شۆڕشەکان بۆ سەردەمی ئێستا چیمان پێدەڵێن؟.. نەجمەدین فارس حەسەن

چەمک و مەهامی شۆڕش، بەپێی ڕەوتی مێژوو، جگە لەوەی تێگەشتن وخواستی جیاوازی بەپێی سەردەمەکانی دیاریکراوە ،خواست و وویستی گۆڕانی جیاوازیشی لە خۆگرتووە.یان سپاردویەتیە دەست گروپێکی تر ، هەمان هەستی چینایەتی وبەرژەوەندخوازی و خۆپەرستی ڕابردوویان هەبووە. سەرەتای دروست بوونی ناڕەزایەتی و شۆڕش، بۆ سەرەتای دروست بونی فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی چینایەتی دەگەڕێتەوە . لەبەر ئەوەی هەموو کردارێکی بە ئازارو نایەکسان، پەرچەکردارێکی دژوو پێچەوانەی هەبووە و هەیە. ئەمەش گۆڕانی لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە بەدوای خۆیدا هێناوە. سەردەمی کۆنی گۆڕیوە بۆ سەردەمی نوێ،وپەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری نوێی بەرهەم هانیووە. گۆڕانی ماددیی مێژوو ، چەند فرماسیۆنێکی ئابووری کۆمەڵایەتی جیاوازی بەرهەم هێناوە، تا گەشتووەتە ئێستای سەرمایەداری . کرداری چەوساوەکان و ململانێی چینایەتی لە ناو پرۆسەی بەرهەم هێنان و شۆڕشەوە کارەکتەری دروست بوونی هەلومەرجی نوێیە،بەردەوامیش دەبێت تا سیستەمی جیاوازی چینایەتی کۆتاییان دێت.
هۆکاری جیاواز جیاواز ئاگری شۆڕشیان هەڵگیرساندووە لە مێژوودا،هۆکارەکانیش بەپێی سەردەمە جیاوازەکان دەگۆڕێت، بەڵام داخوازی بۆ یەکسانی وماف و ئازادیەکان ،خاڵی هاوبەشی هەموو شۆڕشەکان بووە. بەپێی بڕواو بۆچونی زۆرێک لەبیرمەندانی مێژووە جیاوازەکان و بەپێی سەردەمەکانیان ،ڕوودانی شۆڕش بۆ چەند هۆکارێک دەستنیشان دەکەن،ولێکدانەوەی جیاوازیان بۆکردووە.
بیروبڕواجیاوازەکان لەمێژوودا لە بارەی ڕودانی شۆڕشەوە:
ئەفلاتون ٤٠٠ساڵ پێش زایین، بڕوای وایە، کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی چەوسانەوە وئازاری برسێتی وسەرماو چەندین جۆری ئازاردان دەبێتەوە، ئەگەرسزایەکی ڕەوابوو ،ئەوا بەڕووی دەسەڵاتدا شۆڕش بەرپاناکات ،بەڵام ئەگەر زانی قوربانی دەستی زۆرداریە، ئەوا بەتووڕەییەکی پڕاوپڕ لە هەڵچون وداچون شۆڕش بەرپادەکات، تێدەکۆشێت لە پێناوی ئەوەی خۆی پێی دادپەروەرانەیە. هەموو ناڕەحەتیەکان تەحەمول دەکات تا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت……….
بەپێی بڕوای ئەرستۆ کە خوێندکاری ئەفلاتون بووە، لە هەموو جۆرەکانی حکومەت ودەسەڵاتەکاندا(ئۆلیگارشی ،دیموکراسی ، ئەرستۆکراسی ،….) ، مرۆڤەکان شۆڕش بەرپائەکەن لەپێناوی بەدەستهێنانی یەکسانیدا. لەیۆنانی کۆندا بەرزکردنەوەی پەرچەمی ئازادی و یەکسانی داخوازی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای یۆنانیەکان بووە.
لەدوای ئەو سەردەمە سەردەمی ئیسلام دێت، بڕواوبۆچونەکان لە ئیسلامدا لەمەڕ شۆڕش ، هەر هاتنە دەرەوەیەک لەماڵ ،خۆپیشاندان و ڕژانە سەر شەقامەکان و مەیدانەکانی شار،بەمانای دەربڕینی توڕەیی ونەمانی سەبروپشودرێژی و بەرگەگرتن دێت. بەڵام لەبەرئەوەی ئاینی ئیسلام خۆی بەکۆتا ئاینی ئاسمانی دەزانێت، هەر هەڵسوکەوتێک کە دژ بە حوکم ودەسەڵاتی خەلیفەی مسوڵمانان بکرێت بە ناشەرعی و بەدژی ڕاسپاردەکانی خوای لەقەڵەم دەدەن، و دژی دەوەستنەوەو وەڵامی داخوازیەکانی خەڵک نادەنەوە، وەکو ئەوەی لەمێژووی ئەودەسەڵاتانەی خەلافەتەکانی ئیسلامدا ڕوویان داوە.
بیریارانی سەدەی حەڤدەو سەدەکانی دواتر تێڕوانینەکانیان جۆراو جۆرن. بۆ نمونە ،لەلای جۆن لۆک، مافی بەرەنگاری و شۆڕش،بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە ، کە دەسەڵاتدار بەشێوەیەکی ناشەرعی بڕیاری مانەوەی دەدات و جێبەجێ دەکات . واتە ئەگەر دەسەڵات شەرعیەتی هەبوو ، پێویست ناکات شۆڕش بەڕویاندا بەرپابکرێت هەتا ئەگەر دڕندەش بێت. شەرعیەت پێدان بەهۆی دەنگی خەڵکەوە دروست دەبێت، وە مەرج نیە هەموو شەرعیەت پێدانێک ڕاست و دروستی و عەدالەتی دەسەڵات پێشان بدات .
باکۆنین ،بڕوای وایە ،کۆتایهێنان بە داگیرکاری وکۆمەڵگای چەوسێنەر، لەڕێگەی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەوە دەبێت،وە کۆتایی نایەت ئەگەر هەموو سەرکردایەتیەکان لە ناوەندەکاندا هەڵنەوەشێتەوە. شۆڕش ،هاندانی هەموو شارێک و هەموو گوندێک و هەموو کۆمۆنەکانە ، بە بەرپاکردنی جەنگەتایبەتیەکانی خۆیان. لەسەر مرۆڤەکان پێویستە ،کەبێجگەلە بەرەنگاریکردنی سوپا کە خاوەنی یەک سەرکردایەتییە،شۆڕش بە هەڵچونە سۆزداریە شۆڕشگێڕانەکە ئەبێتە سەرکەوتنێکی چەسپاوو بێگوومان کردن. ئەم بۆچونەی باکۆنین ، پشت نابەستێت بە کردەیەکی دیاری کراوی سازدراوی ئامانج ڕوون. کاری خودبەخودی وبەرهەمێکی نادیارو بێ ئامانجی گۆڕینی کۆمەڵگای سەرمایەداریە بەپەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی نادیار، ئەمەش بیروکرداری ئانارکیستەکانە، لەهەر کوێیەک بن.
بەبڕوای مارکس ، جیاواز لە بۆچونەکانی پێشتر، کاتێک شۆڕش وادەی هات، چینی کرێکار شۆڕش بەرپادەکات، بەرژەوەندی کۆمەڵگای شۆڕشگێڕ(بەمانای ئەرک و ئامانجی ڕەوتی ماددی مێژوویی چینی کرێکاربۆ گۆڕانی مێژوویی کۆمەڵگای سەرمایەداری بۆ سۆسیالیزمی زانستی) ئەکات بەسەرچاوەی خۆی لەوکاتانەدا، هەموو ئەو پێوویستیە ماددیانە بەرجەستەو دابین دەکات ، کە لە پێناوی چالاکی شۆڕشدایە، بۆلە ناوبردنی دوژمنەکانی، وە هەموو ئەو سازاندن وپێویستیانە لەبەرچاو دەگرێت،کە پێوویستیەکانی ئەو تێکۆشانە پڕدەکاتەوە، بەرەنجامی کارەکانی پاڵی پێوەدەنێت بۆ بەکارهێنانی دوورترین و ووردترین بیرووبۆچونی خزمەتکار بەشۆڕش، وەئەمەش ناچێتە سەر بابەتی توێژینەوەیەکی تێووری لە هەمان کاتدا.
دروستترین بۆچوون بۆ بە ئەنجام گەیاندنی شۆڕش لەم سەردەمەی ئێستادا،بۆچوونی مارکسە ،لەبەر ئەوەی وەڵامدەرەوەیەکی گشتگیری بۆ سەرکەوتنی شۆڕش بەئاڕاستەی ڕەوتی ماددی مێژوویی بەرجەستەدەکات لە کۆمەڵگاکاندا، ئالیەتی سەرکەوتنی بەڕوونی پێشانداوە ، دژبوونی خۆی بۆ کاری خۆبەخۆی و بێ بەرنامەی لە سەرکەوتنی شۆڕشدا پێشانداوە. سەرکەوتنی شۆڕشەکان بەندە بە سازاندن وبەرجەستەکردنی پێویستیەکانی هەڵسوڕانی و ئامانجی ڕوون ، بەرجەستەکردنی گۆڕانکاریە لە سیستەمی چەوسێنەرانەی پەیوەندی کارو سەرمایە،وپەیوەندی کۆمەڵایەتی و سیاسی سیستەمی سەرمایەداری . گۆڕانی دەمووچاوێک بەدەمووچاوێکی تر لە هەمان سیستەمدا،شۆڕش نیە، واتای بەرپاکردنی شۆڕش لە سیستەمی سەرمایەداریدا، بەرجەستەکردنی گۆڕانی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی و سیاسی چینایەتیە ،بەکۆمەڵگایەکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێ چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان .
شۆڕشەجیاوازەکان وئەنجامەکانیان لەمێژوودا: ئەوانەی لەڕابردوودا بەشۆڕش ناویان هاتووە، هەندێکیان شۆڕشن بەواتای گۆڕانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئابووری، هەندێکیشیان ماک و ناوەڕۆکی شۆڕشیان پێوە نیە، لەبەرئەوەی گۆڕانی بنەمای ئابووری کۆمەڵایەتی تیایدا ڕونەداوە.
یەکێک لەو جوڵانەوانە، ڕوداوی ساڵی ١٢١٥زی ئینگلترایە، ناڕەزایەتی و جوڵانەوەی ئەرستۆکراتەکان بوو دژی مەلیک جۆن. داوایان دەکرد پاشا دان بنێت بە مافی خەڵکیشدا، مەبەستیش لێی زیاتر فراوانکردنی دەسەڵاتی ئەرستۆکراتەکان بوو،وە ئەنجامیشیاندا. واتا سیستەم نەگۆڕا ، بەرژەوەندی چینێک سەنتەری جوڵانەوەکە بوو لەناو هەمان فرماسیۆنی سیاسی ئابووری کۆمەڵایەتیدا، ئەمەش گۆڕانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئابووری نیە.
لەمێژوودا چەندین شۆڕشی زانستی هەیە، توانیویانە سەرجەمی تێڕوانینەکانی ڕابردوو بەباری ڕووی ڕاستی خۆیدا بگۆڕن. یەکێک لەو شۆڕشە گرنگانە ،شۆڕشی کۆپەرنیکۆس(١٤٧٣-١٥٤٣)زی بوو، بەوەی کە هێنانەخوارەوەی ووتەکان بوو لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی، ئەوەش بەدەرخستنی ئەو زانستەی کە خۆر بریتیە لە سەنتەر و ناوەندی کۆمەڵەی خۆر، زەوی ئەو ناوەندە نیە، ئەو تێووریە گەورەترین شۆڕش بوو لە مێژووی زانست و فەلەک ناسیدا.
جووڵانەوەکانی کرۆمۆیڵ١٦٦٦ز ،دوای لە ناوبردنی پەرلەمان، لە ئینگلترادا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریانەی دامەزراند، پێچەوانەی گەڕانەوەی پاشایەتی و لەناوبردن و دەرکردنی خێزانی ستیوارت و گوێزانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بۆ ولیام و ماری ساڵی ١٦٨٨ز. ئەم جۆرەش لە جوڵانەوانە، نەیتوانیوە پەیوەندی ئابووری سیاسی کۆمەڵایەتی بگۆڕێت،ئەم جوڵانەوانەو گۆڕانی سەروچاو، ناچێتە خانەی شۆڕشەوە هەرچەندە لە مێژوودا بەشۆڕش ناوی هاتبێت.
جۆرێکی تری ناونانی جوڵانەوەکان بەشۆڕش، ناوزەدکردنی شۆڕشی ١٧٧٦زی ئەمریکایە. ئەم جوڵانەوەیەی خاوەن سەرمایەو زەویوو زارو کۆیلەکان بوو ،دژی هەمان چین بوو لە ناو دەسەڵات ودەوڵەتی پاشایەتی ئینگلترادا .ئەم جوڵانەوەیە نەیتوانی باری گرانی ژیانی کۆیلەداری کۆیلەکان لە ئەمریکادا بگۆڕێت. ئەو جوڵانەوەیە نەبووە هۆکاری گۆڕینی فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی ،بە فرماسیۆنێکی تر. بەڵکو کۆیلەداری بەردەوام بوو هەتا هەموواری سیازدەی دەستووری ئەمریکا لە ساڵی ١٨٦٥ز. ئەمەش نەیتوانی لەسەر ئەرزی واقع کۆتایی بە کۆیلەیەتی بهێنێت، تەنها مرەکەبی سەرکاغەز بوو. ئەم جووڵانەوەیە ناتوانیت بەشۆڕشی کۆمەڵایەتی بیچوێنی،تەنها وەکو ڕزگاری نیشتمانی چاولێدەکرێت، واتا تەنها ڕزگاری خاوەن زەوی و سەرمایەکان بوو لەژێر چنگی باج و خەراجی دەوڵەتی پاشایەتی ئینگلیز ، هەتا لە دواتریشدا دەوڵەتی کۆمارییانیش دامەزراندبێت.
لەو شۆڕشانەی کە فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی گۆڕی، شۆڕشی ساڵی ١٧٨٩زی فەڕەنسی بوو، شۆڕشی بۆرژوازی بوو،وەهەڵگری گۆڕانی فکری وئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو. گۆڕانی بنەڕەتی دروستکرد لە پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی وسیاسی ،پەیوەندیەکی نوێی چینایەتی سەرمایەداریانەی هێنایە ئاراوە، سەرکەوتنی چینی ناوەند بوو بەسەر پاشاو ئەرستۆکراتەکاندا، کۆتاییان بەکۆیلەی کشتوکاڵیدا هێنا، سیستەمی سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتی سەرمایەدارانەی چەسپاند ،هەروەها بەشۆڕشی نیشتمانی و دێموکراسی دیاری دەکرێت. بەڵام شۆڕشی ١٨٤٨زی فەڕەنسا، بەشداری پرۆلیتاریا بوو ، ئەمەش سەرەتای دەستپێکی ڕووبەڕووبونەوەی سەرمایەداران و پرۆلیتاریا بوو، شێوەیەکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە خۆگرتبوو ،هەرچەند پرۆلیتاریا سەرکەوتنی یەکجارەکی بەدەست نەهێنا،و کۆماری دووەمی بۆرژوازی فەڕەنسای بەرجەستە کرد، بەڵام بوو بە چاوگێک بۆ شۆڕشەکانی تری ئەورووپا ، وبەرجەستەکردنی بەشێک لە مافەکانی مرۆڤی بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتر بەیان کردوو شیعاری ئازادی وبرایەتی و دادوەری بەیان دەکرد .ئەم شۆڕشەش زۆرتر لایەنداری مرۆڤانەو کۆمەڵایەتیانەی پێشان دەدات.شۆڕشی ١٧٨٩زی شکڵی شۆڕشێکی گەلیانەی لەخۆگرتبوو بەکاریگەری وهاندانی بیری بۆرژوازیانەی بۆرژوازی.بەڵام ئەوەی ١٨٤٨زی ململانێیەکی چینایەتیانەی لەخۆگرتبوو.
بەڵام جیاواز لە شۆڕشەکانی تر، لەسەردەمی هاتنە ئارای سەرمایەداری شۆڕشێکی چینایەتی پرۆلیتاریای فەڕەنسی ساڵی ١٨٧١زی بوو، بەکۆمۆنەی پاریس ناسراوە ، تەمەنی لە نێوان ١٨ئازار بۆ ٢٨ئایار ی ١٨٧١زی درێژەی کێشا، یەکەم حکومەتی شۆڕشگێڕی چینی کرێکار بوو. لەوکاتەدا ئەم شۆڕشەش نەبووە گۆڕانکاری و گوێزانەوەی سیستەمی سەرمایەداری بۆ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم، ئەگەر ئەمەش بەهۆکاری کەمی تەمەنی و فرەیی لە ڕاوبۆچونی جیاوازی ناو کۆمۆنارەکان ، ولەلایەکی تریش گەمارۆو پیلان گێڕانی دەوڵەتانی ئەوروپا دژی کۆمۆنەی پاریس لەترسی لەدەستدانی دەسەڵاتی خۆیان،تەمەنێکی کورتی بەڕێکرد. بەڵام وەرچەرخانێکی گەورەی لەسەر ئاستی ئەوروپاو جیهان خوڵقاند، بووە هۆکاری ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا باشتر مامەڵە لەگەڵ کرێکاراندا بکەن لەڕووی ماف وکرێکانیانەوە.
شۆڕشی ئۆکیۆبەری ١٩١٧زی ڕوسیا ،ئەمیش بەیەکێک لەو شۆڕسانە هەژماردەکرێت،دوا سەنگەری دەرەبەگایەتی و کۆیلەی کشتوکاڵی لە ئەوروپادا تێکشکاند و لە جێگەی سیستەمی پاتریارکی وکشتوکاڵی ،سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی دامەزراند، ئابوریەکی پیشەسازی و کشتوکاڵی و سەربازی پێشکەوتووی خستە جێگەی ئابووری کشتووکاڵی وسیستەمی پاتریارکی ڕابردوو. ئەم شۆڕشە لەگەڵ ئەوەی بە شۆڕشی سۆسیالیستی ناویان دەبرد، بەڵام هیچ بنەمایەکی ئابووری کۆمەڵایەتی سۆسیالیستی پێوە دیارنەبوو ودانەمەزراند. دەسەڵاتی پاتریارکی کشتوکاڵی گۆڕی بۆ دەسەڵاتی گروپێکی حیزبی وسەربازی بەدسپلین و ڕێکخراو. هەرچیەک بوو بێت ، تەنها سۆسیالیزم نەبووە ،و ئابووری کۆمەڵایەتی و سیاسی دەوڵەت کەوتووەتە چنگی گروپێکی سیاسی و سەربازی حیزبیەوە.لەگەڵ ئەوەشدا ئەم شۆڕشە بە پاڵنەری ئەوەی شۆڕشێکی سۆسیالیستی بووە ،کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر شۆڕشەکانی ئەوروپا وئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئاسیاو ئەمریکای لاتیندا هەبووە ، لە بەشێکی بیرکردنەوەی سیاسی و دامەزراندنی سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی چین و کوبادا ڕەنگیداوەتەوە بەشێوەیەکی بەرچاو.
شۆڕشی ساڵی ١٩٥٤زی چین،گۆڕانی کۆمەڵگایەکی دابەشبووی چەند چین وتوێژێکی کۆمەڵایەتی وئابووری دواکەوتوو بووبوو.ئەوانەش خاوەندارانی زەوی وزار،و چینێکی کۆمپرادۆر لە دێهاتەکان کە وابەستەی سەرمایەی بێگانەی دەرەوەی ،و ووردەبۆرژوازی کە نوێنەرایەتی خاوەن زەوییە کشتوکاڵیەکان ،وپیشەسازییە دەستیەکان و توێژێکی بچوکی ڕۆشنبیرو خوێندەوارەکانی دەکرد ،ئەمەش توێژێکی گەورەی کۆمەڵگای پێکدەهانی . وە شەریحەیەکی تری کۆمەڵگای چین بریتی بوون لە چەشنەکانی پرۆلیتاریا، کە پێکدەهاتن لە زۆرینەیەکی جوتیارانی کشتوکاڵی خاوەنانی زەوییە بچوکەکان ،وجوتیارە هەژارەکان، وخاوەنانی پیشەسازی دەستی و،کرێکارانی شوێنە پیشەسازییەکان ،وفرۆشیارە گەڕۆکەکان. چینی پرۆلیتاری پیشەسازیش بەپێی کۆمەڵگای چین ژمارەکەیان کەمترە. شۆڕشی چین ئەم پەیوەندیە ئابووری کۆمەڵایەتی سیاسیەی گۆڕی بە کۆمەڵگایەک کە سەرچاوە ئابووریەکانی خستە دەستی دەوڵەتەوەو ، سەرکردەکانی دەوڵەتیش ،ئەوانەبوون کە ئەندامانی حیزبی شوعی چین بوون ،وەکو یەکێتی سۆڤیەت. هەروەها شۆڕشی ١٩٥٩زی کوباش ،وەکو چین پێکهاتەی کۆمەڵایەتیان بریتی بوون لە خاوەن زەویەکان ،و بۆرژوازی کۆمپرادۆری وابەستە بە سەرمایەی ئەمریکیەوە، ئەمانە دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو. شۆڕشی کوباش وەکو شۆڕشەکانی چین و ڕوسیا، نەیانتوانی کۆمەڵگایەکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێ چین وتوێژەکۆمەڵایەتیەکان دامەزرێنن. هەرسێ شۆڕشەکەو ئەوانەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، گۆڕانی سیستەمی کۆمەڵایەتی ئابووری سیاسی سەرمایەداری ،نەگۆڕی بە سیستەمێکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێ چین و چەوسانەوە. تەنها گۆڕینی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد بوو بە سەرمایەداری دەوڵەتی، شۆڕشی سۆسیالیستی نەبوو وەکو هەندێک لە بیریارانی بۆرژوازی ولیبراڵی بەیانیان دەکرد.
بەپێی بڕوای هەندێک لە نووسەرە بۆرژوازی و نیشتمانییەکان، کودەتاکانی کە ڕوویانداوە لە کیشوەرەکانی ئاسیاو ئەفریقیا دا ،بە شۆڕش ناویان بردوون. وەکو کودەتای ٢٣یولیو١٩٥٢زی میسر دژی پاشایەتی. هەروەها کودەتای ١٤تەموز١٩٥٨زی عێراق دژی پاشایەتی . وەکودەتای بەعسیەکانی سوریا لە ساڵی ١٩٦٣زی دژی دەرەبەگایەتی. هەروەها کودەتای ١٧-٣٠تەموزی ١٩٦٨زی بەعسیەکانی عێراق، دژی سیستەمی کۆماری عبدلڕەحمان عارف. هەموو ئەم کودەتایانەو ئەوانەشی کە ناومان نەبردوون، نەیان توانیووە سیستەمی کۆمەڵایەتی ئابووری بگۆڕن، بەسیستەمێکی بێ چین و چەوسانەوەو بێ کاری بەکرێ.لەسەردەمی سەرمایەداریدا شۆڕش کاتێک پایەو مانای دەبێت کە گۆڕانی بنەڕەتی بکات لە پێکهاتەی ئابووری کۆمەڵایەتی چینایەتی بە کۆمەڵگایەکی بێ چین و چەوسانەوە، بەداخەوە ئەمەش هەتا ئێستا ڕوینەداوە.
ناونانی جوڵانەوە و خۆپیشاندانەکانی باکوری کیشوەری ئەفریقا ، بەشۆڕشی بەهاری عەرەبی ، ناوو ناونیشانێکی هەڵەیە و ماکی گۆڕانی ڕیشەیی پەیوەندیەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی هەڵنەگرتبوو وە بەرجەستەی نەکرد لە کۆمەڵگاکانیاندا. بنەڕەتی ناوی بەهاری عەرەبی دەگەڕێتەوە و ئیلهامی لە شۆڕشەکانی بەهاری ١٨٤٨زی ئەوروپاوە وەرگرتبوو،یان پێیان بڕیبوو. ئەمانەش نەیان توانی سیستەمی سەرمایەداری بگۆڕن بە سیستەمێکی شایستە بەژیانێکی سەردەمیانەی ، بێ چەوسانەوەو کاری بەکرێ بۆ مرۆڤەکان. هەر جووڵانەوەیەک و خۆپیشاندانێک، گۆڕینی دەمووچاوو مانەوەی هەمان سیستەمی ڕابردوو لە خۆبگرێت،لە ئێستای سیستەمی سەرمایەداری، ماناو دەلالەتی ڕوودانی شۆڕش لەدەست دەدات.

خۆپشاندانەکانی ئێران لەبەر ڕۆشنایی شۆڕشەکانی ڕابردودا:
لە ڕوانگەی ئەو شۆڕشانەی لە ڕابردوودا ڕویانداوە، باسێکی کوورت لە ناوەڕۆکی جوڵانەوەو خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکەین. ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر جوڵانەوەکان و خۆپیشاندانەکانی ئێران و پلاتفۆڕمی (ژن- ژیان- ئازادی ) ، پەرچەمێکی ڕیفۆرمیستی و فمینیستانەی ناگشتگیرە، نەیتوانیووە دەربڕی ناوەڕۆکی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی گشتگیری هەمەلایەن بێت ولەخۆبگرێت ، هەرچەندە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران بەشداری تێدابکەن. هێزەکانی خەڵک لە دەرەوەو ناوەوەی ئێران ،هێشتا نازانن بەڕوونی چیان دەوێت و لەدواتردا چی دادەمەزرێنن، پەیوەندیە کۆمەڵایەتی وئابووریەکان چی بەسەردێنن. لەئێستای سەرمایەداریدا، هەر گۆڕانێک کە سیستەم لە بنەڕەتەوە هەڵنەتەکێنێت، و سیستەمێکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێچین دانەمەزرێت لە جێگایدا،ناچێتە خانەی شۆڕش و شۆڕشگێڕیەوە. لەخۆوە هەر جوڵانەوەیەک و خۆپیشاندانێک بە شۆڕش بزانرێت دەکەوینە هەڵەیەکی گەورەوە، هەروەکو ئەوەی بانگەوازدەکرێت بۆ پشتیوانی کردن ولەگەڵمان بن لەشۆڕشی ئێراندا، بڕواش بە ڕێکخراوی چینایەتی نەبێت ، بانێکە ودووهەوا. لەگەڵ بوون واتای ڕێکخراوبوونە ،کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی ئامانجێکدا . بیرکردنەوەو گرنگیدان بە کاری خودبەخود، هەمان ئەو بیرکردنەوەیە کە بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران بیردەکرێتەوە،هەمان بیرووبۆچونە کە هەیەجانی سۆزوعاتیفە ئەکاتە ئامانجی سەرکەوتنی شۆڕش ، هەمان بۆچوونی ئانارکیانەی باکۆنینیان هەیە. ئەمەش سەرکەوتنی شۆڕش بە خوا ئەسپێرێت. لەلایەکی تر کۆمەڵێک لە بێ ئامانجی و ناڕوونی خۆپیشاندانەکانی ئێران ، بەرگی کوردایەتی دەکات بەبەردا، لەبەرئەوەی ئاگری ئەو خۆپیشاندانانە، بە پریشکی گیان لەدەستدانی کچێکی کورد خۆش بوو.لەلایەکی تر کۆمەڵێک ئاڵای شاهنشاهی ڕابردووی ئێران بەرزەکەنەوە. ئەم ڕاکێشان ڕاکێشانە، بەڵگەی ئەوەیە کە یەکگرتوویەکی کۆمەڵایەتی چینایەتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگای ئێران بوونی نیە ،خۆپیشاندانەکان ئامانجی ڕوونی سەرتاسەری شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ئابوورییان نیە. ئەو بۆچوونەی کە لەپێشتردا بەیانمان کرد بۆ سەرکەوتنی شۆڕش گرنگی گەورەو گەرەنتی سەرکەوتن دەکات. لەبەر ئەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێران لاشەیەکی بێ سەرە ، لەهەرکاتێکدا بێت دەکەوێتە چاڵێکەوەو سەردەنێتەوە. لەبەرئەوە لەسەر کۆمۆنیستە زانستیەکان پێویستە پەرە نەدەن بەکاری خودبەخودیانە و داڵدەی سۆزدارییانەیان بۆ هیچ خۆپیشاندان و جوڵانەوەیەک بڕوای پێنەهێنن و نەبێت، هەرجوڵانەوەو خۆپیشاندانێک ئامانجدار بکەن بەئاڕاستەی هەڵوەشانەوەی سیستەمی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بێچین و چەوسانەوەی مرۆڤ لەبەرچاوبگرن ئامانجمان بێت .لاشەیەک چاوی نەبێت ومێشکی نەبێت ناتوانێت بەئاڕاستەی دروست ڕێبکات. مارکس دەڵێت،تێکۆشان دژی سەرمایەداری، بەشێوەیەکی سەردەمیانەو لە سنورێکی باڵاترداو بەبایەخێکی ترەوە، تێکۆشانی کرێکاری کرێگرتەیە دژی سیستەمی بۆرژوازی(سیستەمی سەرمایەداری لیبراڵی)،ئاوات وئارەزوی شۆڕشی سۆسیالیستی نوێ(زانستی) بریتیە لەسەرکەوتنی پرۆلیتاریا بەسەر بۆرژوازیدا.ڕێکخستنی کۆمەڵگایە بەشێوەیەک کە هەموو جیاوازیە چینایەتیەکان لەناوببات. وەکو ئەوانەی کە لە ڕابردوودا بە شۆڕش ناویان بردوو ئەوئەرکەشی جێبەجێنەکرد. ئەوەی ئێستا لە ئێران دەگوزەرێت ، خۆپیشاندەران هەڵگری شیعاری بۆرژوازین کە خۆی لە ناو (ژن – ژیان – ئازادی) مەڵاسداوە. ئازادی فۆڕمی بیرکردنەوەی شۆڕشی بۆرژوازی فەڕەنسی بوو، وە بیریارانی لیبراڵی دایان ڕشتووەو پێیدەناسرێتەوە، ئازادی لە لای لیبرالیزم ،هەڵسوکەوتی ئازادانەی مرۆڤە بە بەهاکانی بۆرژوازی و سەرمایەداریەوەو ، خۆی لەئازادی خاوەندارێتیدا دەبینێتەوە.
ئەو وتەیەی مارکس دەکەم بەکۆتا تێڕوانین لە بارەی شۆڕش لە سەردەمی سەرمایەداریدا،دەڵێت: کۆمۆنیزم لە هەموو بزووتنەوەکانی ڕابردوو هەتا ئێستا جیاوازترە، ئەوەیە کە هەموو پەیوەندیەکانی بەرهەم هێنان وهەڵسووکەوتەکانی ڕابردوو ژێرەوژوور دەکات، هەموو مەلوومەرجە مەرجدارە سروشتیەکانی ڕابردوو، کە بەرهەم هاتووی ڕابردووی مرۆڤن هەتائێستا،داماڵراوە لەشێوە سروشتیەکەی و خراوەتە ژێرچنگی دەسەڵاتداران، بەهوشیاریەوە چارەسەری دەکات.

نەجمەدین فارس حەسەن
١٩کانونی یەکەم٢٠٢٢

سەرچاوەکان:
١-افلاطون :جمهوریة،دار الوفاء لدنیا لطباعة والنشر.
٢-ارسطو :السیاسة ،منشورات الجمل.
٣-آنجلس: آلباکونینیة فی آلعمل،دار الفارابی.
٤-جون لوک:فی الحکم المدنی،اللجنة الدولیة لترجمة الروائع.
٥-حنە ارنیدت:رآی فی الثورات،الهیئة العامة لقصور الثقافة.
٦-عبدالرضا الطعان:مفهوم الثورة،دار المعرفة.
٧-مارکس،آنجلس: الایدیولوجیة الالمانیة،دار دمشق.
٨-مارکس:النظال الطبقی فی فرنسا من ١٨٤٨الی ١٨٥٠،دارالتقدم.
٩-مارکس: الحرب الاهلیة فی فرنسا، دارالتقدم.
١٠-الموسوعة السیاسیة، مفهوم الثورة،




گێژاوە و نەخۆشییەکانى نووسەرانى کورد.. ڕەسووڵ بەختیار

نووسەرانى کورد، بەدەست خۆیان نییە، خۆیان خستۆتە نێو گێژاوەیەک، ئەوان لەنووسینەکانیان فەرمان دەکەن، لەهەموو باەبەتێکدا وشەى ((دەبێ)) ((پێویستە)) بەکار دەهێنن، کەچى لەدواتردا دەنووسن، ئەمە تەنیا پێشنیارێکە، چەندین شیکارى سیاسى دەکەن، یەکێک دەبەنە لووتکە، ئەوى دیکە بەنزمى سەیر دەکەن، گرنگ ئەوەیە بنووسن، نووسینەکانیان ئامانجێکى کەسى و خودى بپێکێ، خۆیان وەک پاڵەوان دێتە پێشچاو، سەیرە پاڵەوانییەتییان تەنیا لەچەند مەترێکى دەوووبەریان تێناپەڕێ، ئەوە گە لەوەى کۆمەڵە هەرزە نووسەرى دیکە پەیدابوونە هەموو شتێک رەت دەکەنەوە، رێزیان لێ دەگیرێ، بەڵام خۆیان رێز لەخۆیان ناگرن، هەندێکیان هەن، لەهەموو کۆڕ و کۆبوونەوە قسان دەکەن بەبێ ئەوەى کتێبەکانیان خوێندبێتەوە، ئەوە وەک ئەو رۆژنامەنووسە هەرزانە وان بەبێ شتێک دەربارەى کێشەکان بزانن، بەخۆیان مایکەکانیان هەڵدەکەوتنە سەر کەسانى نێو رووداوەکان، لەنێوەندى کێشە ناخۆشەکان بەقوربانى دەلێن هەستت چۆنە، ئایا بیر لەوە ناکەیەوە تۆڵە بکەیتەوە، قوربانى هاندەدا تاوانێک بکات، دیارە ئەوانەش سەر بەقوتابخانەى ئەو نووسەرانەن دەبێ و پێویستە بەکاردەهێنن، زۆربەى نووسەرانى دوێنێ گفتوگۆیکى قووڵت لەگەڵدا سازدەکا، بەبۆچوونە تێکشکاوەکانى خۆى جەخت لەبەردەوامبوون دەکاتەوە، کەچى لەبنەڕەتدا تەنیا بەرگى دواوەى کتێبەکانى خۆێندۆتەوە، کە زۆر جاران تەنیا بۆ پێناسەى کتێبەکان دانراوە، کاتێکیش بۆچوونى خۆت دەڵێی گوێگرێکى باشن، کەچى لەنووسینێکدا بەناوى خۆى ئەو بابەتە بڵاودەکاتەوە، دەستى خۆشبێ هەرچى بۆچوونى جوانە گواستەوە.
پێشەکى هەر کتێبێکى نووسەرى کورد بخوێننەوە باس لەپێشکەوتن و گەشەسەندنى کۆمەڵگە دەکات، بێ ئەوەى بزانێ بنەماکانى پێشکەوتن و گەشەسەندن بەپێى شوێن و سەردەم چۆنە، چەند لاپەڕەیەک بەو باسە رەشدەکاتەوە، وەک ئەوەى ئەو لەگەڵ ئێمەدا نەبێ و لەفەزایەکى دیکەدا هاتبێ و دەیەوێ بەپێى داڕشتنە سەقەتەکانى کۆمەڵە پێش بخا، لەو لاوەش لەگفتوگۆ لابەلاکانى نێو یانە و چایخانەکان کەسانى دیکە بەنەزان سەیر دەکا، لەمێژوودا دەستێکى باڵاى هەیە، لەوەى کەسایەتییەکان بەگومڕا و ناپاک لەقەڵەم بدات، ئەگەر نووسەرەکەش ئینتماى بۆ حزبێک هەبێ، ئەوا لایەنگر و هەوادارانى حزبەکەى بەرامبەریان بەنەزان دەژمێرن.
سەیرە وەک ئەوەیە نووسەرانى کورد (لەم هەرێمە) کتێب نەخوێننەوە، وەک کەسانى ئاسایی تەنیا سەیرى تکتۆک و فەیسبووک بکەن، خۆشیان وەک قارەمەنێکى نێو ئەو دوو تۆڕە بزانن، بەئیمۆجی و دەستخۆشییەکانیان بەرامبەر هاوڕێ لەیەکچووەکانیان، وەک ئەوەى گوێ لەهیچ گۆرانییەک نەگرن دێن باس لەگەورەیى هونەرى بێگانە بکەن، کەچى کاتێک گوێ لەگۆرانییە دەگری، بە ژیرى دەستکرد دروستکراوە.
دەبێ و پێویستە بەشێوەیەک دونیا و مێشکى ئەوانى داگیرکردووە، دەیانەوێ دەستکارى هونەر و ئەدەبیاتى گەلانى دیکە بکەن، بەبێ ئەوەى زمانەکەیان بەتەواوى بزانن، ئەمجۆرە گێژاوەیە جگە لەنەخۆشى دەروونى هیچ شتێکى دیکەى پێ ناڵێن، چارەسەرىشى تەنیا بەخوداچوونەوەیە بە خویندنەوەى زیاتر، تا بزانن ئەوان لەچ گێژاوەیەک دان و دونیاش لەچ ئاستێکدا هەنگاو دەنێ، رەخنە لەئەفڵاتوون و هیگڵ و دانتى دەگرن، بەجۆرێک هەموو کتێبەکانیان خوێندبێتەوە، دواتر دەردەکەوێ، تەنیا چەند وتەیەکیان لەنێوەندى واڵى فەیسبووکى یەکێک لەهاوڕێیەکانیان بینووە، کەچى لەبنەڕەتدا کابراى نووسەرى فەیسبووکەوان وتە و قسەى خۆیەتى و بەناوى ئەفڵاتوون و تۆڵستۆ و حەمزاتۆف کردووە.
گێژاوەیەکى دیکە و نەخۆشییەکى دیکەى نووسەرانى کوردى (ئەم هەرێمە) بەهیچ شێوەیەک بەرامبەرەکانیان ناخوێننەوە، ئەوە جگە لەوەى لێرە و لەوێدا بەشێوەیەکى ناڕێک باسى لەبەرهەمى نووسەرەکانى دیکە دەکەن، وا دەزانێ ئەگەر ئەو شتێکى جوانى نووسی بێ، ئەوا ئەو نزم دەبێتەوە، لەکۆڕ و سمینارەکاندا زۆر بەجوانى دانیشتووە و خۆى وەک میوانى شەڕف دەبینێ، کەچى کە دێتە دووان، هیچ رۆشنبیرییەک لەوتەکانى نابیندرێ، بەشێوەیەک ئەو جلوبەرگەى لەبەریدایە لێى خەسارە، ئەوە جگە لەوەى نووسەرانى کورد لەوڵاتانى ئەورووپا و دەرەوەدا بەجۆرێکى دیکە سەیر دەکەن، بەو بیانووەى نووسەرانى نێو هەرێم نەگەڕاون و دونیایان نەبینووە، کەچى کاتێک خۆى دێتە دووان، هیچ رۆشنبیرى و کلتوورێکى جوانى ئەو ئەورووپایە لێى نابیندرێ. بۆیە چارەسەرى ئەم نەخۆشییە تەنیا بەتێڕوانین و خوێندنەوەى کتێب و گەڕان و سوڕان بەنێو ئاستى پێشکەتووى ئەدەبیانى گەلانى دیکە چاسەر دەبێ، ئەو کات بێ باس لەپێشکەوتنى کۆمەڵگە بکاتـ.




ئیڤۆلیوشنی کتێب.. نەوزاد بەندی

هەڵبەت جاران ، واتا پەنجا شەست ساڵ پێش ئێستا، خەڵک لە مەرکانەدا ئاوی ئەخواردەوە، لە زۆربەی ماڵ و بەردەم مزگەوت و شوێنە گشتییەکاندا مەرکانەیەک دانرا بوو ، جامێکی فافۆنی بە لاستیکێکی تا ڕادەیەک درێژەوە بەستراوی لەسەر دانرا بوو ، هەتا ئاوی پێ بخۆنەوە .. دوای ئەوە تەرمۆزەی ئاو پەیدا بوو ، مەرکانە نەما ، ئینجا بە تێپەڕ بوونی ساڵان، ساردکەرەوەی ئاو هاتە ناو ناوانەوە، ئەمڕۆ خەڵک ئاوی فلتەر و دەبەی ئاوی سەرمۆر ئەخۆنەوە، ئەمە ئیڤیۆلیوشنی ئاوخواردنەوەیە، واتا پێشکەوتنی هۆکارەکانی ئاو خواردنەوە ، ناکرێ بڵێین لەبەرئەوەی مەرکانە نەماوە، ئیتر‌ خەڵک ئاو ناخۆنەوە، یان مادام تەرمۆزەی ئاو کەم بۆتەوە، کەواتە مرۆڤەکان تینوویانە و پێویستە بە زووترین کات کارخانەکان تەرمۆزە دروست بکەنەوە.
کارەبایش بە هەمان شێوە، قوتیلەی ڕۆن، قوتیلەی نەوت، چرای نەوت، لۆکز، گڵۆپی سەدیی زەرد، نیۆن، لید.. ئەمانە کۆمەڵێ قۆناغی پێشکەوتنی ڕوناککەرەوەن لە مرۆڤایەتیدا، شتێکی نائاساییە خەم دامانبگرێ لەوەی خەڵکەکە وازیان لە قوتیلە هێناوە ، ناتوانین بڵێین ئەو خەڵکە چۆن لە تاریکیدا ئەژین لە کاتێکدا لۆکزی غاز و نەوت به تەواوەتیی پشتگوێخراون.
بە هەمان شێوە زۆرینەی ڕۆشنبیران ئێستا، ڕەخنە لە خەڵک ئەگرن کە بۆچی بڵاوکراوەی کاغەز ناخوێننەوە، بۆچی ماڵەکان کتێبخانەیان تێدا کەمبۆتەوە؟ بۆچی ڕۆشنبیران لە بازاڕەکاندا کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاریان بە دەستەوە نییە؟ ئەم دۆخە بۆ ئەوە ئەگەڕێننەوە کە کۆمەڵگا بە لاڕێدا براوە و ڕۆشنبیریی پوکاوەتەوە و کتێب کارکەنار کراوە. ئەیگەڕێننەوە بۆ ئەوەی میللەت گەمژە بووە و سەرقاڵی غەریزە جەستەییەکانێتی، هەندێکی تریان دۆخەکە بۆ دەسەڵاتداران ئەگەڕێننەوە کە بەهایان لە کتێب و ڕۆشنبیریی سەندۆتەوە و کاریان بە خەڵکی جاهیل و نەخوێندەوار ئەڕوات، ئەڵێن بۆیە کتێبی کاغەز‌ پەراوێز کەوتووە، چونکە دەفتەرە دۆلار جێگای گرتۆتەوە و دەسەڵاتداران بانگەشە بۆ نەخوێندەواریی و گەمژەیی دەکەن، بەڵام ئەوە باس ناکەن پێش دوو سەد ساڵ ڕۆمانێک دوو سێ هەزار لاپەڕە بوو، دوایی ئەوە ڕۆمانی نوێ بە دوو سەد لاپەڕەدا ئەنوسرا ، بۆ نمونە ڕۆمانی پیرەمێرد و زەریای ئێرنست هێمنگوای ناگاتە دووسەد لاپەڕە لە شەستەکانی سەدەی ڕابوردوودا خەڵاتی نۆبڵی بردەوە، لە کاتێکدا ڕۆماننوسە کۆنەکانی وەک مارسیل برۆست و هێرمان مەلڤیل و تۆڵستۆی ڕۆمانێکیان بە چەند هەزار لاپەڕە ئەنوسی ، ئێ هۆکارەکەی ئیڤۆلیوشن بوو له ووردەکاریی زۆر بۆ چڕبوونەوەی کورت. جاران لە کوردستانی باشوردا یەک زانکۆ هەبوو، ئێستا سەدان زانکۆ و پەیمانگای میریی و پریڤەیت هەیە، جاران لە هەموو کوردستاندا یەک کەناڵیی تەلەفزیۆنی تایبەت بە سەرۆکی فەرماندە و چەند پەخشێکی ڕادیۆیی و چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک هەبوون کە زیاتر باسی سەرۆکی فەرماندەیان ئەکرد، ئێستا هەزارەها کەناڵی بینراو و بیستراو و نوسراو و پێگەی هونەریی و کولتووری و ڕۆشنبیریی ئەنتەرنێت هەیە، ئێ ئەمە ئیڤۆلیوشنە، پێویست ناکا بە شتێکی نامۆ تەماشای بکەین.
لە ڕاستیدا وەک چۆن ئاو لە مەرکانەوە ئیڤۆلیوشنی کرد بۆ پەرداخی سەرمۆر و فلتەری تایبەت، بە هەمان شێوە بڵاوکراوەی سەرکاغەز، ئیڤۆلیوشنی کرد بۆ سکرینی کۆمپیوتەر و پاد و مۆبایلی زیرەک، من سەدان قەڵەمی تایبەتم هەبوو، ئێستا هەموویان لە کار کەوتوون، چونکە قەڵەم ئیڤۆلیوشنی کرد بۆ کیبۆرد، ناکرێ مادام من بە قەڵەم نانووسم، بە خۆم بڵێم نەخوێندەوار، ناکرێ لەبەرئەوەی من کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاری کاغەز ناکڕم، گومان لە ڕۆشنبیریم بکرێ، چونکە من ئەمڕۆ لە ڕێی کەناڵەکانی یوتیوبەوە گوێ لە کتێب ئەگرم کە بە زمانێکی پاراو و خێرا بۆم ئەخوێنێتەوە، تەنانەت لە گەشته دوورەکانمدا ڕەنگە بڵێم گوێ لە چەند کتێبێک بگرم لە کاتێکدا پێش‌چل ساڵ لەو ماوەیەدا پەنجا لاپەڕەی کاغەزم بۆ نەدەخوێنرایەوە.ئەو ڕۆمانانەی جاران لەبەردەم عەلادینە نەوتەکەدا بە چەندەها شەو دانەیەکیانم بۆ تەواو ئەکرا، ئەمڕۆ لە ڕێی کەناڵەکانی سینەماوە، بە بەرزترین کولێتی 4k و 8k لە چەند سەعاتێکدا تەماشایان ئەکەم.
40ساڵ پێش ئێستا، کاتێ خەڵکەکە سەرقاڵی کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاری کاغەز بوون، خەڵک لە کامێرا و سەر ستەیج ئەترسان، ڕەنگیان سوور ئەبۆوە و دەمیان تەتەڵەی ئەکرد و هەناسەیان سوار ئەبوو، یان ڕایاندەکرد وەک لە دڕندەیەک ڕابکەن، بەڵام ئەمڕۆ گەنجێک، مناڵێک، پیرێک لەبەردەم کامێرا و مایکی کەناڵەکاندا ئامادەیە وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە و ڕای خۆی دەردەبڕێ و ڕەخنەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دەگرێت، لە دۆزەکاندا قسەی هەیە.
کەواتە هەڵەیەکی کوشندە ئەکەین کە ئیڤۆلیوشنی کاغەز بۆ کیبۆرد، کۆبوونەوەی کۆڕ و بۆنە ئەدەبییەکان، بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێگە ئەلیکترۆنییەکان، بە زەبری کاریگەر له ڕۆشنبیریی پێناسه بکەین. کەوتووینەتە کۆنەپەرستیی و نوستالیژیاوە ئەگەر ڕقمان لە کیبۆرد بێت و گۆرانیی بۆ کاغەز بڵێین، چونکە وەک چۆن عەرەبانەی تریشقە و دوو ئەسپیی ئیڤۆلیوشنیان کرد بۆ ئوتومبیلی کارەبایی ، بە هەمان شێوەیش قەڵەمی پارکەر و شیڤەر ئیڤۆلیوشنیان کرد بۆ کیبۆردی ئایفۆن و سامسۆنگ.
پێم سەیرە ڕۆشنبیرێک بڵێت ئێوە کتێبی کاغەزتان بەدەستەوە نییە، کەواتە ئێوە نەخوێندەوار و بەربادن، بڵێ مادام کتێبە کاغەزەکان تۆزیان لێ نیشتووە و فرۆشگاکانی کتێب دایدەخەن و لە جێیاندا فرۆشگای مۆبایل و کۆمپیوتەر دەکرێنەوە، کەواتە میللەت ڕێگای نەزانیی و گەمژەیی هەڵبژاردووە!! به پێچەوانەوە ئەو ئاوە پاکەی ئێستا ئەخورێتەوە زۆر لەو ئاوە بۆنخنکاوە قەوزەگرتووەی مەرکانەی جاران، پاکتر و سازگارتر و تەندروستترە، ئەمڕۆ خەڵک تێکڕایان ڕۆژانە دەیان لاپەڕه لەسەر ئەنتەرنێت ئەخوێننەوە، لە کاتێکدا جاران خوێندەواریی و ڕۆشنبیریی تایبەت بوو بە چینێک کە لە زانکۆوە دەستی پێدەکرد و ..لە دوای زانکۆ زۆرینەیان وازیان لە خوێندنەوە ئەهێنا و ئەیانووت ئیتر نۆرەی ژیانی کردارییە، واتا خوێندنەوە لەو سەردەمەدا، جۆرێ بوو لە ڕۆمانسیەت و خەون و خەیاڵ، وەک چۆن لە ئەوروپای کۆندا خوێندنەوەی ڕۆمان و شانۆ، زیاتر هی چینی بۆرژوا و نۆبڵمان و وەجاخزادەکان بوو.
بەڵام ئەمڕۆ لە مامۆستایەکی مزگەوت، هەتا فرۆشگایەکی دەستگێڕ، تا نەخۆشێکی ناو قاوشەکانی خەستەخانە و باخەوانێک، ڕۆژانە لەسەر هێڵی ئەنتەرنێت بابەت ئەخوێننەوە و کومێنت ئەنووسن و ڕەخنە ئەگرن و باری سەرنجی خۆیان دەردەخەن.
هەندێک بە حەق و ناحەق کتێبی کاغەز ئەکڕن ( کە خۆم یەکێکم لەوانە ) ماڵەکە بووە بە ژێر کتێبی کاغەزەوە، له کاتێکدا هێندەی لەو کتێبانەدا خوێندوومەتەوە، هەزاران هێندەم لە مۆبایلەکەمدا خوێندۆتەوە و نوسیوە.بە جۆرێک لە زۆرینەی ووڵاتاندا لە ڕێگای مۆبایل و کیبۆردەوە، شۆڕش بەرپا بووە، هەر لە ڕێی نوسینی ئەلیکترۆنییەوە، ئەمڕۆ گەندەڵکاران لە هەموو دنیادا دەدرێنە دادگا، لەوەیش زیاتر لە هەموو دنیادا، دیکتاتۆرەکان ڕیسوا و مەحکوم دەکرێن و لە هەر کوێ دەربکەون، بەر تووڕەیی و ڕق و گاڵتەجاڕیی و فیکەکێشانی خەڵکەکە ئەکەون، بە جۆرێک لەو کاتەوەی قەڵەم بووە بە کیبۆرد و کاغەز بووە بە سکرین، دەسەڵاتدارە گەندەڵ و مافیاکان بە دەگمەن دەردەکەون، زاریان چووەتە کلیلە و لە دەست ڕۆژنامەنووسان هەڵدێن و بە دزییەوە گەشت ئەکەن و هیچ کەسێ نازانێ لە کوێ ئەحەوێنەوە و ئەخەون،ووتەیەک بدەن هەزاران کۆمێنتی ڕەق و زبر دێن به گژیاندا، ئەمانە هەمووی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ هەموو کەسێ کەم و زۆر ئەخوێنێتەوە و ئەنوسێت و ڕەخنە ئەگرێت، به ئاگاداریی خۆی یان بە بێ ئاگاداریی خۆی، بووەتە ڕۆشنبیر.
به ڕاستی من پێکەنینم بە ڕۆشنبیرێک دێت بڵێت: ( من فەیسبوکم نییە، من ناچمە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، تۆڕی کۆمەڵایەتیی بووە بە جێگای جنێو و هەڕەشە و تێکچوونی خێزان، ئەنتەرنێت تەنها پارە و کاتی مرۆڤ ئەبات، بەها مرۆڤایەتییەکان و ڕێز و ئاستی خوێندەواریی بووە بە قۆچی قوربانیی ئەنتەرنێت و مۆبایلی زیرەک ، ….. هتد )
لە کاتێکدا بێ ئاگایە یان خۆی لەوە نەبان دەکات کە لە هەموو سەردەمێکدا نووسەر و خوێنەری جنێوفرۆش و خۆفرۆش و خاکفرۆش هەبووە، ئێ ئەمڕۆ ئیڤۆلیوشنی ڕاگەیاندن وایکردووە هەموو کەسێ ئاگای لە هەجوەکانی شێخ ڕەزا و شوکری فەزڵی بێ، بە هەمان شێوە ئەو جنێوانەی کە جاران لە ماڵ و کۆڵانەکاندا بەرگوێمان ئەکەوتن، ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرچاومان ئەکەون، واتا تاوانەکە تاوانی ئەنتەرنێت و مۆبایلی زیرەک نییە، بەڵکو تاوانەکە هەر بووە، بەڵام ئەمڕۆ ئیڤۆلیوشنی ڕاگەیاندن وایکردووە هەمووان ئاگایان لە ئاکار و ڕەفتار و گوفتاری یەکتر بێ، لە هەمان کاتدا گەڕان بە دوای دەرمانێکدا لە گوگڵدا، یان چۆنێتی بەکارهێنانی ئامێرێک، سیمفۆنییایەکی بیتهۆڤن و مۆزارت، تابلۆیەکی پیکاسۆ و سیزان، فیلمێکی شین کۆنری، ووتەیەکی سپێنۆزا، لێکدانەوەی فەرموودەی پێغەمبەران، مەزهەبەکان، کتێبه ئاسمانییەکان، ….دەریایەک زانیاریی کە تێکڕای کۆمەڵگا لە منداڵێکەوە هەتا پیرەمێردێک ئەیخوێننەوە و تاوتوی ئەکەن و ئاڵوگۆڕی دەکەن لە نێوان خۆیاندا، ئەوە خۆی لە خۆیدا گەورەترین کتێبخانەیە بە خۆڕایی و بە خێرایی گەشە بە زانیاریی و بیر و هزری تێکڕای مرۆڤەکان دەدات، هەر کەسێک بە پێی حەز و تایبەتمەندیی خۆی، ئەوەیش ئەو ئیڤۆلیوشنە سەرتاسەرییەی قەڵەم و کاغەزە، کە لە ئاستێکدا ناوەستێ و پاشان داهێنان و ئیڤۆلیوشنی تریشیان تێدا ڕوو دەدات، بەڵام پڕنسیپە سەرەکییەکان هەر هەمان پڕنسیپن: پەخشی ڕۆشنبیریی و زانیاریین، تەنها تەکنیکەکانیان گۆڕاون .




کتێب\ کۆمەڵە شیعری جیهانی.. وەرگێڕانی سەلام عەبدوڵڵا

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




لە یادی 37 ساڵەی تاوانی ئەنفال.. كوردۆساید ۆچ-چاك كوردستان

37 ساڵ لەمەوپێش، رژێمی بەعس یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی سەدەی بیستەمی لە ئاستی جیهان بەرامبەر بە گەلی كورد ئەنجامدا بەناوی ئەنفال، بەعس لە ماوەی 8 ساڵدا 4 تاوانی جینۆسایدی بەرامبەر بە گەلەكەمان پیادە كرد” كۆمەڵكوژی فەیلی، جینۆسایدی بارزانی، كیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆسایدی ئەنفال”، ئەنفال گەورەترین و بەرفراوانترین پرۆسەیان بوو.، لە دوای كۆمەڵكوژی رواندا گەورەترین بوو لە جیهان لە دوای جەنگی جیهانی دووەم
بە داخەوە ساڵ لە دوای ساڵ داواكارییەكانمان دووبارە دەبنەوە، وەعدو بەڵێنەكان دەسەلات ئەنجامیان نابێت، حكومەتی كوردستان كە بەرهەمی قوربانی و خەباتی ئێمە بوو، كەچی بووە حكومەتی لایەنگری تاوانبارانی جینۆساید، بۆ ئەمساڵ لیستی داواكارییەكانمان كەم دەكەینەوە بۆ :
1- دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال، كە لە رێكەوتی 20-5-2007 ەوە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی بەشێكیان دەرچووە لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە، داواكارین ناوەكانیان بدرێتە پۆلیستی ئەنتەرپول و دامودەزگاكانی كوردستان وەك تاوانبار بیان ناسن و حیزبەكان بە تایبەت دەسەڵاتداران لە ریزەكانیان دەریان بكەن و ئەستۆ پاكی خۆیان دەرببڕن لە بوونی تاوانبارانی جینۆساید لە ریزەكانیان.
2- هێنانەوەی روفاتی قوربانیان و ئەنجامدانی پرۆسەكانی شیكاری لە زووترین كاتدا بۆ ناسینەوەیان.
3- حكومەتی عێراق داوای لێبوردن لە قوربانیانی جینۆساید بكات، ئەمەش ئەركی سەرۆك كۆماری عێراقە، بە داخەوە پۆستەكە بە دەست كوردەوەیە.
4- هەموو لیستەكانی موچەی “شەهیدان، جینۆساید، بریندارانی چەكی كیمیاوی، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگەی دێرین” بڵاو بكرێنەوەو لە بوونی گەندەڵی و ناوی تاوانباران پاك بكرێنەوە.
5- سەربازگەی تۆپزاوا لە فەوتان و لە ناوچوون رزگاربكرێت و بەپەلە بكرێت بە مۆنۆمێنتێكی شایستە بە قوربانیانی ئەنفال، چونكە سەربازگەی تۆپزاوە بە هاوشێوەی سەربازگەی ئۆشفیتزی هۆڵۆكۆست، هەڵگری دەیان پەیام و چیرۆكی قوربانیانی ئەنفالە.
6- وەڵام بە داواكاری كەسوكاری قوربانیان بدرێتەوە، جیاوازی لە نێوانیان نەكرێت، ئەوانەی خانوو و زەویان بۆ دابین نەكراوە بۆیان دابین بكرێت، ژیانی شایستە بۆ تاقانەكانی جینۆساید، رزگاربووانی گۆڕی بە كۆمەڵ، رزگاربووانی ئەنفال، بریندارەكان و ….. دابین بكرێت.
7- داواكارین لە بەرپرسان، بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی ئەنفال هەموو دانیشتن و وێنە گرتن و سەردانیكردن و بەشداریكردنێكی پرسەی 423 تۆمەتباری ئەنفال و ئەوانەی ناویان لە لیستەكەدا نییە رابگرن بە تایبەتیش 258 كەسەی هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن، جوڵەی سیاسییان رابگرن، رێز لە 182000 قوربانی ئەنفالمان بگرن .
8- هەر بەشدارییەكی سیاسی لە سەرۆك فەوجە جاشەكان، سەرۆك مەفرەزە خاسەكان، ئامر سرییەكان، رەفیق حیزبییەكان، ئەمن و ئیستخبارات و تەواری رژێمی پێشوو قەدەغە بكرێت.
9- لێكۆڵینەوە بكرێت لە هۆكاری وێرانكردنی سەربازگەی دووبز دوا مەنزڵگای هەزاران ژن و منداڵی ئەنفالكراو و نەپاراستنی.

رێكخراوەكان:
رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- kwg
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
-رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی-www
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
-گۆڤاری تۆبزاوە
-رۆژنامەی نگرە سەلمان

  • رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
    -كوردۆساید ۆچ-چاك كوردستان