سەرمایەداری و نایەکسانی و “کاڕۆڵێکی کریسمس”.. شیرین عەبدوڵڵا

زیاتر لە سەدە ونیوێک لەمەبەر، چارلس دیکنز ڕۆمانی بەناوباگی “کارۆڵێکی کریسمس” ی بڵاو کردەوە کە هەندێک وەک ئیدانە کردنی نایەکسانی لە دابەشکردنی سامان، و ستەمی ئابووری و دەسەڵاتی خاوەن کارە سەرمایەدارەکە (ئیبنیزەر سکروج) لە سەر کارمەندەکەی (بۆب کراتشیت) دادەنێن، لە بەریتانیای سەردەمی ڤیکتۆریا، لە سەدەی نۆزدەهەمدا، کاتێک کە هەژاری و برسیەتی بڵاو بوو، بە تایبەتی لە ناوەندە پیشەسازیە گەورەکانی وەک لەندەن و مانچستەر. دیکنز، کارمەند بۆب کراتچیت وەک کەسێکی دڵسۆز و لێبوردە نیشان دەدات، و لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا سکروجی سەرمایەدار بە ئاگا دێت و لە ناکاو لە کەسێکی چاوچنۆک و بێ بەزەییەوە دەگۆڕدرێت بۆ کەسێکی خاوەن بەزەیی و دڵسۆزی هەژاران. ئەمە لەوانەیە هەوڵێکی دیکنز بێت بۆ ئەوەی هیوای ئەگەری چاکسازییمان پێبدات لە سەرمایەداریدا. کات خێرا کەینەوە بۆ سەردەمی ئەمڕۆ، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە خەیاڵەکەی دیکنز نەهاتۆتە دی، چونکە سەرمایەداری ناتوانێت دەستبەرداری نایەکسانی و باڵادەستی بێت، ئەمەش مانای وایە کە هەتاکو ئەم سیستەمە لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە، نەهامەتی سەدان ملیۆن مرۆڤ بەردەوام دەبێت.

قەیرانەکانی سیستەم و قوربانییەکانی، کۆڤید- ١٩ وەک نموونەیەک:
لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابودوودا، پەتای کۆڤید تیشکی خستە سەرقووڵایی ئەو نایەکسانیەی کە ئەمڕۆ هەیە، و ڕەنگە بۆ یەکەم جار، سەرنجی بۆ ڕۆڵی گرنگ و حەیاتیی “کرێکارانی بنەڕەتی” لە پاراستنی سەلامەتی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگاکانمانی ڕاکێشا. ئەم دستەواژەیە بووە یەکێک لە ووشە بەناوبانگەکانی سەردەمی کۆڤید، کرێکارانی بنەڕەتی بە زۆرینەی ئەو کرێکارانە پێناسە دەکرێن کە لە بواری تەندروستی، پەروەردە و چاودێری کۆمەڵایەتی، پاک و خاوێنی، گواستنەوە، ئاو، خۆراک و بواری تردا کار دەکەن.
ئەوەش بە ڕوونی ئاشکرا بووە کە ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە، کە تا ڕاددەیەکی زۆر پاڵپشتی ئابووری ووڵاتان دەکەن، بە گشتی بێ بەشترینن و بەرکەوتووی ئیستغلالکردنن، هەروەها داتا فەرمیەکان دەریانخستوە کە ئەو چینە لە هەمان کاتدا زۆرترین بەرکەوتووی مەترسییە پیشەییەکانی پەتاکەبوون. جگە لەوەش، ئەم گرووپە زۆرترین زیانی بە هۆی دەرەنجامە درێژخایەنە ئابووری وکۆمەڵایەتی و تەندرووستیەکانی پەتاکەوە لێکەوتۆتەوە. و لەهەمووشی گرنگتر ئەوە ڕوون بووەتەوە کە ژنان و پەنابەران و کرێکارانی کەم داهات، زۆرینەی زۆری ئەم توێژە پەراوێزخراوانە پێکدەهێنن. شایانی باسە، ئەم ئیهتمامە بە چینە لەبیرکراوەکان و ڕۆڵی نەرینی جیاوازی چینایەتی لە سەر ژیان و چارەنووسیان تەنیا شتێکی سەرزارەکی بوو و لە لایەنی میدیایی وپێزانینی مەعنەوی بۆ هەوڵ و قوربانیەکانیان لە سەردەمی پەتاکەدا تێنەپەڕی ونەبووە هۆی ڕەنگدانەوە وهیچ گۆڕانکاریەک لە واقیعی ماددی ژیانیاندا، کەواتە نایەکسانییەکان لەشوێنی خۆیان ماونەتەوە و تەنانەت قووڵتریش بوونەتەوە.

پەتاکە کۆتایی هات، و زیاتر لە دوو ساڵە زاڵ بووین بە سەر ڕێوشوێنە تەندرووستیەکانیدا، هەرچەندە تا ئێستاش بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگاکانمان بە دەست ئاکامە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیەوە دەناڵێنین. لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەم قۆناغەدا، تەنانەت ئەو ئاوڕدانەوە سەرزارەکییە بە کرێکارانی بنەڕەتی و باقی توێژە پەراوێزخراوەکان ووردە ووردە کاڵ بووەوە و شتەکان بۆ ئەوان گەڕایەوە بۆ ئەوەی پێش پەتاکە وخراپتریش. لێرەدا ڕاستییەک هەیە کە ناتوانرێت پشت گوێ بخرێت، ئەویش ئەوەیە کە زۆرێک لەو کرێکارانە کە زۆربەیان کاری کەم مووچە ونا زامنیان هەیە، بە گرێبەستەی سەعاتی سفرەوە، هەموو ڕۆژێک لە ساڵدا ڕووبەڕووی نا ئەمنی دەبنەوە، پەتا هەبێت یان نا. بەڵام قەیرانەکان دەرفەتێک بۆ ڕژێمە دەسەڵادارەکان دەڕەخسێنن کە دەسەڵاتی خۆیان بە سەر کرێکاراندا پتەوتر بکەن و پاشەکشەیان بە سەردا بسەپێنن لە پێناو چەسپاندنی پایەکانی سیستەمی نایەکسانی.
پەتای کۆڤید تەنها قەیرانێکی تەندرووستی نییە، بەڵکو قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیە کە کاریگەریی فرە ڕەهەندی هەیە. پەتاکە درووست کەری نایەکسانی چینایەتی نەبوو بەڵکو تیشکی خستە سەر ئەو نایەکسانیەی پێشتر هەبوو و گەورەتری کرد. ڕاستیشە کە بارگرانی پەتاکە لەسەر هەموو دانیشتوان چونیەک نەبوو، ئەویش لە بەر ئەوەیە کە زۆرێک لە “دیاریکەرە کۆمەڵایەتیەکانی تەندروستی”* – لەوانەش هەژاری، خراپیی ژینگەی فیزیکی وەک پیسبوون و بەرکەوتن بە دووکەڵ و ئاوارەیی و خراپی خانووبەرە و ڕەگەز- کاریگەریی بەرچاویان لەسەر دەرەنجامەکانی هەبووە.
با سەیری بەریتانیا بکەین، کە لەوێوە شۆڕشی پیشەسازی سەدەی ١٨ و ١٩ بە جیهاندا بڵاو بووەوە. ئەمڕۆ زۆرێک لە خێزانەکان لە ماڵی سارد و شێداردا دەژین کە یان ئامرازی گەرمیی پێویستیان نییە، و یان توانای خەرجییەکانی گەرم کردنەوە نادەن. زۆر کەسی دیکە- کە زۆربەیان گەنجی بێکار کراون- لە ژێر پردەکاندا یان لە بەردەم دەرگای میترۆکاندا دەخەون. ڕاپۆرتە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ووڵاتە لە دوای ساڵانی ١٩٥٠ کانەوە گەورەترین دابەزینی ئاستی ژیان بەخۆیەوە دەبینێت و زیاتر لە یەک لەسەر سێی منداڵان و یەک لەسەر چواری گەورەساڵان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. “هاوپەیمانی کۆتایی هاتنی هەژاری سووتەمەنی” ** مەزەندە بەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠٢٢/٢٠٢٣ بە هۆی ژیان لە ماڵە ساردەکاندا، لە زستانی ئەم ساڵەدا ٤٩٥٠ مردنی زیادە لە بەریتانیا هەبووە.
ڕۆژنامەی لانسێت ووتارێکی لە سەر “پێداچوونەوەی ڕاپۆرتی مارمۆت- ٢٠٢٠” بڵاوکردۆتەوە ( ڕاپۆرتی ئەسڵی لە ساڵی ٢٠١٠ دا دەرچووبو)، کە تێیدا هاتووە کە “لەگەڵ ڕوودانی گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و ئابووری، پێویستە تەندرووستی بەردەوام بێت لە باشتر بووندا”، و “ڕاپۆرتی مارمۆت ٢٠٢٠ تیشک دەخاتە سەر ڕەوتی نیگەرانکەری بەرەو دابەزینی تەندروستی لە ئینگلتەرا و هۆشیاری دەدات کە کۆمەڵگا بەرگەی کەمتەرخەمی دەربارەی نایەکسانیی تەندرووستی ناگرێت”. هەروەها لە ووتارەکەدا هاتووە کە “هەرچەندە زۆرێک لە پێشنیارەکان، وەک کەمکردنەوەی هەژاری منداڵان و کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، لە سەر بنەمای ئەو بەڵگانەن کە تا ڕاددەیەکی زۆر لە ئینگلتەرا وەرگیراون، بەڵام کاریگەریی بەرچاوی جیهانییان هەیە”.
لە عێراقدا، خەڵک بە دەست کاریگەرییەکانی سیاسەتی سەرمایەداری جیهانییەوە دەناڵێنن، بە هۆی شەڕ و ئاوارەیی و کۆچ و هەروەها سیاسەتی دەوڵەت کە تەواوکەری سیاسەتەکانی سەرمایەداری جیهانین، کۆڤید-١٩ تەنها قەیرانێکی تر بوو کە زیاد کرا بۆ ئەو چەندین قەیرانە قورس و گیرخواردوو و بێچارەسەرانەی کە هەن. پرسەکانی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن و هەروەها تێکدانی سیستەماتیکی سیستەمەکانی تەندرووستی گشتی وپەروەردەی گشتی وژینگە و گواستنەوە و گەیاندن ڕۆژانە باری ژیانی خەڵکیان قورستر کردووە، ئەمە جگە لە قەیرانەکانی مووچە وجیاوازی بەرین لە پلەکانی مووچەدا و قەیرانی سووتەمەنی ئاسودەیی و ئارامی لە زۆرینەی ڕەها سەندۆتەوە. یاسا کۆنەپەرستە پیاوسالارەکان هەموو کۆمەڵگا، نەک هەر ژنان، ڕووبەڕووی چالەنجی یەکجار گەورە دەکاتەوە بە هۆی بووژانەوەی ستانداردی پیاوسالاری و توندوتیژی خێڵەکی وتایفگەرایی، کە بە دەوری خۆی جیاوازییەکان و نایەکسانییەکان قووڵتر دەکەنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان عێراقی بە پێنجەم ووڵاتی بەرکەوتەی گەرمبوونی جیهانی و گۆڕانی کەشوهەوا پۆلێن کردووە. ووشکەساڵی، بیابانبوون (التصحر)، زیادبوونی ڕێژە و چڕیی زریانە خۆڵییەکان، پیسبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی نیشانەکانی ئەم قەیرانەن. بە دڵنیاییەوە، کاریگەرییەکانی هەموو ئەم قەیرانانە لە عێراقدا ڕەهەند و دەرەنجامی جیهانیی فراوانی هەیە.

لەم ڕۆژانەدا، کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ نزیک دەبینەوە و پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین، لە کاتێکدا ئاسان نییە باسی یان تەنانەت بییر لە شتێک بکەینەوە جگە لەو وێرانکاری و شەڕانەی کە لە چواردەورەوە هەڵگیرساون و بوونەتە واقیعی ڕۆژانەی ژیانی ملیۆنەها کەس، و کارەساتەکانی کەشوهەوا کە دووبارە دەبنەوە و توندی و وێرانکارییان زیاتر وزیاتر دەبێت، پێویستمان بە بیرکردنەوەیەکی قووڵ نییە بۆ ئەوەی بزانین هەمان ملیۆنەها کرێکاری بنەڕەتی، زەحمەتکێشان، چینە هەژارەکان و ژنان و هەموو توێژە فەرامۆشکراوەکانی تر، کە ژیانی ڕۆژانەیان بەستراوەتەوە بە ئارەزووەکانی کەمینەیەکی مشەخۆر لە ژێر سایەی سەرمایەداریدا، هەر ئەوانن کە پشکی هەرە گەورەی نەهامەتییەکانی ئەو شەڕ وکارەساتانە هەڵدەگرن.

ئاسۆی گۆڕانکاری:
لە سایەی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی و دەستکەوتە زانستیەکانەوە، ئاسۆیەکی زۆر بەرین لەبەردەم مرۆڤایەتیدا کراوەتەوە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر و بەرزترین پلەی تەندروستی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان، و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کارەساتە ژینگەییەکان و پەتا تەندرووستییەکانی داهاتوو، ئەویش بە ڕێکخستنەوەی سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لە سەر بنەمای دابیینکردنی پێداویستیە ماددی و مەعنەویەکانی مرۆڤایەتی لە جیاتی ئەم سیستەمی سەرمایەدارییە کە لە سەر بنەمای درووستکردنی قازانج وکێبڕکێ و نایەکسانیە.
بەڵام لە سایەی ئەم سیستەمەدا، کۆمەڵێکی بچووک لە سەرمایەداران وەک ئیلۆن ماسک و جێف بیزۆس و هاپیشە سەرمایەدارەکانیان، دەستیان بە سەر چەندەها ملیار دۆلاردا گرتووە، بە جۆرێک کە توانای کۆنتڕۆلکردنی چارەنووسی مرۆڤایەتییان پێ دەدات وتەواوی دانیشتوانی هەسارەی زەوی ملکەچی خواست و ئیگۆکانی ئەمان بن. ئەوەتا ئێستا ئەم دوو پیاوە خوازیارن گەشتی ئاسمانی تایبەتی بەڕێخەن بۆ بۆشاییەکانی ئاسمان بۆ هەرکەسێک کە بیەوێت، ئیتر ملیارەها دۆلار لەم بوارەدا خەرج دەکرێت چونکە سەرمایەداری هەمیشە پێویستی بە فراوانکردنی بازاڕەکانیەتی بۆ تێپەڕدانی قەیرانەکانی خۆی. خواستەکانی سەرمایەداران تەنیا لە پرۆژەکانی وەبەرهێنانی بۆشایی ئاسماندا سنووردار نییە، بەڵکو ئێستا ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنە سیاسییەکانیش هەیە. ئەوەتا ماسک، بەشەخسی، زیاتر لە چارەکە ملیۆنێک دۆلاری بەخشیوە بۆ هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا، و لەم دواییانەشدا وەک هاوسەرۆکی دامەزراوەی (بەڕێوەبردنی کارایی حکومەت) دەستنیشانکراوە. ئەرکی ئەم دامەزراوەیە بڕینی ٢ تریلیۆن دۆلارە لە خەرجییە فیدڕاڵییەکان. ئەم سیاسەتە کۆنپەرستانانە، بە شێوەیەکی سەرەکی سنوورداکردنی خەرجییەکان لەسەر دوو بەرنامەی چاودێری تەندرووستی حکومی (مێدیکەر و مێدیکەید) و پرسی بێ خانەولانەیی دەکەنە ئامانج. ماسک پێی وایە کە “تاکە ئاوارەکان لە ڕاستیدا زۆمبی توندوتیژی ماددە هۆشبەرەکانن و چاویان مردووە و دەرزی و پیسایی مرۆڤن لەشەقامەکاندا” و “هەتا پارە زیاتر بۆ ئاوارەیی خەرج بکرێت، خراپتر دەبێت”. واتە ئێستا ماسک ڕۆڵ و باڵادەستیی بەرزی لە داڕشتنی سیاسەتە کۆنەپەرستەکانی دەوڵەت و شێوەی حکومەتی داهاتوودا هەیە. باقی ملیاردێرەکانیش ڕیزیان بەستووە، و بە پەلەن، بە چەکی چەندەها ملیۆن دۆلاری پشتیوانی سەرۆکی هەڵبژێردراو دەکەن، بۆ دڵنیابوون لە ڕۆڵگێڕانیاندا لە ژێردەستەیی هەموو لایەنکانی ژیان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی تایبەت و پتەوکردنی ڕیزەکانیان بۆ سەرکوتکردنی هەر بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی بە دژی.
بە پێی دواترین ئامارەکانی گۆڤاری فۆربس، سامانی ماسک نزیک بە نیو تریلیۆن دۆلارە. سامانی کەسیی ئەو کە ٤٤٢ ملیار دۆلارە، تەنیا لە ماوەی دوو مانگی ڕابوردوودا نزیکەی ١٨٠ ملیار دۆلار گەشەی کردووە، زۆربەی ئەم زیادبوونەش لە شەش حەفتەی دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا ڕوویداوە. بە دڵنیاییەوە، ئەو بڕە پارە فەلکییانە دەتوانن قەیرانە جیهانییە جۆراوجۆرەکانی وەک برسێتی و هەژاری چارەسەر بکەن، یان کۆتایی بە ئاوارەبوون و بێخانەولانەیی و یان چارەسەرێک بۆ شێرپنجە بدۆزنەوە، یان مەترسییەکانی کارەساتی ژینگەیی دوور بخەنەوە. بەڵام ئەم پرۆژانەی کە پەیوەندی بە ٨.٢ ملیار کەسەوە هەیە و دەکرێت سوودی لێ ببینێت، ناگەڕێنەوە بە قازانج و گەرەنتی باڵادەستی ئابووری و سیاسیی بۆ ئەم پارێزەرانەی ملیارەها دۆلار ناکەن، بۆیە هیچ چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت کە ماسک و ئەو ڕیزە درێژەی هاوپیشە سەرمایەدارە ملیاردێرەکانی، نە دەستبەرداری خەونە ئاسمانییەکانیان بن، و نە باڵادەستی و دەسەڵاتە سەر زەمینییەکانیان.

ئەم هاوكێشەیە پێچەوانەیە و دەبێت بگۆڕدرێت. ئەو ملیارەها دۆلارانەی کە ئەم مشەخۆرانە دەستیان بەسەردا گرتووە، دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان: ئەو سوپا گەورەیەی کرێکارانی بنەڕەتی، هەژاران، زەحمەتکێشان، ژنان، گەنجانی بێکارکراو، منداڵان، کۆچبەران و هەموو چینە پەراوێزخراوەکان. ئەم گۆڕانکارییە نە بە پشتبەستن بە هیوای چاکسازی سکرووج دەبێت، وەک ئەوەی دیکنز پێشنیاری دەکات، وە نە بە گەشبینیی و لێبوردووی ساویلکانەی کارمەندەکەی بۆب کراتشێت. بەڵکو لە ڕێگەی گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنە و ڕیشەیی لە پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا دێت کە ژیانێکی ئاسوودە و خۆشگوزەرانی بۆ ٨.٢ ملیار دانیشتووی هەسارەکە دابیین دەکات، نەک تەنها بۆ ژمارەیەکی بچووک لە چەتە دەریاییەکان.

گەیشتن بە یەکسانی دروشمێک یان خەون و فانتازیا نیە، بەڵکو پێویستیەکی هەرئێستاییە. بە بێ ئەوە، هەموو ئەوەی کە لە گەشت بۆ قووڵایی بۆشاییەکانی ئاسمان بەدەستی دەهێنێت، هاوردەکردنی نایەکسانییە لە زەویەوە بۆ گەردوون.

شیرین عەبدوڵڵا
٢٥.١٢.٢٠٢٤

  • Social Determinants of Health
    ** End Fuel Poverty Coalition



لە کوێوە لە دەرگای شيعر بدەين.. سەردار جاف

( ١ )
دەروازە
بە داخەوە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، بە هۆی ئەو بەربڵاوييەی تۆڕە کۆمەڵاييەتييەکانەوە و ئەو ئازادييە ڕەهايەی هەموو کون و قوژبنێکی تەنيوە، جا زيرەک و دانا و لێهاتوو ئەو کەسانەن چۆن دەتوانن ئەم تەکنۆلۆژيا بۆ بەرژەوەندی پاشخانی ئەپستمۆلۆژی خۆيان بقۆزنەوە، لێ جەغار کەسانێکی زۆر لە ناو ئێمەی کورد دا نەيانتوانيوە ئەم ئاسانکارييە دەوڵەمەند و پڕ زانستە چنگ بخەن، ئەوەی زێتر جێی نيگەرانييە کەسانی بە ئەزموون و خاوەن قەڵەم و بيری ناوازەيش کەوتوونەتە دووی ئەو شاڵاوە و وا خەريکە تەشەنە دەکات، نامانەوێ تەواوی بوارەکان تەی بکەين ئەوەی لامان گرينگ و پڕ مەبەستە بواری ئەدەبييە کە هەميشە بەرەو پاشەوە دەکشێينەوە و هەڕەمەکيانە دەکەونە وێزەی ئەدەب بە گشتی و شيعر بە تايبەت کە ئەمەيش جێی کەسەرباريمانە و لە دوماهيدا هەموو لايەکمان زيانمەند دەبين، ئيدی ئەو تازە قەڵەم گر و کاڵفامانەی دونيای شيعر کە ميعرێ دەنووسن پێيان وايە دەست و پەنجەيان لە تەکيدا نەرم کردووە، ئەوەی زێتر جێی کەسەربارييە لە هەندێ حاڵەتدا خۆ لە قەرەی کەڵە شاعيرانی نەتەوەکەمان دەدەن يان بە رێبوارێکی چەوتی رێی ئەدەبی و شيعری دادەنێن، کەچی بۆ خۆی لە ئەلف و بێی شيعر بێ ئاگايە و شەشی لە پێشی جيا ناکاتەوە، بۆيە گەرەکە ئەوانە پێيان بگوترێ تا ئێرەو بەس راوەستن ( ستۆپ )، ئەوانەی خۆتان نە نووسينە و نە شيعر و هيچ نييە بۆيە پێويستە ئەوداڵی پرنسيپەکانی شيعر و بنەماکانی بن، دەشێ ئەو کەسانە هەر لە سەرەتاوە بۆ ئەوە گۆشکرا بن لەم رێگايەوە گوێ لە نووسينە ڕشانەوەکان و جنێو و هێرش کردنە سەر ئەم و ئەو بگيرێت، دەشێ ئەم کەسانە جۆرێ لە خوليای نووسين يان شيعر لە هزرياندا هەبێت، جا لە بری ئەوەی نووکی قەڵەمەکەی زانستيانە و ئەدەبييانە تيژ بکات و بنووسێ، بە مەرامێ دی دێتە گۆ و ئايديانە باڵای پێکردووە، مەبەستی ئێمە ئەوە نييە لە بارەی نووسينی ديکەوە بدوێين يان حەرفێ بخەينە سەر حەرفێ وەلێ زێتر مەبەستمانە لە دونيای شيعر نە ترازێين و شيعر شيعر بێت و لە قاڵب و چوارچێوەی خۆی نەترازێت، ئەم لايەنە شەن و کەوی دەکەين.
پێشوەخت گەرەکە بزانين پرنسيبەکانی شيعر چين و لەو دەرگايەوە بەرە پانتایی ئاسۆی شيعر هەنگاو بنێين و لە ڕەوتی زانستيانەی دەر نەچين و شيعر بەها و چەمکی خۆی لە دەست نەدات و هەموو پيادەی بکەين، شيعر دەريايەکی قووڵ و مەنگ و پان و بەرينە، زەروورەتە بزانين چۆن تێيدا مەلە دەکەين و چۆن دەتوانين بپەڕينەوە بەرەو ئەوبەری ئەم دەريا جوانە، بە هيواين بتوانين چمکێکی ئەم لايەنە بخەينەڕوو و بۆ تازە نووسەران سوودێکی هەبێت و بتوانن لەم بوارەدا ئەسپی خۆيان تاو بدەن و لە دادێی تەمەنيان قەڵەمی وا دەربکەوێت لە ماڵی شيعری جيهانيدا سووچێ بۆ شيعری کوردی بگرن.
بەر لە شۆڕبوونەوە بە نێو پرياسکەی گرێ قووڵەکاندا ئەوە دەخەمە بەر ديدی خوێنەر کە بە هومێدی وانە وەرگرتن، کاتی خۆی ساڵی ١٩٧٠ ئەگەر بە هەڵە نەچووبم، مامۆستا ئەحمەد هەردی رەوانشاد لە ژمارە يەکی گۆڤاری برایی و لە لاپەڕەی يەکەمدا باسێکی لە سەر ئەوە بڵاو کردەوە بە ناونيشانی ( چۆن شيعر دەنووسی ) دەيان جار ئەم باسەم خوێندەوە، دواجاريش کە يەکەم شيعرم لە مەجليسێکدا خوێندەوە بوومە مايەی گاڵتەجاڕی ئامادەبووان و گەلێک پێم پێکەنين، کۆڵم نەدا و بەردەوام بووم. هەرچۆنێک و هەر چييەک بم ئێستا ئەوەم کە هەم .

سەردار جاف
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا




گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر گۆهدار شوكری ئاكرەیی ناسراوە بە (گۆهدار ئاكرەیی).. هەڤپەیڤپن- كامەران حاجی ئەلیاس

گۆهدار ئاكرەیی: هەردەم ویستوومە بە بیرۆكەكانم ڕووبەروی كێشەكان ببمەوە
گۆهدار ئاكرەیی: مرۆڤ دەبێ بەرزەفتی هەستەكانی بكات بۆئەوەی بەهێزو ڕێزلێگیراو بێت
نووسەر گۆهدار شوكری ئاكرەیی ناسراوە بە (گۆهدار ئاكرەیی) لە ساڵی 1963 لە شاری هەولێر لە دایك بووە زیاتر لە 20 ساڵە دەستی بە نووسین كردووە هەرچەندە ئەوە سەرەتا بە شیعر دەستی پێكرد، بەڵام لە دوایی نووسیەنەكانی خۆی تەرخان كرد بۆ بواری كەمەڵایەتی ئەو لەرێگەی وتەو نووسینەكانی گوزارشت لە ئاریشەكانی نێو كۆمەڵگا دەكات..ئێَممەش لە نزیكەوە بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردوە.
هەڤپەیڤپن- كامەران حاجی ئەلیاس

*ئەگەر بكرێت سەرەتا باس لە چۆنیەتی ئاشنا بوون بە ئەدەبی نووسین بكەیت؟

  • دەست پێكی نوسینم دەتوانم بیگەرێنمەوە بۆ پێش20 ساڵ زیاتر لە ئەمڕۆ كە مانگانە دوو بابەتی هۆنراوە بە شێوە زاری بادینی لەگۆڤاری (كاروان ) م بڵاو دەكردەوە ،لەدوایی بوومە بەرێوبەری ڕاگەیاندنی فەرمانگەیەك لە وەزارەتی كشتوكاڵ سەرچاوەكانی ئاو، زیاتر دەرفەتم بۆ روخساو ، ئینجا مانگانە بۆماوەی دوو ساڵ بابەتی كۆمەڵایەتیم بۆرۆژنامەی خەبات بڵاو دەكردەوە، وە زیاتر لە 10 ساڵە بابەتی كۆمەڵایەتیم لە رۆژنامەی هەولێر بەردەوامە تا ئەم چركە ساتە.

    *نووسینەكانت زیاتر بواری كۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت،ئەو فاكتەرانەچین نووسینەكانت تایبەت بكەیت بە بواری كۆمەڵایەتی؟

  • هۆكارەكە زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خۆم لەگەڵ ئێش و ئازاری كۆمەڵگەو دەوروبەر دەژیم، هەست بەگرفتەكانیان دەكەم،بۆیە هەردەم ویستوومە بە بیرۆكەكانم ڕووبەروی كێشەكان ببمەوە، بەتایبەتی لەو سەردەمەی ئێستادا چەندین ئاریشەی هەمەچەشنی نێو كۆمەڵگاكەمان بوونیان هەیە.

    *ئەو ئەڵنگارانە چین كە لەكاتی نووسین ڕووبەروویان دەبیتەوە؟
    -ڕەنگەرەچاو كردنی دابوو نەریت و تێگەیشتنی دەوروبەر لە هەندێك بابەت هۆكارێك بن بۆئەوەی بەشێوەیەكی رەها نەپرژێمەزۆر بابەت تا لەرێگەی نووسینەكانم گوزارشتیان لێبكەم و بە شیێوەی ئازادانە ئەوەی لە مێشكمە بیخەمە ڕوو.

  • تاچەند كتێب وە نووسین بەگشتی توانیویەتی كاریگەری ئەرێنی لەنێو كۆمەڵگای ئێمەدا دورست بكات؟
  • بێگومان ئەگەر هەر نووسەرێك لایەنی رۆشنبیریەكەی بەهێز بوو ئەوا دەزانێ خوێنەر تێنووی بەچیەوە دەشكێ !بەتایبەتی ئەگەر نووسین و وتارەكان لایەنی چارەسەری كێشە كۆمەڵایەتیەكان بێت، كاریگەری زیاتری دەبێت لەسەر خوێنەر بەرادەیەك دەتوانێت گۆرانگاری گەوەری ئەرێنی دروست بكات.

    *زۆرێك لە نووسینەكانت جگەلەرۆژنامەلەتۆری كومەڵایەتی فیسبووك بڵاودەكەیتەوە پێتان وایە تۆرەكۆمەڵاتییەكان شوێنی رۆژنامەو گۆڤاری گردۆتەوە؟

  • پرسیارەكەت لە كات و ساتی خۆیدایە،ئێمە لە سەردەمێك دەژین پێی دەڵێن سەردەمی پێشڤەچوونی خێرا، بۆیە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان كەئاوێتەی خەڵك بوەو خەڵك دەتوانێ راستەوخۆ، لەناو ماڵی خۆیدا وە لەشوێنی تایبەتی خۆیدا، لەهەرشوێنكی ئەم جیهانە بێت دەتوانێت ئازادانە ڕەخنەلەو وتارە بگرێت و كەموكورتیەكانی دەست نیشان بكات،
    بەڵام هەرچی كتێب و گۆڤار و رۆژنامەكانە،تەنیا دەتوانی بییان خۆێنیتەوە ،بەهیچ شێوەیەك كاردانەوەی راستەوخۆی لەسەر بابەتێك نابێت ناتوانێت كۆمێنتی لەسەر بابەتەكە هەبێت.لەگەڵ ئەوەش دا خوێندنەوەی كتێب لەلای من لای زۆرێك لە خوێنەران چێژی تایبەتی خۆی هەیە،

    *لەم ماوەیەدا كتێبێكت لە ژێر ناوی(ڕووبەڕووی ماوەی نێوان لە دایك بوون و مردن ببینەوە؟) بڵاوكردەوە ئەگەر بكرێت باس لە ناوەرۆكی بكەیت؟

  • بەڵێ ناونیشانی كتێبەكە بریتییە لە (چۆن ڕووبەڕووی ماوەی نێوان لەدایكبوون و مردن ببینەوە؟) كە 40 وتارو 500 وتەی پڕ بایەخی لەخۆ گرتووە، بەرهەمی بیركردنەوەو تێڕامانی زیاتر لە هەشت ساڵەی خۆمە لە دوو توێی كتێبێكی 341 لاپەڕەی خستۆتە ڕوو.
    لە بەشی یەكەمی كتێبەكەم دا، هەوڵم داوە شێوەژیان و ئاریشە كۆمەڵایتییەكان، لە دیدگەو تێڕوانین و بیركردنەوە تایبەتییەكانی خۆم بخامە ڕوو، كە پشتم بەستووە بە ئەزموون و پاشخانی ڕۆشنبیری و لێوردبوونە لە شێوەژیانی گەلان و ڕێساكانی سرووشت و مرۆڤ، پرسیارگەلێك دێنمە ئاراوە كە مرۆڤ بۆچی بەدیهێنراوەو لەماوەی نێوان لەدایكبوون و مردنەوە ئەرك و بەرپرسیارییەتی چییە.
    من پێیوایە مرۆڤ دەبێ بەرزەفتی هەستەكانی بكات بۆئەوەی بەهێزو ڕێزلێگیراو بێت، بەجۆرێك ڕەفتارە شایستەكان پەیڕەو بكات تا هێزو گڕوتینی زیاتر بە ژیان بەخشێ، وەك ئەوەی ماسلۆ لە دوا پێداویستییەكان، كە مرۆڤ پێی بگات بەها كۆمەڵایەتی و ڕێزو خۆشەویستییە.
    وە لە بەشی دووەمی كتێبەكەم دا ( 500) وتەو وانەو پەندم جێكردۆتەوە، كە هەر یەكەیان واتاو ڕەهەندو كۆمەڵێك بابەتی جۆراو لەخۆ دەگرێ و دەكرێ هەریەكەیان سوودی لێوەربگیرێت بۆ ڕاستەڕێبوونی ڕێڕەوو ڕاگوزەری ژیانێكی پڕ لەچێژو بەختەوەری.



چەند شیعرێکی جۆزێف ستالین (سۆسیلۆ).. و: گۆران عەبدوڵڵا

نینیکای پیر..

نینیکای ئێمە پیرە
ئازایەتی بەجێی هێشتووە…
چۆن پیری توانی
هێزە ئاسنینەکەی لێ بستێنێت!
هەرجارەی کە دەتبینی
بە چالاکییەکی خێرا
لە دۆڵەکەدا داسەکەی دەجووڵاند
بە لێهاتوویی و بەهێزەوە
شاخی لەسەر شاخ کەڵەکە دەکرد
لەو گەنمەی کە دەیبڕی،
هەتا ڕووە ئارەقاوییەکەی
سوور هەڵدەگەڕا!..
ئێستا تەنانەت ناتوانێت
قاچە بێهێزەکانی بجووڵێنێت.
بێ جووڵە ڕاکشاوە و زۆر خەون دەبینێت،
یان چیرۆکی ڕابردووی بۆ نەوەکانی دەگێڕێتەوە…
هەندێک جار کاتێک گۆرانییەک دەبیسترێت
لە دۆڵە نزیکەکانەوە،
دڵە ئازاکەی هێشتا
بە خێراتر لێدەدات؛
سەرەڕای لاوازی هەڵدەستێت،
پاڵ بە گۆچانەکەیەوە دەدات،
بە دڵخۆشییەوە سەیر دەکات و
بۆ کوڕەکە پێدەکەنێت…

سۆسیلۆ
کڤالی، تەمموزی ١٨٩٥


وەک سێبەرێک دەسووڕێتەوە
بە جیهاندا
لەم دەرگاوە بۆ ئەودەرگا؛
پاندورێکی* بەڕووی لە دەستدایە
و بە نەرمی دەیژەنێت؛
دەنگەکەی پڕە لەخەون
وەک تیشکی خۆر،
دەتوانی راستی و
خۆشەویستی خودایی ببیستی.
زۆرێک لە دڵە بەردینە بەستووەکان
دەستیان کردەوە بە لێدان،
مێشکە تاریکەکان
جارێکی تر روناکییان بۆ گەڕایەوە.
بەڵام لە جیاتی سوپاسگوزاری
بۆ دەنگە شیرینەکەی وەک خۆشەویستی،
خەڵکەکە بۆ میحرابەکەیان بەکێشکرد
پیاڵەیەکی پڕ لە ژەهریان دایە دەستی
پێیانووت: “بیخۆرەوە ئەی نەفرەت لێکراو
بۆ تەواوبونی چارەنووست!
ئێمە نەپێویستمان بە ڕاستییەکەتە،
نە دەنگە ئاسمانییەکەشت!”

سۆسێلۆ
لە: ئیڤێریا، ٢٥ی کانوونی یەکەمی ١٨٩٥


بۆ مانگ

ماندونەناسانە بڕۆ پێشەوە
سەرت شۆڕ مەکەوە،
هەورە تەماوییەکان بڕەوێنەوە،
فەرمانی پەروەردگار جووانە.
بزەی نەرمت بنێرە بۆ زەوی
کە لەژێر پێتدا ڕاخراوە،
لایەلایە بۆ لووتکە سەهۆڵاوییەکان بچڕە
کە بە ئاسمانەوە هەڵواسراون.
دڵنیابە ڕۆژێک لە رۆژان
تەنانەت بێبەشکراو و چەوساوەکانیش
هێز دەدۆزنەوە بۆ سەرکەوتن
بۆ چیای پیرۆز
هیوا پشتیوانیانە.
بەردەوام بە لە درەوشانەوە ئەی جووان،
لەناو هەورەکاندا وەکوو جاران،
تیشکە دڵڕفێنەکانت بهاوێژە
لە میانەی ئاسمانی شینەوە.
منیش، یەخەی کراسەکەم دەکەمەوە
سنگم بۆ مانگ ڕووت دەکەمەوە،
دەستەکانم درێژ دەکەم و
گۆرانی شکۆمەندی بۆ تیشکی مانگ دەچڕم.

سۆسێلۆ
ئیڤێریا، ١١ی ئۆکتۆبەری ١٨٩٥


کاتێک مانگی درەوشاوە
بەسەر ئاسماندا دەخلیسکێت،
ئاسۆ ڕووناک دەکاتەوە
بە تیشکە پرشنگدارەکەی؛
کاتێک جریوە جریوی چۆلەکەکان
بە نەرمی لە هەوادا دەنگدەداتەوە،
کاتێک دەنگی نەرمی فلووت
دەگاتە لووتکەی چیا؛
کاتێک ڕاکردووی دوورخراوە لە ماڵ
ئازادە بگەڕێتەوە بۆ
وڵاتە بریندارەکەی،
کاتێک نابینایەک
دیسانەوە دەتوانێت مانگ و خۆر ببینێت؛
ئەوسا منی ئازاردراو، خەمم بەجێدێڵم،
لە دڵە هەژارەکەمدا
هیوا دووبارە دەردەکەوێتەوە
بۆ داهاتوویەکی گەشاوە؛
گیانم دڵخۆش دیارە،
دڵ ئارامە،
بەڵام ئایا ئەم هیوایە ڕاست دەردەچێت
کە ئەمڕۆ پڕی کردووم؟!

سۆسێلۆ
ئیڤێریا، ٢٢ی سێپتەمبەری ١٨٩٥


خونچەی گوڵی سوور گەشایەوە
گوڵەوەنەوشە تێکئاڵان،
گوڵە سەوسەن گەشایەوە
سەوزایی بە شنە بەخشی.
کڵاوکوڕە ئاوازی خۆی چڕی
لە بەرزایی هەورەکاندا.
بولبول بەشداری کرد
لە گۆرانی شادمانیدا:
“گەشە بکە، وڵاتە جوانەکەم،
خاکی ئیبێریا، بگەشێوە و سەرکەوتوو بە!
تۆش، جۆرجیا، خوێندەوار و گەشاوە بە
ئەو زانیارییە بەدەست بهێنە کە نیشتمانەکەت پێویستیەتی!”

ئای. جەی-شڤیلی
ئیڤێریا، ١٤ی حوزەیرانی ١٨٩٥

https://www.stalinmuseum.ge/stalin-poems/

  • ئالەتێکی مۆسیقایە



وەرزەکانی فەلسەفە لەگەلەری ئارام.. بۆ زەردەشت دەبێتە دڵخوازی نیچە؟.. لەگەڵ د. ئازاد حەمە

وەرزەکانی فەلسفە پرۆژەیەکی نوێی ( گەلەری ئارام)ە، هەرجارەو خوێندنەوەیەک بۆ فەیلەسوفێک دەکات بە هاوبەشی لەگەڵ د. ئازاد حەمە.

پێویستمان بە فێربوونی نیچەیە..

وانەی هەشتەم: نیچە روداوێکی فەلسەفییە: بۆ زەردەشت دەبێتە دڵخوازی نیچە؟