جوانی لەنێوان گۆشەنیگای سێكسی/ وزەی ئیرۆتیکیدا.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(ئاوڕدانەوەیەك لە كتێبی ڕزگاركردنی جوانی، بیۆنگ- چول هان)

چەمكی جوانی لە شارستانیەتی یۆنانەوە پەڕیوەتەوە نێو شارستانیەت و كلتووری گەلانی دیكەوە. بەڵام هەتا ئێستا هزری مرۆڤایەتی پێوانەیەكی دیاریكراوی بۆ جوانی نییە، رەنگە هەرواش بمێنێتەوە.. لەسەردەمی مۆدێرنەدا جوانی لەگەڵ نەرمی تەواو هاوئاهەنگە، نەرمی وەك هۆکاری سەرەکی چێژ، وەک پێکهاتەیەکی جوانی بینراو ئەژمار دەکرێت، بەو مانایەش نەرمی لەوێوە بۆ چێژوەرگرتن گونجاوتر دەردەكەوێت، كە هیچ بەرگرییەک نیشان نادات.. بەڵام ئەو شتانەی زبر و تووند و تیژن، ئەندامەکان دەڕووشێنن، دەبنە هۆی ئازار و برینداركردن.. ئەوەش دەبێتە هۆی گرژبوونی تووند و تیژ، یان گرژبوونی ریشاڵی ماسولکەکان. نەرێنیبوونی ئازار هەستی جوانی تا ڕادەی تووندی لاواز دەکات، جوانی کەم دەکاتەوە.
سروودی جوانی
لەنێو چاوانتەوە هەم ئاوابوونی خۆر
هەم سەرهەڵدانی كازیوە بەدی دەكرێن
وەك رەشەبای ئێواران بۆنوبەرامە دەپڕژێنی
ماچت شەرابی عیشقە و زارت هەر چەشنی گۆزەیە
قارەمان ترسنۆك و منداڵانیش بوێر و ئازا دەكەی
پێم بڵێ تۆ لە كەندڕانەوە بەرز دەبیتەوە
یان لە هەسارەكانەوە دادەبەزی
(بۆدلێر)

بیۆنگ -چول هان
فەیلەسوفی (ئەڵمانی بە رەگەز کۆریای باشوور) بیۆنگ -چول هان (لەدایکبووی ١٩٥٩/ سیئۆل)، مامۆستای زانکۆی هونەرەکانە لە (بەرلین)، بە هۆی توێژینەوە و وتارە سەرنجڕاکێشەکانییەوە لە ماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا بە یەکێک لە رەخنەگرە هەرە وردەکانی (سەرمایەداری دیجیتاڵ) دادەنرێت. لە كۆی رەخنەكانیدا جەخت لەسەر چەمكی بەتاڵکردنەوەی ئەزموونی مرۆڤ و زستانی شارستانیەت و ژیانی ساتەوەختی پچڕ پچڕ و لاوازكردنی پەیوەندی ڕاستەقینە و چێژی هونەری و جوانی.. دەکاتەوە. بیۆنگ -چول هان لەڕێگای کارکردنی لەسەر بیری رۆمانتیکی ئەڵمانی و فەلسەفەی رۆژهەڵاتی، ئاماژە بە دەرفەتی جێگرەوە دەکات، هەرچەندە دەستنیشانکردنەکانی هەندێجار رەها دەردەکەون! بەڵام کارەکانی تێڕوانینی بەنرخ دەربارەی کۆمەڵگای ماندوو (پڕتوكاو) پێشکەش دەکات.
پرسیاركردنی ئه‌مڕۆ بۆ ژیان زیاد له‌ ئاستی خۆی مردووین، بۆ مردنیش زیاد له‌ ئاستی خۆی زیندووین.. ناڕاستەوخۆ پرسیارێكە لەسەر چۆنیەتی بەتاڵکردنەوەی ئەزموونی مرۆڤ.. پرسیارێكە لەبارەی زستانی شارستانیەت و خۆشەویستی و جوانی و چێژی ئەدەبی و هونەری.. ئەمڕۆی (کۆمەڵگای دەستکەوت) لەسەر خودی ئەرێنی کار دەکات، لەسەر دەنگی بەردەوامی ناوەوە، کە دەڵێت (تۆ دەتوانیت) لە جیاتی (تۆ دەبێت) ئەوەش ئازادییە دژ بە ئازادی، کە مرۆڤ زیاد لە پێویست ماندوو دەکات، نەک ڕزگار بکات. چونکە دەبێ تاکەکان لەسەر ژیان بەردەوام کێبڕکێ لەگەڵ خۆیاندا بکەن.

دڵی جوانی شكاوه
ئاسمان دیار نییە، هەتا وەك (ئیمانۆیل كانت) باس لە ئه‌ستێره‌كانی بكەین.. یاسای مۆڕاڵیش له‌سه‌ر كورسی له‌ناوەوەی منی عاقڵدا دیار نییە. له‌ دەرەوە لە هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ بە (گرتەی نزیك) دیمەنەكان رۆناك دەكرێتەوە.. ئیتر رۆحی هیگڵی و عه‌قڵـی كانتی دژ به‌ كاره‌سات و به‌رانبه‌ر به‌ ده‌ره‌وه ڕۆڵیان تەواو بووە. (جوانی سرووشتی) له‌به‌رانبه‌ر گرتەی ژیانی لەناكاوی (تۆ دەتوانیت) به‌ دڵشكاوی ده‌رده‌كه‌وێت.
(تیۆدۆر ئادۆرنۆ) دووبارە ژیان بە بەر جوانی سرووشتیدا دەكاتەوە و دەڵێت: نه‌فی شكاو، بەردەوام درووستكه‌ری جوانییه‌. بێ ئه‌و نه‌فی شكانه‌، جوانی لاواز ده‌بێت. بەڵام ئه‌و فۆرمه‌‌ (ئادۆرنۆ)ییە بێ به‌ری نییه‌ له‌ نێودژی، چونكه‌ یه‌كێتی ئه‌و فۆرمه‌ له‌ لایه‌ن ئەویدیكەی جوانییەوە تێكدەشكێ. بەو مانایە بەردەوام دڵی جوانی دەشكێت.
ئەی جوانی، تۆ لە بەرزایی ئاسمانەكانەوە دێیتە خوارێ
یان لە قووڵایی خەرەندانەوە؟
سیمات هەم دۆزەخین و هەم یەزدانی
لە هەمان كاتدا، خێر و تاوان تێكدەچڕژێنی
بۆیە دەشێ بە شەرابت بچوێنین..
+++
ئەی جوانی!
گاڵتەجاڕانە بەسەر لاشەی مردواندا گوزەر دەكەی
خشڵی سامناكیەكانت بێ ئەفسوون نین
ئەی شەمی شەوان، پەپوولە بەرەو تۆ دەفڕن
باڵەكانیان هەڵدەكڕووزێن و دەڵێن:
ستاییشت لێ بێ ئەی چرا!
+++
عاشقی سووتاو شۆڕبۆتەوە بەسەر مەعشووقدا
رۆحی لە ترپەترپ دەكەوێ و نەوازش لەگەڵ گڵكۆ دەكا
+++
( چەند كۆپلەیەك لە سروودی جوانی- گوڵی خراپە، شارل بۆدلێر، ئاراس، هەولێر، 2001. وەرگێڕانی لە فڕەنسییەوە، ئەحمەدی مەلا).
لە گوڵه‌كانی خراپه‌ی بۆدلێردا له‌ سروودی (ئاوازی جوانی) جوانی كاره‌ساتێكه‌ كه‌ رێكخستنی ئه‌ستێره‌كان ده‌شێوێنێت. جوانی ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌یه‌ كه‌ په‌پووله‌ خۆی لێنزیك ده‌كاته‌وه‌ و باڵەكانیان گڕ ده‌گرێت. مه‌شخه‌ڵ و گۆڕ (لە زمانی فڕەنسی) له‌گه‌ڵ یه‌كدا هاوسه‌روان، جوانی به ‌هەمان شێوه‌ی مه‌شخه‌ڵ له‌سه‌ر گۆڕیش هه‌ڵكۆڵراوه‌. نه‌فیبوونی كاره‌سات، چركه‌ساتی جوانییه‌. جوانی، ئێمه‌ له‌ ترس ده‌پارێزێت. به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ترس له‌ رێگای جوانییه‌وه‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌، جوانی وێنه‌ نییه‌، به‌ڵكو په‌رده‌یه‌كی نمایشه‌. (بڕوانە جوانیناسی كارەسات، بیۆنگ- چول هان. له‌ فڕه‌نسییه‌وه‌: فازڵ مه‌حموود، كردوویە بە كوردی. سایتی ژنەفتن، 19ی نیسان، 2021).
بە گشتی جوانی لە ئەرێنیدایە، هۆکاری سەرەکی چێژوەرگرتن لە ئەرێنیدایە، لە ئارەزووكردنی خواردندایە.. بەو مانایەش چەمكی ئەرێنی وەك بە بەشێکی دانەبڕاوی جوانی، مەعریفە دەگەیەنێت، وەك چۆن خەیاڵ و تێگەیشتن لە بەرهەمهێنانی مەعریفەدا بەشدارن. لەوێشەوە وەك یارییەكی ئازاد و جیاواز بەسەر جوانیدا دەكرێنەوە و رۆڵی خۆیان لە چاوەڕوانی جوانیدا وەك زانین و كردار دەگێڕن.. بە دیوەكەی دیكە رەنگە جوانی لەسەر خۆی مەعریفە بەرهەم نەهێنێت! بەڵام میکانیزمی جوولەی مەعریفی دەپارێزێت. هەر بەو مانایەش خود بەدوای جوانیدا دەگەڕێت، کاتێک خود ڕووبەڕووی جوانی دەبێتەوە، عاشقی خۆی دەبێت. كەواتە جوانی هەستێکی ئیرۆتیکییە، نەك هەستکردن بە شتەکان، هەستکردنە بە خۆی. چێژ لە جوانیدا چێژە لە خودی خۆیدا.
چەمكی خود، وەک (ئیمانۆیل کانت) بیری لێکردۆتەوە، بەردەوام خۆی هەڵدەگرێت بۆ خۆی. هەرگیز خۆی لەدەست نادات، هەمیشە خۆی لە دەستێوەردانی دەرەکی دەپارێزێ و كار بۆ خۆبوونی ئۆتۆماتیکی دەكات. لێرەوە ئادۆرنۆ لە جوانیناسییەکەیدا جەخت لەسەر توخمە ئۆتۆ-ئیرۆتیکەکە دەكاتەوە، بەو مانایەی كە هیچ شتێک نەتوانێ ببێتە هۆی ڕووشاندنی.. بەڵام ئایا چێژ لە جوانیدا، چێژی خودە لە خۆیدا؟ جوانی دەستبەجێ دڵخۆشمان دەكات، بەڵام هەستیاری دەستبەجێ نابێتە هۆی هەستکردن بە دڵخۆشی. چونكە دەكەوێتە دەرەوەی خەیاڵ و مەعریفەوە بۆ نموونە: هەستكردن بە ئازار یان ناڕەحەتی، ترس لە مردن..
سرووشت لە بێدەنگی خۆیدا بەشێكی گەورەی جوانی هەڵگرتووە، كە ئامانجی ئەوە نییە لەڕێگای دەنگدانەوەی (واو چەند جوانە) بەرجەستەی بكەیت، لەو حاڵەتەدا (واو چەند جوانە) جۆرێکە لە سووکایەتیکردن بەو بێدەنگییەی کە بەسەر دیمەنەکەدا زاڵە، كورتكردنەوەی تێگەیشتنی جوانییە بۆ تەنیا وشە-دەنگ.. سرووشت لە بێدەنگی خۆیدا جوانی دەنوێنێ و بە تەواوی خۆی لە لۆژیکی بەکاربردن دوور دەخاتەوە، هەمیشە جوانی سرووشتی بە داخراوی دەمێنێتەوە! جوانی سرووشتی خۆی لە هەر هەوڵێکی پێناسەکردن دەدزێتەوە. پەیوەندییەکی جەوهەری لەگەڵ مۆسیقادا هەیە…
ئەوەی لە سرووشتدا دەدرەوشێتەوە لەو ساتەدا نامێنێت کە هەوڵی گرتنی دەدەیت! بەو مانایەش جوانی سرووشتی بە پێچەوانەی (جوانی دیجیتاڵی) وەستاوە. جوانی دیجیتاڵی بە تەواوی نەرێنی ئەویدیكە لەناو دەبات. جوانییەکی تەواو نەرمە. جوانی دیجیتاڵی فەزایەکی نەرم بۆ رۆح پێکدەهێنێت، کە رێگا نادات هیچ شتێکی نامۆ، یان سەر بە ئەویدیكە بێتە ژوورەوە.. بەهۆی دیجیتاڵکردنی کۆی ئەو شتانەی کە هەن، مرۆڤ تەنها لەگەڵ خۆیدا کۆدەبێتەوە.
جوانی سرووشتی خۆی لە پێناسەكردن و بەکاربردن دوور دەخاتەوە، بەڵام جوانی دیجیتاڵی جیهان بۆ تۆڕێکی فرەچەشنی یەکگرتووی کۆنترۆڵكراو دەگۆڕێ و لەناو فەزای ڕووت و نەرم و ئەرێنی بینراوی سەرسوڕماودا درێژ دەبێتەوە. كەواتە جوانی سرووشتی كراوەیە و جوانی دیجیتاڵی كۆنترۆڵكراو.. پرسیار ئەوەیە، ئایا جوانی شاراوەیە، یان ڕووت؟

جوانی
لەنێوان پۆڕتۆ و ئیرۆتیكدا

قسەیەكی (ڤاڵتەر بنیامین) هەیە، كە دەڵێ جوانی لە (جەوهەر)دا مەیلی لە دەركەوتنە. بەڵام لە كتێبی (ڕزگاركردنی جوانی) ڕووتی و جوانی شانبەشانی یەکتر ناڕۆن. چونكە لەو قسەیەی بنیامیندا ئەوە جەوهەری جوانی نییە ڕووت دەبێتەوە، بەڵكووو ڕووخساری جوانییە ناڕاستەوخۆ خۆی دەردەخات، لێرەدا جوانی وەك ڕووخسار و ناوەڕۆك لێكجیا دەبێتەوە. جوانی وەك ڕووخسار مەیلی دەركەوتنی هەیە، بەڵام وەك ناوەڕۆك مەیلی لە شاراوەییە و ئەوەی دەرنەکەوتووە داپۆشراوی خودی جوانییە! بە مانایەكی دیكە نهێنی جوانی و هەڵوێستی جوانی لە خۆبەدەستەوەنەدانی هاتووە..
جوانی ڕووخسار كە ڕووتە، بە زەرورەت جۆرێکە لە دەركەوتن، بەڵام لە ناوڕۆكدا جوانی خزە و بە زەحمەت دەگیرێ.. هەر بەو مانایەش (بیۆنگ-چول هان) پشتیوانی لە داپۆشینی قەشەنگانەی دژ بە ڕووتییەکی ڕووت دەکات، چونكە پێیوایە ڕووتی ئەوەیە، کە هیچ داپۆشراوێتییەکی تێدا نییە و بەوەیش دەبێ بە پۆرنۆگرافیا. پۆڕنۆگرافیا وەك ڕووتی، هیچ نهێنییەكی تێدا نییە و پێچەوانەی جوانییە. هەمیشە پۆڕنۆگرافیا وێنەی بێهەڵوێستن، کە نیاز و تێڕوانینیان نییە، بە تەواوی بە پێشکەشکردنی تەنها یەک شت پەیوەستن ئەویش سێکسە..
بەڵام جوانی ئیرۆتیكی ئەوەیە، كە دەرنەكەوتن دەپارێزێت، ئەوەیە كە لە نێگەتیفییەت داناماڵرێت..(پانتایی ئیرۆتیكی جەستە، ئەو شوێنەیە كە پۆشاك تێیدا قڵێشی بردووە و فەتحەدارە- كەلێنێ كە بەشێكی ڕووتی و نهێنی جەستە لێیەوە دەردەكەوێت).. كەچی پۆڕنۆگرافیا ئامانجی نیشاندانی ڕووتی جەستەیە، لە دۆخە قێزەونەکانیدا. بەڵام دۆخەکانی جەستە وەک بیۆنگ- چول هان، تێیگەیشتووە تایبەت بە پۆڕنۆگرافیا نیین، تایبەتن بە ئیرۆتیكا.. جوانی پێش دەرکەوتنی دوودڵە، جوانی پڕشنگی نهێنییەکەی لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ دەپارێزێت، بەمجۆرە نهێنی جوانی دەبێتە ئیرۆتیک.. بەڵام پۆرنۆگرافی بۆ جۆرێک لە فۆتۆگرافی وڕووژێنەری ڕاستەوخۆ دەگۆڕێت.
شاردنەوە بۆ جوانی پێویستە، بۆیە ناتوانرێت بەرگەکەی لێبکرێتەوە، یان پەردەی لەسەر لابدرێت. بە زەحمەت دەرخستنی جوانی، بەشێکە لە سرووشتی جوانی خۆی، ناشێ ڕووتی بكەینەوە و سەرپۆشەكەی لەبەر داماڵین، جوانی لە شاردنەوەی خۆیدا جوانە و لە بنەڕەتدا جوانی تەمومژاوییە. جوانبوون بە تەواوەتی واتە شاردنەوە.. لێرەوەیە (ڤاڵتەر بنیامین) رەخنەی هونەری بە تیۆری شاردنەوە ناودەبات. واتە ئەرکی رەخنەی هونەری، پەردە لادان لە بەرهەمی هونەری نییە، بەڵكە ئەوەیە، کە وردتر هونەر لە پشت پەردەكەی خۆیدا بناسێتەوە، ئەوەیە کە دوور لە هاوسۆزی درۆ و دیدگای بێهەڵوێست، جوانی ببینێ! وەک نهێنی وردتر چاودێری دەرکەوتنی دیدگای ڕاستەقینەی جوانی بكات.. چونكە بەرهەمی هونەری ڕاستەقینە جگە لەو شوێنە نەبێ، کە بە نهێنی خۆی تێدا دەنوێنێ، ئەگینا لە هیچ شوێنێكی دیكە خۆبەدەستەوە نادات. كەواتە رەخنەی هونەری لە كۆی پەیوەندییەكانی لە كار بە شوێنەوە، یان بە كلتوورەوە دەكۆڵێتەوە.
جوانی بابەتێکە هەمیشە درەنگ دێتە پێشەوە. كەواتە شاردنەوە بۆ جوانی پێویستە. چونكە جوانییەکان بە هیچ شێوەیەکی تر جیا ناکرێنەوە. وەك ئەوەی بینینی جوانی نهێنی بیت، هەمیشە ناسینی جوانی لە دۆخی شاراوەی خۆیدایە. بەو مانایەش پەردە گرنگترە لەو بابەتەی كە شاراوەتەوە. پەردە خەیاڵی دەقیش دەوڕووژێنێت. دەستەواژەی وزەی ئیرۆتیکا و چێژی ئیرۆتیکیی دەق جیاوازە، لە چێژی ڕووتی جەستەیی کە لە پەردەلادانی وردە وردە دەردەكەوێت، یان ڕاستەوخۆ دەردەكەوێت. وزەی ئیرۆتیکی جۆرێکە لە دیاردەی پەیوەست بە شاردنەوە، كە پۆڕنۆگرافی ڕاستەوخۆ لەناوی دەبات. وزەی ئیرۆتیکی لە وەسوەسەوە بۆ خۆشەویستی، پاشان بۆ ئارەزوو، دەستبازی، پاشان سێکسییەت هەنگاو دەنێت. پۆڕنۆگرافیا نوێنەرایەتی کۆتایی رەهای ڕووتی دەکات.
بە بڕوای (رۆڵان بارت) لە ئیرۆتیكادا پەردە بەشێکی سەرەکی لە وڕووژاندنی سێكسیی پێكدەهێنێ. واتە سێکسیترین بەش لە جەستەدا ئەو شوێنەیە کە لە كەلێن- شەق- كرانەوەی جل و بەرگدا دەردەكەوێت. كۆی وڕووژاندنی سێكسیی لە ئیرۆتیكدا لە خەونێکی هەرزەکارانە دەچێت، ئەو پەیوەندیی و سۆزدارییەیە کە خۆشەویستی پێشکەشی دەکات، وەسوەسەی زانین… ئارەزووییەكە بەبێ بوونی واقیعێکی ڕاستەقینە لە خەیاڵدا گەمە دەكات، وزەی ئیرۆتیكی سیحرێكە لە پشت پەردەکانەوە بۆ ئەو خەیاڵە راتدەكێشێ…
ئیمانۆیل کانت لە لێدوانێکدا لەسەر شیعری (هۆڵدەرلین) دەنووسێت: سرووشت لەڕێگای فۆرمە جوانەکانییەوە قسە دەکات و ئەو دیارییەی پێبەخشیوین، کە نووسینی نهێنی لەناو هەستی ئەخلاقیماندا شیبکەینەوە. لێرەدا كانت فۆرمی جوانی بە نهێنی و نهێنی بە هەستی ئەخلاقییەوە دەبەستێتەوە.. ئەو مەبەستە پێویستی بە هێزێکی خەیاڵی هەیە، کە توانای خەیاڵکردنی ئەو بیرۆکە ئەخلاقیانەی هەبێت، کە لە رەوتی پرۆسەی پەروەردەی پێشکەوتوودا بەدەستیان هێناوە. بەپێی ئەو کارەکتەرە ئایدیاڵەی کە جوانی لەخۆی دەگرێت، کانت باس لە جوانی وەک ئەخلاق و باس لە ئەخلاق وەک جوانیناسی دەکات. بەو مانایە جوانی پەیوەندی بە یاساکانی پەیوەست بە جۆرە هونەرییەکانەوە هەیە..
جوانی ئیرۆتیكی پەیوەستە بە هێزی خەیاڵ و سۆز و ئارەزووی سەرسوڕهێنەر و خۆشەویستیی و شۆکەوە. بەڵام جوانی پۆڕنۆگرافی سەر بە فۆڕمی راکێشان و لایكە- حەزم لێیە، هیچ شۆكێكی تێدا نییە. یەكەمیان دوور بە دوور بێ ئەندازە حەزی بینین دەوڕووژێنێ، حەزی بینین قووڵ دەكاتەوە، ڕامان و چڕبوونەوەی تێیدایە، وێنەكە دوورە تا جارێکی دی بیری لێبکەمەوە، سەرەڕای ڕوونییەکەی تا ماوەیەک خۆی ئاشکرا ناکات. یان بە مانایەكی دیكە تا نەتخاتە حاڵەتی ئارەزووكردن، تا شۆكت نەكات، خۆی ئاشكرا ناكات.
بەڵام پۆڕنۆگرافیا وێنەیەكی فۆتۆگرافی نزیك و پۆلێشراو و شەفافە، هیچ درزێک و ناڕوونییەکی تێدا نییە، هەموو شتەكان بەرەو دەرەوە دەگۆڕێت و نمایشی دەکات، هیچ بڕە تایبەتمەندی و شاردنەوە و نهێنییەك لەخۆ ناگرێت، بە تەواوی تایبەتە بە نمایشکردنی تەنها یەک شت: سێکس! هیچ بابەتێکی چاوەڕواننەکراوی دیكەی نییە، کە بێتە سەر ئەوەی شتێک دوابخات، یان سەرقاڵ بکات.. بەو مانایە پۆڕنۆگرافیا- ڕووتی ڕاستەوخۆ و قێزەونە، هیچ شتێکی مانادار و شاراوە ناپارێزێت.. بەڵكووو لەبری ئەوە ماناكان ڕادەست دەکات، بۆ ئەوەی كات بە فیڕۆ نەدات و لە نزیكەوە و لە هەموو ڕووییەكەوە نمایشی خۆی بکات.
كەواتە ئیرۆتیک جیاوازە لە پۆرنۆگرافی، چونکە یەکەمیان پەنا بۆ دەربڕینی ناڕاستەوخۆ و بازنەیی هەست و ڕامان و ئارەزوو دەبات. پۆرنۆگرافی دەستبەجێییە، هیچ چڕییەکی سیمیۆلۆژیی تێدا نییە، خاوەنی هیچ شتێک نییە، کە بتوانرێت بکرێتە ئامانج، بەڵكە بابەتێکە بۆ (لایك- من حەزم لێیە). دواخستن و خاوبوونەوە و سەرلێشێواوی ئامرازی کاتیی ئیرۆتیکن. بەکارهێنانی ڕوون و فریودەرانە، سێكس و ئاماژەکردنی ڕاستەوخۆ بە بابەتەکە، پێکهاتەی پۆرنۆگرافیایە..

ڕزگاركردنی جوانی
(بیۆنگ-چول هان) لە هەڤپەیڤینێك بە ناوی (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆرۆنا) كە (هاوڕێ خالید) بۆ كوردی وەریگێڕاوە، دەڵێ: نەمانی نەریت و ڕیتواڵەکان، دەلالەت لە نەمانی کۆمەڵگا دەكەن، (شۆڕشی پەیوەندییەكان) کە تەقینەوەی دیجیتاڵی لێكەوتۆتەوە، گوایە پەیوەندییەكان بەیەکەوە تۆخ دەكاتەوە، بەڵام لەیەکتری نزیک نەکردوونەتەوە، بەڵكە نەك هەر رەهەندی کۆمەڵایەتیی فەرامۆشكردووە، بەڵكە پەیوەندیی نێوان ئەستێرەکانیشی لا بردووە و ئیگۆی کردووە بە ناوەند و سێنتەری بەرژەوەندییەکانی خۆی..
بۆیە سەرەڕای شۆڕشی پەیوەندییەكانی دنیای دیجیتاڵی، كەچی هەستکردنمان بە تەنیایی و گۆشەگیری زێتر گەشەی كردووە.. ڕاستە هەموو جارێک بانگهێشت دەکرێین بۆ دەربڕینی بۆچوون و پێداویستی و ویست و هەڵبژاردن و تەنانەت باسکردنی ژیانی تاکەکەسیمان، (بەڵام تەنها بە لایك)… (تەنها بە لایك) دووبارە ناساندنەوە و نوێنەرایەتی و نمایشی خۆمان دەکەین (من، خۆمم) راهێنان بە خۆشەویستی و پەرستن دەکەین.
(بیۆنگ-چول هان) لە ڕەخنەگرتنی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵ زیاتر دەڕوات و تاوتوێی ئەوە دەکات، کە چۆن بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەزموونی ئێمە لە کات، خۆشەویستی و هونەر… بۆ لایك دەگۆڕێت! لەوەش سەرنجڕاکێشتر دۆخی ئێستامان بە زستانی شارستانیەت ناو دەبات.. لە تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی شته‌كان به‌ره‌به‌ره‌ گرنگییان نامێنێ. شته‌كان خۆیان خستووه‌ته‌ ژێر ركێفی زانیارییه‌كان. هەر تەنها پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەرەو كۆتایی نابنەوە، هەر تەنها ژیانی پچڕ پچڕ نەكردووە، هەر تەنها لاوازكردنی پەیوەندی ڕاستەقینە و چێژی هونەری و جوانی لێنەكەتۆتەوە.. بەڵكووو به‌ واتای كۆتایی هاتنی مرۆڤی سیاسیش دێت، كاتیگۆری كاتیش له‌ سیاسه‌تدا له‌ ناو ده‌بات، هەر تەنها بانگەشەی شەفافییەتی پۆڕنۆیی ناكات، بەڵكووو بانگه‌شه‌ی شه‌فافییه‌ت له‌ نووسینشدا بە ئەركی خۆی دەزانێت.. بەو مانایەش ده‌بێته‌ هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جیدییەتی نووسین و چۆنێتی.. ئه‌گه‌رچی نووسینه‌كه‌ی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی تایبه‌تی بێت، یان پێكه‌وه‌یی، شه‌فاف بێ.. بەڵام ته‌نیا كه‌ڵه‌کەكردنی پیته ‌و هیچی تر، ئیتر تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی عه‌وامگه‌رییەكی بەرفرەوانی لە زۆربەی بوارەكان لەگەڵ خۆی هێناوەتە ناوەوە.
تۆڕی دیجیتاڵی لە جیهاندا کار بۆ گۆڕینی جوانی بۆ بابەتی ئەرێنی چێژ دەکات، وەك چۆن جەستەی بە هەستەوەری دیجیتاڵی تەیار كردووە و هەموو زانیارییە پەیوەندیدارەکان بە جەستە تۆمار دەکات، بە هەمان شێوە پێوانەکردنی چەندایەتی جەستەش دەکاتە شاشەی چاودێری و کۆنترۆڵكردن، هەروەها كۆی ئەو زانیارییانەش لە ئینتەرنێتدا کۆدەکرێنەوە و بۆ ئاڵوگۆڕکردن بەردەست دەخرێن! بە دیوەكەی دیكە رەوتی زانیاری جەستە بۆ کۆمەڵێک داتا دەشێوێنن، بە جۆرێک کە دەبێتە کۆمەڵێک داتای چاودێریكردن، لە هەمان کاتدا جەستە بۆ شتگەلێکی بەشەکی هەڵدەوەشێتەوە، کە لە ئەندامە سێکسییەکان دەچن. بەمجۆرە بابەتی ڕووتی چیتر وەک دیمەنی گێڕانەوەی خەیاڵ، چیتر وەك تێڕامان و هونەری ئیرۆتیكی کار ناکات، بەڵكە دەبێتە پۆڕنۆگرافیا، دەبێتە داتای زیادکراو یان كۆمەڵێ بابەتی بەشەکی..
خەیاڵ وەك بنەمای داهێنان چەندان زانیاری هەستیاری لەڕێگای – حدس- ەوە بە دەستدەهێنێ، بە دیوەكەی دیكە لەسەر ئاستی هونەردا توانا مەعریفیەکانی خەیاڵ پراكتیزەی تێگەیشتن و راڤەكردن و بەجێهێنان دەكەن، لە یارییەكی ئازادا وەک کرانەوە دێنە گۆڕەپانەوە و جوانیش وەك بەرهەمی ئەو پراكتیزەكردنە چێژدەخاتەوە.. کەواتە چێژ لە ئەنجامی هاوئاهەنگیی توانا مەعریفیەکان و بەجێهێنانەوە دێتە ئاراوە، یان لە هاوئاهەنگی رێکخستنی هێزەکانی مەعریفەدایە. بەو مانایەش جوانی هەستکردن بە شتەکان نییە، بەڵكووو هەستکردنە بە خۆی. كاتێ خود بەدوای جوانیدا دەگەڕێت، پەنا دەباتە ناوەوەی خەیاڵە زیندووەكانی خۆی، بەڕاستی مرۆڤ دەبێ مێشکی خۆی لە هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەك ئازاد بکات. بیرۆکەی بێکۆتایی لە عەقڵی مرۆڤدایە، بەڵام خود لە ناوەوەی خۆی دوور ناکەوێتەوە، نە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی جوانی، نە کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی بابەتێكی زاڵ دەبێتەوە، لە هەردوو حاڵەتەکەدا، خود جەخت لە ناوەوەی خۆی دەكاتەوە. دواجار ئیرۆتیكا، جوانی سرووشتی، خەیاڵی داهێنان… تێڕامان و چڕبوونەوەی ناوەوەیە، هەمیشە لە لۆژیکی بەکاربردن دوور دەكەوێتەوە!. گومان، و دواخستن، شاردنەوە و هەڵەكردن هەموویان ستراتیژی فەزایی جوانی و کاتی جوانیین. جوانی پێش دەرکەوتنی دوودڵی پێوەدیارە، بۆیە بەردەوام پڕشنگی نهێنییەکانی لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ دەپارێزێت. بەڵام پۆرنۆگرافیا هیچ بڕە گومانێکی لە دەركەوتندا نییە.. لەگەڵ دەركەوتندا مافی بەدەستهێنان لەدەست دەدات و بۆ جۆرێک لە فۆتۆگرافی وڕووژێنەر دەگۆڕێت.
بە بڕوای (تیۆدۆر ئادۆرنۆ) جەوهەری جوانی لە دەوری نەریتی سەرلێشێواوییەوە نییە، بەڵكووو بریتییە لە فۆرمێک کە خۆی لە بێ فۆرمییەوە هەڵدەگرێتەوە… وێنەی جوانی وەک شتێکی ناوازە و جیاواز لە ئازادی، لە ترس، لە کۆی باڵادەستی و هێزی سرووشتییەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام دەرکەوتنی جوانی بە تەواوی سەرلێشێواوی رەتناکاتەوە، وەك چۆن شێوە رواڵەتی دەرەوەی جوانیش، ناسک و مەترسیدارە، پەیوەندی نێوان جوانی و ترسناکی مەرج نییە دژ بەیەک بن. واتە مەرج نییە جوانی بە تەواوی لە پاڕاستنی خۆی سەرکەوتوو بێت، بەڵام هەرگیز ترسناکی بە سادەیی رەتناکاتەوە.. مەبەست لە (ترسناک)ی ئەوەیە، كە دەشێ جوانی بكەوێتە نێوان کارەسات و تاریکی و ناشیرینی و نادیاری و دەستێوەردانی ئەوانیدیكە و گۆشەگیری سوبێكتەوە…
دەتوانم بڵێم، جوانی بریتییە لە گۆڕینی ڕووی بینراو (ڕووخسار) بۆ ئاسۆی بێکۆتایی نەبینراو (جەوهەر)! كەواتە هەمیشە ڕووخساری جوانی لە شۆكی گومان و دڵنیایی، ناسک و مەترسیدار، دیار و نادیار، ئەرێنی و نەرێنی.. دەردەكەوێت. بەڵام ئەوە جەوهەری ڕووخسارە کە جوانی دادەمەزرێنێت. جەوهەری جوانی لە هەموو شتێکدا دەتوێتەوە، کە نەرم و نیان بێت.. كەواتە جوانیناسیی بە فۆرمولەی دژبەیەکەوە فۆرمی جوانی باس دەکات. ئەو جۆرە لە بیركردنەوە وەك لە كتێبی (ڕزگاركردنی جوانی، وەرگێڕانی بۆ عەرەبی، بەدرەدین مستەفا، چاپی یەکەم: ٢٠٢٠) هاتووە، بەرەو نهێنییەكانی ئیرۆتیكا دەچێ و دژ بە پۆڕنۆگرافیایە!
بەمجۆرە مەودایەکی جوانکاری هەیە، کە وامان لێدەکات بتوانین قەدری جەوهەر جوانی بزانین. قەدرگرتنی جوانی لە بەکارهێنانی جەوهەرەکەیدا نییە، بەڵكووو لە تێڕامانی ڕووخساری جوانیدایە، بەڵام ئەو ستایشكردنە لەو شوێنانە نائادەیە کە مەودای تێڕامان لەنێوان سوبێكت و ئۆبێكتدا بە پێوانەی ئەندازەیی شۆڕشی پەیوەندییەكان دەپورێت، لەو شوێنانەی كە نەتوانین لە جوانی رابمێنین..

جەوهەری جوانی ئازادییە
زیادەڕەویی لە بەدیهێنانی جەوهەری جوانی، لە سنووردارکردنی خودی ژیاندایە، مردن، ژیان بۆ شتێکی مردوو دەگۆڕێت، ژیان پەرت دەبێت و دەڕژێت.. نێگەتیڤی هێزی بزوێنەری ژیان خۆی دەشارێتەوە، جەوهەری جوانی پێکدەهێنێت.. بەهۆی ئەو جەوهەرە عەقڵانییەی کە هێزی بزوێنەری ژیان لەخۆدەگرێت، ئایدیالی جوانی خۆی لە هەر جۆرە بەکاربردنێکی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرێت! بەڵام لاوازی و ناسکی و شکاوی هەر هەموویان سیفەتی سرووشتی جوانیین. بە پشتبەستن بەو مانایە، جوانی بە هەموو توانا و هێزی خۆی قەرزاری وەسوەسەیە. وەسوەسەی جوانی دژە ژەهرێکی چارەسەری وەهایە، ژیان دەگرێت، هەر بۆیەش هەمیشە ژیان دەیخواتەوە.. بەمجۆرە ئەگەر زەوی لە پێناو ژیاندا فەتح بکرێت، ژیان ناتەواو دەبێت.
كەواتە بابەتی جوان بابەتێکە کە لەبەردەم شتێکدا وەستاوە، کە تیایدا هەر جۆرە وابەستەیییەک، یان زۆرەملییەك… قبووڵ ناكات، جوانی بە تەواوی ئازادە لە هەر زاڵبوونێک لە دەرەوەی خۆیدا كە بۆ گەیشتن بە مەبەستی خۆی کاردەکات، جوانی هەرگیز دیلی ئەرک و ناچاری و مەبەستێك نییە، هەرگیز سوبێكت هەوڵی بەدەستهێنانی جوانی بۆ گەیشتن بە نیازەكانی نادات، بەڵكووو سەربەخۆیانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.. سوبێكت وەک ئامانجی جوانی لە خۆیدا مامەڵە لەگەڵ جوانیدا دەکات. بەرژەوەندی تەواو لە ئامانج جیا دەبێتەوە و دەبێتە هەڵوێستی جیاکەرەوەی جوانی بەرانبەر بە جوانەکان..
كەواتە لە دەرەوەی بەرژەوەندییەكانەوە تەنها جوانی فێری ئازادیمان دەکات. جوانی بۆ خۆی ئامانجە. ئامانجەکانی جوانی لە جەوهەری جوانیدا پەنهانە. جوانی لە جەوهەری خۆیدا بەهای خۆی بەدەست دەهێنێت. بۆیە ناکڕدرێت و بە تەواوی لە بەرژەوەندییەكان دوورخراوەتەوە. لێرەوەیە دەڵێن هونەر لەگەڵ سەرمایەداریدا ناگونجێت! سەرمایەداری هەموو شتێک دەخاتە بەردەم بەکاربردن و دابینکردن و داواکارییەوە.
ئیتر دوای ڕووبەڕووبوونەوەی جوانی و ئازادی و سازش، ئارەزوو و پابەندبوون نامێنێت و ئەگەری پەیوەندییەکی ئازاد لەگەڵ جیهان و لەگەڵ جوانیدا دێتە ئاراوە.. لەبەرانبەر جوانیدا، سوبێكت لەبری ئەوەی لە پێشەوەی پەیوەندییەكان بوەستێت، هەنگاوێکی لاوەکی دەگرێتەبەر و دەبێتە کارەکتەرێک کە لە پەراوێزدا.. سوبێكت هەنگاو دەنێیتە دواوە بۆ بەرژەوەندی ئەویدیكەی جیاواز. بێ كۆتاییبوونی جوانی لە بوونی ئەبەدیی ئەویدیكەوەیە، بەمجۆرە ئەبەدیەتی جوانی دەست پێدەکات، ئەبەدیەتی جوانی ئەوەی وەک رۆناکییەک لە جەوهەردا دەدرەوشێتەوە، کە بەناو ئەوی دیكەدا بڵاودەبێتەوە… دواجار وەك دەردەکەوێت ئەرکی هونەر لە ئازادکردنی ئەویدیكەدایە. ڕزگارکردنی جوانی ڕزگارکردنی ئەویدیكەی جیاوازە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 14/3/2025




ژن لە شاكارەكانی شەكسپیردا.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

ژن لە دەقەكانی شەكسپیردا، بەردەوام شوێن و پێگەی تەماوی و ئاڵۆز و گرنگی هەیە، بە شێوەیەك هەمیشە وەك كارێكتەرێكی گەورە و بەهێز و كاریگەر ڕۆڵ دەبینێت و لەناو كۆمەڵگادا وەك پێشەنگ و زوڵم لێكراو و هەندێك جار وەك ڕابەری هەستە مرۆڤایەتییەكان نمایش دەكرێت. لە دەقی بازرگانی ڤینیسیا، كارێكتەرێكی وەك پۆرشیا كە هەر تەنێ ژنێكی شۆخ و خواپێداو نییە، بەڵكە كارێكتەرێكە ژیر و وریایشە. پۆرشیا، كە وەك پارێزەرێكی وریا و هۆشیار دەردەكەوێت و لە دادگادا وەك یاساناسێكی بەتوانا دەتوانێ ڕۆڵێكی كاریگەر ببینێ لە ڕزگاركردنی ئەنتۆنیۆ لەدەست ئەو سزا توندەی كە لەلایەن شایلۆكەوە سەپێنراوەتە سەری، هەروەها پۆرشیا بۆ دواڕۆژ دەبێتە سیمبوڵی خۆشەویستی و سۆز و دانایی و دادپەروەری و پەند و ئامۆژگاری. یەكێك لەو ڕۆڵە جوانانەی شەكسپیر داویەتە پۆرشیا ئەو گوتارە ناودارەیەتی كە لە دادگادا لەبارەی دلۆڤانییەوە(الرحمة) دەیدات و دەڵێ: (پێویستە هاوسەنگی لەنێوان یاسا و دلۆڤانی هەبێت)، ئەمەيش بەردەوام دید و بەرزەپەیامی مرۆڤانەی خودی شەكسپیر بووە لە زۆربەی دەقەكانیدا. جگە لەمانە، كەسایەتیی پۆرشیا لەم دەقەدا لە هەردوو ژانری كۆمیدیا و تراژیدیادا بەرجەستە دەبێت، هەروەها دەبێ ئەوەیش بزانین كە لەم دەقەدا، شەكسپیر لەڕێی كارێكتەر و كەسایەتیی فرە ڕەهەندی پۆرشیاوە باس لە دابونەریتە باوە شێوە خێڵەكی و ئاوەزە دواكەوتووەكانی ئەو سەردەم دەكات و هانی تاكەكانی كۆمەڵگاكەی دەدات ئەم كولتوورە باوانە تووڕهەڵدەن و پەیامی تازەی پێشكەوتن و گۆڕانكاری بكەنە ڕێڕەوی ژیان.. لە دەقی ماكبێسدا، لێدی ماكبێس دیسانەوە وەك كارێكتەر و كەسایەتییەكی بەهێز و نەبەرد دەردەكەوێت و ڕۆڵێكی كاریگەر و گەورە لە ڕووداوە درامییەكانی نێو دەقەكەدا دەبینێت، لێدی ماكبێس بەشێوەیەك هاوسەرەكەی هان دەدات تاوان بنێتەوە، بەمەیش دەتوانێت وا لە هاوسەرەكەی بكات بۆ ئەوەی (شا دەنكان) بكوژێت.. هەروەها لە ڕۆمیۆ و جۆلێتدا، جۆلێت نمایشی خۆشەویستییەكی ئەفلاتوونی دەكات، كە خۆشەویستییەكی پاكوبێگەردی ڕووحامێزە و دوورە لە تێكەڵاویی جەستە و سێكسكاری، دواجار ئەم خۆشەویستییەی جۆلێت ئامانج لێی گەیشتنە بەوپەڕی جوانیی ڕەها. جۆلێت، كێشەكەی وای لێ دەكات ڕووبەڕووی كۆمەڵگاكەی ببێتەوە، هەوڵ دەدات كۆسپ و لەمپەرەكانی بەردەم بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگا تێك بشكێنێت.. لە دەقی خەونەشەوێكی هاوین، كەسایەتیی هێرمێس، كارێكتەرێكە دژی بەزۆر بەشوودانی دەوەستێتەوە و سوور دەبێ لەوەی كە خۆی كێی خۆشدەوێ هەر دەبێ شوو بەو بكات، دیارە ئەمەیش جەسووریی كەسایەتییەكەیەتی كە ناكۆك لەگەڵ نەریتە باوەكانی كۆمەڵگاكەی خۆی ڕۆڵ دەبینێت، دیسانەوە ئەمەیش هەوڵ و بەرزەپەیامێكی تری مرۆڤانەی شەكسپیرە بۆ گەشەی هۆشیارمەندیی هەر تاكێكی كۆمەڵ، بەتایبەت ژنان.. لە دەقی هاملێتدا، ئۆفیلیا كە هاملێتی بەوپەڕی ڕاستگۆیی خۆشدەوێت، لەگەڵ ئەوەی بەدەست نیگەرانیی هەستەكانی بۆ هاملێت و پابەندییەكانی ئەو بەرانبەر باوك و براكەی دەتلێتەوە، دەگاتە ئەوەی پێی بڵێن لەبەر ئەوەی هاملێت لەو سۆز و ئەڤینەی ڕشت نییە، بۆیە پێویستە دەسبەرداری بێت، ئەمیش گوێڕایەڵ دەبێت، تا دەگاتە ئەوەی دواجار بەهۆی خیانەتی هاملێت و گوشارەكانی بنەماڵەكەی، بەدەست كێشە دەروونییەكانییەوە دەتلێتەوە و پاشان بە شێوەیەكی تراژیدیانە و خۆكوژانە سەردەنێتەوە.. هەروەها لە دەقی ئۆتێللۆدا، دیزدەمۆنە كچە سیناتۆرێكی ناوداری ڤێنیسیایە، دەكەوێتە داوی خۆشەویستیی ئۆتێللۆ كە سەركردەیەكی بە ڕەگەز مەغریبییە، لە ئەنجامدا بڕیاری بەنهێنی هاوسەرگری دەدەن، ئەویش چەشنی هەندێك لە كەسایەتییەكانی نێو دەقەكانی شەكسپیر، وەك كارێكتەرێكی ئازا و بەهێز دەنمایشێنێ و بەردەوام ڕووبەڕووی دابونەریتە كۆن و دواكەوتووەكانی كۆمەڵگا دەبێتەوە، دیزدەمۆنە نموونەی كەسێكی ئەوپەر پاك و بێ گوناحی و كەسایەتیی ژنێكی زوڵم لێكراوە كە بەهۆی بەدگومانی و ئیرەیی ژیانی ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە، هەروەها دەتوانین بڵێین كەسایەتیەكەی قوربانیی دواكەوتوویی و نموونەی باڵا و بەرزەسیمبوڵی كۆمەڵگا باوكسالارییەكانە، بۆیە دواجار بەدەستی ئۆتێللۆ تراژیدیانە دەكوژرێت. مەرگی كاریگەر و تراژیدیانەی دیزدەمۆنە لەم دەقەدا بەهۆی بەهەڵە تێگەیشتن و ئیرەیی و بەدباوەڕی و هەڵخەڵەتانی ئۆتێللۆوە بووە، دواجار ئەمەیش دەبێتە هۆی پەشیمانیی ئۆتێللۆ لەو تاوانە قێزەونە، ئۆتێللۆ لە ئەنجامدا بۆی دەردەكەوێ كە ژنێكی پاك و بێگەردی لەناوبردووە، ئەم دیمەنەی شانۆگەرییەكە ئەوپەڕی بەهێزیی دراماكە بوو.. لە دەقی ژاوەژاوی بێ هاڕین، شەكسپیر كەسایەتیی پیاتریسی وەك نموونەیەكی باڵای بوونی بیرتیژی و ڕووحی گاڵتەجاڕی و جەفەنگمەند و ئازادانە، خستووەتە دەقەكەیەوە. پیاتریس چاوكراوەترین و ئاوەزمەندترینی كەسایەتییە ژنەكانی نێو دەقەكانی شەكسپیرە، هەروەها لە هەموو كارێكتەرە ژنەكانی نێو دەقەكانی، بۆ خوێنەر و بینەری دراماكانی سەرنجڕاكێشترە. كەسایەتیی پیاتریس لە دیالۆگەكاندا زۆر خێراوەرام و تەڕدەستانە دەردەكەوێت، بەتایبەت لە شەڕەقسە و ڕووبەڕووبوونەوەكانی لەگەڵ بێنێدیك، پیاتریسیش وەك بوونی ڕەگەزێكی سەركەوتووی كۆمیدی، لەم دەقەدا بەرانبەر بە ژنان بەهێز و ورەوە ڕووبەڕووی دابونەریتی دواكەوتووی كۆمەڵگاكەی دەبێتەوە. خۆشەویستیی نێوان پیاتریس و بێنێدیك بە دەمەقاڵە و شەڕە قسە دەست پێ دەكاتة كەچی دواجار بە خۆشەویستی دەبڕێتەوە. پیاتریس هەر تەنێ كەسایەتییەكی ژیر و گاڵتەچی نەبوو، بەڵكە بوێرانە دەهاتە دەست. كاتێ كچە مامێكی پیاتریس كە ناوی هیروو بوو، بە ناهەق و لەخۆڕا تاوانی ناپاكاوسەریی(الخيانة الزوجية)ی درایە پاڵ، پیاتریس لەم ناهەقییە بەرانبەر كچە مامەكەی، زۆر غەمگین و ڕقەستوور بوو، بۆیە بۆ ئەوەی ئابڕوو بۆ ئامۆزاكەی بگەڕێنێتەوە، هەڵوێستی مرۆڤانەی دەبێت و دژی ئەم ناهەقییە دەوەستێتەوە، بۆیە هانی بێنێدیك دەدات تا بچێ كلاودیۆ بكوژێت. ئەم ڕووداوە بەهێزترینی دیمەنە كاریگەرەكانی نێو دراماكە بوو، هەروەها ڕەخنەیەكی بەهێزیش بوو لە دواكەوتوویی و دیسانەوە پەیامێكی ڕۆمانسییانە و مرۆڤانەی نێو دەقەكانی شەكسپیریشە. بە كورتییەكەی لە ئەدەبیاتی شەكسپیردا، ژن هەمیشە كەسایەتییەكی بەهێز و بوێر و چاونەترس و زرنگ و كۆمیدیی دراوەتێ.
هەروەها شەكسپیر وێنای كلیۆپاترای بە ئاوەزمەند و وریا نەخشاندووە. كلیۆپاترا ڕووبەڕووی ڕاستییەكی نەگۆڕ لە ڕاستییە مێژووییەكانی میسر بووەتەوە، كاتێك میسر لاواز دەبێ، بۆ ئەوەی هەستێتە سەرپێ و بیپارێزێ تا بتوانێ سەربەخۆ بمێنێتەوە، پێویستە هاوپەیمانێكی هەبێ.
سۆنێتاكانی شەكسپیر كە بریتین لە 154 قەسیدە و لە نەوەتەكانی سەدەی شازدەم نووسراوە. هەر سۆنێتایەكیشی 14 كۆپلەن. سۆنێتاكانی كە لەلایەن چەند نووسەرێكەوە كراون بە كوردی، لە بنەڕەتدا بونیادێكی كێشداری مۆسیقین و بابەتەكانی پێكهاتوون لە خۆشەویستی و ستایش و باسی سروشت و شانازیكاری و كات و پەند و نەمری و نەمان، هەروەها ناوەڕۆكەكەی بە زمانێكی پتەو و كاریگەری تژی لە خوازەكاری و ڕەوانبێژی داڕێژراوە. وشەی سۆنێتا لە بنەڕەتدا لە زمانی ئیتاڵییەوە هاتووە كە زاراوەیەكی مۆسیقییە و تایبەتیشە بە مۆسیقای كلاسیكی و زۆرجار مانای كۆپلەیەكی مۆسیقای میلۆدیدار یان مانای ژەنیاری دەگەیەنێت. زۆرجار وتوێژ لەبارەی پێگەی ژن یاخود ڕەگەزی مێ لەنێو سۆنێتاكانی شەكسپیر بووەتە جێی مشتومڕ و گفتوگۆی گەرمی ڕەخنەكاران، لە كۆتا كۆپلەی سۆنێتاكاندا پێگە و كەسایەتیی (كچەسمەر- Dark Lady) تاكێكی جوانی ناساز و سەرنجڕاكێشە و زۆربەش پێیان وایە كە كەسێكی شووفارە و سەرچاوەی بەدگۆیی و ئاشێوی و بەدڕەوشتییە. لەگەڵ ئەوەی كەسایەتیی ڕەشەسمەر لە سۆنیتاكاندا ڕۆڵی دراوەتێ، وەلێ ئەو ڕۆڵە نییە كە پێكهاتبێت لە تەوەرەیەكی بنەڕەتیی نێو سۆنێتاكان. هەروەها دەتوانین بڵێین شەكسپیر لە سۆنێتاكانیدا، وێنایەكی ئاڵۆزكاو دەداتە ژن و دەیداتە بەر بلەوری ڕەخنەی ڕەوشتامێز و كێشە و ئاڵنگارییە سۆزاوییەكان، بۆیە تا ئێستایش ئەم دەقانەی بوونەتە جێی قسەوباس و نووسین لەبارەیانەوە. گرنگیی سۆنێتاكان لەوەدایە ڕەنگدانەوەی ڕامانی قووڵ و فەلسەفیی شەكسپیرە بۆ خۆشەویستی و جوانی، بۆیە لە دونیا و مێژووی ئەدەبی ئینگلیزی بە یەكێك لە شاكار و شانازییەكان دادەنرێت.
ئەگەر لە بارەی مێژووی سەردەمانی شەكسپیر بكۆڵینەوە، دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە شەكسپیر سەرسامی ژنێك بووە و لە هەندێك دەقی دا بە سەیروسەمەرە و بەتوانا و بەهێز دایدەنێت. ئەم ژنە دەسەڵاتیشی بەسەر سەردەمی خۆیدا بووە، ئەویش كەسایەتیی (شاژن ئەلیزابێسی یەكەم)ە.
زۆر بیروڕا هەن دەڵێن (شاژنە ئەلیزابێسی یەكەم) كە لە سەدەی شازدەم حوكمی بەریتانیای دەكرد، دیارترین ژنەكانی سەردەمی خۆی بووە. ئەلیزابێس بووەتە هۆكاری بەهرەمەندی و سەرچاوەی ئیلهامی شەكسپیر بۆ نووسین وێناكردنی پاڵەوانی زۆربەی دەق و شانۆنامەكانی، ئەم پێوەندییە ناڕاستەوخۆیەی نێوان شەكسپیر و ئەلیزابێس لە سەردەمی ڕێنیسانسدا بووەتە هۆكارێكی گەورە و گرنگی گەشەسەندن و پێشكەوتنی شانۆی بەریتانیا بوو، ئەلیزابێس هاندەر و پاڵپشتێكی گەورەی هونەر بە گشتی و شانۆ بە تایبەت بوو لەو سەردەمەدا، بۆیە هەندێ لە كارەكانی شەكسپیر ڕاستەوخۆ لەبەردەم خودی ئەلیزابێس نمایش دەكران. ئەم پێوەندییە ناڕاستەوخۆیە، تا ئێستایش بە ڕاددەیەك بە لایەنێكی شاراوە لە ژیانی شەكسپیر ماوەتەوە.. بەگشتی شەكسپیر لە بەرهەمەكانیدا، هەوڵی داوە ژن بە چەندین نموونەی جیاواز پیشان بدات، ئەوانیش بریتین لە جوانی، چاوكراوەیی، خۆشەویستی، بوێری، بەهێزی، قووڵبیری و ڕاستگۆیی. لە خوێندنەوەی بەرهەمەكانی شەكسپیردا، خوێنەر خۆی لە یاد دەكات و وا دەزانێ لە جیهانێكی خەیاڵاوی و پڕ فەنتازیا بەسەردەبات، ئەمەیش لایەنێكی مەزنی هونەر و داهێنانەكانی شەكسپیرە، هەروەها ئەگەر وردبینەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ژنەكانی شەكسپیر، هێزی ورە و توانای ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگرییان لەنێو خودی خۆیاندا هەیە.. شەكسپیر ئەم وێنە بە هێزانەی ژنی لە كوێ هێناوە كە بە سوارچاك وەسفیان دەكات؟ لە نموونەیان جۆلێت، دیزدەمۆنە، پیاتریس و كلیۆپاترا و هەموو ئەوانەی باسمان كردن.
————————————




ناونیشانێك بۆ حەمەكەریم هەورامى.. حەيدەر عەبدولرەحمان

حەمە كەریم هەورامی وەك نووسەر بەدرێژایی تەمەنی لەسەر ڕەهەندێكی چەسپاوی نووسین نەگیرساوەتەوە كە ببێێتە بنەماو ڕەوتێكی دیاری كراو بۆ بەرجەستە كردنی بەخششە ئایینی و فەلسەفی و ئەدەبی و كولتووریەكانی بەگشتی، بۆیە دانانی شوناسێك بۆ بەهرەو داهێنانەكانی كارێكی ئاسان نابێت.
ئەو وەك خۆی دەڵێت : هەرگیز نەمویستووە خۆم لە قالبێكی دیاری كراودا ببەستمەوە و بە درێژایی تەمەنم لەسەریەك رێچكە نووسین بڕۆم، بەڵكو هەمیشە بەدەنگ پڕ كردنەوەی ئەو بۆشاییانەی كتێبحانەی كوردی دا گەڕاوم كە م هەستم كردووە من بەرپرسم لەپڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە، ئینجا لەهەر بوارێكی ئەدەبی، هونەری، هزری، پەروەردەیی، فەلسەفی بوو بێت ، زۆر بەجدییەوە كارم لەسەر كردووە، هەتا ئەگەر ئەو بابەتە لەچوارچێوەی پسپۆری منیشدا نەبووبێت .
بەڵام ئەگەر پێدا چوونەوەیەك بەو سی و یەك لەو كتێبانە بكەیت كە حەمە كەریم هەورامی نوسیوویەتی و بیخەیتە تای تەرازووی زۆرینەو كەمینەی جۆری بابەتەكانی، ئەوە بەئاسانی دەگەیتە ئەو بڕوایەی كە ئەو زۆرینەی كارەكانی تەرخان كردووە بۆ شانۆ، یان دراما، چونكە پێی وا بووە شانۆ لەڕەهەندە هەرە فەرامۆش كراوەكانە لەئەدەب و هونەری كوردی و پێویستی بە هەوڵو تەقەللایەكی زۆر هەیە بتوانیت ئەو بۆشاییە گەورەیەی پێ‌ پڕ كەیتەوە.
ئەو خۆشی لە پێشەكی كتێبی (درامای فاڵچی) دا و لە پێشكەكی كتێبی (درامای خاتوو كڵاو زەڕد دا) دووپاتی كردۆتەوە، نووسیوویەتی: من دەمەوێ‌ ئەدەبی شانۆگەری بنووسمەوە، ئەو ئەدەبەی كە خوێندنەوەو نواندنی دوو ڕووی ڕووناك بن، نەك هەر تەنها بۆ نواندن.
ئەوەبوو ساڵی 1973 درامای ( شەوێك لە ژیانی خانزاد) م نووسی ، لەساڵی 1977 كەوتە بەر دەستی خوێنەران و كۆمەڵێ‌ بابەت و لێكۆڵینەوەی جیا جیایان لەسەر نوسیووە لەوانە
كەمال غەمبار ( لیكۆڵینەوە ) مەهدی خۆشناو( لە گۆڤاری رۆژی كوردستان ژمارە ) 54، فازڵ قەساب( گۆڤاری بەیان) سەعید ناكام لەدیداری چیرۆك لەپیرمام )
هەندێ‌ لەو دەقانەی حەمە كەریم هەورامی وەك ئەدەبی شانۆیی لەشێوەی كتێب بڵاوی كردونەتەوە، لەلایەن تیپەكانی نواندن لەكوردستاندا سوودیان لێ‌ وەرگیراوەو لەتەلەفزیۆن تۆمار كراون، دوای شانۆو دراما، بایەخی زۆری بەچیرۆك و رۆمان داوە.
زنجیرە درامای ( فاڵچی)
ساڵی 1971 لە نووسینی حەمە كەریم هەورامی، دوای ئەوەی وەك دەقی شانۆیی لەكۆنگرەی یەكێتی نووسەرانی كورد خەڵاتی دووەمی بێ‌ یەكەمی بەدەست هێنا، لەدەرهێنانی سەباح عەبدولڕەحمان لەهۆڵی گەل لەسەر شانۆ لە هەولێر پێشكەش كراوە.
پاشان وەك یەكەم زنجیرە درامای كوردی لەئامادە كردنی عەزیزگەردی و دەرهێنانی سەباح عەبدولڕەحمان لەتەلەفزیۆن تۆمار كراوە .
سەركەوتنی ئەوشانۆگەریەو گرد بوونەوەی جەماوەر لەدەوریدا ، هاندەرێكی بەجۆش بوو بۆ ئەوەی حەمە كەریم هەورامی هەوڵی ئەوە بدات پتر قەڵەمەكەی بۆ كاری شانۆیی تەرخان بكات.
شەوێك لە ژیانی خانزاد دا
ساڵی 1973 نووسراوە، بەڵام ساڵی 1977 چاپ كراوەو پاشان لەتەلەفزیۆنی كەركووك
تۆمار كراوە .
شانۆیی گوندەكەم
ساڵی 1977 وەك دەقێكی شانۆیی نووسراوە، بەڵام ساڵی 1981 كەوتۆتە بەر دەستی خوێنەران ، ساڵی 2012 چاپێكی تری لەوەزارەتی رۆشەنبیریی و لاوان بۆ كراوە .
ئەم دەقە لەلایەن تیپی هونەرە میللیەكانەوە نمایش كراوە.
شانۆیی خاتو كڵاو زەڕ
وەك نمایشێكی شانۆیی لەلایەن نووسەری ئەم وتارە ( حەیدەر عەبدولڕەحمان ) بۆ شانۆ ئامادە كراوە، لەدەرهێنانی سەفوەت جەراح و نواندنی سەعدون یونس ، حەمە سەعید ئیبراهیم ، دڵپاك تاهیر ، جەلال بەیار..
هەر هەمان ڕۆمان لەلایەن حەیدەر عەبدولڕەحمان بە چوار ئەلقە بۆ تەلەفزیۆنی كەركوك ئامادە كراوە، لەدەرهێنانی زوهێر عەبدولمەسیح و نواندنی سەفوەت جەراح، شەماڵی عەبە ڕەش ، جەلال بەیار، نەوزاد مەجید، كەریم عوسمان نمایش كراوە.
بەڵام بەهۆی ئەو بیرە نەتەوەییەی لەدراماكەدا هەبوو، پەخش كردنەوەی قەدەغە كرا.
درامای ( خەونەو خەون نیە)
ساڵی 1971 نووسراوە ، بەڵام ساڵی 1985 بەرهەم هاتووە.
درامای گرفتەكانی نازە لەدادگای مەڕێگادا
دەقێكە ساڵی 2022 بۆ دراما نووسراوە، وەزارەتی رۆشەنبیریی و لاوان چاپی كردووە.
بەڵام لە كۆتایی دا (حەمە كەریم هەورامی) نەیتوانی بەردەوامی بەنووسینی دەقی شانۆیی بدات، ئاراستەی نووسینەكانی گۆڕی، لەبەر چەند هۆیەك:
1.لەسەردەمی ئێستادا فۆرمی نووسین بۆ شانۆو دراما گۆڕاوەو ئێستا جگە لەدەق دەرهێنەر پێویستی بەسیناریۆ هەیە، هەموو نووسەرێكیش لە نووسینی سیناریۆدا شارەزا نیەو كەسانی پسپۆر لەنووسینی سیناریۆ ئەم كارە دەكەن.

  1. مەرج نیە هەموو ڕۆمان نووسێك، یان چیرۆك نووسێك بتوانێت بۆ شانۆ یان دراما بنووسێ‌، چونكە هەریەك لەو هونەرانە تایبەتمەندی خۆیان هەیە,
    تەنیا كاتێك دەتوانیت سوود لەڕۆمان وەر بگریت بۆ شانۆ ، یان دراما، كاتێ‌ كەسی دووەم دوای نووسەری دەق، ئامادەكاری بۆ بكات.
    ئەم ئامادەكارییەش پێویستی بەكەسێكە لەهەردوو هونەری دەق و شانۆ شارەزایی هەبێت و بزانێت چۆن دەق بكاتە وێنەو دیمەن و ڕووداو و بونیاتنانی كاراكتەر.
    3.نووسینی دەق بۆ كتێب لەسەردەمی كلاسیكدا باو بوو، كاتێ‌ شانۆ لاواز بوو، نووسەر كتێبی بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی شانۆ دەنووسی، بەڵام ئێستا خەڵك پێویستی بە بینین هەیەو شانۆ هەر تەنها بریتی نیە لەوشە، بەڵكو ڕەگەزەكانی تر كاریگەریان زۆر زێترە لەوشە.
    4.پرسی چاپكردنی كتێب بۆ شانۆودراما لەجیهانی ئەمڕۆی چاپ و بڵاو كردنەوەدا جێگەی بایەخی دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە نین، چونكە ئەو جۆرە كتێبانە خوێنەریان كەمەو جگە لەنوخبەو قوتابیە ئەكادیمیەكان، كە پێویستیان بە نووسینی توێژینەوە و بەسەركردنەوە دەبێت، خوێنەری دیكەی هەواداری شانۆو دراما بە دەگمەنە.
    لە گفتو گۆ كردن ملە گەڵ حەمە كەریم هەورامی دەربارەی ئەو بابەتە، ئەویش هەر ڕای وابوو كە نووسینی دراماو شانۆ لەلایەن بەرهەم هێنەرەكانیش جێگەی بایەخ نیە و لەكاتی بەرهەم هێناندا نووسەرەكان فەرامۆش دەكرێن،
    زۆرینەی ئەركی چاپكردنی ئەو كتێبە شانۆیی و درامیانە لەسەر نووسەر خۆیەتی، ئەمەش هۆكارێكە بۆ سارد كردنەوەی نووسەر و ڕوو تێكردنە پرۆسەی چاپدان و بڵاوكردنەوە.
    5.دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە، كاتێ‌ دەتوانن كتێبخانەی كوردی تەژی كەن لەبەرهەمی شانۆیی و یا درامی، كاتێ‌ هەمان ئەو شێوازەی نووسین بەگرێ‌ بەست لەگەڵ نووسەرانی شانۆو دراماشدا ئەنجام بدەن و مافی ئەو نووسەرانەش وەك نووسەرانی دیكە زامن بكەن ، بەڵام كێشە بنەڕەتیەكە لەوە دایە كە ئەو دەزگاو بڵاوكەرەوانەش پاساوی خۆیان هەیە لە خۆ پاراستن لەو كتێبانەی بازاڕیان لاوازە، لە بری ئەوە بایەخ بە جۆرە كتێبێكی تر دەدەن، كە قازانجێكی ماددی بۆ ئەوان تێدایە.
    وێڕای هەموو ئەوانە، ئەو نووسەرەی شانۆ یا دراما دەنووسی تایبەتمەندی خۆی هەیە، كە لەگەڵ چیرۆك نووس، یا ڕۆمان نووس لێكیان دەكاتەوە.
    چونكە ئەوەی شانۆو دراما دەنووسێ‌ ، دەبێ‌ شارەزایی و ئەزموونێكی لەگەڵ شانۆو دراما هەبێت و لە توخم و ڕەگەزە هونەرییەكانی ئەو دوو هونەرە نا بەڵەد نەبێت.
    حەمە كەریم هەورامی لە سەردەمی كۆن دا لەو تەكنیك و فۆرم و ستایلانەی ئەمڕۆی شانۆو دراما تێكەڵ نەبوە، بەڵكو وەك ڕاویەك ـ یان چیرۆك نووسێك ڕەفتاری لەگەڵ شانۆو درامادا كردووە كە لەگەڵ سەردەمی نوێ‌ دا هاوكوف نابن، بۆیە ناتوانێ‌ ئێستاكە وەك جاران لە هەوڵی ئەوە دابێت كەم و زۆرێك بۆشاییی دەق لەشانۆو درامادا پڕكاتەوە، نەك هەر تەنها لەڕووی پراكتیكییەوە، بەڵكو بۆ نووسین و كتێبیش ئێستا بۆ ئەو ئەستەمە ئەو كارە بكات .
    كەواتە باشتر لەوە ئەوەیە ئەو ڕوو لەڕۆمان بكات، هەوڵەكانی بەهەڕمێنتر دەبێت.



نيشانه‌ی پرسیار له‌ناو لاپه‌ڕه‌ی سپی.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

 

١
به‌ندۆڵی كاتژمێری ناو مۆزه‌خانه‌ له‌ ده‌مار به‌تاڵ بووه‌
وه‌ك گونی نێریی خه‌ساو شۆڕبووه‌ته‌وه‌
په‌نجه‌ره‌شی سه‌ری له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ناوه‌
شاوه‌ڕیخنه‌ و هاوشێوەی کە دێن باڵیان دەنووک
دەنووکیان خەنجەر و جوێن
چڕنووکیان شمشێر و به‌ڵا
چاویان ئاژاوه‌گێڕ و بۆچڕووك
هاتنی شه‌ڕزاده‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌ڕ
برین بێ سنوور و پێوانە گەورە دەکا و لێوی بزر دەبێ
بوومه‌له‌رزه‌ش له‌ ده‌وروبه‌ر ده‌جه‌نگێ
شیعر و هاوشێوەی گه‌رم ده‌ژین و نەرم و خودايی هەنگاو دەنێن
مانگ به‌سه‌ر ماڵانه‌وه‌یه‌
ڕووبارێک دێ لە سینگی مەلەوان دەدا
دوای ئەوەی چووینە ناوى گوێچكه‌ماسیمان به ده‌سته‌وه‌ بوو
لە خەڵاتی ڕووناکی لێی بووردین
دەتوانین بە یەکتری بڵێین سڵاو و ڕۆژباش
لە سڵاو و ڕۆژباشدا باده‌مان پڕ و تەواو هەقیقەتین
هەڵمی شەونمین
هەڵمی خوێ نین
چیا گوڵه‌حاجیله‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌
ئەسپێکی ڕووخۆشیش لە حه‌وشه‌ و ماڵمان پشتی خۆش دەکا
تەزوو بە ڕێگادا دەهێنێ و گوێت له‌ ده‌نگی دڵت ده‌بێ و پێت ده‌ڵێ به‌ڵێ
گەشتت بەرەو خەڵاتی ڕووناکی فەرموو ئه‌نگوستیله‌ت له سندووق ده‌ربهێنه‌
گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ ئاوڕده‌داته‌وه‌
ئاسمانیش ناخ و ئه‌دگاره‌ حه‌وت ئاواز ده‌خوێنێ
* * *
خۆر له‌ قووڵایی و ڕوونیی ژیان دێته‌ ده‌رێ
كه‌م شاره‌زا و دمۆر نییه‌ به‌ ده‌می پڕ حیكمه‌ت و چرپه‌وه‌ پرسیاری خۆی ده‌كا

٢
ئاسمان له‌ شادیدا پڕ ئه‌ستێره‌ و مانگ ده‌بێ
ڕه‌نگ نیشانه‌ی نهێنی ده‌ناسێ
تێكۆشانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌ و خۆشی ناخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌
به‌هه‌شت ڕه‌نگی نییه‌ یان ڕه‌نگی نه‌ناسراوه‌
کە لەدایک بوو ماڵیان نزیک گۆڕستان بوو
لە مێردمنداڵیدا بەرخەکانی دەبردە ناو گۆڕستانەکە و هه‌ڵده‌ستانه‌وه‌ سه‌ر پاشوو
ده‌نگیان ده‌هات و ون نه‌ده‌بوون
گەنج بوو لەم گۆڕستانەدا گۆڕی بۆ زۆر
خزم و کەس و برادەر و ناسیاوی خۆی لێ دا و بەڕێزەوە ناشتوونی
دارەبازەشی گەڕاندووەته‌وه‌ مزگەوت
ئێستا خۆی و منداڵی و نەوە و گوڵی گه‌رمی تێیدا نێژراون
سەری بە ناوچەوانی ئاسکێک کردووە
لە ڕووناکی گەردوونیدا
تەماشای هەزارەی تازە دەکات
پیرۆزه‌ی سه‌رگۆڕیش ده‌ژمێرێ
ده‌بێته‌ شه‌هره‌زادی چیرۆك و به‌ردی حه‌وت په‌یكه‌ر

                         *      *      *

كێلێك هه‌موو كێله‌ و ناویش هێزی ده‌ست به‌دڵه‌وه‌گرتن
ده‌یكاته تانوپۆ و‌ ئومێد‌ و هه‌موو ده‌توانین قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین
٣
گردێک باخچه‌ و سەنگەری بەسەرەوەیە
درەختی خۆڕسک قەدیان وەک دووگوردی نوێژ چنیوە
ناهێڵن خودی لە یەک بترازێ
گەورەی خوداوەندان گرد لەسەر
سابوون و
هه‌سان و
سه‌وڵ و
سه‌هۆڵ باڵا ناکا و هه‌وا ناگۆڕێ
کەناری نزمیش فریودەرە
بەردی گڕکان ناوچه‌وانی بووه‌ته‌ هه‌ست و ده‌می به‌ تووڕه‌یی ده‌كاته‌وه‌
لە کازیوەی لێڵ نامێنێتەوە
خۆڵەمێش لەسەر خۆی لا دەدا
ڕەگ و خۆڵی گەشەکردن بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ
دەتوانێ چاوەڕێ بکا
سیشی بەگرانی هەناسە نەدا
* * *
جه‌ژنی به‌ كه‌ژاوه‌یه‌ و لووتكه‌ پێی گوت ونم مه‌كه‌
له‌ باڵای ڕاز و ڕه‌وه‌زان ئه‌ستێره‌ی كه‌ڵبه‌هار ده‌كوژێ

٤
دەستنووسی ئایین ڕەوشتی یەکەمی زەوی تێدا نییە
نازانرێ پەنجەرە چۆن دروست بوو
ترووسکاییەکی خامۆش
دەستی گرتین و دەزووی یەکتردۆزینەوەی داینە دەست
درەخت ئێوارەخوانی خۆبه‌خشینی
بۆنوبەرامە و بەروبوومی ڕێك خست
کە لێک نزیک بووینەوە دڵپه‌رت بووین
پێستی ئاسمان و ڕوونی ئه‌زه‌ل هه‌ڵبزڕكا
مازوو بە هانای منداڵانەوە هات
کردیانە مووروو و تۆپ و مۆری ده‌رگای ماڵی گه‌ردوونی
بانگی ئاژەڵمان کرد بێ وەڵام ماينه‌وه‌
تیرمان سوار کرد و تۆوی سروودی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندمان وه‌شاند
زەوی چووه‌ توخمی سه‌رسوڕمان و لەپی کردەوە
لە لۆچێکی ڕەوشتی یەکەم دۆزرایەوە
* * *
زه‌وی كه‌ شووره‌ی دانرا و به‌ره‌و شار چوو
له‌ ناوكی گه‌مارۆ درا ڕه‌وشتی بزر بووه‌وه‌




كەمپی سوپای میلی تۆبزاوەی ئەنفالكراوان.. عەلی مەحمود محەمەد

كەمپی سوپای راهێنانی میلی تۆپزاوە, بە ناوی گوندی تۆبزاوەی449 ماڵەی 11 كم لە باشووری خۆرئاوای ناوەندی شاری كەركوكەوە ناونراوە, گوندەكە لە ناوچەیەكی ستراتیژی گرنگدایە لەسەر رێگای حەویجە – تكریت, لە زۆر ناوچەی كوردستان بە هەمان ناوەوە چەندین گوندی دیكە هەیە, گوندی تۆبزاوە لە رێكەوتی 20-5-1987 دوای 20 رۆژ ئاگاداركردنەوە, دوا ماڵی گواسترانەوە, كە هەموویان كورد و كەمایەتییەكی شەش ماڵەی توركمان بوون. دوای گواستنەوەی هاووڵاتییە كورد و توركمانەكانی ناوچەكە, بە تایبەت دوای چۆڵكردنی سەربازگەكە بۆ كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان تیایدا, ناوچەكە بووە بە ناوچەپەكی سەربازی, تۆبزاوە بۆ یایچی, بۆ گوندەكانی دوبەك تەپە و كەیوان ….ئاوەدانیان تێدا نەما, جگە لە سەربازو چەكدار نەبێت.
سەربازگەی راهێنانی سوپای میلی تۆبزاوە لە سەر رووبەری 122 دۆنم زەوی لە ساڵی 1979 دەست بە درووستكردنی كراوە, لە ساڵی 1980 تەواو كراوەو كراوەتە سەربازگەی راهێنانی سوپای میلی, لەو زەوییە 20 دۆنمی بۆ 22 هۆڵی گەورەی 25 بە 8 مەتری و ژوری دیكە تەرخان كرا, 102 دۆنمەكەی دیكەی كراوەتە گۆڕەپانی راهێنانی سەربازی بۆ سوپای میلی, راهێنانی سەربازی فەرمانبەران و قوتابیان و خەڵكانی دیكە لە ریزەكانی جەیشی شەعبی كە لە دوای دەستپێكردنی جەنگی ئێران- عێرق توێژێكی بەرینی خەڵك بە زۆر لە لایەن حكومەتەوە پەیوەست بوون پێوەی.

وەك ناوەندی كۆكەرەوەی ئەنفالكراوان
سەربازگەی تۆبزاوە, وەك ناوەندی سەرەكی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان لە 7 پرۆسەی ئەنفال ” یەك بۆ حەوت” و زیندانیانی هەڵەبجە بەكار هاتووە, رۆڵی ئاوشفیتزی جینۆسایدی جولەكەی لە عێراق بینیوە بۆ پرۆسەی جینۆسایدی ئەنفال, لێرەوە ئەنفالكراوان بەسەر سەربازگەكانی دیكە دابەشكراون” ئەنفالكراوان لە رۆژێكەوە بۆ مانگێك و زیاتریش لێرە ماونەتەوە”.
تۆپزاوە جگە لە ناوەندی كۆكەرەوە, هەروەها جێگای لێكۆڵینەوەو جیاكردنەوەو دابەشكردن بووە, بۆ دابەشكردن و ناردنی قوربانیان بۆ سەربازگەكان و گۆڕە بە كۆمەڵەكان, ناوەندی سەرەكی دابەشكردنیش بووە لە بەشی زۆری حەوت پرۆسەی ئەنفال, لێرەوە قوربانیان نێردراون بۆ سەربازگەكانی”دوبس و نگرە سەلمان” و گۆڕە بە كۆمەڵەكان.
دواتر زیندانی دوبزیش بۆتە ناوەندی دابەشكردن بۆ نگرە سەلمان و تكریت, لەوێوە لە تكریتەوە ئەنفالكراوان نێردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, هەر چەندە پێم وایە زیندانی سەربازگەی دووبز هەر لقێكی زیندانی سەربازگەی دووبز بووە.

یەكەم گروپی ئەنفالكراوان كێ بوون هێنرانە تۆبزاوە؟
ژنێكی لە دایك بووی ساڵی 1955 ناوچەی گەرمیان, بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دگێڕێتەوە, دەڵێت “لە گەڵ خەڵكی گوندی محە بارام سوار ترێكتەر بووین بۆ چەچەماڵ, چوینە گوندی قرخ, لە گوندی قەرەتامور دەستگیركراین, بارق پیاوە گەنجەكانی جیاكردەوە بە لێدان بردیانی, ژن و منداڵەكان چوار رۆژ لەوێ ماینەوە, پێنجەم رۆژ بە ئۆتۆمۆبیلی گەڵابە بردیانین بۆ بارەگای قائمقامیەتی چەچەماڵ, ئەو رۆژەی خۆپیشاندان كرا لە چەمچەماڵ” دەوترا 11 ی چوار خۆپیشاندان كراوە, هەندێك بەڵگەنامەم لایە بە پێی ئەوان بێت گوایە 12ی مانگ خۆپیشاندان كراوە”, هەر ئەو عەسرە بردمانیان بۆ سەربازگەی تۆبزاوە. ئێمە كە گەیشتینە تۆبزاوەو هۆڵەكان هەموو بەتاڵ بوون, ئێمە یەكەم گروپ بووین بردراین بۆ ئەوێ و كراینە ناو هۆڵە گەورە ساردو سڕەكانەوە, رۆژی دواتر پیاوە گەنجەكانی سلێمانی ئەوانەی كە لە گەڵ ئێمە بوون هێنایانیان بۆ سەربازگەكە, سێیەم شەو منداڵەكانیان لێمان جیاكردۆتەوە, دواتر گەڕاندیانیانەوە بۆ كەسوكارەكانیان, شەشەم رۆژ پیرو گەنجەكانیان لە یەكتر جیاكردۆتەوە بۆ سێ بەش, هەر ئەم ژنەو ئەوانەی لە گەڵیا بوونە هەمان رۆژ یەكەم گروپ بوونە نێردراون بۆ زیندانی سەربازگەی دووبز.

ئەنفالكراوان لە كوێوە هێنران ؟

زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, ناوەندی سەرەكی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان بووە, هەموو ئەنفالكراوانی پرۆسەی ئەنفالەكانی” یەك, دوو, چوار, پێنج, شەش, حەوت”یان بە گشتی بۆی هێناوە, زۆرینەی ئەنفالكراوانی پرۆسەی ئەنفالی سێ ش, جگە لە ئەنفالكراوانی ناوچەی داوێ بردراون بۆ زیندانی مەركەز شەبابەكەی دووز.
جگە لە ئەنفالكراوانی ئەنفالی هەشت و كامپی سوپای میلی تكریت “ئەنفالكراوانی داوێی گەرمیان”, و كۆمەڵێك لە ئەنفالكراوان راستەوخۆ بردراوان بۆ گولەبارانكردن, وە ئەنفالكراوانی ناو زیندانێك لە نێوان دوبس و كەركوك, كە زیاتر لە 180 زیندانی تێدا بووە” بە وتەی ئەوان پێش ئەوانیش زیندانی ئەنفالی دیكە لەو زیندانە هەبوونە, دوای لێبوردنی گشتییەكە زیندە بەچاڵ كران, ئەوانی دیكە هەموو هێنراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, لێرە پۆلێن و دابەش كراون, هەندێكیشیان یەكسەر لێرە كوژراون یان مردوونە, وەك لە ئەنجامی پشكنینی گۆڕە بە كۆمەڵە هەڵدراوەكەی سەربازگەی تۆبزاواوەو ئەو وەفاتنامانەی كە بەردەستن دەردەكەوێت.
زیندانەكانی ئێرە, لە تەوارییەكەی سلێمانی” ئەنفالی یەك, دوو, ئەنفالكراوانی هەڵەبجە”, كۆیە, تەق تەق, شوان, چەمچەماڵ” قادر كەرەم و باوە شاسواری سەنگاو, ناو سیمەكەی لەیلان و ئالیاوەو قۆڕەتوو و فرقەی چوارقوڕنەو هەولێرو “سپیلك” ەوە هێنراون بۆی.

چۆن و كەی هێنران؟
قوربانیانی ئەنفالی یەك بەم شێوەیە باسی ناردنی خۆیان دەكەن بۆ سەربازگەی تۆبزاوە” خەڵكی سێدەر لە رێكەوتی 5-3-1988 ئەنفالكران, بە دە ئۆتۆمۆبێل بردرانە ناحیەی بنگرد, لەوێوە بۆ چوارقوڕنە (بارەگای فرقەی 4), چوار رۆژ لەوێ مانەوە, دوای جیاكردنەوەی ژن و منداڵەكان لێیان, نێردراون بۆ هەولێر, 5 رۆژ لە هەولێر ماونەتەوە, شەوێكیش لە كەركوك, دوایی لە تەواری شاری سلێمانی نزیك دوو مانگ ماونەتەوە, لە گەڵ ئەنفالكراوانی پرۆسەی ئەنفالی دووی ناوچەی قەرەداغ, بە 22 ئۆتۆمۆبێل بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە”.
“خەڵكی گوندی سێكانیانی ناوچەی پرۆسەی ئەنفالی یەك, چونەتە ئێران, لە گەڕانەوەیان لە سونێ دەستگیركراون, “36 كەسیان روفاتیان لە حەزەر دۆزراونەتەوە” یەكسەر بە 3 ئیڤای سەربازی بردراون بۆ شاری هەولێر, دوو رۆژ لە سەربازگەیەكی هەولێر بوونە, دواتر 28 رۆژ لە سەربازگەیەكی دیكە, بە پاس بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, سێ رۆژ لە تۆبزاوە ماونەتەوە”.
یەكێكی دیكە لە زیندانیانی ئەنفالی یەك ئاوا چیرۆكی ناردنی خۆیان بۆ تۆبزاوا دەگێڕێتەوە” 20 كەس لە ئەشكەوتێك گیراون, چوار رۆژ لە گوندەكە زیندنیكراین, دوو شەو لە سەربازگەی سوسێ ماینەوە, چل رۆژ لە تەوارییەكەی شاری سلێمانی, دوایی نێردراین بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە.
یەكێك دیكەی قوربانیانی ئەنفالی یەك دەڵێت” 32 كەس دەستگیركراین, حەفتەیەك لە گوندەكەیان زیندانی بوونە, لە سەربازگەی سوسێ شەوێك, لە تەوارییەكەی شاری سلێمانیش پێنج شەو, لێكۆڵینەوەیان لە گەڵ كراوە, دواتر لە پۆلیسی قەزای دوكان بە كەفالەت ئازاد كراون, دوای كەمتر لە مانگێك بانگ كراونەتەوەو جارێكی دیكە دەستگیر كراونەتەوە, دیسان نێردراونەتەوە بۆ سەربازگەی سوسێ, یەك كاتژمێر لەوێ ماونەتەوە, هەژدە رۆژیش لە تەواریەكەی شاری سلێمانی, دواتر نێردراون بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە”.
هەرچی قوربانیانی ئەنفالی دووە, ئەوان نموونەی چیرۆكیان بەم شێوەیە دەگێڕنەوە بۆ دادگای باڵای تاوانەكان” پێش سەری مانگی چوار, جاش بە هاوولاتیانی سێوسێنانیان وتووە خۆتان رزگار بكەن, سوپا هێرش دەكەن و دەتان گرن”, لە كاتی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال, منداڵ و ژنانیان ناردووە بۆ سلێمانی, بە مێگەلی مەڕەوە ویستویانە خۆیان دەربكەن, گەیشتۆتە تانجەڕۆ, لەوێ دەستگیركراون, بردراون بۆ تەوارییەكەی شاری سلێمانی….. لەوكاتە تەوارییەكە نزیك 500 كەسی لێبووە, ئەو رێكەوتە نزیك سەری مانگ بووە 31 ی سێ بۆ یەكی چوار بووە, خەڵكی دیكەش دەستگیركرابوون, دوای هەژدە رۆژ مانەوەمان لە تەوارییەكە ئەوجا بردراین بۆ سەربازگەی تۆبزاوە”.
لە گەرمیان سەرەتا, پێش دەستپێكی پرۆسەی ئەنفالی سێ, ئەنفالكروان نێردراون بۆ تەوارییەكەی سلێمانی واتا ئەمن, ئەم ئەنفالكراوە ئەوا چیرۆكی خۆیان بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەگێڕێتەوە” لە رێكەوتی 5-4-1988 لە قەزای كەلار دەستگیركراون, تا رێكەوتی 10-4 لەوێ هێڵراونەتەوە, واتا دوو رۆژ پێش پرۆسەكە دەستگیر كراون, نێردراون بۆ تەواری شاری سلێمانی, هەموویان نزیك 180 كەس بوونە, لە رێكەوتی 23-4 بە پاس لە تەوارییەكەوە نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە”.
هەرچی ئەوانەی چواردەی چوار و دواتر دەستگیركران لە پرۆسەی ئەنفالی سێ, نێردراون بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو, دواتر تاكو جەلەولا بردراون بە ئۆتۆمۆبێل بۆ ئەوەی بیان بەن روو لە باشوور, كۆپتەر لە ئاسمانەوە چاودێرییانی كردووە, لە پڕ فەرمانیان بۆ هاتووەو گەڕاندویانیانەتەوە بۆ سەربازگەی قەلای قۆڕەتوو, ئەوجا نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوا, واتا حكومەت ویستی خۆی گۆڕیوە لەو ماوەیە.
لێ ئەوانەی لە سنووری سەنگاو و قادر كەرەم دەستگیركراون, یەك لەوان دەگێڕێتەوە” بۆ سوكایەتیكردن بە گەلەكەمان, لە لیواكەی چەمچەماڵ شەرواڵی ژن كرابووە چەنچی تراكتۆرا, ئەوان تەنها 45 دەقە لە لیواكەی چەمچەماڵ راگرتراون, جارێكی دیكە سوپا ناونووسیانی كردۆتەوە, لە چەمچەماڵ پێیانیان وتووە هەموو گولە باران دەكرێن, بە هەمان ئۆتۆمۆبێل دوای كەمتر لە كاتژمێرێك گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوا”.
لە چەمچەماڵ مەقەڕ لیوا و قایمقامیەت شوێنی كۆكردنەوەی خەڵك بوونە, لەوێوە هەندێ بردراون بۆ تەواری شاری سلێمانی, دواتر بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, زۆریش راستەوخۆ بردراون بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, یان لە چەمچەماڵەوە براون بۆ هەیئەی ئەمنی كەركووك, لەوێوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە.
بەڵام هەرچی قوربانیانی ئەنفالی چوارە ئاوا قوربانیان چیرۆكی ناردنی خۆیان دەگێڕنەوە” شەوێك لە سەربازگەی سوسێ, شەوێكیش لە تەوارییەكەی سلێمانی, لەوێوە نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە.
یەكێكی دیكە دەڵێت” لە ناحیەی تەق تەق رۆژێك ماونەتەوە, دواتر بە ئیڤای سەربازی بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, هەندێكی دی شەوێك لە دەواجنێكی ناحیەی تەق تەق ماونەتەوە, رۆژی دواتر بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە”.
لە قۆناغی ئەنفالی چوار, ئەنفالكراوان لە تەوارییەكەی سلێمانی, چەمچەماڵ, تەق تەق و كۆیەو شوانەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە بردراون.
هەرچی قۆناغەكانی پرۆسەی ئەنفالەكانی 5 و 6 و 7 ە, كە ماوەیەكی زۆری خایاند و كەمترین زیانی مرۆیی هەبوو, بەشێك لە ئەوانەی دەستگیركران لە رێكەوتی 30-8 كە دەستگیركراون, ژنانیان بردووە بۆ ناحیەی خەلیفان, پیاوەكان بە ئیڤا یەكسەر بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, منداڵەكانیان بردووە بۆ سەربازگەی سپیلك, بە هەمان ئۆتۆمۆبێل دوای دوو رۆژ بۆ ئەمنی هەولێر, دوای 3 رۆژ ئەوانیش بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, بەمەش ئەوان لە رێكەوتی 4-9-1988 گەیشتونەتە سەربازگەی تۆبزاوە, دەڵێ 6 مانگ لە سەربازگەی تۆبزاوە ماینەوە, ماوە ماوە گروپێك زیندانیان دەبرد بۆ كوشتن, بە وتەی ئەمان بێت تا ئازاری 1989 لە سەربازگەی تۆبزاوە ماونەتەوە.
بەلام هەڵەبجەییەكان, ئەوەی لە سنوری سەقزو بانەوە گەڕاونەتەوە, دوای تەوارییەكەی سلێمانی, بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, هەروەها ئەوانەی لە ناو شار سلێمانی دەستگیركران, برانە ئەمنی بەرامبەر فیرقە, نزیك مانگێك لەوێ ماونەتەوە, ژن و پیاویان جیا كردۆتەوە, دواتر گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, لەوێ ژن و پیاویان لە یەكتر جیا كردۆتەوە, سەدو پەنجا كەس لە تۆبزاوە بووە, كاتی لێبوردنی گشتییەكە, لە 8-9 هێنراونەتەوە بۆ شاری سلێمانی لای حەسیب ساڵەح, لەوێوە بۆ عەربەت, ئەوجا ئازادكراون.

ئەنفالكراوان چۆن وەرگیراون
سابیر دوری بەرپرسی ئیستخباراتی عێراقی دەڵێت”ئیستخباراتی عەسكەری كەرتەكانی باكورو رۆژهەڵات دیلەكانی ئەنفالیان وەرگرتووە. سابیر دووری لە درێژەی وتەكانیدا بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەڵێت”مەوزومەی ئیستخباراتی شیمالی ئەركی وەرگرتنی خێزانە ئەنفالكراوەكانی لە ئەستۆ بوو, كە فەرحان ساڵەح موتڵەگ جبوری بەرپرسی بوو, ئەمان وەریان گرتوون و تەسلیم تەنزیم شیمالیان كردووە, سكرتاریەتی لیژنەی تەنزیمی شیمال كە بەرپرسەكەی تاهیر تۆفیق عانی بووە وەریانی گرتووە.
خەڵك لە رێگەی سەربازو ئۆتۆمۆبیلی سەربازی, دەبردران بۆ مەوزومەی ئیستخباراتی عەسكەری لە شاری كەركوك, دوای ئەوە رەوانی مەكتەبی تەنزیماتی شیمال دەكران, هەروەها فەرمان لە عەلی حەسەن مەجید و نزار خەزرەجی وەرگیراوە بۆ راپەڕاندنی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و چارەنووسی ئەنفالكراوان.
هەروەها پیاوە ئەنفالكراوەكان لە ئیستخباراتەوە نێردراون بۆ ئەمن, ئەوان وەریانیان گرتووە.
ئەوەی شایانی باسە, لە سەردەمی پرۆسەكانی ئەنفالدا مەوزومەی ئیستخباراتی شیمالی و شەرقی لە ئیستخباراتی گشتی دابڕان, خرانە سەر مەكتەب تەنزیم شیمال, لە ساڵی 1987 بۆ 1989 ئەوەی دەستگیر بكرابایا لە دائرەی قانوونیەوە نا نێردرا بۆ مەحكەمەی تایبەت, بەڵكە رەوانەی مەكتەب تەنزیم شیمال دەكرا, ئەوان بڕیاریان لەسەر چارەنووسی گیراوەكان دەدا.
بەڵام ئەفسەرێكی پێشكەوتووی شوعبەی سێ دەڵێت”خەڵكەكە دابەش كراونەتە دوو بەشەوە, یەكەم چەكدارەكان” ئەوانەشی تۆمەتبار كراون یان چەكیان كڕیوە كڕیوەتەوە كە مستەشارو مەفرەزە خاسەكان تەسلیمیانیان كردۆتەوە وەك پێشمەرگە ” ئیستخباراتی فەیلەق راستەوخۆ دوای بەناو لێكۆڵینەوە لە گەڵیان كە نەبووە, ئیعدامیانیان كردووە, بێ ناردنیان بۆ دادگا ……”. بەشی دووەم خەڵكە سڤیلەكە,ئەوان نێردراون بۆ ئەمنی پارێزگاكان, بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی پارێزگاكە مامەڵەی لە گەڵیان كردووە, زۆریان نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, عەلی حەسەن مەجید زۆر متمانەی بە ئەمن بووە, بۆیە ناردویانیەتی بۆ دائیرەی ئەمن”.

ژمارەی زیندانییەكان
بە وتەی رائیدی ئەمن سەباح حەمدانی لە ئەمنی پارێزگای كەركوك, كە بە وتەی خۆی بەشداری لە پۆلێنكردنی ئەنفالكراوان و وەرگرتنی ئیفادەیان و ئاماركردنیان كردووەو مونەسقی نێوان زیندانی سەربازگەی تۆبزاوەو زیندانی سەربازگەی دووبزی ئەنفالكراوان بووە, بە وتەی ئەو ژمارەی ئەنفالكراوان نزیك 17000 كەسە. وەلێ جەعفەر موسەوی سەرۆكی دەستەی داواكاری گشتی دەڵێت, ژمارەی ئەو ئەنفالكراوانەی بردراونەتە سەربازگەی تۆپزاوا بە 26000 كەس دیاری دەكات.
بەڵگەنامە نییە لەسەر كۆی ژمارەی هاتن ودەرچوونی قوربانیان لە سەربازگەی تۆبزاوە, لەو بوارە تەنها یەك بەڵگەنامە تا ئێستا بەردەستە, بە پێی بەڵگەنامەیەكی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی ژمارە 25163ی رێكەوتی29-10-1988 بۆ بەرێوەبەری ئەمنی ناو نەبراوی ناوچەی ئۆتۆنۆمی ناردووە, دوای 53 رۆژ لە تەواو بوونی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال, لە بەشێكیدا دەڵێت” 9030 كەس لە ئەنفالەكان كە لە لایەن ئەوانەوە دەستگیر كراون, پێك دێن لە 2532 كەسی سەڵت و 1869 خیزان, نێردراون بۆ بارەگای جەیشی شەعبی, مەبەستی سەربازگەی تۆبزاوەیە, ئەم ئامارە تەنها ئەوانە دەگرێتەوە لە تەوارییەكەی شاری سلێمانی و لقەكانی دیكە ئەمن لە پارێزگای سلێمانی نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە” بەڕێوەبەری ئاسایشی هەرێمی باكور لە كەركووك = داوای ڕاپۆرتی پێشەوەچوونی كاروباری دەكرد لە ئەمنی پارێزگای سلێمانی، وەڵامەكەش كە “نهێنی و شەخسی و تەنها ئەو كەسەی بۆی نێردراوە بیكاتەوە” بەم شێوەیە دەست پێدەكات: “بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان: جەنابی بەڕێز بەڕێوەبەری ئەمنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی، ئاماژە بە گفتوگۆ تەلەفۆنییەكەمان، ئەو ئامارەی داوای دەكەن ئەمانەی خوارەوەیە …” “نۆ تێكدەری تاوانبار لەگەڵ هەژدە كەس لە خێزانەكانیان ئیعدامكران، بە پێی فەرمانی مەكتەبی هەڤاڵ علی حسن المجید، نۆزدە كەسی تر ئیعدامكراون لە بەر ئەوەی لە ناوچە قەدەغەكراوەكاندا بینراون و بڕیاری ژمارە 4008ی 20ی حوزێرانی 1987 یان پێشێل كردووە، چل و حەوت تێكدەری تر حوكمی سێدارە دراون لە لایەن دادگای شۆڕشەوە. لە كۆتاییشدا دێتە سەر ئەوەی كەوا ” 2532 كەس و 1869 خێزان كە سەرجەم ژمارەیان 9030 كەسە، لەوانەی كە لە ماوەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی قارەماندا گیراون، نێردران بۆ كەمپی سوپای میللی لە پارێزگای تەئمیم (كەركووك), یان بە واتایەكی تر بۆ تۆپزاوا. ” نووسراوی ژمارە 25163 لە 29ی ئۆكتۆبەری 1988دا، لە ئەمنی سلێمانییەوە بۆ ئەمنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی .
هەروەها ئەم بەڵگەنامانەی خوارەوە, كە لە دادگا پشت راستكراوەتەوە, كۆی ناوەكان 1031 ناوەو كە لە چوارچێوەی ژمارەكەی ئەمنی سلێمانی نییە, لە سەركردایەتی هێزەكانی پارێزگاری نەوت” بارق فەرماندەی بووە” اركان استخبارات -ژمارە 304 لە رێكەوتی 12-4-1988 بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی كەركوك, بابەت ناردنی تێكدەران لە پاشكۆیدا 312 ناو هەیە, هەروەها ژمارە 284 یش لە رێكەوتی 10-4-1988 لەویشدا 30 ناو هەیە. وە ژمارە 295 لە رێكەوتی 12-4-1988 , 151 ناو هەیە, عوائل سلموا انفسهم نەك مخەرب نرسل الیكم العوائل المرفقە والژین سلموا انفسهم الی القگاعات العسكریە فی 11-4-1988 نرجوا اتخاژ ما یلزم, هەرەها نووسراوی ژمارە 323 لە رێكەوتی 14-4-1988, 399 ناو پێك هاتووە, وە نووسراوێك بێ ژمارە لە رێكەوتی 11-4-1988 لە 139 ناو پێك هاتووە, لە خوارەوە ناوەڕۆكەكەی دادەنێین.
“الكتاب صادر من قیادە حمایە النفگ الاركان العامە للاستخبارات الی مدیریە السلیمانیە مدیریە امن جمجمال الموچوع ارسال اشخاص – موچوع ارسال الاشخاص نرسل الیكم الاشخاص مدرجە اسمائهم فی القائمە المرفقە والژی سلموا انفسهم الی قگعاتنا یوم 11-4-1988 بدون الهاربین و المتخلفین من الخدمە نرجوا اتخاژ ما یلزم بصددهم حسب توجیە مكتب الشمال و اعلامنا الاستلام المرفقات 4 قائمە تتچمن 139 اسم”.
یەكێك لەم قوربانیانەی كە لەم نووسراوانە ناوی هاتووە, لە گۆڕی بە كۆمەڵ گەڕاوەتەوە, دەڵێت هەندێكمان لە لای بارقەوە راستەوخۆ بردراین بۆ سەربازگەی خالید لە شاری كەركوك, لەوێوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە كە نزیكی یەكترن.
هەروەها ڕاپۆرتی دەستنووسی ڕۆژانە ژمارە 8280 لە 6ی مایسی 1988دا لە فەرماندەی فەیلەقی یەكەوە بۆ بارەگای ئۆپەراسیۆنەكانی سوپا نێردراوە تیایدا هاتووە” ڕاپۆرتێكی مەیدانیی ڕۆژانە كە لە لایەن فەیلەقی یەكەوە دەردەچوو، بۆ ڕۆژی 6ی مایس”چوارم رۆژی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی چوار” تێبینی ئەوەی داوە كە ئەوانەی ئەو ڕۆژە لە نزیك تەقتەق خۆیان بە دەستەوە داوە 60 پیاو، 129 ئافرەت و 396 منداڵ بوون، بێجگە لە 37 تێكدەر” كۆی گشتییان 622 كەسەو ئەم ژمارەیەش لە چوارچێوەی ژمارەكەی ئەمنی سلێمانی نییە.
ئەمەی باسمان كرد تەنها بەشێكن لەو ئەنفالكراوانەی لە بەڵگەنامەكاندا هاتووە ئەوانەی نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, ئەمە جگە لەوانەی لە ناو سیمەكەی لەیلان, قۆڕەتوو, كۆیە, تەق تەق و شوان و گوندی جەلەمۆردو بناری خاڵ خالان و ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت و شاری هەڵەبجە” زۆربەیان”و دەوروبەرو گەڕاوەكانی ئێران……. هیچیان بەشێك نین لەو ژمارەیەی ئەمنی سلێمانی داویەتی, هەروەها تا ئێستا ئەم ئامارانەی باسیان دەكەین, ئەنفالی 8 و ئەنفالكراوانی سەربازگەی تكریت ناگرێتەوە, كە ئەوانیش بەشێكن لە كۆی ئەنفالكراوانی كوردستان.

تۆماركردن
ئەوانەی بە سواری ئیڤای سەربازی و كۆستەرو … دەهێنران, بە تایبەت لە كاتی قۆناغەكانی ئەنفالی 3 و 4, چونكە قوربانیانی ئەنفالی یەك و دووش, لە نێوان ئەو دوو قۆناغە گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە. هەر ئۆتۆمۆبێلەكان دەگەیشتن, بە خێرایی و راكێشان ئەنفالكراوان دادەگرتران, دەست دەكرا بە رێكخستنیان بە گروپ گروپ, دواتر پیاوانی ئەمن دەستیان دەكرد بە ناو نووسینیان, پێش ئەوەی بیان بەن بۆ هۆڵەكان كاری خۆیان تەواو دەكرد, لە كاتی زۆر قەرەباڵغی بڵندگۆو گۆڕەپانی راهێنانەكەش بەكار دەهێنران.
كە ئەنفالكراوان ناو نووس كراون, زانیارییەكانیان لێ وەرگیراوەو پۆلێن كراون, بە پێی رێنماییەكان, ئەو جا بە پاڵ بە خێرایی خراونەتە ناو یەكێك لە هۆڵە گەورەكانی سەربازگەكەوە.
ئەو پرسیارانەی كە لە زیندانییەكان دەكرا, ناوی سیانی, ناوی سیانی دایك, ساڵی لە دایك بوون, ناو و ژمارەی خوشك و براو منداڵەكان, ساڵی هاوسەرگیری,, پیشەو شوێنی نیشتەجێ بوون.
بۆ پیاوان پرسیاری پێشمەرگایەتی و لایەنی سیاسی و بەشداریكردن لە شەڕیشیان لێیان پرسیووە, ئەوانەی چەكیان لە گەڵیان تەسلیم كردۆتەوە, هەموو بە پێشمەرگە درابوونە قەڵەم. هەندێك جار پرسیاری دراوسێ و خزمی شاریشیان لێ كردوون.
محەمود مستەفا رەسول دەڵێت”ناوی سیانی, كار, خەڵكی كام دێهاتی, چەند منداڵت هەیە و لە كوێن؟, ئەم پرسیارانە دەكران لە تۆبزاوە. پرۆسەی پۆلێنكاری لە تۆبزاوە زۆر هەرەمەكی بووە, بە خێرایی و بێ بنەما بووە, چارەنووسی ئەو خەڵكە لە لایەن ئەو ئەفسەرانەوە دیاریكراوە كە لێكۆڵینەوەیان لە گەڵیان كردوون “, ئەوان چارەنووسی خەڵكەكەیان زانیووە, هەر لەوێ بە هەندێكیان وتووە بۆ مەرگ دەڕۆن.

جیاكردنەوەو پۆلێنكردن
بە پێی زانیارییەكان ئەوانەی پۆلێنی ئەنفالكراوان یان كردووە لە سەربازگەی تۆبزاوە, سەر بە ئەمنی پارێزگای كەركووك بوونە. سەرەتا چەند رۆژێك لە سەربازگەی تۆبزاوە ئەنفالكراوان لە یەكتر جیا نەكراونەتەوە, ژن و پیاو و منداڵ و گەنج لەو هۆڵە گەورانەی تۆبزاوە پێكەوە بوونە, دواتر دەستكراوە بە جیاكردنەوەی زیندانیان و پۆلێن كردنیان, دابەش چوار بەش كراون, ژنانی پیر, پیاوانی پیر, پیاوانی 15-50 ساڵی, ژن و منداڵ, ژنانی بێ منداڵی گەنج و كچانی گەنجیش لە هەندێك حالەت جیاكراونەتەوە بەڵام زۆرجار لەگەڵ ژن و منداڵەكاندا بوونە.
لە پرۆسەی پۆلێن كردندا نێرینەی 15 بۆ 50 ساڵی, مامەڵەی تایبەتییان لە گەڵدا كراوە, هەر لە كاتی جیاكردنەوەدا بڕیاری مەرگیان ئامادە بووە بێ دوو دڵی, بە پێی زانیارییەكان بۆ منداڵان كەم ریك كەوتووە منداڵێك لە پانزە ساڵ و بە سەرەوە بووبێت لەو پۆلێنە رزگاری بوو بێت, بەڵام كەمترەكان زۆر جار تێكەڵ گەورەكان كراون, هەرچەندە زۆرینەی ئەوانەشی رزگاریان بووە لە ژن و منداڵەكان دواتر هەمان چارەنووسیان هەبووە لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان خۆیان بینیوەتەوە.
هەندێك لە ئەنفالكراوان لە دانپێنانەكانیان بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەڵێن “لە 12 ساڵی بە سەرەوە منداڵەكانیان برد نەگەڕانەوە, دەستیان لە پشتەوە بەسترایەوە, پێشتر پیاوەكانیان بردبوو, گوێمان لە تەقە بوو هەر لەناو تۆبزاوە”.
یەكی دیكە دەڵێت”13 ساڵ بووە كردویانەتە ناو گەورەكان, دایكی بە گریان وەری گرتۆتەوەو هێناویەتەوە, واتا ئەوانەی ئاماریان كردووە, لە خاوەند بڕیارەكان دڵرەقتر بوونە” زۆربەی گۆڕە بە كۆمەڵە دۆزراوەكان ژن و منداڵن, كەواتە ئەوانیش رزگاریان نەبووە لە جیاكردنەوەكان.
پۆلێنكردن بە پێی ناسنامەی باری كەسی نەبووە, بەڵكە هەڕەمەكی بە پێی مەزندە بووە, دەشیا گەورەتر بێت بەڵام بچووك و منداڵ خۆی نواندبێت نەبردرابێت, یان بچووكتر بووبێت گەورە خۆی نیشان دابێت بردرابێت لەگەڵ پیاوەكان.
محەمەد حەمە فەرەج لە دایك بووی ساڵی 1949 خەڵكی سێوسێنانی ناوچەی قەرەداغ دەڵێ, تەسكەرەم پێ نەبوو,”ئەوكات 39 ساڵ بووە ” سەرو ریشم سپی ببوو, ئەفسەرەكە وتی بچۆرە ناو پیرەكان, منیش زۆر هەوڵمدا نەمخەنە ناو پیرەكان, یەكێ لە ئەفسەرەكان پێ وتم بەخوا گەنجەكان یەكی ناگەڕێنەوە, لەو كاتەدا ئەوانەی ئاماریان كردووە, بڕیاری لەناو دانیانیان زانیووە, هەر لە سەرەتاوە پێیانیان وتووە ئێوە موخەربین دەتان كوژین, تەنانەت لە چەمچەماڵ پێیانیان وتووە هەموو گولەباران دەكرێن.
لە سەرەتاوە ویستوویانە منداڵەكانیش بە تەنها داببڕن و جیایان بكەنەوە, شەوێك بۆ ماوەی نزیك شەش كاتژمێر منداڵە ساواكانیان لە دایكەكان جیا دەكەنەوە, ئەو شەوە وەك دەڵێن لە بەر گریان و قیژەو فیزاح حەوت تەبەقەی ئاسمان رادەچەڵەكێت, دوایی دەیان گەڕێننەوە, نازانرێت نیازی چییان هەبووە.
تەنانەت ئەوانەشی لە ئامارەكەی 17-10-1987 بەشدارییان كردووە, لەكاتی دەستگیركردنیان بە رێكەوت لە مردن رزگاریان نەبوو, خاوەر قادر سەبارەت بە سەربازگەی تۆبزاوە دەگێڕێتەوە دەڵێت” منداڵی دوو سێ ساڵیان لە دایكی سەندووە داویان بە زەویداو كوشتویانە. پاشان كەوتوونەتە گیان زەلامەكان. كوڕەكە پانزە ساڵانەكەی خۆی بینیوە لە گەڵ پیاوەكان سەنگاودا گرتبوویان و بۆ ئەوێ هینابویان. كەش و هەوا باو بۆران دەبێت. دوای ماوەیەك گوێبیستی تەقەكردنەكان دەبێت”, خاوەر ئەوە دواجاری دەبێت كوڕەكەی ببینێت, ئیتر ببڕای ببڕ نایبینێتەوە.

ئەشكەنجەدان

لە سەربازگەی تۆبزاوە, لێدان هەر لە گەیشتنە ناو سەربازگەكەوە تا دەرچوون لێی هەبووە, تەنانەت لە كاتی هێناندا ژنانیان بە لێدان لە ئیڤاكان داگرتووە, پیاوانیش هەمیشە لێدانیان لەسەر بووە, لە دابەزاندنیان لە ناو ئیڤاكانەوە بۆ سواركردنیان بە روتی و دەست و چاو بەستراوی دوو دوو بۆ ناو ئۆتۆمۆبیلە داخراوە سەوزەكان, هەموو بە لێدان و پاڵ نان بووە, پیاوە گەنجەكان ئەو چەند رۆژەی لە وێ بوونە, بێ لێدان ئاو و سەمونیان نەداوە پێیان, وە نەیانیان بردووە بۆ سەر ئاو, ئەوە ئەگەر یەكێك بەرگێكی رەنگ و شێوە گوماناوی بۆ ئەوان لە بەر بوایە و ریشی هەبوایە زیاتر دەكەوتە بەر ئەشكەنجە.
بە وتەی زیندانییەكان, لە تۆبزاوە لێدان هەبووە, فەلاقە كردن و بەستنەوە بە پانكە و داخكردن و شەق وەشاندن, لە هۆڵێكی تایبەت زیندانییە پیاوەكان لێیان دەدرا, پیاوە گەنجەكان روت كراونەتەوە, تەنانەت بە روتی و دەست و چاو بەستراوی, لەبەر سەرمای بەیانی زوو دوو دوو پێكەوە بردراون بۆ كوشتن, لەو كاتە بێ پێلاو تەنها شۆرت لە پێیان بووە خراونەتە ناو ئۆتۆمۆبیلە داخراوەكانەوە.
بەو سەرمایە جل و بەرگی پیاوانیان داكەندووە, بە دەرپێیەك كورتەوە, ئاویان كردووەتە ژێریان لە ناو هۆڵ ساردە بێ پەنجەرەكان, لە خەڵك دراوە بە كێبڵ, بە تایبەت گەنجان ئەو كاتانەی بردویانیانە بۆ سەر ئاو, هەروەها سەری گەنجەكانیان سفر كردووە. ناسنامە, پارە, سەعات, شانە, ئاوێنە, تەزبێح, مووكێش,….چی لە گیرفانیان بووە لێیانیان سەندووە. زیندانییە پیرو ژنەكان بە چاوی خۆیان ئەشكەنجەدانی گەنجە پیاوەكانیان بینیوە, تەنانەت لە پیرەكانیشیان داوە.

بارودۆخی ژیان
لە سەربازگەی تۆبزاوە, بارودۆخی ژیان زۆر سەخت بووە, دوای ئاماركردن, زیندانییەكان بە پاڵ و لێدان كراونەتە ناو هۆڵە گەورە ساردو سڕە تاریكە شێدارەكانەوە, گڵۆپ لەناو هۆڵەكان نەبووە, دەڵێن روناكیمان نەبینی تەنها لەو كاتەی دەچووینە سەر ئاو, خواردنی خراپ تەنها سەمونە رەقێك بووە رۆژانە, زەوییەكەی پیس و شێدار, بێ بان و بن و پانكەش بە خێرایی بەردەوام پێ كراوە, بایە ساردەكە لە زەوییە تەڕەكەی دەدا زیاتر ساردی كردووە, لە گەرما پانكە نەبووە لە سەرما پێیان كردووە, پێ كردنی پانكە لەو سەرمایە بەشێك بووە لە سزا دان.
جار جارە چای و سەمونیان داوە پێیان, هەندێك جاریش شۆربایەك پیس زۆر جار نیسك بووە, پاشماوەی قزعەی سەربازی, یان شلەیەكی چەور, لە برسان پارچە سەمونیان لە دەرەوە كۆكردۆتەوە, شیر نەبووە بۆ منداڵ بۆیە بەردەوام لە برسان گریاون, دەست بە ئاو گەیاندن لە ناو هۆڵەكان بووە لە سەرەتا, لە ژورەوە دەستیان بە ئاو گەیاندووە, میزوو پیساییان كردۆتە ناو قوتی و سەر چەمنەتۆكە, یان لە دەرگاوە كردویانەتە دەرەوە, یاخود بە كۆمەڵ یان گروپ گروپ رۆژانە دووجار بردراون بۆ ئاودەستەكان, لە ژێر چاودێری و هەندێك جار بە لێدان , كە سەربازگەكە 3 كۆمەڵە ئاودەستی تێدا بووە, هەر كۆمەڵەی 17 ئاودەست بووە, بەڵام زیندانیان لە تۆبزاوە, كێشەی تێنویەتیان وەك سەربازگەی نگرە سەلمان نەبووە.
یەكێك لەو گەنجە كەمانەی كە لە تۆپزاوا ڕزگاریان بوو, ئاوا باسی خواردنەكەیان دەكات:”چاكتر وایە هەر باسی نەكەین، تۆ ئەگەر برسیت نەبوایە قەت نەتدەخوارد، جۆرە شۆربایەك بوو تەنها لەگەڵ ئێسقانی ڕووتداو ڕۆنێكی زۆری بە سەرەوە بوو و هەموو كەس نەخۆش كەوتن”. زۆربەی گیراوەكانی تۆپزاوا ئەمەشیان دەست نەدەكەوت بەڵكو ڕۆژانە هەركەسە و دوو سەموونی بچووكی كۆنی وشكهەڵاتوویان دەدانێ لەگەڵ تۆزێك ئاودا. هەندێكیش خواردنی هەر بەرنەدەكەوت., زۆرینەیان تەنها باسی سەموونە رەقەكە دەكەن رۆژانە پێیان دراوە
لە سەربازگەی تۆبزاوە لە گەیشتنیانەوە تا ناردنیان, بەتایبەت ئەوانەی بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە ئۆتۆمۆبیلی داخراودا نێردراون مردن زۆر هەبووە, هەروەها منداڵ بوونیش لە ئاودەست و ناو هۆڵەكان لە كاتی گواستنەوەدا هەبووە.
ئەنفالكراوان ئەو چەند رۆژەی لە سەربازگەی تۆبزاوە بوونە, كێشەی نوێژكردن و راپەڕاندنی سرووتە ئاینییەكانیان هەبووە, بە تایبەت لە مانگی رەمەزاندا كە هیچ خواردنێكیان نەداوە پێیان.
هەروەها بەهۆی قەرەباڵغییەوە ئەو هۆڵە گەورانە كە پانتاییان نزیك 400 مەتر بووە , زۆریان لە پیاوان كردووە شەو تا بەیانی دەستەو ئەژنۆ لە سەر چیچكان دانیشن و هەر كەسێ بیویستایە هەڵبسێتە سەر پێ داركاری كراوە لە لایەن حەرەسەكانەوە, بەهۆی نە خەوی و دانیشتن لەسەر چوچكان زۆریان لە بەر پیری و بە هۆی بێهێزییەوە لە هۆشی خۆیان چوونە.

رەوانە كردن
سەربازگەی تۆبزاوە شوێنی كۆكردنەوەو ئامادەكردنی ئەنفالكراوان بووە بۆ زیندان و جێگاكانی دیكە, زیندانیانی تۆبزاوە زۆرینەیان لە رۆژێك بۆ سێ و چوار رۆژ لەوێ ماونەتەوە, هەندێكی كەمیش زیاتر, سەرەتا ژن و پیاوە پیرەكانی سەروی پەنجا ساڵیان بۆ نگرە سەلمان ناردووە, دوای سێ رۆژ لە ئاوەدانكردنەوەی تۆبزاوە, یەكەم وەجبەی زیندان نێردراوە بۆ زیندانی نگرە سەلمان.
بە هەمان شێوە ژن و منداڵیش نێردراون بۆ سەربازگەی دوبس, كوڕە پیاوە گەنجەكانیش بە ئۆتۆمۆبیلی داخراو نێردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان.
بە پێی شوێنەواری قوربانیانی ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكانی تەل شێخییە و وتەی تەیمور رزگاربووی گۆڕە بە كۆمەڵەكان, بەشێك لە قوربانیان راستەوخۆ لە تۆبزاوەوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان نێردراون, بە پێی بەرگەكانی بەریان لە وەرزی سەرمای ئەو ساڵە واتا ناوەڕاستی مانگی چوار بۆ ناوەڕاستی مانگی پێنج نێردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, هەروەها بە پێی وتەی شایەدحاڵەكانی نگرە سەلمانی ئەنفالی چوار, ژن و منداڵیان لە رێگا بینیوە لە كاتی بردنی ئەوان بۆ زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان, نەزانراوە بۆ كۆێ دەبردرێن.
لە ناو ئەنفالكراوان زیندانیانیش هەبووە لە تۆبزاوە ماوەتەوە تا لێبوردنەكە . هەرچی ئەنفالكراوانی كیمیابارای شاری هەڵەبجەیە ئەوان لە یەكتر جیا نەكراونەتەوە, هەموویان پێكەوە نێردراون بۆ زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان.
عوزێر یەكێك لە دەربازبووانی گۆڕە بە كۆمەڵەكانە بەم شێوەیە كاتی رەوانە كردنی خۆیان دەگێڕێتەوە” تەماشای كردبوو هەر پیاوە و بە زنجیرە ژمارەیەكی دراوەتێ و ژمارەكەی ئەم 375 بوو، ئەوان هەر كە ناوەكانیان بانگ دەكرا دەس بەجێ لە قاوشەكە دەبرانە دەرەوە و هەشت هەشت كۆمەڵیان دەكردن. بە جووتە بە یەكەوە كەلەپچە كرابوون و پێڵاوەكانیشیان بردن، گەلێ جار پیاوەكان چاویشیان بەستراوەتەوە و بە پێی قسەی هەندێ كەسیش جلوبەرگیان لەبەردا نەهێشتوون و تەنها دەرپێیان لە پێدا ماوە. دواجار خستوونیانە ئەو ئۆتۆمبیلە شوومە بێ پەنجەرانەوە كە بە ڕەنگی سپی یان سەوز بۆیە كرابوون، وایش باسدەكرێن كە پاس، ئەمبوڵانس یان بارهەڵگری داخراو بوون.
ئەم ئۆتۆمۆبیلانە ئەوەندە پڕ كراون, هاوكات بە هۆی داخراوی تەنگە نەفەس بوونە, ئەو چەند كاتژمێرەیان وەك ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكان بووە بۆ ژن و منداڵەكان, زۆر لە منداڵەكان پێش گەیشتنیان بۆ ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە رێگا مردوونە.

گۆڕی بە كۆمەڵ
تا ئێستا سەربازگەی تۆبزاوا یەك گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراوەتەوە, كە لە نێوان 80 بۆ 81 روفاتی تێدا بووە ” بە وتەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان 81 روفاتە, وەلێبە پێی ژمارەی گۆڕەكان 80 گۆڕە”, بەشێك لە روفاتەكان شوێنەواری گولە بە جەستەیانەوەیە, پێی دەچێت كۆمەڵكوژی پیاوە گەنجەكان لێرەوە دەستی پێكردبێت. ێشتا پشكنینی ورد بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری هەموو گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە سەربازگە 122 دۆنمییەكەی تۆبزاوە نەكراوە.

نەخۆشی
هۆڵەكانی سەربازگەی تۆبزاوە جگە لەوەی چەمنتۆیەكی رەق و تەق بووە, هاوكات پیسیش بوون, ناو هۆڵەكان وەك زبڵدانێكی بۆگەن وا بووە, تەنانەت زیندانییەكان پیساییەكانیشیان زۆربەی كاتەكان لە هۆڵەكان كردووە, چونكە دەرگایان لێ داخراوە لێیانیان نەكردۆتەوە, بە هۆی سك چوونیشەوە زیاتر هەراسان بوونە, زەوییەكە تەڕ بووە, زیندانییەكان لە سەر زەویە رەقە ساردە تەڕە خەوتوونە بە برسێتی و سەرما, نەبوونی بان و بن, هاوكات پانكەكان وەك سزا بەو سەرمایە هەڵكراون و پەنجەرەكانیش شوشەیان پێوە نەبووە, زۆربەی زیندانییەكان جل و بەرگی پێویستیان لەبەر نەبووە, كۆكە و سك چوون و تیفۆئید و گرانەتا لەناو زیندانییەكان بڵاو بۆتەوە, لە مانگی دوانزەی ساڵی رابردووەوە”1987″ەوە, گرانەتاو تیفۆئید لە ناوچەكانی ئەنفالی سێ و چوار بە بەربڵاوی بڵاو ببوەوە, بەهۆی نەبوونی چارەسەرەوە بەردەوامی هەبوو, وێڕای ئەم هەموو نەخۆشییە پزیشك و چارەسەریش نەبووە, تەنها لە هەندێك حالەتدا كە ئەوانیش زۆریان مردوونە.

دەستدرێژی سێكسی
هەرچەندە زیندانیان ماوەیەك كەم لە سەربازگەی تۆبزاوە ماونەتەوە, بەڵام لەو ماوە كەمەشدا كچان و ژنان بێ بەری نەبوونە لە پەلاماری سێكسی, هەندێك دەڵێن كچە جوانەكانیان جیا كردۆتەوەو بردوویانەو ئیتر نەبینراونەتەوە, زۆر شایەدحاڵ هەبوونە شایەدییان داوە لەسەر ئەوەی پەلاماردانی سێكسی هەبووە لە زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە.

بۆ نەدۆزرانەوە
لە دوای روخانی سەدام, دەكرا هەیكەلی بەڕێوەبەری ئەم كەمپانەی راگرتن و ناردنی ئەنفالكراوان ئاشكرا بكرابانایا, لە كاتێكدا سەربازگەی تۆبزاوە و دووبز لە ژێر دەسەڵاتی ئەمنی شاری كەركووكدا بوونە, لە پێشوازیەوە بۆ ناردن و بەڕێوەبردن.
دەڵێن سەربازگەی تۆبزاوە بە چڕی ئابلوقە دراوەو چاودێری توندو تۆڵ كراوە, كەس لەو پرۆسەیە هەڵنەهاتووە, بەلام هیچكام لەوانە نەدۆزرانەوە.
حەرەسەكان بەرگی مەدەنی لە بەریان بووەو پێی دەچوو ئەمن بوبێتن, چونكە سەربازگەكە ئەمنی پارێزگای كەركووك بەڕێوەی بردووە, هەندێك جەیشی شەعبی لە توركمانەكانی ناوچەكە لەوێ بوونە, بەڵام زوو لایانیان داوە. تا ئێستا بەرپرسانی ئەم كامپانە, هەیكەلی بەڕێوە بردنی نەدۆزراونەتەوە.
ئەمە پرسیارێكی شەرمەزاری كەر بوو, كاتێك لە پرۆسەی دادگایی ئەنفالدا, هەردوو تاوانبار حوسێن رەشید و سەدام حوسێن باسی ئەوەیان كرد, ئەم حەجاجە هەر ناوی دووبارە دەبیتەوە, مەعقولە بەم هەموو پارە و كات و دەسەڵاتەوە نەزانرا كێیەو تا ئێستا نەدۆزرایەوە؟, مەعقولە بەڕێوەبەری سەربازگەی تۆبزاوەو نگرە سەلمان نەدۆزرانەوە؟. ئایا مەعقولە حكومەتی عێراق و كوردستان.

سەرچاوەكان:

  • ئاوشفیتز تۆبزاوە دالیا عومەر 2015 كەركوك چاپخانەی كارۆ
  • هەڵەبجەییەكانیش ئەنفالكران گوڵاڵەی گەرمیان چاپخانەی كارۆ 2024
  • سی دی دۆسیەی ئامادەكراوی ئەنفال لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە.
  • محكمە الانفال اعداد ریكار مزوری بمساعدە محامی ایاد كاكەیی
  • بەرنامەی بەڵگەنامەیی خۆم لەوێ بووم , تەلەفزیۆنی ئازادی,كەناڵی گەرمیان
  • جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد – هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ چاپی سێیەم 2013 چاپخانەی كەماڵ – وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق
  • لە تاوانی ئەنفالدا: ژنێك ویستی بمرێ,كەچی ژیا! – دلێر كەریم رێگای كوردستان ژمارەی تایبەت 11-4-2023



کورتە چیرۆك: جاسووس.. نووسینی: کۆڕش وەحید

لەدەرگاوە نەچوبوومە ژوور، بسکەی سمبێڵی دەهات، دەیویست یەکێك لە ئازایەتی و سەروەرییەکانی خۆیم نیشان بدات، لەڕێوە پرسی: باوەڕ دەکەیت مام وەسمان لە دوکانەکەیدا ماچی کیژی قەد زراڤی ئەلمۆدە بکات و دەستلەملانی بێت و پێکەوە بتریقێنەوە؟
وتم: جامن چ کارم بە عالەم داوە؟
وتی: ئاخر من کارم پێیانەوە داوە، خۆ ئیش و کار قاتیی بووەو بازاڕ وەکو جاران نییە، مەجبوور خۆم بەم و بەوەوە مەشغوڵ بکەم. خەمت نەبێت کامێرەم بۆ هەموویان داناوە، لەوان وایە بۆ دوکانەکەی خۆمم داناوە. هەر ئەوە نا، لەسەربانی ماڵەوەش وەکو ڕادار بە چواردەوردا دامناوە، هەر بێتاقەت بووم بۆ خۆم لەو تۆمارانە ورد دەبمەوە. هەر من نا، ئەوە بووەتە مۆد، دراوسێکانی تریش زۆربەیان دایان ناوە. یاخوا شتێك نەبێتە مۆد.. هەمووی چاوی لێدەکات.
ماڵ ئاوەدان، لەماڵەوە لە ژووری نووستن کونی دیوار نەماوە نەیگرم، ئەو بەچە فێڵبازەم کامێرای لێ دادەنێت، نازانم ئەو کامێرە عەنتیکانەی چۆن دەدەنێ؟ هێندەی سەرەپەنجەیەکن، بەکۆنترۆڵ ئیش دەکەن. خۆ ئەوەش ئیشی دایەرە نییە دەیکات، بەس بووەتە خووی، تازە بۆی تەرك ناکرێت. مانگی ملیۆنێکی هەیەو شەشی ئامادەییشی تەواو نەکردووە، هەر ڕۆژەوە لەگەڵ هاوپیشە هەرزەکارەکانیدا بە مۆدێلێکی نوێی سەیارەی جام ڕەش لە بەردەرگا دادەبەزێت. هەر کە قسەش دەکەم دەڵێت: منیش موچەی خۆمم هەیە، درێژەی پێ مەدە، زەرەر دەکەی. لێم بووەتە هەژدەها. باسی داماوی وام بۆ دەکات مێش میوانی نییە و ناوی لە کولەکەی تەڕیشدا نییە، دیارە ئەمانیش بێکارن، بەوانەوە مەشغوڵیان دەکەن. ئیتر ئاوها ئەو زەمینەی ئێمە لەسەری دەژین بووەتە حەقلی ئەزمونگەریی و ئەو عالەمەش موشکی ناو موختەبەر.
منیش وتم: مەگەر پێشینان نەیانگوتووە: گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە؟
وتی: ئێمە کە لەو تەمەنەدا بووین کەی ئەوەندە زۆرزان بووین، ئەم جیلە گەمەیان بە تەکنەلۆژیا دێت، ماڵئاوەدان کێ گرەویان لێ دەباتەوە؟
لە دڵی خۆمدا گوتم: ئەوان لە سەر شەقام و جادەو فەرمانگەو شاخ و کیو ومەکتەب و مزگەوت و ماشێن وهۆڵ و مۆڵ و تەنانەت ئاودەستیش دایدەنێن بێ ئەوەی حسابی چڵەپوشێك بۆ تایبەتمەندی خەڵکی بکەن، ئەوە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکان هەر باس مەکە، لەوێ قاچیان خستۆتە سەر قاچ و کەچی دەزانن تۆ بەیانی چی دەخۆیت و لە ماڵەوە چ میوانێكت دێت. هەشە باوەڕ دەکات کە دەڵێن جنۆکەیان هەیە. داهاتێکی زۆر بۆ ئەو بەدگەرییە تەرخان دەکرێت، ئەوەکەی تریشی ڕۆژانە بە مۆڵی دەچیتە بەردەستی سەرپانەکان.
وتی: ماڵئاوەدان دەبەسە بیرکردنەوە لە ئاخردا شێت دەبیت، ئەڵێی خەیاڵیت، وەرە سەیری مام وەسمان بکە.
وتم: ئەزانم گەر نوێژیش بکەیت بێ دەستنوێژ دەیکەیت، بەس تێناگەم ئەو بەرماڵەت بۆ لەسەر ئەو تاقە داناوە؟