شانۆکاری کورد و وەهمەکانی.. نیهاد جامی

دەرگاکردنەوە لەناوەوەی خۆمان، داخستنی وەهمگەلێکە کەسانێک پێش خۆمان بۆیان درووست کردین، ئێمە ناتوانین خۆمان بین بەبێ ئەوەی کەسانێک نەیەن درۆمان بۆ نەکەن، کاتێک لەناو کولتورو زمانەکانیتردا دەبین تێدەگەین، تازەگەریەک کە ئێمەی فریووداوە تازەگەریەکی کۆنە، بۆیە بەلامانەوە نابێت سەیر بێت تازەگەری خۆرئاوایی بۆ ئێمە واتە شانۆی نیو سەدە پێش ئێستا، پەنجا سال رابردووی شانۆی خۆرئاوا کەسمان نایانناسین، نیو سەدە لەناو نائاگاییداین، شانۆنووس و دەرهێنەرەکانی کێن؟ تیۆرەکان چین؟ هێشتا وەهمی شانۆی ئەزمونگەری بەری نەداوین، لەکاتێکدا پەنجا سالی رابردوو نێژراوە، بە کورتی با ئاماژە بۆ ئەو ئیشکالیەتە بکەین، تۆ یاخود خەریکی شانۆیت یان پێرفۆرمانس، هەر نمایشێک لەسەر تەختەی شانۆ هاتە خوارەوە پێرفۆرمانسە، ئیتر گەر بەوە شاگەشکە دەبیت کە شانۆی ئەزموونگەریە، شتێکی وا لەئێستای دنیادا بوونی نیە.
پرسیارێک هەمیشە ڕووبەرومان دەبێتەوە: شانۆی ئەوروپی ئێستا لە چ ئاستێکە؟
ئەو پرسیارە بوونی ڕەوایەتی نیە، بەڵام چونکە ئێمە تێنووی ئەوەین بزانین خۆرئاوا چی دەکات، بۆیە لەم جۆرە پرسیارانە دەکەین، کارە پێرفۆرمانسیەکان کاری گروپی بچووک و دەستەبژێرین، کارە شانۆییەکانیش زیاتر بە دوو ئاراستە ئیش دەکەن، یەکێکیان گەرانەوەیە بۆ ناو شاکارە ئەدەبیەکانی شانۆ، ئاراستەکەیتریش قسەکردنە لەکێشەکانی ئەمڕۆی دنیا، ئەو دوو ئاراستەیە رۆلێکی گرنگیابن هەیە لەئێستای شانۆ.
رووکردنە نووسینی شانۆنامە بە ئاستێکی بەربڵاو کتێبە شانۆییەکان داگیر دەکات، چونکە سەرچاوەی سەرەکی کاری شانۆیین، بەپێچەوانەی شانۆی ئێمە کە زیاتر قسە لە رەخنە و وتارە، لەکاتێکدا شانۆ خۆی بوونی نیە، تا ڕەخنە و وتار ئەو ڕووبەرە داگیر بکەن، گرفتی ئێمە ئەوەیە هێشتا دەمانەوێت لەناو تیۆرەکانی ناوەراستی سەدەی بیستەمەوە قسە لەشانۆ بکەین، شانۆکارانێک کە لەخۆرئاوان بەشێکی دیاری ئەو خراپی گواستنەوەیە دەکەوێتە ئەستۆیان، لە پۆلینکاری فێستڤاڵە شانۆییەکان لەئاستی پلە چوار بەشدار دەبن و وای دەردەخەن لەتەک داهێنەرە گەورەکانی شانۆن، ئەوە بەکردەوە لەناو ئەرشیفی ناوەندی فێستڤاڵە شانۆییەکان بینیومانە.
گرفتێکی تری شانۆکاری کورد وەهمی بە جیهانی بوونە، خەونێکە یۆتۆپیایەکە، پێی وایە بۆ ئەوەی شانۆکەی جیهانی بێت دەبێت وەک تیۆریزانەکانی پەنجا ساڵ پێش ئێستا نمایشی شانۆیی دروست بکات، بۆ ئەوەی شانۆکەت جیهانی بێت گەڕانەوە بۆ میتۆدە کۆنەکانی خۆرئاوا کە تا ئێستا بۆ کوردستان نوێن، ناتکەن بە دەرهێنەری داهێنەر، بانگەشەکارانی ئەو بوارە پێویستە ڕوونی بکەنەوە، ئەوان پێرفۆرمانیسیان لەژورێک ئەنجام داوەو پێویست ناکات چیتر کەس فریوو بدەن.
جیهانی بوون گەرانەوە نیە بۆ شانۆنامە کلاسیکیەکان، هێندەی ئیشکردنەوەیە لەتەک کێشە کولتوریەکانی خۆت، بەڵام گرنگ لەوەدا ئەوەیە: بە چ زمانێک نمایش بکرێت، ئەو شوێنەی تیای نمایشی دەکەیت لە چیرۆکەکەت تێبگات، کەس بە شاکارە کلاسیکیەکان و تیۆری دەرهێنەرەکانی خۆرئاوا نابێت بە جیهانی، وەهمێک کەسانێکی کوردی لەخۆرئاوا بۆ ناو گەنجانی کوردستان درووستیان کردووە، بۆ ئەوەی کەس زوویر نەکەین باس لە خۆمان دەکەین، بەهۆی ئەوەی لە شانۆی پۆلەندی لەتەک دیارترین پێرفۆرمێری ئەو شانۆیە دوو پێرفۆرمانسمان نمایش کرد، ئاخۆ من شانۆکارێکی جیهانیم؟ ئایا من ناوێکی گرنگم لە شانۆی ئەو وڵاتە؟ ئاخر ئەوانە پرسیار نین، هەر کاتێک وا بیرم کردەوە، تووشی نەخۆشی دەروونی بوومە، تۆ سەیرکە من لە فەرەنسا بە فەرەنسی نواندنم کرد، ئایا من لەشانۆی فەرەنسی کاریگەری خۆم هەیە؟ جا ئەو پرسیارە تەرجەمە بکە بۆ قسەی ئەو شانۆکارانەیتر ، ئەوسا تێدەگەیت ئێمە خاوەنی گێڕانەوەی گریاناویترین نوکتەی شانۆی دنیاین.
کاتێک پێت وا بوو ئەوان گرنگن، پێویستە سەرەتا باوەر بەوە بهێنیت تۆ حەزت بە فریودانی خۆتە، پێتخۆشە هەڵتبخەڵەتێنن درۆت بۆ بکەن، درۆکردن لێرەوە بۆ کوردستان ئاسانترین کارێکە و هیچ تەکنیکێکی پێویست نیە، کاری منیش ئەوە نیە درۆتان بۆ بکەم، بەڵکو دەمەوێت بە ئاگابێنەوە لەو خۆشباوەڕیەی چیتر بە درۆی، شوێنگەی ئێمە لەشانۆی دنیا خۆتان فریوو نەدەن.
کۆی ئەو ڕوانینە بۆ خۆی بریتیە لەقسەکردنی وەهمێک کە شانۆی ئێمەی خواردووە، تیۆرەکان نایەڵن کار بکەین، بەرلەکارکردن دەمانەوێت تازەگەر بین، بەڵام بەڕاست بۆ تازەگەر بین؟ تازەگەری چیە؟ گەر شاکارێکی کلاسیکمان وەک خۆی خسوتە سەر شانۆ ئێمە شانۆکاری کۆنەپەرستین؟ بەلام کە باسی جەستەمان کرد تازەگەرین ؟ بێئاگا لەوەی تازەگەریەکەمان کۆن بووە و کۆنەپەرستیەکەمان گەڕانەوەیە بۆ بنەما ڕاستەقینەکانی شانۆ، ڕەنگە گەنج بوون و ئارەزوی خوێنگەرمیت وات لێبکات بە نائومێدیەوە بڕوانیت لە من، بە ئومێدەوە بڕوانیتە ئەوانەی فریووت دەدەن، بەڵام کاتێک کتێبی شانۆیی بەزمانیتر دەخوێنیتەوە، تێدەگەیت هەمیشە دەبێت دوو وێنە ببینین، تیۆریستانی شانۆ وەک خۆیان وێنەیەکن و وێنەی دووەمیان وێنە بارگاویکراوەکەی ئێمەیە، کە هیچ پەیوەندیان بە وێنەی یەکەمەوە نیە، بۆیە کاتێک نەتوانین ئاشنای کولتورو زمانەکانیان بین، سەختە بتوانین قسە لەشانۆکانیان بکەین، چۆن دەکرێت من تەنیا کۆرسێکی سەرەتایی زمانیی ئەڵمانیم خوێندووەو سالێک لەوێ ژیاوم ئێستا بێم خۆم بە پسپۆری ئەو شانۆیە بزانم، بەڵام گرفتی مرۆڤگەلێک ئەوەیە خۆی بە پسپۆری کۆ میتۆدی شانۆیی دەزانێت، سەرەنجام هەموو قسەکان لەماوەی پەنجا سالی رابردووی شانۆی ئێمە بریتی بووە لە گرۆتۆڤسکی و پیتەربروک و گۆردن گریک و ئاڕتۆ و … بێ ئەوەی ئەرشیفی ڤیدیۆی شانۆی ئەوان و کتێبەکانیانی بە زمانی سەرەکی خوێندبێتەوە، ناکرێت تۆ کۆبەرهەمی ئارتۆت نەخوێندبێتەوەو بۆ گرۆتۆڤسکی باس لەو هەموو وێرانە وەرگێڕانە عەرەبیەی ناکەم بۆ کتێبی “شانۆی هەژار” کە بەدوای خوێندنەوەی دەستنووسە پۆلەندیەکە ڕووبەرووی دەبیتەوە، بەلام بەبێ دوو کتێبیتری گرۆتۆڤسکی یەکێکیان بەناوی “ئیلهامبەخشیەکانم لەشانۆدا”کە بە دوو بەرگ چاپکراوە، کتێبێکیتریش گفتوگۆیەکی فراوانە لەبارەی جەستە و ئەزموونی شانۆیی کە زبیگنیڤ ئۆشینیسکی لەگەلیدا سازیداوە، لەژێر ناونیشانی “دیدار لەگەڵ گرۆتۆڤسکی” بێیت قسە لەگرۆتۆڤسکی بکەیت، وەک گرۆتۆڤسکی ناس، لەکاتێکدا وێنەکەی تۆ بریتیە لەوێنەیەکی رووکەش بۆ ئەو دەرهێنەرە.
ئەو کورتە وتارە زادەی ئەو وەهمە ترسناکەیە لەرابردوو ئێمە ڕووبەرووی ببوینەوە، لەئێستاشدا بەبەردەوام شانۆکارانێک گەنجانی شانۆی پێدەخەڵەتێنن، بۆیە قسەکردن لەهەندێک دەرەنجام و خەوشەکان کردەیەکی ئەخلاقیە، دەنا لەبنەرەتدا پێویست و چاوەروانی ستایشی کەس نین، من سوپاسگوزارم کە هاتنە دەرەوەم وایکرد لە یۆتۆپیاو وەهمەکان دەربچم، ئەویش زادەی ئەو ساڵانە بوو لە پۆلەندا ژیام، وەک خوێندکار لە خوێندنگای دراماتۆرگی، لەپاڵ کۆرسە بەردەوامەکانی شانۆی زیگمۆند هۆبنەرو فێربونی زمانی پۆلەندی ئەو ئاسۆیەی لەبەردەمم کردەوە کە لەناو نائاگاییەوە بەرەو ئاگایی شانۆیی هەنگاو بنێم.

نیهاد جامی




گەندەڵی نەخۆشی سەردەم.. شورش عزیز سورمێ

گه‌نده‌ڵی کار دەکاتە سەر رێڕەوی گەشەسەندنی دیموکراسییەت لە وڵات

رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، وشەی گەندەڵی بە “بەکارهێنانی پلە و پایەی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەت” پێناسە دەکات، هەروەها بانکی نێودەوڵەتیش گەندەڵی بە “خراپ بەکارهێنانی سەروەت و سامانی گشتی بۆ دەستکەوتی تایبەتی” پێناسە دەکات.
گەندەڵی یەکێکە لە نەخۆشییە هەرە قووڵەکانی ناو کۆمەڵگە. تا دێت زیاتر دەبێت، بەتایبەتیش لە نێو دەزگا ئیدارییەکان، ئەویش بەهۆی لاوازی دامەزراوەکانی حکومەت. ئەوەشمان لە یاد نەچێت گەندەڵی بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەرییەکی نەرێنی هەیە لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم پێشکەوتنی ئابووری هەر وڵاتێک. هەروەها دەبێتە هۆی لەناوبردنی متمانەی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە دامەزراوە گشتیی و حکومییەکانی وڵات.
لەم چەند ساڵانەی دواییدا، سەرەڕای دروستبوونی چەند لێژنەیەک دژ بە گەندەڵی لە نێو دامەزراوە حکومییەکان، بەمەبەستی نەهێشتن و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، کەچی تا ئێستا ئەو دیاردەیە هەر ماوە.
بێگومان گەندەڵی تێچوونێکی زۆری کۆمەڵایەتی و ئابووری هەیە، چونکە کار دەکاتە سەر رێڕەوی گەشەسەندنی دیموکراسییەت لە وڵات.
بۆیە شەڕی دژ بە گەندەڵی پێویستی بەهەماهەنگی هەیە لە نێوان دەوڵەت و رێکخراوە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان، بەئامانجی گەمارۆدان و ئاشکراکردن و بڕینی هێڵەکانی هەماهەنگی لەنێوان گەندەڵکاراندا. بێگومان بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەش دەبێت ستراتیژیەتێک بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دابڕێژرێت لەسەر بنەمای هاریکارییەکی پتەو لە نیوان دەسەڵاتدارانی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و ناوخۆیی، ئەمە جگە لە بوونی هاریکارییەکی گشتی لە نێو وڵاتەکەدا لەگەڵ هاووڵاتیان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
گەندەڵی سیاسەت خۆی لە خۆیدا لادانێکە لە بنەما دیاریکراوەکانی پەیڕەو و پرۆگرامەکانی کوتلە و پارت و رێکخراوە سیاسییەکان. یاخود فرۆشتنی بنەمای رێکخراوێک یان پارتێک بۆ کوتلە نەتەوەییە نێودەوڵەتی، ئەمەش دەچیتە قاڵبی خیانەتکاری. هەرچی گەندەڵی بەڕێوبەرایەتیە ئەوە پەیوەستە بە دیاردەی گەندەڵی و لادانی ئیداری لە رێگەی رێکخراوەکان، کە لەلایەن کارمەندێکەوە دەکرێت لەکاتی بەڕێوەبردنی کارەکانی بە پێچەوانەی بنەما یاساییەکان کارکردن، واتە هەلقۆستنەوەی پلە و پایەی ئیداری بۆ قازانج کردن بە شیوەیەکی نا شەرعی.
هەروەها گەندەڵی داراییش بەشێکی ترە لە دیاردەی گەندەڵی، ئەویش لادانە لە یاسا و رێسا داراییەکان کە پێویستە هەموو لایەک پێیەوە پابەند بن بە تایبەتی لە نێو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان. دواتریش گەندەڵی ئەخلاقی هەیە، کە بەستراوەتەوە بە لادانی ئەخلاقی و هەڵسوکەوتە نا جێگیرییەکانی تاکە کەس دوور لە بەها پەسندکراوەکانی ئایینی و کۆمەڵایەتی.
بێگومان هەموو جۆرە گەندەڵیەکان کاردانەوەی نەرێنیان هەیە لەسەر باری ئابووری و کۆمەڵاتی وڵات و دەبنە رێگر لەبەردەم رێڕەوی گەشەسەندن و دیموکراسیەتی ناوچەکە، بۆیە پێویستە لەسەر حكومەتەکان لە گشت وڵاتانی جیهان کار بکەن بۆ توندکردن و بەهێزکردنی بەهای شفافیەت لە پێناو بڵادنەوەی کولتووری نەهێشتنگەندەڵی.

شورش عزیز سورمێ \ ئیتالیا




گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند موخلیس رواندزی.. کامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند موخلیس رواندزی: لەسەر دەستی مامۆستا (زرار محمەد مستەفا) فێری ئەلف و بێی موزیك بووم
هونەرمەند موخلیس رواندزی: موزیكی بیانی لەسەر موزیكی هەر گەلێك كاریگەریی ئەرێنی و نەرێنی هەیە
هونەرمەند موخلیس سەید جەبار ناسراو بە (سەید موخلیس رواندزی)،یەكێكە لە ژەنیارەكانی بەتوانای كوردستان ئەندامی تیپی موزیكی پاشای گەورەیە برای هونەرمەند (سەید ئەحمەد رواندزی)یە ئەزموونی لە ژەنینی چەندین ئامێری موزیك هەیە بەشداری چەندین كۆنسێرت و بەرنامەی تەلەفزیۆنی كردوە جگە لەوەش دەستێكی رەنگینی هەیە لە چاككردنەوەی ئامێری موزیكی ..ئێمەش لە نزیكەوە ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵیدا سازدا.

*سەرەتا با بزانین وەكوو ژەنیارێك چۆن ئاشنای جیهانی موزیك بوویت؟

  • سەرەتای ئاشنا بوونم بەهونەری موزیك دەگەرێتەوە بۆ ئەوە كاتەی كاتێ ،ئێمە كۆمەڵێك قوتابی بووین كە لە تەمەنێكی هەرزەكارییەوە لەسەر دەستی مامۆستای بەناوبانگ و ڕابەری هونەر لە دەڤەرەكەمان مامۆستا( زرار محەمەد مستەفا) چووینە بەر خوێندنی هونەر و مۆسیقا كاتێ خوولێكی موزیكی كردوە لەسەر دەستی ئەو فێری ئەلف و موزیك بووم،بۆیە بە یەكەمین مامۆستای خۆمی دەزانم لەوساكەوە دانەبڕاوم و درێژە بە خۆپێگەیاندن داوە و خۆم فێری ژەنینی چەند ئامێرێك كردووە بەشداری چەندین كۆنسێرت و بەرنامەی تەلەفزیۆنی كردوە.
  • بە هۆی ئەوەی جەنابتان برای هونەرمەند (سەید ئەحمەد رواندزی)ین، تا چەند هاوكارت بوو یاخود كاریگەریی لەسەر تۆ وەكوو هونەرمەندێك هەبووە؟
  • ئاماژەت بە خاڵێكی گرنگی ژیانی هونەریم دا دوای مامۆستای ڕەحمەتی (زرار محەمەد)، هونەرمەند و برای لێهاتووم سەید ئەحمەد ڕواندزی بە دووەمین مامۆستای ژیانی خۆمی دەزانم كە بە بەردەوامی ئەزموونم لێ وەرگرتووە و وانەی گرنگی هونەر و مۆسیقای پێ داوم كە هەمیشە رێگای رۆشنكەرەوەی ژیانی هونەریم بووە .
  • بەرێزت زۆرێك لە ئامێرەكانی موزیك دەژنیت زیاتر خۆت لە كامە ئامێر دەبینیتەوە؟
  • بەڵێ، لە ژەنینی ئامێرە ژێدارەكان ئەزموون و شارەزاییەكی باشم هەیە و لەگەڵیان دەژیم وەكو ساز، كەمانجە، جەمبووش ..بەڵام زیاتر خۆم لەپسپۆڕی ژەنینی ئامێری (عود) دەبینمەوە..
  • ئێوە وەكوو پیشەی خۆتان شوێنێكی تایبەتیتان هەیە بۆ چاككردنەوەی ئامێرە موزیكییەكان؟ ئەگەر باس لەو ئەزموونەش بكەیت؟
  • بەڵێ وەرشەی تایبەتی خۆم هەیە. لەسەر دەستی هونەرمەند سەید ئەحمەدی برام شارەزاییم لە چاككردنەوەی ئامێرە موزیكییەكان پەیدا كردووە و ئێستاش لە شاری ڕواندز ڕۆژانە خەریكی ئەم كارەم لە زۆر شوێن سەردانەم دەكەن .
  • تا چەند گرنگە ژەنیار بە شێوەیەكی ئەكادیمی ئامێرەكەی بژەنێت و شارەزایی لە نۆتە خوێندنەوە هەبێت؟
  • لەگەڵ ئەوەی زۆرێك لە ژەنیارە بەناوبانگی جیهان بەبێ نۆتە فێری موزیك بوونە و لەم بوارەدا قووڵ بوونەتەوە، بەڵام نكووڵی لەوە ناكرێت كە خوێندنی ئەكادیمی بایەخێكی یەكجار زۆری هەیە لە پێگەیاندنی هونەرمەند و پێشڤەچوونی توانستی هونەری بەم شێوەیەش بنەماكانی موزیك فێر دەبێت و هەلی فێربوون و كاركردن لە بەردەستی ژەنیارانی لێهاتوو و مامۆستایانی ئەو بوارە بۆ فێرخوازەكان دەڕەخسێت. گرنگیی شارەزایی لە نۆتەدا لەوەدایە كە هونەرمەند تێگەیشتنێكی قووڵتری لە موزیك بەدەست دەهێنێت ئاسانتر و باشتر لەگەڵ تیپەكانی موزیكدا دەگونجێت..
  • كاریگەریی موزیكی بیانی بە (ئەرێنی و نەرێنی) لەسەر شوناسی موزیكی كوردی چۆن دەبینت؟
  • لە بنەڕەتدا موزیكی بیانی بۆ سەر موزیكی هەر گەلێك هەم كاریگەریی ئەرێنی هەیە، هەم نەرێنی. لایەنی ئەرێنییەكەی ئەوەیە كە دەكرێت موزیكی كوردی بە تەكنیك و میلۆدیی نوێ دەوڵەمەند بكات، موزیكی كوردی بە ڕووی كەلتووری جیهانیدا بكاتەوە و ئاڵوگۆڕی هونەری بێنێتە دی، ئەمە جگە لەوەی لایەنی تەكنیكی بەرهەمهێنان و تۆماركردنی بەرهەمی هونەری بەرەو پێشەوە دەبات و ڕوانگەیەكی دیكە لە تێكەڵكردنی جوانیی موزیكی كوردی و جیهانی ساز دەبێت. بەڵام دەبێت ئاگاداری كاریگەرییە نەرێنییەكانیش بین كە دەكرێت لە چەند لاوە زیان لە موزیكی كوردی بدات، لەوانە: ئەگەر وریا نەبین و لە وەرگرتنی موزیكی بیانی، شارەزایی ڕەچاو نەكەین، ئەوە هەندێك تایبەتمەندەكانی موزیكی ڕەسەنی موزیكی كوردی لەدەست دەدین، ئامێرە كلاسیكییە كوردییەكان وردەوردە باویان نامێنێ و كۆمەڵێك مەقام و ئاواز و گۆرانیی فۆلكلۆر لە بیر خەڵك دەچنەوە. لاساییكردنەوەی كوێرانەی موزیكی بێگانان زۆر زیان لە موزیكی كوردی دەدات و دەیشێوێنێت. ئەمانە هەموو تێكڕا كارێك دەكەن كە نەوەی داهاتوومان لە كەلەپووری موزیكی گەلی خۆی دووور دەكەوێتەوە و هەڕەشە و مەترسی دەكەوێتە سەر ناسنامەی گەلەكەمان. پێشنیار دەكەم هاوسەنگی ڕابگرین لە نێوان تازەگەری و پاراستنی ڕەسەنایەتیی موزیكی كوردی نەوەی نوێ لەسەر ئەو بنەما موزیكییانە پەروەردە بكەین كەپردێكی پەیوەندی لە نێوان نەوەی ئێستا و نەوەی ڕابردووی ئەم بوارە بنیات بنێین. واتە دەتوانین هەم سوود لە موزیكی بیانی وەربگرین هەم ناسنامەی موزیكی خۆشمان بپارێزین.



هەنگاوێک لە ئێوە.. کەریم قادر

توندوتیژی هیج ئەنجامێکی نابێت، بە خوێنڕشتن هیچ ئامانجێک بەدینایەت”. ئەگەر ئەمە بکرێتە کردار، ناوچەکە بە تێکڕایی دەحەسێتەوە و دەگەشێتەوە.
هەموومان چ ڕۆژهەڵاتی بین، چ ڕۆژئاوایی بەندەی خودای گەورەین، بەپێی ئایینە ئاسمانییەکان لەیەک دایک و باوکین. کەواتە لە بنەڕەتدا هەموومان خوشک و براین، نەک تەنیا برا.
ماوەیەکە وشەی “برایەتی”بە واتا سیاسییەکەی نەک جیناتەکەیەوە بووەتە وێردی سەرزاری هەندێک لەسەرکردەکان کە پێشتر لەبارودۆخی جودا لەوانی دیکەشمان بیستووە، وێڕای ئەوەی بە خوێنی کورد تینوو بوون.
گەلی کوردستان زیانی بۆ کەس نەبووە و نییە و خاکی کەسی داگیر نەکردووە، بەڵکو بە هزر و کارەکانی لە باڵاکردنی ئەو وڵاتانە دەستەی باڵای هەبووە، بەڵام بێجگە لەوەی ئەوانی دی کوردیان بە برا قبوڵ نەبووە، چەندین ناووناتۆرەی نەشیاویشیان بۆی هۆنیوەتەوە.
بەواتایەکی دیکە، کورد دەستی بۆ توندوتیژی نەبردووە و برایەتی ئەوانی دیکەی ڕەت نەکردۆتەوە، بەڵکو ئەوانی دیکە بەزمانی چەک ڕوبەڕووی هەوڵە ئاشتیخوازەکانی کورد بوونەتەوە، تەنانەت تا بۆیان لوابێت ئازار و ئەشکەنجەیان داوە کە بەپێی کتێبە مێژووییەکان کاتێک کورد لەناوچەکە هەبووە، ئەوان بوونیان نەبووە. تەنانەت سەرۆک مەسعود بارزانی لە هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەو دەربڕینە بێزاری خۆی دەربڕی، بەڵکو ئەوە خوایە هەموو لایەک بگەڕێنەوە سەر ڕێگە دروستەکەی برایەتی گەلان کە گوتی: ئەوە سەت ساڵە گەلی کورد سزادەدەن، ئەرێ تێر نەبوون؟ کە دەبوو هەمووان ئەو دەربڕینەیان بە گرنگ و دژە خوێنڕشتن وەرگرتبا و بە دیالۆگ و گفتوگۆ کاریان بۆ برایەتییە مێژووییەکە بکردبا.
ئەگەر ڕاست دەکەن کورد برایەکی مێژووییە، دەبێت بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەفتارەکانیان داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکەن. دواتر لەبەرئەوەی هەمیشە خۆیان لەسەرووی کورد داناوە، بەئاراستەی ئەو برایەتییە هەنگاوێکی بوێرانە بنێن، کوردیش دوو هەنگاو دەنێت، چونکە سوودی بۆ تەواوی ناوچەکە هەیە.




فیلۆسکۆل پرۆژەیەکی نوێی گەلەری ئارامە لەگەڵ د. ئازاد حەمە.. تێگەشتنێکی فەلسەفییانە بۆ هاوڕێیەتی.. کۆرسی حەوتەم




تاتۆکەی سەر قۆڵی عەزە.. شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

عەزە تا ئەوڕۆژەی کوژرا هەر عاشق بوو
هەموو شەوێ تا درەنگان لەگەڵ ئەرپە و هاوڕێکانی
لەسەر فلکەی گوزەرەکە دەوەستان و بەدەم جگەرە کێشانەوە
باسیان لەو خەونانە دەکرد، کە بۆی دەژیان
ناوی ئەو ئەمنانەیان یەک یەک دەهێنا کە تا ئەودەم شەقی مزریان بەرکەوتبوو
عەزە زوو زوو قۆڵی کراسەکەی هەڵدەکرد و باڵەکانی دەکردنەوە
سەیرێکی تاتۆکەی سەر قۆڵی چەپی خۆی دەکرد و ئاخ لەسەر ئاخ دەیدایە با
(عەزە حەیاتەک عەزاب) نەک هەر تاتۆیەکی سادە، بگرە چیرۆکێکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو
تاتۆکەی چەند خوار و خێچ بوو، خۆی سەد ئەوەندە سەرڕاست و بەهەڵویست بوو
موختارەکان لێی دەترسان
ئەمنەکان دوو دوو یان سێ سێ نەبوونایە نەیاندەدواند
حکومەت چەندجار خستییە پشت شیشی زیندان و سەرەنجام ئازادی دەکرد
عەزە دڵی بە (قەدە)ی میم پیرۆزەوە بوو. ئەو تاقە کچەی بە هەتیویی بەخێوکرابوو
عەزە دەیزانی باوکی قەدە تێکۆشەر بووە و گیانی خۆی بەخت کردووە.
بۆیە قەدەی لەهەموو کچەکانی گەڕەک زیاتر چووبووە دڵەوە.
سوێندی بۆ قەدە خواردبوو کە لەسەر ڕێگەی باوکە گیانبەختکردووەکەی لا نەدات و تۆڵەی بکاتەوە.
زۆرجار عەزە ئێواران تاریک کە دەگەڕایەوە ماڵ
لەسەر ڕێوە عەلاگەیەک میوە یان سەوزەی لەگەڵ دەستی خۆیدا
بەدزی دەر و جیران دەدایە دەستی میم پیرۆز
قەدەش لە هەیوانەکەوە کە گوێی لە دەنگی عەزەی عاشقی دەبوو
بزەیەکی بۆ دەکرد و بە لچکی لەچکەکەی سەری پێکەنینە پڕ لە نازەکەی دەشاردەوە.
شار ئەوکات نە هێندە قەرەباڵغ بوو و نە پڕیش بوو لە ڕووخساری نامۆ
کەم کەس دەیوێرا زستانان دوای سەعات شەشی ئێوارە لە چەمی خاسە بدات و بپەڕێتەوە بە تەنیا
ئەوە عەزە بوو لەو شەوانە دەبووە تارمایی و دەچووە خەونی ئینسانفرۆشەکانی شار و
خەوی لە چاو ڕاپۆتنووسەکان دەتۆراند.
تاکو ڕۆژێک عەزە لەماڵ میمکە حورمەت دێتە دەرێ کە تازە ناوی قەدەی لەسەر باسکی چەپی کوتابوو
دوو دەمامکداری دڵڕەق هەژدە فیشەک دەنێن بە جەستەی عەزەوە و هەر لەو شوێنە
لەو کۆڵانە باریکەی شار
لەبەردەم قاپی میم حورمەت عەزە دەکوژرێ و دەبێتە کەسەری سەر دڵی خەڵکی سادەو هەژار
بۆ سبەینێ وەختێ ڕاپۆرتنووسەکانی گەڕەکە خێرلەخۆ نەدیووەکانی شار ئاهەنگی مردنی عەزەیان دەگێرا
قەدەش بە بوتڵێ نەوت و شقارتەیەکەوە هاواری عەزە دەکات و
گڵپەی ئاگر دەئاڵێتە باڵای قەدە و ئەویش دەبێت بە سووتماک و قەرەبرووت.


ئێستا گۆڕی عەزە و قەدە وەک جووتە گۆڕی مەم و زین
لە گۆڕستانە بێنازەکەی شێخ محێدین دان
هەژارانی شاری ترس و فیداکاری و بیروباوەڕ
لەڕۆژانی هەینی هەفتە سەر لەو گۆڕستانە دەدەن
بەدەم یادی ئازیزانی خۆیانەوە
یادی عەزە و قەدە و عاشقە خێرلەخۆنەدیوەکانی ئەم شارە دەنێنە دڵ
سوێندیان خواردووە بەسەرهات و چیرۆکی مەرگی ئەم عەشقە؛
بەسۆزی مەقامی قەتار بۆ دڵدارە غەمبارەکان بگێڕنەوە و
نەیسپێرن بە کۆستی فەنا و بە تاریکستانی ژێڕگڵ.

شیعری: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
حوزەیرانی ٢٠٢٤

ژێرنووس :
(١)ئەرپە ناوی ئەحمەد غەریب ئەحمەد زەنگنە ساڵی ١٩٤٦ لەشاری کەرکووک لەدایک بووە و پیاوێکی جەربەزە و ئازا بووە و هەڵوێستی دژە حکومەتی هەبووە. تا لە سەرتاشخانەیەک لەکاتی سەرچاککردندا لە ٢٢ ی شوباتی ١٩٧٢ لەلایەن پیاوانی حکومەتەوە کۆتایی بە ژیانی هێنرا.
(٢)خاسە؛ چەمێکە بەناوەڕاستی شاری کەرکووکدا تێدەپەڕێت.
(٣)میم یان میمک یانی پوور یان پلک.
(٤)گۆڕستانی شێخ محێدین؛ گۆڕستانی پشت تەکیەی تاڵەبانییە و کەوتۆتە بەری باکووری گەڕەکی ئیمام قاسم لە پشت بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک.




یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان سەردان و پەیوەندیەکانی لەگەڵ حکومەتی تورکیا!.. نوری بەشیر

دوو هەفتەری رابردوو جارێکی تر میدیاکانی کوردستان، سەردانی ئەمینداری یەکگرتوی ئیسلامی سەلاحەدین بەهادینیان بۆ تورکیاو بینینی سەرانی حکومەتی ئۆردگانیان بڵاوکردەوە، لەمجۆرە سەردانانەو کۆبوونەوە لەگەڵ سەرانی ئەک پارتی شتێکی نوێ نیە بۆ یەکگرتوی ئیسلامی و بەتایبەت سەلاحەدین بەهادین. ئەم حزبە ئیسلامیە ئەم پەیوەندیانەی نەشاردۆتەوەو بەردەوام لایەنگری جدی و هاوبیر و هاوهەڵوێستی بۆ ئۆردوگان و حزبەکەی دەبڕیوە، هەتا لەوکاتانەشدا کە ئۆردوگان گەورەترین سەرکوتی خەڵكی تورکیاو کوردەکانی تورکیای کردووە، سەلاحەدین و حزبەکەی لایەنگری ئەک پارتی کردوە کە سنورەکانی کوردستانی عێراق و سوریا و کوردستانی سوریایشی بڕیوەو کوشتاری خەڵكی مەدەنی کردووە، لەپاڵ حکومەتی تورکیادا وەستاون.
سەردانی یەکگرتوی ئیسلامی لە نیوەی دووەمی مانگی ١٢ی ساڵی پاردابووە، بەڵام لەم چەندڕۆژەی هەفتەی یەکەمی ساڵی نوێدا، بەهەمانشێوە، شاسوار عبدولواحید لە نەوەی نوێ و مەسرور بارزانی لە پارتی، رێگای تورکیایان گرتەبەر. هاوکات میدیاکان هەواڵی لایەنگری و پەیوەندی سەرانی بزوتنەوەی ئیسلامی (عیرفان عبدولعەزیزو مونیرە عبدولعەزیز) یان لەسەر پەیوەندیان بەجۆلانیەوەو پیاهەڵدان و لایەنگریان بۆ جۆلانی و حزبە ئیسلامیەکەی و پەیوەندی کۆنیان بڵاوکردەوە.
پەیوەندی و سەردانی ئەمجارەی حزبە ئیسلامی و ناسیونالیستەکان بۆ تورکیا، بەهۆی گۆڕانی هەلومەرجی ئێستای ناوچەکەوەو وەزعی سوریاو جیگاوڕێگای تورکیا لەئاڵوگۆڕەکانداو هەروەها پاشەکشەی ئێران و قەیرانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدایە، کە حکومەتی تورکیا دەستپیشخەری کردووە، بۆئەوەی کاریگەری و نفوزی خۆی زیاتر بکات.
بۆهەمووان ڕوونە کە پەیوەندی حزبە ئیسلامیەکان و ناسیونالیستەکانی کوردو لەسەرویانەوە؛ حزبەکانی بارزانی و تاڵەبانی، لەگەڵ حکومەتەکانی؛ تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا، تەنیا پەیوەندی لە نێوان دوولایەنی یەکساندا نەبووە، بەڵکو خۆشخزمەتی و پێشلەشکری و نۆکەرایەتی بووە بۆ ئەو دەوڵەتانە. ئەگەر هەر حزبێکیش لەباوەشی ئەم حزبانەی کوردایەتی لە قەومی و ئیسلامی کە دەرزەنێکن، کەوتبنە خوارەوە، ئەوا هەمانکاری حزبەکانی دەسەڵاتیان کردوە.
ئەوەی لێرەدا باسی ئێمەیە دەورو جێگای حزبە ئیسلامیەکانە لەکوردستان بەگشتی و یەکگرتووی ئیسلامی بەتایبەتی وەک حزبێکی نزیک و شوێنی متمانەی ئۆردوگان.
هەموو حزبە ئیسلامیەکان بەجیا لەوەی لە ٣٤ ساڵی رابردوودا پاشکۆی سیاسەتی ناسیونالیزمی کورد بوون، وە لەنێوان دوو زۆنی زەردو سەوزدا یاریان کردووە، بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتانی ئیسلامیدا لەچەشنی: تورکیا، ئیمارات، سعودیە، پاکستان و ئێراندا هەبووەو یاریان کردووە، هەروەها شەریکە بەشبوون لەدزی و گەندەڵی و کوشتارو راووڕووتی خەڵکی کوردستان، بەتایبەت یەکگرتوی ئیسلامی سەرەڕای وەرگرتنی بودجەو شەریکە دزیی دەسەڵات، ئەوا لەو وڵاتانەش کۆمەکیان وەرگرتووە. ئەوەی جێگای باسە لەهەلومەجی ئیستادا تورکیا چی دەوێت لە یەکگرتوی ئیسلامی و یەکگرتوش بەشوێن چیەوەیە لە ئێستادا!؟
هەرچەندە یەکگرتوو هەموو کاتێك لەپاڵ تورکیادا ڕاوەستاوە و پاکانەی تاوانەکانی لەدژی خەڵکی کورد بۆ کردوە، وە هیچ کاتێك دەستدرێژیەکانی بۆسەر شارو دێهاتەکانی کوردستانی عێراق و بگرە بۆسەر کوردستانی سوریا سەرکۆنە نەکردوەو دژی نەوەستاوەتەوە، بەیەك وشە دژی پاڵپشتی تورکیا بۆ داعش و دژی هاوڵاتیانی کوردی سوریا و بەتایبەتی شاری کۆبانی ناڕەزایەتی دەرنەبڕیوە، بەڵام ئێستا لەچوارچێوەی ئەو دۆخە سیاسیەی لە عێراقدا وەکو ئاکامی روخانی بەشار ئەسەد هاتۆتە پیشەوە، تورکیا ئەرکی تازەی بۆ یەکگرتوو داناوە.
لەم پەیوەندەدا دەورو ئەرکی تازەی یەکگرتوو ئەوەیە کە تورکیا دەیەوێ بە سوود وەرگرتن لەو دۆخەی سوریا و جۆرێك لە باڵادەستی لە بڕیاری سیاسی سوریادا، لە کوردستانی عێراقیشدا جێپێی خۆی زیاتر قایم بکات و نفوزی خۆی بە سەر سەرجەم کوردستانی عێراقدا زاڵ بکات. ئەوەش لەڕێگای هاوکاریکردنی پارتییەوە دەبێت لەلایەن هەریەکە لە یەکگرتوی ئیسلامی و هەروەها نەوەی نوێ وە کە سەرۆکەکەی لەهەمانکاتدا و بۆهەمان مەبەست بانگێشتی تورکیا کرا و کۆبونەوەی لەگەڵدا سازدرا، ئەمەش لەپێناو ئەوەدا کە حکومەتێکی هەرێم دروست بکەن هەژمونی پارتی تێدا زامن ببێت و یەکێتی لەژێر فشاردا دابنێن و ناچاری بکەن مل بە بە مەرجەکانی پارتی بدات کە راستەوخۆ لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی تورکیادا لەناوچەکەو عێراقدا هەنگاو دەنێت. بەوجۆرەش نفوزی ئێران بەسەر کوردستانی عێراقدا لەرێگای ملکەچکردنی یەکێتیەوە دەستەبەر بکەن.
هەر لەچوارچێوەی ئەو هەلومەرجەی لەناوچەکەدا هەیە، کەدەورانێکی ناجێگیرەو بەپێی هاوسەنگی هێز قابیلی ئاڵوگۆرە، هەموو هێزە جیهانی و ناوچەییەکان و حزبە ئیسلامی و قەومیەکان دەیانەوێ بەرژەوەندیە سیاسی و ستراتیژیەکانیان مسۆگەر بکەن و خۆیان بۆ بەئاکام گەیاندنی ئامادە دەکەن. بەوجۆرە دەیانەوێ لەلایەکەوە ئەو دەسەڵاتەی ئێستا هەیانە بیپارێزن و بەهێزی بکەن و لە ئایندەشدا نەخشی سیاسی خۆیان کاریگەرتر بکەن. یەکگرتووی ئیسلامیش وەکو هێزێکی بۆرژوازی، لەرێگای سوودوەرگرتن لە هەژمونی تورکیاوە دەیەوێ دەستێکی لە دەسەڵاتی هەرێم گیر ببێت و بەشی خۆی لە داهات و دەسەلاتی هەرێمدا دەست بکەوێ. پڕوپاگەندەکانی یەکگرتوو بۆ پاکانەکردنی کۆبوونەوەی ئەمیندارەکەی لەگەڵ بەرپرسانی رژێمی فاشیست و شۆڤێنیستی ئیسلامی تورکیا و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئاك پارتی و حکومەتی ئۆردوگاندا بەکارهێنانی پەیوەندیەکانیانە لەگەڵ تورکیا لە بەرژەوەندی چارەسەری کێشەی کورد لە کوردستانی عێراق و چارەسەری کێشەکانی تورکیا لەگەڵ هەسەدە! بەڵام ئەم پڕوپاگەندەیەی یەکگرتوو تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی ئەندامانی و لایەنگرانی خۆی و خەڵکی کوردستانی عێراقە تاکو وەکو خزمەتکار و بەکرێگیراوی رژێمێکی کۆنەپەرست و فاشیست و شۆڤێنسیتی وەکو تورکیا ناوزدەیان نەکەن و نەفرەتیان نەکەن. دەنا کام مرۆڤی هوشیار هەیە کە نەزانێ لە قاموسی سیاسی رژێمی تورکیاو دەسەڵاتی ئاک پارتیدا شتێك نیە بەناوی مافی خەڵكی کورد و چارەسەری پرسی کورد!؟ لەوەش واوەتر هەر ئومێدو خواستێکی خەڵکی کوردزمانی ناوچەکە بە تیرۆریزم و پیلانگێری بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی وێنا دەکەن و بەهەموو توانایانەوە هەوڵی سەرکوتکردن بێدەنگکردن و لەناوبردنی دەدەن. دەبێ خەڵکی کوردستان ئەم خۆشخزمەتیەی یەکگرتوو بۆ رژێمی فاشیستی تورکیا قبوڵ نەکەن.