خەون و ئاواتی کۆمۆنارەکان، ئیلهامی دونیایەکی سۆشیالیستیـیە.. جەمال کۆشش

هەفتەی خوێناوی پاریس

(٢١) تا (٢٨) ئایاری ساڵی (١٨٧١) لەشکرێکی سەروو سەد (١٠٠) هەزار کەسیەوە، پڕ چەک و جبەخانە و ئەسپ سواری کۆماری فەرەنسا بە فەرمانی سەرۆکوەزیران ( تیرئەدۆڵف) لە مامەڵەیەکی ملکەچکەرانە و لەگەڵ (ئۆتۆ ڤۆن بسمارک)ی ئەڵمانیا کە چل (٤٠) هەزار سەربازی دیلی ئازادکراوبوون بەمەرجی دەستنەپاراستن و کوشتنی عەمدی بە ئەنقەستی لە کۆمۆنارەکان و خەڵکی پاریس و لێدوان نەدان بۆ هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن، پاریسیان وێران و کاول کرد، کوشتاری بەکۆمەڵ، دیلکوشتن، ژنکوشتن و ئەتکردن و تاوانی سێکسی و بۆمبارانـیان ئەنجامدا. لە بەرامبەر نزیکەی چل (٤٠) هەزار گاردی نیشتمانی و کومۆنارەکاندا، هەر (٩٠٠) سەنگەرەکەیان داگیرکرد و حکومەتی هەڵبژێردروای شورایی کۆمۆنەیان ڕوخاند. بۆ ماوەی پێنج (٥) ساڵ حوکمی عەسکەرییان سەپاندو زیاتر لە پەنجا (٥٠) هەزار کەسیان بەرەو دادگای سەربازی و مەدەنی ڕاپێچکرد و لە شانۆگەرییەکی هەڵبەستراودا، بڕیاری لەسێدارەدان و زیندانی و دیپۆرتکردنەوەیان جێبەجێدەکرد. (پیر فیینەر) ژورنالیستی سۆسیالیست بە کوشتنی چل (٤٠) هەزار کەس مەزەندەی کردووە.

(ئوگین ڤالین) ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم، لە ڕۆژی (٢٨) مانگ دەگیرێت، پاش ئەشکەنجەدان دەیکوژن، کۆمۆن، گەورەترین شەڕی نێۆخۆیی لە مێژووی فەرەنسادایە.(هاڕەی چەکەکان و گولـلەبارانکردنەکان لە یەک بە یەکی شەقامەکان هەبوون، زۆرێک لە ژنان وەکو من بێتاوان بوون، دەستڕێژییان لیدەکردن و دەیانکوشتن بە تەنها ئەوە بەس بوو، شێوەیان لەوان بچوایە، ژنە نوسەر (لویسە کۆلت) بە چاوی خۆی بینویەتی و لە ڕۆژی بیست و هەشتی مانگی پێنج (٢٨/٥) نوسیویەتی، ڤێ دێ ئار ٥). ئەو ژنە زیندانیانەی دەگوازرانەوە بۆ ڤێرسای بەشەقامەکاندا تف باراندەکران و شتیان تێدەگرتن و ژنە دەوڵەمەندەکان بە چەترەکانیان لێیان دەدان. (ڤۆتز مەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنە سۆشیالیستی ئەمەریکایی کارۆلین یۆت، ئیخنەر٢٠٢١).

کەمێ زانیاری بەزمانی کوردی

لەبارەی شۆڕشی سۆشیالیستی کۆمۆنە و یەکەم حکومەتی کرێکاری کۆمۆنارەکان لەپاریس لە (١٨) ئادار تا (٢٨) ئایار ساڵی (١٨٧١) بەزمانی کوردی، زانیاری یەکجار کەمە. پڕکردنەوەی کتێبخانەی سۆشیالیستی دەربارەی ئەم پرسە گرنگە، پەیوەندییەکی قووڵی بە بەدەرکردن و خاوێنکردنەوەی هەژموونی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و لیبڕالیزمەوە هەیە.

ئەم جەنگە چینایەتیـیە فراوانەی پرۆلیتاریا و کۆمۆنیستەکان و ئەنارکیستەکان و بلانکیستەکان و ڕۆڵ و کاریگەری ئەنتەرنسیۆنالی یەکەم و هاوپشتی و سۆلێدارەتی بزوتنەوەی کریكاری و کۆمۆنستی ئەوروپا لەو حکومەتەیان، بۆ کۆمۆنیستەکانی عێراق بابەتێکی لاوەکی و ڕاگوزەر نیـیە.

شۆڕشی کۆمۆنە، گرێدانی تەواوی ئازادییەکان و ڕزگاری کۆمەڵایەتی و بەختەوەری و برایەتی گەلان، شەتەک دەدات بە شۆڕشێکی واقعی لەدژی کاری بەکرێ و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. جیاکردنەوەی بەتەواوی دین لە دەوڵەت و پەروەردە و گۆڕینی سیستەمی خوێندن و خۆڕایی کردن و ئیجباری کردنی خوێندن، قەدەغەی شەوکاری و کاری مناڵان و مافی هاوڵاتی یەکسان بۆ سەرجەم دانیشتوانی پاریس کە لەو دەمەدا زیاتر لە سەد (١٠٠) هەزار کرێکاری ئەڵمانی و پۆلۆنی و هەنگاری و ئیتالی تیا دەژیان.

ناسینی بە شکۆی مناڵانی دەرەوەی پەیوەندی نەریتی خێزان و مافی یەکسانی کرێی ژنان و پیاوان کە کێشەیەکی گەورەی خێزانە کرێکارییەکان بوو …هتد لەنێو جەرگەی شەڕی پروسیا (ئەڵمانیای ئێستا) و فەرەنسا، هەژاری کوشندە و کاری تاقەتپڕوکێنی و دوازدە (١٢) سەعاتی شەش ڕۆژە، نەخوێندەواری و نەخۆشیـیە بەربڵاوەکاندا، زۆر تایبەتە. ئەمانە شکاندنی ژورەکانی باستیلی سەرمایەبوون نەک، ڕیفۆرم.

لە زەمانی مانیفێستەوە

لە ئەوروپا بەگشتی و فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و بەلجیکا و سویسرا، بزوتنەوەیەکی بەهێزی هەمە ڕەهەندی ڕادیکاڵی کرێکاری و سۆشیالیستی و دیموکراسی شۆڕشگێڕانە پەیدا ببوو دەیەی شەستەکانی ساڵی کۆمۆنە، دەیەی شکڵگرتنی یەکێتی و سەندیکا و خەباتی نێونەتەوەیی سوشیالیستی بوو. دەیەی پێکهێنانی دەیان و سەدان کۆڕی خۆڕۆشنبیرکردن و ڕێکخراوبوونی کرێکاران بوو. لە (١٨٦٦) ئازادی چاپ و کۆبونەوە پەسەندکرا لەلایەن پۆناپارتەوە، دەیان ڕۆژنامە و سەدان میتنگ سازدەدارن.

ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم (١٨٦٤)، نەقابەکرێیەکارییەکانی بەریتانیا (١٨٦٦)، حزبی کاری ئەڵمانیا (١٨٦٦)، پەرەگرتنی حزبەکانی سوسیال دیموکرات شوڕشگێر لە ئەڵمانیا، لەگەڵ پەرەسەندنێکی زۆر خێرایی پیشەسازی و سەرمایەگوزاری کشتوکاڵی و کۆبونەوەی دانیشتوان لەشارەگەورەکان. سەرمایە لەپڕ کەڵەکەیەکی بێوێنە و هەڵتۆقینی گەورە سەرمایەدارەکان و لەلایەکی ترەوە گەڕەکە هەژارەکان بە بڵاوتر و برسی تر و خێزانەکرێکارییەکان بۆ بژێوییان دەبوو هەموو کار بکەن. کۆمۆنیزمی شۆڕشگێر ئیدی بەرەو هەنگاوی کۆمەڵایەتی چینایەتی گەورە دەردەکەوت، … لقەکانی ئەنتەرناسیۆنال لەئەڵمانیا و فەرەنسا و بەلجیکا و بەریتانیا و ئەمەریکا و ڕوسیا لە گەرمەی تێهەڵچونەکاندا بوون.

هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاری

ناردنی نوێنەری ئەنتەرناسیۆنال بۆ کۆمۆنە (ئەلیزابیت دیمتری و هاوڕێێەکی) کە دەیەمین ڕۆژ دەگەن، ئەلیزابیت کە خۆی بەڕەچەڵەک ڕوسیـی بوو وە بۆ خوێندن هاتبوو بۆ جنێف، لەوێ لەگەڵ کۆمۆنیستەکانی جنێف ئاشنایەتی پەیدا دەکات و ئەوانیش بۆ لەندەن بۆ لای مارکس دەینێرن، وە لەسەر داوای مارکس دەڕوات. هەر چەند تەمەنی ٢٠ ساڵە بەڵام یەکسەر دەست بە هەڵسوڕانی جددی دەکات و گەورەترین و کاریگەرترین ڕێکخراوە بەناوی (یەكێتی ژنان) دروست دەکات. کرێکارانی ئەڵمانیا لەشارەکانی بەرلین، لیپتزیگ، دیدرسدن، خیمنتز، هامبورگ، هانۆڤەر، برێمن، ئیلبرفێلد، نۆرمبیرگ، دەستیان بەچالاکی سیاسی و کۆبونەوەیان پشتیوانی بۆ کۆمۆنارەکان کرد. لە نامەیەکی پیرۆزباییدا سێ (٣) هەزار کرێکاری هانۆڤەر هاوچارەنوسی خۆیان بۆ کۆمۆنارەکان ناردبوو. (فرێرنارد ئۆگۆست بیبل) هەڵسوڕاوی کرێکاری و ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا و دامەزرێنەری حزبی سۆشیال دیموکرات، لێبڕاوترین کۆمۆنستی نێونەتەوەیی بوو کە لە دژی سیاسەتی عەسکەرتاریەتی وڵاتەکەی خەباتی دەکرد داوای وەستانی جەنگی دەکرد کە ئەو دەم لەشکری ئەڵمانیا، تەوقی پاریسیان دابوو. کرێکارانی بەریتانیا و نەمسا و بەلجیکاش بەهەمان جۆر. بڵاوکراوە و ڕۆژنامەکانیان هەموو ڕۆژێک بەوردی ڕوداوەکانی شۆڕشیان دەگواستەوە.

شۆڕش و ڕیفۆرم و ژنان و کۆمونە

هەرچەند لەم نوسینەدا،هیچ دەرفەت نیە، ئەزمونی کۆمۆنە شرۆڤە بکەم. چەند دێرێک زۆر بەپێویست دەزانم کە بینوسم لەپەیوەند بە حکومەتی دیکتاتۆری پرۆلیتاریای پاریس. کۆمۆنە لە دوازدە (١٢) شوێنی تر دامەزرا لە (لیۆن) و (مارسیلا) تەمەنیان دوازدە (١٢) ڕۆژ بوو. ببینن بۆرژوازی بە چ کوشتارێک حکومەتی هەڵبژێردراوی کۆمۆنارەکانی خاپوور کرد. سەد و نەوەد (١٩٠) هەزار کەس دەنگیان بە کۆمۆنەدا، چل و پێنج (٤٥) هەزار کەس دەنگیان نەدا. خێزانە بۆرژواکان زووتر شاریان چۆڵکردبوو.

ئەو دەمە کۆماری فەرەنسا لە کێبڕکێیەکی ئیمپریالی گەورەدا بوو لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا، لە شەڕدا بوو لەگەڵ پروسیا، بەڵام کرێکاران و سۆشیالیستەکان، خەباتی بنچینەیی خۆیان جێنەهێشت و فریوی کێشمەکێشەکانی نێو باڵەکانی بۆرژوازیان نەخوارد.

مارکس لەو بارەوە زۆر بەباوەڕەوە دەڵێت، کۆمۆنە حکومەتی فراکسیۆنێکی بۆرژوازی نەبوو بدرێتە فراکسیۆنێکی تر. کۆمۆنە خۆی حکومەتێک بوو بۆ تێکشکاندنی ئەم ئامڕازە سەرکوتکەرە شەرمهێنەرە.

هەرچەند دووژنە هەڵسوڕاوی کۆمۆنە خۆیان پێشتر هەڵسوڕاو بوون لەگەڵ چەند ژنە بۆرژوازییەکی تر بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، بەڵام هیچ گرنگیـیەکی لە کۆمۆنە نەبوو بۆیان، ئەوان بەشوێن گۆڕینی سیستەمەوە بوون تەنانەت لە حکومەتی کۆمۆنەشدا، ئەوان هەرچەند بەتالێۆنی خۆشیان هەبوو، وە دواین کەس بوون کە شکستیان خوارد، ژنان لەو دەمەدا بەتەواوی دەیانەویست قوچکەیی (هیراکیەتی) چینایەتی و جێندەری هەڵتەکێنن.

جەمال کۆشش

ئایاری ٢٠٢٥




“تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی” لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا!.. نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی

تاوانەکانی ساڵی 1988ی رژێمی مەزهەبی لە ئێران زۆرن و بە تێپەڕبوونی ساڵان و رۆژان، رەهەندی زیاتری لێ ئاشکرا دەبێت. گومانی تێدا نییە کە هەموو لایەنەکانی ئەم تاوانە تەنیا رۆژێک دەخرێتە بەردەستی خەڵکی ئێران و جیهان کە ئەم دیکتاتۆرییەتە رووخابێت.

لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨ چی روویدا؟
هەرچەندە زۆرێک بابەت و گوتار لەسەر ئەم پرسە نووسراون و هەریەکەیان گۆشەیەکی ئەم تاوانە ترسناکەیان نیشانداوە، بەڵام لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨دا، تەنها چەند هەفتەیەک دوای قبوڵکردنی بڕیارنامەی ٥٩٨ی ئەنجومەنی ئاسایش لەلایەن رژێمی مەزهەبیی ئێران و کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، کارەساتێک لە پشت دەرگا داخراوەکانی زیندانەکانی رژێمی مەزهەبیی ئێران روویدا کە تا ئەمڕۆش وەک یەکێک لە گەورەترین (تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی) و (ژینۆساید) لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ناسراوە. واتە کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە (30) هەزار زیندانیی سیاسی کە زیاتر لە سەدا ٩٠ی قوربانییەکانی، ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران بوون و ئەوانیتریش لە گرووپ و بزووتنەوەگەلێک بوون کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ژێر کاریگەریی کەشوهەوای سیاسی و فیکریی ئەم رێکخراوەدا بوون. خاڵی هاوبەشی هەموو شەهیدانی ئەم قەتڵوعامکردنە، دژایەتیکردنی جددی و گشتیی ئەوان بوو بەرانبەر بە سیستمی ویلایەتی فەقیهی، کە رەنگە بەشێک لە ئیعدامکراوەکانیش بۆ خۆشاردنەوە لە دەرهاویشتەکانی ئەم تاوانە، لە لایەن رژێمی دژە گەلیی ئێرانەوە ئەنجامدرابێت.
لەم تاوانە ترسناکەدا دەیان هەزار زیندانی سیاسی کە تەنانەت هەندێکیان، رۆژانی سەپێنراوی سزاکەیان تێپەڕ دەکرد، یان ماوەی زیندانیبوونیان تەواو بووبوو، لە دادگاییکردنەکاندا کە تەنها چەند خولەکێکی خایاند، تەنها بەهۆی پابەندبوونیان بە بیروباوەڕی سیاسی خۆیانەوە، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا. ئەم دادگایانە کە دواتر بە “دەستەی مەرگ” ناسرا، لە کەسانی وەک حوسێنعەلی نەییری (دادوەری شەرع)، مستەفا پورمحەمەدی (نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات)، ئیبراهیم رەئیسی (داواکاری ئەوکاتی تاران) و ئاخوند ئیشراقی پێکهاتبوون. زۆرێک لەو کەسانە لە پۆستە سەرەکییەکانی حکومەتدا بوون یان هەن، کە ئەمەش راستییەکی تاڵە و ئاماژەیە بۆ بەردەوامبوون و شەرعیەتدان بەو تاوانە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە.

فەتوای خومەینی بۆ کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی
خاڵی دەستپێکی ئەم تاوانە بێ وێنەیە، فەتوای ئاشکرای خومەینی، دامەزرێنەری رژێمی مەزهەبیی ئێران بوو کە لە نامەیەکی فەرمیدا، فەرمانی دا هەموو ئەوانەی “لەسەر هەڵوێست”ن، بەبێ رەحمکردن لە سێدارە بدرێن. ئەم فەتوایە نەک لەسەر بنەمای پڕۆسەیەکی دادوەری، بەڵکو تەنها بەهۆی بیروباوەڕی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و بە مەبەستی ژینۆسایدکردنی ئازادیخوازان و بەتایبەتی موجاهیدینی خەلق دەرچووبوو.
بەرپرسانی دیکەی دەزگای دادوەری و ئاسایشی وڵات کە لەم تاوانەدا رۆڵیان هەبووە بریتین لە: موسەوی ئەردەبیلی (سەرۆکی ئەوکاتی دادگای باڵا)، ئەحمەد خومەینی (کوڕی خومەینی و ئاڵقەی پێوەندیی نێوان خومەینی و دەزگا ئەمنییەکان)، حەمید نووری (سەرپەرشتیاری پێشووی زیندانی گۆهەردەشت کە لە وڵاتی سوید، بە تاوانی بەشداربوونی راستەوخۆ لەو کۆمەڵکوژییەدا سزا درا) و چەند کەسایەتییەتری وەک ئاخوند رازینی، موقیسەیی و هتد. ئەوان نەک هەر بەشداربوون لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە، بەڵکو ساڵانێکی زۆر بەرگریان لێدەکرد و بە “پێویست” و “شەرعی”یان دادەنا.

شریتە دەنگییە بەنرخ و ئاشکراکەرەکانی مونتەزیری
لەو سەردەمەدا ئایەتوڵڵا (حوسێنعەلی مۆنتەزیری) کە جێگری خومەینی بوو، یەکێک بوو لەو چەند پیاوە ئایینیانەی کە دژی ئەم کارەساتە هەڵوێستیان گرت و ناڕەزایەتیی خۆی لە “کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ دەستەی مەرگ” تۆمار کرد. لە ساڵانی رابردوودا، شریتە دەنگییەکانی ئەم کۆبوونەوانە لەلایەن بنەماڵەی مۆنتەزیرییەوە بڵاوکرانەوە. شریتی مێژوویی دووەم، کە لەمدواییانەدا ئاشکرا کرا، بە روونی رەهەندە کارەساتبارەکانی کۆمەڵکوژییەکە، هەروەها هۆشدارییەکانی مۆنتەزیری نیشان دەدات.
مۆنتەزیری لە یەکێک لە کاسێتەکاندا، روو لە ئەندامانی دەستەی مەرگ دەڵێت: گەورەترین تاوانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شۆڕشەوە هەتا ئێستا، لەلایەن ئێوەوە ئەنجامدراوە و لە مێژوودا شەرمەزارمان دەکەن. ئەو بە روونی باس لەوە دەکات کە ئەم کۆمەڵکوژییە نەک هەر لە بەرژەوەندی سیستەمەکەدا نییە، بەڵکو گورزێکی قەرەبوو نەکراوەیشە لە شەرعیەتی ئەو دەسەڵاتە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی شریتە دەنگییە تازەکەی مونتەزیری لە چاوپێکەوەتنی دووەمەی دەستەی مەرگ لە رەوتی کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٩٨٨، راستییەکی شۆک هێنەر سەبارەت بەم تاوانە گەورەیە ئاشکرا بووە (بی بی سی – شەوی دووشەممە، ١٥ی نەورۆزی ئەمساڵ). لەم شریتەدا کە بەشێکی سڕاوەتەوە، مونتەزیری بە جەختکردنەوە لەسەر بەرپرسیارێتی (ئەحمەد خومەینی) و وەزارەتی ئیتلاعات لە کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی، بە ئەحمەد خومەینی وتووە کە “تۆ خۆت پێت وتم کە (10) هەزار لەو کەسانە ئیعدام بکرێن کە تەنیا تاوانەکەیان، خوێندنەوەی راگەیاندراوەکانی موجاهدینی خەلق بووە”. راستییەکیتر کە مونتەزیرد جەختی لەسەر دەکاتەوە، رق و کینەی جەماوەریی گشتییە بەرانبەر بە سیستەمی ویلایەتی فەقیهی و دەڵێت: “ویلایەتی فەقیهی بۆتە شتێکی قێزەون بۆ خەڵک، خەڵک وەزاڵە هاتوون لەدەست ئەمانە… هەر ئەو بنەماڵانەی کوشتمانن، ئێستا هەموویان دەڵێن کەواتە (موجاهیدینی خەلق) راستییەکانیان دەگوت!”. لەم شریتەدا مونتەزیری بە ئاماژەدان بە ژنانی موجاهیدینی خەلق کە لە ئۆپەراسیۆنی ” بڵێسەی ئەبەدی” (فروغی جاویدان) لە پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کرابوون، دەڵێت: “خەلخاڵی هەر لێرە دانیشتبوو، وتی ٣٠٠ کچیان هێنابووە ئێرە و پێم وتن هەر ئێستا هەموویان لەسێدارە بدەن”.
هەرچەندە ئەمانە تەنها چەند دڵۆپێکن لە زەریا و درەنگ خراونەتە روو، بەڵام بە بڵاوبوونەوەیان، چەند بەشێکیتری ئەم کۆمەڵکوژییە ئاشکرا کراون. تاوانێکی گەورە کە پرۆفیسۆر جاوید رەحمان، راپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بە “تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی” و “ژینۆساید”ی داناون لە دژی موجاهیدین.
ڕاپۆرتەکەی پرۆفیسۆر جاوید رەحمان جەخت لەوە دەکاتەوە کە: “قەبارە و ژمارەی ئەوانەی دەستیان لەم تاوانانەدا هەیە، زۆر گەورەیە، لە رێبەری و دادوەرەکانی شەرع و داواکارانی گشتییەوە بگرە هەتا نوێنەرانی وەزارەتی ئیتلاعات و ئەندامانی “دەستەی مەرگ” و ئاسانکارەکانی ئەو تاوانە. لە پاسەوانانی زیندان و ئەندامانی سوپای پاسدارانەوە بگرە هەتا هەموو ئەوانەی ئاسانکارییان بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە کردووە لە بواری یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەردەپۆشکردنیان”. دەشڵێت “زۆرێک لەو کەسانە، تا ئەمڕۆش لە پۆستە باڵاکاندا ماونەتەوە. ئەوانەی لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی دیکەیان ئەنجام داوە، دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بێ سزایی دەبێ لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا کۆتایی پێ بێت.”
کاتی رووخاندنی دیکتاتۆریی ئایینی گەیشتووە
دەیان ساڵ دوای ئەو تاوانە، خەڵکی ئێران ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر دەیانەوێت کۆتایی بە دەسەڵاتی ستەم و سەرکوت و چەوساندنەوە بهێنن. سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم رژێمە، بە تایبەتی لە لایەن حکومەتە رۆژئاواییەکانەوە، تەنیا بووەتە هۆی بەردەوامبوونی تاوان و سەرکوت و فراوانبوونی تیرۆریزم لە لایەن رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە ناوچەکەدا. ئەمڕۆ نەک هەر لە ناوخۆدا شەرعیەتی سیاسی دەسەڵات لە ناو چووە، بەڵکو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا وەک یەکێک لە گەورەترین پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ ناسراوە.

وشەی کۆتایی!
خواستی گشتیی خەڵکی ئێران روونە: ئەم رژێمە دەبێ بڕووخێت. خەڵکی ئێران لە ساڵانی رابردوودا، بە راپەڕینە یەک لە دوای یەکەکانی خۆیان و بە تایبەت لە ساڵانی ٢٠١٧، ٢٠١٩، ٢٠٢٢، نیشانیان داوە کە ئامادەن و خاوەن ئیرادەن بۆ هێنانەدیی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ئێران. هەلومەرجی عەینیی کۆمەڵگای ئێران، لە رووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، گەیشتووەتە ئاستێک کە هیچ چاکسازییەک لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا بە مێشکدا نایەت. تاکە رێگای گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی لە ئێران، رووخاندنی رژێمی مەزهەبییە لەسەر دەستی خەڵک و موقاومەتی ئێران. ئەوەش پێویستییەکە زیاتر لە جاران، بانگەشەی ویژدانی مرۆڤایەتی لە سەرانسەری جیهان دەکات.
بەڵێ، کاتی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی، جەماوەری، دیموکراتی و فرەیی گەیشتووە. بەڵگەکان ئاماژەن بەو ئەم راستییە کە ئەمساڵ، ساڵی رووخاندنی دیکتاتۆرییەتە لە ئێران.

نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی





دیسان ئاسۆ حاجی قووڕمیش کرایەوە.. گۆران هەڵەبجەیی

سەعد قوڕەیش دەربارەی نووسەرە قەڵەمفرۆشەکان دەڵێت :{لە قۆناغێکدا کە ستەم دەگاتە ئاستێکی باڵا ،ئەو دەمە کایەی ڕووناکبیری دەبێتە کاڵایەک بەئاسانی لەلایەن ڕووناکبیری بەئەزموونەوە هەڕاج دەکرێت،ئەو ڕووناکبیرەی کە خۆی وەک (خاوەن پیشە) دەبینێت نەک وەک خاوەن پەیامێک کە لەوانەیە نرخەکەی لەدەستدانی ژیانی بێت.}
د.عەبدولکەریم بەکاریش لەم بارەوە دەڵت[ڕووناکبیری ڕەسەن ئەوکەسەیە کە هەڵگری ڕاستیە بەرامبەر بە هێزی ستەمکار، ڕووناکبیری ساختەش ئەوکەسەیە کە نانی لەسەر وەستانیەتی لەگەڵ زاڵمدا دژ بە زوڵم لێکراو]
کارەسات لەوەدایە خۆت بەڕووناکیر و نووسەر بزانیت و داکۆکی لە دەسەڵاتیکی گەندەڵ و ستەمکار بکەیت. لەوە کارەساتتر ئەوەیە کە ئەو نووسەرە تەواو دڵنیایە لەوەی کە خودی خۆیشی بڕوای بەو قسانە نیە.
لەهەردوو زۆنی زەردو سەوز چەندین قەلەم بەدەست هەن کە هەردەم وەک پاسەوانی سەرکردەکان لەئامادەباشیدان بۆ پیاهەڵدان و جوانکردنی ڕووخساری ڕەشی سەرکردەکانیان ئەمانە هەرچی بەهای ئەخلاق و ئینسانی و ویژدانی هەیە لەدەستیان داوە،تەنها شتێک کەلەدەستیان نەداوە خەسڵەتی (ماستاوکردنە )بۆسەرەوەی خۆیان. یەکێک لەم ویژدان فرۆشانە کەسێکە سەربەزۆنی زەرد بە نێوی {ئاسۆ حاجی}،ئەم کەسە لەوجۆرە [کۆیلەنووسەرانەیە] کە کوردستان ئاوبیبات،خەڵک لەوە زیاتر هەژاربێت،مووچە نەبێت،خزمەتگوزاریەکان وەک ئاو کارەبا تەندرووستی خوێندن ڕێگاوبان لە خراپترین دۆخدابن ،ئەم مێش میوانی نیەو ویژدانی مردووی نابزوێنێت،بەڵام گەر کەسێکی باڵای حکومی یا حیزبی سەربە پارتی جوڵەیەک بکات ئەم خێرا وەک بووکە شووشەی قووڕممیشکراو دەکەوێتە جوڵە.
قووڕمیشکردنەوەی ئەمجارەی دەربارەی [دەسکەوتە مەزن و ستراتیژیەکەی] مەسرور بارزانیە کە لە واشنگتۆن وەک ڕێبوار وەلی دەڵێت ( لەسەر بەتانیەکی تەحالووف] واژۆ کراوە.
ئەم قەڵەم رسواو سوکانە ئامادەن مێروویەک بکەنە فیلێک لەبەرژەوەندی دەسەڵات ،خۆ گەر بەپێچەوانەوە کەماسی و شکستی بێت ئەوە بێبەهای دەکەن.
ئەز ناچمە ناو تەفاسیلی پیاهەڵدانەکەی ئاسۆ حاجی کە بەر لە چەندڕۆژێک لە ماڵپەڕی شارپرێس بە ناونیشانی{ئەو گرێیەی مەسرور بارزانی لەئەمەریکا کردیەوە}پۆستی کردبوو،بەڵکو تەنها ئەو بڕگانەی لێوەردەگرم کە سوود بەم وتارەم دەگەیەنن.

سەیری ئەم بڕگەیە بکەن کە چەند گاڵتەجاریە ،چەند وێرانە کەدەڵێت: (لەدوا ڕۆژەکانی ئەو کابینەیەی مەسرور بارزانی بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵە سەرۆکایەتی دەکات، دەسکەوتەکانی گەیاندە ئاستێک، کە خەڵکی کوردستان بەئومێدو خۆشحاڵیەوە چاوەڕێن کە سەرۆکایەتی کابینەیەکی بەهێزترو پڕ دەسکەوتتری لێبکەن.)
ئاخر بێ ویژدان بەچ ڕوویەکەوە باسی دەسکەوت دەکەیت ؟ ئایا نەتبیستوە لە خەڵک و تەنانەت هەندێک لەپارتیەکانیش بەدزیەوە دەڵێن شکستخوارترین کابینە ئەم کابینەی مەسرور بووە. مەبەستت کام دەسکەوتە؟ بێ کارەبایی،بێ ئاویی، بێ مووچەیی ،نادادپەروەری،زیادبوونی دزی و گەندەڵی، نەمانی فەزای ئازادی،کووشتنی نەیاران،بەندکردنی ڕەخنەگران.
یا تەخشان و پەخشانکردنی داهاتی هەرێم بەئارەزووی خۆی،داگیرکردنی زەوی خەڵک و دەوڵەت و پێدانی بەنرخی تۆڵەکە بە مافیاکانی پارتی، نازانم چیترت بۆ بنووسم.

لەم بڕگەیەشدا ئاسۆ نووسیویەتی:
{لەو چەند ساڵەی ڕابردوو، مەسرور بارزانی‌و کابینەکەی ڕوبەڕوی ئاڵنگاری‌و فشارو هێرشی زۆر توند بونەوە، بەڵام ئەوانە تەنها بونە هێزێک بۆ ئەوەی دەستبەرداری ستراتیژییەتی بونیادنان نەبێت، لەڕێگه‌ی ڕاستکردنەوەی هێڵی خواری حوکمڕانی‌و گرتنەبەری ڕێگه‌ی دروست بۆ گره‌نتیكردنى ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستان.}
دیارە ئەم ئاسۆیە لەهەسارەیەکی دی دەژی واباسی ئالنگاری و فشارو هێرشی تووند دەکات.خۆزگە بمزانیایە ئەو فشارانە لە چ لایەنێکەوە دێن ، ئەودەمە پێناسەیەکی گونجاوم بۆدەکرد،ئاخر کێ دەوێرێت بچوکترین ڕەخنە بگرێت بەتایبەتی لە زۆنی زەرد ؟ گەر شتی وا ڕووبدات هەر بەڕۆژی ڕوناک دەیفڕێنن و بەدەردی سەردەشت عوسمانی دەبەن ،خۆگەر مەبەستی یەکێتی بێت ئەوە ئەوان لەحکومەتدا بەشدارن ،ناڕازیەکانیان تەنها بۆڵە بۆڵەو هیچی تر .
سەبارەت بە دەستەواژەی {ڕاستکردنەوەی هێڵی خواری حکومڕانی ،دیارە مەبەستی کابینەکانی پێشوی نێچیرە ،پێم وایە ئەمەش پەیامێکە بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆبەردەوامی مەسرور لەکابینەی داهاتوودا.
حەقیقەتێک هەیە پێویستە بیڵێم ئەویش ئەوەیە هەرچی کابینە هەیە بەخواری هاتوون ، هەر کابینیەکی نوێ دامەزرابێت لە کۆتایدا خواروخێچیەکەی لەوەی پێشتر زیاتر بووە ،بە دانپیانانی خەڵکی هەرێم ئەم کابینە بەسەرچووەی مەسرور لەهەموویان خوارترە ،بەجۆرێک خوارە کە هەرگیز ڕاست نابێتەوە.
لەکۆتایدا دەڵێم مۆراڵ ویژدان پێویستن بۆمرۆڤ تا ڕاستیەکانی پێ ببینێت ،خۆگەر نەبوون ئەودەمە حسابی مرۆڤێکی زیانبەخشی بۆدەکرێت.




چیرۆکێ کە نەمنوسی.. نەوزاد بەندی

بە نیوەڕۆیەکی هاویندا ڕێت ئەکەوێتە چۆڵەوانییەک، هەتا چاو بڕکا دڕک و داڵی ووشک و زەردهەڵگەڕاو ئەبینی، بەشێکی دەشتەکە سووتاوە، زیکزیکەیەک به دڕکێکەوە وشکهەڵاتووە، دڵۆپەیەک ئاو لە هیچ شوێنێکەوە نابینی، بەرە بەرە قوڕگت ئەبێ بە پەڵاس، حەز ئەکەی جنێوێ بدەیت، بەس نازانیت بە کێ.
نیمچە بایەکی گەرم دێت بە ڕووتا، لەگەڵ خۆیدا بۆگەنێک ئەدا بە لووتتا، ڕەنگە بۆگەنی پشیلەیەک بێ کە ئوتومبیلێک شێلابێتی، یان باڵندەیەکی مردارەوە بوو..یاخود مەڕێکیان لەو دەشتەدا کەوڵ کردبێ، ناوسک و پێستەکەیان بە جێهێشتبێ و بۆگەنیان کردبێ، لەگەڵیدا ڤینگەی هەزاران مێش ئەبیستی، وات لێدەکەن ڕابکەیت، مەرج نییە بۆ کوێ، گرنگ ئەوەیە ڕابکەیت و دوور بکەویتەوە و تەواو..
لێرەدا نزیکترین هاوڕێم لێ ڕاست ئەبێتەوە، ئەڵێ : جا کوا ئەمساڵ دڕک و داڵ هەیە؟ سوپاس بۆ خوا بارانێکی زۆر باریوە و له وشکەساڵیی دەرچووین، دەشت و دەر هەمووی چەم و کانی و کارێز و قەڵبەزەیە ..بێڵەکەی دوکانیش سەرڕێژ بووە.
یەکێکی تریان ئەڵێ، بە هیچ جۆرێ ڕێپێدراو نییە مەڕ و ماڵات لە دەشت و دەر کەوڵ بکرێن، لە هەموو شارەکانا قەسابخانەی گەورە و پاک و تەندروست بنیاتنراون و پزیشکی بەیتاڵی تایبەت پشکنینی گشتی بۆ مەڕ و ماڵات ئەکەن پێش سەربڕینیان، هەر بۆیە دێڕی مەڕ سەربڕینەکەت ڕەنگە داواکاری گشتی بێنێتە سەر خەت و پەلکێشی دادگات بکەن.
مۆبایلەکەم زەنگی هاتنی نامەیەک ئەدات بە گوێمدا، ئامۆزایەکمە لە فەڕەنسا، نوسیوێتی: کاکی من! خراپ دەستت داوەتێ، بە تەمای ببی بەچی؟ کافکا؟ ستانداڵ؟ گۆرکی؟ وازبێنە برا، ئێوە تازە لە دەرەوەی کەڵچەر و شتن،خوا نانێکی داوە، بۆ خۆت بیخۆ و لەسەرئێشە مەگەڕێ، بۆچی عەسابەیەکت لێ تاین بێ و فیشەکبارانت بکا؟ ئەو وەسفە ترسناکە چییە کردوتە.
ئەچمە نانەواخانەکەی عەتوش، لە پشتەوە کەسێ قۆڵم ئەگرێ، ئاوڕێکی خێرای بۆ ئەدەمەوە، سالە زیکەی هاوڕێی حوجرەی پێش نیو سەدە ئەبینم، ڕشتنی عەرەقێک و هەناسەیەکی ساردم لە هەمان کاتدان، لە کاتێکدا پەنجە ڕەق و شین هەڵگەڕاوەکانی وەک جاڵجاڵۆکەیەکی گەورەی قێزەون لە قۆڵم ئەکەمەوە، پێی ئەڵێم: هەتیو! دەستت ئەڵێی مەنگەنەیە، ئەم حەرەکە قۆڕانە کەی تەرک ئەکەی؟
سالە زیکە ڕێک بە پێکەنینە قوقەی کەڵەشێری نەخۆشئاساکەی پێش پەنجا ساڵەوە، ئەڵێ: ئێ کە ئەوەندە ئەترسیت، بۆچی وا خراپ ڕەخنە له حوکمەت ئەگریت؟ ئەو پەرەگرافەی کە دزەی کردووە، هەر ووشەیەکی میرازییەکی چاکی پێوەیە..
ئەمەوێ پێی بڵێم کام پەرەگراف و ..کام ووشە و .. چ گەمژەییەکە دەستت داوەتێ، بەڵام پێم باشە قسەی تێدا خەرج نەکەم، پارەی نانەکەم لە ڕیزی سەرەگرتنەکە دەردێنم و بە تووڕەییەوە ئەڕۆم، گوێم لێ نییە لە دواوە سالە زیکە چی دەڵێ و چی ناڵێ، هەندێ جار پیاو لە ناکاو تووڕە ئەبێ، ڕەنگە ئەو شتەی بە هۆیەوە تووڕە بووە، شتێکی ئەوتۆ نەبێ، ئەتوانین بڵێین ئەو شتە هاوکاتە لەگەڵ پڕبوونی دڵت لە تووڕەیی و خۆ خواردنەوەی ساڵەهای ساڵ و لێڕژانی.. حەزم کرد زۆر خێرا لێی دوور بکەومەوە نەک سێڵاوی ئەو تووڕەییە، دەم و قەپۆزیم پێبشکێنێ، لەگەڵ هەر هەنگاوێکمدا ئەهاتە بەرچاوم کە چۆن بە هەموو هێزی خۆمەوە مشتەکۆڵەیەک لە نێوان دەم و لووتی ئەدەم، لەو شوێنەی کە سمێڵی لێ نەدەڕوا، پێمان ئەوت مەغۆل، ئاخر مەغۆلەکان چاڵی خوار لووتیان مووی لێ ناڕوێ، هاوکات لەگەڵ پژانی لوتی و لەقبوونی دوو دانە کەروێشکییەکەی، بیر لەوە ئەکەمەوە ئەبێ سالە چی ووتبێ وا بەو هەموو هێزەوە، ئەو مشتەکوڵەیەم پیا کێشاوە؟ لەوێدا خۆیشم نازانم کە ئەو مشتەکۆڵەیە کۆکراوەی تووڕەیی دەیان ساڵە، مشتەکۆڵەگەلێکی دەیان ساڵە شاردوومنەتەوە و نەموەشاندوون، دژی ئەو مامۆستا حیزبییانەی زانکۆ کە لەبەر بێلایەنیی و بێکەسیمەوە نمرەیان لێدەشکاندم بۆ ئەوەی کاروانی خوێندنی باڵام پەک بخەن و ڕەوانەی سەربازگام بکەن. هی ئەو عەریفە نەخوێندەوارانەی لە هیچ و خۆڕایی سزای توندیان ئەدام..هی ئەو بەڕێوەبەر و فرۆشیار و پاسەوانی بازگە و وەزیر و کابینەی حوکومیی و شۆفێری تەکسی و هاوڕێ و دراوسێ کێویانەی کە ئەشکەنجەیان داوم و کاردانەوەم نەبووە و بەسەر خۆمم نەهێناون..
لەو سەری شەقامەکە ئاوڕ ئەدەمەوە بۆ ئەوەی دڵنیابم لەوەی دەم و قەپۆزی سالە زیکەم نەشکاندووە، لە دوورەوە نێوان لووت و دەمی بە لێڵیی ئەبینم، زۆر ئاسایین و خۆێنیان پیا نایەتە خوارەوە، ڕێک وەک هی هۆلاکۆ وایه، دوو چەپک سمێڵی بە یەکتر نەگەیشتوو، چاڵێکی خوار لووتی لوس و سفت و بێ موو، لە جێسابونی گەرماوە کۆنەکان ئەچوو، کەواتە مشتەکۆڵەم نەوەشاندووە
ــ وەرەوە، نانەکەت ببە، مەترسە، بەرپرسێکی باڵای ئاسایش ئەناسم .. وەرەوە ..مەتۆرێ ..!
شەو سەعات دە و چارەک، ئەمەوێ تەماشایەکی بەشێکی ڕۆمانی ئاغاکانی ئاکچەساز بکەم، خوشکە گەورەکەم زەنگم بۆ ئەکا :
ــ بەڵێ، فەرموو ..
ــ ئەڵێی گیانی خۆت لێ زیادە؟ ئەمانە کاغەزی سپی ئەخوێننەوە، وا ئەزانی نازانن دڕک و ووشکەساڵیی و بۆگەنی پشیلەی تۆپیو مەقسەدت لەوانە؟
ــ تۆ ئەمەت لە کوێ خوێندۆتەوە؟
ــ وا دیارە ئاگات لێ نییە، لە تیکتۆک ملیۆنێک فۆڵۆیان کردووە و دەیان هەزار دەستخۆشی و جنێو و هەڕەشەت بۆ هاتووە؟
هەناسەیەکی ساردی تر هەڵئەکێشم، هەوڵ ئەدەم بەسەر خۆمیدا نەهێنم و تووڕەییەکەم قوت بدەمەوە ..

ــ ئێستا من چی بکەم ؟
ــ وەڵا خۆت ئەزانی .. ڕەفیقەکانت هەموویان بوون بە ملیۆنێر و ملیاردێر، لە ئەستەمبوڵ و دوبەی ڤێلایان هەیە، تۆیش به دیار کیبۆردی مۆبایلێکی پەنجا هەزارییەوە، خەریکی سەری خۆت ئەکەی بە فەتارەتێکاــ
ــ چ سەگبابێ پەرەگرافێ نوسینی منی خستۆتە ناو تیکتۆک؟
ــ خۆت ئەزانی ..ڕەنگە هاک کرابیت، ڕەنگە هەر چوار دەوری ماڵەکەت کامێرای چاودێریی و شت بێ ــ
قسەکەی پێ ئەبڕم و مۆبایلەکە دادەخەمەوە، هەمان کات، پاوەر ئۆفی ئەکەم، بە خۆم ئەڵێم : لەم دارستانەدا مۆبایلت بۆچییە؟ لەم دز و درۆزنخانەیەدا قسە لەگەڵ کێ ئەکەی؟ لەم ترسنۆکخانەیەدا..لەم کۆیله و کاسەلێسستانەدا، بە تەمایت چی بنوسیت و کێ پێشبەخەیت؟ لەم جنێو و جڕت و چەقەنەخانەیەدا..لەم گەوادخانەیەدا.. لەم گۆڕستانەدا بە تەمایت کێ زیندوو بکەیتەوە؟ کێیت تۆ کابرا؟ حەزرەتی عیسایت یان مەهدی مونتەزەڕ ؟
دەست بۆ قاوەکەم ئەبەم، لە مێژە بەسەر ئاغاکانی ئاکچەسازدا ڕژاوە.
دوو ڕۆژ دوای ئەوە نامەیەکم لە ژمارەیەکی نەناسراوەوە بۆدێت، پڕ پڕە له جنێو، لە کۆتاییدا نووسراوە ئەگەر دەمکوت نەبیت، جنێوەکانت بۆ ئەکەین بە فیشەک.
دوای ئەوە چەند ئیمەیڵ و نامەی مەسنجەر و وەتس ئەپ و تیلیگرامم بۆ هات ..
( بە تەمای عەقڵی خەڵکەکە پاوان بکەی؟ خەیاڵت خاوە.. تۆ لە گیزەی مێشولە لاوازتریت….. هتد)
( بە عومرێکی پیره مەڕییەوە، چی ئەکەیت لە تیکتۆکا؟ کێ ئەتخوێنێتەوە؟ بۆ کێ ئەنوسیت؟ وا ئەزانیت ئاوایی بێکەسە؟ ……هتد )
( براکەم ، ڕوونکردنەوەمان لێت ئەوێ، ئەو هەموو ناشوکریی و کفر بە نیعمەتە چییە کردووتە؟ مەعقولە باسی جێگایەکت کردووە، هیچ نیعمەتێکی خوای تێدا نییە؟ ئەمە چ گومڕایی و سەرلێشێوانێکە؟ ئەمە کوفرێکی سەریحە تۆ کردووتە، ئەبێ بە خێرایی ئەو …..هتد )
( واز لەم جوکە جوکە بێنە، ئەزانین پیاوی کێی، خۆت و ئەویش سەد ساڵی تر چەنە بدەن، کەس ئاوڕتان لێ ناداتەوە، هەموو ئاوی دوکان و دەربەندیخان بخۆنەوە، کەس پێتان ناڵێ عافێتتان بێ، ….هتد )
( خۆت بە چی ئەزانیت قەلە ؟ لە دوو تەڵە میران ئەچی، پارویەکیت نە بۆ خواردن ئەشێیت، نە هیچ کەسێ قێزی دێت تەماشات بکات …. هتد )
( وا مەزانە لێت بێ ئاگاین، سەردانی مزگەوت ئەکەیت و پێشتر بۆ چاوبەست لەسەر کورسییەکانی دواوە نوێژت دائەبەست، ئێستا ڕێک له پشت ئیمامەوە، قامەت ئەکەی، ئەو دڕکە لە ژێر پێت دەردێنین و ..فێرت ئەکەین عەلی کوڕی کێیە ، هەی تیرۆریستی …..هتد )
سێ ڕۆژ دوای ئەوە بەڕێوەبەرەکەم کە 25 ساڵ لە خۆم بچوکترە، زەنگێکی بۆ کردم :
ــ هەتا ژوورەکەم دێیت؟
ــ نەخێر ناتوانم بێم یان ڕاستتر ناتوانم ڕێ بەخۆم بدەم بێم ..
دوای پێنج خولەک خۆی هات، ووتی : من وەک خۆم هیچ کێشەیەکم نییە، پارێزەرێک و دوو نووسەری دادگا لە ژوورەکەم دانیشتوون، نازانم بۆچی هاتوون، داوای تۆ ئەکەن، ئەیشڵێن کۆمپانیاکەتان ڕەنگە لە ڕیزبەندییدا دابەزێ بۆ پلە دوو ..ئەڵێن داواکاری گشتی ناردوینی، هەتا دۆسیە بۆ تۆ بکەنەوە و ئیفادەت لێوەربگرن.
بەڕێوەبەر وەک مناڵێک وابوو تەماشای باپیرێکی قومارچی و بەدمەست بکا، بەو جۆرە بە ترس و دڵەڕاوکێوە تەماشای ئەکردم، نەیئەوێرا یان شەرمی ئەکرد بپرسێ چیم کردووە وا ئەو هەموو کاربەدەستەی دادگا پێمەوە سەرقاڵ بوون..
کچە پارێزگارێکی باڵامام ناوەند و ڕەش ئەسمەر، لەگەڵ دوو پیاوی تەمەن لە نێوان 30 بۆ 35 ساڵیدا، بە ڕیز لەسەر کورسی و مێزی بەڕێوەبەر دانیشتبوون. دوو پیاوەکە یەکێکیان مووی پێوە نەبوو، ئەوەی تریان ڕیش و سمێڵێکی خورمایی بەردابۆوە، لە ئەکتەرێک ئەچوو پێش 40 ساڵ لە فیلمێکدا بینیبوم، لەوە ئەچوو ئەو ئەکتەرە لە ناوەڕاستی فیلمەکەدا کوژرا بێ یان ڕفێنرا بێ.
پارێزەرەکە لەچکەکەی تەرازوو کرد، بێ ئەوەی سەیرم بکا، ووتی : ناوی سیانیی و ساڵی لە دایکبوون و ژمارەی مۆبایل و ناونیشانی کار و ناونیشانی ماڵەکەت ..
ــ تۆ لە ساڵی چەندەوە شت ئەنوسی ؟
ــ لە مناڵییەوە ..
ــ یەکەم نوسینت کەی بڵاو کردۆتەوە ؟
ــ ساڵی 1984
ــ لە چ بڵاو کراوەیەکدا؟
ــ گۆڤاری کاروان
ــژمارە چەند ؟
ــ ژمارە 32
ــ ڕەگەزی نوسینەکەت چی بوو؟
ــ شیعر
ــ ناونیشانی شیعرەکەت لە بیرە ؟
ــ بەڵێ ..یەکەم بابەت کە بڵاوی ئەکەیتەوە قەت لە بیرت ناچێتەوە، ناونیشانی شیعرەکە : بەرگی چیا بوو.
خانمی پارێزەر لەناکاو زۆر میهرەبان بوو لەگەڵمدا، چاوی لەسەر هەڵنەدەگرتم، وەک ئەوەی لە مندا بۆ دنیایەکی زۆر گەورەتر لەم دنیایە بگەڕێ ..
ــ ئەو کاتە چ کارە بوویت ؟
ــ لە زانکۆی موسڵ تەلەبە بووم، لە پۆلی یەک، کۆلێژی زانستی.
ــ هیچێک لەو شیعرەت لە بیرە؟
ــ کێ ئەزانێ
بەرگی چیا
بێجگە لەبەرد، چ بەرگێکە؟
بەفر و ڕەشەبا و سەرمایە..
گەرمی و تیشک و ڕوناکی یە ..
لێڕەوارە .. گژ و گیایە ..
کۆختی قوڕە .. تاریکییە
خاک و خۆڵە
گیانەوەری ئازا وسرکە
گەواڵە هەوری نەوییە ..
باراناوە .. گوڵ و دڕکە ..
کانزای بەنرخ و بێ نرخە ..
لەو شارانەیش کە هێشتا هەتاویان تیا نەڕواوە
بەرگی چیا بێجگە لە بەرد
خوێن و دەنگ و ئاگرێکی هەڵکراوە ..

کچە پارێزەرەکە بە چمکی لەچکەکەی نێوان هەردوو چاوی سڕی و بۆ چەند چرکەیەک سەری داخست، هەمان کات پیاوە ڕیش و سمێڵ خورماییەکەی له ناوەڕاستی فیلمەکەدا کوژرا بوو یان ڕفێنرابوو، بە کەمچیکڵدانییەوە ووتی :
ــ نەهاتووین کۆڕی شیعرییت بۆ سازکەین و خەڵاتت بدەینێ، لەبەر ئەوە مەرج نییە هەموو پرسیارەکان بە ووردیی وەڵام بدەیتەوە.
پیاوە کۆستەکە بەردەوام شتی دەنوسی، واتا هەرچی قسەیەک بکرایە، ئەو ئەینوسی، دەست و خەتێکی جوانی هەبوو، بە خەتی ڕوقعەی وورد، پیاو حەزی ئەکرد بیخوێنێتەوە.
کچە پارێزەرەکە سەری بەرز کردەوە، چاوەکانی سوور بووبوونەوە، لە نەخۆشێکی تالاسیمیا ئەچوو یان ئێشکگرێک شەوێکی دوور و درێژ بێدار بووبێ، زۆر بە گرنگیی و عەشقەوە تەماشای ئەکردم، وەک ئەوەی وونبوویەکی ساڵەهای ساڵی له پڕێکدا دۆزیبێتەوە و نەوێرێ وەک ئەرخەمێدس بە ڕاکردن بڕواتە دەرەوە و هاوار بکا : دۆزیمەوە !
ــ لەو ساڵانەی زانکۆدا چالاکیی سیاسی و نەتەوایەتیت هەبوو ؟
ــ نەخێر .. من قەت نەچوومەتە حەوشه و داڵان و هەیوانی هیچ حیزبێکەوە .. بەڵام زوڵمم پێناخۆش بووە و بەرەنگاری بوومەتەوە ..
ــ وەکو ؟
ــ وەکو ئەوەی کە کورد ئەنفال کرا، لە ڕۆژی زانکۆدا، پێشانگایەکی شێوەکارییم لە کۆلێژەکەمان کردەوە، یەکێک لە تابلۆکان باسی لە ئەنفالی ئەکرد..هەروەها ڕۆژنامەی شەرارە و ڕێبازی نوێمان لە نێوان خۆماندا بە نهێنیی دەستا و دەست ئەکرد، کتێبەکانی لینین و مارکس و سارتەریش ..
ــ چۆن؟ تابلۆکەت چۆن بوو؟
ــ تەختی تابلۆکە ڕەش بوو، واتا کاغەزی ڕەش، لە پشتەوە دوومناڵ دەستی دایکیان گرتبوو، لەگەڵ گوێدرێژێکدا ..
ناوی تابلۆکە : الرحیل نحو المجهول .. واتا کۆچکردن بۆ جێگایەکی نادیار.
ــ چی ڕوویدا ؟
ــ ڕۆژی دووەمی پێشانگاکە، لێپرسراوی ئاسایشی کولێژ، دکتۆر جوبڕائیل بەرسوم، ئەو تابلۆیەی لێ کردەوە.
ــ ئێ ؟
ــ بە جەماعەتی ئیتیحادی کۆلێژی وتبوو : هەی گەمژە و خوێڕییانە! ئەم کابرایە ڕەخنەی لە قائیدی زەرورە و عەمەلیاتی ئەنفالی مەجیدە گرتووە، چۆن پێتان نەزانیوە؟
وتبوویان کە لێمان پرسیوە بابەتی ئەم تابلۆیە چییە، هاوڕێیەکی وتوویەتی : زوجها ظاربها بالتوثیة و طاردها مع جهالها ..
ــ یەعنی چی ؟
ــ تۆ عەرەبی نازانی ؟
ــ نەخێر .. ئێمە نەوەی دوای ڕاپەڕینین، زمانی عەرەبی فێر نەبووین..
نەمئەتوانی تەماشای چاوەکانی خانمی پارێزەر بکەم، وەک دوو پەپولەکە بە ڕوخسارمەوە نیشتبوونەوە.
ــ واتا ئەم تابلۆیە باس لە ژنێک ئەکا هاوسەرەکەی بە تێڵا لێی داوە و لەگەڵ هەردوو مناڵەکەیدا دەری کردووە، هاوڕێیەکم بەو جۆرە بۆ لیژنەی تەلەبە بەعسییەکانی لێکدایەوە، بۆ ئەوەی بهێڵن لە پێشانگاکەدا پیشانی بدەین.
ڕیش خورماییەکەی کە لە ئەکتەرێکی کوژراو یان ڕفێنراوی کۆن ئەچوو، بۆ جاری دووەم بێزار بوو، ناحەقیشی نەبوو، چونکە هەستی بە جۆرێک لە هاوسۆزیی ئەکرد لە نێوان من و خاتونی پارێزەردا، بە خێرایی و دەنگێکی تا ڕادەیەک تێکەڵ وپێکەڵەوە ووتی : سڵاواتی لێبدەن کاتمان بە دەستەوە نەماوە.
ئێمە لێرەدا هاتووین بۆ لێپرسینەوە و تەنانەت دادگاییکردنیشت..بە کورت و کرمانجیی ئەم پەرەگرافەی تۆ نوسیوتە، تیکتۆکەرێکی بەناوبانگ لە واڵی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە، ناوی خولە زیکزیکەیە و .. بە ووشەی ( زیکزیکەی وشکهەڵاتوو ) سەرسام بووە.. ئێمه کێشەمان لەگەڵ هیچ دەقێکی ئەدەبی و هونەریدا نییە، ئەزانین هیچ کاردانەوەیەکیان نییە و هیچ کەسێ نایانخوێنێتەوە، بەڵام ئەم پەرەگرافەی تۆ لە واڵی تیکتۆکی خولە زیکزیکەدا بینەرێکی زۆری هەبووە، وا له دوو ملیۆن کەس نزیک ئەبێتەوە..ئەگەر بزانیت تەنها حەوت سەد هەزار کەس ئامادەی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران بوون کەچی دوو ملیۆن کەس لە دەوری ئەم پەرەگرافەی تۆ کۆبوونەتەوە لە واڵی تیکتۆکی خولە زیکزیکەدا، ئەزانیت چ کارەساتێکە؟ واتا ئێستا خولە زیکزیکە ئەتوانێ بە چەقەنەیەک حوکمەت پێک بێنێ و پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە ..
من پێکەنینم ئەهات، خاتوونی پارێزەر بە ووردیی تەماشای ئەکردم، وەک ئەوەی تەماشای تابلۆیەکی ڤنسنت ڤان کوخ بکات ..
کوژراو یان ڕفێنراوی ناوەندی فیلمی پێش 40 ساڵ، بەردەوام بوو لە قسەکردن :
هەر بۆیە ئەوەی لەسەر تۆیە، داوایەک لە دادگای کەسێتیی تۆمار بکەیت و داوای مافی خاوەندارێتیی ئەو پەرەگرافە لەسەر خولە زیکزیکە تۆمار بکەیت، ئارەزووی خۆیشتە ئەتوانیت داوای قەرەبووی مادی و مەعنەویشی لێبکەیت، ئیتر بەو جۆرە پەرەگراف لە واڵی ئەودا ئەسڕرێتەوە و دێتە واڵی تۆ، وەک پۆستەکانی ترت تەنها دوانزە کەس ئەیبینن و تەنها سابیر و ئەرسەلان ئالانی و نەبەز موستەفا لایکی دەکەن، وەک دەقەکانی ترت.

ــ واتا کێشەکە سیاسیی نییە، تەنها بەریەککەوتنی زیکزیکەیەکی ووشکهەڵاتوی پەرەگرافێکی تۆیە لەگەڵ شۆرەتی زیکزیکەی خولە و جەماوەرە بێ شومارەکەیدا، ئەوەیش ڕەنگە کارەساتێکی سیاسی لێ بەرپا بێ، چونکە تا ئێستا، بێجگە لەو پەرەگرافەی تۆ، هەرچی پۆستی خولە زیکزیکەیە نوکتە و قسەی قۆڕە و ملیۆنەها لایک و دڵ و دەستخۆشیی هەیە، ئەوانە ئاسایین و پێیشمان خۆشە، با خەڵک بۆ خۆیان نوکتە بگێڕنەوە و پێبکەنن، بەڵام ئەم پەرەگرافەی تۆ لە واڵی خولە زیکزیکەدا، کارەساتێکی نیشتمانییە و هەڕەشە لە ئەمنی قەومیی ئەکات …هتد

ــ بۆ بنەبڕکردنی تەواوەتیی بابەتەکەیش لەناو ئەو جەماوەرە دوو ملیۆنییەدا کە ڕەنگه ئێستا بووبن بە سێ ملیۆن و زیاتریش، پێویستە تۆ بە شێوەیەکی پۆزەتیف و گەشبینانە ووشەکانی ( بێ ئاویی و زیکزیکەی وشکهەڵاتوو، دڕک و داڵ ، پەڵەی سووتاو، بۆگەن، پشیلەی شێلراو، باڵندەی مردارەوە بوو، مەڕی سەربڕراو، ڤینگەی مێش، ڕاکردن ) لێک بدەیتەوە، بۆ نمونە بڵێی ئەو ووشانە وەک لێکدانەوەی خەونەکان، پێچەوانەکانیان ڕاستن و .. ووڵات ئاوەدانە و …هتد ..
خاتونی پارێزەر ، پرسی :
ــ ئەی چۆن بە هۆی ئەو تابلۆیەوە ڕاپێچی زیندانەکانی بەعس نەکرایت؟
ــ خراپتریان بەسەرهێنام ..جوبڕائیل بەرسوم ئەیزانی من زیرەکترین تەلەبەی بەشی بایۆلۆجیم و خەون بە خوێندنی ماستەر و دکتۆراوە ئەبینم، هەستا لە وانەی ڕۆشنبیری نەتەوایەتیی و سێڵ بایۆلۆجیدا نمرەیەکی زۆری لێ شکاندم، وایکرد ببمە پێنجەم لەسەر ئاستی کۆلێژ، لەو سەردەمەیشدا تەنها یەکەمی کۆلێژەکان دوای 45 ڕۆژ سەزیازیی، ئەگەڕانەوە کۆلێژ بۆ تەواوکردنی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا ..
خاتونی پارێزەر دڵی پڕ بوو، بە دوو چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ووتی :
ــ ئەی تۆ ؟
ــ سێ ساڵ زیاتر سەربازییم کرد .. ئەو سێ ساڵە له باسکردن نایەن، لە ناخەوە لە سێدارە درابووم بە بێبەشکردنم لە خوێندنی باڵا، له ڕووکەشیشدا لەو سەربازگا ترسناکانەدا بەرە بەرە مرۆڤایەتیی و شارستانییم تێدا کاڵ ئەبوونەوە، ئەڕوخان ..واتا بووم بە گیانەوەرێکی تر لە سەدا سەد جیاواز لەوەی زانکۆ ..
لە دەرەوەی فەرمانگە، هەردوو پیاوی دادگا چوونە ئوتومبیلەکەوە، خاتوونی پارێزەر بۆ چەند ساتێک ڕاوەستا و بە هێواشیی ووتی : ئەکرێ تەلەفۆنێکت بۆ بکەم لە هەر کاتێکدا کە بتەوێت؟ ؟
تەماشایەکم کرد، وەک دیلێکی نهێنیی هاتە بەرچاوم کە بیەوێ نامەیەکم هەر چۆنێ بێ بداتێ، بیگەیەنمە دەستی کەس و کارەکەی ..
جیڕۆنی ئایرۆنزم بیرکەوتەوە لە فیلمی شەمەندەفەری شەو بۆ لیشبۆنە، مامۆستای فەلسەفەیە، هۆڵی وانەوتنەوە بە جێدەهێڵێ و لە سویسراوە بە شەمەندەفەری شەو، بۆ بۆرتوگال ئەڕوا، بۆ شاری لیشبۆنە، بۆ گەڕان بە دوای چیرۆکی ژیانی ئەمادیۆ، کە پزیشکێکی سەردەمی کۆمۆنیستیی بورتوگال بووە، ئەم چیرۆکەی بە ڕێکەوت لە ڕێی کتێبێکەوە پێ ئاشنا ئەبێ لە پاڵتۆی کچێکدا کە ئەیەوێ کارێکی خوکوژیی بکات و ..جیرۆنی ئایرۆنز فریا دەکەوێت و ڕزگاری ئەکات. لە لیشبۆنە چاویلکەکەی ئەشکێ، خانمە پزیشکێکی چاویلکەساز، چاویلکەیەکی بۆ دروست ئەکا، بە ڕێکەوت مامی ئەو خانمە، بەرپرسی شانەی پارتیزانیی دکتۆر ئەمادیۆ بووە ..
خاتونە پزیشک بە جیریمی ئایرۆنز سەرسام ئەبێ و خۆشی ئەوێ، بێ ئەوەی ئەو ئاگای لێ بێ، دوا جار داوای لێ ئەکا لە لیشبۆنە بمێنێتەوە و ..واز لە سویسرا و زانکۆ و وانە وتنەوە بهێنێ ..
بەڵام من ناتوانم ..
پێم ووت :
ــ بمبوورە، ناتوانم .. وا بزانم هەموو شتێکمان باس کرد.
وەک پێکراوێکی مەیدانی جەنگ، بە هەر جۆرێ بێ، خاتونی پارێزەر و نیگاکانیم بەجێهێشت.
ئیتر بەو جۆرەی لێ بەسەرهات، بۆیە بڕیارم دا ئەو چیرۆکە نەنوسم..ڕونکردنەوەیش بۆ پیت بە پیت و وشە بە وشەی بکەم و بیدەمە دادگای کەسێتی و داواکاری گشتی و دۆسیەی …….هتد .




سەردەمی بیر.. شیعری شەهلا نوری

من ……..
کێشوەری سەر مەستی دڵشکان نیم
ئاهووی دەشت بووم
لەم دۆڵ بۆ ئەو دۆڵ
بۆ سەردەمی ڕۆشنگەران ھەڵدەھاتم و..
زۆر دەگەڕام
لە هەوارێ بۆ ھەوار
لەسەرکدان ،
لەسۆمای خەدەنگ ،
هەستی بریقەدار
لە دڵی زانایەک بە دابی زمان
بووم بە هەڵبەسەی غەزەلخوان ، لەگلێرەی هەستیاران
لاپەڕەیەکم ڕازاند،
هەندێ ترم پەڕان.
جار وەجارێ
دەوەستام و
سەرم دەلەقاند
بووم بە ڕۆمان
ڕۆمانی خونچەی ناز . …
خونجە ڕاستەقینە
جوانی خەون و خەیاڵ
پتر لە گوڵی نەخشی سەر بەرماڵ دەچوو!
گوڵی پەرێشان
هێشتا نەپشکوتوو
نێو قرتاڵە ساختەکەی ئارەزووی دەستی
زۆردار

شەهلا نوری