ژن لەشەوانی شانۆی فەڕەنسیدا.. نیهاد جامی

رەنگە سەرەتا ئەم ناونیشانە کەمێک بەلای مەیلی سۆزداریدا بچێت، بەڵام لەڕاستیدا ناوەرۆکی نووسینەکە تەواو جیاوازە، هێندەی قسەکردنە لەپەیوەندیی نێوان ژن و شەو لەشانۆدا، چارەسەری ئەو پەیوەندییە لەڕێگەی شانۆنامەکانی ئەمڕۆی شانۆی فەرەنسی، گەڕانەوەیە بۆ یەکێک لەتازەترین کتێبە شانۆییەکان.
فێستڤالی ژن لەپاریس خولی دوانزەهەمینی ئەمساڵ بانگهێشتی نۆ نوسەری کرد کە هەریەکەی کورتە شانۆنامەیەک بنووسێت لەبارەی شەو، تەواوی شانۆنامەکانی لەکتێبێکدا چاپکرد بەناوی «شەو، نۆ شانۆنامەی کورت» (١) کە وێنەیەکی راستەقینەو زیندووی ئێستای شانۆ و کێشەی ژن نیشان دەدات، دەکرێت قسە لەناوەرۆکی شانۆنامەکان بکرێت بۆ سوود وەرگرتن لەئێستای گوتاری شانۆ، کە بەداخەوە هەمیشە قسەکردنی ئێمە لەشانۆی خۆرئاوا قسەکردن بووە لەرابردووی ئەو شانۆیە و نەک ئێستای گوتارە شانۆییەکەی، بۆیە مەعریفەی ئێمە بۆ شانۆی خۆرئاوا وابەستەی پەنجا سالی رابردویەتی، مەگەر چەند کورتە نوسینێک هەبووبن باسیان لەو ئێستایە کردبێت، پێشەکی کتێبەکەش ئەویش وەک سیناریۆیەکی شانۆیی نووسراوە لەژێرناونیشانی «شەوی ئێمە» ی ئاکسێل ژا نیکێی (٢)
پەیوەندی نێوان نوسەرە لەگەل کۆمەلێک کارەکتەردا، گێڕانەوەیەکی درامیە لەدەرەوەی دیالۆگدا، سەفەرێکی هەمیشەیی مێژوویی ژنە لەرێگەی سەمایەکی ڕەگەزی کە گوزارشت لەخەون و شادی و ساتە جیاوازەکانی ژیانی بکات ، خۆی بەدوور دەگرێت لەهەر پرۆسەیەکی ناونان بۆ فۆڕمێکی شانۆیی، سیناریۆیەکی شانۆیی دەگێڕێتەوە لەپەیوەندیی نێوان ژن و شەودا .
ئەو پێشەکیە ئەگەرچی وەک سیناریۆیەکی شانۆیی خۆی دەنوێنێت، بەلام وەک نووسینێک بۆ دەستپێکی ئەو نۆ کورتە شانۆنامەیە نووسراوە، هەرچەندە بە بروای ئێمە، لەئاستی بەشێک لەشانۆنامەکانیتردایە، گرنگیەکەی کەمتر نیە لەهەندێک لەو شانۆنامانەی ناو کتێبەکە.
شانۆنامەی “شەوەکان لەگەڵ باوکم” ی ماریا لا ڕێیا (٣) گەڕانەوەیەکی نۆستالۆژی ژنێکە لەرێی مۆنۆلۆژێکەوە، دەگەرێتەوە بۆ مناڵی، بۆ شەوانێک کە ئەو ناتوانێت بخەوێت، باوک ترسی لە مردنی هەیە، وەک پزیشکەکە دەلێت ئاخۆ کە ئێمە باش نەخەوین دەمرین؟ ئەو ترسە لەمناڵ، هەمان نیگەرانی ئەوی مناڵە لەباوک لەخواردنەوەو جگەرە کێشان، تا دەگات بەڕۆچوونە ناو ساڵەکانی مناڵی و هەرزەیی،گومانکردن لەوەی ئەوی مناڵ تەمەنی پێنج ساڵ بوو یان سەد ساڵ، دەستەواژەیەکە بۆ هەستکردن بەپیریی لەمناڵیدا، وێناکردنێکە بۆ ترس وەک داکۆکیکردن لەخۆشەویستی وترس لەتەنیابون و لەدەستچوون، مۆنۆلۆژێکە لەڕێی ئەکتەرێکەوە.
شانۆنامەی “دەروازە” ی کولۆمب شنێک (٤) ژنێک لەتەمەنی پەنجا ساڵیدا وەک گێڕەرەوە دەردەکەوێت، لەپاڵیدا منالێکی یانزە یاخود دوانزە ساڵان، کە لەو ناوەدا یاری بە بووکەشووشە نەخۆشەکەی دەکات، ڕووداوەکان لەژووری ماڵێکدا ڕوو دەدەن، گێڕەرەوە چیرۆکی شەوێک دەگێڕێتەوە، گێڕانەوە لەدەرەوەی زەمەنی گێڕەرەوە نیە، بەڵکو گێڕەرەوە بەشێکە لەناو گێڕانەوە، چونکە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە خۆی تیایدا بەشدارە، چیرۆکی کەسێکی نادیار لەشەودا، ئەوەش گێرەرەوە وەک بەشداربوویەکی ناو ڕووداوە، کاتێک گێڕەرەوە بێلایەن نیە لەگێڕانەوەی چیرۆک، بەلکو خۆی بەشێکە لەناو ڕووداو، ئەو کاتە پەیوەندی ئەو لەتەک گێڕانەوە ئامادەبوونی بەشێکی خۆیەتی.
شانۆنامەی “بڕیار” ی كلێر شێزال (٥) ژن و پیاوێک چیرۆکێک دەگێڕنەوە، ئەوان نوێنەرایەتی کۆی ڕووداوەکان دەکەن، دیمەنەکان وەک گڕێچنی تەقلیدی شانۆنامە پەیوەندیان نیە بەیەکەوە، بەڵام لەڕووی کێشەکانی مرۆڤی هاوچەرخ لەبێزاری و تەنیایی و بێ ئامانجی ژیان و بێهودەیی، ئەو ئێستایەی تیایدایە، ئەو هێلە گشتیانەن کە ڕووداوەکان بەیەکترەوە دەبەستێتەوە، کات وەک جێگۆڕکێ ڕووداوەکان بەڕێوە دەبات، سەرەتا ڕووداوەکان لە مالێکدا ڕوو دەدەن، پیاوێک لەدەرگای مالی ژنێک دەدات، لەدیالۆگی نێوانیان تێدەگەین، پیاوەکە ئەمشەو لای ژنەکە دەمێنێتەوە خۆشحاڵی هەردووکیان بەدیدارەکە بەتایبەت کاتێک پیاوەکە دەزانێت مێردی ژنەکە ئەمشەو ناگەرێتەوە، کەواتە دەتوانێت لەلای بمێنێتەوە.
دیمەنی دواتر دوو کاتژمێر دواتر ڕوو دەدات، ژن و پیاوێک ئەوینداری یەکترین، پیاوەکە لە چێشتخانەیەک چاوەروانی ژنەکە دەکات، ژنە لەهاتنی داوای لێبوردن دەکات کە دوا کەوتووە.
خولەکێک دواتر چیرۆکی سێیەم دەست پێدەکات، لە مەیخانەیەکدا پیاوێک دانیشتووە وژنەی خزمەتکاری مەیخانەکە دێت و دواتر لەگەلیدا دادەنیشێت، چونکە هەردووکیان تەنیان و کاتیان هەیە بەیەکەوە بەڕێی بکەن، لەقسەکردنەکاندا دەردەکەوێت کچەکە رۆژنامەنووسە و دلخۆشیشە بەکاری رۆژنامەوانی، لەدیالۆگەکاندا رەنگە جوانترین دەستەواژە ئەوە بێت کاتێک پیاوەکە دەلێت “ئێمە بەردەوام کاتمان نیە بۆ قسەکردن لە مردن” ڕەنگە ئەو دیالۆگە ڕێک مانای ترسی چیرۆکەکانی ناو شانۆنامەکە بخاتە ڕوو، بەوەی ئێستای تێکست کە ئێستای قسەکردنی نووسینە، کاتێکی گونجاو بێت بۆ گەران، تاوەکو قسە لەمردن بکرێت، قسەکردنێک ناڕاستەوخۆ دەیانەوێت لەناو چیرۆکەکان مرۆڤەکان لەیادی بکەن کەچی سەرەنجام بە ناچاری دەگەرێنەوە ناوی، بۆیە پیاوەکە داوا لەژنەکە دەکات کە لەگەڵی بڕوات، بەڵام ئاخۆ شتێک هەیە ببێتە بەربەست لەبەردەم ئەم کارە؟ ژنە بە ڕادەیەک تەنیا و بێباکە، دوا دیالۆگی خۆی بەوە کورت دەکاتەوە بەوەی کەس چاوەرێی ئەو ناکات.
پێنج کاتژمێر دواتر لەنەخۆشخانەدا، ژن و پیاوێک گفتوگۆ دەکەن، تەنیایی بەجۆرێکیتر رووبەرێکی خولقاندووە، کە مرۆڤ ناچاری قسەکردن دەکات، لەبارەی ئەوەی تیایدان، قسەکردن لۆژیکێکی لەپشتەوە نیە، هێندەی هەولێکە بۆ ناسینی ئەویترو قسەکردنی مرۆڤ، لەبارەی فیلم و ژەنینی پیانۆ لەنەخۆشخانە، پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ سەرگەردانی مرۆڤی هاوچەرخ وابەستەی ئازادی مرۆڤە لە کۆت و بەندەکانی، کە بەرەو پانتاییەکی نادیار هەنگاو دەنێت؟ ئەوە قسەکردنە لەنادیار، تێگەیشتنە لەودیوی ناخی یەکتری، تا ئیتر پرسیار لەماهیەتی خود بگۆڕێتە سەر پرسیارکردن لەنادیاری ئەویتردا.
“ئەم ئێوارەیە شتێکی تر هەیە” دەستەواژەیەک مرۆڤەکان لەنەخۆشخانە بەدەوریدا دەسورێنەوە، بەڵام کۆی چیرۆکە پچڕاوەکان، تەنیایی مرۆڤەکان نیشان دەدات، ئامادەیە لەکرانەوەی دیالۆگ لەگەڵ ئەویتردا ڕێبکات و بەردەوام بێت لەژیاندا.
دیالۆگ لەم شانۆنامەیەدا سەرباری ئەوەی نوسەری شانۆنامەکە رۆژنامەنووسە و شانۆنووس نیە، بەڵام شانۆنامەکە لەئاستێکی بەرزی زمان و پەیوەندی رۆژانەی مرۆڤی هاوچەرخدایە، نووسەر وەک بەشێکی نوسەرانی ئەو کتێبە هەوڵی نەداوە لەرێگەی تاکە ئەکتەرێک یاخود مەنەلۆژی درێژەوە ڕووداوەکان بگێڕێتەوە و بگەرێتەوە ناو کردەی نەستی کارەکتەر، بەلکو ویستویەتی لەرێی دیالۆگی کەسێتیەکانەوە شانۆنامەکەی بنووسێت، ئەوەش وایکردووە ڕووداوەکان ڕوونتر خۆیان بخەنە ڕوو، سەرباری ئاست باڵایی بیرۆکە و بابەت لەشانۆنامەکەدا.
شانۆنامەی “سەمای دوکەڵ” ی عالیە عەتایی(٦)، ڕووداوەکانی لەسنوری نێوان ئەفگانستان و ئێران ڕوو دەدەن، پیاوێک بەخۆی و هاوسەرەکەی و خوشکەکەی خۆیان دەخالەتی مالێک دەکەن، ئەوان لە دەسەلاتی تالیبان ڕایانکردووە، گوڵشا ئەو کچە ڕاکردوەی خانەوادەکەیەتی گۆرانیبێژە، نوروئەللا خودان ماڵ دەکەوێتە ئەوینیەوە، تاکە شەوێک بەسە بۆ ئەوەی تراژیدیاکی گەورە چاوەروانی خانمی گۆرانیبێژ بکات، کە لەنێوان پیاوانی تالیبان و پیاوانی خودان ماڵ، تەنیا یەک دید هەیە بۆ ڕوانین لە ژنەکان، سەرەنجام بە خۆسوتاندنی گۆرانیبێژەکە شانۆنامەکە دەگاتە کۆتایی مەرگەساتی ڕووداوەکان.
ئەو بیرۆکەیەی شانۆنامەکەی عالیە عەتایی، وێنەیەکی ڕوونی کۆمەلگای خۆرهەڵاتی بۆ ژن دەخاتە ڕوو، لەنێوان لاقەکردنی لەلایان پیاو و خۆکوشتنی ژن، دوانەیەک پێکدێنن بۆ مەرگەساتێکی ژنانە لەم کۆمەلگایانەدا، نووسەر توانیویەتی چیرۆکێک بگێڕێتەوە کە زادەی ژیانی ڕاستەقینەی ژن بێت، بەلام گێڕانەوە لەئاستی ڕەگەزی چیرۆکدا دەردەکەوێت، گێڕانەوە وابەستەی زمانی شانۆنامە نیە، هێندەی گێڕەرەوە بریتیە لە گێڕانەوەی نوسەر بۆ چیرۆکێک تا لەکۆتاییدا ژیانی خۆی و ژنانی ئەفگانستان بەو کۆتاییە وێنا دەکات، بۆیە ئێمە پێویستمان بەوە نیە پرسیار لەوە بکەین گێڕەرەوە کێیە؟ چونکە دەنگی نووسەر لەکۆتایی تێکستەکەدا گوڵشا و خۆی وەک نوسەر وەک یەک وێنا دەکات، بەوەی ئەوان لەوێ ئەوە چارەنوسیانە، کردەی دراماتۆرگی لەناو شانۆنامەکەدا وونە و دەبێت دراماتۆرگێک سەر لەنوێ بەپێی ئاستی گێڕانەوە بیگۆڕێتە سەر رەگەزی شانۆنامە، لەو کاتەدا ئاسانترین فۆڕم گواستنەوەی گێڕانەوەیە بۆ ناو شانۆی تاکئەکتەری، دەکرێت بەهەمان شێوە کەسێتی ناو ڕووداوەکان دابەش بکرێنە ناو دیمەنە شانۆییەکان.
شانۆنامەی “ئەدێل” ی کلۆی مونس، (٧) بابەتێکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دوو فۆڕمی ژیانی ژنی فەرەنسیەوە، بۆ ئەوەش نووسەر دوو ژنە هاورێ هەلدەبژێرێت، ئەوان رۆژگارێکی زۆرە هاوڕێن، بەهۆی کارو سەرقاڵی ژیانەوە ماوەیەکی زۆر ناتوانن یەکتر ببینن، تا سەرەنجام زاڵ دەبن بەسەر کاتەکان و یەکتری دەبینن، دیدارەکانیان وەک پێشوو درێژە پێدەدەن، ئەدێل کارمەندی پێشوازی ناو فرۆکەیە، دەیالۆگەکانی بەهۆی پیشەکەیەوە تێکەڵەیەکە لە فەرەنسی و ئینگلیزیی، ماریان لەگەلەری هونەری کار دەکات، ماریان خۆشەویستێکی هەیە و ژیانی ئاسایی رێدەکەن، کە سەردانی ماڵی یەکتری دەکەن، ئەو لەگەڵ خۆسەویسترەکەی پێکەوە سەرجێی دەکەن و دەخەون، وەک بەشێکی سرووشتی ناو ژیان، بەڵام ئەدێل تەواو جیاوازە بەهۆی گەشتەکانیەوە، پیاو گەلێکی بێشوومار دەناسێت لە ژاپۆنی و ئینگلیزی و ئوسترالی و فەڕەنسی، وەک خۆی دەلێت ناتوانێت لەگەل کەسێکدا جێگیر بێت، چیرۆکی ناسینی ئەو کوڕە منالکارە دەگێڕێتەوە کە لەئاهەنگی لەدایکبونی ئامۆزاکەی ناسیویەتی، ئەو ناسینە ناو دەبات بەوەی دەیویست پەتێک بێنێت و خۆی پێ بخنکێنێت، سەرکێشی سێکسی ئەو هەموو سنورێک تێدەپەڕێنێت، کاتێک بەهۆی کارەکەیەوە کە لەئوتێل دەمێنێتەوە، تەلەفۆن بۆ دۆستەکانی دەکات، لەو رێگەیەوە سێکسیان لەگەڵ دەکات، راڤی کارەکتەرێکیتری ناو شانۆنامەکەیە، ئەو کوڕە وەک دۆستی ئەدێل دەناسین، پەیوەندی پێوە دەکات کە لە ئوتێل دابەزیووەو ئەدێل دەڕواتە لای، وەک هەر دۆستێکیتری سێکس دەکەن، دواتر نایەوێت شەو دوای کارەکەی لەگەڵ راڤی بێت، ئەوەش ڕوویەکی ناسینی کارەکتەرە، بەوەی دەیەوێت داکۆکی لەئازادی خۆی بکات و لەگەڵ کەس نەمێنێتەوە، بەتایبەت کاتێک باسی ساتی خەوتن دەکات کە نایەوێت کەس بێزاری بکات بە پرخەو جولە.
تەواوی چیرۆکی خۆی لەگەڵ راڤی بۆ ماریان دەگێڕێتەوە، ماریان وەک هەمیشە سەرسوارمانی خۆی بۆ هاوڕێکەی نیشان دەدات، لەبونی چیرۆکی سێکسی لەگەڵ پیاوەکان، تا ئەو ڕادەی ئەدێل دلخۆشی خۆی دەباتە سەر شۆخی بەوەی ئەو حەیوانە و وەک پشیلە وایە، دیمەنی حەوتەمی شانۆنامەکە کە کۆتا دیمەنە نووسەر هەوڵ دەدات لەم دیمەنەدا سیماکانی کارەکتەرە ئالۆزەکەمان بە تەواوی ڕوون بێتەوە، ئەدێل نەک لەبەر ئەوەی بڕوای بە فرە سێکسیە کارەکتەرێکی ئالۆزە، بەڵکو ئەو پەیوەندیە مرۆییەی لەنێوان دوو کەسدایە بۆ ئەو وەک زیندان دەیبینێت، ئەگەر لەشوێنێکدا بۆ شۆخی وەک حەیوان خۆی ببینێت، بەلام کاتێک ڕاڤی نامەیەکی دەنگی سەر تەلەفۆنی بۆ جێدێلێت، بەر لەوەی داوای بینینی بکات، باس لەوە دەکات کە باڵندەیەک هەیە ٢٠٠ ڕۆژ بە ئاسمانەوەیە بەبێ ئەوەی بنیشێتەوە، هەلبەت بەو پێیەی ئەو باڵندە ناسێکی هندیە، زانیاری تەواوی لەو بارەیەوە هەیەو توێژینەوە دەکات، بۆیە ئەدێل بەو باڵندە ئازادە ناو دەبات، بە باڵندە ناوبردنی ئەدێل، ئەو کارەکتەرە وەک بوونێکی ئازادی فەرەنسی دەبینێت، کە خودێکە بەرهەمی ئازادی خۆیەتی، نایەوێت وەک زیندان پەیوەندی بیخنکێنێت، ئەگەر ئەو دیدگایە نەک بۆ مرۆڤی خۆرهەلاتی، تەنانەت گەر بەشێکی خۆرئاوایش قبوڵی نەبێت و بڕوای پێنەهێنێت، سەرەنجام ئەو خودێکە ئازادی لەدەرەوەی وابەستەبوونی مرۆڤەکان بە یەکتریەوە دەبینێت، بەوەی ئەو پەیوەندیە ئازاد وکراوانە دەتوانن ئەو نەخنکێنن و پەتی سێدارەی بۆ ئامادە نەکەن، وەک خۆی لە دیمەنی یەکەمدا ئاماژەی بۆ دەکات.
بۆیە شەو کە مانای ئازادیە بۆ کارەکتەرەکەمان لەهەمان کاتدا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە عەشقەوە، بەوەی عەشق و ئازادی وابەستەی یەکترین، ئەو دەمەی لەگەڵ دەنگەکە قسە دەکات، پیاوە هندیەکە هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی هەرچەندە ئەو بە کچی رۆژ ناو دەبرێت نەک کچی شەو، بەلام ئەدێل ئەوەش زیاد دەکات؛ گەر رۆژێک کەوتە خۆشەویستی کەسێکەوە بەدلنیاییەوە لەشەویشدا دەردەکەوێت، ئەوە لە کاتێکدا ئەو دەمەی لەگەڵ دەنگی تارماییەکە قسە دەکات کاتژمێر نۆی شەوە، مانگ بە ئاسمانەوەیە و لەماڵەکە دەچێتە دەرەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەوە مانای کەوتنە ناو عەشقی پیاوە هندیەکە نیە کە لەشەودا بەرەو ئوتێلەکە بۆی دەڕوات؟ ئەی تارماییەکە کێیە؟ چونکە هاوشێوەی ئەو بیر دەکاتەوە، ئاخۆ تارماییەکە خودی ئازادیە؟ لێرەدا هەوڵ دەدەین بۆ دەرگا داخستن لەسەر ئەم شانۆنامەیە لەسەر ئەم دوو پرسیارە کەمێک بووەستین.
ئێمە لێرەدا بەڕۆیشتنی ئەدێل تێدەگەین ئەو دەرچوونە، ماڵ وەک گۆڕانێک بەسەر خۆی دەیبینین، ئەو کە لەشەودا دەرناچێت بۆ لای کەس، تەنیا کاتێک لەشەودا دەمێنێتەوە، ئەو دەمەی کەوتە خۆشەویستیەوە، کەواتە دەرچوونی لەماڵ وەک دەرچوونی (نورا) بوو لە “ماڵی بووکە شووشە”ی ئەپسن کە ویستی دنیای ناو ماڵ بگۆڕێت، ئەو وێکچوونە بەمەبەستی تێگەیشتنە لەوەی کەوتۆتە خۆشەویستی ڕاڤی، چونکە ئەو پیاوە هندیە تاکە مرۆڤێک بوو لەمانای ئازادبوونی ئەو تێگەیشت، ئەوینی فڕینی بۆ باڵندەکان، وایکردبوو ئەویش وەک باڵندە ببینێت، ئیدی چۆن نەکەوێتە خۆشەویستی ئەو پیاوەی وەک باڵندەی ئازاد سەیری دەکات، لەپێش ئەو بریارەش ئەو گفتوگۆ لەگەڵ تارمایی دەکات، کاتێک تارمایی ئەو گۆڕانکاریەی ئەدێل باسی دەکات لەکەوتنە خۆشەویستیەوە، لەشەودا جەستەی بە پیاوێک دەسپێرێت، تارمایی پێی دەلێت “بەڵێ ئەزانم ئەدێل، من ئەزانم، بەڵام ئەوە سەختە بۆ بەڕێزتان، وەک چۆن بۆ منیش، پێشتریش ڕوویداوە، من ئەمزانی ڕۆژێک دێت دەگەڕێتەوە، تۆ ناتوانیت بۆ هەمیشە لەگەڵ تارمایەکدا بمێنیتەوە کە دژ بە ژیان بێت، من بە جارێک خەمبار و دلخۆشم، خەمبارم چونکە ژوانەکانمان لەدەست دەدەم، بەختەوەریشم بەهۆی ئەوەی هەموو شەو و رۆژێک بەختەوەریت دەدرەوشێتەوە” (٨)
ئەم دیالۆگە وێنایەکی ڕوونی دەنگی تارمایی دەخاتە ڕوو، بەوەی خودی ئازادیە، کە خۆی وەک خۆی بە سەختی دەبینێت، بەڵام دلنیاش بووە ڕۆژێک ئەم لەگەڵ ئەم مرۆڤە دەگەڕێتەوە، بۆیە مرۆڤ کە گەیشت بەئازادی پێویست ناکات هەمیشە لەگەڵ تارماییەکەی بدوێت، چونکە بۆ خود دەبێت بە خودێکی ئازاد، ئەوسا ئازادی نەدۆزیبۆوە دەیویست لە عەشقدا بیدۆزێتەوە، بۆیە تارمایی ئازادی چەندە خەمبارە بۆ لەدەست دانی ئەدێل، هێندەش دڵخۆشە بەوەی کارەکتەرەکەمان ئیتر پێویستی بە تارمایی نیە و خودێکی ئازادە، بەڵام ئاخۆ ئازادی لە عەشقدا ساتەوەختێکی ئەبەدیە و خودی ئازاد ناگەڕێتەوە بۆ لای تارمایی ئازادی؟ ئەوە چەندە پرسیارە، گومانێکی قوڵە، کاتێک دیالۆگی کۆتایی نمایشەکە ئەدێل دەلێت من دەرۆم، کەوایە دواتر دەتبینمەوە، تارمایی دەڵێت بەڵێ دواتر، دواتر بینینەوە، لەدەستدانی ئازادی و عەشقە بەیەکەوە، کەواتە پێویستە ئەو پرسیارە ئاراستەی خۆمان بکەین، کە ئازادی وەدەستیش بێت لەدەستی بدەین، ئیتر بۆچی سەرزەنشتی ئەدێل بکەین لەو ژیانەی کە هەڵیبژاردووە؟
شانۆنامەی “پۆدکاست”. لەنووسینی ئەدۆلین دیۆدۆنێ (٩) بەهاوکاری ڤیکتوار توایۆن (١٠) هەڵدانەوەی دۆسیەی کوشتنە، دیمەن دوو ژن لەسەر شانۆ دەردەکەون بۆ بەرنامەیەکی ڕادیۆیی، بەدرێژایی شانۆنامەکە ئەوان لەبەرنامەکەدان, چیرۆکی کوشتن دەگێڕنەوە, کە ئەو ژنە ڤێرژینی نامەیەک بۆ ژنەکەیتر دەنێرێت بەناوی ڤیکتوار ئاگاداری دەکاتەوە لەماوەی پێنج سالدا دوانزە کەسی کوشتوە، دوای رێکەوتن لەگەل رۆژنامەنوسەکە دوای ئەو بەرنامەیە دەیەوێت خۆی ڕادەستی پۆلیس بکات، کچەکەی و نەوەکەی بەدەستی زاواکەی کوژراون، بۆیە رۆژنامەنوسەکە لەمیانی پرسیارێکدا دەیەوێت لەوە تێبگات ئەم رووداوە پەیوەندیان بە یەکتریەوە هەیە؟ساتی گێڕانەوەی چیرۆک، ئەو وەک بکوژێک بۆ تاوانەکانی قسە ناکات، هێندەی وەک سەپاندنی دادوەری، وەک لەگێڕانەوەی کوژرانی کچەکەی و نەوەکەی ئاماژەی بۆ دەکات، بەوەی دوورکەوتنەوەی زاواکەی بەبێ توندوتیژی دەیتوانی کۆی روداوەکە بە ئاقارێکیتر بەرێت. بۆیە پاساوێکی مرۆییانە دەدۆزێتەوە بۆ تاوان، کە دەزانێت پۆلیس شتێک ناکات بۆ وەستاندنی توندوتیژی, باوکێک لەبەردەم مناڵەکەیدا، کوشتن وەک ڕزگارکردنی مندالێک و دایکێک دەخاتە ڕوو، لێرەدا لەبەشێکی کوشتنەکان ئێمە دایک و منال وەک قوربانی دەبینین، کە بکوژ لەڕێی کوشتنی پیاو ئەوانیتر لە توندوتیژی ڕزگار دەکات، بۆیە لەگەڕانەوەی چیرۆکی کوشتنی یەکەم پیاو ، گەر بەراوردی بکەین بە چیرۆکی کوشتنی کچەکەی, دەتوانین ئەو وێنەیە بخەینە ڕوو، کە نەبوونی دادوەری لەپشت کۆی رووداوەکانە و هەموویان لەیەکتر دەچن.
شانۆنامەی “ئازیزە بچکۆلانەکانم” ی ژوفرین دونادیو (١١) مۆنۆلۆژێکی شانۆییە وەک شانۆیەکی مۆنۆدرامی بەو پێیەی ژنێک کە دۆخی دەروونی تەواو نیە و دیالۆگ لەتەک چەندین پیاو دەکات، سەرەتا گوێی لەدەنگی دەرگا دەبێت، لێرەوە بوونی پیاوەکان لە دنیای دەرەوەی ماڵ, پەیوەندی بە دنیای ئەو درووست دەکەن، وەک چۆن ئاوێنە دەبێتەوە بەشێکیتر بۆ بینینی خۆی و دنیای دەرەوەی ماڵ، بەدلنیایی ئەو شانۆنامەیە شانۆیەکی مۆنۆدرامیە نەک شانۆی تاکئەکتەر، بەهۆی دۆخی دەروونی کارەکتەر، ئەکتەر دەتوانێت نواندن بکات لەگێڕانەوەدا، چونکە پێویستە ئەو دوو شێوازە لەیەکتر جیا بکەینەوە، شانۆی تاکئەکتەر جیاوازە لەشانۆی مۆنۆدرامی بەو پێیەی لەوەی یەکەمیان لاسایی کردنەوەی گێڕانەوە نیە، بەلام لەشانۆی مۆنۆدرامی کارەکتەر کە پیشەی ئەکتەریە یاخود دۆخی دەروونی تەواو نیە، دەتوانێت لاسایی ڕۆلەکانی تر بکاتەوە.
گێڕانەوە دەگەڕێتەوە ناو یادەوەری، بۆ پەیوەندی جەستەی گێڕەرەوە بە پیاوێکەوە لەگەرمی جەستە و سێکسکردندا، خەون بینین بە منالێکی مەزن کەتەمەنی هاوشێوەی تەمەنی فریشتەیەک دەبینێت، ئەو گەڕانەوەیە تا ئاستێکی زۆر شوناسی کارەکتەرەکەمان بۆ ئاشکرا دەکات، بەوەی ئەوەی کەوتۆتە پشت ئەو دۆخە دەرونیەی تێیکەوتووە, وابەستەی شکستی خەونی ئیرۆتیکیانەیەتی لەگەڵ پیاوێک، کە یادەوەری و داهاتووی لەسەر بەند بووە، بۆیە ئێستا وەستانە لەنێوان ئەو دوو زەمەنە، کە دەیەوێت دوو زەمەن بەیەک بگەیەنێت، زەمەنێک کە یادەوەریە و پیاوێک لەژیانی ئەودا هەیە، زەمەنی ئایندە زەمەنێکی نادیار کە ئاخۆ یادەوەری دەگەرێتەوە، ئەو عەقڵی وە دەست دێنێتەوە؟ بۆ ئەوەی ئەو ئێستایە بتوانێت کۆی زەمەنەکان بەیەکترەوە ببەستێتەوە؟
ئەو پرسیارە بەتەنیا توانای ئەوەی هەیە کۆی ڕووداوەکانمان بۆ بگێڕێتەوە، شوێنێک هەیە بۆ کۆتایی چیرۆک، کە کۆتایی شانۆنامەکەیە، بەڵام دەرچوونی لەشوێن گەڕانەوەیە بۆ ناو هەمان دنیای خەونی بوونە دایکایەتی، بۆ ناو هۆلی لەدایکبونی نەخۆشخانەی لەدایکبوون، سەرەنجام گێڕانەوە لەشەودا قسەکردنەوەیە لە خەمی ڕەگەزی، خەمێک سەرەنجام بوونی ئەو پێکدێنێت، لەدەرەوەی ئەو بوونە خۆی لەپەراوێزدا دەبینێت، ئەوەش تەواو جیاوازە لەو دیدە فەڕەنسیەی فێمێنستێکی وەک سیمۆن دو بۆڤوار دایکایەتی وەک جۆرێک لە کۆیلایەتی دەبینی، ئەگەرچی فێمێنیستەکانی دواتری فەرەنسی بەدژی ئەو دیدگایە کاریان کردووە، بەڵام لەکۆتاییدا زمان بازنەیەک بەناو ڕووداو درووست دەکات، کە وابەستەی ئارەزوی دایکایەتیە، کە خالی نیە لەخۆشەویستی بۆ پیاوێک کە دایکایەتی بەرەنجامی ئەو پەیوەندیە سێکسییەتی، بەلام هەمیشە ئەو دەور دراوە بە تارمایی پیاوەکان و کێشەکانیان.
شانۆنامەی “ئایندە” ی ئێڤا یۆنسکۆ (١٢) ڕووداوەکان لە ئوتێلێکدا ڕوو دەدەن کە ناونیشانی شانۆنامەکەش هەڵگری ناوی ئوتێلەکەیە، ئێمە سەرەتا دوو ژن دەبینین، وەک ئەوانیتر لەشەودا ئازار دەچێژن، وەک ئەوەی شەو بۆ ژنی فەرەنسی ئارامگەی خستنە ڕووی ئازار بێت، هەڵبەت دنیابینی جیاواز، بەڵام تەوەرێک ڕاماندەگرێت ئەویش تەنیایی ئەو مرۆڤەیە، ئێمە ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە: خەون بە ئازادی تاکەوە ببینین؟ یان سەرەنجام ئەو ئازادیە لە کۆتاییدا دەمانخاتە ناو چوارچێوەی تەنیایی مرۆڤ لەژیاندا؟
ئەوە پرسیارێک نیە بەتەنیا لەو تێکستەدا ڕووبەرووی ببینەوە، بەڵکو لەکۆی شانۆنامەکاندا دەیبینین و هەستی پێدەکەین، لەدەرەوەی ئەزموونکردنی ئەم ژیانەوە سەختە بتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، بەتایبەت لەخەسڵەتی جیاوازی کولتوری هەر وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو پرسیارە بۆ خۆی دەرەنجامی جیاوازی لێدەکەوێتەوە، کە وابەستەی ئامادەبوونی منە لەناو کولتوردا.
لەسەرەتادا دوو ژن لەژووری نوستنی ئەم ئوتێلە دەبینین، ماری تەمەن ٣٠ ساڵ لەگەڵ پالۆمای ٢٥ سالان، پالۆما خۆشەویستی خۆی بۆ هاورێکەی نیشان دەدات لەهەمان کاتدا بێزاربوونیشی لەم ئوتێلە نیشان دەدات، بەهۆی ئەوەی وەک خۆی دەلێت ئەوان تەنیا قسە دەکەن، بۆیە دەیەوێت لەو شوێنە بڕوات، ماری داوای لێدەکات ماچی بکات، ئەوە وەک ئاماژەیەک بۆ هەستکردن بەتەنیایی و لەگەلیدا دەگەڕێتەوە ناو یادەوەری خۆی و ڕابردووی بە کارەکتەری فیلمێکی هۆلیۆد دەشوبهێنێت، گوێ لەڕادیۆ ڕادەگرن، دنیای دەرەوە خراپتر لەدەروونی ئەوان شێواوە، ڕووداوە رۆژانەییەکان دەریدەخات هیچ شوێنێک ئارام نیە، نە دەروونی مرۆڤ و نەدنیای دەرەوەی مرۆڤەکان، بەلام پرسەکە ئەوەیە ئاخۆ ناونیشانی شانۆنامەکە ئاگادارکردنەوەیەکە بە بەردەوام پێمانبلێت ئایندە ناوی ئوتێلەکە نیە، بەلکو زەمەنی هەنوکەیی مرۆڤی هاوچەرخە؟
بۆ ئەوەی بە وەلامی ئەو پرسیارە بگەین، پێویستە لەکۆی ڕووداوەکان بە ئاگا بین، پالۆما باس لەوە دەکات گەر پۆلیس دەستگیری بکات بەتاوانی نەبڕینی پلیتی میترۆ، بەڵام ماری ئەوە وەک گاڵتەیەک دەبینێت، چونکە لەبنەرەتدا ئەو پۆلیس بە گاڵتەجار دەبینێت، ئەگەر قسەکردن وەک کاریکاتۆرێک بۆ ئەو رووداوانە ببینن کە بەرەو روویان دێت، بەڵام خۆ لەوە کۆتایی نایەت، بەتایبەت کاتێک لەدەرگا دەدرێت و ژنێک دێت بەناوی بریگیت، کە بەوان خۆی بە هاورێی ژوستین دەناسێنێت، بەوەی ژوستین وتویەتی بێتە ئێرە، چونکە دواتر ئەویش دێتە ئەوێ، ئەو ژنە بەدوای مێردەکەیدا دەگەرێت، ئەوان وەک شێت دەبینین، بەلام وەک ماری بە بریگێت دەلێت من تێت ئەگەم، بۆیە ئەوان تەنیا خۆیان لەئازاری خۆیان تێدەگەن، مەگەر هەر ئەو بیرۆکەیەش نەبێت، ئەو کتێبە کۆی شانۆنامەکانی تەواوی نووسەرەکانی ژن بن و ئەوان گوزارشت لەئازاری خۆیان بکەن لەشەودا.
ئەو دیمەنە بەجۆرێک لە نائومێدی کۆتایی دێت کاتێک جولەکان تەواو گوزارشت لەسیمای کارەکتەرەکان دەکات بەوەی بریگیت زنجیرە زێڕینەکەی هاوسەرەکەی دەفەوتێنێت، تا بە دەوری زنجیرەکەی خۆیدا هەڵیبواسێت، دواتر کاتژمێرەکەی دادەکەنێت و جزدانەکەی دەگرێت، ماری خەریکی خواردنەوە دەبێت، گڕ گرتنی کوپێکی کاغەز و گوێبیست بوونی دەنگی ئۆتۆمۆبیلێک هەموو ئەمانە وەک مۆتیڤێکی دۆزەخی ناو دەبرێت.
دیمەنی دووەم و کۆتایی، لەکەنار دەریادایە، بەواتای پەیوەندی نیە بە شوێنی یەکەمەوە، ئەوەش بۆ خۆی وەڵامی بەشێک لەپرسیارەکانی ئێمە دەداتەوە، بەتایبەت لەبوونی مرۆڤ وەک تاکێک لەدەرەوەی ژیانی هاوبەش، ئەوان ئەو سێ ژنە لەئاوەکە دەردەچن و لەکەنار دەریاکەدا پاڵدەکەون، لێرەدا پاکبونەوەیە لەپەیوەندیکردن بە ژیانی هاوبەش، بە خەمێک کە پیاوەکان ئەوان گیرۆدە دەکەن و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە سەر لەنوێ پاکژ ببنەوە، بگەڕێنەوە بۆ ناو تاکایەتی خۆیان، زەمەن دیسان شەوە، بەواتای زەمەن ناگۆڕێت، ئەوەی دەگۆڕێت بیرکردنەوەیە.
وەک بانگەشە بۆ مانیفێستی ژیان بۆ ئەوانیتر قسە دەکەن، جۆرێکە لەگالتەکردن بەو ڕووداوانەی ڕوو دەدەن، بەڵام سەرەنجام ئەو رووداوە دەبێتەوە پەیوەندی کردن بە ژیانی ئەوان، ئەو ئۆتۆمۆبیلەی ڕووداوی هاتوچۆ ئەنجام دەدات، پیاوێکی گەنجە لەوێ دەردەکەوێت، ناوی (یانە)، ماری و پالۆما (یان) بۆ هاوڕێکەیان جێدێلن بەوەی ئەوە بۆ ئەوە، ئەویش هەول دەدات لەڕێی عەترەوە سارێژی برینەکەی بکات، دوو کچەکەیتریش دواتر دێن و جێی ناهێلن، تاوەکو سارێژی برینەکەی بکەن، لەگەڵیدا بەرەو ئۆتۆمۆبیلەکەی یان دەڕۆن، کە رووداوەکەی ئەنجامداوە، وەک ئەوەی پێمان بلێت کێشەو ئازارو ئازادی مرۆڤ، پەیوەستە بە خودی مرۆڤەوە نەوەک تەنیا بە ئاستی ڕەگەزی، ئەو کۆتاییەش تا ئاستێکی زۆر ئەم شانۆنامەیە لەوانیتر جیا دەکاتەوە و ناچێتە سەر هەمان هێلی فێمێنیستی.
ئێمە ئێستا دەتوانین لەسەر پرسیارەکانمان لەو تێکستە بووەستین و لەبارەیەوە بدوێین، بەوەی مرۆڤ دوای پەیوەندی سەر لەنوێ دەگەڕێتەوە ناو ئازادی خۆیەوە، بەڵام بە روانینێکیترەوە، بەوەی ناکرێت ڕەگەز ببێتەوە جۆرێکیتر لەجیاوازبوون، بۆیە ناچێتەوە ناو تەنیایی مرۆڤ لەژیاندا، لەکۆتایی تێکستەکەدا دەتوانین گرنگی ناونیشانمان بۆ دەربکەوێت، کە سەرەتا تەنیا وەک گومان و بێبەهایی ناونان سەیرمان دەکرد، بەتەنیا ناوی ئوتێلێک نیە، هەرچەندە ئەو گریمانەیە بۆ ناونان وەک گەمەیەک دەبینین، بەڵام لەکۆتاییدا دیدێکیتری ئایندەخوازیە بۆ ئایندەی تاک، بۆ زەمەنێک کە ئەو مرۆڤانە دەبێت بەسەر وێرانەکانی یەکتریدا بڕۆن، کۆمەکی هاوبەش بەیەکتری بکەن بۆ پارێزگاری کردن لەئازادیە تاکخوازەکانی هەر یەکێکیاندا.
دواهەمین شانۆنامەی ناو ئەو کتێبە کە دەمانەوێت لەسەری بووەستین، شانۆنامەی «هێزی کەمتر» ی ئوریلی ساد (١٣) ڕووداوەکان گوزارشت لەپەیوەندی هاوسەری ژن ومێردێک دەکەن، کاتێک پیاوەکە لەشەودا دەگەرێتەوە ماڵەوە کە لەشارێکی تر کار دەکات، هەست بە توڕەیی و ماندوو بون دەکات، ژنە چەند هەوڵ دەدات هێمنی بکاتەوە، بەڵام بیانوی پیاوەکە سەرەتا ئەوەیە کە ئەو لەگەشت نەبووە و لەکارکردن بووە، تا دەگاتە ئەوەی بە ژنەکەی دەلێت چیتر بەرگەی تۆ ناگرم و ئیتر خۆشم ناوێیت. شەڕەکە بەبەردەوامی درێژە دەکێشێت، هەریەکەی بەدوای شوێنێک دەگەرێت بۆ سەنگەر، پیاو هێرش دەکات و ژنەش لەداکۆکیکردنە لەدژی هێرشەکاندا، بەڵام پیاوەکە دەیەوێت دەمامکی نهێنی پەیوەندیەکی درۆینە هەلبماڵێت، کە زۆرجار مرۆڤ لەژیانی هاوسەری بێدەنگی لەو دەمامکە دەکات، کاتێک ژنە دەیەوێت ئەوە بخاتە ڕوو کە تەلەفۆن دەکات ئاخۆ ئەو لەگەڵ هاورێکەی لەسەر کار بووە یان لەشوێنێکی تر بووە، ئەوەش راستەوخۆ هەڵدانەوەی نهێنی شاراوەی پەیوەندیەکە هەر یەکە لەویتر گومانەکانی دەتەقێنێتەوە، بۆیە پیاوەکە وەک ئەوەی ئەویش بزانێت ژنەکەی خیانەتی لێ کردووە، بۆیە ڕاستەوخۆ پێی دەلێت «تۆش هەروەها چاوەکانت بکەرەوە، ئێمە بەختەوەر نین، ئێمە تەواو جیاوازین، لەخۆتدا بگەڕێ کە جوو بیت، وەک تۆ پارێزەر ، دکتۆر دەتبات بۆ لیبیس» (١٤) لێرەدا دەردەکەوێت پیاوەکە هەموو نهێنی ژنەکەی دەزانێت، بۆیە ژنە بە دژە تارمایی ناوی دەبات، بەدێژایی ئەم شەڕە ناونیشانی شانۆنامەکە بەشدارە لەڕێگەی گەمەی زمانەوانی ژن و مێرد کە دەستەواژەی هێز و هێزی کەمتر دەخەنە ڕوو، ژنە لەو ساتە کە پیاوەکەی وا قسەی لەگەڵ دەکات ئیتر ئەویش راستەوخۆ نەفرەتی لێ دەکات، لەکاتێکدا پیاوەکەش بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵە، ئەو لەگەڵ خۆشەویستی یاری کردووە (١٥) بەوەی ئیتر هەست بە هیچ خەونبینێکی هاوبەش ناکات لەگەڵ ژنەکەی.
بۆیە کاتێک پیاوەکە دەیەوێت ماڵەکە بەجێبێلێت، ژنە هیچ سنورێکی ناپاکی کردنی ژیانی هاوسەری ناهێلێتەوە، بەشێوەی مێردەکەی تۆمەتەکان دەهۆنێتەوە، بەوەی ئاخۆ ئەو هۆکاری ئەوەیە پیاوەکەی بڕوات، یاخود کەسێکیترە کە لەناو کۆمپیوتەرو ئیمێلەکانیدایە، کەسێک لەشوێنی ئەو لەدڵیدایە، ئاخو وەک ژنە دەلێت ئەو قەحپەیە کێیە؟ چاوەرێی ئەوە ناکات پیاوەکە وەڵامی پرسیار و قسەکەی بداتەوە، چونکە ئەوەندە بەسە وتنی هەموو ئەو شتانە بەڕووی مێردەکەی دەرخەری ئەوەن گەر ئەو دەزانێت ژنەکەی لەگەڵ دکتۆرێک پەیوەندی هەیە، ئەوا ژنەش دەزانێت ئیمێلەکانی مێردەکانی لەناو کۆمپیوتەرو تەلەفۆنەکە پڕیەتی لەنامەی ژنێکیتر.
تا ئاستی ئەوەی پەردە لەڕووی ئەو درۆ ئاکاریە هەڵدەداتەوە، کە چۆن پێشتر لە سۆسیال میدیا بانگەشەی بۆ خۆشەویستی ئەو کردووە کەچی ئێستا دەروات و لەگەڵ کەسێکی تردایە.
کەچی کاتێک دڵنیا دەبێت کە مێردەکەی دەڕوات، ئیدی ڕیتمی قسەکردنی دەگۆڕێت، بەوەی پەیوەندی هاوسەریان جوانی و خۆشەویستی گرتۆتە خۆی و یەکتریان خۆش دەوێت و بۆ یەکتری گرنگن، بە پێچەوانەی ئەو کچەی ئێستا مێردەکەی دەیەوێت بچێت لەگەڵی بژیێت، تەنیا ئەوەیە کچێکی گەنج ومناڵکارە، ئەوە هەوڵێکە بۆ مانەوەی مێرد لەماڵ و دەرنەچوونی، بەڵام هەمیشە دەبێت ئەوەمان بیر بێت کۆی گفتوگۆو شەڕەکان بەدەوری «هێزی کەمتر »خوڵ دەخواتەوە، چ لە تۆنی دیالۆگ و کاردانەوەکانی کارەکتەر یاخود دەربڕینی ڕاستەوخۆی ئەو دەستەواژەیە.
پیاوەکە تێدەگات لەوەی ژنەکە ئەو درێژە دانەی بۆ ئەوەیە لەم شەوەدا مناڵەکانی بە ئاگا بێنێتەوە لەوەی باوکیان ماڵەکە بەجێدێلێت، بەڵام سووربوونی مێرد بۆ ڕۆیشتن بە ڕادەیەکە، هیچ گومان لای ژنەکەی ناهێلێتەوە کە مێردەکەی عاشق بووەو دەڕوات، بەڵام پیاوەکە ئاماژە بۆ ئەو ترسە دەکات کە لەهاوسەرەکەی هەیەتی و سووربونی خۆی لەو ڕۆیشتنە نیشان دەدات، چونکە ئیتر ناتوانێت لەگەڵی بژیێت، بەهۆی ئەوەی بەختەوەر نیە لەو پەیوەندیەی ناو ماڵ، هەست بە خنکان دەکات. بەدرێژایی ئەو دۆخە تەلەفۆنەکە بەردەوام لێ دەدات، ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونی دنیای دەرەوەی ماڵە، بەوەی کەسێک چاوەڕوانە و ئەوەی لەماڵەکە ماوەتەوە دواکەوتووە، ژنەکە پەلاماری تەلەفۆنەکە دەدات و پیاوەکە هەوڵ دەدات لەدەستی دەریبێنێت، چونکە خۆی دلنیایە ئەوەی لەم کاتەدا تەلەفۆن دەکات کێیە، لەو ساتە دەستەکان لەجەنگێکی بێدەنگدان بۆ تەلەفۆنەکە، سەرەنجام پیاوەکە مشتێک لەزەوی دەدات، بەڵام هیچ لەوە خەمناکتر نیە، کاتێک توڕەیی پیاو بەسەر زەویەکە دەتەقێتەوە، ژنەکە دەلێت بمکوژە، بەواتای جێهێشتنی بۆ خۆی مردنە، ئیتر با بیکوژێت ئەو ساتە ماڵەکەی بۆ بەجێبێلێت، بەوەی وەک دەلێت ناتوانێت بەبێ ئەو بژیێت، لەکاتێکدا ئەو قسانە هیچ کاریگەریەک لای مێردەکەی درووست ناکەن، بەقەد ئەوەی داوای لێ دەکات بێدەنگ بێت و نایەوێت گوێی لەو قسانەی بێت و ئیتر قسەی لەگەڵ بکات، لەگەل ئەوەشدا ڕووداوەکان کۆتاییان نایەت، چونکە هەردووکیان لەسەر قەنەفەکە دادەنیشن، بۆیە ململانێکە بەردەوامی دەبێت، بە ئاستێک بەدرێژایی شانۆنامەکە پیاوەکە دەیەوێت بڕوات و ژنەکەش دەیەوێت بمێنێتەوە، لەکاتێکدا هەر یەک لەوان نهێنی پەیوەندیە شاراوەکانی یەکتریان ئاشکرا کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ژنەکە هەر دەیەوێت بمێنێتەوەو ماڵەکە بەجێ نەیەلێت بەسەر خۆی و مناڵەکانی(١٦)، تەنانەت بەشێوەیەک قسە دەکات کە دەیەوێت بچێت بخەوێت، بەیانی دەبەت بچێت بۆ سەر کارەکەی و پێویستە بیریان نەچێت ئەوان خێزانیان هەیە، بەلام مێردەکەی لە کەشێکی هێمن کەچی لەسەر هەمان بۆچوونی خۆی قسە دەکات، بەوەی ئەو ناتوانێت بمێنێتەوە، دەبێت بڕوات، نایەوێت باوکێکی خراپ بێت، دواتر ئەوەشی بۆ زیاد دەکات بەوەی ئیتر هەر نایەوێت باوک بێت.
ململانێی ئەو دوو کارەکتەرە لەبەرزی و نزمیدا وەک تەونی جانجالۆکەیەک وایە کە چۆن بۆ درووست کردنی تەونەکە هەر یەکەیان بە ئاستێکی دژ بەیەکتر تێدەپەڕن، دراماکەش وەک ئەو تەونە خۆی بەرەو پێش دەبات، بۆیە ژنەکە باسی ئەو هەموو پشتگیریە دەکات کە پێشکەشی ئەوی کردووە بۆ کارکردن.
ژن لە لوتکەی ململانێکەدا هەڵگری خەسڵەتی کارەکتەرێکی ڕۆمانسیە لەدەربڕینەکانیدا دەیەوێت ماچی بکات و سێکس بکەن، بەلام پیاوەکە ڕایدەگرێت و تکای لێدەکات بوەستێک لە دەربڕینی ئەو هەستانەی، کەچی ژن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو ژنیەتی دایکی کچەکانیەتی، بەوەی ناتوانێت خۆی لەو وێنە خانەوادەییە بهێنێتە دەرەوە، لەو ساتەی کە ژنە جەخت لەو پەیوەندیە خێزانیە دەکاتەوە، سەر لەنوێ زەنگی تەلەفۆنەکە لێ دەداتەوە، ئەوەش وەک بیرهاتنەوەی دنیای دەرەوەی خێزانە، کە هێشتا پەیوەندیەکە کۆتایی نەهاتووەو کەسێک هەیە دەیەوێت بزانێت کەی پەیوەندیە کۆتایی دێت، ژیان لەگەڵ ئەو دەست پێدەکات.
پرسیارەکە لەئێستادا ئەوەیە: هەر بەڕاست ئەوە ژنی ناو کۆمپیوتەرەکەیە کە ئیمێل بۆ هاوسەرەکەی دەنێرێت؟ ئەو دڵنیاییە چیە ژنە لەو تەلەفۆنە هەیەتی؟ ئەی بۆچی پیاوەکە سەرەتا ترسی لە زەنگەکە هەبوو، بەڵام ئەمجارە نکوڵی لێدەکات، بەوەی کەس نیە؟
لێرەدا لەناو شانۆنامەکەدا ئێمە وەڵامی پرسیارەکان راستەوخۆ وەرناگرینەوە، بۆیە دەتوانین لەشوێنی هەر یەکێکیان وەک خوێنەری بێ لایەنی تێکست قسە بکەین، خوێنەر لەو ساتەدا کەسی سێ یەمی ناو ململانێیەکەیە، لەململانێ ئەو دوو کارەکتەرە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، گومانەکانی ژنە لەشوێنی خۆیەتی، نکوڵی کردنی پیاوەکەش خاڵی نیە لەترسی سەرەتای زەنگەکە، تەنانەت ئەو سووربونەی پیاو بۆ ڕۆیشتن بۆ خۆی وەڵام بە هەموو پرسیارەکان دەداتەوە، بەبێ ئەوەی وەڵامی تەلەفۆنەکە بدرێتەوە، لەکاتێکدا هەموو هەوڵی ژنەکە بۆ مانەوەی هاوسەرەکەیەتی لەماڵەکەدا، داوای هیچ شتێکی لێ ناکات، تەنیا خوازیارە مێردەکەی بمێنێتەوەو جێی نەهێلێت، دەیەوێت تا کۆتایی ژنی ئەو بێت، بەڵام پیاوەکە هەر لەو ساتەی هاتەوە ماڵ بریاری کۆتایی خۆی دابوو، تەنانەت کاتێک ژنەکەی باس لەوەش دەکات سبەینێ دایک و باوکی دێن بۆ سەردانیان، دەبێت ئەو نەگریێت و شتەکان بشارێتەوە، بەڵام چونکە مێردەکەی دڵنیایە لەکۆتایی هەموو شتەکان داوای لێ دەکات هیچ نەشارێتەوەو تەنانەت کۆی ڕووداوەکان بە گۆرانی بۆیان بگێڕێتەوە، گێڕانەوە لەڕێی گۆڕانی، بەواتای دانیشتن و سەردانەکە نەشێوێت، وەک ئەوەی ئەمشەوە چیرۆکێک بێت و بووبێت بە ڕابردوو.

نیهاد جامی- فەڕەنسا

پەراوێزەکان:
(١) La Nuit neuf pièces courtes, L’avant-scène théâtre-janvier 2024
(٢) ئاکسێل ژا نیکێی لەدایکبوی ١٩٧٢ ژنە نوسەرێکی فەرەنسی بە نەژاد کامیرۆنیە، سەرەتا وەک فۆتۆگرافەر ماوەی پانزە ساڵ کاری کردووە، دواتر ڕوو دەکاتە نووسین و گۆشەی رۆژنامەوانی، دوای ئەوەش وێب سایتێکی تایبەت بە پەیوەندی سۆزداری ژنانی ڕەش پێست داناوە، هەورەها چەندین پۆدکاستی کردووە، لەبارەی توندوتیژی دژی ژنانی ڕەشپێست و توندوتیژی سێکسی دژی منالانی ڕەش پێست لەماڵەکاندا، هەروەها بەیەکەم کتێبی لەژێر ناوی “رۆژمێری ژنانەی رەشپێشت” خۆی وەک نوسەرێک ناوبانگی دەرکرد.
(٣) ماریا لا ڕێیا، لەدایکبوی ١٩٧٩ ی شاری بلباوی ئیسپانیایە، لە فەرەنسا ژیاوەو کارەکانی لەپاریس ئەنجام دەدات، نوسەرو سینارێست و دەرهێنەرە، سالی ٢٠٢٢ بە یەکەم رۆمانی خەلاتێکی ئەدەبی وەردەگرێت، وەک رۆمانووسێک دەبێتە جێگای سەرنجی رەخنەگران، لە ٢٠٠٤ تا ٢٠١٥ پێنج کورتە فیلمی درووست کردووە، ئەو شانۆنامەیە تازەترین بەرهەمی ئەدەبیەتی.
(٤) کۆلۆمب شنێک، لەدایکبووی ١٩٦٦ ی شاری پاریسە، رۆمانووس و رۆژنامەنووس و دەرهێنەری دۆکۆمێنتاریە، خاوەنی چوار خەڵاتە.
(٥) کلێر شێزال، لەدایکبوی 1956 فەرەنسایە، رۆژنامەنووسێکی ناسراوی فەڕەنسیە، لەبواری تەلەفزیۆن و رۆژنامە و رادیۆ ناسراوە، لەزۆربەی ئەو فیلمە سینەماییانەی وەک ئەکتەر بەشداری کردووە رۆڵی بێژەری تەلەڤزیۆنی پێدراوە، خاوەنی دوو رۆمان و یادداشتێکی چاپکراوە، هەروەها کتێبی دەنگیشی هەیە، لەئێستاشدا هەموو ئێوارەیەکی سێ شەممان لەکاتژمێر حەوتی ئێوارە بەکاتی پاریس لەسەر شانۆی پاریس تێکستی “جێم بهێلە” ی مارسێل سوڤێژو دەخوێنێتەوە، پێشتریش ئەزمونێکیتری لەو بارەیە هەبوو، کاتێک لەنێوان شوبات و نیسانی ٢٠٠٨ تێکستی ” رۆژنامەی هێلین” دەخوێندەوە.
(٦) عالیە عەتایی رۆمانوسێکی ئێرانی- ئەفگانیە (1980) سیناریۆی فیلم و کورتە چیرۆکیش دەنووسێت، چەندین خەڵاتی ئەدەبی وەرگرتووە، لەئێراندا بەزمانی فارسی پێنج کتێبی چاپکردووە، ئەم شانۆنامەیەی یەکەم کاریەتی بە زمانی فەرەنسی، کە پێشوازیەکی باشی لێکراو کارەکەی خراوەتە سەر شانۆش
(٧) کلۆی مونس، گۆرانی بێژ و ئەکتەرە، لەدایکبوی شاری لیلی فەڕەنسایە لە ١٩٧٢، خاوەنی دە ئەلبومی گۆرانیە، لە ١٩٩٩ بەرەو دنیای سینەما رۆیشتووە و دواتر ڕووی کردۆتە شانۆش، لەگەل دەرهێنەر ئالان کلینگلێر دەستی بەکاری شانۆیی کردووە، سەرەتا لە ٢٠١٦ وەک لەنمایشێکی شانۆیی میوزیکال بەشداری کردووە بەناوی “هیچ شتێکم نیە دژی شەوی سەری ساڵ” لە ٢٠١٩ لەگەل هەمان دەرهێنەر سەر لەنوێ لەشانۆدا بەشداری دەکات بە نمایشی “من نەرگسی نیم” کە لەچوارچێوەی فێستڤال ئەڤینیۆنی شانۆیی پێشکەش دەکرێت، لە سالی ٢٠٢٣ هەمان نمایش بۆ ماوەی پێنج هەفتە لەسەر شانۆ بەردەوام بوو.
(٨) La Nuit neuf pièces courtes, L’avant-scène théâtre-janvier 2024, page 92.
(٩) ئەدۆلین دیۆدۆنێ، لەدایکبوی 1982 بەلژیکا، نوسەر و ئەکتەرە، براوەی خەلاتی فیدراسیۆنی والۆنیایە لە بەلژیکا بە کورتە چیرۆکێک، یەکەم کتێبی جاپکراوی نامیلکەیەک بوو بەناونیشانی “تەنیا لەتاریکیدا” ، لەسالی ٢٠١٧ یەکەم شانۆنامەی خۆی بلاو کردەوە، سالی دواتر رۆمانێکی نووسی و خەلاتی پێ وەرگرت، دووەم رۆمانیشی لە ٢٠٢١ بلاو کردۆتەوە.
(١٠) ڤیکتوار توایۆن، لەدایکبوی 1989 ی پاریسە، نوسەر و رۆژنامەنووسە, دوو کتێبی چاپکراوی هەیە، لەدووتوێی بەرنامەکانی ڕادیۆ و کارە رۆژنامەوانیەکانی بەوە ناسراوە رەخنە لەبیرکردنەوەی پیاوبوون دەگرێت، بەر لەوەی ئیمتیازات بێت، بریتیە لە بنیاتنان، لەدیدی فێمێنیستیەوە ڕەخنە ئاراستەی توندوتیژی پیاو دەگرێت.
(١١) ژوفرین دونادیو، لەدایکبوی ١٩٩٠ فەرەنسا، نووسەرە، سالی ٢٠١٩ یەکەم رۆمانی خۆی نووسی بەناوی “چیرۆکی فەرەنسا” کە دەزگای گالیمار چاپی کرد باس لە ونبونی مندالێک دەکات، لە رۆمانی دووەمیدا بەناوی “سەگ و گورگ” ساڵی ٢٠٢٢ لەلایان دەزگای گالیمار چاپکراوە، منداڵە ونبوەکەی ڕۆمانی یەکەم، لەم رۆمانەی دووەمدا دەدۆزرێتەوە، خاوەنی خەلاتی فلۆرایە لە ٢٠٢٢.
(١٢) ئێڤا یۆنسکۆ، لەدایکبوی ١٩٦٥ ی پاریسە، بە ڕەچەڵەک ڕۆمانیە، ئەو بۆ خۆی لەشانۆدا زیاتر وەک ئەکتەر دەرکەوتووە، بەلام لەسینەمادا سەرباری کاری نواندن وەک سینارێست و دەرهێنەری سینەمایی ناسراوە، دایکی هونەرمەندێکی بواری فۆتۆگراف بووە، بەو هۆیەوە لەمندالیدا ڕاکێشراوەتە ناو کارە فۆتۆییەکانی دایکی و چەند فۆتۆگرافەرێکەوە، ئەو منالی و هەرزەکاری ئاسایی تێنەپەڕیووە لەلایەک لەهەندێک وێنەی فۆتۆگرافی جەستەی ڕووتی نیشان دەدرێت، تا لەسەرەتای هەرزەکاریدا وێنەی ڕووتی وەک نمایشکار لەسەر بەرگی گۆڤارو رۆژنامە بلاو دەبێتەوە، سەرباری دوبارەکردنەوەی ئەو دیمەنانە لە چەندین فیلمدا، ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە هاورێکانی تا ڕادەیەکی زۆری خۆیانی لێ بەدوور بگرن، سەرباری ئەوەی ئاڵودەی ماددەی بێهۆشبەر دەبێت و بەو هۆیەوە لە دایکی دوور دەخرێتەوە، سەرەتای راستەقینەی کاری هونەری ئەو بۆ سالی ١٩٨٧ دەگەرێتەوە، ئەو کاتەی پەیوەندی دەکات بە تیپێکی شانۆیی، لە ٢٠١١ وەکو دەرهێنەر یەکەم فیلمی سینەمایی خۆی درووست دەکات، لە ٢٠١٧ رۆمانی پاکیزەیی دەنووسێت کە پشتی بەستووە بە تەواوی ژیاننامەی خۆی، لە ٢٠١٩ دووەم فیلمیش درووست دەکات.
(١٣) ئوریلی سادە، لەدایکبونی ١٩٧٨ ی پاریس، ئەکتەر و دەرهێنەرە، لەپاڵ ئەوەشدا گۆرانی بێژەو تێکستی زۆربەی گۆرانیەکانیشی خۆی دەینووسێت، لە سالی ١٩٩٥ دەستی کرد بە کارکردن لەسینەمادا، تاوەکو ساڵی ٢٠٠٨ بەردەوام بووەو لەو ماوەیەدا لە هەشت فیلمی سینەمایی بەشداری کردووە، لە شەش بەرهەمی تەلەفزیۆنیش بەشداری کردووە، لە ٢٠٢٤ لەشانۆگەریەک وەک ئەکتەر کاری کردووە.
(١٤) La Nuit neuf pièces courtes, L’avant-scène théâtre-janvier 2024, page 99
(١٥) دەستەواژەی یاریکردن لەئەدەبی شانۆنامەی فەرەنسیدا، وەک درۆکردن لە پەیوەندی خۆشەویستی دێت، ئەگەر بەهەڵەدا نەچین دەتوانین ئەوە بگەڕێنینەوە بۆ ناونیشانی شانۆنامەکەی شانۆنوسی فەرەنسی ئەلفرێد دو موسیێ لەژێر ناوی «ئێمە یاری لەگەڵ خۆشەویستی ناکەین” کە سالی ١٨٣٤ نووسیویەتی.
(١٦) لێرەدا کارەکتەری ژنەکە رێک تەواو پێچەوانەی کارەکتەری نورای «ماڵی بووکە شووشە» ی ئەپسنە، نورا یاخی دەبێت و مندال و مێرد لەماڵ بەجێ دێلێت، بەڵام کارەکتەری شانۆنامەکەی ئوریلی تەواو بەپێچەوانەوە نایەوێت مێرد بڕوات و لەگەڵ مناڵەکان بەتەنیا لەماڵ بمێننەوە




ئەسپەكە مردار بوو گوێرەكەكەش تۆپی!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

كاری ڕۆژنامەنووسی، وەك هەر بوارێكی دیكەی پیشەیی و فەرهەنگی، كە دەچنە نێو شوناسی كولتووریی و فەرهەنگییەوە، كارێكی پیشەمەند و گرنگە، چونكە گەر ڕۆژنامەنووس وەك بكەرێكی ئەكتیڤی نێو ڕووداوەكانی ژیان نەبێت، بێگومان شتێك بە نێوی ڕووماڵكردنی هەواڵ، ڕووداو و كارەساتەكان نابێت، بۆیە ڕۆژنامەنووسی لەو پیشە هەستیار و تایبەتمەندانەیە، كە وەك هەر ژانرێكی دیكەی فەرهەنگی، جۆرێك لەخاسیەتمەندی خۆی هەیە، بەو مانایەی وەك چۆن ناشێ هەموو كەس ڕۆماننووس، شاعیر، وەرگێڕ بێت، بەو شێوەیەش ناشێ هەموو كەس بكرێتە ڕۆژنامەنووس و هەڵگڕی ئەو شوناسە پیشەیە بێت.
لە هەرێمی كوردستاندا، بە هەزاران ڕۆژنامەنوس، دەزگای ڕاگەیاندن، مینبەری چاپ و بڵاوكردنەوە هەن، كە ڕۆژانە بە شێوەیەكی بەردەوام ڕووماڵی هەواڵ و بەدواداچوون و ڕووداوەكانی كۆمەڵگە دەكەن، بەڵام گەر لە ڕووی تایبەتمەندیی و پیشەییەوە بڕوانینە ئەو هەموو كەناڵ و ڕۆژنامەنووسانە، ئەوا جۆرێك لە بێ بەهاكردنی كاری ڕۆژنامەنووسی لێ كەوتۆتەوە، بە جۆرێك كە مایك بەدەست و ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشنال و خاوەن ئیتیك تێكەڵبوونە. ئەم بەگشتیكردن و بە میللیكردنەی كاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستاندا، بە پلەی یەكەم سەندیكای ڕۆژنامەنووسان لێی بەرپرسیارە، ئەویش لە ڕێگەی ئەو یاسایەی دایناوە كە شوناسی ڕۆژنامەنووسی بە جۆرێك بێ هەبوونی هیچ مەرجێك دیاریكردووە، كە بشێ هەموو كەسێك بە نەخوێندەوارەكانیشەوە ببنە ڕۆژنامەنووس. ئەم جۆرە لە بە عەوامكردنەی كاری ڕۆژنامەنووسی، زەمینەیەكی هێناوەتە ئاراوە، كە ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا، خەڵكی بە خۆشی و توانجەوە بە ڕۆژنامەنووسان دەڵێن مایك بەدەست! بێگومان وەك چۆن مرۆڤ بێ ئەزموونێكی درێژی خوێنەوە و هەبوونی باكرگراوەندێكی گەورەی ڕۆشنبیریی ناتوانێت بنووسێت، بەو شێوەیە دەبێ ڕۆژنامەنووسیش زادەی ڕۆشنبیریەكی گەورە و زمانزانییەكی ورد و كەسێكی شارەزا بێت لە هەموو بوارێك بۆ ئەوەی بشێ وەك ڕۆژنامەنووس كار بكات و ئیدی بزانێت كامە گیانەوەرە (مردار دەبێتەوە كامەشیانە دەتۆپێت) كە بەداخەوە دەیان جار لە میانەی ڕوومالكردنی هەواڵ و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەم هەڵەیەم خوێندۆتەوە و كەوتۆتە بەرچاو. بگرە ڕۆژنامەنووس هەیە جیاوازی لە نێوان ( تشرینی یەكەم ) و ( تشرینی دووەم) لە ڕووی ژمارەییەوە ناكات ! جیاوازی لە نێوان وڵاتانی (نەیجەر ) و (نەیجیریا) نەكردووە و وادەزانێت هەردووكیان یەكن ! دەیان جار كەوتۆتە بەرچاوم كە نووسیوانە وڵاتی ئەفەریقای باشوور لە كاتێكدا وڵاتێك بەو ناوەوە نییە، بەڵكو ئەوەی هەیە وڵاتی (باشووری ئەفەریقیایە). ماڵپەڕ هەیە دەنووسێت:_( بەفر بارین لە گەرمیان مسۆگەر بووە) وەك ئەوەی ئەوان لای خوداوە هاتبن، یان لە پێشبینیەكانی گەردوونی و كەش و هەوا، زانامەندترو زانستیتر بن؟ ئاخر لە كوێ بەفر بارین گرەنتی هەیە، چ جای ئەوەی ئەو شوێنە گەرمیانیش بێت؟ دەزگای ڕاگەیاندن هەیە، جیاوازی لە نێوان سەرۆكی (باشووری سودان) و وەزیری دەرەوەی (چاد) نەكردووە و وێنەی سلفاكێر میاردێتیان داناوە، كە گوایا وێنەی وەزیری دەرەوەی چادە. بریا ئەو هەواڵانەم دیكۆمێنت دەكرد. ڕۆژنامەنووس هەیە، نازانێ سەروبنی هەواڵ، زمان، داڕشتنی هەواڵ چییەو چۆنە، كەچی هەر ڕۆژە بۆ پارەی زیاتر لە كەناڵێكە. ئەگەر تا دوێنێ، سیاسییەكان نموونەی ناشیرینی سەنگەر گۆڕین و هەڵوێست فرۆشی و بیرو باوەڕ فرشی بووبن لە پێناو پارەدا، ئەوا ئەمرۆِ ئەوان تۆز لە دوو ڕۆژنامەنووسان ناكەن! مەگەر ڕۆژ هەیە ڕۆژنامەنووسێك نەچێتە ئەو كەناڵانەی بە پارەی خەیاڵی نەوتی ئەم میللەتە پەخشی بەرنامەكانیان دەكەن؟ سەرنج بدەن، ئێن ئارتی دەیان ڕۆژنامەنووسی نەناسراوی پێ گەیاند و دروست كردو فێری كردن هەواڵ و ڕۆژنامە و بەرنامە و كاری ڕۆژنامەنووسی چییە، كەچی دواتر ئەوانە چیان كرد؟ مەگەر خۆیان نەفرۆشتە كەناڵەكانی سەر بە دەسەڵات؟ ئەم بێ بەهاییبوونەی كاری ڕۆژنامەنووسی لە نێو ئێمەدا، بەرهەمی ئەو هەزاران بە ناو ڕۆژنامەنووسەیە، كە گوایا خاوەن ئیتیك و پیشەمەند و كاری ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵانەن، لە كاتێكدا جگە لە مایك بەدەستێك كە هەر ڕۆژە بۆ پارە لە شوێنێكن، هیچی تر نین . ئەمە وێرای سەدان هەڵەی دیكەی زەق كە نیشانەی نەبوونی هوشیاری و ڕۆشنبیرییە لای بە شێكی زۆری ڕۆژنامەنووسان. كورد وتەنی لەو خۆڵە، هەر ئەو قوڕە دروست دەبێت !




هونەرمەند “ئەحمەد سالار “ئەستێرەیەكی درەوشاوەی نێو هونەر و ئەدەبی كوردی.. ن- كامەران حاجی ئەلیاس

هەركاتێ باس لە پێشرەوانی شانۆی كوردی و عێراقی دەكرێت یەكێك لەو هونەرمەندانەی كە لە ریزی پێشەوە ناوی دەهێنرێت هونەرمەند و نووسەری دیاری كورد مامۆستا ( ئەحمەد سالار)-ە بەڵێ بەتایبەتی لە نێو هونەر و ئەدەبیاتی كوردی ،لەو كاتەی باس لە دراما وشانۆی كوردی دەكەین یاخود باس لە تێكستی شانۆیی كوردی دەكەین ناكرێت باس لە هونەرمەند و زمان پاراو و داهێنەری كورد، نووسەر ئەحمەد سالار نەكەین ئەو لەرێگەی نواندنەكەی لەرێگەی شاكارە مەزنەكانی هەمیشە بوونی خۆی سەلماندووە یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە خاوەنی داهێنانی رێبازی(شانۆی ئاهەنگ سازی) یە ئەگەرچی ئەو رێبازە شانۆییە بۆ دەرهێنەری مەغریبی (عەبدولكەریم بەرشیت) دەگرێنەوە بەڵام بۆ راستی و دورستی ئەمە دەڵێم لەو كاتەی هونەرمەندی گەورەی مەغربی داهێنەری شانۆی ئاهەنگ سازی (عەبدولكریم بەرشیت) ئامادەی پێنجەمین فیستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆ بوو، كەلە10 تاوەكو 14-12-2018 لەشاری هەولێر بەرێوە چوو،لە لێدوانێكی تابیبەت دا عەبدولكەریم بەرشیت دەڵێت” شێوازە ئاهەنگ سازییەكەی مامۆستا ئەحمەد سالار لە شێوازەكەی من زۆر جیاوازە” بۆیە دەڵیم هونەرمەند ئەحمەد سالار خاوەن و داهێنەری شانۆی ئاهەنگ سازییە.. من بۆخۆم تاوەكو ئێستا نەمبیتستووە شانۆكارێكی توانای داهێنانێكی لەو شێوەی مامۆستا ئەحمەد سالار لە نێو شانۆی كوریدا بوونی هەبێت هەرچەندە لێرەولەوێ هەوڵ و كۆشش هەبووە وەكو پرۆژەكەی خاتوونی شانۆكار د.نیگار حەسیب قەرداغی ‌ (لابۆری شانۆی لالش) وەكو پرۆژەی شانۆی (سات) لەلایەن هونەرمەند سەدیق حسێن وە هەوڵەكانی ( كۆری شانۆی با)ی هونەرمەند هۆرێن غەریب و هاورێكانی بەم دوایانەش (رێچكەی شانۆی سناپ )، لەلایەن هونەرمەندی شانۆكار گۆران سەرگەڵوویی بەڵام ئەم ئەزموونانە تا ئێستا وەكو ئەزموونێكی شانۆیی سەیر دەكرێن لەوانەیە چەندین هونەرمەندی تریش هەوڵ و كۆششیان هەبێت لە من ئاگاردار نەبم..
هونەرمەند ئەحمەد سالار جگە لە تێكستە شانۆییەكانی كە زۆربەیان باس لە مێژووی و داب و نەریتی كوردی دەكات.. خاوەنی چەندین كتێبە لە بواری شانۆ و درامایە بەجۆرێك خزمەتێكی زۆری كتێبخانەی كوردی كردوە بوونەتە سەرچاوە بۆ زۆرێك لە شانۆكاران سوودیان لێوەرگرتوون لە هەمان كات هەندێ لە كتێبەكانی وەكو میتۆد لە نێو پەیمانگای هونەرجوانەكانی هەرێمی كوردستان دەخوێندرێت بەتایبەت بۆ وانەكانی (مێژووی شانۆ ) و(دەنگ و دەموودوو).
ئەحمەد سالار و نواندن
من لەم نووسینەم دا هەوڵ دەدەم تیشك بخەمە سەر نواندن لەلای هونەرمەند ئەحمەد سالار دا..
سەرەتا یەكێك لە بنەما سەرەكەییەكانی پێكهاتەی نواندن بۆهەر ئەكتەرێك دەنگە كە بە داینەمۆی نواندن دادەنرێت لە هەمان كات دا یەكێكە لە پێداویستییە سەرەكییەكانی هەموو ئەكتەرێك جگە لە نواندنی پانتۆماییم نەبێت، كە زیاتر پشت بە جوڵە و هێما وئاماژە دەبەستێت مامۆستا ئەحمەد سالار خاوەن دەنگێكی تەواویی شانۆیییە كەدەتوانی هەموو چینە دەنگەكانی دەنگ بۆ هەر نواندێك بەرجەستە بكات بەشێوەیەك دەتوانی دەنگی خۆی لەگەڵ هەموو شێوازەكانی نواندن چ لە بواری مەرگەسات یاخود بەزمەسات بەرجەستە بكات وەكو زانراوە ئەكتەر پێویستی بە توانستێكی رەهای دەنگ هەیە بۆئەوەی لەكاتی رۆڵ بینین سەركەوتووبێت بۆئەوەی بەرەنگاری هەموو ئەو ئاڵنگارە ببێتەوە كە لەكاتی نواندن لەسەر تەختەی شانۆ رووبەری دەبێتەوە بۆ بەدەست هێنانی ئەمەش جگە لە بوونی دەنگێكی گونجاو باوەڕ بەخۆ بوون خاڵێكی سەرەكیە بۆ هەر ئەكتەرێك هونەرمەند ئەحمەد سالار بە هۆی ئەوەی خاوەن دەنگێكی شانۆییە لەهەمان كات دا خاوەن هەناسەیەكی قوڵی شانۆییە دەزانێت لەكاتی نواندن چۆن دابەشی سەر دیالۆژەكانی بكات كەس بەقەد ئەو لە كاتی نواندندا ماف بە وشەو پیتەكانی ناو دیالۆژەكان نادات ئەو زۆر بەووردی رەچاوی دەربینی وشەكان بە تایبەتی لە كاتی دەموو دووی ڕستەو و وشە و پیتەكان دا ئەوەش زیاتر بۆ راهێنانی بەردەوام بوون و ئەزموونێكی زۆر ئەو هونەرمەندە دەگەڕێتەوە بەتایبەتی لەرووی بەكارهێنانی تەكنیكی دەنگ چۆنیەتی كۆنترۆڵ كردن و دابەش كردنی هەناسەدان و هەناسەوەرگرتنەوە كە بەداخەوە بەشێك لە ئەكتەران لەكاتی نواندن دا لەسەر تەختەی شانۆدا وشە و دەموودووەكانیان زۆر خراپە بەتایبەتی لەدانان بە پیت و وشەكانی كۆتایی زۆرجاریش وشەكانیان لە كۆتایی دیالۆژەكانیان یاخود ئەو وشەو دیالۆژانانەی كە بە چرپە دەموو دوو دەكرێن ون دەبن و ناگاتە بینەران بەتایبەتی لەو كاتەی هەندێك لە وشەكان مانا كرۆك و فلسەفەی ڕستەكەن یان بابەتەكانن بە داخەوە ئەویش ناگانە بینەر ئەوەش بە هۆی دابەش نەكردن و نەبوونی كۆنترۆڵ لە سەر كۆئەندامی هەناسە دان و هەناسە وەرگرتنی ئەكتەر دەگەرێتەوە. هەر لەم ڕوانگەوە دەرهێنەری ناوداری جیهانی ستانسلاڤسكی دەڵێت” لەگۆرانیبێژێكی ئۆپێرا فێری نهێنییەكی ڕاهێنانی دەنگ بووم،ئەوەیش ئەوەیە كە كاتێك لە كاتی گۆرانی وتن دا هەناسە دەدەینەوە پێویستە هەست بە دوو سیستەمی هەوا بكەین كەدێتە دەرەوەن، یەكیان لە دەمەوە ئەویتریان لە لووتەوە”. هەر لەسەر گرنگی دەنگ بۆ ئەكتەر كاتێ لە دەرهێنەر ئیتاڵی (تۆماس سالڤینی)ی پرسی ئەكەتەر لە كاتی نواندن لە مەرگەسات دا چی زۆر پێویستە لە وەڵام دا دەڵێت “دەنگ، دەنگ ،دووبارە دەنگ”.بۆیە ئەتوانم بڵێم دەنگی هونەرمەند ئەحمەد سالار هەموو ئەوسیفاتە لە خۆدەگرێت كەوبلیمەتانەی شانۆ باسی لێوەدەكەن بەجۆرێك دەنگێكە لە هی كەس ناچێت توانستی وای هەیە لە هەموو ئەو ڕۆڵەنەی بەرجەستەی كردووە هەست دەكەین بە تەواوەتی لە چۆتە نێو قالبی كەسایتییە كە نموونەش زۆرن كە لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە ئاماژەیان پێبدەین.
خاڵێكی ترییش لە نواندن كە پێویتسە هەموو ئەكتەرێك هەبێت بریتییە لە جەستەی ئەكتەرە ئەویش بنەماییەكی گرنگ وسەرەكییە لەسەر شانۆدا بێت یاخود لەسەر شاشەدا بێت جەستە كاریگەری راستەو خۆی لەسەر بینەر دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هەموو حاڵەتەكانی بژیت چونكە زمانی جەستە واتە وەرگێرانی دەقێكی نووسراوە بۆ گوزراشتەكانی هێما و ئاماژە ..لەبەر ئەوە بۆ ئەكتەر تەنیا دەنگ گرنگ نییە لەم روانگەوە ئەگەر بەووردی سەیری نواندنەكانی مامۆستا ئەحمەد سالار بكەین درك بەوە دەكەین گرنگی زۆر بە هەموو وردەكانی نواندن هەر لە گوزارشتەكانی لە رووی زردەخە، پێكەنین، توڕە بوون، خەمبار …بەبێ دیالۆژەكانی ئەو گوزراشتانە دەگاتە وەرگر .
لایەنێكی تری گرنگی نواندن بۆ ئەكتەر بریتییە لە جوڵەی شانۆیی یاخود چۆنیەتی جوڵەی جەستە لەسەر تەختەی شانۆ كەپێویستە بۆ بەرجەستەكردنی هەر كاركتەرێك ئەویش لە رێگەی بوونی كێشێكی گونجاوە بۆ هەر ئەكتەرێك بۆئەوەی بتوانێت لە ئامادە باشی دابێت بۆ هەموو كردار و جوڵەیەك لەسەر تەختەی شانۆ بۆیە دەبێت ئەكتەر توانستێكی باشی جوڵەی هەبێت بێت لە هەمان كاتدا زۆرجار جۆری جوڵەی ئەكتەر هاوكار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ناسینەوەی كاركتەر بەپێی تەمەن و رەگەز و كەسایەتی بێگومان جلوبەرگیش تارادەیەكی زۆر هاوكارە بۆ بنیادنانی كارەكتەر بەتایبەتیش لە نواندنی (بێدەنگ) دا .هونەرمەند ئەحمەد سالار لەو نمایشانەی كە بینومانن هەمیشە جوڵەكانی لەكاتی نواندن بە تایبەتی لەسەر تەختەی شانۆدا جیاواز دەركەوتوو بۆدورست كردنی هەر كارەكتەرێك سەركەوتووبووە هۆكارەكەیش بۆ خوێندنەوەو لێكدانەوەی ووردی بۆ هەر جوڵەیەك كردوە تەنانەت زۆر بەووردی جوڵەكانی جەستەی ئەنجام دەدا ئەوەش بەهۆی خوێندندنەوی ووردی بۆ ئەوكەسایەتییەی كە بەرجەستەی كردوون بەجۆرێك وا دەكات لەرێگەی ئاماژ و هێماكانی سەرنجی بینەر بۆهەموو جوڵەیەكی رابكێشێت تەنانەت هەست و سۆزو كرداری ناوەكی و دەركی بۆ نموونە كرداری دڵەراوكێ كەلەیەك كاتدا هەردوو كردارەكە هەر لە رێگەی جوڵە شانۆییەكانی بەبێ دیالۆژ زیرەكانە دەگەینێتە بینەر بەهەمان شێوەش لە نواندنی لە دراما و تەلەفزیۆندا جوڵەكانی لەرێگەی گوزارشتەكانی وەكو جوڵەی شەر جوڵەی سۆزو خۆشەویستی..دەگاتە وەرگر هەندێك جاریش تەنیا لە شێوەیەكی دیاركراوی وەستانی بەبێ هیچ دیالۆژێك لەسەرتەختەی شانۆ چەندین ماناو مەدللولی بەخشیوە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ شێوەی وەستان هێما و گوزراشتەكانی ئەو دەزانێت چۆن دەست و تەنانەت پەنجەكانی لە خزمەت رۆڵەی بە كار بهێنیت بە داخەوە زۆر جار هەندێ لە ئەكتەران دەستەكانیان لێ دەبێتە بەڵا نازانن چۆن هەڵسوكەوتی لەگەڵ دا بكەن..
بێگومان زۆر لایەنی تری گرنگی تری هونەرمەند نووسەری دیاری كورد مامۆستا ئەحمەد سالار هەن كە دەتوانرێت تیشكی بخینەسەری بگرە چەندین لێكۆڵینەوەو توێژینەوەی لەسەر ئەزموونەكانی ئەو كەڵە هونەرمەندە بكرێت وە چەندین تێزی و نامەی ماستەر و دكتۆرا لەسەر هونەركەی بەدەست بهێنرێت ..لە هەموو گرنگتریش ئەو هونەرمەندە خاوەن رۆشنفكری زۆری مەعریفییە..لێرەدا هیوای تەمەن درێژی بۆ دەخوازم..دەست خۆشیش لە دەستەی نووسەرانی ئەم گۆڤارە دەكەم بۆ تەرخاندنی بەشێكی گۆڤارەكە بۆ ئەزموونی ئەم هونەرمەندە مەزنە هەرهەبن.

ن- كامەران حاجی ئەلیاس




خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ چەند چەمکێك.. زاهیر باهیر

1 ئیمپریالیزم باڵاترین پلەی سەرمایەدارییە
ئەم چەمکە لە لایەن لینینەوە هاتە ناوەوە. لە ساڵی 1916 دا لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا کاتێك کە لە سویسرا بووە بە ساڵێك پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 ئەم کتێبەی نوسیوە. لینین لە نوسینی ئەم کتێبەدا سوودێکی زۆری لە شیکردنەوە ئابوورییەکانی مارکس بینیوە.
ئەو تۆێژینەوانەی کە لینین کردونی و لە دووتوێی ئەم کتێبەدا ئامادەی کردوە بنەماکەی چەند خاڵ و ڕوداوێکی گەورە بووە لە قۆناخەکانی ئیمپریالیزم کە لای ئابووریناسان و مێژوو نوسەکان تایتڵی جیا جیای پێدراوە. بە گوێرەی پێناسەکانی ئەوان نەتەوەیەکی بەهێز یا ڕاستتر دەوڵەتێکی بەهێز لە ڕێگەی کۆنترۆڵی سیاسیی، ئابووریی، یان سەربازییەوە کاریگەری خۆی بەسەر ولاتانی یا ناوچە لاوازەکاندا درێژدەکاتەوە، کە زۆرجار بریتییە لە کۆلۆنیکردن و بەکارهێنان و تاڵانکردنی سەرچاوەکان و باڵادەستیی بەسەر دانیشتوانی ناوخۆییدا.
ئیمپریالیزم لە مێژوویەکی درێژدا بە شێوەی جۆراوجۆر بوونی هەبووە، بەڵام ئەو زاراوەیە زۆرترین پەیوەندی بە قۆناغی سەدەی پازدە تا بیستەمەوە هەیە. لەوانەش ئیمپراتۆریەتەکانی سەرەتایی وەك ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی و فارس و چین بە داگیرکردنی خاکەکان فراوانتر بوون.
لای لینین ئەم وشەیە فراوانتر بووەوە مەبەست لێی ڕوونکردنەوەی هۆکارە ئابووری و سیاسییەکانی ئیمپریالیزم بوو و چۆن بووە هۆی ململانێ جیهانییەکانی وەك جەنگی جیهانی یەکەم. لینین دەیگوت ئیمپریالیزم پەرەسەندنێکی سروشتی سەرمایەدارییە، کە قۆرخکاری و سەرمایەی دارایی زاڵ بوون و لە ڕێگەی فراوانبوونی کۆلۆنیالیزمەوە بەدوای بازاڕی نوێدا دەگەڕان.
لینین ئیمپریالیزم بە “قۆناغی قۆرخکاری سەرمایەداری” پێناسە دەکات، کە بازرگانی و بانکە گەورەکان زاڵن بەسەر ئابوورییەکاندا و بەدوای بازاڕ و سەرچاوەی نوێدا لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێن.
لینین پێنج تایبەتمەندی سەرەکی ئیمپریالیزم دەستنیشان دەکات:
یەك : کاپیتاڵیزم چڕبوونەوەی بەرهەمهێنان و سەرمایەی قۆرخکاری دروست دەکات کە کۆنترۆڵی تەواوی پیشەسازییەکان دەکات.
دوو: یەکگرتنی سەرمایەی بانکی و پیشەسازیی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ئۆلیگارشییە داراییەکان.
سێ: هەناردەکردنی سەرمایە (وەبەرهێنان لە بازاڕەکانی دەرەوە) گرنگتر دەبێت لە هەناردەکردنی کاڵاکان.
چوار: پێکهێنانی قۆرخکاریی سەرمایەداریی نێودەوڵەتی کە جیهان لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن.
پێنج: دابەشبوونی خاکی جیهان لە نێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکاندا تەواو دەبێت و ناکۆکی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
لینین لەو سەردەمەدا بە هاوکاری نوسینەکانی مارکس لەسەر پرسی ئابووریی، دەرکی بەوە کردووە کە سەرمایەداریی بەرەو مۆنۆپۆڵی دەچێت و بزنسە بچوکەکان لە لایەن کۆمپانیا گەورەکانەوە لووش دەدرێن، پرسی دراو و دەزگە دراوییەکان دەبێتە کاردانەوەیەکی حەتمی دیاردەی کاپیتاڵیزم. جەوهەری کاپیتاڵیزم بەیەکادان و ململانێی نێوانی کۆمپانیاکان و خاوەن سامانەکانە و ئەمەش بەرەو خولقاندنی چەوساندنەوە و جەنگی گەورەی دەبات. لینین جەنگی جیهانی یەکەمی بە بەرەنجامی راستەوخۆی ململانێی ئیمپریالیزم لەسەر کۆڵۆنییەکان و سەرچاوەی کەرەسەی خاو و بازاڕ زانیوە.
ئەوانەی سەرەوە کورتەیەکن لەوەی کە لینین پێناسەی ‘ ئیپمریالیزم باڵاترین قۆناخی سەرمایەدارییە’ بەسەر کاپیتاڵیزم دا بڕیوە، پێشبینی ئەوەشی کردووە کە ئەمە کۆتا قۆناخی ئابووری کاپیاڵیزمە و هەرەس دەهێنێت و سۆشیالیزم دروست دەبیت. بە کورتی تێبینییەکەی لینین ڕەخنەیە لە ئیمپریالیزمی سەرمایەداریی، کە نیشانی دەدات چۆن قۆرخکارییە ئابوورییەکان دەبێتە هۆی هەژموونی جیهانی و چەوساندنەوەی بێ ڕەحمانە و شەڕ. بەم شیوەیە بیرۆکەکانی لینین کاریگەرییان لەسەر بزووتنەوە دژە کۆلۆنیالیزمەکان و شۆڕشە سۆسیالیستییەکان لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو.
بێگومان ئەوەی کە لینین لێرەدا وتویەتی تێبینی و پێشنیارکردن بووە بۆ ساڵانی ئایندەی پاش سەردەمی خۆی هەر وەك چۆن ئێمە دەتوانین هەندێك پێشبینی گەر چی وەکو خۆشی دەقاو دەق دەرنەچیت بۆ ئایندە دەکەین.

ئایا ئەو چەمکەی لینین دروست بووە؟

پێش ئەوەی بێمە سەر وەڵامی پرسیارەکە دەبێت ئەوە بڵێم مارکسییەکان وەکو دینییەکان ئایدۆلۆجین ئەوەی کە وتراوە بۆ سەردەمێکی پێشوو لە قۆناخێکی تایبەتی کۆمەڵدا پاش ئەم هەموو ساڵانە، ئەوان هەر ئەوانە دەڵێنەوە و باوەڕیان وایە کە ئستاش ئەو پێناسەیە بۆ کاپیتاڵیزمی سەردەم هەر دروستە. گرفتی گەورە لای ئەوان وەکو دینییەکان شرۆڤە، قسە و چەمك هەموی لە زەمان و لە شوێن و واقیعی خۆی دادەبڕن.
گەر تەماشای واقیع و کاپیتاڵیزمی سەردەم و ئەو پێشەوەچون و گۆڕانکارییەی کە بە خۆیەوە بینوە بکەین، هەڵەی ئەو چەمکەی دەرخستووە و لە ئێستادا کردویەتییە چەمکێکی مردوو. هەڵوەشاندنەوەی ئەم چەمکە لە هەنووکەدا گران نییە چونکە ئەو پاسا و بەهانانە بۆ سەلماندنی چەمکەکەی، ئێستا دەتوانرێت وەکو راستییەك یاخود هەڵەیەك بزانرێت .
لەوانە لینین باوەڕی وابووە کە سەرمایەداریی هەرەس دەهێنێت و سۆشیالیزم دێتە کایەوە هەر بۆیە دوای ئیمپریالیزم قۆناخێك یاخود هەنگاوێکی دیکە نییە تاکو سەرمایەداری بینێت، بەڵام ئەوە دەبینین کە سەرمایەداریی بە کردنی چەند ریفۆرمیکی وەکو گرتنەبەری سیاسەتی خزمەتگوزاری و جیهانگیریی و نوێکردنەوەی تەکنیکی نوێ، دروستکردنی تەکنەلۆجیای نوێ تا ڕادەیەکی زۆر لەبری هەرەسهێنانی، خۆی زیاتر بینا کردووە .
پاساوێکی دیکەی لینین ئەوە بوو کە سەرمایەداریی قۆرخکردنە، بەڵام هاتنی سیاسەتی نیولیبرالیزم و گڵۆباڵی بازرگانی و مامەڵە و ئابوری دیجیتاڵی و دروستکردنی جۆرەها جەنگی کورت و درێژخایەن، نەك هەر ئەوەش بەڵکو توانی خۆی مۆدێرەنایز بکات و نەك هەر سیاسەتی قۆرخکردن بگرێتە بەر بەڵکو کۆمپانیا گەورەکانیش لە ململانێیەکی زۆر گەورەدا بن تاکو بازاڕی نوێ دروست بکەن و بازارە کۆنەکانیش ئەوەی کە سوودی بمێنێت مۆدێرەنایزی بکەن .
بنەمایەکی دیکەی لینین بۆ چەمکەکەی وەبەرهێنانی بێیانە و فراوانبوونی بوو کە هەندێك جار بە زۆر و لە ڕێگەی داگیرکردنەوە بووە، بەڵام لە ئێستادا دەیبینین کە هەندێك لەو مامەڵە و بازرگانیانە خۆبەخشانەیە و کە جاری وا هەیە کە دەوڵەتەکان لەژێر فشاری یەکدیدا ئەوە ناکەن هەر وەکو چۆن لە ئێستادا چەندەها مامەڵەی بازرگانی و گرێبەستی پیشەسازی لە نیوانی هەندێك لە دەوڵەتەکاندا هەن و بەردەوامیش ئەوە روودەدات. جگە لەمانەش دەوڵەتەکان بە بەکارهێنانی کۆمەڵێك فۆرمیلەی وەکو بەرزکردنەوە و دابەزینی ڕێژەی سوو و هەڵئاوسانی پارە و هەروەها دانانی گومرگ (تاریف) ئەمانەش ڕۆڵی خۆیان هەیە لە لایەك لەسەر بەهای دراویان و لە لایەکی دیکە لەسەر پرسی بەرهەمهێنا و مامەڵەی بازرگانیی.

خالێکی دیکەش هەیە کە ڕەچاوکردنی زۆر گرنگە لەگەڵ بوونی چەوساندنەوە و دەستی هەرزانی هێزی کار، ئەویش ئەوەیە کە ئێستا زۆربەی وەبەرهێنانەکان و دروستکردنی پرۆژە جیاوازەکان لە ڕێگای گرێبەستی کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە لەگەڵ دەوڵەتانی کە پرۆژەکانیان دەوێت، یاخود لە نێوانی خودی دەوڵەتەکاندا هەن. ئەمڕۆ هیچ وڵاتێك ناتوانێت سەراپای پرۆژەکانی بە کۆمپانیاکانی خۆی یاخود خودی دەوڵەتەکەیەوە بکات و بکرێت، بەڵکو پەنا بۆ کۆمپانیا گەورەکان یاخود دەوڵەتەکانی دیکە دەبات تاکو ئەو پرۆژانە جێ بەجێبکرێن.
بۆ نموونە گەلێك لە دەوڵەتەکانی ئەفریقا لە ڕێگای چین و کۆمپانیا چینییەکانەوە پرۆژەکانی وەکو ڕێگا و بان و پرۆژەی سەد و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان و پرۆژەی گەورەتری دیکە دەکەن. ئەمە جگە لەوەی کە خودی دەوڵەتەکان لە ڕێگای قەرزی صندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانقی نێو دەوڵەتییەوە گەرچی گرێبەستەکانی نیوانیان زۆر سەخت و قورسە ئەمە دەکەن. ڕاستە کردنی هەندێك پرۆژە یاخود قەرزکردن ناچارییە و دەبێت بکرێت بەڵام تا رادەیەکی زۆریش خۆبەخشانەیە نەك بەزۆر پێیان بکرێت و دەوڵەتێك بێت داگیریان بکات سەروەت و سامانیان بەتاڵان ببات و ئەم پرۆژانەیان بۆ ئەنجام بدات .

لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم ئەوەی لینین وتونی هەندێك ڕاستیان تێدایە وەکو مانەوەی هەژموونی وڵاتە زلهێزەکان و جەنگ و چەوساندنەوە و کە تا ئێستاش ئەوانە هەر بەردەوامن لەگەڵ ئەوەشدا سەرمایەداریی خۆی گونجاندووە و گەشەی زیاتر و زۆری کردووە، سەلماندوویەتی کە خۆڕاگرترە لەوەی لینین پێشبینی دەکرد. لە کاتێکیشدا کە هەژموونی ئابووریی هێشتا بوونی هەیە، بەڵام ئاڵۆزترە و بەهێزترە لەوەی کە لینین پێشنیاری کردووە.
بەڕای من ئیمپریالیزم باڵاترین قۆناخی سەرماییەداریی نییە ، سەرمایەداریی ئەو قۆناخەی تێپەڕاند و گەیشتە قۆناخی جیهانگیریی. جیهانگیریی و ئیمپریالیزم دوو قۆناخی زۆر لە یەکدی جیاوازن و پێناسەشیان زۆر جیاوازە هەر وەکو چۆن ڕێڕەوی گەشەکردنشیان جیاوازە. ئیمپریالیزم قۆناخێك بووە بەڵام قۆناخی باڵاترین نەبو، کاتێك کە ئێمپریالیزم هەبوو عەولەمە نەبوو ، کە عەولەمەش هات ئیتر ئیمپریالیزم وجودی نەما

2 تیۆری سێ جیهانەکە
بەرای من ئەم تیورە بە تەواوی بەوەی سەرەوە پەیوەست دەبێتەوە، واتە بە پرسی ئیمپریالیزمەوە، گەر چی ساڵانێکی زۆر بەینیان بووە، چونکە بە بڕوای لینین نەك ئیمپریالیزم دوژمنی سەرەکی چینی کرێکارانە، بەڵکو دوژمنی سەرسەختی گەلانی کۆڵۆنایزکراویشە بەوەی کە داگیری کردون و ڕەنج و سامانی سروشتی و ناسروشتیانی بە تاڵان بردووە، ڕێگەی هەموو جۆرە سەربەخۆییەك و پێشکەوتنێکیان لێ دەگرێت. وێڕای ئەوەی کە لینین چەمکی جیهانی سێی بەکارنەهێناوە بەڵام خودی تیۆرەکە هەر ئەو ناوچە و وڵاتەن دەگرێتەوە کە کاتی خۆی بەشی زۆریان لە لایەن وڵاتە ئیمپریالیزمەکانەوە داگرکراون و چەوساونەتەوە و لە جەوهەریشدا بناخەی تیۆری سێ جیهانەکەیە.
لەم بارەشدا لینین باوەڕی ئاوا بووە کە دەبێت خەباتی ڕزگاری نەتەوەیی دەستبەکار بێت ئەو خەباتەش سەرومڕ بێت و کرێکارانی خودی وڵاتیش دەبێت پایەی گەورەی ئەو خەباتە بن شانبەشانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی. بۆ ئەمەش لینین چەند تێکست و باسی گرنگی نوسیوە لەوانە”‘ مافی چارەنووسی گەلان (1914–)” ئەو لێرەدا دەڵێت گەلانی ستەملێکراو مافی جیابوونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە جەختیش لەوە دەکاتەوە کە مارکسیستەکان پێویستە پشتگیری ئەم مافە بکەن لە هەمان کاتدا بانگەشە بۆ یەکێتی پرۆلیتاریا بکەن. ئەو جەختی لەسەر گرنگی پرسی نەتەوە چەوساوەکان کردووەتەوە، لەوانە گەلانی ئاسیا بووە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە زلهێزە ئیمپریالیستەکان.
لینین جارێکی تر لە نوسینی ” شۆڕشی سۆسیالیستی و مافی چارەی خۆنووسینی گەلان (1916)”‘ – لێرەدا زیاتر پەیوەندی نێوان شۆڕشی سۆسیالیستی و خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەیی ڕوون دەکاتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بژاردەی مافی چارەنووسیی مافێکی دیموکراسییە کە یارمەتی یەکخستنی کرێکاران دەدات لە سەرانسەری گەلاندا. ئەمەی لە مانگی دووی ئەو ساڵەدا نوسی . لینین لەو نوسینانەدابە شێوەیەکی زۆر بەرفراوان لەسەر بزووتنەوە ڕزگارییە نەتەوەییەکان، دژە ئیمپریالیزم و ڕۆڵی گەلانی ستەملێکراو لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی جیهانیدا نووسیوە، لەو گەلانەش کە بەرهەمەکانی لینین باسی لە خەباتی ڕزگاری خەباتی ڕزگاریخوازییانی کردووە گەلانی ئاسیا و ئەفریقا و گەلانی دیکەی کۆلۆنایز کراو بوون.

کاتێکیش کە کتێبی ‘ ئیمپریالیزم باڵاترین قۆناخی سەرمایەدارییە 1917’ نووسی، دووبارە باسی ڕۆڵی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی لە ئاسیادا کردەوە. ئەم بۆچوونەی لینین و بانگەشەکردنی بۆ ڕزگاری نەتەوەیی و چارەنووسی نەتەوەیی لەگەڵ زۆرێك لە بزووتنەوە دژە کۆلۆنایزکردنی ئاسیادا هاتەوە.
دواتر لە ساڵی 1920 دا لینین جارێکی دیکە گەڕایەوە سەر ئەم باسە و لە “تێزەکان لەسەر پرسیارە نیشتمانی و کۆلۆنیالیزمەکان” کە لە کۆنگرەی دووەمی نێونەتەوەیی کۆمۆنیستدا پێشکەش کران. لێرەدا دووبارە تێڕوانینی لینینیان خستەوەڕوو کە کۆمۆنیستەکان دەبێ پشتگیری لە بزووتنەوەکانی دژە کۆلۆنیالیزم و ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بکەن.

ئەوانەی سەرەوە کۆمەڵە نوسێنێک بوون کە لینین لەسەر بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی نوسیوێتی، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو نوسینانەشدا لەو بارەوە، کەچی هێشتا ئایدیای تیۆری ‘ سێ جیهانەکە’ لە سەردەمی خۆیدا ئەو گەشەیەی نەکرد بۆ ئەوەی ببێتە تیۆرێکی تا ڕادەیەك جیهانیی، بەڵام بناغەی بەهێزی بۆ ئەو تیۆرە دانا، تیۆرەکەش بە قۆناخ و هەوڵی جیا جیادا تێپەڕی و گەشەی کرد بۆ تیۆری سێ جیهانەکە.

تیۆری سێ جیهانەکە دواتر وەکو چەمکێکی سیاسی و ئابووریی لە سەردەمی پێش و دوای جەنگی سارددا سەریهەڵدا، سەرەتا لە ساڵانی 1950 و 1960 سەری هەڵ دا. تیۆرەکە سەبارەت بەو وڵاتانە بوو کە نە لەگەڵ بلۆکی ڕۆژئاوایی (ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سەرکردایەتی ناتۆ) هاوتەریب بوون و نە لەگەڵ بلۆکی ڕۆژهەڵاتیی (یەکێتی سۆڤیەتی جاران و هاوپەیمانەکانی) نەبوون، بەڵکو ئەم گەلانە زۆرتر کۆلۆنییەکانی پێشوو بوون لە ئەفریقا، ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵیان دەدا ڕێڕەوی سیاسی و ئابووری سەربەخۆی خۆیان دروست بکەن.
چەمك یا زاراوەی “جیهانی سێیەم” بۆ یەکەمجار لەلایەن ئەلفرێد سەوڤی، دیمۆگرافیای فەرەنسی، لە ساڵی 1952دا هاتە ناوەوە. ئەو جیهانی سێیەمی بە ‘ئیستەیتی سێ’ ( Third Estate ) بەراورد کردوو. ئەم زاروەش لە فەرەنسای چەرخی نۆزدە و پێش شۆڕش بە مانای خەڵکانی کۆمۆن، نۆرمەڵ ، ئاسایی یاخود ‘خەڵکی باو’ وتراوە، ئەم وڵاتانەی بە ئیستەیتی سێ بەراورد کرد کە خراونەتە پەراویزەوە و چەوسێنراونەتەوە پێویستیان بە راپەڕین هەیە.
پاشان گەشەسەندنی سیاسی و ئایدیۆلۆژی تیۆری جیهانی سێیەم کەوتە قۆناخێکی دیکەوە کە بە نزیکییەوە پەیوەستە بە سەرکردە و بیرمەندانی بزووتنەوەی بێ لایەنەکان ‘ ‘Non-Aligned Movement(NAM) و خەباتەکانی دژە ئیمپریالیزم. بەم مەبەستەش سەرکردەکانی ئاسیا و ئەفریقا لە ساڵی 1955 لە کۆنفرانسێك لە ئەندەنوسیا بۆ پێشکەوتن و هاوکاری و دژایەتیکردنی کۆلۆنیالیزم کۆبوونەوە. لە ساڵی 1961دا بزووتنەوەی بێ لایەنەکان (NAM) بە فەرمی لە شاری بەلگراد لە یوگۆسلاڤیا دامەزرا. بەم شێوەیە جیهانی سێیەم بوو بە هێمای بەرخۆدان و دژە ئیمپریالیزم و خواستی نەزمێکی نوێی جیهانی.

ڕۆڵی دروستبوونی حیزبی شیوعی چینی و بزوتنەوەکەیان بە ڕابەرایەتی ماوتسی تۆنگ و سەرکەوتنیان لە ساڵی 1949 دا ناکرێت لێرەدا فەرامۆش بکرێت چونکە ڕۆڵی خۆی هەبوو لەسەر پەیوەستبوونەوەی تیۆرەکانی ماوتسی تۆنگ بە بیرۆەکەی نەتەوایەتی دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم بە تێزەکانی لینینەوە. لێرەدا ئەم تیۆرە هاندەری گەورەی بزووتنەوە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی دیکە و گەشەپیدانی تیۆری سێ جیهانییەکە و کەوتنە قۆناخێکی نوێوە، بووش بە مانیفێستی ئەو بزوتنەوانەی کە لە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردووەوە پەیڕەوی لێکرا .

کرۆکی تیۆری سێ جیهانەکە

لەو کاتەوە واتە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا تیۆری سێ جیهانی لە فۆرم و ناوەرۆکدا مانایەکی گەورەی پیدرا و زۆرێك لە پارتە کۆمۆنینستەکان و ئەوانەشی کە لەژێر ناوی دیکەدا بوون بەڵام هەر کۆمۆنیست بوون بەم شێوەیە گوزارشتیان لە جیهان دەکردو هەر لەسەر ئەو ڕێڕەوە تاکتیك و ئامانجی خۆیان و بزوتنەوەکەیان دیاری دەکرد. دیدی ئەمان بۆ جیهان مەبەستێکی دیکەی دیاریکرد و پێناسەیەکی نوێی بۆ جیهان کرد. جیهانی یەکەم: زلهێزەکان (ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت) کە تیۆرەکە بە دوو ئیمپریالیزمی جیهانی ناساندنی. جیهانی دووەم: وڵاتانی گەشەکردوی پیشەسازیی کە وڵاتانی ئەوروپا و گەلێك لە وڵاتانی دیکە دەگرێتەوە، واتە وڵاتانێك لە نێوانی ئەو زلهێز و وڵاتانی پیشەسازیی دواکەوتوو وەك وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتینی کە بە وڵاتانی جیهانی سێیەم درانە قەڵەم.
بە گوێرەی ئەم تیۆرە ناکۆکی سەرەکی لای ئەو حیزبانە بە چەپ و کۆمۆنیستەکانەوە ناکۆکی نێوانی وڵاتەکەیانە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە ئیمپریالیزمەدا بەسەرەکی دەزانی. ئا لەم بارەشدا پێیان وابوو کە جیهانی سێیەم هێزی سەرەتایی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەیە.
فراوانبوونی تیۆرکە و زیانی ئەو تیۆرە گەیشتە ئەو رادەیەی کە بووە پێوەرێك بۆ پێناسەکردنی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانە، کە هەر لایەك دژ بە ئیمپریالیزم خەباتی بکردایە ئەوە شۆڕشگێڕ بوو لەمەش خراپتر لەم تیۆرە خەفەکردن و لێگەڕان لە بوژوازی و دەسەڵاتی بەناو نیشتمانی بوو، گرنگی نەدان بەو ململانێیەی کە هەبووە یاخود هەیە لە نێوانی بورژوازی و سەرمایەدارانی ناوخۆی وڵاتدا، کە گوایە ئەوانە سەرمایەداری خۆماڵین پشتگیریکردنیان یانی گەشەکردنی ئابوری نیشتمان لە ڕوی پیشەسازییەوە ئەمەش بە واتەی گرنگبوون و زۆربوونی ژمارەی کرێکاران و وڵاتبردنە بەرەو سەرمایەداریی کە قۆناخێك بە گوێرەی ئەو تیۆرە نزیکترمان دەکاتەوە لە شۆڕشی سۆشیالیستیی.
دوو لایەنی هەر زۆر خراپی ئەم تیۆرە ئەوەیە کە لە هەندێك وڵاتدا حیزبە کۆمۆنیستە پرۆ ڕوسییەکان پشتگیری دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی خۆیان دەکرد بە هۆی نزیکییانەوە لە ڕوسیا و لەو لاشەوە کە ئەمان وڵات بەرە و سەرمایەداری دەبەن یا لە هەندێك وڵاتی وەکو عێراق دا وایان لە جەماوەرەکەیان و خەڵکی دەگەیاند کە وڵات دەتوانێت لە ڕێگای دەوڵەتی دیمۆکراسی یا گەلیی یاخود دیمۆکراتی گەلیی، لە ڕێگەی گەشەکردنی ناسەرمایەدارییەوە بگاتە سۆشیالیزم .

لایەنێكی دیکەی خراپی ئەم تیۆرە ئەوەیە کە تا ئێستاش لەناو چەپ و سۆشیالدیمۆکرات و حیزبەکانی دیکەی وەکو ‘سۆشیالیست وەرکەر پارتی’ کاتێك کە شەڕی نیوانی دوو دەوڵەتی وەکو عێراق و ئێرانی هەشتاکانی چەرخی ڕابوردوو هەبوو، ئەمان لایەنگری ئێران بوون بە پاساوی ئەوەی گوایە ئەمەریکا ئیمپریالییزمە و ئێران بەرگریی لە خۆیی و نیشتمانی دەکات، ئەمان پشتگیری ئێرانیان دەکرد . ئەم هەڵوێستە بە ئاشکرا لە ‘ سۆشیالیست وەرکەر پارتی’ ئەو کاتەی بریتانیادا دەبینرا.
لەم شەڕانەی ئیستاشدا وەکو شەڕی نێوانی ڕوسیا و ئۆکرانیا ، ئەم چەپانە پشتگیریی دەوڵەتی ئۆکرانیا دەکەن لەبەر ئەوەی کە ڕوسیا ناکۆکی سەرەکییە و ئیمپریالیزمە . هەروەها لە شەڕی حیزبوڵا و حەماس و گروپەکانی دیکە دژ بە ئیسرائیل، چەپەکان هەمان هەڵوێستیان هەیە و لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانەدان و دژ بە ئیسرائیلن، لەبەر ئەوەی پایە و بنکەیەکی گەورەی سەربازیی ئەمریکایە. هاوکاتیش هەر بە گوێرە ئەو تیۆرە ‘ تیۆری سێ جیهانییەکە’ ئەمان پشتگیری وڵاتانی وەکو ڤێزیلا و کوبا و هەندێكی دیکە لەوڵاتانی ئەمەریکای لایتن دەکەن کە لەژێر دەسەڵاتی حیزبە چەپەکاندان کە ئەمەریکا دژایەتییان دەکات .

بەم شێوەیە تیۆری سێ جیهانەکە بووەتە پێوەرێك لای ئەم چەپانە لە بوونی جەنگی نیوان دەسەڵاتەکاندا هەڵوێستیان ئاوایە کە کامیان لەگەڵ ئەمەریکادایە ، یاخود نزیکە لە ئەمەریکاوە.

بەڕێکردنی ئەم تیۆرە لە هەر بوارێکدا لەوانەی سەرەوە کە باسم کردن تییۆرێکە لە خزمەتی سسیتەمی سەرمایەداریدایە، دابەشکردنی کرێکاران و کردن بە دوژمنی یەکدییە و لەتکردنی تێکۆشان و خەباتیانە. سەرەڕای ئەمەش هەر بەکارهێنانی چەمکی ئیمپریالیزم لە ئێستادا هەڵەیە و زەربەیەکی گەورە دەدات بە بزوتنەوەی کرێکاران و جەماوەر .
لە ئێستادا هەموو جیهان سەرمایەدارییە گەرچی دابەشبوون بەسەر وڵاتانی پیشەسازی گەشەکردوو وڵاتانی ناگەشەکردوی پیشەسازیی ، شەڕی نیوانی دەوڵەتەکانیشیان شەڕی پاوانەکردن و لێدانە لە بزوتنەوەی کرێکاران، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لێدانە لە بزوتنەوەی سۆشیالیستی ئیتر گرنگ نییە ئەو دەوڵەتانە لە ژێر هەر ناوێکدا بن و هەر حیزبێك حوکمیان بکات و ئیدیعای چی دەکەن. پاساوی پۆلینەکردنی سەمایەدارییە بە ئیمپریالیزم و سەرمایەداریی ، کە دەکرێت لێرەدا ئەو شرۆڤەیەی بۆ بکەین کە بەشەکەی سەرمایەداری کە ناوی ئیمپیریالیزمە بەشە خراپەکەیەتی و ئەوانی دیکەیان بەشە باشەکەیەتی.

لە ڕاستیدا خەباتی هەمووان دەبێت لێدان بێت لە سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی ناوخۆ، خەباتە دژ بە قەڵا پۆڵاینەکەی سیستەمەکە کە ئەوە تاکە ڕێگەیە بۆ هەرەسهێنانی خودی سیستەمەکە، نەك پشتگیریکردنی دەوڵەت لە شەڕەکانیدا بەڵکو یاخیببونە بە هەر شێوەیەك کە خەڵکی لەسەر ئاستی تاك و کۆمەڵ دەتوانێت بیکات. پرسی تەواوی خەباتیش یەکاڵاکردنەوەی کێشەی نیوانی دەوڵەتی سەرمایەداری و کرێکاران و چەوساوەکانی دیکەیە، لابەلاکردنەوەی کێشەی کاری کرێگرتەیە و تێشکانی پایە هەرە گەورەکەی سەرمایەدارییە کە دەوڵەتە .
بەداخەوە کە ماکی تیۆری سێ جیهانی تا ئەمڕۆش هەر ماوە و ڕۆڵی گەورەی خۆی دەبینێت لە دابەشکردن و هەڵخەڵەتاندنمان بە متمانەبوون بە ڕژێمی نیشتمانی و شەڕی رەوا و دژ بە ئیمپریالیزم و قەڵاگەورەکەی سەرمایەداریی .

بەڕای من چەمکی ئیمپریالیزم کە هەندێك لە ئەنارکستەکانیش بەکاری دەهێنن هەڵەیە. ئەوە دابەشکردنی سەرمایەداری و دەوڵەتانی سەرمایەدارییە وەکو وتم بەسەر باش و خراپدا، کەرتکردنی چینی کرێکار و جەماوەر و بزوتنەوەکانیانە، شێواندنی دروستی ئەو بیرۆکەیە کە ناسینی کاپیتاڵیزمە وەکو سیستەمێکی جیهانیی و بزونتەوە دژەکەشی هەر جیهانییە. گەڕانەوەیە بۆ تیۆری سێ جیهانەکە و بەکارهێنانیشی بەرگریکردنە لە جەنگی نێوانی دەوڵەتانی سەرمایەداریی بە ڕەوایەتیدانە بە یەکێکیان و بە شەیتانکردنی ئەوی تریان. کردنی ئەمەش گەر بە هۆشیارییەوە بێت یا ناهۆشیاریی زەرەرێکی زۆر دەگەیەنێت بە بزوتنەوەکەمان هەر وەکو گەیاندویەتی .

3 دەوڵەت-نەتەوە

پێناسەی باوی دەوڵەت-نەتەوە وا هاتووە کە زۆرینەی دانیشتووان هاوبەشی زمان، کولتوور، ئیتنیکین، یان پاشخانێکی مێژوویی هاوبەشیان هەیە. خاکێك و ناوچەیەکی جوغرافی هەیە کە سنورەکانی دانی پێدا نراوە لەگەڵ حکومەتێك کە سەروەری (کۆنتڕۆڵ)ی بەسەر ئەو خاکە و خەڵکی ناوەوەیدا هەبێت. دەسەڵاتێکی ناوەندی هەیە کە یاساکان جێبەجێ دەکات و وەکو دەڵێن ڕێکوپێکی و ئاسایش دەپارێزێت. هەروەها دانپێدانان لەلایەن دەوڵەتانی ترەوە وەك قەوارەیەکی سەربەخۆ لەلایەن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە و بوونی نێردە و دیپلۆماسی.
سەرەڕای ئەوانەی سەرەوە گوایە ئەم دەوڵەت-نەتەوەیە کۆنترۆڵی تەواوی کاروباری ناوخۆ و دەرەوەی خۆی دەکات و لەو بارەوە سەربەخۆیە. هەر ئاواش ناونوس کراوە کە دەوڵەت-نەتەوە سەرکەوتنێکی نەتەوەییە و قەوارەیەکی سیاسی بە هاوبەشی خەڵکەکەی هەیە لە شوناسی کولتووریی، زمانەوانیی، یان نەتەوەیی .
لەمانەی سەرەوەش زیاتر لەسەر دەوڵەت-نەتەوە دەوترێت کە هاووڵاتیانی لە هۆکارەکانی وەك زمان یان ڕەچەڵەكی هاوبەشدا تاڕادەیەك یەکسانن. بیرۆکەکە ئەوەیە کە سنوورە سیاسییەکانی دەوڵەت لەگەڵ سنوورە کولتوورییەکانی نەتەوەدا یەکدەگرنەوە. گوایە هەست بە خاوەندارێتی لە وڵات و حوکمڕانیدا دەکات، دەتوانێت سەقامگیری و یەکێتی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بپارێزێت.

بەڵام ئایە وایە؟

ئەمڕۆ لە واقیعدا لە هەر دەوڵەت- نەتەوەیەك لە جیهاندا بڕوانین، پرسیاری ئەوەمان لا دروست دەکات کە ئایا ئەم چەمکە کە لە لایەن دەسەڵاتداران و پارتە نەتەوەیی و نیشتمانی و سۆشیالدیمۆکراتیەکانەوە تەنانەت لە لایەن هەندێك لە چەپەکانیشەوە بەکاردەهێنرێت ڕاستە؟ ئایا دەوڵەتێك هەیە لەژێر ناوی دەوڵەتی نەتەوەدا؟ تا کەی ئەم بیرۆکەیە سێبەری خۆی بەسەرماندا دەکێشێت تەنها لەبەر ئەوەی لای ئەکادیمیان و ئابووریناسان و ڕۆشنبیران کە لە خزمەتی سیستەمەکەدان باشترین بژاردەیە؟

بەڕای من زۆر بەڵگە هەن کە ئەو زاراوەیە، زاروەیەکی نادروستە بەڵام من لێرەدا پەنا بۆ سێ خاڵی گرنگ دەبەم کە بەڵگەن بۆ ناردروستی ئەو چەمکە.

یەك: هیچ دەوڵەتێك و هیچ وڵاتێك لەم سەردەمەی ئێستەدا سەربەخۆ نییە وەکو سەربەخۆیی ئابووری کە سەربەخۆیی سیاسیش دروست دەکات. تەنانەت دەوڵەتێکی گەورەی وەك ئەمەریکا و یابان و ئەڵمانیا و بریتانیا و هەموو ئەوانی دیکە هەر هەموویان بە جۆرێك لە جۆرەکان، زۆر یا کەم پاشکۆی ئەوانی دیکەن لە ڕوی ئابووریی و تەنانەت هەندێكیان لە ڕوی سیساسیشەوە.
لەم بارەدا پێویست ناکات پەنابەرم بۆ ئامار چونکە ئەوە ئاشکرایە کە بازرگانی نێوانیان و بەشداریکردنیان لە ڕێکخراوە بازرگانی و گرێبەستە ئابووری و پیشەسازییەکان ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. هەر کەسێك کە پێویتسی بە کاڵایەك هەبێت کە دەچێتە بازاڕ یاخود بە گەڕانێك لە ئینتەرنێت بۆی دەردەکەوێت کە چەندەها جۆر لە هەمان کاڵا هەن و لە وڵاتانی دیکە هێنراون بۆ وڵاتەکەی ئەو.
کەواتە نە دەوڵەت و وڵاتان سەربەخۆن و نە دەشتوانن بە سەربەخۆیی بمێننەوە، ئەمە خەسڵەت و تایبەتمەندی پێشەوەچوونی سەرمایەداری و گڵۆبەڵایزەیشنە، ئەگەر هەر دەوڵەتێكی سەردەم و هەر وڵاتێك گەر بیانەوێت لەو بازنەیە بێنە دەرەوە ئەوە گەر هەرەسیش نەهێنن وردە وردە دەپوکێنەوە.

دوو: دەوڵەت-نەتەوە کە بەشی گرنگ و پایەکەی کە حکومەتەکەیە چیانیەتییە، کەواتە نوێنەرایەتی چینێك و توێژاڵێکی تایبەتی دەکات کە لە زۆربەی ئەو دەوڵەت و وڵاتانەشدا نوێنەرایەتی کەمینەیەکی زۆر کەم لە دانیشتوان دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە دانیشتوان و هاووڵاتیانە مەرج نییە کە بە پێناسەیی نەتەوەیی، لە نەتەوە ئەسڵییەکەی خودی وڵاتەکە بن. لێرەشدا دەبینین کە دەوڵەت-نەتەوە پارێزگاری لە بەرژەوەند و قازانجی کۆمپانیا زەبەلاح و سەرمایەدار و ساماندارە گەورەکان دەکات بە جیاوازی بوونی ڕەگەزیی و جێندەیی، نەك پارێزگاری زۆرینەی کۆمەڵگە کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و چەوساوەکانن.
بە گوێرەی ئەوە سەپاندنی زاراوەی دەولەت-نەتەوە بەسەر دەوڵەتەکاندا هەر بە هۆی ئەوەی کە زمانی فەرمی زمانی نەتەوە سەرەکییەکەیە هەڵەیە. دوای ئەوەش ئەمڕۆ بە هۆی گڵۆبەڵایزەیشنەوە کولتوری ڕەسەنی نەتەوەکان تا ڕادەیەك بەرەو لاوازی و لەناوچوون ڕۆیشتون و دەڕۆن.

سێ: ئەوەی کە لە پێناسەی دەوڵەت-نەتەوەدا کراوە کە خاوەنی کولتور و ڕۆشنبیری زمانی هاوبەشن، ڕاستی تێدا نییە. هەموو ئەو دەوڵەتانە بێ لە نەتەوە سەرەکییەکەی وڵاتەکە، ئەوانەی کە لە ئەسڵدا لەوێ بوون، کەمایەتی نەتەوەیی یاخود ئیتنیکی لێیە و لە هەندێکیاندا لەو کاتەوەی کە لەو وڵاتە گیرساونەتەوە چەند وەچەیەکیان خستۆتەوە. ئەم کەمایەتییەیانە خاوەن کولتور و نەریت و ڕۆشنبیری و دین و ئاینی خۆیانن و نە لەگەڵ نەتەوەی سەردەستدا نە لەگەڵ کەمایەتییەکانی دیکەدا شەیر ناکرێن، ڕەنگە ڕێز لە هی یەکدی بگرن بەڵام شەیر ناکرێن.
لەگەڵ وتنی ئەوەی سەرەوەشدا، نکوڵی لەوە ناکرێت کە بریتانیا زمانی فەرمی ئینگلیزییە و لە ئەڵمانیا ئەڵمانی، هەر ئاوا لە وڵاتەکانی دیکەشدا کە هاوبەشەو هەمووان بەکاریدەهێنن، بەڵام ئەم زمانە خەڵکانی نائینگلیز بە ویست و ئارەزوی خۆیان فێرنەبوون و یا وەریان نەگرتووە، بەڵکو ناچارییە و سەپێنراوە بەسەریاندا کە دەبێت ئەو زمانە بزانن. خوێندن و نوسین و قسەکردن و کارکردن و شانۆ و مامەڵەی بازاڕ بە زمانە فەرمییەکەیە نەك خودی زمانی زکماکی کۆمۆنێتییە نائینگلیزەکان.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لە زۆرێك لە دەوڵەت نەتەوەییەکاندا وەکو ئێران و عێراق و هیدستان و سریلانکە و تورکیا و چین و ڕوانداو کۆنگۆ و زۆری تر توێژاڵی حوکمڕانی سەرەکی نەتەوەی سەردەست سیاسەتی هەڵاواردی و سەرکوتکردنی ئەوانی دیکە بە کوشتن و گرتن و ڕاونان و دوورخستنەوەیان و یاساخکردنی زمان و کولتور و دینیان بەکاردەهێنێت.

ئا لێرەدا ئەوە ڕوونە کە دەوڵەت- نەتەوە شەیری بنەما سەرەکییەکان ناکات و ئەو چەمکانەی سەرەوە بۆی پێناسە کراوە، بەسەریدا جێ بەجێ نابێت. لێرەدا دەردەکەوێت کە چەمکی دەوڵەت-نەتەوە هەر وەکو ناوێکی بێ ناوەرۆك یا ناوێکی هەڵخەڵەتێنەرە نە حەقیقەتێك. سەرمایەداری بە مەبەست ئەم چەمکەی بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا دابڕیوە، لە زۆر ڕووشەوە سوودمەند بووە لەوە و هاوکاتیش کردویەتییە ویردی سەرزمانی چەپەکان و بزوتنەوە نەتەوەییەکان کە لەژێر ئەو دروشمەدا بۆ ئەو مەبەستە خەباتی ئاشتیانە و چەکدارانە بکەن، کە لە بوونی بزوتنەوەی چەکداریشدا هەر خودی سیستەمەکە براوە و سوودمەندی یەکەم بووە . کەواتە لە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیەدا سەرمایەداریی لە هەموو ڕویەکەوە قازانجی کردووە.

4 پیاوی سپیی/ پیاوی سپی پێست

چەمکی پیاوی سپی لەدیدی ڕەگەز و کولتور و پەیوەندی کۆمەڵایەتییەوە وەکو زۆرێك لە چەمك و دیاردەکانی دیکە بە تێپەڕینی زەمەن و قۆناخە مێژوویەکانی مرۆڤایەتی ئەویش گۆڕانکاری تا ڕادەیەك بەسەردا هاتووە.
شارستانییە کۆنەکان (وەک یۆنانیەکان و ڕۆمانییەکان) مرۆڤەکانیان بەپێی “ڕەگەز” بە مانای مۆدێرن پۆلێن نەدەکرد. ئەوان زیاتر مرۆڤیان بە کولتوور و زمان و جوگرافیا جیا دەکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دان نراوە بە جیاوازییە جەستەییەکان وەك ڕەنگی پێست، هاوکاتیش ئەمە لای ئەوان بە مانای پلەبەندی کۆمەڵایەتی و سیستمیی نەبوو، وەکو چۆن دواتر بەو واتایە بەکارهێنرا.

ئەوەی کە زانراوە زاراوەی “پیاوی سپی پێست” بە گشتی ئاماژە بووە بۆ پیاوێك کە پۆلێن دەکرێت وەک سەر بە گروپی ڕەگەزی سپی پێست بێت. ئەم چەمکە زۆرجار پەیوەندی بە کەسانی بە ڕەچەڵەك ئەوروپیەوە هەیە. بە تێڕواننی مێژویی بۆمان دەردەکەوێت کە ماناکە تەنیا بایۆلۆژی نییە چونکە لە ڕێڕەوە مێژووییەکەیدا پەیوەست بووە یاخود پەیوەستە بە پلە و پایەی کەسەکە لەو چوارچێوە کۆمەڵایەتییەدا کە تێیدایە.
وەکو پرسی ڕەگەزیی، ئەم چەمکەش لە قۆناخەکانی ژیاندا مۆدێرین و گونجاو کراوە تاکو ڕەنگدانەوەی تەواوی هەبێت لەسەر پلە و پایە کۆمەڵایەتییەکە. بۆ نمونە ئەمە لە سەردەمی کۆڵۆنایزکردنی وڵاتان و گەلاندا و کردنی بازرگانی کۆیلە لە سەدەکانی 17 و 18 دا بیرۆکەی ‘ ڕەگەز’ دەستی پێکردووە و پەرەی سەندووە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کۆیلەکردنی ئەفریقییەکان و ئاوارەبوونی گەلانی ئەسڵی ” ڕەسەن ” وڵاتەکە . لەگەڵ وتنی ئەوەشدا کەچی هێشتا کۆچبەرانی ئێرلەندی و ئیتاڵی و ئەوروپای ڕۆژهەڵات لە سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ئەمریکادا بە تەواوی بە “سپیپێست” نەدەزانران و ئەو تایتڵەیان پێنەدەدرا.
زۆرجار کۆلۆنی ڤێرجینیا (لە ئێستادا ئەمریکا) وەك یەکێك لە یەکەم شوێنەکان ناودەبرێت کە لە کۆتاییەکانی ساڵانی 1600 دا “سپیپێستی” بە شێوەیەکی یاسایی بەکارهێنرا بۆ دروستکردنی دابەشبوون لە نێوان ئەوروپییە هەژارەکان و ئەفریقییە کۆیلەکراوەکان.
بێ گومان یاسا هەمیشە ئامرازێکی کاریگەر بووە گەلان و چین و توێژاڵی باڵادەست توانیویانە بەکاریبهێنن بۆ ئەوەی کە ویستویانە، هەموو زوڵم زۆر و سەرکوتکردن و کۆیلایەتی و تەنانەت لە ئێستاشدا بەکەمگرتنی ژنان لە زۆر وڵاتاندا بۆ بەرژەوند و سوودی ئەو توێژاڵ و چینانە بە یاسایی کراون. لە کۆنیشدا یاسا و سیاسەتەکان لە شوێنەکانی وەک ئەمریکا و کۆلۆنیەکانی ئەوروپا، ئیمتیازاتی یاسایی بۆ خەڵکی “سپیپێست” بۆ مافەکانیان دروست کردوەو لە بەرانبەر دوورخستنەوەی ئەوانی دیکەدا. لێرەدا بە گوێرەی ئەو یاسا و سیاسەتانە پلەبەندیی ڕەگەزیی بۆ پاراستنی دەسەڵات و ڕەوایەتیدان بە نایەکسانی برەوی پێدرا.

بە کورتی دەکرێت بڵێم زاراوەی مرۆڤی ” سپی پێست” لە بەستنەوەیدا بە پرسی ڕەگەزییەوە بە پلەی یەکەم لە کاتی کۆلۆنیالیزم و کۆیلایەتیدا داهێنراوە. یارمەتی جێبەجێکردنی سیستەمی ئیمتیاز و دەسەڵاتی بۆ ئەوروپییەکان و نەوەکانیان دا. ڕەگەز لە ڕوی کۆمەڵایەتییەوە بەو شێوەیەی کە بەکارهێنراوە لەلایەن کۆمەڵگاکانەوە، دروستکراوە و لەسەر بنەمای بایۆلۆژیانە نییە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوەدا، ئایا دەکرێت ئێمە لە ئێستادا بیرۆکەی سپیپێستێتیی یاخود چەمکی پیاوی سپی بەکاربهێنین؟

لە کاتێیکدا لەو کۆمەڵگایانەی کە ئەو چەمکە بەکارهێنراوە پەیوەست بوە بە ئیمتیاز و پلە و پایەی کۆمەلایەتی و سیاسی و ئابوورییەوە بەکارهێنانی ‘ چەمکی پیاوی سپی/ سپیپێست ‘ لای من هەڵەیە هەر هیچ نەبێت لەبەر دوو هۆکار:
یەك: لەناو ئەو کۆمەڵانەی زۆرینەی ‘ پیاوی سپی یا ژنی سپی / سپی پێست بە ملیۆنەها لە ژنان و پیاوانی ‘سپی ‘ ، سپی پێست، هەن کە بارودۆخی ژیان و پلە و پایەی کۆمەڵایەتییان لە کەسانی ڕەشپێست و ڕەنگی پێستەکانی دیکە باشتر نییە . ئەوانیش وەکو زۆرێکی کۆمەڵ بەدەر لە پێست و نەتەوە و هاووڵاتیبونیانەوە چەوساوە و ستەملێکرا و پەراوێزخراون، بە ڕادەیەك کە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوورییان لەگەڵ ئەوانەی دیکە کە سپی یاخود سپیپێستن لە لایەن هەمان سیستمی ئابووری و سیاسییەوە دەچەوسێرێنەوە خەباتیان یەکیان دەخات دژ بە چەوسێنەران و دەوڵەتەکەیان و یاسای دەوڵەتەکەیان.

دوو: لە ئێستادا زۆرێك لەوانەی کە ڕەشپێسیتن پلە و پایەی بەرزی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییان هەیە و هەبووە، هەر بۆ نموونە ڕوشی سوناك سەرەکوەزیرانی بریتانیا بووە کە خۆی بە ڕەگەز هیندییە، یاخود یەکەم وەزیری سکۆتلەند هەمەزە یوسف کە بە ڕەگەز پاکستانییە، سەرۆکی حیزبی تۆری ئێستا ( موحافیزینی ) بریتانیا ڕەشپێستە، نەدیم زەهاوی کە کوردی عێراقە ماوەیەك وەزیری دارایی بریتانیا بوو. ئەمە جگە لەوەی بە دەیەها ئەندام پەڕلەمان لە پەڕلەمانی وێست منستەر و سکۆتلەندە و وێڵس دا کە سپیپێست نین هەن دەسەڵاتی سیاسییان هەیە و خاوەن دەنگ و ڕەنگن لە وێنەکێشانی سیاسەتی حیزب و وڵاتەکەیاندا .
بێ گومان ئەمەی کە وتم نەك هەر بۆ بریتانیا بەڵکو بۆ سەراپای وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی سکەندناڤیش ڕاستە.
کەواتە لێرەدا پرسی ڕەگەزیی و ڕەجەڵەکیی ناکرێت وەکو دیاردەیەکی بایۆلۆجی تەماشای بکەین بەڵکو دەبێت وەکو پرسێکی باڵادەستی و بوونی پلە و پایەی سیاسی و ئابوریی ببینین تەنانەت دەکرێت بڵێین ئەوانە نە ڕەگەزیان هەیەو نە نەتەوە و نە وڵات، پاسپۆرتی ئەوان سەرەوەت و سامانەکەیانە کە ئەو پێگە کۆمەڵایەتیەی بۆ دروست کردون. ئەم چەمکە بە تەواوی ڕەتدەکرێتەوە بەتایبەت کاتێك دەتوانێت قورسایی مێژوویی هەڵبگرێت، کاتێک لە چوارچێوەی داینامیکی دەسەڵات، یان چەشنە چەقبەستووەکاندا بەکاردەهێنرێت.
لەگەڵ وتنی ئەوانەی سەرەوەشدا ناتوانرێت نکولی ئەوە بکرێت کە ڕەگەز پەرستی و گرفتی ڕایسیزم هێشتا گرفتێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئەم وڵاتانە نییە کە لە راستیدا مانەوەی و بەهێزبوونی هۆکاری سیاسی و یاسایی و ئابووری خۆی هەیە کە دەوڵەت بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گەشەی پێدەدات بۆ دابەشکردنی خودی هاووڵاتیان و خەڵکەکەی لە پێناوی بەرژەوەدندی خۆیدا.

5 شەڕی چیانیەتی یاخودی شەڕی دەسەڵات

پێش سەدەی نۆزدەهەم بە شێوەیەکی بەرفراوان زاراوەی “جەنگی چینایەتی” بەکارنەدەهێنرا، بەڵام بیرۆکەی ململانێی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان چەند سەدەیەك بوو بوونی هەبووە. بۆ نموونە لە ئەوروپای سەدەی ناوەڕاستدا ڕاپەڕینەکانی جووتیاران، وەك ڕاپەڕینی جووتیارانی ئینگلیز لە ساڵی 1381 و شەڕی جووتیارانی ئەڵمانیا (1524- -1525)، وەک ململانێی نێوان چینە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەیەکدا نیشان دراوە گەر چی زمان و چەمکی “جەنگی چینایەتی” بە ڕوونی بەکارنەهێنراوە.
لە فەرەنسەشدا لە سەردەمی شۆڕشی (1789 –1799)، بیرمەندان و شۆڕشگێڕانی ئەو سەردەمە زاراوەیەکیان بەکاردەهێنا کە نزیك بوو لە چەمکی “جەنگی چینایەتی” .

زاراوەی “جەنگی چینایەتی” بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن پیێر جۆزێف پرۆدۆنی ئەنارکست و بیرمەندی سۆسیالیستی فەرەنسی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا بەکارهێنرا. ئەو یەکێك بوو لە یەکەم کەسەکان کە بە ڕوونی باسی شەڕی نێوان چینەکانی کرد نەک تەنها “خەباتی چینایەتی”. پرۆدۆن کە لەسەر بیرۆکەی شەڕی نێوان چینەکان نووسیویەتی، ململانێ ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان کرێکاران و سەرمایەدارەکان بە جۆرێك لە شەڕ وەسف دەکات.
بەڵام بیرۆکەی “شەڕی چینایەتی” وەک چەمکێکی ئاشکرای ململانێی توندوتیژ، یاخود شۆڕشگێڕانەی نێوان چینەکان دواتر لەلایەن مارکسیستەکان و سۆسیالیستییەکانی دیکەوە بە تایبەتی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا فراوانتر کرا و قسەی زیاتری لەسەر کرا ، ئیتر بە ئاشکرا دەرکەوت کە شەڕی چینایەتی بە بیرۆکەی دەسەڵاتخوازی و دەسەڵاتدارێتی دەبینرێت.
کارل مارکس و فریدریك ئەنگڵس بە پلەی یەکەم دەستەواژەی “خەباتی چینایەتی” کلاسنکامپف بە زمانی ئەڵمانی ((Klassenkampf بەکارهێناوە نەك جەنگی چینایەتی، بەڵام لە کاتی باسکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی شۆڕشگێڕانەشدا ئاماژەیان بە شەڕی چینایەتی کردووە. ئەو زمانەش لە سەرەتادا لە کتێبی مانیفێستی کۆمۆنیست (1848)دا، دەرکەوتووە و نووسیویانە مێژووی هەموو کۆمەڵگە “مێژووی خەباتی چینایەتییە” و ئەم خەباتە دواجار دەبێتە هۆی ڕووخاندنی بۆرژوازی لەلایەن پرۆلیتاریا. خودی ئەنگڵس لە هەندێک نامە و وتاردا لە کاتی باسکردنی شۆڕشدا، لەوێدا ڕوونتر ئاماژەی بە “شەڕی چینایەتی” داوە.

میخائیل باکونین-ش ، ئەنارکیستی ڕووسی، زۆرجار بیرۆکەی شەڕی چینایەتی بۆ وەسفکردنی کردەوەی شۆڕشگێڕانەی توندوتیژانە دژی دەوڵەت و سەرمایەدارەکان بەکاردەهێنا. لە سەروبەری کۆمونەی پاریس (1871) و پاش کۆمونە ئیتر بە ڕوونی و دیاریکراوی دوای ئەو ڕووداوە بەکارهێنانی زمانی “جەنگی چینایەتی” لە نێو شۆڕشگێڕاندا چەسپاند، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتداری فەرەنسا بە شێوەیەکی دڕندانە ڕاپەڕینەکەی کۆمونەی پاریسی سەرکوت کرد.

مارکس و ئەنگلس هەروەها بیرمەندە مارکسییەکانی دواشیان شەڕی چینایەتییان وەکو دیاردەیەکی ڕاستەقینە کە بارودۆخی ماددی دەجوڵێنێت دەبینی . هەموو ئەوان بە خودی مارکس و ئەنگلسیشەوە هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە بۆرژوازی (چینی سەرمایەداریی) و پرۆلیتاریا لە بنەڕەتدا بەرژەوەندی دژ بەیەکیان هەیە و ئەوەش پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ناکۆکی نێوانیانی زەق کردۆتەوە.
هەموو ئەوان ئامانجی پڕۆلیتاریان بەستۆتەوە بە دەسەڵاتگرتنە دەستی سوڵتە بۆ بنەبڕکردنی جیاوازییە چینایەتییەکان و هەڵوەشاندنەوەی خودی چینەکانیش.

لە زۆر حاڵەتدا تیۆری شەڕی چینایەتی بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر، جەماوەریبوون، بەکاردەهێنرا، بەڵام زۆرجار دەرئەنجامەکەی دروستکردنی دەسەڵاتێکی نوێ بوو نەک هەڵوەشاندنەوەی ڕاستەقینەی چینایەتی بوو. زۆرجار سەرکردە شۆڕشگێڕەکان پێویستیان بە پشتیوانی جەماوەریی هەبووە، بۆیە پاساودانی شەڕی چینایەتییان بەکارهێنا بۆ ئیلهامبەخشین بە کرێکاران و جوتیاران.
بەڕای من پێناسەکردنی شەڕەکانی کە لە مێژوودا ڕویداوە بە شەڕی چینایەتی، شەری چینایەتی نەبوون بەڵکو شەڕی دەسەڵات و دەسەڵاتگرتنەدەست بوون بەڵام هەمەیشە بەرگێکیان لەو بەرگانە یاخود نایەکسانی ئابووری و چەوساندنەوە کراوە بە بەردا و هێزی بزوێنەر بوون تاکو شەڕەکان جەماوەریی بکرێن. ئەوە ڕاستییە زۆر کەس بەشداری ئەم شەڕانەیان کردووە نەك هەر ئازاریان چێشتووە و کەمئەندام بوون بەڵکو قوربانییان بە گیانی خۆشیان و خێزانیشیان داوە، بەڵام شەڕەکە لە جەوهەرداململانێی دەسەڵات دەرئەنجامەکەی لە قاڵب دا، خەبات و ڕاپەڕین و شۆڕشەکان دەستەبژێری نوێیان بەرهەمهێناوە نەك کۆمەڵگەی بێ چینایەتی ڕاستەقینە. هەر لەبەر ئەوە کاتێك دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست، پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان لە پێشینەی کارەکانیانەوە بووە لەبری بەدەستهێنانی یەکسانی ڕاستەقینەی چینایەتی.

ئەو شەڕ و جەنگانەی کە بەرگی دیکەی بەبەردا کراوە، زۆر جار بە جەنگی چینایەتی ناوی براوە وەکو شۆڕشی فەرەنسا (1789-1799) کە جاکۆبینەکان ئەرستۆکراسییان ڕووخاند بەڵام لە کۆتاییدا نوخبەیەکی نوێیان دامەزراند، دواتریش ناپلیۆن دەسەڵاتتی وەرگرت.
شۆڕشی ڕووسیا (1917)ی بەلشەفییەکان نموونەیەکی دیکەیە لەو شەڕانەی دەسەڵاتە پاش موتربەکردنی بە پرس و خەباتی چینایەتی، ئەوە بوو لە سەرەتا وەک شەڕێکی چینایەتی درایە قەڵەم، بەڵام لە ڕاستیدا شەڕی دەسەڵات بوو. بازنەی ئەو شەڕی دەسەڵاتە لە دواییدا ئەوەندە تەسك بووەوە دەسەڵاتی حیزبیشی لەوێ تێپەڕان و بووە تەنها دەسەڵاتی ناوەندی حیزبی بەلشەفی. دواتریش شۆڕشەکەی حیزبی کۆمۆنیستی چینیی، بەسەرۆکایەتی ماوتسیتۆنگ – کە لە سالی 1949 سەرکەوت ململانێ و خەباتی دەستەبەرکردنی خودی دەسەڵات بوو.

دەتوانین ئاماژە بە نموونەی کۆن لەم بارەیەوە بکەین وەکو شەڕی نێوانی ئیمپراتۆرییەتی صەفەوی و عوسمانیی، شەڕەکانی هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرئیل دا ، 1967 و 1973، شەڕەکانی خواروی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، شەڕی فۆکلەند، شەڕی ئێران و عێراق ، هەردوو شەڕەکەی کەنداو و تەنانەت شەڕی ئیستای حەماس و حیزبوڵا لەگەل ئسرائیل داو شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیاش. ئەوە ئاشکرایە کە هەموو شەڕە چینایەتییەکان، دینیەکان، قەومییەکان، شەڕی دەسەلات بوون تەنانەت شەڕی بەرگریکردن لە خۆ جەنگی دەسەڵاتە چونکە ڕێگە نەدراوە کە دەسەڵاتی دەرەکی جێگای دەسەڵاتە ناوخۆییەکە یا خۆماڵییەکە بگرێتەوە.

ناکرێت هچ کام لەم جەنگانە بە جەنگی چینایەتی دابنرێن بەڵکو جەنگی دەسەڵات و دەسەڵاتوەرگرتن بوون، ئیدی ئەوە گرنگ نییە لایەك هێڕشی کردۆتە سەر لاکەی دیکە و لاکەی دیکە بەرگری لە خۆی کردووە، تەنانەت بەرگریکردن لە خۆ بۆ مانەوەی ئەو دەسەڵاتە بووە کە هەبووە .

وەکو لە سەرەتای ئەم خاڵەدا وتم پرۆدۆن و باکۆنین-یش لەسەر شەڕی چینایەتی یا خەباتی چینایەتی یاخود توندوتیژی چینایەتی قسەیان کردوە بەڵام هەرگیز قسەی ئەوان لەسەر جەنگی دەسەڵاتخوازیی نەبووە. هەر ئاواش کە ئەنارکستەکان گەرچی باوەڕیان بە خەبات و جەنگی چینایەتی هەیە بەڵام لە پێناوی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسیدا نەبووە و نییە. لای ئەوان خەباتی سیاسی نە وەسیلەیەکە و نە پردێکە بۆ دەسەڵاتی سیاسی، یاخود بۆ باڵادەستی چینێك لە چینەکان، بەڵکو پرد و وەسیلەیەکە بۆ لەناوبردنی باڵادەستی هەموو چینەکان، لە ڕیشە هەڵکێشانی هەموو جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی. کەواتە دەکرێت بڵێین لە هەردوو مەیدانەکەدا، لە مەیدانی تیۆری و مەیدانی پراکتیکی تەنها ئەوان بوون و ئەوانن کە خەباتی چینایەتی و جەنگی چینایەتییان بۆ دەسەڵات بەکارنەهێناوە و نەویستووە.

بە پرسیارێك کۆتایی بە ئەم خاڵە دەهێنم و دەپرسم ئەگەر سەراپای شەڕەکان شەڕی چینایەتی بووە نەك دەسەڵات، دەی بۆچی هیچ کام لەو شەڕانە جیاوازی چینایەتی و دەسەڵاتی لەناو نەبردووە ؟ بۆچی پرسی چینایەتی قوڵتر و دەسەڵاتیشی وەکو دەوڵەت بەهێز و بەهیزتر کردووە ؟

Zaherbaher.com
Zaher Baher
نیسانی 2025




ئەردۆغان و دووفاقێتی لە سیاسەتدا.. حەسەن ڕازانی

ئەردۆغان سیاسەتمەدارێکی مونافیقە چونکە خۆی بە موسڵمان دەزانێ و فرمێسکی تیمساحیی بۆ فەلەستینیەکان دەڕێژێت و لە ژێرەوەش لە گەڵ ئیسڕائیلدایە!

من نە یەکەم کەسم کە ئەو قسەیە بە سەرۆک ئەردۆغان دەڵێم و نە بوختانیشی بۆ هەڵدەبەستم، بەڵک و زۆرلە پێش مندا سیاسەتمەدارانی تورک لە نێوخۆی تورکیادا لە پارتە بەرهەڵستکارەکانی ناوتورکیا و بە تایبەتیش بەرپرسە باڵاکانی سەر بە پارتی جەهەپە چەندین جار لە بەکارهێنانی وشەی مونافیق واوەتر ڕۆییشتوون! هەندێک لەو سیاسەتمەدارانە بە بەڵگە سەلماندوویانە کە ئەردۆغان درۆ لەگەڵ تەواوی موسڵمانانی جیهان بە گشتی و بە تایبەتیش لە گەڵ فەلەستینیەکان دەکا! جا لە نێو فەلەستینیەکانیشدا خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵکی فەلەستین بە گشتی و حەمساویەکان بە تایبەتی.
ئەردۆغان لە لایەکەوە بە ڕواڵەت و لە بەردڵی موسڵمانانی جیهان بە گشتی و ناوخۆی تورکیا بە تایبەتی فرمێسک بۆ منداڵانی غەزەو بۆ خەڵکی فەلەستین دەڕێژێ وهەمیشە لە بەردەم مایکڕۆفونەکانی دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا بە حەماسیانە دەکەوێتە هات و هاوارو لە دژی ئیسڕائیل وتاری ئاگرینیی دەدا، بەڵام لە ژێرەوەش هیچ سەروک و سیاسەتمەدارێکی موسڵمان بە قەدەر ئەڕدۆغان لە ئیسڕائیل نزیک نیە! ئەمە ئەگەر نیفاقی سیاسیی نەبێ دەبێ چی ناولێبنرێت؟
ئەو بەڵگانەی کە دەیسەلمێنن ئەڕدۆغان درۆ لە گەڵ موسڵمانانی جیهاندا دەکات!
بۆ نموونە: تورکیا یەکەم وەڵاتی موسڵمانە کە ئەندامی ناتۆیە؛ لە تورکیادا ٢٦ بنکەی سەربازی ئەمریکاو ناتۆ هەیە؛ تورکیا یەکەم وەڵاتی موسڵمان بوو کە دانی نا بە دەوڵەتی تازە درووست بووی ئیسڕائیلدا لە ساڵی ١٩٤٨؛ لە تورکیادا دوو بنکەی سەربازیی ئیسڕائیل هەیە یەکێکیان دەکەوێتە شاری کۆنیاو ئەوی تریان دەکەوێتە شاری ئەزمیرەوە؛ بە پێی ڕێکەوتنی ناتۆ ئیسڕائیل دەتوانێ سوود لە بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک کە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکایە وەربگرێت؛ ساڵانە پێنج سەد هەزار گەیشتیاری ئیسڕائیلی سەفەر دەکەن بۆ تورکیا؛ تورکیا یەکەم وەڵاتی موسڵمانانە کە هاوسەرگیری هاوڕەگەزبازیی بە یاسایی بکات؛ تورکیا تاکە وەڵاتی موسڵمانە کە سەیرانگای بۆ لەشڕووتەکان هەیە؛ لە تورکیادا نزیکەی ٢٦٥ مەیخانە هەیە.
هەروەها ئەوەتە زۆر بە ڕوونی و بە دەنگێکی بوێرانە سیاسەتمەداری ناسراوی بەریتانیی جۆرج غالاوی لە بەردەم میدیاکانی بەریتانیادا بە گاڵتەجارییەکی تاڵەوە دەڵێ:
“ڕەنگە ئەردۆغان لە دەربەدەریدا کاتێک کە دەری دەپەڕێنن ڕێک پەیوەندی بە بەشار ئەسەدەوە بکات لە مۆسکۆ! بەڵام واقیعی ئێستا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە دەرپەڕاندن و دەربەدەریی سرووشتیی ئەردۆغان بەرەو تەلئەبیب یان بەرەو دۆحە نزیکترە! چونکە ئەوان هەمیشە دەرگاکانیان بەڕووی هاوپەیمانە ڕاستەقینیەکانیاندا کراوەن. ئەردۆغان سەرکردەیەکی موسڵمان نیە، بەڵکو درێژترین تۆماری پەیوەندیەکانی لە گەڵ قەوارەی زایۆنیدا هەیە.
ئێوە دیقەت بدەن و بە وردی لە کارەکان و سیاسەتەکانی ئەردۆغان بڕوانن کە چ دەکا. بۆ نموونە :
ئەردۆغان تاکە سەرۆک کۆماری موسڵمانە کە مەدالیای”ئازایەتیی جولەکەکان”ی لە لۆبی زایۆنیستی وەرگرت.
ئەردۆغان تاکە کەسە کە پێنج جار سەردانی ئیسڕائیلی کردووەو لە سەر گۆڕی هەرترل، دامەزرێنەری زایۆنیزم، وەستاوە بۆ ئەوەی بیر لە دەستکەوت بکاتەوە!
کۆماری تورکیا لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەردۆغان دا ٦٠ شەست ڕێکەوتنی لە لەگەڵ ئیسڕائیل واژو کردووەو قەبارەی بازرگانیی لە لەگڵ ئیسڕائیل گەیاندۆتە زیاتر لە ٩ نۆ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا!
کەسێکی ئیسڕائیلیی بە بێ ڤیزا دەچێتە ناو تورکیا، لە کاتێکدا فەلەستینیەکان لە بەردەم دەرگای کونسوڵخانەکاندا زەلیل و زەبوون دەکرێن و لە چاوەڕوانیدا ڕادەگیرێن!
دووەم گەورەترین کارگەی چەکی ئیسڕائیل لە جیهاندا لە تورکیادایەو سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتیەکانی ئەردۆغان بە ڕواڵەت سەبارەت بە غەزە کە هێشتا بۆ یەک لەحزەش ئەو کارگە چەکە دانەخراوە!
لە کاتێکدا وەڵاتانی عەڕەبی بەندەرەکانیان بەڕووی کەشتیەکانی ئیسڕائیلدا دادەخەن، بەڵام تورکیا لە ڕێگەی دەریاوە پێداویستیەکانی ئیسڕائیل دابین دەکاو دەیان نێرێت و تا نێو ئیسڕائیل بەندیان ناکات!
ئەدی ناوخۆی تورکیا بۆ باس ناکەن؟ ئەدی ٢٠ بیست هەزار خانوی قەحبەخانەی یاسایی لەشفرۆشیی، لەو قاحبەخانانەدا زیاتر لە سێسەد هەزار ژنی تورک کاریان تێدا دەکات. داهاتی ساڵانەی ئەو لەشفرۆشیە نزیکەی ٤چوار ملیار دۆلارە بۆ دەبێ باس نەکرێت؟
هەموو ئەو شتانە لە ژێر یاساو لە بەردەمی خەلافەتی ئیسلامیدایە!
ئەمە تورکیایەو لە ژێر دەسەڵاتی گەورەترین مونافیقدایە!
بۆیە هەرکەسێک بە بیانووی دین و ئیسلامەتییەوە چەپڵە بۆ ئەردۆغان لێبدات، دیارە چاوەکانی لە دەست داون و نابینێت!
تێبینی: بۆ نووسینی ئەو زانیاریانە سوودم لە: فەیسبووکی ئێناز کیانپوور و وتارەکانی جۆرج غالاوی وەرگرتووە.

حەسەن ڕازانی




زەلکاوی ترامپیزم و ئاسۆی سۆشیالیزم.. حەمید تەقوایی.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە بۆ کوردی: هیوا ئەحمەد

چۆن دەتوانرێت ترامپیزم ڕۆشنبکرێتەوە؟ سیاسەتەکانی ترامپ هەموو یاساو پێوەرە باوەکانی جیهانی سەرمایەداری تێکشکاند، و بەشێکی زۆری بابەت و سیاسەتەکانی ترامپ، بەتایبەتی سیاسەتە ئابوریەکانی ئەو، بەڕونی دژایەتی هەیە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی چینی سەرمایەداری، تەنانەت لە خودی ئەمریکاشدا. بەڵام سەرەڕای ئەوە، ئیدارەی ترامپ جەخت لەسەر بردنەپێشەوە و جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانە دەکاتەوە. بۆچی؟ هۆکار و زەمینەکانی سەرهەڵدان و بەدەسەڵاتگەیشتنی ترامپ چین؟ ئایا جیهان ڕوبەڕوی سەرۆکێکی ناعەقڵانی و شێت بۆتەوە؟ ئایا ترامپ تەنها پاشکۆیەکی بەڕێکەوتی جیهانی سەرمایەدارییە؟ بەبۆچونی من بەوشێوەیە نییە. ترامپیگەری لە قەیران و دژایەتی(تناقضات) و بنەبەستەکانی سەرمایەداری سەدەی بیست و یەکەوە سەریهەڵداوە. ئەگەر ناعەقڵانیەت و شێتیەک هەبێت، ئەوە پەیوەستە بە سیستمێکەوە کە چیتر ناتوانێت بە سیاسەتە هەمیشەیی و باوەکانی درێژە بە مانەوەی خۆی بدات و خەریکە جیهان لەگەڵ خۆیدا بەرەو لەناوچون ڕادەکیشێت.

پرۆژەی ٢٠٢٥ قەپاغێک بە باڵای ترامپ

خاڵی یەکەم ئەوەیە کە سیاسەتەکانی ترامپ لەم قۆناغەدا سەرەتا خودبەخود و جێگیر نین. لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ دا پلانێکی گشتگیر لە لایەن ڕاستڕەوترین تیۆریسەنەکانی دامەزراوەی “هێرتج” بەناوی “پڕۆژەی ٢٠٢٥” بڵاوکرایەوە. ئەم پلانە کە پێکهاتبوو لە ٩٠٠ لاپەڕە، لە گۆشەنیگای سەرکەوتنی ترامپ لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ و نەخشەڕێگای ئیدارەی داهاتوی ئەودا نوسرابوو. سیاسەتەکانی ئێستای ترامپ، وەک دەرکردنی بەلێشاوی کارمەندانی حکومەت و شوێنگرتنەوەیان بە کەسانی“دڵسۆزی” سەرۆک کۆمار، باڵادەستی ڕەهای سەرۆک بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی یاسادانان، هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پەروەردە، بڕینی بودجەی توێژینەوەکانی سەبارەت بە کەش و هەواو و گەرمبونی گۆی زەوی، چاندن و پەلکێشکردنی بەها مەسیحیەکان بۆ ناو حکومەت وکۆمەڵگا، قەدەغەکردنی مافی لەباربردنی منداڵ، ڕەتکردنەوەی شوناسی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە، کەمکردنەوەی بودجەی خزمەتگوزاریە تەندروستی و دەرمانیەکان(مێدیکیر و مێدیکید)، بە تاوان لەقەڵمدانی فرۆشتن و بەکارهێنانی ئامڕازەکانی ڕیگریکردن لە دووگیانی، بەدواداچونی “ڕەگەزپەرستانی دژە سپی پێست”، دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی”نایاسایی” بەهاوکاری هێزی سەربازی و هێشتنەوەیان لە کەمپەکانی دەستبەسەرکردندا، پارێزبەندی ئابورری(پڕۆتیکشنیزم)، هەمویان لەسەر بنەما و بەپێی ئەم پڕۆژەیەن.
ترامپ لەسەر ئاستی جیهانی، وازهێنان و دەستشۆردنی خۆی لە دیموکرراسی لیبڕالی، بە بەرامبەرکێ لەگەڵ ئەوروپا و هاوپەیمانە باوەکانی تری ئەمریکا، کشانەوە لە رێکەوتننامەی پاریس و ڕەتکردنەوەی بەرزبونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەەوی، هاتنەدەرەوە لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، بایکۆتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (دادگای لاهای)، بانگەشەی دەستبەسەرداگرتنی دورگەی گرینلەند، لکاندنی کەندا بە ئەمریکاوە بە ناونیشانی ویلایەتی ٥١مین، پلانی دەرکردنی فەلەستینیەکان لە کەرتی غەزە و کردنی بە کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری، ڕاگەیاندنی تاریفە گومرگیەکان و باجدانان لەسەر هاوردەکردنی نزیکەی هەموو وڵاتانی جیهان و هتد، تەواوکرد. ترامپ لە کەمپینی هەڵبژاردنەکانی خۆیدا لەژێر فشاری ڕەخنەگران و شارەزایاندا، وە تەنانەت کۆنەپاریزەکانیشدا، کە پێیانوابوو پڕۆژەکە پێچەوانەیە لەگەڵ “سەروەری یاسا، و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، و جیایی دین لە دەوڵەت، و ئازادیە مەدەنیەکان، و لە نێویاندا مافی مەدەنی ژنان، و ڕەنگ پێستەکان و کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی کیو، ووتی کە لایەنگری ئەو پرۆژەیە نییە، بەڵام دوای هەڵبژاردنی بە کردەوە هەموو ڕاسپاردەکانی ئەوانی خستە دەستوری کاری کابینەی حکومەتەکەیەوە. یەکێ لە دیزاینەرانی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە “ڕوسیڵ ڤۆت” ە کە مەسیحیەکی موتەدینە و خۆی وەک ناسیونالیستێکی – مەسیحی پێناسە دەکات، بەرپرسێکی سەرەکییە لە کابینەی پێشوو و ئێستای ترامپ و یەکێکە لە ڕاوێژکارە سەرەکیەکانی.
بەمشێوەیە ڕۆشنە ئەو مەیل و ڕەوتەی کە ترامپ بەشوێنیەوەیەتی ئاڕاستەیەکی بیرلێکراوە و کاربۆکراوە نەک دێوانەیی و شێتیەکی تاکەکەسی. لە هەمانکاتدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە پڕڕۆژەی ٢٠٢٥ پڕۆژەیەکە ڕێک بە باڵای ترامپ دوریویانە. سەرکەوتنی چاوەڕواننەکراوی ترامپ لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، ڕاستڕەوترین باڵ و تیوریسەنەکانی نوخبەی دسەڵاتداری ئەمریکای هاندا بۆ داڕشتنی پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە. بەڵام هێشتا ئەم نەخشەسازیەی ترامپیزم وەڵامی پرسیارە سەرەکەیەکەمان ناداتەوە. هۆکاری ترامپیسم و پڕرۆژە سوپەر ڕاستڕەویەکەی چییە؟ زەمینەی سەرهەڵدان و بەدەسەڵاتگەیشتنی ترامپ چین؟ سەرۆک کۆمارێک کە هەموو شارەزا و خاوەنبۆچونەکان و حکومەتەکان پێانوایە سیاسەتەکانی بە زیانی سەرمایەداری جیهانییە.

لە تاتچەریزمەوە تا ترامپیزم

ترامپیزم دەرئەنجامی ڕەوەندێکی پاشەکشەیە کە لەدوای ڕوخانی سۆڤیەتەوە دەستیپێکرد. لە ڕوی سیاسیەوە، لە دوو دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابردودا، دەستبەرداربونی تەواوەتی لە بەرپرسیاریەتی حکومەت لەبەرامبەر کۆمەڵگا و وڵاتی خۆشگوزەران و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان، کە بەهۆی کاریگەری پێشڕەویەکانی بزوتنەوەی کرێکاریی و بزوتنەوە مافخوازەکانی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە جیهاندا بەدەستهاتبوو، بوو بە مەیل و خواستی سەرەکی بۆرژوازی جیهانی. سۆشیال دیموکراسی جۆری ئەسکەندەناڤیایی و پارتە سۆسیالیستەکانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا بەرەو پەراوێز بران و ڕاستڕەوترین باڵەکانی بۆرژوازی لە ڕۆژئاوا و هەموو جیهاندا مەیدانەکەیان بەدەستەوەگرت. سەرهەڵدانی تاتچەریزم و ڕێگانیزم لە کۆتایی ساڵەکانی پێش هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت زەمینەی بۆ ئەم ئاڕاستەیە خۆشکرد.(دامەزراوەی هێرتج لەسەردەمی ڕیگاندا دامەزرا). سەربەرزکردنەوەی ئیسلامی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرئەنجام و ئاکامی ئەم وەرچەرخانەی ڕۆۆژئاوا بوو بەرەو ڕاست. لە ڕاستیدا تاتچەر و ڕیگان ئاڵاهەڵگری فەلسەفە و دیکترینێکی سیاسی بوون کە لەژێر ناوی نیولیبرالیزم و نیوکۆنسەرڤەتیڤدا، هەموو جیهانی سەرمایەداری دوای سۆڤیەتی لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا گرتەوە. لە ڕوانگەی ئابوریشەوە، “فریدمانیزم” قوتابخانەی ئەم مەیل و ڕەوتە بوو.
ئەمڕۆ ئەم ڕەوتە لە درێژەی ڕەوەندی لۆژیکی خۆیدا گەیشتووە بە نکۆڵیکردنی تەواوەتی لە لیبراڵ دیموکرراسی. مایەپوچی و شکستی “فریدمانیزم” تەوەری سەرەکی ئەم ڕەوەندەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا بناغەکانی جیهانی “سەرمایەداری بازاڕی ئازاد” و دکترینەکانی کە لەسەر ئەو بنەمایە بنیاتنرابون هەژاند. کاپیتالیزمی دوای ٢٠٠٨ سیستمێکە کە لە ڕووی تیۆرییەوە دکترین و ئاسۆی سیاسی خۆی لەدەستداوە. تەواوی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤەکەی بۆرژوازی لە نێوچون و نەمان، بۆ چینی سەرمایەداری جگە لە پیرۆزکردنی سود و قازانجی ژمارەیەکی کەم کە هەموو ڕۆژێک سەروەت و سامانەکەیان لە زیادبوندایە و ژمارەیان کەمتر دەبێتەوە، شتێکیتر نەماوەتەوە.
نەزمی نوێی دوای سۆڤیەت، هەژمونخوازی میلیتاریستی ئەمریکا، پێاهەڵدان بە موعجیزەکانی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد زۆر پێش قەیرانی ٢٠٠٨ کۆتایی پێهاتبوو. بۆشیزم(ڕێبازی جۆرج بۆش) و ئۆپراسیۆنی “شۆک و تۆقاندن” شکستی هێنابوو، وە ئۆباما ناچار بوو لە ڕابەرایەتیکردنی سەرمایەداری بازاری ئازادەوە بۆ کورسی دواوە و “بەرەو شوێنی دروستی مێژوویی خۆی” پاشەکشە بکات. ئەم دەورەیە بەرزەخێک بوو کە خاوەنبۆچون و بڵاوکراوە ستراتیژیەکانی جیهانی سەرمایەداری هاوشێوەی “ئیکۆنۆمیست” بە “بیماری دیموکراسی” ناویان دەبرد و بەشوێن ڕێگاچارەوە بون بۆ تیمارکردنی. ئەمڕۆ ئەم بیمارە مردوە و ترامپیزم سەرقاڵی بەڕێوەبردنی مەراسیمی کفن و دفنیەتی. لە دوای بەخاکسپاردنی لیبرالیزم لە ڕێگەی نیولیبرالیزمەوە ئێستا کاتی بەخاکسپاردنی نیولیبرالیزمە لە ڕێگەی فاشیزمەوە. تەواوی جومگەکانی دیموکراسی لیبراڵی لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان وە بگرە تا بازرگانی ئازاد، لە ئازادی ژنانەوە بگرە تا مافی مرۆڤ بە فەرمی و بە ئاشکرا ڕەتدەکرێتەوە تا سیستمی سەرمایەداری درێژە بە مانەوەی خۆی بدات.

ئابوری سەردەمی گوزار بۆ فاشیزم

ترامپیزم بە پێچەوانەی فاشیزمی هیتلەری و تاتچەریزم ڕێگەچارەیەکی نییە بۆ دەرچون لە قەیرانی هەمەلایەنەی چینەکەی خۆی. هیتلەر توانی ئابوری داڕوخاوی ئەڵمانیا دوای جەنگی جیهانی یەکەم زیندوبکاتە، و تاتچەر و ڕیگان جێبەجێکارانی “فریدمینیزم” بوون یەعنی تیوریەک کە وەڵامی بە پێداویستیەکانی سەرمایەی دارایی دوای سەردەمی جەنگی سارد دەدایەوە. بەڵام پارێزبەندی ئابوری(پڕۆتیکشنیزم) ترامپ، نەک هەر وەڵام بە پێداویستیەکانی سەرمایەداری سەدەی ٢١ ناداتەوە، بەڵکو بەتەواوەتی لە دژایەتیدایە(تناقض) لەگەڵیدا. سەرمایەداری سەردەمی ئەمڕۆ ناتوانێت بۆ چوارچێوەی بازاڕی ناوخۆ بگەڕێتەوە. جیهانگیری “گلۆبالیزم”، بە پێچەوانەی “فریدمینیزم” یەک تیۆری یان دکترینی ئابوری نیە بەڵکو پێداویستیەکی کارکردنی کاپیتالیزمە کە مەیدانی چالاکیەکەی هەموو جیهانە. تەنانەت سەرمایەداری تازەپێگەیشتوی ئەوروپا لە سەدەی ١٧ دا کە دامەزرێنەری دەوڵەتە – نەتەوەییەکان بوو لەسەر بنەمای بازرگانی جیهانی و دۆزینەوە جیهانیەکان کە بوو بەهۆی دۆزینەوەی ئەمریکا و ئوسترالیا و نیوزلەند، بەدەسەڵات گەیشت. کۆلۆنیالیزم، و زاڵبون بەسەر زەوی و سەرچاوەی تری سامانی وڵاتەکان و هەناردەکردنی کاڵا و سەرمایە بۆ هەموو گۆشەیەکی جیهان، بنەما و دوانەی گەشەی سەرمایەداری جیهانی ڕۆژئاوا بووە. ئەمڕۆ ئەم ڕەوەندە گەیشتووە بە کاردابەشکردنێکی جیهانی سەرمایەداری. سەرمایە چەند میللیەتە مالیەکان قازانجی خەیاڵی خۆیان، لەسەر بنەمای دەستی کاری هەرزانی کرێکاری چین و بەنگلادش و هیندستان، بە ناونیشانی بەرهەمهێنەرانی کاڵا وپێداویستیەکانی بەکاربردنی کرێکاران و جەماوەری خەڵک لە هەموو وڵاتەکاندا، گەشەی فەلەکی لە بەرهەمهێنانی هێزی کاردا بەهۆی بەکۆمپیتەریکردنی بەرهەمهێنان و شۆڕشی پیشەسازی چوارەم لەسەراسەری جیهاندا، دەسەڵاتی دامەزراوە جیهانیەکانی وەک بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەسەر کارکرد و پەیەندی سەرمایەکان لەهەر چوار گۆشەی جیهاندا فەراهەمدەکات. سەرمایەداری سەدەی بیست و یەکەم هیچ سنورێکی نییە، و ئەگەر ڕوبەڕوی قەیرانێکی درێژخایەن بۆتەوە بەهۆی گلۆبالیزمەوە نییە بەڵکو بەهۆی قەیرانێکەوەیە کە تەنها بە تێپەڕین لە گلۆباڵیزم و دابەشکردنی کاری جیهانی سەرمایە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت. وە ئەم تێپەڕاندنەش تەنها بە گوزار لە پەیوەندیە سەرمایەداریەکان دەبێت.
لە دۆخێکی ئاوهادا بانگەوازی ترامپیزم بۆ سنورەکان و دروشمی“گەڕاندنەوەی گەورەیی ئەمریکا” ڕێگەچارەی ئابوری نییە بەڵکو هەوڵدانێکە لە پێناو هاوئاهەنگکردنی سەرخانی سیاسی ئەمریکا لەگەڵ هێزی ئابوری چەند مەڵتی ملیاردێرێکی ئەمریکا.

شۆک و تۆقاندن” بەشێوازی ترەمپ”

سەرهەڵدانی ترامپیزم و بە دەسەڵاتگەیشتنی ترامپ لە ڕوانگەی پێکهاتەی حکومەتەوە، گۆڕینی سیاسەتمەدارانی چینی سەرمایەدارە بە خودی سەرمایەداران خۆیان. لۆژیکێکی نەگوتراو ئەمەیە کە: ئەگەر ٣ ملیاردێر لە ئەمریکا کە بە ئەندازەی پەنجا لەسەدی کۆمەڵگە سەروەت و سامانیان هەیە کەواتە بۆچی خۆیان یان سیاسەتمەدارانی هاوفکر و هاوشێوەی خۆیان کە هەڵنەبژێردراون، بەڵکو کڕدراون، نەبنە نوێنەری سیاسی کۆمەڵگە؟ دە لە ملیاردێرە یەکەمەکانی ئەمریکا کە لە ڕوی داراییەوە پشتیوانی کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترامپیان کرد، بە هەڵبژاردنی ترامپ ٦٤ ملیار دۆلار قازانجیانکرد. تەنها ئیلۆن مەسک کە ٢٩٠ ملیۆن دۆلاری بەخشی بە کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترامپ، لە دوای هەڵبژاردنی ئەو ٣٠ ملیار دۆلار چۆتە سەر سەروەت و سامانەکەی. مامەڵەیەکی خراپ نییە! وە بێگومان ئەم مامەڵە شیرینە تەنها بەئەمە کۆتایی نایەت، ئەمە وەبەرهێنانێکی درێژماوەیە لە حکومەتێکدا کە کڕدراوە، تا لانی کەم بۆ ماوەەی چوار ساڵ ڕاستەوخۆ لە خزمەتی یەک لەسەدی کۆمەڵگەدا دەبێت.
تەواوی ئەم بازرگانی هەڵبژاردنە بە بەرچاوی خەڵکی ناڕازی لە دۆخی ئێستا بەڕێوەدەچێت. مەڵتی ملیاردێرەکان کە خۆیان دەستیان بەسەر کاروبارەکاندا گرتووە، سیاسەتمەدارە باوەکان(تەقلیدی) بەوە تۆمەتباردەکەن کە بەرپرسیارن لە کێشە وگرفتەکانیان، هەربەم هۆکارە دەنگی جەماوەری خەڵک کە بەدەست نائارامی ئابوری و بارودۆخی سەختی ژیانەوە دەناڵینن و لە سیاسەتمەدارانی پارتە باوەکانی چەپ و ڕاست بێئومێد بوون، بۆخۆیان ڕادەکێشن و … ئیتر بەمە حکومەتی خۆیان دەهێننە سەرکار!
ئیدارەی ترامپ حکومەتی پارت و سیاسەتمەدارە تەقلیدی و ئاسایی و ناسراوەکانی ئەمریکا نییە، بەڵکو حکومەتی خودی سەرمایەدارە ملیاردێرەکانە. ئێستا دیموکراتەکان سەرقاڵی شیکردنەوەی هەڵەکانیانن و کۆنسێرڤەتیڤەکانیش کە زۆرینەی کورسیەکانی ئەنجومەنی پیران و نوێنەرانیان بەدەستەوەیە، وەک ئەو ڕەعیەتانەیان لێهاتوە کە ئاغاکەیان بەدەسەڵات گەیشتوە، و سەریان کزکردوە و نەخشی مۆرێکی پلاستیکی دەبینن لەسەر بڕیارە کارگێڕیەکانی ترامپ.
بەڵام ترامپیزم نەک هەر وازی لە سیاسەتمەدارانی تەقلیدی و باو هێناوە، بەڵکو پێکهاتەی تەقلیدی حکومەتیشی خستۆتە لاوە. ترامپ خۆی بە پاشا ناودەبات و وێنەی تاج لەسەری خۆی بڵاودەکاتەوە. سوڵتانێک کە لەبەردەم کامێراکاندا بەدەرکردنی فەرمانی جێبەجێکردن، بەڕێوەبەرییەکانی کە کاریان باشترکردن و بەرزکردنەوەەی ئاستی بژێوی خەڵکە هەر لە فێربون و پەروەردەوە تا خزمەتگوزاری تەندروستی و بیمە کۆمەڵایەتیەکان سنورداردەکات یان دایاندەخات، لە پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان دەکشێتەوە، داب ونەریت ویاساکان پێشێل دەکات و هەموو بەها و داواکاریەکان تەنها بەیەک دروشم دەەگۆڕێت”زیندوکردنەوی گەورەیی ئەمریکا”! بزوتنەوەەی ماگا”MAGA” لە ڕاستیدا بزوتنەوەیەکە دژی هەموو بەها و سیاسەتێکە کە بۆنی بەرپرسیاریەتی لەبەرامبەر کۆمەڵگا و جەماوەری خەڵکدا لێبێت.“ئەمریکا” لە دروشمی “زیندوکردنەوەی گەورەیی ئەمریکا” دا تەنها ناوێکی ڕەمزی ملیاردێرەکانی ئەو وڵاتەیە. بەڵام ئایا سیاسەتی پارێزبەندی(پڕۆتیکشنیزم) ئابوری بە زیانی ئەم مەڵتی ملیاردێرانە نییە؟
هەموو حکومەتەکان و شارەزایانی ئابوری جیهانی هاوڕان لەسەر ئەوەی کە باج و تاریفە گومرگیەکانی ترامپ جیهان بەرەوو پاشەکشەیەکی ئابوری دەبات. لە بەرامبەردا، ترامپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە تاریفە گومرگیەکان وەبەرهێنەران و سەرمایگوزاران ناچاردەکات کە بێن لە ئەمریکا وەبەرهێنان بکەن، بەڵام ئەمە جگەلە بانگەشەیەکی پوچ هیچیتر نییە، چونکە هۆکارە ئابوریەکان مەیدان و بواری وەبەرهێنان دیاریدەکەن نەک ئیرادەی حکومەتەکان. مایکرۆسۆفت و ئەپڵ و جەنەراڵ مۆتۆرز و فۆرد و پیشەسازی ئەلیکترۆنی و دەیان کەرتی تری بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری دەچن لە وڵاتانی تردا وەبەرهێنان دەکەن چونکە بەدوای قازانجی زیاتردا دەگەڕێن. ئەگەر بتەوێ ئەو سەرمایەی کە بۆ دەرەوەی ئەمریکا کۆچیانکردوە بگەڕڕێنیتەوە، ئەوا قازانجەکانیان و سەرئەنجام توانای مانەوەیان لە بازاڕی کێبڕکێی جیهانیدا دەخەیتە مەترسییەوە. ئەم ڕێگایە نەک هەر نابێتە هۆی گەورەیی ئەمریکا، بەڵکو بە لاوازی زیاتری ئەمریکا کۆتایدێت. لە ئێستادا بازاڕی بۆرسەی ئەمریکا تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژدا دوای ڕاگەیاندنی تاریفە گومرگیەکان ٦.٦ ترلیۆن دۆلار بەهای خۆی لەدەستداوە.
ترامپ لە وەڵام بە ڕەخنەگرانیدا دەڵێت ئەم دۆخە کاتییە و بە زوویی ئابوری ئەمریکا گەشە دەکات. بەڵام لێرەشدا مەبەست لە ئەمریکا بەواتای مەڵتی ملیاردێرەکانە؛ ژمارەیەک کەسی کەم کە ئامادەن ئاگر لە جیهان بەردەن تا بەرژەوەندیەکانی خۆیان بپارێزن. مەبەستی ترامپ لە “چاوەڕوانبن دۆخەکە باش دەبێ” ئەوەیە، ئەگەر چی جیهان لە ئاگری قەیران و پاشەکشەدا بسوتێ، بەڵام سەرئەنجام مەڵتی ملیاردێرەکانی وەک ئیلۆن مەسک و تەواوی هەرەمی دارایی ئەمریکا لەم شەڕە ڕزگاریان دەبێت و دەوڵەمەنتر و قەڵەوتر دەبن.
بەڵام لایەنی گرنگتری پارێزبەندی ئابوری(پڕۆتیکشنیزم) ترامپ، کاربردی سیاسیەتی. ئەوە بەدور دەزانرێت کە ترامپ و داڕێژەرانی پڕۆژەی ٢٠٢٥ بە دژایەتی نێوان پلانی ئابوری خۆیان و کارکردی جیهانی سەرمایە نەزانن، بەڵام بەردەوام جەخت لەسەر پارێزبەندی ئابوری و تاریفە گومرگیەکان و هتد دەکەنەوە چونکە ئەمە کاربرد و بەکارهێنانێکی سیاسی دیاریکراوی بۆ ئەوان هەیە. ئەمە جۆرێکە لە “شۆک و تۆقاندن”ی ئابوری. بۆشیزم(ڕێبازی جۆرج بۆش) بە هێرشی سەربازی بۆسەر عێراق و ئەفغانستان دەیویست جیهان بخاتە ژێر ڕکێف و دەسەڵاتی ئەمریکاوە، ترامپیش بە هێرش بۆسەر ئابوری جیهان دەیەوێت بەهەمان ئامانج بگات، بەڵام ئەو کلیلە بۆ ئەم قفڵە نابێت.کێشەی ترامپییەکان ئەوەیە کە دەتوانرێت سەدام حوسێن لەناوببرێت بەڵام ناتوانرێت گڵۆبالیزم لەناوببرێت.”شۆک و تۆقاندن” ێک کە ترامپ باسی دەکات تەنانەت لە بۆشیزم بێهودەتر و ناکامتر دەبێت.
بەمشێوەیە ئەم سیاسەتانە کە تەنانەت بۆ خودی چینی سەرمایەداریش هیج لۆژیکێکی ئابورییان نییە، بەشێکە لە خۆبەزلزانی و زۆرداری سەرمایەدارانێک کە دەیانەوێت دەسەڵاتی ئابوری خۆیان وەک ئامڕازێکی هەژمونی سیاسی بەکاربهێنن. ئەمریکا خاوەنی بەهێزترین ئابوری جیهانە و ترامپ دەیەوێت ئەم کاریگەری و هەژمونە بخاتە خزمەت یەک هەرەمی مەڵتی ملیاردێر لە پێناو سەپاندنی سیاسەتەکانی بەسەر جیهان و کۆمەڵگاکەی خۆیدا. شا ترەمپ، نەک بەگوێرەی پێویستیەکانی ئابوری سەرمایەداری جیهانی و شانبەشانی هاوپەیمانەکانی، بەڵکو بەدژایەتیکردن و سەرەڕای ئەوان، دەیەوێت قسەکانی خۆی بسەپێنێت، ئەمەش بەمانای چەسپاندنی هەژمون و هێزی ئەمریکا کە بۆشیزم بەشوێنیەوە بوو بەڵام بەشوێنێک نەگەیشت.
هەروەها لێرەشدا، تاکتیکی بەسەریەکداڕماندنی سیستمی ئابوری بۆرژوا لیبراڵی لە خزمەت ئیستراتیژی بەهێزترکردنی مەڵتی ملیاردێرەکاندا دەبێت. بەو ئومێدەی تەنانەت ئەگەر ئابوری جیهانیش داڕوخا، ئەوا چەند ملیاردێرێکی کەم کە لە پاشماوەی پاشەکشەی جیهان سەربەرزدەکەنەوە، دەبنە دەسەڵاتدارانی ئایندەی جیهان. بریارە پرۆتیکشنیزمی(پارێزبەندی ئابوری) ترامپ نەک گەشەی سەرمایەداری ئەمریکا، بەڵکو دەسەڵاتی بێڕکابەری مەڵتی ملیاردێرەکان کە تەنها لە سەدا یەکی هەموو جیهان پێکدەهێنن، مسۆگەر بکات. ئەمە ئاسۆی ترامپ-پڕۆژەی ٢٠٢٥ یە بۆ ئایندە. وەکو ئەو قەشانەی کە چاوەڕوانی گەیشتنی ڕۆژی قیامەتن تا خۆیان ڕزگار ببن، ترامپ ئاگر لە جیهان بەردەدات تا ملیاردێرەکانی جیهان ببنە ملیاردێرتر.
ئەم سەرمایەدارییە بەجۆرێک گەندەڵ بووە و بە بنبەست گەتشتوە کە تەنانەت ناتوانێت بەرگەی سەرەتایترین مافی خەڵک بگرێت و سەری بە دەر ودیواردا دەکێشێت تا دەرچەیەک ڕوو بەپێشەوە بدۆزێتەوە. بەڵام جیهانی شارستانی لەبەرامبەر ئەم کارەساتەدا، ئەم سەرمایەی ئاخر زەمانەدا، ئاسۆیەکیتر دەخاتەڕوو.

ئاسۆی سۆشیالیزم

ترامپیزم، تەنانەت بەرگریکردن لە بنەڕەتیترین و سەرەتایترین داواکاریەکان و مافی خەڵک بە ئەرکی چەپ دەزانێت. وەختێک ترامپ و شاگردەکانی، جۆ بایدن و کامیلا هاریس بە کۆمۆنیست ناودەبەن، ئەوا دوژمنایەتی خۆیان تەنانەت لەبەرامبەر میانەڕەوترین ئەحزاب و مەیلە لیبراڵیەکاندا دەردەبڕن. بۆرژوازی هەرچی زیاتر بەرەو ڕاست وەربچەرخێت، تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و مەیدانی چالاکی چەپ بەرفراوانتر دەبێت. بە تێڕوانینی شا ترامپ تەنانەت بەرگری لە دەستوری بنەڕەتی ئەمریکا چەپڕەوییە. بەرگری لە ئازادی حەبی ڕێگریکردن لە دووگیانبون، بەرگریکردن لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەرگریکردن لە ئازادی ڕۆژنامەگەری، بەرگری لە هەرشێوەیەکی دەسەڵاتداریەتی دەستە جەمعی، چەپڕەوییە. ئەمڕۆ کۆمۆنیزم دەبێت نوێنەرایەتی ئەم چەپڕەوییە بێت. جیهانی شارستانی پێویستە بۆ بەرگری لە ئازادی و مرۆڤایەتی و مەدەنیەت بێتە مەیدان، وە ئەم جوڵانەوەیە هەر ئێستا دەستیپێکردوە. ڕۆژی پێشتر خەڵکی ئەمریکا لە سەدان شار زیاتر لە ١٢٠٠ خۆپیشاندان و کۆبونەوە لەسەر شەقامەکانیان دژ بە حکومەتەکەی ترامپ و سیاسەتەکانی ئەنجامدا، و ئەم خۆپیشاندانانەش زیاتر ڕوو لە فراوانبونە. وتارەکانی “بێرنی ساندرز” و” ئەلیکساندریا ئوکاسیو کورتیز” لە شارە جیاوازەکانی ئەمریکا هەموو ڕۆژێک دژ بە هەرەمی ترامپیزم خەڵکی زۆرتر دێنێتە سەر شەقامەکان. هەوڵەکانی ئیلۆن مەسک کە بە خەرجکردنی بودجەیەکی ٢٠ ملیۆن دۆلاری دەیویست زەمینە خۆشبکات بۆ هەڵبژاردنی لایەنگرێکی ترامپ بە ناونیشانی دادوەری دادگای باڵای ولایەتی ویسکانسین شکستیخوارد. ئەگەرێکی زۆرە کە کۆماریەکانی لایەنگری ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی دووەمدا زۆرینەی هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئەمریکا لە دەستبدەن، بەڵام تەنها ئەمانە بەس نیین. پاشەکشەی دەستەی دەسەڵاتداریەتی بەهێزترین هێزی ئابوری و سەربازی جیهان لە دیموکراسی لیبراڵی ناتوانرێت بە ئاسۆی دیموکراسی وەڵامبدرێتەوە. گەڕانەوە بۆ سیاسەتمەدارە باو و تەقلیدیەکان ڕێگاچارە نییە؛ ئەگەر ببوایە، دیاردەیەکی وەک ترامپیزم هەر لە بنەڕەتەوە جێگایەکی بۆ گەشەکردن پەیدا نەدەکرد. ئەمریکا و جیهانی سەرمایەداری دوای سەردەمی ترامپ لە هەموو کات زیاتر ڕوبەڕوی دژایەتیەکی(تناقضات) زۆر پایەییتر و بەربڵاوتر دەبێتەوە. دژایەتییەک کە لە هەموو کات زیاتر و ئاشکراتر بێتوانایی دەسەڵاتی لەسەدا یەکەکان دەردەخات لە بەدیهێنانی تەنانەت سەرەتایترین مافەکانی لە سەدا نەوەت و نۆی خەڵک وکۆمەڵگە.
جیهانی شارستانی دەبێت دەست بۆ ریشە بەرێت، ڕیشەش هەمان سیستمی سەرمایەدارییە کە لە پێناو مانەوەی خۆیدا پێویستی بە دیماگۆجیەتێکی خۆسەپێنی وەک ترامپ هەیە. وەڵام بە گەڕانەوەی سەرمایەداری بۆ دەسەڵاتی هەڕەمی و دەسەڵاتی ڕەهای کەسانی وەک ترەمپ و پۆتین، تەنها دەتوانێت ڕەتکردنەوەی دەسەڵات و حکومەتی سەروو خەڵکی بێت. وەڵامی ئەم بارودۆخە تەنها بە بەشداریکردنی هەموو هاوڵاتیان لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی کۆمەڵگا و ڕێکخستنی بەرهەمهێنان بەجۆرێک کە بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانی هەموان بێت نەک تەنها بۆ قازانجی کەمایەتیەکی موفتەخۆر.
پێویستە لەبەرامبەر پاشەکشەی دیموکراسی لیبرالیدا تێپەڕین بێت بەرەو دیموکراسی ڕاستەوخۆی خەڵک، لە بەرامبەر نکۆڵیکردنی ئازادییە سیاسی ومەدەنیەکان هەڵوەشانددنەوەی زۆرەملێی ئابوری و ئازادی و ڕزگاری ڕاستەقینەی هەموو مرۆڤەکان بێت لە کۆیلایەتی بەکرێگرتە. لەبەرامبەر سنوردارکردنی دەسەڵات و بریارەکان لە دەستی یەک کەسدا، پێویستە پەرچەمی گێڕانەوەی بڕیار و دەەسەڵات بۆ مرۆڤەکان و لەبەرامبەر کۆمەڵگەی مەدەنیدا کۆمەڵگەی ئینسانی بەرزبکەینەوە. هیزی بەرهەمهێنانی مرۆیی بە پاڵپشتی شۆڕڕشی پیشەسازی چوارەم و توانایی پەیوەندیگرتنی ڕاستەوخۆی خەڵکی جیهان لەگەڵ یەکتر لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە، لەهەرکاتێک زیاتر زەمینە ماددیەکانی جێبەجێکردنی سۆشیالیزمی فەراهەمکردوە. زەلکاوی ترامپیزم پێویستە و دەتوانرێت بە هیرشی سۆشیالیستی وەڵام بدرێتەوە.

٦/٤/٢٠٢٥
وەرگێڕانی لە فارسییەوە بۆ کوردی: هیوا ئەحمەد




قەشەنگترین نەفرەت.. شیعر/کاوە عوسمان عومەر

سوتان بە حەزی عیشقێکەوە و بێ دەنگ بیت لێی
چی تراژیدیایەکی مەزنە بەسەر خۆمانا دێنین
گارسیا لۆرکا

ئای لەو رۆژەی
دەستبەرداری گزنگ و
عیشق و زەریا بووم
ئیتر ئەی وەرزە
تێپەڕیوەکانی تەمەن
بێباکم لە گریانی بێ هەودای
هەورەکانی پایز، لە سوتانی
دارستانە تەنیاکانی هاوین
لە خوڕەی مێرگە سەوزەکانی بەهار
لە تەزینی پەنجە
نازدارو ناسکەکانی
قەدو پەلی ئەو دارانەی
وەک کریستاڵ
بەسەر چۆگە بەستوەکانی ڕۆژەکانما
شۆڕبونەتەوە
دەزانم
دەکرا ڕۆژگارەکانم
قەشەنگ تر بونایە
لە خاچدام
لە بەردەم میحرابی بەزەیی
خانمێک لە گڕو کڵپە
بە بەزەییانە تر بوایە
لازوردی دڵ پەمەیی ترو
زایەڵەی گیتاری ڕۆحم
سازگار تر بوایە
ئای !دەروازە ڕەوشەنکراوەکانی
ئەو ئێوارانەی
بە نێو ڕێڕەوە بەردە مەڕمەڕیەکان
بە چرایەکەوە
بەرەو کەنارە تەمهەڵگرتوەکان ڕێگەم ئەگرت
شەوان وەک سۆفیەکی سپیپۆشی
ڕوخسار پڕ لە نوری عیشقی پیرۆز
ئارامم ئەگرت
بە دوای سۆراخی تارمایی
شازادەیەک
لە نێوان ڕاستی و ناڕاستی
نیوە شەوێکی زومردی دەر ئەکەوت
ئای لەو ڕۆژانەی
کە ئارەزووی ئەبەدیەت
لام وابوو
وەک کانیەکی بە خوڕ
لە ناخما ووشک ناکات
گەرچی هیچ گوڵێک
وەفای بۆ چنگێ خۆڵی عاشق نەبووە
هیچ ئەفسوونێکی هەڵهاتن
بەرەو شاڕێیەک
لە شادومانی ڕەها
تا سەر نەبوو، ئەفسووس
لە تێکڕای هەموو ئەو پەلکەزێڕینە بەهەشتیانەی
بزە و خەندەکانی ئەوی ئەهێنا
کوا ئاسەواری
خەڵوەتە غەمگینەکان
لە بەردەم نووری هەموو ئەو مانگە شەوانە
ڕوخساری خەمناکمی تارا پۆش ئەکرد
جوانی مەلەکانی سەرگوزشتەی ژوانێکی
نێو گێژەنەو سەرابی سەفەرێکی دوریش
تابلۆیەکی بێهودە بوو
چەند گەمژەیی بوو
واتێبگەیت
یاری شیعر
و حیکایەتە بە چێژەکانی منداڵی
لە نێو گژو گیای ناسکی
ژێر زیوە بارانێ
تا هەتا هەتا بمێنێ
ببینە ئەی بەخشندەیی
جێپێی پڕهەورازی نێو ئاگری بریسکاوی
چیای تەنیاییم گرتوە
ئەم بەندەرە ئەرخەوانیە
دوا مەنزڵگەی وونبوونمە…و
دوا مەشخەڵی زەردەپەڕێکی دڵپڕ
بە کۆچی نەورەسە عاشقەکانم هەڵگرتوە
دەزانم ژیان جارێکی تر
هەلێکی تری وونبوون و
سەرەڕۆییەکی ترم ناداتێ
منیش بێباکم
بە کاتژمێرە لمینەکەی تەمەنی وەریوم
ئەوەتا، لە بەندەری تەمهەڵچنی ئەمشەوی سەفەرا
ستایشی یەک بە یەک
لە بیرەوەریە فرمێسکاویەکان ئەکەم
دەزانم لە بێ سۆراخی ئەوێک
لە تەم وخەیاڵ و سەراب
سەرهەلگرتن
مەسترین وونبوون..و
قەشەنگرین نەفرەتە

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر بەریتانی
Lee Watts – Lees Design
بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگێراوە

شیعر/کاوە عوسمان عومەر