ستانسلاڤسکی لەتازەترین پرۆژەی شانۆی ڕۆژدا.. نیهاد جامی


لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی سارد لە ١٩٦٤ شانۆی ڕۆژ لەلایان ئاریانا منۆشکین دامەزرا، هەر لەو ساڵەدا شانۆگەری بۆرژوازی بچوکیان نمایش کرد، ئەو سەرەتایە دەرگای بۆ شانۆیەکی نوێ لێ کردنەوە کە لەڕێگەی ڕاگوزەرو چۆنیەتی کارکردنەوە لەدژی دامەزراوە سونەتیەکان دەست بەکاری شانۆیی بکەن، تا دەگات بە دوا نمایشیان کە ساڵی رابردوو نمایشکرا، چیرۆکی دامەزراندن و قسەکردن لەتەواوی نمایشەکانیان بابەتێکی سەربەخۆ دەبێت و لێرەدا ناکرێت قسەی لەبارەوە بکەین و بەناچاری هەڵیدەگرین بۆ دەرفەتی تر، ئەوەی مەبەستمانە لەم نووسینەدا لەسەر دواهەمین نمایشی ئەم شانۆیە قسە بکەین.
لەنامەیەکی شانۆی رۆژ ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت کەوا ساڵی ٢٠١٨ میوانداری دەرهێنەر ڕۆبێری لیپاچ کراوە، ئەمجارەشیان بانگهێشتی شانۆکارێکی تر کرا بۆ ئەوەی لەگەڵ شانۆی ڕۆژ کار بکات، بانگهێشتکردنی نوسەرو دەرهێنەرێکی ئەمریکی بۆ باسکردن لەشانۆی ستانسلاڤسکی بۆ خۆی پرسێکی گرنگی شانۆیە، کارێکە جێی هەڵوەستە و پرسیارکردنە، بەتایبەت ئەو کارە تەواو ئەو دیدە باوەی ڕانردووی شانۆکە تێکدەشکێنێت لەڕووی راگوزەرێک لەناو تێکستدا کەوا لەسەرەتای کارکردنی شانۆی ڕۆژ دەردەکەوێت، هەلبەت ئەم شانۆیە بەپێی ساڵەکان کاری لەگەڵ دەرهێنەری جیاواز کردووەو دیدی بۆ شانۆ گەشەی کردووە، بۆیە نوسەر و دەرهێنەری ئەمریکی ڕیشارد نیلسۆن (١) میوانداری کرا تا تازەترین کاری لەگەڵ ئەکتەرانی شانۆی ڕۆژ نمایش بکات، کارەکەش شانۆنامەیەک بوو لەژێرناونیشانی «ژیانی ئێمە لەهونەردا» (٢) لەچەندین ئاستی جیاواز جێی گرنگی و بایەخە، دەقەکە ئاریانا منوشکین وەریگێراوە بۆ سەر زمانی فەرەنسی و لەکتێبێکدا چاپکراوە (٣)
شانۆنامەکە باس لەگەشتە هونەریەکەی شانۆی هونەری مۆسکۆ دەکات، کاتێک ساڵی ١٩٢٣ لەسالیادی بیست و پێنجەمینی تیپەکە سەفەر دەکەن بەرەو ئەمریکا، بۆیە کارەکتەرو ناوەکانی وەک خۆی لەشانۆنامەکەدا بەکار هێناوەتەوە، تەنانەت ستانسلاڤسکی وەک دەرهێنەر ئەویش لەناو ڕووداوەکاندایە، لەپاڵ ئۆلگای خۆشەویست وهاوسەری چێخۆڤ و کارەکتەرەکانیتر.
شانۆنامەکە بریتیە لە شەش دیمەن، دیمەنی سێیەم دوو بەشە، بەهۆی ئەوەی لەسەر دوو بیرۆکە کار دەکات، دوو نامە هەیە بۆ سەرەتا و کۆتایی، کە زیاتر پەیامی ڕاستەوخۆیە بۆ بینەر بۆ تێگەیشتن لەبیرۆکەی نمایش و ئەنجامی کارەکە.
رووداوەکان هەر هەموویان لەیەک شوێن ڕوو دەدەن، کە هۆڵی ناخواردنە، لەدیمەنی یەکەمدا هاتنی تیپەکەیە بۆ ئەمریکا، ئێمە لەوێدا وێنەیەکی ڕوونمان بۆ شانۆنامەکە لا دروست دەبێت، باس لەگرفتە ئیداری و کولتوریەکانیان دەکەن لە ئەمریکا، هەندێک لە ئەکتەرەکان کێشەیان لەگەل خاوەنی مەیخانەی شانۆکە هەیە، دیمەنەکە خاڵی نیە لەکۆمیدیایەک کە لەشانۆنامەکانی چێخۆڤ دەیبینین، ئەوەش گەڕانەوەی نووسەرە بۆ ئەو دنیایە، کە چۆن کارەکتەرەکانی چێخۆڤ کاریگەریەکی گرنگیان لەناو ژیاندا هەیە، ووشەکان چۆن بەناخیاندا ڕۆیشتووە. شوناسی ڕووسی بوون بۆ ئەوان هەمیشە لەدیالۆگەکاندا ڕەنگ دەداتەوە، ئەوەش جیاوازی کولتوری ئەو دوو کۆمەلگا جیاوازە نیشان دەدات، بەگشتی شانۆنامەکە دەیەوێت گەشتی شانۆی هونەری مۆسکۆ بگێڕێتەوە، لێرەدا توێژینەوەیەکی ورد لەبارەی ئەو گەشتە دەخوێنینەوەو دەبینین، ئەوەی جیاوازی درووست دەکات ئەوە شێوازو زمانی کارەکەیە، ئێمە لەدەرەوەی توێژینەوەی نووسراو و سەپاندنی دۆکیۆمێنت لەناو ڕووداوەکانداین، وەک ئەوەی لەناو خودی ژیاندا بین و ڕووداوەکان وەک شانۆنامە لەگەڵماندا ڕێدەکەن، لەراستیدا بابەت گەشتێکی هونەری ئەم شانۆییە.
گفتوگۆکان چەندە قسە لەنان دروست کردن دەکەن، چاوەروانی کردن بۆ نان خواردن، لەهەمان کاتدا گفتوگۆکان لەبارەی کارە شانۆییەکان و شانۆنامەکانی چێخۆڤ و باس لەئەکتەرێکە کە لەتەمەنی هەشت سالی هاملێتی بینیووە، بەگشتی ژیانی ئەوان بەناو شانۆدا دەسورێتەوە.
قسەکردن لەکێشە ئیداری و هونەریەکانی ئەم تیپە و تەنانەت سوور بوونی کەسێک لەئەمریکا بۆ بینینی ستانسلاڤسکی، دەبێتە بابەتی گفتوگۆی تیپەکە، ئەکتەرەکان بەرچاو ڕونیەکی تەواو دەخەنە ڕوو، بەوەی ئەمریکیەکان وا سەیری دەکەن کە ئەو دەرهێنەرێکی ڕووسیە و دەوڵەمەندە، ئێمە لەکۆتاییەکانی دیمەنی چوارەم کاتێک لەناو ئەو گفتوگۆیەداین، هەمیشە بەنهێنی نوێ ئاشنا دەبینین، لەگەشتی ئەو تیپە بۆ شیکاگۆی ئەمریکی.
ریشارد نیلسۆن کە کارەکتەرەکانی لەئەندامانی تیپەکە وەرگرتووەو لەسەر زاری خۆیان باس لەوردەکاری ئەو سەفەرە دەکەن، دەیەوێت شانۆنامەکە بکات بە ئارگۆمێنتی ئەو گەشتە هونەریە، بەدوای سەد ساڵ تێپەڕین بەسەر گەشتی ئەو تیپە، شانۆنامەیەک دەنووسێت لەبارەی سەفەری گرنگترین تیپی شانۆیی و دەرهێنەرێکی وەک ستانسلاڤسکی، کە لەم سەفەرەدا کێشە کولتوری و سیاسی و کەسێتیەکانیان چی بووە.
بەهەمان شێوەی ستانسلاڤسکی، چێخۆڤ کاریگەریەکی دیاری لەناو شانۆنامەکەدا هەیە، بەڵام ئەو نابینین، بەڵکو قسەکردنەکان لەبارەی شانۆنامەکان و بەتایبەت شانۆنامەی سێ خوشکەکە، ئەوە سەرباری ئەوەی ئۆلگا بەوردی باس لەژیان و نوسینەکانی دەکات.
سەرباری ئەوەی هەندێک نهێنی چێخۆڤ لەڕووی پەیوەندی نێوان ژیانی خێزانی وساتەکانی نووسین دەخرێتە ڕوو، بەتایبەت لەباسکردنی خوشکەکەی چێخۆڤ کە بەلشەفیک بووە.
وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد شانۆنامەکە بە نامەیەک دەست پێدەکات و بە نامەیەکیش کۆتایی دێت، نامەکەی کۆتایی کە ریشارد دەیخوێنێتەوە یانزە ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی تێپەڕیووە، نامەیەکە بە ئیمزای ستانسلاڤسکی ستایشی شۆرشی کۆمۆنیستی ڕووسی و حکومەتەکەی دەکات، بەوەی ئەو نیشتمانپەروەرەو ولات و حکومەتەکەی خۆی خۆش دەوێت، لەگەڵ کۆتایی نامەکە ستانسلاڤسکی لێی نزیک دەبێتەوە، بەڵام ریشارد دەلێت «ئەو ئەمەی نەنووسیوە، بەڵام ناچار بوو ئیمزا لەسەر ئەو نامەیە بکات» نامەکە دەپێچێتەوەو دەیخاتەوە گیرفانی خۆیەوە، دەچێتەوە لای ئەکتەرەکان، مۆسیقا و گۆرانی شانۆگەریەکە دەست پێدەکاتەوە، شانۆنامەکەش کۆتایی دێت.
ئەو کۆتاییە وەک پاکانەیەک بۆ سەفەرەکەی ئەمریکاو گەشتی شانۆکەی دەرکەوتووە، بۆ ئەوەی کۆتایی بەهەموو گومان و پرسیارێک بێنێت کە شانۆگەری سێ خوشک لە شیکاگۆی ئەمریکی درووستی کرد، ئەو کاریگەریە گرنگەی شانۆگەریەکە حکومەتی شورەویی ستانسلاڤسکی ناچار بەوە دەکات، نامەیەکی ئامادەکراو لەلایان حکومەتەوە ئیمزا بکات کە ئەو نووسیویەتی، ڕەنگە ئەو پرسە گرنگی تایبەتی خۆی هەبێت لەقسەکردن و گفتوگۆکانی ناو شانۆنامەکە و پارتی بەلشەفیک کە لەم شانۆنامەیەدا ئەکتەرەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن و ئاماژەکان دەبەستنەوە بە خوشکەکەی چێخۆڤ، (٤) بەڵام چونکە لەنمایشەکەی شیکاگۆ، ستانسلاڤسکی توانیەتی ئەوە لەکردەی دەرهێنان ڕوون بکاتەوە بەپێی ئەو ژینگە ئەمریکییە دوور لەدەسەلاتی ڕووسی ئەو کات، بۆیە تۆمەتەکە دەخرێتە سەر ئەو، چێخۆڤ وەک بێگوناه دەردەکەوێت، بەڵام لەلای ریشارد نیلسۆن هۆکارەکە بۆ دۆخی خێزانی چێخۆڤ خۆی دەگەڕێندرێتەوە.
لێرەوە گرنگی ئەم شانۆنامەیە لەچەندین ئاستی جیاواز دەردەکەوێت، کە دیارە ئەوە یەکەم کاری نووسەرە بە فەڕەنسی نمایش بکرێت، کارەکە لەبنەرەتدا بە ئینگلیزیی نووسراوە، کاتێک لەگەڵ منۆشکین باسی کارەکە دەکات، ڕەزامەندی لەسەر ئەوە نیشان دەدات کە میوانداری بکەن تا بێت لەشانۆی ڕۆژ لەگەڵ ئەوان کاری تیا بکات، (٥) هەڵبەت کارەکە هاوکاتی سەد ساڵەی گەشتی شانۆی هونەری مۆسکۆیە بۆ ئەمریکا.
گەڕانەوەی شانۆی ڕۆژ بۆ ستانسلاڤسکی، نیشاندانی پاشگەزبوونەوەی شانۆی ڕۆژ نیە بۆ ئەزموونەکانی، هێندەی گەڕانەوەیە بۆ گرنگی ستانسلاڤسکی لەهونەری شانۆدا، بەتایبەت کە لەم شانۆنامەیەدا دیدی ئەو دەرهێنەرە لەگەڵ ئەکتەرەکانی بۆ تیۆری دەرهێنان و شیکردنەوەی تێکست باس دەکرێت، لەم ڕێگایەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ نیشان دەدات کە گەڕانەوەکەی ئەو گەڕانەوەیە بۆ ناو بنەما زانستیەکانی شانۆ و لەهەمان کاتدا سەرباری هەموو شتێک، ناکرێ شانۆ ڕۆلی گرنگی ستانسلاڤسکی فەرامۆش بکات.
هاودەنگی نێوان نیلسۆن و شانۆی ڕۆژ کۆبونەوەیە لەسەر خوانی شانۆنامەکە، گرنگی ستانسلاڤسکی لەو کۆبونەوەیەدا زیاتر لە دیمەنی سێیەمدا دەیبینین، کاتێک باسی ژنێک دەکەن و هەمویان لەدیالۆگەکەدا بەشدارن، شێوازێکە بۆ شیکردنەوەی کارەکتەر، لەم دیمەنەوە تێدەگەیت ستانسلاڤسکی لەڕێی شانۆیەکەیەوە دەیەوێت توێژینەوە لەبارەی ژیانەوە بکات، لێرەدا گەر خالێک شانۆی رۆژ بەدرێژایی ئەزموونی کارکردنی لەڕێی فۆرمی جیاوازەوە ئەو کارە بەئەنجام بگەیەنێت، سەرەنجام بۆ شیکردنەوەی کارەکتەر دەگەرێتەوە بۆ ستانسلاڤسکی لەڕێی ئەم شانۆنامەیەوە.
لێرەدا دوو خاڵی گرنگ لەپشت نووسینی ئەم شانۆنامەیە بۆ نووسەر وەستاوە، یەکەمیان کاردانەوەیەکی ئەخلاقیە بەرامبەر بەو تیپە شانۆییە کە سەد ساڵ پێشتر چوونەتە وڵاتەکەی، بەپێی دۆکیۆمێنتەکان کە لەوتارێکدا بەدوای شانۆنامەکە نووسیویەتی و لەکتێبەکە لەگەڵ وتارێکی منۆشکین و گفتوگۆیەکی هەردووکیان بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چۆن بینەران بە ورووژم بەرەو هۆڵی شانۆگەریەکە هاتونەتە تا کارەکەی شانۆکارانی ڕووسی ببینن.
خاڵی دووەمیش وابەستەی ئەو ململانێ سیاسیەی ئەو دوو بلۆکی سۆسیالیستی و سەرمایەداریەی ئەو رۆژگارە بووە، کە دواتر ئیمزا لەسەر نامەیەک بە ستانسلاڤسکی دەکەن، لەکاتێکدا نمایشەکەی وەک دەسەلاتێکی هونەری سەربەخۆ دیدی ئەوی بەرجەستە کردووە، بەڵام وەک نیلسۆن لەو گفتوگۆیەکەی وێب سایتی «کتێب و فیکرەکان» بەناوی «سەدەی ستانسلاڤسکی» بە زمانی ئینگلیزیی بڵاو بۆتەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە شانۆ و سیاسەت لەیەکتر دانەبڕاون، دیارە ئەو ڕوانینەی نیلسۆن بۆ ستانسلاڤسکیش هەر ڕاستە، بەڵام پرسەکە ئەوەیە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەدوای کۆتایی هاتنی، ناتوانێت ستەمی سەپێنراوی تا کۆتایی حاقیقەت بشارێتەوە، حەقیقەت لەکاری هونەریە، ئەو دێت بەدوای مەرگی بلۆکی سۆسیالیستی لەم شانۆنامەیەدا بوونی خۆی دوای سەدەیەک نیشان دەداتەوە.

نیهاد جامی-فەڕەنسا
——————————–

پەراوێز و سەرچاوەکان:
(١) ریتشارد نیلسۆن شانۆنوس و دەرهێنەرێکی ئەمریکیە لە دایکبوی ١٩٥٠، وەک نووسەری شانۆیی بیست و چوار خەلاتی وەرگرتووە، پەنجا و دوو شانۆنامەی نووسیوە، هەندێکیان لەتێکستی ترەوە وەرگیراون، بەتایبەت دوو کاری لە دوو شانۆنامەی چێخۆڤ وەرگرتووە، پێنج شانۆنامەی بۆ ڕادیۆ نووسیوە، سیناریۆی بۆ پێنج فیلمیش نووسیوە، دواهەمین بەرهەمی سالی ٢٠٢٤ نووسیوە لەژێر ناوی «رۆژانەی جەنگ و شانۆ»
(٢)Notre vie dans l’art /Richard Nelson, l’avant-scène théâtre 2023
(٣) یەکەم نمایشی شانۆنامەکە لە رۆژی ٦ ی دیسێمبەری ٢٠٢٣، چوارچێوەی فێستڤالی پایزدا نمایش کرا.
(٤) بەبڕوای ئێمە ئەو پرسە تا ئێستا لەنووسینی کوردیی لەبارەی سێ خوشکەکەی چێخۆڤ باسی نەکراوە، بۆیە هەر وتارێک لەبارەی ئەم شانۆنامەیە نووسرابێت تەنیا هەولدراوە، باس لەوە بکرێت کە نووسراوە، بەواتای توانای ئەوە نەبووە کە نهێنی نووسین ئاشکرا بکات.
(٥) Stanislavski’s century, an interview with Richard Nelson, www.booksandideas.net




كاریگەرییەكانی شانۆ لەنێو كۆمەڵگادا.. كامەران حاجی ئەلیاس

ئەگەر ئاوڕێك لە ڕەوڕەوەی ژیان لە رابردوو و لە ئێستاش دا بدەینەوە هونەری شانۆ هەمیشە فاكتەرێك بووە بۆ رۆشنبیرو هۆشیاركردنەوەی جەماوەر،زمانێك بووە بۆ گوزراشتكردن لە هەست و سۆز وچێژ بەخشین و ستایكا و داهێنان… شانۆ هەردەم ئاوێنەی گەل بووە گوزارشتی لە ناسۆرییەكانی كردوە لەرێگەی تیشك خستنە سەر لایەنەكانی ژیانی نێو كۆمەڵگا زۆرجاریش چارەسەری بۆكێشەكان دۆزیوەتەوە بۆتە هۆی هۆشیاری و هەستانەوەی كۆمەڵگا.. هونەرو ئەدەب بەپبَی قۆناغەكانی ژیان كاریگەری خۆی هەبووە لە ئاراستە كردنی كۆمەڵگا لەنێو هەمووشیان هونەری شانۆ چونكە هونەری شانۆ بەهۆی ئەوەی زۆربەی رەگەزەكانی ئەدەب و هونەر لە خۆدەگرێت لەهەمان كات دا راستەوخۆ رووبەرووی بینەران دەبێتەوەو هەڵسوكەوت لەگەڵ كۆمەڵگا دەكات كاریگەری زیاترە لە هونەرەكانی تر هەربۆیە شانۆ لە هەموو سەردەمەكانی ئامادەیی هەبووە كەئامانجی لێی تەنیا كات بەسەربردن نییە وەكو هەندێ كەس وای بۆ دەچن بەڵكو هەمیشە ئامانجی سەرەكی بریتی بووە لە هۆشاركردنەوەی كۆمەڵگا لە هەموو بوارەكانی ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی وەكو رۆشنبیری، ئایینی، ئابووری ،رامیاری … لەم ورانگەوە دەرهێنەری ئەڵمانی بەرتۆڵد بریشت دەڵێت ” بینەر گرنگنترین و سەرەكیترین توخمی پێكهاتەی نمایشە شانۆییەكانە تێكستە شانۆییەكان بۆ ئەو نووسراون ،بۆئەوەی بیر بكاتەو تێرامانەكانی لە واقع بكات هەڵوێستی وە هەبێت لەسەر كۆی كارە شانۆییەكان دا”. شانۆ دەتوانێن تۆوی مرۆڤایەتی نیشتیمان پەروەری لە نێو نەوەكان دا چەگەر بكات سەردەمەكانی رابردووش ئەمەی بۆ سەلماندوویین هەر بەهۆی ئەو كاریگەرییەی شانۆدا هەیەتی لەسەر كۆمەڵگا زۆرێك لە دەسەڵاتداران لە سەردەمی كۆن و لە سەردەمی ئێستاش دا هەوڵیان داوە شانۆكاران بۆلای خۆیان رابكێشن بۆئەوەی لەرێگەی ئەوان جەماوەر بكەنە بەلایەنگرانی خۆیان و لەبەرژەوەندی خۆیان بەكار بهێنن،بەڵام هەردەم بەشی زۆری هونەرمەندانی شانۆ لەبەرەی گەل بوونە بگرە زۆرجار بوونەتە قوربانی زۆریان لە پێناو ئەو هونەرە داوە.
بەهۆی ئەوەی هونەری شانۆ لایەنێكی سەرەكییە بۆ بنیاد نانی تاك لەبەرئەوە تایبەت نەبووە بە چینێك یان تەمەنێكی دیاركراوی نێو كۆمەڵگا تا ئەو رادەیەی لە بواری پەروەردەش رۆڵی كاریگەری خۆی هەبووە بەتایبەتیش لەرێگەی شانۆی منداڵ وشانۆیی قوتابخانە و شانۆی زانكۆ..
پەیامی شانۆ هەمیشە پەیامی لێبووردەیی و خۆشەویستی بووە بۆیە دەبێ گرنگی زۆری پێبدرێت لەو كاتەی ئەم هونەرە رۆڵێكی كاریگەری هەیە لە پێگەیاندنی تاك لە نێو هەر كۆمەڵگایەك دا… مێژووی شانۆی كورد لە سەدەیەك زیاترە، بەڵام بەداخەوە ئێمەی شانۆكار تائێستا نەمان توانیوە رێبازێك یاخود رێچەكەیەكی تایبەت بەشانۆی كوردیمان هەبێت هۆكاریش زۆرن..لەسەری هەمووشیانە نەبوونی سەنتەرێكی كۆكەرەوەی شانۆكاران بۆ ئەوەی سەرجەم شانۆكاران لەهەر چوار پارچەی كوردستان بیروڕاكان ئاڵوگۆر بكەن بۆ ئەوەی ئەو پارتەوازەی شانۆكاران كۆبكاتەوە .
بەهۆی پێشكەوتنی تەكەنەلۆژیا و سەرقاڵ بوونی خەڵك لێرەولەوێ گۆرانكاری بەسەردا هاتووە بە واتایەكی تر تووشی قەیران بووە بەتایبەتی لە كوردستان بەڵام شانۆ هەمیشە ئامادەبوون و كاریگەری خۆی لە دەست نەداوە خۆئەگەر لە ئێسادا سەیری ئاستی شانۆ لە وڵاتانی ئەوروپی و دەورووبەری دەرەوەی كوردستان بكەین رۆژانە چەندین نمایشی شانۆیی پێشكەش دەكرێن بگرە دەبێ بینەر چەند رۆژێك نۆرە بۆ نمایشەكان بگرێت لە هەمان كاتیشدا سەرجەم نمایشەكان بە پلیت بگرە نرخی پلیتەكانیش زۆر گرانن ..بەهیواییەی لە داهاتوودا بەرپرسان ئاوڕێكی جدی لەو پرسە بدەنەوە شانۆی كوردیش بگاتە ئاست شانۆیی جیهانی .




کتێب\ ژیریی دەستکردی سەرمایەداری، بەرەنگاری چەپ و بەدیلی گونجاو.. رزگار ئاکرەیی

“ژیریی دەستکردی سەرمایەداری، بەرەنگاری چەپ و بەدیلی گونجاو” بە زمانی کوردی بڵاو کرایەوە. کتێبەکە بەخۆڕایی بەردەستە و وەڵامی پرسیارێکی بنەڕەتی دەداتەوە: ئایا تەکنەلۆژیا لە خزمەتی سەرمایەیە یان ئامرازێکە بۆ ئازادی؟

دابەزاندنی ڕاستەوخۆ:
https://rezgar.com/books/i.asp?bid=5
بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە کلیکی ئێرە بکە..




کولتوری سەقەت.. نەوزاد بەندی

سیستمی فەرمانڕەوایی عێراق هەتاکو کۆتایی فەرمانڕەوایی ئەحمەد حەسەن بەکر ساڵی 1979 سیستمێکی شارستانیی مۆدێرن بوو، دوور لە دەسەڵاتی خێزان و تیرە و خێڵ، بۆ نمونە کوڕ و کچ و برا و خوشک و ئامۆزا و زاوا و خاڵۆزا و مام و خاڵەکانی عەبدولکەریم قاسم و ئەحمەد حەسەن بەکر، کەس نەیئەناسین و دیار نەبوون، هیچ دەسەڵات و پۆست و پلە و پایەیەکی فەرمانڕەواییان لە وڵاتدا نەبوو، واتا وەک هەر سەرۆک کۆمارێکی شارستانیی مۆدێرن، کەسانێکی ئاسایی بوون، بەڵام کاتێک سەدام حسێن هاتە سەر کورسی دەسەڵات، یەکسەر خەزوور و ژن و کوڕ و کچ و زاوا و ژنبرا و خاڵ و مام و ئامۆزا و خاڵۆزا و پاسەوانە تایبەتەکانی سەدام لە شانۆی سیاسەتا قوت بوونەوە، هەر یەکێکیان پلە و پۆست و دەسەڵاتی خۆی وەرگرت، ئیدی کوڕی بکژ و ببڕ، ئامۆزای سەرسەریی و خەزووری چەقۆکێش و جۆرەها دڕندە و تاوانباری بنەماڵەی سەدام وەک گورگ بەربونە گیانی میللەتانی عێراق، یاسا و دەستوور‌ کەوتە ژێر پێڵاوەکانیان، بە جۆرێک هاووڵاتیانی عێراقیان وەک مێش و مەگەز‌ تەماشا ئەکرد و بە ئارەزووی خۆیان ئەیانکوشتن و زیندان و ئەشکەنجە و بزریان ئەکردن.
داهاتی ووڵات وەک میراتیی بنەماڵەکەیانی لێهات و بە بێ سنوور تەخشان و پەخشانیان دەکرد بۆ نمونە کۆمپانیای تایبەت بە پەیکەر و وێنە زەبەلاحەکانی سەرۆک و خزمەکانی لە ووڵاتی ئیتاڵیای سەنتەری پەیکەرتاشیی جیهان، دامەزرێنرابوو، ئەوە لە کاتێکدا سەربازێکی سوپاکەی بە مانگانەی تەنها 21 دینار، پەلکێشی بەرەکانی جەنگە گاڵتەجاڕییەکانی ئەکرا و ڕۆحی ئەکێشرا.
لە دوای ڕوخانی ئەو ڕژێمە ترسناکە گاڵتەجاڕە، گەلانی عێراق بە تەمای سیستمێکی فەرمانڕەوایی مۆدێرن و تێکنۆکرات بوون، بەڵام جێگای پێکەنینه کە نەک هەر ئەو کولتوورە سەقەتەی سەدام قەڵاچۆ نەکرا، بەڵکو بە زیادەڕەوییەوە پەیڕەویی لێکرایەوە، بە جۆرێک ئەگەر سەدام سەدەیەک عێراقی دواخستبێ، ئەوانەی دوای خۆی هەزاران ساڵ عێراقیان بە قوڕدا برد، ئەوەتا بەچاوی سەر ئەبینین لە سەرتاسەری عێراقدا، کوڕ و کچ و خزم و یار و یاوەری سەرۆک و سەرۆک حیزب‌ و بنەماڵە و تیرە و هۆزەکان، هەموویان بڕیار بە دەست و بکوژ و ببڕن، شازادە و ملیاردێرن، بێ باکانە سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی نیشتمان بە هەدەر دەدەن، نەخوێندەوار و گەمژە و هەوەسباز و ملهوڕ، هەموو ڕێز و شەرم و شکۆیەکیان لێ هەڵگیراوە، ڕۆژانە دەیان جار یاسا و دەستووری ووڵات وەک جووتێ پێڵاو لە پێ دەکەن، هەرچییەکیان بوێت، بە چەقەنەیەک دەستیان ئەکەوێت تەنانەت بڕوانامەی دکتۆرا و سەرۆکایەتیی زانکۆ، لە هەموو بەها ڕەوشتی و ئاینیی و مرۆڤایەتییەکان داشۆراونەتەوە، هیچ حیسابێک بۆ عەقڵ و لۆژیک و مێژوو ناکەن، ڕۆژنامە و بیریار و نووسەری ئۆپۆزیسیۆن وەک گیزەی مێشولە تەماشا ئەکەن و هەر کاتێک گیزەکە بێزاری کردن، بە سپرایەکی پف پاف لەناویان ئەبەن.
ئەم کولتوورە سەقەتەی سەدام بووەتە مەزهەب و ئاینی هەموو کاربەدەستانی عێراق، لە بەڕێوەبەری دەزگایەکی بچووکەوە، هەتا ئەگات بە سەرۆکەکانی ووڵات.واتا ئەگەر جاران یەک سەدام هەبووبێ ، ئێستا دەیان هەزار سەدام لە ووڵات بەلەسە بوون و سمکۆڵ ئەکەن و جووتە ئەوەشێنن، جوگرافیا و ئابووری و کۆمەڵایەتیی و زانست و هونەر و ئەدەب و مێژوو و ڕەوشت و هەموو بەهاکانی مرۆڤ ئەشێوێنن و باکیان نییە، لەناو غەریزە و حەزە حەیوانییەکانیاندا نوقوم بوون و بۆ یەک چرکەیش، بچوکترین ڕەخنە له خۆیان ناگرن. جارێکیان پیاوێکی کوێر خۆی ئەگەیەنێتە سەدام پێی ئەڵێ : گەورەم ! بەڕێوەبەرایەتیی هات و چۆ مۆڵەتی شۆفێرییم نادەنێ، ئەڵێن کوێریت.
سەدام حسێن یاسا و لۆژیکی لە پێ کردبوو، لە لوتکەی بەلەسە بوون و خۆ بە خوا زانیندا، بە کوێرەکەی ووت : سبەینێ بڕۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هات و چۆ پێیان بڵێ : سەدام حسێن ئەڵێ مۆڵەتی شوفێریی بدەنێ !!..
ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی سەدامدا، برادەرێک ووتی : ئوتومبیلێکم لە بەرپرسێک کڕی، تابلۆکەی هی بەڕێوەبەرایەتیی هات و چۆی هەولێر بوو، پێم وت میرم بڕۆم بۆ هەولێر بۆ ئەوەی ساڵانەکەی بخەمە سەرخۆم ؟
بەرپرسەکە پێی وتبوو : هەولێری ناوێ، بە هات و چۆی سلێمانی بڵێ هی فڵانە، تابلۆکەت بۆ دەگۆڕن بە سلێمانی!
جێی پێکەنینە سەرۆک خێڵی وای تێدایە تابلۆی کۆمەڵێک لە ئوتومبیلەکانی هەمان ژمارەن.. ههههههه..یان تابلۆیان هەر نییە، کوڕی بەر پرس هەیە کەسێکی بە بێ تاوان کوشتوە، فەخامەتی باوکی نەیهێشتووە کوڕە پیاو کوژەکەی تەنانەت یەک شەویش لە زیندان بێ، بە بەڕێوەبەری زیندانی وتووە : من لەم شارەدا نوێنەری یاسام، واتا نوێنەری یاسا هاتووە ئەم کوڕە لە زیندان بهێنێتە دەرەوە ..ههههههه .. ئەمە چەند گالتەجاڕ و لە هەمان کاتدا خەمگینیشە ..چەند نمونەیەکی خێرام هێنایەوە تاکو حوکمی خێڵ و لەپێکردنی یاسا لە سەردەمی سەدامەوە هەتا ئەمڕۆ، ڕوونتر بکەینەوە.
گەلێک کولتووری سەقەتی تر هەیە کە بە ئاگاداریی و بێ ئاگاداریی، دەسەڵات و میللەت پێکەوە پەیڕەوی لێ دەکەن، بووە بە داب و نەریت، ناتوانن لێی لا بدەن. بۆ نمونە لە سەردەمی سەدامی سەرۆکخێڵدا، لە شارەکانی کوردستاندا لە ئێوارەوە خەڵکەکە دوکان و بازاڕیان چۆڵ ئەکرد و لە ماڵەکانیاندا جێگیر دەبوون، چونکە شەوان لە زۆربەی شارۆچکە و شارەکانی کوردستاندا قەدەغەی هات و چۆ بوو، بۆ نمونە خۆم زیاتر لە جارێک کاتێ ئاڕاستەم لە کەرکوکەوە ه بۆ سلێمانی بووە، سەعات 5 ی ئێوارە، لە بازگەکە، ڕێگایان نەداوم و گەڕێنراومەتەوە بۆ کەرکوک.
ئێستا ئەم کولتوورە سەقەتە هێشتا لەلای زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە توندیی پەیڕەو ئەکرێت، واتا ئێواران هەمووان بۆ ماڵەکانیان ئەگەڕێنەوە، شەقامەکان قەڵەباڵغییەکی زۆر بە خۆیانەوە ئەبینن، بە بێ ئەوەی شەوان قەدەغەی هات و چۆ بێ، تەنها وەک کلتورێکی سەقەت چووەتە ناو خانە و کڕۆسۆمۆمی خەڵکەکەوە، بە بێ ئاگاداریی خۆیان بەردەوامیی بەو ترسەی سەردەمی سەدامی سەرۆکهۆز ئەدەن و پەیڕەویی لێدەکەن، زۆرینەی خەڵکەکە لەگەڵ ئێوارەدا وەک کۆڕەو بەرەو ماڵەکانیان، بە خێراییو پەله پڕوسکێ،ڕائەکەنەوە بۆ ماڵەکانیان.
کولتورێکی تری سەردەمی سەدامی سەرۆکخێڵ، بازگەی نێوان شار و شارۆچکەکان بوو، لە سلێمانی هەتا کەرکوک بۆ نمونە، لە باخی بەختیارییەوە بازگەکانی سەدام دەستیان پێدەکرد، هەتا ئەگەیشتیتە کەرکوک دە دوانزە بازگە ئوتومبیلی خەڵکیان ڕائەوەستاند و داوای ناسنامەیان لەسەر نشینەکان ئەکرد و دایانئەبەزاندن و جانتاکانیان ئەپشکنین، وەک کۆمەڵێک بوونەوەری ئەستیرەیەکی تر لە سەرنشینەکان وورد ئەبوونەوە، لە تاوانبارێکی وەهمیی ئەگەڕان، زۆرجار سەرنشینێکیان لە بازگەکە ڕادەگرت و بە ئوتومبیلەکەیان ئەوت بڕۆ، هەندێک جار ئەو سەرنشینە فێرخوازی زانکۆ و پەیمانگا بوو، لە ڕێی گەڕانەوەیدا بۆ زانکۆکەی لە موسڵ یان بەغداد، لە بازگەی قەرەهەنجیر بۆ نمونە، دابەزێنرابوو، ڕاگیرا بوو، وەک دوژمنی گەل و نەتەوە و ئاڵا زیندان کرابوو ..!!‌
ئێستایش ئەم کولتوورە سەقەتەی‌ سەدامی خێڵخواز درێژەی هەیە و پەیڕەویی لێدەکرێ، لە نێوان شار و شارۆچکەکانی عێراقدا بە کوردستانیشەوە، چەندین بازگەی‌ چەکداریی دەسەڵاتەکان ئەبینین، لە هەندێکیاندا تانک و زرێپۆش وەستاون، چەندین تاسەی بەرز و ناقۆڵا و ڕاگری کۆنکرنێتی بەهێز دانراون، هەتا ئەو تاوانبارە وەهمییانە نەتوانن بە ئاسانیی بۆی دەرچن و لە سزای گەل و نیشتمان قوتار بن!
بە ڕاستی ئەمە کولتورێکە لە یەک کاتدا جێگای شەرم و پێکەنینیشە، بۆ ‌ نمونە بڕۆ بۆ وڵاتێکی وەک ئێران یان تورکیا. لەسەر سنور یەک پۆلیس پاسپۆرتەکەت مۆر ئەکا، ئیتر لە باشماخەوە هەتا ئەگەیتە دەریای خەزەر کە زیاتر لە 10 سەعات شۆفێرییە بە خێرایی سەروو 120کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، یەک بازگە نابینیت یان لە شاری سیلۆپییەوە هەتا ئەگەیتە شاری ئەنکەرای پایتەخت، زیاتر لە 17 سەعات ڕێ بە ئوتومبیل، یەک بازگە نایەتە ڕێت، پۆلیسێک نابینیت مۆڕەت لێ بکا و داوای ناسنامەت لێبکا، به ڕوخسارتا بگەڕێ بەڵکو ئەو تاوانبارە وەهمییە له تۆدا بدۆزێتەوە و قۆڵبەستت بکا !
چ نەخۆشییەکی سەختە ئەم بازگە و تاسە و کۆنکرێت و تەرتیباتە.
کولتوری وێنەی سەرۆک کە پێدەکەنێ و کەسیش‌ ناپرسێ بۆچی پێدەکەنێ، سڵاو دەکا و ڕوونیش نییە سڵاو لە کێ دەکا، وێنەی سەرۆک شتێک ئەخوێنێتەوە یان ئەینوسێ، پەنجە ڕائەوەشێنێ و توڕەیە، سەرۆک لە کاتی ووتارێکی مێژوویی ناسکدا، لە ساتەوەختی بڕیارێکی چارەنوسسازیی گرنگ و بێ وێنەدا، هەموو ئەو وێنانە، کولتوری سەقەتی سەدامی تیرەگەر بوون و لە دوای خۆی شین بوونەتەوە و بە چەندین جۆر پێوەن و موتوربە کراونەتەوە.
کولتوری قات و بۆینباخ پۆشین بە چلەی هاویندا لە لایەن بچوکترین بەڕێوەبەر هەتا سەرۆکەکان خۆیان، کولتوری سەدان پاسەوانی کەڵەگەت و چوارشانە و شارەزا لە فەلاقە کردنی مرۆڤدا، کولتوری کۆشکی گەورە و ناوازە، کولتوری کەناڵی تایبەت بە جوانکردنی سەرۆک و کارەکانی، پڕۆژەکانی، پیاوەتیی و ئازایەتیی و سەرکەوتنەکانی، زیرەکیی و جوانیی و بنەچە پیرۆز و بێوێنەکەی، کلتوری گۆرانی وتن بە قەد و باڵایدا لەلایەن گۆرانیبێژه هەلپەرست و پارە پەرستەکانەوە، شیعر نوسین بەسەر دەسکەوت و ئامانجە مەزنەکانیدا لەلایەن شاعیرە شیعرفرۆشەکانەوە، پڕ کردنەوەی ڕۆژنامەکان بە ووشەی سواو و بێ تام و بێ بۆ بەسەر حوسن و جەمال و دەلال و شەهامەت و سەخاوەتی سەرۆکدا لەلایەن قڕپۆقەکانی ڕۆژنامەوە کە لەسەر پارەی مفت و بێ عەرەق ئەژین،وەک حەربا بە ناو حیزب و مەزهەبەکاندا بۆی ئەخشێن و ڕەنگیان ئەگۆڕن و زمانیان بۆ ناو گیرفانە هەڵئاوساوەکان درێژ ئەکەنەوە و پارەی پێ ئەگرن، دەرئەنجامەکەیشی ئەوەیه ، بڕۆ ڕۆژنامەی حیزبەکان کلیۆ و نیوێکت بۆ ئەکێشن بە هەزار دینار وەک سفرەی نانخوارن و بۆ ناو قەفەزی کەناری و شوشە سڕین بەکارئەهێنرێن نەک بۆ خوێندنەوە.
لە ڕاستیدا مانەوە و پەیڕەوکردن و جوینەوە و کۆپی و پێستکردنەوەی کولتوری سەقەتی سەدامی سەرۆکعێل، دەسەڵات و میلەتێکی کەمئەندام پێشکەش ئەکا، کۆمەڵگایەکی نەبەکام، ئیفلیج دێنێتە بەرهەم، ووڵاتێکی زیندان ،کە تێکڕای دانیشتووانەکەی بە بێ ئاگاداریی خۆیان حەز ئەکەن لێی هەڵبێن، ئەگەر بە سەرهەڵگرتنی یەکجارەکیی بێ بۆ ئەوروپا، یان بە گەشتی دینی و گەشتیاریی، بۆ ئەوەی ئەو کۆمەڵگایانە ببینن کە کولتووری سەقەت بێزاری نەکردوون، جا کە ئەگەڕێنەوە بۆ زێدی کولتوورە سەقەتەکەی خۆیان، یەکەم قسەیان ئەوەیە کە لەو گەشتەیاندا مێشکیان فۆرمات بۆتەوە، یان ئەپدەیت یان شەحن بۆتەوە، ئیتر نازانن چۆن و بە چی ؟چونکە لەو زبڵخانە کولتوورییە سەقەتەی خۆیان بێ ئاگان ..یان ڕاستتر ئەوەندە تیایدا ڕۆچوون و دووبارەیان کردۆتەوە، لایان وایه بەشێکە لە نیشتمانپەروەریی و ئاین و ڕەوشتی بەرزی نیشتمانیی




دوو شیـعری شاعیری ناسراو(فازڵ عه‌ززاوی).. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

(1) کەژاوەی بـێدەنـگ

دەستەکانم لە گیرفانی کون کونمدا ناوە ،
بە شەقامدا ڕادەبوورم
بینیمن
بە دزیەوە ،
لەو دیو مینای چایـخانە و مغـازان
سەیرم دەکەن..
پاشان بە پەلەپرووزێ دێنەدەرێ و دوام دەکەون..

بەئەنقەست وەستام جگەرەیەک دابگیرسێنم
ئاوڕم لە دواوە دایەوە
وەک کەسێ بە پشتی
خۆی لە با دەپارێزی..
نیگایـێکم بۆ کەژاوەی بێدەنگ هاوێت:
دز ، پاشا ، بـکوژ ، پەیامبەر و شاعیر
لە هەموو شوێنێکەوە باز دەدەن و
بەدوامەوەن ،
چاوەڕێی ئاماژەیـێکی منن..
بە سەرسڕمانەوە سه‌رم بادایه‌وە
ڕێگەم گرتەبەر ،
فیکەشم لێ دەدا
ئاوازی گۆرانییەکی باو
خۆم وانیشان دەدا
دەور لە فلیمێـکدا دەبینم
هەموو ئەوەی لەسەرمە بیکەم
تا کۆتاییە تاڵەکە ، هەمیشە بەرەوپێش بڕۆم.

(2) لە پەنجەرەیەکی کراوەوە
بەسەر شەقامێکی تاریکدا

لە کاتێکدا چاوم لە پەنجەرە بڕیوە
گوێم بۆ ژاوەژاوی داگیرکاران لە شەقامدا هەڵـخستبوو ،
پەیتوونه‌کانیان لە تاریکیدا لێ دەخوڕی..
کوڕوکاڵیان بەدواوە بوو دەفیان لێ ده‌دا
کۆیلەی دیلیش زنجیربەند..
مۆتەکە پەنا بۆ من دێنن
لە دەرگای ماڵەکەم دەدەن:
جەللاد و قوربانییەکەی
پاشاو گاڵـتەجار و
نهێنیپارێزی…

جەللاد دێ دەستی بەخوێنی
لەبەر لوولەی ئاوی مندا بشوا
قوربانیی دێ
پیاڵەیێک فرمێسکی سوێری
پێشکەش دەکا..
پاشا دێ عەرشی خۆی
لە باخچەی مندا هەڵدەدا
گاڵـتەجاڕ دێ یارییەکانیم پێشان دەدا
نهێنیپارێز نهێنی خۆیم بۆ دەدرکێنێ..

دوا مۆمم پێ دەکەم
شەو لەبەر پەنجەرە دەوەستم
زۆرن ئەوانەی پێش بەیانیدان
لە دەرگام دەدەن.

• له‌ كۆشیعری (صاعدا حتی الینبوع) شاعیر- بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌زگای (المدی)
چاپی دووه‌م 2003 وه‌ كراون به‌ كوردی.