کورتەچیرۆک: گەلەکۆمە.. نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

ئەم خەڵکە وەکوو شارەمێروولە بەم ناوە بڵاو ببوونەوە، ئەویان دارێک لە دەستی، ئەمیان بەردێک، کەس کەسی نەدەناسی، هەر هەموویان تووڕە و بێزار، هەر هەموویان دەیانقیژاند. «هەی بێئابڕوو»، «دەک داوەشێی لەگەر خۆت و جلکەکانت»، «بەڕەڵڵاییە، بەڕەڵڵایی». هیچ کەسێکیان نەیان دەزانی بۆچی وا دەکەن، بەڵام هیچ گومانیشیان نەبوو کە ئەوەی دەیکەن مافی خۆیانە و کارێکی دروستە.
مێردمنداڵێک داچەماوە و بەردێکی زلی هەڵگرتەوە، پاڵێکی بەم وەنا، پاڵێکی تری بەوی تریانەوە وەنا و خۆی گەیاندە پێشی پێشەوە، تا هێزی تێدابوو ڕای وەشاند، شڵپ بەر شانی لای ڕاستی کەوت، هاواری ڕۆژەڕێیەک بەرز بووەوە. دەنگی ئەڵڵاهو ئەکبەر گوێیەکانی خوایە گەورەکەیانی کاس کرد.
پیرەمێردێک، وەک ئەوەی بیری چووبێتەوە کە تا چەند ساتێکیش پێش ئێستا خۆی بەسەر گۆچانەکەی دەستی چەماندبووەوە، گۆچانەکەی خۆی بەرزکردەوە و تا هێزی تێدابوو بەرەو لای هەڵدا و بە نەرمەغارێکەوە چەند هەنگاوێکی هەڵهێنا، پێش ئەوەی بیری بکەوێتەوە کە پیر و پەککەوتەیە و شڵپ لە شوێنی خۆی بکەوێت.
ئەم دڵە ناسکەی وەکوو داری بیی ناو ئاو هەڵدەلەرزی، تاسا بوو، تۆقی بوو، ئەوە چ ڕۆژێکی ڕەشە بە سەریدا هاتووە. دەبێت چی قەوما بێت. ئاخۆ دەبێت ئاپۆڕەی ئەم خەڵکە لە چییەوە بێت! هەر دوێنێ بوو، بە هەمان تیشێرت، بە هەمان تەننووڕە، لە هەمان شوێن، لە هەمان کات، هەر ڕێک بەم ڕێیەدا تێپەڕیبوو. ئاخۆ دەبێت جیاوازیی ئەمڕۆ لەگەڵ دوێنێ چی بێت!
ئاوڕێکی دواوەی داوە، سەلکە پیازێکی بینی، کە ڕێک وەک دەفرە فڕیوەکان بەرەو ڕووی دەهات، پێ ڕانەگەیشت خۆی لا بدات، سەلکە پیاز ڕێک بەر چەناگەی کەوت و ناو دەم و لووتی پڕ کرد لە خوێن، بۆڕە و هاواری گەیشتە کەلەکەی ئاسمانێ! لە بەختی ڕەشی وی، هیچ کەسێک نەبوو هاوارەکەی ببیستێ و شتێکی بۆ بکات! دار، بەرد، تەماتە، هێلکە، دەستکەللا، پێڵاو، کەوش، تف، بەڵغەم، کتومت وەکوو باران بەسەری دەبارین. ئای، ئەم ڕۆژە ڕەشە چەند درێژە!
پێلاقەیەک لەم لاوە، بەرپێنەیەک لەو لاوە، مستێک لەپشتەوە، هەر بابایە و مستێک، شەقێک، پێلاقەیەکی دەخێوێنێتێ. خۆی پێ نەگیرا و کەوتە سەر زەوییەکە. مست و شەق و پێلاقە بەلێزمە دابارییە سەری. قیژەی ڕۆژە ڕێیەک بەرز بووەوە. ئاسمان چاوەکانی پڕ بوو لە گریان، باڵەخانەکان هەترەشیان چوو، باڵندەکان بەتەوسەوە سەیری ئەم دیمەنە خوێناوییەیان دەکرد و کەوتبوونە قاژەقاژ.
بەرچاوی بەرەبەرە تاریکتر دادەهات، دەنگی ئەو خەڵکە تا دەهات نزمتر دەبووەوە و دەنگی هەناسەشی بەرزتر، هەر قامچییەک، هەر پێلاقەیەک هەنگاوێک زیاتر بەرەو بوورانەوەی دەبرد. هەستی دەکرد کە وەک باڵندەکان وا باڵ دەگرێت، وەک باڵەخانەکان بە تاقی ئاسمانەوە هەڵدەفرێت، وەک خۆر ئاوا دەبێت. لەسەرەوە سەیری ئەم خەڵکەی دەکرد کە کەوتبوونە گیانی لاشە خوێناوییەکەی، ئای ئەوە چ ڕوودەدات.
ئاسمان تا دەهات تاریکتر دەبوو، خۆر پەیتا پەیتا بەرەو زەردەپەڕ هەنگاوی دەنا، ئەم خەڵکەش هەر ماندوو نەدەبوون، هەر وازیان نەدەهێنا. هاوار و قیژە نەما لە دەمی ئەم کچە دەرنەچێت، خوێن نەما لە لاشە بێگەردەکەی فیچقە نەکات! ئەوە چ دڕندەییەکە، ئەوە چ دواکەوتووییەکە!
لە گەرمەی ئەم گەلەکۆمەیەدا بوون، کە دەنگی ئەڵڵاهوئەکبەر لە منارەی مزگەوتەکانەوە بەرز بووەوە، هەرە ڕیش سپییەکەیان، هەر ئەو کەسەی کە چەند ساتێک بەر لە ئێستا بەردێکی لە تەپڵی سەرکی دابوو، هاواری لێ بڵند بوو: «پەرتەی لێ بکەن دەی، با ڕۆژووەکەمان بشکێنین و نوێژەکەمان نەچێت!»




سەبارەت بە کتێبی: ژیریی دەستکری سەرمایەداری، بەرەنگارییەکانی چەپ و بەدیلی گونجاو.. ڕزگار ئاکرێی

سەبارەت بەکتێبی: ژیریی دەستکردی سەرمایەداری، بەرەنگاری چەپ و بەدیلی گونجاو، تەکنەلۆژیا لە خزمەتی سەرمایە یان ئامرازێک بۆ ئازادی؟
ڕزگار ئاکرێی
چەپی سەربەخۆ، ئارەزوومەند بە چەپ و شۆڕشی تەکنەلۆژیا، شارەزا لە پەرەپێدانی سیستەم و حوکمڕانی ئەلیکترۆنی.
rezgar1@yahoo.com
www.rezgar.com

کتێبەکەم ” ژیریی دەستکردی سەرمایەداری، بەرەنگاری چەپ و بەدیلی گونجاو، تەکنەلۆژیا لە خزمەتی سەرمایە یان ئامرازێک بۆ ئازادی؟” بە عەرەبی، ئینگلیزی و کوردی بڵاوکراوەتەوە، هەروەها بەچەندین زمانی جیهانی تر وەرگێڕدراوە.
ئەم کارە بەتایبەتی باسی کێشەی ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیا بە گشتی دەکات، لە چوارچێوەی خەباتی چینایەتی لە سەردەمی دیجیتاڵدا. کتێبەکە کاریگەرییەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر بوارە جۆراوجۆرەکان، لە ئابوورییەوە بۆ سیاسەت، لە کەلتوورەوە بۆ بیرکردنەوە، لە ژێر سیستەمی سەرمایەداری هاوچەرخدا تاوتوێ دەکات.
ئامانجی ئەم کتێبە پێشکەشکردنی شیکردنەوەیەکی چەپی ڕەخنەگرانەیە بۆ ژیریی دەستکرد وخستنەڕووی بەدیلی پێشکەوتووخوازیە بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا ، دوور لە هەژموونی سەرمایەداری کە بەکاری دەهێنێت بۆ زیادکردنی قازانج و بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵ، لەسەر حسابی کرێکاران جا چ دەستی و چ فیکری بێت.

ناوەڕۆکی کتێبەکە ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:
1- دابەشبوونی دیجیتاڵی نێوان چەپ و سەرمایەداری

بۆشایی دیجیتاڵی لەنێوان چەپ و سەرمایەداریدا تەحەدایەکی گەورە لە سەردەمی دیجیتاڵدا دروست دەکات، کەتێدا کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا و وڵاتانی سەرمایەدارەوە باڵادەست دەبن لەبواری دیجیتاڵدا. لەکاتێکدا ئەم هێزانە توانای ماددی و تەکنیکییان هەیە بۆ ڕێنمایی کردن و شێوە پێدانی لایەنە جۆراوجۆرەکانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد، بەڵام چەپەکان، لە زۆربەی کاتەکاندا، لەدۆخێکی لاوازیدا دەمێننەوە، بەدەست دابەشبوونێکی دیجیتاڵی ڕوونەوە دەناڵێنن. لەم چوارچێوەیەدا، بارودۆخی ئێستای چەپ هاوشێوەی “ڕووبەڕووبونەوەی مێرولەیە بەفیل “، کەناتوانێت لەم بوارە زەبەلاح و خێراتردا لەگەڵ زلهێزە سەرمایەدارەکاندا بگونجێت.. ئەم بۆشاییە دیجیتاڵیە بەتەنیا کورتنابێتەوە لەسەر نەبوونی ئامرازەکانی تەکنینکی، بەڵکو دەڕبڕینی لاوازییەکی نەخوازراوی تێڕوانینی سیاسی و ڕێکخراوەییە بۆ بەکارهێنانی ئەم ئامرازانە لە خزمەتی خەباتی چەپدا.

2- نەخوێندەواری دیجیتاڵی
نەخوێندەواری دیجیتاڵی تەنها نەتوانینی بەکارهێنانی ئامرازەکانی دیجیتاڵی ناگەیەنێت، بەڵکو نەتوانینی تێگەیشتن لەچۆنیەتی کارکردنی ئەم ئامرازانە و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانە، تاک و جەماوەر دەگەیەنێت. بەشێوەیەکی گشتی، ڕێکخراوە چەپەکان زۆرجار ئامرازی تەکنیکی کەمیان هەیە یان بەکارهێنانیان تا ئێستا سنووردار و سەرەتاییە و توانایان بۆ کاریگەری لەسەر هۆشیاری گشتی سنووردارە.
خوێندەواری دیجیتاڵی لەناو ڕێکخراوە چەپەکاندا تەنها فێرکردنی ئەندامان نییە چۆن ئامێر و ئەپڵیکەیشنی دیجیتاڵی بەکاربهێنن، بەڵکو ڕاهێنانیان دەکات بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەی سیستەمە دیجیتاڵییەکان لەڕێگەی هۆشیارییەکی ڕەخنەگرانە لەو ئایدۆلۆژیایانەی کۆنتڕۆڵیان دەکەن. ئەم پرۆگرامانە دەبێت جەخت لەسەر پڕچەککردنی ئەندامان نەک تەنها بەئامرازی تەکنیکی، بەڵکو توانای تێگەیشتن لەبوارە سیاسی، ئابووری و تەکنەلۆژییەکان بکەن کەتەکنەلۆژیا پێکدەهێنن، یارمەتیدەر بن بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. نەخوێندەواری دیجیتاڵی چەپ دەخاتە دۆخێکی لاوازەوە لەبەرامبەر ئەو تەحەدایانەی سەرمایەداری دیجیتاڵی دروستی دەکات و بەربەستێک پێکدەهێنێت لەبەردەم مانەوەی کاریگەری لەسەردەمی دیجیتاڵدا. بۆیە پێویستە تواناکانی ئەندامان و سەرکردەکان و ڕێکخەرانی ڕێکخراوە چەپ و جەماوەریەکان لەئاستە جیاوازەکاندا لەسەر ئامرازەکانی سەردەمی دیجیتاڵی مۆدێرن ڕابهێنرێن و پەرەیان پێبدرێت بۆ ئەوەی بتوانن ڕووبەڕووی هەژموونی دیجیتاڵی ببنەوە.

3- پەرەپێدانی توانا و لێهاتوویی تەکنیکی چەپەکان وەک پێویستییەکی خەباتی ستراتیژی
پەرەپێدانی توانای چەپ لەبواری تەکنیکیدا بۆتە پێویستییەکی ستراتیجی هاوتەریب لەگەڵ پەرەپێدانی توانای سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی و میدیایی و جەماوەریدا. هەروەک چۆن هێزەکانی چەپ ناتوانن پشت بەمیدیای سەرمایەداری ببەستن و لەهەمان کاتدا هەوڵدەدەن میدیای سەربەخۆی خۆیان دابمەزرێنن، هەروەک چۆن بیروڕا و سیاسەت و ئامرازەکانی ڕێکخراوەیی خۆیان سەربەخۆ لەئامرازەکانی هەژموونی بۆرژوازی پەرەپێدەدەن، هەروەها دەبێت درک بەوە بکەن کەشەڕی دژی سەرمایەداریی دیجیتاڵی بەئامرازەکانی نەیارەکەی ناکرێت. سەربەخۆی تەکنەلۆژیا بۆتە مەرجێکی بنچینەیی کەتەواوکەری سەربەخۆی فیکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی دێت.
ناکرێت قسە لەسەر ئازادی ڕاستەقینە یان بنیاتنانی پڕۆژەیەکی سۆسیالیستی ڕادیکاڵ بکرێت، لەکاتێکدا ڕێکخراوە چەپەکان دەکەونە ژێر سانسۆری وورد و کۆنتڕۆڵەوە کە لەڕێگەی ئامرازەکانی ژیریی دەستکردی وڵاتە گەورەکان و کۆمپانیا سەرمایەدارییەکانەوە بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانیان پەرەیان پێدراوە. چۆن بزووتنەوەیەکی بەرنامە دادەڕێژن ، خۆی ڕێکخراو دەکات، بنیاتی بەرنامە و ئامرازاەکانی دەکات، لەکاتێکدا بەشێوەیەکی ئەلگۆریتمي لەژێر چاودێری نزیک ئەو ڕێکخراوانەدان کەجەخت دەکەنەوە یان لانی کەم بۆ لەناوبردن و سنووردارکردنی گوتارەکەی و کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوە و کاریگەرییەکەی داڕێژراون؟
نەبوونی ئامرازی چەپی دیجیتاڵی سەربەخۆ مانای ئەوەیە کەچەپ لەحاڵەتی بەرگریدا دەمێنێتەوە و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی ناشاراوە و ئاشکرای دەبێت، دەکەوێتیشە ژێر چاودێرکردن و سەرکوتکردنەوەوە و هەڵدەوەشێنێتەوە. ئایا ئەوانەی بۆ گۆڕانی سۆسیالیستی دیموکراتی دەجەنگن دەتوانن ئەوە قبوڵ بکەن کە لێدوان و جوڵە و شیکردنەوەکانیان بۆ هۆشیاری جەماوەریان لە ژێر ڕەحمەتی ئەلگۆریتمەکاندا بێت کەخزمەت بەلۆژیکی بازاڕ دەکەن و هەژموونی چینایەتی سەرمایەداری لەفۆرماتی دیجیتاڵی پێشکەوتوودا بەرهەمدەهێننەوە؟

4- ڕۆڵی گەنجان لەگواستنەوە و گەشەپێدانی دیجیتاڵی
گەنجان توخمێکی سەرەکین لەپێشخستنی گۆڕانکاری و گەشەپێدانی دیجیتاڵی لەناو ڕێکخراوە چەپەکاندا، چونکە بە هێزێکی جوڵاو دادەنرێن کە دەتوانن ئامرازەکانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەردەمی دیجیتاڵدا نوێبکاتەوە. لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لەجیهانی دیجیتاڵدا ڕوودەدەن، ڕۆڵی گەنجان لەکەمکردنەوەی نەخوێندەواری دیجیتاڵی لەناو پارتە چەپەکاندا گرنگ بووە. گەنجان بڕبڕەی پشتی هەر گۆڕانکاری و گەشەپێدانی دیجیتاڵی پێکدەهێنن کەبتوانێت لەنێو ڕێکخراوە چەپەکاندا ڕووبدات. زۆرێک لە گەنجانی ئەمڕۆ توانایەکی زۆریان هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئامراز و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی خێراتر و کاریگەرتر لەنەوەکانی پێشوو گەشەی سەندووە.
بەهێزکردنی گەنجان لەنێو ڕێکخراوە چەپەکاندا پێشمەرجێکە بۆ گونجاندن لەگەڵ سەردەمی دیجیتاڵی و سوودوەرگرتن لە ئامرازە تەکنیکییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی دیجیتاڵی سەرمایەداری، چونکە توانای پەرەپێدانی ئامرازی نوێی خەباتیان هەیە کەتوانای ڕێکخستن، بەگەڕخستن و کاریگەرییان لەسەر ڕای گشتی باشتر دەکات. هەروەها دەتوانن داهێنان بخەنە ناو میتۆدەکانی خەباتی چەپەوە. گەنجان دەتوانن چالاکانە بەشداریبکەن لەسەرکردایەتیکردنی ئەم گۆڕانکارییە دیجیتاڵییە لەناو پارتە چەپەکاندا، ئەوەش بەهۆی توانای بەرزیان لەبەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ زاڵبوون بەسەر بەربەستەکانی سەرمایەداری دیجیتاڵدا. پێویستە کار بۆ لابردنی هەموو بەربەستە ڕێکخراوەیی و سیاسییەکان بکرێت کەڕێگرە لەچوونە ناو ڕێکخراوە چەپەکان و مانەوە لە ڕێکخراوە چەپەکاندا، دەبێت نەرمییەکی گەورە نیشان بدرێت لەگەڵیاندا، بەگوێرەی گەشەی مەعریفی و هۆشیاریی دێموکراسییان.

5- دیجیتاڵی چەپی نێودەوڵەتی
گرنگی بنیاتنانی نێودەوڵەتی چەپی دیجیتاڵی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی گشتی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا و وڵاتانی سەرمایەداریەوە. ئەم نێودەوڵەتییە دیجیتاڵیانە پێویستییەکی ستراتیژین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی سەرمایەداری لەبۆشایی دیجیتاڵدا، چونکە ئەم هێزە گەورەیانە کۆنتڕۆڵی خۆیان بەسەر ئامرازەکانی تەکنەلۆژیا دەسەپێنن و چەوساندنەوە و خەباتی چینایەتی قووڵتر دەکەنەوە. ئینتەرناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی لێرەدا بە واتای هاوپەیمانی چەپ و پێشکەوتووخوازی جیهانی، تێپەڕاندنی سنوورە جوگرافیەکان و دابەشکارییە ڕۆشنبیرییەکان. هەروەک چۆن چەپ و ئینتەرناسیۆنالی کرێکاری لەمێژوودا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری پێویست بوون، ئێستا پێویستە هاوپەیمانی چەپی دیجیتاڵی دروست بکرێت کەجەخت لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی سەرمایەداری لە دەروازەی تەکنەلۆژیاوە بکات، کاریش بۆ یەکخستنی هەوڵەکانی چەپ لەڕێگەی ئامراز و پلاتفۆرمەکانی سەردەمی دیجیتاڵەوە بکات.
بەپەرەپێدانی هاوکاری نێوان ڕێکخراوە چەپەکان لەسەرانسەری جیهاندا، ئەم نێونەتەوەییانە بەشداری دەکەن لەپەرەپێدانی تەکنەلۆژیای جێگرەوەی بەشداربووان و سەرچاوە کراوەکان کە دڵنیایی دەدەن کە تەکنەلۆژیا لە خزمەتی کۆمەڵگادایە و بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی بڕوات. ئەم هاوپەیمانییە دیجیتاڵییە دەبێت جیاوازی ئایدیۆلۆژی نێوان ڕەوتە چەپە جیاوازەکان تێپەڕێنێت، بەتایبەتی لەم بوارەدا و جەخت لەسەر ئامانجی هاوبەش بکات: دەرهێنانی تەکنەلۆژیا لەچنگی سەرمایە و گۆڕینی بۆ ئامرازێک بۆ ئازادی بەکۆمەڵ.

6- ژیریی دەستکرد لە سێبەری سەرمایەداریدا
سەرەڕای توانا گەورەکانی ژیریی دەستکرد بۆ باشترکردنی ژیانی مرۆڤ، ئەمڕۆ بەشێوەیەک بەکاردەهێنرێت کەخزمەت بە کۆمپانیا گەورەکان و وڵاتانی سەرمایەداری دەکات و ئامرازێکی کاریگەرە لە سەرکوتکردن و کۆنتڕۆڵکردنی دیجیتاڵیدا بەکاردێت بۆ گۆڕینی ناڕاستەوخۆی هۆشیاری جەماوەری، لەڕێگەی ئەلگۆریتمێک کە تاکەکان لەسەر ئینتەرنێت کۆنتڕۆڵ دەکەن.
ئەم ئەلگۆریتمانە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن و ئاراستەی ڕۆشنبیری تاکەکان هەیە، وایان لێدەکات ئامرازێکی هەژموونی ڕۆشنبیری کە بیرۆکەی سەرمایەداری و ڕاستڕەو بەرز دەکاتەوە، و یارمەتیدەرە لەهەڵوەشاندنەوە و سنووردارکردنی بیری چەپ و پێشکەوتووخواز. سەرەڕای ئەوەش، AI بەکاردێت بۆ هاندانی جیاکاری بەهەموو شێوەکانی، هەم لە بازاڕی کار و هەم لە ژیانی ڕۆژانەدا، لەگەڵ بەهاکانی سەرمایەداریدا. هەروەها کاریگەری ژینگەیی خراپی هەیە، بۆ بەکارهێنانی تاوانکارانە بەکاردەهێنرێت، وەک پەرەپێدانی چەک و هەڵگیرسانی جەنگ.

7 – بەدیلی چەپ بۆ ژیریی دەستکرد
ئەو بەدیلانەی لەم کتێبەدا پێشکەش کراوە تێڕوانینێکی چەپی پێشکەوتووخوازە بۆ ژیریی دەستکرد، کەهەوڵ دەدات کۆنتڕۆڵی ئەم تەکنەلۆژیایە لە لایەن جەماوەرەوە بسەنێتەوە و ئاراستەی بکات بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران، چ دەستی و چ فیکری بێت.. AI دەبێت نەک تەنها بۆ باشترکردنی ژیان بەکار بهێنرێت، بەڵکو بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەژموونی سەرمایەداری لەڕێگەی سەرچاوە کراوە و شەفافی چەپەکانەوە.
لەم ڕوانگەیەدا، تەکنەلۆژیا دەبێتە موڵکی کۆمەلایەتی، لەژێر سەرپەرشتی دیموکراسییەکی جەماوەری، دەستەبەرکردنی بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگا. AI دەتوانرێت بەکار بهێنرێت بۆ باشترکردنی کاری بەکۆمەڵ، بەرەوپێشبردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی، و چارەسەرکردنی کێشەکانی وەک هەژاری، پەروەردە، تەندروستی، و یەکسانی جێندەر، دوور لە لۆژیکی قازانج و چەوساندنەوە. AI دەبێت بەکار بهێنرێت بۆ بەدەستهێنانی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان، دەستەبەرکردنی دەرفەتی کاری یەکسان بێ گوێدانە باکگراوندێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری، و تەنانەت بەشداریکردن لە کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن بەبێ کەمکردنەوەی کرێ. هەروەها دەتوانرێت ئامرازێکی کاریگەر بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری، چ جێندەر بێت یان نەژادی، لە ڕێگەی پەرەپێدانی سیستەمی هەڵسەنگاندن لەسەر بنەمای لێهاتوویی نەک لایەنگیری، و پشتیوانی لە پاراستنی ژینگە، پەرەپێدانی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ.

8- بەکارهێنانی وریا و بیرمەندانەی AI بەردەست
بەکارهێنانی AI ئێستا لەلایەن هێزە چەپەکانەوە دەبێت بەوریاییەوە و یان بەئاگاهی بێت. هەرچەندە ئەم تەکنەلۆژیایە بەرهەمێکی سەرمایەداری بێلایەنە نيه، بەڵام توانایەکی گەورەی هەیە کە دەتوانرێت بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەکار بهێنرێت، ئەگەر بە ئاگایی، ڕەخنەگرانە و بە شێوەیەکی ئامانجدار بەکار بهێنرێت. ئەمە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی زانستی کراوەیە، کە تەکنەلۆژیا وەک ئامرازێک دەبینێت کە دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ پەرەپێدانی ململانێی سیاسی، گشتی، میدیایی و تەکنیکی. ئەمە دەبێت لەگەڵ دڵنیابوون لە شەفافییەت، پاراستنی تایبەتمەندی داتا، و سەپاندنی چاودێرییەکی توند مرۆڤ لەسەر بەکارهێنانی AI. هەر بەکارهێنانێکی چەپ لەم ئامرازانە دەبێت لە چوارچێوەی بەرەوپێشبردنی ئامانجە سۆسیالیستییەکان و پێشکەوتووخوازانە بێت، نەک جێگرەوەی کاری مەیدانی، بەڵکو پاڵپشتی و تەواوکەر بێت بۆ بنیاتنانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ.

9- زمانی کتێب، بڵاوکردنەوەی ئەلیکترۆنی و مافی چاپ
زمانێکی سادە و ڕوون لە کتێبەکەدا بەکارهاتووە بۆ دڵنیابوون لەوەی ناوەڕۆکەکە بگاتە فراوانترین بەش لە خوێنەران، بە ئامانجی ئاسانکردنی بیرۆکە تەکنیکییەکان بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن لێیان تێبگەن، چ پسپۆڕی بێت یان ناپسپۆڕ. کتێبەکە لەڕێگەی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی جیهانی “ئەمازۆن” بڵاو دەکرێتەوە و هەروەها لە ئینتەرنێتدا بە خۆڕایی بەردەستە و بە ئەلیکترۆنی بڵاو دەکرێتەوە بۆ ئاسانکاری بۆ زۆرترین خوێنەر و بەبێ هیچ سنوورداریەک بۆ بەکارهێنانی. کتێبەکە بۆ هەمووان کراوەیە، دەقەکانی ڕێگەیان پێدراوە ئازادانە بەکار بهێنرێن، لەوانە بڵاوکردنەوە یان دووبارە بەکارهێنانەوەیان، لەگەڵ ئاماژەکردن بە سەرچاوەکە هەرکاتێک گونجاو بێت، بەڵام زۆرەملێ نییە.

10- دەرئەنجام
شۆڕشی دیجیتاڵی ئێستا، سەرەڕای توانا زۆرەکەی، لە بەرژەوەندی قازانج و هەژموونی سەرمایەداریدا ئەندازیاری کراوە. بەڵام شەڕەکە هێشتا بەتەواوی چارەسەر نەکراوە و سەرمایەداری جیهانێکی تەواو داخراوی دروست نەکردووە. هێشتا بوار بۆ بەدیلی چەپ ماوە، بە مەرجێک کارەکە بە ئاگایی و پلانی درێژخایەن بۆ جەنگێکی زۆر سەخت و ئاڵۆز ئەنجام بدرێت. بەرگری لە سەرمایەداری، بەتایبەتی لە قۆناغی دیجیتاڵیدا، تەنها ململانێ نییە بۆ دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی، بەڵکو بۆ خودی هۆشیاری مرۆڤ: لەسەر ئەوەی کێ کۆنترۆڵی لێشاوی زانیاری و زانیاری دەکات، و کێ هۆشیاری کۆمەلایەتی بەرهەم دەهێنێتەوە.
لە کۆتاییدا بانگهێشتتان دەکەم بۆ بەشداریکردن لە بەرەوپێشبردنی ئەلتەرناتیڤی چەپ بۆ تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد لەڕێگەی دیالۆگ لەسەر مەسەلەکانی بەردەست، چونکە بیرۆکە و پێشنیارەکانی ئەم کتێبە تەنیا خاڵن بۆ دیالۆگی بەکۆمەڵ لە نێو ڕیزەکانی چەپدا.
پەرەپێدانی ئەڵتەرناتیڤێکی پراکتیکی و کاریگەر پێویستی بە گفتوگۆی فراوان هەیە لە نێوان ڕێکخراوەکان و بزووتنەوەکان و کەسایەتییە چەپ و پێشکەوتووخوازەکان لە وڵاتانی جیاوازدا کەببێتە هۆی داڕشتنی پلانێکی ڕوون و کارا. کاتێک ئەم بیرۆکانە دەخەمە ڕوو، ئامانجم دابینکردنی چارەسەری ئامادە نییە، بەڵکو کردنەوەی گفتوگۆیەکی زیندووە سەبارەت بە پێشنۆریەکان، گفتوگۆیەک کەدەبێت بگۆڕێت بۆ بانگەوازێکی کراوە بۆ بەشداریکردن لەگەشەپێدانی دیدێکی چەپی دیجیتاڵی جێگرەوە، بۆ ژیریی دەستکرد بە تایبەتی، و بۆ تەکنەلۆژیا بە گشتی، لە ڕێگەی هەوڵێکی چەپی کۆمەڵ و هاوبەش، رێکخراو و سنوورتێپەڕ.

  • کتێبەکە دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەمانەوە بەدەست بهێنرێت:
    لینکی بەخۆڕایی بۆ کتێبەکە لە ماڵپەڕەکەم.
    عەرەب
    https://rezgar.com/books/i.asp?bid=3
    ئینگلیزی
    https://rezgar.com/books/i.asp?bid=4
    کوردی
    https://rezgar.com/books/i.asp?bid=5
  • لینکی کتێبەکە بە زۆر زمان (ئینگلیزی، ئەڵمانە، فەرەنسە، ئیسپانی، پورتوگالی، دەنمارکی، سویدی، نورویجی، هیندی)، لە ڕێگەی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەمازۆنی جیهانیەوە، بە کەمترین نرخ بڵاوکراوەتەوە:
  • https://www.amazon.com/stores/Rezgar-Akrawi/author/B0DY1BMMXW



ڕۆژی کتێب و کورد.. نەوزاد بەندی

لە ڕۆژی جیهانی کتێبدا، لای خۆمان کۆمەڵێ ووتار نوسران، تێکڕایان باس لە ڕۆڵی کتێب و گرنگی کتێب دەکەن، داوا دەکەن وەزارەتی ڕۆشنبیری مکوڕیی بکات لەسەر بڵاوکردنەوەی کتێب و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر خوێندنەوەی کتێب و نوسینی کتێب و ڕەخنە گرتنی جدیی لە میللەتی کورد کە بۆچی ناخوێننەوە.
لە ڕاستیدا پێوەری هەر دیارەیەک، پێویستی بە شەن و کەو کردنی بارودۆخەکەیە، خوێندنەوەی مرۆڤەکانە پێش چاپکردنی کتێبەکان.بۆ نمونە کاتێ مرۆڤێک نەخۆش ئەکەوێت، نابێ مامەڵەی کەسێکی تەندروستی لەگەڵدا بکەین، بەڵکو ئەبێ سەرەتا بزانین نەخۆشییەکەی چییە و هۆکاری نەخۆشییەکەی چییە و دەرمانی نەخۆشییەکەی چییە.
ئێمە لەبەردەم بارودۆخێکداین ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی نەخوێندەواریی و واز هێنان لە خوێندن لە هەڵکشانێکی خێرادان، زیاتر لە پانزه ساڵە هەڵگری بڕوانامەکانمان دامەزراندنیان لێ قەدەغە کراوە، بەو جۆرە لەبەردەم زیاتر لە 120 هەزار گەنجی خاوەن بڕوانامەی بێ کار و بێ داهاتووداین، زۆربەیان پەشیمانن لەو پڕۆسەی خوێندنەی زیاتر لە پانزە ساڵی تەمەنیانی خوارد و دینارێکی نەخستە گیرفانیانەوە، بەرە بەرە ئینتیمایان بۆ خاک و نەتەوە و کولتوور کاڵ بۆوە و زۆربەیان بیرۆکەی کۆچکردن لە ناخیاندا هات و چوو، تاراوگە بووە تەنها فریادڕەسیان، بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە لەو خاکە دوور بکەونەوە کە بووەتە گۆڕستانی خەون و هیوا و ئامانجەکانیان.
لێرەدا چۆن داوا لەو گەنجانە بکەین لە چاوەڕوانی کارێکدا پیر بوون، کتێب بخوێننەوە؟
بە چی قەناعەت بە دەیان هەزار کچ و کوڕی لاو دەکەیت کتێب بخوێننەوە، بە بڕوانامەیەکی گەورەوە لە فەرمانگەکاندا کار بە خۆڕایی ئەکەن و پێیان ئەووترێت: خۆبەخش ؟ سامان و داهاتی کۆمەڵگایەک لەلایەن بەشێکی کەمی کۆمەڵگاوە قورخ کرابێ و زۆرینەی لێ بێبەش کرابێ، ئەبێ کتێب لە کوێدا جێی بێتەوە و کامیان بیخوێننەوە؟ ئاشکرایە جەردە کتێب ناخوێنێتەوە و ئەوەیشی ماڵ و ژیانی دزرا بێ نایپەرژێتە سەر کتێب خوێندنەوە. ئایا چ لۆژیکێکی تێدایە لەسەر خوانی نیشتمانیی، زۆرینە بۆیان نەبێ بخۆن و پێیشیان بڵێین بۆچی کتێب نانوسن و کتێب ناخوێننەوە ؟ ئەوان بە پێش چاویانەوە خەڵکێک بە بێ ماندوو بوون ئەبێتە ملیاردێر، ئەمان بە ماندووبوونەوە نان نییە بیخۆن، کتێبی چی بخوێننەوە ؟ کەسێک قوڕقوڕاگەی توند شەتەک درابێ و پێی بووترێت بخوێنە و بنووسە، ئەبێ چی بخوێنێتەوەو چی بنوسێت لە کاتێکدا ئەو خەریکە ئەخنکێت.
ئەمە وەک ئەوە وایه بچیتە گۆڕستانێک و داوا لە مردووەکانی بکەیت هەستنە سەر پێ و یارییەکی تۆپی پێ ئەنجام بدەن،ڕاستە تۆپی پێ وەرزشێکی جوان و کۆمەڵایەتییە، کولتوور و نەتەوەکان پێک ئەناسێنێ، بەڵام ئەم داواکارییە لە مردووەکان، نالۆژیکیی و گاڵتەجاڕییە، وەک ئەوە وایە بە کەسێکی برسی و تینوو بڵێیت با بڕۆین گەشتێکی شاخەوانیی بکەین، بە نەخۆشێکی کوامای قاوشی چاودێری وورد بڵێیت هەستە گۆرانییەکمان بۆ بڵێ.
چۆن داوای خوێندنەوەی کتێب لە میللەتێک ئەکەن، گەورەترین هیوا و خەون و ئامانجی هەڵگرێکی بڕوانامە ئەوەیە کارێکی دەست بکەوێت و چیدی دەست لە دایک و باوکی پان نەکاتەوە پارەی پۆشاکێک و جوتێ پێڵاوی بدەنێ ؟ جێگای شەرمەزارییە داوای کتێب خوێندنەوە لە گەنجێک بکەین، دوانزه ساڵە خوێندنی تەواو کردووە هێشتا دانەمەزراوە و بێ کار ئەسوڕێتەوە و یەک دنیا گرێی دەروونیی بۆ دروست بووە، لە پێش چاویدا کۆشک و ئوتومبیلی گرانبەها بە دەست خەڵکی نەخوێندەوارەوەیە و ئەمیش خەو بە مافە سەرەتاییەکانەوە ئەبینێ، هاوسەرێک و دوو ژوور و کارێک ؟ ڕەنگە بوترێت بۆچی گەنجەکان ناچن لە کەرتی تایبەتدا کاربکەن؟ ئاگاداری کۆمپانیایەکی دەرمانم داوای چوار کەسیان کردووە بۆ دامەزراندن، 30هەزار داواکارییان بۆ هاتووە تیایاندایە 5 زمانی زیندووی جیهانیی ئەزانێ، هەڵگری بڕوانامەی پزیشکی دەست ودامانیان بووە وەک پاککەرەوە دایمەزرێنن، با دوور لە تانە و تەشەری دۆست و دوژمن دوو دیناری لە کاری زەمین سڕیندا دەست بکەوێ!
میللەتێک بانگهێشتی کتێبی چی دەکەیت گەورەترین کتێبی فەرمانبەرەکانی ئەوە بێ هەواڵی موچەی مانگ بڵاوبکرێتەوە ؟
ئێمە لە بەردەم کۆمەڵگایەکداین، باری دەروونی و کۆمەڵایەتیی شێوێنراوە، تیۆرەکەی بافلۆفی لەسەر جێبەجێکراوە و بووە بە مرۆڤێکی تاک ڕەهەند، وەک چۆن کاتێ بافڵۆف گڵۆپەکەی دادەگیرساند، لیک بە دەمی سەگەکەدا ئەهاتە خوارەوە، چینی خوێندەواری کوردیش تەنها خوێندنەوەی هەواڵەکانی موچە و دامەزراندن سەرقاڵی ئەکەن و کاری تێ ئەکەن، تامەزرۆیی و گوڕ و تینی تێدا دروست ئەکەن. ناکرێت بەو خەڵکە بڵێیت بۆچی ڕۆمان و شیعر و ووتار ناخوێننەوە ؟ چونکە هەر ئەم میللەتە بوو لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا لای کتێبفرۆشەکان ناوی خۆیان تۆمار ئەکرد بۆ ئەوەی دانەیەکیان لە کتێبێک دەست بکەوێت کە لە ژێر چاپدا بوو، چونکە خەڵکەکە هەمووی خوێنەری جدیی بوون و کتێب بە خێرایی لە بازاڕدا نەدەما. میللەت هەر ئەو میللەتەیە کە 45 ساڵ پێش ئێستا لە هەمان ڕۆژدا کە گۆڤاری نووسەری کورد و کاروان و بەیان و ڕۆشنبیریی نوێ دەردەچوون، یەک دانەی لە بازاڕدا نەدەمان. ئەی بۆچی ئێستا دوای ئەوەی هەزاران کتێبی دەزگاکان لە بازاڕدا تۆزیان لێ نیشت ، بە بارهەڵگری گەورە ڕەوانەی کوردستانی ئەودیو کران هەتا لە کۆمارەکەی قازی خوێنەریان بۆ پەیدا بکەن، شار بە شار گێڕایانن،چۆن بردیانن هەروا هێنایاننەوە، پێویستە پرسیار لە خۆمان بکەین ئەم میللەتە بۆچی بەو دەردە برا؟ ئەم خەڵکە بۆچی کرا بە دوژمنی کتێب؟ بۆچی نوسەر هێندە بێ نرخ و تەنیا و پەڕاوێز‌ خرا، کە لە ڕووی نەیەت بڵێ من نووسەرم؟
لە ڕاستیدا،کاتی سەدام حسێن وڵاتی کوێتی داگیرکرد و سزای ئابڵوقەی ئابووریی بەسەر عێراقدا سەپێنرا، واتا ساڵی 1991، کاتێ نان چووە قوڕگی شێرەوە، کاتێ نووسەران و خوێنەران، کتێبەکانیان هەرزانفرۆش کرد بۆ ئەوەی بە پارەکەی چەند کیلۆیەک ئارد بکڕن و نەهێڵن مناڵەکانیان لە برسا بمرن، کاتێ تەنانەت بیریارێکی گەورەی وەک دکتۆر عەلی وەردی، دەستنوسەکانی هێنایه سەر شەقامی موتەنەبی و هەرزانفرۆشی کردن بۆ ئەوەی نانە وشکەی دوا ڕۆژەکانی تەمەنی پێ دابین بکات، هەر لەو کاتەوە ئیتر کتێب ئەو بەهایەی نەما، چونکە مرۆڤێکی عێراقیی شێوێنراو هاتە گۆڕێ، مرۆڤێک کە هەوڵی یەکبینەی بۆ کۆکردنەوەی خواردن و پارە بوو، ئیتر گرنگ نییە چەندێک خواردن و پارەی هەیە، بەڵکو دۆخێکی دەروونیی بەکۆمەڵی وای بۆ دروست بوو، کە پارە و خواردن ببێتە پیرۆزترین دەسکەوتی، خزمایەتیی و نیشتمانپەروەریی و ئایین و هەموو بەهاکان بوون بە قوربانی پارە و خواردن.
لەبەرئەوە ئەبێ لەلامان ئاسایی بێ لە جێی کتێبخانە فرۆشگای پیتزا و فەلافل دابنرێ، چونکە میللەتەکە ئەوەندە بە فلتەری برسێتیدا براوە، ئەو کاتەی کە تێرە لە هەموو کاتێ زیاتر برسییە. ئەبێ ئاسایی وەریبگرین کاتێ فرۆشگاکانی کتێب ئەبن بەفرۆشگای مۆبایل،چونکە مۆبایل بە لایەنی کەمەوە هەواڵی موچە و هەلی کار و پەیوەندیی لەگەڵ کەسانی دوورە وڵات و هەلی کۆچیان پێ ڕادەگەیەنێ. ئەبێ لەلامان نورماڵ بێ کاتێ خەڵکێکی زۆر ئەگەڕێنەوە بۆخواپەرستی و سەر دەکەنە سەرگەشتی حەج و عەمرە و قورئان لەبەرکردن،چونکە تێکڕایان لە دنیادا مایەپوچ کراون و هەوڵ بۆ ڕۆژی قیامەت دەدەن بەڵکو تیایدا بتوانن هاوسەرگیریی بکەن و ببنە خاوەن ماڵ و ژیانی تایبەتی خۆیان.
لە بەرامبەردا ئەبێ دان بەوەیشدا بنێین خوێنەرێکی زۆریشمان هەن، بەڵام خوێنەری چۆن؟ خوێنەری کتێبی نوشتە و نوکتە و لێکدانەوەی خەون و سیحر و سێکس و ئەو کتێبانەی کە دەڵێن چۆن ئەبیتە ملیۆنێر؟ چۆن بە پاسکیلسواریی ئەگەیتە ئەوروپا ..ئەم خوێنەرانەیش خوێنەری تێکشکاو وخەمگینن، هەوڵ ئەدەن کتێبی ساختە بخوێننەوە دوای ئەوەی لە ژیانی ڕاستەقینەدا هەموو ڕێگاچارەیەکیان بە دەستەوە نەما،بەو جۆرە بە دوای مەحاڵ وخەیاڵپڵاو و فەنتازیادا ئامادەن سەدان کتێبی بێ سود و بێ سەواد بخوێننەوە.
ماوەتەوە بڵێم، هەر لە ساڵانی نەوەدەکاندا، کاتێ کرێچی بووم و ماڵە و ماڵ کەل و پەلەکانم ئەگواستەوە، کرێکارێکی کۆڵهەڵگر کەل و پەلەکانمی ئەگواستەوە، پێی ووتم : مامۆستا! ئەم فەردانە بڕستیان لێ بڕیم، زۆر قورسن، توخوا ئەوە چییان تێدایە ؟
ووتم : کتێب!
بڕێکی باش پێکەنی، ووتی : بریا لە جیاتی ئەو هەموو کتێبە دوو قەلەمونت ڕاگرتایە، من شانزە ساڵ خوێندوومە و ئێستا کۆڵهەڵگرم، وا دیارە تۆ هێشتا خەبەرت نەبۆتەوە!

نەوزاد بەندی




کچـۆڵە سانی ریتەر پیانـۆژەنێکی جیهـانییە.. رەزا شـوان

پێـانـۆژەنی پەرجـوو (مـوعجـیزە) سانی ریـتەر، لە تەمەنی دوو ساڵـییەوە دەستی بە ژەنـینی پیـانـۆ کـرد و چـێژێکی خۆشی لـێوەردەگـرد. لە ئێستادا کـيژۆڵەیەکی شـۆخ و شەنگە و یەکێکە لە پیانـۆژەنە بەناوبانگەکانی جیهان و بە دیان کۆنسێرتی کردووە و لە چەنـدین فـێستیڤـاڵی نیـۆدەوڵەتی بۆ مـوزیک، بە ژەنینی پیانـۆ بەشداریی کـردووە.
سـانی ریتـەر لە شـاری (ڤـێـنا) ی یپایتـەخـتی نەمـسا لەدایـک بـووە. لە تەمەنی (٦) ساڵیدا بەشداریی لە پێـشبڕکێی مـوزیکی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری ئەوروپـادا کرد. سـەرکەوتـنێکی گـەورە و خـەڵاتی یەکـەمی لە گـروپی هـاوتەمـەنـیـدا بەدەسـتهـێـنا و مەدالـیای زێـڕی بـردەوە. لە چەنـدیـن بەرنامەی تەلەفـزیـۆنیشـدا دەرکەوت و پیانۆی ژەنی و بـیـنەرانی سـەرسـام کـرد و خـەڵاتیـان پـێبەخـشی. لەو تەمەنەوە پیانـۆژەنین بـووە بە بەشـێک لە ژایـانی رۆژانـەی و بە دوای داهـێـنانەوەیـە لە مـوزیکـدا.
سانی ریتەر لە تەمەنی (١٠) ساڵیدا، لە موزیکدا، رۆڵی: (بـاخ، مـۆزارت، شۆبـێرت، سۆپـین) ی گـێڕا. پارچە مـوزیکـییەکانی ئـەم مـوزیکـژەنە جیهـانییانەی بە ستایلێکی نـوێ دەژەنی. لـێرەوە نـاوبـانگـێکی زۆری دەرکـرد. بە منـداڵـێکی پەرجـوو ناسـرا.
سانی لە تەمەنی (١٢) ساڵیدا، کۆنسێرتی تایبەتی لە ژەنینی پیانۆدا پێشکەش کردووە.
سـانی ریـتـەر، لە تەمـەنی (١٤) ساڵـیدا، خـوێنـدنی ئامادەیی لە زانکـۆی مـوزیک و هـونەرە جـوانەکـان لە ڤـێـنا تەواوکرد. لە دوای وەرزێکی خوێنـدن لە زانکۆ، چـووە پەیمانگای شاهـانەی مـوزیک لە شاری تـۆرینتـۆ لە کەنـەدا، لە پـۆلی دکتۆر مـایکـل بـیـرکـۆڤـیسکی دا.
لە هـەمـان کاتـدا، دەستی بە کـاری رۆژنـامـەگـەریی کـرد.
سانی ریتەر، لە مانگی سـێپتەمبەری ساڵی (٢٠١٩) دا، روویی بۆ کەنەدا ـ دایـک و باوکی بە رەسـەن کـەنـدیـن ـ پەیـوەنـدیی بە ستۆدیـۆی مامۆسـتاکەی دکـتۆر (مایـکل بێـرکـۆڤـسکی) لە ئاکـادیمـیای تایـلـۆر، لە پەیـمـانـگای شاهـانـەی مـوزیک کـرد.

سانی بە هـۆی پشتگیریی ئان کـۆانی، سکۆلەشـیپێکی (خوێنـدن بەخـشیـن لە زانکـۆ) تەوای ورگـرت. لە ساڵی (٢٠٢١) دا لـە زانکـۆ مـۆزارتـیـۆمی لە شاری سالـزبـۆرگ لە نەمسا، درێـژەی بە خوێندن داوە. لە ساڵی (٢٠٢٣) دا، بـڕوانامەی بەکالـۆریـۆسی لە مـوزیکـدا بەدەسـت هـێـناوە.
سـانی بـۆ یەکـەم جـار لە ساڵی (٢٠٢٢) دا، وەک پیـانـۆژەنـێکی پـیـشەیی ناسرا. لە پێـشبڕکێی نێـودەدەوڵەتی پیانـۆی (میـهایـلا) لە رۆمانیـا دەرکـەوت. خەڵاتی وەرگرت.
پیانۆژەنی ئەفـسانەیی وەک (ئەلفـرید برێـندێـل) کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر شێوازی بەرەپـێـدان و شارەزایی پیـانـۆژەن سانی رویـتـەر هـەبـووە.
سانی ریتەر لە (٣٠) پـێـشبڕکـێی نیـۆدەوڵەتی بۆ مـوزیک لـەم دەوڵەتـانەدا: کەنـەدا، نەمـسا، ئەڵـمانیا، فەرەنـسا، ئیتاڵیا، رووسیا، رۆمانـیا، پـۆڵەنـدا، ئـیسپانـیا، ئەمـریکا
بە ژەنـینی پیـانـۆ بەشداریی کـردووە، خـەڵات و بـڕوانـامەیان پێـشکەشی کـردووە.
سانی ریتەر، لە شاری هـامبـۆرگی ئەڵـمانی، لە پێشبڕکـێی نێودەوڵەتی (ئەلشتاینوای) لەگەڵ کـۆمەڵـێک مـوزکـژەنی بە تەمەن لە خـۆی گەورەتـر، بەشداری کـرد و خەڵاتی یەکەمی بەدەستهــێـنـا.
سانی ریتەر، بـراوەی پـێشبڕکـێی کـۆنسێـرتـۆی لاوان بـوو لە نیـویـۆرک ـ ئەمـریکا.

لە پێـشـبڕکـێی سالـزبـۆرگ بـۆ مـوزیـک ، سانی خـەڵاتی مـۆزارتـیـۆمی وەرگـرت.
سانی لە ساڵی (٢٠٢٢) لە پێشبڕکێی مـوزیک لە پاریـس خەڵاتی یەکـەمی وەرگـرت.

سانی لە (٢٤/ ئادار/ ٢٠٢٥) لەسەر شانۆی گاریبـاڵـدی لە پـارلـیمـۆ، بە سپۆنسەری هـاورێـیانی مـوزیـکی سـیسیلی، کـۆنسـێرتـێکی پیانـۆژەنیـنی پـێـشکەش کـرد.
سانی، کاتێک کە پیانـۆ نەژەنێت، چـێژ لە خلیـسکان و لە مەلەکـردن و لە فـیلـمسازی وەردەگـرێـت.
سانی، ژمـارەی پێـوانەیی (گـلین گـۆڵـد) ی شکانـد و خەڵاتی یەکـەمی بەدەست هـێنا.
سانی ریتەر، بـراوەی خەڵاتی (گـۆڵـدن نـۆت) ە، وەک باشتریـن پیانـۆژەن لە نەمسادا.
سانی ریتەر، تا ئێستا لە چەند فـیلـمێدا بەشداریی کـردووە و رۆڵی نـوانـدنی هەبـووە. ، لە تەمەنی (١٣) ساڵیدا لە دوو فـیلمدا بەشداری کـرد. فـیلمئ (پیانۆژەنی بەناوبابگ) و فـیلمی ( ئەسـتێرەکـان و بەهـرە) لە دەرهـێـنانی لـیۆنا کـۆیـنگ.

وەک باڵـیۆزێکی تازەپـێگەیـشتووی کـۆمپانیـای میـوزیک تـراڤـلەر، سـانی دەرهـێنەر و رۆڵی سەرەکیی لە فـیلـمی (سانی یـاریی هـۆکی دەکـات) و لە فـیلـمی (هـاورەگـەزبـازان رووبـەڕووی لەنـاوچـوون دەبنـەوە).

(*) بۆ ئـەم نووسـینە، ســوودم لە چەنـدیـن سایتی ئـینگـلیزی وەرگـرتـووە.
دوبـەی: ٢٠٢٥




نامەیەك بۆ باوكم.. نوسینی: ئەشرەف شاهین.. و: رەوا حەمەجان

سوپاس . . باوكە

باوكی ئەزیز. . باوكی بەسۆز. . باوكی بەخشندە. .
سوپاس
تەنها ئەوەم هەیە پێت بڵێم سوپاس، بەڵام كام سوپاس شایەنی ئەوەیە كەتۆ بەمنت بەخشیوە . . مەبەستم لە خواردنو خواردنەوە نیە . . بەڵكو مەبەستم لەوەیە كە فێرت كردووم لە هزر . . لە پێشەنگی. . لە پەروەردەكردن.
ئەی باوكو پێشەنگ و نموونەی گەورەی ژیانم . .
بڕوام پێ بكە لە بیرم نەكردووەو لە بیری ناكەم، بۆ هەمیشە لەیادمدایە . . بیرم نەچووە ئارامیەكانت لەسەر هەڵەكانمو ئامۆژگاریە جوانە لەسەرخۆكانت . . لە باوەش گرتنە گەرمەكانت هەرگیز لەیاد ناكەم . . هاندانەكانت هەرگیز لەیاد ناكەم . . دەست بەسەردا هێنانە جوانەكانت هەرگیز لە یاد ناكەم . . هەرگیز یاریكردنە بەردەوامەكانت لەگەڵمدا لەیاد ناكەم . . هەمیشە بڕوا بوونە زۆرەكەت پێم لە یاد ناكرێت.
باوكی ئازیزم:
بەڵێ من خۆشم دەوێت . . بەڵی خۆشم دەوێتو دەزانم خۆشەویستیم بۆتۆ یەكسان نیە لە گەڵ خۆشەویستی تۆ بۆ من . . كاتێك قسەم لە گەڵ دەكەیت هەست بەوە دەكەم خۆشت دەوێم . . بە دەمەوە پێدەكەنی. . دەست دەكەیتە ملم . . بەڵكو هەست بە خۆشەویستیت دەكەم باوكە كاتێك ئامۆژگاریم دەكەیت . . سەیرە تەنانەت ئەو كاتانەش كە سزام دەدەیت دیسان هەر هەست بە خۆشەویستیت دەكەم بۆم . . هەرگیز هەستم نەكردووە، كە سزام دەدەیت وەك تۆڵە كردنەوەیك لێم، یان وەك بەتاڵكردنەوەی توڕەیت بەرانبەرم، بەڵكو هەست دەكەم كاتێك سزام دەدەیت ئەوە لە قازانجی خۆمدایە . . بەڵێ لە قازانجمدایە.

باوك و پێشەنگ و نموونە و خۆشەویستم:

ئەو چەند چركەیەت لەبیرە، كە هەموو رۆژێك بۆ منت تەرخان كردبوو. . گوێت لێ دەگرتم . . پرسیارت لێدەكردم سەبارەت بە رۆژەكەم چی تێدا ڕوویداوە . . گفتوگۆت لەگەڵ دەكردم سەبارەت بە چارەسەركردنی گرفتەكانم . . پاشان بەجێت دەهێشتم و بزە ڕووتی دادەپۆشی . . تۆ نازانی باوكە ئەو چەند چركەیە لەلام چەند بە نرخ بوون . . ئەو ساتانە چ ڕۆلێكیان هەبوو لە دروستكردنو پەروەردەكردنمدا . . هەستم بە خۆشەویستی و رێزدەكرد، سەرەڕای هیلاكیو ماندووبونت پارێزگاریت لەو چەند چركە گران بەهایە دەكرد . . بڕوام پێ بكە باوكە زۆر چاوەڕوانی ئەو رۆژە دەكەم، كە منیش منداڵم ببێت و كاتێكی تایبەتیان پێ بدەم، هەروەك چۆن تۆ كاتی تایبەتت دابوو بە من . . كەوا بوو مژدە بێت باوكە كاریگەری پەروەردەكردنەكەی تۆ دەگوازرێتەوە لە منداڵەكەتەوە بۆ نەوەكانت لە نەوەكانیشتەوە بۆ نەوەی نەوەكانت . . كاریگەری پەروەردەكردنەكەت درێژدەبێتەوە تاكو ئەو كاتەی كە خوای گەورە ویستی لەسەر درێژبوونەوەی ئەم خێزانەی تۆ هەبێت.

باوكی خۆشەویستم:
لە بیرتە هەموو هەفتەیەك یاری بۆكسێنمان پێكەوە دەكرد. . ئێستا هەست دەكەم ئێمە تەنها یاریمان نەدەكردو بەس . . بەڵكو ئێمە یاری خۆشەویستیمان دەكرد . . یاری سۆزمان دەكرد . . یاری پەروەردەكردنمان دەكرد.

باوكی خۆشەویستم:
رۆژێكیان بە بێ ئەوەی بزانیت گوێم لێبوو، قسەت لە گەڵ مامۆستاكەم دەكرد و وپێداهەڵدانی لایەنی دەروونیمت دەكرد، لە گەڵ ئەو شتانەی كە منی پاراستووەو هانمیداوە . . ئەو رۆژ سەرم سوڕما لە رۆشنبیریەكەت ئەو رۆژ دڵخۆش بووم بەوەی كە بایەخم پێدەدەیت . . ئەو رۆژ دڵخۆش بووم بەوەی كە بڕوات پێمە، هەرگیز گوێم لە وشەیكی خراپ نەبووە كە پێم بڵێیت . . پێشتر و ئێستاش چ باوكێكی . . چ مامۆستایەكی باوكە . . چ پەروەردكارێكی باوكە . . خۆشم ئەوێیت باوكە . .
باوكی خۆشەویستم:
لە تۆوە فێربووم توڕەیم بخۆمەوەو جڵەوی خۆ بگرم، چۆن ئەوە فێر نەبم كە من لە یادمە باوكە كاتێك، كە توڕەم دەكردی، ئەگەر چی نیشانەی تووڕەبوون لەسەر دەموچاوت دەبینرا، بەڵام تووڕەیت دەشاردەوەو گفتوگۆكردنت لەگەڵمدا دوادەخست بۆ ئەو كاتەی كە ئارام دەبوویتەوە . . هەركاتێكیش گفتوگۆمان دەكردو منت لە هەموو كەس زیاتر رازیی دەكرد . . من لە هەموو كەس زیاتر هێمن دەبوومەوە . . من لە هەموو كەس زیاتر بە ئەدەبم دەبووم . . هەروەها لە تۆوە فێری ئەوە بووم كە بەسەر تووڕەبووندا زاڵبم، لە تۆوە فێری ئەدەبی گفتوگۆبووم . . ئەمە هەرگیز لەبیر ناكەم.

باوكی خۆشەویستم:
ئەی ئەوكەسەی كە هەرگیز گوێم لێ نەبووە جنێوو سوكایەتی كردن بەكار بهێنت، یان وشەی گاڵتە پێكردنو سوككردن بەكار بهێنیت . . خۆشم دەوێیت باوكە گیان . .

باوكی خۆشەویستم:
ئێستا ئەو شتانەم لەبیرە، كە لێم داوا دەكردیتو تۆش رەتت دەكردەوە بە ڕاستی هەندێجار توڕەدەبووم . . بەڵام ئێستا دەزانم تۆ چەند باش بوویت باوكە، كە هەندێك لە داواكانمت رەتدەكردەوە . . ئێستا دەزانم، كە ژیان هەرگیز هەموو ئەو شتانەمان پێنادات، كە ئارەزووی دەكەین . . بەڵام كەئەمەم بۆ دركەوت تووشی خورپە نەبووم . . چونكە لەكاتێكی زۆر لە پێشترەوە ئەمەم زانیبوو . . ئەمە لە كەسێكی گەورەوە فێربووم . . باوكە دەزانی ئەو كەسە گەورەیە كێیە . . ئەو كەسە تۆیت . . بەڵێ ئەی گەورەترین باوك . . ئەی جوانترین باوك . . ئەی خۆشەویسترین باوك . .

باوكە . . خۆشم دەوێت.
(منداڵ و خزمەتكارت )

سەرچاوە: لە كتێبی (پەروەردەكردنی نموونەیی)




كانیاوی خۆشەویستیت.. كاوەی خەسرەوكاوانی

                                                                              

كە بەیانیان لەگەڵ گوڵدا
عەتری عیشقت بەسەرمن دا
دەباراندو دەبوویتە هاوڕێ ی جوانی…
هێشتا رۆحی خۆشەویستیم
زامدار نەكرا بوو بەچەقۆت، ناخ و گیانی…
ئەو ئێوارەی زۆر جار دەیویست
لە سوچێكی ئەم گەردوونە
بە ژووانێك شادمان بكات …
ئێستا ئەویش بێ ئۆقرەیەو
وا خەریكە هێواش هێواش
لە ناخدا لە یادمان بكات…
خۆشەویستی وەكو خەیاڵ
كەی خاوەنی سنوور بووە…
عیشقم لای تۆ رووناكی بوو
ئەی بۆ ئێستا چرایێكی
پڕخامۆشی بێ نوور بووە…
هەنگاوەكان هێزیان تۆ بووی
ئیستا جولەی رۆیشتنیان بیرچۆتەوە…
لێوەكانم كانگای خەندەو پێكەنین بوون
هەرچی هەبوو هەمووت برد لەگەڵ خۆتەوە…
كانیاوی خۆشەویستیمان رژایە نێو
رووبارێكی پاش بارانی سەرشێتەوە…
من دڵنیام نەمن نەتۆ لەم گێژاوە رانەهاتووین
باجارێ تر لەگەڵ یەكەمین بارانا
لە نێو رۆحی كانیاوەكانا بێتەوە …
28/11/2010