانیشک ئەبراهام، بووە بە نموونە و سەرمەشق بۆ لاوان لە جیهاندا، بۆ چاولێکردنی.
شایەنی باسە و جێی سەرنجە، خوشکەکەی تانیشک، کە ناوی (تیارا ماتیۆ ئەبراهام)ە، لە خـۆی بچـووکترە، ئەویش نەوجـوانێکی بلـیمەت و پەرجـۆیە. لە تەمەنی (٤) ساڵیدا بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی مێنسا. لە تەمەنی (١٦) ساڵیدا، بـروانامەی بەکالۆریۆسی لە مـوزیک لە زانکـۆی کالـیفـۆرنیا بەدەستهـێـنا. لە تەمـەنی (١٨) ساڵیـشدا، بـروانـامەی ماستەری لە مـوزیکدا، لە کۆلـێژی جاکـوب لە زانکۆی (ئیندیانا) بەدەستهـێنا. لە ساڵی (٢٠٢٢) دا، خەڵاتی هـونەرمەنـدە گەنجەکان، لە دەنگی کلاسیکـدا، بە تیـارا بەخـشرا.
دکتۆر تانیـشک ئەبـراهـام، ئاواتەخـۆازی ئەوەیە، کە ببێـت بە بـراوەی خەلاتی نـۆبـڵ. ببێت بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگـرتووەکانی ئەمریکا. بێگومان، لە بەردەم ئیرادەیەکی بەهـێز و خەبـات و کۆڵـنەدانـدا، هـیچ شـتـێک نیـیە کە نـاوی ئەسـتەم بـێـت.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابـەتە، سـوودم لە چەنـدی سایتی ئینگـلیزی وەرگـرتـووە.
نەرویـج: ٢٠٢٤




خوناوی شیعر.. ستار ئەحمەد

ئیتر تەواو
لەدەفتەری بوونا خۆم دەسڕمەوە
سێبەرەكەت دەشێلم و
قومێك عەشق لەلێوانت دەخۆمەوە
بەسەر شانی تەنیاییدا سەردەكەوم
دەست لەبەركی نامۆیی گیردەكەم
لەگەڵ گۆشەی نەبوونیا دەبمە هاودەم
لەگۆرانی دەئاڵێم و
گیتارەكان دەكەم بەدڵ
شەوانە هەناسەیەك
لەرۆحی گوڵێكەوە دەرچێت
بەشنەی با خۆم دەپێچمەوە
لەبەرامە شیعرێك دەچنم
مەلۆتكەی حەسرەتی
بۆ دەكەمە ریتم و
وێنەی پەیڤەكان دادەگیرسێنم
تاریكی لەدورگەی ئەوین هەڵئەدەم
دەكەومە دوای زریان
بەتەرزە خەناوكەیەكت بۆ دەهۆنمەوە
بەهەنسك خوناوی شیعر رادەماڵم
نەتۆ بوویتە عاشقی من و
نەگۆشەیەكی ئەم خاكەش
ژوانگەیەكی بۆ رەخسانم
هەتا بڵێم فەرموو وەرە میوانم بە
منیش وەك تۆ خاوەن ماڵم
نە بستە خاكێكیش هەتا ئەمڕۆ
بوو بەداڵدەو نیشتمانم

ستار ئەحمەد




خه‌ڵاته‌‌کانی ٢٩مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بۆسان” دیاریی کران.. ئامادەکردنی: مەنسوور جیهانی

خه‌ڵاته‌‌کانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی بیست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بۆسان” له وڵاتی کۆریای باشوور ده‌ستنیشان کران.

ڕێوڕ‌‌سمی کۆتایی بیست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بۆسان” Busan به ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانی پێشبڕکێی، سینه‌ماکارانی به‌شداربوو له فێستیڤاڵ، چالاکانی پیشه‌گه‌ڕیی سینه‌مایی و هه‌روه‌ها هۆگرانی هونه‌ری حه‌‌وته‌م له ناوه‌ندی “سینه‌مایی بۆسان” له شاری بۆسان له وڵاتی کۆریای باشوور به‌ڕێوه‌چوو و براوه‌کانی به‌شی پێشبڕکێی “ڕه‌وته‌ نوێیه‌کان” New Currents، به‌شی “خه‌ڵاتی کیم جیسێئوک” Kim Jiseok، به‌شی “خه‌ڵاتی مێکێنات” Mecenat، به‌شی “خه‌ڵاتی سونجێ” Sonje، به‌شی “خه‌ڵاتی نێتپه‌ک” Netpac، به‌شی “خه‌ڵاتی فیپێڕشی” FIPRESCI و … دیاریی کران.

باشترین فیلمی به‌شی پێشبڕکێی “ڕه‌وته‌ نوێیه‌کان”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی پێشبڕکێی “ڕه‌وته‌ نوێیه‌کان” New Currents له بیست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بۆسان” که بریتی بوون له؛ “محه‌ممه‌د ڕه‌سووڵ ئۆف” Mohammad Rasoulof ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی ئێران ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “لی مێۆنگ ـ سێ” LEE Myung-Se ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی کۆریای باشوور، خاتوو “ژوو دۆنگیۆ” Zhou Dongyu ئه‌کته‌ر له وڵاتی چین، خاتوو “کاتی کۆسرۆتی” Kani Kusruti ئه‌کته‌ر له وڵاتی هیندستان و هه‌روه‌ها خاتوو “ڤاتیا کاڵۆیێرسیج” Vanja Kaludjercic به‌رپرسی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “ڕۆتێردام” Rotterdam له وڵاتی هۆڵه‌ندا، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئه‌م به‌شه‌ی فێستیڤاڵ، واته؛ خه‌ڵاتی نه‌قدی بڕیی پاره‌ی ٣٠ هه‌زار دولاری به فیلمی سینه‌مایی “نیشتمانی سپێده‌ی هێمنایه‌تی” The Land of Morning Calm له ده‌رهێنانی “پارک ڕی ـ وونگ” PARK Ri-woong به‌رهه‌می وڵاتی کۆریای باشوور و هه‌روه‌ها
فیلمی سینه‌مایی “ما ـ گریانی بێده‌نگی” MA – Cry of Silence له ده‌رهێنانی “ماو ناینگ” The MAW NAING به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی میانماڕ، کۆریای باشوور، سه‌نگاپوور، فه‌ڕه‌نسا، نۆڕوێژ و قه‌ته‌ر به‌خشرا.

باشترین فیلمی “خه‌ڵاتی کیم جیسێئوک”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “خه‌ڵاتی کیم جیسێئوک” Kim Jiseok له‌م ڕووداوه گرینگه سینه‌ماییه که بریتی بوون له؛ “کریستییه‌ن ژوونێ” Christian Jeune به‌رپرسی به‌شی فیلمی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “کان” Cannes له وڵاتی فه‌ڕه‌نسا ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “پڕاسانا ڤیتاناژ” Prasanna Vithanage ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی سریلانکا و هه‌روه‌ها خاتوو “شین سۆوۆن” Shin Suwon ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی کۆریای باشوور، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئه‌م به‌شه‌، واته؛ خه‌ڵاتی نه‌قدی بڕیی پاره‌ی ١٠ هه‌زار دولاری به فیلمی سینه‌مایی “گوندی ئه‌ستێره‌کانی ٢” Village Rockstars 2 له ده‌رهێنانی “ڕیما داس” Rima DAS به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی هیندستان و سه‌نگاپوور و هه‌روه‌ها فیلمی سینه‌مایی “یێن و ئای ـ لی” Yen and Ai-LEE له ده‌رهێنانی “تام لین شۆ ـ یۆ” Tom LIN Shu-Yu به‌رهه‌می وڵاتی تایوان پێشکه‌ش کرا.

باشترین به‌ڵگه‌فیلمی به‌شی “خه‌ڵاتی مێکێنات” Mecenat
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “خه‌ڵاتی مێکێنات” Mecenat، له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵ که بریتی بوون له؛ “موحسین مه‌خمه‌لباف” Mohsen Makhmalbaf ده‌رهێنه‌ر، سیناریۆنووس و به‌رهه‌مهێنه‌ر له وڵاتی ئێران ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، خاتوو “ئاساکۆ فۆجیۆکا” Asako Fujioka جێگری سه‌رۆکی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “یاماگاتا” Yamagata له وڵاتی ژاپۆن و هه‌روه‌ها خاتوو “لی سووجۆنگ” Lee Soojung ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی کۆریای باشوور، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی باشترین به‌ڵگه‌فیلمی کۆریایی و ئاسیایی ئه‌م به‌شه‌، واته؛ خه‌ڵاتی نه‌قدی بڕیی پاره‌ی ٧٤٠٠ دولاری به به‌ڵگه‌فیلمی “کاره‌کان و ڕۆژگاره‌کان” Works and Days له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “پارک مینسۆ” PARK Minsoo و “ئاهن کیمی هایۆن” AHN Kearny Hyun به‌رهه‌می وڵاتی تایوان و هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌فیلمی “ماڵێکی دیکه” Another Home له ده‌رهێنانی “فڕانکی سین” Frankie SIN به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی تایوان، هۆنگ کۆنگ، چین و فه‌ڕه‌نسا به‌خشرا.

باشترین کورته فیلمی “خه‌ڵاتی سونجێ” Sonje
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “خه‌ڵاتی سونجێ” Sonje له بیست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بۆسان” که بریتی بوون له؛ “لیم دائێ ـ هیوونگ” Lim Dae-hyung ده‌رهێنه‌ر و سیناریۆنووس له وڵاتی کۆریای باشوور، خاتوو “کۆنێستانس تسانگ” Constance Tsang ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ئه‌مه‌ریکا و هه‌روه‌ها خاتوو “یاماناکا یۆکۆ” Yamanaka Yoko ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ژاپۆن، ده‌نگه‌کانی خۆیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی باشترین کورته فیلمی کۆریایی و ئاسیایی ئه‌م به‌شه له فێستیڤاڵ‌، واته؛ خه‌ڵاتی نه‌قدی بڕیی پاره‌ی ٧٤٠٠ دولاری به کورته فیلمی “یۆریم” Yurim له ده‌رهێنانی “سۆنگ جیسئۆ” SONG Jiseo به‌رهه‌می وڵاتی کۆریای باشوور و هه‌روه‌ها به کورته فیلمی”باگێک له زستان” A Garden in Winter له ده‌رهێنانی “ئه‌لئێنورێ مه‌حموودیان” Eléonore Mahmoudian و “هیرۆشی ماتسۆئی” Hiroshi Matsui به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ژاپۆن و فه‌ڕ‌‌ه‌نسا پێشکه‌ش کرا.

باشترین فیلمی “خه‌ڵاتی فیپێڕشی”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “خه‌ڵاتی فیپێڕشی” FIPRESCI فیدڕاسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی رخنه‌گرانی فیلم له‌م ڕووداوه هونه‌رییه‌دا که بریتی بوون له؛ خاتوو “تێرێز ڤینسێز” Teréz Vincze مامۆستای زانکۆ و ڕخنه‌گری سینه‌ما له وڵاتی هه‌نگاریا، “هسین وێنگ” Hsin Wang ڕخنه‌گری سینه‌ما له وڵاتی تایوان و هه‌روه‌ها خاتوو “سوئۆوون ڕیی” Souewon Rhee ڕخنه‌گری سینه‌ما له وڵاتی کۆریای باشوور، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئه‌م به‌شه‌یان به فیلمی سینه‌مایی “چیرۆکی نیشتمان” Tale of the Land له ده‌رهێنانی “لۆئێلۆ هیندرا” Loeloe HENDRA به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی ئه‌ندوونێزیا، فیلیپین، تایوان و قه‌ته‌ر پێشکه‌ش کرد.

باشترین فیلمی “خه‌ڵاتی نێتپه‌ک” Netpac
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی به‌شی “خه‌ڵاتی نێتپه‌ک” Netpac “تۆڕیی په‌ره‌پێدانی سینه‌مای ئاسیاپه‌سیفیک” له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵدا که بریتی بوون له؛ “ئیگاڕاشای کوهای” IGARASHI Kohei ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی ژاپۆن ـ سه‌رۆکی لێژنه‌ی دادوه‌ران، “هێرمان وان ئایکین” Herman VAN EYKEN مامۆستای زانکۆ له وڵاتی به‌لژیکا و هه‌روه‌ها خاتوو “کئم میۆنگ” KIM Miyoung ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی کۆریای باشوور، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی ئه‌م به‌شه‌یان به فیلمی سینه‌مایی “نیشتمانی سپێده‌ی هێمنایه‌تی” The Land of Morning Calm له ده‌رهێنانی “پارک ڕی ـ وونگ” PARK Ri-woong به‌رهه‌می وڵاتی کۆریای باشوور به‌خشی.

خه‌ڵاتی “هۆگرانی سینه‌ما”
ئه‌ندامانی لێژنه‌ی دادوه‌رانی خوێندکاران له به‌شی پێشبڕکێی “گۆشه‌ی کراوه” Wide Angle له‌م ڕووداوه سینه‌ماییه پێکهاتوو له خوێندکارانی جۆراوجۆر له به‌شه‌کانی په‌یوه‌ست به سینه‌ما له شه‌ش زانکۆ له ناوچه‌ی بۆسان، باشترین به‌ڵگه‌فیلمی کۆریایی و ئاسیایی فێستیڤاڵیان به‌م شێوه‌یه ڕاگه‌یاند:

خه‌ڵاتی “هۆگرانی سینه‌ما Cinephile Award به به‌ڵگه‌فیلمی “نه نیشتمانێکی دیکه” No Other Land له ده‌رهێنانی هاوبه‌شی “باسێل ئادرا” Basel Adra، “حه‌مدان به‌لال” Hamdan Ballal، “یۆڤاڵ ئابڕاهام” Yuval Abraham و “ڕاسێل سزور” Rachel Szor به‌رهه‌می هاوبه‌شی وڵاتانی فه‌ڵه‌ستین و نیپاڵ به‌خشرا.

خه‌ڵاتی بینه‌ران
خه‌ڵاتی بینه‌ران له به‌شی پێشبڕکێی “ڕه‌وته‌ نوێیه‌کان” له‌م خوله‌ی فێستیڤاڵ، به فیلمی سینه‌مایی “نیشتمانی سپێده‌ی هێمنایه‌تی” The Land of Morning Calm له ده‌رهێنانی “پارک ڕی ـ وونگ” PARK Ri-woong به‌رهه‌می وڵاتی کۆریای باشوور به‌خشرا. ئه‌م فیلمه، زۆرترین سه‌رپشکی له لایه‌ن بینه‌رانی فێستیڤاڵه‌وه له‌م به‌شه‌، بۆخۆی مسۆگر کردبوو.

“بۆسان” یه‌کێک له گرینگترین فێستیڤاڵه‌کانی کیشوه‌ری ئاسیا
فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بۆسان”، یه‌کێکه له گرینگترین فێستیڤاڵه‌کانی کیشوه‌ری ئاسیا و یه‌کێکه له ٢٢ فێستیڤاڵی باوه‌رپێکراویی ئه‌نجوومه‌نی به‌رهه‌مهێنه‌رانی جیهانی فیلم “فیاپف” FIAPF له ئاستی دنیادا. ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه به پشتیوانی وه‌زاره‌تی فه‌رهه‌نگ، شاره‌وانی و ئه‌نجوومه‌نی شاری بۆسان و ناوه‌ندی فیلمی کۆریا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ڕێزلێنانی “میگۆئێل گۆمێز” ده‌رهێنه‌ری ناوداری پورتوگالی
بیست و نۆیه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “بۆسان” به نمایشی کۆمه‌ڵێک فیلم له سینه‌ماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان له چه‌ندین به‌ش له‌وانه؛ ١٠ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی پێشبڕکێی “ڕه‌وته‌ نوێیه‌کان”، ١١ کورته فیلم کۆریایی له به‌شی “گۆشه‌ی کراوه”، ١٠ کورته فیلمی ئاسیایی له به‌شی “گۆشه‌ی کراوه”، ١٠ به‌ڵگه‌فیلم له به‌شی “گۆشه‌ی کراوه”، ٨ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “خه‌ڵاتی کیم جیسێئوک”، به‌شی “خه‌ڵاتی مێکێنات”، به‌شی “خه‌ڵاتی سونجێ”، به‌شی “خه‌ڵاتی نێتپه‌ک”، به‌شی “خه‌ڵاتی فیپێڕشی” و هه‌روه‌ها به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕکێی، له‌وانه؛ ٢٨ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “په‌نجه‌ره‌یه‌ک به‌ره‌و سینه‌مای ئاسیا” A Window on Asian Cinema، ٥ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “گاڵا” Gala، ٧ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “سینه‌مای کراوه” Open Cinema، ١٧ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “دیارده‌کان” Icons، فیلمێکی ژاپۆنی و ١٧ به‌ڵگه‌فیلم له به‌شی “ویترین” Showcase، ٦ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “شه‌یدای شه‌وانه” Midnight Passion، ٦ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “له‌سه‌ر په‌رده” On Screen، ٩ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “ته‌رکیز له‌سه‌ر ڕۆحی منداڵان، فیلمی منداڵان”، ٦ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی ڕێزلێنانی “میگۆئێل گۆمێز” Miguel Gomes ده‌رهێنه‌ری ناوداری پورتوگالی، ٦ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی ڕێزلێنانی “لی سان ـ کیۆن” Lee Sun-kyun ئه‌کته‌ری کۆچکردووی کۆریایی، ٢٩ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “سینه‌مای جیهان”، ٢٣ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “سینه‌مای ئه‌مڕۆی کۆریا”، ١١ فیلمی سینه‌مایی له به‌شی “فلاش فۆڕوارد” Flash Forward، به‌شی “ئاکادیمیای فیلمی ئاسیایی”، به‌شی “نمایشی تایبه‌ت”، به‌شی ڤۆرکشۆپی فێرکاریی “میگۆئێل گۆمێز” و “ئان هۆی” Ann Hui ده‌رهێنه‌ری هۆنگ کۆنگی ـ چینی، به‌شی “سندووقی سینه‌مای ئاسیا”، به‌شی “بازاڕی فیلمی ئاسیا” و چه‌ندین به‌شی دیکه له ڕۆژانی ٢ تا ١١ی ئۆکتۆبه‌ری٢٠٢٤ له سینه‌ما “بۆسان” و سینه‌ماکانی دیکه‌ی شاری بۆسان له وڵاتی کۆریای باشوور به‌ڕێوه‌‌چوو.

بۆ زانیاری زیاتر:

‌https://www.biff.kr/eng/addon/10000001/page.asp?page_num=8417




بەهاكانی ژیان كتێبێك بۆ بێ دەنگكردن و دەستەمۆكردنی گەنجان!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

بیركرنەوە لە بری ئەوانیتر، یەكێكە لەو تێگەیشتنە خراپانەی لە كۆمەڵگەی ئێمەا زۆرباوە. ئێمە هەمیشە دەمانەوێت، تێگەیشتنی خۆمان بە سەر هەموواندا بگشتێنین، بە بێ ئەوەی درك بەوە بكەین، كە مرۆڤەكان تایبەتمەندی خۆیان هەیە و خەم و كێشە و مەراقی هیچیان لەویتریان ناچێت. سرووشتی سایكۆلۆژیانەی هەر مرۆڤێك لەویتر جیاوازە، كاتێ كەسێك لە پێناو خۆشەویستەكەی خۆی دەكوژێت، یان دایكی و دواتر خۆشی دەكوژێت، ئێمە هەموومان ڕەخنە دەگرین، بەڵام دەبێ بزانین كەسمان ئەو نین و كەسیشمان ئەزموونی ژیانی ئەومان نەكردووە، بۆیە نابێت ژیانی خۆمان و تێگەیشتنی خۆمان بكەینە پێوەر بۆ تێگەیشتن و بیركردنەوەی ئەوانیتر. دەبێ بزانین مرۆڤەكان بە جیاوازییەوە دەژین و ژیان دەكەن، مەرج نییە ئەوەی من پێم پەسندە و دەیڵێم، لای هەمووان وا بێت و یاخود تەنها بیركردنەوەی خۆم پێ ڕاست و دروست بێت. مرۆڤ ئەگەر كەسێكی لە ڕوحی خۆشی خۆشتر بوێت و خۆشی لەودا توانبێتەوە، هەرگیز بە مانای جیاواز نەكەوتنەوە نایەت، مرۆڤ پێكهاتەیەكە لە هەست و ڕوانین و هزر و دنیابینی، بۆیە سایكۆلۆژیای مرۆڤەكان و جیهانبینییان، ئەگەر ئەوەندە نزیك و هاوشێوەی یەكتریش بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە پۆینتێك هەر جیاواز دەكەونەوە، بۆیە دەبێت ڕێز لە بیركردنەوەی مرۆڤەكان و ئازادی و تێگەیشتن و ڕوانگە و بیر و ڕایان لە بارەی هەر پرسێكەوە بگرین. ئێستا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، بە ناوی پەرەپێدانی مرۆیی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و گرفتی تاك و خێزان، جۆرە مۆدێك لە نووسین دروست بووە، كە ئەویش مۆدی بیركردنەوەیە لە بری هەمووان. بە جۆرێك كەسێك كتێبێك وەردەگێڕێت، یاخود دەنووسێت، مەبەستیەتی ئەوەی ئەو لەو كتێبەیدا لە ڕووی ناوەڕۆكەوە خستوویەتییە ڕوو، بۆ هەموو مرۆڤێكی ئەزموون بكات، وەك ئەو چۆن دەڕوانێتە مرۆڤێك، پرسێك، دیاردە و ڕووداوێك، هەموو كۆمەڵگە لەگەڵ ئەودا بن و وەك ئەو بیر بكەنەوە، كە ئەمەش ئەوپەڕی تێنەگەیشتنە لە واقیعی سایكۆلۆژی مرۆڤ. مرۆڤەكان، وەك چۆن لە ڕووی بایۆلۆژییەوە لە یەكتری جیان، بەو شێوەیەش لە ڕووی كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژی، ژیان و بیركردنەوەیان جیان.
گەر گوزەرێك بە نێو دنیای كتێب و بڵاوكردنەوە لە كتێبخانەكاندا بكەین، دەیان ناونیشانی سەیر و سەمەرەی كتێب سەرنجت ڕادەكێشن و فریوت دەدەن، ئەگەر یەكجار هوشیار و بیركەرەوە و خاوەن ناسنامەی كەسییانەی خۆت نەبیت. سەدان كتێب هەن، باس لەوە دەكەن ( چۆن بە ڕۆژێك دەوڵەمەند دەبیت، چۆن كۆنتڕۆڵی تووڕەییت دەكەیت، لە ماوەی چەند چركەیەك چۆن دەبیتە زمانزانێكی باش و قسەكەرێكی لێهاتوو، بە ئاسانی واز لە دوو دڵی بێنە، بۆچی پیاوان گوێ ناگرن، چۆن زیرەك دەبیت، چۆن ژیانی خۆت لە چەند ڕۆژێك دەگۆڕیت، زاڵبە بە سەر ژیانت، بە یەك ڕۆژ ئەتەكێتی ژیان فێر بە، چۆن بە ئاسانی دەوڵەمەند دەبیت، چۆن بە ئاسانی دەبیە بەڕێوەبەرێكی سەركەوتوو ) ئەم ناونیشانانە و دەیانی تر، لە ڕاستیدا بێ بەهاكردنی كتێب و بە بازاڕیكردنی كتێبە، لە پێناو قازانجی كەسی و بەشێك لە دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە. بۆ ئەوەی ببینە بەڕێوەبەرێكی سەركەوتوو لە هەر بوارێكدا، ئەوا دەبێ چەندین ساڵ كۆشش بكەین، فێر بین، ئەزموونمان هەبێت، ئیدی نازانم چۆن بە یەك دوو وتاری نێو كتێبۆكەیەك دەبینە بەڕێوەبەرێكی سەركەوتوو؟ بۆ ئەوەی ببینە زمانزانێكی باش، دەبێ هەزاران كتێب بخوێنینەوە، زمانزانی و ڕۆشنبیریی قسەكردن و هونەری دەربڕین، كاری یەك ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە. ئەم جۆرە قسە و بیركردنەوە سادانە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، مەترسی گەورە و كوشندەن، چونكە هوشیاری زۆربەی هەرە زۆری تاكەكان لەو ئاستەدا نییە درك بە جیاوازییەكان بكەن و قووڵ ببنەوە و بپرسن، بە ڕاست چۆن مرڤ بە ئاسانی دەتوانێت بەختەوەر بێت؟ ببێتە دانا و زانا؟ ببێتە كاریزما و هەرچی خەونی گەورەی هەیەتی بە دیبێنێت؟ ئێمە دەمانەوێت بە فریودان، یان بە سادە بیركردنەوە لە شتەكان و بینینیان، جیهانێك لە بەختەوەری و ئاسوودەیی ساختە و قریودەرانە بینا بكەین. جیهانێك مرۆڤ تەنها فێری بێ دەنگی، بوودەڵەیی، دەستەمۆیی و ترسنۆكی دەكات و هەرگیز ڕوحی بەرەنگاریی و یاخیبوونی لا دروست ناكات.
كتێبی ( بەهاكانی ژیان ) كە دكتۆر (فازڵ جاف) نووسیویەتی و وەك ئەزموون و ڕێسایەكی گەورەی ڕێنوینیكردنی ژیانی گەنجان، وەك ئەوەی لە ناونیشانەكەی نووسیویەتی دەیخاتە ڕوو، یەكێكە لەو كتێبانەی دەیەوێت بەختەوەرمان بكات، بەڵام فێرمان ناكات چۆن؟ دەیەوێت ببینە كاریزما و بە گەشبینییەوە بڕوانینە داهاتوو، هەموو كات خەونی گەورەمان هەبێت و دوور و گەشبینانە بڕوانینە چارەنووس و ئاییندەی ژینمان، بەڵام پێمان ناڵێت ئەمە چۆن لە ژێر سایەی دەسەڵاتێكی گەندەڵ و نا بەرپرس، پڕ لە جیاوازی چینایەتی و بێ دادی دەكرێت؟ چۆن دەتوانین لە نێو ژیانێكی ئەو پەڕی ڕەشبین، بێ ماف و بێ بوونی سەرەتاییترین پێداویستی ژیان، خەونی گەورەمان هەبێت؟ مەگەر ئەمە لە فریودان و هەڵخەڵەتاندنی مێشكی گەنجەكانمان بەولاوە هیچی ترە؟ ژاپۆنییەكان دەڵین:( ماسیمان بۆ مەگرن، فێری ماسی گرتنمان بكەن ) دروست دكتۆر لەو كتێبەدا، ئەوە نیشانی گەنجەكانمان دەدات و گەمێیەكی بێ سەوڵیان لە نێو دەریایەكی گڵاڕاو، گەورە و پڕ مەترسی دەداتە دەست و پێیان دەڵێت ( دەریاكە ببڕن! ) بە درێژایی ئەم كتێبە و بگرە نووسینەكانی دیكەشی، دكتۆر بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێ گەشبینانە گەنج و لاوەكانمان بڕواننە ژیان و هەرگیز نا ئومێد نەبن، خەونی گەورەیان هەبێت و كاری بۆ بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش نموونە لە ژیانی سەركەوتووی خۆی لە دەرەوە و هەروەها ژیانی گەنج و لاوانی كۆمەڵگەی خۆر ئاوایی دێنێتەوە، كە هەر لە دایك دەبن، هەموو مافێكیان هەیە ! ئەم جۆرە بیركردنەوەیە، لە ڕاستیدا بێ ئاگایە و بازدانە بە سەر حەقیقەتێكی تاڵ ئەویش نەدیتنی ئەو واقیع و ژیانە پڕ لە ئاریشە و بێ مافیەیە، كە گەنجانی كورد تیایدا دەژین. لە وڵاتێكدا، كە گەنج و لاوەكانمان لە بچووكترین ماف و پێداویستی سەرەتایانەی ژیانیان بێبەشن، باسكردن لەوەی خەونی گەورەیان هەبێت، خۆلادانە لە ژیانی ئەوان. نووسەر لەو كتێبەیدا، هەموو بەهایەك فێری گەنجان دەكات، بەڵام گەورەترین بەها، كە ڕوحی یاخیبوون و بوێریی و هاتنەوەیە بە گژ دەسەڵاتی ستەمكار و گەندەڵكاران، خۆی لێ دەبوێریت و فێریان ناكات. ئەو پێمان دەڵێت كە دەبێ بە تەنزەوە بڕوانینە ژیانمان، وەك وتم خەونی گەورەمان هەبێت، هەمیشە گەشبین بین، بایەخ بە جەستە و خۆراكی تەندروست بدەین، باوەش بۆ ژیانمان بكەینەوە، بەڵام بە داخەوە ئەوەی فێرمانی ناكات و زۆر پێویستیمان پێیە و چەقی هەموو گۆڕانكاریەكیش لەوێوە سەر هەڵئەدات، ڕوحی بەرەنگاریانەیە. كێشەی ئەو نووسەرانەی لە ئەورپا ژیاون و بەر كەلتووری ئەوێ كەوتوون لەوە دایە، جیاوازی لە نێوان خەونی گەنجێكی كورد و گەنجێكی سوێدی ناكەن، دەسەڵاتی دیموكراسی و هاووڵاتیبوونی ئەوێ و خێڵەكییانە و دواكەوتووانەی ئێرە لە یەكتری جیاناكەنەوە، بەختەوەری مرۆڤی كورد و تاكێكی ئەوروپی، بە یەك مەودا و خەون و ئامانج و تێكۆشان دەبینن. من لێرەدا نموونەیەكی بەرجەستە و تاڵ و تراژیدی و واقیعی ژیان بۆ دكتۆر دێنمەوە، تا بزانێت نەك هەر ئاسان نییە گەنجی كورد بەختەوەر و شادومان بێت و خەونی گەورەی لە ژیان هەبێت، بەڵكو هەموو وێستگە جیاوازەكانی ژیانی و تا مردنیشی، لە نێو ڕەشبینیەكی قووڵدا دەژیت. من برازایەكم قوتابی زانكۆی سۆرانە و كوڕە پێشمەرگەیە، زۆر جار پرسیاری ئەو نادادپەروەریەی نێوان ئەو كوڕە بەرپرسە گەندەڵانە و خۆیم لێ دەكات كە دوو دنیا و دوو ژیانی زۆر جیاوازیان هەیە ! پرسیار دەكات كێ ئەم واقیعەی دروست كردووە؟ ئەمە قەدەرێكی ئیلاهییە؟ یان بەرهەمی ئەو دەسەڵاتەیە، كە دكتۆر لە كتێبەكەیدا بە یەك وشەش ڕەخنەی ناكات؟ گفتوگۆی لەگەڵ دەكەم و بڕوایەكی لا دروست دەكەم، كە ئەمە كار نەكاتە سەر سرووشتی ژیان و پەیوەندی ڕۆژانەی لە زانكۆ، ڕۆژی دواتر كە چووە زانكۆ، ئەمجارەیان پرسیاری ئەوەم لێ دەكات بۆچی جیاوازی لە نێوان قوتابی كوڕ و كچ بە تایبەتی ئەگەر جوان بێت دەكرێت؟ ئەی بۆچی ئەو هەمیشە گیرفانی كەمێك پارەی تێدایە، بەڵام قوتابی هەیە لەگەڵ ئەو لە سایەی باوكە بەرپرس و گەندەڵەكەی، لەگەڵ مۆدێلی ژیان دەڕوات؟ كێ ئەو نایەكسانییەی بەرهەم هێناوە؟ باشە بۆچی بە ئاسانی لێپرسینەوە لەگەڵ قوتابییەكی هەژار دەكرێت، بەڵام لەگەڵ كوڕی بەرپرسێك نا؟ پرسیاری ئەوەم لێ دەكات، باشە مامۆ كە زانكۆم تەواو كرد، دەبێ دابمەزرێم؟ كارم دەست بكەوێت؟ بتوانم خێزان پێكەوە بنێم؟ داهاتووێكی پڕ لە سەركەوتن و گەشبینیم هەبێت؟ پرسیار لە دوای پرسیار، پرسیار بارانم دەكات، تا سەرەنجام وەڵامێكم پێ نامێنێتەوە، جارێكی دیكە بڕوایەكی گەشبینانەی ئەگەر كەم و بچووكیش بێت، لا دروست بكەم. بە داخەوە ئەمە واقیعی گەنج ولاوی كوردە، كە فازڵ جاف دەیەوێت هەمیشە گەشبین بن و خەونی گەورەیان لە ژیان هەبێت و بە تەنزەو بڕواننە ژیانیان، وەك ئەوەی نووسەر گەنجێك بدوێنێت لە وڵاتێكی ئەسكەندنافیا بژیت نەك كوردستان ! بێگومان هیچ بەهایەك، هیچ خەون و ئایندە و داهاتووێك لە ژێر سایەی دەسەڵاتێك بوونی نییە و نایەتە دی، ئەگەر ئەو دەسەڵاتە دادپەروەر، یەكسانخواز، پێشكەوتوو، مرۆڤدۆست و هاووڵاتی و دیموكراسی و عیلمانی نەبێت. باسكردن لەوەی لە نێو وڵاتێكی خەون كوژ و لە ژێر سایەی دەسەڵاتێكی بە نەزۆككردنی خەونەكان، دەبێ مرۆڤ خەونی گەورەی هەبێت، بە ڕاستی فریودان و دەستەمۆكردن و بێ دەنگكردنی گەنجانە. هیچ كۆمەڵگە و توێژێك، هیچ گەنج و لاو و تاكێك، ناتوانێت ئامانجی گەورەی لە ژیان هەبێت، ئەگەر سەرەتا ئامانجی یەكەمی ئەوە نەبێت، ئەو بەربەستانە بڕوخێنێت و ئەو ستەم و دەسەڵاتە بێباكە نەگۆڕێت، كە گوێ بە خەون و ئاییندە و گەشبینیان نادات. ئەمە لە زەمینەی واقیع و بە ئەزموون دەركەوتووە. بێگومان دكتۆر نووسەر و ئەكادیمییەكی هوشیار و تێگەیشتوو و ئەزمووندارە، زۆرباش ئەم حەقیقەتە دەزانێت، بەڵام كە باسی ناكات، لەلایەكەوە چاوی لێ دەپۆشێت، لەلایەكی دیكەشەوە وەك ژاپۆنییەكان مەبەستی نییە، فێری ماسی گرتمان بكات، بەڵكو دەیەوێت تەنها و بە بێ دەنگی ماسییەكان بخۆین. دەنا لە كوێوەی ئەم دنیایەدا، مرۆڤ دەتوانێت لە نێو زەمینە و ژیانێكی پڕ لە ڕەشبینی و نادادی و بێ مافی، خەونی گەورەی هەبێت و ژیان بە بەختەوەریەوە ببینێت و چاو ی لە ئاسۆیەكی گەش بێت؟ ئێمە چۆن بتوانین ژیانمان بە تەنزەوە ببینین و بە ڕێ بكەین، ئەگەر لە نێو فەزایەكی پڕ لە تراژیدیا و شكست و بێ ئومێدیدا بژین؟ دكتۆر، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە دەبێ گەنجی كورد بەردەوام ئاگاداری خۆراك و تەندروستیی خۆی بێت، جەستەیەكی وەرزشی بە هێز و ڕێكپۆش و جوان و سەرنج ڕاكێشی هەبێت، بەلام پێیان ناڵێت لە بەرانبەر ئەو هەموو نایەكسانی و بێ مافی و گەندەڵیەی هەیە، بیریان چۆن بێت ؟ ئەم جۆرە بیركردنەوەیە لە ژیانی گەنجی كورد، لای نووسەرێكی دیاریشەوە، مایەی ڕەت كردنەوە و ڕەخنەگرتنە، چونكە ئێمە هەر پێویستیمان بەوە نییە بە تەنزەوە بڕوانینە ژیان، چونكە ژیان وەك كارل پۆپەر دەڵێت:
(سەرتاپا هەمووی كێشەیە ) یاخود تەنها گرنگی بە تەندروستیمان بدەین ؟ ئەی هزر و ڕوانین و بیركردنەوەمان ؟ ئێمە چی لە جەستەیەكی جوان و ساغڵەم و بێ نەخۆشی بكەین، ئەگەر لە نێو ئەو جەستەیە، ڕوحێكی ترسنۆك و دەستەمۆكراو، نا بەرپرسیار و بێ هەست و درككردن هەبێت؟ ئەوەی ئێمە لە كوردستان پێویسنیمان پێیە و دكتۆر فازڵ جاف، لە بەر هەر هۆكار و بەرپرسیاریەتی و بەخششێكی دەسەڵات بێت، خۆی لێ دەبوێرێت و باسی ناكات، ئەو ڕوحە پڕ لە سەركێشی و سڕك و نەترسەیە، كە بە داخەوە گەنج دەبێت هەیبێت و نیانە، كەچی دكتۆر بەو كتێبە و لە ژێر ناونیشانی بەهاكانی ژیان و هزر و ئەزموون بۆ گەنجان، ئەوەندەی تر ئەو ڕوحە دەستەمۆكراوەیان لە ناخدا سەوز دەكات و بیریان بۆ ئەوە دەبات كە بە تەنزەوە بڕواننە ژیان و خواردنیان تەندروست بێت، بۆ ئەوەی جەستەیەكی ساغ و بێ نەخۆشییان هەبێت و زیاتر بژین ! چش لەوەی ئەو ڕوحەی لە نێو ئەو جەستەیە دایە چۆنە ؟! یاخود مرۆڤ بۆ ئەوەی پێگە و بە هایەكی لە ژیان هەبێت دەبێ تەنها كار و هێزی دەستی كار بكەینە پێوەر بۆ ئەو بەهایانە؟ فازڵ جاف لەو كتێبەیدا دەڵێت:
( كرێكارێكی بەختەوەر لە هەموو كرێكارێك بەرهەمی زیاترە. ل22) یەكێك لە دەرهاوێشتەكانی سیستەمی سەرمایەداری، كە ئەمڕۆ وەك تاكە سیستەم دنیا ئاراستە دەكات ئەوەیە، كە مرۆڤ تەنها لە كاركردن و هێزی دەستی كار دەبینێتەوە. واتا شوناسی مرۆڤ لەوەدا كورت دەكاتەوە، كە ئەو مرۆڤە چەندە وەك ئامێرێك كار دەكات و دەجوڵێتەوە و بەرهەمی لە پێنا و كۆمپانیا و دنیای سەرمایەداری هەیە. لەو سیستەمەدا، مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت بژیت و بەردەوامی بە مانەوەی خۆی بدات، بۆ ئەوەی بتوانێت شوێنێك لە دنیا و ژیان بگرێت، ئەوا دەبێ بەردەوام كار بكات، بۆیە سەیر نییە بەلامانەوە كاتێ دەبینینن تاكێكی خۆرئاوایی، لە دەستدانی كارەكەی زۆر بەلاوە لە مەرگ و مردنی فیزیكییانەی خۆی پێ بە ئازارتر و ناخۆشترە. لێرەوەش گەر سەرنج بدەین دەبینین، هیچ بوارێك بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤەكان نەماوتەوە و هەریەكەیان ڕۆبۆت ئاسا، بە پێی ئەو كار و كاتەی هەیەتی، لە نێو ئامێر و كارگەكان هەموو ژیانی بە سەر دەبات، كە لە ڕاستیدا شێوازێكی نوێی كۆیلایەتییە نەك كاركردن، چونكە هیچ كاتێك نابێ كاركردن بكرێتە هۆكارێك بۆ داماڵینی مرۆڤ لە هەموو ئەو هەست و چێژە ڕوحی و دەروونییانەی كە دەشێ لە میانەی پشوودانێكدا وەریبگرێت و بیبینێت. كاركردن لە پێناو ژیانە، كاتێ ژیان دەبێتە فاكتەرێك لە پێنا و كاركردن بە تەنها و مرۆڤەكان ئەو بڕوایەیان لادروست دەبێت كە ئەگەر كار نەكەن هیچ نین، بێگومان ئەو كات ئێمە لە بەردەم مرۆڤگەلێك داین، كە تەنها وەك ئامێرێك دەجوڵێنرێتەوە و ئەو جوڵانەوەیەشی تەنها لە خزمەت ئەوانیترە. بۆیە بەستنەوەی مرۆڤ بە جوڵەكردن و كاركردن، ڕواڵەتێكی دیاری دنیای سەرمایەدارییە و ڕەوایەتی پێدانیشی تەنها، دەچێتە خزمەت ئەو دنیا پووچ و بوودەڵە و بێ بەهایە، كە مرۆڤ هاوتای كار دەكات و كار لە سەرووی هەموو جۆرە بەهایەكی ئینسانییانە دەبینێت، وەك ئەوەی چەند كار بكەی بەختەوەرتری، كە پێچەوانەكەی ڕاستە. لەلایەكی دیكەوە، هیچ كرێكارێك لە دنیا نییە لە یەك كاتدا كار بكات و بەختەوەریش بێت، چونكە ئەگەر بەو تێگەیشتنە بێت، ئەوا چەمكی نامۆكردنی كرێكار و مرۆڤ بە گشتی، كە ماركس باسی لێوە دەكات و دەرەنجامی ئەو پەیوەندییە نایەكسانی و بێ مافیەی نێوان چینی پرۆلیتار و سیستەمی سەرمایەدارییە نەدەبوو. كرێكار بەرلەوەی بەرهەمی زۆر بێت مرۆڤە، مرۆڤبوون لێرەدا پێوەرە و دەبێ وەك مرۆڤ هەست بە بەختەوەری و شكۆمەندی ژیان بكات، نەك ئەو بە ختەوەرییەی وەك نووسەر دەیڵێت، ببەستینەوە بەوەی كە چەند وەك ڕۆبۆتێك بەرهەمی زیاترە! ئەی ئەو كرێكارانەی كاریان نییە؟ بێ بەرهەمن؟ ئایا ئەوانیش مافی ئەوەیان نییە ژیانێكی بەختەوەرانەیان هەبێت؟ یان دەبێت بەرهەمی زۆرتر لە خزمەت سیستەمی نامرۆیی سەرمایەداریی و كۆمپانیا و سەرمایەدارە داماڵدراوەكان لە هەموو شتێك بخەنە بازاڕەوە، ئەو كات هەست دەكەن وەك كرێكارێك بەختەوەر و بوونێكی ماناداریان هەیە. هەرگیز نابێ بەهای ژیانی مرڤێك لە كارەكە و بەرهەمەكەی ببینینەوە، چونكە ئەم جۆرە بیركردنەوانە، لە خزمەت چینی بۆرژوا و سیستەمی سەرمایەداریە، كە قازانج و دەسكەوت، بازاڕ و ساغكردنەوە، دەكاتە ئامانجی یەكەم و كۆتایی هەر مرۆڤێك لە هەر سووچێكی دنیا بێت. بە داخەوە نووسەرانی ئێمەش، لە ژێر ناوی بەهاكانی ژیان و ئەزموونی سەركەوتوو بۆ گەنجان، ئەوەندەی تر ڕەوایەتی بەو دنیا پڕ لە نایەكسانی و نامرۆییە دەدەن.
نووسەری ئەم كتێبە، هەر لە ژێر ناوی ئەزموونێك بۆ گەنجان، لە شوێنێكی دیكەی كتێبەكەیدا دەنووسێت:
( هەرگیز گلەیی لە هیچ بارودۆخ و كەس و لایەنێك مەكە، خۆت ببە بە ئەندازیاری ژیانی خۆت، وەك ئەوەی من خۆم بوومە ئەندازیاری ژیانی خۆم) نووسەر، پەیامی بۆ گەنجانی بەشمەینەتی كوردستان ئەوەیە، خۆیان ببنە ئەندازیاری ژیانی خۆیان! باشە دەكرێ وەك خوێنەرێك ئەو پرسیارە بكەین، چۆن بتوانن ببنە ئەندزیار لە كاتێكدا هیچ كەرستە و كەلوپەلێكی ئەندازەیی، دوربینێك، ڕووپێوێك، نەخشە و دیزاین و ماكێتێكی ئەندازیاریانەیان لە بەردەست نەبێت؟ ئەم بۆچوونەی نووسەرم وەك ئەوە دێتە بەرچاو، ئێمە خوانێكی جوان و ڕازاوە بۆ كەسێكی بێ دەست و نابینا ئامادە بكەین و فەرمووی ئەوەشی لێ بكەین، لە خوانەكە بخوات ! ئەم جۆڕە ڕوانینە، وەك ئەوەی بە درێژایی ئەو وتارە جەخنمان لێكردۆتەوە، ڕوانینێكە بەرهەمی كولتوور و فەرهەنگی ژیانی خۆرئاوایە، كە نووسەری كتێبەكە بۆ ساڵانێكی زۆر و درێژ لە نێوی ژیاوە و سەدان ئەزموونی ژیان و كۆچی لە وڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیا، بینیوە و ئیدی ئەم ئەزموونە دەكاتە ڕێنوینییەك بۆ ئەوەی گەنجانی كوردیش، بەهەمان ئەزموونی ئەو تێپبەڕن و ژیانێكی بەختەوەرانەیان هەبێت. نووسەر گەرچی باس لەوە دەكات (كە دیدگای هیچ كەس مەكە بەهی خۆت. ل 159 ) بەڵام سەیر لەوەدایە، ئەو دەیەوێت دیدگای خۆی لەو كتێبەدا بكاتە دیدگای هەموو گەنجان و لاوانی كوردستان. دواجار دەڵێم ئەم كتێبە، گەنجان فێری گەلێك بەها دەكات، بەڵام پێیان ناڵێت ئەگەر لە ژێر سایەی دەسەڵاتێكی چەوسێنەر و نادادپەروەردا بوون،بەهای ژیان و بوون ومافتان لە كوێ دایە و چی بكەن؟ كە ئەمەش ئەو بەها ڕاستەقینە و پیرۆز و بەرزەیە، كە ئێمە لە كۆمەڵگەی كوردی پێویستیمانە، نەك ئەوەی شیكپۆش و ڕێكپۆش و تەندروست و ڕووەك خۆر بین، ئیدی خوای دەكرد دنیا وێران دەبوو. واتا بە كوردی و بە كورتی، نووسەر دەیەوێت بە گەنجانی ئێمە بڵێ (كڵاوی خۆتان بگرن با با نەیبات) هەر خوێنەرێكیش بڕوای وایە من هەڵەم سەرپشكی دەكەم بچێت ئەو كتێبە بخوێنێتەوە !

——————————-

*پەراوێز:_ ناوی كتێب: بەهاكانی ژیان هزر و ئەزموون بۆ گەنجان، نووسینی: دكتۆر فازڵ جاف، بڵاوكراوەی: ڕێكخراوی كوردستان دیالۆگ _ 2024.

*ئەم بابەتە لە هەفتە نامەی ڕێگای كوردستان ژمارە (1404) ڕۆژی 10/9/2024 بڵاوكراوەتەوە.




خەڵقکردنی مێژوو لە دەقی میتۆلۆژی ئەلیادە-1-.. یونس تانج

بەشی یەکەم:

نوسین، بەتایبەت نوسینی مێژووییی هەوڵێکە، دیفاکتۆیەکە، بۆ مانەوە و نەمری، زادەی پاش بێ ئومێدبوونی مرۆڤە لە گەیشتنی بە ژیانی نا کۆتا.
لە ڕووی کاتبەندییەوە (Chronology)، دەشێت گەلێک لە گەلێکی دیکە، زووتر هۆشیار بووبێتەوە و دەستی کردبێت بە تۆمارکردنی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی مێژوو، بە هەر جۆرێک بێت و لە هەر ئاستێکی ناجۆر و نزمدا بێت، تاکو چ ڕادەیەک سنورەکانی تێکەڵ بووبێتەوە لەگەڵ قۆناغە بەراییەکانی بیرکردنەوە و سەردەمەکانی ئەفسانەگەری، ئیشکالییەتەکە لە چییەتی و چۆنییەتی نوسینەکە نیە، گرنگ ئەوەیە کردەی خەڵقکردنی مێژوو بە ئەنجام گەیەندراوە، گرنگ ئەوەیە کۆششێک هەیە بۆ نوسینەوە، ئەگەرچی ئاوێزانی ئەفسانەکاری و ئەفسونگەرایی بووبێت، یاخود وەک پەخشانە شیعرێکی وێژەییی دەرکەوێت و مێزی لێکۆڵەران تەژی بکا لە کەرەستەی لێکۆڵینەوە، بەڵکو خودی قەیرانەکە ئەوەیە، دەست نەبردرێ بۆ نوسین و تۆمارکردن، تا لەئاکامدا خۆمان لەبەردەم نەتەوە و کەڵتێکی بێ مێژوو دەبینینەوە.
مێژوونوسان بە شوێن ئاماژەکانی دەقە ئەفسانەییەکان وێڵبوون، بە پشتبەستەییی ئامرازەکانی فەلسەفەی مێژوو بۆ بونیادنانی کۆڵەگەکانیی خودی مێژوو، چونکە مێژووی کۆنی زۆربەی گەلان ئاوێتەیە لە تەک ئەفسانەگەری، نەهامەتییەکە ئەوەیە خاوەنی ئەفسانە، یان دەقی ئەفسانەییش نەبی تاکو بە ئیلهام وەرگرتن لێی بنچینەکانی مێژووەکەی لەسەر ڕۆبنێی!
ئەوان بەو دنیابینییە کاریان کردووە.. کە دەبێت مێژوو نەشبێت دروست بکرێت، هەموو شتێکیان نوسیوەتەوە، تاوەکو لە سەردەمانی پاشتر مێژووناسان دەتوانن پۆلێنکاری و لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەم دەقانەوە بکەن.
ئەفسانەو حیکایەتەکانی گوێی ئاگردان هیچ نین جگە لە کۆششی پێشین بۆ بەجێهێشتنی مۆری مێژوو، هەرچەند ئیلیادە بە بەشێک لە ئەفسانە لە قەڵەم بدرێت، بەڵام بووەتە هۆی گەڕانی شوێنەوارناسان بەدوای پاشماوەی شاری تەڕوادە و ساخکردنەوەی ڕووداوەکانی ئیلیادە. بۆ وێنە بەشێک لەم ڤەکۆڵینانە ئاماژە بەوە دەکەن، شارەکە کەوتووەتە بەری ئاسیای بچوک و تورکیای ئیمڕۆ، هەروەها ئەفسانەی ئەنیادە کراوەتە بنەمای لە دایکبوونی شارەکانی ئیتاڵیا و لە سەرهەڵدانی ئیمپڕاتۆڕیای ڕۆمانی، بەوەی ئینیاس وەک پاڵەوانێکی تەڕوادە پاش هەرەسی شارەکە بە فەرمانی خواوەند ڤینۆس خۆی دەربازی ئەو خاکە دەکا کە دواتر بە ئیتاڵیا دادەندرێت.
خواوەندە یۆنانییەکانی شاخی ئۆڵۆمپس، وەک لەم سێ ئەفسانەیەدا دەبیندرێت (ئەلیادە، ئەنیادە، ئۆدیسییا)، بزوێنەرن و مێژوو دروستدەکەن، بوونەتە بەهادەری چەمکەکانی جوانی و لێهاتوویی و ئیرۆس(عیشق) و هەڵسوڕێنەری گەڕەکانی جەنگ لە نێوان مرۆڤ، بوونەتە هۆی خەڵقکردنی مرۆڤی نیو-خودا و ئاوێتەبوونی تۆرمەی مرۆڤ بەخواوەندەکان، بۆ وێنە بەرێکی هێلێنا دەگەڕێتەوە بۆ زیۆسی گەورە خواوەندە، بەرێکی ئینیاسیی داستانی ئەنیادە دەگەڕێتەوە بۆ خواوەند مارس و هتد.. دەشێت بیرۆکەی بەخودابوونی مرۆڤ و بە کوڕ بوونی پەیامبەر یەسوعیش لە قۆناغی دواتر.. ڕیشەکەی بگەڕێتەوە بۆ ئەم داستانانە، وەک ئەوەی لە بەشێک لە پوختەکراوی داستانی ئیلیادەی هۆمیرۆس()ی شاعیری یۆنانی دەردەکەوێت.
تەڕوادە(Trojan) شارێکە دەکەوێتە کەنارەکانی ئاسیای بچوک، بە شورا بڵند و قایمەکانیی بەناوبانگ بوو، شارەکە لەلایەن پریام پاشا بەڕێوە دەبردرا (پاریس و هیکتۆر) دوو لە ڕۆڵەکانین، کاتێک پاریس لە دایک دەبێت بڕیار دەدەن بیکوژن، چونکە پێشبینی ئەوەیان بۆ دەکرێت، ئەم کوڕە لە داهاتودا دەبێتە هۆی لەناو بردنی شاری تەڕوادە، بۆیە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە شوانێک ڕادەسپێرن بۆ ئەم کارە، بەڵام شوانەکە دەستی ناچێتە کۆرپەکەو هەڵدەستێت بە نهێنی بەخێوی دەکات و گەورەی دەکات، پاریسی کوڕی پریام پاشا دەبێتە شوانی مەڕوماڵاتی ئەو ماڵەی لەخۆیانگرت.
خواوەندە یۆنانییەکان دەکەونە ناو کێبڕکێیەکەوە، ئیریس خواوەند کە بەردەوام حەزی بە ئاژاوەیە، لە سەر سێوێکی سور دەنوسێت بۆ جوانترین و سێوەکە هەڵدەداتە سەر مێزی ئەم سێ خواوەندە، ( ئەسینا- ڤینۆس- هیرا) سێ خواوەندەکە لەسەر ئەوەی سێوەکە بۆ کامەیان بێت دەبێتە ناکۆکییان، دەڕۆنە لای زیۆسی گەورە خواوەند، ئەویش نایەوێ دڵی هیچ یەکێکیان بڕەنجێنێت، داوادەکات شوانێک بە ناوی پاریس لەبری ئەو بڕیارەکە بدات و جوانترینی ئەم سێ ژنە خواوەندە دەستنیشان بکات.
هەرسێکیان لە بەردەمی پاریسی کوڕی پریام ئامادە دەبن و سێوەکەی پێدەدەن، داوای لێدەکەن سێوەکە بداتە ئەوەی جوانترینییانە، هەر یەکەی لەبەرامبەر هەڵبژاردنەکە بەخششێک بۆ پاریس پێشنیار دەکا، ئەسینا، پێیدەڵێت سەرجەم سوپای سەر زەویت دەخەمە ژێر دەست، بەجۆرێک لە هیچ جەنگێک شکست نەهێنیت، هیرا، پێیدەڵێت موڵکی ئاسیاو ئەوڕوپات پێشکەشدەکەم، ڤینۆس، دەڵێت جوانترین ئافرەتی زەویت پێشکەشدەکەم، بەڵام پاریس پێشنیازەکەی ئەفرۆدیت (ڤینۆس) قبوڵدەکات و سێوەکەی پێدەدات.
پاش ئەم ڕووداوە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە شاری تەڕوادە بە ئامادەیی جەماوەر پێشبڕکێیەکی زۆرانبازی سازدەکرێت، پاریسی شوان بەشداری دەکات و دەکەوێتە بەرامبەر ئازاترین پیاوی تەڕوادە کە هێکتۆری برایەتی، بە نیشانەی لێکچووی سەر جەستەیان هێکتۆر براکەی دەناسێتەوە و دەستی دەگرێت و سەرباری نا ڕەزایەتییەکان دەیهێنێتەوە کۆشکی پاشایەتی باوکی.
لە گۆشەی یۆنانەوە.. هێلینی کچی لیدا و زیۆسی گەورە خواوەند، جوانترین ئافرەت بووە لەم سەردەمەدا، پاشا و پاشازادەکانی سەرجەم شارە دەوڵەتەکانی یۆنان خوازبێنیان کردووە، بۆ ئەوەی جەنگ لە نێوانیان ڕوونەدات دەگەنە ئەوەی کە هێلین هەر یەکێکیانی بە هاوژینی خۆی هەلبژارد، ئەوانی دیکە ڕەزامەند بن و ببنە هاوپەیمان و پارێزەری خۆی و هاوسەرەکەی، ئەوەبوو هێلینا مینیلاوسی پاشای ئەسپارتە وەک هاوسەر هەڵدەبژێرێت.. کە برای ئاگامەمنون ە.
ڕۆژێک پاریسی کوڕی پریام بە کارێکی دەوڵەتداری لە شاری تەڕوادەوە دەنێردرێتە شارە دەوڵەتی ئەسپارتە، لەوێ چاوی بە هێلین دەکەوێت و دڵیان بۆ یەک دەچێت، لێرەوە بەڵێنەکەی ئەفرۆدیت پاش ڕۆژگارێک دێتە دی و هێلینی کچی زیۆس، لەگەڵ پاریس ڕادەکەن بەرەو شاری تەڕوادە.
هەواڵی ڕفاندنی هێلێن بڵاو دەبێتەوە و ئاگامەمنونی برای مینیلاوس، پاشاکان کۆ دەکاتەوە و ئەوەیان بە بیر دەهێنێتەوە پێشتر بەڵێنیان داوە هاوپەیمانی ئەم دوو هاوسەرە بن (هێلێن و مینیلاوس)، بۆیە لە سەرجەم شارە دەوڵەتەکانی یۆنانەوە سوپاو هێز و پاڵەوانەکانی وەک (ئەخیل و بترۆکلیس و ئەیاس و ئۆدیسیۆس) کۆ دەبنەوە بە سەرکردایەتی ئاگامەمنون، بە هەزار کەشتییەوە بە ڕێدەکەون بۆ هێرشکردنە سەر شاری تەڕوادە.
پاش جەنگێکی دە ساڵە یۆنانییەکان ناتوانن دەربازی ناو شاری تەڕوادە ببن، بەهۆی شورا پتەو و بەهێزەکانییەوە، لە ڕوبەڕوبوونەوەیەک لە دەرەوەی قولەکان هیکتۆر بیترۆکلیسی هاوڕێ خۆشەویستەکەی ئەخیل دەکوژێت، بۆیە ئەخیل بڕیار دەدات بێتەوە ناو جەنگەکە، پاش ئەوەی لە ئاگامەمنونی فەرماندەی لەشکرەکەیان توڕە بووە و ڕیزەکانی سوپای جێهێشتووە، بۆیە دەگەڕێتەوە مەیدانی جەنگ و لە ڕووبەڕووبوونەوەیەک دەتوانێت هێکتۆری برای پاریس بکوژێت، لە بەرامبەردا پاریسی کوڕی پریام دەتوانێت خاڵی لاوازی ئەکلیریس(ئەخیل) بدۆزێتەوە و گورزێک لە ژێر پێیەکانی بدات و لە تۆڵەی هێکتۆری برای کۆتایی پێبهێنێت.
گەلێک لە پاڵەوانەکانی یۆنان و تەڕوادە لە ناو دەچن، تەنانەت بەشێک لە خواوەندە یۆنانییەکان دابەش دەبن لە نێوان پاڵپشتیان بۆ دوو بەرەکە، هیرا و ئەسینا و سایدۆن، دەبن بە پشتگیریکاری یۆنانییەکان، ڤینۆس و ئەپۆڵۆ و ئیریس دەبن بە پشتگیریکاری تەڕوادەییەکان.
تاوەکو یۆنانییەکان دەتوانن لە ڕێگەی بیرۆکەی ئەسپێکی دارینەوە بڕۆنە ناو شاری تەڕوادە، ئەسپێکی زەبەلاحی دارین دەهێنن لە دەرەوەی تەڕوادە دایدەنێن، هاوکات کۆمەڵێک جەنگاوەر لە ناوەوەی ئەسپەکە خۆیان مات دەدەن، تەڕوادەییەکان وا دەزانن سوپای یۆنانییەکان پاشەکشەی کردووە، بۆیە ئەسپەکە ڕادەکێشنە ناوەوەی شارەکەو وەک دەستکەوتێک چاوی لێدەکەن، تومەز لە نیوەشەودا جەنگاوەرە ئەسپارتاییەکان لە ئەسپە دارینەکە دادەبەزن و دەروازەی شاری تەڕوادە واڵا دەکەن، بەمەش سوپا یۆنانییەکەی دەرەوە هەڵمەت دەبەنە ژوورەوە.. دەتوانن شارەکە تەخت بکەن و بیسوتێنن، هێلێناش لەگەڵ خۆیان ببەنەوە یۆنان و شارە دەوڵەتی سپارتە.
هەڵبەت سەربوردەی ئەسپە دارینەکەو هەرەسی تەڕوادە لە داستانی دووەمی هۆمیرۆس بوونی هەیە، کە ناسراوە بە داستانی ئۆدێسا و خودی بیرۆکەی ئەسپە دارینەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ژیری و لێوەشاوەیی ئۆدێسا.

یونس تانج
——————————

ژێدەرەکان:-
Homer. Robert fagles. Iliad. Panguin.London.1990 –

  • دريني خشبة، قصة طروادة، مؤسسة هنداوي، المملكة المتحدة، 2017



گۆڕانکاری لە ڕوخساری ناوچەکەدا.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو زنجیرە ڕووداوانەی لە سێپتەمبەری ٢٠٢٤دا بەتایبەتی لە لوبنان بینراون، دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕووخساری ناوچەکەدا.
تیرۆری حسن نەسرولڵا، لەکاتێکدایە کە گرژیەکی بێوێنە لەسەر بەرەی باکوری ئیسرائیل لەگەڵ لوبناندا لەئارادایە، ئەمەش بەردەوامی پەرەسەندنی سەربازی و هاوکێشە نوێیەکان لە چڕکردنەوەی لەشکرکێشی و کارەساتی کۆمەڵکوژی و وێرانکاری بێبەزیانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان نیشان ئەدات، کە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا دەگۆڕدرێت، چونکە ئەم ڕوداوە بە پێشهاتێکی مەترسیدار دادەنرێت، سەبارەت بە لێکەوتەکانی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی لە لوبنان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەهەمانکاتدا ترسی کاردانەوەی توندی حزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و لەلایەکی ترەوە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا دروست دەکات، بەمانایەک بەرزکردنەوەی ئاستی دۆخی جەنگ و ئەگەری کێشکردنی ناوچەکەیە بۆ شەڕێکی گەورەو وێرانکەرو کوشتنی بە کۆمەڵ و خوێناوی.
پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، زنجیرەیەک هەڕەشەی لە دژی ئێران و هێزەکانی سەر بەئێران بڵاوکردەوە. لە هەڕەشەکانیدا حیزبوڵڵای بەتایبەتی هێنایە ئاراوە، “بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە حیزبوڵڵا ڕێگای شەڕی هەڵبژاردوە، واتە ئیسرائیل جگە لە شەڕ هیچ بژاردەیەکی دیکەی نیە”. جگە لەوەش حکومەتی ئیسرائیل بانگهێشتکردنی دوو لیوای یەدەگی بۆ بەرەی باکوور ڕاگەیاند، کە ئامادەیە بۆ لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر خاکی لوبنان!، بەمشێوەیە فراوانکردنی داگیرکاریەکانی ئیسرائیلە بۆ دەرچون لەو قەیرانەی لە غەززەدا دەرگیری بووە، کە لەمبارەیەوە بە تیرۆری حەسەن نەسروڵلا و بەشێک لەسەرکردەکانی حزبوڵڵا، ناتانیاهۆ سەرکەوتنێکی بەدەستهێنا و کاریگەری لەسەر بەرزکردنەوەی کەسایەتی لە ناو ئیسرائیلدا دانا، لە هەمانکاتدا هەلی بۆ هەڵکەوتوە کە درێژە بەم شەڕە دڕندانەیەی بدات.
نەتانیاهۆ، لە ماوەی پانزە ساڵدا، ئیسرائیلی خستۆتە ناو جۆشی وەستانەوە لەبەرامبەر ئێراندا، تا ڕادەیەکی زۆر بەکاری هێناوەو دەرفەتی ئەوەی قۆستۆتەوە بیسەلمێنێت کە بوونی ئێران چەندە مەترسیدارە و هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر بوونی ئیسرائیل. بۆیە هەموو ناکۆکیە سیاسی و ستراتیجیەکان بەپێی دیدگای ئیسرائیل، هاوکاتە لەگەڵ ئەم هەڕەشانە و مەترسی ئێران بۆ سەریان، ئەگەر لە خەڵکی ئیسرائیل پرسیار بکرێت کە زیاتر هەست بە متمانە لەگەڵ کێ دەکات، ئەوا زۆرترینیان ناتانیاهۆ هەڵدەبژێرن، تەنانەت ئەگەر لە چەپ بن یان نەیاری سەرەکی ناتانیاهۆش بن.
گرنگترین پرسیار لەم چوارچێوەیەدا، پێوانەی سەرکەوتن بۆ ئیسرائیل لە شەڕی لوبناندا چیە؟ بەشێک لە خەڵکی ئیسرائیل ئەوە دەبینن کە ئامانجی سەرەکی لابردنی چڕبونەوەو دورخستنەوەی حزبوڵایە لە ناوچەکەدا، بەشێکی تریش زیاتر پێداگری لەسەر سەرکەوتن بە ڕوخاندنی حزبوڵڵا و کۆتایهێنان بە بوونی حزبوڵڵا دەبینن.
لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیدا، تەنانەت، ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیلیش دان بەوەدا دەنێنن کە چوونە ناو ڕێڕەوی دیپلۆماسی تەنیا دوای نیشاندانی هێز دەتوانرێت ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی لەبەرامبەر ئەو ڕێکخراوانەی کە بە ڕێکخراوی تیرۆرستی وەسفیان دەکەن، بەومانایە کاتێ ئامادەی ئەگەری دانوسانن لەگەڵ ئەو هێزانەدا کە تەواو هیلاکیان کەن، هەر بۆیە ئەم ماوەیە ناتانیاهۆ باسێکی لەسەر دانوسان نیەو لە تاوانەکانی بەردەوامە.
ناتانیاهۆ و ئیسرائیل، بە پشتیوانی ئەمریکا و رۆژئاوا، پاراستنی ئیسرائیل وەک سەنگەر و قەڵایەک لە بەرامبەر ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو لەلایەکی ترەوە وەستانەوە لە بەرامبەر ململانێ و دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی وەک روسیا و چین لە ناوچەکەدا حسابی لەسەر دەکەن، لەم بارەیەوە سەرکەوتنی ئیسرائیل لەم شەڕەدا دەبێتە دەستکەوتێکی گەوەرە بۆ ئەمریکا، کە قەرەبوی بەشێکی گەورە لە شکستەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکاتەوە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا ئیسرائیل بزوتنەوەی حەماسی لاوازکردوە، هەروەها بەشێکی زۆر لە توانا و چەک و سەرکردەکانی حزبوڵڵای لەناوبردوە، کەوەک هێزێکی چەکدار وەها لاوازی کردوە، کە بۆ ئێران زەحمەتە بتوانێت بۆ ساڵانی داهاتوودا هەڕەشەی لە ئیسرائیل پێبکات. لێرەوە دەتوانین بڵێین ئیسرائیل گەورەترین گورزیدا لە هەوڵی بیست ساڵەی ئێران لە بنیاتنانی ئەو هێزە میلیشیایانەی ڕیکیخستبون و دایمەزرانبون.
ستراتیجی ئێران لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردودا چڕ بووەتەوە لەوەی کە لەسەر بنیاتنانی ئامرازی کاریگەر لە دەرەوەی سنورەکانی دامەزرێنێت، تا لەو ڕێگەیەوە توانایی بەربەستێک دادەمەزرێنێت کە ڕێگری لە نەیارەکانی دەکات لە هێرشکردنە سەری. ئێران بە قۆناغ چەندین هێڵی بەرگری بنیاتناوە، لە دوای لەشکرکێشی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨٢لە لوبنانەوە دەستی پێکرد بە دامەزراندنی حزبولڵای لوبنان،، پاشان لەعێراق کەدوای لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣، فراکسیۆنەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی پێکهێنا، هەروەها لە سوریا و یەمەنیش لە دوای بەهاری عەرەبی ٢٠١١ هەوڵیدا بۆ دروستکردن یان پشتگیریکردنی میلیشیا ناوخۆیی و هاوردەکراوەکان، هەڵبەتە حزبولڵا هەرە گرنگترین و کارامەترینی دەستکردەکانی ئێرانە. ئێران لە ڕێگەی ئەوانەوە شەڕی بە وەکالەت لە دژی نەیارەکانی دوور لە خاکی خۆی ئەنجامدا، بەبێ ئەوەی خۆی ڕاستەوخۆ تێوەگلابێت. ئەم ستراتیژە بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە سەرکەوتو بوو لە ڕاگرتنی ئیسرائیل و ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر ئێران، تا ئەو کاتەی لە سێپتەمبەری ٢٠٢٤، ئیسرائیل توانی هێرشی توند بکاتە سەر حزبولڵا، کە پێدەچێت هەمان کاریگەری ڕووداوەکانی سێپتەمبەری ٢٠٠١ لەسەر سیستەمی ناوچەیی هەبێت، بەتایبەتی لەسنووردارکردنی ئێران، بەم شێوەیە لە ئاکامدا دۆخی ئێران تەواو دەشێوێنرێت.
ئیسرائیل بەوردی پلانی داڕشتووە بۆ لەناوبردنی سەرکردەکانی حزبوڵلا و ئەوهێزانەی پاشکۆی ئێرانن لە ناوچەکەدا، ئەم شەڕە لەگەڵ ئەوەی زۆر توندوتیژو خوێناویە، لەهەمانکاتدا زۆربەی هێرشە سەربازیەکان ئاراستەی حزبولڵا و سەرکردەکانی و لەناوبردنی چەکەکانیانە، بەڵام بەگشتی لەسەرەتای ئەم هێرشە دڕندانەیەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەو لوبنان تائێستا بەجیا لە کوشتاری زیاد لە چل هەزاری دانیشتوانی غەززە، ژمارەی ئەو ئاوارانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ناچارکران بۆ هەڵاتن زیاترە لە ملیۆنێک، ناسینەوەی ئەم شەڕە پێویستە لەو شوێنەوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت کە هێرشی دڕندانەی ئیسرائیلە بۆ سەر خەڵکی فەلەستین و ڕەتکردنەوەی چارەنوسی خەڵکی فەلەستینە لە خواستی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین.
شێوەی خۆبەدورگرتنی حزبوڵڵا لە شەڕی غەززە نەبووە هۆی ئەوەی ئیسرائیل نەیکاتە ئامانج، ناتانیاهو بڕیاری داوە تواناکانی ئەو حزبە نەهێڵێت، دەتوانرێت دوای چەندین خولی هێرش بگوترێ کە زۆربەی سەرکردەکانی بەبێ شەڕ کوژراون و زۆربەی چەکەکانی حزبەکەش لەکاتێکدا لەناو فرۆشگاکانیاندا بون لەناوچوون، ئەمەش دۆخێکی سەختە بۆ حزبوللآو ئێران، کە چۆن بەبێ شکستی تر لەم دۆخە دێنە دەرەوە.
ئێران نەگەیشتووەتە قۆناغێک کە دەستبەرداری حزبوڵڵا بێت، وە دەستبەرداریشی نابێت، تەنها کاتێک نەبێت کە گۆڕانکاریەکی گەورە لە تاران ڕووبدات، چونکەحزبوڵڵا گرنگترین سەروەت و سامانی سەربازی کۆماری ئیسلامیە لە دەرەوەی ئێراندا، هەربۆیە ئیسرائیل هەوڵ ئەدات لەڕێگەی چڕکردنەوەی لێدانەکانی لە حزبوڵڵا بەجیا لەوەی دەیەوێت حزبولڵا کۆتایی پێبهێنێت، لەهەمانکاتدا لە هەوڵی ئەوەدایە ئێران کێشکات بۆ ناو شەڕەکەو لەم ڕێگەیەوە دۆخەکە زیاتر بخاتە ناو چوارچێوەی شەڕێکی ناوچەیی و فروانەوە، ئەوەی جێگای سەرنجە لەم هەلومەرجەدا ئەوە تەنها ئیسرائیلە کە هەڵگیرسانی ئەم شەڕە لە ناوچەکەدا بۆ بەرژوەندیەکانی حساب دەکات و پێداگری لەسەر شەڕی ناوچەیی فراوان دەکات.
پێشبینی دەکرێت ئێران زیاتر هەوڵبەدات ئاستی ململانێکانی لە دژی ئیسرائیل کەم بکاتەوە و بەقازانجی نیە بگلێتە ناو شەڕێکی فراوانەوە، سەرکردایەتی ئێران بۆ خۆیان ئاگاداری ئەوەن کە هاوسەنگی هێز لەبەرامبەر ئیسرائیلدا لە قازانجیان نەماوە. شەڕی لەگەڵ ئیسرائیلدا چوار ڕاستی ئاشکرا کرد: یەکەمیان ئەوەیە کە ئیسرائیل توانای ئەوەی هەیە شەڕێکی درێژخایەن ئەنجام بدات، ئەگەری ئەوە هەیە ئەم شەڕە نزیکەی ساڵێک بخایەنێت. دووەم: بیروڕای گشتی ئیسرائیل گۆڕاوە و تارادەیەک پاڵپشتی شەڕەکە دەکەن، لە ئەنجامی ئەمەشدا نەتانیاهۆ، بوو بە سەرکردەیەکی مێژوویی لەنێو بەشێکی زۆری هاووڵاتیانیدا. سێیەم: ئیسرائیل زۆر گرنگی بە زیانە مرۆیەکانی نەداوەو نادات، بەبیانوی ئەوەی کە هەزاران کوژراو لەنێو ڕیزەکانیدا ڕوویانداوە. چوارەم: شەڕی ئێستا ئەو ڕاستیەی پشتڕاست کردەوە کە ئیسرائیل بۆتە هێزێکی سەربازی بەتواناو بێڕکابەر لەناوچەکەداو ئەمریکاو ڕۆژئاوا پشتیوانی جدی لێدەکەن.
کاتێک بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەقسای دەستیپێکرد، لە ئەنجامدا، ئاشکرابوو کە پەرچەکرداری وێرانکاری ئیسرائیل لە سەر غەززەو دواتر هێرش بۆ سەر لوبنان، ئێران هەموو ئەو هێزو گەنجینانەی لەدەست ئەدات کە لە ماوەی دوو دەیەدا دروستی کردون، ئەگەر شەڕەکە نەشگاتە ناوخۆی ئێران،بەڵام پێگە و هاوسنگی هێزی ئێرانی تەواو هێناوەتە خوارە، هەروەها مەترسی کۆتایی دەسەڵاتەکەشی ئەگەرێکە!.
بەشێوەیەکی بێوێنە لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی سیپتەمبەری (٢٠٠١)ەوە. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردودا، ئێران سودی لە جەنگی کەنداوی دووەمی ئەمریکا وەرگرت، کە لە ئەنجامدا دوو دوژمنی سەرەکی ئێران لە ناوچەکەدا (ڕژێمەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان و سەدام حوسێن)ی ڕووخاند، ئەتوانین بڵێین کە دوای شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و دەخالەتی رۆژئاوا و ئەمریکا لە گۆرینی ڕێرەوی ئەو شۆرشانە بەرەو شەڕی ناوخۆ. دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجۆرێك ئاڵوگۆڕی بەخۆوە بینی، لەلایەک مایەی پشێوی و ناجێگیری سیاسی و کارەساتەکانی فەراهەمهێنا لە ناوچەکەدا، لەلایەکی ترەوە دەرگای بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ئاواڵەکرد، کە نفوزی خۆی بەرفراوانکاتەوەو گروپ و هێزی چەکدار جێنیشین بکات، بەڵام بەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەو باشوری لوبنان، دوای ئەوەی ئیسرائیل توانی هێڵی بەرگری ئێران لە هەموو گۆشەکانەوە لاوازبکات و یەک لە دوای یەک هاوپەیمانەکانی ئێران لاوازو بێکاریگەر بکات، ئیتر هیچ شتێک نیە ڕێگری بکات کە ڕاستەوخۆ ئێران بکاتە ئامانج، ئەگەرچی ئێران لەلای خۆیەوە پێیوایە ئەگەر خۆی لە چوونە ناو ڕوبەڕوبونەوەیەکی ڕاستەوخۆ بەدوور بگرێت لەوانەیە لە ژیاندا بمێنێتەوە، بەڵام واپێدەچێت ئیسرائیل بەم ئاستەی ئێستا واز لە جمهوری ئیسلامی نەهێنێ چ بە پەلکێشکردنی بۆناو جەنگێکی ڕاستەوخۆ یاخود بە سەپاندنی کۆمەڵێك مەرج بە هاوکاری ئەمریکاو رۆژاوا بەسەریدا کە باڵادەستی ئێران لەناوچەکەدا کۆتایی پێبێنێت و بگرە ئەگەری ئەوەش فەراهەم بکات کە دەسەڵاتەکەشی ڕوبەرووی لەناوچوون بێتەوە!
لەڕاستای هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوانی وێرانکەرو قوربانیەکی بێشومار لە خەڵکی سڤیل و بێتاوانەوە، گۆڕانکاری لە ڕوخساری ناوچەکەدا مانای چونە ناو دەورەیەکی تر لە ململانێ سیاسی نێوان ووڵاتانی زلهیزی دنیاو خولقاندی شێوازێکی نەرێنی تر، لە چرکردنەوەی گێژاو و ناجێگیری سیاسی لەناوچەکەدا بەگشتی و لە ئێراندا بەتایبەتی، پێشبینی دەکرێت.
رێرەوی بەرگرتن بەم کوشتارگایەی ئیسرائل بەڕێیخستوە و گرنگترین هەلوێست و کاردانەوەی کاریگەر بۆ بەرگرتن بەم شەڕە، فراوانکردن و بەهێزکردنی بەرەی دژی داگیرکاری و هێرشەکانی ئیسرائیلە لە جیهاندا کە بەرامبەر خەڵکی فەلەستین و ناوچەکە ئەنجامی ئەدات.




لەبارەی چەمكی فەنتازیا و خەیاڵەوە.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

هەموو فەنتازیایەک جۆرێکە لە خەیاڵ و ژینگەی خەونامێز، یان نزیك لە كەتوار(واقیع)، یان زۆرجار دوور لە کەتوار! وەلێ هەموو خەیاڵێک فەنتازیا نییە! فەنتازیا جۆرێکی دیاریکراوە لە خەیاڵ کە پێوەندیی بە چۆنیەتیی بیرکردنەوەی مرۆڤەوە هەیە، زۆرجار پێوەندیی بە ماجیک(سحر) و جۆرەها خوڵقاوی خەیاڵبەندی دەرەوەی سروشتیشەوە هەیە. دنیای خەیاڵ زۆر جیایە لە کەتوار وەلێ ئەگەر كەتوار نەبێت، خەیاڵیش نامێنێت، بەڵام دەتوانین بڵێین فەنتازیا جۆرێکە لە خەیاڵ و بیرکردنەوەی خەیاڵامێز، خەیاڵیش دنیایەک شێواز و بیرکردنەوە دەگرێتە خۆی، لەوانە:
خەیاڵی ترسوتۆقێن، خەیاڵی زانستامێز، ترسی خەیاڵامێز. خەیاڵ لەکن مرۆڤ زۆربەی جار پێوەندیی بە داهاتوو و دواڕۆژ و چیڕۆکی ژیان و خەون و خولیاكانی نزیک لە کەتوار هەیە. دەبێ ئەوەش بزانین کە فەنتازیا شێوە و کۆنەژانرێکی ئەدەبە و لە سەرتاسەری جیهان و لەنێو سەرجەم گەلان، زۆر و جۆراوجۆر و هەراو و بڵاوە، ئەمەیش پێوەندیی بە ئەفسانە و چیڕۆک و هەقایەتە میللییە کۆنەکانەوە هەیە، کە بە درێژایی هەزاران ساڵ بووەتە بەشێکی گرنگ و دانەبڕاو و ڕەگاژۆ لە ئەدەبیاتی جیهان. ئەم ڕەنگدانەوە و بەکارهێنانەی فەنتازیا لەنێو ئەدەب، زیاتر لە ڕۆماندا پەلاژۆی کردووە. دێرینیی فەنتازیا بۆ ئەفسانە و داستانەکۆنەکان دەگەڕێتەوە، بۆ نموونە یەکێک لەوانە داستانی (گەلگامیش)ی سۆمەری و ئەلیادا و ئۆدیسەی هۆمیرۆسن، ئەمانەیش تژین لە دنیای خەیاڵامێز و بوونەوەری ئەفسانەییی دڕندە و خواوەندی جۆراوجۆر! هەروەها چیڕۆکی میللی و فۆلکلۆرییش کە مێژووێکی دێرینیان هەیە، ڕۆڵێکی گرنگی لە پەیکەر و پێکهاتەی فەنتازیا و ئەدەبی ماجیکامێز و دنیای دوور لە کەتوار و پڕ لە ئەژدیها و ئیفریت و گیانەوەری خەیاڵاویی سەمەرە و مەترسیدارەوە هەیە. لە چاخەکانی ناوەڕاستدا، لەو وڵاتانەی ئەوروپایش، چیڕۆکی خەیاڵامێزی پڕ لە ئەژدیها و گیانەوەری سەیر و خەیاڵاوی، زۆر بڵاو بووە و فەنتازیایش ڕووبەرێکی زۆری لە داستان و ئەفسانە داگیر کردبوو. لە ماوەی ئەم سەدانەدا، خەڵک زۆر کەوتبوونە ژێر کاریگەریی خەیاڵ و لەمەشەوە ئەدەبی فەنتازیامێز گەشەی کرد.
لە چاخی ڕێنیسانس و دواتریش، نووسەرە داهێنەرەکانی ئەوکاتە، بەهرەیان زیاتر لە ئەفسانە و خەیاڵ سوودمەند بوو و بابەتی ئەفسانە و خەیاڵ زۆربەی ناوەڕۆکی بەرهەمەکانیانی گرتەوە، بۆ نموونە شاکارەکانی شەکسپیر، لەوانە (باهۆز، خەونی هاوینە شەوێک) تیایاندا ئاوێتەیەک لە فەنتازیا و ماجیک پانتایییەکی زۆریان گرتووەتە خۆ. دوای ئەوەش لە سەدەی نۆزدەم، فەنتازیا فۆرمێکی سەربەخۆی لە ژینگەی هەراوی ئەدەبدا وەرگرت، فەنتازیا هاتە نێو دەقی چیڕۆکی زۆر لە نووسەران. نووسەری ئەمەریكایی ئێدگار ئەلان پۆ جگە لەوەی ڕەخنەنووس و شاعیرێکی گەورە بوو، زۆرێک لە دەق و چیڕۆکەکانی شێوازێکی هونەریی زیاتریان وەرگرت و بە یەکێک لە داهێنەرانی چیڕۆکی خەیاڵامێز دەئەژمێردرێت، چونکە خەیاڵی ئاوێتەی دەقەکانی کرد، بەشێوەیەک ئەمەریكا شانازی بەوە دەکەن کە پۆ لە بەرهەمەکانیدا، داهێنەری جۆرێک لە خەیاڵی زانستامێزە، بۆ نموونە لە کۆچیڕۆکی (زیندەوەری زیوین- ١٨٤٣ز) و (خزین بەرەو گێژەن) و (شەوی هەزار و دووەمینی شەهرەزاد) کە دوو بەرهەمەکەی دواییی لە ١٨٥٠ بڵاوکراونەتەوە و بە ستایلی تێکەڵکاریی نێوان کەتوار و خەیاڵ نووسراونەتەوە. هەروەها لە ڕۆمانی (ئەلیس لە وڵاتی سەیروسەمەران- ١٨٦٥ز) هەمان ڕێچکە و شێوازی گرتووەتە بەر. پۆ، یەكەم نووسەری ئەمەریكایییە كە بەهۆی نووسینەكانیەوە بە كولەمەرگی ژیاوە.
لە سەدەی بیستەم، فەنتازیا لە ئەدەبدا شێوەیەکی پێشکەوتووتری گرتەبەر و بەرهەمی زۆرێک لە نووسەرە ناودارەکانی گرتەوە. لەم سەدەیەدا، فەنتازیا شێوازێکی هاوچاخانە و پێشکەوتووانەی وەرگرت و گۆڕانگاریی زۆری بەسەردا هات، تەنیا لە چوارچێوەی ئەدەبیاتدا نەمایەوە، بەڵکە کەوتە نێو تەکنۆلۆجیا و تەنانەت سینەمایشی گرتەوە، ئەمەیش وای کرد ژانری (خەیاڵی زانستی) لەنێو خوێنەران، ڕووبەرێکی فراوان بگرێتەوە و خێرا و زۆرتر بڵاوبێتەوە.
لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە فەنتازیا لە دەقی ئەدەبیدا، بەتایبەت لە ڕۆمانە جیهانییەکان، لەم بارودۆخەی ئێستامان، زۆر بەربڵاوە و لەڕووی بابەتەوە شێوازێکی جیاوازی بە بەراورد بە سەردەمی کۆن وەرگرتووە، ئێستا فەنتازیا هەر تەنیا لە چوارچێوەی ژینگەیەکی کۆنی سیحرامێز نەماوەتەوە، بەڵکە بووەتە هۆیەک بۆ سەرهەڵدانی بابەتی هاوچاخ بە میتۆدێکی سەرنجڕاکێش. لەو ڕۆمانە جیهانییە هاوچەرخانەی کە ئەم لایەنەیان گرتووەتە خۆ و بریتین لە لەخۆگرتنی فەنتازیا و کەتوار، کە بابەتەکانیان پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە کێشە کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و سایکۆلۆجییەکانەوە هەیە، بریتییە لە ڕۆمانەکانی نووسەری ناوداری چیلی، ئەلیزابێڵ ئەلیندی و نووسەری ناوداری یابان هاروکی مۆراکامی.
لە ئەدەبی هاوچاخدا، زۆرجار فەنتازیا وەک ئامرازێک بۆ ناساندنی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری و شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی، سوودی لێ وەرگیراوە، بۆ نموونە بەرهەمەکانی وەک (منداڵانی خوێن و ئێسقان)ی نووسەری ئەمەریکایی تۆمی ئادیمی کە پێوەندییان بە کاریگەریی داگیرکاری و ناسنامەوە هەیە. تۆمی ئادیمی نووسەر و ڕۆماننووسێکی نێجیریایی- ئەمەریکایییە، دەنگێکی سەرنجڕاکێشی ئەدەبی فەنتازیایە و خوێنەرێکی زۆری هەیە، ڕۆمانی ناوبراوی لە ٢٠١٨ بڵاوبووەتەوە کە زۆرفرۆشترین کتێب بووە لە لیستی ئەو کتێبانەی لە نیویۆرک بڵاوبوونەتەوە، بەهۆی ئەم ڕۆمانەیەوە چەندین خەڵاتی بەخشرایێ و دواتر بە فیلمی سینەمایش بەرهەم هات. ئەم ڕۆمانەی ئادیمی باس لە کەلەپووری ئەفەریقا و ژێردەستەیی و چەوساندنەوەی ڕەگەزپەرستانە و خەبات دژی ستەم و زۆرداری دەکات؛ پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە ژنێکی بەهێز و ئازایە، ناوی (زیلی)یە کە لەڕێی هەوڵی گێڕانەوەی ماجیک و ڕزگارکردنی گەلەکەیەوە تێدەكۆشێت، زیلی نموونەی ژنێکی بەهێزە کە نەک هەر دژی دوژمنانی دەجەنگێت، بەڵکە دژی دواکەوتوویی و تۆقین و گومانە ناوخۆیییەکانی کۆمەڵگاکەیشی لە تێکۆشاندایە. ئەم ڕۆماننووسە بایەخێکی زۆر بە ڕۆڵ و کەسایەتیی ژنان دەدات، کە چۆن خەبات دژی زوڵم و دواکەوتوویی دەکەن، هەروەها یەکێک لە تەوەرە گرنگ و سەرەکییەکانی کارەکانی ئادیمی، بریتییە لە کێشەی ناسنامە و سەربەخۆیی کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکەی. کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانی (منداڵانی خوێن و ئێسقان) بەهۆی ڕەنگی پێست و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە، بەرانبەر کێشە و ململانێی ناسنامەوە، ڕووبەڕووی چەوسانەوە دەبنەوە.ئەمەیش کێشەی گەورەی زۆربەی گەنج و ڕۆڵەکانی کۆمەڵگایەکەیەتی، کە بەردەوام لە ژێردەستەیی و جیاکاریدا دەژین.
لەنێو ئەدەبیاتی ئێمەدا، تا ئێستا ئەدەبی فەنتازیا و ئەدەبی خەیاڵی زانستی و ئاوێتەکارییان لە دنیای ڕۆمان و چیڕۆک و دەقی دیکەدا، بەو شێوە سەرنجڕاکێشە نییە تا بتوانین ناوی نووسەرێکی خۆمان بهێنین کە بەم ژانرەی ئەدەب ناودار بووبێت، یان هیچ نەبێت بەمە ناسرابێت! ئەگەرچی ئەم ژانرە لە ئەدەبیاتی گەلانی دنیادا، مێژووێکی هەیە، وەلێ لای ئێمە تا ئێستا گومانم لە بوونی هەیە، مەگەر هەیشبێت! لەوەیە لە پێڕەوکە و سەرەتاتکێدا بێت!




لە دڵی ڕادیۆوە.. هۆمەر نۆریاوی

(بۆ کۆچە پاییزییەکەی حیسامەدین ئەمین)

گەر بمهەوێت کورت و پوخت سووکە ئاوڕێک لە ژیانی مامۆستا و پەروەردەکار، نووسەر و شاعیر “حیسامەدین ئەمین”بدەمەوە، سێ قۆناخ دەگرێتەوە.
قۆناخی یەکەم ڕووی لە خودی ژینگەی سنە و دواتر خولی مامۆستایەتییە کە دەبێتە وانەبێژ و مامۆستای قوتابخانە لە کوردەواری و بگرە چەندان شاری فارسنشیندا. ئەم مێژووە ساڵانی خوێندنی ئەم کەسایەتییە لە شاری سنە و دواتر زانستگەی تاران دەگرێتەوە. بە واتایەکی ڕاستتر،ساڵی 1324ی هەتاوی(1945)لە سنە کۆتایی بە خوێندنی دواناوەندی دەهێنێت. ساڵی 1337(1958)لە زانستگەی تاران،لە بەشی زمان و ئەدەبی فارسی وەردەگیردرێت و لەو مەتەرێزە زانستییەوە درێژە بە خوێندنی باڵا دەدات. قۆناخێکی هەرە هەستیاری ژیانی حیسامەدین ئەمین کە ڕووی لە بواری پەروەردە و بارهێنانە و وەک مامۆستای قوتابخانە بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە ئەم ئەرکە گرینگە ڕادەپەڕێنێت. دواتر هەر لە تاران درێژە بە خوێندنی باڵا دەدات و بڕوانامەی ماستەر لە زمان و ئەدەبی فارسی وەردەگرێت و وەک مامۆستای قوتابخانە بۆ ماوەی چەندان ساڵ، وانە بە قوتابییان دەڵێتەوە.
لە ڕێی خوێندنەوەی نووسینی نووسەرێكی فارسینووسەوە بە ناوی “عیسا سەفا”لە بن سەردێڕی”مامۆستای یەکەم”،پتر پەی بە توانا و ژیریی و ئاستی باڵای زانستیی و هەروەها بەمشووربوونی حیسامەدین ئەمین لە هەمبەر چینی دەستکورت و هەژاری کۆمەڵگە دەبەین و تازە تێدەگەین سیما تیشکاوییەکانی نەتەوەکەمان تا لەژیاندان،چەندە تەنیا و غەریب و نامۆ دەژین. نووسەرێک کە بۆ چەند بەرە سەرچاوەی خزمەت و ڕاژەیە و چەندان نەوە پێدەگەیینێت،دواتر لە لایەن خودی نەوەی نوێوە پەراوێز دەخرێت و تا لەژیاندا دەبێت، غەریبانە دەژییت.

ئێمە چەند تەنیاین تا لەژیانداین و چەندە دەورمان جەنجاڵە بۆ مردن!
ئەم دەردە هەژێنەرە ئینتیزاری هەر هەموومان دەکات،بۆیە پێویستە کاری هەرەقەتی بۆ بکرێت و ئەمە گرینگەیش لە ڕێی پەروەردە و بارهێنانەوە مەیسەر دەبێت. گەرەک بۆ ژێرخانی کولتووریی کۆمەڵگە خەبات بکەین و وەک چلۆن لە پێناو دەستخستنی دەستکەوتی ماددییدا تێدەکۆشین،دە هێندە بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز و پتەوی فەرهەنگی بۆ کۆمەڵگەکەمان هەوڵ بدەین. لە داد و ئینساف بەدوورە کە مرۆ پێشڕەوەکانی کۆمەڵگەکەمان لە هەر بوارێکی زانستیدا بەم چەشنە تا لەژیاندان،غەریبانە و بێناز بژین و هەرکە پەڕی ژینیان هەڵوەری،تازە ئەودەم جەنجاڵ بەپا بکەین و شینیان بۆ بگێڕین.
دواتر ئەم نووسەرە فارسینووسە باس لە خەمخۆرییەکانی حیسامەدین ئەمین وەک مامۆستای قوتابخانە دەکات کە چلۆن ڕێبازی ژیانی خودی خۆی دەگۆڕێت و دەبێتە چرا بۆ ئەم و دەیان قوتابیی دیکە.
بەڵام قۆناخی دووەمی ژیانی ئەم کەسایەتییە ڕووی لە دنیای میدیا و ڕاگەیاندنی کوردییە. ساڵی 1337ی هەتاوی(1958)دەگەڵ ڕادیۆ کوردیی تاران دەکەوێتە هاوکاری و بەم چەشنە پێی بە ڕادیۆ دەکرێتەوە و سەرەتا وەک بێژەر دەست بە خەباتی میدیایی دەکات.
تا ساڵی 1344(1965)لەسەر خەباتی میدیایی لە ڕادیۆ کوردیی تاران بەردەوام دەبێت. پاش ئەوەی ڕادیۆ کوردیی تاران بۆ ساڵانێک وەشان و پەخشی دەوەستێت،بەشی زۆری خەباتکارانی ڕادیۆ کوردیی تاران دەگوێزرێنەوە بۆ ڕادیۆ کوردیی کرماشان و لەو شارەوە درێژە بە خزمەت و خەباتی خۆ دەدەن. هەر لەم سۆنگەیەوە حیسامەدین ئەمینیش لەبەر ئەوین و هۆگری بە کولتوور و زمانی کوردی،ڕوو لە شاری قەسری شیرین دەنێت و لەوێوە درێژە بە هاوکارییەکەی دەگەڵ ڕادیۆ کوردیی کرماشان دەدات. بە واتایەکی ڕاستتر،لە ساڵی 1345ی هەتاوییەوە تا ساڵی 1351(1972)لە ڕادیۆ کرماشاندا کار دەکات. دواتر دەگەڕێتەوە تاران و لەسەر داواکاری کەسایەتی ناوداری کورد،دوکتۆر “محەممەدسدیق موفتیزادە”(1363-1300)(1984-1921)،دیسانەوە لە ڕادیۆ کوردیی تاران درێژە بە هاریکاری دەدات و ئەم هاوکارییەیش تا ساڵی 1357ی هەتاوی(1978) بەردەوام دەبێت
بەدرێژایی تەمەنی نێزیک بە 80 ساڵەی ڕادیۆ کوردی لە پار و بەشی ڕۆژهەڵاتی نیشتماندا (1325ی هەتاوی،1946ی زایینی)سەدان مرۆی خەباتکار و خەمخۆری زمان و چاندی کوردییمان پێ شک دێت کە لەم ڕۆچنەیەوە سەرچاوەی ڕاژە و خزمەت بوونە و هەوڵی بووژاندنەوە،بڵاوکردنەوە،پەرەپێدان و پێشخستنی فەرهەنگ و زمانی کوردییان داوە. پڕ ڕوونە ناوێکی ناسراو و دیاری ئەم مەیدانە هەراو و بەرینەیش”حیسامەدین ئەمین”ە کە نزیکەی 11 ساڵ لە ڕێی ڕادیۆ کوردییەکانی تاران و کرماشانەوە وەک سیمایەکی درەوشاوە،خزمەتی زمان و کولتووری کوردی دەکات و جێپەنجەی بەسەر دیرۆکی ڕادیۆ کوردییەکانەوە دیارە. ئەو قۆناخەی حیسامەدین ئەمین ڕوو لە ڕادیۆ کوردی دەنێت،دەیان سیمای نەتەوەیی و خەمخۆر لە ڕادیۆ کودییەکانی تاران و کرماشاندا مژولی خزمەت بە سامانی فەرهەنگیی کورد دەبن. دوکتۆر محەممەدسدیق موفتیزادە(1984-1921)،شوکروڵڵا بابان(2012-1923)،خەسرەو خان شێخکانلوو(2004-1925)هومایۆن کەمانگەر(1942)،مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی(2001-1913)،سوارە ئێلخانیزادە(1976-1937)،سەیید ئیبراهیم ستوودە(2000-1926)،عەزیز عەلەوی(2019-1930)،سەیید جەلال نیزامی(1951)،سەیید تایەر هاشمی(1991-1915)،مەلا محەممەد ڕەبیعی(1996-1932)،دوکتۆر عابید سیراجەدینی(1995-1923)،میدیا زەندی(2008-1940) و عوسمان ئەحمەدی(1937)،تەنیا چەند ناوێکی دیاری ئەم بەستێنە دێنە ئەژمار. لەو چاخ و خولەدا ڕادیۆ بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت کە بە قۆناخی زێڕین دەناسرێتەوە،چونکە دەوری فێرگە بۆ هەر هەموو کورد دەبینێت. ئەم دەستکەوتە مەزنە بەر حیسامەدین ئەمینیش دەکەوێت.
دوا قۆناخ و سێیەم قۆناخ لە ژیانی حیسامەدین ئەمین ڕووی لە ساڵانی پاش خانەنشینبوونە کە دەگەڕێتەوە سنە و تا دوا ڕۆژانی ژین هەر لەم شارەدا دەمێنێتەوە. ئەم ساڵانە خەمساردییەکی فرەی پێوە دیارە کە بەشی سەرەکی بەرۆکی خۆی دەگرێتەوە کە لە هەمبەر چاپ و بڵاوکردنەوەی نووسینەکانیدا کەمتەرخەم دەبێت کە دیارە ئەم پرسەیش بۆ خۆ گەلێک هۆ و هەگەری لە پشتە. بەشەکەی دیکەیشی ڕووی لە خەمساردی کۆمەڵگە بەرانبەر بەم کەسایەتییەیە کە وەک پێویست ئاوڕی لێ ناداتەوە.
چەندان جار لە نزیکەوە ئەم کەسایەتییەم بینیبوو و دەگەڵی قسەم کردبوو. مرۆیەکی سادە و ڕۆحسووک و ئارام بە جانتا گچکەکەی سەرشانی بە شەقامەکانی شاردا دەهات و دەچوو بەڵام تەنیایی و دۆخی سەختی ژیان و گوزەران ئەو بڕست و تاقەتەی لێ بڕیبوو تا پێکەوە بە وردی لەسەر مێژووی ڕادیۆ و گەلێک پرسی دی باس بکەین و ڕووپەڕی دوێنێ هەڵبدەینەوە. ئەمە قەدەری بە سەدان سیمای ناودیاری کوردە کە تا لە ژیاندان، بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن و هەرگیزیش وەک پێویست ئاوڕیان لێ نادرێتەوە. هەر بۆیە هەگبە ڕەنگاڵەییەکەی تەمەن دەگەڵ خۆ دەبەنە بن گڵ و کۆمەڵ لە خەرمانەیەک یادەوەریی ڕەنگین و زەنگین بێبەش دەبێت.
شیاوی ئاماژەپێدانە “حیسامەدین ئەمین”، ساڵی 1315ی هەتاوی(1936)لە شاری سنە دیدەی لە ڕووی ژیان هەڵدێنێت. بۆ خۆی دەڵێ،خەڵکی گوندی”باینچۆ”ی سنەیە.
سەد مخابنیش ئەم نووسەر و شاعیرە درەنگانی شەوی 14 لەسەر 15ی ڕەزبەری 2724(6ی ئۆکتوبەری 2024)لە نێو ماڵەکەی لە شاری سنە بۆ هەمیشە چاوانی لێک دەنێت و هەگبەی ساڵانی خزمەت و خەمخۆری بە یادگار بەجێ دەهێڵێت.

ژێدەر:
• ماڵپەڕی عیسا سەفا،بەشی ئەدەبی www.assa safa.net
• ڕادیۆ کوردیی تاران له‌ به‌رده‌م ده‌روازه‌ی دیرۆکدا،هۆمه‌ر نۆریاوی،گۆڤاری ڕێزان،ژمارە3،ڕێبەندانی 1393ی هەتاوی
• وتووێژی گۆڕان نیوز دەگەڵ حیسامەدین ئەمین،ماڵپەڕی گۆڕان نیوز،گەڵاڕێزانی 1402
• وتووێژی کوردپرێس دەگەڵ حیسامەدین ئەمین،بەشی فەرهەنگ و هونەر،8ی تەمووزی 2019




کەمتەرخەمی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.. شەم شەمەیی

کەمتەرخەمی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیبەرامبەر بە کورد هەم جێگەی سەرسوڕمانە و هەم قبوڵ نەکراوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە جیهان کار بۆ کوردستان و خەڵکەکەی بکات، شام شەمەی ساڵح ڕۆژنامەنووسی کوردی سویدی دەنووسێت.
‎تێکۆشانی کوردستان بۆ مافی چارەی خۆنووسین و مافەکانی مرۆڤ لەمێژە چیرۆکێکی تراژیدی و پشتگوێخراوە و لەلایەن ئێران و تورکیاوە سەرکوتی دڕندانە کراوە. ئەم دەوڵەتانە بە بەردەوامی سیاسەتی سەرکوتکەریان پەیڕەو کردووە بە ئامانجی تێکشکاندنی ناسنامە و کەلتووری کوردی.
‎لە ژێر سێبەری ئەم سەرکوتکردنەدا کوشتنی تراژیدی ژینا ئەمینی بۆتە سیمبولی ئەو ناعەدالەتی و توندوتیژیە پێکهاتەییەی کە ژنانی کورد و تەواوی گەلی کورد ڕووبەڕووی دەبنەوە.
‎مردنی ژینا ئەمینی ژنێکی گەنجی کورد کە ژیانی لە هەلومەرجێکدا کوژایەوە کە جیهان تووشی شۆک بوو، دەبوایە زەنگێکی بەخەبەرهێنانەوە بێت بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. چارەنووسی ئەو وەبیرهێنانەوەی ئەو ڕاستییە دڵڕەقەیە کە زۆرێک لە ژنانی کورد ناچارن بەرگەی بگرن
‎شەرمەزاری و دژایەتییەکی بێزارکەرە کە ڕای گشتی بەو هێز و یەکگرتنەی کە بارودۆخەکە زۆر پێویستی پێیەتی کۆنەکراوەتەوە. بۆچی بێدەنگییەکە ئەوەندە دیار دەمێنێتەوە؟ بۆچی دەنگێکی بەهێزتر و کۆمەلتر نییە بۆ کۆتاییهێنان بەم تاوانانە دژ بە مرۆڤایەتی؟
‎لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، خەڵکی مەدەنی کورد، خەڵکی بێتاوان، بوونەتە ئامانجی کردەوەی دڕندانەی دەوڵەت. ئێران و تورکیا توندوتیژی و ڕێوشوێنی سەرکوتکەریان بەکارهێناوە بۆ لەناوبردنی هەر خواستێک بۆ ئۆتۆنۆمی و ناسنامەی کورد.
‎ئەمە تەنها شەڕ بۆ شەرعییەتی سیاسی نییە. پەیوەندی بە ژیان، شکۆمەندی و مافی بوونەوە هەیە. هەموو ژنێکی کورد، وەک جینا ئەمینی مافی مافی مرۆڤی سەرەتایی خۆی هەیە، مافی ژیان و ئازادی و ژیان بەبێ ترس و ستەم.
‎بێهەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەم جێگەی سەرسوڕمانە و هەم قبوڵ نەکراوە. هەر جارێک دێموکراسی هەوڵ دەدات لەنێو کورددا ڕەگ داکوتابێت دەستێکی دڕندانە لێدەدرێت.
‎ئەم شێوازەی خنکاندنی گەشەی دیموکراسی کاتێک لە نێو کورددا دەردەکەوێت نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەو ترس و بەرهەڵستکارییە قووڵەی کە ئەم نەتەوەیانە بەرامبەر بە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی کەلتووری کورد هەیانە.
‎کاتی ئەوە هاتووە ئێمە وەک هاوڵاتیانی جیهان دەنگمان یەکبخەین بۆ پشتیوانیکردن لە بەدواداچوونی کورد بۆ مافەکانی مرۆڤ.
‎کەلتوور و ناسنامەی کوردی شتێک نییە کە بتوانرێت بسڕێتەوە یان پشتگوێ بخرێت دەوڵەمەند و ئاڵۆزە و شایەنی ڕێز و ڕێزە
‎ئێمە ڕووبەڕووی پێویستییەکی ئەخلاقی دەبینەوە بۆ پشتیوانیکردن لە مافی گەلی کورد بۆ ژیانێکی ئاشتی و ڕێزگرتن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.

‎پێویستە جیهان بجوڵێت بۆ فشار خستنە سەر ئێران و تورکیا، ڕاگرتنی کارە سەرکوتکەرەکانیان و پاراستنی ئەو هاووڵاتییە بێتاوانانەی کە قوربانی سیاسەتە دڕندەکانیانن.
‎با تەنها جینا ئەمینی وەک کەسایەتیەکی تراژیدی لە ڕیزێکی درێژی ژیانە چەوساوەکاندا بەبیر نەهێنینەوە. با مردنی ئەو ببێتە هاندەرێک بۆ گۆڕانکاری جیهانی، وەبیرهێنانەوەیەکی بەهێز کە هەموو مرۆڤێک، بێ گوێدانە نەتەوە و ڕەگەز، مافێکی نەگۆڕی هەیە بۆ ژیانێکی دوور لە توندوتیژی و چەوساندنەوە.
‎ئەرکی خۆمانە داوای دادپەروەری بکەین و خەبات بکەین لە پێناو ئایندەیەک کە گەلی کورد بتوانێت بە ئاشتی و کەرامەتی مرۆیی خۆی بژین کاتی ئەوە هاتووە جیهان گوێ بگرێت و هەڵسوکەوت بکات و هاوسۆزی لەگەڵ کوردستان و گەلەکەی بکات.

بۆ ئاگاداری ئەم بابەتە بە زمانی سویدی بڵاوکراوەتەوە




ڕاگەیاندنێک بۆ خەڵکی کوردستان.. دڵشاد کاوانی

Tue, Oct 8 at 6:15 p.m.

کۆمەڵگەی کوردی بەرەو کوێ دەڕوات.

ساڵانێکیە سیستەمی سیاسیی کوردستان، بە وردی و بە پلان و بێ پلان، کاری بۆ تێکشکانی ڕەوشت و بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگەی کوردی کرد. ئێمە وەک نووسەران و ڕۆشنبیران و مەعریفەخوازانی کورد، دەروونناسان و توێژەران، تا ئەندازەیەکی زۆریش بەشێک لە مەلا و کەسایەتییەکانی ئایینیش زۆر نیگەران بوون لەم دۆخە و لێرە و لەوێ دەنگی ناڕەزاییان دەگایەندە گوێی سیاسییەکان.
هاتنی ئەم شەپۆڵە سۆشیالمیدیا و تیکتۆکچی و مۆدێل و ڕاگەیاندنکاران و بەرنامەکانی کەناڵەکانی میدیا، بەڕەڵاییەی زۆرەی بەناوی ئازادیی، گورزێکی کوشندەی لە پەروەردە و قیەم و بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگەداوە، دەبێت ڕابگیرێت.
نەک هەر گوێیان لێ نەگرتین، کەچی ئێستا سەرۆک و سەرکردەکان، خۆیان بە هەمان زمانی تیکتۆکچیی و هەرزەکارانی سوشیالمیدیای سیاسی وشەی نەشیاو و جوێن و سووکایەتی بەیەکتر دەکەن، تەنانەت وشەی وا بەکاردێنن، مرۆڤ دەبێت لۆکە بخاتە گوێچکەی.
ئەمە نابەرپرسیاریەتییە و ئەو پەڕی نائەخلاقییە کە ناکرێت لێی بێدەنگ بین و نەبپرسین ئایە دەکرێت هەموو بەهاییەکی ئەخلاقیی بکرێتە قوربانی بردنەوە و دۆڕاندنی هەڵبژاردن. ئەی لە خۆتان ناپرسن، نەوەکانی ئایندە چی لە ئێوە فێر دەبن و مێژوو چیتان بۆ دەنووسێتەوە.
ئەوەندەی ئینتمای نەتەوایەتی هەبوو کوشتتان، زمانتان تێکدا، جلوبەرگی کوردیتان نەهێشت، دابونەریتی کوردواریتان سڕییەوە. تاوانە و مێژوو موحاسەبەتان دەکات، بۆ مانەوەتان دەست بۆ ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و خوو و ڕەوشتی کوردستان دەبن و ناشیرینی دەکەن.

دڵشاد کاوانی
نووسەر و ڕۆماننووس.
٩/١٠/٢٢٤




چەند چالاكییەك لە رۆژی جیهانی دژ بە ئیعدام

لە رۆژی جیهانی دژ بە ئیعدام 10-10-2024 لە هەردوو شاری كەركوك و هەولێر , رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و دژ بە جینۆساید دوو گردبوونەوەو كۆنگرەی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا, بە بەشداری كەناڵەكانی راگەیاندن, داوایان كرد لە عێراق و كوردستان حوكمی ئیعدام نەمێنی, سەرۆكی عێراق و هەرێمی كوردستان واژۆ لەسەر هیچ بڕیارَكی ئیعدام نەكەن , هاوكات داوا كرا كەرامەتی زیندانی پارێزراو بێت , ئەشكەنجە , هەڕەشەی لەسەر نەمێنێت.

نا بۆ ئیعدام, بەڵێ بۆ مافی ژیان

گەلی كورد قوربانی پلە یەكی ئیعدام و كوشتنی دەرەوەی دادگا و ئەشكەنجە بووە لە مێژوودا, كەم نین ئەوانەی لە رابردوو وە ئێستا تەنها بەهۆی كوردیوونەوە ئیعدامكراون, یاخود لە پرۆسەكانی جینۆساید مافی ژیانیان بە كۆمەڵ لێسەنراوەتەوە و ئیعدامی بە كۆمەڵكراون, بۆیە هەڵگرتنی ئەم بڕیارە وەحشیانەیە ئەركێكی مرۆڤانەو وەڵامدانەوەیەكیشە بۆ تاوانەكانی رابردوو و نەفرەتە لێی, با كوردستان بكرێتە هەرێمی مافی ژیان. لە كۆنگرەی ستۆكهۆڵمی رێكەوتی 11-12-1977دا لەسەر ئاستی جیهان یەكەم هەنگاو نرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لە سێدارەدان كە لە راگەیاندنی ستۆكهۆڵمدا بەرجەستەكراوە, دوای 47 ساڵ لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان تەنها 55وڵات بڕیاری ئیعدام جێبەجێ دەكات كە مخابن عێراق یەكێكە لە پێشەنگەكانی, لە ناویاندا 112 وڵات بە هەموو شێوەیەك ئیعدامیان قەدەغە كردووە لە حوكمدان و جێبەجێكردندا. رێكەوتی 10-10ی هەموو ساڵێك رۆژی قەدەغەكردنی ئیعدامە لە جیهان, لەم ساڵ 2024 رێكخراوەكانی دژ بە ئیعدام وەك ساڵانی پێشوو زیاتر لە 1000 چالاكی جۆراوجۆر لە زۆرتر لە 70 وڵات ئەنجام دەدەن بۆ فشارخستنە سەر ئەو 55 وڵاتەی تا ئێستا بەردەوامن لە سەپاندنی بڕیارو جێبەجێكردنی ئیعدام لە جیهاندا.
ساڵی 2023 لە جیهاندا 1153 حالەتی ئیعدام جێبەجێكراوە, كە 31% زیاتر بووە لە ساڵی 2022, ئەوانەش لە 16 وڵات جێبەجێكراون, وە 2428 حوكمی ئیعدامیش لە 52 وڵات دەرچووە.
خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆرە بڕیاری جێبەجێكردنی ئیعدامی راگرتووە, ئەمەش هەنگاوێكی باش و پۆزەتیفە, لەم رۆژەدا داخوازین لە كوردستان ئیعدام بە یەكجاری هەڵبوەشێتەوەو بچێتە ریزی ئەو وڵاتە مۆدێرنانەی جیهانەوە كە بڕیاریان داوە مافی ژیان لە مرۆڤەكان نەسێننەوە. لێرەوە داوا لە سەرۆك كۆماری عێراق بەڕێز دكتۆر لەتیف رەشید و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین واژۆ لەسەر هیچ بڕیارێكی ئیعدام نەكەن.
هەروەها لەم رۆژەدا داواكارین زیندانی نهێنی لە كوردستان نەمێنێت و هەموو زیندانییەك لە ماوەی 24 كاتژمێردا هۆكاری مانەوەی ئاشكرا بكرێت, زیندانی سیاسی قەدەغەی یەكجاری بكرێت, ئەشكەنجە بە هەموو شێوەكانی قەدەغە بكرێت, دەستی سیاسییەكان لە دادگاكان نەهێڵرێت, داواكاری گشتی بەهێز بكرێت, پۆلیس ئەركی دەستگیركردنی تۆمەتبار بگرێتە ئەستۆ, كەرامەتی زیندانی پارێزراو بێت, دەست بۆ شمەكە تایبەتمەندەكانی وەك مۆبایل و كۆمپیوتەرو شمەكی بەر باخەڵ نەبردرێت كە پەیوەندییان بە دۆسیەكەیەوە نەبێت, ئەركی پشكنینی ئەوانەش تەنها بە دادوەری تایبەتمەند پسپێردرێت
. وە تۆمەتباران بە تایبەتیش تۆمەتباری تاوانە گەورەكان وەك تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە سزا رزگاریان نەبێت.
نا بۆ ئیعدام, نا بۆ ئەشكەنجە, بەڵێ بۆ مافی ژیان, بەڵێ بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤەكان

رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
تۆڕی KONCICC
هەڵمەتی دادپەروەری ه
ەڵمەتی ژیان نا بۆ ئیعدام لە كوردستان
10-10-2024




فیلۆسکول پرۆژەیەکی نوێی گەلەری ئارامە لەگەڵ د. ئازاد حەمە

تێگەشتنێکی فەلسەفییانە بۆ هاوڕێیەتی..




گفتوگۆ لەگەڵ خاتوونی شاعیر سەلما تۆما.. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس

خاتوونی شاعیر سەلما تۆما: نووسینەكانم بە زمانی كوردی ڕێچكەشكێنیە بۆ هاندانی ئافرەتی كریستیان بۆ دەرخستنی تواناكانیان لەبواری نووسین بەزمانی كوردی
خاتوونی شاعیر سەلما تۆما: ئاوارەیی و غوربەت بۆمن بوو بە جۆرێك لە ژیانكردن لەو كاتەوە هەست دەكەم شیعر دەستكاری ڕوحم دەكات و پێم دەڵێ بنووسە
خاتوونی شاعیر (سەلما تۆما كاكۆ)، یەكێكە لەوشاعیرانەی كە لە ماوەیەكی كورت دا لەرێگەی هەستەناسكەكانییەوە خۆی خستۆتە نێو دەریای شیعرەوە ،ئەو بەسێ زمان(كوردی ،سریانی ،عەرەبی) شیعر و پەخشانە شیعر دەنوسێت .سەلما دەرچووی بەشی ئاماری كۆلیژی كارگێڕی و ئابووری زانكۆی موسڵە ،لەساڵی 1960 لەشارۆچكەی شەقڵاوە لەدایك بووە،بەڵام زیاتر لە شارۆچكەی مەسیف سەڵاحەدین و هەولێرو عەنكاوە ژیاوە.. ئێستا لەگەڵ هاوسەرو منداڵەكانی لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیت ئێمە بەباشمان زانی لە نزیكەوە هەڤپەیڤینێكی ئەدەبی لەگەڵیدا ساز بدەیین بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین -كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتاپێمان باش بووباس چۆنیەتی ئاشنا بوونت بە دونیای شیعر بۆ خوێنەرانمان بكەیت؟

  • من هەر لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی شیعرم خۆشویستووە و لەوانەكانی كوردی و عەرەبی تا مامۆستا دەیخوێندەوە من ئەزبەرم دەكردن، لەقۆناغەكانی ناوەندی و ئامادەیی زۆر حەزم دەكرد بنووسم بەڵام بەداخەوە ئەو كات و بوارەم نەبوو سەرقاڵی شیعر نووسین و خوێندنەوە بم جگە لەوەی جار جار لەژێر كاریگەری ڕووداوێك یا بۆنەیەك هەر بۆخۆم شیعرێكم دەنووسی و ناوم دەنا وڕێنە ،دواتر لەبەر بەرپرسیاریەتی ماڵ و منداڵ و كاری فەرمانبەرایەتیم بە یەكجاری لە وڕێنەكردنیش چوومەوە تا ساڵی 2017 كە بڕیاری مانەوەم لە وڵاتی ئەڵمانیا دا لەبەر بوونی كاتی زیاتر و دابڕانم لە پابەندبوونی كاری فەرمانبەرایەتی و دانانی فەیسبووك سەیرم دەكرد وڕێنەكانم باشترن لە زۆربەی ئەو شیعرانەی كە لە پەیجەكان دەكەوتنە پێش چاوم ،ئەمە پاڵنەرێك بوو بۆ تاقیكردنەوەی ئاستی نووسینم ،سەرەتا هەستم دەكرد شیعرەكانم تەنیا دەردە دڵێكە بۆناو دونیای ڕوحی خۆم دواتر بە بڵاوكردنەوەیان هەستم كرد هێواش هێواش تێكەڵی ژیانم دەبێ و چێژ و خۆشی لە نووسین و بڵاوكردنەوەیان دەبینم ،لە غوربەتدا بۆمن بوو بە جۆرێك لە ژیانكردن و تێڕوانینم بۆ خۆم و بۆ ژیان گۆڕا لەو كاتەوە هەست دەكەم شیعر دەستكاری ڕوحم دەكات و پێم دەڵێ بنووسە.

    *باشە كێ بوون ئەوانەی هاوكارو پاڵپشتی سەلما بوون لە شیعر نووسین؟

  • ڕاشكاوانە دەڵێم بەداخەوە هیچ هاوكار و پاڵپشتێكم نەبووە بۆ نووسینی شیعر جگە لە هاندان و دەستخۆشیەكانی هاوڕێیانی فەیسبووك نەبێت، بەڵكو دەتوانم بڵێم نیمچە ڕێگریەكیشم لێكراوە بەڵام ئەوە ساردی نەكردوومەتەوە لە نووسین و كۆڵم نەدا هەر بۆیە تا ئێستا بەردەوامم ،ئەوەی گرنگە بگوترێ لەم دواییەدا مامۆستا(حەمە ئەحمەد جاف)ی شاعیر هانی دەدام و زۆر جار شیعرەكانم پیشانی ئەودەدا بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستەكەیان و ڕاستكردنەوەی هەڵەكانیان ئەگەر هەبوایە ،ئەوەش بۆ من مایەی دڵخۆشی بووە بۆیە لێرەوە سوپاسی دەكەم.

    *سەلما تۆما بە چەند زمان شیعر دەنووسیت ؟ئامانجت لە شیعر نووسین چییە؟

  • بەهەرسێ زمانی سریانی و كوردی و عەرەبی شیعرم نووسیوە ،بەڵام زیاتر بە زمانی كوردی دەنووسم، بەزمانی عەرەبی زیاتر پەخشانم نووسیوە.
    ئامانجم لە نووسینی شیعر بە گشتی گەیاندنی پەیامە، نووسین بە زمانی كوردیش ڕێچكەشكێنیە بۆ هاندانی ئافرەتانی كریستیان بۆ دەرخستنی تواناكانیان لەبواری نووسین بەزمانی كوردی كە لە كوردستان شك نابەم ژمارەیان زۆر بێت.

    *لەشیعر نووسیندا پشت بە وشەكان یان بەهەست یان بە بابەت دەبەستی؟

  • من زیاتر پشت بە هەست دەبەستم ،بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا نكۆڵی لەوە ناكەم كە هەندێ جار بە بێ ویستی خۆم بابەت دەبێتە ئیلهامی نووسینی چەند دەقێكی شیعری.

    *هۆنراوەیەكی دیاری كراوی شاعیرێك هەیە سەرنجی تۆی راكێشابێت و هیوات دەخواست هی تۆ بێت؟

  • راستییەكەی بەدیاركراوی شیعرێك نییە ،بەڵام زۆرن ئەو شاعیرانەی كە دەق و تێكستەكانیان سەرنجم ڕادەكێشن و هیوام دەخواست قوتابی قوتابخانەی شیعری ئەوان بوومایە ،تا لێیان فێربام جوانتر بنووسم.

    *وەكو شاعیرێك، چۆن دەڕوانیتە ئاستی شاعیرانی ئافرەت لە كوردستان ؟

  • هەڵسەنگاندنی ئاستی شاعیرانی ئافرەت لە كوردستان بۆ من ئاسان نیە، چونكە ساڵانێكی زۆرە ئافرەتی كورد شیعر دەنووسێ و ئەوە زیاتر لە بواری شیعرناسەكان نزیكە ،بەڵام دەتوانم بڵێم قەڵەمی ژن بەردەوام لەپێشكەوتندایە و بەهۆی بوونی ئازادیی زیاتری ژنان بەراوورد بە ساڵانی پێشتر ،ئازادی لە نووسینی دەقی شیعریش زیاتر بووەو ژن ئێستا لە هەموو ئەو بوارانەدا شیعر دەنووسێ كە جاران ئەو بوێریەی نەبوو بۆیان بنووسێ ،بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بتوانێ وەك چەكی بەرەنگاری بەكاری بێنێ بۆ ئازادانە گەیاندنی پەیامی داكۆكی كردن لە هەموو مافەكانی خۆی.

    *هیچ دیوانی شیعریت یان نامیلەكەی شیعریت هەیە؟

  • نەخێر ،بەڵام دەمێكە كتێبێكی شیعرم بەناونیشانی (ملوانكەی ئەوین) ئامادەی چاپە و چاوەڕێی دەرفەتێكم بۆ ئەوەی لەچاپی بدەم.

    *پرۆژەی نوێتان هەیە؟

  • بوونی پڕۆژەی نوێ پەیوەستە بە ڕادەی دڵنیابوون لە جێبەجێ كردنیان بە سەركەوتوویی ،بۆیە تا نەگەن بەو قۆناغە باسكردنیان بە پەسند نازانم.



وەسواسی ئاینی: ناساندن، نیشانەکان، هۆکارەکان، دەرئەنجامە نەرێنییەکان و چارەسەرە زانستییەکان.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای) ١٥٣

زنجیرەی ١٥٣

وەسواسی ئاینی یەکێکە لە شێوەکانی تێکچوونی وەسواسی-زۆرەملێ (OCD) کە تیایدا بیرۆکە، هەست و ڕەفتارە وەسواسییەکان پەیوەندییان بە بابەتە ئاینی و ڕۆحییەکانەوە هەیە. ئەم دۆخە دەتوانێت کاریگەری نەرێنی بەرچاو لەسەر ژیانی ڕۆژانەی تاکەکان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان هەبێت. لەم وتارەدا، قووڵ دەبینەوە لە چەمکی وەسواسی ئاینی، نیشانەکانی، هۆکارەکانی، دەرئەنجامەکانی و چارەسەرە زانستییەکانی.

یەکەم: سەرەتا با پێناسە یاخود ناساندن بۆ بابەتەکە بکەین.

وەسواسی ئاینی بریتییە لە بیرۆکە و هەست و ڕەفتاری وەسواسی بەردەوام کە پەیوەندییان بە بابەتە ئاینی و ڕۆحییەکانەوە هەیە. ئەم دۆخە وا لە تاکەکان دەکات کە بە شێوەیەکی زۆر و ناڕێك خۆیان سەرقاڵی پرسیار و دوودڵییە ئاینییەکان بکەن، یان بە شێوەیەکی زۆرەملێ ئەرکە ئاینییەکان ئەنجام بدەن. گرنگە جیاوازی بکەین لە نێوان ڕەوشی ئاینی ئاسایی و وەسواسی ئاینی؛ لە کاتێکدا باوەڕ و کرداری ئاینی دەتوانێت سەرچاوەی ئارامی و مانا بێت بۆ زۆر کەس، وەسواسی ئاینی بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی ئازار و ناڕەحەتی بەرچاو.

دووەم: نیشانەکان.

نیشانەکانی وەسواسی ئاینی دەکرێت بە دوو بەشی سەرەکییەوە دابەش بکرێن: بیرۆکە وەسواسییەکان و ڕەفتارە زۆرە ملێیەکان.

بیرۆکە وەسواسییەکان:

ترسی بەردەوام لە گوناهکردن یان تاوانبار بوون.
دوودڵی بەردەوام سەبارەت بە باوەڕ یان ڕاستی ئاینی.
خەیاڵی بەردەوام سەبارەت بە کوفر یان گوناهی نەخوازراو.
ترس لە لەدەستدانی کۆنترۆڵ و ئەنجامدانی کردەوەی ناشیاو لە شوێنە پیرۆزەکان.
بیرکردنەوەی زۆر لە دۆزەخ یان سزای ئیلاهی.

ڕەفتارە زۆرەملێییەکان:

دووبارەکردنەوەی زۆری نوێژ یان ئەرکە ئاینییەکان.
داواکردنی دڵنیایی بەردەوام لە پیاوانی ئاینی یان کەسانی تر.
خۆپاککردنەوە یان خۆشۆردنی زۆر بە مەبەستی پاکبوونەوەی ئاینی.
خۆبەدوورگرتن لە شوێن یان بۆنە ئاینییەکان لە ترسی ئەنجامدانی هەڵە.
سەرقاڵبوونی زۆر بە وردەکارییەکانی ئەرکە ئاینییەکان.

سێیەم: هۆکارەکان.

هۆکارەکانی وەسواسی ئاینی ئاڵۆزن و فرەڕەهەندن. لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بە چەند فاکتەرێک دەکەن کە دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە گەشەکردنی ئەم دۆخەدا:

فاکتەرە ژینگەییەکان: پەروەردەبوون لە ژینگەیەکی ئاینی توندڕەو یان کۆنترۆڵکراو دەتوانێت مەترسی گەشەکردنی وەسواسی ئاینی زیاد بکات.

فاکتەرە ژێنەتیکییەکان: توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە OCD بە گشتی، لەوانەش وەسواسی ئاینی، دەتوانێت ڕەهەندێکی بۆماوەیی هەبێت.

ناهاوسەنگی کیمیایی مێشک: گۆڕانکاری لە ئاستی ناقڵە دەمارییەکان، بە تایبەتی سیرۆتۆنین، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت لە گەشەکردنی وەسواسی ئاینیدا.

ئەزموونە ژیانییەکان: ڕووداوە سترێسهێنەرەکان یان تراوماکان دەتوانن وەک هاندەرێک بۆ دەستپێکردن یان خراپتربوونی نیشانەکانی وەسواسی ئاینی کار بکەن.

کەسایەتی: تاکەکانی خاوەن کەسایەتی وەسواسی یان پێداگر زیاتر لەوانەیە تووشی وەسواسی ئاینی ببن.

فاکتەرە کەلتوورییەکان: هەندێک کەلتوور کە زۆر جەخت لەسەر پاکی و گوناه دەکەنەوە دەتوانن ببنە هۆی زیادبوونی مەترسی گەشەکردنی وەسواسی ئاینی.

دەرئەنجامی نەرێنی لەسەر ئەم پرسە، وەسواسی ئاینی دەتوانێت کاریگەری نەرێنی بەرچاوی لەسەر ژیانی تاکەکان هەبێت:

کاریگەری دەروونی: ئەم دۆخە دەتوانێت ببێتە هۆی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و هەستی تاوانباری.

کاریگەری کۆمەڵایەتی: پەیوەندییە کەسی و خێزانییەکان دەتوانن بە هۆی نیشانەکانی وەسواسی ئاینییەوە زیان ببینن.

کاریگەری پیشەیی: کات و وزەی زۆر بۆ ئەرکە ئاینییەکان دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر کارایی پیشەیی هەبێت.

کاریگەری ڕۆحی: پارادۆکسێکی سەیر ئەوەیە کە وەسواسی ئاینی دەتوانێت ببێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە ئاین و ڕۆحانیەت.

کاریگەری جەستەیی: ڕەفتارە زۆرەملێییەکان، وەک خۆشۆردنی زۆر، دەتوانن کاریگەری نەرێنیان لەسەر تەندروستی جەستەیی هەبێت.

چوارەم: چارەسەرە زانستییەکان

بەختەوەرانە، چەندین ڕێگەچارەی زانستی کاریگەر هەن بۆ چارەسەرکردنی وەسواسی ئاینی:

چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی (CBT): ئەمە یەکێکە لە کاریگەرترین چارەسەرەکان بۆ وەسواسی ئاینی. CBT یارمەتی نەخۆشەکان دەدات بۆ ناسینەوە و گۆڕینی بیرکردنەوە و ڕەفتارە ناتەندروستەکان.

چارەسەری بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لە بەرسڤدانەوە (ERP): ئەم تەکنیکە، کە بەشێکە لە CBT، نەخۆشەکان بەرەوڕووی ترسەکانیان دەکاتەوە بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو و ڕێگەیان پێ نادات ڕەفتارە زۆرەملێییەکان ئەنجام بدەن.

دەرمان: لە هەندێک حاڵەتدا، دەرمانەکانی دژە-خەمۆکی، بە تایبەتی ئەوانەی کە کار لەسەر سیستەمی سیرۆتۆنین دەکەن (SSRIs)، دەتوانن یارمەتیدەر بن.

چارەسەری قبوڵکردن و پابەندبوون (ACT): ئەم شێوازە یارمەتی نەخۆشەکان دەدات بۆ قبوڵکردنی بیرۆکە وەسواسییەکان بەبێ ئەوەی کاریان تێبکات و لەسەر بەهاکانیان جەخت بکەنەوە.

مێدیتەیشن و ڕاهێنانەکانی هۆشیاری: ئەم تەکنیکانە دەتوانن یارمەتی تاکەکان بدەن بۆ کەمکردنەوەی سترێس و باشترکردنی توانای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بیرۆکە وەسواسییەکان.

چارەسەری گرووپی: بەشداریکردن لە گرووپی پشتگیری بۆ کەسانی خاوەن وەسواسی ئاینی دەتوانێت سەرچاوەیەکی گرنگی پشتگیری و فێربوون بێت.

سەرچاوەکان:
1-https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC4103187/

2-https://www.sciencedirect.com/science/article/abs/pii/S0005791612000183

3-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/12396759/

4-https://www.sciencedirect.com/science/article/abs/pii/S1077722910000490

5-https://www.researchgate.net/publication/225845035_Obsessive-Compulsive_Disorder

6-https://www.semanticscholar.org/paper/Association-between-Protestant-religiosity-and-and-Abramowitz-Deacon/207a6fc07240863c3c995f11ca51e44265a39882

7-https://psycnet.apa.org/record/2016-13168-001




یاسای مارکس بۆ قازانج.. شیکردنەوەی کاوە کەریم

بۆ گوێگرتن لەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




گۆڤاری زمان و زار ژمارە ١٥ رێنووسی لاتینی

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ١٥ کلیکی ئێرە بکەن..




هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم؛ ئیفلاسی سیاسی و برەودان بە کۆنەپەرستی.. بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە (٢٠)ی ئوکتۆبەری (٢٠٢٤)دا بەرێوەبچێت، چەند ڕۆژیکە دەستی پێکردووە، و شار و شارۆچکەکانی کوردستان بوونەتە شانۆی کەمپێنی هەڵبژاردنی حزبەکان؛ بەوانەی کە لە دەسەڵاتدان، و بەوانەشەوە کە ئۆپۆزسیۆنی دەرونی ڕژێمە سیاسیـیەکەن و لە دەرەوەی حکومەتدان، بە ناسیۆنالیست و ئیسلامی و نیولیبراڵەوە، وە بە نۆینەرانی “کەمایەتیـیەکان” و کسانی سەربەخۆوە.
ئەوەی کە چی دەگوزەرێ لەم کەمپێنانەدا و ئەم حزب و لایەن و لیستانە چیـیان پێـیە بۆ کارمەندان و مامۆستایان، بۆ ژنان و گەنجان و خوێندکاران، بۆ تۆیژە کۆمەڵایەتیـیە ماف زەوتکراوەکان و کەمئەندامان و منداڵان؛ واتا بۆ توێژە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکار و بەیەک وشە بۆ زۆربەی جەماوەری کوردستان، ڕوون و ئاشکرایە؛ ئەویش هەمان سیناریۆی دەستخەڕۆکردنی پێشوتریانە، و هەمان پەیامیانە کە هەتا ئیستا گەیاندوویانە، بەڵام ئەمجارەیان بە بێـئاسۆیـیەکی زیاتر و چارەنوسێکی نادیارتر، و نوقمی مۆڕاڵی کۆنەپەرستانەی ئیسلامی سیاسی دژە ژنی و دژە ئازادی، و هاندانی چەواشەکارانەی قەومی و ناوچەییـیەوە.
ئەم هەڵبژاردنە هی گەورە سەرمایەدارانی ئەم هەرێمە و سەرکردەی حزبە بورژوا قەومیـیەکان، لیبراڵ -قەومیـیەکان و ڕۆشنبیرانیانە، هی حزبە بۆرژوا ئیسلامیـیەکان و کەسانی خێرەومەنەدی بەناو چاکسازیخوازی ناو ئەم چینە و سیستەمە سیاسیەکەن، کە بەهەموویان لەشکركێشیـیەکی سیاسی ئینتیخاباتیان لە کوردستان وەڕێخستووە، تا لە ڕێگەی کۆکردنەوەی دەنگەکانی زەحمەتکێشان و نەداران و بەهەژارکراوانی کۆمەڵگەوە، سەروەرەی ئابوری و سیاسی و هێژمۆنی ئایدیۆلۆژیـیان مسۆگەر بکەنەوە بەسەریاندا، و هەر بەم پێیەش بەسەر کۆمەڵگەدا، و پرۆسەی تاڵانوبڕۆیی و چەتەگەری و گەندەڵی ڕژێمەکە دریژبکەنەوە.
لەم هەڵبژاردنەدا وەک لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا، بە درێژایی زیاتر لە سێ دەیە، هیچ دەنگێکی سەربەخۆ لە ئارادانیـیە کە نوێنەری چینی کرێکار و گەنجانی بێکاری کچ و کوڕی ئەم هەرێمە بکات، کە نوێنەرایەتی مامۆستایان و کارمەندان و ژنان و تۆیژە کۆمەڵایەتیـیە زەرەرمەندەکان بکات لەم بارودۆخەدا کە ڕژێمی سیاسی ناسیۆنالیستی کورد فەراهەمی هیناوە بۆیان.
لە هەلومەرجی بێـئاسۆیی ئەمڕۆدا، کە باڵی کێشاوە بەسەر کۆمەڵگەدا، و لە بارودۆخی سەختی ئابوری و کەم دەرامەتی و بێکاری و مووچەبڕین، کە سەپێنراوە بەسەر زۆربەی دانیشتوانی هەرێمدا، و لە فەزای بێ خزمەتگوزاریـیە گشتیـیەکان بەتایبەت لە کەرتی تەندروستی و خوێندن و پەروەردەدا، ئیتر زۆربەی جەماوەر دەستی لەوە شتووە کە چاوەڕوانی هەبێت لە دەسەڵات، و لە هیچ حزبێکی ئۆپۆزسیۆن کە گۆرانکاری بۆ فەراهەم بهێنێ. هەر بەو هۆیانەشەوەیە کە زۆربەی دانیشتوانی کوردستان و نزیکەی لە سەدا هەشتا (٨٠%)ی دەنگدەران بایکۆتی هەڵبژاردنی پێشوویان کرد، و بەو پێیەش کە بارودۆخەکە خراپتر بووە بۆیان، چاوەڕوان دەکرێ ئەم جارەش هەمان هەڵوێستیان دەبێ و دەنگی خۆیان لە ڕێگەی بایکۆتەوە تۆمار دەکەن.
هێزەکانی دەسەڵات نەک هەر قەیرانێکی ئابووری سەختباریان بۆ جەماوەری هەرێم فەراهەمهێناوە، بەڵکو خۆشیان دەرگیری قەیرانێکی سیاسی هەمەلایەنەن، و پایگای کۆمەڵایەتیـیان لەناو جەماوەردا لە دەستداوە و ئاسۆی ناسیۆنالیستی و فریووکاری سیاسیـیان ئیتر کەمتر بەدەردیان دەخوات، و ئیفلاسی سیاسیان کردووە، هەربۆیە پەنایان بردۆتە بەر کۆنەپەرستی ئایینی و جوڵاندنی هەستی دەمارگیریی ئیسلامی دژە ئازادی، و خەتابارکردنی یەکتری.
لە کاتێکدا دەنگی سیاسی چینایەتی سەربەخۆی چین و تۆیژە نەدارەکان، و سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم لەم هەڵبژارنەدا بە شێوەیەکی کاتی خامۆشە، هەر هەموو بەرەی بورژوازی بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیانەوە، هەوڵوتەقەلایانە ئەم دەنگە کزتر بکەن و گەر بۆیان بکرێ بەناخی ئەرزیدا بەرن، و کۆمەڵگە بە کۆنەپەرستیی ئایینی و كێبڕکێی خۆیانەوە سەرقاڵ بکەن. هەموو ئەمانەش تا سیاسەتی چینایەتی و مانیفیستۆی سیاسی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە دەستوری کاری چین و تۆێژە نەدارەکانی کۆمەڵگەی کوردستان وەدەرنێن.
لە قەیرانی سیاسی ئاوەهای دەسەڵاتی ناسیونالیزمدایە کە حزبە فەرمانڕەواکانی هەرێم (یەکێتی و پارتی) ڕایەڵەکانیان هەرچی قایمتر کردووە بەئیمپریالیزمی ئەمریکا و ڕژێمی ئیران و تورکیاوە، و بەوپەڕی ئامادییەوە بەرژەوەندیـیە جیۆپۆلیتکسەکانی ئەم دوو ڕژێمە و ئەمریکا بەدیئەهێنن. بەم شیوەیە هەرێمی کوردستانیان هەرچی زیاتر “دوو ئیدارەیی” کردووە و سەرکوتگەریان کردۆتە نۆرم و دایانسەپاندووە و بواریشیان کردۆتەوە، بەهاوبەشی لەگەڵ (گۆڕان) و (نەوەی نوێ)، بۆ ئسیلامیـیەکان بێنە نێو ڕەوەندی سیاسەتی گشتی کۆمەڵگە، تا کۆنەپەرستی و کۆیلایەتی ژنان بچەسپێنن لە هەرێمدا.
بەڵام ئەوە ئاشکرایە، نە کۆمەڵگە لە جوڵە دەکەوێ و نە کرێکاران و ژنان و گەنجان و تۆێژەکانی تری چینی کرێکار لە مامۆستایان و کارمەندان و زەحمەکێشان و بەهەژارکراوان بێدەنگ دەبن. بورژوازی دەسەڵاتدار لە کوردستاندا چارەسەرێکی ئابوری پێ نیـیە بۆیان بێجگە لەزیاتر توندوتیژکردنەوە قەڵشتی چینایەتی نێوان کار و سەرمایە، و توندوتیژترکردنەوەی ناکۆکیـیە چینایەتیـیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان وەک کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداری کە نیولیبرالیزمی ئابووری زاڵە لە هەموو جێگەیەکیدا. ئەمەش، بەمانای قۆرغتر کردنی هەرچی زیاتری سەروتوسامانی کۆمەڵگە لە دەستی هەرچی کەمەینەیەکی کەمتر لە تاڵنچیی حزبی و میلیشیایی و سەرمایەداران، و هەرچی بەرینتربوونەوەی بێکاری و بێدەرامەتی بۆ زۆربەی جەماوەر. ئەوەش کە كێ دەردەچێ لەم هەڵبژاردنەدەدا زەڕڕەیەک لەم واقعیەتە چینایەتیانە کەم ناکاتەوە.
ڕیگەی ڕزگاربوون لەم بارودۆخە لە ئیستادا یەکخستنی ڕیزەکانی خەباتی چینی کرێکار و تۆێژە نەدار و زەحمەتکێشەکانە لە دەرەوەی کایەی هەڵبژاردن و پەرلەمان. ئەم بەرە چینایەتیـیە پێویستە لە بایکۆتی خۆی لەم هەڵبژاردنە و لە سیناریۆیەکی ترسناک کە بورژوازی بەڕێیخستووە لەم هەڵبژاردنەدا، وانە وەربگرێت بۆ پتەوکردنی هەرچی زیاتری ڕیزی خەباتی چینایەتی سەربەخۆی، تا بتوانێ تەرازووی هێزی چینایەتی بگۆڕێت لە کۆمەڵگەدا لە بەرژەوەندی خۆی، و هێزەکانی ڕێکبخا و تەنانەت سەنگەری هەڵبژاردنیشیان لێ بگرێت لە داهاتوودا.
(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عیراق) لە بەرەی چینی کرێکار و گەنجان و ژنانی ستەمدیدە دایە، و لە بەرامبەر ئەم ‌هە‌ڵبژاردنەدا لەبەرەی بایکوتدایە و هیچ خۆشباوەڕیـیەک برەوپێنادا لەبەرامبەر ئەم هەڵبژاردنەدا، کە هیچ گۆڕانکاریەکی نە ڕیشەیی و نە تەنانەت جدی ئەنجام بدرێ لە ڕیگەیەوە.
٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤




کۆپی… پشکۆ ناکام

[ کاتێک دەسەڵات میز بە خەڵکا ئەکا، میدیا
کۆیلەکان ئەڵێن باران ئەبارێ ، ئیسلامییەکانیش
ئەڵێن ئەوە ؛ نیعمەت و بەرەکەتی ئیلاهیە..]

…. گەر ئەتەوێ مێشکت مەشغوڵ نەبێ و عەقڵت نەخەیتەکار و تەنیا بیر لە نوێژ و ڕۆژوو و ناوگەڵ بکەیتەوە ، دەنگ بە لیستی پیرۆزی ئایین بە…
گەر ئەتەوێ هیچ میهرەجانێکی هونەری و ئەدەبی و فەرهەنگی وەک مۆسیقا و شانۆ و پێشانگا و دانس و سینەما و…هتد..نەبینی و تەنیا هەفتەی جارێک میهرەجانی ” ووتاری هەینی ” ببینی ، دەنگ بە لیستی مزگەوت بە..
گەر ئەتەوێ لە ماڵەوە جگە لە دایک و باوکت و خوشک و براکانت .، سێ چوار زڕ دایک و دە پانزە زڕ برا و شەش حەوت زڕ خوشکت هەبێ ، دەنگ بە لیستی” فرە ژنی”بە..
گەر ئەتەوێ دەرمانخانەکان هیچ دەرمانێکی تیا نەبێ جگە لە “میزی حووشتر” دەنگ بە لیستی” شوێنکەووتوانی حووشتر”بە…
گەر ئەتەوێ خوێندنی تێكەڵاو نەمێنێ و کچان هەر چاویان دیار بێ و کۆڕانیش هەر شەرواڵی سێ ڕوبعی لە پێ بکەن ،دەنگ بە لیستی ” هەر ئەوە یاریم”بە..
گەر حەسوودی بەوە ئەبەیت کە کوردستان بە تەواوەتی نەبوە بە ” ئەفگانستان ” دەنگ بە لیستی ” تاڵیبانەکانی” ی کوردستان بە..
گەر ئەتەوێ بە ئاوی گەرم خۆت نەشۆی نەبادا مەلائیکەتەکانی سەر شانت بسووتێن ، دەنگ بە لیستی ” ناترە دیندارەکان”بە..
گەر ئەتەوێ لە داودەرمانی مونافیق و مولحیدەکان نەجاتت بێ ، دەنگ بە “لیستی دوعا” بە تا بە هەڵامەتیش فیزای ئەو دونیا وەربگری..
گەر ئەتەوێ بە عەکسی پێشکەوتنی خەڵک و ووڵاتانی تر هەزار و چوارسەد ساڵ بگەڕێیتەوە دواوە ، دەنگ بە لیستی ” چەقیوەکان” بە…
گەر زۆر حەزت لە مەشروب و ڕابواردن هەیە و موفلیسی ، بۆ مسۆگەر کردنی شەراب و حۆری [ نازانم نێرگەلەی لە گەڵە یان نا ؟] دەنگ بە لیستی لۆجەکانی بەهەشت بە..
گەر ئەتەوێ دوا بەشەکانی فیلمی” تراجیدیای کورد”ببینی دەنگ بە هەموو لیستەکان بە و “کۆپی” یەکی بنێرە بۆ خوا…




لەبەرچی نامدۆزیتەوە؟.. شیعری نەوزاد بەندی

بۆچی بەدواما ناگەڕێی ،
لە شوێنێ بمدۆزیتەوە ؟
لە ترافیکلایتا تەنیشتم
سەیرم ئەکا ،
ئەڵێم ئەوە و ..
ئێستا هەڵمئەگرێتەوە ..!
لە باخێکی
پارکی ئازادی ،
عەینەکێ ،
زۆر بە دیقەت بۆم ئەڕوانێ ..
ئەڵێم ئەوە و ..
تا دێم بۆ لای ،
پێ دەچێ ببورێتەوە ..
بۆچی بە دواما ناگەڕێی ؟
سمێڵ فشێ ،
ئاد فرێندێ ئەنێرێت و ..
ئەڵێم ئەوە ..
به دەمامکەوە ، ئەیەوێ
بۆ وێرانەکە بێتەوە ..
بۆچی بە دواما ناگەڕێی ؟
من نەمبینیوی ،
نازانم تۆ چۆن چۆنیت ..
تەنانەت لە فیلمەکانا ،
کاراکتەرێ
به تەنیا بمێنێتەوە ،
ئەڵێم ئەوە ..
تۆ بڵێی نەمدۆزێتەوە ؟

به بێ ئەدرەس ،
لەناو ملیۆنەها کەسا ،
کە نازانم تۆ چۆن چۆنیت ،
هەنگاوەکانم وێڵ ئەبن ،
چاوم وەک تەیرێکی ترساو ،
لە هیچ کوێ نانیشێتەوە ..

لە قەڵەباڵغیی شەقامێ ،
له پڕ ماشێنێ ئەوەستێ ،
دەرگای سەکن ئەکرێتەوە ،
شکم نامێنێ کە تۆیت و
ئەو کورسیە ،
بە من نەبێ ،
بە هیچ کەس پڕ ناکرێتەوە ..
حەوشەیەکی پڕ لە گەڵای
هەڵڕژاوی جەنگی پاییز ..
درەختێکی ،
بە کوڵ ئەگری و
چەن ئەکەم ژیر نابێتەوە ،
ئەڵێم ئەوە و ..
بە من نەبێ ،
دڵی بە هیچ ناکرێتەوە ..

ئێ من نازانم چۆن چۆنیت ..
هەرچی چاوە ،
گومانم لا دروست ئەکەن ،
لە نانەوا ،
کەسێ ئەڵێ ،
قەیناکا با سەرەی تۆ بێ ..
ئەڵێم ئەوە ..!
هێشتا له دەوری شیعرێکم
ئەخولێتەوە ..
لەبەردەم ژووری بەڕێوبەر ،
کەسێ لێم وورد ئەبێتەوە ..
ئێ نازانم تۆ چۆن چۆنیت ..
ئەو پرسیارە ،
بۆشاییەکی قورسی تیایە ،
بەس بە تۆ پڕ ئەکرێتەوە ..

دەستێ ئەچێتە گیرفانێ ،
دوو بلیتی فیلمێکی تازە دەردێنێ ..
ئەڵێم ئەوە ..
هۆڵەکە چەن تاریکیش بێ ،
به ڕووما ئەگەشێتەوە ..
لە قاوەخانەی غەزەلنوس ،
کەسێ به دوو قاوەوە ،
بەرەو مێزێ هەنگاو ئەنێ ..
ئێ من نازانم چۆن چۆنیت ،
خۆم لا ئەدەم ،
قاوە بڕژێ ،
زەحمەتە هەڵگیرێتەوە ..
خۆ ئەزانم ،
ئەستێرە بکشێ ، زەحمەتە ،
وەکو بەفر ،
بکرێتەوە بە تۆپەڵ و
چاک بێتەوە ..

نازانم کێی ..
ئەزانی کێم ..
بۆ لە شەقامی مەولەوی ..
یان دوکانی لەنگەی سەفین ..
یان لە دەرگای پشتەوەی
مزگەوتی داروسەلام ،
بۆم ناگەڕێی ؟
لەبەرچی نامدۆزیتەوە ؟!

نەوزاد بەندی




جەستە وەک چەکی تۆڵەکردنەوە لە دەسەڵات.. دانا حەمید

ڕۆمانی “بازنەکانی شەقامی سوور”، ڕۆماننووس (کارزان حەیدەر)، بەرهەمێکی ئەدەبییە کە دەکرێت لە چەندین ڕوانگەوە، خوێندنەوە و شیکردنەوەی وردی بۆ بکەین. ئەم خوێندنەوەیە هەوڵدەدات تیشک بخاتە سەر چەند لایەنێکی جیاوازی ئەم ڕۆمانە.
لە ڕوانگەی ”میشێل فۆکۆ“وە، ڕۆمانی “بازنەکانی شەقامی سوور” دەکرێت وەک نمونەیەکی بەرجەستە بۆ پەیوەندی نێوان ”دەسەڵات“ و ”جەستە“ سەیر بکرێت. فۆکۆ پێی وایە: کە جەستە مەیدانی ململانێی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە. لەم ڕۆمانەدا، جەستەی پاڵەوانی سەرەکی، بە تایبەتمەندییە نائاساییەکەیەوە (چوكی كاراكتەری سەرەكی ڕۆمانەكە)یە، دەبێتە شوێنی بەرەنگاری و تێکدانی پەیوەندییە باوەکانی دەسەڵات. ئەو جەستەیەی کە پێشتر سەرچاوەی شەرمەزاری بوو، ئێستا دەبێتە ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیستەمەی کە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدات.
”جۆرج باتای“، لە لایەکی ترەوە، بە تێڕوانیە قووڵەكانی یارمەتیدەرێكی باشە بۆمان، كە گرنگی بە پەیوەندی نێوان «ئیرۆتیزم» و «پیرۆزی» دەدات. لە دیدی باتاییەوە، سێکس و توندوتیژی دوو ڕووی هەمان دراون و هەردووکیان پەیوەندییان بە تێپەڕاندنی سنوورە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە. لە ڕۆمانی “بازنەکانی شەقامی سوور”دا، بەکارهێنانی سێکس وەک ئامرازێک بۆ تۆڵەسەندنەوە و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، دەکرێت وەک نمونەیەک بۆ ئەم تێڕوانینەی باتای سەیر بکرێت. لێرەدا، کردەوە سێکسییەکان لە چوارچێوەی چێژی تاکەکەسی دەردەچن و دەبنە کردەیەکی “پیرۆز” کە ئامانجی تێکدانی سیستەمی کۆمەڵایەتییە. بەمانایەكی تر: كاراكتەری سەرەكی ڕۆمانەكە، كە سێكس دەكات بەرامبەر ”ئەوانی تر“ كە حیزبەكانن! لە پێناو «چێژ سێكس ناكات، بەڵكو لە پێناو تۆڵەكردنەوە سێكس دەكات».
«مارکیز دی ساد»، کە بە باوکی ئەدەبی ”ئیرۆتیکی ڕادیکاڵ“ دادەنرێت، پێی وایە کە سێکس و توندوتیژی دەتوانن ببنە ئامرازێک بۆ ڕزگاربوون لە کۆتوبەندە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان. لە ڕۆمانی “بازنەکانی شەقامی سوور”دا، پاڵەوانی سەرەکی بە شێوەیەکی هاوشێوەی کارەکتەرەکانی دی ساد، سێکس و توندوتیژی تێکەڵ دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیستەمێک کە پێی وایە ناعادیلانە و گەندەڵە. ئەم ڕێگەیە، هەرچەندە لە ڕووی ئەخلاقییەوە جێگەی پرسیارە، بەڵام دەبێتە تاکە ڕێگە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری لە دنیایەکدا کە بە تەواوی لە دادپەروەری بێبەری بووە.
لە ڕۆمانەکەدا، جەستەی پاڵەوانی سەرەکی بە تایبەتمەندییە نائاساییەکەیەوە، دەکرێت وەک نمونەیەک سەیر بکرێت بۆ ئەو شتانەی کە سیستەمی کۆمەڵایەتی و کولتوری ڕەتیان دەکاتەوە و دەیانخاتە دەرەوە. بەڵام لە جیاتی ئەوەی ئەم جەستەیە ببێتە سەرچاوەی شەرمەزاری، دەبێتە سەرچاوەی هێز و گۆڕانکاری. ئەمەش پێچەوانەکردنەوەیەکی ڕادیکاڵە بۆ ئەو پرۆسەیەی کە کۆمەڵگا پێیەوە ڕاهاتووە.
لە ڕۆمانی “بازنەکانی شەقامی سوور”دا، پاڵەوانی سەرەکی لە ڕێگەی کردەوە سێکسییەکانییەوە هەوڵی تێکدانی ئەو پێناسە ڕەگەزی و سێکسییانە دەدات کە کۆمەڵگا دایناون. ئەم پرۆسەیە دەبێتە نمونەیەک بۆ ئەوەی کە چۆن تاک دەتوانێت لە ڕێگەی تێکدانی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانەوە؟ ناسنامەی خۆی بەرهەم بهێنێتەوە.
زمان و شێوازی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە تێکدانی ئەو سیستەمەی کە ڕۆمانەکە ڕەخنەی لێدەگرێت. بەکارهێنانی زمانێکی ڕاستەوخۆ و وێنەی سێکسی شۆکهێنەر، نەک تەنها بۆ وروژاندنی خوێنەرە، بەڵکو هەوڵدانێکە بۆ تێکدانی ئەو زمانە “پاک”ــەی کە دەسەڵات بۆ داپۆشینی ڕاستییەکان بەکاری دەهێنێت. لێرەدا، زمان دەبێتە شوێنی بەرەنگاری و تێکدانی ئەو واتا و چەمکە باوانەی کە کۆمەڵگا پێیەوە ڕاهاتووە.
هەروەها، ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ سنوورەکانی نێوان ڕەوا و ناڕەوا، ئەخلاقی و نائەخلاقی تێکدەشکێنێت. لە ڕێگەی کردەوە “نائەخلاقی”یەکانی پاڵەوانەکەوە، پرسیار لەو بنەما ئەخلاقیانە دەکرێت کە کۆمەڵگا لەسەری دامەزراوە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خوێنەر بیر لە سروشتی ڕاستەقینەی ئەخلاق و پەیوەندی نێوان ئەخلاق و دەسەڵات بکاتەوە. لێرەدا دەکرێت ئاماژە بە بۆچوونەکانی “نیچە” بکەین سەبارەت بە “ئەوپەڕی ئەخلاق” و پێویستی تێپەڕاندنی ئەو سیستەمە ئەخلاقییەی کە کۆمەڵگا سەپاندوویەتی.
ڕۆمانی “بازنەکانی شەقامی سوور” وەک دەقێکی کەرنەڤاڵی دەردەکەوێت کە تێیدا سنوورە باوەکانی کۆمەڵگا تێکدەشکێن و جیهانێکی “ژێرەوەژوور” دروست دەبێت. لەم جیهانەدا، ئەوەی پێشتر سەرکوت کرابوو، ئێستا دەبێتە سەرچاوەی هێز و گۆڕانکاری. ئەم حاڵەتە کەرنەڤاڵییە، کە “میخایل باختین” باسی لێوە دەکات، دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت کە کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ لە خۆی بڕوانێت و ئەو بنەمایانە ببینێت کە لەسەری دامەزراوە.
بەم شێوەیە، ڕۆمانی “بازنەکانی شەقامی سوور” تەنها ڕۆمانێک نییە، بەڵکو هەوڵدانێکە بۆ تێکدانی ئەو سیستەمە فیکری و کۆمەڵایەتییەی کە کۆمەڵگای کوردی لەسەری دامەزراوە. لە ڕێگەی بەکارهێنانی جەستە، سێکس و زمان وەک ئامرازی شۆڕش، ڕۆمانەکە بانگەوازێکە بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و ڕۆڵی تاک لە کۆمەڵگادا.
هەروەها، ئەم بەرهەمە پرسیاری قووڵ دەوروژێنێت سەبارەت بە سروشتی ئەخلاق، دادپەروەری و ئازادی لە کۆمەڵگایەکدا کە بە قووڵی لەژێر کاریگەری نەریت و دەسەڵاتی سیاسیدایە.
ڕۆمانی “بازنەکانی شەقامی سوور” دەبێتە ئاوێنەیەک کە کۆمەڵگای کوردی دەتوانێت تێیدا سەیری خۆی بکات و ئەو کێشە و ناکۆکییانە ببینێت کە لە ناخیدا شاردراونەتەوە. ئەم ڕۆمانە بانگەوازێکە بۆ بەرپرسیارێتی و هۆشیاری کۆمەڵایەتی، و هاندانێکە بۆ بیرکردنەوەیەکی قووڵتر سەبارەت بەو بنەمایانەی کە کۆمەڵگا لەسەری دامەزراوە.
خاڵە بەهێزەکانی ڕۆمانی “بازنەکانی شەقامی سوور” لە چەند ڕوویەکەوە دەردەکەون. یەکەم، ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی نوێ و جیاواز مامەڵە لەگەڵ چەمکی دەسەڵات و بەرەنگاربوونەوەیدا دەکات، کە لە ئەدەبی کوردییدا کەم وێنەیە. دووەم، بەکارهێنانی زمانێکی ڕاستەوخۆ و بوێرانە لە وەسفکردنی دیمەنە سێکسییەکاندا، سنوورەکانی ئەدەبی کوردی بەرفراوانتر دەکات و دەرفەتی گفتوگۆی کراوەتر لەسەر ئەم بابەتانە دەڕەخسێنێت. سێیەم، ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو توانیویەتی تیۆرە فیکرییەکان بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە چوارچێوەی چیرۆکێکی فرەڕەهەنددا بەرجەستە بکات، کە ئەمەش قووڵایی فیکری بە بەرهەمەکە بەخشیوە.
لە لایەکی ترەوە، ڕۆمانەکە چەند خاڵێکی لاوازیشی هەیە کە پێویستە ئاماژەیان پێ بکرێت. یەکەم، هەندێک جار بەکارهێنانی توندوتیژی و سێکس لە ڕۆمانەکەدا دەچێتە خانەی زیادەڕۆییەوە، کە لەوانەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر هەندێک خوێنەر دروست بکات و لە ناوەڕۆکە ئەدەبی و فەلسەفییەکەی دووری بخاتەوە. دووەم، هەرچەندە ڕۆمانەکە هەوڵی داوە ڕەخنە لە سیستەمی کۆمەڵایەتی بگرێت، بەڵام هەندێک جار ئەم ڕەخنەیە بە شێوەیەکی سادە خراوەتە ڕوو، دەکرا قوڵتر ڕۆبچێتە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەوە. سێیەم، پەرەسەندنی کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکە هەندێک جار ناڕوونە کە چیرۆکەکە دروست دەکات. سەرەڕای ئەم خاڵە لاوازانە، ڕۆمانی “بازنەکانی شەقامی سوور” هێشتا وەک بەرهەمێکی گرنگ و کاریگەر لە ئەدەبی هاوچەرخی کوردییدا دەمێنێتەوە و کاریگەری خۆی لە نێوەندەکەدا بەجێدەهێڵێت.




چارەنووس وێنە ناشیرنەكانی شەڕی ناوخۆ دەگوازێتەوە..فەرهاد نەسر

ڕۆمانی چارە نووسی کاک سەلام عومەری شاعیر و چیرۆکنووسم خوێندەوە، ڕۆمانەکە باسی سێ دەیەیی ڕابردووی شەڕی بڕاکوژی دەکات، کە چۆن تائێستا ئەو میللەتە خێرلەخۆنەیوە ئاهێکی بەبەردا نەهاتەوە کە نیوسەدە بەدەست بەعسەوە جینۆسایدکراوە و گەنج و پیرەکانی گیراون و ئەشکەنجەدراون. ئێستا کۆمەڵێک بڕیاربەدەستی دوو بنەماڵە بە هەوەنتە شەڕێکی براکوژی بەرپادەکەن و هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە بەکوشت دەدەن.
ئەم میللەتە ڕووبەڕووی دەیان کێشە و گرفتی ئەشکەنجەو کوشتن دەبێتەوە، بەڵام ئەوجارەیان بەدەستی هاوزمان و نەتەوەکەی خۆمان، ئەوانەی تادوێنێ خۆیان بە فریادڕەسی ئەم گەلە دەزانی، ئەو فیشەکانەی نەنران بە دوژمنەوە ئێستا دەنرێن بە نێوچاوانی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتیمانەوە.
سەلام عومەر بە شێوەیەکی بوێرانە و بە گێڕانەوەیەکی زۆر جوان و بە زوبانێکی گەلێک شیرین و خۆماڵیانە لەم کتێبەدا قەڵەمەکەی دێتە مەیدان و لە ڕێگای خێزانی وەستا لوقمانی کارەباچییەوە کە پێناسەی هەزاران خێزانی کوردی دەکات، کە جەنگی براکوژی و قەیرانی ئابوری و سەرنگومکردنی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە چ نەهامەتییەکی بەسەر ئەم میللەتە هێناوە.
ئەحمەدی کوڕی وەستا لوقمان، لە دوای سەرنگوومکردنی باوکی ئامادە نییە تفەنگ بکاتە شانی و ڕۆڵەکانی ئەم گەلە و برای خۆی بە میزاجی چەند کەسێک بکوژێت، بەڵکو سەرباری بەرپرسیارەتییەکی قورس کاری کارەباچێتی باوکی دەکات و بە ڕەنجی شانی خۆی داک و خوشک و براکانی دەژیەنێت.
کاک سەلام پێمان دەڵێت، لە هەموو بارودۆخێکدا کەسانێک هەن، ئەخلاقێکی باڵان هەیە و بەرژەوەندی نەتەوە و نیشیمان لەسەرووی هەموو شتێکەوە دەبینن و بۆ هەوەسی دڵی چەند کەسێک ئامادەی جەنگی براکوژی نین.
شەڕ، ماڵوێرانییە، بەڵام لەدیدی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بۆ یەکلاکردنەوەی مەرامەکانی خۆیان نوقڵانە و شیرینییە، باکیان بەوە نییە کێ دەکوژرێ؟ خۆ ڕۆڵەکانی خۆیان نین، ڕۆڵەکانیان لە هەندەران لە کەیف و سەفای خۆیاندان و کوڕی هەژار و بەدبەختی ئەم گەلەش دەدەن بە کوشت و دواتر ناویان دەنێن شەهید.
کەرەستەکانی ئەم کتێبە تەواو ڕیالیستین و بۆیەشە بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە تۆ جارێکی پیاسەیەک بە نێو بەشێک مێژووی تاڵی ئەم نەتەوەدا دەکەیت.
سەلام عومەر پێمان دەڵێت ئەم بەناو حوکومڕانانە، مێژوویی پڕخیانەت و شەرمەزاری خۆیان بە خەبات و منەت بە ئێمە دەفرۆشنەوە، لەپای ئەوەدا پێمان دەڵێن دەبێت ئیتاعەیان بکەین و تا مردن ئەوان بە فریادڕەس و سەرۆکی خۆمان بزانین و شانازییان پێوە بکەین.
جەدەلی و مەوالییەکان کە نوسەر ئاوا ناوی هێناون، لە خوێن تێرنابن و ڕۆژ بە ڕۆژ تینووتر دەبن، تا ئەوکاتەی زلهێزێکی دەرەکی ستۆپیان پێدەکات و دەڵێت ئیتر بەسە تاکەی ئەو خۆخۆری و ملهوڕییه، ئێستا ناویان ناوە پڕۆسەی ئاشتی و کۆتایی شەڕی براکوژی، ناڵێن ئەوە کوتەکی وڵاتانی زلهێز بوو دەنا ئێمە تینووین تینووی خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم خاکەین.
شەڕی ئەوان هەرێمێکی بچوکی کردە دوو زۆنەوە بە دوو ڕەنگی جیاواز، بە دوو ئەقڵیەتی بەربەری و خێڵەکیی، ئێستا ئەم هەرێمە پڕپڕیەتی لە ڕەنگ و دەنگی جیاواز، ستەم و زۆرداری ئەوان ڕۆژ بەڕۆژ ئەم گەلە زیاتر دەباتە دواوە و لەبەرچاوی دنیا ناوی کورد و کوردستانیش ناشیرینتر دەکەن.




دیسلێکسیا لە ڕوانگەی زمانەوانی دەروونییەوە.. 151.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

شیکردنەوەیەك لەسەر پەرتووکی زمانەوانی دەروونی: دیسلێکسیا، هۆکار و نیشانە و چارەسەرییەکانی.
نووسینی وتار(ڕیڤیویەکی کورتی پەرتووکەکە):
زنجیرەی ١٥٢.
نوسینی پەرتووك: پ.ی.دکتۆر کاروان کاکەبرا.

لە دنیای پەروەردە و زانستی دەروونناسیدا، دیسلێکسیا وەك یەکێک لە گرنگترین و بەرچاوترین کێشەکانی فێربوون دەناسرێت. پەرتووکی زمانەوانی دەروونی: دیسلێکسیا، هۆکار و نیشانە و چارەسەرییەکانی.لە نووسینی کاروان کاکەبرا کاکەمەند، هەوڵێکی بەرچاوە بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لە چوارچێوەی زمان و کولتووری کوردیدا. ئەم وتارە هەوڵ دەدات شیکردنەوەیەکی ورد و زانستی لەسەر ناوەڕۆک و گرنگی ئەم پەرتووکە پێشکەش بکات.

پێناسە و چەمکی دیسلێکسیا:

دیسلێکسیا بە گوێرەی پێناسەکەی: کێشەیەکی فێربوونە کە کاریگەری لەسەر توانای خوێندنەوە، نووسین و هەندێک جار قسەکردن هەیە. ئەم دۆخە سەرچاوەی نێرۆبایۆلۆجی هەیە و پەیوەندی بە هۆشمەندی گشتی کەسەکەوە نییە. لێرەدا، گرنگە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە پەرتووکەکە چۆن ئەم پێناسەیە لە چوارچێوەی زمانی کوردیدا دەخاتە ڕوو و ئایا هیچ تایبەتمەندییەکی زمانەوانی کوردی هەیە کە کاریگەری لەسەر دەرکەوتن یان دیاریکردنی دیسلێکسیا هەبێت.

زمانەوانی دەروونی و دیسلێکسیا:

زمانەوانی دەروونی، وەک لقێکی گرنگی زانستی زمانەوانی، پەیوەندی نێوان مێشک و زمان دەکۆڵێتەوە. پەرتووکەکە چۆن ئەم پەیوەندییە لە سیاقی دیسلێکسیادا شی دەکاتەوە؟ بۆ نموونە، ئایا باس لە چۆنیەتی پرۆسێسکردنی زمان لە مێشکی کەسانی دیسلێکسیك دەکات و چۆن ئەمە جیاوازە لە کەسانی ئاسایی؟
(سەرنجێك: ئەم پرسیارانەی کە لەم وتارەدا دەیورژێنم بۆ ئەوەیە لەنێو ئەم پەرتووکەدا بەدوای وەڵامەکاندا بگەڕێن و بابەتەکانتان بۆ ڕوونبێتەوە).

هۆکارەکانی دیسلێکسیا:

توێژینەوە زانستییەکان چەندین هۆکاری جیاواز بۆ دیسلێکسیا دەستنیشان دەکەن، لەوانە:
فاکتەرە ژێنەتیکییەکان-بۆماوەییەکان، جیاوازی لە پێکهاتە و کارکردنی مێشك، کێشە لە پرۆسێسکردنی دەنگی (فۆنۆلۆجی)،
کێشە لە بینایی-فەزایی.

پەرتووکەکە تا چ ڕادەیەك ئەم هۆکارانە بە وردی شیدەکاتەوە و ئایا هیچ بەڵگەیەکی نوێ یان تایبەت بە کۆمەڵگای کوردی پێشکەش دەکات؟

نیشانەکانی دیسلێکسیا:

دیاریکردنی نیشانەکانی دیسلێکسیا یەکێکە لە گرنگترین هەنگاوەکان بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی. نیشانە باوەکان بریتین لە:
کێشە لە خوێندنەوەی وشە بە دروستی و بەخێرایی.
کێشە لە نووسینی ڕێنووس، کێشە لە تێگەیشتن لە بابەتی خوێندراوە، کێشە لە فێربوونی زمانی بیانی.

پەرتووکەکە چۆن ئەم نیشانانە لە چوارچێوەی زمان و ئەلفوبێی کوردیدا دەخاتە ڕوو؟ ئایا هیچ نیشانەیەکی تایبەت هەیە کە پەیوەندی بە سروشتی زمانی کوردییەوە هەبێت؟

چارەسەرییەکان و ستراتیژییەکانی فێرکردن:

چارەسەری دیسلێکسیا بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە فێرکردنی تایبەت و ڕاهێنان دەبەستێت. هەندێك لە ستراتیژییە باوەکان بریتین لە:
فێرکردنی فۆنیکس (پەیوەندی نێوان دەنگ و پیت)،
ڕاهێنانی خوێندنەوەی بەردەوام، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای یارمەتیدەر.

پەرتووکەکە چ ستراتیژی و ڕێگاچارەیەك پێشنیار دەکات کە گونجاو بێت بۆ سیستەمی پەروەردەی کوردی و ژینگەی زمانەوانی کوردستان؟

کاریگەری کۆمەڵایەتی و دەروونی:

دیسلێکسیا تەنها کێشەیەکی فێربوون نییە، بەڵکو کاریگەری قووڵی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و دەروونی تاك هەیە. پەرتووکەکە تا چ ڕادەیەک گرنگی بەم لایەنە دەدات و چ ڕێگایەک بۆ پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی پێشنیار دەکات؟

گرنگی توێژینەوەی زیاتر:

لە کۆتاییدا، گرنگە جەخت لەسەر پێویستی توێژینەوەی زیاتر لەم بوارەدا بکەینەوە، بەتایبەتی لە سیاقی زمان و کولتووری کوردیدا. پەرتووکەکە چ پێشنیارێک بۆ توێژینەوەی داهاتوو دەخاتە ڕوو؟

پەرتووکی زمانەوانی دەروونی: دیسلێکسیا، هۆکارو نیشانە و چارەسەرییەکانی هەنگاوێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن و مامەڵەکردن لەگەڵ دیسلێکسیا لە کۆمەڵگای کوردیدا. ئەم پەرتووکە نەک تەنها وەک سەرچاوەیەکی زانیاری بۆ مامۆستایان و دایك و باوکان خزمەت دەکاتن، بەڵکو دەتوانێت ببێتە بنەمایەك بۆ سیاسەتدانان و گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردەی کوردستاندا بۆ باشتر خزمەتکردنی ئەو خوێندکارانەی کە لەگەڵ دیسلێکسیادا دەژین.

بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە پەرتووکانە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیادکردنی هۆشیاری کۆمەڵگا سەبارەت بە دیسلێکسیا و کەمکردنەوەی ئەو ستیگما کۆمەڵایەتییانەی کە لەوانەیە پەیوەست بن بەم دۆخەوە. ئەم پەرتووکە نموونەیەکی باشە لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی زانستی زمانەوانی و دەروونناسی بۆ تێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەیەکی گرنگی فێربوون. هیوادارین ئەم هەوڵە ببێتە سەرەتایەک بۆ توێژینەوە و بڵاوکراوەی زیاتر لەم بوارەدا بە زمانی کوردی، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتێکی باشتر بە قوتابیان و خوێندکارانی کورد و هەموو ئەو کەسانە بکەین کە ئەم گرفتەیان هەیە.

  • هاوپێچ ئەم وتارە بە پشتن بەستن بە سەرچاوەکانی ناو ئەم پەرتووکە نووسراوە، لەهەمان کاتدا باسی تیۆرەکانی نێو پەرتووکەکەم نەکردووە بۆ ئەوەی بابەتە بە ڕوونی بگات بە خوێنەران و لە کاتی خوێندنەوەی پەرتووکەکە دەتوانن لە تیۆرەکان تێبگەن



فـانتـازیـا لە وێـژەی منـداڵان.. رەزا شـوان

فـانتازیا وشەیەکی ئینگـلیزییە، لە رەگی وشەیەکی یۆنـانی و لاتیـنییەوە وەرگیراوە. بە واتـای “وێـژەی سەرسـوڕێـنەر” یان “هـێـزی ئەنـدێـشە” دێـت. فـانتـازیا جـۆرێـکە لە کارێکی وێـژەیی ئەنـدێـشەیی. فـانتـازیا زاراوەیـەکی فـراوانە، یەکـێکە لە فـاکـتەرەکانی جیهانی چیرۆک و رۆمان و هـونەر. فانتازیا لە وێـژەدا بە شێوەیەکی وێژەیی دەوترێت، کە ئـارەزووی ئـەوەی هـەیە، کە لە داب و نەریـتی بـاو دابـڕێـت و لە راســتـیـیەکـان و لـە سنووردارکـردنی لـۆژیک و فـۆرم و زانیاری رزگـاری بێت و کـاری لـۆژیکی بەدەر بکات و جیهانێکی ئەفـسووناوی فـانتازی و ناڕاسـتی ئـارەزوومەنـدانە دروسـت بکات. فـانتـازیا جـیهـانـێکی ئەنـدێـشـەیی ئەفـسانەئـامێـزە. جـیهـانـێک کە یاسـا فـیزیـایـیەکـان جیـاوازن، لەگەڵ ئەم جیهـانەی تێیـدا دەژیـن. جیهـانـێکە کە پاڵـەوان و کارەکـتەرەکانی بـە زۆری بـوونـەوەری ئـەفـسانـەیی و نـامـۆن، وەک: ئـەژدیهـای گـڕهـاوێـژ، جنـۆکە، ئەسپی باڵـدار، بـووکی دەریـا، سیـمرخی باڵـدار، جادووگەر، چەتەوڵ، یان بوونـەوەر و ئاسمانێکی ئەنـدێـشەیی،… هـتد. هەمـوو کارەکـتەرەکان دەتـوانن بەو زمانەی نووسـەر دەینووسێت قسەبکەن. وێـژەی فانتـازی ئەو وێـژەیەیە، کە نـووسـەر، بە پـلەی یەکـەم پـشـت بە جـیهـانی ئەنـدێـشـە و بە ئـەفـسوون “جـادوو” دەبـەستـێـت. رووداوەکـانی لە جیهانێکی ئەنـدێـشەییدا روودەدەن. خوێنەران بۆ گەشتێکی، ئەنـدێـشەی دژەباو دەبات. ئەم جیهانە ئەندێشەییەش، لە داهـێنانی نووسەرە. بەڵام ئەم ستایشە هەموو رۆمانێکی فانتازی ناگرێتەوە، ئەگەر بێت و بە شێوەیەکی هـونەری لە ژیان بڕوانێت و وردبێتەوە. دەشـێـت کە رووداوەکـانی وێـژەی فـانتـازی، لەسـەر زەوی راسـتەقـیـنەشـدا رووبـدەن. پاڵەوان و کارەکتەرەکانیش مـرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و شتی تربن. تێکەڵ بە ئەنـدێشەی فـانتـازی و بـە ئـەفـسـوون بـکـرێـن و لـە ژیـانی راسـتەقـیـنەی مـرۆڤـەوە، ئـیلهـامیـان وەرگـرتـووبـن. فانتازیا ئەو پانتا فـراوانەیە کە زۆربەی بنەماکانی ژانـرە وێژەکانی تـری لەخـۆگـرتـوون. پەرگـەمـا و بنـەمـای فـانتـازیـاش ئەنـدێـشـەیـە.
پێناسەکردنی وێـژەی فانتـازیا، یان تەنانەت چـیرۆکی ئەفسانەیی، ئەونـدە ئاسان نییە کە مـرۆڤ بیری لێدەکاتەوە. وێـژەی فـانتـازیا، مێـژوویەکی دوور و درێـژی لە فـۆلکلـۆر و لە ئـەفـسانەکـان و لە سەرچـاوەکـان و لە بەرهـەمـەکانی هـەمـوو نەتـەوەکانی جیهـانـدا هـەیە. هـەر لە کاتی مـرۆڤـە ئەشکەوتیـیەکانەوە، فانتـازیا بە جـۆرێک بـوونی هەبـووە. مـرۆڤەکان رووداو و بەسەرهـاتـەکانی رۆژانەی خۆیـان و هـەنـدێک جاریـش، تەنـانەت خـەون و هـیواکانیشیان، لە شێوەی وێنـەدا، لەسەر دیـوارەکانی ئەشکەوتەکانـدا، بە هـاوکاری ئەنـدێـشە هـەڵکەکەنـدوون. کوردسـتانی نیـشـتمانی ئێـمـەی کوردیـش، کە یەکەمـین لانـکەی رەسەنـتریـن شارستانییە لە هەمـوو جیهـانـدا، فـانتازیا لە فـۆرمی کـۆن و کلاسیکـیدا، مێـژووییـەکی دوور و درێـژی لە کـولتـووری کوردستانـدا هـەیە. پاشخـانـێکی وێـژەیی فـانتـازیـا، لـە فـۆلکـلۆری رەسـەنی کوردیـدا، رەگ و ریـشـەی هـەیە. بـە دەیـان چـیرۆک و نـەزیـلە و گـێڕانـەوە و داسـتانی ئـەفـسانەیـیـمان هـەیە.
ژیانی مـرۆڤ، لە دایکبوونەوە تا مـردن، رۆمانێکە کە لە چەنـدین چیرۆکی شیرین و تـاڵ پێکهاتووە. چـیرۆکیش گـێڕانەوەیە. ئەنـدێشەش هەمیشە لەگەڵ مـرۆڤـدا بـووە و لە رابـردوو و لە ئەمـڕۆدا، دینـەمـۆی داهـێـنان و ئـافـرانـدن و پـێـشکەوتـنە. مـرۆڤ پێویستییەکی قووڵی بە هـێزی ئەندێشە هەبووە و هەیە، بۆ دروستکردنی باردۆخێکی ناڕاستەقـینە و جیهـانێکی ئەفـسووناوی. بە تایبەتیش لە کاتی منـداڵـیدا گرنگـییەکانی ئەنـدێشە دوو ئەوەنـدە دەبێـت. چونکە ئەنـدێشە بەشێکی سەرەکی و گرنگە لە ژیانی رۆژانەی منداڵان. جیهانی دەروونی منداڵان پڕە لە ئەندێشەڵ. هەموومان بە چیرۆکی جـوانی ئەفـسانەیی ئەنـدێشەیی گەورە بـووینە. زۆربەی نووسەرانی وێـژەی فـانتـازی چ چیرۆک یا رۆمان، ئیلهـامیان لە چـیرۆکە فـۆلکلۆرییە ئەفـسانەییەکان وەرگرتوون.
چـیرۆکـنووسی بەنـاوبانگی منـداڵان، دکـتۆر (سـیوس) دەڵـێـت:” فـانتازیـا بە تەواوی دیـوەکەی تـری زەڕەبـیـنەکەیە”. فـانتـازیـا نکـووڵی لە بـوونی ئـازار و مەینەتییەکان ناکات. لەوانەیە رۆمـاننووس بۆ چـارەسەرکردنی کـێشەکانی جیهـانی راسـتەقـینە، بە شێوەیەکی هـێمایی ئەندێشە بەکاربهێنێت. چیرۆک یا رۆمانەکەی بە ندێشە بپۆشێت”.
تایبەتمەنـدییەکانی وێـژەی فـانتازی، نووسەر بە شێوەیەکی داهـێنەرانە لە دەرەوەی ژیانی باودا چارەسەری کێشەکان دەکات. بۆ گەیاندنی پەیام و هـێنانەدی ئامانجەکانی رۆمانەکەی، پشت بە ئەفسون (جادوو) و بە شتەکانی دەرەوەی سروشت دەبەستێت.
زۆرێک لە خوێنەران بە هـەڵە، ئەندێشەی زانستی و وێژەی فانتازی تێکەڵ دەکەن و لێکیان جیاناکەنەوە. ئەنـدێشەی زانستی سنووردارە، باس لە پێشکەوتنە تيـۆرییەکانی زانست و تەکنەلـۆژیا دەکات، پێشکەوتووتر لەوەی ئەمـڕۆ دەیزانین. وەک گەشتکردن بۆ بـۆشایی ئاسمان، فـیلمەکانی جـەنگی ئەستیرەکان. یان جیهـانێک پێشان دەدات، کە دەتوانێت لە داهاتوودا رووبدات. بەڵام فانتازیا خەونی بێـداری مـرۆڤە. ئەوە دەکات کە رووی نەداوە. کارەکتەرە ئەفسانەییەکانی، تەنیا لە جیهانێکی ناڕاستیدا بوونیان هەیە.

دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان، بە کورتی باس لە فانتازایا لە وێـژەی منداڵاندا دەکەین. تا ئێستا، زۆر بە کـەمی ئەم بابـەتە بەسەر کـراوەتەوە. زۆر کەمی لەسەر نووسـراوە.
فـانتـازیا لە وێـژەی منـداڵانـدا:
فـانتازیا ژانـرێکە لە ژانـراەکانی وێـژەی منـداڵان و مێـرمنـداڵان. فـانتـازیای مـۆدێـرن لە یەک دوو سەدەی رابـردوودا هاتـووەتە ناو جیهـانی وێـژەی منـداڵانەوە. بە خـێرایی سەرنجی منداڵانی لە هەمـوو جیهـانـدا راکـێشاوە و بـووەتـە دڵخـوازیـان. بە تایبـەتیش لە نیـوەی دووەمی سەدەی بیستەمـدا، زوو گەشەی کرد و لە جیهانـدا تەشـەنەی کـرد.

فـانتـازیا لە جیهـانی وێـژەی منـداڵانـدا، بـە هـۆی رەگ و ریـشـەی ئەفـسانـەیـیەوە، لە ئەنـدێشەی منداڵانەوە نـزیکە. فانتازیا یەکـێکە لەو ژانـرانەی، کە لە وێـژەی منـداڵاندا بەکاردێت. لەلای منـداڵان و مێرمنـداڵانی ئەمـڕۆدا، گرنگی و پێگەیەکی تایبەتی هـەیە. نووسەری ئـوسترالی، پسپۆر لە وێـژەی منـداڵانـدا، خاتـوو (کەیـت فـۆرسـت) دەڵـێت: “فانتازیا لە چیرۆکە ئەفسانەییەکاندا، وەک مۆمێکی داگیرساو دەدرەوشێتەوە و دڕ بە تاریکی دەدات. بەڵام گرنگترین شت، ساتەوەختی رووناکیترە، کە پێمان رادەگەیەنێت، هـیوا و کۆتـاییـە خۆشـەکان هـەن”.
فانتـازیا لە وێـژەی منداڵانـدا، مێـژوویەکی کـۆنی هـەیە، کە بۆ چەنـدین سەدە لە پێش
زاینی دەگەڕێتەوە. هەندێک کەس پێیانوایە، کە چیرۆکە ئەفسانەییە فانتازییەکان شتی پـڕوپـووچ و بێ مـانـان. ئەمـە تـێگەیـشتن و بـۆچـوونێکی هـەڵەیە. چونکە بەشـێکی زۆری ئەو چـیرۆک و رۆمـانە فانتازییانە، کە بۆ منـداڵان و بۆ مێرمنداڵانن، پەیامێکی پەروەردەی و رەوشتی و مرۆڤایەتی و بەهـای بەرز و پەند و وانە و رێنمایی جوانیان لەخـۆگـرتـوون. چـیرۆکی فانتـازی، دەتـوانێـت دەربـارەی هـەر شـتـێک بـێـت، لە هـەر شوێـنێک بێـت، بەبێ هـیچ سـنووردارکـردنـێک. باشـتریـن نمـوونەی کـورتـە چـیرۆکە ئەفـسانـەییـە فـانتـازییـەکان بـۆ منـداڵان: (چـیرۆکـە ئەفـسانەییـەکانی) چـیرۆکـنووسی یـۆنـانی (ئیـزۆپ)ە، کە بـە بـاوکی ئەفـسانەنـووس لـە جیهـانـدا نـاوبـراوە. هـەروەهـا چیرۆکە ئەفسانەییە فانتازییەکانی (پێنج تنتدرا) واتا گەنجینەی پێنج بەند. لە نووسینی بیـرمەنـدی گەورەی هـیـندی (بەیـدەبـا) کە لەژێر ناوی (کلیلە و دیمنە) دا چاپکـراون. ئەم چـیرۆکە فـانتـازییانە، مێـژوویان بۆ چەنـد سەد ساڵێک پێـش زایـنی دەگەڕێتـەوە. بەڵام تا ئەمڕۆش چـێژ و بایەخ و گرنگی پەروەردەییان کاڵ نەبوونەتەوە. تا ئێستاش ئـەم کـورتە چـیرۆکە فـانتـازییـانە، بەشێکـن لە بابەتەکانی پەرتووکی خوێنـدنەوە، بۆ قـوتابیانی قوتـابخـانەی بنـەڕەتی لە هـەمـوو جیهـانـدا.
کـورتە چـیرۆکە ئەفـسانەییە فانتـازییەکانی ئیـزۆپ، هەریەکەیـان بە وانـەیەکی کورتی رەوشـتی یا بە پەنـدێک کـۆتایـیان دێـت، رووداوەکـانیـشیان لەسەر زەویـدا روودەدەن، پاڵەوان و کارەکتەرە یار و نەیارەکانیان. مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندەن یا دار و درەخـت و شتی تـرن. ئاژەڵ و باڵندە و دار و درەختەکانیش وەک مـرۆڤ قسەدەکەن. بۆ نموونە: چیرۆکی پێشبڕکێی نێوان (کیسەڵ و کەروێشک) بەوە کۆتایی دێت کە (لەخۆبایی بوون دۆڕانـدنە، رۆیشتنی خاوی بێوەستان بـردنەوەیە). یان چـیرۆکی (گـورگ و بەرخـۆلە) ئـەو پەنـدە بـاوە کـوردییەی لەخـۆگـرتـووە کە (زۆر هـات.. قـەواڵـە بەتـاڵە).
لە سەدەی نوزدەدا، لە بەریتانیادا چـیرۆکی فانتازیی بۆ منداڵان، بازاڕی گەرم بوو. کە بووە هـۆی سەرهەڵدانی چەنـدین رۆمانی فانتازی بۆ مێرمنداڵان لە بەریتانیادا. دوایی چیرۆک و رۆمانی فانتازی بۆ منداڵان و مێرمنداڵان، زۆر بە خێرایی تەشنەی کـرد. لە ئەمریکا و لە چەنـدین وڵاتانی ئەوروپادا، چەنـدیـن رۆماننووس دەرکەوتن و چەنـدین شاکارە چـیرۆک و رۆمـانی فـانتـازییان، بۆ منـداڵان و مێـرمنـداڵان نووسـین و چـاپیان کـردن و بـڵاویان کـردنـەوە.
نموونەی چـیرۆک و رۆمـانی فـانتازیی مـۆدێـرن، بۆ منـداڵان و مێرمنداڵان:(ئەلیس لە وڵاتی عـاجبـاتییەکـان) دا، نـووسینی (لـویـس کـارۆل). (ئـۆلـیـڤەر تـویـست) نووسـینی (چارلـز دیکنز). (پـینۆکیۆ) نووسینی (کارلـۆ کۆلـۆدی). (رۆبنسۆن کـروزۆ) نووسینی (دانیال دیڤـۆ). (نیـلـز) نووسینی (سەلما لاگیرۆف). زنجیرەی (پـێـنج منـداڵ) نووسینی (ئیـدێت نـێسبیـت) کە زۆر جـار بە داهـێنەری چـیرۆکی فانتـازیای مـۆدێـرن بۆ منداڵان ناودەبرێت. (سانـدرێلا) نووسینی (چارلز پیرۆ). (تۆما لیزا) نووسینی (هانـز کریستیان ئەنـدەرسون). (بەفـریـن و حـەوت کورتە باڵاکـان) نـووسینی (بـرایـانی گـریـم). (پـیـپی گـۆرەویـدرێـژ) نووسینی (ئەستریـد لـینـدگـریـن). (هـایـدی) نووسی (یـوهـانا شپـيری). (ژنـانی بـچـووک) نـووسـیـنی (لـویـزا مـای ئـەلـکـۆنـت). (هـاری پـۆتـەر) نـووسـیـنی (جـوان رۆلـیـنگ). زنجـیرەی هـاری پـۆتـەر، حـەوت پەرتـووکە و کـراون بە هـەشـت فـیلمی سینەمـایی. رۆمـانی هـاری پـۆتـەر، یەکێکە لە مۆدێـرتریـن زنجـیرە رۆمـانێکی فانتازیا. پـڕفـرۆشراوترین رۆمانە، کە (٥٠٠) مليۆن دانەی لە جیهـاندا لـێفـرۆشراوە. رۆمانی هاری پۆتەر شاکارێکی مۆدێـرنی جیهـانییە بۆ مێرمنداڵان. پاڵەوانی رۆمانەکە هـاری پـۆتـەر مێـرمنداڵـێکی سەرەکـێشی ئەفـسووناوییە، فـێری جادووبـازی دەبێت بۆ کاری چاکە بەکاری دەهـێنێت. ئاماژەش بە سێ رۆمـانی مـۆدێـرزمی کوردی دەدەم، کە رۆمـانەکـانیـن فـانتـازیـن و بـۆ منـداڵان و مێـرمنـداڵان نـووسـیویـانـن: رۆمـانی (کـچـی دورگە بچـۆلەکە) و (مـلـوانکەی ئەفـسونـاوی) نووسینی مامۆسـتا (ئەمـین محـەمـەد). رۆمـانی (نـازیـلـێی مـانـگ و شـازادەی خـۆر) نـووسـینی خـاتـوو (پەیـام ئـیـبراهـیم) ە.

تەوەرەکانی ئـەدەبی فانتـازی، هـۆکارن بۆ ئەوەی کە منـداڵان و مێرمنـداڵانی خـوێنـەر هـۆگـریـابـن. لە چـیرۆکە ئەفـسانەییەکانـدا دوو چەمکی سەرەکی هـەن، چەمکی چاکە بەرانبەر بە خـراپە، چەمکی مـلمـلانێ بـۆ دەسەڵات. هـێزی چـاکە و هـێزی خـراپە لە ملـمـلانێـیەکی دەستەویەخـەی هـەمیـشەیی دان. ئەمـانە ئـەو پـرسانـەن کە پاڵەوان و کـارەکـتەرە سـەرەکـییەکـان، دەبـێـت رووبـەڕوویـان بـبـنەوە.
هـەنـدێک لە سـوودەکانی وێـژەی فـانتـازی بـۆ منـداڵان:
١ـ بەشێکی زۆری رۆمان و چیرۆکە فانتازییەکان، پەیامێکی پەروەردەیی و رەوشتی و مـرۆییان لەخۆگرتوون. دەتوانن بە ئاراستەیەکی دروستدا چارەنووسی منداڵان بگۆڕن.
٢ـ یارمـەتی منـداڵان دەدەن، بـۆ خۆبنیاتنان و خۆگونجـاندن و دەربردن، لەگەڵ لافـاوی داهـێنان و زانیاریی مـۆدێـرن و شۆڕشی تەکنەلـۆژیـا و لەگەڵ گۆڕانکاریییە خێراکانـدا.
٣ـ لەم سەردەمەدا، وێـژەی فانتازیا، لەنێو منداڵان و هـەرزەکاراندا، پێگەیەکی تایبەتی هەیە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە زۆر رووەوە، چـێژ و خۆشی سوودیان پێـدەبەخـشن.
٤ـ چـیرۆکە فـانتازییەکان، یارمەتـیی منـداڵان دەدەن، کە کـنجکاوی بن و زیـاتر خۆیان دەرخـەن و باشتر لە ژیـان بـڕوانـن و قـووڵـتر بيـربکەنەوە و زیـاتـریـش بخـوێنـنەوە. پرسیاری زیـاتر بکەن. ئاسـۆی ئەنـدێشە و ئەنـدێشەکردن و بیرکردنەوەیان، فـراوانتر دەبن. نوێخواز و داهێنەر دەبن. بە ئەزموونکردنی جیهانێکی جیاوازەوە سەرقاڵ دەبن.
٥ـ چیرۆکە فانتازییەکان، منداڵان فێری کارامەیی دەکەن. کارامەیی وەک دروستکردنی جـیهـانی سەرسـووڕێـنەر و پەرەپـێـدانی بـیـرۆکەی نـوێ و بـیرکـردنـەوە لە داهـێـنان.
(ئەلبێرت ئەنشتاین) دەڵێت:”ئەگەر دەتەوێت منداڵەکانت زیرەکبن. چیرۆکی ئەندێشەییان بۆ بخوێنەوە. ئەگەر دەتەوێت زیرەکتربن، چیرۆکی ئەندێشەیی زیاتریان بۆ بخوێنەوە”.
٦ـ ئـەرکی یەکـەمی چـیرۆکە فـانتـازییەکان، بەخـشـیـنی چـێژ و خـۆشـیـیە بە منـداڵانی خوێنەر. مێشکی منداڵان لە بـێهـوودەیی رزگاردەکەن. جیهانێکی نـوێ تاقی دەکەنەوە.
٧ـ لە زۆرێک لە چـیرۆک و رۆمـانە ئەفـسانەییـەکانـدا، منـداڵان رۆڵی پاڵـەوانـێتی و سەرەکـییان هـەیە. لەپـاڵ منـداڵانیـشـدا گەورەساڵانـیـش بەشـدارن و رۆڵـیـان هـەیە.
٨ـ چـیرۆکە فانتـازییەکان، یارمەتـیی منـداڵان دەدەن، بۆ دۆزینـەوەی رێـگەی زیاتر و زیاتر لە ژیانی راستەقـینەدا. بۆیە چـیرۆکە فانتازییەکان، کەشێکی منداڵانەیان هـەیە.
٩ـ چیرۆک و رۆمانە فانتازییە، لە رووی زمانەوانییەوە، کۆمەڵێک وشە و دەستەواژە و رسـتەی تازە بە منـداڵان دەبەخـشن و فـەرهـەنـگی وشەکـانیان دەوڵـەمەنـتر دەکەن.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سـوودم لە چەنـدیـن سایـتی ئـینگـلـیزی وەرگـرتـووە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٤




کەلوو.. شیعری شەهلا نوری

خۆر لای تۆ
هەمیشە بڵند و ڕاست
دەرپەڕیو بوو کەلووی چوارەمی ئاسمان!
تاوانی هاوین بوو ،
هەڵەی فەلەک بوو
چەپەوانە و سوڕانەوە‌ی زەوی بوو
یان گەلەکۆمە و گفتوگۆ،
گردبوونەوەی کۆمەڵە ئەستێرە وێڵەکان بوو
لە جەستەمان
شێرپەنجە ئاوی سەری هەڵدا

شەهلا نوری




بۆچی ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات دژی ئێران.. شێرکۆ کرمانج

ئەوەی لێرە دەیخوێننەوە، دید و تێگەیشتن و پێشبینیکردنی من نییە بۆ پۆڵەسی (واتە: هەڵوێست و کردە و ستراتیجییەکانی) ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران، بەڵکوو ئەمە دیدی کەسی دووەمە لە ئیدارەی ئەمریکا، ئەنتنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە لە بابەتێکی دوورودرێژدا بەناونیشانی “ستراتیجییەتی نوێبوونەوەی ئەمریکا: دووبارە بنیاتنانەوەی سەرکردایەتیی بۆ جیهانێکی نوێ” (America’s Strategy of Renewal: Rebuilding Leadership for a New World) نووسیویەتی، کە لە گۆڤاری فۆرین ئەفەیرس (Foreign Affairs) لە یەکی ئۆکتۆبەر بڵاوی کردۆتەوە. لەبەر گرنگی بابەتەکە من بە چاکم زانی کە ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە ئێران-ەوە هەیە بکەم بە کوردی، بەڵام هەوڵمداوە کە تەرجومەی حەرفی نەکەم تاوەکوو خوێنەر باشتر لە بابەت و چەمکەکان و پەیامەکانی نێو ڕستەکان بگات. لە کۆتایشدا خوێندنەوەیەکم بۆ تێگەیشتن و پەیامەکانی بلینکن کردووە لە چەند بڕگەیەکدا.
بلینکن بابەتەکە بەوە دەست پێ دەکات کە ماوەیەکە کێبڕکێیەکی توند بۆ دووبارە-پێناسەکردنەوەی جیهان لە ئارادایە، بەتایبەتی لە پەیوەند بە سیستەمی جیهانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ژمارەیەکی کەم لە وڵاتان، لەوانە ڕووسیا، بە هاوکاری ئێران و کۆریای باکوور، لەگەڵ چین، بڕیاریان داوە دەستکاری بنەما بنەڕەتییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی بکەن. لە کاتێکدا شێوازی حوکمڕانی و ئایدیۆلۆجیا و بەرژەوەندی و تواناکانی ئەم وڵاتانە لە یەکدی جیاوازن، بەڵام لەوەدا هاوبەشن کە هەر چواریان دەیانەوێت دەسەڵاتێکی خۆسەپێن لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا بسەپێنن و لە کایە نێودەوڵەتیی و ئیقلیمییەکانیشدا کاریگەرییان هەبێت و دەستێوەردان بکەن. هەموویان بەسەریەکەوە دەیانەوێت ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر خاک بەزۆرەملێ یان هێز چارەسەر بکەن و توانا ئابووری و وزەییەکانیان وەک چەکێک بەکاربێنن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەریان و جیهاندا.
بلینکن لەوە زیاتر دەچێتە ناو جەوهەری بابەتەکە و ڕاشکاوانە دەڵێت، ئەم وڵاتانە (ڕووسیا، چین، ئێران و کۆریای باکوور) هەموویان هەوڵدەدەن بناغەکانی هێزی ئەمریکا لە جیهاندا بنکۆڵ بکەن و لەناوی ببەن، کە خۆی لەم بوارانەدا دەبینێتەوە: باڵادەستی سەربازی و تەکنەلۆجی، باڵادەستی دۆلار، تۆڕی بێهاوتای هاوپەیمانی و هاوبەشیی لەسەرتاسەری جیهان. لە کاتێکدا ئەم وڵاتانە بە ئاشکرا وەک میحوەرێک خۆیان پێناسە نەکردووە بەڵام کار و کردەوەکانیان وەک میحوەرێک نیشانیان دەدات. بۆیە، واچاکە بەو شێوەیش مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەم قسەیەی بلینکن زۆر مانا، بەتایبەتی بەرانبەر ئێران، لە خۆی حەشار داوە. بەکورتی بەو مانایە دێت، کە ئەو پشتیوانییانەی کە ئەمریکا لە ئیسرائیل-ی دەکات دەگەڕێتەوە بۆ بە بەشێکبوونی ئێران لەم میحوەرە، لە کۆتاییدا دەگەڕێینەوە سەر ئەم خاڵە.
ئینجا، بلینکن هەندێک هەڵوێست و کردار و ستراتیجی ئەمریکا دەخاتەڕوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم میحوەرە و دەڵێت، کاتێک سەرۆک جۆ بایدن و جێگرەکەی کامالا هاریس هاتنە سەر حوکم لە ٢٠٢١ دا، ئەم وڵاتانە بە خەستی بەشێوەیەکی شەڕانگێزانە بەگژ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا-دا چووبوونەوە. ئەم وڵاتانە پێیان وابوو کە ئەمریکا لە ناوخۆدا لە ململانێ و پاشەکشە و گەڕانەوەدایە و لەگەڵ دۆستەکانی لە دەرەوەی وڵات هاوکار و هاوبەشی نەماوە، یان کەم بوونەتەوە. ئەوان لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ ئەمریکییەکانیان دەبینی کە باوەڕیان بە حکومەت و دەزگاکانی لەق بووە و دیموکراسیی ئەمریکییش تووشی جەمسەرگیریی بووە و بەرەو ئاقارەکانی ئیفلیج بوون هەنگاوی ناوە. هاوکات ئەو وڵاتانە دەیان بینی کە ئەمریکا خەریکە هەر خۆی ئەو دامەزراوانە بنکۆڵ بکات کە خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی (وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ) دایمەزراندوون.

بەگوێرەی تێگەیشتنەکانی بلینکن، جۆ بایدن و کامالا هاریس لەگەڵ هاتنە سەر کاریان، ستراتیجییەتی نوێبوونەوەیان (strategy of renewal) پەیڕەو کردووە، بەوەی کە هەوڵی بردنەپێشی توانای کێبڕکێی ئەمریکایان لە بوارەکانی ئابووری و تەکنۆلۆجی، هتد، لەگەڵ ئەوانی دی بردەپێش. هاوکات، لە ناوخۆدا ئەم هەوڵانەیان هاوجووت کرد لەگەڵ هەڵمەتێکی دیپلۆماسی چڕ بۆ بوژاندنەوەی هاوپەیمانیی و شەراکەتەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات. بەم پێیە، ئەم ستراتیجە دوو ستوونییە، باشترین ڕێگە بوو بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو گریمانەیەی کە دەیگوت توانا ئابووری و سەربازیی و تەکنۆلۆجییەکانی ئەمریکا لە داکشاندایە، یان ئەوەی ناویان نابوو، ئەمریکا گلۆرەی بەرەو لێژییە. ئەم گریمانانە مەترسیدار بوون چونکە وای لەو وڵاتانە کردبوو کە بەردەوام بن لە تێکدانی سیستەمی جیهانی ئازاد و کراوە و سەقامگیر و ئاوەدان، کە ئەمریکا بە بازووی خۆی دایمەزراندبوو. سیستەمێک کە بەشێکی زۆری وڵاتانی دیکەی دنیا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانویست لەژێر سێبەریدا بحەسێنەوە. ئەو سیستەمە جیهانییەی کە ئەمریکا حەفتا ساڵێكە دایمەزراندووە و بەرگری لێدەکات، لە دیدی بلینکن، جیهانێکە کە وڵاتان ئازادن لە هەڵبژاردنی ڕێگا و هاوبەشەکانی خۆیان؛ ئابوورییەکەی بنەمای لەسەر کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە و کراوە و ڕوون داناوە، دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت. جیهانێک کە تەکنەلۆجیا، مرۆڤەکان بەهێز دەکات و پێشکەوتنی مرۆڤ خێراتر دەکات. جیهانێک کە بنەمای لەسەر یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش جاڕنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دانابێت و ماف و بەها گەردوونییەکانی مرۆڤ ڕێزیان لێ بگیرێت. جیهانێک کە بتوانێت پەرە بسەنێت بۆ ڕەنگدانەوەی واقیعی نوێ، ڕێگە و دەنگ بدات بە دیدگا و یاریزانە تازەپێگەیشتووەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکانی ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتی.
ستراتیجی ئیدارەی بایدن، کە بلینکن دەیخاتەڕوو، ئەمریکای خستۆتە پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی زۆر بەهێزتر لە چاو چوار ساڵ لەمەوبەر، بەڵام کارەکانمان تەواو نەبوون. ئەمریکا دەبێت خۆڕاگری خۆی لە سەرانسەری جیهاندا بپارێزێت بۆ ئەوەی گریمانەکانی ئەو وڵاتانەی کە دژی ئێمەن لەرزۆک بکەین. دەبێت ئێمە خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە نەتوانن هاوکاری لەگەڵ یەکتر قووڵتر بکەنەوە و ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە کە پێشووتر دروست ببوون. دەبێت ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە دۆستەکانی و هاوڕێکانی و شەریکەکانی نیشان بدات. دەشبێت بەردەوام بێت لە بەدەستهێنانی متمانەی گەلی ئەمریکا بە هێز و ئامانج و بەهای سەرکردایەتی دیسپلینکراوی ئەمریکا لە جیهاندا.
لە پەیوەند بە ئێران، بلینکن دەڵێت، ئێمە بەر چاومان ڕوونە و فشاری دیپلۆماسیمان زیاد کردووە، هەم لەسەر ئێران هەم لەسەر کۆریای باکوور. هاوکات، پێگەی سوپای ئەمریکامان بەهێزتر کردووە بۆ ڕێگریکردن و سنووردارکردنی تاران و پیۆنگیانگ. لە دیدی ئیدارەی بایدن-ەوە، دەرچوونی تاکلایەنە و چەواشەکارانەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران (پێنج + یەک)، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی لە زیندان ڕزگار کرد و ئاسایشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بۆ نموونە، ئیسرائیلی خستۆتە مەترسییەوە. ئێمە بە ئێران-مان نیشان دا کە ڕێگایەک هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە و پابەندبوون پێی. لە هەمان کاتدا، گەمارۆیەکی بەهێزمان خستبووە سەر ئێران بەشێوەیەک کە هەرگیز ڕێگە بە تاران نەدات چەکی ئەتۆمی بەدەست بێنێت. ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆریای باکووریش بە ڕوونی ڕاگەیاند، بەڵام هەردوولا، کۆریای باکوور و ئێران، دەبێت ئەوە چاک بزانن کە ئێمە ملکەچی پێشمەرجەکانی ئەوان نابین.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووشدا، ئەمریکییەکان ئەوەیان بۆ ڕوون بۆتەوە کە تا فلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، تا زیاتر فشاری شەڕەکەی کەوتبێتە سەر، ئەوا زیاتر پشتی بە پشتیوانی و کۆمەکی ئێران و کۆریای باکوور و چین بەستووە بۆ درێژەدان بە شەڕەکە. بۆ نموونە، کۆریای باکوور باری یەک شەمەندەفەری گەورە چەک و تەقەمەنی لەم ماوەیەدا گەیاندە ڕووسیا، کە تێیدا ملیۆنان گوللـەی تۆپخانە و چەندان مووشەکی بالیستیکی تێدابوو. ئەمانە بەزەقی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی چەندین بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانن. بەهەمان شێوە، ئێران کارگەیەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ڕووسیا دروست کردووە و سەدان مووشەکی بالیستیکیشی بۆ مۆسکۆ ناردووە. لەپاڵ ئەمانە، کۆمپانیا چینییەکان ئامێر و مایکرۆ ئەلیکترۆنیاتەکان (چیپەکانیان) بۆ ڕووسەکان بەردەست کردووە، کە لە پیشەسازی سەربازیی و چەکدا بەکاردێن.
لەگەڵ زیادبوونی پشتیوانییەکانی چین و ئێران و کۆریای باکوور بۆ ڕووسیا، یارمەتییەکانی مۆسکۆ-ش بۆ ئەو سێ وڵاتەی هەڵکشا، بەتایبەتی لە بواری دابینکردنی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتووی سەربازی و چەک. ئەمەش لە ئێستادا هەڕەشەیەکی زەقی دروستکردووە بۆ سەر ژاپۆن و کۆریای باشوور. بۆ نموونە، پوتین و کیم جۆنگ ئون پەیماننامەیەکی سەردەمی جەنگی سارد-یان زیندووکردەوە، کە بەڵێنیان تازە کردەوە یارمەتی سەربازی یەکدی بدەن ئەگەر هەریەکێکیان بچێتە شەڕەوە.
هاوکات، ڕووسیا پشتیوانی سەربازی و تەکنیکی بۆ ئێران زیاد کردووە و دانوستانەکانی بۆ هاوپەیمانییەکی ستراتیجی لەگەڵ ئەو وڵاتە خێراتر کردووە. ڕووسیا ئەمەی لەکاتێکدا کردووە کە دەزانێت تاران بەردەوامە لە پڕچەککردن و ڕاهێنان و پارەدارکردنی ئەو پرۆکسیانەی کە هێرشی تیرۆریستیی دەکەنە سەر کارمەندان و سەربازانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە گەرووە کەشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور. هاوکارییەکانی ڕووسیا و چین لە هەموو دۆمەینەکاندا فراوانتر بووە و هەردوو وڵات مانۆڕی سەربازیی شەڕانگێز و بەرفراوانیان ئەنجامداوە، لەنێویاندا لە دەریای باشووری چین و جەمسەری باکوور. هەموو ئەوانە ئەمریکای تەواو نیگەران و توڕە کردووە، بە قسەی بلینکن.
چین، ڕووسیا، ئێران و کۆریای باکوور مێژوویەکی ئاڵۆز و بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، هاوپەیمانییەکەیان بە هیچ شێوەیەک خۆی لە شانی هاوپەیمانییە باڵابەرز و درێژخایەنەکانی ئەمریکا نادات. پشت پەردەی بانگەشە گەورەکانیان بۆ دۆستایەتی و پشتیوانیی پڕیەتی لە مامەڵەخوازیی و بەرژەوەندی تەسکیی کاتیی و کڕین و فرۆشتن کە بە تێپەڕبوونی کات ئەگەری هەڵوەشانەوەیان هەیە. ئەوە بە تایبەتی بۆ چین ڕاستە، کە تەندروستی ئابوورییەکەی لە ناوخۆ و هێزی لە دەرەوەی وڵات لە ئەگەری درێژەدان بەو شەراکەتە کاتییانە لە مەترسیدایە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک بلینکن پێ داگری لەسەر دەکات، جۆرێک لە پابەندبوون لەنێوان هەر چوار وڵاتدا هەیە کە خۆی لە دژایەتی کردن و تەحەدای ئەمریکا و سیستەمی نێودەوڵەتییدا دەبینێتەوە. ئەوەش بەردەوامی داوە بە هاوکارییەکانیان، بە تایبەت کە دەبینن ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بەرامبەریان وەستانەتەوە.
کاریگەرییە خراپەکانی ئەم هێزە دەستکاریخوازانە (revisionist powers) ئەوروپا و ئاسیای تێپەڕاندووە. لە ئەفریقا، ڕووسیا بریکار و بەکرێگیراوەکانی بەڕەڵا کردووە بۆ دەرهێنانی زێڕ و کانزا گرنگەکان و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە هەوڵی ڕووخاندنی حکومەتە دیموکراسییەکان دەدەن. مۆسکۆ لەبری ئەوەی پشتگیری لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سودان، چەک بە هەردوو لایەنی شەڕکەر دەدات بۆ درێژکردنەوەی کوشت و کوشتار. ئەوەی ئەمریکای توڕە کردووە، وەک لە قسەکانی بلینکن دەردەکەون، ئێران هاوشان و هاوتای ڕووسیا، بەڵام لە ئەفریقا نا بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەیە کە بریکارەکانی تاران دۆخی نالەباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان قۆستۆتەوە و ئاژاوەگێڕی لە هەموو شوێنێکدا دەکەن بۆ زیندووکردنەوەی ڕێگاکانی بازرگانی نایاسایی چەک لە ناوچەکە و گەورەکردنی ململانێکان لە چەندین وڵاتدا. لە لایەکی دیکەوە، پەکین چاوی لە شەڕانگێزییەکانی مۆسکۆ لە ئەفریقا نوقاندووە و لەلای خۆشیەوە وڵاتانی ئەو کیشوەرەی زیاتر و زیاتر خستۆتە ژێر باری قەرزی ناپایەدارەوە، بەمەش ئابووری وڵاتانی ئەفریقای خستووەتە ژێر مەترسییەوە. بەهەمان شێوە، لە ئەمریکای باشوور، چین و ڕووسیا و ئێران پشتیوانی سەربازی و ئابووری و دیپلۆماسی پێشکەش بە حکومەتە تاکڕەوییەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا دەکەن. ئەمەش وای لە مادۆرۆ کردووە کە ئەو قەناعەتەی لا دروست بێت کە ڕژێمەکەی لە ژێر فشاردا نییە، بۆیە دژایەتی ئۆپۆزسیۆن دەکات.
کاریگەریی هێزە دەستکاریخوازەکان، چوار دەوڵەتەکە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەقتر و توندتر دەردەکەوێت. دە ساڵێک پێش ئێستا، ڕووسیا پشتگیری لە هەوڵەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرد بۆ سنووردارکردنی خواستە ئەتۆمییەکانی ئێران؛ بەڵام ئێستا ڕێک بە پێچەوانەوە، پشتیوانی لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکات و کارە ئەتۆمییەکانی ئێرانی چالاکی کردۆتەوە، هاوکات، کارئاسانی بۆ چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەکات. بێجگە لەمە، ڕووسیا چەندین ساڵ بوو دۆست و هاوبەشێکی نزیکی ئیسرائیل بوو، بەڵام لە دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل، لە جیاتی ئیدانەکردنی هێرشەکە، پوتین پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماس گەشە پێداوە. بەپێچەوانەوە، بلینکن دەڵێ کە ئێمە ماندوونەناسانە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەولاتریش کاردەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ و ئازارەکانی غەززە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی کە وا بکات ئیسرائیلییەکان و لوبنانییەکان بتوانن بە سەلامەتی لە هەردوو دیوی سنووردا بژین و ناوچەکە لە مەترسی شەڕێکی ناوچەیی و گەورەتر دوور بخەینەوە. لەوەش زیاتر، ئەمریکا دەیەوێت بەردەوام بێت لە کارکردن بۆ نزیکردنەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە نێوان ئیسرائیل و سعودیە.
ئەم هەوڵانەی ئێمە و ئەوان یەکتربڕن. ئێمە پێمان وایە، بلینکن ێژێ، بەبێ کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە و ڕێگایەکی باوەڕپێکراو بۆ بەدەوڵەتبوونی فەلەستین کە ئاوات و خواستە ڕەواکانی فەلەستینییەکان و پێداویستییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دابین بکات، ئاساییکردنەوە و ئاشتی ناتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت. بەڵام ئەگەر ئەم هەوڵانەی ئێمە سەربکەون، ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل بەرەوپێش بچێت. ئەوکات ئیسرائیل دەبێتە بەشێک لە ژێرخانی ئەمنی ناوچەکە و دەرفەتە ئابوورییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا گەشە دەکەن و ئێران و بریکارەکانی گۆشەگیر و پەراوێز دەخرێن. سەرەتاکانی ئەم جۆرە پەیوەندییە چەند ساڵێک لە ڕێگەی پەیماننامەی ئەبراهام و ڕێککەوتنەکانی پێش ئەو بناغەیان دانرابوو. یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم ڕاستییە هاوکارییەکانی وڵاتانی عەرەبی بوو لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ کاتێک ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرئیل، وڵاتانی عەرەبی بەشداربوون لە شکستپێهێنانی هێرشەکان.
لە کۆتاییدا، بلینکن دەڵێت، من وەک وەزیری دەرەوە سیاسەت (politic) ناکەم؛ بەڵكو من پۆڵەسی (policy) جێ بەجێ دەکەم. پۆڵەسی پەیوەندی بە بژاردنەکانەوە هەیە. هەر لە ڕۆژی یەکەمیشەوە بایدن و هاریس بژاردەیەکی ڕاستیان هەڵبژارد کە بنەمای لەسەر ئەوە دانابوو کە لە جیهانێکی پڕکێبڕکێ و پڕتەنگژەدا، ئەمریکا ناتوانێت بە تەنیا بەسەر تەحەداکان و گرفتەکاندا سەرکەوێت، ئەمە ڕێک پێچەوانەی دیدی ترەمپ بوو، کە گۆشەگیریی هەڵبژاردبوو. بۆیە، ئەمریکا پێی وایە، ئەگەر بیەوێت بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی خۆی بپارێزێت و دەرفەت بۆ گەلەکەی بخوڵقێنێت، ئەوا دەبێت لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەدا بوەستێت که پشکیان هەیه و حەز بە جیهانێکی ئازاد و کراوه و سەقامگیر و خۆشگوزەران دەکەن و بەگژ ئەو کەس و لایەنانەشدا بچێتەوە کە هەڕەشەن لەسەر ئەو جیهانە و سیستەمە نێودەوڵەتییەکەی.
بە خوێندنەوەی ئەم تێگەیشتن و دیدەی ئەمریکا، ئێمە باشتر لەوە دەگەین کە بۆچی، یەکەم، ئەمریکا بێدەنگە لە پەڕوباڵکردنی پرۆکسییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیل-ەوە لە ساڵی ڕابردوودا، هەر لە لێدانی حەماس-ەوە بگرە تا دەگاتە هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵا و باشووری لوبنان. دووەم، ئەمریکا وای دەبینێت کە ڕووسیا، لە دیدی ئەوان شەیتانە گەورەکە، مادام لە شەڕێکدا گلاوە کە تا تەواو لاوازبوونی ناهێڵن لێی دەرباز بێت، بەمەش ئەمریکییەکان پێدەچێت خەمی ڕووسیا-یان بە تێوەگلانی لە شەڕ لە ئۆکرانیا لە کۆڵ خۆیان کردبێتەوە. ئەوەی دەمینێتەوە کوریای باکوور-ە، کە ئێستا نیازیان نییە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن چونکە هەڕەشەیەکی جددی نییە لەسەر ئەمریکا ڕاستەوخۆ، جگە لەوەی جار جار دوو هاوپەیمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ژاپۆن و کۆریای باشوور، ناڕەحەت دەکات بە تاقیکردنەوەی چەند مووشەکێک. لە پەیوەند بە چین-یش، بەخوێندنەوەی قسەکانی بلینکن، ئەوە ئەمریکا پێی وایە دەکرێت سیاسەتی ڕووبەڕوونەبوونەوە لەگەڵیدا پەیڕەو بکات چونکە، ئەوان پێیانوایە کە بەرژەوەندییەکانی چین ئێجگار گەورەن لە بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوا، بۆیە دەکرێت چین بێتەوە هۆشی خۆی و لە ڕووسیا دووریش نەکەوێتەوە ئەوە وەک ئێستا پشتیوانی لێ نەکات.
بەڵام پرسە هەنووکەییەکە ئێران-ە کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەمەش بۆ ئێران لە هەر سێ وڵاتەکەی دیکە ئاسانترە و هەنوکەییترە لەبەر دوو هۆکار: یەکەم، ئێران بێهێزترینی ئەو چوار دەوڵەتەیە بۆیە لێدانی لە هەمووان بێ گرفترە، هەم لەبەر ئەوەی وەک گوتم خاڵە لاوازەکەیە (the weakest link)، هەم لەبەر ئەوەی کە چەکی ئەتۆمی نییە. دووەم، بۆ لێدانی ئێران، ئەمریکا زۆر پێویستی بە خۆ سەرقاڵکردن نییە چونکە ئیسرائیل دەتوانێت ئەو کارەی بۆ بکات و هەرزان لەسەر ئەمریکا بوەستێت.
بۆیە من پێموایە کە ئەگەری لێدانی ئێران لەم ڕۆژانە زۆرە بەڵام نەک بە مەبەستی ڕووخانی ڕژێم وەک ئیسرائیل حەزدەکات بەڵکو بۆ لاوازترکردنی ڕژێمی ئێران لەلایەک و ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئەویش بە تەقاندنەوەی ڕیئەکتەرە ئەتۆمییەکانی، وەک ئەوەی ئەمریکییەکان دەیانەوێت. ئەم دوو دیدە جیایە، دیدێک کە بنەماکەی لەسەر ڕووخانی ڕژێم داناوە، کە ستراتیجی ئیسرائیل-ە، لەگەڵ دیدی ئەمریکییەکان، کە لاوازترکردنی ئێران و نینۆککردن و پەڕوباڵکردنیەتی، هۆکاری هەرە سەرەکی دواخستنی لێدانی ئێران-ە لە چەند ساڵی ڕابردوودا. داخۆ کەی سازانێک لەسەر ئەم دوو دیدە دەکرێت ئەوە تەنیا کات پێمان دەڵێت، بەڵام من پێموایە زۆری پێناچێت، بەڵام دیدی کامیان زاڵ دەبێت ئەوەش مەعلوم نییە، بەڵام من پێموایە کە دیدی ئەمریکا ئەگەری زیاترە، وەلەو لەوانەیە زۆربەی کورد حەز بە سەرکەوتنی دیدی ئیسرائیل بکەن.




وەرگێڕان بۆ جنۆكە!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ئەستەمترین بواری وەرگێڕان شیعر نییە، بەڵكو فەلسەفە و هزرە، چونكە ئەم بابەتانە، وێرای ئەوەی لە ڕووی نووسینەوە فۆڕمێكی قوڕس و ئاڵۆزیان هەیە، هاوكات هەموو هاو واتایەكییان لە زمانی كوردی نییە. بۆیە گەر سەرنج بدەین، دەبینین كە وەڕگێڕە هەرە بە توانا و ئەزمووندارەكانی ئێمە ئەوەندەی كتێبی ئەدەبی، سیاسی و مێژوویی وەردەگێڕن، ناچن بەلای بابەتی هزرییەوە، چونكە بابەتە هزرییەكان لە ڕووی زمان، چەمك و زاراوەسازیی، بە ئاسانی وەرناگێڕدرێنە سەر زمانی كوردی و تەنانەت گەلێك زاراوەی هزری هەیە، تەنها بە زمانە ئۆرگیناڵەكەی خۆی مانا دەدات و ئەگەر بكرێتە كوردی یان زمانێكی دیكە، ئەو مانا ڕاستەقینەی ناگەیەنێت كە لە ڕووی فەرهەنگییەوە هەیەتی بە تایبەتیش لە زمانی ئینگلیزیدا. بۆیە دەبێ وشەكە وەكو خۆی بنووسرێتەوە، بۆ نموونە وەك زاراوەی ( پراگماتیزم ). لە كاتێكدا وەرگێڕە بە تواناو دیارەكانی ئێمە، زۆر بە كەمی خۆیان لە قەرەی وەرگێڕانی كتێبی هزری دەدەن، لە بەرانبەر ئەمەدا، گەنجێك كە تازە ڕووی لە هەندەران كردووەو دوو سێ ساڵێكە لە وڵاتێكدا گیرساوەتەوە، دێت كتێب لە زمانی هۆڵەندی، ئەڵمانی، دانماركی وەردەگێڕێت، بە بێ ئەوەی لە ڕووی بابەت و ناوەڕۆكەوە، ئەو وەرگێڕانە نا هونەریی و بێ مانایانە، واتایەك بگەیەنێت، یاخود ناوەڕۆكی كتێبەكە ئاشنای خوێنەران بكات. من لێرەدا، نموونەی كتێبێكی لەو شێوەیە دێنمەوە بە ناوی ( ماركسیزم، ڕیتمەكان و شەقامەكان و شارەكان ) كە ( پێشرەوە محمەد ) ناوێك وەریگێڕاوە. ئەم كتێبە، بە زمانێك وەرگێڕدراوە، مەگەر بە ناو وەرگێڕ خۆی بزانێت چی وەرگێڕاوە و تێی بگات، وەك ئەوەی دەگوترێت ماڵی قەڵپ سەر بە ساحێبیەتی. ئەم بە ناو وەرگێڕە، لە لاپەڕە (53 ) ی كتێبەكەدا نووسیویەتی:
( پێدەچێت خەسڵەتی مێژوویی لە مەدیترانە زیاتر لە هەر شوێنیێكی دیكە ماوەتەوە، ئەمە تێزێكە لۆڤیفرە و ریگۆلییە بە وشیارییەوە قسەیان لە سەر كردووە، وەك بڵێیت دەسەڵاتێكی بەرهەڵستی سەرسەختانە خۆی لە ڕیتمە ژینكردووەكانی ڕۆژانە و ڕێكخستن و ئۆرگانێزەكردنی زەمەن ڕزگار دەكات، لە ناوچەی مەدیترانەدا، هەر جۆرە چوون یەكێتتیەك ڕەت دەكرێتەوە، لە درێژ ماوەدا فرەیی دەیباتەوە. ڕیتم شیكاریی كە لە سەر بنەمایەكی دروست دامەزرابێت، بە شێوەیەكی داهێنەرانە بە كار بهێنرێت، دەتوانێت بە باشی شیكردنەوە بۆ ئەم مەسەلەیە بكات ) سەرەتا سەرنج لە هەردوو كرداری پێ دەچێت و ماوەتەوە بدەن! لە سادەترین پێناسەدا، ئەمە وەرگێڕان نییە، بەڵكو گاڵتەكردنە بە وەرگێڕان و شكاندنی شكۆی پیرۆزی زمانی كوردی و بەرهەمی هزری ماركسیزمە. جێگەی سەرنجە، وەرگێڕە هەر بە تواناكانی ئێمە بەرهەمی ماركسیزم وەرنەگێڕن، كەچی گەنجێك كە چوار پێنچ ساڵێكە لە ئەڵمانیا دەژیت، بوێری ئەوەی هەبێت وەرگێڕان بۆ ئەم بەرهەمانە، بەو زمانە نا هونەری و سەقەتە و ناشیرینە بۆ كوردی بكات، تەنها بۆ ئەوەی وەك وەرگێڕێك بناسرێت و بە داخەوە دەزگاكانی ئێمەش چونكە دەزانن بەرهەمی وەرگێڕدراو خوێنەری زۆرە، ئیدی لە پێناو بەرژەوەندی و دەسكەوتی ماددی خۆیان، سوود لەو كەلێنە دەبینن، چش لەوەی زمانی كوردی تێكدەچێت یان نا ! هەر پەیوەست بە وەرگێڕانی بابەتی هزری و فەلسەفی، نموونە بە كتێبێكی دیكە دێنینەوە. كە ئەویش كتێبی ( ژیان هەمووی چارەسەركردنی كێشەیە ) كە (كارل پۆپەر) نووسیویەتی و بادینان محمەد وەریگێڕاوە. هەر خوێنەرێك ئەو كتێبە بخوێنێتەوە، نازانێت پۆپەر دەیەوێت چی بڵێت؟ گرفتەكە ئەمە نییە، گرفتەكە ئەمەیە، تێناگەین باس و بابەتەكانی لەو كتێبەدا هەن بە زمانی كوردی ماانای چی دەگەیەنن، چونكە ئەوەندە بە ناڕوونی و نا هونەرییانە وەرگێڕدراون. پەنجا لاپەڕەی سەرەتای ئەم كتێبە، وەك ئەوە وایە وەرگێڕانەكە بۆ جنۆكەكان بێت ! لێرەدا پەڕەگرافێك وەك نموونەی وەرگێڕدراوی ئەو كتێبە دێنینەوە كە ئەویش لەلاپەڕە (154 ) نووسیویەتی 🙁 لەوەش زیاتر تیۆری ڕەسەنێتی ئەندامە قورسەكان لە تەقینەوەكانی ئەستێرەكان، جۆری دووەمی جەبری پێش دانراو یان سازانێكی پێشتر دامەزراو دادەهێنن چونكە بریتییە لەو جەختكردنەوەیەی كە پێی وایە هێز كێشكراوەكان وا دەردەكەوێت لە هەموویان لاوازتر بێت و تا ئێستا پەیوەندی لەگەڵ هێزە ناوەكی و كارۆ موگناتیسیەكان نەبێتن لە ئەنجامی كەڵەكەبوونی زۆری هایدرۆجین دەتوانن زۆر بە هێز ین بۆ ئەوەی زاڵبن بە سەر لێك دووركەوتنەوە كارەبایەكان وایان لێ بكەن بە هۆی چاڵاكی هێزە ناوەكییەكان بتوێنەوە ) گومان دەكەم، وەرگێڕەكە خۆشی لەو وەرگێڕانە و ئەو پەڕەگرافە بگات، كە پۆپەر باسی چی دەكات و مەبەستی چییە. وەرگێران بۆ ئەوەیە ئەو زمانەی بۆی وەرگێڕدراوە، خوێنەرەكانی لە ناوەرۆك و گوتاری بابەتەكان بگەن. ڕەنگە خوێنەرانێك، ئەم تێنەگەیشتنەی ئێمە، بۆ ئاستی هوشیاریی و خوێنەوەی ئێمە بگەڕێننەوە، بەڵام گەر خۆیان كتێبەكان بخوێننەوە، دڵنیام بۆچوونێكی دیكەیان دەبێت. چۆن دەبێت كەسێك كتێبی فەیلەسوفانی دنیا وەربگێڕێت، كە لە نێو خوێنەرەكانی نەتەوەكەی خۆشی وەك وەرگێڕ نەناسراوە و بەرهەمی نییە؟ ئەم گەڕەلاوژێیە لە هیچ وڵاتێكی دنیا هەیە ؟ زۆربەی ئەو وەرگێڕانەی لە زمانانی دیكەی جیهان بۆ كوردی دەكرێن، لە زمانی دووەم و سێیەمەوە دەكرێن، لە كاتێكدا وەرگێڕان ئەگەر لە زمانی یەكەمەوە نەبێت، نە برێفێكتە، نە جێی بڕوا، چونكە لەو كاتانەدا ئەگەری دەستكاری و گۆڕانكاریی هەیە و ئەمەش دەچێتە خانەی ناپاكی وەرگێڕانەوە. جێگەی داخە كە زۆربەی هەرە زۆری وەرگێڕەكانی ئێمە، لە ئاستی فەرهەنگی و نەتەوەیی و نیشتمانی، بەرهەمی نووسەرانی نەتەوەكەی خۆیانەوە هەست بەبەرپرسیاریەتی ناكەن و ڕۆڵی نەتەوەییانەی خۆیان وەك وەرگێڕ، لە ئاستی زمان و بەرهەمی نەتەوەیی خۆیان نابینن. ئەوان ئامادەن كتێبی نەناسراوترین نووسەری دنیا، بێ ماناترین شیعر و ڕۆمان وەربگێڕنە سەر زمانی كوردی، بەڵام بای ئەوە ڕوحی خۆبەخشیان تێدا نییە، یەك شیعر و چیڕۆك، یەك بابەتی فۆلكلۆری، مێژوو، حیكایەت و داستانێكی میللی كوردی وەربگێڕنە سەر زمانەكانی دیكەی دنیا. هیوا قادر بە تەنها، لە دەزگای جەمال عیرفان، تەنها لە ماوەی سێ ساڵدا، یانزە ڕۆمانی لە زمانی سویدی بۆ كوردی وەرگێڕاوە، هەر ئەو وەرگێڕە، لە دەزگای سەردەمیش هەر لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا واتا (2021 _2024) چەندین ڕۆمانی لە زمانی سویدی وەرگێڕاون. ئەرك نەبێ با ئەو وەرگێڕە ناوی یەك نووسەری سویدیمان پێ بڵێت كە نەك یەك كتێب، بەڵكو یەك دێڕی نووسەرێكی كوردیشی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا وەرگێڕابێت با ناوی دەزگایەكی چاپ و وەرگێڕێكی سویدیمان پێ بڵێت كە لە سوید لە ماوەی نەك سێ ساڵ، بەڵكو سی ساڵیش، پێنچ كتێبی نووسەرێكی كوردی كردبێتە سویدی . ئایا بەرهەمی نووسەرانی كورد شیاوی ئەوە نییە وەربگێردرێنە سەر زمانەكانی دیكەی دنیا ؟ ئەم گەڕەلاوژێ و بێ بەرنامەیە لە كوێ هەیە؟ ئەمە لە هەر وڵاتێكی دنیا بێت، لێپرسینەوەی فەرهەنگی لەگەڵ وەرگێڕەكان دەكرێت و دەخرێنە بەردەم ئەو پرسیارەی كە تۆ چیت لە زمانی نەتەوەیی خۆت بۆ زمانەكانی دیكەی دنیا وەرگێڕاوە؟ چەند بەرهەمی نووسەران و ئەدەبی نەتەوەكەی خۆت بە دنیا ناساندووە ؟ چەند مێژوو، لاپەرەی تێكۆشانی گەلەكەت، فەرهەنگ و زمانی نەتەوەكەت بە دنیا ناساندووە؟ مەگەر هیچ نەتەوەیەك لە دنیادا، بە قەد ئێمەی كورد پێویستیان بەوە هەیە بەرهەمەكانیان وەربگێردرێن؟!

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4147) لە 8/9/2024 بڵاوكراوەتەوە.




تاوانی نازییەکانی ئەڵمانیا لە رۆمانی شەترەنج دا.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

نۆڤلێتی شەترەنج یەکێکە لە کارە جوانەکانی رۆماننووس و نووسەری ناوداری نەمساوی شتێفان تسڤایگ، ئەم نۆڤلێتەی چ لە رووی شێواز و چ لە رووی ناوەڕۆکەوە، مایەی گرنگی پێدانی جیهانە. نووسەر هەوڵیداوە لە رێگەی نۆڤلێتێکی بچووکەوە، باسی گەورەترین تاوانی نازییەکان بکات کە دەرهەق بە گەلی جوو کردوویانە. دیارە زۆر باسی چەتەگەریی و بەربەریەتی رژێمی ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیهانی کراوە، چۆن بە دڕندەترین شێوە پەلاماری گەلان و نەتەوەکانی ئەوروپایان داوە، بەڵام ئەم نۆڤلێتە باسی لایەنێکی تری ئەو تاوانانە دەکات و دیوێکی ناشیرین و دژە مرۆیی تری ئەم رژێمەمان پیشان دەدات.

ناوەڕۆکی نۆڤلێتەکە

میرکۆ چینتۆڤیج کوڕی بەلەوانێکی هەژارە، گوندەکەیان، گوندێکی دوورە دەستە لەسەر رووباری دانۆب لە یۆگۆسلاڤیای پێشوو. لە تەمەنی 12 ساڵیدا باوکی دەمرێت، دواتر قەشەی گوندەکە، ئەرکی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی دەگرێتە ئەستۆ، میرکۆ خوێندکارێکی تەمبەڵ بوو، بۆیە بە ناچاری قەشەکە لە ماڵەوە هەوڵ دەدات فێری خوێندنی بکات. هەوڵی زۆری لەگەڵ دەدات تاوەکو پیت و ژمارەکانی فێر بکات، بەڵام بێسوودە، مێشكی کوڕەکە هیچ وەرناگرێت. راستە منداڵێکی ئارام و بێدەنگ بوو، بەڵام هەتا بڵێیت تەمبەڵ بوو، هەتاوەکو کارێکیان پێ نەکردایە، هیچی نەدەکرد، ئەمەش قەشەکەی نیگەران و خەمبار کردووە. هەمووکاتێک قەشەکە لەگەڵ هاوڕێیەکی شەوانە یاریی شەترەنج دەکەن، میرکۆش بەبێ دەنگی بە دیاریانەوە دادەنیشێت.

شەوێکیان قەشەکە لەگەڵ هاوڕێکەیدا یاری دەکەن، لەپڕ بۆ مەراسیمی مەرگی ژنێک بانگدەکرێت، هاوڕێکەی خەریکە بڕوات، بەڵام سەیری میرکۆ دەکات، بەوپەڕی جدیەتەوە سەیری شەترەنجەکە دەکات، ئەویش پێیدەڵێت، دەزانیت یاری بکەیت؟ ئەویش سەری بۆدەلەقێنێت. دواتر کە یاری دەکەن، بەرچووی میرکۆ دەردەکەوێت. ئەمەش دەبێتە موژدەیەکی گەورە بۆ ژیانی ئەم مێردمنداڵە، ئیتر قەشەکە کە دەگەڕێتەوە، باسی زیرەکی میرکۆ، بۆ هاوڕێکەی دەکات. دواتر دەیبەن بۆ شارۆچکەکە و لەوێ لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی بەهێزی شارۆچکەکە یاری دەکات و لە هەموویان دەباتەوە، لێرەشەوە ئیتر بەرچووی ئەم مێردمنداڵە دەردەکەوێت و لە ماوەیەکی ئێجگار کورتدا ناوبانگی هەموو یۆگۆسلاڤیا و دواتری جیهانیش دەگرێتەوەو دەبێتە بەهێزترین و بەناوبانگترین یاریزانی شەترەج لە هەموو جیهاندا.

هەتاوەکو شەوێکیان لەسەر کەشتیەک کە لە نیویۆرکەوە بەرەو بۆینس ئایریس دەڕوات، کۆمەڵێک کەس دەناسێت و یارییان لەگەڵدا دەکات، یەکێکیش لەوانە: بەڕێز «ب» کە خەڵکی ڤییەننایە و پارێزەرێکە، لە بنەماڵەیەکی ناوداری جووی نەمساوییە، بەڵام بە داگیرکردنی نەمسا لەلایەن ئەڵمانیاوە، ئیتر ژیانی ئەم پارێزەرە گەنجە دەبێتە دۆزەخ و دەستگیر دەکرێت.

لە زاری بەڕێز «ب» ەوە دەڵێت:

«من لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە نەبووم کە تۆڵە لە جەستە و رۆحیان دەکرایەوە، بەڵکو لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە بوو، ئەو گرووپەی نازیەکان چاویان لە دەرهێنانی پارەو زانیاریی گرنگ بوو لێیان. بڕوانە لاپەڕە 52

ئەم پارێزەرەو کۆمەڵێک کەسی تر لە دوو ژووری میوانخانەی میترۆپۆل، کە گەورەترین میوانخانەی ڤییەنا بوو، دەستگیر دەکرێن.

لێرە بۆ ماوەیەکی زۆر بەڕێز«ب» بەتەنها دەخرێتە زیندانێکی ئینفرادییەوە، ئیتر بە تەواوەتی ژیانی تێکدەچێت، هەتاوەکو رۆژێکیان کاتێک دەچێت بۆ ژووری لێکۆڵینەوە، دەتوانێت کتێبێک بدزێت کە ئەویش کتێبی «فێربوونی شەترەنج»ە. ئیتر ئەم کتێبە ژیانی لەو بێدەنگی و بۆشاییە رزگار دەکات و دەستدەکات بە یارییکردن لەگەڵ خۆی. پاشماوەیەک هێندە یاری لەگەڵ خۆی دەکات، تووشی حاڵەتێکی دەروونی خراپ دەبێت و دەبرێت بۆ نەخۆشخانە. لێرەش پزیشکێکی باش، دەتوانێت لە چنگی نازییەکان رزگاری بکات. پاشان شەوێکیان لەسەر کەشتییەکە ئەو کەسانە دەناسێت، لەگەڵ میرکۆ دەکەونە یارییکردن. بەڵام بەهۆی باری خراپی دەروونییەوە، یارییەکە بە میرکۆ دەدۆڕێنێت، ئەمەش کۆتایی نۆڤلێتەکەیە.

بابەتە گرنگەکانی ناو رۆمانەکە

ئەم رۆمانە باسی کۆمەڵێک بابەتی گرنگ دەکات لە پێش هەموویانە: (چەتەگەریی و دڕندەیی رژێمی نازی ئەڵمانیا، شێوازی کوشتن و ئازاردانی خەڵکی بێتاوان بەتایبەتی جووەکان.) بەڵام لە هەموویان گرنگتر باسی « شەترەنج، زیندانی ئینفرادی» پانتایی گەورەی رۆمانەکە پێکدەهێنن.

شەترەنج
هەر لە ناوی رۆمانەکەوە هەست بەوە دەکەین یاری» شەترەنج» پانتایی گەورە لەم رۆمانەدا داگیر دەکات، لە چەندین شوێندا، باسی شەترەنج و یاسا و رێساکانی ئەم یارییە گرنگە دەکات.

-شەترەنج تاکە یارییە بەسەر ستەمی چانسدا سەردەکەوێت و خەڵاتەکەی تەنیا دەبەخشێتە رادەی ژیری مرۆڤ، یان باشترە بڵێین بە جۆرێکی دیارییکرا و لە بەهرەو زیرەکی. بڕوانە لاپەڕە 23

شەترەنج تاکە یارییە کەسەر بە هەموو گەلان و هەموو سەردەکەمانە، کەس نازانێت ئەو خوداوەندە کێیە کە بەخشیویەتی بە جیهان. بڕوانە لاپەڕە 23

زیندانی ئینفرادی

لەپەنا شەترەنجدا، زیندان بەتایبەتی زیندانی ئینفرادی، پانتایی گەورە لەم رۆمانە داگیر دەکات، نووسەر زۆر شارەزاییانە توانیویەتی وەسفێکی گشتگیری ئەو زیندانانە بکات، کە دەخرێنە زیندانی ئینفرادییەوە.

-هیچ شتێک نییە بیکەین، هیچ شتێک نییە سەیری بکەین، هیچ شتێک نییە گوێی لێ بگرین، جگە لە بۆشاییەکی سەرگێژکەر هیچ شتێک نییە لە دەوروبەرمان، بێووچان بە ژوورەکەدا دەسووڕاینەوە، بەردەوام لە بیرکردنەوەدا بووین. بڕوانە لاپەڕە 52

هیچ شتێک نەبوو ئەوەی هەبوو عەدەبم بوو لە باڵاترین فۆرمی خۆیدا. بڕوانە لاپەڕە 58

دوا قسە

بەدڵنیاییەوە ئەم نۆڤلێتە یەکێکە لە کارە جوان و ناسراوەکانی ئەم نووسەرە ناسراوەی نەمسا و جیهان، ئەوە مایەی دەستخۆشییە، کە ناوەندی رۆمان کۆمەڵێک بەرهەمی ئەم کەڵە نووسەرەیان کردووە بە کوردی، هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم نۆڤلێتێک یان بەرهەمێکی ئەم کەڵە نووسەر بکەم بە کوردی.




چیرۆك/ دره‌ختێـكی بێ ڕه‌گ.. نیكۆلای خایتۆڤ.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

لێم دەپرسی ناوت چییە؟ سوپاست دەكەم! ساڵێكی تەواوم لەم شارەدا بەسەر برد، هەموو ڕۆژێ لەسەر ئەم جێیە دادەنیشم، تا ئەو سەعاتەی كەسێك لێی نەپرسیوم»ناوت چییە؟«.. هەرگیز، تۆ یەكەمین كەسی.. بۆیە سوپاست دەكەم، خوا لەسەر بەدەنێكی ساغ ڕاوەستاوتان بكا، هیواداریشم نەگەیە ئەو ڕادەیەی منی گەیشتوومەتێ.
ئایا برسیم؟ تینووم؟ نەخێر، تەماشای ڕووی دەرەوەم بكە بێ عەیبم دەبینی. كچەكەم شووی كردووە و لە گوندیدا دەژی. منداڵەكەی لەو پەڕی تەندروستی دایە، مێردی سەرۆكە… كوڕەكەم لە وەزارەتێدا پێی دەڵێن گەورەی ئەندازیاران شایەدنامەیێكی بە قەوارەی چەرچەفێ هەیە، ئۆتۆمبیل دەیباتە سەر ئیش و ئۆتۆمبیل دەیهێنێتەوە، ژنەكەی پزیشك و فەرمانبەرە و مووچە وەردەگرێ، لە حەوزێكی فەخفووری بۆرسلانیش دە ئاوێ دەكەون، خواردنم ئەمما خواردن، جێ و بالنگانیشم ئەمما جێ و بالنگان، لەگەڵ ئەوەشدا حاڵم لە ماڵێدا حاڵ نییە، تابڵێی خەراپە، بەڵام چار چییە؟ لێی دەكشێمەوە، دەبنیسێم و دەتوێمەوە، نە تام لە خواردنێ دەكەم نە دەتوانم لە بیرەخەوێ ڕابچم، سەرەڕای ئەوەش گەلەك خەڵەت و پەڵەتم لە مێشكدا دەخوڵێنەوە كەسێ نابینم بۆی بگێڕمەوە..
بیگێڕمەوە؟ كەواتە پێم دەڵێن دەبەنگە و بەڵكو شێتیش، سەیرێكی ئەم نموونەیە بكە: شتێكی سادە و ساكار (ماست). بە كیرچی كوڕم وت: كوڕم كیرچ لێم گەڕێ بابچم ماست بكرم، لێم گەڕێ تاكو ڕابێم وەك ئینسانێك كە خەڵكی دەبینێ و دەیبینن، كە بانگی دەكەن فێنك دەبێتەوە، مەگەر وانییە؟ وەڵامی دایەوە: ـــ ناچی. لەوانەیە ئاگات لە خۆ ببڕێ ئۆتۆمبیلێ شتێ خۆت پی دادا، ئەو وەختە كێ قوڕ بەسەری خۆی دەكا،(من). وەك وتم لە ماڵەوە دانیشە و چی بە چاك دەزانی ئەوەی بكە!
جا لە ماڵەوە چ دەكەم، ماڵێكی گەورە ئەسپی تیا تاودە، پانسیۆنێكی تەواوە، ڕێك و پێك لە ژوورەوە ڕازاندراوەتەوە، هەموو شتێكی تێدایە، مافور لە پاڵ مافورییە تا لە ڕۆیشتنا ساتمە نەبەی، عاردە دارینەكەی لووس و خلیسكانە هەر لەسەری بجوولێیتەوە دەكەوی. ــ لە ژوورەوە پاڵ كەوە ــ، كوڕەكەم دەڵێ لە ژوورەوە پاڵ كەوە، بژی، بخۆ، بخۆرەوە و بیر لە هیچ مەكەرەوە!! ئەی هاوار! چۆن بژیم؟ لەگەڵ كێ؟ لەگەڵ مێز؟ یا لەگەڵ سندووقی نوینان؟! ئەو خۆی و ژنەكەی ئێواران نەبێ نایەنەوە، لەگەڵ گەردی بەیانیشدا وەدەر دەكەون كە دەشگەڕێنەوە لە پاڵ یەكدی ڕوو بە سندوقەكەی شەیتان دادەنیشن فلیمێ ببینن، كە وەختی نووستنێش دادێ پێكەوە پێم دەڵێن هەستە.. شەوباش، شەوت باش خواحافیز، شەوێكی خۆش… ئا بەو جۆرە وشانە ساڵێك و ــ ئەوەندەیە پێك دەگەین و لێك جودا دەبینەوە، تەنانەت كە منداڵەكەیان لە ماڵەوە بێ چاكترە، یاری لەگەڵ دەكەم، چاوەدێری دەكەم، بەمەیش تەمم لەسەری پەرت دەبێ بەڵام بووكە چۆلیەكەم ـــ خوای لێ ڕازی بێ ــ لە باخچەی منداڵانی داناوە، ئیتر هەفتەی جارێك نەبێ نایبینم… هەموو یەك شەموومانێ. دەزانی بۆ چی ناردوویەتیە باخچەی منداڵان؟ تاكو وشە و قسەی دێهاتم لێ فێر نەبێ، تا زمانی لەنگ نەبێ كەمن بە شێوەی گوندی لەگەڵی دەدوێم. لەو باوەڕەدای بازێ جنێوو منێوم فێر كرد بێ؟ نەخێر، تەنها لە پێش ئەو قسەیێكم لەگەڵ كرد لە باتی ئەوەی بڵێم (دار) پێم وت (شووڵ).. منیش مەبەستم لە دارێكی باریكەلە بوو كە بۆ لێدان بە كاری دەهێنین، ئێمە لە گوندی پێی دەڵێین(شووڵ)، لەبەر ئەوەی باریكەلەیە و لە كاتی لێدان دەچەمێتەوە، لە دەستی نەوەكەم نابوو ئەسپەكەی پێ لێ خوڕێ، وتم: ـــ ها كوڕم ئەو شووڵەی بگرە بەر نەبیتەوە دایكی قیژاندی:ـــ ئەو شووڵە چییە؟ بۆ نەت وت (دار)؟ تۆ بەم جۆرە وشانە زمانەكەی تێك دەدەی..!
ـــ: ئنجا بووكێ چی تێدایە، منداڵەكە ئەم جۆرە وشانەیش فێر دەبێ ــ(دار) بە ئەستوورەكەی دەڵێن، بەڵام باریكەكە پێی دەڵین (شووڵ)، ئەویش هەر لە دارەوە وەرگیراوە، لێی گەڕێ بافێری ببێ لەوانەیە پێویستی پێ بێ.
ـــ: نابێتە شوان تا پێویستی بە(شووڵ)ی تۆ هەبێ، كە دەگاتە ئەوەی خوێندنی دواناوەندیش تەواو دەكا زمان فێر دەبێ، ئەو كات بڕیاری پێویست دەدا.. بە هەر حاڵێ بێ، پێویستی بە (شووڵ)ی تۆ نابێ. هەر بە هۆی ئەم شووڵەیشەوە بوو
نێردرایە باخچەی منداڵان! بە مێردەكەیم وت: چاكتر وایە، من بگەڕێمەوە لادێ، منداڵەكەش بێتەوە ماڵێ. بەڵام ئەو كارەكەی بڕاندەوە و وتی: ـــ: هەرگیز! گەڕانەوە نییە.. دەگەڕێیەوە بەتەنێ بژی، تا بكەومە بەر زاروزمانی خەڵكی لادێ! (ناتوانێ بابی بەخێو بكا).. لێرە پاڵ دەوە، بخۆو بخۆرەوە و بیر لە هیچ مەكەرەوە. بخۆ! بەڵام ئاخر نە چێشتی گەرمكراوەی ناو قووتووم پێ خۆش نییە، ئەوەی لە قووتوو ئاخنراوە، كەبابی ناو قووتوو هەموو شتێك قووتوو كراوە، قووتوو دەكەنەوە و خواردن تێ دەكەن لە هەموو ئیشانیش وێرانتر بووكەكەم تیژاوێی بەسەر دادەكا.. كە چووە ئەڵەمانیا، دیتی لەوێ هەموو شتێك بە تیژاوێ دەخۆن، ئەویش هەستا ئامێرێكی ئامادە كردنی كڕی هەر تەواو دەبێ دروستی دەكاتەوە وەك بڵێی قەت تەواو نابێ، گۆشتی گوێلەكە، گۆشتی بەراز، شێخ مەحشی هەمووی تیژاوی لەگەڵ دایە، نە دەتوانی چەشنی ئەو دانە بناسییه‌وه‌ دەیخۆی، نە دەشتوانی نەیخۆی! ژنەكە تەبیات تیژ و مزوڕە مۆنج دادەگرێ.. جارێكیان بە (كیرچ)م وت:ـــ ـــ: دەبێ ئەو تیژاوەی لە بێن بەری! ـــ: بۆ؟ ـــ: چونكە سەبارەت بەوەوە گەدەم ئازارم دەدا..
ـــ: ڕاست دەكەی، ئەمەش مانای وایە كە تۆ تووشی قورحە بوویت بەیانی دەتبەم معایەنەت دەكەم. ئەگەر تووشی بووبی دەیبڕن. ـــ: بمبە! بمبە بەڵكو بمبڕن.. چی دەبێ باببێ، با بمبڕن با سكم هەڵدڕن، بەڵام با لە تیژاوێم ڕزگار بكەن، جارێكیان حەزم چووە ئەوەی نەختێ سیر و خوێ بكوتم و لەگەڵ سركە خۆراكێكی ئینسانی بخۆم، ئەو ژەمە وەك دەرمانی یەكساتە بوو بۆم لە دوای تیژاوی بەڕێز، دووبارە و سێ بارەم كردەوە، بەڵام جارێ بەسەهوو چووم لە بیرم چوو پەنجەرەكان بكەمەوە، دیار بوو دكتۆرەش بۆنی سیری كرد بوو، وتی: ــ بۆنی چ كەلاشێكە ئەم بۆنە؟ نەمتوانی درۆ بكەم، پێم وت: سیر. ـــ: جا سیر لێرە چی دەكرد؟ ـــ: ئۆ.. وەڵڵاهی چیت لێ بشارمەوە جنیم و خواردم. (كوڕەكەم دەكوتم)… چ هات و هاواری نەكرد لەگەڵ ئەوەی پڕیشكیشی دەهاوێشتن، نەی قیژاند، ئەو بەو جۆرەش نییە ئەوەندە سادە بێ.. هێمن و لەسەرخۆ دەپەیڤی بەڵام بە شێوەیەك، داغی دەكردم. ـــ: زۆرباشە! بەخوا جوانە، بەخۆ و بە كیرچی ئەم ناو ماڵەمان لە چوار قوڕنەی دونیایێ كۆكردووه‌تەوە، تۆش دێی بە سیری گوڵاوپژێنی دەكەی، كانتۆرەكە بۆگەنی كردووە، دارتاشێ بانگ دەكەم بیگۆڕێ، ئیتر لەمەو دوا هەرگیز ناتوانم پێشوازی له‌ میوانان بكەم. دوای كۆششێكی زۆر ڕازیم كرد كەنتۆرەكە تێك نەشكێنێ، پێم وت: ئەمجارەش چاو لە هەڵەم بپۆشە ئیتر جارێكی تر چاوت بە سیری ناكەوێتەوە. با ئاشت بینەوە!
ئاشتی.. جا بۆ ئاشتی؟! دوو جارانم بەشداری شەڕ كردووە، جاری یەكەم لە پێشەوە بووم و لە جاری دووەمیشدا لەگەڵ ئەوانەدا بووم ئازووقەمان بۆ كەتیبەكە ڕەوانە دەكرد، ئەوەشت پێ بڵێم لە شەڕدا، نە ترساوم و نە مردوویشم، بەڵام دەتوانم بڵێم كە مرۆڤ دەشێ بە هۆی (ئاشتی) یەوە لەسەرخۆ بمرێ. مەسەلەكەت بۆ ڕوونتر دەكەمەوە: ـــ مرۆڤێ لە ماڵێ دابنێ، وازی لێ بێنە بێ كارو كاسبی، هەموو شتێكی بە تیژاوێ دەرخوارد بدە باسی بایێی بە بارانێ بۆ بكە.. حەیاتی لێ دەبڕێ!!
بە كیرچم وت: ـــ: كە بۆ كردنەوە و داخستن دەچیتە لای بناوانێ، هەندێ قەدی (شۆڕەبی)م بۆ لەگەڵ خۆت بێنە سەبەتەی پێ دروست دەكەم. كوڕەكەم وتی: ـــ: تۆ سەبەتەی خۆتت دروست كردووە، بۆ خۆت بە ڕەحەتی دانیشە و لە دوو ئەوەی بە بە چاكی دەزانی! (بەڕەحمەت) بێ هەر لە دایكی دەكا، قسەیەك دەكا لێی نایێتە خوارەوە تەنانەت ئەگەر چەند ساڵێكیشی بە سەردا تێپەری بێ.. قسەیێكی كرد لێی پەشیمان نابێتەوە. ئەو ئەندازیارە و تەنها لە ژماران دەگا،(2) لە لای هەر دەكاتە (2)، سفریش هەر سفرە، لەوەی زیاتر قسەی قۆڕە.. (شەو شاد، ڕاكشێ بەڵكو خەوت لێ بكەوێ)! راكشێ بەڵام نەنووی، هەر پاڵ دەكەوم و ناكەوم هەست بە گێژی و سەرسووڕان دەكەم.
با حاڵی خۆمانت بۆ بگێڕمەوە! پێم دەڵێن، بابە بۆچی ئێمە لەگەڵ ئەوەش وێكڕا لە جێگایێكی دەژین و لەسەر یەك خوانیش دەخۆین لە یەكتری غەریبین؟ ئێمە بە ڕادەیەك غەریبین لە یەكتری، كە ئەوان ڕازی نەبوون مناڵەكە بە ناوی من بكەن، چونكە ناوی من (ئیگنات)ـە و منداڵەكانیش بە(گاتیۆ) بانگی دەكەن، ناویان نا (كراسیمیۆر).. ناوێكی نوێیە. بە باپیریتیان دەگوت (گاتیۆ)، بابیری باپیریشت ناوی (گاتیۆ) بوو، هەردووكیشیان ژیانێكی پڕ خەباتیان لەگەڵ یاخی بووەكانی (هایدۆت) دا بەسەر برد، بەشداری گەلەك شەڕانیان كرد، ناوێ گەیاندبووینەوە یەك و هەردووكیش بەنهێنی لایەنگیری شۆڕشگێڕەكان بوون.. ئەوەتا ئێستاش نەوەكەیان ناوی دەنرێ (كراسیمۆر). با لە ناوەكە بگەڕێین، ئەوەتا باوكی وازی لە (ئگناتۆن) هێناوە و بووەتە (ئیگناتیڤ)، تەنانەت لەدەلیلی تەلەفۆنیشدا نووسیویەتی: ئەندازیار (كیریل ئیگناتیڤ). زەنگی تەلەفۆن لێ دەدا هەڵی دەگرم: ـــ: كێتان دەوێ؟ ـــ: هاوڕێی ئەندازیار (ئیگناتیڤ)! كە هاتەوە بەرەو ڕوو پێم وت: ـــ: شۆرەتی خێزانەكەم (ئگناتۆڤ)ـە، ئەمەش لە مێژە لە دادگادا تۆمار كراوە، لەبەر خاتری ئەم خێزانەیش چوویتە زانكۆیێ و ئەندازەت خوێند و وات لێ هات سواری ئۆتۆمبیل ببی، ناوەكەی ترت لە كوێدا هێنا، یا لە خێزانەكە بێ بەری دەبی و لە ڕۆژنامەی ڕەسمیش بڵاوی دەكەیەوە، یا ئەوەیە ناوم ناگۆڕی و بێزی لێ ناكەیەوە!
گەلەك جاران جوابی داومەتەوە، بەڵام ئەمجارە فززەی نەكرد لەگەڵ ئەوەشدا ئازایەتی من دادی نەوەكەمی نەداو ناوی هەر بە (كراسیمۆر) مایەوە. جا ئەمە سەركۆڵێكی بچووكە، هی گەورەتریش هەیە كە جارێكیان. وەریان چەرخاند، كونێكی ترسناكی لە هەستمدا كردەوە. ئەوێ شەوێ، دوو سەعات بوو بێنی تەنگ كرد بووم، لە خۆم دەپرسی: بۆچی ماڵی خۆم لە گوندی بەجێ هێشت و هاتم گۆشە گیری ئەم قەفەسە زێڕینەی بووم؟ بۆچی؟ بەڵام تۆ وەرە ئەوەی بە كوڕەكەم بڵێ، كە پێم دەڵێ: چ دەكەی لە گوندی بە تاقی تەنێ دەژی؟ چۆن دەتوانم تێی بگەیێنم، كە من لە ماڵێ دەبم لە گوندی، لە دڵێ جیهانێدا دەبم. لە بێستانێدا گێڵاس و كولەكە و پیواز و تەڕە و فێقی تر…. شتێ خوڕەی دێ، شتێكی تر هاشەی دێ، سێیەم دەبۆڕێنێ. پێش ئەوەی بێمە ئێرە دوو بەرخم هەبوون، دوو بەرخی سپی جەربەزە، فێر ببوون كە بە ماندوویەتی دەگەڕامەوە و لەبەر دەرگا دادەنیشتم، لەشم ئارەقەی لەبەر دەڕۆیی، لێم نزیك ببنەوە و بە زمان ئارەقەی بناگوێ و مل و هەرجێیەكی زمانی تێدا بسوڕابایەوە دەیان لێستەوە، لەگەڵ سوێریشی دەیان لێستەوە.. پفیان دەكرد، دەیان لێستەوە و پفیان دەكرد… وەك بڵێی بۆ خواردنی قوربانیەكی پیرۆز ئامادەم بكەن.. هەردووكم بۆ كوڕەكەم كوشتنەوە.. تاكو ئێستاش خۆم نەبەخشیوە، كە گوێیان لە كرانەوەی دەرگا دەبوو، دەستیان بە باڕەباڕ دەكرد، ئماع.. ئماع..مماع… شتێكت لەبارەی دەرگاكەت بۆ دەگێڕمەوە: چوارچێوەكەی كۆنە.. بەڵام قوڕسە و لە داری مازوو دروست كراوە، كە دەكرێتەوە جیڕەی دێ، كە دایشدەخرێ سییڕەی دێ.. هەندێ جار وەك (خاتوون سێمانكە) دەچریكێنێ هەندێ جاریش دەنگێكی كەرخی لێوە دێ… كە نەختێ دونیا شێدار دەبێ دەبۆڕێنێ، كاتێ دەكەوینە ناو گەرمایشەوە وشك هەڵدێ و سییڕەی تەواو لە (ئارگۆن)ی دەستی دەكا.. منیش لە سییڕەی دەرگاوە دەزانم، كەی باران دەبارێ و كەنگێ هەوا خۆش دەبێ.. تەنانەت وام لێ هاتبوو بە ئەندازیارەكەی كشتوكاڵم دەگوت: بەسە لاوە! بەسە، چیتر ئاوێ بەبنە مێوانەوە مەنێ.. سبەینێ دەبارێ.. ئەندازیاریش وەڵامی دەدامەوە: بەڵام ئێزگە شتێكی دی دەڵێ؟! ـــ: تۆ گوێ بۆ ئێزگەی خۆت ڕادێرە و منیش گوێ لە ئێزگە تایبەتیەكەی خۆم دەگرم. دەشبینینەوە.. كامەیان ڕاستتر دەردەچێ؟! وەكو منیش گوتم وا دەرچوو و باران باری، لەو كاتەوە وای لێ هات سەر كارەكە دەهاتە لای من هەوای ئەمڕۆ و سبەینێم لێ بپرسێ.. ئێستاكە ئەو دەرگایە ژەنگ هەڵدێنێ.. نە كەس هەیە بیكاتەوە، نە كەسیش هەیە گوێ له‌ گوفتاری بگرێ، نە یاوەر و خەمڕەوێنێكیشی هەیە… نامەیێكم بۆ ئاوەڵ زاواكەم ناردبوو، پرسیارم لێ كرد بوو خەبەرم بداتێ داخۆ ماڵەكە، بەتایبەتیش دەرگاكە وەكو خۆیان ماون؟… ئەویش ئەم نامە كورتەی خوارەوەی بۆ ناردبوومەوە: »سڵاوت لێ بێ ئاوڵ زاوا! چوومە تەماشای دەرگاكە، ئەوا ئێستاش پێت دەڵێم: دەرگا ساغ و سەلیم هەر لەجێی خۆیدایە..بەڵام نە وەك جاران گۆرانی دەڵێ و… نەسییڕەی دێ… بەڵكو وەك یەكێ بە ددانان جیڕە جیڕ دەكا، وەك سەگی پێكراویش نسكە نسكی دێ.. سەركار هەواڵت دەپرسێ، هەروەها خەڵكی گوندی هەموویان، لێت دەپرسن..« نامەكەم دایە دەست كوڕەكەم بیخوێنێتەوە، بەڵكو هەست بەوە بكا، كە من پێویستیم بە ماڵێیە و سووڕەی ناوك نیم بڕابم و فڕێ درابمە بیرێكی قووڵەوە.. ئایا دەزانی چی پێ وتم؟:
ـــ: ئێوەی پیر وەك منداڵانن، بە دوای حەسانەوەی خۆتان ناگەڕێن، جا چ كەسێ هەبێ بەڕووتانا بقیژێنێ، یاخۆد یەكێ بۆتان بژەنێ! ـــ: ئاخ.. من ئێستاكە لەكوێم؟ بڕۆ ڕێی خۆت بگرە! ئەوا سیر و تیژاو وەك یەكیان لێ هات.. هەر چەندی نەیشتوانم قسەی لەگەڵ بكەم، ئەدی قسە لەگەڵ كێ بكەم؟! لەگەڵ ئەوەشا حەزم لە قسە كردنە بەڵام نە جێگایەكی لەبار دەبینم، نەكەسێ هەیە لەگەڵی بئاخڤێم.. دەستەی جحێڵان لەباخچەكە دادەنیشن و قومارێ دەكەن..تۆزێ دوور دەكەومەوە، یەكتری دەئامێز دەگرن و بەماچان دەكەونە بەر یەكتر.. تۆزێكی دی دوور دەكەومەوە منداڵ و دایكان دەبینم، ئێرە كەسێكی هاوتەمەنمی تێدا نییە، بڵێ ی لەگەڵ ڕیزێ دابن یاخود دەیانبینی گەرما تەنگی پێ هەڵچنیون؟ نازانم.. بەڵام هیچیان نابینم، لەوانەیە تووشی یەكێكیان ببم، فەرمانبەرێكی بانق.. یا هەر بۆ نموونە (باش كاتبێ)،بەڵام تۆز قاڵێ لە قسەكانیانم بەدڵ نییە.. جارێكیان لەگەڵ سەرتیپێكی خانەنشین دا پێك گەیشتین، پێم وت: ئەم ساڵ وەرزی ڕەزان باش دەبێ، باخەوانەكانیش بە درێژایی ڕۆژێ ئاو بەباخچەكانیانەوە دەنێن، كەچی ئەو باسی (لێزەر)ی بۆ دەكردم: كەهەموو شتێ دەبڕێ: ـــ: (لێزەر) تۆپ لە نێو دەبا.. ئەگەر زوو یا درەنگ جێگای دەگرێتەوە ئیتر تۆپ ڕەش دەبنه‌وە. پاشان ئەوەی گێڕایەوە، كە چۆن تۆپەكەی بەتالیۆنێكی (ئینگلۆفەڕەنكسی) لە ناو بردووە.. باسی تەقینەوەی بۆمبای گەورە گەورەیشی دەكرد، داخی ئەوەیشی بوو بە كپی سەر دەنێتەوە!! وەك بڵێی ئەوەی كرد بووی لە پەلەكووتەی دوا هەناسە زیاتر نەبووە! ئەمە باسی شەڕی بۆ دەكردم، ئەوانی دیش باسی داوو دەرمان، كەی چاك بووەتەوە و چۆن سنگیان بە مەلحەمێ شێلاوە.. یان ئەو پەڕۆكەی دینكۆفی پرۆفیسۆر بۆی داناوە بەكاری بهێنێ. یەكێكیان خەڵكی گوندی (كراسنۆ) بوو ناوی (یۆگی یان یۆرگی) بوو، ئەوەی بۆ دەگێڕامەوە، چۆن هەموو بەیانیان وەسەر و پۆڕی خۆی ڕادێ.. تاكو پتری خۆین لە مێشكدا بگەڕێ.. لەگەڵ ئەوەشدا كە ڕەنگ و ڕوخسارت دەدی، زەرد هەڵگەڕاو، تەنانەت وات بە خەیاڵدا دەهات، بە درێژایی ژیانی تنۆكە خوێنێكی بەسەریدا نەگەڕاوە! ملی قەد قەد ببوو، چەناگەیشی دیار بوو ناوە ناوە دەلەرییەوە.. ئەگەر ئەو (یۆرگی) یەیان دەدایە دەستم و پێمەڕەیێكم لە دەست دەنا، ئەو كات دەتبینی چۆنی خوێن لە دەماراندا دەگەڕێ.. لەبەر ئەوەی ئەم ساڵیش هەر لێرە بووم، وام لێ هات هەستم بە ئێشێك دەكرد لە كڵاوەی چۆكم. ئیتر هاوارم كرد: ئەی هاوار هەی خودایە خەریكم دەمرم..! هەندەی دەرزی ئاژنم بكەن وایان لێ كردووم وەك بێژنگم لێ هاتووە.. دەم ئێشێ و قسەیش ناكەم. جارێكیان ئاوەڵ زاوەكەم تێپەڕی پێمەڕەیێكی پێ بوو: ـــ: بۆ كوێ؟ ـــ: پارچە زەوییەكیان لە هەرەوەزیێ داومەتێ، ئەوا ئێستاش دەچم تەختی بكەم، (وێنجە)ی بۆ پێچۆڵێ تیا دەچێنم، بۆ لەگەڵم نایێی؟ وەرە چ دەبێ با ببێ. لەگەڵی چووم.. كێڵگەكەمان تەخت كرد، بژارمان كرد، ئێوارە داهات، منیش هیچ ئێشێكم تێدا نەما.. وەك بڵێی كەسێ بە دەست لێی دەرهێنابم و لە بن خاكی نابێ. بەسەرۆكی كۆمەڵەی هەرەوەزیم وت: ئەوان ئاسا، پارچە زەوییەكیش بدە بە من، زۆر دەرد هەنە پێویستە پێی دەرمان بكەم. سەرۆك وتی:ـــ جا تۆ پارچە زەویت بۆ چییە؟ چیت پێ چاكە ئەوه‌ی بكە..!! بە سەرمدا قیژاند:ـــ مێرگێكی بەردراوم بدێ، ئەو وەختە پێت دەڵێم چیم پێ چاكە.. ئەویش ڕێزی لێ دەنام، چونكە من یەكێكم لەوانەی كە بەشداریان لە دامەزراندنی كۆمەڵەی هەرەوەزیدا كردووە. مێرگێكی دامێ، بەڵام دەزانی لە كوێ؟ لە بن كلكی كسۆكی..، لە چۆلەوارێكی بەیار و بێ ئاودا.. پێش ئێستا مێرگ بووە، وازی لێ هێنراوە زڕەگیا و وشترالووكی لێ شین بووە و، خاكەكەی خنكاندووە و زیانی پێ گەیاندووە.. ئیتر پێی بەسەردا نەهاتووە.. من خۆم بە پلەی یەكەم باخەوانم، لەگەڵ ئەوەشدا تەخسیریم نەكرد، زڕەگیا و بیژۆكم دانە دانە لێ بژار كرد، بڕینمەوە.. لە ڕەگەوە دەرم كێشان و دوورم فڕێ دان. مێرگەكەم پاك كردەوە، بەڵام لە ڕەگ و ڕیشەی (قرانیا) یێك هەڵنگووتم.. ڕەگی لە قووڵایی خاكدا گیر كرد بوو، نە دەهەژایەوە، نە دەشبزووت.. گەلێكی بە دەسكەپێمەڕان لەگەڵ خەریك بووم، بێ هوودە بوو. تەنیشتم كۆڵین، بەڵام ڕەق و بەگرێ بوو، توند توند خۆی بە خاكەوە گرتبوو نەیدەویست لێی بێتەوە، گشت لق و پۆپم بڕین، لقێك نەبێ چیدی پێوە نەما، لەگەڵ ئەوەشدا پێم دەرنەكێشرا. یەكشەممەیێك بەگژی داچووم، وەك ئەوەی بەگژ دڕندەیێك دابچم.. بڕیمەوە، بن كۆڵم كرد، هەناسە بڕكێم پێوە نووسا كەفم هەڵدا.. ئاخری دەرم كێشایە سەر زەوی. ئیتر مێرگ كەوتەوە هەناسەدان. لە جێی (قرانیا)یەكەشدا، دار گێڵاسێكم لێ چەقاند، (خۆخ و هەرمێ)یشم لێ ڕواند.. تۆی سێپەڕەیشم كۆكردەوە و زەوی یەكەم پێ تۆدا.. ئاوم پێوەنا و لێی گەڕام تا شین دەبێ.. لە جێژنی (قەدیس قووستەنتین)دا لەگەڵ ئاوەڵ زاواكەم چووین بژاری بكەین، تۆ بڵێ چیمان بینی؟؟ گوڵە سێپەڕە و خەشخاش تێكەڵ ببوون، بەری دارحەلووكە سوور ببوو، بۆنی گوڵان كە بەناو دارستان بڵاو ببووەوە، ئاپوورەی هەنگ و مێشی دیكەی عاشق بە گوڵی بۆ خۆی ڕاكێشابوو، باڵیان لێك دەدا و شیلەیان دەمژی.. ئاوەڵ زاواكەم بانگی كردم: دەی با دەست بە بژارێ بكەین.. ـــ: بژاری چی و حاڵی چی؟ ئەم مێرگە بژار ناكرێ، وازبێنە با هەنگەكان گۆرانی بڵێن و سوپاسی (گاتیۆ) بكەن. ئێوارێ بە سەرۆكم وت: ــ گەر دەتەوێ بزانی چیم پێ خۆشە، سبەینێ لەگەڵم وەرە دەچینە ناو مێرگەكە.. سەرۆك ڕازی بوو و چووین.
ـــ: ئا ئەوەتا، ئەوەی كە من پێم خۆشە جەنابی سەرۆك! ـــ: ئەمە شتێكی چاكە، بەڵام چاكتر دەبێ ئەگەر دێوجامەیێك لە شەرابی گەمزا (جۆرە مەیێكی هەرە چاكی بوڵگارانە) بە بەر چوكڵەی چاوانەوە بنرێ.. ئنجا لەسەر ئەو سێپەڕەیەدا پاڵ بكەوێ و قەڵێشت پێ بێ، لە دەور و بەریشتدا، قرچە قرچی كاریلەی برژاو بێ، ئەو حەلە بە چاكی دەزانم چیت پێ خۆشە… چاكە! من هەندێ چەوراییم پێیە.. دیار بوو ئەوەی پێی بوو دەری هانی و خواردی. پاشان بێ ئەوەی سەیری گێڵاس بكات، یا هەوایێكی پاك و بێگەرد هەڵمژێ لێیدا ڕۆیی!! بەم جۆرە وەك وتی وای نەكرد.. لەو ساوە من بیر لەوە دەكەمەوە كە پێم خۆشە. جارێكیان بە كیرچم وت هاوڕێی ئەندازیار! پێم دەڵێی ئەوەی بكە، پێت خۆشە، داخۆ دەبێ ئەوە چی بێ كە خۆشی لێ دەبینرێ؟ ـــ: دەپرسی چییە؟ ئەوەیە كە بنوی، بچیتە سینەما.. دەشبێ ئەگەر كەسێ هەبوو لەگەڵی بكەی یاری (تەرنیف) ــ جۆرە یاریێكی كاغەزی قومارە ـــ بكەی.. بەڵام زەوق و میزاجی بێگەردیش ئەوەیە دونیات بە گونان بێ و لە كوێ پسا لە وێی گرێ بدەیەوە. وتم:ـــ ئا ئەو زەوق و میزاجەی تۆ قسەی قۆڕە! تۆ دەزانی ئەو سینەمایەی هەموو ئێوارەیێ چاوی تێ نز دەكەیەوە چییە؟. ئەوە وەكو ئەو دۆنە وایە كە بەشووشەوە دەنووسێ.. سینەمای جوان ئەوەیە منی تیا دەژیم، وە ئەمما بایەخ بە هیچ نەدەی ئا ئەمەیان مردنە..؟! ـــ: شتێكی ئاسایییە خانەنشین بیت و بحەسێیەوە و بایەخ بەهیچ نەدەی. ـــ: نەخێر ئاسایی نییە ئادەمزادی زیندوو بایەخ بە هیچ نەدا.. ئایا پەلكۆكەیێك لەم سرووشتەدا هەیە خانەنشین بێ؟ نەخێر نییە و نایشبێ هەبێ.. قەتت گوێ لێ بووە، هەڵۆیێك خانەنشین كرابێ و هاتبێ لە دیار هێلانەكەی دانیشتبێ، زاری بەش كردبێتەوە فەرخە هەڵۆیەكان بە دەنووك مشكی دەرخوارد بدەن؟ »هەڵۆ« تا دوا هەناسەی دەفڕێ، ئینجا بۆ زەوی كەڵەواژی دەبێتەوە.. ئەوەم بۆ گێڕایەوە كە جارێكیان لە نزیك (سپییەئاو)ـە كەوە ڕوویدا: »وەختی پشوودانی نیوەڕۆم بوو، لە ژێر دارسنەوبەرێكدا پاڵ كەوتبووم، بەرخەكانیش دەورەیان دابووم، گوێم لە هاشەیێك بوو بەسەرمەوە، تەماشام كرد هەڵۆیێكم دی لە لای (برسنەك)دا دەهات تا دەشهات سەرەو خوار دەبووەوە تا گەیشتە سەرسەرم.. راپەڕیم ببینم چی بوو؟ سەیرم كرد باڵەكانی لەسەر مێرگەكەدا جووت كردووە و حەیاتی لەبەر بڕاوە بێ ئەوەی زامدار بووبێ یاخود نووكی دەخوێن هاتبێ… مرد بوو و دەشفڕی… ئا ئەوەیە شتی ئاسایی كوڕی خۆم لە كاتی فڕیندا بمری.. بەڵام تۆ لەو قەفەسەم بەند دەكەی دەمویست ئەوەی پێ بڵێم، لێ پێش ئەوەی بیدركێنم، جوویم و قووتم دایەوە…« كیرچ سەیرێكی كردم وام تێوەڕامابوو، دەتگوت یەكەم جارە دەمبینێ..! وتی: ـــ نەخێر.. دەتبەمە لای دكتۆرێك، پێم وایە كە تۆ مێشكت نەخۆشە! ـــ: لێم گەڕێ لەبەر و دختۆران، چاكتر وایە بۆ خۆت بچیتە سینەما!.. وام زانی لە قسەكانم دەگا، بەڵام دیار بوو تێی نەگەیشتبوو.. وشە بە گوێرەی ئەو وەك ژمارە وایە، دوو هەر دووە و سفریش هەر سفر…! من بەرەو مێرگی بەرفرەو كاكی بە كاكی دەچم.. ئەویش بەرەو بەغدا.. لە كوێ دەگەینەوەیەك؟ ئا ئەمەیە سەری كۆڵیوم و گێژی كردووم، وێنەی دار كۆڵێ بەسەرمەوەیە، دەسوڕێ و دەسوڕێ تا لە ئاگر و ئارەقەمدا نقوم دەكا… ڕەپێ دەبم پەنجەرەكە بكەمەوە هەوایێك بێتە ژوورەوە.. دەیكەمەوە و نایكەمەوەیش، هاڕە هاڕو ڤڕە ڤڕی مەكینان دێ: بڕ بڕبڕ.. بڕبوك.. قرڕڕڕ قڕڕ.. بوووم… ماتۆڕەكان هەر مەپرسە لە شەقامەكەدا چ زیقە زیقیانە، وەكو بڵێی زیقەیان لەناو دڵ و گوێی پیاویدا دەچەقێ، دەڵێم ئێستا كەڕ دەبم.. ژمارەی دانیشتووانی شاری (تۆڵشاف) خۆی لە ملیۆنێك دەدا، پارێزگاریشی لێیە و تیپێكی تەواوی سەربازیش.. بڵێی كەسی وای تێدا نەبێ ئەو هەزارــ تۆ بڵێ پێنج هەزار ــ ماتۆڕانە دوور بخاتەوە كە شاری تێك دەدەن و مرۆی كەڕ دەكەن؟؟ پەنجەرەكەم داخستەوە، سەرم خستە ژێر سنەوبەرەكە.. ئیتر لەو زیاترم تا ئێستا بە دەستەوە نەماوە.. شتێكی دیكەشم بەخەیاڵدا دێ ئەویش ئەوەیە هەڵبێم… تەنم حەزی لە هەڵمژینی بۆنی خۆڵی زیندوو و گەرمۆكەیە، چ قسەیش لەگەڵ كیرچ یا لەگەڵ بەفرگرەكە (سه‌لاجه‌) بكەی جیاوازی نییە! بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەینێ كوڕەكەم خەرابە، نە‌و! ئەو بە دڵسۆزی و بە شەرەفەوە ئیشی خۆی دەكا، تەنانەت وا دێتە بەرچاو كە لە سكی دایكی نەبووە لە بەرمیلی دا هاتووەتە دەرێ، هەر بۆیە بۆنی بنیادەمی لێ نایێ، پتر لەوەی بۆنی بەنزینی لێ دێ.. ئەوەندەی قسەی بۆ بكەم سوودی نییە، وا ئەم پارچە كاغەزۆكەی بۆ دەنووسم: » كوڕم كیریل! ئەمن دەچمەوە گوندی، ئەوان نەمامان دەگوێزنەوە لە شوێنی تر بیڕوێنن…. تۆ منت هێنایە شار لەوێم بڕوێنی… پیر بووم كوڕم.. من ڕەگ و ڕیشەم لێرە نییە… ڕەگ و ڕیشەی من لەوێیە، لە گوندی. ئەوا منیش دەچمەوە بە دوایدا دەگەڕێم.. كە سیس دەبم و وشك هەڵدێم، بەچاوی كراوەوە دەچمە نێو گۆڕەكەم… بمبورە ڕۆڵەم! بە دوای منیش دا مەگەڕێ.. من بەرەو مێرگ و مێرغوزاری كاكی بە كاكی و فراوان ڕۆیشتم.. بەڵام تۆ، تۆیش بەردەوام بە لە ڕێگەی خۆت بەرەو بەغدایێ.
باوكت: گاتیۆ«

(*) له‌ ژماره‌ 2 ی ساڵی دووه‌می گۆڤاری (الاداب الاجنبیة)ی سوورییه‌وه‌
كراوه‌ به‌ كوردی.




کۆڕێک بۆ یادی نووسەرو مێژونووس کەریم زەند لە شاری تۆرۆنتۆ




دەسەڵات بۆ گەڕان بەدوای ساماندا.. عوسمانی حاجی مارف

حزبەکانی کوردایەتی بە قۆستنەوەی مەسەلەی کورد و بەکارهێنانی ئەم مەسەلەیە لە هەڵسوڕانی سیاسیاندا، ڕەسمیەتیان بە خۆیان داوەو خۆیان بەناوی کێشەکانی کوردستانەوە ناساندوە. دوای شەڕی یەکەمی کەنداو و هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢، هەلێک هەڵکەوت لەئەنجامدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراو هەر دوو پارتی و یەکێتی گەیاندە دەسەڵاتی سیاسی. هەرچەندە لە مێژوی هەڵسورانی سیاسیاندا خۆیان وەک نوێنەری چارەسەری ستەمی میللی و چەوسانەوەی خەڵکی کوردستان ناساندوە، بەڵام ئەم کێشەیە تا ئێستا نەک چارەسەر نەبووە، بەڵکو ناسیۆنالستەکان بەردەوام سەوداو مامەڵەی پێوەدەکەن و نانی لێدەخۆن و سامانی پێ کۆدەکەنەوەو هیچ کات نوێنەرایەتی ستەمی نەتەوایەتیان نەکردوە.
دوای ئەوەی جەنگی کەنداوی ساڵی ١٩٩١ فەراهەم بونی بۆشایی لە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانی عێراق خولقاند، بووە هۆی باڵادەستی پارتی و یەکێتی، وەک دوو هێزی میلیشیا. لە لەشکرکێشیەکەی ساڵی ٢٠٠٣ی ئەمریکاوە بۆ سەر عێراق، خزمەتێکی بێوێنەیان بە ئەمریکا کرد، لە هەمان کاتدا دۆخێکی تەواو ئاواڵا کرایەوە بۆیان، کەلە رێگەی گەندەڵی و تاڵانچێتی و قاچاخچێتی و بازرگانی بە نەوتەوە سامانێکی بێ شوماریان کەڵەکەکرد، هێزەکانیان و دەسەڵاتیان لە دوو ناوچەی جیاوازدا بە ناوی زۆنی زەردو سەوزەوە لە ئاستێکی باڵادا چەسپاند و سنورەکانیان بۆ سامان پەیداکردن کۆنترۆڵ کرد.
شاراوە نیە بەشداریەکی جدیان لە پێکهێنانی حکومەتێکی نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی و کۆنەپەرستی کرد لە عێراقدا، دەورو کاریگەری بەرچاویان لە چوارچێوەی پێکهێنانی دەوڵەتی عێراقدا بینی. بەڵام دوای سی ساڵ زیاتر لە دەسەڵات و ٢٠ ساڵ دوای لەشکرکێشی ئەمریکا، حکومەتی هەرێم و بارزانی و تاڵەبانی، دیدێکی ڕوونیان بۆ داهاتووی خۆیان نییە و لە نێو گێژاو و قەیرانێکدا گیریان کردوە، نازانن بە کوێدا دەیان بەن و چۆن سەردەردەهێننەوە. ئێستا جگە لە دابەزینی دەورو پێگەیان لە حکومەتی عێراقدا، لە هەمانکاتدا مەترسی لەدەستدانی پێگەو نفوزی سیاسیان لە ناو هەرێمیشدا چاوەڕوانیەکی تریانە.
شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٨، ئیعتباری هەردوو حزبی تێکشکاندو شتێک نەمایەوە بە ناوی حکومەتی هەرێم، تا دوای ساڵی ٢٠٠٣، کە توانیان لە پاڵ ئەو تاڵان و برۆیەی ئەنجامیان ئەدا، ئەو هەلەش بقۆزنەوە، بۆ پێکهاتن لەسەر ئەوەی کە چەند نمونەیەک لە شێوازێکی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەنن، هاوکات لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردودا نەوەیەکی نوێ لە هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی ڕۆڵی سەرکردایەتیان وەرگرتووە، بە مانایەک هەردوولایان کە بانگەوازێکی چەواشەکاریان بۆ دیموکراسی دەکرد، هەر بۆ خۆیان پوچەڵیان کردەوەو دەسەڵاتی بنەماڵەیان چەسپاند.
تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢، حکومەتی هەرێم نزیک ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنا، کە زۆرینەی لە ڕێگەی بۆری سەربەخۆی هەرێمەوە لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرا. تەنها لە چارەکی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢دا، فرۆشی نەوت لە کوردستانی عێراق کۆی داهاتی ٣.٧٧ ملیار دۆلاری بەدەستهێناوە. لەکاتێکدا تەنها لەسەدا ٤١ی ئەو داهاتانە گەیشتە خەزێنەی حکومەتی هەرێم. سەبارەت بە غازی سروشتیش، ئەو بەرهەمەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیخاتە بازاڕەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا ساڵانە گەیشتووەتە نزیکەی 5.3 ملیار مەتر سێجا.
بارزانی و تاڵەبانی وەک دوو هێزی میلیشیاو خاوەن دەسەڵات، سودێکی زۆریان لە هەڵکەوتەی جوگرافی و سنورەکان وەرگرت، کە وەک دوو کۆمپانیای قاچاخچی بۆیان بوو بە ڕێڕەوێکی بازرگانی ناوچەیی و شوێنی مەبەست. تورکیا کە تاکە سنووری وشکانی لەگەڵ عێراق بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، گەورەترین هاوبەشی بازرگانی دەسەڵاتی بارزانیە، کە لە ساڵی ٢٠١٧ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیە و کوردستانی عێراق گەیشتە دوو ملیار و پێنج ملیۆن دۆلار، کە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنقەرەیە لەگەڵ عێراقدا. بەهەمان شێوە یەک لەسەر سێی هاوردەکردنی عێراق لە ئێرانەوە – کە ساڵانە بە دوو ملیار و چوارسەد ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت – دەگاتە کوردستانی عێراق. جگە لەوەش 50%ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە دەروازە سنووریەکانی ژێر دەسەڵاتی تاڵەبانی تێدەپەڕێت.
ئیدیعای خاوەندارێتی لە نەوتی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناچار کرد بەهۆی مەترسیە سیاسیەکانەوە بە نرخێکی کەم نەوت بفرۆشێت. جگە لەوەش ناکۆکیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نەوت و گومرگ لە ساڵی ٢٠١٤بەرەو خراپتر دەردەکەوت، ئەمەش وایکرد بەغدا پشکی حکومەتی هەرێم لە بودجەی نیشتمانی ببڕێت. لە ساڵی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە فەرمی بڕیاریدا کە یاسای سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم و گرێبەستە نەوتیەکان و هەناردەکردنی نادەستوریە. هەروەها حکومەتی عێراق سکاڵای یاسایی لەسەر تورکیە لە دادگاکانی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی تۆمارکرد لەسەر ڕێگەدان بە “حکومەتی هەرێم” بۆ بەکارهێنانی بۆری عێراق-تورکیا بەبێ ڕەزامەندی بەغدا. لەکاتێکدا ئەم بابەتە دەنوسرا، دادگا هەڵوێستی عێراقی پشتڕاستکردەوە و تورکیای ناچارکرد هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت. بەم جۆرەش ئایندەی کەرتی سەربەخۆی وزەی حکومەتی هەرێم بە نادیاری ماوەتەوە.
سەرەڕای دەستکەوتە سەرنجڕاکێشەکانی بارزانی تاڵەبانی لە ماوەی ئەو سی ساڵەدا لە کەڵەکەکردنی سەرمایە، بەڵام بەبێ بایەخدان بە دامەزراندن و جێگیرکردنی چەسپاندن و جێخستنی حکومەتێکی یەک دەست و سەراسەری لە هەرێمدا، یان بەرگری نەکردن لە سەربەخۆیی کوردستان، ئاشکرایە دواجار مایەپوچ سەریان دەلەقێنن.
ئەم پرۆسیەی لە دۆخی ئێستای عێراقدا دەیبینین، کە هەوڵدانی جدیە بۆ ناوەندبوەنەوی عێراق و سنوردارکردنی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی، لە چوارچێوەی کۆتایی دەورەیەکدایە کە ناوچەکە بەگشتی و عێراق بە تایبەتی، دەگوێزێتەوە بۆ دەورەیەکی تازە، کە هەوڵدانی کۆنترۆڵکردنی ئاسایشە بۆ سەرمایەگوزاری و چونە ناو دۆخێکی تازە لە گەشەی پرۆژە ئابوریەکان، بەبێ ئەوەی لەم پرۆسەیەدا حساباتێک بۆ حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی لە خاڵێکی دیاریکراودا جێگایەکیان بۆ دیاری کرابێت.
بەگشتی لەم ئاڵوگۆڕانەی ناوچەکە و جەختکردن و هەنگاونان بۆ ناوەندکردنەوەی حکومەتی عێراق، ڕۆشنە پێگەی هەرێم زیاتر خۆی لە پاشکۆبونی هەنگاوبەهەنگاوی بەغداوە دەبەستێتەوە، بارزانی و تاڵەبانیش ئەمەیان قەبوڵ کردوە، گرنگ ئەوەیە بۆیان دەسەڵاتێکیان هەبێت، بەهەرجۆرێك بێت سامانێکیان بۆ دابین کات، هەر بۆیە باسێک نەماوە لە بەکار هێنانی مەسەلەی کوردو دەوڵەتی سەربەخۆ.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا نیشانەکانی بازاڕی ئازاد و سیستەمی گەندەڵی بەربڵاو نیشان دەدەن. لەم نێوەندەدا دەستڕاگەیشتنیان بە سەروەت و سامان و کەڵەکەی سەرمایەیان پەیوەست کردوە بە دەسەڵاتی سیاسیەوە، تا لە ڕێگای دەسەڵاتی سیاسیەوە تاڵانی و بازرگانی و قۆرخکردنی تەواوی سەرمایە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا بەڕێوە دەچێت.
لەگەڵ بەرجەستەبونەوەی زیاتری دوو ئیدارەیی و گۆڕینی هاوسەنگی هێزی بارزانی و تاڵەبانی لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا، ئەوەی شایانی باسە لە دوای ڕیفراندۆمەوە سەرکردەکانی حکومەتی هەرێم بۆچونیان سەبارەت بە پێگەی خۆیان لە چوارچێوەی نەخشەکانی حکومەتی عێراقدا ناکۆکن، بەتایبەتی لەسەر چۆنیەتی گەڕانەوەیان بۆ بەغداد و مامەڵەی ئایندەیان لە پەیوەندیان بە حکومەتی عێراقەوە چۆن دەبێت، کە ناڕۆشن و ناتەبان، وەک ئەوەی لە چاوەڕێی قەدەرێکدا دۆشدامابن، چونەکە ئەزمونەکەیان بە شكست گەیاندوە، هەر بۆیە ئەو پرسیارەش لێرەدا دێتە پێشەوە، ئایا ئابوری هەرێم لەم کەین و بەینەی وابەست بون و پاشکۆبون بۆ بەرنامەو بڕیارەکانی حکومەتی عێراق و بە پشتبەستن بە هاوکاری دەرەکی و گواستنەوەی بودجە لە بەغداوە بۆ هەرێم، ئایا دەتوانن بمێننەوە؟، یان چۆن دەمێننەوە؟ واتە لە رێرەوی ئەم پرۆسەیەدا چۆن لەرێگەی دەسەڵاتەوە دابینی سامان و داهاتیان دەکەن، کاتێک دەسەڵات لە حکومەتی عێراقدا کۆنترۆڵی تەواوی جومگە ئابوریەکان بکات.!




نەخۆشی کەسایەتی: ناساندن، هۆکارەکان، نیشانەکان و چارەسەرییە زانستیەکان..151.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

زنجیرەی ١٥١

نەخۆشی کەسایەتی بریتییە لە کۆمەڵێك دۆخی دەروونی کە کاریگەری لەسەر شێوازی بیرکردنەوە، هەڵسوکەوت و پەیوەندی تاک لەگەڵ کەسانی دیکە دروست دەکاتن. ئەم نەخۆشیانە بە درێژایی کات پەرە دەسێنن و دەبنە هۆی کێشە لە ژیانی ڕۆژانە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا.
لێرەدا نموونەیەك لەسەر خۆم دەهێنمەوە تاکو دۆخەکە زیاتر ڕوون بێتەوە بۆ ئێوە.

بۆ نموونە: ئەبڕاهام گەنجێکی ٢٦ ساڵەیە کە نیشانەکانی نەخۆشی کەسایەتی خود-شەیدایی (Narcissistic Personality Disorder) پیشان دەدات. ئەو:

هەستێکی زۆر بەرزی لە خۆبایی بوونی هەیە، خەیاڵی سەرکەوتنی بێ سنووری هەیە، پێویستی بە ستایش و سەرنجی بەردەوامی خەڵکی هەیە، کەم هاوسۆزی لەگەڵ هەستی کەسانی تر نیشان دەدات.

لە ڕووی زانستییەوە، ئەم جۆرە نەخۆشییە کەسایەتییە بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەری ژینگەیی و ژێنەتیکییەوە پەرە دەستێنێت.

هۆکارەکان:

هۆکارەکانی نەخۆشی کەسایەتی ئاڵۆزن و زۆر جار تێکەڵاوێک لە چەند فاکتەرێکن:

بۆماوە- جینەتیك: لێکۆڵینەوەکان پیشانیان داوە کە هەندێک کەس لەوانەیە مەیلی زیاتریان هەبێت بۆ پەرەسەندنی نەخۆشی کەسایەتی بەهۆی فاکتەرە جینیەکانەوە.

ژینگەیی: ئەزموونە نەرێنیەکانی سەردەمی منداڵی، وەک پشتگوێ خستن یان دەستدرێژی، دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن.

کیمیایی مێشک: ناهاوسەنگی لە ماددە کیمیاییەکانی مێشکدا دەتوانێت کاریگەری هەبێت لەسەر گەشەی کەسایەتی.

کولتووری: هەندێک فاکتەری کولتووری دەتوانن کاریگەری لەسەر پەرەسەندنی نەخۆشی کەسایەتی.

نیشانەکانی نەخۆشی کەسایەتی دەگۆڕێن بەپێی جۆری نەخۆشیەکە، بەڵام هەندێک نیشانەی گشتی بریتین لە:

کێشە لە پەیوەندی دروستکردن و پاراستنی پەیوەندییەکان هەڵسوکەوتی نائاسایی یان توندوتیژ، هەستی بەردەوام بە نائارامی یان ترس، گۆشەگیری کۆمەڵایەتی، کێشە لە کۆنترۆڵکردنی هەست و سۆز، بیرکردنەوەی ناڕێک یان شێواو.

چارەسەرییە زانستیەکان:

چارەسەری نەخۆشی کەسایەتی بەپێی جۆری نەخۆشیەکە و تووندی نیشانەکان دەگۆڕێت. هەندێک لە چارەسەرە باوەکان بریتین لە:

دەرمان: دەرمانەکان وەک دژە خەمۆکی و دژە دڵەڕاوکێ دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ کۆنترۆڵکردنی هەندێک نیشانە.

چارەسەری دەروونی: چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی (CBT) و چارەسەری دیالێکتیکی ڕەفتاری (DBT) لە کاریگەرترین شێوازەکانی چارەسەرن.

چارەسەری گرووپی (group counselling) : ئەم جۆرە چارەسەریە یارمەتی نەخۆشەکان دەدات بۆ فێربوونی کارلێکی کۆمەڵایەتی باشتر.

ڕاهێنانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی: فێرکردنی کارامەییە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێت یارمەتی نەخۆشەکان بدات بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانیان.

چارەسەری خێزانی: بەشداریپێکردنی ئەندامانی خێزان لە پرۆسەی چارەسەردا دەتوانێت کاریگەر بێت.

——————————-

سەرچاوەی بەکارهاتووی زانستی:

١-https://psychiatryonline.org/doi/book/10.1176/appi.books.9780890425596

٢-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/21195251/

٣-https://psycnet.apa.org/record/2018-00745-000

٤-https://psycnet.apa.org/record/2018-00745-023
٥-https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC10786009/




بۆچی سۆسیالیزم؟.. نووسینی: ئەلبێرت ئەنیشتاین.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

ئایا کەسێک شارەزا نییە لە پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بۆی هەیە بۆچوونەکانی لەسەر بابەتی سۆسیالیزم دەرببڕێت؟ من بە کۆمەڵێک هۆکار باوەڕم وایە بەڵێ.
با سەرەتا پرسیارەکە لە ڕوانگەی زانستییەوە لەبەرچاو بگرین. لەوانەیە وا دەرکەوێت کە جیاوازییەکی میتۆدۆلۆژیی جەوهەری لە نێوان فەلەکناسی و ئابووریدا نییە: زانایان لە هەردوو بوارەکەدا هەوڵدەدەن یاساکانی قبوڵکردنی گشتی بۆ کۆمەڵە دیاردەیەکی سنووردار بدۆزنەوە بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم دیاردانە تا دەتوانن بە ڕوونی تێبگەن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم جۆرە جیاوازییە میتۆدۆلۆژییانە بەڕاستی بوونیان هەیە. دۆزینەوەی یاسا گشتییەکان لە بواری ئابووریدا بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە دیاردە ئابوورییە چاودێریکراوەکان زۆرجار کاریگەرییان لەسەرە بەهۆی چەندین هۆکارەوە کە زۆر قورسە بە جیا هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. جگە لەوەش، ئەو ئەزموونەی کە لە سەرەتای قۆناغی بەناو شارستانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە کەڵەکە بووە، وەک دەزانرێت- تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری هۆکارگەلێک بووە و سنووردار بووە کە بە هیچ شێوەیەک لە سروشتدا تەنیا ئابووری نین. بۆ نموونە زۆربەی دەوڵەتە گەورەکانی مێژوو بوونی خۆیان قەرزاری داگیرکاریین. گەلانی داگیرکەر، لە ڕووی یاسایی و ئابوورییەوە، وەک چینی باڵای وڵاتی داگیرکراو خۆیان جێگیر کردووە. بۆ خۆیان دەستیان بەسەر قۆرخکاریی خاوەندارێتی زەویدا گرت و لە ڕیزەکانی خۆیانەوە قەشەیەکیان دانا. قەشەکان کە لە ژێر کۆنترۆڵ و هەژمونی داسەڵاتدابوون، دابەشکردنی چینایەتی کۆمەڵگەیان کردە دامەزراوەیەکی هەمیشەیی و سیستەمێکی بەهایان دروست کرد کە لەو کاتەوە خەڵک تا ڕادەیەکی زۆر و بە شێوەیەکی نائاگا، لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی خۆیاندا ڕێنمایی دەکەن.
بەڵام نەریتی مێژوویی، ئەگەر بڵێین، هی دوێنێیە؛ لە هیچ شوێنێکدا بەڕاستی بەسەر ئەو شتەدا زاڵ نەبووین کە تۆرشتاین ڤێبلن (Thorstein Veblen) ناوی لێنابوو “قۆناغی تاڵانچی” گەشەسەندنی مرۆڤ. ڕاستییە ئابوورییە زانراوەکان سەر بەو قۆناغەن و تەنانەت ئەو یاسایانەی کە دەتوانین لێیانەوە وەریبگرین، بۆ قۆناغەکانی دیکە ناگونجێن. بەو پێیەی مەبەستی ڕاستەقینەی سۆسیالیزم بە وردی تێپەڕاندن و پێشکەوتنە لە دەرەوەی قۆناغی تاڵانکاری گەشەسەندنی مرۆڤ، زانستی ئابووری لە دۆخی ئێستایدا دەتوانێت ڕۆشناییەکی کەم بخاتە سەر کۆمەڵگەی سۆسیالیستی داهاتوو.
دووەم: سۆسیالیزم بەرەو کۆتایییەکی کۆمەڵایەتی-ئەخلاقی ئاراستە دەکرێت. بەڵام زانست ناتوانێت ئامانجەکان دروست بکات و تەنانەت کەمتریش لە مرۆڤدا بیانچێنێت؛ زانست زۆرترینی دەتوانێت ئەو ئامرازانە دابین بکات کە بەهۆیانەوە بۆ گەیشتن بە هەندێک ئامانج، بەڵام خودی کۆتاییەکان لەلایەن کەسایەتیی خاوەن ئایدیالی رەوشتی بەرزەوە بیریان لێدەکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەم ئامانجانە بە مردویی لە دایک نەبن، بەڵکو ژیانی و بەهێز بن- ئەوە لەلایەن ئەو مرۆڤە زۆرانەوە قبوڵدەکرێت و دەبرێنە پێشەوە کە نیوە نائاگایانە پەرەسەندنی خاوی کۆمەڵگە دیاری دەکەن.
هەر لەبەر ئەم هۆکارانە پێویستە لەسەرمان ئاگادار بین کە زانست و میتۆدی زانستی قەبارەیەکی لە خۆ گەورەتری نەدەینێ لە کاتێکدا پرسی کێشەکانی مرۆڤە؛ و نابێت وا دابنێین کە پسپۆڕان تاکە کەسن مافی ئەوەیان هەیە رای خۆیان لەسەر ئەو پرسیارانە دەرببڕن کە کاریگەرییان لەسەر ڕێکخستنی کۆمەڵگە هەیە.
دەنگە بێشومارەکان ماوەیەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە قەیرانێکدا تێدەپەڕێت، کە سەقامگیرییەکەی زۆر بە خراپی لەت بووە. تایبەتمەندی دۆخەکە وەهایە کە تاکەکان هەست بە بێباکی یان تەنانەت دوژمنایەتیکردنی ئەو گروپە بچووک یان گەورانەی کە خۆیان بەشێکن لێی دەکەن. بۆ ئەوەی ڕۆشنتر بەڵگەکانم بخەمەڕوو، با لێرەدا ئەزموونێکی کەسی خۆم تۆمار بکەم. لەم دواییانەدا لەگەڵ پیاوێکی زیرەک و خاوەن ئاوەزێکی باشدا باسم لە هەڕەشەی شەڕێکی دیکە کرد، کە بە بۆچوونی من مەترسییەکی جددی لەسەر بوونی مرۆڤایەتی هەیە، وە ئەو تێبینییەمدا کە تەنیا ڕێکخراوێکی سەروو نەتەوەیی لە توانایدایە رێ لەو مەترسییەبگرێت. پاشان میوانەکەم زۆر بە ئارامی و روحێکی ساردەوە پێی وتم: – “بۆچی ئەوەندە بە قووڵی دژایەتی نەمانی ڕەگەزی مرۆڤ دەکەیت؟”
دڵنیام کەمتر لەسەدەیەک لەمەوبەر هیچ کەسێک بەم شێوە زمانە لێدوانێکی لەم جۆرەی نەدەدا. قسەی مرۆڤێکە کە بێهودە هەوڵی داوە بۆ گەیشتن بە هاوسەنگییەک لەناو خۆیدا و کەم تا زۆر هیوای سەرکەوتنی لەدەستداوە. ئەمە نیشانەی نامۆبون و دابڕانێکی پڕ لە ئازارە کە لەم ڕۆژانەدا خەڵک بەدەستیەوە دەناڵێنن.
هۆکارەکەی چییە؟ ئایا ڕێگایەک هەیە بۆ دەربازبوون؟
وروژاندنی ئەم جۆرە پرسیارانە ئاسانە، بەڵام وەڵامێکی متمانەدار بەم پرسیارە بۆ خۆی قورسە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ بە باشترین شێوە هەوڵ بدەم، هەرچەندە زۆر ئاگاداری ئەو ڕاستییەم کە هەست و هەوڵەکانمان زۆرجار دژ بەیەک و ناڕوونە و ناتوانرێت بە فۆرموڵەی ئاسان و سادە دەرببڕدرێن.
مرۆڤ، لە یەک کاتدا، بوونێکی تاکەکەسی و بوونێکی کۆمەڵایەتییە. وەک بوونەوەرێکی تاکەکەسی هەوڵ دەدات بوونی خۆی و ئەو کەسانە بپارێزێت کە لێی نزیکترینن و ئارەزووی شەخسی خۆی تێر بکات و توانا زگماکییەکانی پەرەپێبدات. وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی هەوڵدەدات ناساندن و سۆز و خۆشەویستی هاومرۆڤەکانی بەدەستبهێنێت و بەشداری لە چێژەکانیاندا بکات و لە خەمەکانیاندا دڵنەوایییان بدات و بارودۆخی ژیانیان باشتر بکات. تەنیا بوونی ئەم هەوڵە جۆراوجۆرانە، کە زۆرجار ناکۆکن بەیەکتر، کاراکتەری تایبەتی مرۆڤ دیاریدەکات لەوەی چەندە دەتوانێت هاوسەنگییەکی ناوەوەی خود بەدەستبهێنێت و بتوانێت بەشداری بکات لە خۆشگوزەرانی کۆمەڵگادا. تەواو ئەگەری ئەوە هەیە کە هێزی ڕێژەیی ئەم دووپاڵنەرە، بە شێوەیەکی سەرەکی بە میرات جێگیر بوبێت. بەڵام ئەو کەسایەتییەی کە دواجار دەردەکەوێت، تا ڕادەیەکی زۆر بەهۆی ئەو ژینگەیەی کە مرۆڤ لە کاتی گەشەکردنیدا بەڕێکەوت خۆی تێدا دەبینێتەوە، بە پێکهاتەی ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا گەورە دەبێت، بە نەریتی ئەو کۆمەڵگایە و هەڵسەنگاندنی بۆ جۆرە تایبەتەکان لە ڕەفتار پێکدێت. چەمکی ئەبستراکت “کۆمەڵگە” بۆ تاکی مرۆڤ بە مانای کۆی پەیوەندییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی لەگەڵ هاوچەرخەکانی و بۆ هەموو مرۆڤەکانی نەوەکانی پێشووترە. تاک توانای بیرکردنەوە و هەستکردن و هەوڵدان و کارکردنی هەیە بە تەنیا؛ بەڵام ئەوەندە پشت بە کۆمەڵگا دەبەستێت – لە بوونی جەستەیی و فیکری و سۆزداریدا – کە مەحاڵە لە دەرەوەی چوارچێوەی کۆمەڵگەدا بیری لێبکرێتەوە، یان لێی تێبگەین. ئەوە “کۆمەڵگە”یە کە خۆراک و جل و بەرگ و ماڵ و کەرەستەی کار و زمان و فۆرمەکانی بیرکردنەوە و زۆربەی ناوەڕۆکی بیرکردنەوە بۆ مرۆڤ دابین دەکات؛ ژیانی لە ڕێگەی کار و دەستکەوتەکانی ئەو ملیۆنەها ملیۆنەی ڕابردوو و ئێستاوە دەکرێت کە هەموویان لە پشت وشەی بچووکی “کۆمەڵگە”ەوە شاراوەبن.
بۆیە ڕوونە کە وابەستەیی تاک بە کۆمەڵگە ڕاستییەکی سروشتییە و ناتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە- هەروەک چۆن لە دۆخی مێروولە و هەنگەکاندا. بەڵام لە کاتێکدا کە هەموو پرۆسەی ژیانی مێروولە و هەنگ تا بچووکترین وردەکاری بە غەریزە نەگۆڕە بۆماوەییەکان جێگیر کراوە، نەخشەی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی مرۆڤ زۆر گۆڕاون و ئامادەن بۆ گۆڕانکاری. یادەوەری، توانای دروستکردنی پێکەوەگرێدانی نوێ، پەیوەندی زارەکی، گەشەسەندنی لە نێوان مرۆڤدا کردووە کە پێویستییە بایۆلۆژییەکان ئەوەناکات. ئەم جۆرە پێشهاتانە لە نەریت و دامەزراوە و ڕێکخراوەکاندا خۆیان دەردەخەن؛ لە ئەدەبدا؛ لە دەستکەوتە زانستی و ئەندازیارییەکاندا؛ لە بەرهەمە هونەرییەکاندا. ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە چۆن ڕوودەدات کە بە مانایەکی دیاریکراو مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی ڕەفتاری خۆیەوە کاریگەری لەسەر ژیانی خۆی هەبێت و لەم پرۆسەیەدا بیرکردنەوە و خواستی هۆشیارانە دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت.
مرۆڤ لە کاتی لەدایکبووندا، لە ڕێگەی بۆماوەییەوە، دەستوورێکی بایۆلۆژی بەدەست دەهێنێت کە دەبێت بە جێگیر و نەگۆڕاوی بزانین، لەوانەش ئەو ئیرادە سروشتیانەی کە تایبەتمەندی جۆری مرۆڤن. جگە لەوەش لە ماوەی ژیانیدا دەستوورێکی کولتووری بەدەست دەهێنێت کە لە ڕێگەی پەیوەندیکردن و لە ڕێگەی چەندین جۆری دیکەی کاریگەرییەوە لە کۆمەڵگە وەریدەگرێت. هەر ئەم دەستوورە کەلتوورییەیە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت و تا ڕادەیەکی زۆر گەورە پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگە دیاری دەکات. ئەنترۆپۆلۆژیای مۆدرن لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی بەراوردکارییەوە لە کەلتوورە بەناو سەرەتاییەکان فێری کردووین کە ڕەنگە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان جیاوازییەکی زۆریان هەبێت، ئەمەش بەندە بە شێوازە کولتوورییە باوەکان و جۆرەکانی ڕێکخستن کە لە کۆمەڵگەدا زاڵن. هەر لەسەر ئەمەیە ئەوانەی هەوڵدەدەن بۆ باشترکردنی چارەنووسی مرۆڤ، ڕەنگە هیواکانیان زەمینەسازی بکات: مرۆڤەکان مەحکوم نین، بەهۆی دەستوورە بایۆلۆژییەکەیەوە، بۆ لەناوبردنی یەکتر یان لەژێر ڕەحمەتی چارەنووسێکی دڕندە و خۆبەخشدا بن .

ئەگەر لە خۆمان بپرسین کە چۆن دەبێت پێکهاتەی کۆمەڵگە و هەڵوێستی کەلتووری مرۆڤ بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی ژیانی مرۆڤ تا ئەو جێگایەی دەتوانرێت جێگەی ڕەزامەندی بێت، پێویستە بەردەوام ئاگاداری ئەو ڕاستییە بین کە هەندێک مەرج هەیە ناتوانین دەستکارییان بکەین. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، سروشتی بایۆلۆژی مرۆڤ، بۆ هەموو مەبەستێکی کردەیی، جێگەی گۆڕانکاری نییە. جگە لەوەش، پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و دیمۆگرافییەکانی چەند سەدەی ڕابردوو هەلومەرجێکی دروستکردووە کە لێرەن بۆ مانەوە. لە دانیشتوانی تاڕادەیەک چڕدا ئەو کاڵایانەیان هەیە کە بۆ بەردەوامی بوونیان پێویستن، دابەشکردنی کارێکی زۆر و ئامێرێکی بەرهەمهێنانی زۆر ناوەندی زۆر پێویستە. ئەو زەمانە بۆ هەمیشە تێپەڕی کاتێک ئاوڕدەدەینەوە پێمان وایە سەردەمێکی نمونەیی بووە- کە تاکەکان یان گروپە تاڕادەیەک بچووکەکان دەیانتوانی بە تەواوی خۆبژێوبن. زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین مرۆڤایەتی لە ئێستادا کۆمەڵگەیەکی هەسارەیی بەرهەمهێنان و بەکاربردن پێکدەهێنێت.
ئێستا گەیشتوومەتە ئەو ئاستەی کە ڕەنگە بە کورتی ئاماژە بەوە بکەم کە چی بۆ من جەوهەری قەیرانی سەردەمی ئێمە پێکدەهێنێت. پەیوەندی بە پەیوەندی تاک بە کۆمەڵگاوە هەیە. تاک لە هەموو کاتێک زیاتر هۆشیار بووە لە پشتبەستن بە کۆمەڵگە. بەڵام ئەم وابەستەییە وەک سەرمایەیەکی ئەرێنی، وەک پەیوەندییەکی ئۆرگانی، وەک هێزێکی پارێزەر ئەزموون ناکات، بەڵکو وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر مافە سروشتییەکانی، یان تەنانەت بۆ بوونی ئابوورییەکەی. جگە لەوەش پێگەی لە کۆمەڵگەدا بە جۆرێکە کە پاڵنەرە ئیگۆییەکانی ماکیاژەکەی بەردەوام زەقتر دەبنەوە، لە کاتێکدا پاڵنەرە کۆمەڵایەتییەکانی کە بە سروشت لاوازترن، وردە وردە تێکدەچن. هەموو مرۆڤەکان، هەر پێگەیەکیان لە کۆمەڵگەدا هەبێت، بەدەست ئەم پرۆسەی تێکچوونە دەناڵێنن. بەبێ ئەوەی بزانن دیلی ئیگۆیزمی خۆیانن، هەست بە نائەمنی و تەنیایی و بێبەشبوون لە چێژوەرگرتنێکی سادەی ژیان دەکەن. مرۆڤ دەتوانێت مانا لە ژیاندا بدۆزێتەوە، هەرچەندە کورت یان درێژبێت، تەنها لە ڕێگەی تەرخانکردنی خۆی بۆ کۆمەڵگە.
ئانارشی ئابوری کۆمەڵگەی سەرمایەداری وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، بە بڕوای من سەرچاوەی ڕاستەقینەی خراپەکارییە. لەبەر چاوماندا کۆمەڵگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنەران دەبینین کە ئەندامەکانیان بێ وەستان هەوڵدەدەن یەکتر بێبەش بکەن لە بەرهەمی کاری دەستەجەمعی خۆیان- نەک بە زۆر، بەڵکو بە گشتی بە پابەندبوونێکی دڵسۆزانە بە یاسا دامەزراوە باوەکانەوە. لەم ڕووەوە گرنگە بزانین کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان- واتە تەواوی توانای بەرهەمهێنان کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی کاڵای بەکاربەر و هەروەها کاڵای سەرمایەی زیادە- ڕەنگە لە ڕووی یاساییەوە بێت و لە زۆربەی کاتەکاندا… موڵکی تایبەتی تاکەکانە.

لە پێناو سادەییدا، لەم باسەی کە لە دوای ئەوە دێت، بە هەموو ئەوانە ناودەبەم کە “کرێکاران” کە هاوبەش نین لە خاوەندارێتی ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا- هەرچەندە ئەمە بە تەواوی لەگەڵ بەکارهێنانی نەریتی ئەو زاراوەیە ناگونجێت. خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە دۆخێکدایە کە هێزی کاری کرێکار بکڕێت. کرێکار بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کاڵای نوێ بەرهەم دەهێنێت کە دەبنە موڵکی سەرمایەدار. خاڵی جەوهەری سەبارەت بەم پرۆسەیە، پەیوەندی نێوان ئەوەی کرێکار بەرهەمی دەهێنێت و ئەوەی مووچەی پێدەدرێت، هەردووکیان لە ڕووی بەهای ڕاستەقینەوە پێوانە دەکرێن. تا ئەو جێگایەی گرێبەستی کار “بەخۆڕاییە”، ئەوەی کرێکار وەریدەگرێت، نەک بە بەهای ڕاستەقینەی ئەو کاڵایانەی کە بەرهەمی دەهێنێت، بەڵکو بە کەمترین پێداویستییەکانی و بە مەرجی سەرمایەدارەکان بۆ هێزی کار لە پێوەندی لەگەڵ ژمارەی کرێکاران کە کێبڕکێیان لەسەر دەکەن هەلی کارە. گرنگە تێبگەین کە تەنانەت لە ڕووی تیۆریشەوە پارەی کرێکار بە بەهای بەرهەمەکەی دیاری ناکرێت.

سەرمایەی ئەهلی مەیلی چڕبوونەوەی هەیە لە چەند دەستێکی کەمدا، بەشێکیش بەهۆی کێبڕکێی نێوان سەرمایەدارەکانەوە، بەشێکیش بەهۆی گەشەسەندنی تەکنەلۆژی و زیادبوونی دابەشکردنی، کار هاندەری پێکهێنانی یەکە گەورەکانی بەرهەمهێنانە لەسەر حیسابی بچووکتر. ئەنجامی ئەم پێشهاتانە ئۆلیگارشییەکی سەرمایەی تایبەتە کە دەسەڵاتە زەبەلاحەکەی تەنانەت لەلایەن کۆمەڵگەیەکی سیاسی ڕێکخراوەوە بە شێوەیەکی کاریگەر ناتوانرێت پشکنینیان بۆ بکرێت. ئەمە ڕاستە لەبەرئەوەی ئەندامانی دەستەی یاسادانانەکان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، کە تاڕادەیەکی زۆر لە لایەن سەرمایەدارە تایبەتەکانەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت یان بە شێوەیەکی تر کاریگەرییان لەسەرە کە بۆ هەموو مەبەستێکی کردەیی، دەنگدەران لە دەسەڵاتی یاسادانان جیا دەکەنەوە. دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە نوێنەرانی خەڵک لە ڕاستیدا بە ڕادەی پێویست بەرژەوەندیی چینە کەمدەرامەتەکانی دانیشتووان ناپارێزن. جگە لەوەش، لە هەلومەرجی هەبوودا، سەرمایەدارە تایبەتەکان بە ناچاری، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، سەرچاوە سەرەکییەکانی زانیاری (پرێس، ڕادیۆ، پەروەردە) کۆنتڕۆڵ دەکەن. بەم پێیە لەڕادەبەدەر قورسە و لەڕاستیدا لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تەواو مەحاڵە کە تاکی هاووڵاتی بگاتە ئەنجامە بابەتییەکان و بە شێوەیەکی زیرەک سوود لە مافە سیاسییەکانی خۆی وەربگرێت.
بەم پێیە ئەو دۆخەی لە ئابوورییەکدا کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەتی سەرمایە دامەزراوە، بە دوو بنەمای سەرەکی تایبەتمەندە:
یەکەم، ئامرازەکانی بەرهەمهێنان (سەرمایە) خاوەندارێتی تایبەتن و خاوەنەکانیان بەو شێوەیەی بەقازانجی خۆیان دەگەڕێتەوە هەڵیدەسوڕێنن؛
دووەم: گرێبەستی کار ئازادانەیە. بەدڵنیاییەوە ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە بووترێت کۆمەڵگەیەکی خاوێنی سەرمایەداری هەیە. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کرێکاران لە ڕێگەی خەباتێکی سیاسیی درێژخایەن و تاڵەوە سەرکەوتوو بوون لە دەستەبەرکردنی فۆرمێکی تا ڕادەیەک باشترکراوی “گرێبەستی کاری ئازاد” بۆ هەندێک چین و توێژی کرێکاران. بەڵام بە کۆی گشتی، ئابووریی ئێستا جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ سەرمایەداری “پاک”دا نییە.
بەرهەمهێنان بۆ قازانج ئەنجام دەدرێت نەک بۆ بەکارهێنان. هیچ بڕگەیەک نییە کە هەموو ئەوانەی توانای کارکردنیان هەیە و ئارەزووی کارکردنیان هەیە هەمیشە لە دۆخێکدابن کە بتوانن کار بدۆزنەوە؛ تاڕادەیەک و بەردەوام “سوپایەکی بێکاران” بوونی هەیە. کرێکاران بەردەوام لە ترسی لەدەستدانی کارەکەیدایە. بەو پێیەی کرێکارانی بێکار و کەم مووچە بازاڕێکی قازانجهێنەر دابین ناکەن، بەرهەمهێنانی کاڵای بەکاربەر سنووردار و دەرئەنجامێکی پرۆسەیەکی سەختە. پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا زۆرجار دەبێتە هۆی بێکاری زیاتر نەک سووککردنی باری کارکردن بۆ هەمووان. پاڵنەری قازانج، بە هاوبەشی لەگەڵ کێبڕکێی نێوان سەرمایەدارەکان، بەرپرسە لە ناسەقامگیری لە کەڵەکەبوون و بەکارهێنانی سەرمایە کە هۆکارە بۆ نامۆبونێکی قووڵ. کێبڕکێی بێسنوور دەبێتە هۆکاری بێکاری زیاتر و پەکخستنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی تاکەکان وەک ئەوەی پێشتر باسمکرد.

ئەم پەکخستنی هۆشیارییەی تاکەکان بە خراپترین خراپەی سەرمایەداری دەزانم. هەموو سیستەمی پەروەردەیی ئێمە بەدەست ئەم خراپەییەوە دەناڵێنێت. کێبڕکێیەکی بێتام لە زهنییەتی خوێندکاردا دەچێنرێت، کە ڕاهێنراوە چاوچنۆکانە هەوڵی بە دەستهێنانی سەرکەوتنبدا وەک ئامادەکارییەک بۆ پیشەکەی داهاتووی.
من قەناعەتم وایە تەنها یەک ڕێگە هەیە بۆ نەهێشتنی ئەم خراپەکارییە قورسانە، ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی ئابوورییەکی سۆسیالیستییەوە، کە سیستەمێکی پەروەردەیی لەگەڵدا بێت و ئاراستەی ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان بکات. لە ئابوورییەکی لەو جۆرەدا ئامرازەکانی بەرهەمهێنان کۆمەڵگە خاوەندارێتی لێدەکات و بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بەکاردەهێنرێت. ئابووری پلان بۆ داڕێژراو، بەرهەمهێنان بەپێی پێویستی کۆمەڵگە ڕێکدەخات، ئەو کارانەی کە دەبێ ئەنجام بدرێت بەسەر هەموو ئەوانەی توانای کارکردنیان هەیە دابەش دەکات و گەرەنتی بژێوی ژیانی هەموو ژن و پیاو و منداڵێک دەکات. پەروەردەی تاک، سەرباری بەرەوپێشبردنی توانا زگماکیەکانی خۆی، هەوڵی بەرپرسیارێتی زیاتریش لەبەرانبەر کۆمەڵگەکەیدا دەدات.

سەرەڕای ئەوەش، پێویستە لەبیرمان بێت کە ئابوورییەکی پلان بۆ داڕێژراو هێشتا سۆسیالیزم نییە. ئابوورییەکی پلان بۆ داڕێژراو وەک خۆی ڕەنگە لەگەڵ کۆیلەکردنی تەواوەتی تاکدا بێت. گەیشتن بە سۆسیالیزم پێویستی بە چارەسەرکردنی هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی-سیاسی لەڕادەبەدەر سەختە: چۆن دەکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ناوەندگەرایی دوور مەودای دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری، ڕێگری لە بیرۆکراسی بکرێت کە ببێت بە هەموو هێز و زیادەڕەوی؟ چۆن دەتوانرێت مافی تاک بپارێزرێت و بەو هۆیەوە بەرپەرچدانەوەیەکی دیموکراسی بۆ دەسەڵاتی بیرۆکراسی مسۆگەر بکرێت؟
ڕوونکردنەوە سەبارەت بە ئامانج و کێشەکانی سۆسیالیزم لە سەردەمی گواستنەوەی ئێمەدا زۆرترین گرنگی هەیە. بەو پێیەی لە هەلومەرجی ئێستادا باسکردنی ئازاد و بێ بەربەست لەم کێشانە کەوتۆتە ژێر تابۆیەکی بەهێزەوە، من بناغەی ئەم (گۆڤارە – Monthly Review )بە خزمەتێکی گشتیی گرنگ دەزانم.

———————-

  • ئەلبێرت ئەنیشتاین(١٤ی مارس١٨٧٩ لە دایکبووە، ١٨ی نیسانی١٩٥٥ کۆچی دوواییکردووە) فیزیازانێکی بەناوبانگی جیهانییە. ئەم بابەتە لە سەرەتادا لە ژمارەی یەکەمی Monthly Review لە ئایاری ١٩٤٩ بڵاوبۆتەوە.

سەرچاوە:
https://fau.digital.flvc.org/islandora/object/fau%3A5387/datastream/OBJ/view/Why_socialism_.pdf




بەراوردکردنی شیعرەکانی ( شێرکۆ بێکەس و فروغ فروخزاد) بە پێی قوتابخانەی سلاڤی.. توێژەر عەبدولسەلام ئیسماعیل سادق

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




پاره‌ له‌ سه‌رمایه‌داری و سوسیالزمدا. به‌شی کۆتایی.. شیکردنەوەی کاوه‌ که‌ریم

بۆ گوێگرتن لەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




هێگل.. بریا محمد

حەزی هێگل بەنوێبوونەوە، بووە هۆی ئەوەی هەموو ئەو خولیا و عەقڵییە کورتبینانە بەلاوە بنێت کە لەسەردەمی ڕۆشنگەریدا باڵا دەستبوون، بۆیە بەهاوکاری هۆڵدرین و شڵینگ، کاری بۆ ئەوە دەکرد خۆی لە جێکەوتە هزرییەکانی ئەو کاتە دەرباز بکات کە جێکەوتی بەسەر فەلسەفەی ئەڵمانیدا دیاربوو. لەم قۆناغەی تازە پێگەیشتنیدا، هێگل زۆر چاودێری ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەکانی دەکردوو، زیاتریش حەزی لەخوێندنەوەی کتێبی مێژوویی بووە، بۆیە دەبینین لە نێو دەفتەری یادەوەری ڕۆژانەی خۆیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە حەز دەکات لەداهاتوودا ببێتە مێژوونوس، مێژوونوسێک بێت ژیانی پیاوە مەزنەکان و، نەتەوە مەزنەکان و، ئەخلاق و دابونەریتیان بنوسێتەوە، بەها ئەخلاقی و ئایینیەکانیان بنوسێتەوە و تۆمار بکات.
بۆ ئەوەی ببێتە مێژوونوسیش، هێگل کاری زۆری لەسەر پەروەردەکردنی لایەنی خوێندنەوەی مێژووییانەی خۆی کردووە تێڕوانینیشی لەبارەی ژیان وابووە کە هەمووکەسێک دەبێت ژیانێکی سەربەخۆ و ئازادی هەبێت…
ئایدیالیزم: هێگڵ فەیلەسوفێکی ئایدیالیزمی بوو و مارکیۆزیش تێڕوانینی خۆی دەربارەی ئایدیالیزم هەبووە، ئەو لای وایە ئایدیالیزم ئەو بیرکردنەوەیە کە سیستەمێکی گونجاو و ڕێکوپێک لە جیاتی واقیعێکی ئەزمونیی شێواو دادەنێ، کە لە خودی عەقڵ و فیکردا سەر هەڵدەدات، بەم پێیە، کاتێ ئایدیالیزم لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی دا کاردەکات، ئەوا مەبەستی ئازاد کردنی کۆمەڵگەیە لە هەموو جۆرە داپڵۆسین و سەرکوتکردنێک، کە بەهۆی هۆکارە ڕەمەکی و ناعەقڵانییەکانەوە یا بێ پشتبەستن بە عەقڵەو ئەنجام دەدرێن، بۆ نموونە پێداویستییەکانی بازاڕ و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆرتر و رکابەرایەتی نێوان دەزگا بەرهەمهێنەرەکان، ئەمانە هەموویان ئەو واقیعە شێواز و پڕ ئاژاوەیە پێکدێنن، کە مرۆڤی هاوچەرخ تێیدا دەژین، بۆیە ئایدیالیزم باشترین فریادڕەسێکە بۆ دەرباز کردنی مرۆڤ لەم بارودۆخە ئاڵۆزە.
کاتێک مارکیۆز باسی ئایدیالیزم دەکات ئەوا ئەو بیرمەندە پتر مەبەستی فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانییە و لەفەلسەفەیەکی شۆڕشگێڕانەی لە قەڵەم دەدات، هیگڵ لای مارکیۆز ڕابەری فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەڵمانییە، چونکە لای ئەو هێگڵ ڕۆڵێکی شۆڕشگێڕانەی بەعەقڵ بەخشیوە.

بریا محمد
سەرچاوە: 1. هێگڵ و سیاسەت، 2. هێگڵ و دوو لە قوتابیانی.




سێبه‌رێكی شكاو.. شیعری ستار ئەحمەد

هاته‌وه‌
خه‌مێكی له‌یه‌خه‌ی گرێدا
رووی كرده‌ ئاسۆیه‌ك
سێبه‌ری له‌تیشكا خنكاوه‌
به‌شانی حه‌سره‌تا هه‌ڵده‌كشێ‌
له‌به‌یانییه‌كی ئاڵدا گه‌یشته‌ ئێره‌
ئاسمان له‌به‌ر نوچدانی رێگاكان
پاڵی به‌شه‌پۆلی مه‌رامه‌وه‌ ده‌نا
نسێكان ده‌ستیان بۆ نوور پان ده‌كرده‌وه‌
خه‌ریك بوو شینبم
له‌گۆشه‌ی زامێكا راكشێم
سینه‌ی كرده‌وه‌
قه‌تماغه‌ی چه‌ندین ئه‌دگاری نیشاندام
ئه‌و رۆژانه‌ی به‌بیرما هێنایه‌وه‌
په‌نجه‌كانی له‌ده‌ستما رووا
لێوه‌كانی به‌ئه‌شكم ده‌گه‌شایه‌وه‌
ئه‌مڕۆ ده‌زانیت
سیمایه‌ك له‌سیحری خوا ده‌چێ‌
نیگایه‌ك به‌به‌ژنی عه‌شقما هه‌ڵده‌گه‌ڕێ‌
به‌ركیان گرتووه‌
جڵه‌وی نزاكان ده‌گرن
ژوانگه‌یه‌ك له‌حه‌شارگه‌ی خه‌ونه‌كانا ده‌ڕازێننه‌وه‌
له‌پێشوازی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وو
له‌ماڵاوایی دایكما
هێدی هێدی
وه‌كوو فرمێسك توامه‌وه‌
تووله‌ڕێیه‌ك ئه‌شكی سووری مێژینه‌مه‌
ده‌مباته‌ خزمه‌تی ئه‌و سێوانه‌ی
به‌زاری ئاگر داگیرسان
له‌ باڕه‌كانا هه‌ڵدرانه‌وه‌

ستار ئەحمەد




دوای دەساڵ لە کارەساتی جینۆسایدی یەزیدیەکان.. عوسمانی حاجی مارف

لەنێو یەزیدیەکاندا زۆرجار ئەو دەستەواژەیە دەبیستیت: “شەنگال دوا قەڵامانە؛ مانەوەمان بەم خاکەوە بەستراوەتەوە.” ئەم خاڵە جوگرافیە، هەمیشە گرنگیەکی ستراتیژی هەبووە لە بوونیانەوە لە میزۆپۆتامیادا تا ئەمڕۆ. ئەم کەمینەیە لە یەزیدیەکان لە عێراقدا کە لە مێژوودا گۆشەگیریان بەسەردا سەپێنراوە، هەربۆیە خۆشیان گۆشەگیری و بێلایەنیان هەڵبژاردوە، بۆئەوەی خۆیان لەو کارەسات و پێشێلکاریانە بپارێزن کە بەدرێژایی سەدەکان ڕوبەڕویان بۆتەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا تووشی جینۆساید بوون، جارێک بەهۆی بەرگریکردن لە ئەرمەنیەکان کە لە جینۆساید هەڵهاتبون لە تورکیا، زۆرجاریش بەهۆی بیروباوەڕی ئایینی جیاوازیانەوە. دوای کۆتایی عوسمانیەکان و هاتنی بەریتانیا، بارودۆخیان زۆر باشتر نەبوو، چونکە لە هەندێک ناوچەدا گرژیەکان بەردەوام بوو و قوربانیەکی زیاتریان دا.
لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی کۆماری عێراق، پەراوێزخستنی یەزیدیەکان بەردەوام بوو. لە سەردەمی بەعس شەنگال گۆڕانی دیمۆگرافیای گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەوپێیەی دانیشتوانەکەی لە گوندەکانیان گواستراونەتەوە بۆ ئەو کەمپە زۆرەملێیانەی کە سەرەتایترین خزمەتگوزارییان تێدانەبوو. دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی ٢٠٠٣ بارودۆخەکەیانی بۆ باشتر نەگۆڕی، دواتر جگە لە ئاستی هەژارییان تا ساڵی ٢٠١٤، داعش شەنگالی داگیرکرد برینێکی قووڵتری لەدڵی یەزیدیەکاندا هەڵکەند.
٣ی ئاب ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی یەزیدیەکانە، کە لە ساڵی٢٠١٤دا دەستی پێکرد، بەڕاستی زۆر ئەستەمە وەسفی ئەو ئازارە گەورەیە بکرێت کەیەزیدیەکان تووشیان بوو. گەورەیی ئەو جینۆسایدە، نەک تەنیا لە ژمارەکانیدا، بەڵکو لە ڕەهەندە فرەییەکانیشدا دیارە. تاوانەکانی جینۆساید دژی یەزیدیەکان زۆرن و سەختن.
بەپێی ڕێکەوتننامەی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید، کە لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراوە، جینۆساید واتە هەر یەکێک لەو پێنج کردەوەیەی کە بە مەبەستی “لەناوبردنی بە تەواوی یان بەشێکی، گروپێکی نەتەوەیی،ڕەگەزی، ئایینی ئەنجامدراون، جا بەکوشتنی ئەندامانی گروپەکە بێت، یان بەدروستکردنی مەترسی جەستەیی یان گیانی بێت بۆیان، یان بەئەنقەست خستنەڕووی گروپەکە بۆ بارودۆخی ژیانێک کە مەبەست لێی لەناوبردنی جەستەیی بەتەواوی یان بەشێکی بێت، یان سەپاندنی ڕێوشوێن بەئامانجی ڕێگریکردن لە لەدایکبونی منداڵ لە ناو گروپەکەدا، یان گواستنەوەی منداڵان بەزۆر لە گروپەکەوە بۆ گروپێکی تر”. ئەوەی جێگای داخە لە دۆسیەی یەزیدیەکاندا، ئەو پێنج کردەوەیەیان لەسەر جێبەجێکراوەو وەک بەڵگەی جینۆسایدکردنیان خراوەتەڕوو.
ژمارەی یەزیدیەکان پێش جینۆساید بە نزیکەی ٥٥٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت کە زۆربەیان لە قەزای شەنگال لە عێراق نیشتەجێ بوون. کۆمەڵگا و ڕێکخراوە ناحکومی و ناوخۆییەکان کۆی ژمارەی قوربانیان بە زیاتر لە پێنج هەزار کەس خەمڵاندووە. هێشتا لانی کەم٢٠٠ هەزار یەزیدی لە کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان دەژین، لەسەدا ٢٥ی کۆی گشتی یەزیدیەکان واتە ١٢٠ هەزار یەزیدی بەشێوەیەکی هەمیشەیی کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی وەک ئوسترالیا، ئەمریکا، کەنەدا و وڵاتان لەیەکێتی ئەوروپا. شایانی باسە لەڕۆژی ٣ی ئابی٢٠١٤ کە یەکەم ڕۆژی هێرشی داعش بوو بۆ سەر شەنگال،١٢٦٨ یەزیدی کوژران. بەڵام تائێستا ئاماری کۆتایی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەکاتی کەوتنی شەنگالدا کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێکخراوەوە، سەرژمێری کۆتایی بۆ نەکراوە، بەوپێیەی هێشتا گۆڕی بەکۆمەڵ دەبینین کە ژمارەیەکی زۆریان تائێستا نەکراونەتەوە و هەڵنەدراونەتەوە.
داعش زیانی جەستەیی توندی بەسەر ٣٥٤٨ ژن و کچی ئێزیدی گەیاندووە، ئەوان تووشی ڕفاندن و کۆیلەیی سێکسی لەڕادەبەدەری توندوتیژی و کارکردنی زۆرەملێ کراون. تائێستاش٢٦٠٠ ژن و منداڵ بە دیل گیراون لەوێشدا ڕوبەڕوی توندوتیژی سێکسی و ئەشکەنجە دەبنەوە. هەروەها کۆنترۆڵی لەدایکبوونیان دەکردن. جگە لە ٢٨٦٩ پیاوی یەزیدی ڕفێنران و بەزۆر لە کۆمەڵگاکەیان دوورخرانەوە بۆ ئۆردوگا ئایدیۆلۆژیەکانی ڕێکخراوی داعش، هەروەها داعش ٦٨ شوێنی ئایینی یەزیدی وێرانکردووە.
بەگشتی مەزەندەی ئەوە دەکرێت کە زیاتر لە ١٠ هەزار یەزیدی کوژرابن، هەروەها جینۆسایدەکە بووە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لە شەنگالەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستانی عێراق.
یەزیدیەکانی شەنگال هەست دەکەن شکستی گەورەیان هێناوە، جگە لەو جینۆسایدەی کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە بەرامبەریان ئەنجامدرا، ئەم ئەزموونە ترسناکە کاریگەری قوڵی لەسەر حاڵەتی دەرونی یەزیدیەکان بەجێهێشت، بەوپێیەی ئەوان شاهیدی فەرامۆشی پشتگوێخستنی گەورە بوون لەلایەن هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراقیەوە، کاتێک ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان بونەتەوە لە ناوچەیەکدا کە دوژمن لە هەموو لایەکەوە گەمارۆیان دەدا، لایەنێک نەبوو بەر بەو کارەساتە بگرێت…!
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمساڵ یەکەم دادگایکردن بۆ ئەندامانی داعش لە وڵاتانی وەک هۆڵەندا و سوید دەستپێدەکات، فەڕەنساش لە ساڵی٢٠٢٥ دا بەدواداچوونی بۆ دەکات، ئەمەش دەرفەت دەدات بەڕزگاربوانی یەزیدی کە لەبەردەم دادگا ئامادەبن بۆئەوەی شایەتحاڵی بدەن و باس لەوەبکەن کە چۆن ژیاون، لەکاتێکدا لەلایەن ڕێکخراوەکەوە دەستبەسەرکراون. تائێستا لە ئەڵمانیا نۆ حوکم بەسەر ئەندامانی داعش و هاوسەرەکانیاندا دەرچووە، هەروەها سێ کەسیش بە تاوانی جینۆساید دژی یەزیدیەکان سزادراون.
بەڵام تائێستا عێراق بە حکومەتی بەغدا و بە حکومەتی هەرێمەوە چوارچێوەیەکی یاساییان نییە بۆ دادگایکردنی ئەندامانی داعش بەتۆمەتی جینۆساید. لەو چوارچێوەیەشدا نووسینگەی سەرۆک وەزیران، ڕەشنووسی یاسای سزادانی جینۆساید و تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی خستۆتەڕوو، بەڵام هێشتا نەبووەتە یاسایەکی نیشتمانی. تائێستا تەنیا چەند دۆسیەیەکی تایبەت بە تاوانەکانی تیرۆر گەیشتوونەتە دادگا، کە ڕزگاربوانی یەزیدی بەشداریان لەو دادگایکرنەدا نەکردوە و شایەتیان نەداوە. ڕاستە یاسای ژنانی ڕزگاربوانی یەزیدی دانی بە ئازارەکانی ئەو ڕزگاربوانەدا ناو میکانیزمی یاسایی بۆ قەرەبووکردنەوەیان لەڕووی دارایی و ئەخلاقیەوە دانا، بەڵام هێشتا ئەو بڕگانە جێبەجێ نەکراون و پێموانیە جێبەجێش بکرێن!.
ماوەی حەوت ساڵە تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەرەوپێشبردنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومیەکانی یەزیدی وەک”یەزدا”، هەوڵی کۆکردنەوەی بەڵگە و بەڵگەنامەکردنی ئیفادەی ڕزگاربوان و شایەتحاڵەکانیان داوە. جێگای سەرنجە کە بڕی ئەو بەڵگانەی کە کۆدەکرێنەوە زۆر گەورەیە، بەمجۆرە توانایەکی گەورە بۆ ناسینەوە و دەستگیرکردن و دادگایکردنی چەکدارانی ڕێکخراوەکە دەڕەخسێنێت، بەهۆی بەشداریکردنیان لە کوشتن و ڕفاندن و کۆیلەکردنی یەزیدیەکان.
بەداخەوە لەدوای مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە ئەرکی تیمی لێکۆڵینەوەی یونیتاد نوێ ناکرێتەوە، لە غیابی بودجەی پێویست بۆ دامەزراندنی ئەرشیفێکی کارگێڕی کە بە ئاسانی لەبەردەستی داواکاری گشتی و حکومەتەکاندا بێت. ئەمەش هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری خاو دەکاتەوە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پشتگیری لە هەوڵەکانی داکۆکیکردن لەڕێکخراوە ناحکومیەکان و ڕزگاربوانی یەزیدی بکات، بۆ پاراستنی تۆمارێکی سەربەخۆ و بەردەست کە بەڵگەی کوالیتی بەرز و پشتڕاستکراوە لەخۆبگرێت.
ئەوەی کە ئەو ڕووداوانەی لە عێراق و سوریا شاهیدیان بۆ دراوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تورکیا لە سوریا و تا ڕادەیەکی کەمتر لە عێراق، گرنگیدانیان بەم جینۆسایدە تەمومژاوی کردووە.!
ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و چەسپاندنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی تێیدا کارێکی نزیک لە مەحاڵ دەبێت، گەر دانیشتوانەکەی نوێنەرایەتی سیاسی و دەسەڵاتی بڕیاردانیان نەبێت، بۆیە داوای هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئازاد و نوێنەرایەتی پێویستیەکی بەپەلەیە.
ڕێکەوتنی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایکردنەوەی دۆخی قەزای شەنگال کە بڕیاربوو ئیدارەی کاریگەرانەی ئەم هەرێمە کێشە لەسەرە، لەنێوان حکومەتی ناوەندی لە عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنێت، بەڵام لە ئاستی پلاندانان و جێبەجێکردندا شکستی هێناوە.
ئەم دۆخە بووە هۆی بۆشایی دەسەڵات و هاتنی کۆمەڵێک گروپی چەکداری بەرفراوان بۆ درێژکردنەوەی نفوزی ئەمنی و ئیداری خۆیان لە شەنگال. هاوکات تورکیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی گوندەکانی یەزیدی بە بیانووی ئەوەی شوێنەکانی سەر بە پەکەکە دەکاتە ئامانج، هاوکات ئێرانیش بە پشتیوانیکردنی هەندێک لە گروپی چەکداری حەشدی شەعبیەوە دەستی بەسەر شەنگالدا توندتر دەکاتەوە.
کەواتە ئەگەر حکومەتی عێراق بودجەیەکی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئەمنیەتی تەرخان نەکات، شەنگال بە کەمی ژێرخان و پێداویستیە سەرەتاییەکانی دەمێنێتەوە. لەگەڵ دیاریکردنی ڕۆژی٣١ی تەمموزی ڕابردووکە وەک وادەی داخستنی کەمپەکانە بۆ ئاوارەکانی ناوخۆ، ئەوەی پێشبینی دەکرێت هیچ ماڵێک نایەوێت بگەرێتەوە، چونکە هیچ سەلامەتیەکیان بۆ دابین نەکراوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو دۆخە نالەبار و بڕیارانەدا، ئەگەری ئەوە زیاتر دەبێت کە یەزیدیەکان ناچاربن بۆ هەمیشە شەنگال و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵن.
یەزیدیەکان لە شەنگال بوونە گەورەترین قوربانی ململانێی سیاسی، لەبەرامبەریشدا هیچ قەدرزانینێک نیە و هەنگاوێکی جدیش نیە بۆ قەرەبوکردنەوە، جگە لەوەش هیچ گەرەنتیەک نیە کە کارەساتی لەوجۆرە دوبارە نەبێتەوە. گومانی تێدا نیە کە ئەم دۆخە درێژکراوەی ململانێیەکی بەرفراوانتری ناوچەییە، ململانێیەک کە دوای ئەو گۆڕانکاریە گەورانەی کە داعش لە عێراق و سووریادا هێنایە ئاراوە، چڕیەکەی زیاتر بوو.
یەزدیەکان پێویستیان بە پشتیوانی بەردەوام و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش هەیە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە ئەم جۆرە کارەساتە نامرۆییانە لە داهاتوودا دووبارە نابنەوە. لەئێستاشدا بەرپرسیارێتیەکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم، بەڵام ئەوەی لە بەرچاوە پێکهاتەی حکومەتی عێراق لە لایەنە تائیفیەکانی شیعە و سونە و هێزە میلیشیاکانیان و حەشدی شەعبی، نەک لەو باخەدانین پاریزگاری لە خەڵکی غەیری موسڵمان بکەن، بەڵکو لە ململانێی سیاسیدا دەبنە قوربانی، هەربۆیە هیچ گەرەنتیەک نیە کە بۆ جارێکی تر یەزیدیەکان لەسایەی حکومەتی ئێستای عێراقدا توشی کارەساتی تر نەبنەوە، ئەزمونی لایەنەکانی حزبەکانی کوردایەتی و پێکهاتەی حکومەتی هەرێمیش شاراوە نیە، کە دیمان چەند قارەمانانە لە شەنگال یەزیدیەکانیان بەجێهێشت، لە هەمانکاتدا لە هەر سەودا و مامەڵەیەکی سیاسیدا شەرم نیە بۆیان کە بەهەرزان بیانفرۆشن.

ئەوەی جێگای داخە دوای دەساڵ لەو کارەساتە، دۆخێکی وەهایان بۆ یەزیدیەکان فەراهەم نەهێناوە کە بەئارامی دانیشن و دڵنیابن ئەو کارەساتە دوبارە نابێتەوە.

بۆ ئەم وتارە سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە

  • الإيزيديون في سنجار: حين تتحكم السياسة في مصير الأقليات/ عزت نوح
  • إبادة جماعية متعددة الأبعاد/ لين زوفيكيان



١٧ى تەمموز.. بەشی یەکەم.. رەسووڵ بەختیار

-1-

گەمەى منداڵانى شەقامیش گۆڕا بوو، ئەوان لەجیاتى تۆپی پێ، کۆمەڵ کۆمەڵ لەکۆڵان و لا کۆڵانەکاندا کۆدەبوونەوە، بەدار و قایش تفەنگیان دروستکردبوو، لەناوەڕاستى شەقامەکەدا چەند بەردێکیان دانابوو، هەر کەس بەوێدا تێپەڕ بوایە وەک مەفزرەکانى حکومەتى پێشوو و پێشمەرگە داواى هەوییەیان لێدەکردن، یان ئەگەر هەر شتکێکیان پێ بوایە داوایان دەکرد، ئەو پیاو و ژنانەى بەوێدا تێپەڕ دەبوون تەنیا پێدەکەنین و دەستیان بەسەر ئەو منداڵانە دادەهێنا، لەکۆڵاندا پیر و گەنجەکان بەژن و پیاوەوە سەیرى ئەو دیمەنەیان دەکرد و پێدەکەنین، یاخود منداڵان دەبوون بەدوو کۆمەڵەوە بەشێکیان سووپا و ئەویتریان پێشمەرگە بوون، لەناکاوێکدا هێرشیان دەکرد سەر یەک دەبوایە هێزى پێشمەرگە لەو یاریەدا سەربکەوێ، بۆیە زۆربەى منداڵەکان حەزیان دەکرد ببن بەپێشمەرگە، هەرچۆنێک بێ رێکدەکەوتن، یاریەکە بەخۆشى کۆتایى دەهات، دایکان بەبزەوە سەیرى یارى منداڵەکانیان دەکرد.
لەو رۆژانە تا دەهات نیشتمانپەروەرى و خۆشەویستى بۆ نیشتمان لەدڵى هاووڵاتیاندا زیاتر دەبوو، لەگەڵ ئەوەى تا دەهات ژیان و گوزەرانى ماڵە هەژارەکان زۆرتر زەحمەتر دەبوو، لەتەک ئەمەشدا دزى و جەردەیى هێدى هێدى پەرەى دەسەند، بەعسیش دەیویست بۆ دووبارە دەست بەسەر هەموو جومگەکانى فەرمانڕەوایى دابگرێتەوە، گەنجانى وڵاتیش لەبێ ئومێدیدا نەیان دەزانى چى بکەن، بەڵام بەشێک لەو گەنجانەى لەپێشتردا ئەندامى رێکخستنى حزبە کوردییەکان بوون، هەردەم دەیانویست تۆڵە لەبەعس بکەنەوە و لەناکاوێکدا گوزرێک لەحکومەت و بەعس بدەن، لەو سەردەمەدا هیچ یاسا و پاسا و رێسایەک بوونى نەبوو، هەر کەسێک لەسەر شەقام کلاشینکۆفەکەى دەردەهێنا چەندین گوللە یان بەسەر شەقامەکەوە دەنا یاخود گوللەى بەئاسمانەوە دەنا، ئەوانەى دوژمنکاریان هەبوو، هەل بوو تا تۆڵەى خۆیان بکەنەوە، بەتایبەتى ئەو دوژمنکاریانەى چەندین ساڵ بوو چارەسەر نەکرابوو، یان کەسانى بکوژى پێشتر موستەشار و جاش بوون، لەو کاتەدا ئەوانە تەنیا خۆیان شاردبۆوە، بەڵام لێرەو لەوێ گوێبیستى ئەوە دەبووین بەهۆى کێشەى عەشارییەوە کەسێک کوژراوە.
تا ئەو کاتەى بەتەواویی خەڵک لەخۆى بێزار بوو، کەچى پیاوانى رژێم دەیانویست هەلێک وەربگرن تا وەک پێشتر دەسەڵاتیان بکەوێتەوە دەست، لەمبارەیەوە ماوەیەکى دوور و درێژە دەمەوێ چیرۆکێکى کورت یان درێژ، یاخود نۆڤلێتێک-کورتە رۆمانێک لەبارەى ١٧ى تەمموز بنووسم، پرسیارم زۆر لەهاوڕێیەکانم کرد، زۆر بەکەمى ئەو رۆژەیان لەبیر ماوە، هیچ کام لەحزبەکانیش خۆى لێ نەکردۆتە ساحێب، چونکە ئەو رۆژە گەنجانى شارى هەولێر دەتوانم بڵێم سەرتا سەد کەسێک دەبوو، لەسەرەتاى شەقامى باتەوە و لەتەک قەلا بەرەو پارێزگا دەرؤیشتن، هاواریان دەکرد بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە حزبى بەعس بۆ دەرەوە، دواتر بووە خۆپیشاندانێکى زۆر گەورە، هەر کەس لەلاى خۆیەوە هاوارى دەکرد بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە حزبى بەعس بۆ دەرەوە هێرشکرایە سەر پارێزگا، لەپێش چاوانمە چۆن بەعسییە کورد و عەرەبەکان رایان دەکرد، هەتدێک لەو بەعسیانە تەقەیان دەکرد، نەمبینى کەس بریندار بێ، بەڵام تا دەهات دەنگى تەقە زیاتر دەبوو، دواتر هێزى پێشمەرگە، ئەو کات هەموو شتێک بەناوى بەرەى کوردستانییەوە بوو، بەهاناى خۆپیشاندەرانەوە هاتن.
هەموو ئەوانەى داخ لەدڵ بوون لەبەعس، خۆیان وا ئامادە کردبوو، ئەگەر بشکوژرێن هەر دەبێ بەعسییەکان وەدەرنێن و چاوشکێنیان بکەن، چاوانى پڕ ئەسرینى دایکان لەم کاتەدا ناونیشانى هێرش و بەرخودان بوو، تا تۆڵەى هەموو دڵۆپە فرمێسکێنان بکرێتەوە.
شەقامەکانى شار بۆنى خوێنیان لێدەهات، وەک ئەو رۆژە بوو، کاتێک رژێمى بەعس گەڕایەوە شارى هەولێر بەهەموو زەبروزەنگێکەوە کەوتبووە قەڵاچۆکردنى ئەو کەسانەى لەناو شار مابوونەوە، وەکخۆم سێیەم رۆژ دواى هاتنەوەى رژێمى بەعس گەڕامەوە ناو شار، لەبەستۆڕە هێدى هێدى، لەگەڵ خێزانێکى دیکە رێگەمان گرت تا بێینەوە، لەتەک ئەوەى خەڵکێکى زۆر بەپێ و بەهیلاکى و بە ئۆتۆمبێل دواى چەند رۆژێک گەیشتبوونە سنوور تا ئاودیووى ئیران ببن، لەیەکەم بازگە لەنزیک کارگەى جگەرەى هەولێر چەند سەربازێک و ئەفسەرێک وەستابوون، داواى هەوییەیان لێکردین، دواى تەماشاکردنى هەوییەکان، ئەفسەرەکە هەندێک جوێنى پێداین و گوتى: بڕۆن لێرە نەمێنن.
کاتێک بەشەقامەکاندا تێپەڕ دەبوویت بەچاوانى خۆت دەتبینى، تەرمەکان لەسەر شەقام بۆگەنى بوو بوون، دەبوایە لووتى خۆت بگرى دەنا گێژ دەبووى لەبۆن، ئەو ئۆتۆمبیلانەى تووشى هێرشى هیلۆکۆپتەرەکان بوو بوون، لەهەموو لایەکەوە سووتابوون، دیار بوو چەندین تەرمیشى تیادایە، هەر چۆنێک بێ، بەلا کۆڵانەکاندا دواى چەند سەعاتێک خۆم گەیاندەوە ماڵ، بینیم، ماڵى ئێمەش بەتەواوى هاتوونەتەوە، ئەوان تا کەسنەزان رۆیشتبوون، دواى ئەوەى بەنزین لە ئۆتۆمبیلەکە نامێنێ دوو شەو لەکەسنەزان دەبن، دواتر بەهۆى لێبووردنى گشتى دەگەڕێنەوە.
گەڕەکەکانى شار تاکە تاکە ماڵى تیادا بوو، ژیان لەو گەڕەکانە نەمابوو، کاتێکیش دەتویست بێیە دەرەوە، ئەوا بەترسەوە دەبوایە رێ بکەى، نەوەک سەربازێک لەدوورەوە تەقەت لێ بکات، دواى چەند رۆژێک تاک تاک خەلک دەگەڕایەوە، دواى هەفتەیەک ئەو جارەیان خەڵک بەکۆمەڵ و بەکۆ دەگەڕانەوە ناو شار، بازگە و هێزى سەربازیش لەنێو شاردا کەمتر بۆوە، بەماوەى مانگێک شار بەتەواویى ئاوەدانى تێکەوتەوە، تا ناوەڕاستى مانگى پێنجى ١٩٩١ هێدى هێدى خەڵک دەگەڕایەوە، لەمانگى شەشى ئەو ساڵەدا زۆربەى خەڵک گەڕایەوە ناو شار، لەتەک ئەوەى لەشارۆچکەى شەقڵاوە هێزى پێشمەرگە و بەرەى کوردستانى بارەگایان هەبوو، زۆربەى حزبەکان بارەگان لەوێدا بوو.
بۆ مانگى حەوت شار جوولەیەکى تێکەوت، کەمێک لەدووکان و بازاڕەکان کرایەوە، بەڵام ترس لەهەموو شتێک هەبوو، بەشێک لەهێزى پێشمەرگەش لەنێو شاردا بوو.
شار بەتەواویی خرۆشا بوو، هیچ کار و کاسبییەک نەمابوو، ئەوەى هەبوو، چۆن بتواندرێ رۆژانە شتێک بخۆین، چەند مانگێک بوو، خەڵکى شار و گوند و شارۆچکەکانى دیکە لەئاوارەیی گەڕابوونەوە، دواى ئەوەى راپەڕینێک هەموو کوردستانى گرتەوە، دواتر سووپاى رژێمى بەعس بەسووپایەکى زەبەلاحەوە هێرشى کردە سەر شارە گەورەکانى کوردستان، کەس بەتەماى ژیان نەبوو، نەوەک لەلایەکەوە پیاوانى رژێمى بەعس، گوللەیەک بتەقێنن لەلایەک تەرمەکەت بکەوێ، سەربازەکانى بەعس هەندێکیان بۆ پاراستنى ئەمن و ئیستغباراتى رژێم لەلایەکەوە مۆڵگەیان کردبوو، لەهەموو شتێک دەترسان، هەتا لەخۆیان و لەدەوروبەر و ئەفسەرەکانیان دەترسان، ترس باڵى بەسەر هەموو شتێکدا کێشابوو، دایکان لەگەڕەکە جوان و میللییەکان هەردەم دڵیان بەمنداڵەکانیانەوە بوو، لەشەواندا هیچ شتێک نەدەجوولا تەنیا ئەوە نەبێ ئۆتۆمبیلە تیژڕەوەکان تاک تاک بەسەر شەقامەکاندا دەڕۆیشتن، کەس نەیدەزانى ئەمانە پێشمەرگەن یان جاش و پیاوانى ئەمنى رژێمن، شەوان شار دەبوو بەیەک پارچە ئاگر، هەر کەس لەلاى خۆیەوە تەقەى بەئاسمانەوە دەنا، زۆر کەس لەو تەقە و تۆقە بریندار دەبوون و دواتر بەهۆى تلانەوە و ئازارەکانیان دەمردن، رۆژ نەبوو خەڵک بەکۆ نەچنە گۆڕستانەکان، بۆ ناشتنى تەرمى ئازیزەکانیان، ئێستا ئەگەر بچییە گۆڕستانەکان رێککەوتەکانى سەر گۆڕەکان ئەم راستییەمان بۆ دەردەخەن.
سەرەتا لەوانەیە بپرسن بۆ ١٧ى تەمموز، ئەوە رۆژى کودەتا یان ئەگەر بەزمانى بەعسییەکان بدوێین، دەڵێن شۆڕشى ١٧-٣٠ى تەمموز، یان یادى لەدایکبوونى حزبى بەعسى عەرەبى ئیشتراکییە، ئەو کاتەى بەسەرکردایەتى ئەحمەد حەسەن ئەلبەکر و سەدام حسێن عێراق کەوتە دەست کۆمەڵە چەتەیەک، ناویان لەخۆ نابوو حزبى بەعس، نەوەى ئێستا نازانێ ئەو بەعسە چ کارەساتێکى بەسەر خەڵکى عیراق بەگشتى و بەتایبەتى خەڵکى کوردستان-باکوورى عێراق هێنابوو، کوشتن و بڕین لەهەموو لایەک بوو، بەتایبەت بۆ ئەوانەى بزاندرایە بەخەیاڵیش بڕوایان بەبەعس نییە، یان دژ بەبەعسن.
ئێستا خۆم لەنێوەندى ئەم باسەدا لەدڵەڕاوکێدام نازانم چۆن هەموو جوولە و بزاوتێکى گەنجان باس بکەم، نامەوێ لەنێوەندى چیرۆکێکدا بیبەستمەوە بەخەیاڵ، ناشکرێ رۆژێکى مێژووى شارێک بەچەند دێڕێک باس بکەم.
لەسەرەتاى راپەڕین، مانەوەى بەرەى کوردستانى تەنیا بیست رۆژێک بوو، واتە لە ٧-٣-١٩٩١ تا ٣١-٣-١٩٩١ تا ئەو کاتەى شارى کەرکووک ئازاد کرا، لەدواتر رژێمى بەعس بەهەموو هێزێکەوە هێرشى کردە سەر شارەکانى کوردستان و بەتایبەتیش شارە گەورەکان وەک هەولێر و سلێمانى و دهۆک، خەڵکى کوردستان هەر یەک لەلاى خۆیەوە بنە و بارەگەى خۆى تێکنا و بەرەو سنورەکان ملى نا، بەبێ ئەوەى هیچ ئاسۆییەکى هەبێ، ئەگەر هێزە نێودەوڵەتییەکان و دانوساتەکان نەبوایە، لەوانەیە بۆ ماوەى چەند مانگێک شارەکان جەنجاڵ نەدەبۆوە، دواى گەڕانەوەى بەشێک لەخەڵک بۆ ناو شارە گەورەکان، جوولە گۆڕا، وەک لەسەرەتادا گوتم: زۆربەى باوکان دەیانویست هەر چۆنێک بێ بژێوى رۆژانەیان دەستبکەوێ تا بتوانن منداڵ و خێزانەکەیان لەبرسییەتى رزگار بکەن، دایکانیش دەستیان لەسەر دڵیان بوو نەوەک گوللەیەک خۆیان و منداڵەکانیان بپێکێ.
ئەو کات تەمەنم بیست و یەک ساڵان بوو، دیمەنەکە لەپێش چاومە، ئەو کات لە چاپخانەى هەولێر دواتر ناوەکەى گۆڕا بۆ کوردستان لەدووکانەکانى نزیک باڵەخانەى پارێزگاى هەولێر شاگردى چاپخانەى کوردستان بووم، دەمبینى پیاوانى بەعس لەپێش رۆژى ١٧ى تەمموز بەهەمان شێوەى پێشتر بەخۆنیشاندانى جەبوورەتیانە دەیانویست خۆیان وا نیشان بدەن، بەوەى حزبى بەعس و دەسەڵاتییان لەم شارە هەر ماوە، بەڵام ترسێکى گەورەیان لەهەموو جوولەیەک هەبوو،
ترس لەخۆیان، ترس لەخەڵک، ترس لەجاش و چڵکاوخۆرەکانیان، ئەمنەکانم دەبینى رووخساریان هەڵبزرکابوو، ئەوانیش نەیاندەزانى داهاتوویان چۆنە، بەڵام دەیانویست وەک پێشتر لێبخوڕن، کەچى منداڵێک بەلایاندا تێپەڕ بووایە، ئەوان گومانیان لێى هەبوو، نەوەک نارنجۆکێک لەلایان بتەقێنێ، هەروەها بەچاوە ترسنۆکەکانیان سەیرى ئافرەتانیان دەکرد، دەیانویست وەک پێشتر گاڵتە بکەن، کەچى خۆیان لەکونجەکانیان نابوو، بەلەرزەوە سەیرى دەوروبەریان دەکرد ئەوانەى پێشتر لەگەڵ ئەمنەکان ئاشنایەتى هەبوو، دیار بوو بەچاو ئاماژەیان بە کێشە و رووداوەکانى رۆژانە دەکرد، ئەوان لەیەکتر تێدەگەیشتن، کەچى نامەکان بەنیوەچڵى دەگەیشت، تا دەهات ترسی زیاتریان لەسەر دەنیشت، بەڵام خەڵکیش بەگشتى نەى دەزانى بداهاتوویان چۆن دەبێ.
ئەوەى لێرەدا دەیخەینە روو باسکردنى تەواوى راپەڕینەکەى بەهارى ١٩٩١ نییە، بەڵکو لەنێوەندى ئەم چەند دێڕەدا باسکردنى چوار مانگە ، بەتایبەتیش رۆژى ١٧ى تەمموزى ١٩٩١. لەدواى ئەم رێککەوتە و خۆپیشاندانە، حکومەتى عێراق، یان راستتر بڵێین بەتەواوى بنە و بارەگەى خۆى تێکنا و هەرچى ئیدارە و چەک و تفاق هەیە بردییەوە ناو ئەو شارانەى دەسەڵاتى بەسەردا هەیە.




پارە لە سیستەمی سەرمایەداری و سۆسیالیزمدا.. بەشی یەکەم.. شیکردنەوەی کاوە کەریم

بۆ گوێگرتن لە بەشی یەکەمی ئەم باسە کلیکی ئێرەبکەن..




کێ دەتوانێ چارەنوسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دیاری بکا؟.. عەبدوڵا ساڵح

کوشتنی حەسەن نەسروڵای حزبوڵای لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە بارودۆخێکی نوێی لە ناوچەکە هێناوەتە گۆڕێ ، لەلایەک نەتەنیاهۆی فاشست و منداڵ کوژ دەڵێ :(( کاردەکەین بۆ گۆڕینی واقیعی ستراتیژی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا)). خامەنەئی چەنگ بەخوێن ڕابەری جمهوری پەت و سێدارەش دەڵێ : (( چارەنووسی ئەم هەرێمە لە لایەن هێزەکانی بەرەنگاری – مقاوەمە- یەکلایی دەکرێتەوە،)).
دیارە کوشتنی نەسروڵا هاوکێشەکانی گۆڕیوە، لەسەر ئاستی ناوخۆی ئیسرائیل باری لاری نەتەنیاهۆ تا ئەندازەیەک ڕاست بۆتەوە، خۆی و حکومەتەکەی لە هەوای سەرکەوتندا دەژین. ئەم سەرکەوتنە سەربازیە، لەسەر ئاستی ناوچەکە پەیامێکی داوە بە دراوسێ دوور ونزیکەکانی کە: ((کوتکی ئێمە لەسەروو هەموو کوتکەکانەوەیەو دەتوانین چەترێک بین بۆ پارێزگاریتان لە “بەڵای “جمهوری ئیسلامی، ئەوانەشی دوودڵن لە بەستنی پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵمان با شک و گومانیان بڕەوێتەوە بێنە ناو شەمەندەفەری ئاسایکردنەوە (تطبيع) )). لەسەر ئاستی جیهانیش پەیامێک بوو بۆ ئەو دەنگە کزۆڵانەی ،جار جار لەژێر لێوەوە، بە نەتەنیاهۆ وحکومەتەکەیان دەووت تکایە : ((کوشتار کەمکەنەوە ! وەرنە سەر مێزی گفتوگۆ ! مافی خۆشتانە بەرگری لەخۆتان بکەن)) ، بەوانیش دەڵێ: ((ئەوا یەکێک لە توندڕەوترین مۆرەکانی جمهوری ئیسلامیمان بۆ لەناوبردن ، دەستمان مەگرن لەتەمبێ کردنی گەورەکانیشیان)) .
گومانی تێدا نیە کوشتنی نەسروڵا لێدانێکی گورچکبڕ بوو بو ئێران و هەموو ئەو هێزانەی بەدەوریەوە و ناویان لەخۆیان ناوە ” بەرەی بەرەنگاری- مقاومە ” و هەموو ئەو هێزە لاوەکیانەش کە چارەنوسی خۆیان بەستۆتەوە بە چارەنوسی جمهوری ئیسلامی. ئێران هەرچەندە لەژێر لێوەوە شەرمنانە اچەمۆڵە دەنێ بەڵام ئاڵای سپی هەڵنەکردووە .
بەکورتی ئەم دوو تاوانبارە وا دەزانن ئەم ناوچەیە پووش و پاوانی خۆیانە و بەئارەزوی خۆیان ڕەنگڕێژی بۆ دەکەن، ئەوەیان بیرچۆتەوە کە لەئێران ساڵێک بەر لە ئێستا جەماوەری ڕاپەڕیوی ئەو وڵاتە تەختوتاراجی ڕژێمیان هێنایە لەرزە ( ژن ، ژیان ، ئازادی)، ئەگەر بەڕیتمێکی شۆڕشگێرانەو لەژێر ڕابەری شێلگیری خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێش و لەژێر ئاڵای سۆشیالیزمدا خەباتی خۆیان بردبایە پێش، ئەمڕۆ ئەو چڕو چاوە مۆنانەی لە میدیاکانی ئێران ئێستا دەردەکەون وون دەبوون و ئێران و ناوچەکەش لە دەستیان قوتار دەبوو.
لەئیسرائلیش دوای کردەوە تیرۆرستیەکەی حەماس لە ٧ ی ئۆکتۆبەری پار ساڵ، ڕۆژ نەبوو حکومەتە ڕاستڕەوە شۆڤێنیەکەی نەکەوێتە بەر ڕق و بێزاری جەماوەری ئازادیخواز و ئاشتی دۆستی ئەو وڵاتە، تا دواجار ڕۆژی دووشەمە دووی سێپتامبەری ئەم ساڵ، وە لەسەر بانگەوازی گەورەترین سەندیکای کرێکاری ئەو وڵاتە ( هیستەدرۆت ) مانگرتنی گشتی دژی سیاسەتەکانی نەتەنیاهۆ و حکومەتەکەی ڕاگەیەنرا و هەموو شادەمارەکانی ئابوری ئەو وڵاتە بۆڕۆژێک پەکیان کەوت بەناچار دادگای باڵای ئەو وڵاتە هاتە نێوانگیری.
لێرەدا ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگر دەردەکەوێ و مێژووش شاهیدە کە دواڕۆژ ئەم دوو دەسەڵاتەو ئەم دوو تاوانبارە و هاوشێوەکانیان دەکەونە بەر ڕقوبێزاری جەماوەری ڕاپەڕیو ئاشتی خواز و بە دروشمی ئاشتی وپێکەوە ژیان دێنە مەیدان و دواڕۆژێکی پڕشنگدار بۆ خۆیان و نەوەکانیان فەراهەم دێنن . وەک بەزمانی عەرەبیش دەگوترێ : ( ان الغد لناظره لقريب ).




کلێپتۆمانیا: ناساندن، نیشانەکان، هۆکارەکان و چارەسەرییەکان.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

وتاری زنجیرەی ١٥٠

کلێپتۆمانیا تێكچوونێکی دەروونییە کە تێیدا کەسەکە هەست بە پاڵنەرێکی بەهێز دەکات بۆ دزینی شتی بێ بەها یان شتێک کە پێویستی پێی نییە. ئەم دۆخە وەک جۆرێک لە نەخۆشییە کۆنترۆڵ نەکراوەکان پۆلێن دەکرێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی کەسەکە و کۆمەڵگا دروست دەکات.
کلێپتۆمانیا زیاتر وەک تێکچوونێکی دەروونی سەیر دەکرێت نەك تەنها لادانێکی کۆمەڵایەتی. هەرچەندە، گرنگە تێبینی بکەین کە سنووری نێوان “نەخۆشی دەروونی” و “لادان” هەندێک جار ناڕوونە و دەکرێت بە پێی کۆنتێکستی کولتووری و کۆمەڵایەتی جیاواز بێت. لە DSM-5 دا، کلێپتۆمانیا وەک تێکچوونی کۆنتڕۆڵکردنی هاندەر پۆلێن کراوە.

نیشانەکان بەشێوەیەکی گشتی:

کەسانی تووشبوو بە کلێپتۆمانیا ئەم نیشانانەیان هەیە:

هەستکردن بە فشارێکی دەروونی بەهێز پێش ئەنجامدانی کردەی دزین, هەستکردن بە خۆشی و ئارامی کاتی لە کاتی دزیندا, هەستکردن بە تاوان، شەرمەزاری یان دڵەڕاوکێ دوای دزین, نەبوونی هۆکاری ئابووری یان کەسی بۆ دزین, دزینی شتی بێ بەها یان شتێک کە کەسەکە پێویستی پێی نییە.

هۆکارەکان:
هۆکارە سەرەکییەکانی کلێپتۆمانیا بە تەواوی ڕوون نین، بەڵام توێژینەوەکان ئاماژە بە چەند فاکتەرێک دەکەن:

فاکتەری ژینگەیی: وەک ئەزموونی ناخۆش لە منداڵی یان کێشەی خێزانی.
فاکتەری بایۆلۆژی: گۆڕانکاری لە ئاستی سیرۆتۆنین و دۆپامین لە مێشکدا.
فاکتەری ژینەتیکی: بوونی مێژووی خێزانی لە نەخۆشییە دەروونیەکان.
کێشەی دەروونی تر: وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ یان کێشەی کەسایەتی.

چارەسەرییەکان:
چارەسەری کلێپتۆمانیا پێویستی بە ڕێگەچارەی فرەلایەنە هەیە:

چارەسەری مەعریفی: وەک چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی (CBT) بۆ گۆڕینی بیرکردنەوە و ڕەفتارییەکان.
دەرمانی دەروونی: بەکارهێنانی دەرمانی دژە خەمۆکی (SSRI) بۆ ڕێکخستنەوەی کیمیاوی مێشك.
ڕاهێنانی خۆ-کۆنترۆڵکردن: فێربوونی تەکنیکی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی حەزی دزین.
پشتگیری کۆمەڵایەتی: بەشداریکردن لە گرووپی پشتگیری و چارەسەری خێزانی.

کاتێك ئەم بابەتە پەیوەندیداردەکەین بە لایەنی تاوانەوە:

هەرچەندە کلێپتۆمانیا نەخۆشییەکی دەروونییە، بەڵام لە ڕووی یاساییەوە وەک تاوان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەمەش چەند کێشەیەک دروست دەکات:

پرسی بەرپرسیارێتی تاوانکاری: ئایا کەسی تووشبوو بە کلێپتۆمانیا بەرپرسیارە لە کردەوەکانی؟
پێویستی سیستەمی دادوەری بە تێگەیشتن لە دۆخە دەروونییەکان
گرنگی بەکارهێنانی چارەسەری جێگرەوە لە بری سزادان
پێویستی دانانی بەرنامەی تایبەت بۆ ڕێگری و چارەسەری لە ناوەندە سزاییەکاندا،لە ڕووی یاساییەوە، کلێپتۆمانیا بە تاوان دادەنرێت و سزای لەسەرە. بەڵام دادگاکان هەندێک جار ڕەچاوی بارودۆخی تایبەتی ئەم کەسانە دەکەن. زۆربەی جار چارەسەری دەروونی و دەرمانی پێشنیار دەکرێت وەک بەشێک لە سزاکە.

گرنگە جیاوازی بکرێت لە نێوان کلێپتۆمانیا و دزی ئاسایی. کلێپتۆمانەکان بۆ قازانجی ماددی دزی ناکەن، بەڵکو بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەروونی. هەروەها زۆربەی جار هەست بە پەشیمانی و شەرمەزاری دەکەن دوای کردەوەکەیان.

سەرچاوە زانستیەکان:
1-https://www.psychiatry.org/psychiatrists/practice/dsm

2-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/17713696/

3-https://www.google.com/amp/s/www.medindia.net/amp/patients/patientinfo/kleptomania-references.htm

4-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/22132369/
https://www.researchgate.net/publication/10629124_Psychopathology_and_Comorbidity_of_Psychiatric_Disorders_in_Patients_With_Kleptomania

5-https://www.scielo.br/j/rbp/a/wZ4Lq3zQbM4N5ccsb4QYBms/?lang=en




ڕستەکانی سەرەوە.. شعری ژیڤان بەکر

بە چ زمانێک بڵێم: دوای خۆم،
ئاوازی غەمینی دڵم،
لە گڕ و لە سووتاندایە؟
ئەوە کێ بوو گوتی وشە،
پیتی ڕەقوتەق و دەنگی گڕ و بڵێسە
ڕەنگدانەوەی ئەو بێدەنگییەی نێو ناخن؟
کە خەریکە هاواری کڕ و بێدەنگیم،
کەڕ و لاڵانیش کاس دەکات!
خۆ دەزانم لێکدابڕان دۆڕان نییە،
دەزانی بە چی دەزانم؟
جوانترینی ڕابردوومیت.
پیاوانی ساختە چەند زۆرن؟
لەبیرکردنی کەسێک هەیە
هێندە زۆر و هێندەیش سەختە.
بەڵێن بوو، ناوت لە تەختەسپیی دڵم بسڕیتەوە
هیچ ساڵێک هێندەی ئەم ساڵانە
هیلاک و سڕ نەبووم.
هەموو ئەم ڕستانەی پێشووم
لە چاوی مامۆستایەکی زمانی کوردی
ڕوو نادەن و ڕوویان دا!

  • * * * * * * * * * *
    لە کوێت بێنم؟
    ونم کردوویت؛
    کچێ خۆ دەشزانم لە کوێیت،
    بەڵام مردوویت!
  • * * * * * * * * * *
    چاوم دەگێڕا و نەشمدەویست بتبینم!
    تۆ لەناو ئاگردایت و منیش لە دۆزەخ
    ئێ چوزانین
    نێوانمان ئەوەندە دوورە!
    هێڵی بەینمان
    ئەوەندەیش تۆخ.
    ئێ لە کوێت بێنم چاوەکەم؟
    حەزم لێتە و لێشت هەڵدێم!
    هەموو ئەو ڕستانەی پێشووم
    لە چاوی مامۆستایەکی ماتماتیکدا
    لە یاسای دوو ڕاستەهێڵی تەریبدا
    قەت پێک ناگەن،
    هەرگیزیش لێک و تێک ناگەن!
  • * * * * * * * * * *
    هەموو ئەم تێکەڵبوونانەمان
    لە چاوی مامۆستایەکی
    وانەی کیمیا
    دوو توخمی نائاوێتەبوون
    کە لەگەڵ یەکدی هەڵناکەن.
  • * * * * * * * * * *
    عیشقمان بووە بە “ماضی” و
    هەرگیز هێزێکیش ناتوانێت “ضمە”یەکی بخاتە سەر
    لە چاوی مامۆستایەکی عەرەبیدا
    ئەم واوە گەورەترین کێشەی
    ناو گەردوونە.
    خۆ ڕەنگە بۆ
    مامۆستایەکی ئینگلیزییش
    ئەو “ed”ی دەمی رابردوو
    کەسێ هەبێ،
    بتوانێ، داهاتوو بێنێتەوە زوو.
    گشت ئەو ڕستانەی سەرەوەم
    لە چاوی مامۆستایەکی
    وانەی هونەر
    زۆر جوان و ڕوونەواتا بن.
    هەموو ئەو وشانەی پێشووم
    لە چاوی مامۆستایەکی فەلسەفەدا
    مایەی پرسیار و ڕامان بن
    بەڵام بریتیبن لە مایەی
    ئاژاوەی بوون!
  • * * * * * * * * * *
    بە چ زمانێک بڵێم: دوای خۆم،
    ئەو ئازارە توولانییەی
    جەرگەی دڵم،
    منداڵێکی زۆر چەتوونە و
    هەر خەریکی جۆللانەیە
    وشە، پیتی ڕەقوتەق و
    دەنگی گڕ و
    ڕەنگدانەوەی داغ و داخن!
    چاوم دەگێڕا و نەمدەویست وات بببینم!
    لە کوێت بێنم بینایی چاو؟
    تامەزرۆتم و لێشت هەڵدێم!
    هەموو ڕستەکانی پێشووم
    لە چاوی مامۆستایەکی وێنەکێشدا
    بێ ڕەنگ و بۆنن؛
    هەموو ئەو ڕستانەی پێشێ
    لە چاوی مامۆستایەکی
    دێوانە و دین
    دەڵێ خۆیشی
    هیچ لێ نازانێ کە چۆنن!

کە بیرت دەکەم
تێدەگەم زۆر منداڵم
کە بیرت لێ دەکەمەوە
پیرێکم لەناو خەیاڵم!




بیرت دەکەم!.. شیعری ئاژوان ڕۆژهەڵاتی

زۆرتر لە جاران
بيرت دەکەم
ژیان بۆنی چۆڵەوانی لێدێت!
بیر لەهەرچێ دەکەم!
یادگاریە!
وەک دنکەدنکەی تەسبێحەکەت!
لە گەردنم ئاڵاندووە!
تۆ به تەما نییت بێيتەوە!؟
سەر لەم پاییزەت بەیتەوە!
،وەک بەهار سەوزم کەیتەوە!
ئاخر گیانە بە حسرەتت!
چەشنی پاییز هەڵوەریوم!
وەک باخێکی شەختەگرتوو!
لە شۆێنی خوما ڕزیوم!
تۆ بە تەما نیت بێیتەوە!؟

20/9/24
ئاژوان ڕۆژهەڵاتی
نەرويژ




بێدەنگی وەک کارەکتەری شەهاب لە ڕۆمانی “باوکی ئەو” بە نموونە.. ئەژین فەهمی

هه‌موو چیرۆكێك، بەشێوەیەک لە شێوەکان دووباره‌یه، بەڵام گرنگە بتوانیت له‌نێو چیرۆكه دووباره‌كاندا خۆت نوێبكه‌یته‌وە‌؛ نوێبوونه‌وه‌یه‌ك به‌و مانایه‌ی له‌ گێڕانه‌وه‌ و چنینی په‌یڤه‌كاندا، وه‌ك چیرۆكه‌كانیتر داینه‌ڕێژی و خوێنه‌ریش ئاشنا بكه‌یت به‌م نوێكارییه‌. هاوکات بتوانی لەو دووبارە بوونەوەیەدا شتی نوێ بدۆزیتەوە.
ڕۆمانی (باوكی ئه‌و)، له‌ نووسینی (پرینووش سه‌نیعی) و به‌ كوردیكردنی (ڕووناك شوانی) شتێکی جیاوازمان لەناو چیرۆکێکی دووبارەدا، بە تەکنیک و شێوازێکی جیاواز بۆ دەگێڕێتەوە. لەم ڕۆمانەدا، مێردمنداڵێکی بچووک بەناوی (شەهاب)ەوە، کە خۆی وا پێشان دەدات ناتوانێ قسە بکات، دژی ئەو سیستێمە پەروەردەییە دەبێتەوە، کە لەنێو ماڵەکەیاندا پەیڕەو دەکرێت.
گه‌ر بێت و به‌چه‌ند دێڕێك له‌ دۆخی سایكۆلۆژی شه‌هابی سێ ساڵه‌وه بدوێم، كه‌ وەک ئاماژەم بۆ کردووە، پاڵه‌وانی نێو ڕۆمانه‌كه‌یه‌: دۆخی ژیانی ئه‌و، وایلێكردووه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر هه‌م خوێنه‌ر، هه‌میش خێزانه‌كه‌ی فریو بدات، خۆی لێمان بكات به‌ منداڵێكی لاڵ و بە هیچ شێوەیەک قسە نەکات. ئەم منداڵە بەتوانایەکی سەرسوڕهێنەرەوە، هەموو په‌یڤه‌كانی له‌نێو ناخیدا پەنگ بخواتەوە و وەک هێزێکی بەرگری بەکاری بهێنێت. له‌ڕاستیدا ئەم بێدەنگی و لەدەستدانی زمانە، قه‌ره‌بووی زۆر شتی بۆ کردووه‌تەوە. كاتێ ده‌بینێت باوکی بە گێل و نەفام سەیری دەکات و جیاوازی لەنێوان ئەو و براکانی تریدا دەکات، هیچ ڕێگایەکی بۆ نامێنێتەوە، لە بێدەنگی زیاتر. بەرگرییەکەی شەهاب دژی هەموو ئەو نایەکسانییانەی بەرابەری دەکرێت و بەوەی وەک گێلێک سەیری دەکەن، هەر لە بێدەنگیدا نامێنێتەوە، بەڵکوو دوور لە چاوی هەمووان، چەند پەرچەکردارێکی فیزیکیشی دەبێت، وەک هەستان بە کەتنی جۆراوجۆری منداڵانە، بۆ نموونە لە نهۆمی سەرەوە گوڵدانێک فرێدەداتە خوارەوە بۆ سەر شان و ملی باوکی، یان شکانی سەری براکەی. هاوکات برا و ئامۆزاکەشی کەتنی منداڵانەی خۆیان دەکەن، بۆ ئەوەی لە سزا ڕزگاریان بێت، دەیخەنە ئەستۆی شەهاب. هەموو خانەوادەکە و خانەوادەی باوکیشی، هەمیشە سەرکۆنەی شەهاب دەکەن و بە گێل و نەفام ئاماژەی بۆ دەکەن، تەنیا کەسێک لە خەمی شەهاب دایە، هەستی پێ دەکات و هەمیشە بەرگری لێ دەکات، دایکییەتی. چیرۆكەکانی نێو ئه‌م ڕۆمانه‌ به‌ش به‌ش له‌ ڕێی كاره‌كته‌ری دایكی شه‌هاب و خودی شه‌هابه‌وە دەگێڕدرێتەوە.
جیاواز له‌ هه‌موو شتێك بۆ من، جگه‌ له‌ گرنگی پێدانی دایكی بۆ شەهاب، خودی داپیره‌یشی یارمه‌تیده‌رێكی گرنگی وێ ده‌بێ. داپیرەی دەتوانێ سەرلەنوێ شەهاب بدۆزێتەوە و وای لێ بکات‌ بپه‌یڤێت، ئه‌و په‌یڤانه‌ی له‌ گه‌روویدا له‌ ئه‌نجامی ڕقێكی زۆره‌وه‌ ساڵانێكه‌ کپ بوون و نه‌هاتوونه‌ته‌ ده‌رەوە، بێنە دەرەوە و شەهاب بێنێتە قسە. داپیرەی شەهاب دەتوانێت پێوەندییەک لەگەڵ شەهاب دروست بکات، کە متمانەیەکی گەورە دەبێتە بنەمای ئەو پێوەندییە، بە شێوەیەک هیچ کەسێکی تر ناتوانێت ئەو پێوەندییە دروست بکات. كاتێ نه‌وه‌ و داپیره‌ پێكه‌وه‌ به‌ ته‌نیا له‌ماڵ ده‌مێننه‌وه‌، داپیره، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ته‌مه‌نی ئه‌ودا بێت، مامه‌ڵه‌ی لەگەڵ ده‌كات، ورد و چڕ دیقه‌ت له‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ده‌دات، ته‌نانه‌ت ئه‌وده‌مه‌ی نه‌وه‌كه‌ی، لە ڕەوشێکی پڕ لە توڕەییدا، قاپه‌كان ده‌شكێنێت، لێ ده‌گه‌ڕێت ڕقی چه‌ندین ساڵه‌ی خۆی به‌ شکانی قاپه‌كان بڕه‌وێنێتەوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو ئەویش چەند قاپێکی لەگەڵ دەشکێنێت و دەیکات بە گەمەیەکی خۆش. لە ڕقەوە بۆ دڵخۆشی و خەندە.
لەوانەیە داپیرە هەوڵ بدات لە ڕێگەی دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و منداڵانەوە، متمانە و ئاسوودەیی بۆ نەوەکە دروست بکات. هەردوو لا هەوڵ دەدەن ڕۆڵە کۆنەکان بگۆڕن و پێوەندییەکی نوێ دروست بکەن. له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌یش ده‌گات به‌وه‌ی بتوانێت زمانی نه‌وه‌كه‌‌ی بپژێ و ئاسان له‌به‌رده‌می داپیره‌دا بێته‌ گۆ و شه‌وانه‌یش دوای چیرۆك خوێندنه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كه‌ی په‌یڤه‌ شاراوه‌كان نه‌مێنن و ئه‌وانیدیش له‌ زمان بژانی شه‌هاب تێبگه‌ن.
گەر سەرنج بدەین بەپێی تیۆریی (ئالفرێد ئادلێر) ده‌كرێ ئەم ڕەفتارە شێوازێك بێ وا بكات له‌م ڕێگه‌یه‌وه خۆشه‌و‌یستی و گرنگی پێدانی داپیره‌ بۆ نه‌وه‌كه‌ی سه‌رچاوه‌ی گرتبێت. له‌ ڕێگه‌یه‌كیتریشه‌وه‌ شه‌هاب هه‌ستی به‌ كه‌مزانینی خۆی كردبێ و له‌ ڕێگه‌ی شكاندنی قاپەكانه‌وه‌ خۆی لای داپیره‌ی بسه‌پێنێ و تێشمانبگه‌یه‌نێت، كه‌ چیتر نابێت په‌راوێز بخرێت و ئه‌ویش شایه‌نی ئەوەیە، وەک براکانی خۆشیانبوێت و ڕیزی بگرن.
کاتێک داپیرە هەوڵ دەدات نەوەکەی بە قسە بهێنێت، ئەمە دەکرێ وەک به‌شێك له‌ پڕۆسه‌ی چاكبوونه‌وه‌ی نه‌وه‌كه‌ی و هەوڵێکیش بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دۆخی ئاسایی شەهاب. ئەمە نیشانەی ئەزموون و هەستیاری و تێگەیشتنی داپیرەیە بۆ پێداویستییەکانی نەوەکەی.
بێگومان نیشاندانی باری دەروونی (شه‌هاب) و پشتگوێخستنی و ته‌نانه‌ت گرنگیدانی ئه‌و له‌ لایه‌ن دایكی و داپیرییه‌وه‌، ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە بە ئاقارێکی تردا دەبات، کە بۆ نموونە جووڵە دەخاتە تێکڕای ڕووداوەکان و ژیانی کارەکتەرەکانی تریشەوە.
بەڕای من زمانی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە، ڕۆڵێکی گەورەی لە دروستکردنی ژینگە و پێشاندانێکی ڕوون و ئاشکرای کارەکتەرەکاندا هەبووە. (ڕووناک شوانی) بە لێزانانە، بە کوردییەکی پاراو توانیویەتی ڕستەکان بە چەشنێک چر بکاتەوە، وەک ئەوەی بە دیار فیلمێکی سینەماییەوە دانیشتبین.
ئێمه‌ له‌ڕێی وه‌رگێڕه‌وه‌ ده‌توانین ئه‌م جوانییه‌ی نێو ده‌ق ببینین، جوانییه‌ك ‌هه‌م له‌ داڕشتنه‌وه‌ و هه‌میش له‌ چنینی ڕسته‌وه‌ وشه‌گه‌لێكی كوردانه‌ و پوختمان به‌رچاو بكه‌وێت، به‌پێی پێویست به‌ دوای هه‌ندێك وشه‌دا وێڵ ده‌بین و بێزار نابین. ئێمه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م زمانه‌ ساده‌ و پاكه‌ی وه‌رگێڕەوە، به‌ر ئیستاتیكایه‌ك ده‌كه‌وین، کە به‌رز و نزم پێکەوە لە وێنەکانی ڕۆمانەکەدا کۆدەکاتەوە.
لام وایه‌ گرنگی ئه‌م ڕۆمانه جگه‌ له‌ نیشاندانی باری دەروونی منداڵێك، به‌ دیوێكی تردا نووسه‌ر، كاره‌كتره‌كانی تری له‌هه‌ر ته‌مه‌ن و ڕەوش و ژینگه‌یی تردا‌، وه‌ك خۆی تێیدا قووڵ بووه‌ته‌وه‌. بێگومان كار كردن لە کایەکانی خێزاندا به‌و هه‌موو كاره‌كته‌ره‌ جیاوازانەوە کارێکی ئاسان نییه.
——————————

‌سه‌رچاوه‌:
باوكی ئه‌و، په‌رینووش سه‌نیعی، وه‌رگێڕانی ڕووناك شوانی.
ناوه‌ندی ئه‌ندێشه‌، ٢٠١٧




گۆڤاری نما ژمارە ٥٨

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٥٨ی گۆڤاری نما کلیکی ئێرەبکەن…




ئیسلامیستەکان، ڕاست و ڕاسیستەکان و پەنابەران.. جەمال کۆشش

وەک ئەوە لەئاسمان کەوتبێتە خوارەوە، دیارییەک بۆ دەوڵەتانی ئەوروپا
ئیسلامیستەکان، ڕاست و ڕاسیستەکان و پەنابەران
جەمال کۆشش

ڕۆژی هەینی (٣١-٥-٢٠٢٤)، لەناو بازاڕی (مارکێت پلاتس-Marktplatz)ی شاری (مانهایم-Mannheim) لە ئەڵمانیا، ئەفغانییەکی (٢٦) ساڵان، بەچەقۆ هێرش دەکاتە سەر مێزکتێبی (پاکس ئەوروپا)، (٧) کەس بەسەختی بریندار دەکات، یەكێک لەوانە جێگری ڕێکخراوەکەیەکە بە ڕەخنەگری ئیسلامی ناسراون و ڕاستڕەوی کۆنەپارێزن، هەر لەنێو بریندارەکاندا پۆلیسێک لە ئەنجامی سەختی برینەکەی گیان لەدەست دەدات. بۆ وەستاندنی ئەو تیرۆریستە ئیسلامیـیە (سلێمان ئا) لە درێژەدان بە تاوانەکانی، پۆلیسێک تەقەی لێدەکات و پەکی دەخات لە درێژەدان بەتاوانەکانی.تاوانبار لەساڵی ٢٠١٣ ەوە لەئەڵمانیا وپآش ئەوەی داوای پەنابەرییەکەی ڕەفز دەکریتەوە، هاوسەگیری لەگەڵ کچێکی ئەڵمانی بەڕەچەلەک تورک دەکات وخاوەنی دوو مناڵە.
بەشوێن ئەم تراژیدیایەدا، لێکۆلینەوەی جیاجیا لەسەر سیاسەتی پەنابەری، کێشەکانی ڕێکەوتنامەی دەبلن (Dublin Regulation)، ئیسلامیزم و تیرۆریزم هەمەلایەنە بڵاوبوەوە.
لە سەرەتای مانگی هەشتی ئەمساڵ (٢٠٢٤)، دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی کوژرانی (٣) کچی مناڵ و برینداربونی (٧) کەسی تر بە چەقۆ لە قوتابخانەیەکی کۆرسی سەما، هەواڵەکەش بەئانقەست وەک ئاگری ناو پوشوپەڵاش لە سۆشیال میدیا وەها تەشەنەی سەند کە گوایە تاوانبارەکە پەنابەرە و ئیسلامیـیە، لایەنە ڕاست و ڕاسیستەکان لە (٣٠) شار و شارۆچکەی بەریتانیا و ئیرلاندای باکور، دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و تاڵانوبڕۆ و هێرشیان کردە سەر هۆتیل و مزگەوت و دووکان و بازاڕی خەڵکی بە ئەسڵ بیانی و شوێنی مانەوەی پەنابەران.
سەڕەڕای بریندار بوون و زیانێکی ماددی زۆر، نزیکەی (٧٠٠) کەس دەستبەسەرکران و هەندێکیان بەپلەی جۆراوجۆر سزای زیندانی دران و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا( کەیر ستارمەر) داوای کرد بەتوندی سزای ڕاسیستەکان بدرێت و لەلایەن کۆمەڵە و ڕێکخراوە ئینساندۆست و مارکسیست و ئەنارشییست و سۆشیالیستەکانیشەوە خۆپیشاندانی چەند هەزار کەسی لە زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو. خاوەنی کەناڵی ئیکس (تویتەری پێشوو)، نوسی بەریتانیا بەرەو نزیکبونەوەی شەڕی ناوخۆ دەچێت.
لە کاتێکدا شارۆچکەی (سۆلینگن-Solingen)ی ئەڵمانیا لە (٤-٨-٢٠٢٤) خۆی بۆ ئاهەنگی یادی (٦٥٠) ساڵەی دامەزراندنی ئامادە دەکات، پەنابەرێکی سوری ڕەفزکراوە هەر سەد مەترێک دوور لە شوێنی فیستفاڵەکە لە (هایم)ێک دەژیەت، بەچەقۆیەکی (١٥) سانتیمەتر لە نزیک سەکۆی ئاهەنگەکە، “شەلم کوێرم ناپارێزم”انە سەر و دڵ و ملی یانزە کەس دادەپاچێت؛ دووپیاوی تەمەن (٥٦) و (٦٧) و ژنێکی تەمەن (٦٥) ساڵە دەکوژێت و (٨) کەسی تریش بریندار دەکات کە برینی چواریان سەخت بوو.
ژنە گورانیبێژی پۆپ (تایەلەر سویفت-Taylor Swift) لە زنجیرە ئاهەنگەکانی ئەوروپایدا، ناچار بوو بیست و چوار سەعات پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکانی نەمسای هەڵوەشینێتەوە، کە (٩٠) هەزار کەس لە کچان و کوڕانی تەمەن (١٨ تا ٢٥)، تکتیان کڕیبوو بۆ هەر (٣) ئاهەنگەکەی، ئەوەش پاش ئەوەی کە دوو کەسی ئیسلامیست بەر لە ئەنجامدانی کردەوەکەیان لەلایەن پۆلیسەوە گیران و پلانەکەیان پوچەڵ کرایەوە.
لە (٢-٣-٢٠٢٤) لە (زوریخ)ی سویسڕا لاوێکی پانزە (١٥) ساڵی تونسی و سویسری پاش ئەوەی ڕایدەگەیەنێت کە سەربازێکی بەوەفای دەوڵەتی ئیسلامی بێت و تا پێی بکرێت مەسیحیەکان و جووەکان سەربڕێت و بکوژێت، پیاوێکی ئەرسەدۆکسی جوولەکەی پەنجا ساڵی زۆر بەسەختی بریندار دەکات. هەر لە کۆتایی مانگی (٨)ی ئەمساڵ لەشارۆچکەی بەناوبانگی (داڤۆس)یش کوڕێکی (١٩) ساڵەی جوولەکەی ئەسەردۆکسی، لەلایەن دوو پەنابەری عەرەبی ڕەفزکراوەوە تفی لێدەکرێت و بێڕزی پێدەکرێت و ڕووتی دەکەنەوە و هاوار دەکەن ( بژی فەلەستین)، پاشان ئەو دوو کەسە لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێن.
(ساڵانە لەئەڵمانیا ١٠ هەزار هێرش بەچەقۆ هەیە و لەسەدا (٩٠) یان لەلایەن گەنجانی موسڵمانەوە ئەنجام دەدرێن لە ئەڵمانیا)
ساڵانە (٩٧٥٠) ئاهەنگی گشتی خەڵکی هەیە کە (١٩٠) ملیۆن کەس سەردانی دەکەن).
لە ماوەی دە مانگی ئەمساڵدا (٢٠٢٤)، چوار قات هێرشی تیرۆریستی لە ئەوروپا لەلایەن ئیسلامیـیەکانەوە زیادی کردووە. لە (٧)ی ئۆکتۆبەری ساڵی پارەوە (٢٠٢٣) کە (حەماس) هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و سوپای ئیسرائیل غەززەی خەڵتانی خوێنی مناڵان و ژنان کرد و تاوانی گەورە ئەنجامدەدات و ملنادات بۆ وەستانی شەڕ، توندوتیژی دژی جولەکەیی فراوان بووە و قوڵاییەکی گەورەتری وەرگرتووە.
ئەم ژینگەیە زەوییەکی بەپیتی دروستکردووە بۆ ئەوەی وێنەی پەنابەران، لە کەسانی چەوساوە و بێدەرەتان و مافخوراو کە شایەنی ژیانێکی ئینسانین، ببێتە کەرەستەی نائارامی و ترس و ترۆریست و تاوانباری گەورە و پێویستە ڕێگا نەدرێت بێنە خاکی ئەوروپاوە. میدیاکان بەتایبەت میدیای گەورەی ڕاستی لیبڕاڵ و ناسیۆنالیستی مەسیحگەرا، پشت بەستوو بەزمانێکی باڵای ڕیتۆریکیانە و ژورنالیستی مۆدێرن و پرۆفیسۆری تایبەت و دبلۆماسیەتی وێنە و نیگاکان، هەژمونێکی گەورەیان لە دیزان و بیناسازی بیروڕای گشتی و داڕشتنەوەیدا هەیە.

هەنگاوەکانی ڕابردوو و مەرامی دەوڵەتە ئەوروپییەکان
ئەو هەنگاوانەی کە پێشتر نراون لە لایەن دەوڵەتانی ئەوروپاوە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هاتنی پەنابەران؛ ڕێکەوتن لەگەڵ تورکیا (٢٠١٦)، بەرفراوانکردن و پێشخستنی دامەزراوەی (فرۆنتێکس-Frontex) بۆ کۆنترۆڵی سنورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە (٢٠١٠)ەوە بە بەردەوامی، ڕێکەوتن لەگەڵ تونس و لیبیا (٢٠٢٤)، دامەزراندنی ناوەندی (ئیۆرۆدۆک-eurodoc)، و ڕێککەوتنامەی دەبلن (Dublin Regulation) و سیاسەتی هاوبەشی پەنابەری یەکێتی ئەوروپا (٢٠٢٤)، کاریگەرییان هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی پەنابەران، بەڵام هێشتا بەو ئەندازەیە نییە کە بەرنامەی دەوڵەتە ئەوروپییەکان دەیەوێت، هەندێ سیاسەتمەدار و لایەنی سیاسی لە ئەڵمانیا خوازیارن کە (زۆر کەمبکرێتەوە) یان وەک دانمارک و سوید (کۆتایی پێبهێنن).

سیاسەتی پەنابەری لە ئاستی نێوخۆیی هەر یەک لە ووڵاتە ئەوروپیەکاندا
دانمارک و سوید، داواکاری پەنابەرییان کۆنترۆڵکرد بە وەرگرتنی کەمترین ڕێژە، وە لە نێوخۆشدا کۆمەڵێک یاسایان جێبەجێکرد کە بەشێوەیەکی کتوپڕ کاریگەری گەورەی دانا وسویدیش هەمان یاساوڕێسای گرتەبەر، یەکسەر دیپۆرتکردنەوە، شانسی کەمکردنەوەی یەکگرتنەوەی خێزان، کۆنترۆڵی سنورەکان بەهەموو جۆرێک کە تەنانەت بۆ تکت بڕین داوای شوناس و مۆڵەتی مانەوەت بکەن….
سویسرا و نەمسا و هۆڵەندا ، هەست دەکەن، درەنگکەوتوون، خۆیان ئامادە دەکەن و دەیانەوێت هەر لەمساڵدا هەموو ئەو بڕیار و یاسا و ئەو ڕێوشوێنانەی کە دانمارک و سوید گرتبوویانەبەر ئەوانیش جێبەجێی بکەن. ئەڵمانیا کە لە (٢٠١٥)ەوە باوەشی بۆ یەک ملیۆن پەنابەری سوری بەگەرمی ئاوەڵاکرد (کلتوری خۆشهاتن پەنابەران)، ئێستا ڕاستەوخۆ و یەکسەر بەهەموو ئاڕاستەکانی سنوری ئەڵمانیا (نەمسا، سویسرا، چیک، فەرەنسا، پۆڵۆنیا و دانمارک) ڕۆژانە کۆنترۆڵ دەکات و ڕێگا دەگرێت لە ڕێڕەوی نایاسایی چونە ژورەوە، لە ئێستادا “تاوانباران” بۆ سوریا و ئەفگانستان دەنێرێتەوە، وە لێکۆڵینەوە دەکات لەسەرانسەری سوریا تا بزانێت چەند دەسەڵاتە لۆکاڵیەکان لە بەرپرسانی پارێزگا و شارەکانی سوریا هاوئاهەنگی دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی پەنابەران، ئەمە و دەشیەوێت چەند وڵاتی تریش بخاتە ناو سنوری ئەو وڵاتانەی کە “ئارام”ن بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران.
بەمجۆرە سیاسەتی پەنابەری لە ئەوروپا بەخێرایی بەرەو ڕێگایەکی داخراو دەچیت و پیدەچێت بەتەواوی ئەوروپا دۆسیەی (سیاسەتی پەنابەری) بەتاڵ بکاتەوە، سوید ئەو نێوبانگە وترادسێۆن وئایکۆنە ئینسانیەی کەهەیبوو، بەتەواوی ڕەیڵی خۆی لە بنەڕەتەوە گۆڕی ودەولەت یەکدەستە لە سیاسەتی پەنابەری دا.

وردترناسینی کێشەکان… پرسیار بۆ ڕوونەدانی تاوانەکان
(ئەلیس شفاتزەر-Alice Schwarzer)، ژنە چالاکوانی ناسراوی ئەڵمانی، لە وتارێکیدا کە هاودەمی کۆچی بەکۆمەڵی پەنابەران بوو لە ساڵی (٢٠١٥)دا دەنوسێت: (سەدا هەشتاویەکی موسڵمانەکانی ئەڵمانیا، ئەڵمانیایان خۆش دەویت، وە ئەڵمانیەکانیش خۆیان سەدا هەشتاو پینچ ئەوانیان خۆش دەوێت)، (سەدا نەوەد و هەشتی ئەو پەنابەرانەی کە ڕوویان لە ئەوروپا کردووە تاوانیان دەرحەق کراوە لە لایەن ئیسلامیـیەکانەوە، لەهەر کام لە وڵاتەکانی ئێران، عێراق، سوریا، لیبیا، ئەفگانستان، جا چ بەدەستی دەوڵەتە ئیسلامیـیەکان بووبێت، یان بەدەستی باندە بەکرێگیراوەکانیانەوە، یان بەهۆی شەڕی نێوخۆیانەوە، ئەگەر تیرۆری ئیسلامیـیە توندەڕەوەکان نەبوایە، ئێستا لە ئەوروپا دیاردەیەکمان بەناوی کێشەی پەنابەرانەوە نەدەبوو).
دواتر باس لە پشتیوانی ئەمەریکا دەکات بۆ گروپە تیرۆریستە ئیسلامیـیەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی (١٩٨٠)ەوە بۆ (١٩٩٠)، دەنوسێت (هەر کەسێک بیەوێت یارمەتی پەنابەران بدات، پێویستە دژایەتی ئیسلامیـیەکان بکات چ لە وڵاتی خۆیان، چ لە ئەوروپا).
لە یەکێک لە چاوپیکەوتنەکانی پرۆفیسۆری زانکۆی هامبلودی بەرلین، (ڕوود کۆمپاس-) لەگەڵ (سۆنتاگ تساتونگ-)، دەڵێت (خەڵکی تورکیا بەتەواوی دەزانن کە کەسێکی ئیسلامیستی وەک ئەردۆگان، دەتوانێت چی بکات، وە ئەو سوریانەی بۆ محازەرەکانم دێن، بەشێکی زۆریان لەدەست خوێنرێژی ئیسلامیـیەکان هەڵاتوون).
لێرەدا بوار نیە بۆ لێکدانەوەی زیاتری هەلومەرجێکی قەیراناوی و بێمافییەکی ڕەهای خەڵک و سیاسەتێک کە ئەمەریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەوی دەکات وەک هۆکارە ڕاستەوخۆکانی کۆچ، بەڵام زۆر بە پێویستی دەزانم لەبارەی دوو لایەنی گرنگی تر بنوسم.
یەک:- هەمان پرۆفیسۆر لەوەڵامی پرسیارێکیدا دەڵێت: “من بۆ کتێبەکەم (یانسیبی پەنابەری) هەموو ئەو کردەوە تیرۆریستیـیە کوشندانەم شیکاری کرد کە لە (٢٠١٥)ەوە لە ئەوروپا ڕوویانداوە، تاوانباران (ئیسلامی تیرۆریست) هەر هەموویان لەماوەی ئەم دە دونزە (١٠-١٢) ساڵەی دواییدا وەک پەنابەر هاتوون بۆ ئەوروپا). لەنێو ئەم ڕستانەدا شتێک شاردراوەتەوە، بەوەی ڕاستە ئەوان بەرگی پەنابەرییان کردۆتە بەرییان و ویستویانە لە پشت ئەو کێشە ئینسانیـیەوە خۆیان بشارنەوە، بەڵام هەرگیز نابێت ئەو مانایەی لێوەوە دەرکێشرێت کە ئیدی هەموو پەنابەرانێک، تیرۆریستێکی لەناودایە.
لەماوەی ئەم دەساڵەدا لانی کەم (٤) ملیۆن کەس هاتونەتە ئەوروپا، ئیسلامیەکان ناگەن بە هەزار یەکیشی. داڕشتنی ڕستەکە بەو شێوازە لە ڕووکاردا دروستە، بەڵام ئەرگیومنێت بۆ بۆچوونێکی ڕاسیستی دەهێنێتەوە، پەنابەر دەکاتە ئۆبجێکتێکی شێرپەنجەیی بۆ کۆمەڵگای ئەوروپی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئیسلامیـیەکانی ئەردۆگان و سعودیە و قەتەر، ڕەوتە ئیسلامیـیە جۆراوجۆرەکانی تر بە سەلەفیەکانیشەوە، لەلایەن دەوڵەتە ئەوروپیەکانەوە وەک نوێنەری ئایینەکان دەناسرێن و پشتیوانی دەکرێن .
دوو: سیاسەتی پەنابەری و کۆچ و کار و هاوڵاتی بوون، لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپادا، لەم دە ساڵەی دواییدا سەدان کەسی توشی نەخۆشی دەرونی، خۆکوژی، خۆشاردنەوەی بێ مۆڵەتی مانەوە، سەدان خێزانی سەرگەردان کردووە. لەم دە ساڵەدا بەبەردەوامی یاساکان توندتر کراونەتەوە، چەندین پەنابەر لەلایەن پۆلیسەوە گیانیان لەدەستداوە،دیپۆرتکردنەوە زیاتر بووە لە هەندێ حاڵەتدا پاش دیپۆرتکردنەوە، پەنابەرەکە زیندانی کراوە یان تیرۆرکراوە لەلایەن دەوڵەت و باندە تیرۆریستەکانەوە. سەدان پەنابەر بەهۆکاری جۆراجۆر بێناسنامەو بێ وەرەقە وسەرگەردانن لەئەوروپا. هەزاران پەنابەر لە خراپترین کارەکان، سەخترین هەلومەرج ، کەمترین کرێ. ئەمانە ئەو زەمینانەن کە دوو کۆمەڵگا لە نێو ئەوروپادا دروست بکەن. سەدا نەوەدی ئەو کەسانەی بونەتە نێچیری ئیسلامیەکان وهێرشەکانیان بڵاوکردۆتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کەسانێکن کەداوای مافی پەنابەرییان ڕەفزکراوەتەوە. هەموو ئەو کەسانەی هاوڵاتی ئەوروپی بوون بە پێشینەی کۆچەوە، مناڵیەکی سەختیان هەبووەو لەپەراوێزدا ژیاون.
تێوەپێچانی پەنابەران بەگشتی لە کردەوەی تیرۆریستی، واقعی نییە، بەڵام بۆ مەرامێکی تر بەکاردەهێنریت، ئەویش تا ڕادەی سفر کەمکردنەوەی مانەوەی پەنابەران و مافی پەنابەرییە.
ئەوەش یادداشت بکەم،بەکارهێنانی کارتی پەنابەران، لەلایەکی دییەوە تەنها لەژێر گوشاری بەهێزبوونی ڕاستەکاندا نیە، شتێکی گرنگتر لەوە، کێشەی پەنابەرو کۆچبەران، دەتوانێت زیادکردنی هەموو جۆرەکانی باج، هەڵئاوسان، کەمکردنەوەی بودجەی کلتوور، دایەنگەکان، پرۆژە زانستیەکان، کەمکردنەوەی بیمەی کۆمەڵایەتی وخانەنشتنی، فرۆشتنی کەرتی تەندروستی، زیادکردنی کرێێ قیتارو پۆست، زیادکردنی کرێی خانوو، قەیرانی نێشتەجێبوون، …ئەمانەش بکاتە گەردنی پەنابەران وسەرمایەداری ئەوروپایی دوژمنێکی وەهمی دروست بکات.

ناوەڕاستی سێپتەمبەری ٢٠٢٤




گرنگی و بایاخی دەنگنەدان، بۆیکۆتی دەنگدان.. زاهیر باهیر

کاتێك لەگەڵ خەڵکدا لەسەر ئەوەی سەرەوە دەدوێت ڕووبەڕوی دوو پرسیار یاخود دوو وەڵام دەبیتەوە. یەکەم: بۆیکۆت هیچ ناگۆڕێت و دەچێتە گیرفانی حیزبەکانەوە و لەو بارەشدا لایەنە هەرە خراپەکە سوودمەند دەبێت . دووەم: ئەی ئەگەر بۆیکۆت بکرێت جێگرەوە چییە؟
بەڕای من ئەو بۆچوونانە هەردوکیان هەڵەن نە چارەیە و نە گۆڕانکارییەکیش دەکات ، چونکە چارە ئەوە نییە کە ئێمە دەنگ بە لایەك بدەین ، شەر لە بەتاڵی باشتر نییە، شەڕێك نییە یەخەی گرتبێتین و گەر نەیکەین تیادەچین و زەرەرمەندی هەمیشەیی دەبین . لە ڕاستیدا لە پرۆسەی هەڵبژاردندا لە نێوان هەموو ئەو بەربژێر و حیزبانەدا تەنها دوو بژاردەمان هەیە خراپ و خراپترین. لەو بارەشدا ئێمە دەنگ بە خراپەکە دەدەین تاکو خراپترینەکەمان لە کۆڵ ببنەوە .
گومان لەوەدا نییە کە لەناو ئەو بەربژێرانەدا کەسانی زۆر باش و دڵسۆزیان تێدایە بە هەموو نێت و ئاوەزی خۆیانەوە وا هەست دەکەن کە ئەوان دەتوانن گۆڕانکاری بکەن. بەداخەوە کە ئەو برادەرانە ئەوەند هۆشیاریان نییە و قووڵ نەبوونەتەوە لە کێشە محەلییەکان و جیهانییەکاندا. ئەوان ئیدراکی ئەوە ناکەن کە تۆ هەر جۆرە حکومەتێك دامەزرێنیت ناچاریت کە ببیتە پاشکۆی ئەم سیستەمە ، پاشکۆی ئەوەی کە پێی دەلێن کۆمۆنێتی نێودەوڵەتیی . بۆیە لەو بارەدا دەبێت ئەوە بزانین ئەو کەسە باشانەش کە خۆیان بەربژێر کردووە دەبنە پاشکۆ و سیستەمەکە زۆر بە باشی دەیانگۆڕێت بەو جۆرەی کە پێویست بکات . ئەوان دەبنە برغویەکی سلاك، لەکار کەوتوو، کەبێ ئەو برغوانەش پێچکەی عەرەبانەی سیستەمەکە لەڕۆیشتندایە . ئەمە جگە لەوەی کە ئەوانیش دەبنە بەشێك لە داپڵۆسەر و سەرکوتکەری ئەو چین توێژاڵانەی کە پێشتر داوای دەنگدانیان لێدەکەن و گوایە ‘ئەم و ئەمان’ جیاواز دەبن لەوانەی کە ئێستا دەسەڵاتدارن .
بۆیکۆت هەڵوێستە ، لە ساتە وەختێکی ئاوادا هەڵوێست و هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانەیە کە بەرهەمی دەبێت ، ڕسوایی و نابەدڵی و نادڵسۆزی و زوڵم و زۆری ئەنجامی پرۆسەکە و سیستەمەکە نیشان دەدات . بۆیکۆت هەنگاوی یەکەمە بۆ گۆڕانکاری گەورە لە سیستمەکەدا ، هەرگیز شۆڕش ڕوونادات بێ هەنگاوە بچووك و پێشەکییەکانی. هەرگیز ساوایەك بێ نانی هەنگاوی زۆر بچوك فێر نابێت یا ڕانایەت لەسەر نانی هەنگاوی گەورە و دواتریش ڕاکردن .
بۆیکۆت یانی پێشەوەچوونی هۆش و گۆشی خەڵکی کە گەورەترین مەترسی لەسەر دەستەبژێر و حوکمڕانان دروست دەکات کە بە هۆش خۆیان دەهێنێتەوە کە ئەوان ڕووبەری مەترسی گەورە بوونەتەوە .
ئێمە خۆمان لە ناهۆشیاریمانەوە تەقدیری بۆیکۆت ناکەین بەڵام سیاسەتمەداران و دەوڵەتمەداران زۆر باش دەیکەن ، ئەوان دەزانن چ مەترسییەك ڕووبەروویان دەبێتەوە . هەر ئەمەشە کە بە ملیۆن پاوەند و دۆلار و یورۆ لەو هۆکارەدا سەرف دەکرێت کە بۆچی خەڵك دەنگ نادات؟ ئەوان ناوەرۆك و حەقیقەتی بۆیکۆت تێدەگەن، ڕووکەشانە نایبینن ، یا وەکو دیاردەیەکی ئاسایی هەڵوێستی دەنگدەر نایبینن ، ئەوان ئەو دیوی کارەساتەکان و دیاردەدەکان دەخوێننەوە کە بۆیکۆت چەکەرەکردنی دەربڕینی چالاکی ناڕەزایەتی و دروستبوونی هۆشیارییە ، دەزانن کە چ مەترسییەکە بۆیان ، مەترسیی بە هۆشهاتنەوەی جەماوەری ناڕازییە .

زاهیر باهیر
27/09/2024




نەخۆشییەکانی خواردن لە زانستی دەروونزانیدا.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)


زنجیرەی ١٤٩

نەخۆشییەکانی خواردن کۆمەڵێک لادانی دەروونین کە کاریگەری لەسەر ڕەفتارەکانی مرۆڤ بۆ خواردن و بیرکردنەوەی تاكەکە دروست دەکەن. ئەم نەخۆشیانە دەتوانن کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی کەسەکە دابنێن.
نەخۆشییەکانی خواردن کێشەیەکی ئاڵۆزن کە پێویستیان بە تێگەیشتن و چارەسەری فرەلایەنە هەیە. بە ناسینی نیشانەکان و وەرگرتنی یارمەتی پێویست و ڕێگا چارەسەرییە زانستی و گونجاوەکان، زۆربەی کەسەکان دەتوانن چاك ببنەوە و ژیانێکی تەندروستتر بەسەر ببەن.

لەم وتارەدا، تیشک دەخەینە سەر ناساندن، هۆکارەکان، نیشانەکان و چارەسەرییەکانی نەخۆشییەکانی خواردن.

ناساندنی بابەتەکە:

نەخۆشییەکانی خواردن بریتین لە کۆمەڵێک تێکچوونی دەروونی کە پەیوەندییان بە خواردن و وێنەی جەستەوە هەیە. سێ جۆری سەرەکی نەخۆشی خواردن هەن:

ئەنۆرێکسیا نێرڤۆسا (Anorexia Nervosa): کەسەکە لە ترسی قەڵەوبوون، خۆی لە خواردن بەدووردەگرێت و کێشی زۆر کەم دەکاتەوە.

بولیمیا نێرڤۆسا (Bulimia Nervosa): کەسەکە دەست هەڵدەگرێت لە خواردنی زۆر لە ماوەیەکی کورتدا، پاشان هەوڵی ڕێگرتن لە زیادبوونی کێش دەدات بە ڕشانەوەی زۆرەملێ یان بەکارهێنانی دەرمانی سکچوون.

نەخۆشی خواردنی زۆر (Binge Eating Disorder): کەسەکە بڕێکی زۆر خواردن دەخوات لە ماوەیەکی کورتدا، بەڵام هەوڵی ڕێگرتن لە زیادبوونی کێش نادات.

هۆکارەکان بەشێوەیەکی گشتی:

هۆکارەکانی نەخۆشییەکانی خواردن ئاڵۆزن و فرەلایەنن. لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بە چەندین هۆکار دەکەن لەم بارەیەوە:

ژێنەتیکی- بۆماوەی: توێژینەوەکان پیشانیان داوە کە هەندێک کەس لەڕووی ژێنەتیکییەوە زیاتر دەکەونە ژێر مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی خواردن (Bulik et al., 2019).

ژینگەیی: فشارە کۆمەڵایەتییەکان بۆ لاوازی و جوانی دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە پەرەسەندنی نەخۆشییەکانی خواردن (Culbert et al., 2015).

دەروونی: کێشە دەروونییەکان وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و کێشەکانی کۆنترۆڵکردن دەتوانن پەیوەندییان بە نەخۆشییەکانی خواردنەوە هەبێت (Stice et al., 2011).

بایۆلۆجی: ناهاوسەنگی کیمیایی لە مێشکدا دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە پەرەسەندنی نەخۆشییەکانی خواردن (Kaye et al., 2013).

نیشانەکان بەشێوەیەکی گشتی:

نیشانەکانی نەخۆشییەکانی خواردن دەتوانن جیاواز بن بەپێی جۆری نەخۆشییەکە، بەڵام هەندێک نیشانەی گشتی بریتین لە:

گۆڕانکاری بەرچاو لە کێشدا (کەمبوونەوە یان زیادبوونی خێرا).
سەرقاڵبوونی زۆر بە خواردن، کالۆری و کێش.
گۆڕانکاری لە خووی خواردندا.
کشانەوە لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان.
نیشانە جەستەییەکان وەک سەرئێشە، ماندووبوون، یان کێشەی گەدە و ڕیخۆڵە.

چارەسەرییەکان بەشێوەیەکی گشتی:

چارەسەری نەخۆشییەکانی خواردن پێویستی بە ڕێبازێکی فرەلایەنە هەیە:

دەرمان (clinical medicine) : دەرمانە دژەخەمۆکییەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە هەندێک حاڵەتدا (Culbert et al., 2015).

CBT = Cognitive behavioural therapy
IPT = Interpersonal Psychotherapy
چارەسەری دەروونی: چارەسەری ڕەفتاری-مەعریفی (CBT) و چارەسەری نێوان کەسی (IPT) بە کاریگەر دانراون (Fairburn, 2008).

ڕێنمایی خۆراکی(Dietary Guidelines): کارکردن لەگەڵ پسپۆڕی خۆراک بۆ دروستکردنەوەی پەیوەندییەکی تەندروست لەگەڵ خواردن.

چارەسەری خێزان(Family Therapy): بەتایبەتی بۆ نەخۆشە گەنجەکان( بەتایبەتر هەرزەکارەکان)، بەشداریپێکردنی خێزان لە پرۆسەی چارەسەریدا گرنگە (Lock & Le Grange, 2013).

چاودێری پزیشکی(Medical care) : بۆ چارەسەرکردنی کێشە جەستەییەکانی پەیوەست بە نەخۆشییەکە.

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

—————————————-

سەرچاوە زانستییە بەکارهاتووەکان بۆ نووسینی ئەم وتارە:

١-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/30704640/

٢-https://psycnet.apa.org/record/2008-07785-000

٣-https://pubmed.ncbi.nlm.nih.gov/23333342/

٤-https://www.ncbi.nlm.nih.gov/pmc/articles/PMC2538484/

٥-https://www.sciencedirect.com/science/article/abs/pii/S0005796711001306




هاڕەی گەردوون.. شیعری شەهلا نوری

گەردون لەگەڵما زۆرانپازێتی
گەمە دەکا
گەردەشی جیهان، سوڕانەوەی تەمەنم لەگەڵ دەکات
تەگەرە و پێچی ئەڕابە وگاری پێ دەکات
مانەوەی لەمپەری میانی هەردوو دونیام دەکات ا
سۆراخی مانا و وێنەی جوانیمە بولێڵی دەکات
یەخەم بەرنادات ، دەێەوێ هەراسان بم
کێشمەکێش و حەڕی پیاماڵینم فێردەکات
بەگێرەی جەنجەڕی خۆێ بەسەر خەرمانی دڵم دەدا
بۆ کوتانم بەڕێ دەکات
نقیمی سەوزی ناخ و جەستەم وردو خاش دەکات
دەمکاتە کڵۆشی سێبەری سەری خۆی جەژنی حەسانەوە ساز دەکات ،
بۆ بەرداشی سەنگی ئاسیاوی خۆێ، بەرێ ئێشم نیشان دەدات
دەڵێت
هات و ھاواران مەکە!
گەردون چاونەزیڕیت لێ دەکات

شەهلا نوری