کێشەی هۆشیاری چینایەتی و نامۆبوون/ پارادۆکس لە فەلسەفەی سیاسی مارکسدا-٢-.. ئەکرەم سەعید

بەشی دووەم..

خەڵکی هەرێمی کوردستان ناڕازی و تووڕەبوون لە نالەباری ژیانییان، بۆیە لە نێوان ساڵانی(۲۰۱۲ تا ۲۰۱٦)چەندجارێک بارەگای حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆسیزیۆنیان سووتاند، بەڵام لەساڵی ۲۰۱۷ زۆربەی هەر ئەو خەڵکە کەوتنە دوای دروشمی(ڕیفراندوم بۆ سەربەخۆی کوردستان)ی ئەحزابەکان. پرسیار: بۆچی ناڕەزایەتی و تووڕەیی خەڵکی کوردستان، بە درێژایی ئەو چەند ساڵە نەبووە هۆشیارێکی چینایەتی ڕۆشن و پتەو دژی دەسەڵات؟ هۆشیارێک کە ئیدی بیانپارێزێ و بە دروشم و بەڵێنەکانی ئەحزابی دەسەڵاتداران و ئۆپۆسیزیۆن فریوو نەخۆن؟.
لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، ئەوە زیاد لە سەد ساڵە دوو حیزب(کۆماری و دیموکراتی)، هەر جارەی یەکێکیان بە بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردن، کرێکاران و هەژارانی ئەمەریکا فریوو دەدەن. پرسیار: بۆچی لەماوەی ئەو هەموو ساڵانەدا، جگە لە دیاردەی خۆپشاندان بۆ داواکاری ئابووری و هەندێ مافی گروپەکان زیاتر، کەچی هۆشیاری چینایەتی کرێکاری و سۆسیالیستی لە ئەمەریکادا هێندە گەشەی نەکردووە؟.
مارکس لەلاێک دەیسەلمێنێ کە چینی کرێکاران بە شێوەێکی بابەتی لە سیستەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا نامۆ دەبن-(نامۆبوون وەک خۆی دەڵێ یەکسانە بە ئاژەڵ بوون و لە دەستدانی زاتی ئینسانی)، وە لەلاێکی دی مارکس باس لە هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران دەکات لە ئەنجامی(ململانێی چینایەتی و خەباتی ئابووری و کۆمەکی سۆسیالیستەکان).
ئایا ئەم دوو دیوە دژبەیەکەی شرۆڤەکانی مارکس چۆن لە واقیعدا دەرکەوتووە، و تائێستا کام لایەنی دراسەکانی مارکس وەک کۆنکرێت دروستە و هاتۆتە دی؟!

“کارۆل جۆنسۆن” لە وتاری(کێشەی چاکسازی و تیۆری فیتیشیزمی مارکس)دا دەنووسێ:
(ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە ناکۆکی نێوان دوو توخم کە بەڕواڵەت دژ بەیەکن لە بیری مارکسدا دەربخات؛ واتە یەکەم: ئەو باوەڕەی کە هۆشیاری شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاری لە ژێر سەرمایەداریدا بە شێوەیەکی تاڕادەیەک ڕاست و دروست(خۆرسکی) گەشە دەکات، و دووەم: ئارگومێنتەکەی لە نووسینە ئابوورییەکانی دواتردا، کە سروشتی فیتیشیزەکراوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە سەرمایەدارییەکان فۆرمەکانی عیرفانی ئایدیۆلۆژی لێدەکەوێتەوە کە بە شێوەیەکی بەرچاو تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دەشارنەوە …. بەشی یەکەمی ئەم بابەتە تەرخان دەکرێت بۆ سەلماندنی ئەوەی کە تێزی پێشوو لە ڕاستیدا ڕای مارکس بووە لەو بەرهەمانەی کە پێش نووسینە ئابوورییە پێگەیشتووەکانی نووسیویەتی، و بەشی دووەمیش هەڵوێستی مارکس لە دوای ئەو ماوەیە دەکۆڵێتەوە. دەوترێت کە مارکس لەبری ئەوەی پێداچوونەوە بە بۆچوونەکانی پێشوویدا بکات، ئارگیومێنتەکانی نوێکانی خۆی خستۆتە ناو دیدگاکانی پێشووی خۆیەوە سەبارەت بەو ئاسانییە ڕێژەییەی کە هۆشیاری شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریا بە سانا گەشە دەکات و بەمجۆرە یەکدەنگییەکی جەوهەری لە نێوان بۆچوونەکانی دواتر و پێشووی مارکسدا هەیە. لە ئەنجامدا مارکس بە توندی ئەو پشتگیرییە بەربڵاوەی بۆ ڕیفۆرمخوازی کەم کردەوە کە لەکۆتایی ژیانی بە ئاشکرا دەهاتە بەرچاو؛ بۆیە نەیتوانی بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشەیەدا بکات کە تا ئێستاش وەک جددیترین کێشەی بەردەم شۆڕشگێڕان لە ووڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا ماوەتەوە.
ئەم کێشانە لە نووسینەکانی مارکسدا بە شێوەیەکی جددی فەرامۆش کراون. هەندێک لە شرۆڤەکاران، ڕاستە، سەرنجیان بۆ شکستی مارکس ڕاکێشاوە لە پەرەپێدانی ڕەخنەیەکی گونجاو لە ڕیفۆرمخوازی بەڵام هۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەم کێشەیە هەرگیز بە شێوەیەکی دروست لێکۆلینەوەی لێنەکراوە. ئەوان نەیانتوانیوە درک بەوە بکەن کە، لە کاتێکدا تیۆری مارکس سەبارەت بە عیرفانی کە لە سروشتی فیتیشیزەکراوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە سەرمایەدارییەکانەوە سەرهەڵدەدات، پێویستە بۆ تێگەیشتن لە ڕەخنەکانی لە ئابووری سیاسی، بەڵام مارکس کاریگەرییەکی زۆر سنوورداری فیتیشیزمی لەسەر هۆشیاری پرۆلیتاری لە فۆرمەکانی چاکسازیخوازانە یان شۆڕشگێڕانەدا دەبینی.
کێشەکانی عیرفان و پەرەسەندنی هۆشیاری شۆڕشگێڕانە، ئەو کێشانەبوون کە لە قۆناغێکی تاڕادەیەک سەرەتایی کارەکانیدا، مارکسیان نیگەران کردبوو. هەر لە ساڵی ١٨٤٢دا دەیگوت:”ئایین و فۆرمەکانی تری هۆشیاری عیرفانی لە واقیعێکی شێواوە سەریان هەڵداوە و تەنیا بە گۆڕینی ئەو واقیعە دەتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە.”. ئەم ئارگیومێنتانە لە ئێستاوە کێشەی ئەوە دروست دەکەن کە چۆن مرۆڤایەتی دەتوانێت هۆشیار بێت لە پێویستی گۆڕینی واقیع بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فۆرمە عیرفانییانەی هۆشیاری کە نامۆبوونی لێدەکەوێتەوە.
وەڵامی مارکس بۆ یەکەمجار لە پێشەکی کتێبی(بەشداری لە ڕەخنەی فەلسەفەی یاسای هیگڵدا)دا دەردەکەوێت. کلیلەکە لە پرۆلیتاریای ئەڵمانیدا بوو، کە ئەو دەڵێت لە ڕاستیدا نامۆیە نەک لە بیرکردنەوەدا، بەڵکە بەهۆی دواکەوتوویی مێژوویی ڕێژەیی ئەڵمانیا، بۆرژوازی ئەڵمانیا چانسی ئەنجامدانی شۆڕشێکی سیاسی لەدەستدابوو کە تێیدا بتوانێت وەک نوێنەری گشتی کۆمەڵگا بە گشتی دەربکەوێت. بەڵکو پرۆلیتاریا لە ئێستاوە دەستی بە خەباتکردن لە دژی دەکرد. مارکس پێی وایە پرۆلیتاریا تاکە چینە کە توانای هێنانەدی ئازادییەکی گشتی لەو شێوەیەی هەیە، چونکە ستەملێکراوترین چینە لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا؛ سروشتی گەردوونی ئازارەکانی چینی کرێکاران، دژایەتێکی بەرامبەر بنەماکانی دەوڵەتی ئەڵمانیای تێدا دروستدەکات.).

١- سەردەمی پڕوپووچیی یان سەردەمی نامۆبوون
“ئالان دۆنۆ” لە کتێبی(سەردەمی پڕوپووچی)دا ڕای وایە کە سیستەمی سەرمایەداری لە بەرژەوەندییایەتی کە فکر و دەروونی خەڵکی پڕوپووچ بکات، و بیرکردنەوەی لۆژیکی زۆربەی خەڵک پەکبخات و گەوجیان بکات، تا بەو هەلومەرجە سەختەی ئێستاکە هەیە، نەک تەنها ڕەزامەند بن، بەڵکو بە گونجا و ئەقڵانی بزانن.
بێگومان سیاسەتی چینی بۆرژوازی لە بەرژەوەندییایەتی کە مرۆڤەکان گەوج بن، بەڵام جگە لەم سیاسەتە نەخشە بۆ دڕێژراوەی بۆرژوازییەکان کە لە ڕێگای(گوتارەکان، میدیاکان، ئیدۆلۆژیاکان)مرۆڤەکان فریوودەدرێن، وە ئەمە ڕۆڵی سەرخانی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییە(واتە ڕۆڵی لایەنی زاتی/ سۆبژەکتیڤ)لە گەوجکردنی کرێکاراندا، هەر وەها سیستەمی سەرمایەداری لە ژێرخانیدا، واتە لە پرۆسەی کار و پەیوەندی کار و سەرمایەدا بۆ خۆی بە شێوەێکی بابەتی، بێ سیاسەتی چینی بۆرژوازی و دەستوەردانی زاتی(واتە ڕۆڵی لایەنی بابەتی/ ئۆبژەکتیڤ)، چینی کرێکاران لە سیستەمی کاری کرێگرتەی سەرمایەداریدا نامۆ و گەمژە دەکرێن.
لە نامۆبووندا مرۆڤ زیاتر و زیاتر لە ئامێرێک دەچێت، و تا دێت لە سروشتی مرۆڤایەتی دوور دەکەوێتەوەو ناتوانێت کارامەیی و کەرەکتاری ئینسانی خۆی پەرە پێبدات. مارکس زیاد لە ۱۷۰ ساڵ لەمەوپێش نووسیبووی:
(کار بۆ دەوڵەمەندەکان شتە نایابەکان بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بۆ کرێکاران بێبەشی بەرهەم دەهێنێت … کار بۆ دەوڵەمەندەکان جوانی بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بۆ کرێکاران شێواوی. کار بۆ دەوڵەمەندەکان زیرەکی بەرهەم دەهێنێت، بەڵام بۆ کرێکاران گەمژەیی.).-(کرێکار تەنیا لە ئەرکە ئاژەڵییەکانیدا: کاتی خواردن و خواردنەوەو زاوزێکردن،، هتد، هەست بە خودی خۆی دەکات وەک ئینسان، ئەما لە ئەرکە مرۆییەکانیدا(کە کارکردنە)تەنیا ئەو هەستێکی هەیە بۆ لایەنی ئاژەڵی: ئەوەی ئاژەڵییە دەبێتە مرۆڤی، وە ئەوەی مرۆڤییە دەبێتە ئاژەڵی.)-What is animal becomes human and what is human becomes animal.)
لە دونیاێکی سەرمایەداری پڕ لە جەنگ و قەیراندا بوو، کە ۷۰ ملیۆن مرۆڤ کە مافی دەنگدانیان هەیە، ساڵی ۲۰۲٤ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا ترامپیان هەڵبژارد، وە شتێ کەمتر لە ۷۰ ملیۆنەکەی دی دەنگیان بە بایدن دابوو کە دیوەکەی ئەو دیوی دراوەکەیە. لە ڕاستیدا پێناسەێک بۆ ئەو نزیکەی ۱٤۰ ملیۆنە مرۆڤە لە(فریوودراو، ناهۆشیار و نامۆ) زیاتر، پێناسەێکی دی نییە. ئیدی ئاشکرایە دونیای ئەمڕۆکەی ئێمە پڕە لە مرۆڤی گرگنی نامۆی شوێن کەوتووی ئایدۆلۆژیاکان، کە وەک پارچە قوماشێک وایە، دراوە بەسەر چاویدا و ڕاستییەکان نابینێ.

لەمپەرەکانی بەردەم هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران
سادەترین تێبینی بۆ هەرکەس ئەمڕۆکە ئەوەیە کە بڵێ:(چینی کرێکاران هۆشیار نین)-(چینی کرێکاران فریوخواردووی سیاسەتەکانی بۆرژوازین)، وە هەردوو تێبینیەکەشی دروستە. ئەمە لە ساتەوەختێکدایە کە دونیای سەرمایەداری ئەمرۆکە لە قەیرانێکی سەختی ئابووریدایە، جیهان خەریکە گلۆردەبێتەوە بۆ نێو ئاتوونی جەنگێکی ترسناک، و بۆرژوازی و دەسەڵاتدارانی پێشێلی مافەکان دەکەن و سەرکوت دەکەن.
ئەو پرسیارەی لێرەدا دەبێ هەر سۆسیالیستێک لەخۆی بکات ئەوەیە: بۆچی چینی کرێکاران هۆشیار نییە و شۆڕشی سۆسیالیستی ناکات؟!.
وجودی کۆمەڵایەتی چینی کرێکاران مەفروزە هۆشیارێکی شۆڕشگێڕی بەچینی کرێکاران ببەخشێ بەپێی ئەوەی:(بوونی کۆمەڵایەتی هۆشیاری کۆمەڵایەتی دیاری دەکات )، بەڵێ ئەوە دروستەو چینی کرێکاران ئیمکانیەتی گەیشتنیان بەو هۆشە سۆسیالیستییە هەیە، بەڵام کۆمەڵگەی سەرمایەداری چەندەها لەمپەر لەبەردەم ئەم ئیمکانییەتە دادەنێ. دەتوانین لەمپەرەکانی بەردەم هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران دابەشکەین بۆ دوو کەتەگۆری:

١ / لەمپەرە ئۆبژەکتیڤەکان – ۲ / لەمپەرە سۆبژەکتیڤەکان
لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا(بە فیتشیسم بوون و بەنامۆیی بوون) لەمپەر لەبەردەم هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران دادەنێن- لەمپەرە ئۆبژەکتیڤەکان، و چینی بۆرژوازی لەڕێگای گەلێ کەناڵەوە بیروباوەڕی خۆی زاڵ دەکات بەسەر کۆمەڵگەدا-(بیروباوەڕی زاڵ لە کۆمەڵگەدا بیروباوەڕی چینی دەسەڵاتدارە)- لەمپەرە سۆبژەکتیڤەکان. بۆیە چینی کرێکاران بەبێ کۆمەکی سۆسیالیستەکان ناتوانن تەنها خۆبەخۆی لە بەرئەنجامی ئەزموونەکانی خەباتی ئابووری خۆیان هۆشێکی چینایەتی شۆڕشگێریان چنگکەوێ، وەکاتێ بە درێژایی زیاد لە سەدساڵە سۆسیالیستەکان لاوازن، چەپی کۆن و چەپی نوێ چینی کرێکاریان بە هۆش و سیاسەتی بۆرژوازی ڕەونگاوڕەنگ گۆش کردووە.
“جۆرج لۆکاش”هەوڵیدا ڕۆڵی گرنگی حیزب لە هۆشیارکردنەوەی چینی کرێکاران و شۆڕشی سۆسیالیستیدا ڕوون بکاتەوەو دیفاع لەو تێزە بکات کە لە کتێبەکەی(مێژوو و هۆشیاری چینایەتی)هاتووە، لۆکاش نووسیبووی:(هەر جارێک هێرشێکی هەلپەرستانە دەکرێتە سەر دیالێکتیکی شۆڕشگێڕانە، لە ژێر ئاڵای”دژی سوبژێکتیڤیزم”دا بەرەوپێش دەچێت-(بێرنشتاین دژی مارکس، کاوتسکی دژی لینین.)،،، لەم ڕوونکردنەوەی خوارەوەدا دەیسەلمێنم کە لە ڕاستیدا ئەوەی لە مەترسیدایە هەمیشە پرسی ڕۆڵی حیزبە لە شۆڕشدا ،،،. کەواتە پێش هەموو شتێک زاراوەی سوبژێکتیڤ چی تێدەگەین؟. ،،، ئەرکی سوبژێکتیڤ لە پرۆسەی گەشەکردنی مێژوودا چییە؟.).- ۳.
بەڕای من کەموکورتی ڕونکردنەوەکەی لۆکاش لەوەدایە کە ئەو بەتەنها باس لە ڕۆڵی(سوبژێکتیڤ)ی- حیزبی کۆمۆنیستی و هۆشیاری چینی کرێکاران دەکات لە هەلومەرجەکەدا، و حیساب بۆ ڕۆڵی سوژەکەی دی کە ئەحزاب وئیدۆلۆژیەکان و سیاسەتەکانی بۆرژوازییەکانە ناکات، کە لەمپەر دادەنێن لەبەردەم هۆشیاربوونەوەی چینی کرێکاران و شۆڕش و گەشەی مێژوو. هەروەها ئەو پرسیارە لە خۆی ناکات کە ئایا ئەو حیزبانەی بە خۆیان دەڵێن کۆمۆنیست یان سۆسیالیست بەڕاستی هۆشیارێکی سۆسیالیستیان پێیە تا بیگەێنن بە چینی کرێکاران؟ وە ئایا پرۆژەی ئەو حیزبانە بەڕاستی دامەزراندنی دەسەڵاتی چینی کرێکاران و کۆمەڵگەی سۆسیالیسمە؟!.
——————————————————
سەرچاوەکان:
۱/ The Problem of Reformism and Marx’s Theory of Fetishism / CAROL JOHNSON
۲/ – کارل مارکس/ دەستنووسە ئابووری و فەلسەفیەکانی ساڵی ١٨٤٤ – کاری نامۆیی/ ئەرشیفی کارل مارکس لە ئینتەرنێت بە زمانی ئینگلیسی. – Economic and Philosophical Manuscripts of 1844. Karl Marx – Estranged Labour.
۳/ کێشەکانی هۆشیاری چینایەتی – ۱. سوبژێکتیڤیزم/ بەرگرییەک لە مێژوو و هۆشیاری چینایەتی – تایلزم و دیالێکتیک / جۆرج لۆکاش / وەرگێڕانی ئیستەر لێسلی لەگەڵ پێشەکییەک لەلایەن جۆن ڕیس و پۆستفەیس و سلاڤۆ ژیژەک/ لاپەڕە٥۰. Tailism and the Dialectic/Georg Lukacs – Translated by Esther Leslie
٤/ Marx and Alienation – Essays on Hegelian Themes – Sayers Sean -2011
٥/ ALIENATION, FREEDOM & COMMUNISM – RAJEEV KUMAR SEHGAL -(2016)- الاغتراب والحرية والشيوعية – راجيف كومار سيغال




بەکورتی9: نییە…. سروشتی نییە چییە؟.. ئازاد حەمە

چ جوانییەک لە گوتنی نییەدا هەیە؟ هیچ جوانییەک نییە. ئەی بۆ هەیە؟ بەجۆرێک لە جۆرەکانیش هەموو گیرۆدەی دەستی نییەن/نییەکانیین. گەر دۆزی مرۆیی مرۆڤ بەم ئاقارەی ئێستا بڕوات نییەیێکی زۆر و دووبارە بەڕێوەیە. تا لەوەشحاڵینەبیین نییە چی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە ناتوانیین نییە بکەین بە هەیە. نییە و هەیە ناکۆکن، بەپێیئەوەی نییە واتە نەبوونی شتێک، نییە لە نییەوە دێت،نەک لە شتەوە،ئەگەر لە شتەوە هاتبێت ئەوا ناڵێن نییە. چاوپۆشینیش لە بوونی نییە،بەرەو بۆشاییمان دەبات. کاتێک نییە دەبێتە بۆشایی،ئەی بۆشایی بەچی پڕئەکرێتەوە؟زۆرجاریش کێشەکە لە نییەکەدا نییە،بەڵکو لە هەیەکەدایە، بۆنموونە سیاسەت هەیە بۆیە زۆر شت نییە. سیاسەت نەبایە نییە هەر دەبوو،بەس ئەو نییانەی سیاسەت دروستیدەکات ئەوکات نەدەبوون.
بەگشتی بابەتەکەمان لەژێرسایەی ئەم پرسیارەوە بەرپێیی خۆی دەدۆزێتەوە:بۆ نییە بوونی هەیە؟ئەگەر نییە بوونی هەیە، جەوهەری خودی نییە چییە؟ئەی چی بۆی هەیە ببێتە نییە؟نییە هەر نییەبێت چی لەبڕی نییە هەیە؟واتە دوای ئەوەی شتێک نییە(بۆنموونە: پارە، باران، دادپەروەری)چی لەجێگای ئەو نییەیە(نییانە) دەبێت؟ئەگەر هەیە باشە،ئەی نییە چۆن هاتۆتەکایەوە؟دەستپێکی نییە چییە و سروشتی چۆنە؟کاتێک دەگوترێت نییە،ئەوە چییە،کە نییە؟بۆ نییە؟چۆن نییە؟بۆنموونە ئازادی هەیە،کەچی گەندەڵیش هەیە.ئایا بوونی گەندەڵیی ئازادیەکە نەفیناکات،ئازادیی نابێتە نییە؟
یان سێکسیزم هەیە، خۆشەویستیش هەیە.ئەم هەیەیە چۆن لەگەڵ نییەکەدا لەناو هاوکێشەی سێکسیزم و خۆشەویستیدا یەکدەگرنەوە؟بۆیە ئەو سێ پرسیارە(چی نییە؟بۆ نییە؟چۆن نییە؟)دەمانبات بەرەو ئەو شتە چییە،کە نییە؟کەوامانوت دیارە ئەو شتە پێشتر هەبووە و ئێستا نییە،ئەی باشە خۆ هەندێک شت هەر لەبنڕا نییە،بەنموونە نەمردن.بائەوەش بزانین،کە خودی نییە هەڵماندەداتە ناو بابەتی دانپێدانانەوە.دەبێت دانیپێدانێین، ئەو شتەی مەبەستە نییە. بەس چۆن نییە؟پێشتر گوتمان دژەجەمسەری نییە هەیەیە،گەلێکجارئەم هەیەیەش بۆ بوونی نییەیەک کەمە.
پرسیاری گۆڕینی نییە بۆ هەیە داوامانلێدەکات لەوە حاڵیبین،کە نییە چییە؟نییە واتە non-existenceنەبوون، ئامادەنەبوون. هەرکات نەبوون هەبوو بوونی نییە ئاساییە،واتە شت هیچە و بوونی نییە. پێمانوایە،دیوار هەڵچنین لەنێوان هیچ و نەبووندا هیچە.دەبێت ئەم دیوارە بروخێنرێت تا نییە دەرکەوێت.بۆیە دەپرسین:چۆن چارەسەری نییە بکرێت؟بێگومان بە هەیە،کە بەرامبەرەکەیەتی. جاری واشە ئەوەی هەیە ئەوە نییە،کە دەبوو هەبێت.بۆنموونە ماف هەیە،بەس ئەو مافە نییە،کە خواستی لەسەرە.راستە نییە لە زۆر حاڵەتدا بە هەیە چارەسەردەکرێت،لێ هەندێک نییە دەگمەنە و بە هەندێک هەیە چارەسەرناکرێت. کاتێک تۆ دەمریت ئیدی بوونی تۆ نییە، لێ تۆی تر هەیە.
روونتر بدوێێن:لەگەڵ نییە یەکسەر پرسیارە دڵخوازەکە دروستدەبێت،کە هەمیشە نییە حەز بە چارەی ناکات،ئەوەش ئەمەیە: بۆ نییە؟بۆ کەسێک کە مەعنی نەبێت بە نییەکە،دەپرسێت:چی نییە؟ئەو دەمەی دەگوترێت نییە، لەوحاڵەتەدا نییە وەستانە، نەبوونە، بێجوڵەییە.پاش نییە هەوڵێک دێتەگۆڕێ،تا چارەسەری نییەکە بکات، ئەوەش لەسەر بناغەی بۆ نییە دەستپێدەکات.
بۆزۆرێکیش ئەوەش هەر پرسیارە،ئەوەی نییە، هەر هەنووکە نییە یان هەردەم نییە؟ زۆر شت ئێستا هەیە دواتر نییە،بۆنموونە لەمکاتەدا فڵانە شت هەیە و پاشان و بۆ هەمیشە نییە.ئاو ئێستا نییە دواتر هەیە. ڕەنگە هەندێک جار کێشە نەبێت ئەگەر نییەکە بخایەنێت،وەک کارەبا هەنووکە نییە بەس دواتر هەیە.بەڵام کاتێک نییە قێزەوەن دەبێت،کە نییەبوونی نییە رەهادەبێت، وەک نییەی کارەبا یان ئاو. وەکیتر،رەهابوونی نییە لە هەندێک دۆخیتردا زۆر کێشاوییە: بۆنموونە کاتێک ماف یان داد نییە.نەبوونی ماف یان داد بابەتی نییە دەخاتە بارێکی ناهەموار و بەدەوە.کەوابێت چییەتی نییە لەسەر ئەوە وەستاوە چی نییە/لەسەر چ بناغەیەک نییە؟
زۆرجار نییە بەرهەمی(نەماوە)یە، ئەی کاتێک نییە بەرهەمی خودی نییە بێت؟ئەوەتا لایبنێتزی فەیلەسوف بەمجۆرە نییە دەبینێت: ئەو شتەی نییە کەواتە نییە،هۆیەکیش بۆ بوونی لەئارادا نییە. بەڵام نییەکانی ئێمە نییە نییە، هەیەیە و کراوەتە نییە،وەک نییەی ئازادی، نییەی ماف، تادەگاتە نییەی کارەبا.لێرەدا دەڵێین:بەپێیئەوەی نییە دەمانباتەوە ناو نادیار پێویستمان بەوەیە ئاگامەندانە گفتوگۆی نییە بکەین. بۆ؟کاتێک نەبوون هەبێت بوونی نییە ئاساییە.ئەمەشوادەکات بابەتی نییە بمانباتەوە ناو گفتوگۆی بوون و نەبوونەوە،ئامادەبوون و ئامادەنەبوونەوە.پێشتر گوتمان، گریمان هیچ نییەبێت و ئەوەش سەرچاوەی گەردوون بێت،کەواتە نییە یان هیچ ڕەچەڵەکی گەردوونە.باشە کێ پێیوایە هیچ،نەبوون،دەستپێکی گەردوونە!ئەگەر وایە پێویستمان بە فیزیایە ئەمە یەکلابکاتەوە.
وێڕایئەوە، هیچنەبوون و شتنەبوون واتە هیچ شتێک بوونی نییە، بۆنموونە، ئەوەی نامانەوێت بیڵێین نهێنی نییە.هەروەها ئەوەی دەترسیین بیڵێین نهێنی نییە. لێرەدا نییە بەواتای لەدایکنەبوون دێت. کێشەکە بەس ئەمە نییە،ئەوەشە، ئەوەی بۆ تۆ نهێنییە بۆ من نهێنی نییە.نهێنیی لێرەدا کۆماندەکاتەوە.ئەگەر هیچ ئەو شتەبێت، کە نییە،واتە جەوهەر لەوێ هیچە. شتی بێجەوهەر هیچە.گشت شتێک جەوهەری هەیە،بەوە بوونیشی هەیە.جەوهەری بوون شت بێت،هیچ بوونی نییە.
دوا تەماشاکردنمان تایبەت بە نییە ئەوەیە،کە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی یان ئێمەدا زۆر شت نییە،زۆرێکیش لەو نیییانە بۆ هەتایە نییە، یاخود هەیە بەس ئەو هەیەیە بێ بەهایە و جێگرەوەی راستەقینەی نییەکان نییە.راستە کۆمەڵگەی بی نییە بوونی نییە،بەڵام لەسەردەمی وەک ئێستا هەندێک نیییە نەدەبوو هەبێت(دادپەروەریی)، هەندێک هەیەش پێویستینەدەکرد هەبێت(گەندەڵیی).وەکیتریش زۆر شت لە گەردوون دەکرا نەبن(بوومەلەرزە،زریان،لافاو)،لێ هاوکێشەکانی ناو گەردوون وەڵامی تریان بۆ هەبوونی ئەو هەیانەی ناو گەردوون هەیە.بەڵام هەیاکانیتری ژیانمان،وەک:هەژاریی، برسیەتی،جەنگ زۆری دەوێت تا ببنە نییە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




زمان سوبێكت نییە.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا


(مرۆڤ چەند زمان بزانێت، ئەوەندە كەسەیە؟)

ئەو نووسینە هەوڵی هەڵوەشانەوەی گوتەزای (مرۆڤ چەند زمان بزانێت، ئەوەندە كەسەیە) دەدات، لە رێگای پێكراوی “زمان سوبێكت نییە” لەلایەك و “زانستی تەكنۆلۆژی” لەلایەكی دیكەوە. زمان سوبێكت نییە.. ئەگەرچی مرۆڤ، كەس، سوبێكت لەسەر یەك هێل قسەی زۆریان لەبارەوە كراوە و قسەی زۆریش هەڵدەگرن. بەڵام زانستی تەكنۆلۆژیا وەك خێرایی زانیاری و لۆژیكی ژیری، ئارەزووەكانی خودی مرۆڤ جێدەهێلێت! واتە ئەوەی من لەو نووسینەدا تۆخی دەكەمەوە، لەلایەك ئەو فەزا ئاسۆییەیە، كە مرۆڤ و كەس و سوبێكت لە ئارەزووی جەستەدا دەیبینێ و بەیەك هەناسە دەیانخوێنێتەوە. لەلایەكی دیكە شۆڕبوونەوەیە بەرەو بابەتی ژیری و خێرایی وەك زانستی تەكنۆلۆژیا و جێهێشتنی ئارەزووەكانی سوبێكت..
لێرەدا بەرانبەر گوتەزای سوبێكت چەند زمان بزانێت، ئەوەندە كەسەیە.. ئاڵای سپی داهێنانی (زمان سوبێكت نییە) بەرز دەكەینەوە، بەڵام نەك بە مانای دژبوونەوە، بەڵكوو بەو مانایەی كە سوبێكت سەرگەورەی زمان نییە.. بەو مانایەی كە زمان بەندەواری قبول ناكات.. بە كورتی دەمەوێ بڵێم زمان، دانووسانی جیاوازیی و نائاگاییە. بە دیوەكەی دیكەش ئاماژە بە خێرایی بیركردنەوە و زیرەكی دەستكرد دەدەم، چونكە داهێنانی زانستی تەكنۆلۆژیا ئارەزووەكانی سوبێكت دەخاتە سەرسامییەوە.
لە ماڵی سوبێكتدا قبولكردنی جیاوازی دەبێتە ئامانجی زمان، نەك رەتكردنەوە، بەڵام جیاوازییەك، كە لە پێناو گۆڕانكاری و سەیرورە و داهێنانی بەردەوامدابێت، نەك لە پێناو پەڕگیری و چەسپاندن. لەبەرانبەردا نائاگایی بۆ جیاوازی هیچ نییە، جگە لە بەدیهێنانی ئامانجی ئازادی نەبێت. كەواتە ئازادی وەك دانووسانی نائاگایی و جیاوازی بۆ داهێنان زەروورییە، وەك چۆن گۆڕانكاری و سەیرورە و داهێنانی بەردەوام بوونی سوبێكت بەرهەمدەهێننەوە. بەڵام لە ماڵی زیرەكی دەستكرددا خێرایی و ژیری سەرگەورەی جیاوازین.

دیالێكتیكی نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە
لە عەقڵانیەتی دیكارتییدا سوبێكت بكەرە. بەڵام لەو توێژینەوەیەدا دەمەوێ سوبێكت لە دانووسانی ئازادانەی نائاگایی و زەرورەتی ئەویدیكەی غەریبەدا تۆخ بكەمەوە. لێرەدا لە پرۆسیسەكردنی سوبێكتدا نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە، خودی خۆیان دەخەنە دەرەوەی سوبێكت، بۆ ئەوەی وەك خودێكی نامۆ دژ بە پەڕگیری و چەسپان ئازادی خۆیان پراكتیزە بكەن. بەخۆنامۆبوونی نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە نزیكایەتییەك لەگەڵ بیركردنەوەی هیگڵیدا دادەمەزرێنن.. وەك وێناكردنی مانگا سوورەكە لە شەوێكی رەشدا.. یان خونچە بۆ ئەوەی خۆی بناسێ، پێویستی بەوە هەیە ببێت بە گوڵ.. واتە هەوڵدەدەم لە رێگای چەمكی (نەفی نەفی هیگڵییەوە) چەمكی (سوبێكتی داماڵراو لە بكەرێتی) شیبكەمەوە، كە پاشان لە رێگای دیالێكتیكەوە (نائاگایی و زەرورەتی خێرایی و ئەویدیكە غەریبە) بە ئامانجی ئازادی خۆیان دەگەن..
بە كورتی دەمەوێ بڵێم: سوبێكت ناتوانێ لە رێگای داگیركردنەوە، چەمكی بكەرێتی قۆرخ بكات! نەك لەبەر ئەوەی پێكهاتەی سوبێكت نائاگایی و ئەویدیكەیە، بەڵكوو لەبەر ئەوەی سوبێكت بەرجەستەكردنی دۆخێكە، كە نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە تێیدا بیر لە ئازادی دەكەنەوە! لێرەوە لەبەرانبەر پێكهاتەكانی (سوبێكتی داماڵراو لە بكەرێتی) كە نائاگایی و ئەویدیكەی غەریبە دەناسێنێت، قەناعەتهێنان بە تێزی (زمان لە نائاگایی رسكاوە)ی ژاك لاكان هەر قەناعەتهێنان نییە بە (مانگا سوورەكەی هیگڵ لە شەوێكی رەشدا.. یان خونچە بۆ ئەوەی خۆی بناسێ پێویستی بەوە هەیە ببێت بە گوڵ).. بەڵكوو قەناعەتهێنانە بە ئازادییەكانی زمان و ئازادییەكانی ئەویدیكەی غەریبە و خێراییەكانی سەردەم.. بۆ ئەوەی (زمان) ئازادییەكانی خۆی و خێرایی بناسێنێ، دەبێ لە نائاگاییەوە بەرەو ئاگایی و سەیرورە و گۆڕانی بەردەوام و داهێنان و نەوەستان بێتەوە. بۆ ئەوەی ئەویدیكەی غەریبە ئازادییەكانی بگەشێتێتەوە، پێویستە لە ویناکردنی فەنتازی و سەرگەورەیی ئیگۆیانەی خۆی بێتە دەرەوە و خۆی نەك وەك پەڕگیر، بەڵكوو وەك دالێكی (جیاواز) بناسێنێتەوە.
بنەمای خاڵی یەكەمی ئەو لێكدانەوەیە ئەوەیە، كە هەرگیز (زمان وەك نائاگایی) لە دۆخی داهێنان ناوەستێ و بەردەوام هەنگاوی خێرا بەرەو گۆڕان و سەیرورە دەنێت.. بنەمای خاڵی دووەم ئەوەیە، كاتێك ئەویدیكەی غەریبە (لای ژاك لاكان) لەگەڵ زمان هاوسەنگ دەبێت.. هەڵبەتە مەبەست لە ئەویدیكەیەكە، كە سەرگەورەیی فریودەرانەی، یان پەڕگیری و بنبەستبوونی تێپەڕاندووە و پردێکی خێرایە بۆ قسەكردن لەگەڵ (ئەویدیكەی جیاواز).. بەو مانایەی كە قسەكردن سەرچاوەکەی ئیگۆ نییە، تەنانەت خودیش نییە، بەڵکو ئەویدیكەی جیاوازە. بەو مانایەش چەمكی ئەویدیكەی غەریبە (جیاواز) وەك بنەمای سەرەكی پێكهاتەی سوبێكت هەڵگری گریمانەی نەبوونییە و نزیكایەتی لەگەڵ نائاگایی زمان تۆختر دەكاتەوە..
بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكانی ئەو دوو خاڵە لە گریمانەی نەبوونی، پشت بە قسەیەكی (فرۆید) و ئەزموونی نەبوونییەوە دەبەستم، لە بارەی پەیوەندی دایك و باوك و منداڵ، كە دەڵێت: منداڵ ئەو كاتە دایک بەبێ هێز دەبینێت، کاتێک دەبینێت چووکی نییە! دایك لەو بینینەدا وەك ئەزموونی نەبوونی دەلالەت لە نائاگایی زمان دەكات و لەلایەكی دیكە هەنگاونانی خێرای منداڵە بەرەو گرێی ئۆدیب (واتە مەیلی گەڕانەوەی كچ بۆ باوك و كوڕ بۆ دایك) بۆیە هەمیشە منداڵ لەو ئیمکانەی كە لای (دایك/ باوك) بەدەستی ناهێنێت، دەسڵەمێتەوە! لەبەرانبەر ئەوەدا نائاگایی زمان لە ئاكینجەبوونی كاتی سوبێكت لە ماڵەكەی خۆیدا (لەو ئیمکانەی كە لە ماڵ بەدەستی ناهێنێت) سڵ دەكاتەوە.. كەواتە ئەگەرچی نائاگایی زمان و ئەویدیكەی جیاواز پێكهاتەی ماڵی كاتی سوبێكتن. بەڵام ئێمە ناتوانین سوبێكت (لە ماڵی خۆیدا) بۆ ئەویدیكە غەریبە و نائاگایی زمان هەڵوەشێنینەوە؟! چونكە ئەو پێكهاتانە وەك روونمان كردەوە بەردەوام بوونی خۆیان لە ئازادیدا پراكتیزە دەكەن و بەندایەتی رەتدەكەنەوە.
بە گشتی زمان سوبێكت نییە، یان ناتوانرێت سوبێكت بێت! چونكە زمان وەك غەریبە، یان وەك نائاگایی، كردەیە.. بەڵام سوبێكت بكەرە.. سوبێكت فڕێدراوەتە نێو نائاگایی رووتی زمان و جیاوازییەوە. بەڵام نائاگایی زمان لە كار و بكەر تێدەپەڕێنێ و كردەیە.. نەك لەبەر ئەوەی زیندوویەتی خۆی بەردەوام لە بەرهەمهێنانەوەی كەلێن و بۆشاییدا دەبینێتەوە، یان لەبەر ئەوەی بەردەوام وەك كردە لە ئەزموونی نەبوونی راست دەبێتەوە.. بەڵكوو لەبەر ئەوەی بە مانا لاكانییەكەی سوبێكت ریاڵە و زمان رەمزە.
دەشێ ریاڵ بكەوێتە نێو كار و بكەرەوە، بەو مانایەی كە ژیانی تایبەتی هەیە. بەڵام رەمز دەكەوێتە نێو خەون و خەیاڵی نەزانراوەوە و خاوەنی هیچ گریمانە و پێشنیارێكی دیاریكراو نییە. بۆیە سوبێكت دەتوانێت نزیكایەتیكردنی ئەویدیكەی غەریبە (لە ماڵی خۆیدا) بێت، یان نزیك زمان بێت، لە ناوەوەی خۆیدا. بەڵام لە بنەڕەتدا غەریبە و نائاگایی وەك زمان بۆ سوبێكت خەون و خەیاڵی نەزانراون. چونكە بەندەواری سوبێكت نیین. لای فرۆیدیش خەون بونیادێكی رەمزی هەیە. غەریبە و نائاگایی وەك خەون و خەیاڵ هەردووكیان زمانێك لەخۆ دەگرن، كە یاسا و رێسای گۆڕان و سەیرورە لە رێگای ئازادییەوە پرۆسیسە دەكەن و لەوێشەوە وەك كارفرمای رەمزی دێنەوە..
زمان غەریبەیە و سوبێكت نییە! زمان دایكە لە نائاگایی منداڵدا.. بۆیە منداڵ (لە گرێی ئۆدیبدا) بەردەوام خەون بەو ئیمکانەوە دەبینێ، كە لە واقیعدا دەستی نایگاتێ. كەواتە زمان بوونێك نییە، لە ماڵی خۆیدا، چونكە ماڵی بوون قەڵەمڕەوی سوبێكتە و سوبێكت هیچ بەشێکی لێدەرناهێنرێت. سوبێكت ریاڵە و هەمیشە ڕیاڵ لەناو شوێنی خۆیدایە. شوێنی ڕیاڵ ماڵی سوبێكتە، بەڵام زمان بوونێكی رووتی بێ ماڵ و كۆچەری (لە خەیاڵ و خەونی سوبێكت)دا فەراهەم دەكات.
زمان وەك بوونی بێ ماڵ و كۆچەری بەردەوام نیگەرانی ئیمکانەكانی لە دەستدانی ئەو خەون و خەیاڵەیە، بۆیە هەمیشە ژیانی مەرگی خۆی هەڵگرتووە. زمان و نائاگایی بوون (بە بوون)ی ئەویدیكەی غەریبە لە خەون و خەیاڵی سوبێكتدایە، نەك لە ماڵی سوبێكتدا. لەبەرانبەر ئەوەدا سوبێكت وەك ریاڵ ناتوانرێت بەشێك بێ لە زمان و ئەویدیكەی جیاواز. ئەوە زمان و ئەویدیكەی جیاوازە هەمیشە وەك رەمز دەیانەوێ شوێنی ریاڵ بگرنەوە و هەرگیز ناتوانن! چونكە چەمكی ئازادی لە چەمكی چەسپان باڵاتر دەبینن. لەو حاڵەتەشدا زمان و ئەویدیكەی جیاواز بۆ سوبێكت تەنیا خەون و خەیاڵن و هیچی تر.
كاتێك جیاوازی و زمان (غەریبە- نائاگایی) لە جێگیربوونی كاتییانەی بوونی خۆیاندا وەك (دراوسێیەكی كاتی) هەنگاو بەرەو (بوون بە) دەهاوێژن و بەردەوام لە بوونی جێگیر دەچنە دەرەوە بۆ بەخێرهێنانی ناسنامەی مەرگی ئازادانەی خۆیان لە خەون و خەیاڵدا، یان كاتێك لەسەر دواخستنی مەرگی ئازادانەی خۆیان بەردەوام دەكەونە نێو خەون و خەیاڵەوە.. ئەوە دەسەلمێنن كە سوبێكت بوونی خۆی لە پێناو خێرایی خۆیدا نییە، بەڵكوو دەمێك گێڕانەوەی تەنیاییە و دەمێك گێڕانەوەی پێکەوەبوون و ئاشنابوونە بە زمان و جیاوازی.
لێرەدا سوبێكت جارێك دەبێتە خانەخوێی داهێنانی زمان و جارێك دەبێتە بارمتەی جیاوازی. یاریكەری سەرەكی لەنێوان گێڕانەوەی تەنیایی و گێڕانەوەی پێکەوەبوون (كات و ئازادیی)ە.. بەڵام سوبێكت نازانێت کات چی دەکات و ئازادی بەرەو کوێی دەبات. لەبەرانبەریشدا بەردەوام زمان و جیاوازی لە دەریای(کات و ئازادیی)دا ون دەبن و سەرئاو دەكەونەوە..

زمان و جیاوازی
كاتی بەخێرهێنانی داهێنان

زمان و جیاوازی، كاتی بەخێرهێنانی خەون و خەیاڵی سوبێكتن. كاتێك زمان و جیاوازی لە داهێنانی بەردەوام و جیاوازی خەون و خەیاڵ دەكەون، ئیتر داهێنان دەبێتە تەنیایی زمان و سەرئاو دەكەوێت. جیاوازیش خەون و خەیاڵی داهێنان لە گێڕانەوەی پێكەوەبوون ون دەكات.. كەواتە زمان و جیاوازی لە خەون و خەیاڵی سوبێكتدا بە جیھانمان دەناسێنیت و لە هەمان كاتدا جیھانمان لە خەون و خەیاڵدا بۆ نمایش دەكاتەوە.. لەوێوە سەرئاوكەوتنی سوبێكت لە داهێنان و ونبوونی سوبێكت لە خەون و خەیاڵدا دەناسینەوە.
سوبێكت كەوتۆتە نێو نائاگایی رووتی زمان و جیاوازییەوە، هەر نائاگایی زمان و جیاوازیشە خەیاڵی داهێنان لە سوبێكتدا دەوڕوژێنێ.. كەواتە بنەمای سەرەكی خەیاڵی ئەدەبی نائاگایی زمان و جیاوازییە و هەمیشە جیاوازی و نائاگایی زمان پرۆسەی داهێنان لە پەیوەندییەكی زیندوودا بونیاد دەنێتەوە. بە دیوەكەی دیكە سوبێكت (وەك سیستەمی فەنتازی فریودەر، یان وەك سوبێكتی بچووك) دەتوانێت خۆی لە سەرئاوكەوتن و ونبوون لابدات.. دەمەوێ بڵێم ئەوەی لەو شیكردنەوەیەدا بەشدارە بە مانا لاكانییەكەی ئەو بەشەیە لە سوبێكت كە سوبێكتی بچووك نییە، بەڵكوو سوبێكتی گەورەیە!
پرسیارە بنەڕەتییەكەی ئەو لێكۆڵینەوەیە ئەوەیە: ئایا (جیاوازی) و (زمان) ماڵی بوون بونیاد دەنێن، یان داهێنان؟! ئەگەرچی (زمان و جیاوازی و داهێنان) یەك ئەویدیكە پڕ دەكاتەوە.. بەڵام هەمیشە زمان و جیاوازی لە گۆڕانی بەردەوام و سەیرورەدان و داهێنان جێگیربوون و چەسپانی كاتی دەنەخشێنێت.. گۆڕانی بەردەوام و سەیرورە ماڵییان نییە و كۆچەریین. بەڵام جێگیربوون و چەسپانی كاتی لە دۆخی بێ ماڵییدا بەدی نایەن.. بەو مانایەش زمان و جیاوازی گێڕانەوەی تەنیایی و گێڕانەوەی پێكەوەبوون بەیەكەوە دەگونجێنن. بەڵام داهێنان گێڕانەوەی پێكەوەبوون دەچەسپێنێ. كەواتە سوبێكت لەلایەك وەك خانەخوێی داهێنان و لەلایەكی دیكە وەك خانەخوێ و بارمتەی زمان و جیاوازی خۆی یەكلانەكردۆتەوە. دواجار زمان و جیاوازی لەلایەك كاتی بەخێرهێنانی پێكەوەبوون و مەرگی جێگیربوونە، لەلایەكی دیكە كاتی بەخێرهێنانی سەیرورە و تەنیاییە، یان روونتر لە یەك كاتدا بەخێرهێنانی داهێنان و بەخێرهێنانی سەیرورەیە..
سوبێكتی داهێنەر بە زمان بیردەکاتەوە، داهێنانی جیاواز بەرهەم دەهێنێ و پارێزگاری و پاسەوانی لە ماڵی پێكەوەبوون دەكات. بەڵام زمان و جیاوازی لە حاڵەتی گۆڕانی بەردەوام و سەیرورە و نائاگایی و غەریبی و كۆچدان. لەلایەك داهێنانی جیاواز جێگیربوونی كاتی و دڵنیایی دەبەخشێت. لەلایەكی دیكە زمان و جیاوازی بەرەو گومان و نەزانراو هەنگاو دەنێن.. بەو مانایەش ماڵی بوون لەنێوان زمان و جیاوازی، داهێنان و سەیرورە، كۆچ و جێگیربوون.. دەكەوێتە لەرزەوە.. بەڵام لەبیرمان نەچێت هەمیشە (ماڵ) جێگیربوون دەنەخشێنێت، ئەگەرچی كاتیش بێت. هەمیشە (كۆچكردن)ی بەردەوام لە هەنگاونان بەرەو نەزانراو زیندووە.
بێگومان تەنیایی داهێنان لە جیاوازی پێكەوەبووندا ئامادەیی هەیە. بەڵام كۆچكردن وەك گومانكردن لە نیشتەجێبوونێكی كاتییدایە، بێ ڕابردوو و بێ داهاتووە! لەو ئاكنجیبوونە كاتی و كۆچەدا وێنەی ماڵێك نمایان دەكرێت، كە بەردەوام سنوورەکانی کات و شوێنی لە گۆڕاندایە. بەو مانایەش زمان وەك داهێنان لە هەموو كات و شوێنێکدا بوونی تەنیایی خۆی لە پێكەوەیی جیاوازی بووندا دەنوێنێ. بەڵام هەر کاتێك پەیوەندیی نێوان (ڕیاڵ) و (رەمز) نەما، هەر کاتێك (جیاوازی) لەگەڵ (زمان) پەیوەندییان تێكچوو، ئەوە بۆشایی داهێنان درووست دەبێت، ئەو بۆشاییە هەر تەنها هەستکردن بە ئەزموونی نەبوونی و تەنیایی و نامۆبوون و غەریبی نییە، ئەو بۆشاییە هەر تەنها بەرهەمهێنانەوەی نەبوونی نییە، بەڵكووهەستكردنە بە مەرگ، مەرگیش تەنیا بە بوون بە جیاوازی و زمان پڕ دەبێتەوە.

زمان و جیاوازی
ئازادی و گۆڕان

زمان و جیاوازی لە ئەویدیكە و نائاگاییەوە سوبێكت دادەهێنێتەوە، بەڵام ئازادی و گۆڕان لە تەنیایی و نامۆییەوە بەرهەمی دەهێنێتەوە. پەیوەندی زمان و جیاوازی لە داهێناندایە. پەیوەندی تەنیایی و نامۆیی لە سەیرورەدا زیندووە. كەواتە بەردەوام داهێنان دەبێتە پردی پەڕینەوەی گۆڕان و سەیرورە. هەمیشە ئارەزووی داهێنان پردێكە بێ ئەوەى هیچ توانایەكى نێگەتیڤیتى لەخۆدا هەڵگرتبێت، بە دیوەكەی دیكە بێ ئەوەی بتوانێت خۆى لە بۆشاییەكان بدزێتەوە؟!
دەمەوێ بڵێم لەنێوان ئارەزووی داهێنان و سەیرورەدا بۆشاییەك (پردێك) هەیە، بۆشاییەك، پردێك كە هەم زمانە و هەم گۆڕان.. بە مانایەكی دیكە پانتایی بەرفرەوانی داهێنانەكانی ئەو (پردە/ بۆشاییە) لەپشتى پانتایی بەرتەسكی سەیرورەوەیە. خودی ئەو هێلكارییە جۆرێكیشە لە ئیستیفزاز و ئارامیى هەڵگرتن لە سوبێكت لەو پانتاییە بەرفرەوانەی داهێنان و بەرتەسكەی سەیرورەدا. ئەو هێلكارییە سوبێكت دەخاتە نیگەرانییەوە، ئەو هێلكارییە سوبێكت بۆ گۆڕانێك هاندەدات، كە هەر تەنها پاراستنی سیستمی زمانی لەخۆ نەگرتووە، یان هەر تەنها رووتكردنەوەی خەیاڵی زمان نییە، بەڵكوو ویستی شیكردنەوەی پرد و بۆشایشە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا بۆشایی و پردی داهێنان و سەیرورە هیچ وزەیەكی بۆ خراپبوون و زیانگەیاندن بە سوبێكت نییە، راستە هەمیشە ویستی شیكردنەوەی سوبێكت و بۆشاییەكانی سوبێكت دەوڕوژێنێ. لەبەرانبەریشدا سوبێكت تواناى شیكردنەوەی پرد و بۆشاییەكانی سیستمی زمان وەك نێچێرێك بۆ ژیری و زیرەكی دەستكرد دەردەخات و هەر هێندەشى لەدەست دێت، ڕووت و قووتی زمان و خەیاڵی بێبەرگری سەیرورە نیشانی ژیری و زیرەكی دەستكرد بدات! بەڵام وەك دەردەكەوێت ژیری و زیرەكی دەستكرد بەردەوام پێشوازی لە بەرهەمهێنانەوەی خەیاڵی بۆشاییەكان و ڕووتیی و سەیرورە سامناكەكەی خەیاڵ دەكات! بەو مانایەی كە زمان و جیاوازی لە داهێنانی ئەدەبییدا لە هەموو پرد و بۆشاییەكان، لە هەموو رووتییەكان سەرنجڕاكێشتر خۆیان دەنوێنن، بەڵام ئازادی و گۆڕان و سەیرورە لە زیرەكی و ژیری مەحاڵتر پیادە دەكرێن.
بنەمای سەرەكی داهێنانی خەیاڵی ئەدەبی نائاگایی زمان و جیاوازییە، بە دیوەكەی دیكەش ئەوە خەیاڵی زمانی ئەدەبیی و داهێنانە رووتی و گۆڕان و سەیرورەی بەردەوام لە جەنگی بۆشایی و پردی خەیاڵدا كۆ دەكاتەوە. ئەوە خێرایی و جەنگی بۆشاییە پتر لە مەحاڵ بڵاو دەبێتەوە! پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشایی خانەخوێی داهێنان و بارمتەی جیاوازیین، یان گێڕانەوەی تەنیایی و گێڕانەوەی پێکەوەبوونن.. هەمیشە لە كۆی گۆڕانكاری و پرۆسەكانی داهێناندا ئاشتەوایی دەخەنەوە، پێچەوانەوەی ڕاگەیاندنى جەنگ دژ بە پەڕگیری و چەسپان و رەتكردنەوەی ئەویدیكەی جیاواز، كە بە ناوى پاراستنی داهێنانی دادپەروەرانە، هەندێجار لە بوارەكانی زیرەكی دەستكرددا دەیانبینین..
بەڵام خانەخوێی و بارمتەیی، تەنیایی و پێکەوەیی.. بەر لەوەی بە پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشاییەوە بەرەو گۆڕان و سەیرورە هەنگاو بنێن.. بەرلەوەى ڕوخسارى داهێنان و گۆڕان لە پرد و بۆشاییدا بچەسپێن.. بەرلەوەى جیاوازی و خەیاڵی زمان وەڵامى پرسیارەكانی پردی چەسپاوی داهێنان بداتەوە و بۆشایی بكەوێتە بۆشاییەوە.. بۆشایی بكەوێتە لێسەندنەوەی گەیاندن و دواتر بۆشایی بكەوێتە لێسەندنەوەی بۆشاییەوە.. پردی خەیاڵ بەخستنە نێو جەنگێكی دیكەی بۆشاییەوە بەرەو گۆڕانكاری و داهێنانێكی دیكەی جیاواز دەبێتەوە!
كەواتە تەنها لە گۆڕاندا داهێنانی جیاوازی مومكینە، تەنها لە سەیرورەدا رووتبوونەوەی زمان مومكینە.. بەڵام هەر چۆنێ بێت سەیرورە روخسارى چەسپاوی داهێنان ناخاتە جەنگی بۆشاییەوە.. بەرلەوەى سەیرورە جەنگی بۆشایی ببینێت، لە پردی خەیاڵدا رووتبوونەوەی زمان (دهێنان) لە ئامێز دەگرێت و لەگەڵ یەكتریدا دانووسان دەكەن و روخسارى یەكتری بەرهەم دەهێننەوە.

پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشایی
لە رووتبوونەوەی زماندا

لە بڕگەكانى پێشوودا ڕوونمان كردەوە، كە بۆچى سوبێكت لە جەوهەردا زمان نییە، ئەگەرچی باس لە جۆرێك لە مرۆڤ بكرێت، كە پتر مەبەست لێى ئەو كەسەیە، كە نیشانەی ناسراوى ژیری و زیرەكی هەڵگرتووە! یان واپێدەچێت بۆ سوبێكتی داهێنەر پرسیارەكان جۆرێكى تر بن، ئایا ئارەزووەكانی جەستە دژ بە زیرەكی و ژیری دەستكرد، پردی خەیاڵ و جەنگی بۆشاییەكان و نائاگایی رووتی زمان بە نیشتمانى خۆیان دەزانن؟!
لە سەرەتادا با بەراوردێكى دوو مۆدێلى جیاوازى (ئارەزووی جەستە لە خەیاڵی ئەدەبیدا) و (خێرایی زانیاری لە زانستی تەكنۆلۆژیدا) بكەین: یەكەمیان، وەك داهێنانی ئەدەبی و شانازییەك بۆ خەیاڵی نائاگایی رووتی زمان، بە هۆكارى ئەوەی كە لە بواری ئەدەبیدا مەلەی سوبێكتی داهێنەر لە دەریای نائاگایی رووتی زمان تا قووڵتر بێت، نرخی ونبوونی سوبێكت لە داهێنانی ئەدەبیدا بەرزتر دەبێت. دووەمیان، تا زانیاری بە خێراییەكی كەڵەكەكراوتر لە زانستی تەكنۆلۆژیا دەركەوێت، زیرەكی دەستكرد، سوبێكتی دەستكرد باڵاتر دەبێت. بە مانایەكی دیكە ئەو هێزەى زیرەكی دەستكرد بانگی بۆ دەدا، هەمان وزە متبووەكانی ئارەزووی جەستە نییە، ئەگەرچی داهێنانە، بەڵام داهێنانی زیرەكی دەستكرد نەپۆشراوە، داهێنانی زیرەكی دەستكرد لەسەر خێرایی و لۆژیك رادەبێتەوە.
بە گشتی داهێنان نە سیستمێكی چەسپاوی هەیە و نە هەڵبژاردنێكی پێشنیازكراو. لە مێژووی سوبێكتدا داهێنان لە هەوڵێکی خودی وسبەلێکراو و داپۆشراوەوە بەرەو ئۆبێكتی دیار و دانەپۆشراوە دەچێت.. وەک چۆن خەیاڵی جوانی ناتوانێ لە مرۆڤدۆستی و جیاوازی دەرنەكەوێت. ئارەزووی جەستەش (لەگەڵ هەموو جیاوازییەكان) ناتوانێ لە زانستی تەکنۆلۆژیا دەرنەكەوێت.. خەیاڵ بەرهەمهێنەری خەیاڵ و زانیارییە.. داهێنان داپۆشین و دانەپۆشینە و دەبێتە خەسڵەتی کۆبوونەوە و بڵاوبوونەوە. لە داهێنانی ئارەزووی خودی جەستەدا كۆبوونەوە لە رووتبوونەوەدایە. لە داهێنانی زیرەكی دەستكرد و رۆبۆتەكاندا بڵاوبوونەوە لە رووتنەبوونەوەدایە. یەکەمیان وەک فرۆید دەیگوت بنەمای ژیارییە، دووەمیان بانگی بڵندگەراییە.
کەواتە ئەوە سوبێکت و ئۆبێکتە، رووتبوونەوە و رووتنەبوونەوە، ئارەزووی جەستە و زانستی تەکنۆلۆژیا.. ئاراستەی جوولە جیاوازەکانی ژیان دەنرخێنن. بەڵام ئەو دوو دیدە جیاوازەی لە خەیاڵ و خێراییدا دەبینرێت، چییە؟ بێگومان ئەوەى وا لە سوبێكتی داهێنەر دەكات، لە رێگای خەیاڵی ئەدەبییەوە خۆی لە ژانوژوارەكانی واقیع بدزێتەوە، چێژی ئەدەبییە، یان جەنگی بە سوبێكتبوونە لە بۆشاییەكانی خەیاڵی زماندا، بەو مانایەی كە سوبێكت فڕێدراوەتە نێو خەیاڵی رووتی زمانەوە. بەڵام دۆخى زیرەكی دەستكرد جیاوازە، پێگەى خێرایی دەستكرد و نەپۆشینی زانیارییەكان بەو واتایە خۆی دەنوێنێ، كە هەمیشە هاوكار و هاوپەیمانى خەیاڵی داهێنان (بەگشتی)یە، بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ یارمەتیى گەورە و درێژخایەن بە داهێنان دەبەخشێت.. كەواتە وەك ئاماژەمان بۆ كرد، زیرەكی دەستكرد لەو هێزە ناچێ، بێ سڵ كردنەوە پردی خەیاڵ و ململانێی بۆشاییەكان بە گۆڕان و داهێنان و سەیرورەوە ڕابماڵێت! دەمەوێ بڵێم زیرەكی دەستكرد هێزێكى تێكدەر نییە، بەڵكوو بەشێكی گەورەی سوودگەرایی و ئاڵوگۆڕی و چێژی لە خۆدا هەڵگرتووە. بەڵام هەمیشە سوبێكت لەبەرانبەر رۆبۆتدا نیگەرانە و لە مەرگی خۆی هەڵدێت!

بۆشاییەكانی سوبێكت
زیرەكی دەستكرد

هەرگیز بۆشاییەكانی سوبێكت لەبەرانبەر زانستی تەكنۆلۆژیادا بەو مانایە نییە، كە خەیاڵی زمان و سەیرورەی داهێنان لە پاشەكشەدان، بەڵكوو بەو مانایەیە كە چیتر سوبێكت لە زانینی چەند زانیاری و زمانێكەوە كەسایەتی خۆی ناپێوێ! چیدی سوبێكت وەك هێزێكى سەرووی مەعریفەی زانراو بە تەنیا كردەی رەمزی نانوێنێ و چێژ و خۆشی نابینێ، بەڵكوو بەردەوام لە دۆخی سەیرورەی جیاواز و خەیاڵی داهێنان و خێرایی و لۆژیك و سەرسامی بەرهەمهێنراودایە..
سوبێكت وەك داهێنان بەرهەمهێنەری زانیاری و چێژە. زانستی تەكنۆلۆژیا كۆگای زانیاری لۆژیكی و چێژە. لە سوبێكتدا داهێنان بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ بیركردنەوە و چێژ بەرهەم دەهێنێتەوە.. لە زیرەكی دەستكرددا زانیاری لۆژیكی كۆگاكراو سوودگەرایی و چێژ بەرهەم دەهێنێتەوە. چێژی داهێنانی خودی سوبێكت هەست و خۆشی دەوڕوژێنێ.. چێژی زانستی تەكنۆلۆژیا لە خێرایی و سەرسوڕھێناندایە. یەكەمیان رووی ئاواكاری لە وێرانكاری پترە. دووەمیان رووی ئاواكاری و وێرانكاری لەیەكەوە نزیكە. یەكەمیان خەسڵەتی كۆبوونەوە و جێگیربوونی چێژ پەیڕەو دەكات. دووەمیان خەسڵەتی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی چێژ دەنوێنێ، بەمجۆرە ئەگەر یەكەمیان پیاوسالارانە بكەوێتەوە، ئەوە دووەمیان ژنسالارانەیە..
كەواتە چێژی كۆبۆوەی خەیاڵی داهێنان و چێژی بڵاوبۆوەی خێرایی زانیاری، بە پلەى یەكەم لە مۆراڵى ئەدەبی و مۆدێلى زانستیدایە. یان بە مانای شیكاری دەروونی لە (ڤالووس/ خەسان)دایە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە، چەندێتیى چێژ و چۆنێتی بیركردنەوە دەكەوێتە كوێی پیاوسالاریی و ژنسالارییەوە ؟
وەك گوتمان سوبێکت لە دۆخی (پیاوسالاریی)دا وەك خانەخوێی ژن و خانەخوێ و بارمتەی جوانی و جیاوازی خۆی یەكلانەكردۆتەوە، ئەو یەكلانەكردنەوەیە وەك گۆڕانكاری بەردەوام لە دۆخی (ژنسالاریی)دا بەرەو خێرایی دابەشبوونی چێژ و بڵاوبوونەوەی بیركردنەوە دەچێت. واتە بەردەوام پیاوسالاریی و سەیرورە بەرەو ژنسالاریی و خێرایی و لۆژیكی زیرەکی هەنگاو دەنێت. كەواتە کۆی ئەو یەكلانەكردنەوەیەی لە پیاوسالارییدا كۆبۆتەوە، هەر تەنها گومان لە سوبێكت ناچێنێت، بەڵكوو وەک تیغێكى دووسەرە گومان و تووندوتیژی لێدەبێتەوە.. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا ژنسالارییش لە توانای بەرهەمهێنانی گومان و تووندوتیژی بەدەر نییە.
بە كورتی ئەوە خەیاڵ و جیاوازییە لە رووە ئاسۆییەكەیدا بنەمای چێژ و ئاستی داهێنان لە سوبێكتدا دیاری دەكات. وەك چۆن لە رووە ستوونییەكەیدا گۆڕان و سەیرورەی بەردەوامی تێدا دەوڕوژێنێ. لە هەردوو رووی ستوونی و ئاسۆییدا سوبێكت و رۆبۆت سەر بە خێرایی و لۆژیك و چێژن. ئاستی خیرایی رۆبۆت بەرفرەوانترە لە ئاستی خێرایی سوبێكت، بەڵام لە دۆخى ململانێ و هێرشبردن و پارێزگاریكردندا هەمیشە سوبێكت پشت بە نائاگایی رووتی زمان و جیاوازی دەبەستێت. كەچی رۆبۆت بە خێرایی زانیاری بیركردنەوەی لۆژیكی ناسراوە. كەواتە هەمیشە لەبەرانبەر چێژی خێراو بڵاوی رۆبۆتەكاندا، چێژی خەیاڵی داهێنانی ئەدەبی و هونەری كۆمان دەكاتەوە.
گۆڕان و سەیرورەی خەیاڵی داهێنان و زانستی تەكنۆلۆژیا لە دوو ئاستدا ئامادەی- نائامادەن. خەیاڵی داهێنان وەك چێژی داهێنان (پارێزگاری) دەكات. زیرەكی دەستكرد وەك خێرایی زانیاری و لۆژیكی بیركردنەوە (هێرش) دەكات. ئەوەی (خەیاڵی داهێنان) لە (زانستی تەكنۆلۆژیا) جیادەكاتەوە كاتیی خێرایی و مۆڕاڵی جیاوازییە! ئەوەی (خەیاڵی داهێنان) لە (زانستی تەكنۆلۆژیا) جیادەكاتەوە چەمكی جێگیربوون و دابەشبوونە.. بەڵام خەیاڵی داهێنان و درێژكراوەكەی (زیرەكی دەستكرد) نە كاتی بە دەست كەسەوە هێشتۆتەوە و نە مۆڕاڵ، نە جێگیربوون و نە دابەشبوون.. زیندەگی لە زەمەنی خەیاڵی داهێنانی خێرا و درێژكراوەكەی لە جەنگدایە و جەنگیش چێژ و خۆشی ناس ناكات. جەنگ نە (كات) دەناسێ و نە (ئەخلاق)ى هەیە. بە دیوەكەی دیكەش لە كۆی هێرشە ئامادە و نائامادەكاندا گۆڕەپانی جەنگ سوبێكتە، رۆبۆت نییە! بە گشتی سوبێكت هەم هێرشەكەرە و هەم بەرگریكار.. سوبێكت قوربانییە، كە ناچارە بەرگریى لە ئامادەیی و لە هەمان كاتدا هێرشی نائامادەیی بكات.

هەڵوەشانەوەى سوبێكت
لەنێوان هێرشبردن و پارێزگاریكردندا

لە جەنگی زانیاری و چێژدا، نە سوبێكت دیارە نە لۆژیك… وەك چۆن لە جەنگی داهێنان و چێژدا، نە رووتی زمان خۆی دەنوێنێ و نە ئاستی بەرجەستەی جیاوازی… یەكەمیان لەبەر خێرایی، كاتی ئاوڕدانەوەی نییە.. دووەمیان لەبەر چێژی خوێنەری هەموو شتزان بیر ناكاتەوە.. هێرشی زانستی تەكنۆلۆژی لەسەر گریمانەی تووندوتیژی و گومان وەستاوە. هێرش و بەرگری خەیاڵی خوێنەر لەسەر كردەی گومان و تووندوتیژی چێژ دەردەكەوێت. كەواتە دەكرێ خواستی داهێنان و ئارەزووی خێرایی لە یەككاتدا لە بەرگریكردن و هێرشكردن، لە كۆبوونەوە و بڵاوبوونەوەدا ببینین. بەو مانایەش ئەوەی بەڕێوەمان دەبات ئارەزووی خود نییە، خێرایی تەكنۆلۆژیا نییە، گومان و تووندوتیژییە!
بە مانایەكی دیكە ئۆبێكتی ئارەزووی داهێنان لە رێگای سەیرورەی بەردەوامەوە بۆ زانستی تەكنۆلۆژیای خێرایی زیرەكی و لۆژیك دەگۆڕێت. بۆیە ئەمڕۆ كۆی ئەو گۆڕانكارییانە بازاڕیان لە هەموو كاتێك گەرمترە و خەڵكى سڤیلیان خستۆتە گومان و لەرزەوە! بە گشتی ئارەزووی داهێنان و زانستی تەكنۆلۆژیا نەك هەر كاتی بۆ رامان ئاوڕدانەوە نەهێشتۆتەوە، بەڵكوو تووندوتیژی و دڵەڕاوكێشی لاى بەشێكى زۆرى خەڵكى سڤیلی كۆی گۆى زەوى بڵاوكردۆتەوە.!
داهێنان هەر تەنها وەك ئۆبێكتی ئارەزوو ناچێتە نێو خێراییەوە، زانستی تەكنۆلۆژی هەر تەنها وەك خێرایی بڵاوبوونەوە داهێنان ناكات، بەڵكوو بە پاساوى گۆڕانكاری و سەیرورەی بەردەوام لە ژیاندا هەنگاو دەنێن، بەڵام ئەو هەموو هەوڵ و كۆششەی زیرەكی، ئەو هەموو داهێنانە یەك لە دوا یەكانە.. هیچ قەناعەتێك لای ئەو كەسانە دروست دەكەن، كە ئەخلاقییانە بیر دەكەنەوە؟
بێگومان لە پشت هەرهۆكارێكەوە هۆكارێكى دیكە هەیە، بۆیە وەك چۆن وزەی خەیاڵ پاساوى بۆ داهێنانی بەردەوام هەیە، بەمجۆرەش زانستی تەكنۆلۆژیا پاساوى بۆ خستنە لەرزەی واقیعی باو هەیە.. بەڵام دواجار ئەو هەموو خیراییەی زیرەكی دەستكرد و خەیاڵی داهێنان، ئارامی لە ژیان هەڵگرتووە! چونكە مرۆڤ هیچ دەرفەتێكی بۆ رامان لە جوانی لەبەر دەستدا نەماوەتەوە. ژیان كەوتۆتە نێو گومان و تووندوتیژییەوە. بە كورتى خەیاڵی داهێنان چەشنی زانستی تەكنۆلۆژی هەر تەنها بە داهێنانە یەك لەدوا یەكەكان و خێرایی زانیارییەكانی خۆی سەرسامە..
كەواتە ئەوەی بەرگری دەكات، سوبێكت نییە ئارەزووی ئۆبێكتە، بەڵام ئۆبێكت تەنیا چەمكێكە لەنێو گوتارەكانی سوبێكتدا، تەنیا لە چوارچێوەى سوبێكتدا دەتوانێ كۆبێتەوە. ئارەزووی ئۆبێكت لە سەروەری سوبێكتدایە. چەمكی (سەروەری) جۆرێك لە سەرگەورەیی بۆ سوبێكتی رسكاوی نێو خەیاڵی زمان و نائاگایی دەگەڕێنێتەوە، بەڵام زانستی تەكنۆلۆژیا و پەلهاوێژتنى بۆ پانتاییەكانی ژیان، ئارەزووی ئۆبێكتی لە كۆكردنەوە و سەپاندندا تێپەڕاندووە و لە خێرایی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی چێژدا گەمەی پێدەكات.. دەمەوێ بڵێم لە نائامادەیی چێژی كۆكراوەی ڤالووسیدا تۆڕە چێژ هەژمووندارە.
زانستی تەكنۆلۆژیا هەر تەنها خێرایی لە كۆكردنەوە و دابەشكردنی زانیارییەكان پرۆسیسە ناكات، وەك چۆن خەیاڵی داهێنان هەر تەنها كۆكردنەوەی پەیوەندیى چێژی خوێنەری جیاواز و چێژی زمان نییە. بە كورتی داهێنان گوێڕایەڵیكردن بۆ نەناسراوێكی رووت نییە، كە ئارەزووی جەستە و رۆبۆتەكانن.. كەواتە ئەو گۆڕانكارییە خێرا و سەیرورانەی لە گردبوونەوە و جێگیربوونەوە بەرەو بڵاوبوونەوە و دابەشبوونمان دەبات، گۆڕانكاری رووتی تەكنیكە.. میكانیزمی گومان و تووندوتیژیش رووتی تەكنیك و ئۆبێكتی خەیاڵ بەڕێوەی دەبات..
خەیاڵ كێیە، خێراییە یان ئەویدیكەی خوێنەر، تەكنیكە یان ئۆبێكت، پێكهاتەی زیرەكی دەستكردە یان بەشداریكەری داهێنان؟ بێگومان خەیاڵ نادیارە، خەیاڵ ئەوەیە، كە تەكنیك بەجێی دەهێنێ، تەكنیك بەرجەستەی دەكات، بۆیە هەرگیز (كێیەتى)یەكەی خەیاڵ بێ تەكنیك پێناسە ناكرێت، یان لەوەدا نییە پێناسە بكرێت.. کێیەتی خەیاڵ لەنێوان خێرایی دەستكرد و چێژی ئەویدیكەدا تەكنیكە، هەرگیز تەكنیكیش بۆ ئاماژەكان یان مانا دیاریکراوەكان ناگەڕێتەوە. کێیەتی خەیاڵ، ئۆبێكتی ئارەزوو و تەكنیكی خیرایی بەرهەمدەهێنێتەوە. دەتوانین بڵێین وێنەكانی خەیاڵ دەمامكی نائاگایی زمان و جیاوازییە. بەڵام ئەوەی وێنەی ئارەزووی جەستە و زانستی تەكنۆلۆژی لێکجیا دەکاتەوە، کردەی بەرهەمهێنانەوە و كاری سەرسامكەرانەیە! كۆبوونەوە و بڵاوبوونەوەیە..
هەمیشە وزەی كۆكراوەی خەیاڵ، بوونی خۆی لە بەرهەمهێنانی ئاستە جیاوازەکانی داهێناندا هەڵگرتووە. بەڵام رووتی خێرایی بوونی خۆی لە وزە دەرپەڕیووەكاندا هەڵدەگرێتەوە، كەواتە بەكارهێنانی ماتەوزەكانی داهێنان لە رێگای زیرەكی دەستكرد لە پێناو بڵاوبوونەوەیە.. بەشێكی گەورەی بڵاوبوونەوە لەپێناو دابەشبوونی بازاڕی زانیارییەكانە، لە دەركەوتنی سوود و چێژگەرایی و دووبارە دەركەوتنە. بەڵام دەركەوتنی داهێنانی خەیاڵ لە بەردەوامی ئاستە جیاوازەكانی بەرهەمهێنانەوەدایە.
وەك دەزانین زیرەکی دەستکرد هاوکاری داهێنان دەكات. داهێنانیش بە شێوەی جۆراوجۆر وزە متكراوەكانی دەخاتە خزمەتی زیرەكی دەستكردەوە. بەو مانایەش كردەی داهێنان ماتە وزە پۆشراوەكانی پێشكەش زیرەكی دەستكرد وەك رووتبوونەوەی دەركەوتن دەكات. لەبەرانبەریشدا زیرەكی دەستكرد وزە دەرپەڕێنراوەكانی خێرایی وەك نەپۆشین نیشان دەدات. لێرەدا داهێنان هیچی لە دەستنەداوە، بەڵکو لەژێر نەپۆشین پۆشینی بەدەستهێناوە! بە مانایەكی دیكە ئەوەی داهێنان بەدەستیهێناوە ئاستە جیاوازەکانی داهێنانی خەیاڵی پۆشینە. ئەوەی زیرەكی دەستكرد دەجوولێنێ، نەپۆشراوی خێراییە..
وزە دەرپەڕێنراوەكانی زیرەكی دەستكرد خەیاڵی نیین و لە زانینی پەتی دەردەكەون، بەڵام ئاستە جیاوازەکانی داهێنان جگە لە خەیاڵی داهێنان لە ئۆبێكتدا کورت دەکرێنەوە. بەو مانایەش وێنەی زیرەكی دەستكرد بەر لە دەركەوتن لە مەحاڵی نەپۆشیندایە. تاکە ئیمکانی رووتی داهێنان لە ئاستە جیاوازەکانی بەرهەمهێنانەوەی داهێناندایە..

ماتەوزە و وزەی دەرپەڕیوو
ئارەزوو/ تەكنۆلۆژیا
چەمكی (پەیوەندى)ی لەگەڵ ئەویدیكەی جیاواز و خەیاڵی داهێنان لە چەمكی ئارەزووی جەستەدا كۆدەبێتەوە. چەمكی (روو-بە-روو) بوونەوەی زانیاری و خێرایی لە چەمكی رووتی زانستی تەكنۆلۆژیادا بڵاو دەبێتەوە! بەو مانایەش ئامادەیی (ئارەزوو/ رووتی) دەرفەتى بەیەكەوەبوون و بڵاوبوونەوە، دەرفەتى دەرپەڕاندنی وزە متبووەكان و وزە دەرپەڕیووەكان ئاسانتر نیشان دەدات. واتە لەلایەك خوێندنەوەی ئارەزوومەندانە بۆ گەیشتن ئاسانتر دەكەوێتەوە، لەلایەكی دیكە مەرج نییە لە هەموو پەیوەندى و رووبەڕووبوونەوەیەكدا، لە هەموو (ئارەزوو) و (رووتی)یەكدا دەرفەتی كۆبوونەوە هاوتای دەرفەتی بڵاوبوونەوە بێت! چونكە لە فرە زانیاری و فرە رووتیدا پانتایی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی چێژ لە پانتایی چێژی كۆبۆوەی ئارەزوومەندانە فرەوانترە.. چونكە بەجێهێنانی چێژی وزە دەرپەڕیووەكانی (زانیاری-نەپۆشین) لەگەڵ پرۆسەی بەجێهێنانی چێژی وزە متبووە كۆبۆوەكان جیاوازە..
چێژی زانستی تەكنۆلۆژیا كە بڵاو و دابەشكراوە، لە گۆڕانكاریی بێكۆتایی هەنگاو بەرەو بانگێك لە بەرزایی نەبینراوەوە دەنێت، بە خێرایی زانیاری و خەیاڵە پڕ چێژەكانیانەوە دەبن بە دراوسێى چێژی وزە متبووە كۆبۆوەكان، یان بوونە ئەخلاقییەكەى ئارەزووی جەستە، لەو لێكنزیكبوونەوەیەدا خێرایی زانیاری دەیەوێ خەیاڵەكانی ئارەزووی جەستەی (دراوسێ) بخاتە ژێر پرسیار و تاقیكردنەوەی زانستییەوە و دواتر ئارەزوو چەشنی ئۆبێكت جێبهێڵێت!.. جێهێشتنی ئارەزووەكانی جەستەی دراوسێ وەك ئۆبێكت لە زۆربەی رووەكاندا دەلالەت لە پێشكەوتنی خێرای زانیاری و رووتی زانستی و بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی سوودگەرایی و چێژ دەكات.
بەمجۆرە (پەیوەندى)ی ئارەزوومەندانە دەلالەت لە بەرپرسیارێتى ڤالووسی و بەرهەمهێنانەوە دەكات. بەڵام (روو-بە-روو) زانیاری و خێرایی ئاشكراكردنى ڕووتییە، لە هەر رووتییەك رووتتر.. هەڵبەتە پەیوەندی ئارەزوومەندانە هەوڵدەدات چەمكی رووبەڕووبوونەوەی زانیاری و خێرایی بخاتە بەردەم تەحەدایەكى ئەخلاقىیەوە، بەوەی یان دەبێت میواندارى لە چێژی ئارەزووی جەستە بكات، یان مۆدیلی تەكنۆلۆژی وەك مۆدیلێكی بێ مۆراڵى بسەلمێنێت. بێگومان بنەمای ئەو تەحەدایە لە ململانێی رەسەنێتی و ناڕەسەنێتی جوانتر دەردەكەوێت.. بە دڵنیاییەوە ئەگەر چەمكی خەیاڵ لەو خوێندنەوەیەدا وەلا بنێین، ئەوە تەحەدای مۆڕالی تاكە هەوڵێكە بەرانبەر نەزمى داگیركارانەی چێژی تەكنۆلۆژیا بوەستێتەوە.
ئەگەر ئارەزووی جەستە و ئاوێزانبوون وەك سیمایەكی ژاكاوی پەیوەندی نێرسالارانە تەماشا بكەین، ئەوە هێشتا مۆدیلی تەكنۆلۆژیا شتانێكی مێسالارانەی جیاوازی لەپێشەوەیە، كە بتوانێ دووبارە بیبەخشێتەوە و بەشى بكات! واتە مۆدیلی تەكنۆلۆژیا (وەك پەیوەندی و رووبەڕووبوونەوە) هێشتا بەرپرسیارە لە پێشوازییكردنی نێرسالارانەی ئەخلاقیی.. بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا بانگی بڵندگەرایی مێسالارانە، بانگی پێدانى ئەدرەسی رووتبوونەوەیە، بە ئارەزووی نێرسالارانە.. تاكو لە سێنتەرگەرایی بێتە دەرەوە و بە دابەشبوون رازی بێت؟
لەبەر ئەوەی ئەویدیكەی جیاواز چیدی لە ماڵی نێرسالارییدا نییە و لە ژێر ئاسمانێكى بێ پەچەتر و بڵاودایە. لەبەر ئەوەی چیدی ئارەزووی جەستە ئارەزووی خستنەناوەوەی كۆبۆوە بەرانبەر بڵاوبوونەوە و دابەشكردن نییە، لەبەر ئەوەی ئەوە تەكنۆلۆژیایە دەبێتە زانیاری و خێرایی، نەك ئارەزووی جەستە.. ئیتر ئەو ململانێیە دەبێتە تووندوتیژیى بەرانبەر ئەو ئارەزووەی ماوەتەوە.. بەرانبەر ئەو سوبێكتەی بە هۆی تێپەڕاندنى كاتى تێپەڕێنراو دەكێشێتەوە و دەكەوێتە نێو ڕابردووەوە و لە ئێستا وندەبێت. ئەگەرچی ئەو سوبێكتەی ماوەتەوە هەمیشە پەیڕەوى دراوسێتیەكی باش دەكات، بەدەم بانگییانەوە دەچێت، با ئەدرەسەكە هەڵەش بێت..
ئازارى ئەدرەسی هەڵە لە كوێیە؟ لەوێوەیە كاتێك ئەو سوبێكتەی ماوەتەوە، ئەو ئارەزووەی لەبەرانبەر فرە زانیاری و خێراییدا ماوەتەوە، ئەو رەسەنە، وندەبێت.. وندەبێت بەرانبەر گوتاری ناڕەسەنی دەرەوە كە لە قسەكردن بە واتا سادەكەى زیاترە، لەوێشەوە هەر كە لە خۆی دەڕوانێت شەرم لەخۆی دەكات و ئارەزووەكانی دەكشێنێتەوە لە كشانەوەشدا پێش هەموو پرسێك داواى (ببوورە) دەكات.

پرسی (ببوورە)
لە تاقیكردنەوەی زانستیدا
تەكنۆلۆژیا لە ماوەی كاركردنیدا زانیارییەكی خێرا و زۆری ئاشكرا كردووە.. لەبەرانبەردا ئارەزووی سوبێكتی رەسەن پرسی میوانداریى (دراوسێی)ی بێمەرج بەرز دەكاتەوە.. واتە بە جۆرێك لە جۆرەكان ئارەزووی سوبێكت لەبەرانبەر چەمكی بڵابوونەوەی تەكنۆلۆژیدا دەستی لە چەمكی كۆبوونەوە شلكردووە.. بەڵام لای زیرەكی دەستكرد ئەو دەست شلكردنە بەنێو تاقیكردنەوەی زانستیدا نەڕۆیشتووە.. هەر شتێ بەنێو تاقیكردنەوەی زانستیدا رەتنەبێت، زیرەكی دەستكرد نایخوێنێتەوە.. كەواتە ئەگەر بمانەوێت بە درووستى لە پرسی (ببوورە) تێبگەین، ئەوە دەبێ بە تاقیكردنەوەی تەكنۆلۆژیایی بڵاوبوونەوەدا تێپەڕین..
پرسەكە ئەوەیە ئارەزووی سوبێكتی رەسەن لە دەستى كێ داوای لێبووردن دەكات؟ ئایا تەكنۆلۆژیا داگیرى كردین.. پرسی ببوورە ڕزگارمان دەكات؟! هەڵبەتە (ببوورە) وەك نەریتێكى مرۆڤدۆستانە لە دێرزەمانەوە هەبووە و هێشتایش هەر ماوە، بەڵام هەرگیز تەكنۆلۆژیا (زیرەكی دەستكرد) فریای دووبارەكردنەوەی ئەو پرسانە ناكەوێت، تەكنۆلۆژیا داكۆكی لە خێرایی و زانیاری دەكات وئاوڕناداتەوە..
كەواتە ئەو هاودەنگییەی لەنێوان زانیاریی و خێرایی درووست بووە، لەنێوان بڵاوبوونەوە و دابەشبوون درووست بووە، بەشێك لە هۆكارەكانى هەم قەتیسكردنی مرۆڤدۆستییە لە پیاوسالاری (سەركێشییەكانی ڤالووس)، هەمیش پێشكەوتنە خێراكانی مێسالاری و رووتییە، هەم گۆڕینى دراوسێ بوو لە بەدەمداچوونیی بێ مەرجەوە بۆ چێژ و قازانج و قۆستنەوەى وەك بارمتە..
بەمجۆرە زانیاری و خێرایی چیدی دەرفەتی ئاوڕدانەوەی لە دراوسێ نییە، تەنها وەك بارمتەی پڕ چێژ و سوود نەبێ، نایخوێنێتەوە.. ئیتر تەكنۆلۆژیا روخسارى دراوسێی لە دەرەوە و بۆ دەرەوە دەوێت، دراوسێ وەك ئۆبێكت بەكار دەهێنێت.. كاتێك تەكنۆلۆژیا لە دەرەوە لە سیماى بارمتە، لە سیمای دراوسێ دەڕوانێت، بۆ یارمەتیدانی ئەدرەسی هەڵەی خۆی پێدەدات.. نەك لەبەر ئەوەی خانەخوێ كۆنترە لە بارمتە، نەك لەبەر ئەوەی تەكنۆلۆژیا بەردەوام گۆڕانكاری و سەیرورەیە و خانەخوێ لەبری بارمتە جێى جیاوازی گرتۆتەوە.. نەك لەبەر ئەوەی تەكنۆلۆژیا ئەویدیكەیەكی كۆچەرییە و ئاوڕ ناداتەوە، ئەگەرچی خێرایی و زانیارییەكانی چەوساندنەوەى جیاوازیشی لێبكەوێتەوە.. یە كورتی تەكنۆلۆژیا فریا ناكەوێت لەبرى زانستی تاقیكردنەوە لەگەڵ پرسی (ببوورە) ئەخلاقى بێتەوە! جگە لەوەش ئەخلاقیبوونى تاقیكردنەوە لە خێرایی كەم ناكاتەوە.. خێرایی زانیارییەكان بەرپرسیارێتیان نییە.. زیرەكی دەستكرد لە رووى ئەنتۆلۆژییەوە نا-ئەخلاقییە. تەكنۆلۆژیا لەو تووندوتیژییەدا، كە تووندوتیژیى تۆتاڵێتییە و تووندوتیژییەكەی لە خێرایی دەرچووە.. بەردەوام گەمەى بارمتەكان و هەڵگەڕانەوە و جێگۆڕكێ دەكات. لەبەرانبەریشدا سوبێكت كە بارمتەى زمانی نائاگایی و جیاوازیی و داهێنانە لە (ببوورە)دا هاوبەشى تەكنۆلۆژیا بكات، كە دیسان هەر تەكنۆلۆژایە.

هەولێر 12/1/2025
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




زیندان وەک ئامرازی سەرکوتکردنی هزری ئازاد.. ئاسۆس ساڵح

فیلمی (A Twelve-Year Night) بە نموونە

«بیری ئازادیم لە زیندانا فراوانتر ئەبێ
قوڕ بە سەر ئەو دوژمنە هیوای بە بەندیخانەیە» – قانع

فیلمی “A Twelve-Year Night” (دوازدە ساڵ تاریکی)، بەرهەمێکی سینەمایی قوڵ و کاریگەرە کە چیرۆکی ڕاستەقینەی سێ زیندانیی سیاسی تۆپامارۆ لە ئۆرۆگوای دەگێڕێتەوە. تۆپامارۆ، بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتیمانی ــ گروپێکی مارکسیست-لینینیست و گەریلای شاریی بوون و لەنێوان ساڵانی ۱۹٦۰ تا ۱۹۷۰ چاڵاکیان لەناو شارەکان ئەنجام دەدا. چەپی ڕادیکاڵ بوون. لە ساڵی ١٩٧٣دا، دوای شکستی تۆپامارۆییەکان و سەرکەوتنی حوکمەتی دیکتاتۆری دوای کودەتایەکی سەربازی، لە ۷ـی مانگی ۹ـی۱۹۷۳ نۆ ئەندامی ئەم گروپە دەستگیر دەکرێن و دەکرێن بە دیل. ئەم فیلمە چیرۆکی سێ لەم دەستگیرکراوانە دەگێڕێتەوە کە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ بە شێوەیەکی نامرۆڤانە لە زیندانی تاکەکەسیدا دەهێڵرێنەوە. یەکێک لەوان، “خۆسێ مۆخیکا”یە، کە دواتر لە تەمەنی ۷٥ ساڵیدا و لە ساڵی ۲۰۱۰ دەبێتە سەرۆک کۆماری وڵات. یەکێکی تر ئێلوتێریۆ فێرناندێزە کە دوای ئازادبوونی بووە سیناتۆر و وەزیری بەرگری. هەروەها، ماوریسیۆ ڕۆسێنکۆف کە نووسەر بوو دوای ئازادبوونی دەست دەکاتەوە بە کایەی ئەدەبی خۆی و شاعیر و ڕۆماننووس و شانۆنامە دەنووسێت و لە مۆندۆتیڤۆ دەبێتە بەڕێوبەری ڕۆشنبیری ئەم شارە. فیلمەکە پیشانی دەدات کە چۆن دەسەڵاتی سەرکوتکەر، زیندان دەکاتە ئامرازێک بۆ تێکشکاندنی کەسایەتی و هزری ئازادیخوازان، بەڵام سەرکەوتوو نابێت لە شکاندنی ئیرادەیان. کەسانی شکستخواردوو ئەوانەن کە زوو خۆیان بەدەستەوە دەدەن! کەسانی سەرکەوتوو ئەوانەن کە خۆیان بەدەستەوە نادەن و بە ئیرادە و هێزەوە ڕووبەڕووی دۆخە دژوارەکان دەوەستنەوە.

زیندان لە مێژووی خەباتی گەلاندا تەنها شوێنێکی فیزیکی نییە، بەڵکو میکانیزمێکە کە بەکاردێت بۆ نیشاندانی هەوڵی دەسەڵات بۆ کپکردنی دەنگی جیاواز و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و هزری ئازاد.

زیندان وەک ئامرازی سەرکوتکردن:

لە ژێر حوکمی هەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، فاشیست، تۆتالیتار و ئۆلیگارشیدا، زیندان دەبێتە شوێنی کپ کردنی هزری ئازاد، ڕەخنە و بیروڕای جیاواز. ئەمە لە ڕواڵەتدا تەنها سزایەکی تاکەکەسییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا نیشاندانی هێز و پەیامی سیاسی دەسەڵاتە. لێرەدا ئەم زیندانە یان سزایە، خۆی دەشارێتەوە لە پشت پەردەی یاساوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئامرازێکی بێ-یاسایە بۆ پاراستنی هێز و دەسەڵات.

دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکان بەردەوام لە هەوڵی دووبارە پێناسەکردنی زیندانن وەک شوێنێکی “یاسایی” بۆ سزادانی ئەوانەی دژی سیستەمەکەیان دەوەستنەوە. بەڵام زیندان لە ڕاستیدا بووەتە گۆڕەپانی ململانێیەکی ئایدیۆلۆژی و فیکری. لە فیلمی “A Twelve-Year Night”دا، دەبینین چۆن دەسەڵاتی سەربازیی ئۆرۆگوایی سێ چاڵاکوانی سیاسیی چەپ جیادەکەنەوە و بەردەوام دەیانگوازنەوە بۆ بنکە سەربازییەکان، دەیانهێڵنەوە لە ژێر بارودۆخێکی نائینسانیدا، بە ئامانجی تێکشکاندنی کەسایەتییان و وەرگرتنی زانیاری و شێتکردنیان.

هەمان میکانیزم لە لایەن ڕژێمە سەرکوتکەرەکانی ناوچەکەی ئێمەش بەکار هێنراوە، وەک بەعس لە عێراق، ڕژێمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی لە ئێران، یان تورکیا بەرامبەر بە کورد. نموونەی ئەو شکەنجە و زیندانانەی وەک ئەبوغرێب، دیاربەکر، سیدنایا …هتد، هەموویان بەشێکن لە میکانیزمی بێدەنگکردنی دەنگی ناڕازی و سەرکوتکردنی هزری ئازاد.

زیندان و پێشڕەوانی گۆڕانکاری:

سروشتی گشت دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان لە یەکتر نزیکە. هەر لە ساتی دەستپێکیانەوە تا کۆتاییان، زیندانەکان پڕدەکەن لەو مرۆڤانەی هزری ئازادیان ڕام ناکرێت. هەرگیز سڵناکەنەوە لە ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بە ئامانجی لەناوبردنی ئەو ڕۆحیەت و ئیرادەیەی هەیانە. بەڵام وەک قانیع دەڵێت: “قوڕبەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە”، چونکە زۆرن ئەوانەی زیندانیان لە سیمبولی داگیرکردن و لەناوبردن، گۆڕیوە بۆ سیمبولی ئازادی و بەرخودان.

لە فیلمی “A Twelve-Year Night”دا، دەبینین چۆن خۆسێ مۆخیکا و هاوڕێکانی لە ناخی تاریکی و تەنیاییدا، سوور دەبن لەسەر پاراستنی هزر و بیروباوەڕیان. ئەوان بەرگەی ١٢ ساڵ ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و دەروونی دەگرن بێ ئەوەی ملکەچ بن. ئەم ئەزموونە هاوشێوەی ئەزموونی زۆرێک لە زیندانییە سیاسییەکانی جیهانە.

زۆرێک لەو کەسایەتییانەی بوونەتە ڕابەری گۆڕانکاری، زەمەنێکی درێژیان لە زینداندا بەڕێ کردووە. وەک لینین، گرامشی، ماندێلا، هۆشی مینە، ئانگ سان سوکی، مارتن لۆسەر کینگ، یوسف سەلمان یوسف (فەهد)، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، خۆسێ مۆخیکا و چەندانی تر کە لە ژماردن نایەن. هەر یەک لەم کەسایەتییانە چیرۆکی تراژیدی تایبەتی خۆیان هەیە و بوونەتە سەرچاوەی ئیلهام و ئیرادە بۆ نەوەی دواتریان بۆ وەستانەوە دژی هەر دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و دیکتاتۆری.

ڕەشبگیری و سەرکوتی هزری ئازاد

ئەو ڕەشبگیرییەی بەعس و هاوشێوەکانی دەیانکرد دژی هەر کەسێک کە بۆنی گوڵی ئازادیی لێ بهاتایە، نموونەیەکی بەرچاوی ئەو سیاسەتە دڕندانەیە کە مێژووی سەردەمی نوێ خۆیەوە بینیویەتی. هەزاران کوردی بێتاوانی بەهۆی بیروباوەڕ، خوێندنەوەی کتێبێک، یان تەنانەت گوێگرتن لە گۆرانییەک دەستگیرکراون و ڕەوانەی زیندانەکان کراون، تا ئێستاش بەردەوامە.

دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی گەنجان و چاڵاکوانانی کورد، لە ئێران و تورکیا تا ئێستاش بەردەوامە. ئەمەش نموونەی ئەو تراژیدیانەن کە گەلی کورد بینیویەتی. هەموو ئەمانە بەشێکن لە هەوڵی سیستەمە سەرکوتکەرەکان دەیگرنەبەر بۆ لەناوبردنی ئیرادەی کورد و بێدەنگکردنی هزری ئازاد.

ئەم تراژیدیانەش هاوشێوەی ئەزموونی تۆپامارۆکانی ئۆرۆگوای لە فیلمی “A Twelve-Year Night”دا، سەرئەنجام نەیانتوانیوە ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن و ویستی ئازادیخوازی و مافخوازی لەناوببەن. بەپێچەوانەوە، ئەم کارەساتانە بوونەتە سەرچاوەی بەهێزکردنی بیری نەتەوەیی و خۆڕاگری گەلی کورد.

زیندانی مۆدێرن: داگیرکردنی فیزیکی و هزری

زیندان لە مێژووی هەموو گەلێکی ژێردەستە و چەوساوەدا یادەوەرییەکی تراژیدییە. هەر ئەمەشە وا دەکات ئەدەبیاتی زیندان زیاتر پەرەبسەنێت و لە ڕێگەی کاری ئەدەبی، فەرهەنگی و کەلتوورییەوە چیرۆکەکانی زیندان بگێڕدرێنەوە.

جۆرج ئۆروێڵ، لە ڕۆمانی “١٩٨٤”دا، کە باس لە دەسەڵاتێکی تۆتالیتار و دیکتاتۆر دەکات، زیندان/ژووری ژمارە ١٠١ وەک نموونەی تێکشکاندن و گۆڕینی هزری لۆژیکی مرۆڤ وێنا دەکات. لەو ڕۆمانەدا، ئۆروێڵ خەسڵەتی ترسناکی زیندانی مۆدێرن دەخاتە ڕوو کە تەنها داگیرکردنی جەستە ناکاتە ئامانج، بەڵکو دەیەوێت هزر و هۆشی مرۆڤیش داگیر بکات. دەسەڵات دەیەوێت چی بووێت ئەوە لای زیندانی بکاتە حەقیقەت و ڕاستیی ڕەها، وەک: ٢+٢=٥.

لە فیلمی “A Twelve-Year Night”یشدا دەبینین چۆن سیستەمی سەرکوتکەر سێ زیندانییەکە لە دنیای دەرەوە دادەبڕێت، هەوڵدەدات بیریان بچێتەوە، ناچاریان بکات وا بیربکەنەوە کە دۆڕاون و خەبات بێ سوودە. بەڵام سەرئەنجام، ئەوان توانیویانە پارێزگاری لە هزر و بیروباوەڕی خۆیان بکەن.

ئەدەبی زیندان لە ئەدەبیاتی کوردیدا

ئێمە وەک گەلێکی داگیرکراو، لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان، چەندان مرۆڤی شۆڕشگێڕ و قارەمانمان لە خراوەتە گرتووخانە، بەڵام وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە. چیرۆکە تراژیدی و کەموێنەکانی زیندانییان تا ڕادەیەک فەرامۆش کراوە، ئەوەی بەزیندوویی هێشتوونیەتەوە، نەمری خودی چیرۆکی داستانییەکەیانە.

تا ڕادەیەک زەمینەیەکی لەبار بۆ لێکۆڵینەوە و نووسین لەمەڕ ئەدەبی زیندان هەیە، بەڵام ئەدەبیاتی کورد لەو ڕوەوە لاوازە. هەرچەندە بەشێکی گرنگە لە مێژووی بەرخۆدانی گەلی کورد. لە سەر پرسە سیاسییەکان ئەوەی گیراوە زیاتر کەسایەتی سیاسی بوونە، زەمینەی زیاندان لە ژێرگوشاری دەروونی هانی داون بۆ نووسین. یەکێک لەوانە “مەلا عەلی” شاعیرە، کە لە “شیعری ژووری سێدارە”دا دەڵێت:

«ئەڵێن: ئەمرێ و، لە ترسی مردن پەشێوە
پێشمەرگە بم هەر ئەکەومە پێش ئێوە
بە مەرگی پێش مەرگی ئێوە ئاسوودەم
ڕووشم، زەردەی پێکەنینی هەر پێوە

گەرچی بەرەو دواماڵی ژین بەڕێوەم
یەکەم ماڵی نەمردن دیارە لێوەم
بەشم چونکە مردنی ناو جێ نییە
شادم کە تا دوا هەناسەش بە پێوەم»

لێرەدا شاعیر لەوپەڕی بەرگریی شکۆدارانەدایە و زیندان لە ڕێگەی ئەدەبەکەیەوە دەکاتە چەقی بەرخودان و پێدانی ئیرادە و بەردەوامیدان بە ڕێگەی تێکۆشان. ئەو پەیام بۆ هاوڕێ و هاوبیرەکانی دەنێرێت کە زیندان و مردنێکی ئاوا نەمرییە و ئاسوودەیە کە زیندان ملکەچی نەکردووە.

کۆتایی و دەرئەنجام

زیندان وەک ئامرازی سەرکوتکردنی هزری ئازاد، هەمیشە بەشێکی تاڵ و پڕئازار بووە لە مێژووی گەلان. بەڵام وەک فیلمی “A Twelve-Year Night” و ئەزموونی زیندانییە سیاسییەکانی کورد لە هەر چوار پارچەکە پیشانیدەدەن، دەکرێت زیندان ببێتە سیمبولی خۆڕاگری و بەردەوامی. زیندان دەتوانێ سنوورێکی فیزیکی دابێت، بەڵام ناتوانێت سنوور بۆ هزر و بیر دابنێت.

ئەدەبی زیندان و گێڕانەوەی چیرۆکی زیندانییە سیاسییەکان، بەشێکی گرنگە کە پێویستە زیاتر لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و بەشێوەیەکی فراوانتر بڵاوبکرێتەوە تا مێژووی هەموو ئەو قارەمانانە لەبیر نەکرێت کە گیانیان بەخت کردووە یان ژیانیان لە زینداندا بەسەر بردووە بۆ داهاتوویەکی گەش و ئازادی گەلانیان.

زیندان، لە سەرەتاییترین شێوەیەوە تا مۆدێرنترین فۆرمی، هەوڵێکە بۆ داگیرکردنی جەستیی و فکریی مرۆڤ. بەڵام هەرگیز لە داگیرکردنی بیری ئازادیی مرۆڤ سەرکەوتوو نەبووە، چونکە وەک قانیع دەڵێت، بیری ئازادی لە زینداندا فراوانتر دەبێت. لە کۆتاییدا، ئەوە هزری ئازادە کە سەرکەوتوو دەبێت، نەک سنوورە فیزیکییەکانی زیندان.

ئاسۆس ساڵح




چین چۆن وەڵامی فشارە ئابوورییەکانی ئەمەریکا دەداتەوە؟.. هەڵۆ حەسەن

گۆڕەپانی بازرگانی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە بووەتە گۆڕەپانی شەڕ. دوایین پەرەسەندن سەپاندنی باج لەلایەن ئەمەریکاوە بە بیانووی جیاوازەوە- کە نزیکەی هەموو هاوبەشێکی بازرگانی سەرەکی دەکاتە ئامانج، لەنێویاندا چین.

پەکین بێدەنگ نەبوو

حکومەتی چین لە لێدوانێکی بوێر و پتەودا ئەو هەنگاوەی ئیدانە کرد و بە پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێساکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و پێشێلکارییەکی جددی بۆ سەر ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی گەلانی خاوەن سەروەری ناوبرد. بەیاننامەکە لە ناڕەزایەتی دەربڕین تێدەپەڕێت- ڕەخنەیەکی فراوانتر لە ڕێڕەوی ئێستای سیاسەتی بازرگانی ئەمریکا دەخاتە ڕوو، ڕەخنەیەک کە چین دەڵێت بەهۆی ئیستیسنائیەتی ئەمەریكی “ئەمریکا یەکەم”ەوە دەجووڵێت نەک بەدواداچوونێکی ڕاستەقینە بۆ دادپەروەری یان بەرامبەرایەتی،حکومەتی چین ڕایگەیاند: “ئەمریکا باج وەک چەکێک بەکاردەهێنێت، بەشداری لە یارییەکی سفر کۆدا دەکات کە ڕێسای بازرگانی فرەلایەنە تێکدەدات”، جەخت لەوە دەكاتەوە “ئیستیسنائیەتی ئەمەریكی” تەنها خزمەت بە بەرژەوەندییە هەژموونییەکان دەکات و هەڕەشە لە سەقامگیری ئابووری جیهانی دەکات،وەڵامی چین لەسەر بنەمای باوەڕێکی بەهێزە بە فرەلایەنی و گەشەپێدانی دادپەروەرانە و خۆشگوزەرانی هاوبەش. پەکین وەک دووەم گەورەترین ئابووری جیهان، پابەندبوونی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ کردنەوەی فراوانتر بەڕووی جیهاندا، باشترکردنی ژینگەی بازرگانی لەسەر بنەمای یاساکان، و پێشخستنی ئازادکردنی بازرگانی ئاستی بەرز،بەڵام پەیامەکە قووڵترە لە زاراوەی ئابووری- ئەمە سەبارەت بە حوکمڕانی جیهانی و ڕۆڵی زلهێزە تازەپێگەیشتوەکانە،چین ناکۆکی بازرگانی وەک هێمای پێکدادانێکی ئایدیۆلۆژی فراوانتر لە چوارچێوەیەکدا دادەنێت: تاکلایەنە لە بەرامبەر فرەلایەنی، وەدەرنانی بەرامبەر بە گشتگیری و زۆرەملێ بەرامبەر هاوکاری. بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە “گەشەپێدان مافێکی گشتگیری هەموو وڵاتانە”، بەیاننامەکە هێڵێکی ڕوون دەکێشێت- چین خۆی وەک پارێزەرێکی یەکسانی جیهانی دەبینێت لە سەردەمێکدا کە تادێت غەریزەی پارێزگاریخوازانە زاڵ دەبێت،وە ئەمە تەنها قسە نییە. تۆماری چین لە بازرگانی و ژێرخانی جیهانیدا- بە تایبەتی لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی وەک دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا- ستراتیژییەکی درێژخایەن نیشان دەدات کە سەنتەری یەکگرتنی ئابووری و هاوکاری باشوور-باشوور. چین وەک پاڵەوانی جیهانگیری لە کاتێکدا دەمێنێتەوە کە هەندێک لە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بەرەو ناوەوە دەڕۆن،هێشتا لە پشت زمانی دیپلۆماسییەوە هۆشدارییەکی تیژ هەیە کە دەڵێت چین “کێشە دروست ناکات بەڵام لە کێشە ناترسێت.” چین بەم دەستەواژەیە ڕوونی دەکاتەوە فشار و هەڕەشە قبوڵ ناکات. ڕێوشوێنی بەرگری دەگیرێتەبەر، پێداگری دەکات، بۆ پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییەکانی.

ڕێگایەکی چەقبەستووی جیهانی

ئەوەی ئەم ساتەوەختە بە تایبەتی گرنگ دەکات ئەوەیە کە جیهان چاودێری دەکات- و لایەنەکان هەڵدەبژێرێت. لە کاتێکدا هەڵاوسان بەردەوامە گەڕانەوە بۆ شەڕە بازرگانییەکانی بنەمای گومرگی دەتوانێت جیهان بەرەو دابەشبوونی قووڵتر ببات،چین داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە فرەلایەنی ڕاستەقینە بپارێزێت و سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزمی ئابووری ڕەت بکاتەوە. لە ناوەڕۆکی ئەم پرسەدا پرسیارێکی جدی هەیە: ئایا داهاتووی بازرگانی جیهانی بەرەو هەژموون و دابەشبوون- یان هاوکاری و پێکەوەژیان دەروات؟،ئەگەر بەیاننامەکەی چین هەر ئاماژەیەک بێت، ئەوا پەکین ڕێگای خۆی هەڵبژاردووە. ئێستا، جیهان دەبێت بڕیار بدات کە ئایا دەیانەوێت دژایەتی ئەم ڕێبازە بكەن یان پێكەوە كاربكەن لەگەڵ چین بەرەو نەزمێكی ئابووری جیهانی هاوبەش

هەڵۆ حەسەن

سەرچاوە – بەیاننامەی حكومەتی چین سەبارەت بە بەکارهێنانی باج لەلایەن ئەمریکاوە
https://www.fmprc.gov.cn/zyxw/202504/t20250405_11588935.shtml




ڕیشەی(١٢)تەمەنی هەزار ساڵەی نەورۆز لە ناخی بەڵگە شوێنەواریەکانەوە.. پرۆفیسۆر دکتۆر مەولود یتبراهیم حەسەن

پێشەکی :
جەژنی نەورۆز بەهۆی ئەو مێژووە دوورو درێژ و هەرە کۆن و ئەو جوگرافیا فراون و ڕەهەندە جیهانییەی کە زۆر لە پێش زایینەوە بۆی دروست بووە ، ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە بەزۆر شیوە مێژووی دروستبوونی باسبکرێ و بنووسرێتەوە !
ئێمە ئەمڕۆ واز لە هەموو ئەو مێژووانەی تر دەهێنین و ڕوو لە بەڵگە باسکراوەکان ناکەین هەرچەندە هەریەکەیان گرنگی خۆی هەیە ، خاڵێکی هەر گرنگیان ئەوەیە کە ئەم هەموو گێرانەوەو مێژووە بۆ خۆیان نیشانەی کۆنی وبەربڵاوی و گرنگی جەژنی نەورۆزن ، هەر ئەو کۆنی و فراوانی جوگرافیایەی کە نەورۆز ساڵانە تێیدا پیرۆز دەکرێ ، ماف دەدات بە هەموو وڵات و میللەتێک کە چۆن جەژنی نەورۆز بە پیرۆز دەگرێ ، ئاواش بۆ خۆیان مێژووێک بۆ نەورۆزی خۆیان بەڕاست وەربگرن و بەهی خۆی بزانێ !
بەڵام .. لە نێو ئەو هەموو مێژووە کامیان ڕاستترو پڕ بەڵگە ترە !؟ خۆ ناکرێ مێژووەکان هەموویان هەر ڕاست بن ! کە هەندێ جار زۆر لێکدوور دەکەونەوە . بەڵام ، دیسان هەمووشیان بێ بەش نین لە جۆرێک لە ڕاستی ، ئەو ڕاستییەی کە لەگەڵ مێژووە ڕاست و دروستەکە تێکدەکاتەوەوە ! خاڵێکی گرنگی ئەم وەک یەکیە ئەوەیە کە هەمووان لە یەک ڕۆژدا نەورۆز دەکەن ، ئەوتش ١/١ ی سەری ساڵێ کوردیە ، کە دەکەوێتە بەرامبەر ٢١/٣ ی ساڵی زایینی .
پێویستە لێرە خاڵێکی گرنگ باس بکەین ، کە ئەو هەموو مێژووە جۆراوجۆرو ساڵ و زەمەن لێک جیایەی کراوە بە مێژووی نەورۆز ، هۆی ئەوەن کە لە( دوازدە هەزارساڵ) بەرەو هێروە ، ڕووداوە گەورەکان هەموویان دەخرانە ڕۆژی نەورۆزو هەر میللەت و وڵاتەش هەندێک ڕووداوی مێژووییان تێکەڵ بە ڕۆژی نەورۆز بووە ، ئەم تێکەڵبوونەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو مێژووەی وڵاتی خۆیان بە مێژووی سەرهەڵدانی یەکەمی نەورۆز بزانن ! لە گەڵ ئەوەش چەند خاڵێکی گرنگ هەر لەسەرەتاوە لە پەیدا بوونی نەورۆزدا هەبووە ، خاڵەکانیش ئەمانەن :
یەکەم : نەورۆز لە سەرەتاوە جەژنێکی گرنگی ئایینی بووە ، ئەو ڕەهەندە ئایینیەش نەورۆزی پیرۆزکردووە .
دووەم : جەژنێکی سروشتی کشت و کالی بووە ، ئەمەش سەرەتای گۆڕانی وەرزی زستانی سارد بووە ، بۆ بەهاری تەرو جوان و ڕازاوە .
سێیەم : ڕۆژی هاتنەوە سەر دنیای دەمموزی بووە ، کە دەمموزی دواجار پیرۆزیەکی خوداوەندی وەرگرتووە .
چوارەم : ڕەهەندێکی ئەفسانەیی هەبووە ، ئەفسانەش ئەو سەردەمە پیرۆز بووە و ڕێ و ڕەسم و سرووتی تایبەتی هەبووە جیانە بووە لە ئایین.
پێنجەم : بەردەوام نەورۆز جەژنێکی گەورەی هەمەلایەنەی پاشاو هەموو کۆمەڵانی خەڵک و پیاوانی ئایینی بووە،کە هەمووان تێیدا بەشداربووەنە .
شەشەم : زۆر بۆنە دەخرانە ئەو ڕؤژە ، بۆ نموونە تاج لەسەرنانی پاشا ، ڕاگەیاندنی دەوڵەت وڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر دوژمنان لە شەڕدا .
حەوتەم : ساڵانە دەبووایە لە جەژنی نەورۆز دیاری و خەڵات لە هەموو وڵاتەوەو وڵاتانی دورو بەروکاربەدەستانی وڵات پێشکەش بە پاشای مەزنی بکەن .
هەشتەم : ئاهەنگی جەژنی نەورۆز دوازدە ڕۆژی دەخایاندو هەموو ڕۆژەکان بەرنامەو سروتی شادی خۆی هەبووەو لە پاشاوە تا جوتیارو شوانێک هەموویان تێیدا بەشدار بوون.هەر بۆیە ئەو جەژنە هەر زوو ناوبانگێکی جیهانی وەرگرت و هەموو وڵات و میللەتانی دەورو بەر بەخۆشیەوە کردوویانە بە جەژنی خۆیان .
پێشتر گوتمان ڕوداوە گەورەکان و سەرکەوتنەکان لە شەڕو ڕاگەیاندنەکانی سەرکەوتنەکان دەخرایە ڕۆژی نەورۆز ، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ماد لە سەرەتاوە ، سەرکەوتن بەسەر ئاشووریەکان لە ساڵی( ٦١٢ پ.ز ) دیسان لە نەورۆزی ئەم ساڵە ڕاگەیێندرا ؛ هەرئەوەشە کە ( ئەفسانەی کاوەو زوحاک ) کە بەڕای ئێمە هەمان سەرکەوتنی مێژوویی مادەکانە بەسەر ئاشووریەکان ، ئەویش لە گەڵ ڕۆژی جەژنی نەورۆز ، پاشا سەرکەوتنەکەی خۆی ڕادەگەیێنێ ! ئەمەو زۆر ڕووداوی گەورەی ناوچەیی و جیهانی وەک پیرۆزیەک بۆ ڕووداوەکان خراونەتە ڕۆژی نەورۆزو ئاهەنگەکانیان تێکەڵکراون . گرنگیەکی تری نەورۆز لەوەدایە کە زۆر لە پێش زایینەوەو هەموو میللەت و ئایین و وڵاتە لێک جیاو لێکدوورەکان دواجار نەورۆزیان وەک جەژنی خۆیان قبووڵ کردبوو.
نەورۆز ڕۆژی هاتنەوە سەر دنیای دەمموزی :
نەورۆز لە داستانی (دەمموزو عەشتار) دا ، لە دەقە نووسراوەکانی سۆمەریەکان بەتایبەت لە داستانی دەمموزو عەشتار دا ، باسی جەژنی هاتنەوە سەر دنیای دەمووزی دەکەن ، پاش ئەوەی شەش مانگ لە ( جیهانی ژێرەوە)سۆ،ەری کە دەکاتە( بن دنیا )ی نێو ئەفسانەی کوردی ئێستا ، بەند دەکرێ ! ئەو هاتنەدەرەوەیە دەکاتە ڕۆژی یەکەمی ساڵی نوێی سۆمەریەکان و هەمان ڕۆژی یەکەمی ساڵێ ئێستای ساڵنامەی کوردیمانە ، لە داستانەکەو نووسراوە سۆمەریەکان ئەو جەژنە بە ناوی ( زەگموک – زەگمەک) ناو دەبەن، کە ماناکەی دەکاتە ڕۆژی نوێی و ساڵی نوێ ! تەمەنی داستانی( دەمموزو عەشتار ) یش بەپێی لێکۆڵەرانی ئەفسانەو داستانی سۆمەریەکان ، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی کشت و کال (١٠ هەزار) ساڵ پێش زایین ، کارەکتەری ئەو داستانەش بە شێوەیەکی سەرەکی ( جوتیارو شوان) ن ، ئەوەش بە وردی لە داخوازی کردنی عەشتارو شووکردنییدا دەردەکەوێ ، کە دوو کەس وەک جوتیارو شوان هەریەکەیان بۆ بەدەست هێنانی دڵێ عەشتار بە پیشەو بەرهەمی خۆیان دا هەڵدەڵێن ! ئەوزەمەنەش هەمان زەمەنە لەگەڵ زەمەنی دروستکردنی( پەرستگای گرێ مرازان ) کە بە ترکی کراوە بە (کوبیکلی تەپە ) کە ئەو پەرستگایەش بۆ( ١٠هەزار ساڵ) پێش زایین دەگەڕێتەوە !
پەرستگای گرێ مرازان :

پەرستگای( گرێ مرازان )(١) کە بەکوردی( گرێ ناڤوکێ ) شی پێدەڵێن و بە ترکیش پێی دەڵێن 🙁 کوبیکلی تەپە ) ، ئەم پەرستگایە دەکەوێتە نزیک شاری (ڕەها) ی باکووری کوردستان و لە تەنیشت گوندی ( خرابەڕەشکێ ) ! ئەم پەرستگایە ساڵێ( ١٩٦٣ ) شوانێکی کورد بە ردێکی خۆشکراو لەسەرگردی ( گرێ مرازان ) بە دەرەوە دەبینێ ، بیردەکاتەوە دەزانێ ئەم بەردە ئاسایی نیە ، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری لێ ئاگادار دەکاتەوە ، ساڵی (١٩٩٤) شوێنەوارناسی ئەلمانی پرۆفیسۆر (کلاوس شمیدس) دەچێتە ئەم شوێنەو دەس بە هەڵکۆڵێن دەکات ، لە ئەنجامدا بۆی دەردەکەوێ کە ئەمە( پەرستگا )یەو تەمەنی (١٢هەزار ساڵ )یە(٢) ، کۆنترین پەرستگایە لە هەموو جیهان و هێندە پڕ نهێنیە گوتبووی 🙁 ئەگەر تەواوی شووینەکە پشکنینی بۆ بکرێ ئەوە تیوری دروستبوونی مرۆڤ دەگۆڕێ!) ئەم پەرستگایە بە ستوونی گەورەو گران و جۆراوجۆر دروستکراوە ، ستوونی وای تێدایە کە (١٦ تەن ) گراناییەتی ، هێندە لووس و ڕاست و جوان تراشراون مرۆڤ سەری سوڕ دەمینێ ؛ دوازدە هەزار ساڵ پێش ئەمڕۆ مرۆڤ لەم شوێنە چۆن توانیویەتی کار لەسەر بەردی ئاوا گران و ڕەق بکات و هێندەش ئەندازەیی و هونەری بیڕازێنێتەوە بە وێنەی ( بەرز – بارز ) و( هەڵکۆڵراو)(٣) کە هەر وێنەیەک جۆرە ئاژەڵێکە، لە کاتێکدا حەو وەختە هێشتا ئاسن نەدۆزرابووەوە ! جگە لەمەش لە دانان و ڕیزکردنی ستوونەکان وەک دەردەکەوێ پشت بە زانستی ( ئەستێرەناسیی )(٤) بەستراوە ؛ لەوانە دوو ستوونی شەش مەتر بەرزی لە ناوەڕاستی پەرستگا کە بەرامبەر یەک چەقێندراون ؛ پسپۆران وای لێکدەدەنەوە کە ئەم دوو ستوونە بۆ(فەلەکناسیی و ساڵنامە )(٥) بە کار هاتوون ،نووسینگەی ڕاگەیاندنی زانکۆی ئەدەنبەرە ڕایگەیاند :(مارتن سوێتمان ، کۆنترین ساڵنامەی دۆزیوەوتەوە کە لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتی شێوەی نیە! ئەم ساڵنامەیە لەسەر یەکێ لە ستوونەکانی گرێ مرازان – کوبیکلی تەبە – لە خوارووی ئێستای ترکیا نەخشێندراوە ! ) کە ستوونەکە ستوونی ( ژماە ٤٣ )(٦)
! ئەمەش بیرۆکەی بوونی ساڵنامە بە ڕاست وەردەگرێ ، واشێان لێکداوەتەوە کە ( ئەستێرەی ئۆریۆن ) ئەگەر بکەوێێتە نێوان ئەم دوو ستوونە شەش مەتریە ، ئەوا نیشانەی سەری ساڵەو ئەم سەرە ساڵەشیان کردووە بە جەژن ، کلاوس شمیدت دەڵێ : ( ئەم جەژنە لە ڕۆژی ٢١/٣ کراوە ) دیارە ٢١/٣ ێش دەکەوێتەبەرامبەر ڕۆژی ١/١سەری ساڵێ کوردی و سۆمەری و هەمان ڕۆژی ( جەژنی نەورۆز)ی(٧) ئێستای خۆمانە ! ئەمەش جارێکی تر دەری دەخات کە جەژنی نەورۆز جەژنێکی کۆن و بڵاوەو لە هەموو ناوچەکە پیرۆزکراوە ، ئێمە پێشتر لە لێکۆڵێنەوەیەکدا بە ناوی ( دێرینکۆیۆ لە نێوان جیهانی ژێرەوەی داستانی دەمموزی و بەهه شتی ژێرزەمینی جەمشیدا ( کە ناسراوە بە- وەر ) ، بە لێکۆڵێنەوە لە شاری سەڵماند مان ژێرزەمینی ( دێرینکۆیۆ) ی یازدە چێن لە ژێر چێنی باکووری کوردستان ، کە ئەویش تەمەنی (دوازدە هەزار ساڵە) ئێمە بە لێکۆڵێنەوە سەلماندمان کە ئەم شارە هەمان شوێنی چوونە خوارەوەی( دەمموزی و عەشتارو ئەنلیل )ە لە داستانی دەمموزو عەشتاردا بە ( بن دنیا – جیهانی ژێرەوە ) ناسراوە ، لەم شوێنەوە ( دەمموزی و عەشتارو ئەنلیل ) چوونەتە خوارەوە ( عالم السفلی ) ی سۆمەری هەر لە وێش هاتوونەتەوە سەر دنیا و ئەو ڕؤژەش کراوە بەجەژن.
لەم نووسینەدا دەردەکەوێ کە لە پەرستگای گرێ مرازان( زانستی فەلەکناسیی و ئەستیرەناسی )هەبووەو( ساڵنامە ) یان هەبووەو (سەرەساڵ )یان هەبووەو سەرە ساڵەکەش کراوە بەجەژن و ئەم جەژنەش وەک پسپۆران دەڵێن : ( جەژنی نەورۆز ) ە ، ئەم بەڵگەیەش کۆنترین بەڵگەیە تا ئێستا ( شوێنەوارناسان بیدۆزنەوە )کە بەڵگەی هەبوونی جەژنی نەورۆز بسەڵمێنن .

لەم پەرستگایەو لە دوازدە هەزار ساڵ پێش ئەمڕؤشدا ! دیارە ئەگەر بەوردی لێکۆڵێنەوە لەم شووێنە بکرێ ، دەردەکەوێ پێشینەیەکی زۆر لە دوزدە هازار ساڵ کۆنتری هەیە ، چؤن ناچێتە عەقڵەوە ئەم پەرستگایە بێ پێشینەیەکی کارکردنی سەدان ساڵ و هەزاران ساڵە مرۆڤەکانی ئەم وەختە یەکسەر بە ئاستێکی وا بەرز دەستیان بەکار کردبێ ؛ بەم هەموو زانست و هونەرەوە کە لە پەرستگاکەدا بە کار هاتووە ! ئەوەی لێرە بۆ ئێمەو ئەم لێکۆڵێنەوەیە زۆرگرنگە ، بە بەڵگەی شووینەواری و بە ڵێکۆڵێنەوەی زانستی و بەدانپێدانانی پسپۆران ونێوەندە زانستی و زانکۆکان باسی (مێژووی ١٢ هەزار ساڵ )ەی نەورۆزمان بۆ دەکات و شوێنەکەس لە کوردستانە .

گرێ مرازان ، کوبیکلی تەپەو دۆزینەوەی هێماکان :
پاش ئەوەی ساڵی ٢٠٢١ پسپۆران پاش هەوڵ و ماندوو بوونێکی زۆر ، ئەوەیان ڕاگەیاند کە (ساڵنامەی گرێ مرازان ) کۆنترین سانامەی هەموو مرۆڤایەتیە کە تا ئێستا دۆزرابێتەوە؛ ئەم هەواڵە گرنگە بۆ بە هەواڵێ نێوەندە زانستی و میدیاییەکان و زۆری لە بارەوە گوتراو نووسرا ! ئەوەش بە هۆی لێکۆڵێنەوە وردو زانستیەکانی چەندان پسپۆربوو . یەکەمجار (پرۆفیسۆر کلاوس شمیدس )(٨) پسپۆری شوێنەوارناسیی ئەلمانی باسی ئەم ساڵنامەو جەژنی سەری ساڵەی ئەو مرۆڤانەی ئەوسەردەمی کردوو گوتی : جەژنەکەیان دەکەوێتە ٢١/٣و لەم ڕۆژە ئاهەنگیان گێڕاوە ! دواتر زاناکان کەوتنە (خوێندنەوەی وەردی نهێنی )یەکانیان و(دۆزینەوەی هێماکان ) ئەو هێمایانەی لەسەر ستوونە گەورەو جۆراو جۆرەکان ، بە شێوازی جیا جیا نەخشێندراون ، توێژەرانی (زانکۆی ئەدەنبەرەی ئسکۆتلەندی ) لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو نەخش و هەڵکۆڵێنانەی سەر ستوونەکانی- گرێ مرازان – کوبیکلی تەپە – (کۆنترین سانامەی هەیڤی هەتاوین) کە تا ئستا دۆزرابنەوە! ئەوان لەسەر یەکێ لە ستوونەکان هێمای ٣٦٥ نموونەی بە بە شێوەی (٤ )یەو هەر یەک لەم نیشانانە هێمای ڕۆژێکەو بە هەمووان دەکە نە ١٢ مانگی هەیڤی و هەتاوی ، زاناکان وای بۆ دەچن ئەو ستوونانە لە ١٠ هەزارو ٨٥٠ ساڵ پێش زایین تراشراون . ئەوەش بۆ تۆمارکردنی ئەو ڕۆداوەی کە یەکێ لە کلکدارەکان بەرزەوی کەوتووەو ئەوەش بەر لە ١٣ هەزار ساڵ پێش ئێستا ڕووی داوە . ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی سەردەمێکی شەختەبەندانی ١٢٠٠ ساڵەی بەدواوە بووەو بووەتە هۆی لە نیو چوونی گیانلەبەرە گەورەکان و گۆڕانی ژیانی ڕاوچیەتی بۆ کشت وکالی ونیشەجێبوونی خەڵکەکە و پەیدا بوونی باوەڕی جۆرە ئایینێک ! مارتین سویتمان زانای زانکۆی ئەدەنبەرە خاوەنی ئەم توێژینەوەیە نووسیویەتی : ( واپێدەچی دانیشتوانی – کوبیکلی تەپە – گرێ مرازان – چاودێرێکی بە سەلیقە ووردی ڕووداوەکانی ئاسمان بووبن .) هەر ئەو توێژەرە لە بارەی – کوبیکلی تەپە – گرێ مرازان – دەڵێ : کوبیکلی تەپە کۆنترین دروستکراوی دۆزراوەی مرۆڤەو دەکەوێتە شاری شانلی ئورفە و نزیک سنووری سوریا و بۆ( ٩٦٠٠ تا ٨٢٠٠) ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە . لەم دوو بازنەیە نزیکەی ٢٠٠ ستوونی تێدایە ، کە بەرزییان نزیک بە شەش مەتر دەبێت و ئەمەش بۆ ئەوە دەشێ کە پەرستگا بووبێت . ئەم زانیاریانە لە بڵاوکراوەی زانستی (تیم ئاند ماند ) بڵاو کراوەتەوە .
ئەم شوێنە گرێ مرازان دەکەویتە باکوری کوردستان و شوێنێکە لە نێوان چەندین شوێنەواری تر کە هەموویان زەمەنەکەیان دەگەڕێتەوە بۆپێش ١٢ هەزار ساڵ و ئەمەش نێشانەی سەردەمێکی گرنگی سەرد هەڵدانی( شارستانیەتی بەرد ) ە لە کوردستان، چۆن هە موو ئەو شوێنانە کارکردن و تراشینی بەردە ، هەر بۆ نموونە : (شاری حەسەن کێف و کاراهان تەپەو دێرێنکۆیۆ و گرێ مرازان) ، هەموو ئەمانەش تەمەنیان ( ١٢٠٠٠ )ساڵەو نیشانەی بەردەوامی و ئاوەدانی کوردستان و سەر هەڵدانی شارستانیەتە کانن !

لە سایتی ( دارکا مازیا ) لە وتارێکدا بە ناوی ( شوونوارێ کو دکارە زانینا مە یادیرۆکی بگوهەرینە : گرێ مرازا ) لەم وتارەدا نووسراوە 🙁 زانیاریەکانی گرێ مرازان دەبێت هۆی گۆڕێنی تێڕوانینی ئێمە بۆ مێژووی کۆمەڵایەتی ، بە داخەوە زۆربەی دەشاردرێتەوە ، هەروەک ( ئان موودەن ) لە زانکۆی ستانفۆرد گوتوویەتی : (گرێ مازان هەموو شتێک دەگۆڕێ ، بەڵام ، ئەوانەی دەیانەوێ ئەم گۆڕانکاریە بەردەوام بکەن ، زانیاریەکان دەشارنەوە !)(*) ئەم زانیاری شاردنەوەو شێواندنە دەمێکە داگیرکەرانی کوردستان دەستیان پێکردووەو نایانەوێ ڕاستیەکانی مێژوو شوێنەوارەکانی کوردستان دەرکەون !؟
هەر لەم وتارەدا هاتووە : (هەندێک لێکۆڵێنەوەی ئانثرۆپۆلۆژیک دەڵێن ..( دی ئێن ئەی) ئێسکەکانی ئەم شوێنەوارە و ئەو خەڵکەی ئێستا لەم ناوچەیە دەژین وەک یەکن ! کەواتە ئەو خەڵکەی لەم شوینەی گرێ مرازان ژیاون و ئەو کوردانەی ئێستا لەوێ دەژین خاوەنی یەک ( دی ئێن ئەی) نە ! واتە ئەوانەی کە گرێ مرازانیان ئاوەدانکردووتەوە هەر لەم شوێنە ماونەتەوەو نە چووینەتە جێگایەکی ترو ئەو شوێنە هەر لە لایان باوک و باپیرانی( ڕەها )یێەکان و دەورو بەری ئاوەدانکراوەتەوە ، کەواتە ئەم لێکۆڵێنەوە زانستیە ئەوە دەسەلمێنێ .. کە (دانیشتوانی گرێ مرازان باوک و باپیرانی کوردن !) هەر ئەو وتارە بەردەوام دەبێت و دەنوسێ : پشکنینە ( دی ئێن ئەی) یەکان ئەوەی سەلماند کە کورد لە پەنجا هەزار ساڵی ڕابردوو هەر لەسنوورەی ئەمڕۆی کوردستاندا ژیاون ، گرێ مرازان پەیوەندی بە مێژووی کوردانەوە هەیە ، لێکۆڵینەوە ئارکۆلۆژی و ئانترۆپۆلۆژیەکان دەیسەلمێنن کە کورد خاوەنی مێژوو کلتورێکی لە مێژینەن و شارستانیەتیان دروستکردووە ، بەڵی لە ڕووێکی تر گرێ مرزان زانیاریە مێژووییەکانمان دەگۆڕێ ، بەڵام ؛ لە گەڵ ئەوەش کۆنی مێژووی کوردو شارستانیەتەکەیان دەخاتە بەرچاو .)
هەروەها لێکۆڵێنەوەکانی زانکۆی ئەستەنبۆل و شیکاگۆی ئەمریکی باس لەوە دەکەن کە 🙁 ساڵێ ١٩٩٥ پاشماوەیەکی زۆر لەم ناوچەیە دۆزرانەوە ، لە نێویاندا ستوونی بەردین کە بۆ چاخی بەردینی نوێ دەگەڕێنەوە ، درێژیان لە نێوان ٣ تا ٦ مەتر دەبێت و گراناییان ٤٠ تا ٦٠ تەن دەبێت و ووینەی گیانلەبەرو باڵندەو مرۆڤیان لەسەر کیشراوە .)(١٠) دواجار ساڵی ٢٠١٨ پەرستگای گرێ مرازان – کوبیکلی تەپە – خرایە نێو لیستی کلتوری جیهانی لە یۆنسکۆ دا .
هونەرو زانستەکانی گرێ مرازان :
لە لێکۆڵێنەوەی لێکۆڵەران و دەرکەوتنی بەردەکان و شێوەی دروستکردنی پەرستگاکەو نەخش و وێنەکان ،وادەکەن ئێمە جێ دەستی زۆر هونەرو زانست ببینین کە لەم شوێنەدا بەجێماون ! ناکرێ ئەم هونەرو زانستە بەرزانە ، بەرهەمی کتوپڕیەکی لەناکاو بن و هیچ پێشینەیەکیان نە بووبێت ! ستوونە بەردەکان بەم تراشینە ئەندازەییەو بەم بەرزی و گرانیانەوە ، چ ئامێرێکی تراشین و چ ئامێرێکی بەرز کردنەوەیان تێدا بە کارهاتووە ؟ ئەم وێنانە بەرهەمی چ ڕەوتێکی هونەری پێشکەوتوون ، کە ستوونەکانیان ڕازاندووتەوە(٩) ، کە وێنەی مرۆڤ وبەرازو ڕێوی و مارو مراوی و زۆری تر ، بە هونەری جیا جیاو بە شێوەی بەرزو کۆڵێن و هەندێکیان سێ ڕەهەندین ! هەروەها زانستی فەلەکناسیی و دروستکردنی ساڵنامەو ، ساڵنامەکەش لە ڕۆژی سەری ساڵە ، کە لەم ڕۆژەدا شەوو ڕؤژ بەرامبەر دەبێت و وەرزێکی تری ساڵ دەست پێدەکات ئەویش بەهارە ، ئەوە چ زانستێکی وردی فەلەکناسییە کە توانیویەتی ، لە نێو ٣٦٥ ڕۆژی ساڵداو بەر لە دوازدە هەزار ساڵ ، ئەم ڕۆژە بدۆزێتەوە کە تێیدا شەوو ڕۆژ وەک یەک دەبن لە کورت و درێژیدا !؟ من وای بۆ دەچم ئەم هەموو هونەرو زانستە گرنگە ، کە پێشینەیەکی دوورو درێژیان هەبێت ؛ چاوەڕێم لە کنەو پشکنین و هەوڵە زانستیەکانی زاناکان ، بەتایبەت شوێنەوارناسەکان ، هەر لەم دەورو بەرە پێشینەو ڕەوتی پێشکەوتنی هونەرو زانستەکان لە شووینە شووێنەواریەکان بدۆزنەوە ،
چەند سەرنجێک :

  • گرێ مرازان پێش ئەوەی دەرکەوێ کە شوێنەوارێکی گرنگەو پەرستگایەکی کۆنە ، لای خەڵکی دەورو بەر کە کوردن ، وەک چاکێک و گردێکی پیرۆز ناسرابوو، خەڵک بەتایبەت ژنان بە هیوای منداڵ بوون و مراز ئادا بوون ڕوویان تێدەکردو ئەو تاکە دار تووەی کە لەسەر گردەکە بوو، دارێلی پیرۆز بوو، بە پارچەو پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگ دەیانڕازاندەوەو مرازی خۆیان دەگرتەوە !
  • ئێمە وای بۆ دەچین پیرۆزی ئەم دارو گردە ، هەر لەو پیرۆزیە هاتووە کە لەسەرەتاو ئەم شوێنە(١٢٠٠٠ساڵ) لەوە بەر پەرستگاو پیرۆز بووە ، ئەم پیرۆزیە هەر بەردەوام ماوەتەوە و خۆی لەگەڵ سەردەمەکان و گۆڕانکاریە ئایینیەکان گونجاندووەو تا دواجار وەک چاکێک وگردێکی پیرۆز بە دیدی کوردە موسلمانەکان جێی ڕازو مرازان بووە ، هەر بۆیەش ناوەکەی بووە بە ( گرێ مرازان ) کە ترک کردوویانە بە کوبیکلی تەپە .
    -ئەوەی بۆ ئێمە زۆر گرنگە جگە لە( پەرستگای گرێ مرازان ) تا ئێستا لە هیچ شوێنێکی جیهان و بەتایبەت ئەم وڵاتانەی جەژنی نەورۆز لە ڕێشەوە بە هی خۆیان دەزانن؟! بەڵگەیەکی ئاوا شوینەواری و هەنجەتبڕیان نەدۆزیتەوە ، تا بیسەلمێنی کە نەورۆز لەوێ سەری هەڵداوە ، ئەوە هەر تەنیا کوردستانە خاوەنی لێکۆڵێنەوەی زانستی وکۆنترین بەڵگەی شوێنەواریە!
    -دەرکەوت ئەو ساڵنامە کۆنە ١٢ هەزارساڵەییە ، سەرەتا لە گرێ مرازان داهێنراوەو ڕۆژو مانگ و ساڵ دیاری کراوەو سەری ساڵێش کراوە بە جەژن ، جەژنی نەورۆز ، ئەم خەڵکانەش کە ئەم کارەیان کردووە ، لە ئەدەبیاتی شوێنەوارناسیی دا بە ( باپیرانی سۆمەری )یان ناو دەبرێن ! دیارە کە سۆمەریەکان دەچنە خوارەوەی عیراقی ئەمڕۆ ، تەواوی کلتورو ڕۆشنبیریی و ئایین و پیشەو زانستەکە لەگەڵ خۆیان دەبەن ؛ یەک لەو ڕۆشنبیری و کلتورانەش ( زانستی فەلەکباسیی ) و ( ساڵنامە ) بووە ، بۆیە لە هەزارەی چوارەم وسێیەمی پێش زایین ، ئەوانیش ساڵنامەکە باپیرانیان پێشدەخەن و ڕۆژ دابەش دەکەن بۆ (٢٤) سەعات و سەعاتیش بۆ (٦٠) دەقیقە و دەقیقەش بۆ(٦٠) چرکە !

ئەنجام :
یەکەم : هەموو لێکۆڵێنەوەکان و پسپۆرانی وەک ( کلاوس شمیدس ) شوێنەوارناسی ئەلمانی و (مارتین سوێتمان )ی شوێنەوارناس لە زانکۆی ئەدەنبەرە و زانکۆکانی شێکاگۆو ئۆسکتلاند بڵاو کراوە زانستیەکانی وەک (جورنال ئۆف ئەرکیولۆژی) و(کۆنشن ) و( ئاند مایند) و ( تیم ئاند ماند) وەک پسپۆران و نێوەندی زانستی ئەوە دەسەلمێنن کە ( پەرستگای گرێ مرازان – کوبیکلی تەپە ) تەمەنی ١٢ هەزار ساڵەو هەر لەم شوێنە کۆنترین ساڵنامەی هەموو جیهان دۆزراوەتەوە .
دووەم : هەرلەم شوێنە لێکۆڵێنەوەکان دەیسەلمێنن کە مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە جەژنێکیان هەبووە کە لە ڕؤژی ٢١/٣ ی زایینی بووە ، ئەو ڕۆژەش سەری سالێان بووە ، کە دەکاتە هەمان سەری ساڵی سۆمەری و سەری ساڵی کوردی ئێستامان و ئەو جەژنەش ڕێک جەژنی نەورۆز بووە . کەواتە تەمەنی جەژنی نەورۆزیش ئێستا دەکاتە ١٢ هەزار ساڵ بە بەڵگەی سوێنەواریەوە .

پرۆفیسۆر دکتۆر مەولود یتبراهیم حەسەن
زانکۆی سەلاحەدین – هەولێڕ –
نەورۆزی – ٢٠٢٥
————————————-
تێبینی و سەرچاوەکان :
من بەتەنی ئەم چەند سەرچاوەیەم بە نموونە هێنایەوە ، دەنا سەرچاوە میدیایی و زانستیەکان گرنگیەکی زۆریان بە دۆزینەوەی (گرێ مرازان – کوبیکلی تەپە) داوەو بۆ هەموان هەواڵێکی گرنگی شوێنەواری زانستی بووە .
(١)
قدیمی‌ترین تقویم جهان در معبدی ۱۳ هزار ساله در ترکیه کشف شد
(٢)کشف قدیمی‌ترین تقویم جهان در ترکیه
(٣)عمره 12 ألف عام.. اكتشاف أقدم تقويم في التاريخ جنوبي تركيا
(٤)علماء الآثار يكتشفون أقدم تقويم في العالم وقد يعيد كتابة تاريخ الإنساني

(٥)اكتشاف تقويم قمري شمسي عمره 12,000 ألف عام – الأقدم في العالم – على عمود في موقع أثري بتركيا
(٦)فك رموز أقدم تقويم مكتشف في تاريخ البشرية
(٧)العثور على أقدم تقويم.. عمود حجري عمره 12 ألف عام
(٨)تعود إلى 12 ألف سنة.. نقوش في تركيا قد تكون أقدم تقويم شمسي في العالم
(٩)تعود إلى 12 ألف عام .. نقوش في تركيا قد تكون أقدم تقويم شمسي في العالم
(١٠)علماء الآثار يزعمون اكتشاف أقدم تقويم زمنى بالعالم فى تركيا
(١١)شوونوارێ کو دکارە زانینا مە یا دیرۆکی بگوهەرینە: گرێمرازا

(١) گرێ مرازان – دوو ستوونی فەلەکناسیی

**

گرێ مرازان – دووستوونی فەلەکناسیی و ساڵنامەکە .(٢)
**

گرێ مرازان – بەشێک لە خوێندنەوەی هێمای سەر ستوونەکان .(٣)
**

گرێ مرازان – ستوونی هێمای ٣٦٥ ڕۆژی ساڵ .(٤)

**

گرێ مرازان – ورد خوێندنەوەو ئاشکرا کردنی وردەکاری ساڵنامەکە. (٥)

**

(٦)گرێ مرازان – کارکردنی پسپۆران و خوێندنەوەی ساڵنامەکە.
**

گرێ مرازان – وێنەی گشتی لە ئاسمانەوە، لە چاوی باڵندەوە. (٧)

**

(٨)گرێ مرازان – وێنەی یەکێ لە گیانلەبەرەکان .
**

گرێ مرازان – وێنەی گیانلەبەرێک بە هونەری بەرز (بارز)(٩)
**

گرێ مرازان – وێنەی چەند گیانلەبەرێکی تر.(١٠)




2 شیعری (ئه‌حمه‌دی شاملۆ).. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1) ئاسۆی ڕوونـاک

ڕۆژێ ئێمە دووبارە کۆترەکانمان
دەبینینەوە
میهرەبانی ،
دەستی جوانی دەگرێتەوە..
ڕۆژێ کە کەمترین سروود ماچە و
هەر مرۆڤێ،
بۆ ئەوی دی برایە،
ڕۆژێ چیتر
دەرگای ماڵکانیان داناخەن
قفڵ شتێکی ئەفسانەییە و
بەتەنیا دڵ، بەسە بۆ ژیان..
ڕۆژێ مانای هەر پەیڤێ
خۆشویستنە
تا تۆ بۆ پیتی دوایی
بۆ وشە نەگەڕێی..
ڕۆژێ ئاهەنگی هەر پیتێ ژیانە
من بۆ دوا شیعرم
بۆ گەڕان بە دوای سەروایێ ،
ڕەنج نەکێشم
بەدوای سەروادا نەگەڕێم..
ڕۆژێ هەر لێوێ
سترانێکە
تا کەمترین سروود ماچ بێ
کە تۆ بێی ،
بە یەکجاری بێی و
میهرەبانی ،
هاوتای جوانی بێ
دووبارە دان بدەینەوە کۆترەکانمان..
منیش تا مردن
چاوەڕێی ئەو ڕۆژە دەکەم.

(2) وتــی

وتی: دێم
بەیانی دا و نەهات..
نەهات و
نایەوێ بێ..
بەم شێوەیە ئەو ،
هیچ پەیمانێکی نەبەست
نەیـشکاندبێ..
ئەو هیچ کاتێ نەسووتاوە
تا مانای سووتان بزانێ..
هیچ وەختێ دەردی نەدیوە
تا بزانێ دەرد چییە..
ئەو هەرگیز لە چاوەڕوانیدا نەبووە
تا لە تاڵیی چاوەڕوانی باخەبەر بێ.

(*) ئه‌حمەدی شاملۆ شاعیری ناسراوی فارس،له‌ 12/12/1925 له‌ تاران له‌دایك بووه‌، ساڵی 2000 كۆچی دوایی كردووه‌ .
ئه‌و له‌ ده‌سپێكدا له‌ژێر كاریگه‌ری پێشه‌نگی شیعری نوێی فارسی (نیـما یوشیج) بووه‌، پاشان توانیویه‌تی ڕێی خۆی ببینێـته‌وه‌..
ئه‌م شیعرانه‌ی له‌ ( احمد شاملو – مجموعه‌ اشعار شانزده‌ دفتر) بڵاوكراوه‌ی كتێبخانه‌ی (امید ایران) كراون به‌ كوردی.




وەبەرهێنان و هەرەسپێهێنان.. نەوزاد بەندی

وەبەرهێنان، پێش هەموو شتێ وەبەرهێنانی مرۆییە، واتا پێش دروستکردنی بینا بەرزەکان، بنیاتنانی مرۆڤەکانە، ئاشنابوون و ئاشتبوونەوە و برایەتیی و ڕێزلێنانە لە تاک بە تاکی کۆمەڵگا.
بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا، کاتێ ڕەگەزنامە ئەدەن بە کەسێک، سڵاوێکی سەربازیی فەرمیی بۆ دەکەن و پێی دەڵێن: ئیتر تۆ ئەڵمانیت و هەموو مافێکت هەیه.
ئەوەیە وەبەرهێنانی مرۆڤ، متمانە و ڕێز و وەفا و خۆشەویستی و ئینتیمای تێدا بڕوێنیت. کاتێ سەرۆک وەزیرانی فینلەندا تەواوی خوێندنگا پریڤەیتەکان دادەخات، ئەڵێ : نامەوێ دووبەرەکیی لە نێوان هاووڵاتیەکانمدا دروست بێ، پێویستە هەمووان لە یەک جۆر خوێندن سودمەند بن، خوێندنی حکومیی. ئەمەیە دڵدانەوە و یەکێتی نیشتمانیی و ئاشتکردنەوەی دڵی هەژار و کەمدەستانی کۆمەڵگا. ئەمەیه چیرۆکی عەشقی نێوان دەسەڵات و گەل، ئەو عەشقەی کە ئەبێتە هەوێنی ئاشتی کۆمەڵایەتیی و گەشانەوە و پێشکەوتن و هێمنیی و ئارامیی و یەکسانیی.
واتا یەکەم بەها لە وەبەرهێناندا، بنیاتنانەوەی مرۆڤەکانە، ئەوانەی کە زریانیی بێ کاریی و بێ هیوایی و سەرهەڵگرتن و خەمۆکیی ڕایماڵیون. لێکترازان و بێ متمانەیی هاڕیونی، دڵیان بە هیچ شتێکی نیشتمان خۆش نییە و وەک دیلێک بە ڕێ و بانەکانیدا دێن و ئەچن.
چیخۆف ئەڵێ :
هیچ کاتێ نەمزانیوە تێکشکانی مرۆڤ ئەوەندە قورسە بە جۆرێک وا دەکات مرۆڤ بەزەیی بە خۆیدا بێتەوە ..
تەماشای پلیشانەوەی خۆی بکات وەک ئەوەی تەماشای شتێک بکات کە پەیوەندی بە خۆیەوە نەبێ ..
تەنانەت مافی تووڕە بوون بە خۆی نەدات لە بەرامبەر ئەو ورد و خاشبونەی خۆی و خەونەکانی .
لە هەمان کاتدا ، بە تەواوەتیی لە بەرامبەرەکەی نائۆمێد بێ ..واتا نائومێد بێ لە لاوازبوون و کۆڵدانی ئەو لە تێکشکانی ئەم ، هەروەها نائومێد بێ لەو ڕۆژەی کە تیایدا ئەو باری سەرنجی ئەگۆڕێ و واز لە تێکشکاندنی ئەم ئەهێنێ ..
ئێ تۆ هەڵئەستیت پڕۆژەی نیشتەجێی مۆدێرن بە ملیارەها دۆلار دروست ئەکەیت، مۆڵ و تاوەری سەرسوڕهێن ئەبەیت بە ئاسمانا، له خۆت ناپرسیت ئەم شوێنە فراوانانە کێی تێدا نیشتەجێ بێ؟ سەدان هەزاری لاوی خاوەن بڕوانامەو لات و بێکار و،بێهیوا کە لە چایخانە سەفەرییەکاندا چا و جگەرەی هەرزان بەبا ئەکەن، چۆن ئەتوانن لەو پڕۆژانەی ناوت لێناون وەبەرهێنان، نزیک ببنەوە؟ ئایا ئەم جۆرە تاوەر و ڤێلا و پڕۆژانە چ شتێک لە ژیانی لاوانی نیشتمان ئەگۆڕن بێجگە لە زیاد بوونی ڕق و کینە و نەفرەت بەرامبەر پڕۆژە و وەبەرهێنان و وەبەرهێنەر؟
کاتێ لاوە ڕۆشنبیرە هەناسەساردەکان ئەبینن بە پۆل کەسانی پارەداری بێگانە دێنە نیشتمانەکەیان و لەو ڤێلا و تاوەر و پڕۆژانەدا نیشتەجێ ئەبن، یەکسەر هەست ئەکەن ئەمان مێش و مەگەز و تەنی زیادەن لەو خاکەدا، ئەمە دۆخێکە پێی ئەووترێت فرۆشتنی نیشتمان بە ئامادەکراویی یان لە گۆڕنانی خەڵکی ڕەسەن و هۆشمەند و خاوەن بڕوانامە، به زیندوویی.
جێی باسە لەو کۆمەڵگایانەی کاڵفام و چاوچنۆکەکان دەستیان بەسەر داهات و داهاتووی خەڵکەکەدا گرتووە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تاوەر بەرز ئەبێتەوە و پڕۆژەی نیشتەجێبوونی شاهانە زاوزێ ئەکات، لە بەرامبەردا ڕۆژ بە ڕۆژ هاوڵاتی بچوکتر ئەبێتەوە و بەها نەتەوایەتییەکان ئەتوێنەوە،بڕوانامە و زانست و هونەر و داهێنان بێ نرخ و پشتگوێ ئەخرێن ، بێحورمەتیی و سوکایەتییان پێ دەکرێ، دەستی دەستی و ئەشکەنجە ئەدرێن، بەری ڕەنج و شەونخونیی زانا و داناکانی بە هیچ و بێ بایەخ تەماشا دەکرێن و هەر کەسێک بڕێک پارە و پلە و پۆستی هەبێ، بێ چەند و چون بڕوانامەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆری پێ دەبەخشرێ و کام کۆلێجە پێی خۆشە، لێی مارە ئەکرێ یان لەبەر پێیدا سەرئەبڕرێ، ئەمەیش دژایەتیی و دوژمنایەتیی نێوان دەسەڵات و میللەت زیاتر ئەکات، لەو کاتەدا لە جیاتی دەسەڵاتداران بگەڕێنەوە بۆ ناو حەشاماتێکی ڕۆشنبیری دڵشکاو و نائومێد و هەژار، ئاشتیان بکەنەوە و ماڵ و مافە دزراوەکانیان بدەنەوە و بە خۆیاندا بچنەوە و دەروازەکانی کار و داهێنان و گەشەسەندن لە ڕوویاندا بکەنەوە، ژمارەی پۆلیس و پاسەوانە تایبەتییەکانی خۆیان زیاد دەکەن، لە هەمان کاتدا نرخی پڕۆژە تازەکانیان بەرزتر ئەکەنەوە و ملیۆنەها دۆلار دەخەنە دەستی ئەکتەر و گۆرانیبێژ و مۆدێلە بێگانەکان هەتا ڕیکلام بۆ پڕۆژەکانیان بکەن.
لەوێدا ئیتر دوو جیهان دروست ئەبێ، جیهانێکی ڕازاوە و بێوێنە و شاهانە و پڕ لە جوڵە و بۆنە و گەشت و ڕابواردنی دەسەڵاتداران و هاوئاوازەکانیان. جیهانی دووەمیش، جیهانێکی یان زیندانێکی تاریک و نائومێد و ڕاوەستاو و بێ داهاتوو، بێ بەرنامە و بێ کار و بێ ڕێز و بێ متمانە وپڕ لە ناکۆکیی و کێشە و ناتەبایی و تێکشکاو.
لەوێدا ئیتر دەسەڵات بە تەواوەتیی هێڵێکی ڕاست و چەپی بە هاوڵاتی ڕەسەن و زانستی خۆماڵیی و هونەری خۆماڵیی و ئەدەبی خۆماڵیی و بڕوانامە و زانا و دانای خۆماڵیدا هێناوە و نایەوێت لە هیچ کات و بۆنەیەکدا ناویان بهێنێت، میللەتەکەی لێ دەبێتە کابوس و دوژمنی بابکوشتەی خۆی.
بەو جۆرە نیشتمان ئەبێتە چەند پارچە زەوییەکی پاوانکراو، کە پڕ پڕ دەبن لە تاوەر و پڕۆژەی مۆدێرن و گرانبەها بە هەموو خزمەتگوزارییەکانی سەردەم و سیکیوریتی و سێرڤسی شاهانەوە، کە پیاوانی دەسەڵات و ماڵ و مناڵ و یار و یاوەرەکانیان و کچە مۆدێل و بێگانە و تەنانەت دوژمنانی گەلیان تێدا نیشتەجێ ئەبن و لە دەریای ملیارەها دۆلاری دزراودا، مەلە دەکەن و سامانی نیشتمانێک بە نەوەکانی داهاتوویشەوە بە هەدەر و تەخشان و پەخشان دەکەن. لە بەرامبەردا کۆمەڵانی خەڵکی بێلایەن و ڕەسەنی شارەکان، وەک کۆمەڵێ پەیکەری شکاو و قەوزە گرتبوو ،وەک تارمایی لە شەقامە کۆن و کۆڵانە داڕوخاو و بێ خزمەتگوزارییەکاندا، وەک خێو دێن و دەچن و ..دەبنە نێچیریی نەخۆشییە دەروونییەکان و مەرگە کت و پڕەکان. بێکاریی و بێهیوایی و برسێتیی و بۆشاییەکی تۆقێنەر هەڕەشەیان لێ دەکات.هەندێکیان سەری خۆیان هەڵدەگرن و ون دەبن، شاعیرە دڵناسکەکانیان خۆیان ئەکوژن.
لێرەدا ئیتر کۆمێنتی هاوڵاتیان بۆ بابەتی پڕۆژەی وبەرهێنەکان، یەکپارچە دەبێتە جنێو و دۆعای شەڕ و هەڕەشە و نەفرەتلێکردن. ئەم کۆمێنتانە ناچن بە گوێی دەسەڵاتە ڕەشۆکیی و خۆسەپێنەکاندا، زیاتر پێی لێ ڕادەکێشن، زیاتر ئەنوسێن بە ماڵ و سامانی دزراوەوە، بە ناوی وەبەرهێنانەوە، زەوی و ئاو و ئاسمانی وڵاتەکە پاوان دەکەن.
لە ڕاستیدا ئەمە وەبەرهێنانی نیشتمانیی نییە بەڵکو ئەتونین ناوی بنێین بە نێچیرگرتنی نیشتمان و میللەت ، لە پێناوی گەشانەوەی چەند دڕندەیەکی چاوچنۆکی هەرگیز تێر نەبوو، لە دەرەوەی هەموو پڕنسیپ و یاسایەکی زەمینیی و ئاسمانیی. کۆتایی ئەم گەمە پڕ لە گەمژەییەیش، شۆڕش و کۆدەتای لەناکاوە یان خۆیان هەر لە پڕ کۆتاییان پێ دێت، میرنشینەکان هەرەس دێنن ، بە بێ هۆیەکی دیار، هەر لە خۆیانەوە قڵپ ئەبنەوە، ڕێک وەک چۆن مۆمێک کۆتایی دێت و ئەتلێسێتەوە.






دژبەیەكتر.. شیعری كاوەی خەسرەوكاوانی

                              

نووسینی سەردیوارەكانی
ئاودەستی نێومزگەوتێك
لافیتەیێكی بێ مانای بریقەدار…
میوەكانی گەنیوی سەر
عارەبانەی ئەسحابەسپی و شێخەڵا
خەونی خۆشی بێ دەست نوێژی
پاش عەسرانی وەرزی بەهار…

  • * *
    فلیمێكی دورودرێژی بێ مانا
    خەیالێكی دوورلەراستی
    درۆی شاخداری سیاسی…
    دۆستایەتی پڕوپوچی
    گورگ و مەڕو
    بەرژەوەندی تەڵەكبازی دیبلۆماسی…
  • * *
    (پێك گەیشتن)چەندجیاوازە
    لە ووشەو ماناكەی (فیراق)…
    هەزارهێندە جیاوازترە
    كاتێك دەڵێن:-
    كوردستانم كەوتۆتە باكووری عێراق.

3/3/2009
kawa_kiwiny@yahoo.co.uk




یەکەمین کۆمەڵەچیرۆکی پێشەوا کاکەیی بە ناوی (ڕەش: تاڵ تاڵ، پێکەنینی بەتاڵی پاتاڵ) لە چاپ دەرچوو

یەکەمین کۆمەڵەچیرۆکی پێشەوا کاکەیی بە ناوی (ڕەش: تاڵ تاڵ، پێکەنینی بەتاڵی پاتاڵ) لە چاپ دەرچوو. کاری هەڵەچن و ڕێنووسکاری، (وشیار عەلی)ـیە و کاری بەرگ (ئیبراهیم ساڵح)ـە. هەروەها لە ناوەندی چاپەمەنی و ڕۆشنبیریی کارۆ چاپ کراوە.
زۆر بە سادەیی و بە کورتی: ئەم کۆمەڵەچیرۆکە، لە پێنج چیرۆک پێک دێت کە لە ماوەی ساڵانی پێشوودا نووسراون. لە دەوری ئەقڵی گاڵتەجاڕی و ڕەخنە و دژەسیستەمدا دەخولێتەوە. گەڕانەوەیە بۆ ناو گەڕانەوە و زمانی ڕەخنە و زمان پێکەوەژیان و زمانی گفتوگۆ. لەگەڵ ئەوەیشدا هەڵتەکاندنی نووسەری بەرتیل و مشەخۆر و گشت خێڵحیزب دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەم پێنج چیرۆکە، لە دەوری ئێران و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجەدا دەخولێتەوە.
کۆمەڵەچیرۆکێک نین بە دڵی خوێنەری عەوام نووسرا بن، لە چیرۆکدا گەڕاوم زمان و چیرۆکی نوێ چی لە من دەوێ. لەگەڵ باودا نیم و ڕەتکردنەوەیشی هەر ئەوەیە کە ئاگاداری (سینیزم/ ئەقڵی گاڵتەجاڕی) نەبیت، دەتخاتە ناو مەکینەکەوە. بۆ ئەوەیە پێبکەنیت و تێڕامێنیت و بتهاڕێت.

چیرۆکەکان:
١- پووڵ وەرگرتنی گوو
٢- خۆم و کات (چیرۆکی نێوان گۆچان و کاتژمێرێک)
٣- نووسەرە خۆکوژەکەی وڵووبە
٤- گۆبەندی پێڵاوەکە
٥- سێ نالییەکە




کورد و کوردستان.. شیعر ڕزگار شێروانی

..

خۆشم دەوێی کوردستان
هەواری دڵی منی
فیداتە دڵ، ڕۆح، گیان
جەڵتەی دڵی دوژمنی

کوردێ مافی کوردی برد
بۆ دوژمنان بوو بە پرد
یەخەی برای کوردی گرت
مەڵێن بەو ناکوردە، کورد

نا، کورد ناپاکی ناکا
پاکە، بێباکی ناکا
سامانی خاکی نابا
شەڕ لەگەڵ کاکی ناکا

کوردە، بۆ هەمووان چاکە
ڕق هەڵناگرێ، دڵپاکە
لە گەلان غەدرێ ناکا
ناکا، هەرگیز وا ناکا!

لە شەڕا قەت ڕاناکا
خوا دەکا، پاکی ڕاکا
سازە گیانی فیداکا
جا بۆ خاکی، چی ناکا؟

ئێمە دەست لەناو دەستین
هاودڵ و هاومەبەستین
بە ناتەبایی پەستین
لە ڕیزێک ڕیز دەبەستین

ئاخ رۆژێ بمدیبایە
ببن بە یەک، چوار پارچەی
ئاڵای هەڵکرابایە
ئاخۆ کەی بێ، کەی، کەی، کەی!

(ڕزگار شێروانی)