دوای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان.. موئەیەد ئەحمەد

ڕۆژی (٢١)ی کانونی دووهەمی (٢٠٢٥)، بلۆکە بۆرژوا تائیفی و ناسیۆنالیستەکانی پەرلەمانی عێراق ساتوسەودایەکیان کرد لە نێوان خۆیاندا، و پیکهاتن لەسەر ئەنجامدانی کردەوەیەکی ئاشکرا دوژمنکارانە بەرامبەر ژنان و منداڵانی عێراق و کۆمەڵگە بەگشتی، ئەویش بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی (١٨٨).
ئەم هەموارکردنەوەیە، بە شیوازی پەرلەمانە دیکتاتۆر و فاشیستەکان، و بە دەنگدان لەسەر سەبەتە یاسایەک، پەسەندکرا. ئەم سەبەتەیە جگە لە پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، دوو یاسای دیکەی لەخۆگرتبوو، کە یاسای لێبوردنی گشتی بۆ زیندانییەکان و یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار و مڵک وماڵ بوو بۆ خاوەنەکانیان. یاسای یەکەم لەم دوو یاسایە خزمەت بە بەرژەوەندییە سیاسییە پەرلەمانییەکانی بلۆکی ناسیۆنالیستی عەرەبی و تائیفی سوننی دەکات، دووەمیان خزمەت بە بەرژەوەندییە سیاسییە پەرلەمانییەکانی بلۆکی ناسیۆنالیستی کورد دەکات.
ڕێککەوتنی ئەم دوو بلۆکە لەگەڵ بلۆکی ئیسلامی سیاسی شیعەدا لە کاتێکدا ئەم بلۆکە مەرجی تێپەراندنی ئەو دوو یاسایەی گرێدابووەوە بە پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێـتیـیەوە، بۆخۆی شیوەکاری بەعسیانە و تائیفەگەریانە، و هەروەها ناسیۆنالیست شۆڤێنیستانە بوو لەدژی ژنان و منداڵانی عێراق بەگشتی، و بەتایبەت لە دژی ژنان و منداڵانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کە نەریت و هەژمۆنی تائیفەگەری شیعە زاڵە بەسەریاندا.

پاش تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاساکە
لەگەڵ تێپەراندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی (١٨٨)، ماف و ئازادییەکانی ژنان گورزێکی گەورەی بەرکەوت کە کاریگەریی نەرێنی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری وێرانکەری لەسەر ژیان و چالاکییەکانیان، و لەسەر بارودۆخی بوون و خەباتی کۆمەڵایەتییان بەجێ دەهێڵێت. جگە لەوەش منداڵانی کچ لە عێراق کەوتنە بەر هێرشێکی دڕندانە کە ماف و بەختەوەریان و هی نەوەکانی داهاتووشیان لێ زەوت دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە فۆرمی هەندێک لە گرنگترین بابەت و پرسی سیاسی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و پرۆسەی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە عێراقدا.
لە کۆمێنتێکی کورتدا، کە لە (٢٤ی ١ی ٢٠٢٥) لە پەیجی خۆم لە فەیسبووک بڵاومکردەوە، جەختم لەسەر ئەمانە کردەوە:
“لەگەڵ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراق، پێموایە فۆرمی هەندێک پرس و کێشەکانی پڕۆسەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و خەباتی شۆڕشگێڕانە بە گشتی لە عێراقدا گۆڕاوە.
لێرەدا تەنیا ئاماژە بە دوو شت دەکەم: یەکەم: ئەم ڕێککەوتنە پەرلەمانییە لە جۆری داعش و فاشیستی بەعسی و شۆڤێنی نەتەوەییە و لە ویژدانی پرۆلیتاریا و ژنان و ڕزگاریخوازانی عێراقدا وەک خۆی چۆنە ئاوەها، واتە وەک کارێکی دوژمنکارانەی ئاشکرا بەرامبەریان دەمێنێتەوە، بەڵام له هەمانکاتدا ئەم کردەوه دوژمنکارانەیە نیعمەتی خۆشاردنەوەی پشتی لافوگزافی پەرلەمانی بەبادا و بە دەستی خۆیان فەرشیان لەژێر پێی خۆیان و پێی ئەو بەرگریکاره ڕیفۆرمخوازانە دەرهێنا که هەردەم خەریکی سازشکارین لەگەڵ دەسەڵات، و بە یەکجار هەموو ئەو خۆشباوەڕیـیەی بە پەرلەمان و سەروساختەکەی ڕیسوا کرد.
دووەم: لەگەڵ دەرچوونی یاساکە، پرسی ڕزگاری ژنان لە عێراق و خەباتی شۆڕشگێڕانە لەم بوارەدا چوونە قۆناغێکی ئاڵۆزتر و سەختترەوە، بەڵام قۆناغێکی بەرزتر لە ڕوانگەی مێژوویـیەوە، بەو پێـیەی کە تێز و سیاسەت و سنوورە ئاشناکانی دوو دەیەی ڕابردووی بەشێوەیەکی دیالێکتیکی تێپەڕاند، بەو ئاکامەشیەوە کە پێداگریـیە لە سەر پێویستی پێشڕەوی لەبواری ڕەگوڕیشەداکوتانی کۆمەڵایەتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە سەرجەم عێراقدا”(١).
هەر واشە، بە تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیە، ئەو هیوایەی کە هەڵچنرابوو لەسەر پەرلەمانتاریزم و خۆشباوەڕییەکان دەربارەی، لەناو جەماوەردا گورزێکی گەورەی لێدرا، و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان ئەگەرچی لە هەلومەرجێکی قورستر و سەختتردا بێت، بەڵام هەنگاوی نایە ناو قۆناغێکی دیکە و باڵاتر لە خەباتی خۆی لە بواری ڕزگاریی ژناندا، کە پڕە لە ناکۆکی و سەختی. بەم پێیە، باڵەخانەکانی ئەو خۆشباوەڕیـیانە داڕمان کە خەباتی ژنانیان تەنیا لە چوارچێوەی چاکسازیی وردە وردەدا سنووردار دەکرد، و ئەم خەباتەیان قەتیس دەکرد لە بازنەی پشتبەستنی تاکلایەنە بە کاری گروپە فشارەکان لەسەر پەرلەمانێکی تائیفی و قەومی کە ئامادەیە تاوانی گەورە ئەنجامبدا دژی ژنان و منداڵان لەو جۆرەی کە پیادەیانکرد لە تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیدا.
ئەوەی ڕوویدا ئەوەیە کە یاسایەک دەرچوو بۆ بەرینکردنەوە و پتەوترکردنی پانتایی ئەو کۆیلایەتیـیەی کە ژنان و منداڵان تێیدا دەژین لە عێراقدا لە ئێستادا و بەیاساییکردنی سەپاندنی پاشەکشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی و موڕاڵی و سەختییەکی یەکجار زۆرە بەسەریاندا، کە لە مێژووی تازەی عێراقدا وێنەی نیـیە. ئەوانەی کارەساتی ئەم هەموارکردنەوەیەیان بەسەردادەشکیتەوە ژنان و منداڵانن، و بە پلەی یەکەم ژنان و منداڵانی ئەو ناوچانەی کە مەزهەبی تایفەگەری شیعە زاڵە تیایاندا، وە ژنان و منداڵانی ناو چینی کرێکار و تۆێژە کۆمەڵایەتییە هەژارەکان، و ئەمەش لێکەوتەی جۆراوجۆری لەسەر ڕەوەندی خەباتی چینایەتی و سیاسی دەبێت لە کۆمەڵگادا.
لە وتارێکی پێشوودا ئاماژەم داوە بە گرنگی ستراتیژی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری کەسێتی (١٨٨) بۆ ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی شیعەی دەسەڵاتدار لە عێراق و پەیوەندیی ئەم کارە بە ترسیان لە شۆڕشی پڕۆلیتاریای داهاتوو لە وڵاتدا. ناونیشانی وتارەکە بەم شێوەیەیە “هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێەتی (١٨٨) بۆچی؟ ئیسلامی سیاسی و ترس لە شۆڕشی پرۆلیتاری”.
ئەڵبەتە لەگەڵ پـێـنانە نێو قۆناغی دوای هەموارکردنەوەکە، ئەو حزبانەی کە ڕێبازێکی چاکسازیخوازانەی بۆرژوازییان هەیە، و حیزب و ڕێکخراو و نەریتە سیاسییە ڕادیکاڵە غەیرە کرێکاریەکان، کە بۆ خۆیان دابڕاون لە جەماوەری ستەملێکراوی ژنان، هەروەها بزووتنەوە و گروپ و چالاکییە بەرگریکاری و ڕیفۆرمخوازیـیەکانی ژنان، و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە هەندێکیان خزمەتگوزاریی گرنگ پێشکەش دەکەن بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە کوشتن و توندوتیژی، واتە تەواوی ئەو چالاکییەی کە لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لە عێراق لە بواری بەرگریکردن لەم یان ئەو لایەنی مافەکانی ژنان ڕوویداوە، و خەباتیان کردووە دژی جیاکاری و توندوتیژی بەرامبەر ژنان، لەم سەردەمە نوێیەشدا بەردەوام دەبن.
بەڵام درێژەدان بەم چالاکییانە بە هەمان شێوازی کۆن، واتە شێوازی پێش دەرکردنی هەموارکردنەوەی یاساکە، سوودێکی ئەوتۆی نابێت، و ئەمەش وا دەکات ئەم هەوڵانە کاریگەرییەکی لاوەکیان هەبیت لەسەر واقیعی سەختی نوێی ژنان وە خەباتیان، واتە لەسەر واقیعێکی پڕ لە هەڵاواردن و چەوساندنەوە و پەراوێزخستن بەرامبەریان. هەروەها شیوازی کۆن ناگونجێت نە لەگەڵ توندوتیژتربوونەوەی ناکۆکیـیە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیـیەکان کە وڵاتەکە لەم قۆناغەدا پێیدا تێدەپەرێ، وە نە لەگەڵ پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئامانجی سەرەکی ئیسلامییەکان لە هەموارکردنەوەی یاساکە وەک سیاسەتێکی دژە شۆڕش کە بە پلەی یەکەم ژنانی پرۆلیتاری و دابرانی ڕیزەکانیان لە ڕیزەکانی جەماوەری کرێکار لە سەرتاسەری عێراقی کردۆتە ئامانج. ئەمەش بەکورتی بەو مانایەیە کە شیوازی کۆن ڕێک نایەتەوە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەدا کە لە تایبەتمەندییەکانی هەندێک لایەنی خەباتی سیاسی چینایەتی و خەباتی ژناندا ڕوودەدەن.
ئەمه، و ڕەچاونەکردنی ئەو گۆڕانکاریانه و دانەنانی له کارنامه و ستراتیژ و سیاسەتی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژناندا، لێکەوتەی نەرێنی زۆری بۆ ئەو بزوتنەوانە دەبێت.
کارکردن بۆ ڕەگوڕیشەداکوتانی کۆمەڵایەتیی سیاسەتی ڕزگاریخوازانەی ژنان، و هەوڵدانی بەردەوام بۆ پێشخستنی بەرگری و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی ژنان لە ئاستی کۆمەڵگەدا و لەنیو ژنانی پرۆلیتاریدا، و کاری بەردەوام بۆ پڕ چەککردنی جەماوەری ژنان، بە تایبەت کچی گەنجی ناو چینی کرێکار و هەژاران، بە تێڕوانین و تیۆرێکی سیاسی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ و ڕزگاریخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنان، ئەمەیە کە ڕێگا لە لەدەستدانی وزە شۆڕشگێڕییەکان دەگرێت. هەر ئەمەشە کە دەرگاکان بەڕووی ڕەگوڕیشە داکوتانی کۆمەڵایەتی بزووتنەوەی ژنان دەکاتەوە، و گۆڕینی پرسی ڕزگابوونی ژنان بۆ بابەتێکی کۆمەڵایەتی بەپەلەی ناو هەر خێزانێک، و گەیاندنی بە ژنان لە هەموو گەڕەک و شار و کوچەیەکدا، دەکاتە واقیع لە قۆناغی داهاتوودا.

گۆڕینی ئەولەویەتەکان مەسەلەیەکی سیاسی چینایەتیە پێش ئەوەی گۆڕانکاری بێت
لە شێوازی کارکردندا

گرتنەبەری ئەم ڕێبازە بۆ ڕەگوڕیشەداکۆتانی کۆمەڵایەتی خەباتی ژنان، و پێشخستنی ئەو تیۆرییەی کە ڕێنوێنی خەباتی ژنان دەکات، تەنیا مەسەلەیەکی پراکتیکی و میکانیزمی و شێوازی کارکردن نییە، بەڵکو لە سەرووی هەموویەوە مەسەلەیەکی سیاسی و میتۆدۆلۆژی و تیۆریـیە و هەر بەم پێیەش چینایەتیـیە. لە جیهانی خەباتی چینایەتی و ململانێی سیاسی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکاندا، هیچ مەسەلەیەک ئەو تایبەتمەندییەی نییە کە بەئاسانی بگۆڕدرێت وەک دەڵێن “سیاسەت سەرسەختە”.
مشتومڕ (جدل) دەربارەی گۆڕینی بزووتنەوەی ژنان بۆ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە هێزی سەرەکی بزوێنەری ئەم بزوتنەوەیە جەماوەری ژنانی پرۆلیتاریا بێت، مەسەلەیەکی سیاسی و فیکرییە، و پەیوەندی بە گرتنەبەری هێڵی مارکسیستی ڕزگاریخوازانەی ژنانەوە هەیە، و پەیوەندی بە کێشانی هێڵی جیاکەرەوە هەیە لەگەڵ ئاراستەکانی ڕەوتە بورژوا لیبراڵەکان و شێوازە فێمینیستـیـیە نوخبەگەراییەکانی ئەو ڕەوتە و ئاراستەکانی بزووتنەوە ئیسلامی و ناسیۆنالیستییە بۆرژوازییەکان کە نوقمی کۆنەپەرستین، و هەروەها پەیوەندی بەخۆجیاکردنەوەوە هەیە لەگەڵ شێوازی کاری سیاسی ڕادیکاڵ و ناپرۆلیتاریانەی زۆربەی حزب و ڕێکخراوە چەپەکان.
ئەوە ڕوونە کە بزووتنەوە ئیسلامییەکان خەریکی ڕەگوڕیشەداکوتانی هەرچی زیاتری کۆیلەکردنی ژنان و چەسپاندنی هەژموونی پیاوسالاری ئیسلامی و ناسیۆنالیستین لە کۆمەڵگادا، و بە شێوازی جۆراوجۆر کار بۆ فراوانکردنی مەودای ئەم هەژمۆنی و بەکۆیلەکردنە دەکەن. ئەڵبەتە ئەمەش لە ڕیگەی خنکاندنی ماف و ئازادییەکانی ژنان و منداڵان، و سەرکوتکردنی هەر تەشەنەکردنیکی خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە ئاستێکی کۆمەڵایەتی بەریندا، و لەباربردنی لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، ئەمە جگە لە گۆڕینی پرسی ژنان بۆ پاشکۆیەک بۆ ستراتیژە سیاسییەکانیان، و خنکاندنی هەر سەربەخۆیـیـیەکی چینایەتی سیاسی و پرۆلیتاری لە خەباتی ڕزگاریخوازی ژناندا.
بەرتەسکردنەوەی (حصر) چالاکیی ڕزگاریخوازانەی ژنان لەنێو بەشی سەرەوەی کۆمەڵگەدا، واتە لەناو بازنەی ئەو ڕەوەندە سیاسییەی کە سیاسەتی بۆرژوازیانەی سپێکتریمی (أطياف) جۆراوجۆری نیولیبراڵ، ئیسلامی، ناسیۆنالیستی و ئەوانی تر زاڵە تیایدا، کە ئەمەش زۆرجار جێگەی کەمێ چالاکیی چاکسازیخوازانەی ڕەوت و حزب و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان و گروپە فشارەکانی تێدا دەبێتەوە، ژنان و منداڵان لە قووڵایی کۆمەڵگا و لەسەر ئاستێکی کۆمەڵایەتی فراوان بەجێدەهێڵێ تا وەک نێچیرێک لە ژێر چەپۆکی ئیسلامیـیەکان و ناسیۆنالیستەکان و سەرکوتگەری و درندەییاندا بمێننەوە، و دیلی دەستی چەمک و بیرۆکە و نەریتە کۆنەپەرستانە و پیاوسالارەکان بن.
بزووتنەوەی سۆسیالیستی و ڕزگاریخوازانەی ژنان، ژن لە کۆمەڵگادا بەجێ ناهێڵیت بۆ ئەوەی لەژێر زوڵمی دامودەزگا ئایینی و تائیفی و خێڵەکییەکان و حیزبە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکان و ئاسۆ و نەریتە کۆیلەوارەکانیاندا بژی، کە بێگومان دوای تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاساکە زەبروزەنگێکی وێرانکەرتر و کوشندەتر بەخۆیەوە دەبینێت. هەروەها ئەم بزووتنەوەیە نایەوێت خۆی دەستخەڕۆ بکات بە خولانەوە لە بازنەی سەپاندنی کەمێ چاکسازی بەسەر بۆرژوازی و پەرلەمانە دژە جەماوەریەکەیدا، هەر بۆیە، گەشەسەندنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی سۆسیالیستی ژنان ئەستەمە ئەگەر پرسی گۆڕینی خۆی بۆ بزووتنەوەیەکی ڕەگوڕیشەداکوتراوی کۆمەڵایەتی نەخاتە ناوەندی ئەولەویەتەکانی بۆ قۆناغی داهاتوو، و ئەگەر چالاکیـیەکانی بۆ چاکسازی و داواکاریـیە بەرگریکارە ڕۆژانەکانی بەشێکی ئۆرگانی و تەواوکەری خەبات نەبن بۆ ئەم ئامانج و ستراتیژیـیە. ئەمانه تایبەتمەندیـیەکانی دۆخی نوێین که پشتگوێخستنیان بۆ ڕەوتی مارکسیستی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان، وێرانکەر دەبێت.

چاکسازی لە هەلومەرجی نوێدا و پەیوەندیی بە شۆڕشەوە؟
بۆ مارکسیستەکان ئەوە ڕوونە کە خەبات بۆ بەدیهێنانی سادەترین ڕیفورم، چ ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی یان کولتووری، و لانانی هەڵواردن و جیاکاری و سەپاندیان بەسەر دەسەڵاتدا، تەنانەت لە هەلومەرج و بارودۆخی توندترین دیکتاتۆریەتدا، مەسەلەیەکە کە لە پێداویستییەکانی ژیانی ڕۆژانەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ وەلانانی سەختیـیەکان و نادادپەروەرییەکان لەسەر شانی ئەو چین و گروپە کۆمەڵایەتیـیانەی کە بەدەست باری قورسی ستەم و سەرکوت و جیاکارییەوە دەناڵێنن. هەربۆیە کەس مافی ئەوەی نییە بەر بگرێت بەخەبات لە پێناو سەپاندنی چاکسازی و باشتربوونی ژیانی جەماوەر لە ڕێگەی خەباتی ئەو چین و گروپانە و هەروەها هەڵسوڕاوان و گروپ و ڕێکخراوە جەماوەریەکان و تەنانەت ئەو حزبانەش کە ئەو کارە دەکەن. جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لە نێوان ڕێبازی ڕیفۆرمیزم، وەک ڕێبازێکی سیاسی چینایەتی سەر بە بۆرژوازی و سیستەمە سیاسیەکەی ، لەگەڵ مەسەلەی داوای ڕیفۆرم و چاکسازی و دەستڕاگەیشتن بە باشترکردنی بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی چین و گروپە کۆمەڵایەتیـیە چەوساوەکان و بەدەستهێنانی ماف و ئازادیـیەکان.
بۆیە سەرەڕای ئەم پاشەکشەیە کە لە ئەنجامی پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی یاساکەدا هاتۆتە ئاراوە، خەبات بۆ چاکسازی هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام ڕۆڵی لە سەرجەم پڕۆسەی خەباتی شۆڕشگێڕانەدا، و لە کۆی خەباتی سۆسیالیستی و ڕزگاریخوازانەی ژناندا، دەچیتەدواوە گەر وەڵامی پێویستییەکانی واقیعی نوێ نەداتەوە و خۆی گرێنەداتەوە پێوەی.
پتەوکردن و قووڵکردنەوەی زیاتری ڕەگوڕیشەی هەژموونی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا و بەکۆیلەکردنی ژنان و زەوتکردنی ماف و ئازادیـیەکانیان، یەکێکە لە گرنگترین پایە و ئەجێنداکانی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی، و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پرسی ژنان لە عێراقدا ببێتە پرسێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری گەورەی وەها، کە بەبێ ڕاپەڕینێکی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری بەرفراوان نەتوانرێت بە ئاسانی ڕووبەڕووی ببیتەوە، ڕاپەرێنێک کە نەک تەنها لە لایەن هەمان ئەو هێزانەی کە ڕۆژانە تووشی ستەم و چەوساندنەوە دەبن لە ئەنجامی ئەم پرسە، واتە بە ملیۆنان ژن لە عێراق، ئەنجامبدرێ، بەڵکو بە ڕاپەرێنێک کە لەلایەن چینی کرێکار و جەماوەری بەهەژارکراو و چەوساوە و ستەملێکراو و ئازادیخوازانی ژن و پیاوەوە ئەنجامبدرێ.
ڕەگداکوتانی چەمکەکانی ڕزگاری ژنان و گەڕاندنەوەی سەرچاوەی چەوساندنەوەیان بۆ سیستەمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی و فیکری لە بناغەدا چینایەتی، واتە سەرمایەداری، و بۆ فۆرمی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و کەلتوری پیاوسالاری کە لەم سیستمەدا هەردەم سەرلەنوێ بەرهەمدەهێنرێتەوە، و ڕەخنە لەو واقیعەی کە ژنان تێیدا دەژین لە ڕوانگەیەکی شۆڕشگێڕانەی ماتریالیستی و مارکسیستی و ئازادیخوازانەی ژنانەوە، هەروەها بانگەوازی پتەوکردنی پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان و خەباتی سۆشیالیستی پرۆلیتاریا، گرنگییەکی بێئەندازەیان هەیە لە گەیشتن بە ڕزگاری ژنان. ئەم دیدە ئاسۆی ڕزگاریخوازی ژنان و خەبات بۆ گەیشتن پێی بەرتەسک ناکاتەوە، هەروەها ئەم ڕزگاریەش ناخاتە ژێر مەرجی پرۆژەکانی مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی ستالینیستی بە ناوی “سیستەمی سۆشیالیستی”!، و بە دابڕان لە ڕزگاری مرۆڤ.
ڕوانگە و تیۆری ماتریالیزمی شۆڕشگێڕانەی مارکس بۆ ڕزگاری مرۆڤ بەگشتی و هەروەها ڕزگاری ژن لە بنەڕەتدا پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕانەی بەردەوامی بەرەو ڕزگاری کۆتایی لەپێشچاوگرتووە، کە نە سنوور و فۆڕمۆڵەی ئامادەکراو قبوڵ دەکات و نە تەنانەت چوارچێوەی ئابووری و سیاسیش لە ژێر هیچ ناوێکدا بێت، ئەمە جگە لە قەتیسکردنی لە قاڵبی ڕیفۆرمخوازی بەستەڵۆکدا.
هەروەها، خەبات بۆ ڕزگاری ژنان خەباتێکی مێژوویی ڕوو لە هەڵکشانە و هیچ سنوورێکی دەستکردی زەینی (ذهني) ناناسێت، چونکە ڕەگوڕیشەی ستەمی ژنان و پیاوسالاری لە پێکهاتەی سیستەمی چینایەتی سەرمایەداریدا چەسپاوە و بەردەوام بەرهەمدەهێنرێتەوە، هەروەها کولتوور و نەریتە دژە ژنیـیەکان کە بە میرات ماوەنەتەوە بەدرێژایی هەزاران ساڵ، و بەرژەوەندییە ماددییەکانی ستەمکاریی ژنان وای لێدەکات کە بەردئاسا ڕەقوتەق بێت و سەرسەختانە بوەستێتەوە بەرامبەر گۆڕانکاری.
بۆیە دەبینین هەر کات کە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و ڕزگاریخوازانەی ژنان پێشرەویی دەکات و دەستدەگرێ بەسەر قەڵایەکی پیاوسالاریدا، قەڵاگەلیکی دیکە دەردەکەون کە تا ئەو کات شاراوە بوون لەبەردەمیدا و بەم شێوەیەش خەباتەکە بەردەوام دەبێت. سەرەڕای هەر پاشەکشەیەک کە خەباتی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە قۆناغە جیاجیاکانی ئەم پڕۆسە مێژووییە هەڵکشانەیەیدا ڕووبەڕووی ببێتەوە، مێژووی خەباتی ژنان گوڕانکاری چۆنایەتی (نەوعی) و قەڵەمبازی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە لە ڕێڕەوی گەشەسەندنی خۆیدا، وەک ئەوەی لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا ڕوویدا. وە ئەوەش ڕوونە کە چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و ڕەوتەکانیان و ستراتیژە دژبەیەکەکانیان بە شێوەی جیاواز کاریگەرییان لەسەر ئەم مێژووە هەڵکشاوەی ڕزگاریخوازی هەبووە، هەر لە “فێمینیزمی لیبراڵ” بۆرژوازییەوە بەهەموو ڕەنگەکانیەوە تا دەگاتە فیمینیزمی مارکسیستی و تا شەپۆلە فێمینیستیەکانی سێیەم و چوارەم و پێنجەم و ئەوانی تر.

دوای تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەکە،
بەرزکردنەوەی چاوەڕوانیـیەکان و داواکاریـیەکانی بزووتنەوەی ژنان

بە تێپەڕاندنی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، ئیتر ناتوانرێت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و ڕەوتی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی کۆن، واتە ماوەی پێش پەسەندکردنی هەموارکردنەوەکە، لە بواری یاساکانی ڕێکخستنی باری کەسێتیدا، و هەر بۆیە ناتوانێت خۆی لەم بوارەدا سنووردار بکات بە گەڕانەوە بۆ داواکاری بەرگریکردن لە یاسای باری کەسێتی (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩)، بەڵکو پێویستە لەوە زیاتر بڕوات و خەبات لەم لایەنەوە بەرز بکاتەوە بۆ قۆناغێکی باڵاتر کە وەڵامی واقیعی ئەو قۆناغە بداتەوە کە بەکردەوە تیایدا دەژی. گومانی تێدا نییە کە ئەمە بە مانای درێژەنەدان نییە بە خەبات لەم قۆناغە ریگوزەریەدا (ئینتقالیەدا) بە مەبەستی پوچەڵکردنەوەی پڕۆژەی هەموارکردنەوەکە.
ئەم پەرەسەندنە بەو مانایەیە خەباتەکە بۆ ئەو ئاستە بەرز ببێتەوە و یاسایەک بخاتەڕوو کە لەسەر بنەمای ڕزگاری و یەکسانی تەواوی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان وەک هاووڵاتی لە کۆمەڵگەیەکی جیهانیدا، داڕیژرابێت، وە بەجۆرێک لەگەڵ دوایین ماف و ئازادییەکان کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان و پرۆلیتاریا سۆسیالیستی جیهانی بەدەستیهێناون، یەکبێتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمانە، ئەوەش ڕوونە کە هەر فۆرمێک داواکارییەکانی داهاتوو لەم بوارەدا دەیگرێتەبەر، پەیوەستە بە گۆڕینی هاوسەنگی هێزە چینایەتیـیەکانی ناو کۆمەڵگە بە قازانجی پرۆلیتاریا و ژنان.
گرتنەبەری ڕوانگە و ڕێبازی ماتریالیستی دیالکتیکی شۆڕشگێڕ لە بواری بزووتنەوە و پرسی ژنان و پرۆسەی پێشرەویی ڕزگاربوونیان، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بەسەرجەم تێڕوانینی ماتریالیستی شۆڕشگێڕانەمانەوە هەیە بۆ جیهان و دیاردەکان و جەوهەریان، واتە ئەو تێڕوانینەی کە گۆڕانکاریـیەکان تەنها وەک گوڕانکاریە شێنەیی و پلە بە پلەیەکان و بەپێی گەشەسەندنی سروشتی و تیۆری پەرەسەندن نابینێ، بەڵکو بەپێی مەبدەئی ڕوودانی بازدان و شۆڕش و گۆڕانکاریـیە چۆنایەتیـیەکان دەبینێ، بەڵام گرتنەبەری ئەم ڕێبازە شۆڕشگێڕانەیە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری و جێبەجێکردنی لە هەر سەردەمێکی مێژووییدا، مەرجدارە و لە ڕووی مێژووییەوە و بە شیوەیەکی توندوتۆڵ پەیوەستە بەو چینە کۆمەڵایەتیـیە و توێژەکانی کە بەرژەوەندییان لە هێنانەدی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەدا هەیە، واتە پەیوەندیی بەو چینەوە هەیە کە لە ڕووی مێژووییەوە شۆڕشگێڕە.
لە سەردەمی ئەمڕۆی تەشەنەی سەرمایەداری بەسەر تەواوی هەسارەی زەوییدا و گەشەی چینی کرێکار بەهەموو مانای وشەکە وەک چینی کۆمەڵایەتی شۆڕشگێڕی جیهانی، گرتنەبەری ڕێبازی شۆڕشگێڕانە لەوێوەیە کە بارودۆخی ژیانی ڕۆژانەی ئەم چینە و باریگرانی ئەو کوتوبەند و کۆیلەکردن و جیاکاری و ستەمانەی کە لە ژێر سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا ئەزموونی دەکات، هەر ڕۆژەوە پتەوتری دەکات. شۆڕشەکان بە تایبەت لەم سەردەمەدا هاتونەتە نێو ئەجێندای مێژوو و بەشێک لە میکانیزمەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی پێکدەهێنن، بۆ ئەوەی هەموو ئەوەی بەسەرچووە و کۆنە لە میراتی چەوساندنەوە و سەرکوت و جیاکاری ڕاماڵێت، لە بەرامبەر پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بەرەو قۆناغێکی باڵاتر.
لەم بارودۆخە نوێە و هەلومەرجی دوای سەپاندنی ئەم پاشەکشەیە بەسەر ژنان و ماف و ئازادییەکانیان و داسەپاندنی نەهامەتی بەسەر منداڵانی کچ لە عێراقدا، بە هۆی تێپەراندنی هەموارکردنەوەی یاساکەوە، گرتنەبەری ڕێبازی شۆڕشگێڕانە بۆ خوڵقاندنی گۆڕانکاری بووەتە پێویستییەکی واقعی خەباتی ژنانی پرۆلیتاری، و خۆی جێگیر دەکات لەسەر بنەمای پەیوەندی ئۆرگانیکی نێوان ئەم خەباتە و خەباتی پرۆلیتاریا بەگشتی دژی سیستەمی سەرمایەداری و هەموو جۆرەکانی چەوساندنەوە و جیاکاری و سەرکوت.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هەرچەندە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیستەکان توانیان دەسەڵاتی خۆیان و پایەکانی حوکمڕانی خۆیان بچەسپێنن، بەڵام ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و خەباتی چین و تۆیژە کۆمەڵایەتییە چەوساوە و ستەملیکراوەکان بۆ ساتێکیش نەوەستاوە، و ئەو ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەی کە عێراق لە تشرینی یەکەمی (٢٠١٩) و چەند مانگێکی دواتریشیدا شاهیدی بوو بەشێک بوو لە ڕەوەندی سیاسی عێراق، و ئەگەری سەرهەڵدانی سەرلەنوێی لە ئارادایە لە قۆناغەکانی دواتردا، و بە ڤێرژنێکی نوێ و جیاوازی چۆنایەتیـیەوە. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە تێپەراندنی یاسای باری کەسێتی ستراتیژێکی سیاسی کۆنەپەرستانەی ئەم بزووتنەوە دەسەڵاتدارانەیە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی لەرزۆکی خۆیان و هێچی تر.
٢٦ی ژانویەی ( کانونی دووهەمی) ٢٠٢٥
-.-.-.-.-.-.-.-
(1) کۆمێنتەکەم پێشتر لە پەراوێزی وتارێکی هاوڕی (ینار محمد) نووسیوە، کە سەبارەت بە تێپەڕاندنی ئەم هەموارکردنەوەیە بوو، و لە هەمان بەرواردا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاوی کردبووەوە.
(2) https://www.albadeel-alsheoi.org/ar/?p=7477




یاقووتییەکان و هەژاریی فەرهەنگی.. هۆمەر نۆریاوی

ئاوڕدانەوە،نووسین و بگرە توێژینەوە لەسەر هەر پرسێک بە بێ پێناسەکردنی خودی بابەت و ناونیشانی پرسەکە،ڕەنگە دیوی ڕاستینە و کرۆکی بابەتەکەمان لە لا ئاڵۆز بنوێنێت. هەر بۆیە کورت و پوخت دەکرێت بێژم،هەژاری،دیاردەیەکی جڤاکی،ئابووریی و کولتوورییە کە لە ئەنجامی بێتوانایی و لاوازیی لە دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیاندا سەر هەڵدەدات. هەژاریی بۆ خۆ دەیان ڕەهەندی هەیە و لێکۆڵینەوە لەسەر هەر لایەن و ڕەهەندێکی ئەم پرسەیش،پێویستی بە ئەرک و ماندووبوونێکی تایبەت هەیە و لە چوارچێوەی ئەم نووسینەیشدا ناگونجێت و مەبەست لێرەدا مکوڕبوونەوە لەسەر یەک لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی ئەم پرسەیە و ئەویش بە”هەژاریی فەرهەنگی”( Cultural poverty)ناودێر دەکرێت کە ئەمڕۆکە گەلێک کۆمەڵگەی مرۆیی نەخاسما جڤاکی کوردی بەدەستیەوە گیرۆدەیە.
لەو نێوانەدا یەک لە پێوەرە سەرەکییەکان بۆ کۆمەڵگەیەکی پێشڕەو،بە بەرزبوونی ڕێژەی خوێندەواریی یان بڵندبوونی ئاستی ڕۆشنبیریی دادەنرێت. پڕ ڕوونە ئەم پرسەیش بۆ خۆی پێوەندی ڕاستەوخۆی دەگەڵ چەندان پرسی دیکەدا هەیە و بوونی کەلێن لە هەر بوار و بەستێنێکیشدا لە شوێنی دیکەوە بۆشاییی دروست دەکات و بە بێ بوونی ژێرخانێکی تەندروست و بەهێز،پڕکردنەوەی ئەم کەلێنەیش گەلێک چەتوون و زەحمەت دەنوێنێت.
کۆمەڵگەی کوردی لەم سۆنگەیەوە لەبەر گەلێک هۆ و هەگەر کە بۆ خۆی لێکۆڵینەوەی جیاوازی گەرەکە،بە یەک لە کۆمەڵگە هەژارەکان دادەنرێت.
دوابەدوای ئەو هەژان و بزاوتە بەرفرەوانەی کە لە ڕێی شۆڕشی تەکنۆلۆژیاوە دنیای گرتووەتەوە،کۆمەڵگەی کوردییش ئەرچی هێشتاکە لە بن هەژموونی دەوڵەتە سەردەستەکاندایە و جگە لە نیوەهەناسەیەک لە باشووری نیشتمان،هەرگیز وەک پێویست ئەو دەرفەتەی نەخراوەتە بەردەم تا بتوانێت کار لەسەر ژێرخانە بنچینییەکانی خۆی بکات. ئەم ئارێشەیە دواتر بۆ خۆی بووەتە هۆکار و بگرە سەرچاوەی دەیان کێشەی دیکە و خەمساردیی خودی کۆمەڵگەیش دە هێندە پرسەکەی ئاڵۆسکاوتر کردووە. ڕاستە ئێستاکە لە باری ئابوورییەوە ئەم جڤاکە لە هەر هەموو پار و بەشەکانی نیشتماندا،تەکان و گەشەیەکی بەرچاوی ڕواڵەتییانەی بەخۆوە بینیوە بەڵام چونکە ژێرخانەکە هەرۆڵە و بە شێوەی دامەزراوەیی و سیستەماتیک لەم پێوەندییەدا کار نەکراوە یان بە واتایەکی ڕاستتر،لەبەر ئەوەی جڤاکی کوردی هەلی لەباری بۆ نەڕەخساوە،بۆیە لەم سۆنگەیەوە سامان و دارایی ڕووت بە تەنێ دادێک نادات و بۆ سەرخستنی ئەم پرۆژە گرینگە،گەرەک هەرمان و خەباتی بنچینەیی و ڕیشەیی بکرێت.
نووسەری ئەم دێڕانە،کۆچی دواییی ڕۆماننووس و ڕووناکبیری کوردی فارسینووس”مەنسوور یاقووتی”(2024-1949)(1403-1327)وەک دەرفەتێک دەقۆزێتەوە و پەردە لەسەر پرسێکی هەرە هەستیار و دیوێکی تاریک و نووتەکی چاندیی کۆمەڵگەی کوردی هەڵدەداتەوە کە بە هەژاریی فەرهەنگی ناودێرە.
ئەمە ڕاستییەکی تاڵی نێو کۆمەڵگە دواکەوتوو یان بە واتایەکی دی،کۆمەڵگەکانی ڕوو لە گەشەیە کە کۆمەڵگەی کوردییش دەچێتە هەمان خانەوە،تا کێشە و ئارێشەیەک سەرهەڵدەدات،لە جیاتی بیرکردنەوەیەکی قووڵ لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە و چارەسەرکردنی گرفتەکە بە شێوەی بنچینەیی،خێرا پەنا بۆ ژانبڕ دەبردرێت کە ئەم ڕێکارە بۆ کورتخایەن وەرامدەرەوە دەبێت لێ هەرگیز گرفت و پەتاکە بە شێوەی بنەڕەتی چارەسەر ناکرێت.
هەر لەم ماوەیەدا دوابەدوای کۆچی دواییی مەنسوور یاقووتی،هەندێک باس و خواس هاتووەتە ئاراوە کە زام و برینەکە دە هێندە دەکولێنێتەوە. یارمەتیدانی دراویی بنەماڵەی یاقووتی لە لایەن چەند مرۆیەکی خەمخۆرەوە ئەرچی نیشانە بۆ پەرۆشیی ئەم جۆرە مرۆیانە بەرانبەر چاند و کولتووری کوردی دێتە ئەژمار بەڵام لە ئالییەکی دیکەوە زۆر هەژێنەرە و پەردە لە ڕووی گەلێک ڕاستیی تاڵ هەڵدەداتەوە کە ئێمەی کورد هێشتاکە چەندە لە باری فەرهەنگییەوە هەژار و بەلەنگازین. بۆیە دەڵێم فەرهەنگ،چونکە ڕووناکبیر و شاعیری ناسراوی کورد،”فەرهاد شاکەلی”(1951)لە پەڕتووکی “زمانی گەردەلوول،خەونی شنەبا”دا دەنووسێت:”من وشەی فەرهەنگ بەرانبەر(Cultural)ی ئینگلیزی و ئەورووپایی و(سەقافە)ی عەرەبی بەکار دەهێنم و ئێمە لە وشەی (فەرهەنگ)چاکترمان نییە”.(فەرهاد شاکەلی،ل10)
مەنسوور یاقووتییەکان لە نێو ڕووبەری فەرهەنگیی کورددا یەک و دووان نین و هەر ئێستاکە بە سەدانمان پێ شک دێن کە ڕۆژانە بە پەناماندا تێدەپەڕن و بەوپەڕی خەمساردییەوە پشتگوێ دەخرێن و لە ئەنجامیشدا بە کۆبەرهەمێک و هەگبەیەکی ڕەنگاڵەییی یادەوەرییەوە کە قەت هەلی نووسینەوە و لەچاپدانیان بۆ ناڕەخسێت،سەر دەنێنەوە. لە جیاتی ئەوەی کۆمەڵ وشیار بکرێتەوە بۆ لەچاپدان و کڕینی بەرهەمەکانی ئەم جۆرە کەسایەتییانە کە بە سامانی ڕۆشنبیریی نەتەوەیەک دادەنرێن،وەئەستۆگرتنی بەشێکی خەرج و بەرجی بنەماڵەکەیان تەنیا وەک ژانبڕەکە دەور دەبینێت و گرێ ئاڵۆزەکە چەند هێندە ئاڵۆسکاوتر دەکات. کارکردن لەسەر کۆمەڵ و دروستکردنی وشیاریی فەرهەنگی و جێبەجێکردنی دەیان هەنگاوی کردەیی لەم پێوەندییەدا سەد هێندەی ئەو چەشنە هەوڵانە دەتوانێت کاریگەر بێت.چونکە کاتێک کردەیەک بوو بە نەریت،بە هاسانی ڕیشەکێش ناکرێت. بۆیە دەیان پرسی هەرە هەستیاری وەک پەروەردەی ژێرخانیی و بەکولتوورکردنی تایبەتمەندییە جڤاکییەکان دواتر لە بەرژەوەندی کۆمەڵ دەشکێنەوە.
پرسەکە زۆر لەمە ئاڵۆسکاوترە و تەنانەت کوردانی تاراوگەیش دەگرێتەوە. بۆ پتر لە 70ساڵ دەچێت کە ڕەوەندی کوردی لە وڵاتە جۆربەجۆرەکانی ئەورووپا و ئەمریکا نیشتەجێیە کەچی ئەرچی ئەم ڕەوەندە بێ دەستکەوتیش نەبووە و دەستکەوتەکانیش زێتر ڕوویان لە خەباتی کەسەکییە،بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە سەدی یەکی چاوەڕوانییەکان مسۆگەر بکات. کوردانی دیاسپۆرا،لە جیاتی ئەوەی بەدرێژایی ئەم هەموو ساڵە، لۆبی بۆ نەتەوەکەیان دروست بکەن و لەسەر سیاسەتی دەوڵەتان کاریگەر بن و سەرچەشنیش بۆ کۆمەڵگەکەیان بن،بە هەزار داخەوە زۆرینە بە چەشنێک لە نێو ئاشەمەکینەی ڕۆژاوادا تواوەتەوە کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوونت ناخاتە بەردەم. چونکە ئەم پرسە پێویستە هەر لە منداڵییەوە بە کولتوور بکرێت. ئەمە قسەی خودی خەمخۆرانی بواری ڕۆشنبیریی کوردییە کە لە دەیان پیشانگە و کۆڕی ڕۆشنبیریی کوردانی ئەورووپادا لە سەد کەس،دوو کەسیان بۆ کڕینی بەرهەمێکی چاندیی یان بە واتایەکی دی،کتێبێکی کوردی دەست بۆ گیرفانی نابات. ئەوە لە حاڵێکدایە بە هەزارانمان پێ شک دێن کە بۆ کۆڕێکی ڕووکەشی بەناو هونەری یان شەواهەنگ(شەوەئاهەنگ)ێک،بە سەدان دۆلار خەرج دەکەن. لێرەوە پرسەکە کارەساتبارتر دەنوێنێت. هەرگیز نابێژم،مرۆ ئەو مافەی نییە دووی خواست و ئاواتە کەسەکییەکانی خۆی بکەوێت بەڵام چونکە ئاستە فەرهەنگییەکە لاوازە،جیاوازیی لە بەینی هونەری ڕاستینە و هونەری سەرقاڵکەریشدا نابینرێت. لە حاڵێکدا وێڕای ڕێز و پێزانینم بۆ بەشێک لە بەزمگێڕەکان کە لە سای هەژاریی فەرهەنگیی کۆمەڵگەوە سامانیان لە بازرگانان واوەترە،ڕۆشنبیرانی وەک یاقووتییەکان گەرەک مانەوە لە نەخۆشخانەیان لە لا پێ باشتر لە گەڕانەوە بۆ ئامێزی بنەماڵە بێت! ئەمە گریانی گەرەکە و پەردە لە ڕووی هەژاری کولتووریی کۆمەڵگە هەڵدەداتەوە. ئەم پرسە ڕاست دەمباتەوە تا بەردەم واقیعێکی تاڵ کە ئەویش ڕووی لە ڕەخنەگرتنێکی ژنە ڕووناکبیر و شاعیری کورد”مەهاباد قەرەداغی”(2020-1966)لە تێکستی گۆرانییەکی”عەزیز وەیسی”(1967)(1345ی هەتاوی)یە کە کۆمەڵەی تەنانەت ڕۆشنبیریی کوردی ئەوەندە لایەنی گۆرانیبێژەکەی گرت،کەمتر ئاوڕی لە دیوە ڕاستینەکەی پرسە و هەروەها بەرهەمە فەرهەنگییەکانی ئەم ژنە ڕۆشنبیرە دایەوە.
بە لای “حەمەسەعید حەسەن”(1950)ی نووسەر و ڕەخنەگرەوە،”ڕۆشنبیر کەسێکە ڕەخنە لە نەریت دەگرێت،نەک لەوەی پێڕەوی دەکات”. (ل28)
هەموو فەرهەنگ و کولتوورێک لایەنی ئەرێنی و نەرێنی تێدایە و بە گوێرەی سەردەمیش ئەم پرسە گۆڕانی بەسەردا دێت. هەر ئەوەندە ئەم تێکستە سەرچاوەکەی لە فۆلکلۆری کوردییەوە هەڵقوڵاوە کە فۆلکلۆریش بەشێکە لە فەرهەنگی نەتەوەیەک و کوردیش خاوەنی یەک لە سامانە دەوڵەمەندەکانی فۆلکلۆر لە نێو گەلانی دنیادایە و کەسیش حاشا لەم ڕاستییە ناکات،کوانێ ئیدی کەس بۆی نییە وەبەر توانج یان ڕەخنەی بدات! وەک چلۆن ئێمەی کورد هەنووکە هەندێک دابونەریت و تایبەتمەندیی ئەرێنیی فەرهەنگ و کولتوورەکانی گەلانی دی بۆ نێو فەرهەنگی کوردی دەگوێزینەوە و لە شوێنی دیکەیشدا گەلێک نەریت و خەسڵەتی ئەو کولتوورانە وەبەر ڕەخنە دەدەین،بە هەمان چەشنیش نابێت دەمارگرژانە و کوێرانە داکۆکی لە هەر جۆرە دابونەریت و سامانێکی بەرینانمان کە بۆ ئەم سەردەمە ناشێن و ڕەخنەی فرەیان بەرەوڕوو دەکرێتەوە،بکەین و بڵا لەم ڕێگەیشەوە خۆڵ لە چاوی خەڵک نەکەین.
ڕەهەندێکی تاڵتری هەژاریی فەرهەنگی ڕووی لە توێژی پێشڕەو یان بەواتایەکی ڕاستتر بەناو ڕووناکبیری کوردە.
ئەو جۆرە بەها و نۆرمە جڤاکییانەی فەرهەنگە سەردەستەکان کە لە ڕاستیدا بە دژەفەرهەنگیش بۆ کولتووری کوردی دادەنرێن و لە لایەن توێژی بەناو ڕووناکبیر و پێشڕەوی کۆمەڵگەی کوردییەوە بۆ نێو کولتووری کوردی دەگوێزرێنەوە،خۆی لە خۆیدا لە هەژاریی فەرهەنگییەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەم جۆرە گوێزتنەوەیە گەلێک مەترسیدارترە چونکە کۆمەڵگەیش دەوری لاساییکەرەوەی ئەم توێژە دەبینێت و بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی ئەم دیاردەیەیش بە ساڵان ڕۆشنگەری گەرەکە. بۆیە توێژی پێشڕەوی کۆمەڵ لەم پێوەندییەدا بەرپرسیاریەتییەکی قورسی لەسەرشانە و پێویستە دەستبەرداری لاساییکردنەوەی ڕەهای کولتووری زاڵ ببێت.
چونکە توانەوە و بیرکردنەوە و هزرینی ناکوردی بۆ خۆی یەک لە پەتا کوشندەکان بە حاڵی کۆمەڵگەی کوردییە و بە هۆکارێکی هەژاریی فەرهەنگی دادەنرێت کە سەرچاوەکەیشی توێژی خوێندەوار یان بە واتایەکی ڕاستتر،زانستوەری کوردە. ڕاستە نزمبوونی ئاستی خوێندەواری بۆ خۆی یەک لە هۆکارە گرینگەکانی بڵاوبوونەوەی هەژاریی فەرهەنگی لە نێو کۆمەڵگەدایە بەڵام لەو لایشەوە ئەمە ڕاستییەکی هەژێنەرە کە تەنانەت بەشێکی بەناو ڕووناکبیری کورد ئەوەندە بیرکردنەوە و خوێندنەوەی ناکوردییە کە سەد مخابن دواتر بەرهەمی هەر ئەم شێوە هزرینە دەگوێزێتەوە بۆ نێو ڕووبەری فەرهەنگیی نەتەوەکەی کە سڕینەوەیان پڕ چەتوون و ئاستەم دەبێت. هەر بۆیە هەژاریی فەرهەنگی تەنیا ڕووی لە ڕەشۆک نییە و فرە جار ئەوە توێژی خودی خوێندەوار و بەناو ڕۆشنبیری کوردە کە لەبەر نامۆیی بەرانبەر سامانی فەرهەنگیی خودی خۆی یانژی بەنزم سەیرکردنی زمان و فەرهەنگەکەی خۆی،دەبێتە کۆسپ و لەمپەری سەرڕێی گەشەسەندنی فەرهەنگ و کولتوورەکەی و سووک و سانا ئامێز لە ڕووی فەرهەنگی سەردەست دەکاتەوە و ملکەچی چاندی زاڵ دەبێت. لەم سۆنگەیەوە ئەم ڕەهەندەی هەژاریی فەرهەنگی دەتوانێت مەترسیدارتر بێت.
با بزانین هەژاریی فەرهەنگی چلۆن سەرهەڵدەدات؟
لێرەدا تەنیا ئاماژە بە چەند هۆکارێک دەکرێت.
کاتێک سامان و کەرەستە فەرهەنگییەکان بە شێوەی یەکسان لە نێو کۆمەڵگەدا دابەش نەکرێن،گەلێک ڕوونە هەژاریی فەرهەنگی چێ دەبێت. بە نزم سەیرکردنی چاند و کولتووری خۆ،بە یەکێکی دی لە هۆکارەکانی هەژاریی فەرهەنگی دادەنرێت. ڕاگەیاندنی چەواشەکار و کرچوکاڵ و نەبوونی ئازادیی لە نێو دنیای میدیادا بۆ خۆ یەک لە هۆکارە گرینگەکانی سەرهەڵدانی هەژاریی فەرهەنگی دێتە ئەژمار.
ئەی چۆن دەتوانین چارەی ئەم ئارێشەیە بکەین؟
دەستەڵات دەتوانێت لەسەر چارەسەرکردنی ئەم ئارێشە گرینگە دەوری سەرەکی ببینێت. بەڵام بۆ ئێمەی کورد کە هێشتاکە بەدەست ئەم دەردە گرانەوە ناڵانین،واتە تۆ کە کیانێکی سەربەخۆت نەبوو،پڕ ڕوونە میدیا و دەزگای سەربەخۆی ڕاگەیاندنیشت نابێت. پەروەردە و بارهێنانی سەربەخۆیشت نابێت. لێرەوە بەشی سەرەکیی ئەرکەکە دەکەوێتە ئەستۆی بنەماڵە،میدیا و ناوەندە سەربەخۆ فەرهەنگییەکان و دەتوانن لەسەر چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کاریگەر بن. قسە لەسەر هەر کامە لەم فەکتەرانەیش بۆ خۆی پێویستی بە توێژینەوەیەکی تایبەت هەیە. بەڵام ڕاستیت گەرەکە ئێستاکە هیچکام لەو فەکتەرانەیش دەوری سەرەکی خۆی نابینێت. بنەماڵە بەدەست خەمی نانەوە گیرۆدەیە. ناوەند و بنکە فەرهەنگییەکان بوونەتە مەکۆ بۆ تاقمێکی خودی و ئەوانی دی بە ناخودی لەقەڵەم دەدرێن. میدیایش بۆ خۆی چارەنووسی ڕوونە و بە فیتی ئەم لایەن و ئەو پارت هەڵدەسووڕێت و زۆر جار کۆپییەکی کوشندەی میدیای فارسی،تورکی و عەرەبییە و بگرە بەهاکانی ئەو جۆرە فەرهەنگانە کە دژ و تەنانەت دەگەڵ کولتووری کوردی ناتەبان،بۆ نێو فەرهەنگی کوردی دەگوێزنەوە کە بەڕاستی ئەمە زۆر هەژێنەرە و فەرهەنگ و کولتووری ڕەسەنی خۆت پەراوێز دەخەیت. پرسی بەرنامەسازیی لە نێو میدیای کوردیدا هەر مەپرسە و بێ پلانی بێداد دەکات.
دیوێکی دی یان بە واتایەکی تر،ڕەهەندێکی دیکەی هەژاریی فەرهەنگی ڕووی لە بازرگانی کورد و کاسبکارانی ڕووبەری فەرهەنگییە.
زۆرینەی ساماندار و دەوڵەمەندە کوردەکان لە ساڵدا بەم بۆنە و بەو بۆنەی جیاوازەوە کە کەمتریش پێوەندی بە فەرهەنگ و کولتووری کوردییەوە هەیە،بە میلیۆنان خەرج دەکەن کە گەر سەدی یەکی ئەم دراوە لە پێناو گەشەپێدان و پێشخستنی فەرهەنگەکەی خۆدا دەکار بێنن،هەم خزمەت بەرانبەر کولتوورەکەیان دێتە ئەژمار و هەمیش وانەیەکی جوان بۆ نەوەی ئێستا دەگوێزنەوە کە تا چەندە گرینگە مرۆ ڕاژە و خزمەتی فەرهەنگەکەی خۆی بکات کە دواتر ناوێکی شیاویش لە مێژوودا بۆ خۆ تۆمار بکەن. بەڵام کوا جگە لە قازانج و بەرژەوەندییەکی بەرتەسکی کەسەکەی(تاکەکەسی)پرسی دی ئەوەندە بەهەند وەردەگیردرێت!
لە لایەکی دیکەوە،بە هەزاران کاسبکاری ڕووبەری فەرهەنگییت پێ شک دێت کە لەمێژە بازرگانی بە کولتووری کوردییەوە دەکەن،بڵا بۆ جارێکیش بووە،دەرزییەک بەخۆدا بچەقێنن و بۆ لەمەوبەدوا ئەو سامانە زۆرەی لە ڕێی فەرهەنگی دەوڵەمەندی نەتەوەکەیانەوە دەستیان دەکەوێت،ڕێژەیەکی کەمی بخەنە خزمەت فەرهەنگی گەلەکەیان.
لایەنێکی دیکەی هەژارییەکە،ڕووی لە خودی تاکی کوردە کە هەرگیز وەک پێویست بەخۆدا ڕۆ ناچێت.
خۆزی هەر لە دەستکورتترین کەس تا بە داراترینمان کە لانیکەم هەر چەند ساڵە و بۆ تازەکردنەوەی دەفر و دۆڵە و کەرەستەی ناوماڵ خەرج دەکەین،سەدی یەکیشی بۆ دەکارهێنانی لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی کۆمەڵدا تەرخان بدەین کە یەک لەو ڕێگەیانەیش خەرجکردن لە پێناو بڵندکردنەوەی وریایی کولتوورییە.
چاو لە هەژمار و تیراژی کەمی چاپی کتێبی نووسەر و ڕووناکبیران بکە و ئەودیوی پرسەکە بخوێنەوە کە بە هەزار ئەفسووسەوە زۆرینە تەنێ بە تەنیشت بەرهەمەکانیدا تێدەپەڕین و بۆ پاڵشتیکردنیش بووە ئاوڕێکی بەخێر لە کتێبەکانیان نادەینەوە و لانیکەم نابینە دنەدەرێک بۆ تێپەڕاندنی ژیانێکی نیوەئاسوودی ئەم توێژە پەرۆشەی فەرهەنگەکەمان بەڵام لە ئالییەکی دیکەوە،لە کاسبکارانی کتێب بنۆڕە کە لە خوانی ڕەنگاڵەیی سیما و کەسایەتییە ناودارەکانی کورد دەخۆنەوە و توانای بەبازاڕکردنیان لە هێز و توانای بازرگانە بێعارەکانیش بانترە و کەسیش فززەی لە دەم نایەتە دەر. ئەم پرسە،دوو دیوی هەرە تاڵمان دەخاتە بەرچاو کە بە لای نووسەری ئەم دێڕانەوە پەردە لە ڕوویەکی ئاشکرای هەژاریی فەرهەنگی لە نێو کۆمەڵگەدا هەڵدەداتەوە.
ئەم بۆچوون و ڕوانینەی ڕووناکبیر،شاعیر و نووسەری کورد،فەرهاد شاکەلی بەرانبەر پرسی هەژاریی فەرهەنگی دەکەمە دواپەیڤی ئەم کورتەنووسینە کە لە کتێبی”کە بازنە و لاکێشەکان هەڵدەوەشێنەوە”دا دەنووسێت:”بوارێکی دیکەی زۆر گرنگ هەیە کە بەڕاستی من کەمجار قسەم لەسەر کردووە،چونکە دەزانم کەم کەس تێی دەگەن،مەبەستم هەژاریی فەرهەنگی و هەژاریی زانستییە. ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی فەرهەنگییە؛شۆڕشێکی ڕاستەقینەی فەرهەنگی”.(فەرهاد شاکەلی،لاپەڕەکانی 63-62-61)
کورد گوتەنی”بەدەستێک چەپڵە لێنادرێ”(خاڵ،ل113)،بۆیە ئەم شۆڕشەیش پێویستی بە هەڵماڵینی باسکی هیممەت و کارابوونی هەر هەموو جومگەکانی کۆمەڵ هەیە و گەرەک هەر یەکە و بە دڵسۆزانەترین شێوە ئەرکەکەی خۆی جێبەجێ بکات.

ژێدەر:
• زمانی گەردەلوول،خەونی شنەبا،فەرهاد شاکەلی،کۆمپانیای چاپ و پەخشی نووسەر،پرۆژەی تیشک،چاپی یەکەم،ساڵی 2008
• ئەو وشانەی دونیایان هەژاند،حەمەسەعید حەسەن،ناوەندی ئاوێر،چاپی یەکەم،2020
• کە بازنە و لاکێشەکان هەڵدەوەشێنەوە،فەرهاد شاکەلی،بڵاوکراوەی ئاراس،چاپی یەکەم،2010
• پەندی پێشینیان،شێخ محەممەد خاڵ،دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم،سلێمانی،چاپی سێیەم،ساڵی 2000 و چەند سەرچاوەیەکی دی




لە بەهێزی راستەکان و راسیستەکانی ئەوروپادا، دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران، ئاماژەیە بۆ دەرکەوتنی نیوفاشیزم.. جەمال کۆشش

دوو دەیە دەبێت حزبە ڕاست و نیولیبڕاڵە کۆنەزەرفاتیڤ و ڕەوتە کریستیانە جۆراوجۆرەکانیان و سەوزە لیبڕاڵەکان و ڕاسیستەکان بەشێوەی جۆراوجۆر، لە گۆشەی جیاوازە و بەدرووشمی جیاواز و ئاکتی جەماوەریـیەوە، هەنگاوهەنگاو لە پەرلەمان و ستراکتوری (structure) دەوڵەتدا، هەر جارەی چەند بەندێک و پەرەگرافێک لە یاساکانی پەنابەری و کۆچ و بیانی هەموار دەکەنەوە و تێیدەپەڕێنن. بەهێزبوونی ئەو لایەنانە لە پەرلەمانی نیشتمانی و پەرلەمانی ئەوروپا و دەوڵەت و لە کۆمەڵگاکانی ئەوروپا و ئەمەریکادا، بەرهەمی ئاڵۆگۆڕێکی ماددیی و پراتیکی سیاسیە. (لەم نوسینەدا بوار نیـیە ئەو ئاڵوگۆڕە بەسەر بارودۆخی ژیان و مافەکانی هاوڵاتیانیشدا لێبکۆڵمەوە، دەنا هەمان ڕەیڵ هەیە).
کێشەی مووچە لە کوردستان چ ئاڵۆزیـیەکی بێکۆتایی و چ سەرلێشواویـیەکی دروستکراو و مانۆڕی میدیایی پوچی لێهەڵچنراوە، مەسەلەی پەنابەران هەمان سێرکی (circus) لە ئەوروپا و کرێکارانی کۆچبەر لە ئەمەریکادا هەیە. پێشنیار و ڕێگا چارەسەری ڕاسیستانەی ئەم دۆسیەیە ئەبێتە مایەی سەرکەوتنیان لە پەرلەمان و حکومەتەکانیاندا. ئەوانەی ئاگادار و سەودایان لەگەڵ ئەم پرسەدا هەیە، شایەدن کە لە ماوەی (٢٠) ساڵی ڕابردوودا، بە بەردەوامی یاساکانی پەنابەری، مافی پەنابەری سیاسی و ئینسانی و مافی مانەوە و مۆڵەتی کارکردن و کاتیگۆرییەکانی، هاوڵاتی بوون و بیمە کۆمەڵایەتـیـیەکان و فێربونی زمان و پرۆسەی هاوسەرگیری و یەکگرتنەوەی خێزان …هتد، توندتر و بەرتەسکتر کراونەتەوە.
لەگەڵ کۆچی کرێکارانی ئەمەریکای لاتین (بەزۆری مەکسیکیـیەکان) بەتایبەت دوای ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان بۆ بازاڕی کار لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کە بەزۆری لە تەماتەڕنین و لۆکەچاککردن و خانوبەرەدا، کاریان دەکرد، ڕەوەندێکی تراژیدی دێتە نێو بازاڕی کارەوە. کرێی یەکجارکەم، کاری سەخت و درێژ، بێ بیمەی تەندروستی، بەقاچاخ ژیان و بێگرین کارت (Green Card). چەند کاتژمێرێک دوای دەستبەکاربونی (ترامپ)، واژۆی لەسەرتوندکردنەوەی ڕێکارەکانی کۆچ و دیپۆرتکردنەوەی ملیۆنی و هەڵوەشانەوەی مافی ئەو کۆرپانەی کە لەسەر زەوی ئەمەریکا لەدایک دەبن بە پەڕەموچەیەکی گەورەی ڕەش ئیمزا کرد. باری نائاسایی نیشتمانی ڕاگەیاند بۆ بەکارهێنانی لەشکر لە دژی کۆچکردوان و دیپۆرتکردنەوەیان (ئێمە گەورەترین دیپۆرتکردنەوە لە مێژوی ئەمەریکادا جێبەجێ دەکەین)١. (ملیۆن بەڵی ملیۆنان، دەیانگەڕێنینەوە بۆ ئەو جێگایانەی کە لێوەی هاتوون). ئەم ڕەشبگیریـیـیە لە کۆڵانەکان، کارگاکان و شوێنی کار، وە قوتابخانەکان و تەنانەت لە نەخۆشخانەکانیش دەگرێتەوە.٢. لە ئێستادا مەزندە دەکرێت (١٠-١١) ملیۆن کەس بن.
ئەو ڕێککەوتنەی کە سیاسەتێکی هاوبەشی پەنابەری لەنێوان (٢٧) دەوڵەتی یەکێتی ئەوروپادا بەدیهات لەسەرەتای ساڵی (٢٠٢٦) دا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئاژانسی فرۆنتێکس (Frontex)، دامەزراوەی یەکیتی ئەوروپا بۆ پاراستنی سنورەکان، لەماوەی ئەم دە ساڵەی کە دامەزراوە، بە بەردەوامی بە پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیاکانی سەربازی و سیخوڕی و چاودێری گەشەی کردووە تا (١٠) هەزار کارمەندی جۆراوجۆر بەنیازن تا ساڵی (٢٠٢٧)، سێ قاتی بکەن و لە چوارچێوەی دیپۆرتکردنەوەی هاوبەشی یەکێتی ئەروپادا بەگەڕ بخرێت. جگە لە سیمڕێژکردنی سنورەکان و مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی تورکیا، تونس، لیبیا بۆ ڕێگەگرتن لەپەنابەران. ٣.
تەماشای ساڵی (٢٠٢٤) بکەین، خاڵی وەرچەرانێکە لە مێژووی سیاسەتی پەنابەری و کۆچدا. دەوڵەتی سوێد کە بە ترادسێۆنی ئینسانی و بەخشندەیی شانازی دەکرد، ئێستا تەنانەت بیردەکرێتەوە لە لێسەندەنەوەی شوناسی هاوڵاتی لەو کەسانەی پێشینەی کۆچبەریان هەیە. ئەڵمانیا بە دیپۆرتکردنەوەی (٢٨) پەنابەری ئەفگانی (ئەفغانستانی) ڕێگای بۆ ئەوروپا تەختکرد. نەمسا و بەلجیکا دەستیان بەپەیوەندی کردووە و نەمسا وەفدی ناردووە. ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق لە مانگی ئایاری ساڵی پار (٢٠٢٤)دا بەتەواوی لێکتێگەیشتنیان ئیمزاکرد. یەکەم ڕۆژی ڕووخانی ئەسەد لە (٨-١٢-٢٠٢٤) تەواوی دۆسیەکانی پەنابەرانی سوریا لە ئەوروپا سڕ (تەجمید) کراون. ڕێککەوتنی نێوان بەریتانیا و عێراق لەسەر دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران، ئاکامی هەمان ڕەوتی دژە پەنابەریـیە.
بوارێکی گرنگی ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی کە زۆرێک لە حزب و دەوڵەتە ڕاستەکان بە (هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نێوخۆ) و (نائارامی و ترسی هاوڵاتیان)، بەهانەیان بەدەستەوە گرتووە، پەرەپێدانی دجیتاڵی و پێکەوەبەستنی ناوەندەکانی (نێوەندی زانیاری شێنگن-Schengen Information System)، (سەنتەری زانیاری ڤیزە-Visa Information System) و (ئیۆرۆ دۆک- بانکی داتای پەنابەری)، و کۆکردنەوەیان لەیەک ناوەنددا. لە نۆڤەمبەری (٢٠٢٤)دا (گەشتی هاتن/دەرچون ) دامەزراوە.
(هانا شتۆل)، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی (سۆلیدارتی سانس فرۆنتێ- solidaire sans frontières)) کە تێزی دکتۆراکەی لەسەر (ئیرۆدۆک ئەسیل داتن بانک) بووە دەڵێت: (ئەوەی ئێستا پەنجەمۆری هەر دەپەنجەکە، ڕەگەز، بایۆمتری دەموچاو، ناو و ناوی خێزانی و نازناو، ناوی لەدایک بون و شوێن و ڕۆژی لەدایک بوون، هاونیشتمانی، جۆری شوناس و مێژووی بەسەرچوون، دۆکیۆمنتی سەفەر و بەڵگەکانی ئەسڵیبونی و کۆپی و سکانکردنی ڕەنگاوڕەنگی، ئەمانە دەدرێن بەپێی ئەو دەوڵەتانەی کە ئەندامی ڕێکەوتنامەی (دەبلن)ن وە هەروەها دەکۆڵنەوە لە دەرچوون و دیپۆرتکردنەوە، ئایا ئەم کەسە بەتەواوی مافی پەنابەرییەکەی ڕەدکراوەتەوە؟، وە بەشێوەیەکی گشتی ئایا ئەم کەسە مەترسی هەیە بۆ سەر ئاسایشی نێوخۆ، ئەگەر گومانیان هەبێت جۆری توندوتیژییەکەی چۆنە، چەکی پێبووە، یان شتێک بیبەستێتەوە بە تاوانێکەوە، ئەگەر ئەوە بێت، هەموو ئەمانە لە (ئیۆرۆ دۆک-Eurodoc)ەکەدا جێگیر دەکرێت. هەموو ئەم زانیارییانە بەکراوەیی دەکەوێتە دەست بەرپرسیارانی وەزارەتی داد و نێوخۆ و پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتی کۆچ، کە بەیەک کلک دەتوانن هەموو بەڵگە و زانیارییەکان ببینن و هەندێک یەکسەرە دەرگا لە پرۆسەی مافی پەنابەریـیان دادەخرێت. ٤.
(کامێلا هاریس) لە چاوپێکەتنێکی تەلەفزیۆنیدا، ترامپی وەک فاشیست ناساند. پێموایە بەئیمزاکردنی لێسەندنەوەی مافی هاوڵاتی لە مناڵانێک کە هێشتا لەدایک نەبوون بەهۆی ڕەگەزنامەی دایـیوبابیانەوە، مافی ئەوەمان هەیە بە فاشیستی بناسێنین. (جۆرجیا میلۆنی) نیوفاشیست، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، کە (١٦) پەنابەری بۆ ئەلبانیا گواستەوە بە کەشتیەکی (٨٠) مەتری و بە(٦٠) کەس لەپارێزەر و پۆلیس و وەرگێڕی زمان و کەشتیەکەوە، بەتێچووی (٢٥٠) هەزار ئێرۆ. (٦٥٠) تا (٨٥٠) ملیۆن ئێرۆی بۆماوەی (٥) ساڵ بۆ ئەو ئۆردوگایە تەرخانکردووە کە بۆ پەنابەرانی دیپۆرت کراوەیە.
پێگەیەک کە ڕاست و ڕاسیست و فاشیستەکان لە ئێستادا بەدەستیانهێناوە، دۆخێکی یەکجار سەخت بۆ پەنابەران و کۆچکردوان دەخوڵقێنێ. زنجیرە ئەڵقەکانی پەنابەران نزیکدەبێتەوە لە دواین قۆناخەکانی. جۆرێک موستەحیلکردنی ڕێگایەکی سەلامەت و گەرەنتی، سنوری سیمڕێژکراو و چاودێرکراو و دجیتاڵکراو، مامەڵە لەگەڵ تورکیا و لیبیا و تونس، قۆنتەراتدان و تەندەری سنورەکان، سیستەمی هاوبەشی سیاسەتی پەنابەری یەکێتی ئەوروپا، دروستکردنی ئۆردوگاکانی دەرەوەی سنوری یەکیتی ئەوروپا، (ئیۆرۆ دۆک-Eurodoc) و بەستنەوەی بەگرنگترین و تایبەتیترین بابەتە شەخسیەکانەوە، سیاسەتی هاوبەشی دیپۆرتکردنەوە و گریمانی بەکارهێنانی ئاژانسی فرۆنتێکس (Frontex)، ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتەکانی عێراق، ئەفگانستان، سوریا بۆ وەرگرتنەوەی پەنابەران.
بەرەی بەرەنگاری و دژی فاشیزم
نزیکەی یەک ملیۆن کەس ڕۆژی (٢-٢-٢٠٢٥) لەتەواوی ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان کرد، تەنها لەبەرلین بە ئامادەیی(٢٥٠) هەزار کەس بە پێی وتەی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، لەدژی مەترسی بەڕێککردنی یاسای دژە پەنابەری و دژی ڕاسیزم و حزبی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئاڵتەناتیف بۆ ئەڵمانیا (ئا،ئیف، دێ-Alternative für Deutschland, AfD). ئەمە ئاسۆیەکی گەش و ئومێدی ڕووبەڕوبونەوەی شەقام و سەدای بزووتنەوەی دژی ڕاسیزم و دژی فاشیزمی بەرزکرد.
“ساڵانی داهاتوو، لەسەر چەپی نێونەتەوەییە خەبات بکات و ئیتر خەباتی کۆچکردوان وەک خەباتی چینایەتی دەرکپێبکات و ئەلتەرناتیفی ڕاستەقینە بۆ پێکەوە ژیانی هاوبەش دابمەزرێنێت”.٥.
تۆڕ و ناوەند و کۆمەڵەیەکی فراوان و هەندێکیان ئەوروپایین و هەندێکیان لە چەند وڵاتێکی ئەوروپادا چالاکی زۆر گرنگ و چارەنوسساز دەکەن بۆ ڕاوەستانەوە بەدژی ئەو ڕەفتارە فاشستیـیەی ڕاستەکانی ئەوروپا بەدژی پەنابەران. ڕێکخراوی (داڤۆسێکی تر) ڕێک لەو ئایدیایانەی دەکۆڵییەوە، ئەو هەڵسوڕاوە نێونەتەوەییانەی کۆدەکردەوە و هاوپشتی نێونەتەوەیی پتەو دەکرد.
“دەوڵەتانی ئەوروپا بەڕێژەیەکی یەکجارکەم پەنابەرانی وەرگرتووە، بەڵام بەرپرسە لە سەداپەنجای ئەو پەنابەرانەی لە ڕێگادا مردوون و بەڕێژەیەکی یەکجار زۆریش هۆکاری کۆچکردنیانە”.٦.
لە (٢٥-١-٢٠٢٤) لە گەرەکی مانکۆ لە بەرلین بەهۆی گڕتێبەردانی نیونازییەکانەوە، ژنێکی خەڵکی سوریا دایکی (٦) مناڵ بەهۆی زۆری سوتانەکەیەوە گیانی لەدەستدا. بەپێی بڵاوکردنەوەیەکی وەزارەتی نێوخۆیی ئەڵمانیا سالی (٢٠٢٣) لە دەرەوەی کەمپەکاندا داواکارانی پەنابەری (١٢٤٨) جار هێرشکراوەتە سەریان.لە سویسراش لەم ماوانەدا دۆسیـیەی سوتاندنی (٤) تامیلی لە تەموزی (١٩٨٩)دا کە دوانیان مناڵی (١٠) و (١٢) ساڵی بوون، و بە ئەگەری زۆر لەلایەن باندێکی ڕاسیستیەوە ئەنجام دراوە و لە لایەن میدیاکانیشەوە پەنجەی گومان بۆ لێکۆڵینەوەی دەوڵەت درێژدەکرێت کە کەمتەرخەم بووە لە بەدواداچوونەکانیدا.لە ساڵی ١٩٨٨تا ١٩٩٣ ١٣کەس گیانیان لەدەست داوە لە لایەن ڕاسیستەکانەوە.(٧)
ئەم ماوەیە کە هەڵچونێک لە باڵادەستی توانای ڕاستەکاندا هەیە و پەنابەران دەکەنە بەهانەی هێرەشەکانیان، هەڵدانەوەی تاوانکارییەکانی فاشیستەکان بایەخی جددی هەیە. مێژووی نازی نابێت بەهیچ جۆرێک لە ئەڵمانیا و فاشیزم لە ئیتالیا دووبارە ببنەوە. ئەگەر (فاشیزم ئامرازی تیرۆری سەرمایەی مالی) بوو وەک ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنستی لەسەرەتای سیـیەکانی سەدەی ڕابردوو دەیناساند، ئێستاش دەتوانێت هەمان مانا بدات بەتایبەت کە سەرمایەی مالی و تەکنۆکۆنیاڵی لەسەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتێکی گەورەی بڕیاربەدەستی جیهانیدایە. هەروەک بیریار (ئیلچ بودریتاکس) بە دیاردەیەکی مێژوویی ئالوگۆر دەیناسیێنێ، بەڵام ئەوەش دەلێت (بەڵام ڕەگی فاشیزم لە ناوسروشتی بازاڕی کۆمەڵگای سەرمایەداری هەیە)، بۆ ئەم سەردەمەش هەمان بیریار دەنوسێت (سەدەمێکی فاشیستانەیە). سەردەمی (فاشییستەکردنی دەوڵەتەکانە). (ماکس هۆکایمەر) دەڵێت: (هەر کەسێک لەسەر سەرمایە نەیەوێت بدوێت، لەبارەی فاشیزمەوە باشترە بێدەنگی هەڵبژێرێت).٧.
بزوتنەوەی دژە فاشیزم، بەشێکە لەخەباتی ڕزگاریخوازانەی چینی کرێکار و هەربۆیە لەپێشەوە ڕێکخراوە کۆمۆنستیەکان و هەڵسوڕاوانی سۆشیالیست، لەنێویدا چالاکانە هەڵدەسوڕێن.
سەرەتای شوباتی ٢٠٢٥
1-Die Zeit.25.januar 2025 s42-Die Zeit30.januar2025 S13
3-bultten solidarat NR.4.December 2024
4-bultten solidarat Nr4.december 2024(sosf.ch)
5-Antony obst und Venessa E,thompson ,ak,S13
6-bullten NR4
7- das magazin Nr o4-18.januar 2025
8-woz-Nr48-28November.2024




دەبێ تێبگەن.. گۆران هەڵەبجەیی

حیزب ئامرازێکە بۆ گەشتن بەدەسەڵات وپاشان خزمەتکردنی خەڵک لەو ڕێگەوە،جاگەر حیزبێک ڕاستگۆبوو لەگەڵ خۆی و بەشێکی گرنگی لەبەرنامە حیزبیەکەی جێبەجێ کرد کە لەدەمی هەڵبژاردندا یاخود وەک درووشمی حیزبەکەی بەرزی کردوونەتەوە ،ئەوە حسابی حیزبێکی سەرکەوتوو و خاوەن هەڵوێستی بۆدەکرێت.
ئەمجۆرە سیاسەت و حیزبایەتیە لە وڵاتە مۆدێرن و پێشکەوتوەکاندا بەتایبەتی ئەوانەی ڕەچاوی پرەنسیپە ستاندرو باوەکانی کاری حیزبی دەکەن و ڕێز لە ئەندام و جەماوەری دەنگدەر دەگرن تا ئاستێکی بەرز پەیڕەودەکرێت.
لێ لە سیستەمە تۆتالیتارو دواکەوتوەکاندا کارەکان بەجۆرێکی ترن،بەوەی حیزبەکانی دەسەڵات تاکە هەوڵ و تەقەلایان مانەوەیە لەدەسەڵات،ئیدی جێبەجێکردنی بەرنامەی ئینتخابی و بەڵێنی خزمەتکردن فلسێک ناهێنێت و پشتگوێی دەخەن.
گەر یەکێتی و پارتی بەنمونە بهێنمەوە ئەو ڕاستیەمان بۆدەردەکەوێت کە ئەم دووحیزبە لە ماوی [٣٤] ساڵی حکومڕانیاندا لەگەڵ بەردەستبوونی ئەو گشت پارەیە کە لەچەندین سەرچاوەوە دەستیان کەوتووە کەچی نەیانتوانیوە یاخود ڕوونتر بڵێم نەیانویستوە خزمەتی خەڵکی پێبکەن ،گەر تاڕادەیەکی کەمیش بێت هەوڵبدەن هاوڵاتیان لەخۆیان ڕازی بکەن.
لەبری ئەوە هەردووحیزب ئیمپراتۆریەتی سامان کۆکردنەوەیان دامەزراند،مافیا ئاسا کەوتنە بەتاڵانبردنی هەرچی سامان و سەرچاوەی ئابووری کوردستان هەیە ،لەبەرامبەردا سیاسەت و حیزب و خەڵک و وڵات و بەرژەوەندی نیشتمان، هەموو ئەمانەیان خستە سندوقێکەوەو قفڵێکی گەورەیان لێداو کلیلەکەیان فڕێدایە بەنداوی دوکانەوە.
بەهۆی ئەوەی ئەم دووحیزبە ئامانجیان کۆکردنەوەی پارەیە ،جا لەو پێناوەدا هەموو ڕێگایەکی نایاسایی و ناشەرعی و نائەخلاقی دەگرنەبەر، باگەر دزینی پارووی دەمی منداڵە هەژارەکانیش بێت.بوار نەماوە دزی تێدانەکەن،شوێن نەماوە گەندەڵی تێدا نەکەن،پێگەیەکی ئابووری نەماوە دەستی بۆنەبەن ، کۆنترۆڵی سەرجەم کایە ئابوریەکانیان کردوە، لەو شوێنانەوە بەردەوام پارەیان بۆدێت و بەمەش خەرمانی پارەدزراوەکان تابێت بەرزتردەبێتەوە.
سەیرلەوەدایە ڕۆژبەڕۆژ تۆڕە ئابووریەکانیان فراوانتر دەبێت بەوەی بەردەوام پێگە و سەرچاوەی نوێ دەدۆزنەوە بۆ دزی و سەندنی باج و سەرانە.دوکاندار هەیە هەشت نۆ جۆر باج دەدات بێ ئەوەی سەری لێدەرکات کە هی چین.
کارگەیشتوەتە ئەوەی دەست بۆ تاکەسەرچاوەی بژێوی مووچەخۆران و خانەنشینان ببەن.
ئەوە بۆ چەندین ساڵ دەچێت مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیەکیان بە ڕێک و پێکی وەرنەگرتوە،دەسەڵات چەندین موووچە قەرزداری مووچەخۆرانە.لەکاتی چاوەڕێی وەرگرتنی مووچەدا بەتایبەتی خانەنشینان سوکایەتیان پێدەکرێت لەحەسرەتدا لێیان دەمرێت ،کەچی دەسەڵاتداران مێشێک میوانیان نیە. لەهەر وڵاتێکی دیکە ئەوە ڕوویبدایە ،بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کەرامەتی هاووڵاتیان پارێزارەوە،دەسەڵات و حکومەتی دووچاری قەیرانی ئەخلاقی دەکرد و حکومەتی پێدەڕوخا.
ئەم مافیانە خۆیان کوڕو کوڕەزاکانیان شاهانەدەژین وخاوەنی ملیارات دۆلارن ،کەچی پێیان قەلسە و سەختە بۆیان گەر مووچەخۆران داوای مافی خۆیان بکەن .هیچ باکیان بەژیانی سەختی خەڵک نیە کە بە چ کوولەمەرگیەک دەژی .لە بەدبەختیدا خەڵکی باشوور ڕووبەڕووی دووحیزبی ویژدان مردوو بوونەتەوە کە ژیانی خەڵک لەوە سەختتریش بێت باکیان پێ نیە و هەرگیز کێشەی ئەوان نەبووەو ونیە..
لەم ڕوانگەوە گەشتوومەتە ئەو قەناعەتەی گەر هەموو مامۆستایانی مانگرتوو گیان لەدەست بدەن ،سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بە خەیاڵیاندا نایەت ،چونکە ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە بەردەوامی ماشێنی پەیداکردنی پارەیە لەکارکردن.
یەکێتی و پارتی لەمێژە لە وەهم و خەیاڵدا دەژین، وا تێگەشتوون تاستەم وچەسانەوە و برسیکردن و ناعەدالەتی لەسەر خەڵک زیاتر بێت ،ئەوان باشتر و زیاتتر پێگەی خۆیان بەهێزتر دەکەن . بەڵام دەبێ تێبگەن هەر ئەم وهمە دەبێتە لاوازبوون و لەدەستدانی دەسەڵاتیان . دەبێ تێبگەن پارێزگاری لە دەسەڵات بە چەکداری دەمامکدارو شەقووەشێن و کەسانی مشەخۆرو بندیوارو هیچ و پووچ و ستەمکاری ناکرێت. لەوە دڵنیام دوور یا نزیک ،ئیمڕۆ یا سبەی خەڵکی کوردستان لەوە زیاتر ستەمکاریتان قەبوڵناکەن،دەبێ تێبگەن کە ڕۆژێک دێت دەکەونە بەر نەفرەت و بێزاری خەڵک. دەبێ تێبگەن کە تووڕەیی خەڵک لە شکاندنی[ قەڵای دێگەڵە] و ڕێکردن بەرەو هەولێر لەلایەن هەودارانی مانگرتوانەوە بەرجەستەبوو کە ئاماژەیە بۆ هێزی جەماوەرو شکستی هێزی پارتی.




پلانی کۆتایی حەشدی شەعبی و ئایندەی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

لەوکاتەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق زیادیکردوە، بۆتە فشارێک لەسەر سەرکردەکانی حەشد و تیاماون و نازانن چ بڕیارێک بدەن. ئەوە باش دەزانن کە بە هەڵوەشاندنەوەیان یان یەکگرتنیان لە سوپای عێراقدا، کۆتایی ئەو پێگەیەیەی ئێستایانە کە لە حکومەتی عێراقدا هەیانە. ئەوەی دەبینرێت سەرکردەکانی چەکدارە شیعەکانی سەر بە ئێران لێدوانەکانیان لە میدیا ناوخۆییەکانی عێراقدا چڕتر کردووە و جەخت لەوەدەکەنەوە کە هەرگیز چەکەکانیان دانانێن!.
شایانی باسە محەمەد شیعە سودانی، چووەتە دانوستان لەگەڵ سەرۆکی کوتلە چەکدارە شیعەکان، سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی هەڵوەشاندنەوەیان. لەم بارەیەوە زیاتر خەریکە شەڕێک لەسەر پۆستی سەرۆکی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی بەڕێوەدەچێت.
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حزبوڵڵای نوجەبا دەڵێت، ئێمە چەکەکانمان دانانێین. مەگەر فەرمانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای دەسەڵاتی ئاینی”عەلی سیستانی”، داوامان لێبکات ئەوکاتە ناچاردەبین ئەو کارە ئەنجام بدەین. بە وتەی سەرکردەیەکیش لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، ئەوە بەیان دەکات کە ڕێکەوتنێک لە ئارادایە کە بچنەناو گفتوگۆوە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی کردوە کە شەڕی ئابووری و سزا بەسەر بەغدادا دەسەپێنێت.
ئەو کوتلانەی کە ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان دابنێن یان تێکەڵ ببن لەگەڵ سوپای فەرمی عێراقدا، بە “فراکسیۆنە یاخیبووەکان” ناودەبرێن و ئەم کوتلانە لەخۆدەگرێت: “لیواکانی سەید شوهەدا، لیواکانی حزبولڵای عێراق، بزوتنەوەی حزبولڵای نوجەبا”
لەلایەن سەرکردەیەکی لیواکانی حزبوڵای عێراقەوە جەخت لەسەر ئەوە کراوە کە دەستبەرداری چەکەکانیان نابن، تا ڕێکەوتن لەسەر مەرجەکان دەکرێت، بەبێئەوەی وردەکاریەکانی مەرجەکانیان بخەنەڕوو، لەکاتێکدا سەرچاوەکانی تر ئەوەی ڕایانگەیاندووە کە مەرجەکان پەیوەستن بە پۆستە باڵاکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، لەنێویاندا سەرۆکایەتی هێزەکان، کە چیان بەسەردێت.
لەوکاتەی هەڕەشەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەر عێراق زیادی کردووە، پەیوەندی بەغدا لەگەڵ واشنتۆن زۆر خراپ بووە، لەهەمانکاتدا هێزە شیعەکان مەترسی ئەوەیان هەیە کە ترەمپ هەمان ڕێوشوێنی تیرۆرکردنی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی بگرێتە بەر لەدژیان.
بەگوێرەی سەرچاوە عێراقیەکان، تائێستا هیچ چارەسەرێکی عەمەلی و کۆتایی و یەکلاکەرەوە سەبارەت بە پرسی فراکسیۆنە چەکدارەکان، لە دانوستانیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا نەگەیشتۆتە ئەنجامێک و بڕیارێکی دیاریکراو. سەرۆکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دەڵێت، “ناکرێت قەیرانی کوتلە چەکدارەکان لە شەوێکدا چارەسەر بکرێن، پرسەکە زۆر ئاڵۆزە، حکومەتی عێراقیش نایەوێت بچێتە ناو ململانێ لەگەڵ ئەو فراکسیۆنانەوە، بەڵام لانیکەم دەیانەوێت دۆخەکە هێور کەنەوە تا هیچ ڕێوشوێنێکی سزایی لەلایەن ترەمپەوە نەگیرێتەبەر.”
جگە لە چارەسەرنەکردنی قەیرانی کوتلە چەکدارەکان، لەلایەکی تریشەوە، قەیرانی سەرکردایەتی دەسەڵاتی حەشدی شەعبی سەریهەڵداوە، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەوڵ هەیە بۆ گۆڕینی فالح فەیاض سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کە ماوەی ١٠ ساڵە پۆستی بەرپرسی حەشدی شەعبی بەدەستەوەیە.
سەرچاوەیەکی سیاسی لە چوارچێوەی هەماهەنگیەوە، نوری مالیکی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بەتوندی لە پشت هەوڵی گۆڕینی فالح فەیاضەوەیە، بەهۆی توڕەیی ئەوەی کە فەیاض لە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانیەکی سیاسیە کە پشتگیریە لە محەمەدسودانی. هەروەها ئەو سەرچاوەیە جەخت لەسەر ئەوەش دەکات کەهێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر دوو تیم دابەش بوون سەبارەت به فالح فەیاض، تیمێک که نوری مالیکی و قەیس خەزعەلی لەخۆ دەگرێت، پاڵپشتی له لادانی فەیاض دەکەن، تیمەکەی تریش کە دەیانەوێت فەیاض بەردەوام بێت، سودانی سەرۆکایەتی دەکات!
شایانی باسە، قەیس خەزعەلی، سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەق، سەرەڕای پشتیوانی بۆ سودانی، لەمێژە فشار دەخاتە سەر فالح فەیاض بۆ وازهێنان لەسەرۆکایەتی حەشی شەعبی، بۆئەوەی فراکسیۆنەکەی خۆی پۆستی سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی کۆنترۆڵ بکات. لەلایەکی ترەوە ئەو تیمەی پشتیوانی لە لادانی فالح فەیاض دەکەن، دەڵێن ئەم گۆڕانکاریە پێویستە بۆ وەڵام بە فشارەکانی ئەمریکا، کە داوای داڕشتنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن.
هەروەها سەرچاوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەشیان ئاشکرا کردوە کە ئەبو فەداک محەمەداوی فەرماندەی لیواکانی حزبوڵای عێراقی کە پۆستی سەرۆکی ئەرکانی دەسەڵاتی جموجۆڵی جەماوەری هەیە، دەیەوێت فالح فەیاض لەناوببات و پۆستەکەی بەدەستبهێنێت. بەڵام نوری مالیکی دانانی ئەبوفەداک محەمەداوی لەجیاتی فالح فەیاض قەبوڵ ناکات، بەوپێیەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەئێستادا دەیانەوێت نفوزی ئێران بەدور بگرن لەنێو دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدا، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵی دورکەوتنەوەیە لەو ڕێوشوێنانەی کە ڕەنگە ئیدارەی ترەمپ لە دژی ئەوان بیگرێتەبەر.
سەبارەت بە چارەنووسی فالح فەیاض، پێشبینی ئەوە دەکرێت دەست لەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بکات، چونکە بەگشتی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، دەیانەوێت بڕیارەکە جێبەجێی بکەن، بەڵام ئەمەش دەرگای ململانێ دەکاتەوە لەسەر پێگەی فەیاض لە نێوان کوتلە چەکدارەکاندا، بۆیە ئەنجامی ئەم بڕیارە تائێستا دیار نیە!
ئەوەی لە دۆخی ئێستای کێشەکانی نێو فراکسیۆنەکانی حکومەتی عێراق بەرچاودەکەوێت، بەتایبەتی دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، دانوسانەکان و ڕێکەوتن لەسەریان ئاسان نیە، بەوپێیەی فراکسیۆنەکان بەو مەرجە پابەند دەبن بە دانانی چەکەکانیان، کە لەبەرامبەریدا ئیمتیازێکی زۆر بەدەست بهێنن لە دەسەڵاتی سیاسیدا، داوایانکردوە بگۆڕدرێن بۆ کوتلەی سیاسی و بەدەستهێنانی پۆستی گرنگ و هەستیار لەناو حکومەتدا، کە زۆربەیان پەیوەندیان بە خزمەتگوزاریە ئەمنیەکان و بەڕەنگاربونەوەی تیرۆرەوە هەیە. بەدیهێنانی ئەو داواکاریانە بۆ حکومەتی عێراق زۆر قورسە، بەتایبەتی ئەم پۆستانە بەسەر پارتە سیاسیەکاندا دابەش کراون.
لەهەمانکاتدا لەباری عەمەلیەوە ئەوەش ناگونجێت بۆ هەر فراکسیۆنیک کە سەرکردەکانیان بەوە بگەن بڕیاری دانانی چەکی هێزەکەی قبوڵ بکات یاخود لەناو سوپای عێراقدا بتوێنەوە و سەرکردەکانیان بڕۆنە ماڵەوە دانیشن. بۆیە حکومەتی عێراق لەبەرامبەر دەورانێکی ناکۆک و سەختدایە لە پەیوەند بە چارەسەری ئەم کێشەیەوە.
لەڕاستیدا ئەنجامدانی کارێکی لەو چەشنە دەبێتە مایەی لاوازیی پێکهاتەی حکومەتی ئێستای عێراق، کە پێکهاتەیەکە لە چەند هێزێکی میلیشیا. لەهەمانکاتدا ئەوەش جێگای پرسیارە کە کاریگەری لەسەر پاراستنی مانەوەی سەرۆک وەزیران بۆ محەمەد سودانی دادەنێت لە ئێستاو لە هەڵبژاردنەکانی مانگی دوانزەی ئەمساڵدا.
بەگشتی ئەو ئاڵوگۆرانەی لە ناوچەکەدا بەدوای روخانی ئەسەد پێشهاتووە، هاوکێشەی سیاسی، بەدوای چەندین ساڵ لەهەوڵی بەرجەستەکردنەوەی دەسەڵاتی شیعەگەرا و فراوانکردنی نفوزی ئێران، بەجۆرێک گۆڕدراوەو بەزیانی ئێران و حکومەتی عێراقە، کە حکومەتی عێراق کەوتۆتە بەردەم پاشەکشەیەک پێویستی بەوە دەبێت خۆی لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی ئێستای ناوچەکە بگونجێنێت، گەر بتوانێت، چونکە نەگونجاندن، دەسەڵاتی سیاسی چوارچێوەی هەماهەنگی بەرەوڕووی کۆتاییهاتن دەکاتەوە.
هەر لەم دۆخ و ئاڵوگۆڕەدایە کە حکومەتی عێراق لەژێر فشاردایە، بارزانی و پارتی ڕێڕەوی مامەڵەیان لەبەرامبەر حکومەتی بەغدادا خستۆتە سەر سکەی فشارهێنان لەسەر حکومەتی عێراق، دەربارەی هەناردەکردنی نەوت و بودجەو بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و یاریکردن بە موچەو گوزەرانی فەرمانبەران و خانەنشینان.
لەکاتێکدا هەر لەسەرەتای دامەزراندنی حەشدی شەعبی و گوندەیی دەسەڵاتی شیعەکان، کارەسات بووە بۆ ژیانی ئینسانی ‌و هاوچەرخی دانیشتوانی عێراق، لەهەمانکاتدا هەڵوەشانەوەشیان لە ڕێڕەوی ململانێ و شەڕی ئێستای کۆنەپەرستانەی نێوان لایەنە ئیسلامی و نەتەوەپەرستی و پێکهێنانی عێراقێکی فیدراڵیدا و لە دۆخێ ئاڵوگۆڕەکانی ئێستای ناوچەکەدا بەردەوامی تراژیدیاو کارەساتەکانە لە چوارچێوەو شێوازی تردا.
ئەم دۆخەی ئێستا عێراق لەبەردەم دەورانێکی ڕاگوزەردایە، بەتایبەتی لە میانەی توندبونەوەی ململانێ ئیسرائیل و ئەمریکاو ئێراندا، ئەگەری پێشهاتنی ئاڵوگۆڕی ترو کارەسات و تراجیدیایە بە ژیان و ئایندەی دانیشتوان، بۆیە عێراق لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە هەڵسانەوەی ئەو خرۆشانە جەماوەریەیە کە لە ئۆکتبەری ٢٠١٨دا حکومەتی عێراقی لەرزاند، هەڵسانەوەیەکی ڕێکخراوتر و فراوانتر بە ئاسۆ و ئامانێجکی ڕۆشن، کە ئاراستەکەی کۆتاییهێنان بێت بەپێکهاتەی حکومەتی بەشبەشێنەی هێزە قەومی و ئیسلامی و تائیفیە میلیشیاکان، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە بەدەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا جێکەوێت، بەرەو ڕێڕەوی بەرجەستەکردنەوەی هاووڵاتیبون و ئازادی و یەکسانی هەنگاو بنێت.




پیاوە بەددەکانی پارتی.. گۆران هەڵەبجەیی

دانانی کەسانی لێهاتوو شارەزا پرۆفیشیناڵ و خۆشەویست و قەبوڵکراوی خەڵک، یەکێکە لە پرەنسیپەکانی دەسەڵات و حکومەتە سەرکەوتووەکان ،بەتایبەتی گەر قسەلەسەر پۆستە هەستیارەکان وەک وەزیر،پارێزگار،قایمقام ،وتەبێژ،ڕاوێژکاربێت ،چونکە ئەمانە ڕووی دیاری دەسەڵاتن و بەرکەوتنی بەردەوامیان لەتەک خەڵک و میدیاو کەسانی بێگانە هەیە. کارەسات لەوەدایە یەکێتی و پارتی وەک چۆن دەسەڵاتەکەیان شلۆق و گەندەڵە، هاوکات دوورن لە نمونەی دەسەڵاتی مۆدێرن .
دیارە دەسەڵاتی خراپ و شکستخواردوو تەنها لە پلان و سیاسەت و بڕیاری کەسانی یەکەمدا قەتیس ناخوات بەڵکو شتێکی سرووشتیە کە شۆرببێتەوە بۆ خوارەو ە و پۆستەکانی دیکەش بگرێتەوە ،لەئاکامدا دەبنە ئاوێنەی دەسەڵاتە فاشیلەکە.
لەودەمەوەی ئەم دوو حیزبە کۆنترۆڵی سەرجەم کایەکانی کۆمەڵگاو دەسەڵاتیان کردوە ،دیقەتم داوە بەدەگمەن کەسانی بەموراڵ و شارەزاو خاوەن ئەتەکێتیان لەپۆستە گرنگ و هەستیارەکاندا داناوە، سەرجەم یا زۆرینەیان کەسانی{نەخوێنەوار} نەشارەزا لە بوارەکانیاندا،خاوەن زمانی زبرو بێ ئەتەکیەتن.
سێ نمونەی زیندوو لەبەردەستدان کە ئەوانیش پێشەوا هەورامانی{وتەبێژی حکومەت و ئومێد خۆشناو{پارێزگاری هەولێر} وکیفاح مەحمود {ڕاوێژکاری} مەسعود بارزانی.
لە هەموو دیرۆکی پارتیدا کەسم نەدیت هێندەی ئەم سیانە بێ شەخسیەت،بێ ئەتەکیەت،نەشارەزا لە کارەکانیاندا،خاوەن زمانی بازاڕی دوور لە عورفی دیبلۆماسی. .
دوێنێ مامۆستایان ،مووچەخۆران،پشتیوانانی مامۆستایانی مانگرتووی سلیمانی، ئەمانە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن تا داواکاریەکانی مانگرتوان بگەیەننە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان ،ئەوەبوو پارتی لەپشتی دێگەڵە بەزەبری هێز ڕێگەی لێیان گرت و نەیانتوانی بەرەو هەولێر بڕۆن.
ئەمە بەشێکی کێشەکەیەو سرووشتی پارتی ناسراوە کە بەهیچ جۆرێک ڕێگە بەوجۆرە چالاکیانەنادات ،بەتایبەتی دەرکەوت کە ژمارەی ڕێکەران زۆربوون .
کێشەو سکەنداڵە مەزنەکە لە قسەکانی ئومێد خۆشناو و کیفاح مەحموددا یە. کیفاح ئەو مرۆڤانەی بە{ڤایرۆس} شوبهاندبوو . ئەم پێناسەیە زۆر زۆر دوورە لە ئەخلاق و گوزارشتی کەسێک خۆی بە ڕۆشنبیر بزانێت وبەردەوام میوانی میدیا عەرەبیەکان بێت. چۆن ڕوویدێت لەمەودوا بەخۆی بڵێت ڕوناکبیر؟
ئومێدیش گووتبووی [ئەو میوانانە ڕەزا قورسن و وەریان ناگرین].ئەم قسەبازاڕیەی نەک هەر مانگرتوان و ڕێپێوانانی تووڕە کرد ،بەڵکو ملیۆنان کوردی لەناوەو دەرەوەی کوردستانی هێنایە قسە.ئومێد خۆشناو بەم قسەبازاڕیەی هەندێک لە بەرپرسانی پارتیشی ڕووگیرکرد ،بۆیە هەوڵیان دا فەزاحەتەکەی ڕاست بکەنەوە ،بەوەی گوایە ئەو قسانە تەنها گوزارشتت لەخودی خۆی دەکات. گەر پارتی ئەم خۆشناوە لەپۆستە کەی دوورنەخاتەوە ئەوە شەرمەزاری زیاتر بۆ پارتی دەهێنێت.
هەر پەیوەست بە ئومێد خۆشناوەوە دەمەوێت ئاماژە بەدووخاڵ بکەم ،یەکەم ئەو پارێزگاری هەولێرە، واتە هەرچی قەزاو ناحیەو گوندە دەکەونە ژێر قەڵەمڕەوی پارێزگاری هەولێرەوە.بەڵام هەر کارێک پەیوەندی بە باژێڕی هەولیرەوە هەبێت وەک[باژێڕ] ئەوە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی [قایمقامەوە] نەک پارێزگار.ئەمە لە هەموو دونیادا وایە،پێم وابێت ئەم پرەنسیپە تەنها لەپارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ کراوە.
وای بۆدەچم کەسیان، واتە [قایمقام و پارێزگار]سنووری کار و دەسەڵاتی خۆیان نازانن ،یاخود پێدەچێت کە ئومێد تەجاوزی دەسەڵاتەکانی خۆی کردبێت و لەبەشی قایمقامیش بخوات ،ئەمەش تەنها بەمەبەستی خۆدەرخستن.
دووەم ئەم کابرایە خۆی فڕێدەداتە هەندێک شوێن و هەڵوێستەوە کە لە ئاکامدا خۆی پێ سووک و ڕسوابووە ،ئەمانەش چەند نمونەیەکن: بەخشینەوەی خەیار ،کە لەوکاتەوە ناوی {ئومێدخەیار} بڕاوە بەسەریدا.پێشوازیکردن لە ئارین کوڕی مەسروور ،کە دەزانین ئەم گەنجە هیج پۆستێکی حییزبی و حکومی نیە،ئەوە بوو لەلایەن حیمایەکانی ئارینەوە سوکایەتی پێکراو کەوتە بەر پاڵ.دواشت کەوتنەدوای مەسرور لەکاتی بینینی بەرپرسێکی بێگانەدا ،لەوێشدا حیمایەکانی مەسروور ڕێگریان لێکرد و بەچاوی میدیاکانەوە سوکایەتیان پێ کرد.بەڵام دیارە ئەم ئومێدە وانە وەرناگرێت ،بۆیە بەدووری نازانم لەئایدەدا دووبارەیان بکاتەوە.
سەبارەت بە پێشەوا هەورامانیش شتێکی لە ئومێد کەمترە ، جا بۆئەوەی ئەم باسە درێژ نەبێت ئەو هەڵدەگرم بۆ دەرفەتێکی گونجاو.




عەشق بە مەرگ ناوەستێ.. شیعری شاهۆ حوسێنی

لەسەر کوورسیلە کۆنە دارەکە دانیشتبووم
لەبن دارچنارە بەرزەکە
نسێی باوەشێنی دەکردم
قاوەکەم هێشتا هەڵمی لێ دەهات
جانتاکەم هەر بەکۆڵەوە
بوونەوەرێکی دەمووچاو داپۆشراوی ڕەشپۆش
لە جنۆکە و شەیتان و عیزارئیل دەچوو
دەورەی ئەدام
نازانم تەماحی لەچیم کردبوو
لەشم بەتاڵ بوو لەڕووحم
ڕووحم زۆر دەمێک بوو یاخی ببوو
جار و بارە لەشەقامێ
پەسێوی دیوارێ
یان لە گوێ‌سوانەی سەربانێ
لەسەر لیواری کۆڵانی
دەم‌دیت و دەمگڕاندەوە بۆ ماڵ
بەڵام ئێستا زۆر دەمێ بوو
هەواڵێکم هەر لێ نەبوو
نەمدەزانی هەڵوەدای کام کۆڵان
سەربان
دەوران
یان چاوانە
بزر ببوو
سەری خۆی هەڵگرتبوو
ڕۆیشتبوو
لای خۆم گوتم
تەماحی لە جانتاکەم کردوە
بەبزوە جانتام هەڵڕشت
چەپێکێ عەشق و
دوو سێ دەسک بزەی تەڕ و
فینجانێک ماچی لیوی دڵدار و
سێ‌ چوار دەنک ئاخی شیرین
چەمۆڵێکی لەسەری نا و
وەکوو دووکەڵ
بە کۆڵاندا
دوور دەبۆوە و
کاڵ دەبۆوە
ڕەشپۆشە ناشیرینەکە

شاهۆ حوسێنی




رۆژی جیهانی دژ بە چەكداركردنی منداڵان

12ی فیبریوەری رۆژی جیهانی دژ بە چەكداركردنی منداڵانە, هەموو مرۆڤێك بە پێی یاسای مرۆیی جیهانی مافی خۆیەتی تەمەنی منداڵی لە دەرەوەی شەڕو ترس بەرێتە سەر بە خوێندن و یاری و نازی دایك و باوكییەوە.
كۆمەڵگای مرۆڤایەتی تێدەكۆشێت هەموو ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە, چەك نەكرێتە شانیان و لە ململانێی چەكدارییەكان چ دەوڵەتی و چ ناوخۆیی بەشدارییان پێ نەكرێت و ژیان و ئاسایشیان پارێزراو بێت.
ئێستا لە جیهاندا دەیان هەزار منداڵی كەمتر لە 18 ساڵ چەكداركراون و لە ململانێ چەكدارییەكان بەكار دەهێنرێن لە ولاتانی ئەفریقیاو ئاسیا, عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە لە لایەن داعشەوە منداڵان لە كاروباری سەربازی بە بەربڵاوی بەكار هێنراوە, كە تا ئیستا چارەنووسی هەزاران منداڵی ئێزیدی نادیارە لە ساڵی 2014 ەوە, بەشێكیان لە كردارە چەكدارییەكان بەشدارییان پێدەكرێت, تا كاری خۆ كوژی.
نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە گشتی ٢٦ هەزار و ٤٢٥ پێشێلكاری بەرامبەر منداڵان لە بارودۆخی ناكۆكی و ململانێی چەكداری لە سەرانسەری جیهان پشتڕاستكردەوە, واتە ڕۆژانە ٧٢ سەرپێچی یان لە هەر كاتژمێرێكدا سێ سەرپێچی.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سزای قورسی دیاریكردووە بۆ ئەو كەس و لایەنانەی منداڵان چەكدار دەكەن و لە ململانێ چەكدارییەكان بەكاریان دەهێنن, یاخود ئازاریان دەدەن یان وەك داعش دەیان رفێنن, چەكداركردنی منداڵانی كەمتر لە 15 ساڵ بە پێی پەیمانامەی رۆما وەك تاوانی جەنگ سەیر دەكرێت.
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان سزای توندی بەسەر ئەو كەسانەدا سەپاندووە كە منداڵان چەكدار دەكەن و لە شەڕە چەكدارییەكان بەكاریان دەهێنن، یان ئەشكەنجەیان دەدەن یاخود دەیانڕفێنن.
رێككەوتنامەی (ئۆپاك) كە لە مانگی ئایاری ٢٠٠٠ پەسەندكرا، لە لایەن ١٧٢ وڵاتەوە پەسەند كراوە، كە هەموویان بەڵێنیان داوە كە هیچ كەسێك لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە وەرنەگرن لە هێزە چەكدارەكان .
تا ساڵی ٢٠٢٢ نەتەوە یەكگرتووەكان پشتڕاستی كردەوە كە نۆ هێزی چەكداری دەوڵەتی منداڵان لە شەڕەكاندا بەكاردەهێنن: كۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی، مالی، سۆماڵ و باشووری سودان , فەلەستین و سوریا و یەمەن ,ئەفغانستان, میانمار, بە پێی هەواڵەكان ئێستا لە سودانیش مندالان لە كردە سەربازییەكان بە بەرفراوانی لە ململانێ چەكدارییە ناوخۆییەكان بەكار دەهێنرێن.
تا ساڵی ٢٠٢٢ نەتەوە یەكگرتووەكان ١٢ وڵاتی دەستنیشان كردووە كە منداڵان بە شێوەیەكی بەرفراوان لەلایەن لە لایەن گروپە چەكدارییەكانەوە بەكاردەهێنرێن.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە پراتیك بەرەو رووی چەكداركردنی مندالان بۆتەوە, تۆماس لۆبانجۆ” سەركردەی سوپای نیشتمانی رزگاری كۆنگۆ” بە 14 ساڵ زیندانی و قەرەبووی قوربانیان حوكم درا لە رێكەوتی 10ی یۆلی 2012 لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە , بەتاوانی چەكداركردنی منداڵانی كەمتر لە 15 ساڵ .
لێرەوە داوا لە سەرجەم پارتە كوردستانییەكان دەكەین پابەند بن بە هەڵوێستی نێونەتەوەییەوەو منداڵانی كەمتر لە 18 ساڵ لە ریزەكانیان بە هیچ بەهانەیەك وەرنەگرن, بە چەكداركردنی منداڵان وێڕای ئەوەی دەچنە لیستی رەشی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤەوە, بەمەش هەر كردارێكی وا دەیانباتە ریزی تاوانكارانی نێونەتەوەییەوە, بە تایبەتیش چەكداركردنی منداڵانی كەمتر لە 15 ساڵ.

-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- kwg
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
-رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی-www
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان