سڵاوێکی ڕەخنەگرانە لەکارزان عەزیز.. نوسینی جەمال کۆشش

نێولیبراڵیزمی ئابوری، کۆمەڵە سیاسەت و پلاتفۆرم و مۆدیلێکی ئابوری سەرامایەداریـیە کە ڕێگە تەخت دەکات لەبەردەم جوڵە و کەڵەکەی سەرمایە لە جیهانی ئەمڕۆدا. (موئەیەد ئەحمەد)

بازاڕی نیولیبرالیزم ئەو بازاڕەیە کە لە ڕێگای میدیا و ڕیکلامەوە بڕیار و پێداویستی مرۆڤ دەستنیشان دەکات. (ناجی ئەفراسیاو)

پەیوەندی پۆستمۆدێرن بە نێولیبرالیزمەوە لە نووسێنێکی کورتی کارزان عەزیزدەربارەی هەڵبژاردنی (ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا)ی بەختیار عەلی لە لیستی باشترین سەد کتێی سەدەی (٢١)داکە لە فەیسبوکی خۆیدا بڵاویکردەوە.
ناساندندنێکی زۆرکورتی ڕۆژنامەی (ئین زیت زتت وئین زیت ئەم سۆنتاگ)

یەک: پیشەسازی چاپەمەنی و کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوە و کتێبخانە گەورەکان، بۆ گەرمکردنی بازاڕیان و پڕفرۆشی کتێبەکان، کۆڕ و سمینارات و ۆرک شۆپی جیاوازجیاواز سازدەدەن، پێشنیاری لیستی کتێبی جۆراجۆر دەکەن، هەندێکیان لەوەرزی هاوینشدا کە بەگشتی دانیشتوانی ئەوروپا و بەتایبەت هاوڵاتیانی کاتی پشوویانە ئەم ناساندنانە ئەنجام دەدەن.

دوو: لە پێشوازی جەژنەکانی ئەورپا و سەری ساڵدا، کە بەشێک لە خەڵک نێوماڵەکانیان نوێدەکەنەوە و دەڕازێننەوە، یاقوت و گەوهەر و زیو بۆ خۆشەیستانیان دەکڕن، شەرابی نایاب و خواردنی بەلەزەت و ئاهەنگساز دەدات، پارە بۆ ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەبەخشن، داپیرە و باپیرەکان سوپرایەزەر بۆ نەوەکانیان دەکەن، بۆ خۆێنەرانیش وەک دیارییەکی دەگمەن و شایانی کاتبەخشین، لە پاشکۆی کلتوری ڕۆژنامەی (نویە زوریخ تساتونگ ئەم سۆنتاگ)، کە هاوکات (٤) پاشکۆی تریش کە تایبەت بوون بە مارکێتینگی ئەم بۆنانە، (ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا، بەزمانی ئەڵمانی بەختیار عەلی)، لە ڕیزبەندی (٨٠) هەشتاهەمیندا هاتووە.

سێ: مارتینە لۆیبەلی، سەرپەرشتیاری لاپەڕە کلتورییەکانی ئەم ڕۆژنامەیەیە، خۆی ڕۆمانوس و زمانناسێکی لێهاتووە، وە هەر خۆشی ناساندنێکی کورتی بۆڕۆمانەکە بەتایتڵی (جیهانێکی شیعری و واقعیاتێکی تاڵ) نوسیوە. (سەرجەم حەڤدە کتێبی ناساندووە، هەندیکیان زۆر بەکورتی و هەندێک درێژتر و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕەخنەگری ئەدەبی ئەڵمانی دێنس شێکی تێدایە، ڕۆماننوسی سوری خالد خەلیفە (٧٣) یەمین و (ڕامیتا نوایی) کچە فارسی ژورنالیستی بەتواناشی لە ڕیزی (٦٤)یەمینی تێدایە.

چوار:
ڕۆژنامەی (دی تسایت)ی ئەڵمانی کە هەمان ڕەهەندی فکری و ڕۆشنبیری و ئاستی کواڵیتی هەیە، ژمارەیەکی تایبەتی بۆ باشترین سەت (١٠٠) کتێبی ساڵی (٢٠٢٤)ی بڵاوکردۆتەوە، لە لیستەکەی ئەمانیشدا چەند ناوێکی کەم هاتووە کە مارتینە لۆیبەلی دیاریکردوون.

پێنچ: کاتی خۆی کە بەختیار عەلی بۆ ناساندنی ڕۆمانەکەی کۆڕەکانی لە سویسرا دەبەست، شەش دانەم کڕی، (٥) دانەی بەئیمزای خۆیەوە بۆ کەسانێک بەدیاری سەری ساڵ پێشکەشم کردن (لەوانە ڕۆماننوس و ڕۆژنامەنوسی ئین زیت زیت ئەلیزابیز هاینزمان) بۆیە ئەمە دەنوسم، دەمەوێت ئەوە ڕوونبکەمەوە، بەلای منیشەوە، ڕۆمانەکە دیارییەکی جوانە و شایانی ئەوەیە کاتی پێببەخشی. بەختیار عەلی ناوی لە لیستی نوسەرە نێودارە جیهانیەکانە. نامەوێت ڕێژەیی بکەمەوە و لە بایەخی ڕۆمانەکە کەم بکەمەوە.

شەش: ئەوەی بەلای منەوە زۆر گرنگە لێرەوە دەستپێدەکات، ئەوە چ ڕۆژنامە و لیژنە و نوسەرێکە ئەو پێگەیە دەدەن بەبەرهەم و بە نوسین و بەکەسایەتی ئەم بەڕێزانە؟ ڕاست نیـیە ئیدی، کورد هەر شاخەکان پەنای نیە؟ داوەتی نێچیر و مەسرور بازرانی بۆ کۆشکی (ئـێـلـیـزێ)ی پاریس و کۆڕبەندی جیهانی داڤۆس و مەزڵوم عەبدی و ئەحلام بۆ مەراسیمی دەستبەکاربوونی ترامپ، ئیدی نوێنەری کوردەکان، لە کۆنگرە و بۆنە نێونەتەوەییەکاندا نوێنەرانی نەتەوە چەوساوەکان نین. نوسەرە هەڵکەوتوەکانیشی وەک هی سیاسیەکانی، ناتوانن لەلایەن هەموو دەزگا کلتورییەکانی ئەوروپاوە ئەو پێگەیەیان بەشایستە بزانن.
کارزان هیچ بەلایەوە گرنگ نیـیە کام دەزگایەیە لیستەکەی ئامادەکردووە؟ ئایا ( بۆ نمونە دامەزراوەی ڕۆزالۆکسمبورگە، یان کۆمپیانیای میدیاکانی ئین زیت زیتە).

حەوت: ڕۆژنامەی نویە زوریخ تساتونگ، پێشتر ڕۆژنامەی بۆرژوا لیبراڵەکان بوو. زمانحاڵی خاوەن بانکەکان، خاوەن کارتێل و کۆمپانیا نێونەتەوەییەکان و لیبراڵە کۆنەزەرڤاتیڤەکانیشی گونجاند لەخۆیدا. ڕۆژنامەی بازاڕی ئازاد و گەشەی سەرمایەیە، دژی نەقابەکریکارییەکان و بیری سۆشیالیستی و مارکسیستیـیە، لەگەڵ کەمترین سۆشیال و بیمە کۆمەڵایەتیـیەکانە. لەسەد ساڵی ڕابردوودا، گرنگترین و بەتواناترین پرۆڤیسۆرەکانی لەهەموو بوارەکاندا کۆکردەوە بۆ هەژمونی عەقڵی بۆرژازی و پێرۆزکردنی بەهای مالکیەت، ئینفدڤجوالیتەت (تاکگەرایی). (ئین زیت زیت) خوڵقێنەری ئایدیۆلۆژیا و پەرەپێدەری سیاسەتی نێولیبراڵیزمە “سیاسەتێکی ڕادیکاڵی لێبراڵیزەکانی بازاڕ” (ستیفان لیسنیج. ڤۆتز، سێپتمبەری٢٠٢٣)، لە پەیوەند بە پشتیوانی دارایی دەوڵەت بۆ کۆمپانیاکان لەسەردەمی کۆرۆنادا کاسپەر سریوبەر دەنوسێت (تەنانەت ئۆرگانێکی سەرەکی نیولیبرالیزمی وەک ئین زیت زیت داوای کۆمەکی کردووە، ڤۆتز ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠).

هەشت: وتارێکی زۆر بەپێز و کورت لەلایەن (نینا شنایدەر و سیمۆن یاکۆبی) هەشت نمونە کە چۆن ئین زیت زیت، هەڵوێستی دژە چەپی و دژە هەمەڕەنگی و مەیلی بەرەو ڕاست و ڕاستی توندڕە و لە سایتی توریسی لە ٢٤ ئۆکتۆبەر ٢٠٢٤، کە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پاشکۆکەدا دوو هەفتەیان بەینە، بڵاوکردۆتەوە. سێ نمونەیان لە وتاری جۆراجۆرە کە چۆن دژایەتی چەپگەرایی و زمانی چەپگەرایی دەکات، دواتر دێتە سەر سەرنوسەر (ئیرک گاییەر) کە ئەو بەشەی تایبەت بە ئەڵمانیایە (بەشێکی تایبەت بەئەڵمانیا هەیە بەناوی -سەرنجێکی تر) کە وتارەکانی خۆی تیا بڵاودەکاتەوە، بەرەو ڕاستێک و تەنانەت تائاستی ڕاستێکی توندڕەو بەرگری لە (حزبی ئالتەرناتیفی ئەڵمانیا دەکات) و چەمکی (ڕیئیمیگرەیشن) کە چەمکێکی ڕاسیستیە بەکاردەهێنێ و دەنوسێ (ڕیئیمیگرەیشن؟ بەڵێ بەڵام بە دروستی: وایە هەر کەس کۆچبەرێکی ناقانونی دیپۆرت نەکاتەوە، خۆی لەناو دەبات). نینا و سیمۆنیش دەنوسن {ڕاستەکان و ڕاستە توندڕەوکان چەمکی ڕیئیمیگرەیشنیان لە بۆچونی گشتیدا هێنایە ناوەوە، ئەمەش مانای دیپۆرتکردنەوەیە، بەڵام ئین زیت زیت، زیاتر لەوەش، داوای جێبەجێکردنەکەی دەکات}. پاشان نمونەی ووتارێکی مارکوس بیرنوتە لە ئین زیت زیت کە پشتیوانی پۆست فاشیستێکی وەک جۆرج مۆلینی، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا دەکات بۆ جێگیرکردنی پەنابەران لە کەمپێکی ئەلبانیا، بەڵام لەلایەن دادگایەکی ئیتالیاوە بە نایاسایی هەڵسەنگێندرا و بڕیارەکە هەڵوەشایەوە. وە نمونەی ووتارێکی میخایل ڕوش، بەرپرسی بەشی دارایی ڕۆژنامەکە، کەستاتستیکێکی لەسەر ڕێژەی کۆچکردوان و ئەڵمانیـیەکان بڵاوکردبۆوە، لەسەر ئەم بنچینەیەش هەرایەکی گەورەی نایەوە و هاشتاگی وەک (ئەڵمانە ئەسڵەکان، ئەڵمانە سروشتیەکان) دروستکرا وە لەلایەن سەرنوسەرەوە پشتیوانی کرا. (ئەڵمانەکان پێویستە فێرببن نەتەوەی خۆیان خۆش بوێت)، ( خوێندنەوەی ئین زیت زیت لەلایەن کادرانێکی ناوەڕاستی ئاڵتەرناتیڤ ئەڵمانیاوە وەک خۆپەروەردەکرنێکی پێویستی لێهاتووە/سۆنتاگ بلیک).

نۆ: نۆیە زوریخ تساتونگ ئەم سۆنتاگ، لەساڵی (٢٠٠٢)ەوە بڵاودەبێتەوە، تیمێکی (٥٠) کەسی بەڕێوەیدەبەن، لە نۆڤەمبەری (٢٠٢٣) سەرنوسەر (بیات بەلزلی) جێگای (یۆناس پرۆگەر)ی گرتەوە. ئەم هەنگاوەش لە نێو هەمان پلانی نزیکبونەوەیە لە دیزانە سیاسی و ئایدیۆلۆژی و دەستکەوتە ماددیەکان. (میدیاکان باسیان لە جیاوازی ستراتیژی کرد و تەنانەت چەند ژورنالیتسە کۆنەکانی خۆیانیش بە شەپۆلی پاکتاوکردنی باڵیکیان شوبهاند. ئیس ئیف ئار و ئین دی ئار). بەڵام خۆیان وایان بڵاوکردەوە بۆ نزیکردنەوەی هەردوو ڕۆژنامەکەیە لەیەکتر و بەهێزکردنی یەکترە. کاسپەر سوربەر ڕۆژنامەنوس لە هەفتەنامەی (ڤۆتز) لەگەڵ (ئین ئار دێ) تایبەت بەو مژارە ووتی: لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەکە لەلایەن خاوەن پشک و سەرمایەدارەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێت، کۆنەپارێزان گوشاریان زۆر بوو). هەرچەند ئەم چەند دێرە ناپەرژێتە ئەوەی کە (بییات بلیزیلە) بناسێنیت، بەڵام چەند ڕستە و دەستەواژەیەکی نزیکمان دەکاتەوە لە ڕادەی نەفرەت و بێزاری لە چەپ و دەوڵەتی کۆمەڵایەتی.
ماوەی چەند ساڵێکە خانوو بۆ کرێ هەم زۆر گران بووە و هەم دەستناکەوێت، لە شاری (زوریخ) (١٠٠) خێزان بەزۆر چۆڵکردن کراون لەلایەن کۆمپانیایەکەوە، حزبی سۆسیال دیموکرات پشتیوانیان دەکات، ئەو لە (ئینزیت زیت) دەنوسێت (چەپەکان قوڕگی سەرمایەداری ڕادەوەشێنن، تا بازاڕ دەکوژن و لەناویدەبەن. نین زیت زیت ١٧.١٢.)، (سنودارکردنی کرێ، وەربەهێنەرەکان ڕاودەنێت). هەر لەو ژمارەیەی کە پاشکۆ کلتورییەکەی تیا بڵاوکراوەتەوە، سەروتارێکی نوسیوە بەناوی (ئەگەر بازاڕی کار، ئازاد نەبێت، هیچی دی قیمەتی نیـیە)، کە لە کۆپی دجیتاڵیەکەی بەسەر دێری (هێرش بۆ سەر مۆدیلی نایابی خۆشگوزەرانی سویسری)، کەتێدا دەنوسێت (بەشێکی بنچینەیی لە فۆرمە نایابەکەی خۆشگوزەرانی ئێستای سویسرا، دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕی کاری ئازاد.) ئەمانە و گەلێک دەستەواژەی وەک (دەوڵەتی کۆمەڵایەتی ناودەنێت دەوڵەتی چەور).

کلتوری پۆستمۆدێرنە شیوازە بەرگریکارەکەی سیاسەتی نیولێبرالیزمە.
دە: دەنگدانەوەی هەواڵەکە لە نیو باشترین سەت کتێب دا لە پاشکۆی کلتوری ڕۆژنامەیەکی وادا لە نێوڕاگەیاندنی کوردیدا گەورە و کاریگەر بوو. بەدڵنیاییەوە موبالەغەیەکی تیا هەیە، شاگەشکە بونێکی سادەی لایەنگرانێکی بەختیار عەلی تیا هەیە، ئەمانە مافی ئاسایی خۆیانە، ئەوەی گرفتەکەیە، هێزی ڕاکێشانی دەنگدانەوەکەیە کە پەیڕەوی بەختیار عەلی دەبێتە تەنها دەنگی مۆنۆپۆلی
ئاراستەکراو کە بەردەم تێڕوانینی ڕەخنەگرانە زۆر ئەستەم دەکات و ڕیکلامی ئەم ڕەوت و میدیایە ڕاستەوخۆ بۆ نێو بازاڕی ڕۆشنبیری کوردی دەگوازرێتەوە.
یازدە: ئەوەی زۆرتر غەمباری کردم، دانانی کاریگەری دەنگدانەوەکەیە لەسەر ڕۆشنبیرە سۆشیالیستەکان، کە بەناچاری بۆئەوەی ڕەخنەکەم هەندێک ڕۆشنتربگەیەنم، دەبوا لانی کەم بونیادی هێڵی گشتی ڕۆژنامەکەم بگەیاندایە. یەکێک لەو ڕۆشنبیرانە (کارزان عەزیز)ە. ڕۆشەنبیرانی تریش هەن کە لەسەر بازنەی چەپ حساب بن و شاگەشکەی ئەم دەستکەوتە بوون، بەڵام (کارزان عەزیز) تاک و تایبەتە، کە نووسینەیەکەیم خوێندەوە، شۆکێک لێیدام و لە دڵی خۆمدا ووتم، ئەبێت (سڵاوێکی ڕەخنە گرانەی) لێبکەم.
کارزان دەنوسێت (بۆچی دڵخۆشم بەم دەستکەوتەی بەختیار عەلی؟ هەستی چێژی دەق خۆی لە ئاستێکی نەتەوەیی و زمانەوانیی گەورەدا، بەناو جەستەمدا هاتووچۆی کرد. لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، کورد لە دوو ئاستی جیهانییدا ناسراوە؛ یەک، وەک قوربانیی تراژیدیا و داگیرکارییەکان و دووش وەک بەرگریکارێک لە ئازادیی و سەربەخۆیی بەتایبەت لەدوای ڕاپەڕینی باشوور، ئەزموونی کوردان لە تورکیا و خۆبەڕێوبەریی لە سوریا و هەروەها شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ڕۆژهەڵات).
هەر چەند هەق نیـیە (ئەزمونی ڕاپەڕینی باشور بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی) کە کارزان وەک شوناسی بەرگریکار و سەربەخۆیی کورد دەیناسێنێ بێ قسە بهێڵین، لە بنەڕەتیشدا بینینی یەک هێڵی و چونیەکی ئەم ڕوداوە جیاوازە مێژووییانە پێکهاتەی سیستەمە فکرییەکەن، کە میتۆدەکەی دەخاتە بەردەم پرسیاری بێوەڵامەوە، بەڵام بەهۆکاری کەمی کات، ناپەرژێمە سەر وردترکردنەوەی.
لە زۆرێک لە نوسینەکانی کارزاندا، ڕەگە و دەمارێکی باریکی پۆستمۆدێرنە بەدی دەکەین، بەڵام لەم نوسینەییەدا هەرچەند پێدەچێت بەپەلەپەل نوسێبێتی، ڕێک هێڵکارییەکی پۆستمۆدێرانانەی بەسۆزێکی قوڵی ناسیونالیستی کێشاوە. پێشتر تێبینییەکمدا، کارزان شوناسی نوسەر و ڕۆژنامەکەی بەلاوە گرنگ نەبووە، ئەو چاتر، چونکە ئەوەی کارزان ویستویەتی لەمەڕ (شوناسی کلتوری کورد) دەریببڕێت، ڕونترین گوزارەیە کە هەلەکەی بۆ چەمک و بۆچوونەکانی لەکیس نەداوە.
کارزان لە چەند دێری دواتر دا دەنوسێت: لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک نووسەران و بەرهەمە کوردییە کلتورییە ئاستبەرزەکان سنوورە کلتورییەکانی ئێمە دەبڕن، لە ئاستێکی دیکەشدا دەستکاری شوناسی نەتەوەیی ئێمە دەکەن. بمانەوێت یان نا، هەر شوناسێک جەبر و داخرانێکی مەترسیداریشە).
بابەتی شوناسی کلتوری کورد، یان بڵێم سیاسەتی شوناسی کلتوری کورد لەلای کارزان کە ئەم ڕۆمانە، ڕوویەکی تر کە زمان و ئەدەب و کلتورێکی باڵا بە کۆمەڵگای (سەنتەر) نیشان دەدات و (بۆ ئەوەی ئەوانی دی بتوانن بێنە ژوورەوە و دەربارەی بوونی ئێمە و بەرهەمەکانمان شتانێکمان پێبڵێن کە خۆمان نایانبینین و هەستیان پێناکەین. کوردیش وەکو قوربانییەکی، بەڵام پاش-کۆڵۆنیاڵیزم وەک نەریت و ڕێبازێک بۆ فکر و ئەدەبیات کە بریتییە لە بانگهێشت و ڕۆڵی پەراوێز و کەمینە و بێدەنگکراوان بەتایبەت لە دەستکاریکردن و تێکشکانی سەنتەر و چەقەکاندا. ئەم زیندوێتییە هێندەی پەیوەندیی بە بوون و ئامادەیی ئێمەوە وەک پەراوێزەکان هەیە لەناو ئەوانیدیدا هێندە پەیوەندیی بە سەنتەرەکانەوە نییە لەناو ئێمەدا).
ڕانانی سیاسەتی شوناسی کلتوری و پێناسەی لەسەر بنچینەی نەتەوە، ڕەگەز، ڕەنگی پێست، جنس، پەراوێز، کەمایەتیەکان،..هتد کەوا پێشکەش بکرێت لە دژی کەپیتالیزم و چەوسانەوەیە بەبێ دەرخستنی ماکی چینایەتی کۆمەڵگای سەرمایەداریی و خەباتی چینایەتی، شاردنەوەی واقعیاتە و ئایدیا و جەوهەری پۆستمۆدێرنیزمە. ((گۆرانیبێژ بۆیانچە دەچڕێت، من لە گەڵ ئەوەدام، بلگەیتێکی ڕەشپێست بم، مارکەی وەرزشی (نایک) کە لە بازاڕ بەوردی دەکۆڵێتەوە بە کەمپینێکی ڕیکلام ڕوو بە خەڵکانی پەراوێزخراو و کەمایەتیـیەکان سەرنجی کڕیارانی ڕاکێشاوە. مۆدیڵی بەرێوەبەرایەتی نیتفلیکس نەک هەر لەسەر بینەرانی لیبراڵە، بەڵکە زۆر ئامانجدارانە و لێهاتوانە بەشوێن سەرنجی کەمایەتیـیەکانەوەیە. بەپێی لێکدانەوەکان، مارکێتنیگ لەسەرکلتوری (هەمە ڕەنگی، جیاوازی، داڤیرستی) تەنها لە ئەمەریکا زۆرتر لە (٨) ملیارد دۆلار بووە، بەڵام کاتێک هامپتۆن زۆر بەڕوونی وتاریدا{ئێمە لەدژی سەرمایەی سپی شەڕناکەین بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی ڕەش، ئامانجمان سۆشیالیزمە، بۆرژوازی ئەمەریکی تەواو لە مەسەجەکە حاڵی بوو، بۆیە لەشیرین خەودا و لەسەر جێگاکەی کوشتیان. ڕەخنەی مارکسیستی لە پۆستمۆدیرنیزم ٢٠٢٠ یۆنا تێکستۆر).

دوازدە: جین فرانسوا لێۆتارد، کتێبێکی بەناوی (زانیاری پۆستمۆدێرنە، کۆتایی گێرانەوە گەورەکە) بیریار و باوکی پۆستمۆدێرنە مەبەستی سەرەکی کۆتایی هاتنی ڕۆڵی پرۆلیتاریایە لە مێژوودا، کۆتایی خەباتی چینایەتیـیە. ژاک دریدا و مێشیل فۆکۆ و دلوز وچەندانی تر هەریەکەیان یان لەلایەکەوە یان بەیەکەوە برەو پێدەری لایەنە جیاواز و ئاڵۆزەکانی دامەزراندنی ئەم دیدگای شوناسە کلتورییە بوون. (دێریدا لەم بارەیەوە بە چەندین بەرهەم بەشداریکردووە لە وردەکارییەکانی ئەم تێزەدا ….
دۆڵۆز لەم بارەیەوە ئایدیا و چەمکێکی گرنگی دەخاتەڕوو کە بریتییە لە ئامادەیی ئەدەبی کەمینە لەناو ئەدەبی جیهانیدا بۆ “لە قەڵەمڕەو خستن”ی ئەوی دی باڵادەست، سەنتەر و زاڵ. هەمان سەرچاوەی ف.ب، کارزان). نزیک دەبینەوە لە پۆست ئایدیۆلۆژیا و کە ماوەیەکە بەدەردی تێری ئیگلتۆن دەڵێت (دەڵێی بۆنی دەمە، هەر کەس بەوی دێ دەڵێت و هیچ کەس هەست بەهی خۆی ناکات). ئەم خاڵیکردنەوەی فکر لە ئایدیۆلۆژیا، مەبەست مارکسیەتە. وە لە هیچ کەس شاراوە نیـیە، بەختیار عەلی، مارکسیەت بە ئایدیا و بۆچونێکی تۆتالیتاری دەناسێنیت و ئەمەش تازە نیـیە. کتێبە بەناوبانگەکەی فۆکۆیامە (کۆتایی مێژوو)، سەرکەوتنی لیبرالیزم و بازاڕی ئازاد بەسەر (سۆشیالیزم)دا.سێکوچکەکە دامەزرا. سڕینەوەی خەباتی چینایەتی و ڕۆڵی پرۆلیتاریا وەک هێزێکی چینایەتی جیهانی وردکردنەوەی شوناسەکان بۆ کەمایەتیـیە کلتورییەکان و ناشرینکردن مارکسیەت وەک تێۆری تۆتالیتاری و سەرکەوتنی بازاڕی ئازاد بۆ هەتا هەتایە.

سێزدە: (لەگەڵ سەرەتای پێشکەوتنەکانی نێولیبرالیزم هەمان کات پۆستمۆدێرنە لە سەرانسەری دونیا گەشەی دەکرد، ڕۆبیرتۆ فلۆری، پرۆفیسۆری زانستە سیاسیەکان، گۆڤاری پۆلی لۆگ ژمارە ٩). وڵاتانی ئەمەریکای لاتین بەتایبەت بەدوای کودەتای ڕاستەوخۆی ئەمەریکا و جێگیرکردنی ئۆگۆستۆ پێنۆشیت (١٩٧٥) لە چیلی سەرەتای پێکداچوونی و هاوبەشی گەشەی ئەم دوو تەوژمە بوون. لە کوردستانیش ئەم پرۆسەیە بەتایبەت بەدوای کۆتایی شەڕی ناوخۆ (١٩٩٨) و جێگیربونی ڕێژەیی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، (٢٠٠٣) نێولیبرالێزمی سەرمایەداری ئەو سیاسەت و پلاتفۆرمانەی بۆ کەڵەکە و جوڵەی سەرمایەی پێویست بوو، پەیڕەوکرد، لە هەموو بوارەکانی بەرهەمهێنان و کەرەستەخاوەکان و بازرگانی و بازاڕ و تەندروستی و پەروەردە و سیاسەتی مالی. وە لەبواری ڕۆشنبیریشدا برەودان بە فۆکۆ و دۆلوز و بۆردیار. (فەلسەفەی پۆستمۆدێرن خودێتی تائاستی مەبدەئی موتڵەق بەرز دەکاتەوە، لێرەوە دەگات بەوەی بیرکردنەوە بەشێوەکی گشتی بەرتەسک و بەشیە، بۆیە توانای ئەوەی نیـیە بگات بە حەقیقەتێکی بابەتی. ڕەفزکردنەوەی حەقیقەتی بابەتی لە کۆتاییدا دەتگەیەنێت بە ڕیسواکردنی هەموو زانیاری مرۆڤایەتی بۆ ئاستی ئیمان و خورافە، یانی گەڕانەوەمان بۆ زەلکاوی (مستنقع) دین/ . بەرگری لە مارکسیزم دانیال مورالی و حمید علی زادە). پەرەگرتنی خورافە و ئیمان وبیروباوەڕی ئایینی بەشێکن لە شوناسی فرەکلتوری پۆستمۆدێرنیزم و بەشێکن لە ڕووکاری بەرگری سەرمایەداری نێولیبرالێزم.




دەستکەوتەکانی کابینەکەی بارزانی!.. ئیبراهیم ڕەمزى

لە ناوەڕاستی 2019ـەوە مەسرور بارزانی بووە سەرۆکی کابیەنی نۆیەمی هەرێم و باڵاترین دەسەڵاتی ئەم هەرێمەی ئێمەی وەرگرت، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە، ئەوەندەی بەڵێنی گەورە گەورە دا، ئەوکات خەریک بوو بڕوام دەکرد کە هەر بەڕاست ئەم کەسە دەتوانێت دوای چەندین ساڵ لە نەهامەتی، ئاهێک بە بەری خەڵکدا بهێنێتەوە و هەر هیچ نەبێت کێشەی مووچەمان بۆ چارەسەر بکات. جا با بزانین وابوو؟ هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی، مەسرور بارزانی و شەریکەکەی لێبڕینی موچەیان داهێنا و لە ساڵی 2020دا چوار موچە بە لێبڕین دابەشکرا و حەوت موچەش هەر دابەش نەکرا، وتمان دەی قەینا کۆرۆنا هەبووە و بۆ ساڵی ئایندە چارەسەری دەکات، ئەی چی بوو؟ لە ساڵی 2021شدا لێبڕین هەر بەردەوام بوو، تێیدا شەش موچە بە لێبڕین دابەش کرا، ساڵی 2023ـش کە دوای چەندین ساڵ کێشە و ململانێ لەگەڵ بەغدا، دووبارە هاتنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، تەبعەن ئەوەش بە زەختی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە قوفڵی نەوتەکەی لە هەرێم گرتەوە، ئەی چی بوو؟ سێ موچەی کۆتایی ساڵەکە، واتە مانگەکانی 10 و 11 و 12 خۆمان خۆش! لە 2024ـش، سەرەڕای ئەوەی بەغدا پارەی 12 موچەی بە زیادەوە ناردووە، کەچی حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی مەسرور بارزانی بووەتە حکومەتی هەربێنە و داوای پارەی دیکە دەکات. وا بڕوات موچەی مانگی 12ش ئەبێت فاتیحایەکی بۆ بخوێنین! ئێستا کە موچەخۆران دەستیان لەسەر دڵیانە و نازانن ئاخۆ موچەی مانگی 12 دابەش دەکرێت یان نا، جەنابی مەسرور بارزانی لە پشووی سەری ساڵی خۆی بەردەوامە و لە ئیماراتە! وەک ئەوەی نە بای دیبێت نە باران! کێشەشی نییە، خەڵک پارەی پێ نییە، موچەی نییە، ئیش و کار و کاسبی نییە، کارەبا نییە و ئاو نییە، جاڕ بە جەهەننەم گرنگ ئەوەیە جەنابی ئەزبەنی لە سەفرە و سیاحەتی خۆیەتی، منداڵی خەڵکی خوێندنی فەوتاوە قەیچێکە، گرنگ ئەوەیە کوڕەکەی جەنابی سەرۆک خۆی لە بەریتانیا بە پارەی ئەم میللەتە خەریکی خوێندنە و شەهادەی گەورە گەورە لەسەر حسابی میللەت بەدەست دەهێنێت. بێینەوە سەر باسی دەستکەوتەکانی جەنابی ئەزبەنی، لە کابینەی نۆدا دەستکەوتێکی دیکە زیادکردنی باج بوو لە هاوڵاتیان، رێگاکانی وەرگرتنی باجەکان و رێژەکەیشی زیادی کرد، بە شێوەیەک حکومەتی کاربەڕێکەر لە کابینەی نۆ بە 450 رێگا باجی لە کاسبکار و هاوڵاتییان وەردەگرت و رێژەکەیشی %621 زیادی کرد، بەپێی ئامارەکانیش، داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023دا نزیکەی چوار ترلیۆن و 200 ملیار دینار بووە! کوا پارەکە؟ کەس نازانێت.
لە باجی دەرامەت حکومەتی کاربەڕێکەر رێژەکەی بەرزکردووەتەوە کە لەنێوان 3% بۆ 15%یە، هاوکات بەرێژەی %15یش باج لە کۆمپانیاکان وەردەگیرێت و هەرچی باجی خانوبەرەشە کابینەی نۆ رێژەکەی بەرزکردووەتەوە بۆ 10%، بە شێوەیەک موڵکانە و سەرقوفڵانە کە پێشتر 250 هەزار دینار وەردەگیرا بەڵام ئێستا زیادی کردوە بۆ 800 هەزار دینار تا ملیۆنێک و 500 هەزار دینار. هاوکات، حکومەتی کاربەڕێکەر لەباتی هەرزانکردنی نرخ و ئاسانکاری بۆ بازرگانان، باجی لەسەر ماددە خۆراکیەکانیش بە رێژەی %13 زیادکردووە، بەچەندین جۆریش باج لە کاسبکاران وەردەگرێت وەک باجی فلێکس خۆڵ و خاشاک. جگە لەمانەش سەرباری خراپی گوزەرانی خەڵک و نەبوونی موچە، حکومەتی کاربەڕێکەر بە رێژەی %5 باجی لەسەر ئەو موچە خۆرانە زیادکردووە کە موچەکانیان لە سەروو ملیۆنێک دینارەوەیە، داهاتی ئەو باجەش هاوشێوەی داهاتەکانی تری ناوخۆ کەس نازانێت چی لێدەکرێت و بۆ کوێ دەچێت. با واز لە باج بهێنین و بێینە سەر دەستکەوتەکانی دیکەی، کارەبا؟ رۆژانە 5 بۆ 6 کاتژمێر هەیە خوا نەیبڕێت (لەوەتەی من بیرم دێت بانگەشەی کارەبای 24 کاتژمێری دەکەن)، رێگاوبان و خزمەتگوزاری؟ رۆژ نییە بەهۆی خراپی و سەقەتی رێگاکانەوە رووداوێکی هاتوچۆ روونەدات و کەسێک نەمرێت یان بریندار نەبێت، نەخۆشخانەکان؟

دەچیتە هەر نەخۆشخانەیەکی حکومیی یان دەرمانی تێدا نییە، یان لە بێخزمەتگوزاریدا ناچارت دەکەن بچیتە نەخۆشخانە ئەهلییەکان، کە ئەوانیش هەر هی جەنابی سەرۆک وەزیران و برا و ئامۆزا و خزمەکانیەتی، پەروەردە؟ چەندین ساڵە هەموو مانگێک لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە بایکۆت دەکرێت و خوێندنی کوڕ و کچی ئەم خەڵکە هەژارە دەفەوتێت، ئەزبەنی گوێی خۆی لێ کەڕ کردووە، بۆچی؟ کوڕ و کچەکانی خۆی و خزم و دارودەستەکەی یان لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن، یان لە خوێندنگە و زانکۆ تایبەتەکانن کە هەر خۆیان خاوەندارێتی دەکەن. سەرۆکی حکومەتە کاربەڕێکەرەکە لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا بەڵێنی گەورە گەورەی بە گەنجان دا، بزانین دەستکەوتی کابینەکەی بۆ گەنجان چی بووە؟ لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی 50 هەزار خوێندکار زانکۆ و پەیمانگاکان تەواو دەکەن، بەڵام بەهۆی بێ بەرنامەیی و پشتکردنی لە گەنجان و دانەمەزراندنەوە تاوەکو ئێستا 700 هەزار دەرچوی دانەمەزراو لەهەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و بێ کار ماونەتەوە و بەشێکیشیان بە ناچاری کۆچییان کردووە، بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتیش، رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لەناو گەنجان روو لە زیادبوونە و لە ئێستادا گەیشتوەتە 24%!!!!!! قەیناکە، گەنج با هەر بێکار بێت! گرنگ ئەوەیە (عودەی!) خوێندنی لە بەریتانیا تەواو کردووە و ئێستا ئامادەیە بۆ ئەوەی ئەزبەنی بیهێنێتەوە بۆ هەرێم، تا هاوشێوەی خۆی، قوڕ بکات بەسەری خەڵکی داماودا! پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، خەڵکی هەرێم تا کەی ئەمە قبوڵ دەکەن؟ زوڵم لە ئەستووریدا دەپسێت! سەددام و دارودەستەکەی کە لەوکاتەدا سوپاکەی لە ریزی سوپاکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتە گەورەکان بوو خۆی لەبەر توڕەیی گەل نەگرت، ئێستا ئەمانە خۆیانی لەبەر دەگرن؟ عومر باقی بێت ئەوەش دەبینین!




لەگەڵ ئەوەیشا.. شیعری نەوزاد بەندی

هەرچەندە گەڕانەوەکەم ،
بێ مانا بوو ..
لەگەڵ ئەوەیشا دڵخۆشم ..

٭ ٭ ٭

کە خەم لە هەر چوار لاوە بێ ،
ناچارم به پەردەی خەیاڵ
خۆم داپۆشم ..

٭ ٭ ٭

هەموو زیانێ ،
تامێکی تایبەتی هەیە ،
تامی لە دەستدانی
ئەو دەسکەوتانەی
کە توند توند
دەست و قاچیان شەتەک دابووی ..

٭ ٭ ٭

هەموو قازانجێ ،
چاڵێکە ،
قوتت ئەدا ،
تۆ لەو ڕاوە بێ ئاگا بووی

٭ ٭ ٭

مردن ، ئەو گوریسە زبره ئەپچڕێنێ ،
کە بە دنیاوەی بەستووین و ..
فێری کۆیلایەتیی کردووین ..

٭ ٭ ٭

ژیان ، قولاپێکە ،
ئەچەقێ لە گەروومان ،
لێنابێتەوە تا گیاندان ..
کاتێ مردووین ..

٭ ٭ ٭

گەڕامەوە ..
تۆ هێشتا لەوێ وەستا بووی ..
ئەتویست بزانیت دێمەوە ..
کاتێ هاتمەوە ،
تۆ ڕۆیشتیت ..

٭ ٭ ٭

من هاتبووم ،
پارچەکانم کۆکەمەوە ..
بەڵام تۆ لێم تێنەگەیشتیت ..

٭ ٭ ٭

ئێستا نازانم دانیشم
یان بڕۆم بەڕێی خۆمەوە ؟
هەرچەن بەو نیازە هاتم ، دانیشم ..
نەڕۆمەوە ..

٭ ٭ ٭

لەگەڵ ئەوەیشا ، دڵشادم ..
وەک کرێکارێکی ماندوو ،
پێخەفێ ختوکەی بدا ..
خەوێ چاوی گەرم بکا ..
دوور لە چرا و
لە مۆمەوە ..