ئۆجەلان و فەلسەفەی سیاسی لیبڕالیسم.. ئەکرەم سەعید

“جێهێشتنی هەڵە بەبێ ڕەتکردنەوە، هاندانی بێ ئەخلاقی فیکرییە.”- مارکس.
پێشەکی دەبێ ئەوە بڵێم: کە هەموو حیزبێک مافیەتی و ئازادە چ(ئامانجێک و فەلسەفەێکی سیاسی و شێوەی خەبات هەڵدەبژێرێ)، هەروەها سۆسیالیستەکانیش مافیان هەیە ڕەخنەی ئسوڵی لەو حیزبانە بگرن.

لە بانگەوازەكەی ئۆجەلاندا دوو پرس هەیە:(یەکەم پرسی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و دووەم پرسی ئاشتی). ئۆجەلان دەڵێ:(كۆمەڵگەی دیموكراتیك، پێویستییەكی حاشاهەڵنەگرە. … دەوڵەتنەتەوە جیاجیاكان، فیدراسیۆن، خۆبەڕێوەبەریی ئیداری و چارەسەرە كەلتوورییەكان كە دەرئەنجامی پێویستی نەتەوەپەرستیی توندن، ناتوانن ببنە وەڵامگۆی سۆسیۆلۆژیای كۆمەڵگەیەكی مێژوویی.)، و دووەم:(چەكەكانتان دابنێن و پەكەكە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە)- / ۱. ئەم بانگەوازەی ئۆجەلان فەلسەفەی سیاسی لیبڕالیسمی کردۆتە ڕێگای تێکۆشانی پەکەکە، واتە وازی لە(دەوڵەتنەتەوە جیاجیاكان، فیدراسیۆن و خۆبەڕێوەبەریی ئیداری) هێناوە کە لە ساڵانی ۲۰۰٤ بۆ ۲۰۰٥ بانگەوازی بۆ دەکرد، و لە بەشی کوردستانی سوریا”خۆبەڕێوەبەریی ئیداری”وەک نموونەێک دامەزرا.

  • تاکە ئازادەکان لە کۆمەڵگەی دیموكراتیكدا:
    “تاکەکەس وەک هاووڵاتی دەوڵەتێکی دیموکرات”چەمکێکی سەرەکی یاسایی و سیاسی لیبرالیسمە، وە پێدەچێت شاووشەی فەلسەفەی سیاسی لیبرالیسم پێک بهێنێ. بۆیە سۆسیالیستەکان نابێت خۆیان لە ئەرکی ڕەخنەگرتن بەدوور بگرن، لە کاتێ حیزبێک یان سەرکردەێک”هاوڵاتیبوون”دەکاتە ئامانجی خۆی، و ئەوە خاڵی سەرەکی بانگەوازەکەی بێت، چونکە لە ئسوڵی فەلسەفەی سیاسی مارکسدا ڕەخنەیەکی ڕیشەیی لە چەمکی “تاکەکەس – هاوڵاتی/هاوڵاتیبوون” هەیە.
    لە دیدگای فەلسەفەی سیاسی مارکسدا مافەکانی تاکی مرۆڤ-مافەکانی هاوڵاتی، ئەوانەی بە ئەندامانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێناسە دەکرێن، مافەکانی مرۆڤی خۆپەرستە، مرۆڤی گۆشەگیر و نامۆیە، کە جیاکراوەتەوە لە ئەوانی تر و لە کۆمەڵگە.
    بەم شێوەیە مارکس ڕای وایە کە چوار‘‘مافی سروشتی مرۆڤ”وەک ئەوەی لە جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیدا هاتووە:”ئازادی، یەکسانی، ئاسایش و مافی خاوەنداریەتی تایبەتی موڵک و ماڵ”، ئەو مافانە دەگەڕێنەوە بۆ سامان، وە ئەو مافانەی”هاوڵاتی و مرۆڤ”وەک مەتافۆرێک کار دەکەن، و لە ناوەڕۆکدا مافەکانی چینی بۆرژوازییە.- /۲.
    مارکس لە نووسینەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ لە کۆمەڵگەی دیموکراتی سەرمایەداریدا لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و ئاڵۆگۆڕدا لەتەک مرۆڤەکانی دی؛ واتە لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا: دەبێتە بوونەوەرێکی نامۆ، چونکە مامەڵەێکی ئۆبژێکتکردن بەسەریدا فەرزدەکرێت و سەرکوتکردنێکی بابەتی بەسەریدا دەسەپێنرێت، ئیدی مرۆڤ وەک تاکەکەس/هاوڵاتی نامۆیە، و زاتی خۆی نادۆزێتەوەو ناتوانێ ئازادی و یەکسانی ڕاستەقینەی ئینسانی خۆی لە کۆمەڵگەدا چنگ کەوێ.
    ئەم ڕەخنە سۆسیالیستییە فاقیدە لە وتارەکان دەربارەی بانگەوازەكەی ئۆجەلان، چونکە زۆربەی وتاری چەپەکان گرنگییان بە”پرسی ئاشتی”داوە .

ئاشتی لە ناوچەێکی ناسەقامگیر و پڕ لە میلیشیادا
(ئەگەر مرۆڤ بیەوێت هەر شتێک بەدەست بهێنێت، هەرچییەک بێت، سەرەتا دەبێت پێوەرێک دابمەزرێنێت کە ڕێگاکەی ئاسان بکات، چونکە بەبێ ئەو پێوەرە هیچ دەستکەوتێک بەدەست ناهێنێت) – فەیلەسوف مۆزی – حەکیمێکی وڵاتی چین *.
لە کاتێدا(یاسای جەنگەڵ .. یاسای ماف بۆ بەهێزە)لە جیهانی ئەمڕۆدا زاڵە، داخۆ چەکدانانی پەکەکە تاچەند کۆمەک بە ئاشتی و سەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەدا دەکات؟، لە کاتێدا تورکیا و هاوپەیمانانی لە ناتۆ، بە جەنگ و بە زۆری چەک دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆرییان گۆڕی، و دەسەڵاتی ئیسلامییە تیرۆریستەکانیان بەسەر خەڵکی سوریادا سەپاند، تاچەند دەسەڵاتدارانی ئەو تورکیایە، جگە لە مانۆرێکی سیاسی بۆ خۆقایمکردن لە دونیای نادڵنیایی ئەمڕۆدا، لە ناوچەی پڕ لە ململانێی چەکداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بڕوایان بە ئاشتی هەیە؟.
کەواتە دیارە تورکیا پراگماتیسمانە گەمەێک دەکات و هەروەهاش پەکەکە پراگماتیسمانە دەچێتە نێو ئەو گەمەیەوە. ئەمڕۆکە دونیای سیاسەت پڕ بووە لە پراگماتیسمەکان. بۆ هەمووان ئاشکرایە کە تورکیا قازانجی لە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دەسەڵاتی کوردەکانی سوریا هەیە، دەنا تورکیا خۆی خاوەنی هێزی میلیشیایە لە سوریا و لیبیادا. ئیدی دیارە”سوودی هەنوکەیی – پراگماتیسم”لە پرۆسەی بەناو ئاشتیدا، پێوەری تورکیا و پەکەکە و ناسۆنالیستەکانی کوردستانە.
بێگومان بۆ خەڵکانی سۆسیالیست(پەکەکە و دەسەڵاتی کوردەکانی سوریا)، خەباتی چەکداری بکەن یان ئاشتیخواز بن، ئەوە ڕۆڵێکی جەوهەری نییە لە هەڵسانگاندن و هەڵوێست بەرامبەریان، چونکە تێکۆشانی ئەوان پەیوەندی بە سۆسیالیسمەوە نییە.
بەڵام ئەو بانگەشەیەی کورد ناسیۆنالیستەکان ئەمڕۆکە دەیکەن بۆ ئاشتی و دژی شێوازی خەباتی چەکداری، دەبێتە بڕواێک، کە ئەگەر سبەی هێزێکی ڕاستەقینەی سۆسیالیست بڕیاری خەباتی چەکداری بدات، ئەوە زۆربە دژی دەوەستن.
لە ڕاستیدا بەدریژایی میژوو حەقدارێکی بی هێز، چەنده پرسەکەشی ڕەوا بووبێ، نەی توانیوە لە ململانێدا لە بەهێزێکی ناحەقداری بەرێتەوە.
ئایا شێوازی خەباتی ئاشتیخوازانە و مەدەنییانە لە نێو جیهانی سەرمایەداری پڕ لە قەیران و پشێوی ئەمڕۆدا، تاچەند کۆمەک بەهۆشیاربوونەوەو یەکگرتنی چینی کرێکاران دەکات؟!.
بەڕای من چ لە تورکیا و چ لە جێگای دی لە دونیادا کۆمەکی زۆر ناکات. چونکە بۆ نموونە لە چەند سەد ساڵێک لەمەوپێش(جەنگ لە نێوان ئینگلیسەکان و ئیرلەندییەکاندا هەبوو)، دواتر ساڵی ۱۹۲۲ ڕێککەوتنی ئینگلیز و ئێرلەندییەکان کۆتایی بەم شەڕە هێنا، و دەوڵەتی ئازادی ئێرلەندا کە پلەی دۆمینیۆنی هەبووە، لە ساڵی ١٩٢٢ دامەزرا. بەڵام جەنگ و پشێوی لە بەشەکانی دی هەر بەردەوام بوو، تا لە ڕۆژی ۱۰ی نیسانی ۱۹۹۸دا واتە ۲۷ ساڵ لەمەوپێش، ڕێککەوتنی ئاشتی واژۆ کراو، کۆتایی بە سێ دەیەی توندوتیژی لە ئیرلەندای باکوور هێنا.
(پێشبینی دەکرا کە شەڕی ئێرلەندا بۆ سەربەخۆیی کاریگەری شۆڕشگێڕانەی لەسەر کرێکارە ئینگلیزەکان هەبێت، و ئەوان بۆ تێکۆشان بجوڵێنێ. لەکاتێکدا لە چل و پەنجاکانی ۱۸٤۰- ۱۸٥۰ سەدەی ڕابردوودا، مارکس پێیوابوو کە ئێرلەندا لە ڕێگەی سەرکەوتنی چینی کرێکاری ئینگلیزەوە ئازادی خۆی بەدەست دەهێنێت، لە شەستەکاندا ۱۸٦۰ بە ئەگەرێکی زیاتری دەزانی کە سەرکەوتنی ئێرلەندا، کرێکارانی ئینگلتەرا بخاتە سەر ڕێگای تێکۆشان بۆ سۆسیالیسم. کاتێک ئێرلەندا لەدەستچوو، مارکس لە ٥ی ئازاری ١٨٧٠ بۆ پۆڵ و لۆرا لافارگ نووسی:”جەنگی چینایەتی لە ئینگلتەرا کە تا ئێستا لە خەوێکی درێژخایاندایە، فۆڕمی توند وەردەگرێت”). – (بڕوانە کتێبی”مارکس ئەنگێڵز – ئێرلەندا و پرسی ئێرلەندی”- پێشەکی لاپەڕە ۳۸/ کتێبەکە بە زمانی ئینگلیسییە/ MARX ENGELS – Ireland and the Irish Question/ Progress Publishers – Moscow.).
ئایا ئەو مێژووە لە جەنگ و دواتر چەند ساڵ ئاشتی، هیچ ڕۆڵی هەبوو لە هۆشیاربوونەوەو یەکگرتنی چینی کرێکاران و هاندانیان بۆ خەبات وەک مارکس پێشبینی دەکرد؟ لە ڕاستیدا نەخێر، و چاوەڕوانیەکەی مارکس لە جێگای خۆیدا نەبووە. ناهۆشیاری و پەرتەوازەیی ڕیزەکانی چینی کرێکاران لە جیهاندا، گەلێ هۆکاری بابەتی و زاتی هەیە، لێرەدا بواری چوونە ناو باسێکی گرنگی وا نییە.
ناسیۆنالیستی و سوودی گچکەی پراکتیکی(پراگماتیسم) پێوەرەکانی ئەحزابی بۆرژوازییە لە باسی ئاشتی نێوان پەکەکە و تورکیادا، بەڵام بۆ سۆسیالیستەکان خودی پرۆسەکە مامەلە و سەودای ئەحزابی بۆرژوازییەکانە و بایەخی نییە، و تاکە پێوەری سۆسیالیستەکان لەم هەڵوێستەیاندا بەرژەوەندی چینی کرێکارانە، کە نابێ ڕێبدرێ بە گەمە و گووتاری ئەحزابەکان فریووبخۆن.

کێشەی سەرەکی جیهانی ئەمڕۆ بۆ چینی کرێکاران و هەژاران نانە؛ برسیەتی و قەیرانی ئابوورییە،گرانی وهەڵئاوسانی دراو، بێکاری، بێ مووچەیی بەشی زۆری کرێکاران و خەڵکی هەژاری ماندوو کردووە. بۆیە لەبری ئەوەی ئومێد بە ئاشتی دەوڵەتە بۆرژوازەکان بهێنین، کە هەمووی گەمەی سیاسی و فریودانە، با زیاتر خەبات دژی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان بکەین، کە لە ئاشتی و جەنگیاندا هەر مایەی نەهامەتین بۆ چینی کرێکاران.

  • مۆزی، ناوی کەسی(مۆ دی)-فەیلەسوفێکی چینی بووە، یەکێکە لە گرنگترین کەسایەتییەکانی سەردەمی(٤٧٥ – ٢٢١ پێش زایین) چین.
    سەرچاوەکان:
    ۱/(دەقی بانگەوازەكەی ئۆجەلان – “بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك”)- شارپرێس/ ۲۷/۰۲/۲۰۲٥.
    ۲/ ستاتیس کوڤێلاکیس – ڕەخنەی مارکسی لە هاووڵاتیبوون: بۆ دووبارە خوێندنەوەی کتێبی(لەسەر پرسی جولەکەکان) . – Stathis Kouvélakis – The Marxian Critique of Citizenship: For a Rereading of On the Jewish Question
    ۳/ سەرنووسەر: کۆتایی هاتنی ئەو سیستەمەی کە لە دوای ساڵی ١٩٤٥ سەریهەڵدا.
    دۆناڵد ترەمپ ململانێیەکی هاوشێوەی مافیایی بۆ دەستەڵاتی جیهانی دەستپێکردووە -بەڵام یاسا نوێیەکان لەگەڵ ئەمریکادا ناگونجێت. – سەرچاوە: زە ئیکۆنۆمیست- بە زمانی ئینگلیسی. / Leaders | The end of the post-1945 order
    Donald Trump has begun a mafia-like struggle for global power
    But the new rules do not suit America / The economist – Feb 27th 2025.
    هەروەها بڕوانە وتاری: ماتس لارسۆن: دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکێکی مافیا مامەڵە دەکات – سەرچاوە: ڕۆژنامەی ئێکسپرێسن – بە زمانی سویدی-
    MATS LARSSON – Donald Trump agerar som en maffiaboss Publicerad 26 feb 2025 kl 13.18.



شکست لەنێوان ئۆجالان و لینین دا.. ئاراس سەعید

پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی (پ.ک.ک) خوێندنەوەی زۆری بۆکرا. هەندێک ڕاڤە و خوێندنەوەی سادەی ژۆرنالیستی و هەندێک خوێندنەوەی ئایدۆلۆژی و هەندێک خوێندنەوەی دیکە کە ڕەهەندی قووڵی بابەتی و ئەکادیمی لەخۆ گرتبوو.
هەر زوو ئایدۆلۆژیستە ئاپۆچییەکان پەیامەکەیان بە (پەیامی سەدە) ناودێرکرد. وە پێیان وابوو ئۆجالان گەورەترین ئەقڵی سەدەیە و کلیلی چارەسەری ئەو بارودۆخ و قەیرانەی کە سەدەیەکە کورد لە باکوور لەگەڵی ڕووبەڕووە تەنیا لای ئۆجالانە. تەنانەت پەیامەکەی ئیمراڵی وەک تێسکتێکی فەلسەفی ئاڵۆز ڕاڤەی بۆ دەکرا، بەومانایەی لەسەربنەمای هێڵێکی فەلسەفیی و مێژوویی و سیاسیی نوسراوە کە هەموو کەس لێی تێناگات. هەربۆیە نابێت بەچاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە بارەی پەیامەکەوە بدوێن، چونکە ئەو پێغەمبەری سەردەمەکەی خۆیەتی و دوا حەقیقەتی ڕەها هەر لای ئەوە.
بەدیدی من ئەم بۆچوونە ئایدۆلۆژییە، ناچێز و هیچە کە هەموو کێشەکە چڕدەکاتەوە بۆ نێو یەک پنت و یەک خاڵ، ئەم زمانە ئایدۆلۆژییە زمانێکە لە ئاستی خۆ دووپاتکردنەوە دەدوێت و کڵێشەی ڕەخنەیی لە واقیع، بووەتە بەشێک لەپەچە و لەمپەڕ لەسەر بینینی ئەودیو واقیع و ئەودیوی کێشەکە. بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە سەتحییەوە، ئەو (پەیامە)زیاتر لە هەموو کاتێک مایەی لێڕامان و مشتوومڕ و ڕەخنەیە. بەومانایەی پەیامەکە پەیوەستە بە دۆز و خەباتی سەدساڵەی نەتەوەیەک بۆ مافی چارەی خۆنووسین. دوان لەسەر دۆزی نەتەوە بەشێکە لەکاری بیرکردنەوە، هەر بۆیە خوێندنەوەی ئایدۆلۆژییستانە کۆمەکمان ناکات بەوەی بیر لەقەیرانەکان بکەینەوە. بەپێچەوانەی ئەوەی دەگوترا پەیامەکەی ئۆجالان پەیامێکی زۆر سادەبوو. سادەبوون بەومانایە نا کە کەرەستەکانی بیرکردنەوەی سادەبێت و چارەسەرێکی نا ئەقڵانی بۆ کێشەی کورد بخاتەڕوو، وەناشکرێت سادەش لە بابەتەکە بڕوانین. بەڵکوو زمانی کۆمیونیکەشینەکەی سادەبوو، بەجۆرێک پەیامەکە بەهەموو کەسێک بگات. ئۆجالان لەپەیامەکەیدا، بەوردی دیراسەی مێژووی سەدەی ڕابردوو شکستی سۆسیالیزم و سەرهەڵدانی پ.ک.ک دەکات، کە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی سارد و جەنگی جیهانی، لەو قۆناغەدا نکۆڵیکردن لە واقیعی کورد و قەدەغەکردنی ئازادییەکان و بەتایبەت ئازادیی بیرکردنەوە ڕوویدا. وە واقیعی سیستەمی سۆسیالیستی و واقیعی سەردەمەکە کاریگەری لەسەر درووستبونوی پ.ک.ک هەبووە لە ڕووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژی و تاکتیکەوە. وە لەدوای داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعییەوە پ.ک.ک مانای خۆی لەدەست داوە و لە ئێستادا گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی و پێویستی بە کۆتاییهێنانە. ئۆجالان لێرەدا جاڕی (شکست) دەدات، وە زیاتر لەشکستیش. مەبەست لە شکست شکستێکی هزری و شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکوو جاڕی خۆ-کۆتاییپێهێنان و خۆ ڕادەستکردنە.
ساڵی 1922، کاتێک بەلشەفییەکان ناچار بوون پاشەکشە بکەن بۆ ناو سیاسەتی ئابووری نوێ و ڕێگەدان بە پانتایی زۆر فراوانتر لە ئابووری بازاڕ و موڵکایەتی تایبەت، لینین دەقێکی کورتی بەناونیشانی( سەرکەوتن بەسەر شاخێکی بەرز) نووسی. ئەو لە نموونەی شاخەوانێک کەڵک وەردەگرێت کە ناچارە لەلووتکەی شاخەکەوە پاشەکشە بکاتەوە بۆ خاڵی سفر. بۆ سەر زەوی و دواتر لەهەوڵی دووەمدا جارێکی دیکە بەسەر شاخێکی دیکە سەردەکەوێت دەگاتە لووتکەی شاخێکی نوێ. ئەمە نموونەی ئەوەیە کە مرۆڤ چۆن پاشەکشە دەکات بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی هەلپەرستانە خیانەت لە دڵسۆزی خۆی بکات بەرامبەر بە هۆکارەکە. شۆڕشگێڕەکان کە ڕێگە بە نائومێدی نادەن و هێز و نەرمی خۆیان دەپارێزن بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە دەستپێبکەنەوە دووبارە و سێبارە… ئەمە لینینە دەڵێت: (جارێکی تر هەوڵبدەرەوە. دووبارە شکست بهێنەوە. باشتر شکست بهێنە بەڵام تەسلیم مەبە.) کاتێک ئۆجالان لە پەیامەکەیدا دەڵێت:( دوو سەدەی ڕابردووی مۆدێرنیتی سەرمایەداری ئامانجی شکاندنی ئەم هاوپەیمانێتی کورد و توورک بووە. ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەر بووە، لەگەڵ بناغە چینییەکانیان، ئەمەیان وەک بنەمایەک وەرگرتووە. ئەم پرۆسەیە بەهۆی لێکدانەوە یەکسانەکانی کۆمارەوە خێراتر بووە. ئەرکی سەرەکی ڕێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییە مێژووییە کە ئەمڕۆ تێکچووە، بە گیانی برایەتی و یەکڕیزی، بەبێ ئەوەی بیروباوەڕەکانمان پشتگوێ بخەین.) ئەمە ڕوانگەیەکی لینینییە لەمڕۆدا زیاتر لە جاران پێویستە، کاتێک تاکە ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە (ناسیۆنالیزمی توندڕەو، ئیکۆلۆژی، جیۆپۆلەتیک، ناتۆ، شەڕ، AI قەیرانی ئابووری جیهان، قەیرانی دیمۆکراسی، کێشەی کۆچبەران..هتد)، هەرچییەک لە بزوتنەوە شۆڕگێڕەکان دەمێنێتەوە کەمتر و کەمتر توانای کۆکردنەوەی خەڵکە لە دەوری ئەلتەرناتیڤێکی بژاردەیی بۆ نەزمی جیهانیی. لینین لەچیرۆکی شاخەوانەکدا بۆ ئەو ئەلتەرناتیڤە دەگەڕا. بەڵام ئۆجالان پێچەوانەی لیینین ڕێگەی هەڵگەڕان بەشاخێکی دیکەدا ناکاتە ئەلتەرناتیڤ، بەڵکوو شکست لای ئەو کۆتایی پێهێنانە و لەسەر زەوی دەمێنێتەوە و تەسلیمی نەزمە جیهانییەکە دەبێت.
ڕەنگە ئۆجەلان پێی وابێت، ڕێگای دەرچوون لەم بنبەستەی بێکۆتایی بیرکردنەوە لە لاوازی چەپەوەیە و بۆیە شکستی سۆسیالیزم دەکاتە بیانوو وەکوو ئەوەی گلەیی لەوەبکات کە خەیاڵکردنی کۆتایی جیهان لە کۆتایی سەرمایەداری ئاسانترە. خودی سەرمایەداری نەک هەر بە سەرکەوتوویی خەیاڵی پۆست کاپیتالیزمی نەکرد بەڵکوو لە واقیعی خۆیدا خۆی دەگۆڕێت بۆ نەزمێکی نوێی پۆست سەرمایەداری. هەربۆیە دەڵێت:( پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی حاشا هەڵنەگرە. ڕێزگرتن لە شوناسەکان، ئازادی بیرکردنەوە، ڕێکخستنی دیموکراسی و گەشەسەندنی
کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان تەنیا بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و فەزای سیاسی مومکین دەبێت.)
ئەمە تەسلیم بوونە بەو حەتمیەتە یۆتۆپییەی کە (فڕانسیس فۆکۆیامایا) دەیگووت:( دیمۆکراسیی سیاسی و سیستەمی ئابووری لیبراڵیزم کۆتا سیستەمی دونیای ئەمڕۆ و کۆتایی مێژووە و بڵندترین ئاستی ڕێکخستنی جڤاکی و کۆمەڵایەتییە، کە ناکرێت بەدیلێکی دیکەی بۆ بدۆزینەوە.) لەساڵی 1989 کاتێک ڕژێمە کۆمۆنیستییەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات هەرەسیان هێنابوو، لەوکاتەدا (فۆکۆیاما) بەنووسینی وتارێک جاڕی (کۆتایی مێژوو) دەدات. کۆتایی مێژوو وەک دوا قۆناغی ڕسکاوی مێژوو، دیمۆکراسی لیبڕاڵ دەبێتە (میتا_ئایدۆلۆژی) دواهەمین مۆدێلی ڕێکخستنی سیاسی لەبەردەم ئایندەی مرۆڤایەتی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و ئازادی. فۆکۆیاما گووتی: پێویستە مێژوو وەک پرۆسەیەی پەرەسەندن تەشابکەین. کۆتایی مێژوو، بەو مانایەیە کە لیبڕاڵ دیموکراسی فۆڕمی کۆتایی حکوومەتە بۆ هەموو گەلان. بەپێی فۆکۆیاما، لە دوای شۆڕشی فەرەنسییەوە، دیموکراسی لیبراڵ چەندین جار سەلماندوویەتی کە لە بنەڕەتدا سیستەمێکی باشترە (لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسی و ئابووری…هتد) لە هەریەکێک لە ئەلتەرناتیڤەکان و بۆیە ناتوانرێت هیچ پێشکەوتنێک لەوانەوە بۆ سیستەمەکە ببێتە ئەلتەرناتیڤ.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەوەی ئۆجەلان دەڵێت: پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی چارەسەرە یان شکستە؟
بەچاوپێداخشاندنەوە بە مێژوو ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە سەرمایەداری لە شێوەی ئیمپریالیستانەدا باڵیکێلشاوە بەسەر هەموو سووچێکی جیهاندا، لە شەڕە خوێناوییەکانی ڕۆژئاوا تا شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا و شەڕەکانی ئیسرائیل لەناوچەکەدا بەردەوامە.
بناژۆخوازی چەپ و ناسیۆنالیست و ئایینی وەک دژە هێزێک بۆ بڵاوبوونەوەی دیموکراسی لیبڕاڵ لە دایکبوو، لە نموونەی تایبەتی ئیسلامی توندڕەو جیهادی و تاقمی میلیشایی.
هێرشەکانی 11ی سیپتەمبەر، لەلایەن هەندێک لە بیرمەندانەوە وەک هێمای بێهەڵوێستی و گەشبینی ناڕەوای جیهانی ڕۆژئاوا ئاماژەی بۆ دەکرا، بەو پێیەی کە کۆتایی هاتنی ئیمپریالیزم نوێنەرایەتی کۆتایی ململانێی گەورەی جیهانیش دەکات. ئاڵنگارییەکی دیکەی جیهان گەشەسەندنی دەسەڵاتی ئابووریی و سیاسی دوو وڵاتی ڕووسیا و چینە. چین حکوومەتی تاک پارتی دەوڵەتی هەیە، لە کاتێکدا ڕووسیا، هەرچەندە بە فەرمی دیموکراسییە، بەڵام زۆرجار وەک خۆسەپێن و ئانۆکراسی ناودێردەکرێت. لە مانگی ئازاری 2022وە جیهانێک کە چین پشتگیری لە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا دەکات و ڕووسیاش پشتیوانی لە داگیرکردنی چینی بۆ تایوان دەکات. هەروەها داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا بەردەوامە. لە جیهانێکدا کە ململانێی ئەم زلهێزانە تێدا بەردەوامە. تەنراوە بەقەیران، قەیرانی کۆچبەران، قەیرانی وزە، قەیرانی جەنگ، قەیرانی جیهان پۆش، قەیرانی کەرامەت. دیمۆکراسی وردە وردە لە ڕۆژئاوا و لەهەموو سوچێکی جیهان پاشەکشە دەکات.
مرۆڤ بە هەر شێوەیەک لەم سیستەمە تێبگات، تێدا مرۆڤ داماڵێندراوە لە کەرامەت و زۆرێک لەدانیشتوانی جیهانی سێیەم، بەهۆی نەهامەتیەکانیانەوە لە دۆخی ئاورتەدا دەژین. بۆ نموونە، لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، دوای ئەوەی کوڕێکی تەمەن 3 ساڵانی فەلەستینی لە شاری خان یونس لە باشووری غەزە بەهۆی بەربوونەوەی هاوکارییەکانی ڕۆژئاواوە لە فڕۆکە ئاسمانییەکانەوە کوژرا، باپیرەی گوتی: “ئێمە هاوکاریمان ناوێت. ئێمە کەرامەتمان دەوێت.”
بیرۆکەی ئۆجالان کە (دیمۆکراسی چارەسەرە) جاڕدانی شکستە، چونکە دیموکراسی پەیوەستە بە سەرمایەدارییەوە؛ ئەو کێشانەی کە بەهۆی سەرکەوتنی سەرمایەداری و سیاسەتە نیولیبراڵەکانەوە دروست بوون ، وەک نایەکسانی زیاتری سامان و دڵەڕاوکێکی جەنگ مەترسییەکانی قەیرانی ئابووری، تێکچوونی ژینگە، لە زۆرێک لە وڵاتاندا دەرکەوتن کە نائارامی بەرامبەر بە حکوومەتە دیمۆکراسییەکان لێ کەوتووەتەوە.
لێرەدا بەنوکتەیەکی ژیژەک کۆتایی بەوتارە دەهێنم. دەڵێن جارێک (پوتین و شی و ترەمپ) چاویان بە خودا دەکەوێت و هەریەکەیان ڕێگەیان پێدەدرێت پرسیارێکی لێ بکەن. پوتین دەست پێدەکات: پێم بڵێ لە دەیەکانی داهاتوودا چی بەسەر ڕووسیادا دێت؟ خودا وەڵامی دەداتەوە: “ڕووسیا وردە وردە دەبێتە کۆلۆنی چین”. پوتین دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان. شی هەمان پرسیار دەکات و دەڵێت: “وە لە دەیەکانی داهاتوودا چی بەسەر چیندا دێت؟” خودا وەڵامی دەداتەوە: “موعجیزە ئابوورییەکەی چین کۆتایی دێت؛ دەبێت بگەڕێتەوە بۆ دیکتاتۆرییەکی هێڵی توند بۆ ئەوەی بژیت دەبێت داوای یارمەتی لە تایوان بکەیت”. شی دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان. لە کۆتاییدا ترەمپ دەپرسێت: ” چارەنووسی ئەمریکا چی دەبێت دوای ئەوەی جارێکی دیکە دەستبەکاربوومەوە؟” خودا دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بە گریان.
ئەمە ئەم نەزمە جیهانییەیە کە ئۆجالان تەسلیمی دەبێت و خودا وەک ئەویتری گەورە بێلایەنانە تەماشایی دەکات و دەست دەکات بەگریان.




هەرەوەز.. لە نووسینی: هێمن ئەمینی

هەر لە سەرەتای بەدیهاتنی مرۆڤەوە کاری پێکەوەیی و هەرەوەزی لە نێو مرۆڤەکاندا هەبووە و دیارە ئەوە لە نێو بوونەوەرەکانیتریشدا بۆ وێنە مێشەهەنگویندا هەیە و بەڵام لەواندا بە پێی نەستە و لە مرۆڤدا بە پێی ویست و ئاوەزە و هەر تەنیا نەست نیە و واتە مرۆڤەکان هەڵیشیدەبژێرن. هەرچەند لە نێو مرۆڤەکانیشدا کاری هەرەوەزی بە زۆر هەبووە کە بێگاریان پێگووتوە و یان کاری زۆرەملی کە هەردووکیان لە لایەن زۆردارانەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان و چەوساندنەوەی بێدەسەڵاتەکان کەڵکی لێوەرگیراوە و کاری بە هەرەوەزی لە کۆمەڵێک کەس کێشراوە و بە داخەوە لە لای خۆشمان کەم نەبووە. ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە کاری هەرەوەزی بە ویستی مرۆڤەکان خۆیانە و نەک کاری بێگاری و زۆرەملێ. بە پێی ئەوەی لە سەردەمی ڕابردودا کارەکان بە زۆرینە جەستەیی و سەخت بوون و هەر مرۆڤێک دەبوو لە زۆرینەی کارەکاندا شارەزایی هەبا و ڕاپەڕاندنی گشت کارەکان بە تەنێ پڕ سەخت بوو، بۆیە بە هەرەوەزی کاریان ڕادەپەڕاند، ئەگا کەسێک، ماڵباتێک کەسی کارێیان نەبا دەیانگووت: یەک تەنە و بە تەنێش کار ئاستەم بووە.
دیارە شێوازی یارمەتی لە کوردستاندا پڕ زۆر بوون و لێرەدا دوو جۆری باویان دێنینەوە گۆرێ و ئەوانیش هەرەوەزی و دەستەواون. جا ئەو یارمەتیانە لە کار و لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا و هەروەها لە کاتی خۆشی و ناخۆشی و لێقەوماندا هەبوون و بۆیە لە کوردیدا گووتویانە(شین و شایی لە گەڵ ئاواڵان)، یان پەندێکی دیکە دەڵێت:(شین لە گەڵ ئاواڵان شاییە) و واتە لێقەومانیش لە گەڵ هاوڕێیان بە هاوبەشی هەر خۆشیە.
هەرەوەز: لە فەرهەنگ و وشەدانە کوردیەکاندا، هەرەوەز بەو واتایانە هاتووە؛ زبارە، هەرەوەز، مەهبەرە، کاری پێکەوەیی، ئاریکاری، کاری هاوپارکردن، باربوویی کردن، کاری پێکەوەیی، گەلەکۆمە، هاوکاریکردنی کۆمەڵێک لە کاردا، ئاریکاری بە کۆمەڵ لە کاردا، کۆمەککردن، هاوکۆمەکی، هاوکاری، هاوکاری کردن، هاوکرداری، دەستەواو، پێکەوەکارکردوویی، زگار و …. . بە هەرەوەزی واتە کاری پێکەوەیی بکەین و بە تەنگەوەهاتنی یەکتر لە کاتی پێویستدا و لە ئەگەری هێز و هەتوانین و کاتدا. هەروەها یارمەتیدراویش بە پێی توانایی و کات ئەگا بۆی هەڵسووڕا تێیهەڵێنێتەوە.
لە کارێدا هەرەوەزی واتە: ئەگا کەسێک کاری هەبا و کەسی کارێی نەبا، یان کەسە لێقەوماو با و لە جێدا کەوتبان، پیر و بە ساڵاچوو و کەنفت و پەککەوتە با، ئافرەت یا پیاوێکی بێ هاوژین با، منداڵی سێڤی و بێ دایکوباب بان، کەسێک کە گیرۆدەییەکی بۆ هاتبا پێشێ و لە وڵاتی نەبا و یان هەر کێشەیەکی لەو بابەتانە، یا خەریک بوو بۆ وێنە؛ دەغل و دانەکە دەپەڕی یان کاتی کارەکەی تەواو دەبوو و درەنگ دەهات و بۆ میناک ئەوە پاییز وەدرەنگیە کەوتووە و درەنگ بووە و خەریکە بەفر ببارێ و کابرا گوێسوانی هەڵنەگێراونەوە و لەو بابەتانە … . خەڵکەکە بێ ئەوەی پرسی پێ بکەن، ئەوە ئیدی هەر بۆ خۆیان دەچوون بۆ یارمەتی و جاری وابوو تەنانەت کابرا بە خۆشی نەدەزانی و یارمەتیان دەدا و ئەوە لە کاری کورەی خشتان لە ڕۆژانی چوارشەمە کە ماڵێک قوڕی دەمایەوە ماڵەکانی دیکە دەهاتن یارمەتیان دەدا و یان لە کاری سێوکان کە پاییز درەنگ دەبێ و ماڵەکان دەیانهەوێ بگەرێنەوە، خەڵکەکە هەر بۆ خۆیان، دەچن یارمەتی یەکتری دەدەن.
ئەو هەرەوەزیە بێ هێچ چاوەڕوانیەکە و کەسە خۆبەخشەکان بێ ئەوەی چاویان لە هاتنەوە و تێهەڵێنانەوەی کەسی بەرامبەر بێت یارمەتیان دەدەن، ئەوە لە سەرەخۆشی و زەماوەندیشدا هەیە و کابرا بێ ئەوەی چاوەڕێی کەسە بکات دەچێ بە پیل کەسی بەرانبەرەوە. یان لە نێو ئاوەدانیدا لە کاتی ناشتنی مردودا، لە کاتی کێلهێناندا، مزگەوتداناندا، لە کاتی کانیاوی ژنان و پیاوان خاوێنکردنەوە، دارهێنان بۆ مزگەوتی ئاوایی و یان ماڵی مەلادا و ڕاپەڕاندنی کارەکانی دیکەی ئاواییدا دەبیندرا. ئێستاش لە زۆرێک لە دێکانی ئێمە خەڵک بە تێکرایی ئەو کاروبارانە و کاروباری نوێباویتریش ڕادەپەڕێنن.
هێندێک کاریش هەن ئەگا بە گەلەکۆمە و هاوکاری و هەروەزی نەبا بە ئاستەم ڕادەپەڕین وەک؛ خلەوخەرمان هەڵگرتن، دروێنە، گەڵکردن، پەنیرگرتن و داگرتن، دەستارکردن، گەنم و ساوار و بروێش و … کوتان، نمەدکردن، جاجم چنین، چیغکردن، تانەتەنین، ڕانکەوچۆخەچنین، خوری شتن و خوری شیکردنەوە، گوریس کردن، خوێدان، بەران و نێری تێکردن، جووتوگا، گێرەکردن، ڕەزکێڵان، دروستکردنی خانوو و بە تایبەتی هێنانی نیرە و کاریتە(ئەو کات کە کەلوپەلی گواستنەوە بە شێوەی ئەوڕۆیی لە گۆڕێدا نەبووە)، ماڵهەڵگرتن، نانکردن، ترششکاندنەوە، جۆماڵکردن و کارێز و ئاوەڕۆ و قاناو ڕاماڵین و خاوێنکردنەوە، بێستان کردن و دێراو هەڵدان، بەری باخ و دار چنین و ڕنین، لۆکەچنین، گوێزتەکاندن(گوێزوەشاندن)، قوڕەکاری، تفاقداگرتن و تفاقکێشان، دۆشاوکردن، مەشکەژاندن، تووچنین، تووتن شکاندنەوە، کێوماڵکردن بە دوای کەس یان شتی ونبوودا، چەوەندەرهەڵقەندن، زەماوەند کردن و شینگایی، ماڵ تەڕاوکردنەوە و سپیکردنەوە، ماڵبارکردن و … . خەڵکەکە بە زۆرینە بۆ یەکتری دەچوونەوە.
دەستەواو: جۆرێکی دیکەی یارمەتیمان هەیە و ئەویش کاری دەستەواوە و لە دەستەواودا کەسەکان وا یارمەتی یەکتر دەدەن کە لە کاتی پێوستیدا کەسی بەرامبەر یارمەتیان داتەوە و واتە چاوەڕوانیان هەیە. لێرەدا کەسە دەتوانێ یەک کەس بێت و بچێت یارمەتی کەسی بەرامبەر بدا و ڕۆژە کار یا ڕۆژە پیاوێکی بۆ بچێت و ئەویش لە کاتی پێویست ڕۆژەکارێکی بۆ بێتەوە. جا ئەوە دەیتوانی هەر بۆ یەک کار نەبێت و بۆ کاری دیکەش بێت، بۆ وێنە ئەمن نازانم ڕەزی ببڕم، درواسێکەمان ڕۆژەکارێک هاتووە و ڕەزی بۆ بڕیوم و ئەمنیش جووتکارم و ڕۆژە جووتێکی بۆ دەچمەوە. ئەوەش بۆ سەردەمێک دەگەرێتەوە کە ئابووری سات وسەودا و ئاڵوگۆر دەکایە دابوو و سەردەمی ئاڵۆگۆری کەلوپەل بوو و کار بە پارە وا باو نەبوو، دەنا ئێستا کەسەکە دەچێت بە پارە کەسێک بۆ کارەکەی دەگرێت و هەر کات پێویستی بوو، وادەکات. ئەو دەستەواوە تەنانەت جاری واهەبوو لە سەرەخۆشی و شاییشدا چاوەڕوانی دەکرا و کابرا دەیگووت: کابرا بۆ زەماوەندەکەی نەیخوێندومەوە یان پێی پیاو نەبووم و ئەمنیش نایخوێنمەوە و پێم پیاو نیە و یان ئەگا کەسێک بەشداری پرسەی نەکردبا، کەسی خاوەن مردوو دەیانگووت: شایی و شین دەستەواوە و ئێمەش بۆی ناچینەوە.
لە دنیای ئەوڕۆدا هەم هەرەوەزی و هەم دەستەواو وەک ڕابردوو ئەستەمە و بەڵام دەکرێ شێوازەکانیان بگۆڕین و بۆ وێنە لە ڕابردودا بە زۆرینەی خەڵکی مەڕدار بووە و یان وەرزێر بووە و هەموو خەڵکەکەش ئەو پیشانە و وردەکاری سەبارەت بەوانەی زانیوە و لە کاتی کشت و کاڵدا، جۆ و جۆماڵدا، داچاندن و دروێنەدا، لە کاتی گەڵکردن، خوێداندا، مەڕبڕینەوە، بەران و نێری تێکردندا، گاڕان و نۆرەمەڕدا، ئاودێری و کێڵاندا، لە کاتی گێرەوە و شەنە و خەرماندا و … هەموو کارەکانیان دەزانی و بەڵام لە سەردەمی ئەوڕۆدا کارەکان بە تایبەتی کراون و کەسەکە ڕەنگە سەر لە پیشەی براکەی دەرنەهێنێت و نەزانێت براکەی کاری چیە و یان لە کارەکەی تێنەگات و چۆن یارمەتی بدات و بەجێی وی بچێت کارەکەی بکات؟ بۆ وێنە یەکێک ئەندازیارە و یەک پیزیشکە و یەک مامۆستا و یەک فڕۆکەوانە و یەک نوێنەری پارلەمانە و ئەوانە چۆن دەتوانن بەجێی یەکتری کارڕاپەڕێنن؟ دوای وەش خەڵکەکە لە بەر پوڵی بوونی شت و کارەکان و تایبەتمەندبوونی کارەکان بۆ وێنە لە زەماوەند و شینگاییدا گشت کارەکان کە هەتا ئەو ساڵانە خەڵکەکە بۆ خۆی و خۆبەخش و بە لێزانی خۆیان دەیانکرد، ئێستا هەمووی کەسانی شارەزا و تایبەت ڕایدەپەڕێنن و لە دەستی کەسێکدا نەماوە و تەنانەت خاوەن پرسە و زماوەندیش لەوێ بۆخۆی میوانە و پارە بەشی زۆری کارەکان رادەپەرێنێت. دەستەواویش ڕەنگە لە هێندێک کاری دەستی و وەرزێری و مەڕداری و یان لە نێو کار و پیشەی هاوبەشدا لە نێو هاوکاراندا بۆ وێنە لە نێو مامۆستایاندا هەبێت کە بەجێی یەکتری نۆرەی بکەن و لە کاتی پێویستدا یەکیان بەجێی ئەوەیتر بچێت و یان لە نێو پەرستار و ئەوانەدا شتی وا ڕودەدات و بەڵام ئەگا کارەکە جیا بێت ئەوە ئەستەمە و بۆیە کەسەکە یان لە بڕە مووچەی ئەو ڕۆژەکارەی خۆش دەبێت و یان کەسێک لە جێی خۆی ئەگا گیر کەوت دەنا بە کڕێ دەگرێت، بۆیە ئەوڕۆ دەستەواو بەشی زۆری پووڵ جێی گرتۆتەوە. هۆکارێکی دیکەی ئاستەمبوونی هەرەوەزی و دەستەواو، مەودا و دووری کەسەکانە، بۆ وێنە لە ڕابردودا بە زۆرینەی خزمان و کەسوکار لێک نیزیک دەژیان و ئێستا ئەندامانی بنەماڵەیەک بۆی هەیە وەک ئاردی نێو دڕوان لێک بڵاو بن و هەر یەکە و لە شار و لە وڵاتێکی پەڕژوبڵاو بووبن و نەکارن بە گوێرەی پێویست بە هانای یەکتریەوە بچن.
ئایا دەکرێ ئەو نەریتیانە بە تایبەت هەرەوەزی لە سەردەمی ئەوڕۆشدا هەبن؟ سێ بەرسڤ لەو بابەتەدا دێنە گۆڕێ؛ یەک: ئەوانەی کە دەلێن: وەک ڕابروو دەقاودەق ئەو نەریتانە بە کەڵک دێن، دوو: ئەوانەی کە ئێژن ئەوانە هی سەردەمی نەریتی و کاتێک بوون کە کۆمەڵگا ئی گچکەڵە و بچووک بووە و جیا لەوە خەڵک زۆر گرێدراوی یەکتری بوون. سێ: کومەڵێکن دەڵێن لە گەل وەی کۆمەڵگای ئێستا و ڕێژەی دانیشتووان پترە و تێکەلاویەکی وەک ڕابردووش جێبەجێ نابێت و ئەوانەش دەقاودەق وەک ڕابردوو بە کەڵک نایەن، بەڵام باوەری تۆکمەیان بەوە هەیە بە شێوازگەلی لەو چەشنە ژیان ئاشتەواتر، خۆشتر و کاروبارەکان سانانتر ڕایی دەبن. لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستی زایینیدا چەمکگەڵی وەک سامانی کۆمەڵایەتی، متمانەی کۆمەڵایەتی، دڵنیایی کۆمەڵایەتی، بەشداری کۆمەڵایەتی و … پەڕەیان سەندووە، کە دەڵێن ئەگا ئەوانە نەگەرێنینەوە، ژیان زۆر ڕەق و ویشک دەبێت و دەبێ خەڵک بۆ خۆیان ئاور لێکدەنەوە، کاری هاوبەش بکەن و بە پیری یەکتریەوە بێن و هەر چاوەروانی دەسەڵات نەبن، هەرچەند هێندێک لە ڕەخنەگران ئەو بابەتانە بە شوان هەڵخەلەتێنە و شوێنونکردنێک و خۆدزینەوەی دەوڵەتەکان و سامانداری و سەرمایەداری لە ئەرکە پێسپێردراوەکانیاندا دەبینن.
بۆ شیکردنەوەی زۆرتری بژاردەی سێهەم کە بۆ خۆم لە گەڵ ئەو بۆچوونەدام دەکرێ بە هێندێک وردەکاری بابەتەکە باشتر ڕوون بکەینەوە؛ بۆ وێنە ئێستا دروستە ئەمن لە گەرەکەکەمان کەس ناناسم، بەڵام کە لێشاو دێت و دەزانین شارەوانی یان بەڕێوبەڕایەتیەکانیتری پەیوەندیدار کارەکانی خۆی باش ڕاناپەڕێنێت یا دۆخەکە پڕ ئاڕێشە و تەنگژەیە و فریا ناکەون و دەرەقەت نایەن، جا بۆ چی بۆ خۆمان خەڵکی دەرودڕاوسێ بە هەوڕەبوون و تەڤلی هەوبوون وەخۆ نەکەوین؟ و ئەو مەترسیە لە سەر خۆ لادەین، خۆ ناکرێ کاتێک بۆ خۆمان شتێکمان لە دەست دێت نەیکەین؟ و لە سۆنگەی چاوەڕوانی کەترەخەمی بەڕێوبەرایەتیەکان چاوی ڕەشمان کاڵ بێتەوە و گیانمان بکەوێتە مەترسیەوە. لە سەردەمی ئەوڕۆشدا دەکارێ لە کاری گشتیدا بۆ وێنە ژینگە پاراستن، خێرات کۆکردنەوە، کاروباری گەڕەک وەک؛ بەڕێوەبردنی مزگەوت، پەرتووکخانە، بەسەر خوێندن ڕاگەیشتن، چاوەدێریکردنی کاری شێوەرمەندەکانی شار وشارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، کاروباری مەدەنی و … ئەو لایەنی هەرەوەزیە ڕەچاو بکەین. ئەوە بۆ کاری نێو باڵاخانەکان و کۆمەڵەی یەکەی نیشتەجێبوون و نیشتنگەکان کە چەند ماڵ یان کەس پێکەوە لە خانووبەرێکدان، دەست دەدات و دەتوانن بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان هەرەوەز یان دەستەواوێ بکەن. هەر نها(ئێستا) بۆ وێنە لە زۆر گەرەک خەڵک پێکەوە بەفری نێو کۆڵانەکان ڕادەماڵن، یا بۆ کاری مردووناشتن. لە زۆربەی دێکانی ئێمە خەڵک بە تێکرایی؛ کاروباری ئاوەدانی وەک؛ بە مزگەوت ڕاگەیشتن و خاوێنکردنەوەی کانی و خروشێوی نێو ئاوایی، بەرد و کێل هێنان بۆ سەر قەبران، مردوو ناشتن و … دەکەن. لە کاتی ڕووداوە نەخوازراوەکان وەک؛ بوومەڵەرزەکانی سەرپێلی زەهاو و قوتور، بۆ عەفرین و کۆبانی، بۆ لێشاولێدراوانی لورستان و … ئەو هەرەوەزی و بە دەنگەوەچوونەمان لە گۆمەڵگای کوردیدا دیوە. هەروەها لەو دەیان و سەدان جار ڕوداوی ئاور کەوتنەوەی دارستان کە لەو ساڵانەدا بە داخەوە پڕ زۆر بووە، زۆر کەس بە ویستی خۆیان و لە سەر تێچووی خۆیان چوون و یارمەتیان داوە. یان ئەو هەموو کاری خۆبەخشەی کە لە بواری فێرکردنی زمانی کوردیدا دەکرێن و یان ئەو هەموو کات و تێچووە خۆبەخشیەی کە لە بۆنە و جێژنە نەتەوەیی، ئایینی و نیشتیمانیەکانی وەک؛ نەورۆز، بێلندانە، مانگی ڕەمەزان، جێژنی ڕەمەزان، ڕۆژی زمان و …دا دەکرێن. دوای وەی ئیمە دەکارین هەر لە منداڵیەوە کەسەکان ڕابێنین کە کاری هاوبەش بکەن و بۆ وێنە خوێندکارەکان و منداڵەکان فێری ئەوە بن بە هانای یەکەوە بچن و لە ماڵەوە، لە گەڕەک، لە خوێندنگە و زانستگا کاری هاوبەشی وەک؛ نەمام چاندن و خاوێنکردنەوەی ژینگە بکەن. هەروەها بە هاناچوون و یارمەتیدانی هەژاران و بەرکەوتووانی ڕوداوە نەخوازراوە سروشتیەکانی وەک؛ لافاو، بوومەلەرزە، ئاورکەوتنەوەکان و … هەروەها ڕوداوە مرۆڤکردەکانی وەک: شەڕ، تێکدانی ژینگە، نابەرابەری و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و … تاقی بکەنەوە و لە تەمەنی منداڵیڕا ڕابهێنرێن. هەروەتر منداڵان و خوێندکاران بەشداری بۆنە کۆمەڵایەتیەکان لە شین و شایی و جێژنەکانەوە بگرە هەتا پرس و بابەتە گشتیە کۆمەلایەتیەکان ببن. منداڵان هەر لە ساڵەکانی سەرەتای ژیانەوە و خوێندکاران هەر لە ساڵی یەکەمی خوێندنەوە دەتوانرێت بانکێکی هاوبەش بکەنەوە و بەشێکی کەم لە تێچووی ڕۆژانەیان لەو بانکانەدا پاشکەوت بکەن ئەگا هاوڕێیەکیان کێشەیەکی ئابووری بۆ هاتە پێش بە کۆمەڵ یارمەتی بدەن و یان ئەگا ڕوداوێکی نەخوازراوی گشتی هاتە پێشێ، ئەوانیش بتوانن یارمەتیدەر بن. کەوا بێت دەکرێ بە هێندیک نوێکاری ئێستاش بە هانای یەکترەوە بچین و نەریتی هەروەزی لە لایەنی کۆمەڵگایی، گشتی و مەدەنیەکاندا زیندوو ڕاگرین و گیانی پێکەوەژیان و هاوکاریە دەنێوماندا هەر لە بوژانەوەدا بێت.

لە نووسینی: هێمن ئەمینی




لە گروپێکی گچکەوە بۆ لوتکە.. گۆران هەڵەبجەیی

دەمێک لە نۆڤەمبەری ساڵی[ ١٩٧٨ ]ی سەدەی ڕابردوودا چەند گەنجێکی باکوور کە ژمارەیان لەپەنجەکانی دەستێک تێپەڕی نەدەکرد،سەرکێشیەکی مەزنیان کرد، ئەویش دامەزراندنی حیزبێکی سەرچڵ و شۆڕشگێڕ بوو بەنێوی{پارتی کرێکارانی کوردسستان}.
ئەودەمەی ئەو گەنجە خوێنگەرمانە ئەم هەنگاوەیان هاوێشت هەرگیز بیریان لەوە نەکردبوویەوە کە ئەم حیزبە لە ئایندەدا تورکیای ئەندامی ناتۆ ،لەڕووی ئابوری وسەربازیەوە ماندوو دەکات و دەبێتە هۆی قەیرانێکی هەمەلایەن بۆیان .
ئەوەش لەهزریاندا نەبوو کە لەجیهاندا دەناسرێن و دەبنە ژمارەیەکی گرنگ لە نێو هاوکێشەکانی دەڤەرەکە. یانژی دەبنە بابەتی گەرمی میدیاجیهانیەکان و ناوەندە سیاسی و حکومیەکان.
دیارە گەر لەودەمەدا ژینگەیەکی لەبار لەتورکیا بۆ کاری حیزبی لەئارادابووایە ، ئەو چەند گەنجە پاش چەند ساڵێک ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەیان هەڵنەبژارد کەئەویش پەنابردن بوو بۆچەک.
تورکیا وەک دەوڵەت لەپاش ئاوابوونی خۆری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی دەوڵەتی مەدەنی لەسەردەستی کەمال ئەتاتورک ،ئیدی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، نەژادپەرست،نادادپەروەر چەقێنرا . لەو مێژوەوە تا ئەم سەردەمەش هەرئەتنیک و نەتەوەیەک داوای مافی خۆی کردبێت لەوانە میللەتی کورد ئەوە بەدڕنداترین شێواز سەرکووتکراوە. هەر ئەمەش بوو وای لە (پەک) کرد بۆ داکۆکی لە بوونی گەلەکەیان چەک هەڵگرن.
میللەتی زیندو و خاوەن کەرامەت هەرگیز ڕێگەنادات سوکایەتی و چەوساندنەوە ببێتە میتۆدێکی چەسپاو ، هەرگیز ملکەچی واقیعی سەپێنراو نابێت،بەڵکو بەهەر شێوازێک بێت داکی لەخۆی دەکات،ئەمەش لە شۆڕش و سەرهەڵدانە بەردەوامەکانی باکوردا بەجەرستەبوون ،کە بەداخەوە سەرجەمیان زۆربەدڕندانە خامۆش کران.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارانی تورکییای ڕەگەزپەەرست ،ئەم حیزبە ساڵی [١٩٨٤]بە ڕابەرایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان یەکەم بڵێسەی شۆڕشی چەکداری هەڵکرد .ئەم شۆڕشە بە میتۆدێکی نوێ و لەبەرگێکی ئایدۆلۆجیای چەپی سەردەمیانەو شۆڕشگێڕانەدا خۆی نمایش کرد. ،ئیدی لەودەمەوە تائێستا بڵێسەی ئەو گرە بڵندترو مەزنتر دەبێت .
شۆڕشی پارتی کرێکاران تەنها لە ڕێکخستنێکی پڕدسپلین و هێزێکی چەکداریدا قەتیس نەبوو ،بەڵکو بەرهەم هێنەری کۆمەڵێک لەداهێنانی سەرکەوتووی ناوازەبوو لە شێوەی ڕێکخراوی پیشەیی و جەماوەی هەمە بوارو هەمەلایەن و هەمە ئەرکدا، لە وێنەی میدیایی ،کۆمەڵایەتی،هونەری، کەلتووری،گەنجان،زارۆک ،ژنان،ئینسانی ،ئابووری و چەندین بواری دیکە.. دەتوانم بڵێم وڵاتی ئەوروپی نیە دەستی ئەم ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەریانەی پێنەگەشتبێت.
هاوکات وڵاتێک،کیشەوەرێک دەڤەرێکی ئەم جیهانە شکنابەم کە کوردی تێدابژی و کاریگەری ئەم بزافە شۆڕشگێڕەی لەسەر نەبێت،ئیدی وەک ئەندام و لایەنگر یاخود وەک بوونی چەندین چالاکی و پرۆژەی هەمەجۆر،کە ئیلهامیان لەم بزافە وەرگرتوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەم بزافە شۆڕشگێڕە ئەو کۆتوبەندەی شکاند کە دەوڵەتی تورک بەناوی [تەرۆرەوە] کردبوویە ملی،ئێستا وڵاتانی جیهان بەچاوی خۆیان دەڕواننە ئەم بزافە نەک بەچاوی دەسەڵاتدارانی تورک.ڕاستە تائێستاش بەهۆی بەرژەوەندیە ئابوریەکانیانەوە ناتوانن مامەڵەی ڕاستەخۆیان لەگەڵ بکەن ،بەڵام داوەتکردنی هاوسۆزو دۆستەکانیان لەلایەن هەندێک وڵاتانی خاوەن سەنگی ئەوروپاوە ،یاخود داکۆکی پەرلەمانتارانی ئەوروپی لە کوردو دۆزەڕەواکەی لەدانیشتنەکانیاندا،یان پێشوازی گەرم بەچەپڵەڕێزان لە سەرکردەسیاسی و سەربازیەکانی ڕۆژئاوا لەلایەن جەماوەری بەرفراوانی وڵاتانی ئەوروپا ،یانژی پێشوازی گەرم لەکەلتوورو گۆرانی کوردی لە جیهاندا ،هەموو ئەمانە دەرەنجامی خەباتی کەڵەکەبووی ئەو شۆڕشەیە بەهەردوو باڵەکەیەوە.
لەسەر ئاستی کوردستانیش هێندە بەسە کە بڵێین ئەم بزافە دۆزی کوردی بردەوەتە ئاستێکی باڵا کە دەتوانم ناوی بنێم {شۆڕشی ناسنامە لە ناخی تاکی کورددا}،ڕوونتر بێژم بەر لەو سەرهەڵدانە تاکی کورد بەتایبەت لە باکوور لەدۆخێکی پڕنائومێدی و فشارو ترسدا دەژیا ،بەجۆرێک نەیاندەوێرا کوردبوونی خۆیان ئاشکرابکەن ،بەڵام ئێستا بەگەنج و بەتەمەنەوە سەربەرزانە و بەشانازیەوە باسی کوردبوونی خۆیان دەکەن و داکۆکی لە ناسنامەی خۆیان دەکەن.،ئەمەش لە کۆبوونەوەکانی دایکانی شەممەو ئاهەنگەکانی نەورۆزی باژێڕەکانی باکوورو ئیستەنبوڵ و چالاکیە هەمەجۆرەکاندا دەردەکەون.
خاڵێکی گرنگ پێویستی بەئاماژەیە ئەویش مەسەلەی شۆڕشە چەکداریەکەی پارتی کرێکارانە ،ئەم شۆڕشە چەکداریە کە بەر لە[٤١]ساڵ بەرپابوو ،وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ،مەبەست لێی داکۆکی کردن بوو لەبوون و شوناسی نەتەوەکەیان لەباکوور ،واتە چەک ئامرازبوو بۆگەیشتن بە ئامانج.ئامانجیش بریتی بوو لە گەیاندنی پەیامێک بە دەسەڵاتدارانی یەک لەدوای یەکی تورکیا ،کە دەڵێت ئێوە چەند بەهێزو باڵادەست بن ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن ،ناتوانن بێدەنگمان بکەن ،ئێمە بەرەنگارتان دەبینەوە ،زیانتان پێدەگەیەنین،ئارامیتان دەشێوێنین،خەوتان دەزڕێنین.
ئەودەمەی ئەم شۆڕشە چەکداریە سەری هەڵدا ژمارەیان کەم بوو،گەورەترین چەکی دەستیان کڵاشینکۆف بوو،دۆستەکانیان کەم بوون و دوژمنیان زۆر ،بەڵام لە ئێستادا پەکەکە وەک حیزب و وەک هێزی چەکدار لە ئاستێکی باڵادان ،بەو ڕادەی خاوەنی درۆن وچەندین جۆرەچەکی پێشکەوتوون کەهەندێکیان بەرهەمی ئەقڵی خۆیانە. دڵنیام کە دەسەڵاتدارانی باڵای تورکیاش ئەم حەقیقەتە دەزانن و حساب بۆ ئاستی توانای گەریلا دەکەن.
کەواتە هێزی گەریلا بەرەنگاری تورکیایەک بووەتەوە کە دووەم هێزی ناتۆیەو خاوەنی تەکنەلۆجیای سەربازی و هەمووجۆرە چەکێکی پێشکەوتووە .
دەتوانم بڵێم لە ئێستادا پارتی کرێکاران لە پێگەی هێزدایە نەک لاوازی ، دۆست و دوژمن ئەم ڕاستیە دەزانن ، بۆیە دەتوانم بڵێم تورکیا لەڕووی سەربازیەوە چەند بەهێزبێت ناتوانێت کۆتایی بەوهێزە شۆڕشگێرە بهێنێت.
دیارە چوونە نێو پرۆسەی دانووستان بۆ ئاشتی لە مەوقیعی هێزەوە باشترین بژاردەیە ،چونکە لەم حاڵەتەدا سەپاندنی داواکاریەکان گەر هەموویشی نەبێت بواری زیاترە.
لای ئەردۆغان ڕوونە کە {پێ کا کا} لەئێستادا وەک هێزی گەریلا یا وەک هێزێکی سیاسی خاوەن دسپلین نەلاواز دەکرێت و نەلەناودەبرێت ،بۆیە ڕێکەوتن لەگەڵیدا تاکە بژاردەیە و هاوکات بژاردەیەکی ئەقڵانیشە.
دوا قسەم ئەوەیە گەرئەم بزافە شۆڕشگێڕە لە ڕێڕەوی خەباتیدا بەچەندین قۆناغی دژوارو سەختدا گوزەری کردبێت و لە چەند خەباتگێڕێک و ژمارەیەک گەریلاوە گەشتبنە ئەم ئاستە باڵایەی ئێستا، کەواتە باترس و خەم داماننەگرێت ودڵنیابین کە ئایندە لەبەرژەوەندیانە.

گۆران هەڵەبجەیی




نۆڤلێتی (ئەو منداڵەکەی کوشت؟) بڵاوکرایەوە

نۆڤلێتی ئەو منداڵەکەی کوشت؟ لە نووسینی نووسەری ناسراوی نەمساوی شتێڤان تسڤایگ، لەلایەن ئەردەڵان عەبدوڵڵاوە لە ئەڵمانییەوە کراوە بە کوردی، لەلایەن ناوەندی رۆمان لە سلێمانی چاپکراوە.. کتێبەکە قەبارە مامناوەندە و خۆی لە دووتوێی 100 لاپەڕە دەبینێتەوە.
شتێڤان تسڤایگ یەکێکە لە نووسەرە ناسراوەکانی نەمسا، لە ساڵی 1881 لەدایکبووە و لە ساڵی 1942 کۆچی دواییکردووە. کەسێکی فرە بەهرە بووە، لەیەککاتدا رۆماننوس، چیرۆکنووس، مێژوونووس، رەخنەگرێکی ئەدەبیش بووە، لە بواری رۆماندا کۆمەڵێک بەرهەمی جوانی هەیە لەوانە (شەترەنج، ئەمۆکلاو، نهێنییە ئاگرینییەکان) ئەم نۆڤلێتەش یەكێكە لە بەرهەمە جوانەکانی نووسەر.
ئەم نۆڤلێتە باسی دوو بنەماڵە دەکات، کە قەدەر دەیانکات بە دراوسێی یەکتر، خێزانی یەکەم ( بێنستی) لە کۆتایی تەمەنیانن، هاتوون بۆئەوەی لە گوندێکدا بژین کە دەکەوێتە نزیک شاری باتی ئینگلتەرا، تاکۆتایی ژیانیان بەسەر بەرن و ژیانێکی ئارامیان هەبێت. گەرچی بنەماڵەی دووەمە( بنەماڵەی لیمپلی) کە ئەوان گەنجترن، ئەوانیش بە دوای ئارامییدا دەگەڕێن و خۆیان لە ژاوەژاوی شار بەدوور دەگرن.
پاش ناسینی هەردوو بنەماڵەکە، خێزانی یەکەم بە رێکەوت سەگێکی بچووکیان پێشکەش دەکەن، تاوەکو کاتی بەتاڵی خۆیانی پێ بەسەر بەرن، بەڵام دواتر ئەم سەگە دەبێتە بەڵایەکی گەورە بۆ بنەماڵەی لیمپلی. سەرەتا لیمپلی زۆر هۆگری سەگە دەبێت و هێندەی گرنگیی و بایەخی پێدەدات، بەشێوەیەک دەبێتە کۆیلەی سەگەکە، بەڵام پاشتر ژنەکەی منداڵێکی جوانی دەبێت، ئەمەش وادەکات کە لیمپلی هەموو ژیانی خۆی بۆ کچە بچووکەکەی تەرخان بکات و سەگەکەی پشتگوێ بخات. ئەمەش دەبێتە هۆی تووڕەبوون و دڕندەبوونی ئەو سەگەکەی کە ماوەیەکی زۆرە بەخێویی کردووە. دواجار سەگەکە تۆڵەی ئەم پشتگوێخستنە لە منداڵەکە دەکاتەوەو دەیکوژێت.
لەم نۆڤلێتەدا نووسەر هەوڵیداوە، جگە لە باسکردنی هەست و سۆزی مرۆڤ، ئاوڕێکیش لە جیهانی ئاژەڵەکان بداتەوە بەتایبەتی سەگ. باسی هەڵسووکەوت، لەهەمانکاتیشدا هەست و سۆزی ئەوانیش دەربخات. ئەم نزیکردنەوەیەی دوو جیهانی دژ بە یەکیش، خۆی لە خۆیدا داهێنانێکی گەورەیە.