هونەری رۆماننووسین لەلای کارلۆس فۆینتس.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

کارلۆس فۆینتس یەکێکە لە ناسراوترین نووسەر و رۆماننووسی مەکسیک و جێپەنچەشی بە ئەدەبیاتی مەکسیکی و ئەمریکای لاتینەوە دیارە، خاوەنی کۆمەڵێک رۆمان و چیرۆکی زۆر جوانە، لەوانە: رۆمانی (کورسی سەرۆک، ئۆرا). کارلۆس فۆینتس لە ساڵی 1928 لە مەکسیک لەدایکبووەو لە ساڵی 2012 کۆچی دواییکردووە. لەرووی نووسینی پەخشان و سیناریۆشەوە، جێپەنجەی دیارە، هەربۆیە ناکرێت باسی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین بکرێت، باسی کارلۆس فۆینتس نەکرێت. بۆیە ئەزموونی نووسینی ئەم نووسەرە مەکسیکییە، زۆر گرنگە و دەکرێت خەڵكی تر لێوەی فێربێت بەتایبەتی لە بواری رۆماننووسیندا. جێگەی ئاماژەیە کارلۆس لە تەمەنێکی درەنگەوە دەستی بەکاری نووسین کردووە، ماوەیەکی زۆر لە بواری دیپلۆماتیدا کاریکردووەو باڵیۆزی وڵاتەکەی بووە لە فەرەنسا و چەند وڵاتێکی تری جیهان.
لەماوەی پێشوودا چاوم بە نامیلکەیەکی بچووک کەوت لەژێرناونیشانی (هونەری ڕۆماننووسین؛ گفتوگۆی پاریس ڕیڤیو لەگەڵ کارلۆس فۆینتس دا) کە جەبار سابیر وەریگێڕاوە. لەم نامیلکەیەدا نووسەر هەوڵیداوە باسی کاروانی نووسین و لەهەمانکاتیشدا شێوازی نووسینی خۆی بکات. جگەلەوەش قسە لە بارەی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی ترەوە بکات لەوانە: ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین و ئیسپانی و ئەوروپی، خاڵە بەهێز و لاوازەکانیان دەخاتەڕوو.

شێوازی نووسین
ئەوەی روون و ئاشكرایە، هەر نووسەرەو بەجۆرێک یان مۆدێلێکی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ نووسین، فۆینتسیش مۆدێلێکی تایبەت بەخۆی هەیە و لەوبارەیەوە دەڵێت:
من نووسەری سپێدانم، لە سەعات هەشت و نیو دەست دەکەم بە نووسین، تا دوازدەو نیو دەنووسم، پاشان دەچم بۆ مەلەکردن، کاتێک گەڕامەوە نانی نیوەڕۆ دەخۆم و پاشنیوەڕۆ دەخوێنمەوە تا ئەوکاتەی دەچم بۆ پیاسە و خۆم بۆ سبەی ئامادە دەکەم.ل.9
دەشڵێت: دەبێت کتێبەکە لە مێشکمدا بنووسم، بەرلەوەی لە پشت مێزەوە دابنیشم.ل9
سەرەتا بە دەست دەنووسم و کاتێک دڵنیا بووم بابەتەکە ئەوەیە کە دەمەوێ، لێدەگەڕێم وەک خۆی بمێنێتەوە، پاشان دەستنووسەکە راست دەکەمەوەو خۆم تایپی دەکەم و دیسان تا دوایین سات بە تێکستەکەدا دەچمەوە، ل10
کاتێک بابەتەکە لەسەر کاغەز دەنووسم، بە کردەوە تەواو بووە، نە بەشێک جێ ماوەو نە دیمەنێک، لە بنەڕەتەوە دەزانم بابەتەکە چۆن دەچێتە پێشێ و لە روانگەی منەوە زۆر کامڵ و تەواوە، بەڵام هاوکات خۆم لە رەگەزی غافلگیریکردن بێ بەش دەکەم.ل10

جیاوازی نووسەری ئەمریکای لاتین و ئەمریکا
بابەتێکی تر کە بەلای منەوە جێگەی سەرنج بوو، تێڕوانینی تایبەتی فۆینتسە بۆ نووسەرانی ئەمریکای لاتین و ئەمریکا. لەمبارەیەوە دەڵێت: ئێمە بە بەروارد بە نووسەری ئەمریکی ناچارین کارگەلی پتر لە فەرهەنگی خۆماندا بکەین، ئەوان کاتی زیاتریان بۆ خۆیان و نووسینەکەیان هەیە، بەڵام ئێمە گرفتاری بابەتە کۆمەڵایەتییەکانین. بابلۆ نیرۆدا دەیگوت هەر نووسەرێکی ئەمریکای لاتین کە بەڕێدا دەڕوات پەیکەرێکی قورس بە دوای خۆیدا رادەکێشێ، پەیکەری خەڵکەکەی، رابردووی و دیرۆکی وڵاتەکەی. ئێمە ناچارین قورسایی مەزنی رابردوومان لە ئەستۆ بگرین تا بیرمان نەچێتەوە، چ شتێک ژیانی پێ بەخشیوین، ئەگەر رابردوت لەبیر بکەیت، دەمری.ل 13
زمانی ئیسپانی و ئەمریکای لاتین
بابەتێکی دیکە کە نووسەر قسەی لەسەرکردووە، زمانی ئیسپانیی و ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتینە. جێگەی ئاماژەیە تەواوی ئەمریکای لاتین جگە لە بەرازیل کە بە زمانی پورتوگالی قسە دەکەن، هەموویان بە زمانی ئیسپانی قسە دەکەن و دەنووسن. هەربۆیە فەزای زمانی ئیسپانی، زۆر فراوانە و سنووری جوگرافیای ئیسپانیا تێدەپەڕێنێت. نووسەرانی ئەمریکای لاتینیش، زیاتر لە ئیسپانییەکان خزمەتی زمانی ئیسپانییان کردووە.لەمبارەیەوە فۆینتس دەڵێت:من بە ئیسپانی خەون دەبینم، هەروا بە ئیسپانی عاشق دەبم، جارجار ئەمە دەبێتە هۆی سەرلێشێوانم، بەڵام ئەمجۆرە شتانە تەنها بە ئیسپانی مەیسەرە. ل18
لە زمانی ئیسپانی ئێمەدا دەبێ بۆشایی گەورەی نێوان سەدەی حەڤدە و بیست پڕ بکەینەوە. ل19
من هەر لە سەرەتاوە تێگەیشتووم کە قسەکردن لە ئەدەبیاتی مەکسیک یان پیرۆ یان شیلی گاڵتەجارییە و زانیم کە ئەگەر بڕیارە مانایەکمان هەبێت و گشتێتیمان هەبێ، ئەمانە لە پانتاییەکی فراوانی ئەم زمانە کۆڵەوار و بێنەوایەیە کە پێی دەڵێین زمانی ئیسپانی. ل59

خۆرئاوا
لەبارەی مەسەلەی خۆرئاواشەوە، نووسەر دیدێکی جیاوازی هەیە و پێی وایە، کە فەرهەنگی ئەمریکای لاتین بەشێکە لە فەرهەگی خۆرئاوا. لەمبارەیەوە دەڵێت:
یەکیک لە خەسڵەتەکانی فەرهەنگی گشتی ئەمریکای لاتین ئەمەیە، کە ئەم ناوچەیە لە راستیدا لقێکی دەرەکیی فەرهەنگی خۆرئاوایە. هەربۆیە ئێمە هەست دەکەین ناچارین لە هەر ئینگلیزێک یان فەرەنسییەک باشتر فەرهەنگی خۆرئاوا بناسین .ل 23

ئەدەبیات
لەبارەی ئەدەبیاتیشەوە نووسەر پێیوایە ئەدەبیات لە دەنگێکەوە لەدایک دەبێت، تۆ دەنگێک دەدۆزیتەوەو دەتەوێ جەستەیەکی کاغەزین بدەیتە ئەو دەنگە، بەڵام هەمان دەنگە کە دەبێتە واقعیەتی رۆمان. ل23
رەخنە
فۆینتس یەکێکە لەو نووسەرانەی کە هەمیشە کاروبەرهەمەکانی مایەی گرنگی پێدانی رەخنەگران بووە، هەندێکجار وەسفیکراوە، هەندێکجاریش هێرشی توندیان کردۆتە سەر. لەمبارەیەوە نووسەر ئەزموونی تایبەتیی خۆی هەیە. لەبارەی رەخنەوە فۆینتس دەڵێت: هەندێك لە رەخنەگران هێرشیان کردوومەتە سەر کە وێنەی ژنانێکی زۆر داوێنپیسم کێشاوە، بەڵام هۆکارەکەی ئەوەیە کە فەرهەنگی من روانگەیەکی نەرێنی بۆ ژن هەیە. ل26
رەخنەگرێک لەبارەی رۆمانێکمەوە نووسیبوی، ئەم رۆمانە تەنها بۆئەوە باشە فرێی دەیتە ئاودەستەوەو سیڤۆنەکە ڕابکێشی. ل 54

کاری نووسین
مەکیسیکیش وەکو زۆرێک لە وڵاتانی پاشکەوتووی جیهان، نووسەران هێندە پێگەیەکی بەهێزیان لەناو کۆمەڵگەدا نییە، هەروەها کاری نووسینیش، ناتوانێت بژێوی باش بۆ ئەو کەسە دابین بکات، هەربۆیە وەکو زۆربەی کۆمەڵگە پاشکەوتووەکانی دیکەی جیهان، تێڕوانینی خەڵکی بۆ پیشەی نووسەری، تێڕوانینێکی نەرێنییە. لەمبارەیەوە فۆینتس باسی ئەزموونی خۆیمان بۆ دەکات و دەڵێت: باوک و دایکم دەیانگوت یاسا بخوێنم، لەبەرئەوەی باوەڕیان وابوو ئەگەر بمەوێ لە مەکسیک لەرێگەی نووسینەوە بژیم، لە برسان دەمرم. تەنانەت نووسەر و شاعیرێکی ناوداری مەکسیکیش هانیداوە کە نەنووسێت، چونکە گەلی مەکسیک گەلێکی رواڵەتپەرستن ئەگەر کارێکت نەبێت خەڵکی رێزت لێ ناگرن. ل53

شار
هەمیشە رۆمان و شار پەیوەندییەکی بەهێزیان پێکەوە هەیە، زۆرجار نووسەران شارێک دەکەنە مەیدانی سەرەکی کاروبەرهەمەکانیان بۆ نموونە نەجیب مەحفوز قاهیرە مەیدانی سەرەکی بوو، دۆستۆیڤسکی پیترسبورگ، فۆینتسیش مەکسیکۆ سیتی دەبێتە مەیدانی سەرەکی. لەمباریەوە دەڵێت:
پێم وایە رۆمانەکانی من لەوێنەکانی شارەوە سەرچاوە دەگرن و شاری خەونەکان یان کابووسەکانی من مەکسیک سیتییە. پاریس یان نیویۆرک ئەنگیزەی نووسین لە مندا بەخەبەر ناکەنەوە. ل32
بەگشتی ئەزموونی نووسینی فۆینتس بۆ ئێمە گرنگە، چونکە ئەو یەکێکە لە رۆماننووسە سەرکەوتووەکانی جیهان. لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە کاک جەبار سابیر بکەین بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.




سەركەوتنی رووتی زمان دەركەوتن لە پێناو دەركەوتن.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

بە چاوێكی پڕ لە بیركردنەوە و هەست، چاوێك كە (زمان) وەك بوونەوەرێكی چالاك تەماشا دەكات، بوونەوەرێك كە پرۆسیسەی پرسیارەكانی بوون و خەیاڵەكانی داهێنان و ئاگری بەرهەمهێنانەوە و نووسین خۆش دەكات، سەركەوتنی رووتی زمان دەنووسم. كەواتە بیركردنەوە و پرسیاری ئەو نووسین و خوێندنەوە و بەرهەمهێنانەوەیە لە پێگەی دال یان مەدلولدا كورت نابێتەوە، بە مانایەكی دیكە کتێبی (سەركەوتنی ئایین)ی (ژاك لاكان- وەرگێڕانی بۆ زمانی عەرەبی: محمد الحاج سالم- چاپی 2023) كتێبێكە روو لە دەرەوەیە! واتە زمانی نووسین لای لاكان زمانێكی باو نییە، زمانێكی نامۆیە، دەرگا لە غەریبەكان، فەرهەنگەكان، گێڕانەوەكان، حیكایەتەكان واڵا دەكات.
ژاك لاكان لەو كتێبەدا هۆی سەركەوتنی ئایین بۆ سەرنەكەوتنی شیكردنەوەی دەروونی دەگەڕێنێتەوە. پێیوایە هەر لە سەرەتاوە ئایین بە دەوری مانادا دەخولێتەوە، ئایین مانا بەو شتانە دەدات، كە رۆژێ لە رۆژان شتی سرووشتی بوون. ئەوەش لە ئاییندا نیعمەتی خواییە. بەڵام شیكردنەوەی دەروونی بۆ هەمیشە (سروشت/ ناسروشت- خودا/مرۆڤ) لێكجیا دەكاتەوە و مرۆڤایەتی دابەش دەكات. رووداوی ئەو دابەشبوونە مرۆڤ بۆ هەمیشە بە مانا فرۆیدییەكە و شیكردنەوەی دەروونی بە نوقسانی دەهێلێتەوە، هەر بەو مانایەش (زیگمۆند فرۆید) پێیوایە مرۆڤ ئاژەڵێكی سەمپتۆمدارە (سەمپتۆم نەخۆشی نییە، نیشانەی نەخۆشییە) سەمپتۆم زەقبوونەوەی تێرنەبوونێكە لە ناو دەرووندا. بێگومان نەقسی فرۆیدی لای لاكان بە (درز) ناو دەبرێت، كەچی لای دۆلۆز ئەو چاڵ و درزە دەكەوێتە نێوان سەیرورە و جێگیربوون، یان گۆڕانی بەردەوام و داهێنانی بەردەوام. كەواتە شیكردنەوەی دەروونی خستنەڕووی نەخۆشییە. ئەوە بەشێكە لە نیگەرانییەكانی ژیاری، كە فرۆید لە كتێبی (نیگەرانییەكانی ژیاری) قسەی لەبارەوە دەكات.
رەنگە شیكردنەوەی دەروونی بە كاری ئایین هەڵبسێ. بەڵام بۆچی دەڵێن شیکەرەوەی دەروونی لە بارێکدایە کە ناتوانێ بەرگری لە ئایین بکات؟ لاكان بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە جیاوازی لەنێوان (فێركردن) و (حوكمكردن) دەخاتە روو، پێیوایە ئەوەی دەبێتە جێی نیگەرانی چەمکی (فێرکردن)ە، واتە لە مانای فێرکردندا مرۆڤ دووچاری نیگەرانی دەبێتەوە، كەواتە وێناکردنەکانی مرۆڤ، یان مرۆڤ کێیە و ماھیەنی مرۆڤ چییە… ھەموو ئەوانە کێشەن. بەڵام (حوكمكردن) نیگەرانی ناسناكات، حوكمكردن تەواو جیاوازە، بە ئەندازەی ئیمان! لە شیکردنەوەی دەروونیدا ئەگەرچی ھەرگیز نە حوکم دەوەستێ و نە فێرکردن… بەڵام ئایین لەسەر حوكمكردن وەستاوە! لە ئاییندا پرسیاركردن سنوری ئیمان تێناپەڕێنێ، شیكردنەوەی دەروونی سەر بە پرس و فێركردنە.
ئەو كتێبە روو لە دەرەوەیە، لەو قسەوە دەمەوێ بڵێم ئەو كتێبە کورت نابێتەوە بۆ کۆ ئاماژە یان تێگەیشنێکی ئاڕاستەكراو و دیاریکراو…. بەڵکو خۆی لە خوێندنەوەی خوێنەرە جیاوازەكانیدا بەرهەمدەهێنێتەوە. لەو كتێبەدا ژاك لاكان دەڵێت: تاکە شتێ کە دەکرێ لە دیدی شیکردنەوەی دەروونیدا، لە خۆیدا بە گوناح دابنرێ، وازھێنانە لە ئارەزووەکانی خۆت. بەو مانایەش گەڕانەوەی لاکان بۆ فرۆید گەڕانەوە نییە، بۆ گوتەکانی بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ نیازەکانی، بۆ شۆڕشی فرۆیدی و بەرهەمهێنانەوەی جیاوازییەكان.

واقیع و رووتی
دەشێ سروشت و ناسروشت، مرۆڤ و خودا… لە رێگای دەستەواژەی ئەگەر رووتی نەبوایە مرۆڤ چۆن دەیزانی پۆشاک چییە، شیبكەینەوە. هەروەها دەتوانین بە رەنگێگی دیكە ئەو پرسیارە بنووسینەوە و بڵێین ئەگەر ئایین نەبوایە، مرۆڤ چۆن دەیزانی شیكردنەوەی دەروونی چییە؟
لەو خوێندنەوە و شیكردنەوەیەدا قسە لە چەمكی زانین و نەزانین ناكەم، هەڵبەتە ئەو كتێبە روو لە دەرەوەیە، دووبارە دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی بڵێم رەنگە شیكردنەوەی دەروونی بە كاری ئایین هەڵبسێ، بەڵام ناتوانێ بەرگری لە ئایین بکات. كەواتە ئەو ململانێیە دەكەوێتە نێوان ئایین و شیكردنەوەی دەروونی، واقیع و ناواقیع، رووتی و پۆشاك…
شیكردنەوەی دەروونی بوونی ئایین رەتدەكاتەوە. رووتیش لە رێگای پۆشینەوە بوونی (نیعمەتی خوایی) رەتدەکاتەوە. بەو مانایەش شێوەی نێگەتیفی رووتی (ئایین)ی لە (شیكردنەوەی دەروونی) و پۆشاکەوە مانا وەردەگرێ. کەواتە ئەگەر دەرککردن بە رووتی لە وەردەرنانی ئادەمەوە بێ لە بەهەشت، ئەوە رووتی لە گوناهەوەیە. بۆیە داپۆشینی رووتی، واتە دووركەوتنەوە لە گوناح، واتە داپۆشینی گوناح. بەمجۆرەش ناتوانین بگەینە بوونە هەرە پوخت و ریشەییەکەی مرۆڤ تەنها لەو ماوە کەمە نەبێ، کە لە فیردەوس بووە! وەك چۆن لە واقیعدا شیكردنەوەی دەروونی ناتوانێ ئەو نیشانە، نەقسە، یان چاڵ و درزە… چارە بكات، تەنها لە رێگای داهێنانی بەردەوامەوە نەبێ. کەواتە بە مانا ئایینییەكە کاتێ مرۆڤ فڕێدراوەتە نێو واقیع، ئیتر مرۆڤ بە گوناهەوە لكاوە. لە واقیعدا ئەسڵی مرۆڤ پیسە، گوناهبارە، نوقسانە، چاڵە… هەر بەو مانایەش كۆی پرسیارەكان لەوەدا كورت دەكەینەوە و دەڵێین: ئەگەر پۆشاک (نیعمەت) نەبێ مرۆڤ نازانێ نوقسانی چییە؟ بە مانایەكی دیكە دەشێ دەستەواژەی شیكردنەوەی دەروونی دەستەواژەیەکی ئایینی بێ، دژ بە ئایین.
هەڵسانەوە لە گوناح، واقیع… دووبارە بە دەستهێنانەوەی ئازادییە. بەڵام مرۆڤ لە دروستکردنییەوە ئازاد نەبووە، دەیەوێ ئازادی بەدەستبهێنێ. بەدەستهێنانی ئازادی لە ئاییندا گەڕانەوەیە بۆ ئەسڵ! وەدەستهێنانی ئازادی لە واقیعدا داهێنانی بەردەوامی داهێنانە… (ئیتر کە پەناگا نامێنێ، کە پەیوەستبوون نامێنێ ئازار، برسێتی، مردن…. دەستپێدەکات).

من فرۆیدم، من زمانم
نەقسی فرۆیدی وەك لە شیکردنەوەی دەروونی و بە تایبەتی لاکان وەسفی دەکات، چارەکردنە بە زمان، قسەكردن، ئەوەش شیکردنەوەی بونیادی گوتارە لە ناوەوەدا، گوتار ئەو هێزەیە، کە وادەکات دیاردەیەک، یان تێکستێک مانایەکی تایبەت بە دەستەوە بدات، هەستێکی تایبەتی جێبهێلێت. کەواتە گوتاری شیكردنەوەی دەروونی چارەی دەروونی لە رێگای زمانەوە دەكات، یان ئەو چارەكردنە بە زمان نەبێ، بە ھیچ شتی دی مەیسەر نابێت، زمان سەرچاوەی بوون و داهێنانی بەردەوامی مرۆڤە، بەو مانایەش زمان ناوەندیاری بەیەکگەیشتنی دنیای ناوەوەی مرۆڤ و دنیای دەرەوەیە. لە دیدی لاکاندا زمان بەیەکگەیشتنی (پێداویستی) و (ئارەزووە)ە، وەك کرداری ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی نێوان رەمزی و واقیعی و خەیاڵی تەماشای دەكرێ، (واتە دەستبردن بۆ پێداویستی ژیان و تێرکردنی ئارەزووەکان و بەدیھێنانی خەون و خەیاڵەکان…)
بەڵام لە رێگای واقیعەوە، ھیچ کاتێ لە ئارەزووەکانی نەخۆش تێناگەین تەنھا لە رێگای زمانی قسەکردنەوە نەبێ، یان گوتنەوە نەبێ، کە ئارەزووەکان دەگۆڕێ بۆ پێکھاتەی مانای زمانەوانی و وشەکان زیاد لە مانایەک ھەڵدەگرن و دەبنە دەنگدانەوەی حاڵەتەکانی نەست و بە تایبەتی لە خەونەکاندا بە دەردەکەون، یان لە لادان و خلیسکانی زماندا… هەڵبەتە وەک دیارە لاکان بۆ شیکردنەوەکانی لەبری چەمكی نەستی فرۆیدی، زمان بە کار دەھێنێ. لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێ: نەست لە زمان رسكاوە.
من لێرە بۆ بەكارهێنانی دەستەواژەی من فرۆیدم، من زمانم. سوودم لە كۆی بۆچوونەكانی لاكان وەرگرتووە، ئەگەرچی دەستەواژەی من ئەفلاتوونم، من حەقیقەتم، یان وەک لویسی شانزە و دەوڵەت، کە دەیگوت من دەوڵەتم… بیر دەخاتەوە. لەوێشەوە دەمەوێ بۆ شیكردنەوەی نێوان (نێر و مێ) بڵێم لە هەموو ئەوانەدا حەقیقەت نێرینەیە. نێرینە وەک (ڤالووس) كە لای وایە مێیینە وەک (سەتح، روو-كار) دژ بە حەقیقەتە. مێینە، ڤالووسی نییە، کەواتە خەسیووە.
هەڵبەتە دوای هەنگاونان بەرەو ئایین بۆ نموونە (لە مەسیحیەتدا) حەقیقەت دوورتر دەکەوێتەوە، ئیتر (فەیلەسوف) چیتر جیهانی حەقیقەت نانوێنێتەوە، پیاوی ئایینی ئەو کارە بە بەڵێن دەکات، ئەوەش ئایدیایەکی زیاتر دڵرفێن و فریوودەرە! لێرەوەیە (فریدریك نیتشە) دەڵێ ئایدیای حەقیقەت دەبێ بە مەسیحی، دەبێ بە ئافرەت، چونكە ئافرەت، ژن بەڵێنێکە بە پیاوان دەدرێ… ئەگەر لە واقیعدا ژن و پیاو گوناح نەکەن، یان گوناح بکەن و تۆبە بکەن، ئەوە لە دواییدا ئایین بەڵێنی بەیەکگەیشتنی هەتا هەتاییان پێدەدا. هەر بەو مانایەیە نیتشە دەڵێ، کە ئایین دێ، چێژ لەناو دەچێ، شادی دوادەخرێ! کەواتە لە ئاییندا گوێڕایەڵی مرۆڤ (پیاو و ژن) بۆ (حوكم)ەكانی ئایین دواین فۆڕمی کاملی ئەخلاق و مێژووی فەزیلەتە. بەڵام نیتشە، گوێڕایەلی، گوناهباری، پاڕانەوە، زەلیلی هەموو ئەوانە بە ئەخلاقی کۆیلە دەزانێت. بەو مانایەش ئایین پەلاماری رەگی ژیان دەدا. شیكردنەوەی دەروونی زمان بە (فێركردن) و چارە دەزانێ.
بە کورتی بەکارھێنانی میکانیزمی چارەكردن بە زمان لە نەستی نەخۆشەوە سەرچاوەی گرتووە. واتە لە رێگای میکانیزمی قسەکردن كار لەسەر بونیادی گوتاری نەخۆش دەكات و مەدلولە خەفەكراوەكانی كەشف دەکات. لە دیدی لاکان زمان لە جێی چەپێنراوەکانی فرۆیدە، لێرەوە لاکان لە شیکردنەوەی بونیادی نەستی فرۆیدەوە بەرەو زمان و دال و مەدلول و پاشان کۆکردنەوەی دال و مەدلول لە تێگەیشتنی ئەویدیکەدا هەنگاو دەنێت، وەک ئەوەی گوتارێک بێ، یان دەرکەوتنی زمانی کارای پاڵنەرەکانی نەستی نەخۆش بێت. وەک ئەوەی گوتار پەیوەستێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان کارا کۆمەلایەتییەکان دیاری بکات، جا لەبەر ئەوەی زمان دەبێتە بنەمای کەشفکردنی حاڵەتە دەروونییەکان، یان وەک لاکان دەڵێ لەبەر ئەوەی زمان لە نەست رسکاوە، کەواتە مرۆڤ جگە لەوەی کە دەتوانێ بە وەزیفەیەکی رەمزی ھەڵسێ، کە زمان بەرجەستەی دەکات، شتێکی دیکەی لە توانادا نییە، ھەر لە رێگای ئەو وەزیفەیەشەوە دەتوانین لە مرۆڤ بگەین.
بەو گوزارەیەی کە زمان وەک تەفسیرکردنی رەفتاری مرۆڤ دەبینێ، بە تەفسیرکردنی زۆربەی گوتەکانی فرۆید لە بارەی غەریزەی سێكسییەوە، دەگەینە ئەوەی کە زمان ئاوێنەی نەستە. کەواتە تیۆری شیکردنەوەی دەروونی ھەر تەنھا چەپێنراوەکان کەشف ناکات، بەڵکو راڤەی رەھەندەکانی زمان و حەقیقەتی ناوەوەی واقیعی مرۆڤ كەشف دەکات. شیکردنەوەی دەروونی ھەر چارەی مرۆڤ لە پێناو خۆش گوزەرانی و سەرکەوتنی نەخۆش بەسەر سەمپتۆم لە کۆمەڵگاو لەسەر ئاستی کەسی ناکات، بەڵکو وای لێدەکات بتوانێ رووبەرووی ئارەزووەکانی و دەوروبەری بێتەوە.

حەقیقەتی رەها، حەقیقەتی رووپۆشكراو
نەریتی بیرکردنەوەی ئەفلاتوونی بنەڕەتێکی میتافیزیکی هەیە، بیركردنەوەی نوێ و بە تایبەتی نیتشە لە نەریتێکی جیاوازەوەیە. نیتشە بنەماو فۆڕمی بیرکردنەوەکەی تەواو غەریبە و قاچی لەسەر زەمینەکەی ئەفلاتوون نییە. بۆ نموونە کە دەڵێ ژن سەتحیە، لە نەریتی ئەفلاتوونی وشەی (سەتح) نێگەتیف دەکەوێتەوە و دژە ژن دەوەستێ، بەڵام لای نیتشە هەرگیز چەمكی سەتح نێگەتیف و دژە ژن نییە، بەڵکو خاڵی گەشانەوەی ئافرەتە. لای نیتشە ناتەبایی جەوهەر و رووکەش هەڵدەوەشێتەوە و جۆرە پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان حەقیقەتی رەها و حەقیقەتی رووپۆشدا دادەمەزرێنێ، کە خۆی لە رووکار (سەتح)دا دەبینێتەوە، چەمكی (روو-کار) کارایی رووە بۆ نەخشاندنی زڕەوێنەی حەقیقەت لەسەر خۆی. لێرەوە سەتح پەردەی حەقیقەتە، حەقیقەتیش چاڵێکی بۆشە، کە بەو پەردەیە، وەک پڕییەک داپۆشراوە. پەردەی ونبووی واقیعی قووڵ و حەقیقی نیتشە، دوورە لە رەنگدانەوەی ئاوەژووی واقیعێكی قووڵ و حەقیقی ئەفلاتوونیزم. پەردەی واقیع هیچ پەیوەندییەكی بە حەقیقەت و حەقیقەتی رەهاوە نەماوە، واتە ئەوەی نیشانیدەداتەوە ئایدیای ئەفلاتوونی نییە، لە پشت ئەوەی نیشانیدەداتەوە هیچ ئایدیا و ئایكۆن و وێنەیەك بوونی نییە، تەنها زڕەوێنەیە، زڕەوێنەی پەتی خۆیەتی، لەو بیابانە هیچ شتێ بەرهەمنایەتەوە، جگە لە بیابان نەبێت، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها نیشانەكانن، نە هیچ شتێ دووبارە دەكەنەوە و نە هیچ شتێ بەرهەمدەهێننەوە، كاڵا ئاماژە نییە، بۆ پێویستی، تەنانەت بۆ بەهای ئاڵوگۆڕیش، داتا هیچ حەقیقەتێ روونناكاتەوە.
بە جۆرێ لە جۆرەكان دەشێ هەموو ئەوانەی لەسەرەوە قسەی لێكرا، لە هەستكردن بە گوناحدا خۆی راڤە بكاتەوە، هەڵبەتە ئەسڵی هەستكردن بە گوناح بۆ ئایین دەگەڕێتەوە، بەڵام فرۆید وەک (كارل گۆستاف یۆنگ) ئایینی نییە! لای فرۆید ھەستکردن بە گوناح دەکەوێتە نەستەوە، ھیچ کەس بە شێوەیەکی فەردی لێی بەرپرسیار نییە. ئەو تاوانە لە ناخی مرۆڤدا چەسپاوە، کە ئارەزوو وەک پێوانەی زمانی گوتراو بێ. (گوناحی چەسپاو لە ناخی مرۆڤ و لە نەستی مرۆڤدا، گوناحێکی زمانییە). بۆیە ناتوانین نکۆڵی لە نەست بکەین، وەك چۆن ناتوانین نكۆڵی لە زمان بكەین. چونکە ئەگەر ئێمەش نکۆڵی بکەین، (ئارەزوو- ئەو) نکۆڵی ناکات. لە پێکھاتەی مرۆڤدا (ئەو) بەشدارە لە ئارەزوو. وەك چۆن زمان لە نەست رسكاوە. لای فرۆید لبیدۆ، ئارەزووی سێکسی، لێپرسراوی نەقسی مرۆڤە و لەوێوە مرۆڤ گرژی دەماری ھەڵگرتووە و ئەو نەخۆشییە عوسابییە دەست بەسەر مرۆڤی شارستانیدا دەگرێ، ئیتر لێرەوە چارەیەک پێشنیار دەکات، ئەویش چۆنێتی ھەڵکردنی خودە لەگەڵ نیگەرانییەكانی، هەموو ئەوانەش دەشێ پەیوەندییەکە شێواو بێ یان پارێزراو.
راسپاردەیەکی ئینجیلی ھەیە دەڵێ (ھاوسێیەکەت وەک خۆت خۆش بوێ) فرۆید لە کۆی ئەو راسپاردەیە جەخت لە راناوی لكاوی (ت) دەکاتەوە، پێیوایە ئەوە قەوارەی راناوی لكاوی (ت)ە، كە خۆی بۆ خۆشەویستی ئەویدیكە دیاری دەکات، بەو مانایەش خۆشەویستی خود لای ئەو جێگای گەورەی ھەیە، پێیوایە ھەموو کەسێ دوای ئەوەی ھێزی وڕێنەی خۆی دەرک دەکات و بە دوایدا دەچێ، ناوی ئەو ھێزە دەنێ ھێزی نەرگسییەت. بەڵام لاکان بە میتۆدی (رەمزی و خەیاڵی و واقیعی) ئەو دۆزە و راناوی (ت) روونتر دەكاتەوە و دەڵێ بێگومان من خۆم خۆش دەوێ، واتە من پەیوەستم بە جەستەی خۆم لە رێگای ھێزێکی جیاکاری ناوەوە، ئەویش ھێزی دەروونییە، واتە ئیرۆس (ئیرۆس- خواوەندی خۆشەویستییە لە یۆنان و لێپرسراوە بەرانبەر ھەستی خۆشەویستی لە دەروونی مرۆڤ، لە بەرانبەر ئیرۆسیش خواوەندی مردن ھەیە کە ناتانۆسە، فرۆید پێیوایە هەموو رەفتاری مرۆڤ ئاوێتەبوون و ململانێی نێوان ئەو دوو خواوەندەیە) کەوا دەکات جەستە زیندووەکان لە زۆربوون، بە هۆی (ئەویدیكە) نزیک ببنەوە، ئەوەش پێی دەگوترێت وزەی سێكسی یان لبیدۆ، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە ھەوەسی عەقڵی جەستە نییە، بەڵکو ئەو وێنەیەیە، کە لە رێی جەستەوە فێرمان دەكات، ئەو وێنە جوان و بە ھێزەم خۆشدەوێ وەک چۆن خۆم خۆش دەوێ، کەواتە بنەمای خۆشەویستی (بە پێتی بچووک- وەك لاكان دەڵێ لەبەر ئەوەی قوتابییەکانم زاراوەی ئەویدیکەی بچووک بەکار دەھێنن)، چەمكی ئەویدیكە- ئەویترە. کەواتە من ئەوەم خۆشدەوێ کە لە من دەچێ.

دەركەوتن لە پێناو دەركەوتن
بێگومان ھوشیاری تەواکەری ژیانە، پێشکەوتن رێچکەی دنیای ھۆشیاری دیاری دەکات. ھەموو ئەوەش کاریگەری بەسەر گەشەی تاک و تێگەیشتنی رەفتارەوە هەیە، كەواتە بە گشتی تێگەیشتنی رەفتار دەكەوێتە سەر هۆشیاری و پێشكەوتن و هەموو ئەوانەش بە شێوەیەكی تاکانە ژیانی مرۆڤ دەگۆڕێ، تا ئەوەی دەگاتە پووچیش. ئەوەی فرۆید لەبارەی نەستەوە دیاری کردووە، بە نزیکی ھەموو بوارەکانی گەشەی تاك و پێشكەوتن و رۆشنبیری دەگرێتەوە. ھەندێجار ھەموو ئەوانە دەبنە تەگەرە بۆ بەجێھێنانی ئارەزووەکانی تاک و دەبنە ھۆی ئەوەی تاک ئارەزووەکانی پشتگوێ بخات و بیشاریتەوە. ئەوەش وەک فرۆید بۆی چووە دەبێتە ھۆی نەخۆشییە عوسابییەکان. بە دیوەكەی دیكە ئەوە حەقیقەتی ئارەزووەکانە، واتە واقیعە.
کەواتە ئارەزوو ھەر تەنھا شتێکی سادە نییە، وەك چۆن یەکلاکەرەوەش نییە، بەڵكو بەرھەمی فۆرمەلەکردنێکی ئاڵۆزە و پڕە لە مانا و دەلالەت، نە درێژکراوەیە و نە گەڕانەوەیە بۆ سرووشتی خۆی و نە وێناکردنێکی ئایۆنی مەعریفەیە و نە دووبارەکردنەوەیەکی مەجازییە… ئارەزوو وەک لای فرۆید دەرکەوتووە، بابەتێکی نوێیە بۆ بیرلێکردنەوەی ئەخلاقی. لەسەر ئەو بنەمایە لاكان دەڵێ: بەڕاستی فرۆید بۆ ئەخلاق بە وەفا بوو. ئێمە دەزانین کە فرۆید کابرایەکی ماددی تەواو بوو، بۆیە چارەی دەسەڵاتی ئەخلاق و رەوشتی بە رێگای کلاسیکیانەی كردووە، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ سوودگەرایی. بۆ ئەوەی سوودگەرا بیت، پێویستە بۆ زۆربە، كۆمەڵگا بگەڕێیتەوە. گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگا بە مانا فرۆیدییەکە لە رێگای چێژبردن بە یاسای ھەوەس پیادە دەبێت، واتە پەیوەندی خود بە بوون بە ھۆی زۆربوونەوە. كەواتە كە باسی ئایینی حەقیقی دەكرێ (ئایینی حەقیقی لای لاكان ئایینی رۆمانییە. قسە لە یەك ئایین دەكات، ئەویش مەسیحییەتە) دەبێ وەك شیزۆفرینیای راستی وەسف بكرێ. بەو مانایە ئایا دووركەوتنەوەی مرۆڤ لە واقیع، رەتكردنەوەی شیزۆفرینیایی كۆییە؟
ئەمڕۆ چیدی كێشەی واقیع کێشەی ئایین و كێشەی نەقسی شیكردنەوەی دەروونی نییە، بەڵکو کێشەی زۆربوون و زۆرێتیی واقیع خۆیەتی، لەوە زۆرتر کە واقیع بتوانێ هەڵیگرێ؟ ئەو بیركردنەوەیە ئەمڕۆ (گی ئەرنست دیبوور)ی شانۆنووس بەرەو ئەوە دەبات بڵێ: واقیع، واقیعی گۆڕیووە بۆ نمایش. هەر شتێ نەیەتە نێو نمایش وەک نەبوو وایە. یان (ژان بۆدریار) قسە لە زێدە واقیعی دەكات، كە هیچ کەلێنێکی بۆ رەخنە نەهێشتۆتەوە. زێدە واقیعی دۆخێکی زۆرینەیە، دۆخێكی کۆمەڵگایە، کە ئاگایی بە بوونی خۆی بووە بە هەستکردنێکی نمایشكارانە، ئیگۆی واقیع و گوتاری رەخنەی شۆڕشگێرانە هاوتا لەگەڵ گوتاری دەسەڵات گەشە دەكەن. فرۆید لە بارەی واقیع سەرسام دەوەستێ، چونکە دواجار فرۆید دەبینێ رقلێبوونەوە وەک سێبەری خۆشەویستی هەنگاو دەنێت، واتە رقلێبوونەوە بە خۆشەویستی نامۆ نییە و هەتا دێ لە خۆشەویستی نزیك دەبێتەوە.
كەواتە كێشەی پەیوەندی مرۆڤایەتی دوایی نایەت، چونكە واقیع هەم دەرچەیە و هەم دوژمنكارانە و پڕە لە نیگەرانی، واقیع سیمایەكی جیاكار و جیاوازی هەیە، كە قابیلی بیرلێكردنەوە، یان لەسەرووی خەیاڵی مرۆییەوەیە. لێرەوە لاكان پێیوایە ئەوەی پێیدەڵێن واقیعی حەقیقی، ئێمە ناتوانین پێی بگەین، ئەوەی بە تەواوی واقیعی حەقیقییە نادیارە، یان بەتەواوی لێیجیابووینەتەوە، بۆ؟ چونكە بە جەوهەری نەگەیشتووین، وەك چۆن نەمانتوانیوە بیسەلمێنین، هەرگیز نەگەیشتووینەتە جەوهەری پەیوەندی نێوان بوونەوەرە قسەكەرەكانی وەك نێر و مێ! ئەمڕۆ ئێمە خۆمان لە سەرسامییەكی گەورەدا دەبینینەوە. ئەوەی پێیدەڵێن بوونی بەشەری هەرگیز دەرفەتی سەركەوتنی لەبەر دەمدا نییە. لاكان دەڵێ لێرەوە فرۆید لەسەر حەق بوو كە سێكسوالێتی هێنایە ئاراوە، بەڵام هەمیشە سێكسوالێتی بە نسبەت بوونەوەری مرۆیی نائومێدی دەنوێنێ.
بە كورتی ئەوەی لە كتێبی (سەركەوتنی ئایین) و تیۆرەكانی لاكان دەرك دەكرێ ئەوەیە، كە مرۆڤ بنەمایەكی بیۆلۆژی یا فسیۆلۆژی نییە، بەڵكو بنەمایەكی زمانەوانی هەیە. پێشتریش یۆحەننای مەحمەدانی گوتویەتی (سەرەتا وشە هەبوو) بەڵام لاكان دەڵێ، بۆ ئەو دەستەواژەیەی یۆحەننا من یەك شتم زیاد كردووە، ئەویش ئەوەیە لەپێش سەرەتا چ هەبووە؟ ئەو پرسیارە تەگەرە دەخاتە پێش تێگەیشتنی (سەرەتا وشە هەبوو)ی ئینجیلی یۆحەنناوە، چونكە لەپێش ئەویش شتێكی دیكەش هەبوو، كە پێیان دەگوت (سفر تەكوین) ئەویش بێگومان لە وشە پێكهاتبوو. خەڵك ئەو دوو شتەی كۆكردەوە و گوتی وشە كاری خوایە. خوا دنیای لە وشە دروستكردووە. ئەوەش بەڕاستی كارێكی سەیرە.
دواجار لەو كتێبەدا لاكان دەڵێ من نانووسم هەتا خەڵك تێبگەن، من دەنووسم بۆ ئەوەی خەڵك بخوێنێتەوە، ئەو دوو شتەش وەك یەك نین. راستە خەڵكانێكی زۆر هیچ لە نووسینەكانم ناگەن، بەڵام دەكەونە ژێر كاریگەری نووسینەكانم. دواجار لەبارەی شیكردنەوەی دەروونییەوە دەڵێ: شیكردنەوەی دەروونی هیچ كلیلێكی بۆ ئایندە بە دەستەوە نییە. ئەوەی هەیە چركەساتێكی جیاكارە لە بەدەستهێنانی گوتاری خودی قسەكەر! چەمكی (خودی قسەكەر) بە مانا لاكانییەكە واتای ئەو خودە دەگەیەنێت، كە دال دەخاتە بەرانبەر دال، واتە زمان بەرهەمدەهێنێ. بەو مانایەش خودی قسەكەر گوزارشت لە نەست دەكات.

هەولێر 30/10/2024




پرسەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیریی.. ئامادەکردنی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

پرسەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیریی،هەرجارەی لەسەر بابەتێک چەند نووسەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیرێک دێنێتە گۆ. بانیژەی ئەدەب و کلتوور لەڕێگەی ئەم گۆشەیەوە دەیەوێت پەنجە بخاتە سەر گیروگرفتەکانی کایەی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیی و ورووژاندنی پرسیاری جیددی. لەم گۆشەیەدا پرسی ئەدەبی منداڵان دەوروژێنێت.
پرسیار : پرسی ئەدەبی منداڵان پرسێکی پەروەردەیی و مەعریفی گرنگە. گرنگی ئەدەبی منداڵان لەچیدایە و ئەدەب دەتوانێت چی پێشکەش بە منداڵان بکات؟ گرفتەکانی ئەدەبی منداڵان چین؟ بەبۆچوونی ئێوە منداڵانی کوردستان چەند ئاشنای ئەو ئەدەبەن کە بۆ ئەوان دەنووسرێت؟

محەمەد بەرزی؛ نووسەری بواری منداڵان

محەمەد بەرزی:نووسەری بواری منداڵان

وەڵام: ئەدەبی منداڵان جۆرێکی ناوازە و تایبەتە بۆ بەرژەوەندی و دابینکردنی پێداویستی منداڵان نووسراوە و گوزارشت لە خواستەکانییان دەکات و ئۆخژن و ئارامی دەدات بە دەروونیان و دڵیان خۆش و گەش دەکات. بەشێکی سەرەکییە لە پەروردەکردنی منداڵاندا. بۆ ئەوەیە میشکیان ئامادەبکات بۆ وەرگرتنی ڕاستییەکان ، زۆر گرنگیشە ئەم ئەدەبە ڕاستییەکان بگرنە خۆیان . لە ڕێگای وشە و چیرۆک و وێنە و گۆڤار و پەڕتووکی ڕەنگاوڕەنگەوە ، زانیاری دەگەیەنێت بە منداڵان. کارێک دەکات باشتر بنووسن و بخوێننەوە . ڕووبەڕووی وشە و ڕستەی زۆریان دەکاتەوە ، ڕۆڵی گرنگ و کاریگەر و گەورەیان لە زمانەوانی و سۆزداریدا هـەیـە . هاندەری بیرکردنەوەی قوڵ و زیرەکییە و ئاسۆی خەیاڵیان فراوانتر دەکات . پاشان توانای گوێگرتن و قسەکردن و تێگەیشتنیان زیاتردەکات . پەرە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئاشنای ژیانی ئاژەڵ و باڵندەکانیشیان دەکات. سەرچاوەیەکی گرنگیشە بۆ فێربوون . پاشان لە کارەکتەر و پاڵەوانەکانی ناو چیرۆک و هۆنراوەکاندا خۆیان دەبیننەوە. سەرباری ئەمانەش ئەدەبیاتی منداڵان لە ڕێگای چیرۆکی سەرنجڕاکێش و وێنەی ڕەنگاوڕەنگەوە، خێراتر خەیاڵ و ڕادەی بیرکردنەوەیان گەشەدەکات. لە ئەنجامیشدا باشتر بیردەکەنەوە و دەتوانن ئەوانەی دەورووبەریان قبوڵ بکەن. واتە خوێندنەوەی بەردەوام بۆ منداڵان لە تەمەنێکی بچووکدا ، دیاردەیەکی هیوابەخشە ، چونکە مێشک چالاکتردەکات و پەیوەندی منداڵ و دایک و باوک و ئەندامانی خێزان بەهێزتردەکات . ئەوەی شایانی باسە تۆژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە، خوێندنەوە بۆ کۆرپەلەی ناو سکی دایکیش، ئاستی چالاکی مێشکی کۆرپەلە بەرزدەکاتەوە و لە کاتی لە دایکبوونیشدا کۆرپەکە دەتوانێ دەنگی دایکی بناسێتەوە . هەر بۆیە باشتر وایـە هەموو ڕۆژێک ، جا بــەر لە کاتی نووستن ، یان لە بەیانیان و کەشێکی ئارام و هێمندا و بە دەنگی بەرز بابەتێک بۆ منداڵ بخوێنرێتەوە ، بەمەش نەک تەنها پەرە بە زمانییان دەدات و خەیاڵ و بیرکردنەوەیان باشتر دەکات و لە قوتابخانەش سەرکەوتوو دەبن ، بەڵکو لە داهاتووشدا ڕادەی خۆشەویستییان بۆ خوێندنەوە زیاتر دەبێت و دەبن بە کەسانی داهێنەری زیرەرک و سەرکەوتووی ناو کۆمەڵگا و ژیانیان پڕدەبێ لە بەهرە ، چونکە گەشەکردنی شانەکانی میشکی منداڵ لە سەرەتادا ، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە خوێندنەوەوە هەیە . لە دواجاردا ئەدەب یەکێکە لە باشترین و کاریگەرترین ڕێگا بۆ یارمەتی منداڵان بۆ تێگەیشتن لەو بابەتانەی ، کە پێی ئاشنا نەبوون . پاشان منداڵ بە دەگمەن بۆ ماوەیەکی زۆر بە هێمنی دادەنیشێت ، بەڵام خوێندنەوە ڕەفتارەکانییان دەگۆڕێت و لە کاتی خوێندنەوەدا ئارامی دەیانگرێتە باوەش . سەرباری ئەمەش ئەدەبیاتی منداڵان بۆ گەورەکانیش سودی تایبەتی خۆی هەیە و یارمەتییان دەدات سەردەمی منداڵی خۆیان لە بیرنەکەن . بێگومان هەتا ئێستاش منداڵانی کوردستان و خێزانەکانییان وەک پێویست ئاشنای ئەو بوارە زۆر گرنگە نەبوون ، هۆکارە سەرکییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامە بێ بەهاکانی تەلەفزیۆنەکان و بە تایبەتیش بەکارهێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی وەک ئایفۆن ، کە بەگشتی خێزانەکانیان سەرقاڵکردووە . پاشان کەمی ژمارەی ئــەو کتێب و گــۆڤــارانەی لە کوردستاندا بۆ منداڵان چاپ دەکرێن ، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە، کە هەتا ئێستا کۆمەڵگای کوردی لای لەو بوارە زۆر گرنگەکەی ئەدەبی منداڵان نەکردۆتەوە . ٣٠ / ١٢ / ٢٠٢٤

ڕەزا شوان؛ شاعیر و نووسەر لەبواری ئەدەبی منداڵان

ڕەزا شوان؛ شاعیر و نووسەر لەبواری ئەدەبی منداڵان

وەڵام: تا ئـێستا پێناسەیەکی گشتی چەسپاو، بۆ ئەدەبی منـداڵان نییە، بەڵام خاڵی هـاوبەش لە نێـوان پێناسە جیـاوازەکانـدا هـەیە. پـێمـوایە باشـتریـن پـێناسە بۆ چەمکی ئەدەبی منداڵان، پێناسەکەی (ماریا نیکۆڵا) یە کە دەڵێت:”ئەدەبی منداڵان ئەو ئەدەبەیە کە لەلایـەن کەسـانی شـارەزای جـیهـانی منـداڵانـەوە نـووسـراوە و بەرهـەم هـێـنراوە و بڵاوکـراوەتـەوە، کە خـوێنـەری سـەرەکـیـیان منـداڵانـن”. لەبەر گرنگی ئەدەبی منداڵان، ئەم سەردەمە بە سەردەمی ئەدەبی منـداڵان ناودەبرێت. ئەمـەش لـە گـرنـگـیرۆڵـی منـداڵانـەوە سـەرچـاوەی گـرتـووە.بـێگـومـان ئـەدەبی منداڵان، گرنگی و کاریگەری و رەنگـدانەوەیەکی زۆری لە ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منـداڵان و لە بنیاتـنانی کەسـایەتی دروسـت و هـاوسـەنـگی منـداڵان هـەیە. لە بـارەی گـرنگی ئـەدەب بـۆ منـداڵان، شاعـیری ناسـراوی بـولـگاری (ران بـوسـلـیک)دەڵـێت: “ئەدەب بـۆ منـداڵان، وەک شـیری دایک و هـەوای پاک وایـە، کە پێویـستە هـەبـن”.دکتۆر (ناسرەدین ئەلئەسەدی)یش دەڵێت:”ئەدەبی منداڵان بۆ بیر، وەک ڤیتامینەکانن، کە هـۆش و ئەنـدێـشەی منـداڵان، پێویـستییان بە جـۆرەکانی هـەیە. هـەر جـۆرێکیش لایـەک لە بیـر و هەسـت و لایـەنە ئەنـدێـشەیـیەکان مەسـت دەکـات”.ئەدەبی منـداڵان خـۆی لە خۆیـدا ئامانـج نییە، بەڵکـۆ هـۆیـەکە بـۆ هـێنانەدیی ئامـانج ئـەدەبی منـداڵان، جـۆگایەکی ئـاو خـوڕ و زوڵاڵـە، لە رووبـاری رۆشـنبـیریی منـداڵان، رۆڵێکی گرنگی لە رۆشـنبریکردن و گەشەکـردنی ئەنـدێـشە و هـزری منـداڵان هـەیە. ئـەدەبی منـداڵان رۆڵـێکی گـرنگی لە گەشەکـردنی زمـانی منـداڵان هـەیە، فـەرهـەنگی وشەکانیان بە وشـە و زاراوەی نـوێ دەوڵەمەنـتر دەکات. تـوانای گوزارشتکردنیشیان بە زارەکی و بە نووسین،لە ئەنـدێـشە و هـزریـان زیـاتـر دەبێـت. ئەدەبی منداڵان و پەروەردەی منداڵان دوانەن، یا گیانێکن لە دوو جەستەدان. هەموو دەقـێکی ژانـرەکانی ئەدەبی منـداڵان، پەیامـێکی جـوانی پەروەردەییان لەخـۆگـرتوون.
گرنگی ئەدەبی منداڵان لەوە دایە، کە منـداڵان بۆ داهـاتـوویەکی باشتر ئامادە دەکات.
کەواتا ئەدەبی منداڵان دەتوانێت ئه‌‌رکێکی زۆر گرنگ ببینێت، له‌ چەنـد رەهـه‌نـدێکی وەک: په‌روەردەیی و نه‌تـه‌وەیی و نیشـتمانی و کۆمه‌ڵایـه‌تی و رەوشتی و جـوانی و سروشتی و ویـژدانی و سۆزداری و هـزری و مرۆڤـایه‌تی. ئه‌وە ئەدەبی منداڵانە کە منـداڵە چاوگه‌شه‌کانمان به‌ کوردایـه‌تی و کوردسـتان په‌روەری، گـۆش و پـه‌روەردە دەکات. فێری وانه‌ی نیشتمان په‌روەری و دڵسۆزی و خه‌بات و تـێکـۆشان و خۆڕاگری و ئازایـه‌تی و دلـێری و به‌رگـری و کـۆڵـنه‌دانیـان دەکـات. ئـه‌وە ئـەدەبی منـداڵانـە، که‌ جگەرگۆشەکانمان فێری رەوشت به‌رزی و رەفـتار دروستی و گه‌شبینی و هـیواخوازی و چـاکـه‌خـوازی و هـاوکـاری و یـارمـه‌تـی و لـێـبـووردن و رێـزگـرتـن و بـرایـه‌تـی و ژینگەپارێزی و هـاوڕێتی و مـرۆڤایەتی و ئاژەڵـدۆستی و زۆر شتی جوانی تر دەکات. گـرفـتەکانی بەردەم گەشەکـردنی ڕەوتی ئـەدەبی منـداڵان لە کوردسـتان زۆرن. بە کـورتی و بە چـڕی ئەمـانە گـرنگـتریـنیان:
ـ نەبوونی دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە ئەدەبیاتی منداڵان لە کوردستان.
ـ نەبوونی دەزگایەکی چـاودێـری، بۆ هەڵـسەنگانـدنی بابەتـەکانی نووسـین بۆ منـداڵان. بۆ رێگـرتن لە چاپـکـردن و بڵاوکردنەوەی کـتـێبی بابـەت کـرچ و کاڵی پـڕ لە هـەڵەی زمـانەوانی و رێنـووسی و سـایکـۆلـۆژی و هـزری.
ـ نەبوونی رەخـنەی ئەدەبیی دروست لە ئەدەبی منـداڵان. چونکە ئەدەب بەبێ رەخـنە پێـش ناکەوێت. ئـەدەب و رەخـنە دوو رووی دراوێـکـن.
ـ کـەمی تیـراژی ئـەو کـتـێـب و گـۆڤـارانەی کە بـۆ منـداڵان چـاپ دەکـرێـن.
ـ نەبـوونی دەسـتوورێکی یەکگـرتـووی رێـنـووسی کـوردی.
ـ پـشتگـیری نەکردنی نووسـەرانی منـداڵان بە دارایی، بـۆ چاپکـردنی کـتـێبەکانیان.
لە راستیدا منداڵانی کوردستان، تا ئەمڕۆش نەبوونە بە هاوڕێی کتێب و گۆڤارەکانی منداڵان. تا ئەمـڕۆش خوێنـدنەوە نەبـووە بە پێویـستیـیەکی رۆژانەیـان و خووییان بە خـوێنـدنەوەوە نەگرتـووە. هـۆی ئەمەشەش بـۆ دایکان و باوکانیان و بۆ مامۆستاکانیـان دەگەڕێتەوە. کە وەک پێویست کتێب و گۆڤارەکانیان بۆ دابین ناکەن و هـانیـان نـادەن بۆ خـوێنـدنەوە. خـۆشـیان نەبـوونە بە نمـوونە و بە سـەرمـەشـق لە خوێنـدنەوەدا، تا منـداڵەکانیـان چـاویـان لـێـبکەن.

ئەمین محەمەد؛ ڕۆماننووس و شاعیر و توێژەر لە بواری ئەدەبی منداڵان

ئەمین محەمەد؛ ڕۆماننووس و شاعیر و توێژەر لە بواری ئەدەبی منداڵان

وەڵام: بەگشتیی گرنگی ئەدەبی منداڵان لەوەدایە،کەدەتوانێت بەشێوازێکی ئەدەبیی وهونەریی باڵا ،لەخەون وخۆزگەی منداڵ بدوێ و بەهاکۆمەڵایەتی و کارامەییەکانیان بەشێوازێکی ڕاست ودروست ومرۆڤ دۆستانە بۆشی بکاتەوەو لەهەموو لایەکەوە، ئاستی تێگەیشتن و ڕۆشنبیرییان پێشبخات،بەڕەچاوکردنی قۆناغبەندی تەمەنی منداڵ و لایەنی دەرونیی و کۆمەڵایەتی .هەرلەڕێگای ئەدەبی بۆمنداڵ نووسراوەوە دەتوانرێت پەرەبەلایەنی زمان وئاستی بیرکردنەوەو خەیاڵفراوانی منداڵ بدرێ ،بەمەرجێک نووسەر بیروبۆچوونی تایبەتی خۆی تێکەڵ،بەدەق نەکات چونکە خۆهەڵقورتاندن وبیروڕا سەپاندنی نووسەر زیانی گەورە لەمنداڵ دەدەن. ئەدەبی منداڵان بەسەرجەم ژانرەکانییەوە چێژ بە منداڵ دەبەخشن و دەبنە هۆی ڕۆشنبیرکردنی و پرسیاری لادروست دەکەن و کتێب و گۆڤار لای منداڵ خۆشەویست دەکەن و لەڕێگای ئەدەبەوە خوێندنەوەیان لادەبێت بەکتوور،منداڵ بەخوێندنەوەی ئەودەقە تایبەتانەی کەبۆی نووسراون، دەبێت بەتاکێکی ژیر و کارامە و ڕەخنەگر و بڕوابەخۆبوو،خوێندنەوەی دەقی باش و نوێخواز و سەردەمییانە وا لە منداڵ دەکەن، ببێت بە کەسێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگەو سەرجەم مرۆڤایەتی، ئەوەش ئەرکی نووسەرانی تایبەتی بواری ئەدەبی منداڵان و پەروەردەکارانە، بەو ئەرکەگرنگە هەستن و بەپێی پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژ کار بۆ منداڵان بکەن.
منداڵانی کوردستان بەهۆی کەمی گۆڤار و ڕۆژنامەی تایبەت بە منداڵان و کەمی تیراژی ئەو بڵاوکراوانەی تایبەتن بەمنداڵان و هەندێ ئاڵنگاری تایبەت، زۆربەکەمی ئاگاداری ئەدەبی تایبەت بەخۆیانن و بەپێی پێویست سوودی لێنابینن، چونکە زۆربەی ئەو کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامانەی بۆ منداڵان دەردەچن بەشی منداڵانی یەک شارۆچەکەش ناکەن،لەبەرئەوە زۆربەی زۆری منداڵان بێ بەشن و ئاگایان لێی نییە،یەکێکیتر لە ئاڵنگارییەکان زۆربەی ئەو نووسەرانەی لەو بوارەدا کاردەکەن،چەقبەستوون و کەمتر بەلای نوێگەری و بابەتی بەسوود و گونجاو بۆ منداڵاندا دەچن، ئەوەش وای کردووە منداڵان حەز بە خوێندنەوەی دەقەئەدەبییەکانیان نەکەن ،هۆکارێکیتر کەمتەرخەمی دایک و باوک وهەندێ لە مامۆستایان ،لەبەردەست نەخستنی کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی تایبەت وبەسوود، هاننەدانی منداڵان بۆ خوێندنەوە، ئەم هۆکارانە وایان کردووە ،منداڵانی کوردستان ئاگاداری تەواوی ئەو دەقە ئەدەبییانە نەبن کەبۆ ئەوان نووسراوە، تاکە چارەسەر ئەوەیە کە بەفراوانی دەزگای تایبەت بەچاپ و بڵاوکردنەوەی دەقی بۆمنداڵ نووسراو بێتەکایەوەو خەمخۆرانە کاریان بۆ بکات ، تامنداڵانی ئێمەش وەک منداڵی وڵاتانی پێشکەوتوو سوود لە ئەدەب ببینن.

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان؛ نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان؛ نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

ئەدەبیاتی منداڵان ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشەکردنی منداڵان و داڕشتنی کەسایەتییان. لێرەدا هەندێک لەو گرنگی و سوودانە دەخەینەڕوو کە ئەدەب پێشکەشی منداڵانی دەکات:
١- ئەدەبی منداڵ یارمەتی منداڵاندەدات بۆ پەرەپێدانی تواناکانی زمان لەڕێگەی چیرۆک و شیعرەوە و باشتر لە زمانەکە تێبگەن وبەشدارە لە باشترکردنی وشەسازی و ڕێزمان و دەربڕینی زمانەوانییان.
٢-هانی منداڵان دەدات بۆ بیرکردنەوەی داهێنەرانە و خەیاڵکردنی جیهانە نوێیەکان،دەرگایان بۆ دەکاتەوە بۆ داهێنان و دەربڕینی بیرۆکەکانیان.
٣-زۆرێک لە چیرۆکەکان پەیامی ئاکاریی لەخۆدەگرن، یارمەتی منداڵان دەدەن لە بەهاکانی وەک هاوڕێیەتی و بوێری و ڕاستگۆیی تێبگەن. چیرۆک دەتوانێت ڕێگەیەک بێت بۆ فێرکردنی منداڵان چۆن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان بکەن.
٤-منداڵان لەڕێگەی ئەدەبەوە ئاشنا دەبن بە کلتوور و ئەزموونە جۆراوجۆرەکان. یارمەتی بەرەوپێشبردنی لێبوردەیی و ڕێزگرتن لە جیاوازییە کلتوورییەکان و بەرزکردنەوەی تێگەیشتنی کلتووری دەدات.
٥-پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە: چیرۆکەکان هانی منداڵان دەدەن بۆ پرسیارکردن و شیکردنەوەی ڕووداوەکان. توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی منداڵان و تێگەیشتن لە پەیوەندییەکانی نێوان کارەکتەرەکان و ڕووداوەکان بەرز دەکاتەوە.
٦-ئەدەبیات یارمەتی منداڵ دەدات هەستی خۆی و هەستی کەسانی تر بناسێتەوە. پەرەپێدانی هەستی هاوسۆزی و تێگەیشتنێکی قووڵتر لە کەسانی دیکە.
٧-چیرۆکەکان ڕێگەیەکی خۆش بۆ دەربازبوون لە واقیع دەڕەخسێنن. یارمەتی نەهێشتنی فشار و دڵەڕاوکێ دەدەن.
٨-خوێندنەوە لەگەڵ خێزان پەیوەندی خێزان بەهێز دەکات. دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتگەلی گرنگ و هاندانی گفتوگۆ.
بەڵام بەداخەوە بەشێوەیەکی فراوان پەیامی ئەدەبی منداڵان وەک پێویست نەگەشتووە بە منداڵانی کورد، ئەویش لەبەر چەند ئالەنگارییەک، کە لێرەدا بە کورتی هەندێکیان دەخەینە ڕوو:
یەک: کەمی سەرچاوەی دارایی: نەبوونی بودجەی پێویست بۆ پاڵپشتیکردنی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و نووسەرانی منداڵان، ئەمەش ڕێگری لە بەرهەمهێنانی کتێبی نوێ دەکات.
دوو: دابەشکردنی کتێب: سەختی دابەشکردنی کتێب لە ناوچە دوورەکانیان گوندنشینەکان، ئەمەش وا دەکات منداڵان دەستیان بە ئەدەبیات بگات.
سێ: چەند زاراوە: زمانی کوردی چەند زاراوەیەک لەخۆدەگرێت، ئەمەش وا دەکات ئاستەنگکردنی ئەدەبیات زیاتر بکات بۆ ئەوەی بە دەستی هەموو منداڵان بگات.
چوار: نەبوونی پشتیوانی حکومەت: پشتیوانی نەکردنی حکومەت بۆ بەرنامە کلتووری و پەروەردەییەکان کە ئەدەبی کوردی بەرەوپێش دەبەن
پێنج: نەبوونی نووسینی تایبەتمەند:کەمیی نووسەرانی ئارەزووداری نووسینی ئەدەبیات بۆ منداڵان، ئەمەش هەمەجۆریی بابەت و شێوازە ئەدەبییەکان سنووردار دەکات.
شەش: کێبڕکێ لەگەڵ ئەدەبی بیانی: منداڵان زیاتر ئارەزووی ئەدەبی وەرگێڕدراویان بیانی دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئارەزووی ئەدەبی ناوخۆیی.
حەوت: هۆشیاری ڕۆشنبیری: ئاگادارییەکی تەواو لە گرنگی ئەدەبی کوردی و کاریگەرییەکانی لەسەر شوناسی کلتووری کەمە یان نییە،ئەمەش کاریگەری لەسەر هاندانی منداڵان بۆ خوێندنەوە هەیە.
هەشت: تەکنەلۆژیا؛لە کاتێکدا تەکنەلۆژیا دەرفەتی نوێ بۆ بڵاوکردنەوەی ئەدەبیات دەڕەخسێنێت، بەڵام زیادبوونی بەکارهێنانی میدیای دیجیتاڵی ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی خوێندنەوەی تەقلیدی.
نۆ: ناوەڕۆکی نەشیاو: بوونی ناوەڕۆکێک کە نەگونجاویان ناڕێژەیی بێت لەگەڵ کلتووری منداڵان، کەڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی متمانە بە ئەدەبیاتی ناوخۆیی.

چرۆ رەشید؛ نووسەر و توێژەر لەبواری ئەدەبی منداڵان

چرۆ رەشید؛ نووسەر و توێژەر لەبواری ئەدەبی منداڵان

ئەدەبیاتی منداڵان کاریگەریی ئەرێنی بەرچاوی هەیە لەبنیادنانی کەسایەتی منداڵان وپەرەپێدانی توانای هزری،سۆزداری،چاندنی بەهاو کارامەییەکان، متمانەبەخۆبوون، دروستکردنی پەیوەندی کومەڵایەتی لەگەڵ هاوڕێ و دەوروبەر، پاڵپشتی تەندروستی دەروونیی منداڵان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەستەکانی وەک ترس،توڕەیی،دڵخۆشی وپەرەپێدانی توانای خەیاڵ و داهێنان،لەهەمان کاتتدا ئەدەبییاتی منداڵان ناوەڕۆکی پەروەردەیی دەبەخشێت وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێت بۆ ئاسانکردنی بابەتگەلێکی ئاڵۆز و ئاسانکردنی تێگەیشتنیان بەتایبەتی لەقۆناغی باخچەی منداڵان وبازنەی یەکەم.
ئەدەبیاتی منداڵان سەرەڕای گرنگی لەگەشەکردن وپەرەپێدانی بەهاو کارامەییەکان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بۆتەوە کەگەشەکردن وکوالێتییەکەی سنورداردەکات چونکە زۆرێک لەنووسەران و تەنانەت بڵاوکراوەکانیش زانیارییەکی وردییان نییە لەسەر منداڵ وپێداویستییە دەروونیی وپەروەردەییەکانیان. دەتوانین بڵێین، هەندێ لەو نووسەرانەی کە بۆ منداڵان دەنووسن، کەم توانان و لەئاستی پێویستتدا نین چونکە نووسین بۆ منداڵان پێویستە بەشێوازی قۆناغبەندی بێت، لەگەڵ ئەوەی ئەدەبییاتی منداڵان بەدەست کەمی بوودجەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کتێبی کوالێتی بەرز لەڕووی دەق و وێنەکێشانەوە کاریگەری ینەرێنی لەسەر سەرنجڕاکێشانی منداڵان بۆ کتێب دەبێت، هەروەها پشتبەستنی زۆر بەبەرهەمە وەرگێڕاوەکان دەبێتە هۆی بۆشایی لەدابینکردنی ناوەڕۆک کەڕەنگدانەوەی ئەو ژینگە و کلتوورە کۆمەڵایەتییە بێت کە منداڵان تیایدا دەژین جگەلە نەبوونی هاندانی دامەزراوە حکومی و تایبەتەکانەوە بۆ بەدەستهێنان و چاپکردنی کتێبی منداڵان و دەستڕاگەیشتنی سنووردار دەکات، هەندێک بەرهەم لەسەر بنەمای شێوازی کۆن و لاسایی نووسراون وا لەمنداڵان دەکەن ئارەزووی خوێندنەوەیان لەدەست بدەن، لەلایەکیترەوە کاریگەریی تەکنەلۆژیا و ئامێرەزیرەکەکان وایکردووە ئارەزووی منداڵان بۆ خوێندنەوە کەم بێتەوە هەندێک لەخێزان و لەقوتابخانەکانیش گرنگیی تەواو نادەن بە هاندانی منداڵ بۆ خوێندنەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم ئاستەنگییانەدا. پێویستە هانی نووسەرانی بواری ئەدەبییاتی منداڵان بدرێت تا زیاتر لەپێداویستییە دەروونییەکانی منداڵان تێبگەن، وەبەرهێنان زیادبکرێت و پاڵپشتی دارایی لەلایەن حکومەت ودامەزراوە تایبەتەکانەوە هەبێت بۆ ئاسانکاری لەبەرهەمهێنانی کتێبی کوالێتی بەرز وەبەرهێنان لە بڵاوکردنەوە و دابەشکردن بکرێت بەدابینکردنی کتێبی منداڵان بەنرخێکی گونجاو جگە لەمانەش دەتوانرێت فەرهەنگی خوێندنەوە لای منداڵان بکرێت بە کلتوور هانی منداڵان بدرێت بەسازدانی بۆنە و ئاهەنگەکانی وەک پێشانگای کتێبی منداڵان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر گرنگی خوێندنەوە لەماڵەوە و لە قوتابخانە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەشێوازێکی ئەرێنی و تێکەڵکردنی کتێب لەگەڵ میدیای کارلێککەری بۆ ڕاکێشانی سەرنجی منداڵان.
منداڵانی کورد تائێستا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بەتەواوی ئاشنا بن بەئەدەبییاتی منداڵان لەبەر کەمی ژمارەی ئەو کتێب و بڵاوکراوانەی بۆ منداڵان دەنووسرێن تەنانەت زۆرێک لەبڵاوکراوەکان کەدەردەچن تایبەت نین بەقۆناغێکی دیاریکراو تامنداڵان بتوانن بەپێی ئاست و تەمەنی خۆیان سوودی لێببینن سەرباری ئاستەنگ، لەبەدەستهێنانی ژمارەی پێویست تامنداڵان بتوانن لێی سوودمەند بن. لەکۆتاییدا ئەدەبییاتی منداڵان وەبەرهێنانێکە لەمێشکی نەوەکانی داهاتوودا بەهاو کارامەییان تێدا دەچێنێت ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ داهاتوویەکی داهێنەرانە پێویستە ئەمجۆرەی ئەدەبییات بەهەموو ژانرەکانییەوە پەرەی زیاتری پێبدرێت و منداڵانی کوردستانی پێ ئاشنابکرێت، چونکە ئاشکرایە تەنها لەڕێگای ئەدەبەوە دەتوانرێت بەئاسانترین و خێراترین کات منداڵا فێر ببن و ڕۆشنبیر بکرێن.

ڕۆستەم خامۆش؛ شاعیر و نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان

ڕۆستەم خامۆش؛ شاعیر و نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان

گرنگیی ئەدەبی منداڵان لەوەدایە، کە لە ڕێی دەقەکانییەوە دەتوانێ ئاڕاستەی منداڵ بگۆڕێ بۆ چێژوەرگرتن و ئومێد و گەشبینی و ڕوانین بۆ جوانییەکانی ژیان، پێم وایە هەر لە ڕێگەی ئەدەبەوە منداڵ دەتوانێ لە هەموو کایەکانی دیکەی ژیان سەرکەوتوو بێ، چونکە ئەدەب کاریگەرییەکی باشی هەیە بۆ ئەوەی منداڵ: خەیاڵ و بیری فراوانتر بێ، باشتر خۆی بناسێ لە ڕێی دەقی نووسراوی تایبەت بەخۆی، ئاستی خوێندەواریی دەچێتە سەرتر، زیاتر ئاشنای زمانی دایکی و فەرهەنگ و کلتووری نەتەوەی خۆی دەبێ، هۆشیاریی و ئاگایی زێتر دەبێ، هەڵسوکەوتی لەگەڵ خانەوادە و کەسانی دی جوانتر دەبێ.
دەکرێ بڵێین گرفتەکانی بەردەم ئەدەبی منداڵان زۆرن، کە تا ئێستا نەیان هێشتووە زیاتر گەشە بکات و بەرەوپێشتر بچێت و بوونەتە کۆسپ، لێرەدا بە چەند خاڵێک ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین:
١- هەرچەندە دیداری تایبەت بە ئەدەبی منداڵان کراوە، یان لە پەراوێزی هەندێ فێستیڤاڵ باسی لێوە کراوە، یان هەندێ ڕەخنە و لێکۆڵینەوە نووسراون، بەڵام تا ئێستا وەک پێویست کاری جددی بۆ نەکراوە و ئاوڕێکی باشی لێنەدراوەتەوە.
٢- لایەنی پەیوەندیدار و ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، کەمتر کاریان بۆ ئەدەبی منداڵان کردووە.
٣- هەندێ لە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، دەقی جوان و باشیان هەیە، کە تا ئێستا ڕووناکیی چاپیان نەبینیوە.
٤- بەشێک لە میدیای کوردیی، کەم تا زۆر بایەخی بە ئەدەبی منداڵان نەداوە لە چاو زۆر بابەتی دیکە، کە ڕەنگە هەندێ بابەت سوود و کاریگەرییان نەبێ بۆ کۆمەڵگە.
٥- زۆربەی دەقی شاعیر و نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، لاسایی کردنەوەی پێش خۆیانە و سواویی و جوینەوەی پێوە دیارە.
٦- یەکێ لە گرفتەکانی دیکەی بەردەم ئەدەبی منداڵان، ئەوەیە، کە ئەو دەقانەی، تایبەتن بە منداڵان و بۆ ئەوان نووسراون، چ لە کتێب و نامیلکە، یان لە گۆڤار و ڕۆژنامە، دایکان و باوکان وەک پێویست بۆ منداڵەکانیان دەستەبەر ناکەن و بێبەشیان دەکەن لە هەموو زانیاریی و چێژوەرگرتنی دەقەکان.
پێم وایە منداڵانی کوردستان، تا ڕادەیەک ئاشنای ئەو دەقانەن کە بۆ ئەوان نووسراون و بڵاوکراونەتەوە، بۆیه ئەوانیش لە ڕێگەی ئەو شیعرانەی، کە لەنێو پڕۆگرامی خوێندندا جێیان بۆ کراوەتەوە و دەخوێندرێن، یان لە ڕێگەی چەندان کتێب و نامیلکەی شیعر و چیرۆک، کە تایبەتن بۆ منداڵان، یان لە ڕێگەی کۆمەڵێک گۆڤاری تایبەت بە منداڵان و لاپەڕەی بەشی منداڵان لە ڕۆژنامەکان، کە چەندان تێکستی منداڵانیان بڵاوکردووەتەوە، یاخود ئەو بەرنامانەی کە لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان پەخشدەکرێن و شیعر و چیرۆکی تایبەت بە منداڵان دەخوێننەوە، یاخود لە ڕێی ئامێرە زیرەکەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کە ئێستا ئەوەندە فراوانە، دەکرێ بڵێین زۆربەی منداڵان بە کاری دێنن و پێوەی سەرقاڵن، کەواتە بەپێی ئەو چەند خاڵەی ئاماژەمان پێدا، دەتوانین بڵێین منداڵانی کوردستان تێکستی تایبەت بەخۆیان دەناسن و دەیخوێننەوە، یان گوێی لێدەگرن.

زارا ئەحمەد جاف؛ شاعیرو پەروەردکار

‎

 
زارا ئەحمەد جاف؛ شاعیرو پەروەردکار

ئەدەبی منداڵان ئەو کاریگەرییە هونەرییانەن کە جۆرەها شێوە لەخۆدەگرن ، بە بیرۆکە و هەست و خەیاڵی فراوان کە لەگەڵ ژینگەو تێگەیشتنی منداڵاندا دەگونجێن دێ لەهزری منداڵدا وێنای بۆ دەکێشێ .بەجۆرێک چێژ و خۆشییان پێ دەبەخشێت، هەستی جوانیی و واتایان تێدا گەشە پێدەدات، بەهاو کارامەییە کۆمەڵایەتیەکانی تێدا دەچەسپێنێ سوپاسگوزاری و خۆشەویستییان بۆ چاکە بەهێز دەکات، خەیاڵ و وزەی داهێنەریان ئازاد دەکات و مرۆڤایەتییان تێدا بنیات دەنێت ، یاسا و میتۆدە زمانەوانییەکان و فەرهەنگییان پێ ئاشنا دەکاتیارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی هەستی هونەریی لەلایان ، بۆ بەرزکردنەوەی سەلیقە و بەشداریکردن لە بنیاتنان و گەشەی کەسایەتییان .لەگەڵ ئەمانەدایارمەتی منداڵان دەدات زانیاری بەدەست بهێنن. دەربارەی شت، شوێن و تاوەکو چەمکی نەناسراو فێر ببن هەروەها ئەدەب وادەکات مەودای بیرکردنەوەی منداڵان فراوان بکات و توانای زمانیان پەرە پێبدات هەروەها لێزانانە چارەسەرکردنی هەندێک لە کەموکوڕی زارەکی و نەخۆشی دەروونی لە منداڵاندا پەیوەست دەکات بۆ ڕزگارکردنی منداڵان لە توندوتیژیی هەستە زیانبەخشەکان ئەدەبی منداڵ دەتوانێت وابکات منداڵ لەتەمەنی منداڵی خۆیدا بژی و داهاتووی خۆی لە ئارامیدا بنیات بنێت، بە شێوازێکی هونەری جوان کە خەیاڵی منداڵەکە هان دەدات و لە ناویدا گەشە دەکات .سەلیقەیەکی باش و خۆشەویستییدا ڕۆحی ڕەخنەی بنیاتنەر لە منداڵدا و توانای جیاکردنەوەی باش و خراپ گەشە پێبدەن. بۆیە دەبێت تایبەتمەندییەکانی منداڵیی لەبەرچاو بگیرێت و بە تێرکردنی پێداویستییەکانیان لە چوارچێوەی سەردەم و بەها و مۆدێل و تێڕوانینی دروست وسەردەمیانە دابێت ئەو ئەدەبیاتەی کەپێشکەش بە منداڵان دەکرێت لە ژانرە جیاوازەکاندا.. یان هەموو شتێک کە لەڕووی خوێندنەوە، مادەی دەنگییان بینراوەوە وابەستەی تایبەتمەندییەکانی گەشەکردن و پێداویستییەکانی منداڵان لەبەرچاو بگرێت ئەم ئەدەبیاتە هەموو ئەو ماددانە لەخۆدەگرێت کە لەمنداڵیدا پێشکەش بە منداڵان دەکرێت کە تێیدا مانا و بیرۆکە و هەستەکان بەرجەستە دەبن. لەڕاستیدا ئەدەبی منداڵان ئەو ئەدەبەیە کە منداڵان بۆ خۆیان پێناسەی دەکەنیان کۆمەڵێک نووسینە کە منداڵان بە هی خۆیان دەزانن
‎ئەدەبی منداڵان دەتوانێت بەرپرسیارانە ئەرکی خۆی بگرێتە ئەستۆ کە لەگەڵ خێرایی گەشەسەندنی شارستانیەت لە فۆرم و ڕەنگە جۆراوجۆرەکاندا بگونجێت تا بتوانێت لەوسەردەمی گۆڕانکاری و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووەی ئێستا منداڵان بۆ داهاتووی ژیان و سبەینێ ئامادە بکات.بە گشت سێبەرە جۆراوجۆرەکانییەوە، خۆی بۆ خزمەتکردنی ژیان لە کەشوهەوای داهاتوودا ئامادەباش بکات تا یارمەتی منداڵان بدەن خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییە فرەڕەهەندەکانی داهاتووی ژیان بگونجێنن.

شێوازی نوسینی ئەدەبی منداڵان کاریگەرەو توخمێکی گرنگە لە ئەدەبی منداڵاندا چونکە هەر ناوەرۆکێکی ئەدەبی هەرچەندە بەهێز و ڕەسەن بێت کاریگەری لەسەر منداڵ نابێت مەگەر شێوازێکی سەرنجڕاکێش و چێژبەخش لەبەردەستدا نە بێت کە لە ئاستی تێگەیشتنی منداڵ و بیرکردنەوەی لەوشە و میتۆدەکانی گونجاو لەگەڵ توانا زمانەوانییەکەی و لە چوارچێوەی فەرهەنگی وشەکانیدا نە بێت هەتا ئێستا کارکردن و بەدەنگەوەهاتنی نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان بۆ پرسەکانی ئەم بوارە بە پێی پێویست نین نەبوونی دەزگایەکی چاودێر بۆ هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی بابەتەکانی منداڵان لەپێش چاپکردنیان لاوازیڕۆڵی گرینگیدانی میدیایی و تیڤیە لۆکاڵیەکان بەبابەتی ئەدەبی منداڵان نوسەرانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان لەڕاوسەرنجەکانیان بۆبەرەوپێشبردنی بوارەکە هاوڕاویەکگرتووبن نین سادەیی زمان و درێژدادڕی لەنوسینی بابەت وایان کردوە بابەتی باش نەگاتە بەردەستی منداڵان بێ پلانی نوسەران لەچاپکردنی بەرهەمەکانیان ئەوەندەی گرنگی بە چەندایەتی لەڕووی ژمارەی کتێبیەکانیان دەدەن ئەوەندە گرنگی بە ناوەڕۆکی بابەتەکانیان نادەن لاوازی بابەتی خەیاڵ لە لەدەقەکاندا وادەکات بابەتەکان چەشە بە ناخی مندڵ نەبەخشێ و سەرنجەکانی منداڵ پەلکێش ناکات، بابەتەکان نەبوونە هۆی گەشەپێدان وفراوانی خەیاڵ فراوانی منداڵ. جیاوازی ئاستیڕۆشنبیریی هەندێ لە خێزانەکان وادەکات گۆڤارو کتێبەتایبەت بە ئەدەبیاتی منداڵان بەشێوەی پێویست نەگەنە بەردیدەی منداڵان بێ سانسۆری لەوەڕگێڕانی دەقی لاوازو ناپەروەردەیی و دوور لەکلتووروی نەتەوەیی وادەکات خێزانەکان خۆیان لەبڵاوکراووگۆڤارو نامیلکەکان بەدووربگرن بڵاو کراوەکانی تایبەت بەمنداڵان کەمتردەگەنە گشت ناوچە جیاوازەکان نەبوونی کتێبخانەیەکی تایبەت بە کتيب و گۆڤارەکانی منداڵان لە ناوەندەکانی خوێندندا زۆر جار ئاستی لاوازیڕۆشنبیریی خێزان وا دەکات بەسەرنجەوە گرنگی نەدەن بە سودی بڵاوکردنەوەکانی بواری منداڵان و ئەوقۆناغە بەهەند وەرنەگرن زۆر جار ئەو بەرهەمانەی دەنووسرێن لەژێر دەستی و پسپۆڕانی بواری منداڵاندا تێناپەڕن و بەپێی هۆشیاری و خەیاڵ و عەقڵییەتی منداڵان ئەو بەرهەمانە ئامادە ناکرێ داخستنی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە بڵاو کراوەکانی منداڵان.




میدیای پێشەنگ و میدیاکاری پیشەگەر!.. هۆمەر نۆریاوی

یەکێک لە بابەتە هەرە گرینگەکان لە نێو دنیای میدیا و ڕاگەیاندندا ڕووی لە پرسی پێداچوونەوە یان بە واتایەکی دی، کۆنترۆڵ و چاودێرییە. بابەت و نووسینێک پێش ئەوەی بۆ بڵاوکردنەوە و چاپ بچێت،پێویستە لە لایەن هەڵەگر و ئیدیتۆرەوە،پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت و هەڵە و پەڵەکان ڕاست بکرێنەوە و وشە و دەستەواژەی هەڵە دەرخواردی بینەر و بیسەر و خوێنەر نەدرێت.
یەکێکی دی لە مەرجەکان بۆ دامەزران و وەرگیران لە نێو دنیای ڕاگەیاندندا ڕووی لە پرسی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەیە. پێویستە ئەو کەسەی لە نێو دنیای میدیادا کار دەکات،یەکەم،بە باشی شارەزای زمانەکەی خۆی بێت، پاشان دەرچووی بەشی ڕاگەیاندن بێت و دواتریش خاوەنی پێنووسێکی بەپێز بێت؛پڕ ڕوونە گەرەک هەڵگری دەیان تایبەتمەندی دیکەیش بێت کە ناکەونە نێو بازنەی ئەم دێڕانەوە و لێکۆڵینەوەی جوایەزتری گەرەکە.
بۆ گەلێک ساڵ دەچێت ئەم پەیامە بۆ میدیا و ڕاگەیاندنی(بیستراو،بینراو و نووسراو)ی باشوور دەگوێزمەوە و بەرانبەر هەڵەیەکی زەق وریایان دەکەمەوە کەچی هەر دوای هێڵە ناڕاست و چەوتەکە دەکەون و هاوارەکەی منیش چ دادێک نادات.
تازەتترین نموونەیش ڕووی لە هونەرمەندی ناسراوی کورد”عەزیز شارۆخ”(1938)ە کە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرتێک ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و لێرە و لەوێ هەڤپەیڤین و وتووێژی دەگەڵ دەکرێت و بە “عەزیز شارۆخی” ناودێر دەکرێت.
بە سەد داخ و کەسەرەوە،لەمێژە لە باشووری نیشتماندا هەرکە کەسەکە کوردی ڕۆژهەڵات بێت، بە ناوی سیانییەوە،”ی”یەک دەدرێتە پەنای. نزیکەی 20 ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕێی نامەیەکەوە بۆ ماڵپەڕێکی کوردی بابەتەکەم ڕوون کردەوە و داوام کرد تکایە بەرپرسیارانە بەرانبەر بەم پرسە هەستیارە بجووڵێنەوە و پێش بڵاوکردنەوە،تۆسقاڵە زەحمەتێک وەبەر خۆ بدەن و خۆڵ لە چاوی خەڵک مەکەن. چونکە کاتێک بابەتێک لە ڕاگەیاندنی کوردییەوە بە هەڵە بڵاو ببێتەوە،ئیدی هەڵەکە هەر وا دەڕوات و دواتر ڕاستکردنەوەی ئەرک و بگرە ڕەنجێکی فرەوانی گەرەکە. ئەمە دەسەلمێنێت میدیا خاوەنی توانا و دەستەڵاتێکی بەرفرەوانە، هەر بۆیە بە دەستەڵاتی چوارەمیش ناودێر دەکرێت. لێرەوە گەر میدیا لە دەست شارەزا و ئەهلەکەی خۆیدا نەبێت،دەتوانێت کۆمەڵگەیەک وێران بکات. نموونەکان لەم پەیوەندییەدا یەک و دووان نین و تەنیا دەتوانم ئاماژە بە وشەی”بەروار”بکەم کە ئەرچی هەنووکە هەمووان دەزانن “بەروار” ناوە بۆ ناوچەیەک لە ئامێدی(باشووری کوردستان)کەچی بە خودی گەلێک نووسەری پێشڕەویشەوە تا ئێستاکەیش بە هەڵە، هەر بۆ “ڕێکەوت” و “ڕۆژبەر” دەکاری دێنن. پاش ئەم هەموو ئاسمان و ڕێسمانە،ئێستا هەمان هەڵە لە ڕێی کەناڵێکی سەتەلایتییەوە کە خۆی بە پێشەنگی بواری ڕاگەیاندنی کوردی دادەنێت،پاتە دەکرێتەوە.
لەم ماوەیەدا بینەری هەڤپەیڤینی”شانۆ بەکرفەرەج”(1994)، پێشکەشکاری ناسراوی کەناڵی “ئاڤا میدیا”دەگەڵ هونەرمەند عەزیز شارۆخ بووم کە پرسیاری لەم هونەرمەندە دەکرد باشە ئەم نازناو یان ڕاستتر بڵێم،ناوی سیانییەت لە چییەوە هاتووە و واتای چییە؟
“عەزیز شارۆخ”ی هونەرمەندیش هۆکارەکەی بۆ پێشکەشکار باس کرد و بەجوانی ڕوونیشی کردەوە و چەند جاریش هەڵەی پێشکەشکارەکەی ڕاست کردەوە و پێی دەگوت،”شارۆخ”ە نەک “شارۆخی” و “شارۆخ”یش بە واتا و مانای ڕوخسار و سیمای جوان دێت کەچی پێشکەشکار هەر دەچووەوە سەر هێڵە خوارەکە و لەسەر هەڵەکەی مکوڕ دەبوو. ئەرچی گەرەک ئاماژە بەم خاڵە بدەم،ئەم هەڵەیە لە ژێرنووسی کەناڵەکەدا نەدەبینرا و هەڵەکە تەنیا ڕووی لە خودی پێشکەشکار بوو. کەچی دیسانەوە لەسەر ئەو تابلۆیەی وەک دیاریی و یادگاری بەم هونەرمەندە دەبەخشرێت،هەمدیس نووسراوە”عەزیز شارۆخی،دەنگێکی ڕەسەن”و هەڵەکە پاتە بووەتەوە کە ئەمەیان کوشندەترە چونکە بۆ مێژووە و دەمێنێتەوە.
دە ئاخر کەسێک پەیدا نابێت بڵێ،بەڕێزینە،تکایە و هەزار تکا،پێش دیمانە و هەڤپەیڤین یان نووسین،بڕێک زەحمەت وەبەر خۆ نێن و گەڕانێک بکەن و تۆسقاڵێک پەیجۆر بن! چونکە یەکەم تایبەتمەندی بۆ ڕۆژنامەوانێک ڕووی لە گەڕان و پەیجۆربوونە کە ئەم خاڵە جەوهەرییە کەمتر لە میدیا و ڕاگەیاندنی کوردیدا بەردیدە دەکەوێت. میدیای کوردی لەمێژە ئەم جۆرە هەڵە و پەڵانە پاتە دەکاتەوە و هەرچەندەیش ڕۆشنگەری دەکرێت،مخابن بێکەڵکە.
ئەم پرسە بەداخەوە بەرانبەر بە هونەرمەند “ئیسماعیل سابوور”(2019-1957)یش لە میدیای بینراو و بیستراو و نووسراودا بەجاران پاتە دەبووەوە و هەرچی ئەم هونەرمەندە دەنگی هەڵدەبڕی،دەنگەکەی نووساو و کز بوو و میدیا و میدیاکاریش دیسان هەر لەسەر هەڵەکەی خۆ دەچوون.
یەکەم و دوا وانەم بۆ میدیاکاران،وەک کەسێک پتر لە 30 ساڵە مژول و خەریکی کاری میدیا و ڕاگەیاندنم ئەوەیە پێش دیمانە و هەڤپەیڤین،نووسین و بڵاوکردنەوە،پێویستە لەسەر تەوەری نووسین و گفتوگۆیەکە،گەڕانێکی ورد بکەن و لەسەر مژارەکە،زەحمەتی سووکە توێژینەوەیەک وەبەر خۆ بدەن و زانیارییە ڕاست و پێویستەکان لە سەرچاوەی باوەڕکراوەوە دەست بخەن و پاشان دەرخواردی خوێنەر و بەردەنگیان بدەن. چونکە دەرەنجامی نووسین و گفتوگۆیەکەتان ئەرشیڤ دەکرێت و دەچیێتە نێو ڕووپەڕەکانی مێژووی ڕاگەیاندنەوە. لێرەدایە سەنگ و قورساییی ئەم ئەرکە سەد هێندە خۆ دەنوێنێت. بەرپرسیاری یەکەم و کۆتایی بەرانبەر بەهەڵەتۆمارکران،بڵاوبوونەوە و نووسینەوەی بابەت یان پرسێک،خودی میدیا و میدیاکارە. هەر بۆیە بەرپرسیارەتی لە نێو میدیادا ئەرکێکی پڕ چەتوون و گرانە.
جێی ئیشارەتپێدانە “ئاڤا تێ ڤێ”،کەناڵێکی کوردیی سەر بە گرووپی ئاڤا میدیایە کە چەند هەیڤێک بەسەر وەرزی نوێی وەشان و پەخشیدا تێدەپەڕێت. بنکەی سەرەکیی کەناڵەکە لە “هەولێر”ی پێتەختی هەرێمی کوردستانە.
22ی ڕێبەندانی 2724




چەند خاڵێک سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکانی سوریا.. نادر عەبدولحەمید

ئەوەی ڕوویدا لە سوریا، بە پێشڕەوییە سەربازییەکانی (دەستەی ڕزگاری شام) و ڕووخانی خێرای ڕژێمی (بەشار ئەسەد) لە (٨-١٢-٢٠٢٤)دا، ئاکامی پڕۆسەیەکی مێژوویی لانی کەمی سێ دەیەی ڕابردووە (١٩٩٠-٢٠٢٤) کە ئەم وڵاتە و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیا تێپەڕیوە.
ئەم پڕۆسەیە دوو ڕەوندی ناوخۆیی و دەرەکی؛ جیهانی و ناوچەیی تیایدا بەشدارن.
کۆنتڕۆڵی دەوڵەت بەسەر ئابووری ئەم وڵاتە و لەژێر ناوی سۆشیالیزمی عەرەبی (بەعسی)دا، لە میانەی سێ دەیەی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیست، ژێرخانی ئابووری سەرمایەداری ئەم وڵاتەی پەرەپێدا و ئەم سەرمایەدارییە دەوڵەتییە گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی تا ئەوەی لە دەیەی نەوەتەکاندا، پڕۆسەی ڕادەستکردنی کەرتی گشتی بۆ دەستی کەرتی تایبەت دەستی پێکرد.
هەرچەندە لە دەیەکانی ڕابردوو کەرتی تایبەت هاوکاری و دەستگرۆیی کرابوو لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵام ئەوەی کە لە دەیەی نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە لەسەر دەمی (حافز ئەسەد) وەڕێخرا و پاشان لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە لەسەر دەستی کوڕەکەی (بەشار ئەسەد) گوڕێکی خێرای پێدرا پڕۆسەی گواستنەوەی کەرتی گشتی بۆ کەرتی تایبەت و شیفتی سەرمایەداری دەوڵەتی بوو بۆ سەرمایەداری نیولیبرالیزم.
داڕمانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، بلۆکی سەرمایەداری دەوڵەتی سۆڤیەت لەبەرامبەر بلۆکی ڕۆژاوای سەرمایەداری بازاڕی ئازاد و نیولیبرالیزمدا، گوڕ و خێرایی بەخشی بەم پڕۆسەیەی شیفتی سەرمایەداری دەوڵەتی بۆ سەرمایەداری نیولیبرالیزم لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەوانە: لە تورکیا، میسر، عێراق و سوریەدا کە مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتییان پیادە کردبوو.
تا ئەو شوێنەی کە پەیوەستە بە سوریاوە، ئاکامە کۆمەڵایەتیـیەکانی پیادەکردنی ئەم سیاسەتە ئابوورییەی نیولیبرالیزم لە ماوەی دوو دەیە (٢٠ ساڵ)دا، واتا لە دەیەی نەوەتەکانی سەدەی بیستەوە تا دەیەی یەکەمی دوو هەزارەکان (١٩٩٠-٢٠١٠) بووە هۆی هەڵتۆقینی جۆرەها کۆمپانیا و پڕۆژەی ئابووری و قۆرخکردنی بازاڕ و بازرگانی لەلایەن سەرمایەداران و بازرگانانێک کە نزیک لە ئەڵقەی دەسەڵات و بنەماڵەی ئەسەد بوون و لەبەرامبەریشدا هەژاری و بێکاری و پەراوێزنشینی جەماوەری زەحمەتکێش لە دەوروبەری شارەگەورەکان و گەڕەکە فەقیر نشینەکاندا پەرەیان سەند.
بەم شێوەیە کۆمەڵگە هەرچی زیاتر بەرەو قوتبی بوونەوەی چینایەتی چوو، لایەک کەمایەتییەکی خاوەن سەروەت و سامان و قۆرخکاری بازار و قوتی جەماوەر کە دەسەڵاتی سیاسی بەپشتیانەوەیە، لایەکیش جەماوەرێکی بەرین لە کرێکار و زەحمەتکێش و توێژگەلێکی فەقیر و بێدەرەتان لە کۆمەڵگەدا، کە بۆ هەر بێزاری و ناڕەزایەتییەک کە لەو ژیانەی هەیانە دەبوونە جێگەی چاودێری و بەدواداچوونی دەزگاکانی ئاسایش و پیاوانی ڕژێم و تەنگپێهەڵچنینان و ڕاوەدوونان و گرتن و شکەنجەیان.
ئەوەش لەیاد نەکەین کە ئیستیبدادی دەوڵەتی و دامودەزگای سەرکوتگەر هەر جۆرە نەفەسێکی ئازادانەی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی لە هاوڵاتیان بڕیبوو. لێرەوە زەمینە خۆش بوو تا ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و چینایەتی تێکەڵ بە ناڕەزایەتی فکری و سیاسی ڕۆشنبیران و ڕەوتە فکری و سیاسییەکان ببێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە (بەرەی نیشتیمانی پێشکەوتووخواز) کە حزبی بەعس لە سوریا دامەزرێنەری بووە لە (١٩٧٢) و ڕابەرایەتی دەکرد تا هەڵوەشانەوەی لە (٢٩-١-٢٠٢٥) دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، ئەم بەرەیە لە دە (١٠) حزب و دوو یەکێتی سەندیکای کرێکاران و جوتیاران پێکهاتبوو، کە ناوی زووربەی حزبەکانیش وشەی سۆشیالیستی یا کۆمۆنیستی تێدابوو. ئەم بەرەیە لە ڕووکەشدا دیموکراسیەتی فرە حزبی نیشان دەدا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بۆ شەرعییەتدان بوو بە دەسەڵاتی ئیستیبدادی دەوڵەت کە ناسیونالیزمێکی سێکیولار ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت دژە ئیمپریالی و زایۆنیستی بوو.
جابۆیە سەیر نییە ئەو ڕەوتە سیاسیانەی کە بوونە ئۆپۆزیسیۆن و دژ بەو جۆرە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی بوون لە سوریا بریتی بوون لە ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی کە دژە سێکیولار و دژە سۆشیالیست و دژە کۆمۆنیست و دژە ئازادی ژن و هەرجۆرە پێشکەوتووخوازییەک بوون و توانیان ببنە ڕەوتی زاڵی فکری و سیاسی بەسەر ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی جەماوەردا، هەر بۆیەش کاتێک لەگەڵ شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا، جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز لە سوریا لە (٢٠١١) دەستیان کرد بە جموجوڵێکی شۆڕشگێرانە و لە چەند شارێک ڕاپەڕین، بە خێرایی لە لایەن ئەو ڕەوتانەوە قۆزرایەوە و کرا بە جەنگێکی کۆنەپەرستانەی خوێناوی و ماڵوێرانکەر لە سوریا، کە ئەو وڵاتەی کردە مەیدانێک بۆ کێشمەکێشی جیۆپۆلتیکی نێوان زلهێزە ئیمپریالیستە جیهانی و ناوچەییەکانی وەک وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا و ڕووسیا و جمهوری ئیسلامی ئێران و تورکیا و سعودیە و وڵاتانی کەنداو و بەناڕاستەوخۆش چین.
ئاکامی جەنگی ناوخۆ و کێشمەکێشی جیۆپۆلیتی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان لە ئازاری (٢٠١١) وە تا دێسمبەری (٢٠٢٤) بووە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و بەدەسەڵات گەیشتنی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا و موبارەکبادی وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا و دۆڕانی زلهێزەکانی وەک ڕووسیا و ئێران.
شایەنی باسە کە میدیاکانی بورژوا لیبراڵی ئیمپریالیستی و بورژوا کۆنەپەرستی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئۆپۆزسیۆن و دەوڵەتیـیانەوە، تەنها ڕواڵەتی ئیستبداد و نەبوونی دیموکراسی سیاسی و سەرکورتی ڕژێمی سوریا و دەستێوەردانی دەرەکیی بەرجەستەدەکەنەوە، وەک ئەوەی کە کێشەکە تەنها لەنێوان ئیستیبدادی سیاسی ڕژێمێک بە ستەمی میللی و تائیفییەوە لەبەرامبەر جەماوەری ناڕازی بە خواستی دیموکراسیدا بێت! وە ئاگاهانە پەردەپۆشی سیستمی ئابووری و ناکۆکیـیە کۆمەڵایەتیـیەکان و چەوسانەوەی چینایەتی دەکەن لە باسکردنیاندا بۆ ئاڵوگۆڕ و ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە.
خاڵێکی گرینگ کە پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین، ئەوەیە کە تێکشکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی شۆرشگێرانەی جەماوەری سوریا و باڵادەستی ڕەوتە دژە شۆڕشییەکانی ئیسلامی سیاسی، ئەو زەمینەی لەباربرد کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ناوچە کورد نشینەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، واتا لە کوردستانی سوریا یا ئەوەی کە ناسراوە بە (ڕۆژاڤا) و هەروەها جەماوەری کرێکار زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ئەو ناوچانەی کە تائیفەی (درووز) تێیدا نیشتەجێن لە خوارووی ئەو وڵاتە، ببنە بەشێک لە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی سەراسەری شۆڕشگێڕانە دژ بە دەسەڵاتی ناوەندی و چارەنوسیان پەیوەست بێت بە چارەنوسی جەماوەری شۆڕشگێڕ و ڕاپەیوو لەسەراسەری وڵاتەکەدا.
لێرەوە لەبارودۆخی لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەند و لە غیابی شکڵگیری ئەو بزووتنەوە سەراسەریـیەدا و لەترسی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی بەگشتی و بەتایبەتیش ڕەوتە فاشیستەکانی چەشنی (داعش)ی، هێزە ڕێکخراوە سیاسیـیەکانی ئەو لۆکاڵانە؛ چ سەر بە ڕەوتی چەپی بۆرژوا-ناسیونالیستی کوردی (پەیەدە) وەیا بۆرژوا-تائیفی دورزی (حزب اللواء السوري) توانیان جەماوەر لەو ناوچانە ڕێکخراو بکەن هێزی چەکدار و میلیشیا دروست بکەن بۆ بەرگری ئەو ناوچانە و ڕێگرتن لەوەی بکەونە دەستی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و قەوارەی سیاسی-ئیداری خۆشیان (ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاڤا) و ئیدارەی ناوچەکانی دروزنشین لە خواری سوریا شکڵ پێبدەن، لەبەرامبەر دژە شۆڕشی ڕەوتە میلیشیاییەکانی ئیسلامی سیاسی و لەبەرامبەر دەوڵەتی مەرکەزی (بەشار ئەسەد) و ئێستای (ئەحمەد شەرع)دا.
دیارە ئەم دوو هێزە لۆکاڵییە لە سوریا هەم لە ناوەڕۆکی فکری و سیاسیاندا و هەم لە شێوازی بەڕێوەبردنی ناوچەکانیاندا زۆر لێک جیاوازن و باسەکەی ئێمە لێرەدا ناچێتە ئەو بوارەوە. ئەوەی جێگە مەبەستمانە ئاماژەی پێ بدەین، ئەوەیە کە هەردوو ئەم ڕەوتە بەحوکمی ناوەڕۆکی چینایەتی و پێکهاتەی سیاسی قەومی و سیاسی تائیفییان، ئەو هێزە نەبوون و ناشتوانن ببن بە بەشێکی ئۆڕگانیک لە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی سەراسەری وڵاتەکە. لێرەوە چارەنوسی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستانی سوریا و ناوچە دروزنشینەکان پەیوەستەبووە بە سەوداومامەڵەی هەردوو ڕەوتی بۆرژوا ناسیونالیستی چەپی کورد و بۆرژوا تائیفی دروز لەگەڵ دەسەڵاتی تازە هاتووەسەرکاری سوریا.
لە کۆتاییشدا ئەوە بڵێین کە پڕۆسەی دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستەکانی جیهان و ناوچەکە بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەروازەیەکی بەرفراوانتری بۆ کراوەتەوە، ئەمەش واتا لە کێشمەکێشە جیۆپۆلیتیکەکاندا هێزە ئیمپیریالسیتەکانی ڕۆژاوا بەتایبەت ئەمریکا و فەڕەنسا، وە زلهێزی ناوچەیییەکان بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییەکانیان پێویستیان بە هاوکاری ئەم هێزە لۆکاڵی و ئەم قەوارە سیاسیانە هەیە جا چ کاتی بێت یان ستڕاتیژی، بەم پێیە مانەوەی ئەم هێزانە و مانەوەی قەوارە سیاسی و ئیدارییەکانیان بەشێکە لە کێشمەکێشێکی بەرفراوانتری ئیقلیمی و جیهانی و پەیوەستیشە بە سەقامگیری بارودۆخی دەسەڵاتی سیاسی ناوەندەوە.
ئەوەی لەو نێوەدا لە کێشمەکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سوریادا بزرە هێزی ڕێکخراوی کۆمۆنیزم و کارگەرە، کە لە فرسەتێکی تردا دێینەسەری.
سەرەتای شوباتی ٢٠٢٥




هەژانێکی تر.. د. هەژار مەعروف عوسمان

کاتێک ژانە جۆروجۆرەکان بەردەوامن و ژانێک نین چاوەڕێی لەدایکبونێکی جوانتر و باڵاتر و گەشەکردوتری لێبکەین، بەڵکو ژانگەلێکن سەرچاوەکەیان ترس و بەردەوامیی ئەوەی ژیانی یەک بە یەکمان بە چەقین و مانەوە لە جێی خۆیشی نەوەستێ و هەنگاو بە هەنگاو بگەڕێینەوە بۆ دواوە، ئیتر هەژان و بزوتن و موچڕکە و گریان و هەڵچون و توڕەبون، بگرە بێزاری لە ژیان بە ناو دڵ و لولە خوێنەکانی تاکەکانی ئەم کۆمەڵەدا وەک لەرز و تای نەخۆشی بڵاودەبێتەوە. ئەو ژن و پیاوانەی بەم چلەی زستانە لە بناری شاخی گۆیژە ڕەشماڵی مانگرتنیان هەڵدا و دەستیان دایە مانگرتنی تەواو لە خۆراک ، ڕاستە سیازدە ژن و پیاو بون، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوان نوێنەر و زمانحاڵی سەدان هەزار هاوڵاتیی ئەم هەرێمە بون و هەن، هەر بۆیە بینیمان و بیستمان و تێیدا ژیاین چۆن لە تەواوی چین و توێژەکانی ئەم کۆمەڵە بە هانای مانگران چون و پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ ڕەوایی مانگرتنەکەیان دەربڕی و لە هەمان کات دا نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لە سەر ژیانیان چونکە بینیمان ئەو سیازدە ئینسانە ڕۆشنبیرە بە بڕوای تەواو بە ڕەوایی و ڕاستبونی چالاکییەکەیان نیازیان وابو هەتا لە هۆش خۆچون و گەیشتن بە کەناری مەرگ یا هەر بە مەرگی ڕاستەقینە خۆی بەردەوام بن لە سەرمانگرتنەکەیان. هەواڵی مانگرتنەکە تخوبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست و عەنتەریاتی ترامپ و نەتانیاهو و کاولستانی غەزەشی تێپەڕاند و بینیمان چۆن کرایە هەواڵ و باسێکی گرنگ لە ڕۆژنامەی (شرق الاوسط) ی لەندەنی و میدیا عێراقیەکان.
لە هەنگاوێکی ڕچەشکێنی بوێرانەدا چەند سەد چالاکوانێکی ئازا و ڕۆشنبیر و گیان لە سەر دەست لە گەڵ چەند پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ بە نیازی ئەوەی دەنگی ناڕازیی خەڵکی کوردستان و مانگرتوانی سلێمانی بگەیەننە بەردەم چەقی دەسەڵاتی کوردی لە هەولێری پایتەخت ، هێزە چەکدارەکانی پارتی لە گوندی دێگەڵە ڕێگریان لە خۆپیشاندەران کرد وکاتێک ئەمان توانیان سنورە بەد ناوەکەی بە خوێنی براکوژی سوری دێگەڵە بشکێنن و تێیپەڕێنن ، ئیتر نۆرە هاتە سەر گازی ژەهراوی و زۆر بێبەزەییانە دژی خۆپیشاندەران بەکارهێنرا و بوبە هۆی برینداربونی چەند کەسێکیان. من دڵنیام خۆپیشاندەران بگەیشتنایە هەولێر زۆر ئاشتیخوازانە و مەدەنیانە ڕەخنەی سیاسیی خۆیان لە دەسەڵاتی کوردی دەگرت و بە تایبەتی تەکەزیان دەکردە سەر شکستی ئابوریی ئەو دەسەڵاتە کە چۆن بوەتە هۆی دواخستنی موچە و سستیی بازاڕ و بێکاری و کۆچی بە کۆمەڵی گەنجان و کەڵەکەبونی ناڕەوای سەرمایەی بێشومار لە دەستی کەمینەیەکی کەمی سەربە دەسەڵات و نەداری و کەمداهاتیی زۆرینەی خەڵک. لوتکەکانی دەسەڵاتی پارتی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هەڵەیەکی گەورەیان کرد و چانسێکی ناوازەیان لە کیس خۆیاندا، ئەوان ترس و باوەڕی پارانۆیای لەدەستدانی دەسەڵات توشی هستیریای کردن. بە بۆچونی من هەم مانگرتنەکە و هەم خوپیشاندانەکەی دێگەڵە دو چالاکیی مەدەنیی سەرکەوتو بون و دەچنە ناو گەنجینەی پڕبەهای ئەو سەدان خۆپیشاندن و چالاکیە مەدەنیە ئاشتیخوازانەی لە شوباتی ٢٠١١ وە درێژەیان هەیە و نانیشنەوە تا گۆڕینی بنەڕەتی لە سیستمی حوکم لە هەرێمی کوردستاندا.
چەند هەڵوێستێکی بوێرانە ودیموکراتیانە و بڕوابەخۆبوانە دەبو ئەگەر بەلای کەمەوە یەکێ لە سێ لوتکەکەی دەسەڵاتی ناو پارتی لە بازگەی دێگەڵە بە چەپکە گوڵی ڕەنگاوڕەنگەوە پێشوازیی لە خۆپیشاندەران بکردایە و پێکەوە بڕۆشتنایە بۆ ناوجەرگەی هەولێر، ئەوسا دێگەڵە لە پەڵە خوێنەکانی شەڕی براکوژی پاک دەبۆوە و بە جۆرێکی مێژویی ڕون و پاک و ئومێدبەخش دەگەڕایەوە ناو مێژوی گەلەکەمان! بەڵام من هەر واز لە گەشبینی ناهێنم و ئەو ڕۆژە هەر دەبینین!




دیدارێک لەگەڵ هونەرمەند جەبار سابیر.. سازدانی: بانیژەی ئەدەب و کلتوور

زۆرجار تابلۆیەکی هونەریی، یان کاریکاتێرێکی هونەرمەند جەبار سابیرم بەرچاو کەوتووە. هەموو جارێکیش چاوێکم لەکارە هونەرییەکە کردووە. بەڵام لەمڕۆژانە کاریکاتێرێکی جەبار سابیر (جوایەزیی چینایەتی) لەماڵپەڕی(ئەمڕۆ) ڕای وەستاندم و بۆ ماوەیەک بەدیار کارە هونەرییەکەوە ڕامام. ئەوسا چوومە سەر لاپەڕەی هونەرمەند و گەشتێکم بەنێو کاریکاتێر و تابلۆ هونەرییەکانیدا کرد، کە بەڕاستی جیهانێکی جوان و سەراسیمە، پر لە پەیامی کۆمەڵایەتی و ئینسانیی، لێوڕێژ لە سەلیقە و جوانیی بوو. منیش پەیوەندیم پێوە کرد تا ئەم دیدارەی لەگەڵدا ساز بکەم و ئەویش بە خۆشحاڵییەوە داواکەی قەبووڵ کردم.
بانیژەی ئەدەب و کلتوور : سەرەتا زۆر سوپاست دەکەم بۆ قەبووڵ کردنی ئەم دیدارە. با لەو گۆشەنیگایەی جۆرج بلیخانۆفەوە کە دەڵێت( هونەر ئاوێنەی ژیانی کۆمەڵایەتییە) دەست پێبکەم و بپرسم کە ئایا هونەری کاریکاتێر پێویستە لەکوێی ژیان و کۆمەڵگەوە بێت؟ واتا پەویەندی نێوان ژیانی کۆمەڵایەتی و هونەری کاریکاتێر چۆن دەبینن؟

جەبار سابیر:سەرەتا دەست خۆشیتان لێ دەکەم بۆ ئەم دیدارە کە دەربارەی هونەری کاریکاتێرە. کاریکاتێر کە بەشێکی گرنگی ڕۆژنامەوانییە و لە هەمان کاتدا بەشێکی گرنگی هونەری شێوەکارییە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەرخوێنەر و بینەری وێنە کاریکاتێرییەکان کە لە شێوەی دەڕبڕینیان وێنا کردنیان سەرنجڕاکێشن و بە بێ دەنگی هاوار دەکات و کۆمەڵگە بەئاگا دێنێت لەو دیاردە شاراوانەی کە کەسانی تر لێیان ونە کە ڕاستەو خۆ پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەو هەمیشەیی کۆمەڵگەوە هەیە وە کاریکاتێرست وا بەرجەستەی دەکات بە جۆرێک لە گۆشەنیگایەکی سەرنجڕاکێش وێنەیان دەکێشێ کاریگەری لەسەر بینەر دروست دەکات .

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : بەبۆچوونی ئێوە کاریکاتێریستی داهێنەر و سەرکەوتوو بەچی دەناسرێتەوە و تایبەتمەندییەکانی کاریکاتێریستی داهێنەر چین؟
جەبار سابیر: هونەرمەندی کاریکاتێرستی بە توانا و داهێنەر و سەرکەوتوو دەبێت کەسێکی زۆر بە ئاگاو هۆشیار و بوێر بێت لە بەرامبەر دیاردە ناڕێکەکانی کۆمەڵگە بەگشتی، وە بتوانێت بە ئازادی هێڵە گەرمەکانی کاریکاتێرەکە وێنا بکات و بیانکێشێ وە هەروەها لەگەڵ ئێش و ئازاری گۆمەڵگە بژێت بابەتە گەرماوگەرمەکان بوروژێنێ بۆ ئەوەی بەدووا داچوون و چارەسەریان بۆ دەستەبەر بکرێ.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : تەکنەلۆژیا و جیهانی دیجیتاڵ چ کاریگەرییەکیان لەسەر هونەری کاریکاتێر داناوە؟ ئایا دنیای دیجیتاڵ ئەم هونەرەی لە ڕۆژنامەکان سەندووەتەوە؟
جەبار سابیر: تەکنەلۆژیا و جیهانی دیجیتاڵی سوودێکی زۆری هەیە بۆ کاریکاتێرست لەڕووی وێنەکێشان و بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرەکان و بەجیهانی کردنیان بە ئاسانی و زووتر بڵاوکردنەوەیان بۆ بەرچاوی هەموو جیهان لە ڕێی ماڵپەڕو تۆڕەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، وە بە ئاسانی توانیویەتی ببێتە پردی پەیوەندی نێوان دام و دەزگا ڕاگەیاندن و میدیا و ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی جیهان و ناو خۆ وە توانیویەتی پەیوەندی گرنگ لە نێوان هونەرمەندان و ناوەندەکانی هونەری درووست بکات و سوود لە هەموو نوێکاری و داهێنانێکی نوێ وەربگیرێ. هەروەها هونەرمەند ئاگاداری هەموو پێشبڕکێ و پێشانگا جیهانییەکان بێت و بتوانێت بەشدارییان بکات. هەروەها لایەنی نەرێنی هەیە لە کاتێک بە نادرووستی بەکار بهێنرێت. بەڵام تەکنەلۆژیاو جیهانی دیجیتاڵی کاریگەری لەسەر تەواوی ڕۆژنامەگەری(چاپ کراو)هەیە نەک کاریکاتێر بەتەنیا، جیهانی دیجیتاڵ ئەو هونەرەی لە ڕؤژنامەکان نەسەندۆتەوە، تا ئێستاش زۆربەی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارە جیهانییەکان گۆشەی کاریکاتێریان هەیە و گرنگییەکی زۆری پێ دەدەن و یا گۆڤاری تایبەت بەکاریکاتێریان هەیە ، بەڵام بەداخەوە ڕۆژنامەکان و گۆڤارەکانی کوردستان زۆر گرنگی نادەن بە کاریکاتێر کە بەشێکی گرنگی ڕٶژنامەیە کە خوێنەر لەدوایی ماندووبوونی خوێندنەوە لە گۆشەی کاریکاتێر بتوانێت پشوویەک بدات .
بانیژەی ئەدەب و کلتوور : هونەر وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ناکەوێتە دەرەوەی ململانێی چینایەتییەوە. بەبۆچوونی ئێوە هونەر لەنێو ململانێی چینایەتی چۆن دەتوانێت گرەوی شۆڕشگێڕبوون بباتەوە؟
جەبار سابیر: هونەر بە هەموو جۆرەکانییەوە بەشێکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەیە و ڕەنگدانەوەی کلتوور و خۆشی و ناخۆشییەکانی تاک و کۆمەڵگە بەرجەستە دەکات و لە شێوەی دراما یان شانۆگەری یان دەڕبڕینی بە مۆسیقاو گۆرانی و هەڵپەڕکێ و لاواندنەوە وەیان لەشێوەی تابلۆیەک یان کاریکاتێرێک یا هەر بواراێکی تری هونەر. حەتمەن کاریگەرییەکانی چینایەتی لە کۆمەڵگە زۆر بە زەقی ڕەنگی داوەتەوە لە هونەری بەرەنگاری و جیاکاری و شۆڕشگێڕی وە توانیوەیەتی کێبڕكێ بکات بۆ بەدەست هێنانی گرەوی ململانێی چینایەتی و ستەمی جیهانی سەرمایەداری و زولم و زۆرداری ، وە بەردەوام کار لەسەر هۆشداری و بە ئاگایی کۆمەڵگە دەکات و بێ لایەن نییە لە کێشەو گرفەکانی کۆمەڵگە.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : چ خوێندنەوەیەکتان بۆ گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم هونەری کاریکاتێر هەیە و چۆن دەتوانرێت چارەسەر بکرێن؟
جەبار سابیر: گرفتی هەرە گەورەی بەردەم هونەری کاریکاتێر لە چەند خاڵێک خۆی دەبینێتەوە:

  • نەبوونی پانتایەکی ئازادی ڕەها کە هونەرمەند بتوانێت تەواوی کێشەو گرفتەکانی ناو کۆمەڵگە بڕوژێنێ .
  • نەبوونی ( پیشەی ) کاریکاتێرستی ،بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەک بۆ دابین کردنی ژیانی ڕؤژانەی هونەرمەند تابتوانێت درێژە بەو هونەرە بدات و داهێنانی تێدا بکات .
  • گرنگی نەدانی ڕۆژنامەو گۆڤارەکان و میدیا بەو بەشە گرنگەی ڕۆژنامەگەری و هونەر .
  • نەبوونی بەشێکی خوێندن لە کۆلێج و پەیمانگا هونەرییەکان بۆ بە ئەکادیمی کردنی ئەم هونەرە .
  • نەبوونی یارمەتی بۆ کردنەوەی پێشانگا و بە چاپ گەیاندنی بەرهەمەکانی هونەرمەند .
    بۆ چارەسەری ئەم کێشەو گرفتانە، پێویستە ئەو هونەرە گرنگی زیاتری پێ بدرێ و ئاشنا بکرێ بە کۆمەڵگە لە ڕێی گۆڤار و ڕؤژنامەکان و میدیا و سۆشیال میدیا وەگرنگییەکی زۆری پێ بدرێ لە لایەن دەسەڵاتەوە وە دەست خۆشی لە هونەرمەند بکرێ بۆ ووروژاندنی بابەتە نەرێنییەکانی دام و دەزگاکان و دیاردە ناڕێکەکانی کۆمەڵگە وە هەروەها بە ئەکادیمی کردنی ئەو هونەرە لە کۆلێج و پەیمانگاکان، بکرێتە پیشەیەک بۆ ئەوەی هونەرمەند بتوانێت داهاتی هەبێت و تایبەتمەند پێت بەو هونەرە گەشەی پێبدات.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : زۆر سوپاس و دەستەکانت خۆش بن. من پرسیاری ترم نییە و ئەگەر خۆت حەز بکەیت شتێک بڵێیت، فەرموو.
جەبار سابیر: زۆر سوپاس بۆ ئەم دیدارە ، گرنگیدانتان بە هونەری کاریکاتێر دەبێتە هاندەرێک و پاڵپشتێک بۆ هونەرمەند لەوەی کە درێژە بە کارەکانی بدات و هەوڵی بەرەو پێشچوونیان بدات.

بانیژەی ئەدەب و کلتوور : جارێکی تر سوپاس بۆ بەڕێزتان و هیوادارم هەر لەدا‌هێنان بەردەوام بن.
جەبار سابیر: سوپاس و دەست خۆشیتان لێ دەکەم بۆ ئەم دیدارە ، هەر سەرکەوتوو بن.

https://www.facebook.com/jabar64.saber/ ماڵپەڕی جەبار سابیر لە فەیس بووک




شاری چۆڵ.. نەوزاد بەندی

لە سلێمانی ، ئەچیتە هاوینە هەواری دوکان وسیتەک و قەڵاچوالان و کانی سارد و مێرگە پان و قەرەداغ و ڕێی هاوینە هەواری دوکان و هەزار مێرد و گەلێ شوێنی تر ، بە نرخی ملیارەها دۆلار ڤێلا و باخی چۆڵ و بێدەنگ ئەبینی .. هەروەها لە شەقڵاوە و پیرمام و ڕێگای هاوینەهەوارەکانی تر ، ملیارەها دۆلار ڤێلا و باخی چۆڵ و خەمگین ئەبینی .
لە بەرامبەردا سەدان هەزار هاووڵاتیی بێ ماڵ و بێ پاره و بێ کار .. لە بەرامبەردا دەیان هەزار گەنجی هەڵگری بڕوانامەی بەرز ، کە دانەمەزراون و ..وەک سزادراو بێ کار و بێ پارە و بێ ماڵ و خێزان ، ئەسوڕێنەوە و ژیانیان لە بازنەیەکی داخراوی تاریک و نوتەک و،بێ هیوادا بەسەر ئەچێت ..تاوانیان ئەوەیە کە درەنگ لە دایک بوون و فریای دابەشکردنی زەوی و ئاسمانی کوردستان نەکەوتوون و ..مایه پوچ ماونەتەوە ..ئەرێ بەڕاست پێویست ناکات چاوێ بە مرۆڤبوون و ..بە ئایینداریی خۆماندا بخشێنینەوە ؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە خۆپەرستیی و بۆخۆژیانیی خۆمان بخەینە ژێر پرسیارەوە و ..پەنجەیەکی هەڕەشە لە ڕووی خۆماندا ڕاوەشێنین و .. کانیاو و کارێزە ووشکهەڵاتووەکانی فرمێسک و سۆز و عاتیفەی خۆمان هەڵگێڕینەوە و بۆ چەند دڵۆپە فرمێسکێک بگەڕێین ؟ ئایا وەختی ئەوە نییە مەردایەتیی و غیرەت و کەسایەتیی خۆمان پەلکێشی دادگای ویژدان بکەین و ..بە چەندەها سزای قورس خۆمان سزا بدەین ؟؟
من ناڵێم ئازادی تاکە کەس زنجیر و کۆت و بەند بکرێ ، بەڵام ئەگەر ئەو هەموو ملیار دۆلارەی کە بە بێ سوود لەو دەشت و دەرە فڕێ دراون و ..وەک خانووی تارمایی و ترسناک بەجێهێڵراون ، ئەگەر ئەو پارە زۆرەمان بکردایە بە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی هەرزان و ..بەسەر کرێچی و گەنجە خێرلەخۆنەدیوەکاندا دابەشمان بکردنایە لە بەرامبەر کرێیەکی کەمدا ، باشتر نەبوو ؟
ئایا ئەگەر ئەو هەموو پارە و ماڵ و سامانە بە هەدەر دراوانەمان ، بکردایە بە کارگە و فرۆشگا و کارخانەی بچووک و پڕۆژەی وەبەرهێنان و ..سەدان هەزار لاوی هەناسەساردی میللەتەکەمان بخستایەتە کار و .. داهاتوویەکی جوانمان بۆ دروست بکردنایە ، جوانتر و بەسوودتر نەدەبوو ؟ هەم بۆ خۆمان و هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ ئارامیی و تەواوکاریی نەتەوایەتیی و پێشکەوتن ؟
ووڵاتێکی وەک چین ، بەو پارانەی ئێمە کردوومانن بە ڤێلا و باخی چۆڵ و ترسناک ، سەدان و هەزاران کارخانە بنیات نراون و .. هەموو جیهانیان پڕ کردووە لە بەرهەم و هەزاران ئەوەندەی ئەو پارانەیان قازانج کردووە ..
شایانی باسە هەڵتۆقینی ئەم ڤێلا و باخ و کۆشکە چۆڵ و ترسناکانە ، یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی جیهانی سەرمایەداریی ، کە جێگای ئێرەیی و ڕق و تووڕەیی هەژارەکانە و.. کۆت و پێوەنێکی قورسیشە لە گەردنی دەوڵەمەندەکاندا کە نازانن چی لەو هەموو دەسکەوتە بێ سوود و بێ خێر و بێ داهاتانە بکەن .. ساڵان دێن و ساڵان ئەڕۆن ، ڤێلا و باخە چۆڵ و بەجێهێڵراوەکان قەوزە و شێ و تەپ و تۆز دایانئەپۆشێ و ڕەنگەکانیان کاڵ ئەبنەوە و مۆدێلەکانیان بەسەر ئەچن و ئەپڕۆتکێن .. درز ئەبەن و ..گەچەکانیان ئەکەوێتە خوارێ ..وەک بڵێی ماڵ وسامانێکن لە دەرەوەی پێویستی خۆیان و لە ڕێی هیچدا دروستکراون و جێهێڵراون
شایانی باسە دەوڵەمەندێک ئەناسم ، ئەیووت من جل و پێویستییە زیادەکانم ئەدڕێنم و ئەشکێنم و ئەسوتێنم بۆ ئەوەی هیچ کەسێک سوودیان لێ نەبینێت ..ئەمە ئەو هەستە ترسناکەی جیهانی سەرمایەدارییە کە وا ئەزانێت پارە و داهاتێک قۆرخی کردووە ، هی هەوڵ و ماندوو بوونی خۆیەتی و ئامادە نییە بیبەخشێت بە خەڵکێکی تر کە ئەو هەوڵ و ماندووبوونەوەی پێوە نەکێشاوە .. هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابوردوودا کە دۆناڵد تڕەمپ یارمەتییەکانی لە ووڵاتە هەژارەکان بڕی ، بڕیاری دا سەدان ملیۆن تەن خواردەمەنی لەناو ببات ، لە کاتێکدا ملیۆنەها مرۆڤ له ئەفەریقیا و ئەمەریکای لاتین و هیند و یەمەن بە دەست برسێتییەوە ئەناڵێنن و ..ڕێژەیەکی دیار له مناڵان له برساندا ئەمرن ..
ووڵاتێکی سەرمایەداری وەک فەڕەنسا کە خۆی بە خاوەنی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ ئەزانێ ، سەدان ڤێلا و کۆشکی چۆڵ لە پاریس و ستراسبۆرگ و شارە گەورەکانی تردا بە چۆڵکراویی بەجێهێڵراون ، لە کاتێکدا لەو ووڵاتەدا کێشەیەکی گەورەی نیشتەجێبوون هەیه ، کار گەیشتۆتە ئەوەی ساڵانە چەندین حاڵەتی چوونە ناو ئەو ڤێلا چۆڵانە هەیه ، خەڵکێک لە بێ دڵدەییدا دزە ئەکەنە ئەو کۆشکە چۆڵانەوە ، بۆ ئەوەی هەتا پۆلیس پێیان ئەزانێ و دەریانئەپەڕێنێ و ڕوو بە ڕووی یاسایان ئەکاتەوە ،چەند ڕۆژ و هەفتە و مانگێک ،وەک مرۆڤ بژین ..!
بە داخەوە ..
لە هەمان کاتدا لە جێی خۆیایەتی ئەگەر باسی هەندێ کەسایەتیی مرۆڤ و لە خۆبوردوو و خۆنەویستی وەک خوالێخۆشبوو عەلی کەمال و کەریمی عەلەکە له سلێمانی بکەین ، کە لەگەڵ ئەوەی دەوڵەمەند بوون ، هەرگیز خۆیان بە خاوەنی ئەو ماڵ و موڵکە نەزانیوە و .. هەمیشە خەریکی بە دەمەوەچوونی هەژارانەوە بوون و بە هەموو جۆرێک خزمەتیان کردوون .. کار گەیشتە ئەوەی عەلی کەمال ، بێجگە لە یارمەتیی دارایی هەژاران و دروستکردنی چەندەها بنکەی تەندروستی و مزگەوت له سلێمانی و شارەکانی تری عێراقدا ، چەندین گەڕەک خانووی لەسەر کرێنشینەکانی تاپۆ کرد .. چەند جێی شانازییە ، ئێستا دڵنیام هەمووتان بەم ووشانەی کۆتایی ووتارەکە ، شنەبایەکی شانازیی و ئارامیی بە دڵ و دەروونتاندا دێت .. لەناخەوە هیوادار بوون ئێوەیش وەک ئەو بوونایه .. نووسەری گەورەی ڕوس و جیهان لیڤ تۆڵستۆیتان بیر کەوتەوە کە هەموو زەوی ماڵەکانی بەسەر جوتیارەکانیدا دابەش کرد و خۆیشی کۆشکەکانی بەجێهێشت و وەک جوتیارێک چووە ناو کێڵگەکانەوە و دەستیکرد به جوتیاریی و کارکردن ..
شایانی باسه ، هەرچەندە پەیوەندیی بە بابەتەکەمانەوە نییە ، کاتێ تۆڵستۆی بڕیاری دا کۆشک بەجێبهێڵێت و بڕواتە ناو جوتیارانەوە و وەک ئەوان بژی و بمرێ ، لەو هەزاران کتێبەی کتێبخانەکەی تەنها یەک کتێبی لەگەڵ خۆی برد ، کتێبی برایانی کارامازۆفی تیۆدۆر دەیستۆیڤسکی .. ووتی : لەو تەمەنەی ماومە ، وەک کتێب تەنها برایانی کارامازۆفم بەسه ..




بێهودەییەکی قەشەنگ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

هەر زۆر زیاتر
لەوەی خواوەندەکان خوازیاری بون
من فرمێسکم وەراند
ئارسەر ڕامبۆ ( وەرزێک لە دۆزەخا)

بێهودەییەکی قەشەنگ

دەشێ ئەمڕۆش
شنەبایەک تۆ بهێنێ
دەشێ مەی لێوی
گوڵە هەڵالە کێویە دورەکان
لە نیگای ئەو، ڕۆح بەرێ
تا ئەو پەڕی لوتکەی
ئازادی ڕەهابوون
دەشێ حیکمەتی ژیان وەرگرم
لە کاسێ ژەهری شیرینی خۆکوشتن
هیچ شتێک هەڵە نیە
لە سەحەرێکی مۆری نغرۆی شیعرا
ژێر بارانی بێهودەییەکی قەشەنگ
کە تۆ دەڕۆیت بێ ماڵئاوا
کە تۆ خەندەکان ئەکەیتە
پەپولەی بریقاوی دوێنێ تێپەڕیوەکان
من پەرتئەبمەوە
گەرچی درۆزنن ئەو گوڵە ئاویانەی
لە لاوێتیا
پەیمانی پیرۆزی ئەڤینێکی ئەبەدیان دا
هەموو ئەو شتانەم بیرە
شوێنە قورمزیە نهێنیەکانی ئەوسا
یان گۆشەیەکی غەمگینی مەیخانەیەک
پر لە ئەڤینی ئاوارەکانی دنیا
ئەی ئەهریمەنی گەردونێ
لە ئەفسوون
ئافرەتە خواوەندیەکان
چیان لێهات
کوان هاوڕێ بوهەیمیەکان
بە چرایەکەوە
بە پلیکانی ئەستێرە بزێوە درەوشاوەکان هەڵکشان
بەرەو قەڵای عیشقێکی قەشەنگی کوژەر
بەڵام ئە فسووس
بازێکی ئاڵتونی وێڵ و دێوانەیە دڵ
بۆیە دەشتایی سپی تەنیاییم هەڵبژارد
لە ژێر نمەدا نوسیمنەوە
مێژووی ئەو کازیوانەی تێر بۆ جوانیەکەی گریام
ئای ژین! چی مەیخانەیەکی سەمەرەیت
هەراجی هەستی عاشقانەو
لەسەرووی هەر بەردەڵانێکی بوون
کەس ناگاتە کەسی تر
کەس نابێتە فریادڕەس
لە گەلە گورگی بەردی ڕەشی مەرگ
لە نەمانی پەرستگەی بێگەردی خۆر
دورخەیەکم کردە
دوا مەنزڵگەی دڵ
قومێک لە سیحری شەوێکی
بەدنەفرەتی قەشەنگم پێویستە
تا لەگەڵ سازی ئەفیوونی
ئەم ئێوارە پاکیزەیەدا یەکانگیر بم
تا هێزم تیا بێ ئەدرەوشێمەوە
ئەو ساتە پوچانەشم بەدڵە
کە بە پەنجە ووشکبوەکانم
جامی شەرابی بێهودەیی بنۆشم
پڕ بە بۆگوڵاوی گوڵە خەشخاش و
لەیلەکی مۆری شەیتانی
ئەو کە لە دارستانی باران نەما
چەند جار پێتم ووت
تکامە مەڕۆ، مەڕۆ
کاتێ من هێندەی زەریا مەستبووم
بۆ دەرکەوتەی ڕەنگاڵە هەورێ لە ئەڤینێکت
تازە سەرنج دان لە پۆلە مراویە
ڕەشەکانی تیپەربووی عیشقت چی سودی هەیە
کە چیتر نابینی پروشە ئاگری وەنەوشە شێتانەکانی
ژێر نەسیمێکی بەیانی
هەر ئەسوتێم
و ڕەوشەنبوونمە
لە ژێر بێدەنگیەکی هێمنی
ئەم دەروازە کراوەیە
بەرەو نووری سەرخۆشی
عەدەمێکی بیرچونەوەی خۆش و قەشەنگ