بەکورتی4: گەمژەیی،دەردێکی کوشندەی ئێستامانە.. ئازاد حەمە

ئەم چەند دێڕە بۆ گوتنە سەبارەت بە چەمکە جۆراوجۆرەکانی گەمژەییStupidity،زۆرجاریش وشەی گەمژە لەگەڵ وشەی تردا تێکەڵدەکرێت(گێل،گەوج، دەبەنگ،خۆگەمژەکردن).بەگشتی ئەوەی سەرنجیخراوەتەسەر بەدواداچوون و پەیگیرییە، بۆئەو شتەی بۆ توێژەران لەبواری گەمژەناسیدا بووەتە پرسیار،کە ئایا گەمژەیی دۆخێکی بەردەوامی زگماکییە، کەمئەندامییە یان حاڵەتێکی کاتییە؟گەر گەمژەیی ناساغییە،چ جۆرێکە لە ناساغیی؟دەمارییە یان دەروونییە، یاخود…؟چۆن رەفتاری گەمژە بناسینەوە؟ڕوون نییە گەمژەیی لەگەڵ تەوژمی ژیرمەندیی “کۆمەڵگەی زایاریی”(زیرەکی دەستکرد)چیبەسەردێت؟ بلیمەت دەکاتە دژە جەمسەری گەمژەیی؟ گەمژەیی کەمیی یان نەبوونی ژیریی وتێگەیشتنە، نەبوونی ئاوەز و هەستە؟ گەمژە دەتوانێت فەلسەفییانە بیربکاتەوە؟
گەمژە Stupidکێێە؟ تاکێکی کۆمەڵگەیە، مرۆڤایەتیش بەدەرنییە لە دیاردەی گەمژەیی. گەمژە کەسێکی ناهۆشیارە، بێهەستە، کێشەی زیرەکیی هەیە، توانای تێگەیشتنی خراپە و دەشێت ئەم گەمژەییەی زگماکیی بێت. کەواتە گەمژە کردار و وتنی دوورە لە ئاوەزەوە، لەبەرئەوە توانای ئارگیومێنتهێنانەوەی نییە بۆ کردارە نابەجێکانی و دەرکیش بەوە ناکات سودی بۆ ئەویتری نییە و سودی خۆشی لامەبەست نییە. گەمژە توانای خۆکۆنتڕۆڵکردن و خۆکۆکردنەوەی نییە، زێدەڕۆییدەکات لە رەفتارەکانی و کێشەی سەرنجدانیشی هەیە.
لەناو گەمژەیدا تاریکیەک هەیە و ناسنەمەی گەمژە تەمومژاوییە، ئاسمانی سەری گەمژە هەورە، بێ خۆرە. ئەوەی گەمژە گۆیدەکات بێمانا و ناڕوونە. کردار و گوتنی زمانەوانیی گەمژە، کە پڕکەند و کۆسپە هەڵقوڵاوی تێنەگەیشتن و نەزانیینە و کوانووی هیچ دید و تێڕوانینێکیش نییە.لەمسۆنگەیەوە دەڵێێن:گەمژە بێتوانایە لە دەرکپێکردن و بەکاربردنی زمان. هەربۆیە کێشەی گوزارەکردنی هەیە و توانای دەرئەنجامدان و گومانیشی نییە.زۆربەمان زۆرجار بەزییمان بە گەمژەکان دێتەوە،چونکە دڵنیایین، ئەوەی دەیکەن و دەیڵێن بێئاگاییانە ئەنجامدراوە. دەشزانیین گوتنی گەمژە ناواخن بێهەست و بێسۆزە. گەر وابێت گەمژەکان رەفتاری ناڕەوشتی ئەنجامنادەن. بەمجۆرە بۆمان نییە بە گەمژە بڵێین بێڕەوشت. سەرئەنجام،کێشەی ذهنی لە گەمژە نابێتەوە، ئەمەش وادەکات نە زانین تێبگات و نە زانین بخوڵقێنێت.
سەبارەت بەوەی، کە گەمژە نەخۆشە و دەبێت چارەسەربکرێت، ئاماژە بەوەدەکەین،کە بەپێی توێژینەوە زانکۆییەکان بێت”بەکتریایەک لە مێشکی گەمژەدا بوونی هەیە، کە زانایانی بواری دەمارناسییNeurology بە”ڤایرۆسی گەمژەیی” ناویانناوە، کە هەمان ڤایرۆس لە ئاژەڵانیشدا دۆزراوەتەوە”. ئەوەش،کە دەمارناسی سەبارەت بە گەمژەیی دەیڵێت دەروونناسانیشی هەڵداوەتەژێرڕکێفی خۆیەوە.
بەپێی ئەوەبێت باسکرا،کەسی گەمژە هێندەی کێشەی هزریی هەیە کێشەی جەستەیی نییە. هەندێک لە توێژینەوەکانیش بۆئەوە دەچن،کە گەمژە کێشەی دەروونی نییە. بەڵام ئاستی تێگەیشتن و هۆشەنگیەکەی لە ئاستی خوارەوەی نۆرماڵە. ئەمەو لێکۆڵینەوە لە چەمکی گەمژەییStupidnessبەرەو بۆچونگەلێکمان دەبات ،کە پەچەپۆشینی گەمژەیی بۆهەندێک چارەسەرە بۆ بازدان بەسەر تێگەیشتن،کە بەرپرسیارییە.ئەمە بەزۆری دەچێتەخانەی خۆگەمژەکردنەوە.
گەمژە نە ئەرکی هەیە نە هەڵوێستوەردەگرێت، لەناو پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانیشدا وادەردەکەوێت رەفتار ناهاوسەنگ و نالێهاتووە لە پرسیارکردن و وەڵامدانەوە، شیکاریی و ڕەخنەکردن. کەوابێت، گەڕان بەدوای دانایی گەمژەکان هیچ ناخاتەسەر خەرمانەی خودی داناییەوە. بەڵام هەندێک لە توێژەران بۆ ئەوەدەچن کە گەمژەیی و نەزانی هەمان شت نیین. وێڕایئەوە، ئەو توێژینەوانەش،کە پێداگیرییدەکەن لەسەر ئەوەی گەمژە کێشەی پەروەردەیی هەیە بۆ ئەوەدەچن،کە گەمژەکان شایانی هاوکارین. تا پەروەردەش بێتەخوارەوە گەمژەیی چرۆدەکات.
توێژەری ئیتاڵی کارلۆ ماریە چیپۆلە Carlo Maria cipolla لە توێژینەوەیەکدا بەناوی””یاسا بنەڕەتییەکانی گەمژەیی مرۆڤ””ئەوەی بە چاکیپێکاوە،کە مرۆڤی گەمژە ئەو کەسەیە،کە “زیان بە کەسێکی تر یان کۆمەڵێک کەسی تر دەگەیەنێت بەبێئەوەی لە هەمان کاتدا درک بە هیچ سوودێک بکات بۆ خودیخۆی یان تەنانەت زیان بەخۆشی ناگەیێنێت. ناوبراو لەوەش ئاگادارماندەکاتەوە،کە “ئەو کەسانەی گەمژە نین هەمیشە ئەو زیانانە،کە گەمژەکان تووشی دەبن بە کەم دەزانن”.
سەرباریئەوە، دەبینین،ئەنیشاین هۆشداریدەدات، کە “هەر گەمژەیەکی زیرەک دەتوانێت شتەکان گەورەتر و ئاڵۆزتر و توندوتیژتر بکات.ئەمەش پێویستی بەبڕێک لە دانایی و بوێرییەکی زۆر هەیە، بۆ ئەوەی پێچەوانەکەی بکرێت.” ئەو گەمژە زیرەکە دەکرێت زانایەک بێت لە ئەزموونگەیەکی زانستییدا. بۆیە هەر ئەنیشتاین بەوەدەگات، کە””تەنها دوو شت بێکۆتایە، گەردوون و گەمژەیی مرۆڤ. سەبارەت بە گەردوون هێشتا پێێوایە بەتەواوەتی دڵنیا نیم، کە بێکۆتایە.”
بۆ کۆتا دیتنمان لەم بارەیەوە گوتنێکی بیرمەندی فەڕەنسیی دولۆز، بەهەندوەردەگرین: “فەلسەفە پێویستە دژ بە گەمژەیی بجەنگێت”.ئەڵبەتە ناشێت سەرجەم مێژووی گەمژەیی مرۆڤ لەچەند دێڕێکدا پوختبکرێتەوە،بەڵام ئەوەی زێدە مەبەستە لێرەدا بگوترێت، ئەوەیەکە بەپێی هەندێک توێژینەوەی زانستیی گەمژەیی نابێت وەک پێچەوانەی زیرەکی هەژماربکرێت. ئەمەش بەهۆکاریئەوەی ئاوەزگەرایی سنوردارە، بۆیە لە کەسانی ژیریشەوە دەبێت چاوەرێی کردار و ئاخاوتنی نالۆژیکیی و بێئاوەزببیین.ڕاڤەی گەمژەیی لە کۆمەلگەی نوێی کوردی هاوکارماندەبێت لە دیاردە ناساغ و کردارە بێئاکارییەکانی تاکەکان تێبگەین. مەترسییە گەورەکەش ئەوکاتە دەستپێدەکات،کە دەسەڵاتی سیاسیی دروستکردنی گەمژەیی بۆ گرنگە. لەبەرئەوە زۆر کەیل و خەمبارم بەوەی،گەمژاندن ،کە دەردێکی کوشندەی ئێستامانە، ئامانجێکی سیاسیی لەپشتیەوەیە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




کاتێ کۆمەڵگا ئەبێتە نەخۆشخانە.. نەوزاد بەندی

ئەگەر بڕوانینە شارەکانی کوردستان، خەریکە هەمووی بازاڕ و شەقامەکانی ، ئەبن بە شاری پزیشکی و باڵەخانەی پزیشکیی و کلینیک و دەرمانخانە و تاقیگای شیکاریی خوێن و تیشک و سۆنار ..ئەمە بێجگە لە دەیان هەزار برین پێچ و یاریدەدەری پزیشکیی کە کلینیکی لاکۆڵانیان هەیه و ..هێندەی ئەو ژمارەیەیش، کلینیکی گیایی و میللیی پەیدا بوون. بازرگانیی دەرمانی شێرپەنجە و دەرمانە گرانەکان له لایەن خێزانە حوکمڕانەکانەوە قۆرخکراون چونکە ملیارەها دۆلار قازانجی لێ ڕادەکێشن.
بێگومان ئەم زیادبوونە خەیاڵییەی بیمارستانە هەمە جۆرەکان، بەڵگەی ئەوەیە زۆربەی کۆمەڵگا نەخۆشن، بە جۆرێک چارەسەرکردن بووە بە باشترین بازرگانیی .
ئەپرسین بۆچی زۆرینەی کۆمەڵگا نەخۆش کەوتوون؟
بۆریس باسترناک، کە ڕۆماننوسێکی ڕوسییە و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵە لە ئەدەبیاتدا، هەرچەندە لە سەردەمی شەڕی ساردی ڕوسیا و ئەمەریکادا ئەو خەڵاتەی پێ بەخشرا، ناچار بوو خەڵاتەکە ڕەت بکاتەوە ..
باسترناک ئەڵێ : کاتێ ناچارکرایت بە پێچەوانەی خواستەکانی خۆتەوە هەڵوێست بکەیت، لاشەت نەخۆش ئەکەوێ، کاتێ دڵتەنگیت و ناچارت ئەکەن پێبکەنیت، ڕقت لە کەسێکە و ناچارت دەکەن دەستی ئاشنایەتیی و تەوقەکردنیان بۆ درێژ بکەیت، ئا لەو کاتەدا لاشەت نەخۆش ئەکەوێت.
ئەگەر ئەم گریمانەیەی باسترناک بە هەند وەربگرین، ئەگەینە ئەو ڕاستییەی هۆکاری نەخۆش کەوتنی بەکۆمەڵی میللەتەکەمان، بۆ ئەو شەڕە دەروونییە بگەڕێنینەوە کە دژی خەڵکەکە بەرپاکراوە، کاتێ ئەو خەڵکە ڕقی لە دەسەڵات و تەنانەت نیشتمانیش ئەبێتەوە، کەچی ناچار کراوە چەپڵەی بۆ بکوتێت و لە یاسا قەرەقۆشییەکانی ئەو دەسەڵاتەدا بیگوزەرێنێ و مل بۆ سەرانە و تاڵانییەکانی بدات، بە تاوانە حاشاهەڵنەگرەکانی قایل بێ، بە زۆری زۆرداریی لەو نیشتمانە وێرانکراوە دزراوەدا بژی، ئەم دۆخە قورسە دەروونییە، کارێ دەکات کۆمەڵگا تێکڕا نەخۆش بکەون، مناڵەکانی پێش گەنجەکانی، گەنجەکانی پێش پیر و پەککەوتەکانی. نیشتمانێک بووە بە زیندان، تەنانەت بیریارێک دەڵێ : تەنها پێڵاوەکانم بەم خاکەوەی بەستوومەتەوە .. ئەگەر سنوورەکان ئاوەڵا بکەن، خەڵکەکە بە کۆڕەو بەجێی ئەهێڵن ، تەنها چەند بنەماڵەیەکی حوکمڕان و مردووی گۆڕستانەکان لە نیشتماندا ئەمێننەوە.بڕوانە، زۆرینەی نوسەر و بیریار و زانا و داناکانمان له تاراوگەدا ئەژین.
باسترناک بە کورتی باس لە کەسانێک ئەکات لە ناخەوە کۆیلە کراون و ناچار کراون بە پێچەوانەی خواست و خەون و هیواکانیانەوە بژین، ئەم ژیانە پێچەوانەیە وا دەکات تێکڕایان لاشەیان تێک بشکێ و نەخۆش بکەون .
کاتێ دەسەڵات، داهاتی وڵات بۆ خۆی ئەبات و ناچاریشت ئەکات چەپڵەی بۆ لێ بدەیت و لە خۆشییەکانیدا ئاهەنگ بگێڕیت و له ناخۆشییەکانیدا قوڕ بپێویت، وات لێ دەکات، خیانەتەکانی به دەسکەوت و بەرخۆدان بۆ ئەژمار بکەیت، کۆمەڵکوژییەکانی بە خەباتی دژه تیرۆر بۆ تۆمار بکەیت و دزینی داهاتی نیشتمانی بە فەرمانڕەوایی و حەقدەستی پێشمەرگایەتییەکەی بۆ لێک بدەیتەوە، لەوێدا ئیتر تۆ ئەبیتە مۆڵگەی نەخۆشییە جەستەییەکان، خەست بوونەوەی خوێن و ڕاوەستانی دڵ و مێشک و نەخۆشیی بڕبڕەکانی پشت و جومگەکان و تێکچوونی هەرس و شێرپەنجەکان و هەناسه توندیی و تێکچوونی کارەبایی دڵ و نەخۆشییەکانی قوڕگ و گوێچکە و چاو و ئەکزیما و نەزۆکیی و تێکچوونی هۆرمۆنەکان و پیربوونی پێشوەخت و ….هتد.
کاتێ مامۆستای مزگەوتەکانمان داوای پارەت لێ ئەکا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی مزگەوت، جا داوات لێ ئەکا دۆعا بکەیت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆت لەلایەن خواوە !
دروستکردنی مزگەوت ئەکاتە ئەرکی سەرشانی خەڵک ، بەڵام پەیداکردنی گوزەرانی خەڵک، واز لێ دێنێ و ئەیداتە دەست دۆعا و نزا، لێدانی منداڵ ئەکاتە ئەرک لەسەر باوکان و دایکان، بەڵام لێدانی داگیرکەران و مافیاکان ئەداتە دەست خوا و ئەڵێ دۆعایان لێبکەن!
لەبەر ئەوە ڕوژ بە ڕۆژ مزگەوتەکانمان گەورەتر و پێشکەوتوو تر و گرانبەهاتر ئەبن لە بەرامبەردا ئەوانەی دێنە مزگەوت، ڕەش وڕووتتر و برسی تر و نەخۆشتر ئەبن، وای لێهاتووە نیوەی نوێژکەران لەسەر کورسی نوێژ ئەکەن، بە جۆرێک پەیوەندییەکی پیچەوانە هەیە لەنێوان جوانیی باڵەخانەکانی مزگەوت و هەژاریی و شڕ و ووڕیی و نەخۆشیی خەڵکەکەدا ، هەتا مزگەوتەکان شاهانەتر بن، خەڵکەکەی خواناسییان تێدا ئەکەن، برسی و گەداتر و نەخۆشتر ئەبن، وای لێهاتووە خەڵک پاره دادەنێن بۆ جوانکردنی مزگەوت لە هەمان کات داوا لە ئیمام ئەکەن دۆعایان بۆ بکەن هەتا له نەخۆشییەکانیان چاک ببنەوە !، چونکە نەخۆشییەکانییان دەروونییە و پەڕیوەتەوە بۆ هەموو ئەندامەکانی لەشیان و چارەسەری نییە.
لێرە و لەوێ، هەندێ بیریار و سەرکردەی موسوڵمان درکیان بەو کارەساتە مرۆیی وئاینییە کردووە، بۆیە دەڵێن عومەری کوڕی خەتاب فەرموویەتی : جوانکاریی مزگەوتەکان زیادەڕەوییە و لە ئاینی ئیسلامدا شتێک نییە به ناوی جوانکاریی و ڕازاندنەوە و دەستبڵاویی له دروستکردنی مزگەوتەکاندا .
هەروەها ئیمامێکی موسوڵمانان ، کورتترین ووتاری هەینیی پێشکەش دەکات، تەنها دێڕێکە ، ئەڵێت: ( پاروویەک بخەیتە دەمی هەژارێک باشترە لە دروستکردنی هەزار مزگەوت )
واتا هەتا دابینکردنی پێداویستیی و چاککردنی کەم و کوڕیی ماڵەکان وەستابن، حەرامە دەست ببرێت بۆ ڕازاندنەوە و جوانکردن و دووبارە دروستکردنەوەی مزگەوتەکان، کارەساتە ئەگەر لە ماڵەکاندا مرۆڤەکان و مناڵەکانیان شەو تا بەیانی لەسەرماندا ولە برساندا هەڵلەرزن و بتلێنەوە وگینگڵ بخۆن، لە کاتێکدا مزگەوتەکانیش لەو شەوانەدا کش و مات و چۆڵ و هۆڵ، بە ملیۆنەها دۆلاریان تێدا خەرج کرابێ، سورەیا و بەرد و توحفەی گرانبەهایان پێدا شۆڕ بووبێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا هۆکاری هاتنی ئایینەکان و بنیاتنانی پەرستگاکان خۆشحاڵکردن و خۆشگوزەرانیی و ئاسوودەیی مرۆڤەکان بووە، نەک کتێبە ئاینی و پەرستگاکان له زێڕ و زیو بگیرێن، لەو لایشەوە مروڤەکان هەژار و ڕوت و ڕەجاڵ و برسی و نەخۆش بن.
پێغەمبەری خوا دروودی خوای لەسەر بێ، لە مزگەوتێکا کە بە پوشی خورما دروستکرابوو، هەموو جیهانی بە دادپەروەرییەکەی داپۆشی وملیارەها مرۆڤی لە کۆیلایەتی کۆیلە ڕزگار کرد بۆ بەندایەتیی خوای گەورە.
شاچارڵسی بەریتانیا ئەڵێت : ئێمە لە موسوڵمانەکانی ئیسپانیاوە فێری مافی ژن و ئەرکی ژن و زانستەکان بووین، کاتێ لەلای ئەوان چوارهەزار کتێبخانە هەبوو، لە هەموو ئەوروپادا ئەوەندە کتێبخانە نەبوو، لەوانەوە دەرمان و نەخۆشخانە و زانستەکان گەیشتە ئێمە ..
مایکل هارت، موحەمەد دروودی خوای لەسەر بێ، ئەکاتە کاریگەرترین پیاو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە ناو 100 لە کاریگەرترین پیاوی مێژووی مرۆڤایەتیدا، لە کتێبەکەیدا بەناوی 100کەسە نەمرەکە.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لە خۆمان بپرسین ئەم ئاینە بەرزەمان بۆچی ئاوا تێکشاندووە و کەمئەندام و شێواندووە؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەم ئایینە بێ بەرهەمە ماندووە نەخۆشە بێ غیرەتە کۆیلە و دەستەمۆ و بێدەسەڵاتە، بگۆڕین بەو ئاینە زانا و دانا و بەرهەمهێن و ڕزگارکەر و مژدە بەخش و دادپەروەرەی کە شا چاڕڵس و مایکل هارد و ڕۆجێ گارودی و ئیحسان تەبەری و جەنڕاڵ کۆستۆ سەری ڕێزی بۆ دادەنەوێنن ؟ کە مرۆڤەکان لە کۆیلایەتیی و بێ هیوایی و .. نەخۆشکەوتنی به کۆمەڵ ڕزگار ئەکات ؟




چیرۆک\ بریسکە.. یونس تانج

بۆ خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە کلیکی ئێرەبکەن..




تڕەکەڵەک یان تڕەگەڕەک.. کورتە چیرۆک: نەوزاد بەندی

ئەوانەی ڕیشیان سپی بوو ئەیانووت پێش سەد ساڵ هاتوونەتە ئەم گەڕەکەوە .. ڕیش ماش و برنجێکان ئەیانووت حەفتا ساڵ و قنچکێک نییە .. ئەوانەی ڕیش و سمێڵیان پاک ئەتاشی، ئەیانووت زۆر نییە هاتوون، ڕەنگە هەر سی چل ساڵێک بێ، بەڵام هەموویان کۆک بوون لەسەر ئەوەی لەگەڵ نیشتەجێ بوونیان لە گەڕەکەکەدا هەندێ دیاردەی سەیر ڕووی دا، وەک دیارنەمانی دەڕنەفیز و گسک و بەفرماڵ و کەو ..لە جەڕەسدانی دراوسێکان لە نیوەی شەودا ..شکاندنی پەنجەره .. تەکاندنی دارتوو ..دیارنەمانی گڵۆپی بەردەرگا ..
ئەڵێن کەس نەیدەزانی ژمارەی خێزانەکەیان چەند بوو، ژمارەی ژنەکانیشی نادیار بوون، بەڵام خۆی کۆتەرە زەلامێک بوو پێیان ئەوت پارچەئاغا هەندێ جار به نادر ئاغایش بانگ ئەکرا. مامۆستای مزگەوت ئەڵێ سەرەتا کە هاتنە گەڕەکەوە کرێچی بوون، بە زستان تاک شەڕواڵیان لە پێدابوو، لە دوای ڕەشەمێوە ئەیانکرد بە دەرپێی سەر خەرمان،ئاردی بەڕوویان ئەخوارد.
موختاری گەڕەک ئەیوت نەموێراوە پێیان بڵێم چەند کەسن، چونکە هەندێکیان چەقۆی ئەبو ئەڵقەی ئەڵمانییان لە گیرفاندا بوو، ئەو چەقۆیانەی وێنەی بەرازێکی بچکۆلەیان لەسەر هەڵکەنرا بوو، لەگەڵ سێ ئەستێرەی بە یەکترەوە نوساو، سەقای مزگەوتەکە ئەیووت نیگاری بەراز نەبوو، گامێشێکی نەخۆش بوو.
موختاری گەڕەک زۆر هەرزەکار بوو، هێشتا سمێڵی بۆر نەکردبوو، پیرەکان ئەیانووت هێشتا سمێڵی گوگرە نەبووە، نازانم ئەو هەموو زانیارییەی لە کوێوە کۆ کردبۆوە ؟ ئەیووت نەخێر، گامێش نییە و بەرازە چونکە سێبەری شفرەکانی دیارە و ملی ڕەقە ولار بۆتەوە بۆ سەر زەوی، مەیتەری گەڕەک ئەیووت بێجگە لە چەقۆ، دەمانچەی تۆپڵیشیان هەبوو، پوور خەجیج گۆڕی پڕ لە نوور بێ بە چاوی خۆی بینیبووی کە دەمانچەیەکی تۆپڵییان لە پۆلیسێکی هات و چۆ فڕاندبوو، کاتێکیش ڕای کردبوو بە دوایانا، کوشتبوویان .
موختار بە تووڕەییەوە پێی وتبوو، تۆ پیر بوویت و خڵەفاویت، کەس قسەت لێوەرناگرێ، کوا پۆلیسی هات و چۆ لەو سەردەمەدا هەبوو ؟ لەو سەردەمەدا شار ئوتومبیلی تیا نەبوو، ئیتر پۆلیسی هات و چۆی چی؟ تەنها پۆلیسی بەردەم فەرمانگەی دەفتەر نفوس هەبوو، جلێکی وەک لبادیان لەبەردابوو، سدارەی لبادیان لەسەردابوو، بۆنی گۆرەوییان لێ ئەهات، پێیشیان ئەووتن حەیتە نەک پۆلیس. خەڵکەکە سەریان سوڕمابوو لەوەی ئەم موختارە کە هێشتا سمێڵی گوگرە نەبووە، ئەم هەموو زانیارییە مێژووییەی لە کوێوە هێناوە ؟ هەبوو ئەیووت کوڕی نا شەرعیی نادرئاغایە،هەندێکیشیان ئەیانووت کوڕەکانی پارچە ئاغا دەستکاری شوێنێکیان کردووە به جورێک ناوێرێ بە موو له قسەیان دەربچێ، پیرەکان پێیان ئەووت ئینگڵیز، ئەیانووت باوکی جەردەیەکی عەجایب بووە، تەنانەت ئەسپی له عوسمانێکان دزیوە.
ئەیانووت دوای چەند مانگێک، خانووەکەیان کڕیوە و دوای ساڵێک دوو خانووی تریشیان لە هەمان گەڕەک کڕیوە. مامۆستای ئەلف و بێی نوێ، باڵا بەرزێ بوو بە دەست نەخۆشی سیلەوە گیری خواردبوو بەڵام ددانی پیانەئەنا و ئەیووت ڕۆماتیزمەیەکی ئاسانە، ئەو سەردەمە پێیان ئەووت باداریی، ئەیانووت بە خورما و ڕیقنەی مریشک ئەیپەڕێنی، ئەیووت : دوانزە سیانزە کوڕیانم ژماردووە ، ناوەکانیان : ڕەشید و حەمید و مەجید و لەبید و حەدید و زەبید و بەخیت و یەزید و مەزید و وەلید و فەرید و عەبید و ئەو جۆرە ناوانە بوون. مامۆستای ئەلف و بێی نوێ ئەیووت بە لە بەرچاو نەگرتنی نەخۆشی ڕۆماتیزمەکەم، چوار جار سەریان شکاندووم. ئەوانەی بڕوایان پێ نەدەکرد، ناچار بوو تەپڵی سەر و بناگوێکانیان پیشان بدات کە چۆن سەعدونی موزەمید بە دەرمانی سوور و هەندێ تەقەڵی خواروخێچ بەڕێیکردبوون بۆی. موختار ئەیووت ڕووی ڕەش بێ بۆ ڕاستی، کاتی خۆی هەر لە زگماکەوە گەڕ بووە و ئەو پەڵانەی سەری جێ بەرد نین، جێ برینی گەڕییەکەیەتی. کەس نەیدەزانی ئەم موختارەی کە هێشتا سمێڵی گوگرە نەبووە، چۆن ئەو هەموو شتەی دەزانی. پوور خەجیج بە میرزا بایزی وتبوو : ئەو سەگبابه قولی مامۆستا لەپزێڕینیشی گرتووە و بێحورمەتی بەرامبەر کردووە. میرزا بایز لە سەفەر بەلکا پەنجەی دۆشامژەی پەڕی بوو ، خۆی ئەیووت لە شەڕا پەڕیوە، موختار لێرە و لەوێ وتبووی ڕووی ڕەش بێ، سەگی کوێخا عەول گەستوویەتی و تا فریای شاریان خستووە، پەنجەکەی بۆگەنی کردووە و سەرتاشێکی قەراغشار بۆی بڕیوەتەوە. بە خۆیشی گەیشتبۆوە، زۆر لێی پڕ بوو، بە پورمەنیجی وتبوو : حورمە! خوا ڕۆحم بەرێ، خۆمی لێدەدەم، دەم وددانی هەڵئەوەرێنمە ناو زێرابەکەی قوڕگیەوە.
ئەڵێن ڕۆژێکیان میرزا بایز سێ چوار شینە زەلام کۆئەکاتەوە و پەلاماری موختار ئەدەن، ئەیانەوێ تێی سرەوێنن، کەچی دەستیان جەمام ئەبێ، بەرز نابێتەوە. ئەیانەوێ تفی تێ بکەن، تفەکە وەک چیمەنتۆ بە لێویانەوە ئەیبەستێ .. هەر بۆیە لەو ڕۆژەوە ئیتر بیر لەتەمبێکردنی نەکراوەتەوە و نازناوی شێخی دراوەتێ. ژنی نەزۆک و ئەوانەی نەخۆش ئەکەون و کوڕیان ئەچێ بۆ سەربازیی یان مناڵی کەمئەندامیان هەیە، ئەڕۆن بۆ لای، مریشکی ڕەش و دیاری تری بۆ دێنن ودەستی ماچ ئەکەن بۆ ئەوەی دۆعای خێریان بۆ بکا.
مشەختی بەندەی خودا، سواڵکەری گەڕەک بوو، ئەیووت کە یەکەمجار هاتنە گەڕەکەکەوە، کرێچی بوون، گیرفانی ئەو عەرەبە گەشتیارانەیان ئەبڕی کە ئەهاتنە شارەکەوە بە دوای خەنە و پسکیتی ئێرانیی و تۆزێ فێنکاییدا وێڵ بوون، ئەیووت: هەتا شەش مانگیش شەو تا بەیانی شەڕیان بوو، سێ بە سێ تەڵاقیان لە ژن ئەخوارد، مناڵیان بە شەق ئەکردە دەرەوە، ئەیاننەڕاند، ئەیانقیژاند، ئەیانبۆڕاند، مەرکانەیان ئەشکاند، جنێوی وایان به یەکتر ئەدا پێشتر نەبیسترا بوو، تەنانەت شارەزایەک له بواری کەلەپوردا ڕۆژێکیان بە تایبەت دێتە ماڵیان بۆ بە دۆکیۆمێنتکردنی ئەو جنێوە تازانە، ئەو لەو بڕوایەدا بوو جنێو مۆرکێکی گرنگە لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا، هیچ لە ئاڵا و سروودی نیشتمانیی کەمتر نییە، بە جۆرێک هێندە شارەزا بوو لە زانستی جنێودا، بە جنێودا ئەیزانی جنێودەکەرە سەر بە چ تیرە و بنەماڵە و گەل و نەتەوە و بنەماڵەیەکە، تەنانەت بە تەمابوو کتێبێک چاپ بکات به ناونیشانی : ( جنێوێکم پێ بدە ، پێت ئەڵێم تۆ کێیت ) کە لێیان پرسیبوو بە جنێوەکانیاندا لە خەڵکی کوێ ئەچن؟ وتبووی تێکەڵەیەکن لە هیند و عەرەبە کۆنەکان و نەختێ جولەکەیشیان تێکەڵە چونکە لە هەندێ جنێویاندا پیتی حا ئەکەن بە خا ، بۆ نمونە به تڕحێو ئەڵێن تڕخێو.
ئەیووت دوای شەش مانگەکە بەرە بەرە شەڕکردنەکانیان کەم بوونەوە، بوون بە شەڕی وەرزیی، دوایی مانگانە شەڕێکیان ئەکرد، تاکو وای لێهات جەژنا و جەژن شەڕێکیان ئەکرد، چونکە بەرە بەرە بوون بە خاوەنی ماڵ و سامان و پڕۆژە. ئەیووت ناوەکانیشیان گۆڕانکارییان تێکەوت ، بەڵام وەزن و قافیەی خۆیان پاراستبوو.
موختار، مشەختی بەندەی خودای بانگ کردبوو بۆ دیوەخانەکەی، چینێکی چاکی تێهەڵدابوو، به پیاوەکانی وتبوو سەربەرەوخوار بە کاریتەیەکی گەورەدا هەڵیواسن و میز بکەنە دەمییەوە، بێحورمەتی بێ ئەسڵ و فەسڵی وا، چ قورەتە باسی خێزانێکی بەڕێز و خەباتگێڕ و نانبدە و دەوڵەمەند و خاوەن پڕۆژە و مرۆڤدۆستی گەڕەکەکەمان بکات؟!
لەو ڕۆژەوە مشەختی دیار نەما، خەڵکەکەیش وەختی ئەوەیان نەبوو لە چارەنووسی سواڵکەرێک بکۆڵنەوە، یان تەنانەت پێیشیان خۆش بوو چونکە ئیتر کەسێ نییە لێیان بپاڕێتەوە و وایان لێ بکا پارە و خواردنی بدەنێ. هەر خۆی لە خۆیدا سوکایەتییەکیش بوو بۆ ئەوان دراوسێی سواڵکەرێک بن، وتوویانە قەل بە قەل و قاز بە قاز، با بچێتە کۆڵانی سواڵکەران. مناڵێک وتبووی جا کوا کۆڵانی سواڵکەرانمان هەیە؟ هیچ کەسێ وەڵامی نەدابۆوە، بستە مناڵێک کێ گوێی لێ ئەگرێ تا وەڵام بدرێتەوە؟
ژنانی گەڕەک زۆریان پێ خۆش بوو مشەختی گۆڕبزر کراوە، ئەیانووت چاوی پیس بووە و کراسێکی جوانی لەبەری هەر کەسێکا ببینیایە، مانگیک به گرانەتا و سێ بەڕۆوە ئەیناڵاند، ئەی فەرەجی زەڕەنگەری توشی ئاوڵە نەکرد ؟ کاتێ کابرا پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ لای شێخ و دۆعایەکی بۆ بخوێنێ، ماشێنێکی شینی کاڵی دۆجی مەکینە خواری هێنابووە گەڕەکەوە، ئەڵێن فەرەج هەر لووتی بە لووتی مشەختیدا تەقیوە، یەکسەر عەرەقی کردۆتەوە و تەوێڵی خوراوە، ئیتر ئاوڵە ئەیدا بە زەویدا و هەردوو چاوی کوێر ئەبن، ئێستا حافزە و مەولوخوێنی گەڕەکە و مناڵی تازە لەدایکبوویش ناو دەنێ، هەرچەند هەندێ کەس باشیان لێ نەدەگێڕایەوە، گوایا لە کاتی ناونانی منداڵێکدا، بە دایکەکەی وتبێ : سەر قەڵەمانەکەی ماچێکە!
ئیتر وەک دەڵێن ڕۆژان دێن و ڕۆژان دەڕۆن، پارچە ئاغا هەموو گەڕەکەکە ئەکڕێ و ئەیکا بە تەویلەی گوێدرێژ وهێستر، خۆیشیان بە خێزانەوە ئەگوێزنەوە بۆ شوێنێک یان چەند شوێنێکی نادیار ودوورە دەست.
موختار ئەبێتە پیاوی یەکەمی گەڕەک و هەموو ئەوانەی ڕقیان لێ بوو، ئەمرن، یەکێ لە سەربان ئەکەوێتە خوار، یەکێ گورگ ئەیخوا، یەکێ باگردێن ئەکەوێ بە تەپڵی سەریا، یەکێ فیشەکی تاپڕی وێڵ قوڕ قوڕاگەی هەڵئەتەکێنێ، مامۆستای ئەلف و بێ بە سیل ئەمرێ ..تیایاندایه لە ئوتومبیلا ئەسوتێ یان وەرئەگەڕێ ..پیادەیە و بارهەڵگر ئەیشێلێ.
ئەوانیش هەر لە نەش ونمادان، کوڕ و نەوەیان لە ژماردن نایەن، کام کۆشکە جوانە هی ئەوانە، کام باخ وشاخ و زەوی بەراوە ئەبێ بەهی ئەوان .. ماشێنی گرانبەها، وای لێ دێ به پێڵاوی ئاڵتون ، کچۆڵە هەڵئەخەڵەتێنن و لەگەڵیدا دروست ئەبن و دوای چەند شەوێ بەرەڵایان ئەکەن، بیشڵێن پەردەیان بردووین و بەرەڵایان کردووین، شوێنبزر یان گۆڕبزر دەکرێن، ئەبوو بیانووتایە خۆمان ڕاژەکەمان گۆڕیوە و لە کاری پێشوومان ئازاد بووین.
ئەڵێن لەم دواییەدا لە دەم و فڵق و مەراییەکانی موختاریش بێزار ئەبن و گۆڕ بزری ئەکەن.
ئەیانووت دەستنوسێکی پارچە ئاغا لەو ماوەیەدا کەوتبووە بازاڕەوە به ناوێکی خوازراوەوە، دەستنوسەکەی لەسەر زەرفی سەمون نوسیبوو، ئەو زەرفە بۆرانەی کە هەرچەندیان ئەکرد دژایەتی عەلاگەی نایلۆنیان پێ نەدەکرا، خاڵی لاوازیشیان ئەوە بوو، دەسکیان نەبوو، ئەبوو وەک قەل بیخەیتە بن باڵتەوە ..
دەستنوسەکەی لاپەڕە و نیوێک بوو، نرخەکەی گەیشتبووە چوار ملیۆن دۆلار، باسی قۆناغەکانی پێشکەوتنی دەکرد و بەستبوونیەوە بە تیۆری ئیڤیۆلیوشنی چاڕڵس داروینەوە، تیایدا هاتبوو : ( پێویستە لە قاڵبێکا نەمێنینەوە، هەڵبەت تەنها گا له پێستێکدا ئەمێنێتەوە ..پێویستە قۆناغەکان بە ڕێک و پێکیی ببڕین و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ سەردەمدا بڕۆین و پێش بکەوین و هەرگیز ڕێگا بە خۆمان نەدەین ئاوڕ بدەینەوە بۆ دواوە، چونکە دواوە باش بووایە هەڵمەتمان نەدەدا بۆ پێشەوە ..
قۆناغی مراوی فڕاندن تەواو ..قۆناغی ئێڵ ئێم پی فڕاندن تەواو .. قۆناغی کەرەستە و کەلەپور ئاودیوکردن، تەواو .. ئەبێ هەنگاو بۆ پێشەوە بنێین، بۆ فڕاندنە مۆدێرنە قازانجبەخشەکان ..وەک ووزە و تەکنۆلۆجیا و شەڕی ئەستێرەکان ….) ئەڵێن هەندێ شتی تریشی نوسی بوو کە ڕووی مەجلیسیان نەبوو.
ئیتر زۆر شتی تریشیان ئەووت.




په‌یام.. شیعری ستار ئەحمەد

كوردستانم من واهاتووم
بۆنی ده‌ربه‌ندو سه‌ر گه‌ڵووم
له‌ گڕی كه‌ركوك خواستووه‌
تارای خوینی سه‌دان شه‌هید
له‌ باڵای ساوای هۆنراوه‌م
یه‌كاڵای خه‌می چه‌وساوه‌ی
میلله‌تی چیای كردووه‌
وشه‌م خوێنه‌ زامی مه‌ولاناو
نالی خاك‌و خۆڵی ژانه‌
پێنووسه‌كه‌م په‌پووله‌زای خانی شیعره‌و
تابلۆی هه‌زاران كۆڵنه‌ده‌ری
ئێسك‌و خوێنی قه‌ندیل‌و گردی سه‌یوانه‌
به‌سته‌ی هه‌وری سپی شێخی گه‌وره‌و
مێژووی كوردو كوردستانه‌
په‌یامی باوه‌نورو
مه‌شخه‌ڵی جه‌وه‌ڵبۆره‌كه‌ی
شاری بڵێسه‌ی ره‌نجده‌رم هه‌ڵگرتووه‌
وشه‌م زاری نه‌وه‌ی نوێیه‌
شیعره‌كانم گڕكانی مافداره‌
به‌سته‌كانم نركه‌ی ناڵه‌ی كرێكاره‌
سه‌رده‌مێكه‌ ده‌ستم له‌ خۆم شوشتووه‌
زه‌مانێكه‌ شیعر دڵم داخ ده‌كا
گۆرانی لانكی كوردستانم نیشان ده‌دا
من باوه‌ڕی میلله‌تێكم
مه‌رگ له‌ بوونی ده‌ترسێ
سه‌مای بارێژه‌ ته‌رزه‌یه‌
كۆرپه‌ی ئه‌نفاله‌كانمان راده‌مووسێ
ده‌ستێكم پێنووسی هه‌ڵگرتووه‌
ئه‌وی دیكه‌م هه‌ڵاڵه‌و نێرگزی
له‌په‌ڕه‌ی سۆزیا ناشتووه‌
كوردستانم من واهاتووم
بارگه‌ی خه‌مم له‌ كۆڵناوه‌
بۆ میلله‌تێك دایكی چیایه‌و
كزه‌ی جه‌رگی لانكی ره‌هێڵه‌و هه‌تاوه‌

ستار ئەحمەد




خەیالت كردووم بەلانە.. كاوەی خەسرەوكاوانی

خەیالت كردووم بەلانە
نیە ساتێ سنوورەكەی
تێكبشكێنی و جێ ی بهێڵی…
باڵەفڕەت تەنیالەسەر
ئاسمانی ئەم دڵەی منەو
رۆحم بە عیشقت دەكێڵی…
تۆئەی خەمە شیرینەكەم
ئەی ئەوكەسەی
لەناوخۆتا من وون دەكەی
لەناو خۆما دەتگرمەخۆ…
ئەی ئەوكەسەی
مێژووی ژینم دەنووسیەوەو
گیانم ئاوێتەیە بەتۆ…
ئەتۆفرمێسكی زیوینی
وەكو دەریا چۆن ووشكایی داپۆشیووە
ئەشكت چاوان دادەتەنێ…
تۆختووكەی ساتە كپ و ساردەكانمی
رەنگ دەدەیتە بێ رەنگیم و
رۆحم بەتۆ پێ دەكەنێ .

14/2/2009
kawa_kiwiny@yahoo.co.uk

كاوەی خەسرەوكاوانی