ڕۆزا پارکس (١٩١٣ – ٢٠٠٥) هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ئەمەریکا.. ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

تێرامان لە چیرۆکی ژیان و خەباتی سیاسی و مەدەنیی (ڕۆزا پارکس)، ئەو ژنە ڕەش پێستەی کە هەموو ژیانی تەرخان کرد لەپێناو مافە مەدەنییەکانی خەڵکی ڕەشپێستی ستەملێکراو لە ئەمەریکا، لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، جێگای سەرنج و بایەخە. یانزە ساڵ بەر لە داننان بە مافەکانی مرۆڤی ڕەشپێست لە شاری مۆنتگۆمۆری ئەمەریکا، (١) واتە ڕێک لە ساڵی ١٩٤٤دا، ڕۆزا لویس مەککاوڵی پارکس وەک نوێنەری(کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ پێشخستنی ڕەنگی پێست)(٢)لێکۆڵینەوەی لە کەیسی ژنێک دەکرد بە ناوی ڕیسی تایلەر(٣). ژنێک کە لەلایەن شەش پیاوی سیپپێستەوە دووچاری دەستدرێژی سێکسی ببووەوە. بەهۆی یاسا جیاکاری ئەمەریکا ، بۆ ڕۆزا ئاسان نەبوو کە دادگای ویلایەتی ئالاباما ڕازی بکات بەوەی کە تەنانەت یەک پیاوی سپیپێستیش تاوانبار بکات. بەڵام ڕۆزا بەردەوام بوو و داوای لە دادگا کرد کە بەرگری لە دۆسییەکەی ڕیسی تایلەر بکات. بۆ ئەمەش میدیاکانی پڕ کرد لە گەواهی و بەڵگە و لە بەشی باشووری ئالاباماش خەڵکی دنە دەدا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بەو سیاسەتە دژە ئینسانییە. دادگای ئالاباماش هیچ کام لە پیاوە دەستدرێژکەرەکانی ئەو دۆسییەی وەک تاوانبار نەناسی.
ڕۆزا پارکس بە درێژایی ژیانی دژ بە تووندوتیژی وەستاوەتەوە و هەوڵیداوە بۆ بەرقەرابوونی دادپەروەی کۆمەڵایەتی، گەرچی بە تەواوبوونی ژیانی خۆشی بێت. ڕۆزا پارکس لە چواری شوباتی ساڵی ١٩١٣ لە خێزانێکی جووتیاری ئالاباما لە دایک بووە و لەگەڵ دایک و نەنک و باپیرەی ژیاوە. بۆ ڕۆزای ژن و ڕەشپێست؛ دەرەوەی ماڵ واتە لەناو کۆمەڵگەی لێوڕێژ لە تووندوتیژی و ترسی دەستدرێژی کە سێبەری خستۆبووە سەر ژیانی ئەو و تەواوی ژنانی ڕەشپێست. ڕۆزا لە تەمەنی نۆزدە ساڵی هاوسەرگیری لەگەڵ ڕەیمن پارکس کرد کە پیشەی سەرتاش بوو. ڕەیمن یەکەم کاری ئەوە بوو ڕۆزا وەکو هەڵسوڕاوێک بپارێزێت. ساڵی ١٩٤٣ ڕۆزاش بە خەباتی کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ پێشخستنی ڕەنگی پێست، پەیوەست بوو کە تا ئەو کات تەنها یەک ژنی تیا بوو ئەویش جانی ڕێبێککا بوو. (٤) دواتر ڕۆزا بوو بە سکرتێری ئەو ڕێکخراوە. ڕۆزا بەڕۆژ خەریکی کاری دوورمان بوو تا یارمەتی دایک و هاوژینەکەی بدات و بەشەویش خەریکی لێکۆڵینەوە لە دۆکیومێنت و دۆسییەی ژمارەیەک لە مافە مەدەنییەکان بوو، هەر لە ڕووداوە سادەکانی ڕۆژانەوە تا دەگاتە بەرزترین کردەی کوشتن و تاوانی ڕقلێبوونەوە. ڕۆزا کاری ڕێکخراوەکەی بەڕێکوپێکی ئەنجام دەدا و یارمەتی گەنجانی دەدا تا سیستەمی دژە ئینسانی هەلاواردن یان جیاکاری نێوان سپی و ڕەشپێست ببینین. ڕۆزا لەو ڕێکخراوەدا گەلێ بواری تێکۆشانی فراوانتر کردەوە و کەوتە وتاردان لەسەر تووندوتیژی و کوشتن بەتایبەتیش کوشتنی ئیمەت تیڵ.(٥) هەرچەندە ڕۆزا پارکس هەرگیز ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا نەبووە، بەڵام لەگەڵ هاوژینەکەیدا بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەو حیزبەی دەکرد. دۆسیەی بەناوبانگی گەنجانی سکۆتسبۆرۆ لەلایەن پارتی کۆمۆنیستی ئەمریکاوە خرایە بەردەم تێکۆشەرانی مافە مەدەنییەکانی ئەمەریکا.(٦)

ROZA PARKS

ساڵی ١٩٥٥ لەشاری مۆنتگۆمێری ڕۆزا پارکس ڕەتی کردوەوە ئەو کورسییەی کە لەناو پاسی هاتووچۆ تەرخانکرابوو بۆ سپیپێستەکان و لەسەری دانیشتبوو، چۆڵ بکات. بەم هۆیەوە دەیگرن و ئازاری دەەن و دەیخەنە زیندانەوە. لە زیندان هەڵسوڕاوان و پارێزەرانی مافی مرۆڤ وەکو مارتین لوسەر کینگ و ئێدگار نیکسن (٧)سەردانیان دەکرد و نەخشەئ ئەوەیان دانا کە پاسەکانی هاتووچۆ بۆ ماوەی ٢٤ سەعات مان بگرن. ئەوە بوو مانیان گرت و ئیتر داوایان کرد مانگرتنەکە درێژە بکێشێت و ئەوەبوو ٣٨١ ڕۆژ درێژەی کێشا. (٨)ڕۆزا و هەڵسوڕاوانی تر بڕیاریاندا ئەم مانگرتنە بکەنە جووڵانەوەیەکی سەرتاسەری ئەمەریکا. سەرەنجام ئەم مانگرتنە بووە هۆی ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٥٦ بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە چیتر جیاکاری لە شوێنی دانیشت بەپێی ڕەنگی پێست نەکرێت و یاسای هەڵاواردنی ڕەنگی پێست لەناو پاسی هاتووچۆ و شوێنەگشتییەکاندا نەمێنێت.

ئەم سەرکەوتنە بووە هۆی ئەوەی کە ڕۆزا پارکس دەیانجار هەڕەشەی کوشتنی لێبکرێت و ئیتر لەبەر ناوناوبانگی سیاسی خۆی هیچ ئیشێکیان لە ئالاباما نەدایێ و ناچار لە ساڵی ١٩٥٧ڕووی کردە شاری دیترۆید لە ویلایەتی میشیگن تا وەکو کرێکاری دوورمان ئیش بکات. لەوێش بێکار بوو تا لەلایەن ئەندام پەرلەمان جان کۆنیەرس ئیشێکی پێدرا. (٩) ڕۆزا لە چل ساڵی کۆتایی تەمەنیدا دژی نابەرابەری و توندتیژی و نا دادپەروەری جەنگا و هەروەها ژمارەیەک کتێبی نووسی و کەوتە گەڕان بەسەراسەری وڵاتی ئەمەریکا وتاری دەدا و پشتیوانی چالاکوانانی تری دەکرد و چەندین دەزگای ڕۆشنبیری دامەزراند بۆ گەنجان.(١٠)
ئەمڕۆ ڕۆزا پارکس وەکو ڕووخسارێکی ڕادیکاڵ کە دژ سیستەمێک و دژ بە یاساگەلێکی تەژی لە هەڵاواردن جەنگاوە، دەمێنێتەوە. ساڵی ٢٠٠٤ ڕۆزا پارکس تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە بوو، ئەو نەخۆشییەی کە لانیکەم لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە نیشانەکانی لێدەرکەوتبوو. دواجار ڕۆزا پارکس لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥، لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا لە شوقەکەی خۆی لە شاری دیترۆیت گیان لەدەست دەدات و بۆ هەمیشە چاو لێک دەنێت. بۆ مردنی ڕۆزا پارکس چەندین ڕێوڕەسمی یادکردنەوە بەڕێوەچوو، لەنێویاندا، دانانی تەرمی ئەم ژنە خەناتگێڕە لە پایتەختی ئەمەریکا لە واشنتۆن، کە نزیک بە پەنجا هەزار کەس هاتبوون بۆ ماڵئاواییکردن لە ئەو ژنە هەڵسوڕاوە لەخۆبووردەیەی کە مێژووی ئەمەریکا لەئاست ناو و چالاکییەکانی دەست لەسەر سینگ ڕاوەستاوە و ڕادەوەستێت.

تێبینییەکان ئامادەکار و وەرگێڕ ئامادەی کردوون:
(١)مافەکانی مرۆڤی ڕەشپێست لە شاری مۆنتگۆمێری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو هاتە بواری سەلماندن و جێبەجێکردنەوە، ئەمەیش لە ئەنجامی ڕەتکردنەوەی ڕۆزا پارکس لە چۆڵکردنی کورسی نێو پاس کە شوێنی تایبەت بوو بە سپیێستەکان. ڕۆزا دوای دەستگیرکردنی و بایکۆتی پاسەکانی ئەو ویلایەتە. دەسەڵاتدارانی جیاکاری ئەمەریکا ناچار بوون لە ساڵی ١٩٥٥ مافە مەدەنییەکانی ڕەشپێستەکان وەکو سپیپێستەکان دیاری بکەن.
(٢)کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ پێشخستنی ڕەنگی پێست، وەک کۆنترین و گەورەترین ڕێخراوی مافەکانی مەدەنی لەساڵی ١٩٠٩ لە شاری نیویۆرک لەلایەن هەڵسوڕاوانی سپیپێست و ڕەشپێستەوە دامەزرا، وەک وەڵامێک بۆ تووندوتیژییە بەردەوامەکان دژ بە ڕەشپێستە ئەمەریکییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا. ڕۆزا پارکس لە ساڵی ١٩٤٣ وەک هەڵسوڕاوێک پەیوەست بووە بەو ڕیکخراوەوە. شایانی وتنە لە سەردەمی مافە مەدەنییەکان لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠دا، ئەم ڕێکخراوە سەرکەوتنی گەورەی یاسایی بەدەستهێنا و ئەمڕۆش زیاتر لە ٢٢٠٠ لق و نزیکەی نیو ملیۆن ئەندامی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.
(٣)ڕیسی تایلەر(١٩١٩ – ٢٠١٧)؛ ژنێکی ڕەشپێست بوو کە لە سێی ئەیلوولی ساڵی ١٩٤٤ لە ویلایەتی ئالاباما کاتێک لە باڵەخانەی کڵێسایەک دێتە دەرەوە لەلایەن شەش پیاوی سپیپێستەوە دەڕفرێنرێت و دەستدرێژی سێکی دەکرێتە سەر. دۆسییەی تایلەر بەهۆی هەوڵەکانی ڕۆزا پارکس دەنگی دایەوە و کێشەی ڕەشپێستەکانی لە ئەمەریکا بردە ئاستێکی ترەوە. پەرلەلمانی ئالاباما لەساڵی ٢٠١١ بەناوی ویلایەتی ئالاباماوە داوای لێبووردنی لە ڕۆزا پارکس لێکرد.
(٤)جانی ڕێبێککا دانیاڵ (١٩١١ – ٢٠٠٨) جۆنی کار وەک خەڵکی ویلایەتی ئالاباما و هەڵسوڕاوی مافە مەدەنییەکان، بەشدارێکی چالاک بوو لە بایکۆتی پاسەکانی شاری مۆنتگۆمێری. جانی سەرسام بوو بە وتارەکانی مارتین لوسەر کینگ و لەهەمان کاتیشدا لەگەڵ دانیال نیکسن لە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان چالاک بووە.
(٥)ئیمەت لویس تیڵ (١٩٤١ – ١٩٥٥) کەنجێکی ڕەشپێستی ئەمەریکی بوو کە لەساڵی ١٩٥٥ لە شاری میسیسیپی ڕفێندرا و ئەشکەنجە درا و دواتریش بەدارێکەوە خنکێنرا لەسەر ئەوەی گوایە ژنێکی سپیپیستی لە دکانی بەقاڵییەکەی تووڕە کردووە. دڕندەیی کوشتنی ئەم گەنجە سەرنجی گۆمەڵگەی ئەمەریکا و بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان ڕاکێشا کە ئیمەت بووە ئایکۆنی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکان لە ئەمەریکا.
(٦)گەنجانی سکۆتستبۆڕۆ یان کوڕانی سکۆتسبۆرۆ، نۆ هەرزەکاری ئەفریقایی ئەمەریکی بوون کە تۆمەتبار کران بە دەستدرێژیکردنە سەر دوو ژنی سپیپێست لە ساڵی ١٩٣١دا. دۆسییە یاساییەکانی ئەم ڕووداوە ئاماژەیان بە ڕەگەزپەرستی و دادگاییکردنی نا دادپەروەرانە دەکرد. دۆسییەکان بریتی بوون لە هەڵواسین بەدارەوە(ئیعدام) پێش ئەوەی تۆمەتبارەکان تاوانەکانیان لەسەر ساغ ببێتەوە، دەستەی دادوەرانیش خوازیاری دادگاییکردنی بەپەلە بوون. بەگشتی ئەم دۆسییەیە وەک نموونەی نادادپەروەرییەکی یاسایی لە سیستەمی یاسایی ئەمەریکادا ئاماژەی پێدەکرێت.
(٧)ماتین لوسەر کینگ(١٩٢٩ – ١٩٦٨) و دانیال نیکسن(١٨٩٩ – ١٩٨٧)دوو فیگەر و سەرکردەی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمەریکا و هاوڕێی ڕۆزا بوون کە جوانترین ڕۆڵیان گێڕا لە مێژووی خەباتی رەشپێستەکان لەپێناو مافە ئینسانییەکانیان.
(٨)بایکۆتی پاسەکانی شاری مۆنتگۆمێری ناڕەزایەتییەکی مافە مەدەنییەکان بوو کە لەم ماوەیەدا ئەمەریکییە ئەفریقییەکان ڕەتیانکردەوە سواری پاس بن لە شاری مۆنتگۆمێری لە ویلایەتی ئالاباما بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژ بە جیاکاری شوێنی دانیشتن. بایکۆتەکە لە پێنجی کانوونی دووەمی ١٩٥٥ تا بیستی کانوونی دووەمی ١٩٥٦ ئەنجامدرا و وەک یەکەم خۆپیشاندانی بەرفراوانی ئەمریکا لە دژی جیاکاری دادەنرێت. چوار ڕۆژ پێش دەستپێکردنی بایکۆت، ڕۆزا پارکس، ژنێکی ئەمەریکی ئەفریقایی، بەهۆی ئەوەی ڕەتیکردەوە کورسی پاسەکە چۆڵ بکات بۆ پیاوێکی سپی پێست، دەستگیرکرا و غەرامەکرا. لە کۆتاییدا دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیاریدا سیستەمی پاسەکانی هاتوچۆی شاری مۆنتگۆمێری یەکبخات و یەکێک لە سەرکردەکانی ئەم بایکۆتە مەزنەش گەنجێک بوو بە ناوی مارتن لوتێر کینگ ، کە وەک سەرکردەیەکی دیار لە بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمەریکا دەرکەوت.
(٩)جان کۆنیەرز (١٩٢٩ – ٢٠١٩) سیاسەتمەدارێکی ئەمەریکی سەر بە حیزبی دیموکرات بوو کە لە ساڵی ١٩٦٥ تا ٢٠١٧ وەک نوێنەری ئەمەریکا لە ویلایەتی میشیگان کاری کردووە، کۆنیەرز ئەندامی کۆنگرێس بووە و ماوە درێژترین ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکی ئەفریقایی بووە لە مێژوودا.
(١٠)ڕۆزا پارکس نزیک بە دە کتێبی نووسیوە و لەسەر نووسراوە. ئەمە جگە لە ژمارەیەکی زۆر لە وتاری ئیرتیجالی و نووسین کە سەرپاکیان دەربارەی مافەکانی ئینسانی ڕەشپێست و ئایندەی ژیان بوون لەکۆمەڵگەی ئەمەریکیدا. هەروەها گەلێ جێگا و شوێنی گشتی بەناوەوە کراوە و ئیستاش ئەو پاسەی کە ڕۆزای لەسەر زیندانی کرا لە مۆزەخانەی هێنری فۆرد لە ویلایەتی میشیگن، پارێزراوە.

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

لەنووسینی ئەم بابەتە سوودم لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە :
(١)ژیانی شاراوەی خاتوو ڕۆزا پارکس نووسینی : ڕیشی د. ڕیچاردسن
https://ed.ted.com/lessons/the-hidden-life-of-rosa-parks-riche-d-richardson
(٢)ژیاننامەی خاتوو ڕۆزا پارکس
https://www.biography.com/activists/rosa-parks
(٣)مێژووی بایکۆتی پاسەکانی شاری مۆنتگۆمێری
https://www.history.com/topics/black-history/montgomery-bus-boycott
(٤)چۆن مێژوو چیرۆکی ڕۆزا پارکسی بەهەڵە وەرگرت؟ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست نووسینی جینا زۆهاریس یەکی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥
https://www.washingtonpost.com/posteverything/wp/2015/12/01/how-history-got-the-rosa-parks-story-wrong/




ڕووداوەکانی سوریا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد.. موئەید ئەحمەد

چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەکانی “الغد الئیشتراکی” و “ڕەوت” لەگەڵ موئەید ئەحمەد

تێبینی بۆ خوێنەرانی ئازیز: ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوە بە هاوبەشی جەلال السباغ لە (ڕۆژنامەی الغد الاشتراکی) و جەمال کوشش لە (ڕۆژنامەی ڕەوت) ئەنجامدراوە لەگەڵ موئەید ئەحمەد مونەسیقی گشتی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق.

پرسیار: دەست خۆش هاورێ موئەیەد کە کاتت بۆ ئەم دیالۆگە تەرخان کرد. ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد خێرا و لەناکاو بوو، پێش ئەوەی بچینە ناو وردەکارییەکانی دۆخی سوریا و ناوچەکە، شوێنی ئەم گۆڕانکارییە لە چوارچێوەی نەخشەی ململانێی جیۆپۆلەتیکی جیهانیدا چۆن دەبینیت؟
موئەید ئەحمەد: زۆر سوپاس بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە. سەرەتا، پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە هەموو گۆڕانکارییەکی سیاسی و سەربازیی گەورە کە کاریگەرییەکی تا ڕادەیەک گشتگیر و ناوچەیی هەیە، بە سروشتی خۆی هەڵگری سیمای ئەو سەردەمە مێژووییـە جیهانیـیە و ئەو سەردەمەیە کە ئەم گۆڕانکارییە تێیدا ڕوودەدات.
ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ڕووداوێک نییە لە دەرەوەی مێژووی جیهانی و ئەو سەردەمەی کە ئێمە تێیدا دەژین، سەردەمیک کە بە شێوەیەکی سەرەکی بە توندبوونەوەی قەیرانی سەرمایەداریی هاوچەرخ و بە توندبوونەوەی دژایەتییە چینایەتییەکانی ئەم سیستەمە و چڕبوونەوەی ململانێی نێوان دەوڵەتە سەرمایەداریـیە ئیمپریالیستەکان و جەمسەرە سەرمایەدارییە ناوچەییەکان دەناسرێتەوە، لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی ئابووری و سیاسی جیهان و دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەکانی نفوزی سیاسی و سەربازی لە نێوانیاندا.
گۆڕانکارییەکانی سوریا لە سەردەمێک و مێژوویەکی جیهانیدا ڕوودەدەن کە بە چڕبوونەوەی بەربەرییەت و تاوان و کۆمەڵکوژی سەرمایەداریی ئیمپریالیستی جیهانی و زلهێزە سەرمایەدارییە ناوچەییەکان تایبەتمەندە، بە شێوەیەک کە بە دەگمەن لە مێژوودا دەبینرێت. وە لە سەردەمێکدا ڕوودەدەن کە تایبەتمەندە بە توندبوونەوەی ململانێی جیۆپۆلەتیکی و سەربازی و جیۆئابووری لەسەر ئاستی جیهانی و سەپاندنی کارەساتە ترسناکەکانی وەک تاوانەکانی جینۆساید لە غەززە، کۆمەڵکوژی سەدان هەزار کەسی لە شەڕی ئۆکرانیا، و کوشتوبڕی سەدان هەزاری لە خودی سوریا و ئاوارەبوونی نیوەی دانیشتوانەکەی، و تایبەتمەندە بە کۆمەڵکوژییەکانی شەڕی تائیفی و تەقینەوە تیرۆریستیـیە ئیسلامیـیەکان لە عێراق، دوای شەڕی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە و داگیرکردنی لە ساڵی (٢٠٠٣)، و بە کارەسات و وێرانکارییە بەردەوامەکانی ناوچە جیاجیاکانی جیهان، و لە وڵاتانی وەک یەمەن، سودان، سۆماڵ و وڵاتانی دیکە.
ئەوەی لە سوریا ڕوویداوە، بەتایبەت لە ساڵی (٢٠١١)ەوە تا ئەمڕۆ، و ئەوەی ئەم وڵاتە لە ڕووی پێشهاتەکانی دواترەوە شاهیدی دەبێت، تەنیا ڕووداوگەلێک نین کە ململانێ جیهانییەکان کاریگەرییان لەسەری هەبووە و هەیە، بەڵکو ئەو ڕووداو و پێشهاتانەن کە لە جەرگەی ئەو ململانێیانەدا ڕوویانداوە و ئیستاش ڕوودەدەن، و تایبەتمەندییەکانیشی هەر لەم مەیدانەدا دیاری دەکرێن. وە بەمپێیە و لە لایەنێکی بنەڕەتیدا ئەوەی ڕوویداوە، دووبارە دابەشکردنەوەی بازاڕێک و ناوچەیەکی نفوزە بە ناوی سوریا لە نێوان زلهێزە سەرمایەدارییە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتە سەرمایەدارییە ناوچەییە ناکۆکەکان، و ڕووداوێکە لە دڵی ململانێـیەکی ئیمپریالیستی جیهانی بەرینتر لە نێوان ئەمریکا و زلهێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل و تورکیای هاوپەیمانیان لە لایەک و ڕووسیا و چین و ئێرانی هاوپەیمانیان لە لایەکی ترەوە.

پرسیار: بەڵام ئەوەی کە لە بەرچاوماندا ڕوو دەدات لە وڵاتێکدایە بە ناوی سوریا و لەوێدا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری کە (٥٤) ساڵە خۆی سەپاندووە، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، دەڕۆخێنرێ لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیسلامی سیاسی کە لە (دەستەی ڕزگاری شام)دا یەکیانگرتووە، و ساڵانێکە حوکمڕانی پارێزگاری ئیدلیب دەکات. چۆن ئەم گۆڕانکارییە لەناکاوە دەبینی؟ وئایا پێت وایە پلانێکی نێودەوڵەتی پێشوەختە ئامادە بووبێت بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات؟

موئەیەد ئەحمەد: هەرچەندە چاوەڕوان نەدەکرا ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بەو ئاسانییە و خێرایە ڕووبدات، بەڵام توخمەکانی ڕووخانی ئەو ڕژێمە ئامادەبوون و (١٣) ساڵ لەمەوبەر دەستی بە گەشەکردن کردوە، کاتێک یەکەمین ناڕەزایەتی جەماوەری لە سوریا لە ڕێگەی سەرکوتی دڕندانە و بە میلیتاریزەکردنی دۆخەکەوە پاشەکشەی پیکرا. ئەمەش نەک تەنیا لەلایەن ڕژێم ولایەنگرە نێودەوڵەتییەکانییەوە ڕووسیا و ئێران، بەڵکو بە گڕگرتنی شەڕی بە وەکالەت کە بە خوێناوی و دڕندەیی بێ هاوتا تایبەتمەند بوو، لە ناوخۆی ئەم وڵاتەدا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و تورکیا و هەندێک دەوڵەتانی کەنداو و بەتایبەتی قەتەر. ئەمە سەرەڕای بەرژەوەندی و تەماحە جیاوازەکانی تورکیا لە لایەک، و ئیسرائیل و ئەمریکا لە لایەکی ترەوە، بەرامبەر سوریا. بەم مانایە دەتوانین بڵێین کە کەوتنەکە دەرئەنجامی پلانێکی پێشوەختە پلان بۆ داڕێژراو بووە.
بەڵام ئەم داڕمانە خێرایەی ڕژێم، و خێرایی پێشڕەوی هێرشەکانی هێزەکانی سەر بە (دەستەی ڕزگاری شام) بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکان بەبێ هیچ بەرگرییەکی بەرچاو، هۆکاری دەستبەجێ و ڕاستەوخۆی هەیە کە پەیوەندی بە چەند لایەنێکەوە هەیە؛ جیۆپۆلیتیک و ئەو قەیرانە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەی کە ڕژیم تووشی ببوو.

پرسیار: تکایە، دەتوانن بچنە ناو وردەکارییەکان سەبارەت بەم هۆکارە ڕاستەوخۆیانە؟

موئەید ئەحمەد: یەکەم: لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکەوە، جێگەوڕێگە و توانای هەر لایەنێک لە زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی بەشدار لە ململانێی بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوی سیاسی لە ناوخۆی سوریا لە چەند ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە.
ڕووسیا و هێزە سەربازی و ئاسمانییەکانی لە مانگی شوباتی (٢٠٢٢)ەوە سەرقاڵی شەڕی ئۆکرانیان، ئەمەش وایکردووە ڕژیمی ڕوسیا نەتوانێت لە یەککاتدا بەردەوام بێت لە دوو بەرەی جەنگدا، بۆیە ئەوەی هەلبژارد کە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و ستراتیژییەکانی لە ئۆکرانیا وازبهێنێ لە بەرگریکردن لە ڕژێمی ئەسەد، دیارە بە پێچەوانەی ویستی خۆیەوە، و بە تایبەت لەگەڵ بێ متمانەیی و ناڕەزایەتی هێزەکانی ڕژێم و نیشاننەدانی بەرگرییان لێی. بەڵام وەک دەوڵەتێکی ئیمپریالیستی لەسەر شانۆی سیستەمی سیاسی جیهانی، ڕووسیا دەستبەرداری بەدواداچوونی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکی و جیۆئابوورییەکانی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت لە سوریاشدا، نابێت، هەرچەندە پێگەیەکی گرنگ و ستراتیژی لەم ناوچەیەدا لەدەستدا لەگەڵ ڕووخانی ڕژێم و کشانەوەی هێزەکانی لە ناوخۆی سوریا.
ئەمە و لاوازبوونی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و بازووە ملیشیایەکانی لە ناوچەکەدا، لە ئەنجامی بۆردومانی کوشندەی ئیسرائیلی بۆ سەریان، و بۆسەر میلیشیاکانی خودی کۆماری ئیسلامیش، لە سوریا، و بەتایبەت لێدانی کوشندە لە حزبواڵا تا ڕادەی تەسلیمبوونی ئەم حزبە، لەسەر پاشخانی (باکگراوەندی) ڕووداوەکانی (٧)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢٣) و دواتری، و بەردەوامبوونی تاوانەکانی جینۆساید لە غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، وایکرد ئەم هێزانە نەتوانن بەردەوام بن لە شەڕ بۆ پشتیوانیکردن لە ئەسەد. نەک هەر ئەمە، بەڵکو پێگەی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران لە ڕووی ناوچەییەوە دابەزی، بەو پێیەی کە نەیتوانی بگات بە ئامانجە سیاسییەکانی بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمریکا. ئەم ئامانجانە بریتی بوون لە فشارخستنە سەر ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ گۆڕینی ستراتیژی خۆیان بەرامبەر بە ڕژێمی (کۆماری ئیسلامی ئیران) و هەوڵەکانی ئەم ڕژێمە بۆ ڕێگریکردن لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاساییکردنەوە لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، کە بە ئاکام نەگەیشت.
بەم پێـیە ڕوسیا و ئێران و حزبوڵای لوبنان ئیتر ئەو توانایەیان نەما بۆ بەرگریکردن لە ڕژێمی ئەسەد.
بەڵام سەبارەت بەو زلهێزە ئیمپریالیستی و ناوچەیـیـیانەی کە لە دژایەتیـدا بوون لەگەڵ ڕژێمی سوریا و سەرکەوتنیان بەدەستهێنا لە ململانێی سەپاندنی هەژموونیان بەسەر ئەم وڵاتەدا، ڕۆڵیان لەم ڕووداوانەی دواییانەدا، بەم شێوەیەیە:
پێگەی تورکیا وەک زلهێزێکی ناوچەیی ساڵانێکە لە گەشەکردندایە، لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا هێز و توانای بەردەوام لەسەر شانۆی سیاسی، سەربازی و ئابووری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەشە دەکات، کە هاوکات بووە لەگەڵ گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئەردۆگانەوە لە تورکیا، هەروەها هاتنەسەرکاری بەشار ئەسەد لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا لە سوریا.
تورکیا، وەک جەمسەرێکی سەرمایەداری ناوچەیی و وەک هێزێکی گەورەی سیاسی و سەربازی و ئابووری خاوەن تەماحی ناوچەیی و سیاسەتی ئیمپریالیستی فراوانخوازانە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە بەرامبەر سوریادا، لە ماوەی (١٣) ساڵی ڕابردوودا هیچ دەرفەتێکی لەدەست نەداوە بۆ دەستێوەردان لە ڕەوەندە سیاسییەکانی سوریادا بە شێوەیەکی بەرفراوان و بە ئاشکرا، وە وازینەهێناوە لە بەرێخستنی هێرشە سەربازییەکانی و هێرشی میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە خۆێ بۆ ناوخۆی سوریا، لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی سوریا. هەروەها، هەرگیز درێغی نەکردووە لە پشتیوانیکردن و ڕێگەدان بە هێزە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان لە نەتەوە جیاوازەکانی جیهان بچنە ناو سوریاوە، لەهەموو ئەو ماوەیەدا. ئەمڕۆ ئەو زلهێزه سەرەکیـیه ناوچەیـیەیە که توانیویەتی بازنەی ده ستێوەردان و نفوزی خۆی له دیاریکردنی ڕەوەندی سیاسی له سووریادا فراوانتر بکات، هەروه ها پێگەی خۆی لەبەڕامبەر هەموو نەیاره زلهێزه ئیمپریالیسته کانیدا وه تەنانەت لەبەرامبەر ڕکابەڕه کانی له نێو هاوپەیمانەکانیدا، وەک ئەمریکا و ئیسرائیل، بچەسپێنێت، ئەمەش سەبارەت بە ڕێبازی سیاسی لە سوریا و پێشهاتەکانی دواتری.
سەبارەت بە ڕۆڵی ئیسرائیل لە هەموو ئەو شتانەی لە سوریا ڕوویدا، دیارە کە یەکلاکەرەوەیە، ئەم دەوڵەتە فاشیست و میلیتاریستیـیە سەرقاڵی سیاسەتە فراوانخوازییەکانی و داگیرکردنی خاکی فەلەستینییەکان و وڵاتانی دراوسێەتی بە هێزی سەربازی و کردەوەی تیرۆریستی و لکاندنی زۆرەملێی ئەم ناوچانە، و سەرقاڵی بەدواداچوونە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی بەشێوەیەکی دڕندانە کە بریتیین لە گۆڕینی هاوکێشەکانی دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرژەوەندی خۆی و بۆ بەرژەوەندی جەمسەری ئیمپریالیستی ئەمریکی و زلهێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا، و بۆ داسەپاندنی پاشەکشە بەسەر نەیارانێک لە جەمسەری تری زلهێزە ئیمپریالیستی و ناوچەییەکان، وە داسەپاندنی کارەساتی زیاتر بەسەر جەماوەری فەلەستین و دانیشتوانی ناوچەکەدا.
درێژەدانی ئیسرائیل بە تاوانەکانی لە کەرتی غەززە و کاولکاری بەردەوامی ئەم کەرتە و ئەنجامدانی جینۆساید دژی دانیشتووانەکەی کە لە ماوەی چواردە مانگی ڕابردوودا ڕۆژانە پراکتیزەی دەکات، بەشێکە لە جێبەجێکردنی ئەو ستراتیژە، کە بە سروشتی، درێژی کردەوە بۆ ناوچەیەکی فراوانتر لە غەززە، و دەستیکرد بە هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر حزبوڵڵا و میلیشیاکانی ئێران لە سوریا، و بۆ سەر خودی ئێران و سوپای سوریا پێش ڕووخانی ڕژێمەکە، و بەردەوامپێدانی بە شێوەیەکی هەمەلایەنەتر و وێرانکەرتر لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدیش.
دووەم: ئەو قەیرانە سیاسی و سەربازییەی کە ڕژێمی ئەسەد تووشی بووبوو، یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووخانی کتوپڕی ڕژێم، بەو پێیەی ئەم ڕژێمە بۆ ماوەی چەندین ساڵە چیترهیچ پشتیوانییەکی جەماوەریی نەبوو، بەڵکو ڕووبەڕووی ناڕەزایی و توڕەیی بەربڵاوی گشتی بووبووەوە دژی دەسەڵاتی دسپۆتیکی فاشیستی خۆی کە لەسەر بنەمای سەرکوتکردنی ئاشکرای جەماوەر و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و گرتن و لەسێدارەدان دامەزرابوو. هەروەها، وتاری سیاسیی دژ بە ئیسرائیل، و ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی عەرەبی ئەو کاریگەرییەیان لە نێو جەماوەردا نەمابوو.
سێیەم: لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، جەماوەر لە دۆخێکی ئابوری سەخت و تەواو نەهامەتباردا دەژیا، و تاوانی گەمارۆی ئابووری کە لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاواییەوە لە ساڵی (٢٠١٢)ەوە بەسەر سوریادا سەپێندرا کە لەو کاتشەوە تادێت بەردەوام چڕتر و توندویتیژتر دەبێتەوە کە بەدەوری خۆی نەداری و هەژارییەکی زۆری بەسەر زۆربەی دانیشتوواندا سەپاندووە، هەر بۆیە خەمی سەرەکی جەماوەر بووبووە پاراستن و درێژەدان بە ژیانی ڕۆژانەیان.
ئەم قەیرانە سیاسی و ئابورییە لە ناوخۆی سوریادا ماوەیەکی زۆرە پەرەی سەندووە بۆ قەیرانێکی کۆمەڵایەتی بەرین و ناڕەزایی جەماوەری بەرفراوانی لە بەرامبەر ڕژیم دروست کردووە، و بە ئاستیک گەیشتووە کە دەرفەتی بە سەرباز و هێزە نیزامییەکانی ڕژیم دا بەرگرییەکی بەرچاو لە ئەسەد نەکەن و ناڕەزایی خۆیان بەم شێوەیە دەرببڕن و گیانی خۆیان ڕزگار بکەن.

پرسیار: لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەت بە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ئیسرائیل کرد لە ڕووداوەکانی سوریادا، بەڵام ئایا دەتوانین ئەمە وا لێکبدینەوە کە ئیسرائیل سودمەندە لە سەرهەڵدانی هێزێکی ئیسلامی دەسەڵاتدار لەم وڵاتە دراوسێیەدا؟

موئەیەد ئەحمەد: ڕۆڵی ئیسرائیل لەم گۆڕانکاری و ڕوخانەی ڕژێمی ئەسەددا یەکلاکەرەوە بوو، نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەکرێ بڵێین ئەوەی لە سوریا ڕوویدا، لە شیکردنەوەی کۆتاییدا، فۆرمێکی دیاریکراو و قۆناغێکی پێشکەوتووی ڕێڕەوی گەیشتن بە ستراتیژی و سیاسەتی ئیمپریالیستی فراوانخوازی ئیسرائیل بوو، کە پێچراوە بە ئایدۆلۆژیای ئایینی فاشیست و ڕەگەزپەرستانە، لە دامەزراندنی “ئیسرائیلی گەورە” و کێشانی نەخشەیەکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی ئەم ستراتیژە.
ئەم ئامانجە ستراتیژییەی ئیسرائیل لەمێژە لەلایەن سەرمایەدارە فاشیستەکانی ئیسرائیل و نوێنەرەکەیان ناتانیاهۆ لە حکومەتدا پەسەندکراوە، نەک تەنها بە پشتیوانی تەواوی دەستەی دەسەڵاتدار لە ئەمریکا و ئیدارە یەک لە دوای یەکەکانی، بەڵکو وەک بەجێگەیاندنی ستراتیژی ئیمپریالیستی ئەمریکا لە وێنەکێشانی نەخشەیەکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە بە شەڕی جینۆساید لە غەززە و هێرشە سەربازییە کوشندەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا و هێزەکانی سوریا و میلیشیاکانی ئێران لەوێ و دواجاریش لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و بەردەوامی ئیسرائیل لە خاپوورکردنی هەموو دەزگا و بنکە سەربازییەکانی ئەم ڕژێمە بە بیانووی دڵنیابوون لەوەی کە نەکەونە دەستی هێزە تیرۆریستییەکان.
هەروەها ئەم ئاڵوگۆڕە لە سوریادا، ئیسرائیل و ئەمریکای بە هەنگاوێکی گرنگ لە گەیشتن بە ستراتیژ و ئامانجەکانیانی بەرامبەر ئێران و ڕژێمی ئێران نزیک کردۆتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ ڕێکەوتی ڕووداوەکانی سوریا لەگەڵ نزیک بوونەوەی ترەمپ لە گرتنەدەستی ئیدارەی ئەمریکا، ئەوەش یان بە سەپاندنی مەرجەکانیان بەسەر ڕژیمی ئێران و کەمکردنەوەی هەرچی زیاتری ڕۆڵی لە ناوچەکەدا، یان تەنانەت بە لێدانی ئێران یان هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕژێم لەوێ ئەگەر توانای ئەوەیان هەبێت و بە مەرجێک کاروبارەکانیان لەژێر دەست دەرنەچێت.
من پێم وا نییە کە ئیسرائیل بیەوێت داعشێک لە تەنیشتی خۆی لە سووریا حوکم بکات، بەڵکو دەیەوێت حاکمە ئیسلامییە نوێـیەکانی ئەم وڵاتە لەژێر هەژموونی زلهێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوادا تێکەڵ بە سیستەمی سیاسی بۆرژوازی ناوچەیی بکرێن و کاریش دەکات بەم ئاراستەیەدا، بەڵام ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ئەڵقەیەک بوو لە گەیشتن بە ستراتیژە هەمەلایەنەترەکەی کە باسم کرد دەربارەی ناوچەکە، هەروەها (دەستەی ڕزگاری شام) ئەو بەدیلەیە کە ئیسرائیل و ئەمریکا هەڵیانبژارد بۆ جێگرتنەوەی ئەسەد، لە چوارچێوەی کارکردنیاندا بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییەکانیان لە ناوچەکەدا.

پرسیار: بۆچی بە تایبەت هەر ئەم گرووپە ئیسلامیـیانەی (دەستەی رزگاری شام) توانیان ڕژێمەکە بڕوخێنن و کاروبار بخەنە ژیردەستی خۆیان؟ وە پاڵی کۆتایی بنێنن بە ڕژیمەکەووە، کە ئەمە پێویستە بۆ ڕووخاندنی هەر ڕژێمێک، تەنانەت ئەگەر زۆر لاوازیش بێت؟
موئەیەد ئەحمەد: ڕاستە ڕژێمەکان هەر لەخۆیانەوە ناکەون، تەنانەت ئەگەر لە سەرەمەرگیشدا بن، و پێویستە هێزێک هەبێت کە لە کۆتاییدا پاڵیان پێوە بنێت بۆ ئەوەی بڕووخێن. سەبارەت بە (دەستەی ڕزگاری شام)، هەروەک چۆن سیاسەتەکانی ئێستای ئەمریکا، تورکیا، ئیسرائیل، بەریتانیا و قەتەر بەرامبەری پشتڕاستی دەکەنەوە، لە پاڵپشتی تەواوی ئەو دەوڵەتانە بەهرەمەند بووە و هەر ئەمانیش ڕاستەوخۆ بەشدار بوون لە چەسپاندنی جێـپـێـی (دەستەی ڕزگاری شام) لە پارێزگای ئیدلب و بەهێزکردنی لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا و هەروەها ئەم دەوڵەتانە کاریان کردووە بۆ ئەوەی لەم هێزانە بەدیلێکی سەر بە خۆیان لە بەرامبەر ڕژێمی ئەسەددا دروست بکەن، بە کارکردن بۆ فەراهەمهێنانی هەندێک گۆڕانکاری فۆرماڵی (شکڵی) لە گوتار و سیاسەتی ئەو گرووپە ئیسلامییە تیرۆریستیانەدا، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی سیستمی سیاسی بۆرژوازی جیهانیدا جێگەی قبوڵ بن، و بۆ ئەوەی لەناو ئەم سیستەمەدا وەک بزووتنەوەیەکی حکومی بەوەی کە پێی دەوترێت ئیسلامی سیاسی میانڕەو جێگەیەک مسۆگەر بکەن.
تەنها ڕۆژێک دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ حزبوڵای لوبنان و ڕازیبوونی ئەم حزبە بە مەرجەکانی ئیسرائیل، هێزەکانی (دەستەی ڕزگاری شام) دەستیان کرد بە جوڵە بەرەو ناوچەکانی نزیک ئیدلب و بەرەو شاری حەلەب و بەخێرایی دەستیان بەسەر ئەم شارەدا گرت، کە ئەمەش بە ڕوونی ئەو هەماهەنگییە پێشوەختە تەواوەی ئاشکرا کرد کە لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل، تورکیا و ئەم هێزە ئیسلامیـیە تیرۆریستیـیەدا هەبووە سەبارەت بە کاتی دەستپیکردنی ئەم هێرشە.
هێزەکانی (دەستەی ڕزگاری شام)، وەک هێزێکی سەربازی ڕێکخراو کە بەردەوام پاڵپشتی دەکرێن لە لایەن ئەو وڵاتانەوە، بە بەراورد لەگەڵ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی دژی ڕژێم بەتواناتر بوون، بۆیە ئەم گرووپە تیرۆریستییانە توانیان ئەم ئۆپەراسیۆنە دەست پێ بکەن بە هەماهەنگی تەواوی وڵاتانی هاوپەیمان لەگەڵیاندا.
شایەنی باسە لێرەدا، ئاماژە بە مەسەلەیەکی لاوەکی بەڵام گرنگ لەم ڕووداوانەدا بدەم، ئەویش ئەوەیە کە دەستەی ڕزگاری شام ناوی “ئۆپەراسیۆنەکانی بەرپەرچدانەوەی دوژمن”ی ناوە لەم هێرشە، بەو پێیەی بە تەواوی دڵنیا نەبووە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە ڕووخانی ڕژێم کۆتایی دێت، بەڵام نەبوونی بەرنگاری بەرچاو لەلایه ن سوپای سوریاوە، له ئەنجامی ئەوەی کە سەربازانی ناڕزای بەدوای هەلێکدا دەگەڕان تا هەڵبێن، مەعنەویاتی ئەوانش کە لایەنگرانی ڕژێم بوون بە خێرایی لە داڕماندا بوو، وە هەروەها بە هۆی لاوازی کاریگه ری هێرشە سیمبولیـیە ئاسمانیـیەکانی ڕووسیا و خودی ڕژێم بۆ سەر پێگەکانی ئەو هێزانەی کە لە پێشڕەوییدا بوون، وایکرد شارێک لە دوای شارێکی تر بکەونە دەست ئەم هێزە ئیسلامیـیانە تا ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی هات بە ڕووخانی شاری دیمەشق و هەڵاتنی بەشار ئەسەد لە (٨)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٤) و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە لایەن (دەستەی رزگاری شام)ەوە بەسەر سوریادا، لە ماوەی (١٢) ڕۆژ دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی بۆ سەر هێزەکانی ڕژێم.

پرسیار: پێش ئەوەی بچینە ناو وردەکارییەکانی ئەوەی کە چی ڕوودەدات پاش ڕووخانی ڕژێم لە سوریا، بە پێویستی دەزانین قۆناغی دووەمی ڕەوەندی ئەم گۆڕانکاریـیانە ڕوون بکەیتەوە و مەبەستمان ئەوەیە کە ئیسرائیل و ئەمریکا چی بەرامبەر ئێران دەکەن؟
موئەیەد ئەحمەد: سەرباری کاری بەردەوامی هەردوو ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژی و سیاسەتی ئیمپریالیستی و فراوانخوازەیان، بە ئامانجی درێژکردنەوەی هەژموونی خۆیان بەسەر وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیستەمی سیاسی بۆرژوازی هەنووکەیی لەم ناوچەیە، و لابردنی کاریگەری سیاسی و سەربازی زلهێزە ئیمپریالیستییە ناوچەییە کێبڕکێکارەکانیان لە بەرەدەم خۆیاندا، بە تایبەت ڕووسیا، چین و ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران، سەرکەوتنە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بەسەر میلیشیاکانی سەر بە ڕژێمی ئێران لە لوبنان و سوریا و ئەو گۆڕانکارییەی لە دۆخی سوریادا ڕوودەدات، دەرفەت و تەوژمی زیاتری بە ئیسرائیل و ئەمریکا بەخشیوە کە زیاتر بەرەوپێش بچن بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە ناوچەکەدا و بەم شێوەیە هەڵمەت و گوشارەکانیان بۆ سەر ئەم ڕژێمە لە ئێران چڕتر بکەنەوە.
هەربۆیە، گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە لە سوریا، بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا، تەنیا قۆناغێکی سەرەتاییە لە پرۆسەی جێبەجێکردنی ستراتیژی تاوانکارانەیان بەرامبەر بە ناوچەکە، و بە دەستکەوتێکی نیوە وناچلی دەزانن، بەو پێیەی نیوەکەی دیکەی بۆ ئەمان وابەستەیە بەوەی کە تا چەند دەتوانن پاشەکشە یان تەسلیمبوون بسەپێنن بەسەر ڕژێمی ئێران و بازووەکانی تری لە عێراق و یەمەن، و تا جەند ئەتوانن ئەوە بە سەر ئەم ڕژێمدا بسەپێنن کە وازبهێنێ لە بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، یان تەنانەت چەند ئەتوانن گۆڕینی ڕژیمەکە ئەنجامبدەن.
ئەوەی وەستاوە لە پشت پێداگری ئەمریکا بۆ داسەپاندنی پاشەکشە بەسەر ئێراندا، یان تەنانەت بانگەوازی ناتانیاهۆ بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامی و هەڵگیرسانی شەڕ لە دژی ئێران، خۆبەزلزانینی سەربازی و سیاسەتی شەخسیی توندڕەوانە نییە، بەڵکو بەرژەوەندە جیۆپۆلەتیکی، سەربازی و جیۆئابوورییەکانیانە، هەروەها بەرژەوەندییە واقیعییەکانیانە لە بێدەنگکردنی ئیدیعا ئایدیۆلۆژییەکانی ئێران سەبارەت بە نەهێشتنی ئیسرائیل، و ڕێگریکردن لە ئێران لە دەستڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی. ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران ئەو جەمسەرە ناوچەییە کە نەک هەر بازووی چەکداری سەر بە خۆی هەیە لە ناوچەکەدا، بەڵکو لە هاوپەیمانییەکی ستراتیجی سیاسی، سەربازی و ئابووریدایە لەگەڵ ڕووسیا و چین، و ئەگەری تەواوکردنی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی هەیە، و بەم شێوەیەش درێژکراوەی ناوچەیی ئەم جەمسەرە ئیمپریالیستییە جیهانییەیە لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا.
ئاوێتەبوونی ئێران بە بازنەی سیستەمی سیاسی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا، و کردنەوەی ڕێگای سیاسی بۆ تێکەڵبوونی زیاتری سەرمایەی ئێران لەناو بزووتنەوەی سەرمایەی جیهانیدا، سەرکەوتنێکی گەورە دەبێت بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا، هەروەها گورزێکی قورسی کاریگەر دەبێت بۆ ڕووسیا و چین. ئەمەش ململانێی جیۆپۆلیتیکی جیهانی توندوتیژتر دەکاتەوە سەبارەت بە ئێران.
بۆیە دەرگاکان بەڕووی ئەگەری جۆراوجۆر لە پەرەسەندنی ڕەوتی ڕووداوەکاندا کراوە دەبن لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ئێران، بەڵام شتێکی دڵنیا ئەوەیە کە شەڕ کاریگەری نەرێنی دەبێت هەم لەسەر گەشەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەم لەسەر ڕەوتی شۆڕشگێڕی مارکسی و کۆمۆنیستی لەم وڵاتەدا، کە چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕەوتە بەهێزتر بێت لەگەڵ چڕبوونەوەی قەیرانی ئێستای ڕژێمدا.
بە هەرحاڵ، شتی جەوهەری ئەوەیە کە جەخت لەوە بکەینەوە کە سیاسەت و ستراتیجی ئیمپریالیزمی ئەمریکی-ئیسرائیلی بەرامبەر بە ئێران نوقمی تاوانە و تا ئەوپەڕی کۆنەپەرستانەیە و ئەوەی لە ئەنجامی ڕووخاندنی ڕژێم لەسەر دەستی ئەوان دێتە ئاراوە، هیچ نابێت جگە لە دووبارەبوونەوەی ئەو شتانەی لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە لە عێراق ڕوویانداوە، بەڵام بە شێوەیەکی ئاڵۆزتر و وێرانکەرتر. دەستەبەرکردنی دەسەڵاتی ڕژێمێکی کۆنەپەرستی دیکە بۆ جێگرتنەوەی کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا یەک پاکێجە لەگەڵ شەڕ بە دژی ئێران لە چوارچێوەی ستراتیجی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بۆیە بچووکترین خۆشباوەڕی بەم مەسەلەیە وادەکات ئەو هێزانەی کە تەپڵ بۆ شەڕی ئیسرائیل لە دژی ئێران ڵیدەدەن، هەرچییەک بن پاساوەکانیان، بەشێک دەبن لە بەهێزکردنی دژە شۆڕش لە جەرگەی بارودۆخی ئێستادا. ئەمەیە کە مارکسیستەکان دەبێ بەو پەڕی هێزەوە بەرامبەری بوەستن.

پرسیار: با جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ بارودۆخی سوریا؛ چۆن سەیری پەرەسەندنی ڕەوەندی دۆخی دوای ڕووخانی ڕژێم دەکەیت لە سوریا، لە ماوەی داهاتوودا؟ وە هاوسەنگی ئێستای نێوان هێزە چینایەتییەکانی ناو ئەم وڵاتە چۆن دەبینی؟

موئەیەد ئەحمەد: ڕوونە کە دۆخی سوریا کراوەیە بەڕووی ئەگەر و ڕەوەندی جیاوازدا، چونکە بەرژەوەند و سیاسەتی جۆراوجۆری هێزە بۆرژوازییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی بەشدار لە پێناسەکردنی دۆخی سوریادا لە ململانێ و پێکداداندان لەگەڵ یەکتر، ئەمە جگە لە ڕۆڵی گەشەسەندنی خەباتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەباتی ژنان و گەنجان کە ئەگەری کاریگەریان لەسەر ڕەوتی دۆخەکە دەبیت، بۆیە ناتوانرێت فۆڕمولەیەکی ئامادەی کۆتایی بدەین بەدەستەوە کە دۆخەکە بەرەو چی دەچێت.
بەڵام ئەمە ئەوە ڕەت ناکاتەوە کە بنەماکانی ڕەوەندی دۆخەکەوە و شیکردنەوەیان دیاریبکەین؛ بەوەی کە پرۆسەیەکی گۆڕانکاری و جووڵەی بەردەوامە، لە ئەنجامی گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە نێوان لایەنە بۆرژوازییە جۆراوجۆرەکان لە نێوان خۆیاندا لە لایەک، و لە لایەکی دیکەوە لە ئەنجامی گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە نێوان هەموو ئەم لایەنانە لە بەرامبەر هێزە چینایەتییە سەربەخۆکانی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و گەنجان و بزووتنەوەی مارکسیستی لە سوریادا.
ئەوە ڕوونە کە ئەوەی لە سوریا ڕوویدا ڕووداوێکی چۆنایەتییە و گۆڕانکارییەکی لە سەرەوەییە (فوقیە)، کە بریتییە لە گۆڕینی ڕژێمێکی دیکتاتۆر بە هێزێکی تری کۆنەپەرستانە و ستەمکار کە دژە شۆڕشە لە جێگەیدا، و هێزێکی ئیسلامی ڕێکخراوە کە مێژوو و پەیوەندی هەیە بە گروپە (فصائل) تیرۆریستییەکانی ئیسلامی سیاسی، و تاوانەکانیان بەرامبەر بە ژنان و جەماوەری بەرینی خەڵک و خنکاندنی ئازادی و مافەکانیان، و مێژوویەکی پڕ لە کۆمەڵکوژی هەیە دژی تۆێژە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای ئایین، نەتەوە یان مەزهەب.
هەروەها، ئەوە ڕوونە، کە ئێمە لەبەردەم گۆڕانکارییەکی سیاسیداین کە لەسەر بنەمای خنکاندنی ئیرادەی سیاسی سەربەخۆی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژاران، و لەسەر بنەمای خنکاندنی ئەو هەڵچوونە شۆڕشگێڕانەیەی کە لە ساڵی (٢٠١١)دا ناوچەکەی گرتەوە، وە لەسەر خنکاندنی هەوڵەکانی ئەم جەماوەرە و خۆپیشاندانە سەرەتاییەکانیان لە سوریا بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی فاشیستی بەعسی، هاتۆتەئاراوە. ئەم ڕاستییە ئێستا بە هەزار شێوازی شەرمەزارکەر لەلایەن میدیای ڕۆژئاوا و تورکیا و قەتەرەوە لە چاوی جیهان دەشاردرێتەوە.
بۆیە خۆشحاڵی جەماوەر بە ڕووخانی ڕژێم و خۆشباوەڕییەکانی بەم سەردەمە نوێە قەرەبووی ئەو شتانەی بۆ ناکاتەوە کە لەدەستیان داوە و ئەوەی پێشتر لێیان زەوتکراوە لە ئیرادەی سەربەخۆی چینایەتییان بە دەستی تیرۆریستانی ئیسلامی و لایەنگرانی نێودەوڵەتیان و هێزه جۆراوجۆرەکانی دژە شۆڕش، کە دەسەلاتیان گرتۆتە دەست، نەک تەنها لە سوریا، بەڵکو لە هەموو ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە هەڵچوونی شۆڕشگێڕانە گرتییەوە.
ئەگەر لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییەوە دەست پێبکەین (انطلقنا)، دەبینین ئەو گۆڕانکارییە سیاسییەی لە سووریادا ڕوویداوە، لە چوارچێوەی هەژموونی سیاسەت وستراتیژە نێودەوڵەتییە کۆنەپەرستانەکان، و ئاسۆی سیاسیی ئیسلامیی تیرۆریستیدا هاتۆتەئاراوە، و سەرکەوتنێکە بۆ هێزەکانی دژە شۆڕش بە هەموو نەرمونیانیەکی ئەو سیاسەتانەی کە (ئەبو محمد الجولانی) ئێستا لە بەرگی (ئەحمەد الشرع)دا دەینۆێنی، و سەرەرای کەشوهەوای ئازادی ڕێژەییش کە لەم قۆناغە ڕاگوزەرەدا بەردەستە.

پرسیار: لە ئەمڕۆی سوریادا، گرنگترین ئەرکە سیاسییەکانی بەردەم کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان و تۆێژە ڕزگاریخوازە کۆمەڵایەتیەکان چین؟
موئەیەد ئەحمەد: بارودۆخە نوێێەکە ئەرکی گەورە و سەخت دەخاتە بەردەم جەماوەری پرۆلیتاریا و زەحمەتکێشان و ژنان و گەنجان و مارکسیستەکان و ئازادیخوازان و خەباتیان بۆ ڕزگاربوون لە چنگی هێز و ڕەوتە بۆرژوا دژە شۆڕشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیـیەکان، نەک تەنها لە سوریا، بەڵکو لە ناوچەکەشدا، بەتایبەتی لەبارودۆخی سەختی ئابووری ئێستای جەماوەری پرۆلیتاریا لە سوریا و ناوچەکە و ئاوارەیی و کاولکاری و پاشەکشەیەکی سیاسی کە بەسەریاندا سەپێنراوە.
گومانی تێدا نییە کە کۆمەڵگا بێ جووڵە و گەشەسەندن نیـیە، بێ توندوتیژبوونەوەی ململانێی چینایەتیی ناو سیستمی سەرمایەداری و چڕبوونەوەی دژایەتییەکانی نیـیە، وە لە ئەنجامی ئەمانەشدا بێ پەرەسەندنی خەباتی چینایەتی لە کۆمەڵگادا نیـیە، کە سەرجەم سیاسەتەکانی هیزە دەسەڵاتدارەکان و بەریەککەوتنی بەردەوامیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی جەماوەردا هەموو ئەم ڕەوندانە خێراتر دەکەن.
ئەڵبەتە سیاسەتە ئابوورییەکانی دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق بەرەو ڕوون بوونەوەی زیاتر دەڕوات، کە ئەویش گرتنەبەری سیاسەتە نیولیبراڵییەکانی “ئازادکردنی بازاڕ”ە، کە یەکێک لە وەزیرەکانی دەسەڵاتی نوێ لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاندووە، واتە هەمان سیاسەتە ئابوورییە نیولیبراڵەکانی سەرمایەداریی ئیمپریالیستی جیهانی و جەمسەرە ڕۆژئاواییەکەی، بە هەموو لێکەوتەکانیەوە لە سەپاندنی هەژاری و بێکاری بەسەر زۆربەی جەماوەری کرێکاردا و بە پرایڤەتایزەکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکانـی وەک تەندروستی، پەروەردە، کارەبا و هتد. نە دەسەڵاتی نوێ و نە هیچ لایەنێکی تری بۆرژوازی چالاک لە ژیانی سیاسی سوریادا، هیچ سیاسەتێکی تری ئابووریی جگە لەمەیان ناوێت و لە دەستوری کاریاندا نیـیە.
پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە کە هێزی چینایەتی سەربەخۆی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش چۆن گەشە دەکات؟ وە چۆن خۆی بەهێز دەکات و چۆن خەباتی ئابوری و سیاسی و فیکری خۆی وەک هێزێکی چینایەتی سیاسی سەربەخۆ لەناو هەلومەرجی نوێدا ڕێکدەخات و بەهێزتری دەکات. ئەمە بابەتێکە کە بەندە بە ڕادەی گەشەی هۆشیاری چینایەتی لە بەرژەوەندیـیە چینایەتیـیە سەربەخۆکانی ئەو جەماوەرە لە بەرامبەر هێزە سەرمایەداریـیەکان، چ لە دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن، و بە هەوڵی بەردەوام بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنی هێزە چینایەتییەکانیان، بەرزکردنەوەی ئاڵای سەربەخۆیی چینایەتی سیاسی خۆیان.
ئەمەش پێویستی بەوەیە مارکسیستەکان و کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکان و چالاکوانانی بزووتنەوەی کرێکاری و ژنان و گەنجان، هەر لە سەرەتاوە، دید و ئامانجی سیاسی چینایەتی سەربەخۆی سۆسیالیستی ئەم جەماوەرە دیاری بکەن، و هێڵی دابەشکاری نێوان خۆیان و هەموو ڕەوتە بۆرژوازییەکان و حزبەکان و ئاسۆکانیان بکێشن، هەر لە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکانەوە بۆ “دیموکرات” و نیولیبراڵەکان، و بردنەپێشەوەی هاوخەباتی نێونەتەوەیی و هاوپشتی خەباتکارانەی ئنترناسیۆنالیستی کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەراسەری سوریا و وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی پرۆلیتاریای ئەو دەوڵەتانەی دەستوەردان لە ڕەوەندە سیاسیەکان و ململانێکانی ناوخۆی سوریادا دەکەن.
هەروەک ئەزمونی عێراق و وڵاتانی دیکە دەریخستووە، هاتنەمەیدانی سیاسی سەربەخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشان و گەنجان بۆ کاریگەری بەجیهێشتن لەسەر ڕەوەندی دۆخەکە، و گەیشتن بە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان لەم پڕۆسەیەدا، بەهیوابوون بەو شتانەی کە بۆرژوا ئیسلامیە تازە بەدەسەڵاتگەیشتووەکان و لایەنگرانی نێودەوڵەتیان و بۆرژوازی ناسیۆنالیستی و لیبراڵی بانگەشەیان بۆ ئەکات، فەراهەم نایەت. هەروەها بە کەوتنە دوای ئەو خۆشباوەڕییانەش فەراهەم نایەت کە ئەو لایەنانە ڕەواجی پێدەدەن کە خاوەن بەرژەوەندین لە دۆخی ئێستای سوریادا، کە گوایا شتەکان لە بەرژەوەندی جەماوەر دەبن لە سوریا ئەگەر دەستوور و یاسا سەروەربن و ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان و دەوڵەتێکی مەدەنی و عەلمانی لەئارادا بن.
هیچ شتێک بۆ کرێکاران و هەژاران و ژنان و گەنجان مسۆگەر نییە بەبێ یەکگرتن و ڕێکخستنی هێزە چینایەتییە سەربەخۆکانیان و سەپاندنی داواکارییەکانیان، و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕزگاریخوازی و سۆشیالیستیەکانیان بە دەستی خۆیان بۆ گەیشتن بە ژیانێکی شایستەی مرۆڤ و گەیشتن بە ئازادی، یەکسانی و خۆشگوزەرانی.
ئەم سەردەمە سەردەمی زاڵبوونی کۆنەپەرستی و قەیرانی سەرمایەیە، بەڵام پڕە لە ناکۆکی و گۆڕانکاری. گرتنەبەری سیاسەتی چینایەتی سۆسیالیستی سەربەخۆ بەرامبەر بەو شتانەی لە سوریا ڕوودەدەن و ئەوەی لە عێراق و ئێران و بە کورتی لە هەموو ناوچەکەدا ڕوودەدات، تاکە گەرەنتییە بۆ گەیشتن بە هەر دەستکەوتێکی جددی و بەردەوام بۆ چینی کرێکار و زەحمەتکێشان و ژنان و گەنجان. گەشەی بزووتنەوەی کرێکاری لەم ناوچەیە و گەشەی ڕەوتی مارکسیستی لەناو بزووتنەوەی کرێکاریدا ئەوەیە کە دۆخەکە بە قازانجی جەماوەر دەگۆڕێت.

پرسیار: کاریگەری ئەم گۆڕانکاریانە لە سوریا و ستراتیژی ئیسرائیل و ئەمریکا بەرامبەر ئێران لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق چی دەبێت؟
موئەیەد ئەحمەد: وەک ئاماژەم پێدا، گۆڕانکارییەکانی سوریا گۆڕانکاریی کۆنەپەرستانەی سەرەوەییە، بۆیە بە سروشتی کاریگەرییەکانی ئەو گۆڕانکارییانە لە ناوخۆی عێراقدا وەک کاریگەرییەکانی ڕاپەڕین یان شۆڕشێکی جەماوەری نییە کە لە سوریاوە بەرەو عێراق بگوازرێتەوە، سەرەڕای بەردەستبوونی ئەو فەزایـە لە ئازادی ڕێژەیی و کاتی کە ئێستا لە سوریا لە ئارادایە.
ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران بە سروشتی خۆی یەکێکە لە گەورەترین زەرەرمەندەکان لەم گۆڕانکارییە بەردەوامەی سووریادا و بە قۆناغێکی پاشەکشەی سەربازی و قەیرانێکی سیاسی و ئابووریی خنکێنەردا تێدەپەڕێت، و لە ئەنجامدا کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە بە شێوەی جۆراوجۆرعەکس بوەتەوە نەک تەنیا لەسەر میلیشیاکان و دەستە و تاقمە میلیشیاکانی پەیوەست بە ئێرانەوە لە عێراقدا، بەڵکو لەسەر هەمان حزبە دەسەڵاتدارەکان و ڕەوتە سیاسییە ئیسلامییەکانی دەسەڵاتدار و سەر بە ئێرانیش لە عێڕاقدا.
لە چوارچیوەی ئەم پاشەکشەیەی کە سەپێندراوە بەسەر ڕژێمی ئێراندا، فشار زیاتر بووە لەسەر دەسەڵات و هێزە ئیسلامییە فەرمانڕەواکان لە عێراقدا لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی گروپەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران لە عێراقدا، یان ڕەنگە ئەم فشارانە بگۆڕدرێـن بۆ ئاراستەکردنی لێدانی سەربازی دژی ئەو گروپانە. بە هەر حاڵ، لەگەڵ پاشەکشەیەک کە سەپێنراوە ئێستا بەسەر میلیشیاکانی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران و لە ناوچەکەدا، قەیرانی حوکمڕانی هێز و لایەنە ئیسلامییە دژە شۆڕشەکان لە عێراق خراپتر دەبێت، بەو پێیەی ناڕەزایەتی جەماوەری کرێکاران، گەنجان و ملیۆنان بێکار لە عێراق پێدەچێت بە هێز و هەمەلایەنەیی زیاتر بەردەوام بن.
بەڵام ئەگەرەکانی گەشەسەندنی دۆخەکە هەرچییەک بێت، ئەرکی بنەڕەتی بۆ کرێکارانی چالاکی سیاسی و مارکسیستە شۆڕشگێڕەکان، دەستگرتنە بە تاری ڕێکخستن و یەکخستنی خەباتی ئابووری و سیاسی و تیۆری پرۆلیتاریا لە عێراقدا، لە یەک خەباتی چینایەتیدا، بە ئامانجی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی سیاسی چینایەتی بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و چینە کۆمەڵایەتییە چەوساوەکانی دەوروبەری ئەم چینە، لە پێشهات و وەرچەرخانە سیاسییەکانی داهاتووی عێراق.

پرسیار: ئایە دەتوانین بڵێین بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لاپەڕەی یەکێک لە پایەکانی ڕەوتی قەومی عەرەبی لە ژیانی سیاسی و فکری وڵاتانی عەرەبیدا پێچرایەوە؟
موئەیەد ئەحمەد: بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سوریا، بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی بۆرژوازی بە ئەجێندایەکی سیاسی بۆرژوا ناسیۆنالیستی عەرەبی و ڕژێمێکی فەرمانڕەوای ستەمکارانە و سەرکوتگەری نیمچە عەلمانی، و بە بەرنامەیەکی ئابووری سەرمایەداری دەوڵەتییەوە کە لە قۆناغی پوکانەوەدا بوو، جێگەی خۆی دا بە بزووتنەوەیەکی تری بۆرژوازی کە ئیسلامییە، بە ئەجێندایەکی سیاسی ئایینی و بەرنامەیەکی ئابووری سەرمایەداری لە مۆدێلی ئابووری نیولیبراڵ. بە واتایەکی تر، حوکمڕانی یەکێک لە باڵەکانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی عەرەبی بە شێوەی بەعسی گۆڕدرا بۆ دەسەڵاتی ڕەوتێک لە بزووتنەوە ئیسلامی سیاسی بە ناوی (دەستەی ڕزگاری شام).
ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە و لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە کە لەمێژە ئەمریکا بە پلەی یەکەم و وڵاتانی دیکەی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوایی و ئیسرائیل و ڕژێمی تورکیای ئوردوگانی هەوڵی بۆ دەدەن تا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر زەمینەی وێرانکاری و کاولکاری کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیە، ئەویش لە ئاکامی سیاسەتە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە شکڵی ڕژێمێکی سیاسی خوازراوی خۆیاندا جێگیری بکەن. ئەمەیە کە ئەمەریکا لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە لە عێراقدا پیادەی کردووە لە شێوەی ڕژێمێکی سیاسی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی بە سەرکردایەتی ئیسلامی سیاسی شیعە.
ساڵانێکی زۆرە پڕۆسەی پاشەکشەی ڕەوتی ناسیۆنالیستی عەرەبی، لە شێوەی (بەعس)، (قەزافی)، (عەرەفات)، (جەمال عەبدولناسر) و ئەوانی تر، لە ناوەندی سیاسەت لە وڵاتانی عەرەبیدا، دەستی پێکردووە، ئەمەش بواری ڕەخساندووە بۆ ئەوەی جێگەیان پڕبکرێتەوە بە ڕەوتی بۆرژوا ناسیۆنالیستی بەناو میانڕەو، کەلێکهەڵپێکراون لەگەڵ سیستەمی سیاسی نێودەوڵەتیی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا و سەرمایەی جیهانی، و هەروەها بە ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی بە باڵە جۆراوجۆر و ڕەنگە جیاجیاکانیەوە، کە بەشێوەیەک لە شێوەکانیش پەیوەستن بە ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل و سیاسەت و ستراتیژی ئەو دوو دەوڵەتەوە. بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و هاتنە سەرکاری (دەستەی ڕزگاری شام)، ئەم پرۆسەیە تەواو بووە، ئەم گۆڕانکارییە گەیشتووەتە کۆتایی لۆژیکی خۆی، چونکە دەتونیین بڵێێن هیچ ڕژێمێکی سیاسی حوکمڕان لە وڵاتانی عەرەبیدا نەماوە کە سەر بەم جۆرە ڕەوتەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی بێت.
بەڵام لە هەمانکاتدا پرۆسەی لێکهەڵپێکانی ئیسلامی سیاسی سوننی لەگەڵ سەرمایەداری جیهانی و ئۆردوگای بۆرژوا ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا بە ڕووخانی ڕژێمی بەعسی لە سوریا و گواستنەوەی دەسەڵات بۆ (دەستەی ڕزگاری شام) هەنگاوێکی چۆنایەتی تێپەڕاند، ئەگەر نەشڵێین گەیشتوەتە قۆناغی کۆتایی، و بەمەش قۆناغە ڕاگوزەرەکەی کە ئیسلامی سیاسی هێشتا تێدا لەهەڵکشاندا بوو کۆتایـیهات. گۆڕانی ڕووخساری فەرمانڕەوای نوێ (ئەحمەد ئەلشەرع) لە دیمەشق، نیشانەکانی ئەم سەردەمە نوێیە لەخۆیدا نمایش دەکا کە لەسەر بنەمای کۆتاییهاتنی سەردەمی ڕاگوزەری هەڵکشانی ئیسلامی سیاسی سەریهەڵداوە. بەم شێوەیە ئیسلامی سیاسی لە جۆرە تیرۆریستییەکەیەوە دەتوانێ بە پڕۆسەیەکی گۆڕاندن تێپەڕێت و بگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی حکومەتی کە جێگەیەک بۆ خۆی لە سیستمی سیاسی بۆرژوازی جیهانیدا پەیدابکات، کە ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا زاڵە تیایدا، و دەتوانێ ئیدارەی کاروباری سەرمایە بکات لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک بەشێک لە سەرمایەی جیهانی و بزووتنەوە و کەڵەکەبوونەکەی.
بۆیە هەر تەنها ڕووخانی ئەسەد و ‌‌دادانەوەی یەکجاری لاپەڕەی ڕەوتی ناسیونالیستی لە مۆدیلی بەعسی، ڕووینەداوە، بەڵکو پڕۆسەی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئیسلامی سیاسی سوننە و تێکەڵبوونی لەگەڵ سەرمایەداریی ڕۆژئاوا و سیستەمی سیاسی بۆرژوازی جیهانیش بەهەنگاوێکی چۆنایەتی بەرەوپێش چووە، و بە قۆناغێک گەیشتووە، دیارە بەئەگەری سەقامگیری دەسەڵات لە دەستی (دەستەی ڕزگاری شام)، کە دەتوانرێت بووترێ ئەم پڕۆسەیەش چۆوەتە سنووری کۆتایی خۆی. ئەمەش بە هەموو ئەو توندوتیژبوونەوە و زیاتربوونەوەیەی ناکۆکیەکانی هەمان ئەم گۆڕانکارییە نوێیە، و ئەم باڵبەسەرداکێشان و گشتگیریەی هەژموونی ئیسلامی سیاسی سوننە بەسەر ژیانی سیاسی کۆمەڵەگەکانی ناوچەکەدا. هەر ئەمەش بەو مانایەیە کە لە چوارچێوەی داینامیکی قۆناغێکی نوێدا، مەیدان بۆ گەشەسەندنی خەباتی چینایەتی دەکرێتەوە، کە مۆرکی چڕبوونەوەی ململانێی چینایەتی پیوەیە لە نێوان پرۆلیتاریا و سەرمایە و نوێنەرە سیاسییەکانی سەرمایەدا، واتە لە نێوان زۆربەی جەماوەر و کۆنترۆڵی سەرمایە بەسەر ژیانیاندا کە هۆکاری چەوساندنەوەیان وبەهەژارکردنیان و سەپاندنی بێکاری و برسێتیە بەسەریاندا.
لە لایەکی دیکەوە گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کە ئیسلامی سیاسی شیعەی دەسەڵاتدار لە ئێراندا پاڵپشتییەکی بنەڕەتی بوو بۆ ڕژێمی ئەسەد، لە بەرمبەردا ئەسەدیش پشتیوانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بوو. نەمانی ڕژێمی ئەسەد لە گۆڕەپانەکەدا هەر تەنها لاپەڕەی هەژموونی ئایدیۆلۆژیی ناسیۆنالیزمی عەرەبی جۆری بەعسی دانەدایەوە، لە ناوەندی سیاسەت لە وڵاتانی عەرەبیدا، بەڵکو کۆتایی بە یەکێک لە گرنگترین پەیوەندییەکانیش هێنا، کە لەسەر بنەمای هزری ناسیۆنالیستی عەرەبی دامەزراوە، بە پرسی فەلەستینەوە، کە ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران لە ململانێی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە سەری دەژیا، کە لە میحوەری بەرنگاریدا خۆی بەرجەستە کردبووەوە.

پرسیار: هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ڕووبەرێکی فراوانی زەوییان بەدەستەوەیە، سیستمێکی سیاسییان دامەزراندوە کە تێیدا ژنان بەشداری ژیانی سیاسی و کولتووری و ئابووری دەکەن و جۆرێک لە فیدرالیزمیان فەراهەم هێناوە. دیدگاتان چییە لەسەر ئەم بابەتە؟
موئەیەد ئەحمەد: هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ساڵی (٢٠١٥) دامەزراوە، و هێزە چەکدارەکانی دانیشتوانی ناوچە جیاجیاکانی باکور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەخۆدەگرێت، کە لە ماوەی ساڵانی (٢٠١٢) و (٢٠١٣)، ئەو هێزانە شەڕی داعشیان دەکرد بۆ دەرکردنیان لەو ناوچانەی داعش دەستی بەسەردا گرتبوو. هێزەکانی (هەسەدە) لە چەندین هێزی چەکدار پێکهاتوون کە لەنێو دانیشتوانی ئەو ناوچانەوە سەریان هەڵداوە، و لەلایەن ئەو ڕەوت و حزبانەوە سەرکردایەتی دەکرێن کە هەڵگری ناسنامەی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی جیاوازن، لە کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحی سریانیی.
(هەسەدە) خۆی بە فەرمی ناسنامەیەکی ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی دیاریکراوی نییە، بەو پێیەی هێزەکانی بە شێوەیەکی سەرەکی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێکهاتوون لە نێو کورد زمانەکانی هەرێمی کوردستانی سووریا کە لە ساڵی (٢٠١١) پێکهێنراون، هەروەها هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) کە بە تایبەتی لە ژنان پێکهاتوون، و لە ساڵی (٢٠١٣)ەوە دامەزراون، و یەکینەکانی چەکدار لەنێو عەرەب و تورکمان زمانەکان، و یەکە چەکدارەکانی مەسیحییە سریانیەکان.
دەسەڵاتی هەنووکەیی لەم هەرێمەدا لە دەستی ئەو حزب و هێزە چەکدارانەدایە کە لەناو (هسەده)دا گردبوونەتەوە، بەڵام فۆڕمی دەسەڵات واتە سیستمی سیاسی و ئیداری لەو ناوچانەدا، لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەریی لۆکالی و حوکمڕانیی ئەنجومەنی دانیشتووانە بە شێوەیەک کە مەزهەب و نەتەوە و ئایینەکان تێپەڕێنێت، لەگەڵ هەبوونی یاسای مەدەنی پێشکەوتوو کە ماف و ئازادییەکانی ژنان مسۆگەر دەکات.
هێزەکانی (یەپەگە) و (یەپەژە) کە دوو هێزی سەرەکیی ناو بلۆکی (هەسەدە) پێکدەهێنن، ڕاستەوخۆ پەیونددارن بە پرسێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژییەوە، ئەویش پرسی کوردە کە بە شێوەیەکی سەرەکی ئاسۆی سیاسی ڕەوتی بورژوا ناسیۆنالیستی کوردی و حزبەکانی ئەم ڕەوتە، سەرەڕای هەمەچەشنییان، زاڵە بە سەریدا. پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) کە سەرکردایەتی (یەپەگە) دەکات، پارتێکی ناسیۆنالیستی بۆرژوازییە لەناو ڕەوتی چەپی ناسیۆنالیزمدا، بە ئەجێندای “کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی”یەوە کە ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی تێدەپەڕێنێت، وەک کارپێکردنی ڕێبازی (عەبدوڵڵا ئۆجالان) و چارەسەری ئەو بۆ پرسی نەتەوەیی کورد لە ناوچەکەدا، کە تا ڕادەیەک جیاوازە لە ستراتیژی ناسیۆنالیستە کوردەکانی دیکەی ناوچەکە، کە ئەمان هەوڵی گەیشتن بە سەربەخۆیی سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی لە کوردستان ئەدەن. ئەمەش جگە لە پەیوەندی سیاسی و ئایدیۆلۆژی (پەیەدە) لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە تورکیا.

پرسیار: هەڵوێستی (هەسەدە ) لە گۆڕانکارییەکانی ئیستای سوریادا چی دەبێت؟
موئەیەد ئەحمەد: هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆیان نەبووە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریادا کە بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، هەروەها گومانیش لەوەدا نییە کە ڕۆڵیان نەبووە لە گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن (دەستەی ڕزگاری شام)وە. بەپێچەوانەوە، هەر لەسەرەتاوە (هەسەدە) کەوتەبەر هێرشی سەربازیی توندی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ڕژێمی تورکیا کە بە “سوپای نیشتمانی سوریا” ناودەبرێت، لە شارەکانی مەنبەج و کۆبانی و ئەم هیرشانە بەردەوامن بوون هاوکات لەگەڵ پێشڕەویەکانی کشانی (هێزەکانی دەستەی ڕزگاری شام) بەرەو دیمەشق، و تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامن.
یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی توندوتیژبوونەوەی ململانێ سەربازییەکان لە ڕەوەندی سیاسی لە سوریا لەم قۆناغەدا و دواتریش، ئەوەیە کە پەیوەندی نێوان ئەو هێزانەی (هەسەدە) و دەسەڵاتدارانی دیمەشق چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. پلانی تورکیا بۆ درێژکردنەوەی هەژموونی خۆی بەسەر سوریادا، لە پیگەی بەرژەوەندیەکانیەوە، بەئەنجام ناگات و بەتەواوی بەدینایەت ئەگەر کیشمەکیشی خۆی لەگەڵ ئەو هێزانەدا بە شۆینێکی لەبار بۆ خۆی نەگەیەنێ، و ئامانج و تەماحە فراوانخوازییە ئیمپریالیستیەکانی لەم ناوچەیەدا بەدی نەهێنێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەجندەی تورکیا ئەوەیە کۆتایی بە هەبوونی سیستەمی سیاسی فیدراڵی لەم ناوچەیەدا بهێنێت، کە بەهێزە چەکدارەکانی (هەسەدە)وە بەندوە و ڕاوەستاوە، وە کە ڕەوتی ناسیۆنالیستی کورد لە سوریا دەیەوێت لە فیدراڵییەت بەرهرەمەند بێت لە چوارچێوەی سوریادا.
سیاسەت و ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی ڕەگەزپەرستانە و شۆڤێنیستی بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە تورکیا، بەتایبەت پارتی ناسیۆنالیستی کە هەڵگری ئایدۆلۆژیای کەمالیستییە، و پارتی ئیسلامی ئەردۆگان، بەرامبەر جەماوەر لە کوردستانی تورکیا و سوریا، بووەتە بیانوویەکی سیاسی کاریگەر و ئامڕازێکی هاندانی زۆر بەسوود بۆیان لە خزمەت سیاسەتی فراوانخوازی و تەماحە ئیمپریالیستەکانیان لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە سوریا و ناوچەی موسڵ لە باکووری عێراق، وە بۆ زەوتکردنی مافی ئەم جەماوەرە بۆ ڕزگاربوونیان لە دەست نادادپەروەری و هەڵاواردنی نەتەوەیی و بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکانیان.
جگە لەوەش ئەو ئیدیعا و ئەفسانە (خرافات) ئایدیۆلۆژیانەی کە ئەردۆگان ماوەیەکی زۆرە سەبارەت بە دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتێکی نوێی عوسمانی پەرەی پێدەدا، خزمەت بە بەرژەوەندییە سەرمایەدارییە هاوچەرخەکانی دەکات، لە درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی سەربازی و سیاسی، و زامنکردنی ناوچەکانی نفوزی خۆی لە چوارچێوەی ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکانی ئێستادا لەنێوان وڵاتانی جۆراوجۆر و جەمسەرە ناوچەییەکاندا.
بەڵام ئەم بەرژەوەندیانەی ئێستای تورکیا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و ئیسرائیل له سوریا، ناکۆکن لەگەڵ یەکتری و بەریەک دەکەون بەتایبەت لەسەر ئەوەی کە تورکیا بەنیازه لەبەرامبەر (هەسەدە) و هێزەکانی پاراستنی گەلدا بیکات. ئەمە جگە لە توندوتیژبوونەوەی ململانێکانی تورکیا لەگەڵ ڕژێمی ئێران و بەشێک لە دەوڵەتانی کەنداو وەک سعودیە و ئیمارات لەسەر چارەنووسی سوریا و پێشهاتەکانی دواتری.
هەموو ئەم ململانێ و پێکدادانانەی بەرژەوەندییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەڵوێست لە بەرامبەر (هەسەدە) و چۆنیەتی ڕێکخستنی پەیوەندییە سیاسییەکان، چ فیدراڵی بێت یان بە شێوەیەکی تر، لەنێوان ئەو ناوچەیەی کە لە لایەن هێزەکانی (هەسەدە)وە بەڕێوەدەبرێت، و باقی سوریا و ڕژێم لە دیمەشق، ئەمە جگە لە توندوتیژبوونەوە (اشتداد)ی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە تورکیا سەبارەت بە چارەنووسی (هەسەدە) لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.
ئەڵبەتە، بەردەوامی بوونی هێزە ئەمریکییەکان لەم ناوچەیەدا، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی (هەسەدە) دایە، و پارێزگاری ئەم هێزانەی ئەمریکا لە (هەسەدە) لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیادا، خزمەت بە بەرژەوەندییە ئیمپریالیستیەکانی ئەمریکی و ئامانجە ستراتیژییەکانی لە سوریا و ناوچەکەدا دەکات.

پرسیار: ململانێ جیۆپۆلەتیکی و شەڕ و شەڕە بە وەکالەتەکان هەر لە بەردەوام بوندان لە ناوچەکەدا و توندتر دەبنەوە، بە تایبەت سیاسەتی داگیرکاری فراوانخوازانەی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە کێشانی نەخشەی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و گۆڕینی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خۆیان. لەم چوارچێوەیەدا فشارە سیاسی و سەربازییەکان بۆ سەر ئێران لە پەرەسەندندایە و تەوژمی زیاتر بە خۆیەوە دەبێنێ، جگە لە زیاتربوونی هەوڵەکانی تورکیا بۆ گەیشتن بە ئامانجە تەماحەکارییە فراوانخوازییەکانی. چۆن هۆکارە ئابوورییە مادییەکانی پشت ئەم هەموو توندوتیژبونەوەیەی ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان لەم ناوچەیەدا شی دەکەیتەوە؟ وە پەیوەندی نێوان خەباتی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لە ناو وڵاتانی ڕکەبەر و وڵاتانی ستەمڵیکراو لە هەموو ئەو شتانەی کە ڕوودەدەن چییە؟
موئەیەد ئەحمەد: لە نامیلکەی سۆسیالیزم و جەنگدا، کە لینین لە هاوینی ساڵی (١٩١٥)دا بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی (حزبی کرێکارانی سۆشیال دیموکرات لە ڕووسیا) سەبارەت بە جەنگی جیهانی یەکەم، نووسیویەتی، دەڵێت “سۆسیالیستەکان هەمیشە شەڕی نێوان گەلانیان وەک کردەوەی بەربەری و وەحشی، ئیدانە کردووە. بەڵام هەڵوێستی ئێمە لە حزب سەبارەت بە شەڕ لە ڕووی پرەنسیپەوە جیاوازە لە هەڵوێستی بۆرژوا ئاشتیخوازەکان (لایەنگر و داکۆکیکارانی ئاشتی) و ئەنارکیستەکان. ئێمە جیاوازین لە یەکەمیان لەوەدا کە ئێمە درک بەو پەیوەندییە حەتمییەی نێوان شەڕەکان و ململانێی چینایەتی لە ناو وڵاتدا دەکەین، درک بەوە دەکەین کە بەبێ نەهێشتنی چینەکان و بەبێ دامەزراندنی سۆسیالیزم، نەهێشتنی شەڕەکان مەحاڵە…….. و ئێمەی مارکسیستەکان جیاوازین لە ئاشتیخوازان و ئەنارکیستەکان لەوەی کە دان دەنـێـیـن بە پێویستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە (دراسة) لە هەر شەڕێک بە جیا و لە ڕووی مێژووییەوە (لە ڕوانگەی ماتریالیزمی دیالکتیکی مارکسەوە) “. لە شوێنێکی دیکەی هەمان نامیلکەدا، لینین سەبارەت بە جەنگی جیهانی یەکەم و پەیوەندیی بە سەرمایەداریی ئیمپریالیزمەوە دەڵێت: “ئیمپریالیزم بەرزترین پلەیە کە سەرمایەداری لە گەشەسەندنیدا پێی گەیشتووە کە تا سەدەی بیستەم پێی نەگەیشتبوو. ئێستا سەرمایەداری لە چوارچێوەی دەوڵەتە نەتەوەییەکان هەست بە تەنگبوون دەکات………. لە ڕزگارکەرێکی گەلانەوە، کە سەرمایەداری لە خەباتی خۆیدا لە دژی فیۆدالیزم ئاوەها بوو، سەرمایەداریی ئیمپریالیزم بۆتە گەورەترین ستەمکاری گەلان. سەرمایەداری لە پێشکەوتنخوازییەوە، گۆڕاوە بۆ کۆنەپەرستی؛ و هێزەکانی بەرهەمهێنانی تا ئەو ڕادەیە پەرە پێداوە کە مرۆڤایەتی یان دەبێت بەرەو سۆسیالیزم بچێت، یان بە دریژایی ساڵانێک و تەنانەت دەیان ساڵ لە کێشمەکێشی چەکدارانە لە نێوان وڵاتانی “گەورە”دا ئازار بچێژێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دەستکرد سەرمایەداری بپارێزرێت بە ڕێگەی کۆلۆنییەکان و مۆنۆپۆڵی و ئیمتیازات و ستەمی نەتەوەیی بە هەموو شێوەکانییەوە”*.
ئایا دەکرێت لێدوانێکی واقیعیتر لەوە هەبێت کە بۆ سەردەمی ئێمەش بگونجێت؟ دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سەد و دە ساڵ، هێشتا جیهان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شاهیدی شەڕی بێکۆتایـیـیە، “لەپێناو پاراستنی دەستکردی سەرمایەداری” و بەهۆی دواکەوتنی سەرهەڵدانی شۆڕشی سۆسیالیستی جیهانیەوە.
پیم وایە ئەم قسانەی لینین گوزارشت لە تایبەتمەندییە ئابوورییە جەوهەرییەکانی ئەو شتانە دەکەن کە ئێستا ڕوودەدەن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەبارەت بە ململانێ جیۆپۆلەتیکی و سەربازی و جیۆ-ئابوورییەکان. بێگومان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەردەمەی کە تێیدا دەژین و گەشەسەندنی زەبەلاحی سەرمایەداریی ئیمپریالیستی هاوچەرخ، و گەشەی سەرمایەی دارایی جیهانی بە پێوەری ترلیۆنی کە ڕێژەیەکی هاندەرانەی قازانج بۆ وەبەرهێنان نادۆزنەوە، و گەشەسەندنی کارەکتەری مشەخۆریی سەرمایەداریی هاوچەرخ تا ئەوپەڕی، و توندوتیژبوونەوی ناکۆکیـیە چینایەتییەکانی سەرمایەداری بە پلەیەکی زۆر زیاتر لە سەردەمی لینین و بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی ئەوەی کە سەرمایەداری ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێکی جیهاندا زاڵە، ئەمەش بەو مانایەی کە سەرمایەداری ئیمپریالیستی وتار و ڕایەڵەکانی سەرمایە لەیەکتر ئاڵاون و درێژ بوونەوتەوە بە سەر هەموو گۆی زەویدا.
شتە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە شەڕی بەردەوامی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرەڕای هەموو ئەو جیاوازییانە، لە شیکاری کۆتاییدا شەڕی هێزی چینایەتی سەرمایەدارییە و شەڕی سەرمایەن کە پرۆلیتاریاکانی ناوچەکە فڕێ دەدەنە بەرەکانی شەڕ بۆ کوشتنی یەکتر لە پرۆلیتاریای نەتەوە و مەزهەبەکانی تر، و یان لە چوارچێوەی هەمان وڵاتدا. ئەم شەڕانە شەڕ و کۆمەڵکوژییەکانی میلیشیا و هێزه تیرۆریستییه کانە کە بەردەوام بە وەکالەت ئەنجامی ئەدەن، به مەبەستی دابەشکردنی ناوچەکانی نفوزی سەرمایەی وڵاتانی جۆراوجۆری سەرمایەداری ئیمپریالیستی و سەرمایەداری ناوچەیی، و شەڕی حیزب و بزوتنەوه بۆرژوازییەکانن کە مۆتەکەن بەسەر سنگی جەماوەرەوە و دڕندەترین و تاوانبارترین نوێنەرانی سەرمایەن.
خەباتی چینایەتی پرۆلیتاری دژ بە دەسەڵاتی سەرمایە و هەژموون و کۆنترۆڵکردنی سەرمایەداریی ئیمپریالیستی و وڵاتانی سەرمایەداری ڕوو لە هەڵکشان لە ناوچەکەدا بەسەر ژیان و چارەنوسی پرۆلیتاریەوە لەم وڵاتانەدا، نەوەستاوە، لە هەمانکاتدا هەوڵەکان بۆ ڕێگەگرتن و خنکاندنی هەر گەشە و گەشەسەندنێکی چۆنایەتی لە بزووتنەوەی سۆسیالیستیدا، لە ڕێگەی ڕێکخستنی کۆمەڵکوژی و تیرۆر و لەسێدارەدان هەمیشە توخمێکی بنەڕەتی بووە لە ستراتیژی سەرمایە لە ناوچەکەدا، وهەروەها ستراتیژی سەرمایەداری ئیمپریالیستی جیهانی.
وە ئەمەیە کە نەوە لە دوای نەوە لە کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناوچەکە شاهیدی بوون، هەر لە خنکاندنی شۆڕشی ئێران لە ساڵی (١٩٧٩) و هەڵکشانی هێزەکانی دژە شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەسەڵات بە پشتیوانی تەواوی زلهێزە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوا، تا خنکاندنی ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکانی ناوچەکە لە ساڵی (٢٠١١)، و لەباربردنی بزووتنەوە و جوڵە شۆڕشگێڕییە سۆسیالیستییەکانی پرۆلیتاریا لە وڵاتانی عەرەبیدا لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لە لایەن هێزە ناسیۆنالیستی و فاشیستەکانی وەک ناسریەکان و بەعسیەکان و ئەوانی تر.
ئەجندە و سیاسەتی ئەنترناسیۆنالیستی و سۆسیالیستی بەرامبەر بەو ڕووداوانەی کە لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن، و بەرامبەر ئەوەی لە سوریا ڕوویدا و ئەوەی کە ئێمە شاهیدی دەبین سەبارەت بە بارودۆخی ئێران و ناوچەکە، بەرزکردنەوەی ئاڵای سۆشیالیزمی ئینترناسیۆنالیستیـیە بەهەموو پەیگیریەکەوە بەرامبەر ئەم هەموو کۆمەڵکوژی و هەژاری و ئاوارەبوونە. هەر ئەمەش ئەوە ئەخوازێ کە ببێتە وەزیفە و ئەرکێکی فەوری کە قابیلی دواخستن نەبێت لەلایەن مارکسیست و کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکان و چالاکەوانە هۆشیارەکانی ئێستای بزووتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی.
بە یەک وشە، پابەندبوون بە هێڵی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ و سۆسیالیزمی پرۆلیتاری ئینترناسیۆنالستییەوە، ڕوانگە و تیۆری و سیاسەت و پراکتیکی شۆڕشگێڕانەی ڕاستەقینەیە کە دەتوانێت ڕێگا بۆ ڕزگاری و بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و ئازادی و یەکسانی لەم ناوچەیەدا بکاتەوە.

٢٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤

  • لينين- المختارات في 10 مجلدات- المجلد 5 -موسكو- دار التقدم 1976
    ** هەمان سەرچاوەی سەرەوە



کاریگەری قەیرانی ئابوری ئێران لەسەر عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

تاران بەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕوی کردە بەغدا، بەجیا لەوەی بە ئامانجی دامەزراندنی پێگەو نفوزی سیاسی کۆماری ئیسلامی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەهەمانکاتدا لەباری ئابوریەوە لە هەوڵی ئەوەدا بوو قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە تووشی هاتبوو لە ئاکامی زنجیرەیەک سزاوە کە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە بەسەریدا سەپێندرابوو ، لە سەر دۆسیەی بە بارمتەکردنی دیپلۆماتکارە ئەمریکیەکان کە لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران، دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دەستبەسەر کرابون.

لەهەمانکاتدا ئەو سزایانە و جەنگی هەشت ساڵەی ئێران- عێراق و ناڕەزایەتی جەماوەری..، ئێرانی دەرگیری قەیرانی گەورەی ئابوری کردبوو، ئەم ڕوکردنەی کۆماری ئیسلامی بۆ بەغدا بەتایبەتی دوای ئەوەدێت کە گروپە نزیکەکانی ئێران دوای ڕوخانی حکومەتی سەدام گەیشتنە پۆستی سەرکردایەتی لە حکومەتی عێراقدا. هەرزوو ئێران ئەو هەلەی قۆستەوەو هەموو قورسایی بازرگانی خۆی ئاراستەی عێراق کرد، سنورەکانی عێراقی ئاوەڵاکردو بازاڕەکانی عێراقی پڕکرد لە بەرهەمە هەرزانەکانی خۆی.

تێوەگلانی ئێران لە شەڕێکی درێژخایەندا لەگەڵ عێراق زیانەکانی بە ٤٠٠ ملیار دۆلار مەزەندە کراوە، هەروەها ئەوسزایانەش کە بەپێی فەرمانی (١٢١٧٠)* لە ساڵی ١٩٧٩سەپێندراون بوونە هۆی ڕاگرتنی سامانی ئێران بە بەهای ١٢ ملیار دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە.

ئەوەی شایانی باسە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی پچڕپچڕ سزا بەسەر ئێراندا سەپێنراوە، ئەمەش بەگوێرەی ئەو پێگەیەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بەدەسەتی هێنابوو، کە ململانێ و مامەڵەی ئەمریکا و ووڵاتانی دەوروبەری پێدەکرد. لە هەمانکاتدا بەهۆی بەرنامە ئەتۆمیەکەی و پشتیوانیکردنی بۆ ئەو گروپانەی کە وەک تیرۆریست دەستنیشان کراون. دواین سزا لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە سەپێندرا، ئەوەش بەهۆی پاڵپشتیکردنی بوو بۆ ڕوسیا لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیا.

بەردەوامی کارەکانی ئێران لەبارەی دۆسیە ئەتۆمیەکەی بووەهۆی زیادبوونی سزاکانی سەری، دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام، ئێران توانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە کە نفوزی خۆی لە عێراق دامەزرێنێت و هەوڵبدات بە شێک لە زیانەکانی قەرەبوکاتەوە، هەڵبەتە تێکچونی ئابوری ئێران بووە هۆی داڕمانێکی سەرسوڕهێنەری تمەنی ئێرانی، کە گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی، بەجۆرێک نرخی ئاڵوگۆڕی دراو گەیشتە هەشتا هەزار تمەن بۆ هەر دۆلارێک. ئەمەش لە بازاڕی ناوخۆیدا لەماوەی درێژخایەندا بووەهۆی هەڵاوسانی دارایی لە ئەنجامی بەرزبونەوەی بەردەوامی نرخی کاڵا و خزمەتگوزاریەکان، هەروەها کاردانەوەی کۆمەڵایەتی بەهۆی تێکچوونی ئابووریەوە هەبووە، دیارترینیان بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و نەداری و هەژاریە لە ناوخۆی ئێراندا، هەروەها ئەم دۆخە بووە هۆکاری بڵاوبونەوەو بەرزبوونەوەی ڕێژەی گەندەڵی.

ئەم گەمارۆیانە ئێرانیان ناچارکردوە کەڕێگا نایاساییەکان بگرێتەبەر بۆ ڕزگاربون لەو قەیرانەی دەرگیری بووە، پەنای بۆ پێکهێنانی چەندین قەوارە و کۆمپانیای خەیاڵی لە عێراقدا بردووە، بڕێکی زۆر دۆلاری لە ڕێگەی بەشێک لە بانکەکان و بانکی ناوەندی عێراقەوە بۆ ئێران گواستۆتەوە، لەم بارەیەوە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٣دا فشاری خستووەتەسەر بانکی ناوەندی عێراق بۆ توندکردنەوەی ڕێکارەکان لەگەڵ ئەو بانکانەی کە پارەی ئەو قەوارانەیان دابینکردووە.

تاران بۆ ساڵی ٢٠٢٤ باسی لە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران بە ٢٠ملیار دۆلار مەزەندە کردوە. ئەو جۆرە ئاڵوگۆڕە بازرگانیە کێشەی بۆ عێراق دروستکردوە، چونکە ئێران فرۆشتن بە تمەن و دیناری عێراقی قبوڵ ناکات و بەدۆلار مامەڵە دەکات، دەیەوێت بەدۆلار بازرگانی دەرەکی خۆی بەڕێوەببات، پاڵ بە بازرگانانەوە دەنێت کە پەنا بۆ بازاڕی ڕەش ببەن بۆ دەستەبەرکردنی دۆلار.

پڕۆسەی گەیاندنی دۆلار بۆ بازرگانانی ئێرانی لە عێراقەوە پاڵی بە بازرگانەکانەوە ناوە بۆ بەکارهێنانی شێوازی نایاسایی وەک “ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتی و شێوازی نافەرمی”، بەتایبەتی کە نزیکەی ٢٠ دەروازە لە نێوان عێراق و ئێراندا هەیە، کە هەندێکیان لە ژێر چاودێری حکومەتدا نین، ئێران هەناردەی غەیرە نەوتی بۆ عێراق زیاد کردووە و بە سوودوەرگرتن لەو سنورەی کە درێژدەبێتەوە بۆ زیاتر لە ١٢٠٠ کم.

ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتی بە هەموو جۆرەکانیەوە وە قاچاخچێتی بە دۆلار لە ڕێگەی دەروازە نافەرمیەکانەوە بەردەوامە، سەرەڕای ئەو هەوڵە زۆرانەی کەدەسەڵاتدارانی عێراق داویانە بۆ کۆنترۆڵکردنی قاچاخ بە دۆلار، بەڵام تائێستا کۆنترۆڵ نەکراوە.

پەیوەندینەگرتنی عێراق بە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و کۆنترۆڵ نەکردنی سنورەکان وایکردووە ببێتە ئامانجێکی ئاسان بۆ کۆمپانیا ئێرانیەکان تا بێسانسۆر وەبەرهێنان بکەن، هەروەها بازاڕەکانی عێراقیان بە بەرهەمەکانیان پڕکردوە، لەهەمانکاتدا دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق نەتوانێ بەرگری لە بەرهەمە ناوخۆییەکانی بکات بۆ وەستانەوە بەرامبەر وڵاتانی دەرەوەدا.

دابینکردنی غاز بۆ عێراق بۆ بەرهەمهێنانی ٨٠٠ مێگاوات کارەبا ئەمە پرۆسەیەکە بڕێکی زۆری دراوی قورس “عملە صعبە” بۆ تاران دابین کردووە، ئێران سوودمەند بووە لە “بازرگانی بازاڕی ڕەش” وەک سەرچاوەیەکی دیکە بۆ دەستکەوتنی دراوی قورس، سەرەڕای فشارخستنە سەر حکومەتی عێراق بۆ بەقاچاخ بردنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات. هەروەها ئێران توانی بازاڕی کاری عێراقی بقۆزێتەوە بۆ بەدەستهێنانی دراوی قورس، بە دابینکردنی ناردنی هەزاران کرێکاری ئێرانی بۆ عێراق، لە ڕێگەی فەرمی و نافەرمیەوە.

لەهەمانکاتدا ئێران پەنای بۆ بازرگانی چەکیش بردووە بۆ دەستەبەرکردنی دراوی قورس، لەگەڵ ئامادەبوونی گروپە چەکدارە دڵسۆزەکانی خۆی کە لە عێراق، یەمەن، سوریا و لوبنانن، هەروەها مامەڵەی لەگەڵ ڕووسیاش کردووە، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ دابین کردوەو بەملیۆنان دۆلار سودی لێوەرگرتوە.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بەجیا لەوەی قەیرانی ئابوری ئێران کاریگەری لەسەر عێراق داناوە، لەلایەک لەباری ئابوریەوە بەجۆرێک لەڕێگەی باڵادەستی سیاسی بەسەر پێکهاتەی حکومەتی عێراقدا، جگە لە پاشکۆکردنی حکومەتەکان بۆ ژێر هێژمونی کۆماری ئیسلامی توانیویەتی بازاڕێکی کراوە دابین بکات، لەلایەکی ترەوە پێگەیەکی نفوزی سەربازی و سیاسی لە هێزەکانی حەشدی شەعبی دامەزراندوەو کاریگەری زۆری لەسەر ناجێگیری دۆخی ئابوری و سیاسی و نەبونی ئاسایش لەسەر عێراق داناوە.

دەتوانین بڵێین لە ساڵی ٢٠٠٣وە عێراق بۆتە مەیدانێک بۆ ئێران توانیویەتی وەک قەڵغانێک لەبەرامبەر قەیرانە ئابوری و سیاسیەکانیدا بەکاری بهێنێت، لەهەمانکاتدا جێگاو پێگەیەک بۆخۆی و بۆ ململانێ لە بەرامبەر ڕەقیبەکانیدا  پەیدابکات، لەهەمانکاتدا وەک بەرەیەکی پێشەوەی هێرشی شەڕ بەکاری بهێنێت، هەر بۆیە توانیویەتی ڕۆڵی سەرەکی لە دۆخی نائارامی عێراقدا هەبێت.

ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی بەدوای ڕوخانی ئەسەد، کۆماری ئیسلامی ئێرانی تەواو خستە بەردەم دوڕیانێکی ترەوە لە پاشەکشەی ئەو پێگەو نفوزەی بەکاری دەهێنا، بەتایبەتی لەدەستدانی ئەو هێژمونی و نفوزەی لە ناوچەکەدا بەدەستی هێنابوو، کە ئێرانی خستۆتە دەورانێکەوە ئەگەری ئەوەی لەبەردەمدایە، عێراقیش لە نێو ئەو ململانێ و بارگرژیانەدا لەدەست بدات، ئەمەش حاڵەتێکی نەگونجاوتر بۆ باری زیادبونی قەیرانی ئابوری و سیاسی بۆ ئێران دێنێتە پێشەوە، ئەگەری لەدەستدانی عێراقیکیش کە چەندین ساڵە قەیرانەکانی پێ پینەدەکات ، بەتایبەتی لە ئەگەری جێکەوتنی پرۆژە ئابوری و سیاسیەکانی تورکیا کەخەریکە لە عێرقدا جێگای ئێران دەگرێتەوە، پێدەچێت لە دۆخێکی وەهادا کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەوێتە بەردەم قەیرانێکی بنبەست و سەخترەوە!.

—————————–

*چەند وڵاتێک کۆمەڵێک سزایان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەتایبەتی ئەمریکا و قەوارە نێودەوڵەتیەکان. ئەمریکا یەکەم سزای خۆی بەسەر ئێراندا سەپاند لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٩ دوای ئەوەی کۆمەڵێک خوێندکار دەستیان بەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران گرت. ئەو سزایانەی کە بەپێی فەرمانی جێبەجێکاری ١٢١٧٠ سەپێندراون بریتی بوون لە بەستنی نزیکەی ١٢ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی ئێران، لەوانەش پارەی بانکی و زێڕ و موڵک و ماڵی دیکە و سەپاندنی گەمارۆی ئابووری. ئەم سزایانە لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٨١ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی جەزائیر هەڵگیرا کە تێیدا ئەمریکا موزایەدەی ئازادکردنی بارمتەکانی کرد.

ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٧ لە سەردەمی ڕۆناڵد ڕیگان خولی دووەمی سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە بەهۆی کردەوەکانی ئێران لە ساڵانی ١٩٨١-١٩٨٧ لە دژی ئەمریکا و دەوڵەتانی کەنداو، هەروەها پشتیوانیەکانی لە تیرۆر. ئەم سزایانە لە ساڵی ١٩٩٥ توندتر کران بۆ ئەوەی ئەو دامەزراوانەش بگرێتەوە کە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ئێران دەکەن.




لە چلەی ماتەمینی هونەرمەند زایەر عەبدوڵڵا دا.. كامەران حاجی ئەلیاس

كاتێ باس لە هونەری شانۆ درامای كوردی دەكەین ناكرێت ناوی هونەرمەند” زایەر عەبدوڵڵا” لەریزی ئەو هونەرمەندە نەبێت كە لە پێشرەوانی شانۆ و درامای كوردیدا هەژمار دەكرێن ..ئەو هونەرمەندێكی بلیمەت نووسەرێكی لێهاتوو مرۆڤێك تا سەر ئێسقان نیشتیمان پەروەر عشقی كوردستان عشقبازی تەیراوە بوو..زایەر خاوەن بەهرەیەكی فرە رەهەند بوو توانی لە رێگەی ماندووبوونێكی زۆرخۆی پێبگەیەنێت لە هەر كارێكی هونەری (شانۆ و دراما)دا كە بەشداری كردوە بوونی خۆی سەلماندووەو داهێنانی لە بەرجەستە كردنی رۆڵەكەی خۆی كردووە .. بۆیە زۆرێك لە هونەرمەندان خولیاو هیوایان دەخواست كاری لەگەڵ بكەن.. منیش وەكو هەرهونەرمەندێك ،حەزوو ئارەزووی ئەوەم هەبوو لە كارێكی هونەری لەگەڵیا بەشداربم.. بەڵێ لە ساڵی 20008 لەمیانی دووەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی شاری هەولێر كە بە بەبۆنەی 11ی ئادار و راپەرینی جەماوەری شاری هەولێری ساڵی 1991 ساز دەكرێت، لە كارێكی شانۆیی بەناوی (پانۆرامای شارەكەم) كەباس لە مێژووی شاری هەولێری دەكرد لە نووسینی ودەرهێنانی هونەرمەند” هیوا سوعاد”بوو بەندەش لەگەڵ كۆمەڵێك لە هونەرمەندە ناودارەكانی شاری هەولێر وەكو (سەلام كۆیی،جەلال بەیار ،عەلی ئەحمەد ،ئیبراهیم حەكیم ،تارق ئاكرەیی، ئەنوەر عزیز.. بەشداری بووین بۆیە لەرۆژانی پرۆڤە و رۆژی نمایشیش ئەو هەمیشە بە قسەخۆشەكانی و هەڵس و كەوتەكانی هەمیشەجیاواز بوو.
لە كارێكی تری شانۆیی كە بەناوی (لەدایك بوون ) لە نووسینی كاكە “زایەر عەبدوڵڵا” وە لە دەرهێنانی هونەرمەند(حەسیب قەرچوغی”بوو لە ساڵی 1995 لە میانی فیستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی هەولێر بەشی شانۆ نمایش كرا بەندە وەكو ئەكتەر لەگەڵ كۆمەڵێ لە مامۆستا و قوتابیانی پەیمانگا لەبەشدار بووم..كاكە زایەر لە میانی رۆژانی پرۆڤەكردنی چەندین جار سەردانی كردین زۆرجار وەكو نووسەری شانۆگەرییەكە لە هەمان كاتدا وەكو هونەرمەندێكیش تێبینییەكانی خۆی لە پێناو سەركەوتنی نمایشەكە دەخستە روو.. بۆیە هەمیشەلەیادو یادەوەریمان بە نەمری دەمێنتەوە.
لە چلەی ئەم هونەرمەندە حەزدەكەم باس لە هونەرمەند و نووسەر زایەر عەبدوڵڵا و شاری راواندز بكەم كەلەوانەیە بەشێك لەئێوەی ئازیز زانیاریتان نەبێت كە هونەرمەند كاكە زایەر بەشێك لەژیانی لە ساڵەكانی حەفتایەكانی سەدەی رابردوو لە شاری رواندز بووە.. هەربۆیە لە دانیشتنێكم لەگەڵ كۆچكردوو هونەرمەند زایەر عەبدوڵڵا سەرەتا پرسیاری ئەو كۆمەڵەچیرۆكانەم لێكرد لە ساڵانی زوو بە ناوی (خەرەند) بڵاویكردبوویەوە راستییەكەی وەكو رواندزییەك ئەوەی سەرنجی راكێشام مانشێتەكە بوو(خەرەند) لێم پرسی بۆچی مانشێتی (خەرەند)ت هەڵبژرادوە بۆ ئەوكۆمەڵە چیرۆكە ئەو لەوەڵامەدا گووتی” بەهۆی ئەوەی باوكم لەساڵانی حەفتایەكان شۆفێری هێلی رواندز – هەولێر كاری دەكرد ئێمە تێكەڵاوێكی زۆرمان لەگەڵ رواندزییەكان هەبوو بۆیە رواندز بەگشتی خەرەندیش بەتایبەتی دیمەنێكی جوان و دڵفرێن بوو وەكو وەفایەك بۆ شارەكەوخەڵكەكەی بەباشم زانی ئەوكۆمەڵە چیرۆكەی بڵاوكردەوە ناوی لێبنێم (خەرەند)”.
لە كۆتاییدا دەڵێم ئەگەر چەندین كتێب لەسەر ژیان و بەرهەمەكانی ئەم هونەرمەند بنووسین هێشتا تەواو نابێت.. سەدحەیف و مخابن لۆ كاكە زایەری هونەرمەند و نووسەر و میدكار .. كە زۆری لە هەگبەدا مابوو لە خودای گەورە دەپارێمەوە بەبەهەشتی خۆی شاد بكات .




دزینی ووتار.. نەوزاد بەندی

هەموومان ، نوسینمان لێرە و لەوێ ، براوە .. شیعرمان فڕێنراوە .. ئیتر لە کۆمەڵگایەکی سەیردا ئەژین ، تەنانەت یەکێک لەو ماعیرانەی کە شیعری بەندەی بردبوو بەناوی خۆیەوە لە پەیج و ڤیستڤاڵەکاندا خوێندبوویەوە ، پێم ووت : ( بۆچی شیعری منت دزیوە ؟ )
پێی ووتم : ( خۆ شیعری تۆ قورئان نییە !! بە دڵم بوو بردم !!)
ئاخر وەڵامی چی دەدەیتەوە ؟؟
هەر ئەوەندە پێم ووت پەشیمانم کە دانەیەک لە دیوانە شیعرییەکەم پێشکەش کردووی ، هەر ئێستا بیدڕە و بیکەرە تەنەکەی خۆڵەکەتەوە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر نەیاندزیت !
لەم ڕۆژانەیشدا شتێکی سەیر ڕووی دا ، هاوڕێیەکم ڤیدیۆیەکی بۆ ناردم ، براڵەیەک بە ناوی بەرزانەوە ، بابەتێکی وەرگێڕراوی بەندە دەخوێنێتەوە لەسەر میرزا ئەدیب ، ئەو شاعیرە پاکستانییەی کە دزێک گیرفانی ئەبڕێت ، کە ئەبینێ تەنها نۆ ڕوپیەی پێیە و بە تەمایه بینێرێ بۆ دایکی بە داوای لێبوردنەوە کە پارەیەکی کەمە بەڵام بە هۆی لە دەستدانی ئیشەکەیەوە ناچار بووە ئەو بڕە کەمەی بۆ بنێرێ ، دزەکە غیرەت ئەیگرێ و ..41 ڕوپێی خۆی ئەخاتە سەر 9 ڕۆپێکە و ئەینێرێ بۆ دایکی میرزا ئەمین ..هەتا دوایی ..
ئەم بابەتەم بەناوی دزی شەریف و نیشتمانفرۆشی دز ، لە مانگی ئابی 2024 لە پەیجی دەنگەکاندا بڵاو کردۆتەوە کە لە ڕاستیدا لە زمانی عەرەبییەوە وەرمگێڕا بوو ..
ئەو بەرزانە بابەتەکەم بە هەڵە و شێواوییەوە ئەخوێنێتەوە ، بۆ نمونە من وتوومە : ( میرزا ئەدیب کە لە ساڵی 1999 کۆچی دوایی کردووە …) ئەو ئەڵێ : ( میرزا ئەدیب لە ساڵی 1999 لە یەکێک لە کتێبەکانیدا ئەڵێ ..!! )
بەم دۆخە سەرسام نەبووم ، شتێکی ئاساییە ، وڵاتێک دز فەرمانڕەوایی بکات ، بێگومان دزیی ئەبێتە پیشەیەکی بەرز و شاهانە ، وەک چینییەکان ئەڵێن فەمانڕەوا هەر هیوایەت و حەزێکی هەبێ ، ئەو هیوایەت و حەزه لەناو هاووڵاتیاندا دەبێتە جێی بایەخ و گرنگیپێدان ..بەڵام ئەوەی وای لێکردم ئەم چەند دێڕە بنووسم ئەوە بوو ، چۆن ئەو براڵەیه ڕێی بەخۆیداوە بابەتێک کە باسی دزی شەریف و نیشتمانفرۆشی دز ئەکا ، ببات و بە ناوی خۆیەوە بڵاوی بکاتەوە ؟؟ بە بێ ئەوەی بڵێ ئەم بابەتە فڵان کەس وەریگێڕاوە ؟؟ نا .. هەروەک ئەوەی خۆی لەگەڵ میرزا ئەدیبا بووبێت بەو جۆرە بڵاوی کردۆتەوە ..ئەوەیش لینکی ڤیدیۆکەی ئەو و بابەتەکەی بەندەیە :

https://www.facebook.com/share/v/1H32HsGYFj/?mibextid=D5vuiz




گەمەی ملیشیا چەکدارەکان لە عێراقی کۆماری و فیدراڵیدا.. کەریم قادر

لەدوای ڕووخانی سیستمی پاشایەتی و ڕاگەیاندنی سیستمی کۆماری، هەر لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمی یەکەم سەرکۆماردا تا بەئێستا دەگات، لەعێراق هەر جارەی بە بیانوویەک لەپاڵ سوپادا ملیشیای چەکدار دروستکراوە. پاساوەکانی دروستکردنی ئەو ملیشیانە کە لەلایەن دەسەڵات دەهێنرانەوە، هەرچیەک بووبێت، بەپلەی یەکەم بۆ پاراستنی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردن و بێدەنگکردنی شەقام بووە، چونکە هەرهەموویان بێ جیاکاری بەرانبەر نەیارانی دەسەڵات، یان ئەوەی پێی دەگوترێ ئۆپۆزیسیۆن؛ ستەمکاربوونە و خۆشیان لەسەرووی سوپا دەبینی و پێیانوابوو هیچ هێزێک ناتوانێت بیانهەژێنێ، وەک ئەوەی چەکدارە هاوسۆزەکانی قاسم دەیانگوتەوە؛ “تا پەت هەبێت، کەس ناتوانێ حکومەت بڕوخێنێ”، بەڵام ئەوەتە لە زەوینەی واقیع هیچ یەکێک لە ملیشیا چەکدارەکانی پاڵ سوپا نەماون، بێجگە لە حەشدی شەعبی کە نەمانی، یان هەڵوەشانەوەی گووشارێکی زۆری لەسەرە بەپاساوی ئەوەی ” دەبێت چەک تەنیا بەدەستی دەوڵەتەوە” بێت.
لەم سۆنگەوە بابەتی گەمەی ملیشیا چەکدارەکان دەخوازێ بەکورتی هەم باس لە هۆکاری دروستکردنیان، هەم باس لەپاساو و ڕەفتارە هاوشێوەکان و هەڵوەشانەوەیان بکەین کە دوجار دەسەڵات بەهۆکارگەلێک خۆی ناچار دەبێت، بڕیاری هەڵوەشانەوەیان بدات، یان زەوینەی هەڵوەشاندنەوەیان بڕەخسێنێ، تەنانەت هەندێ لەسەرانیشیان دەستگیر بکات و بداتە دادگا بۆئەوەی بە سزای خۆیان بگەن.
پارێزەرانی شۆڕش (حماية الثورة).
دوای ئەوەی عەبدولکەریم قاسم بەیارمەتی چەند ئەفسەرێک کە خۆیان بەئازادیخواز دەناساند و لەبنەڕەتدا لە تێکەڵەیەک لە چەپ و ناسیونالیست و شۆڤینی پێکهاتبوو، کودەتای سەربازی بەسەر ڕژێمی پاشایەتی کرد و سەرکەوت، هەرزوو حزبی شیوعی عێراقی خۆی لەو کودەتایە بەخاوەن کرد و بەشۆڕشی ١٤ی تەمووزی ناوزەد کرد. سەرەتا یەکەم سەرکۆماری عێراق چەند کارێکی سیاسی و خزمەتگوزاری دروستی هەم لەبارەی پێناسەکردنی عێراق، هەم بۆ هاووڵاتیان ئەنجامدا، بەڵام لەبەرئەوەی عێراق بەسروشتی دانەمەزراوە، بەڵکو بەرهەمی خوێن و لێکدانی سێ ویلایەتی تایبەتمەند جودابووە، بۆیە گشت حزب و حوکمڕانەکانی ئەوەندەی بەتەنگ تۆڵە و قایمکردنی پێگەی خۆیان بوونە، ئەوەندە بەتەنگ خزمەتکردنی گەلان عێراقێکی تەبا لەناوخۆدا نەبوونە، هەر بۆیە بە یەکێک لەو وڵاتانە هەژمار دەکرێ کە زۆرترین کودەتای سەربازی تێیدا ئەنجامدراوە.
ساڵی ١٩٥٩ حزبی شیوعی عێراقی ملیشیایەکی دەستکراوەی چەکداری بەناوی پارێزەرانی شۆڕش دروستکرد، بە حەز و ئارەزووی خۆی بێئەوەی بۆ دەزگای پۆلیس، یان سوپا بگەڕێتەوە، بازگەی دادەنا و خەڵکی دەستگیر دەکرد و دەکوشت، تەنانەت ڕەفتارە بێمنەتەکانی وایکردبوو لەلایەن چەند لایەنێکەوە گومانی لێ بکرێ کە ئەگەر هەیە بە تۆبزی و بە زەبری هێز دەسەڵات لە دەست قاسم دەربهێنێ.
کاتێک یەکەم سەرکۆمار، جێ پێی خۆی قایمکرد، تاڕادەیەک کارە باشەکانی، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە یاسای چاکسازی کشتوکاڵ و دابیکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەخۆڕاییکردنی خوێندن هەبوو، لەڕێگەی ئەو دروشمەوە “ماكو زعيم إلاّ كريم” ئەویان کردبوو بە “الزعيم الأوحد”، ئەویش مرۆڤە بە بایەک بە هەلەکەسەما دەکەوێ، ئیدی بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی هێندە پێویستی بە شیوعیەکان و هاوبەشەکانی نەمابوو، بەڵکو زیاتر کاری بۆ ڕاگرتنی دڵی ناحەزانی دەکرد، بەتایبەتی ئەوانەی چاویان لە دەسەڵات بوو، سەرەتا لە کەنیسەیەک لە گەڕەکی کەڕادەی شەرقی وتارێکی ئاگرینی دژ بە چەکدارانی پارێزەرانی شۆڕش دا و خۆی لەو ملیشیایە بێبەری کرد، تەنانەت سەرکۆنەی ڕەفتارە ئاژاوەگێڕییەکانیشی کردن کە لە مووسڵ و کەرکووک دژ بە خەڵکیان ئەنجامدابوو. ئیدی ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی چەکدارانی حیمایەی شۆڕش دەستی پێکرد و ڕادەستی نزیکترین بنکەکانی پۆلیش دەکران بۆئەوەی لەسەر ڕەفتارەکانیان سزای خۆیان وەربگرن، بەڵام سیاسەتی دڵڕاگرتنی نەیارەکانی نەبووە هۆی ئەوەی ناحەزەکانی کار بۆ لادان و ڕووخانی نەکەنەوە، ئیدی ئەوەبوو لەڕێکەوتی ٨ی شوباتی ١٩٦٣ لەلایەن بەعسی و ناسیونالیستەکانەوە، چۆن ئەو بنەماڵە و دەستوپێوەندەکانی پاشای عێراقی خەڵتانی خوێن کرد، ئەوانیش ئەویان لە خوێن گەوزاند کە ئەو لەخوێنگەوزاندنە تۆمارێکی کۆنی عێراقیانە، دواتریش بۆی لە خۆیان دەدەن.
حەرەس قەومی
لەدوای کودەتای ٨ی شوباتی ١٩٦٣، لەپێناو بەهێزکردنی دەسەڵات بەسەر شەقامی عێراقی، لەپاڵ سوپا ملیشیایەکی چەکدار بەناوی حەرەس قەومی لەلایەن بەعسییەکان هاتە دامەزراندن. لە ڕێکەوتی ١٨ی ئایاری ١٩٦٣ بە دەرکردنی بڕیاری ٣٥ی ساڵی١٩٦٣ (ئەو بڕیارە لە ١٤ ماددە پێکهاتووە و لەژمارە 809 ی ڕۆژی 2 -6 -1963 لە وەقائیعی عێراقی بڵاوکراوەتە) ڕوویەکی یاسایی بەو ملیشیایە درا. کۆنترۆڵی جووڵەی ئەو ملیشیا چەکدارییە لەژێر سەرکردەکانی حزبی بەعس بە فەرماندەیی مولازی دووەم مونزر ئەلونداوی بوو، دواتر پلەی موقەدەمی پێ بەخشرا.
زۆرینەی چەکدارەکانی ئەو ملیشیایە لە هەرزەکاران و قەبیلەکانی عەرەبی سونە پێکهاتبوو، هاوشێوەی چەکدارانی پارێزەرانی شۆڕش بە حەزو ویستی خۆیان بازگەیان دادەنا و هەر کێیەکیان بویستبا دەستگیریان دەکرد و ئەشکەنجەیان دەدا، سەرانەوەرگرتن لە خەڵکی لاشەڕ ببووە کاری ڕۆژانەیان، تەنانەت لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لەگەڵ ناوچە عەرەبنیشینەکان دەستیان لە کوشتن و داگیرکردنی موڵکوماڵی کورد نەدەپاراست کە لە دەشتی قەراج و کەندێناوەی سەر بە پارێزگای هەولێر بەساڵی فەرهود بەناوبانگە.
گرووپە ناسیونالیستە جۆراوجۆرەکان بەسەرکردایەتی عەبدولسەلام محەمەد عارف کە زۆرینەی کودەتاچییەکانیان پێکدەهێنان و باڵادەستی تەواویان بەسەر سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی عێراقەوە هەبوو، کاتێک بینیان ئەو ملیشیایە هەڕەشە لە پێگەیان دەکەن، لە ڕێکەوتی ١ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٣ عارف بە مەبەستی لاوازکردنی کوتلەی ڕاستڕۆی حزبی بەعس، بڕیاری کارکەنارکردنی مونز ئەلونداوی لە فەرماندەیی حەرەس قەومی دا و لە جێگەیدا عەبدولستار عەبدوللەتیفی دانا.
عەبدولسەلام عارف هەر بەوە نەوەستا، بەڵکو زۆر بە چڕی و بایەخەوە چاودێری ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی حەرەس قەومی دەکرد. سەرەنجام فەرمانی بەسوپا کرد تۆوی حەرەس قەومی ببڕێتەوە، ئەو ئەفسەرانەی سوپا کە لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی ئەو ملیشیایە بەگومان بوون و خەونیان بە لەناوبرنی دەبینی، ئێوارەی ١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣ بە پشتیوانی تانک و زرێپۆشەوە هەڵیانکوتایە سەر بارەگای گشتی ئەو ملیشیایە و بۆ دوای نیوەڕۆی ١٨ی مانگ تۆزیان پێکرد و زۆربەی سەرکردەکانی حزبی بەعسیان دەستگیرکرد کە ئەحمەد حەسەن بەکر لەسەروویانە بوو. هەر بەم بۆنەیەوە سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٨ی مانگ عەبدولسەلام لە بەیاننامەیەکدا موژدەی لەناوبردنی حەرەس قەومی ڕاگەیاند کە ئەو بە حەرەسی ناقەومی ناوی بردن.

فدائيو سەدام
لە ڕێکەوتی ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٤ لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتی بەعس بەگشتی و پێگەی سەدام حوسێن بەتایبەتی بە پێشنیازی عودەی سەدام هاتە دامەزراندن، سەرەتا لە ١٠ هەزار تا ٢٥ هەزار کەس پێکهاتبوو، دواتر لە ساڵی ١٩٩٨ ڕێکخراوێکی دی لەو ملیشیا چەکدارە جوداکرایەوە بەناوی ئەشبال سەدام (بەچکە شێرانی سەدام) بەمەبەستی ئامادەکردن و ڕاهێنانی مێردمنداڵی تەمەن لە ١٠-١٥ ساڵیدا، زیاتریش لە قوتابیانی قۆناغی ناوەندی پێکهاتبوو. ئەم ملیشیایە فیدائیو سەدام لەلایەن عودەی سەرپەرشتی دەکرا و بەشێک نەبوو لە سوپای عێراقی، بەڵکو ڕاستەوخۆ سەر بە سەرکۆماری عێراق بوو و لە ڕێگەی عودەوە فەرمانەکانی لەسەدام حوسێن وەردەگرت. ئەوانە جلوبەرگی ڕەشیان لەبەردەکرد لەسەر قۆڵی ڕاستیان لۆگۆی فیدائییان دەبەست و لەسەر قۆڵی چەپەش ئاڵای عێراق.
مەبەست لە دامەزراندنی ئەو ملیشیایە، هەرچەندە بەناوی بەرگریکردن لە وڵات بوو، بەڵام زیاتر بۆ کۆنترۆڵکردنی بەغدا و بەرگریکردن لە دەسەڵاتی بەعس بوو، چونکە دوای سەر لەدوونانی سوپای عێراق لە کوێت و بێزاری پلەدارە باڵاکانی سوپا لە ڕەفتارە دیراسەت نەکراوەکانی سەدام، ئەگەری ڕاپەڕین و کودەتا لە ئارادا هەبوو.
لەسەروبەندی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ملیشیای فیدائیو سەدام تەکەزیان زیاتر لەسەر بەغدا بوو، بۆ خۆشاردنەوە لە هێزەکانی ئەمریکا جلوبەرگی مەدەنیان لەبەردەکرد و لەپەناوە بەناوی مقاوەمەی شەعبی پەلاماری هێزەکانی ئەمریکایان دەدا و بەشداریان لەشەڕی فڕۆکەخانە و پردی دیالە و ئەعزەمیە کرد. دواتر خۆیان لەبەر زەبری هێز و ئاگری سوپای ئەمریکا نەگرت و چەکەکانیان فڕێ دەدایە ناو نزیکترین زبڵخانە و خۆیان ڕزگار دەکرد.

حەشدی شەعبی
لە ڕێکەوتی ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ بەبڕیاری زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستەی حەشدی شەعبی بە هێزێکی نیزامی عێراقی دانرا. بنەمای دامەزراندنی ئەو ملیشیا چەکدارە بۆ (فتوى الجهاد الكفائي) ڕابەری باڵای نەجەف ئایەتوڵا عەلی سیستانی دەگەڕێتەوە کە ئەوکات ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ڕوبەرێکی فرەوانی لەژمارەیەک پارێزگای عێراق لەباکوری بەغدا داگیرکردبوو. واتە مەترسی لەسەر کەوتنی بەغدا بە دەستی داعش دروست ببوو. پێکهاتەکەی سەرەتایی لە هەندێ گروپی چەکداری مەزهەبی شیعە پێکهاتبوو و دەستەی سەرۆکایەتییەکەی هاوشێوەی حەرەس قەومی کە تەنیا لە بەعسیەکان پێکهاتبوو، سەرکرادایەتی ملیشیای حەشدی شەعبیش تەنیا لەشیعەمەزهەبەکان پێکهاتووە کە تا ئێستاش هەر لەلایەن سەرکردە شیعەکانەوە سەرۆکایەتی دەکرێ، بەڵام بۆئەوەی دامەزراندنەکەی لەگەڵ دەستوور بێتەوە و هاوشێوەی حەرەس قەومی ڕەوایی یاسایی وەربگرێ، لە بڕگەی سێیەمی مادەدەی یەکەمی یاسای حەشدی شەعبیدا هاتووە: “هێزەکانی حەشدی (شەعبی) لە پێکهاتەکانی گەلی عێراق پێکدێت، کە گەرەنتیکردنی جێبەجێکردنی ماددەی (٩)ی دەستوور بێت”.
سەرەتا ئەو ملیشایە تەنیا لە کەتایبی حزبوڵا، عەسایبی ئەهلی حەق و ڕێکخراوی بەدر و هێزەکانی شەهید سەدر پێکهات، بەڵام دوای فەتواکەی مەرجەعی باڵا فرەوانتر بوو، چونکە مەبەستی دیکە لەپشت دامەزراندنیدا هەبوو کە بەپێی زانیارییەکان ئێستا لە ٦٨ گروپی چەکدار پێکهاتووە و لەلایەن هەندێ دەوڵەت هەندێک لە گروپەکانی ئەو ملیشیایە بە تیرۆریست هەژمار دەکرێن و هەشبوون ستایشی ڕۆڵەکەیان دەکرد.
بەوپێیەی بنەمای پێکهێنانی بۆ فەتواکەی عەلی سیستانی دەگەڕێتەوە، بەڵام ڕەفتارە توندوتیژەکانی بەرانبەر پێکهاتەکانی دیکەی ئەو گروپانە مەرجەعی باڵای ناچار کرد ڕاسپاردەیەکی ٢٠ خاڵی دەربکات کە پێویستە بەگوێرەی ئاکاری ئیسلامی مامەڵە لەگەڵ خەڵک بکەن، بۆئەوەی ڕەواییە یاساییەکە لەدەست نەدەن.
هەرچەندە بنەمای پێکهێنانی بۆ فەتواکە و ڕوبەڕووبوونەوەی داعش دەگەڕێتەوە، بەڵام کەس ناتوانێ نکۆڵی لەوە بکات کە بووەتە چەکی دەستی ئێران و ئێستا خاوەنی کۆمەڵێک درۆن و مووشەکی دەستکردی ئێرانە. لەلێدوانێکیدا لەڕێکەوتی ٢٢ی تەمووزی ٢٠١٥ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان یان کۆبیچ ئاماژەی بە ڕۆڵی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرد، بە گوتەی چاودێران ئەوە دانپێنانە بە شەرعیەتی ئەو ملیشیایە. هەروەها لەڕێکەوتی ١٢ی ئاداری ٢٠١٦ کونسوڵی ئەمەریکا وۆکەر سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاری سەدری لە بەسرا کرد و بریندارانی ئەو ملیشیایەی بەسەرکردەوە و خەڵاتی بە بریندارەکان بەخشی. بەڵام لەلای دیکەوە وڵاتانێکی عەرەبی هەن ئەو ملیشیایە بە داعشێکی دیکە دەبینن و بەهەڕەشەیەکی جدی سەر سەقامگیری ناوچەکەیان دادەنا. وەزیری دەرەوەی ئیماراتی عەرەبی لەڕێکەوتی ٢٦ی شوباتی ٢٠١٦ لەپرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ کۆتایهێنان بە داعس دەخوازێ کۆتایی بە حەشدی شەعبیش بهێندرێت. هەروەها وەزیری دەرەوەی سعودیا لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسان لە پاریس حەشدی شەعبی بە تایفی دانا کە لەلایەن ئێرانەوە سەرکردایەتی دەکرێ و بە نانەوەی ئاژاوەی تایفی تۆمەتباری کرد. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گفتوگانیدا لە سوچی روسیا ئاماژەی بەدا کە ئێران لەڕێگەی حەشدی شەعبیەوە کۆنترۆڵی عێراقی کردووە، بەهەمان شێوە سەرکۆماری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی جەزیرە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وەسف کرد. بەحرێنیش بە هەمانشێوە بە تیرۆریستی دادەنێت و دەڵی دەبێت سزای بەسەردا بسەپێنرێ.
ئەو ملیشیایە، کە گوایە بەپاساوی ڕوبەڕووبوونەوەی داعش دروستکرا، بەڵام لە خۆپشاندانەکانی ٢٠١٩-٢٠٢١ ڕۆڵی لە دامرکاندنەوەی خۆپشاندانەکان هەبوو کە بەپێی هەواڵەکان نزیکەی ٧٤٠-١٠٠٠ کەس بە گولەی ئەو ملیشیایە کوژارون و زیاتر لە ٣٠ هەزار کەسیش برینداربوونە، واتە بووە ئامرازێکی تۆقێنەر بەدەست دەسەڵات بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕەزاییەکان.
هیومان ڕایتس وۆچ لەڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بە پێشێلکارییەکانی ملیشیای حەشدی شەعبی کردووە، بەتایبەتی لەناوچە سونەنشینەکاندا کە هەندێکیان وەک تاوانی جەنگ وان، هەر پەیوەست بەو پێشێلکاریانە سەرۆکی پێشووتری سی ئائ ئەی دێڤید پەترۆیس لە لێدوانێکیدا کە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست گواستوویەتیەوە گوتویەتی ملیشیاکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە دا‌عش مەترسیدارترن. هەر بەگوێرەی تۆمارەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی ملیشیاکانی حەشدی شەعبی خەڵکی سڤیلیان فڕاندووە و ئەشکنجەیان داوە، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای تکریت. بەپێی هەواڵەکان ژمارەی تاوانەکانی ملیشیکانی حەشدی شەعبی لە ژمارە نایەن، تەنانەت بێجگە لە ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و تاڵانکردنی موڵکوماڵی خەڵک و هاوشێوەی چاخەکانی ناوەراست سووتاندنی خەڵکیشی گرتۆتەوە، بەتایبەتی ئەو پارچە ڤیدیۆیەی گەنجێکی ئەنباری کە لە ٣١ی مایۆی ٢٠١٥ لە ئینتەرنێت بڵاوبوویەوە، تێیدا دەردەکەوێ چەکدارەکان ئەو ملیشیایە کە لۆگۆی کەتایبی ئیمام عەلیان هەڵگرتبوو، چۆن گەنجێک دەسووتێنن و لە شیشی دەدەن.
ئەمانە هەمووی بەسەریەکەوە و هەستکردن بەوەی بۆ گیانی هاووڵاتیانی عێراقی و تێکدانی ڕەوشی ناوچەکە لە داعش مەترسیدارتر دەبن، لەڕێکەوتی ٢٢ی ئابی ٢٠١٩ فڕۆکەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکانی کەتایبی حزبوڵا، هەروەها لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێنج هێرشی ئاسمانی کردە سەر دامەزراوەکانی کەتایبی حزبوڵا لە ڕۆژئاوای عێراقدا، ئەم پەلامارەی ئەمریکا وەڵامی بەئامانجگرتنی یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەرکووک بوو. هەر بۆ دانانی ئاستێک بۆ جووڵەکانی ئەو ملیشیایە لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لە هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا هەریەک لە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی ملیشیاکانی حەشدی شەعبی، محەمەد رەزا ئەلجابری، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان و قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی کرایە ئامانج کە تا ئێستاش ساڵانە بۆ سەرکۆنەکردنی هێزەکانی ئەمریکا بەئامدەبوونی بەرپرسانی باڵای عێراق و سەرکردەکانی ملیشیای حەشدی شەعبی ساڵیادی کوشتنیان دەکرێت و بە شەهید ناوزەدەکرێن.

ئەنجام
لە ئەنجامی خستنەڕووی مێژووی ملیشیا چەکدارەکان لە عێراق هەر لە ساڵی ١٩٥٩ەوە تا بەئەمڕۆ دەگات، بەو ئەنجامە دەگەین کە دروستکردنی ئەو ملیشیانە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو پاساوانە نییە کە دامەزرێنەرانی بۆیان هۆنیوەتەوە، بەڵکو تاکە مەبەست لێی کۆنترۆڵکردن و بێدەنگکردنی شەقامی عێراقی و دواجار دەسەڵات بەدەستەوە گرتن بووە، وەک ئێستا دەیبینین، هیچ بڕیارێکی حکومەت بێ ڕەزامەندی ئەو ملیشیا چەکدارە نادرێت و دەرناچێت، بەڵام لە چوارچێوەی ئیتاری تەنسیق وەک کەڤەرێک بۆ شاردنەوەی ئیملائاتەکانی ئەو ملیشیایە دەخرێتەڕوو.
ئێستا لە ئاستی ناوخۆ و دەرەودا گووشارێکی زۆر لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراقە کە ئەم ملیشیایە هەڵوەشێنێتەوە. وەک لەزاری بەرپرسانی فەرمی عێراق بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بە ئاشکرا داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، ئەو ملیشیایە هەڵوەشێنێتەوە و دەبێت چەک تەنیا بەدەست دەوڵەتەوە بێت. لەم سۆنگەوە بە بۆجوونی من باشترین چارەسەر ئەوەیە بە فتوایەکی دیکەی مەرجەعی باڵا بەپاساوی نەمانی پێویستی بە هێزێکی دیکەی چەکداری لەپاڵ سوپای عێراقی، فەتوای هەڵوەشانەوەی بدرێت، ئیدی ئەوکات دەردەکەوێ کە ئایا ئەو ملیشیایە چەکدارە عێراقییە یان ئێرانییە، چونکە مانەوەی بەو دۆخەی ئێستایانەوە هەرەشەیەکی بەردەوامە بۆسەر عێراق.
هەر بۆ وەبیرهێنانەوە و تێگەیشتن لەو هەڕەشە بەردەوامەی سەر عێراق، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاشکرا هەڕەشەی کردووە، ئەگەر سنوورێک بۆ سەرکێشییەکانی ئەو ملیشیانە، واتە بۆ درۆنو مووشەکەکانیەوە دانەنرێت کە لەعێراقەوە ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێن، ئامادەیە خاک و خۆڵیان لە تورەگە بکات. واتە لەناو ماڵی خۆیان چ دکرێکی بەحەماس و حزبوڵای لوبنان کرد، زۆر لەوە خراپتریان پێ بکات.
ئەمانە هەمووی بەسەریەکەوە لەگەڵ لێکەوتەکانی ڕووخانی ڕژێمی بەسار ئەسەد بەسەر ئێران و ترسی هێزە ناوخۆییەکانی دیکەی شیعە وایکردووە بیر لەڕێگەچارەی هەڵوەشانەوەی بکرێت، چونکە ئێران کە پشتیوانکار و هەڵسوڕێنەری سەرەکی ئەو ملیشیایە، بەڵام نایەوێ بەهۆی لێدانی ئەوانەوە شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لە سنوورەکانی نزیک بکەوێتەوە و پڕیشکی بەرکەوێت. چونکە باش دەزانێت، هەر دەبێت ئەو ملیشیایە هەڵبوەشێتەوە، هەڵوەشانەوەکەشی یان بە بڕیارێکی پاڵپشت بە بەکارهێنانی هێز دەبێت لەلایەن سوپاوە، وەک ئەوەی عەبدولکەریم قاسم بەرانبەر پارێزەرانی شۆڕش کردی، یان هاوشێوەی بڕیارەکەی عەبدولسەلام عارف دژ بە ملیشیا چەکدارەکانی حەرەس قەومی کە لەژێر کۆنترۆڵی بەعسیەکان بوو، یان پاڵپشت بەهێزی دەرەکی وەک ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ بەرامبەر فیدائیو سەدامی کرد. ڕەنگە بەکارهێنانی سوپا لە عێراق دژ بە ملیشیکانی حەشدی شەعبی تاڕادەیەک بەدوور ببینرێ، بەڵام ئەگەر ڕەفتاری گەلی عێراق بە نەزەر وەربگرین، هیچ دوور نییە، چونکە عێراق گەلێکە حەزی بە خوێنڕشتنە، تا گفتوگۆ و سەرکردەکانیشی بۆ پاراستنی خۆیان حەز بە خوێنڕشتن دەکەن.
بەڵام ملیشیای حەشدی شەعبی لەبەرئەوەی ئێران خۆی پەروەردەی کردوون و پڕچەکی کردوون کە بەداخەوە زۆرێک لەو چەکانەی ئەمریکا و هاوپەیمانان بە سوپای عێراقیان دەدا بۆ شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، زۆربەی هەرە زۆری لە دەست ئەو ملیشیایە بوو بە تانکی ئەبرامزیشەوە کە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بە ئامانجی داگیرکردنی هەولێری پایتەخت دژ بە پێشمەرگە بەکارهات.
بەپێی لێکدانەوەی هەواڵەکان بێت، عێراق بە هەڵوەشانەوەیان قایل بووە، تەنانەت دوا سەردانی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودس و سەردانی چاوەڕوانکراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران پەیوەندی بە شێوازی هەڵوەشانەوەکە هەیە، چونکە ئێران لەلایەک ناخوازێ بە پاساوی لێدانی گرووپە جەکدارەکانی عێراق شەڕ لە سنوورەکانی نزیک بکەوێتەوە، لەلایەکی دیکەوە نایەوێ ئەو هێزەی بەیەکجارەکی لەدەست ببێتەوە. چونکە لەوە گەیشتووە کە دوای نەمانی ئەو ملیشیانە ڕاستەوخۆ خۆی دەبێتە ئامانج، بۆیە ڕەنگە بەهەموو لایەک(عێراق، ئێران و ئەمریکا) بە پێچەوانەی هەڵوەشانەوە و لەناوبردنی ملیشیا چەکدارەکانی دیکەی عێراق کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداون، ڕێوشوێنێکی نوێ لەناو سوپا و دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەشێک لە چەکدارەکانی ملیشیای حەشدی شەعبی بدۆزرێتەوە کە بەهۆیەوەی بۆ ماوەیەک جۆرێک لە ئۆقرەیی پەیدا ببێت، چونکە بەلای ئەمریکاوە ڕەفتارەکان گرنگ نین، بەڵکو ئەوە گرنگە بێجگە لە دەوڵەت هیچ هێزێکی دیکە چەکی بەدەستەوە نەبێت. ئەگەر وەک ئەوەی بۆی چووین چارەسەرەکە نە شیش بسووتێ نە کەباب بێت، دوورنییە ئەو گروپە دەست بەخوێن سووربووانە لە ئایندەدا دەست بەسەر زۆربەی جومگە سەرەکییەکانی عێراقدا بگرن و خۆیان وەک حزبێکی سیاسی نمایش بکەن. بۆیە نابێت لەو پرسەدا بۆ لەڕەگەوە دەرهێنای دومەڵەکە شێوازی گولاج بەکارهێنان، جێگە بە نەشتەرگەری بگرێتەوە.




چالاک.. پشکۆ ناکام

چۆن سروشت و ڕەنگ و ڕووی کۆمەڵگایەکی دۆڕاو و داتەپیو ئەناسینەوە..؟….

لە وەڵامی ئەم پرسیارەیا نووسەری بە ناوبانگی ڕووسی “ ئەنتوان تشیخەف” ئەڵێ :

لە کۆمەڵگا داڕوخاوەکانا هەزاران ئەقڵی گەمژە و نەزان بەرامبەر بە یەک ئەقڵی جێی بڕوا هەیە ، بەرامبەر بە هەر ووشەیەکی ووشیاریی هەزاران ووشەی ووشک هەڵگەراو هەیە ، هەردەم ئەحمەقەکان زۆرینەن و ئاقڵەکان ئەبەزێنرێن ، گەر بینیت بابەتە هیچ و پووچەکان لە کۆمەڵگایا “ باو” بوو و هیچ و پووچەکانیش لە پێشەوەی خەڵکەوە بوون ئەوە تۆ کۆمەڵگایەکی یەگجار لەبەر یەک هەڵوەشاو ئەبینی ، بۆ نموونە ئەو گۆرانی و شیعرانەی هەرچی مانایا نیانە خەڵک ئەیڵێنەوە و سەرچۆپی بۆ ئەگرن و شایەری گۆرانییەکە ناوبانگ دەرئەکا و خۆشەویست و ناسراوی لێدەرئچێ ، تەنانەت خەڵک دەربارەی کۆمەڵگا ومێژوو و ژیان و گوزەران بۆچوونیان وەرئەگرن ، بەڵام نووسەرە بەتوانا و ئەکادیمییەکان کەس حسابیان بۆ ناکا ، زۆربەی خەڵک حەزیان لە “ سڕ” بوون و هیچ و پووچیە ….خەڵکانێک بەنج “ مان ئەکەن تا ئەقڵ لە دەست بەین و خەڵکانێکیش بە تەهریج و گاڵتەبازاڕی ئەمانهێننە پێکەنین لە پێشەوەی ئەوانەوەن بەرامبەر بە واقیع بەخەبەرمان ئەهێنن و بۆ ووتنی “ حەقیقەتەکان “ ئەتلێنەوە ، لەبەر ئەوە دیموکراتی بۆ کۆمەڵگا نەفامەکان ناشێ ، چونکە دواجار زۆرینەیەکی نەزان بڕیار لەسەر چارەنووسمان ئەیا…

ئەمەی باسمان لێکرد نموونەیەکی بچووک کراوەی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردییە کە

تشیخەف “ باسی لێوە کردوە ، ئەمڕۆ ئەبینین تەراتێنی سیاسیە ئەحمەقەکان وەک [ تۆم و جێڕی ] لەزرم و کوتانان بەڵام لە دواجارا هەردووکیان هەر یەک بابەتن و بۆ بەنج کردنی خەڵک لەبەردەمی شاشەکانا یەکتر ڕاوئەنێن ،،، ژنێک سێ كوڕی خۆی بەخشیوە بەو میللەتە و تا تەقاعودیەکی مەمرە مەژی بە دوو سێ مانگ جارێک وەر ئەگرێ کەنەفت ئەبێ لەبەرامبەری ئەم [ کچە مۆدێلێک]!!! سەیارەیەکی بیست و پێنج دەفتەری بە دیاری وەرئەگرێ ، ئەکتەرێکی بە توانای دێرین کرێچیە و موهەڕیجێکی کۆمێدی!! بە دەفتەر مامەڵەی بازاڕ ئەکا ، شایەر و لۆتیەک ئەبێ سەرە بگری بۆ ڕەسم گرتن لەگەڵیا و دوو سێ حیمایەشی هەیە ..کۆڕی نووسەرێکی ئەکادیمی بیست کەسی لێیە و لە جومعیەکا دوو هەزار کەس گوێ لە مەلایەکی شەرواڵ سێ ڕوبعی ئەگرێ ، قاچاخچیەک ئە بێ بە [ بیسنزمان] و باسی نیشتمان پەروەری و ناوگەڵ پاک ببورن ئەستۆپاکی ئەکا ، فیتەرێک ئەبێ بە حاکمی هەمووگەراجەکان و لە سایتەکانا هەواڵ و قسەکانی ئەچێتە گۆشەی [ بە پەلە ]… بازی بەخت لەو هەموو عەشاماتا لەسەر سەری کۆتر بازێک ئەنیشێتەوە و ئەبێ بە [ وەزیر]!! و تەحەکوم بە دەغیلەی ئەو خەڵکەوە ئەکا ، قەشمەرێکی نەخوێنەواری گەعدەکان ئەبێ بە موحەلیلی سیاسی هەر سەگەکەی بایی شەش حەوت دەفتەرە، ڕاکردوەکانی دوێنێ باسی کەرامەتی خاک ئەکەن ، بەهانە بۆ جاش و فایلدار ئەهێنرێتەوە کە ئەوە زەمانی گەنجێتی بوو !! تێزی دکتۆرایەک لەسەر [ووتەکانی سەرۆک]ە و قوتابییەکەش ئەبێ بە دال نوقتە ، خاوەن بەکالۆریۆس و دکتۆرایەکی ئەوروپايش بۆ ساڵانی خزمەت و خانە نشین بوونەکەی ئەبێ بیسەلمێنێ وەک کوردێک بۆ حیزب چالاک بوە……




پۆلێنکاری حیزبی بۆ قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کورد مایەی قبوڵ نیە

بەداخ و سەرسوڕمانیەکی زۆرەوە، لەم ڕۆژانەدا (چیا‌و کریم الساعدی)، بەڕێوبەری فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، لە دوو چاوپێکەوتندا لە کەناڵی رووداو و کەناڵی (ای نیوز)ـی عێراقی، پۆلێنێکی نا لۆژیکی بۆ قوربانیانی تاوانەکانی جینۆساید گەلی کورد کرد، ئەویش بە پۆلینکردنی قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال بە شەهیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پۆلێنکردنی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانیەکان بە شەهیدی پارتی دیموکراتی کوردستان.

ئەم پۆلینکارییەی (چیا‌و کریم الساعدی)، بەڕێوبەری فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، وێڕای ئەوەی سوکایەتیەکی گەورەیە بە قوربانیان، هاوکات ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ کەمکردنەوەی بەهای بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقە، کە تاوانەکانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی بارزانیەکانی وەك تاوانی جینۆساید ناساندووە.

ئەم لێدوانەی ناوبراو لە دوای هەڵدانەوەی گۆری بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان لە ناوچەی تەل شیخیەی بیابانی سەماوە بوو، کە رووفاتی منداڵی تەمەن یەك مانگی تێیدا بوو.. هەر بۆیە ئێمە پرسیاری ئەوە دەکەین، قوربانیەکی ئەنفالکراوی تەمەن یەك مانگ، چۆن پۆلینی حیزبی بۆ دەکرێت، لە کاتێکدا ناوبراو هیچ واتایەکی ژیان نازانێت.

بۆیە وەك نووسەران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆسایدی گەلی کورد، وێرای ئەوەی بە توندی لێدوانەکانی (چیا‌و کریم الساعدی)، بەڕێوبەری فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان ڕەتدەکەینەوە، هاوکات داوا دەکەین:
یەکەم: لیژنەی شەهیدان و قوربانیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە مەبەستی لێپێچینەوە، بەڕێوبەری فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بانگهێشتی پەرلەمان بکەن.
دووەم: لەسەر بەڕێوبەری فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بە کۆمەڵەکانە، بە ڕاگەیاندراوی فەرمی و بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی داوای لێبوردن لە رووحی قوربانیانی جینۆسایدی کورد بکات.

نووسەران و چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆسایدی گەلی کورد.. 2025/1/8.

1- رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید – KWG
2- رێكخراوی جیهانێكی بێ چەكی كیمیاوی و بایۆلۆجی
3- نەهرۆ عەلایی کوڕی شەهید و چالاکوانی بواری جینۆساید
4- تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
5ـ رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
6- هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
7- تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – koncicc
8- رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
9- گۆڤاری تۆپزاوە ـ تایبەت بە پرسی ئەنفال و جینۆساید
10- رێكخراوی چاودێری كوردۆساید – چاك
11- ڕۆژنامەی نوگرەسەلمان
12ــ عەلی مەحمود ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
13- عەدالەت عومەر ــ نووسەرو لێكۆڵەری بواری جینۆساید
14- هێمن حەسیب ــ نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
15- ئەحمەد مەجید – کەسوکاری ئەنفال و چالاکوانی بواری جینۆساید
16- ئەحمەد مەجید ــ چالاکوانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراو
17- شاخەوان شۆڕش ــ نوسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید
18- جەبار ئەحمەد ــ توێژەر لەبواری جینۆساید
19- گەردە مامە حەمە ــ چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ
20- پەرژین جعفر حاجی روستم ــ خوشکی شەهیدو ئەنفال
21- عادل مەلا ساڵح ــ باڵیۆزی ناوەندی ئاشتی جیهانی و چالاکوانی مەدەنی
22- ئەنوەر عومەر سەعید ــ یاسایی و شارەزا لە پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
23- فاتیح مستەفا پێشمەرگەی دێرین و چالاکوانی بواری جینۆساید
24- فازڵ عەباس نووسەری بواری جینۆسایدو چالاکوان
25-بەختیار ڕەئوف کەسوکاری ئەنفال و چالاکوانی بواری جینۆساید




نوقڵانە.. ستار ئەحمەد

کاتێک سەری ساڵ دێتەوە
پرشنگ لەزامی وەردەدا
دوکەڵ هەوا دەخنکێنێ
شەڕگە دڕندە دەڕوێنێ
گڕی برین خاک دەچێنێ
هەور بەشەقەی باڵ دێتەوە
زریان دەکات بەهێلانه
لوتکە گەرووی چیا دەگرێت
خۆراک دەبێت بەمەیخانە
شەڕگە مرۆ وەبەر دێنێ
گڕ بەهای بەرز دەبێتەوە
لێشاو دەمی بۆ کوشتارگە دەکرێتەوە
ئاو لەبوونی وەردەگەڕێ
چرۆی باخان هەڵدەوەرن
ژیکەڵەو پیر هانا دەبەن
بۆ لانکیی گۆڕ و مردن
پەرستگا بانگ دەخنکێنێ
بولبول لەنوێژ واز دەهێنێ
جیلوە لەکانی نابیستی
ڕووبارەکان دەبنە مۆڵگە و
کانگای پیسی
سنوور بەربەست دەجۆشێنێ
نیشتمان ئاڵای ون دەکا
ورگ دەستوور دادەڕێژێ
نان گەمەی مناڵ نابینێ
گولەو ئاگر دادەبارن
موژدەی شارو
سەری ساڵن
باخچە فێری گریان دەبێ
هەڵپەڕکێ پەنجە دەگەزێ
لافاو دەبێته دژی زێ
ئاسمان بەپرشنگ کوێر دەبێ
سات سەری ساڵ دادەپاچێ
تاریکی ڕۆژ دادەپۆشێ
تەمەن بەتەرم ئاشنا دەبێ
زەوی لەخوێناو تێر دەبێ

ستار ئەحمەد




خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەدژی لەشکرکێشی و کوشتاری حکومەتی تورکیا بۆسەر کوردستانی سوریا

بانگەوازتان دەکەین بۆ بەشداری لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژ بە لەشکرکێشی و کۆمەڵكوژی حکومەتی فاشیستی تورکیاو ئۆردوگان و میلیشیا چەکدارەکانی دەوری بۆسەر کوردی سوریا.
هێزی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست و چەپی دنیا دەتوانێت بەر بەو وەحشیگەریەی ئۆردوگان و حکومەتە فاشیستەکەی بگرێت.
ئێمە لە رێکخراوی بەریتانیا پشتگیری لە راگەیاندنێکیش دەکەین کە لەلایەن: کەمپەینی دژی لە سێدارەدان لە ئێران – لەندەن و هاوپشتی لەگەڵ ناڕەزایەتیەکانی خەڵكی ئێران، کە راگەیەنراوەو بانگەوازی هەموو لایەک دەکەین لەگەڵمان بن، تا پێکەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لەندەن کۆبینەوەو ناڕەزایەتی دەبڕین.
رۆژی شەممە 11/1/2025 کاتژمێر 1 تا 2:30 ی پاش نیوەڕۆ

‏Turkish Embassy
43 Belgrave SQ
SW1X BPA‏

رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی کوردستان
بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بەم ژمارە تەلەفونانەوە

07720291516 – 07476204121