ڕۆژگـاری پـیـاوان.. چیرۆك: نیكۆلای هایتۆڤ*.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

لەو ساڵانەی جحێڵ بووم و خوێنم دەكوڵا، باوەكو ئەوەندەیش پان و تێكسمڕاو نەبووم، بەڵام بەهێز بووم، تفەنگم بەشانەوە بوو، خەنجەریشم لە تەنیشت خەنجەرێ دەبەر پشتێ دابوو، دوو بوون یا سێ بوون لە بیرم نەماون، بەڵام دەمانچەكەم لێرە، لە كەلەكێ بوو.. هەموو دەیانزانی سەر دانانوێنم، بۆیە كە یەكێ دەیویست ئافرەتێ هەڵگرێ لە دوو منی دەنارد. لەوان ڕۆژگارانەشدا كە پیاو ڕۆژیان بوو، ژن هێنان بە قسەی خۆش نەدەچووە سەر.
هاوسێیەكم ئافرەتێكی لە! (ناستان)ێ خۆش دەویست جارێكیان وتی: ـــ: بڵێ چەندت دەوێ بۆمی ڕاست بكەی شووم پێ بكا؟ وتم ـــ: سێ دانە لە سەد لیڤیەكان و دوو سەد لیڤیش بۆ خواردنەوە، هەمووی دەكاتە پێنج سەد لیڤ و زەماوەند ساز دەبێ.
ڕێككەوتین ، دوای چەند ڕۆژێ چووینە ناستانێ.. چوار غەریبە هەر گەیشتینە گوندی كارمان لە كار ترازا و ئاشكرا بووین. (بە كچەكەیان وت بە هەر حاڵ دەتڕفێنن!) ئیتر هەرگیز وەدەر نەدەكەوت، براكەی تفەنگی ئامادە كردو وتی: (بابێن! كەللەیان دوبەدەر دەكەم). یەك دوو ڕۆژان چاوەڕێ بووین، نەهاتە دەرەوە، ڕۆژی سێیەم(شوكری)كە دۆستێكی دڵسۆزم بوو لە ناستانێدا، هات و وتی: هەستن، ئەوان ڕۆیشتن چوونە بلاتییچی بۆ جووت كردن، وتم: ئەدی كچەكە؟ وتی: كچەكەیش! ئەولا باشتر، مێرگێكی لێیە و كەسیشی لێ نییە دەستەوەكەریێ بكا.. ڕاستە براكەی هەروا ئاسان نییە، بەڵام ئەو تەنیایە و ئێمە چوارین..
ڕووەو (پلاتییچی) وەرسوڕاینەوە و شەراب و عارەقیشمان لەگەڵ خۆ برد، بەسەر ڕێگا و بەر ڕێگادا ڕۆیشتین، تا گەیشتینە سەر كانیاوێكی ژێر دار سنەوبەرێكی بەرز و هەڵچوو، لەوێ چاوەڕێ بووین. كێڵگە نزیك بوو، دەماندیتن خوشك و برا جووتیان دەكرد. وتم: با دەست پێ بكەین عەرەق بخۆینەوە تانیوەڕۆ ئەو كاتەی كچەكە دێ گایەكان ئاوبدا ئێمەش دەیڕفێنین. بەڵام پیاو شتێكی دەڵێ و لە شتێكی تر هەڵدەنگوێ! شوانێ ئێمەی دی لە ڕۆخ كێڵگەكەدا خۆمان شاردۆتەوە، وەسەر دار سنەوبەرێكی بڵند كەوت و پڕ بە دەنگ هاواری كرد ـــ: هۆ.. هۆ شەیبان ئاغا (ئاخر برایەكەیشی وەكو من ناوی شەیبان بوو) پیاو لە دۆڵەكەدان پیاو وو..، خوشكت دەرفێنن، پیاو.. دە..،،! بە پیاوەكانم وت: ـــ: كار لە كار ترازا، با وەدەركەوین: براكەی كە بینیمانی خۆی ئامادە كرد، داسەكەی بە دارخۆخەكەوە بوو دەستی دایێ و خوشكی دەپشتە خۆی گرت و هاواری كرد: ـــ: لەكوێ هاتوون بڕۆنەوە ئەوێ، دەنا وا دەكەم دایكتان سنگتان بۆ بكوتێ! پاشان بۆ ئەوەی لێی نزیك نەبینەوە بەرد بارانی كردین. ئێمە دەچووینە پێشێ و ئەویش بەردی دەهاوێشتن هاوارم كردێ: ـــ: دەبێ ئەم كارە مەیسەر بێ، ئەگەر ئیشەكەیش پەیوەندی بە گریانی دایكانەوە هەیە ئەوا من لە تۆ بە جەرگ ترم داسەكەت فڕێدە و بڕۆوە سەر كاری خۆت، خوشكیشت بۆ شوێنێكی ناخۆش نابەین، دەیبەینە شار.
قیژاندی: ـــ: بۆ دواوە! دەنا سەرتان پان دەكەمەوە! دیار بوو هاوڕێكانم شەقاویان كورت بوون و نەختێ سڵەمینەوە، بەڵام من نەوەستام، دەستێكم لەسەر خەنجەر و ئەوی تریشم لەسەر دەمانچە بوو.. بانگم كرد:ـــ ـــ: ئەگەر مەسەلە، مەسەلەی سەرپان كردنەوەبێ، وەرە پێش حەڵاڵزادە منەتت نەبێ، تەكانم دا بیگرم داسەكەی بەسەر سەرمدا هەڵاوێت، ئەگەر خۆم نەدابووایە لاوە، زۆری نەمابوو بمكا بە دوو لەتەوە، بەڵام دەستی هەر بریندار كردم، لێرە لە بازوومان پارچەیێكی لێ داماڵی تاكو بردییەوە سەر ئێسقان ئیتر دەستی چەپەم نوقستان بوو. بەدەستی ڕاستم ملم گرت و دامهێنایەوە و هەندی لەنێبێ لە عاردم دا، ئەو كات من خورت و بە هێز بووم بە جۆرێك، دەمگرت و نەمدەپاراست..! كڵاوەی چۆكم لە زەوی گیر كردو بە دەستە ساغەكەیشم شواڕكێكم دەست دایێ و بەربوومە سەری و قەوارەیێكی هەندەم تێ كرد. شوویتكیشم كردەوە و پێمان لە دار سنەوبەرەكە بەستەوە و برینی سەریشیمان پێ تیمار كرد، وەك عەمامە لەسەرمان ئاڵاند. ئاوڕێكمان لە دەورو بەرمان دایەوە، تەماشا دەكەین خوشكەكەی ڕای كردووە، لەو كاتەدا تێی تەقاندووە كە ئێمە خەریك بووین حیسابمان لەگەڵ براكەی پاك دەكردەوە.. »ئەدی ئێستا؟!« بەسەر زاوای جحێڵم دا قیژاند: ـــ: ئەرێ تۆ چی؟ مەڕی؟ لەعنەت لە شیرت چاوت دەكوێدا بوو؟ ئەم لاو ئەو لای بۆ گەڕاین، لە ناو چەند درەختێكی تازە هەڵچوودا دۆزیمانەوە، برۆی وێك هێنابوونەوە بەبێ دەنگی لێی ڕاكشابوو.. هەڵمان كوتایە سەری، ڕاپەڕی و لە گەڵمانا كەوتە شەڕ، ئەو تەنیا بوو ئێمە چوار بووین، لەگەڵ ئەوەشا گێژی كردین.. بەڵام ئێمە كەزیمان گرت و ئیتر نەرم بوو. به‌پێشە خۆماندا بەرەو كێڵگە بۆ لای براكەی.. دیار بوو براكەی دەپاڕایەوە: ـــ: لێم گەڕێن با بڕۆم، بەڕه‌ڵڵام كەن حاڵم پەرێشانە، جێم مەهێڵن لێرە بەو سنەوبەرەوە بمرم.. به‌زه‌ییم پێدا هاته‌وه‌، بەرەڵڵامان كرد.. كە لە دارمان كردەوە، وەك بەرزەكی بانان تێی تەقاند و گاسن و خوشك و هەموو شتێكی لەبیر كرد و بەناو دۆڵەكەدا ئاوا بوو.. بانگی بووكێم كرد: ـــ: هەستە دەی، هەستە خانمی بەڕێز
وە گەڵمان كەوە تاكو ببیتە ژنی ئەو (قۆزە)! ـــ: ئا، هی ئەوەی دوو تاڵە مووی لە ڕوومەتان شین نەبووە؟ تفووو (تفێكی تێ كرد) شتی وا هەرگیز نابێ، هەهەی ببم بە ژنی؟ ههێی..! هەڵمان كوتایە سەری و بردمان بەسەر گردەكەمان خست، بەڵام نەدەڕۆیی، كەزی ئەستوور بوون، نیوەمان دەركێشان، كەچی چەقی بوو نەدەڕۆیی. پاشان خستمانە سەر شانمان، ئەو بەپێ ئەم بە دەستی، چوار دەستە هەڵمان گرت و گەیاندمانە (دیگینگۆڤ ئازماك).
پێش ئەمە، زۆری ترم ڕفاندوون، بەڵام وەك ئەمەم نەدیوە و نەدیوە، چ لە بارەی هێز و تاقەتەوە چ لە بارەی عینادییەوە، ئێسك ساغ، تێك چەقیو، ئەگەر باسی شتی دیكەیشی نەكەین ئومێدم وایە كاكاغە ئەم سەرشێتی و كەف و كوڵە نەبینی! لە دارستانەكەوە بەرەو (گرۆختنۆ) شۆڕبووینەوە. لەو بڕوایەدا بووم براكەی لەگەڵ چەند كەسێك. بە دوامانەوە بن، بۆیە ڕێگای خۆمان گۆڕی و لە باتی ئەوەی بەرەو (دۆفلن) بڕۆین، بە پێیان بە ناو دارستاندا كەوتینەڕێ. زۆری ماندوو كردین، ئێمەش دامان گرت و ڕامانكێشا هاوەڵكراس و ماوەڵكراسی تیزماڵ تیزماڵ ببوو. كابرای زاوا یەك بە خۆی هاواری كرد! ـــ: با وازی لێ بێنین، جێی بێڵین! كورە خۆ ئەوە ئافرەت نییە دڕندەیە!! ـــ: بیگرە! ئەوە نێچیری خۆتە! دەتەوێ وازی لێ بێنین لە دوایدا پێمان بڵێن پێی نەوەستان؟ پاشان شۆڕ بووینەوە، شۆڕ بووینەوە تا ڕووباری (گرۆڤۆتنۆ) دەبێ لە ڕووبار بپەڕینەوە جا بە (حەمامی بۆ نارد) بەرەو (دۆڤلن) بڕۆین.. دەبێ لە ڕووبارەكە بپەڕینەوە، بەڵام چۆن؟
ڕووبار شێلووە و وەك شێتان كەفێ دەكا و تیژ تێدەپەڕێ، پردێك هەیە، بەڵام لە گوندییە و بۆ ئێمە نابێ و پێویستە بەهەر جۆرێكیش بێ لێی دوور بكەینەوە. لە خۆمان ڕا نەدی بپەڕینەوە، هەستاین گەڕاینەوە زیاتریش لەبەر ئەوەی چونكە هەردوو یارمەتیدەرەكەمان ڕازی نەبوون بپەڕینەوە، دیار بوو ڕووباریان ترسناك دەهاتە پێش چاو، ئافرەتەكەیش قوڕس بوو و نەیشی دەویست لە خۆڕا خۆی باوێتێ..
بە كابرای بە حیساب زاوام وت: ـــ: بیخەرە سەر پشتم جوانە جوانە.. بەڵام نە هەندە باڵای بەرزە كابرا بە ملیشی ڕاناگا، ئەدی چۆنی هەڵگرێ و بیهاوێتە سەر پشتم.. بانگم كرد: ـــ: داوەرەوە، داوەرەوە.. با سواری سەر پشتت بێ.. داهاتەوە، بەڵام ئەم سواری پشتی نەبوو، هەوڵم دا بیخەمە سەر پشتی، بە دەستێك هێزم پێ نەشكا قاچی لەزەوی چەقاندن و لە جێی خۆی نەبزووت.. خەنجەرم هەڵكێشا بۆ سنگم بردوو هاوارم كرد: ـــ: هەر ئێستا خوێنت فڕ دەكەم!، خەنجەرەكەم نەختە نەختە پاڵ دا خۆی داهێنایەوە، زیاترم پاڵ پێوەنا، زیاتری خۆ داهێنایەوە تاكو كەوتە سەر پشتی زاوا، هەڵیگرت و یەكسەر بۆ ناو ئاو. دەستم دەئەوكێ ناو بە سەرمدا قیژاند: ـــ: بڕۆ، ئاوڕان مەدەرەوە، من قاچەكانی دەگرم.
ڕۆیی، ڕۆیی تا كەوتە ناو چاڵێك و دەنێو ئاوێكی شێلوودا نقووم بوو، ئافرەتەكەیشی لەگەڵدا بوو.. ئیتر لە گۆرەویەكانی زیاترم لە دەستدا نەما، هاوارم كرد! (ئەی هاوار هەی..!! بووكە شۆخ ڕۆیی!)، خۆم لە ئاوەكەدا نقووم كرد هەر گرتم و نەمگرت كوێر بووم چم نەدەدی، ئەمن لە ئاوێ ناترسم، بەڵام نە ئاخر ئەوە ئاو نەبوو، تێكەڵەیێكی ترسناك بوو لە تیشەبەرد و ڕەگ و ڕیشەی درەختان، هەندێك لە سكت ڕادەچوون، هەندێكیش لە شانت، هی وایش هەبوو وە ڕانت دەكەوتن و بانگلۆزیان دەكردیەوە، جا پیاو خۆی بپارێزێ یا یەكێكی تر، ئاخ خۆزگە بەدوو دەستان دەبووم، بەڵام نە بە دەستێكم؟؟ قاچی ئافرەتەكەم گرت، بەدەستی نا بە ددانم گرتن، بە دەستەكەیشم ڕەگە دارێكم گرت و تا كەنار بە سەریدا ڕۆیشتم.. دوو سەعات بوو نەمان دەتوانی قسە بكەین لاڵ ببووین، شین هەڵگەڕا بووین لەبەر مانگەشەوێ.. نیوەڕۆ بوو كە لەگەڵ براكەی پێكوەرهاتین و بە دوای ئافرەتەكە كەوتین.. خۆر ئاوایێ هێنامانەوە، ئەوی تر لەبەر مانگەشەودا بوو. هەر دانیشتین و دانەنیشتین، وتم: ـــ: هەستن با بڕۆین! ئافرەتەكە قیژاندی: ـــ: ئەمن بێرەدا سەر ناكەوم، باشتر وایە دەئاوێم باوێن! وەرم گێڕایەوە وتم بە خۆشی قسەی لەگەڵ بكەم: ـــ: هەستە ئامینە، بەخۆشی هەستە، نابێ چی دی خۆگران بكەی، مادام ئێمە تكات لێ دەكەین نابێ چی دی خۆت گران بكەی..
ـــ: نە!.. هەرگیز، برایەكم هەیە لە (دراما)، ئەگەر پێی بڵێم بە لیرانت خەنی دەكا، لێم گەڕێ نامەوێ شوو بەوە بكەم.. لێم گەڕێ. كابرای زاوا دانیشتبوو بەترسێكەوە چاوەڕوانی دەكرد وتم: ـــ: هەستە، بە مێردت دەدەین، ئەوەتا شۆڕەسوارەكەت ئەوەتا!
ـــ: ئەو (شۆڕەسوارەم!) ناوێ جا لێم گەڕێ: لێرە دەمرم.. لە جێی خۆم نابزووم! دەمانچەكەم هەڵكێشا لوولەم تێ كردو وتم: ـــ: هەشتم كووشتوون، تۆش دەبیتە هی نۆیەم، جا ئەگەر دەرحاڵ ڕەپێ نەبی و نەڕۆی، كوژراو هەشتن تۆیش نۆیەمین. بە نابەدڵی هەستایەوە.. ڕۆیشتین.. ڕۆیشتین تاكو دەمەوبەیان، سەیر دەكەم! (بۆنار)مان بەجێ هێشتووە و گەیشتووینەتە خوار (كریفۆبیلۆ) و ڕوومان لە (دۆفلن) دایە. بە درێژایی شەوێ بەسەر ڕێگاو بە بەر ڕێگایش بە گوزەرگای بەر تەسك و بەناو دڕك و داڵدا ڕۆیشتووین، جل و بەرگمان پاتاڵ پاتاڵ ببوو دەتگوت بەناو دارهەنەی پەڕەكەردا ڕۆییون پارچەی بەساغی نەمابوو، بۆ ئێمەیش بێ كراس و شەڵوار بەهەر حاڵ، بەڵام چۆن لێ بگەڕێین كە ئەو بەم چەشنە بەشاریدا تێبپەرێ؟ بە زاوام وت: ـــ: هەستە بڕۆ دەستە جلكێكی بۆ بهێنە، با خەڵكی (دۆفلن) بەم شێوە نابەروێكەی نەبینن. جودای كردەوە و وتی: ـــ: باشە، بەڵام لێمان گەڕێن تاوێ بەتەنێ بین یەك دوو جار خۆ لێك بسووین بەڵكو ئەوە خوایە تۆزێ دڵی نەرم دەبێ. وتم: ـــ: باشە! ڕۆیشتن و ڕۆیشتین، قڵفەی پشتێندێم كردەوە و هاوارم كردنێ: ـــ: ئێوە دەپێشدا بڕۆن، من نەختێ تەنها دەبم. ڕۆیشتن، منیش مامەوە چاوەدێریم دەكردن: جارێكیان لەسەر ڕێیێ وەستان، كابرا دیار بوو شتێكی پێ وت و بەرپێ یەكی دایێ و لە عاردی دا، خۆی هەڵداسەرێ لاقی گرتن و دەستی كرد بە یاری لەگەڵیا، ڕووی لەگەڵیا خۆش بوو، بەڵام ئەو ڕانەدەوەستا، نەختێ لاربوونەوە و بەرەوپێش چوون،زاوا یا دوو یا سێ جاران بە تەواوی نازانم خلۆر بووەوە… وەك هەموو جارێ، گەر كەری ئەو بارەی نیت بۆ چی خۆتی دەدەیتە بەر.. گەیمەوە ئەوان و ڕۆیشتین، كابرام نارد جلكەكان بێنێ، من و ئامینەش لەوێ لەسەر ڕێی (دۆفلن) دا چاوەڕێ بووین چاوی لە چاوی بڕیم و وتی: ـــ: بۆ چی دەمدەیتە ئەو گولەی پیسم بكا..؟ شووی پێ ناكەم، ناچمە دۆفلن… وتم: ـــ: دەچی و دەشچی! پارەی هێنانتم وەرگرتووە.. ـــ: ئەگەر مەسەلەكە پەیوەندی بە ماڵ هەبێ: ئەوا برایەكەم خەنیت دەكا بەلیرەی زێڕ بەرامبەر بەوەی تۆیش وازم لێ بێنی.
وتم: ـــ: لە ڕاست قسەی من زێڕ ناكا هیچ، دەبێ بچی!
ـــ: لەكەڵ تۆ، نەك هەر بۆ دۆفلن، بڵێ بە ناو دەریاشدا دێم، بەڵام لەگەڵ ئەودا ناچم! خودایە ئیش چییان بەسەر دێ؟ چی بكەم؟ گرێیەكە بۆ خۆی، ڕاستە ئافرەتێكم لە ماڵێیە، بەڵام نە ئەمەیان ژنێك و نیوە، سپییە دەڵێی شیرە، چاوی وەك خەنجەرێ دەبڕن، بەڵام مەمكی ؟، مەمكی براینە تەنوورە تەنوور!! ـــ: هەویرەكەی پێوەدە و بیخۆ! بانگی كرد: ـــ: دەتەوێ؟ هەر ئێستا! ئەو كاتە خەتا بە خێر گەڕایەوە.. بە پێش خۆم دا بۆ كێڵگەكە، خۆمان لە گۆشەیێك داخزاند و یەكتریمان لە ئامێزێ گرت، پەلكەگیای پێوە نەمابوو، هەموومان شێلا، بەسەرمدا هاوار كرد: تا ئێرە بەسە! ئەی ئێستا؟ بیبەم؟ لەبەر برادەرەكەم شەرم دایگرتبووم..(نایبەم).. دڵەكەمی لە ناخەوە پێكا.. هەستم كرد پەشیمان بوومەوە چاوی دەمن بڕیبوو لێی پرسیم: ـــ: لەگەڵ تۆ دێم، وا نییە؟ دڵم لە نێوان دوو ئافرەتدا، بوو بە دوو لەتەوە، لەو حاڵەتانەدا دەتەوێ دوو دڵت هەبن، یەكیان بۆ شەرەف ئەوی تریش بۆ زەوق و ڕابواردن: بەڵام دڵی من یەكێكە، ئەوەندەی دابەشی دەكەم، ئەنجام هەر دڵێ دەمێنێتەوە. بەرەو شەرەفم هاوێت و وتم: ـــ: لەگەڵ من نایێ! هیچ چارێ نییە دەبێ لەگەڵی بچی. هاواری كرد: ـــ: لەگەڵی ناچم! ـ
ــ: دەبێ لەگەڵی بچی!! ـــ: ئەمە نابێ..! دیار بوو خۆیشی بۆ ڕاكردن ئامادە كرد بوو، كە نیگامان لە یەكدی چەقی و تەكانیدا، خۆم بە زەوی دادا و پاژنەی پێم گرت: بواری ئەوەی نەدام خۆم پێ ڕابگیرێ و كێل ببمەوە، وەك ڕەشەبا وا بوو: وەردەچەرخایەوە و دەردەپەڕی، بەسەر دڕك و چەقەبەردان ڕایدەكێشام… بەڵام من وەك كسۆكانم لە پاژنەیەوە گرتبووو وازم لێ نەدەهێنا، تاكو ساتمەیێكی بردووو كەوت. كەفی دەردا بووە سەر زاری، منیش ماندوو بووم.. دانیشتین پشوویێ بدەین، پێم وت: ـــ: ئێستا دەڕۆی ها؟ ـــ: هاواری كرد.. دەستم دەبەر پشتێ نای، تەسلیمی تۆ بووم.. پاشان كابرا هاتەوە.. دەورەماندا و بەرەو دۆفلن كەوتینە ڕێ. دەبووایە لە پردەكەی سەر ڕووباری بپەڕینەوە ئینجا وەك دەڵێن لە ماڵێ بین، ئەمەش مانای وایە بەمرازی خۆمان گەیشتین.. ئەوەم بە خایاڵدا هات، تێ هەڵكەم گۆرانی بڵێم، كاتێك بوو بۆ گۆرانی نەبووایە بۆ چیدی دەستی نەدەدا. لە پردەكە نزیك بووینەوە شتێكمان لێ ڕاپەڕی و هاواری كرد: ـــ: بووەستن! دەنا وەدەكەم دایكتان خڕە فرمێسكتان بۆ ببارێنێ! لوولەی تفەنگێكم دی، هەر (دە) هەنگاوان دوور دەبوو، ئاگاداربن.. ئاگاداربن.. سەرێكی بەستراوم دی زانیم براكەیەتی، زانیبووی لەو ڕێیە زیاتر، چ ڕێی دی ناچێتەوە (دۆفلن)، بۆیە لێرە لە دەم ڕووبار لە ژێر پردەكەدا چاوەڕێی كردووین. كە هاوڕێكەم بەو كەین و بەینەی زانی، دیار بوو لە پشتم دەڕۆیشت، پاشان لەو سەر ڕێیەدا شۆربووەوە و خۆی لە پەنایەك نا. من لە ناوەڕاستی ڕێگا بووم، دەستێكم بەستراوە، دەمانچەكەشم لە بەر پشتێیە پێش ئەوەی دەستی بۆ ببەم ئەوە دەزانم بە تفەنگەكەی كارم لە كار دەترازێنێ.
ـــ: نەجوولێیەوە! دیار بوو براكەی هاواری كرد و بەرەو ڕووی منیش هات خوشكەكەی بباتەوە، لوولەی تفەنگێی بەرەو ڕووی منە.. لەو كاتەدا كێ بڕوا دەكا، خوشكەكەی، كە لە نزیك منەوە بوو خۆی دامەپێش.. ئەو خوشكەی كە بە درێژایی شەو بەدوای خۆم ڕاكێشابوو، پارچەیێكی لە جلكان بە سەلامەتی نەمابوو، تەكان بدا و بێت لە پێشم بوەستێ و بە خودی خۆی بمپاڕێزێ؟ بە دەستە ساغەكەمم لە ناو قەدێم دا گرت و هاوارێكی براكەیم كرد: ـــ: تاقە هەنگاوێكی تر باوێی خوشكت دەڕووباری داوێم! ڕووباریش چ ڕووبار لە ژێرمانەوە خوێنی دەكرد.. وای لەو كارەساتە! لە جێی خۆیم چەقاند.. بۆ دواوە.. بۆ دواوە خوشكەكەیم دەدەستی دابوو توندم گرتبوو بەرم نەدەدا. بەسەر پردەكە تێدەپەڕیم، ئەویش تەماشای دەكردم بێ ئەوەی بەدوام بكەوێ یاخود تەققەم لێ بكا، لەو ساتەدا ئەو مرۆڤەم وەك مۆمیایێ، یا مرۆڤێكی لە شەمێی دەهاتە بەرچاو، سپی ببووەوە، وێنەی سەنەمێك لێی دانیشتبوو تفەنگەكەی فڕێ داو دەستی بە چاوان وە ناو دەستی كرد بە گریان.. پیاوم نەدیبوو بگری، ئەوه‌ دیتم..هاتە سەرم بگەڕێمەوە و خوشكەكەی بدەمەوە، بەڵام نەم كرد.. تۆ شتێكت دەوێ كەچی دەسەڵاتت بەسەر شتێكی تردا دەشكێ و لە پاشان هی سێیەم و چوارەم دەكەی. بەم چەشنە بردمانە دۆفلن، لەوێش یەكسەر بۆ لای شێخ، لێی مارە بكا.. شێخ لێی پرسی: ـــ: تۆ ئەو كابرایەی بە مێردت قبووڵ دەكەی؟
ـــ: نامەوێ!
شێخ وتی: ـــ: بە ڕاستی تۆ ئافرەتێكی قایمی، لە باڵ یەكیان دەرهێناوە كەچی ئەو هەر سوورە لەسەر قسەی خۆی.. بیبە شەیبان بیبە! لە دارستانێی بەڕەڵڵاكە. با لەگەڵ دڕندان دابێ بەڵكو هۆشی بێتەوە سەر.. ئیتر كاری لە كار ترازاو لێكمان مارە كردن.. دەپرسی: شەیبان داخۆ لە دوایدا بەچی گەیی و چی لێ هات؟ دوو مانگ بوو یا سێ، پیكەوەیان گوزەراند جارێكیان بە ژنەكەمی وتبوو: دە یاڵڵا (لەیلا) خوشك! با بڕۆین لەگەڵ خۆم بەرە گەنمەشامیان لە بێستانێ بچێنین، حەزم لێیە فێرم بكەی داخۆ گەنمەشامی چۆن دەچێندرێ.. مێردی ئیزنی دابوو (پێش ئەوجاری ڕێی نەدەدایێ) ڕۆیی لەگەڵ ژنەكەی من فێری بكا گەنمەشامی چۆن دەچێنرێ.. لەدوایی دا ژنەكەی من گەڕایەوە و، ئەو نەهاتەوە.. ڕووبار و ڕووبار ڕۆیشتبوو تا گوندەكەیان.. پاشان لە دووی ناردم بچم لێی بدوێین..، چووم.. پێی وتم: لە كۆڵ ئەو زار بەلیكاوەم بكەرەوە، با تەڵاقم بدا هەرچی دەڵێی ئامادەم. لێم پرسی: جا كە ئەوەم كرد چیم دەدەیێ؟ وتی: دوو لیرە و پارچە چەرمێك بۆ پێتاوان، بایی سێ جووتە بەڵەكپێچانیش مەرەزت دەدەمێ، وتی:ــ كەنگێ ئەوەت كرد هەموو شتێك ئامادەیە. گەڕامەوە (دۆفلن)، كابرام گرت و پێم وت: ئەگەر یەخەی ئەو ژنەی بەر نەدەی ئەوا بچیتە پەڕەكەی ئاسمانێش بۆ تۆ نابێ!.. ئێستاش ئەگەر هەر حەزت لێی بێ ئەوا دەبێ جاری پێشوو چۆنمان ڕفاند بیرفێنینەوە. بە ترسێكەوە وتی: نا نا نەكەی، هەرگیز: گەر تا دەشمرم بێ ژن بم دووبارەی ناكەمەوە. وتم ـــ: مادام ئیشەكە وایە، بەرەڵڵای كە، یەكێكی دڵ نەرمترت بۆ هەڵدەگڕین، كە ئەوەندە كەللەرەق نەبێ و لە گەڵت بژی.
ـــ: ئەمجارە چەندت دەوێ؟ ـــ: سێ لەو (سەد لیڤی) یانە و دووسەد لیڤیش بۆ خواردنەوە، هەمووی دەكاتە پێنج سەد لیڤی. وتی:ـــ باشە دەتدەمێ، بڕۆ بەو هارەی بڵێ نامەوێ.
ـــ: پێویست بە پێ گوتن ناكا، لەگەڵم دێیە ناستان لەوێ با شێخ لێكتان بكاتەوە، پاشان چی بە چاك دەزانی دەیكەین. چووینە ناستان، شێخ لە یەكتری جوودا كردنەوە و تەڵاقی دا، پاشان یەكی دیمان بۆ هێنا، ڕفاندمان، بەڵام نەك وەك ئەوەی پێشوو، هەر كەزیمان گرت و نەگرت كارەكە مەیسەر بوو، ئەویش دوو لیرەكە و ئەوەی لەگەڵی گووتبووم دایمێ.
زۆرم ئافرەت ڕفاندوون، بەڵام تەنها ئەوەیانم كەوتە بەردڵ، ئافرەتێكی ئازا، هەر نزیكی دەبیەوە دەبینی لە ژن زیاترە.. ئێستاش بیری دەكەم.. بەداخەوە..! بەڵام ئەدی پێم نەوتی تۆ شتێكت دەوێ كەچی دەسەڵاتت بەسەر شتێكی تردا دەشكێ، پاشانیش هی سێیەم و چوارەم دەكەی…؟.

() چیرۆكنوووسی بولگارییای ناسراو (*) له‌ ژماره‌ 2 ی گۆڤاری ( الاداب الاجنبیة )ی سوورییه‌وه‌ كراوه‌ به‌ كوردی .
لینکی بابەتەکە بە ئینگلیزی:
https://momaanglichanka.com/2021/05/29/when-men-were-men-by-nikolay-haitov/




ژیانی پاریسیەکان.. نیهاد جامی

ئێمە چۆن سەیری کتێبی ژیاننامە دەکەین؟

کاتێک کتێبێک لەبارەی ژیانی نووسەرێک یان هونەرمەندێکی کورد دەخوێنینەوە، لەدەرەوەی گێڕانەوەی ژیان وەک چیرۆکێکی بەدوا یەک هاتوو ئێمە شتێکیتر بەدی ناکەین، ئەوەش گرفتی نوسەری ژیاننامەیە، دەیەوێت وەک گێڕانەوەی چیرۆکێک کتێبەکەی بنووسێت، سەرەنجام ئێمە نە ژیاننامە دەخوێنینەوە ، نە چیرۆک، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی؟
کاتێک کتێب وەک ژیاننامە سەیر بکەین، نامانەوێت چیرۆکێکی تۆبۆگرافی بخوێنینەوە، لەکاتێکدا ئەوە ژیاننامەش نیە، چونکە نوسەر وەک گێڕەرەوەی ژیانی مرۆڤێک دەدوێت کە ناتوانین بزانین لەکوێ سنوری راستی و خەیاڵ لێکتر جودا دەکرێتەوە، هۆکارەکەشی میتۆدی کارکردنە، کە نووسەر نایەت لەهەموو ئەو مرۆڤانە نزیک ببێتەوە کە بەشێکن لەڕابردووی ژیانی ئەو مرۆڤەی ئەو لەبارەیەوە دەدوێت، ئەوسا دەتوانین لەئاستی کولتوریی و کۆمەلایەتی ئەو مرۆڤە بناسین، سەرباری پەیوەندی ئەو بە دنیاوە، ئەوە وایکردووە کاتێک کتێبی ژیاننامە بەمشێوەیە نەنووسرێت هێندەی وەک چیرۆکێکی دوور لە بەڵگەنامە و فرە بۆچونی بگێڕدرێتەوە، ئیتر کتێبەکەش بەهایەک لەدنیای خوێندنەوە وەدەست نەهێنێت، ئێمە بۆ ئەوەی خەوشەکانی خۆمان بناسین، هەوڵ ئەدەین باس لەکتێبی نووسەرێکی تایبەتی ئەو بوارە بکەین کە چۆن کار دەکات، بەتایبەت لەکتێبێکیدا باس لەشێوازی کارکردنی دەکاتی لەسەر دوو کتێبی ژیاننامەدا، لێرەدا پرسیارێک کە ڕووبەرومان دەبێتەوە ئەوەیە ئێمە دەتواننین چی لەو کتێبەوە بخوێنینەوە؟
ئەو کتێبە لەبنەرەتدا قسەکردنە لەدوو کتێبی تری نووسەر ، کتێبەکان بریتی بوونە لەسەر ژیاننامەی هەردوو نوسەری فەڕەنسی بیکیت و بۆڤوار، ئەو کتێبەی ئێمە لێرەدا تیشکی دەخەینە سەر، قسەکردنە لەسەر چۆنیەتی نووسینی ئەو دوو کتێبە و دۆخی فەرەنسای ئەو ڕۆژگارەو چۆنیەتی بیرکردنەوەی مرۆڤی فەرەنسی و جیاوازی ئەو مرۆڤە لەگەڵ مرۆڤی ئەمریکی، بەو پێیەی نووسەر لە ئەمریکاوە هەمیشە سەفەری پاریس دەکات.
ئەو سەرەتا کاتێک لەبارەی بیکیت دەیەوێت کتێبێک بنووسێت و چەندین جار سەردانی دەکات، ئەوانەش دەبینێت کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ژیانی ئەو نووسەرەوە هەیە، لەو رۆژگارەدا بەهیچ جۆرێک پلانی ئەوەی نیە کە کتێب لەبارەی سیمۆن دو بۆڤواریش بنووسێت، هەڵبەت ئەو دوو نووسەرە ناکۆکیەکی زۆر لەنێوانیان هەبووە، بەتایبەت ئەو کاتەی سارتەر سەرنووسەری رۆژنامە دەبێت وبەقسەی زۆرینە بۆڤوار زۆربەی کارەکانی ڕۆژنامەکەی ڕایی کردووە، کاتێک بیکیت چیرۆکێک دەنێرێت بڵاو دەبێتەوە، لەناردنی بەشی دووەمی سیمۆن ڕەتی دەکاتەوە کە بڵاو بکرێتەوە، بە بیانووی ئەوەی رۆژنامە شتی گرنگتر هەیە لەو نووسینە بڵاوی بکاتەوە.
نووسەری ئەو کتێبە دێردر بێر باس لەتەواوی سەفەرەکانی دەکات، چیرۆکی ئەندێشە و جێهێشتنی دوو مناڵ و هاوسەرەکەی و هەندێکجار ئەوانیش لەگەڵ خۆیدا دەبات، ئازاری ژورە ساردەکانی پاریس و کارنەکردنی گەرمی، هەندێک کات شکانی پەنجەرەو هاتنە ژوورەوەی هەوای سارد، لەپاڵ ئەو ڕاستگۆییەی مرۆڤی فەڕەنسی کە راستەوخۆ داوای سێکسی لێ دەکەن، تەنانەت بیکیتیش دەیەوێت لەگەڵی بخەوێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوسەری هەبووە بیانوەکەی بۆ هەموویان هەر ئەوە بووە، لەوەدا ئاماژە بۆ ڕاستگۆیی فەڕەنسی دەکات، کە وەک ئەمریکی نین ڕێگایەکی ئاڵۆز بگرنە بەر تا داواکاریەکەیان ڕابگەیەنن.
کتێبەکە چەندین ساڵ لەژیانی ئەودا دەبات، کاتێک کتێبەکە چاپ دەکرێت، لەدوو ئاستدا تووشی نائومێدی دەبێت، لەلایەک ئەوانەی خۆیان بە بیکیتیەکان دەناسێنن، دژایەتی خۆیان بۆ کتێبەکە رادەگەیەنن، لەلایەکیتریش بەو پێیەی ئەو مامۆستای زانکۆیە، بۆیە ئەو دامەزراوە هەمیشە دەیخاتە ژێر فشارو هەڕەشەلێکردن، ئەوە سەرباری گۆڕینی چەندین دەزگای بلاوکردنەوە، بەهۆی ئەوەی لەکاتی وادەی خۆی بەڵێنەکانی بۆ تەواوکردنی کتێبەکە ناگاتە سەر، کە بەشێکیان پەیوەندیان بە خۆ ونکردنی بیکیتەوە هەیە، گرفتێکی تریش دوای چاپکردنی ئەوەیە، بیکیت لەکاتێکدا چاوەروان بوو ئەو کتێبی تری لەبارەوە بنووسێت، کەچی دەبینێت کتێب لەبارەی ژیانی دوژمنە سەرسەختەکەی دەنووسێت سیمۆن دو بۆڤوار.
کتێبەکەی لەبارەی بۆڤوار بەدوور نیە لەهەمان کێشەو گرفتەکانی کتێبەکەی پێشووی، بەهۆی ئەوەی لەلایەک دەبینین سیمۆن سەرباری کارکردنی وەک فەیلەسوفێک، بەڵام لەڕووی سایکۆلۆژیەوە مرۆڤێکی توڕەیە، تا دەگاتە ئەوەی لەیەکێک لەدیدارەکاندا کە قسەکان تەواو دەبێت و ئەو لەناو دەرگا وەستاوە قسە دەکات، پالێکی پێوە دەنێت تا بڕوات، لەروویەکیتردا قسەکردنی لەسەر بابەتی هاوڕەگەزبازی و بوونی پەیوەندی لەگەڵ ژنێکی هاوڕێی بەناوی سێلڤی، گەرچی تەنیا وەک ماچکردن و هەندێک نزیک بوونەوە ناوی دەبات، ئێمە لەو کتێبەدا زۆر لایەنی نەزانراوی ژیانی خانمی فەیلەسووف دەناسین لەنهێنی پەیوەندی ژیانی ژان پۆل سارتەر و بوونی پەیوەندی ئەوینداری سیمۆن لەگەڵ کەسانیتردا، بەڵام وەک خوشکەکەی باسی دەکات سیمۆن بێسنور ڕاستگۆیە لەگەڵ ژیانی خۆیدا.




ئەگەری هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی!.. عوسمانی حاجی مارف

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، کوتلە شیعەکانی عێراق دڵەڕاوکێ لەنێو ڕیزەکانیاندا زیادیکردوە، بەتایبەتی کەپرسی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، مشتومڕێکی بەرفراوانی لە گۆڕەپانی عێراقدا بەدوای خۆیدا هێناوە.لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن گفتوگۆ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق دەستیپێکردووە، ئەمەش وەک بەشێک لە زنجیرەیەک داواکاریی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل.هەرچەندە تائێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی حکومەتی عێراق لەسەر ئەو پرسە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ڕاوێژکارانی سودانی، هەندێک واقیعیەت بەو لێدوانانە دەدەن.
هێزەکانی حەشدی شەعبی لە کۆمەڵێک میلیشیا و فراکسیۆنەوە دامەزراون کە لەڕووی ئایدیۆلۆژی و مەزهەبیەوە پەیوەستن بە عەلی خامنەئیەوە، بوونەتە یەکێک لە کارتە فراوانخوازیەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، هەرچەندە بەناوی شەر لەبەرامبەر داعشدا بانگەوازی بۆ کرا، بەڵام هەر لەسەرەتادا بۆ ئەنجامدانی تیرۆر لە دژی خۆپیشاندەرانی ئۆکتۆبەر بەکارهێنران، هەروەها هێزێکە بۆ شەڕکردن لە بەرژەوەندی رۆڵی ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا رێکخراوە.
بەشێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی عێراق، کە سەر بە ئێرانن، چەند ڕۆژێک پێش ڕووخانی ئەسەد داوا دەکەن پشتیوانی لە ئەسەد بکرێ، داوایان لە محەممەد شیاع سودانی کردووە کە هێزەکانی حکومەت بنێرێت بۆ سوریا بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ چوونە ژوورەوەی خۆیان لەڕێگەی هێزەکانی حکومەتەوە، بۆ پشتگیریکردن لە بەشار ئەسەد. بەڵام سودانی ڕازیکردون کە دەستێوەردان نەکەن و دەستبەجێ لە سووریا بکشێنەوە، بۆئەوەی عێراق نەکێشێرێتە ناو شەڕێکەوە، لەکاتێکدا کەڕوسیا دەسبەرداری ئەسەد بوەوە، ئێرانیش هیچی پێناکرێت، کە هەردوکیان روسیاو ئێران هاوپەیمانە متمانەپێکراوەکانی بەشار ئەسەد بوون.
دوای ڕووخانی ئەسەد، ئەگەری ئامادەکاری بۆ پیلانگێڕی گەورە هەیە لە بەرامبەر پێکهاتەی حکومەتی ئێستای عێراق و لە هەوڵی داڕمانی سیستمی سیاسی عێراقدا دەبن. هەروەها واشنتۆن داوای لە حکومەتی عێراق کردوە یەکینەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە، چەند ڕۆژێک دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، بلینکن رایگەیاند کە تەنها یەک داواکاریان هەیە ئەویش هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبیە و بەمشێوەیە ڕوبەڕوی کاریگەریی ئێران دەبنەوە لە سەر عێراق.
بلینکن، سودانی ئاگادارکردەوە کە ئیسرائیل بەتوندی بڕیاریداوە بۆ لێدان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی عێراق، هەروەها واشنتۆن ئامادەیە هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە بۆئەوەی عێراق نەکێشرێتە ناو ناوەندی ململانێکانی ئێستاوە. ئەمریکا لەسەر ئەم پرسە یەکلابۆتەوە، داوایان لە سودانی کردووە، کە فراکسیۆنە چەکدارەکان ئاگاداربکاتەوە تا هێزەکانی حەشدی شەعبی، جا بە ئیرادەی خۆیان بێت یان بە زۆر، دەبێت حەشدی شەعبی هەڵوەشێتەوە.
ئەمریکا ئەوەشی ڕاگەیاندوە کە نەتانیاهۆ بڕیاریداوە ئەو هێزە چەکدارە عێراقیانە بکاتە ئامانج، جا پێشئەوەی ترەمپ دەسەڵات بگرێتەدەست یان دوای ئەوە ئەو کارە هەر دەکات، بۆیە واشنتۆن نایەوێت عێراق وەک ناوەندێکی نوێی ململانێ ببینێت.! لەهەمانکاتدا بۆئەوەی دەستتێوەردانی تاران لە عێراقدا سنوردار بکرێت.
ئەم پرسە دوای زنجیرەیەک هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ بۆردومانکردنی ئەو چەکدارە عێراقیانەی کە موشەکیان بەرەو ئیسرائیل هەڵدەدا، هاتە ئاراوە و لە مانگی تشرینی دووەمدا توانیان دوو سەربازی “ئیسرائیلی” لە جۆلان بکوژن. لەم بارەیەوە سودانی کەوتووەتە بەردەم سەرلێشێواویی و قەیرانێکی گەورەوە، بەوپێیەی نە خۆی و نە هیچ سەرۆکوەزیرانێکی تر ناتوانن بەرگەی دەرئەنجامەکانی ئەوە بگرن کە ئەگەر حکومەتی عێراق هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە چی ڕوودەدات؟.
شایانی باسە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە جگە لە مالکی هیچ لێدوانێکیان سەبارەت بە پرسی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی نەداوە، مالیکیش دەڵێت بەهیچ جۆرێک حەشدی شەعبی هەڵناوەشێتەوە!، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵ لەسەر ئەو بابەتە، سەرچاوە سیاسییە شیعەکان ڕایانگەیاندووە، لە کۆبونەوەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، ئەم بابەتە باسکراوە، هەندێکیان بەهێمنی ڕێکەوتون لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی.!
هەندێک سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەن کە پێیانوایە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، عێراق لە هەر ململانێیەک دور دەخاتەوە، هەروەها دەرفەتێکە بۆ کەمکردنەوەی نفوزی ئێران لە وڵاتەکەدا، جگە لەوەش سەقامگیری عێراق لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دروست دەبێت.!؟ لەهەمانکاتدا بەشێک لە فراکسیۆنه چەکداره شیعەکان پشتیوانی لە مالکی دەکەن و ئەم بابەتی هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبیان قەبوڵ نیە، وەها قسەدەکەن کە مەحاڵه حەشدی شەعبی هەڵوەشێتەوە، نه بەفەرمانی واشنتۆن و نه به گوشاری نارەزایەتی جەماوەریش .
لەم بارەیەوە سودانی لە نێوان دوو هەڵبژاردنی تاڵدا گیری کردوە، لەبەرامبەر بریاری ئەمریکا، کە بۆ سودانی سەختە بتوانێ ئەو بریارە جێبەجێ بکات، هەروەها ناتوانێ لەبەرامبەر چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێراندا بوەستێتەوە، چونکە هیچ حکومەتێکی عێراقی بەرگەی دەرئەنجامەکانی چوونە ناو ململانێ لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی ناگرێت .
جێگای سەرنجە کە ژمارەیەک سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی شیعەی عێراق دیارنەماون، بۆنمونە قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەق ماوەیەکی زۆرە دەرنەکەوتووە، دەنگۆی ئەوە هەیە کە تیرۆر کرابێت، هەروەها ئەبو عەلا وەلایی سەرکردەیەکی دیار لە لیواکانی سەید ئەلشوهەدا، دیار نەماوە!.
هەرچەندە هیچ ڕاگەیاندن و بەیانامەیەکی فەرمی لەبارەی ئەم پرسەی هەڵوەشانەوەی حەشدەوە لەلایەن عێراق و ئەمریکاوە بۆ بەرزکردنەوەی متمانەی ئەم هەواڵە دەرنەچووە. بەڵام ئەوەی ئیعتباری ئەم هەواڵه زیاتر دەکات، ئەوەی دەیبینین کاردانەوەی سەیر هەیە له سەر ئاستی سەرکردەکانی لایەنە شیعەکان، کە دوای کۆتایی شەری حزوبوڵلای لوبنان و ئەو سیگناڵانەی سودانی دەیدات، شاهیدی دیارنەمانی سەرکردەکانی حەشدی شەعبین له میدیاکان و ئامادەنەبوونیانە لە کۆبوونەوەکاندا، کە راستی ئەو هەواڵە دەسەلمێنن.
بەوپێیەی عەلی سیستانی کە باڵاترین دەسەڵاتی شیعەیە لە عێراقدا، هەر خۆشی لە ساڵی ٢٠١٤دا فەتوای دامەزراندنی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەرکرد، لەم بارەیەوە هەوڵەکان ئاراستەی سیستانی کراوە بۆئەوەی ڕازی بکەن دەستور بدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، محەمەد ئەلحەسەن، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دووجار سەردانی سیستانی کردوە، لە مانگی نۆڤەمبەر و دووبارە لە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دوای کەوتنی ئەسەد، تا سیستانی ڕازی بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، بەڵام تائێستا سیستانی وەڵامی ئەو پێشنیارەی نەداوەتەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوە سیاسیە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە، هەمووان چاوەڕێی دەستبەکاربونی دۆناڵد ترەمپن، سەبارەت بە داواکاری واشنتۆن بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی عێراق، تا بزانن چ بریارێک دەردەکات. پێشبینی دەکرێت ئیدارەی نوێی ئەمەریکا فشاری ئابووری و سەربازی بخاتە سەر عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، هەروەها قسە لەسەر ئەوەش دەکرێت کە ترەمپ هاوکاریە سەربازیەکانی ئەمریکا بۆ عێراق ڕادەگرێت، ئەگەر حکومەتی عێراق کێشەی حەشدی شەعبی چارەسەر نەکات.
باس لە بوونی ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی دەکرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو کوتلە چەکدارانە و لەناوبردنی چەکەکانیان کە ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایان لە عێراق و ناوچەکەدا کردۆتە ئامانج.
ئیدارەی ئەمریکا بە دڵنیاییەوە ئەوە دەزانن کە سودانی ناتوانێت هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە یان دەستوەردان لە کارەکانیان بکات. چونکە ئەم داوایە پێچەوانەی خواستی ئێرانە و دژایەتی خواستی ئەو لایەنانەیە کە پاشکۆی ئێرانن، دەبێتە شکستێکی گەورە بۆ ئێران و دەسەڵاتی شیعەکان لە عێراقدا.
کارێک کە سودانی دەتوانی بیکات کڕینی کات و هەوڵدانە بۆئەوەی وەک بێلایەنێک لە نێوان خواستی ئەمریکا و خواستی ئێراندا بوەستێت، میتۆدێکە کە هەموو سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە کاریان پێکردووە. بەڵام پێدەچێت ئەمجارە جیاواز بێت لە جارەکانی پێش سودانی، بەوپێیەی ئیدارەی ئەمریکا ئەمجارە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد جدیە لە نەهێشتنی میلیشیا عێراقیەکانی سەر بە ئێران، دەکرێ ئەمڕۆش نۆرەی میلیشیاکانە لە عێراق و پێیانوایە کاتێکی باشە بۆ ئەو کارە.!
بەڵام ئەوەی ئاشکرایە بڕیارێکی لەو چەشنە دەبێتە هۆی بوومەلەرزەیەک لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا، کە لە ئێستاوە پڕ لە کێشە و گرفتە، واتە چۆن هێزێکی چەکدار هەڵدەوەشێنریتەوە کە بە هاوتەریبی سوپا بە پارێزەری دەسەڵاتی شیعە دادەنرێت. هەروەها سەختە بۆ سیستانی بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات، لەبەر زۆر هۆکار؛ یەکەمیان تائیفییە، دووەم لەڕاستیدا بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی قەیرانێکی گەورە لەناو خودی حەشدی شەعبیدا دروست دەکات و کاریگەری لەسەر حکومەتی عێراق و هەڵبژاردنەکان و دۆخی سیاسی عێراق دادەنێت، لە هەمانکاتدا پاشەکشەیەکی زیاترە بە ئێران.
واتە دەورانێکی تر عێراق دەخاتە ناو گێژاوێکەوە کە هاوتا دەبێت لە گەڵ ئەو گۆرانگاریانەی دوای ئەسەد لەناوچەکەدا پێشدێت، بەدەورو دەستێوەردانی ئەمریکاو ئیسرائیل و تورکیا لە ناوچەکەدا، بەرەو گۆرانکاریەك کە ئایندەکەی چۆن یەکلایی دەبێتەوە لە ژێر پرسیاردا دەمێنێتەوە.




ژن لە فەلسەفەی نیچەدا: دیدی نیچە بۆ ژن، لەنێوان ڕق لە ژنبوون و ژنناسیدا.. وانەی حەوتەم.. د. ئازاد حەمە

گەلەری ئارام
وەرزەکانی فەلسەفە
پڕۆژەیەکی نوێی (گەلەری ئارام) ەهەرجارەو خوێندنەوەییەک بۆ فەیلەسوفێک دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ د. ئازاد حەمە
پێویستمان بەفێربوونی نیچەیە
وانەی حەوتەم:
ژن لە فەلسەفەی نیچەدا: دیدی نیچە بۆ ژن، لەنێوان ڕق لە ژنبوون و ژنناسیدا.

بۆ گوێگرتن لە بابەتەکە کلیکی ئێرەبکەن..




سروودێک بۆ ڕۆژئاوای وڵاتم*.. داستان بەرزان

ڕۆژئاوا

لە ڕۆژئاواوە تیشکێکم لە باشوورم بریسکەم دێ

خۆری دڵی ڕۆژهەڵاتم لە باکووری گیانم هەڵدێ.

زۆر لە مێژە بۆ بەیانی بێپەروا دەڕۆم کۆڵنادەم

چاوم لە ڕێی ئازادییە لە بەرخودان دەستبەرنادەم.

بۆ باوەڕی مرۆڤدۆستی نەرمەشەپۆلم/ بارانم

بۆ کەشتی هێزی ستەمکار شەستەبارانم/ زریانم.

من زاگرۆسم من هەڵگوردم تیری دوژمن نامترسێنێ

من ڕۆڵەی مێدیای سەبەرزم هاوارم کێو دەتاسێنێ.

ناڵەی خاکێکی لەت لەتم بۆ گوێی کەڕ دەبمە زریکە

نیشتیمانێکم دەستبەسەر یەکبوونی گیانم نزیکە.
————————

تێبینی:
ئاوازی: AI
کاری: سیڤان عەباس

………………

لەم لینکەدا دەتوانن گوێبیستی ئەم تێکستە بن بە شێوەی سروود




سەرناگرێ.. کەریم قادر

“بەلای ئێمەوە ئێرانێکی خودان چەکی ئەتۆمی هەڕەشەیەکی جدییە”. ئەمە قسەی مۆشە یالۆن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری کاروباری ستراتیژی حکومەتی نەتەنیاهۆیە و لە (١٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٩) لە دیدارێکی ڕیکۆردکراودا لەگەڵ د. جێرۆم کۆریس نووسەری پەرتوکی (بۆ ئیسرائیل ناتوانێ چاوەڕوان بێت، شەڕی دادێی نێوان ئیسرائیل و ئێران) کردوویەتی و لەلایەن گشت بەرپرسانی حکومەتی ئەوکات دووپاتی لێکراوەتەوە.
بە پێی ئەو پەرتووکە بێت، لە مێژە ئیسرائیل بڕیاری داوە مل دەبەر ملی ئێران بنێ؛ لەبەرئەوەی بە هەڕەشەی دەیبینێ.
کەواتە؛ ئەگەر لەو ڕوانگەوە لەو ئاگربەستە بڕوانین کە هەریەک لە ئەمریکا و قەتەر مێزەکەیان دروست کرد، پێناچێت بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەتایبەتی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل کە بەشداری حکومەتە پێی ڕازی نییە، تەنانەت هەڕەشە دەکات؛ ئەگەر حکومەت سەوداکەی غەزە قەبوڵ بکات دەست لەکار دەکێشێتەوە. هەر بۆ زانین ئیسرائیل ئامادە نییە بۆ خاتری دەرفەتدان بە گروپێکی تیرۆریستی قوربانی بە ئاشتی ناوخۆی بدات.
پێشتریش هەریەک لە مایکل ساین و ماتیۆ لیڤت لە پەیماناگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک بەناونیشانی (تاکە ڕێگەی وەستانی حەماس ڕاگرتنی ئێرانە لە دووبارە بونیادنانەوەی حەماس) بە دووقۆڵی وتارێکیان نووسیوە و هۆشداری بە واشنتۆن و هاوبەشەکانی دەدەن، پێویستە دەستی ئێران ببەستنەوە، چونکە تاران لە توانایدایە گرووپەکە زیندوو بکاتەوە، یان گرووپی دیکەی بەدیل دروست بکات. واتە ئەو ئاگربەستەی بایدن بەلایەوە گرنگ بوو بەر لە ماڵئاوایی کردن لە کۆشکی سپی ئیمزا بکرێ، لە خزمەت ئاسایشی ئیسرائیل نییە، بەڵکو ڕوح وەبەردانەوەیە بەئێران، تا لەڕێگەی ئەوەی ناوی لێناوە بەرەی مقاوەمەوە، لەگەمەکانی خۆی لەناوچەکە بەردەوام بێت.
بەکورتی؛ ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ کۆتایهێنانە بە حەماس، نەک خوڵقاندنی دەرفەت بۆ خۆکۆکردنەوە. ڕەنگە حکومەتیش ئەوەی پێ ناخۆش نەبێت، چونکە چەندجارێک نەتەنیاهۆ دووپاتی لەوە کردۆتەوە، نابێت حەماس بمێنێ و بەگفتوگۆکردن لەگەڵیدا خەڵات بکرێ. بەواتایەکی دیکە ئاگربەستەکەی حزبوڵا چەند سەری گرت، ئەوەش هەر هەندە درێژەدەکێشێ، ئیدی یەکدی تۆمەتبارکرد دەست پێدەکات، واتە دەبێت ئیسرائیل بگەڕێتەوە سەر بۆچوونەکانی ساڵی ٢٠٠٩ و ئەوەی نەیدەتوانی چاوەڕوان بکات، دوای هەڵتەکاندنی ژێرخانی هێزی چەکی حەماس و حزبوڵا و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەرفەتی دەست پێکردنی لەبارە.