بەکورتی2: بۆ لەگەڵ سۆفیزم(تەسەووف) یەکناگرمەوە!؟.. ئازاد حەمە

ڕەخنەکردنی بیروباوەڕی سۆفییایەتی تازەنییە و ئەنتی سۆفیزم Sufism Antiیش هێندەی خودی سۆفیزم قوڵە و بەردەوامیشی هەیە. گومانەکان لە تواناکانی سۆفیگەریی لە گۆڕینی ژیانی مرۆڤ نوێ نیین. بۆیە هەڵوێستەکان لەوبارەوە بەرامبەر بە ژیان و جیهان دەمانخەنەبەردەم دوو جۆر لە زاهیدگەراییەوە(ئاینیی و فەلسەفیی).
سۆفیزم بەچەن قۆناغێکدا تێپەریووە و دیدگاکانیشی تاکئاقار نییە، لێ بەشێکی زۆر لە بیریارانی عەرەبی ئیسلامی سۆفیزم دابەشدەکەنە سەر ئەوەی کێ لە سۆفیەکان لە ئیسلامەوە نزیکە و کێیان لێوەیدوورە. لەبەرئەوە دەپرسین: گەر سۆفیگەرایی ڕێگاکانی پاککردنەوەی پیسی ناخمان پیشاندەدات، ئەی دوای ئەوە؟ شوێنکەوتوانی عیرفانی ئیسلامی لەمڕوەوە زۆریانوتووە، لێ بەپێی دیتنی ئێمە پاقژکردنی دڵ و خاوێنکردنی ناخ پتر لە سۆفیاییەتی دەخوازێت. سۆفیزمێک دابڕاوبێت لە دیدی فەلسەفیی بۆ جیهان، تاک و گەردوون دژیم. بەڵێ دژی سۆفیزمێکم تەنها لە خەیاڵی خودێکدا بێت، لەمیانەی تاکێکەوە خۆی نمایشبکات، کە خودی سۆفیستە. دژیم چونکە مرۆڤ دابڕاودەکات لە جیهانی ڕیال و ئارگومێنتەکانیشی لەبەردەم ئەو ئازارەی مرۆڤەکان لە گەردووندا دەیژێن لاوازە.
هەستێکی نائارامم سەبارەت بە سۆفیبوون هەیە. سەرچاوەی ئەم نائارامییەشم خودی سۆفیگەریی لێیبەرپرسیارە. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کە لەناو سۆفیگەریدا بێباکییەک بەرامبەربە ئەویتر Other دەبینم، گشت ئەویترێک بۆ سۆفیست(سۆفیگەرا) ئەو مانایەی نییە. بۆیە دژی تەسەووفم.
زۆرێک پێێانوایە، کە سۆفییایەتی شێوازێکە بۆ بینینی جیهان. لەناو ئەم بینینەش پەیوەندیکردن بە خالق چەقی کردەکانی سۆفی پێکدێنێت. بەڵام سۆفیگەری، کە سیستەمێک لە ئەندێشەگەرایی عیرفانی تیابەرجەستەیە، ئەمە چی لە نادادیی و غەدرەکانی جیهان دەگۆڕێت؟
بەپێێ سۆفیزم دیدی زاهید بۆ جیهان هەڵگری مانا بەرزەکانە بۆ ڕۆح، بە پێچەوانەی هەندێک دیدی ترەوە، کە مامەڵە لەگەڵ ژیانی دونیاییدا دەکات. واتە،دونیای بەردەست بۆ زاهید شوێنێکی ڕاگوزەرە، ئەمەش وادەکات مرۆڤی زاهید لە چێژەکانی ژیان خۆی بەدوربگرێت و خۆی بۆ ژیانێکی هەتاهەتایی ئامادەبکات.دواتر چی؟بۆ ئێمە دواترەکە پرسیارە سەرەکییەکە پێکدێنێت.
لە تەسەوفا هۆش ونە و بۆ فەلسەفەش هۆش سەرەکییە. دیارە ئایدیالی زاهید پشتگیری لە بەهاکانی نزاکردن، دەروێشگەرایی، زیکرکردن، پاکیزەیی و خۆنەویستی دەکات. ئەمە بەپێی زاهیدگەرایی فەلسەفیی بەرەو زیادە‌ڕە‌وی لە‌ خوا پە‌رستیمان دەبات،کە بەشێک لە بیریارانی ئیسلام وەک مەترسییەک لەبەردەم ئیسلامگەرایی بینیویانە. بۆیە گرنگیدان بە مرۆڤ و بیرکردنەوە لە باشترین شێوازی ژیان، هەردەم بۆ فەلسەفە مانای خۆی هەبووە.
تەسەوفی عیرفانی، ئەمە کە ئێستا خەریکە لە کوردستان بڵاودەبێتەوە، لە وتارێکی شیعرگەرایی زیاتر هیچیتر نییە. سەرلەبەری ئەو عیرفانەی لەوێڕا بەیاندەکرێت پشتبە دێڕی(گوتنی) تەسەوفی عیرفانی شیعرئامێز دەبەستێت، کە دەخوازێت بگاتە ئاستی دێڕی Aphoristic (گوتنی نەستەق)، لێ ناگات. ناگات، چونکە بنەماکەی هەرتەقاتە Heresy و مانا بەرهەمنایەنێت. بۆ سۆفیەکی عارف مانا گرنگ نیە، ئەو ڕەوانبێژییە پەخشانئامێزە گرنگە عارف خۆی پێژیردەکاتەوە.
کۆتا وتنمان لەم بارەیەوە ئەم پۆلە پرسیارە لەخۆدەگرێت: شیاوە لە ڕەهەندی مەعنەویی سۆفییایەتیدا توخمی فەلسەفیی بدۆزرێتەوە؟واتە کارکردن لەناو پۆلی سۆفیزم(تەسەووف)هاوکارماندەبێت سێستەمێکی فەلسەفیی بونیادبنێێن، کە دواتر گوتارێکی فەلسەفیی لێبخوڵقێت؟ ئایا سۆفیگەریی،کە ئاکاری نزا، سوجدە، بەزەیی، پڕسۆزیی و زاهیدیی پەرەپێدەدات، دەتوانێت رووبەرووی زیرەکی دەستکرد ببێتەوە؟ دیدی زاهید(عارف) بۆ ژیان، بۆ جیهان، دیدێکە لەسەر بناغەی ئەوە دروستبووە، کە ژیان ڕاگوزەرە، کاتییە و تەواودەبێت. ئەمە تابلۆیەکی سوریالی زۆر جوانە، بەس لەبەردەم شەپۆلی زیرەکی دەستکردا چیپێدەکرێت؟

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




پارادۆکس لە فەلسەفەی سیاسی مارکسدا – بەشی یەکەم.. ئەکرەم سەعید

فەلسەفە سیاسی مارکس و دێترمینیزم*

(دەقەکانی مارکس وەک شەمشەمەکوێرە وان: مرۆڤ دەتوانێت هەم باڵندە و هەم مشکیان تێدا ببینێت).-(پارێتۆ- لەلایەن ئۆلمان/ ساڵی ۱۹۷۱- وەرگێڕدراوە).

لەبەرئەوەی بیروکاری سیاسی بەململانێی چینایەتی کۆمەڵگەوە پەیوەندی هەیە، لێرەوە فەلسەفە سیاسییەکان بەپێی بەرژەوەندی ئەو چینەی نوێنەرایەتی دەکەن، لە پرنسیپەکان و ڕێبازەکانیاندا جیاوازن. بۆ نموونە کێشە سەرەکییەکانی فەلسەفەی سیاسی بۆرژوازی(کۆنسەرڤاتیڤسم و لیبڕالیسم) بریتین لەڕێکخستنی خەڵکی، بەجۆرێک کە ئەندامانی کۆمەڵگە ملکەچی دەسەڵاتی سیاسی چینی بۆرژوازی بکەن، بەڵام فەلسەفەی سیاسی سۆسیالیستی هەوڵی هۆشیارکردنەوەو ڕێکخستنی چینی کرێکاران دەدات تا شۆڕش بکەن بەسەر دەوڵەتی بۆرژوازەکانداو دەسەڵاتی کرێکاران دابمەزرێنن.
بە بۆچوونی مارکس فەلسەفەی سیاسی سۆسیالیستی پێش خۆی، دابڕاوبوون لە لێکۆڵینەوەی زانستی کۆنکرێتی، و لەپراکتیکدا پەیوەندییان بەخەباتی چینی کرێکارانەوە نەبووە، بۆیە مارکس لە ڕەخنەی تیۆری کۆمەڵایەتی و ئابووری سیاسیدا، ئەوانی تێپەڕاند، بەڵام خوێنەرە وردبینەکان لە دەقەکانی فەلسەفەی سیاسی مارکسدا، کۆمەڵێک ڕوونکردنەوەو چەمکی دژ بەیەک/ پارادۆکسی تێدا دەدۆزنەوە.
مشتومڕ سەبارەت بە فەلسەفەی سیاسی مارکس، بووەتە هۆی ناکۆکی نێوان سۆسیالیستەکان کە ئایا کام ڕوایەت/ خوێندنەوە بۆ دەقەکانی، مەبەستی مارکس بە دروستی دەخاتە بەردەست.
پێدەچێت زوڵم بێت فەلسەفە سیاسییەکەی مارکس، کە لە هەموو ڕەوتێکی تری فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخ شۆڕشگێڕترە، بەوە ڕەخنەی لێ بگیرێ کە پارادۆکسە. لەڕاستیدا مارکس فەلسەفە سیاسییەکەی لە یەک کتێبدا کۆنەکردوەتەوەو پێشکەشی بکات، بەڵکە بەدرێژایی چالاکی نووسین و سیاسیەتکردنی، پرنسیپەکانی فەلسەفە سیاسییەکەی داڕشتووە. مارکس هەرگیز بە شێوەیەکی سیستماتیک پەرەی بە فەلسەفە سیاسییەکەی خۆی نەداوە، لێرەوە خوێندنەوەی بەرهەمە سیاسیەکانی مارکس، کە بە ڕواڵەت هارمۆنییە و مەحاڵە لێک جیابکرێنەوە، بووەتە هۆی ئەوەی ئەنجامگیری زۆر جۆراوجۆری جیاوازو دژ بەیەکی لێ بکرێ، واتە دەقەکانی مارکس فرە گوتارەو لە هەندێ جێگادا پەرەدۆکساڵە.

فەلسەفەی سیاسی مارکس و دێترمینیزم*
ئەگەرچی مارکس و ئەنگلس هۆشداریدەدەن کە(مانیفێست بووەتە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی کە ئێمە چیتر مافی گۆڕینیمان نییە.) – مارکس و ئەنگڵس – پێشەکی بۆ چاپی ئەڵمانی ٢٤ی حوزەیرانی ١٨٧٢، لەندەن. بەڵام بڕێک لە مارکسیستەکان تا ئەمڕۆکەش، دەگەڕێنەوە بۆ بەکارهێنانی هەندێ دربڕین و ڕستەی نێو مانیفێست، کە ماناێکی دێترمینیزمی دەبەخشێ.
یەکێک لەو پەرەگرافانەی نێو”مانیفێست”کە بۆتە هۆی ئەوەی مارکس بە(دێترمینیزم) تاوانبار بکرێ ئەم دەربڕینەیە:(بەمجۆرە پێش هەر شتێک، ئەوەی بورژوازی بەرهەمیدەهێنێت گۆڕهەڵکەنانی خۆیەتی؛ ڕووخانی بورژوازی و سەرکەوتنی پڕۆلیتاریا، وەکوو یەک مسۆگەرە.)- مانیفێست – لاپەڕە ۲٤ – هاوڕێ موسلح وەرگێڕانەکەی لە زمانی ئینگلیسیەوە کردووەو بەراوردیشی کردووە بە زمانی سویدی.
وشەی: inevitable – oundviklig – unvermeidlich – بە ئەڵەمانی و ئیگلیسی مانای:”ڕێگری لێناکرێت – حتمي / لا مفر منه” دەگەێنێ.
پارادۆکسەکە لێرەدا ئەوەیە کە خودی”مانیفێست” بۆ ڕێکخراوێکی نێونەتەوەی کۆمۆنیستەکان نووسراوە؛ واتە هەوڵی کۆمۆنیستەکان بۆ هۆشیارکردن و ڕێکخستنی چینی کرێکاران یەکبخات بۆ گۆڕانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری، یانی تا سوژە(کە چینی کرێکارانە)بتوانێ شۆڕشی سۆسیالیستی بکات، بەم مانایە مارکس بڕوای بەوە هەبووە کە ڕۆڵی سوژە گرنگە لە گۆڕانی مێژوودا. لێرەدا یەکەم شت مرۆڤ بە مێشکیدا دێت ئەوەیە: ئەی کەواتە چۆن(ڕووخانی بورژوازی و سەرکەوتنی پڕۆلیتاریا، وەکوو یەک مسۆگەرە) یانی حەتمییە!، ئەگەر داڕمانی سەرمایەداری و دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی و سەرکەوتنی چینی کرێکاران یاساێکی سروشتی و جەبری مێژووەو حەتمییە، ئیدی ئێمە خۆمان بۆ ماندوو بکەین؟!.
فەلسەفەی سیاسی سۆسیالیستی دەبێ ئەو سیناریۆیەی مارکس نووسیبووی دەربارەی شۆڕشی سۆسیالیستی چینی کرێکاران جارێکی دی بەشێوەێکی واقیعی بنووسێتەوەو ڕزگاری بێت لە ڕوانگەی دێترمینیزمی‪.‬
من بڕوام بەوە هەیە کە ئەوکاتەی چینی کرێکاران، لە هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕیدا، بەکۆمەکی سۆسیالیستەکان(هۆشیاربوونەوەو یەکگرتووبوون)، ئەوکات شانسی شۆڕشی سۆسیالیستییان هەیە، لێرەوە ئەگەری هەیە کە شۆڕشی سۆسیالیستی دەسەڵاتی چینی بۆرژوازی تێک بشکێنێ و کۆمەڵگەی سۆسیالیستی دابمەزرێنێ، بۆیە دروسترە باس لە(شانس و ئەگەر)بکەین نەک مسۆگر/ حەتمی. من هاوڕای بەشێک لە سۆسیالیستەکانم کە دەربڕیینەکەی ‪”‬ڕۆزا‪”‬ بە دروست دەزانن‪:‬(یان سۆسیالیسم یان بەربەریسم ***)، چونکە ئەم دربڕینە دوو ئەگەر نیشان دەدات لەبەردەمی مرۆڤایەتیدا، و ئێستاکە ئێمە لە نێو خولی سەرمایەداری دڕندەدا ژیان بەسەر دەبەین.

بۆچی دەربڕینی دێترمینیزمی نێو مانیفێست دروست نییە؟!.
چونکە بە دیوێکیدا هەوڵ و گەمەکانی چینی بۆرژوازی بۆ پارێزگاری لە سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی؛ واتە ڕۆڵی لایەنی زاتی(سوژەکەی دی کە دژە شۆڕشی سۆسیالیستییە – چینی بۆرژوازی) ناخاتە حیسابی خۆیەوە. لەڕاستیدا چینی بۆرژوازی بەهۆی گوتاری ئایدۆلۆژی ناسیۆنالیستی وئایینی و ڕەگەزپەرستییەوە، توانیویەتی چینی کرێکاران پارچەپارچەک بکات و فریویان بدات، وە سۆسیالیستەکانیشی لاوازکردووە، وە بەهۆی سەندیکای زەردەوە، چینی کرێکاران تەنها خەبات بۆ داوای مافی ئابووری سەندیکای دەکەن، و ئەوە زیاد لە سەد ساڵە ئەم خەبات هێندە نەچووەتە پێش تاببێتە هۆشیاری سیاسی سەربەخۆی سۆسیالیستی.
وە بە دیوەکەی تریدا، دێترمینیزمی مارکسی ئەگەری ئەوەی لەبەرچاو نییە کە ڕۆڵی فاکتۆری بابەتی(گەشەی سەرمایەداری: تەکنەلۆژیا نوێ، و قەیرانی ئابووری و قەبەبوونی سەرمایەی وەهمی لەم سەردەمەدا)، دەشێ درگاێک بکاتەوە بۆ قووتاربوونی سیستەمی سەرمایەداری بە لەمپەردانان لەبەردەم پەیدابوونی هەلومەرجی شۆڕشگێڕی، یان حیساب بۆ ئەوە ناکات کە ئەو فاکتۆرە بابەتییانەی سەرەوە کۆمەڵگەی سەرمایەداری، بەهەردوو چینەکەوە، بەرەو داڕمان و فەوتان ببات.
هیوادارم ئەم کورتە وتارە کۆمەکی بەو خەڵکانە بکات کە بیردەکەنەوەو بەدوای ڕاستیدا دەگەڕین.


  • پارادۆکس بریتییە لە ناتەبایی لە نێوان ئەوەی تیۆرێک باسی دەکات و ئەوەی عەقڵ چاوەڕێی لێدەکات یان لە بەکارهێنانی بنەما و ڕێسای گشتی پەسەندکراو و بەڕواڵەت دروست، کە دەبێتە هۆی دژایەتی چاوەڕواننەکراو یان لێدوانی بە ڕواڵەت نالۆژیک و ناعەقڵانی. یان پارادۆکس بە دەڕبڕینێک دەوترێ کە بە پێوانەی لۆژیکی لەگەڵ خۆیا ناتەبا بێت، یا ڕێگایەک بگرێتە بەر پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان.
    ** دێترمینیزم(به انگلیسی: Determinism)‪:‬ لە فەلسەفە و زانستدا، ئەو تێزەیە کە هەموو ڕووداوەکانی کۆمەڵگە و مێژوو، بە بڕیارو کردارەکانی مرۆڤیشەوە، لەڕووی هۆکارەوە بەلایەوە حەتمییە.
    *** کاوتسکی ١٨٩٢ دەنووسێ: یان دەبێت بچینە پێشەوە بۆ ناو سۆسیالیزم یان بکەوینەوە ناو بەربەرییەت(es heißt entweder vorwärts zum Sozialismus oder rückwärts in die Barbarei).
    لۆکسمبۆرگ ١٩١٥ دەنووسێ: یان گواستنەوە بۆ سۆسیالیزم یان پاشەکشە بۆ بەربەرییەت(entweder Übergang zum Sozialismus oder Rückfall in die Barbarei).
    “مایکل لۆوی” لە وتارێکی ئەم دواییەدا پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕەنگە لۆکسمبۆرگ ئاماژەی بەم بڕگەیە کردبێت لە کتێبی”دژە دورینگ”دا:(هەم ئەو هێزە بەرهەمهێنەرانەی کە شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری مۆدێرن دروستی کردووە و هەم سیستەمی دابەشکردنی کاڵا کە لەلایەن ئەوەوە دامەزراووە، کەوتوونەتە دژایەتی لەگەڵ خودی ئەو شێوازە بەرهەمهێنانە، و لە ڕاستیدا تا ڕادەیەک کە ئەگەر هەموو کۆمەڵگای مۆدێرن لەناو نەچێت، دەبێت شۆڕشێک لە شێوازی بەرهەمهێنان و دابەشکردندا ڕووبدات).
  • سەرچاوەکان:
    1/Marxism And the Paradox of Contemporary Political Thought Stanley Rothman – مارکسیزم و پارادۆکسی بیری سیاسی هاوچەرخ / ستانلی ڕۆتمان
    2/ Philosophy and Progress – KARL MARX’S CONTRIBUTION TO SOCIAL AND POLITICAL PHILOSOPHY
    3/ SIMON CLARKE Althusserian Marxism
    4/ Cyril Smith 1998 / Marx’s Critique of Political Philosophy
    5/ Karl Marx’s Political Epistemology – Subjectivity, abstraction and the state in the writings o f the early 1840s – James Martin Mclvor
    6/ The development of Marx’s social and political theory
    7/ David McLellan’s:Marx Before Marxism



ناوەندیکردنەوە یا فیدراڵیەت لەئایندەی حکومەتی سوریادا!.. عوسمانی حاجی مارف

لە پرۆسەی کاریگەری دۆخێکی پر لە گێژاوی سیاسی و نالەباری چواردە ساڵەی سوریا و بەردەوامی شەری ناوخۆدا، شتێک نەماوە بە ناوی دەوڵەتی ناوەندی و یەکگرتوو، ناوچەکانی سوریا تەواو لەیەک دابراون.
ئەحمەد شەرع و گروپەکەی هەیئەی تەحریری شام کە وەک نوێنەری ئیسلامیەکی سونە مۆریان داوە لە پێگەو هەڵسورانی سیاسیان، دانیشتوانی سوریاش زیاتر لە دوو لەسەر سێی لە سونە پێکهاتووە، هەر بەناوی ئەو نوێنەرایەتیە و زۆرینەی دانیشوانی عەرەبی سونەوە، ئەحمەد شەرع لە هەوڵی پاوانخوازی دەسەڵاتدایە و بانگەشەی ناوەندیبونەوەو یەکگرتوویی دەوڵەت و حکومەت دەکاتەوە. بەڵام ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئایا ئەحمەد شەرع دەتوانێت لەژێر عەبای عەرەبی سونەدا و لە دۆخی ئێستای ناوچەکەدا پارێزەی سەرمایەو سیستمی سەرمایەداری بێت؟ ئایا دەتوانێ سوریا یەکگرتوو بکاتەوە؟ یان بەشێک دەبێت لە درێژەدان بەشەری ناوخۆ و بەو گێژاو و دۆخە نالەبارەی کە چواردەساڵە گیرۆدەی سوریا بووە.
دوای ئەوەی شەرع سەرکردایەتی ئەو هێرشەی کردکە شارەکانی حەڵەب و دیمەشقیان گرتەدەست و ئەسەد دەستبەرداری دەسەڵاتەکەی بوو، پاشان بەزوویی ئەحمەد شەرع حکومەتی راگەیاند، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە شەرع بیرۆکەی سیستەمی فیدراڵی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەگونجاو نازانێت، لەبەرئەوەی ئاواتەخوازە سیستەمێکی سیاسی ناوەندی دروست بکات و لایەنەکانی تر بەشدار بن لە حکومەتەکەیدا ! هێزە چەکدارەکانیان بکەنە بەشێک لە “سوپای نیشتمانی” واتە ئەو سوپایەی کە میلیشایاکانی خۆی سەرکردایەتی دەکات.
حکومەتی شەرع کۆنترۆڵی بەشێك لە خاکی سوریای بەدەستەوەیە، کە زۆربەی شارەکانی ڕۆژئاوا و بەشێک لە لادێکانیش دەگرێتەوە. بەڵام لە دۆڵی فوراتەوە بەرەو رۆژهەڵات هیچ مەیلێکی لایەنگری بۆ هەیئەت تەحریر شام بەدی ناکرێت. لەکاتێکدا هێزەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەحمەد ئەلعەودەی یاخیبووی پێشوو لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی باشوور، نایانەوێت لەگەڵ سوپای نوێی سوریا یەکگرنەوە، لەباکوری ڕۆژهەڵاتیش هەسەدە، گەرچی سەرقاڵی گفتوگۆن لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا، بەڵام بەهەستیاریەوە مامەڵەی ئەو پەیوەندیە دەکەن و مەیلی یەکگرتن لەگەڵ سوپایەکی ناوەندی نیشتمانیدا لەژێر دەسەڵاتی هەیئەی تەحریری شام دا نیشان نادەن
لە شوێنەکانی دیکەی باکوور، میلیشیاکانی لایەنگری تورکیا بەناوی “سوپای نیشتمانی سوری” یەوە، دەستیان بەسەر شوێنە سەربازیە ستراتیژی و قەڵا سەرەکیەکان لە عەفرین، جەرابڵوس و ناوچەیەکی جیا لەنێوان تەل ئەبیاد و ڕەئس ئەلعەین دا گرتووە. ڕۆژی ٢٩/١/٢٠٢٥، تورکیا سەرۆکی ئەم گرووپە، سەیف ئەبوبەکری ناچار کرد لە دیمەشق پیرۆزبایی شەخسی لە سەرۆک کۆماری نوێ بکات، بەڵام تائێستا ئەمە تاکە ئیمتیازێکە کە بە ئەحمەد شەرعیان داوە. ئەم دوو سەرکردەیە شەرع و ئەبوبەکر، مێژوویەکی دوورودرێژیان لە دوژمنایەتی بەرامبەر یەکتر هەیە، بەتایبەتی کە زۆرێک لە چەکدارانی سوپای تازەی سوریا کە چەکدارە کۆنەکانن لە شەڕە خوێناویەکانی دژی هەیئەی تەحریر شام بۆ کۆنترۆڵکردنی پارێزگای ئەدلەب لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٠ بەشدارییان کردووە.
ئەوەی دەیبینین سەرەڕای هەر هەوڵێک لە گفتوگۆو دانوسان لەنێوان هەسەدەو شەرع دا، بەڵام هەسەدە مەیلی بەلای پاراستنی سەربەخۆیی و پێگەی دەسەڵاتی خۆیدایە لە بەرامبەر حکومەتی ئێستای سوریادا، لەهەمانکاتدا دروزەکان کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر پارێزگای سویدەدا درێژکردووەتەوە و ڕێگری دەکەن لە چوونە ناوەوەی هێزەکانی هەیئەی تەحریر شام. لە ناوچە کەناراوەکانی عەلەوییەکان، لەکاتی سەردانەکەی شەرع بۆ لازقیە و تەرتووس لە ١٦ی شوباتدا تەنها لەلایەن پێکهاتە عەرەبە سوننە ناوخۆییەکانەوە ئاهەنگ گێڕدرا. عەلەوییەکان – مەزهەبی بنەماڵەی ئەسەد و بنکەی کۆمەڵایەتی ڕژێمی پێشوو- بەشدارییان لە ئاهەنگەکاندا نەکرد، خۆیان لە گەڕەک و گوندەکانیاندا گۆشەگیرکرد. هەروەها بەرپرسانی پێشووی ڕژێم میلیشیای نوێیان دروست کردووە بۆ پاراستنی ناوچەکە وەک پەناگەیەکی شاخاوی قەڵادار بۆ عەلەوییەکان، ئێستاش لەشەرێکی خوێناویدان و کوشتارێکی زۆر لە هەردوولایاندا هەیە.
ئەم بارودۆخە ناوخۆییە هەمەچەشنە و هەروەها دەستێوەردانی بەردەوامی ئیسرائیل و تورکیا ئەوە دەردەخات کە شەرع ناتوانێ ئایندەیەک لە سوریا بەدەست بهێنێت کە حکومەتێکی ناوەندی و یەکگرتوو لەسایەی پێشرەوی هەیئەی تەحریردا دامەزرێنێت. تێکەڵکردنی هەموو ئەو کوتلە و گروپە نەتەوەیی و تائیفیە چەکدارانە لەژیرسایەی هێزێک بە ناوی نوێنەرایەتی عەربی سونەدا هیچ گرەنتیەکی نیەو ئیمکانی نیە بتوانێ نیشاندەری ئەزمونی حکومەتی ووڵاتێک بێت کە ئازادی و پێکەوەژیان تیادا گونجاو بێت. بەڵام ئەوەی شایانی باسە دانیشتوانی سوریا خۆیان مەیلیان هەیە بە هەر پێکهاتەیەکەوە، سەربەخۆ و بەجیا و بەدور لە دەسەڵات و رۆڵی هەر هێزێکی نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی، بسازێن و پێکەوە ژیان بکەن، بەڵام ئەحمەد شەرع و رێکخراوەکەی کە لە پاشماوەکانی داعش و قاعیدەن لەدواجاردا سەرکەوتنیان لەوەدایە کە لەرێگەی پاوانخوازی بۆرجوا ناسیۆنالستی عەرەبی و سونە مەزهەبەوە بەریوەبەرایەتی سەرمایەگوزاری لە سوریادا بکەن، بەم شێوەیەش مانایەک نامێنێتەو بۆ ئەزمونێکی سەرکەوتو بەناوی حکومەتی ناوەندی و جێگیربونی ئازادی و پێکەوەژیان.
ئەتوانین بڵێین کە پرۆژەی شەرعیەتی سیاسی لەسەر بنەمای ناوەندیبونەوەی دەسەڵات و یەکگرتنەوەی سوریا لەگەڵ واقیعی ئێستای دۆخی سیاسی سوریاو پێگەی هەیئەی تەحریر ناکۆک و نەگونجاوە. شەرع وەک ‌هێزێکی ئیسلامی ناسراو بە تیرۆریست ناتوانێ نوێنەرایەتی یەکگرتنەوەی سوریا بکات، مەگەر ئەمریکاو ئیسرائیل پشتیوانی بکەن؟!.
لەئێستادا هەوڵی سەرەکی یەکخستنی گروپە جیاوازەکانی عەرەبی سوننە بۆ سوپایەکی نوێی نیشتمانی دوای هەڵوەشاندنەوەی سوپای پێشوو، چەسپاندنی داهاتووی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعە بە رێگایەکی بیرۆکراسی کە لە دیمەشق و ناوچەکانی دەوروبەریدا جێبەجێی دەکات، بەگرتنەبەری ئەو ڕێبازە توندەی کە پێشتر لە ئەدلەب پیادەی کردووە. هەرچەندە شەرع پرۆسەی”دیالۆگی نیشتیمانی” دەستپێکرد، بەڵام لە گفتوگۆکانی دەستپێکردندا بەهۆی هەوڵدانی بەپەلەو جۆری تەرحەکانی بۆ رێکخستنەوە، پرسیارو گومانی لەسەر شەرع دروستکردو زیاتر پەرچەکرداری لێکەوتەوە.
هەرلەم دۆخەدا پێشنیارێکی تر کە بۆ ئایندەی حکومەتی سوریا دەخرێتەروو، پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵیە، پێدەچێت ئەم پێشنیارە زیاتر بەشێك بێت لە هەوڵەکانی ئەمریکا، کە لەو سەرچاوەیەوە دەخرێتەروو کە هەستی دژە ئیسرائیل لەنێو سوریەکاندا کەم بێتەوە و ئیسرائیل بتوانێ مامەڵەو گەمەی سیاسی خۆی لە سوریا پەیرەوی بکات، هەروەک چۆن ئەمریکا دوای روخانی سەدام فیدرالیزمی بەسەر عێراقدا سەپاند، تا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل عێراق لاواز بکات، ئەزمونی ئەم فیدرالیە و حکومەتی بەشبەشێنە لە عێراقدا بۆتە بەڵایەکی گەورە بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان و عێراقەوەو سەرچاوەی بەردەوامی ناجێگیری و گێژاوی سیاسیە، کە لە هەر ئاڵوگۆرێکی سیاسیدا پێگەو هاوسەنگی هێزەکان دەبێتە مایەی توندبونەوەی گرژی و ئاڵۆزی و سەرگەردانی، هەربەم شێوەیەو نمونەی ئەزمونی عێراق و دوبارەبونەوەی لە سوریا، ئاکامێکی نەرێنی لە دۆخی سوریادا دەخولقێنێت.
بونی ئەحمەد شەرع و هەیئەی تەحریر لە هەردوو حاڵەتی ناوەندیکرنەوەی حکومەتی سوریا یا حکومەتی فیدراڵی و دابەشکردنی سوریا لەسەر بنەمای نەتەوەو ئاین و تائیفە، هەرگیز ناتوانێ نمونەو ئەزمونێكی سەقامگیری و ئارامی سیاسی بێت، دانیشتوانی سوریا بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە ناتوانن بە ئاسودەیی ژیان و گوزەران بکەن، فیدرالیزم داسەپاندنی سیستمێکی کۆنەپەرستانەو دژ بە ئینسانیەتە، فیدراڵیزم یارمەتیدەرە لە دابەشبونی تائیفی لە سوریا و پەرەپێدانی دابەشکردنی دەسەڵاتە بەشێوەیەکی نادادپەروەرانەتر، تەحەدایەکی گەورەیە لەبەرامبەر دەخالەت و بریاری خەڵک بۆ دیارکرنی چارەنوسی خۆیان.
لەم بارەیەوە هەر هەوڵێك لە سوریا و عێراق بدرێت بۆ حکومتێکی ناوەندی لە یەکگرتنی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی یا حکومەتێکی فیدراڵی دابەشکراو لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئیسلامی و تائیفی هەمیشە لەسەر تەقینەوەی بورکانی جەنگ و کارەسات و تراژیدیایەکدا راوەستاو دەبێت، دامەزراندنی حکومەتی ناوەندی دەبێت لەسەر بنەمای بەرەسمی نەناسینی هەر دین و نەتەوەو ئایدۆلۆژیەک بێت لە دەوڵەتدا، دەوڵەتێک بێت بەمانای رەسمیەتدان بەناسنامەی هاوڵاتیبوون و ئازادی و پاراستنی شكۆی ئیسانەکان کە سەر بە هەر دین و نەتەوە تائیفەو هەر بیروباوەر و بۆچونێک بن، پێکهێنانی دەوڵەتێکی سکولار و نانەتەوەیی و بەرەسمیەت ناسینی ناسنامەی هاووڵاتیبون دەتوانێ زەمانەتی یەگرتوویی و پێکەوە ژیان بکات.




مەستورەیەكی بێ خەم لە ڕۆمانی خەمی مەستوورەدا!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

ڕووداو لە دەقی ئەدەبی و بە تایبەتیش ڕۆماندا، ئەو ڕەهەندە مێژوویی و زەمەنییەی نامێنێت كە پەیوەستە بە كات و شوێنی ڕووداوەكە، بەڵكو لە پانتایی نووسیندا، ڕووداو بە تایبەتیش كارەساتی گەورە و ڕووداوی تراژیدی، بۆ ئەوەیە بەردەوام بمێننەوە وجۆرێك لە هەمیشەییبوونی لە یادەوەری ئێمەدا هەبێ. گەر بە وردی هەموو ئەو ڕۆمانانە بخوێنینەوە كە باس لە جینۆسایدی جوولەكەكان دەكەن، خوێنەر هەست ناكات ئەم ڕووداوە ببێتە بەشێك لە واقیع و تێپەڕیبێت، بەڵكو وەك ئەوە وایە، كە چركەساتی ڕووداوی جینۆسایدكردنەكە، لە ساتی خوێندنەوەی دەقەكە بوونی هەیە و هێزی گێڕانەوە و وێناكردنی ئەو كارەساتە و نیشاندانی دیمەن و ڕووداوەكان، ئەو زەمەنە مێژووییەی ڕووداوەكە دەبڕن و دەبنە بەشێك لە ئێستا.

بە بڕوای من، لای بەشێكی زۆری ڕۆماننووسانی كورد، هەتا ئێستا نەتوانراوە گوزارشت لەكارەساتێكی گەورەی وەك ئەنفال بكرێت، وەك ئەوەی لە شیعردا شێركۆ بێكەس لە گۆڕستانی چراكاندا كردی، ئەمە پەیوەندی بە نەبوونی توانا و هێزی گێڕانەوە و بەركەوتن لەگەڵ ئەو كارەساتە هەیە، كە ئەمەش زۆرجار لە بری ئەوەی گەورەیی ئەم كارەساتەمان بۆ نیشان بدات، بە داخەوە بچووك و بێ بەهای دەكات و لە پێگەی تراژییدی و مرۆیی كارەساتەكە كەم دەكاتەوە. لەو سۆنگەیەوە، ڕۆمانی خەمی مەستوورە، یەكێكە لەو ڕۆمانە سادە و هەژارانەی، كە نەك هەر نەیتوانیوە گوزارشت لە كارەساتی ئەنفال و خەمی ژنانی كوردی پاشماوەی ئەو كارەساتە بكات،  بە داخەوە بەڵكو ئەم كارەساتەی بچووك و بێ بەها كردووە و جۆرێك لە دیمەنی گاڵتەجاریی و كاریكاتۆری بەو كارەساتە داوە، وەك ئەوەی نووسەری ڕۆمانەكە باسی دۆخێكی زۆر ئاسایی بكات، لە بری قیژە و ناڵە و هاواری تاساوی ئەو خەڵكە، كە دەنگییان لەو ڕۆژگارە دەگەیشتە لای خودا. كاتێ لە خوێنەوەی ئەم ڕۆمانە سادەیە بوومەوە، وەك ئەوەی ئەنفال هەری ڕووی نەدابێت لام وابوو، چونكە لە بچووكترین شوێنی ڕۆمانەكەش، گەورەیی ئەو كارەساتە نیشان نادات و لە پەراوێزی درێژدادڕی ڕۆمانەكەی، لە تیمەی سەرەكی دوور دەكەوێتەوە و بابەتی لاوەكی دێنێتە نێو باسی ئەنفال.

ئەم ڕۆمانە، باس لە ژنێكی پاشماوەی ئەنفال دەكات. مەستوورە و كچەكانی، دوای ئەوەی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، بە هاوكاری جاشەكانی قاسم ئاغاوە، پەلاماری گوندەكەیان لە ناوچەی شوان و بناری خاڵخاڵان دەدرێت، لە چەمی بابە ڕووشە خۆیان دەشارنەوە، بەڵام دواتر وەك هەزاران كەسی دیكە، بەر ئەو شاڵاوە نەگریسە دەكەون. دوای گرتنیان، بە ئوتومبێلێك دەبردرێن و دەگوازرێنەوە و لە ڕێگەدا ئوتومبێلەكە وەردەگەڕێت و مەستوورە دەبردرێتە نەخۆشخانە و بەم شێوەیە لە (خدری حاجی ) هاوسەری و چوار كچەكەی ( بەهار، نێرگز، كوێستان، ژیان) دادەبڕێت و ئەوان ئەنفال دەكرێن، ئەویش لەلایەن دوو سەربازەوە دەبردێتە نەخۆشخانە و  دوای چاكبوونەوەی لە نەخۆشخانە دەردەچێت و مینە و گوڵە دەناسێت و سۆراغی كچەكانی دەكات، بەڵام ئەم سۆراغكردنە، هیچ ئەنجامێكی نابێت.

مەستوورە، جارێكی دیكە شوو بە بایز ئاغەی پیاوی قاسم ئاغە دەكات و دەبێتە هاوسەری ئەو و لە شوقەیەكی ئیسكان لە شاری هەولێر دەژَیت. مەستوورە، بەم شێوەیە دەمێنێتەوە تا ڕاپەڕین ڕوودەدات و هەولێر ئازاد دەكرێت. ئەمە پوختەی ئەو ڕۆمانە بوو، كە گوایا لە كارەساتی ژنانی پاشماوەی ئەنفال دەدوێت و خەم و ناسۆرییەكانیان لە ڕێگەی ئەدەبەوە بەرجەستە دەكات. بێگومان هەر لە دەسپێكی ڕۆمانەكەوە، میران بێ ئاگاو نەشارەزا بووە، لەچۆنیەتی كارەساتی ئەنفال و بكەرەكانی و مێژووەكەشی.

 لە پرۆسەی ئەنفالدا، هەرگیز ژنان و پیاوانی كورد بە یەكەوە ئەنفال نەكران، بەڵكو لە دەسپێكی هەر هێرش و پەلامارێك بۆ سەر هەر گوند و ناوچەیەك، پیاوانیان جیا دەكردەوە و ژنان و منداڵانیشیان بە تەنها دەبرد، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، گریمان ئوتومبێلی ئەنفالكراون وەردەگەڕێت وەك ئەوەی نووسەری ڕۆمانەكە باسی دەكات، بەڵام دەبوو ئەوە بزانێت كە هەرگیز پیاوەكانی ڕژێم هێندە میهرەبان نەبوون، تا ئامادە بن بریندار ونەخۆشانی ئەنفالكراو ببەنە نەخۆشخانە و بیانلاوێنەوە و خزمەتیان بكەن. گواستنەوەی ئەنفالكراوان، لە ڕێگەی ڕێ و شوێنێكی هێندە توندو و كۆنترۆِلكراو و چاودێریكراو ئەنجام دەدرا، بواری ئەوە نەبوو، یەك ئوتومبێلیش تووشی تامپۆن بێت. ئەم دەسپێكە ناهونەری و لاواز و گێڕانەوە بێ مانایەی كارەساتەكە  لە ڕۆمانەكەدا، دەریدەخات كە نووسەری ڕۆمان، بێ ئاگایە لە كارەساتی ئەنفال و چۆنیەتی ئەنجامدانی. دوای ئەمە نووسەری ڕۆمانەكە، بە جۆرێك باس لە ژنانی پاشماوەی ئەنفال دەكات، وەك ئەوەی خەمیان تەنها ناو گەڵ و نووستن و مێردكردنەوە بێت، بە كێش؟ بێگومان بەو جاشانەی ئەنفال و ئەتكیان كردن، وەك ئەوەی یادەوەری ژنی كورد هێندە لاواز بێت، ڕاست و چەپی خۆی نەناسێت و بە ئاسانی ئەنفال و جەلاد و بكەرەكانی لە بیر بكات.

میران، نەك هەر سەركەوتوو نەبووە لە وێناكردنی ژنێكی پاشماوەی ئەنفال كە هاوسەر و چوار كچی جوانی ئەنفالكراون، و بەردەوام لە نێو خەفەت و قەهر و چاوەڕوانی دەژیت و تا مردن لە چاوەڕوانی دەمێنێتەوە، بگرە  وێنەی مەستوورەیەكی بێ خەم وخەفەتمان پیشان دەدات، كە لە بری ئەوەی خەیاڵی لای كچ و هاوسەرەكەی بێت، بەردەوام خەیاڵی لای گەرماو و خۆ شوشتن و نێو گەڵ و پشیلە كوێرەكەیەتی. هەڵبەتە، ئێمە زۆر باشتر لە نووسەری ڕۆمانەكە ئەوە دەزانین كە مەستوورەش وەك هەر ژنێكی دیكە، سووڕی مانگانە دەبینێت و مەمكی هەیە ودەچێتە گەرما و وخۆی دەشوات، بەڵام جیاوازی ئێمە لەگەڵ نووسەری ڕۆمانەكە لەوەدایە، كە ئێمە دووشكردن، بە خەمی ڕۆژانەی مەستوورە نازانین، چونكە خەمێكی گەورەتر و كۆستێكی قووڵتر و مەزنتر لە ژیانی ئەودا هەیە، كە ئەویش لەدەستدانی خێزانەكەیەتی. ژنانی پاشماوەی ئەنفال لە دوای ئەو كارەساتە، نەك هەر نەپڕژانە سەر ئەوەی جارێكی دیكە دەست بە ژیان بكەنەوە، بەڵكو زۆرینەیان تووشی خەمۆكی و گۆشەگیریی و تەنهایی بوونەوە و بە تاسەی گەڕانەوەی ئازیزەكانییان، چاوەكانیان خستە ژێر گڵ. با بزانین نووسەری ڕۆمانەكە، لە ڕۆمانەكەیدا چۆنی باسی مەستوورە و ژیانی تایبەتی و ڕۆژانەی لە شوقەكانی ئیسكان دەكات،  تا بزانین ئەمەبوو ژیانی دایكێكی جگەر سووتاو؟ بۆ نموونە:_

*   لا 65 نووسیویەتی :_( بۆ سەر شكانێك ئاگام لە قوونی خۆم نەما) مەبەستی لێرە مەستوورەیە.

*  لا 67 نووسیویەتی:_( لە جەستەی خۆی ڕووانی، دەستی هەڵبڕی و خستییە ژێر مەمكەكانی وەكو جاران قنج و قووتن) دیارە مەستوورە، زۆری بەلایەوە گرنگ بووە، مەمكەكانی لیچ و شۆڕ نەبن و بۆ گرتن بشێن بۆیە وا دەڵێت !

* لا 67 نووسیویەتی:_( دەستی بۆ سەر ورگ و سمتی هێنایە خوارەوە، پەنجەی  ڕاستی خستە نێو تووكە بەرە ڕەشەكەی و سەری شۆڕ كردەوە(

* لا 129 نووسیویەتی:_( لێرەدا، دوای ئەوەی مەستوورە و كچەكانی لە بەر پیاوانی ڕژێم لە چەمی بابەڕووشە خۆیان حەشارداوە، مەستوورە سوخمەی ژیانی كچەكەی ترازاند و پێی گوت با سنگ و مەمكی تۆش دەركەوێت) لەو بارودۆخە دژوار و پڕ لە ترسەی  نێوان مەرگ و ژیاندا، دایكێك هەیە ئەمە بە كچەكەی بڵێت؟ مەگەر لە خەیاڵدانی نووسەری ئەم ڕۆمانە نەبێت !

* لا 134 نووسیویەتی:_( زیاتر لە دە گەنج دەستیان بۆ مەمك و سمتم برد).

* 137 نووسیویەتی:_( ئەگەر خۆت قوزت نەخورێت ئەوا بە ڕووتی بۆ نێو ئەو قەرە باڵغیە نایەیت) بە ڕاستی شەرمە، یەك ساڵ دوای پرۆسەی ئەنفال و ژنانی ئەنفال كراو، قسەی وەها بڵێن و پێیان بگوترێت. ئەمانە  نەك هەر ڕاست نین، بەڵكو سووكایەتیشە بە پاشماوەی ژنانی ئەنفالكراو.

* لا 139 نووسیویەتی :_( ئەم بەلایە لە ژێر قوونی من بووە).

* لا 143 نووسیویەتی :_( مەستوورە ئەوەندە دەستەسڕ و كلنكسی ئاخنیوەتە نێو گەڵ، لچ و لێوی دەكزێتەوە ).

* لا 172 نووسیویەتی:_( ڕیتمی پێكانی ڕادەوەشاند، گردی سمتەكانی لەگەڵ تۆنی تەقە تەقی پێڵاوەكاندا دەجووڵاند(.

* لا 181 نووسیویەتی:_ ( ئازاری زگی هەبوو، دەستی شۆركردەوە نێو دەرپێكەی (.

وێرای باسكردن لەو دیمەنە تایبەتی و پۆرنۆیانەی مەستوورە، كە بە هیچ شێوەیەك گوزارشت لە دنیای پڕ خەمی ژنێكی ڕزگاربووی كارەساتی ئەنفال ناكات، نووسەری ڕۆمانەكە تەنانەت مەستوورە دەكاتە دزیش ! ئەویش دوای ئەوەی دانیشتووانی شوقەكانی ئیسكان، لە كۆچڕەوەكەدا ماڵەكانیان جێدێڵن، ئەو دەچێتە نێو ماڵەكانیان و لە ماڵی پاكیزە خان، پێلاو، عەزییە و  جلو بەرگی ئەو ماڵە دەبات و خۆی پێ بابا دەدات. هەموو ئەم دیمەنانە، جگە لە سووكایەتی، بچووككردنەوە و بێ بەهاكردنی خەمی ئەنفالكراوان، هیچی تر نییە، بەمەش نووسەری ڕۆمانەكە نەك نەیتوانیوە، گوزارشت لە گەورەیی ئەو كارەساتە بكات، بەڵكو لە ڕێگەی ئەو بە نێو ڕۆمانەیەوە، سووكایەتی و گاڵتەشی پێ كردوون.

چەند هەڵەیەك لە ڕۆمانەكەدا:_

بە درێژایی ئەو ڕۆمانە، لە گەلێك شوێن و لە میانەی گێڕانەوەی ڕووداوەكاندا، نووسەری ڕۆمانەكە كەوتۆتە هەڵەی مێژوویی و بابەتی و زەمەن و شوێنیش. بۆ نموونە: یەكێك لەو هەڵانەی بەردەوام دووبارەی كردۆتەوە كاتێ باسی كۆچڕەوە و زەمەنی پێش ڕاپەڕین دەكات ئەوەیە، كە دەڵێت خۆڵبارینێكی زۆر باریبوو. ئم هەڵەیە گەلێك لە ڕۆمانووسانی دیكە، كاتێ باسی زەمەنی پێش ڕاپەڕین دەكەن، بێ ئەوەی هەستی  پێ بكەن تێی دەكەون. ئارام محمەدیش لە ڕۆمانی ( ئەو هاوارەی نەبیسترا ) كە باسی دڵدار دەكات، كاتێ باسی ئەو ڕۆژە دەكات كە دڵداریان شاردۆتەوە، دەڵێ خۆڵبارینێكی زۆر هەبووە. بێگومان خۆڵبارین، دیاردەیەكی سرووشتی و ژینگەیی ئەم ساڵانەی دواییە و لەگەڵ ڕووخانی بەعس دروست بووە. بۆیە پێشووتر نەبووە. كاتێ نووسەری ڕۆمانی خەمی مەستوورە باس لەوە دەكات كە ڕۆژی كۆچڕەوەكە كە ڕێكەوتی 31 /3 / 1991 بوو، خۆڵبارینێكی زۆر هەبووە هەڵەیە، بە پێچەوانەوە لەو ڕۆژانەدا بارانی بە خوڕ دەباری.

یەكێكی دیكەش لەو هەڵانە ئەوەیە، كە نووسەر بەردەوام ئاپارتمانەكانی ئیسكان بەكاردێنێت كە ئەمەش هەڵەیە، چونكە پێش ڕاپەڕین، دانیشتووانی هەولێر و ئیسكانیش نەیان دەگوت ئاپارتمان، بەڵكو هەر بە شوقەكانی ئیسكان ناویان دەهێنرا. لەلایەكی دیكەوە لە گەلێك شوێنی ڕۆمانەكە هەڵە و درێژدادڕی هەیە وەك:_

*  لا 21 كاتی دوو سەربازەكە لە بارەی دیستۆفسكییەوە گفتوگۆ دەكەن، یەكێكیان بە ئەویتریان دەڵێت ڕووسییە، لە كاتێكدا ڕووسی بۆ قۆناغی دوای هەرەسی سۆڤییەت بە كاردێت.

*  لا 103 نووسیویەتی:_ كاتژمێر لە ژوورەكەی مەستوورە نەبوو. ڕێی تێ دەچێت مرۆڤێك بە تەنها لە ژوورێك بژیت و كاتژمێری نەبێت؟ گریمان نووسەر لێرەدا مەبەستی وەستانی زەمەنە لای كەس و كاری ئەنفالكراون، بەڵام هەرخۆی بە درێژایی ڕۆمانەكە، باس لەوە دەكات كە مەستوورە، كاتژمێر چوار دەگەڕایەوە ماڵەوە، یاخود كاتژمێر دوو لە ماڵ دەردەچوو.

* لا 108 نووسیویەتی :_( ڕۆژی دوای ئەو شەوەی شێخ بایز مەستوورە جێدێلێت و پێی دەڵێت لە ماڵ نەچیەدەر و ناحەزان بزانن داخی دڵی من بە تۆ دەڕێژن، ئیدی مەستوورە تایەكی گەرم دەگرێت و هەفتەیەك لە نێو جێگەدا دەكەوێت) كەچی شەش دێڕ دواتر دەنووسێت:_( قسەكانی شێخ بایزی مێردی، مەستوورەی نەترساند).

 * لا 110 نووسیویەتی :_( لە نیوە شەودا، مەجیدە شەل، دوو جار هات بانگی مەستوورەی كرد و لەدەرگا و پەنجەرەكانی داو پێی گوت سەربازەكانی ڕژێمی بەعس گەیشتنە نێو شاری هەولێر) لێرەدا مەبەست ڕۆژەكانی پێش كۆچڕەوەكەیە و دیارە مەستوورە ئاگادار كرایتەوە، كەچی لە لاپەڕە 116 دا،  ئەمجارەیان مەستوورە دەڵێت:_( دەبێ شتێك ڕووی دابێت؟ ئیتر با بزانم مەگەر مەجیدە شەل هەواڵم بۆ بێنێت) بێگومان ئەمەش دوو گێڕانەوەی پێچەوانەی یەكترین.

* لا 123 نووسیویەتی:_( پەنجەی لە سەر زەنگەكە دانا) نووسەر لێرەدا باسی ساتی كۆچڕەوەكە دەكات، بەڵام لە كۆچڕەوەكە و سێ مانگ پێشووتریش، كارەبا لە شاری هەولێر نەبوو.

وێرای ئەمانەش، میران لەو ڕۆمانەیدا، بە جۆرێك وەسفی خەڵكی هەولێری كردووە، وەك ئەوەی خەڵكێكی زۆر بێباك، نا بەرپرسیار و بێ خەم بن بەرانبەر كەس و كاری ئەنفلكراوان، كە ئەمەش جۆرێكە لە چەواشەكاریی، چونكە هەموومان حەقیقەتی هەولێرییەكان و هەڵوێستیان بەرانبەر ئەنفال و ئەو ڕووداوە و لە خۆگرتنی ئەنفالكراوان دەزانین.

 ڕۆماننووس، بە جۆرێك وێنەی مەستوورەی لە هەولێر پیشانداوە، كە هەموو ئەو سووكایەتی و بێ ڕێزیی و شكۆشكاندنەی پێی دەكرێت، لە نێو بازاڕی هەولێر و گەڕەكەكانی و لای هەولێرییەكانە. بەردەوام قەڵا و قەیسەری و بازاڕی ئەوێ دەكاتە ڕووبەری ڕووداوەكانی ژیانی مەستوورە.

دواجار زۆر بە ڕاشكاوی دەیڵێم، ئەم ڕۆمانە، گاڵتەكردنە بە هەست و سۆز و ڕوح و ژیانی  ئەنفالكراوان و پاشماوەكانیان. ئەم جۆرە ڕۆمانانە، لە بری ئەوەی خەم و تراژیدیاو گەورەیی ئەو كارەساتەمان پیشان بدات، بە پێچەوانەوە لە ئازار و گەورەیی كارەساتەكە كەم دەكەنەوە و بێ بەهای دەكەن !

پەراوێز: خەمی مەستوورە، ڕۆمان، میران ئەبراهام، زنجیرە كتێبی بڵاو كراوەی كەپر _ 2020.

*ئەم بابەتە لە گۆڤاری دیوان ژمارە (44) كانوونی دووەمی 2025 بڵاوكراوەتەوە.




گوێڕایەڵیی کوێرانە.. نەوزاد بەندی

ئەریک فرۆم باس لە دۆخێکی تراژیدیی مرۆڤ دەکات کاتێک کوێرانە گوێرایەڵیی دەسەڵات و حوکمڕان ئەبێ، هەموو بیرکردنەوە و کەسایەتیی خۆی ئەسڕێتەوە و لەناو ئەلف و فەرمانڕەواکەیدا ئەتوێتەوە، هەستی ڕەخنەگرتن و ناڕەزایی تیایدا بە تەواوەتیی لە بار دەچێ و ناتوانێ بچوکترین بەدوادا چوون بۆ ڕاستی و مافەکانی خۆی بکات، ناتوانێ بچووکترین پەنجە لە ڕووی زوڵمدا ڕاوەشێنێ و ناتوانێ بۆ چرکەیەکیش هەست بە ئازادیی خۆی بکات، ئەبێتە برغویەکی وەهمیی لەو دەزگا زەبەلاحەی داپڵۆساندندا، لەجیاتی ئەوەی بیر لە ئازادیی و کەسایەتیی خۆی بکاتەوە، بە دوای پاساوهێنانەوە و بیانوودا ئەگەڕێ بۆ پینە و پەڕۆ کردنی دۆخە گوێڕایەڵییەکەی خۆی، تەنانەت ئایین و بیر و باوەڕە ئاسمانییەکان بە جۆرێک دادەتاشێ، لە خزمەتی ئەو دەسەڵاتە دڕندەیەدا بێ کە خۆی تێدا نوقوم کردووە وەک ئەوەی گوایا خوا داوای کردبێ پشتگیریی حوکمڕانانی گەندەڵ بکرێت و بە گەورە و فریاد ڕەس دابنرێن و هەرگیز دژایەتیی نەکرێن، هەر چی بداتێ، بە دڵخۆشییەوە وەریبگرێت و هەرچیشی لێ قەدەغە بکات، بە گوێڕایەڵیی و دڵفراوانییەوە، ڕەزامەندیی بێ قەید و شەرتی خۆی بۆ نیشان بدات .
ئەم دۆخە خەمگین و ترسناکە لە هەمان کاتدا ، بریتییە لە سڕینەوەی مرۆڤ، لە کۆتایی هێنان بە بیرکردنەوە، له هەرەسهێنانی ڕەخنە کە زانستێکە و بنەمایەکی پتەوە لە بنەماکانی کۆمەڵناسیی مۆدێرن و کۆندا، لە تۆماس مۆرەوە کاتێ ڕەخنەی لە دەسەڵاتی ئەو سەردەمەی فلۆڕەنسا گرت ( هەرچەندە هاوڕێی گیانیی بە گیانیی بوو هنری وخانەوادەکەێ بوو ) بوو بە هۆی خۆ فیداکردن و سەرپەڕاندنی لە پێناوی هێشتنەوەی کۆمەڵگا لە دۆخی ئاسایی و سروشتیدا و سنووردانان بۆ سیستمی تۆتالیتاریی ناداد .
هەتا ئەگات بەو کەسە دیارانەی ئەمڕۆ لە پێگە بەرزەکانی سیاسەت و فیکردا ، دژی دەسەڵاتی ناداد ئەوەستن و پەنجەیان لە ڕوودا ڕائەوەشێنن، وەک ڕۆژانە لە پەرلەمانەکانی ئیسڕائیل و ئەمەریکا و ئەوروپادا ئەیانبینین.
گوێڕایەڵیی کوێرانە مرۆڤێک بەرهەم دێنێت لە هەموو شتێک ئەچێت لە مرۆڤ نەبێت، کاتێ بە بڕوانامە و پێگەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتییەوە پاساوی ئاینیی و کۆمەڵایەتیی و دەروونیی دێنێتەوە بۆ وازهێنان له هەموو جۆرەکانی بەرگریی و بانگەشە بۆ خۆبۆ دەسەڵات شلکردن تا بە ئارەزووی خۆی تاڵان و بڕۆ و کوشت و کوشتار و زوڵم و جینۆساید و برسیکردن و زیندانکردن و ترساندن و تۆقاندن ئەنجام بدات .
بۆ نمونە لە هەر کۆڕێکدا گوێی لە دەنگی ناڕەزایی بێ، یەکسەر ئەبێتە پارێزەری فەرمانڕەوا و قسەیەکی ناقۆڵا فڕێ ئەدات وەک ئەوەی ئەڵێ : لە سەردەمی پێغەمبەرانیش هەروا بووە، بەگزادەکان خواردوویانە، میللەتیش به نانەسکی و ئەشکەنجەوە بە ڕێی کردووە، نمونەی بیلالی بێ پشت و پەنا وهەژار و کۆیلە دێنێتەوە کە بەردێکی گەورە ئەخەنە سەرپشتی لە بەرامبەر موسوڵمانبوونیدا، لە هەمان کاتا باسی حەمزەی خاوەن پشت و پەنا و پێگە دەکات کە بە ئازادیی موسوڵمانبوونی خۆی ڕاگەیاندووە و هیچ کەسێ نەیتوانیوە توخنی بکەوێ .
باسی ئەوە ئەکا فیرعەونەکان بە ملیۆنان مرۆڤیان ئەشکەنجە داوە و بە برسێتیی ئەهرامەکانیان پێ دروستکردوون و هەمووانیش لە گوڵ کاڵتریان بە فیرعەون نەوتووە . باسی ئەمەریکا ئەکا، قەتڵ و عامی ملیۆنەها هیندیی سووریان کردووە و ئێستایش هەر خۆی خاوەنی هەموو بڕیارێکە .باس لە عوسمانییەکان ئەکات، لە کەیف و سەفادا ژیاون و ئەرمەنەکانیان جینۆساید کردووە و هیچ کەسێکیش لاریی بوونی خۆی ڕانەگەیاندووە . بەڵام جەنابیان باسی چاوی دووەمی ئەم ڕاپۆرتە تاکچاوانەیان ناکەن ، لە کاتێکدا موسوڵمانە خاوەن پشت و پێگەکان بە زێڕێکی زۆر و چاندنی هەزاران دارخورما، بیلالیان لە کۆیلایەتیی و لە ژێر بەردە زەلامەکە ئازاد کرد و تا کۆتایی تەمەنی ژیا، بەڵام حەمزە لە پێناوی بیر وباوەڕەکەیدا وەک سەربازێک لە گۆڕەپانی جەنگدا شەهید بوو .باسی ئەوە ناکات کە کۆیلەکان له دەوری موسا کۆبوونەوە و شۆڕشیان کرد و فیرعەونیان نوقمی ناو دەریای سوور کرد.
باسی ئەوە ناکات، هیندییە سوورەکان بە تیر وکەوان و چەقۆ و هۆکارە سەرەتاییەکانی شەڕکردن، ڕووبەڕووی سورفلە داگیرکەرەکان بوونەوە و هەزارانیان لێکوشتن .باسی ئەوە ناکا ئەو کەیف وسەفاو زوڵمەی عوسمانییەکان لەدژی کەمینەکان ئەنجامیان ئەدا، سەری خواردن، وا بۆ سەدەیەک زیاترە خەون به خەلافەتەوە ئەبینن و گۆرانی وسروود بۆ گەڕانەوەی سوڵتانەکانیان ئەڵێن و بە خەویش نایبیننەوە، چونکە کە دیکتاتۆر ڕما، جارێکی تر هەڵناسێتەوە.
ئەم مرۆڤە داشۆراوە لە هەموو هەستێکی مرۆڤایەتیی و لە هەموو بیری ئازاد و لە هەموو جوڵەیەکی سەربەخۆ، ئەوەندە خۆی بچوک کردۆتەوە، ئەتوانیت لە مێروولەیەک بچوکتر مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت و بیدەیت بە دار و بەرددا، زیندان و داماو و بێ داهاتوو، برسی و ڕووت و ڕەجاڵی بکەیت بە جۆرێک لە گیاندارانی تر، زیاتر و زیاتر لە بواری بەرگری و مافەکانیدا پاشەکشەی کردووە، بۆ نمونە پشیلەیەک لە گۆشەیەکدا قەتیس بکەیت پەلاماری ڕوخسارت ئەدات، بەڵام ئەم مرۆڤە سەیرەی کە ئەریک فرۆم بە مرۆڤی تواوە پێناسەی کردووە، هەتا قەتیستر بکرێ، زیاتر ئەکەوێت بەسەر پێڵاوی جەلادەکەیدا، زیاتر پاساو دێنێتەوە بۆ نیعمەتی قەتیس بوون و وەک تاقیکردنەوەیەکی خوایی تەماشای دەکات، پەیکەر بۆ قەتیس بوون دادەتاشێ و پیرۆزی ئەکات، جەلادەکانی وەک فریادڕەس و فریشتەی خوایی و جێگرەوەی خوا و شمشێری خوا تەماشا دەکات، ئەڵێ ئەم جەلادە جوانکیلانە نەبوونایە ئێمە له خۆمان بایی ئەبووین و کافر ئەبووین و نوقمی بریق و باقی دنیا ئەبووین و بەلەسە ئەبووین و ئاخیرەت و بەهەشتمان لە کیس دەچوو ، دیارە خوا تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکات و دەستێک دەسەڵات بیبڕێ، خوێنی لێ نایەت و دنیا بۆ بێ باوەڕانە! لەوەیش سەیرتر ئەکەوێتە قسەکردن بەدەم ئایین و پێغەمبەرانەوە و فەرموودە دادەتاشێ، جەلاد ئەکا بە شمشێر وەشێنی خودا و ئەڵێ فەرموودە وتویەتی خۆتان چۆن بن، کەسێکی وا فەرمانڕەواتان ئەکات و مەنجەڵ و سەرقاپی یەکترن ! ئەگەر لێی بپرسی ئەرێ کوا ئێوە و جەلادەکەتان لە یەکتر ئەچن ؟ئەم مەنجەڵ و سەرقاپە له چیدا لە یەکتر ئەچن ؟ ئێوە و جەلادەکانتان هەر خواتان یەکە، لەوەتەی ئێوە هەن ئەو شەقتان تێ هەڵئەدا، ئێوە هێشتا شەقوشاندنتان تاقی نەکردۆتەوە، ئەو لەوەتەی هەیە نان و ئاو و سامان و داهاتووی خۆتان و مناڵەکانتان بۆ خۆی ئەخوا، ئێوە هەموو ژیانتان برسێتیی و نەخۆشیی و نەزانیی و زیندان و بێ هیوایی بووە ، ئاخر ئەمە چۆن لە یەکچوونێکە ؟ ئەمە چۆن مەنجەڵ و سەرقاپێکە ؟
ئینجا وەک هەموو بیردۆزەکان کە کۆمەڵێک دەرئەنجام لە خۆدەگرن ، ئەم مرۆڤە گوێڕایەڵەی دەسەڵات، کۆمەڵێک دەرئەنجامی تری تیادا سەرهەڵدەدات کە ناتوانێ بە موو لێیان لابدات، واتا ئەبێتە گوێڕایەڵی کۆمەڵێکی زۆر لە بەرنامەی ناتەندروست کە خۆی بە داب و نەریت و کولتوور و شتی پیرۆز لێکیان ئەداتەوە ناتوانێ بە موو لێیان لابدات، ئیتر لە خواردندا بێ یان لە تەمەڵیی و تەوەزەلیی و زۆر خەوتندا بێ، لە پیس و پۆخڵیی و وورگ بەردانەوەدا بێ، لە شەڕی گەڕەک و حیزب و ڕێکخراوەییدا بێ،لە شەڕی عەشایەریی و براکوژیی و ئێرەیی و سیخوڕیی و دووزمانیی و فزوڵیەت و هەموو جۆرەکانی خیانەتدا بێ، لە ئازاردانی گیاندارانی بەستەزمان و دار و درەخت وخاک و ئاودا بێ، لە پیسکردنی ژینگە و نمەک به حەرامیدا بێ، بە جۆرێک وەک گیاندارێکی دەبەنگ کۆمەڵگاکەی ئەکاتە تەویلەیەکی ترسناک و نائارام و بۆگەن و پڕ لە دەرد و نەخۆشیی و تاریک .
ئەم دۆخە قێزەونە، ئەبێتە زامنی مانەوەی حوکمڕانەکان بۆ کاتێکی درێژتر، هەر بۆیە زۆر بە تام و چێژەوە تەماشای ئەو کۆمەڵگایه ئەکەن کە لەناو زۆنگاوی نەزانیی و گەمژەیی و دژایەتیی یەکتر و برسێتیی و بێ سەر و بەریەییدا ئەژین، پشتگیریی و دەستگرۆیی ئەو دۆخە ناشیرینەی کۆمەڵگا ئەکەن، شایانی باسە کاتێ لە زانکۆ بووم، لە قۆناغی یەکەمی کۆلێژدا ، هاوڕێیەکی عەرەبم هەبوو، ڕۆژێکیان به ڕێکەوت دەمانچەم لەناو کەل و پەلەکەیدا بینی، ئەمزانی ئەم کوڕە سەر بە حیزبی بەعس نییە هەتا دەمانچەی پێ بێ، هەر بۆیە پرسیارم لێکرد، لە وەڵامدا ووتی : ئێمە شەڕی عەشایەریمان هەیە، دەسەڵاتی بەعسیش مافی دەمانچە هەڵگرتنی بە هەردوو لامان داوە، هەتا لە هەر شوێنێ ڕێکەوتی یەکتری بکەین، یەکتری بکوژین!




ئایین و خوداناسی.. حسین قادر

پرسیاری مێژوویی مرۆڤایەتی ئەوەیە، خودا کێیە و چۆنە؟ لە ڕاستیدا وەڵامی ئەم پرسیارە، لای بێدینەکان و دژەدینەکان بەبێ وەڵامی ماوەتەوە، زۆر جار وەک کەرەستەیەکیش بەرانبەر موسڵمانان بەکار دەهێنرێت. سەرەتا پێویستە لەوەوە دەست پێ بکەین، لەم جیهانەدا دوو تایبەتمەندیی سەرەکی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە بەشێکی ماددی (بەرجەستەیی)یە و لە سنووری ئاوەزی مرۆڤدایە، بەڵام دووەمیان بەشێکی شاراوەیە و خودا بە دانایی خۆی لە مرۆڤی شاردووەتەوە، بێگومان شاردنەوەی بەشێک لە نهێنییەکانی گەردوونیش، تەنیا خۆی پێی زانایە و ئامانجەکەی خۆی دەیزانێت.

سەبارەت بە خودا، هەموو مرۆڤێکی هۆشیار ئەوە دەزانێت، کە خودا لە هیچ شتێکی تر ناچێت، واتە هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ بینیوییەتی یان بە خەیاڵیدا هاتووە، هیچیان لە خودا ناچن، سنووری عەقڵ و توانای مرۆڤ، ناتوانێت دەرک بە هەندێک شت بکات و وەڵامی پرسیارگەلێک بداتەوە، وەک (دوای مردن بۆ کوێ دەڕۆین؟ خودا و فریشتەکان شێوەیان چۆنە؟ ڕۆژی دوایی چییە؟ بەهەشت و دۆزەخ چۆنن؟) هەموو ئەم پرسە گرنگانە، پێویستان بە هێزێکی لە ڕادەبەدەرە کە ئەویش بریتییە لە (ئایین). هەموو قۆناغەکانی پێگەیشتن و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی هەر شارستانییەک، لە سەرەتاوە دابونەریتە، دواتر بەکاوەخۆ دەبێتە کولتوور و هونەر، پاشان توێژینەوەی زانستی وەک قۆناغی سێیەم، ڕۆڵێکی کاریگەریی لە بەرەوپێشبردنی ئاستی ڕۆشنبیریی تاکدا هەیە. دوای ئەوەیش، فیکر و فەلسەفە ڕۆڵێکی گرنگ لە ئاراستەکردنی کۆمەڵدا دەگێڕن و خزمەت بە لایەنێکی جیهان و مرۆڤایەتی دەکەن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە، دەروونی مرۆڤ بەبێ ئایین نائاسوودەیە. چونکە ئایین، کۆتا قۆناغی پەرەسەندنی ڕۆحی مرۆڤایەتییە. ماکوان کەریم کە بانگخوازێکی کوردە، دەڵێت: (کرۆکی فەلسەفە، خۆشویستنی جوانی و حیکمەتە، بەڵام خوێندنەوە و فەلسەفە ئەگەر نەتگەیەنن بە خودا، ئەوە دەتگەیەنن بە هیچ).

لە نەبوونی خودادا یان هەر هێزێکی باڵای تر، کە مانا بە ژیان ببەخشێت، دۆخەکە زیاتر نامۆ و ئاڵۆزتر دەبێت و مرۆڤیش ڕووبەڕووی ژیانێکی نادادپەروەرانە دەبێتەوە. ئایین وەک هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لە ماهییەتی بوون و دۆزینەوەی مانای ڕاستەقینەی ژیان سەیر دەکرێت. چونکە بەبێ ئایین، مرۆڤ ڕووبەڕووی نیگەرانیی بوونگەرایی دەبێتەوە، کە بەهۆی هەستی بێمانایی و نامۆبوونی ژیانەوە دروست دەبێت. ئایین هەوڵدەدات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی بەها و ئامانجی ژیانەوە، ئەم بۆشاییە دەروونییە پڕ بکاتەوە. پڕکردنەوەی ئەم کەلێنەیش لە ڕێگەی فەرموودەکانی پەیامهێنەوە (د.خ) کە مزگێنی بە چاکەکاران داوە، خودای گەورە لێیان خۆش دەبێت و ژیانی دوای مردنی بۆ مرۆڤ، ڕوون کردووەتەوە.
دوا جار کە دوای مردن، مرۆڤ باج یان پاداشتی کردەوەکانی وەردەگرێتەوە، هێزێکی ڕۆحی مرۆڤی ئیماندارە و نیشانەیەکە بۆ فەراهەمبوونی دادپەروەریی ڕاستەقینە لەپاش مردن.

بیرمەندانی بوونگەرایی، وەکوو نیتشە (١٨٤٤ – ١٩٠٠)، مارتن هایدگەر (١٨٨٩ – ١٩٧٦)، ژان پۆل سارتەر (١٩٠٥ – ١٩٨٠) پێیان وایە کە مرۆڤ فڕێ دراوەتە ناو جیهانێکەوە، ئەم جیهانەیش هیچ مانایەکی پێشوەختەی نییە. مرۆڤ ئازادە لەوەی کە خۆی مانایەک بە ژیانی ببەخشێت، بەڵام ئەم ئازادییە لە هەمان کاتدا بەرپرسیارییەتییەکی گەورەی دەخاتە ئەستۆ، چونکە مرۆڤ خۆی بەرپرسە لە هەڵبژاردنەکانی و ئەو مانایەی کە بۆ خۆی دایدەنێت. بەڵام لە لایەکی ترەوە ئایین، پێشنیاری ئەوە دەکات کە مانای ژیان لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و خودادایە، ئامانجەکەیش بریتییە لە ڕەزامەندیی خودا و بەدەستهێنانی بەهەشت. ئایا بوون بەبێ ئامانج مانای هەیە؟ یان ئایا مرۆڤ خۆی دەتوانێت مانایەک بە ژیانی ببەخشێت؟ لە ڕاستیدا ئەوە ئایینە ئامانج و مانا بە بوونی گەردوون و مرۆڤایەتی دەبەخشێت، چونکە تەنیا لە ڕێگەی ئایینەوە دەگەینە وەڵامی پرسیارە گەورەکانی ژیان (ئێمە کێین؟ لە کوێوە هاتووین؟ بۆ کوێ دەچین؟) چۆن فەلسەفە دەتوانێت یارمەتیی مرۆڤ بدات بۆ تێگەیشتن لە بنەما ئایینییەکان، ئایینیش دەتوانێت وەڵامی بەشێکی گەورەی پرسیارە فەلسەفییەکان بداتەوە. جیاوازی سەرەکیی نێوان خواست (ئیرادە)ـی ئازاد کە چەمکێکی فەلسەفییە و قەدەری ئیلاهی کە چەمکێکی ئایینییە ئەوەیە، یەکەمیان ئەو باوەڕەیە کە مرۆڤ توانای هەڵبژاردنی لەنێوان چەند ڕێگەیەکدا هەیە، ئەو بڕیارانەی دەیدات بە تەواوی لەئەستۆی خۆیەتی. بە واتایەکی تر، کردەوەکانی مرۆڤ پێشوەخت دیاری نەکراون و مرۆڤ دەتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیار بدات. بەڵام دووەمیان باوەڕێکە کە دەڵێت خودا هەموو شتێکی پێشوەخت زانیوە و دیاری کردووە، لەنێویاندا هەموو کردەوەکانی مرۆڤ. بە واتایەکی تر، هەموو ڕووداوێک بە ویستی خودا ڕوو دەدات و هیچ شتێک لە کۆنتڕۆڵی خودا دەرناچێت.

خودا ئاگاداری خشەی مار و مێرووە، زانایە بە هەموو ئەو شتانەی لەم جیهانەدا ڕوو دەدەن، لە نزیکی هەموو مرۆڤێکەوەیە. جۆن فلۆریۆ (١٥٥٣ – ١٦٢٥) کە ڕۆشنبیرێکی سەردەمی ڕێنێسانس، نووسەر، شارەزای بواری فەرهەنگ، مامۆستای زمانی ئیتاڵی و وەرگێڕیش بووە، گوتوویەتی: (ئەگەر خودا بوونی هەبێت، دەبێت ئەم خودایە، ئاگاداری ورد و دروشتی ئەم گەردوونە بێت، ئاگاداری گەردیلەیەک بێت، ئاگاداری هەڵوەرینی گەڵای دارێک بێت). لە ڕاستیدا قسەی ئەم نووسەرە بەرئاوەزە*، چونکە ئەگەر خودایەک ئاگاداری هەموو جووڵە و کاروبارێکی دروستکراوەکانی نەبێت، ئەوە بێگومان شایەنی پەرستن نییە و بە کەڵکی خودایەتی نایەت. ئەگەر لە قورئانیش بڕوانین بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە خودای گەورە زانست و زانیاری لەسەر هەموو شتێک هەیە. (وَعِندَهُ مَفَاتِحُ الْغَيْبِ لَا يَعْلَمُهَا إِلَّا هُوَ ۚ وَيَعْلَمُ مَا فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ ۚ وَمَا تَسْقُطُ مِن وَرَقَةٍ إِلَّا يَعْلَمُهَا وَلَا حَبَّةٍ فِي ظُلُمَاتِ الْأَرْضِ وَلَا رَطْبٍ وَلَا يَابِسٍ إِلَّا فِي كِتَابٍ مُّبِينٍ. الأنعام ٥٩) کە بە کوردی دەبێتە: (تەنیا ئەو کلیلی نهێنییەکانی لایە کە جگە لە خۆی کەسی تر نایزانێت، ئەو دەزانێت چی لە وشکانی و دەریاکاندا هەیە، هیچ گەڵایەک هەڵناوەرێت، ئیللا ئەو دەزانێت و ئاگادارییەتی، هیچ تۆوێک لە تاریکی زەوی و هیچ تەڕ و وشکییەک نییە، ئیللا لە لەوحی مەحفووزدا تۆمار کراوە. سوورەتی ئەنعام، ئایەتی٥٩).

شێوازێکی عەقڵانە (ئاوەزمەندانە) بۆ ناسینەوەی هەر شتێک ئەوەیە، لە ڕێگەی تایبەتمەندی و سیفەتەکانیەوە بیناسیت و پێی ئاشنا بیت. خودا نەوەد و نۆ ناوی هەیە، هەر یەکێک لەم ناوانە خاسیەتێکی خودای گەورەیە و مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی تێگەیشتن لەم ناوانەوە، خودا بناسێت و باوەڕەکەی تۆکمەتر بکات. لەم سۆنگەیەوە، پێغەمبەر (د.خ) لە فەرموودەیەکدا کە ئیمامی بوخاری و موسلیمیش گێڕاوییانەتەوە، فەرموویەتی: (إن لله تسعة وتسعين اسماً، مائة إلا واحداً، من أحصاها دخل الجنة) بە کوردی دەبێتە: (خوا نەوەد و نۆ ناوی هەیە، سەد کەم یەک، هەر کەسێک سەرژمێرییان بکات، دەچێتە بەهەشتەوە). یەکێکی تر لە ڕێگەکانی ناسینی خودای گەورە ئەوەیە، ئەو نامەیەی لە ئاسمانەوە بۆ مرۆڤایەتی ناردووە، بیخوێنیتەوە و لێی تێ بگات. لەو نامەیە (قورئانە)دا خودا ڕێزێکی گەورەی بۆ مرۆڤ داناوە، لە ڕێگەی پەیامیشەوە خۆیی پێ ناساندووە.

ئەگەر ئیمان بوونی نەبێت، ئەوە ئیسلامەتییش هیچ پێگەیەکی نییە. ئیسلام لە پێنج پایە پێک هاتووە، یەکەم: شەهادەت، دووەم: نوێژکردن، سێیەم:زەکات دەرکردن، چوارەم: ڕۆژووگرتن، پێنجەم: حەجکردن. ئەم پێنج پایە ئیسلامی لەسەر بینات دەنرێت، بەڵام زەمینەی ئەم پێنج پایە، ئیمانە. هەرگیز هیچ کەسێک ناتوانێت بەبێ ئیمان، خودا بناسێت. ئیمانیش بڕواهێنانە بە خودا و نهێنییە شاراوەکانی دنیا. ئایەتی سێیەمی سوورەتی بەقەرە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە چەمکی ئیمانەوە هەیە، چونکە سێ سیفەتی سەرەکیی باوەڕداران دەخاتە ڕوو. (الَّذِينَ يُؤْمِنُونَ بِالْغَيْبِ وَيُقِيمُونَ الصَّلَاةَ وَمِمَّا رَزَقْنَاهُمْ يُنْفِقُونَ، البقرة ٣) بە کوردی دەبێتە: (ئەوانەی باوەڕیان بە شاراوەکان هەیە، نوێژەکانیان بە چاکی ئەنجام دەدەن، لەو ڕزق و ڕۆزییەی کە پێمان بەخشیون، دەبەخشن. سوورەتی بەقەرە، ئایەتی٣).

ئایین ڕێگەیەکە بۆ گەڕان بەدوای خودادا، خوداناسییش هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەم گەشتە. لەم سەفەرەدا بە ڕاستیی ڕەها ناگەین، بەڵکو گەشتێکی بەردەوامە. فەلسەفەی ئایینیش ئەوەیە، ئیماندار باوەڕی بە نهێنییەکان و شتە شاراوەکانی گەردوون هەبێت. چونکە ئەگەر وانەبێت، ئایین هیچ ئامانجێکی نابێت و گەڕانیش بەبێ هودەیی کۆتایی پێ دێت.

*بەرئاوەز: مەعقول




ژوانی ڕەش.. نەوشیروان ئازاد


لێم ببورە ،
هەڵەبجەی جوان ..
ئەمساڵ ئیتر نایەمەژووان ..
خونچەی شیعر
لەشانزەی سێ
نادەم لەزولفی کیژی جوان
نایکەمە تاجەگوڵینە ،
بۆسەر مەزاری عاشقان
سی و پێنج ساڵە..
لەشانزەی سێ
هەموساڵێ
شیعرێکی نوێ دێتەبوون ،
بۆئازاری تۆ دەناڵێ ..
ئیتر بەسەبۆتۆسوتان
نەکەس هەتوانێکی کردی و،
نەبەرپرسێ مەشخەڵێکی بۆت داگیرسان
ڕویان ڕەش بێ ئەوانەی وا
سی و پێنج ساڵەوەک زەریا لوش
خوێنی جەستەی شەکەتباری تۆ دەنوشن …
چەن بێ شەرمن …
لەسەر مێزی دانوستاندا…
شەهید بونی تۆدەفرۆشن
بەقەد خۆێنی شەهیدانت ،
هێندەی ژانی پڕئازاری ،
دواهەناسەی ،
ئالودەبوی …کۆرپەکانت ..
تف و نەفرەت …بۆئەوانەی..
تویان ڕەنجان …
لەژیان ..و ،
لەشۆرش و بەرخۆدانت

نەوشیروان ئازاد




خەیاڵی خاڵی.. شیعری شاهۆ حوسێنی

جار و بارە
دڵی پڕم
مەیل و ساماڵ
شەوقی فڕین هەڵی دەگرێ و
روو لە شەوقی
شەبەقی گڵۆپی نیگات
شێتانە باڵی لێک ئەدا
هەڵدەفڕێت و هەلدەفڕێت و
حەزی لێیە
تا کۆتایی هەڵفڕین هەر باڵ لێ بدات
بەڵام دڵی شێتەم
قەت نازانێت
ئەم نیگایەت
ئەم گڵۆپە نوورانیە
زەریایەکی قوڵی مەندە
تەندووراوێکی دڵ‌ڕەقە
هەر چی بەلایدا تێپەڕێت
دەیخنکێنێت
جار و بارە
پەپوولەی دڵ
هەڵوەدای شەبەقی
گڕی مۆمی بزەت دەبێ
حەزی لێیە تەواقفی ئەم لێوە بکات
بەڵام ئەم شێتۆکە قەت نازانێ
هەرچی بەلای
ئەم گڕەدا تێدەپەڕێت
گڕ دەگرێت و
دەیسووتێنێت




بۆ دوبارە نەبوونەوەی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە، داوا دەكەین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی

37 ساڵ لەمەوپێش رژێمی بەعس شاری هەڵەبجەو دەوروبەری بە گازی كیمیاوی كیمیاباران كرد، لە ئەنجامی ئەم تاوانە زیاتر لە 5000هاووڵاتی سڤیلی ئەم شارە بوونە قوربانی و نزیك دە هەزاریش بریندار بوون، رۆژ لە دوای رۆژیش ژمارەكەی لە هەڵكشاندایە بەهۆی مردنی بەردەوامی بریندارەكانەوە.
ئێمە لە یاداوەری 37 ساڵەی تاوانی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجەدا، لە پێناو دوبارە نەبوونەوەی تاوانی لەم چەشنە لە وڵاتەكەمان، داواكارین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی .
ئەگەر ئەم داواكارییەی ئێمە كە 20 ساڵە دوبارەی دەكەینەوە ئەگەر جێبەجێ بەكرابایە، ئێستا كەیسی تاوانەكانی سنجار و دوزو شارو شارۆچكەكانی دیكە بە سانایی دەگەیشتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و تاوانەكان بە جینۆساید لە سەر ئاستی جیهانی دەناسێننران، یاخود هەر رویان نادا، تاوانكارانیش لە سزا رزگاریان نابوو،
بۆیە لەم یادەدا داواكارین:
-بە زوترین كات عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و پەیوەست بێت بە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتیەوە، پێویستە پەرلەمانتاری كوردستان لە بەغدا بە پشتیوانی ئازادیخوازان و دیموكراسیخوازان كاری جدی بكەن بۆ ئەم مەبەستە.
-دۆسیەی بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ببێتە یەكێك لە خاڵەكانی گفتوگۆی لایەنە كوردستانییەكان لە گەڵ بەغداو هەر لایەنێكی دیكە.
-عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی كورد بكات و سەرۆك كۆمار لە بڕی وڵاتی بكەری تاوان ئەم ئەركە بگرێتە ئەستۆ.
-نابێت تاوانبارانی تاوانە مەزنەكان “ئەنفال، هەڵەبجە، بارزانی، فەیلی، ئێزیدی” لە سزا رزگاریان بێت و پێویستە قوربانیان قەرەبووی مادی و مەعنەوی بكرێنەوە.
-پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی تاوانی جینۆساید و داگیركاری كوردستان بداتەوە.

تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی- KONCICC
16-03-2025