نێرینەیی لە کۆمەڵگای کوردیدا.. نووسینی: بەکر ئەحمەد

پێشەکییەکی کورت:
ئەم نووسینەی بەردەستتان، وەلامدانەوەی منە بۆ رۆژنامەی “ڕەوت” لە بەرانبەر ئەو پرسیارەدا کە بۆ منییان ناردبوو کە تەوەرێکی تایبەت بوو لەسەر: ” ئایا ئەدەبی کوردی توانیویەتی هەژموونی زمانی نێرسالاری لە نووسینی دەق تێپەڕێنێت؟هۆکارە بنەرەتییەکانی هەمژموونی زمانی نێرسالاری لە ئەدەبی کوردیدا چین؟ بە بروای تۆ چی بکرێت بۆ ئەوەی دەسەلاتی هەژموونی ئەو زمانە تێکبشکێنرێت؟

بە بروای من وەلامی ئەم پرسیارە هەروا سانا نییە. خودی زمان کایەیەکی فراوانە کە تیایدا وشە، دەستەواژە و ئاماژەکان ڕەنگڕێژدەکرێن بەو بەها و پێوەرە کولتوری و ئایدیۆلۆژیانەی زمان خۆی تیا دەبینێتەوە.
لە زمانی چینۆکدا، یەکێک لە زمانەکانی باکوری خۆرئاوای باکوری ئەمریکادا دەربڕینێکی لە چەشنی
“ئەو پیاوە هارە، مناڵە فەقیرەکەی کوشت.”، دەبێتە : ” هارێتی پیاوەکە فەقیری مناڵەی کوشت”. لێرەدا وشەی فەقیر ئاماژە نییە بە دۆخێکی ئابووری کە نەبوونی ئیمکاناتە مادیی و مەعنەوییەکان دروستی دەکات. بەڵکو فەقیری بەمانای ئەو دەربڕینەی کە لە زمانی کوردیدا بۆ وەسفکردنی کەسێک کە سالارە و بێدەنگە و تەواو بارگاوییە بە هەموو مانا پۆزەتیڤەکان. “بە ڕاستی باوکی فڵانە کەس پیاوێکی فەقیرە.” ئەوەی کە وشەگەلێکی وەک ” هار، هارێتی، فەقیر و فەقیری” ماناو دەلالاتی جیاواز لەم دوو دەستەواژەیەدا دەداتەدەست، لە جیاوازبوونی ماناکانی هارو هارێتی، فەقیر و فەقیریدا نییە لە پلەی یەکەمدا، بەڵکو لە بەکارهێنانی کۆمەلایەتی ئەو وشانەدا هەیە لە ناو کەش و هەوای ئەو کولتورە جیاوازانەدا کە بەهای کۆمەڵایەتی جیاواز لەسەر هار، هارێتی، فەقیر و فەقیریدا دادەنێت. بەڵام ئەم نێرسالارییەی کە لە زمانی کوردیدا باسیلێدەکرێت، کەمتر تیشکی خراوەتەسەر و زیاتر سیمای پیاوێکی دڕندەی هەیە وەک لەوەی سیستەمێک بێت کە مێیتی و نێریتی لەناو تۆڕێکی بەرینی کۆمەلایەتیدا بەرهەمدەهێنێتەوە. بۆیە وەلامی من بەرلەوەی لە زمانەوە دەستپێبکات، ناچارم دەکات لە خودی نێرسالارییەوە دەستپێبکەم و دواتر بگەڕێمەوە ناو کایەکانی دیکەی ئەدەب، هونەر، ریکلام و گۆرانی.
بەڵام هەرچۆنێک بمەوێ دەستپێبکەم، ناتوانم “کتێبی ملوانکە”ی شیرکۆ بێکەس فەرامۆش بکەم کە ڕێنیشاندەرێکی گەورەی ئەم باسەیە لە کۆنتێکستە کوردییەکەیدا.

کتێبی ملوانکە، پرۆژەیەکی کامڵی شاعیرێکە کە دەیەوێ پرسی یەکسانی لە پرۆژەیەکی سەرتاپاگیردا و لە نیشتیمانێکی دروستکراوی دیکەدا بسازێنێتەوە کە سنووری نیوان ڕەگەزەکان جێگایەکی ئەوتۆ لە ژیانی رۆژانەیادا داگیرنەکات و ئینسانبوون پێوەرو شوناسی ئەوان بێت ، نەک نێر یاخود مێ بوون.
ئەگەر شێرکۆ لە قەسیدەی “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” بە شوێن نیشتیمانێکی ترەوەیە بۆ ژیانی ئینسانەکان کە دوورە لە پێناسە ناسیونالیستییەکان ، ئەوا لە “کتێبی ملوانکە”دا، کچەکانی نیشتیمان دەخاتەوە ئەو شوێنەی کە نیشتیمانی تازە دەخوازێ چۆن بن. شێرکۆ بەم هەنگاوەی گورزێکی کوشندە لەو درۆ گەورەیە دەدات کە لەناو بزووتنەوە ناسیونالیستییەکانی دنیادا رەواجیپێدەدرێ کە گوایە: تا نیشتیمان ڕزگار نەبێت، رزگارکردنی ژنان مەحاڵە. کتێبی ملوانکە چەند ساڵێک بەر لە نووسینی “ئێستا کچێک نیشتیمانمە” نووسراوە و پەیامی دێر بە دێری حەکایەتی ملوانکەکان هیچ شتێک نییە جگە لە دەستکاریکردنێکی رادیکالانەی شیعری بۆ پەیوەندی نیوان یەکسانی و رزگاری ژنان لەگەڵ رزگارکردنی نیشتیماندا.
سەیرێکی ئەم نەخشە رەنگڕێژکراوەی شیرکۆ بکەن بۆ خوێندنەوەی ئەو سیستەمی جەندەرەی لە کوردستاندا کاردەکات.

“لێرە. لێرە. لێرە، شت ومەک بێ و کەل و پەل بێ و هەرچییەک بێ کە بینیمن من دەزانم نێرن یان مێ: دیوار نێرە، شەقام نێرە، درەخت مێیە و کۆلانی تەنگ و باریکیش زۆربەیان مێ. بەهار و هاوین نیرینەن. پاییز و زستان میینەن. رۆژ نێرە و شەو مێ. ئاگر نێرە و خۆلەمێش مێ. نهۆمەکانی سەرەوە نێر و ژێرزەمینیش زۆربەیان مێ. شاخ نیرە و دۆلەکان مێ. لێرە. لێرە. لێرە: ئاو مییە و بەربەست نێرە. هەڵم مییە. ماسی مێیە و چەشەیش نێرە. باران مێیە. باخچەکان مێن. سپی مێیە و سووریش نێرە. سروودەکان هەموو نێر و بەستەکانیش زۆربەیان مێ. دوولەسەر سێی ئازارەکان مێینەن و حەرام مێیە و حەڵالیش نێر. بەشی زۆری سێبەرەکان میینەن و بەشی زۆری فەرمانەکان نێر. خودا نێرە و عەرشەکەی مێ. هەموو مافوورەکان مێن و هەموو کورسییەکان نێر.هەموو تەنافەکان مێن و هەموو گیرەکان نێر. بەفر مێیە و ڕەشەبا نێر. دووکەڵکێشەکان زۆربەیان مێن و نێڵەنێڵی ئاگری توونییش زۆربەیان نێر. جگەرە نێرە و تەپلەکی جگەرە مێ. لێرە. لێرە. لێرە، بەرگی پێشەوەی هەموو کتێبەکان نێرن و بەرگی دواوەیش مێ. گڵۆپی ترافیکەکان هەموویان نێرن و خەتی پەڕینەوەی سەر شەقامەکانیش هەمووین مێن.
وشە مێیەو تەباشیر مێیەو لاستیکی خەتکوژانەوە و تەختەسڕ نێر. لێرە هەموو مەتنەکان نێرن و هەموو پەراوێزەکان مێ.تەلەفیزیۆن نێرە و مێزەکەی ژیریشی مێ. لێفە نێرە و دۆشەک مێ. پەنجەرەکان مێن و پەردەکانیان نێر. هەموو ماشێنەکان نێرن و هەموو پارکەکان مێ. چادرەکان نێرن و پەردە و کولەکان مێ. تابلۆکان مێن و چوارچێوەکان نێر. دەسکەوان دەسکەکەی نێرە و خۆیشی مێ. دەرزی نێرە و دەزوو مێ. شیعر مێیە و سانسۆر نێرە. گێژاو نێرە و بواری هێوریش مێ. لافاو نێرە و داروپەردووی سەرئاوکەوتوویش مێ. بوومەلەرزە نێرە و وێرانەیش مێ. بزە مێیە و مۆڕەیش نێرە. لێرە. لێرە. لێرە: ژیان نێرە و مردن مێ. “
بە بروای من، شیرکۆ بێکەس لەم ئاماژە درێژەی مندا، بەشوێن ڕیزکردنی نێرو مێ بوونی شتەکانەوە نییە کە لە زمانەکانی دیکەی دنیادا بوونی هەیە، بەلکو نەخشەیەکی جەندەرییش دەکیشیت بۆ نێرێتی و مێیتیەک لە کۆمەلگای کوردستاندا کە دەکرێ لە زۆر جومگەکانیدا، لەناو نەخشە جەندەرییەکانی دیکەی دنیادا تەواو پێچەوانەیەی ئەو مانایانە بێت کە لای ئێمە هەیە.
لەسەر ئەم نەخشە جەندەرییەی شێرکۆوەیە، دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ئەو نێرسالارییەی کە بڕیارە تەوەری وەلامەکانی من بێت. بەڵام بەر لە بەکارهێنانی دەستەواژەی نێرسالاری، پێویستمە سەرنجێک لەو مۆدێلی نێرینەیی یان پیاوێتیە بدەم کە لە کوردستاندا ئامادەیی هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش، تێگەیشتن لە چەمکی نێرینەیی “کۆنێل”، کۆمەکێکی زیاتر دەکات بە تێگەیشتن لەم چەمکی نێرسالارییەی کە لە زۆر شوێندا بەکاردەهێنرێت، بێ ئەوەی سیماکانی دیاربن. پرسیارێک کە تا ئێستا، لە زمانی کوردیدا لەسەرڕاوەستانێکی قووڵی بۆ نەکراوە. بۆ ئەم مەبەستە، لێکۆڵینەوەکانی سۆسیۆلۆگی ئوستراڵی Raywen Conell و شیکردنەوەکانی ئەو لەسەر چەمکی جۆرەکانی نێرینەیی یان پیاوێتی لە کۆمەلگادا، ناکرێ سەرەتای دەستپێکی باسەکە نەبێت.
ئەم جۆرە لە لێکۆڵینەوە، بە لێکۆڵینەوەکان لەسەر پیاو ناسراوە و لە ناو زانستەکانی فێمێنیزمدا جێگای تایبەتی هەیە لە پەیوەند بە پرسیارەکانی یەکسانیدا. ئاخر قسەیەک هەیە دەلێ: فێمێنیزم هێندە لە ژن ورددەبێتەوە تا وای لێدێ پیاو نەبێنێت. لێکۆڵینەوەکان لە پیاو، کۆششێکە بۆ فراوانکردنەوەی تێگەیشتن لە پرسیارەکانی یەکسانی.
ئەم پەتای نەبینینی پیاوە هەر بزووتنەوە یەکسانیخوازەکانی ئەوروپای نەگرتبووەوە، بەلکو لە کوردستانی عێراقدا کە ژنکوژی لە نەوەدەکانەوە بە جینۆسایدێکی رەگەزیی نزیکدەبێتەوە، نێرینەیی ئینسانی کورد ناخاتەتە ناو هاوکیشەکانی یەکسانییەوە و هیچ خوێندنەوەیەک بۆ تایبەتمەندییەکانی ئەم نێرە ژنکوژە ناکات و وەلامی ئەو پرسیارە نادرێتەوە کە نێرینەیی لە کۆمەلگای کوردستان چۆن دروستکرواوە و چۆنیش بەرهەمدەهێنرێتەوە. بۆیەش لەم دۆزەخەدا کە پیاو بۆ ژنانی دروستکردووە، پیاو لە ئەدەبیات و لێکۆڵینەوەی یەکسانیخوازیدا، بە تەواوەتی ونە.
بێگوومان پرسیاری من لەسەر تاوانبارکردنی پیاو نییە وەک کەسێک و دانانی نێرینەیی پیاوی کورد نییە لە قەفەسی تاوانباریدا، بەڵکو ئەم جۆرە لە نێرینەیی، زادەی ڕژێمێکی جەندەری کۆمەلگای کوردییە کە لە ناو دامەزراوە و سترەکچەرە بەناو یەکسانەکانیشدا توانای دووبارە بەرهەمهێنانەوەی خۆی هەیە و بە جیا لەم روخسارە ژنکوژەی ، خاوەنی دەیەها دەمووچاوی دیکەیە کە کاریگەرییەکانی کەمتر خوێناوی نییە. بەڵکوو کۆششێکە بۆ بینینی ئەو کائینەی کە بەشێکی گرنگی پرسیارەکانی کۆمەلگای لەسەر شانەو ناکرێ بخرێتە دەرەوەی بازنەکانی ئەم هاوکێشەیەوە.

جۆرەکانی نێرینەیی یان پیاوێتی لای کۆنێل
کۆنێل قسە لەسەر ماسکۆلێنیتی و فێمینیتی دەکات کە وەرگێرانی بۆ زمانی کوردی کارێکی ئاسان نییە. لە قامووسی عەرەبیدا ماسکۆلێنیتی بە الذکورە وەرگێردراوە. لە فارسیدا بە نرینگی. لە سویدیدا، هەم نێرینەیی و هەم پیاوێتی بەکارهێنراوە.
بۆیە منیش لەم سەرەگێژییەی وەرگێران و هەژاری زمانە زانستییەکان لە زمانی کوردیدا، یان لە بێ توانایی خۆم بۆ خۆماندووکردنێکی زیاتر بۆ ئەوەی بابەتێکی سەرکەوتووانەتر پیشکەش بکەم، ناچارم دەست بە داوێنی نێرینەیی یان پیاوێتییەوە بگرم بۆ وەرگێرانی چەمکی ماسکۆلێنیتی.
بۆ کۆنێڵ کە تێروانینێکی کۆنسترۆکتیڤیستی هەیە لە لێکۆڵینەوەکانیدا، “نێرینەیی و مێینەیی لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا و لە ناو سترەکچەری رژێمی جەندری کۆمەلگادا مانا پەیدا دەکەن”. واتا ناکرێ بە جیا سەرنج لە هیچ کامێکیان بدەیت و ئەوان لە بەرانبەر یەکدا و لە پەیوەندییەکی پێکەوەییدا دەخوێنرێنەوە. هاوکات کۆنێل پێیوایە کە رژێمی جەندەری خۆرئاوا، لەسەر پەیوەندییەکی دەسەلات ڕاگیراوە کە سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژن بناغەکەیەتی. واتا سەردەستەیی و ژێردەستەیی ئەو نایەکسانییەی دەسەلاتە لە نێوان رەگەزەکاندا. کۆنێل پێیوایە کە رژیمی جەندەر هاوئاهەنگی دەکات لەگەڵ سترکچەرەکانی دیکەی وەک چین و ئەتنیەت و سێکسوالێتیتدا. بۆ نموونە ژنبوونی کارەکەرێکی ئەسیوپی هەژار کە پێستی ڕەشە، لە ناو رژێمی جەندەری کوردیدا، هێندەی دی ژێردەستەیی ئەو قوڵتردەکاتەوە لەبەرانبەر هەمان ژنی ژێردەستەی کورددا چەند پلەیەک لە خوارترەوەیە. بۆیەش ناکرێ قسە لە جۆرێک لە مێینەیی یان ژنێتی بکرێت لە کۆمەلگای کوردستاندا. ئەم تێروانینە بە هەمان شێوە دروستە لە پەیوەند بەو هەمەڕەنگییەی کە نێرینەیی هەیەتی لە کۆمەلگادا. بۆیە کۆنێل قسە لەسەر جۆرەکانی نێرینەیی دەکات لە کۆمەلگادا.
لای کۆنێڵ باشترە ئینسان لە جیاوازییەکانی نێوان نێرینییەکان یان پیاوێتییەکان وردنەبێتەوە بەڵکو سەرنجی بچێتە سەر پەیوەندییەکانی نێوانیان.
لە دەرئەنجامدا کۆنێل ئاماژە بە کۆمەلێک پەیوەندی نێوان نێرینەییەکان دەکات کە بریتین لە: نێرینەییەکی هەژمووندار، نێرینەییەکی ژێردەستە، نێرینەییەکی بەشداریکەر و لە کۆتاییشدا، نێرینەییەکی لەپەڕاوێزخراو.
ئەم پەیوەندییە جۆراوجۆرانەی نێرینەیی، ڕژێمی جەندەری خۆرئاوا پێکدەهێنێ. من پێموایە، لە رژیمە جەندەرەکانی خۆرهەلاتیشدا، جیاوازییەکی زۆر بنەڕەتی لەگەڵ ئەم پەیوەندییانەی نێوان جۆرەکانی نێرینەییدا نییە و دەکرێ لە هەندێک پراکتیکی بچووکدا لەیەک دووربکەونەوە.
با سەرنجێکی کورت لەو دابەشکرنەی نێرینەیی بدەین کە لای کۆنێل لە ناو رژێمی جەندەری خۆرئاوادا دەبینرێت.
نیرینەیی هەژمووندار.
کۆنێل چەمکی هیگێمۆنی لە گرامشییەوە وەردەگرێت و بە هەمان مانا بەکاریدەهێنێت. ئەو پێیوایە کە نێرینەیی لە دەوری چەمکی هێگێمۆنی یان کە لە زمانی کوردیدا کەڵک لە فارسییەکەی وەرگیراوە و وەک هەژموونی وەرگێردراوە، دروستکراوە. نێرینەیی هەژمووندار بە کۆمەڵێک بەها و تایبەتمەندێتی سروشتی و سادە و پۆزەتیڤ نەخشێنراوە کە جێگایەکی باڵای دەداتێ و دەبێتە ئامانجێک کە نێرینە دەبێ پێیبگات. بەڵام ئەم نێرینەییە هەژمووندارە لە هەموو ئان و زەمانێکدا دەستنیشانکەری ئەوە نییە کە نیرێنەیی دەبێ چۆن بێت. بەلکوو ئەم جۆرە لە نێرینەیی بە پێی شوێن و ژینگە کولتوریی و کۆمەلایەتییەکەی دەگۆڕدرێت. ئەم جۆرە لە نیرێنەیی هەمیشە بارگاویکراوە بە کۆمەڵێک بەهای بەرز و پۆزەتیڤ کە وا دەکات وەک ئایدیالێک بمێنێتەوە کە نێرینەکان چاویلێبکەن ئەگەر نەشتوانن واهی بن. بۆیە هەژموونی لای کۆنێل بە گەرانەوە بۆ گرامشی: واتا ئاماژەدان بەو دینامیکە کولتوررییەی کە وا دەکات گروپێک جیگاو رێگایەکی لە پێشەوەیی و رابەری لە ژیانی کۆمەلگادا داگیربکات.
لە باری کولتورییەوە و لە زەمەنێکی دیاریکراودا، جۆرێک لە جۆرەکانی نێرینەیی بالادەست دەردەکەوێت لە چاو ئەوانی دیکەدا. ڕەنگە وێنەی مامۆستا لە کۆمەلگای کوردیدا، نیشاندەری ئەم جۆرە لە نێرینەیی بووبێت لە رۆژگارێکدا. دواتر پێشمەرگە جێیدەگرێتەوە و هەتا دوایی. بە زمانی کۆنێل: نێرینەیی هەژمووندار تێکەلێک لە پراکتیکی جەندەرییە کە ناوەرۆکەکەی وەڵامدەرەوەی پرسیاری شەرعییەتی سیستەمی پاتریارکە. بە کوردییەکەی: کاتێک فێمینیزم دەیەوێت لە نێرینەیی بالادەست حەکایەتێکی دیکە دروست بکات و ئایدیالێکی دیکەی لێبێنێتە دەر لە سویددا، بۆ نموونە نیرینەییەکی ئایدیاڵ بۆ فێمێنیزمی سوید کەسێکە کە رۆژەکانی مەرەخەسی دایکانە بە قەد دایک وەردەگرێت و لە هەموو ئەو پراکتیکانەدا کە بە پراکتێکی مێییانەوە لەقەلەمدەدرێت چالاکانە کاردەکات. ئەم پراکتیکە جەندەرییەی کە فێمێنیزم دەیەویت لە دەوری نیرینەییەکی ئەلتەرناتیڤ دروستی بکات، دەبێ هەمیشە بکەوێتەوە بەر پەلاماری ئەو نێرینەییەی کە شەرعیەتی پاتریارک رادەگرێت و دەیخاتەوە شوێنی خۆی. یانی باوکێک کە مەرەخەسی دایکانە دەداتەوە دەستی دایک و پێیوایە کە وەزیفەی دایکانە لای منداڵ بمێننەوە وبەرپرسیاری یەکەم ئەوە. بە کورتییەکەی جێهێشتنی کاری ناو ماڵ و چاودیریکردنی پەروەردەی مندالان بۆ ژن.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە هەمیشە ئەو کەسانەی کە هەلگری پەیامی نێرینەییەکی هەژمووندارن و بەرهەمهێنەرەوەی ئەم پەیامەن، مەرج نییە خۆیان خاوەن دەسەلاتە گەورەکانی کۆمەلگا بن و مەقاماتی بەرزییان هەبێت.
بەلام هەژموونیش تەنها کاتێک دەخوڵقێنرێت کە: پەیوەندییەک هەبێ لە نێوان ئایدیالێکی کولتووری و دەسەلاتێکی ئەنستیۆتیتدا. قارەمانێتی ژنان و کچانی کورد لە کۆبانی و شوێنەکانی دیکەی رۆژئاڤا، وێنەی ئایدیاڵی نیرینەیی پیاوی کورد دەخاتە ژێر پرسیار. بە تایبەت لە جومگەکانی ئازایەتی و کونلەجەرگدانەبوونی نیرینەی ئینسانی کورددا و ئازایەتی مێیینەی کورد دەخاتە شوینێ. بەڵام هێشتاش لە بارە گرنگەکەی دەسەلاتی سەربازیدا، تەواوی جومگەکانی سەربازی کوردی، هەر نیرانەیە.

نێرینەییەکی بەشدار
ئەم جۆرە لە نێرینەیی، ئەو لەشکرە گەورە لە پیاوانی چالاک و کارا دەگرێتەوە کە ناتوانێت وەک نێرینەییەکی هەژمووندار بژی و هەموو تایبەتمەندییەکانی ئەو لە خۆیدا بدۆزێتەوە، بەڵام ئەجێندای نێرینەیی هەژموونیداری پێ قبووڵە و لە هێشتنەوەی نۆرم و بەهاکانی نێرینەییەکی هەژموونداردا چالاکانە لە بەرهەمهێنانەوەی سەردەستەیی پیاو و ژێردەستەیی ژندا کاردەکات.
بە پێی دابەشکردنەکەی کۆنێل، زۆربەی پیاوان دەکەونە ناو سنوورەکانی ئەم بازنەیەوە. کەسێک کە دیفاعکەرێکی سەرسەختی یەکسانی نێوان رەگەزەکانیشە، دەکرێ قازانچ لەوە بەرێت کە کرێی کار لە نێوان ژن و پیاودا جیاوازە و ئەوی پیاو ، سوودمەندی ئەم نایەکسانییەی کرێیە کە سیستەمی جەندەری کۆمەلگا بە پێی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی بازاڕ بەرهەمی دەهێنێتەوە.
ئەم جۆرە لە نێرینەیی، بەشداربوویەکی پاسیڤی هێشتنەوەی نۆرم و بەهاکانی نێرینەییەکی هەژمووندارە کە بێئەوەی بەرژەوەندی خۆی بخاتە مەترسییەوە، لە راگرتنی سیستەمدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. ئەگەرپاراستنی بەهاکانی نێرینەییەکی هەژموونداری کۆمەلگا لە هێشتنەوەی تەڵاق لە دەستی پیاودا شەو و ڕۆژ خەریکی بانگەوازی ئایینی و قانونی خۆیەتی، ئەوا لەشکری بێدەنگی پیاوانی زۆری کۆمەلگا لە بەرانبەر ئەم پرسیارەدا، ئەوان دەکاتە شەریکێکی گەورەی هێشتنەوەی ئەم مافە لە دەستی پیاودا و خۆیشیان دەبنە قازانجکەرێکی باشی ئەم دۆخە چونکە پایە کولتورییەکانی نێرینەییەکی هەژمووندارانە وەک خۆی دەهێڵێتەوە.
نێرینەییەکی ژێردەستە

وەک لە پێناسەکەی پێشەوە لەسەر هەژموونی ئاماژەی پێدرا، هەژموونی بە مانای سەردەستەیی کولتورییە لە کۆمەلگادا بە گشتی. لە ناو ئەم چوارچێوە کولتورییەدا، یاسا و رێسای جەندەری هەیە کە لەسەر چەمکەکانی سەردەستەیی و ژێردەستەی راگیراوە.
لە ناو کولتوری خۆرئاوادا، ئەم سەردەستەیە کولتورییەی نێرینەیی هەژمووندار، لەسەر بالادەستی نۆرمی هیترۆسێکسوالێتی پیاو و ژێردەستەی پیاوانی هۆمۆسێکسوال ڕاگیراوە.
ئەو نێرینەییە هەژمووندارەی کە لە کۆمەلگادا وەک نۆرمێک و ئایدیالێک سەرنجی لێدەدرێت، هەمیشە پیاویکی هێترۆسیکسوێلە. لە بەرانبەردا، هەمیشە دژە وێنەیەک ئامادەیی هەیە کە تەواوی ئەو خەسڵەتانەی لە خۆدا کۆکردۆتەوە کە لە ئایدیاکنای نێرینەییەکی هەژموونداردا بوونی نییە. هۆمۆسیکسوێل هەلگری جۆرێک لە نێرینەییە کە لە پلەو پایەیەکی زۆر لە خوارترەوەی پەیوەندییەکانی نێرینەییدا قەراردەگرێت. ئەگەر زەربەیەک بەر پەیکەری نێرینەییەکی هەژمووندار کەوتبێت و نۆرم و بەها کولتورییەکانی ئەو خرابێتە ژێر پرسیار، ئەوا لە بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکانی کۆمەلگاوە لێیدراوە. ئەوە بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکانە کە بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و پەنتاگۆن فەرزدەکات کە ئینسان ئەگەر هۆمۆش بێت دەکرێ سەربازێک و جەنگاوەرێکی ئازا بێت لە جەنگدا. ئەو ڕیگرییە کولتوری و یاساییانەی لە بەرانبەر هۆمۆکاندا دادەنرێن تا لە مەقامە بالاکانی سەبازیدا وەرنەگیرێن و وردە وردە خەریکە سامیان دەرەوێتەوە، بەشێکی گرنگی بە هۆی سەرسەختی خەبات و لەسەرپێڕاوەستاوی بزووتنەوەی هۆمۆکانەوەیە کە مانایەکی دیکە بە نێرینەیی دەدات و لەو چەمکە هەژمووندارەی نێرینەیی، هەژموونداری دەستێنێتەوە و مانایەکی دیکەی ئینسانی پێدەبەخشێت. پیاو دەکرێ جەنگاوەرێکی ئازا بێت و بێ ئەوەی سەرنج بچێتە سەر ئەوەی کە ئارەزووی سیکسی ئەو بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوا، ڕووی لە پیاوە یان لە ژن، یان لە هەردووکیان. لە کۆمەلگای کوردستاندا، دەرگای بە پێشمەرگە بوون لە بەرانبەر زۆرێک لە گەنجانی کوردا دادەخرێت کاتێک بە منداڵی لاقەکراون و وەک “حیزە” ناسراوەکانی گەرەک چاویان لێکراوە. ئاخر ئەوانێک کە قونی خۆیان پێنەپارێزراوە، ناتوانن پارێزەری شەرەفی دایکی نیشتیمان بن. ئەگەر بەهاو نۆرمەکانی نێرینەییەکی هەژمووندار ئەڵتەرناتیڤێکی دیکەی نێرینەیی لەبەرانبەردا قووتدەکرێتەوە، ئەوا لە بزووتنەوەی هۆمۆسێکسوالەکانەوە دێت و وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ئەم نۆرم و بەها کولتورییانەی نێرینەیی هەژمووندار خۆی فەرزدەکات.
بەلام ئەوە تەنها هۆمۆکان نین کە لە پلەیەکی زۆرخوارەوەی دەسەلاتدا لە بەرانبەرپێوەرەکانی نێرینەیی هەژموونداردا قەراریان گرتوەوە، بەلکە جۆرەها ناو و ڕوخساری دیکەی نێرینەیی هەیە کە هەمان چارەنووسی هۆمۆکانی کۆمەلگایان هەیە و لە خوارەوەی پەیژەی نێرینەیی کۆمەلگادان. پیاوانی ترسنۆک، پیاوانی دەنگناسک، بەچکە دەوڵەمەندی بە نەستەلە بەخێوکراو، پیاوانی لووسکەلە، پیاوانی زیرەک کە بەس خوێندن دەزانن و هیچی دی، پیاوانێک کە گرفتی ئەندامناکاراییان هەیە، ئەوەی کە لە زمانی کوردیدا بە کەمئەمدام دەناسێنرێن، هەر هەموو ئەم کاتیگۆرییە جۆراوجۆرانەیش کە نێرن و بەلام دەکرێنە دەرەوەی نێرینەییەکی هەژمووندار. ئەوان لەوێن تا نێرینەیی هەژمووندار رەوایەت بە حەکایەتی بالادەستی خۆی بدات و خۆی بەرهەمبێنێتەوە. ئەم کاتیگۆرییانەی سەرەوە، دەخرێنە دەرەوەی نێرینەی هەژمووندار، چونکە لە بەشێکی زۆری ئەو پێوەر و بەها کولتوریانەی کە وەک ئایدیایەکی خۆناسینەوە بۆ نێربوون لە کۆمەلگادا سەرنجی دراوەتێ، بێبەشن.

نێرینەیی لەپەڕاوێزداخراو
کۆنێل باس لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەروونیەکانی ناو سیستەمی جەندەری خۆرئاوا دەکات و نێرینەیی هەژمووندار، بەشدار و ژێردەستە لە پەیوەندییەکی چالاکانەی پێکەوەییدا دەبینێت، بەلام سیستەمەکانی دیکەی کۆمەلگا لە گەڵ سیستەمی جەندەردا لە کار و کاردانەوەیەکی هەمیشەییدان و یەکتر ڕەنگڕێژدەکەن.
هەر بۆیەش پەیوەندی نێوان سیستەمی جەندەر و سیکسوالێتی ئینسانەکان، ، ئینتیمای چینایەتی، جۆرێکی دیکە لە پەیوەندی نیرینەیی دەخوڵقێنێ کە بە نیرینەیی لە پەڕاوێزداخراو دەناسرێت.
لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا، نێرینەییەکی هەژمووندار، ڕەنگێکی هەیە کە نێرینەییەکی سپییە. بۆیە نێرینەییەکی ڕەش هەمیشە لە پەراوێزی نێرینەیی هەژموونداردایە و هەموو ئەو تایبەتمەندییانە وەردەگرێت، کە دژە وێنەی نیرینەیی هەژمووندارن. کاتێکیش نێرینەیی ڕەشپێستێکی ئەمریکی کە وەک قارەمانێکی وەرزشی دەکەوێتە سەرەوەی نێرینەییەکان، ئەوا ئەم جۆرە لە نموونەی نێرینەییەکی ڕەشی سەرکەوتوو، بەهایەکی زیاتر دەخاتە سەر بەها نێرینەییەکانی سپی وەک جەربەزەیی و تواناییەکی فیزیکی بەرز کە نموونەی نێرینەیی خۆی پێدەباتە سەر. کەچی هاوکات پیاوانی ڕەش دەکاتە هێمای لاقەکردن و لە سیاسەتی سیکسوالێتی کۆمەلگادا کەلکی لێوەردەگرێت.
لە کۆنتێکستە کوردییەکەیدا، نێرینەییەک کە کرێکارێکی بەنگلادیشی و شەبەک و کرێکارێکی عەرەب نوێنەرایەتی دەکەن، نموونەی زیندووی ئەو نێرینەییە لە پەڕاوێزخراوەیە کە هاوشانی نێرینەی رەشپێشتەکانە لە مەملەکەتی سپییەکاندا.

کۆمەلگای کوردستان و مۆدێلی کۆنێل
بە بڕوای من، ئەگەرچی هەر کۆمەلگایەک سیستەمی جەندەری خۆی هەیە، بەلام هێشتاش رژێمێکی جەندەری جیهانی هەیە کە تەواوی ئەم سیستەمە جەندەرییانەی لە خۆیدا هەلگرتووە. کاپیتالیزمێکی خۆرهەلاتی، ئەگەر چەمکێکی واهی بوونی هەبێت، تەنها بەبوونی کاردابەشکردنی کاپیتالیستییانەی جیهانییەوە دەکرێ بوونی هەبێ. بۆیەش لە پاڵ هەر جوداییەک و لێکنەچوونێکی کە دەکرێ لە نێوان سیستەمی جەندەری خۆرئاوا و خۆرهەلاتدا هەبیت، هیشتاش پەیوەندییە جەندەرییەکانی کە پەیوەندی نێرینەییەکان ڕێکدەخات، بەهەمان ناوەرۆکی خۆیەوە لە خۆرهەلاتدا کاردەکات. بەبوونی کۆمەڵێک جوداییەوە کە دەکرێ ئاماژەی پێبدرێت.
ئەو سیستەمە جەندەرییەی کە نێرینەیی کوردی لەناو خۆیدا لەقاڵبداوە، نەکەوتووەتە بەر پەلامارێکی توندی بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی کۆمەلگاوە. تا بەمرۆژەوە حسابکرێت، شەڕی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی لە کوردستاندا، شەرە بۆ مانەوەی مێیینەی کورد، نەک بۆ فراونکردنی مافەکانی. بە کوردییەکەی شەرە لەسەر مافی ژیان نەک ئەوەی ژیان خۆی دەبێ چۆن بێت. تا ئێستاش بە جیا لە کەمێك دەستکەوتی کەمی شەرمئاوەر لە باری قانوونییەوە کە زیندانیکردنی پیاوی بکوژی نامووسییە، هیچ شتێک بەدەستنەهاتووە. بزووتنەوەی فێمینیزمی خۆرئاوا شەڕی مان و نەمانی ژن ناکات، بەلکو شەڕی دووبارە بەدەستهێنانەوەی ئەو ڕووبەرانەن کە سیستەمی جەندەری نێرپارێز داگیریکردوون و وردەوردە دەیداتەوە دەستی ژن و پراکتیکی یەکسانیخوازانە دەخاتە جێگای. ئەم بزووتنەوەیە تەنانەت لە دەستکاریکردنێکی بەئاگاهانەی بەشێکی زۆری ئەو بەهایانەدایە کە نێرینەییەکی هەژمووندار دەیەویت پیاوانە پێناسەیان بکات و فێمینیزمیش دەیەوێت مانایەکی دیکەی یەکسانیخوازانەی پێببەخشێت.
لە میژە لە خۆرئاوادا بزووتنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی پیاوان لە کاردایە بۆ دووبارە پیناسەکردنەوەی پیاوبوون و نێرینەیی لە کۆمەلگادا کە لە کۆمەلگای کوردستاندا بەتەواوەتی ونە.
لەپاڵ بزووتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژناندا لە خۆرئاوادا، بزووتنەوەی هۆمۆسیکسوالەکان لە خستنەژێرپرسیاری نیرینەیی و پیاوبوون و بەشێکی زۆری جومگە گرنگەکانی نێرینەیی هەژمووندار، کاریگەرییەکی گەورەیان داناوە و پرسیاری یەکسانییان بە ئاستێکی دیکە گەیاندووە. بەلام زەربەیەکی گەورەشیان لەو ئایدیالە رە سمی و نۆرمدارەی نێرینەیی کۆمەلگا داوە و کەلێنی گەورەیان تێخستووە و ئەلتەرناتیڤێکی دیکەی پیاوبوون و نێربوونیان پێشکەشکردووە.
لە کاتێکدا هۆمۆسێکسوالبوون لە کۆمەلگای ئێمەدا نەک هەر پرسیاری بزووتنەوەی یەکسانیخوازی کۆمەلگا نییە، بەلکو ئەم پرسیارە لە جێی نەبووانە.
ئەو هۆمۆیانەی کە تا ئێستا لە کۆمەلگای کوردستاندا خاوەنی دەمووچاوی خۆیان بوون و هەموو شار و خەلک زانیوویانە کە فلانە کەس هۆمۆیە، تەنها وەک فیگۆرێک کە شایەنی نووکتەلەسەرکردنن، توانیویانە درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر گۆڕینی ستراکتۆری نێرینەیی کۆمەلگا نەبووە. کەریمە زلە و عەباسی خانەقین و ڕەحیمی فلانە شاری کوردستان، لەسەر زاری خەلکن و یەک جومگەی بچووکی سیستەمی جەندەری کۆمەلگایان نەگۆڕیوە. نەک لەبەر ئەوەی نەیانویستووە، بەلکو خودی سیستەمی جەندەری کۆمەلگاش هێندە ڕێی بۆ کردوونەتەوە کە بە نووکتەبکرێن تا هەرەشەیەک لەسەر سیستەم پێکنەهێنن.
بەڵام ئایا هیچ ئاڵوگۆڕێک لە نێرینەیی هەژموونداری کۆمەلگای کوردستاندا ڕووی نەداوە.
بە بروای من لە ئاستێکی ڕووکەشدا سەفەری پیاوی ئێمە لە خاوەنسمێڵێکی گەورەوە کە بە” ئەبوشوارب “دەستپێدەکات و بە “نادر ئاوێنە”دا تێدەپەڕێت و دەگات بە “واحیدی عەلینەژاد”، خۆ گۆڕین و خۆ ساف و لووسکردن بەو شێوازەی کە ئەمڕۆ پیاوی کورد خۆی تێدا دەبێنێتەوە و بە ئایدلبوونی بەشێکی زۆر لە گۆرانیبێژانی لاوی کورد ئەگەرچی موونەرمن و وەک پیاوی ڕەسمی کۆنی کورد مووڕەق نین، دەرکەوتنی دەموچاوی دیکەی پیاوانە کە دەکرێ لە روخساری ڕەسمی پیاوی کورددا جێینەبێتەوە، ئاماژەی ئاڵوگۆڕێکی هەتا بلێێ کولتووری تازەن کە سیستەمی دیجیتالی کۆمەلگای نوێ فەراهەمی کردووە نەک پراکتیکێکی بە ئاگاهانەی یەکسانیخوازانە. بەڵام هێشتاش ئەڵتەرناتیڤێکی کارا و جیاوازتر لە پێناسەکردنی چۆنێتی نیربوون لە کۆمەلگای ئێمەدا، خەریکی دەمکردنەوەیە ئەگەرچی لەرێی سووکایەتیی و گاڵتەپێکردنەوە پێی، نێت و یوتوب و فەیسبووکیان کردۆتە شوێنی ئەم لەشکرکێشییە کولتۆرییە لە بەرانبەریدا.
لە پاش ئەم ڕوونکردنەوە کورتە، با بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە: ئایا ئەدەبی کوردی توانیویەتی هەژموونی زمانی نێرسالاری لە نووسینی دەق تێپەڕێنێت؟
بە بڕوای من، زمانێکی نێرسالارانە، یان دیدو بۆچونێک کە نێرینەیی لە کۆمەلگای کوردستاندا لە ناو چوارچێوەکانی نێرینەییەکی هەژموندارانەدا بەرهەمدەهێنێتەوە، ئاسان لە ناو تێکستە ئەدەبی و تابلۆ ولەسەرشانۆ و لە ناو گۆرانییەکاندا نمایشی خۆیدەکات و بێدەنگ تێدەپەڕێت بە بێ کاردانەوەیەکی ڕەخنەگرانە.
من بڕیارێکی ڕەها نادەم و دەکرێ لێرە و لەوێ کەسانێکی دیکە هەبن کە مەراقی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان، چاویلکەیەکی جەندەرییان دەکاتە چاو و توانای بینینی ئەو ڕووبەرە کۆمەلایەتییە جیاوازانە دەبێتە شوێنی نیگای ڕەخنەگرانەیان تا مەملەکەتەکانی نایەکسانی پێبدۆزنەوە.
بەلام ئەم نیگایە، خود بەخود لە ئینساندا دروستنابێت و ئەوە هەموو ئەندامەکانی کۆمەلگا نین کە سوودمەندی خوڵقاندنی دنیایەکی یەکسانیخوازانەی نێوان ڕەگەزەکانن. کەسێک دەتوانێت ئەم ڕیگایە بگرێتە بەر کە پیی وا بێت پرسی نایەکسانی ڕەگەزی بەرانبەر، بە تەنها گرفتی ئەوی دی بەرانبەر نییە وتۆیەکیش کە ئەم نایەکسانییە نەیگرتوویتەوە، بە جۆرێک دەکەویتە ناو داوەکانی کۆیلەبوونی ئەوی دیکەوە. پرسیاری یەکسانی بەرلەوەی خەبات بێت بۆ ڕزگارکرنی ئەوی نایەکسانی بەرانبەر، خەباتە بۆ رزگارکردنی خۆ لەو هەموو پێوەر و بەها و ستراکتۆرانەی کە تۆ دەکاتە سەرەککۆیلەی ڕاگرتنی ئەم سیستەمی کۆیلەدارییە.
بە بڕوای من، تێکشکاندنی ئەو زمانەی نێرسالاری بەرهەمدەهێنێتەوە، بە تەنیا کارێک نییە کە لە بواری ئەدەبدا دەکرێ بەشوێن تەنگپێهەڵچنینیەوە بیت. نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان لە هەوادا ڕوونادات و بەشکیکی دانەبڕاوی ئەو نابەرابەرییە پەرگیر و هەمەلایەنەیە کە سیسەتەمی ئابووری کۆمەلگا دووبارە بەرهەمیدەهێنێتەوە. تۆ بۆ ئەوەی قازانجێکی زیاتر بکەیت، دەبێت کرێیەکی کەمی مەمرە و مژی بدەیتە کیژۆلەیەکی بەنگلادیشی وپاساو بۆ ئەم کۆیلەدارییە لەوەدا بدۆزیتەوە کە ئەو کرێکارێکی بیانییە و ئەو کرێیەی لێرە وەریدەگرێت، کۆشێ خێزانی لە بەنگلادیش پێبەخێودەکرێت. کەمێ بێئینسافتریش بیت، ڕەشبوونی ڕەنگی ئەو دەکرێ ببێتە پاساوێکی دیکەی هەرزان.
نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان، لە ناو سیستەمێکی چڕ و پڕی کۆمەلایەتیدا کاردەکات کە سەرتاپای ئەو شوینانەی پەیوەندی نێوان ئینسانەکانی تیدایە دەگرێتەوە. لە ئامۆژگارییەکانی ڕۆژنامەی هاولاتیدایە لە بەشی گۆشەی خانماندا کاتێک دەنووسێ: ” رێنمایی بۆ رێکخستنی ژوری منداڵی دوو نەفەری، چۆن دیکۆری بەلەکۆنەکەت دەکەیت.”. لە تیکستی گۆرانی بەیتبێژەکانی گەعدەی ئەو هەرزەکارانەدایە کە بێوەژن و بە گەلەمارەکردنیان لە پیاوێک، لە مکەبەرەکانیانەوە گوێچکە کەڕدەکات. لە ڕیپپۆرتاژی تەلەفیزیۆنی ڕووداوی “شاهۆ ئەمین”دایە لەسەر ئەو گەنجانەی لە شاری جوانڕۆی کوردستانی ئێران کاتێک دەرەلنگی شەڕوالەکانییان تەسککردۆتەوە و بەمەش حەیای جلی پیاوانەی کوردییان بردووە و دەبێ نەفرەت بکرێن. لە سەربەزی ئەو مەلایەدایە کە پێیوایە لە پاسدا دانیشتن لە تەنیشتی کچێکەوە، ئەگەر عەورەتبەرزبوونەوی لێنەکەوتەوە، برۆ حسابێک بۆ ناپیاوبوونی خۆت بکە. لە تیکستی ئەو داخوازینامانەی کاردایە کە مەرجی وەرگرتن تیایدا لە پرسگەی ئۆفیسێکی بچکۆلەیشدا، دەبێ تەمەنت لە خوار 25 بێت و وکچ بیت. لە ریکلامەکانی برنجی مەحموددایە. ‌
بۆ ڕاوەستانەوە لەبەرانبەر ئەم هێرشە سیستماتێک و هەمیشە ئامادەیە، سیاسەت و ستراتیژی دەولەتی دەوێت کە یەکسانی لە باخچەی ساوایانەوە بۆ پەروەردە وبازاڕی کار و کەرتی نیشتەچیبوون هەموو جومگەکانی دیکەی کۆمەلگا دەگرێتەوە. دانانی پلانی یەکسانی گەرەکە کە دەبێ دەولەت بچێتە ژیر بوودجەکەی. ئاخر دەمێکە ئەوە وتراوە کە یەکسانی پارەی تێدەچێت. لەم گۆشەنیگایەوە سەیری پرسیارەکەی ئێوە بکرێت، هەستدەکرێت تێکشکاندنی هەژموونی ئەم زمانە نێرسالارییە، سەدەها جۆری زمانی دیکەی دەوێ کە لەبەرانبەر نایەکسانی و دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانیدا، هەژموونی بە زمانەکانی خۆی بدات.




دراما.. لە ژێر فشاری بەرهەم هێنەرو بێ‌ دەسەڵاتی دەرهێنەر.. حه يده رعه بدولرِه حمان

زۆر جاران كە هەندێ‌ بەرهەمی دراما شكست دێنێ‌، دەرحاز ئۆباڵەكەی دەخەینە ئەستۆی دەرهێنەرەكان و ئەوان بەگوناهبار دەزانین لەو شكستە، چونكە هەموومان ئەو ڕاستیە دەزانین كە دەرهێنەرەكان سەروەری بەرهەمەكانیانن، ئەوان ڕەوتی ئەنجامدانی بەرهەمەكانیان بەدەستەو بەرپرسن لە چارەنووسی ئەو بەرهەمانە.
بەڵام كەم لەئێمە ئاگامان لەوە هەیە، كە هەموو كارە درامییەكان بەهێزی پارە ئەنجام دەدرێن و پارەكانیش لەدەست لایەنێكن كە پارەكە بۆ تەوزیف كردنی بەرهەمەكە دەخاتە كارو بەرهەمەكەش بۆ بەر ژەوەندی بەرهەم هێنەر.
لەو حاڵەتەدا بەرهەم هێنەر خاوەنی قسەی یەكەمەو دەرهێنەر دەبێتە تەنیا ئامرازێكی جێ‌ بە جێ‌ كار بۆ خواستی بەرهەم هێنەر..
بێ‌ شك هەموو دەرهێنەرێك پێویستی بەپشتگیریەكی دارایی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی دراما،
زۆر سەرچاوە هەن لەكوردستاندا دەبنە سەرچاوەی فەراهەم بوونی ئەو پشتگیریە،لەوانە:

1.لایەنی حكومەت ـ كە سەرچاوەكەی وەزارەتی رۆشەنبیری و لاوانە، پشتگیری لەبەرهەمی نیشتمانی دراما دەكات لەهەموو كوردستان ـ ئەو سەرچاوەیە نزیكە لە كوێر بوونەوە، بەهۆی لاوازی باری ئابووری حكومەت.
2.حزبەكان و دەسەڵاتە حزبیەكان .
ئەوان بە دەسەڵاتترین سەرچاوەن ، ساڵانە پارەیەكی زۆر بۆ بەرهەمهێنانی ئەو درامایانە تەرخان دەكەن كە خزمەت بەمێژوو ئایدۆلۆژیاو خەباتی حزبەكانیان دەكەن.
3.كەرتی تایبەتی
ئامانجی سەرەكی قازانجە، بێ‌ ئەوەی گرنگی بەلایەنی كولتووری نەتەوەیی یا نیشتمانی بدات، بەرهەمهێنەرەكانی دەكەونە ڕكابەری لەگەڵ ئەوانی تر بەمەبەستی بەدەست هێنانی دەسكەوت.

  1. دامەزراوە كولتوورییە سەربەخۆكان .
    دەسەڵاتێكی دیاری كراویان هەیە لەپشتگیری كردن، بۆیە رۆڵێكی دیاریان نیە لەبەرهەمهێنانی دراما.
    لەدەست دانی سەربەخۆ بوونی دەرهێنەر
    كاتێ‌ دراما سەربەخۆیی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە ئامرازێك بەدەست لایەنێك، یا بەدەست بەرهەمهێنەرو لە ژێر فشاری دارایی هەموو دەسەڵات و خواستێك لە ژێر دەسەڵاتی دەرهێنەرێك دەردێنێ‌ بۆ بەرژەوەندی خۆی، لەو كاتەدا، دراما لە قاوغی كارێكی درامی هونەری، دەبێتە ئامرازێكی پرۆپاگەندە كردن و خیتابی لایەنێك.
    هەندێ‌ جار ئەو درامایانە، لە شێوەدا تەكنیك و تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی بۆ بەكار دەهێندرێ‌، بەڵام لە ناوەرۆكدا روخاون.
    كە هیچ خزمەت بەهزرو ئامانجەكانی بینەر ناكات، جگە لەهەوڵدان نەبێت بۆ چەواشە كردنی.
    دەرهێنەر لەو نێوەندەدا دەكەویتە ناو جەرگەی هاوكێشە هونەریەكەو ئەو دەبێت پردی نێوان دەق و بینەر و بەرپرسی یەكەمە لەگۆڕینی وشە بۆ وێنە.
    بۆیە دەرهێنەر دەبێتە ئامانجی سەرەكی بەرهەمهێنەرو خواستەكانی، ئینجا ئەو بەرهەمهێنەرە دەسەڵاتێكی سیاسی بێت ، یا بازرگانی.
    لەو حاڵەتەدا دەرهێنەر دەكەوێتە ژێر كاریگەری سێ‌ بژاردە:
  2. ڕەتكردنەوەی ساختەكاری و پارێزگاری كردن لەتێڕوانینی هونەری خۆی و بڕوای تایبەتی خۆی، كە ئەمە سەختترین حاڵەتە دەرهێنەرێك دژی بەرژەوەندییەكانی خۆی بوەستێ‌ و پێی وابێ‌ دەبێت دراما ئاوێنەی ڕاستیەكان بێت،رنەك ئامرازێك بێت بۆ بەرجەستە كردنی خواستە ساختەكاریەكانی بەرهەم هێنەر.
    بۆیە ئامادەن بەتوانای دارایی كەم، بەرهەمێك ئەنجام بدەن، لە یادگەی بینەرانیاندا بمینێتەوە.
  3. مل كەچ كردنی تەواو بۆ خواستەكانی بەرهەمهێنەر.
    ئەو جۆرە دەرهێنەرانە ئامادەن بەبێ‌ مەرج كار بكەن و ببن بەكۆیلیەیەك لەژێر دەستی بەرهەهێنەرەكانیان و بەدرێژایی كار كردنیان هیچ پرسیارێكیان نابێت، جگە لەبەجێ‌ گەیاندنی فەرمان، بەپاساوی (شەڕ لەدەست بەتاڵی باشترە) یاخود تیۆری ( هەلێك كە ڕەخسا دووبارە نابێتەوە) بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی كات دەبن بەئامرازێكی سووك و هەرزان بە دەست بەرهەمهێنەرەكان .
    3.گەمە لەسەر دوو پەت ( چارەی ناوەندی)
    هەندێ‌ دەرهێنەری تر هەوڵ دەدەن لەسەر دوو پەت یاری بكەن، بەشێوەیەك هەم بەرهەمهێنەرەكانیان ڕازی بكەن ، هەم پەیامی هونەری خۆشیان بەزیرەكانە و لەپەنای كاری هێمادار كارەكانیان ئەنجام بدەن، بێ‌ ئەوەی تووشی ڕِوو بەڕِوو بوونەوە ببن لەگەڵ بەرهەمهێنەر.

دووەمیان : مل كەچ كردن بۆ خواستەكانی بەرهەمهێنەر.
لە دەستپێكدا ئەو فشارانەی بەرهەم هێن لە سەرخۆو هێمن دەبێت، لە شێوەی پێشنیار، بەڵام دواتر دەبێتە فەرمانێكی یەكلا كەرەوە.
لەو فەرمانەدا دەرهێنەر ناچار دەكرێت ، بە پەردە پۆش كردنی ڕاستییەكان.

ئەو دەرهێنەرانە هەر ناچار ناكرێن بە دەست تێوەردان لە ناوەرۆكی بەرهەم ، بگرە ناچاریش دەكرێن بە سەپاندنی رۆڵ بەخشین بە هەندێ‌ ئەكتەرو هونەر كار.
لەپەنای هەموو ئەو دەست تێوەردانانە، دەرهێنەر كۆنترۆلی كار كردنی بەرهەمی لەدەست دەدات و لە ئەنجامدا بە شێوەیەك كۆنترۆلی لەدەست دەردەچێت نازانێ‌ چۆن چارەسەر بۆ هەموو ئەو ئاڵۆزیان بدۆزێتەوە، ئیدی لە كۆتاییدا نازنێ‌ چۆن بەرهەمەكەی ڕادەست بكات.




دامەزراندنەوەی دەسەڵاتی بێئیرادەکردنی خەڵک لە سوریا!.. عوسمانی حاجی مارف

کاتێک باسی هەیئەی تەحریر شام یان بەناو “سوپای نیشتمانی سوریا” دەکرێت، باس لە پێکهاتە سەربازیە ئایدۆلۆژیە ئیسلامیە توندڕەوەکان دەکرێت کە لە شوێنە جیاوازەکانەوە پەیوەستبون بە سوپاوە. ئەم گروپانە ئەگەر بەبێ پشتیوانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تورکیا نەبوایە نەدەگەیشتنە ئەم ئاستەی ڕاگەیاندنی “سوپای نیشتمانی” کە بریتیە لە چەکدارکردنیان و دابینکردنی بەرگێکی سیاسی بۆیان، لە هەمانکاتدا بەکارهێنانیان وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی نفوزی ئەحمەد شەرع و هەیئەی تەحریر بەسەر باکووری ڕۆژئاوای سوریادا.
ئەم گروپانە کە بریتین لە حەمزات و عەمشات، میلیشیای بەناو “سوڵتانەکان”، نەک دواجار کۆنترۆڵی دەسەڵاتیان کرد لە دیمەشق، بەڵکو لە عەفرین و گرە سپی و سەرێ کانیە، دڕندەییەکی تەواویان بەرامبەر خەڵکی سڤیل ئەنجامدا. هەروەها بەشداریان لە کۆمەڵکوژیە تائیفیەکان لە کەناراوەکانی سوریادا کردووە، بەتایبەتی دژی عەلەویەکان کە تائێستا ئەحمەد شەرع لە بێدەنگیەکی گوماناویدایە، هەتا حکومەتەکەی نەیویستوە بەڕاگەیاندنێک ئەو تاوانانە ئیدانە بکات، یان داوای لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرەکانیان بکات.
دوای ئەو کارە دڕندانەیەو لەم هاوکێشە ناڕۆشن و ناجۆرەی دۆخی ئێستای سوریاو بەردەوامی لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی سوریا، شەرع و حکومەتەکەی بژاردەیەکی تریان نەبوو جگە لەوەی لە ناچاریدا ڕوو بکەنە تاکە هێزێکی دیسپلینکراوی وەک هەسەدە، کە خاوەنی پاڵپشتیەکی نێودەوڵەتیە. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوە نیە کە ئەم هێزانە خاوەنی توانای پاراستنی ئاسایشن، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە بەهرەمەندن لە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و لەڕێگەی ئەزموونی سیاسی خۆیانەوە، نوێنەرایەتی جۆرێک لە دەسەڵاتی دیموکراسی نیشان ئەدەن کە لەئێستادا زلهێزەکان پشتیوانیان لێدەکەن.
تێوەگلانی هەسەدە لەم پەیوەندیە و تێکەڵکردنی لە بەشداریکردن و بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی سیاسی و ئەمنی، بۆ حکومەتی شەرع ئەو سودەی دەبێت کە ڕووخسارێکی دیموکراسی بەخۆی ببەخشێت! تا بەمشێوەیە تۆمەتی لایەنگری یان هاوکاری لەگەڵ گروپە توندڕەوەکان لەخۆی دورخاتەوە و وەک بەرپرسێکی جددی دەربکەوێت کە دەیەوێت سوریا دامەزراو بکات، هەر بەمشێوەیەش ڕێگری لە دابەشبوونی سوریا بکات!؟.
بەڵام ئەو سوریایەی کە لە هەموو لایەکەوە خوێنی لێدەڕژێت، لە رێگەی دەخالەتکردنی ووڵاتانی زلهیزی دنیا و ووڵاتانی ناوچەکەوە، بە پڕۆژەکانی ئیسلامی سیاسی و ململانێ و ناکۆکیەکانیان، ڕژاندنی ئەو خوێنە نەک ناگیرسێنێتەوە، بگرە خاکی سوریا سورتر دەکات، کاتێ حکومەتێکی ئینتقالی، پارێزەرو بارمتەی میلیشیاکان بێت، هەڵبەتە گومانی تیانیە کە ئەمە نائارامی زیاتر پێکدەهێنێت و مەترسیدارتریش دەبێت.
گومانی تیانیە کە سوریا بە پڕۆژەیەکی تۆکمەی دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا، دەتوانێ ئارام بێتەوەو ڕزگاری بێت، بەومەرجەی کە بەدوربێت لە هەر کاریگەریەکی ئیسلامی و تائیفی و نەتەوەپەرستی، هیچ ووڵاتێک لەسەر وێرانەی مەزهەبەکان و ئایدۆلۆژیای کۆنەپەرستی و دژی ئینسانی ناتوانێ بە سەقامگیری و دوور لە گێژاوی سیاسی دامەزرێت.
ئایندەیەکی گەش بۆ سوریا نابێت ئەگەر لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون حکومەت ڕانەگەیەنن، نەک تەنها لەسەر کاغەز، بەڵکو لەسەر زەوی، لە دەق، لە دەسەڵات و لە سیمبولەکاندا، زەمانەتی ئەمەش دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵکە لەدەسەڵاتی سیاسیدا، نەک دانوسان و گفتوگۆو ڕێکەوتنی نێوان ئەو هێزانەی لە سەروو ئێرادەو خواستی خەڵکەوەن، ئەوجۆرە ڕێکەوتن و ئاشتیانە لە هەر توندپێچ و ئاڵوگۆڕێک لە هاوسەنگی هێزەکاندا، ئەگەری ئەوە هەیە وێرانکاری زیاتر بەدوای خۆیدابهێنێت.
ئەوکاتە سوریا دەتوانێت لە تونێلی ئاژاوە دەربچێت کە ئەو گروپانەی بەناوی مەزهەبەوە دەکوژن و بەردەوامن لە سەربڕینی بەرامبەرەکانیان، دەبێت دەستیان ببەسترێت و بەریان پێبگیرێت و وەک تاوانبار دادگایی بکرێن، دەنا سوریا لەنێوان هەرەشەی ستەمکاری و پیرۆزیەکاندا وێراندەبێت و لەنێوان ترسی تیرۆر و وەسوەسەی هەژموونیدا دەمێنێتەوە! بەمجۆرەش پڕۆژەی شارستانیەت و ئاشتی لە سوریا دەبێتە وەهمێکی سادە، بە خۆڵەمێشی دەبێت و خوێنی بێتاوانەکان پەرش و بڵاو دەبێتەوە.
ئەوەی ڕاستی بێت پێویستە بڵێین لەنێو ئەم جەنجاڵی و وێرانکاریەدا کە زۆربەی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا لەئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا داڕماون، ئەوە هەسەدەیە کە وەک هێزێک و ئەزمونێک لەدەسەڵات، لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەلماندی کە تاکە پڕۆژەی سیاسیە هاوسەنگی خۆی پاراستووە و مۆدێلێکی سەقامگیری بۆ حوکمڕانی و ئیدارەی خۆجێیی دابینکردووە، کە پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە، لەم دۆخەشدا تا ئێستا توانیویەتی لە بەرامبەر دڕندەکاندا خۆی ڕاگرێت.!
ڕێککەوتنی نێوان مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، بەوشێوەیەی کە دەستوور نەبۆتە بەڵگەنامەیەکی نێوان هەردوولایان، دۆخەکە بە هەڵواسراوی و ئایندەکی ناڕۆشن بۆ سوریا دەهێڵێتەوەو ڕادەگرێت، دەچێتە ئەو ئاستەی وەک ئاگربەستێک ببینرێت، لەهەمانکاتدا درێژەپێدەری پرۆسەیەکە کە سوریای کردۆتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێیەکی بێکۆتایی.
ناساندنی ئەم دەستورەی ئێستا بۆ “کۆماری عەرەبی سوریا” و بە ئیسلامیکردنی سوریا تەنها دەربڕینێکی فەرمی نییە، بەڵکو سەپاندن و پیرۆزکردنی ڕێبازێکی کەمینەی ئیسلامیە بەسەر زۆرینەی دانیشتوانی سوریادا.
ئەوەی ئەمڕۆ لەڕێگەی دەسەڵاتی شەرع و دەخالەتی تورکیاوە دەگوزەرێت، تەنها گۆڕانکاریەکی سیاسی نییە، بەڵکو توانەوەی زۆرەملێی گەلی سوریایە بۆ قاڵبێکی نوێی پاوانخوازی مەترسیدار، کە دڕندەتر دەردەکەوێت لە هەموو شتێک کە پێشتر هاتبێت. بۆیە پرسیارێک کە پێویستە بکرێت تەنیا ئەوە نییە کە “حوکمڕانی داهاتووی سووریا چۆن دەبێت؟” ئاخۆ چەند کارەسات و چەند جەستە و دەروونی تر وێراندەکرێت پێشئەوەی ئەم پاوانخوازیە بوەستێت؟.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا، ئەحمەد شەرع، خۆی لە دۆخێکی بێوێنەدا بینیەوە، لەناکاو بوو بە حاکمی دیفاکتۆی وڵاتێک، بەرپرسیارێتی بنیاتنانی دەوڵەتێکی لەنێوان ئاڵۆزیە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانی لە ئەستۆ گرت. بەڵام شەرع کە لەناو سنگی ئایدۆلۆژیای جیهادێکی توندڕەودا گەورە بووە، ئەمڕۆ خۆی دەبینێتەوە لەنێوان چەقۆی میراتی توندڕەویەکەی و پەیوەندی ئایدیۆلۆژی خۆی بە قاعیدە و سەنگەری واقیعێکی نوێ لە سوریادا، کە هەوڵدەدات وەها نیشان بدات خەریکە ببێتە دەوڵەتێکی “فرەیی، مەدەنی، دیموکراسی”!

شەرع هەوڵ دەدات وەک سەرکردەیەکی سیاسی لەدوای ڕووخانی ئەسەد لە بەڕێوەبردنی سوریا خۆی نیشان بدات، بە تێگەیشتنی ئەوەی جیهان دەوڵەتێکی ئیسلامی ڕادیکاڵ لەدڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قبوڵ ناکات. بەم شێوەیە دەستی کرد بە سەوداومامەڵەی وێنەیەکی جیاواز لە خۆی، وێنەیەک کە دوورە لە ڕابردووی جیهادی خۆی، هەوڵ ئەدات هەم ئامادەبوانی ناوخۆیی و هەم بینەرانی نێودەوڵەتی قەناعەت پێبکات کە دەوڵەتێکی فرەیی و مەدەنی بنیات بنێت کە ڕێز لە مافەکان و یاسا بگرێت، ئەمەش لە سەردانە بەردەوامەکانی وەزیری دەرەوە بۆ چەندین وڵاتی عەرەبی و ووڵاتانی تر، بۆ دڵنیاکردنەوەی کۆمەڵگە عەرەبی و نێودەوڵەتیەکان، بەڵام لە هەمانکاتدا شەرع ناتوانێت بە ئاسانی خۆی لە ڕەگ و ڕیشەی فیکریی خۆی جیابکاتەوە، لەو ژینگە جیهادیەی کە بۆ ماوەی دە ساڵێکی تەواو لە باوەشیدا بووەو نەوەیەکی دڕندەی تیا پێگەیاندووە.
شەرع ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، لەلایەکەوە توێژە بەرفراوانەکانی دانیشتوانی سوریا کە زۆر ماندوو بوون، داوای دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکراسی و ئازادیخوازی دەکەن کە ستەمی ئایینی ڕەت دەکەنەوە، لە لایەکی دیکەوە شەرع پشت بە هاوپەیمانێتیە نێوخۆیەکانی جیهادیەکان و سەرکردە سەربازیە توندڕەوەکان دەبەستێت، کە هەر جۆرە کرانەوەیەک بەڕووی ئازادی و دیموکراسیدا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر پڕۆژە ئیسلامیەکەی خۆیان دەزانن.
لەسەر ئاستی ناوچەیی، یادەوەری ئازاربەخشی ئەزموونەکانی دەسەڵاتی توندڕەوی ئیسلامی لە ئەفغانستان، ئێران، یان نمونەی داعش و شەڕی تائفی لە عێراق دێننەوە یاد، کە بە ئاسانی مۆدێلێکی هاوشێوە لەم حوکمڕانیانە لە سوریا قەبوڵ ناکرێت.
ئێستا، لە بواری پەروەردەدا، زانکۆ و قوتابخانەکان دەستیان کردووە بە گرتنەبەری شێواز و ئامرازی توندی ئایینی، هەروەها داوا دەکەن ژنان جلوبەرگی ئیسلامی لەبەر بکەن و لە شوێنە گشتیەکاندا پیاوان لە ژنان جیابکەنەوە.
لەکایەی گشتیدا، شارەکانی سوریا کە لەلایەن هەیئەی تەحریر شامەوە کۆنترۆڵکراون، ڕێساکانی جلوبەرگی گشتی توندترکراونەتەوە، سنووردارکردن بۆ بۆنە کەلتووری و هونەریەکان دانراون و فەزای گشتی بۆ داکۆکیکردن لە ئایین دیاریکراوە. ئێستا بازنەی بانگەوازی ئیسلامی و وتاری ئیسلامی لە گۆڕەپان و شەقامە گشتیەکاندا بڵاوبووەتەوە، کەشێکی گشتی دروست دەکات کە وا لە هاوڵاتیان دەکات هەست بکەن کە دەوڵەت گۆڕاوە بۆ قەوارەیەکی ئایینی، ئەو سیاسەتانەی هەیئەی تەحریری شام پەیڕەوی لێدەکەن، ڕەنگدانەوەی ڕەوتێکە بەرەو گۆڕینی سوریا بۆ دەوڵەتێکی ئاینی توندڕەو نەك دەوڵەتێکی مەدەنی!
ئەم دووفاقیە لە واقعیەتی دەسەلاتی شەرعدا، دەیخاتە دۆخێکی سەختەوە، چونکە خۆی دەبینێتەوە لەنێوان بەرداشێکدا کە لە شوێنێکی سەختدا گیری خواردووە. ئەگەر هەوڵی ئیمتیازاتی ڕاستەقینە بدات بەرامبەر بە مۆدێلی دەوڵەتی مەدەنی، ئەوا ڕووبەڕووی یاخیبوونی ناوخۆیی دەبێتەوە لەلایەن کەسانی توندڕەوی ناو ڕێکخراوەکەیەوە، کە ئەمە وەک خیانەتێک لە پڕۆژەی جیهادیدا حسابی لەسەر دەکرێت، ئەگەر بەردەوام بێت له پەیڕەوکردنی دیدگای توندڕەوی ئیسلامیەکەی، ڕووبەڕووی دابڕانی نێودەوڵەتی و ئەگەری دەستێوەردانی دەرەکی دەبێتەوە بۆ ڕێگرتن له بونی سوریا به دەوڵەتێکی ئایینی سەلەفی توندرەو.




هـۆڵـۆکـۆستی کـورد.. نووسینی: عه‌لـوان حوسه‌ین.. وەرگـێڕانی: رەزا شـوان

ئه‌و کوشتاره‌ی که‌ نازییه‌کانی به‌ڕلین له‌ جووله‌که‌کانیان کرد، ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو کتێب و فـیلـمه‌ سینه‌ماییه‌ زۆرانه‌ نه‌بوونایه‌، که‌ باسی دۆزه‌خی جووله‌که‌کان و نه‌هامه‌تییه‌کانیان‌ ده‌که‌ن، خه‌ریکبوو له‌ بیری مرۆڤـدا بچـنه‌وه‌. ئه‌وه‌بـوو ئه‌و هه‌مـوو تاوان و کـردارانه‌ی که‌ نازییه‌کان ئه‌نجـامیان دابـوون،ه ه‌مـوو به‌ ئه‌رشیف کـران و خـرانه‌ بـه‌رده‌می هه‌مـوو جیهـان. لـیره‌وه‌ ده‌بـینین که‌ گـه‌لانی جیهـان بـه‌زه‌یی و سـۆزێکی گـه‌وره‌ و تـایبه‌تیان بۆ کـێشه‌ی جووله‌که‌کان هه‌یه‌ و وه‌کو کۆمه‌ڵ و که‌سانێک که‌ بوونه‌ قوربانیی سته‌ملێکردن و کوشتنی به‌ کۆمه‌ڵ. هـۆلیـۆد و ده‌زگـاکانی ڕاگه‌یاندن و سه‌رمایه‌ی دارایی جوولکه‌کان ڕۆڵـێکی زۆر ئه‌کـتیـڤ و گـه‌وره‌یان گـێڕا، بۆ به‌ بیرهـێـنانه‌وه‌ی ڕای گـشتی جیهـانی بۆ دۆزی جـوولـه‌که‌کان و پـێـشانـدانیان، وه‌ک گـه‌لـێکی به‌ قـوربانیکراو و سـته‌مـلێکـراو.
ئه‌گه‌ر بـێینه‌ سه‌ر گـه‌لی کورد و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی نـازییه‌ به‌عـسییه‌کـانی عـێراقی و له‌ لایه‌ن فه‌رمانڕه‌واکانی پێشوتری عـێراقه‌وه‌، به‌سه‌ر کوریان هـێنا. به‌ سه‌دان چـیرۆکی مرۆڤایه‌تی ده‌خه‌نه‌ڕوو، که‌ کاره‌ساته‌کان هـێنده‌ قووڵ و قـێزه‌وه‌نن، ئاده‌میزاد شه‌رمه‌زار ده‌که‌ن. ئه‌م تاوانانه‌ هـیچ جیاوازییه‌کیان نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن سه‌ربـازه‌کانی هـیـتـلـه‌ری مامـۆسـتای یه‌کـه‌می سـه‌دام حـوسـه‌یـن ئه‌نجـامـدراون‌. به‌ڵکـو ئـه‌م بـوو به‌ مامۆسـتای ئـه‌و له‌ له‌ کوشـتنی بێـوێـنه‌ی کـوردی بێتـاوان، که‌ هـیچ گـونـاهـێکیان نیـیه‌، ته‌نهـا له‌بـه‌ر ئـه‌وه‌ی که‌ سـه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یـه‌کی ترن.
ده‌بێ ڕاستیش بوترێت، که‌ شه‌ڕکردن له‌ دژی کورد، له‌ سییه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابـردوودا و له‌ سه‌رده‌می مـه‌لـیک غـازی دا ده‌سـتی پێکـرد. لـه‌ سـه‌رده‌می عـه‌بـدولکه‌ریـم قـاسـم دا هـێوربووه‌وه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌ن عـه‌بـدولسه‌لام عـارف، سه‌رۆکی پاراو به‌ بیری شۆڤـێنی و دڵـڕه‌ق به‌رانبـه‌ر به‌ کورد، شه‌ره‌که‌ گـه‌ڕایه‌وه ‌‌و هـێڕشی به‌ زۆر ڕاگـواسـتنه‌وه‌ی کورد ده‌سـتی پێکـرد. به‌ نیـازی گۆڕیـنی بـاری دیمـوگـرافـیای ئه‌و نـاوچـانه‌ی کـه‌ زۆرینه‌یان کورد رەسەنن، وه‌ک دێیه‌کانی جه‌له‌ولا و دیاله‌ و پارێزگای که‌رکوکیش که‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ کوردییـه‌. که‌ به‌عـه‌سییه‌کـان هـاتـن، کـێـشه‌که‌یـان قـووڵـتر کـرده‌وه‌ و ده‌سـتـیان به‌ زۆر کـۆچـپـێکـردنی کـورد و چـۆڵکـردنـی دێـیـه‌کـانـیـان کـرد و دسـتـیـانکـرد بـه‌ هـاوردن و نـیـشـته‌جـێکـردنی عـه‌ره‌بی خـوارووی عـێراق و ده‌مـچـه‌ورکـردنیان به‌ پـاره‌، کـه‌ هـه‌ر عه‌ره‌بێکی هاورده‌ی خوارووی عێراق به‌خۆڕایی پارچه‌یه‌ک زه‌وی و ده‌ هه‌زار دیناری عـێراقـییان ده‌دایی، له‌و کاته‌دا پاره‌یه‌کی زۆر بوو ـ دوایی بە هـەر عـەرەبێکی هـاوردە سی هـەزار دیناری وەردەگرت، کـورد بە عـەرەبە دە هـەزارییەکان ناویانیان دەبـرد.
دوای ئه‌وه‌ش ئه‌و هـێڕشانه‌ ده‌ستیانپێکـرد که‌ به‌ ( ئه‌نفـال) ناوبـران. دێیه‌ کوردییه‌کان له‌گه‌ڵ‌ زه‌ویدا ته‌ختکةران و سڕانه‌وه‌. به‌شێکی زۆریشی دانیشتووانه‌کانی بۆ بیابانه‌کانی خـوارووی عـێـراق بةه‌ زۆر گـوێـزرانـه‌وه‌. بـه‌ هـه‌زاراران کوردیـان بـه‌ بـه‌رچـا و گـۆی جیهانه‌وه‌، له‌ گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵدا زینـده‌به‌چـاڵ کردن. قـێزه‌وه‌نترین تاوانـیش که‌ ده‌رهـه‌ق به‌ کـورد کـردیان، ئـه‌وه‌بـوو که‌ تـاوانبارعـه‌لی حه‌سـه‌ن مه‌جـید ـ عـەلئ کـیـمیـاوی ـ بۆ جێبه‌جێکردنی بڕیاری خودی سه‌دام حوسه‌یـن، شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و چەندین ناوچەی تری کوردسـتان بـه‌ چـه‌کی کـیـمیـاوی ژەهـراوی بـۆردوومـان کـرد. قـڕکـردنی کـورد به‌پـێی پیـلانێکی کوشـنده‌ی داڕێـژرا و ده‌ستی پـێکـرد. ڕه‌شه‌کـوژی و به‌ کۆمه‌ڵکـوشتن، نه‌ک هه‌ربه‌ ته‌نها پیاوو ئافـره‌ت و منـداڵانی کـردن به‌ قـوربانی، به‌ڵکو ئه‌م کـوشتن و بـڕینه‌ ئـاژه‌ڵ و دار و هـه‌واشی گـرتـه‌وه‌، نه‌ دار نـه‌ چـۆلـه‌کـه نـه‌ په‌پـوولـه‌، تا ده‌گـاتـه‌ شـنه‌ بـاش، به‌ ژه‌هـری کـیمـیاوی تـووشـبوون.
ئایا ده‌بێ چه‌نـدین چـیرۆک و ڕۆمـان و فـیلمی بـوێـت، بۆ ئـه‌وه‌ی به‌ سـه‌دان چـیرۆکی جه‌رگبڕ تۆمار بکـرێن؟ تا جیهان و نه‌وه‌ی داتوو له‌وه‌ی به‌سه‌ر کوردیان هـێنا له‌ یادی نه‌کـه‌ن. ئـێستا ده‌پـرسـین، ئـه‌ی جیاوازی چـییه‌ له‌نێـوان هـۆڵـۆکـۆستی جـووله‌که‌کان و هـۆڵـۆکـۆستی کورد ددا؟ بـۆچی هه‌موو جیهـان لایه‌نگـری کـێشه‌ی جووله‌که‌کان بوون. کـەچی له‌ ئاستی کـێـشه‌ی کورد دا، خـۆیان گـێـل کـرد؟
کاتی ئه‌وه‌ هاتـووه‌که‌ ویـژدانی مرۆڤـایه‌تی به‌ ئاگابێته‌وه‌ و لایه‌نگـری به‌ڕاستیی دۆزی ڕه‌وای کـوردبـن و پاڵـپشـتی ئـه‌م گـه‌له‌ ڕه‌وشـت به‌رزه‌ بـن، که‌ له‌سـه‌ر ده‌ستی نـازییه‌ به‌عـسییه‌کانی عێراقـدا، دووچـاری ئه‌وپـه‌ڕی قـێزه‌وه‌نـتریـن چه‌وسـانه‌وه‌ و کوشـتن و بڕین بوون. هـۆڵـۆکۆستی کورد له‌یاد کراوه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌ بیری مرۆڤـایتدا سـڕابێته‌وه‌. که‌چـی هـێـشـتا بـریـنـه‌کـان تـه‌ڕن و سـاڕێـژ نه‌بـوونـه‌ و نـه‌ک هـه‌ر ته‌نهـا خـوێـنـیان لێده‌چـۆڕێته‌وه‌، به‌ڵکو هه‌ست به‌ ئازار و مه‌خابین ده‌که‌ن له‌م هه‌ڵوێسته‌ دووڕووییه‌دا.
بۆ ئـه‌وه‌ی ئـه‌م تاوانـانه‌ له‌سه‌ر کـورد و خـه‌ڵکی تـریـشدا دووبـاره‌ نه‌بنه‌وه‌، پێـویسته‌ ئه‌م درامایه‌ مـرۆڤایه‌تییه‌ ته‌وزیـف بکرێت و بکرێته‌ چه‌ندین فیلمی سینه‌مایی ناوخۆیی یا ئه‌گه‌ر کرا له‌ هـۆلـیۆدیش بێت. من پێشنیاری ئه‌وه‌ش ده‌که‌م که‌ تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌وه‌، پێـشبڕکـێیه‌کی ئه‌ده‌بی، له‌ بـواری ڕۆمـان و چـیرۆک و شـانـۆ و شیعـردا سازبکـرێت و خـه‌ڵاتی به‌ نـرخی بـۆ ته‌رخـان بکـرێت. که‌ به‌بێ جیـاوازی هـانی نووسـه‌رانی کـورد و عـه‌ره‌ب و تورکـمان بـدرێـن، بـۆ ئـه‌وه‌ی چـیرۆکی ئـه‌و که‌سـانه‌ تـۆمـاربکه‌ن، که‌ لـه‌و کوشتن وبڕینه‌ ڕزگاریان بووه‌ و له‌ ژیانـدا ماون، تا له‌بیرکردنه‌وه ڕامـاڵی نه‌کردوون.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ هه‌مـوو توانـایه‌کی داهـێنان بخـرێنه‌ گه‌ڕ و لـیژنه‌یه‌ک له‌ نووسه‌رانی کورد و عه‌ره‌ب و تورکمان و له‌ که‌سانێکی تر پێکبهێنرێت، له‌و که‌سانه‌ی که‌ خاوه‌نی هه‌ڵوێستی پاکن و مێژووه‌یه‌کی بێگه‌ردیان هه‌یه‌. به‌ بۆچوونی من بێگومان هـێنانه‌دیی ئـه‌م کـاره‌ ئاسان نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دڵسـۆزی هه‌بێت و هه‌وڵـبدرێت کارێکی مه‌حاڵیش نییه‌. له‌سه‌ر حکومه‌تی ئه‌مڕۆی عێراقیش وه‌کو چه‌شنێک له‌ پۆزشهێنانه‌وه‌ بۆ گـه‌لی کورد. له‌سه‌ر هـه‌ر به‌رمـیلـێکی نـه‌وت یه‌ک دۆلار باج دابـنێ و بـه‌و پـاره‌یه‌ به‌رهه‌مێکی سینه‌مـایی گه‌وره‌ به‌رهه‌مبهـێنرێت. هه‌روه‌ها بۆ هـانـدانی چاپکـردنی ئه‌و بابه‌ته‌ ئه‌ده‌بییه‌ تایبه‌تییانه‌ی ده‌رباره‌ی هـۆڵـۆکۆستی کورد ده‌نووسرێن و گوزارشت له‌ هاوکاری و لە هه‌ستی قووڵی مرۆڤایه‌تیمان و سه‌رکۆنه‌ی سته‌م و تونـدوتیژیی ده‌که‌ن.


تـێبینی: ده‌قی ئـه‌م نووسـیـنە، له‌ نـووسیـنی نـووسـه‌ر و شـاعـیری عـه‌ره‌بی عـێراقی
«عه‌لـوان حـوسه‌ین»ه‌، که‌ به‌زمانی عه‌ره‌بی، ڕۆژی دوو شه‌ممه‌ «٦\٩\٢٠١٠» له‌ ماڵپه‌ڕی (کتابات) دا بڵاوی کردۆته‌وه‌. منیش وەرمگـێـڕایە‌‌ سه‌ر زمـانی کـوردی. هەر لەو رۆژ و لەو ساڵەدا، لە چەنـد سایتێکـدا بڵاوم کـردەوە. وا دووبـارە بە هـۆی یـادی شـاڵاوەکـانی ئەنفـالی بەدنـاو و قـێزەوەنـەوە، بـڵاوی دەکـەمـەوە. ئـەوەش بـزانـن کە هـەمـوو عـەرەبـێک بەعـسی و شـۆڤـێـنی نیـیە.
رەزا شـوان
نه‌رویج: ٦/ ٩ / ٢٠١٠




بوکەڵە.. نەوزاد بەندی

بوکەڵە بریتییە لە لەیستۆکێکی نایلۆن یان پەڕۆ، مناڵان یاری پێ ئەکەن .
بەڵام مرۆڤ ، گۆڕانکاریی لە بوکەڵەدا کرد وەک هەموو شتەکانی تر بە تێپەڕبوونی کات، گۆڕان و پێشکەوتنی تێدا ئەنجامدا، واتا لە شێوە و لە پێکهاتە و لە قەوارەدا، هەروەها لە زیادکردنی توانای جوڵە و قسەکردن، کار گەیشتە ئەوەی هەندێ کەس لە ووڵاتانی ئەوروپا، هاوسەرگیرییان لەگەڵ بوکەڵەدا ئەنجام دا.
لەم دواییەدا زیرەکی دەستکرد چووە ناو بوکەڵەکانەوە، بە جۆرێک بوکەڵە بوو بە بێژەر، خوێندنەوەی هەواڵەکان و هەموو زانیارییەکانی تری کەوتە ئەستۆ.
بەڵام بوکەڵە هەر بوکەڵەیە، واتا ئەو بوکەڵە نایلۆنەی کە پەنجا ساڵ پێش ئێستا به درهەمێک بۆ کچۆڵەیەکی شەش ساڵان ئەکڕرا، لە پڕنسیپدا هەر هەمان بوکەڵەی ئەمڕۆیە کە نرخەکەی هەزاران و دەیان هەزار دۆلارە، بێ گیانە و بێ بیرکردنەوەیە، ئەبێ لە ڕێی پاتری و بازنەی کارەبایی لاواز بیجوڵێنیتەوە و بەرنامەی کار و جوڵەی بۆ دابنێیت، ئەگینا خۆی نە مێشکی هەیه و نە دڕکە پەتکی هەیە و نە ئێسک و نە ماسولکە و نە کۆئەندامی دەماری سەمپەساوی و پارا سەمپەساویی. پێویستە دەنگی مرۆڤێکی لەسەر تۆمار بکەیت، ئەگینا خۆی نە قوڕگی هەیە و نە قوڕقوڕاگە و نە ژێ دەنگییەکان.
واتا بوکەڵە لە بنچینەدا هەر بوکەڵەیە، هەتا به کۆنتڕۆڵ و بە پێی بەرنامەیەک ئاڕاستەی نەکەیت، ناتوانێ هیچ کارێکت بۆ بکات، ناتوانێ هیچ هەست و سۆز و بەرپرسیارێتییەک نیشان بدات و بگرێتە ئەستۆ، بۆ نمونە سەد بوکەڵە لە ماڵێکدا دابنێ، ناتوانن سەربەخۆ چایەکی دیژلەمەت بۆ دەم بکەن، ناتوانن ماڵەکەت بۆ پاک بکەنەوە، ناتوانن بڕیار بدەن کە هاتیتەوە پێت بڵێن بەخێربێیتەوە ئازیزم.
ئەمەیش هیچ عەیبێک نییە بوکەڵەکانی پێ عەیبدار بکەین، چونکە لە هەموو گەردووندا تەنها مرۆڤ توانای بڕیاردان و هەڵوێست و داهێنانی پێدراوە، نەک هەر بوکەڵە، تەنانەت گیاندارە زەبەلاح و دڕندەکانی وەک نەهەنگی شین و فیل و شێر و پڵنگ، هەر لە ئەزەلەوە تا ئێستایش یەک ستایڵی ژیانیان هەیە، دوای هەزار ساڵی تریش، فیلێک ناتوانێ بڵێت ئیتر من گەڵا ناخۆم و ئەبێ بیکەم بە یاپراخ یان شێرێک بڕیار بدات چیدی لە دارستانە چڕەکاندا نەژی و بڕوات تاوەرێک دروست بکا و شوقەیەکی هەزار مەتری نهۆمی 54 بکاتە مەنزڵگای خۆی. هەرگیز نەهەنگێکی شین نابینیت واز لە خواردنی پلانگتۆن بێنێت و سەر بکاتە سەر پیتزا و فینگەر و ئایسکرێم.
واتا بوکەڵەکان و هەموو گیانداران و بێگیانانی ئەم گەردونە بێجگە لە مرۆڤ، تەنها یەک ستایڵی ژیانیان هەیە و پێش ناکەون، یان گۆڕانکاریی ناکەن، ڕاستتر توانای گۆڕانکاریی و پێشکەوتنیان پێ نەدراوە، بەڵام مرۆڤ هەموو توانایەکی بڕیاردان و گۆڕانکاریی ئەرێنی و نەرێنیی پێدراوە،بۆ نمونە کەسایەتییەکی وەک جاک شیراک لە قاپشۆرێکی چێشتخانەی ناو پاپۆڕەکانەوە ئەبێتە سەرۆکی فەڕەنسا یان پیاوێکی قەڵەوی بێکار و هەژار و تەمەڵی وەک ئەنتۆنی ڕابینز، لە ناکاو بڕیار ئەدا ببێتە خاوەنی تاوەرە هەوربڕەکان، ئەیشبێ، سەرەتا به فڕێدانی کێشی زیادەی لەشی، پاشان بە دانانی کۆمەڵێ کتێبی ناوازە لە زانستی کۆمەڵناسی و سیاسەت و ئەنسرۆپۆلۆجیدا وەک کتێبی unlimited power ( هێزە بێ سنوورەکە) بەو جۆرە ئەبێتە کەسێکی دەوڵەمەند و بەناوبانگی وا، وانەی سیاسەت و کۆمەڵایەتیی تایبەت بە سەرۆک کۆمار و کەسایەتییە ناودارەکانی جیهان ئەڵێتەوە.
بە دیوە نێگەتیڤەکەیشیدا، مرۆڤ و مرۆڤگەلێک هەن کە بڕیار ئەدەن وەک بوکەڵە بژین، واتا توانای مرۆڤ بێ سنوورە بە هەردوو دیوەکەیدا ، ئەتوانێ بگەڕێتەوە ناو ئەشکەوت و شەڕە بەرد بکات، یان ببێتە سوپەرمان و بڕواتە سەر ئەستێرەکانی تر، بۆ هەرشتێکی بەرز یان نزم، بنیاتنان یان تێکدان سەرپشکە و ئەتوانێت پێی بگات..
ئیدی له کۆمەڵگا نێگەتیڤەکاندا سەرکردەی بوکەڵە و میللەتی بوکەڵە سەرهەڵدەدەن.
میللەتی بوکەڵە، کۆمەڵگایەکە لە هەموو هەست و سۆزێکی مرۆڤی داهێنەر خۆیان بێ بەش و نەبان کردووە، هەموو جۆرە بیرکردنەوە و گۆڕانکاریی و شۆڕش و چاکسازیی و پێشکەوتن و بەرهەمهێنانێکیان لە خۆیان یاساغ کردووە، وەک کۆمەڵێک بوکەڵە چاوەڕێی ئەوەن کەسێک بێت هەڵیانپەڕێنێ، بیانخاتە گۆرانی، بە کۆمەڵ برسییان بکا،بە کۆمەڵ تێریان بکا، چەکداریان بکا، زیندانیان بکا، لە هەموو مافێک دایانبڕێ،لە پڕ بیانکاتە کوڕێ، کۆمەڵکوژیان بکا، هەرچی ئەیەوێ پێیان بکا، ئەوان تازه بوکەڵەن و بە هەموو چاکە و خراپەیەک ڕەزامەندن، هیچ کاردانەوە و لێکدانەوە و بەگژداچوونەوەیەکیان تێدا نامێنێ، بۆ نمونە عێراقییەکی لای خۆمان پێش چل ساڵ کە بۆ ماوەی دە ساڵ برسی کرا، هیچ پرسیارێکی لەلا دروست نەبوو، بە گژ ئەو سزا نالۆژیکییەدا نەچۆوە، هەستا لە جیاتی گەنم، بەڕووی هاڕی، مرۆر و کۆتەرە گسکی هاڕی و نانی تاڵی خوارد، نەیپرسی بۆچی من لەسەر دەریایەک نەوت، جلەکانم شڕ و وڕ بن، دوای ئەوە هەمان عێراقیی کە بە بێ کار و بەرهەم پارەی بەسەردا ڕژێنرا و بووە خاوەنی کۆشک و ئوتومبیلی دوا مۆدێل، هەر هەمان عێراقیی بیرکۆڵ بوو، نەیتوانی وەک میللەتانی تر کارخانە و داهێنان دروست بکا، تەکنۆلۆژیا ئامدیو بکا، وەک مێگەل شەڕ شۆقی مەزهەبی و حیزبیی و فەرهەنگیی ڕاگەیاند و ملیۆنانیان لە نێوان کوژراو و بریندار و ئاوارە و گۆڕبزردا، وێران بوون..تریلیۆنەها دۆلاریان بەهەدەر دا.
ئەم دۆخە سەیر و سەمەرەیە، بڕیارێکی میللەتە بوکەڵەکە خۆیەتی، کاتێ چاوەڕوان ئەکا بارودۆخەکە خۆی چاک بێ، باوەڕدارەکانی چاوەڕوانن خوا فریشتەکانیان بۆ بنێرێ شەقامەکانیان بۆ پاک بکاتەوە و مافه خوراوەکانیان بۆ بسێنێتەوە، دیکتاتۆرەکانیان بۆ بکوژێ و داگیرکەرەکانیان بۆ قڕ بکا، کارگەکانیان بۆ دروست بکا و وڵاتەکەیان بۆ پڕ بکا لە بەرهەمی ناوخۆ و دادپەروەریی و یەکسانیی. بێ باوەڕەکانیش چاوەڕوانن سەرکردەیەکی تەکنۆکراتی هاوشێوەی ئەوروپیەکان لە خاکەکەیاندا وەک دومەڵان هەڵتۆقێ و وڵاتەکەیان بۆ بکا بە ووڵاتێکی وەک سویسرا، بۆ نمونە جارێکیان لەگەڵ هونەرمەندێکی ئەتایستی خۆماندا قسەم کرد، پێی ووتم : بار و دۆخی ئەم ووڵاتە بە یەک شت چاک ئەبێ، ئەگەر چەند کریستیانێک بێن و دەسەڵات بگرنە دەست و ئەم موسوڵمانانە لە هەموو بەرپرسیارێتییەک دوور بخەنەوە!
ئەمە فەلسەفەی کۆمەڵگای بوکەڵەیە یان ڕاستتر کۆمەڵگایەک کە بڕیاریانداوە بوکەڵە بن، فەلسەفەیەکی گاڵتەجاڕە ؛ ڕوودانی مەحاڵ، لە ناکاو وڵاتەکە ببێتە پێشکەوتووترین وڵات، دادپەروەرترین دەسەڵات.
سەرکردەی بوکەڵەیش ئەو سەرکردانەن کە ناگۆڕێن، خۆیان بڕیاریان داوە نەگۆڕێن یان بریکاری دەسەڵاتگەلێکی داگیرکەری جیهانین، یەک بەرنامەیان تێدا جێگیرکردوون، بۆیان نییە به مو لەو بەرنامەیه لابدەن، بۆ نمونە لەم ڕۆژانەدا لە سەردانێکیدا بۆ وڵاتی میسر، ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا لەگەڵ سیسی سەرۆکی میسردا، سەردانی بریندارێکی شەڕی فەلەستینیان کرد له یەکێک لە نەخۆشخانەکانی قاهیرەدا، ژنەکە ڕووی کردە سەرۆکی میسر و پێی ووت : سەرۆک بۆ خاتری خوا، سەرۆک فریای خەڵکی فەڵەستین بکەوە.
سیسی بە ژنەکەی ووت : ئەوە سەرۆکی فەڕەنسایە، بەو بڵێ!
ئەمە سادەترین پێناسەیە سەرۆکێکی بوکەڵە کردبێتی بۆ خۆی، واتا من سەرۆکێکی بوکەڵەم و هیچ دەسەڵاتێکم نییە و ناتوانم هیچتان بۆ بکەم، بەڵام سەرۆکی فەڕەنسا، سەرۆکێکی ڕاستەقینەیە و توانای گۆڕانکاریی و کار و بڕیار و کاردانەوەی هەیە، لەبەر ئەوە هەرچییەکت ئەوێ، بەو بڵێ، هیچ شتێک بە من مەڵێ!
کەواتە سەرۆکی بوکەڵە ئەو سەرۆکەیە بە جل و بەرگ و کۆشک و ئوتومبیل و سەعاتی مەچەک و عەتری گرانبەها، هیچ شتێکی لە سەرۆکی ڕاستەقینە کەمتر نییە، تەنانەت لە نرخی کۆشک و ئوتومبیل و ڕابواردنەکانیدا، زۆر لە سەرۆکە ڕاستەقینەکان کەشخەتر و زیادەڕەوترن، بۆ نمونە سەعاتی مەچەکی سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا، جۆرج واڵکەر بوش، سەعاتێکی سادەی مارکەی تایمێکس بوو، نرخەکەی تەنها 20 دۆلارە، بەڵام سەعاتی مەچەکی سەرۆکێکی بوکەڵە سەردەکێشێت بۆ ملیۆن دۆلار و زیاتریش، ئەوەیش وا دەکات ئەم سەرۆکە بوکەڵانە زۆر لە میللەتە بوکەڵەکانیان دوور بکەونەوە، هەتا ماوەی نێوانیان زیاتر بێ، ئەوان زیاتر هەست بە شکۆمەندیی و نەمریی خۆیان دەکەن، هەمان کات میللەتە کۆیلەکانیش زیاتر هەست بە کۆیلایەتیی و مێگەلایەتیی و ڕیسوایی و سەرشۆڕیی خۆیان ئەکەن و ئەگەنە ئاستێک سەرۆکە بوکەڵەکانیان بپەرستن و نوێژیان بۆ بکەن وەک لە سەردەمی کۆنی فیرعەونی بێ ڕکابەری میسر و سەردەمی نوێی كیم ئۆن جون ی سەرۆکی بێ ڕکابەری کۆریای باکوردا بە ئاشکرا دیارە و ئەیبینین.
سەرۆکە بوکەڵەکان وڵات پڕ دەکەن له وێنە و پەیکەری خۆیان، بۆ ئەوەی یەکەمجار بۆ خۆیان و دواتر بۆ میللەتەکانیان بسەلمێنن کە ئەوان سەرۆکی ڕاستەقینە و هەتاهەتایی و لە بن نەهاتوون، سەرۆکن و کۆتاییان نایەت، پیرۆزن و نابڕێنەوە و مەشخەڵەکانیان ناکوژێتەوە، سەرۆکن و ئەولاتریش.
بەو جۆرە سەرۆکگەلێکی بوکەڵە و نەزان و ترسنۆک و شێت و دڕندە و گەمژە و لە خۆبایی و نەخوێندەوار و بێ هونەر ئەبینیت، میللەتەکانیان بوونەتە کێڵگەی مریشک و گەنمیشیان نادەنێ، ڕۆژ بە ڕۆژ ناتەبایی و نایەکسانیی و نەخوێندەواریی و زوڵم و زیندان و ئەشکەنجە ڕوو لە هەڵکشان ئەبن، بە بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکاریی و چارەسەرییەک بۆ ئەو دەرد کوشندانە، لە ئاسۆی دوور و نزیکدا دیار بن، چونکە کاتێ میللەتی بوکەڵە و سەرکردەی بوکەڵە ئەبنە تەواوکەری یەکتریی، هەموو بەها و دیدگا مرۆڤایەتییەکان ئەبن بە هەڵم و نامێنن.
لێرەدا پرسیارێک یەخەمان ئەگرێ، ئایا سەرۆکی بوکەڵە میللەتی بوکەڵە دروست ئەکات یان میللەتی بوکەڵە سەرۆکی بوکەڵە دروست ئەکەن یاخود هەردووکیان پێکەوە بەرە بەرە یەکتری دروست ئەکەن ؟ وەڵامی ئەو پرسیارە نازانم.