ده‌وڵه‌ت و دادوه‌رى و تاك له‌ تیۆرى لیبرالیزم و ماركسیزمدا.. نه‌جمه‌دین فارس حه‌سه‌ن

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




چیرۆک/ نووستن لە نێو وشەدا.. عومەر سەید

دایکم بە باوکمی وت: ” پیاوەکە وا بڕوات منداڵەکان ئەم زستانە لە سەرما رەق دەبنەوە، یەک دوو بەتانیمان بۆ بکڕە. تا بەیانی هەڵدەلەرزن.”
باوکم وتی:” ژنەکە بە چی بیکڕم. خۆ سکەم لێنەداوە، بە پارەی بەقاڵیی هەر هێندەم دەست دەکەوێ نان و چای پێبکڕم.”
خاڵە بایزم، کە بەردەوام لە ماڵی ئێمە کەوتبوو وتی: ” رەحمان شێلم و توور فرۆشتن کەی کەسابەتە، بۆ ناچی کارێکی تر بدۆزیتەوە؟” باوکم بە تۆزێک توڕەییەوە وڵامی دایەوە:” جا ئەم وڵاتە قوڕ پێوەدراوە کوا کاری پیاوانەی تێدایە تا من بیکەم.” خاڵم دیسانەوە وتی: ” وەرە لای ئێمە دەتکەینە پێشمەرگە، پانزە رۆژ لە دەوامی و پانزەکەی تریشی بەقاڵێکەت بکە. تۆ لە شاخ نازناوی هەڵۆت هەبوو، ئێستا لە مریشکی نەخۆش دەچیت بە دیار توورەوە” باوکم توڕەتر وتی: ” خۆم و ماڵ و منداڵم لە برسا بمرین، پێشمەرگایەتی وەک ئەوەی تۆ بێت نایکەم.”
رۆژگارێکی سەخت بوو، نە کار هەبوو نە پارە. خەڵک بە هۆی گەمارۆی ئابورییەوە بە کولەمەرگی ژیانیان دەگوزەراند. ئێمە چوار برا بووین، هەرە گەورەکەیان من بووم کە تەمەنم دوانزە ساڵان بوو. هەرە بچوکەکەشمان عەزیز بوو، پێنج ساڵی تەمەن بوو. لە ماڵێکی رەق و تەقدا دەژیاین، کەر تیایا بکەوتایە دانی دەشکا. لە رۆژێکدا تەنها دوو ژەم نانمان دەخوارد، ئەویش ژەمێکیان تەنها لەتە نانێک و چایەکی بێ رەنگ بوو. ژەمەکەی تریش بە زۆری هەر ساوەر بوو. شەو و رۆژیش لە سەرما وەک درەختی بەر رەشەبا هەڵدەلەرزین. بێ نان و بێ ئاگر، سەرباری ئەوەش دەبوو سەعی بکەین و وانەکانی قوتابخانە دەرخ بکەین.
نیوەڕۆیەکی ساردی بەفرانبار، کاتێ من و جەمیل و جەلیلی برام لە قوتابخانە گەڕاینەوە. سەرما تا سەر ئێسک و نێو مۆخمان رۆیشتبوو و دانە چۆقەمان پێ کەوتبوو. روومەتەکانمان سوور سوور و دەست و پێمان بە ئاستێک رچیبوون، بۆمان نەدەجووڵان. لە تاواندا هەر سێکمان زووڕە زووڕ دەگریاین. سەراپای جەستەمان تەڕ و رچیبوو. دایکم لە حەژمەت ئێمەدا لە پرمەی گریانی دا و خێرا بۆ ئەوەی منداڵەکانی بە بەر چاوێوە رەق نەبنەوە و نەمرن، پڕیدایە سنوقە دارەکانی بەقاڵێکەی باوکم و لە نێو حەوشەکەدا، ئاگرێکی گەورەی کردەوە. لە ژێر بەفرەکەدا، ئێمە بە چوار دەوری ئاگرە باڵاکەدا وەستابووین و خۆمان وشک و گەرم دەکردەوە. حەلاو خان و باجی عاسی دراوسێمان بە هەڵەداوان خۆیان کرد بە حەوشەدا و رەنگ بە روویانەوە نەمابوو. وایان زانیبوو ئاگرمان تێبەر بووە.! دایکم بە گریانەوە هاواری کرد: ” جا نا شوکری نەبێ، چیمان هەیە گڕ بگرێ.”
شەوان هەر چوار برا لە سەر دۆشەکەڵانەیەکی تەنک، دەترانجاینە نێو یەکەوە و بە ئاستێک خۆمان گرمۆڵە دەکرد هەر هێندەی جووجکەیەکمان لێ دەمایەوە. لە ژێر بەتانییەکدا تا بێدار بوونەوە هەڵدەلەرزین. زۆربەی شەوانیش برا هەرە بچوکەکەمان شەڵتەیەک میزی بە خۆیی و جێگاکەدا دەکرد و هێندەی تر وەزعەکەی ئاڵۆزتر دەکرد. وەک نان نەبوو، ئاگریش نەبوو. وەک جێوبانی گەرم نەبوو، جلیش نەبوو لەبەری کەین. رووتوڕەجاڵ تا بڵێی هەژار و نەدار.
مەغریبێک کاتێ باوکم، بە خۆیی و عارەبانە شەقوشڕەکەیەوە خۆی کرد بە حەوشەدا. بینیم پارچە قوماشێکی گەورەی پڕ نوسینی رەنگاوڕەنگی داوە بە سەر رسقەکەیدا. هەموومان رژاینە سەر عارەبانەکە، پڕ بوو لە قەسپی خورما و تێی بەربووین و تا توانیمان خورمای رەقمان خوارد. دایکم دەستی دایە قوماشەکە و وتی: ” پیاوەکە ئەمە چییە!؟”
لافیتەیەکی درێژ بوو، هێندەی بۆم خوێندرایەوە و لێی تێگەیشتم. تایبەت بوو بە یادی یەکێ لە حیزبەکان و بە چەندین رەنگ و بە خەتێکی ئەستوری جوان وشەگەلی وەک.( لە یادی، سەربەرزی، ئازادی. نیشتمان، پێشڕە، لە پێناو.) چەندین وشەی تر کە بە هۆی چرچ و لۆچی و تەڕ بوونەوە بۆم نەئەخوێنرایەوە.
دایکم کە هەر وا لێی ورد دەبووەوە و دەستی پێدا دەهێنا. لە پڕ هاواری کرد: ” وەی کە ئەم قوماشە بۆ دۆشەکەڵانە چ باشە!”
شەوێ دایکم وەک ئەوەی پارچە ئاوریشمی دەست کەوتبێ، بە ئاگری کزی سۆپا عەلادینەکە، کە بە ئاستەم گەرمای دەبەخشی لافیتەکەی ورد ورد و بست بست وشک کردەوە. ئەوجا هەندێ پەڕۆ و پاتاڵ و شڕکەوپڕکەی لێرە و لەوێ کۆکردنەوە و بە مەقەست و دەرزی و دەزوو کەوتە کار و ئێمەش هەر چوارمان بە دەوریدا دانیشتبووین و تەماشای دەست و پەنجەیمان دەکرد. لافیتەکەی بە مەقەست کردە دوو لەتەوە و پاشان لێکی دوورین وەک گونێیەک و هەرچی بەردەست بوو تێیئاخنی و کەوتە دورینەوەی. هەر ئەو شەوە، دۆشەکەڵانەیەکی چکۆلانەی جوان و گەرمی بۆ دروست کردین. بە سەرکەوتنی کارەکەی ئێجگار دڵخۆش بوو. ئەوجا کەوتە دواندن و ناز فرۆشتن بە باوکم و بە نیگای چاو و نازی زۆر، داوای لێکرد هەر چەند دەتوانێ و بۆی دەکرێت لافیتەی تری بۆ بێنێتەوە. باوکم کە بەردەوام رادیۆیەکی بە گوێوە بوو و بە دوای هەواڵەکاندا دەگەڕا، لە پڕ توڕە و بەرز بە دایکمی وت: ” ژنەکە تۆ ئەقڵت هەیە!؟ لافیتە خۆ بەلاش نییە، ئەوە موڵکی حیزبە، خۆ پێ بزانن ئابڕومان دەبەن.” دایکم هەر بە عیشوە و نازەوە دیسانەوە وتی: ” بازاڕ بڕمێ بە سەر لافیتەدا دەڕمێ،کە دنیا تاریک دەکات. یەک دوانێک بئاخنە ورگی عارەبانەکەتەوە، کێ پێی دەزانێ.” باوکم وەک بەتانی پێ نەدەکڕا، بۆ خۆ دزینەوە لە بەرپرسیارێتی ملی دا و هەندێ مەغریب لافیتەیەک یان دوانی لە گەڵ خۆیدا دەهێنایەوە. لافیتەی هەمەرەنگ و هەمەقەبارەی پڕ نووسین. جار جارە لافیتەی رەشی تەعزێ و یادی کارەساتە زۆرەکانیشی تێدەکەوت.
شەو و رۆژ دایکم خەریکی دورمان بوو. یەک دنیا دۆشەکەڵانە و لێفەی بۆ دروستکردین. ماڵەکەمان پڕ بوو لە رستە و وشە و پیت، لە یاد و بۆنە و دامەزراندنی حیزب و رێکخراو و گروپی نوێ، لە ناوی شەهید و یادی راپەڕین و وشەگەلی وەک، هەر چوار پارچەکە، دیموکراسی و مافی مرۆڤ و لیبرالیزم و فاشیزم و سۆشیالیزم……… کە نەمدەزانی مانا و واتایان چییە و بۆ چی باشن، یان بۆ چی بەکار دێن. هەندێ جاریش، دایکم بە لافیتەکانی باوکم دڵی تەسکینی نە ئەهات و دەیوت: ” ئەم پیاوە، قوماشی باش و خراپ لێک جیاناکاتەوە. شتی وائەهێنێ بۆ سیپاڵی کەر و مانگاش دەست نادات.” عەبای لە سەر دەکرد و منی بە پێش خۆیئەدا بۆ بازاڕ. بێ ئەوەی یەک شت بکڕێت، بە بازاڕەکەدا دەگەڕا و چاوی لە سەر دیوار و موحاجەرەکان بوو. یەک یەک بە دەست و پەنجەی لافیتەکانی تاقیدەکردەوە و لە جۆری قوماشەکەیان رادەما. جار جار دەمبینی چاوەکانی وەک چاوانی تەوارێک کە نیگا دەبڕێتە نێچیرێکی دوورە دەست، ئاوا دەیڕوانییە ئەو لافیتە گەورە و پانوپۆڕانەی کە بەرز و لە شوێنی عاسی هەڵواسرابوون. قەت دەسبەتاڵ نەدەگەڕاینەوە، هەموو جارێک، دانەیەک، یان دوو سێ دانە لافیتەی سەر شەقامە چۆڵەکان، یا دیوارە نزم و لاتەریکەکانمان پەلە و خێرا دەپێچایەوە و دایکم لە ژێر عەبا فشەکەیدا دەیشاردنەوە.
کاتێ ماڵ پڕ بوو لە دۆشەک و لێفە، ئەوجا نۆرە هاتە سەر جلوبەرگ. بۆ هەر یەکەمان چەندین قات و بیجامە و کراسی دووری. زیاتر لە رەنگاڵە و تاوس دەچووین. جەلیل بە کراسێکی ئاودامانی شینی پڕ پەڵە و هێڵی چەماوەی رەش و سور، لەگەڵ بیجامەیەکی سپی، کە بە هۆی هێڵی خەت خەتی نووسینەکەیەوە لە کەرە کێوی دەچوو. هەرچی جەمیلیش بوو، بە پێچەوانەوە تەختی بیجامەکەی رەش بوو پڕ خەتی سپی، قەمیسەکەشی سپی بوو پڕ خەتی رەش. کراسەکەی من دوو گیرفانی گەورەی پێوە بوو، بە سەر یەکێکیانەوە بە رەنگی زەرد نوسرابوو سامانی نیش…… تەواوکەری وشەکە پەڕی بوو بۆ سەر گیرفانی لای چەپ، تمانی. لە عەزیزی برا بچکۆلەشمان مەپرسە چ تەیرێکی ناوازە و عەنتیکە دەرچوبوو. کڵاوەکەی لە پێشەوە، رێک بە تەختی ناوچەوانێوە نووسرابوو، کوردس، تانەکەیشی پڕی بوو بۆ پشتە سەری. جەلیل شەو و رۆژ پەنجەی لە هەوادا بوو و لاسایی جوڵە و شێوەی پیتەکانی دەکردەوە. پەنجەی شایەتمانی بە شێوەی، ووووااااااا وووو یان نووووون، یان ییییییی……. ڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕ………. ژژژژژژژژژ…….. چچچچچچچچ دەجوڵان. جەمیلیش هەر چاومان لێ بخڵافانایە، هەڵی دەکوتایە سەربان و بە بەرگی فشەڵی رەنگاوڕەنگەوە رووی دەکردە ماڵی مام رەحیم و بە دەنگی بەرز گۆرانی و بەیتی بۆ هەرمێی کچی دەوت: ” هەرمێ بێنە ماچت کەم/ شووتی بێنە قاژت کەم/ ئەی گوڵی بەهاران………..”
ئیتر ماڵی ئێمە لە دەرەوە زیاتر لە بارەگای حکومی و حیزبی دەچوو. رۆژانی خۆرەتاو سەر دیواری حەوشە و ستارەی سەربانەکەمان هەمیشە یەک دوو لێفە و دۆشەکی بەسەردا هەڵخرابوو تا وشک ببنەوە. خەڵکی گەڕەک و رێبواران بە دەم رۆیشتنەوە نووسینەکانیان دەخوێندەوە و قاقا پێدەکەنین.( ئەوەی لە گەڵ ئێمەدایە، لە سەر رێگای خودا و حەقیقەتدایە.) ( تێدەکۆشین لە پێناو گەلێکی ئازاد و بەختەوەردا……….) ( رێبازی کوردایەتی زامنی هاتنەدی دەوڵەتی کوردستانی…….) ( ئامانجمان دیوکراسی و مافی مرۆڤ……..) ( بەرز و پیرۆز بێت یادی ………) ( هەر چوار پارچەی کوردستان…….) (رژێمی رفتار فاشی بەعس……….) رۆژانی یاد و بۆنەکان، جەژنەکانی نەورۆز و راپەڕین، یان ساڵیادی ئەنفال و کیماباران و کۆست و نشوستییەکان بۆ خێزانەکەی ئێمە مانای گەورەتر و قازانجی زۆرتر بوو. لای ئێمە ئەو رۆژانە تەنها بەها و ماناکەی لە دەسکەوتنی لافیتەی زیاتر و باشتردا بوو. روژانی دواتر بۆ من و دایکم یەکسان بوو بە راوی چاکتر و دەسکەوتی زۆرتر. تەنانەت لافیتەی رەشی شەهیدەکانیشمان دەدزی. جارێکیان بە دایکمم وت: ” دایە با ئیتر لافیتەی شەهیدەکان نەدزین، گوناهن ئەوان لە شەڕی حیزبەکاندا بە ناهەق دەکوژرێن و رۆحیان دەدزن، ئێمەش ناو و ناوبانگیان.” کەچی دایکم زۆر سەیر وەڵامی دامەوە: ” گوناه نییە، باشترە ناویشیان نەمێنێت، با چیتر لە لایەن ئەوانەی بە کوشتیان دەدەن بەکار نەبرێن.!” بەیانییەک لە پرتەوبۆڵەی دایکمان خەبەرمان بووەوە، کە عەزیزی نابووە نێو تەشتێ ئاو و بە مشت خێرا خێرا ئەیکێشا بە پشتە رووتەکەیدا و هاواری دەکرد: ” وابووی بە نیرەکەرێک ئەم میز بە خۆکردنت هەر نەبڕایەوە، هەرچی پێخەف و ماڵەکە هەیە بۆنی میزی تۆی گرتووە، شەو نییە لە میزا نەمانخوسێنی. هەر فریای شوشتنی جێوبانی تۆ ئەکەوم، هەی خودا بتباتەوە……….” عەزیز پڕ بە ماڵەکە دەگریا. رێک لەو کاتەدا خاڵە بایزم خۆی کرد بە ژووردا و بێ سەلام و کەلام بە سەر دایکمدا هاواری کرد: ” ئەرێ بۆ خاتری کەعبە، ئەم بیجامە رەشە پڕە لە ئایەت و ناوی پیرۆزە، ئێوە هەموو شەوێ میزی پیا دەکەن، سا وەکەلامی خودا خێر و مەلایکە روو ناکەنە ئەم ماڵە…..!” دایکم لە ترسانا هۆن هۆن گریا. ئەو رۆژە تا ئێوارە بە نێو جلوبەرگەکانمان کەوت، منی لە تەنیشت خۆیەوە دانا و وتی : ” لە هەر لایەکەوە ناوی خودا، یا سەحابەیەکت بەرچاو کەوت پێم بڵێ.” کەوتمە کنە و پشکنینی یەک بە یەکی بیجامە و کراسەکان، پەنجەم بخستایەتە سەر هەر وشەیەک، بە مەقەستەکەی دەستی دەیبڕی و بە پارچە لافیتەی تر پینەی دەکردەوە. بە دایکمم وت: ” دایە ئەو دۆشەکەڵانەی ژێر عەزیزیش بگۆڕە، لێی نووسراوە ئاو سامانێکی نیشتیمانییە، بۆیە هەموو شەوێ ژێر خۆی تەڕ دەکات.”
پاش ئەوەی ماڵەکە پڕ بوو لە لێفە و دۆشەکەڵانە و جێوبانی گەرم، لە جلوبەرگی زۆری بەرمان. ئیتر دایکم بە پێی بڕوا و ئیمانی خۆی لافیتەی دەهێنایەوە. هەر لافیتەیەک بە ڕەنگی سوور نوسرابوایە، لای ئەو دەست بۆ برودنی حەرام بوو! بایزی برای وایتێگەیاندبوو. هەموو ڕەنگێکی سوور سەر بە کۆمەنیستە کافرەکانە. تەنانەت دەست لێدانیشی بە گوناه دەزانی و هەمیشە دەیوت. ڕەق ببمەوە لە سەرما، پاتاڵی کوفر نادەم بە خۆم و منداڵەکانمدا! زیاتر حەزی لە لافیتەی ڕەنگ سەوز بوو. پێی وابو ئەولایا و پیاوچاکان، خوێنیان سەوزە نەک سوور. بۆ نەگبەتی، ڕۆژێک باوکم لافیتەیەکی قوماش سوری خەت سەوزی هێنایەوە. بە خەتێکی ئەستوری سەوز نوسرابوو. یا کوردستان، یان نەمان. دایکم بە دیارییەوە دۆشدامابوو و نەیدەزانی چی بڕیارێک بدا! لەبەر خۆیەوە دەیوت. ئەم قووماشە زۆر ئەسڵ و باشە، بەڵام حەیف سوورە! ئەمە چ کافر باوکێک خوێنی سەوزی ئەسحابەی بەسەردا ڕشتووە!؟ بە مەقەست کەوتە بڕینی ڕەنگە سەوزەکە و سوورەکەی کردە پارچە پارچەی بچووک و ورد ورد بەدەم سەفتەکردنییەوە، چاوی نازی بڕییە باوکم و وتی. بۆ کوون و کەلەبەرێک هەر باشە. باوکم بزەیەکی بۆ کرد! زانیم وەک پەڕۆی بێنوێژی بەکاری دەهێنێ.
ڕۆژێکیش من لافیتەی قەد دیواری دووکانی لوقمەقازییەکەم دزی و پێچامە نێو جانتاکەمەوە و پەلە بۆی دەرچووم. لافیتەکە سپی بوو، بە ڕەنگی ڕەش لەسەری نوسرابوو. لە پێناو کار، نان، ئازادی تێدەکۆشین. لەمسەر و ئەوسەریشەوە، دوو ئارمی گەورەی چەکوش و داس نەخشێنرابوون. کەچی دایکم کردی بە بەرماڵ و ڕۆژ و شەو، پێنج فەرزە، سەری دەکێشا بە چەکوشەکەدا!
شەوان لە ژێر جێگەوە تا خەو دەیبردینەوە وشە و رستەی ناتەواو و نیوەچڵمان دەخوێندەوە. جەلیل بەردەوام لە گەڵیدا و لە هەوادا وێنەی پیتەکانی دووبارە دەکردەوە. جەمیل لە وشەکان یاری دروست دەکرد. وەک پارچە میکانۆ هەڵیدەوەشاندنەوە و سەرلەنوێ وشەی تازەی لێی دروست دەکردن. چیرۆک و نوکتەی وای لێدەخوڵقاندن بەو شەوە تاریک و ساردە سەر بە قوڕی دەهێنایە پێکەنین. من بۆ براکانم نازانم، بەڵام خۆم لە خەویشدا هەر خەونم بە پیت و وشەوە دەبینی. زۆربەی شەو لە خەونمدا بە چیای بەرزی وشەدا هانکە هانک سەردەکەوتم. پەلە و خێرا پێم بە پیتی( س) دا دەنا و دەستم بۆ چەماوەی شێوە گۆچانی( ل) دەبرد و هەڵدەکشام. پاشان بۆ ( ب) و بۆ ( ژ ) و بۆ (ک) تا دەگەیشتمە لووتکە. شەوێک کەوتبوومە نێو بیابانی فراوان و بێ بنی پیتەوە، هەتا چاو بڕی دەکرد پیتی رەنگاوڕەنگ، بیابانێک گەردیلەکانی لە پیت بوو. پڕ لە وشەی ئاو و دەریا و رووبار، لە کانی و کارێز و چەمی بەخوڕ، لە باران و سەوزەڵان. کەچی من لە تینوانا خەریک بوو دەخنکام و هەر رامدەکرد و دەگەڕام، بەڵام دڵۆپە ئاوێکم نەدۆزییەوە گەروومی پێ تەڕ کەم. تا بایەکی توند هات و من و ملیۆنان پیتی لەگەڵ خۆیدا لوول دا و بردینی بە حەوادا. لە نێو گەردەلوولەکەدا من بە دوای ئاودا دەگەڕام و هەزاران پیتیش بە دوای خاڵ و هێما حەوتەکانی خۆیاندا دەگەڕان. کەس نەیدەزانی کامە (ژ) و کامە (ڕ) یە، لە نێوان (ڤ) و (ف)، یان (ڵ) و (ل) جیاکارییەک نەمابوو، (ب) و (ت) وەک یەکیان لێ هاتبوو. منیش هەر وەک پیتەکان لە بازنەی گەردەلوولدا بێ هیوا و بێ ئیرادە دەخوولامەوە. بیرمە لە خەونێکمدا، کەوتبوومە نێو کتێبەکەی ئەمین باڵدارەوە. لەگەڵ دارا و نەسرین و زەینەب و ئازاد و منداڵانی تردا پیتمان دەڕواند، میمان دەبرد بۆ مام زۆراب و مێوژمان پێ دەکڕی. بە سەر دارێکی بەرز و گەورەوە کە گەڵاکانی هەموو (س) بوو سێوم بۆ نەسرین بەردەدایەوە. دەچووینە لای ئەو شوانەی پیت و وشەکانی دەلەوەڕاند و لە شمشاڵەکەیەوە هەزار ئاوازی دەهێنایە دەر و وشەکانی لە ریتم و جوانیدا دەکردە شیعر. هەزران (ی) چەشنی مراوی سپی و پاک لە ئاوی بەر کانیدا مەلەیان دەکرد. بە سەر کوانووی پڕ پشکۆی ماڵانەوە، دەیان (ن) چەشنی مەنجەڵی پڕ کفتە قوڵپی دەدا. لە خەونەکەدا، لە گەڵ کوڕان و کچانی پۆلی یەکدا، بە تەنیشت ماڵی بزنەدا تێپەڕین و بازماندایە پۆلی چوارەوە. لەگەڵ سمکۆدا بە خەون چووینە نێو دارستانی پڕ درەختی باڵا بەرزی وشەوە، درەختانێک بە ملیۆنان گەڵای لە پیت. هەندێ وشەی زۆر شێوەی شێریان وەرگرتبوو، هەندێک رێوی فێڵباز و هەندێکی تر وەک مار ژەهراوی، هەبوو وەک کەروێشک دەستەمۆ و وشەگەلی تریش وەک کەر، وەک وڵاخ.
لە چلەی گەورەدا، بارانێکی ئێجگار زۆر باری. بە ئاستێک زۆربەی ماڵە هەژارەکانی خوارووی شار کەوتنە ژێر لافاوەوە و ماڵە نزمەکانیان پڕ بوو لە قوڕاو و هەرچی شڕکەوپڕکەیەکیان هەبوو لەوتا. ماڵی ئێمەش بەشی خۆی زیانی بەرکەوت و هەرچی پێخەف و جلوبەرگمان هەبوو لە سێڵاودا خووسا. بۆ بەیانی دارودیواری ماڵەکەمان بوو بە لافیتە. دایکم دەیان لێفە و پارچە جلی شۆردراوی هەڵخستبوو. دەیان پارچەی گەورە و بچووک، رەنگاوڕەنگ، پڕ نووسین، کە هەر یەکەیان لە ئاوازێک دەیخوێند. کەمێک لە دوورەوە خانۆکەمان لە تابلۆی دەکرد. تابلۆیەکی بێ فۆرمی ئەبستراکت، ئاڵۆزییەک لە رەنگ و قەبارەی هەندەسی بە یەکدا چوو. لە نێو تابلۆکەدا ئەوەی جێی سەرنج و داهێنان بوو. ئەو پنتە رەنگە پڕ دەنگە بزێوە بوو کە لە سوچی سەرەوەی تابلۆکەدا یەک بە خۆی هاواری دەکرد: ” هەرمێ بێنە ماچت کەم/ شووتی بێنە قاژت کەم/ ئەی بولبولی بەهاران/” جەمیل بە دەم لێدانی مەسینەکەی ژێر باڵیوە، بەردەوام و بۆ سەدەمین جار هەر ئەم بەیتانەی دەوتەوە. تا باوکم لە حەوشەوە، تاکە پێڵاوێکی تێسرەواند و گرماندی بە سەریدا: ” وەرە خوارەوە سەگی کوڕی سەگ، ئەمە قاژکردنی شووتی نەبڕایەوە.!”
هێشتا لێفەکان وشک نەببونەوە، ئاسایش هاتن و باوکمیان بە قۆڵبەستکراوی برد. پێم وابێ موختارە قەڵەوەکەی گەڕەک راپۆرتی
لەسەر دابووین. لە دەزگای ئاسایش تۆمەتی دزینی کەرەستەی حیزب و حکومەتیان دابووە پاڵ و پێیان وتبوو: ” لافیتە بەشێکە لە پەیام و دیدگای حیزب و حکومەت، پیرۆزی خۆی هەیە وەک ئاڵا، تۆ خائینی و راپۆرتت لەسەر هاتووە ماڵەکەت پڕ کردووە لە لافیتەی دزی.! “
باوکیشم دلێرانە لە وڵامدا پێی وتبوون: ” ئەو لافیتە و پەڕۆپاتاڵانەم بردۆتەوە کە وادەیان بەسەر چووە، لە ژێر پێی خەڵک و سەر شەقامەکان کۆمکردوونەتەوە. ئێوە هەموو شتێکی ئەم وڵاتەتان بۆ خۆتان بردووە و داگیر کردووە، بەوە ناڵێن دزی، بەڵام ئێمە گەر پارچە پەڕۆیەک لە زەوی هەڵگرینەوە دزین.!؟” بگرەوبەردەی زۆریان بە باوکم کردبوو، تەنانەت ویستبویان زیندانی بکەن. بەڵام یەکێ لەو برادەرانەی کە کاتی خۆی پێکەوە پێشمەرگە بوون بە فریای کەوتبوو و وتبووی: ” ئەم پیاوە هەموو گیانی جێ فیشەکی رۆژانی سەختی پێشمەرگایەتییە، کاتێ ئەو شەڕی بۆ کوردایەتی دەکرد ئێوە منداڵ بوون. لێی گەڕێن بچێتەوە نێو ماڵ و منداڵەکەی، ئەگینا بیئاخننە زیندانەوە، ئابڕومان دەچێت.! ” لە دوای ئەو رووداوەوە، ئیدی باوکم بە تەواوەتی خۆی گۆشەگیر کرد و هەتا ئەو رۆژەی کۆچی دوایی کرد، بڕوای بە هیچ نەبوو و لە کونجی ماڵەوە گوێی لە رادێوکەی دەگرت. لە گۆرانییەکانی ئوم کەلسوم و حەسەن زیرەک و ماملێ. هەتا مرد تاقە وەسێتی بۆ ئێمە ئەوە بوو، هەرگیز توخنی ئەم حیزبانە نەکەوین.
ئێستە کە ساڵانێکی زۆر بە سەر ئەو زستانە ساردە و ئەو رۆژگاری برسێتی و قاتوقڕیەدا تێپەڕیوە. هێشتا بازاڕ و شەقامەکان رۆژانە بە لافیتەی نوێ سواغ دەدرێن. دایکم پیر و تەنها، لە کونجی ماڵەوە بە دەست نەخۆشییەوە دەتلێتەوە. تا ئێستاش هەر کاتێ دەبمە میوانی شەوان بە لێفەی لافیتە دامدەپۆشێ. جەلیل هێندە لاسایی پیتەکانی کردەوە، هەر زوو وازی لە خوێندن هێناو لە بازاڕەکەدا دوکانێکی خەتاتی کردەوە و ئێستە یەکێکە لە خەت خۆشە باشەکانی شار و رۆژانە بە فڵچە و بۆیەی راستی لافیتە دەنووسێتەوە و بەم کارەشی ماڵ و منداڵی وەک گوڵ بەخێو دەکات. جەمیلیش هەر شەوەی لە گەعدەیەکدایە، ئێستە ئەو بووەتە گۆرانی بێژێکی میللی بە ناوبانگ و لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بەر ناکەوێت. بە سەعات دەیڕێسێت، بێ ئەوەی بۆ وشەیەک دابمێنێ. بەیتی وا دەئاخنێتە گۆرانییەکانێوە هەوادارە زۆرەکانی وەک مەنجەڵی سەر ئاگر قوڵپ دەدەن. ئێستە ئەو هەم بەناوبانگە و هەم دەوڵەمەند. هەرچی برا بچووکەکەشمانە. برا رۆح سووکە میزەڵەکەمان، بە رێگەی قاچاخ خۆی گەیاندە ئەوروپا و ئێستە بۆتە کوڕێکی چوار شانەی زیت و زرنگ، زۆر جار کە بە مۆبایل قسەی لەگەڵ دەکەم، لە بیری ناچێت بڵێت” وڵاتێک نەتوانێت ئارامی و ژیانی رۆڵەکانی دەستەبەر بکات، هەر بۆ ئەوە باشە میزی پێدا بکەیت.”

عومەر سەید




سودانی دەتوانێت چی بکات لە تورکیا؟.. عوسمانی حاجی مارف

ئامادەکاری محەمەد شیعە سودانی بۆئەوەی لەم ماوەیەدا سەردانێکی فەرمی بۆ تورکیا ئەنجام بدات، لەکاتێکی هەستیاردایە، چونکە ناوچەکە شایەتی گۆڕانکاریە سیاسی و ئەمنیە گەورەکانە، کە کۆمەڵێک بابەتی گرنگ نیگەرانی هەردوو تورکیا و عێراق دەخاتەڕوو. دیارترینیان پەرەسەندنی دەخالەتی ئیسرائیلە لە سوریاو ناوچەکە و بەردەوامی شەڕی غەززە، زیادبوون و هاتنەناوەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، هەڕەشەکانی ئەمریکا لە ئێران، هەروەها داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی.
جگە لەوانەش بۆ ڕێکەوتنی هەردوو ووڵات دەربارەی هاوکاری ئاسایشی سنوورەکان، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بەهێزکردنی هاوکاریە ئابووریەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، تا کێشەی ئاوی نێوان عێراق و تورکیا کە ئاماژەی پێدەکرێت، گرنگیان دەبێت لە سەردانەکەی سودانیدا.
ئەم سەردانەی سودانی بۆ تورکیا لەکاتێکدایە کە لەلایەک فراوانبونەوەی دەخالەتی بەرچاوی ئیسرائیل لە سوریا لە پەرەسەندایە، لەلایەکی ترەوە ململانێی ئیسرائیل بەرامبەر رۆڵ و دەخالەتی تورکیا لە سوریاو ناوچەکەدا بەروونی دەبینرێ، ئەمەش گوزارشت لە بەرزبوونەوەی زیاتری ئاڵۆزی و گرژیەکانی ناوچەکە دەکات. ئەم هەڵکشانە بۆخۆی نیشانەی مەترسیە بۆ سەر ناوچەکە، بەتایبەتی بۆ عێراق و تورکیا کە بەهۆی دۆخی ناجێگیری ئەمنی ناوچەکەوە کاریگەریان لەسەرە، بۆیە ئەم دۆخە دەرگای بەدواداچون و هاوکاری زیاتری نێوان هەردوو ووڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بە پشتیوانیکردنیان لە دیمەشق دەکاتەوە.
ئیسرائیل لە شەوێکدا هێرشە ئاسمانیەکانی بۆ سەر سوریا چڕتر کردەوە و هێرشەکانی وەک هۆشداریەک بە فەرمانڕەوایی شەرع لە دیمەشق دا ناساند. هەروەها ئەنقەرەی بە هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر دیمەشق دا ئاگادارکردەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئیسرائیل زۆر بەجدی کار بۆ بێکاریگەرکردنی تورکیا لە سوریا دەکات. بەڵام چۆن دەتوانێت ئەم کارە بکات بەبێ شەڕێکی سەرتاسەری، لەکاتێکدا تورکیا نەوەستاوە لە پەیڕەوکردنی ستراتیژی زاڵبون بەسەر سوریادا؟ پرسیارێکە ئاستی توانایی و پێداویستی ململانێکان وەڵامی ئەداتەوە.
ئیسرائیل لەدوای ڕووخانی بەشار ئەسەد و پاشەکشەی ئێران لە ناوچەکەدا، ترسی لە کۆنترۆڵکردنی ئەنقەرە بەسەر دیمەشقدا هەیە، بۆیە زیاتر هەوڵئەدات کار بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە سوریا بکات. دەستی بەسەر خاکی باشووری ڕۆژئاوای سوریا گرت و ئامادەیی خۆی بۆ پاراستنی کەمینەی دروزەکان ڕاگەیاند. ئامادەیی پشتیوانی لە هەسەدە نیشاندا و فشاریشی خستە سەر واشنتۆن بۆئەوەی سوریا بە لاوازی بهێڵێتەوە و بەشێکی زۆری چەکی قورس و کەرەستە سەربازیەکانی سوریای لە ڕۆژانی دوای ڕووخانی ئەسەدەوە لەناوبرد.
هەوڵەکانی ئیسرائیل دژی بنکە سەربازیەکانی سوریا دوای ئەوە دێت کە باس لەوە دەکرێت تورکیا بەرنامەی هەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی بنکەی ئاسمانی T4 لە سوریا و پلانی هەیە سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەوێ جێگیر بکات. لە ئێستاشەوە دەستیکردووە بە پلاندانان بۆ کاری بیناسازی لەم شوێنە ستراتیژیەدا. ئیسرائیل ئەوە باش دەزانێت ئەگەر تورکیا لە بنکەی T4 و شوێنە سەربازیەکانی دیکەی سوریا جێگیر بن، ئەوا لێیان ناکشێنەوە. بەڵام ئەگەر تورکیا ڕاستەوخۆ لەلایەن ئیسرائیلەوە بە ئامانج بگیرێت و بۆردومانی هێزەکانی لە سوریا بکرێ، قەیرانێکی سەخت لە نێوان تەلئەبیب و ئەنقەرەدا دروست دەکات.
ماوەی چەند مانگێکە ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەردەوام هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سوریا ئەنجام دەدات و خەڵکی سڤیل دەکوژێت و شوێنی سەربازی و ئۆتۆمبێل و تەقەمەنی سوریاش لەناو دەبات.
سودانی لەم دۆخەی ئێستای ململانێی نێوان تورکیاو ئیسرائیلدا بۆ دەخالەتیان لە سوریا، جگە لەوەی کێشەیەکی لەسەر ئامادەبونی سەربازیی تورکیا نیە لە سوریادا، لەهەمانکاتدا بەدوور نازانرێت لەبەرامبەر ڕووبەڕووبونەوەی دەخالەتەکانی ئیسرائیلدا پشتیوانی لە ئامادەبونی سەربازی تورکیا لە سوریا بکات.!؟
وەزارەتی دەرەوەی عێراق هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر سووریا سەرکۆنەکرد، وەک پاڵپشتیەک له حکومەتی سووریا. سودانی چەندینجار داوای لە شەرع کردووە کە کار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژیەکانی ئیسرائیل بکات، وەک پێشمەرجێک بۆ بەرەوپێشبردنی هاوکاریەکان، هەر لێرەشەوە لە هەوڵی توندکردنەوەی پەیوەندیەکانە لە گەڵ تورکیادا.
لە دیارترین ئەو پرسانەی کە سودانی لەم سەردانەدا بۆ تورکیا و لەم دۆخە نالەبارەدا دەیەوێت باسی بکات تابتوانێ پەرە بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا بدات، بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری نیوانیان تورکیاو عێراقە لەبەرامبەر کێشە ئەمنیەکاندا، لەوانە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و بەڕەنگاربونەوەی چالاکی گروپە چەکدارەکان، بەتایبەتی لەبەرامبەر پەکەکە لە ناوعێراقدا و هەسەدە لە ناو سوریا. ئەم پرسە کە پێویستی بە هەماهەنگی ئەمنی ئاست بەرز هەیە، یەکێک دەبێت لە گرنگترین بابەتەکانی گفتوگۆی نێوان سودانی و ئەردۆغان، بەتایبەتی دوای بانگەوازی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان.
بەغدا له ڕاگەیاندنەکەی باخچەلی و ئەردۆغان لەگەڵ ئۆجەڵان بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە، پاڵپشتی کرد و پێداگری لەسەر ئەوەکرد که ئەو هەنگاوە کاریگەری ئەرێنی له سەر باشبونی دۆخی ئاسایشی تورکیا و عێراق و ناوچەکە دەبێت، هەروەها بەغدا داوای لە سوپای تورکیا و سەرکردایەتی پەکەکە کرد، دوای جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە، هەردوولا لە خاکی عێراق بکشێنەوە.
ئەوەی کە زۆر بەرچاوە تورکیا یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانیە دیارەکانی عێراق، بەتایبەتی لە هەناردەکردنی نەوتدا. ئەمەش وایکردووە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە کوردستانی عێراقەوە بۆ تورکیا گرنگیەکی زۆری هەبێت. جگە لەوەش پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان” کە یەکێکە لەو پرۆژە گەورانەی عێراق و تورکیا بەوپەڕی چاوەڕوانیەوە پێشوازی لێدەکەن و کاری لەسەر دەکەن، وەها دەردەکەوێت کە لەم سەردانەی سودانیدا گرنگیەکی تایبەتی پێدەدرێت، بەڵام پێناچێت کە جێگایەك بۆ حکومەتی هەرێم لەو پەیوەندەدا قایل بن. ئەم پڕۆژەی گەشەپێدانە کە ئامانجی بەستنەوەی عێراق و تورکیایە لە ڕێگەی تۆڕێکی ڕێگاوبان و گواستنەوەی بازرگانی بە ئەوروپاوە، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و بەشداری دەکات لە باشترکردنی ژێرخانی ئابووریان.
ئەم سەردانەی سودانی بۆ تورکیا بەهەر نەخشە عەمەل و پرتۆکۆلێکی ئامادەکراوەوە ئەنجام بدرێ، لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا ناتوانێ بە سادەیی بۆ عێراق تێپەرێت و پرسەکان یەکلایی بکرێنەوە و ڕێکەوتنەکانی لەگەڵ تورکیا بەئاسانی بچنەبواری جێبەجێبونەوە، لەکاتێکدا کە هەردوو تورکیا و عێراق لەبەرامبەر بەرژەوەندی و سیاسەت و نەخشەکان و دەخالەتی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سوریاو ناوچەکەدا ناکۆک و جیاوازن و دەورانێکی ململانێی سەخت لەبەرامبەر نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بەسەر دەبەن.
هەر لەم ڕۆژانەدا فشارە زیادەکانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق و سودانی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی و بڕیار بۆ کۆتایهێنان بە هەژموونی ئێران بەسەر سیستمی سیاسی لە عێراقدا، ڕێگریکردن لە لایەن و فراکسیۆنە شیعەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی حکومەتی عێراق، چ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئەم هەنگاوە بە ڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆی گۆڕانکاری لە ڕێساکانی پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ نفوزی ئێران لە عێراق وەسف دەکرێت، ئەم بڕیارو هەنگاوەی ئەمریکا کێشەی گەورەی لەنێو ڕیزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێکهێناوە و دۆخی سیاسی عێراقی شڵەقاندووە بەجۆرێك کە بەرەنجامی سەردانەکەی سودانیش بۆ تورکیا و بڕیاردان لەسەر بەسەرەنجام گەیاندنی هەر گفتوگۆیەک لەناو ناڕۆشنیدا داهێڵێتەوە، بەتایبەتی کە سودانی ناتوانێ بەیەکجاری دەستبەرداری باڵادەستیی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بێت لە حکومەتی عێراقدا. لەهەمانکاتدا یەکلاییکردنەوەی کەنارخستنی دەخالەت و دەوری کۆماری ئیسلامی لە حکومەتی عێراقدا، بۆسودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی گرفتێکی گەورەیە و ناتوانن بەئاسانی دەستبەرداری ئێران بن. زەحمەتە بتوانن بەم زووانە ئەو دۆخە بەئاسانی تێپەرێنن. ئەم سەردانەی سودانی بۆ تورکیا و خۆسازانی لەگەڵ ئەردۆغان، ئایندەی ململانێ و ئەگەری ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا روودەدات دیاری دەکات تاچەند سەرکەوتوو دەبێت، کە سودانی لە پەیوەند بەدەسەڵاتی چوارچێوەی هەمانگیەوە تا چەند دەتوانێت نەخشەکانی بگونجێنێت و پارێزەری لەدەسەلاتی خۆی و چوارچێوەی هەماهەنگی و میلیشیاکانیان بکات؟ ئەمەش سەردانەکەی بۆ تورکیا و رێکەوتنەکانی لەگەڵ ئۆردگان سنوردار دەکات.




پاشا.. شیعر\ سەلام عومەر

ئەو كەسەی درەختی ئازادی دەبڕێ‌
رۆژێك دێ‌ تەورێك ورگی بدڕێنێ‌
باڵندەیەكیش فێرە قەفەس بێ
هیچ كەس ناتوانێ‌ هەڵیفڕێنێ

پاشایەك رەزی خۆی پێ‌ ئاو نەدرێ‌
وەك چرای بەرخۆر كز كز دەنوێنێ‌
نزاو لایلایەی لەلای خەڵكەكەی
وەك ئەوە وایە منداڵ بنوێنێ‌

كەی باڵندەكان بوونە خاوەنی
درەخت و دان و هێلانەی خۆیان
ئەوكات دڵنیام جووتیارەكانمان
بەدەستی خۆیان دان دەبەن بۆیان

سەلام عومەر




شەوە شینەکانی سەرەڕۆیی.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

بڕوام وایە لە دۆزەخام
بۆیە لە دۆزەخام
ئارسەر ڕامبۆ ( وەرزێک لە دۆزەخا)

بە خەواڵۆیی
لە ژێر ڕێژنە عیشقێکی
فێنک و قەشەنگا
تێپەڕین، هێشتا دڵۆپە
خوێنە ڕەنگینە ناسکەکانی
دڵ قەتماغەی ڕەشیان
لەسەر گابەردی بیرەوەری بوو
هەی شنەبای میهرەبانی
ئەی تراجیدیاهێنی
ڕۆژگارە ئەفسونیە ئاڵتونیەکانم
ببینە جیهان چی کەشتیەکی تێکشکاوی لێدەرچوە
تا بێ شادەماری قووڵی ژیان
ڕێگا دوورەکان خەڵتانی خوێن ئەکا
ئەزرنگێتەوە زرنگە زرنگی گوڵە گەنمی
ساتە بیرچوەکان، بە ئێواران
پیاسەی بەهەشتی وێرانەخاکی ئێستا دەکەم
و شەوانیش جەستەم دائەکشێتە
نێونیگای ئەو ئەستێرانەی لە مێرگی
شینی شەوێکی بوهەیمیا
ڕۆحیان دەرئەچێ،
بە نێو دڕک و داڵی دارستانی تاریکیدا
هێشتا تروسکەی ڕوناکیەک
دەروازەی سپێدەیەک لە دوورڕەوشەنئەکا
پێم ئەڵێ تەماشا کە ئەی گەڕێدە
ئاسۆیەک لە هیوای داڕمانی کۆشکەکانی
سەر ئێسک و پروسکی داماوانی دنیا
بێگومان، ئەبەدیەت
هەر لە یاخیبوندایە
لە بەردەم جادووی شەماڵی کەنارێکا
پشووی سەدان ساڵەی ئاوارەیی
ئەدەم، و کە بە ئاگادێم
حەزی سەرکێشی لە ڕۆحی منداڵیما ماوە
پرسیارە ئەزەلیەکان یەخەم بەرنادەن هێشتا
لەوەی کێم ، بۆ کوێ و تا کەی
ئازار و بەختەوەری کەم تەمەن
جیاوازی گەورەبوون و بەرائەت
پێزانینە بە لەدەستدانی بەهرەی گفتوگۆ
بە زمانی کەوو سوێسکەو
هەڵفڕین بە باڵی خەیاڵی نەورەس و
لە ئامێزگرتنی شەپۆلە بوهەیمیەکان لە ژێر
چنگە توندی بازە چاو تیژەکانی نێو هەورە سرکەکان
بە چیای ووشە هەڵئەزەنم و
بە شەپۆلی مۆسیقای مەرگ ؛
پاکژ ئەبمەوەو ،ئێستا ئەتوانم
پڕ بە گەرووم بڵێم
کە ڕازیم بە م شێواویە جوانەی گەردوون
باشیش گوێڕائەدێرم
لە ئامۆژگاری گوڵە سەوسەنێکی
سەرخۆش بە نەسیمی
بێهودەیی وەرزێک زیویی
هەروەک چاوی کچێکی نێو جەنگێک غەمگین
پەشیمان نیم
لە بەدیهێنانی ئارەزووی بوونەوە بە سوتماک
بوون بە پروشە بەفرێکی شنەبردوو
با ئەم دیمەنە بەستوەی ئێستا
لە یادمانا تۆمار کەین
هاوڕێی وڵاتە شەختە سەختەکانی نامۆیی
بۆیە ئێرە دۆزەخە، چونکە
هەموو شوێنێک بۆنی تەنیایی منی لێدێ
هەموو بارانێکیش
بۆسوتاوێک دوای کۆچی تۆ جێدێڵێ
دەرفەتێکی ترم باتێ ڕۆژگار
کە بژیم پراو پڕ
بە کانی ڕژاوی ڕەهای ساتەکان
گەرووم تەڕ کەمەوە
بە تریاقی سەرەڕۆییە گەنجێتیە هیچیە خۆشەکان
بێهۆش و بێ ئاگاو مەست بمەوە
خۆزگە پڕ بە پەرداخی هەور
دڵ پڕ بوایەوە لە تنۆکە بارانی میهرەبانی
کام سەمفۆنیای دڕندەی ئێستا
هێندەی شەوی شینی سەرەڕۆیی ئەوسام شیرینترە
کام خەڵوەت لە گوڵبارانی ژێر
ئێوارەیەکی پژاو بە زەمین و خۆر و زەریا ئەفسسونترە
بەڵام مەرگ بە تینویەتی ئاوی عیشق
خۆشترە ئازیز، ساناتریشە گیاندەرچێ
لە بەردەم دەرگای پرسیارە قورسەکانی بوون
چی گەمژەییەکە ، ڕازی بوون
بە ئامادەبوون لە شانۆی عەدەمێکا
ئەکتەرەکانی مرۆڤی ئاسایین
ترسنۆکانە، لە چارەنووسی
ترسناکی تەنیایی یەکتر هەڵدێن.

شیعر/ کاوە عوسمان عومەر