زمانی نووسین/ زمانی حیکایەتکردن.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بۆدریار: هەر مێژوویەک خۆی دووپات بکاتەوە دەبێتە کۆمیدیا، هەر کۆمیدیایەکیش خۆی دووپات بکـاتـەوە دەبێتە مێژوو.

رابردوو ماڵی ونبوونەكان و ئەفسانەكانمانە، ماڵی بەیەكداچوونی مردن و ژیان.. رابردوو، تەواوی سەركەوتنە مەزنەكانی خۆی لە تاقیچگەی تووندوتیژی و سۆزداریدا هەڵگرتووە، هەموو ئەو حیكایەتانەش لە كتێبێكی غەمگین تۆمار كراون.. پرسیار ئەوەیە: گەڕانەوە بۆ ئەو ماڵە، ئاگایی تۆخ دەكاتەوە؟ گێڕانەوەی رابردوو، واقیع دەوڵەمەند دەكات؟

شەڕی یادەوەری و فەرامۆشی
مێژوو كۆتایی هات. ئەو رستەیە پڕ لە ئیشكالییەتە بەدوای خۆیدا تەپوتۆزی زۆری جێهێشت، بەرزی و نزمی زۆری تێكەوێت. مێژوو كۆتایی هات. لەو رستەیەوە مرۆڤ بە هیچ پێوانە ناكرێت، مرۆڤ بەو داهێنان و كارە تەكنیكییانە پێوانە دەكرێت، كە خۆی بەرهەمی هێناون، بەو مانایەش سەردەمی داهێنان و داهێنانی دیجیتاڵی دەبێتە بەشێکی گەورەی ژیانمان.. سەردەمی پاراستنی جۆری مرۆڤ و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەستێرەی زەوی.. بیركردنەوە لە داهاتووی مرۆڤایەتی كە ئاخۆ ڕادەی ژیریی مرۆڤی بۆ مانەوەی مرۆڤ دەستدەدات. یان ئیتر بۆ (مانەوە) پێویستمان بە جۆرێك لە مرۆڤی باڵایە، كە جێگا بەو مرۆڤەی ئێستا لێژ بكات؟!
لە ئێستای (ژیریی/ زیرەكیی) دەستكرد و داهێنانە زانستییەكاندا، گەڕانەوە بۆ مێژوو (مێژووخوازی) كۆنەپەرستانەیە و هەرگیز نەك ئاگایی نییە.. بەڵكو سۆزی گەڕانەوە بۆ رابردوو، لە نزیكترین مانادا گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوەیەكی ونبوو، لەدەستچوو، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، كە سەردەمی دیجیتاڵی، ماڵی رابردووی لە وزەكانی بەتاڵ كردۆتەوە.. رستەی (دوێنێ لە سینەمادا مێژوو، سەرچاوەی ونبووەكانمان و ئەفسانەكانمان بوو) لای (بۆدریار) بەو مانایە نییە، كە مێژوو وەك هەڵچوون و سەیرورە و راپەڕین، چیتر لەسەر شاشەكانەوە دەرناكەوێتەوە. چونكە لەنێوان مێژووی واقیع و واقیعی مێژوویی، مێژوو ئامادەیی لە واقیعدا هەیە، وەك لە سینەمادا دەیبینین! بەڵام وەك پەیوەندی بە واقیعی مێژووییەوە ئامادەیی نییە.. (ژان بۆدریار) لە رێگای تێگەیشتنی نێوان مێژووی واقیع و واقیعی مێژوویی، باسی سینەمای كۆنەخواز و نوێخواز دەكات. بڕوانە: جان بودریار كتێبی المصطنع والاصطناع، ت/ د. جوزیف عبدالله، ص 99، ط 2008.
لەلایەكی دیكە رستەیەكی (میلان كۆندێرا) لە رۆمانی “پێكەنین و فەرامۆشی”دا هەیە، دەڵێ.”ژیان شەڕێكی بەردەوامە لە دژی فەرامۆشی” ئەم رستەیە دەتوانێت لە ماڵی رابردوودا دوو تەماشاكردنی تەواو جیاواز بنوێنێ: یەكەم، فەرامۆشكردن. دووەم: بەیادهێنانانەوە. چەمكی (فەرامۆشكردن) بۆ ئەوەیە، لە ژیاندا بەردەوام بین و تووشی نسكۆ نەبین. چەمكی (بەیادهێنانەوە) بۆ ئەوەیە، ماناكانی ژیان نەدۆڕێنین.. بەڵام پێكەنین و فەرامۆشی لە ماڵە پڕ نیگەرانەكەی پۆست دیجیتاڵی، هێمنی و گەرمی و سۆزداری ناپارێزێت، بەڵكو خودی نیگەرانی دەبێتە بڕبڕەی پشتی ژیان. راستە لە (ماڵ) بە مانا تەقلیدییەكەی دێینە دەرەوە و ئینتەرنێت دەبێتە ماڵێكی تازە، ئینتەرنێت دەبێتە بەشێکی جیانەبووەوەی ژیان.. ماڵەکانمان هەمووی دەبێتە ماڵی زیرەکی جولاو.. قسەكەی كۆندێرا دەشێ لەو پرسیارەدا كۆ بكەینەوە و بڵێین: ئایا مرۆڤ قەرزاری ماڵی هێمنی مانایە، یان دالی جولاو؟ مرۆڤ دەكەوێتە كوێی سیستم و جیاوازی، رابردوو و داهاتوو، رووتی و پۆشین، دڵنیایی و نیگەرانی، زمانی حیكایەتكردن و زمانی نووسین…
زمان ماڵی بوونە، یان ماڵی نیگەرانییەكانی بوون.. لە ماڵی هێمن و گەرم و پڕ لە سۆزی دوێنێ سیستمی زمان شێوەیەکی رێکوپێک و گونجاوی (سوسێر)ی فەراهەم دەكرد، بەڵام لە ماڵی جولاو و پڕ لە نیگەرانییەكانی ئەمڕۆدا زمان بەردەوام لە وێرانەیی و گۆڕاندایە. زمانی وێرانەیی وەك (واڵتەر بنیامین) دەڵێ زمانێكە تەواوی بوون و بیركردنەوەكانی لەخۆدا هەڵگرتووە. ئەگەرچی لەبەرانبەر زمانی وێرانەیی و جیاوازدا، زمانی حیکایەتکردن شێوەیەکی زیاد لەخۆوە و نالۆژیکییە، بەڵام لە ناوەوە هەڵگری پیرۆزی رابردووە، پیرۆزی رابردوو جێگیرە، بەڵام زمانی وێرانەیی و جیاوازی لە هیچ ماڵێك جێگیر نابێت..

لەو لێكۆڵینەوەیەدا گۆڕان و نیگەرانییەكانی زمانی نووسین وەک داهێنان و داهێنانی بەردەوام، زمانی حیکایەتکردن و بیرهێنانەوە وەک رابردووی دوور و لەمێژینەی نەگۆڕ دەخوێنینەوە… رەنگە پرسیار ئەوە بێ ئایا زمان لە هەردوو باردا هەر زمان نییە؟ زمانی نووسین پەیوەندی بە داهێنان و خەیاڵکردنی داهێنەرانەوە دەکات، زمانی حیکایەتکردن پەیوەندی بە بیرهێنانەوەی لەخۆوە هەیە. زمانی نووسین و داهێنان دەکەوێتە نێو گۆڕانکارییە جیاوازییەکانی خەیاڵی سەردەمەوە، حیکایەتکردن دەکەوێتە نێو بیرهێنانەوە جێگیرەکانی ماڵی مێژووەوە. یەکەمیان پەیوەندی بە گۆڕانکاری و سەیرورەوە هەیە، دووەمیان بە لەخۆوەیی و پیرۆزی. جیاوازی نێوان سەیرورە و پیرۆزی، هەر جیاوازی نێوان گۆڕانی بەردەوام و جێگیری نییە. بەڵکو جیاوازی نێوان ئێستا و رابردووە.. جیاوازی نێوان هەڵوەشانەوە و یەکپارچەییە.. زمانی داهێنان لە نووسیندا سیستمی دال و مەدلول هەڵدەوەشێنێتەوە و بەرەو خەیاڵی نادیار هەنگاو دەنێت، ئەوەی لە داهێنانی بەردەوام دەمێنێتەوە نیشانەکانن. بەڵام زمانی حیکایەتکردن بۆی نییە، لە چوارچێوەی سۆزی مەدلوولە پیرۆزەکانییەوە دەربچێت، لە بەرزترین پلەی بەرەوپێشچوونی بیرکردنەوەدا بیر لە هاوگونجانی مەدلوولەکانی دوێنێ لەمڕۆدا دەکاتەوە، بەڵام هەرگیز بۆی نییە، پیرۆزی دالە جێگیرەکان تێپەڕێنێ.
داهێنان فەزای گریمانەیی نوێنەرایەتی دەكات، بەڵام مرۆڤ لە سیستمی هەڵبژاردن دانەبڕاوە، بەو مانایەش داهێنانی ئەدەبی و هونەری لە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد لە رێگای پۆلینكردنەوە، دەتوانێ خۆی لەگەڵ واقیعی گریمانەیی ئاماژەكان بگونجێنێ‌. هونەری نووسین هونەری وێناکردن و بەرهەمهێنانەوەی دالی بەردەوام و نادیارە، وەک رووە جیاوازەکانی حەقیقەتە. هونەری حیکایەتکردن، هونەری بەبیرهێنانەوەی مەدلوولە پیرۆز و جێگیرەکانی رابردووە، وەک حەقیقەتی چەسپاوە. کەواتە نووسین بەرهەمهێنانەوەی خەیاڵی نا-نواندنەوەیە. حیکایەتکردن بەرهەمهێنانەوەی پیرۆزی جێگیرە. لەنێوان پیرۆزی و نانواندنەوەدا.. خەیاڵی نانواندنەوە فرە رەهەندترە لەوەی پیرۆزی حەقیقەتی چەسپاو بەرگەی بگرێت. ئەسڵی حەقیقەتی حیکایەتەکانی رابردوو، لەنێو بەرەو پێشچوون و فرە رەهەندی خەیاڵی داهێنەرانەی نووسیندا وندەبێ. یان بە مانایەکی دیکە مەدلوولە چەسپاوەکان، لەنێو دالە گۆڕاوەکاندا بەردەوام کاڵتر دەبنەوە.

لە حیکایەتدا هیچ رووتییەک بوونی نییە، زمان و جیهان هیچ درزێکیان لەنێواندا نییە، زمان و پیرۆزی یەکپاچەن! حیکایەتکردن گوزارشت لە تەواوی زمان وەک پیرۆزی دەکات، پیرۆزی تەواو یەکپارچە خۆی داپۆشیووە. بەڵام لە نووسیندا زمان رووتە، بەو مانایەی کە گرژییەکی گەورە لەنێوان مەدلوول و دالەکاندا هەیە. لە نووسیندا رووتی نۆرمی باڵایە، باڵابوونی رووتی لە خەیاڵی زمانی داهێناندا بەردەوام خۆی دەگۆڕێت. بەتەعبیری (واڵتەر بنیامین) دوای رووداوی بورجی بابل، مرۆڤ و زمانی مرۆڤ بۆ هەمیشە کەوتۆتە بەردەم پەرتەوازەیی و ئاڵۆزی… بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە كتێبی یەكەم، كێشەی سوبێكت، چاپخانەی سەردەم، 2014، سلێمانی، ل33، پێشڕەو محەمەد.
حیکایەت ئەسڵی نیعمەتە، ئەسڵی نیعمەتی حیکایەت مەدلوولە پیرۆزەکانی رابردووە. نووسین ئەسڵی سرووشتە، ئەسڵی سرووشتی نووسین دەلالەتە گۆڕاوەکان و سەیرورەی خەیاڵی داهێنانە. لەنێوان زمانی نووسین و زمانی حیکایەتکردندا روونی و ئاڵۆزی وەستاوە، روونی گرەنتی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و جیهان دەکات و هەر لێرەوە وەهمی پیرۆزی هەناسە دەدات، پیرۆزییەکان خۆیان رادەگەیەنن و خۆیان وەک بونیاد دەسەپێنن. بەشێکی گەورەی خۆسەپاندنی پیرۆزی لەوەدایە کە پیرۆزی نە بۆمان دەگیرێت و نە بۆمان پڕ دەکرێتەوە. لە دووەمیاندا زمان بەشێکی نەگوتراوی لەخۆدا هەڵگرتووە، بەردەوام بەرانبەر بە جڵەوکردن بەرهەڵستی دەکات. لێرەدا نەگوتراوی زمان نادیاری دەخاتەوە، نادیاری ئاڵۆزی لێدەكەوێتەوە.. بەشێكی گەورەی ئاڵۆزی داهێنان لەوەدایە، كە زمانی داهێنان رابەرێكی دیاریكراو پێشەوایەتی ناكات، چونکە هیچ جۆرە قسەکەرێکی نییە.. بوونی زمانی نەگوتراوەكان لەگەڵ زمانی قسەکەر یەکە! بە مانایەکی دیکە ئەوە زمانە قسە بە قسەکەر دەکات. واتە زمان ئامرازی گەیاندن نییە، زمان خۆی لە رێگای خۆیەوە دەردەبڕێت. بۆیە لەو حاڵەتەدا زمانی نووسین قەیرانێکی قووڵ رووبەڕووی زمانی حیکایەتکردن دەکاتەوە، کە تا ئەو کاتە جگە لە مانا شتێکی دیکەی بەرهەم نەهێناوە. هەمیشە زمانی حیکایەتکردن هەوڵدەدات ماناکان و دەلالەتەکان بەسەر وشە و چەمکەکاندا بسەپێنێ، دەیەوێت چەمکەکان بەردەوام لۆکاڵی بکاتەوە و بەرگی زمانی پەتی-ناوچەییان بەبەردا بکات. بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: خولیای شیكردنەوە، عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا، چاپی وەزارەتی رۆشنبیری هەولێر 2022، چەمكی زمان ل9.
سەرەڕای ئەوەی زمانی حیکایەتکردن، هەوڵدەدات هیچ جۆرە گرژییەک لەگەڵ سیستمی بەمیرات بۆماوە روونەدات و رەوتی رووداوەکان بۆ هەمیشە بە نرخی دۆخی باڵادەست بپارێزێ.. بەڵام زمانی نووسین وەک جیاوازی، بەردەوام لەو دەسەڵات و پیرۆزییەی حیکایەتخوان دووردەکەوێتەوە، نموونەی زیندووش دوورکەوتنەوەكانی ئەمڕۆ لە چەمکەکانی رۆشنبیر، جەماوەر، شۆڕشگێر، شێخ، ئاغا.. ناپەیوەندی بە مەدلوولە داپۆشراو و پیرۆزەکانی رابردوو.. لێرەوە بە رووتی نووسراوە لە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، لە فەزای ئەتۆمگەرایی و گریمانەیی سیمیۆلۆژیا.. فۆرم، جێگەی جەوهەری گرتۆتەوە.

یادەوەری
گەڕان بە دوای باوكدا

ئەفلاتوون بیرچوونەوە بە نەزانی دادەنێت.. بەڵام لای (پۆل ریكۆر) لەبیرچوونەوە نەزانی نییە و دوژمنی مەعریفە و بەبیرهێنانەوەش نییە، بەڵكو گوزارشت لە حاڵەتێكی درووست دەكات، كە بە شێوەیەكی گشتی مرۆڤەكان تووشی دەبن. ریكۆر لە تێزەكەیدا و لە كتێبی (یادەوەری، مێژوو، بیرچوونەوە) پێیوایە ئەوە مێژووە یادەوەری لە فەرامۆشكردن دەپارێزێت، مێژووش ململانێی نێوان مرۆڤ و بەبیرهێنانەوەیە. لەبیرچوونەوە هێزە و یادەوەری ئەركە، هەردووكیان بەشداری لە پێكهاتنی مێژوودا دەكەن.
كەواتە ویستی بیرچوونەوە، توانایەكە بۆ بیرهێنانەوە، یان لەبیرچوونەوە لە رێگای زمانەوە نوێنەرایەتی رابردوو دەكات، زمانیش چالاكییەكی لەخۆوەی نێوان بیرهێنانەوە بیرچوونەوەیە. ئەو گوتەیەی ریكۆر بە جۆرێك لە جۆرەكان دەبێتە پشتگیری بۆ كۆدە بەناوبانگەكەی (مرۆڤ فڕێدراوەتە نێو زمانەوە)ی ژاك لاكان.. چونكە وەك چۆن ناتوانین حوكم بەسەر زماندا بدەین، بە هەمان شێوەش ناتوانین حوكم بەسەر لەبیرچوونەوەدا بدەین. مرۆڤ لای لاكان وەك بەندەی ویستی زمان و لای ریكۆ وەك بەندەی ویستی بیرهێنانەوە دەمێنێتەوە.. بۆیە مرۆڤ پێویستە رێگا بۆ ویستی زمان و بیرچوونەوە واڵا بكات.. چونكە داهاتوو ملكەچی زمان و بەبیرهێنانەوە و لەبیرچوونەوەیە.. لەسەر ئەو بنەمایە ریكۆر لە كۆجیتۆكەیدا دەڵێت: من بیرم دێتەوە كەواتە من هەم، من بیرم دەچێ كەواتە من هەم. لەو كۆجیتۆیەوە جەخت لە پەیوەندی بەبیرهێنانەوە بە بوون و لەبیرچوونەوە بە بوون دەكات.. مۆركێكی بوونگەرایی بە بیرهێنانەوە و بیرچوونەوە دەبەخشێت.
لە تێزەكەی ریكۆردا زمانی گێڕانەوە، گێڕانەوەی رووداوەكانی رابردووە، بەڵام رابردوو وەك خۆی نا، بەڵكو گێڕانەوە دووبارە بەپێی كات و شوێنی جۆراوجۆر، بە دارشینەوەیەكی دیكە هەڵدەسێتەوە.. بێ ئەوەی یادەوەری و خەیاڵ لێكجیا بكاتەوە.. دەشێ خودی خەیاڵیش رابردوو بونیاد بنێت.. كەواتە ئەوە ویستی لەبیرچوونەوەیە، یادەوەری وەك پرۆژەیەك بۆ داهاتوو تەماشا دەكات.
لێرەوە پرسیارێكی وردی (سانت ئۆگستین) هەیە، ئەویش: چۆن دەشێ قسە لە بارەی لەبیرچوونەوە بكەیت، ئەگەر لەژێر سایەی بەیادهێنانەوەی لەبیرچوونەوە نەبێ، بەو مانایەش بیرچوونەوە ملكەچی ئاگایی تاكە، ئەگینا چۆن دەزانێ لەبیری چۆتەوە؟ هەڵبەتە میكانیزمی كاری مرۆڤەكان لە بەرانبەر ترسی لەبیرچوونەوەدا هەمیشە بە دوو شێوە تەماشا كراوە، یان ترسەكە بووەتە هۆی خولقاندنی بەرهەمێكی مەزن و گەورەی ئەدەبی و هونەری یان زانستی.. یان زۆر جار بە پێچەوانەوە بووەتە هۆی وێرانكاری و شەڕ و كوشتن..
بەڵام ئەمڕۆ لە سەردەمی دیجیتاڵیدا تەواوی وێنەكان، تەواوی دال و مەدلولەكان هەڵدەوەشێتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە ویستی بیرهێنانەوە نییە، بەڵكو تەنها نیشانەكان، دەلالەتەكانن.. لێرەدا دەلالەتەكان دەلالەتی بیرهێنانەوە نیین، بەڵكو نیشانەی زێدە واقیعین.. (ژان بۆدریار) دەڵێ زێدە واقیعی دۆخێکی نوێی کۆمەڵگایە کە ئاگایی بە بوونی خۆی بووە بە هەستکردنێکی نمایشكارانە، واقیع، واقیعی گۆڕیووە بۆ نمایش، هیچ کەلێنێکی بۆ رەخنە نەهێشتۆتەوە، واتە نیشانەکان نە هیچ شتێ دووبارە دەکەنەوە و نە بەرهەمی دەهێننەوە، جگە لەوەش هەر شتێ نەیەتە نێو نمایش وەک نەبوو وایە.

كەواتە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، هەر تەنها راڤەكردنێكی نوێ‌ نییە، بۆ یادەوەری و لەبیرچوونەوە.. بەڵكو زمانی یادەوەری لە سۆزی گەڕانەوە بۆ (دایوباب) شیدەكاتەوە.. لە سۆزی گەڕانەوە بۆ ئارەزووكردنی دەسەڵاتدا دەیبینێت. بەو مانایەش ئامانجی یادەوەری بەدەستهێنانی ئارەزووی دەسەڵاتی (دایوباب)ە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە وەك بابەتی ئارەزوو لەگەڵ (دایوباب) یەکبگرێتەوە (وەک لە قۆناغە یەکەمەکانی منداڵی..). لێرەوە سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد تەنها فیكری نوێی بەرهەم نەهێناوە، بەڵكو بونیادی خودی بیركردنەوەی گۆڕیووە.. لەبری سرووشتی نیشانەكان و چۆنیەتی راڤەكردن، خودی نیشانەكانی گۆڕیووە. كەواتە لەنێوان زمانی نووسین و زمانی بەبیرهێنانەوە و لەبیرچوونەوە گومانی هاوڕابوون هەیە! دەبێ زۆر لێی نەچینە پێشەوە، بەڵكو دەبێ‌ راستی ئەو مەسافەیە بپارێزین. وەك ئەوەیە بڵێین: لە سۆزە گەرمەكانت دەترسێم، زۆر لێم نزیك نەبیتەوە!. ئەوەی پەیوەندی نێوان زمانی نووسین و زمانی یادەوەری، زمانی نووسین و زمانی حیكایەتكردن، یان تەكنۆلۆژیا و زمان بەگشتی بەڕێوە دەبات، گومانی هاوڕابوونی شیعری بێ‌ شیعرییەت، یادەوەری بێ لەبیرچوونەوە، گێڕانەوەی بێ‌ خەیاڵ…
(ژیل دۆلۆز) نائاگایی بە شانۆی نمایشكردنی دراما ئۆدیبییەكان دادەنێت و بە تووندی قسان لەبارەی نووسین وەك گەڕانەوە بۆ یادەوەرییە كەسییەكان دەكات، پێیوایە نووسین ئەوە نییە، كە باسی یادەوەری و سەفەر و سەرگەرمی و نەخۆشی و خەم و خەون و خەیاڵەكان دەكات. زمانی نووسینی داهێنەرانە ئەوە نییە، كە بۆ ژێر هەژموونی دەسەڵات، دەسەڵاتی رابردوو دەگەڕێتەوە، یان بە خەیاڵداهاتنی نیازخوازانە و سەپێنەرانەی رابردوو نییە، وەك چۆن زمانی نووسینی داهێنەرانە ئەوە نییە، كە بە واقیعدا هەڵدەڵێت.. لێرە ئەوەی لە هەردوو باردا بە تۆخی ئامادەیە، دەسەڵاتی چیڕۆكی دایە و بابەیە! بەو مانایە دەشێ بڵێین بیرهێنانەوە و بیرچوونەوە بونیادێكی ئۆدیبی (واتە مەیلی گەڕانەوەی كچ بۆ باوك و كوڕ بۆ دایك) هەیە، كە بۆ نووسینی حیكایەتكردنی یادەوەری، نووسەر بە واقیعی پێیهەڵدەسێت، یان لە خەیاڵی كۆنەخوازانەدا دەیچێنیت. لە كۆتاییدا ئەو شێوەیە لە بیركردنەوە بەرەوە گەڕان بە دوای باوك و دایكدا دەتبات، وەك چۆن لە خەونە (ئۆدیبیەكانت) دەیبینیت، ئەوەش پەیوەندی بەوە هەیە، كە لە رێگای دایك و باوكەوە دەتەوێت منداڵی خۆت بدۆزیتەوە، بۆیە لە پێناو دایە و بابە دەنووسیت. بۆزێتر شارەزایی بڕوانە: المجلة -العدد 1964 دیسمبر/ كانون الاول 2024، الكتابة والنسيان، عبد السلام بنعبد العالي.

پرسیار ئەوەیە ئایا زمانی نووسینی داهێنەرانە دەتوانێت بەسەر زمانی حیكایەتكردندا زاڵ بێت و هۆشیاریی مرۆڤەكان لە گرێی ئۆدیبەوە بگۆڕێت بۆ سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد؟ نووسین هۆشیاریی خەڵك دەگۆڕێت! پاشان ئەو خەڵکانەی گۆڕاون، ئەو جیهانە دەگۆڕن کە تێیدا دەژین.. چۆن گرێی ئۆدیب ژیانی تایبەتی خۆی هەبوو. ئایا ژیانی سەردەمی پاش حەقیقەت و زیرەكیی دەستكرد، بڕوای بە تێگەیشتنی ژیانی تایبەت هەیە.. زمانی نووسین رووبەرووی ژیان و كەسەكان دەبێتەوە، بۆ ئەوەی خەیاڵی داهێنەرانەی خۆی بسەلمێنێ و نكۆڵی لە هەموو شتە كەسییەكان بكات.. ئایا بۆ ئەوەی رووبەرووی ژیانی تایبەتی بێتەوە، دەچێتە خەیاڵی داهێنەرانەی خۆیەوە؟.
زمان بۆیە دەژی تا شتێ لە خەیاڵ بە ناویدا تێپەڕێت. بەڵام هەرگیز زمان، ژیان ئەرشیف ناكات، بەڵگەنامەی ژیان بۆ خۆی ژیانە، بەڵگەنامەی زمانیش خەیاڵی زمانە. ئەركی ژیان نییە لە خۆی بكۆڵێتەوە، ئەركی زمان نییە، لە بەڵگەنامەكانی خۆی بكۆڵێتەوە. نووسین بەڵگەنامەی خەیاڵی ژیانە و ژیان لە پێناو ژیاندایە، ژیان لە پێناو پێشكەوتنەكانی ژیاندایە. نووسین تەقاندنەوەی خەیاڵی زمان و رەتكردنەوەی ئەو سیستەمەیە، كە دەستی بەسەر ئازادی خەیاڵدا گرتووە. وەك چۆن پێویستە ژیان وەك دەستبەسەرداگرتن فەرامۆش بكەین! پێویستە زمانیش وەك تەقاندنەوەی خەیاڵ خۆی درێژ بكاتەوە!

ژیان و نووسین بۆ گەیاندنی پەیامەكانیان گرەو لەسەر فەرامۆشی و بیرهێنانەوە دەكەن. بەڵام بۆ ئەوەی ژیان پەیامەکەی بگەیەنێت، دەبێ یارمەتی لە زمان وەرگرێت، نەك بیرهێنانەوە و بیرچوونەوە، نەك مێژوو و رابردوو.. چونكە زمانی نووسین بەرجەستەکەرێکی سەیری خەیاڵی خۆیەتی، بەرجەستەکەری خودی ژیان نییە. بەرجەستەكردنی خەیاڵی خودی زمان وەك خەیاڵی جولاو و سەیرورەی بەردەوام رێز لێگیراوە.. ژیان لەبەردەم داهێنانی خەیاڵی زمان بەردەوام چەماوەتەوە.. زمانی داهێنان چاوەڕێی یارمەتی لە ژیان ناكات، لە سەربەخۆیی و ئازادیدا ڕەگ و ڕیشەی درێژ دەبێتەوە. ژیانیش ئەوەندەی توانای دوورکەوتنەوەی لە رابردوو هەیە، توانای ئامادەبوون و زیندووکردنەوەی رابردووی نییە، چونكە حەقیقەتی ژیان حەقیقەتی پاش سەردەمی حەقیقەتە. وەك چۆن خەیاڵی زمانی نووسینی داهێنەرانە رەنگدانەوەی بەخەیاڵداهاتنی رابردووی نییە، ئامادەیی خەیاڵی زمانی داهێنان لە تەقینەوەی بەردەوامدایە. تەقینەوەی خەیاڵی زمانی داهێنان لە دوو روودا دەردەکەوێت، وەک ئەوەی بەردەوام بۆشایی بخاتە زمانی رابردووەوە، وەک ئەوەی بەردەوام زمانێ لەنێو زماندا دابهێنێ.

هەولێر 17/12/2024
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




شاعیری تەلارساز و شیعری بێ تەلارسازیی!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

زمان لە پانتایی كۆمەڵایەتیدا، زمانی گشتە و ئامرازێكە بۆ گۆڕینەوەی بیرو ڕا و ئەڵقەی پەیوەندی هزریی و كۆمەڵایەتی نێوان كەسەكانە. زمان لێرەدا، مۆركێكی گشتییانەی هەیە و زمانی هەمووانە. بەو پێیەی هەمووان بەو زمانە دەئاخافن و گوزارشت لە هزر و تێگەیشتنیان دەكەن. بەمەش زمان خاوەنداریەتییەكی نییە، بەڵام هەمان ئەو زمانە، كاتێ دێتە نێو نووسین، جۆرێك لە مۆركی تایبەتی وەردەگرێت و دەبێتە ڕەگەزێك بۆ ناسینەوەی ئەزموون و ستایلی نووسینی نووسەرێك، بە جۆرێك لە ڕێگەی ئەو زمانەوە، لە ئەزموونی نووسینی ئەوانیتری جیا دەكەینەوە. بەمەش زمان، تایبەتمەندییەكی واتایی و هونەری وەردەگرێت و پێویستی بە ڕێساكانی نووسین، خاڵبەندی و داڕشتن و لێكدان بە گشتی هەیە، كە ئەمە لە زمانی دەربڕینی ئاسایانەی ڕۆژدا ڕەچاو ناكرێت. بەو مانایەی ئەوەی لێرەدا گرنگە گەیاندنە، بەڵام لە نووسیندا، لە پاڵ گەیاندن، شێوە و جۆری ئەو گەیاندنەش گرنگە، كە هەر ئەمەشە نووسین و زمانی نووسین لە زمانی دەربڕین بە مانا ئاسایەكەی جیا دەكاتەوە. تایبەتمەندییەتی زمان لێرەدا، بە مانای ئەوە نایەت كە زمان سیما واتایی و فەرهەنگییەكانی خۆی لەدەست بدات و سیمایەكی دیكەی بۆ دابتاشرێت، چونكە ڕەهەندەكانی وشە و دەربڕین لە ئاستی زمانی تایبەتدا، هەمان ئەو چەمك و دەستەواژانەن، كە لە چوارچێوەی زمانە گشتییەكە هەن، بەڵام ڕەهەندی واتایان دەگۆڕدرێت. شیعر یەكێكە لەو ژانرانەی، لەدەرەوەی هەموو ڕێسایەكی زمانەوانییە و دەشێ ڕێسكانی زمان و ڕێزمان، لە شیعردا، لە دەرەوەی ئەو ڕێسا زمانیانە بن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت، زمان لە شیعردا هەمان ئاستی زمانی كۆمەڵایەتی هەبێت، چونكە هەموو دەقێكی ئەدەبی، بەرلەوەی ڕەهەندێكی واتایی و بابەتی هەبێت، پێكهاتەیەكی زمانەوانی هەیە و لە وشە و ڕستە پێكهاتووە. ئیدی ئەو ڕەهەندە زمانەوانییە، دواجار ڕەهەندی مانایی لە شیعردا دروست دەكات . نەبوونی ڕێساكانی زمان و خاڵبەندی لە شیعردا، بە مانای ئەوە نایەت، بێ هیچ پەیوەندییەكی بابەتی و كرداری زمانەوانی، ئیدی وشەكان لە شیعردا دابنرێن، شیعر لە بنەڕەتدا هیچ نییە، جگە لە كردەی گۆڕینی زمان، لە زمانی سادەی شەقامەوە، بۆ زمانی تێكست و نووسین. شیعر لە بنەڕەتدا، بە هونەریكردنی ئەو زمانەیە، كردەی بە هونەریكردنی زمان لە دەقی شیعریدا، ئەو پێوەرە ئستاتیكی و ئەدەبی ز زمانیەیە، كە زمان لە مەودا كۆمەڵایەتییەكەی دەگۆڕێت بۆ زمانی شیعر. بەو مانایەی زمان كاتێ دەبێتە بەشێك لە تێكستی نووسراو، شیعریش وەك تێكست، ئیدی ئەو زمانە نییە، كە ڕۆژانە بەریدەكەوین و لە پانتایە كۆمەڵایەتییەكەدا بەشێكە لە ئامرازی ئەڵقەی پەیوەندی كۆمەَلایەتی. ئێمە كاتێ شوناسی شاعیر دەدەینە پاڵ كەسێك، لە سۆنگەی ئەو كردەی بە هونەریكردنی زمانە، كردەیەك كە زمان لە وشە و دەربڕینی ئاساییەوە، دەگۆڕێت بۆ زمانی شیعر و چێژ و مانا. لێرەوەش زمانی شیعر و زمان بە مانا كۆمەڵایەتییەكەی لە یەكتری جیا دەكرێنەوە. شیعر بەر لەوەی چێژ، مانا، تێمای شیعری بێت، لە بنەڕەتدا زمانی ئاماژە و نووسینە، هیچ زمانێكی ماناییش بە بێ هەڵگڕی ماناوە بوونی نییە، ئێمە چونكە بەدرێژایی مێژووی شیعر، سەروكارمان تەنها لای وێنە و مۆسیقا و چێژی شیعریی و سەرواو كێش بووە، ئیدی بەگشتی كەمتر ئاستی زمانەوانی ڕێزمانیمان لە ئەزموونی شیعری شاعیران خستۆتە بەر فۆكس. بۆیەشە دەبینین ئەوەی بۆ ئێمە لە شیعردا بە گشتی گرنگە، ئەو مەودا هونەریی و چێژە شیعریەیە، نەك كردارەكانی زمان، ڕێكخستنی زمانەوانی و پەیوەندی وشە و مانا و دەنگ و مۆرفیم و ستانزای شیعریی و تۆپۆگرافیای دەقی شیعری، كە هەموو ئەمانە دواجار پێكهاتەی هونەری دەقی شیعرین. نەبوونی ڕێسكانی زمان لە شیعردا، وەك ئەوەی شیعری خۆی زمانە و لە دەرەوەی ڕەهەندی زمانەوانییە، بەو مانایە نییە كە ئیدی تەنها گوتن و دەربڕین لە شیعردا بكرێتە پێوەر، بەڵكو ڕێكخستنی زمانەوانییش لە شیعردا، لە ئاستی ڕێزمانیدا، دەبێ بوونی هەبێت، بەتایبەتیش كاتێ زمان سیفەتە زمانەوانییەكانی وەك تاك و كۆ و هاوەڵكار و شوێن و پێشگر و پاشگر وەردەگرێت. نەژادی عەزیز سورمێ، لە كۆمەڵە شیعری (تەلارساز و هەندێ لە زیندە خەونەكانی) گەرچی ناونیشانی كۆمەڵە شیعرییەكەی تەلارسازە، بەڵام ئەوەی لەو شیعرانەدا نەبێت تەلارسازیی شیعرییە! شیعر لەبونیادنانی ئەو باڵاخانە سەد نهۆمییە دەچێت، كە دەبێت ئەندازەیانە، هەر خشت و دیزاین و پێكهاتەیەك یەكتری تەواو بكەن، بۆ ئەوەی بە هەموویان دواجار دیكۆرسازییەكی جوان بە باڵاخانەكە بدەن، بۆ ئەوەی لە دوورەوە ببێتە جێی سەرنج و هەڵوەستەكردن. لەو كۆمەڵە شیعرەدا، لەكەمترین شیعردا، ڕەچاوی ئەو تەلارسازییە كراوە، شاعیر ئەوەدەی مەبەستی بووە، لە ڕووی شیعر و وێنەی هونەرییەوە لە سەر زمان بووەستێت و شتێك لە پەراوێزی بە ناو شیعرەوە بڵێت، ئەوەندە ڕەهەندی واتایی و زمانەوانی شیعرەكانی بەلاوە گرنگ نەبووە، بۆیە بێ ئەوەی هەستتی پێ بكات، كەوتۆتە هەڵەی دەربڕینی شیعریی و زمانی، بە جۆرێك تەنانەت كردارە زمانەوانییەكانی تاك و كۆشی، كە بنچینەیەكی سەرەتایانەی هەر زمان و دەقێكە، ڕەچاو نەكردووە ،وەك ئەوەی ئیدی ئەمە بۆ شیعرو پێكهاتەی هونەری دەقی شیعری گرنگ نەبێت. نەژاد لە شیعرێكدا دەڵێت:_

شیعر و مۆسیقا
لە ئاسمانی هەرە بەرزەوە
بە سەر كۆشكی پاشادا دەبارێ
ئەویش بە یەكسانی
بە سەر هاونیشتمانییانی دابەش دەكا (تەلارساز _ ل 159)
گەرچی شیعر ژانرێكە لە دەرەوەی ڕیچسا زمانییەكان و ناچێتە نێو ئەو كۆنسێپتە زمانییەی كە هەیە لەڕووی ڕێزمانییەوە چونكە ژانرێكی ئازادە، بەڵام كاتێ مانای شیعریی، لە پەراوێزی كردەی زمانی و ڕێزمانی دروست دەبێت، بێگومان دەبێ ڕەچاوی بنەما ڕێزمانییەكان بكرێت. لەو ڕوانگەیەوە گەر سەرنج لەو كۆپلە شیعرییە بدەین، دەبینین شیعر و مۆسیقا دووانن، كەچی كرداری دەبارێ تاكە، واتا بكەر كۆیە، كار تاكە، بۆیە دەبارن دروستترە. شیعر و مۆسیقا، دوو ژانری جیاو سەربەخۆن و یەكێكییان ئەدەبییە و ئەویتریان هونەرییە و هیچ پەیوەندییەكییان بە یەكەوە نییە، بە شێوەی تاكیش دانابارن، چونكە ئامرازی واوی جیاكردنەوەیان هەیە، كەواتا دەبارێ هەڵەیە. وێرای ئەمەش ئەم شاعیرە دەیەوێت پەیامی ئەوەمان بداتێ، گەر پاشا نەبێت، ئێوە شایەنی شیعر و مۆسیقا نین، خودا لە ئاسمانەوە بە سەر كۆشكی ئەو دەیانبارێنێت، دواتر ئەویش وەك بەحشش و دەسكەوتێكی پاشایانەی خۆی، بە هاووڵاتییەكانی دەدات ! بە ڕاست پاشا هەیە لە دنیادا، یەكسانخواز و دادپەروەر بێت؟ شیعر و مۆسیقا كە لە ئاسمانەوە دەبارن، بۆچی دەبێ تەنها بە سەر ماڵی ئەو پاشایە داببارن، كە شاعیر پەسنی داوەو پێی وایە گەر ئەو نەبێت، ئەوا كەسمان شیاوی ئەوە نین گوێ لە شیعر و مۆسیقا ڕابگرین؟ ئایا ئەركی شیعر وەك پەشێوی مەزن وتنەنی ئەوەیە وەك چەكوچ سەری پاشاكان پان كات یان ستایشییان بكات؟ شاعیر لە وێنەیەكی دیكەی شیعریدا، هەر پەیوەست بە كردە زمانییەكانەوە، ئەمجارەیان دەڵێت:_
بوونەوەر
چاوی شەیدایان
لە گەنجینەی سەرو بنی دنیا دایە (تەلارسازو _ ل 78)
هەندێك وشەی تایبەتمەند لەزمانی كوردی هەن، بێ نیشانەی ئەلفونوونی كۆ، خۆیان دەلالەتی كۆ وەردەگرن، وەك ( میللەت، گەل، تیپ، بوونەوەر ) بەڵام كاتێ ئەم وشانە دەچنە نێو چوارچێوەی ڕستەیكی گەیاندنەوە یان هەر ڕستەیەكی دیكە، كە تیایدا گوزارشتەكانی كرداری تاك و كۆیان تێدا بێت، ئەوا ئەو خەسڵەتە تایبەتییەی خۆیان نامێنێت. بوونەوەر لەو وێنە شیعرییەدا تاكە، كەچی چاوی شەیدایان، كۆیە چونكە نیشانەی كۆی بە سەرەوەیە، بۆیە بوونەوەرەكان دروستە. ئێمە كاتێ باسی گەلانی دنیا دەكەیەن، ناڵێین (گەلی دنیا) بەڵكو دەڵێین (گەلانی دنیا)، بەڵام كاتێ باسی گەلی كورد دەكەیەین دەنووسین (گەلی كورد) لێرەدا، ئەو گوزارشتە مانای كۆیانەی خۆی دەگەیەنێت، بەڵام گەلانی كورد، نابێت، چونكە كورد یەك نەتەوە و گەلە، وەك هەر گەلێكی دیكەی دنیا. شاعیر وایزانیوە، بوونەوەر چونكە بە مانای كۆ دێت، ئیدی پێویستی بە نیشانەی كۆ لەو ڕستەیەدا نییە، لە كاتێكدا لە میانەی ئەو وێنە شیعرییەدا، تەلارسازیی شیعری تێكداوە و لەنگییەكی زۆری دروست كردووە. بۆیە دەبوو بنووسێت:_
بوونەوەرەكان
چاوی شەیدایان
لە سەر و بنی دنیا دایە.
ڕووێكی دیكەی ئەم كۆمەڵە شیعرەی ئەم شاعیرە، ئەو هەڵە زەقە خاڵبەندییانەن، كە لە دێڕە شیعرەكاندا كردوویەتی. بە جۆرێك ڕستە هەیە پرسیاری نییە، كەچی ئەو نیشانەی پرسیاری بۆ داناوە . ڕستە هەیە پێویستی بە نیشانەی سەرسووڕمان نییە، كەچی ئەو نیشانەی سەرسووڕمانی بۆ داناوە. ئەم شاعیرە، لە شیعرێكدا دەڵێت:_
لە بازاڕی كوتاڵفرۆشان
كە هەمیشە بە ژنان
هەڕمێنییان بۆ دەگەڕێتەوە ؟ (تەلارساز _ ل 15)
شاعیر نیشانەی پرسیاری بۆ دێڕی سێیەمی كۆپڵە شیعرییەكە داناوە، كە خودی ڕستەكە هیچ پرسیارێكی تێدا نییە، بەڵكو ئەم ڕستەیە، ڕستەیەكی ڕاگەیاندنە و پەیوەستە بە گەڕانەوەی ژنان وەك هەواڵێك بۆ بازاڕی كوتاڵفرۆشان ! وێرای ئەمەش شاعیر وشەی هەڕمێنی بە هاوواتای ئاپۆڕا، یان قەرەباڵغی بەكار هێناوە، لەكاتێكدا هەڕمێن بە مانای بە بڕشت دێت نەك ئاپۆڕا، وەك ئەوەی شاعیر نووسیویەتی ! شاعیر لەو دەربڕینەدا دەیەوێت ناڕاستەوخۆ ئەو پەیامە بگەیەنێت، كە ژنان چەندە ئارەزووی كڕینی كوتاڵ و پۆشاك دەكەن و خەیاڵیان هەر لای ئەو كەل و پەلەلانەیە، كە ژنی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا پێ دەناسرێتەوە، بۆیە ناڕاستەوخۆ دێت لە پێگەو سەنگی ژن دەدات و هەمان ئەو وێنە میللییەی كە كۆمەڵگە بۆ ژن هەیەتی، ئەو دەیكاتە بەناو شیعرێك. دەنا هەموومان دەزانین، مەرج نییە هەر تەنها ژنان بچنە بازاڕی كوتاڵفرۆشان، مەگەر پیاویش پێویستی بە كوتاڵ و سەردانیكردنی ئەو بازاڕە نییە؟ بە ڕاستی بەلامەوە سەیرە، كەسانێك هەبن ئەو دەربڕینە ناهونەریی و میللی و خێڵەكییانە ناو بنێن شیعر. هەر پەیوەست بە ڕێساكانی خاڵبەندییەوە، ئەم شاعیرە لە دێڕە شیعرێكی دیكەدا دەڵێت:_

هەزاران ماسی
هەزاران ماسی دەخۆن
ڕستەی دووەم، پێویستی بە ئامرازی پلەی بەراوردی (تر ) هەیە، بۆ ئەوەی ڕستەكە، لە ڕووی مانایی و ڕێزمانییەوە، واتای تەواو بگەیەنێت، چونكە وێنە شیعرییەكەی ئەو، لە ڕووی زمانەوانییەوە، لە كاتی خوێندنەوەی لەنگییەكی زۆری تێدایە. تێمای ئەم شیعرە، لە بابەتێكی خوێندنەوەی كوردی پۆلی سێیەمی بنەڕەتی هەیە، كە تیایدا چیڕۆكەكە باس لەوە دەكات، كە چۆن ماسییە گەورەكان، ماسییە بچووكەكان دەخۆن، تا ڕۆژێكییان ماسییە گەورەكان بڕیار دەدەن، چیتر ماسییە بچووكەكان نەخۆن. بۆیە هیچ داهێنان و شیعریەت و مانایەك لەو كۆپڵە شیعرییە نییە. بێگومان نموونەی تری لەو شێوەیە، زۆرن بەڵام ئێمە ئەوانەمان وەك نموونە هێنایەوە. دواجار دەڵێین، دەكرێ شاعیرێك باسی تەلارسازیی بكات، بەڵام هەرچی تەلارسازییە لە شیعرەكانی دا نەبێت؟ مەگەر هیچ ژانڕێكی ئەدەبی، هێندەی شیعر پێویستی بە تەلارسازیی و ڕێكخستن و هونەری وێنە و داڕشتن و مانا هەیە؟!

*پەراوێز: تەلارساز و هەندێ لە زیندە خەونەكانی، شیعر، نەژادعەزیز سورمێ، ساڵی چاپ _2018.

*ئەم بابەتە لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ ژمارە (1245) لە 31/10/2024 بڵاوكراوەتەوە.




سەردانەکەی سودانی بۆ بەریتانیا بۆ دیپۆرتی پەنابەرانێکە کەژیانیان رووبەڕووی نائارامی و نادڵنیایی بۆتەوە!

رۆژی سێشەممە ١٣ی جەنیوەری ٢٠٢٥ محمد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و کییەر ستامەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە رێکەوتنێکی هەمەلایەنەیان واژۆکردوە لە بوارەکانی ئەمنی و بازرگانی و وەبەرهێنان بە بڕی ١٢.٣ ملیار پاوەند.
ئامانجی ئەم گرێبەسەتە هەمەلایەنەی نێوان بەریتانیا و عێراق وەکو ڕاگەیاندنەکەی خۆشیان ئاماژەیان پێکردوە دوو لایەنی گرنگی ئابوری و ئەمنی هەیە کە هاوکات لێکەوتەی سیاسیشی دەبێ لە پەیوەند بە نزیکبوونەوەی عێراق لە بەریتانیا بەتایبەتی و دەوڵەتانی رۆژئاوا بەشێوەیەکی گشتی. دانی ئیمتیازاتی وەبەرهێنان لەبواری نەوتدا بە بەریتانیا کە کۆڵەیەکی گرنگی ئابوری و پیشەسازی عێراق پێکدەهێنێ، لەم دۆخە سیاسیەی ناوچەکەدا بەدوای روخانی رژێمی ئەسەد و توندبوونەوەی فشارەکان لەسەر عێراق بۆ دورکەوتنەوە لە ئێران، ئەو پەیامەیە کە لەناوەرۆکی سیاسی ئەم گرێبەستە ئابوریەدا خۆی حەشارداوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەم رێکەوتننامە هاوبەشە تەواوکردنی هەنگاوەکانی دواتری ئەو رێکەوتنەیە کە لە نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا لە نێوان وەزیری ناوخۆی عێراق و بەریتانیادا واژووکرا بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقیانەی کە داواکاری مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە. ستارمەر و سودانی، هەنگاوە کردارییەکانی جێبەجێبوونی ئەم هەنگاوە نامرۆڤانەیان تاوتوێکردووە.
بێگومان ئەم رێکەوتنە بۆ بەریتانیا دەسکەوتێكی ئابوری گرنگە لەم دۆخە قەیرانگرتوە ئابوریەی بەریتانیادا، هەروەکو دەسکەوتێکیشە لە بواری ئەمنی و جێبەجێکردنی سیاسەتی دژی پەنابەری حکومەتەکانی بەریتانیا کە ساڵانێکە بەشێوازی جۆراوجۆر لەهەوڵی جێبەجێکردنیدان و تائێستا سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان بەدەست نەهێناوە، بەتایبەتی کە بەشێکی بەرچاوی ئەوانەی پەنا بۆ بەریتانیا دەهێنن هاوڵاتیانی عێراقین.
بەڵام ئەگەر ئەم رێکەوتننامەیە بۆ سودانی رازیکردنی دڵی وڵاتانی رۆژوئا و بەریتانیا بێت لەچوارچێوەی ئەو دۆخە سیاسیە تازەیەی ناوچەکەدا و هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل لەدوای هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران لە عێراقەوە بۆسەر ئیسرائیل، ئەوا لەناوخۆشدا لەپێناو زیادکردنی باڵادەستی حکومەتی عێراقی و بچوکردنەوەی زیاتری دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمە، لەڕێگای رادەستکردنی وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوك و ناوچە جێناکۆکەکان و بگرە ژێردەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بە کۆمپانیای “بریتش پیترۆڵیوم” بەپێی رێکەوتنامەی نێوان حکومەتی عێراق لەگەڵ بەریتانیادا و دەرکردنی حکومەتی هەرێم لەم گرێبەستەدا.

حیزبەکەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، کە دەوری راستەخۆی هەبوو لەداگیرکاری عێراق و تیکدانی ژیرخانی ئابوری و هەموو بنەماکانی کۆمەڵگای عێراق و هێنانەپێشەوەی چەندین ڕەوت و گروپی دینی و قەومی و عەشیرەتی بۆ سەرشانۆی سیاسی عێراق، کە کارنامەیان پڕە لە گەندەڵی و تاوان و کوشتارو ئاوارەکردن و بێماڵوحاڵکردنی هەزاران هاوڵاتی عێراق و ناچاکردنیان بە هەڵبژاردنی ژیانی پەناری و رووبەڕووبوونەوەی کارەسات، نەک ئامادەنین بەرهەمی سیاسەتی چەوتی خۆیان قبوڵبکەن، بگرە پەنابەرانێک کە شانسی رزگاربوونیان بۆ هاتووتەپێش و لەبەریتانیا نیشتەجێ بوون، پێچەوانەی پێوانە نێودەوڵەتیەکان لەبارەی مافی پەنابەرانەوە، بەدەستخستنە نێودەستی دەسەڵاتەکەی سودانی، بەشێوەیەکی نامرۆڤانە دیپۆرتی عێراقیان دەکەنەوە. ئەم هەوڵانەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەپاڵ هێرشی بەردەوامی چینی بۆرژوازی و دەوڵەتەکەی بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیشی بەریتانیا و سەپاندنی سیاسەتی سکهەڵگوشین و بێکارسازی و گرانی و شکاندنەوەی قەیرانە کوشندەکانیان بەسەر شانی خەڵکی کەمدەرامەتی بەریتانیادا دەڕواتەپێشەوە، گوایە ئەوەی هۆکاری بێکاری و نەمانی خزمەتگوزاریە گشتیەکانە ئەو رێژە زۆرەی پەنەبارانن کە بوونتە بار بەسەر ئابوری وڵاتەوە، نەك خودی سیستەمی قازانجپەرستی بۆرژوازی بەریتانی کە لەسەر هەژارکردنی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و سەندنەوەی دەسکەوتەکانیان و خزمەتگوزاریەکان و سەپاندنی یاساو رێسای سەدەکانی ناوەڕاست بەسەر چینی کرێکاری بەریتانیادا، سامانی ملیاردێرەکانیان بە ئاسماندا دەچێت.
ئێمە لە ڕێکخستنی بەریتانیایی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەکاتێکدا بەشێکین لە خەباتی چینی کرێکاری بەریتانیا لەپێناو ژیانێکی شەرافەتمەند و دوور لە سکهەڵگوشین و بێکاری و هەژاری، هاوکات ئەم هەنگاوە سیاسیەی هەردوو حکومەتی بەریتانیا و عێراق و بازرگانیکردن بە ئایندەو ژیانی پەنابەرنێکی عێراقیەوە کە لەدۆزەخی دەسەڵاتی مافیایی میلیشیایی عێراق و حکومەتی هەرێم هەڵهاتوون و بەئومێدی دامەزراندانی ژیانێکی ئارام و شایستەی مرۆڤی ئەم سەردەمە موجازەفەیان بە ژیانیان کردوەو ماڵوحاڵیان هەرزانفرۆشکردوە، بە توندی سەرکۆنە و ڕیسوا دەکەین و دژی دەوەستینەوە. هاوکات بانگەوازی رێکخراوە کرێکاری و کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕەکان و ئازادیخوازانی بەریتانیا و هەروەها کوردستانیانی دەرەوە دەکەین کە پێکەوە دژی ئەم پیلانگێریەی هەردوو حکومەت بوەستینەوە.
.
ڕێکخستنی بەریتانیایی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

١٦/١/٢٠٢٥




رۆمـانی کـۆشان و چـۆڕاوگەی چـێژ.. رەزا شـوان

رۆمـانی (کـۆشـان و چـۆڕاوگەی چـێـژ) لە نـووسـینی نـووســەر و رۆژنـامـەنـووس و تێکـۆشەری ناسراوی گەلەکەمان کاک (دارا خـونچـە) یە. رۆمـانەکە لە (٤٥٢) لاپەڕە پێکهاتووە. لە ساڵی (٢٠٢٢) دا لە چاپخانەی (کتێبخانەی فێربوون) دا چاپی یەکەمەی کـراوە و بڵاوکراوەتەوە، تیـراژی (٥٠٠) دانـە. دەرهـێنانی هـونەریی (رۆژ دیزایـن)ە.
هـەڵسەنگانـدنی رۆمـانی چـۆڕاوگەی چـێژ، لە رووی: ناوەڕۆک، داڕشتـنی وێـژەیی و هـونـەری، رێنـووسی، زمـانەوانی، هـزری، پەیـام و ئامـانجـەکانی، لە خـۆم رانـابینـم باس لەسەر هەمـوو ئەولایەنـانەی بکەم. ئەمـە بە کاری رەخـنەگـرێکی شارەزای ئەو بوارانە دەزانـم، کە بە شێوەیەکی دروست و بێ لایـەنـانە ئەم رۆمانە هەڵـبسەنگـێنێت.
بەڵام وەک خوێنەرێک، هـەر خوێنەرێکیش بە پێی تێگەیشتنی، راو و بۆچوونی خۆی هەیە، دەشێت هاواڕام نەبێت و هەمان را و بۆچوونی منی نەبێت. ئەمەش سروشتییە.
بە تەنها جارێکی خوێندنەوەش، ناکـرێت بە پوختی و بە درێـژی مافی خۆی بدەیـتێ و بە کامی دڵ باس لە هەمـوو چـیرۆکەکان و بەسەرهـاتەکانی ناو ئـەم رۆمانە بکـرێـت. رەنگە بە نووسـینی پەرتـووکێکـیش کـۆتـایی بە هەڵـسەنگانـدنی ئەم رۆمـانە نەیـات. بـۆیـە زۆر بە کـورتی و بـە چـڕوپـڕی سەرەنج و را و بۆچـوونەکانـم دەخـەمـە روو.
من پێموایە ئەم رۆمانە، رۆمانێکی تـازە و نـاوازەیە. هەرە زۆری جورەکانی رۆمانی لەخۆگرتووە، وەک: شـۆڕشگـێری و نیـشـتمانی، رامیـاری، مـێژوویی، کۆمـەڵایـەتی، ئەڤـینـداری، یـادەوەری، بیـۆگـرافی، کـۆمیـدی، رەخـنەیی،… تـد.
رۆمانی کۆشان و چۆڕاوگەی چێژ، لە رووی داڕشتن ویژەیی و هونەری و رێزمانی و هـەڵەی رێنـووسی و جـوانکاری و رەوانبیژی و خاڵـبەنـدییـەوە، مەگەر بە دەگـەمـەن هەڵەی تێـدا بێت، ئەمەش توانـا و بەڵـەدی و ئەزموونی دوورودێـژی رۆمـاننووس لە زمانی کوردی و هـونەری نووسین و داڕشتن دەسەلمێنێت. بەڵام نووسەر تا رادەیەک شـێوە زارێکی ناوچەیی باشووری کوردستانی لە نووسینی رۆمـانەکەی بەکارهـێناوە. هـیچ شاکارێکی وێـژەیی جیهـانیش پێـرفـێکـت نییە و هـەڵـەی تێـدا هـەیە. رۆمـانەکە کـراوتە (٧) بەشـەوە، هـەمـووشیان بەیەکـەوە گـرێـدراون. چەنـدیـن بەسـەرهـات و کارەسات و چـیرۆک و کـێـشە و بابـەتی هـەمـەجـۆرەی چـێژبـەخـش و خەمبـەخـشی لەخۆگرتوون، خەنـدە و فـرمێسک، شادی و خەم، تێکەڵ بە یەکـری دەبـن. ئەکـتەرە سەرەکی و لاوەکـییەکان لە هـەردوو رەگەز زۆرن. بەڵام خـودی نـووسـەر، ئەکـتەری سـەرەکی و دینەمـۆی رۆمـانەکەیەتی. زۆر راسـتگـۆیانە و بـوێـرانە بەسەرهـاتەکان و خۆشی وچـێژە سێکسییەکان دەگێڕێتەوە. کە لە ئاین و داب و نەریتی کۆمەڵگای ئیمەدا، رەنگە بڤـە و سنوور بەزانـدن بن. بەڵام نووسەر بە مافی ئازادی هەر تاکێکی دەزانێت. بـڕواشی بـەو قـسانەی هـەیە کە دەیـانـڵـێـت. بـەو کـردانەش کە کـردوونی و دەیـانکات. نەک هەر خۆێ، بەڵکو زۆربەی ئەندامان و لایەنگران و بەرپـرسانی رێکخـراوەکەیـان. بەرپرسەکانیـشیان لەم رووەوە، پێشەنگ و سەرمەشقـن. ئامانجیشیان هـۆشیارکـردنەوە و گۆڕانگارییە لە ژیانی ئەمـڕۆ و داهاتووی کۆمەڵ و پووچەڵکـردنەوەی، ئەو ئەفـسانە باوە نەریتییە دواکەوتووانەی، کە لە ئەمـڕۆدا، بوونەتە لەمپەر لەڕێی ئازادی و گـۆڕان و چاکـسازیـدا. کە تەنیا کەسانێکی چاوچـنـۆک و دز و پارپـەرسـت و دەسەڵات پەرسـت لـێی سوودمەنـدن. چـالاکـییەکـانی رێـکخـراوەکەشـیان، بە زۆری لە لە وڵاتـانی دەرەوە دایە، چـونکە ئازادیییەکی زیـاتر هـەیە. زۆربـەی ئەنـدامـان و لایەنگـرەکانیشـیان، لەو کەسانە کە وازیـان لە پارتییەکان هـێناون و لە کـۆنـدا پێـشمەرگە و شۆڕشگـێڕ بوون. یان لەو کچ و ژنانەن، کە لە ترسی چالاکییەکان و کێچەڵکـردنی سێکـسی هەڵهاتـوون.
رۆمـاننووس بە خەبـاتی پارتـایەتی و رێـکخـراوەیی نهـێـنی ناو شـار، دژ بە رژێـمی ستەمکار و سەرکـوتکەر و داپـڵـۆسێـنەر دەسـت پێـدەکات. کە ئاشکـراش دەبێـت. بـۆ درێـژەدان بە تێکۆشـان و بەرخـودانی، لە پێناوی رزگـارکردنی نیشتمانەکەمان و مافە رەواکانی گەلەکامان. دەچـێتە ناو شۆڕش و دەبێتە پێشمەرەگەیەکی دلـێر و و نەبـەرد. دەبێتە پێـشمەرگەیەکی چەک هـەڵگر و بە سەرکردەیەک لە هـێزێکی پێـشمەرگەدا، لە چەندین داستانی نەبەردیی دەستەویەخەی شەڕ لە دژی رژێـمی دیکتاتۆری، بەشداری دەکات وەک کادرێکی رامیاریش، گوندنشینەکانیش هـۆشیار دەکاتەوە. سەرسەختانەش داکۆکی لە مافەکانی چـینی چەوسـاوە و مافـخـورا و سەرکوتکـراو و دەمکـوتکـراوان و ژنان دەکات. وەک نووسەر و رۆژنامەنووسێکی بە ئەزمۆنیش، بەسەر هـیچ کارەسات و هەڵـوێست و چالاکی و چـیرۆک و سەرگـوزشتە و گـێڕانەوەیەک، بازی نەداوە کە بە چاوانی خـۆی بینیویانی، یا خـۆي بەشـداریی تێـدا کـردوون. یـان بۆیـان گـێڕاونـەتـەوە. بەبێ ئارایش و تیفـتیفەدان، تـرش و خوێ پێوەکردن، وەک مێـژوونووسێکی راستگـۆ، لە تێـنووسی بیـرەوەرییـەکانیـدا تـۆمـاری کـردوون. بـوونـەتە ئـیـلهـام و هـەوێـن و لە چـوارچـێوەی ئـەم رۆمـانەیـدا، بـە شـێوەیــەکی وێـژەیی و هـونـەری دایـانی ڕێـژاون.
بە تونـدی و بێ سازشکردن، رەخنەی لە هـەمـوو ئەو گەنـدەڵی و دزی و قـورخکردن و خـۆخـۆی و بـەرژەوەنـدپـەرستی و هـەلـپەرسـتی و بـێـسەر و بـەرەییـانە دەگـرێـت، کە لە نـاو شـۆڕشـدا هـەبـوون. پـێـگە و پـایـەی بـڵـنـد و بەرپـرسیارێـتـیی هـەستیار و چارەنووسساز کەوتبوونە بن دەستی کەسانێکی هەلپەرست و بەرژەوەنـدی پەرست و نابـەڵـەد و گەلحـۆ و هـەرزەگـۆی هـیچ لەبـار، کـە لـەولای هــیچەوە لـۆقەیان دەکـرد. کـەسی شـیاو نەبـوون لـە شـوێـنی شـیاودا. کەسـانـێکی دەربـەگ و کـۆنەپـەرسـت و هەلـپەرسةت و بەرژەوەنـدی پەرسـت بــوون. فـڕیـان بەسـەر شــۆڕش و رامیـاری و رێکخـستنەوە نەبـوو. کەسانێکی کاسەلـێس و پێـڵاودانـەر و مەسینەهـەڵگـر و تـەشی رێـس و شانتەکـێن و دەڵـەچە و یان کۆڵکە رۆشنبیریان لە خۆیان کۆکـردبوونەوە، بۆ ئەوەی بە شان ۆ شکۆیاندا هـەڵبدەن. کرمی باڵ باڵـێـنەوە و خـزمخـزمـێنە و پاشکۆیی و ناوچەگەری و خـێـڵەکی و بنەمـاڵەیی، جەستەی لە شـۆڕشیان کـرمـۆڵ کردبوو. فـرە کوێخایی و جیاوزی و دووبەرەکی مـلمـلانێ و جـیابوونەوە بـراکـوژی سەریان هـەڵـدا.
بە سەدان پێشمەرگەی ئازا و دڵسۆزیان، لە خشتەبردن و لە شەڕی نەفرەتی براکوژیدا بە کوشتیان دان. کە تا ئەمڕۆش هەنـدێکیان گۆڕنادیارن. دوایش سەرکردەکانی شەڕی براکوژی، وەک نە بایـان دیتـبێ و نە باران، ئەوەی بە بیریـانـدا نەیەت ئەو پێشمەرگە کوژراوانەی شـەڕی بـراکـوژیـن. هـەزاران تـف و نەفـرەت لە شـەڕی بـراکـۆژی بێـت. ئەو پێـشمەرگە و رابـەرە رامیـارە دڵسـۆزانەی ناو شـۆڕش، یـان دەبـوایە قـوڕوقـەپی لێبکەن ـ ئەمەش ناکرا ـ یان تومەتێکیان بۆیان هەڵدەبەست و داوێکیان بۆ دەنایەوە و لە ناویان دەبردن، یا ئەوەبوو کە ناچار دەبوون، چەک دابنێن و سەری خۆیانهەڵبگرن و نیشـتمانەکەیـان جـێبهـێـڵـن ببنە پەنابەری وڵاتـان.
نووسـەر دێتە سەر نوشستی شۆڕش و داگیرکردنەوەی زۆربەی ناوچەکانی نیـشـتمان لەلایەن رژێمـەوە. تا دەگـاتە راپەڕیـن خەڵـکی لە دژی رژێـمە داگـیرکەری خـوێـنڕێـژ.
دەسەڵاتی بەڕێـوەبـردن دەکـەوێتـە دەستی پارتـییە خـۆسەپـێـنەکان. لە دوژمـن خـراپـتر سەرکـوت و دەمکـوتی خـەڵـکی رەش ورووت و بـرسی و بێ دەرتـانی نیشـتمانەکەمان دەکەن و تا دێت بەری ئازادی و یەکسانی تەسکتر دەبێتەوە. بە هەزاران لاوی جوانمان بێزاربوون و لە ترسی رۆحیان و لە بێ هـیواییـدا سەری خۆیان هـەڵگرت و نیشتمانیان بەجـێ هـێشت. بە شـێکیان بـوونە خـۆراکی ماسیی دەریـاکان. بە شـێکـیشیان بـوونـەتە پەنابەرانی وڵاتان. بەشێکی زۆر لەو جاشانەی کە ببوونە چاوساغی دوژمن، لە جیاتیی سزادانیان. کەچی رێـزیان لێدەگرن و کاربەدەستن و لە پێگە و پایەی باڵای دەسەڵاتدان، شوێنیان کـردوونەتەوە و یاری بە چارەنـووسی گەل و نیشتمانەوە دەکەن. رۆماننووس بە راشکاوی و بەبێ تـرس، بە بەڵگە و نمـوونەوە، باسی لـەم گەنـدەڵـییانەی کـردووە.
نووسەر دێتە سەر باسی خەبـاتی رێکخـراوە چاکـسازی و راستکـردنەوەکەیـان، کە لە نیشـتـمان و لە دەرەوەی نیـشـتـمانـدا دایـان مەزرانـدووە. لە پێنـاوی داکـۆکـیکردنێکی سەرسەختانە لە مافەکانی سەرکوتکراوان و چەوسێنەران و مافەکانی ژنان و یەکسانی بوونیان لە هەموو مافێکـدا لەگەڵ پیاوان. چونکە کچان و ژنان لە هـیچ روویەکەوە لە پیاوان کەمتر نین. مەگەر لە کۆمەكگایەکی پیـاوسالاری و نێرسالاری و ئاین سالاری و کۆنەپەرستدا نەبێـت. کە وا لە ژنـان دەڕوان، کاڵایەکی بازرگانین و کڕین و فـرۆشتنیان پێوە دەکرێت و تەنیا بۆ دامـرکاندنی خرۆشی ناوگەڵیان، چـێژ لە جەستەیان وەردەگـرن. یەکسانیان لەگەڵ نێردا هـێڵی سوورە. هەر ئەم کۆنەپەرستانە تا ئەمڕۆش، کە خێزانێک چەنـد کچـێکی هـەبێـت و کوڕیـان نەبـێـت. بە وچـاخ کـوێـر نـاوی دەبـەن. ئـەم مـێـشک پـووچـانە، بیـر لەوە ناکـەنەوە، کە هـاوسەرەکانیـان ژنـن و دایکـانیان ژنـن و لـە ژنـان لەدایک بوونە و بەبێ ژن ناتوانن بـژیـن. ئەوەتا ژن ژیـان ئـازادی، بوونە بە دروشمی شـۆڕشی نـوێی ژنـان لـە کوردسـتان و لـە دەرەوەدا. رێکـخـراوەکەیـان سـەرسـەخـتانە داکـۆکی لە مـاف و لە ئازادییەکانی ژنـان دەکـەن. بە چـاوی یەکـسانی و هـاومـافـییەوە، سەیـری پیاوان و ژنـان دەکـەن. هـەرەس بە دیـواری جیـاوازی دەهـێـنن. رێکخراوەکەشیان کراوە و بێ سنوورە، ئەندام و لایەنگرەکانشیان لە هەموو نەتەوەکان پێکهـاتـوون، کە بـڕوایان بە ئـازادی و بە یەکـسانی هـەیە.
شایەنی باسیشە رۆماننووس ناوی ئاشکرای هیچ کەس و شوێن و پارتییەکی نەهێناوە. بەڵکـو هەر ئەکـتەرێک لە ئەکـتەرەکانی رۆمانەکەی، نناوێکی خـوازراوی گونجاوی بۆ دانـاون. وک: کـیژە رووگەش و قەشـەنـگەکە، بەڕێـوەبەری گـەورە، هـاوڕێ هـێـستر، هـاوڕێ سی سی، خـانـمی تـاقـانە، شـیـنە شـاهـۆ، بـاش باخـەوان، بـابی ئامـۆزا، کـیژە تـاوس ئاساییـەکە، هـاوڕێ کڵاوقـوت، هـاوڕێ رۆژهـەڵاتی، مـامـۆسـتای مـۆسیقـاژەن، خانی کوڕانی، کاکە کـیژانی، کیژی ئەندام پەڕلەمان، خوشکێ، سەرتۆپ، کوریکەسۆر، خـونچـە، شـەکـرسـتانی، ئامـۆزا، چـاو گـەش و شـتەکە،… تـد.
بە کورتی تا رۆمانی (كۆشـان و چـۆڕاوگەی چـێژ) ی کاک (دارا خـونچە) نەخـوێـننەوە ناتوانـن ئەو پەیـام و مەبەست و ئامانجـە نـزیک و دوورانەی هـەڵـبهـێجـێنـن و چـێژ و سوودی لێوەربگـرن. ئێـوەش سەرنـج و رەخـەنە و بۆچـوونەکانی خـۆتان بخەنە روو. تێـشدەگەن کە ئەم رۆمـانە چ ئامانجـێکی: رامیـاری و کۆمەڵایەتی و مافـەکانی مـرۆڤ بە ژنـان و پیاوانەوەی لەخۆگرتـوون. بۆ یەکەم جاریشە سنووری بـڤـەکان دەبەزێنێـت. بە راشکاوی و بـوێـرییـەوە، باس لە بەسەرهـات و چـیرۆک و لە چـێژی دامـرکـانـدنی خـرۆش و ئارەزووی نێـوان ژنـان و پیـاوان دەکات. بـە گـرنگـیشی نازانـێـت، کە وەک هـەر سەرکـێشییەکی داهـێنان و تازەگـەری، کە رۆمـانەکەی چی رەخـنە و مشـتومـڕ و دژایـەتیکـردنـێک بە دوای خـۆیـدا دەهـێـنـت. پێـمـوایە نـووسـەری راســت و ئـازا، یا نابـێـت بنـووسێـت، کـە نـووسـیشی نابـێـت بتـرسـێـت.
لە کۆتاییدا، جـوانتریـن پیـرۆزبایی و دەستخـۆشی لە کاک دارا خونچـە دەکەم. بۆ ئـەم رۆمانە مۆدێـرن و ریچکەشکـێن و ناوازەی. مـن وەک خوێـنەرێک، لە زۆر رووەوە، چـێـژ و خۆشی و سـوودێـکی زۆرم لێوەرگـرت. چەنـد وشەیەکی تازەش بەرچاوکەت.
رەزا شـوان
دوبـەی: ٢٠٢٥




لە بوونەوە بۆ نەبوون یان به پێچەوانەوە.. نەوزاد بەندی

یەکێک لە دەبەنگییەکانمان ئەوەیە زۆر هەوڵ بۆ سبەینێ ئەدەین و کێبڕکێمانە تاکو لە سبەینێدا بژین ، بە بێ ئەوەی بزانین لە سبەینێدا چی ڕوو دەدات ..ئەو مردووانەی لە گۆڕستانن ، هەموویان بە تاسەوە چوونە سبەینێیەک، کە تیایدا ڕووداوی مردنیانی تێدا بوو ..
ئەزانم کە هاتنی سبەینێ لە دەست خۆماندا نییە ، بەڵام مەبەستم لەوەیە ئەوەندە خەونی ڕەنگا و ڕەنگ و هیوای گەورە بە سبەینێوە نەبینین .. ئاخر ئەو خەون و هیوا گەورانەیه بە هۆیانەوە شەڕ و خیانەت و دۆزەخ لە دنیادا دروست ئەبێ ..بەڵام کاتێ بە ئاسایی بژیت و .. بە بێ تامەزرۆیی بڕۆیتە سبەینێوە ، هەرچییەکی تێدا ڕوو بدات ، تا ڕادەیەک ، ئاسایی ئەبێتەوە ..واتا بژی وەک ئەوەی تۆ هی دنیایت ، نەک دنیا هی تۆیە .. چونکە بتەوێ و نەتەوێ ، تۆ کۆمەڵێ توخم و گەردیلەی ئەو خاکەیت ..
کێشەی بوون و نەبوون کە لە خەییامەوە تا دیکارت پێوەی سەرقاڵ بوو بوون .. پێشتریش لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی پێدراوە کە بە لە دەستچوونەکانمان خەمبار نەبین و بە دەسکەوەکانیشمان دڵخۆش نەبین .. چونکە ئەو شتانەی لە دەستمان چوون ، ئەگەر لەو بەروارەیشدا لە دەستمان نەچوونایه ، له بەروارێکی تردا لە دەستمان دەچوون ، هەر بۆیە پێویست بە خەم بۆ خواردنیان ناکا .. وەک چۆن دەسکەوتەکانیشمان پێویست بە دڵخۆشیی ناکەن لەبەرئەوەی بەروارێک بە ڕێوەیە تیایدا ئەو دەسکەوتانەیشمان لە دەست ئەچێ ..هەتا دڵخۆشتریش بیت بە دەسکەوتێک ، خەمبارتر ئەبیت بە لە دستدانی .. ئەمەیش بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پێناسەی مرۆڤی دانای لێکەوتەوە کە بریتییە لەو کەسەی خۆشیی دڵی خۆش ناکا و .. ناخۆشییش دڵی ناخۆش ناکا .. وەک چۆن خەییام ئەڵێ : ( وەها بزانە چی هەیە نییە ، چی نییە هەیە ، سەیرە ئەم حاڵە ) چونکە ئێمە کە ئەمڕۆ هەین ، ڕەنگە سبەینێ نەمێنین ، لە هەمان کاتدا ئەوانەی کە ئەمڕۆ نین ، سبەینێ لە دایک ئەبن .. بۆیە خەییام ئەڵێ وەها بزانە چی هەیە نییە و ..چی نییە هەیە !! .. کەواتە هەبوونی خۆمان کە گەورەترین دەسکەوتە بەو جۆرە لەبەردەم هەڕەشەی نەبووندا بێ ، ئەبێ ئەو دەسکەوت و خەون و هیوایانە چ نرخێکیان هەبێ وامان لێ بکەن جەنگ و خیانەت و درۆ و بەلاڕێدا بردنی بۆ بکەین ؟ .. ئا لێرەدا گەمژەیی جیهانی مەتریالیست دەردەکەوێ کە پشتی بە دەسکەوتەکان بەستووە ، لە کاتێکدا گەورەترین دەسکەوت کە ژیانە ، بەردەوام ئەمرێ .. یان گەورەترین دەسکەوت کە بوونە ، بەردەوام لە بەردەم هەڕەشەی نەبووندایه ..
هەر بۆیە دیکارتیش دەڵێت : کێشەکە لەوەدایە من هەم یان نیم ..
ئەگەر بڵێ من هەم ، ئەی چی لەگەڵ سبەینێدا ئەڵێی کە تیایدا نەبوون خۆی بۆ مەڵاس دابیت ؟ ئەگەر بیشڵێی من نیم ، هیچ کەسێک و پێش هەمووانیش خۆت بڕوا ناکەیت ، نەبیت ..
بەو جۆرە مرۆڤ بە کۆمەڵ ژیانی هەڵبژارد .. بۆ ئەوەی بە خۆی بسەلمێنێ کە هەیە .. ئەم خانووە منی تیا ئەژیم ، کەواتە من هەم .. ئەو فەرمانگەیە من کاری لێ ئەکەم ، کەواتە من هەم .. ئەو کەسە هاوسەرمە ، کەواتە من هەم .. ئەوانە مناڵی منن .. ئەوانە هاوڕێی منن ..ئەو جل و بەرگانە هی منن ، کەواتە من هەم .. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا ، کاتێ قوڵ ئەبیتەوە ، ڕا ئەمێنیت ، بۆت دەرئەکەوێ کە تۆ هەبوویەکی بە دوای نەبووندا ئەگەڕێیت و هەتا نەیشیدۆزیتەوە ، کۆڵ نادەیت ..هەر بۆیە به بێ ئاگاداریی خۆت ، ئەو تامەزرۆییەت بۆ سبەینێ ، لە بێزاربوونتە لە ژیان .. لە ڕۆتین .. لە گەڕانتە بۆ نەبوون ..بۆ ئەوەی ڕزگارت بێ لە بوونێک کە بەردەوامە لە گەڕان بۆ نەبوون ..
بەڵام لە قۆڵێکی ترەوە ، گەڕان بۆ نەمریی ، کۆمەڵێکی تری سەرقاڵ کردووە ، کە لە ڕاستیدا هیچ لە کێشە سەرەکییەکە چارەسەر ناکا ، پەیکەرەکانی مایکل ئەنجیلۆ .. ڕۆمانەکانی تۆڵستۆی .. تابلۆکانی پیکاسۆ .. ناتوانن مایکل ئەنجیلۆ و تۆڵستۆی و پیکاسۆ بهێننەوە بوون ..بەو جۆرە ئەڵێن مادام ناویان ماوە ، کەواتە نەمرن ..ئەمەیش تەنها شتێکی خەیاڵییە ، یان ڕاستتر دەسکەوتێکی خەیاڵییە ، بۆ نمونە ڤنسنتێکی برسی و تینوو ، چی بکا لەوەی کە لە دوای مردنی تابلۆی گوڵەبەڕۆژەکەی بە 84 ملیۆن یۆرۆ کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێ ؟ کەواتە نەمرییەکی وا ، نەمرییەکی خەمگینە ، تەنانەت ئەگەر ڤنسنت لەناو گۆڕدا ، بوونی بۆ بگەڕێتەوە و بڕوانێتە ئەو سامانە گەورەیەی کە خۆی سەنتێکی لێ نەخوارد ، ڕەنگە جارێکی تر خۆی بکوژێتەوە ..
ئەم دۆخەیش سەلمێنەری ئەوەیە شارستانییەکان و داهێنانەکانی مرۆڤ ، وەک کۆمەڵێ پوش وان بە دەم زریانی نەبوونەوە ، نە ئەتوانن ، نە ئەتوانین بۆ چرکەی داهاتوو ، زامنی مانەوەیان و مانەوەمان بکەین .




ئاکار.. شیعری: تورج نگهبان.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

ئەم شیعرە لە لایەن (گۆرانی بێژ داریوش)ەوە کراوە بە گۆرانی

وێڵی کام حکایەت و ئەفسانەی
لەم پاشە گەردانیەیا،
شوێن پێ ی یاران بەدی ناکەی
ڕووناکی ” ڕووسپی گەورە” خامۆش بوو،
ئەم ئەفسانەیە داگیرسا
کە میراتی ھیچ ئینسانێک
لە شاری”دان” بەدی ناکەی
لە چەن ڕۆژێکی عومری کورتما گیانم لەدەست یا
میھرەبانیم بەرامبەر
ھەموو نا میھرەبانەکان نوان
ھاوغەمی و ھاو سۆزی
و
ھاوزمانیم نوان
دوای ئەم ڕۆژگارە تەڵەکە بازە
ھیچ ئومێدکم نیە..لەدەستم یا
ئەمە ئەو کۆتاییە نیە کە قەولی من نیە
با وا تێ نەگەی
دیاری ڕۆژگارم جگە لە مووی سپیم
چیتر نیە..
ھەرگیز شانازیم بەوەی کردومە، نەکردوە
سکاڵام لە دوو ڕوویی ئاشنیان نەکردوە
گەرچی شانازی زمانم
بەناو ئێسقانما داکوتراوە
“من”ێک شەو و ڕۆژ پێشەنگی ھەڵھاتوەکان بووم
سەدان گوڵی ئومێدم لە سینەیا
پەرش و بڵاوکردۆتەوە
بە ڕەنگی خەزان
ئەم ڕۆژگارەم لە دڵ نا
لە پشتی پردە ڕووخاوەکانی
بەردەم نەقشێکی سەرابی
بە ووشیاری سەر مەستی
لە کەلاوەی وێرانی
کاتێ میھرەبانی گەیشت
خەڵکی لە ژیانا ماو ، بەدی ناکەی
ئاخر سەرفرازی چی ئەزانێ
لە سەرێکی نزم کراو..؟
ئەڕۆم دڵی مردوەکان
لەسەرم ئەھێنمە دەرەوە
گەر “فەلەک”لە گەڵما نەبوو
خۆم”چەرخ/ ڕۆژگار” ئەخولێنمەوە
ھەموو ووشە تێنەگەیشتراوەکان
یەک بە یەک..ئەکوژێنمەوە
لە دوو ڕۆژی عومرم، زۆرم دی نەھامەتی
نامەوێ لۆمەی ئەو گێلانە ببیستمەوە
“من”ێک لەسەر خۆڵەمێشی غەم
عومرم بەسەر بردوە
خۆڵەمێشەکەم بە سەر زینی
ئەسپی عومرم پەژانوە
بمێنمەوە یا نەمێنمەوە
بەندە پیری زەمانم
بەندە پیری ڕۆژگارم




بێ ئاگا.. شیعری شەهلا نوری

ساڵێک تێپەڕی و
ڕەنگی ئاواتەکان کاڵ بونەوە
هەموو شتێک باشە..
زستان لە هەمان کاتدا دەگەڕێتەوە،
پایز چاوەڕێی نۆرەی خۆی دەکات، تیکدانی کاتژمێر،
دیوار…..
بارانبارین،
سیماکانی پەشیمانی
ڕێزلێنانی نەبوونی
سارد و سڕی ئەو !
بەهار و چاو نێرگزی شەهلا..
یەکدەنگی ئامادەبوون…
یادەوەرییەکان دەنوسمەوە و دەیانخەمە ناو توورەکەی گۆڵداری سورمەدارەوە
دەیدەم بە گالیسکەی تەمەن
بە بارهەڵگر
با بێن و کۆنە فرۆشەکانیش
بیفرۆشنەوە…
هەمو شتێک بوو بە شکست
هەموو شتێک لە شوێنی خۆیدایە…
بەڵام ئەو بێ ئاگا
خورشید هەمان خورشیدە ، ڕێگا هەمان ڕێگایە ، زەمین هەمان زەمین…
خۆزگە لە بیابانێکی خۆرگیران دەبووین ،
من و ئەو
لەژێر سیبەری دارێک
یاری خۆشەویستیمان دەكرد
سێ بەردی
بێ ئاگایمان کۆ دەکردەوە
دەماندایە دەستی دەڵاڵێکەوە

شەهلا نوری




راسپارده‌.. شیعری ستار ئەحمەد

له‌دڵێكی نه‌رم ده‌چووی
سۆزی ژین
له‌بۆته‌ی ویژدانا هه‌ڵڕێژێ‌
ده‌ستێكی نه‌رم
شه‌وێكی مانگ له‌مل
چاوێكی پڕ له‌ گڕ
گه‌ردنێك به‌لوتكه‌ی ئاواتا هه‌ڵگژێ‌
له‌خوێنا گوزه‌ره‌ بوونی بوو
وه‌لێ‌ كه‌م جه‌نگای
دژبه‌ڕه‌فتاری كچێنی
له‌كۆشی ئه‌سرینا ، سره‌وتن چه‌كتبوو
چوون وه‌نه‌وز دڵێك ئاڵ بناسێ‌
له‌دیده‌ی ئه‌ستێره‌ ژانی خۆی داڕێژێ‌
له‌ئاسمان ده‌تۆرایت
بێئه‌ویش ژیانت مه‌حاڵبوو
به‌هێدی ئاوازی خه‌مناكیت لێده‌داو
سرودی ئه‌وینت به‌رووما ده‌باران
ده‌مزانی ناخی تۆ له‌رۆژگار ده‌ترسێ‌
هه‌نگاوت له‌جه‌رگی رێگادا رامان و
ئاواتت په‌یوه‌ستی زمان و
مامه‌ڵت سوتانی ویژدان و
ئیراده‌ت نه‌گبه‌تی و فه‌وتانبوو
بۆیه‌ گه‌ردانه‌ی تاریكی شه‌وت
كرده‌ گه‌ردنی پێنووس و په‌ڕه‌
شیعرت ماره‌كرد له‌جه‌رگی به‌سوێت
ده‌تزانی ئه‌وان له‌تۆ ده‌گه‌ن و
هه‌ر شیعره‌ له‌ناڵه‌ی نه‌داران ده‌دوێت
ئه‌وه‌تا چاره‌یه‌ك خه‌می تۆ قڕبكات
هه‌ورێك چه‌تری خۆشبه‌ختیت هه‌ڵبدات
بارانێك زامی گڵ له‌ڕووت داماڵێ‌
هه‌وارێك سروه‌ی چیا له‌خاكا راماڵێ‌
له‌سۆزی به‌سته‌دا كوردستان ده‌ناسن
هه‌واڵی خۆزگه‌ت ده‌سپێرن به‌من

ستار ئەحمەد