ئیرەیی و گومانڕەشیی داهێنەران.. سەباح ئیسماعیل

پاش ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە، موزیكژەنی ناوداری نەمسایی مۆزارتی مەزن دەرمانخوارد كراوە و ئەوی ژارخواردی كردووە موزیكژەنی ئیتاڵی سالێریی هاوەڵی بووە، ئەوە بۆ پووشكینی باوكی ئەدەبی ڕووسی (1799-1837ز) بووە هەوێنی نووسینی شانۆنامەیەك بە ناوی “مۆزارت و سالێری”.
دواتر، لەسەر بنەمای ئەو شانۆنامەیە میلۆش فۆرمان فیلمی ناوداری “ئەمادیۆس”ی بەرهەم هێنا. لە بەشی یەكەمی شانۆنامەكەی پووشكیندا سالێری بە ناڕەزایییەكی توندەوە دژ بە دادپەروەریی خودایی قسان دەكات، “چما بۆچی ئەمێك تا ڕادەی مردن ئاشقی موزیك بێت و لە منداڵییەوە ژیانی لە پێناو موزیكدا تەرخان كردبێت، كەچی ئەم بەهرەیە بۆ كەسێكی سادەی شێت دەڕوات”.
ئەودەمی مۆزارت گەیشتە ڤیەننا، جوزێفی دووەمی ئیمپراتۆر سالێریی وەكو موزیكژەنی كۆشك هەڵبژارد. سالێری وای لێهات زۆری ڕێز لێ دەگیرا، بە تایبەت لای ئەندامانی چینی ناوەند.
مۆزارتی بەهرەدار چەشنی فریشتە دابەزییە سەر زەوی، دەتگوت ئاوازەكانی لە بەهەشتەوە هێناون. هێندەی نەبرد سالێری لە ترسی توانای گەورە و لە ئاوەزبەدەری مۆزارت تاڵاوی دەردەئیرەیی و بەدگومانی ناخی دەكرۆژی و هەلاهەلای دەكات. دەكەوێتە دژایەتی كردنی مۆزارت، تاڕادەی ژارخواردكردنی.
ژینگەیەک نییە خاڵی بێت لە ئیرەیی و گومڕەشی. خەڵک زوو هەستی بە مەترسیی ئیرەیی کردووە، بۆیە بۆ خۆپاراستن لە هێزی ئیرەییبەران لە پێش دەرگەکانی ماڵەوە کووژەکەی شین و چاوەزار و ناڵیان کوتیوە. زۆرن ئەوانەی وا هەستدەکەن گەر ددان بە داهێنەریی کەسێکی دیدا بنێن، ئەوا خۆیان دەسڕنەوە، یاخود لە بەهای خۆیان کەمدەکەنەوە. هەڵبەت مێژووی نووسەر و ڕووناكبیران گەلێك شێوازی ململانێی نێوان گەورەكانی بۆ تۆمار كردووین گومانڕەشی (غیرە) جووڵاندوونی. بە شێوەیەك هیچ بارانێك نەیتوانیوە شوێنپێكانی لە ناو دڵ و ئاوەزی مرۆڤەكاندا بسڕێتەوە. “هەر هێندەی ئەم گومڕەشییە ئەدەبییە ڕەوایە بگۆڕێت بۆ دۆخێک لە ڕقی کەسێنی، ئەوا دەبێتە سەرچاوەی نەخۆشیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئاڵۆز، داهێنان و ژیانی کۆمەڵایەتییش دەشێوێنێت”.

ئیرەیی لای نووسەرانی بیانی
فڕانسیس بەیکۆن (١٥٦١-١٦٢٦)ی فەیلەسووف و بیرمەند و سیاسەتمەداری گەورەی بریتانی کەسایەتییەکی بە ناوبانگ و دەوڵەمەند بوو، پۆستی گەورەی چنییەوە، دادوەری گشتیی شاژن، نوێنەری گشتی، لە دواییشدا لەسەر کورسیی سەرۆکی دادوەران دانیشت. گەلێک جار دوودڵ بوو لەوەی کامیان کاریگەرە، سیاسەت بە هەموو سوودەکانیەوە، یاخود فەلسەفە بە گشت سەرئێشەکانیەوە: “وامدەزانی من بۆ ئەوە لەدایکبووم تاکو خزمەتی مرۆڤایەتی بکەم.. بۆیە لە خۆم دەپرسی: چۆن بتوانم سوود بە مرۆڤایەتی بگەیەنم، بینیم بە سروشتی خۆم ئامادەبوونی تایبەتم هەیە بۆ ڕامان لە ڕاستی”.. بەڵام لە سۆنگەی ئەو ڕەوشەی دوای مردنی باوکی ساڵی ١٥٧٩ پێیدا تێپەڕی، بڕیار دەدات کار لە سیاسەت بکات، بۆیە بە ناچاری کۆلێژەکەی جێدەهێڵێت بۆ قبووڵکردنی پۆستی دیپلۆماتکار لە باڵیۆزخانەی ئینگلیز لە پاریس. هەڵبەت سیاسەت جگە لە نەیار و سەرئێشە هیچی پێ نەبەخشی، یەکێک لەو سەرئێشانە بووە هۆی لەسێدارەدانی نزیکترین هاوڕێی “ئەلئیرڵ ئیسکس”، کە تۆمەتی ناپاکیی گەورەیان دایەپاڵ، شاژن ئەلیزابێس بەیکۆنی بۆ پۆستی دادیاری گشتی هەڵبژارد، ئەویش بەڵگەکانی ناپاکیی هاوڕێکەی پێشکەش کرد، ئەمە وای لە بەیکۆن کرد هەست بە ئازاری ویژدان و شەرمەزاری بکات، دەنووسێت: “حەز و ئومێدم لەو هەتاوە دەچوو لە میانەیەوە پیسی و گڵاوی تێدەپەڕن، کەچی ئینجاش وەکو پێشوو هەر بە بێگەردی دەمێنێتەوە”.
لێ کارەکان بە دڵی ئەو نەڕۆیشتن، نەیاران و ئیرەییبەران چاوەڕێی دەرفەتێکیان بوو بیکەوێنن “لە ئاهەنگێکدا بە بۆنەی گەیشتنە تەمەنی شەست ساڵییەوە گێڕای لەودەمی پێکی “شەرەفی هاووڵاتیی پاشا و گەشبەختترینیانی هەڵدەدا” دەستەیەک سەرباز گەیشتنە کۆشکەکەی فەرمانی دەستگیرکردنی ئەویان پێبوو بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن.. ئەوەبوو خرایە زیندانی تاوەری لەندەنەوە و هەموو ئەو نامەی سکاڵایانەی بۆ شا جەیمسی نارد بۆ لێخۆشبوونی بێسوود بوون، ئەوەبوو دادوەران بڕیارێکیان دەرکرد بە سزای پارە بە بڕی چل هەزار جونەی، بۆ ئەوەی ماوەی زیندانییەکەی تەواو ببێت، ئەویش بڕیار دەدات گۆشەگیر بێت و لە گوندێکی دیکەدا ساڵانی ژیانی دەباتەسەر بە خۆتەرخانکردن بۆ خۆشەویستەکەی (فەلسەفە)، ئەوی سیاسەت و گەمەکانی لێیان دزی..
ڤۆڵتێر دەڵێت، بەیکۆن دەیتوانی لەسەر کێلی گۆڕەکەی بنووسێت “با بیروبۆچوونەکانم لە بنیاتنانی جیهانێکی نوێی پڕ لە ڕووناکیدا ببنە بەردی بناغە”.
هاشم ساڵ لە وتارێکیدا بە ناوی “وردە ململانێی نێوان کەڵە نووسەرانی ئەدەب و هزر” باسی ڕقی شۆپنهاوەر دەڕۆست یەکێک لە مەزنترین فەیلەسووفانی مێژوو دەکات، هیگڵی ئەرستۆی سەدەی نوێ، هەردووکیان بلیمەتن، بەڵام شۆپنهاوەر پێچەوانەی هیگڵ درەنگ دەرکەوت:
“بڕوانن شۆپنهاوەر چی بە هیگڵ دەڵێت، شتێک سەر سپی دەکات، جوێنی بێ وێنەی ناشرین، هۆکارەکەی ئەوەیە هیگڵ زۆر ناودار بوو، سەدان خوێندکاری بۆ وانەکانی ڕادەکێشا، لەکاتێکدا شۆپنهاوەر گومناو بوو، تەنیا چوار پێنج خوێندکاری هەبوو، بێگومان هەردووکیان لە یەک زانکۆ و لە یەک سەعاتدا وانەیان دەگوتەوە! بەرلین. ئیدی شێتگیر دەبێت و لە ئاست هیگڵدا ئیرەیی دەمارەکانی دەکوڵێنێت، تابڵێی دژمانی ناشرینی پێدەدات، وەک: “ئەم کەسە هیچوپووچەی ناوی هیگڵە! ئەم دەجاڵە بێ ڕۆحە، قێزەونە، بێزراوە، نەزانە، ئایا شایانی ئەم هەموو بایەخەیە؟ فەلسەفەکەی بریتییە لە هەڵخەڵەتاندنێکی گەورە، یاخود درۆیەکی زل، بریتییە لە دەمپانکردنەوەیەکی گۆکردنی بەتاڵ، بریتییە لە قسەی قۆڕ، یاخود سەفسەتە، ئەو فەلسەفەیەی گەمژەترینە لە مێژوودا. جگە لە شێتخانە و نەخۆشخانە دەروونییەکان، قسەی بەتاڵی وەک قسەی ئەم پیاوە جادووگەرە نابیننەوە… هتد”.
تۆرگنێڤ (١٨١٨ـ١٨٨٣ز) کاتێک ڕق لە دۆستۆیڤسکی (١٨٢١ـ١٨٨١ز) هەڵدەگرێت، دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک ناشرین و وێرانی بکات بە شێوەیەک باسی گرفتە دەروونییەکانی دەکات، هەڵبەت کەسانێک هەبوون بەردەوام گەرمیان دەکرد. دیارە قسە بە ناوبانگەکەی فرۆیدی بیرچووبووەوە، یاخود بایی ئەوەندە نەژیا بیبیسێت: ڕەنگە لە دۆستۆیڤسکیدا هەموو گرێ و گرفتەکانی زەوی ببینینەوە. بەڵام لە بەرامبەر دۆستۆیڤسکیی نووسەری بلیمەتدا، ناتوانیت هیچ بکەیت، تەنیا ئەوە نەبێت: بێیتە سەر چۆک و سەردانەوێنیت.
لەسۆنگەی هەمیشە لاسەنگبوونی تەرازووەکە و “لە سایەی کێشمەکێش لەسەر ناوەندی ڕووناکی و هەڵپەکردن بۆ دەستکەوت، ئەم ململانێ ئاشکرا و شاراوەیە هەڵدەچێت، هەندێک ڕۆشنبیری ئیرەییبەری لە پشتەوەیە، لەوانەی گەلێک بانگەشەی برایەتی و ئایدیاڵییان دەکرد و هێندەی نەبرد پەردە لەسەر ڕوویان هەڵدرایەوە و خۆشەویستان گۆڕان بۆ نەیار و دوژمنان”.
هەندێک جار کارەکە ئەرێنی دەبێت و بە نووسین وەڵامی یەکدی دەدەنەوە و وەکو دەڵێن شەڕی ئەدەبیی دەکەن، بەڵام گەر تەشەنە بە لایەنە نەرێنییەکەی بدرێت ئەوا کارەساتێک دەخوڵقێنن، بۆ ناشرینکردن و تۆمەتبارکردنی یەکتر تۆمەتی دزیی ئەدەبی دەدەنە پاڵ یەکدی و قەبارە و بەهای کارە ئەدەبییەکانیان کەم دەکەنەوە و تۆمەتی ناشرین بۆ یەکدی هەڵدەبەستن. ئەمە ئەودەم دروستدەبێت، ئەویدی ڕووناکیی زیاتری دەخرێتە سەر و بەرهەمەکانی وەردەگێڕرێن و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا پتر ئامادەیی دەبێت و خەڵات دەکرێت و ڕێزی لێ دەنرێت…
فرۆید ئەمە ناودەنێت “گرێی ئۆدیب”، ئەمین زاویی ڕۆماننووسی جەزائیری واوەتر دەڕوات و ناوی دەنێت “گرێی قابیل”، دەڵێت: “ئەوانە نەخۆشی دەسەڵاتی وەهمین، یاخود وەهمی دەسەڵاتن، ئەمەش وایان لێدەکات بیر لە (کوشتنی برا)ی ڕەمزی ئەدەبی بکەنەوە بۆ ئەوەی تەنیا خۆیان وەهمی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێت، ئەوانە لە خوێنمژانی ئەدەب دەچن”.
هۆراس دالبول جوانی بۆچووە دەڵێت: ئیرەییبردن جۆرێکە لە ددانپێدانان بە سەرکەوتنی ئەوانی دی. ئەرستۆش دەڵێت: کەسی ئیرەییبەر خۆی دەخواتەوە وەک چۆن ژەنگ ئاسن دەخوات.
چارڵز دیکنز (١٨١٢ـ١٨٧٠)ی ڕۆماننووس بە مەزنترین ڕۆماننووسی ئینگلیز لە سەردەمی ڤیکتۆریدا دادەنرێت. تاکو ئەمڕۆش ڕۆمانەکانی خوێنەری زۆریان هەیە، ناودارترین کارەکانی، ڕۆمانی “ئۆلیڤەر تویست”، “چیرۆکی دوو شار”، “دەیڤد کۆپەرفێڵد”، “کاتە سەختەکان” و “ئاواتە گەورەکان”ن. ڕۆمانەکانی ڕەنگدانەوەی دۆخی خراپی منداڵیی خۆی بوون. لە زۆربەی کارەکانیدا بانگەشەی پێویستبوونی چاکسازیی کۆمەڵایەتی و پشتگیریی ئەو دەزگە خێرخوازی و تەندروستییانەی دەکرد چاویان لە هەژارانە. بۆیە قەڵەمە ڕەوانەکەی بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لەو خراپەکاری و ڕەوشە نادادپەروەرانەیەی دەوریان داوە تەرخانکرد.
لە هەمان ڕۆژگاردا ولیەم تاکری (١٨١١ـ١٨٦٣)ی ڕۆماننووس و ڕۆژنامەنووسی ناودار دەژیا. شارلۆت برۆنتی ڕۆمانی “جەین ئایەر”ی پێشکەش بەو کردووە، چونکە ئەو بە یەکەمین نوێگەری کۆمەڵایەتی دادەنێت.
ماوەیەکی زۆر نەیاری چارڵز دیکنز بوو. لە نێوانیاندا بڵێسەی ئیرەیی بەرچاو گڕێ گرت. دیکنز خۆی بە ناودارتر و کاریگەرتر دادەنا، کەچی تاکری بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە کارەکانی دەڕوانی و ئەوانی خۆی بە قووڵتر دادەنا. ئیرەیی لە نێوانیاندا گەیشتە ڕادەیەک لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانەوە ڕووبەڕووی یەکدی دەبوونەوە و هەر یەکێکیان ڕەخنەی توندی لە کارەکانی ئەوی دی دەگرت.
هەڵبەت ئەوی لە نێوان ئۆسکار وایەڵد (١٨٥٤ـ١٩٠٠)ی نووسەری ڕۆمانی ناوداری “وێنەی دۆریان گرەی” و لویس کارۆڵ (١٨٣٢ـ١٨٩٨)ی خودان ڕۆمانی “ئەلیس لە وڵاتی سەیر و سەمەراندا” و زانا لە بواری ماتماتیک و جەبر ڕووی دا لەوانی پێشوو کەمتر نەبوو. وایەڵدی ناسراو بە گاڵتەجاڕی و زیرەکییەکەی گاڵتەی بە شێوازی کارۆڵ دەکرد و تەنها بە نووسەری منداڵانی دادەنا. بێگومان کارۆڵ بە ئاشکرا وەڵامی ڕەخنەکانی وایەڵدی نەدەدایەوەن بەڵام دەڕۆست ئۆسکار وایەڵد و ناوبانگی بەرفرەوانی هەستی بە شڵەژان دەکرد.
ماری شیلی (١٧٩٧ـ١٨٥١)ی هاوسەری پێرسی بیش شیلیی شاعیر، ئەو ئافرەتە داهێنەرەی ساڵی ١٨١٨ کەسایەتیی فرانکشتاینی داهێنا. خانەوادەی شیلی لۆرد بایرۆنیان لە سەر ڕۆخی دەریاچەی لیمان لە سویسرا ناسی، ئیدی لە نێوانیاندا دۆستایەتی و لێکتێگەیشتن و گەنگەشەی ئەدەبی و فەلسەفی دروست بوون.
لۆرد بایرۆن (١٧٨٨ـ١٨٢٤)ی پێشەنگی شیعری ڕۆمانسی، شیعرەکانی هەندێک جار توند و بڕێک جاریش وەک پەڕەی گوڵ ناسک. وێڕای ئەو دۆستایەتییە بەرچاوە، بەڵام ئیرەیی لێنەدەگەڕا پێوەندییەکەیان شڵەژانی تێدا نەبێت و ئارام ببێتەوە. ماری شیلی هەستی بە هەندێک گومانڕەشی و ئیرەیی دەکرد لە ئاست ناودارییەکەی بایرۆن و جەماوەری بوونەکەی، بە تایبەت ئەمیش دەکۆشا ناوی لە کایەی ئەدەبدا دەربکەوێت.

ڤێرجینیا ووڵف (١٨٨٢ـ١٩٤١)ی نووسەری ڕۆمانی “خاتوو داڵاوای” و “ئۆرلاندۆ” و “شەپۆلەکان”، تا مرد ئیرەیی بە نووسەرێکی مەزنی وەک جەیمس جۆیس دەبرد و بە نووسەرێكی خراپی دادەنا. مایەی سەیربوو ڤێرجینیا ووڵف ڕایەکی جیاوازی لەسەر جەیمس جۆیس هەبوو، ڕۆمانی (یۆلیسیس)ی وا وەسف کرد کە “کتێبی نەخوێندەوارە، نزمە، پیاوێکی خەمبار نووسیویەتی، خۆپەرست، چیڕەدرێژ، وشک و مایەی دڵتێکچوونە”.

نووسەری پیرۆیی ماریۆ بارگاس یۆسا كاتێك گوتی، بەدگومانی ئاوەز دەشێوێنێت و ڕێگەی بیركردنەوەی ژیرانە نادات، باش دەیزانی ئیرەیی نووسەران كاریگەرتر و بە ئازارترە لە ئیرەیی كەسانی سادە. ئیرەیی توانای ئەوەی هەیە هەموو شتەكان تێكوپێك بدات، گڕیان تێ بەردات و بوونیان بسڕێتەوە. دوورنییە بگاتە ڕادەی خۆكوشتن. وەكو ئەوەی لە نێوان دوو ڕۆماننووسی هەرە مەزنی ژاپۆن، یۆكیۆ میشیما و كاواباتادا ڕووی دا. ئەو دوو نووسەرە بۆ پتر لە نیوسەدە نامەیان گۆڕییەوە، نامەكان پڕ بوون لە ڕێز و خۆشەویستی، تاكو كاواباتا خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت، ئیدی كێچ كەوتە كەوڵی میشیماوە، بەرگەی ئەو سەركەوتنە گەورەیەی هاوڕێكەی نەگرت. دەمودەست پێوەندییەكەیان ڕووی لە خراپی كرد. میشیما بەهۆی ئیرەیییەوە نەیتوانی پیرۆزبایی لە مامۆستاكەی بكات. ئەوەبوو خۆی كوشت. هەر دوای دوو ساڵ لە خۆكوشتنی میشیما، كاواباتاش خۆی كوشت. چون كاردانەوەی هاوەڵەكەی بێت.
نموونەیەكی بەرچاوی تەواو پێچەوانەی ئەم هەڵوێستە، كاتێك ئەلبێر كامۆ (١٩١٣ـ١٩٦٠) ساڵی 1960 خەڵاتی نۆبڵی پێ دەبەخشرێت، کامۆ دەچێت بۆ یۆنان بۆ لای هاوسەری ڕۆماننووسی گەورە نیكۆس كازانتزاكی (1883ـ1957)، پێیدەڵێت: ئەم خەڵاتە شایانی كازانتزاكی بوو نەك من.

ئیرەیی لای نووسەر و هونەرمەندانی عەرەب
من یوسفم بابە

(شیعری: مەحموود دەروێش/ و: ئازاد بەرزنجی)
من یوسفم بابە
براکانم منیان خۆش ناوێ بابە
نایانەوێ لەگەڵیان بم بابە
دەسدرێژیم ئەکەنە سەر و
بەردباران و جنێوبارانم ئەکەن و
ئەیانەوێ بمرم تا مەدح و سەنام کەن
دەرگای ماڵەکەی تۆیان لەسەر داخستم
لە مەزراکە دەریان کردم
ڕەزەکەیان ژاراوی کردم.. بابە
یارییەکانیان وردوخاش کردم.. بابە
کە نەسیمێ هەڵیکرد و یاریی بە قژم کرد
ئیرەییان پێ بردم و لە منیش و لە تۆش تووڕە بوون
بابە من چیم کردووە لەوان؟
پەپوولەکان خۆیان لەسەر شانم نیشتنەوە
گوڵەگەنمەکان خۆیان بۆم چەمانەوە
باڵندەکان خۆیان لەسەر لەپی دەستم هەڵنیشتن
ئیتر من چیم کردووە بابە؟
بۆچی من؟
تۆ ناوت نام یوسف
براکانم فڕێیاندامە بنی بیرەکەوە و
گورگیشیان بەو کارە تاوانبار کرد
گورگ لە براکانم بەڕەحمترە.. بابە
ئاخۆ من غەدرم لە کەس کرد کاتێ وتم:
“یانزە هەسارەم بینی
لەگەڵ خۆر و مانگدا
بینیمن سوجدەیان بۆ ئەبردم؟”
ئەم شیعرەی مەحموود دەروێش بەسەرهاتێکمان دەهێنێتەوە یاد، کۆن هێندەی کۆنیی بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی؛ بەسەرهاتی یوسفی کوڕی یەعقووب پێغەمبەر، کە چۆن لەبەرئەوەی خوا جوانی و شۆخیی پێ بەخشیبوو و خۆشەویست بوو، ئیرەیی براکانی دەگاتە ڕادەیەک، پیلان دژی بگێڕن و بیر لەوە بکەنەوە چۆن لە ناوی ببەن.
ئینگلیز دەڵێت: هیچ بەدگومانییەك لە بەدگومانیی ئافرەت توندتر نییە، مەگەر بەدگومانیی نووسەران لە یەكدی. مێژوو ناوی زۆری لەم بارەیەوە بۆ تۆمار كردووین، وەك ئیرەیی و ناكۆكیی نێوان مەعەڕی و شەریف ڕەزی، موتەنەبی و ئەبو فیراس ئەلحەمدانی، جەریر و فەرەزدەق، لە مێژووی نوێشدا نێوان ئەحمەد شەوقی و حافز ئیبراهیم، زەهاوی و ڕەسافی، جەواهیری و بەیاتی.
یاقووتی حەمەوی (١١٧٨ـ١٢٢٩ز) لە کتێبی (معجم البلدان)دا چیرۆکی تۆڵەسەندنەوەی ئەلزەمەخشەری (١٠٧٥ـ١١٤٣ز) لە ئەلمەیدانی (….ـ ١١٢٤ز)ی نەیساپووری دەگێڕێتەوە، دوای ئەوەی کتێبەکەی (مجمع الامثال) بینی، ئیرەیی بە باشیی کتێبەکەدا هات. کاتێک ئەلزەمەخشەری کتێبەکە دەبینێت، خامە دەگرێتە دەستەوە و بە مەبەستی بێبەهاکردن و شێواندن پیتەکانی ناوی ئەلمەیدانی زیاد دەکات، پیتی (ن) دەخاتە سەر ناوی ئەلمەیدانی و دەیکاتە (ئەلنەمیدانی)، بە فارسی واتا “ئەوی هیچ نازانێت”. ئەمیش بە ناچاری دەستدەداتە خامە و هەمان پیت دەخاتە سەر ناوەکەی ئەلزەمەخشەری و دەیکاتە (ئەلزەنەخشەری) هەر بە فارسی واتا: “ژنەکەیی کڕیوە”.
سەیفولدەولە ئەلحەمدانی (٩١٦ـ٩٦٧ز) دوای سەرنەکەوتنی هەوڵەکانی لە دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەتی عەباسی لە بەغدا لە سەرەتاکانی ساڵی ٩٤٠ی زایندا ئەمارەتێکی لە حەڵەب دامەزراند. گەلێک شاعیر و مێژوونووس و نووسەری لە دەوروبەری خۆی کۆکردنەوە، لە گرینگترین ئەو شاعیرانە ئەلموتەنەبی (٩١٥ـ٩٦٥ز) و ئەبو فیراس ئەلحەمدانی (٩٣٢ـ٩٦٨ز) و ئیبن نەباتە و فەیلەسووفی گەورە ئەلفارابی (٨٧٠ـ٩٥٠) بوون. ئەلموتەنەبی نۆ ساڵ لە ژێر سایەی سەیفەولدەولەدا مایەوە، بوونی ئەلموتەنەبی وایکرد ناوی دەیان شاعیر و نووسەر بشارێتەوە و ناویان نەبێت.
سەیفولدەولە بەخششی زۆری بە شاعیران دەدا، چونکە شاعیرانی دەربار ئەرکیان پیاهەڵدان بوو لە شیعرەکانیاندا، لە ڕێگەی ئەمانەوە دەسەڵاتی سەیفولدەولە لە سەرتاپای جیهانی ئیسلامیدا تەشەنەی کرد. هەڵبەت تەنیا شاعیران لە کۆشک نەبوون، بەڵکو زانایانی لێکۆڵینەوەی ئاینی، مێژوو، فەلسەفە و فەلەکناسیش هەبوون. ئەمە وایکرد ئەلموتەنەبی لە کۆشکدا لە هەمووان پتر جێگەی ئیرەیی بێت، لەبەر فرەزانایی و ئەو پێگە تایبەتەی لای سەیفولدەولە هەیبوو. لەوەدەکات ئەلموتەنەبی ئەم دێڕەی بۆ سەیفولدەولە نووسیبێت، دەڵێت:
ازل حسد الحاسدين عني بكبتهم
فانت الذي صيرتهم لي حسدا
زۆربەی زۆری نەیارانی ئەلموتەنەبی لە عەجەمەکان بوون، لە پێشی پێشیانەوە ئیبن خالەوەی هەمەدانی (…ـ٩٨٠) بوو، ئەوی لەسەر چامەیەک گفتوگۆی لەگەڵ ئەلموتەنەبیدا کرد، ئەلموتەنەبی پێیگوت: بەڵات لێ دا، تۆ عەجەمیت، چیت لە عەرەبی داوە!
ئیبن خالەوەی لە فەقیانەکەیدا کلیلێکی ئاسنی دەرهێنا و کێشای بە دەموچاوی ئەلموتەنەبیدا و دەموچاوی بریندار کرد. هەروەها یەکێک لە نەیارەکانی تری ئەلموتەنەبی ئەبو فیراس ئەلحەمدانیی ئامۆزای سەیفولدەولە بوو، بەدڵی نەبوو ئەو هەموو بەخششەی تەنیا بە ئەلموتەنەبیی شاعیر دەدا.
لە کۆتاییدا ئیرەییبەران توانییان پێگەی شاعیر لەق بکەن و لای سەیفولدەولە زمانی لێ بدەن و بۆی تێبگووشن، ئەوەبوو پێوەندیی نێوانیان تێکچوو و بۆ میسر سەری هەڵگرت. دواتر ئەلموتەنەبی لە میسر دەرچوو و ڕووی لە مەغریب کرد، فاتمییەکان دەسەڵاتداری ئەوێ بوون، لەوێش زۆر نەمایەوە، دوای ئەوەی شاعیر ئیبن هانیئ (٩٣٨ـ٩٧٣ز) پیلانێکی بۆ دانا، ئەوەبوو وڵاتی فارس دوامین وڵات بوو پێی نایە سەر، پێش کوژرانی بەدەست فاتیک ئەلئەسەدی بەر لەوەی بگاتە بەغدا. ئەمەش لەسۆنگەی ئەوەی چامەیەکی داشۆرینی لەسەر کوڕخوشکی فاتیک نووسیبوو.
لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەدا ئەلموتەنەبی ویستی ڕابکات، کوڕەکەی پێیگوت: “ئەوە هەڵدێیت! تۆیەک وتووتە: (والخيل والليل والبيداء تعرفني … والسيف والرمح والقرطاس والقلم). ئیدی ئەلموتەنەبی بڕیاری دا ڕانەکات، بە کوڕەکەی گوت: (تۆ بەمە منت کوشت). ئەوەبوو وێڕای ئەلموتەنەبی کوڕەکەی و غولامەکەشی کوژران.
بێگومان لە سەردەمی نوێشدا نموونە زۆرن، بۆ نموونە ئەو ئیرەیی و ناكۆكییەی نێوان هەردوو شاعیری ناوداری عێراق جەمیل سدقی زەهاوی (١٨٦٣ـ١٩٣٦) و مەعرووف ڕەسافی (١٨٧٥ـ١٩٤٥) گەیشتبووە ڕادەیەك هەر یەكەیان داوای ئەمارەتی شیعریی بۆ خۆی دەكرد و داوایان لە شاعیران دەكرد لە ڕۆژنامەكاندا پەیمانیان بدەنێ، متمانەیان پێ ببەخشن و بە میری شاعیرانی خۆیانیان بزانن، كار بەوە گەیشت تەنانەت شا فەیسەڵ داوەتی كردن، تاكو ئاشتیان بكاتەوە، كەچی لەوێ خراپتر تێكیان دا.
مەی زیادە (١٨٨٦ـ١٩٤١)ی ژنەنووسەری لبنانی، كە بە هۆی زیرەكییەكەیەوە نۆ زمانی دەزانی، بووبووە بزوێنەری ئیرەیی لای گەلێك نووسەری ناوداری سەردەمەكەی، وەك: خەلیل مەتران، تەها حوسێن، حافز ئیبراهیم، عەباس مەحمود ئەلعەقاد، ئەحمەد شەوقی، مازنی، ڕەیحانی و هی تریش.
ئەلتاهیر وەتار (١٩٣٦ـ٢٠١٠)ی سەركردەی بێ ڕكابەری ڕۆمانی جەزائیریی نووسراو بە زمانی عەرەبی، ئیرەیی و بەدگومانیی بەرابەر ڕەشید بوچەدرە (١٩٤١)ی ڕۆماننووس كەم نەبوو. ڕەشید بوچەدرەش هەمبەر كەمال داودی ڕۆماننووس هەمان هەست ختووكەی دەدا.
“لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەلتاهیر وەتار تووڕە بوو و هاوسەنگیی سایکۆلۆجیی خۆی لەدەست دا، ئەو گەورەترین نووسەری جەزائیرییە لەو قۆناغەدا بە زمانی عەرەبی دەینووسی، کاتێک بیستی ڕەشید بوچەدرەی ڕۆماننووس یەکەمین ڕۆمانی خۆی بە زمانی عەرەبی بڵاوکردەوە، ڕۆمانی (هەڵوەشانەوە) ١٩٨٢، لەکاتێکدا لە جیهاندا بەوە ناسراوە بە فڕەنسی دەنووسێت، ئەمەی بەسەردا هات، لەترسی ئەوەی نەکو ناوی ئەلتاهیر وەتار لە بەردەم ئامادەبوونی ناوێکی ئەدەبیی درەوشاوە و گەشاوەی وەک ڕەشید بوچەدرەدا بکەوێتە سێبەرەوە.
ئەلتاهیر وەتار لە بۆڵەبۆڵ نەدەوەستا لە هاتنەناوەوەی بوچەدرە لە نووسین بە عەرەبی، لە بەردەم ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایانی زانکۆ و ڕۆشنبیراندا ئەمەی نەدەشاردەوە، دەستەواژە بە ناوبانگەکەی دووپات دەکردەوە: با لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە (مەبەستی بوچەدرە بوو) لە ڕۆمان بە زمانی فڕەنسی، با لە ڕۆماننووسین بە عەرەبی لەکۆڵمان ببێتەوە و وازمان لێبهێنێت، لە ئەنجامی ئەمەدا جەنگ لە نێوان ئەو دوو ڕۆماننووسەدا هەڵگیرسا و پێوەندیی نێوانیان بڕا، تاکو مردنی ئەلتاهیر وەتار ساڵی ٢٠١٠”.
ئەمە ئەو گرێی قابیلەیە زاوی باسی دەکات. هەڵبەت لەم نێوەدا سوودوەرگری یەکەم ڕێژیمە سیاسییەکە بوو. چونکە سوود لەو جەنگانە دەبینێت و هانیان دەدات بۆ پەرەپێدانی ئەو گرێیە، گرێی یەکدی کوشتنی براکان، ئاگرەکە خۆشتر دەکات. چونکە بەمە هۆزی خوێنەران بەشبەش دەکات و هەوڵدەدات بەو هەڵسوکەوتە پەراوێزخراوانەوە مژووڵیان بکات و بۆ ماوەیەکیش بێت داخوازییە ڕەواکانیان هەمبەر سەرکوت و کەمتەرخەمیی ڕێژیمەکە بیر بچێتەوە.
سەلامە مووسا (١٨٨٧ـ١٩٥٨)ی گەورە نووسەری میسری “بە درێژایی ژیانی ئاواتی ئەوەی دەخواست سەد ساڵ بژی، چەشنی کۆتایی جاحز بمرێت و دەوروبەری هەموو کتێب بێت، هیچ نووسەرێکی عەرەب وەک ئەو هێزی کاریگەری و هەمەڕەنگیی لە نووسیندا تێدا کۆنەبووەتەوە، کتێبەکانی بوونە ڕوواڵەتێک لە ڕوواڵەتەکانی کتێبخانەی عەرەبی، بیروباوەڕی بە تەواوی تەشەنەی کرد، نووسەرانی ئەو سەردەمە وای بۆچوون ئەگەر بە خۆیاندا نەگەن، ئەم پیاوە باڵا مامناوەندییە بەڕە لە ژێر پێیان دەردەهێنێت، ئەمەش وای لە زۆرێکیان کرد بەشێک لە کاتی خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوەی “گومڕایییەکانی – هرطقات” سەلامە مووسا تەرخان بکەن”.
ئەدۆنیس دەڵێت: خەلیل حاوی چونکە ئیرەیی پێ دەبردم، هەمیشە لە نێو هاوڕێکانیدا خراپ باسی دەکردم. کە لێیدەپرسن، ئەدی ڕای تۆ لەبارەی ئەوەوە چییە؟ دەڵێت: “ڕێز لە ئەزموونی دەگرم، بەڵام چێژ لە شیعری وەرناگرم”. لەبارەی ئەوەیشەوە کە مەحموود دەرویش (١٩٤١ـ٢٠٠٨) گوتوویەتی: “شەرم لە فرمێسکی دایکم دەکەم، تامەزرۆییم بۆ نانی دەستی دایکم هەیە” ئەدۆنیس دەڵێت: “پێکەنینم بەو گریانە شیعرییە دێت”.
بەدر شاکر ئەلسەییاب (١٩٢٦ـ١٩٦٤)، کە بە ئەدەبی ئینگلیزی ئاشنا بوو، توانی سەرەتایەکی نوێ بۆ گۆڕینی شیعری عەرەبی پێشنیاز بکات، کە دواتر بە کۆششی چەندان شاعیری تریش، شیعری عەرەبی گۆڕانکاریی ڕیشەیی بە خۆیەوە بینی. کەچی هەندێک نووسەر، ڕەنگە لە دژی ئەلسەییاب، دەیانگوت نازک ئەلمەلائیکە پێشەنگی شیعری نوێی عەرەبییە، چونکە ئەو یەکەم جار تەفعیلەی کێشی عەرەبیی دەستکاری و بەش بەش کردووە، وەک ئەوەی مۆدێرنیزمی شیعری و گۆڕینی شیعر، تەنیا مەسەلەیەکی تەکنیکی و پێوەندیی بە ژمارەی تەفعیلەی دێڕەکانەوە هەبێت!
یوسف ئیدریس (١٩٢٧ـ١٩٩١ز)ی چیرۆکنووس و شانۆنامەنووس و ڕۆماننووسی میسری زۆر نەجیب مەحفوز (١٩١١ـ٢٠٠٦)ی ڕۆماننووسی خۆشدەویست، سەرهات و نامە و ڕابواردنی شەوانە و سەردانی یەکدی لە نێوانیاندا هەبوو، ئیدریس هەمیشە مەحفوزی لە پێشەوەی ڕۆماننوسانی عەرەب دادەنا، کەچی هەر هێندەی بیستی نەجیب مەحفوز خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێ بەخشرا، هەڵگەڕایەوە و لە دۆستەوە گۆڕا بۆ دوژمن، وتارگەلێکی توندی لەسەر مەحفوز نووسی، تێیاندا داشۆرینی دەکات، تا ئەو ڕادەیەی بە ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا تۆمەتباری دەکات.
ئەم ئیرەییبردنە مەرج نییە هەر ئیرەییبردن بە مادە و دارایی بێت، دەشێت بە پێگە و پایەی مەعنەوی، بە توانا و لێهاتوویی، بە جوانی و شۆخی، بە توانای داهێنان لای كەسێك بێت كەسی ئیرەییبەر شكی نابات. ئیرەیی تژییە لە خەم و داخ بۆ باشی و جیاوازی و بەختەوەری و سەركەوتنی مرۆڤێكی دی، لە هەمان كاتیشدا خۆشحاڵییە بە بەدبەختی و نەهامەتیی كەسیتر. بێگومان ئەمەش چێژێكی سادیستانەیە هیچ بەدەست ناهێنێت.
محەمەد عەبدولوەهاب (١٨٩٨ـ١٩٩١)ی سترانبێژی ناسراو بە “مۆسیقاژەنی نەوەکان” ئیرەییبەران هەراسانی دەکەن و لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکاتی میسردا زۆر بە خراپی و بێویژدانانە لەبارەیەوە دەنووسن، ڕۆژێکیان گۆڤار و ڕۆژنامەکان کۆدەکاتەوە و دەچێت بۆ لای شاعیری ناودار ئەحمەد شەوقی (١٨٦٨ـ١٩٣٢)ی میری شاعیران. سکاڵا و دەردەدڵی خۆی لا دەکات، چۆن ئیرەییبەران ژیانیان لێ تاڵ کردووە و چەند بە خراپ لەسەریان نووسیوە، شەوقی پێیدەڵێت، هەموو ئەو نووسراوانە لەسەر زەوییەکە دابنی و بچۆرە سەریان، ئەویش بە سەرسووڕمانەوە بە گوێی دەکات. شەوقی پێیدەڵێت: بزانە چەندپێیان بەرز بوویتەوە.
بە هەمان شێوە، ئەوجا محەمەد عەبدولوەهابی سترانبێژ ڕقی لە ڕیاز سونباتیی مۆسیقاژەن و ئاوازدانەر بوو، قەسەبچییش لە بەلیغ حەمدی.
هەڵبەت بە دەگمەن ئیرەیی و بەدگومانی و ناكۆكیی لە نێوان زانایەك و نووسەرێك، نووسەرێك و موزیكژەنێك، خۆشنووس و نیگاركێشێك، دارتاش و ئاسنگەرێك، بازرگانێكی ئاوریشم و بازرگانێكی كاغەزدا دەبینیت، چونكە بواری كاركردنیان جیاوازە و بەرژەوەندییان دژ بە یەكتر ناوەستێتەوە. گۆتە جوانی بۆ چووە دەڵێت: داهێنان هەتاكو لێتەوە دوور نەبێت، ناتوانیت ددانی پێدا بنێیت. هەموو ئەو داهێنەرانەی ئیرەیییان بە یەكدی بردووە، یاخود گومانڕەشییان بەرامبەر یەكتر لا دروست بووە نزیك بوون لە یەكدییەوە. بێگومان ئەمەش ئەوپەڕی هەژاریی ڕۆحی و هزریی كەسی ئیرەییبەرە، لە ئەنجامدا دەبێتە مایەی بەدبەختییەكی زۆر بۆی و هەرچییەك دەكات ئەو هەستە دژوارە ناهێڵێت بەختەوەر بێت. ئەمە جگە لەوەی زۆر كات ئیرەییبەران كەسانی بێبەهرە و تەمبەڵ و بوودەڵەن، بەو ئیرەیییە كوشندەیەیان، كە چەشنی مۆرانە ڕۆحیان دەكرۆژێت و ڕۆحی ملشکاندن و ئیرەیی و ئارەزووی لاوازکردنی ئەویتر، یان تێکشکاندنی بەسەریاندا زاڵ دەبێت، دەیانەوێت دژایەتیی هەموو ئەوانە بكەن لە خۆیان بەهرەمەندتر و بەتواناتر و داهێنەرترن.
بێرتراند ڕەسڵی بیرمەندی ئینگلیز جوانی بۆچووە سەبارەت ئیرەیی وتوویەتی: “ئیرەیی یەکێک لە بەهێزترین هۆکارەکانی کەساسییە”. مرۆڤ هەمیشە ئیرەیی بە شتێك دەبات نییەتی. هەڵبەت لە كۆی ئەم ناكۆكییانەدا ئەوەی بمێنێتەوە و نەمری بەدەستبهێنێت بەرهەمی باڵا و ڕەسەن و پڕ لە داهێنانە.
هەڵبەت نکوڵی لەوە ناکرێت چۆن لە نێو نووسەر و داهێنەرانی بیانی و عەرەب و سەرلەبەری میللەتانی دنیادا گومانڕەشی و ئیرەیی هەر هەبووە و دەبێت، کوردیش وەک هەر میللەتێکی تر بێبەش نییە لەو خوو و سیفەتە. “گەر چاوێک بە مێژووی کۆن و نوێی کۆمەڵگای کوردیشدا بخشێنن، ئەوا دەبینن ژمارەی ئەو کەسانە کەم نین ئیرەییان بە کەسانی لێهاتوو و داهێنەر و کارامە بردووە و ئەو ئیرەییەیان ئاگری ڕق و کینەی لە ناخیاندا هەڵایساندووە و هەندێجار بە ئاشکرا و هەندێک جاری تریش بە نهێنی، ئەو جامی ڕقەی خۆیان بەسەر ئەو کەسە بەهرەمەندانەدا ڕشتووە. بێگومان دواجار گرەوی داهێنان و ژیان هەر بۆ بەهرەمەندەکان بووە، نەک ئیرەییبەرە سایکۆپاتییەکان. ئەوەتانێ ئەوانەی ماونەتەوە نالی و گۆران و شێرکۆ و هتد.. نەک ئەوانەی تۆپەڵێک ڕق و بوغز و ئیرەیی و هەست بە کەموکوڕی بوون بەرامبەریان”.
لێرەدا لەبەر ئەوەی سەرچاوەی جێبڕوام لەبەردەستدا نییە تەنیا ئەم دوو نموونەیە دەهێنمەوە.
مەلای جەباری (١٨٠٦ـ١٨٧٦) دەگێڕێتەوە: ڕووم كردە شاری كەركووك و لە مزگەوتی “نائیب” بە فەقێیەتی گیرسامەوە‌، مزگەوتی ناوبراو جیا لەوەی قوتابخانەیەكی ئاینی بووە، هاوكات حوجرەی لێژنەی فەتواشی لێ‌ بوو، جا لەبەر ئەوەی چەند جارێك هەڵەی مەلاكانی لێژنەی فەتوام ڕاست دەكردەوە و لە ئەدەبیات و زانستی فارسیدا زۆر كۆڵەواربوون، پێیان قبوڵ نەدەكرا، بۆیە كەوتنە دژایەتیم و ئیتر زۆر ئیرەیییان پێم دەبرد و زۆر ئازاری دەروونیان دەدام، بەردەوام لە بەردەم فەقێكاندا ڕووشكێنیان دەكردم، تا كار گەیشتە ئەوەی ڕۆژێكیان مەلاكان مانیان گرت و لە نێوان خۆیاندا بە زمانی توركمانی، تاكو من تێنەگەم گوتیان: “یان بوو كوێلی بوردە قاڵماس، یام بز بوردە قاڵمرغ” واتا: یان ئەم هەتیوە دەشتەكییە لێرە نامێنێت، یان ئێمە لێرە نامێنین.
دواتر مەلایەكیان هاتە لام چپاندی بە گوێمدا: ڕۆڵە تۆ هیچ دەرسێكت لای ئێمە نەماوە و ئەوەی پێمان بووە قسوورمان نەكردووە، بۆیە پێمان باشە بچیت بۆ شارەكانی دیكە بۆ وەدەستهێنانی زانیاریی نوێ‌، ئەوەبوو چووم بۆ سلێمانی و ماوەیەك لەوێ مامەوە.
ڕەفیق سابیری شاعیر لە یادەوەرییەکانیدا دەنووسێت: “نووسەرێک لە چاوپێکەوتنێکدا ستایشی منی کردووە و بە (شاعیری گەورە) ناوی بردووم، کەچی دواتر، کە ساردییەک کەوتە نێوانمان، لە چەندان وتاردا، دەیان لاپەڕەی بە ناوی ڕەخنەی ئەدەبییەوە ڕەش کردەوە بۆ ئەوەی شیعرەکانم وەکو نموونەی خراپی شیعری کوردی وێنا بکات و منیش بە شاعیرێکی بێتوانا دابنێت، تەنانەت باسی ژیانی تایبەتم بکات!”. بە هەمان شێوە چیرۆكنووس ئەحلام مەنسووری پەپوولەی بەر زریان “تێكەڵی كەشوهەوای پڕ لە ئیرەیی نووسەران بوو”.
ناکرێت باس لەو ئیرەیی و گومانڕەشییە بێبەزەیییانەیە نەکرێت بە ئاشکرا دژی نووسەرێکی داهێنەری وەک بەختیار عەلی دەکرێت، کە مێژووی هاوچەرخی ئەدەبی کوردی نووسەرێکی شاکارنووسی وای بە خۆوە نەبینیوە، ئەو ئێستا لە ڕێگەی وەرگێڕانی بەرهەمەکانیەوە بۆ چەندین زمان، بە هەق بووەتە باڵیۆزی ئەدەبی کوردی لە جیهاندا.
بەختیار عەلی ڕەنگە لە گشت نووسەرانی کورد پتر تیری کوشندەی ئیرەیی و گومانڕەشی و تۆمەتی بەرکەوتبێت، هەندێک دڵڕەقییەکەیان دەگاتە ئەوەی شاکارەکانی بەختیار بە دزی لە قەڵەم بدەن و بە بەرهەمی کوردیی دانەنێن. بەختیار لە وەڵامی ئەمانەدا دەڵێت: “لە ئەدەبی کوردییشدا دەڵێن “مەحوی” لە “نالی” دزیوە، دەڵێن “نالی” چامەکەی لە “مەولانا خالید” دزیوە، دەڵێن گۆران لە ئۆسکار وایڵدی دزیوە و هەتا دوایی. بە بڕوای من تا نووسەری فاشیل هەبێت، کە بیەوێت لەسەر حیسابی ناو و گەورەیی ئەوانی دی سەرنج بۆ خۆی ڕابکێشێت… ئەم کاسبییەش دەبێت، ئەمە دیاردەیەکە پێوەندیی بە ئەخلاقی خەڵکی بێبەهرەوە هەیە، پێوەندیی بەو دیوە ناشرینەوە هەیە، کە لە سروشتی مرۆڤدایە و وای لێدەکات نەتوانێت لە جوانی تێبگات و دانی پیا بنێت. ئەوەی گرینگە ئەوەیە ئەم جۆرە ئەقڵە نە توانیویەتی کتێبێکی جوان بکاتە دەرەوەی مێژوو و نە دەشتوانێت” .

ڕەنگدانەوەی گومانڕەشی و ئیرەیی لە دوو ڕۆمانی عەرەبیدا

یەکەم: ڕۆمانی “قەلەندەر و قەڵا”
سوهرەوەردی (ئەبولفتوح یەحیای کوڕی حەبەشی کوڕی ئەمیرەک) نازناوی شەهابەدین بووە، لە نێوان ساڵانی ١١٥٠- ١١٥٥ی زاینی لە گوندی سوهرەوەرد (سوورەبەرد)ی نزیک زنجان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاتی خۆی بەدەستی مەغۆلەکان وێران بووە، هاتووەتە دنیاوە. ساڵانی سەرەتای تەمەنی لە سوهرەوەرد بەسەر بردووە و هەر زوو فێری خوێندنەوە و نووسین بووە و قورئانی ئەزبەر کردووە. دواتر بۆ تەواوکردنی خوێندن دەچێت بۆ مەراغەی ئازربایجان لەسەر دەستی مەجدەدین جیلیی مامۆستای شارەزا لە زانستی کەلامدا دەخوێنێت.
ئەوجا هەر بە مەبەستی خوێندن دەچێتە ئەسفەهان و ماردین و دواتریش حەڵەب. ئەم چوونەی بۆ حەڵەب و ماوەی مانەوەی لەوێ، هاوکات دەبێت لەگەڵ جەنگی خاچپارێزاندا و ئەودەم سەڵاحەدینی ئەیوبی فەرمانڕەوا دەبێت، زاهیرشای کوڕیشی میری حەڵەب دەبێت.
لە حەڵەب پاش ماوەیەک بۆی دەردەکەوێت سوودێکی وا لە خوێندنەکەی نابینێت، دەکەوێتە گفتوگۆ و وتووێژی سەخت لەگەڵ مامۆستا و زانا و فەقیهەکانی ئەوێدا. ئەو بیروبۆچوونانەی بە لای فەقیهانی حەڵەبەوە دەرچوون بوون لە سوننەتی ئیسلام، بۆیە سەرسەختانە کەوتنە دژایەتیکردنی و تۆمەتهەڵبەستن بۆی. بە تایبەت کە زاهیر شا ڕێزێکی تایبەتی لێ دەنا، ئەمەش بەس بوو بۆ ئەوەی ئەوەندەی تر ئەو فەقیهانە جامی ڕق و ئیرەیی خۆیان بەسەر سوهرەوەردیدا بڕێژن، کاتێک زانییان زاهیر شا لە ئاست سوهرەوەردیدا زۆر گوێ بە سکاڵا و گلەیییەکانی ئەوان نادات، خۆیان گەیاندە لای سەڵاحەدینی باوکی و ئەویان دژ بە سوهرەوەردی هان دا، وایان تێگەیاند کابرایەکی باتنی و فاتمییە، ئەودەمیش فاتمییەکان مەترسییەکی گەورەیان بۆ سەر دەوڵەتی ئەیوبی دروست کردبوو. بۆیە سەڵاحەدین گوشار بۆ زاهیر شای کوڕی دەهێنێت و پێیدەڵێت، بە هەر شێوەیەک بووە، خۆی لە سوهرەوەردی ڕزگار بکات و لە ناوی ببات. زاهیر شا دەیزانی ئەمە هەمووی لە ئیرەیی و لاوازیی فەقیهەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، دوای هەوڵێکی زۆر ویستی باوکی قایل بکات ئەوە وانییە و سوهرەوەردی فەیلەسووف و زانایەکی گەورە و پایەبڵندە، ئەوانی دی لە ئیرەیی و ڕقەوە ئەو تۆمەتەیان بۆ هەڵبەستووە. بەڵام سەڵاحەدین لە وەڵامدا دەڵێت، تەنانەت گەر واش بێت، بۆ ئەوەی ناوەندی دینی و فەقیهەکانی حەڵەب و شام لە دەوڵەتی ئەیوبی هەڵنەگەڕێنەوە، چار نییە و دەبێت قوربانی بە سوهرەوەردی بدرێت.
فەقیهەکانی حەڵەب چەندین سکاڵایان بۆ سەڵاحەدین ناردبوو و وایان تێگەیاندبوو گەر فریای زاهیر شای کوڕی نەکەوێت، وەکو سەدان لاوی تر، بە سوهرەوەردی فریو دەخوات و ئەودەم ئابڕووی بنەماڵەکەیان دەچێت و موسڵمانانیش بە ئاگری فیتنە دەسووتێن. سەڵاحەدین نامەیەک بۆ کوڕەکەی دەنووسێت:
“کوڕەکەم! من فەقیهێک نیم، تا بە بەرچاومەوە کەسێک دادگایی بکەن و منیش هەڵی بسەنگێنم و داوەریی خۆمی لەسەر بکەم، ئەوەی لەسەر تۆیە، ئەوەیە کە دەسبەجێ حوکمی فەقیهەکان لەسەر ئەو جێبەجێ بکەیت. ئەگەر ئەمە نەکەیت، من ناچار دەبم لەسەر حوکمی حەڵەب لاتببەم. ئەو کارە دوامەخە، چونکە ئەم فەقیهانە ڕادەست نابن و بەزەییان نییە و بە ئاسانی دەتوانن ناوی ئێمە بزڕێنن و خەڵکمان لێ هان بدەن. من نامەوێت ئەوە بزانم، کە ئاخۆ زانایانی دیمەشق و حەڵەب ڕاستدەکەن یان نا. ئەوەی بە لای منەوە گرینگە، ئەوەیە کە ئەمانە دڵیان لێمان نەڕەنجێت. ئەوان خۆیان لە فەتواکەیان بەرپرسیارن و پەیوەندیی بە منەوە نییە. سەبارەت بەوەش کە سوهرەوەردی بێگوناهانە خوێنی دەڕژێنرێت، خەتاباری سەرەکی لەمەدا، سوهرەوەردی خۆیەتی. ئەوێک خەڵکی ئەم دەڤەرە نییە، گەر سەرچڵیی نەکردایە و نەهاتایەتە ئەم مەملەکەتەی ئێمەوە و دژایەتیی زاناکانی نەکردایە، هەڵبەتە چارەنووسی بەمە نەدەگەیشت. دواجار، مەرجیش نییە هەموو زاناکانی حەڵەب بە هەڵەدا چووبن. بێگومان دیارە ئەو پیاوەش کۆمەڵێک شتی گوتووە، کە دژ بە ئاینی ئیسلامە.”.
بەم ئاوایە ئەم زانا مەزنەی لە مێژووی فەلسەفە و عیرفاندا، بە دامەزرێنەری ڕێبازی ئیشراق لەقەڵەم دەدرێت و بە یەکێک لە پیاوە یاخی و سەرچڵەکانی سەردەمی خۆی دەژمێررێت، لە تەمەنێکی کورتدا توانی نزیکەی ٥٠ کتێب بنووسێت، بەشێکیان بە فارسی و بەشێکیان بە عەرەبین، تەکفیری دەکەن، ئیدی زاهیر شا ناچار دەکرێت فەرمانە ناڕەواکەی باوکی جێبەجێ بکات، سوهرەوەردی سەرپشکی هەڵبژاردنی جۆری مردنەکەی خۆی دەکات. سوهرەوەردی داوا دەکات فڕێی بدەنە زیندانێکەوە نان و ئاوی نەدەنێ، تاکو گیان دەسپێرێت.
دوای هەفتەیەک سوهرەوەردیی زانای بێتاوان، سوهرەوەردیی ئاشقی ڕاستی و زانست، بڕستی لەبەر دەبڕێ و لە زینداندا لەبرساندا دەمرێت. فەقیهەکان گومانیان هەبوو مردبێت، داوایان کرد بیبینن، تا ڕاستییەکەیان بۆ دەربکەوێت. دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت مردووە، بردیان و داوایان کرد لە سێدارە بدرێت. ئیدی “لەسەر داوای ئەو زانا و ئیماندارانەی شەوی ڕابردوو لە پێنج مزگەوتی شاردا کۆبووبوونەوە و پێشنیاری ئەوەیان کردبوو، کە ڕۆژی هەینی، بەر لە نوێژ، لەداری بدەن. جەستە بێگیانەکەی سوهرەوەردییان لە قەڵا بردە دەرێ و ئەو ئەرکەیان بە قەزا گێڕایەوە و لە سێدارەیان دا.”.
ئەمە چارەنووسی زانایەک بوو لەو تەمەنە کورتەیدا هەموو هەوڵ و تەقەلایەکی لە پێناو ڕووناکیدا بوو بۆ ژیان و بۆ مرۆڤەکانی دەوروبەری، بەڵام لەبەر ئیرەیی و ئاستی تێنەگەیشتنی نەیارانی ئەو چارەنووسەیان پێ ڕەوا بینی پێشتر بە مەنسووری حەلاجی هاوەڵە ڕۆحییەکەی ئەویان ڕەوا بینیبوو.

دووەم: ڕۆمانی “زریاب”
هەموو ئەو ئیرەیی و بەدگومانی و ناكۆكییە كوشندانەی باسمان كردن، وەك ئەوەی ڕووداوەكانی مێژوو کوتومت دووبارە ببنەوە، تەواو لە ڕۆمانی (زریاب)ی مەقبوول ئەلعەلەویدا خەست بوونەتەوە و بەدی دەكرێن. ئیسحاق موسڵیی موزیكژەنی پیر لە بەراییدا زریابی خۆشدەوێت و سۆزی خۆشەویستیی پێ دەبەخشێت “ئیسحاق موسڵیی ئاغامم دەبینی دەهات و دەچوو. لە ماڵە گەورەکەی خۆیدا پاشا بوو. گوێم لە ورشەی جلەکانی و ترقەی کەوشەکانی بوو لەسەر زەوییەکە، دەمبینی دەستەکانی لە دواوە تێکئاڵقابوون، کاتێک بە تەکمدا تێدەپەڕی گرێکەیان دەکرایەوە و بەوپەڕی خۆشەویستییەوە دەستی بە سەرمدا دەهێنا، جەستەی وندەبوو، تارمایی و بۆن و ئامادەیی لە شوێنەکە و لە ئاوەزمدا ماوەیەک دەمان…”.
خەلیفە هاڕوونە ڕەشید داوا لە ئیسحاق موسڵی دەکات ئەو کوڕە بهێنێت ڕۆژێکیان هەر خۆی لای خەلیفە زۆری بە توانا و زیرەکییەکەیدا هەڵگوتبوو “ئەو ڕۆژەم بیرناچێتەوە ئێوارانێکی زوو ئیسحاق ئاغام له دەرگەی دا و بە دڵی خۆشەوە پێیگوتم:

  • ئەو ساتە هات چاوەڕێمان دەکرد. سبەی لەگەڵمدا دێیت بۆ جڤاتی خەلیفە هاڕوونە ڕەشید. باسی تۆ و بەهرەی تۆم بۆ کردووە، خۆت ئامادەبکە”.
    کەچی دواتر هەر هێندەی هەستدەکات لەسۆنگەی بەهرەی گەورەی قوتابییەکەیەوە پایە و بەرژەوەندیی دەکەونە مەترسییەوە، دژی زریابی تازەلاوی بەهرەمەند، زریابی كۆیلە و قوتابیی خۆی دەوەستێتەوە. لەوە دەترسێت زریاب بە هۆی ئەو بەهرە گەورەیەی تێیدا هەڵدەقوڵی وەك موزیكژەنێك شوێن و پایەی ئەم لە كۆشكدا لەق بكات و ببێتە پاشکۆی قوتابییەکەی.
    هەر هێندەی ئاگردانی ئیرەیی دەكەوێتە گەڕ، ئیدی شاردنەوەی زەحمەت دەبێت و وردە وردە دەبێتە مایەی داڕمانی ئاكاریی لای كەسی ئیرەییبەر و هەناوی دەکرۆژێت، ئەمە ئەگەر جاری وا هەیە نەبێتە هۆی ئەنجامدانی تاوانیش. “لە دوێنێوە من گەورەی تۆ نیم. ڕاست و ڕوون دەبم لەگەڵتدا. ئەی نازانیت ئیرەیی دەردێكە لە كۆنترین دەردەكان و لە هەموویان پتر كار لە ناخ دەكات و قووڵترین زام لەسەر دڵ جێدەهێڵێت؟”.
    “ئەم ڕق و كینە و نەیاری و شەڕەی دژ بە زریابی تازەكار دەبنە هۆی ئەوەی لە داهێنان و نوێبوونەوە بوەستن… بۆیە ئیسحاق موسڵی لای خەلیفە هاڕوونە ڕەشید قسەی خراپ لەسەر زریابی زێدە بەهرەداری بێتاوان و بێگوناه دەكات، لە ئەنجامدا هەر بە خۆی دەیڕەنجێنێت و وڵاتبەدەری دەكات”.
    لێ زریابی فرەزان لە هونەری ئەتەكێت و خواردن، زریابی بلیمەت و ئەفسانەی موزیكی عەرەبی، زریابی بۆ موزیك خوڵقاو، زریابی دەنگخۆش و زوڵاڵ، وەكو هونەرمەندێكی ڕەسەن، بە پێچەوانەی مامۆستاکەی، هەموو خەمی ئەو عوودەكەی و ئاوازەكانی بوو، كۆڵی نەدا و هەر هێندەی سەقامگیر بوو، ژێی پێنجەمی بۆ عوودەكەی دانا و زمانێكی نوێی بە ئامێری عوود بەخشی، مۆسیقای ئەو لە لایەکەوە بواری دەدایتێ لە ژیان هەڵبێیت، لە لایەکی دیشەوە وای لێدەکردیت بە شێوەیەکی قووڵتر لە ژیان بگەیت. ئەو بە دامەزرێنەری یەكەمین قوتابخانەی موزیك دادەنرێت، ئەودەمی لە بەغدای (یەكەمین جار دوورخراوگە و دواتر نیشتمانی) دوورخرایەوە، لە قورتوبەی ئیسپانیا دایمەزراند. جگە لەوەی ژیاری ئیسلام و ڕۆژهەڵاتی گواستەوە ئەندەلوس و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا و جیهان. بەهرەی زریاب تەنیا لە مۆسیقا و گۆرانیدا چڕ نەدەبووەوە، بگرە چیرۆک و ئەفسانە و حەکایەتی پاشا و خەلیفەکانی دەگێڕایەوە، ئەمەش وای لە خەڵکەکە کرد لە دەوری کۆبببنەوە شەیدای بن و خۆشیانبوێت. هەروەها مۆدەی جلی هێنایە ئەندەلووسەوە، بۆ هەر وەرزێک جۆرە پۆشاکێک بەکاربێت و بۆ هەر بۆنەیەکیش جلێک.
    زریاب (ئەبولحەسەن عەلی بن نافعی موسڵی)ی بە ڕەچەڵەك كوردی بە بنەچە بۆتانیی هاتوو بۆ موسڵ و پاشان بۆ بەغدای پایتەختی خەلیفەی عەباسی، مێژووی ئیسلام گەلێک ستەمی لێ كردووە، زریابیش وەکو زۆرێک لەو نووسەر و هونەرمەند و بیرمەندانەی خزمەتی مرۆڤایەتییان کرددووە و بە زمانی عەرەبی، یان تورکی و فارسی نووسیویانە، ئیدی نکوڵی لە کوردبوونیان کراوە. زریاب لە ڕێی مێژووی ڕۆژئاواوە پتر ئاوڕی لێ درایەوە وەك لە ڕۆژهەڵات، لەوێ ناسرا و زیاتر سوودیان لە ئەزموونە دەوڵەمەندەكەی وەرگرت.
    مخابن، داهێنەران لە هەر ژینگە و شوێنێکدا بووبن، لە هەر ڕۆژگارێكدا ژیابن، ئاسوودەیییان بە خۆوە نەبینیوە و ئیرەیی هاوپیشەكانیان هەمبەر داهێنانەكانیان ئازاری داون و لێنەگەڕاون ئاسوودەبن. تاكو ئەو ڕادەیەی هەندێك جار ئیرەیی سەری داهێنەری خواردووە و توانا و كاراكتەری سەركەوتووی تیرۆر كراوە و زریاب ئاسا بەم ڕۆژگارەوە بەدەم ئازاری پێكانی تیری ئیرەیییەوە تلاوەتەوە. بێگومان ئەوی نامێنێت و دەمرێت کەسی ئیرەییبەرە، بەڵام ئیرەیی وەکو نەخۆشی و پەتا هەر دەمێنێت.

سەباح ئیسماعیل ـ کەرکووک




چەند سەرنجێك لەسەر کتێبی “گۆشتەکەی بۆ ئێوە، ئێسقانەکەی بۆ من”ی شێرزاد حەسەن.. مەحمود چاوش

پەروەردە، دووجەمسەرە و بێکۆتاییە
ئەزموونی پەنجا ساڵ لەنێو سیستەمی پەروەردەی ئەو دەڤەرەدا، بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، غەمباری و توڕەبوونێکی هەمیشەیی لای نووسەری ئەم کتێبە پێکهێناوە. ئەو زۆر بە وردی و سیستماتیك، لە هەمان کاتدا بوێر و جوامێرانە، باس لە وێرانبوونی پاشەڕۆژی چەند نەوەیەک لە کچان و کوڕانی کوردستان دەکات، کە تا ئەم ڕۆژگارەش چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ تەنگژە دەروونییەکانیان نەکراوە و لە داڕوخانێکی مۆڕاڵی و کۆمەڵایەتیی بەردەوامدان. پەروەردە وەك بەشێکی گرنگ لە سۆسیالیزەکردن، تاكەکانی کۆمەڵگەیەك بەرهەمدێنێت، کە کەسانی پڕ باوەڕبەخۆبوو، هەستیار و بەڕێز بەرامبەر کەسانی دی، سروشتپارێز و چوست و چالاك لە ئەرکەکانیاندا بەرامبەر کۆمەڵگە و دەوروبەریاندا بەرەنگاردەبنەوە. نووسەر باس لە شێواندن و داڕمانی ئەم سوسیالیزەکردنەی تاکی کورد و زۆرینەی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، کە بە هەرسێ “خەڕەکەی” خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگەدا سەرگەردان کراون و دەکرێن، مایە پوچ و مرۆڤی تەمبەڵ، لە هەمان کاتدا کاڵفام بەرهەم دەهێنێن. هۆکارەکانیش زۆر ئاشکرا و ڕوونن: فەرمان و سزادان، خەساندنی ئارەزو و هیواکانی تاك، مراندنی گیانی ئازادی و بەهرەمەندیە. کاتێك پەروەردە و فێربوون خرانە چوارچێوەی سزادان و فەرماندان، بۆشایی نامێنێتەوە بۆ بەهرەمەندی و تازەخوازی، بۆ ڕێزی تاکەکانی تر و چوست و چالاك بۆ کۆمەڵگە. ئەمەش دەبێتە بەرهەمهێنانی نەوەیەک، کە لە هەموو هەلێکی تازەگەری و توانای هزری بێبەر دەبن و هەندێ جاریش لە ئەنجامی ئەو سیستەمە داڕوخاوەدا ئەم بەهرەمەندییەیان لێسەندراوەتەوە. لای ئەوان ڕێزداری و خۆشەویستی بۆ دەورووبەرەکەیان تەنها وشەی نامۆیە، ئازادی تاکی خۆیان و لە هەمان کاتدا ئازادی تاکەکانی تری کۆمەڵگە وەك سیستەم بەهەند وەرناگرن. بێگومان ئەمەش تەنها کەمتەرخەمی خۆیان نییە، بەڵکو پەروەردەیەکیان بەسەردا سەپێنراوە، کە ئەمان بەرهەمبهێنێت. کاتێك تاکەکانی کۆمەڵگەیەك ئازاد نەبن و مافەکانی مرۆڤ تیاندا پێشێل کرابێتن، ناتوانین باس لە کۆمەڵگەیەکی پڕ تەندروست بکەین، لێ بە ئامادەیی مافەکانی مرۆڤ کۆمەڵگەیەکی تەندروست بەئەنجام دەگەیەنرێت.
نەبونی تاکی ئازاد لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بۆتە گرفتێکی کڕۆکیانە و نەوە دوای نەوە بە شێوەیەکی وەراسی بۆیان ماوەتەوە، کۆمپلێکسێکە، کە ئازادی تاکەکانی تر پێشێل دەکات، لێ خودی ئەم تاکانە ئازادییان نەچێشتووە. دەستەجەمعی و مێگەلی هەموو جۆرێك لە ئازادی تاکیان سستکردووە. مرۆڤ کاتێک دەتوانێت باس لە ئازادی بکات، کە خودی خۆی ئازادی چێشتبێت.
ئەوەی زیاتر جێگای سەرجڕاکێشانە لەم نووسینەدا کەمی باس لە مێتۆدەکانی وانەگوتنەوە و سیستەمی پەروەردەییە، کە تاکو ئێستاش چارەسەرێکی ئەوتۆیان تێدا نەدۆزراوەتەوە، بۆ نموونە بە چ شێوازێكی سیستەمی پەروەردەیی دەتوانرێت کارێکی پۆزەتیڤ و گەشەسەندوو لە پەروەردەی ئەو دەڤەرەدا بکرێت. نووسەر چەند پێشنیازێکی بۆ چارەسەری ئەم گرفتەش خستۆتە بەردەم خوێنەران، کە وەك سیستەمی پەروەردەیی دەبێت لەو دەڤەرەدا کاری سیستماتیکی تێدا بکرێت، کە تاکو ئێستاش نەکراوە.

خاڵێکی گرنگی دیش لەم نووسینەدا، کە بە کورتی باسی لێکراوە، پەروەردەی ئێستای ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەوروپایە (1). لە ڕۆژئاواش گرفتی پەروەردەیی گەلەك هەنە، کە ڕۆژانە دایك و باوکان پێوەیان سەرقاڵن. بۆ نمونە زۆری ئازادی تاك گەلەك گرفتی بۆ کۆمەڵگەکانی ئەم دەڤەرەش بەرهەمهێناوە. خودپەرەستی و نارسیزم جۆرێك لە نەوەی خۆڵقاندووە، کە زۆرینەی باوانی ئەم کۆمەڵگانەش دووچاری گرفتی ئاڵۆز کردووە. پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لە رۆژئاواش، کە پەروەردەش بەشێکی گرنگە ئەم پێکهاتەیە، بەرەو ئاڵۆزی و کۆمپلێکس هەنگاو دەنێن. لاوانی ئەوروپاش دووچاری گەلەك گرفتی کەسی و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، کە لە ڕۆژهەڵات ئاگاداری نین. زۆرینەی لاوان توشی تەنیاییەکی کۆشندە بوون، کە ئەمەش جارێکی تر بەستراوەتەوە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانەوە. ڕاستە سیستەمی پەروەردە و فێرکاری لە ئەوروپادا لە پێشەنگی جیهاندایە، وەلی لاوانی ئێرەش لە قەیرانێکی بەردەوامدان، کە ڕوو لە تەنیایی و هەندێ جاریش ڕوو لە خۆبەکەمزانی دەنێت. ئەم دیاردەیەش دەتوانرێت بە “دووجەمسەری پەڕەدۆکس لە پەروەردە” دا بنرخێنین. لەقاڵبدانی خوێندکار لەهەردوو کولتوورەکەدا بەرجەستەیە، هەرچەندە پەستانی لەقاڵبدانەکە لە ڕۆژئاوادا کەمترە. کەواتە لە هەردوو سیستەمە پەروەردەییەکەدا لایەنی نەرێنی و ئەرێنی خۆیان هەیە. غەمساردی باوانیش لە ئەوروپا بەرامبەر مناڵەکانیان جۆرێك لە دوورەپەرێزی لەنێوان هەردوو نەوەکەدا بەرهەمهێناوە، کە زۆرینەی مناڵان لە دوای تەمەنی هەرزەکارییەوە باوانیان بەجێدەهێڵن و پەیوەندییەکان تەنها لە چەند پنتێکدا دەمێننەوە و بەرەو ساردی ڕوودەنێن.
ئەوڕۆ سیستەمی فێربوون و پەروەردە لە تەواوی جیهاندا خۆی لە قەیرانێکی بەردەوامدا دەبینێتەوە، جا لە ڕۆژهەڵات یان لە ڕۆژئاوا. بێگومان دەبێت جیاوازی فەرهەنگی و کولتوورییەکان ڕەچاو بکرێن، کە لێرەدا باس لە دوو کولتوور و کۆمەڵگای زۆر جیاواز دەکەین (ئەمەش خۆی جێگەی باسێکی درێژخایەنترە).

لە زۆر شوێنی نووسینەکەدا باس لە سیاسەت کراوە، کە هەندێجار لە ناوەڕۆکی بابەتەکە، کە پەروەردەیە دووردەکەوێتەوە. ڕاستە سیاسەتی ئەو دەڤەرە کاریگەییەکی نەرێنی لەسەر پەروەردە هەیە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، باسنەکردنی کۆنکرێتی جۆری وانەوتنەوە و سیستەمی ئەڵتەرناتیڤی پەروەردەییە، کە سیاسەتمەدارانی ئەو دەڤەرەش بیری زیاتری لێبکەنەوە. بریا زیاتر باس لەوە بکرایە، کە مامۆستاکان لە فێرگەدا بە چ شێواز و بەرنامەیەك وانە ئامادە بکەن و ماستەرپلانی ئەم سیستەمەش لە پەروەردەدا چ گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لەسەر لاوان دەنێت.

لە نووسینەکەدا باس لە ڕێفۆرمی پەروەردە کراوە، بەتایبەتی بزوتنەوەی هزری لە ئەوروپادا، بەڵام جۆرەکانی ڕێفۆرم باس نەکراوان، لێ شێوازەکانی ڕێفۆرمی پەروەردە ڕووبەرێکی زۆر فراوان لەخۆدەگرێت، بۆ نمونە فێرکار و خوێندکار چۆن بتوانن پەستانی دەروونی لە گەیشتن بە دەرەجە و ئاستی بەرز کەمبکەنەوە، توانا و کارامەیی خوێندکاران بە شێوەیەکی کەسی ڕەچاو بکرێت، تواناکان و بەرەوپێشچوونی کەسایەتی تاك بخرێتە چەقی هەوڵە پەروەردەییەکانەوە، یان ئامانجەکانی وانە و فێربوون و پەروەردە دەبێت بە چ مەبەستێك بن، کە جۆرێك لە سەربەخۆیی بۆ خوێندکار و مناڵان گەشە پێبدات و چێژ لە پڕۆسەی خوێندن بکرێت. بە کورتی ڕۆڵی فێرکار و پەروەردەناس دەبێت بە شێوەیەکی نوێ پێناسە بکرێتەوە. هەموو دەستپێکێکی پێداگۆگی ڕێفۆرمکراو مۆرکی تایبەتی خۆی هەیە، کۆنسێپتی پەروەردەی زۆرەملێ دەبێت بگۆڕدرێت بە پەروەردەیەکی لیبڕاڵ و دیموکرات و نەخشەیەکی تایبەتی و ئاڕاستەکراوی ئەوتۆ لە سیستەمەکەدا بچەسپێندرێت، کە پەستانی فێربوون لەسەر فێرخوازان کەمبکرێتەوە. بێگومان دەزگاکانی دەوڵەتی و پەروەردەیی ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لەم بارەوە دەبینن.

نووسەر باس لە ڕۆح و سروشتخوازی دەکات، ڕەنگە لە هەندێك جێگەدا وشەی ڕۆح لە شوێنی خۆیدا بەکار نەهێنرابێت و لە جێگەی ئەو وشەی “هزرمەندی / هزرمەندێتی” شایستە بوایە. ٢

نووسەر لە بەکارهێنانی تێگەی یان چەمکی “نامۆبون”ی تاکی کورد بەرامبەر کۆمەڵگەکەی وردبین و تیژبینانە بۆ ئەم دیاردەیە چووە و ناوی گەلەك نووسەر و زانستەوان و دروونناسانی بە نمونە هێناوەتەوە، کە بابەتەکەی دەوڵەمەندتر کردووە. ڕەنگە ئەگەر نووسەر لەم گۆشەنیگایەدا باسی لە جان جاك ڕوسۆ بکردایە، باسەکە چڕتر و بەپێزتر بوایە، چونکە ڕۆسۆ بەڕێگەنیشاندەری تیۆری مۆدێرنی “ناموۆبوون” دادەنرێت، ئەو بە پێچەوانەی دەقەکانی پێشوتر، هۆکارەکانی نامۆبوونی لەسەر بنەمای ئارگومێنتی لاهوتییەکان (دیانەتەکان بەتایبەتی دیانەتی مەسیحی) شیکار نەکردووە، بەڵکو هۆکارەکانی نامۆبوونی بە گۆڕانکارییەکانی نێو کۆمەڵگەوە بەستۆتەوە بە “بەکۆمەڵایەتیبوون”ەوە (Vergesellschaftung)، کە ئەویش کۆمەڵگەیەکە، کە نایەکسانی کۆمەڵایەتی لەنێویدا دەخوڵقێت. ئەزمونی جەنگ و هەژاری و کوشتارەکانی پڕۆسەی مێژوو بونەتە هۆکاری نامۆبوونی تاك. ڕۆشنگەراییش لە سەدەکانی پێشوتردا زیادەتر بۆ مرۆڤی ڕوونکردەوە، کە بەدوای هۆکارەکانی نامۆبووندا بگەڕێت، کە ئەویش لە نێو چەقی کۆمەڵگەدایە، نەك بەهۆی ئەو گوناهکاریانەی بەسەر مرۆڤدا سەپێنراوە، وەك لە دیانەتەکاندا ڕونکراونەتەوە. ڕوسۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە سروشت و ئاوێتەبوونی لەنێو کۆمەڵگە خۆیدا نامۆبوونی ئەوی خۆڵقاندووە. دوورکەوتنەوەی مرۆڤ لە سروشت ئەو هۆکارەیە، کە موفتەلای کردووە بەنامۆبوونی هەمیشەیی لە خۆی، ئەمەش جیاوازە لەو ئارگومێنتانەی، کە کەنیسە و مزگەوت و پیاوانی ئایینی پێناسەیان کردووە. ڕوسۆ لە کتێبی (دەربارەی نایەکسانی / دیسکۆرسی نایەکسانی) (3) بەڕوونی باس لەم دیاردەیە دەکات. و ڕکهاتنەوەی ئەوە دژی نایەکسانی و خاوەندارێتییە.

نووسەر هەندێك چارەسەری کۆنکرێتی بۆ گرفتە پەروەردەییەکان داناوە و هەوڵدەدات، بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ باسیان لێوە بکات، کە ڕەنگە بۆ ئەو دەڤەرە چارەسەرێکی هەمئێستایی بێت و بەرەو پاشەڕۆژێکی ڕوونتر هەنگاو بنێت. (4)
ئەو جارێکیتر باس لە نامۆبوون دەکات: “نامۆبوونی ئێمە ڕەگوڕیشەیەکی قوولی هەیە …” بەداخەوە ئەم ڕەگوڕیشە لایەنە مێژووییەکەی ڕووننەکراوەتەوە، کە ئایا پەیوەندی تەنها بەوەوە هەیە، کە مرۆڤی کورد لە ژێر چەوساندنەوە و کوشتار و جەنگەکاندا ئالودەی ئەم نامۆبوونە بووە، یان هۆکاری تری هەن، ئایا ئەم دیاردەیە، بەتایبەتی لە دەڤەری ئێمەدا لایەنی دەروونی و کۆمەڵایەتی تریان هەیە، تاکی کورد تەنها بەڕووی خۆیدا نامۆ بووە یان بەرامبەر کۆمەڵگەکەشی؟ خاڵێکی تر لەم پنتەدا، کە گرنگە، ئایا ئەم نامۆبوونەی تاکی کورد تەنها پەیوەستە بە سیستەمی پەروەردەوە لەو دەڤەرەدا. ڕەنگە گەلەك پرسیاری تر هەبن، کە پەیوەندییان بە هەمان دیاردەوە هەبێت. ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە، کە ئەم هۆکارانە بونەتە تڕاومایەکی هەمیشەیی و تاکو هەنوکەش پێوەی دەناڵێنێت.
ئەگەر لە ڕوانگەی چەمکی نامۆبوونەوە لای ڕوسۆ شیکاری ئەم دیاردەیە بکەین، ئەوا هۆکارەکەی دوورکەوتنەوەی مرۆڤی کورد لە سروشت نییە، ئاخر کورد لە بنەڕەتەوە پەیوەندییەکی نزیکی بە سروشتەوە هەبووە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی نامۆبوونی هەنوکەیی تاکی کورد بەرامبەر بە خۆی و کۆمەڵگەکەی بخەینە ژێر شیکارەوە، کە ڕەنگە ئەمانە هۆکارە سەرەکییەکانی بن:

کۆمەڵگەی کوردەواری بە پڕۆسەیەکی مێژووییدا هەنگاوی بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری نەناوە و ئەو چینە بۆرجوازییە ئیحتکارییەی، کە ئێستا لە کوردستاندا هەن بە پڕۆسەیەکی مێژووییدا تێنەپەڕیوە، بەڵکو بەهۆی زیادبوونی خێرایی سەرمایەوەیە لەو دەڤەرەدا بەئەنجام گەیشتووە (Akkumulation / هەڵئاوسانی سەرمایە). واتە ئەم پڕۆسەیە بە سەرخان و ژێرخانێکی مێژووییدا وەك ئەوروپادا تێنەپەڕی، کە لەتەك گۆڕانە مێژووییەکەی ئەو دەڤەرەدا هاوسەنگی و ڕەوتی مێژووییەکەیدا بگونجێت. پرۆسەکە چینێکی ئەڕۆستۆکراتی لە کوردستان و ناوچەکەدا دروست کردووە، کە بۆتە مۆتەکە و زۆردار. زیادبوونی ژمارەی سەرمایەداران لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بەو خێراییە، کە پێشتر خاوەنی تەنها زەویەکیش نەبوون، ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت.

نەبونی چینێك، کە لە مێژوودا بە پرۆلیتاریا ناوبێژکراوە، لە پڕۆسەی مێژوویی ئەو دەڤەرەدا زۆر بەکەمی سەریهەڵداوە. ئەمەش کۆمەڵگەیەکی دەستەجەمعی/مێگەلی توندتر کردۆتەوە و درێژەی پێداوە، کە تاکی کوردی لەژێر پەستانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری ئەوتۆدا حەسار داوە، کە باری دەروونی شێواندووە و ڕایپێچاوە بۆ نێو نامۆبوونی ئەو بەرامبەر بە خۆیی و کۆمەڵگەکەی. کەمی ئازادی تاکی کوردیش بێگومان هۆکارێکی تری ئەم نامۆبوونەیە، کە پەستانی دەستەجەمعیش بەردەوام کاری نێگەتیڤی لەسەر ئەم تاکە کردووە. گومانی تێدا نییە کە ئەم پڕۆسەیە کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر ساردبوونەوەیەکی زۆر خێرای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و نامۆبوونی تاكیش.
بێگومان ئەم باسانە لە زۆرێك دەرگای زانست و پرۆسەی مێژوویی دەدات، کە ڕەنگە نووسین و شیکاری زۆرتر لەخۆ بگرن. ئەوەی لەم کۆنتێکستەدا گرنگە و جێگای باسە، ئەوەیە، کە نووسەری ئەم باسە ئەزمونێکی گەلەك بەنرخی کەسی خۆی دەخاتە بەردەمی خوێنەرانی، کە ڕێنیشاندەرێکە بۆ نەوەکانی داهاتو بە لاوان و فێرخوازان و فێرکارانەوە. دەستخۆشی لە نووسەر دەکەم بۆ ئەم هەوڵدانەی لەم بوارەدا.

ئەڵمانیا
23.12.2024

پەراوێز
١ شرزاد حەسەن: گۆشتەکەی بۆ ئێوە و ئێسقانەکانی بۆ من، سەدەیەك لە شکستی سیستمی پەروەردە، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەسەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکرنەوە، زنجیرەی کتێب ٣٦٢، چاپی یەکەم ساڵی ٢٠٢٢، لاپەڕە ١٠.
٢ هەمان سەرچاوە لاپەڕە ١١٠ بەدوارە
٣. Diskurs über die Ungleichheit ، گفوگۆ لەسەر نایەکسانی، 1755 لە ڕاستیدا تێزەکەی ڕوسۆ لە ساڵی 1750دا بەجارێك ناوبانگی دەرکرد و لەم ڕستەیەدا ڕووندەکرێتەوە: “پێشکەوتنی کولتووری ئەم جیهانەی مرۆڤدۆستانەتر نەکردووە، بەڵکو جیهانێکی نامرۆڤدۆستانەی بەرهەمهێناوە. سەرنجی ڕۆسۆ لەسەر مرۆڤ ئەرێنییە و بارە سەرەتاییەکانی مرۆڤ لای ئەو پۆزەتیڤە، جوڵێنەری مرۆڤ بەرەو ئەو بارودۆخەی، کە بەرەو نەرێنی ڕاکێشاوە (نامۆبوون)، لە سێ خاڵدان:
1 خودئەڤینی، مرۆڤ بەردەوام هەوڵدەدات، لەژیاندا بمێنێتەوە.
2 هاودەردی یان بەزەیی، مرۆڤ حەزناکات مرۆڤەکانی تر بە زەلیلی ببینێت، لە بنچینەدا ئەو هاوجنسەکانی خۆی بە مەترسی و هەڕەشە نانرخێنێت.
3 خۆکامڵکردن، مرۆڤ دەتوانێت خۆی بەرەو پێشکەوتن بەرێت و هەوڵی خۆکامڵبوون بدات.
• * لە دیسکۆرسی نایەکسانیدا ڕۆسۆ دەبێژێت: یەکەم کەس، کە پارچەیەك زەوی بۆخۆی پەرژیندارکرد و گۆتی ئەمە مۆڵکی منە و کەسانی ساویلکە و نەفامی دۆزییەوە، کە بڕوا بەو بکەن، ئەو کەسە بنیادنەری ڕاستەقینەی ژیاریە (تسیڤیلیزاتسیۆن/ Zivilisation).

  1. هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٢٣ بەدواوە.
    5 هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٧٥ بەدواوە.



حیكایەتەكانی فرۆید/ بیركردنەوەكانی فرۆید.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

پێشكێشە بە هاوڕێم محەمەد تەها حوسێن

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(نائاگایی)
حیكایەتەكان چیدی پەیوەندییەكی راستەوخۆیان بە واقیعەوە نییە.

مرۆڤ لە خەون و خەیاڵ و خواست و حەزە متبوو و چەپێنراوەكانەوە.. هەوڵی سەپاندنی بوونی خۆی دەدات، هەموو ئەو ئارەزووانەی لە حاڵەتی ئاگایی پێینەگەیشتووە، لەو بەشە نەناسراوەی (سیگمۆند فرۆید 1856- 1939) ناوی ناوە (نائاگایی) هەوڵی پێگەیشتنی دەدات، ئەو بەشەی هەمیشە لە كاردایە و عەقڵ بەڕێوە دەبات. بەمجۆرە نائاگایی ئاگایی دۆزەخی رۆحی مرۆڤە. مەبەستی دەروونشیكاری فرۆیدی گۆڕینی نائاگاییە بۆ ئاگایی..
لە سیستمی نائاگاییدا نە رەتكردنەوە، نە پلەكانی یەقین، بوونیان نییە. چونكە نائاگایی هەرێمێكی تاریكە و بە كۆدی تایبەتی و نهێنی نەبێت، ناكرێتەوە! كەواتە مرۆڤ هەموو ئەوانەی دەیڵێ و دەریدەبڕێت، لە خۆڕا نییە و مانای شاراوەیان هەیە. بۆیە كاتێ فرۆید ئاوڕ لەو هەڵە و لەدەم دەرچوون، خلیسكانی زمانەوانییانە دەداتەوە، كە هەموومان رۆژانە تووشییان دەبین.. دەڵێ هەڵە نین! بەڵكو بەو شاراوانەیان دەبەستێتەوە، كە بێ چارەكردن ماونەتەوە! بەو مانایەش نوێنەرایەتیكردنی خلیسكانی زمان، زنجیرەیەك نوێنەرایەتیكردنی داخراون، بەڵام نوێنەرایەتیكردنی شتە دیارەكان زنجیرەیەك نوێنەرایەتیكردنی كراوەن. یەكەم نائاگایی بەڕێوەیان دەبات، بڵام دووەم ئاگایی.. یان بە مانایەكی دیكە بە (شێوەیەكی تایبەت) داواكانی نائاگایی پیادە دەكرێ، كە لە ئاگاییدا پیادەكردنی نەشیاو دەكەوێتەوە. نائاگایی گوزارشت لە ئارەزووە چەپێنراوەكان دەكات و هەنگاوێكی گرینگە بۆ پەردە هەڵدانەوە لەسەر پەیوەندییەكانی مرۆڤ، لە رێگای دەربڕینی زمانەوە.
نائاگایی خاوەنی یاسای تایبەتی خۆیەتی و پرۆسە بنەڕەتیەكانی دەكەوێتە سەر چڕكردنەوە و گواستنەوە و گۆڕینەوە! بەو مانایەش سەروكاری لەگەڵ كۆمەڵێك مانادا هەیە، كە بە جۆرێ چڕیان دەكاتەوە و دەیانگۆزێتەوە و دەیانگۆڕێتەوە.. وەك ئەوەی دەستێكی تەواو ساغ وەك دەستێكی گۆچ نیشان بدات.. یان كۆمەڵێك مانا لە فۆڕمێكی تایبەتیدا چڕبكاتەوە.. كۆمەڵێك فۆڕم بۆ نموونە لە نوكتەكان و خەونەكاندا بە شێوەیەكی جیاواز وەرگێڕێت.. یان چێژ و خۆشی، لە ئەدەب و هونەر، فانتازیادا بنوێنێتەوە..

(لبیدۆ)
ئازادبوون، ناسنامەی رزگاربوون نییە.

لبیدۆ یان هێزی سێكسی بەرەو ئەوانیدیكەیە، یان بەرەو خود پاڵدەنرێت. ئەگەر بە بڕی جێگیر بێت، ئەویدیكەت خۆشدەوێت، وەك چۆن خۆت خۆشدەوێت. ئەو قسەیەی فرۆید راڤەكردنی گوتەزای دراوسێیەكەت خۆش بوێت، وەك چۆن خۆت خۆشدەوێت.
هەمیشە لبیدۆ وەك پاڵنەری سەرەكی غەریزەی سێكسی دەمێنێتەوە، بەڵام تاكە هۆكاری كێشە و ئاڵۆزییەكانی ژیانی مرۆڤ نییە، بەڵكو كۆمەڵێك هۆكاری دیكە هەن، كە دەرەكیین. فرۆید بڕوای وابوو مرۆڤ لە منداڵییەوە خاوەنی سێكسوالێتییە، مەمكی دایك دەروازەی سێكس و عەشقە بۆ هەمووان.. “هەر كەس منداڵێكی تێر شیری مەمكی دایكی دیتبێت، بە كوڵمی سوور و بزەیەكی شوكرانەبژێرەوە، چاوی چۆتە خەو، ناتوانێت لەو تێڕامانە هەڵبێت، كە ئەو وێنەیە وەك پێش نموونەیەك بۆ دەربڕینی تێرێتی سێكسی لە تەمەنی گەورەییدا دەمێنێتەوە.. بڕوانە: نەست لە دەروونشیكاری فرۆید و لاكان دا-و: وەلید عومەر).
رەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێت كە زمانی نزیكبوونەوە، یان گیانی بە گیانی سێكسی، زۆرجار شێوەی زمانی منداڵ بگرێتەخۆ.. بە دڵنیاییشەوە شتێكی سەرسوڕهێنەر نییە، كە لە كاتی جەنگدا سەربازە بریندارەكان، چ ئازا بن، یان نا، بۆ دایكیان دەگریێن. یان وەك ئەلتەرناتیڤی دایك بۆ ماڵ دەگریێن، چونكە ماڵ مرۆڤ دەباتەوە نێو باوەشی دایك.
فرۆید پییوایە زۆربەی نەخۆشی و كیشە دەروونییەكان ریشەی كلتوورییان هەیە، بەو مانایەی كە كلتوور بەشێوەیەكی نەزانانە مامەڵەی لەگەڵ لبیدۆدا كردووە، نەك بەو مانایەی كە كلتوور زمانی له‌خۆوه‌یه‌… بەڵكو بەو مانایەی كە كلتوور لبیدۆ وەك هێزی زیندەگی نابینێ، بەڵكو هەر لە بۆتەی هەڵچوون و سۆزدا دەیبینێ.. لبیدۆ وەك وزەی داهێنان، ئەو هێزە پاڵنەرەیە، كە مرۆڤ هەم پێداویستییە بایۆلۆژیەكانی لە رێگایەوە دابین دەكات، هەم تەواوی حەزەكانی بە ئاستەكانی تێربوون دەگەیەنێت.. بۆ ئەوەی دۆخی شڵەژانی خۆی تێپەڕێنێت.

(بیركردنەوە)
مرۆڤ لەو سەردەمەدا هەر چەندە زیاتر خۆی سووك و رەزیل و ریسوا بكات، ئەوەندە زیاتر جەماوەر و ناوبانگ بە دەستدێنێ. “ئالان دۆنۆ”

بیركردنەوە وەك زنجیرەیەك چالاكی دەروونی، كە مێشك ئەنجامی دەدات، لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت. فرۆید زانایەك بوو، ویستی مرۆڤ پڕ غەریزەی ژیان بكات و چێژ بە عەقڵانی بدات. بە دیوەكەی دیكە ئەو پێیوایە كردەی بیركردنەوە ئومێد و خەون و خەیاڵەكانی لەخۆدا هەڵگرتووە، لە هەمان كاتدا كۆمەڵێ كێشەی دەروونیش دەنوێنێ. لەسەر ئەو بنەمایەش رووخانی كلتووری باو بونیادنانی كلتوورێكی دیكە، دەكاتە پرۆژەی كاركردنی، كاركردنێك كە مرۆڤ بەرەو سیستم و دیسپلینی دەروونی دەبات.. فرۆید بڕوای بەوە بوو، كە پرۆسە مەعریفییەكان نائاگایی بەڕێوەیان دەبات، وەك چۆن پرۆسە دەروونییە نائاگاییەكان پرۆسەی مەعریفین. بە شێوەیەكی سەرەكی كێشەی تێگەیشتن لە عەقڵ و جەستە، وەك پەیوەندی وردی نێوان بارە دەروونییەكان و بارە فیزیكییەكان بابەتێكی گرنگی دەمارزانی بوو، وەك چۆن جێی سەرنجی دەروونناسانیشە..
زانایانی دەمار سوودی زۆریان لە بیركردنەوەكانی فرۆید بینیووە، كە هەوڵەكانی مرۆڤ بۆ خەیاڵكردنی شتەكان پێش بەدیهێنانیان رووندەكاتەوە. فرۆید هەوڵدەدا لەنێو خەونەكاندا بە هەموو حەز و خواستە بەدینەهاتووەكان بگات.. بگاتە ئەو حەز و خواستانەی بیركردنەوە و عەقڵی گرتۆتەوە. فرۆید گرەنتییەك پێشكەش دەكات، كە هەموو “بیركردنەوەیەك بیركردنەوەیەكی دیكەیە” نە سەقامگیرە، نە وەستاوە، وەك چۆن نەزمی باڵاش نییە، بەو مانایەش نائاگایی بنەمای ژیانی بیركردنەوەیە.. بیركردنەوە دەكەوێتە نێو كاتەوە و لەوێ خۆی هەڵدەنێ، بەوەی پرۆسەیەكە، بەردەوام دەگۆڕێت و خۆی رەتدەكاتەوە، چونكە هەرگیز تەواو نابێت.

(قسەكردن)
مرۆڤ خۆی ئاژەڵێكی سەمپتۆمدارە.

چارەكردنی نەخۆشی دەروونی بە رێگای قسەكردنی ئازاد و بەخەیاڵداهاتن بە شێوەیەكی خۆكارانە، یەكێكە لە رێبازە زانستی و عەقڵانییەكەی فرۆید. قسەكردنی ئازاد و بەخەیاڵداهاتن بە شێوەیەكی خۆكارانە نەخۆشە دەروونییەكان ئارام دەكاتەوە، جا چ لەسەر رێبازی فرۆیدی بێ، یان هتد.. چونكە بوونی مرۆڤ (وەك نەقسی فرۆیدی) بۆ هەریەك لە دال و مەدلول دەگەڕێتەوە. واتە كە زمان دێتە ناوەوە، یان كە منداڵ لە بواری وێناكردن و خەیاڵەوە دەچێتە بواری رەمزییەوە، ئیتر وەك دال و مەدلوول پەیوەندی دووانەیی (دایك منداڵ) دەچێتە نێو پەیوەندی سییانە و چوارییەوە.. بۆ نموونە ونكردن و دۆزینەوە (فۆردا- for-da )ی نەوەكە فرۆید، كە بە تراژیدیای ونكردن و دۆزینەوەدا دەڕوات، ئەو ساتەی كە دایكی لەپێش چاوە (بەكرەی یارییەكە دیارە) لەگەڵ ئەو ساتەی كە دایكی دەڕوات (لە كاتی یاریپێكردندا بەكرەكە خلۆر دەبێتەوە و دەڕواو وندەبێت، تەنها داوێكی باریك بە دەست منداڵەكەوە دەمێنێتەوە، كە رایدەكێشێتەوە- دەیدۆزێتەوە).. گەمەی ونبوون و دۆزینەوەی هەر تەنها گەمەی بەدواداگەڕانی مەدلوول و بەدواداگەڕانی نەوەكەی فرۆید بۆ دایكی نییە، بەڵكو بە گشتی كودەتایەكی مرۆیی بوو، بەسەر مرۆڤدا.
بەمجۆرە زمان یارمەتی سوككردنی نیشانەكانی سۆزداری و نیگەرانی و میكانیزمی خۆبەتاڵكردن لە كۆتوبەندەكان دەدات. وەك چۆن كرانەوە و خۆشەویستی پارێزگاری لە دەروون دەكات. چەپاندن تووشی دەمارگیری دەكاتەوە.

(میكانیزمی بەرگریكردن)
قسە كردن سەیرورەیە، جێگیربوون حیكایەت.

چەمكی بەرگریكردن بەشێكی جیانەكراوەی تێگەیشتنی دەروونشیكارییە بۆ رەفتارەكانی مرۆڤ. فرۆید ئەو تیۆرەی وەك ستراتیژییەتی دەروونی دامەزراندووە، كە بە هۆیەوە عەقڵی ناوەكی لە پێناو پارێزگاریكردنی خۆی لە دڵەڕاوكێ و بەرگریكردن لە پاڵنەرە قبوڵنەكراوەكانی بەكاری دەهێنێ. واتە لەو رێگایەوە عەقڵی ناوەكی لە پێناو پارێزگاریكردن لە حەزەكانی خۆی، هەوڵدەدات گەمە بە بیركردنەوەكان بكات و راستی بشێوێنێت.
میكانیزمی نكۆڵیكردن و رەتكردنەوە، بە خێرایی رووبەڕووی راستییە بەڵگە نەویستەكان دەبنەوە.. بۆ نموونە نكۆڵیكردنی كەسی، وەك نكۆڵیكردن لە سیگاركێشان، خواردنەوەی مەی.. هەندێكجاریش شێوەی گشتی وەردەگرێت، وەك نكۆڵیكردنی دیاردەیەكی زانستی، كۆمەڵایەتی، كلتووری، گۆڕانكارییەكانی كەش، ئاو هەوا.. میكانیزمی رەتكردنەوە وەك چیرۆكی ئەو نەخۆشەی كە رووەو فرۆید دەڵێت ئەو ژنە هەر كێ بێت “هەر دایكم نییە”.. بە گشتی میكانیزمی رەتكردنەوە پەیوەندی بە دنیای ناوەوە هەیە، میكانیزمی نكۆڵیكردن پەیوەندی بە دنیای دەرەوەدایە..

(گەڕانەوە بۆ رابردوو)
لە هایپەر واقیعدا، هێلی نێوان راستەقینە و هاوشێوەكەی تا دێت كاڵ دەبێتەوە

فرۆید پێیوایە لینكێكی قووڵ لەنێوان ئێمە و مرۆڤە زۆر سەرەتاییەكاندا هەیە، ئێمە بە گشتی قوربانی رووداو و پرۆسەكانی رابردووین، واتە رابردوو ئاڕاستەی كەسایەتیمان دیاری دەكات، ئەوەش بە هۆی گەشەی گرێی ئۆدیبەوە هاتۆتە ئاراوە. لە كلینیكەی خۆیشی كاتێ هەوڵی چارەكردنی نەخۆشەكانی دەدا، ویستوویەتی لە رێگای مێژووی تایبەتی نەخۆشەوە نیشانەكانی نەخۆشییەكەی زێتر بناسێ، بۆ ئەوەی ئێستای نەخۆشییەكەی روونتر ببینێ، لای ئەو (ئێستا) بێ تیشك خستنە سەر رابردوو، دەرناكەوێت. بۆیە نائاگایی تاك و رابردووەكەی بە هەند سەیر دەكات، تاكو دەست بۆ زمانی حیكایەتەكانی بەرێت.

(تووندوتیژی)
دەسەڵات، تووندوتیژی بۆ نمایش گۆڕیوە.

فرۆید دەڵێت مرۆڤ بۆ مرۆڤ گورگە، بەو مانایەش مرۆڤەكان دوژمنی سەرسەختی یەكترین! ئەگەر مرۆڤ لە بەرانبەر یەكتریدا تووندوتیژی فیكری، رەفتاری، رەمزی.. نەگۆڕن، ئەوە ژیان، شارستانییەت دەكەوێتە ژێر هەڕەشەوە. كەواتە بەر لەوەی توندووتیژی لەدایك ببێت، دەكرێت ڕێگا لە گەشە و تەقینەوەكانی بگیرێت. بە دیوێكی دیكەدا، ئەگەر توندووتیژی ببەستینەوە بە چەپاندنەوە، ئەوا دەگەینەوە بە هەمان ئەو ئەنجامەی كە توندووتیژی بوونەوەرێكی ناسەربەخۆیە. (گازگرتنی منداڵ، مژین، هاتنی ددانەكان، جوڵاندنی دەم بە هۆی خۆشی وەرگرتنەوە لە خواردن…)
چەپاندن بە مانا هەرە سادەكەی بریتییە لە سەندنەوەی زمان لە شتێك.. كاتێك شتێك دەچەپێنرێت، ئەوە ئەو كاتە لە زمان دەخرێت و دەچێتە دۆخی قەتیسبوونەوە. یەكێك لە توندووتیژییە ترسناك و ناوەكییەكان، توندووتیژیی ساتەوەختی چەپاندنە.. بەڵام كاتێ فرۆید مرۆڤی سێكسی وەك رووییەكی دیكەی جیاوازی مرۆڤی ئابووری ماركسی نیشان دەدات، لە بەرانبەر پێداویستییەكانی ئەو مرۆڤە گۆشەگیر و تەنیایە، پەیوەندییە مرۆییەكانی بەرەو پێشەوە دەبات.. بۆ ئەوەی مرۆڤی سێكسی پێداویستییە فیزیۆلۆژی و لبیدۆییەكانی دابین بكات، بێگومان وەك ئاماژەمان بۆ كرد، دۆخێك بۆتووندوتیژی فەراهەم دەبێت، دۆخێك كە شتەكان لەگەڵ خۆیاندا دەگەنە پڕی و دەتەقنەوە! لێرەدا وەك وەلید عومەر لە وتاری تووندوتیژیدا دەڵێ توندوتیژی وەك زادەی دوو پنت و دوو جەمسەر خۆی نمایان دەكات، پنتێك كە چەپێنراوە و پنتێكی تریش كە دەیەوێت لە چەپاندن ڕزگاری ببێت.

(دەرئەنجام)
فرۆید بەرهەمهێنانەوەی گەمەی نا- نواندنەوەیە.
11/12/2024 هەولێر




دیدار لەگەڵ شاعیر ڕۆستەم خامۆش.. هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

شاعیر ڕۆستەم خامۆش: ئەدەبی منداڵان بریتییە لەو نووسینانەی، كە بە پێی زمان و تێگەیشتن و تەمەن و لایەنی دەروونزانیی منداڵان دەنووسرێن
شاعیر رۆستم خامۆش: ئیشكردنم لە دنیای منداڵان، واتا گەل و نەتەوە و نیشتمانەكەم خۆشدەوێن
نووسەر و شاعیری بواری منداڵان ڕۆستەم جەلیل ئیبراهیم مەحمود ناسراو بە( ڕۆستەم خامۆش)یە كێكە لەو شاعیرانانەی كە خزمەتێكی زۆری بواری ئەدەبی منداڵان كردوە هەرچەندە خامۆش لەسەرەتای دەستپێكی لە ساڵی 1996 بە شیعرنووسین بەگشتی دەستپێكردە ،بەڵام لە ساڵی 2000دا خۆی یەك لایی كردوە بەنووسین لە شیعری منداڵان..خاوەنی چەندین كتێبی شیعرییە لەو بوارەدا هەندێك لە شیعرەكانی لەنێو میتۆدی نێوقوتابخانەكان دەخوێندرێن.. ئێمەش بەچەند پرسیارێك لە نزیكەوە بەسەر كردوە..
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا پێمان باشە، باس لەچۆنیەتی ئاشنا بوونت بە ئەدەبی منداڵان بكەیت و چۆن بوو ئاوڕت لەو بوارە دایەوە؟

  • بەر لەوەی شیعر بۆ منداڵان بنووسم، شیعرم بۆ گەورەساڵان دەنووسی، لە ساڵی (١٩٩٦)دا، لە تەمەنی (١٦) ساڵیدا، دەستم بە شیعر نووسین كرد و هەستم بە بوونی ئەو بەهرەیە كرد، بەڵام دواتر لە ساڵی (٢٠٠٠)دا دەستم بە نووسینی شیعر بۆ منداڵان كرد و یەكەم شیعرم بە ناوی (باڵندەیەكی بەندكراو) بوو، واتە: لە ساڵی (٢٠٠٠)دا نووسیم، بەڵام درەنگ بڵاوم كردەوە. دوای (١٣) ساڵ، لە ساڵی (٢٠١٣)دا لە ژمارە (٢١٣)ی گۆڤاری جگەرگۆشەكان بڵاوكرایەوە.
    ڕەنگە ئەم خاڵانە هۆكاری ئاشنا بوونی من بن بۆ ئاوڕدانەوەم لە شیعر و ئەدەبی منداڵان.
    1- خۆشەویستییەكی زۆرم بۆ منداڵ، وای كرد شیعر بۆ منداڵان بنووسم و لە ڕێی قەڵەمەكەمەوە خزمەت بە ئەدەبیاتی منداڵانی كورد بكەم.
    2-ئاوڕدانەوەم لە ئەدەبی منداڵان، واتە: ڕوانینم بۆ داهاتووی گەشی منداڵان هەیە.
    3- نووسین بۆ منداڵان، نیشانەی دڵ پڕ ئومێدیی منە بۆ جوانتر كردنی ژیانی منداڵان لە ڕێی ئەدەبیاتەوە
    4-پەروەردە و دڵخۆشكردنی منداڵان لە ڕێی شیعری تایبەت بە خۆیانەوە، خزمەتێكە و شانازیی پێوە دەكەم.
    5-ئیشكردنم لە دنیای منداڵان، واتا: گەل و نەتەوە و نیشتمانەكەم خۆشدەوێن.
    *پێمان خۆشە یەكەم شیعرت كە بۆ منداڵانت نووسیوە، بیخەیتە بەر دیدەی خوێنەران؟
  • بە خۆشحاڵیەوە، منیش پێم خۆشە خوێنەرانی ئەم دیمانەیە، یەكەم شیعرم بخوێننەوە، كە لە ساڵی (٢٠٠٠) دا بۆ منداڵانم نووسیوە.
    (باڵندەیەكی بەندكراو)
    ئــەو بـاڵـنــدەی بـەنـدكـراوە
    مــافـــی ژیـنـی لـێ خـوراوە
    هــەمـــوو سـاتـێ دەنـاڵێنـێ
    بۆ سەربەستی دەجریوێنێ
    دەڵـێ: ئێـســتـا نـیـگــەرانــم
    دوور لە ئـاشنا و گوڵستانم
    بــە ئـــاواتــم، كـــە بێـمــەوە
    لــە ســـەر چـڵـدا بنیشـمـەوە
    بــە ســۆزەوە لــە نـاخـی دڵ
    تێر بخوێنـم بـۆ جوانـی گوڵ
    خـۆشـــە فـڕیــن بــە ئــازادی
    هــەردەم بــژی بـە دڵـشـادی.

    *چیرۆكی نازناوی (خامۆش) بۆچی دەگەڕێتەوە؟

  • وەك دەزانین شاعیرانی كورد، لە سەردەمی كلاسیك و نوێ، یان ناوی خۆیان گۆڕیوە و ناوێكی دیكەیان بۆ خۆیان داناوە، یان نازناوێكیان لەگەڵ ناوەكەیان داناوە. منیش پێم خۆشبوو نازناوێك بۆ خۆم دابنێم، بۆیە لە ساڵی (٢٠٠٠)وە نازناوی (خامۆش)م بۆ خۆم هەڵبژاردووە و بەناوی “ڕۆستەم خامۆش” بەرهەمەكانم بڵاو دەكەمەوە. ڕەنگە وشەی (خامۆش) زۆر واتای هەبێ، بەڵام من بەو واتایە وەرمگرت، كە وشەی خامۆش، واتا: (بێدەنگ، هێمن، ئارام، كپ).

    *چۆن پێناسەی ئەدەبیاتی منداڵان دەكەیت؟

  • ڕەنگە ئاسان نەبێ بتوانرێ پێناسەی شیعر و ئەدەبی منداڵان بكرێ، چونكە ئەدەب، بەهرە و ئەزموونە، وە بەرهەمی بیركردنەوە و هزر و خەیاڵی كەسی شاعیرە، بۆیە پێم وایە تا ئێستا چەندان پێناسە بۆ ئەدەبیاتی منداڵان كراوە، هەرچەندە زۆربەی پێناسەكان بەشێك لە ڕاستییان تێدایە، بۆیە من، یەكێ لەو پێناسانەم بەدڵە و پێم وایە ڕاستە، ئەویش پێناسەكەی «ماریا نیكۆڵا»یە، كە دەڵێت: ((ئەدەبی منداڵان، ئەو ئەدەبەیە كە لەلایەن كەسانی شارەزای جیهانی منداڵانەوە نووسراوە و بەرهەمهێنراوە و بڵاوكراوەتەوە، كە خوێنەرە سەرەكییەكەی منداڵانن)).
    یان دەتوانین بڵێین هەموو ئەو دەقانەی، وەك: (شیعر، چیرۆك، ئۆپەرێت، شانۆ و ڕۆمان)، كە بە زمانی سادە و ئاسانی منداڵان نووسراون، دەچنە نێو بازنەی ئەدەبیاتی منداڵانەوە، دیارە هەموو ژانرەكان مەرج و تایبەتمەندییان ئەوەیە كە بە زمانی منداڵ نووسرا بن، بێگومان شاعیر و نووسەری شارەزای ئەدەبی منداڵان دەزانێ چیی و چۆن بۆ منداڵان بنووسێ، بۆیە ئەدەبی منداڵان بریتییە لەو نووسینانەی، كە بە پێی زمان و تێگەیشتن و تەمەن و لایەنی دەروونزانیی منداڵان دەنووسرێن.

    *مێژووی ئەدەبی منداڵان لە كوردستان بۆ كەی دەگەڕێتەوە، ئەو نووسەرانە كامەن كە بەپێشڕەوانی ئەدەبی منداڵان دەناسرێن؟

  • ئەوەی تا ئێستا دیارە و لێكۆڵینەوەی لەبارەوە كراوە و ساغ كراوەتەو، كە شیعری بە شێوەی فەرهەنگ بۆ منداڵان نووسیوە و ئاوڕی لە زارۆكان داوەتەوە، شاعیری ناسراو “ئەحمەدی خانی” (١٦٥٠–١٧٠٧)، وەك یەكەم شاعیری كورد، ئەژمار دەكرێ، كە ئەویش فەرهەنگی «نووبهارا بچووكان»ـە و بەرهەمی ساڵی (١٦٨٣)ی زایینیە و بە شیعر بۆ فەقێ و قوتابیانی كوردی نووسیوە و مەبەستی بووە فێری زمانی عەرەبییان بكات، كە بێگومان بۆ ئەو كات پێویست و گرنگ بووە، كە “ئەحمەدی خانی” بیری لە منداڵ كردووەتەوە و شیعری بۆ نووسیون.
    دواتر “شێخ مارفی نۆدێ” (١٧٥٣ – ١٨٣٨) هەر لەسەر شێوازی (نووبهارا بچووكان)، لە ساڵی (١٧٩٥) كتێبی فەرهەنگی (ئەحمەدی) داناوە، كە بۆ (كاك ئەحمەدی شێخ)ی كوڕی نووسیوە، كە تەمەنی (٣) ساڵان بووە، بەمەبەستی فێركردنی زمانی عەرەبی، دواتر ئەو فەرهەنگە لە ساڵی (١٩٢٦) لە چاپخانەی (زاری كرمانجی) لە ڕەواندز چاپكراوە.
    یەكێكی دیكە لەو شاعیرانەی، كە ئاوڕی لە شیعری منداڵان داوەتەوە، «مەلا خدری ڕواری»یە. كە لە (سەدەی هەژدە ژیاوە)، ((مەلا خدری ڕواری، نامیلكەی (ڕۆڵە بزانی)بە شیعر داناوە و بە دیالێكتی (هەورامی)نووسیویەتی.
    وەك “سدیق بۆرەكەیی”، دەڵێ: وا دیارە بۆ كوڕەكەی هۆنیوەتەوە و لە قاڵبێكی ڕێك و پێك و لە ئەوپەڕی سادەیی و ڕەوانیدا دایناوە و بە چەشنێكی جوان، مەبەستەكانی لە چوارچێوەی هۆنراوەدا جێكردووەتەوە، بە بێ ئەوەی ناڕێكییان تیا هەبێ
    .((مەلاكانی كوردەواری (ڕۆڵە بزانی)یان فێری منداڵ و قوتابیانی خۆیان دەكرد))
    هەروەها كەسانی دیكەش هەبوون كە كتێبی فەرهەنگ و فێركارییان نووسیوە، وەك «عەلی تەرەماخی» كتێبێكی نووسیوە بەناوی (دەستوری زمانی عەرەبی بە كوردی). ((ئەم كتێبە لەلایەن دكتۆر مارف خەزنەدارەوە ساغكراوەتەوە و پێشەكی بۆ نووسراوە، لە ساڵی ١٩٧١ لە بەغدا چاپكراوە)).
    مامۆستا مەلا «عەبدولكەریمی مودەڕیس»یش كێبێكی فەرهەنگی داناوە بە ناوی (دوو ڕشتە)، لە ساڵی ١٩٧٠ لە بەغدا چاپكراوە.
    دوای فەرهەنگ نووسین چەند شاعیرێكی دیكە هاتنە مەیدان و كۆمەڵێك شیعری جیاواز و هەمە جۆریان بۆ منداڵان نووسی، دیارترینیان (زێوەر، بێكەس و گۆران) بوون، دواتر هەندێ شاعیری دیكەش خزمەتی ئەو بوارەیان كرد و شیعری منداڵان لە باشووری كوردستان هەنگاوێكی باش چووە پێش، ئەو شاعیرانەش ئەمانە بوون: (مەدحەت بێخەو، ع.ع. شەونم، عوسمان محەمەد هەورامی، كاكەی فەلاح، فەرەیدون عەلی ئەمین، عەزیز مەلای ڕەش، لەتیف هەڵمەت)، وە شاعیری دیكەش هەبوون، بەڵام ئەوانە ناسراو و دیارترن، كە توانیویانە خزمەتێك بە ئەدەبی منداڵانی كورد بكەن، دەكرێ بڵێین بە هەوڵ و تێكۆشان و خەمخۆری و دڵسۆزیی هەموو شاعیران و نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، ئەو بوارە بەرەوپێشتر چوو.
  • تایبەتمەندیی شیعری منداڵان چییە؟
  • بەڕای خۆم و بە دید و بۆچوونی شارەزایانی ئەدەبی منداڵان، بە تایبەتی ژانری شیعر، كە ئاماژەیان پێكردووە و دەڵێن: تایبەتمەندییەكانی شیعری منداڵان، پێویستە ئەو مەرجانەی تێدابێ، كە بریتین لە:
    1- شیعرەكە بە زمانێكی زۆر سادە و ساكار نووسرا بێت و ڕەنگدانەوەی زمانی منداڵی پێوە دیار بێت.
    2- هەتا بكرێ ڕەگەزی خەیاڵی تێدا بێت، چونكە خەیاڵ بیركردنەوەی منداڵ بەهێز دەكات.
    3-لە شیعری منداڵان نابێ وشەی قورس و ئاڵۆز و هێمای تێدا بێت، چونكە دەبێ تێكستی منداڵان نزیك بێ لە هزر و تێگەیشتنی خودی خۆیان، كەواتە دەبێ شاعیر تەواو شارەزا بێ لە زمانی منداڵ
    4- پێویستە دەقەكە لە دونیای منداڵەوە هەڵقوڵا بێت و ناكرێ و نابێ داخوازیی گەورەساڵانی تێدا تێكەڵ بكرێ.
    5- منداڵ حەز و ئارەزووەكانی خۆی تێدا بدۆزێتەوە و لە كاتی خوێندنەوەی، یان گوێ لێگرتنی، دڵی پێخۆش بێت.
    6- شیعرەكە ئاسان و سەر بە جیهانی منداڵ بێت، واتە منداڵ هەر زوو لە شیعرەكە تێبگات.
    7- پەیڤەكانی ناسك و جوان و مۆسیقی بن، واتە شاعیر بە لێزانیی و زیرەكییەوە وشەكان لە شوێنی پێویستدا جێ بكاتەوە و بزانێ لە كوێیان دادەنێ .
    8- ناوەڕۆكی شیعرەكە هەڵگری پەیامێك بێ و مانادار و واتای هەبێ و زانیاری بەخش بێت .
    9- شیعرەكە سوودبەخش بێ، یان منداڵ هانبدات بۆ بیركردنەوە و داهێنان، یاخود لایەنی گەشبینی و ئومێد و هیوا بۆ سەركەوتن لە ژیان، بەشێكی سەرەكیی بێ لە نێو دەقە شیعری منداڵان.
    11- شیعری منداڵان، دەبێ بڕگەكانی كورت بن، بۆ ئەوەی لە كاتی خوێندنەوەدا منداڵ ماندوو نەكات و بە ئاسانی و بە ئاوازەوە بیخوێنێتەوە و ئەگەر ویستی زوو ئەزبەری بكات.
  • چۆن دەڕوانیتە شیعر لە كتێبی پڕۆگرامی خوێندن، ئایا تۆ شیعرت لە پڕۆگرامی خوێندندا هەیە؟
  • هەبوونی شیعر، وەكو وانەیەك لە كتێبی پڕۆگرامی خوێندندا، زۆر گرنگە و جێی بایەخە، هەموومان زۆربەی ئەو وانانەی كە شیعر بوون، هێشتا لە یادگەمان ماون، كەواتە وانەی شیعر زۆر پێویست و گرنگە بۆ پەروەردە و فێركردن، دیارە پێشتر كۆمەڵێك شیعر دانراون و دەخوێندران، هەندێ شیعر تەواو سەر بە ئەدەبی منداڵان بوون، وە هەندێكی دیكەشیان پەیوەندییان بە ئەدەبی منداڵانەوە نەبووە و بۆ پەروەردە و فێركردن سوودیان نەبووە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە دەستكراوە بە گۆڕانكاریی، كە كۆمەڵێك شیعری نوێیان داناوە و بەشێك لەو شیعرانەی پێشتر لابراون، بەڵام لەو شیعرە نوێیانەی كە دانراون، زیاتر لەبارەی پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی و هەستی نیشتمانیی و ژینگەن، یان ئەو جۆرە شیعرانەن كە لەگەڵ پەروەردەی سەردەم گونجاون .
    بەڵێ شیعرێكم كە بە زاراوەی كرمانجی سەروو (بادینی) نووسیومە، وەكو وانە لە كتێبی خوێندنی كوردی – قۆناغی بنەڕەتی – پۆلی دووەم – وەرزی یەكەم دەخوێندرێ .
    پێم خۆشە شیعرەكە بخەمە بەر چاوی خوێنەرانی خۆشەویست.
    (وارێ مە)
    وارێ مـە گەلەك جوانە
    نـاڤـێ وێ كـوردسـتـانـە
    وارێ مــە جــهــێ ژیـنـە
    قەشـەنگ و پـڕ ئـەڤـیـنـە
    وارێ مــە بـــاخێ گـــولا
    خــۆشــتــەڤـــی لبــەر دلا
    وارێ مــە زۆر شیریـنـە
    هــەمـــی دەمــا ڕەنـگیـنـە.
    *نووسین بۆ منداڵانی كوردستان، دەكرێ تایبەتمەندیی خۆی هەبێ، یان لە هەموو وڵاتەكان وەكو یەكن؟
  • كە دەگوترێ منداڵ، لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانە بن، پێویستە ماف و پەروەردە كردنیان بە یەكسانی بۆ دەستەبەر بكرێ، كار بكرێ بۆ بەختەوەریی و دڵخۆش بوونیان. لە نووسینیشدا ئەوەی بۆیان دەنووسرێ، واچاكە ڕەچاوی ئەوە بكرێ كە ئەو دەقە بۆ هەموو منداڵانی دنیا نووسراوە، چونكە ئەدەب و پەروەردە و ماف و دڵخۆشكردنی منداڵ بووە بە مەبەست و ئامانجی نووسین، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین، چونكە گەورەكان بۆ منداڵان دەنووسن، بێگومان ڕەنگدانەوەی ئاین و كەلتوور و شارستانیەت و جوگرافیای ئەو وڵاتەی پێوە دیار دەبێ، بێگومان بۆ ئێمەی كوردیش هەر ڕاستە، چونكە ئاین و كەلتووری خۆمان هەیە، بۆیە نووسینی هەندێ زمانی نەتەوەی دیكە، ڕەنگە سوودی بۆ منداڵی كورد نەبێ .
    بەڵام باشترین و جوانترین نووسین بۆ منداڵان، پێویستە خاڵی هاوبەشی تێدابێ، بۆ ئەوەی ببێتە نووسینێكی جیهانیی بۆ منداڵان.
  • پێت وایە لە ئەدەبی منداڵانی كورد، دەقی جوان و نوێ هەبن، كە بگەنە ئاستی تێكستی جیهانی؟
  • كە سەیری مێژووی ئەدەبی منداڵانی كورد دەكەین، كۆمەڵێك دەقی جوان دەكەونە پێش چاو، بەڵام زۆر لەوە زیاتر دەقی كرچ و كاڵ و دوور لە خەیاڵ و زمانی منداڵ بڵاوكراونەتەوە، وە هەندێ دەقی سواو و جوینەوەی پێش و خۆیان و هاوسەردەمەكەشیان ڕێژەكەی بەرزە، بەڵام جێی ئومێدە كە ئەدەبی منداڵانی كورد لە سایەی چەند قەڵەمێكی دڵسۆز و هەندێ كەسی شارەزای ئەو بوارە، ڕووەو لوتكە هەنگاو بنێ، بەڵێ كۆمەڵێك شیعری جوان و ناسك و نوێ بۆ منداڵان نووسراون و بڵاوكراونەتەوە، كە لە ئاستێكی بەرزی ئەدەبیدان، دەكرێ ببێتە جێی دڵخۆشی و شانازیی بۆ شاعیر و نووسەران و دڵسۆزانی ئەدەبی منداڵانی كورد .
  • بوونی ئەو تەكنەلۆژیایەی سەردەم وەكو ئایپاد و مۆبایل… تاچەند كاریگەریی ئەرێنی و نەرێنی لەسەر منداڵ هەبووە؟
  • كاتێك سەیری تەكنەلۆژیا و ئامێرە زیرەكەكان دەكەین، دەبینین زانست و پێشكەوتن زۆر خێرایە و هەنگاوەكانی بەرەو لوتكە دەچن، كە جێی دڵخۆشی و خۆشحاڵی مرۆڤایەتییە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین كە لایەنی چاك و خراپی هەیە، بۆیە پێویستە ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ، بە تایبەتی توێژی منداڵان پێویستە زۆر بە وریاییەوە بە كاری بهێنن، وا چاكە لە ژێرچاودێری دایك و باوكدا بە كاری بهێنن و لایەنی چاكە و خراپەی تەكنەلۆژیایان بۆ ڕوونبكرێتەوە، بە هۆی ئامێرە زیرەكەكان و تۆڕی بەرفراوانی ئینتەرنێت، تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانیش زۆرن و هێشتا هەر زیاتریش دەبن، وەك دەبینین گەورە و بچووك بەكاری دێنن، بەڵام بۆ منداڵان پێویستە سنووردار بێت و كەمتر بە كاری بێنن، چونكە ئەزموونی ژیانیان كەمترە و لە هەموو ڕوویەكەوە تەواو پێنەگەیشتوون، وە لە ڕووی تەندرووستیشەوە زیانی هەیە، وەك دەركەوتووە ئەو منداڵانەی زۆر هۆگری ئامێرە زیرەكەكان و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانن، زیان بە چاویان گەیشتووە، بۆیە وا باشترە كە ئەوەندە پێیەوە سەرقاڵ نەبن و دایكان و باوكان، كتێب و گۆڤاری تایبەت بە خۆیان بۆ دابین بكەن، كە بێگومان سوودی زۆر زیاترە.
  • دوا وتەت چییە؟
  • لە كۆتاییدا زۆر سوپاستان دەكەم و خۆشحاڵ بووم بۆ ئەم بەسەر كردنەوەیە، وە دڵخۆش بووم كە ئەدەبیاتی منداڵان جێی بایەخ و گرنگ بوو لای ئێوە، هیوادارم كاری جددی و باشتر بكرێ بۆ بەرەوپێش بردنی ئەدەبیاتی منداڵانی كورد، لەگەڵ سڵاو و ڕێزم بۆ خوێنەرانی ئازیز.

ڕۆستەم خامۆش، شاعیر و نووسەری ئەدەبی منداڵان لە چەند دێرێك دا

  • رۆستەم خامۆش لە ساڵی (١٩٨٠)ی زایینی لە گوندی (كانی كوردە)ی سەر بە ناحیەی ئاشتی، قەزای كۆیە، پارێزگای هەولێر، لە دایك بووە، ئێستا لە شاری هەولێر نیشتەجێیە.
  • لە ساڵی (١٩٩٦)ی دەستی بە شیعر نووسین كردووە بۆ گەورەساڵان، بەڵام لە ساڵی (٢٠٠٠)دا زیاتر ڕووی لە ئەدەبی منداڵان كردووە و یەكەم شیعری بەناونیشانی (باڵندەیەكی بەندكراو) بۆ منداڵان نووسیوە.
    • تا ئێستا لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوەی كاغەزیی و ئەلیكترۆنی و ماڵپەڕ و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، شیعر و بابەتەكانی بڵاوكراونەتەوە، كە بریتین، لە:
    (١٧ ڕۆژنامە و ٣٧ گۆڤار و ٣٧ ماڵپەڕ و ٨ بڵاوكراوەی كاغەزیی و ئەلیكترۆنی).
    • چەندان شیعری، كە بۆ گەورەساڵان و منداڵان نووسیون، ئاوازیان بۆ دانراوە و لەلایەن هونەرمەندانەوە كراون بە سروود و گۆرانی.
    • شیعرێكی ڕۆستەم خامۆش بەناونیشانی (وارێ مە)، كە بە زاراوەی كرمانجی سەروو(بادینی) نووسیویەتی، لە كتێبی خوێندنی كوردی- قۆناغی بنەڕەتی- پۆلی دووەم- وەرزی یەكەم، دانراوە و دەخوێندرێ.
    • تا ئێستا (٨) كتێبی چاپكردووە، كە بریتین لە:
    ١- داری هیوا، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی 2017، هەولێر.
    ٢- گوڵی ئاوات، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی 2019، هەولێر.
    ٣- ژینگەی كوردستان، شیعر بۆ منداڵان، كۆكردنەوە و ئامادەكردن، ساڵی 2020، هەولێر.
    ٤- دۆستی ژینگەم، هۆنراوەی ژینگەیی بۆ منداڵان، ساڵی 2021، سلێمانی.
    ٥- باخی ئومێد، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی 2021، سلێمانی.
    ٦- هاوڕێی پێنووس، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی 2021، هەولێر.
    ٧- ئەدەب و هونەری منداڵان، چاوپێكەوتن لەبارەی ئەدەب و هونەری منداڵان، بە هاوبەشی لەگەڵ د. هاوژین سڵیوە، ساڵی 2022، كۆیە.
    ٨- دیداری ئەدەبی منداڵان، چەند توێژینەوەیەكی ئەدەبیی و ڕەخنەیی، بە هاوبەشی لەگەڵ چەند نووسەرێك، ساڵی 2022، سلێمانی.
    • لە ڕێكەوتی ٤ی ٩ی ٢٠٢٢، بە توێژینەوەیەك، بەناونیشانی (ڕۆڵی ڕاگەیاندن، لە ئەدەبیات و ڕۆشنبیریی منداڵاندا) بەشداری لە دیداری ئەدەبی منداڵان كردووە لە شاری سلێمانی.
    • لە ڕێكەوتی ١٥ی ١٠ی ٢٠٢٢، بە پێشنیار و ڕاسپاردەیەكی (١٥) خاڵیی بەشداری لە یەكەمین كۆڕبەندی پەروەردەیی و ئەدەبی هاچەرخی منداڵان كردووە لە شاری سلێمانی.
    • لەپای نووسینی بۆ منداڵان بە تایبەتیی و بە گشتی، وەك شاعیر و نووسەر، یان وەك هاوكاریكردنی گۆڤارەكان بە نووسینەكانی، زیاتر لە (٢٠) خەڵاتی ڕێزلێنان و سوپاسنامەی پێ بەخشراوە، سێ لەوانە بریتین لە:
    ١- ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ساڵی ٢٠١٨
    ٢- دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان، ساڵی ٢٠١٩
    ٣- یەكێتیی نووسەرانی كورد – لقی سلێمانی، ساڵی ٢٠٢٢



ژيانێ لێوانلێو لە گريان.. سەردار جاف

لەگوێسەبانەی شيعرەوە بە چلوورە ڕچيوەکاندا شۆڕ بۆتەوە ها ئەمێستاکە يا تاوێکی دی غلۆر دەبێتەوە و دەپووکێتەوە، (( يادەکانم لە سووتانی شەوێکدا)) وامان پێ دەڵێ، پەنجە بردن بۆ دەرەوەی پەنجەرە کراوەکە، پێ دەچێت لە ڕچين قورتاری نەکات، شيعر شەرابێکی ياخييە لە ئيسماعيل تەنيا، لە شەپۆلە دڕدۆنگەکاندا مەلەی کردووە و لرفە و تەمومژی زريانەکان بولێڵی نەکردووە، کەچی نها جورئەتی نزيک بوونەوەی ئەو تخوبە داکوتراوەی نييە، بەگژ گێژەڵوکە و زريانەکاندا ناچێتەوە، لە دەقی ( گريان ) کە ساڵی ١٩٨٨ نووسراوە، بە زمانێکی ئێستاتيکيانەی ئەو سەردەمەی خۆی جاويدانی تۆمار کردووە، بۆيە ئەمێستاکەيش زمان دێنێتە گۆ و شرۆڤەکاری لە تەکدا دەکرێ، گەر هەڵاوێردێکی سەر و بنی دەقەکە بکەين بۆمان ساغ دەبێتەوە شاعير بۆ ئەو سەردەمە لە نێو بۆتەی کێش و سەروا نغرۆ بووە و پەيوەست بوونی بە هونەری شيعریيەوە پێوە ديارە .
چەمکی گريان خۆی لە خۆيدا وەڵامدانەوەی هەست و سۆزێکی دياريکراوە، جا ئەو هەستە لە ئازارەوە هەڵقوڵا بێت يان لە خۆشييەوە، بە هەر دوو ديودا لە ئەگەری رووداوێکەوە بەرجەستە دەبێت، گريان حاڵەتێکی خۆرسکيانە نييە هەڵبەتە هۆکاری خۆی هەيە، ئاخۆ ئەم گريانەی شاعير لە ڕاڕاييەوە سەرچاوەی گرتووە يا لە خەمۆکييەوە سەری هەڵداوە، خەمۆکی بۆ خۆی { هەست و هەڵچونێکی خۆرسکييە مرۆڤ لەم حاڵەتەدا بۆ ماوەی چەند هەفتەيەک هەست بە خەم دەکات و، ئەو کەسە هەستی پێدەکرێ شێلگيرانە نييە و ئەو ڕەوشە ڕەخساوەی بەردەمی پشتگوێ دەخات و بايەخی پێ نادات، نيشانەکانی خەمۆکی هێز و وزە کەم دەکاتەوە، توانای جەخت کردنەوەی نامێنێت، ناهومێد دەبێت و خەم دايدەگرێت، بە خەمەوە پەيوەست دەبێت لە ڕێگای گريانی زياد لە پێويست، فرمێسکی ڕاناوەستێت تەنانەت بۆ شتە بچوکەکانيش دەگری، زەحمەتە هۆکاری گريانەکە دياری بکرێت.}١. جا خودی شاعير ئەگەر لەم دەرگايەوە ئاشنای گريان بوو بێت، ئەوا گەرەکە خودی خۆی هۆکاری گريانەکەيمان لە دەقەکەدا بۆ جاڕ بدات و بە پەنهانی گرمۆڵەی نەکا و نەيشارێتەوە، دەوروبەری لە گريانە جاڕ دراوەکە ئاگادار بکاتەوە، ناکرێ لە خورت و خۆڕایی بگری، هەروەک ئەحمەد شەماڵ لە گۆرانييەکيدا دەڵێ : { گريانم دێ هەر بە هەوەس } ٢.
ئەگەريش گريانەکەی لە ڕاڕاييەوە سەرچاوەی گرت بێت، ئەمە حاڵەتێکی گشتگيرييە هەروەک “ د. سحر غوشە “ دەڵێ { هەموو توشاری ڕاڕایی دەبن، وەلێ هەندێ کەس هەڵچون و تووڕە بوونی رۆژانەيان بنەمايەکی سەرەکييە، نيشانەکانی ڕاڕاييش ، ماندوو بوون، هەبوونی کێشەی نووستن، ڕاڕایی بێ بنەما، دژواری لە جەخت کرنەوە} ٣. پێويستە لە سۆراغی گريانێکدا بين کە زياتر لە سی و حەوت ساڵ بەر لە ئەمێستاکە ڕووی داوە و لە ڕێگای نووسينەوە بۆتە دەقێکی ئەدەبی شيعر و ئێمەيشی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە. لە بەرایی شيعرەکەدا دبێژێت :
کە لە پريسکەی چاوەڕوانی
هاتيتە دەر
حەشاماتێک ئاپۆڕای دای
هۆزەبانەيان بۆ کردی
لەم چەند دێرەدا هێندەی پێگوتين کە باس لە هاوێر بوون يان باشتر بڵێين لە دايک بوونی کەسێک دەکات، لە پرياسکەی چاوەنواڕی نۆ مانگ و نۆ رۆژەیدا هاتۆتە دەر، لە جەستەی دايک جودا بۆتەوە و بۆتە مرۆڤێکی کامڵی کۆرپەڵە، دەشێت ئەمە جگە بۆ لە دايک بوونی مرۆڤ خوێندنەوەی ديکەيشی بۆ بکرێت، وەک هێمايەک بمێنێتەوە لای خودی شاعير يان خوێنەرێکی ديکەی شرۆڤەکار، وەلێ کە باس لە هۆزەبانە دەکات، ديارە لە خۆشناوەتی بە گۆزەبانە دەگوترێت هۆزەبانە، ئەوەيش چريکاندن يان چرپاندنە بە گوێی ساواکەدا لە دوای هەفتەيەک لە لەدايک بوونی، تاوەکوو لە بيستن و گوتن بێ بەش نەبێت، ٤. بشێ شاعير مەبەستی ئەو گريانە بێت کە مناڵ دوای لە دايک بوونی دەيداتە زريک، کە هاتۆتە دنياوە و لە سەرەتادا بە زار و ژان و ئازاری ئەم ژيانەوە دەناڵێنێت، ڕووناکی ئەم جيهانە ئامێرێکی بەرداش هاڕينە لە بۆتەی خەمەکانی تەمەن و ژيان ململانێ لە پێناو مانەوەدا دەکات و دەهاڕدرێت:
کاتێک بە سەر
يەکەم پەيژەشدا سەرکەوتی
ڕوو لە ئاسمان
بە دەم قوڵپی گريانەوە دنيات هەژاند
ميلی زەمەنت ڕاگرت و
تخوبی ئەتڵەسەکانت
يەک يەک بەزاند
هارلان کۆبين * دەڵێ : “ ژيان يەک وەڵامی نييە، بەڵکوو زنجيرەيەک مەتەڵن گەرەکە وێڵی هەڵهێنانيان بين “ ٥. کەواتە دەبێت هەميشە لە سۆراغی ئەو گريانە بين کە مەتەڵێکە و هەڵنايەت، دژوار و سەخت و تەنگە، يەکەمين پێپليکانەی ئەم ژيانە ئاوێتە بوونە لە تەک دۆراندۆر دەرباز بوون لە نێوياندا بە باڵا بوونت دەگەيەنێت، مرۆڤ ئەگەر نۆبەرە نەبوو ئەوا هەر لەيەکەم هەناسەدانييەوە ململانێی ئەو ساوايە دەکات پێش خۆی لە دايک بووە ئيرەیی پێ دەبات، جەنگێکی زۆر بچوکی مناڵانەيە لێرەوە بە گوێرەی تەمەن و باڵا بوون جەنگەکان گەورەتر دەبن، ئەمەيش پەيژەيە چۆن تێيدا رزگار دەبێت، شەرێکی قورسە ناتوانێت لە گەڵ يەکێ لە خۆی گەورەتر لەو کاتەدا بجەنگێت، ناچار پێويستی بە سۆزی دۆراندۆرە بەردەوام گريانەکانی پاساوی لاوازی و خۆ خواردنەوەيە دۆراندۆريش لێی حاڵی نين و تێ ناگەن چ ئافاتێ ڕووی تێکردووە، ئیدی گريان بە ڕەوايەتی دەزانێت بۆ بەرپەچدانەوەی بێ دەسەڵاتی و بە دەنگەوە نەهاتنی، هەروەک گوتمان هەر کەسێ ئازادە بۆ خوێندنەوی جۆراوجۆر لە هەر دەقێکدا، ناکرێت خوێندنەوەی ڕەها بە هيچ دەقێکەوە بلکێندرێت و ببێتە مۆرکێک و لێی نەبێتەوە، هەژاندنی دنيا ناکاتە ئەوەی خود خودان هێز بێت و زۆردار بسڕێتەوە، بێ هێزيش هەميشە پاڕانەوەی بە دوادا دێت، بە دەنگەوە نەهاتنيش گريان، وەک ئەو نەتەوە و ميللەتانەی بێ هێز و بێ پشتن پەنا بۆ گريان دەبەن. وەک چۆن لە ئەنفال و کيمياباران و کۆڕەو دا کورد گريا….
شاعير نايەوێت چۆک دابدات وەلێ بێ ئاگا لەوەی ئەم چۆک دانەدانەی لە يەکەی ژانری دوور دەخاتەوە، ئەمەيش خۆی لە خۆيدا جاڕدانی کەموکوڕييە لە دەقی گرياندا، مرۆڤ لە بێ توانایی ڕووی لە گريان کرد کە ناونيشآنی دەقەکەيشە، هەرگيز ناتوانێت تخوبی ئەتڵەسەکان ببەزێنێت، چونکە ميلی زەمەن بە ترسنۆک و بێ هێز ڕاناگيرێت، گەرەکە هێز و توانا بگێڕێتەوە بۆ بێ تواناکە، دەکارێ بێژين ئەم دەقە لە نێوان کۆپلەکانی لێشاوێک لە پەيڤی جوان و دڕ هەن کە ئێستاتيکا بە دەقەکە ببەخشێت، لەم ترازاندنەی يەکەی ژانر قورتاری بکات بە باڵایی دەيهێنێتەوە بۆ بوون کە نها بوونی نييە، ئەو دەم نەبوونەکان مەحوو دەبێتەوە.
بەڵام منارەی مل باريک و
کەڵەشێری دەم بەيانی
لە خەوێکی زۆر قووڵدا بوون
لە دەنگی زەنگی کاروان و
گڤە گڤی ڕەشەبادا
بێ ئاگا بوون
شاعير لەم کۆپلەدا ئەوەمان بير دەخاتەوە کە بڵێين پاش و پێش لە نێوان ئەم کۆپلە و کۆپلەی پێشوودا هەیە، دەبووايە بەر لەوەی کۆپلەی پێشوو ئەم کۆپلە گڕە خۆی بە خەرمانی دەقەکەدا هەڵواسيبا، ڕەنگە ئەو دەمە کەمێ لە دابڕانی يەکەی ژانر کەم ببووايەتەوە و جوانناسيشی بە دەقەکە زێتر ببەخشيبايە، سێ دێڕی يەکەم ئەوەمان پێ دەڵێ، بانگ و سەڵای شۆڕشی بە دەنگەوە چوونی ئەو کۆرپەڵەيە، يان هەر شتێک بێت ، مرۆڤ ، شۆڕش ، کودەتا، ڕاپەڕين ياخود هەر شتێک .
کەوتوونەتە ئەو خەونە قووڵەوە بە دەنگەوە ناچن و بێ باکن لە منداڵە هەر چييەکی بە سەر بێت، کە چۆن لە بەردەم رۆژگاری خۆيدا نوقمی شەقی خۆی بووە، و زەليلە، گێژەڵوکە و بەردی باراش دەيهاڕێت و دەفەوتێت، لێرەدا پێمان وايە ساغ بووەوە ئيسماعيل تەنيا گريانی لە پێناو چييە.

سەرچاوەکان
١- معلومات عن البکاء ، دکتۆرة سحر غوشة موقع سطور ٨ / ٩ / ٢٠٢٠
٢ – گۆرانييەکی ئەحمەد شەماڵ ، بە ناوی “ لەولا هاتم بە ڕێبواری “
٣ – هەمان سەرچاوەی بڕگەی يەک لە سەرەوە
٤ – هەمبانە بۆرينە، عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی “ هەژار موکريانی “ سروش تاران ١٣٩٨ چاپی دوازدەهەم
٥ – ٤٠ أقتباس عن الحياة من أقوال المفکرين والفلاسفة، موقع حکمة عربية ، ٨ / ٦ / ٢٠٢٣
٦ – يادەکانم لە سووتانی شەوێکدا، ئيسماعيل تەنيا، هەولێر ٢٠٢٤

سەردار جاف
شاعير و ڕەخنەگر ، ئەڵمانيا

  • ،هارلان کۆببين نووسەر و ڕۆماننووسی ئەمريکييەساڵی ١٩٦٢ لە نيوئارک لە نيوجەرسی لە دايک بووە، سەرۆکی ليژنەی دادوەری ڤيستيڤاڵی کان بۆ زنجيرە درامەکان ٢٠١٨



مافی دید/ ڕا دەربڕین، بۆ کێ؟.. ئاراس سەعید

پێشکەشە بە هاوڕێ و مامۆستایی فرە قەدرگرانم (پ.د.هێمن مەجید)

وشەی (دید) لە هاومانا باوەکەیدا وشەی (ڕا)یە، زۆرینەی جار لە میدیا و تەلەفیزیۆنە کوردییەکانەوە گوێبیستی ئەو پرسیارە دەبین کە بەبێ جوداوازی کردن لە نێوان جۆری کەسایەتی و پسپۆڕیی دەپرسن ( ڕای تۆ لەسەر فڵانە بابەت چییە؟) ئەمە خۆی لە خۆیدا هەڵەیەکی (ئایدۆلۆژی/وشکە هزرە)ی بە ئەنقەستە کە دەیەوێت چەمکی دید/ڕا لە مانا قووڵەکەیدا کوورت بکاتەوە بۆ پرسێکی سادەی ژۆرنالیستیانە، بۆ سادەکردنەوەی کێشە و دۆزەکان، لێرەدا مەبەستم لە (سادەکردنەوە) دوانێک نییە بۆ سادەکردنەوەی دۆز و مەسەله ئاڵوزەکان بۆ ئاستی تێگەیشتنی گشت یان ئاستی تێگەیشتنی عەوام، بەڵکوو پرسەکە ئەوەیە لە بنەمادا هیچ کێشەیەکی سادە بوونی نییە و هەرکەسێک سادە بدوێت لەسەر کێشەکان کەرەستەکانی بیرکردنەوەی سادەیە و تەنیا ڕووکەشانە دەتوانێت لە دۆزەکان تێبگات و چارەسەریی ڕووکەشانە و سادەی بۆ بخاتەڕوو.
بۆ تێگەشتن لەم پرسە پێویستە چەمکی دید/ڕا شرۆڤەبکەین. دید له بنەمادا گوزارەیەکی فەلسەفی و ناسەنی/ مەعریفییە. بەرهەمێکە لە بەرهەمەکانی ئاوەزی ئینسان و بیرکردنەوەکەی، لێرەوە (دەربڕینی دید) دەبێتە کردەیەکی (ناسەنی)یانە و لە پانتاییەکی تایبەتدا پێگەی خۆی دیاری دەکات. واتا (ئاوەز و ناسەنی و بیرکردنەوە) دەبێتە پێکهاتەی دید دەربڕێنەکەی. بەدەربڕینێکی دیکە، شێوازێکی بیرکردنەوەیە، پشت بە دەرەنجامکردن و بەکارهێنانی شێوازە لۆژیکییەکان دەبەستێت و دەیکات بە سەرچاوەی هەموو ئەو زانیارییانەی دەریدەبڕێت.
لێرەوە ئەوەی بۆی هەیە دید/ڕا لەسەر دۆز و مەسەلە و بابەتەکان بدات، کەسانێکن خاوەنی تایبەتمەندی و پسپۆڕی و ناسەنین لەو بوارەی کەدیدەکەی لەسەر دەدەن، نەک کەسانی ناپسپۆڕ و بێ مەعریفە و ناقاڵبوو. پێشینیانی کورد جوانیان گوتووە:( نەزان بەردێک فڕێ بداتە ئاوێکەوە، بە هەزار زانا دەرنایات.) چونکە نەزان بەبێ تێگەیشتن و دەرەنجامکردن و بەکارهێنانی شێوازە لۆژیکییەکان لەسەر دۆزەکان قسە فڕێدەدات و تەنیا غەریزە دەرونییەکانی دەبنە پاڵنەر و پێکهاتەی دەربڕینەکەی وەک(سۆز و ڕق و کینە و..هتد)
بۆ نموونە: لە تەلەفیزیۆنی کوردییەوە دەیان و سەدان کەسی ناقاڵبوو و نا پسپۆڕ کە خۆیان وەکوو چالاکوان و ڕۆژنامەنووس و پسپۆڕی فڵانە بابەت جاڕداوە. لەسەر هەموو دۆز و مەسەلەیەک قسە فڕێی دەدەن و لە میدیاکانیشدا دەبێتە پرسێک بۆ شاردنەوەی حەقیقەتێک و چەواشەکردنی وەرگر. زۆرجاریش مایکەوانی میدیایی کوردی ڕای هاوڵاتی سادە لەسەر پرسی سیاسەتی نێودەوڵەتی و چۆنییەتی ڕزگاربوون لەقەیران و سەدان پرسی دیکە وەردەگرێت بەبێ ئەوەی ئەو هاوڵاتییە سەرە واوی زانستی سیاسی لە مێشکدا بێت، یان ئەلف و بێی ئابووری خوێندبێت.
ڕا لە بنەمادا پرسێکی نوخبەوییە و هاووڵاتی سادە و تەنانەت کەسانی ناپسپۆڕ و نا قاڵبوو ئەگەر بڕوانامەیەکیشیان لە گیرفاندابێت جگە لە موعاناتە ڕۆژانەییەکانیان بۆیان نییە لەسەر هیچی دیکە ڕایان هەبێت.
یۆنانییەکان (25) سەدە لەمەوبەر پەیان بە کوشندەیی ڕای عەوام بردووە و ئەو ڕەخنەیەیان گرتووە کە کەسی ناقاڵبوو و ناپسپۆڕ و ناشارەزا نابێت ڕای هەبێت. (پلاتۆن) لە بەشی شەشەمی کتێبی کۆماردا، دیالۆگی (سۆکرات) لەگەڵ (ئادێمینۆتۆس) دەگێڕێتەوە. سۆکرات لەو دیالۆگەدا دەپرسێت ئەگەر تۆ لەناو کەشتێکدا بیت لە گەشتێکی دەریایدا پێت باشە کێ بڕیاڕ بدات لە دیاریکردنی کاپتنی کەشتیەکە؟ هەرکەسێک بێت، یان پێت باشە کەسێک شارەزایی ڕێساکانی کەشتیوانی و شارەزای دەریابێت؟ ئادێمینۆتۆس وەڵام دەداتەوە بەدڵنیاییەوە دووەم، کەسێک شارەزایی ڕێساکانی کەشتیوانی و شارەزایی دەریابێت. سۆکرات دەڵێت؛ کەواتە بۆچی ئێمە بڕوامان وایە کێ بەتەمەن بوو ئیدی بۆ ئەوە شیاوە بڕیار بدات؟
سۆکرات پێی وایە، چۆن ناکرێت سەرپەرشتیاری کەشتییەک بدرێتە دەستی کەسێکی نەشارەزاوە، ئا بەو جۆرەش ناکرێت کەسێکی نەشارەزا ڕای لەسەر دۆز و مەسەلەکان هەبێت.




پڕۆسەی ئاشتی نێوان کورد و تورک.. زانا رەزاق

ماوەیەکە باسکردنی پڕۆسەی ئاشتیە لەنێوان تورک و کورد ،لە کورد بەسەرۆکایەتی ئۆجەلانە لەلای تورکیش بە سەرۆکایەتی ئەردۆغانە ، بێگومان پڕۆسەی ئاشتیش کاتی پێویستە، کاتەکەشی زۆر دەخایهنێت، تا دەگاتە ئەنجام، چونکە جگە لە مافەکانی کورد، دەبێ کاریش بۆ ئەو ئاشتیە بکرێت کە بەهۆی شەڕێکی خوێناویییەوە ناکۆکی توند کەوتۆتە نێوان کورد و تورک .

جا شاندی دەم پارتی پێکهاتبوون لە ئەحمەد تورک پەروین بولدان سری سورەیا ئۆندەر ،ئەم بەڕێزانە لەگەل هەموو حزبەکانی تورکیا کۆبوونەوە ئەمەش بۆ گەیاندنی پەیامی ئۆجەلان بەوان.

ئیدی تورکیا لەم پڕۆسەیە داوای چەک دانان لە پەکەکە دەکات ،بێگومان ئەمەش ناپێویستییە چونکە گەر مەبەستیان ئاشتی ڕاستەقینە بێت هیچ پێویست ناکات داوای چەک دانان بکرێت، لەبەر ئەوەی تۆ پڕۆسەی ئاشتی سەر بخە ،ووردە ووردەش چەکەکان بێدەنگ دەبن، پاشان هەر خۆیان چەک دادەنێن ،داشینەنێت چەکیان ئەم کات بۆ چیە؟ پاشان بۆچی تورک لە چەک دەترسێت یان مەرام و فێڵیان هەیە ؟ داوای چەک دانان دەکەن؟

6 1 2025