ژیان لەگەڵ ژیریی دەستکرد دا، بەرەو کوێ دەڕوات؟.. ئاراس سەعید

ڕۆژی 1ی ئایاری 2023، (جیفری ھینتۆن) زانای باڵا و باوەگەورەی داھێنەری (ژیریی دەستکرد و زیرەکی قووڵ) ئەوەی ئێستا ھەموو شارستانیەتی مرۆڤایەتی سەرقاڵیەتی و بێجگە لەمە ھیچ بابەتێکی دیکە جێی بایەخ و مشتوومڕ نییە. دەستی لە کارەکەی کێشایەوەو وازی لە کۆمپانیای گوگڵ ھێنا و لە میانی دیمانەیەکدا لە ڕۆژنامەی (واشنت پۆست)وە ڕایگەیاند:” کە ئەو پەشیمانە لەوەی، کە ‌تەمەنی بۆ شتێک تەرخان کردووە،‌ کە ئێستا ئەبێت دژی بێت.”
ئەم لێدوانەی (جیفری ھینتۆن) دەمان باتەوە بۆ دووسەدە لەمەوبەر، پێش ساڵی (1818) زاینی هیچ تێکستێکی ئەدەبی بەناوبانگ نەبوو کە پەیوەست بێت بەوەی کە ئێستا پێی دەڵێین: (خەیاڵی زانستی) بەڵام خانمە نووسەری بەریتانی (ماری شێلی) دەرکەوتوو کاتێک یەکەمین و بەناوبانگترین ڕۆمانی خۆی بەناوی (فرانکشتاین) بڵاو کردەوە و تێیدا جیهانی شۆکرد و بۆ سەدان ساڵ، ناوی بەزیندووی لەسەر شانۆی ئەدەبی جیهانی هێشتەوە.
(لە ڕۆمانی فرانکشتاین دا، زانایەک بەکەرەستەی (بێ گیان و مردوو) ڕووح لەبەرێک درووست دەکات و دوای درووستبوونی، بوونێکی سەربەخۆ وەردەگرێت و چیدی لە دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی درووستکەرەکەی نامێنێتەوە و بوونێکی سەربەخۆ وەردەگرێت.
ئەم وێنا ئەفسانەییە هاوشێوەی سەرگوشتەی ئەفراندنە کاتێک خودا له شتێکی بێ گیان لە (گڵ) ڕووح لەبەرێکی وەک ئادەم درووست دەکات و دواتر لە داری سێوی بەهەشت دەخوات و لێی یاخی دەبێت.)
ئەگەر ورد تر لەو لێدوانەی (جیفری ھینتۆن) بدوێن، دەکرێت بوونی زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان بە بوونەوەرەکەی (فرانکشتاین) ی (ماری شیلی) بچوێنین، بە شتێک کە لەدەستی ئەفرێنەرەکەی دەرچووە و بوونێکی سەربەخۆی وەرگرتووە و ئەگەری هەیە ڕۆژێک وەک دڕندەیەکی زەبەلاح بەرەڵابێت و بەخاوەنەکەی نەگیرێتەوە و بەسەر ئێسک و پروسکی داهێنەرەکەیدا بڕوات.
ئایدیای ڕۆمانەکەی (ماری شیلی) وێنایەکە بۆ دڕندەیەک کە مرۆڤ خۆی درووستی کردووە و بۆی ناگیرێتەوە. هێزێکە مرۆڤ خۆی ئەفراندوویەتی و چیدی بۆی نابەسترێتەوە و بۆی کۆنتڕۆڵ ناکرێت. ئەمە وێنایە بۆ سیستەمێک یان شێوازە ژیانێک کە چیتر ژیانێک بەردەوامی لەدەستی ئێمەدا نەماوە و سەربەخۆ لە ئێمە دەژیت و دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەریدا ناچێژ و هیچە. هەربۆیە شتێکی مەحاڵ نییە باوەگەورەی ژیری دەستکرد بڵێیت: ” کە ئەو پەشیمانە لەوەی، کە ‌تەمەنی بۆ شتێک تەرخان کردووە،‌ کە ئێستا ئەبێت دژی بێت.”
گەرچی ئایدیای چیرۆکەکەی (فرانکشتاین) تەنیا خەیاڵێکی زانستییە و گریمانەیە بۆ دونیای دوا ڕۆژی مرۆڤ. لەبەرامبەر ئەم چیرۆکەکەی فرانکشتاین چیرۆکی (وێرانە بازنییەکان)ی (بۆرخێس) هەیە، لەم چیرۆکەدا چیرۆکی درووستکردنی مرۆڤێک موو بەموو بۆ یەکێکی دیکە دەگێڕێتەوە، (مرۆڤێک موو بەموو خانە بەخانە مرۆڤێکی دیکە درووست دەکات) مەخلووقە ئەفرێندراوەکەی خەیاڵیش کەسێکە هەڵدەسێت و دەڕوات و دەجوڵێت و هەموو سیفەتەکانی مرۆڤی ئاسایی هەیە، بەڵام بەپێچەوانەی بوونەوەرەکەی فرانکشتایینەوە بوون و مانەوەی هەمیشە گرێدراوی توانای خەیاڵی ئەو کەسەیە کە درووستیکردووە و ناتوانێت لە کۆنتڕۆڵ خۆی قوتار بکات.
کاتێک مرۆڤ ئەم چیرۆکە دەخوێنێتەوە لەخۆی دەپرسێ داخۆ زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتەکان هەمیشە هاوشێوەی چیرۆکەکەی بۆرخێس گرێدراوی خەیاڵی ئێمەن و ناتوانن لەئێمە خۆیان ڕزگار بکەن و بوونێکی سەربەخۆ وەربگرن؟ خۆئەگەر ڕوودانی ئەوە مەحاڵ بێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ئالەتە بکەین؟
لەماوەی ڕابردوودا (ساندر بیچای)، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (گوگڵ) لە ‌لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: “جیھان بە ئەندازیار و تەکنیکار بەڕێوە ناچێت، چیتر پێویستی بە فەیلەسووف و بیرمەندە و مرۆڤایەتی پێویستی بە ڕەوشت ھەیە”.
کەس گومان لەوە ناکات کە ئەمڕۆ زانیاری و هێزێکی زۆر زیاتر لەبەردەستی مرۆڤایەتییە لە چاو سەردەمەکانی ڕابردوو، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئێمە زۆر باشتر لە خۆمان و ڕۆڵمان لە گەردوون تێدەگەین. بۆچی ئەوەنده ئاسانە بۆمان کە زانیاری و هێزی زیاتر کۆبکەینەوە، بەڵام هێندە قورسە ژیرتر ببین و ئامێرەکان لە ئێمە ژیرتر دەربکەون؟
لە سایەی مەترسییەکانی ئامێر و تەکنیک هاوتای سەرهەڵدانی چەرخی ژیریی دەستکرد، گەورە مێژوونووسی ئیسرائیلی(یۆڤاڵ نوح هەراری) لە نوێترین کتێبی خۆی بە ناونیشانی: “Nexus: A Brief History of Information Networks from the Stone Age to AI”
دەڵێت: پێشینیانمان بەردەوام دەگەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئێمە لاوازییەکی کوشندەمان هەیە کە وامان لێدەکات هێزگەلێک بەدەست بهێنێن، کە ناتوانین کۆنتڕۆڵیان بکەین.
ئەو دوو نموونەی ئەفسانەی یۆنانی دەهێنێتەوە یەکەمیان: ئەفسانەی(فایتۆن)ە باس لە کوڕێک دەکات کەدەزانێت کوڕی خودای خۆرە(هیلیۆس) بۆئەوەی ڕەچەڵەکە خوداییەکەی بسەلمێنێت، داوا لە باوکی دەکات ڕێگەی پێبدات گالیسکەی خۆر لێبخوڕێت. هیلیۆس ئاگاداری کوڕەکەی دەکاتەوە کە هیچ مرۆڤێکی فانی ناتوانێت جڵەوی ئەسپە ئاسمانییەکان بگرێت کە گالیسەکە ڕادەکێشن. بەڵام فایتۆن سوورە لەسەر ئەوە و لەکۆتاییدا باوکی قایل دەبێت. کاتێک فایتۆن بەرەو ئاسمان دەڕوات، کۆنتڕۆڵی گالیسکەکان لەدەست دەدات. خۆر لە ڕێڕەوی خۆی لادەدات و هەموو ڕووەکان دەسووتێنێت و ژمارەیەکی زۆر گیانلەبەر دەکوژێت و هەڕەشەی سووتاندنی زەوی دەکات. لێرەدا زیۆس دەستێوەردان دەکات و تریشقەیەک بەرەو گالیسکەکە دەهاوێژێت و مرۆڤە لووتبەرزەکە وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە ئاسمان دەکەوێتە خوارەوە و خوداوەندەکان دەسەڵاتیان بەسەر ئاسماندا دەسەپێنن و جیهان ڕزگار دەکەن.
دوای دوو هەزار ساڵ، کاتێک شۆڕشی پیشەسازی یەکەمین هەنگاوەکانی دەناو ئامێرەکان دەستیان بەجێگرەوەی مرۆڤ دەکرد.(یۆهان ڤۆڵفگانگ فۆن گۆتە) هۆنراوەیەی هۆشداریدەری هاوشێوەی بەناونیشانی ( شاگردە جادووگەرەکە) نووسی. بالادەکەی گۆتە ( لەوانەیە لە وەشانی والت دیزنی بەمیکی ماوس بیناسین) باس لەوە دەکات کە چۆن جادووگەرێکی پیر، شاگردە گەنجەکەی لە کارگەیەکەدا بە تەنیا جێدەهێڵێت و داوای لێ دەکات لە غیابی ئەودا چەند کارێک ئەنجام بدات. لەوانە، دەبێت گەنجەکە ئاو لە ڕووبارەکەوە بهێنێت، بەڵام شاگردەکە بۆ ئەوەی کارەکەی کەمێک ئاسانتر بکات فەرمان بەگسکێکی جادوویی دەدات ئاوەکەی بۆ بهێنێت. لەبەر ئەوەی ئەفسوونەکە نازانێت کە پێی دەتوانێت گسکەکە بوەستێنێت، گسکەکە بێوچان ئاوی زیاتر و زیاتر دەهێنێت، تا دەبێتە هەڕەشەی درووستبوونی لافاو لەناو کارگەکەدا. لە نائومێدیدا، گەنجەکە تەورێک هەڵدەگرێت و گسکەکە دەکات بە دوو کەرتەوە، بەڵام ئێستا دوو گسک ئاوی زیاتر دەهێنن. دواجار کاتێک جادووگەرەکە دەگەڕێتەوە، شاگردەکە داوای یارمەتی لێ دەکات( گەورەم کێشەکە گەورەیە! ئەو ڕۆحییەتانەی بانگم کردن، ئێستا ناتوانم دەریان بکەم) جادووگەرەکە دەستبەجێ کۆتایی بە جادووەکە دەهێنێت و فەرمان بە لافاوەکە دەدات بوەستێت. وانەکە بۆ شاگردەکە و مرۆڤایەتی ڕوونە:
( هەرگیز بانگی هێزگەلێک مەکە، کە ناتوانیت کۆنتڕۆڵیان بکەیت) ئەم دوو چیرۆکەی (فایتۆن و شاگردە جادووگەرەکە) کە (یۆڤاڵ نوح هەراری) وەک نموونە دەیان هێنێتەوە بێجگە لەوەی ئێمەی مرۆڤ بە ئاشکرا خۆمان لەبیستنی ئاگادارکردنەوەی مەترسی ئەم ئالەتە بواردووە هیچ مانایەکی دیکە ناگەیەنێت. مرۆڤ کەشوهەوای هەسارەکەی لە هاوسەنگی دەرهێناوە و ملیارەها گسکی جادوویی، درۆن، چاتبۆت و ڕۆحی ئەلگۆریتمی تری بانگکردووە کە دەتوانن لە کۆنتڕۆڵ دەربچن و لافاوێک لە ئەنجامی نەخوازراو بەرەڵا بکەن و هاوتای بوونەوەرەکەی فرانکشتاین بوونێکی سەربەخۆ وەربگرن و بەسەر ئێسک و پرووسکی مرۆڤدا بڕۆن.
ئاراس سەعید: خوێندکاری زانکۆ

16ی شوباتی 2025




شێرپەنجەی ئیداریی.. نەوزاد بەندی

شێرپەنجە دروستبوون و زیاد بوونی کۆمەڵێک خانەیه لە هەمان لەشدا ، کە کاری خانە و شانەکانی تر لاواز ئەکات . . بەرە بەرە ئەو خانە شێرپەنجەییانە بەهێزتر و چالاکتر ئەبن ، لە بەرامبەردا ئەندامەکانی لەش لاوازتر و وێرانتر ئەبن ، واتا پەیوەندییەکی پێچەوانە لە نێوانیاندایه ، بە جۆرێک ئەگەر چارەسەری قورس وەرنەگرێ ، لە ماوەیەکی کەمدا مەرگێکی پڕ لە ئازار ڕوو دەدات .
لە ڕاستیدا لە جیاتی ئەم خانە شێرپەنجەییانە کە بەشێکن لەو لەشە ، فیشەکێک یان ژەهرێک توشی ئەو لەشە ببووایە ، ئەیتوانی به جۆرێ لە جۆرەکان ، دژایەتیان بکات و چاک بێتەوە ، بەڵام ئەو خانە خیانەتکارانە کە درستکراوی هەمان لەشن ، چارەسەریان زەحمەتە و ..بەرنامەکەیان چالاکبوونی خۆیان و پوکانەوەی ئەو لەشەیە .
بە هەمان شێوە ئەگەر بڕوانینە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و بریکارەکانی کۆڵۆنیالیستی جیهانیی ، هەمان ڕۆڵی خانە شێرپەنجەییەکانی لەش ئەبینن ، واتا کوڕی کۆمەڵگاکەن ،کەچی هەموو کار و چالاکییەکانیان له دژی ئەو کۆمەڵگایەیە .. کۆمەڵگا بەرەو هەژاریی و نەخوێندەواریی و بێکاریی و جەنگی بێ مانا و ترس و دڵەڕاوکێ ئەبەن ..لە بەرامبەردا ، ئەو خانە شێرپەنجەییانەی دەسەڵات ، ڕۆژ بە ڕۆژ خۆیان و خێزان و خزمەتکارەکانیان ، دەوڵەمەندتر و بەهێزتر و خۆشگوزەرانتر ئەبن ..
ئەم دۆخە ڕۆژ بە ڕۆژ زەقتر ئەبێتەوە .. ئەگاتە ئاستێک داهاتی هەموو کۆمەڵگاکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەخرێتە خزمەتی ئەو خانە شێرپەنجەییە دەسەڵاتدارانەوە ، پارەیەکی خەیاڵیی لە کڕینی شتی زۆر سەخیفدا خەرج دەکەن ، چونکە کورت و کرمانج ئەوانە شێرپەنجەن ، به جۆرێک لە کاتێکدا بە ملیۆنەها هاووڵاتی ئەو کۆمەڵگایه لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن ، ئەو خانە شێرپەنجەییانەی دەسەڵات ، ڤێلا بە ملیۆنەها دۆلار ئەکڕن ، نەک ڤێلایەک و دووان و سیان و چوار ..لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا ، بە بێ ئەوەی تیایدا بژین ، دزینی ملیارەها دۆلار و توندکردنیان لە بانکی وڵاتە کۆڵۆنیالیستەکانی جیهاندا ، تەنها بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان ( بە پێی بۆچوونی شێرپەنجەییانەی خۆیان ئەگینا بەهێزکردنی پێگەی دەسەڵات بە لەخۆبوردن و خۆبەخشیی ئەبێ نەک بە کاری مافیاگەریی و دزی و تاڵانیی ) هەروەها پۆشینی پۆشاکی زۆر گران بە دەیان و سەدان هەزار دۆلار ، دانانی سەعاتی مەچەکی ملیۆنان دۆلاریی ..ئەم جۆرە ڕەفتارە ناشیرین و قێزەونانە ، کە خۆپەرستی و ناکامڵیی و هەزرەکارییان لێ ئەتکێ ، هەم بۆ تێرکردنی غەریزەی شێرپەنجەیی خۆیانە ، هەم جەنگێکی دەروونییه لەگەڵ تەواوی میللەتدا ..ئەم جەنگە فرەلایەنەیش زیاد ئەکات بە زیادبوونی هەژاریی و نەداریی کۆمەڵگا ، واتا هەتا دۆخی کۆمەڵگا وێرانتر بێ ، دۆخی ئەوان شاهانەتر ئەبێ .. چونکە خانەی شێرپەنجەیین ، کاریان ئەوەیە سات لە دوای سات خۆیان بەهێزتر و چالاکتر و دەوڵەمەندتر بکەن ، لە بەرامبەردا خانەکانی تری ئەو لەشە یان ئەو کۆمەڵگایه لاوازتر و نەخۆشتر و دەردەدارتر بکەن ..
ئێستا تەماشایەکی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بکەن ، بزانن ئەو شێرپەنجە فەرمانڕەوایانە چ دەردێکیان توشی میللەتەکانیان کردووە ..چۆن چۆنی میللەتەکانیان کردۆتە کۆیلەی پاروویەک نان ..دایانڕزاندوون .. زانست و ئەدەب و هونەر و کلتوور و ئایینیان پوکاندۆتەوە ..تاکە پیشە کە دەست ئەکەوێت ، پیشەی ترساندن و تۆقاندن و شەقهەڵدانە لە هاووڵاتیان .. بزانن چ هەژاریی و لە برساکوشتنێک لە ئارادایە ..تەماشای ئەو لێکترازان و سەرلێتێکچوونی نەتەوایەتیی و مرۆییەی کە لەو کۆمەڵگایانەدا ئەگوزەرێ .. سەیری دیاردەی نامۆبوون و سەرهەڵگرتنی هەتاهەتایی بۆ وڵاتان و شێت بوون و خۆکوشتن و هەڵوەشانی خێزان و دابەزینی نرخی مرۆڤ و نەمانی مافەکانیان بکە .. بچووککردنەوەی مرۆڤ هەتا ئاستی مێروویەکی بێ هەست و هۆش و دەستەمۆ ..
بێگومان ئێستا هەمووتان هەست بەو دۆخی شێرپەنجە و ئەشکەنجەدانە ئەکەن کە سەرجەم سێکتەرەکانی ووڵاتی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی گرتۆتەوە .. لە بچوکترین خزمەتگوزاریی و مافەوە هەتا گەورەترینیان ، تێکڕا کاریگەریی ئەو خانە شێرپەنجەییانەیان لەسەرە و به جۆرێک لە جۆرەکان ، نەخۆش و لاواز و ئیفلیج بوون ..
لێرەدا باس لە چارەسەری ئەم دۆخە ترسناکەی کۆمەڵگا تووشبووەکان بە شێرپەنجەی دەسەڵات ئەکەین ..ئاخۆ چارەسەرییەکەی چۆنە ؟ میانڕەوەکان ئەڵێن پەروەردە کردن و هوشیارکردنەوەی هاووڵاتیان ، ڕێگا چارەیەکی باشە ، لە کاتێکدا ئەگەر بە چاوی سەر بڕوانن ، هەرچی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و شێرپەنجە هەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ، به جەنگ و شۆڕش و توند و تیژیی هەڵکەنراون و کۆمەڵگایان لێ ڕزگار کراوە ..هیچ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر نەبووە و نییە و نابێ لە ڕێی پەروەردە و ڕێکاری دیموکراسیی مۆدێرنەوە ، واز لە دەسەڵات بێنێ و کۆمەڵگا لە شێرپەنجەی فەرمانڕەوایی ڕزگار بکات ..
بە هەمان شێوە ، کاتێک لەشێک ئەکەوێتە داوی شێرپەنجەوە ، بە هیچ چارەسەرێکی سونەتیی و نەرم و نیان ڕزگاری نابێ .. بەڵکو تاکە ڕێگا ، چارەسەری قورسە ، چارەسەری کیمیاوی و تیشک ، کە ئەبنە هۆی سوتاندنی بنکە و بارەگا و فۆکەسەکانی خانە شێرپەنجەییەکان ، لەگەڵیشیدا ئەو لەشە ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئەکێشێ ، چونکە ئەو خانە شێرپەنجەییانە بەشێکن لە خۆی و دەمار وخوێنی خۆییان پێدا ئەڕوات ..بەڵام سوتاندنی بنکە و بارەگا و پێگەکانی ئەو خانە شێرپەنجەییانە ، لەگەڵ ئەوەی ئازار و ئەشکەنجە و پارە و سامان و لە خۆبوردن و ئارامگرتنێکی زۆریان ئەوێت ، لەگەڵ ئەوانەیشدا ، ڕوناکیی خۆری ڕزگاربوون لە ئاسۆکاندا دەردەکەون و .. درەختە سووتاوەکانی هیوا و ئاوات ، چرۆ و شکۆفە دەردەکەن ..




2 شیعر له‌ شاعیری ئه‌رمه‌نی ئاودیك ئیسحاقیان.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

تفلیس 1899

با گۆڕم دیار نەبێ‌ و
شنەبام بەسەردا بخوولێتەوە .
بەرد و خاچم
لە سەرینگانمدا ناوێ‌ ..
با تەنیا شەنگەبییەكم بەسەردا بلەرێنەوە .
ئای لە دەست مرۆڤ .. لە دونـیایێ‌
چەندت خاچ هەڵگرتوون ، چەند
هەر لە دێرەوە لەسەر دڵمدا
بەردی زۆر قورس و ڕەش هەن .

زویرخ 1955

لە خەمی سووتێنەردا
دڵم تێكشكاوە ..
ژیانیشم تێكشكا ..
چیم تیا ماوە ؟
با بگریم ،
فرمێسكم ببن بە دەریایەكی سوێر
بەو مەرجه‌ی دایكم بە خەمم نەزانێ ‌ .
ئاخ ..
گەر پەڕاگەندە بووم و
كەوتمە كێوان
تـاوێر و گاشە بەردم دوای گاشە بەرد
بەسەردا
بەربوونەوە
با دڵم بۆ گورگان بێ‌
بە شه‌رتێ دایكم
بە مه‌رگم نەزانێ‌ .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

  • ئاودیك ئیسحاقیان : شاعیر و ڕۆژنامەنوسی ئەرمەنی ، زۆربەی ژیانی
    لە نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیادا بەسەر بردووە .
    یەكێكە لەو شاعیرانەی بایەخێكی تایبەتی بە گیروگرفتەكانی ژیانی ڕۆژانە داوە.

** بۆ ده‌قی عه‌ره‌بی هەردوو شيعرەكە برِوانە :
http://www.adab.com/world/modules.php?name=Sh3er&doWhat=shqas&qid=82187&r=&rc=1

http://www.adab.com/world/modules.php?name=Sh3er&doWhat=shqas&qid=82189&r=&rc=3




بوومەڵێڵ.. شیعری شاهۆ حوسێنی

لە تەمتوومانی تەمایک و
وەنەوزی نووزەیەک و
زەردەی زراوێک
لە سەرەمەرگی خۆمدا
لەگەڕەکێکی قیرتاوی شەوێک
چریکەی چاوم چرکاندی و
دەمم بە گۆپکەی مەمکی ئەم جیهانەوە نا
من لەگەڕەکی گەڕۆکەکانی ناو شار و
لە هەراوترین ناو هەراو هوریای خەفەتا
بەگریاناوی‌ترین چاوی گەڕاودا
بڵیند بڵیند باڵام کردوە
سەرم بە سەکۆی پەنجەرەی نیگای
کۆڵانا داکردوە و
قاپی نیگام
لە تەمەننای مانای مانێکا پڕ بوە
من نیوەڕۆی ڕۆڕۆیەکم لەگەروودا
ئاوێنەی ئەوینێکی شکاوم لە دڵدا
خەونی خەندەیەکم لەسەر لێوە و
ماسی ماچێکم لەسەر گۆنا خنکاوە
زەروودیی زەردەیەک لەسەر لیوم زاوە
لەمندا
جانووی جەوانی دەکورێنێ
کە لەهەلدێرگەی ژانی ژینێکی وەخێرنەگەڕاودا هەڵدێردراوە
لاقەکانم
پنگی ڕێگایەکی نەپێواویان بە لاقەوە
دەستم
تاسەی ملێکی لەئامێزنەگرتووی هەر بە دەستەوە
جەستەم
شەکەتی ژیانێکی ژاواناوی هەر بە جەستەوە




ترس لە ناڕەزایەتی، ئاگرێك، كه‌ به‌سه‌ركوتكردن، زیاتر بڵێسه‌ ده‌ستێنێ.. مه‌سعود مه‌موزینی

ئه‌و ڕێگرییه‌ی لە مامۆستایان كرا له‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هه‌ولێر، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبارەی كێشەی مووچە و مافە سه‌ره‌تاییه‌كانیان، كارێكی لۆژیكی نه‌بوو، بۆیه‌ سه‌ركوتكردن و ڕێگری له‌خه‌ڵك بۆ خۆپیشاندان، نه‌ك ته‌نیا ڕێگاچاره‌یه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌م قه‌یرانه‌، به‌ڵكو بێتوانایی حكومه‌ت له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خه‌ڵك ده‌رده‌خات.
خۆپیشاندان و مانگرتن، یه‌كێك له‌ سه‌ره‌تاییترین مافی هاووڵاتییه‌، به‌ڵام ئەم ڕووداوە جارێكی تر ئەو ڕاستییە ده‌رده‌خات كە حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌ ساڵانی ڕابردوو هیچ ڕێگاچاره‌یه‌كی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی موچه‌ و قوت و گوزه‌رانی خه‌ڵك نه‌بووه‌، لەجیاتی ئەوەی بە جدییەوە بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە هەوڵبدات، هه‌موو هێزی خۆی بۆ ڕێگری و سه‌ركوتكردنی هه‌ر دەربڕینێكی ده‌نگی ناڕەزایەتی به‌كارهێناوه.
بۆیه‌ بۆ ڕه‌وایه‌تیدان به‌سه‌ركوت كردن، تۆمه‌ت به‌خشین و ئاژاوه‌ و به‌كرێگیراوی و ده‌یان شتی كه‌ ده‌داته‌ پاڵ خۆپیشانده‌ران. كه‌ ئه‌وه‌ش لێدانه‌ له‌ كه‌سایه‌تی ناڕازییه‌كان، تاوه‌كو ڕه‌وایه‌تی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ بخاته‌‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، كه‌ نه‌توانن ببنه‌ پێشڕه‌وی خه‌ڵكانێكی ناڕازی و جۆش و خرۆش نه‌ده‌نه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تا ئێستا بوێری ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕن. ئیتر بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان هه‌موو ئامرازێكی به‌كارهێناوه‌، له‌ڕێگای هێز و ڕاگه‌یاندن و ترس و تۆقاندن.
ئه‌م ترسه‌ی حكومه‌ت له‌ خۆپیشاندان، ڕه‌گوڕیشه‌ی له‌ واقعێكی سیاسی و مێژوویی داكوتاوه‌، حكومه‌ته‌ خۆسه‌پێنه‌كان، هه‌میشه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌یانداوه‌، كۆمه‌ڵگا له‌ ئاستی سه‌ره‌تاییترین خواسته‌كانی خۆی كه‌ بژێوی ژیان و ئه‌منیه‌ته‌، ڕابگرن، به‌هه‌مانشێوه‌ی كه‌ له‌ تیۆره‌كه‌ی پێداویستییه‌كانی هه‌ره‌می مازلۆ هاتووه‌، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆی ده‌ست و په‌نجه‌ لێبدات، كه‌متر بیر له‌ مافی هاووڵاتیبوون و ئازادی و گه‌شه‌سه‌ندنی فیكری خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌. كه‌ هه‌میشه‌ ترسی ئه‌و جۆره‌ حكومه‌ته‌ له‌ هۆشیاری و گەشەی کەسایەتیی مرۆڤەکانه‌.
كه‌واته‌ گرفته‌كه‌ له‌وه‌دانییه‌ كه‌‌ ده‌سه‌ڵات توانای چاره‌سه‌ری گرفتی موچه‌ی نییه‌، به‌ڵكو ئامانجی ئه‌وه‌یه‌، خه‌ڵك له‌ڕووی گوزه‌ران و ئابوورییه‌وه‌ گرێدراوی حكومه‌تبن، چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ نیگه‌رانییه‌كانی له‌ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی كورت ده‌بێته‌وه‌، كه‌متر بیر له‌ ئازادی و بونیادنانی خۆی ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ئه‌م ستراتیژییه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كورد هاوكاربێت له‌ كۆنترۆلی بارودۆخه‌كه‌، به‌ڵام له‌ درێژماوه‌ بارودۆخه‌كه‌ ئالۆزتر و قه‌یرانه‌كان قووڵتر ده‌كاته‌وه‌.
بۆیه‌ ناتوانرێت به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام خه‌ڵك له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی ڕابگیرێت، له‌ كۆتاییدا خواسته‌ سه‌ركوتكراوه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی تر خۆی ده‌رده‌خات و چه‌ند دره‌نگتر وه‌ڵامی ئه‌م داخوازیانه‌ بدرێته‌وه‌، هێزی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ زیادتر ده‌بێت.
ئه‌مه‌ش‌ بۆ هەرێمی کوردستان كه‌ به‌ دوژمن چوارده‌ور دراوه‌ و هه‌میشه‌ له‌دوای ده‌رفه‌تێكن له‌ناوت به‌رن، مه‌ترسیداره‌ و له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ی كورد به‌ده‌ستیشی هێناوه‌ له‌ده‌ستی بدات.
بۆیه‌ حكومه‌ت ده‌بێت له‌وه‌ تێبگات، كه‌ سه‌ركوتكردن و هه‌ڕه‌شه‌ ناتوانێت ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ناوببات، به‌ڵكو ڕێگاچاره‌ی ڕاسته‌قینه‌ گوێگرتنه‌ له‌ داواكاری خه‌ڵك و شه‌فافییه‌ته‌ له‌ داهاته‌ ئابوورییه‌كان و پێشكه‌شكردنی ڕێگاچاره‌ی ڕاسته‌قینه‌یه‌ بۆ باشتر كردنی ژیانی خه‌ڵك.
مێژوو ده‌ریخستووه‌ ئه‌و حكومه‌تانه‌ی له‌جیاتی چاره‌سه‌ری قه‌یران، ڕوو له‌ دامركاندنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن، زوو یا دره‌نگ ڕووبه‌ڕووی توڕه‌یی خه‌ڵك ده‌بنه‌وه‌، كه‌ ئه‌وكاته‌ له‌وانه‌یه‌ زۆر دره‌نگ ‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر.