سەرمایەی وەهمی و ساختەکاری.. ئەکرەم سەعید

”ئادەم سمیس ڕای وابوو کە سەرمایەی وەهمی ئابووری بە باڵەکانی دایدالۆسەوە کە لە دراوی کاغەز دروستکراوە هەڵدەواسێ” 1/
حیزبی دیموکراتی ئەمەریکا بەڵێنی خۆشگوزەرانی ئابووری و ئاشتییەکی بەردەوامیان ددەدا بە چینی کرێکاران، بەڵام ئەم حیزبە نیولیبرالە(کە پارتی پارێزگاران پێیان دەڵێن چەپ)ئازادی و خۆشگوزەرانی بە بازاڕی ئازادەوە دەبەستەوە. زۆری نەخایاند دەرکەوت پشتگیری ئەمریکا بۆ ئۆکراینا دژی ڕوسیا و ئیسرائیل دژی حەماس، جیهانێکی ئارامتر و سەقامگیرتری لێنەکەوتەوە، وە بایدن کە بازاڕی ئازادی بەرەوپێش دەبرد، لەبری ئەوەی “ئاشتی لە ڕێگەی خۆشگوزەرانییەوە” بەدەستبهێنێ بۆ جیهان، تەنیا ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی وروژاند و جیهان ناسەقامگیرتر بوو.
ئەما پارتی پارێزگاران بە سەرۆکایەتی ترامپ نەک تەنها ئەمەریکا، بەڵکە سەرتاپای جیهانی بە بڕیارەکانی دووچاری”شۆک و تۆقان”کردووە. ترامپ هەندێ کێشە و جەنگ چارەسەر دەکات، بەڵام درگای لەبەردەم گەلێ کێشە و جەنگ کردۆتەوە. سیاسەتی ترامپ لە لۆژیکێکی ڕاستڕەوانەوە(ماف بۆ بەهێزە) و “ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە”، وەک بازرگانێک گرێبەست دەکات. ئیدی لێرەوە چاوەڕێین کە چوار ساڵ لەتەمەنی سەرۆکایەتی ترامپ دونیا لە لایەێک بەرەو ڕاست وەرچەرخێ، وە لەلاکەی دی بەرەنگاری دژی سیاسەتی ڕاستڕەوی زیاد بکات.
بەرنامەی “چاودێری نایەکسانی” لە ئەمەریکادا، سەرنجی ئەوەی دابوو کە سەد ساڵ لەمەوپێش سەرمایەدارە پیشەسازییەکانی/ نەهەنگەکانی بازاڕ و سەرمایەی وەک(جۆن پێرپۆنت مۆرگان و جۆن دی رۆکفێلەر) وڵاتیان بەڕێوە دەبرد، بەڵام ئەمڕۆکە نوخبەی تەکنەلۆژی(ئیلون ماسک خاوەنی تیسلا، ماڕک زەکەربێرگ خاوەندارێتی کۆمپانیای ئەمریکی مێتا/فەیسبووک، جێف بیزۆس کۆمپانیای ئەمازۆن و سوندار پیچای بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گووگڵ)لە ساتی ئاهەنگی دەستبەکاربوونی ترەمپ، لە کورسیەکانی ڕیزی پێشەوە دانیشتبوون. لە ڕێڕەوی هەڵمەتی هەڵبژاردن، دۆناڵد ترەمپ و بزووتنەوەی ماگا چەندین جار خۆیان وەک نوێنەری ڕاستەقینەی چینی کرێکاری ئەمریکی نیشانداوە، بەڵام دیمەنی ڕۆژی دەستبەکاربوونی ترەمپ لە کاپیتوڵ، ئیدارەی ترەمپ پڕە لە ملیاردێر و ئۆلیگارشی کۆمپانیاکان کە سامانە سەرسوڕهێنەرەکانیان ساڵ لە دوای ساڵ زیاد دەکات.
ئایا ئەم دیمەنە شتێک لە تایبەتمەندی سەرمایەداری سەردەمی ئێمەمان پێ دەڵێت؟!.
خەڵکی سەردەمی سەرمایەداری ئێمە لە بێ کاتی و بێ حەوسەڵەیی، ژیانی ڕۆژانەیان لەچاو نەوەی پێشوو، سیفەتی خێرایی وەرگرتووە(خواردنی خێرا، سناپ چات و سناپ كاش). زۆربەی خەڵکی کات و ئارەزووی نییە و دارایی نزمە بۆیە خواردنی تەندروستی کە کاتی دەوێ بۆی گونجاو نییە، لەبری پەنا بۆ خواردنی ماکدۆناڵز و نۆدلز دەبات، هەروەها خوێندنەوەی کتێب، جگە لە ئەکادمییەکان، دەنا زۆربەی خەڵکی کاتی نییە و بۆیان مایەی سەرئێشەیە، بۆیە سەردەمی خوێندنەوەی کورتە پۆست و قسەی بێ ناوەڕۆکە، ئەمە ئەنجامەکەی دەمان گەێنێ بە(کۆمەڵگەی هۆش و ئارەزووی نزم). گەر ئەمە سیفاتی کۆمەڵایەتی ئێستا بێ، ئەوا لە بازاڕدا باوی قازانج و پوڵی خێرایە – سناپ كاش. ئیدی سەرمایەی وەهمی لەم سەردەمەدا لە هەموو کات زیاتر تۆڕەکانی پانوپۆڕتر بووەو جۆرەکانی فرەچەشن بووە.
مارکس وەک زاناێکی ئابووری لەم سەردەمەی ئێمەدا، لە باسی سێ بابەتدا:(قەیرانی ئابووری، گەشەی ئامێرو بە ئۆتۆماتیکی بوونی پرۆسەی بەرهەمهێنان، سەرمایەی وەهمی) ئامادەیە لەتەکماندا، چونکە ئەو بناغەی شرۆڤەی ئەو باسانەی داڕشتوە. بۆیە بەتایبەتی کاتێ باسی(سەرمایەی وەهمی)بکەین، ناکرێ نەگەڕینەوە بۆ مارکس، دەنا باسکردنەکەمان کەموکورت دەبێ. بۆیە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرهەڵدانی”سەرمایەی وەهمی”و گەشە و پانوپۆربوونی تۆڕەکانی لە پانتایی جیهاندا، سەرتا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ڕەخنەی مارکس لە ئابووری سیاسی کلاسیکی بۆرژوازی.
مشتومڕ سەبارەت بە هۆکاری داڕمانی بازاڕی بۆرسە و دراوی کریپتۆ لەم دوو ڕۆژەدا، پرسیاری چەندایەتی ڕۆڵی فاکتۆری بڕیارەکان حکومەتەکانی بۆرژوازەکان و گەمەکانی بانکەکانی ناوەندی بە بازاڕی دارایی وەک سەرچاوەێکی سۆبژەکتیڤ لە قەیرانی سەرمایەداریی ئێستادا، کردۆتە پرسیارێک سەبارەت بە مانای تیۆری قەیرانی سەرمایەداری مارکس، ئەم کورتە وتارە بەشدارییەکە لەو مشتومڕەدا.
بۆ نووسەرانی لیبڕاڵ لە قوتابخانەی ئابووری سیاسی کلاسیک، سەرمایەی وەهمی بە واتای دروستکردنی سەرمایەیە بە شێوەی”دراو” لە ڕێگەی سیستەمی قەرزەوە، بەبێ ئەوەی هیچ سەرچاوەێکی ڕاستەقینەی بەنرخی هاوتای هەبێ لەسەر زەوی. سەرمایەی وەهمی زاراوەیەکی سووکایەتیپێکردنە، لەگەڵ گومان لە فێڵی بەردەوام بە بەکارهێنانی قەرزی نوێ بۆ توانای ئەوەیان هەبێت قەرزە کۆنەکان بدەنەوە.
بەو مانایەی سەرەوە سەرمایەی وەهمی چمکێکە، ئابووریناسەکانی بۆرژوازی بە چەندەها ساڵ پێش مارکس باسیان کردووە، بەڵام مارکس لە کتێبی کەپیتاڵدا- بەم جۆرە باسی پرسەکە دەکات:
(شیکارییەکی وردی سیستەمی قەرز و ئەو ئامرازانەی کە پارەی قەرز بۆ خۆی دروستی دەکات، لە دەرەوەی بازنەی پلانی توێژینەوەکەدایە، ئێمە لێرەدا بە جەختکردنەوە لەسەر چەند خاڵێک خۆمان ڕازی دەکەین، بۆ ئەوەی بە گشتی تایبەتمەندی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بزانین، خۆمان لە مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتی بازرگانی و بانکیدا سنووردار دەکەین. سەبارەت بە پەیوەندی نێوان گەشەپێدانی ئەم دووانە و پەرەپێدانی قەرزی گشتی، دەکەوێتە ژێر ڕەچاوکردنی ئێمە.
پێشتر لە سەرمایە، کتێبی یەکەم، بەشی سێیەم (ب)دا نیشانم داوە کە چۆن پارە وەک ئامرازێکی پارەدان لە سووڕانەوەی سادەی کاڵاکانەوە سەرهەڵدەدات و لەگەڵیدا پەیوەندی قەرزدەر و قەرزکەر لە نێوان بەرهەمهێنەرانی کاڵا و بازرگانی کاڵادا سەرهەڵدەدات. هاوتەریب لەگەڵ گەشەسەندنی بازرگانی و پەرەسەندنی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، کە لەژێر ئەو شێوازەدا بەرهەمهێنان تەنها لە پێناو سووڕانەوەدا ڕوودەدات، ئەم بنەما سروشتییەی قەرزکردن فراوان دەبێت و گشتگیتر دەبێت ،،،.).- بڕوانە( بەرگی سێیەم: پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایە بە گشتی/ وەرگێڕان: د. فالح عەبدولجەبار/ بەشی بیست و پێنج / قەرز و سەرمایەی وەهمی/ لاپەڕەی ٤٦٤).
بەم مانایە لای مارکس سەرمایەی وەهمی کۆمەڵێک سەرمایەی پارەی قەرزکراوە(LMC)، لەبەردەستدایە کە پەیوەندی نێوان قەرزدەر و قەرزوەرگر، تێیدا ڕوودەدات. لە گروپی سەرمایەی قەرزدا، سەرچاوە و بەکارهێنانی پوڵە قەرزکراوەکان هیچ پەیوەندییەکیان نییە، چونکە نیگەرانییەکە لە دڵنیابوونە لە گەڕاندنەوەی پارەکە و لەگەڵ بەدەستهێنانی “سوود”ە کە بتوانای مسۆگەری بکات. بەڵام هەر لەبەر ئەم هۆکارە، مارکس دەستەواژەی سەرمایەی پارەی قەرزکراو(LMC)ی بەکارهێناوە بۆ وەسفکردنی کارکردنی بازاڕەکانی پارە بە گشتی، کە ئەرکە بنەڕەتییە جیاوازەکانی دراو وەک پوڵ کە ئامرازێکی ئاڵۆگۆڕە، وە دراو وەک سەرمایە، لە یەک بازاڕدا کۆدەبنەوە، کە ڕێژەی سوود دیاری دەکات(لانی کەم بە شێوەیەکی ئەبستراکت).
هاوکێشەی(پوڵ-کاڵا-پوڵ) ئەمە بازنەی سەرمایەدارییە لە پڕۆسەی بەدەستهێنانی قازانجی سەرمایەی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی، بەڵام سەرمایەی وەهمی هاوکێشەی(پوڵ- پوڵ)ە، واتە ئاڵوگۆڕی پوڵ، کە دەتوانێ سوود و قازانجی چنگ کەوێ بەدوور لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕی کاڵاکان(یانی لە دەرەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەوە).
(پوڵ-کاڵا): سەرمایەدار بە پوڵەکەی مەوادی خام و هێزیکاری کرێکاران دەکڕێ، لەم بەشەدایە لە نێو پڕۆسەی بەرهەم هێناندا زێدەبایی بەرهەم دێ، دواتر سەرمایەداران کاڵای بەرهەمهاتوو دەگۆڕنەوە بە پوڵ(کاڵا-پوڵ) کە هەڵگری(زێدەباییە)، کە وەک قازانج دەردەکەوێت لە ئاڵۆگۆڕی بازاڕدا. ئەم بازنەیە لە سەرمایەی وەهمی بێ پرۆسەی کارە بۆ بەرهەهێنانی ڕاستەقینەی کاڵا(واتە بێ پرۆسەی بەرهەمهێنانی کاڵایە کە هەڵگری زێدەباییە)، بەڵکە تەنها ئاڵوگۆڕی جۆرەکانی(دراو، دراوی کریپتۆ، پشکی کۆمپانیاکان، قەرز،، هتد) کە هەڵگری سوودە، ئەو سوودەی کە لە دواجاردا بەشێکە لە کۆی زێدەبایی بەرهەم هێنراو.
مارکس بەم جۆرە لەم چەند دێڕەدا وەسفی سەرمایەی وەهمی دەکات:
”بەم شێوەیە هەموو پەیوەندییەک لەگەڵ پرۆسەی ڕاستەقینەی کەڵەکەی سەرمایە تا دوا شوێنەوار لەدەست دەچێت، و بەو هۆیەوە چەمکی سەرمایە وەک شتێک کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی خۆی فراوانتر دەکات بەهێزتر دەبێت . . . ڕەنگە کەڵەکەبوونی سامانی ئەم چینە[سەرمایەدارە پارەدارەکان] بەئاراستەیەکی زۆر جیاواز لە کەڵەکەبوونی ڕاستەقینەدا بەرەوپێش بچێت . . . جگە لەوەش لێرەدا هەموو شتێک پێچەوانە دەردەکەوێت، بەو پێیەی هیچ نرخێکی ڕاستەقینە و بنەمای ڕاستەقینەی ئەوان لەم جیهانە کاغەزییەدا دەرناکەون، بەڵکو تەنها دراو، دراوی کانزا، کۆمپیالات،، هتد. بە تایبەتی لەو ناوەندانەی کە هەموو بازرگانی پارەی وڵاتەکە تێیدا چڕبۆتەوە، وەک لەندەن، ئەم ڕەنگدانەوەیە بە ئاشکرا دەردەکەوێت؛ تەواوی پرۆسەکە دەبێتە شتێکی نامەفهوم.”. (سەرمایە/ مارکس- ڕەخنە لە ئابووری سیاسی- بەرگی سێیەم: پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری – لاپەڕە ٥٤٩، ٥٦١، ٥٧٦/ بەزمانی ئینگلیسی).
مارکس هەوڵی داوە خۆی لە دیاردەکانی ساختەکاری و کاری نایاسایی و نائەخلاقی سەرمایەداران(خاوەنداریەتی دزییە) بەدوور بگرێ، و زیاتر شیکاری بۆ پەیوەندی کار و سەرمایە و یاساکانی ڕەوتی گەشەو قەیرانەکانی سەرمایە کردووە. لەتەک ئەوەشدا مارکس بەکورتی باسی لە سەرمایەی خەیاڵی کردووە، کە بنەمای شرۆڤەی سۆسیالیستەکانە بۆ دیاردەی سەرمایەی مالی و بۆرسە و قەرز و سەنەدات و ئەسهم، کە لەم سەردەمەدا(سەرمایەی کازینۆ) بەشکی بەرچاوی سەرمایەیە. (شیکاری سەرمایەی وەهمی مارکس، تاڵەکانی سەرمایەی ڕاستەقینە و دراویی، بۆ تیۆری قەیران بەیەکەوە دەبەستێتەوە.) – سەرمایەی خەیاڵی و تیۆری قەیران – مایکل پێرێلمان/ ٢٠٠٨.
دەبێ ئەوە بڵێین کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا کەرتی بانکی و دارایی(سەرمایەی وەهمی) پەرەسەندنێکی مەزنی بەخۆیەوە بینیوە، لەوە زیاتر کە مارکس یان هەر نووسەرێکی تری سەدەی نۆزدەهەم خەیاڵی کردبوو. کەواتە گەر بمانەوێ سوود لە تیۆری مارکس بۆ قەیرانی سەرمایە وەرگرین، دەبێ لە باسەکانی مارکس دەربارەی سەرمایەی خەیاڵی/ وەهمی تێبگەین؛ چونکە بەبێ شیکاری دروست بۆ ڕۆڵی سەرمایەی وەهمی لە دونیای ئەمڕۆدا، مەحاڵە لە قەیران و ئاقاری سیستەمی سەرمایەداری سەردەم تێبگەین، بەتایبەتی ئەمرۆکە سەرمایەی وەهمی زۆر قەبە بووە، بۆ نموونە:

  • (تەنها سێ کۆمپانیای ئەمریکی “Nvidia, Apple و Microsoft / نيفيديا، أبل و مايكروسوفت” بەهای بازاڕیان لە هەموو بازاڕی بۆرسەی چین زیاترە.) سەرچاوە: ئەمریکا و پێوەرەکانی سەراب – سەرمایەداری گازینۆ لە سۆسیالیزمی پیشەسازی دەباتەوە! الصين بالعربية X – 8 juni 2024.
  • براون و هاوکارانی(2017)، لە ڕووپێویکردنی ئەوروپا، لێکۆڵینەوە لە گەشەی زەمانەتنامە داراییەکان بۆ بەرهەمی ناوخۆیی گشتی دەکەن، و دەبینن کە پشکەکانی FIRE (نێوەندگیری دارایی، بیمە و خانووبەرە) هەڵکشاوە، و بەشداریکردنی دارایی لە بەرهەمی ناوخۆیی لەچاو کەرتی بەرهەمهێنان، زیادبووە.
  • دەیڤس و والش لە(2016)دا ڕۆڵی حکومەتی بەریتانیا لە دابەزینی پیشەسازی و بەرزبوونەوەی دارایی ئاشکرا دەکەن، لە کاتێکدا وانگ لە (2015)دا دەڵێت: دەوڵەتی چین بۆتە “دەوڵەتی خاوەن پشکەکان”.

سەرمایەی وەهمی و ساختەکاری
لە کۆتاییدا سەرمایەداری بە فڕێدانی دەمامکەکانی، ئەم سیستەم و دەسەڵاتە نەفرەتییە ڕوی ڕاستەقینەی خۆی دەرخست. دەمامکەکانی سەرمایەداری مژدەی خۆشگوزەرانی و سەردەمی زێڕینی بە چینی کرێکاران و هەژاران دەدا، و مۆسیقا و سروودی خۆشەوستی و ئاشتی لە لێوەکانییەوە دەچڕی، بەڵێنی سەقامگیری و پێشکەوتوخوازی نوێ دەکردەوە، بەڵام لە کۆمەڵگەدا ساڵ بە دوای ساڵ هەژاری و ساختەکاری و کۆنەپەرستی و جەنگ و تیرۆر زیادی کردووە.
دانتێ لە کتێبی”کۆمیدیای ئیلاهی”دا وەسفی “گێریۆن”ی ساختەکار بەم شێوەیە دەکات:
ئەو دەموچاوەی پیشانی دەدا، دەموچاوی پیاوێکی دادپەروەر بوو،
ڕواڵەتی دەرەوەی سیماکانی زۆر بەخشندە بوون؛
و باقی قەدو باڵای جەستەی مارێک بوو
هەموو کلکی لە بۆشاییەکەدا دەلەرزان
لە کاتێکدا نوکە ژەهراویەکەی بەرەو سەرەوە دەپێچایەوە،
هەر وەکو کلکی دووپشکێک
ئەم وێنەیە سروشتی ساختەکاری بە باشی دەردەخات. قوربانییەکان دەبنە نێچیری وێنە و ڕوخساری چاکەی ساختاکارەکان، دواتر بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە سەرییان لێ دەشێووێ و دەکەونە چنگی شتێکی چاوەڕواننەکراوەوە، پێش ئەوەی نوکە ژەهراوییەکان پێیانەوە بدات.
دادگای تاوانەکانی تورکیە بڕیارێکی بێ وێنەی لە دژی دامەزرێنەری سیستەمی دارایی ساختەی ناسراو بە “بانکی کێڵگە”، مەحەمەد ئایدن ناسراو بە “توسونجوک” دەرکرد. سزای زیاد لە ٤٥ هەزار ساڵ لە زیندانی بەسەردا سەپێندرا، دوای ئەوەی بە چەندین تاوان سزا درا، لەوانە ساختەکاری لەڕێگەی سیستەمی زانیاری و پارە سپیکردنەوەی و پێکهێنانی ڕێکخراوێکی تاوانکاری. – سەرچاوە/ سایتی ڕۆژنامەی(ئەنبات/ ۲۰۲٥-۲-٦).
ئەمە سەرگوزشتەی یەکێکی گرگنی(پارڤێنیر2/)ی سەردەمی ئێمەیە. مارکس لە سەرمایەدا دەنووسێ:(لەبری ئیستغلالکارە کۆنەکان، کە ئیستغلالکردنیان کەم تا زۆر پیاوسالاری بوو، چونکە تاڕادەیەکی زۆر ئامرازێکی دەسەڵاتی سیاسی بوو، پارڤێنویەکی شێتی پارە هەنگاو دەنێت و دێتە پێش).
ساختەکاری لە مێژە تایبەتمەندییەکی سەرمایەداری بەریتانیا بووە. فریدریش ئەنگڵس لە کتێبی(دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا – ١٨٤٥)دا باسی لەوەکردووە کە چۆن لە مانچستەردا، “ساختەکاری لە فرۆشتنی هەموو جۆرەکانی شتومەکدا ئەنجام دەدرێت: فالینە، و گۆڕەوی و،، هتد، دوای یەکەم شۆردن دەچنە ئاو“.
لە وەڵامی پرسیاری “ئایا دراوی کریپتۆ ساختەکارییە “؟!. ئیلۆن ماسک وەڵام دەداتەوە: بەڵێ(دراوی کریپتۆ ساختەکارییە/ فێڵە 3/). کەچی هەر ئەم سەرمایەدارە ساختەکارە خۆی گەمەی بە نرخی دراوی کریپتۆ دەکردو خەڵکی فریودەدا، بەمە ملیارەها دولاری چنگ کەوت.
تایبەتمەندێکی سەرمایەداری سەردەمی ئێمە هەژمونی سەرمایەی وەهمی ساختەکارییە بەسەر جیهاندا، کە جیهانێکی موازی/ هاوتەریبە بە جیهانی سەرمایەداری ڕاستەقینە.
دوێنی ڕۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دروستکردنی یەدەگێکی ستراتیژی لە سامانی دیجیتاڵی ڕادەگەیەنێت. ترەمپ گووتی: ئەمریکا دەببێتە“پایتەختی دراوی کریپتۆی جیهان”، ئەو دراوەی کە بە ڕای ماسک ساختەکارییە. ئەو هەواڵە لە دوێنێوە هەڵکشان و داکشانی بە نرخی بۆرسەکان و پشکەکان و دراوی کریپتۆ کردووە، زیانی ملیارەها دۆلاری لە بازاڕی دراو داوە /٤.
بەڵام سۆسیالیستەکان ڕایان وایە کە: کاتێک چەتەی کێڵگەکەتی سووتاند و دەستیان بەسەر موڵک و ماڵەکەتا گرت و کەسوکارتی ڕفاند، نابێت ئەوەت بەلاوە گرنگ بێ کە چەتەکان چۆن غەنیمەکان دابەشدەکەن. ئەمە وەسفێکی دروستە بۆ ئارگیومێنتەکەی مارکس کە دەڵێت: “ئەگەر سەرمایەدار خاوەنی ئەو سەرمایە بێت کە کاریان پێدەکات، ئەوا تەواوی زێدەبەهاکە دەخاتە گیرفانی خۆیەوە، ئیدی بە هیچ شێوەیەک بۆ کرێکار گرنگ نییە، ئایا سەرمایەدار هەمووی بۆ خۆی دەبات، یان دەبێت بەشێکی بدات بە کەسی دووەم و سێیەم”.
بێگومان ئەم هەرەسەی بازاڕی دراو و بۆرسەکان ڕاستەوخۆ زیانی بۆ چینی کرێکاران نییە کە خاوەنی پشک و دراوی دیجیتاڵ/ کریپتۆ نین، ئەوە چینی مامناوەندە زیانی بەردەکەوێت، بەڵام ناڕاستەوخۆ کاتێ ئابووری ئەمەریکا دەچێتە خولی ڕکود، بژێوی بۆ چینی کرێکاران سەختر دەبێ. گەمە ئابوورییەکەی ئەم چەند ڕۆژەی حکومەتی ئەمەریکا بە سەرکردایەتی ترامپ، وەک خۆی دەڵێ بۆ کەمکردنەوەی قەرزی دەوڵەتی ئەمریکایە، و ناچار ئابووری بە خولێکی ڕاگوزاریدا تێپەڕ دەبێ، بەڵام ئەم گەمەیە ناڕاستەوخۆ زیانی گەورە بە بژێوی چینی کرێکاران و هەژاران دەگەێنێ.
————————————————————————————
/1 لە ئەفسانەدا کاتێک دایدالۆس و کوڕەکەی ئیکارۆس دەخرێنە زیندانەوە، دایدالۆس لە مۆم و پەڕ بۆ خۆی و کوڕەکەی باڵ دروست دەکا تا پێی بفڕن و لە زیندان نەجاتیان بێ. دایدالۆس بە ئیکارۆس دەڵێ کە نابێ زۆر بەرز بفڕێ بەڵام ئیکارۆس دەیەوێ بەرزتر و بەرزتر بەرەو خۆر بفڕێ. بەهۆی گەرمای خۆر مۆمەکە دەتوێتەوە و ئیکارۆس دەکەوێتە ناو دەریا.
/2 پارڤێنیر کەسێکە کە تاڕادەیەک تازە بووە بە چینێکی ئابووری کۆمەڵایەتی پلە بەرز. وشەکە لە زمانی فەرەنسی وەرگیراوە؛ parvenir مانای:(هاتنە پێش، گەیشتن، توانیان شتێک بکەن) دەگەێنێ.
/3 گفتوگۆ لەتەک (ئیلۆن ماسک)دەربارەی دراوە کریپتۆکانی وەک دۆجکۆین. ماسک دانبەوەدا دەنێ کە دراوە کریپتۆکانی وەک دۆجکۆین ساختەکاری و فێڵە – hustle meaning : fraud / swindle / cheat-، کەچی خۆشی کڕین و فرۆشتنی بە دراوەکان دەکرد، و لە سایتی X پرۆپاگاندەی بۆ دەکردن.

/ MAR 8, 2025 – لەلایەن ئەندرۆ ڕ.چۆو – کات / MAR 8, 2025 – by Andrew R.Chow – Tim




ناسنامەی سەگەکانی کۆمارەکەی (ئیبراهیم یوسفی)..(١-٢).. غازی حەسەن

(١-٢)

پێشەکی
خوێندنەوە و شیکردنەوە دوو پرۆسەی گرنگن بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوە و تەواوکردنی دەقەکە، منی خوێنەر بەپێی تێگەیشتنم لە خودی دەقەکە، ژینگە و هێز و مانایەکی تازە بە دەقەکە دەبەخشم. مەرج نییە وەکو نووسەرەکە بیربکەمەوە و لە پێکهاتە فکری و تەکنیکی و وشەسازی و ڕستەسازی و مانا و هێما و نیشانە زمانەوانییەکان بگەم. من لە دیوێکەوە سەیریان دەکەم، ئەمە ڕەنگە هەمان دیو و خواستی نووسەری دەقەکە نەبێت.
ڕەمز و کۆد و نیشانە و هێما و مانا زمانەوانییەکان، ئاراستەیەکی زهنی و وێناکردنێکی هەمەرەنگ بە دەق دەبەخشن، کە هەندێکجار لە مانا و مەبەستە سروشتییە قووڵتر و فراوانتر و هەمەدەنگتر دەردەکەوێت.
دەق دەسەڵات و هێزێکی خەیاڵی و ئەفسوناوی هەیە، من بەدوای دۆزینەوە و دەستنیشانکردن و دۆزینەوەی ڕەگەز و پاشخان و مێژووی شتەکانم. ئەو شتانەی لەنێو دەقدا دەبنە ناسنامە و پێناسە بۆ خودی هەمان ئەو شتانەی (ناسنامە و پێناسەکانیان) لێ زەوت دەکرێت.

کۆماری سەگ

ڕۆمانێکی ڕۆمانووس (ئیبراهم ئەلیوسف)ە کوردێکی عەرەبینووسە و ڕۆمانەکەی لە دەزگای (خطوط وظلال للنشر والتوزیع) لە عومانی ئوردن لە ساڵی ٢٠٢٠، لە ٣٦٧ لاپەڕە بە بەرگێکی ڕەنگاو ڕەنگی شایستە و هێلکارییەکی مانابەخش و هاوسەنگ لەگەڵ دەقەکە ڕازاوەتەوە، کە پەیوەندی بە نێوەڕۆکی ڕۆمانەکەوە هەیە. ناونیشان و بەرگ هیچیان لە نێوەڕۆکی دەقەکە کەمتر نییە، بەپێچەوانەوە وەکو ناسنامە و پێناسە و کلیلی چوونە نێو دەق وایە، دەق چاوی خوێنەر پڕ دەکات، لە وزە بۆ خوێندنەوە. هزری خوێنەر تەژی دەکەن لە وێنە و مانا و پەیام و ڕەهەند و هزراندن و بزاڤ و نیشانە و هێمای شتەکان، کە هەندێکیان بێ کۆتاین.

تەکنیکی دەقەکە

وەکو لەسەر بەرگی دواوەی ڕۆمانە نووسراوە تەکنیکی نووسینی ئەم ڕۆمانە بریتییە لە “سوود وەرگرتن لەشێوازی بیرەوەریی و ژیاننامە، بەڵام لە چوارچێوەی گەمەیەکی هونەری و هاوکێشەیەکی نەخشێنراو و بەزمانێکی دوور لە بریندارکردن و ئاڵۆزیی، تا زۆرترین کەس بیخوێننەوە، بۆ زمانی دیکە وەرگێڕدێت، چونکە ڕۆمانەکە ژمارەیەک دۆزی گرگ لەخۆ دەگرێت، کە پێشتر بەم دیدگایە باسیان نەکراوە. دیدگای جیاوازی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەمەش لە چوارچێوەی بەکارهێنانی نیشانەکانی جیهانی سەگەکان سەرچاوە دەگرێت، کەپێشتر بەم شێوەیە بەکارنەهێنراون”.
لەم ڕۆمانە قسەکەر و هەقایەتخوانی نێو ڕۆمانەکە خودی ڕۆماننووسە، لە چەند شوێنێک ئاماژە بەوە دەکات کە ناوی (ئالان نەقشبەندییە)، ئەو ئاماژە بەوە دەکات پیشەکەی نووسەرە، نێوبانگی لە نووسین هەیە، هەندێک لەڕێگەی فەیس بووکەوە ئاگاداری کار و چالاکییەکانی ئەون، کوردە و خەڵکی (کوردستانی سوریایە). لەگوندەکانی کوردستان مامۆستا بووە، ئێستا پەناهەندەیە لە ئەلمانیا. بەزمانی عەرەبی دەنووسێت و زمانی دایکی کوردییە، هەندێک فەرەنسی و ئینگلیزیش دەزانێت، بەڵام ئەلمانییەکەی باش نییە و پێویستی بە وەرگێڕە. خێزاندارە و کوڕەکانی ناویان (دڵشاد و دڵدار)ە. سەر بە فکری چەپخوازییە و شیوعی بووە. لە زارۆکییەوە لە حەپەی سەگ ترساوە و هەنووکەش بەهۆی ئەم ترسەوە ناتوانێت بەئاسایی پێشوازیی لە سەگ بکات و هەتا ئێستاش ئەمە وایکردووە، دۆستی سەگ نەبێت و ئەم دۆخە دەروونییە لە ئەلمانیا تووشی کێشەی دەکات، کە سەگ تێیدا خودان مافە وپارێزراوە و دوای منداڵ سەگ بە پلەی دێت و ئافرەتیش بە پلەی سێیەم.
تەکنیکی گێڕانەوە بەهێزە و خوێنەر ڕادەکێشێت ئەمش وایکردووە خوێنەر نەتوانێت دەست لە خوێندنەوە هەڵگرێت، یان خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بە چێژە و خوێنەر بێزار ناکات.
ڕۆمانووس خۆی قسە دەکات، خۆی شتەکان دەگێڕێتەوە، خۆی پێناسەی شتەکان دەکات و بڕیاریان لێ دەدات، واتە کارەکتەریکی فرە توانا و وزەیەکی بەهێز و خودانی بیرەوەرییەکی فراوانە.
لەتەک شێوازی بیرەوەریی و گێڕانەوەی شتە هەقییقەکان و ناوە ڕاستەقینەکان و شوێنە باوە ناسراوەکان، لەبیری نەکردووە هونەری نووسینی ڕۆمانی هاوچەرخ چییە. لە بەکارهێنانی (کەلتوور، نەریت، ئەفسانە، خووڕەوشتی مرۆڤەکان، پێکهاتەی کۆمەڵگە، جیاوازی نێوان دوو ژینگەی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی ئەوەی لەبیر ناچێت، کە مرۆڤ تەوەرەی سەرکی باسەکانە. شێوازی گێڕانەوە لەنێو گێرانەوە، خەیاڵ لەنیو خەیاڵ و وێناکردنی هونەریانە و دەروونیانە پیادە دەکات. کەسایەتی و کارەکتەری زۆر لەنێو ڕۆمانەکەدا ئاماژەیان پێ دەکرێت، بەڵام لەبیری نەکەین، خودی ڕۆماننووس کەسی سەرەکی و بڕیاردەری کۆتاییە. واتە (قسەرکەر و حوکمدەر و دارێژەی نەخەشەی ڕۆمانەکە بەشێوەیەکی سەرەکیی خودی خۆیەتی).
لە دوا بەشی ڕۆمانەکە کە ناوی لێناوە (تحت سقف واحد/ لەژێر یەک بنمیچ) گەمە هونەرییەکە ڕاشکاوانە بەدیار دەکەوێت و لەنێوان بە ئاگا هاتن و خەیاڵدا شتەکانمان بیر دەهێنێتەوە و لە لاپەڕە ٣٦٢ ئەو شتەمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە پەیوەندی بە خەیاڵ و واقیع، بەئاگاهاتنەوە هەیە. هەزارەها شت، دەیان ڕووداو، گەلێک کێشە، بیرکردنەوەی جیاواز، ڕاکردن، تەسلیمبوون، کۆچ، پەیوەندی، تووڕەبوون، گێڕانەوەی ڕووداوە مێژووییەکان، ئینجا تەنیا لە دوا لاپەڕەی ڕۆمانەکە و لە دواین پەرەگرافدا دەڵێت: “ئەوەی لەپێشتر بەسەرم هاتووە، وەهم بوو، مەزەندە کردن بوو، بیرکردنەوەیەکی ساختە بوو، کە لێی نزیک بوومەوە”. ئینجا دەڵێت: “هاوارام دەکرد، کەچی دەنگم لێوەکانمی تێ نەدەپەڕاند، کەس نەبوو گوێم لێبگرێت، ئەگەر (گازی/ ناوی یەکەمین سەگە و لە منداڵییەوە ناتوانێت لە بیر بکات) نەبووایە”. تا لە شێوازێکی دیکەی بەرچاو کە بەئاگا هاتنەوەیە و بەشێکە لە هونەری نووسینی ڕۆمان دەبێژێت : “ئەی نەفرەت لەو مۆتەکە مەلعونە بێت!!”.
لە دوای ئەم هەموو گێڕانەوەیە، دەڵێت (ئەمە مۆتەکە بوو).. خەیاڵ و ترس و نیگەرانی و دۆخی دەروونی بوو.
دەکرێت هەر بەشێکی ڕۆمانەکە لەڕووی تەکنیکییەوە چیرۆکێکی سەربەخۆش بن، دەستپێک و نێوەڕۆک و بابەت و کۆتایی هەیە، کۆتاییەکی کراوە، کۆتاییەک کە چاوەڕوانی سەرەتایەکی دیکەی نوێ دەکات. کۆتاییەک بەستراوەتەوە بە سەرەتایەکی دیکە. لەنێو هەر بەشێکی ئەم چیرۆک و بابەتانەی کە پەیوەندی بە پەنابەریی کوردێکی سوری، یان سورییەکەوە هەیە، دەیان هورتکە بابەتی دیکەی چیرۆکئامێز لەخۆ بگرێت.
لەبیری نەکردووە (سەگێکی ڕۆژئاوایی چەندە دڵسۆز و بەوەفایە بۆ خاوەنەکەی) و (سەگێکی ڕۆژهەڵاتی/ سوری کە لەڕێگەی گێڕانەوەی بیرەوەریی سەردەمی منداڵی و هەرزەکاریی و مامۆستایەتیشی ئاماژە بە بەدبەختی و بێ مافی و ترس و خراپی سەگ) دەکات.

کۆد چییە؟

زمان لەبەکارهێناندا دەردەکەوێت چەندین کۆدی جیاوازی فکری و زهنی و وێناکردن و مەزەندە و تەنیا وێناکردنەوەی وێنە بینراوەکانیش لەخۆ دەگرێت.
(جوناسان کولەر) خاوەنی پێناسەیەکی زۆر باشی کۆدە و دەڵێت: “کۆد بریتییە لە کۆمەڵێک بابەت، یان پۆل کە لەبوارێکی دیاریکراوی ئەزموونەوە وەرگیراون، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، وەکو ئامرازێکی لۆژیکی و بەسوودن لە دەربڕینی پەیوەندییەکانی دیکەدا”. (جونثان کولر، الشعریة البنیویة، ترجمة السید امام، دار شرقیات، القاهیرة، ٢٠٠٠، ٦٦). لەهەمان کاتدا نووسەر لەپێناو گەیاندنی پەیامێک پەنا وەبەر کۆدەکان دەبات، ئەمەش وا دەکات خوێنەر بیر لە کردنەوەی ئەم کۆدانە بکات. بابەتێک بەکاردەهێنێت، بەڵام مەبەستی دیکەی نەگوتراوی لەپشت ئەم بابەتە ئاشکراو ڕاستەوخۆیانە هەیە.
تیۆری کۆد، یان بە کۆدکردنی شتەکان دەگرێتەوە و کۆد بەرانبەر ڕەمز لە تیۆری دەرککردن (الادراک) بەکارهێنراوە، ئەمەی دواییان پێی وایە بیرکردنەوە لەسەر شێوەی تەنیا زمانی نێوەخۆیی ڕودەدات. یانژی هاندانێکە بۆ پوختەی تەمسیلییە زهنییەکان. فرە ڕەهەندە وەکو شتە گریمان کراوەکان و تەمسیلی ماندار و وەسفە ژمێریارییەکان. ( Jared, D, Poh, R.P.y, and Paivio, A., LI and L2 picture naming in Mandarin- English bilingals: A test of bilingual dual coding theory. Bilingualism: language and congnition 16, 2013, 383- 396. )
بەو پێیەی زمان بریتییە لە کۆدی هەمەجۆری زمان لە ناوەوە و زمان لەدەرەوە. کۆدەکانی نێو دەق هەندێکیان زهنی و فکرین و نەبینراون، هەندێکیشیان بینراون و ئەو شتانەن کە لە دەرەوەی سیستەمی زماندا هەن.
لەکاتێکدا تیۆری کۆد دوو سەرەیە کردەی دەرککردن لە یەکەی تەمسیلی نێوەخۆیی پێکدێت و بە دوو ڕێگا چارەسەر دەکرێت یەکەمیان: سیستەمی گوتنە بە زمان تایبەتە بە تەمسیلی زمان و چارەسەری هەموو کێشەکان لەنێویاندا قسەکردن و گفتوگۆ بەکاردێت. دووەمیشیان سیستەمێکی نازمانییە و (وێناکردنە)، تایبەتە بۆ تێگەیشتنی ڕووداوەکان و پێکهاتە نا زمانییەکان، ئەمەش تەمسیلی زهنی وێناکردن شێوەیەکە لە دەرکی سەرەکی تەمسیلکرن لەدەرەوەی زمان..
پێویستە ئاماژە بەوە بکەم، کە سیستەمی کۆدی لە نێو زماندا فرە ڕەهەند و ئەرک و وێناکردنە، وەکو چۆن لە دەرەوەی زمانیش وەکو شتێکی هەقیقی هەیە و دەهێنرێتە نێو زمانی دەق و ڕەنگە مانا و مەبەستی دیکەی جیاواز لە پێکهاتە سروشتییە باوەکەی خۆشی پێبدرێت. بۆ نموونە (سەگ) هەبووێکی سروشتییە و لەدەرەوەی وێناکردن و لەنێو زماندا هەیە، شتێکی سروشتییە، بەڵام کە دەهێنرێتە نێو زمان ڕەنگە ئەم (سەگ)ە مانا و کۆد و شتی جیاوازتر لە خودی خۆی پێ بدرێت. (سەگ) بەمانای شتێکی خراپ، پیس، دڕ، ئیهانە، سووکایەتی لەنێو هەندێک کەلتوور بەکار بێت، ئەمە لە شێوەی داڕشتن و بەکارهێنان لەنێو سیستەمی زماندا دروست دەبێت.
واتە دەکرێت نووسەر کۆدەکان دەستکاری بکات، مانای زهنی و فکری و کەلتووری پێ بدات، لە مانا ڕاستەقینەکەی بیگۆڕێت بۆ مانای وێناکراو، مەزندە و گریمانەی شتی جیاوازتر لەخۆی پێ بدرێت.
بۆیە وەکو (رومان جاکۆبسن) ئاماژەی پێکردووە شەش بنەمای سەرەکی هەیە بۆ لێکدانەوەی گوتاری زمان و بەکارهێنان و ئەرکی لەنێو دەقدا، کە پێم وایە ئەمانە دەبنە سەرەتایەکی گرنگ بۆ ناسینەوە و لێکدانەوەی کۆدەکانیش لەوانە:
١-نێرەر پەیامی هەڵچووانە.
٢- پەیام، پەیامی شیعری
٣- وەرگر، پەیامی کارتێکردن
٤- کەناڵی پەیام.
٥- سەرچاوە، پەیامی سەرچاوەکە
٦- زمانی پەیامە وەسفییەکە
https://www.facebook.com/lissaniyat/posts/%D9%88%D8%B8%D8%A7/

کردەی پەیوەندیکردن یەکێکە لە ئامانج و مەبەستە سەرەکییەکانی دەق و ئامانج لەمە ئەوەیە نووسەر چۆن دەتوانێت پەیوەندییەکی سەرکەوتوو لە نمایش و کارتێکردن و هاندنای خوێنەر دروست بکات و لەهەمان کاتیشدا بەکارهێنانی کۆدی جیاواز لەپێناو بەخشینی دەرفەت و زەمینە بەکار بێنێت بۆ ئەوەی خوێنەر بیر بکاتەوە و شتەکان لێک بداتەوە. وێنەکانی نێو دەق، یان شتە وێناکراوەکان وا دەکات کردەی پەیوەندیی تەمسیلییەکی نێوخۆیی بێت. هەروەها ڕەفتار و ڕەوشتێکی ڕەمزی لە خۆ دەگرێت، پشت بەنێوەڕۆکی تەمسیلی کردنەکە دەبەستێت. ئەمەش وا دەکات بیر لە هەڵسوڕاندنی شیکردنەوەی ڕەفتاری ڕەمزی بکات. ( D.H. Mellor, Ways of Communicating, Cambrige Universty Press, 1990, 4).

دەقی (کۆماری سەگ) لەتەک ئاماژەکردن و بەکارهێنانی بابەت، ئەو شتە هەستپێکراوە بینراوە هەقیقییەشە کە هەموومان دەتوانین بیانبینین، بەڵام نووسەر لەئاستێکی دیکەی زمان ئەم شتانە بەکاردەهێنێت، کە پەیوەندی بە ناوەوەی خودی زمانەکە و ئاستەکانی هەیە، ئەویش بریتییە لە (مانا و مەبەست و وێناکردن و شتە زهنی و فکرییەکان و پەیام و شتە ناڕاستەوخۆکان)، هەندێک ناوی دەنێن تەکنیکی نووسین، من پێی دەڵێم هێزی پێویستی بەرهەمهێنانی گوتاری دەق.

(٢-٢)

کۆدەکانی ڕۆمانی (کۆماری سەگ)

ئەم ڕۆمانە ژمارەیەکی زۆر کۆدی تێدایە، کۆدەکان هەندێکیان بەئاسانی دەبینرێن و هەست پێ دەکرێن، هەندێکیشیان پێویستی بە لێوردبوونەوەی قووڵە. من لێرەدا تەنیا هەندێکیان ئاماژە پێ دەکەم:

بەهەشتی پەناهەندە و دۆزەخی ڕۆژهەڵات

پەیامی گوتاری ئەم ڕۆمانە کارکرکردنە لەبارەی دۆخی دەروونی و کەلتووری و نەریت و ناسین و ناسنامەی کەسێک/ یان گروپێک و کەلتوورێک و وڵاتێک و پتریش لەوانەی پەناهەندەن، لە دۆزەخی ڕۆژهەڵات/ سوریا دەرباز دەبن بەرەو بەهەشتی ئەوروپا و ڕۆژئاوا دەچن. لەوێ لەتەک هەموو شتە جوانەکان، ڕووبەڕووی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گیانەوەر و بەتایبەتی سەگ دەبنەوە. ئەمەش پێشوازیکردن و لەهەمان گاڤیشدا ڕەتکردنەوەی تێدایە.
بۆ ئەوەی پێکهاتە و زمان و تەکنیکی ڕۆمانەکە لەئاستێکی سەرنجڕاکێش بێت، بەشێوازێک بەراوردی دۆخی سەگ لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەکات، کە مرۆڤ بەرەو فەلسەفەیەکی جیاوازتر لە هەقیقەتی (سەگ، یان ناسنامەی سەگبوون) دەبات. لە یەکێک لەئاماژە هونەرییەکان، کە دواتر دەبێتە ئاماژەیەکی فکری قووڵ بەزمانێکی یەکجار سادە، کە هەموومان لەئاستی ڕۆشنبیریی جیاواز دەتوانین تێی بگەین، کە دەڵێت:
“سەگ پەناهەندە نییە لای من، من لای سەگ پەناهەندەم”. لای گەلێک ئەمە قسەیەکی ئاساییە، بەڵام لەکردەوەدا تێروانینێکی فکری و دەروونی و کاردانەوەی بەهێزی تێدایە. هێز لە ئاڵؤزیی و جڕکردنەوەی زمان نییە، هونەر ئەوەی فکرێکی قووڵ بە زمانێکی ببێژیت.
یان لەبارەی ترس، ئەو ترسەی لە ڕۆژهەڵاتدا هەموو کەسێکی کردۆتە (بنیادەمێکی سەرکوتکراوی دەروونشکاوی قرتێنراو لە ڕەسانەیەتی) دەڵێت:
“ترس خراپترین گێژاوەی دەروونییە”، “لە منداڵییەوە لەترسی ئەم مۆتەکەیە لەخەو هاوارم دەکرد”، ” ئەگەر بۆ مانگێک ئەم گیانەوەرانەمان بۆ فێربوونی ترس بناردبایە ڕۆژهەڵات” لە “وڵاتەکەمان هەموو شتێک وەکو بنیادەم دەترسێت، کێ هەیە نەترسێت، هەتا پۆلیس دەترسێت، وەزیر دەترسێت، تەنیا خودی سەرۆکیش دەترسێت”.
لەبارەی دۆخی دەروونی و هەقیقەتی پەناهەندەی سوریی لە ئەلمانیا دەبێژێت:
“ئێمە نامۆین، بێ نیشتمانین، هیچ ناونیشانێکی دیکە نییە، بۆ ئەوەی بچینە سەری، ئەگەر ئەلمانەکان دەرمان بکەن”.
ئەم ناکۆکیی و ململانێیە دەروونییە بەردەوام دەبێت، هێزی گوزارشت و دەربڕینە زمانەوانییەکە بەستراوەتەوە بە چیرۆکی سەگ، ئەو سەگانەی لە ڕۆژئاوا هەموو مافێکیان هەیە و ئەو مرۆڤانەی لە ڕۆژهەڵات لە سەگ خراپتر سەرکوت دەکرێن. سەرباری ناکۆکی لەنێوان کەلتووری ڕۆژهەڵاتی لەبارەی بە سەگکردنی هەموو شتێک و کەلتووری ڕۆژئاوایی و گەورەکردنی هەموو شتک، تەنیا گیانەوەرەکانیان لە مرۆڤ ڕێزلێگیراوترن و مافیان هەیە. لە سەرەتا تاکو کۆتایی وەکو پەناهەندەیەک لەو ناکۆکی و ململانێیە دەروونییە دەژیت و تووشی چەندین فشار و لێکدانەوە و پۆلیس و دادگا و گریمانە و کێشەی بەردەوام دەبێت.

یاسای نوێ و شوێنی نوێ

هەقایتخوان کە خودی نووسەر (ئیبراهیم یوسفە) ناوی هەقیقی و کارەکتەر و شوێن و ڕووداوی ڕاستەقینەشی بەکارهێناوە، چونکە ئەو پشت بە تەکنیکی گێڕانەوەی بیرەوەریی دەبەستێت. ئەو لە شوێنێکی نوێی جیاواز، دەکەوێتە بەردەم گێژاوی یاسای نوێش. یاسای پۆلیس و دەوڵەت، یاسای شەقام، یاسای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، یاسای شێوەژیانی نوێ، یاسای مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ و گیانەوەرە بەخەتەوەر خودان ناسنامەی تایبەتی. ئەمەی دواییان گەڕانە بەدوای پێناسەکردنەوەی چەمکی (مرۆڤبوون و گیانەوەرناسی).
دەبێژێت:
“دەمگوت پۆلیس لەهەر شوێنێک بن، تۆقێنەرن”. و “دروستکەرانی توندوتیژی خودی بەرپرسەکانن”. پێش ئەوەی بێژێت تەواو ڕۆمانەکە کۆتایی هات مردنی ئەو سەگە بەوەفایەی خاوەنەکەی (بیانکا) کە هەولی خۆکوشتن دەدات، دوای پشکنینی پۆلیس و دادوەریی و پزیشک دەردەکەوێت “سەگەکە بەداخ و ئازارەوە مردووە، ئەمەش ئەو کاتە ڕوویداوە کە پێش ئەوەی بگاتە ماڵی هەقاتیخوان”. تا دەگاتە ئەوەی بەراوردی سەگی پۆلیس دەکات، کە چۆن لە سوریا دەزگای هەوالگری بۆ ئازاردان و سزادان و کوشتنی بەرهەڵستکارانی ڕژێم بەکاریان هێناون. لەهەمان کاتدا نووسەر دەمانباتە نێو بابەتێکی یەکجار گرنگ و هەستیار ئەویش ئەوەیە:
“وەرگێڕە سودانییەکە گوێی لێیان دەبێت، ڕەنگی دەموچاوی محامییە کوردەکە گۆڕا، ئەوە لەدەموچاوی دەرکەوت، کە هەست بە ناخۆشی و دڵگیری بکات، کە دەبیستێت کوردێک تاوانی کردووە”.
ئینجا نووسەر، کە خۆی قسەکان دەگێێتەوە و دەڵێت:
” من کوڕی ڕۆشنبیریەکی کۆنم، پەروەردەیەکی ڕەسەنم هەبووە، مرۆڤ لای من پیرۆزە، ئازاری مێروولەیەکم نەداوە، وەکو چۆن باوکم فێری کردووم”.
بێ ئەوەی لە ڕۆمانەکە ناسنامەی کوردبوون بکاتە هێمایەکی سەرەکی دەقەکە، بەڵام ناتوانێت ئەوە بشارێتەوە کە ئەو کوردە، کوردیش لە تاوانکردن دوورن، خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی کۆنی ئاشتەوایی و ڕێزگرتنی مرۆڤە و دوورە لە توندوتیژی و کوشتن و ئازاردانی ئەوانی دیکە، ئەوانە ئەگەر مێروولەش بن، ئازاریان نادات.
نووسەر کەسێک نییە بەشێوەیەکی سۆزدارانەی خراپ، تووندڕەو، دەمارگیرانەی شۆڤینایانە بیر بکاتەوە، نەخێر ئەو تەنیا مرۆڤە و هەموو هەستەکانی لەنێو دەقەکە لە خودی مرۆڤ و چەمک و ئەرک و نیەتی مرۆڤانە سەرچاوەی گرتووە.
لە دەقەکەدا دەردەکەوێت یاسای نوێی ئەلمانیا، مرۆڤانەیە، بەڵام بۆ پەناهەندەیەک نوێیە، وەکو چۆن شوێنەکە و دەوروبەر و مرۆڤ و سەگ و دیوار و شەقام و پۆلیس و هاتوچۆ و شێوەی ژیان و وەرزش و خوێندنەوە و زمان و بیرکردنەوە و نەریتیش جیاوازن. ئەمانە و دەیان دیارد و هورتکە بابەی دیکە خودنای کۆدی تایبەتی خۆیانن. کۆدەکان نهێنی شتە نەگوتراوەکانمان پێ ئاشنا دەکەن.
ئەم هەستە مرۆییانەی (ئیبراهیم یوسف) وەکو پەناهەندە و قەیران و کێشە دەروونی و ئەخلاقی و مێژووییەکانی نێوان دوو کەلتووری جیاواز لە ڕۆمانەکەدا لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئافرەتێکی ئەلمانی قژزەرد (بیانکا شنیدر) دەسست پێ دەکات، ئەم ئافرەتە یارمەتی فێربوونی زمانی ئەلمانی دەدات، ئافرەتەکە خۆشی ناسنامەیەکی تایبەت و ئاڵۆزیی دەروونی و ڕاکردن لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هەیە.

سەگ ڕەمزی شارستانییەکان

(ئیبراهیم یوسف) لە خۆڕا و تەنیا لەپێناو دروستکردنی ژینگەیەکی ئەدەبی سەگی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک و وەکو کەرەستە و ئامرزێک بەکار نەهێناوە تاکو بیروڕا و بیرۆکە و وێناکردنی دەقێکی ئەدەبی بەرهەم بهێنێت، سەگ لای هەقایەتخوانی ڕۆمانەکە (کۆماری سەگ) پەیوەندییەکی قووڵتر و مانایەکی فرەتر و گوتارێکی جیاوازتری لە خودی سروشتی سەگ وەکو دیاردە و بوونەوەرێکی سروشتی هەیە. زمانێکی سادە، بەڵام قووڵ لە مانا و مەبەست، زمانێک هانی خوێنەران دەدات، خۆیان بزر نەکەن و ڕووداوەکان بە ئاسانی وەرگرن و لێکدانەوەکانیان وەکو فکر و ئینتما و ناکۆکی بۆ شارستانییەتە دیارەکان بەکار بهێنن. لەزۆر شوێنی پێویستە خوێنەر کۆدەکان بکاتەوە.
سەگ لەم دەقە ئەدەبیەدا ، هێما و نیشانەیەکی زهنی و فکرییە بۆ بوونی ئەم گیانەوەرە لە کۆنەوە تاکو ئێستا لەنێو شارستانیەتی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی.
لەم دەقەدا سەگ لە چوارچێوە سروشتییە باوەکە دەردەچێت، دەبێت ڕەمز بۆ ڕەفتار و نەریت و کەلتوور و ناسنامە مرۆڤەکان. ئەو لەڕێگەی گێڕانەوە و گەڕانەوە بۆ سەردەمی منداڵی ، ئاماژە بە سەگ لە ئەشکەوت وەکو هێمایەکی ئایینی دەکات، سەگ لە کۆمەڵگە وەکو کەرەستەیەکی باو بەدەست چینە کۆمەڵایەتییەکان گوزارشتی لێکراوە، سەگ وەکو کەرەستەیەکی بەکارهێنراوی جەنگ، زیندان، ئینجا سەگ وەکو بوونێکی پلە دوو لەدوای (منداڵ) لە ئەلمانیا و ئەوروپا دێت.
مێژووی سەگ، بە وردی دەگێڕێتەوە، زانیارییەکان پشت بە سەرچاوە مەعریفییە ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و گیانەوەردۆستی و هەتا هەواڵەکانی ڕاگەیاندن دەبەستێت، لە گێڕانەوەدا پێمان دەڵێت ئەم ڕەمز و نیشانە ئەدەبییەی لە دوای پشکنین و خوێندنەوەی دەیان سەرچاوە بەرهەمهێناوە، سەرباری سوود وەرگرتن لە دۆستەکەی کە ئافرەتێکی ئەلمانییە. ئەم ئافرەتە لەلایەک سەرچاوەیە و لەلایەکی دیکەش ناسنامەیە بۆ بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیکردن و ئینجا گەڕان بەدوای دۆزینەوەی ناسنامەی سەگ.
لە تەک پێناسە و بایەخی سەگ و سازدانی ڕۆژی جیهانی سەگ، نایشارێتەوە کە ناکۆکی و تێڕوانینی (ئایینی و کۆمەڵایەتی) لەنێو خێزانەکەی وەکو پێکهاتەیەکی ڕۆژهەڵاتی لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ لە ئەوروپا هەیە و دەڵێت: “خانەوادەکەم خاوەنی ڕۆشنبیریی ئایینین، بەڵام هیچ کام لەم هەوڵانە نەگەیشتنە تاموچێژ لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەخێوکردنی سەگ”. لە کاتێکدا ئەو ناسنامەی خۆی بەم شێوەیە وەسف دەکات: ” مەسەلەکە پەیوەندی بە ئایینەوە نییە، من کەسێکی عیلمانیم، پەیوەندیم بە جیهانی ئایینەوە نییە، بەڵام کەسێکی مولحیدیش نیم”.
چیرۆک و گێڕانەوە و بەکارهێنانی سەگ وەکو ڕەمز بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانی پەیوەندیکردن و لێکدانەوە و دابەشکردنەوەی سەر لەنوێی فکر و کەلتوورەکان، ئەو لە قسەکردن لەسەر سەگ ئەوەمان نیشان دەدات، کە بەشێک لە چۆنیەتی مامەڵەکردن پەیوەندی بە ڕۆشنبیریی ئایینی خێزانەکانەوە هەیە. ئەو پێناسەی خۆشی وەکو کەسێکی عیلمانی، کە مولحید نییە نمایش دەکات.
“سەگ لە جیهانی ڕەگەزپەرستیدا داکۆکی لە خاوەنەکانی دژی کەسانی بێگانە دەکات و تەنیا دژی سەگە بێگانەکانیش دەوەستێتەوە”. تەنیا دەگاتە ئەوەی بڵێت “لۆکانیکۆس ساڵی ٢٠١٠ وەکو سەگێک بۆتە ڕەمزی خۆپیشاندانەکانی یۆنان”. لە ئاماژە بە ئازایەتی ئەم سەگە، دەیبەستێتەوە بە هێما و نیشانەیەکی دیکەی زیندووی وڵاتەکەی و کۆدێکی جیاوازتر لە کۆدە ئاساییەکەی لەبارەی سەگ پێ دەدات و دەڵێت: “کە شۆڕش لە وڵاتەکەم دەستی پێکرد، ئاواتەخواز بووم خۆپیشاندەران هەر یەکەیان سەگێکی ڕاهێنراو لەگەڵ خۆی ببات، تاکو بیانپارێزێت”. ئەم جیاوازییە هێما و نیشانەیە بۆ ئینتمای سەگ، سەگ وەکو بوونەوەرێکی باڵای هەستیار و دڵسۆز و خزمەتگوزار و خوادنی هێزی قوربانیدان. ئینجا کۆدی ناسنامەشە بۆ سەگێک لە دەبێتە ڕەمزی خۆپیشاندانەکانی یۆنان و لەهەمان گایشدا کۆدی سەگێکی دیکە، کە تەنیا (خۆزیە و ئاواتە) ئەویش پەیوەندی بە شۆڕشی سوریا هەیە.
ڕەمزە بەکاهێنراوەکانی بەراورد لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤ، کەلتوور و کەلتوور، ژینگە و جوگرافیای جیاواز بەکارهێناوە. لەهەندێک شوێن سەگ سیفەتە گیانەوەرییەکەی دەگۆڕێت، بۆ شتێکی دیکەی نزیک لە مرۆڤ ئەمە کۆدێکی ماناداری زهنییە، نوێنەرایەتی فکر و مەبەست و گوتارێکی جیاواز لە سروشتە باوەکەی خۆشی دەکات.

لەبیری نەکەین، ئەو کە قوربانی سیاسەتە لە وڵاتێکی سەرکوتکاری پۆلیسی، ئاماژە بەوە دەکات کە “بەرەو ماڵ بوومەوە فکرم لەوە دەکردەوە کە ئەوروپاییەکان چەند بایەخ بە سەگەکانیان دەدەن، کەچی لە وڵاتەکەمان جەژنەکان تایبەتکراون بە ڕۆژی کودەتای ڕژێم و وەرگرتنی دەسەڵات، جەژنەکانی دیکەش لەبیرکراون هەتا جەژنە ئایینەکانیش بایەخیان نەماوە.. ئەی خودایە لێرە (ئەوروپا) سەگیش جەژنی خۆیان هەیە”.
لێرەدا کۆد و ڕەمز و نیشانەکان شتی جیاوازتر لە جیهانی سەگمان پێ دەبەخشن.

پۆلیس و لێکۆڵینەوە

لایەنێکی دیکە ئەوەیە دوای ئەوەی (بیانکا شنیدر) تووشی ڕووداوی خۆکوشتن دێت و سەگەکەشی دوای ئەم ڕووداوە تووشی دۆخی دەروونی دەبێت و لەداخی خاوەنەکەی گیان لەدەست دەدات، بەم هۆکارەوە (ئالان نەقشبەندی/ هەقایتخوانی ڕۆمانەکە/ نووسەر/ خودی ئیبراهیم یوسف) لەلایەن پۆلیسەوە دەگیرێت و تووسی لێکۆڵینەوە دێت، لم بوارە دەیان ڕووداو، کە پەیوەندی بە پۆلیس و سزا و لیکۆڵینەوە و پشکنین و ترس و سزا و نیگەرانی لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەکاردێنێت. وەکو شتەکانی دیکەش هەریەکێک لەم دیاردە و دۆخە دروونییانەی هەیە، دەکرێت کۆدێک و پتر لە کۆدێکیان هەبێت. ئەمە پەیوەستە بە هێزی گوزارشت و بەرهەمهێنانی گوتاری دەق.
گرنگترین خاڵ ئەوەیە (سەگەکە) بەهۆی پەیوەندی بەهێز و سۆز و ئینتما لەگەڵ خاوەنەکەی تووشی کێشە دەروونی و ناڕەحەتی دێت و لەداخ و پەژارەییەوە دەتۆپێت (دەمرێت). ئەمە نیشانە و هێمایەکەی زهنی قووڵە سەبارەت بە پەیوەندی (ڕۆمانووس، بیانکای ئەلمانی، سەگ، پۆلیس و لێکۆڵینەوە، دادپەروەریی و باڵادەستی یاسا، ڕەفتاری پۆلیس و سەگی پۆلیس و مرۆڤانە هەڵسوکەوتی پۆلیس و پشکنین. تاد….).
لە پۆلیسخانە دەردەچن و پێیان دەبێژن “تۆ هیچ تاوانێکت نەکردووە، سەگەکە خۆی مردووە و بیانکاش چاوی هەڵێناوە”. لە درێژەی ئەم ڕووداوانە پەنا وەبەر هێما و کۆدێکی دیکە دەبات و دەبێژێت:
” لە ڕێگا باسی دەسەڵاتی سەگ و ترس لەسەگمان کرد، هێندە باسی ئەفسەری پۆلیسمان نەکرد کە کەسێکی میهرەبان بوو… سەگی ئێرە عاقڵە”. ئەم گوزارشتە کۆتایی لەبارەی سەگەکە بۆچوونی کوڕەکەیەتی، (عەقڵ) هێمایە بۆ دونیایەکی جیاواز لە جیهانی سەرکوتکردن و بەکارهێنانی سەگ بۆ ئازاردانی مرۆڤەکان لە (زیندانی بارەگای هەوالگری سوریا). مەبەستم ئەوەیە ئەم کۆد و نیشانە زمانەوانیانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن، کە ڕۆماننووس ڕاستە مێژووی سەگ، ڕەفتار و کێشە و پێگەی سەگ دەگێڕێتەوە، بەڵام لەبیری نەکردووە کە سەگ لەم دوو کەلتوورە جیاوازەدا بۆ دوو ئەرکی جیاواز بەکارهێنراوە. کۆدی سەگ دەکرێت کۆدی خودی مرۆڤیش بێت، یان هەڵگەڕاوەی ڕەفتاری مرۆڤ و سەگ بێت.
پۆلیس بۆ دۆزینەوە تاوان بەکاری دەهێنێت و پۆلیس لە سوریا بۆ ئازاردانی بەرهەلستکارە سیاسییەکانیان بەکاری دەهێنێت و لە یۆنان سەگ دەبێتە ڕەمزی قوربانی و هاوکاری مرۆڤ.

تاوانی سێکسی سەگ

پەیوەندی خۆشەویستی و سێکس دوو بابەتی گرنگ و دوو کۆدی کارای نێو دەقی ڕۆمان و چیرۆک و شیعرن. مەرج نییە نووسەر ئەم کۆدە وەکو بەشێک لە ڕەفتار و خواستی خۆی بەکار بهێنێت، بەڵکو دوو بابەتن، سەرتاپای مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو دووچاری کاردانەوە و بەکارهێنان و کارەسات و ئاسودەیی دەروونی و کێشەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و خودیشی کردووە. سێکس بەشێکە لە پێکهاتە جەسەتەیی و دەروونی و خواست و چێژی مرۆڤ، ئەم دیاردەیە لە ڕۆژهەڵاتدا جۆرێکە و لە ڕۆژئاوا جۆرێکی دیکەیە.
(ئیبراهیم یوسف) لە ڕۆمانی (کۆماری سەگ)دا ئەم پەیوەندییە لەنێوان مرۆڤەکان و ئینجا لەنێوان گیانەوەرانیشی نمایش کردووە. کۆدێک دروست دەکات، کە سێکسی سەگ بێ رەزامەندی خاوەنەکانیان کارێکی بڤەیە. کۆدی ئەم باسە ئەوەیە، ئافرەت بەئارەزووی خۆی سێکس دەکات، کەچی سەگ ڕێگە پێدراو نییە، سەگێکی دیکە بە ئارەزووی خۆی سێکسی لەگەڵ بکات.
پەیوەندی قسەکەری سەرەکی و بگێڕەوەی یەکەم و پاڵەوانی فرەزان و فرە ئەرک و تێڕوانین و فکرە، باسی ئەو شەوە دەکات کە لەڕۆژی جیهانی سەگ لەگەڵ ئافرەتە ئەلمانییە شۆخەکە پەیوەندیی و وێناکردنێکی سێکسی دروست دەبێت.
دواتر کێشەی بەزۆر سێکس کردنی سەگێک لەگەڵ سەگێکی دیکە ئاماژە پێ دەکات، کە چۆن ئەمە دەبێتە کێشەیەکی یاسایی و خاوەنی سەگی گایراو، سکالای یاسایی لەسەر سەگی گانکەر تۆمار دەکات. خوێنەری وریا لە کۆدی وێنە کۆمیدییەکە دەردەچێت و ژیرانە سەیری زەمینەسازی پەیوەندی جدی نێوان دوو سەگ دەکات.
لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا ئەوە ئاماژە پێ دەکات، کە دراوسێیەک سکالای یاسایی لەدژی دراوسێیەکەیان تۆمار دەکات، لەبەر ئەوەی سەگەکەیان لەلایەن سەگی ئەوانی دیکەوە سێکسی لەگەڵ کراوە، بێ ئەوەی پرسیان پێ بکەن. مەسەلەکەش پەیوەندی بەوە هەیە حەز لە ڕەگەزی سەگە گانکەرەکە ناکەن. لەکاتێدا وەکو ڕۆماننووس ئاماژەی پێکردووە و دەڵێت “ئافرەکانیان ئازادن لەوەی بە چ جۆرێک و لەکێ سکیان پڕ دەبێت”. بەڵا گیانەوەرەکانیان ڕێگە پێدراو نین. ئەمە کۆدێکە پەیوەندی بە عەقڵ و کەلتوور و شێوەژیانی کۆمەڵگەوە هەیە.

کۆدی سەگ وەکو قوربانی

لەنێو ڕۆمانەکەدا کە سەربردە و مێژووی سەگ و پەیوەندییەکانی ئەم گیانەوەرە بە هاووڵاتیان و پەناهەندە و کەلتووری جیاوازەوە دەگێڕدرێتەوە، سەگ چەندە پلەیەکی بەرزی لە کەلتووری ڕۆژئاوا پێدراوە و بەکردەوە سەگ وەکو گیانەوەرێکی خۆشبەختی خودانی پلەیەکی ڕێزلگیراوە، لەهەمان کاتدا هێما و نیشانەیەکی زەقیشە بۆ قوربانی وەکو کەرەستە و شتێکی بەکارهێنراوی نمایشکراو، بەتایبەتی لەسەردەمی جەنگ و بینیمان ڕوسەکان بە سەدان سەگیان بۆ تەقاندەوەی تانک و هێزەکانی دوژمنانیان بەکار هێناوە و مینڕێژیان دەکەن بۆ تەقاندنەوە. ئەمە کۆدێکی دیکە کە مرۆڤ چەندە دڕندانە سەگ بۆ کوشتنی مرۆڤ بەکاردەهێنن و پیشێلی مافی گیانەوەرانیش دەکەن.
ئەمە کۆد و هێما و نیشانەیەکە بۆ کەرەستە و شتێک کە (دڕندەیی و تاوانکاری مرۆڤ) نیشان دەدات و سەگ وەکو ئامێرێکی قوربانی و جێگەی بەزەیی ئاماژەی پێکراوە، لەکاتێکدا ڕۆمانەکە دەیان نموونەی دیکەی تێدایە کە ئاماژە و هێمایە بۆ (شکۆ و دەسەڵات و پێگە و هێزی) سەگ. تەنیا ناونیشانی ڕۆمانەکەش، کە ناونراوە (کۆماری سەگ) ئاماژە و هێما و کۆدێکی ڕاستەوخۆیە بۆ نیشاندانی پێگە و دەسەڵات و هێزی سەگ لە کەلتوور و کۆمەڵگە جیاوازەکان.
ڕۆماننووس دەڵێت : “سەگ بە خراپی و بەدیی لەدایک نابن، بەڵکو ئێمە وا لە سەگەکان دەکەین خراپ بن، یان باش… “. لەم ئاماژەیەدا ئەوەمان پێ دەبێژێت، کە مرۆڤ ژینگەی سەگەکە دەگۆڕێت و دروستکەری دۆخەکانە، نەک خودی سەگەکان. سەگ بە پاکی و بێ تاوان دەترەکێن. کۆدەکە ئەوەیە هەرچەندە ئەو لە منداڵییەوە لە حەپەی سەگ تۆقیوە، بەڵام سەگ گیانەوەرێکە بەسروشت بە باشی دێتە ژیان و مرۆڤ کۆدەکانی دەگۆڕێت.
(ڕۆماننووس/ ئالان نەقشبەندی/ ئیبراهیم یوسف) نزیکەی چوارسەد لاپەڕی لەبارەی سەگ و جۆرەکانی و سایکۆلۆژیا و مێژوو و کێشە و پەیوەندییەکانی سەگ و مرۆڤ لە دوو شارستانیەتی جیاوازدا نووسیوە، کەچی (بیانکا)ی ئەلمانی کە لەڕێگەی سەگەکەییەوە دەبێتە هاوڕێی پێی دەڵێت: “ڕۆشنبیریەکی هەژار و کەمت لەبارەی سەگ هەیە”.

کۆدی زمان

زمان یەکێکە لە کۆدە گرنگ و دیارەکانی نێو دەق، ڕۆماننووس بە دووجۆر لە مەبەست و کاریگەریی و توانای زمان لە بیناکردنی تەکنیکی ڕۆمانەکە و ئینجا وەکو ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی (کردەی پەیوەندیکردن) پەنای وەبەر زمان و کۆدەکانی بردووە.
لەنێو ڕۆماناکەدا لە چەندین شوێن ئاماژە بە زمان وەکو ئامرازی پەیوەندیکردن و گەیاندن و تێگەیشتن و خۆ لەقالبدان و گۆشەگیریی و لەدەستدانی توانای تێگەیاندن و تێگەیشتن ئاماژە پێکردووە.
دەڵێت ” لەڕێگەی بەکارهێنانی قاموسی ئەلەکترۆنی بەزمانێکی ناڕێک نامەیەکم نووسی”.
” تۆ نەخوێندەواری لەبەر زمانەکەت، فەرهەنگی زمانەکەت بایی ئەوە ناکات لە هەواڵی ئەلمانی بگەیت و یان لە هەواڵی سادەی تەلەڤزیۆنیش بگەیت… لەناخەوە هەستم بە ئازارێکی توند کرد..”.
سەرباری ئەوەش لە چەند شوێنێکدا بەمەبەست بۆ ئەوەی دوو شت بسەلمێنێت، هەندێک دەستەواژەی پەندی کوردی بە کوردی دەنووسێت، یان هەندێک ناوی کوردی بەکاردەهێنێت، دیارە ئەمەش نیشانەیە بۆ گوزارشت لە هەندێک کۆدی دیکە لەڕێگەی زمانەوە، وەکو:
یەکەم: بۆ ئەوەی کۆدی هەبوونی زمانی کوردی و ناوی کوردی و بوونی (نەتەوە و ناسنامەی نەتەوە) لەئاکامی بەکار‌هێنانی زمان، نەک بەکارهێنانی سیاسەت و مێژوو بسەلمێنێت. وەکو ناوی (گازی و شیا و دڵشاد و دڵدار و ئالان.. تاد).
دووەم: پێمان دەڵێت کۆدی دووەم پەیوەندی بە جیهانی کوردییەوە هەیە سەبارەت بە سەگ و پەیوەندیی لەگەڵ ئەم گیانەوەرە و کاردانەوەی لەسەر نەریت و ڕەفتار و بیرکردنەوەی تاکی کوردی و کۆمەڵگەی کوردستانی.

کۆدی زمان یەکێکە لەو کۆدە دووبارە بەکارهێنراوەکەی نێو ڕۆمانەکە، ئامانج و مەبەستی جیاواز دەگەیەنێت، گوتاری زمان، گوتارێکی فرە ڕەهەند و شێوازە. گوتارێکە پەیوەندی بە هزر و زهن و وێناکردنی شتەکان لەنێو زمانەوە هەیە.
کۆدی زمان بریتییە لە:
کۆدی پەیوەندیکردن بە دەوروبەر.
کۆدی تێگەیشتن و لێکدانەوە
کۆدی ئاخاوتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانی دیکە.
کۆدی زمانی سەگ
کۆدی ساخکردنەوە
کۆدی ناسنامەی نەتەوە (کوردی) و (ئەلمانی) و (عەرەبی) بە نموونە.
بۆ نموونە ئاماژە بەوە دەکات، کە بوونی دیالەکتیک مانای دەوڵەمەندی خودی زمانەکەیە، کورد چەندین دیالەکتیکی وەکو کرمانجی و سۆرانی و زازایی و کەرمەشانی و گۆران.. هەیە
کۆدی زانینی چەند زمانێک
کۆدی خوێندن و کۆرسی زمان
کۆدی سایکۆلۆژیای زمانی سەگ

کۆدی زمانی سەگ

ڕۆماننووس دەبێژێت ” چوارسەد هۆزی سەگ هەیە سەگ زمانی خۆی هەیە، هەروەها کۆدی خۆشیان هەیە، لە توێژینەوەیەک دەرکەوتووە سەگ نۆزدە کردەی ئاماژەی هەیە، لەنێویاندا داواکردنی خواردن، خواردنەوە، یان داوای یاریکردن و کردنەوەی دەرگا..”.
بۆ ئەم ئاماژەیە، گرنگە لەپێناو گەڕان بەدوای دۆزینەوە و شیکردنەوەی کۆدێک، کە پێمان دەڵێت ئەی مرۆڤ لەوە بگە، سەگ وەکو گیانەوەرێک زمانی تایبەتی ئاماژەی هەیە، لەپێناو بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیکردن بە دەوروبەرەکەی خۆی ئەم ئاماژانە بەکاردەهێنێت. کردەکانیشی هەمەجۆرە و بریتین لە داواکردن و ئاگادارکردنەوە و خواست و پێویستیی و تووڕەیی و ڕەتکردنەوە… تاد.
ئەم کۆدە وا لە مرۆڤ دەکات وردتر لە کۆدی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گیانەوەران بڕوانێت، فکریان لێ بکاتەوە و شیکاریان بکات. ئەم کۆدە لەکردەوەدا پێویستی بە کردەی (تێگەیشتن، شیکردنەوە و حووکم و بڕیار) هەیە.
لە ئاماژە و بەکارهێنانی زماندا گوتارێکی گرنگمان پێ ئاشنا دەکات، کە دەڵێت:
سروشتی مرۆڤ هەمووی یەکە، زمانەکان لێکمان جیا ناکاتەوە، زمانی ڕۆح، هەست و نەست، هوشیاری، دەرککردن، ئەمانە زمانی نێونەتەوەیین زمانی سەرتاپای جیهانن”.
بێگومان زمان هێما و نیشایەکەی فکری گرنگە، هەر تەنیا ئامرازی پەیوەندیکردن نییە نییە، بەڵکو ئامانجە لەپێناو پێکهێنانی ژینگەیەکی یەکسان و هاوبەشی مرۆیی لەگەڵ ئەوانی دیکە. زمان پەیوەستە بە ژینگەی و دەوروبەری فکریی و تێڕوانینی مرۆڤەکان. نەک هەر تەنیا لای مرۆڤەکان، بەڵکو سەگیش لەم کۆمارەی (ئیبراهیم یوسف)دا خودانی دەیان کۆدی تایبەتی خۆیەتی و بەکردەوە خواست خۆیان و سایکۆلۆژیای خۆیان بەم ڕەفتار و جووڵە و ئاماژانە دەردەبڕن.

کۆدی کوردبوون

یەکێک لە کۆدەکانی نێو ڕۆماناکە پێناسەکردن و دیارکردنی ناسنامەی نەتەوەییە بێ ئەوەی دەمارگیر بێت، یان نەتەوەپەرستانە بئاخڤێت. بەپێچەوانە ئەوی کارەکتەری سەرەکی و پاڵەوانی ڕۆمانە و هەقایەتخوانی سەرەکی ئاماژە بەوە دەکات کۆمۆنیست بووە، عیلمانییە بێ ئەوەی مولحید بێت. زمانی دایکی کوردییە و ئینجا لە قتابخانە فێری عەرەبی بووە و بەم زمانەش دەنووسێت، سەرباری فەرەنسی و ئینگلیزی و دەیەوێت فێری ئەلمانیش بێت. ڕاشکاوانە ئاماژە بە سوری بوون دەکات، بەڵام ئەو لە زۆر شوێندا ڕاشكاوانە کۆدی کورد بوون وەکو زمان، کیانێکی جیاواز لە زمان و ڕەگەز و نەتەوەکانی دیکە دەبینێت، بێ ئەوەی پلەبەندی لەم دیتنە بکات.
تەنیا شتێک وەکو پرسیار و گریمانە و لێکدانەوە ئاماژە پێ دەکات ئەویش (تێکەڵبوون و توانەوەی یەکلایەنە/ اندماج) وەکو پرسێک و کۆدێکی دیکە دەبینێت بۆیە پێی وایە “تێکەڵبوونی یەکلایەنە، قوتدانی ئەوی دیکەیە”. ئەمە لە ڕۆژهەڵات ڕوو دەدات، کەچی لە ئەلمانیا کە نزیکەی ١٨٠ زمانی جیاوازی تێدایە، ئەم تێکەڵبوون و توانەوەیە ڕوو نادات.
ئەم کۆدە لەکردەوەدا گوتارێکی فکری و سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتیشە، کردەیەکە لە ڕۆژهەڵاتدا توانەوە و قووتدانی ئەوانی دیکە، وەکو بەرنامە ستراتیژی سیاسی باڵا دەستە، بە مانای سڕینەوەی ناسنامە و پێناسە و توانەوەی ئەوانی دیکە دێت.

کۆدی تێکچوونی هاوسەنگی

لە ئەلمانیا کۆدێکی دیکەی گرنگ هەیە، کە سەگێک، یان گیانەوەرێک دەمرێت، دەیبەنە گۆڕستانی تایبەتی گیانەوەران و بەڕێز و بایەخەوە ڕێوڕەسمی ناشتنی گیانەوەرە مردووەکە لە گۆڕاستان ئەنجام دەدرێت، کەچی لە ڕۆژهەڵاتدا ئاماژە بە دۆخی سوریا دەکات، لەڕێگەی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان لەلایەن قسەکەری سەرەکی نێو ڕۆماناکە دەبێژێت: “چیرۆکی منداڵەکان، چیرۆکی ئەو منداڵانەی لەبرسان دەمرن، یان لەژێر خانووە ڕووخاوەکانیان دەیاندۆزنەوە…”. ئەمە کۆدی تێکچوونی هاوسەنگی و شکاندنی شکۆی مرۆڤ و ڕێزگرتنی گیانەوەرانە لەهەمان کاتدا.
کۆدی نەبوونی هاوسەنگی لەنێوان بایەخدان و ڕێزگرتن لەنێوان مرۆڤ و سەگ، لەنێوان کەلتووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە نێوان مرۆڤ لە وڵاتی ڕۆژهەڵات، سەگ لە وڵاتەکانی ڕۆژئاوا. تێکچوونی ئەم هاوسەنگییە، لە کۆتایدا دەبێتە هۆکار بۆ بەدبەختی و کۆچکردن و ئاوارەیی و ڕووکردنە پەناهەندە و لەهەمان گاڤیشدا نیشانە و هێمایە بۆ دروستبوونی کۆدی تێکچوون و نەبوونی یەکسانی و هاوسەنگی لەنێوان دوو جیهانی جیاوازدا.

کۆدی ناوەکان

ناو بەگشتی لەنێو دەقدا ئاماژە و هێمایە بۆ چەندین کۆدی دیکەی نادیار، کە نووسەر لەپێناو گەیاندنی مەبەست و پەیامی جیاواز بەکاریان دەهێنێت و هەندێکیان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ کار دەکەن. هەر ناوێک لەتەک ئەرکە سروشتییە باوەکەی خۆی، چەند ئەرکێکی دیکەی ناڕاستەوخۆ و شاراوە و جیاواز لەپێکهاتە سروشتییەکەی دەگێڕێت.
ناوی شوێن، ناوی کارەکتەرەکان، ناوی شتەکان، ناوی پێکهاتە و کەرەستەکانی نێو دەق. ئەمانە نیشانەی زمانەوانی و هێمای فکری و ئاماژەی دەروونی و کۆمەڵایەتین بۆ دۆزینەوە و پێناسەکردن و بەدیهێنانی کۆدی زمان بۆ راپەڕاندنی گوتاری نێو دەقەکە.
(ئیبراهیم یوسف) لە بەکارهێنانی ناوەکان (کەس، شوێن، فکر، شت و کەرەستەکان) مەبەستی قووڵتر لە مەبەستە ڕۆتینییە باوەکەی هەیە. کە دەڵێت (ڕوس، ڕوسیا) سەگیان بۆ تەقاندنەوە بەکار دەهێنا، ئەمە جۆرێک لە داپچڕینی بەرگی مرۆبوون و هەستی مرۆیی. کاتێک ئاماژە بە شت، یان فکر و نەریت دەکات، دەڵێت دوای دەست لەسەگ دان، پێویستە لەنێو ئەلمانیا (دەست بە خۆڵ بشۆن) ئەمە هەم ئاماژەیە بە ناوی نەریتی کۆمەڵگەی موسلمانی کوردی و هەمیش جۆرە گومانێکە لە پیسی و ڤایرۆسی سەگ و خۆدوورگرتنە لە ڕاگرتن و بەخێوکردنی سەگ لە ڕوانگەی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە. ئەم کۆدە نیشانەیە بۆ کەلتووری ڕۆژهەڵاتی.
ناوی کارەکتەرەکان، و ناوی شوێنەکان ئاماژەن بۆ پەیوەندی قسەکەری سەرەکی و پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە لەگەڵ کەسەکان و مێژوو، شوێن و نەریتەکان. ئەمانە هەر یەکە خودانی کۆدێک، یان پتر لە کۆدێکن و لەم ڕێگەیەوە نووسەر دەرگای (بیرکردنەوە و لێکدانەوە و ناسینەوە و پێناسەکردنەوەی شتەکان) دەداتە دەست خوێنەر، خوێنەری وریاش دەبێت بەدوای ئەو شتانەدا بگەڕێت، کە نادیارن.

کۆدی نەریت و ڕەوشت و ڕەفتار

لەنێو دوقی ڕۆمانی (کۆماری سەگ) ڕۆماننووس بە مەبەست و لەپێناو دروستکردنی وێنەیەکی زهنی پشت ئەستوور بە کەلتوور و بەراوردی نەریت و ڕەوشتی دوو شارستانیەت، یان دوو شوێن و کەلتوور و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی جیاواز، ئاماژە بە هێما و نیشانەکانی (نەریت و ڕەفتار و کەلتوور) دەکات.
لەڕێگەی ئەم ئاماژانە بێ ئەوەی وەسفی درێژداذڕ و ڕێگە بزرکەر بۆ خوێنەر دروست بکات، بە ئاماژەی خێرا، بە کورتە نموونەی پووخت بەشێوازی گێرانەوەی چڕکراوە، بەراوردی دوو نەریتی جیاواز دەکات، لەبارەی ڕاگرتنی سەگ، پەیوەندی مرۆڤەکان لەگەڵ گیانەوەر و بەتایبەتیش سەگ، کاردانەوەی دەروونی کەسەکان و میهرەبانی و دڕندەیی مرۆڤ لە بەرانبەر سەگ ئاماژە پێ دەکات. مەبەستیش لەمانە هەمووی ئەوەیە، کە پەناهەندەی سوریی، چۆن لەنێو کۆمەڵگەیەکی نوێی ئەوروپایی خۆیان دەگونجێن،یا کۆدەکانی کەلتوور چۆن ڕێگریان لێ دەکات، سەگ بەخێو بکەن، سەرباری کۆدی ململانێی خۆ گونجاندن و شێواز هاوچەرخانە و تەکنیکی پەیوەندیی و ئامانجی کەسەکان لەپێناو مانەوە لە بەهەشتی پەناهەندەیی.
کۆدەکان دەداتە دەست خوێنەر و بەزمانێکی سادە بە خوێنەر دەڵێت، پەناهەندە لە چ دۆخێکی دەروونی و کەلتووری ئاڵۆزدا لە شوێنە نوێیەکەدا دەژین و تووشی چ دۆخێک دێن، کە پەیوەندی بە خودی مرۆڤەوە هەیە،ئەو پێچەوانەی ململانێی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤ لە شوێنە نوێیەکە، ململانێکە دەبەستێتەوە بە مرۆڤ و گیانەوەر.
هیچ کەسێک لەسەر شەڕ و کێشە لەگەڵ مرۆڤەکان تووشی زیندان و پۆلیس و لێپرسینەوە نەبووە، بەڵکو لەبەر خراپ پێشوازیکردن لە گەڵ سەگ تووشی کێشەی یاسایی دێن، یان سەگ لەبەر خاوەنە میهرەبانەکەی تووسی دۆخێکی دەروونی خراپ دێت و لە ئاکامدا دەتۆپێت.
ئەمانە کۆدێ فرە ڕەهەند و فرە ئەرکی نێو دەقی (کۆماری سەگ)ن. هەر کۆدێک ژمارەیەک کۆدی بچووکتر، یان فرە ڕەهەندتر لەنیو خۆیاندا هەڵدەگرن، هەندێک دیارن و هەندێکیشیان نادیار و ناڕاستەوخۆن و پەیامی شاراوە دروست دەکەن، خوێنەریش دەتوانێت لەتەک ئەم کۆدانە کۆدی دیکە بە دەقەکە ببەخشێت، چونکە بیرکردنەوە لەنێو دەقەکە کراوەیە، لێکدانەوە فرە ڕەهەندە، وێناکردنی بابەتەکان و ڕووداوەکان شایانی گریمانەی هەمەجۆرن.

٥٦ کۆدی ناونیشان

بێگومان ناونیشان ڕەنگە کۆدێک و پتر لە کۆدێک لە خۆی بگرێت، ئەم ڕۆمانە لەتەک ناونیشانی سەرەکی (کۆماری سەگ)، ٥٦ کۆدی دیکە وەکو سەرە بابەت لە خۆگرتووە، کە دەکرێت هەر یەکێک لەوانە چیرۆکێکی سەربەخۆ بن، لەنێو ڕۆمانەکە و یەکتر تەواو دەکەن.
مەبەستم ئەوەیە بێژم ئەم ناونیشانانەش مەبەست و مانا و گوتاری خۆیان هەیە، گوزارشت لە زۆر دۆخ دەکەن، کە هەر هەموویان خزمەتی ناونیشانە سەرەکەییەکەی ڕۆمانەکە دەکەن. پەیوەندییەکی توند و سەرکەوتووش لەنێوان ناونیشانە لاوەکییەکان و کۆماری سەگ و ڕووداوەکان و بابەتە ئاماژەپێکراوەکان و خودی کۆدەکانیش لەنێو ڕۆمانەکە هەیە.

کۆدی خۆ لەبیر نەکردن

خاڵێکی گرن ئەوەی کە رۆمانووس هەقایتخوانی سەرەکی و پاڵەوانی ڕۆمانەکەی خۆیەتی، خۆی لەبیر ناکات و کۆنترۆڵ لەدەست نادات و کەس ڕەت ناکاتەوە، بیروڕاکانی میناڕەوانەن، ئامادەی گفتوگۆیە، تەنیا لەهەندێک بواردا منداڵەکانیشی ڕەخنەی لێ دەگرن و ئەویش نەرمونیانانە پێشوازی لە ڕەخنەکانیان دەکات. لە سەردەمی دیکاتۆریەت لە سوریا، لە کۆچكردن، لەمانەوەی لە ئەلمانیا و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی نوێ، دۆستایەتی لەگەڵ ئافرەتی ناسک و نازداری ئەلمانی کۆنترۆل لەدەست نادات، مرۆڤێکی هێمن و ئارامە، دەزانێت چی دەڵێت و چۆن دەئاخڤێت و مەبەستی لە قسەکردن و گێڕانەوەی ڕووداوەکان چییە، هەرچەندە درێژ درێژ شتەکانی گێڕاوەتە، بەڵام هەر شتێک شوێنی سروشتی خۆی لەنێو دەقەکە پێ بەخشراوە و ئەو معاناتی زمانی ئەلمانی لە تێگەیشتن و گەیاندنی مەبەست و لێکدانەوە و شیکردنەوە و گێڕانەوەی بابەتەکان هەیە، بەڵام دیسان ئەمانە نەبوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی ڕۆمانووس دوور لە نەریتی باو، بەتوڕەیی و کاردانەوەی خراپ و هەڵچوونەوە بیر بکاتەوە و کۆدەکانی نێو دەقەکە دروست بکات.

دوا کۆدی ڕۆمانەکە

کۆتایی دەق لە سەرەتا و دەستپێک و زمانە خۆشە بەیەک بەستراوەکەی گرنگترە، دەکرێت لە کۆتایدا هەموو دەقەکە بە تەنیا وێناکردنێکی بچووک پڕ بکرێت لە مانا و مەبەست، پەرەگرافێکی کورت چەند وشەیەکی فرە مانا و مەبەستدار لەکۆتایی دەقەکەدا دەتوانێت تەواوی شتەکان هەڵبگێڕێتەوە. لە ٣٦٢ لاپەڕەدا کە پرە لە کۆد، پڕە لە وێناکردن و لێکدانەوە و تێفکرین و جووڵە و ململانێ و بیرکردنەوە و ڕاکردن و پێشوازیی و ڕەتکردنەوە و دەیان شتی پڕ لەشت، ئەو باسی ململانێ مرۆڤ لەگەڵ سەگ و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ لە کەلتوورە جیاوازەکان دەکات و (بیانکا)ی ژنە ئەلمانیش تووسی دۆخی خۆکوشتن دێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی سەگەکەی (رۆکی) بەهۆی ئەم ڕووداوە دۆخی دەروونی تێکبچێت و لە کۆتایدا، پێش تەواو بوونی ڕۆمانەکە بتۆپێت.
کەچی نووسەر لە دواین پەرەگرافدا دەبێژێت ” دەبووژێمەوە، ئەوەی بەسەرم هات وەهم بوو، بیانکا ژیانی بۆ گەڕایەوە و ڕۆکی بەدوایدا دەڕوات، ئەوەتە ئاواتەکەم هاتە دی. مەزەندەکانم هەڵە بوون.
دوای ئەوەی (بیانکا) دەکەوێتە نەخۆشخانە پۆلیس هەواڵی ئەوەی پێ دەدەن، کە چاوی کردۆتەوە و گوتیەتی ئەو خۆی هەولی داوە خۆی بکوژێت، بەمە (ئالان نەقشبەندی) پەناهەندە ئاهێکی دێتەوەبەر و لە تۆمەت وگومان و تاوانباریی دەردەچێت و ڕاست دەبێتەوە. لەکردەوەدا دەسەلمێت ئەو هیچ پەیوەندییەکی بەم ڕووداوە نییە. لە کۆتایی ڕۆمانەکە هەموو شتەکان، ڕووداوەکان، هەستەکانی و کۆدەکان لەم چەند پەرەگرافە کورت دەکاتەوە و دەڵێت:
“لێی نزیک بوومەوە، بێدەنگ بوو و قسەی نەکرد، بانگی سەر جێگاکەی خۆمم کرد و یازدە سەگەکە تووڕەبوون و لە شوێنی خۆیان متبوون و نەجووڵان. سەگەکان وەک لە ڕۆژی جیهانی سەگەکاندا قسەیان نەدەکرد و هیچ بەرپەرچێکیان نەدەدایەوە. سیمایەکی سارد، بەڵام پڕچێژ و تام بوو، لە جاران جوانتر بوو. وەک مێینەیەکی ئەفسانەیی ورووژێنەر دەرکەوت، بەردەوام بوو لە داکەندنی جلەکانی پارچە لە دوای پارچە دای دەکەند: کراسەکەی ژێرەوە، شۆرتەکە، ستیان، ئەو ڕووت بۆوە و بەرەو ڕووی چووم، لە شوێنی خۆمدا، چەقیم و پێم نەکرا چێ دیکە بجوولێم، پێی ناگەم، کەواتە بۆ کێ خۆت ڕوت دەکەیتەوە؟
…. دەمەوێت هەڵبستم، بەرەو دەرگا بچم، ژوورەکەم هیچ دەرگایەکی نییە، ئای چی ڕوودەدات؟ چیم بەسەر هاتووە؟”.
تا دەڵێت:
“نەفرەت لەم مۆتەکە نەعلەتییە!”. ئەمە دوا کۆدی ڕۆمانەکەیە و ئیدی ئەمە دیماهیی دەقەکەیە.
(بیرەوەریی و ژیاننامەی من و سەگ ئازار بەخشە، سەرچاوەی مەعاناتی منە لە منداڵییەوە…. ئەوەی ئەم شەوە ڕوویدا، وەکو نامەیەک بوو بۆ من، بۆیە دەبێت بڕیارێک بدەم، بڕیای کۆتایی!!”. بەم وشە و پەیڤانە دەقەکە کۆتایی دێت. ڕۆمانووس دەگاتە ئەو بڕیارەی کۆدی هەموو دەقەکە دەبەستێتەوە بە (پێویستی بڕیاردان). خوێنەر دەبێت بیر لە کۆدی بڕیار بکاتەوە.
کۆدی (بڕیار) و (هۆکاری ترس و معانات لە منداڵییەوە) و (ژمارەیەک بابەتی پەیوەست بەم دۆخەی لە منداڵییەوە هەیەتی، لە ئەلمانیا و لە سەردەمی پەناهەندەیی دەردەکەوێتەوە و دەبێتە سەرچاوەی ڕۆمانێکی دوور و درێژ، ڕۆمانێک کە هەم بیرەوەرییە و پەیوەستە بە ڕووداوە هەقیقی و واقیعەکانەوە و دەیان ڕووداوی هەقیقی و ناوی هەقیقی و شتی ڕاستەقینە دەگێڕێتەوە، لەهەمان کاتیشدا خەیاڵە و مەزەندە و لێکدانە و تێڕوانینی دەروونی و فکری لەخۆگرتووە.
ئەمە کۆدی کۆتایی ڕۆمانەکەیە، لەڕووی هونەرییەوە بەشێوەیەک کۆتایی پێهێناوە، کە خەیاڵ و هەقیقەت تێکەڵە. بە جۆرێک لەجۆرەکان ئامانجی دروستکردنی کۆدی دیکەیە، کە پەیوەندی بە (خۆشەویستی، سێکس، ئیرادە و بیرکردنەوە لەبارەی کەسایەتی) پەناهەندەیەک لەگەڵ (بیانکا)ی شۆخ و شەنگی ئەلمانی هەیە. سەرەتا (بیناکا) ئەو ڕادەکێشێت بۆ نزیکبوونەوە و خۆی بۆ ڕووت دەکاتەوە، کەچی لەکۆتایدا ڕۆماننووس وا شتەکانی وێنا کردووە، کە دەیەوێت (ئافرەتەکە ڕابکێشتە شوێنی نووستنی خۆی)، بەڵام دیسان دوای خۆڕووتکردنەوەی ئافرەتەکە، ئەو لەجێی خۆی دەچەقێت و ئیرادە ناکات دەستی بۆ ببات.
ئەمە کۆدی سەرەتا و کۆتایی ڕۆمانەکەیە.. هەمووشی لەڕێگەی فێربوونی زمانەوە دەست پێ دەکات لە (پەناهەندەیی)… ! ئیدی ئەمە کۆدەکانی دیکە بەخۆی دەبەستێتەوە و درفەتی شیکردنەوە و لێکدانەوەیان بۆ دروست دەکات و هەمووشیان گوتاری ڕۆمانەکە پێکدەهێنن کە بریتییە لە ژیانی پەناهەندەیی و پەیوەندی نوێی پەناهەندە لەگەڵ ژینگە و شوێنی نوێ، بە هەموو ڕەهەند و پێکهاتە و جۆرێکەوە.. !

دیماهی و پوختە
ڕۆمانێکە مرۆڤ شوێنی خۆی داوەتە (سەگ)ی گیانەوەر، ئەو گیانەوەری لە کەلتوور و شارستانییە جیاکانی جیهان هەمیشە نزیک مرۆڤ بووە. لە کەلتووری بیابان مرۆڤ ناوی زارۆکانی ناوە سەگ، سەگ لەنزیک مرۆڤ ژیاوە، لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلام وەکو بەشێک لە خۆپارێزی سەگیان وەکو گیانەوەرێکی پیس وەسفکردووە، لەکاتێکدا لە ئەشکەوت ڕۆڵێکی پاڵەوانانە دەگێڕێت.
لە کەلتووری ڕۆژئاوایی سەگ بەپلەی دووەم لە دوای منداڵ دێت، ئینجا ئافرەت شون پێیان دەکەوێت.
تەکنیکی بیرەوەریی و ژیاننامەی لەخۆگرتووە، شتەکان و بەشەکانی ڕۆمانەکە لەنێوان هەقیقەت و خەیاڵدا ڕۆنراوە، پشت بە گێڕانەوە دەبەستێت، سوودی لە کەلتوورە جیاکان وەرگرتووە، زمانێکی سادە هەموو کەسێک دەتوانێت بیخوێنێتەوە و تێی بگات، لەهەمان کاتدا پڕە لە (مانا و مەبەست و پەیام) و ئاوسە بە فکر و کەلتوور و وێناکردن و شتی زهنی ورد.
ڕۆمانێکی کوردییە بە زمانی عەرەبی نووسراوە، خودانی ناسنامەی (کوردبوونە)، لەهەمان کاتدا هیچ خۆتواندنەوە، یان توندانەوەی ئەوانی دیکە لەنێو زمان و بوونی کوردیدا بەدی ناکرێت. تەوەرەی سەرەکی قسەکردن لەسەر سەگ و ڕیشە و نەژاد و جۆر و پەیوەندی ئەم گیانەوەرەیە بە خودی مرۆڤەوە لەڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، دەروونی و سەربازی و هەواڵگری و یاسایی.
خاڵێک سەرنجی راکێشام، وەکو زۆر لەو فیلمانەی لەبارەی سەگەوە ئامادەکراون، کە ئەوانیش پشتیان بە دەقی نووسراوی چیرۆک، ڕۆمان بەستووە، فیلمەکە سەرەتای هەیە، کێشە و گرفت و ناکۆکی و زانیاریی لە نێوەڕاستی بابەتەکە هەیە، لە کۆتایدا ئەوانەی سەگ ڕەت دەکەنەوە، دەرگای دڵ و عەقڵ و ویژدانیان بۆ خودی سەگەکە دەکەنەوە و پێشوازی لە دۆستایەتی و بایەخ و گرنگی و شایستەیی سەگ دەکەنەوە، ئەم ڕۆمانەش هەمان شتە، دوای ناکۆکی و ڕەتکردنەوە و خۆپارێزییەکی دوور و درێژ و دەیان کێشە لە دیماهیدا ڕۆماننووسەکە ئەوەمان پێ دەڵێت، کە مرۆڤ شایەنی بەخۆداچوونەوە و گۆڕان و چاکسازیی و گۆڕینی ڕەفتار و هەڵسوکەت و بیرکردنەوەیە.
ئەویش لەکۆتایدا پێشوازی لە سەگ دەکات، وەکو چۆن لە فیلەمکان ئیرادە و دەسەڵاتی سەگ سەردەکەوێت لەم ڕۆمانەشدا ئەمە ڕوودەدات.
ناونیشانی ڕۆمانەکە ئەگەر هەندێک بیریان بۆ ئەوە بچێت، کە بەکارهێنانی سەگ وەکو نیشانە و پێناسەی کۆمارەکە جۆرێک لە سوکایەتی و ناولێنانێکی خراپە، لە کردەوەدا دەقەکە شتێکی دیکەمان پێ دەڵێت و خودی ناونیشانەکەش سوکایەتی نییە، بەڵکو گێڕانەوەی بەسەرهاتی سەگە، کە سەگ (دەسەڵات و پێگە و توانا و ڕێزگرتنێکی یەکجار زۆر و بەهێزی) هەیە. بۆیە ڕۆماننووس ڕاشكاوانە ئەمە بە (دەسەڵاتی سەگ) ناو دەبات. واتە ناونیشانەکە شکاندن و سوکایەتی نییە، بەپێچەوانەوە بەرزکردنەوەی پێگە و بوونی سەگە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مرۆڤ، بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا. تەنیا وای لێهاتووە لیستێكی دوور و درێژی ئەو سوریانەش تۆمار بکات، کە لە ئەوروپا سەگ بەخێوە دەکەن و ڕادەگرن.
لە کردەوەدا بەشێوازێک و زمانێک ڕۆمانەکە نووسراوە، کە دەستت پێکرد، حەز ناکەی وازی لێبهێنیت، ئەمەش توانا و بەهرە و دەسەڵاتی ڕۆماننووسەکە نیشان دەدات، ڕووداوەکان یەکتر ڕادەكێشن و خوێنەر هان دەدەن، بە سەلیقەی پترەوە دەقەکە بخوێنێتەوە.
دووجۆر خوێندنەوە بۆ ڕۆمانەکە دەکرێت:
یەکەم: خوێنەری ئاسایی، ڕەنگە حەز لە زانیارییەکان بکات و بۆ خوێندنەوە ئەم لایەنە ڕەچاو بکات.
دووەم: خوێندنەوەی قووڵ و فکرییە. دەقەکە چەندە لە زمان سادەیە، سەد بەقەد ئەوەش فکر و تێڕوانینی مرۆیانە و کەلتووری و مەدەنی و زهنی و ژین بگۆڕی (توند و میانڕەوانە) لەخۆگرتووە.
ئەم کتێبەم لە سەفەرێک بە دیاری لە خودی ڕۆمانووسەکە دەستکەوت، کە تەواوم خوێندەوە، تێگەیشتم باشترین دیاری ساڵی ٢٠٢٤ کە بەدەستم کەوتبێت ئەم کتێبە بەهرەدارەیە. هیوای بەردەوامیی لە نووسین و داهێنان و تەنکینک و بەرهەمی نوێتریان بۆ دەخوازم.
گوتاری دەقەکە شیکردنەوە و گەیاندنی پەیامێکی مرۆییە کە پەیوەندی بە پەناهەندەوە هەیە، کە لەوڵاتەکەی خۆیدا هەموو شتێکی بە ترس و ڕاونان و کوشتن و قڕکردن و توندوتیژی ئابلوقەدراوە، لە ئەلمانیا ژیانێکی نوێی ئازاد و کراوە بەهەموو مانایەکەوە دەست پێ دەکات، بەڵام ئەو ترسەی لەمنداڵییەوە لەچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سەگ لە دەروونیدا ماوە، لە پەناهەندەیش کێشەی بۆ دروست دەکات.. بۆیە پێویستی بە (بڕیارە، بڕیار).

غازی حەسەن




پرسیار و نیگەرانییەکان لە ڕێکەوتنەکەی نێوان مەزڵوم و شەرعدا.. شاخەوان قادر شۆڕش

ئەم ڕێککەوتنە (١٠/٣/٢٠٢٥) کە وەکو دەگوترێت لەژێر گوشار و چاودێریی ئەمەریکا، ڕوسیا، بەریتانیا، تورکیا و قەتەردا کراوە (چەندی ڕاستە نازانین)، ڕێککەوتنێکە لە نێوان بەرەی سیکولار، پێشەکەتووخواز و کۆنەپارێز، ئیسلامی کراوە. ئەگەر بزانین ئەوە لە کاتێکدایە کە لەشکری ئیسلامی بە پاڵپشتی تورکیا هێرشی بۆ سەر بەنداوی تشرین بۆ سەر کوردەکان بەردەوام بوو، لە هەمان کاتدا لەشکری ئیسلامی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دژ بە عەلەوەیەکان ئەنجام دەدا. دەکرێ بڵێین ئەم ڕێککەوتنە ڕێککەوتنی نێوان هێزی ئاشتی و هێزی شەڕە. بێگومان گرنگە کێشەکان لە ڕێگەی دایەلۆگ و بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێن، بەڵام با بزانین دەتوانین چی لە خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنەی کە بڵاوکراوەتەوە بخوێنینەوە.
لە خاڵی سێهەمدا دەڵێت ڕاگرتنی ئاگربەست لە سەرتاسەری خاکی سوریادا. کەواتە دەبێ هێرش بۆ سەر هێزەکانی خۆسەریی لە بەنداوی تشرین و حەلەب بووەستێت، کۆمەڵکوژیی بۆ سەر کەمینەی عەلەوی بوەستێندرێت. لە باری ملکەچیی بە ئاگربەست ڕێگە لە کوشتار و کاولکاریی زیاتر دەگیرێت. بۆیە ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنی زۆر پێویستە. بەڵام ئەگەر ئەوە تەنها نووسینی سەر کاغەز بێت، هێرش و کوشتار دژی کەمینەکان بەردەوام بێت کەواتە هەموو ڕێککەوتنەکە دەکەوێتە ژێر گومان و خۆی لە خۆیدا هەڵدەوەشێتەوە.
لە خاڵی پێنجەمدا دەڵێت مسۆگەری گەڕانەوەی هەموو ئاوارە سوریەکان بۆ شار و گوندەکانیان دەکرێت و دەوڵەتی سوریا دەیان پارێزێت. گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان زۆر پێویستە، بەڵام پرۆسەیەکی زۆر سەختە، لە کاتێکدا زۆر لە گوند و شاری خەڵک وێران بووین، یا لە ژێر چنگی لەشکری داگیرکەری تورکیا و چەکدارە ئیسلامیەکانی سەر بە تورکیایە. ئایا تورکیا ئامادەیە لە باکوری ڕۆژئاوای کوردستاندا، لە عەفرین و شوێنەکانی دیکە بکشێتەوە و لێبگەڕێت کوردەکان و کرستیانەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟ ئەوەی تورکیا بناسێت هیچ هەڵەیەکی نەکردووە ئەگەر گومان لە جێبەجێکردنی ئەم خاڵە بکات. جگەلەوەی زۆر لە ئاوارەکان بڕوا بەم دەسەڵاتە ئیسلامیە ناکەن کە لە نوێترین تاوانیدا کۆمەڵکوژیی عەلەویەکانی ئەنجام داوە.
ئایا ئەم ڕێککەوتنە بۆ کەمینەکان چی تێدایە؟
لە خاڵی یەکەمدا نووسراوە “مسۆگەرکردنی مافەکانی هەموو سوریاییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بەبێ ڕەچاوکردنی پاشخانی ئایینی و نەتەوەیی”. واتە خەڵک وەکو هاوڵاتی سوریا بێ جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی بۆیان هەیە لە پەرلەمان و حکومەتدا بەشداربن. لێرەدا جەخت لەسەر مافی هاوڵاتی لە بەشداریی لە پرۆسە یاسایی، جێبەجێکاری و دادوەریەکان دەکاتەوە. لەم دیدەوە مافی تاک لە کۆمەڵگەدا مسۆگەر دەکرێت، هەموو وەکو هاوڵاتی بە یەکسانی سەیریان دەکرێت و جوداکاریی ناکرێت. بەڵام… یەکەم، ئایا ئەم دەسەڵاتە ئیسلامیە دەتوانێ مسۆگەری مافی هاوڵاتیان بە یەکسانی بکات؟ ئایا دەتوانێ ڕێز لە ئازادی هاوڵاتیان بگرێت، لە کاتێکدا پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی شەریعە دەکات؟ پێداگریی لەسەر سوریایی بوون و عەرەبی بوون دەکاتەوە؟ زۆر سەختە دەسەڵاتی ئیسلامی و نەتەوەیی عەرەبی بتوانێ لە ئاستی ئەم خاڵەدا بێت، ئەگەر نەڵێین هەرگیز. ئایا هیچ دەسەڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی توانیوویانە مافی تاک مسۆگەر بکەن، هەموو ئازادانە و بێ جیاوازیی بەشداری لە پرۆسە جیاجیاکاندا بکەن؟ نەخێر تا ئێستا ئەوە نەبووە. دووەم، بەپێی ڕێژەی بەشداریی هاوڵاتیان لە هەڵبژاردندا و بەپێی مافی هاوڵاتی لە هەر شوێنێکی گرنگی دەسەڵاتی وڵاتدا ئەندامانی ئەو شوێنانە بە خەڵکی سەر بە زۆرینەی ئایینی و نەتەوەیی پڕ دەکرێنەوە، ئەوەش نایەکسانی دەهێنێتە ئاراوە، کە بەئەگەری زۆر ناڕەوایی، چەوساندنەوە و ناکۆکی بەرهەم دەهێنێت. لەم بارەدا هاوڵاتیانی سەر بە ئایین و نەتەوەی کەمینە هەست بە پەڕاوێز خستن و بەلاوە نان دەکرێن، لە بڕیارەکاندا لە تەماشاکەر بەولاوە هیچیتر نابن. بەکورتی مۆدێلی کۆمەڵگەی مۆدێرن لەسەر بنچینەی مافی تاک و هاوڵاتیبوون لە سوریادا کە تێکەڵەیەکی نەتەوەیی و ئایینیە و مێژووی خوێناوی لە نێوانیادا هەیە، ناڕیالیستانەیە و زۆر سەختە بەدەست بێت.
ئایا ئەم ڕێککەوتنە بۆ کورد چی تێدایە؟
ئێمە نازانین جگە لەم خاڵانە، ڕێککەوتن لەسەر چیتر کراوە و چ بەڵێنێک بە کوردەکان دراوە، بۆیە تەنها هەروەستەیەک لەسەر ئەم خاڵانە دەکەین کە بڵاوکراونەتەوە. لە خاڵی دووهەمدا نووسراوە “کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سوریا و دەوڵەتی سووریا مافی هاوڵاتی بوون و هەموو مافە دەستورییەکانی مسۆگەر دەکات”. یەکەم مافی هاوڵاتی بوون (وەکو لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەی بۆ کراوە) کە پێشتر لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا نەبوو ئێستا دانی پێنراوە. بەم واتایە کورد وەکو هاوڵاتی سوریا مافی هاوڵاتی بوونی هەیە و هەموو مافێکی وەکو هاوڵاتی هەیە. بەڵام مافی هاوڵاتی بوون کە ناوی مافی لێنراوە، لە وڵاتی ئازادا بێ یەک و دوو مسۆگەرە، نکۆڵیلێکردن لێی تاوانە. چونکە کورد لە زێدی باب و باپیرانی خۆیدا پێویستی بەوە نییە کەس ئەو خێرەی پێ بکات. پێشتر ڕژێمی بەعس تاوانی لەم بارەیە ئەنجام دا، ئێستا تاوانەکە نەماوە. دووەم مەبەست لە مسۆگەرکردنی هەموو مافە دەستورییەکان چییە؟ ئەم خاڵە وەکو لاستیک وایە دەکرێ بە ئارەزووی دەسەڵات فراوان بکرێت و وە بە پێچەوانەشەوە تەسک بکرێتەوە. ئایا مەبەست ئەوەیە کوردەکان بەپێی خاڵی یەکەم وەکو هاوڵاتی مافی بەشدارییان لە پڕۆسە و دامەزراوەکاندا هەیە؟ ئەگەر ئەوە مەبەستە، ئەوا ئەو ڕێککەوتنە ڕێکە ئەوەیە کە تورکیا و قەتەر و نەیارانی خۆسەری ڕۆژئاڤا دەیخوازن. لەم بارەدا دەسەڵاتی خۆسەریی و مافی نەتەوەیی کوردەکان نامێنێت. چونکە لەم بارەدا سوریا هی هەمووانە، هەموو لە سوریادا وەکو هاوڵاتی بەشدارن، پێویست بە مافی نەتەوەیی ناکات کە جوداخوازیی لە خۆ دەگرێت. تیئۆریەکە وادەڵێت. ئەگەر وابێت ئەو هەموو شەڕ و خوێنڕشتنە بۆ چی بوو؟ بۆ مافی هاوڵاتی بوون!؟ بە پێچەوانەوە ئەگەر مەبەست لە مسۆگەری هەموو مافە دەستورییەکان ئەوەیە کە کوردەکان بە پێی دەستور مافە نەتەوەیی و ڕامیارییەکانیان مسۆگەر دەکرێت، کەواتە کوردەکان ڕێگەی ئەوەیان پێ دەدرێت کە خۆسەری خۆیان هەبێت و نموونەی کانتۆن یا هەرێمێکی ئۆتۆنۆم یا فیدرال پێک بهێنن. بەڵام ئایا دەکرێ بەپێی ئەو بڵاوکراوەیە بڕوا بەو دەرئەنجامە بکەین؟ خاڵی چوارەم داوای یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەتی سوریادا دەکات. ئەوەش گومان لەسەر بوونی مافی ئۆتۆنۆمی دروست دەکات، چونکە ئەوەی ڕاستەوخۆ لەم خاڵە دەخوێندرێتەوە ئەوەیە کە دەوڵەتی سوریا سەرپەرشتی دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکان دەکات. بەڵام دەکرێ بگوترێت خۆبەڕێوەبەریی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا هەیە، بۆیە دەکرێ لەم بارەدا دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکان بمێننەوە و لەژێر چەتری دەوڵەتدا درێژە بە بوونی خۆیان بدەن. بەڵام چۆن؟ کێ ئەرکی بەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ؟ ئەگەر مەبەست کوردەکانە بۆ هیچ ئاماژەیەک بە مافی خۆبەڕێوەبەریی ناکرێت؟
خاڵی حەوتەم خاڵێکی مەترسیدارە بۆ داواکاریی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان. خاڵێکە بە دڵی تورکیا و قەتەرە. ئەم خاڵە وەکو لاستیک دەکرێ بە هەر لایەکدا ڕابکێشرێت کە دەسەڵات گەرەکیەتی. دەکرێ بەپێی ئەو خاڵە داوای مافی خۆبەڕێوەبەریی دروزەکان و کوردەکان دژایەتی بکرێت و ڕەوایی بە سەرکوتکردنی هەر هەوڵێک بۆ مافی خۆبەڕێوەبەریی لەلایەن دەسەڵاتەوە بدرێت. دەکرێ بگوترێت نا ئەم خاڵە مەبەستی داوای جوداخوازییە نەک مافی خۆبەڕێوەبەریی. بەڵام کێشەی ئەم بڵاوکراوەیە ئەوەیە بە یەک وشەش ناوی مافی خۆبەڕێوەبەریی ناهێنێت، بۆیە نادروست نییە ئەگەر خەڵک ڕەشبین بن.
لە خاڵی چوارەمدا ئاماژە بە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی سوریا بەسەر کێڵگەکانی نەوت و گازەوە دەکات. ئەگەر دەوڵەت کۆنتڕۆڵی کێڵگەکانی نەوت و گاز بکاتەوە، کەواتە سەرچاوەی گرنگی دارایی خۆسەریی ڕۆژئاوا نامێنێت. ئەوەش ئابوریی خۆسەریی زۆر لاواز دەکات. ئەوە ئەگەر ڕێگە بە بوونی خۆبەڕێوەبەریی بدرێت. لە بارێکدا کە خۆسەری ڕۆژئاڤا بە مافی هاوڵاتی بوون بگۆڕدرێتەوە و نەمێنێت، دەوڵەت کۆنتڕۆڵی هەموو دەروازە و سەرچاوە سروشتیەکان بکات، لەم بارەدا تورکیا و قەتەر بە ئاسانی دەتوانن پڕۆژەی لولەکانی نەوت و گاز لە عێراقەوە بە سوریادا ڕابکێشن و بۆ دەریای سپی ناوەڕاست بیبەن. بازرگانییەکە بۆ قەتەر، تورکیا، سوریا و ئەمەریکا و ئەوڕوپا سوودی هەیە، وەکو گازی سروشتی داواکاریی لە بازاڕی جیهانی و ئەوڕوپیدا بەرزە. ئەوسا مافی نەتەوەیی کورد لە بنی بەرمیلە نەوتەکانیشدا نادۆزرێتەوە.

شاخەوان قادر شۆڕش
١١/٣/٢٠٢٥




خوێندنەوەم بۆ ڕۆمانی (سەمای سەما).. نووسینی:‌ سروە مستەفا

چەند هونەرە نووسەر وەت لێ بکا لەگەڵ کەسایەتیی ڕۆمانەکەیدا بژیت، هەر لە قۆناغی منداڵییەوە تا گەورە بوون و سەفەر کردنی و دەرچوون لە فێرگە و بڕوانامە هێنانەوە و تەنانەت پسپۆڕی و ئیش کردنیشی، بێ وەی وەستانێک وەڕسی بتگرێ.
(سەما) ڕەمزی هەموو ئافرەتێکی سەرکوت کراوە. (سەما)ی خاوەن خەون و پەیامی خۆی، کە پێی وابوو بە کۆششێکی باو و ئاسایی دەگاتە مەرامەکانی، کەچی هیواکەی وردە وردە گۆڕا بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرامبەربوون و دواییش بۆ قەزیەیەک کە دەبوو گیانی بۆ بەخت بکات.
لەو ڕۆمانەدا هەست بە هاوسازیی کات (تزامن) ی ڕووداوەکانی نێو ماڵباتی کەسایەتییەکان دەکەین ، هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی نەوەتەکان و مێژووی پڕ لە جۆش و خرۆشی کوردستان و تێهەڵکێش کردنی لەگەڵ ڕووداوەکانی ئەوسای ناوچەکە کە نووسەر ئاوێزانی خەیاڵی سەرکەشی خۆی کردوون، کە ئەوەش ڕێپێدراوە لە هونەری ڕۆماننووسیدا.

(سەما) کچێکە مونتەڵیق ، ژیاندۆست!..

لە ئاسمانی خەباتدا بە باڵی خەونەکانی لە باڵەفڕکەی دەدا. ئەو خودی ڕاستەقینەی خۆی لە وڵاتی بێگاناندا دۆزییەوە! کەچی لە زێدی خۆیدا هەمووان خەریکی قرتاندنی باڵەکانی بوون!
نووسەر هێندە بە وردی دەچێتە نێو ناخی پاڵەوانەکەمان (سەما) کە گومان دەکەم قەڵەمی پیاوانەی وەها زۆر بن؛ کە بتوانن بەو شێوە لەسەر ئەو مەسەلە ناسکانە بنووسن.
(سەما) لە گەشتی جێبەجێ کردنی پەیامی خۆیدا ،ئەوەی بە خەیاڵی نەدەهات، بەسەریدا هات . ئەو لەکێ دەیزانی ئەو هەموو ناشرینی و چڵێسییەی بۆ حەشار دراوە؟! لەکێ دەیزانی هەنگاوە دڵسۆزەکانی ڕەنگە بەرەو فەتارەتی ببەن؟!
ئەو لە کۆتاییدا تەمەنێکی بەهەدەرچووی بۆ مایەوە. ئەو دەیویست بیرۆکە سەلبییەکان تێک بشکێنێ کەچی ئەو ویستەی بەسەر خۆیدا پێچەوانە شکایەوە. ئەو پێی وەبوو کە ئازادیی نیشتیمان لە ئازادیی تاکەکانیدایە، بۆیە لەخۆیدا بیرۆکەکانی خۆی بەرجەستە دەکرد. بە ئاشکرا نمایشی ئازادییەکانی خۆی دەکرد، تاکو قوتابییەکانیشی چاوی لێ بکەن. ئەوەش لەوەوە سەرچاوەی دەگرت کە باوەڕێکی ڕەهای بە مافی خۆی هەبوو لە نیشاندانی بیروباوەڕەکانی بەجۆرێک کە لەگەڵ گوفتار و کردارەکانی تێک بکاتەوە.
بەلای (سەما)ەوە ئازادی چەمکێکە قابیلی لەتلەتبوون نییە. پەپوولەی گیانی (سەما) بەدەوری پەروانەی هیوای سەربەخۆییدا وێڵ بوو.تەنانەت لەکاتی بەندکردنیشیدا تەمای بوو سەرلەنوێ لەدایک ببێتەوە. کەچی خەونەکانی وەک ئەفسانە وابوون! ئاواتەکانی وەک مۆتەکە وابوون!
ئەو کە خەریکی پلان دانان بوو بۆوەی ڕێگە بۆ خەونەکانی خۆش بکات؛ کۆت و پێوەندی لە دەوروبەرەوە بۆ ساز دەکرا، کە دەیویست بەشدارییە کاراکانی لە کۆمەڵگادا نابینا بگرێت.
ئەو دوای ساڵانێکی غەریبی هاتەوە نێو کەسانێک کە چاوپۆشییان دەکرد لە هەموو توانا مرۆییەکانی، وەک دەڵێن لە ماڵی خۆی بێگانه خۆی!

هاتەوە ژینگەیەک کە تێیدا لایەنی فێرکاری و دەروونی و هزری و سەربەستی و خۆشەویستی، هیچ بەها و ئیعتیبارێکی نەبوو. ئەو خەونی لە بازنە بچکۆڵانەکەی خۆی فراوانتر بوو. نووسەریش لە دووتوێی ڕووداوەکاندا تەفروتوونابوونی خەونەکانی بۆمان گێڕایەوە، کە چۆن وەک گەڵای پاییز وەرین. نووسەر بە کۆتایێکی (داخراو)ی هێجگار شۆکهێن بۆ خوێنەر، ڕۆمانەکەی قفڵ داوە!
دەتوانم بڵێم بێ ڕەحمانە ناخی خوێنەری بە غەدری ئەو چارەنووسە ڕاچڵەکاندووە! ئەوە نییە نووسەر لەو ڕۆمانەدا مجەڕڕەد یاری بە دەستەواژەکان بکات و مێشکی خوێنەر بە گەمانی وشەکانی جەنجاڵ بکات.. نەخێر! نووسەر باش دەزانێت دەیەوێت چی بگەیەنێت .ئەو هەستەت پێ دەدات کە خاوەنی قەزیەی خۆیەتی! هەڵگری خەمی میللەتی خۆیەتی و درک بە کون و کەلەبەرەکانی کۆمەڵگەکەی دەکات. ئەو هێزی قەڵەم و هونەر دەزانێت، کە بۆی ھەیە چ گۆڕانکارییێک بکات و چ وەرچەرخانێک بێنێتە كايەوە.
نووسەر هێندە شەفافانە مامەڵەی لەگەڵ ڕۆمانەکەدا کردووە تا ئەو ڕادەی کە ماهییەتی پەیام و ئاڕاستە هزرییەکانی لەنێو ڕستە و بیرۆکەکاندا پەی پێ دەبرێت و تەنانەت لە گفت و گۆکانیشدا ڕەنگ دەداتەوە.
‏نووسەر لە بەرامبەر کاراکتەرەکانیدا بێ لایەنیی خۆی وەکو حیکایەتخوانێکیش ناشارێتەوە.
‏جوان هەست بەوە دەکەی کە چاوێکی هەر بەئاگایە و کە ڕەنگە ئەگەر وردتر کاری لەسەر ئەو لایەنە کردبایە، بەپێزتر بووایە.
‏(سەما) کچێکە جیاواز بیر دەکاتەوە، جیاواز دەژی. زۆر باوەڕی بە ئازادی هەیە. ئەو هەر کە هاتبووە نێو ژیانەوە، کێشمەکێشی خۆی پێ بوو. لەگەڵ خۆیدا شەڕی بوون و نەبوونی خۆی هێنابووە ئاراوە.
‏ئەو داستانێکی ماندوویی و شەکەتیی بوو. ئەو سەرەتا (ئەو)ێکی بێ بوون بوو که هەر لە خێزانەکەی خۆیەوە کار لەسەر داپڵۆسین و بچووک کردنەوەی کرابوو! ‏خاوەنی باب و برایەک بوو که دەیانویست ببن بە داڕێژەری ژیانی و پلانێکی بەدڵی خۆیانی وای بۆ بنووسنەوە کە هەموو حەرەکات و سەکەناتێکی ئاڕاستەکراو بێت. ئەو هەموو هەناسە و چپەیەکی تەفسیری بۆ دەکرا و لێک دەدرایەوە. هەمیشە لەژێر زەڕەبینی ئەواندابوو و ناخییان شی دەکردەوە و تێستییان بۆ دەکرد..
بەڵام وردە وردە ئەو کچەمان (سەما) گەورە بوو! خۆی ناسی (بە مانا فەلسەفییەکەی). بووە خاوەنی دید و ئایدیا و زانستی خۆی، تا ئەو ڕادەی وەك مامۆستایەکی زانکۆ لەگەڵ قوتابییەکانیدا گفت و گۆی وجودی بخولقێنێت!
وەک لە ل٩٩ دا ئاماژە بە بیردۆزی تەقینەوەی زەبەلاح کراوە. نووسەر زۆر جوان مۆخی تاکەکانی خوێندۆتەوە لە کۆمەڵگا ئایینییەکاندا. بە تابیەتیش ئەو عەقڵییەتەی کە هەموو شتێک بە ئایینەکەی خۆی دەپێوێت و بەراوردی دەکات.ئەگەر بکرێ ناوی بنێین گرێی دینداری کە مەسەلە زانستییەکان بە چۆنیەتیی تێگەیشتنی خۆی لە ئایین دەبەستێتەوە.بێ ئاگا لەوەی کە ئەگەر تێ ورد بینەوە، بونیادی زانست لەسەر بنەمای گومانە، نەک یەقینی موتڵەق (ڕەنگە ئەو قسەیە زانستی بیرکاری نەگرێتەوە). ئەسڵەن زانست هەمیشە وەک کایەیەکی عیلمانی (بە واتا نەشێواوەکەی) کاری خۆی دەکات و ئەوە ئایینە لە ئەسڵدا فرەوانترە و وەکو ڕۆحانییەتێک دەبێت زانستیش گۆش بکات. دەکرێت زانست و ئایین یەکتر تەواو بکەن بەڵام زانستی عەلمانیی پوخت بە موجەڕڕەدی ئیشی خۆی کردووە و دەقە ئایینییەکانی نەکردۆتە پێوەری بەڵگە زانستیەکانی.ئەوەش ئایین لە دوو ئیشکالییەت دەپارێزێت. یەکەمیان تەفسیری سنووردارکراو و ئامادە، بەو مانایەی کە دەقە ئایینییەکان بە باڵای بیردۆزە زانستییەکان ببڕن و بیانگونجێنن..
(سەما)ش پێمان دەڵێت: ڕەنگە بەیانی بیردۆزی تر بێتە کایەوە، مادەم زانست لەسەر بنەمای گریمانە بونیاد نراوە و دژی بەپیرۆزکردنە،کە ئەوەش ئیشکالییەتی دووەمە!
دەزانم ئەمانە باسێکن هەستیاریی دینی دەوروژێنن، بەڵام پێم وایە نووسەریش هۆشیارانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو لایەنە کردووە. وەک ئەوەی بڵێت: هەموومان هەمان سروشت دەبینین، کەچی جیاوازییەکە لەنێوان هزرمەندی و شێوازی ڕوانین و خوێندنەوەی شتەکان دایە..
لەو ڕۆمانەدا (ترس) وەک تێمایەکی کۆمەڵایەتی کەسایەتییەکان دەجووڵێنێت. ترس ئەو دەردە کوشندەیە کە قوربانی دروست دەکات.
کە تاسان و داخورپان دێنێتە کایەوە. بۆیه لامان نامۆ نییە کە دایکی (سەما) بەس بە دیتنی (ڕەها)ی دەستەخوشکی کچەکەی بەربێتەوە و تووشی دڵەکپی ببێت. ئەو ترس و بیمێکی زۆری بەرامبەر هاوسەری خۆی لە هەناویدا گل داوەتەوە. هەر ترسە ئەو دەهێنێ و دەبات و کاردانەوەکانی دیاری دەکات.
ترس بەرامبەر خالقی مەزنیش ئەگەری ئەوەی هەیە کەسانێک بەلاڕێیدا ببەن و لە بەرژەوەندیی تاکەکان بدات ئەگەر تەهزیب نەکرێت و پۆزەتیڤانە نەکرێتە کردار و بەرجەستە نەکرێت. وەک ئەوەی هەمیشە تاقمێک هەیە ئەگەر بۆیان بڕەخسێت بەناوی (امر بالمعروف و نهي عن المنکر) لەپێناوی (خۆف)ی خوادا شیرازەی ئارامی تێک دەدەن.
مەگەر هەر ترس نەبوو کە (ساوێن)ی خوشکی (سەما)ی وا لێ کردبوو ، تەواو دەستەوەستان بێت لە بەرامبەر هەژموونی باوک و برای! ئیدی کێشەی (سەما) لەگەڵ دایک و خوشکەکەی بوو، نەوەک لەگەڵ باوک و برای. لێرەدا ڕێک وتە ناودارەکەی ئایکۆنی ئازاد کردنی کۆیلەکان لە مێژوودا (هاریێت تەبمەن) مان بیر دەکەوێتەوە کە دەڵێت: زەحمەتترین قۆناغ لە ڕزگار کردنی کۆیلەکاندا ئەوە بوو که بەندەیەک ڕازی بکەی بەوەی کە ئەو بەندە نییە.
دایک و خوشکی (سەما) هێندە ژێردەستییان ژنەوتبوو تا تێکەڵی خوێنیان ببوو! بۆیە دیارترین کێشەی ئازادکرنی تاکەکان، تەسلیم بوونی خودی بەندییەکانە بە واقیعەوە، تا ئەو ڕادەی کە (ساوێن) نەک ھەر مننەتی بە هەوڵەکانی (سەما)ی خوشکی نەبوو بۆ ڕزگار کردنی، بەڵکو قەرداریشی دەکردەوە و نەخۆشیی دایکی کردبووە ئەستۆی ئەوەوە، لەوکاتەی کە (گوڵخاتر)ی پلکی (سەما) بایی ئەوەندە هەڵوێستەکەی دڵنەوایی تێدابوو کە پێی وەبوو (سەما) بە ناردنی (ڕەها) بۆ لای دایکی، بە هەلەپەل بووە و بەس!
نووسەر لێرەدا هۆشیارانە هەڵوێستێکی دروست کردووە، تا خوێنەرانیش وەک پەیامگرێکی پاسیڤ نەبن و ڕای خۆیان بونیاد بنێن، بە داکۆکی کردن بێت یاخود سەرزەنشت کردن، چونکە هەڵبەت هەندێک بابەت هەن ڕای جیاواز لەخۆیاندا هەڵ دەگرن.
نووسەر ڕێک دەزانێ ئەو کۆمەڵگایە کوێی دێشێت و ناماقووڵییەکانی چین. وەزیفەی بۆ هەر کاراکتەرێک داناوە تاکو خزمەت بە پەیامەکەی بکات.
ئاشکراشە بەگشتی ئێستاکە ئەو نەزڕەی بە کەم زانینە بەرامبەر بە ئافرەت کەمتر بۆتەوە، وەک دەرهاوێشتەکی حەتمیی گۆڕانکاری و پێداویستییەکانی ژیان. بەڵام ئایا دیدی کۆمەڵگە بەرامبەر خودی ئافرەت تا چ ڕادەیەک گۆڕانی بەسەردا ھاتووە؟ ئایا بەچاوی ڕێز و ئینساڤ تەمەشا دەکرێ؟ کێ هەیە لەگەڵ خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانەدا لایەنێک یان مەشهەدێک یان چەند کەسێکی نزیک یان دووری خۆی بیر نەکەوتبێتەوە؟ کە دوور نییە نووسەریش لە نیتاقی ژیانی خۆیدا لە بینینی پەیوەندیی لاسەنگی نێر و مێدا بێ بەری نەبووبێت. ڕۆمانەکە ئاماژەی قووڵی تێدایە، بۆ نموونە لە ل١٧٣ دا کە دەڵێت: هەر لە بۆقی ئەو ئاوە دەچوو کە پەیتا پەیتا ئاوەکەیان بۆ هێنابووە کوڵاندن و… هتد .ئەوەش دەمانباتەوە بیردۆزی کوڵاندنی بۆقەکان ( Boiling frog theory)… چوون (سەما)ش وردە وردە ڕاهات لە کڵپەسەندنی خۆی، تا لە پەل و پۆ کەوت و تەنانەت نەیتوانی پازێک بۆ دەرەوەی ئاوە کوڵاوەکە بدات. بۆچی؟ چونکە ئەمێستاکە بێ غایەت بێ تاقەت بووە. ئەو وزەی خۆی هەموو لە خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگەی ئاوە گەرمەکە سەرف کرد. ئەو ئەگەر بیتوانیبایە ئەو ساتە دەستنیشان بکات کە لێوەی بڕیاری بازدان بدات، نەدەگەیشتە ئەو دۆخە. کەڵەکە بوونی ئەو هەموو داخ کردنەی سەرەتا، ئاماژە بوو بۆ سووتانێکی گەورەتر. بەڵام هەستی پێ نەکرد تا بوو بە پیرێکی لاو.. ئەگەر زووتر ئاڕاستەی خۆی گۆڕیبا! ئەگەر هەنگاوی دیکەی هەڵێنایە بەڵکو ژیان فورسەتێکی تری پێ بەخشیبایە. بەڵکو بگەیشتبایە کەناری ئارامی!هەر لەسەر زمانی یەکێک لە کارەکتەرەکانی ئەو ڕۆمانەوە دەڵێین: ئازادکردنی وەتەن ئاسانە بەڵام پاراستنی ئەو ئازادییە تێکۆشانێکی ڕۆژانەی دەوێت! تۆ بڵێی ئەو دەستەواژەیە بەسەر تاکەکانیشدا جێ بەجێ ببێت projection؟! ئەی ئەوە نییە (سەما) سەدایەک بوو لە ئازادی، ئێستا بوو بە بێ دەنگی و کپی؟!
. سەرەڕای ئەوەش هەر لە ناخماندا زیندوو دەمێنێتەوە. لەگەڵیدا ژیاین. لەکاتی هیوا و کۆڵنەدانی. لەکاتی بێ هیوایی و خەمی شەوانی! ئەوەتا نووسەر هەستی منداڵیی ئەومان بۆ دەگوازێتەوە کە بە فیترەت غەریبی بۆ دایکی خۆی هەڵساوە. لە بەرامەریشدا بێ فەخفەخە و بێ فەلسەفە شعووری دایکیمان بۆ بەیان دەکات، دایکێک بە جەرگی خۆی تا بڵێی کولافەیە! ڕاستە (سەمای سەما) کۆتاییەکی داخراوی هەیە بەڵام هەر خوێنەر لە مەراقدا دەهێلێتەوە. ئاخۆ ژیانی خێزانەکەی پاش چارەنووسی ئەو چی بووبێ؟! ئاخۆ لەنێوان پەشیمانی و ئازاردا چۆن تلابنەوە؟! ئاخۆ ئەو کۆمەڵگەیەی ملی لەبەر ملی ئەو نابوو تاچ ڕادەیەک بەرپرسیارێتی ئەو دەرەنجامەیان هەڵگرتبێت؟! شێوەی پاڵەوانەکانی ئەو ڕۆمانە (لە ڕەها و گۆستاڤەوە بترازێ) هیچیان وەسف نەکراون.. دیارە نووسەر ویستوویەتی تان و پۆی ئەو لایەنە (شێوە و سیمای کەسەکان) بە نەزانراوی بهێلێتەوە تاکو خەیاڵی خوێنەری تێدا بەشدار بێت.

ماوەتەوە بڵێم ناوی کارەکتەرەکان بە وردی و بە عینایەت هەڵبژێرراون. بۆ نموونە: ئەوەتا پێشمەرگەیە و ناوی (هەڵۆ)یە. لە ل١٨١ (ژینا) دەردەکەوێت، دیارە هەڵبژاردنی ئەو ناوەش هەڕەمەکی نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەو ژینایەی کە لە لایەن زۆرانێکەوە وەک سیمبۆلی ئازادیخوازی دەبینرێت.

لە کۆتاییشدا ناوونیشانی (سەمای سەما) کە بیرۆکەی ڕۆمانەکەی پوخت کردۆتەوە! (سەما) بەدرێژایی هێلی ڕووداوەکاندا زەماوەندی کەیفسازی و خەمئاوازیی خۆی گێڕاوە! ڕێک شیعرەکەی ئەبوونەواسمان بیر دەهێنێتەوە کە دەڵێت:

لا تحسبوا رقصي بينكم طربا *** فالطير يرقص مذبوحا من الألم.

(سەما) وتەی خۆی گەیاند و ڕۆیشت، بەڵام ئایا سەدایەکەی تا کوێ بڕ دەکا؟!
ئەوە نازانم بەڵام دەزانم کە ڕاگوزەرێکی ئاسایی نابێت بە دەروونی هەموو ئەوانەی دەیخوێننەوە… جا چ کۆک بن لەگەڵی چ ناکۆک!

نووسینی:‌ سروە مستەفا




راپەڕین لە سەرەتاوە تا كۆتایی.. عەلی مەحمود محەمەد

روداوەكان دوای راپەڕین ئەگەر ئەنجامی نەبوایە, كەس خۆی ناكردە خاوەندی, وەك ئەوەی 17ی شوباتی 2011, سەركەوتن باوكی زۆرە, شكستیش هەتیوە, ئێستاش ئەنواع چیرۆكی بۆ دەهۆننەوە, هەمووشی ناڕاستن.
لە راستیدا راپەڕین شكستی خوارد, هەڵاتنی خەڵك دوای شكستەكە كە ناوی كۆڕەوە, بەهۆی وێنە تراژیدییەكەیەوە سەركەوت, لەوەشدا پارتەكان رێگر بوون, شەوی كۆڕەوی 31-3-1991, تا بەیانی رێگریان كرد لە هەڵاتنی خەڵك لە شاری هەولێر, خەڵكیان خستە بەردەم ئاگری بەعس. یەكێك نییە بڵێ من یەكەم كەس هەڵاتم؟, ئەندازیاری كۆڕەوم.

پێشینە مێژویینیەكان
ئەگەر باسی راپەڕینی 5ی ئاداری 1991 ی گەلی كوردستان بكەین, ناتوانین باسەكە دەرباز بكەین بێ ئەوەی بچینەوە سەر داگیركردنی كوەیت و جەنگی كەنداوی دوو و راپەڕینی باشووری عێراق كە ئیسلامی سیاسی شیعە ناوزەدیان كردووە بە راپەڕینی شەعبانییە, چونكە ئەگەر پانۆرامایەكی هەمە لایەنە نەخەینە بەردەست, وا دەبینرێت كەسێك هاتووە لە كوردستان راپەڕینی ئەنجامداوەو كۆشكە زستانییەكانی قەیسەرەكانی یەك لە دوای یەك گرتووەو فەتحیانی كردووە, بۆیە كە باسی راپەڕین دەكەین دەبێت روداوەكانی ئەو 7 مانگ و سێ رۆژە لە 2-8-1990 ەوە بۆ 5-3-1991 بە وردی بخوێنینەوەو چاوێك بە تەقویمی رۆژەكانیدا بخشێنین, هەڵسەنگاندن بۆ وردو درشتی روداوەكانی بكەین, هەمووی تەواوكەری یەكن.
خۆ لەماوەی هەشت ساڵەی جەنگی ئێران عێراقدا ئەم لایەنە سیاسییانەی كوردستان و عێراق هەزاران جاریش نەبێت سەدان جار داوای راپەڕینیان لە خەڵ كرد, كەسیش گوێی لێیان نەگرت.
دەشێت كەسێك, فەرماندەیەككی پلە یەك یان خوارتر دوای دەستپێكی راپەڕین لە عێراق بە 5 رۆژ و زیاتریش لە كوردستان نەخشەی گرتنی شارو شارۆچكە و مەخفەری پۆلیس و رەبایەیەك و دەزگایەك و خۆپیشاندانێكی داڕشتبێت, یان حیزبێك یان چەند حیزبێك دوای ئەنفال ورە بە بەریا هاتبێتەوە چەند مەفرەزەیەكیان لە كوڕی خەڵكی ناردبێتە خوارەوە, وەلێ لە گشتدا روداوەكان پێمان دەڵێن راپەڕین و كۆڕەو محاڵەو بارودۆخی زاتی نەك مەوزوعی هێنابیانیەتە پێشەوە, بەڵكە كارە زاتییەكان دوای روداوە مەوزوعییەكان كە گرتنی كوەیت و لێدانی عێراق و سیناریۆی خەیمەی سەفوان خولقاندویەتی, كارەساتی ئەو رۆژانە هێندە گەورەن مێژووی جیهانیان گۆڕی, جیهانیان لە جوت جەمسەرییەوە كردە تاك جەمسەری, هەموو كورد لەناو روداوەكاندا دڵۆپێكە لە دەریایەكدا.

پانۆرامای شەڕی دووەمی كەنداو”كوەیت”
لە كاتێكدا جیهان بەرەو روی داگیركاری كوەیت لە لایەن عێراقەوە ببوەوە بە یەكێتی سۆڤیەتیشەوە, بۆ یەكەمجار ڤیتۆی بۆ پشتیوانی لە عێراق بەكار نەهێنا لە نەتەوەیەكگرتووەكان, ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان هەمان رۆژ برشیاری 660 دەركرد, داوای لە عێراق كرد دەست بەجێ بكشێتەوە لە خاكی كوەیت, هەروەها لە رێكەوتی 7-8 ئەمەریكا ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی بیابانی راگەیاند, لە 16ی سەپتەمبەریش بڕیاری 667 ی بە كۆی دەنگ دا, كە عێراق تا 15ی ئۆكتۆبەر لە كوەیت بكشێتەوە. لە رێكەوتی 15ی ئۆكتۆبەری 1990 عێراق بڕیاری دا نەكشێتەوە لە كوەیت, بە دوایدا هاوپەیمانی جیهانی ئۆپەراسیۆنی زریانی بیابان رایگەیاند”ئۆپەراسیۆنی رزگاری كوەیت”, كە لە رێكەوتی 17ی یەنایەرەوە بۆ 28ی فبرایەر بۆ ماوەی 43 رۆژ بەردەوام بوو. ئۆپەراسیۆنەكە پێك هاتبوو لە هاوپەیمانی سوپای 34 وڵات و بە بەشداری 966344 سەرباز كە 74%یان ئەمەریكی بوون.

لێدانی عێراق

لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 17ی جەنیوەرییەوە فرۆكە جەنگیەكانی هاوپەیمانان سەرتاپای عێراقیان بۆردومان كرد, بە بەشداری 2430 فڕۆكەی پێشكەوتووی نوێی ئەوێ رۆژێ, هاوپەیمانان لە ماوەی چل و دوو رۆژدا109867 جار بۆردومانی ناو عێراقیان كرد, بەڕێژەی 2555 جار لە رۆژێكدا, رۆژانە 60624 تەن باروتیان بەسەر خەڵك و دازەگا سڤیلەكان و سەربازگاكانی عێراقدا دەباراند, عێراقیان غەرقی دوكەڵ و ئاگرو خوێن و مەرگ و وێرانە كرد, شوێنەوارە تەندروستی و ژینگەییەكانی ئەو جەنگە تا هەنووكە ماوە, تەنها لە جارێكدا لە پەناگەی عامریە لە شاری بەغدا ئێسك و پروسكی 315 ژن و منداڵیان هاڕی و تاوانی جەنگیان ئەنجامدا.
هاوكات ئەمەریكا بە رۆكێتی دور هاوێژی كرۆز و بۆمبی هیشۆیی و بۆمبی زیرەك و چەكی لیزەری پێشكەوتوو تا دەگاتە یۆرانیۆمی چاككراو لە عێراقی دەدا, 288 تۆماهۆكی لە دەریای سورەوە بە عێراقەوە نا, عێراقیش 86 سكودی نا بە ئیسرائیل و سعودییەوە, بە گشتی لە دوای جەنگی كۆریاوە ,شەڕی كوەیت گەورەترین جەنگ بوو لە جیهاندا لە ماوەی چوار دەیەدا. لە بەرامبەردا سەدام حوسێن لە هەمان رۆژی راگەیاندنی زریانی بیابان, دایكی جەنگەكانی راگەیاند كە لای عێراقییەكان بە دایكی دۆڕانەكان بەناو بانگ بوو.
لەسەر داوای یەكێتی سۆڤیەت لە رێكەوتی 22ی شوبات, عێراق رازی بوو هێزەكانی لە ماوەی 24 كاتژمێردا لە كوەیت بكشێنێتەوە, لە رێكەوتی 24 ی فیبریوەری 1991 هاوپەیمانان هاتنە ناو كوەیتەوە, 26 مانگ لە هێزەكانی عێراقیان دا كە لە باری پاشەكشەدا بوو, لە ئەنجامدا لە ماوەی چەند كاژێرێكدا 70 بۆ 100 هەزار سەربازی عێراقی كوژران و 60000 كەسیان بە دیل گیران, بە یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی مێژوو تۆماركرا, لە گەڵ تێكشكانی4000 تانك, 3100 تۆپ, 1856 ئۆتۆمۆبیلی سەرباز گواستنەوە. ئەوەشمان لە یاد نەچێت لە 23ی یەنایەر لە كۆی 750 فرۆكەی جەنگی عێراق تەنها 122 فرۆكەی بە ساغی مابوو, ئەویشی تەسلیم ئێران كرد, ئەویش دەستی بە سەردا گرت. لە كاتێكدا لە ماوەی 8 ساڵەی شەڕی ئێران – عێراقدا, هێزی ئاسمانی عێراقی جوڵەی لە هێزی ئاسمانی ئێرانی بڕیبوو, هەمان ئەو فڕۆكانە تاوانیان دژ بە ئێران ئەنجام دەدا, ئێستا لەسەر سینی زێڕین لە لایەن سەدامەوە پێشكەش ئێران دەكرێت.
عێراق لە پاشەكشەدا لە كۆی 1080 بیرە نەوتی كوەیتی 727 یانی تەقاندەوە, ملیۆنێك بەرمیل نەوتی رژاندە كەنداوی عەرەبییەوە, 128 پەڵە نەوتی گەورە كەنداوی عەرەبی داپۆشی, بەمەش گەورەترین تاوانی ژینگەیی لە مێژوودا ئەنجامدا. لە جەنگێكی 99 كاتژمێریدا دۆڕانی خۆی راگەیاند, جۆرج بۆش لە 27ی مانگ ئازادكردنی كوەیتی راگەیاند, 28ی مانگ ئەمەریكا كۆتایی جەنگی راگەیاند.
وێنای شكستی سوپای عێراقی ئەو رۆژانە لە جەنگی جیهانیشدا نەبووە, ریزی دیلەكان و تەرمی قەراغ رێگاو بانەكان و دوكەڵ و تارمایی ئامێرە تێكشكاوەكان لە ناو چڕە دوكەڵی بیابانی پان و بەریندا شاشەی تەلەفزیۆنەكانی لە جیهاندا داگیر كردبوو, عێراق سێیەكی سوپاكەی لەو 99 كاتژمێرە جەنگە لە دەستدا.

خێمەكەی سەفوان
رێكەوتی 2-3-1991 نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری 686ی راوەستانی جەنگی دا, تیایدا عێراق رەزامەندی دا لە جێبەجێكردنی هەر 12 بڕیارەكەی لەو بڕیارە ئاماژەی پێ درابوو. بۆ جێبەجێكردنی تەكنیكی راوەستانی جەنگ , دانوسانەكانی ئاگربەست لە ٣ی ئازار لە ژێر خێمەی سەفوان دەستیپێكرد.
كۆبونەوەكە لە فڕۆكەخانەی سەنام، سەر بە قەزای سەفوان، لە كاتژمێر 11:30 سەرلەبەیانی لە كەشێكی ئاڵۆز و بارگاوی بێ تەوقە كردن , وە پشكنینی هەموو بەشدار بووان دەستیپێكرد. شاندی هاوپەیمانی ترساون لەوەی شاندەكەی عێراق بۆمب رێژ كرابێتن خۆیان بتەقێننەوە, بۆیە بە وردی هەموو پشكێنراون, كۆبوونەوەكە كاتژمێرێكی خایاند.
شاندی عێراقی پێكهاتبوو لە لیوا سوڵتان هاشم جێگری سەرۆكی ئەركانی ئۆپەراسیۆنەكان و جەنەراڵ سەلاح عەبود فەرماندەی فەیلەقی سێ و دەریاوان نەوفال عەبدول حەفیز وەك وەرگێڕ. شاندی دانوستانكاری هاوپەیمانی پێكهاتبوو لە ژەنەڕاڵ نۆرمان شوارزكۆف فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان و شازادە لیوا خالید بن سوڵتان بن عەبدولعەزیز فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی عەرەب.
بە پێی رێكەوتنەكان نابوایە هیچ چەكێك كە تێك نەشكێنرابوون لە جێگای خۆیان جوڵە بكات, بەڵام رێگا بە كشانەوەی لیوای زرێپۆشی پاسەوانی كۆماری درا, تایبەت بە ئاسایشی ناوخۆیی, بەڵام لە كشانەوەیا لێی درا, هەروەها رێگا بە هەندێك كەرتی سەربازی دیكە درا.
لەسەر داوای سوڵتان هاشم لایەنی ئەمەریكی بەهۆی ئەوەی گوایە پردەكانی عێراق زۆریان روخاون بەهۆی بۆمبا بارانەكانەوە, ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەكارهێنانی هێلیكۆپتەرەكانی عێراق لە چوارچێوەی سنوری وڵاتەكەی بۆ گواستنەوەی برینداران و بەرپرسان و حاڵەتەكانی دیكە, بەمەش دەرگای جهەنەم لە بەردەم ناڕەزایەتییەكان كرایە سەر پشت.

راپەڕینی باشووری عێراق

لە 28ی شوباتەوە, شاری بەسرە جمەی دێت, چ لە ئەو سەربازانەی بە ساغی و بە برینداری لە ریزە دورو درێژەكاندا بە دوای یەك, دەڵێی مێرولەن, بە برینداری و سیمای خۆڵاوی و دوكەڵاوی چڵكنەوە, بە سكی برسی و جەستەی تێك شكاوەوە ملی رێگایان بەرەو ناو خاكی عێراق گرتۆتە بەر. لە لایەكی دیكەوە كەسوكاری سەربازان لە هەموو عێراقەوە لە سەرسنووری كوەیتەوە تا بەسرە كۆبونەتەوە بۆ هەواڵپرسی رۆڵەكانیان.
لەم بارودۆخەدا لە كۆتا ڕۆژی مانگی شوباتی ساڵی ١٩٩١ پریشكی راپەڕین لە عێراق لە شارۆچكە سوننەییە سنوورییەكانی ئەبو خەسیب و زوبەیری ٦٠-٧٠ كیلۆمەتر لە باشووری بەسرە دەستی پێكرد، رۆژی دواتر لە رێكەوتی ١ی ئازار راپەڕین شاری بەسرەی گرتەوە؛ سوق ئەل شویوخ لە ٢ی ئازار؛ ناسریە و نەجەف و كوفە لە ٤ی ئازار؛ كەربەلا لە ٧ی ئازار؛ پاشان عەمارە و كوت و هەموو باشووری گرتەوە.
گوایە هەمان رۆژ 28-2-1991 لە شاری ناسریە ئەندامێكی حیزبی دەعوە دروشمی داوەو خۆپیشاندانی كردووە, بارەگای پۆلیس گرتراوە, دەست بەسەر چەكدا گیراوە, بەڵام بە بەرفراوانی پشت راست نەكراوەتەوەو روداوەكە لە ئاستی راپەڕین نەبووە.
شۆفێری زرێپۆشێك بە ناوی خەلیل جوەیبار كە لە نێو ئەو سەربازانەدا بوو لە زوبێرەوە كەوتنە رێ بۆ شاری بەسرە تاكو بڵێسەی شۆڕشەكە هەڵبگیرسێنن لە بەسرا وتی: سەدام پێشتر هێزەكانی پاسەوانی كۆماری بۆ شوێنێكی ئارام كشاندەوە, ئێمە 100 كیلۆمەتر بە پێ هاتینەوە بۆ ناو خاكی عێراق , برسی و تینوو و ماندوو بووین. لە زوبەیر بڕیارماندا كۆتایی بە سەدام و ڕژێمەكەی بهێنین, تەقەمان لە وێنەی سەدام كرد, سەدان سەربازی پاشە كشەكردوو بەشدارییان لە ڕاپەڕینەكەدا كرد, تا پاشنیوەڕۆ بوینە هەزاران سەرباز, خەڵكی سڤیل پشتگیرییان كردین و هاتنە ناو راپەڕینەكە, هێرشمان كردە سەر بارەگای حیزبی بەعس و دەزگای ئەمن و گرتمان , بۆ كاتژمێر 3ی بەیانی رۆژی دواتر واتا 1ی ئازار راپەڕین گەیشتە شاری بەسرە.
ڕاپەڕینەكەی شاری بەسرە لەلایەن محەمەد ئیبراهیم وەلی ئەفسەرێكی عێراقی سەرپەرشتی كرا و هێزێكی لە تانك و زرێپۆش و بارهەڵگر كۆكردەوە بۆ هێرشكردنە سەر پارێزگا و فەرمانگەكانی پارتی بەعس و بارەگا ئەمنییەكان, زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی شاری بەسرە پشتیوانی شۆڕشیان كرد, سەربازەكان چالاكانە بەشدارییان كردو لەوانە فەوجی 24ی میكانیك, دەرگای زیندانیان شكاند و سەدان زیندانی ئازاد كران.
لە سوق الشیوخ سێ گروپی چەكدار هێرشیان كردە سەر شارەكە. نزیكەی هەموو هاوڵاتییان ڕژانە سەر شەقامەكان و پەیوەست بوون بە راپەڕینەوە, عەبدول شەباجە ئەندامی مەجلیسی نیشتمانی عێراقی و بەعسی پێشوو لە سەرەتادا سەركردایەتی بزووتنەوەكەی كرد لە سوق ئەلشیوخ.
لە رێگای سنووری ئێرانەوە هێزە شیعەكانی وەك ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و حیزبی دەعوەو ئیتڵاعا و سوپای پاسداران زوو هاتنە ناو عێراقەوە, بۆ رێكخستنی خۆپیشاندەران و ئاراستەكردنی و دەست بەسەرداگرتنی, دیارە لە زووەكەوە لە ژێر فەرماندەیی قەرارگای نەسری سوپای پاسداران ئامادە كرابوون.

هەڵوێستە سەرەتاییەكان
محەممەد باقر ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دوای دەستپێكردنی هێرشی ئاسمانی لە رێكەوتی (١7ی ژانویەی ١٩٩١) كە لە بەیروتەوە راگەیەنرا، فەرمانی بە لایەنگرانی خۆی لە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق دا كە بچنە ناو هێزەكانی باڵی سەربازی ڕێكخراوەكەیەوە، هەروەها ئەو كەسانەی ڕاسپارد كە لە نزیك سنووری ئێران و عێراق جێگیر بن لە بەرامبەر “دەستدرێژی ئەمریكا”. حزبی شیوعی عێراقیش دەستدرێژی ئەمریكای شەرمەزار كرد. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان یش دژی بژاردەی شەڕ بوون؛ هەروەها بەرەی كوردستانی كە هاوپەیمانی حزبە كوردییەكان و هەرێمی كوردستانی حزبی شیوعی عێراق پێك هاتبوون، سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان لە دژی سوپای عێراق لە كوردستان ڕاگرت بۆ ئەوەی ” لە پشتەوە چەقۆ لە سوپاكە نەدەن”.
هاوكات تارانیش لەو رۆژگارە بووە شوێنی پەیوەندییەكانی عێراق, وەك ئال حەكیم وتەنی لەبەر تاریق عەزیز ئاگایان لە ئۆپۆزسیۆن نەمابوو, نزیك سەت رۆژی تەواو هاوپەیمانییە چوار قۆڵییەكەیان” قەرارگای نەسر, مەجلس ئەعلا, پارتی, یەكێتی” كۆبونەوەشیان نەكرد.

ئاراستەی خۆپیشاندانەكان باشوور بۆ كوێ؟

لە سەرەتادا راپەڕین خۆڕسكانەو هەڵگیرسا, هیچ پەیوەندی بە هەوڵەكانی قەرارگای نەسر و مەجلس ئەعلاو كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبوو.
وەك مۆفەق رەبیعی یەكێك لە سەركردەكانی حیزبی دەعوە وتەنی راپەڕیووە سەركەوتووەكان گروپێكی هەمە چەشن لە سەربازانی سونەو بەعسی و چەپ و هەموو چین و توێژەكانیان لە خۆ گرت.
رەبیعی پێی وابوو ئەوانەی بە هەڵگرتنی وێنەی خومەینی و حەكیمەوە لە ئێرانەوە گەڕانەوە تەنها بە لە باربردنی راپەڕینەكە سەركەوتوو بوون.
نەوشیروان مستەفا لەو بارەیەوە دەڵێت” لە راستیدا راپەڕینی باشوری عێراق سەرەتاكەی شتێكی عەفەوی بو، هێزێك لەو هێزانەی بە شكاوی لە كوێتەوە كشایەوە بۆ بەسرە، لولەی تۆپەكەی كردە یەكێك لە وێنەكانی سەدام و دایە بەر تۆپ ئیتر خەڵك راپەڕی و پەلاماری دامودەزگاكانیان دا. ئەو كاتە مەجلسیش كادر و چەكدارەكانی خۆی ناردەوە بۆ شارەكانی جنوب. لە راستیدا مەجلیس لەوەدا خەتایەكی گەورەیان كرد، هەرچەندە پێش ئەوەی هیچ كارێك دەست پێ بكەن، بەڵێنی ئەوەیان بە ئێمە دابو، كە شیعاراتی دینی نەهێننە ناو راپەڕینەكەوە، بەڵام ئەو بەڵێنەی خۆیان بەجێ نەهێنا. پێشم وایە زەرەرێكی زۆر گەورە لەوان و لە ئێمەش كەوت، لە ئەنجامی ئەو شیعاراتە دینی و رەسمانەوە، كە خەڵك هەموی ئەزانێ چۆن بوە، لە ناو شارەكانی جنوبدا چالاكیان نواند. لە سەرەتادا ئێمە وەكو سێ رێكخراو تەنسیق لە نێوانماندا هەبو، بەڵام كە راپەڕینەكە لە جنوبی عێراق دەستی پێ كرد تا حەدێكی زۆر پێیان وابو ئیتر مەسەلەكە حەسم بوە، ئەوەندە گوێیان نەئەدا بە ئێمە، بۆ ئەوەی تەنسیق لەگەڵ ئێمە بكەن. خۆیان خەریكی خۆیان بون، تا بەرەو تێك شكان چون. ئەو تەنسیقە ئەگەر ببوایە موحتەمەل بو زیاتر سودی هەبێ، یان ئەگەر ئەوان ئەو دروشمە دینیانەیان نەهێنایەتە ناو مەسەلەكەوە، رەنگ بو وا چاوپۆشییان نەكردایە لە لێدانی ڕاپەڕین دا لە رۆژانی راپەڕین.”.
بە وتەی ئیبرهیم ئەحمەد توێژەر “راپەڕین كەم خۆی گرت و زۆری نەبرد فەوجەكانی سوپای پاسداران و ئیتڵاعات و بەدرو حیزبی دەعوە كە چاوەڕوانی رۆژێكی وابوون سواری سەری راپەڕینەكە بوون و لەباریان برد, وێنەی خومەینی و درووشمی شیعەگەرایان بەرز كردەوە.
بە وتەی ئیبراهیم ئەحمەد “ئەوان هەڵیانكوتایە سەر زیندان و بنكەكانی پۆلیس, ئەوانەی تۆمەتبار بوون بە كوشتن و دزیكردن ئازادیان كرد, هێرشیان دەكردە سەر دامەزراوە دەوڵەتی و كۆمەڵایەتییەكان تاڵانیان دەكرد، لە كوچە و گەڕەكەكاندا دەسوڕانەوە دەستدرێژییان دەكردە سەر ماڵ و دوكانەكانی خەڵك, تەنانەت هەندێكیان دەستدرێژییان دەكردە سەر ژنانیش”.
دوای سەركوتی راپەڕین ئێرانییەكان داوای چارەنووسی 150 ئەفسەری سوپای پاسدارانیان لە عێراق كردووە, گوایە لە راپەڕین بزر بوونە, عێراقیش پێیانی وتووە ئێمە لەو كاتە لەگەڵ ئێوەدا لە جەنگدا نەبووینە, كەسی وامان لا نییە, دوای روخانی سەدام ئەوانە كراونەتە شەهید لە عێراق و شەهیدانەیان بۆ دەرچووە.
لەو سەرو بەندەدا هێزەكانی هاوپەیمانی ئامادە نەبوون پێشوازی لە نوێنەری خۆپیشاندەرانی باشوور بكەن, هۆكارەكەشی باڵا دەستی ئاراستەی كۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسلامی سیاسی بوو لە راپەڕینەكەیان.

پێش راپەڕین لە یاداشتی حازم كوتك و سەید كاكە

بزانین پارتەكانی باشووری كوردستان لە ئێران پێش داگیركردنی كوەیت خەریكی چی بوونە, مام سەید كاكە لە یاداشتەكانی خۆیدا دەنووسێت”پێشمەرگە دەستیان بەنوێژ كردبوو لە ترسی ئەوەی نەبادا لە ئێران دەربكرێن, لە هەموی سەیرتر دەیان وت كورد بە هەموو شت رازیەو وایان دەزانی ئەو قاچاخچیانە بۆ سەدامی دەگیچرشنەوە , ئەمە حاڵی هەموو لایەنەكان بوو تا سەدام كۆێتی گرت. “.
ئیتر نازانم مام سەید بۆ خۆی ئاگاداری ئەمەیە كاك حازم كوتك لەسەر پارتەكەی نوسیویەتی یان نا؟ “جێگای داخە تفەنگی ئەوانەی تەسلیم دەبوونەوە لە لایەن هەندێ بەرپرسی قاچاخچی دەبران بۆ زێوەی مەرگەوەڕ دەفرۆشان، بە تایبەتی بەرپرسانی یەكێتی و سۆسیالست.وەك ئەوەی بە ژیانیان پێویستیان بە چەك نەبێتەوە ل324”. كەواتە ئەم پارتانە زۆریان پێش داگیركردنی كوەیت پێویستیان نە بە بیروباوەڕ مابوو, نە بە تفەنگیش.
مام جەلالیش لە یاداشتەكانیدا دەڵێت سەركردایەتیمان چاویان لە مفاوەزات بوو, یانی بەتەمای رەحمەتی سەدام بوونە لایەكیان لێ بكاتەوە.

رۆڵی ئێران لە ئامادەكارییەكان

ئێران لە رۆژەكانی یەكەمی داگیركردنی كوەیت, گرنگی بە پارتی و یەكێتی و مەجلس ئەعلا دەدات, هاوپەیمانیەتییەكان لە ژێر سەرپەرشتی و رێنوێنی قەرارگای نەسر بۆ دروست دەكات, پارتی و یەكێتی لە پاڵ بەرەی كوردستانی لەو هاوپەیمانیەتییەش كۆدەبنەوە, لێرە لە یاداشتەكانی خۆیانەوە بەشێك لە پانۆرامای هەوڵەكانی قەرارگای نەسر دادەنێین, هەرچەندە ماوەی 3 مانگێك بە وتەی خۆیان كۆماری ئیسلامی ئێران ئیهمالیان دەكات.
لایەنە كوردییەكان پێشتر 19 چالاكی هاوبەشی لەگەڵ پاسدار ئەنجام دابوو, لەو چالاكیانە , پارتی 8, ینك 6 یان بەركەوتبوو, ئەوانی دی حیزبوڵاكەی ئەدهەم پارزنی و حسك ئەنجامیان دابوو, بۆیە لێك تێگەیشتن و مومارەسەری رۆلچی وەستاو شاگردییان لەگەڵ یەكتر كردبوو.
بارزانی دەڵێت”لەم چوارچێوەیەدا شەوی 6لەسەر 7ی ئابی 1990,شاندێكی ئێران كە پێك هاتبوو لە هەر یەكە لە مەسجدی، مەجید سەفایی، ئارامش لە لێكۆڵینەوەو تویژینەوە، جەواد جەعفەری، بەرپرسی دەزگای (ئیتڵاعات) و شەرعی، بەرپرسی چالاكییەكان، سەردانی ڕاژانیان كرد و لە كۆبونەوەیەكەدا باس لە بارودۆخی نوێ و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكان كرا، هەروەها باس لە چۆنیەتیی خۆ ئامادەكردن لەم قۆناغە كرا “.
بەلام نەوشیروان مستەفا باسی لیژنەی سێ قۆڵی دەكاتو قەرارگای نەسردەسڕێتەوە”دوای ئەوەی عێراق كوێتی داگیر كرد، ئێمە لیژنەیەكی سێ قۆڵیمان هەبو، لە نوێنەرێكی یەكێتی، نوێنەرێكی پارتی و نوێنەرێكی مەجلیسی ئەعلای شۆرشی ئیسلامی. زنجیرەیەك كۆبونەوەیان كرد. دو لیژنە بون، لیژنەیەكیان لیژنەیەكی سیاسی بو بۆ تەنسیقی سیاسی، لیژنەیەكیان لیژنەی عەسكەری بو بۆ ئەوەی تەنسیقی عەسكەری بكەین. ئەو لیژنانە مەجموعەیەك ئیحتیمالاتیان باسكرد”.
فەرەیدوون عەبدولقادرو بارزانیش دەڵێن” 14ی شوبات بارزانی و نەوشیروان مستەفا سەردانی كرماشان دەكەن” لەم كۆبوونەوەیە لە گەڵ قەرارگای نەسر و مەجلس ئەعلا دادەنیشن. ئەم كۆبوونەوانە تا راپەڕین لە ژێر سەرپەرشتی ئاغای محەمەد سەركردەی قەرارگای نەسر بەردەوام دەبێت. بە وتەی كاك فەرەیدون ئاغای محمدی، وەك سەركردەی قەرارگای نەسر، دیاری كرابو بۆ هاوئاهەنگی!.
تەنانەت كاتێك لە سەرەتای مانگی ئازارەوە هێزەكانیان دەنێرنەوە, قەرارگای رەمەزان ئاگاداری چونەوە بۆ ناوەوەی هەندێكیان دەبێت و پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكات.
كاتێك راپەڕین دەست پێدەكات فشارەكان لەسەر لایەنە كوردییەكان زیاد دەكەن بۆ ئەوەی بەرەیەكی نوێ بكەنەوە, فشار لەسەر باشوور كەمبێتەوە” سەعات دەی ڕۆژی 01/03/1991 سەرداری مەسجیدی فەرماندەی قەرارگای ڕەمەزان هاتە لای نەوشیروان مستەفا لە زەڵێ، بۆ سەعات 12 ی نیوەڕۆش شێخ مەولای سەركردە لە مەجلیسی ئەعلا گەیشت و بەشداری كۆبوونەوەكەی كرد “.

كۆبونەوەكان بەرەی كوردستانی و ڕاپەڕین

بەرەی كوردستانی نەخشەی B ی پارتی و یەكێتی بووە, بڕیارە گرنگەكان لە كۆبونەوە چوارقۆڵییەكانی قەرارگای نەسر, مەجلس ئەعلای ئیسلامی عێراق و پارتی و یەكێتی دەرچووە, بۆیەشە كە 11 ی مارت لە قاسمە رەشەوە , 6 رۆژ دوای دەستپێكی راپەڕین و ئازادبوونی زۆربەی كوردستان مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا دادەبەزن ئەندامەكانی دیكەی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی لە گەڵ خۆیان نەك ناهێنن بگرە ئاگاداریشیان ناكەنەوە.
مەلاحەسەن وەك سیاسییەكی قسە لە روو بوێر ناسرا بوو, لە یاداشتەكانی خۆیدا بەم شێوەیە باسی هەندێك لە كۆبوونەوەكان بەرەی كوردستانی دەكات” دوای ئەم دەست درێژییە ناڕەوایەی رژێمی عێراقی دژی كوێت ئێمە وەك ك.هەرێم داوامان كرد, كە سەركردایەتی بەرە كۆببێتەوە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێك لەو دەست درێژیییەی رژێم هەرچەندە كارگێڕی بەرە بەیننامەیەكی لە دژی ئەم دەست درێژیە دەركردبو. دیار بوو بڕیار درا بە گرێدانی كۆبونەوەكە لە گوندی راژان, لەم كۆبونەوەیەدا كاك مەسعود و كاك كۆسرەت ئامادە بوون, لە لای ئێمەشەوە هاوڕێ كەریم و من و هاوڕێ رەوەند كە نوێنەرمان لە كارگێڕی بەرە ئامادە بووین, كۆبونەوەكە هەر لە بەیانیەوە تا ئێوارە درێژەی كێشا.بەڵام هەر چەند وەفدی ئێمە زۆر هەوڵی دا, كە سەركردایەتی بەیانێك دەربكات و رسوای ئەم دەست درێژی رژێم دژی كوێت بكات هەندێ لایەنی بەرە بە تایبەتی پارتی لە گەڵ دەركردنی بەیاننامەدا نەبوون بەم شێوەیە كۆبونەوەكە بە بێ وەرگرتنی هەڵوێست كۆتایی پێ هات”.
دیارە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە گەڵ بەیاننامەكەی دەستەی كارگێڕی بەرەی كوردستانیش نەبووە” بەڵام بەپێچەوانەی ئەم بیركردنەوەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بەرەی كوردستانی كە بارەگاكەی لەڕاژان بو لای كاك مەسعود بارزانی، بەیانێكی ئیدانەی دژ بە داگیركردنی كوەیت دەركرد. بۆیە یەكێتی دەستبەجێ ناڕەزایی دەربڕی و، نوێنەرەكەی خۆی كە كۆچكردو (جەبار فەرمان) بو لە بەرەی كوردستانی بۆ قاسمەڕەش سەحبكردەوە، داوای لەبەرەی كوردستانیكرد كە ئەو بەیاننامەیە تەعبیر لەبیروڕای ئێمە ناكات بكێشرێتەوە”.
بەرەی كوردستانی لە 12ی ئۆگستی 1990, واتا 10 رۆژ دوای داگیركردنی كوەیت بڕیاری ئاگر بەستی دا بەرامبەر عێراق” حیزبی شیوعی و پارتی گەل دژی بڕیارەكە بوون, پاسۆكیش بەشداری نەكردبوو”.
فەتاح تۆفیق فەتاح ناسراو بە مەلا حەسەن كە لەو كاتە نوێنەری حیزبی شیوعی بووە لە بەرە دەڵێت “لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەم 1991 بۆمبارانی ئاسمانی دەستی پێكرد.ئەم بۆمبارانەش نزیكە چل رۆژی خایاند پێش ئەوەی هێرشی سەر زەوی دەست پێبكات.ئێمە ئەم جارەش داوای بەستنی كۆبونەوەی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی-عێراق كرد, دیسان رەزامەندی بۆ بەستنی ئەم كۆبونەوە كرا, لە گوندی راژان ئەم جارە مام قادر و من بەشداریمان كرد لە تەك هاوڕێ رەوەند لە كۆتایی مانگ…. دیسان كاك مەسعود سەرپەرشتی كۆبونەوەی كرد ئێمە لەو كۆبونەوەیەش داوای دەركردنی بەیاننامەمان كرد, بەڵام ئەمارەش پارتی رازی نەبوو لەسەر دەركردنی بەیاننامەكە. یەكێتیش لایەن گری دەركردنی بەیاننامەكە نەبوو, من تا ئێوارە سوور بونی خۆم لەسەر دەركردنی بەیاننامەكە كرد. كاك مەسعود گوتی باشە بەیاننامەكە دەربكەین بەڵام رەنگە لەسەر ناوەڕۆكی رێك نەكوین, بەم جۆرە جارێكی تر كۆبونەوە بێ دەرئەنجام كۆتایی هات”.
بەم شێوەیە بەیاننامەی سەركردایەتی سیاسی كەوتە دوای سێ رۆژ لە راپەڕینی خەڵكی كوردستان, كە سەرەتا لە كەڵەكەوە دەستی پێرد.
مەلا حەسەن دەڵێت “لە 7ی ئاداری 1991 كاك مەسعود لە گەڵ هەندێ ئەندامی ه س پارتی هاتە قاسمە رەش ئێمەشیان ئاگادار كرد. كە ئێوارەی ئەو رۆژە كۆبونەوەی بەرە لە قاسمە رەش دەكرێ من و هاوڕێ مام صاڵەح بەشداریمان كرد لەو كۆبونەوە گرنگەی سەركردایەتی بەرەی كوردستانی كە بڕیار درا ئەمجارە بەیاننامەكە دەربكەین و جەماوەر لە هەمو كوردستان هانبدەین بۆ راپەڕین دژی دام و دەزگاكانی رژێم و لە كوردستان دەریان پەڕێنین. نووسینەوەی بەیاننامە بە كاك ئازاد بەرواری و من و هۆشەنگ لە پارتی گەل سپێردرا, ئێمەش هەر بەیاننامەكەمان ئامادە كرد و لە ئێزگەی یەكێتی و پارتی خوێندرایەوە بە بلاوكردنەوەی بەیاننامەكە جۆش و خرۆش ی جەماوەر زیاتر پەرەی سەند هەر بۆ رۆژی دوایی جەماوەری شاری سلیچمانی شاری هەلچمەت و قوربانی راپەڕین وشارەكەیان لە دامودەزگاكانی رژێم پاك كردەوە.”.” كۆبونەوەكە 6 مانگ كراوە نەك 7″.
مەسعود بەرزانی تایبەت بەو كۆبوونەوەیە دەنووسێت ” ڕۆژی 6ی ئاداری1991سەردانی قاسمە ڕەشم كردو، لە گەڵ نەوشیروان مستافا و برایانی سەركردایەتی بەرە لە ناوچەكە كۆبومەوە،. لە كۆبوونەوەكەدا كە ڕەسووڵ مامەندو مەلا حەسەن لە حیزبی شیوعی و م.شوان لە پاسۆك ئامادە بوون. دوای تاوتوێكردنی بارودۆخەكە، بڕیار درا كە لە هەردوو ئێزگەی دەنگی كوردستان و دەنگی گەلی كوردستانەوە زانیاری و ڕێنماییی پێویست بە جەماوەری كوردستان بدرێت. “.
لێ پێشمەرگەیەكی ئەو كاتی ینك بەناوی دانا حەمە عەزیز دەنووسێت” وتوێژەكانی نەوشیروان مستەفا و سەركردایەتی یەكێتی بۆ قەناعەت پێكردنی لایەنەكانی بەرەی كوردستانی بۆ بەشداریكردن لە ڕاپەڕین، بێ ئەنجام بوو، هیچ كام لەلایەنەكانی بەرە ئامادە نەبوون بەشداری ڕاپەڕین بكەن، بەڵكو دژی بوون و خەڵكیان سارد ئەكردەوە، سەركردایەتی حسك ئەیانووت ئێمە خۆمان توشی ئەم مەعمەعەیە ناكەین “.
مام سەید كاكە لەم بارەیەوە لە یاداشتەكانی خۆی بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە” ئێوارەیەك كادیرەكانی یەكێتی”سەفین مەلا قەرەو بەكرە سور و جەلال ئیلنجاخی” لەگەڵ چەند كادیرێكی دی ئەمانە لەناو یەكێتی كادیری پلە دوو بوون هاتنە سەردانمان و بێ هیوابوون دەیان گوت جارێكی تر كورد نە شەڕی پێدەكرێ و نە خۆپیشاندان, تا درەنگ گفتوگۆیان لە گەڵ كردین, دڵنیا بووم لەوەی كە رژێم رووخاوە بەڵام قسەكانی ئەوان زۆر كاری لێكردم, هەستان رۆیشتن خەوم لێكەوت سەعات 10ی شەو پاسەوانەكان بانگیان كردم گوتیان میوانت هاتووە, كە چووم سەیرم كرد” دوو مەلای ئەنجومەنی باڵا لە تەهران لە گەڵ بەرپرسی قەرارگای رەمەزان لە باختەران هاتبوون” چایان بۆ هێنان و چایان خواردەوە گوتیان هیچتان زانیوە لە رانییە؟, گوتم نەخێر هیچمان نەزانیوە گوتیان ئێوە هێزتان چۆتە خوارێ؟… من زۆر ترسام وام زانی خەبەریان لێداوین چونكە ئێران پێی ناخۆش بوو بچینە خوارێ و لە گەڵ لێدانی ئەمەریكا ئێمەش لە رژێم بدەین, گوتم بەڵێ كە شەڕ لە نێوان ئەمەریكا و عێراق راوەستا ئێمە پێشمەرگەمان بۆ لێدانی رژێم ناردە خوارێ, ئەوانیش گوتیان رانیە و پێشمەرگەی ئێوە واتە سۆسیالست لەناو رانیە یە راستی بێت هەموو حیزبەكان لەوانمان زانی كە رانیە گیراوە راپەڕین دەستی پێ كردووە.”.
هەرچەندە فەرەیدون عەبدالقادر لە یاداشتەكەیدا دەڵێت” میحوەری ڕاپەڕین، لە بەرەبەیانی ڕۆژی 5/3/1991دا، توانییان شارۆچكەی ڕانیە بكەنە دەروازە بۆ ڕزگاركردنی ناوچەكان…..”.
پێی دەچێت لەو سەرو بەندەدا ئێران دژ بە لێدانی عێراق بووبێت, تەقە راوەستانەكەی بەرەی كوردستانیش لە ژێر كاریگەری ئێرانییەكاندا بووبێت , ئەوان ترسابووبێتن لە لێدانی عێراق و هاتنی ئەمەریكا, ئەمەیان بە تەڵە بۆخۆیان زانیبێت, بۆیە نەیان هێشتووە بەیاننامەش دەربكەن, كە دوایی خۆپیشاندان خۆرسكانە لە زووبیچرەوە دەستی پێكرد, ئەوجا هەلەكە دەقۆزننەوەو هانی پارتی و یەكێتی دەدەن بجوڵێن, لە لایەكی دیكەوە وەك مام جەلال ئاماژەی پێ دەددات خوا خوای مفاوەزات بوونە لە گەڵ بەعس, بەڵكە لەو بێهێزییەوە ئێسكێكیان بۆ فڕێ بدات.
سەید كاكە لەم بارەیەوە دەڵێت” یەكێتی خۆی ئامادە كرد, ئەگەر هاوپەیمانان لە عێراق بدات, ئەوانیش لێی دەن, بەڵام ئێران بەوە رازی نەبوو, یەكێتی پاشگەز بووەوە. “.
سەبارەت بەوەی لایەنەكان بەرەی كوردستانی ئامادە نەبوونە بەشداری راپەڕین بكەن, مەلا حەسەن دەڵێ چەندین سەركردەمان وەك ئەبو فاروق, پەخشان زەنگەنە, جەلال دەباغ وە لە عەرەبەكان ئەبو یەسارو سەعدون و چەندینی دیكە لەناو شاردا بوون, لەناو خۆش هیچ كات بێ پێشمەرگەی شیوعی نەبووە, وە ئەوان لە 6ی مانگ یەكەم خۆپیشاندانیان لە هەولێر رێك خست, كچەكەی مەلا حەسەن لە پێش جەماوەرەوە دروشمی داوە لە بەردەم پاركی شار لە جەرگەی هەولێر.

گفتوگۆی ئەگەرەكان و نەخشەی راپەڕین

هەموو گفتوگۆو بەرنامەی راپەڕین, خوێندنەوەی ئەگەر بووە, هەموو لایەنەكان بە كۆمۆنیستەكانیشەوە كە لەو كاتە لەناو شاردا كاریگەر بوون و جەماوەریان هەبوو لە راپەڕین و دوای راپەڕین لە راماڵینی بەعس لە شاری هەولێر لە 17-7-1991 رۆڵی گرنگیان هەبوو, لە كەڵەكەوە تا سلێمانی و هەولێر بەشداری چالاكانەی راپەڕینیان كرد, هەمووی لە ئەگەری نێوان لێدان و لێ نەدان, روخان و نە ڕوخان بووە, لە لێدان چی بكرێت لە لێ نەدان چی بكرێت, دیارە لە كاتی لێ نەدان بێدەنگی كردنەو هەستانە بە مایەی خۆ, با بزانین گفتوگۆی ئەگەرەكان چی بووە؟.
مام جەلال لە دیداری تەمەندا دەڵێت” من رام وابوو لە عێراق دەدرێ, برادەران رایان وابو, لیێ نادرێ ئەوە گاڵتەیە سەدام لە كوەیت دەكشێتەوە, ….. لە ناو برادەراندا تەنها كۆسرەت پشتگیری راكەی منی دەكرد. برادەرانی تر رایان وابوو لێی نادرێ و خۆمان تووشی ئەو بەڵایە نەكەین و عێراق لێمان دەتۆرێ . …ئەو كاتە هەستی گفتوگۆ كردن هەبوو لەگەڵ بەعس”.
نەوشیروان مستەفا لەبارەی ئەگەرەكانەوە دەڵێت”ئەو كاتەی عێراق پەلاماری كوێتی دا، وەكو باسم كرد ئێمە بارەگاكانمان لە قاسمەڕەش و زەڵێ بو. زنجیرەیەك كۆبونەوەمان بە ئەندامانی سەركردایەتی، بە فەرماندەكانی پێشمەرگە، بە كادرە پێشكەوتوەكانی یەكێتی، كرد بۆ ئەوەی چی بكەین و چی نەكەین، یان هەڵوێستمان چی بێت. لەو زنجیرە كۆبونەوانە ژمارەیەك ئەگەرمان دانا. ئەگەر بەو مانایەی عێراق ڕۆشتوە و كوێتی داگیر كردوە، ئەگەر لە كوێت كشایەوە، ئێمە هەڵوێستمان چۆن بێ. ئەگەرێكی تر ئەوە بو، ئەگەر عێراق مایەوە و لە كوێت نەكشایەوە و لێی نەدرا. یەعنی ئەگەر عێراق توانی كوێت بكات بە بەشێك لە قەڵەمڕەوی خۆی، ئێمە هەڵوێستمان چۆن بێز”.
لێ فەرەیدون عەبدوالقادر خۆی و حەمە تۆفیق بە ئەندازیای نووسینی ئەگەرەكانی ینك دەزانێت دەڵێت”كاك نەوشیروان داوای لە من و كاك حەمە تۆفیق كرد، بەرنامەی ئەگەرەكان بنووسین، حیسابی هەموو ئەگەرەكان بكەین!.
وەلێ رێباز كە لە یاداشتەكانیدا زۆر راستگۆیانەیە باسی ترسی خۆیان دەكات لە جولە كردن”لە ڕاستیدا ئێمە تەواوی ئاگاییمان لە چارەنووس ڕاپەڕینەكەی ناوەڕاست وجنووب نەبوو، چونكە ئەوان هیچ پرس یان تەنسیقكیان لەگەڵ ئێمە نەبوو، بۆیە مەترسی ئەوەمان هەبوو ڕاپەڕینی ئەوێ تێكبشكێ و ئێمەش ئەگەر جوولەمان كرد ڕق و كینەی هەمووان بڕژێنێتە سەر گەلی كوردستانی بێ دیفاع، بۆیی وەك كارێكی سەرەتایی بڕیاردرا شانەی چەكداریی بۆ كاتی پێویست چەكدار بكرێن…”.
سەركەوتی جیهاز كە عەدەد جیهازی نەوشیروان مستەفا بووە لەو رۆژانەدا دەڵێت”داگیركردنی كوەیت لە 2 ی ئابی ساڵی 1990، لە لایەن سەدام حسین ەوە، دەرفەتێكی زێڕین بو بۆ كورد و هێزەكانی تا تۆڵەی خۆیان لەبەعس بكەنەوە. سیاسەتی سەركردایەتی یەكیتی نیشتمانی كوردستان لەو كات و ساتەدا ئەوە بو، كە هیچ بەیاننامەو تەسریح و هاشوهوشێك نەكرێ نە بە ئیدانەكردن، نە بەپشتگیریكردن، بەڵكە خۆمان بێ دەنگ بكەین و ئێستا ئیتر كاتی فەرمان و كردارو خۆئامادەكردنە بۆ ئەگەرەكان. ئەگەر سەدام لەژێر زەختی دەولی دا كشایەوە، ئەگەر نە كشایەوەو لێی درا.”.
كۆبونەوە چوار قۆڵییەكانی قەرارگای نەسر لە گەڵ مەجلس ئەعلای ئیسلامی عێراق و یەكێتی و پارتی هەموو گفتوگۆكانیان لە مانگی ئابەوە تا كاتژمێرەكانی پێش راپەڕین لە یاداشتەكاندا بخوێنیتەوە هەمووی لە نێوان ئەگەری لێدان و لێ نەدان خولاوەتەوە, ئامادەكاری بوو بۆ ئەگەرەكان, پلانەكانیان پلانی حازر خۆری بووە, ئەوەشی روویدا سواری ملی راپەڕینی خۆڕسكی خەڵكی عێراق و كوردستان بوون, جەماوەر لە ئەوان شۆڕشگێڕتر بوون.

ئەگەرەكەی حازم كوتك
حازم كوتك لە بنەماڵەیەكی جوتیاری فول دژ بە ئاغایی دەشتی هەولێر چاوی بە دنیا هەڵهێناوە, شۆرشگێڕییان فولە بە بنەماڵەوە, كاتێك لە ئێران خەریكی شۆفێری دەبێت وەك زۆربەی پێشمەرگەكانی دیكە, لە خۆشی داگیركردنی كوەیت كە بە گەورەترین كەرایەتی سەدام دەزانێت لە یەكەم چركەوە, كە هەواڵەكەی دەبیستێت “حازم كوتك دوو نەفەری هەبووە بیانبات بۆ سەردەشت، لە خۆشی ئەو هەواڵە نایانبات، گوایە بزن نانی شوانی خواردووەو سەدام دەڕوخێت و دەگەڕێتەوە بۆ تاقیبی هەواڵەكە, شار بە شار دەگەڕێت بەدوای خوێندنەوە بۆ ئەگەرەكان”.
حازم ڕۆژی لێدانی عێراق ماشینەكەی لێ دەبێتە بەڵاو دەیداتەوە بەوەی لێی كڕیوە بە زەرەر, چونكە لای مسۆگەرە ئەم كەرایەتییەی سەدام سەری دەخوات.

گەڕانەوە دوای ئازادی هەولێر
لە كاتێكدا هەزاران ژن و پیاوی وەك خەجە باوە لە هەولێر لە پێشەوەی خەلچكدا بوون ئەوێ رۆژێ, دوای مسۆگەر بوون لە ئازادكردنی شاری هەولێر, ئەوجا مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا, بێ ئاگاداركردنەوەی لایەنەكانی دیكەی بەرەی كوردستانی, بە بێ دەنگی بڕیاری هاتنە ناوەوەی باشووری كردستان دەدەن و لە سنوور دەپەرشێنەوە, لایەنەكان دی لە گەڵ خۆیانا ناهێنن.
مەسعود بارزانی دەڵێت” لە 11ی ئاداری 1991-دا، لە قاسمە ڕەشەوە بە ڕێكەوتین و بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك بە پێ ڕۆیشتین، سەیارەكان لە نزیك سونێ چاوەڕوانمان بوون، لەوێوە بەرەو ڕانیە ڕۆیشتین.”. بە قسەی سەید كاك بێت” كاك مەسعود و كاك نەوشیروان بە ئۆتۆمۆبیلەكەی سەید كاكە, دەگەنە ئەو ئۆتۆمۆبێلانەی بەدوایانا ناردرابوو. لە هاتنەوەشیان لە بری ئەوەی یەكسەر بگەنە هەولێر, لە بێتواتە و سەرچیا میوانی دوو ئاغای موستەشار دەبن.

ئەگەر

ئەگەر راپەڕین لە كوردستان وەك باشووری عێراق سەركوت بكرابایا بێ دەستكەوتەكانی كۆڕەو, وەك هەڵەبجەو ئەنفال پاَەوان و نەخشە داڕێژەرو ئەندازیاری نابوو, بگرە ئەندازیارەكەشی وەك تاوەنەكانی هەڵەبجەو ئەنفال و حاجی ئۆمەران كە هەیان بوو خۆیان دەشاردەوە, وەك ئەو تاوانانە هەتیو و بێكەس سەری دەنایەوە, كەس نەك باسی ئەندازیاری ناكرد, بگرە بەڵگەنامەی قولابیشیان بۆ پاكانە كردن لێی دروست دەكرد.
تا ئێستا هیچ بەڵگەیەكی بڵاو كراوە نییە هیچ هێزێكی كوردی پێش ئەو مێژووە” راپەڕینی بەسرە1-3-1991 “بانگەوازی بۆ راپەڕین كردبێت, ئەوەی هەبووە جوڵەو پەیوەندیكردن و خۆ رێكخستنەوە بووە بە بێ دەنگی, بگرە چاویان لە مفاوەزات و رێكەوتنیش بووە, لەو بێ ئومێدییەی تێی كەوتبون وەك خۆیان وتویانە جورئەتمان نییە وەك م م بڵێین ئاش بەتاڵە., دەشێت دوای گرتنی كوەیت وەك خوێن جمانی بهارانە ئومێدێكیان پەیدا كردبێت لایەكیان لێ بكرێتەوە,
منداڵێكیش بەو كەم هۆشیەی خۆیەوە بایی ئەوە ژیری هەبوو, دوایی حەڤدەی جەنیوەری 1991 كە دەست بە لێدانی عێراق كرا ئەگەرێك بۆ روخانی رژێم لە ناو كۆمەڵێك ئەگەری دی دابنێ.
هەموو كەس لە تاریك و روونی شەبەقی بەیانی پێنج شەممەی رێكەوتی 17-1-1991ەوە دەیزانی سەدام لە شكستە, چاوەكان دوكەڵ و ئاگری فرۆكەكانی هاوپەیمانانی دەبینی, گوێیەكانیش گوێ بیستی تەقینەوەكان بوون, لەبان خانووەكانەوە چەپڵەیان بۆ لێدەدرا.
بە بڕوای ئێوە راپەڕینێك دوای ئەم هەموو روداوە گەرم و شكستە مەزنەی سەدام هاتبێت, دەشێت ئەندازیاری هەبێت؟؟, وە ئەندازیارەكەشی بۆ خۆیان فیشەكێكیان نەتەقاندبێت؟؟ ئازیزێكیان خوێن لە لوتی نەهاتبێت؟؟؟؟؟, لەناو رداوەكان نەبووبێتن؟.

كۆڕەو سەركەوت
راپەڕین تەنها دوو ساڵ و نیو دوای هەردوو تاوانی هەڵەبجەو ئەنفال ئەنجامدرا, هێشتا شوێن بزر بوونی ئەنفالكراوان و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە زەینی خەڵكدا مابوو, هێشتا دوكەڵی كیمیاوی و تەپ و تۆزی روخانی گوندەكان و كوشتنی خەڵك لە بەرچاوان بوو, هێشتا خەڵك بە دوای چارەنووسی ئەنفالكراوانەوە بوون بە زیندویی, هێشتا ترس و لەرزی فڕێ دانە خوارەوەی هاووڵاتیان لە كۆپتەرەوە لە زەین و هۆشیاندا بوو, هاوكات دژە سەركوتكردنی راپەڕین لە باشووری عێراق. حوسێنی زیندوو” حوسێن كامل” گولەی تانكەكەی كە نای بە حوسێنی مردوەوە, نیشانەی دەست نەپاراستن بوو. كوژرانی 5000 بەعسی لە راپەڕین بە كوشتنی 100 هەزار لە هاووڵاتیانی باشوور وەڵام درایەوە, ئەم دوو وێنە تراژیدیایە ئێستا و 88 خەڵكیان هاندا كۆڕەو بكەن. لە سەرەتادا هێزەكانی بەرەی كوردستانی لە ناو شاری هەولێر رێگری توندیان لە خەڵك كرد شار بەجێ بهێڵن, ئێمە تا بەرە بەیان بە ئۆتۆمۆبیلی پڕ لە ژن و منداڵی جل وبەرگ رەشەوە, هەموو لە پرسەی شەهیدو ئەنفالدا بووین, رێگایان نەدا لە شار دەرچینە دەرەوە, وەلێ كە گولەی تۆپەكان گەیشتە دەوروبەری هەولێرو رێگركەران هەڵاتن, ئیتر وەك روبار جەماوەر رێگای خۆی كردەوە, لێرەشدا خوێنی ئەو خەڵكەی لەو رۆژەدا بووونە قوربانی لە ئەستۆی چەكدارەكانی بەرەی كوردستانییە ئەوانەی كە رێگرییان كرد.
خەڵك بە بەجێ هێشتنی ماڵ و شار, ئەو داستانەیان خولقاند كە لە مێژوودا ناوی نرا كۆڕەو, دوای تەنها چوار رۆژ, داستانی برسی و سەرما بردووەكان چووە سەر مێزی نەتەوە یەكگرتووەكان.5ی ئەپرێل بڕیارێكی هەشت خاڵی بەناوی بڕیاری 688 لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەرچوو بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل, بەمەش كۆڕەو بووە هۆكاری گۆڕانكاری بۆ یەكەمجار لە مێژووی گەلی كورددا لە باشووری كوردستان. هەڵەبجە و ئەنفال لە كاتی خۆیدا نەیانتوانی كاریگەری دابنێن, بەڵام كۆڕەو كە روحی نەمردووی هەڵەبجەو ئەنفال و كاردانەوەی ئەو دوو تراژیدیایە بوو, جیهانی هێنایە دەنگ=.
راپەڕین ئەنجامی نەبوو, وەلێ شكستی راپەڕین بووە سەركەوتن. دوو هۆكاری دواتر هاتنە پێشەوە شەڕی كۆڕێ و بە رادەی كەمتر ئەزمڕ و راپەڕینەكانی مانگی تەموزی هەمان ساڵی ناو شارەكان, وە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە سەرقەڵاو گەرمیان, هەموو ئەمانە سەركەوتنەكانی كۆڕەویان جێگیرترو بەرفراوانتر كرد.
كەواتە لە راستیدا هەر ئێمەی جەماوەر ئەندازیاری راپەڕین بوبێتین, ئەوا بێشك ئەندازیاری كۆڕەوی ملیۆنی و راپەڕینی تەموزی ناو شارەكان بووین, ئەم واقعەی دروست بووە بەری رەنج و تێكۆشای هەموومانە, نەك بەشداربووانی كۆبونەوەكانی فەیلەقی نەسر لە كرماشان و بە دەست لێدان بۆ هاوكاری پاشكۆكانی ئێران لە باشوور جوڵەیان كرد.
هەموو روداوەكان ئەوە دەرەخەن, دەستپێكی راپەڕین لە عێراق و كوردستان خۆرسكی بووەو ئەنجامی رق لە شكست و سەركوت, نەك ئەنجامی نەخشەو پلانەكانی كۆبونەوەكانی كرماشان و رێنوێنییەكانی فەیلەقی نەسر.
لێرەدایە رەو كردن و راكردن بەسەر پەلامارو هێرشدا سەردەكەوێت, بیچ چەك بەسەر چەكداریدا, ژن و منداڵ بەسەر سمێڵ و باسكی بەهێزدا, ئەمە مێژوویەكی نوێیە لە جیهانی نوێدا.

سەرچاوەكان:
الانتفاضە الشعبانیە – ویكی شیعە
https://www.albasrah.net/ar_articles_2023/0823/safwat_140823.htm
https://www.facebook.com/watch/?v=1069997837562544
https://www.youtube.com/watch?v=lQTtedTyLyg
https://www.youtube.com/watch?v=kKcZqzChj28
https://merip.org/1992/05/why-the-uprisings-failed/
https://elaph.com/Web/Opinion/2018/07/1214054.html
https://www.historyofkurd.com/2016/03/16/%D8%B1%D8%A7%D9%BE%DB%95%DA%95%DB%8C%D9%86-%D9%88-%DA%86%DB%95%D9%86%D8%AF-%D8%B1%D8%A7%D8%B3%D8%AA%DB%8C%DB%95%DA%A9%DB%8C-%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%DB%8C%DB%8C-%D8%A8%DB%95%DA%B5%DA%AF%DB%95%D9%88/
حەفتاو ساڵ ژیان … پەنجاو نۆ ساڵ تێكۆشان ( بیرەوەریەكانی خەباتی مەلا حەسەن) فەتاح تۆفیق فەتاح چاپی یەكەم 2008 – چاپخانەی وەزارەتی رۆشنبیری هەولێر
هەڵۆ سوورەكانی قەندیل فەرەیدون عەبدوالقادر 2020 دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كرد بەرگی چوار, بەرگی پێنجەم چاپی یەكەم حوزەیرانی 2022
مام جەلال دیاری تەمەن ئامادە كردنی سەلاح رەشید- بەشی دوەم -چاپی یەكەم 2017 چاپخانەی كارۆ
قەندیل بەغدای هەژاند..بەشی سێیەم نووسینی ڕێباز چاپی دووەم 2011
57ساڵ خولانەوە لە ژێر وەهمی شۆڕشدا حازمی عەلی كوتك- دەزگای فێربون 2020
بیرەوەری پێشمەرگەیەك سەید كاكە چاپی چوارەم, 2020-
https://www.peyserpress.com/detail/8505
https://www.wtarikurd.info/2017/03/01/%D8%AF%D8%A7%D9%86%D8%A7-%D8%AD%DB%95%D9%85%DB%95%D8%B9%DB%95%D8%B2%DB%8C%D8%B2-%D8%A8%DB%86-%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%D9%88%D8%8C-%D9%86%DB%95%D9%88%D8%B4%DB%8C%D8%B1%D9%88%D8%A7%D9%86-%D9%85%D8%B3/




بانگەشەی ئاشتیەکی ئاڵۆز.. عوسمانی حاجی مارف

لەم دۆخەدا کە رۆژهەڵاتی ناوەراست ئاڵۆگۆركی سیاسی بە خۆوە دیوەو پێشبینی ئاڵوگۆری زیاتریش دەکرێت، ململانێکان لە ئاستێکی باڵادا نمایش دەکرێن و هاوسەنگی هێزەکان و بەرژوەندیەکان رۆژانە سینارێۆیی جیاوازمان دەخاتە پێش چاو، روداوەکان چاودێریەکی ورد دەخوازێت، ئەگەرەکان پەرشوبڵاون، یاری لایەنەکان سەرنجراکێشن، پلانەکان و دەخالەتەکان جەماوەریان وەک تەماشاکەرێک لە چاوەروانیدا راگرتووە، ئاڵۆزیەک وێنا دەگرێت، کەکاتی کۆتایی ئەم یاریە نادیارەو ئاکامەکانی نارۆشنە و نەزانراوە کێ یاریەکە دەباتەوە، ناوچەکە لە دەورانێکی ئاڵۆزو ناجێگیر و سەگەردانیدایە، لەمێژوی ژیانی بەشەریەتدا کارەساتەکان و قوربانیەکانی بێوێنەن.
بەجیا لە گۆرانی تارادەیەکی هاوکێشەی سیاسی کە لە ئێستادا بە قازانجی تورکیایە و پاشکشەیە بە ئێران، بەڵام مانای ئەوە نیە مەیدانەکە بۆ تورکیا خاڵیەو دەتوانێ چی دەوێت ئەنجامی بدات، لەم ناوچەیە کە بەرژوەندی سیاسی و پلانی جیاوازی تیا نمایشدەکرێت، ئۆروغان لە بەرامبەر هەڵبژاردەی نێو جەنجاڵیەکی بێوێنەدا قومار دەکات، لەلایەک لە بەینی رێکەوتن یا شەر لەگەڵ ئیسرائیل تیاماوە، لەلایەکی ترەوە دەخالەتی لە چونیەتی رێکخستەوەی حکومەتی سوریا نەک لەبەرامبەر ئیسرائیل بەڵکو لەبەرامبەر فەرەنساو ئەڵمانیا و یونان… کێشەی هەیە.
بەمانایەک دیارنیە تورکیا لە نێو ئەم ململانێیەئ کە هەوڵئەدات لە ناوچەکەدا رێگایەک بۆ چارەسەری قەیرانەکانی پەیدا بکات، دەتوانێ سەرکەوتوبێت!. بەتایبەتی کەلە زۆرلاوە ئاستەنگی بۆ دێتە پێشەوە، ناچار بووە سوکانی جوڵەی نەخشە سیاسیەکانی ئاشتەوایی لەگەڵ ئۆجەلان و پەکەکە بخاتە دەستوری پلانەکانیەوە، ئۆردغان جگە لەوەی ناسیۆنالستێکی فاشست و ئیسلامیە، هیچ کات ئاشتی خوازنەبوەو نیەو نابێت، بەجۆرێک پێویستی بە بانگەشەی راگەیاندنی ئاشتیە بەڵکو رێگاکانی دەخالەتی لە ناوچەکەدا بۆ ئاواڵەترکات!. هەروەها بەکارهێنانی شێوازی ترە لە فشار بۆ سەر ئۆجەلان و پەکەکە، کە داوای کۆتایی هەڵسورانی چەکداری و هەڵوەشانەوەی حزبەکەیان دەکات، بێ ئەوەی چۆنیەتی چارەنوسێکی دیارکراو بۆ ئایندەی پێکەوەژیانی ‘کورد و تورك” ساغکاتەوە.
ئۆروغان گەر بەهەر نرخێک و کارەساتی ئینسانیش بێت، جگە لەوەی لە هەوڵی هەڵسانەوەی تورکیایە لە قەیرانە ئابوری و سیاسیەکانیدا، لە هەمانکاتدا لە هەوڵی ئەوەدایە مانەوەی لەدەسەڵاتدا جێگیرکات.
هەڵبەتە ئەردوغان جگە لە پلان و دەخالەتی لە ناوچەکەدا لە هەمانکاتدا ئەوەشی بە هەند وەرگرتووە کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٨ ئەنجام دەدرێت و ئەردۆغان ناتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە، بۆیە دەبێت دەستوور هەموار بکاتەوە، بۆئەم پلانەش پێویستی بە دەنگی کورد و هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی گەلی کورد هەیە، چونکە لەم بارودۆخەی ئێستادا کوردەکان پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەکەن کە “پارتی کۆماری گەل (جەهەپە)یە” و دیمان کە لە دوایین هەڵبژاردنیشدا پارتەکەی ئەردۆغان بە جیاوازییەکی زۆر کەم سەرکەوت و شارەوانیەکانی لە زۆرێک لە شارە گەورەکاندا دۆڕاند. بۆیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا مەترسی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئەردۆغان و پارتەکەی بە تەواوی لە دەسەڵات لە تورکیا دووربخرێنەوە. هەروەها دۆخی ئەوپەڕی گرینگی ئابووری تورکیا و تێچووی گەورەی شەڕ لە بەرە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆ و دەرەکیدا، ئەردۆغانی ناچار کرد ئەمجارە لە ڕێگەی حکومەتی باخچەلییەوە قسە بکات، بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی بۆ ئەوەی هەم دڵنیاکردنی ناسیۆنالیستەکان و هەم ڕاکێشانی کوردەکان بەدەست بهێنێت.
باخچەلی کە پێشتر دژی دەستپێکردنی دانوستانی نوێی ئاشتی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا بوو، بەم جۆرە لێدوانانە نیشانیدا کە نەتەوەپەرستترین لایەن لە ئەنجومەنی پەرلەماندا ئامادەیە بۆ دانوستان بۆ رێکخستنی ئەم پرسە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە. پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە کە هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغانە، یاریزانێکی سەرەکییە لە هاوپەیمانی دەسەڵاتدا، ناچارن لەم دۆخەدا سیناریۆیەک بەناوی ئاشتیەوە نیشان بدەن.
باخچەلی ئاماژەی بەوەداوە کە ” ڕەنگە هەوڵەکانی ڕێڕەوی مێژوو بگۆڕن و کۆت و بەندەکانی تورکیا بشکێنن، بۆیە دەبێت هەموو پرسێک و هەموو قەیرانێک لە پەرلەمان بوروژێنرێت و پێویست دەکات چاکسازی دیموکراسی ئەنجام بدرێت بۆ وەڵام بەنیگەرانیەکانی هاووڵاتیانی کورد!.
لە کاتێکدا کەس نەیدەویست گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە دەستپێبکات. پەکەکە هیچ هیوایەکی بە حکومەتی تورکیادا نەبوو، تا ئەو کاتەی دەڤلەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی کۆمیسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان، ڕایگەیاند “با ئۆجالان بێت و لە پەرلەمان قسە بکات”. “ئەوە راگەیەنێت کە تیرۆر بە تەواوی کۆتایی هاتووە و ڕێکخراوەکەی هەڵبوەشێنێتەوە”. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەگەر ئۆجەلان وتارێکی لەو شێوەیە پێشکەش بکات، ڕەنگە ڕێگەیەک هەبێت بۆ ئەوەی لە زیندان ئازاد بکرێت”.!
لە راستیا وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد فاکتەری گرنگ و نوێ لەسەر ئاستی ناوچەکە سەریان هەڵداوە. دۆخەکە لە وڵاتانی دەوروبەری تورکیادا گۆڕاوە، لەوانە سوریا، لوبنان و عێراق. لەم بارەیەوە ئیسرائیل و ئەمریکا پلانیان بۆ ئەو ووڵاتانەو ناوچەکە هەیە کە هیچ جێگایەک بۆ تورکیا دانانێن. بوونی کوردە چەکدارەکانی سوریا لەسەر سنوورەکانی تورکیا، کە ئەمریکا و ئیسرائیل پشتیوانیان لێدەکەن، بەربەستێکە بۆ پلانەکانی تورکیا، بۆیە هاوکات دیمشق و تورکیا لە هەوڵی ئەوەدان کە ئەو هێزە کوردیانە چەکدار بکرێن و یان بیانکەنە پاشکۆی هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا، چونکە حکومەتی ناوەندی سوریا و دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە هەموو ئەمانە بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەزانن، ئەنقەرە بەناوی ئاشتەوایەوە دەیەوێت پێگەیان لاوازکات. ئەمەش تا چەند دەتوانێ لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە قەبول کرێت، پرسیارێکە لە چۆنیەتی سەوداومامەڵەیاندا وەڵام وەردەگرێتەوە.
دواجار پەیامەکە ئۆجەلان خوێندرایەوە بە خێرایی لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سەرانسەری جیهاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو، ئاستی نارۆشنی پرۆسەکەو شێوازی مامەڵەی ئۆروغان و باخجەلی و شێوەی پەیامەکەی ئۆجەلان و وەڵامی پەکەکە، لێکدانەوەو بۆچونی جیاوازی خستۆتە ناو میدیاکان و لایەنە سیاسیەکان و جەماوەری خەڵکەوە، لە هێوایی و بێ هیوایی!، لە هەمان کاتدا گومان لەسەر پراکتیکی بوونی ئەو بڕگەیە دروست بووە، کە ئاماژە بە داماڵینی چەک لە باڵی سەربازیی و هەڵوەشانەوەی پەکەکە دەکات.
حکومەتی تورکیا، کە لە ماوەی ڕابردوودا سەرەڕای بەڵێنەکانی هەرگیز دان بە مافەکانی کوردەکان لەم وڵاتەدا نەناوە، ئەم بەناو هەوڵدانەی ئێستاش بۆ ئاشتی پەیامێکی رۆشن بەدی ناکرێت کە راشکاوانە دان بە مافەکانی کورد و کێشەی کورد بنێت. تەنانەت بە بیانووی جۆراوجۆر نوێنەرانی یاسایی کوردەکانیان لە شارەوانییەکان و پەرلەمان لە پۆستەکانیان دوور دەخەنەوە و ساڵانە هەزاران گەنج و خوێندکاری کورد دەگرن و دەیانێرن بۆ زیندانەکان، بۆردومانەکانی بۆسەر بنکەکانی پەکەکە نەوەستانووە، هەروەها هێرشەکانی بۆ سەر هەسەدە بەردەوامە.
لە ڕاستیدا پرسی چەکداماڵینی پەکەکە یەکێکە لە ئاستەنگە گرنگەکانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی، چونکە لە نەورۆزی ٢٠١٥ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەکەکانی دابنێت، بەڵام پرسی کۆبانی و دروستکردنی ئیدارەیەکی سەربەخۆی کوردی لەسەر سنووری تورکیا بووە هۆی عەمەلی نەکردنەوەی ئەم پرۆسەیە. هەر بۆیە ئۆجەلان لە ساڵی ٢٠١٥دا نەیتوانی پەکەکە ناچار بکات کە چەک داماڵێت.
هەرچەندە جەمیل بایک ئەندامی ئەنجوومەنی فەرماندەیی پەکەکە لەم دواییانەدا لە چاوپێکەوتنێکدا وتی ئۆجەلان سەرکردەی ئێمەیە و وەڵامی داواکارییەکانی دەدەینەوە، بەڵام پەکەکە گەرەنتی دەوێت. گەرەنتییەک کە چارەنووسی ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە دیاری بکات کە ساڵانێکە لە چیای قەندیل دژی تورکیا شەڕیان کردووە.
هەروەها ئایندەی هێزه چه کدارەکانی پەکەکه که دەوترێت ژمارەیان زیاتر له چەند هەزارێکه، چۆن دەگەڕێنەوه بۆ تورکیا؟.
خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە نێو کۆمەڵگای تورکیا لەسەر بنەمای ناسیۆنالستی و شۆڤێنیزم و دەستووری کەمالیستی پەروەردەکراون کە پێیانوایە تەنانەت لە دەستووری تورکیاشدا نابێت دان بە بوونی کورددا بنرێت. لەبنەڕەتدا پێیانوایە نەتەوەیەک نییە بە ناوی کورد، بەڵکو ئەوانە تورکی شاخن، ئەم دابەشبوونە کۆمەڵایەتیە لە تورکیادا پرسێکی ئاڵۆزەو بەئاسانی چارەسەر ناکرێت.
لەم هەلومەرجەداو بەهەر ئاڵۆزیەک وەک سەرەتایەکیش، ئەگەر تورکیا هەنگاوی کردەیی لەم بوارەدا رۆشن نەکاتەوە و مافەکەنی خەڵکی کوردستان بەرەسیمی نەناسێت و دەستبەجێ بەیانی نەکات، بە متمانەیەکی باوەرپێکراوەوە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانیەکانی خەڵکی کوردستان مامەڵەیەکی شەفاف و بێئەملاولا و دروست نەکات، کە ئەمەش ئەگەرێکی سەختە بۆ ناسیۆنالیستی تورکی دانیان پێدابنێت، ناکرێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە تەنها بە بانگەشەیەکی ئاشتەوایی هەنگاو بە ئاقاری چارەسەری کێشەی کورد دابنرێت، وەک ئەوەی بەشێکی زۆر لە لایەنە ناسیۆنالیستەکان قسەی لەسەردەکەن.
ئەمجۆرە ئاشتەواییە بە هەر ئاڵۆزیەکەوە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پلانی یەکلایەنەی تورکیا هەنگاوی بۆ دەنرێت و زیاتر مانۆرێکە، کە پەیوەندی بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و کێشەی کوردەوە نیە، سەوداو مامەڵەیەکە لەسەرو ئیرادەی خەڵکەوە نەخشەی بۆ دارێژراوە و کاری لەسەر دەکرێت، ئەگەر هەندێ دەستکەوتیشی بۆ پەکەکە تێدابێت!




خۆ دیتن و نەدیتن! ژیان لە ناو و دەرەوەی بنەماڵە!.. برایم فەڕشی

کاتی ناشتنی ناسیاوێک له‌ گۆڕستانێکی شاری کۆڵن، دۆستێک لێمی پرسی،” ئەو باڵتە درێژە کە خەریکە بەرەو ئێرە دێت، دەناسی؟” گوتم نا. ئەوجا گوتی”باڵتە درێژ، برای ئه‌و که‌سه‌یه‌، کە ئێستا خەریکن دەینێژن، ئەو دووانە، سی ساڵە قسەیان لە گەڵ یەک نەکردووە!”
I
زۆر له‌ زینده‌وه‌ران به‌ مرۆڤه‌وه‌، ژیانی به‌کۆمه‌ڵیان هه‌یه‌. فەرهەنگی ژیانی بەیەکەوەبوون شوێن شوێنی جیهان ده‌گرێته‌وه‌. بنەماڵە لەم کۆمەڵگایانە لە سەرووی تاکەوە حیسابی بۆ ده‌کرێ و گه‌وره‌ی ماڵ، دەوری لە بڕیاردان له‌ سه‌ر ژیان و کاری ئەندامانی ماڵ هەیە. سه‌رپێچیکردنی منداڵ لە ئەمری دایک و باوک کێشەی لێدەکەوێتەوە و داپچڕان به‌ هۆی زاڵبوونی ئاتۆڕیته‌ و ترادسیۆن کەمتر ڕوو دەدات، لە بەر ئەوەی بنەماڵە و لەیەکگرێدراویی، هەتاهەتایی دەبیندرێن. فەرهەنگی ژیانی تاکە کەسی خۆی لە ئازادی و سەربەستی و بڕیاری تاکە کەس، سەبارەت بە ژیان و پیشە و هەر بڕیارێکی تردا، دەبینێتەوە.
لە ناو زۆربەی فەرهەنگەکان ترادسیۆن نڕخ و بایخی ناو بنەماڵە دیاریی دەکات. لە ناو بنەماڵەی ئایینی و باوکسالار، قورسایی ئابڕو و شەڕەف دەور دەگێڕێ. ئەگەر ئەندامێکی بنەماڵە لە دژی نۆڕمەکانی بنەماڵه‌ بجولێتەوە، دەتوانێ ببێتە هۆی شەڕ و کێشە. گوێڕایەڵبوون و ڕیزدانان بۆ مرۆڤی بە تەمەن و دایک وباوک، وەک ئەرک لە وڵاتانی ئاسیا و ئافریقا دەزاندرێ و سەرپێچی کردن لەم سوننەتە، قه‌بووڵ ناکرێ.

جیلی نوێ، ئەگەر پایبه‌ندی به‌ نڕخ و بایخی جیاواز لەوەی لە ناو بنەماڵە باوە، نیشان بدات، وەک یەکسانی و ئازادی بڕیاردانی دوور لە ئاتۆڕیتە، کێشە ساز دەبێ. چاوەڕوانی دایک و باوک و بنەماڵە لە مەڕ پشتگیریی و یارمەتیدان بە بنەماڵە لە لایەن منداڵەوە، فەرهەنگی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئورووپا بووە و ئەگەر منداڵ ئەم بەرپرسیارەتییە بەئەنجام نەگەێنێت، دڕدۆنگی له‌ یه‌ک پێکدێت.

ئەو بنەماڵانەی وڵاتی خۆیان بەجێدەهێڵن، ڕووبەڕوی کۆمەڵگا و فەرهەنگ و سیستەمی جیاواز لە ژیانی خۆیان دەبن و تووشی تەنگ و چەڵەمە لە گەڵ منداڵەکانیان دێن، کە لەو سیستەمانەدا گەورە دەبن. دایک و باوک چاوەڕوانی ئەوەیان لە منداڵەکانیان هەیە کە پایبەند بە ترادسیۆن و دابونەریت و سوننەت بمێننەوە، لە کاتێکدا منداڵ فەرهەنگ و دابونەریت و ڕێوشوێنی ژیانی ئەو وڵاتە فێر دەبن و خۆیان لە گەڵ کۆمەلگا ڕادەهێنن و ژیانی خۆیان دەگرنە بەر.

لە ناو ئەو بنەماڵانەی جەخت لە بەردەوامی نۆڕمی بنەماڵە بە شێوەی پێشوو دەکرێ، چارەی کێشە لە ڕێگای نێونجیکەرەوە ئەنجام دەدرێ. بۆ ئەم مەبەستە کەسانی بەساڵاچوو، کەسانی ئایینی و کورد گوتەنی “ڕیش چەرمگ” دەور دەگێڕن. بەڵام لە ناو کۆمەڵگای پشت ئەستوور بە ئازادی تاک، سەرنجی سەرەکی، دەدرێتە گفتوگۆی نێوان کەسان. لە ناو خەڵکانی کۆمەڵگاکانی خاوەن ڕابوردوو، داب و نەریت و ڕێوڕەسمی تایبەت بۆ ئاشتبوونەوە هەیە، وەک بانگکردن بۆ خواردنی بەیەکەوە، بەشداری لە ڕێوڕەسمی ئایینی، بۆنەی نەتەوەیی، بەخشینی دیاریی بە یەکتر.
II
لەم سەردەمە سەربەخۆبوونی تاک و پێڕاگەیشتن بە خۆ، بایخی زۆرتری پێده‌درێ، هه‌تا بەرپرسایەتی له‌حاند بنەماڵە و ئەندامانی. هەر جیل و بەرەیەکی مرۆڤ چاوەڕوانی و تێگەیشتنی خۆی لە ژیان هەیە و زۆرجار نڕخ و بایخ و ئارمانج و مەبەستی جیله‌کان یه‌ک ناگرنه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش‌ زۆرجار دەبێتە هۆی بوونی گرژیی و ئاڵۆزیی و ده‌نگ له‌یه‌ک گۆڕین.
کاروپیشە و شانسی پەیداکردنی کار و مەیلی سەربەستی و ژیانی دوور لە دەستتێوەردانی ئەم و ئەو، دووریی‌ لە زێد و بنەماڵەی لێده‌که‌وێته‌وه‌ و پێوه‌ندیی سروشتی نێوان که‌سان‌ تووشی سستی ده‌کات. ئەم دوور کەوتنەوەیە، دیدار و یەکتر دیتنی بەردەوام ناگونجێنێ، هەرچەند زۆر جار ئەم دیدارانە لە یەک شار و یەک گوندیش سەر ناگرێ. سۆسیال مێدیا بۆته‌ هۆی گرێدانی مکانیکی کەسان، بەڵام نزیکایەتی ڕاستەقینە بە شێوەی سروشتی پێکناهێنێ. کەمترین پێوەندیی ڕاستەقینە و زۆرترین پێوەندیی سۆسیال مێدیایی، سەرسەری و ڕووکەشیانە دەمێنێتەوە و گرفتی نوێ دەخوڵقێنێ.
پێشتر کەسانی بە ساڵاچوو لە گەڵ منداڵەکانیان بە یەکەوە دەژیان و دایەپیرە و باوپیرە و نەوە و نەتیجە بەیەکەوە بوون. ئێستا زۆر لە دایەپیرە و باوەپیرەکان بە تەنیا دەژین. یەک له‌ هۆیه‌کانی ئەوەیە کە ئەم کەسانە لە بواری ئابووریی سەربەخۆن و پێویستی مادیان نییه‌، ڕه‌نگه‌ بۆ زۆر له‌و که‌سانه‌، ماڵی پیران جێگای چه‌شنێک له‌ بنه‌ماڵه‌ی گرتبێته‌وه‌.
بنەمای تێگه‌یشتن له‌ بنەماڵە تووشی گۆڕان هاتووه‌‌ و خۆدەربازکردن لە ژێر ئاتۆریتە به‌ شێوه‌ی کلاسیک ڕوو له‌ زیادبوونه‌. ئه‌م گۆڕانه‌ تێگه‌یشتنی گه‌ره‌که‌ و تێگه‌یشتنی سه‌رسه‌ری و ڕووکه‌ش و ئاماده‌نه‌بوون بۆ قه‌بووڵی ئه‌م گۆڕانکارییانه‌، گرفتی نێوان که‌سان و ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ دوور له‌ چارەسەری ده‌هێڵێتەوە.
III
لایەنی دەروونی و پسیکۆلۆگیی، گرنگی تایبەتی هەیە، هەرچەند کەمتر باس دەکرێ. زۆر کەس بە دەگمەن ئاوڕ لە تاکی خۆی دەداتەوە و گرفتی تاکه‌که‌سی خۆی نابینێ یان نایەوێ بیبینێ. بەشیک لە گرفتی تێنەگەیشتن لە یەکتر، لێرەوە سەرچاوە دەگرێ. ئێمە کەسی بەرانبەر دەبینین و دەیخەینه‌ ژێر چاوەدێریی و ڕه‌خنه‌، بەڵام ئەم کارە لە گەڵ خۆمان ناکەین. کێشەی ناو بنەماڵە جار هەیە دەگاتە بریندارکردنی قووڵی هەست و دەروونی یەکتر. بێدەنگە لێکردن و سپاردنی چاره‌سه‌ریی بە کاتی نادیار، قووڵترکردنەوەی گرفتی لێدەکەوێتەوە.
کۆمەڵێک کەس لە بەر هەستی خۆپەسەندی، ماتڵ دەبن هه‌تا کەسی بەرانبەر هەنگاو بۆ ساخکردنەوەی پێوەندیی و لێبوردوویی هەڵبهێنێته‌وه‌، ئەگەر ئەوە نەکرا، دابڕان به‌رده‌وام ده‌مێنێ و نێوان ناخۆشی قووڵتر دەکرێتەوە. داپچران لە یەک بە درێژایی ساڵان ئەو هەستە قایمتر دەکات کە کەسەکان هیچ شتێکی هاوبەشیان لە گەڵ یەک، نەمابێ و هەستی نەویستبوونی یەکتر تێیاندا قووڵتر بووبێتەوە و بەو ئاکامە گەیشتبێتن کە تێگەیشتنیان بەرانبەر بە مرۆڤ، مرۆڤایەتی و بنەماڵە له‌ یه‌ک دووره‌ و ناتوانن یه‌کتر بگرنه‌وه‌. ئه‌مه‌ به‌ مانای ده‌رگاداخستن له‌ گفتوگۆ و دیالۆگه.‌
تاقیکردنەوەی سەردەمی منداڵی، دەوری به‌رده‌وام لە ژیان و کەسایەتی هەر کەسێکدا دەگێڕێ. ئەگەر منداڵ، لە ناو بنەماڵە تووشی کێشە و ئازاریی دەروونی و جەستەیی کرابێ، ئاکامی لە سەردەمی لاویەتی و دواتر لە هەست و هەڵسوکەتیدا دەمێنێ، تا ئەو کاتەی ئاگابەخۆ ئاوڕ له‌و ڕابوردووە بداته‌وه‌‌. لە شانۆ و شانۆپێداگۆگی تەکنیکی گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو بەکاردەهێندرێ بۆ دابڕان لەم تاقیکردنەوانە.
گەلێک لە ناخۆشییەکانی ناو بنەماڵە بە هۆی خراپ حاڵیبوون لە یەکتر، ڕووننەکردنەوە و هەرواهێشتنەوەی گرفت، پێکدێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی دیواری نێوان کەسان. هێندێک کەس پێوەندیی خۆیان لە گەڵ کەسان لە بەر هەست بە خەتاباربوون و شەرم، دەپچڕێنن و دوور لە چارەسەرکردنی گرفت، خۆیان دەخەنە دۆخێکی نالەبار کە ڕەنگە تا کۆتایی ژیان درێژە بێته‌وه‌. ئەم کەسانە زۆرتر ئازار بە خۆیان دەگەێنن.
IV
مرۆڤ چ بخوازێ و چ نەخوازێ، گرێدراوی گۆڕانکارییەکانە. تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکان یارمەتی تێگەیشتن لە گرفتی هەمە لایەنی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ده‌روونی و چەشنی ژیانی سەردەم و ئاڵوگۆڕەکان دەدات. سەردەمانی پێش، بنەماڵە گرنگترین بەشی کۆمەڵگا بوو، چەند جیل بە یەکەوە دەژیان و ئاگایان لە یەکتر بوو. ئەوە فۆڕمی سەرەکی بنەماڵە بوو، کە گرێدراوی دابونەریت و ڕێوشوێن بوو. ئەمڕۆ خوێندن، کار، وێرانی ژینگە، شەڕ، سیاسەت و گەلێک هۆی تر، ده‌بنه‌ هۆی هه‌ڵکه‌ندن لە شوێنی پێشوو. پێکهێنانی بنەماڵە و ژن و ژنخوازیی، جێگای خۆی داوە بە ژیانی هاوبەشی دوور لە قەولنامەی ئایینی و ئیداریی. کۆمەڵگای فرەخوازی سەرمایەداریی کە خۆی لە کاری زۆر و دەرامەتی زۆردا دەنوێنێ، په‌ره‌ی به‌ تاکژینی داوه‌ و وزە و بیرکردنەوەی تاکی لەخۆ گرتووە و کاتی بۆ بنەماڵە و به‌یه‌که‌وه ‌ژیان نه‌هێشتۆته‌وه‌. ئەم سیستەمە جیهانییە به‌ تێکدانی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره،‌ به‌رهه‌می کارخانه‌کانی خۆی به‌ زیادبوونی تاکژینی چه‌ند قات کردووه‌ و گرفته‌کانی ناو بنه‌ماڵه‌ی قووڵتر کردۆته‌وه‌ که‌ خۆی له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌:‌

  • که‌سانێک توانایی دانپێدانان بە هەڵە له‌ خۆیان نیشان ناده‌ن. ئەو کەسانە زۆر جار ئاوا بیر دەکەنەوە ،، بۆچی من دەست درێژ کەم؟ خەتابار کەسی بەرانبەرە!،، ئەم من من کردنە، ناگاتە سەرئانجامی چارەی گرفت.
  • ئەگەر کەسێک پێشتر شکاندرابێتەوە، هەستی بریندار کرابێ، ئەو ترسە بۆی تازە دەبێتەوە کە دیسان تووشی تاقیکردنەوەیەکی هاوچه‌شن بێتەوە. ئەمه‌‌ش دبێته‌ هۆی سستی‌ بۆ هەنگاو هەڵهێنانەوە‌.
  • هەموو کەس فێرنەبووە ئاشکرا باس لە هەست و گرفتەکانی دەروونی خۆی بکات. زۆر کەس بێدەنگی هەڵدەبژێرن و ناڕاستەوخۆ بێزاری و توڕەیی هەڵدەڕێژن و ڕێگای دوورەپەرێزی لە جیاتی ڕاستگۆیانە و ئاشکرا باسکردن و دەربڕینی بیر وهەست، ده‌گرنه‌ به‌ر.
  • لە کێشەی نێوان کەسان، تەنیا یەک ،،ڕاستی و حەقیقەت،، بەدی ناکرێ. هەر کەس لێکدانەوە و بۆچوون و گۆشە نیگای خۆی لە سەر کێشە و ڕووداوەکان هەیە، ئه‌وه‌ هه‌ر دوو لایه‌نی کێشه‌ ده‌گرێته‌وه‌. دوور لە قەبووڵی کەسی بەرانبەر و لەیەک تێگەیشتن، چارەی گرفت، ناکرێ.
  • کێشەی نێوان کەسان و ئەندامانی بنەماڵە کە خۆی لە قووڵایی منداڵی کەسەکاندا دیتبێته‌وه‌، به‌ هۆی دانه‌بڕان له‌ ڕابوردوو، تازه‌ ده‌بێته‌وه‌ و پێش به‌ تێگەیشتن و لێبوردوویی له‌مه‌ڕ سازکردنی ژیانێکی تازە و پێوەندییەکی نوێ دەگرێ.
  • جار هەیە ئەو کەسەی کێشەکە دەنێتەوە، ئەندامی دەرەوەی بنەماڵەیە، وه‌ک دۆست، هاوڕێ، هاوژین، خزم کە دەبنە هۆی داپچڕانی پێوەندیی نێوان ئەندامانی بنەماڵە، جیا له‌وه‌ کۆمەڵگا، سەردەم، فۆڕم وچەشنی ژیان، دەبنە هۆی ئاڵۆزی، کە دەبێ تاوتۆ بکرێ و ئاگابەخۆ مامەڵەی له‌گه‌ڵدا بکرێ و به‌ بێده‌نگی نه‌سپێردرێ.
  • زۆر کەس پێیوایە تێپەڕینی کات دەبێتە هۆی چارەسەریی گرفت. بەڵام چاوەڕوانی، قووڵبوونەوەی گرفتی له‌ دوایه‌. گرفت لە خۆیەوە چارە ناکرێ.
  • ئەو کەسانەی، ناتوانن و نایانەوێ لێبوردوو بن، وا بیر دەکەنەوە کە ئەگەر ئەو کارە بکەن، خۆیان بچووک کردۆتەوە و ملیان بۆ ناحەقی کەسی بەرانبەر دانەواندووە. ئەم چەشنە لە تێگەیشتن چارەسەریی لێناکەوێتە.
  • لە هێندێک حاڵەتدا هەستی گرێدراویی لە نێوان کەسان بەدی ناکرێ. پێوەندییگرتن بۆ کەسەکە گرنگ نییە و بە نیازی خۆی و بە پێویستی نازانێ، حەول بۆ چارەسەری گرفتەکە بدات، ئه‌و که‌سانه‌ به‌رده‌وام ته‌نیا ده‌مێننه‌وه‌.
  • ئەو کەسەی لە ناو بنەماڵە بەردەوام سەرکۆنە کرابێ، کۆنترۆڵ کرابێ، بە حیساب نەهاتبێ و بە شێوەی جیاواز دەروونی بریندار کرابێ، مەیلی بۆ دابڕان لە بنەماڵە و ئەندامانی زۆرتر دەبێ.
  • هێندێک کەس دووره‌پەریز دەمێننەوە لە هەڵئایساندنی شەڕ و کێشە و دەمەقڕە، لە بەر ئەوەی نایانەوەی هەستی ناخۆش بە سەریاندا زاڵ ببێ. ئەوانە لە جیاتی پیشخواردنەوە و مانەوە لە ناو ئەو دۆخە، دوورکەوتنە و دابڕان لە بنەماڵە هەڵدەبژێرن.
  • هێندێک کەس ئەوە لە خۆیاندا نابینن و نایانەوێ بەردەوام خۆیان لە پێستی ئەویتردا ببیننەوە. هەر بۆیە لایان دەبێتە گرفت هەڵسوکەوتی خۆیان بە پێی ڕەزایەت و ویستی ئەویتر ڕێکبخەن.
  • لە هێندێک بنەماڵەدا، دەور و ڕۆڵی چەقبەستوو و نەگۆڕ هەیە کە خۆی لە جیاوازی دانان لە ناو منداڵ دادەنێ، ئەمەیان سوورگوڵی دایە و بابەیە و ئەویتر بزنە بۆر، بزنە ڕەش، بزێو و سەروڕۆیە. ئەم تێگەیشتنە جیا لە لایەنی دەروونی لە درێژخایەن، کێشە و دوورکەوتنەوە لە بنەماڵەی لێدەکەوێتەوە.
  • کەرسەی دژیتاڵی بە هەر دوو باری خاس و خراودا، دەتوانێ لە سەر هەڵسوکەوت و پێوەندیی نێوان کەسان کارتێکردنی هەبێ. سۆسیال مێدیا و سەرجەم کەرەسەکان، پێوەندیی مەجازی نێوان کەسانیان لە ڕێگای دوورەوە هاسان کردۆتەوە، بەڵام سۆسیال مێدیا و پلاتفۆڕمی مەجازی ناتوانن جێگرەوەی پێوەندی و گفتوگۆی سروشتی نیوان کەسان بن و چارەسەری گرفتەکان بکەن و زۆر جار دەبنە هۆی سازبوونی گرفتی نوێ و چاوەڕوانی کەسان لە یەکتر چارەسەر ناکا و پرسیاری نوێی بێ وڵام دەخوڵقێنێ و تێگەیشتنی سەرسەری و ڕووکەش زیاد دەکات.
    V
    هەڵسوکەوتی ڕاستگۆیانە و ئاشکرا و گفتوگۆی دوور لە قامک لە چاوی یەکتر ڕۆکردن، لایەنگری نواندن و حەولدان بۆ تێگەیشتن لە هەست و چاوەڕوانی کەسی بەرانبەر، هەست بە بەرپرسیارەتیکردن و دانپێدانان بە خەتا لە جیاتی بەردەوام کەسی بەرانبەر خەتابارکردن، چاوەڕواننەکردن بۆ هاتنی ،،کاتی گونجاو،، و هەڵهێنانەوەی هانگاوێکی ساکار بۆ وێنە ناردنی پەیام یان پێشنیاری یەکتر دیتن یان هەر ڕێگایەکیتر، لێبوردن و خۆ خەلاس کردن لە پێناو هێمنی و ئارامشی خۆت و کەسی بەرانبەر و خۆ ڕزگارکردن لە گێژاوی مێشک و دەروون و خۆ ئازادکردن لە بەندی هەستی ئازاردەر، ڕێگا چاره‌ی گرفته‌کانه‌.
    ڕێگا چارە، گرێدراویی ویست و خواست و ئامادەبوونی هەر دوو لایەنە. مرۆڤ دەتوانێ بە گوتنی ڕستەیەکی ساکار گۆڕان پێک بێنێ. لە جیاتی پێشداوەری، گله‌یی کردن و خەتابارکردن، ده‌کرێ گفتوگۆ، قسه‌کردن، ڕێزگرتن له‌ هەست و تێگەیشتنی یه‌کتر ببێتە مەبەست. ئەوە ڕوونه‌، سازکردنی پێوەندیی سەرلەنوێ، کات و سەبر و حەوسەلە، بەردەوامی و تێگەیشتن لە یەکتر و قەبووڵی تایبەتمەندی یه‌کتری، گه‌ره‌که‌. بێگوومان ڕاوێژی پزیشکی و مێدیتاسیۆن لە کاتی قووڵبوونەوەی کێشەی نێوان کەسان، سوودی هەیە و نابێ پشتگوێ بخرێ.
    ‎منداڵ، کچ و کوڕ لە ناو بنەماڵە ئه‌گه‌ر تووشی ئازاری دەروونی، جەستەیی، جینسی بووبێیتن، مافی خۆیانه‌ پێوه‌ندیی له‌ گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ بپچرێنن. لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرپرسیاریی و ئاگالێبوونی ئەو کەسانە، ژن و منداڵ و لاوانی ژێر هەژدە ساڵ، دەکەوێتە ئەستۆی دەزگاکانی دەوڵەتی و دەزگاکانی مەدەنی لە ژێر چاوەدێریی دەزگاکانی دەوڵەتی.
    VI
    کورت مارکس Kurt Marx ساڵی ١٩٢٥ لە شاری کۆڵن له‌ دایک بوو. ساڵی ١٩٣٨ لە جەنگەی شەڕی دووهەم لە تەمه‌نی سێزدە ساڵان لە تەک کۆمەڵێک منداڵی تر سواری قەتار کران بۆ ئەوەی نه‌که‌ونه‌ ده‌ست نازییه‌کان. بریتانیا ئەو کات ئیزنی به‌ منداڵانی جوو ده‌دات بچنه‌ ئه‌و وڵاته‌. دایک و باوکی کورت پاش ڕۆیشتنی ئەو، دەستەبەسەر کران و لە ئوردوگای نازییەکان کوژران . له‌م ڕۆژانه‌دا(فوریەی ٢٠٢٥) کورت مارکس پاش تێپەڕبوونی ٨٥ ساڵ، بۆ یەکەمجار گه‌ڕاوه‌ شاری کۆڵن. له‌ گۆڕستانی جووله‌که‌کان هیچ نیشانه‌یه‌ک له‌ دایک و باوکی نه‌بوو! کورت له‌ ڕێگای ڕادیۆی شاری کۆڵنه‌وه‌، وردەکارییەکانی ژیانی خۆی هەتا ئه‌و کاته‌ی بۆ هه‌میشه‌ وڵاته‌که‌ی به‌جێهێشت، گێڕایه‌وه‌‌. به‌سه‌رهاتی کورت مارکس ده‌یسه‌لمێنێ، که‌ تاقیکردنه‌وه‌کانی مرۆڤ له‌ ناو ناچن. ئازاری ٨٥ ساڵ دوورکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ ساڕێژ نه‌کرا. مارکس له‌ کۆتایی وتوێژه‌که‌یدا ده‌لێ” ژیان ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی دووباره‌م پێنابه‌خشێ!”
    ژیان چرکه‌یە‌، هەیە و نییە! چرکەکان بەفیڕۆ نەدین‌‌!

    برایم فەڕشی
    ٣/٣/٢٠٢٥

  • Marshall B. Rosenberg – „Gewaltfreie Kommunikation“
  • Desmond Tutu – „Das Buch des Vergebens“
  • Gary Chapman & Jennifer Thomas – „Die fünf Sprachen der Entschuldigung“
  • Brené Brown – „Verletzlichkeit macht stark“
  • Jesper Juul – „Vier Werte, die Kinder ein Leben lang tragen“
  • Joshua Coleman – „Rules of Estrangement: Why Adult Children Cut Ties and How to Heal the Conflict“
  • Tina Gilbertson – „Reconnecting with Your Estranged Adult Child“
  • Harriet Lerner – „The Dance of Connection“



سەربەخۆیی و ئازادی، دوو بەردی بناغەی بەرخۆدانی جەماوەری لە ئیران!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

ئاوڕدانەوەیەک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی “ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک” لە ئێران

دەکرێت لە گۆشەنیگای جیاوازەوە سەیری دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران بکرێت. بەڵام روانگەیەک (رەسەن)ە کە هەڵقوڵاوی بەرژەوەندی خەڵک بێت. ئەمەش تایبەتمەندی سەرەکی موقاومەتی خەڵکی ئێرانە کە (ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران) نوێنەرایەتی دەکات. پێگە و قورسایی باقی ناڕەزایەتییەکانیش بە دووری و نزیکیی لەم موقاومەتەوە هەڵدەسەنگێندرێت.
“سەربەخۆیی و ئازادی” دوو بەردی بناغەی سەرەکی و رەسەنی ئەم بەرخۆدانەیە. پێشێلکردنی هەر یەکێکیان دەبێتە هۆی “وابەستەیی و دیکتاتۆری” و بەرخۆدان لە رەوایەت دەخات. ئەم دوو پرەنسیپە، بناغەی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەن لە دژی دیکتاتۆرییەت و لە پێناو رزگارکردنی ئێراندا. بەم “پێوەرە”یە هەر دژایەتییەک بەرامبەر بە دیکتاتۆرییەت هەڵدەسەنگێندرێت و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دیکتاتۆری لە ئێران پۆلێن دەکرێن.
بەرخۆدانی رەسەنی جەماوەری هەرگیز لەلایەن “دەسەڵاتە بەرژەوەندخوازەکانەوە” خوازراو نەبووە و نییە و هەمیشە لەلایەن لایەنگرانی وابەستەیی و دیکتاتۆرییەتەوە هێرشیان کراوەتە سەر. لایەنگرانی ئەم بەرخۆدانە کراونەتە ئامانجی زۆرێک پیلان و لیبێڵ و تۆمەت و زۆرێک گوشار خراوەتە سەریان. هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردن، گرتن، ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان و کوشتن لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، لە دەرەوەی ئێرانیش سنووردار و قەدەغە کراون. هەروەها لە دەرەوەی ئێرانیش خراونەتە لیستی رەشەوە. دەکوژرێن و تیرۆر دەکرێن. سانسۆر دەکرێن بۆ ئەوەی وێڕای پەراوێزخستنیان، ئەوانیتر(!) بتوانن کردارییانە مەیدانیان هەبێت و جارێکیتر سەرمایە ماددی و مەعنەوییەکانی خەڵکی ئێران تاڵان بکەن و رێگە بدەن دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا بمێنێتەوە!
زلهێزە بەرژەوەندیخوازەکان چاویان لە تاوانەکانی دیکتاتۆرییەتی ئێران داخستووە و بۆ پەردەپۆشکردنی “ڕاستییەکان”، هەندێک جار دژایەتی و ناڕەزایەتی لە دژی ئەم دەسەڵاتە نیشان دەدەن. ئەمجۆرە پەردەپۆشکردنە نەک ناکۆک نییە لەگەڵ سیاسەت و بەرنامەکانی دەسەڵاتی دەیکتاتۆری، بەڵکو زۆرجار، داخوازیی ئەم دەسەڵاتەیە کە خۆی وەک هەرە دیموکراتی، هەرە ئارامترین وڵات، هەرە ئازادترین وڵات و هەرە مرۆڤدۆستترین دەسەڵات دەنوێنێ. “دروستکردنی ئاستەنگ” لەدژی خەڵکی ئێران و موقاومەتی ئێران، بڕگەی هاوبەشی دیکتاتۆرییەت و لایەنگرانی دیکتاتۆرییەتە لە ئێران!
تاوان و سیاسەت و بەرنامەکانی دەسەڵات دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی بۆ بەشێکی هەرە زۆری گەلانی جیهان و سەربەخۆییخوازان و ئازادیخوازانی جیهان روونە. زۆرێک لە حیزبەکان و بەرپرسانی پێشوو و کەسایەتی و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی گەل لە وڵاتانی جیهان بۆ پشتیوانیکردن لە موقاومەتی ئێران راپەڕیون و چالاکن. لە ئەمریکا کەسایەتییەکانی وەک مایک پێنس، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، جەیمس جۆنز و جۆن بۆڵتۆن، راوێژکارانی پێشووی سەرۆکی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک حیزبەکان و ژەنەڕاڵەکانی ئەمریکا وەک کیت کلاگ. لە ئەوروپا، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئینگلتەرا، سەرۆکی پێشووی مەجلیسی بریتانیا، بەرپرسانی پێشووی وڵاتانی ئەوروپا یان جێگرانی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا، بەرپرسان و پەرلەمانتارانی خەڵکی ئەوروپا لە پەرلەمانی ئەوروپا یان وڵاتان، سەرۆک رێکخراو و پارتەکانی وڵاتان. وە لە وڵاتانیتری جیهانیش بە هەمان شێوە.
پشتیوانیکردنەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی لە موقاومەتی ئێران کە لە لایەک پێویست و راست و درووستە و لە لایەکی دیکەشەوە، پێشکەوتنی موقاومەتی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت نیشان دەدات، کە بەبێ چالاکی و هەبوونی بنکەیەکی کۆمەڵایەتی لە ناو دڵی کۆمەڵگای ئێراندا هەرگیز مومکین نەدەبوو! چونکە بەرخۆدانێکی رەسەن و سەرکەوتوو، رەگ و ریشەی لە کۆمەڵگەی ئێراندا هەیە!
لەمدواییانەدا، تەلەفیزیۆنی سیمای ئازادی، تەلەفزیۆنی میللیی ئێران، بیست و نۆیەمین هەنگاوی خۆی لە بەرنامەیەکدا بە ناوی “یارمەتیدان” دەستپێکرد، کە دوای چوار رۆژ زیاتر لە ٧ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلاری لە بینەرەکانی کۆ کردەوە. ئەم هەنگاوە نەک ناوازەیە، بەڵکو هەڵگری زۆرێک مەسجە، کە لە هۆگربوونی بینەران لە پێناو (سەربەخۆیی) و (ئازادی) لە ناو جەماوەری خەڵکی ئێراندا کورت دەکرێتەوە و دەرخەری پێگەی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی ئەم موقاومەتەیە لە ناو خەڵکی ئێران و رەوەندی ئێرانی لە دەرەوەی وڵاتدا.
چاوخشاندنێک بە فرەچەشنی نێوان یارەمەتیدەرانی ئەم بەرنامە تەلەفزیۆنییەی موقاوەمەتی ئێران، هەندێک راستی ئاشکرا دەکات کە چەندین جار راگەیەندراوە و هەندێکیشیان نوێن. لەم بەرنامەیەدا، لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێران و بە تایبەتی لە ناوخۆی ئێران، هەزاران کەس، لە نەتەوە و ئایین و سپێکترۆمی جیاوازەوە، کە دەیانەوێت دیکتاتۆری لە وڵاتەکەیاندا بڕووخێنن، وێڕای پشتیوانیکردن لە ئەنجومەنی نیشتمانی موقاومەتی ئێران و بەخشینی ملیۆنان دۆلار بۆ ئەم میدیا نیشتمانی و جەماوەرییە، رایانگەیاند کە ئەم میدیایە گرنگترین میدیا بووە. بە تایبەت لەمەڕ هەواڵەکانی بەرخۆدان و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەتی ئایینی.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە “تەلەفیزیۆنی میللیی ئێران” گوزارشت لە هەواڵ و راپۆرت و بەرنامەکانی موقاومەتی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت دەکات و مێژوویەکی زیاتر لە سێ دەیەی هەیە. بە بڕوای لایەنگرانی ئەم میدیایەوە، مانەوە و پێشخستن و گەشەسەندنی ئەم میدیایە، بەشێکە لە خەبات و تێکۆشانی خەڵک بۆ رووخاندنی دیکتاتۆری ئایینی لە ئێراندا. بە هۆی پاڵپشتیکردنی خەڵک بۆ ئەم تەلەفیزیۆنە، رژێم سەرەڕای خەرجکردنی پارەیەکی زۆر، نەیتوانیوە بیکوژێنێتەوە و بێکاریگەری بکات.
پاڵپشتیکردنی خەڵک بۆ ئەم میدیایە تەنها پشتیوانیکردنێکی ماددی و دارایی نەبوو. بەڵکوو بە بڕوای لایەنگرانی ئەم میدیایە، ئەم تەلەڤیزیۆنە بۆ ئازادیخوازان و بە تایبەتی ناوەندەکانی شۆڕشیی سەر بە موقاومەتی خەڵکی ئێران، “چرای داگیرساندنی ماڵ و رێپیشاندەری خەبات” و لە هەمان کاتدا بەربەستێکە لە بەرامبەر ئەو بەدیلە کۆنەپەرستە و کۆلۆنیالیستانەی کە دەیانەوێت ئێران لە ژێر دەسەڵاتی رژێمێکی وابەستە و دیکتاتۆردا بمێنێتەوە!
ئەگەرچی خەڵکی ئێران لەژێر سایەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهیدا لە سەرمایەی ماددی بێبەشن، بەڵام ئەم پشتیوانیکردنانە، لە رووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەعنەوییەوە، وێنەی شەرعییەت و رەوایەتی جەماوەری و مێژوویی بەرخۆدانی ئێرانیان دەرخست. ئێرانییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، وێڕای پشتیوانیکردن لە چالاکییەکانی “ناوەندەکانی شۆڕش” لە ناوخۆی ئێران، لە بەرەنگاربوونەوە دیکتاتۆرییەتی ئاخوندان، پشتیوانییان کرد لە دەزگای سەرکردایەتیکردنی راپەڕینی خەڵکی ئێران بە سەرۆکایەتی خانمی مریەم رەجەوی کرد. پشتیوانیکردنی قووتابیان، خوێندکاران، ژنان، وەرزشوانان، شارەزایان، مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕانی ئێران، هەروەها زیندانیانی رزگاربوو، لە موقامەتی ئێران، بەڵگەنامەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ پشتیوانیکردن لەو دوو تایبەتمەندییە سەرەکییەی سەرەوە، واتە ئازادی و سەربەخۆیی. پاڵپشتیکردنێک کە تایبەتە بە موقاومەتی خەڵکی ئێران بەرامبەر بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران.
لەم بەرنامەیەدا، ئامادەبوونی کەسایەتییە سیاسییەکان و ئەندامانی مەجلیس لە وڵاتانی جۆربەجۆری جیهانمان بینی کە ستایشی سەربەخۆیی دارایی موقاومەتی ئێرانییان دەکرد. بەشداربووانی بەرنامەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم بەرنامەیە هاوکاتە لەگەڵ شکستی گەورەی ئاخوندان لە گرتنەبەری سیاستی هەناردەکردنی کۆنەپەرستی و شەڕفرۆشتنی ئەم رژێمە کە تیچوویەکی لە رادەبەدەریان بۆ کردووە و بە رووخانی بنەماڵەی ئەسەدی دیکتاتۆر لە سوریا و داڕمانی قووڵایی ستراتیژیی ئەم رژێمە لە ناوچەکە، تووشی نوقمبوون بووە. ئەوان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر رەوایەتی ستراتیژیی موقاومەتی ئێران سەلمێنراوە و گومانی تێدا نییە کە تاکە وەڵامی راستەقینە بۆ رژێمی دیکتاتۆریی ئایینی، وازهێنانە لە رێگاچارەی مەدەنی و ئاشتیخوازانە بەرانبەر بە دیکتاتۆرییەت و گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، واتا هێز و ئیرادە!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی




پێش حزوری نیگاكانت.. كاوەی خەسرەوكاوانی

پێش ئەو ساتەی بگەم بە حزورە نیگات
هەزارویەك بیروخەیاڵ بە مێشكما دێ …
كە گەیشتم بەدیدارت
وەكو منداڵی بێ زمان
شتەكانم بیردەچنەوەو
هەرچی هەیە بەلادادێ …
پێش ئەوساتەی بگەم بەتۆ
پاڵەوانی فلیمێكم ئازاودلێر
لەمانای ترس نازانم…
كە گەیشتم بەدیدارت
مووچڕكێك گیان دادەگرێ و
ئەژنۆم دەكەوتە لەرزین و
تەتەڵە دەكات زمانم …
من لەگەورەترین جەنگ دا
دێوەزمەی ترسی مردنم راوناوە…
كەچی ئەی شۆخ بە گومانم
ئەم سامەی خۆت
لەكام زەمەنا هێناوە…
13/4/2010 kawa_kiwiny@yahoo.co.uk