وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و توێژەر: ئاهورا کوردستانی.. ئامادەکردنی: بەسێ بەشیر

ئێستا لە ڕووی چەندێتییەوە دەتوانین بڵێین ئافرەتان بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە لە هەردوو بواری ڕۆژنامەگەری و ئەدەبیدا، بەڵام لە ڕووی چۆنێتییەوە ئەم بەشدارییە لە ئاستی دڵخۆشکەردا نییە.

وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و توێژەر: ئاهورا کوردستانی

لەم وتووێژەدا هەوڵمانداوە لەبارەی ڕۆڵی خانمان لە هەردوو کایەی “ڕۆژنامەگەری و ئەدەبدا” بدوێن، هاوکات ورووژاندنی کۆمەڵێک پرس لەسەر ڕۆمانی “واقعی و خەیاڵی” وەک: ڕوودا و وەسف. لەپاڵیشیدا تیشکمان خستۆتەسەر ئەو بەربەستانەی دێنە بەردەم توێژەرێک لەکاتی توێژینەوە، بۆ دەست کەوتنی سەرچاوە.

بەسێ بەشیر: ئاهورا خان بەوپێیەی بەڕێزت کاری میدیایی و ڕۆژنامەگەریت کردووە، هاوکات شارەزاییەکی چاکت لە بواری ئەدەبیات هەیە و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕۆڵی خانمانی لەم بوارانەدا.
دەمەوێت لەبارەی ڕۆڵی خانمان لە هەردوو کایەی “ڕۆژنامەگەری و ئەدەبدا” لە ماوەی ئەم بیست ساڵەی ڕابردوو بۆم بدوێیت؟

ئاهورا کوردستانی: گەر بمانەوێت وەک میدیاکارێک وەڵامی پرسیارەکەی بەڕێزتان بدەینەوە، دەبێت پشت بە ئەزموون و لێکدانەوە و ڕابردووی کاری ڕۆژنامەگەری خۆمان ببەستین، بەڵام گەر وەک توێژەر و چاودێر هەڵسەنگاندن بۆ بوارەکە بکەین ئەوا پێویستمان بە کۆمەڵێک داتا و ئاماری تایبەت دەبێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونەکانمان، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا هاوسەنگییەک لە نێوان ئەزموونی خۆمان و ئەو مەعریفەیە ڕابگرین کە لە خوێندنەوەی توێژینەوە و بابەتە زانستییەکان پێمان گەیشتووە. لە ڕاستیدا ئاسان نییە بەجارێک باس لە قۆناغێکی بیست ساڵەی کاری ڕۆژنامەوانی و ئەدەبیات بکەین، لەبەرئەوەی کە خودی ئەم بیست ساڵە دابەشدەبێت بۆ چەند قۆناغێکی وردتر کە لە هەریەکێکیاندا دۆخەکە بەجۆرێکی تایبەت و جیاوازە، بەڵام لە ڕوانینە گشتییەکەدا وا دەردەکەوێت کە ئافرەتان لەم بیست ساڵەی دواییدا بەشدارییەکی کاراتر و چڕوپڕتریان هەبووە لەچاو ڕابردوودا. ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە کە گرنگترینیان گۆڕانکارییە خێرا و بەردەوامەکانی شێوازی ژیانە لە جیهان و کوردستاندا، هاوکات بەردەستبوونی هێڵی ئینتەرنێت و گەیاندن لە هەموو شوێنێک و بوونی دەیان ناوەند و کەناڵی میدیایی و ڕۆشنبیری و زانکۆ و کۆلێژەکان کە دەرفەتی خۆپێگەیاندن و دەرکەوتنیان بۆ ئافرەتان چەند بەرامبەر کردووە، هەروەها کرانەوەی کوردستان بەڕووی جیهاندا یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە، چونکە هەموو ئەم هۆکارانە و چەند هۆکارێکی دیکە وا دەکەن گۆڕانکاری لە فیکر و دونیابینی مرۆڤی کورددا بەدی بێت، ئەم گۆڕانکارییەش هانی ئافرەتانی داوە بۆ پەی بردنی زیاتر بە خواست و توانا و بەهرەکانیان و دەرخستنی ئەو توانایانە لە فەزای گشتیدا. لە ئێستادا لە ڕووی چەندێتییەوە دەتوانین بڵێین ئافرەتان بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە لە هەردوو بواری ڕۆژنامەگەری و ئەدەبیدا، بەڵام لە ڕووی چۆنێتییەوە ئەم بەشدارییە لە ئاستی دڵخۆشکەردا نییە، لەبەرئەوەی کە ڕێژەی ئەو ئافرەتە میدیاکارانەی کە بەرنامە فیکری و سیاسی و ئەدەبییەکان بەڕێوەدەبەن لەچاو ئەو پیاوانەی کە هەمان ئەو بەرنامانە بەڕێوەدەبەن ئێجگار کەمە، زۆرتر ڕۆڵی ئافرەت وەک پێشکەشکار و بەڕێوەبەری بەرنامەی تەرفیهی و سەرگەرمی و خواردن درووستکردن و ….هتد دەرکەوتووە. لە جیهانی کتێب و چاپکردنیشدا ئافرەتانی نووسەر زۆر کەم خۆیان لە قەرەی بابەتە فیکری و فەلسەفییەکان داوە، چ وەک نووسەر چ وەک وەرگێر، ئافرەتانی نووسەر زۆرتر وەک شاعیر دەرکەوتوون، کە ئەمە بوارێکی بچووکی مەعریفەی ئینسانی و ئەدەبیاتیشە. هەڵبەتە لەبیرمان نەچێ ئێمە بە ڕەهایی قسەناکەین، ئافرەتانی نووسەری بابەتە فیکری و سیاسی و فەلسەفیەکانمان هەن، بەڵام لەچاو پیاوانی نووسەری ئەم بوارانە ژمارەیان زۆر کەمە، لە کاتێکدا ئێمە زۆر پێویستمان بە بۆچوون و تێگەیشتن و فیکری ژنانە هەیە لە هەموو بوارەکاندا.

بەسێ بەشیر: خاتوو ئاهورا بەڕێزت ماستەرنامەکەت لەسەر “کێشەی ڕۆمانی خەیاڵی و واقیعی لە چەند ڕۆمانێکی نوێی کوردیدا”یە.
دەپرسم ڕۆمانی کوردی دەقی بە کام جۆر زیاتر گرتووە، خەیاڵی یان واقیعی؟ و بۆچی؟

ئاهورا کوردستانی: ڕۆمانی کوردی لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە وەک ژانرێکی نوێ لە ئەدەبی کوردیدا، زۆرتر ئاوێنەی واقیع بووە، واتە لە قۆناغە مێژووییەکەیدا نووسەرانی کورد زۆرتر ئەزموون و سەربووردەی خۆیان بە کەمێک دەستکاری هونەری وەک ڕۆمان گێڕاوەتەوە. زیاتر مێژووی هاوبەش و گشتی بوونەتە تێما و تەوەری ڕۆمانەکان، بەڵام ئەم دۆخە هەتا ئێستا بەردەوام نەبووە، ڕۆماننووسانی نوێی کورد تەکنیک و هونەرکاری جیاواز و نوێیان هێناوەتە نێو ڕۆمانی کوردییەوە، خەیاڵی فراوان و بێسنووریان تێکەڵی گێڕانەوە و ڕووداوەکانی ڕۆمان کردووە. ئەگەر بڵێین ڕۆمانی کوردی لە ئێستادا دەقی بە کام جۆر گرتووە؟ لە وەڵامدا دەڵێین لە ڕووی واقیعی بوون و خەیاڵی بوونەوە سێ جۆر ڕۆمان لە ئەدەبی نوێی کوردیدا هەن کە بریتین لە (ڕۆمانی واقیعی، ڕۆمانی خەیاڵی، ڕۆمانی واقیعی و خەیاڵی) کە ئێمە لە ماستەرنامەکەی خۆماندا خەسڵەت و تایبەتمەندی هەرسێ جۆرەکەمان دیاریکردووە، لە ئێستادا ئەم سێ جۆرە لە ڕۆمان لە دونیای ڕۆماننووسی کوردیدا هەن.

بەسێ بەشیر: کاتێک توێژەرێک یاخود قوتابییەکی خوێندنی باڵا بییەوێت توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر ژانری ڕۆمان بکات، تا چەند سەرچاوەکان “بە وەرگێڕانی کوردی و لەسەر ئەدەبی کوردی” بەدەست دەکەوێت؟

ئاهورا کوردستانی: هەموو توێژینەوەیەک بە خوێندنەوە و ڕوانین لەو سەرچاوانەی پێشتر دەستپێدەکات کە لەو بوارەدا پێشکەش کراون، ئامانج لەمەش وەرگرتنی ڕا و سەرنجی جیاوازە لەبارەی تەوەری توێژینەوەکە، هەروەها دەوڵەمەندکردنی هزر و تێگەیشتنی توێژەرە لە بارەی بابەتی توێژینەوەکە. بە ڕای من هەر توێژەرێک بەر لە دەستپێکردن بە قۆناغی نووسینی توێژینەوەکەی بە قۆناغی خوێندنەوە و وەرگرتنی زانیارییەکانی پێشتردا تێپەڕنەبێت ئەوا توێژینەوەکەی کەموکورتی تێدا دەبێت و نابێت بە توێژینەوەیەکی ئەکادیمی و زانستی.
سەبارەت بە توێژینەوەی وەک ماستەرنامە یان تێزی دکتۆرا لە هەموو زانکۆیەک کۆمەڵێک مەرج دادەنرێن بۆ ئەوەی توێژینەوەیەکی ئەکادیمی و باش دەربچێت، یەکێک لەو مەرجانەش بەکارهێنانی سەرچاوەیە، ئەم سەرچاوانەش خۆیان لە کتێب و وتاری ڕۆژنامەوانی و چاوپێکەوتن و تێزی ماستەر و دکتۆرا دا دەبیننەوە. لە زۆرێک لە توێژینەوە ئەکادیمییەکاندا ئەو خاڵە سەرنجمان ڕادەکێشێت کە توێژەر گیروگرفتی سەرەکی توێژینەوەکەی بۆ نەبوون و کەمی سەرچاوە دەگەڕێنێتەوە، بەشێک لە حەقیقەت لەم قسەیەدا هەیە، بەڵام مەرج نییە بە ڕەهایی هەموو توێژینەوەیەک سەرچاوەی پێشوەختەی کەم بێت یان هەر نەیبێت، ڕەنگە سەرچاوەکان بە زمانی کوردی نەبن، بەڵام بە زمانەکانی دیکە سەرچاوەی زۆر و زەوەند دەستدەکەون. من بەش بەحاڵی خۆم لە توێژینەوەکەی خۆمدا سەرچاوەم بە زمانەکانی “کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی” بەکارهێناوە، جگە لە چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ و وەرگرتنی سەرنجی نووسەران و ڕەخنەگرانی ڕۆمان. دەتوانم بڵێم گیروگرفتی کەمی و دەستنەکەوتنی سەرچاوە بە زمانی کوردی بۆ توێژەران هەیە، بەڵام زۆر سەرچاوەی باش و دەوڵەمەندیش لە کتێبخانەی کوردیدا دەستدەکەون کە دەتوانن ڕۆڵی گرنگییان هەبێت لە دەوڵەمەند کردن و زانستیتر کردنی توێژینەوەکەدا، هاوکات زۆر سەرچاوەی جیهانییش هەن کە بەداخەوە وەرنەگێردراونەتە سەر زمانی کوردی، سەرەڕای ئەوەش هەر ئەم سەرچاوانە بە زمانە ڕەسەنەکەی خۆیان لەلایەن توێژەرانی لێهاتوو بەکاردەهێنرێن و دەبن بە بەشێک لە توێژینەوەیەکی کوردی، دواتریش ئەم توێژینەوانە دەبن بە سەرچاوەی نوێ بۆ توێژینەوەکانی پاش خۆیان.

بەسێ بەشیر: لە ڕۆماندا هەر ڕەگەزێک ئەرکی خۆی هەیە و ڕۆمانەکە تەواو دەکات، جا چ لە ڕۆمانی واقیعی یاخود خەیاڵی بێت.
لێرەوە دەپرسم: جیاوازی نێوان هەر دوو ڕەگەزی “ڕووداو و وەسف” لەنێوان ڕۆمانی خەیاڵی و واقیعیدا چییە؟

ئاهورا کوردستانی: دەگوترێت ڕەخنەگری باش خوێنەرێکی باشە، ئێمە ئەگەر وەک خوێنەرێکی باشی ڕۆمان وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، دەبێت بڵێین جیاوازی لە نێوان ڕەگەزەکانی ڕۆمانی واقیعی و خەیاڵی بریتییە لەو کەرەستانەی کە نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا بەکاریان دەهێنێت، ئایا ڕۆمانەکەی بە کەرەستەی واقیع دەنووسێت یان خەیاڵ، هەروەها توانای قەناعەت پێهێنانی خوێنەر، درووستکردنی وێنای ڕووداوەکان لەڕێگەی تەکنیکی وەسف و گێڕانەوەوە لە زەینی خوێنەردا. ئەگەر هاتوو ڕۆماننووس لە ڕێگەی وەسفکردنێکی شارەزایانەی هونەری وای لە خوێنەر کرد باوەڕ بە ڕوودانی ڕووداوێکی مەحاڵی ڕۆمانەکەی بکات ئەوا دەکرێت بڵێین ئەم ڕووداوە دەچێتە خانەی ڕووداو لە ڕۆمانی واقیعیدا، ئەگەر لە واقیعیشدا ڕووی نەدابێت. بەڵام ئەگەر ڕووداوەکان سەرسوڕهێنەر بوون و قابیلی ئەوە نەبوون خوێنەر وێنا و تەسەوری ڕوودانیان لە دونیای ڕاستەقینەدا بکات، نووسەریش نەیتوانی لە ڕێگەی تەکنیکی گێڕانەوە و وەسفەوە قەناعەت بە خوێنەر بکات، ئەم جۆرەیان دەچێتە خانەی ڕۆمانی خەیاڵییەوە. لەوانەیە ئەمە ببێتە خاڵێکی لاواز لە ڕۆماندا و کەمکردنەوەی چێژی خوێندنەوە، لەبەر ئەوەی کە خوێنەر چێژ لەوە دەبینێت کە چیرۆک و بەسەرهاتێک بخوێنێتەوە کە هەستبکات ڕاستەقینەیە. لە ڕۆمانی نوێی کوردیدا زۆر ڕۆمانی لەم چەشنە بوونیان هەیە، کە لەگەڵ هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەکیدا خوێنەر هەست بە بێزاری دەکات و ڕۆمانەکە دادەخات، لەبەر ئەوەی نایەوێت بەسەرهاتێکی خەیاڵی وەک ئەفسانە و داستانی پاڵەوانێتی مێژوویی بخوێنێتەوە.

بەسێ بەشیر: هەر کاتێک باوەڕ بە ڕووداو و کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانێک نەکرێت ئایا ئەم ڕۆمانە دەچێتە چوارچێوەی ڕۆمانی خەیاڵی؟
یاخود هونەری نووسینی ڕۆمانی خەیاڵی دەبێت چۆن بێت؟

ئاهورا کوردستانی: پێم وایە بەشێک لە وەڵامی ئەم پرسیارە لە وەڵامی پرسیاری پێشووتردایە، بەڵێ بە دڵنیاییەوە مەرجی باوەڕپێهێنان و درووستکردنی قەناعەت لای خوێنەر یەکێکە لە مەرجە گرنگەکانی خەیاڵی بوون یان واقیعی بوونی ڕۆمانێک. سەبارەت بە هونەری نووسینی ڕۆمانی خەیاڵی، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی ڕۆمان کە بریتین لە (کارەکتەر، ڕووداو، کات، شوێن) هەریەک لەم ڕەگەزانە ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە دیاریکردنی ئاراستەی ڕۆمانەکە بەرەو واقیعی بوون یان خەیاڵی بوون. لە ڕۆمانی وقیعیدا نووسەر پشت بە کارەکتەر و ڕووداو و کات و شوێنی ڕاستەقینە دەبەخشێت، ڕۆمانەکەی خۆی بە کەرەستەی واقیع دەنووسێت، بەڵام ئەم جۆرە ڕۆمانە خاڵی نییە لە ڕەگەزی خەیاڵ، چونکە هیچ گێڕانەوەیەکی هونەری بەبێ بەکارهێنانی خەیاڵ نابێت بە گێڕانەوەی ئەدەبی هونەری. بۆ نمونەی ئەم جۆرە ڕۆمانە دەتوانین ئاماژە بەشێک لە ڕۆمانەکانی (خوسرەوجاف) بدەین، بەتایبەت ڕۆمانی (شازادە و شاعیر) کە باس لە ژیانی دوو شاعیر و کەسایەتی مێژوویی دەکات کە (نالی و مەستوورە)ن، ئێمە لە توێژینەوەکەی خۆماندا ئەم ڕۆمانەمان وەک نمونە وەرگرتووە. سەبارەت بە تەکنیکی نووسینی ڕۆمانی خەیاڵیش، ڕۆماننووس بۆ درووستکردنی ڕەگەزەکانی ڕۆمانەکەی پشت بە خەیاڵی خۆی دەبەستێت، کارەکتەر و ڕووداو و کات و شوێنێکی خەیاڵی بۆ بەسەرهاتێکی خەیاڵی هەڵدەبژێرێت و دەیکات بە بنەمای گێڕانەوەکەی خۆی، ئەم جۆرە ڕۆمانەش خاڵی نییە لە ڕەگەزی واقیع لەبەر ئەوەی ئەزموونی ڕاستەوخۆی نووسەر لە ژیاندا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاوێتەی گێڕانەوەکە دەبێت. هەروەها بۆ ئەوەی نووسەر باوەڕ بە خوێنەری ڕۆمانەکەی بهێنێت و بۆ پاراستنی چێژی خوێندنەوە کارەکتەر و ڕووداو و ڕەگەزەکانی تری ڕۆمان بەجۆرێک دەخاتەڕوو کە لە جیهانی ڕاستەقینە بچن، ئەگەر ڕەچاوی ئەم خاڵە نەکرێت ئەوا ڕۆمانەکە زۆر خەیاڵی دەبێت و خوێنەر تاقەتی خوێندنەوەی نابێت.

کورتەیەک لە ژیان و کار و چالاکییەکانی ئاهورا کوردستانی:
هاوارە ڕەمەزان وەلی ناسراوە بە ئاهورا کوردستانی.

  • بەکالۆریۆس لە زانکۆی سلێمانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی.
    ماستەر لە زانکۆی سەلاحەددین لە ئەدەبی کوردی بە پلەی زۆرباشەی باڵا.
    ئامادەکار و پێشکەشکاری چەندین بەرنامەی ئەدەبی و کولتووری و ڕۆشنبیری بووە، وەک: *
    بەرنامەی ڕەنگی ئێوارە، کولتووری گشتی…
  • بەڕێوەبەری چەندین کۆنفراس و فیستیڤاڵ و چالاکی ئەدەبی و کولتووری و ڕۆشنبیری بووە، وەک:
    کۆنفرانسی زانستی ( جینۆساید ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەردا).
    بەڕێوەبەری یەکەمین فیستیڤاڵی ڕامان.
    بەڕێوەبەری چوارەمین فیستیڤاڵی مەم و زین.
  • چالاکوانی مەدەنی لە بواری مافی مرۆڤ و مافی ئافرەتاندا، ئەندامی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانە.
  • بەشداری چەندین کۆڕ و کۆنفرانس زانستی کردووە، لە بەشێکیاندا توێژینەوەی پێشکەش کردووە، لە بەشێکیشیان وەک میوان بەشدار بووە.
  • چەندین بابەتی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاوکردۆتەوە.



دیاردەی هەراسانکردنی ڕەگەزی مێینە لەلایەن بەشێك لە ڕەگەزی نێرینە لە سەکۆکانی شۆشییەڵ میدیاکان.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

 ئەم دیاردەیە دەرئەنجامێکی نەرێنی کۆمەڵایەتی و دەروونییە. کە بەشێك لە پیاوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی نادروست و ناهاوسەنگ مامەڵە لەگەڵ ئافرەتان دەکەن بەجۆرێك کە کەسایەتی خۆیان وەك تاکێك دەخەنە ژێر پرسیارەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ئافرەتان.

ئەم دیاردەیە بەشێکە لە کولتووری پیاوسالاری کە تێیدا ئافرەت وەك کەرەستەیەك سەیر دەکرێت. زۆرجار پیاوان هەوڵی پەیوەندی نادروست و هەروەها نانەوەی کێشە دەدەن لە ڕێگەی ناردنی نامە و وێنەی نەشیاو، کە ئەمەش پێشێلکردنی مافی ئافرەتانە وەك مرۆڤێك.

بێزارکردنی ئافرەتان لە سۆشیاڵ میدیاکان دیاردەیەکی مەترسیدارە کە کاریگەری قووڵی لەسەر تەندروستی دەروونی و کۆمەڵایەتی ئافرەتان هەیە. لە ڕووی دەروونییەوە، ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون لای ئافرەتان. هەروەها هەستی ناسەلامەتی و ترس لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەکات.

لە ڕووی بایۆلۆجییەوە، هۆڕمۆنەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ڕەفتاری مرۆڤدا. بەڵام ئەمە پاساو نییە بۆ ڕەفتاری نادروست، چونکە مرۆڤ توانای کۆنترۆڵکردنی غەریزەکانی هەیە لە ڕێگەی عەقڵانیەت و لۆژیك و پەروەردەوە. کاتێک ئافرەتان دەکەونە ژێر فشاری دەروونی، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی جەستەییشیان دەبێت چونکە دەروون و جەستەی مرۆڤ دوو ئەڵقەی گرێدراون بەیەکەوە.

هەروەها لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە، کولتووری باوکسالاری و نەبوونی یەکسانی ڕەگەزی هۆکاری سەرەکین. کەمی یاسا و سزای گونجاو، لەگەڵ پەروەردەی هەڵە و نەبوونی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، بوونەتە هۆی بەردەوامبوونی ئەم دیاردەیە. پێویستە هەنگاوی جددی بنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی لە ڕێگەی داڕشتنی یاسای تایبەت، دامەزراندنی سەنتەری پشتگیری دەروونی، و گۆڕینی سیستەمی پەروەردە.

چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە هەوڵی بەردەوام و هاوبەشی هەموو لایەنەکان هەیە. دامەزراندنی سیستەمێکی چاودێری توند لە سۆشیاڵ میدیاکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، و پشتگیریکردنی ئافرەتان لە ڕووی یاسایی و دەروونییەوە، هەنگاوی گرنگن بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە و پاراستنی مافەکانی ئافرەتان. ئەم ڕەفتارە دەرخەری لاوازی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و نەبوونی هۆشیاری تەواوە سەبارەت بە مافەکانی ئافرەتان. پێویستە کۆمەڵگا و دەزگا پەیوەندیدارەکان هەنگاوی جددی بنێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە لە ڕێگەی یاسا و پەروەردەی دروستەوە.

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)، نووسەر و پسپۆڕی دەروونی.




دکـتۆر سـیوس کەڵەنـووسەری وێـژەی منـداڵان.. رەزا شـوان

نووسەری بەناوبانگی وێـژەی منـداڵان (دکتۆر سیوس) ی ئەمریکی، کە بە رەچەڵەک ئەڵـمانییە. یەکـێکە لە کەڵـەنـووسـەرەکانی جیهـان، لە بـواری نـووسـیـنی چـیرۆک بـۆ منـداڵان. کە تا کۆچی دوایی زیاتر لە (٦٠) پەرتـووکی نووسیوە و چاپیانی کـردوون و بڵاویانی کردوونەتەوە. هەر خۆشی وێنەکانی بۆ پەرتووکەکانی کێشاون. لەوانە (٤٥) پەرتـووکـیان، بە تایبـەتی بـۆ منـداڵان نـووسـیوە. کە بـریتـین لە چـیرۆک و لە وێنـەی روونکردنەوە. پەرتووکەکانی وەرگێڕدراون بۆ (٢٠) زمانی جیهانی. لە پڕفـرۆشترین پەرتـووکەکـانـن لە جیهـانـدا. کە زیـاتر لە (٦٠٠) مـلـیۆن دانـەیـان لـێفـرۆشـراون، تا ئەمـڕۆش لـێیان دەفـرۆشرێـن و لە لـیستی پەرتـووکە پـڕفـرۆشـراوەکانی جیهـان دان.
دکـتۆر سـیوس کـێـێیە؟
ناوی راستەقـینەی (تیۆدۆرد سیوس گەیزل)ە، لە جیهـاندا بە نازناوی (دکتۆر سیوس) ناسراوە و ناوبانگی دەرکـردووە. هـەر ئەم ناوە خـوازراوەشی لەسـەر پەرتـووکەکانی نووسـیوە. لە راسـتیـدا سـیوس نـە دکـتۆرە و نە بـڕوانـامەی دکـتۆراشی وەرگرتـووە.
(سـیوس) ناوبانگی خـێـزانی کچـێـنی دایکـێـتی، پـێـش ئـەوەی شـوو بە بـاوکی بکات. وشـەی (دکـتۆر) یـش، لەسـەر خـەون و خـواستی باوکی بـوو، کە زۆر حەزی دەکـرد تیـۆدۆری کـوڕی بـبـێـت بە دکـتۆر (پـزیـشک) یان بـڕوانـامـەی دکـتۆرا وەربگـرێـت. لـێرەوە وشـەی (دکـتۆر) ی خـستە پێـش وشەی (سیوس) و (دکـتۆر سیوس) بوو بە نـازنـاوی وێـژەیی و هـونـەری.

دکتۆر سیوس لە (٢/ ئادار/١٩٠٤) لە شاری سپرینگـفـیڵد، لە ویلایەتی ماساشوستس، لە ویـلایەتە یەکگـرتـووەکانی ئەمـریکا لەدایـک بـووە. باوکی ناوی (تیۆدۆرد رۆبەرت گەیـزل) ە. بیـرەسـازێکی ناسـراوبـوو، کـارگەیەکی بیـرەسازکـردنی هـەبـوو. دایکـیشی (هـێنریتـا سیوس) لە نانـەواخانەکەی باوکـیدا، پاسـتەی دروست دەکـرد و دەیفـرۆشـت. دکتۆر سیوس تەنیا خوشکێکی هەبوو. سیوس لە مێردمنداڵیدا، لە کارگەی بیرەکەیاندا، یارمـەتیی باوکی دەدا. لە دوای قـەدەغـەکـردنی دروستکـردنی بیـرە و مـەی، لە سـاڵی (١٩١٩) دا، کارگەکەی بیـرەکەیان داخـست. تا رادەیەک داراییان لە کـورتی دا. باوکی بـوو بەڕێـوەبەری باخچـەی ئـاژەڵان. زۆر جار سـیوس دەچـوو بۆ باخچـەی ئاژەڵان و لەگەڵ شـێر و پـڵنگە بچـووکەکانـدا یاریی دەکـرد و دەچـووە نـاو قەفـەزەکانیانەوە. بە تەباشیریش لەسەر دیوارەکانی شـوورەی باخچەکەدا، وێنەی ئاژەڵەکانی لە شـێویەکی کاریکاتـێری و فـانتـازیـدا دەکـێـشا.
دکـتۆر سـیوس، نـووسـەری بەنـاوبـانگی وێـژەی منـداڵان، هـونـەرمەنـدی وێنەکـێش، هـۆزانـڤـان، کـاریـکاتـێریـستی سـیاسی، نـووسـەری کـورتەچـیرۆک، سـیاسـەتـمەدار، رەخـنەگری تەنـزئامـێز. سەرنووسەر، میدیاکار، دەرهـێنەر، ئاوازدانەر. ئەنـیمەیـشن، پەیـکەرسـاز، شانـۆکار، دەرهـێنەری فـیـلم، سـینەمـاکار. بەڵام زیـاتر لە رێی وێـژەی منـداڵانەوە ناسـرا و ناوبانـگی دەرکـرد.

خۆشەویـستی دکتۆر سیوس بۆ هـۆنـراوە، دەگەڕێتەوە بۆ کارتێکـردنی دایکی. کاتێک کە خـۆی و خوشکەکەی منداڵ بـوون، لەگەڵ دایکـیانـدا، دەچـوون بۆ نانەواخـانەکەی باپـیرەیان. دایکیان بەدەم کارکـردنەوە، بە سەروا و ئـاوازەوە، قـسەی خـۆش و دێـڕە هـۆنـراوەی سـووک و کـورتە چـیرۆکی بـۆ دەگـێڕانـەوە. بۆ ئەوەی سەرقاڵـیان بکات.

دکتۆر سیوس، لەپێشا نە وێنەکـێشێکی کارامە بوو نە نووسەرێکی درەوشاوەش بـوو. بەڵام کۆڵی نەدا. بەردەوام وێنەی دەکێشا و بابەتی بۆ گۆڤـار و رۆژنامەکان دەنووسی.
هـاوسەرەکانی دکـتۆر سـۆز:
دکتـۆر سـیوس، دوو جـار هـاوسـەرگـیری کـرد. بـەڵام هـیچ منـداڵـێکـیان نەبـوو.
هـاوسـەری یەکـەمی (هـێلـین پاڵـمـەر، مـاوەی پـێکەوە ژیـانیان: ١٩٢٧ـ ١٩٦٧) لە زانکۆی ئۆکـسفـۆرد لە ئینگـلتەرا یەکتریان ناسی. هـێلـین نووسەر و سەرنـووسەری پەرتـووکی منـداڵان بـوو. هەمـوو کارە بـازرگانیـیەکانی سـیوسی بەڕێـوەدەبەر. دوای تێکچـوونی باری دەروونی، بە خـۆکـوژی کـۆتـایی بە ژیـانی خـۆی هـێـنا.
هاوسەری دوەمی (ئـۆدی ستۆن دایمـۆنـد، مـاوەی پـێکەوە ژیانیان: ١٩٦٨ـ ١٩٩١) ئـۆدی نـووسـەرێکی بـواری وێـژەی منـداڵان بـوو. هـانـدەر و پاڵـپـشی دکـتۆر سیوس بوو، لە نووسین بۆ منداڵان. ئۆدی هەرگیز ناوی سیوسی نەبیستبوو، وای زانیبوو کە ئەو پـزیشکە. لە دوای کۆچکردنی دکتۆر سیوس، ئەم هاوسەرەشی کەمتر لە ساڵێک ژیـاو، بە نەخـۆشی شـێرپـەنجـە کـۆچی دوایی کـرد.
جارێکـیان کەسـێک لە دکـتۆر سـیوسی پـرسی: بـۆ هـیچ منـداڵـێکـتان نـیـیە؟
دکتۆر سیوس وەڵامی ئەو کەسەی دایەوە و وتی: ئێوە بەردەوام منداڵتان دەبێت، منیش بەردەوام دەبـم لە نووسینی پەرتـووک بـۆیـان. ئەوەبـوو بوو بە خۆشـەویستی ملیـۆنان منـداڵان لە جیهـانـدا. کە تا ئەمـڕۆش چـێـژ و سـوود لە خـوێنـدنەوە و لە بینـینی فـیلمە کارتـۆنییەکانی چـیـرۆکە خـۆشـەکانی وەردەگـرن.
خوێنـدنی دکتـۆر سـیوس:
لە ساڵی (١٩٢٥) دا، بـڕوانـامـەی بەکالـۆریـۆسی لە هـونـەرە ئـازادەکان، لە زانـکـۆی دارتـمـۆس، لە ئەمریکا وەرگرت. بە نـیازی درێـژەدان بە خوێنـدن و وەرگـرتنی دکتۆرا لە وێژەی ئینگیزیدا، چووە کۆلێژی لـینکـۆڵن لە زانکۆی ئۆکسفـۆرد، لە ئـینگـلتەرا. بەڵام سیوس ئاستێکی باشی نەبوو، لە خوێندنی ئەکادیمی بێزاربوو. زیاتر سەرقاڵی وێنەکێشان و نووسین بوو. (هـێـلین پاڵـمەر) ی هـاوڕێی و هـاوکـۆلـێژی ـ کە دوایی بـوو بە هـاوسـەری یەکـەمی ـ زانـی کە سـیوس بەهـرەیـەکی باشی لە وێـنەکـێـشانی کاریکاتێریدا هەیە. داوای لێکرد کە روو لە جیهانی وێنەکێشانی کاریکاتێری بکات و بیکات بە پـیـشەی بـژیـۆی ژیـانی. ئەوەبـوو دوای ساڵـێک وازی لە خـوێنـدن هـێـنا.
سیوس کاتێک کە لە ساڵی (١٩٢١) لە زانکۆی دارتمۆس بوو، بوو بە سەرنووسەری گۆڤاری (جاک ئۆ لانتەر)ی کـۆمیدی سەر بە زانکۆکە. بەڵام شەوێکیان لە ژوورەکەی لەبەشی ناوخـۆیی، لەگـەڵ چەنـد هـاوڕییەکـیدا، مەیـان خـواردەوە و سەرخۆشبوون و دەستگیرکران. لەو سەردەمەدا مەیخواردنەوە قەدەغـەبوو. بە پێچەوانەی یاساوە بوو. بۆیە لە گۆڤارەکە دەریان کرد. بەڵام بە ناوی خوازراوی ترەوە، وەک (دکتۆر بۆتان) و (دکتۆر سیوس) و ناوی ترەوە بابەت و کاریکاتێری بۆیان دەنارد و بڵاویان دەکردەوە.
سیوس دوای وازهـێنانی لە خـوێندن، گەشـتـێکی هـەشـت مانگی، بۆ چەنـد وڵاتێکی ئەوروپـا کرد. دوای گەڕانـەوەی بۆ ئەمـریـکا، لە ساڵی (١٩٢٧) تـەوە، دەسـتی بە وێنەکـێـشان کرد. وەک کاریکاتێریستـێکی پـیشەیی لە چەنـد گـۆڤار و رۆژانامەیەکدا، کاری دەکـرد. نـزیکەی (١٥) ساڵـێش ریکلامی کاریکاتـێری، بۆ چەنـد کۆمپانیایەکی بازرگانی کێـشا. پارەیەکی باشی بەدەسـتهـێـنا. بـوو بە کاریکارتێریـسـتـێکی ناسراو.
لە ساڵی (١٩٣٦) دکتۆر سیوس و هـێلینی هاوسەری لە گەشتێکی دەریاییدا بۆ (٣٠) وڵاتی ئەوروپـا. رتمی بـزوێنەری (مەکـینەی) کەشـتیـیەکە لەگەڵ دەنگی شەپـۆلەکانی دەریـادا، ئیلهـامی نووسینی هـۆنـراوەیەکـیان پـێبەخـشی، کە بوو بە یەکەم پەرتـووکی بۆ منداڵان:(بیر لەوە دەکەمەوە کە لە شەقامی مولبەریدا بینیم). کە لە ساڵی (١٩٣٧) چاپیکرد و بڵاوی کردەوە.
بە ناوبانگـترین پەرتـووکەکانی دکتۆر سیوس بۆ منـداڵان:
دکتۆر سیوس (٤٥) پەرتووکی چیرۆک و رۆمان و هۆنراوەی بۆ منداڵان نووسیوە و چاپی کـردوون و بـڵاوی کـردوونەتەوە. بە ئاسانی شێوازی ناوازەی دەناسـریتەوە. بە خێرایی خوێنەرانه منداڵان و نەوجەوانان و پیرانی سەرسامکـرد. هـەر خۆشی وێنەی روونکردنەوەی بۆ پەرتووکەکانی کێشاون. ئەمانە ناوی هەندێک لە پەرتووکەکانێتی:
١ـ (بیـر لەوە دەکەمـەوە کە لە شـەقـامی مـولـبەریـدا بیـنـیم). زیـاتر لە (٣٠) خـانە و کـۆمپانیای چـاپ و بڵاوکردنەوە، رەتـیان کـردەوە کە ئەم پەرتـووکەی بـۆ چاپ بکەن.
بە دڵـتەنگی و بە خـێرایی بۆ ماڵەوە دەهـات، بـۆ ئەوەی دەستنووسەکەی بسووتێنێت.
بە رێکەوت هـاوڕێەکی دێرینی هـاوپـۆلێکی زانکۆی دارتمۆسی بیـنی کە کاربەدەستی چاپخانەی (ڤـانگار) بوو. لە ساڵی (١٩٣٧) دا، پەرتووکەکەیان بۆ چاپکرد و بڵاویان کـردەوە. ئـەم پەرتـووکە بۆ هـەمیـشەیی رووی وێـژەی منـداڵانی گـۆڕی.
٢ـ (پـشیلەی نـاو کـڵاوەکە): لە ساڵی (١٩٥٧) دا چاپکرا و بڵاوکرایەوە ئەم چیرۆکە کلاسیکـییە، بە بەکارهـێنانی (٢٢٠) وشە لە وشەکانی خوێنـدنەوەی نـوێ نووسـیوە، ئەم پەرتووکەی ئەڵتەرناتیڤی پەرتـووکی خوێندنەوەی قـوتابخانەکانە بوو، کە منداڵان لـێیان بێـزار ببـوون. چـیرۆکەکە بـاس لـە دوو بـرا دەکـات، کە لـە رۆژێـکی بـاراناوی بێزاردەبـن. بڕیـاریان دا کە رێ بە پشیلەیەک بـدەن بێتە نـاو ماڵەکەیان. بێگومان ئەم پـشیلەیە ئاسایی نییە. بەڵکو پشیلەی ناو کڵاوە درێژە رەنگاوڕەنگەکەیە. پێدەچـێت بۆ هەر شوێنێک بچێت، ئاژاوە و کەتنی خۆشی بەدودابێت. ئەم چیرۆکە لە پڕفـرۆشترین پەرتـووکەکانی دکـتۆر سیوسە. لەلایەن رەخـنەگـرێکەوە بە کارێکی نایـاب باسی کرد. سەرکەوتنی پشیلەی ناو کڵاوەکە، پێگەی دکتۆر سیوسی لە وێژەی منداڵان باڵاتر کرد.
٣ـ (چـۆن گـرینـچ جەژنی کـریـسمسی دزی): گـرینـج پاڵەوانی سەرەکی چـیرۆکەکەیە. چـیرۆکـێکی کـلاسـیکی نەمـرە. چـیرۆکی گـرینـچ دەگـێڕێـتـەوە، کـە لەسـەر گـردێکـدا وەستاوە و رووی لە شارۆچکەی هـۆڤـیل کردووە. گرینج لە هـیچ شتێک ناپـێچـێتەوە
بۆ ئەوەی خۆشی جەژنی کریسمس لە خەڵکی هـۆڤـیل بدزێت. بەڵام لە کۆتاییدا مانای راستەقـینەی بەخـشـین فـێردەبێـت. ئەم چـیرۆکە یەکـسەر کراویە فـیلمی ئەنیمەیـشن.
٤ـ (هـۆرتـۆن هـێلکە هـەڵـدێنێت): هـۆرتـۆن ناوی فـیلەکەیە و پاڵەوانی چیرۆکەکەیە. فـێڵ لە فـیلەکە دەکرێـت و لەسەر هـێلکەی باڵـندەیەک دادەنیشێت. سەرەڕای هـەنـدێ گرفت هۆرتۆن لەسەر هێلکەکە هەڵناسێت. لە کۆتاییدا هێلکەکە هەڵدێنێت. باڵندەیەکی فـیـل و بـوونـەوەرێـکی دوڕەگ، کە سـیمای مـایـزی بـاڵـندە و فـیلی هـۆرتـۆنی هـەیە.
چـیرۆکێکی فانتازی ئەفـسانەییە.
٥ـ (ئەگەر مـن باخچـەی ئاژەڵان بەڕێـوە ببـەم ـ ١٩٥٠). ئـەم پەرتـووکە، ئـەو کورتە چیرۆکانەی لەخۆگرتووە کە دکتۆر سیوس لە گۆڤاری (ریدۆک) بڵاویانی کردوونەتەوە.
٦ـ هـۆرتـۆن گـوێی لە کێ دەبێـت ـ ١٩٥٥).
٧ـ (هـێلکەی سـەوز و گـۆشـتی بەراز). ئـەم چـیرۆکەی لە ئەنجـامی گـرەوێک لەسەر (٥٠) دۆلار نووسی. (بینێت سـێرف) هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای رانـدۆم هاوس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، رکەبەری دکتۆر سیوسی کرد، کە بتوانێت چیرۆکێک بنووسێت، لە (٥٠) وشە پـێکـبێـت. دکـتۆر سیوس ئـەو چـیرۆکەی نووسی و گـرەوەکەی بـردەوە.
٨ـ (یەک ماسی دوو ماسی، ماسی سوور، ماسی شـین ـ ١٩٦٠).
٩ـ (دزی چـیرۆکەکانی تـر ـ ١٩٦١).
١٠ـ (لـۆراکـس ـ ١٩٧١).
١١ـ (ییـرتـڵی کـیسەڵ). چـیرۆکە تەنـزێـکە لەسـەر ئەدۆڵـف هـیتـلەر.
١١ـ (شـەڕی کـەرە ـ ١٩٨٤) ئـەم پەرتـووکەی بۆ مـاوەی شەش مانـگ، لە لـیستی پـڕفـرۆشترین پەرتـووک بۆ منداڵان، لە پەرتـووکەکانی نیویـۆرک تایمز مایەوە. ئەم پەرتـووکە شـرۆڤـەیەکە لەسـەر پێـشبركـێی چـەک. بە تایـبەتیـش چـەکی ئەتـۆمی.
١٢ـ (ئەی ئەو شوێنانەی کە بـۆی دەچـیت ـ ١٩٩٠): ئـەم پەرتـووکە، دوا پەرتـووکی دکتۆر سیوسە، کە پێـش مـردنی چاپکـرا و بڵاوکرایەوە. هەنـدێک لە باشترین وتەکانی دکتۆر سیوسی لەخۆگرتووە. هـانی منداڵان دەدات، هەوڵـبدەن بۆ هـێنانەدیی تواناکانیان لە ژیـاندا. لە هەمان کاتـدا ئەو پەیـامە دەگەیەنێت، کە هەموو شتێک دەکرێ و ئەستەم نییە، ئەگەر هـەوڵی بۆ بـدەیـت. یەکـێک لە وتەکـانی دکـتۆر سیوس:”ئەمـڕۆ تـۆ تـۆی، ئەمـەش زیـاتر لە راسـتی راسـتـیترە، لە ژیـاندا کەسـێک نیـیە کە لە تـۆ باشـتربێـت”.
وتەیـەکی تـری:”مـێـشک لە سـەرت دایە، پێـیەکانـت لە پێڵاوەکـانت دان، دەتـوانیت بە هـەر ئاراستەیەکـدا، خـۆت ئاراسە بکەیـت کە هـەڵـیـبژێـریـت”.
پەرتووکەکانی بەزۆری لەلایەن کۆمپانیای (راندۆم هاوس) بۆ چاپکردن و بڵاوکردنەوە، چاپکـراون و بڵاوکـراونەتەوە.
دکتۆر سیوس بێجگە لە نووسینی پەرتووک بۆ منداڵان و کیشانی وێنەی روونکردنەوە و کاریکاتێـری. (١١) فـیلمی تایبەتی بـۆ تەلەفـزیـۆن و (٥) فـیلـمی درێـژی دەرهـێناوە. شانۆیەکی مـوزیکیش لەسەر شانۆی برودوای. (٤) زنجـیرەی تەلەفـزیـۆنی دەرهـێناوە. میـراتی راستەقـینەی دکـتۆر سیوس، کاریـگەرییە بەردەوامەکانـێتی لەسەر ئەنـدێـشەی منـداڵان لە هەمـوو شـوێنێکـدا. بـوو بە هـێمایەکی خۆشـەویـستی لەلای منـداڵان.
بۆچی چەنـد پەرتـووکێکی دکتۆر سیوس قەدەغـەکـران؟
رەنگە دکتۆر سیوس بەناوبانگـترین نووسەری پەرتـووکی منـداڵان بێـت، کە لە ژانیدا و لە دوای مـردنیشی، رەخـنەی تونـدی لـێگیرا. تا ئەمـڕۆش مشتومڕ لەسەر هـەنـدێک لە پەرتووکەکانی هـەیە. بە هـۆی کێشانی وێنەی رەگـەزپەرستی و هەست برینـدارکەرەوە. بۆ نموونە: لە یەکەم پەرتووکی (بـیر لەوە دەکەمەوە کە لە شەقـامی مولـبەریدا بینـیـم) وێـنەی دوو ئەفـریقی لە شێوەی مەیموونـدا کێشاون، وێنەی چاوەکانی خەڵکی ئاسیایی خواروخێچ کـێشاون. (دامەزراوەی دکـتۆر سیوس ئینـتەر پـرایـزز) کە ماف و مـۆڵەتی چاپکـردن و بـڵاوکـردنەوەی سەرجەم بەرهـەمەکانی دکـتۆر سیوسی هـەیە. رایگەیـانـد واز لە فـرۆشتـنی شەش لە پەرتـووکەکانی بهـێـنن. زانـای وێـژەی منـداڵان (فـلـیپ) لە بـارەی ئـەو مشتـومـڕانەوە، دەڵـێت:”ئەمـە دەبێـتە هـۆی ئـەوەی کە خەڵکی دووبـارە، هەڵسەنگانـدن بۆ میراتی دکتۆر سیوس بکەنەوە. پێمـوایە ئەوە شتێکی باشە. بەشێک لە میـراتەکەی هـەیە کە دەبێـت مـرۆڤ رێـزیان لێبگـرێت. بەشـێکـیشیان نابێـت مـرۆڤ رێـزیان لـێبگـرێـت”.
دکتۆر سیوس لە سوپای ئەمـریکادا:
دکتۆر سیوس لە جەنگی جیهانی دووەمدا، لە ساڵی (١٩٤٣) دا، بە پلەی کاپتن چـووە ریـزی سوپـای ئەمریکاوە. لە هـێزی ئاسمانی سوپادا، فەرمانـدەی بەشی ئەنـیمەیـشنی یەکەی فـیلمی جـۆڵاو بـوو لە هـۆلیـۆد. بۆ مـاوەی (٤) سـاڵ لە سوپـادا خـزمـەتی کـرد. چەند فیلمێکی پـڕوپاگەنـدەی بۆ سوپا دەرهـێنا. لەوانە (کارکردنت لە ئەڵمانیا ـ ١٩٤٥) فـیلمێکی پڕوپاگەندە بوو. دکتۆر سیوس کاتێک کە لە سوپاداببوو، لە ماوەی دوو ساڵدا (٤٠٠) سـەد کاریکاتـێری سـیاسی تەنـزئامـێزی کـێـشا. دوای جـەنگ دکـتۆر سـیوس و هـاوسـەرەکەی، روویـان لـە کـۆمـەڵگەی لاجـۆلا لـە شـاری سـان دێـیگـۆ لە ویـلایەتی کالـیفـۆرنیا کـرد. گەڕایەوە سـەر نـووسـین بـۆ منـداڵان. تا مـردنیان لـەم شارەدا ژیـان.
دکتۆر سیوسی سیاسەتـمەدار:
دکتۆر سیوس دیموکراتێکی لیبراڵی بوو. لە ماوەی ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستەمدا، زیـاتر سـەرنجی لەسـەر سـیاسـەت بـوو. لایـەنگـری سـەرۆک (فـرانکـلـیـن دی) بـوو. کاریکاتێرە سیاسییە سەرەتاییەکانی، دژایەتی سۆزداری لەگەك فاشیزمدا نیشان دەدەن. داواشی کرد، لە دژی فـاشیزم کاربکرێت. چەند پەرتووکێکیشی ناوەڕۆکێکی سیاسییان لەخۆگرتوون.
کۆچی دوایی: دکتۆر سیوس لە تەمەنی (٨٧) ساڵیدا لە رۆژی (٢٤/دێسەمبەر/١٩٩١)
لە ماڵەکەی خۆیدا لە کۆمەڵگەی جـوڵا لە سان دێیگـۆ، بە شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد. وادیارە لەسەر راسپاردەی خۆی، خۆڵەمێشی لاشەکەی لە زەریای هـێمندا بڵاوکرایەوە.
ئەو خەڵاتـانەی دکـتۆر سیوس بەدەستهـێـناون:
دکتۆر سیوس بە درێژایی ژیانی پیشەیی، چەندین خەڵاتی بەدەستهـێنا. دوای مردنیشی چەنـدین رێـزلـێنانێکیان لـێنا. بە کورتی باس ئـەو خـەڵات ورێـزلێـنانەی دەکەیـن.
١ـ لە ساڵی (١٩٨٤) دا، دکتۆر سیوس یەکەم نووسـەرە کە خەڵاتی (پـولـیتزەری) یان پێبەخـشی، لە پاداشتی بە شداریکـردنی بۆ مـاوەی نـزیکەی نیـو سەدە، لە فـێرکردن و پەروەردەکردنی منـداڵانی ئەمـریکا و خـۆشی بەخـشـین بە دایـکان و بـاوکـانیان.
٢ـ لە (١٩٤٧) دا، خەڵاتی ئـۆسکاری بەدەستهـێـنا. لە باشترین فـیلمی دیکـۆمێـنتاری بە ناوی (دیـزایـن بـۆ مـەرگ). کە لـێکـۆڵـینەوەیە لە کـولـتووری ژاپـۆنی.
٣ـ لە ساڵی (١٩٥٠) دا. خەڵاتئ ئـۆسکاری دووەمی بەدەستهـێـنا. لە کـورتە فـیلمی ئەنیـمەیـشن (جـیراڵـد مەکـبۆینگ).
٤ـ لە ساڵی (١٩٩٥) دا، پەرتـووکخـانەی زانکـۆی کالـیفـۆرنیـا، ناوکەیـان گـۆڕی بۆ پەرتووکخانەی ئۆدری و گەیزل (دکـۆر سیوس). وەک رێزلێنانێک بۆ دکتۆر سیوس و بۆ ژنی دووەمی. بە هـۆی خۆبەخشییان بۆ باشترکردنی زانستی خوێندنەوە و نووسین.
٥ـ لە ساڵی (٢٠٠٠) لە شاری سپرینگفیڵد لە ویلایەتی ماساشوستس. (باخچەی دکتۆر سیوس) وەک یادگاریـیەکی نیشــتمانی بۆ پەیکەرسازی کـرایەوە. پەیکەرەکانی دکـتۆر سـیوس و زۆر لە کارەکـتەرەکـانی، لـەم بـاخچـەیـەدا دانـراون. لە ساڵی (٢٠١٧) دا لەتەنیشت ئەم باخچەیەدا مۆزەخانەی جیهانی سەرسوڕێنەری دکتـۆر سیوس کرایەوە.
٦ـ لە ساڵی (٢٠٠٤) دا، رازگـرەکانی پەرتـووکخـانەکانی منـداڵان لە ئەمـریکا، خەڵاتی ساڵانـەی تیـۆدۆر سـیوس گەیـزل (دکـتۆر سـیـوس) یان دامـەزرانـد. بـۆ رێـزلـێـنان لە ناوازەتـریـن پەرتـووکی ئەمـریکی، بۆ خـوێنـدەوارانی سەرەتـایی، کە لە مـاوەی ساڵی پێشوودا، بە زمانی ئینگـلیزی لە ئەمریکا بڵاوکـرابێتەوە. دەبێـت (داهـێنەر و ئەنـدێشە فـراوانی نیشان بـدات. بۆ ئەوەی منداڵان بە خـوێندنەوەوە سەرقاڵ بکەن، لە منـداڵانی قـۆناغـی پێـش باخچـەی منـداڵانەوە تا پـۆلی دووی بنـەڕەتی).
٧ـ لە ساڵی (٢٠٠٨) دا، ناوی دکـتۆر سیوس خرایە لیستی بەنەوبانگەکانی لە هـۆڵی کالیفـۆرنیا.
٨ـ لە ساڵی (٢٠١٢) دا، چاڵێک لەسەر هەسارەی عەتاریـد، بە ناوی گەیـزل ەوە نـرا.
٩ـ لە ساڵی (٢٠١٢) دا، نـاوی کـۆلـێژی دارتـمـۆس، گـۆردرا بـۆ کـۆلـێژی پـزیـشکی (ئـۆدری و گەیـزل). وەک رێـزلێنانێک بۆ چەندین ساڵەی بەخـشندەییان بۆ کۆلـێژەکە.
١٠ـ وەک سینەماکارێکـیش، دکـتۆر سـیوس، ئەستێـرەیەکە لە بـلـۆکی (٦٥٠٠)، لە رێـڕەوی ناودارانی هـۆلیـۆد لە ئەمـریکا.
١١ـ رۆژی (٢/ ئادار)ی هەمـوو ساڵێک، کە هـاوکاتە لەگەڵ رۆژمانگی لەدایکبوونی دکـتۆر سـیوس، رۆژی نـیشــتمانی خـوێـنـدنەوەیـە، لە سـەرانـسەری ئەمـریکادا.
١٢ـ چەنـد زانکـۆیەکی ئەمـریکی، بـڕوانامەی دکـتۆرای رێـزلـێنان (فەخـری) یـان بە دکتۆر سـیوس پێبەخـشی.
١٣ـ بێجگە لەو خەڵاتانە، دکتۆر سیوس چەند خەڵات و رێزلێنانێکی کەی وەرگرتووە.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە چەنـدین سایتی ئینگـلیزی وەرگرتـووە.
رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٥