ڕۆمانی جێرمیناڵ؛ وێنای ژیانی کرێکاران لەنێوان بێمافی و تێکۆشاندا!.. نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

بەراییەک سەبارەت بە ڕۆمانی جێرمیناڵ
ڕووداوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی شەستەکانی سەدەی نۆزدەهەم، بەتایبەتیش ساڵی ١٨٦٣ی فەرەنسا. فۆکسی گشتی ڕۆمانەکە لەسەر هەلومەرجی ژیانی فەلاکەتباری کرێکارانی کانی خەڵووزی ڤۆرۆکسە لە باکووری وڵاتی فەڕەنسا کەلە ناهەموارترین هەلومەرجدا ژیانیان دەگوزەراند. نەبوونی هیچ بیمەیەکی تەندروستی و بێکاری، کرێی زۆر کەم، کاری زۆر و لەڕادەبەدەر، ناسەلامەتی شوێنی کار، هەژارییەکی بێئەندازە، بەکورتی ژیانی کرێکارانی کانەکانی خەڵووز لە فەرەنسا لەو سەردەمەدا لەنێوان برسێتی و کۆیلەتیدا گیری خواردبوو. ڕۆمانی جێرمیناڵ؛ کە سێزدەهەمین ڕۆمانە لە زنجیرەی ڕۆمانەکانی ( ڕۆگن ماکوارت)ی ئەمیل زۆلا(١) کە بیست بەرگن بۆ زیاتر لە سەد زمانی جیاجیا کاری وەرگێڕانیان بۆ کراوە و چاپ و بڵاوبوونەتەوە. هەروەها جێرمیناڵ بووەتە بابەتی سەرەکی بۆ پێنج فیلم و دوو بەرهەمی تەلەفزیۆنی. ڕۆمانی جێرمیناڵ لە نێوان نیسانی ١٨٨٤ و کانوونی دووەمی ١٨٨٥ نووسراوە، بۆ یەکەمجار لە نێوان تشرینی دووەمی ١٨٨٤ و شوباتی ١٨٨٥ لە گۆڤاری وەرزی (گیل بلاس)دا بە زنجیرە بڵاوکراوەتەوە،(٢) پاشان بۆ یەکەمینجار لە مانگی ئازاری ١٨٨٥ وەک کتێبێکی سەربەخۆ، چاپ کراوە. ناوی ڕۆمانەکە (جێرمیناڵ) ئاماژەیە بۆ ناوی مانگی حەوتەم لە ساڵنامەی کۆمارییەکانی فەرەنسا، کە لە ٢١ ی ئازارەوە دەست پێدەکات تا لە ١٩ ی مانگی نیسان کۆتایی دێت. وشەی جێرمێن وشەیەکی لاتینییە و بە واتای “تۆو” دێت؛ ڕۆمانەکە باس لەتۆوی هیوایەک دەکات بۆ داهاتوویەکی باشتر کە لەنێو خەباتی چینی کرێکاری فەڕەنسا چەکەرە دەکات(٣) ڕۆمانی جێرمیناڵ تەواوی سروشت و چوارچێوی ڕێبازی سروشتگەرایی تێکدەشکێنێت و ستراکتۆری خۆی لەسەر ڕیالیزم، دادەمەزرێنێت.

ڕۆمانی جێرمیناڵ چۆن نووسرا؟
دەیەی شەستەکانی سەدەی نۆزدەهەم چینی کرێکاری فەرەنسا بەگشتی و کرێکارانی کانەکانی خەڵووز بەتایبەتی لە بارودۆخێکی فەلاکەتباردا دەژیان. چەندین مانگرتنی کرێکاریی بەرپا بووبوو. بزووتنەوەی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی لەپەرەسەندندا بوون. نووسراوەکانی مارکس و ئەنگڵس و بەتایبەتیش مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست لەساڵی ١٨٤٨ بڵابووبووەوە، گرنگترین ڕووداوی سیاسی لەمێژووی فەرەنسا ڕوویدابوو و شۆڕشی فەرەنسای ساڵی ١٨٤٨ و کۆمۆنەی پاریس بە هەموو دەستکەوت و شکستەکانییەوە ئەزموون کرابوون. (٤)ئەم مێژووە خوێناوییە چینایەتییەی فەرەنسا زۆلایان بەو قەناعەتە گەیاند کە پێویستە ڕۆمانێک بنووسێت لە چوارچێوەیەکی هونەری باس لە کاری سۆشیالیستی و چالاکی شۆڕشگێڕانە بکات. ڕۆمانەکە لە ژێر کاریگەری ئەو تارمایی ئەو بیروباوەڕە کۆمۆنیستییەی کە خەریک بوو بە ئەوروپادا بڵاو دەبووەوە، نووسراوە. ڕۆمانی جێرمیناڵ گێڕانەوەیەکە لە مانگرتنی کرێکاران کانەکانی ڤۆرۆکس لە باکووری فەرەنسا، کە ئەتیان لانتیێری سۆشیالیست ڕابەرایەتی مانگرتنەکە دەکات. کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی و تێڕوانینی کۆمەڵایەتی جیاجیا دەکەن. ڕۆمانی جێرمیناڵ مێژوویەک وێنا دەکات کە کرێکاران دەست دەکەن بە دۆزینەوەی دەنگێکی سیاسی و خەباتکارانەی نوێ، لەدۆخی دۆزەخئاسای کانەکاندا کە بارودۆخی کارکردن ناتەندروست و مەترسیدارە. کرێکارەکان بەناچاری دەبوو گەلێ کاری زیادەی تر بکەن بێئەوەی هیچ پووڵێکیان پێبدرێت. زیادکردنی هەقدەست و باشترکردنی هەلومەرجی کار دەبێتە چەخماخەی ناڕەزایەتی کرێکاران. بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە کرێکارانی کانەکانی خەڵووزی ڤۆرۆکس لە بەرامبەر ئەم بارودۆخە نا تەندروستەی کار و ئەو بەرخوردە نائینسانییەی خاوەن کارەکان، خەبات دەکەن بۆ پاراستنی بەها ئینسانییەکانیان. کرێکاران لەلایەکەوە ژیانی پڕ لە نەهامەتی خۆیان دەبینن و لەلایەکی تریشەوە ژیانی خاوەن کان و سەرمایەداران دەبینین، بە خانووە بەرز و گەورەکانیان، بە مۆدە و براندە پاریسەکانیان و بە ئەسپ و گالیسکە و ئاهەنگەکانیان. ئەم نادادپەروەرییەی سیستەمی سەرمایەداری، کرێکاران تووڕەتر و سوورتر دەکات بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەکانیان. ڕۆمانەکە و تەنانەت فیلمی جێرمیناڵیش گاپی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندان زۆر واقیعییانە خستووەتە ڕوو.(٥) زۆڵا لەم ڕۆمانەیدا هەر ڕەخنە لە سەمایەداری ناگرێت، بەڵکوو ڕەخنە لە ناهۆشیاری و هەروەها لەتێڕوانین و بیرکردنەوەی ناشۆڕشگێڕانەی کرێکارانیش دەگرێت. ئەمیل زۆلا لەنووسینی ڕۆمانی جێرمیناڵدا دوو ئامانجی گرنگ دەپێکێت. یەکەمیان وێناکردنی ژیان و خەباتی کرێکارانی فەرەنسایە لە سەدەی نۆزدەهەم. دووەمیان نیشاندانی ئومێد و هیوایە بە ڕزگاربوون لە ژیانی دۆزەخ ئاسا؛ بەپێشەنگی و ڕابەرایەتی چینی کرێکار و بەئامانج و ئاسۆی سۆشیالیزم.(٦) لە ساڵی ١٨٨٤ ئەمیل زۆلا گەشتێک بۆ موجەمەعێکی کرێکاریی فەرەنسا دەکات تا بەوردی ئاگاداری بارودۆخی ژیان و کارکردنی کرێکارانی کانەکانی خەڵووز بێت. زۆلا ئەم ڕۆمانەی لەسەر ئەو ئەزموونەی نووسی.

ئەمێل زۆلا و پەیامی ڕۆمانەکە
پەیامی کۆمەڵایەتی – سیاسی دەقی جێرمیناڵ، زۆر بەسادەیی دەتوانرێت لەگەڵ یەکەم بەرکەوتنی لەگەڵ خوێنەردا ببینرێت؛ ئەویش خەباتکردنە دژ بە ستەم و بێمافی و بنیادنانی دواڕۆژێکی خاڵی لە چەوسانەوەیە. ڕۆڵی ئەدەب لە بەرجەستەکردنەوەی ئەم خەباتە لە ململانێی چینایەتیدا و نیشاندانی ئاسۆ و ئامانجی خەباتکارانەی پرۆلیتاریا دژ بە ستەم و چەوسانەوەی بۆرژوازی، یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ئەدەبی واقیعی و سۆشیالیستی. ئەدەب و هونەر دەتوانن بەشدار بن لە ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لەپێناو باشترکردنی ژیان و بەئینسانیبوونی کۆمەڵگە. پەیامی جێرمیناڵ، چینێکی کۆمەڵایەتییە کە بڕیارە نەخشەی دواڕۆژی ڕزگاری بەشەرییەت لەسەر دەستی ئەو ئەنجام بدرێت. زۆلا بەپێچەوانەی ڕۆماننووسەکانی سەردەمی خۆی، زۆر بەدروستی و وردی لە چەمکەکانی خەباتی چینایەتی و سۆشیالیزم و ستەم و چەوسانەوە تێگەیشتووە و توانیویەتی دەقێکی جوان و شۆڕشگێرانە پێشکەشی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی بکات. ڕۆمانەکە بە هاتنی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە ئەتیان(٧) بۆ موجەمەعێکی نزیک لە کانەکانی خەڵووز دەرهێنان دەست پێدەکات کە دانیشتوانەکەی لە کانەکانی ڤۆرۆکس خەریکی کرێکاریین و لەلایەن کۆمپانیاوە دروست کراوە و ئەو موجەمەعەش بە چەندین بەرهەمی کشتوکاڵیی وەک گەنمەشامی و چەوەندەر دەورە دراوە. ئەتیان بەدوای کاری میکانیکیدا دەگەڕێت. سەرەتا پێیدەڵێن کە کاری میکانیکیان نییە و پاشان بەناچاری وەکو کرێکاری کانی خەڵووز دەست بەکار دەبێت. ئەتیان یەکەمین بەرکەوتەی لەگەڵ خێزانی ماهیو دەبێت کە حەوت کەسن و سەرجەمیان پێکەوە لە ماڵێکی سارد و شێداردا دەژین. ئەوان بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان، کاری تاقەتپروکێن دەکەن و هەمان چارەنووسی برسێتیش چاوەڕێی منداڵەکانیان دەکات. لەگفتوگۆی نێوان ئەتیان و ماهیو ئەم دوو رستەیە زۆر سەرنجڕاکێشن :

  • خۆ هەموو ڕۆژێک گۆشت ناخۆن.
  • گۆشتی چی، تۆ بڵێ نان دەست دەکەوێت.
  • ڕاستە ئەوە هەقیقەتە، تۆ بڵێ نان دەست دەکەوێت.) (٨)
    لەو سەردەمەدا و لەو کانە خەڵووزییانەدا سەرمایەداران بەوردی حیسابیان بۆ کرێی کارکردن کردبوو، بەجۆرێک کە کرێکارەکان هەرگیز نەتوانن ئەوەندە سەرمایەی پێویست کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی کانەکان بەجێبهێڵن، یان بچن کارێکی جیاوازتر بکەن.
    سروشتی کارەکە ئاوایە کە کرێکارەکان لەنێو قەفەس کەوەک ئەسانسۆرە چەشنی کۆیلە دادەبەزێنرێنە نێو قووڵایی کانەکە کە ٥٥٤ مەتر لەژێر زەوییەوەیە کە پلەی گەرما لەو جاڵانەدا زیاتر لە ٤٠ پلەی سەدییە. ئەوان بە سەعات کار ناکەن، بەڵکوو بە قەبارەی ئەو خەڵووزە پارە وەردەگرن کە دەریدەهێنن. وەسفی ڕۆمانەکە لە شوێنی کار تا بڵێی وردبینییانە نووسراوە. ئەتیان کارەکتەری سۆشیالیست و پاڵەوانی ڕۆمانەکە تەنها جێگەی نووستنێک لەماڵی ماهیو بەکرێ دەگرێت. ئەتیان لەگەڵ یەکەمین بینینی کچەکەی ماهیو ( کاترین) دڵی دەچێتە سەری، هەرچەندە کچەکە لەپەیوەندی سۆزداریدایە لەگەڵ کرێکارێکی تر. ئەم ڕازەی ئەتیان و کاترین تا کۆتایی ڕۆمانەکە بەنهێنی دەمێنێتەوە. پاش ماوەیەک کرێکارەکان دەست بە خەبات و بەرگری لەخۆیان دەکەن و لێرەوە کۆمەڵێ ڕووداو دێنە پێشەوە کە گرنگترینیان یاخیبوون و ڕاپەڕینە دژ بە برسێتی. لەلایەکەوە ژنان هێرش دەکەنە سەر کۆگای بازرگانی گوندەکە کە تا ئەو چرکەساتە زۆر نائینسانانە دۆخی هەژاری ژنانی دەقۆستەوە و لەبەرانبەر قەرز و یارمەتیدانیان، هەڵدەستا گێچەڵی سێکی پێدەکردن. ژنانیش لەڕۆژی ڕاپەڕیندا بازرگانەکە دەگرن و سزای تووندی دەدەن و دەیکوژن و ئەندامی نێرینەی دەبڕن و دەیکەنە دەمییەوە. هاوکات کرێکارانیش ماندەگرن و لەم مانگرتنەش بەهۆی تێروانینی ئانارشیستانە و گرێی تۆڵەکردنەوەوە کرێکارەکان، هێرش دەکەنە سەر کانەکان و ئامێرەکان دەشکێنن و هەروەها لەو کرێکارانەش دەدەن کە لەسەر داوای خاوەن کار کار دەکەن و پشت لە هاوچارەنووسانیان دەکەن. دروشمی سەرەکی مانگرتنەکە ( نانمان دەوێت ..نانمان دەوێت) و ( مەرگ بۆ کرێکارە مانگرتن شكێنەکان) و ( مەرگ بۆ بۆرژوازی و دامەزرێ سۆشیالیزم) بوون.(٩) خاوەن کانەکانیش سەرەتا نزیک بە ٤٠٠ و پاشان زیاتر لە ٥٠٠ سەرباز و پۆلیسی چەکدار دێنن، تا بەرگری لە خاوەن کار و کانەکان بکەن. کێشمەکێشێکی زۆر دەکەوێتە نێوان کرێکارەکان و هێزەکانی پۆلیس. سەرەنجام بەهۆی تەقەکردنی پۆلیس لە کرێکارانی ناڕازی و کوشتنی ١٤ کەس و بریندارکردنی ٢٩ کەس کە دوو منداڵ و سێ ژن لەناو بریندارەکاندا هەبوون ئەمە جگە لە دەستگیرکردنی ژمارەیەک کرێکاری ناڕازی. بەم سەرکوتە خوێناوییە مانگرتنەکە کۆتایی پێ دەهێنرێت و سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت. ڕۆژنامە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە پاریس بەمانشێکی گەورە و لەیەکەمین لاپەڕەیاندا هەواڵی قوربانییەکان و ئەو سەرکوتە خوێناوییەیان بڵاو دەکردەوە. دوای مانگرتنەکەش ماوەیەک بەوجۆرە ژیان بەردەوام دەبێت تا شەوێک بەهۆکاری تۆڵەسەندنەوەوە، کرێکارێک کە زەفەر بە پایەکانی کانەکە دەبات و تێکیان دەدات، کانەکە ئاو دەچێتە ناوییەوە و بۆ ڕۆژی دووایی کاتێک کرێکارەکان دەچنە ناو قوڵایی کانەکانەوە، لەوێدا ڕووبەڕووی ئاو و داڕمانی کانەکە دەبنەوە و ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە. کۆمەڵێک کرێکار لەنێویاندا ئەتیان و کاترین لەناو کانەکە گیر دەخۆن. لەوساتەدا، ڕاستی دەزگیرانەکەی کاترین دەردەکەوێت کە چەند خۆپەرستە و دەیەوێت خۆی دەرباز بکات و کاترینی مەعشوقی جێبێڵێت. ئەتیان لەگەڵ کاترین دەمێنێتەوە و پاش ماوەیەک لەگیرخواردن کاترین گیان لەدەست دەدات و ئەتیانیش لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە ڕزگار دەکرێت. دوای ئەو کارەسات و ڕووداوە تراژیدیانە، ئەتیان بڕیار دەدات گوندەکە و کانەکان و هاوڕێ کرێکارەکانی جێبهێڵێت و لەپێناو خەبات بۆ سۆشیالیزم بەرەو پاریس بڕوات. بەمشێوەیە ئەو کێشمەکیش و ناڕەزایەتی و مانگرتنانە ئەزموونێک لەدوای خۆیاندا جێدێڵن کە نەوەکانی داهاتوو بتوانن بەسوودوەرگرتن لەو ئەزموونانە، ئومێدێک بەژیان و خەباتیان ببەخشن لەپێناو کۆتایی هێنان بەو ستەم و بێمافییەی ژیانیان.

فیلمی جێرمیناڵ(١٩٩٣)
فیلمی جێرمیناڵ هەر لەیەکەم دیمەنەوە تا دووا دیمەن هەڵگری باکگراوندێکی تاریکە. ژێرزەوی و سەرزەوی تاریکن. ڕووناکی کەمترین جێگای هەیە ئەویش تەنها لەناو ماڵە بۆرژوازی و سەرمایەدارەکان دەبینرێت. بەواتایەکی تر دەرهێنەر بەچاوی سەدەی نۆزدەهەمەوە فیلمەکەی دەرهێناوە. فیلمەکە بۆ زۆرێک لە بینەران پێدەچێت پڕ بێت لە تاریکی و بێئومێدی. کاریگەری گشتی فیلمەکە هاوشێوەی کاریگەری ڕۆمانەکەی زۆلایە. شوێنکات بە شێوەیەکی واقیعی وا نیشاندراوە کە بینەر بتوانێت ئەزموونی بکات. فیلمی جێرمیناڵ وێنەیەکی دراماتیکیی وای بۆ ڕووداوەکانی مێژووی خەباتی کرێکارانی سەدەی نۆزدەهەمی فەرەنسا خستۆتە بەرچاو، کە تا ئەوکات بەوجۆرە واقیعییە ڕوون و گەشە، نەبینرا بوو. کلۆد بێری دەرهێنەری فیلمی جێرمیناڵ ڕوحی بەبەر ڕووداوە مێژووییە چینایەتییەکاندا کردووە. فیلمەکەی بێری بەجۆرێک بەرهەم هێنراوە کە دیمەنی ورد و درشتی گوند و کانەکان بەجۆرێک پیشان دراون ئەوەندە قەناعەت پێکەرن کە بینەر وا دەزانێت لە شوێنکاتی سەدەی نۆزدەهەمدا وێنەی گیراوە. فیلمەکە لە ساڵی ١٩٩٣ دا بەرهەمهێنراوە و تێچووی فیلمەکە ٣٠ ملیۆن دۆلار بووە و لەڕیزبەندی پلەی یەکەمی بۆکس ئۆفیسی فەرەنسادا بوو و داهاتی لەهەفتەی یەکەمدا(٥.٢ ملیۆن دۆلار) بوو کە لە هەفتەی یەکەمدا لە ٣١٤ سینەما و لە هەفتەی دووەمدا فراوان بووەوە بۆ ٤٥٦ سینەما و لە پلەی یەکەمدا مایەوە داهاتی هەفتەی دووەم گەیشت بە (٦.٥ ملیۆن دۆلار)و بۆ هەفتەی سێیەم هەر لە پلەی یەکەم مایەوە. فیلمی جێرمیناڵ ٦,١٦١,٧٧٦ کەس لە فەرەنسا ئامادەی بینینی بوون و بووە چوارەمین فیلم لەمێژووی فەرەنسا کە زۆرترین بینەر ئامادەی بینینی بوون. داهاتی فیلمەکە لە سەرانسەری جیهاندا ٣٦.١ ملیۆن دۆلار بووە. (١٠) کلۆد بێری لەڕێگەی ئەم فیلمەوە سینەمای کرێکاریی بردە ئاستێکی بەرزتر و بەمەش هونەری سینەمای کرێکاریی ڕەونەقدارتر کرد. . زمانی ڕۆمانەکە و فیلمەکە هەر هەمان زمانی ئاسایی قسەکردن و ڕۆژانەی ئەو سەردەمەی کرێکارانی فەرەنسایە. دیارە بەدڵنیاییەوە زمانی ئەم شاکارەکە بەپێی ئاگایی سیاسی کارەکتەرەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت.

کۆتایی
ڕۆمانی جێرمیناڵ؛ وەک دەقێکی ئەدەبی کلاسیکیی بەڵام واقیعی و سۆشیالیستیی سەدەی نۆزدەهەم، باس لە ژیان و خەباتی کرێکارانی کانەکانی خەڵووز لە باکووری وڵاتی فەرەنسا دەکات. ئەمیل زۆلا پاش شەش مانگ لە ژیانکردن لەنێو کرێکارانی کانەکانی خەڵووز و چاودێریکردنی دۆخی کۆیلەئاسای کرێکاران و هەروەها لەژێر کاریگەری ڕووداوە مێژووییەکانی فەرەنسا و کۆمۆنەی پاریس، ئەم بەرهەمە ناوازەیە دەنووسێت. زۆلا لەم ڕۆمانە کرێکارییەیدا زۆر بەوردی شوێنکاتی دیمەنەکان و پاڵەوانەکان و زمانی گفتوگۆی کارەکتەرەکانی هەڵبژاردووە و توانیویەتی نەخشەی چنینی ڕووداوەکان و هێڵی درامیی ڕۆمانەکە دیاری بکات و لەجەرگەی واقیعی کۆمەڵگەوە، دەقێکی واقیعییمان بۆ بەرهەم بهێنێت، کە ببێتە بەشێک لە بزووتنەوەی ئەدەبی کرێکاریی جیهانیی. زۆلا زیرەکانە نەک هەر تەنها عەشقێکی ناکام، بەڵکوو وێنای مانگرتنێکی کەم وێنەشمان لە مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری فەرەنسا بۆ دەکێشێت. ئەم ڕۆمانە هەربە تەنها لە چوارچێوەی زمانی فەرەنسیدا نەمایەوە، بەڵکوو وەرگێڕدرایە سەر سەدان زمانی تر و چەندین جاریش کراوەتە فیلم و درامای تەلەفیزیۆنی. ڕۆمانی جێرمیناڵ تا ئێستاش لەنێو بزووتنەوەی ئەدەبیاتی کرێکاریی و سۆشیالیستیدا زیندووە و کاریگەری بەسەر نەچووە و تا سیستەمی چەوسێنەری چینایەتی سەرمایەداری مابێت، ئەو زیندووبوون و کاریگەرییەی ڕۆمانی جێرمیناڵیش هەر دەمێنێت.

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
تشرینی دووەمی ٢٠٢٤

سەرچاوە و پەراوێز :
(١)ئەمیل زۆلا؛ ناوی تەواوی ئەمیل ئێدوارد چارڵس ئەنتۆین زۆلایە و یەکێکە لە ڕۆماننووس و ڕۆنامەنووس و شانۆنامەنووسە بەناوبانگەکانی فەرەنسا، لە ساڵی ١٨٤٠ لەدایک بووە و لەساڵی ١٩٠٢ ژیانئاوایی کردووە. زۆلا سەر بە قوتابخانەی ئەدەبی سروشخوازی یان سروشتگەرایی بووە. خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبییە کە وەرگێڕاونەتە سەر زمانە جیاجیاکانی جیهان. ڕۆمانی جێرمیناڵ یەکێکە لە گرنگترین ڕۆمانەکانی و تەنانەت بە شاکارێکی ناوازەی زۆلا ناوزەد دەکرێت.
(٢)گیڵ بڵاس؛ گۆڤارێکی دەورەیی ئەدەبیی بوو لە پاریس کە بەناوی ڕۆمانی گیڵ بڵاس لە نووسینی ئالان ڕێنی لێساژەوە ناونرا، لەلایەن پەیکەرتاش ئۆگستین ئەلێکساندەر دومۆنت لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٧٩ دامەزراوە.
(٣)https://en.wikipedia.org/wiki/Germinal_(novel)
(٤)کۆمۆنەی پاریس( ١٨ ی ئازار – ٢٨ی ئایاری ١٨٧١) یەکەمین دەسەڵات و حکومەتی کرێکاریی لەمێژووی فەرەنسا و جیهان. ئەم ئەزموونە مێژووییەی کۆمۆنەی پاریس گەرچی شکستیان پێهێنا، بەڵام بوو بە بناغەی گرنگترین دەستکەوتی سیاسی چینایەتی کرێکاران کە تا ئەمڕۆش و تاهەتا ئەو دەستکەوتە سیاسییە چینایەتییانە وەک هیمۆگڵۆبین بەنێو دەمارەکانی خەباتی چینایەتی ئەنتەرناسیوناڵی کرێکاراندا دێن و دەچن.
(٥)لێرەدا حەز دەکەم ئەوە بگێڕمەوە کە لەساڵی ١٩٩٠، واتە چەند مانگێک پێش ڕاپەڕینەکەی کوردستان، ئەوکات لەچاوەڕوانی لەدایکبوونی منداڵی دووەمم بووین، ڕۆمانی جێرمیناڵم بە کورتکراوەیی دەستکەوت و خوێندەوە. ئەو دەقە کورتکراوەیە لە بڵاوکراوەکانی (کانوونی هونەر و ئەدەبی کرێکاری کوردستان) ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو. ناوی پاڵەوانی ڕۆمانەکە لەبری ئەتیان، ئاتین نووسرابوو. بۆیە کاتێک منداڵی دووەممان بوو ناومان نا (ئاتین).
(٦)جێی خۆیەتی لێرەدا بەرچاوڕوونییەک بۆ تێڕوانینی سۆشیالیزم لە ڕۆمانی جێرمیناڵدا بکەم. ئەتیان کە کارەکتەری سەرەکی و ڕابەری کرێکارانە، هەڵگری بیروباوەڕی سۆشیالیستییە بەڵام زۆربەی کرێکاران ئەنارشیستانە بیر دەکەنەوە. بۆیەش لە ناڕەزایەتی و مانگرتنەکاندا، کرێکارەکان پەنا دەبەنە بەر تاڵان و بڕۆ و شکاندنی ئامێرەکانی کارگە، هەرچەندە ئەتیان هەوڵی دەدا ڕێگرییان لێبکات و بۆی روون دەکردنەوە، بەڵام بێسوود بوو.
(٧)https://www.rogerebert.com/reviews/germinal-1994
(٨)Emile Zola, Germinal, Translated and an Introduction by Leonard Tancock. Penguin
Books, 1987, page 22.
(٩)Emile Zola, Germinal, Translated and an Introduction by Leonard Tancock. Penguin
Books, 1987, page 342.
(١٠)وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا ژمارەیەک فیلم لەم ڕۆمانەوە بەرهەمهێنراون، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە فیلمەکەی دەرهێنەر (کلۆد بێری)یە، نەک فیلمەکانی تر. https://en.wikipedia.org/wiki/Germinal_(1993_film)




تەیف سامی و باوانی ٧٦ ترلیۆن دۆلارییان لە کورد دزیوە، مووچەش بە منەت دەدەن!.. شێرکۆ کرمانج

چەند ڕۆژێکە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بێشەرمانە و ڕاشکاوانە گوتی ئێمە، دەوڵەتی عێراق، چی دیکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نادەین. چەند ساڵێکە قسە لە دزیی سەدە دەکرێت بەڵام ئێستا بۆتان ڕوون دەبێتەوە کە تەیف و باوانی لە هەموو دزەگەورەکان دزەگەورەترن.
من لێرە ناچمە ناو ڕەهەندە زۆرەکانی ئەم پرسە، بەشی هەرە زۆرتان ئاگادارن، هەمووشمان دەزانین کە کەم تا زۆر حکومەتی هەرێم نەک لە ململانێکانی لەگەڵ بەغدا بەڵکوو لە دابینەکردنی مووچەی فەرمانبەرەکانی خەتابارە. خەتای یەکەمیشی ئەوە نییە کە لیستی مووچە دروست نییە، داهاتی نەوت ڕادەستی بەغدا ناکات، یان داهاتی ناوخۆ نانێرێت، وەک تەیف سامی دەڵێت. ئەمانە پرسی لاوەکین، لای من خەتاکە لەوەدایە بۆ دەبێت حکومەتێک کە دوو حیزب ٣٢ ساڵە بەڕێوەی دەبەن تا ئێستا نەیتوانیوە کە چارەسەرێک لە دەرەوەی گەڕانەوە بۆ بەغدا فەراهەم بکات. ئەم وتارە دەیەوێت باس لە دوو هۆکاری دیکە بکات کە پەیوەندییان بە عەقڵییەتی کورد هەیە، یەکێکیان عەقڵییەتی کۆمەڵگەی کوردی بەگشتیی، ئەوەی دیکەش عەقڵییەت و هەڵسوکەوت و کرداری یەکێتیی و پارتی. دیارە هۆکار زۆرن، بەڵام ئەم دووانە هەم گرنگن هەم ئەگەر بگۆڕێن کێشەکە بە ئاقارێکی دیکەدا دەبەن لە بەرژەوەندی کوردستانیان.
کێشەی یەکەم ئەوەیە کە کورد وادەزانێ مووچە، یان باشتر بڵێم بودجە، ئیمتیازێکە، چاکەیەکە، پیاوەتییەکە، خێرێکە، عێراق بە کوردی دەکات، یان دەدات. دەیان حەقیقەت هەن ئەم تێگەیشتنە پووچەڵ دەکەنەوە. مەبەستی سەرەکی ئەم وتارەش هەڵوەشاندنەوەی ئەم تێگەیشتن و جیهانبینییەیە، کە زادەی سەد ساڵ داگیرکاریی و داگیرکردنی عەقڵی ئینسانی کوردە لە عێراق.
لەم کورتە وتارە، هەر دەرفەتی ئەوە دەبێت کە ئاماژە بە یەکێکیان بکەین. ناوچەی ئێمە، کەندێناوە، کە لە ڕووی جوگرافییەوە درێژکراوەی “دەشتی هەولێر”ە، تا ١٩٧٥ سەر بە پارێزگای هەولێر بوو، بەڵام دواتر زیاتر لە ٢٠ گوندی خرایە سەر کەرکووک و ناحیەی “قودس”ی جاران و “سەرگەڕان”ی ئێستایان لێ دروست کرد. لەو داتایانەی کە ئێستا دەیخەینە ڕوو، بۆتان دەردەکەوێت کە بۆچی ئەو ناوچەیە لە ١٩٧٥ تەعریب کرا و خرایە سەر پارێزگای کەرکووک.
من خەڵکی ئەو ناوچەیەم و لەوێ گەورە بووم، گوند بە گوند گەڕاوم، سەردانی زۆر لە بیرە نەوتەکان و وێستگەکانی هەناردەکردنی نەوتم لەو دەڤەرە کردووە. بەپێی ئەو داتایانەی کە من لە ئەندازیاران و خەڵکی ناوچەکە وەرم گرتووە، سەرگەڕان ٢٠٠ بیر نەوتی لێیە، گوندەکەی ئێمە، گابەرەکە، بە بەراورد بە گوندەکانی دیکە کەمترین بیرە نەوتی هەیە لە سەرگەڕان، کە پێنج بیرە نەوتە، گوند هەیە ٣٠ بیر نەوتی هەیە، وەک عەوڵافات. لە کۆتایی پەنجاکان بابم لە یەکێک لەو بیرە نەوتانەی گوندەکەمان وەک حەرەس و دواتر وەک کرێکار دەست بەکار دەبێت.
لە پەنجاکانەوە دەست بە دەرهێنانی نەوت لەو ناوچەیە کراوە. ئێستا ڕۆژانە ١٨٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. لە ڕاستیدا ئەندازیارەکان دەڵێن سەرگەڕان توانای بەرهەمهێنانی ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە ڕۆژێکدا، ئەگەر حەزبکەن. واز لەوە بێنن کە چەندین ملیۆن بەرمیل نەوتی دەدزرێت. بەڵام بۆ حیساب کردنی بڕی دزراوی نەوت لەلایەن دەوڵەتی عێراق، واتە تەیف سامی و باوانی، با کەمترین توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردن وەک ڕێژەیەک (مەعەدەلێک) وەرگرین، با بڵێن لانی کەم ڕۆژانە ١٠٠ هەزار بەرمیل هەناردە کراوە. ئەگەر لە پەنجاکانەوە حیساب بکەین، کە دەبێتە لانی کەم ٧٠ ساڵ، هەر ساڵێکیش ٣٦٥ ڕۆژە، ئەوا لەو کاتەوە تا ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری عێراق 2,٥٥٥,٠00,000 بەرمیل نەوتی دەرهێناوە و فرۆشتووە، واتە لە کاتەوە تا ئێستا عێراق زیاتر لە ٢ ترلیۆن و نیو نەوتی کوردستانی دزیوە. ئەگەر بەرمیلی بە ٣٠ دۆلار حیساب بکەین ئەوە دەکاتە ٧٦,٦٥٠,٠00,000. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تەیف و باوانی تەنیا لە ناوچەی سەرگەڕان زیاتر لە ٧٦ ترلیۆن و نیو دۆلاریان لە سامانی نیشتیمانیی گەلی کوردستان دزیوە. ئەگەر نەوتی بابەگوڕگوڕ و جەوەل جەمبور و خانەقین حیساب بکەین ئەوە دزییەکە خۆی لە ٥٠٠ ترلیۆن دۆلاریش دەدات. دەبێت ئەوە بزانین کە ئەگەر کاتی خۆی نەوت بە ٣٠ دۆلار فرۆشابێت ئەوە ئەو ٣٠ دۆلارە بەرانبەر بە ٣٠٠ دۆلاری ئەمڕۆ هەیە چونکە توانای کڕینی دۆلار لەو کاتدا زۆر لە ئێستا لەسەرەوەترە بووە.
کەچی ئەم ڕاستییە کەس قسەی لەسەر ناکات، لە ڕاستیدا کەس هەر ناشیزانێت. نەتەوەیەک ئاوا بە ڕۆژی ڕووناک سامانی نیشتیمانەکەی بدزرێ، کەچی سیاسەتوان و ڕووناکبیر و ئەکادیمیی و چالاکوانانیشی وەک خەڵکە عەوامەکە بێ دەنگ بن، ئەوە بەدڵنیاییەوە داگیرکەرەکەی هەر بەو شێوازە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، واتە پارەی خۆت بە منەت و لووتبەرزی نەک دەداتێ، بەڵکوو لێت دەبڕێ.
کێشەی دووەم، پێشتریش، بەڵام لانی کەم دوای مردنی مام جەلال و تێکچوونی نێوانی یەکێتیی و پارتی، هەموو مامەڵەیەکی ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە لەگەڵ عێراق، بە نزیکبوونەوە لە دەسەڵاتداران و حیزبەکان و کەسایەتییە عێراقییەکان یان دوورکەوتنەوە لێیان، مەبەست لێی قازانجی گشتی، بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانیی نەبووە، بەڵکوو بۆ دەستکەوتێکی تەواو حیزبی بووە، ئەوە ئەگەر بۆ ملشکاندنی ئەوی دیکە نەبووبێت.
نموونە زۆرن بەڵام تاوەکوو بابەتەکە درێژدادڕ نەبێت، ئەوە تەنیا یەک نموونە ئاماژە پێ دەکەین. کاتێک پارتی لەگەڵ سەدر و حەلبووسی لە ٢٠٢١ هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەکەیان پێک هێنا هێندەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی عێراق بوو لە یەکێتیی نیو هێندە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نەبوو. بەهەمان شێوە، کاتێک یەکێتیی لەگەڵ مالیکی و عامری و خەزعەلی ڕێگریان لە سەرگرتنی بەرە سێ قۆڵییەکە دەکرد، هێندەی بۆ شکست پێهێنانی پارتی و سەرخستنی کاندیدەکەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بوو، نیو هێندە قازانجی گشتیی گەلی کوردستان ڕەچاو نەکرابوو، ئەمە و سەدان نموونەی دیکە.
بۆیە لەسەروبەندی دوا گەڕی ململانێکانی هەرێم و عێراق لە پەیوەند بە مووچە، هەر کردەیەک یان هەڵوێستێک کوردستانیان بینوێنن ئەم دوو خاڵەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا ڕەچاو نەکات ئەوە هەر لە جێی خۆی دەسوڕێتەوە. بە واتایەکی دیکە، دەبێت کوردستانیان لە پێگەی دەرۆزەکەرەوە لەگەڵ بەغدا مامەڵە نەکەن، وەک مرۆڤێکی عەقڵ داگیرکراو و بێئاگا لە دزییە گەورەکانی ئەو دەوڵەتە نەچنە دانوستانەوە، بەڵکوو وەک خاوەن مافێکی سەد ساڵ زەوتکراو و سامان دزراو بچن بۆ بەغدا. دووەم، کاتێک کە حیزب و لایەن کوردستانییەکان، بە خەڵکیشەوە، هەڵوێست دەنوێنن ئەوە هەڵوێستەکە، کردارەکە، بەیاننامەکە، دەبێت زادەی قازانجی حیزبی نەبێت، بەڵکوو بەرژەوەندی نەتەوەیی، نیشتیمانیی، کوردستانیی لەبەر چاو گرتبێت.




ئاگرێك بڵێسەكەی خامۆش نابێت!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

لە دوای تێكچوون و پاشگەزبوونەوەی ڕژێمی بەغدا لە ڕێككەوتننامەی یانزەی ئازار و دەسپێكردنەوەی خەباتی چەكداری، ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەندە گۆرانیبێژ و مۆزیكییەكان، پەیوەندییان بە شاخەوە كردەوە. ئەو هونەرمەندانە، لە گوندی وەسانی دۆڵی باڵەیانی سنووری قەسرێی ڕەنگین، سەرلە نوێ دەستیان بە ڕێكخستنەوەی هونەر و سروودی بەرەنگاریی كوردی كردەوە و چەندان بەرهەمیان لە باوەشی ئەو شاخانە، كە هەموویان هاندان و بەرزكردنەوەی گیانی پێشمەرگە و بەرگریكردن بوو لە خاكی پیرۆزی كوردستان وەك ئێمە (پێشمەرگەین بە دەنگە زوڵاڵەكەی فواد ئەحمەد) بە كەرستەی سەرەتای و دوور لە هەموو ستۆدیۆ و ئامێری پێشكەوتووی دەنگ تۆماركرد. ئەو سروودانە، ئێستاش لە ئەرشیفی هونەری كوردی وەك سەرمایەكی مێژوویی گەورە ماونەتەوە. بەم شێوەیە هونەر و ئەدەب، شانبەشانی پێشمەرگە لە سەنگەربوون.

سەردەمانێك لە كۆتایی هەفتاكان و سەرەتای هەشتاكان، بەعس لە بەرسروودەكانی حەمەجەزا، مرۆڤی كوردی لە سێدارەدەدا، ئەردەوان و ئەیاز زاخۆیی شەهید دەكردن، چونكە دڵنیابوو لە كاریگەریەتی هونەری كوردی بە سەرگیانی نەتەوەیی و نیشتمانی مرۆڤی كورد. ئێستا كە هونەری گۆرانی كوردی بەراورد بەو قۆناغە دەكەین، چی دەبینین؟ بێگومان هونەرێك دوورلە هەموو جۆرە پەیامێك وجوانییەك، دوور لە هەموو چێژومانەوەیەك مەگەر بە دەگمەن. سەیرم پێدێت لە هەرێمێكی بچووكی وەك ئێمەدا، ئەو هەموو لەشكرە گۆرانیبێژە هەبێت و گۆرانی بڵێت. سەرنج بدەن، هەموو عێراق یەك كازم ساهری هەیە، هەموو فارس یەك موعینی هەیە، هەموو تورك یەك تاتلیسازی هەیە، بگرە هەموو جیهان، لە ڕۆژهەڵاتییەوە بۆ ڕۆژئاوا، لە باشوورییەوە بۆ باكوور، یەك شاكیرای هەیە. كەواتە چۆن دەبێت میللەتێك هەمووی گۆرانیبێژبێت؟ ئاوازدانەرە گۆرانی دەڵێت، نەی لێدەدات گۆرانی دەڵێت، سیناریستی كلیپەكانە گۆرانی دەڵێت، دەرهێنەرە گۆرانی دەڵێت! لە هەمووشی كارەساتترهونەرمەندی كورد لە بری ئەوەی هەموومان فێری ئەوە بكات خاك و نیشتمانمان خۆشبووێت، لە بری ئەوەی منداڵەكانمان فێری پەروەردە وگیانی مرۆیی و نەتەوەیی بكات، لە بری ئەوەی ڕابردووی پڕ ڕەسەنایەتی هونەری كوردیمان پیشان بدات، لە بە ناو بەرنامەكان دێت فێری چێشت لێنانمان دەكات و پیشانمان دەدات كولەكە چۆن لە ڕۆن سووردەكرێتەوە؟ زەڵاتە چۆن دروست دەكرێت؟ هونەر پەیامێكە لە خزمەت مرۆڤایەتیدا. دەبێ هونەربە هەموو ژانرە جیاوازەكانییەوە، ئەوەندەی تر ژیانمان لاجوان و نەخشینتر بكات. دەبێ فێری هەموو ئەوخەسَڵەتانەمان بكات، كە ڕەنگبێ خاوەنی نەبین، چونكە هونەرمەندان لە توێژە هوشیار و ڕۆشنبیرەكانن. دەبێ كاریگەریەتی لە سەرژیانمان دابنێن، نەك هیچ جیاوازییەكی دیكەیان نەبێ لەگەڵ كەسانی ئاسایی. ئاخر نیشاندانی هونەرەكانی چێشت لێنان وچۆنیەتی فێربوونیان، كاری شێفەكانە نەك هونەرمەندان! ئەوان دەبێ فێرمان بكەن هونەر چۆنە، چۆنیش لە خزمەت هەموواندایە. چۆن هونەر بە نەمری دەمێنێتەوە و لە گەڵ هەموو قۆناغ و سەردەمەكان دەڕوات. هێشتا گەنجێكی تازە پێگەیشتوو بووم، گوێم لە گۆڕانییەك دەبوو بە ناوی (ئاگرێكی بێ خۆڵەمێش) كە یەكێكی قژ و سمێڵ زەرد و چاو خورمایی كەشخە دەیگوت. وشەكانی هەڵوەستەیان پێ دەكردم و پرسیاریان لا دروست دەكردم، چۆن ئاگر بێ خۆڵەمێش دەبێت؟ چۆن ئاگرێك هەیە تا هەتایە هەر بڵێسە دەدا و نابێتە خۆڵەمێش؟ ئەی بۆچی گوڵی ئەوی لە ژێر پێ داناوە؟ بۆچی ئەو ئاگرە لە دڵی ئەو كڵپەی یاوە؟ كێ ئاگری خستۆتە دڵی ئەو؟ بۆ دەبێت كچێك هێندە دڵڕەق بێت، قژی زەردی خۆی بكاتە زنجیر و لە دەست و قاچی ئەم بئاڵێنێت؟ بێ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانەم لابێت. كە گەورەتر بووم، ئیدی زانیم ئەم گۆڕانیبێژە دەنگ زوڵاڵە (محمەد عەباس بارام )ە. لە دوای ئەو گۆڕانیەش، خۆی بۆ ساڵانێكی دوورو درێژ ون بوو، بەڵام گۆرانیەكەی هەرمایەوە و لەگەڵ تێپەڕینی ساڵ و زەمەنەكان لە بیر نەكرا. دواجار دەركەوت كە لە هەندەران و لە وڵاتی سكۆتلەندا دەژیت.
بە درێژایی ئەو هەموو ساڵانە و دەركەوتنی سەدان بە ناو گۆرانی و گۆرانیبێژ، ئەم گۆرانییە لە یادەوەری چەندین نەوە كاڵ نەبووەوە، بگرە هەر كاتێك گوێی لێ دەگرین، وەك ئەوە وایە بۆ یەكەم جار بێت گوێ لەوگۆڕانییە پڕ مانایە بگرین . ئەمە بۆچی وایە؟ بێگومان چونكە هونەری دوێنێ هەڵگڕی پەیامێك و گوتارێك بوو. گۆرانی دوێنێ، لە ڕووی شیعر و ئاوازو وتنەوە لەو پەڕی داهێنان بوو، وێرای ئەوەی هیچ كەرستە و پێداویستیەكی هونەری ئەوتۆش نەبوو. ئێستا بە ناو گۆرانیبێژ هەیە، بە دەیان فرت و فێڵی هونەری و ئامێر و مایسترین وستۆدیۆوە، كەچی هێشتا كە گۆرانی دەڵێت وەك ئەوەی تەنەكە لێ بدات وایە. بە سەدان گۆڕانبێژی گەنجی ئەو سەردەمە، ناتوانن گۆرانیەكی وەك ئەمەی محمەد عەباس بەهرام، یان ئەمیرەكەمی فواد ئەحمەد بڵێنەوە. هەڵبەتە دەتوانن لاساییان بكەنەوە، بەڵام كەی لاساییكردنەوە داهێنانێكی تێدایە؟ هونەری ڕەسەن، هونەرێك كە لە خزمەت مرۆڤ و كۆمەڵگەكەی دابێت، تا هەتایە بە نەمری دەمێنێتەوە، وەك ئەو گۆرانیە، كە هەرگیز بڵێسەكەی خامۆش نابێت. ئاگرێكی بێ خۆڵەمێش، هۆنراوەكەی هی شەهید (بەرزان عوسمان) و ئاوازەكەشی هی هونەرمەند خۆیەتی. ئەم هونەرمەندە، بە داخەوە لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا دواجار وەك هەر نەخۆشێكی دیكە، كە ئەو نەخۆشییە كوشندەیە دەگرن. لە شەڕی شێرپەنجەدا دۆڕاو كۆچی دوایی كرد، بەڵام هونەرەكەی، دەنگە ڕەسەنەكەی بۆ هەتاهەتایە بە نەمری دەمێنێتەوە و ئاگرە بێ خۆڵە مێشەكەشی بلیچسەكەی هەرگیزاو هەرگیز خامۆش نابێت.




کتێب\ بیرمەندی ناشۆڕشگێڕ.. عوسمانی حاجی مارف

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




خەون و ئاواتی کۆمۆنارەکان، ئیلهامی دونیایەکی سۆشیالیستیـیە.. جەمال کۆشش

هەفتەی خوێناوی پاریس

(٢١) تا (٢٨) ئایاری ساڵی (١٨٧١) لەشکرێکی سەروو سەد (١٠٠) هەزار کەسیەوە، پڕ چەک و جبەخانە و ئەسپ سواری کۆماری فەرەنسا بە فەرمانی سەرۆکوەزیران ( تیرئەدۆڵف) لە مامەڵەیەکی ملکەچکەرانە و لەگەڵ (ئۆتۆ ڤۆن بسمارک)ی ئەڵمانیا کە چل (٤٠) هەزار سەربازی دیلی ئازادکراوبوون بەمەرجی دەستنەپاراستن و کوشتنی عەمدی بە ئەنقەستی لە کۆمۆنارەکان و خەڵکی پاریس و لێدوان نەدان بۆ هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن، پاریسیان وێران و کاول کرد، کوشتاری بەکۆمەڵ، دیلکوشتن، ژنکوشتن و ئەتکردن و تاوانی سێکسی و بۆمبارانـیان ئەنجامدا. لە بەرامبەر نزیکەی چل (٤٠) هەزار گاردی نیشتمانی و کومۆنارەکاندا، هەر (٩٠٠) سەنگەرەکەیان داگیرکرد و حکومەتی هەڵبژێردروای شورایی کۆمۆنەیان ڕوخاند. بۆ ماوەی پێنج (٥) ساڵ حوکمی عەسکەرییان سەپاندو زیاتر لە پەنجا (٥٠) هەزار کەسیان بەرەو دادگای سەربازی و مەدەنی ڕاپێچکرد و لە شانۆگەرییەکی هەڵبەستراودا، بڕیاری لەسێدارەدان و زیندانی و دیپۆرتکردنەوەیان جێبەجێدەکرد. (پیر فیینەر) ژورنالیستی سۆسیالیست بە کوشتنی چل (٤٠) هەزار کەس مەزەندەی کردووە.

(ئوگین ڤالین) ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم، لە ڕۆژی (٢٨) مانگ دەگیرێت، پاش ئەشکەنجەدان دەیکوژن، کۆمۆن، گەورەترین شەڕی نێۆخۆیی لە مێژووی فەرەنسادایە.(هاڕەی چەکەکان و گولـلەبارانکردنەکان لە یەک بە یەکی شەقامەکان هەبوون، زۆرێک لە ژنان وەکو من بێتاوان بوون، دەستڕێژییان لیدەکردن و دەیانکوشتن بە تەنها ئەوە بەس بوو، شێوەیان لەوان بچوایە، ژنە نوسەر (لویسە کۆلت) بە چاوی خۆی بینویەتی و لە ڕۆژی بیست و هەشتی مانگی پێنج (٢٨/٥) نوسیویەتی، ڤێ دێ ئار ٥). ئەو ژنە زیندانیانەی دەگوازرانەوە بۆ ڤێرسای بەشەقامەکاندا تف باراندەکران و شتیان تێدەگرتن و ژنە دەوڵەمەندەکان بە چەترەکانیان لێیان دەدان. (ڤۆتز مەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ژنە سۆشیالیستی ئەمەریکایی کارۆلین یۆت، ئیخنەر٢٠٢١).

کەمێ زانیاری بەزمانی کوردی

لەبارەی شۆڕشی سۆشیالیستی کۆمۆنە و یەکەم حکومەتی کرێکاری کۆمۆنارەکان لەپاریس لە (١٨) ئادار تا (٢٨) ئایار ساڵی (١٨٧١) بەزمانی کوردی، زانیاری یەکجار کەمە. پڕکردنەوەی کتێبخانەی سۆشیالیستی دەربارەی ئەم پرسە گرنگە، پەیوەندییەکی قووڵی بە بەدەرکردن و خاوێنکردنەوەی هەژموونی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و لیبڕالیزمەوە هەیە.

ئەم جەنگە چینایەتیـیە فراوانەی پرۆلیتاریا و کۆمۆنیستەکان و ئەنارکیستەکان و بلانکیستەکان و ڕۆڵ و کاریگەری ئەنتەرنسیۆنالی یەکەم و هاوپشتی و سۆلێدارەتی بزوتنەوەی کریكاری و کۆمۆنستی ئەوروپا لەو حکومەتەیان، بۆ کۆمۆنیستەکانی عێراق بابەتێکی لاوەکی و ڕاگوزەر نیـیە.

شۆڕشی کۆمۆنە، گرێدانی تەواوی ئازادییەکان و ڕزگاری کۆمەڵایەتی و بەختەوەری و برایەتی گەلان، شەتەک دەدات بە شۆڕشێکی واقعی لەدژی کاری بەکرێ و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری. جیاکردنەوەی بەتەواوی دین لە دەوڵەت و پەروەردە و گۆڕینی سیستەمی خوێندن و خۆڕایی کردن و ئیجباری کردنی خوێندن، قەدەغەی شەوکاری و کاری مناڵان و مافی هاوڵاتی یەکسان بۆ سەرجەم دانیشتوانی پاریس کە لەو دەمەدا زیاتر لە سەد (١٠٠) هەزار کرێکاری ئەڵمانی و پۆلۆنی و هەنگاری و ئیتالی تیا دەژیان.

ناسینی بە شکۆی مناڵانی دەرەوەی پەیوەندی نەریتی خێزان و مافی یەکسانی کرێی ژنان و پیاوان کە کێشەیەکی گەورەی خێزانە کرێکارییەکان بوو …هتد لەنێو جەرگەی شەڕی پروسیا (ئەڵمانیای ئێستا) و فەرەنسا، هەژاری کوشندە و کاری تاقەتپڕوکێنی و دوازدە (١٢) سەعاتی شەش ڕۆژە، نەخوێندەواری و نەخۆشیـیە بەربڵاوەکاندا، زۆر تایبەتە. ئەمانە شکاندنی ژورەکانی باستیلی سەرمایەبوون نەک، ڕیفۆرم.

لە زەمانی مانیفێستەوە

لە ئەوروپا بەگشتی و فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و بەلجیکا و سویسرا، بزوتنەوەیەکی بەهێزی هەمە ڕەهەندی ڕادیکاڵی کرێکاری و سۆشیالیستی و دیموکراسی شۆڕشگێڕانە پەیدا ببوو دەیەی شەستەکانی ساڵی کۆمۆنە، دەیەی شکڵگرتنی یەکێتی و سەندیکا و خەباتی نێونەتەوەیی سوشیالیستی بوو. دەیەی پێکهێنانی دەیان و سەدان کۆڕی خۆڕۆشنبیرکردن و ڕێکخراوبوونی کرێکاران بوو. لە (١٨٦٦) ئازادی چاپ و کۆبونەوە پەسەندکرا لەلایەن پۆناپارتەوە، دەیان ڕۆژنامە و سەدان میتنگ سازدەدارن.

ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم (١٨٦٤)، نەقابەکرێیەکارییەکانی بەریتانیا (١٨٦٦)، حزبی کاری ئەڵمانیا (١٨٦٦)، پەرەگرتنی حزبەکانی سوسیال دیموکرات شوڕشگێر لە ئەڵمانیا، لەگەڵ پەرەسەندنێکی زۆر خێرایی پیشەسازی و سەرمایەگوزاری کشتوکاڵی و کۆبونەوەی دانیشتوان لەشارەگەورەکان. سەرمایە لەپڕ کەڵەکەیەکی بێوێنە و هەڵتۆقینی گەورە سەرمایەدارەکان و لەلایەکی ترەوە گەڕەکە هەژارەکان بە بڵاوتر و برسی تر و خێزانەکرێکارییەکان بۆ بژێوییان دەبوو هەموو کار بکەن. کۆمۆنیزمی شۆڕشگێر ئیدی بەرەو هەنگاوی کۆمەڵایەتی چینایەتی گەورە دەردەکەوت، … لقەکانی ئەنتەرناسیۆنال لەئەڵمانیا و فەرەنسا و بەلجیکا و بەریتانیا و ئەمەریکا و ڕوسیا لە گەرمەی تێهەڵچونەکاندا بوون.

هاوپشتی نێونەتەوەیی کرێکاری

ناردنی نوێنەری ئەنتەرناسیۆنال بۆ کۆمۆنە (ئەلیزابیت دیمتری و هاوڕێێەکی) کە دەیەمین ڕۆژ دەگەن، ئەلیزابیت کە خۆی بەڕەچەڵەک ڕوسیـی بوو وە بۆ خوێندن هاتبوو بۆ جنێف، لەوێ لەگەڵ کۆمۆنیستەکانی جنێف ئاشنایەتی پەیدا دەکات و ئەوانیش بۆ لەندەن بۆ لای مارکس دەینێرن، وە لەسەر داوای مارکس دەڕوات. هەر چەند تەمەنی ٢٠ ساڵە بەڵام یەکسەر دەست بە هەڵسوڕانی جددی دەکات و گەورەترین و کاریگەرترین ڕێکخراوە بەناوی (یەكێتی ژنان) دروست دەکات. کرێکارانی ئەڵمانیا لەشارەکانی بەرلین، لیپتزیگ، دیدرسدن، خیمنتز، هامبورگ، هانۆڤەر، برێمن، ئیلبرفێلد، نۆرمبیرگ، دەستیان بەچالاکی سیاسی و کۆبونەوەیان پشتیوانی بۆ کۆمۆنارەکان کرد. لە نامەیەکی پیرۆزباییدا سێ (٣) هەزار کرێکاری هانۆڤەر هاوچارەنوسی خۆیان بۆ کۆمۆنارەکان ناردبوو. (فرێرنارد ئۆگۆست بیبل) هەڵسوڕاوی کرێکاری و ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا و دامەزرێنەری حزبی سۆشیال دیموکرات، لێبڕاوترین کۆمۆنستی نێونەتەوەیی بوو کە لە دژی سیاسەتی عەسکەرتاریەتی وڵاتەکەی خەباتی دەکرد داوای وەستانی جەنگی دەکرد کە ئەو دەم لەشکری ئەڵمانیا، تەوقی پاریسیان دابوو. کرێکارانی بەریتانیا و نەمسا و بەلجیکاش بەهەمان جۆر. بڵاوکراوە و ڕۆژنامەکانیان هەموو ڕۆژێک بەوردی ڕوداوەکانی شۆڕشیان دەگواستەوە.

شۆڕش و ڕیفۆرم و ژنان و کۆمونە

هەرچەند لەم نوسینەدا،هیچ دەرفەت نیە، ئەزمونی کۆمۆنە شرۆڤە بکەم. چەند دێرێک زۆر بەپێویست دەزانم کە بینوسم لەپەیوەند بە حکومەتی دیکتاتۆری پرۆلیتاریای پاریس. کۆمۆنە لە دوازدە (١٢) شوێنی تر دامەزرا لە (لیۆن) و (مارسیلا) تەمەنیان دوازدە (١٢) ڕۆژ بوو. ببینن بۆرژوازی بە چ کوشتارێک حکومەتی هەڵبژێردراوی کۆمۆنارەکانی خاپوور کرد. سەد و نەوەد (١٩٠) هەزار کەس دەنگیان بە کۆمۆنەدا، چل و پێنج (٤٥) هەزار کەس دەنگیان نەدا. خێزانە بۆرژواکان زووتر شاریان چۆڵکردبوو.

ئەو دەمە کۆماری فەرەنسا لە کێبڕکێیەکی ئیمپریالی گەورەدا بوو لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا، لە شەڕدا بوو لەگەڵ پروسیا، بەڵام کرێکاران و سۆشیالیستەکان، خەباتی بنچینەیی خۆیان جێنەهێشت و فریوی کێشمەکێشەکانی نێو باڵەکانی بۆرژوازیان نەخوارد.

مارکس لەو بارەوە زۆر بەباوەڕەوە دەڵێت، کۆمۆنە حکومەتی فراکسیۆنێکی بۆرژوازی نەبوو بدرێتە فراکسیۆنێکی تر. کۆمۆنە خۆی حکومەتێک بوو بۆ تێکشکاندنی ئەم ئامڕازە سەرکوتکەرە شەرمهێنەرە.

هەرچەند دووژنە هەڵسوڕاوی کۆمۆنە خۆیان پێشتر هەڵسوڕاو بوون لەگەڵ چەند ژنە بۆرژوازییەکی تر بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، بەڵام هیچ گرنگیـیەکی لە کۆمۆنە نەبوو بۆیان، ئەوان بەشوێن گۆڕینی سیستەمەوە بوون تەنانەت لە حکومەتی کۆمۆنەشدا، ئەوان هەرچەند بەتالێۆنی خۆشیان هەبوو، وە دواین کەس بوون کە شکستیان خوارد، ژنان لەو دەمەدا بەتەواوی دەیانەویست قوچکەیی (هیراکیەتی) چینایەتی و جێندەری هەڵتەکێنن.

جەمال کۆشش

ئایاری ٢٠٢٥




“تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی” لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریدا!.. نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی

تاوانەکانی ساڵی 1988ی رژێمی مەزهەبی لە ئێران زۆرن و بە تێپەڕبوونی ساڵان و رۆژان، رەهەندی زیاتری لێ ئاشکرا دەبێت. گومانی تێدا نییە کە هەموو لایەنەکانی ئەم تاوانە تەنیا رۆژێک دەخرێتە بەردەستی خەڵکی ئێران و جیهان کە ئەم دیکتاتۆرییەتە رووخابێت.

لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨ چی روویدا؟
هەرچەندە زۆرێک بابەت و گوتار لەسەر ئەم پرسە نووسراون و هەریەکەیان گۆشەیەکی ئەم تاوانە ترسناکەیان نیشانداوە، بەڵام لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨دا، تەنها چەند هەفتەیەک دوای قبوڵکردنی بڕیارنامەی ٥٩٨ی ئەنجومەنی ئاسایش لەلایەن رژێمی مەزهەبیی ئێران و کۆتاییهاتنی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، کارەساتێک لە پشت دەرگا داخراوەکانی زیندانەکانی رژێمی مەزهەبیی ئێران روویدا کە تا ئەمڕۆش وەک یەکێک لە گەورەترین (تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی) و (ژینۆساید) لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ناسراوە. واتە کۆمەڵکوژکردنی زیاتر لە (30) هەزار زیندانیی سیاسی کە زیاتر لە سەدا ٩٠ی قوربانییەکانی، ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران بوون و ئەوانیتریش لە گرووپ و بزووتنەوەگەلێک بوون کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ژێر کاریگەریی کەشوهەوای سیاسی و فیکریی ئەم رێکخراوەدا بوون. خاڵی هاوبەشی هەموو شەهیدانی ئەم قەتڵوعامکردنە، دژایەتیکردنی جددی و گشتیی ئەوان بوو بەرانبەر بە سیستمی ویلایەتی فەقیهی، کە رەنگە بەشێک لە ئیعدامکراوەکانیش بۆ خۆشاردنەوە لە دەرهاویشتەکانی ئەم تاوانە، لە لایەن رژێمی دژە گەلیی ئێرانەوە ئەنجامدرابێت.
لەم تاوانە ترسناکەدا دەیان هەزار زیندانی سیاسی کە تەنانەت هەندێکیان، رۆژانی سەپێنراوی سزاکەیان تێپەڕ دەکرد، یان ماوەی زیندانیبوونیان تەواو بووبوو، لە دادگاییکردنەکاندا کە تەنها چەند خولەکێکی خایاند، تەنها بەهۆی پابەندبوونیان بە بیروباوەڕی سیاسی خۆیانەوە، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا. ئەم دادگایانە کە دواتر بە “دەستەی مەرگ” ناسرا، لە کەسانی وەک حوسێنعەلی نەییری (دادوەری شەرع)، مستەفا پورمحەمەدی (نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات)، ئیبراهیم رەئیسی (داواکاری ئەوکاتی تاران) و ئاخوند ئیشراقی پێکهاتبوون. زۆرێک لەو کەسانە لە پۆستە سەرەکییەکانی حکومەتدا بوون یان هەن، کە ئەمەش راستییەکی تاڵە و ئاماژەیە بۆ بەردەوامبوون و شەرعیەتدان بەو تاوانە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە.

فەتوای خومەینی بۆ کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی
خاڵی دەستپێکی ئەم تاوانە بێ وێنەیە، فەتوای ئاشکرای خومەینی، دامەزرێنەری رژێمی مەزهەبیی ئێران بوو کە لە نامەیەکی فەرمیدا، فەرمانی دا هەموو ئەوانەی “لەسەر هەڵوێست”ن، بەبێ رەحمکردن لە سێدارە بدرێن. ئەم فەتوایە نەک لەسەر بنەمای پڕۆسەیەکی دادوەری، بەڵکو تەنها بەهۆی بیروباوەڕی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و بە مەبەستی ژینۆسایدکردنی ئازادیخوازان و بەتایبەتی موجاهیدینی خەلق دەرچووبوو.
بەرپرسانی دیکەی دەزگای دادوەری و ئاسایشی وڵات کە لەم تاوانەدا رۆڵیان هەبووە بریتین لە: موسەوی ئەردەبیلی (سەرۆکی ئەوکاتی دادگای باڵا)، ئەحمەد خومەینی (کوڕی خومەینی و ئاڵقەی پێوەندیی نێوان خومەینی و دەزگا ئەمنییەکان)، حەمید نووری (سەرپەرشتیاری پێشووی زیندانی گۆهەردەشت کە لە وڵاتی سوید، بە تاوانی بەشداربوونی راستەوخۆ لەو کۆمەڵکوژییەدا سزا درا) و چەند کەسایەتییەتری وەک ئاخوند رازینی، موقیسەیی و هتد. ئەوان نەک هەر بەشداربوون لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە، بەڵکو ساڵانێکی زۆر بەرگریان لێدەکرد و بە “پێویست” و “شەرعی”یان دادەنا.

شریتە دەنگییە بەنرخ و ئاشکراکەرەکانی مونتەزیری
لەو سەردەمەدا ئایەتوڵڵا (حوسێنعەلی مۆنتەزیری) کە جێگری خومەینی بوو، یەکێک بوو لەو چەند پیاوە ئایینیانەی کە دژی ئەم کارەساتە هەڵوێستیان گرت و ناڕەزایەتیی خۆی لە “کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ دەستەی مەرگ” تۆمار کرد. لە ساڵانی رابردوودا، شریتە دەنگییەکانی ئەم کۆبوونەوانە لەلایەن بنەماڵەی مۆنتەزیرییەوە بڵاوکرانەوە. شریتی مێژوویی دووەم، کە لەمدواییانەدا ئاشکرا کرا، بە روونی رەهەندە کارەساتبارەکانی کۆمەڵکوژییەکە، هەروەها هۆشدارییەکانی مۆنتەزیری نیشان دەدات.
مۆنتەزیری لە یەکێک لە کاسێتەکاندا، روو لە ئەندامانی دەستەی مەرگ دەڵێت: گەورەترین تاوانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شۆڕشەوە هەتا ئێستا، لەلایەن ئێوەوە ئەنجامدراوە و لە مێژوودا شەرمەزارمان دەکەن. ئەو بە روونی باس لەوە دەکات کە ئەم کۆمەڵکوژییە نەک هەر لە بەرژەوەندی سیستەمەکەدا نییە، بەڵکو گورزێکی قەرەبوو نەکراوەیشە لە شەرعیەتی ئەو دەسەڵاتە.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی شریتە دەنگییە تازەکەی مونتەزیری لە چاوپێکەوەتنی دووەمەی دەستەی مەرگ لە رەوتی کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ١٩٨٨، راستییەکی شۆک هێنەر سەبارەت بەم تاوانە گەورەیە ئاشکرا بووە (بی بی سی – شەوی دووشەممە، ١٥ی نەورۆزی ئەمساڵ). لەم شریتەدا کە بەشێکی سڕاوەتەوە، مونتەزیری بە جەختکردنەوە لەسەر بەرپرسیارێتی (ئەحمەد خومەینی) و وەزارەتی ئیتلاعات لە کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی، بە ئەحمەد خومەینی وتووە کە “تۆ خۆت پێت وتم کە (10) هەزار لەو کەسانە ئیعدام بکرێن کە تەنیا تاوانەکەیان، خوێندنەوەی راگەیاندراوەکانی موجاهدینی خەلق بووە”. راستییەکیتر کە مونتەزیرد جەختی لەسەر دەکاتەوە، رق و کینەی جەماوەریی گشتییە بەرانبەر بە سیستەمی ویلایەتی فەقیهی و دەڵێت: “ویلایەتی فەقیهی بۆتە شتێکی قێزەون بۆ خەڵک، خەڵک وەزاڵە هاتوون لەدەست ئەمانە… هەر ئەو بنەماڵانەی کوشتمانن، ئێستا هەموویان دەڵێن کەواتە (موجاهیدینی خەلق) راستییەکانیان دەگوت!”. لەم شریتەدا مونتەزیری بە ئاماژەدان بە ژنانی موجاهیدینی خەلق کە لە ئۆپەراسیۆنی ” بڵێسەی ئەبەدی” (فروغی جاویدان) لە پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کرابوون، دەڵێت: “خەلخاڵی هەر لێرە دانیشتبوو، وتی ٣٠٠ کچیان هێنابووە ئێرە و پێم وتن هەر ئێستا هەموویان لەسێدارە بدەن”.
هەرچەندە ئەمانە تەنها چەند دڵۆپێکن لە زەریا و درەنگ خراونەتە روو، بەڵام بە بڵاوبوونەوەیان، چەند بەشێکیتری ئەم کۆمەڵکوژییە ئاشکرا کراون. تاوانێکی گەورە کە پرۆفیسۆر جاوید رەحمان، راپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بە “تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی” و “ژینۆساید”ی داناون لە دژی موجاهیدین.
ڕاپۆرتەکەی پرۆفیسۆر جاوید رەحمان جەخت لەوە دەکاتەوە کە: “قەبارە و ژمارەی ئەوانەی دەستیان لەم تاوانانەدا هەیە، زۆر گەورەیە، لە رێبەری و دادوەرەکانی شەرع و داواکارانی گشتییەوە بگرە هەتا نوێنەرانی وەزارەتی ئیتلاعات و ئەندامانی “دەستەی مەرگ” و ئاسانکارەکانی ئەو تاوانە. لە پاسەوانانی زیندان و ئەندامانی سوپای پاسدارانەوە بگرە هەتا هەموو ئەوانەی ئاسانکارییان بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە کردووە لە بواری یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەردەپۆشکردنیان”. دەشڵێت “زۆرێک لەو کەسانە، تا ئەمڕۆش لە پۆستە باڵاکاندا ماونەتەوە. ئەوانەی لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی دیکەیان ئەنجام داوە، دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بێ سزایی دەبێ لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا کۆتایی پێ بێت.”
کاتی رووخاندنی دیکتاتۆریی ئایینی گەیشتووە
دەیان ساڵ دوای ئەو تاوانە، خەڵکی ئێران ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر دەیانەوێت کۆتایی بە دەسەڵاتی ستەم و سەرکوت و چەوساندنەوە بهێنن. سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم رژێمە، بە تایبەتی لە لایەن حکومەتە رۆژئاواییەکانەوە، تەنیا بووەتە هۆی بەردەوامبوونی تاوان و سەرکوت و فراوانبوونی تیرۆریزم لە لایەن رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە ناوچەکەدا. ئەمڕۆ نەک هەر لە ناوخۆدا شەرعیەتی سیاسی دەسەڵات لە ناو چووە، بەڵکو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا وەک یەکێک لە گەورەترین پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ ناسراوە.

وشەی کۆتایی!
خواستی گشتیی خەڵکی ئێران روونە: ئەم رژێمە دەبێ بڕووخێت. خەڵکی ئێران لە ساڵانی رابردوودا، بە راپەڕینە یەک لە دوای یەکەکانی خۆیان و بە تایبەت لە ساڵانی ٢٠١٧، ٢٠١٩، ٢٠٢٢، نیشانیان داوە کە ئامادەن و خاوەن ئیرادەن بۆ هێنانەدیی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ئێران. هەلومەرجی عەینیی کۆمەڵگای ئێران، لە رووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، گەیشتووەتە ئاستێک کە هیچ چاکسازییەک لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا بە مێشکدا نایەت. تاکە رێگای گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی لە ئێران، رووخاندنی رژێمی مەزهەبییە لەسەر دەستی خەڵک و موقاومەتی ئێران. ئەوەش پێویستییەکە زیاتر لە جاران، بانگەشەی ویژدانی مرۆڤایەتی لە سەرانسەری جیهان دەکات.
بەڵێ، کاتی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی، جەماوەری، دیموکراتی و فرەیی گەیشتووە. بەڵگەکان ئاماژەن بەو ئەم راستییە کە ئەمساڵ، ساڵی رووخاندنی دیکتاتۆرییەتە لە ئێران.

نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی





دیسان ئاسۆ حاجی قووڕمیش کرایەوە.. گۆران هەڵەبجەیی

سەعد قوڕەیش دەربارەی نووسەرە قەڵەمفرۆشەکان دەڵێت :{لە قۆناغێکدا کە ستەم دەگاتە ئاستێکی باڵا ،ئەو دەمە کایەی ڕووناکبیری دەبێتە کاڵایەک بەئاسانی لەلایەن ڕووناکبیری بەئەزموونەوە هەڕاج دەکرێت،ئەو ڕووناکبیرەی کە خۆی وەک (خاوەن پیشە) دەبینێت نەک وەک خاوەن پەیامێک کە لەوانەیە نرخەکەی لەدەستدانی ژیانی بێت.}
د.عەبدولکەریم بەکاریش لەم بارەوە دەڵت[ڕووناکبیری ڕەسەن ئەوکەسەیە کە هەڵگری ڕاستیە بەرامبەر بە هێزی ستەمکار، ڕووناکبیری ساختەش ئەوکەسەیە کە نانی لەسەر وەستانیەتی لەگەڵ زاڵمدا دژ بە زوڵم لێکراو]
کارەسات لەوەدایە خۆت بەڕووناکیر و نووسەر بزانیت و داکۆکی لە دەسەڵاتیکی گەندەڵ و ستەمکار بکەیت. لەوە کارەساتتر ئەوەیە کە ئەو نووسەرە تەواو دڵنیایە لەوەی کە خودی خۆیشی بڕوای بەو قسانە نیە.
لەهەردوو زۆنی زەردو سەوز چەندین قەلەم بەدەست هەن کە هەردەم وەک پاسەوانی سەرکردەکان لەئامادەباشیدان بۆ پیاهەڵدان و جوانکردنی ڕووخساری ڕەشی سەرکردەکانیان ئەمانە هەرچی بەهای ئەخلاق و ئینسانی و ویژدانی هەیە لەدەستیان داوە،تەنها شتێک کەلەدەستیان نەداوە خەسڵەتی (ماستاوکردنە )بۆسەرەوەی خۆیان. یەکێک لەم ویژدان فرۆشانە کەسێکە سەربەزۆنی زەرد بە نێوی {ئاسۆ حاجی}،ئەم کەسە لەوجۆرە [کۆیلەنووسەرانەیە] کە کوردستان ئاوبیبات،خەڵک لەوە زیاتر هەژاربێت،مووچە نەبێت،خزمەتگوزاریەکان وەک ئاو کارەبا تەندرووستی خوێندن ڕێگاوبان لە خراپترین دۆخدابن ،ئەم مێش میوانی نیەو ویژدانی مردووی نابزوێنێت،بەڵام گەر کەسێکی باڵای حکومی یا حیزبی سەربە پارتی جوڵەیەک بکات ئەم خێرا وەک بووکە شووشەی قووڕممیشکراو دەکەوێتە جوڵە.
قووڕمیشکردنەوەی ئەمجارەی دەربارەی [دەسکەوتە مەزن و ستراتیژیەکەی] مەسرور بارزانیە کە لە واشنگتۆن وەک ڕێبوار وەلی دەڵێت ( لەسەر بەتانیەکی تەحالووف] واژۆ کراوە.
ئەم قەڵەم رسواو سوکانە ئامادەن مێروویەک بکەنە فیلێک لەبەرژەوەندی دەسەڵات ،خۆ گەر بەپێچەوانەوە کەماسی و شکستی بێت ئەوە بێبەهای دەکەن.
ئەز ناچمە ناو تەفاسیلی پیاهەڵدانەکەی ئاسۆ حاجی کە بەر لە چەندڕۆژێک لە ماڵپەڕی شارپرێس بە ناونیشانی{ئەو گرێیەی مەسرور بارزانی لەئەمەریکا کردیەوە}پۆستی کردبوو،بەڵکو تەنها ئەو بڕگانەی لێوەردەگرم کە سوود بەم وتارەم دەگەیەنن.

سەیری ئەم بڕگەیە بکەن کە چەند گاڵتەجاریە ،چەند وێرانە کەدەڵێت: (لەدوا ڕۆژەکانی ئەو کابینەیەی مەسرور بارزانی بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵە سەرۆکایەتی دەکات، دەسکەوتەکانی گەیاندە ئاستێک، کە خەڵکی کوردستان بەئومێدو خۆشحاڵیەوە چاوەڕێن کە سەرۆکایەتی کابینەیەکی بەهێزترو پڕ دەسکەوتتری لێبکەن.)
ئاخر بێ ویژدان بەچ ڕوویەکەوە باسی دەسکەوت دەکەیت ؟ ئایا نەتبیستوە لە خەڵک و تەنانەت هەندێک لەپارتیەکانیش بەدزیەوە دەڵێن شکستخوارترین کابینە ئەم کابینەی مەسرور بووە. مەبەستت کام دەسکەوتە؟ بێ کارەبایی،بێ ئاویی، بێ مووچەیی ،نادادپەروەری،زیادبوونی دزی و گەندەڵی، نەمانی فەزای ئازادی،کووشتنی نەیاران،بەندکردنی ڕەخنەگران.
یا تەخشان و پەخشانکردنی داهاتی هەرێم بەئارەزووی خۆی،داگیرکردنی زەوی خەڵک و دەوڵەت و پێدانی بەنرخی تۆڵەکە بە مافیاکانی پارتی، نازانم چیترت بۆ بنووسم.

لەم بڕگەیەشدا ئاسۆ نووسیویەتی:
{لەو چەند ساڵەی ڕابردوو، مەسرور بارزانی‌و کابینەکەی ڕوبەڕوی ئاڵنگاری‌و فشارو هێرشی زۆر توند بونەوە، بەڵام ئەوانە تەنها بونە هێزێک بۆ ئەوەی دەستبەرداری ستراتیژییەتی بونیادنان نەبێت، لەڕێگه‌ی ڕاستکردنەوەی هێڵی خواری حوکمڕانی‌و گرتنەبەری ڕێگه‌ی دروست بۆ گره‌نتیكردنى ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستان.}
دیارە ئەم ئاسۆیە لەهەسارەیەکی دی دەژی واباسی ئالنگاری و فشارو هێرشی تووند دەکات.خۆزگە بمزانیایە ئەو فشارانە لە چ لایەنێکەوە دێن ، ئەودەمە پێناسەیەکی گونجاوم بۆدەکرد،ئاخر کێ دەوێرێت بچوکترین ڕەخنە بگرێت بەتایبەتی لە زۆنی زەرد ؟ گەر شتی وا ڕووبدات هەر بەڕۆژی ڕوناک دەیفڕێنن و بەدەردی سەردەشت عوسمانی دەبەن ،خۆگەر مەبەستی یەکێتی بێت ئەوە ئەوان لەحکومەتدا بەشدارن ،ناڕازیەکانیان تەنها بۆڵە بۆڵەو هیچی تر .
سەبارەت بە دەستەواژەی {ڕاستکردنەوەی هێڵی خواری حکومڕانی ،دیارە مەبەستی کابینەکانی پێشوی نێچیرە ،پێم وایە ئەمەش پەیامێکە بۆ ڕێگەخۆشکردن بۆبەردەوامی مەسرور لەکابینەی داهاتوودا.
حەقیقەتێک هەیە پێویستە بیڵێم ئەویش ئەوەیە هەرچی کابینە هەیە بەخواری هاتوون ، هەر کابینیەکی نوێ دامەزرابێت لە کۆتایدا خواروخێچیەکەی لەوەی پێشتر زیاتر بووە ،بە دانپیانانی خەڵکی هەرێم ئەم کابینە بەسەرچووەی مەسرور لەهەموویان خوارترە ،بەجۆرێک خوارە کە هەرگیز ڕاست نابێتەوە.
لەکۆتایدا دەڵێم مۆراڵ ویژدان پێویستن بۆمرۆڤ تا ڕاستیەکانی پێ ببینێت ،خۆگەر نەبوون ئەودەمە حسابی مرۆڤێکی زیانبەخشی بۆدەکرێت.




چیرۆکێ کە نەمنوسی.. نەوزاد بەندی

بە نیوەڕۆیەکی هاویندا ڕێت ئەکەوێتە چۆڵەوانییەک، هەتا چاو بڕکا دڕک و داڵی ووشک و زەردهەڵگەڕاو ئەبینی، بەشێکی دەشتەکە سووتاوە، زیکزیکەیەک به دڕکێکەوە وشکهەڵاتووە، دڵۆپەیەک ئاو لە هیچ شوێنێکەوە نابینی، بەرە بەرە قوڕگت ئەبێ بە پەڵاس، حەز ئەکەی جنێوێ بدەیت، بەس نازانیت بە کێ.
نیمچە بایەکی گەرم دێت بە ڕووتا، لەگەڵ خۆیدا بۆگەنێک ئەدا بە لووتتا، ڕەنگە بۆگەنی پشیلەیەک بێ کە ئوتومبیلێک شێلابێتی، یان باڵندەیەکی مردارەوە بوو..یاخود مەڕێکیان لەو دەشتەدا کەوڵ کردبێ، ناوسک و پێستەکەیان بە جێهێشتبێ و بۆگەنیان کردبێ، لەگەڵیدا ڤینگەی هەزاران مێش ئەبیستی، وات لێدەکەن ڕابکەیت، مەرج نییە بۆ کوێ، گرنگ ئەوەیە ڕابکەیت و دوور بکەویتەوە و تەواو..
لێرەدا نزیکترین هاوڕێم لێ ڕاست ئەبێتەوە، ئەڵێ : جا کوا ئەمساڵ دڕک و داڵ هەیە؟ سوپاس بۆ خوا بارانێکی زۆر باریوە و له وشکەساڵیی دەرچووین، دەشت و دەر هەمووی چەم و کانی و کارێز و قەڵبەزەیە ..بێڵەکەی دوکانیش سەرڕێژ بووە.
یەکێکی تریان ئەڵێ، بە هیچ جۆرێ ڕێپێدراو نییە مەڕ و ماڵات لە دەشت و دەر کەوڵ بکرێن، لە هەموو شارەکانا قەسابخانەی گەورە و پاک و تەندروست بنیاتنراون و پزیشکی بەیتاڵی تایبەت پشکنینی گشتی بۆ مەڕ و ماڵات ئەکەن پێش سەربڕینیان، هەر بۆیە دێڕی مەڕ سەربڕینەکەت ڕەنگە داواکاری گشتی بێنێتە سەر خەت و پەلکێشی دادگات بکەن.
مۆبایلەکەم زەنگی هاتنی نامەیەک ئەدات بە گوێمدا، ئامۆزایەکمە لە فەڕەنسا، نوسیوێتی: کاکی من! خراپ دەستت داوەتێ، بە تەمای ببی بەچی؟ کافکا؟ ستانداڵ؟ گۆرکی؟ وازبێنە برا، ئێوە تازە لە دەرەوەی کەڵچەر و شتن،خوا نانێکی داوە، بۆ خۆت بیخۆ و لەسەرئێشە مەگەڕێ، بۆچی عەسابەیەکت لێ تاین بێ و فیشەکبارانت بکا؟ ئەو وەسفە ترسناکە چییە کردوتە.
ئەچمە نانەواخانەکەی عەتوش، لە پشتەوە کەسێ قۆڵم ئەگرێ، ئاوڕێکی خێرای بۆ ئەدەمەوە، سالە زیکەی هاوڕێی حوجرەی پێش نیو سەدە ئەبینم، ڕشتنی عەرەقێک و هەناسەیەکی ساردم لە هەمان کاتدان، لە کاتێکدا پەنجە ڕەق و شین هەڵگەڕاوەکانی وەک جاڵجاڵۆکەیەکی گەورەی قێزەون لە قۆڵم ئەکەمەوە، پێی ئەڵێم: هەتیو! دەستت ئەڵێی مەنگەنەیە، ئەم حەرەکە قۆڕانە کەی تەرک ئەکەی؟
سالە زیکە ڕێک بە پێکەنینە قوقەی کەڵەشێری نەخۆشئاساکەی پێش پەنجا ساڵەوە، ئەڵێ: ئێ کە ئەوەندە ئەترسیت، بۆچی وا خراپ ڕەخنە له حوکمەت ئەگریت؟ ئەو پەرەگرافەی کە دزەی کردووە، هەر ووشەیەکی میرازییەکی چاکی پێوەیە..
ئەمەوێ پێی بڵێم کام پەرەگراف و ..کام ووشە و .. چ گەمژەییەکە دەستت داوەتێ، بەڵام پێم باشە قسەی تێدا خەرج نەکەم، پارەی نانەکەم لە ڕیزی سەرەگرتنەکە دەردێنم و بە تووڕەییەوە ئەڕۆم، گوێم لێ نییە لە دواوە سالە زیکە چی دەڵێ و چی ناڵێ، هەندێ جار پیاو لە ناکاو تووڕە ئەبێ، ڕەنگە ئەو شتەی بە هۆیەوە تووڕە بووە، شتێکی ئەوتۆ نەبێ، ئەتوانین بڵێین ئەو شتە هاوکاتە لەگەڵ پڕبوونی دڵت لە تووڕەیی و خۆ خواردنەوەی ساڵەهای ساڵ و لێڕژانی.. حەزم کرد زۆر خێرا لێی دوور بکەومەوە نەک سێڵاوی ئەو تووڕەییە، دەم و قەپۆزیم پێبشکێنێ، لەگەڵ هەر هەنگاوێکمدا ئەهاتە بەرچاوم کە چۆن بە هەموو هێزی خۆمەوە مشتەکۆڵەیەک لە نێوان دەم و لووتی ئەدەم، لەو شوێنەی کە سمێڵی لێ نەدەڕوا، پێمان ئەوت مەغۆل، ئاخر مەغۆلەکان چاڵی خوار لووتیان مووی لێ ناڕوێ، هاوکات لەگەڵ پژانی لوتی و لەقبوونی دوو دانە کەروێشکییەکەی، بیر لەوە ئەکەمەوە ئەبێ سالە چی ووتبێ وا بەو هەموو هێزەوە، ئەو مشتەکوڵەیەم پیا کێشاوە؟ لەوێدا خۆیشم نازانم کە ئەو مشتەکۆڵەیە کۆکراوەی تووڕەیی دەیان ساڵە، مشتەکۆڵەگەلێکی دەیان ساڵە شاردوومنەتەوە و نەموەشاندوون، دژی ئەو مامۆستا حیزبییانەی زانکۆ کە لەبەر بێلایەنیی و بێکەسیمەوە نمرەیان لێدەشکاندم بۆ ئەوەی کاروانی خوێندنی باڵام پەک بخەن و ڕەوانەی سەربازگام بکەن. هی ئەو عەریفە نەخوێندەوارانەی لە هیچ و خۆڕایی سزای توندیان ئەدام..هی ئەو بەڕێوەبەر و فرۆشیار و پاسەوانی بازگە و وەزیر و کابینەی حوکومیی و شۆفێری تەکسی و هاوڕێ و دراوسێ کێویانەی کە ئەشکەنجەیان داوم و کاردانەوەم نەبووە و بەسەر خۆمم نەهێناون..
لەو سەری شەقامەکە ئاوڕ ئەدەمەوە بۆ ئەوەی دڵنیابم لەوەی دەم و قەپۆزی سالە زیکەم نەشکاندووە، لە دوورەوە نێوان لووت و دەمی بە لێڵیی ئەبینم، زۆر ئاسایین و خۆێنیان پیا نایەتە خوارەوە، ڕێک وەک هی هۆلاکۆ وایه، دوو چەپک سمێڵی بە یەکتر نەگەیشتوو، چاڵێکی خوار لووتی لوس و سفت و بێ موو، لە جێسابونی گەرماوە کۆنەکان ئەچوو، کەواتە مشتەکۆڵەم نەوەشاندووە
ــ وەرەوە، نانەکەت ببە، مەترسە، بەرپرسێکی باڵای ئاسایش ئەناسم .. وەرەوە ..مەتۆرێ ..!
شەو سەعات دە و چارەک، ئەمەوێ تەماشایەکی بەشێکی ڕۆمانی ئاغاکانی ئاکچەساز بکەم، خوشکە گەورەکەم زەنگم بۆ ئەکا :
ــ بەڵێ، فەرموو ..
ــ ئەڵێی گیانی خۆت لێ زیادە؟ ئەمانە کاغەزی سپی ئەخوێننەوە، وا ئەزانی نازانن دڕک و ووشکەساڵیی و بۆگەنی پشیلەی تۆپیو مەقسەدت لەوانە؟
ــ تۆ ئەمەت لە کوێ خوێندۆتەوە؟
ــ وا دیارە ئاگات لێ نییە، لە تیکتۆک ملیۆنێک فۆڵۆیان کردووە و دەیان هەزار دەستخۆشی و جنێو و هەڕەشەت بۆ هاتووە؟
هەناسەیەکی ساردی تر هەڵئەکێشم، هەوڵ ئەدەم بەسەر خۆمیدا نەهێنم و تووڕەییەکەم قوت بدەمەوە ..

ــ ئێستا من چی بکەم ؟
ــ وەڵا خۆت ئەزانی .. ڕەفیقەکانت هەموویان بوون بە ملیۆنێر و ملیاردێر، لە ئەستەمبوڵ و دوبەی ڤێلایان هەیە، تۆیش به دیار کیبۆردی مۆبایلێکی پەنجا هەزارییەوە، خەریکی سەری خۆت ئەکەی بە فەتارەتێکاــ
ــ چ سەگبابێ پەرەگرافێ نوسینی منی خستۆتە ناو تیکتۆک؟
ــ خۆت ئەزانی ..ڕەنگە هاک کرابیت، ڕەنگە هەر چوار دەوری ماڵەکەت کامێرای چاودێریی و شت بێ ــ
قسەکەی پێ ئەبڕم و مۆبایلەکە دادەخەمەوە، هەمان کات، پاوەر ئۆفی ئەکەم، بە خۆم ئەڵێم : لەم دارستانەدا مۆبایلت بۆچییە؟ لەم دز و درۆزنخانەیەدا قسە لەگەڵ کێ ئەکەی؟ لەم ترسنۆکخانەیەدا..لەم کۆیله و کاسەلێسستانەدا، بە تەمایت چی بنوسیت و کێ پێشبەخەیت؟ لەم جنێو و جڕت و چەقەنەخانەیەدا..لەم گەوادخانەیەدا.. لەم گۆڕستانەدا بە تەمایت کێ زیندوو بکەیتەوە؟ کێیت تۆ کابرا؟ حەزرەتی عیسایت یان مەهدی مونتەزەڕ ؟
دەست بۆ قاوەکەم ئەبەم، لە مێژە بەسەر ئاغاکانی ئاکچەسازدا ڕژاوە.
دوو ڕۆژ دوای ئەوە نامەیەکم لە ژمارەیەکی نەناسراوەوە بۆدێت، پڕ پڕە له جنێو، لە کۆتاییدا نووسراوە ئەگەر دەمکوت نەبیت، جنێوەکانت بۆ ئەکەین بە فیشەک.
دوای ئەوە چەند ئیمەیڵ و نامەی مەسنجەر و وەتس ئەپ و تیلیگرامم بۆ هات ..
( بە تەمای عەقڵی خەڵکەکە پاوان بکەی؟ خەیاڵت خاوە.. تۆ لە گیزەی مێشولە لاوازتریت….. هتد)
( بە عومرێکی پیره مەڕییەوە، چی ئەکەیت لە تیکتۆکا؟ کێ ئەتخوێنێتەوە؟ بۆ کێ ئەنوسیت؟ وا ئەزانیت ئاوایی بێکەسە؟ ……هتد )
( براکەم ، ڕوونکردنەوەمان لێت ئەوێ، ئەو هەموو ناشوکریی و کفر بە نیعمەتە چییە کردووتە؟ مەعقولە باسی جێگایەکت کردووە، هیچ نیعمەتێکی خوای تێدا نییە؟ ئەمە چ گومڕایی و سەرلێشێوانێکە؟ ئەمە کوفرێکی سەریحە تۆ کردووتە، ئەبێ بە خێرایی ئەو …..هتد )
( واز لەم جوکە جوکە بێنە، ئەزانین پیاوی کێی، خۆت و ئەویش سەد ساڵی تر چەنە بدەن، کەس ئاوڕتان لێ ناداتەوە، هەموو ئاوی دوکان و دەربەندیخان بخۆنەوە، کەس پێتان ناڵێ عافێتتان بێ، ….هتد )
( خۆت بە چی ئەزانیت قەلە ؟ لە دوو تەڵە میران ئەچی، پارویەکیت نە بۆ خواردن ئەشێیت، نە هیچ کەسێ قێزی دێت تەماشات بکات …. هتد )
( وا مەزانە لێت بێ ئاگاین، سەردانی مزگەوت ئەکەیت و پێشتر بۆ چاوبەست لەسەر کورسییەکانی دواوە نوێژت دائەبەست، ئێستا ڕێک له پشت ئیمامەوە، قامەت ئەکەی، ئەو دڕکە لە ژێر پێت دەردێنین و ..فێرت ئەکەین عەلی کوڕی کێیە ، هەی تیرۆریستی …..هتد )
سێ ڕۆژ دوای ئەوە بەڕێوەبەرەکەم کە 25 ساڵ لە خۆم بچوکترە، زەنگێکی بۆ کردم :
ــ هەتا ژوورەکەم دێیت؟
ــ نەخێر ناتوانم بێم یان ڕاستتر ناتوانم ڕێ بەخۆم بدەم بێم ..
دوای پێنج خولەک خۆی هات، ووتی : من وەک خۆم هیچ کێشەیەکم نییە، پارێزەرێک و دوو نووسەری دادگا لە ژوورەکەم دانیشتوون، نازانم بۆچی هاتوون، داوای تۆ ئەکەن، ئەیشڵێن کۆمپانیاکەتان ڕەنگە لە ڕیزبەندییدا دابەزێ بۆ پلە دوو ..ئەڵێن داواکاری گشتی ناردوینی، هەتا دۆسیە بۆ تۆ بکەنەوە و ئیفادەت لێوەربگرن.
بەڕێوەبەر وەک مناڵێک وابوو تەماشای باپیرێکی قومارچی و بەدمەست بکا، بەو جۆرە بە ترس و دڵەڕاوکێوە تەماشای ئەکردم، نەیئەوێرا یان شەرمی ئەکرد بپرسێ چیم کردووە وا ئەو هەموو کاربەدەستەی دادگا پێمەوە سەرقاڵ بوون..
کچە پارێزگارێکی باڵامام ناوەند و ڕەش ئەسمەر، لەگەڵ دوو پیاوی تەمەن لە نێوان 30 بۆ 35 ساڵیدا، بە ڕیز لەسەر کورسی و مێزی بەڕێوەبەر دانیشتبوون. دوو پیاوەکە یەکێکیان مووی پێوە نەبوو، ئەوەی تریان ڕیش و سمێڵێکی خورمایی بەردابۆوە، لە ئەکتەرێک ئەچوو پێش 40 ساڵ لە فیلمێکدا بینیبوم، لەوە ئەچوو ئەو ئەکتەرە لە ناوەڕاستی فیلمەکەدا کوژرا بێ یان ڕفێنرا بێ.
پارێزەرەکە لەچکەکەی تەرازوو کرد، بێ ئەوەی سەیرم بکا، ووتی : ناوی سیانیی و ساڵی لە دایکبوون و ژمارەی مۆبایل و ناونیشانی کار و ناونیشانی ماڵەکەت ..
ــ تۆ لە ساڵی چەندەوە شت ئەنوسی ؟
ــ لە مناڵییەوە ..
ــ یەکەم نوسینت کەی بڵاو کردۆتەوە ؟
ــ ساڵی 1984
ــ لە چ بڵاو کراوەیەکدا؟
ــ گۆڤاری کاروان
ــژمارە چەند ؟
ــ ژمارە 32
ــ ڕەگەزی نوسینەکەت چی بوو؟
ــ شیعر
ــ ناونیشانی شیعرەکەت لە بیرە ؟
ــ بەڵێ ..یەکەم بابەت کە بڵاوی ئەکەیتەوە قەت لە بیرت ناچێتەوە، ناونیشانی شیعرەکە : بەرگی چیا بوو.
خانمی پارێزەر لەناکاو زۆر میهرەبان بوو لەگەڵمدا، چاوی لەسەر هەڵنەدەگرتم، وەک ئەوەی لە مندا بۆ دنیایەکی زۆر گەورەتر لەم دنیایە بگەڕێ ..
ــ ئەو کاتە چ کارە بوویت ؟
ــ لە زانکۆی موسڵ تەلەبە بووم، لە پۆلی یەک، کۆلێژی زانستی.
ــ هیچێک لەو شیعرەت لە بیرە؟
ــ کێ ئەزانێ
بەرگی چیا
بێجگە لەبەرد، چ بەرگێکە؟
بەفر و ڕەشەبا و سەرمایە..
گەرمی و تیشک و ڕوناکی یە ..
لێڕەوارە .. گژ و گیایە ..
کۆختی قوڕە .. تاریکییە
خاک و خۆڵە
گیانەوەری ئازا وسرکە
گەواڵە هەوری نەوییە ..
باراناوە .. گوڵ و دڕکە ..
کانزای بەنرخ و بێ نرخە ..
لەو شارانەیش کە هێشتا هەتاویان تیا نەڕواوە
بەرگی چیا بێجگە لە بەرد
خوێن و دەنگ و ئاگرێکی هەڵکراوە ..

کچە پارێزەرەکە بە چمکی لەچکەکەی نێوان هەردوو چاوی سڕی و بۆ چەند چرکەیەک سەری داخست، هەمان کات پیاوە ڕیش و سمێڵ خورماییەکەی له ناوەڕاستی فیلمەکەدا کوژرا بوو یان ڕفێنرابوو، بە کەمچیکڵدانییەوە ووتی :
ــ نەهاتووین کۆڕی شیعرییت بۆ سازکەین و خەڵاتت بدەینێ، لەبەر ئەوە مەرج نییە هەموو پرسیارەکان بە ووردیی وەڵام بدەیتەوە.
پیاوە کۆستەکە بەردەوام شتی دەنوسی، واتا هەرچی قسەیەک بکرایە، ئەو ئەینوسی، دەست و خەتێکی جوانی هەبوو، بە خەتی ڕوقعەی وورد، پیاو حەزی ئەکرد بیخوێنێتەوە.
کچە پارێزەرەکە سەری بەرز کردەوە، چاوەکانی سوور بووبوونەوە، لە نەخۆشێکی تالاسیمیا ئەچوو یان ئێشکگرێک شەوێکی دوور و درێژ بێدار بووبێ، زۆر بە گرنگیی و عەشقەوە تەماشای ئەکردم، وەک ئەوەی وونبوویەکی ساڵەهای ساڵی له پڕێکدا دۆزیبێتەوە و نەوێرێ وەک ئەرخەمێدس بە ڕاکردن بڕواتە دەرەوە و هاوار بکا : دۆزیمەوە !
ــ لەو ساڵانەی زانکۆدا چالاکیی سیاسی و نەتەوایەتیت هەبوو ؟
ــ نەخێر .. من قەت نەچوومەتە حەوشه و داڵان و هەیوانی هیچ حیزبێکەوە .. بەڵام زوڵمم پێناخۆش بووە و بەرەنگاری بوومەتەوە ..
ــ وەکو ؟
ــ وەکو ئەوەی کە کورد ئەنفال کرا، لە ڕۆژی زانکۆدا، پێشانگایەکی شێوەکارییم لە کۆلێژەکەمان کردەوە، یەکێک لە تابلۆکان باسی لە ئەنفالی ئەکرد..هەروەها ڕۆژنامەی شەرارە و ڕێبازی نوێمان لە نێوان خۆماندا بە نهێنیی دەستا و دەست ئەکرد، کتێبەکانی لینین و مارکس و سارتەریش ..
ــ چۆن؟ تابلۆکەت چۆن بوو؟
ــ تەختی تابلۆکە ڕەش بوو، واتا کاغەزی ڕەش، لە پشتەوە دوومناڵ دەستی دایکیان گرتبوو، لەگەڵ گوێدرێژێکدا ..
ناوی تابلۆکە : الرحیل نحو المجهول .. واتا کۆچکردن بۆ جێگایەکی نادیار.
ــ چی ڕوویدا ؟
ــ ڕۆژی دووەمی پێشانگاکە، لێپرسراوی ئاسایشی کولێژ، دکتۆر جوبڕائیل بەرسوم، ئەو تابلۆیەی لێ کردەوە.
ــ ئێ ؟
ــ بە جەماعەتی ئیتیحادی کۆلێژی وتبوو : هەی گەمژە و خوێڕییانە! ئەم کابرایە ڕەخنەی لە قائیدی زەرورە و عەمەلیاتی ئەنفالی مەجیدە گرتووە، چۆن پێتان نەزانیوە؟
وتبوویان کە لێمان پرسیوە بابەتی ئەم تابلۆیە چییە، هاوڕێیەکی وتوویەتی : زوجها ظاربها بالتوثیة و طاردها مع جهالها ..
ــ یەعنی چی ؟
ــ تۆ عەرەبی نازانی ؟
ــ نەخێر .. ئێمە نەوەی دوای ڕاپەڕینین، زمانی عەرەبی فێر نەبووین..
نەمئەتوانی تەماشای چاوەکانی خانمی پارێزەر بکەم، وەک دوو پەپولەکە بە ڕوخسارمەوە نیشتبوونەوە.
ــ واتا ئەم تابلۆیە باس لە ژنێک ئەکا هاوسەرەکەی بە تێڵا لێی داوە و لەگەڵ هەردوو مناڵەکەیدا دەری کردووە، هاوڕێیەکم بەو جۆرە بۆ لیژنەی تەلەبە بەعسییەکانی لێکدایەوە، بۆ ئەوەی بهێڵن لە پێشانگاکەدا پیشانی بدەین.
ڕیش خورماییەکەی کە لە ئەکتەرێکی کوژراو یان ڕفێنراوی کۆن ئەچوو، بۆ جاری دووەم بێزار بوو، ناحەقیشی نەبوو، چونکە هەستی بە جۆرێک لە هاوسۆزیی ئەکرد لە نێوان من و خاتونی پارێزەردا، بە خێرایی و دەنگێکی تا ڕادەیەک تێکەڵ وپێکەڵەوە ووتی : سڵاواتی لێبدەن کاتمان بە دەستەوە نەماوە.
ئێمە لێرەدا هاتووین بۆ لێپرسینەوە و تەنانەت دادگاییکردنیشت..بە کورت و کرمانجیی ئەم پەرەگرافەی تۆ نوسیوتە، تیکتۆکەرێکی بەناوبانگ لە واڵی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە، ناوی خولە زیکزیکەیە و .. بە ووشەی ( زیکزیکەی وشکهەڵاتوو ) سەرسام بووە.. ئێمه کێشەمان لەگەڵ هیچ دەقێکی ئەدەبی و هونەریدا نییە، ئەزانین هیچ کاردانەوەیەکیان نییە و هیچ کەسێ نایانخوێنێتەوە، بەڵام ئەم پەرەگرافەی تۆ لە واڵی تیکتۆکی خولە زیکزیکەدا بینەرێکی زۆری هەبووە، وا له دوو ملیۆن کەس نزیک ئەبێتەوە..ئەگەر بزانیت تەنها حەوت سەد هەزار کەس ئامادەی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران بوون کەچی دوو ملیۆن کەس لە دەوری ئەم پەرەگرافەی تۆ کۆبوونەتەوە لە واڵی تیکتۆکی خولە زیکزیکەدا، ئەزانیت چ کارەساتێکە؟ واتا ئێستا خولە زیکزیکە ئەتوانێ بە چەقەنەیەک حوکمەت پێک بێنێ و پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە ..
من پێکەنینم ئەهات، خاتوونی پارێزەر بە ووردیی تەماشای ئەکردم، وەک ئەوەی تەماشای تابلۆیەکی ڤنسنت ڤان کوخ بکات ..
کوژراو یان ڕفێنراوی ناوەندی فیلمی پێش 40 ساڵ، بەردەوام بوو لە قسەکردن :
هەر بۆیە ئەوەی لەسەر تۆیە، داوایەک لە دادگای کەسێتیی تۆمار بکەیت و داوای مافی خاوەندارێتیی ئەو پەرەگرافە لەسەر خولە زیکزیکە تۆمار بکەیت، ئارەزووی خۆیشتە ئەتوانیت داوای قەرەبووی مادی و مەعنەویشی لێبکەیت، ئیتر بەو جۆرە پەرەگراف لە واڵی ئەودا ئەسڕرێتەوە و دێتە واڵی تۆ، وەک پۆستەکانی ترت تەنها دوانزە کەس ئەیبینن و تەنها سابیر و ئەرسەلان ئالانی و نەبەز موستەفا لایکی دەکەن، وەک دەقەکانی ترت.

ــ واتا کێشەکە سیاسیی نییە، تەنها بەریەککەوتنی زیکزیکەیەکی ووشکهەڵاتوی پەرەگرافێکی تۆیە لەگەڵ شۆرەتی زیکزیکەی خولە و جەماوەرە بێ شومارەکەیدا، ئەوەیش ڕەنگە کارەساتێکی سیاسی لێ بەرپا بێ، چونکە تا ئێستا، بێجگە لەو پەرەگرافەی تۆ، هەرچی پۆستی خولە زیکزیکەیە نوکتە و قسەی قۆڕە و ملیۆنەها لایک و دڵ و دەستخۆشیی هەیە، ئەوانە ئاسایین و پێیشمان خۆشە، با خەڵک بۆ خۆیان نوکتە بگێڕنەوە و پێبکەنن، بەڵام ئەم پەرەگرافەی تۆ لە واڵی خولە زیکزیکەدا، کارەساتێکی نیشتمانییە و هەڕەشە لە ئەمنی قەومیی ئەکات …هتد

ــ بۆ بنەبڕکردنی تەواوەتیی بابەتەکەیش لەناو ئەو جەماوەرە دوو ملیۆنییەدا کە ڕەنگه ئێستا بووبن بە سێ ملیۆن و زیاتریش، پێویستە تۆ بە شێوەیەکی پۆزەتیف و گەشبینانە ووشەکانی ( بێ ئاویی و زیکزیکەی وشکهەڵاتوو، دڕک و داڵ ، پەڵەی سووتاو، بۆگەن، پشیلەی شێلراو، باڵندەی مردارەوە بوو، مەڕی سەربڕراو، ڤینگەی مێش، ڕاکردن ) لێک بدەیتەوە، بۆ نمونە بڵێی ئەو ووشانە وەک لێکدانەوەی خەونەکان، پێچەوانەکانیان ڕاستن و .. ووڵات ئاوەدانە و …هتد ..
خاتونی پارێزەر ، پرسی :
ــ ئەی چۆن بە هۆی ئەو تابلۆیەوە ڕاپێچی زیندانەکانی بەعس نەکرایت؟
ــ خراپتریان بەسەرهێنام ..جوبڕائیل بەرسوم ئەیزانی من زیرەکترین تەلەبەی بەشی بایۆلۆجیم و خەون بە خوێندنی ماستەر و دکتۆراوە ئەبینم، هەستا لە وانەی ڕۆشنبیری نەتەوایەتیی و سێڵ بایۆلۆجیدا نمرەیەکی زۆری لێ شکاندم، وایکرد ببمە پێنجەم لەسەر ئاستی کۆلێژ، لەو سەردەمەیشدا تەنها یەکەمی کۆلێژەکان دوای 45 ڕۆژ سەزیازیی، ئەگەڕانەوە کۆلێژ بۆ تەواوکردنی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا ..
خاتونی پارێزەر دڵی پڕ بوو، بە دوو چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ووتی :
ــ ئەی تۆ ؟
ــ سێ ساڵ زیاتر سەربازییم کرد .. ئەو سێ ساڵە له باسکردن نایەن، لە ناخەوە لە سێدارە درابووم بە بێبەشکردنم لە خوێندنی باڵا، له ڕووکەشیشدا لەو سەربازگا ترسناکانەدا بەرە بەرە مرۆڤایەتیی و شارستانییم تێدا کاڵ ئەبوونەوە، ئەڕوخان ..واتا بووم بە گیانەوەرێکی تر لە سەدا سەد جیاواز لەوەی زانکۆ ..
لە دەرەوەی فەرمانگە، هەردوو پیاوی دادگا چوونە ئوتومبیلەکەوە، خاتوونی پارێزەر بۆ چەند ساتێک ڕاوەستا و بە هێواشیی ووتی : ئەکرێ تەلەفۆنێکت بۆ بکەم لە هەر کاتێکدا کە بتەوێت؟ ؟
تەماشایەکم کرد، وەک دیلێکی نهێنیی هاتە بەرچاوم کە بیەوێ نامەیەکم هەر چۆنێ بێ بداتێ، بیگەیەنمە دەستی کەس و کارەکەی ..
جیڕۆنی ئایرۆنزم بیرکەوتەوە لە فیلمی شەمەندەفەری شەو بۆ لیشبۆنە، مامۆستای فەلسەفەیە، هۆڵی وانەوتنەوە بە جێدەهێڵێ و لە سویسراوە بە شەمەندەفەری شەو، بۆ بۆرتوگال ئەڕوا، بۆ شاری لیشبۆنە، بۆ گەڕان بە دوای چیرۆکی ژیانی ئەمادیۆ، کە پزیشکێکی سەردەمی کۆمۆنیستیی بورتوگال بووە، ئەم چیرۆکەی بە ڕێکەوت لە ڕێی کتێبێکەوە پێ ئاشنا ئەبێ لە پاڵتۆی کچێکدا کە ئەیەوێ کارێکی خوکوژیی بکات و ..جیرۆنی ئایرۆنز فریا دەکەوێت و ڕزگاری ئەکات. لە لیشبۆنە چاویلکەکەی ئەشکێ، خانمە پزیشکێکی چاویلکەساز، چاویلکەیەکی بۆ دروست ئەکا، بە ڕێکەوت مامی ئەو خانمە، بەرپرسی شانەی پارتیزانیی دکتۆر ئەمادیۆ بووە ..
خاتونە پزیشک بە جیریمی ئایرۆنز سەرسام ئەبێ و خۆشی ئەوێ، بێ ئەوەی ئەو ئاگای لێ بێ، دوا جار داوای لێ ئەکا لە لیشبۆنە بمێنێتەوە و ..واز لە سویسرا و زانکۆ و وانە وتنەوە بهێنێ ..
بەڵام من ناتوانم ..
پێم ووت :
ــ بمبوورە، ناتوانم .. وا بزانم هەموو شتێکمان باس کرد.
وەک پێکراوێکی مەیدانی جەنگ، بە هەر جۆرێ بێ، خاتونی پارێزەر و نیگاکانیم بەجێهێشت.
ئیتر بەو جۆرەی لێ بەسەرهات، بۆیە بڕیارم دا ئەو چیرۆکە نەنوسم..ڕونکردنەوەیش بۆ پیت بە پیت و وشە بە وشەی بکەم و بیدەمە دادگای کەسێتی و داواکاری گشتی و دۆسیەی …….هتد .




سەردەمی بیر.. شیعری شەهلا نوری

من ……..
کێشوەری سەر مەستی دڵشکان نیم
ئاهووی دەشت بووم
لەم دۆڵ بۆ ئەو دۆڵ
بۆ سەردەمی ڕۆشنگەران ھەڵدەھاتم و..
زۆر دەگەڕام
لە هەوارێ بۆ ھەوار
لەسەرکدان ،
لەسۆمای خەدەنگ ،
هەستی بریقەدار
لە دڵی زانایەک بە دابی زمان
بووم بە هەڵبەسەی غەزەلخوان ، لەگلێرەی هەستیاران
لاپەڕەیەکم ڕازاند،
هەندێ ترم پەڕان.
جار وەجارێ
دەوەستام و
سەرم دەلەقاند
بووم بە ڕۆمان
ڕۆمانی خونچەی ناز . …
خونجە ڕاستەقینە
جوانی خەون و خەیاڵ
پتر لە گوڵی نەخشی سەر بەرماڵ دەچوو!
گوڵی پەرێشان
هێشتا نەپشکوتوو
نێو قرتاڵە ساختەکەی ئارەزووی دەستی
زۆردار

شەهلا نوری




شی جینپینگ لە ئەشکەوتەوە بۆ سەرکردایەتی چین.. هەڵۆ حەسەن

گەشتی سەرۆکی چین شی جینپینگ لە گەنجێکی ئەشکەوتی نیشتەجێ لە گوندەکانی چینەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی پڕ دانیشتووترین نەتەوەی جیهان تەنها گەشتێکی تاکەکەسی نییە،بەڵکو ڕەنگدانەوەی هەڵکشانی چینی مۆدێرنە. شی لە ساڵی 1953 لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ لەدایک بووە و لە تەمەنی 15 ساڵیدا ڕەوانەی (لیانگجیاهێ) دەکرێت، گوندێکی هەژارنشین لە پارێزگای شانشی. لەوێ لە ئەشکەوتدا دەژیا و شانبەشانی جووتیاران کاری دەکرد. ئەم حەوت ساڵە لە لادێدا، زۆرجار بەبێ کارەبا لە ژیانی گوندنشینیدا زەمینەسازی کرد كە ژیانی تەواوی چینی گۆری،دوای گەڕانەوەی لە لیانگجیاهێ، شی لە ڕێگەی ڕیزەکانی پارتی کۆمۆنیستی چینەوە بە شێوەیەکی بەردەوام بەرزبووەوە. لە ساڵی 2013دا بە سکرتێری گشتی پارتی كۆمۆنیستی چین و سەرۆکی چین هەڵبژێردرا.

نەهێشتنی هەژاری و گەشەی ئابووری

لە ژێر سەرکردایەتی شی جینپینگ ، زیاتر لە 98.99 ملیۆن کەس لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2020 لە هەژاری دەرهێنران. نزیکەی 832 پارێزگای هەژار و 128,000 گوند لە لیستی هەژاری دەرهێنران کە گەورەترین هەڵمەتی دژە هەژارییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
لە دەیەی ڕابردوودا بەرهەمی ناوخۆیی چین لە 8.5 تریلیۆن دۆلارەوە لە ساڵی 2012 بۆ زیاتر لە 17.5 تریلیۆن دۆلار لە ساڵی 2024 گەشەی کردووە، بەمەش دەبێتە دووەم گەورەترین ئابووری لە جیهاندا. داهاتی سەرتاسەری دانیشتوانی گوندەکان زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە، لە 1,165 دۆلار لە ساڵی 2012 بۆ 2,778 دۆلار لە ساڵی 2024. سەرەڕای ئاستەنگە ئابوورییە جیهانییەکان، چین تێکڕای ڕێژەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی بە نزیکەی 6.2% لە ماوەی سەرۆکایەتی شیدا پاراستووە، کە لە زۆربەی ئابوورییە گەورەکان زیاتر بووە.
هەڵمەتی دژە گەندەڵی: لە ساڵی 2012ەوە، هەڵمەتە بەرفراوانەکەی شی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لێکۆڵینەوەی لە زیاتر لە 4.7 ملیۆن بەرپرس کردووە، لەنێویاندا زیاتر لە 500 بەرپرسی پلەباڵا. ئەم هەوڵە یەکێک بووە لە بەرفراوانترین هەوڵەکانی مێژووی سیاسی مۆدێرن.
لەژێر سەرکردایەتی شیدا چین بۆتە هێزێکی تەکنەلۆژی جیهانی. ئێستا چین پێشەنگی جیهانە لە دانانی 5جی ، لەژێر سەرکردایەتی شیدا، چین بووەتە گەورەترین بازاڕی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە جیهاندا، لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 6.8 ملیۆن ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەرهەمهێناوە، کە دەکاتە 60%ی بەرهەمی جیهانی،لەژێر ڕێنمایی ئەودا چین بووەتە گەورەترین بەرهەمهێنەری وزەی خۆر و با لە جیهاندا. لە ساڵی 2023 چین زیاتر لە 100 گیگاوات توانای وزەی خۆری داناوە، کە زیاترە لە وڵاتانی جیهان بەیەکەوە. چین پابەند بووە بە بەدەستهێنانی بێلایەنی کاربۆن تا ساڵی 2060 لە ژێر سەرکردایەتی شی، لەگەڵ ئەوەی ئێستا وزەی نوێبووەوە زیاتر لە 50%ی کۆی توانای کارەبای دامەزراو لە وڵاتەکەدا پێکدەهێنێت،لەژێر سەرکردایەتی شیدا، چین دەستکەوتە سەرنجڕاکێشەکانی لە گەڕانی بۆشاییدا بەدەست هێناوە، لەنێویاندا سەرکەوتووانە نیشتنەوەی ڕۆبۆتی مەریخ (تیانوین)، چەندین ئەرکی مانگی، و تەواوکردنی وێستگەی بۆشایی تیانگۆنگ لە ساڵی 2022، کە چین کردووە بە سێیەم وڵات کە بە سەربەخۆیی وێستگەیەکی بۆشایی هەمیشەیی دروست بکات و بەڕێوەی ببات.

قسەیەكی شی جینپینگ هەیە كە دەڵێ: “من خۆنەویست دەبم و لە ئاست گەلدا دەژیم”، تەنها دروشم نیە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی تەواوی ژیانی بە خزمەتکردنی گشتیەوەیە. ئەمڕۆ وێنەی شی تەنها وێنەی سەرکردەیەکی بەهێز نییە بەڵکو وێنەی پیاوێکە کە لەناو جووتیاراندا و لە زانکۆی تسینگهوا فەلسەفەی خوێندووە و خەونی چینێکی سۆسیالیستی مۆدێرن دەبینێت
شێوازی سەرکردایەتی شی جەخت لەسەر “خۆشگوزەرانی هاوبەش” دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی لە هەمان کاتدا پاراستنی گەشەی ئابووری. ئەم ڕێبازە بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێسای نوێ لەسەر کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا، خانووبەرە و کەرتەکانی پەروەردە دابنرێت بۆ چارەسەرکردنی بۆشایی سامان و نیگەرانییە کۆمەڵایەتییەکان،بۆ گەلی کورد و ئەوانی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا، چیرۆکی شی جینپینگ نموونەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی کە چۆن سەرکردایەتی کە ڕەگ و ڕیشەی لە خەڵکدا هەیە دەتوانێت گۆڕانکارییەکی دراماتیکی نەتەوەیی بباتە پێشەوە. ماوەی سەرۆکایەتییەکەی نوێنەرایەتی یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی گۆڕانکاری دەکات لە مێژووی مۆدێرنی چیندا، کە کاریگەرییەکانی زۆر لە سنوورەکانی چین زیاتر درێژدەبنەوە لە جیهانێکدا کە تادێت بەیەکەوە گرێدراوە.

هەڵۆ حەسەن

سەرچاوەكان:

Early Life in Liangjiahe
https://www.bbc.com/news/magazine-34549744?utm_source=chatgpt.com
How President Xi Jinping is transforming China at home and abroad
https://www.pbs.org/newshour/show/how-president-xi-jinping-is-transforming-china-at-home-and-abroad?utm_source=chatgpt.com




پرۆسەی ئاشتی و هەڵوەشاندنەوەی چەکداری.. عوسمانی حاجی مارف

پەکەکە لە ١٢/٥/٢٠٢٥ ڕۆژی دووشەممە، بە ناوی هەنگاوێک بەرەو ئاشتی، هەڵوەشاندنەوەی خۆی و کۆتاییهاتنی چالاکی چەکداری ڕاگەیاند، کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە بەڕێوەی دەبات. بەڵام هێشتا ڕوون نییە کە تورکیا چۆن وەڵامی ئەم بژاردەیەی پەکەکە دەداتەوە و چۆن مامەڵەی دەکات؟ بەتایبەتی کە تائێستا وەک هێزێکی تیرۆرست دەیانناسێنێت،لەهەمانکاتدا ئەو پرسیارەش دێتە پێشەوە کە ئایندەی هێزە چەکدارەکان و ڕێکخراوەکانی پەکەکە دەیانەوێت چی بکەن و ئەتوانن چی بکەن؟! بەهەمان شێوە بە نارۆشنی ماوەتەوە.
ئۆجەلان وتی، “لەم کەشوهەوایەدا داوای وازهێنان لە چەک دەکەم، بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازەش لە ئەستۆ دەگرم”، قسەکانی خۆی ئاراستەی پەکەکە کرد، “کۆنگرەی خۆتان ئەنجام بدەن و بڕیاری پێویست بدەن بۆ تێکەڵبون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگەدا، “دەبێت هەموو گروپەکان چەک دابنێن، ڕێکخراوەکەش خۆی هەڵبوەشێنێتەوە”، پەکەکە، ئەم پێشنیارەی لەکۆنگەرەکەیاندا پەسەند کرد و بڕیاریاندا ئەمکارە جێبەجێ بکەن، بەڵام بۆ ئەنجامدانی، تەمومژێکی چڕی بەدوای جێبەجێبونی ئەم کارەدا بەخشیوەتەوە. هەرکەس و لایەنێک بەجۆرێک لەسەر لایەنی باش و خراپی ئەم کارە لێکدانەوەی خۆی ئەدات، کە خودی ڕابەرانی پەکەکە بە ئۆچەلانیشەوە، ئایندەی دوای ئەم کارەیان ڕون و وردناکەنەوە، لە هەمانکاتدا هیچ وردەکاریەک لەبارەی چۆنیەتی داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە کردەوە تائێستا قسەی لەسەر نەکراوە. لەلایەکی تریشەوە دوای ئەو کۆنگرەیەو بڕیاردانی کۆنگرە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، هێزە سەربازیەکانی تورکیا بۆردومانی ئەوناوچانەیان کرد کە لەسنوری هێزەکانی پەکەکەدایە!.
پێشنیاری ئەم پرۆژەی ئاشتیە، دەیەوێت پرۆسەیەک بێت کە هەرکەس بەناسنامەی قەومیەوە لەحکومەتێکی دیموکراتی تورکیادا بەئاشتی بژین! واتە کۆکردنەوەی ناسنامەی کورد و تورک بەناوی پێکەوە ژیان جەوهەری پرۆژەی ئاشتی و دیموکراسیە کۆمەلایەتیەکەی ئاپۆیە، لەکاتێکدا ناسیونالیزم و ناسنامە قەومیەکان لە هەر توندپێچی و گوڕانکاریەکدا دەکەونە بەرامبەر یەک و کارەسات دەخولقێنن.
تا ئێستا ڕوون نییە کە دوای ئەم پرۆسەیە ڕێبەری کارەکانی دواتریان، ئەو کارانەی کە نەزانراوە چین، کێ دەبێت، ئاخۆ ئوجەلان وەک ڕێبەرێک پەسەند دەکرێتەوە، لە کاتێکدا ئوردغان و حکومەتی تورکیا تائێستا باسی ئازادکردنی ئۆجەلانیان لە بەندی ڕێکەوتنەکانیاندا ئاماژەی پێنەداوە. لە لایەکی تریشەوە واپێدەچێت حکومەتی تورکیا دوای سەپاندنی هەڵوشانەوەی پەکەکە و چەکدارەکانی و کۆتایی هێنان بەم پرۆسەیە کارێکی وەهایان بە ئۆجەلان نامێنێت.
تا ئێستا ڕون نیە کە ئەنقەرە ڕەزامەندی بدات بە بەردەوامبونی ڕۆڵی داهاتوو بۆ ئۆجالان کە ڕێبەری بکات،لەهەمانکاتدا پێشبینی ئەوە دەکرێت تەنها ئەوەندە پێویستیان پێی بو سەرکردایەتی قۆناغی هەڵوەشآنەوەی پارتەکەی بکات و دەستبەرداری بژاردەی چەکداری ببێت، ئەمەش لە هەنگاوی یەکەمدا دەستکەوتێکە بۆ حکومەتی تورکیا. لەهەمانکاتدا بە سەرکەوتنێکی سیاسی بۆ ئوردغان ئەژمار دەکرێت، تا شانازی بە خواستی درێژەدان بە خولی سەرۆکایەتیەکەی بکات.
بەگشتی زۆرینەی دەوڵەتان و لایەن و کەسایەتیە سیاسیەکان ئەم بڕیارەی پەکەکە بە گرنگ وەسف دەکەن، دواتر ڕادەگەیەنن ئەگەری هەیە “ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام” بۆ ناوچەکە بهێنێتە ئاراوە!
دامەزراندنی پەکەکە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٨ کە لە لایەن عەبدولڵا ئۆجالان و کۆمەڵێک خوێندکاری چەپەوە دامەزرا و لە ساڵی ١٩٨٤وە پێکهێنانی هێزی چەکداریان لە دژی دەوڵەتی تورکیا ڕاگەیاند. دواتر وەک هێزێک لە ڕیزی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، نفوزی خۆی لە کوردستانی تورکیا و سوریا و عێراق و ئێراندا فراوانکرد.
دوای زیاتر لە ٤٠ساڵ چالاکی چەکداری پەکەکە لەبەرامبەر حکومەتی تورکیادا، بەناوی پرسی کوردەوە نەیانتوانی چارەسەری ئەو کێشەیە لەڕێگەی چالاکی چەکداریەوە بە ئەنجامێک بگەیەنن، لەهەمانکاتدا بەگشتی کەمبونەوەی بایەخی چالاکی چەکداری درێژخایان بۆ چارەسەری هەر پرسێک لە دنیادا ناتوانێت دەستکەوتی ئەرێنی بدات بەدەستەوە، بەمانایەکی تر ئەوە بەبنبەست گەیشتنی خەباتی چەکداریە، کە ئەوەی لێ بەرهەم دێت ئیتر ناسیۆنالستەکان ناتوانن بە چالاکی چەکداری وەڵامدەرەوەی نوێنەرایەتی کردنی پرسی کورد بکەن، بۆیە پەکەکەش ئامادەیە بەناوی ئاشتیەوە دەست لەناوی پارتەکەیان هەڵگرن و شێوازی چالاکی سیاسی ئێستایان بگۆڕن، ئۆجالان کە دەیەوێت چەکدابنێ و شەریک بێت لەدەسەڵاتدا، ئەمەی ناوناوە “پرۆسەی ئاشتی “تورک وکورد”!، بەڵام دواتر ئەتوانن چی بکەن و چی دەکەن؟ پرسیارێکی جدیەو ڕۆژگار وەڵام ئەداتەوە.
لە دنیای واقعدا ئەوەی لە تەواوی ماوەی ٤٠ساڵی چالاکی چەکداری پەکەکەدا تێپەڕی، جگە لە شەڕو کوشتار و نەهامەتی و کارەسات و پاکتاوکردن و زیندانی و ئەشکەنجە و قوربانیەکی بێشومار و کوشتنی زیاد لە ٤٠هەزار ئینسان، ئاسۆیەک بۆ ئارامی خەڵکی کوردستان بەدی نەکراو زاڵبونی حکومەتی فاشستی تورکیا بەری پێنەگیرا، پرسی کوردیش لە شوێنی خۆیدا ماوەتەوەو خەڵکی کوردستان دەستکەوتێکیان نەبو.
هەڵبەتە دۆخی سیاسی ناوچەکەش ئاڵوگۆڕی جدی بەخۆیەوە دیوە، بەتایبەتی بەدوای ڕوخانی ئەسەدو پاشەکشە بە ڕۆڵی باڵادەستی ئێران، بەرزبونەوەی پێگەی ئیسرائیل، هەوڵی گەڕانەوەی هەژمونی ئەمریکا بەسەر ناوچەکەدا، هەموو ئەمانە کاریگەریان لەسەر تەواوی پێکهاتەی هێزە سیاسیەکان و حکومەتەکانی ناوچەکەدا داناوە، کە لەدۆخێکی وەهادا پەکەکە ناتوانێت وەک هێزێک لە شێوازی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و چالاکی چەکداریەکەیدا، خۆی لەگەڵ ئەم دۆخە بگونجێنێت و جەخت لەسەر پێداگاری نوێنەرایەتی خۆی بۆ پرسی کورد نیشانبدات، بۆیە ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە، پەکەکە وەک نوێنەری پرسی کورد دەخاتەلاوە، پێگەی سیاسی لەم ئاڵوگۆڕانەدا لەدەست ئەدات.
دوای ئەو هەموو ساڵە لە سیاسەتەکانی پەکەکە وەک هێزێک لە چوار چێوەی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، بەناوی بەرژەوەندی و چارەنوسی کوردستانەوە چالاکیان کردوە، دواجار ستراتیژی بزوتنەوەکەی سەلماندی ئەو چالاکیانەی کردویانە ئاماجێکی تریان بووە، بۆیە بە هەنگاوێکی گەورە دەربارەی مەسەلەی کورد دەڕۆنە دواوە و واقعیەتی خۆیان دەسەلمێنن، بەڵام ئەو ئامانجەی کە وەک نمونەی هەر هێزێکی ناسیۆنالستی کورد بۆ خۆی دانابو هاوشێوەی هەرهێزێک و حزبێکی ناسیۆانالستی کورد کە دەیانەوێت شەریک بن لەگەڵ دەسەڵاتی حکومەتی ناوەنددا، ئەگەری ئەوەش هەیە فرسەت بهێنن و بەناوێکی ترەوە ئەو شەراکەتە لە گەڵ حکومەتی ناوەندا بەدەست بهێنن!.
ئەم بابەتە بە ڕوونی لە کۆنگرەی ١٢ی پەکەکەدا هاتووە، جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو ئامانجانە دەکەنەوە کە هەیانبوو. پەکەکە ڕایدەگەیەنێت کە ئەرکی مێژوویی حیزبەکەی بریتیە لە گەیشتن بە هەلومەرجی دیموکراسی لە ناو حکومەتی تورکیادا، لەم بارەیەوە ئەوە شاراوەنیە کە مەبەست لەگەیشتن بەهەلی دیموکراسی ڕێکەوتنە لەگەڵ حکومەتی ناوەندا بۆ شەراکەت لەدەسەڵاتی سیاسیدا بە ناو و فۆرمی دیکەوە، بە واتای گەیشتن بە داخوازیەکانی مافی بۆرژوازی کورد، تا پشکی لە بازاڕ و دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیادا هەبێت، هاوشیوەی ئەحزابی نایسونالیستی کورد لەکوردستانی عێراقدا.
ئەوەی شایانی باسە لەلایەن پەکەکەو لایەنگرانیەوە ئەم هەڵوەشاندنەوەیە وەک پرۆژەیەکی سیاسی داهێنەرانەی عەبدولڵا ئۆجالان پێناسە دەکرێت، بەناوی چونیەتی گۆڕانی پرۆسەی خەباتی سیاسی لەسەر بنەمای بناغەکانی “ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی”، واڕادەگەیەنین کە پرۆژەیەکە نوێنەرایەتی بەردی بناغەیەک دەکات بۆ بەدەستهێنانی کاریگەریەکی بەرچاو لەسەر پرسی کورد.
ڕێکخراوێک کە زیاتر لە چوار دەیە بە ناوی داکۆکیکردن لە “مافی” خەڵکی کوردستانی تورکیا چالاکی چەکداری ئەنجامداوە، ڕێکخراوێک کە زیاتر لە چوار دەیە لە بەرامبەر حکومەتی تورکیا وەستاوەتەوەو شەڕی کردوە، ڕێکخراوێک کە بە هاوکاری ڕژێمێکی فاشیستی وەک کۆماری ئیسلامی بژێوی و هێز و مانەوەی خۆی پاراستبوو، ئەم بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیە، کە دەیەوێت لە میلیتاریزمەوە ڕوو لە خەباتی سیاسی بکات، کارێکی هێندە سادەو ئاسان و باوەرپێکراو نیە، تا وەک پرۆژەیەکی سیاسی بە بیروباوەڕو نەخشەی سیاسی ئۆجالان لێکبدرێتەوە، بەڵکو واقعیەتی بنبەستی چالاکی چەکداری و ناچاربونی پاشکۆ بونی تەواوی لایەنەکانی بزوتنەوەی ناسیۆنالستی کوردە بە سیاسەتی پاراستنی یەکپارچەیی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا، بەم شێوازەش خۆیان پێناسە دەکەنەوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕاو دەوری خەڵکی لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیاندا.
هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی هێزەکانی پەکەکە لەلایەن فەرماندە و سەرکردەکانی ئەو حزبەوە لە قەندیل، چیرۆکێکی سەرسورهێنەرە، گوایە هەوڵێکە بۆ دەستپێکردنی فۆرمێکی تری خەباتی سیاسی لە تورکیا، چونکە ئایندە ئەوە دەردەخات کە ئەم ڕەوتە لە درێژەی کردەوەی سیاسیدا بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات، یان لە دنیای جەنجاڵی سەرمایەداری وڵاتێکی وەک تورکیا دەتوانێ چی بکات یان چۆن دەتوانێ نوێنەرایەتی سەرمایەدارانی کوردزمان بکات لە تورکیادا، داستانێکە ئایندەکەی ناتوانێ نیشانی بدات کە ئۆجالان و هەڤاڵەکانی ئەتوانن نوێنەرایەتی بکەن، ئەوەی ئەو هێزەی لە قەندیلەوەو نوێنەرایەتی ئامانجێکی سیاسیان دەکرد، ناتوانێت لەشارەکاندا بەو هێزەی ئایندەکەی نەزانراوە ئەنجام بدرێت.
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی باڵی چەکداری ئەو حزبە ناتوانرێت لە گۆڕانکاریە ناوخۆییەکانی ناو قەوارەی حزبەکە و کاردانەوەکانی گۆڕانی ناوچەی کوردی لە باکوری عێراق و سوریا جیابکرێتەوە، سەبارەت بە بوونی پەکەکە لە سوریا و لایەنگرانی لە عێراق و ئێرانیش دوای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لە باری عەمەلیەوە، بە تێپەربونی کات دەبینین کە ئەم بڕیارە چۆن کاریگەری لەسەر لقەکانی پەکەکە لە ئێران و سوریا و عێراق دەبێت.
هەڵبەتە لەلایەکی تریشەوە درێژەدان بە چالاکی چەکداری لە بەرەکانی شەڕدا لە ژێر بارودۆخێکی نایەکساندا و بە لەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنی کەرەستەی سەربازی و تواناییە گەورەکانی حکومەتی تورکیا، بە بەراورد لەگەڵ هێزی سەربازیی پەکەکە، هەرگیز بەردەوامی ئەو چالاکیە لە بەرژەوەندی هێزێکی وەک پەکەکەدا نابێت، درێژەدان بەم شەڕە بە کەرەستەی شەڕی سوک و نیمچە قورس لە دژی یەکێک لە ئەندامە سەرەکیەکانی هێزەکانی ناتۆ، کە بە مۆدێرنترین و وردترین چەکی ئەم سەردەمە تەیار کراوە، بەردەوامیدان بەو چالاکیە کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی باڵە چەکدارەکەی پەکەکە خێزانەکان لە شاری دیاربەکر لە تورکیا کۆبوونەوە، ژمارەیەکی زۆریان بە گریانەوە وێنەی ئازیزانیان بەرزکردەوە. لەهەمانکاتدا دەیان وت چەک دانان باشە، بەڵام نازانین لە داهاتوودا چی ڕوودەدات، “ئاخۆ ڕۆڵەکانیان دەتوانن بگەرێنەوە ماڵەوە، “ئایا زیندانیەکان ئازاد دەکرێن”؟ هێشتا ڕوون نییە!.
بەمانایەک ئەم بڕیارەی هەڵوەشاندنەوەی هێزی چەکداری پەکەکە، ئاکامەکەی بۆ خودی پەکەکە هەرچیەک بێت و بەچی دەگات، بەڵام لە کۆتایدا بڕیارێکە هەزاران ئینسان لەسەرگەردانی و مەترسی بۆسەر ژیانیان دور دەخاتەوە.

عوسمانی حاجی مارف




سوپاس.. شیعر\ نەوزاد بەندی

بۆ/ سۆز

سوپاس ، بۆ ئەو کۆرسانەی
بێ بەرامبەر پێت ووتم ..
بۆ ئەو هەموو بڕیارەی
یەک یەک ئیمزات پێ کردم ..
بۆ کەلەپچە و داوەکان ،
کە لە کاریان خست دەستم ..
فێرت کردم متمانە
بە هیچ شتێ نەبەستم ..
کە خۆر هەڵهات چاوەڕێی
پێشهاتێکی باش نەبم ..
یادەوەریم نەمێنێ و
بۆ کەس وورد و خاش نەبم ..
فێرت کردم لە دڵما ،
هیچ کەسێ نەهێڵمەوە ..
هەر کەسێ بەجێی هێشتم ،
بۆ هەلێ بگەڕێم تا
منیش جێی بهێڵمەوە..
فێرت کردم دەروونم ،
چۆڵ و هۆڵ بێ وەک سەحرا ..
دیوارەکانی تابلۆی
هیچ کەسی پێوە نەبێ و ..
گۆشەکانی تاریک بن،
بێ پەنجەرە و بێ چرا ..
فێربووم لەناو خەڵکیشا،
تەنیایی ڕێبەرم بێ ..
ژوورەکەم شاری خەون و
تەنها سێبەرەکەیشم
دۆست و برادەرم بێ ..
نە چاوەڕێی جەڕەس بم ..
نە نامە .. نە دیدەنی ..
نە پیاسە .. نە گەشت .. نە کۆچ ..
نە قاوە و ساردەمەنیی ..
فێرت کردم بترسم
لە هەر کەسێ بیبینم ..
ڕەخنە و گلەییم نەبێ ..
چاوەڕێی دەرمان نەکەم
هیچ چارەسەریم نەبێ،
بۆ ئازار و برینم ..

سوپاس ،
دنیات بۆ کردم
بە ماڵێکی چۆڵ و هۆڵ ..
بە شارێکی مێژوویی ..
بە تابلۆیەکی بێ ڕەنگ ..
بە ئینجانەیەک، بێ بۆن
بە پڕ مشتێ خاک و خۆڵ




کوشتارو برسیکردنی خەڵکی غەززە و ناڕەزایەتی جیهانی!.. نوری بەشیر

رۆژی ٢٠ی ئایار، “تۆم فلێچەر”؛ یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی بە “بی بی سی” ڕاگەیاند؛ کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە کەرتی غەززە بەڕێوەیە، نزیکەی ١٤ هەزار منداڵ مەترسی مردنیان لەسەرە ئەگەر لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا هاوکاری مرۆیی و خۆراکیان پێنەگات. ڕێکخراوە مرۆییەکان هۆشداریی دەدەن لەوەی سەرەڕای کوشتار، برسێتی “مەترسییەکی گەورەیە لەسەر کەرتی غەززە”. لەم ڕووەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەدا ڕەزامەندی لەسەر ٤٠٠ بارهەڵگر دراوە بۆ چوونە ناو غەززە، بەڵام ئەو پێداویستیانەی چوونەتە ناو غەززە، تەنها ١١٥ بارهەڵگر بووە. ئاماژەی بەوەشکرد تائێستا هیچ شتێک نەگەیشتووەتە “بەشی باکوری گەمارۆدراو”، هەرچەندە هەندێک ئارد و خۆراکی منداڵان و پێداویستی پزیشکی گەیشتوونەتە غەززە و هەندێک لە نانەواخانەکانی باشوور دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە. گۆتێرێس وتی ئەمە دەکاتە “کەوچکێک لە هاوکاری لەکاتێکدا دەریایەک لە هاوکاری پێویستە”. هەروەها رێکخراوە مرۆییەکان تەئکید دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە هەرئێستا زیاتر لە نیوملیۆن کەس لەبەردەم هەڕەشەی مەرگدان و سەرجەم خەڵکی غەززەش لەهەلومەرجێکی زۆر ترسناکدا ژیان بەسەر دەبەن، بەهۆی نەبوونی خۆراک و دەرمان و لەژێر هەڕەشەی تۆپباراندان. هەروەها تەئکید لەوە دەکەنەوە کە رۆژانە پێویستە زیاتر لە ٤٠٠ بارهەڵگر، لە خواردن، دەرمان، بگەیەنرێتە ‌غەززەو ئەو ناوچانەی برسێتی تێدا پەرەی سەندووە.
راگەیاندنی ئەم هەواڵە ترسناکانە لەلایەن رێکخراوە گەورە جیهانیەکانی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ئەمریکی و ئەوروپیەکانەوە، کە دڵی هەموو مرۆڤێکی ئینساندۆست دادەخورپێنێ، هاوکاتە لەگەڵ سەردانی ترەمپ بۆ وڵاتانی کەنداو باسکردن لە ئاشتی و ئارامی بۆ ناوچەکە! بەڵام لەناوەرۆکدا ئاشتیەکە بۆ سازدانی بازرگانی نێوانیان لەسەر حسابی خەڵکی ناوچەکەو بەتایبەت خەڵکی فەلەستین.
هەلومەجی فەلەستین و بەتایبەت غەززە، بەدوای زیاتر لە ٤٦٠ ڕۆژ لە کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی و برسێتی، لەلایەن حکومەتی سەرمایەداری و فاشیستی دژی ئینسانی ئیسرائیلەوە، کە سەدان هەزار کەسی کردە قوربانی، ناڕەزایەتی جیهانی لێکەوتۆتەوە، نەک هەر بەدژی حکومەتی ناتانیاهۆ، بەڵکو بەدژی حکومەتانی سەرمایەداری جیهانی و لەسەروی هەموویانەوە بەدژی: ئەمریکا، بەریتانیاو وڵاتانی ئەوروپا کە کۆمەكی حکومەتی ئیسرئیلیان دەکەن و لەپاڵ کوشتارەکانیدا راوەستاون. لەژێر ئەم فشارانەدا بوو کە بە ناوبژیوانی وڵاتانی قەتەر و ئەمریکا لە ١٥ی کانونی یەکەمی ئەمساڵدا ئەوە ڕاگەیانرا کە لەنێوان حکومەتی ئیسرئیل و حەماسدا ئاگربەست دەکرێ و ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە شەڕی ١٥ مانگە و ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلە فەلەستینیەکاندا. ئەوەش لە ئاستی فەلەستین و جیهاندا بوە جێگای خۆشحاڵی خەڵک و ئومێدیان خواست کە بەو ئاگربەستە کۆتایی بەکوشتارو برسیکردن بهێنرێت.
بەڵام هەر لەیەکەمین رۆژەکانی ئاگربەستەوە هەواڵێک لە وەستانی شەڕی حکومەتی ئیسرائیل دژ بەخەڵكی غەززە نەبوو، تاکو ئێستا ئیسرائیل بەردەوامە لەسەر کوشتارو کاولکاری و برسێتی خەڵكی غەززە، بەپێی هەندێ سەرچاوە، کوشتارو برسێتی لەم چوارمانگەی ئاگربەستدا بە نسبەتێکی زۆر بەرزبۆتەوە! لێکۆڵینەوەیەکی شۆکهێنەر ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیانی شەڕی حکومەتی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە زیاتر لە ٦٤ هەزار کەس دەخەمڵێنرێت، بەجیا لەبێسەروشوێن بوونی هەزاران کەسی دیکە. بەبەراورد بە ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین بە ڕێژەی ٪٤١ زیادی کردووە. لەو رێژەیە ٪٥٩.1ی قوربانییەکان ژن و منداڵ. سیما باهوس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکسانیی رەگەزی و بەهێزکردنی ژنان هۆشداری دا : “لە غەززە، لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ وە زیاتر لە ٢٥ هەزار ژن و کچ کوژراون، بەتێکڕا هەر کاژێرێک ژنێک و کچێک کوژراون.” هەروەها نوسینگەی ناوەندی ئاماری فەلەستین تەئکید لە کوژرانی ١٨ هەزار منداڵ دەکاتەوە.
برسێتی لە غەززەدا لەئاستێکی ترسناکدایە! لەگەڵ ئەوەی کۆمەکێکی جیهانی زۆر لەسەر سنورەکانی غەززە لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە راگیراون. مەزەندەدەکرێ بە ٩ هەزار بارگەڵگر، لە پێداویستی خواردن و دەرمان و شیری منداڵ. بەڵام سەرباری هوشداری نەتەوە یەکگرتوەکان سەبارەت بە مەترسی برسێتی لەغەززەدا، بەڵام حکومەتی ناتانیاهۆ رێگای تەنها بەنزیکەی ١٠٠ بارگەڵگر داوە لە رۆژی چوار شەممەی رابردوودا کە بچنە ناو غەززەوە. لەم رووەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس زۆر نیگەرانەو ئەو هەلومەرجە بە بەربەیەت ناو دەبات و هەروەها رێکخراوە مرۆییەکان تەئکید لەوە دەکەنەوە کە بۆ بەرگرتن بە برسێتی و کارەسات لە غەززە، رۆژانە پێویست بە زیاتر لە ٤٠٠ بارهەڵگر لە کۆمەک هەیە. ئەگەرچی قسەش لەسەر دزینی بارهەڵگرەکان هەیە، بەوەی بەشێک لەبار هەڵگرەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەرەو شوێنێ نادیار دەبرێن و هەروەها چەکداری نەناسراویش هەوڵی بردنی بارهەڵگرەکان دەدەن. لەپاڵ ئەوەدا ئەو یارمەتیانەی خەڵكی غەززە بووە بە سەرچاوەیەکی بازرگانی بۆ هەندێ لایەن و لەوانە حکومەتی ئەردەن بەرامبەر گومرگێکی زۆر وەردەگرێت.
ئەم وەحشیگەریەی لەغەززە بەڕێوەدەچێت، تەنیا ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی لێێ بەرپرس نیە، بەڵکو دەولەتانی سەرمایەداری ئەورپا و ئەمریکا شەریکی ئەم تاوانەن بەناوی ئەوەی کە ئیسرائیل بەگری لەخۆی دەکات بەرامبە ربە تیرۆر! لەکاتێکدا بەپێی راگەیاندنی دەزگاکانی بۆرژوازی چواردە هەزار منداڵ و نیو ملیۆن مرۆڤ لەبەردەم مەرگدان، کەچی چەند سەد کیلۆمەترێک لەولای غەزەوە، لەسەر مەرگی ئەو منداڵانە لە وڵاتانی کەنداو شادی و خۆشی بازرگانی بەناوی ئاشتی بۆ رۆژهەڵات ناوەڕاست سازدەکەن!
بەڵام ناڕەزایەتی خەڵکی مرۆڤدۆستی جیهان دژ بەم بەربەریەتە بەردەوامە، ئەوەبوو ئەم هێزە بەرفراوانە، لە خەڵكی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست، لە چەپ و سۆشیالسیت، رۆژەکانی ١٧ و ١٨ی ئایار ناڕەزایەتیەکی بەرچاو و گەورەی سەدان هەزاری لەدڵی ئەوروپادا بەدژی حکومەتی ئیسرائیل و هاوپەیمان و هاوکارانی دەستپێکرد. لەبەریتانیا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و لە هۆڵەندا زیاتر لە سەد هەزار کەس کۆبوونەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین رژانە سەرشەقام. دژی برسیکردن و کوشتاری خەڵی غەززەو خوازیاری ڕاگرتنی پەیوەندی و هاوکاری ئەو حکومەتانەیان دەکرد لەگەڵ حکومەتی ئیسرئیلدا، هەروەها داوای چارەسەری یەکجاری کێشەی فەلەستینیان دەکرد بۆ ئەوەی کۆمەڵكوژی و برسێتی رابوەستێت و دووبارە نەبێتەوە.
ئەم هێزە ئازادیخوازو مرۆڤدۆستە لە ١٩ مانگی رابردوی جەنگی ئیسرائیل بەدژی خەڵكی فەلەستین بەردەوام بووە لە ناڕەزایەتی و لەمەیداندابووە، نەک تەنیا فشاربووە بۆسەر حکومەتەکەی ناتانیاهۆ، بەڵكو فشاربوون بۆسەر ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپاو رێکخراوەکانی UN و دادگای دادی نێودەوڵەتی، کەهەندێ رێکار بگرنەبەر. هەر لەژێر ئەم فشاری هێزەدایە کە وڵاتەکانی؛ بەریتانیا، کەنەداو فەرەنسا دەیانەوێت پەیوەندیە بازرگانیەکانیان کەمبکەنەوە لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیلدا، هەر لەژێر ئەم فشارەی ئازادیخوازاندایە کە بڕیارە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەرۆژەکانی ١٧ بۆ ٢٠ی حوزەیران لە نیویۆرک بەڕێوەببات بۆ کاراکردنەوەی بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ ئیسرائیل و فەلەستین.
بەداخەوە هەموو ئەم کارەساتە مرۆییانە لە غەززەو لە جیهاندا، لەکاتێکدا ڕوودەدەن کە مەیدان بۆ هێرشی سەرمایەداری بۆسەر مرۆڤایەتی رۆژانە توندتر دەبێتەوە بەهۆی لە مەیداندا نەبوونی رێکخراوی بەهێزی کۆمۆنیستی و کرێكاری و نەبوونی حکومەت و حزب و رێکخراوی خۆیان کە هێزی ئەوەیان هەبێت رێگە بگرن لەو بەربەریەتەی دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆ، کە بە بەرچاوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیەوە ئەنجامدەدرێت. ئەوەی هەیە هێزێکی جەماوەری فراوانی مرۆڤدۆستە لەئاستی دنیادا بەدژی ئەو فاشیەتەی دنیای سەرمایەداری و کۆمەڵكوژی و برسیکردن لەلایەن ناتانیاهۆو هاوپەیمانەکانیەوە، دێتە سەر شەقام و ناوەندی شارەکان و دەڵێت نا بۆ کۆمەڵكوژی مرۆڤ، نا بۆ برسیکردن و کاولکاری، نا بۆ بەربەریەتی دنیای سەرمایەداری، بەڵێ بۆ چارەسەری یەکجاری کێشەی فەلەستین.




گەندەڵی نووسین.. زانا رەزاق

سەرەتا گەندەڵی نووسین یەکێکە لە جۆرەکانی گەندەڵی ،بێگومان ئەمەش لەنێو نووسەران و سیاسەتمەداران و بیرمەندان دا هەیە ، هەبووە، بۆیە پێویستە ڕێگری لەمە بکرێت، ئەمەش بەهۆی یاسا و ڕێسای گونجاو و سەردەمیانە .دواتر گەندەلی نووسین سامانی هەر وولات و کۆمەلگایە زیان گەیاندن بە سامان وولاتدا زیانی هەیە .

ئیدی گەندەڵی نووسین زیانەکانی زۆرن لێرەدا زیانەکانی دەخەینە ڕوو:

یەکەم
بۆ نموونە ئەگەر هاتوو دە نووسەرمان هەبوو ،ئاستیان هەر یەکەو ژمارەیەک بوو، یانی یەکێکیان ژمارە یەک، ئەوەی تر دوو، ئەوەی تر سێ ،ئەوەی تر چوار، تا ژمارە دە.

ئەوجا ئەو ژمارانە یەکێک لە ژمارە چوار نووسینی ژمارە نۆ ببات، یانی ئەمە نووسینەکانی لە ئاستی ژمارە چوارە بەلام نووسینی ژمارە نۆی بردووە، ئەمەش زیانە ،چۆنکە کاتێک ژمارە چوار ئاستی نووسینی ژمارە چوارە ئەمەش بەهۆی پێوەری زیرەکی کەوتنە نەک سەرکەوتن، پاشان کە ژمارە نۆی بردووە ئەمەش پێوەری سەرکەوتنە ،بۆیەش کاتێک نووسینەکانی ئاستی ژمارە نۆی نامێنێت هی خۆی بەکاردەهێنێت ئەویش ئاستی چوار بێگومان ئەوەش زیانەو کەوتنە، زیانەکەش لە بوارەکە دەدات، جا هەر بوارێک بێت. ئیدی کاتێک بوارەکە سیاسەتە ئەوا لەوانەیە بەهۆی نووسین دزین هەلەیەک ڕووبدات و ژیانی مرۆڤەکانی کۆمەڵگا بکەوێتە مەترسی هەروەک چۆن پزیشێک بەهەلە کارێک دەکات ڕەنگە ژیانی مرۆڤەکان بکەوێتە بەر مەترسی.

دووەم کاتێک نووسەرێک یان هەر کەسێکی بوارێکی تر نووسین دەدزێت ئەوا ناخوێنێتەوە ،کە نەشیخوێندەوە ئەوا بیرو بیرۆکەی بۆ نایێت بەهۆی خوێندنەوە کە بیرۆکەو شتی بۆ نەهات ئەوا ووردە ووردە بەرەو پێش ناچێت لەبیرۆکەو شتی تر.

سێیەم کاتێک کەسێک نووسیندەدزێت ئەمە ئەگەر نووسەر بێ یان هەر شتێکی تر بیرکردنەوەش گەشەی زۆر ناکات چونکە بیرکردنەوەش بەڕاهێنان دەچێتە پێشەوە و گەشە دەکات.

چوارەم ئەگەر کەسەکە تەنیا زانیاری بچێتە مێشکی و بەکاری بهێنێت ئەوا لە بەرهەمهێنانی بیرۆکەو زۆر شتی تری نووسین دوادەکەوێت یا خود بڵێین نابێتە هۆی بەرهەمهێنانی بیروڕا و بیرۆکەو شت لەکۆتاییدا و تێبینی ئەمە بۆ هەموو بوارێک و مرۆڤێک دەبێ.




کرێکارانی کورد لە شۆڕشی ١٩٥٨-١٩٥٩ی عێراق.. نووسینی ڕۆبن سامۆێڵز.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

تێبینی: ئەم وتارە بەشێکە لە کتێبێک بە ناوی ( کوردستان و خەباتی رزگاری نەتەوەیی) کەمشتومڕێکە لە نێوان کۆمەڵێک رێکخراوەی سۆشیالیستی لە ئەوروپاو ئەمریکا سەبارەت بە دۆزی کورد و شۆڕشەکانی. لە دەرفەتێکی نزیکدا بە شێوەی کتێب لە دەنگەکان بڵاو دەبێتەوە.

-نووسینی ڕۆبن سامۆێڵز، دووبارە چاپکراوەتەوە لە وۆرکەرز ڤانگارد ژمارە ٣٧٠، ١١ی کانوونی دووەمی ١٩٨٥

١ی تشرینی دووەمی ١٩٨٤
بۆ سەرنووسەر:

سڵاوی سپارتاکۆستی بۆ کۆنفرانسێکی کوردی لە ئەوروپای ناوەڕاست (“بۆ کۆماری سۆسیالیستی کوردستانی یەکگرتوو”، وۆرکەرز ڤانگارد ژمارە ٣٦٢، ١٤ی ئەیلولی ١٩٨٤) دەڵێت: “هەرچەندە کرێکاری کورد زۆرن، بەڵام زۆربەیان لە دەرەوەی ئەو ناوچە جوگرافیانە کار دەکەن کە زۆرینەی نەتەوەیی کوردیان تێدایە”؛ “پرۆلیتاریای کورد بە شێوەیەکی سەرەکی لە دیاسپۆرادا هەیە.” لەوانەیە ئەمە لەمڕۆدا ڕاست بێت بەهۆی سیاسەتی “بەعەرەبکردن”ی کوردستان کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە بەڕێوە دەچێت. بەپێی کتێبی “گەلێک بێ وڵات: کورد و کوردستان” (١٩٨٠)، کە جێرارد چالیاند ( Gerard Chaliand ) ئامادەی کردووە، زیاتر لە ٢٠٠,٠٠٠ کورد لە ناوچە ستراتیژییە نەوتییەکانی کوردستانی عێراق دوورخراونەتەوە. بەڵام ئەو دۆخە لە ڕووی مێژووییەوە هەمیشە وا نەبووە. کرێکارانی کوردی کۆمۆنیست لەم کێڵگە نەوتیانەدا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە، ئەگەرچی ناکۆکیش بوو، لە سەردەمی شۆڕشگێڕانەی دوای ڕووخانی پاشایەتی لە ١٩٥٨ .

عێراق، وەک زۆربەی دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دروستکراوێکی دەستکردی دابەشکردنی ئیمپریالیستی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییە دوای جەنگی جیهانی یەکەم. لە سەردەمی عوسمانیدا، کوردستانی عێراق ویلایەتی (بەشی کارگێڕی) موسڵ بوو. بەریتانیای سەرکەوتوو موسڵی لەگەڵ ویلایەتەکانی بەغداد و بەسرە لە دەوڵەتێکی هاوبەشدا یەکخست، هەم بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچە دەوڵەمەندە بە نەوت و هەم بۆ ئەوەی ئابوورییەکی گونجاو بدات بە عێراقی ژێردەستی خۆی. تا دواییش پارێزگای کەرکوک کەلە ناو دڵی کوردستانی عێراقە ٩٠٪ی بەرهەمی نەوتی عێراقی دابین دەکرد. تەنانەت لەگەڵ گەشەپێدانی کێڵگەکانی بەسرە لە باشوور، لە کۆتایی حەفتاکاندا کەرکوک بەردەوام زیاتر لە ٧٠٪ی بەرهەمی نەوتی وڵاتی دابین دەکرد.
لە دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، چینێکی کرێکاریی شۆڕشگێڕی کۆمۆنیست پەرەی سەند کە زۆربەیان کورد بوون. وەک ئوریێل دان لە کتێبی عێراق لەژێر دەسەڵاتی قاسم (١٩٦٩) ( Uriel Dann wrote in Iraq Under Qassem (1969 )نووسیویەتی: “هەزاران کرێکار لە دامەزراوە نەوتییەکان، کە زۆربەیان کورد بوون، لقێکی خۆجێیی کۆمۆنیستیان پێگەیاند کە مێژوویەکی خەباتکارانەی بێ وێنەی لە عێراقدا هەبوو.” بەڵام، ئەم چینە کرێکارییە کوردە ڕاستەوخۆ لە خەڵکی جوتیار و کۆچەری شاخەکان وەرگیرابوون کە (هێشتاش) لەژێر دەسەڵاتی فیودالی و خێڵەکی و نەریتدا بوون. هەرچەندە شۆڕشگێڕ بوون، هۆشیاریی چینایەتی ئەم پرۆلیتاریایە سەرەتایی بوو. وەک لە خۆپیشاندانە خوێناوێکەی کەرکوک لە تەمموزی ١٩٥٩ پیشانی دا، ئەندامێتی لە حزبی شیوعی عێراقدا، کە لە باشترین حاڵەتدا دیدیان زۆر ناڕۆشن بوو سەبارەت بە مافی چارەنووسی کورد، نەیتوانی کوردەکان لەخواستی نەتەوەیی خۆیان دوور بخاتەوە.

حشع نەک تەنها پرۆلیتارترین حزبی ستالینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بەڵکو هەمیشە ژمارەیەکی زۆر ئەندامی لە کەمینە نەتەوەیی و ئیتنیکییەکان هەبوو کە ڕۆڵێکی گرنگ و زۆر جار پۆستی سەرکردایەتییان لە حزبدا هەبووە. لە ماوەی پێش شۆڕشی ١٩٥٨، کۆمۆنیستە کوردەکان پێشەنگی زیندووکردنەوەی حزبێک بوون کە لە سەرکوتکاریی توندی چلەکاندا پەرتەوازە و ژێرزەمینی کرابوو. حەنا بەتاتۆ، لە توێژینەوە وردەکەیدا، (چینە کۆنەکان و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی عێراق) (١٩٧٨)، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی ١٩٤٩-٥٥ هەموو سکرتێرە گشتییەکانی حشع کورد بوون، وە نزیکەی سێیەکی کۆمیتەی ناوەندی و حزبەکە لە کوردستانەوە بەڕێوە دەبرا نەک لە بەغداوە.

ئەم قۆناغە بە هەڵکشانێکی بەرچاوی خەباتی چینایەتی و نەتەوەیی نیشانە کرا، کە بەهۆی پەیمانی بەناوبانگی بەغدا کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرا و دژە-سۆڤیەت بوو لە نێوان بەریتانیا، ئێران، عێراق و تورکیادا. لەکاتێکدا هەموو بەشەکانی چەوساوەی ناوچەکە ڕقیان لێی بوو، بەڵام کورد زۆرتر ڕقی لێی بوو چونکە دوژمنە سەرەکییەکانی کوردی یەکخستبوو. لەلایەکی ترەوە، مامەڵەی دڵفراوانی یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ کەمینە کوردییە بچووکەکەی خۆی و پشتگیری کردنی کۆماری کوردی مەهاباد لە ئێران دوای جەنگی جیهانی دووەم، شکۆیەکی گەورەی پێ بەخشی لە کوردستان، بە جۆرێک کە لە پەنجاکاندا تەنانەت پارتە نەتەوەییەکانی کوردیش بانگەشەی “مارکسی-لینینی” بوونیان دەکرد.

بەم شێوەیە، هەموو نەتەوەی کورد و بەتایبەتی چینی کرێکاری شارنشینی بە گەرموگوڕییەوە پێشوازییان لە شۆڕشی ١٩٥٨ کرد، کە هێندەی دژی پەیمانی بەغدا بوو هێندەش دژی پاشایەتی گەندەڵ، داڕماو و سەرکوتکەری پشتگیریکراو لەلایەن بەریتانیاوە بوو. ڕژێمی ناسەقامگیری بۆناپارتی جەنەراڵ قاسم، ڕابەری شۆڕشی ١٩٥٨، لە سەرەتادا هەوڵی دا دەسەڵاتی خۆی پتەو بکات بە پشتبەستن بە حزبی کۆمۆنیستی عێراق، کە هەرچەندە بچووک بوو بەڵام ڕابەری بێ ڕکابەری چینی کرێکاری عێراق بوو، هەم عەرەب و هەم کورد. لەجیاتی بەدواداچوونی ئەم دەرفەتە دەوڵەمەندە بۆ شۆڕشی پرۆلیتاریا، حزبی کۆمۆنیستی عێراق خۆی ملکەچی قاسم کرد لە ڕێگەی “بەرەی نیشتمانی یەکگرتوو” لەگەڵ سێ پارتی بۆرژوازی (کە دواتر نەتەوەپەرستە کوردەکانیش پەیوەست بوون پێیەوە). خیانەتی شۆڕشی عێراق ڕاستەوخۆ لە کرملینەوە فەرمانی پێدرا، بە ناوی پتەوکردنی “ڕۆحی کامپ داڤید” لەگەڵ ئایزنهاوەر (کە وەڵامی بۆ شۆڕشی ١٩٥٨ دابەزاندنی ١٠,٠٠٠ مارینز بوو لە کەناری لوبنان). مێژوونووسی مارکسیست ئیساک دۆیچەر ( Isaac Deutscher ) لەو کاتەدا تێبینی کرد:

“خرۆشۆڤ ڕەتی کردەوە پشتگیری لە ڕاپەڕینێکی کۆمۆنیستی لە بەغداد بکات، لەترسی ئەوەی ئەمە دەستێوەردانی نوێی ڕۆژئاوا لە دەریای ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات بوروژێنێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ئاگر و سیاسەتی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی تێک بدات.” – دووبارە چاپکراوە لە دۆیچەر، ڕوسیا، چین و ڕۆژئاوا- (١٩٧٠)

ڕۆڵی هاودژانەی پرۆلیتاریای کوردی کۆمۆنیست لەم قۆناغەدا لە ڕووداوەکانی موسڵی مارسی ١٩٥٩ و کۆمەڵکوژی کەرکوک لە تەمموزی هەمان ساڵدا دەرکەوت. لە سەرەتای ١٩٥٩، ڕەتکردنەوەی یەکێتی “پان-عەرەبی” لەگەڵ ناسر لەلایەن قاسم و بەرنامەی چاکسازی زەوی و زاری سادەی، هاوپەیمانێتییەکی نائاسایی لە نێوان چینە کۆنەپەرستەکان و ناسرییەکان دروست کرد، کە پیلانی کودەتایەکی ڕاستڕەویان دادەڕشت. کودەتاکە دەبوو بە یاخیبوونێکی سەربازی لە موسڵ دەست پێ بکات. بە پێشبینی کردنی ئەم یاخیبوونە، حزبی کۆمۆنیستی عێراق بانگەوازی کۆبوونەوەیەکی جەماوەری کرد: لە سەرتاسەری عێراقەوە ٢٥٠,٠٠٠ گەنج، زۆربەیان چەکداربوون، ڕوویان لە موسڵ کرد. حزبی کۆمۆنیست توانی سەربازانی کورد و عەرەب دژی ئەفسەرەکانیان یەک بخات؛ کرێکارە هەژارەکانی گەڕەکە عەرەبە موسڵمانەکان و خێڵە کوردەکان و جوتیارانی ئەرمەنی کە لە گوندەکانەوە هاتن، پەیوەست بوون بە کۆبونەوەکەوە. توانرا کودەتاکە سەرکوتبکرێت و خۆشەویستی و دەرفەتی شۆڕشگێڕی حزبی کۆمۆنیست گەیشتە لوتکە.

ئەمەش کۆمەڵکوژییەکەی کەرکوکی تەمموزی ١٩٥٩ی زیاتر تراژیدی کرد. لە دوای شۆڕشی ١٩٥٨، حزبی کۆمۆنیستی عێراق کۆنترۆڵی زۆربەی حکومەتە خۆجێییەکان، میلیشیاکان و تەنانەت بنکە سەربازییەکانی لە دەستی خۆیدا کۆکردەوە. لقی حزبی کۆمۆنیستی عێراق لە کەرکوک کە زۆربەی کورد بوون، ئەم کۆنترۆڵەیان بەکارهێنا بۆ پەرەپێدانی ناکۆکییەک لەسەر ساڵیادی یەکەمی شۆڕش و کردیانە خوێنڕشتنێکی نێوان کۆمەڵگەکان، بەتایبەتی دژی تورکمانەکان کە بەشێکی زۆری چینی بازرگان و ناوەندی شارەکەیان پێکدەهێنا. یەک مانگ دواتر لە کۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی ناوەندی کە بۆ چارەسەرکردنی دەرئەنجامەکانی کۆمەڵکوژی کەرکوک بانگهێشت کرابوو، حزبی کۆمۆنیست ناچار بوو سەبارەت بە ئەندامانی خۆی “ڕاکێشانی تەرمەکان، ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوان، تاڵانکردن و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیان” ئیدانە بکات.

کۆمەڵکوژی کەرکوک خاڵێکی وەرچەرخانی تراژیدی بوو بۆ حزبی کۆمۆنیست و چینی کرێکاری عێراق. داڕمانێکی گەورەی پشتگیری بۆ حزبی کۆمۆنیست دروست کرد و قاسم بەکاری هێنا وەک بیانوویەک بۆ سەرکوتکردنی کۆمۆنیستەکان. دەرفەتی شۆڕشگێڕی بەفیڕۆ درا، و لەگەڵیدا دەرفەتی دروستکردنی پرۆلیتاریایەکی کوردی خاوەن هۆشیاری چینایەتی. سەرکردایەتی زەحمەتکێشانی چەوساوەی کورد گەڕایەوە بۆ شێخ و خان و مەلاکان، وەک شۆڕشی دواتری نەتەوەیی کورد دەری خست. چونکە ئەو شۆڕشە، بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی، هێندەی لە بەرگری لە پەیوەندییە فیودالییەکان لە گوندەکاندا بوو هێندەش دژی شۆڤێنیزمی عەرەبی بەغدا بوو. لە ١٩٥٨-٥٩، پرۆلیتاریای ئەم نەتەوە دابەشکراوە، کە لەلایەن چوار دەوڵەتی سەرمایەداری چەوسێنەرەوە کەرتکرابوو، دەرفەتێکی بێوێنەی لەدەستدا کە ببێتە پێشەنگی ڕزگاری کۆمەڵایەتی، نەک تەنها بۆ بەشەکانی تری کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هاوڕێتان
ڕۆبن سامۆێڵز




ڕانانێک بۆ ڕۆمانی پشت کۆڵانەکانی بێدەنگی.. نووسینی/ شێنێ مشیر

ڕۆمانی (پشت کۆڵانەکانی بێدەنگی) لەنووسینی (ماندانا موعینی)ە. لەلایەن(کامیل محمەد) لە زمانی فارسییەوە وەرگێردراوەتە سەر زمانی کوردی، کە بەزمانێکی سادە و ورد و بێ گرێ کاری وەرگێرانی بۆ کردووە و له دووتوێی (368) لاپەرەدا و ساڵی (2024) له لایەن چاپخانەی چوارچراوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

هەر لە دەستپێکی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە تێدەگەیت کە سەرچاوەی کێشە و ماڵ تێکدانی هەر ژنێک زۆربەی کات ژنێکی تر هۆکاریەتی، (تەرانە) پیشەی پارێزەرە و خاوەنی مێرد و کچێکی جوانە هەتا پێش وەرگرتنی کەیسی (ئەفسانە) ژیانێکی ئاسوودەی هەیە. هەموو هەوڵێک ئەدات بۆ بەختەوەری خێزانەکەی و لەگەڵ هاوسەرەکەی ئەیەوێت کەم و کوڕییەکانی ژیان و پێداویستیەکانی ماڵ پڕ بکاتەوە و بەدوای ژیانێکی ئارامەوەیە، بەڵام یەکەم یەکتر بینیین لەگەڵ ئەفسانە ژیانی ئەگۆڕێت.

ئەفسانە تاوانبارە بەکوشتنی کەسێک و سزای لە سێدارەدانە، لەوپەڕی نائومێدیدا ڕۆژەکانی ژیانی لە زینداندا بەسەردەبات، سوود لە دڵنەرمی و سادەیی تەرانە وەرئەگرێت و تووشی گومان و دوو دڵی ئەکات بەرامبەر بە هاوسەرەکەی.

ئەفسانە یەکێکە لەو کۆمەڵە کچانەی لە کاتی هەرزەکاریدا یاریی بە هەستی کوڕان ئەکەن و کاتێک لێیان بێزار دەبن هاوڕێی کوڕێکی تر ئەناسن، بەڵام ژیان هەموو کات بەدڵی ئەفسانە نییە کە وائەزانێ تەنها خۆی زیرەکە لە یاریکردن بەهەستی ڕەگەزی بەرامبەر، ڕۆژێک ئەکەوێتە داوی (سوهەیل) کە گورگە و لە پێستی مەڕدایە.

سوهەیل تەواوی ژیانی لەناو ئەبات و بەهۆی ئەوەوە دەکەوێتە زیندان، هەرچی “تەرانە”یە لەگەڵ هەر دانیشتنێکدا لە زیندان ژیانی بەرەو خراپتر ئەڕوات بەهۆی ئەو گومانانەی ئەفسانە دروستی ئەکات لەدڵیدا بەرامبەر بە مێردەکەی.

تەرانە ئەبوایە زۆر وریاتر بێت کە نەکەوێتە ژێر کاریگەری قسەی کەسێکەوە کەبەهۆی هەڵەکانیەوە لەزینداندایە و هەموو کات ڕەگەزی بەرامبەر لای خەتابارە، بەڵام هەستی ئیرەی و گومانی ژنانەی تووشی دڵەڕاوکێ و ناجێگری دەروونی دەکات.

تەرانە کە لە ژیانی خۆی ڕازیبوو، بەهۆی قسەکانی ئەفسانە کە هیوایەکی نییە لە زیندان ڕزگاری بێت خەریکبوو بەرەو ئەوە دەچوو ژیانی خۆی و خێزانەکەی تێکبدات، چونکە ئەفسانە هانی تەرانە ئەدات لەڕێگەی پەیوەندی بەستن لەگەڵ پیاوێکی تردا تۆڵەی خۆی لەهاوسەرەکەی بکاتەوە لە کاتێکدا هیچ بەڵگەیەک بوونی نەبوو لەسەر تۆمەتبارکردنی مێردەکە تەرانە.

لەکۆتا چرکەدا تەرانە بەئاگا دێتەوە کە خوای گەورە ئەیپارێزێت لەداوی خیانەت کردن، بۆی ڕوون ئەبێتەوە هەموو ئەو گومانانەی کە مێردەکەی خیانەتی لێئەکات هەڵەبووە و هاوسەرەکەی بەدوای ژیانێکی ئارامەوەیە و هەموو هەوڵێک ئەدات تا شوقەیەکی بۆ بکڕێ و لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا بیکات بەناویەوە.

لێرەوە تێدەگەین لەوەی ئەو کەسانەی کە وەک ئەفسانەن کاتێک خۆیان هیوایەکیان نییە بۆ ژیان ئەیانەوێت ژیانی کەسانی تریش تێکبدەن، کە چەند پێویستیان بە ڕاهێنان و چارەسەری دەروونی و تەندروستی هەیە له نێو زیندانەکان، سەد ئەوەندەش لە ناو کۆمەڵگا پێویستیان بە چارەسەرکردنە، چونکە زۆرن ئەو کەسانەی ژیانی خەڵکی دەشێوێنن و دەستی یاساییان پێ نەگەیشتووە و بە ئازادی دەسوڕێنەوە و ژیان دەبەنەسەر.

هەروەها جوانی ڕووداوەکانی ناو ئەم ڕۆمانە لەوەدایە کە تەرانە سەرەڕای ئەوەی دەیزانی بەهۆی قسەکانی ئەفسانەوە ئەکرا هەموو ژیانی تێک بچێت، بەڵام بەو پەڕی مرۆڤدۆستەوە کار لەسەر کەیسەکەی ئەکات و سزاکەی لەسێدارەدانەوە بۆ زیندانیکردن کەم دەکرێتەوە.

لە کۆتایدا دەڵێم زۆرن ئەو ئەفسانانەی کە ئەیانەوێت ژیانی کەسانی تر وێران بکەن، بەڵام کەمن ئەوانەی وەکو تەرانەن کاتێک ئەزانن بەهۆی قسەیەکەوە خەریکە ژیانیان تێک بچێت، بەڵام ئەو هەر بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی کەسانی بەرامبەر و لە ژێر فشاری دەروونی قورس بڕیاری ناڕاست نادات و چ بۆ ژیانی خۆی و چ بۆ بەرامبەری.




بێژەر و حیکایەتخوان.. نەوزاد بەندی

یەکێک لە پێناسەکانی ڕۆمان، هونەری شارنشینەکانە. بەو پێیەی زۆرینەی ڕۆماننوسەکانی جیهان شارنشین بوون.

ڕۆمان دەرچوونە لە حیکایەت وئەفسانە و قسەی هەلەق و مەلەق ، لێکدانەوەی بابەتیی دەروون و کێشە قوڵەکانی مرۆڤە، یان ئەتوانین بڵێین ڕۆمان چیرۆکێکی پڕۆفیشناڵ و ئەکادیمیی و زانستییە کە ئەیخوێنیتەوە فێری زۆر شت ئەبیت، هەر بۆیە زانایەکی فیزیای وەک  ئەلبێرت ئانیشتاین ئەڵێت: من زۆر بەرچاو ڕوونیی و سودم لە ڕۆمانەکانی فیۆدۆر دەیستۆیڤسکی وەرگرتووە بە تایبەتی لە ڕۆمانی برایانی کارامازۆف. هەروەها ڕۆمانەکانی فڕانز کافکا و ئەلبێرت کامۆ و گۆستاف فلۆبیر لەلایەن کۆمەڵناس و دەروونناسەکانەوە گرنگییەکی زۆریان پێدراوە، گەلێک یاسا و تیۆر و گریمانەی دەروونیی و کۆمەڵایەتییان لێوە هەڵهێنجاون.

مانەوەی کۆمەڵگا لە قۆناغی حەکایەت و ئەفسانەدا، یەکێکە لە بەڵگەکانی مانەوەی ئەو کۆمەڵگایه لە قۆناغی گوندنشینیی و سادەیی و ساکاریدا. 

ئێستا تۆڕەکانی پەیوەندیی تەلەفۆن ئۆفەری قسەکردنی بێسنووریان ڕاگەیاندووە، چونکە مرۆڤی قۆناغی حیکایەتخوانیی، بە دێڕێک و دوو دێڕ قسە تێرناخوات، ئێستا هێڵی خۆڕایی وایکردووە ئەم تایپە مرۆڤە چەقبەستووەی قۆناغیی حیکایەتخوانیی، بە سەعات و دوو سەعات لە ڕێگای مۆبایلەوە قسە و حەکایەت بۆ یەکتریی بکەن. بە جۆرێک ئەگەر حەزیشت لەو دۆخە نەبێت، ناتوانیت هێڵەکە بە ڕووی حیکایەتخوانەکەدا دابخەیتەوە، چەندین جار نیوسەعات وزیاتر لەسەر مۆبایل گوێم لە حیکایەتی کەسێک گرتووە.

شایانی باسە هەندێک بێژەری پڕۆفیشناڵ، وەک دکتۆر قودامە مەلاحی هاوکاری کامل دەباغ له بەرنامەی ( العلم للجمیع – زانست بۆ هەمووان ) ی ساڵی هەشتاکاندا، لە کۆتایی هەر بەرنامەیەکیدا، دێڕێکی فەلسەفیی دەدرکاند کە دڵی هەمووانی خۆش ئەکرد و بە دنیای فەلسەفە و ڕەوانبێژیی ئەناساندن.

ئەم داب و نەریتە بەرز و ئەکادیمییەی دکتۆر قودامە مەلاح، بە شێوەیەکی زیادەڕەو لە لایەن بێژەرەکانی دوای خۆیەوە لاسایی کرایەوە، بۆ نمونە بێژەرێکی وەکو دکتۆر فەیسەڵ قاسمی کەناڵی جەزیرە، سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی بەرنامەکەی، قسە و ڕای خۆی دەردەبڕێ، لە کاتێکدا دوو میوانیش لە ڕاست و چەپیدا دانیشتوون..حەکایەتی تەڕ و وشک  دەرخواردی بینەر و گوێگرەکانی دەدات،هەڵئەچێ، ئەنەڕێنێ، دەست ڕائەوەشێنێ، شین و مۆر ئەبێتەوە، زمانی ناوچەیی و جڵفە و پەتیی تێکەڵ ئەکا بۆ نمونە بە میوانەکانی ئەڵێ یا ڕاجل، یا زەلەمێ ، یا بێ .. لەگەڵ ئەوەیشدا جەماوەرێکی بێ شوماری هەیە کە دەگاتە ملیۆنەها.

ئەتوانم بڵێم فەیسەڵ قاسم بە پلان یان بێ پلان، کاری لەسەر چەقبەستنی مرۆڤی عەرەب کردووە، چەقبەستن لە قۆناغی حیکایەتخوانیدا، بەوەیش بوو بە بێژەری یەکەمی عەرەب و زۆرترین هەواداری لە دەوری خۆی کۆکردەوە، کەچی دکتۆر قودامە مەلاح کە بێژەرێکی زانا و دانا و زمانزان و ڕەوانبێژ بوو، لەیاد چۆوە چونکە ئەو حیکایەتخوان نەبوو، بەڵکو بە عەقڵی مۆدێرنیتەی شار قسەی دەکرد.

 لە حیکایەتا هەموو قسە و بابەتێ جێگای ئەبێتەوە، شیعر گۆرانیی مەقام خەیاڵ خەو، هەرچیت ئەوێ ئەتوانیت پێوەی بلکێنیت، زمانەکەیشی چۆن ئەتەوێ، بە ئارەزووی خۆتە، واتا کۆمەڵگای حیکایەتخوان هیچ ئەرک و ماندوو بوونێک نابینێ نە له گێڕانەوەی حیکایەتدا و نە گوێلێگرتنیدا.

هەر بۆیه بە هۆی چەقبەستنی کۆمەڵگا له قۆناغی حیکایەتخوانیدا، ئەمڕۆ زۆرینەی کەسە ناودارەکان حیکایەتخوانن، ڕیکلامی ئوتومبیلێکی گرانبەها لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا 5 چرکە تێ ناپەڕێ، لە کومەڵگای حیکایەتخواندا ڕیکلامی چایەک، درێژدادڕیی و دەهۆڵ و زوڕنا و جۆرەها قسەی بێ بەها و دوور لە ڕاستیی لە خۆئەگرێ، دەنگی تیڤییەکە کەم نەکەیتەوە، ماڵەکەت دەبێتە هۆڵی ئاهەنگی پاشتێلانە.

بێژەری حیکایەتخوانی وا پەیدا بووە، ئێوارەیەک دیار نەبێ، میللەتەکە تێکڕا غەریبیی ئەکەن، وەک شتێکی گرانبەهایان لێ وون بووبێ، وایە. بابەتێکی چەند ووشەیەیی، ئەکاتە بابەتێکی چەند لاپەڕەیی و بە ترش و خوێوە دەرخواردی خەڵکەکەی ئەدا، ڕێک وەک ئەو داپیرانەی جاران کە شەوانی زستان مناڵانی گەڕەک و نەوەکانیان لە دەوری خۆیان و لە تەنیشت ئاگردانەکەدا کۆدەکردەوە و حەکایەتی کوڕە کەچەڵەیان بۆ ئەگێڕانەوە، بە هەمان تام و چێژ و خەیاڵ و ئەفسانەوە، بێژەر حیکایەتەکانی ئەگێڕێتەوە، تەواوی میللەتێک ئەخاتە دۆخی سەرمەستیی و کەشەنگیی و ..تەنانەت ئاڵودە بونیشەوە.

لێرەدا ئیتر بێژەرێ حیکایەتخوان لای میللەتەکە ئەبێتە نمونەی ئازایەتیی و جوامێریی و نیشتمانپەروەریی و دانایی و زانایی، ئەگەر خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و  پەرلەمان و حوکمەت بپاڵێوێ، ئەیباتەوە. 

ئیدی هێڵێکی ڕاست و چەپ دێت بەسەر ئیتیکی سیاسەت و ڕۆژنامەوانیی و ڕاگەیاندن و بێژەریی و هەموو شتێکدا، چەندین ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێدەپەڕن و ..سەدان هەزار حەکایەتی بێ سود و بێ بنەما ئەدرێ به گوێی میللەتی خەیاڵپڵاودا، بە بێ ئەوەی بچوکترین زانیاریی لە نێوانیاندا ئاڵ و گۆڕی کردبێ.

ڕزگار بوون لە قۆناغیی حیکایەتخوانیی، شۆڕشێکی ئایدیۆلۆژیی و مۆراڵیی و ڕۆشنبیریی ئەوێت، تیایدا مرۆڤەکان بگەنە ئەو ڕاستییەی کە ناکرێ ڕێ بە حەکایەت و قسەی پڕ و پوچ بدەن تخوبەکانی بیستنیان ببڕێت.. بگەنە ئەو ڕاستییەی وەک چۆن ئەبێ دەست بە موچە و ئاو و کارەباوە بگیرێت و دەستبڵاویی تێدا نەکرێ، بە هەمان شێوە پێویستە دەستبڵاویی لە قسە و گوێگرتنیشدا  بکرێت و بەر بە لافای حەکایەت و هەڵەوەڕیی و درێژدادڕیی بگیرێ، هەتا جوانییەکانی وشە و گەوهەرەکانی فەلسەفە و ئەڵماسەکانی بێدەنگیی و هێمنیی بۆ هەتاهەتایه وون نەبن.

نەوزاد بەندی




زیندانەكانی قەڵای سەربازی نزاركێ و ئاكرێ و سەربازگەی سەلامییە.. عەلی مەحمود محەمەد

قەڵای نزاركێ لە رۆژهەڵاتی ناوەندی شاری دهۆكە، لە نزیك گوندی بەڕۆشكێڤە، لەناو سنوری گوندی نزاركێیە، لە گەلی بێسێرێ و بەرزاییەكانی ئەردێ كەلهێ یە.
لە كۆتایی ساڵی 1976 دەست بە دروستكردنی ئەم تەلارە زەبلاحە كۆنكریتییە كراوە، لەسەر رەنگڕێژی تەلارسازی سۆڤیەتی، لە ماوەی 5 ساڵ تەواو كراوە، هەموو قەڵاكان عێراق یەك رووبەر و ئەندازیارییە 15000 مەتری چوار گۆشەیە و لە چوار لاوە چەكی دژە فڕۆكە پاراستونی.
قەڵای نزاركێ یەكێكە لە 2 قەلاكەی بادینان، لە پاڵ قەڵای سەربازی ئاكرێ، هەروەها چەند قەلایەكی دیكە بە دیزاینێكی زۆر بچووكتر هەن كەلها دەڤەرا بێرسڤێ و شێخان و زاخۆ.
لە رێكەوتی 28-8-1988 ەوە، سێ رۆژ دوای دەستپێكردنی ئەنفالی بادینان، ئەنفالكراوانی بادینانیان هێناوەتە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ، ئەم قەڵایە تا نزیك مانگی دەی هەمان ساڵ بەردەوام ئەنفالكراوانی تێدا بووە، چونكە لە لێبوردنە گشتییەكەی 6-9-1988 یش بە دواوە لە جوگرافیای ئەنفالی بادینان ئەنفالكردن بەردەوام بووە، تەنانەت ئەوانەشی خۆیان داوە بە دەستەوە كار بە بڕیاری لێبوردن و ریكارە راگەیەنراوەكان نەكراوە بەرامبەریان.

ئەنفالكراوانی بادینان ژمارەیان چەند بووە

بەهۆی دەستكەوتنی بەڵگەنامەیەكەوە، هەموو ئاماری ئەنفالكراوانی بادینان لە پرۆسەی ئەنفالی هەشتدا ئاشكرا دەبن، بەپێی راپۆرتی ژمارە 28/8 لە رێكەوتی 3-9-1988ـی فەیلەقی پێنج كە لیوا روكن یونس محەممەد زەرب فەرماندەی فەیلەق واژۆیكردووە، لە پرۆسەی ئەنفالی هەشتدا كۆی گشتی 14473 كەس دەستگیركران، لەو ژمارەیە 2252 یان پیاو بوونە، 3303 كەسیان ژن بوونە، 7847 كەسیشیان منداڵ بوونە، هەروەها 211 كەس خۆیان داوە بە دەستەوە، 482 كەسی دیكەش لەوانەی بە موستەلەحی ئەوان “تێكدەر” ناویانیانی بردووە دەستگیركراون، بەشی زۆری ئەمانە بە قەلای نزاركێدا تێپەڕیوون جگە لەوانەی زیندانی سەربازگەی قەڵای ئاكرێ بوونە. زیندانیان لەم زیندانە لە رۆژێكەوە تا دوو هەفتە بۆ بەشێك لە پیرەكان زیاتریش ماونەتەوە.

ئەنفالكراوان لە كوێوە هێنران؟

خەڵكە دەستگیركراوەكەی قۆناغی ئەنفالی هەشت، كە پانتایی جوگرافیایەكەی زیاتر لە 10 كیلۆمەتری چوارگۆشە بووە، لە كۆمەڵێك جێگاوە گواستراونەتەوە بۆ هەردوو قەڵای سەربازی نزاركێ لە شاری دهۆك و قەڵای سەربازی لە قەزای ئاكرێ.
یەكەم قۆناغی زیندانیكردنی هەندێكیان كۆمەڵگای دێرەلوك بووە، هەندێكی دی سۆری ژێرێ و كوانێ و قوتابخانەیەك لە هاوینە هەواری سەرسەنگ، لە قەزای ئامێدیش ناوەندی پۆلیس و سەربازگەی شارەكە و بارەگای یەكێتی مامۆستایان جێگای كۆكردنەەی ئەنفالكراوان بوونە، لە قەزای زاخۆ كۆمەڵگای بێرسفێ و هێزاواو وە قەڵا سەربازییەكەی مانگێش.
لە ناحیەی مانگێش هەندێك لە ئەنفالكراوان بردراون بۆ شوێنی ئاژەڵان، بەڕێوەبەری ناحیەی مانگێشی ئەوكات كە پیاوێكی كریستان بووە، پاڕاوەتەوە لە ئەفسەری بەرپرسی سەربازی نەیان كوژن، رۆژی دواتر بردراون بۆ تەلاری ناحیەی مانگێش، ژن و منداڵی كەمتر لە 15 ساڵ بە پاس، پیاوەكانیش بە ئۆتۆمۆبیلی سەربازی بردراون بۆ زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ. بەشێك لە ئەنفالكراوانی زیندانیكراو لە ناحیەی مانگێش، سێ رۆژ لە ناحیەی مانگێش ماونەتەوە، ئەو ماوەیە خواردنیان نەداوە پێیان، هاووڵاتیانی ناحیەی مانگێش خواردنیان بۆ بردوون. هەندێكی دی لە زیندانیان وەك دەگێڕنەوە، سەرەتا بردراونەتە ناو قوتابخانە لە ناحیەی مانگێش، رۆژی دواتر بردراون بۆ زیندانی قەڵای نزاركێ، لە قوتابخانەی مانگێش پیاو لە ژورەوە دەرگایان لێ دخراوە، منداڵ و ژنانیش لە گۆڕەپانەكەی كۆكراونەتەوە. بەشێكیش سەرەتا لە نافشكە كۆكراونەتەوە، لەوێوە گواستراونەتەوە بۆ مانگێش، دواتر بۆ بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی مانگێش، ئەوجا بۆ سەربازگەی قەڵای نزاركێ.
مریەم كەڕەم مەرعان سیتەیی رێكانی هاووڵاتی گوندی سیتە دەڵێت دوو گیان بووم بە زیل بردراین بۆ ئۆردوگای دێرەلوك، كە گەیشتین هەزاران كەس لە دێرەلوك بە زیندانی كۆكرابوونەوە، ژن و پیاویان لەوێ لە یەكتر جیا كردەوە، دوو رۆژ لە ئۆردوگای دێرەلوك ماینەوە. ئوسمانی باوك منداڵەكانم بۆ ماوەیەك لەوێ بینی، ئەفسەرەكە رێگەیانی داوە بۆ بینینی، ئەو وتبووی بە شەق و پۆستاڵ ئێمەیان كردە ناو زیلەكە كە هێنامانیان بۆ ئێرە. دواتر لە ئۆردوگای دێرەلوكەوە هێنامانیان بۆ سەربازگەی قەڵای نزاركێ بە ئۆتۆمۆبیلی زیلی سەربازی.
هەروەها بەشێك لە خەڵكە ئەنفالكراوەكان بە ئۆتۆمۆبیلی سەربازی بردراون بۆ قەڵای سەربازی قدش، لە كۆمانەوە بە سەیارەی سەربازی بردراون بۆ قەڵای قدش، لەوێ لێكۆڵینەوەیان لە گەڵ كراوەو ئەشكەنجەی پیاوەكان دراوە. بەشێكی دی براونەتە گوندی فرشا؟؟ لەوێ ژن و منداڵ جیاكراونەتەوە، بە جادەی سەرەكی كانا وە بەڕێ كراون، بەدوای یەكا بەسەر شەقامەكەیا، پیاوەكان كراونەتە ناو زیلەوە، ژن و منداڵیش بە جیا بۆ قەڵای قدش ؟، دوای كاتژمێرێك مانەوە ئەوجا بردراون بۆ زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ.
دوای دەرچوونی لێبوردنە گشتییەكەش لە ئەنفالی هەشت خەڵك دەستگیر كراون، ئەوانەی كە خۆیان تەسلیم كردووە، بە ئۆتۆمۆبیلی سەربازی برداون بۆ قەڵای قدیش، دواتر گواستراونەتەوە بۆ زیندانی قەلای سەربازی نزاركێ.
هەرچەندە میدل ئیست ۆچ وا رادەگەیەنێت “بە گوێرەی قسەی ئەفسەرە مەیدانییەكانی ئەوسا لە بادینان، كەوا فەرمانیان پێگەیشتبوو چیتر بەندییەكانیان نەكوژن” وەلێ دوای لێبوردنە گشتییەكە لە كوشتنی پیاوانی گەنجی ئەنفالی بادینان بەردەوام بوونە.
كەتان تاهیر زێوەیی هاووڵاتی گوندێ زێوا شێخ پیرامیسی نزیك بامەڕنی دەڵێت”دوای لێبوردنە گشتییەكە كە گرتمانیان جاش و جەیش بردمانیان بۆ كۆمەڵگای قەدش، جنێویان پێمان دا، چیمان پێ بوو لێمانیان سەند، ئەو ماوەیە خواردنیان پێمان نەدا، دوایی بە ئیڤای عەسكەری بردمانیان بۆ زیندانی قەلای نزاركێ.
گروپێكیش دوای لێبوردنە گشتییەكە خۆیان تەسلیم كردۆتەوە، بردراون بۆ ئەنشكا دواتر راستەوخۆ بۆ سەربازگەی قەڵای نزاركێ.
بەشێكیش لە ئەنفالكراوان بردراون بۆ قەڵای سەربازی ئاكرێ، كە لەسەر تەرزی قەڵای نزاركێ دروست كراوە، لە قەبارەرەو شێوەدا وەك ئەوە، راستەوخۆ لەوێشەوە بردراون بۆ ئۆردوگای زۆرە ملێی جێژنیكان، نایف رەشو لەم بارەوە دەڵێت ” روزا 5/9 ئەم نەچاربووین زاروك و خێزانیت خۆ مە تەسلیم كرن ،و ئەم هاتین دابین چیایێ گارەیی نێزیك 10هەزار كەس لناف چیایێ گارەیی ئاسێ مابۆن ئەم ژی وەك هەزاران كەسین دی هاتن گرتن.
ئەم ڤەگوهاستین بۆ قەلعا ئاكرێ و پاشی بۆ بارگەیی جیش شعبی، سوپاس بۆ جەماوەرێ ئاكری بومە خوارن ئینا ئەو جەند روژ بوو مە خوارنەك دورست نەخوار بوو ئەم سیاری سەیاڕێت ئیڤایێن سەربازی كرین، من ج ژ خێزان و زاروكێت خۆ نەد زانی ئەم برین بۆ ناحیا كەلەكێ توماركرین ئەم برین بەحركێ و مە ل و ێدەرێ خێزان و زاروكین خۆ ل جەژنیكان دیتن، ” ” ل دوو میحوەرا شەر بوو هەر ژ ئەتروش هەتا زاخو ئەو كەسێن د گرتن د برنە قەلعا نزاركێ ئانكو قەلعا هنگافتنێ و ژ ئەتروش هەتا خواكورك وسوران ئەوێن د هاتنە گرتن و ڤەدگوهاستن بۆ قەلعا ئاكری”. قەلای سەربازی ئاكرێ ” 95 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە و ١٢٠ كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری دهۆكەوە، لە نێوان سێ چیادایە”.
ئەم دوو قەڵایە كە ئەنفالكراوانی بادینانیان بۆیان گواستۆتەوە، هەر یەكەیان لە ژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتییەكی ئەمنی شارێكدا بوونە، قەڵای سەربازی ئاكرێ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی شاری موسڵ سەرپەرشتی زیندانییەكان ناوی كردووە، قەڵای سەربازی نزاركێش لە دهۆك لە ژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی دهۆك بووە.

جیاكردنەوە

لە سەربازگەی قەڵای نزاركێ وەك سەربازگەی تۆپزاوا ئەوانەی تازە دەگەیشتنە جێ، یەكسەر جیادەكرانەوە، پیاو و كوڕە گەنجەكان دەكرانە لایەكەوە، ژن و منداڵ و خەڵكی بەتەمەنیش لە لاكەی دیكەی گۆڕەپانی سەربازگەكە رادەگیران.
پۆڕێ سندی دەگێڕێتەوە دەڵێت لە دهۆك مەبەستی زیندانی قەلای سەربازگەی نزاركێیە، بە قامچی بەرەو روومان هاتن لەو كاتەی دەگەن، گەنج و پیریان جیا كردەوە.
كاتێك كە جیاكردنەوە تەواو دەبوو، بەندییەكانیان بە سەر هۆڵە گەورە پیس و بۆگەنەكاندا دابەش دەكرد، هۆڵی رەق و تەقی تەڕ بە میز و پیسایی زیندانییەكان پێشتر سواق درابوو، بە تایبەت ئەوانەی درەنگ دەگەیشتن.
لە سەربازگەی قەڵای نزاركێ پیاوەكان لە نهۆمی خوارەوە دەمانەوە، ژن و منداڵیش لە بەشی سەرەوە.
زۆربەی زیندانییەكان لە نهۆمی دووەمی قەڵاكەدا بەندكرابوون، چونكە پیاوە گەنجەكان وێڕای ئەوەی ژمارەیان كەمتر بوو، زووتریش رەوان دەكران بۆ مەرگ، نهۆمی سەرێ ئەوەندە پڕ و قەرەباڵغ بووە، زیندانیان یان بە چینچكەوە دانیشتوونە، یان لەبەر قەرەباڵغی و پیسی لە تاوا دەچوونە بەر هەیوانەكان.

لێكۆڵینەوە

لە زیندانی سەربازگەی قەلای نزاركێ لێكۆڵینەوەی ورد و جیاكردنەوەی بە دیقەت لە گەڵ ئەنفالكراوان وەك زیندانی سەربازگەی تۆبزاوا نەكراوە، كەمە زانیارییەكیان لە پیاوەكان وەرگرتووە و ئەشیای بەرباخەڵ و ناسنامەكانیان لێسەندوون، بەڵام پرسیار لە ژن و منداڵەكان نەكراوە،.
دام و دەزگای ئەمن كە سەرپەرشتی زیندانی قەلای نزاركێیان كردووە بەو پێیەی كە پەرۆشی هەڵگرتن و پاراستنی تۆماری بەڵگەنامەیی بوون، ئەو كورتە لێپرسینەوەیان بە ڤیدیۆ تۆمار كردووە كە لە گەڵ پیاوەكانیان كردووە.

ئەشكەنجە

ئەو پیاوانەی لە ناو ئۆتۆمۆبیلەكان كە گەیشتوونەتە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ، بە لێدان دایانیان گرتووەتە خوارەوە، هەندێكیان لە هۆش خۆیان چوونە، دوای سووكە لێكۆڵینەوەیەكی سەرەتایی، ئەوجا بە راكێشان بردراون بۆ نهۆمی خوارەوە، ئەوەندەیان لێیان داوە، تەنانەت هەندێكیان لە جێگا كەوتوونە.
پیاوەكان بە بەرچاوی ژن و خوشكەكانیانەوە لەو لایانەوە مات و مەلول و بێدەسەڵات بە كزی راوەستابوون، منداڵەكانیش دەگریان و هاواریان دەكرد بۆ بینینیان، قیژە و هاواریان بوو و بۆ لای باوكەكانیان ڕایاندەكرد، بەڵام بە سۆندەو شەق و جنێو دەیانگێڕانەوە بۆ لای دایكیان. پیاوەكان بە دار و سۆندە و كێبڵ فەلاقە دەكران و بەر شەق و مستەكۆڵە و زلەیان دەدان و سوكایەتیان پێ دەكردن، رێزیان لە كەرامەتیان ناگرت.
سكالاكەرانی دادگای بالای تاوانەكانی عێراقی وێنای چەند جۆرە ئەشكەنجەیەك بۆ دادگای بالای تاوانەكانی عێراقی دەگێڕنەوە، لەوانە ریشی زیندانییەكیان سوتاندووە تەنها لە بەر ئەوەی درێژ بووە، پێنج لە زیندانییە پیاوەكان بە دەست و چاو بەستراوەییەوە ئۆتۆمۆبێل بەسەر سكیانا رۆیشتووە و كوشتویانیانە، بە بلۆك كێشاویانە بە سەری زیندانییا شەهیدیان كردووە، هەروەها بەستنەوەی زیندانیان بە ستوونی نا حەوشەی زیندانییەكەوە لەبەر گەرمای مانگی ئاب و سەرەتای سەپتەمبەر.
زیندانییەكان پەڵە خوێنیان بە دیواری هۆڵەكانی خوارەوەی زیندانەكەوە بینیووە، كە شوێنی ئەشكەنجەدانی پیاوە گەنجەكان بووە. هاوكات لەسەر شێوەی دیزاینی جل و بەرگی گەنجەكان، جۆری دوورینی، درێژی ریش و زۆری پشدێن و درێژی تەزبێح و شوێنەواری كەتافەی سەر شان و لێپرسینەوە تا ئاستی فەلاقەو لێدانی زۆر بەرامبەر بە پیاوە گەنجەكان كراوە.
چەندین حالەتی ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ لەسەر زاری زیندانیان و هەندێك شایەدحاڵ دەگێڕدرێتەوە، وەك كۆمەڵكوژی 18 گەنجی گوندەكانی سپێندارەو سوارێی، وە سەلام زێوەیی رزگاربوویەكی ئەنفالە ئەو شاهیدی كۆمەڵكوژی 13 پیاوی ئەنفالكراوە، كە لەژێر ئەشكەنجەدا شەهیدبوون و لە تەنیشت قەڵاكە نێژراون. “هەموو ئەوانە بە دار و بەرد و بلۆك شەهیدكران، تاوەكو گیانیان دەرچوو ئەشكەنجەدران، خوێنی ئەوان بە دار و دیوارەوە بوو. من بینیم دوای ئەوە هەموویان بردن و نەیان هێنانەوە.”، شایەدحاڵی دیكە دەڵێن تەنها لە دوو رۆژی مانگی ئەیلول 20 كەس لە نزاركێ مردوونە، بەڵام تا ئێستا گۆڕی هیچ كام لەو كۆمەڵكوژیانە نەدۆزراوەتەوە، تاكو لە رێی دۆزینەوەی روفاتەكانیانەوە پشت راست بكرێنەوە، سێ ئەگەر هەیە” یان روفاتیان تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە، یان ئەمن لە جێگایەكی دیكە ناشتویانن، یان تەنها ئەشكەنجە دراون دواتر بردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان لەوێ كۆتایی بە ژیانیان لەگەڵ پیاوە گەنجەكانی دی هێنراوە.
بەڵام زیندانی قەڵای سەربازگەی ئاكرێ، بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی شاری موسڵ سەرپەرشتی كردووە، ئەشكەنجەدان تیایدا وەك سەربازگەی قەلای نزاركێ نەبووە كە ئەمنی پارێزگای دهۆك بەڕێوەی بردووە، پێی دەچێت ئەوەی گەیشتبێتە ئەو قەڵایە بەخت یاری بووبێت.

ئەو ئەنفالكراوەی بە بلۆك شەهید كرا

كەم لە ئەنفالكراوانی بادینان هەن كە دەم دەكاتەوە، چیرۆكی ئەو ئەنفالكراوە ناگێڕێتەوە لە سەربازگەی قەڵای نزاركێ، بە بەرچاوی هەموو زیندانەكانەوە بە بلۆك شەهید كراوە.
ئەو كەسەش حەیدەر عەبدوڵا حەمۆ گەرماڤی یە، یەكەم گیان بەختكردووی زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێیە كە بە بلۆك درا لە سەری، گیانی بەختكرد.
ئەو پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە لە گەڵ پێنج برای، خەڵكی گوندی گەرماڤی دەڤەری دۆسكییە، كوڕێكی لە تۆپباران لە ساڵی 1985 شەهید بووە، ئەو لە رێكەوتی 25-8-1988، لە یەكەم رۆژی ئەنفالی بادینان لە گوندی بیسكێ ئەنفال كرا، پاش ئەوەی گوندەكەیان لە رۆژهەلاتی برجینی، كەوتە بەر كیمیاباران.
هەروەها فەریدا عەلی گوندی ئیسیان دەڵێت دوو برام بە ناوەكانی شەهید ئەرجان و شەهید فەرید لە قەڵای نزاركێ و قەڵای ئاكرێ بە دارو و بلۆك كوژران.

نان و ئاو

لە زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ خەڵكەكە برسی، نەخۆش، پێ پەتی بوون، لێرە خواردنیان بە گیراوەكان نەدەدا، هەرچەندە هەندێك دەگێڕنەوە كە سەموونی رەقیان بە شەق بۆیان تێگرتووە. هەروەها رێگایان نەداوە خەڵكەكە بۆڕی ئاوی حەوشەی سەربازگەكە بەكار بهێنن، ئاوی ناو تەنكی گەرم كە پیس بووە داویانە بەو خەڵكەكە.
بەشێك لە پیاوە پیرەكان ماوەیەك زیاتر لەم سەربازگەیە ماونەتەوە، دواتر ئەوانیش كەوتوونەتە شت كڕین لە حەرەسەكان، یاخود خەڵكی دهۆك خواردنیان لە نزیك تەلبەندەكە بۆ داناون، ئەوانیش چوونە هەڵیان گرتۆتەوە.

پیاوەكان چارەنووسی نادیار
لە پرۆسەی ئەنفالی هەشتدا كۆی گشتی 2945 پیاو دەستگیر كراون یان خۆیان داوە بە دەستەوە، بە پیاوە پیرەكان و ئەوانەشی دواتر ئازاد كران، یان وەك ئەوانەی لە قەڵای ئاكرێ ئازاد كران.
پیاوە گەنجەكانیان كە جیا كردەوە، دوا جار بوو ئەوان بینران وەك گەنجەكانی تۆبزاوە، لەماوەی كورتدا لە چاو بزركران، لە پارەو سەعات و تەزبێحەوە بۆ ئەوەی پێیان بووە لە لێیان سەنراوە، گەنجەكانی نزاركێ جیاكرانەوە بە روتی تەنها بە دەرپێیەكی ژێرەوە بە ئۆتۆمۆبیلی تایبەتی بردران بۆ شوێنی نادیار ئیتر ببڕای ببڕ نەبینرانەوە. شایەدحاڵێك دەگێڕێتەوە كە رۆژی دوای هێنانیان، پیاوەكان بە چاو و دەست بەستراوی لە پشتەوە، لە سەربازگەی قەڵای نزاركێوە بردراون بۆ جێگای تا ئێستا نەزانراو، كە منداڵی كەمتر لە 15 ساڵیشییان لە گەڵدا بووە. بەڵام پیاوە پیرەكان هەندێكیان 10 رۆژ بۆ 2 هەفتە لە نزاركێ ماونەتەوە.

ناردن بۆ سەربازگەی سالمیە

سەربازگەی سەلامییە لە باشوری رۆژئاوای سەنتەری شاری موسڵە بە دوری 30 كیلۆمەتر، دەكەوێتە ناو سنووری ناحیەی نەمرودەوە، لە ژێر كارگێری شارۆچكەی نەمرودە، سەربازگەی سەلامییە دەورە درابوو بە سوپا، بۆ خۆشی پێشتر سەربازگەی سەربازی بووە.
ئەنفالكراوانی ژن و منداڵ و پیرەكان، پاش چەند ڕۆژێك لە مانەوەیان لە قەڵای نزاركێ و بینینی ئەو رۆژە حەشرە، یەكەم گروپیان رەوانەی جێگایەك كرد، كە ژن و منداڵەكان زۆریان قەت بەو رێگایەیا نەرۆیشتبوون، دوای پێنج كاتژمێر دەگەنە جێگاكە، لە كاتی گواستنەوەی یەكێك لە كاروانەكان، بە دەم رۆیشتنەوە ژنێك منداڵی دەبێت ناوی دەنرێت هاوار.
زیندانییەكان بە پاسی داخراوی بچووك و هەندێك جاریش پاسی بچووك یان كۆستەر و جاری واش بووە ئیڤای سەربازی ئاسایی بردراون، كە چەكداری ئەمن و ئیستیخبارات لە پاش و پێشی كاروانەكەوە دەڕۆیشتن و بە وردی چاودێریانیان كردووە.
لە زیندانی سەربازگەی سالمییە بۆ یەكەم جار نانووسین و لێكۆڵینەوەی زیندانیان دەستی پێكردووە، لەم سەربازگە یەك نهۆمییە گەورەیە كە كرابووە دوو بەشەوە، زیندانییەكان لە ئۆتۆمۆبیلەكان دابەزێنران و تەسلیمی پۆلیس و جەیشی شەعبی كران، خرانە ناو هۆڵەكانەوە، رۆژانە تەنها سەمونی سەربازی و ئاوی گەرمی تانكییان پێ دراوە.
زیندانیان لەناو ئەو هۆڵە گەورە گەرمانە بێ بان و بن دەخەوتن، ئاودەستەكانی پیس و بۆگەن بووە، هەروەها زیندانییەكان لە ماوەی ئەو دوو بۆ سێ هەفتەییەی كە لێرە بوونە، پەیوەندی لە نێوان قاوشەكاندا نەبووەو زیندانییەكان ئاگایان لە یەكتر نەبووە.
زیندانییەك دەڵێت دوو شەو لە نزاركێ ماینەوە، دوواتر بردمانیان بۆ زیندانی سەربازگەی سەلامییە، كۆستەر و گەڵابەو سەیارەكان پێشتریان هێنایەوە بۆ گواستنەوەمان، بە روت و قوتی هیچمان پێ نەبوو، كردمانیانە ناو ئەو هۆڵە گەورانەوە بێ هەواو پانكە بەو گەرمایە، برسی و تێنی بووین، لە سەربازگەی سەلامیە مامەڵەیان خراپتر بوو لە سەربازگەی نزاركێ.
پۆڕێ سندی رزگاربووی ئەنفالی بادینانە دەگێڕێتەوە رۆژی پێنجەم كۆكراینەوە بۆ بردن، نەچوینایەتە ناو ئەو ئۆتۆمۆبیلەی بۆ ئێمە راگیرابوون بە قامچی دەمانیان كردە ناویەوە، بردمانیان بۆ سەربازگەی سەلامییە، چەند كاتژمێر بەڕێوە بووین، مونشەئەكان لە رێگا هیچ رانەوەستان، لە سەرەتا لەو زیندانە برسی بووین، بارودۆخمان زۆر خراپ بوو، بەڵام لە كۆتایی حانوتیان دانا، ئەوجا شتمان كڕی باشتر بووین.
ئەنفالكراوێكی دیكە بۆ دادگای باڵای تاوانەكان قسە دەكات و دەڵَێت دوای 8 رۆژ بردمانیان بۆ زیندانی سەربازگەی سەلامییە، ژمارەی هۆڵەكانی 12 هۆڵ بوو، ژیان لەو سەربازگەیە زۆر ناخۆش بوو، لە كۆتاییدا دوای دەرچوونی لێبوردنە گشتییەكە بە زۆر هەڵپەڕكێیان بە خەڵكەكە كرد بە دەهۆڵَ و زوڕناوە لە خۆشی لێبوردن گشتی.
زیندانییەكی دیكە بۆ دادگای بالای تاوانەكانی عێراقی دەگێڕێتەوە كە پیاوەكانیان بۆ ماوەی 3 رۆژ بردۆتە زیندانی سەربازگەی سەلامییە، دوایی لەوێ بردویانیانە بە ئۆتۆمۆبیلی سەربازی داخراو براون بە دەست و چاو بەستراوەیی ئیتر نەبینراونەتەوە، ئەو دەڵێت خواردن خراپ بووە، خزمەتگوزاری تەندروستی نەبووە، سەربازگەكە و هۆڵەكان پیس بوونە، بۆیە منداڵ و پیر زۆر لەوێ مردوونە.

زیندانیانی كریستان و ئێزیدی

هەر لە سەربازگەی قەڵای نزارێكێ ئەنفالكراوانەوە، ئەنفالكراوە موسڵمانەكانیان لە ئەنفالكراوە كریستان و ئێزیدییەكان بە دیوارێكی دابڕكەر جیا كردۆتەوە.
هەرچەندە بەشێك لە كریستانەكان لە فەوجە جاشەكەی ملكۆ بوون، بەڵام لێبوردنە گشتییەكە ئەوانی ناگرتەوە، چونكە لە ئاماری ساڵی 1977 ەوە كریستان و ئێزیدییەكان بە عەرەب درابوونە قەڵەم.
كریستان و ئێزیدییەكان بەشێكیان ئاوارەی توركیا بوون و بە لێبوردنی گشتی گەڕانەوە، بەشێكیشیان دوای روخانی لادێكانیان چوونە شاخەكان، لە ناویشیاندا زۆرێك هەبوون پێشمەرگە بوون.
دوای لێبوردنە گشتییەكەی ژمارە 736 ی رێكەوتی 6-9-1988، ژمارەیەك پەنابەری كریستان و ئێزیدی لە توركیاوە گەڕانەوە بە خاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیلا خۆیان رادەست كردەوە، هەر لەوێ ئەوانیان لە كوردە موسڵمانەكان جیا كردەوە، وەك ئەنفالكراوە گرتراوەكان نێردران بۆ زیندانی سەربازگەی قەڵای نزاركێ، بەلام كوردە وسڵمانەكانیان نارد بۆ ئۆردوگای زۆرە ملێی بەحركە، لە سەربازگەی نزاركێ شەش هۆڵیان لە نهۆمی سەرەوە لە جێگای ژن و منداڵەكان پێشتر، كە ئەوكاتە بردرابوون بۆ سەربازگەی سەلامییە بۆیان جیا كردبوەوە.
ژن و منداڵ و پیرەكانیش پاش ئەوەی تاقە شەوێك لە دهۆك هێشتبوونیانەوە بە پاس ڕەوانەی ئۆردوگای بەحركە و جێژنیكانیان كردوون. هەر وەها تەواوی پیاوانی گەنجی كریستان و ئێزیدییان بە ئۆتۆمبیلی داخراو وەك گەنجە كوردە موسڵمانەكان بۆجێگایەكی نەزانراو رەوانە كردووە.
هێشتا بنەو بارگەیان تەواویان نەخستبوو لە ئۆردوگای زۆرە ملێی بەحركەو جێژنیكان، لەو دەشت و دەرە لە ناو مارو دووپشك بوون، لە سەرەتای هەفتەی كۆتایی مانگی سەپتەمبەردا كریستان و ئێزیدییەكان لە لایەن ئیستخباراتی عێراقییەوە دەستگیر دەكرێن، لەوێ پێیانیان وتبوو دەتانبەین بۆ لای پیاوەكانتان.
دواتر لە بنكەی پۆلیس هەموو ناوەكانیان بەراورد دەكرێن، كریستان ئێزیدییەكان لە یەك جیا دەكەنەوە، وە ئێزیدییەكانیش ئەوانەی لە سەربازگەی قەڵای ئاكری و قەڵای نزاركێ بوونە، لە یەكتری جیا دەكرێنەوە، ئەوانەی لە زیندانی قەڵای ئاكرێ وە هێنرابوون دەستگیر ناكرێنەوە لە گەڵ چەند كریستانێك لە ئۆردوگاكە دەمێننەوە، تا نزیك ئەوكاتەی سەدام كوەیت داگیر دەكات و قەدەغەی هات و چۆ هەڵدەگرترێت، ئیتر دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەكان خۆیان. لەم پرۆسە زاڵمانەیە كۆی گشتی 152 هاووڵاتی ئاشورو كلدانی كریستان و 183 هاووڵاتی ئێزیدی ئەنفالكران .

گۆڕێكی بە كۆمەڵ

لە ساڵی 2018 لە رێورەسمی یادی 30 ساڵەی ئەنفالی بادیناندا 13 رووفات لە قەڵای نزاركێ بە خاكسپێردران، كە لە ساڵی 2007دا لە گۆرستانی شاخكێ لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ دەرهێنرابوون، ئەو رووفاتانە تا ئێستا نەناسراونەتەوە، ئێستا شوێنی لە گۆڕنانیان وەكو گۆڕستانی ئەنفالكراوان دەناسرێت لە قەڵای نزاركێ، كەسوكاری قوربانیان داوا دەكەن پشكنینی DNA بۆ قوربانییان بكرێت، تا رووفاتەكان بناسرێنەوە، ئیتر تاكو ئێستا هیچ گۆڕێكی بە كۆمەڵی پیاوە گەنجەكانی ئەنفالكراوانی بادینان نەدۆزراونەتەوە.

ئۆردوگاكانی بەحركەو جێژنیكان جهەنەمێك بۆ ئەنفالكراوان

ئەنفالكراوانی بادینان لە هەموو لایەكەوە رێگاكەی روو لە بەحركەو جێژنیكان بوو، لە زیندانی سەربازگەی سالمییەوەو لە زیندانی قەڵای ئاكرێوە، لە زیندانی قەلای سەربازی نزاركێوە، لە ئیبراهیم خەلیلەوە، لە سنووری ئێرانەوە، تەنانەت هەندێك لە ناحیەی بێكوڤای زاخۆوە، لەو ماڵەی هەڵاتووی ناوچەی ئەنفالكراوی بادینانی تێدا گیراوەو بە دوایدا زیندانی كراون، پاش ماوەیەك ئەشكەنجەدان بە لێبوردنی گشتی ئازادكراون و رەوانەی ئۆردوگای زۆرە ملێی بەحركە كراون.
ئەم ئۆردوگایانە توند ئابلووقە درابوون، بواری هات و چۆ زۆر كەم بوو، هیچ خزمەتگوزارییەكیان بۆ دابین نەكرابوو، لەناو خۆڵ و تۆزو مارو دووپشك لە ژێر خێمە، بێ نەخۆشخانە و قوتابخانە و ئاو و كارەبا لە سەرەتا، لەسەر هاوكاری و میهرەبانی خەڵكە میهرەبانەكەی هەولێر دەژیان. ئەنفالی هەشت تا راپەڕین بەردەوام بووە، مردن لە بەحركەو جێژنیكان بێسنوور بووە وەك درێژەی ئەنفالكردن، تەنانەت هەندێك باس لە مردنی حەوت سەت منداڵ دەكەن، كە لەو دوو ئۆردوگایە مردبێتن.

سەرچاوەكان:

1- گەلها نزاركێ خالد ئەحمەد بادی كوردستان – دهۆك بەرگی دووەم 2024 چاپخانەها پارێزگوها دهۆكێ
2- ئەنفالا بادینان قوناغا هەشتێ ودوماهێک قوناغا قرکرنێ(خاتمە الانفال)/ نایف رەشو
3- جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد – هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ چاپی سێیەم 2013 چاپخانەی كەماڵ – وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق
4- سی دی دۆسیەی ئامادەكراوی ئەنفال لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە.
5- محكمە الانفال اعداد ریكار مزوری بمساعدە محامی ایاد كاكەیی
6- https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/250820239
7- https://www.facebook.com/watch/?v=948272956677311




په‌نـجه‌نمایـێـك بۆ ئه‌ده‌بـی سۆمه‌ری.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

پـێش خه‌به‌ر

(1)
ده‌روازه‌ ئاركیۆلۆژییه‌كان ئه‌وه‌یان یه‌كلا كردووه‌ته‌وه‌ یه‌كه‌م نیشته‌جی بوونی ئاده‌مزاد له‌ چه‌رخی به‌ردینی نوێیه‌وه‌، له‌ بنار و لووتكه‌ی چیاكانی باكووری ئه‌و شوێنه‌دا بووه‌، كه‌ له‌ ئاخر و ئۆخری فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ساسانییه‌وه‌ به‌ عێراق ده‌ناسرێ.
ئه‌و ده‌مه‌ ده‌شتاییه‌كانی باشووری عێراق له‌ ژێر ئاودا بوون، بێگومان هه‌ل و مه‌رج و باری سرووشتی و ئابووریی دامێن و قه‌دی ئه‌و چیایانه‌ له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و هۆیانه‌ بوون ‌ ئاده‌مزادی ئه‌و چه‌رخه‌ (چاخی به‌ردینی نوێ )ورده‌ ورده‌ واز له‌ ژیانی ڕاو و كۆكردنه‌وه‌ی بژێوی بێنێ و له‌ شوێنێك جێنشین بێ و بچێته‌ قۆناغی به‌رهه‌مهێنانی بژێوی و به‌خێو كردنی ئاژه‌ڵ و له‌ پاشانیش ئه‌و شۆڕشه‌ به‌رپا بكا كه‌ به‌ شۆڕشی كشتوكێڵ ناسراوه‌.
تا ئێستاش ( باوه‌كو له‌ شوێنی دیكه‌ش هه‌ندێ مه‌ڵبه‌ندی نیشته‌جێ بوون هه‌بوو بن، وه‌ك باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا و به‌شی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی میسیۆپۆتامیا ). دۆزراوه‌ی پاشماوه‌ی به‌رهه‌می شارستانیه‌ته‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن ‌ گوندی چه‌رموو (50 كم به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی چه‌مچه‌ماڵ) یه‌كه‌مین گوندی كشتووكێڵی بووه‌، ئه‌و دۆزراوانه‌یش زۆربه‌یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ (7000ی پ.ز) كه‌ ده‌كاته‌ زیاتر له‌ 9000 نۆ هه‌زار ساڵ به‌ر له‌ ئێستا.

(2)
به‌ دۆزینه‌وه‌ی مه‌عده‌ن و سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و چه‌رخه‌ی كه‌ به‌ چه‌رخی به‌ردی- مه‌عده‌نییه‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك ده‌سكه‌وتی گرنگ هاتنه‌ ده‌ست كه‌ مژده‌ی شارستانیه‌تێكی كامڵیان ده‌دا، له‌ ئاكامیشدا و له‌ ئه‌نجامی وه‌ختاوه‌ختی بێ بارانی و چه‌ند ماوه‌یه‌كی وشكان، ئاده‌مزادی به‌ره‌و خوار، به‌ره‌و ده‌شتاییه‌ به‌ پیته‌كانه‌وه‌ ڕاكێشا كه‌ هه‌موو هۆیه‌كی ژیانی تێدا بوو، به‌م جۆره‌ سه‌ره‌تای دروست بوونی شار و بڵاو بوونه‌وه‌ی كشتوكاڵێكی پێشكه‌وتوو به‌ هۆی ئاودان و به‌كارهێنانی ئه‌و ئامێره‌ نوێیانه‌ی چه‌رخی مه‌عده‌نی هێنایه‌ كایه‌ و به‌ره‌به‌ره‌یش وای لێهات كامڵتر له‌ ده‌شته‌ به‌ پیته‌كانی باشووری عێراق ده‌ر‌كه‌وت، ئه‌مه‌ش له‌ سنووری سێ هه‌زار و پێنج سه‌دی پ.ز. كه‌ به‌ چه‌رخی (نیمچه‌ مێژووییه‌وه‌-Proto historing) ناسراوه(‌1)

(3)
له‌ نیوه‌ی دووه‌می (3500 پ.ز)یش كه‌ نووسین داهێنرا بوو، له‌ هه‌زاری سێیه‌مدا به‌ره‌و پێشتر چوو، ئه‌وه‌ بوو نووسینی بزماری (Cuneiform) بوو به‌ هۆی تۆمار كردنی زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی ژیان و په‌رستگا و سیسته‌می حوكم، به‌ تایبه‌تیش له‌و كاته‌دا كه‌ به‌ كاتی ده‌وڵه‌تۆكه‌ی شار(دویلات المدن)ـه‌وه‌ ناسراوه‌…
ئه‌و ده‌مه‌ گه‌لێك له‌سه‌ر شانۆی ژیان بوون كه‌ به‌( سۆمه‌ری) ده‌ناسرێن.
هه‌ر له‌و كاته‌شدا واته‌ سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تۆكه‌ی شار چه‌ند ڕه‌مزی ئه‌فسانه‌یی په‌یدا بوون، له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌موویشیانه‌وه‌( گه‌لگامش )و پاڵه‌وانی لافاو (ئۆتۆناپووشتم).
ئه‌م ڕه‌مزانه‌یش (ئه‌گه‌ر بشێ بڵێین) نیشانه‌ی چه‌كه‌ره‌كردنی بیرو هه‌ست كردنی ئاده‌مزاد بوو به‌ ململانێی ‌ نێوان مان و نه‌مان.

(4)
بێگومان سۆمه‌ریه‌كان به‌ بنیاتنه‌ری شارستانیه‌تێكی ڕه‌سه‌ن ده‌ژمێردرێن(2) نه‌ك هه‌ر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا به‌ڵكو له‌ ته‌واوی دونایێدا.
ئینجا به‌رله‌‌وه‌ی بچینه‌ سه‌ر باسی ئه‌ده‌ب، وا چاكه‌ پێشه‌كیه‌ك له‌باره‌ی وشه‌ی سۆمه‌ر و نه‌ژادی سۆمه‌ریه‌كان بزانین.
نه‌ژادی سۆمه‌ریه‌كان تا ئێستا به‌ گرفتێكی مێژوویی ماوه‌ته‌وه‌ ئایا له‌ كوێوه‌ هاتوون و كه‌ی و به‌ گوێره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دونیا بۆ كام كۆمه‌ڵه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌؟ دیسان ئه‌م پرسیارانه‌ تا ئێستا به‌ هۆی دۆزراوه‌كانی به‌رده‌ست ئاركیۆلۆژیست و مێژووناسان نه‌یان توانیوه‌ به‌ ته‌واوی ده‌ستنیشانی نه‌ژادی سۆمه‌ریه‌كان بكه‌ن. خۆیشی ناوی (سۆمه‌ر) له‌ تێكسته‌ بزماریه‌كاندا به‌ (Ki-En-Gi)كی-ئێن -گی)یه‌وه‌ هاتووه‌، كه‌ (Ki)یش له‌ زمانی سۆمه‌ریدا نیشانه‌یه‌‌ بۆ شار یا وڵات ، بۆ نموونه‌ كه‌ ده‌نووسرا (ئوروم كی-Urimki) به‌م جۆره‌ نیشانه‌كه‌ی به‌ دوادا ده‌هات یا (له‌گه‌شLagashaki) كه‌ ده‌كاته‌ شاری له‌گه‌ش به‌ پێی ئه‌وه‌ی (Ki) به‌دوادا هاتووه‌. بڕگه‌ی دووه‌میش كه‌ (En)ـه‌ ، له‌ زمانی سۆمه‌ریدا به‌ مانانی گه‌وره‌، مه‌زن یا به‌ عاره‌بی (سید) و به‌ ئینگلیزیش (Lord) یا (master)ـه‌ بڕگه‌ی (Gi)یش نیشانه‌ی دارودره‌خته‌،كه‌ بڕگه‌كان هه‌موو ده‌كاته‌ گه‌وره‌ی وڵاتی (شاری) قامیش، یا (خه‌ڵكی وڵاتی قامیش)، كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌واو ئه‌و شوێنه‌ ده‌گرێته‌وه‌ سۆمه‌ریه‌كان بێشكه‌ی یه‌كه‌م شارستانیه‌تیان تیا دانا(3).
له‌ مه‌سه‌له‌ی ڕه‌گه‌زی سۆمه‌ریه‌كانیش، مێژووناسان گومانیان له‌وه‌دا نه‌ماوه‌ كه‌ ئه‌م گه‌له‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ سامییه‌كانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌ كوێوه‌ هاتوون و كه‌ی و چۆن و سه‌ر به‌ چ گرووپێكن وه‌ك نه‌ته‌وه‌)، ئه‌مه‌ تا ئێستا ساغ نه‌بووه‌ته‌وه(4) ‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ئاشكرایه‌ گه‌لێك له‌ باشووری عێراق كه‌ سامیش نین ده‌رده‌كه‌ون و شارستانیه‌تێك بنیات ده‌نێن كار له‌ گه‌لانی دیكه‌ش ده‌كه‌ن.( ئه‌كه‌د)یه‌‌كانیش كه‌ ده‌ڵێن سامین ناوی ئه‌م گه‌له‌یان به‌ (شوماریم-Sumerlm) بردووه‌.
له‌ هه‌موو ئه‌و دیارده‌ شارستانیه‌تیانه‌ش گرنگتر كه‌ سۆمه‌ریه‌كان دایان هێنا نووسین بوو، ئه‌و نووسینه‌ی به‌ نووسینی بزماری ناسراوه‌ و ‌ نزیكه‌ی به‌ ته‌واوی مه‌ڵبه‌نده‌ شارستانیه‌ته‌كانی ئه‌وسادا بڵاو ببووه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ش به‌ڵكو هه‌ندێ له‌ زانا ئاركیۆلۆژییه‌كان وه‌ك (موریMory) به‌ بناغه‌ی گشت نووسینێكی
دونیای داده‌نێن(5).
ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ دیارده‌ی دیكه‌ی وه‌ك پیشه‌سازی و بیناسازی و بازرگانی و هونه‌ر و…تاد كه‌ دۆزراوه‌ ئاركیۆلۆژیه‌كان به‌ڵگه‌ی بینراون له‌م ڕووه‌وه‌، به‌ چه‌شنێك یه‌كه‌م بن له‌ بنیاتنانی یه‌كه‌مین قوتابخانه‌ و یه‌كه‌مین گۆرانیی دڵداری و خۆشه‌ویستی و یه‌كه‌م چه‌كه‌ره‌ی بیر و یه‌كه‌مین له‌ داهێنانی زمان و نووسین.

ئه‌ده‌بـی سۆمه‌ری

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بیروباوه‌ری سۆمه‌ریه‌كان ئه‌فسانه‌ئامێز بووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ ئه‌ده‌به‌كه‌یان هیچ په‌یوه‌ندی به‌ ژیان و گوزه‌رانی ڕۆژانه‌ و ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ بیری بابه‌تی و مه‌نتیقییه‌وه‌ نه‌بێ، به‌ڵكو له‌ هه‌موو مه‌یدانێكدا تۆماركراوی ئه‌ده‌بییان هه‌بووه‌.
بێجگه‌ له‌وه‌ش ئه‌ده‌بـی سۆمه‌ری سیما و ئادگاری تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كۆنترین نه‌بێ له‌ ئه‌ده‌به‌ هه‌ره‌ دێرینه‌كانی دونیایه‌ و ئه‌ده‌بێكی ڕه‌سه‌نه‌ به‌و مانایه‌ی خۆیان به‌ ده‌ستی خۆیان، به‌و زمان و خه‌ته‌ی خۆیان دایانهێناوه‌ به‌ ده‌ستمان گه‌یشتووه‌، ئه‌مه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی ئه‌ده‌بیاتی دێرین، به‌ڵكو ئه‌ده‌بیاتی سه‌رده‌مه‌ نزیكه‌كانیش له‌ گۆڕان و ده‌سكاری و شێوانه‌وه‌ به‌ دوور بووه‌ دیسان ئه‌و ئه‌ده‌به‌ هی داهێنه‌ری سۆمه‌ری خۆیه‌تی(6) و ئاوێنه‌یه‌كی بێگه‌ردی سرووشتی ژیانی كـۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی بووه‌ ئه‌م سیما و ئادگاره‌ تایبه‌ته‌ش ئه‌و ئه‌ده‌به ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندتر كردووه‌، به‌وه‌ی بووه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی توێژینه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ی زۆر لایه‌نی ژیانی سۆمه‌ریه‌كان خۆیان ، هه‌روه‌ها زانین و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌ گرینگانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ بیروباوه‌ڕ و بۆچوونیانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ به‌رامبه‌ر گه‌لێك دیارده‌ی سرووشتی و دروست بوون و گه‌ردوون و دونیا و…تاد. هه‌رچه‌نده‌ تێكسته‌ ئه‌ده‌بیه‌كان به‌ به‌رارورد له‌گه‌ڵ تێكستی دی كه‌من، به‌ڵام ئه‌مانه‌ی هه‌موو تێدا هاتووه‌.
جێی باسه‌ دوای پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی ئه‌كه‌دی و لێكدانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تۆكه‌كانی شار له‌ لایه‌ن( سه‌رجۆنی ئه‌كه‌دیی)ـه‌وه‌، باوه‌كو زمانی ڕه‌سمی ده‌وڵه‌ت ئه‌كه‌دی بوو، زمانی ئه‌ده‌بی و هه‌موو ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ خوداوه‌ند و په‌رستگاوه‌ هه‌بوو، ته‌نانه‌ت به‌شێكی زۆری ئه‌وه‌ی له‌ قوتابخانه‌كان ده‌خوێندرا سۆمه‌ری بوو، ئێستاش دیقه‌ت ده‌ده‌ین گه‌لێك وشه‌ی سۆمه‌ری هاتووه‌ته‌ ناو زمانی ئه‌كادیمییه‌وه‌ ته‌نانه‌ت زمانی سۆمه‌ری كاریشی كردووه‌ته‌ سه‌ر ڕێزمانی ئه‌كه‌دی.(7)
به‌م جۆره‌ به‌ گوێره‌ی سۆمه‌ریه‌كان ئه‌گه‌رچی زمانه‌كه‌یان نه‌گه‌یشته‌ پله‌ی ئه‌لفوبێ و به‌ بڕگه‌یی مایه‌وه‌، به‌ڵام له‌ لایه‌نی ئه‌ده‌به‌وه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بوو (8).

بابه‌ته‌كـانی ئه‌ده‌بـی سۆمه‌ری

ئه‌ده‌بی سۆمه‌ری چ ئه‌وه‌ی به‌ شیعر یا ئه‌وه‌ی به‌ په‌خشان تۆمار كراوه‌ له‌ ده‌رگای گه‌لێك بابه‌تی داوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ژیان و بۆچوونیانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها بۆ نه‌ژادی بوون و گیروگرفته‌كانی كۆمه‌ڵ و هه‌ڵسوكه‌وتی تاقه‌ كه‌س به‌رامبه‌ر ئه‌و سیما و ئاكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌‌تیانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ ژیانی ڕۆحییانه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌كو: مردن و دونیای پاش مه‌رگ و مه‌سه‌له‌ی نه‌مری و چاكه‌ و خراپه‌ و یا ئه‌وه‌ی كه‌ پێی ده‌گوترێ عه‌داله‌تی خوایی.
ئه‌و بابه‌تانه‌ش ده‌توانین له‌م دوو سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مه‌دا كۆبكه‌ینه‌وه‌:

یه‌كه‌م/شیعر، دووه‌م/په‌خشان

به‌ گوێره‌ی شیعر ئێمه‌ لێره‌دا باسی چۆنیه‌تی ئادگاره‌ هونه‌ریه‌كانی ناكه‌ین سه‌باره‌ت به‌و هۆیانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ پێكهاتنی زمانی سۆمه‌ری خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ڵام هه‌وڵ ده‌ده‌ین ده‌ستنیشانی ئه‌و داستانه‌ به‌ ناوبانگانه‌ بكه‌ین كه‌ سۆمه‌رییه‌كان به‌ شیعر نووسیویانه‌ته‌وه‌ له‌ به‌رایی هه‌موو ئه‌و داستانانه‌شه‌وه‌، داستانی گه‌لگامش، كه‌ چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگی فه‌لسه‌فی تێدایه‌، له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ كێشه‌ و ململانێی مرۆڤ به‌رامبه‌ر به‌ مردن(9)…
بێجگه‌ له‌و وێنه‌ شیعریانه‌ی ئه‌و داستانه‌ نه‌مره‌… دا هاتوون به‌ نموونه‌ با پێكه‌وه‌ سه‌رنجێكی ئه‌م وێنانه‌ بده‌ین كه‌ له‌ داستانه‌كه‌دا هاتوون‌، كاتێ گه‌لگامش وه‌ڵامی عه‌شتار ده‌داته‌وه(10)‌ كه‌ داوای لێ ده‌كا بیهێنێ به‌هیوای ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رفه‌تێكی تردا بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ری:

( گه‌ر بتهێنم چیم پێ ده‌بڕێ؟
تۆ،
تۆ له‌ ئاگردانێك زیاتر نیت
ئاگره‌كه‌ی له‌ سڕه‌دا كوژابێته‌وه‌
تۆ وه‌ك ده‌رگای بنه‌بانێی،
هیچ بـا و زریانێك ناگێڕێته‌وه‌…
تۆ كۆشكێكی قاره‌مانی تیا كۆڵ ئه‌‌ده‌ن
تۆ قیڕی،
ئه‌وه‌ پیس ده‌كه‌ی هه‌ڵتده‌گرێ
تۆ كونده‌یێكی
ئه‌وه‌ی هه‌ڵتده‌گرێ ته‌ڕی ده‌كه‌ی…
تۆ كه‌وشێكی
ئه‌و پێیه‌ ده‌گه‌زی له‌ پێت ده‌كا…)(11)

ده‌توانین ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌ شیعر تۆمار كراون له‌مانه‌ی خواره‌وه‌دا كۆیان بكه‌ینه‌وه‌:
• ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ نه‌ژادی بوونه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك نه‌ژادی خوداوه‌ند و ئاده‌مزاد…
• داستانی پاڵه‌وانان، وه‌ك داستانی گه‌لگامش.
• ئه‌و چیرۆكانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ لافاوه‌وه‌ هه‌یه‌.
• ئه‌و شیعره‌ ئاینیانه‌ی له‌ هه‌ندێ بۆنه‌دا له‌ په‌رستگاكان ده‌خوێندرانه‌وه‌
وه‌كو په‌رستگای (ئێنلیل-Enlil).
• ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ مردن و دونیای خواره‌وه‌ (Nether world) هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌فسانه‌ی چوونه‌ خواره‌وه‌ی (عه‌شتار). (nin-an-na).
• شیعری خۆشه‌ویستی و دڵداری و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ژنهێنانی
خواوه‌نده‌وه‌ هه‌یه‌.
• شیعری لاواندنه‌وه‌، یا ئه‌و شیعرانه‌ی بۆ مردن و دونیای خواره‌وه‌ نووسراون.
بێجگه‌ له‌ چه‌ند بابه‌تی دیكه‌ش كه‌ هه‌ر به‌ شیعر نووسراونه‌ته‌وه‌، له‌مانه‌ش هه‌ندێكیان بۆ پیاهه‌ڵدانی خواوه‌ندان گوتراون‌.
وا له‌ خواره‌وه‌ چه‌ند پارچه‌ شیعرێك به‌ پێی ماوه‌ی ئه‌م وتاره‌ به‌ نموونه‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو(12)
(1) به‌شێك له‌ ئه‌فسانه‌ی سه‌فه‌ری نینئه‌ننا (عه‌شتار) بۆ دونیای خواره‌وه‌…
ئه‌م شیعره‌ داڕێژراوی شاعیرێكی سۆمه‌ریه‌…
(رسته‌ دووباره‌ كراوه‌كانی لێ لابراوه‌).
شیعره‌كه‌ درێژه‌…به‌ڵام ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ له‌و ڕاسته‌وه‌ ده‌ست پێی ده‌كا كه‌ (نه‌نۆشۆبیر)، قاسیدی (نینئه‌ننا) بۆ ڕزگار كردنی ده‌چێته‌ لای خواوه‌ندان:
…………………
ئێنلیل، ئه‌ی باوك!
مه‌هێڵه‌ كچه‌كه‌ت
حوكمی مردنی له‌ دونیای خواره‌وه‌دا
به‌سه‌ردا بدرێ
مه‌هێڵه‌ ماده‌نه‌ بێ خڵته‌كه‌ت،
تێكه‌ڵ به‌ خۆڵی دونیای خواره‌وه‌ بێ
مه‌هێڵه‌ لازوه‌رده(13)‌‌ گرانبه‌هایه‌كه‌ت بشكێ و
ببێ به‌ به‌ردی ده‌ستی به‌رده‌وانان.
مه‌هێڵه‌ نینئه‌ننای هێشتا كچ
حوكمی مردنی له‌ دونیای خواره‌وه‌ به‌ سه‌ردا بدرێ.

ئه‌گه‌ر ئێنلیل له‌م كاره‌دا لایه‌نگیری نه‌كردی، بچۆره‌ (ئوور)… له‌ ئووریش، كه‌ له‌ ماڵدا، له‌ وڵاتدا ده‌چیته‌ ژوور(14)
له‌ (ئیكشونوگال)، مه‌زڵی ننا(15)…
له‌ پێشیدا بگری و(بڵێ):
ننا، ئه‌ی باوك!
مه‌هێڵه‌ كچه‌كه‌ت…(لێره‌دا پێنج دێر دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌).
ئه‌گه‌ر ننایش له‌م كاره‌دا لایه‌نگیری نه‌كردی، بڕۆ (ئه‌ریدۆ)،
له‌ (ئه‌ریدۆ)ش كه‌ ده‌چێته‌ ماڵی (ئانكی)(16) له‌ پێشیدا بگری و بڵێ:
ئانكی ئه‌ی باوك!
مه‌هێڵه‌ كچه‌كه‌ت… (لێره‌دا پێنج دێره‌كه‌ی پێشوو دووباره‌ ده‌بنه‌‌وه‌).
ئانكی باوك و گه‌وره‌ی حیكمه‌ت
كه‌ (خۆراكی ژیان) و (ئاوی حه‌یات) ده‌ناسێ
به‌ ڕاستی ژیانم پێ ده‌داته‌وه‌…تاد ‌(17)

(2)) نموونه‌ له‌ ئه‌ده‌بی لاواندنه‌وه‌، كه‌ بۆ لاوانه‌وه‌ی شاری (ئوور) گووتراوه‌كه‌ خوداوه‌ند به‌ جێی دێڵن (دوای ئه‌وه‌ی دێره‌ دووباره‌كراوه‌كانی لێ لابراوه‌).
………………
حه‌وشه‌ی مێگه‌لی به‌جێ هێشت،
بۆیه‌ بـا بردی
(گای كێوی)(18)
حه‌وشه‌ی مه‌ڕه‌كانی به‌جێ هێشت و بـا بردی.
ئێنلیل حه‌وشه‌ی ڕانی به‌جێ هێشت ئیتر بـا بردی…
………………
له‌ چله‌مین دێردا شیعره‌كه‌ ده‌گاته‌ لاواندنه‌وه‌ی شاری ئور:
( لاوانه‌وه‌ت، به‌ ئێشه‌، تاڵه‌
ئه‌ی شاره‌كه‌
شاری ئووری وێران بوو، لاوانه‌وه‌ی تاڵه‌، به‌ ئێشه‌
چه‌ندی لاوانه‌وه‌ به‌ ئێشه‌كه‌ت بمێنێ
گه‌وره‌ی گریاوت ئه‌وه‌نده‌،
خه‌مبار ده‌بێ…
ئه‌و خواوه‌نده‌ی ماڵی خۆی كاول كرد
له‌ گریان و وه‌خۆڕاهاتندا هاوبه‌شی شاره‌كه‌یه‌تی…تاد(19)

(3) نموونه‌ی شیعری خۆشه‌ویستی وعه‌شق
ئه‌م نموونه‌یه‌ی خواره‌وه‌ پارچه‌ شیعرێكه‌ تایبه‌ت به‌ ئاهه‌نگی ژنهێنانی خواوه‌ند كه‌ پێی ده‌گوترا (گـیپار). ئه‌م ئاهه‌نگه‌ش له‌ په‌رستگا، یا كۆشكی پاشادا ساز ده‌درا، پاشا ده‌وری خواوه‌ندی ده‌دی وكاهنێكیش ده‌وری نینئه‌ننای ده‌دی. هه‌ردووكیشیان ده‌ڕازێنرانه‌وه‌ و ژوورێكی تایبه‌تیان له‌ په‌رستگادا بۆ ته‌رخان ده‌كرا، ئینجا بووك به‌م شیعره‌ پێشوازی زاوای ده‌كرد.
ئه‌م شیعره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رده‌می پاشایه‌كی ئیسن (2017 پ.ز):

ئه‌ی ئه‌و زاوایه‌ی ‌ دڵم عاشق و سه‌وداسه‌ریه‌تی
به‌ تۆ گه‌یشتن چه‌ند خۆشه‌،
شیرینه‌ وێنه‌ی هه‌نگوین
به‌ خۆشه‌ویستیت ئه‌سیرت كردم.
خۆزگه‌ ده‌هاتیه‌ ژووری نووستن…
لێمگه‌رێ ڕاتمووسم زاواكه‌م
ماچه‌كانم له‌ هه‌نگوین شیرینترن…
له‌ پێخه‌فی چوونه‌ باڵ یه‌كدا
بمهێڵه‌ چێژ له‌ جوانیت وه‌ربگرم…
هه‌سته‌ ڕابه‌ ئه‌ی زاواكه‌م بۆ ماڵمان
تا ڕۆژ ده‌بێته‌وه‌ لێی بنوو(20)…

(4) ئه‌م شیعره‌ی خواره‌وه‌ش نموونه‌ی شیعرێكه‌ له‌ به‌یه‌ك گه‌یشتنی دوو خواوه‌ندی عاشق ده‌دوێ، زۆربه‌شی به‌ زمانی نینئه‌ننا و دموزی- ته‌موز ده‌رده‌بڕێ.
له‌م شیعره‌ی خواره‌وه‌ دموزی داوای به‌ یه‌كگه‌یشتنێكی په‌له‌ له‌نینئه‌ننا (عه‌شتار) ده‌كا.
شیعره‌كه‌ دێره‌ دووباره‌كراوه‌كانی لێ لابراوه‌:

دوێنێ، كه‌ من،
شاژنی ئاسمان
وه‌ختێ له‌سه‌ر یه‌ك ته‌ل ڕازابوومه‌وه‌
به‌ خۆم ده‌نازیم…
كاتێ به‌ ته‌نێ كه‌یفم ده‌كرد،
ورشه‌م ده‌دا…
كاتێ له‌گه‌ڵ هه‌ڵاتنی نووری شه‌فه‌ق گۆرانیم ده‌چڕی
كه‌(كولی-ئاننا-(21) هاته‌ لام
كه‌ تاجی سه‌رم (دموزی) پێم گه‌یی
(ئوشم-گال-ئاننا) (22)ده‌ستی تێوه‌رێنام…
لێره‌دا نینئه‌ننا ده‌یه‌وێ له‌به‌ری هه‌ڵبێ و پێی ده‌ڵێ:

ئه‌وه‌ چییه‌(گای كێوی)! لێم گه‌ڕێ…
ده‌مه‌وێ به‌ره‌و ماڵ ببمه‌وه‌…
چ به‌ دایكم بڵێم؟
چ بیانوویه‌ك بۆ (ننگاڵی) دایكم بهێنمه‌وه‌…؟
ده‌موزیش به‌م جۆره‌ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌:
ئه‌ی نینئه‌ننا…
ئه‌ی له‌ هه‌موو ژنان ژنتر
فێرت ده‌كه‌م چی بڵێی،
پێی بڵێ،
له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ خوشكێكم بۆ مه‌یدانی گشتی شار چووین
به‌ گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێ ڕامانبوارد و
سترانه‌كی خۆشی بۆ چڕیم
له‌ خۆشیان…خۆم له‌ بیر چوو و
دره‌نگیم لێ داهات(23)
(ئه‌وی به‌ په‌خشانیش نووسرابێته‌وه‌ گه‌لێك بابه‌تی گرتووه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌( سه‌ره‌رای ئه‌و قانوونانه‌ی كه‌ سۆمه‌ریه‌كان به‌ گه‌لێك له‌ پێش حامورابییه‌وه‌ دایان ناوه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی زانیاری و ئه‌ده‌بی حیكمه‌ت و په‌ند و قسه‌ی نه‌سته‌ق و چیرۆكی هه‌مه‌جۆری دی.
وا له‌ خواره‌وه‌ نموونه‌ی هه‌ندێ له‌و په‌ند و قسه‌ نه‌سته‌قانه‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو به‌ هیوای ئه‌وه‌ی له‌ ئاینده‌دا سه‌ربه‌خۆ باسی دیارده‌ تۆماركراوه‌كانی شارستانیه‌تیان بكه‌ین:

• (هه‌ر به‌ ته‌نها هه‌ژارانن له‌ وڵاتی سۆمه‌ردا ‌ بێده‌نگن.
• (قسه‌ی دایكت وه‌ك فه‌رمانێكی خودایی وه‌رگره‌‌).
• (داوای ژیان له‌ (نه‌نگشزیدا)(24) مه‌كه‌.
• (ماڵ، وه‌ك باڵنده‌ وایه‌ نیشتمانێكی جێگیری نییه‌).
• (تۆڕم كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كۆته‌كان مه‌حكه‌من).
• (قازانج بێ ماندوو بوون نابێ).
• (كه‌ هه‌ستی كرد نزیكه‌ مردنه‌ وتی هه‌رچی هه‌مه‌ با بیخۆم،
كه‌ چاكیش بووه‌وه‌ وتی با ده‌ستم بگرم).
• (ده‌شێ براده‌رایه‌تی ڕۆژێ بخایه‌نێ ،كۆیلاییه‌تیش زه‌مانێ).
• (پیاو سێبه‌ری خواوه‌نده‌، كۆیله‌ش سێبه‌ری پیاوه‌،
به‌ڵام پاشا وێنه‌ی خواوه‌نده‌).
• (كه‌ هێوێنی بیره‌ ترش بێ، بیره‌ چۆن شیرین ده‌بێ).
• (دووپشك به‌ مرۆڤێك وه‌ده‌دا چ سوودێكی پێ ده‌گا؟
سیخوڕێكیش مردن بۆكه‌سێ دێنێ چی پێ ده‌بڕێ).
• (گای بێگانان گیای ده‌خوا، هی خاوه‌ن كێڵگه‌ش له‌ برسا مۆڵ ده‌بێ).
• (ئه‌وه‌ی خۆشت ده‌وێ، ده‌بێ به‌رگه‌ی زوڵمیشی بگری).
• (هونه‌ری نووسین باوكی زانایان و دایكی خه‌تیبانه‌).
• (ژنی ده‌ست بڵاو له‌ ماڵێدا له‌ هه‌موو شه‌یتانان به‌ زیانتره‌).

دواجار ئه‌وه‌ په‌نجه‌نمایه‌ك بوو بۆ ئه‌ده‌بی سۆمه‌ری، ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ سه‌رچاوه‌ی گه‌لێك داهێنانی نوێیه‌، پێم وایه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بابه‌تێك نییه‌ بتوانرێ به‌ ئاسانی كون و كه‌له‌به‌ره‌ شاراوه‌كانی ده‌ستنیشان بكرێ، به‌ قه‌ده‌ ئه‌وه‌ بابه‌تێكی چه‌شه‌ به‌خشه‌. هه‌رچی چۆنێكه‌ ئه‌م سه‌ره‌قه‌ڵه‌مه‌ له‌ مشتی خه‌روار زیاتر نییه‌.

پـه‌راوێـز

(1) بۆیه‌ پێی ده‌ڵێن چه‌رخی نیمچه‌ مێژوویی، چونكه‌ ئه‌و ده‌مه‌ نووسین هێشتا له‌ سه‌ره‌تادا بوو و له‌ كاروباری په‌یوه‌ندار به‌ ژیان به‌كار نه‌هاتبوو.
(2) شارستانیه‌تی ڕه‌سه‌ن (Original Civilization) واته‌ ئه‌و شارستانیه‌تیانه‌ی كه‌ له‌ شارستانیه‌تی تره‌وه‌ په‌یدا نه‌بووبن، به‌ڵكو له‌ كو‌لتووری چه‌رخه‌كانی پێش مێژوو په‌یدا بووبن و نه‌شونمایان كردبێ.
(3) هه‌ندێ له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ (سۆمه‌ر) و (كی- ئین- گی) دوو وشه‌ی دوو شێوه‌ی سۆمه‌ری (ئه‌میكۆ) و (ئه‌میزاڵ) بن كه‌ یه‌ك مانا ببه‌خشن (كه‌ ئه‌میكۆ)ش زمانی نووسین و (ئه‌میزاڵ)یش شێوه‌ی قسه‌كردن بووه‌)… هه‌ندێكی دی (كی-ئین- گی) یان به‌ (وڵاتی خواداوه‌ند ئانگی) وه‌رگێراوه‌- (بڕوانه‌: جۆرج ڕۆ – العراق القدیم- وه‌رگێرانی حسین عه‌لوان حسین-ل585).
(4) ئاركیۆلۆژی كه‌ ده‌كاته‌ زانستی هه‌موو شوێنه‌وارناسی هه‌میشه‌ پشت به‌ به‌ڵگه‌ی دۆزراوه‌وه‌ ده‌به‌ستێ، له‌م زانسته‌دا هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌كی مێژوویی جێگای گومان ده‌بێ به‌و پێیه‌ی ده‌گونجێ دۆزراوه‌ی نوێ زانیاریه‌كانی پێش خۆی ڕه‌ت بكاته‌وه‌ یا خود زیاتر بیچه‌سپێنێ… بۆ نه‌ژادی سۆمه‌ریه‌كانیش هه‌ر به‌و ڕه‌نگه‌، شایه‌د سبه‌ی زانیاری تازه‌ به‌ هۆی پشكنینی ئاركیۆلۆژی بدۆزێته‌وه‌.
(5) بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه ‌(Moory: The Origien of Civilization-Oxford).
(6) هه‌رچه‌نده‌ كه‌م وارێك كه‌وتووه‌ ناوی نووسه‌ر یا داهێنه‌ره‌كه‌ی به‌ سه‌ره‌وه‌ بێ- ته‌نها نووسه‌ره‌كان وه‌ك له‌ تابلۆ قوڕیه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێ به‌ ته‌واوی خۆیان به‌ تێكسته‌ ئه‌سڵیه‌كه‌ ده‌به‌سته‌وه‌.
(7) هه‌ر بۆ نموونه‌ ده‌بووایه‌ فرمان وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ كۆمه‌ڵه‌ی زمانه‌ سامییه‌كاندا له‌ پێشه‌وه‌ی ڕسته‌دا بێت، سه‌یر ده‌كه‌ین له‌ زمانی ئه‌كه‌دیدا (كه‌ ده‌یگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵه‌ی زمانه‌ سامییه‌كان) فرمان له‌ كۆتاییدا دێ.
(8) زۆر تێكستی سۆمه‌ری كه‌ بۆ زمانی ئه‌كه‌دی و شێوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بابلی و ئاشووری وه‌رگێڕدراون دۆزراونه‌ته‌وه‌.
(9) نووسه‌ری ئه‌م چه‌ند دێره‌ ده‌به‌ردایه‌ ئه‌م داستانه ‌)مه‌به‌ستم داستانی گه‌لگامش)ـه‌ ده‌كاته‌ كوردی دوای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌راوردی تێكسته‌ وه‌رگیڕدراوه‌كان ته‌واو ده‌كا و به‌ تایبه‌تیش تێكسته‌كه‌ی مامۆستا ته‌ها باقر له‌گه‌ڵ تێكستی چـپایزه‌ر.

( ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌كاتی خۆیدا لێره‌ له‌ په‌راوێزی(9) نۆیه‌مدا ئاماژه‌م پێ دابوو ، پاش ماوه‌یه‌ك له‌ وه‌رگێڕانی داستانه‌كه‌ بوومه‌وه‌ به‌ په‌راوێزنووسی و ڕوونكردنه‌وه‌ی زۆری لایه‌نی داستانه‌كه‌ كه‌‌ پشتم به‌ستبوو به‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌ی باوه‌ڕپێكراو ( به‌وی من خۆم شوێنه‌وارناسی)م له‌ زانكۆی به‌غدا ته‌واو كردبوو ، كه‌م تا كورتێك شاره‌زاییم له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رچاوه‌كانه‌وه‌ هه‌بوو .. ، ئه‌و ده‌مه‌ش چاپكردن ئاسان نه‌بوو ، مایه‌وه‌ تا پاش (ڕاپه‌ڕین)، ڕاستی ئاماده‌م كردبوو هه‌وڵی چاپكردنی بده‌م ، زۆر له‌ براده‌رانیش سیایی داستانه‌كه‌یان دیبوو، كه‌چی له‌ پرۆسه‌یه‌كی باوه‌ڕنه‌كرده‌دا ، له‌ شه‌ڕی(قاره‌مانانه‌)ی برایاندا كۆمه‌ڵێك له‌و جه‌رده‌ و ڕێـگر و داخ له‌ دڵه‌ جاهیلانه‌ی نه‌ له‌ مێژوو گه‌یشتوون نه به‌ته‌مان تێی بگه‌ن له‌ به‌ره‌به‌یانێكی شوومدا (پاڵه‌وان)انه‌ هه‌ڵیان كووتایه‌ سه‌رماڵی دایك و خوشك و برام له‌ گه‌ڕه‌كی شۆڕش له‌ هه‌ولێر كه‌ ته‌نیا ژن و منداڵی لێ بوون (من ئه‌وسا به‌هۆی بارودۆخی ماددی ماڵی سه‌ربه‌خۆم نه‌بوو به‌ خێزانه‌وه‌ له خزمه‌ت دایكمدا بووم) ، كتێبخانه‌كه‌م كه‌ هه‌موو براده‌رانم ئه‌وانه‌ی نمه‌كیان كردووم ده‌زانن خۆی له‌ زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زار8000 كتێب و دیكۆمێنتی مێژوویی ده‌دا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ده‌سنووس له‌ پێشه‌وه‌یان ئه‌م داستانی(گه‌لگامش)ـه‌ ‌ كه‌ زۆری پێوه‌ ماندوو بوو بووم ، كتێبه‌كان له‌ بازاڕی هه‌ولێر هه‌رزانفرۆش كرا بوون( به‌وه‌ی هه‌ندێ خزم چه‌ند دانه‌یه‌كیان بۆ كڕیبوومه‌وه‌ كه‌ ناوی منیان به‌سه‌ره‌وه‌ دیبوو) و ده‌سنووسه‌كانیشم هه‌مووی تـیاچوون ، زۆر به‌ داخه‌وه‌ش كه‌سێ ، كه‌من زیاتر ڕووم له‌و براده‌رانه‌یه‌ نان و نمه‌كمان له‌به‌ین بوو ورته‌یان لێوه‌ نه‌هات .
به‌م چه‌شنه‌ داستانی گه‌لگامش ، باسی ڕۆحی به‌فرینی دایكم ناكه‌م كه‌ پاشان به‌ ماوه‌یه‌كی كورت دوای ئه‌وه‌ی به‌ پێخواسه‌وه‌ له‌ بازگه‌ به‌ڕێیان كردبوو و له‌ داخا به‌ گه‌یشتنی به‌ چه‌ند ڕۆژێك گیانی سپارد ، كه‌ل و په‌لی ماڵێش له‌ولاوه‌ بوه‌ستێ..
(سه‌یرایه‌تی – مفارقة)ـه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری به‌رپرسه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌م لا و ئه‌و لا هه‌بوو مڵك و ماڵه‌كانیان وه‌ك گوڵ پارێزرابوون!!) ..

(10) سۆمه‌ریه‌كان پێیان گووتوه‌ (نینئه‌ننا) كه‌ به‌ زمانی سۆمه‌ری (شاژنی ئاسمان) ده‌گه‌یه‌نێ، ئه‌م خوداوه‌نده‌ خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی و شه‌ڕه‌ له‌ یه‌ك كاتدا و كچی (مانگۆ)ی خواوه‌ندی ئاسمان و (سن)ی خواوه‌ندی مانگه‌. ئه‌كه‌دیه‌كان پێیان گوتووه‌ (عه‌شتار).
(11) باقر، ته‌ها- مقدمه‌ فی ادب العراق القدیم- به‌غدا 1976 ل111.
(12) بێگومان لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ و شیعری سۆمه‌ری به‌ گشتی و تێگه‌یشتنی دونیای، لێكۆڵینه‌وه‌ و له‌سه‌ر وه‌ستانێكی ده‌وێ كه‌ ده‌شێ بابه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بێ ئێمه‌ لێره‌دا هه‌ر بۆ ئاشنا كردنی خوێنه‌ر به‌م نووسینه‌ كورته‌ ئه‌م نموونانه‌مان هێنانه‌وه‌، شایه‌د ڕۆژێ به‌ درێژی بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ری.
(13) به‌ردێكی به‌ نرخه‌ وه‌ك پیرۆزه‌ وایه‌ له‌ هه‌موو دونیادا ته‌نیا له‌ (مه‌كسیك)و(ئه‌فغانستان)دا هه‌یه‌ له‌ جیهانی دێریندا بازرگانی پێوه‌ ده‌كراو
له‌ به‌رامبه‌ر زێڕی بوو.
(14) لێره‌دا ماڵ و وڵات، مه‌به‌ستی له‌ په‌رستگایه‌.
(15) ناوی په‌رستگای خواوه‌ندی مانگ(ننار)ـه‌ كه‌ خواوه‌ندی سه‌ره‌كی
شاری(ئوور) بوو.

(16) خواوه‌ندی ئاو و خاك و حیكمه‌ته‌ لای سۆمه‌ریه‌كان و مه‌ڵبه‌ندی په‌رستنیشی شاری (ئه‌ریدۆ) بووه‌.
(17) كرێمر، سموئێل-الواح سومر-وه‌رگێڕانی ته‌ها باقر و د.ئه‌حمه‌د فه‌خری ل٠72
(18) له‌ سیفه‌ته‌كانی دموزی بووه و‌ پێی وه‌سف كراوه‌.
(19) باقر، ته‌ها-مقدمه‌ فی ادب العراق القدیم- به‌غدا-1976 ل 412.
(20) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 291.
(21) ئه‌مه‌ش خواوه‌ند دموزی پێ وه‌سف كراوه‌، خۆیشی (Kuli) له‌ زمانی سۆمه‌ریدا به‌رامبه‌ر (Friend)ی ئینگلیزییه‌ كه‌ ده‌كاته‌ براده‌ر، به‌ڵام لێره‌دا به‌ مانای (هاوڕێی ئانو) هاتووه‌.
(22) ئوشوم، گاڵ -ئانا، واته‌ (ئه‌ژدیهای ئاسمانی مه‌زن)، كه‌ ئه‌مه‌ش خواوه‌ند دموزی(ته‌موز) پێ وه‌سف كراوه‌.
(23) باقر، ته‌ها، مقدمه‌ فی ادب العراق القدیم- ل 196.
(24) خواوه‌ندی مردنه‌.

سه‌رچاوه‌كان:

❊ كریمر،صموئیل -من الواح سومر -ترجمه‌:طه‌ باقر و د .احمد فخری
مؤسسه‌ فرانكلین.
❊ باقر،طه‌- مقدمه‌ فی ادب العراق القدیم: بغداد- 1976.
❊ رشید، فوزی- السیاسه‌ والدین فی العراق القدیم- بغداد 1983.
❊ كریمر،صموئیل -السومریون- ترجمه‌ فیصل الوائلی- وكاله‌ المطبوعات- الكویت.




میدیای پارتی: هەر موچەخۆرێک خۆی لە ” هەژماری من” تۆمار نەکات موچەکەی ڕادەگیرێت!.. تاهیر عیسا

ئەمە مانشێتی هەڕەشەکانی چەندبارەی دەسەڵاتی ڕوزەردو زەبونی پارتیی و هاو ئاهانگەکانیەتی کە لەموچەخۆرانی هەرێم دەکرێت.
ناوەرۆکی ئەم مانشێتەو هەڕەشەکانیان، بەڵگەی تاسەرمۆخ نیشاندانی دەسەڵاتێکە کە چەندە دژە ئازادیە هەرەسەرەتاییەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشە لەکوردستاندا.
بەڵگەی ئەوەیە کە لە بەرامبەر خواست و ویست و بەرژەوەندی زۆرینەی کۆمەڵگادا، زیاتر لەسی وسێ ساڵە سەنگەریان لەخەڵک گرتوەو بەهەر جۆرێک و شێوازێک کە خۆیان ویستبێتیان هەوڵیان داوە خەڵکی کەمدەرامەدی کوردستان لەبەرامبەر خۆیاندا لەو پەڕی زەلیلی و بێ ئیرادەییدا بخەنە سەرئەژنۆ.
لە سەرکوتی هەر ناڕەزایەتیەک کەلەبەرامبەیاندا بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەران و دەستبەرکردنی ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکانیان، دەستی بۆبرابێت، هەتا ئاستی تەقەکردن و کوشتن و بریندارکردن و کەم ئەندامکردنیان، یان زیندان وئازارو ئەشکەنجە، یان هەڕەشەو چاوسورکردنەوە لە هەڵسوڕاوان و ڕۆژنامەوانان و هەتا تیرۆرکردنیان، کە ئەگەر ناویان لێرەدا بیربهێنرێتەوە لیستێکی دورو درێژی سەدان کەسی لە تیرۆرکراوانی دەستی ئەم دەسەڵاتە دزێوەی کوردایەتی، لەم بابەتەدا دەگرێت.
ئەمە کارنامەی دزێوی ئەم دەسەڵاتە دزو گەندەڵەی ئەم دو بنەماڵە ئۆلیگارشیەی کوردستان و دەستەو تاقمی دەورو بەریان بوە.
هەڕەشەی ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەران بەبیانوی پەیوەست نەبونیان بە”هەژماری من” ی ئەوان، کە مەعلومە هەژمارێکە لەپێناو دزی و تاڵانی زیاتر لەلایەک و لەلایەکی دیکەش بەبارمتەگرتنی موچەخۆرانە لەهەژمارێکەوە، کە کۆنتڕۆڵی دان ونەدانی موچە لەژێر دەستی خۆیاندا دەهێڵێتەوە و لەم ڕێگایەشەوە وەک چۆن ئێستا ناوەرۆکی هەڕەشەکە بەڵگەی ئەمەمان دەسەلمێنێت کە دەوترێت موچەکانیان ڕادەگیرێت ئەگەر پێیەوە پەیوەست نەبن، بەهەمان شێوەش ئەگەر موچەخۆران بچنە ژێر باری ویستی ئەوان، سبەینێ لەدەستبردن بۆ هەر ناڕازیبونێک و خۆپیشاندانێک، لەڕێگای هەژماری ئەوانەوە هەڕەشەی موچە نەدان کارتێکی فشاری ئەم باندە دزو مافیاو تیرۆریستە حاکمەی ئێستا دەبێت.
ئەم دەسەڵاتی جوت بنەماڵەییە، کە هەریەکەیان زۆنێکی بۆخۆی ڕەنگڕێژکردووە، هەریەکەی لەقەڵەمڕەوی خۆیدا باشخانێکی پیسی دزی وفەسادی و سەرکوتی ئازادیە سیاسی و فکریەکانی خەڵکی ناڕازی پشت سەری خۆی ناوە، شەرعیەتی ئەم جۆرە لە حوکمڕانییان لەڕێگای پەنجەمۆری خەڵکەوە لەهەڵبژاردنە ساختەکانیاندا، بۆخۆیان بەدەست هێناوە.
ترش و خوێی ئەم ڕێگا پوچەی بەقەول دیموکڕاسیی و فرەیی و پلۆڕالیزمییە، دەرکەوتن وسەرهەڵدانی ناوە ناوەی ئۆپۆزیسیۆنی ساختە بووە، ئۆپۆزیسیۆنێک کە “DNA” کە ی سەد لەسەد لەم دەسەڵاتە دزو گەندەڵە واوەتر نەبوەو نییە. ئەوەی جێگای باسیشە لێرەدا، لێدوانێکی قوباد تاڵەبانییە، کە براکەی، بافڵ تاڵەبانی، لەهەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەڕلەماندا، بەسەختی ودژواری بانگەشەیەکی تەفرەئامێزی دەرخواردی خەڵکداو، وای ئیدیعا دەکرد کە دەیەوێت جیاوازتربێت لەسیاسەت و کارنامەی ڕابردوی باوکی و ژیانی خەڵک دەگۆڕێت، بانگەشەی دەستبردن بۆ هەژماری منی وەک کارتێکی هەستیارو کاریگەر لەهەڵبژاردنەکاندا بەکار هێناو دەنگی خۆی بەساختە خستە پاڵ دەنگی موچەخۆران بۆ ڕەتکردنەوەی پڕۆژەی هەژماری مەسروربارزانی، بەڵام دوای دیدارو گفتوگۆکانی لەگەڵ مەسروربارزانی، سەبارەت بەهەژماری من وتی ئەو تێبینایانەی پێشتر بوومە لەسەر هەژماری من ئێستا لێکتێگەیشتنمان بۆ دروست بووە و چارەسەرکراون.
دو ڕۆژ لەمەوبەریش، قوباد تاڵەبانی، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، خۆشبەختانە هەمو ئەو تێبینیانەی کەهەبون لەسەر پڕۆژەی هەژماری من یەکلابونەتەوە.
لەڕاستیدا ئەمانە چۆن بای بێت لەوێدا بەو ئاراستەیە شەن و کەوی خۆیان دەکەن، دەنا مەسەلەکە پەیوەست نییە بە تێبێنی و ڕەوینەوەو نەڕەوینەوەی سەرنج، بەڵکو خۆشیان هیچ سەرنجێکیان هەتا پێش دەورانی خولی شەشەمی پەڕلەمان لەسەر هەژماری من نەبو، بەڵکو لە زۆربەی دام دەزگاکانی سلێمانیش بەزۆر فۆڕمی هەژماری من بە موچەخۆران پڕ دەکرایەوە، ئەمەش نیشانەی کەم مۆڕاڵی سیاسیی ئەم حیزب و کەسایەتیانەیە، کە لەبەرامبەر خەڵکدا بۆ تەفرەدانیان دەگیرێتە بەر.
مەسعود بارزانیش چەند ڕۆژێک لەمەو بەر هەڕەشەی لەحکومەتی ناوەندی عێڕاق کرد، کە ئێمە چیتر بەمجۆرە قبوڵناکەین، کە موچە لەکاتی دیاریکراودا نەیەت، ئەو گوتی خۆ ئێمە سواڵکەر نین!
لەکاتێکدا ئەوان بەدەیان ساڵە یاری بە موچەو قوتی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن و بە دەیان مانگی موچەی موچەخۆران، یان بەناوی پاشەکەوتەوە خواردوە یان بەلێبڕینەوە یان هەر پێیان نەداون، سەرباری دواکەوتنی موچە هەتا نزیک لەدو مانگیش، کەچی مەسعود بارزانی ڕو بەبەغدا دەڵێت خۆ ئێمە سواڵکەر نین؟
لەڕاستیدا حکومەتی گەندەڵی سودانی و دەسەڵاتی گەندەڵی کوردی دو دەسەڵاتی بۆرجوازی گەندەڵ و دزو فەسادی ناوچەکەن، هەردوکیان بەرژەوەندیەکانیان لێکهەڵپێکراوە و لەیەکتر هێز بۆ حوکمڕانی و دەسەڵات وەردەگرن!
بەڵام، پارتی و بارزانی بەدو کەسایەتی جیاواز لەگەڵ بەغدا هەڵس وکەوت دەکەن، بەواتای دوچاری لەتبونی کەسایەتی هاتون، چونکە هەتا ئێستاش لەناو تەم ومژی ئاڵ وگۆڕەکانی ناو سیستەمی چاوەڕوانکراوی تازەی جیهان و ناوچەکەو ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەرچاویان ڕۆشن نییە، پێشتر کە لەسیاسەتی ئابوری سەربەخۆو فرۆشی نەوت و دواتریش بەڵای ڕیفڕاندۆمدا، سەرکەوتو نەبون، دوای ئەوە حکومەتی ناوەند وردە وردە ئەو سەنگەرانەی پێچۆڵکردن، کە پێشتر لە سەردەمی دەسەڵاتی دیفاکتۆییاندا هەیان بو، هەم لەئاستی عێڕاق وناوچەکەداو هەم لەئاستی جیهانیشدا قورساییان هەبو، دوای ئەمەو هەنگاو بەهەنگاو لەبەرامبەر بەغدادا پاشەکشەیان پێکرا.
لەلایەک لە حکومەتی ناوەنددا شەریکن، تا ئەو جێگایەی پێگەی حکومەتی ناوەند لەناو ئاڵ وگۆڕە سیاسی و ئابوری و سەربازیەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پارێزراو بێت ئەوان بەشێکن لەو حکومەتە، زۆر لەمێژ نییە لەسەرو بەندی دوای ملشکانی ڕژێمەکەی ئەسەدو دەرکەوتنی سیمای تیرۆریستی ئیسلامی ئەحمەد جۆلانیدا لەسوریا، هەڕەشەی ئەوەیان دەکرد لەحکومەتی ناوەندو پەڕلەمان دەکشێنەوە، دواتر ئەو شەپۆلی ئاڵ وگۆڕانە، بەنیازو ویستی ئەوان نەڕۆیشتە پێش و لەم هەنگاوەشدا، شلیان کردەوە، وە هەندێک جاریش تەحلیل و لێکدانەوەکانیان دەیان باتە کەشکەڵانی خەیاڵ پڵاویی و پێیان وایە لەبەرەبەیانێکدا بانگ دەکرێن بۆ لەسەرنانی تاجی دەوڵەتداری و هەڕەشەکانیان دەستپێدەکاتەوە.
پێکنەهێنانی حکومەتیشیان، کە زیاترلە شەش مانگ بەسەر خولی شەشەمی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەماندا تێپەڕیوە، هەر پەیوەستە بەم ئاڵ وگۆڕانەی ناوچەکەو دنیاو ناڕۆشنی لەبارەی ئاییندەی دیزاینی تازە و جێگەو پێگەی هێزە ئیقلیمیەکان لەسیستەمی عالەمی تازەدا.
ئەم هەمو ماوەیەش کە حکومەت پێکنەهێندراوە، نیشانەی ئەوەیە، کە لەم هەرێمەدا بون ونەبونی حکومەت هەر وەک یەک وایەو ژیانی خەڵک لەهەردو حاڵەتیدا هەر لەدۆخی خراپیدایە.
دواجار مافێکی سادەو بێچەندو چونی هەر فەرمانبەرو کارمەندێکی موچە خۆرە لەم دنیا پان وبەرینەی سەرمایەداریدا، کە چۆن موچەی کارەبەکرێ و نیوە لێدزراوەکەی لە ڕێگای یەکێک لەو بانقانەی کەخۆی هەڵیدەبژێرێت، وەردەگرێت.
بەڵام لەم هەرێمەی زیاتر لە سیی وسێ ساڵە کۆمەڵێک باندی دزو قاچاخچی کە وەکو مۆتەکە وان بەسەر دڵی خەڵکی هەژارو نەدارو کەمدەرامەدەوە، خۆیان لەڕێگای هێزی میلیشیاو هێزی سەرکوتکەرەوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا داسەپاندوەو تەنانەت مافی هەڵبژاردنی ئازادانەی هەژماری بانقیشیان لە موچەخۆران سەندۆتەوە.
خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان، تەنیا لەڕێگای پەیبردن بە بەرژەوەندیە هاوبەشەکانیان لەناو دنیای سەرمایەداریداو تێگەیشتن لەوەی ئەم جیهانەو یاساو ڕێساکانی، هەر لە کاری کرێگرتەو زێدەباییەکەی کە لەڕەنج وهێزی ئەوان دەدزرێت و دەچێتە گیرفان یان قاسەی سەرمایەدارانەوە، هەتا ئەو یاسای مڵکداریەی کە تەواوی هۆکارەکانی ژیانی کۆمەڵگای خستۆتە ژێر دەستی مشتێک لە ملیادلێرە ناوچەیی و مەڵتی ملیاردلێرە جیهانیەکان، تێگەیشتن لەوەی ژن بم یان پیاو ڕەش بم یان سپی جوبم یان موسوڵمان یەزیدی بم یان گاور، کوردبم یان عەڕەب، لە لێکهەڵپێکانی بەرژەوەندیەکان و بەریەککەوتنەکانی بەرژەوەندیەکانەوە، دەتوانین بزانین کێ هاوچارەنوسەو کێش نەیار، دەتوانین تێبگەین لەوەی کە دەبێت بۆ وەستانەوەمان لەبەرامبەر ئەوانەی لەگەڵ ویست و خواست و بەرژەوەندیەکانماندا ناکۆکن، پێویستمان بە هاودەنگی وهاوخەباتی هەیە، هاودەنگیەک کە لەو تێگەیشتنە سەرچاوەی گرتبێت، کە نیزامی سەرمایەداری ئەمڕۆ چۆن ژیان وگوزەران و خۆشی و بەختەوەری و ئازادیە سروشتیە مرۆڤئاساییەکانمانی لێ لەقالب داوین و لەڕۆبۆتێک واوەتر کە دەتوانێت تەنیاو تەنیا لەو تەمەنە مەحدودەی کەمرۆڤ لەناو گەردوندا وەک یەکەیەکی بایۆلۆجی سەری دەرهێناوە، کەڵک لەوزە و حەوسەڵەمان وەرگرێت، لەپێناوی کەڵەکەکردنی هەرچی زیاترو زیاتری سەرمایەدا، هاودەنگیەک بۆ ئەوەی ئەگەر نەشتوانین لای کەمی ژیانێکی دڵخوازی خۆمان بۆخۆمان بەدەستبهێنین، بەڵام هەمیشە بونمان لەناو ئەم دنیا پڕ ململانێ چینایەتیەدا، بە پێی ڕێژەو کەمی و زۆریمان لە ڕوبەڕوبونەوەو نەبەردیەکانماندا، دەتوانێت وەک فاکتەری پارسەنگی هێز بۆ باشتر کردنی ژیانی ئێستاو ئاییندەمان کەم وزۆر دەور ببینێت، هەر پەوپێیەی دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆ سەر باری سەرهەڵدانی چەندین قوتبی جۆراوجۆرو ململانێیان لەسەر هەژمون و بەشیان لە دیزایێک کە لەپارسەنگی هێزی ئابوری و سەربازیدا دەتوانێت لەساتە وەختێکدا لەنگەر بگرێت، بەڵام لەناوەرۆکدا سەرجەمیان لەسەر ئەوە ساغن، کە لەباشترین حاڵەتیاندا بەبەڕبەڕیانەترین شێوازی چەوساندنەوە، لەهێزی کاری هەرزانمان کەڵک وەرگرن، هەندێک جاریش واپێویست دەکات لەجەنگی ململانێی هەژمونگەراییاندا، بە ملیۆنانمان لێ بەکوشت بدەن و بەملیۆنانیشمان لێ بریندارو پەککەوتەو ئاوارەو سەر گەردان و بێماڵ وحاڵ بکەن، هەر بۆیەش تێگەیشتنێک بەدەر لەم تێگەیشتنە جیهانداگرە، ناتوانێت ئاکامێک لەخەبات و تێکۆشانی ئەم زۆرایەتییە مرۆییە، بەتەنیا لەناوچەیەک و وڵاتێکدا گرێ بخوا، سەرمایەو بەڵاکانی گەردونین، دەبێت خەبات و تێکۆشان و نەبەردیەکانیش گەردونی بن، ئەمەیان چۆن و بەچ شێوازو بەکام میکانیزمی کارسازو گونجاو دەڕواتە پێش، بە ئاگایی و وشیاری ملیاریی نێونەتەوەیی بەرهەمدار دەبێت، بۆ ئەمەش تەنیا کات دەوری یەکلاکەرەوەی دەبێت، لەناو کاتیشدا بەبێ ویست و ئیرادەی من وئەم وئەو یان ئەم تاقم و ئەم حیزب و ئەم ڕێکخراو، جوڵانەوە و بەریەککەوتنە چینایەتیە ناکۆکەکان، لەپڕۆسەیەکی دورو درێژی لە نەوەستان نەهاتودا، ماتریاڵی مرۆیی ئاگامەند وەک فاکتەری ئاڵ وگۆڕی بنەڕەتی لەم دنیا پڕ لەنەهامەتیانەدا بەدیدەهێنێت. بەدەر لەمەش دەکرێت ڕوداوهای جۆراوجۆری دیکەی وەک کۆمۆنەی پاریس و شۆڕشی ئۆکتۆبەرو شۆڕشی چین و ئینقلابی حەفتاو نۆ لەئێران و دەیان سەدان ڕوداوی لەم جۆرە ڕوبدەن، بەڵام لەنەبونی وشیاری و ئاگایی چینایەتی سیاسی ئابوریدا، حەتمەن ئامانجەکانیش بەدینایەن.

تاهیر عیسا
20.05.2025




بنەمـاکانی نووسـیـنی کـورتە چـیرۆک بـۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

بۆ ئەو بەهـرەمەنـد و ئارەزوومەنـدە لاوانـەی کە خـولـیای نووسیـنی کـورتە چـیرۆکن بـۆ منـداڵان. چەنـد پێـوەر و بنـەمـا و رێـنماییەک هـەیە، دەتـوانـن لە نووسـینی کورتە چـیرۆکی کوالیتی باش بۆ منـداڵان بەکاریـان بهـێـنـن. پـێـش هـەمـوو شـتـێک مـتـمانەبـوونتـان بە تـوانـاکانی خۆتـان هـەبێـت، کە فـاکـتەرێکی گـرنگی سەرکەوتـنتانە. هـەمـیشەش ئەوتان لە خەیـاڵـدا بێـت، کە چـیرۆکەکانتان بۆ منـداڵان دەنووسن. پێویستە شارەزای قـۆناغـەکانی تەمەنی منداڵان و فـەرهـەنگی زمـانی منداڵان و دەروونناسیی منـداڵان بن. تا بتوانن بچـنە نـاو جـیهانی وەنەوشەیی و ئەفـسووناوی منـداڵانەوە، کە جیهـانێکە سەرانسەر لە پـاکی و بـێـتاوانی، لە راز و نیـازی پـاک، لە هـیوا و گەشـبـینی، لە خەونی سـەوز، لە جوانی و لە خەنـدە و پـێکەنـین. لە خۆشەویسی، لە قـسەی قـوت و شیرین، لە… هـتد.
زۆر بە کـورتی و بەچـڕی لـەم خاڵانـەدا، باس لە گـرنگـتریـن بنـەمـاکانی نووسینی کـورتە چـیرۆک بـۆ منـداڵان دەکـەیـن:
١ـ ئیـلهـامی چـیـرۆک: ئیـلهـام بۆ نووسینی چـیرۆک، لە خەیاڵکردنێکی ئازادەوە دێت. زۆر زۆرن، دەتـوانن لە هەموو شوێنێکـدا بیـدۆزنەوە، تەنیا ئەوەی دەوێت کە بزانن چۆن دەیدۆزنەوە. دەکرێت لە رووداوێکەوە، یان لە راسـتییەکانی ژیـانی رۆژانەی منداڵانەوە، یا لە بیرەوەرییەکانی ژیانتانەوە یان ئیلهامێکی کوتوپـڕدا بۆتان بێـت، بە کورتی ئیلهامی کورتە چیرۆک، لە زۆر سەرچاوەوە دێـت.
٢ـ بیـرۆکە: بیـرۆکە یەکـێکە لە بنەما سەرەکییەکانی چیرۆک. بە دینەمۆ و بە بـڕبـڕە پشتی کورتە چـیرۆک بۆ منداڵان دادەنرێـت. چیرۆکەکان بە دەوری بیرۆکەکاندا دەسووڕێنەوە. پێویستە بیـرۆکە راست و لۆژیکی بێـت و پەیامێکی پەروەردەیی روونی لەخۆگـرتـووبێـت، تا منـداڵان لـێی تێـبگەن.
٣ـ ناونیـشانی چـیرۆک: دانـانی ناونیشانی خـۆش و ئاسان و سەرنجـڕاکـێش و گـونجاو، کە لەگـەڵ نـاوەڕۆکی کـورتـە چـیرۆک بـۆ منـداڵان زۆر گـرنـگە. بە قـەوارەیەکی گەورەتـریـش بنووسـرێـت.
٤ـ پـڵـۆت یان گـرێی چـیرۆک: پڵـۆت لە کورتە چـیرۆک بۆ منداڵان، بریتییە لەو کێشە و ئاریشەیە، کە پاڵەوانی چـیرۆکەکە رووبـەڕووی دەبێتەوە و چارەسەرێکی گونجاوی بۆ دەکات. کە پەیـوەنـدی بـە ژیـانی رۆژانـەی منـداڵانـەوە هـەبـێـت، مـلـمـلانـێی کـارەکـتـەرەکـانی چـیرۆکـەکـە، بـە دەوری چارەسەرکـردن و کـردنـەوەی ئـەو گـرێـیـەدا دەسـووڕێـنـەوە.
٥ـ کارەکـتەرەکـان: مـرۆڤ بن یان ئـاژەڵ و بـاڵـندە و زیـنـدەوەر و رووەک و شـتی تـر، پێـویـستە کارەکـتەرەکانی کورتە چـیرۆکی باش بـۆ منـداڵان، نوێـنـەری کـۆمەڵـێکی فـراوان بـن. وا بکەن کە تەنیا یەک کـارەکـتەری سـەرەکی هـەڵـبژێـرن، دوو یا سێ کارەکـتەری دیکەش پـاڵـپـشتی بـن. فـرە کـارەکـتەری لە کـورتە چـیرۆکـدا بۆ منـداڵان، سـەر لە منـداڵان دەشـێوێنن.
٦ـ مـلـمـلانێ: توانای سەرکەوتـن یا شکـستی پاڵەوان لە مـلـملانێـدا دەردەکـەوێـت. نابێـت ملمـلانی لە کورتە چـیرۆک بۆ منـداڵان، نالـۆژیکی و درێـژ و بـێـزارکەر بێـت. ناشـبێـت کاری لەتـوانابـەدەر، بـدرێـتە پاڵ پاڵەوانی کورتە چـیرۆکەوە بۆ منداڵان. تا منـداڵان گومـان لە راستییان نەکەن. پێویستە لە ملـملانێـدا، جەخـت لەسەر سەرکەوتنی: باشە بەسەر خـراپـەدا، ئاشتی بەسەر شـەڕدا، گەشبینی بەسـەر رەشبـیـنـیدا، دڵـسۆزی بەسـەر ناپـاکـیدا، خـۆشـەویـستی بەسەر رقـدا،…هـتد، بکـرێتـەوە.
٧ـ زمـانی چـیرۆک بۆ منـدان: زمان گـرنگترین کـۆڵەکە و فـاکـتەرە لە نووسینی کورتە چـیروک بۆ منـداڵان. پێویستە بە زمانێکی کوردی پەتی و ئاسان و شیریـن دابـڕێـژرێـت. وشەکان روون و واتا زانـراوبـن، رستەکان کـورت و ئاسان بـن، تا منـداڵان بە ئاسانی لـێیان تێبگەن. بەکارهـێنانی وشە و رستەی بـزوێنەر، زیـاتر سەرنجی منـداڵان رادەکـێـشن. وەک: چـۆلەکەکە هـەڵـفـڕی، نـازە پـێکەنی.
٨ـ دیـالـۆگ: دیـالـۆگ بنەمـایەکی سەرەکی تـری کورتە چـیرۆکی باشە بۆ منـداڵان. دیالـۆگ بـریتییە لە گفـتوگۆ لەنێوان دوو کارەکتەر یا زیاتر. دیـالـۆگ لەنێـوان کارەکـتەرە سەرەکـییەکان بەکاربهـێنن. چونکە دیـالـۆگ چـێژ و خـۆشی بە منـداڵانی خوێـنـەر یان گـوێگـرانی چـیرۆکەکـانتان دەبخـشـێـت.
٩ـ بیـرکـردنەوە و خەیـاڵ: ئێـوەی چـیروکـنووسانی کـورتـە چـیرۆک بـۆ منـداڵان، پێـویـستـیـتان بە خەیاڵـێکی فـراوان و بە بیرکردنەوەیەکی قـووڵ هـەیە. چونکە خەیاڵ رەگەزێکی گرنگە لە چیرۆک.
١٠ـ داڕشـتنی کورتە چـیرۆک: لەوانەیە هەر چیرۆکنووسێک، رێباز و شـێواز خـۆی لە گـێڕانەوە و لە نووسینی چـیرۆکدا هەبێـت. بیر لە شـێواز و لە ستایـلی جیاواز و ناوازە بکەنەوە. گـرنگ ئەوەیە کە بە شێوازێکی سووک و ئاسان و کورت و پوخت، بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی و فەرهەنگی زمانیان چـیرۆکەکانتان دابـڕێژن. بە سەرەتایەکی بەهـێز و سەرنجـڕاکێش دەست بە نووسینی کورتە چـیرۆکەکـانتـان بـکەن. لـە هـەر چـیرۆکـێکـیشدا، سەرەتـا و نـاوەڕاست و کـۆتـایی هـەیە. پێـویـستە دووربکەونەوە لە شێوازی کلاسیکی، تەڵقین ئاسایی و وتاربێژی و پەندێری و رێنمایی راستەوخۆ.
١١ـ کات و شـوێـن: دوو بنەمای سەرەکیی ترن، لە نووسینی کورتە چـیرۆک بۆ منداڵان. بەبێ کات و شـوێـن، لێکـدانەوە بۆ رووداوەکان ناکـرێـت. پێویستە کات و شوێنی رووداوەکان دیاری بکـرێـن.
١٢ـ وێنـەی رەنگاوڕەنگی روونکـردنەوە: وێنـەی روونکـردنەوەی فـۆتـۆگـرافی یان کـێـشراو، بۆ باتەکـانی چـیرۆکەکـانتان بۆ منـداڵان پێـویسـتـن. وێنـە چـیرۆکەکـان جـوانـتر و شـیریـنتر دەکـەن و زیـاتـریـش سـەرنجی منـداڵان رادەکـێـشن. وشـە و رسـتە و وێـنـە دەبـن بە تەواوکـەری یەکـتری.
١٣ـ پیـاچـوونەوە: پێـش بڵاوکـردنەوەی چـیرۆکەکانتـان، بە وردی پـێیانـدا بچـنەوە. لە هـەڵـەکـانی رێنووسی و رێـزمانی و خاڵبەنـدییەکان، بـژاریان بکەن و راسـتیان بکەنەوە. نەنگـیش نیـیە ئەگەر پـێـشانی نووسـەرانـێـكی بە ئـەزمـوونی بـواری کـورتە چـیرۆکی منـداڵان بـدەن. سـوود لە را و لە تـێـبینییەکـانیان وەربگـرن. کەسیش بە چـیروکـنووس لەدایـک نەبـووە. بە ئەزمـوونـدا تـێـپەڕیـوە.
١٤ـ دیـزایـنـێکی جـوان: ئەگەر کورتە چـیرۆکەکانتان، لە کتێبێکی چاپکراودا پێشکەش بە منداڵان بکـریـن. پێویـستە دیـزایـن و بـەرگی کـتـێـبەکە و ناونـیشان و قەوارەی پـیـتەکانی چاپ و هـونەری رازانـدنـەەوەی کـتـێـبەکـە جـوان و سەرنـجـڕاکـێـشبـن بـۆ منـداڵان.
١٥ـ کۆتـایی چـیرۆکەکان: کۆتایی لە کورتە چـیرۆک بۆ منـداڵان زۆر گرنگە. پێویستە کۆتاییەکانیان دڵخـۆشکەربـن و بە هـێوا و گەشبینی و بە گەیـانـدنی ئامانج و بە پەیامێکی پـەروەردەیی کۆتایی بە چیرۆکەکانتان بهـێنن، بە چارەسەرکردنی کێشەکان و بە پەند و وانەیەکی ئەرێنی کۆتاییان پێبهـێنن.

دوبـەی: ٢٠٢٥




شێوازی ئیشق و گەورەساڵان.. شیعری عزالدين الماعزي.. وەرگێڕانی شەهلا نوری

یەکەم گەڵای گوڵەکەی لێ کردەوە وتی: تۆ منت خۆشدەوێت.
دووەمیانی دەرهێنا.
وتی
تۆ منت خۆش ناوێت.
سێیەم و چوارەمی لێکردوە و…
گەڵاکانی تەواو کرد،
پاشان گوڵە بچووکەکە بە تووڕەییەوە
کەوتە خوارەوە.
گوڵ گریا و
هەستی بە سەرما کرد
لەکاتێکدا
رووت بوەووە
وتی
تۆ منت خۆش
ناوێت

وەرگێڕانی شەهلا نوری
لەنوسینی عزالدين الماعزي ” المغرب”.

سەرچاوە:




قوربانیانی كورد و دۆسیەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە عێراق.. نووسینی: هێمن حەسیب

پێشەكی
مێژووی كورد لە باشوری كوردستان، مێژووییەكی پڕە لە گۆڕ غەریبی رۆڵەكانی، ئەمەش بەهۆی مێژووییەكی پڕ لە تاوانكاری داگیركەرانی كوردستان، كە بەرانبەر بە نەتەوەی كورد ئەنجامیانداوە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین كورد و گۆڕی بە كۆمەڵ، دووانەیەكی تێكهەڵكێشراوی رۆژانە بوونە.
ئەگەر بە خێرایی سەربوردەیەكی مێژوویی تەنها بۆ نیوەی دووەمی سەدەی رابردوو بكەین، دەبینین لە ساڵی (1963)ـەوە، واتا لەسەردەمی حەرەس قەومیەكانەوە، ئیدی گۆڕی بە كۆمەڵ هەمیشە وەك ماڵی دووەمی تاكی كورد بوونی هەبووە و ئەگەر رۆژ و هەفتە و مانگ نەبنە پێوەر، ئەوە بە دڵنیایی ساڵ نییە، رۆڵەی ئەم نەتەوەیە لە گۆڕی بە كۆمەڵدا نەشاردرابێتەوە.
مەخابن، بە خستنەڕووی ئەو داتا و ئامار و هەنگاوانەی لەم خوێندنەوەدا دەیانخەینە بەرباس، دەبینین جیا لەوەی دەوڵەتی عێراق لە پرسی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، دۆسیەی گۆڕی قوربانیانی كوردی تاوانەكانی رژێمی بەعسی پەراوێزخستووە، هاوكات دەسەڵاتی حكومڕانی كوردستانیش نەك خۆی بە خاوەنی ئەم دۆسیە نەزانیووە، تەنانەت وەك ئەركێكی مرۆییش لێی نەڕوانیووە، ئەوەشی لە رابردوودا لەم دۆسیەدا كراوە، پلانی بناغەیی (ستراتیژی) نەبووە، بەڵكو هەوڵی گروپ و ناوچە و هەندێكجاریش لە ژێر فشاردا، ئەو كەمە لە كاركردنە كراوە، كە بەپێی پێوەرە زانستی و یاساییەكان، ناچنە چوارچێوەی كاركردن بۆ ئەم دۆسیەیە.
لەم چوارچێوەیەدا بۆ وردبوونەوەی زیاتر، باسەكەمان دابەشی چوار بەش و (10) تەوەر دەكەین.

بەشی یەكەم: عێراق و گۆڕی بە كۆمەڵ
راستە مەرج نییە گۆڕی بە كۆمەڵ تەنها لە ئەنجامی تاوانكاری و كوشتنی بە كۆمەڵ بێت و لە مێژوودا زۆر نموونە هەن، كە بەهۆی زۆری قوربانیەكان لە كارەساتی سروشتیدا وەك بومەلەرزە و لافاو و …هتد، دەسەڵات یاخود ئەو كۆمەڵگایە پەنایان بۆ ناشتنی قوربانیەكان لە گۆڕی بە كۆمەڵ بردووە، بەڵام لە عێراقدا گۆڕی بە كۆمەڵ بەرهەمی تاوانكاری و كوشتنی بە كۆمەڵی مرۆڤەكان بووە، ئەمەش بە سێ تەوەر دەیانخەینەڕوو.

تەوەری یەكەم: پێناسەی گۆڕی بە كۆمەڵ
گۆڕی بە كۆمەڵ، بە گۆڕێك دەوترێت، كە زیاتر لە یەك كەسی تێیدا نێژرابێت، ئیدی قوربانیەكان لە ئەنجامی تاوان كوژرابن یاخود بە كارەساتی سروشتی و بڵاوبونەوەی پەتا مردبن.. لەگەڵ ئەوەشدا پێناسەی زۆر بۆ گۆڕی بە كۆمەڵ هەیە، لەوانە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتۆكان، پێناسەی گۆڕی بە كۆمەڵ دەكات، بەوەی “هەر تاكە گۆڕێك، چاڵێك یان ژێرزەمینێك، كە لاشەی سێ‌ مرۆڤ یان زیاتری تێدایە و دوای لەسێدارەدانیان نێژراون، جا ناسنامەكەیان زانراوبێت یاخود نادیارە”.
بەپێی ئەم پێناسەیەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتۆكان، بۆ دروستبوونی گۆڕی بە كۆمەڵ، دوو مەرج هەیە، یەكەمیان: دەبێت گۆرە بە كۆمەڵەكە لانی كەم، رووفاتی سێ مرۆڤی تێدابێت و دووەمیان: دەبێت قوربانیانی نێو گۆڕەكە قوربانی تاوانێك بن، واتا قوربانیانی كارەساتە سروشتیەكان وەك گۆڕی بە كۆمەڵ ئەژمار ناكات.
هاوكات لە مادەی دووەم لە یاسای ژمارە (5)ـی ساڵی (2006)، یاسای پاراستنی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی عێراق و هەمواركردنەوەكانی، پێناسەی گۆڕی بە كۆمەڵی كردووە، بەوەی “ئەو خاكەی كە زیاتر لە رووفاتی شەهیدێكی تێدایە و بە شێوەیەكی جێگیر نێژراون یان شاردراونەتەوە، بەبێ ئەوەی پەیڕەوی حوكمەكانی شەریعەت و بەها مرۆییەكان لە ناشتنی مردووان ڕەچاوی بكرێت، بە شێوەیەك مەبەست لێی شاردنەوەی ئاسەوارەكانی كۆمەڵكوژییەكەیە، كە لەلایەن تاك یاخود گروپ یان ئۆرگانێكەوە ئەنجام دەدرێت و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ پێكدەهێنێت”.
بەپێی ئەم پێناسەیە، بۆ دروستبوونی گۆڕی بە كۆمەڵ، مەرجە قوربانیەكانی نێو گۆڕەكە، قوربانی تاوانی جینۆساید بن، چونكە لە زمانی عەرەبیدا دەستەواژەی “الابادە الجماعیە” بەرانبەر بە دەستەواژەی جینۆساید دێت، ئەمەش هەڵەیەكی زۆر گەورەی یاساییە و پێشێلكردنی مافی قوربانیانی تاوانەكانی دیكەی بەعسە، چونكە زۆر تاوان لە عێراق وەك جینۆساید نەناسراوە و یاخود ناچنە خانەی تاوانی جینۆساید و قوربانیەكانی لە گۆڕی بە كۆمەڵدا نێژراون، وەك قوربانیانی تاوانەكانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و گیراوانی سیاسی و… هتد، هاوكات ئەم پێناسەیەی یاساكەی عێراق، كێشە بۆ ژمارە و ئامار و داتای گۆڕی بە كۆمەڵ دروست دەكات، بەوەی گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی تاوانەكانی دیكەی بەعس بە گۆڕی بە كۆمەڵ ئەژمار ناكات یاخود پۆلێنی ناكات.
لەگەڵ ئەوەشدا دوای (10) ساڵ، لە هەمواری یەكەمی یاساكەدا، لە بری هەمواكردنەوەی پیناسەی گۆڕی بە كۆمەڵ، بڕگەیەك بۆ یاساكە زیادكراوە، كە تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەم یاساییە سەرجەمی گۆڕی بە كۆمەڵی تاوانەكانی رژێمی بەعس و رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەگرێتەوە، ئەمەش لەلایەك چارەسەری كەموكوڕی پیناسەكەیە و لەلایەكی دی دژ بە یەكییەك لەگەڵ پێناسە دەگەیەنێت.

تەوەری دووەم: مێژووی گۆڕی بە كۆمەڵ لە عێراق
مێژووی گۆڕی بە كۆمەڵ لە عێراقدا بە تەنها ناگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی رابردوو، بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراقیش.. بەڵام ئەگەر تەنها مێژووی دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق وەربگرین، ئەوە نزیكترین مێژووی گۆڕی بە كۆمەڵ، دەگەڕێتەوە بۆ كوشتاری ئاشورییەكان لە سمیڵ، كە بە (كوشتاری سمیڵ) ناسراوە، كاتێك لە سەردەمی شا فەیسەڵی یەكەم و كابینەی حكومەتەكەی (رشید عالی گیلانی)، بە سەرپەرشی (بەكر سدقی) سوپاسالاری ئەو كاتی سوپای عێراق و ئیسماعیل عەباوی، بەڕێوبەری پۆلیسی موسڵ، لە مانگی ئابی (1933) دەستكرا بە گرتن و كوشتنی ئاشورییەكان لە ناوچەی سمیڵ و شاردنەوەی تەرمەكانیان لە گۆڕی بە كۆمەڵ، ئەمەش بە تۆمەتی هەوڵی جوداخوازی ئاشورییەكان، تەنها لەبەر ئەوەی داوای ناوچەیەكی حوكمڕانی ئۆتۆنۆمی تایبەت بە خۆیان دەكرد.. نابێت بیرمان بچێت، كە هەر یەك لە بەكر سدقی و ئیسماعیل عەباوی، بە جێبەجێكاری راستەخۆی كوشتاری سمیڵ تۆمەتبارن.
جیا لەوە، نزیكترین مێژووی بە بەڵگە سەلمێنراو بۆ گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی كورد لە نیوەی دووەمی سەدەی رابردوو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1963)، دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی بەعسیەكان لە كودەتای (8ـی شوباتی 1963)، كاتێك لە رێگای میلیشیاكانی حەرەس قەومی هێرش و پەلامار بۆ سەر ناوچەكانی كوردستان دەستی پێكرد و ئەم مێژووە لای كورد بە “ساڵی حەرەس قەومیەكان” ناسراوە.. لەو چوارچێوەیەدا لە ساڵی (2010)، گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە قەزای كفری دۆزرایەوە و پاش هەڵدانەوەی، تەرمی (28) كەسی تێیدا بوو، كە قوربانیەكان لە نەتەوەی كورد و پێشمەرگە بوون و مێژووەكەی بۆ تاوانكارییەكانی (1963)ـی حەرەس قەومیەكان دەگەڕایەوە.
ولێ‌ ئەوە نیە بڵێین، گۆڕی بە كۆمەڵ لە پێش ئەو مێژووە نییە، چونكە لە ساڵانی حوكمی پادشایەتی (1921 تــا 1958)، زۆر راپەڕین و ناڕەزایی و شۆڕشی كوردی هەبووە، لەوانە شۆڕشی شێخ مەحمود و شۆڕشی بارزان و زۆری دی، كە لەلایەن ئینگلیز و دەسەڵاتدارانی عێراق بە توندی و ئەنجامدانی كوشتار رووبەرووی ئەم هەوڵانەی گەلی كورد بۆ بەدەستهێنانی مافی سەربەخۆیی یاخود خۆسەری بوونەتەوە.
هەرچی لەگەڵ گەڕانەوەی بەعسیەكانە بۆ سەر دەسەڵات لە جاری دووەمدا لە تەمموزی (1968)، ئیدی گۆڕی بە كۆمەڵ دەبێتە پلانكارەی دەسەڵاتی تاوانكاری عێراق، بۆ شاردنەوەی تەرمی قوربانیانی تاوانكارییەكانی.. لەو چوارچێوەیەشدا نزیكترین مێژووی گۆڕی بە كۆمەڵ لە دوای ساڵی (1968) واتا دوای گەڕانەوەی بەعسیەكان بۆ دەسەڵات دۆزرابێتەوە، دوو گۆڕی بە كۆمەڵی گوندی سۆریا (صوریا)ـیە، كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1969) و قوربانیەكانی لە (14) كورد و (25) مەسیحی پێكدێن.
ئەم تاوانە لە رۆژی (16/9/1969)، لەلان سوپای عێراق ئەنجامدرا، كاتێك گەمارۆی گوندی سۆریا لە سنوری پارێزگای دهۆك دەدەن و تەواوی دانیشتوانەكەی كۆمەڵكوژ دەكەن.
لە دوای ئەو مێژوەوە، ئیدی گۆڕی بە كۆمەڵ دەبێتە ماڵی هەموو كوردێك، كە جیاواز لە عێراقی بەعس بیردەكاتەوە.. هەروەها ئەمە شۆڕدەبێتەوە بۆ گەلانی دی عێراقیش كە جیاواز لە بەعس هەنگاو دەنێین، بە چەشنێك تا ر‌وژی رووخانی بەعس لە (2003)، ژمارەی گۆڕی بە كۆمەڵ ئەوەندە زیاد دەكات، تا ئەوەی لە تەواوی ناوەندە جیهانی و ئەكادیمیەكان، ناوی (عێراق وڵاتی گۆڕە بە كۆمەڵەكان)ـی لەم وڵاتە بنرێت.

تەوەری سێیەم: رووخانی بەعس و پرسی گۆڕە بە كۆمەڵ
بە گەڕانەوە بۆ ڕۆژانی دوای رووخانی ڕژێمی بەعس لە (9/4/2003)، دەبینین پرسی گۆڕی بە كۆمەڵ لە عێراقدا، بابەتی ڕۆژەڤ بووە و لە هاوشانی هەوڵەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان و پارتە كوردی و عێراقیەكان بۆ بنیادنانەوەی دەوڵەت، بابەتی دۆزینەوەی گۆڕی بە كۆمەڵ، رووبەری لاپەڕەی ڕۆژنامەكان و شاشەی میدیاكانی بە ناوخۆیی و بیانیەوە گرتۆتەوە.. بە جۆرێك ڕۆژ نەبووە، هەواڵی دۆزینەوەی گۆڕێكی بە كۆمەڵەی تاوانەكانی ڕژێمی بەعس بڵاونەبووبێتەوە.
ئەم گرنگیدان و بە ڕۆژڤەكردنەی ئەم دۆسیەیە، چەند لایەنێكی هەبووە، لەوانە:
یەكەم: زۆری ژمارەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، كە گوزارشت و بەڵگەی سەلمێنەر بوون بۆ زۆری تاوانەكانی ڕژێمی بەعس، كە ڕۆژ نەبووە لە ماوەی (40)ـی ساڵی حكومڕانیەكەیدا، تاوانی بەرانبەر بە هاوڵاتیانی كورد و عێراق ئەنجام نەدابێت.
دووەم: پەرۆشی كەسوكاری قوربانیان بۆ دۆزینەوەی ئێسك و پروسكی كەسوكارە بێسەروشێنكراوەكانیان، هەر بۆیە گەڕان بە دوای گۆڕی بە كۆمەڵ، ئەو ڕۆژانە خەمی یەكەمی كەسوكاری قوربانیان بوو.
سێیەم: گرنگیدانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بەم دۆسیەیە بە ئامانجی خستنەڕووی تاوانەكانی بەعس بۆ رای گشتی جیهان وەك بەڵگەیەك بۆ بانگەشەكانیان بۆ تاوانكارییەكانی رژێمەكەی (سەدام حوسێن).
چوارەم: كرانەوەی عێراق بە رووی دونیای ناوەندە مرۆیی و پەیماننامە جیهانیەكانی تایبەت بە پرسی مافی مرۆڤ.
لەگەڵ ئەوەی ئەو ڕۆژانە بابەتی گۆڕی بە كۆمەڵ پرسی ڕۆژەڤ بووە، بەڵام ئەوەی جێی تێڕوانینە، هیچ بریار و یاسایەك لەلایەن ئەنجومەنی حوكم و دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمان (سلگە ائتلاف المۆقت)، بە سەرۆكایەتی پول بریمەر، بۆ ئەم پرسە نەبووە، تەنها یەك هەنگاو نەبێت، ئەویش ئەنجامدانی رووپێوییەك لەلایەن هەردوو بەشی مافی مرۆڤ و ئۆفیسی پەیوەندار بە تاوانەكانی بەعس (RCLO) لە دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان، بۆ ژمارەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی عێراق، كە بە (301) گۆڕی بە كۆمەڵ دیاری دەكەن.

بەشی دووەم: ژمارەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە عێراق
لە دوای رووخانی رژێمی عێراق لە (9/4/2003) و دەركەوتنی قەبارە و ژمارەی زۆری گۆڕە بە كۆمەڵەكان، بووە هۆكاری ناونانی وڵاتەكە بە وڵاتی گۆڕی بە كۆمەڵ، لە ناوەندە جیهانی و ئەكادیمیەكان.
بۆ ئەو مەبەستە هەردوو بەشی مافی مرۆڤ و ئۆفیسی پەیوەندار بە تاوانەكانی بەعس (RCLO)، لە دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان (سلگە ائتلاف المۆقت)، رووپێوییەك بۆ زانینی قەبارە و ژمارەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەكەن، كە بەپێی رووپێوییەكە تا رۆژی (26/6/2003) نزیك بە (40) گۆڕ دەدۆزرێتەوە و دواتر ئەو ژمارەیە بەرزدەبێتەوە بۆ (176) گۆڕ لە (24/7/2003) و پاشان كۆی ژمارەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان بۆ (301) گۆڕ لە (100) شوێن بەرزدەبێتەوە، بەڵام تائێستا ژمارەی تەواوەتی گۆڕی بە كۆمەڵ نازانرێت، چونكە فەرمانگەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی عێراق، جیا لەوەی پشت بەو رووپێوییەی ئەمریكیەكان نابەستێت، هاوكات پشكنینی سەرەتایی (الكشف الاولی) بۆ گۆڕەكان كردۆتە بنەما بۆ ئەژماركردنی لە ئاماری ژمارەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، ئەمەش وایكردووە، بەهۆی دواكەوتن لە ئەنجامدانی پشكنینی سەرەتای (الكشف الاولی) بۆ زۆرێك لە گۆڕەكان، بە دەیان گۆڕ نەخرێتە لیستی ئاماری گۆڕەكانەوە.
بۆیە لێرەدا، تەنها ئاماژە بە ژمارەی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانە دەكەین، كە هەڵدراونەتەوە یاخود خراونەتە بەرنامەی هەڵدانەوە و هەروەها ژمارەی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانە دەخەینەڕوو، كە تایبەتن بە قوربانیانی كورد و تائێستا هەڵدراونەتەوە، ئەویش بەمشێوەیە:

تەوەری یەكەم: ژمارەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەردەمی بەعس
بەپێی دوو ئاماری فەرمی بەردەست، ژمارەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەردەمی بەعس (1963 ــ 2003) كە تاكو رۆژی (31/12/2024) دۆزراونەتەوە، بریتین لە (187) گۆڕی بە كۆمەڵ، لەو ژمارەیە تەنها (171) گۆڕێیان هەڵدراونەتەوە، كە دەكاتە ڕێژەی لە (91.5%) و هێشتا (16) گۆڕێیان هەڵنەدراونەتەوە، كە دەكاتە ڕێژەی لە (8.5%)… بۆ زیاتر وردبونەوە لە ژمارەكان، بەم شێوەیە دەیانخەینەڕوو:
1ـ بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی عێراق، تا كۆتایی ساڵی (2024)، لە عێراقدا (176) گۆڕی بە كۆمەڵی تاوانەكانی بەعس دۆزراونەتەوە، لەو ژمارەیە تەنها (160) گۆڕێیان هەڵدراونەتەوە، كە دەكاتە ڕێژەی لە (90.9%) و هێشتا (16) گۆڕ هەڵنەدراونەتەوە، كە دەكاتە ڕێژەی لە (9.1%).. بەڵام ئەم ئامارانە، (11) گۆڕی دیكە لە خۆ ناگرێت”لە خوار روونی دەكەینەوە”، كە پێش دامەزراندنی فەرمانگەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی عێراق هەڵدراونەتەوە.
2ـ بەپێی ئامارێك كە لە رۆژنامەی نوگرەسەلمان، ژمارە (7)ـی رۆژی (14/4/2012) بڵاوكراوەتەوە و نووسەری بابەتەكە (هوشیار عیزدەین)ـە، كە ئەو كات سەرۆكی تیمی هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵی سەر بە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بوو، (9) گۆڕی دیكە لەلایەن تیمی هەرێمی كوردستان و تیمی شارەزاییانی ئەمریكی هەڵدراونەتەوە، كە لە ئامارەكەی فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی عێراقدا نییە، ئەوانیش:

  • (2) گۆر لە ناوچەكانی بەسیە لە سەماوە، كە تایبەتن بە جینۆسایدكراوانی بارزانی.
  • (2) گۆر لە ناوچەی حەزەڕ لە موسل، كە تایبەتن بە قوربانیانی ئەنفال.
  • (1) گۆری بە كۆمەڵ لە سنوری قەزای چەمچەماڵ، كە تائێستا قوربانیەكان و تاوانەكەی نەزانراوە.
  • (1) گۆری بە كۆمەڵ لە سنوری قەزای كفری، كە تایبەتن بە قوربانیانی روداوەكانی (1963).
  • (1) گۆڕ لە ناوچەی شاخكێ‌
  • (2) گۆڕ لە گوندی (صوریا) لە دهۆك، كە تایبەتن بە قوربانیانی كورد و مەسیحی كوشتاری گوندەكە لە (1969).
    3ـ ئەم دوو ئامارەی سەرەوە، خاڵیە لە دوو گۆڕی بە كۆمەڵی ناوچەی مەحاویل لە پارێزگای بابل، كە لە رۆژی (16/5/2003)، واتا مانگ و نیوێك دوای پرۆسەی ئازادی عێراق هەڵدراونەتەوە و تیمی ئەمریكیەكان و پزیشكی دادی عێراق، پرۆسەكەیان بەڕێوەبردووە.
    4ـ هیچ ئامارێك لە بەردەست نییە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵی تاوانی بەعس لە سنوری جوگرافی هەرێمی كوردستان لە نێوان ساڵانی (1991 بۆ 2003) و هەروەها ساڵانی (2014 بـۆ ئێستا)، ئەگەر لەم ماوە زەمەنییەدا لەلایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدرابێتەوە.
    بەپێی ئەو ئامارانە، كۆی گشتی گۆڕی بە كۆمەڵی تاوانەكانی بەعس، بریتیە لە (187) گۆڕی بە كۆمەڵ، كە تائێستا (171) گۆڕێیان هەڵدراونەتەوە و رووفاتەكان دەرهێنراون و (16) گۆڕی بە كۆمەڵیان هەڵنەدراونەتەوە، بەڵام لێرەشدا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین، ئەم ئەنجامی كۆتاییە، خاڵییە لە ئامارێك وەك لە خاڵی چوارەمی سەرەوە ئاماژەی بۆ كراوە.

تەوەری دووەم: ژمارەی گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی كورد
لە دوای رووخانی رژێمی عێراق لە (9/4/2003)، ژمارەیەك گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی كورد لە تاوانەكانی جینۆسایدی ئەنفال و تاوانی جینۆسایدی بارزانیەكان و تاوانەكانی حەرەس قەومی هەڵدراونەتەوە، كە تائێستا ژمارەیان گەیشتۆتە (40) گۆڕی بە كۆمەڵ لە كۆی (171) گۆڕ كە لە عێراقدا هەڵدراوەتەوە “وەك لە سەرەوە خراوەتەڕوو” و دواینیان دووەمین گۆڕی بە كۆمەڵی ناوچەی تەلشێخیە لە پارێزگای موسەننا (سەماوە) بوو، كە لە رۆژی (14/12/2024) هەڵدرایەوە… بەمشێوەیە:

1ـ گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی تاوانی ئەنفال
تائێستا بە هەشت قۆناغ، (24) گۆڕی بە كۆمەڵی جینۆسایدكراوانی تاوانی ئەنفال هەڵدراونەتەوە.. بەمشێوەیە:

  • (2) گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی حەزەر لە موسڵ، لە (2005) لەلایەن شارەزاییانی ئەمریكی هەڵدرانەوە.
  • (2) گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی حەیدەرییە لە پارێزگای نەجەف، كە لە (5/6 بـۆ 2/7/2008) هەڵدراونەتەوە.
  • (3) گۆڕی بە كۆمەڵ لە تۆپزاوە لە پارێزگای كەركوك، كە لە (6/12 بـۆ 17/12/2009) هەڵدراونەتەوە.
  • (6) گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی مەهاری لە پارێزگای دیوانیە بە دوو قۆناغ هەڵدراونەتەوە، قۆناغی یەكەم لە (12/6 بـۆ 28/7/2011) و قۆناغی دووەم لە (28/9 بـۆ 6/11/2011) و هەر قۆناغی سێ‌ گۆڕ هەڵدراوەتەوە.
  • (6) گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی حەمرین لە (2012) هەڵدراوەتەوە.
  • (3) گۆڕی بە كۆمەڵ لە نوگرەسەلمان، كە لە (25 ـ 26/11/2013) هەڵدراونەتەوە.
  • (1) گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی تل شێخیە “بە شێخیە یەك پۆلێنكراوە” لە پارێزگای سەماوە لە (2019) هەڵدراوەتەوە.
  • (1) گۆڕی بە كۆمەڵی لە ناوچەی تل شێخیە “بە شێخیە دوو پۆلێنكراوە” لە پارێزگای سەماوە، كە لە (14/12/2024 بـۆ 18/1/2025) هەڵدراوەتەوە.
    نابێت بیرمان بچێت، لەم ژمارانەدا گۆڕی (106) روفاتەكەی گۆڕستانی قەزای دووبز لە كەركوك ئەژمارنەكراوە، چونكە ئەم روفاتانە لە گۆڕی بە كۆمەڵدا نەبوون، بەڵكو لە گۆڕی ئاساییدا بوون و قوربانیەكانی لەو ئەنفالكراوان بوون، كە لە سەربازگەی دووبز زیندانی بوون و بەهۆی برسێتی و نەخۆسی گیانیان لەدەستدابوو و لەلایەن خەڵكی ناوچەكە لە گۆڕی ئاساییدا بە خاك سپێردرابوون.
    هەروەها ئەوە دەخەینەڕوو، گۆڕە بە كۆمەڵەكانی حەمرین، بریتی بوون لە شەش گۆڕ، بەڵام تەنیا یەك گۆڕێیان رووفاتی تێیدا بوو، پێنج گۆڕەكەی دیكە هیچ رووفاتێكی تێیدا نەبوو، هەروەها ئەوانەی نوگرەسەلمان، لە سێ‌ گۆڕدا، یەك گۆڕێیان هیچ رووفاتێكی تێیدا نەبوو، ئەمەش بەپێی پێناسەكەی یاسای پاراستنی گۆڕی بە كۆمەڵ، نابێت بە گۆڕ ئەژمار بكرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بە كۆمەڵەكان ئەو گۆڕانەشی خستۆتە ئاماری گۆڕە هەڵدراوەكان، بۆیە لێرەدا وەك گۆڕ ئەژماركراوە.

2ـ گۆڕی بە كۆمەڵی جینۆسایدكراوانی بارزانیەكان
تائێستا بە سی قۆناغ، (5) گۆڕی بە كۆمەڵی جینۆسایدكراوانی تاوانی جینۆسایدی بارزانیەكان هەڵدراونەتەوە.. بەمشێوەیە:

  • (2) گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی (البصیە) لە پارێزگای موسەننا، لە (2005) لەلایەن شارەزاییانی ئەمریكی هەڵدراونەتەوە.
  • (2) گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی (البصیە/ العفایف) لە پارێزگای موسەننا، كە بە (عەفایف یەك) پۆلێنكراوە و لە ساڵی (17 ـ 23/11/2013) هەڵدراونەتەوە.
  • (1) گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی (البصیە/الشراكیە) لە پارێزگای موسەننا، كە بە (عەفایف دوو) پۆلێنكراوە و لە (14 ـ 28/2/2022) هەڵدراوەتەوە.
    3ـ گۆڕی بە كۆمەڵی تاوانەكانی دیكە
    جیا لە تاوانەكانی جینۆسایدی ئەنفال و بارزانیەكان، ژمارەیەك گۆڕی بە كۆمەڵی دیكەی تایبەت بە كورد و هەرێمی كوردستان هەڵدراونەتەوە، كە ئەم گۆڕانە دەكەونە سنوری جوگرافی هەرێمی كوردستان و ژمارەیان (11) گۆڕی بە كۆمەڵە… بەمشێوەیە:
  • (2) گۆڕی بە كۆمەڵ لە گوندی (صوریا) لە پارێزگای دهۆك لە (2010).
  • (1) گۆڕی بە كۆمەڵ لە قەزای كفری لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لە (2010).
  • (1) گۆڕی بە كۆمەڵ لە قەزای چەمچەماڵ لە (2010).
  • (1) گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی شاخكێ‌ لە پارێزگای دهۆك لە (2010).
  • (1) گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی خەلەكان لە پارێزگای سلێمانی لە (5/6/2013).
  • (3) گۆڕی بە كۆمەڵ لە لە پارێزگای هەڵەبجە، لە ناوچەكانی (دۆڵەمەڕ و شێخ ئیسماعیل و ئەحمەد ئاوا، كە لە (2 ـ 5/6/2014) هەڵدراونەتەوە.
  • (1) گۆڕی بە كۆمەڵ لە كارگەی قیر لە پارێزگای هەولێر، لە (2 ـ 4/6/2013) هەڵدراونەتەوە.
  • (1) گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی بەختیاری لە قەزای خانەقین، كە لە (3 ـ 8/6/2014) هەڵدراونەتەوە.

بەشی سێیەم: ژمارەی قوربانیانی گۆڕی بە كۆمەڵ
تائێستا ئامارێكی راست و دروست سەبارەت بە قوربانیانی گۆڕی بە كۆمەڵ لە عێراق لە بەردەستدا نییە، هەندێك بە نیو ملیۆن قوربانی ئاماژەی بۆ دەكەن و هەندێك سەرچاوەی تر بە یەك ملیۆن، سەرچاوەكانی تریش بە (300) هەزار قوربانی ئاماژەی بۆ دەكەن، ئەمەش بەهۆی زۆری تاوانەكانی رژێمی بەعس و زۆری گۆڕە بە كۆمەڵەكان.. بۆیە لێرەدا تەنها ژمارەی رووفاتی قوربانیانی كورد “كە هێنراونەتەوە بۆ كوردستان” و بابەتی پشكنینی (DNA) بۆ ناسینەوەیان بە دوو تەوەر دەخەینەڕوو:

تەوەری یەكەم: ژمارەی روفاتی قوربانیانی كورد
تائێستا (2711) رووفاتی قوربانیانی كورد و هاونیشتمانی باشوری كوردستان لە گۆڕی بە كۆمەڵدا هەڵگیراونەتەوە، لەو ژمارەیە (1900) رووفاتیان تایبەتن بە دۆسیەی تاوانی ئەنفال و (696) رووفاتیان تایبەتن بە دۆسیەی جینۆسایدی بارزانیەكان و (115) رووفاتیان تایبەتن بە دۆسیەكانی دیكە، كە لە (11) گۆڕ لە سنوری كوردستان هەڵگیراونەتەوە.
لەم ژمارەكارییەدا پشت بە دوو ئاماری ئاماژە بۆكراو و بەراوردكردنی بە ژمارەی كێلی رووفاتەكان لە مۆنۆمێنت و شوێنەكانی بە خاكسپاردنیان كراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تائێستا ئامارێكی دروست راست و بەردەست نییە بۆ ژمارەی رووفاتەكان یاخود بڵێین ئاماری ژمارەی ئەو روفاتانەی لە نێو گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵگیراونەتەوە و پەیوەست بە قوربانیانی كورد و هاونیشتمانی هەرێمی كوردستان، تەنانەت ئەو ئامارانەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانیش چەندجارێك بڵاویكردۆتەوە، لەگەڵ ژمارەی گۆڕی ئەو روفاتانەی كە لە مۆنۆمێنتەكان بەخاك سپێردراون، بە ئاستێكی زۆر جیاوازییان هەیە.
ئەمە جیا لەوەی ژمارەی رووفات لە نێوان هەڵگرتنەوەی لە گۆڕی بە كۆمەڵدا تاكو كاتی بە خاكسپاردنەوەی، گۆڕانكاری بەسەردا دێت و زۆرجاران ژمارەكە كەم یاخود زیاد دەكات، چونكە پاش هەڵگرتنەوەی لە گۆڕدا، روفاتەكان رەوانەی پزیشكی دادی دەكرێت بۆ رێكخستنەوەی جارێكی تری ئیسكی لاشەی هەر رووفاتێك و زۆرجاران ئێسكی رووفاتێكی نیو لاشە لە كاتی هەڵگرتنەوە تێكەڵ بە ئێسكی روفاتێكی دی دەبێت، بۆ نموونە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی ناوچەی (مەهاری) لە پارێزگای دیوانیە، ژمارەی رووفاتە هەڵگیراوەكان بریتی بوون لە (724) رووفات، بەڵام پاشتر لە پزیشكی دادی پێداچونەوە و رێكخستنەوە بۆ لاشەی روفاتەكان كراوە و ژمارەكە بەرزبۆتەوە بۆ (730) رووفات.. هەر بۆیە لەم بەشەدا جیا لە پشتبەستن بە چەند ئامارێك، هاوكات پشت بە ژمارەی گۆڕەكان لە نێو گۆڕستانەكان لە مۆنۆمێنتەكانی چەمچەماڵ و دوكان و گەرمیان و تۆپزاوە و بارزان و شوێنەكانی تر بەستراوە بۆ زانینی ژمارەی دروستی ئەو روفاتانەی هێنراونەتەوە.. ئەویش بەمشێوەیە:

1ـ (1900) روفاتی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال
تائێستا بە هەشت قۆناغ، تەنها روفاتی (1745) روفاتی قوربانیانی ئەنفال هێنراونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، كە لە ناوچەكانی (قەزای دوكان، گۆڕستانی دێبنە لە گەرمیان و مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و گۆڕستانی سەربازگەی تۆپزاوە) بە خاك سپێردراون، هەروەها (155) رووفات، كە لە گۆڕی بە كۆمەڵی پۆلێنكراوە بە “بە شێخیەی دوو” لە پارێزگای موسەننا لە مانگی (12ـی2024) دەرهێنراون و رووفاتەكان لە پزیشكی دادی بەغدایە و هێشتا نەهێنراونەتەوە، كە كۆی گشتی دەكاتە (1900) روفاتی قوربانیانی تاوانی ئەنفال… ئەویش بەمشێوەیە:
ـ أ ـ مۆنۆمێنتی دوكان: (256) رووفات، كە لە دوو گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی حەزەر لە موسڵ بوون.
ـ ب ـ مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ: تائێستا (1010) روفاتی بۆ گەڕاوەتەوە، بەم جۆرە:

  • (106) روفات، كە لە گۆڕستانی قەزای دووبز لە پارێزگای كەركوك بوون و پێكدێن لە رووفاتی (104) منداڵ و ژنێكی دووگیان، كە بە دوو (2) رووفات ئەژمار دەكرێت.
  • (730) روفات، كە لە شەش گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی مەهاری لە پارێزگای دیوانیە بوون.
  • (172) روفات لە گۆڕە بە كۆمەڵەكەی ناوچەی تل شێخیە (پۆلێنكراوە بە تل شێخیەی یەك) لە پارێزگای سەماوە.
  • (2) روفات، ئەم دوو رووفاتە لەو (158) روفاتەی گۆڕە بە كۆمەڵەكەی ناوچەی حەمرینە، كە لە گەرمیان نێژراون، بەڵام دوو روفاتیان هێنراوەتەوە بۆ سنوری چەمچەماڵ، چونكە بەپێی ئەو ناسنامانەی لە گیرفانیان بووە، خەڵكی سنوری چەمچەماڵ بوون.
    ـ ج ـ مەزاری قوربانیانی ئەنفال لە (دێبنە) لە ناحیەی ڕزگاری لە گەرمیان: تائێستا (399) روفاتی بۆ گەڕاوەتەوە… بەمشێوەیە:
  • (187) روفات لە دوو گۆڕی بە كۆمەڵی ناوچەی حەیدەرییە لە پارێزگای نەجەف.
  • (156) روفات لە شەش گۆڕی بە كۆمەڵ لە حەمرین.
  • (56) روفات لە سێ‌ گۆڕی بە كۆمەڵ لە نوگرەسەلمان.
    ـ د ـ گۆڕستانی سەربازگەی تۆپزاوە: (80) روفات بە خاك سپێردراون، ئەم روفاتانە لە (3) گۆڕی بە كۆمەڵ لە نێو سەربازگەكە بوون و پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕەكان لە (6/12/2009 بۆ 17/12/2010) خایاند.
    جیا لەوانە، (155) روفاتی قوربانیانی تاوانی ئەنفال لە پزیشكی دادی بەغدایە، كە لە گۆڕی بە كۆمەڵی پۆلێنكراوە بە “بە شێخیە دوو” لە پارێزگای موسەننا بوون و گۆڕەكە لە مانگی (12ـی2024) هەڵدرایەوە.

2ـ (696) روفاتی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی بارزانیەكان
تائێستا تەنها بە سی قۆناغ، (696) روفاتی قوربانیانی جینۆسایدی بارزانیەكان هێنراونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لە مۆنۆمێنتی قوربانیان لە بارزان بە خاك سپێردراون، بەمشێوەیە:
1ـ (503) روفات لە دوو گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی (البصیە) لە پارێزگای موسەننا.
2ـ (93) روفات لە دوو گۆڕی بە كۆمەڵ لە ناوچەی (البصیە/ العفایف) لە پارێزگای موسەننا، كە بە عەفایف یەك پۆلێنكراوە.
3ـ (100) روفات لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە ناوچەی (البصیە/ الشراكیە) لە پارێزگای موسەننا، كە بە عەفایف دوو پۆلێنكراوە.

3ـ (115) روفاتی تاوانەكانی دیكە
بەپێی دوو ئاماری ئاماژە بۆكراوە، تائێستا روفاتی (115) قوربانی تاوانەكانی دیكە لە (11) گۆری بە كۆمەڵ لە سنوری هەرێمی كوردستان هەڵگیراونەتەوە و لە ناوچەی جیاجیا بە خاك سپێردراونەتەوە.

  • (39) روفات لە دوو گۆڕی بە كۆمەڵ لە گوندی (صوریا) لە پارێزگای دهۆك، كە (14) قوربانیان كورد و (25) قوربانیان مەسیحی بوون، لەلایەن تیمی تیمی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە ساڵی (2010) هەڵدراوەتەوە.
  • (28) روفات لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە قەزای كفری لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، كە لە ساڵی (2010) هەڵدراوەتەوە و مێژووی تاوانەكە بۆ حەرەس قەومیەكان دەگەڕێتەوە و رووفاتەكان لە مۆنۆمێنتی كفری بە خاك سپێردراون.
  • (3) روفات لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە قەزای چەمچەماڵ، كە لە ساڵی (2010) هەڵدراوەتەوە و تائێستا مێژووی تاوانەكە و قوربانیەكانی نەزانراوە.
  • (14) روفات لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە لە ناوچەی شاخكێ‌ لە پارێزگای دهۆك.
  • (5) روفات لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە ناوچەی خەلەكان لە پارێزگای سلێمانی
  • (6) روفات لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە كارگەی قیر لە پارێزگای هەولێر.
  • (3) روفات لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە ناوچەی دۆڵەمەڕ لە پارێزگای هەڵەبجە.
  • (3) روفات لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە ناوچەی ئەحمەدئاوا لە پارێزگای هەڵەبجە.
  • (1) روفات لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە ناوچەی شێخ ئیسماعیل لە پارێزگای هەڵەبجە.
  • (13) روفات لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە ناوچەی بەختیاری لە قەزای خانەقین.

تەوەری دووەم: پشكنینی (DNA) و ناسینەوەی روفاتەكان
لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسای كاروبار و پاراستنی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، هەر لە ساڵی (2006)ـەوە، پزیشكی دادی (الگب العدلی) راسپێردرابوو بۆ وەرگرتن و كۆكردنەوەی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری قوربانیانی بێسەروشوێنكراوان، بەڵام ئەم پرسە تا ساڵانی دوای كۆتایهاتنی جەنگی (داعش) جێبەجێنەكرا.. بەڵكو تەنها نموونەی ئێسك لە روفاتەكان وەردەگیرا و كۆدی بۆ دادەنرا و هەمان كۆدیش لەسەر كێلی روفاتەكان لە دوای بەخاكسپاردنەوەیان دادەنرا، تا ئەوەی لە هەر كاتێكدا سامپڵی خوێن لە كەسوكاری قوربانیان وەرگیرا و ئەنجامی (DNA)ـیەكان بەراوردكرا، ئەوە بە كۆدی سەر كێلەی گۆڕەكان، ناسنامەی روفاتەكەی ناوی ئاشكرابكرێت.
لە ساڵی (2018)ـەوە، عێراق دەستیكرد بە دانانی بانكی زانیاری (DNA)، بە وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری قوربانیان و بۆ ئەمەش تائێستا چەندین هەڵمەتی وەرگرتنی سامپڵی خوێنی لە كەسوكاری قوربانیان لە شارەكانی عێراق ئەنجامداوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان، دوای حەوت ساڵ پاشتر، لە شوباتی ساڵی (2024) دەستكرا بە هەڵمەتی وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری ئەنفالكراوان و تائێستا (6) هەڵمەت ئەنجامدراوە، كە بە كۆی گشتی سامپڵی خوێن لە (2214) كەسوكاری ئەنفالكراو بۆ ناسینەوەی (2545) جینۆسایدكراو وەرگیراوە.. ئەویش بەمشێوەیە:
1ـ هەڵمەتی یەكەم لە (17/2/2024 بۆ 23/2/2024) لە قەزای چەمچەماڵ، لەم قۆناغەدا، (354) سامپڵی خوێن وەرگیراوە بۆ ناسینەوەی (377) جینۆسایدكراوە.
2ـ هەڵمەتی دووەم لە (3/3/2024 بۆ 8/3/2024) لە قەزای كەلار، لەم قۆناغەدا، (251) سامپڵی خوێن وەرگیراوە بۆ ناسینەوەی (493) جینۆسایدكراوە.
3ـ هەڵمەتی سێیەم لە (1/12/2024 بۆ 4/12/2024) لە قەزای كۆیە، لەم قۆناغەدا، (314) سامپڵی خوێن وەرگیراوە بۆ ناسینەوەی (321) جینۆسایدكراوە.
4ـ هەڵمەتی چوارەم لە (24/11/2024 بۆ 28/11/2024) لە قەزای كەلار، لەم قۆناغەدا، (217) سامپڵی خوێن وەرگیراوە بۆ ناسینەوەی (410) جینۆسایدكراوە.
5ـ هەڵمەتی پێنجەم لە (16/2/2025 بۆ 20/2/2025) لە قەزای چەمچەماڵ، لەم قۆناغەدا، (375) سامپڵی خوێن وەرگیراوە بۆ ناسینەوەی (420) جینۆسایدكراوە.
6ـ هەڵمەتی شەشەم لە (6/2/2025 بۆ 13/2/2025) لە قەزای كۆیە، لەم قۆناغەدا، (703) سامپڵی خوێن وەرگیراوە بۆ ناسینەوەی (524) جینۆسایدكراوە.
لە ئەنجامی ئەم شەش هەڵمەتە، كە (33) رۆژی فیعلی خایاند لە قەزاكانی چەمچەماڵ و كەلار و كۆیە، بە كۆی گشتی سامپڵی خوێن لە (2214) كەسوكاری ئەنفالكراو بۆ ناسینەوەی (2545) جینۆسایدكراو وەرگیراوە.

بەشی چوارەم: عێراق و هەرێمی كوردستان و پرسی گۆڕی بە كۆمەڵ
لەم بەشەدا كار و هەنگاوەكانی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی كوردستان لە دۆسیەی گۆڕی بە كۆمەڵ دەخەینە بەرباس و دەبینین لە عێراقدا وردتر و یاساییانەتر كار بۆ ئەم دۆسیەیە كراوە بە بەراورد بە هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا پرسی پەراوێزخستنی گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی كورد لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی عێراق دەخەینەڕوو، ئەویش لە (3) تەوەردا:

تەوەری یەكەم: عێراق و پرسی گۆڕی بە كۆمەڵ
وەك لە پێشتر باسمان كرد، دەركەوتنی قەبارەی زۆری ژمارەی گۆڕی بە كۆمەڵ و بە رۆژەڤبوونی ئەو پرسە لە ناوخویی عێراق و كوردستان و جیهان، وایكرد ئەم دۆسیە ببێتە جێی گرنگ و بایەخی هەمەلایەنە و پێویستی گرتنەبەری هەنگاو لەو بارەوە بكات.. لەم رووەوە عێراق تائێستا چەند هەنگاو و رێكارێكی گرتۆتەبەر:

رێكاری یەكەم: یاسای پاراستنی گۆڕە بە كۆمەڵەكان:
كۆمەڵەی نیشتمانی عێراق “پەرلەمانی عێراق بۆ قۆناغی راگوزەر”، یاسای پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بە ژمارە (5)ـی ساڵی (2006) پەسەند دەكات و دەبێت بە یەكەم یاسا لە مێژووی عێراق كە تایبەت بە گۆڕی بەكۆمەڵ دابنرێت.
لەم یاسایەدا؛ ڕۆڵی سەرەكی لە ئاماركردن و هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و دیكۆمێنتكردنیان، دراوە بە وەزارەتی مافی مرۆڤ، ئەمەش وەك لە بڕگەی دووەم لە مادەی یەكەم هاتووە:(تتولی وزارە حقوق الانسان الدور الرئیسی فی عملیە فتح مقابر الجماعیە وحصر اعدادها و توپیق محتویاتها).
هاوكات وەك لە بڕگەی دوو لە مادەی دووەمدا هاتووە، نووسینگەیەك دادەمەزرێت لە ناو وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقی، بە ناوی (نووسینگەی زانیاری كاروباری گۆڕە بەكۆمەڵەكان) و ئەركی رێكخستنی داتای گۆڕە بە كۆمەڵەكان و ژمارەی روفاتەكان و … هتد دەبێت.
یاساكە خاڵی نییە لە كەموكوڕی و زۆر بابەت و دەستەواژەی یاسایی تایبەت بەم پرسەی لە بیركردووە، لە دیارترینیان وەك پێشتر خراوەتەڕوو، لە پێناسەی گۆڕی بە كۆمەڵدا، یاسادانەر كەوتۆتە هەڵەوە و تەنها گۆڕی قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی وەك گۆڕی بە كۆمەڵ ناساندووە و گۆڕی بە كۆمەڵی دیكەی وەك گۆڕە نەناساندووە، ئەمەش هەڵەیەكی زۆر گەورەی یاساییە و پێشێلكردنی مافی قوربانیانی تاوانەكانی دیكەی بەعسە وەك قوربانیانی تاوانەكانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و … هتد. هەروەها بە هیچ جۆرێك ئاماژەی تیمی هونەری (فرق الفنیە)ـی تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵ نەكردووە و بگرە بۆ هەڵدانەوەی هەر گۆڕێك، ئەوەی خستۆتەڕوو، كە دەبێت لیژنەیەك لە یەكە ئیدارەییەكانی ئەو ناوچەیە پێكبێت، كە گۆڕە بە كۆمەڵەكەی لێیە و ئەوان هەڵدەستن بە هەڵدانەوەی گۆڕەكە.
جیا لەمانە، هیچ رۆڵ و پێگەیەكی بۆ هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دیاری نەكردووە لە پرسی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، كە زۆرترین قوربانی گۆڕەكان لە نەتەوەی كوردن.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم یاساییە بە كرداری لە ساڵی (2008) كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و چەندین گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدرانەوە و هاوكات هاوبەشی بە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەكرا، نەك تەنها لە پرسی هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی كورد، تەنانەت لە هەڵدانەوەی زۆر گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی شیعەشدا، هاوبەشی بە تیمەكەی هەرێمی كوردستان دەكرا.
لە ساڵی (2015)، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای ژمارە (13)ـی ساڵی (2015)، یاسای هەمواری یەكەمی یاسای پاراستنی گۆڕە بە كۆمەڵەكان بە ژمارە (5)ـی ساڵی (2006)ـی دەركرد و زۆر بڕگە و مادەی یاساكەی هەمواركردەوە، لە دیارترینیان، وەك لە مادەی یەكەم هاتووە، ناوی یاسای پاراستنی گۆڕە بە كۆمەڵەكان بۆ (یاسای كاروبار و پاراستنی گۆڕە بە كۆمەڵ) گۆڕدرا و هەروەها لە مادەی (3)ـدا، (نووسینگەی زانیاری كاروباری گۆڕە بەكۆمەڵەكان)ـی هەڵوەشاندۆتەوە و لە شوێنیدا (فەرمانگەی كاروبار و پاراستنی گۆڕی بە كۆمەڵ)ـی دامەزراند.
هاوكات لە مادەی (6)ـدا بە شێوەی یاسایی ئاماژە بە هاوبەشیكردنی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان كراوە، بەوەی لە هەر پارێزگایەك كە گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدەدرێتەوە، دەبێت لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی سەرۆكی دادگا تێهەڵچونەوەی ئەو شارە و ئەندامێتی فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی وەك پۆلیس و پزیشكی دادی و ..هتد، پێكبهێنرێت بۆ سەرپەرشتی و چاودێری پرۆسەی هەڵدانەوەكە و لەم لیژنەیەدا وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەبێت نوێنەرێكی هەبێت، هەرچی ئەركی هەڵدانەوەی گۆڕەكانە خستۆیەتیە ئەستۆی تیمی شارەزای گۆڕە بە كۆمەڵەكان، كە دەبێت پێكبهێنرێت و راهێنانیان تایبەت بەو بوارەیان پێی بكرێت.
لە دوای چارەسەری كەموكوڕی و تێبینیەكان لە هەمواری یەكەمی یاسای گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە ساڵی (2015)، دەتوانین بڵێین، یەكێكە لە یاسا هەر باشەكان لە ئەمڕۆی عێراقدا.
تا ساڵی (2015)، دۆسیەی گۆڕی بە كۆمەڵ لە ئەستۆی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقی بوو، بەڵام لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو وەزارەتە، دۆسیەكە دەدرێتە دەزگای شەهیدانی عێراق و فەرمانگەی كاروبار و پاراستنی گۆڕە بە كۆمەڵەكانیش دەخرێتە سەر دەزگای ئاماژە بۆكراو و ناوەكەشی دەگۆڕدرێت بۆ (فەرمانگەی كاروبار وپاراستنی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و بێسەروشوێنان).
پاشتر لە هەمواری یەكەمی یاسای دەزگای شەهیدانی عێراق لە ساڵی (2024)، پرسێكی گرنگی گۆڕی بە كۆمەڵ لە چوارچێوەی هەموارەكەدا جێی دەكرێتەوە، ئەویش بریتیە لەوەی هەر زەوییەك كە گۆڕی بە كۆمەڵی تێیدا دەدۆزرێتەوە، ئەگەر زەوییەكە موڵكی دامەزراوەیەكی حكومی بوو، دەبێت موڵكداری زەوییەكە بگوازرێتەوە سەر دەزگای شەهیدان و ئەوانیش پابەندن بە گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ پاراستنی گۆڕەكان وەك دیاریكردنی شوێنەكە و دانانی تابلۆ و تەلەبەندكردنی و لە پاشانیش پاراستنی ئاسەوارەكانی لە دوای هەڵدانەوەی گۆڕەكە.
هەروەها لە یاساكە و هەموارەكانیدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەگەر زەوییەكە موڵكی تایبەتی كەسێك بێت، ئەوە خاوەن زەوییەكە پابەندە بە راگرتنی هەموو جۆرە كاركردنێك لە زەوییەكەیدا و فەرمانگەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانیش پابەندە بەوەی لە رۆژی ئاشكرابوونی گۆڕە بە كۆمەڵەكە تا ساڵێك، ئەو گۆڕە هەڵبداتەوە و لەو ماوەیەشدا پیویستە دەزگای شەهیدان قەرەبووی مادی خاوەن زەوییەكە بكاتەوە، ئەگەر بەهۆی راگرتنی كاركردن تێیدا زیانی مادی بە خاوەن زەوییەكە گەیشت بوو.
نابێت بیرمان بچێت، بەوە پێیەی دەزگای شەهیدان، دەزگایەكی سەربەخۆیە و راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ئەنجومەنی وەزیران، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین دۆسیەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان ئەمڕۆكە بەستراوەتەوە بە ئەنجومەنی وەزیران، كە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە عێراق.

رێكاری دووەم: دیاریكردنی رۆژی نیشتمانی گۆڕی بە كۆمەڵ
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی (2007)، بڕیاریدا بە دیاریكردنی رۆژی (16) ئایاری هەموو ساڵێك، وەك رۆژی نیشتمانی گۆڕی بە كۆمەڵ، ئەمەش بە پشتبەستن بە راسپارەكانی كۆنفڕانسی یەكەمی گۆڕی بە كۆمەڵ، كە لە شاری لەندن لە بەریتانیا لە رۆژی (16/9/2006) سازدرا.
دیاریكردنی (16)ـی ئایار وەك رۆژی نیشتمانی گۆڕی بە گۆمەڵ، دەگەڕێتەوە بۆ هەڵدانەوەی یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵ لە دوای رووخانی رژێم لە رۆژی (16ـی ئایار 2003)، كە دوو گۆڕ بوو لە ناوچەی (مەحاویل) لە پارێزگای بابل، كە قوربانیانی راپەڕینی شوعبانیەی باشوری عێراق لە ساڵی (1991) تێیدا بوو.
رێكاری سێیەم: دانانی بانكی زانیاری (DNA):
لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسای كاروبار و پاراستنی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، هەر لە ساڵی (2006)ـەوە، پزیشكی دادی (الگب العدلی) راسپێردرابوو بۆ وەرگرتن و كۆكردنەوەی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری قوربانیانی بێسەروشوێن، بەڵام ئەم پرسە تا ساڵانی دوای كۆتایهاتنی جەنگی (داعش) جێبەجێنەكراوە.. بەڵكو تەنها نموونەی ئێسك لە روفاتەكان وەردەگیرا و كۆدی بۆ دادەنرا و هەمان كۆدیش لەسەر كێلی روفاتەكان لە دوای بەخاكسپاردنەوەیان دادەنرا، تا ئەوەی لە هەر كاتێكدا سامپڵی خوێن لە كەسوكاری قوربانیان وەرگیرا و ئەنجامی (DNA)ـیەكان بەراوردكرا، ئەوە بە كۆدی سەر كێلەی گۆڕەكان، ناسنامەی روفاتەكەی ناوی ئاشكرابكرێت.
ئەگەرچی عێراق ئەم ڕێكارەی وەك چارەسەرێكی مام ناوەند بۆ ئەم پرسە پەنای بۆ برد، بەڵام لە بنەڕەتدا هەڵەیەكی زانستی بوو، چونكە وەك پاشتر دێنەسەری، دەبوو وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری قوربانیان پێش هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵ ئەنجام بدرایە، چونكە مردنی كەسوكاری قوربانی بە هەر هۆیەك بێت، كێشەی گەورە بۆ ناسینەوەی روفاتەكان دروست دەكات.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە ساڵی (2018)ـەوە، عێراق دەستیكرد بە دانانی بانكی زانیاری (DNA)، بە وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری قوربانیان و بۆ ئەمەش تائێستا چەندین هەڵمەتی وەرگرتنی سامپڵی خوێنی لە كەسوكاری قوربانیان لە شارەكانی عێراق ئەنجامداوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان، لە شوباتی ساڵی (2024) دەستكراوە بە هەڵمەتی وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری ئەنفالكراوان و تائێستا (6) هەڵمەت ئەنجامدراوە، كە بە كۆی گشتی سامپڵی خوێن لە (2214) كەسوكاری ئەنفالكراو بۆ ناسینەوەی (2545) جینۆسایدكراو وەرگیراوە.

رێكاری چوارەم: بنكەی زانیاری و ئامار:
لە عێراق بنكەیەكی داتاپەیستی ئامار و زانیاری و دیكۆمێنتی تایبەت بە گۆڕی بە كۆمەڵ هەیە، بەڵام هیچ زانیارییەك سەبارەت بە داتاكان و كۆكردنەوەی ئامارەكان بەردەست نیە، بەهۆی سیاسەتی تاك ناوەندی بۆ پاراستنی زانیارییەكان.
عێراق لەم پرسەدا وەك دۆسیەیەكی ئاسایشی نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكە دەكات و زانیارییەكان بەردەست ناخات، لە هەمانكاتدا رەنگە ئەم جۆرە مامەڵەیەی عێراق پەیوەندیی بەوەوە هەبێت، تا پرسی كەمی هەڵدانەوەی گۆڕی قوربانیانی نەتەوەیەك بە بەراورد بە نەتەوەیەكی دی، نەكرێت بە بابەتی جیاكاری و وەك جیاكارییەكی نەتەوەیی نەوروژێنرێت.

تەوەری دووەم: كورد و پرسی گۆڕی بە كۆمەڵ
ئەوەی جێی تێڕامان و هەڵوەستەكردن، كاتێك بەراوردی ژمارەی گۆڕی بە كۆمەڵ و قوربانیەكان و مێژووی یەكەم گۆڕ لە عێراق لە نیوەی دووەمی سەدەی رابردوو دەكەیت و بەراوردی دەكەیت بە هەنگاوی لایەنەكانی وەك حكومەتی هەرێم و پەرلەمان و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، تووشی سەرسوڕمان و شۆك دەبیت، كاتێك دەبینیت نەك وەك وڵاتە پێشكەوتۆكان كاری لەسەر دۆسیەی گۆڕی بە كۆمەڵ نەكردووە، تەنانەت بە ئەندازەی دەوڵەتی عێراقیش لەم پرسەدا هەنگاوی نەناوە.
وەلاوەنانی ئەم دۆسیەیە بۆ هەر میللەت و نەتەوەیەكی دی ئاسایی بێت، بۆ كورد نەك ئاسایی نییە، بەڵكو تاوانێكە دەچێتە خانەی لەبیركردنی رابردوو، رابردوودییەك كە تێكهەڵكێشراوە لە گۆڕی بە كۆمەڵەی رۆڵەكانی.
كاتێك ژمارە و مێژووی گۆڕەكان و ژمارەی قوربانیانی كورد و ژمارەكانی تاوانەكانی ئەنجامدراو بەرانبەر بە كورد بەراورد بە یەك دەكەین و پاشتر بە هەنگاوەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان لە پرسی گۆڕی بە كۆمەڵ بەراوردی دەكەین، هەنگاوێكی بناغەیی ئەوتۆ نابینین.. راستە لە رابردوودا هەرێمی كوردستان تیمی هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵی هەبووە و رۆڵی بینیەوە هەڵدانەوەی ژمارەیەك گۆڕ و هێنانەوەی روفاتەكان بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام وەك ئاماژەی پێدراوە، لە تاوانی ئەنفالدا، كە گەورەترین تاوانە بەرانبەر بە گەلی كورد ئەنجامدراوە، ژمارەی رووفاتەكان تەنها (1900) رووفاتە، كە دەكاتە لە (1%) كۆی قوربانیانی تاوانەكە.
هەموو ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هەنگاویی بناغەیی (ستراتیژی) لەم پرسەدا لای دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لە سەرووی هەمووشیانەوە، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، كە دیارترینیان بریتیە لە:
یەكەم: نەبوونی یاسای گۆڕە بە كۆمەڵەكان: تائێستا لە هەرێمی كوردستان، یاساییەك نییە تایبەت بە دۆسیەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، كە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیە لە گەڕان و رووپێویكردن ودیكۆمێنتكردن و ئاماركردنی ولایەنەكانی تری ئەم بابەتە رێكبخات، بەڵام بە پێچەوانەوە لە عێراقدا یاسای تایبەت بەم دۆسیەیە هەیە و هەموو لایەنەكانی ئەم پرسەی رێكخستووە.
دووەم: بەڕێوبەرایەتی گۆڕی بە كۆمەڵ: لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بەڕێوبەرایەتیەك هەیە بە ناوی (بەڕێوبەرایەتی گۆڕە بە كۆمەڵەكان)، بەڵام ئەم بەڕێوبەرایەتی هیچ پاڵپشتیەكی یاسایی نییە وەك ئەوەی فەرمانگەی كاروبار وپاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عێراق، كە پاڵپشت بە یاساییەك دامەزراوە و پێدەچێت ئەم بەڕێوبەرایەتی هەرێم بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزارەت یاخود ئەنجومەنی وەزیران دامەزرابێت، چونكە لە یاسای وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە ژمارە (8)ـی ساڵی (2006)، كە ئاماژە بە هەیكەلیەتی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیەكان دەكات، هیچ بەڕێوبەرایەتیەك بە ناوی (بەڕێوبەرایەتی گۆڕە بە كۆمەڵەكان) لە یاساكەدا ئاماژەی بۆ نەكراوە.
سەبارەت بە پرسی گۆڕی بە كۆمەڵیش، تەنها لە بڕگەی دەیەم لە مادەی دووەمی یاساكە، كە باس لە ئامانجەكانی وەزارەت دەكات، هاتووە:”گەڕان بە دوای چارەنووسی ئەنفالكراوان و دۆزینەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و گێڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان”.
بە وردبونەوە لەم بابەتە، دەبینین تەنانەت بەڕێوبەرایەتی گۆڕە بە كۆمەڵەكانیش بناغەیی نییە، چونكە ئەم بەڕێوبەرایەتیە پاڵپشتی یاسایی نییە و بە بڕیار دامەزراوە و هیچ كات بڕیار شوێنی یاسا ناگرێتەوە.
سێیەم: رۆژی نیشتمانی گۆڕی بە كۆمەڵ: تائێستا لە هەرێمی كوردستان رۆژێك دیاری نەكراوە وەك رۆژی نیشتمانی گۆڕی بە كۆمەڵ، سەرەڕای ئەوەی كورد پشكی شێری لە قوربانیانی گۆڕی بە كۆمەڵ بەردەكەوێت، ئەمەش بەڵگەیە بۆ نەبوونی هەنگاوێكی بناغەیی بۆ بە نیشتمانیكردنی ئەم پرسە یاخود بڵێین نەبوونی هیچ هەنگاوێك بۆ نیشتمانسازی لە دۆسیەی گۆڕی بە كۆمەڵ لە هەرێمی كوردستان.. لەكاتێكدا لە عێراق رۆژی (16)ـی ئایاری هەموو ساڵێك وەك رۆژی نیشتمانی گۆڕی بەكۆمەڵ دیاریكراوە وەك پێشتر خراوتەڕوو.
چوارەم: نەبوونی بانكی زانیاری (DNA): تائێستا لە هەرێمی كوردستان، بانكێكی زانیاریی تایبەت بە پشكنینی (DNA) و وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری قوربانیان و كۆكردنەوەی زانیارییەكانی ئەم بوارە بوونی نییە، لەكاتێكدا رۆژ لە دوای رۆژ واریسی قوربانیان بەهۆی نەخۆشی و هەڵكشانی تەمەن گیانلەدەست دەدەن، بەتایبەت باوك و دایكی قوربانیان، كە بەپێی رێكارە زانستیەكان، بۆ ناسینەوەی رووفاتی گۆڕی بە كۆمەڵ، واباشتر و لە پێشترە كە سامپڵی خوێن لە باوك و دایكی قوربانی وەربگرێت، لە دواتر ئەگەر ئەوان لە ژیان نەمابوون، ئەوكات لە سێ‌ لە خوشك و براكانی یاخود منداڵەكانی قوربانیەكە، ئەگەر خێزانداربوو.
لەم لایەنەوە بەهۆی كەمتەرخەمی هەرێمی كوردستان بۆ دامەزراندنی بانكێكی زانیاری (DNA) لە ساڵانی رابردوو، دەتوانین بڵێین زانیارییەكی زۆر وون بوون یاخود فەوتاون، بۆ نموونە؛ كەسوكاری قوربانی سەڵت بووە و لە پاشانیش دایك و باوكی كوچیان كردووە و ئێستا تەنها یەك برای ماوە یان یەك خوشك و برای ماوە تا دەگاتە نموونەكانی تر، ئەمەش پرۆسەی ناسینەوەی روفات قورستر دەكات.
پێنجەم: بنكەی زانیاری و ئامار: تائێستا هیچ بنكەیەكی داتاپەیستی ئامار و زانیاری و دیكۆمێنتكردنی تایبەت بە گۆڕی بە كۆمەڵ لە هەرێمی كوردستان بوونی نییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاساییەكی تایبەت بە گۆڕی بە كۆمەڵ وەك پێشتر ئاماژەمان بۆ كردووە و بەو هۆییەوە تەنانەت ئامارێكی وردی نەك سەرجەمی گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە هەرێم بەردەست نییە، تەنانەت ئاماری ئەو روفاتانەش بەردەست نیین كە گەڕێنراونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ نموونە ئەو ئامارانەی وەزارەتەی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان چەندجارێك بڵاویكردۆتەوە، لەگەڵ ژمارەی گۆڕی ئەو روفاتانەی كە لە چەمچەماڵ و گەرمیان و دوكان و تۆپزاوە و بارزان بەخاك سپێردراون، بە ئاستێكی زۆرجیاوازییان هەیە.. ئەمەش دەریدەخات كە ئەوەی كراوە بە هەنگاوی بناغەیی نەبووە و جۆرێك لە پاشاگەردانی دروستكردووە.
شەشەم: كەلوپەلی ناو گۆڕەكان: تائێستا هیچ زانیاری و ئامارێك لە بارەی كەرەستە و كەلوپەل (مقتنیات)ـی ناو گۆڕەكان بەردەست نیین و تەنانەت ئەو كەرەستانەش كە بەڵگەی تاوانكارییەكانن لە هیچ شوێنێك وەك مونۆمێنت و مۆزەخانەكان نمایش نەكراون و بە نهێنی و بە شاردراوی هێڵدراونەتەوە و نازانرێت چۆن و لە كوێ‌ هەڵگیراون.

تەوەری سێیەم: عێراق و پەراوێزخستنی گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی كورد
كاتێك لە پرسی گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە عێراقدا، قسە لەسەر پەراوێزخستنی دۆسیەی قوربانیانی كوردی تاوانەكانی بەعس دەكەین، كە زیاتر لە (80%) قوربانیانی گۆڕی بە كۆمەڵەكانی سەردەمی بەعس لە نەتەوەی كوردن.
نەبینین و پەراوێزخستن و وەلاوەنانی دۆسیەی قوربانیانی كورد لەم پرسەدا بە ئەندازەیەكە، كە لە ماوەی (10) ساڵی نێوان (2015 ـ 2025)ـدا، لە كۆی (153) پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵ، تەنها (3) گۆڕی بە كۆمەڵی تاوانەكانی ئەنفال و بارزانیەكان هەڵدراونەتەوە.. كە لەم خوێندنەوەدا بە داتا و ژمارە لە (5) خاڵدا دەیانخەینەڕوو:
یەكەم: لە عێراق تائێستا (171) گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵدراوەتەوە، كە تەنها (40) گۆڕێیان پەیوەستن بە كورد و سنوری هەرێمی كوردستان.
دووەم: لە كۆی ئەو (40) گۆڕەی هەڵدراونەتەوە، تەنها (2) گۆڕێیان بە تەنها لەلایەن دامەزراوەكانی عێراق لە ساڵانی (2002 و 2024) هەڵدراونەتەوە و (29) گۆڕێیان بە هاوبەشی هەردوو تیمی گۆڕی بە كۆمەڵی كوردستان و عێراق هەڵدراونەتەوە و (4) گۆڕێیان لەلایەن ئەمریكیەكان هەڵدراونەتەوە و (5) گۆڕێیان لەلایەن تیمی گۆڕی بە كۆمەڵی كوردستان هەڵدراونەتەوە.
سێیەم: لە ماوەی (10) ساڵی (2015 بۆ 2025)، تەنها (3) گۆڕی بە كۆمەڵی تاوانەكانی جینۆسایدی ئەنفال و بارزانیەكان هەڵدراونەتەوە، لە بەرانبەردا (153) گۆڕی دیكە هەڵدراونەتەوە، كە (12) گۆڕی بە كۆمەڵیان تایبەتە بە تاوانەكانی بەعس و (141) گۆڕیان تایبەتن بە تاوانەكانی داعش.
چوارەم: دوای (20) ساڵ لە هەڵدانەوەی چوار گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی كورد، لە ساڵی (2024) دەستكرا بە وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری قوربانیانی كورد، لە كاتێكدا ئەو پرۆسەیە لە ساڵی (2017) لە عێراق دەستی پێكردووە.
پێنجەم: تائێستا نەتوانراوە یەك رووفاتی قوربانیانی كورد لە رێگای پشكنینی (DNA) بناسرێنەوە، ئەمەش بەهۆی دواكەوتن لە وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە كەسوكاری قوربانیانی كورد، كە بەو هۆیەوە زانیارییەكی زۆر وون بوون، بۆ نموونە؛ لە ماوەی (22) ساڵی رابردوودا، واریسێكی زۆری قوربانیان بەهۆی نەخۆشی و هەڵكشانی تەمەن گیانیان لەدەستداوە، بەتایبەت باوك و دایكی قوربانیان، لە كاتێكدا بەپێی رێكارە زانستیەكان، بۆ ناسینەوەی رووفاتی گۆڕی بە كۆمەڵ، واباشتر و لە پێشترە كە سامپڵی خوێن لە باوك و دایكی قوربانی وەربگرێت، لە دواتر ئەگەر ئەوان لە ژیان نەمابوون، ئەوكات لە سێ‌ لە خوشك و براكانی یاخود منداڵەكانی قوربانیەكە، ئەگەر خێزانداربوو.

چارەسەر و پێشنیار:
لە دەرئەنجامی ئەم خوێندنەوەیە روون دەبێتەوە، كە دەوڵەتی عێراق لە پرسی گۆڕی بە كۆمەڵ زۆر لە پێش هەرێمی كوردستانەوەیە و هەنگاوەكانی عێراق زۆر بناغەیین و هەرچی هەرێمی كوردستانە، تائێستا هیچ بناغەییەكی بۆ ئەم بابەتە دانەمەزراندووە و ئەوەی لە رابردوو ئەنجامیداوە جیا لەوەی بناغەیی نەبووە و هیچ پاڵپشتیەكی یاسایی نییە، تەنها لە دوو بواردا بووە.. یەكەمیان: پێكهێنانی تیمێكی شارەزا بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵ و ئەم تیمە رۆڵی باشی لە هەڵدانەوەی زۆر گۆڕی بە كۆمەڵ بینیووە و دووەمیان: هێنانەوەی روفاتی قوربانیانی نێو گۆڕە بە كۆمەڵەكان بۆ هەرێمی كوردستان، بەدەر لەمە هیچ شتێكی تر نەكراوە، بۆیە ئەم چارەسەرانە پێویستە بگیرێتەبەر:
1ـ پەرلەمانی كوردستان یاساییەكی تایبەت بە پرسی گۆڕی بە كۆمەڵ و قوربانیانی گۆڕەكان دەربكات، بۆ رێكخستنی هەموو لایەنەكانی تایبەت بەم دۆسیەیە.
2ـ ساڵانە بودجەیەكی تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵ دیاری بكرێت.
3ـ پەرلەمانی كوردستان بە بڕیارێكی پەرلەمانی رۆژێك لە هەرێمی كوردستان، وەك رۆژی نیشتمانی گۆڕی بە كۆمەڵ دیاری بكات، كە گوزارشت بێت بۆ گۆڕی بە كۆمەڵی كورد، ئەمەش بە پشتبەستن بە لێكۆڵەوەرانی ئەم بوارە.
4ـ دامەزراندنی بانكی زانیاری (DNA)، بۆ وەرگرتنی سامپڵ لە كەسوكاری قوربانیان وكۆكردنەوەی زانیارییە پێویستیەكانی تایبەت بەم بوارە.
5ـ كەلوپەلی ناو گۆڕەكان: تەواوی كەلوپەلی ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكان بەپێی زانستی دیكۆمێنت بكات و لە مۆنۆمێنتەكان نمایشیان بكات، لەگەڵ گرتنەبەری هەر رێكارێكی دیكەی پەیوەست بەم بوارە.
6ـ فشاری بەردەوام بخرێتە سەر دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراق، بۆ خێراكردنی هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی كورد، چونكە بەهۆی ئەوەی زیاتر لە (37) ساڵ بەسەر تاوانەكان تێپەڕیووە، مەترسی تێكچوون و شوێن بزربوونی گۆڕەكان هەیە.
7ـ هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە پرسەكانی گۆڕی بە كۆمەڵ و بێسەروشوێنان وەك رێكخراوی (ICMP) و رێكخراوەكانی تر بكرێت، بۆ سود وەرگرتن لە ئەزموونە نێودەوڵەتیەكان، بۆ دانانی بناغەیەكی یاسایی و كرداری بۆ دۆسیەی گۆڕە بەكۆمەڵ و دیكۆمێنتكردنی لە ئاستی نێودەوڵەتی و …هتد.

تێبینی: ئەم بابەتە لە چاپی دووەمی كتێبی (عێراق.. وڵاتی گۆڕی بە كۆمەڵ) بڵاوكراوەتەوە، كە ساڵی (2025) چاپكراوە و هاوكات لە گۆڤاری تۆپزاوە، لە ژمارە (6 – 7)ـی 14/4/2025 بڵاوبۆتەوە.

نووسینی: هێمن حەسیب

سەرچاوەكان:
1ـ رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، ژمارە (4021) لە (16/4/2006).
2ـ رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، ژمارە (4367) لە (8/6/2015).
3ـ رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، ژمارە (4395) لە (25/12/2016).
4ـ رۆژنامەی وەقائیعی عێراق، ژمارە (4796) لە (7/10/2024).
5ـ رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان، ژمارە (63) لە (21/1/2007).
6ـ ئاماری هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، ن: هوشیار عیزەدین، رۆژنامەی نوگرەسەلمان، ژمارە (7)ـی رۆژی (14/4/2012)، لاپەڕە (4).
7ـ گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە روانگەیەكی مێژوویی، عەدالەت عومەر، وێبسایتی ئەرشیفی نەتەوەیی جینۆسایدی گەلی كورد
https://ku.kgna.krd/blogs/categorys/%DA%AF%DB%86%D8%B1%DB%95%D8%A8%DB%95%DA%A9%DB%86%D9%85%DB%95%DA%B5%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86
8ـ بماذا تختلف المقابر الجماعية عن غيرها؟ ومتى تعتبر “جريمة حرب”؟ وكيف تعاقب الأمم المتحدة مرتكبيها؟
https://arabicpost.net/%D9%85%D9%86%D9%88%D8%B9%D8%A7%D8%AA/2020/07/09/%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%82%D8%A7%D8%A8%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AC%D9%85%D8%A7%D8%B9%D9%8A%D8%A9/
9ـ مذبحة “سيميل” الآشورية.. أولى إنجازات الحكم الوطني من المقابر الجماعية في العراق.
https://elaph.com/Web/Archive/1059931214400558100.htm
10ـ جريمة صوريا .. وحقوق الضحايا.
https://www.hhro.org/%D8%AC%D8%B1%D9%8A%D9%85%D8%A9-%D8%B5%D9%88%D8%B1%D9%8A%D8%A7-%D9%88%D8%AD%D9%82%D9%88%D9%82-%D8%A7%D9%84%D8%B6%D8%AD%D8%A7%D9%8A%D8%A7/%D9%85%D9%82%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AA




سێڵفی وێنە لە وێنەدا.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

دەشێ سێڵفی خۆبەئەویدیكردنێك بێ، کە بیركردنەوەمان لە ڕۆناكیدا پەرت دەكات، رەنگدانەوەی ئەو ئارەزووە بێت، كە ئیگۆی نێرگزی بە ئەویدیكەی ڕەوا نابینێت.. بەو پێناسەیە وێنە لە وێنەدا دەگرین. چونكە سێڵفی تاقانەیی خۆی لە (نێرگزییەت)دا دەنەخشێنێ.. واتە سێڵفی تاکە بڕیارێكی ڕووتە، كە ڕێگری لە تێپەڕبوونی ڕۆناكی بۆ ئەویدیكە دەکات!. سێڵفی گۆڕانکارییە وردەکانی ئیگۆ دەبینێ و دەڵێت: (هەمان/من) هێزی شاشەم لە ئەویدیكەی جیاواز خۆشتر دەوێت. ڕۆناكی گەردوونی منە!. من شاشە بەکاردەهێنم کە ڕەنگدانەوەی بوونی من دەگوازێتەوە و هەموو ئەویدیكە بە لایكەكانی دەخزێنێتەوە ناو (هەمان/من)ەوە..
لە كۆمەڵگای بەركاردا ئیگۆی سێڵفی لە ڕۆناكیدا بڵاو دەبێتەوە، ڕۆناكی لەخۆ دەگرێ و ڕۆناكی داهاتوو دەدۆزێتەوە! بەمجۆرە سێڵفی لە ئاشتکردنەوەی (مەجازی) و (ئەبستراکت)دا ئەویدیكەتەوەری لە خودتەوەریدا دەتوێنێتەوە، خودتەوەری لە ئەویدیكەتەوەریدا ڕۆناك دەكاتەوە..

لەخۆگرتنی ڕۆناكی، چركاندنی سێڵفی
ڕۆناكی کە دەبینێت، ڕیتمەکە دەردەکەوێت، یان سڕاوەتەوە.. سێڵفی بۆ خۆنمایشكردن لەبەر چاوی ئەویدیكە فەزایەكی مەجازی و ئەبستراكتی دەوێت. واتە لەخۆگرتنی ڕۆناكی کە دەیبینێت، چركاندنی سێڵفییە کە درووستی دەکات.. بەو مانایە سێڵفی وەك دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان لە دەوری چركەساتێك کۆدەکاتەوە.. بەڵام ئایا دەكرێ خودتەوەری و ئەویدیكەتەوەری وەك یەك تەماشا بكرێن؟!
فرۆید لە كتێبی (لە دەرەوەی بنەمای چێژ)دا غەریزەی ژیان لە غەریزەی مردن جیا دەكاتەوە، هاوسەنگی دەروونی تاک بە پاراستنی ئەم دوو غەریزەیە بەدەست دەهێنێت. بەڵام سێڵفی هاوواتای دەنگدانەوەی ویستی ژیان، نێوەندگیری ئارەزووەكانی (خود/ ئەویدیكە) لە داهێنان و بەرهەمهێنانەوەدا كۆ دەكاتەوە.
كەواتە سێڵفی گوزارشت لەو یارییە تەكنۆلۆژییە داهێنەرە دەكات، کە داهێنان بەرەو ڕۆناكی تێدەپەڕێنێت. بەڵام یارییە تەكنۆلۆژییەكان ئەو یارییانەن كە ئیگۆی داهێنەر دەخەنە ژێر پرسیارەوە! چونكە سێڵفی دەربڕینی جەستەیەکی گۆڕاوە. چونكە سێڵفی لە پێناسەی خاوەنەکەیەوە بۆ لەخۆگرتنی ئارەزووەكانی ئەویدیكە ڕۆناكی دەبڕێت. چونكە سێڵفی جەستەیەکە وەك داهێنانی تەكنۆلۆژیا بەردەوام لە قەیرانی ناسنامەدایە.. جەستەیەکە فڕێدراوەتە ناو هەڵسەنگاندنی بێکۆتایی ڕۆناكییەوە.. ئەوەش بەو مانایەیە کە ئیگۆ لە وێنەکەدا نییە، بەڵکو تەنها ڕەنگدانەوەی وێنەیە لە وێنەدا، شتێکی هاوشێوەی وێنەی وێنەیە..
كەواتە ئیگۆی تەكنۆلۆژی جگە لە زڕەوێنەی ئیگۆی دەروونی هیچی تر نییە. (زڕەوێنە واتە ڕووكاری بۆش، ناوەڕۆكی خاڵی یان قووڵ، وەكوو ئاوێنەیەك كە تەنیا خۆی ڕەنگ دەداتەوە و لەپشتییەوە هیچ ڕاستییەك بوونی نییە.. بە مانا ئەفلاتوونییەكەی وێنەی لەبەرگیراوی ئایدیا، خودا، حەقیقەت..) بەو مانایەش ئیگۆی تەكنۆلۆژی هێمای ئەو پەیوەندییە كۆپیكراوە و سەختەیەیە، کە ئێمە لە فەزای مەجازیدا بە خۆیەوە دەبەستێتەوە.. بۆ نموونە: ریكلام ئەو ئارەزووەی كە وێنە لە وێنەدا دەیبینێ، ئەوەیە كە هەمیشە لە ئیگۆی تەكنۆلۆژییدا بۆشایییەک هەیە، کە پڕ ناکرێتەوە.
بۆیە سێڵفی لە (هەمان /من) وەك زڕەوێنە زانیاری و پەیامێکی لەبەرگیراوە، هیچ مانایەکی نییە، هیچ نیشتمانێكی نییە، هیچ ناسنامەیەكی هەڵنەگرتووە، جگە لەوەی كۆكراوەتەوە، جگە لەوەی دەنێردرێت و بڵاودەکرێتەوە.. جگە لەوەی خۆی ڕووت دەکاتەوە.. دواجار لەو هەموو لادانانەدا كۆپیكردنەوە جێگای بەرهەمهێنانەوە و بەرهەمهێنانەوە جێگەی داهێنان، وەهم جێگەی خەیاڵ دەگرێتەوە. كۆپیكردنەوە، بەرهەمهێنانەوە، وەهم لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبێتە ئەو ڕۆناكییەی، كە لێکچوونێک لەگەڵ ڕاستی درووست دەكات، ئەو زێدەڕاستییەی لە ڕێگای نوێنەرایەتیكردنەوە فڕێمان دەداتە دەرەوەی داهێنان و ڕاستییەوە.

زێدەوێنە
نیگەرانییەكانی بوونی سەردەم

لە ژیانی ڕۆژانەی ئەمڕۆماندا وێنە پێگەیەک داگیر دەکات، کە پێشتر هەرگیز پێی نەدەزانی؛ بە تایبەتی ئەگەر لە گۆشەنیگای بازاڕەوە تەماشای بكەین.. ئەو قسەیەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە فۆرمی ڕیكلامەوە هەیە. یان بە مانایەكی دیكە ئەمڕۆ بازاڕ زمانەكانی ناساندن و مامەڵەكردن و هەڵسەنگاندنی لە ڕێگای وێنەوە قووت داوە. ئەمڕۆ ڕیكلام باشترین مۆدیلە بۆ گواستنەوەی كاڵا و نیشانەكانی بازرگانی.. وێنەش قووڵترین ناسنامەی زانیارییە كۆكراوەكانی سێڵفییە. هەر بەو مانایەش سێڵفی لە زانیارییەكانی ڕیكلام نزیك دەبێتەوە.
لە كۆمەڵگای بەركاردا باشترین مۆدیلی كاڵای بازرگانی گرەوی لەسەر نییە، قووڵترین ناسنامەی زانیارییە كۆكراوەكانی سێڵفیش هیچ مانایەكی نییە. یەكەمیان بە درووشمی (دەكڕم، بەكاردەهێنم، چێژی لێ دەبینم) دەنازێ. دووەمیان لە (من سێلفی دەگرم، كەواتە من هەم)دا بەردەوام خۆی نمایش دەكاتەوە. لەوێشەوە ڕیكلام دەبێتە خودتەوەری، كە گوزارشت لە (من هەم، من واتام هەیە) دەكات و بازاڕ دەبێتە ئەویدیكەتەوەری، كە گوزارشت لە نەخۆشی و نیگەرانییەكانی سەردەم دەكات..
هەردوو چیڕۆك: ڕیكلام گرەوی نییە و سێڵفی نوێنەرایەتی ئیگۆ ناكات، ڕەنگدانەوەی وێنەیە لە وێنەدا، زانیارییە لە زانیارییدا.. دواجار وەك چۆن بەبێ (لایك) بوونی سێڵفی لەرزۆكە، بە هەمان شێوە بەبێ (بازاڕ) كاڵا دەكەوێت.. كەواتە بەبێ (بازاڕی لایك) ناتوانرێت پێشبینی داهاتووی كۆمەڵگای بەركار بکرێت. لە بەرانبەردا كۆمەڵگای بەركار داهاتووی سوبێكت بە نەخۆشی پووكانەوەی دەمار و نیگەرانییەكانی سەردەم دەسپێرێت.
ئەوەی جێگەی پرسیاری سوبێكتی دەروونییە پووكانەوەی دەمارە، ئەوەی پرسیاری ئیگۆی تەكنۆلۆژییە داهاتووی بازاڕ و زێدەڕیكلامە. داهاتووی پووكانەوەی دەمار واقیعە، داهاتووی بازاڕ و ڕیكلام واقیعی واقیعە.. ناووكی ڕیكلامی بازاڕ گوزارشت لە ڕووتییەكانی دەکات، کە لە داهاتووی بازاڕ و زێدەڕیكلامدا بەردەوام خۆی نمایش دەكاتەوە. ناووكی پووكانەوەی دەماری گوزارشت لە نەخۆشییەكانی سوبێكت دەكات. واتە لەبەرانبەر داهاتووی بازاڕ وێنەی وێنە ئامادەیە، لەبەرانبەر نیگەرانییەكانی بوونی سوبێكت پووكانەوەی دەمار.. یەكەمیان دەركەوتن لە پێناو دەركەوتن دەنوێنێ. دووەمیان نزیكبوونەوەیە لە مردن. وەك چۆن دەركەوتنی وێنەی ڕووت هیچ كەلێنێك بۆ مانای بازاڕ ناهێلێتەوە، بە هەما شێوە مردنی سوبێكت هیچ كەلێنێك بۆ مانای ژیان ناهێلێتەوە!
كەواتە لە (نیگەرانی) و (زێدەڕیكلام)ەكانی سەردەمدا (وێنە/ مردن) پێویستی بە مانا نییە، بەڵكو پێویستی بە زێدەڕۆناكییە، بۆ ئەوەی جوانتر دەركەون.. پێویستی بە زێدەوەرزش، زێدەئەرێنی، زێدەلایك، زێدەخۆشەویستی، زێدەنەخۆشی، زێدەپووكانەوە… هتد. لە ڕێگای بەرجەستەكردنی چەمكی مردنەوە دەمەوێ بڵێم لەو هەموو ئەرێنییەی ڕیكلام، لەو هەموو زۆرەملێیانەدا، بوارێکی کەم بۆ هەڵە و نەخۆشی و هەڵبژاردنی خراپ… ماوەتەوە! چونكە دنیای سوبێكتی تەكنۆلۆژی دنیای بازاڕ و ڕیكلام و ڕۆناكییە، دنیای ئەرێنی و لایك… جیایە لە دنیای سوبێكتی دەروونی، جیایە لە دنیای نکۆڵیکردن و جیاوازی و نەرێنی، ئەنلایك، تاریكی و گومان… بەڵام ژیان بە هەردوو دنیاوە جوانە، كەواتە نكۆڵیكردنكردن لە هەر یەكێكیان نکۆڵیکردنە لە بەشێکی جەوهەری دانەبڕاوی بازاڕ/ سوبێكت! دواجار وەك چۆن ڕۆناكی ناتوانێت سوبێكت بدۆزێتەوە، تاریكیش ناتوانێ بازاڕ نوغرۆ بكات..

چیرۆکی مەحاڵی ئەویدیكە
فەزای مەجازی هەموو ئەو شتانە لە باوەش دەگرێ، کە ئێمەین.. لێرەدا ڕووبەڕووی پرسی فەزای ڕۆناكی و فەزای تاریكی دەبینەوە. كێشەی فەزای مەجازی لە چیرۆکی ئەویدیكەی جیاوازدایە، كە دەتوانێت کەسێکی نەرێنی بێت، دەتوانێت (ئەوانیدیكە)ی فرەلایەنە بێت، کە لەلایەن گروپی (هاوڕێ/ نەیار) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نوێنەرایەتی دەکرێت.. ئایا بەمجۆرە دانیشتوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەشێ ببنە دادوەر؟! دەشێ ببنە هێزی هاوشێوەی ئەرێ و داكۆكی لە هێزی نەرێ، یان بێزرا و پەراوێزخراو بكەن. ئایا چوونە ناو تۆڕی کۆمەڵایەتی بە واتای قبوڵکردن دێت، یان قبوڵنەكردن… چاودێر و سانسۆر و دادوەری..
لە فەزای مەجازیدا جگە لەوەی لەبەردەم کەسانی تردا ڕووت دەبینەوە و هەموو شتێك دەڵێین و هەموو شتێك دەبیسین و هەموو زانیارییە كۆكراوەكان دەزانین و بەشێکە لە چێژەکانمان و جۆرێک لە دەسەڵاتیشمان بەسەر ئەوانی تردا پێدەبەخشێت.. دەسەڵاتێک کە بە ئیختیاری ئازادەوە نوێنەرایەتی دەکرێت.
دەشێ بچینە ناو كەسانی دیكەش بەبێ ئەوەی بە ڕوونی ئەو كەسە بزانێت، واتە کاتێک سێڵفییەک لە فەیسبووکدا دەدۆزینەوە کە ئاراستەی هەمووان کراوە و ئاراستەی کەس نەکراوە، ئێمە لە دۆخێکداین کە خۆمان لە دیمەنێک دانووساندبێ، وەك ئەوەی لەپشت دەرگا و لە کونی کلیلەوە سەیر بكەین. بەڵام کەس ناتوانێت کاتێک لە فەیسبووک یان ئینستاگرام پەیوەندی دەکەم، سەیرم بکات، جگە لە ساتەوەختی چوونە ناو ئینتیما نەبێ..
كەواتە ئەوەی سێڵفی دەتوانێت سەرنجی ڕابکێشێت، چوونە ناو ئینتیمایە. ئەوەی دەتوانێت لە سێڵفیدا ئامادەیی هەبێت جگە لە زانیاری كەڵەكەكراو، چێژی نێرگزییە، چێژی جوانکارییە، یاریزانییە… وەك چۆن چێژی دەستدرێژیکردن و پەراوێزخستنە.. كەواتە فەزای مەجازی وەڵامێکە بۆ ئەو نیگەرانی و بۆشاییەی، کە ئێمەی فڕێداوەتە ناوییەوە.. ئەوە چیڕۆكی مەحاڵی ئەویدیكەیە، كە لەبەر تیشكی بەهێزی ڕۆناكی لایكەكان.. ڕاستی، دڵنیایی، چاکبوونەوە نابینێ!! لەبەر تیشكی بەهێزی ڕۆناكی زانیاری و دەربڕینەکان بە ڕەوانی دەگەن و خۆشی سێکسی لە ڕووخسارەكاندا دەدرەوشێتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی وێنەی مردن بگرین، وەستاندنی ئەم چێژە دەكەوێتە تەنیشت سێڵفییەوە، نەک نێو ژیانەوە.
كەواتە چیڕۆكی مەحاڵی ئەویدیكەی جیاواز، ئەویدیكەی نەیار، ئەنلایك، نەرێ… دەمانخاتە سەر مەیلی ئەوەی كە ناتوانرێت فەزای مەجازی ڕەت بکرێتەوە، دەمانخاتە سەر مەیلی ئەوەی كە خۆمان لەبیر بکەین، دەمانخاتە سەر مەیلی ئەوەی كە لەبری ئەوەی ساتە ڕاستەقینەکان بژین، بە دوای چێژدا وێڵ بین..
ڕۆناكی بەبێ تاریكی وەهمە. شاشەی مۆبایلە زیرەکەکان هاوتای ئەو ئاوەیە کە تێیدا وێنەی نێرگزی ڕەنگدانەوەی هەبووە.. وێنەی وێنە. بەڵام دوای موچڕكی یەكەمین ئارەزووی سێکسی لەسەر لاپەڕەكانی ئاو وێنە دەشێوێ، دوای موچڕكی یەكەمین ئارەزووی سێکسی وێنە تێپەڕ دەبێت..

سنووری ئازادیی ڕادەربڕین
ڕەنگە وێنەی وێنە یاریزانانە بێت، ڕەنگە سەرگەرمی و دەربڕینی خۆشی، ساتێکی هاوبەش و ئاڵوگۆڕکردن بێت.. بەڵام وێنەی سێڵفی هەیە، کە لە تەنیشت کەسێکی مردوو، یان لە تەنیشت کەسێکی لات و هەژار و بێ ماڵ و حاڵەوە گیراوە.. سێڵفی دەتوانێت ببێتە دروشمی زۆرێک لە لادانەکانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و هەوڵدان بۆ دەربڕینی ئازار کە لە هەندێک کاتدا وەسفی ناکرێت..
ئەمڕۆ نائومێدی بە شێوەی ئۆنلاین بڵاودەبێتەوە، بەو پێیەش ئازادی نمایشکردن و سنووری ئازادیی ڕادەربڕین پەیوەندی بە ئازادییەوە نەماوە، وەك چۆن ئیگۆی تەكنۆلۆژی پەیوەندی بە سوبێكتەوە لەق بووە.. پەیوەندی بە فەزای مەجازییەوە هەیە.. دواجار لە فەزای مەجازیدا سنوورێک بۆ نمایشکردن هەیە، كە پێی دەوترێت زێدەواقیعی.. هەندێجار ئەو سنوورە دەكەوێتە دەرەوەی ئەوەی کە دەتوانرێت وەسف بکرێت، هەندێجار دەكەوێتە دوای نەبوونی توانای حوکمدانەوە.. هەموو ئەوانەش دابڕانی سنووری مەجازییە لە سنووری مەجازی.. وەك ئەوەی چاوەڕێی هاتنی کەسێک دەکەیت، دەزانیت کەس نایەت.. چوونە ناو فەیسبووک و تویتەر و ئینستاگرام و گەڕان بەدوای لایک و هیوای وشەیەک یان سەرەتای دیالۆگێک.. هەموو ئەوانە پێماندەڵێت واقیع واقیعی گۆڕیووە بۆ نمایش! بە گوتەی بۆدریار هەر شتێ نەیەتە نێو نمایش وەك نەبوو وایە..
واقیعی واقیعی سوپەر تاکگەرایی بەرز كردەوە. سوپەر-تاکگەرایی دووپاتکردنەوەی منێکی ڕەهایە، کە خووی بە بیستنی هیچ شتێکەوە گرتووە! جگە لە سەراب و ئیگۆی تاقانەیی خۆی.. شتێ ناناسێ.. سوپەر تاکگەرایی وەك لە كتێبی (من سێڵفی دەگرم، كەواتە من هەم)ی ئێلسا گوهداردا هاتووە، دیلی وەهمەکانە، گۆشەگیرە، دوور لە ئەویدیكە و کەسانی تر.. سوپەر تاكگەرایی سێڵفییە وەک ئەوەی کەس لەگەڵمان نەتوانێت بیگرێت! سێڵفی کردەوەیەکە گوزارشت لە تاقانەیی و گۆشەگیری دەکات.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر
25/4/2025




سێ کتێبی نوێی عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) بڵاوبوونەوە

سەبارەت بە کتێبەکان

لە خۆرئاواوە بەرگی دووەم

لەخۆرئاواوە؛ گەڕان و سۆراخێکی ترە بەنێو جیهانی ئەدەب و کلتووری و چینایەتی لەخۆرئاوا و خۆرهەڵات. هەوڵێکی ترە بۆ ئاشناکردنی خوێنەری کوردزمان بە فەرهەنگی خەباتکارانەی چینایەتی لەنێو شەوەزەنگەی نیزامی چەوسێنەری سەرمایەداری کە خەریکە هەموو ترووسکەکان دەکوژێنێتەوە و زمان و ئەدەب و هونەر لەهەموو جوانییەک داتەکێنێت لەپێناو پتەوکردنی زنجیرەکانی کۆیلەتی ئینسانەکانی کۆمەڵگە. ئەم کتێبە دەیەوێت ئەوە بڵێت کە وەستانەوە بەرامبەر بە شەوەزەنگی سەرمایەداری ئەرکێکە دەکەوێتە سەر شانی هەمووئەو کەسانەی کە دەیانەوێت سبەینێیەکی جوان و ڕووناک مرۆڤایەتی لەئامێز بگرێت.

دەق و خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە

دەق و خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە؛ دەیەوێت بەپێچەوانەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی باو و لەدەرەوەی بازنەی بێبەهاکردنی ڕەخنەوە، مانایەک بەڕەخنەی ئەدەبی ببەخشێت و تەکانێک بە ڕەوتی ڕەخنەی ئەدەبی بدات تا بتوانێت سنوورەکانی لەدەستدانی شکۆ و بەهای ڕەخنەی ئەدەبی ببڕێت و ئەدەبی کوردی دووچاری ڕاچڵەکین بکات. ڕاچڵەکینێک کە ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی، مرۆڤ وەک چەق و بەنرخترین سەرمایە ببینن. ئەمە ئەو پەیامەیە کە ئەم کتێبە هەوڵ دەدات لەخۆیدا بەرجەستەی بکاتەوە.

ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی و چەند پرسێک

لەنێو هەراوزەنای بیرمەندان و ڕەخنەگرانی ئەدەبی بۆرژوازی کە هەمیشە ویستویانە و دەیانەوێت لەبەهای ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی کەم بکەنەوە و وەک میتۆدێکی ناکاریگەر وێنای بکەن، ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی و چەند پرسێک؛ دەنگ و وەڵامی ڕەخنەگرانی مارکسیستییە بەو هەراوزەنایەی نووسەرانی نیولیبڕاڵ و هەوڵێکە لەئاستانەی وەڵامدانەوە بە گرفت و کێشە ئەدەبی و کلتوورییەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی ئەمڕۆ. ڕوانگەی مارکسیستی بۆ ئەدەب و کۆمەڵگە و ژیان و ئینسان هەتا ئەم ساتەوەختەش ئینسانیترین ڕوانگەیە کە مرۆڤایەتی دەتوانێت ئومێدی لەسەر هەڵچنێت.




گوزەرێک بە باخچە هونەرییەکەی پەیمان حەسەنزادەدا.. هۆمەر نۆریاوی

کە بارگەت بۆ هەوار تێکنا،عەزیزم
شکا ئەستووندەکی تاوڵی مرادم

هەورامان،ئەو دەڤەرە کەون و دێرینەی ژیار و شارستانییەتی مرۆیی دێتە ئەژمار کە بە سامان و میراتێکی گرانبایی مرۆڤایەتی دادەنرێت و خودانی دیرۆکێکی چەند هەزار ساڵەیە. تۆمارکرانی”هەورامان”،لە ساڵی 1400ی هەتاوی(2021)وەک میراتێکی دێرینی مرۆیی لە لایەن یۆنسکۆوە،پێمان دەڵێت،هەورامان،یەک لە لانکە سەرەکییەکانی ژیاری مرۆیی دێتە ئەژمار. هونەر،ئەدەب،مێژوو،فۆلکلۆر و زمان لەم ناوچەیەی نیشتمانەکەی کورداندا سەنگی تایبەت بە خۆی هەیە و هێشتاکە دەچێتە ڕیزی دەوڵەمەندترینەکان و دەست بۆ هەر لایەنێک ببەیت،سیخناخی گەوهەرە. یەک لەو سووچ و گۆشە هەرە زەنگینانەی سامانی فەرهەنگیی هەورامان،مۆسیقای ئەم دەڤەرەیە کە لە ڕێی سیاچەمانە و هۆرەوە لە خانەی هونەری کوردیدا بانترین جێگە و پێگەی بۆ دادەنرێت. ئاواز و مێلۆدییەکانی هەورامان لە نێو ڕووبەری مۆسیقای کوردیدا لە باڵاترین ئاستدان و ئاواز و موزیکی ئەم ناوە،بە یەک لە ڕەسەنترین مۆسیقا و مێلۆدییەکانی سەرپاک نیشتمانەکەی کوردان دادەنرێت. کەچی هەرگیز وەک پێویست خزمەتی نەکراوە و بەشێکی فرەی بە نەناسراوی ماوەتەوە. یەک لە سووچ و گۆشە ڕەنگاڵەییەکانی ناوچەی هەورامان(دیوی ڕۆژهەڵات)،شاری”پاوە”یە کە بە بنکە و مەکۆیەکی سەرەکیی ڕۆشنبیری دادەنرێت. لێرەوە،واتە لەم بەشەی کوردستان و لەم باژێڕە دێرینەوە،هونەر،باڵای بە قەد باڵای خودی مێژووی هەورامان بڵندە. لە لایەکی دیکەوە ئەمە ڕاستییەکی تاڵە لەبەر باڵادەستبوونی ئایین بە شێوەیەکی نەریتیانە و ناسەردەمیانە لەم دەڤەرەدا زۆر کەم دەرفەتی گەشە،پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی هونەری ڕەسەن دراوە بەڵام شۆڕەسوارانی ئەم مەیدانە سڵیان لەم کەند و کۆسپ و دژوارییانە نەکردووەتەوە و بەردەوام لە گۆڕەپانەکەدا ئامادە بوونە. حەمەحسێن کەیمنەیی(1933)،شەفیع کەیمنەیی(1942)،ئۆسمان کەیمنەیی(هەورامی)(1935)،جەمیل نەوسوویی(ئەحمەدی) )(2024-1946) و بەخشە غەففووری(2023-1936)،نموونە هەرە بەرچاوەکان لەم پەیوەندییەدا دێنە ئەژمار. لە مۆسیقای کۆنی هەوراماندا ئامێرە مۆسیقاییەکان یان دەوریان نەبینیوە یانژی زێتر چەند ئامێرێکی وەک شمشاڵ و دەف دەکار گیراون بەڵام لە ماوەی چل-پەنجا ساڵی ڕابردوودا ئەم ڕەوتە گۆڕانێکی فرەی بەسەردا هاتووە و لە ڕێی دەیان سترانبێژ و ژەنیاری بلیمەتەوە مۆسیقای هەورامان بەرگێکی دیکەی لەبەر کراوە و چێژی سەد هێندەی خۆی بۆ هەمووان دەرخستووە.
ئەرچی لێرە هێشتاکە نەریت دەور دەبینێت و کەند و لەندی سەرڕێ یەک و دووان نین بەڵام لە ماوەی ئەم ساڵە دواییانەدا لە ڕێی کۆمەڵە مرۆیەکی شارەزا و پسپۆڕەوە هونەر بەرگێکی دیکەی بەوەردا کراوە و گەرد و تۆزی زەمەنی لەسەر سڕاوەتەوە.
ماڵە باوکی پەیمان حەسەنزادە لە هەفتاکانی هەتاوی(نەوەدەکانی زایینی)یەوە ڕوو لە شاری سنە دەنێت و پەیمانیش لە شارە هونەرییەکەی”سنە”دا سەرەتا فێرە ئامێری”دەف”دەبێت،دواتر “دیوان”فێر دەبێت و پاشانیش ئەوینی ئامێری”سەمتوور”بە قووڵاییی دڵیدا ڕۆ دەچێت. لە ساڵی 1383ی هەتاوی(2004ی زایینی)یەوە دەگەڕێتەوە پاوە و لێرەوە قۆناخێکی نوێ لە ژیانە هونەرییەکەی دەست پێ دەبێت و چەندان پەیمانگە و بنکە و فێرگەی هونەریی دادەمەزرێنێت و دەبێتە سەرچاوەی خزمەتێکی بەرفرەوانی هونەری بۆ ئاشقانی موزیک لەم ناوەی نیشتماندا. سەرەڕای سەدان گیر و گرفت،بۆ گەشەپێدانی باڵای بڵندی هونەر لە پاوە و هەوراماندا هەموو هەوڵی خۆ دەخاتە گەڕ و هەر لێرەوە دەیان کۆنسێرت و کۆڕ و بەرنامەی هونەری بەڕێوە دەبات. دواتر بە یارمەتی دەیان هونەرمەند و لایەنگری چاند و هونەری ئەم ناوە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هونەرمەندانی هەورامان،باسکی هیممەت هەڵدەماڵن و کۆڕی شیاو بۆ بەرزڕاگرتنی یادی تەمەنێک خەباتی هونەری بۆ هونەرمەندانی وەک جەمیل ئەحمەدی(نەوسوویی)و حەمەحسێن کەیمنەیی بەڕێوە دەبەن.
نووسەری ئەم دێڕانە بۆ خۆ پێشکەشکاری کۆڕەکەی ڕێزنان له‌ هونه‌رمه‌ندی ناوداری مۆسیقای هه‌ورامان مامۆستا” جه‌میل ئه‌حمه‌دی”لە جۆزەردانی ساڵی 1396ی هەتاوی(2017)لە شاری پاوە بووە کە هونەرمەند”پەیمان حەسەنزادە”دەوری سەرەکی تێدا بینیوە.
بۆ ساڵانێکی فرە دەچێت لە ڕێی ژمارەیەک مرۆی پەرۆشی چاند و فەرهەنگی ناوچەی هەورامان خاسما شاری پاوەوە،هونەری ئەم ناوەی کوردستان تەکانێکی هەرەقەتی بەخۆوە بینیوە.
یەک لە ڕۆڵە خەمخۆرەکانی ئەم بەستێنە هەراوە بەدرێژایی نێزیک بە 30 ساڵی ڕابردوو کەس نییە جگە لە”پەیمان حەسەنزادە”کە جێپەنجەی بەسەر ئەم بەشەوە دیارە و لە بن نسێی دڵسۆزییەکانیدا نەوەیەکی چاوکراوە بار هاتووە کە تا دێت بەلەزتر بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت. هەر لە ڕێی هیممەتی واڵای دەیان مرۆی دڵسۆزی وەک ئەم ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەوە چەندان بنکە و پەیمانگەی هونەری لە شاری پاوەدا کراونەتەوە و ئێستا بەرەیەکی هونەرمەند و هونەرپەروەر بار هاتووە کە ئاسۆیەکی هەرە گەش دەخاتە بەردەم سبەی هونەر لەم ناوەدا. کردنەوە و دامەزراندنی چەندان بنکە و فێرگەی مۆسیقا هەر وەک ئەنجوومەنی مۆسیقای پاوە،بنکەی مۆسیقای پاوە،بنکەی مۆسیقای دەنگ،ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی پاوە، بنکەی دەف،بنکەی هونەریی سیاچەمانە و… تەنیا بەشێک لەو پەیمانگە و ناوەندە هونەرییانە دێنە ئەژمار کە قەرزباری ئەم هونەرمەندە نازەنینەن. لە هەشتاکانی هەتاوی (2000)بەملاوە هونەری مۆسیقا لێرەکانێ(هەورامانی ئەمدیو)ڕەوتێکی خێراتری بڕیوە.هەر لەم بوارەدا جێپەنجەی دەیان هونەرمەندی خەمخۆری وەک شارام نادری،شوعەیب بەهرامی،فازیل حاتەمی،فەرهاد سەلیمی،بێهزاد بەهمەنی،ئارمان خالیدی نیا،زەکەریا یۆسفی،ئەشکان نەزەری،فەرشاد ئەمینی،عەدنان پاوەیی،شاهۆ حسێنی،کەریم ڕەحیمی،سیامەک ڕەحیمی،زانیار مووسازادە، ئاراس ئاژەند و ئارمین ڕەئووفی،بابەک ڕەحیمی و هتد، بە ڕووبەری ئەم بەستێنە ڕەنگینەوە خۆ دەنوێنێت و هەر کامە و لە سووچێکەوە سەرچاوەی ڕاژە و خزمەت بە هونەری موزیک و گۆرانی لەم ناوەی نیشتمان دێنە ئەژمار.
پەیمان حەسەنزادە لە بن سێبەری زانستی مۆسیقایی هونەرمەندانی وەک کەیهان کەڵهوڕ(1936)،بیژەن کامکار(1949)،ئەرسەلان کامکار(1960)،ئەردەوان کامکار(1968)،عەلی ئەکبەر مورادی(1957)،پەیمان سەلیم فەرد(1973)و…سەدان وانەی موزیک فێر دەبێت و دواتر ئەم هەموو هەگبە هونەرییە دەخاتە خزمەت نەوە و جیلی ئێستای داژدار و لایەنگری هونەر لە ناوچەکەیدا.
یەک لە خزمەتە هەرە بەرچاوەکانی ئەم کەسایەتییە هونەرییە ڕووی لە بارهێنان و پەروەردەکردنی گوێچکەی مۆسیقایی منداڵ و مێردمنداڵانە کە هەنووکە سەدان فێرخواز لەم مەیدانە هەراوەدا ئامادەنە.
سەرمایە و سامانە چاندیی و فەرهەنگییەکان بڵا تا ماون،قەدرزانیان بین. هێشتاکە شاعیر و ڕووناکبیرێکی گەورەی ئەم ناوەی نیشتمان لە سەردەمەکەی خۆدا،میرزا ئەولقادر پاوەیی(1910-1849)گۆڕغەریب ماوەتەوە! بڵا چالاکی و کار و خەبات و بەرهەمی نووسەر و ڕووناکبیر و هونەرمەندانمان بۆ ڕاژە و خزمەتکردنی چاند و زمانی نەتەوەکەمان بە پێوەر دابنرێت نەک خەڵکی ئەم شار و ئەو شارۆچکە و فڵان گوند و فیسارە خێڵ و هۆزبوون بۆ خۆ بکەین بە تەوەر و پێوەر. مێژوو و ڕابردوو پڕیەتی لە وانە و پەند و ئەزموون و بڵا ئێمەیش ئەم هەموو ئەزموونە بە باشترین شێواز بۆ نەوەی ئێستا و سبەی ئەم ناوەی نیشتمان بگوێزینەوە. بڵا هەمووان یەکدەنگ دەستبەرداری ئەقڵییەتە نەزۆکەکان بین و بۆ بڵاوکردنەوە،پەرەپێدان و گەشەی هەمە لایەنەی ناوچەی هەورامان تێبکۆشین.
پەیمان حەسەنزادە،یەک لە سامانە کولتوورییەکانی هەورامان بوو کە بەدرێژایی تەمەن لە پێناو خزمەتکردنی فەرهەنگ و کولتووری دەوڵەمەندی هەوراماندا خەباتی کرد و دەرەنجام و دەستکەوتەکانیش دیار و ڕوونن. ئەم ڕۆڵە خەمخۆرەی هەورامان بەدرێژایی تەمەن،ئەرکی سەرشانی خۆی بە شیاوترین شێواز جێبەجێ کرد. ئێستا نۆرەی ئێمە و نەوەی نوێیە بە گیانێکی گەلپەروەرانەوە درێژە بەم ڕەوتە فەرهەنگییە بدەین و نەوەیەکی چاوکراوە و دڵسۆز بەرانبەر چاند و کولتوورەکەی خۆ بار بهێنین. ئەم هونەرمەندە نە تەنێ بۆ هونەر،بگرە بۆ تۆرەوانان و ژینگەپارێزانی ئەم ناوەیش پاڵپشت و هاریکار بوو. هەر بۆیە ئیدی بۆ هەمیشەی مێژوو زایەڵەی سەمتوورەکەی پەیمان حەسەنزادە لەم ناوەی نیشتماندا هەردەم بەرز دەبێت:
ئیمشەو دیارەن بانگم بێشەرمەن
زایەڵەی سەمتوور،کەللەم وە گەرمەن
سەدای زیل و بەم،مەینەت سەد تەرزەن
خەفەت شادیشەن،خەم دەماخ بەرزەن
هۆشم بێهۆشەن،فامم قامەت قاخ
بۆی دووریی ئازیز،مەیۆم نە دەماخ
نەیچی!درەنگەن سا مەکەر درەنگ
فیدای پەنجەت بام،نەی باوەر وە دەنگ
جێی ئاماژەپێدانە پەیمان حەسەنزادە،مانگی گوڵانی ساڵی 1361ی هەتاوی(1982)لە شاری پاوە لەدایک دەبێت و سەد مخابن ڕۆژی 27ی گوڵانی 2725(2025)لە تەمەنی 43 ساڵیدا کۆچی دواییی دەکات و ڕۆژی 28ی گوڵانی 2725 لە ئارامستانی”مەلا مەقسوود”ی شاری پاوەدا بۆ هەمیشە لە دڵی خاکە گەوهەرینەکەی نیشتماندا ئارام دەگرێت.
تێبینی: دوکتۆر حەمەدەمین هەورامانی(2018-1928)،نووسەر و زمانناسی کورد،بە یەکەم کەس دادەنرێت کە ساڵی 1984 لە بەغدا دیوانی میرزا ئەولقادر پاوەیی چاپ و بڵاو دەکاتەوە.
مەولەویی تاوگۆزی(1882-1806)،بە یەک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەدەبی کلاسیکی کوردی دادەنرێت کە خاوەنی دەیان شیعری پاراو بە پاراویی سرووشتەکەی هەورامانە و بە شای شاعیرانی هەورامانیش ناودێرە.

هۆمەر نۆریاوی

—————————
ژێدەر:
• دیوانی مەولەوی،کۆکردنەوە،لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە و لەسەر نووسینی مەلا عەبدولکەریم موددەڕیس،بەغا،1961
• تاریک و ڕوون،گوڵبژێرێک لە شیعرەکانی هێمن،بنکەی ئەدەبیی پێشەوا،1999
• دیوانی میرزا ئۆلقادر پاوەیی، گردکردنەوە و لێکدانەوەی دوکتۆر حەمەدەمین هەورامانی، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی کورد، بەغدا،1984




کۆمەڵگای ئیستینساخ.. نەوزاد بەندی

جاران ، واتا حەفتا هەشتا ساڵ پێش ئێستا ، لەم شارەی خۆماندا مناڵی پۆلیس و چایچی ئەبوونە پزیشک، بۆ نمونە دوو پزیشکی پێش پەنجا ساڵی شاری سلێمانی، دکتۆر نەجات محمد و دکتۆر عومەر شەریف، کوڕی چایچی و پۆلیس بوون. هەروەها لەو سەردەمەدا مناڵی بازرگان ئەبووە شێوەکار، ئەبووە وەرزشکار، مناڵی سیاسەتمەدارەکان ئەبوونە مامۆستا و ڕۆژنامەنوس، مناڵی دەوڵەمەندەکان ئەبوونە گۆرانیبێژ وەک محمد جەزا عەلی یان شاعیریان لێ دەردەچوو وەکو ئەحمەد موختار و تاهیر بەگ ..
کوڕی حاجی و خاوەن مزگەوت، سترانبێژی ڕۆمانسی دەردەچوو.
کوڕی بازرگانە دیارەکان ئەبوونە پێشمەرگە و گیانی خۆیان فیدای خاک و نیشتمان ئەکرد، وەکو شەهید جەباری حاجی جەلال.
ئەو نمونانە تەنها بۆ ئەوە بوون بیسەلمێنین جاران کۆمەڵگاکەمان کۆمەڵگایەکی ئاسایی و مۆدێرن بوو، مرۆڤەکان بە عەقڵ و توانا و حەزی خۆیان بیریان ئەکردەوە و کاریان ئەکرد، به باڵی باوک و باپیر و عەشیرەت مەلەیان نەدەکرد، واتا کۆمەڵگایەکی جوانمان ئەبینی، دەوڵەمەندەکان ئامادەیی خۆیان نیشان ئەدا بۆ ئەوەی مناڵی هەژارەکان کە زیرەک بوون و نمرەیان بەرز بوو، بنێرنە لەندەن و ئەدنبرە و گلاسکۆ خوێندن تەواو بکەن چونکە هەستی مرۆڤایەتیی بەسەر هەستی خێزان و تیرە و بنەماڵەدا زاڵ بوو. ئەتبینی براکان هەمە ڕەنگ بوون، یەکێکیان مامۆستا و یەکێکیان ئەندازیار و یەکێکیان پزیشک و ئەوانی تر پێشمەرگە بوون.. خوشکەکان یەکێکیان شێوەکار و یەکێکیان سیاسەتمەدار و یەکێکیان بەڕێوەبەر و یەکێکیان پارێزەر بوون.
ئەو سەردەمە کۆمەڵگا بە ئاگا یان بێ ئاگاداری خۆی، ئازادی ڕەهای دابوو بە تاکەکانی، باوک و تیرە و هۆز دەستیان لە بەهرە و حەز و ویستی مناڵ و نەوەکان وەرنەدەدا، هەر بۆیە سیاسەتمەداری خۆنەویست و پزیشکی بەتوانا و بازرگانی بەشەرەف و ئەندازیاری کارامە و پارێزەری بە ویژدان و مامۆستای دڵسۆز و نوسەری شۆڕشگێڕ و شاعیری بەرزمان تێدا هەڵدەکەوت.
شەرم و عەیبە بوو کەسێک، ناوی عەشرەت و تیرە و هۆزەکەی بەخۆیەوە بلکێنێ، تابلۆی هەموو پیشەکانی ناوبازاڕەکان، تەنها ناوی سیانی خاوەن پیشەکە بوو، لە پزیشکێکەوە هەتا دادوەر و چێشتخانەیەک..
ئەوەیش پێناسەی کرداریی سیستمی تێکنۆکراتە، لە کاتێکدا نزیکەی پانزە سەدە پێش ئێستا ئاینی ئیسلام هەنگاوی یەکەمی بۆ هەڵهێنا و سیستمی فەرمانڕەواییی پشتا و پشتی قەڵاچۆ کرد، هەر پێنج فەرمانڕەواکەی ڕاشیدین، ئەبوبەکری سدیق و عومەری خەتتاب و عەلی ئەبوتاڵب و عوسمانی عەفان و عومەری عەبدولعەزیز هەریەکەیان سەر بە تیرە و عەشرەتێک بوون، هەرچەندە دوای ئەوان ئەمەوییەکان ئەو سیستمەیان هەڵوەشاندەوە و گەڕانەوە بۆ فەرمانڕەوایی پشتا و پشت، کە بە بڕوای من هەر لە سەردەمی ئەمەوییەکانەوە ڕۆحی دەسەڵاتی ئیسلام دەرچوو، شتێک نەمایەوە بە ناوی دەسەڵاتی ئیسلام، بەڵکو بوو بە دەسەڵاتی تیرە و هۆز و عەشیرەتەکان هەتا بە تەواوەتیی لە جەنگی یەکەمی جیهاندا ئەو خەلافەتە شێوێنراوە کە بە پیاوە نەخۆشەکە ناسێندرا بوو، هەرەسی هێنا.
لە عێراقیشدا، بەداخێکی زۆرەوە، دوای ئەوەی خێزانی سەدام کورسی دەسەڵاتیان گرتە دەست و هەتا ئەمڕۆیش، دیاردەی خێزانگەریی و تیرەگەریی وعەشرەتگەریی زۆر بە زەقی لە عێداقدا سەری هەڵدا. کاتێ باوک دێتە سەر کورسی دەسەڵات، ئیدی کوڕەکانیش بە جۆرێ لە جۆرەکان ئەبنە سیاسی و کاربەدەستی باڵای ووڵات!! بە هەمان شێوە ئامۆزا و خاڵۆزا و پورزا و هەموو لق و پۆپەکانی کابرای دەسەڵاتدار، یەکسەر فۆتۆکۆپیی سیاسەتمەداریان لەسەر دەکرێت، هەموو بەهرە و حەز و پیشە و ئارەزووەکانی پێشتریان لە یاد ئەچێ و وەلای دەنێن، بۆ نمونە سەهۆڵفرۆشێ ئەبێتە جێگری سەرۆک و پۆلیسێک ئەبێتە وەزیری ناوخۆ، بە بێ ئەوەی هیچ تایبەتمەندییەکی ئەو پۆستانەیان تێدا بێ، تەنها و تەنها هۆکار ئەوەیە لە خێزان و عەشرەتی کابرای سەرۆکن و فۆتۆکۆپیی کراون لەسەر ئیشی سیاسەت و دەوڵەتداریی.بۆ نمونە عەدنان خەیروڵڵا ئەفسەرێک بوو لە چوارتا، کە سەدامی ئامۆزای بوو بە سەرۆک، ئەویش لە چوارتاوە بە یەک ئەستێرەی سەرشانەوە کۆپیکرا بۆ وەزیری بەرگریی عێراق.
ئیدی ئەو ئاوەی سەدام ڕشتی یان کۆڵۆنیالیزمی جیهانیی پێیان ڕشت، تاکو ئێستایش لە سەرۆکەکانەوە تاکو بچوکترین پیشە، پەیڕەویی لێدەکەن.
ئەمڕۆ یەک پێشمەرگە نییە کوڕی دەوڵەمەند بێ، ئەو پیشەیە تایبەت کراوە بە کوڕی بێ باوک و هەژار و بێکار، هەرچی پلە و پایەی بەرزی سەربازییە بۆ کوڕی دەسەڵاتدارانە.
ئێستا کوڕی سیاسەتمەدار، ئەبێ سیاسیی و دەسەڵاتدار بێ، لە هەموو سیاسییەکانماندا منداڵی یەکێکیان پزیشک یان ئەندازیار یان شێوەکار یان مامۆستا نین، هەمووان سیاسین، یاخود سەرقاڵی پڕۆڤە و فۆتۆکۆپیکردنی پیشەکەی باوکیانن، بەرە بەرە تێکڕای حیزبەکانیش بە بێ ویستی خۆیان و لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگای مێگەلدا، ئەم ڤایرۆسی مۆدێلەیان توش ئەبێ، مناڵی سەرۆکحیزب و ئەندام سەرکردایەتییەکانیان!! واز لە هەموو کار و کاسبییەک دێنن و پاڵ دەدەن بە سیاسەتی باب و باپیریانەوە..
ئەم مۆدێلە پەل دەکێشێ بۆ هەموو کایەکانی کۆمەڵگا، گۆشتفرۆش مناڵەکانی ئەبنە گۆشتفرۆش، لقی یەک و دوو و سێ دەکەنەوە، بۆ ئەوەی کوڕەکان پێکدا نەدەن، هەر یەکە و لقی خۆی دەکاتەوە لە ژێر هەمان ناووشۆرەتی بابیاندا.. پاقلاوە فرۆش و جامبازی زەوی و زار، بە هەمان داب و نەریت، ئەڵێن حەوت سەد ساڵ زیاترە ئەم پیشەیە هی خێزانی خۆمانە..نانی تیریی فرۆش و گوڵەبەڕۆژە فرۆشیش ئیمپڕاتۆرییەتی خێزانیی خۆیان ڕادەگەیەنن. ئەندازیار ئەبێ مناڵەکانی ئەندازیار بن.پزیشک هەیە هەموو مناڵەکانی پزیشکن، ئەمانە زانستی بۆماوەزانییان بە درۆ خستۆتەوە، چونکە لە یاساکانی مەندڵ و تۆماس مۆرگاندا، وەچەکان سیفەتی نوێ هەڵدەگرن جیا لە باوانیان، کەچی لای ئێمە، باپیر و باوک و کوڕ بە موو لە یەکتر جیاواز نین! هەرچی سیفەتی تازەیە بە میکرۆسکۆب بۆی بگەڕێ نایدۆزیتەوە..هەندێ قیروسیای لێ ئەکا ناوی منداڵەکانیشی بە ناوی نەنک و باپیرییەوە ناودەنێ، بۆ ئەوەی کات ڕاوەستێ و ڕابوردوو تێنەپەڕێ!
بازرگان هەموو مناڵەکانی بازرگان دەردەچن ، سوبحانەڵڵا. ئەوانەی زەوی پاوان ئەکەن و تاوەر دروست ئەکەن، مناڵەکانیشیان کت و مت، زەوی پاوانکەر و تاوەر دروستکەرن. پزیشک هەیە مناڵەکەی نمرەی کۆلێژی پزیشکیی ناهێنێ، ئەینێرێتە کۆلێژی پزیشکیی پریڤەیت لە دەرەوە یان ناوەوەی وڵات، هەزاران دۆلاری بۆ خەرج ئەکات، چونکە کفرە مناڵی ئەو نەبێ بە پزیشک.
ئیتر بەو جۆرە پیشەکان تاپۆ دەکرێن لەسەر کۆمەڵێ خێزان ..گەزۆ هی فڵان خێزانە و .. ماست هی فیسار و مناڵەکانێتی.. نەوت تایبەتە بە فڵان خێزان..
ئیدی کۆمەڵگایەکی دابڕاو و چینایەتییەکی قێزەون ئەبینین، چینەکان ناتوانن تێکەڵی یەکتر بن ، چونکە کوڕی پاقله فرۆش هەر پاقلەفرۆشە ئیتر چ قودرەتە ببێتە هاوڕێی پارێزەرێ کە لە باوکییەوە بۆی کوپی کراوە؟
بەو شێوەیە سیاسیی سەیر پەیدا ئەبێ، کە لە لوتکەی قەیرانەکاندا قاقا پێدەکەنێ و نوکتە ئەگێڕێتەوە. پزیشکی وا پەیدا ئەبێ لە جیاتی نەخۆش چاکبکاتەوە، ئەیکوژێ.چونکە لە بنچینەدا ئەو دووانە بۆ سیاسەت و پزیشکیی نەخوڵقاون، بەڵام لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵگای ئیستینساخدا، بوون بەو دوو پیشەگەرە سەیر و سەمەرە و ترسناک و بەکاری هیچ نەهاتووە.
ئینجا تۆخبوونەوەی عەشرەت و تیرە و هۆز، بە هەمان ڕیتمی سیاسییەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵتر ئەبێتەوە، وای لێهاتووە بە بێ ناوی عەشرەت هیچ کەسێ ناناسرێتەوە. جاران ئەتوت عەلی توانا، شەوکەت ڕەشید، ئەمین زەکی، فایق بێکەس… هەمووان ئەیناسینەوە و ئەیزانی کێن، بەڵام ئێستا هەتا نازناوی قەرەداغیی و شەمێرانیی وهەورامیی و شارەزوریی و جاف و …. نەخەیتە سەر ناوەکان، کەس نازانێ کێن، ڕەنگە خۆیشیان نەزانن کێن!
ئەمە کارەساتێکی گەورەیە بەڵام کۆمەڵگای ئیستینساخ هەست بە کارەسات و شت ناکا، چونکە ساتێک لە ئیستینساخ ڕاوەستن، بێ ئیش ئەبن و ڕابەرایەتییان لە دەست ئەچێ و لە یاد ئەچنەوە.
ماوەتەوە بڵێین کۆمەڵگای ئیستینساخ کۆمەڵگایەکە به بێ ئاگاداریی خۆیان و بە خێراییەکی زۆر بۆ دواوە ئەگەڕێنەوە، هەتا ئەگەنەوە چاخی بەردین..کۆمەڵگایەکی حەیوانییە و هیچ گۆڕانکاریی و پێشکەوتنێک لە داب ونەریت و هەڵس و کەوتیاندا دروست نابێ.




کارەبای ٢٤ کاژێری یان ڕووتاندنەوەی خەڵکی هەژارو کەمدەرامەت!..

قوباد تاڵەبانی ده ليت : “هەژماری من دەستبەکاردەبێت و پڕۆژەی ڕوناکی لە بەرژەوەندی کەمدەرامەتانە”

دەسەڵاتێک بازرگانی بکات بە میللەتی خۆی ..وخەڵکی خۆی برسی بکات ئیتر سوودی چیە ؟

خزمەتگوزاریى کارەبا، مافى هەموو هاووڵاتیەکە پێشنیارە پڕۆژەیەک بۆ دابینکردنى کارەباى (٢٤ کاتژمێر)ى بەردەوام بۆ هاووڵاتیان بەبێ بارگرانى لەسەر بژێوى ژیانیان” لە (پرۆژەی ڕووناکی)ی گیرفاندا، مووچەی ٤٥ ڕۆژیی ، هەر بەشی پارەی فتیلە داگیرساندنێک دەکات!

“ئەم پڕۆژەیەی حکومەت بگاتە ماڵەکەت، دەبیتە کرێچی!”
پەیامێکی گرنگ بۆ خەڵک و حکومەت!

قوباد تاڵه‌بانى به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ زانیارییه‌كى وردى له‌ باره‌ى نرخى كاره‌باى پڕۆژه‌ى “رۆناكى” هه‌بێت باس له‌وه‌ده‌كات نرخه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هاووڵاتیانى هه‌ژاره‌.

به‌راوردێكى نا لۆژیكیش ده‌كات و ده‌یه‌وێ كاره‌باى نیشتمانى و مۆلیده‌ به‌راورد بكات به‌و نرخه‌ى ئێستاى پڕۆژه‌ى رۆناكى.
نرخى كڕینى یه‌ك كیلۆ وات كاره‌با له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ له‌ وێستگه‌كانى (هه‌ولێر و چه‌مچه‌ماڵ و دهۆك و خورمه‌ڵه‌) 43 دینار له‌سه‌ر حكومه‌ت ده‌كه‌وێت. له‌ وێستگه‌ى (هه‌ڵمى خه‌بات و باعه‌درێ) ته‌نها 23 دینار به‌ 38 دینار له‌سه‌ر حكومه‌ت ده‌كه‌وێت.
كۆى گشتیى نرخى یه‌ك كیلۆ وات به‌( به‌رهه‌مهێنان، دابه‌شكردن، گواستنه‌وه‌، چاككردنه‌وه‌، ئۆپه‌ره‌یشن و كارمه‌ند ) 108 دینار له‌سه‌ر حكومه‌ت ده‌كه‌وێت.
ئێستا ئه‌وان كه‌مترین نرخ 72 دینار ئه‌گه‌ر 400 كیلۆوات به‌كاربهێنى ( كه‌ هیچ نییه‌) دواتر نرخه‌كه‌ بۆ یه‌ك كیلۆ وات ده‌بێته‌ 165 بۆ 350 دینار.
كه‌واته‌ حكومه‌ت نه‌ك نرخى پاڵپشتیكراو(السعر المدعوم)ى بۆ كاره‌با نییه‌ به‌ڵكو قازانجێكى زۆریش له‌ فرۆشتنى كاره‌با ده‌كات !

قوباد تاڵه‌بانى، كه‌ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ته‌ به‌ ته‌واوى ئاگادارى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بڕدرێت كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ تیمى ناوبراوه‌و نییه‌ و ئاگاشیان له‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌وان چ پلانێكیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ !

جه‌ماعه‌تى پڕۆژه‌ى “رۆناكى” پلانى خه‌رجكردنى زیاتر له‌ 200 ملیۆن دۆلارى دیكه‌یان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جگه‌ له‌وه‌ى كاره‌باى ده‌زگا حكومییه‌كان بكه‌نه‌ سیسته‌مى وزه‌ى خۆر. له‌ هه‌مانكاتدا ده‌یانه‌وێ له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى ته‌رخانكراوه‌ به‌ ناچارى بۆیله‌رى ماڵان بكه‌ن به‌ سیسته‌مى وزه‌ى خۆر دووباره‌ بارگرانى له‌سه‌ر هاووڵاتیان دروست بكه‌ن و پاره‌ له‌ هاووڵاتیان وه‌رگرن.

قسه‌ و ره‌خنه‌ى ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ ئه‌وه‌یه‌؛ كه‌ نرخى یه‌ك كیلۆوات كاره‌با له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌رارود به‌ ناوچه‌كه‌ و وڵاتان زۆر گرانه‌ به‌ هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ داهاتى تاك و خێزان یه‌كناگرێته‌وه‌.

ئێستا قوباد تاڵه‌بانى پێویسته‌ هاوشێوه‌ى پڕۆژه‌ى “هه‌ژمارى من” له‌ لایه‌ن مه‌سرور بارزانى تیمێكى بۆ بنێردرێت تاوه‌كو بۆى روون بكه‌نه‌وه‌ حكومه‌ت چه‌ند قازانج ده‌كات له‌ پڕۆژه‌ى رۆناكى. چه‌ند پشكى ئه‌وان و ئیداره‌ى گشتیى حزبه‌كه‌یه‌تى؟

رێبوار ياسين فتاح




خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی(هه‌ڵاتنی كچه‌كان).. کاروان حەسەن سلێمان

ژانر : ڕۆمان
نووسەر: گۆران سەباح
ناوەندی بڵاوکەرەوە: کولتوور
ساڵی چاپ: ۲۰۲٥
ژمارەی لاپەڕە: ۲۲٤

ئەدەب ڕەنگدانەوەی کارەسات و ئێش و ژان و نەهامەتییەکانی ژیانە، هەموو ئەو ڕووداوانەی لەناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کە ڕوودەدەن دەبنە بابەت و کەرەستەی ئەدەبیات، میللەتێکی وەک کورد لەوەتەی هەیە دوچاری دەرد و ئێش و نەهامەتی بووەتەوە، لەیەکەم چیڕۆکی کوردییەوە کە (لەخەوما)ی نوسەر(جەمیل سائیب)ـە، یان یەکەم ڕۆمانی کوردی (شڤانێ کورد)ی عەرەبی شەمۆ، ئێش و ژان و تاوان و کارەساتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەکان ڕەنگیان داوەتەوە و بوونەتە کەرەستەی خاوی ئەو چیڕۆک و ڕۆمانانە، لە ڕۆمانی(هەڵاتنی کچەکان)یش دا، ناساندن و پیشاندانی تاوانەکانی گرووپە تیرۆریستییە توندڕەوەکان بەتایبەتی (داعش) پەردەی لەسەر هەڵدراوەتەوە و ئەو زوڵم و زۆرداری و تاوانانەی کردوویانە خراونەتە بەرباس. ئەو گرووپە توندڕەو و دوور لەهەموو بەها مرۆییەکان هەموو شت دەکەن لە پێناو مانەوە و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان، کەچی ئەوان هیچ قیەم و دابێکی ئاینی و ئەخلاقییان نییە، وەک لە لاپەڕە (۲۱)ی ڕۆمانەکەدا لە گفتوگۆی نێوان(دڵکێش و باتیا)دا هاتووە:(ئەوانە ئایین دەفرۆشن و دەسەڵاتی پێدەکڕن، بێ خوا و بێ ئەخلاق و بێ شەڕەفن)
ڕۆمانی “هەڵاتنی کچەکان” تیشک دەخاتە سەر دۆزێکی هەستیار و جەرگبڕ لە مێژووی هاوچەرخی ناوچەکەدا. ئەم ڕۆمانە بە زمانێکی ڕەوان و کاریگەر، چیرۆکی ئەو کچە کورد و جوله‌كه‌ و عەرەبانە دەگێڕێتەوە کە لەژێر دەستی داعش و گرووپە توندڕەوەکانی تردا کەوتوونەتە بەر دڕندەترین شێوازی توندوتیژی و چەوساندنەوە.
نووسەر لەم بەرهەمەدا بە وێناکردنی وردەکارییەکان، پەردە لەسەر ئەو تاوانە قێزەونانە هەڵدەماڵێت کە بەرامبەر بە ژنان و منداڵان ئەنجام دراوە. هاوکات، ڕۆمانەکە دەرخەری ئازایەتی و خۆڕاگری ئەو کچانەیە کە سەرەڕای هەموو سەختی و مەترسییەکان، بڕیاری هەڵاتن و خۆدەربازکردن دەدەن
ڕۆمانی “هەڵاتنی کچەکان” تەنها چیرۆکی ئازار و چەوساندنەوە نییە، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی ئەدەبییە بۆ مرۆڤدۆستی، ئازایەتی و بەرگری لە بەرامبەر توندوتیژی. گۆران سەباح توانیویەتی لە ڕێگەی ئەم بەرهەمەوە، دەنگی ئەو قوربانیانە بگەیەنێتە جیهان و ئاگاداری لەسەر کارەساتی تاوانەکانی داعش زیاد بکات.
ئەم ڕۆمانە بە تێکەڵکردنی ڕاستی و جوانی ئەدەبی، خوێنەر بەرەو بیرکردنەوەی قووڵ لەسەر مافەکانی مرۆڤ و گرنگی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بەتایبەت لە کاتی شەڕ و ململانێدا دەبات.
هەڵاتنی کچەکان تەنها هەڵاتن نییە لەو زیندانەی ڕووداوێکی سیاسی و توندڕەوی کۆمەڵێک چەکداری ناحاڵی لە ئایین و تیرۆریست ئەوانی خستبووە ناوی، بەڵکوو هەڵاتنە لە داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و باوک سالاری و کۆمەڵێک کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی
وەک لە لاپەڕە(60)دا باوکی دڵکێش بەدڵکێش دەڵێ:(دایمە شەرمەزارم دەکەی، مۆنی مۆن چاوت حیزە، ڕۆژەک دێ ئەو عائیلەی سەرشۆڕ دەکەی، شەڕەفمان دەبەی) لێره‌دا دڵكێش بێ گوناحه‌ و هیچ تاوانی نییه‌ به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كچه‌ و ڕه‌گه‌زی مێیه‌، بووه‌ته‌ قوربانی لای هه‌ندێك تێنه‌گه‌یشتوو له‌ ئایین و كۆنه‌ په‌رست و بیرته‌سك.
کارەکتەری سەرەکی لەو ڕۆمانەدا کە (دڵکێش و باتیا)ن، کە هەردووکیان هاوسەنگانە لەڕووداوەکاندا ڕۆڵیان هەیە و هەموو ڕووداوەکان پەیوەندییان بە ژیانی ئەوانەوە هەیە، لەپاڵ ئەوەشدا چیڕۆکی تر هەن و ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لەڕۆمانەکەدا، ئەم ڕۆمانە لەسەر ڕێبازی ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە نوسراوە و ڕەخنە لەهەموو ئەو داب و نەریت و خووە دواکەوتوانە دەگرێ کە خێل و کۆمەڵگە دەیخەنە بەردەستی تاکەکان و بەتایبەتیش ڕەگەزی مێ، کە چۆن بژیت و چی بکات و چی نەکات. توانج و پلاریش لە هەموو ئەو ناشیرینیانەی ژیان دەدات کە کۆمەڵگە دایهێناون و ژیانی تاکەکانی پێ سنوردار کردووە.
ڕۆمانەکە لە سێ بەشی سه‌ره‌كی پێکهاتووە: (کامپ ، پێش کامپەکە، دوای کامپەکە)شەڕێ نێوان بەرەی گوفەک و مرۆڤایەتییە،بەرەی گوفەک ئیشیان(شەڕ، کوشتن، بڕین، ئەتک کردن، تێرکردنی شەهوەتیان، پارە ، کڕین و فرۆشتن بە مرۆڤ، هتد…. ) بەناوی ئایین و لەژێر پەردەی ئاییندا مرۆڤایه‌تی ده‌خه‌نه‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ی توندڕه‌وی و كوشتن و بڕینه‌وه‌.
ئامانجی گشتی و په‌یامی ڕۆمانه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤایه‌تی له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌ و توندڕه‌وی هه‌رچه‌نده‌ زۆریش بێت و به‌هێزبن له‌ كۆتاییدا ده‌كه‌وێت، وه‌ك به‌ره‌ی گوفه‌ك كه‌ له‌و ڕۆمانه‌دا پانتاییه‌كی زۆر ده‌خه‌نه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌ڵام له‌دواجاردا به‌ره‌ی مرۆڤایه‌تی سه‌رده‌كه‌وێ و سه‌ركه‌وتن بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌بێت به‌و مه‌رجه‌ی یه‌كگر و یه‌كگرتووبن.
ده‌ستخۆشی بۆ نووسه‌ر و ڕۆماننوس گۆران سه‌باح كه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌ی خسته‌ نێو كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا چه‌ند ڕسته‌یه‌كی جوان و سه‌رنج ڕاكێش لە نێو ڕۆمانەکە ده‌كه‌مه‌ دیاری بۆ ئێوه‌ی ئازیز.

۱ـ ئێمە لەجەنگدا دژی دوژمن ناجەنگین، دژی ترس دەجەنگین. ل ۲۳

۲ـ نابێ قه‌ت لۆمه‌ی دڕنده‌ بكه‌ین، چونكه‌ مرۆڤ گه‌لێك له‌ دڕندە خراتره‌. ل ۹۷

۳ـ مردن غه‌دداره‌ لۆ خۆشه‌ویستانت، به‌س شته‌كی گه‌له‌ك باشه‌ لۆ وانه‌ی سه‌رئێشه‌ن
له‌ ژیانت. ل ۱۰٥

٤ـ خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بۆ چێژوه‌رگرتن له‌شه‌ڕ له‌دایك ده‌بن. ل ۱۰٦

٥ـ كه‌سی ئازا له‌ شكستیش ناترسێت. ل ۱۱۳

✍️ کاروان حەسەن سلێمان.




پیپی مۆخیكا، پێوەر بۆ ئەخلاقی سەرۆك.. عەلی مەحمود محەمەد

كاتێك پزیشكەكەی لە سەرەتای ئەمساڵدا هاتە لای بۆ ئەوەی ئاگاداری بكاتەوە كە پشكنینی تاقیگەیی دەریخستووە كە جەستەی وەڵامی دواین چارەسەری ئەو شێرپەنجەیە ناداتەوە كە ساڵانێكە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، موخیكا سەرۆكی پێشووی ئۆرۆگوای وتی: كاتی ئەوە هاتووە كە من بڕۆم، منیش بە ئامادەییەوە چەكەكەم دادەنێم”. بەم شێوەیە ئەم چەند مانگەی بە هێمنی بردە سەر, تەنانەت سەرەتای ئەم مانگە نەیتوانی بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی وڵاتەكەی بكات و دەنگ بە پارتەكەی بدات., مەرگ ئەوەندە دڕندە بوو رێگای نەدا هەفتەی داهاتوو ئاهەنگی 90 ساڵەی لە دایك بوونی بگێڕێت, بەلام بەشداری سەركەوتنی كاندیدەكەی لە ساڵی 2024 بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری یاماندۆ ئۆرسی لە بەرەی بەرفراوانی چەپگەرا كرد, ناوی سەركەوتنەكەی نا دیاری بەجێهێشتن.
تا مرد لە گەڵ سەگەكەی مانوێلا و تراكتۆرە مۆدێل 1987 ەكەی ئۆتۆمۆبیلە فۆلكس فارگۆنەكەی بوو كێڵگە كشتوكاڵییەكەی لە لادێ بەجێ نەهێشت, لە گەڵیان سەری نایەوە, وەلێ كولتورێك لە رەوشت بەرزی و ئازایەتی بۆ مرۆڤایەتی جێهێشت..

بیبی كێیە؟
خوسی ئەلبەرتۆ مۆخیكا كوردانۆ ناسراو بە بیبی لە باوكێكی بە رەچەڵەك باسكی-ئیسپانی بە ناوی دیمیتریۆ و دایكێكی ئیتاڵی بەناوی ولوسی كوردانۆ لە 20ی ئایاری ساڵی 1935 لە شاری مۆنتفیدیۆی پایتەختی ئۆرۆگوای لە دایك بووە, لە تەمەنی 6 ساڵی باوكی مردووە, بۆ هاوكاریكردنی خێزانەكەی ملی كاركردن دەگرێتە بەر لە كێڵگەی كشتوكاڵی, لە تەمەنی 13 ساڵییەوە خولیای پاسكیل سواری بووەو پەیوەست بووە بە چەندین یانەی وەرزشییەوە, لە تەمەنی لاویدا پەیوەست دەبێت بە پارتی یەكێتی گەلەوە, دواتریش تێكەڵاو بە بزووتنەوە چەپگەراكان دەبێت, تەمەنی 15 ساڵ نەبوو, بەشداری خۆپیشاندانی كردووە بۆ كرێ دادپەروەرانە بۆ كرێكاران, زانكۆ تەواو ناكات خولیای سیاسەت دەبێت, سەرەتا بیری نەتەوەیی دەبێت, لە گەشتی سیاسی بۆ كوبا جیڤارا دەبینێت, لە ساڵی 1964 ەوە چووە ریزی بزاڤی تۆبامارۆسەوە, دوای 8 ساڵ لە پێشینەی كاری سیاسی لە ریزی بزاڤی چەپ, لە نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا بزووتنەوەكە بە شێوەی فەرمی خۆی راگەیاند, كە لەساڵی 1960 دامەزرابوو لە لایەن راول ساندیكەوە, لە 2 ساڵی پێشوتر لە لایەن دامەزرێنەرانییەوە كاری سەربازی ئەنجامدرابوو, وەلێ وەك رێكخراو بە فەرمی خۆی رانەگەیاندبوو, مۆخیكا جەنگاوەرێكی گەنجی بزوتنەوەی رزگاری نیشتمانی تۆبامارۆس بوو, بە توندی داكۆكی لێدەكرد و تا مەرگ باوەڕی پێ بوو .
بیبی لە ژیانی گەریلاییدا 4 جار زیندانی كراوەو 9 گولەی پێوەیە, لە چەندین چالاكی سەربازییدا لە ناوجەرگەی پایتەخت بەشداری كردووە, كە سروشتی بزووتنەوەكەو وڵاتەكە وابوو خەباتی ناو شار هەڵبژێرن, بەهۆی ئەوەی وڵات شاخی تێدا نەبوو, گەریلا ماركسیستەكانی تۆبامارۆس تێكۆشانە چەكدارییەكەیان زۆرجار لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان ئەنجام دەدا بۆ گەڕاندنەوەی مافەكانیان, ئەمە جیای دەكردنەوە لە بزاڤە چەكدارییەكان دی, بۆیە گۆڤاری تایمی ئەمەریكی نووسی ئەمانە لەسەر شێوازی رۆبن هود خەبات دەكەن .
بیبی لە ساڵی 1969 بەشداریكردووە لە گرتنی شاری باندۆی نزیك پایتەخت, كە بۆ ماوەیەكی كەم تۆبامارۆسەكان دەستیان بەسەردا گرت.
لە دوا نیوەرۆیەكی ساڵی 1970 بیبی لە گازینۆیەك لەگەڵ هاوڕێیانی دانیشتبوون لە بیر لافیای پایتەخت دوای ئاشكرا بوونی لە لایەن پۆلیسەوە, لە شەڕێكی دەستەویەخەدا دوو پۆلیس بریندار دە كات و خۆشی 6 گولە بەر سنگی دەكەوێت, لە نەخۆشخانەی سەربازی هاوڕێیەكی چارەسەری دەكات 12 بوتڵ خوێنی دەداتێ, دواتر دەینێرن بۆ زیندانی بۆنتا كاریتاس , مۆخیكا لەو زیندانە هەڵدێت, مۆخیكا لە نێو زیاتر لە 106 توپامارۆسیە و 5 زیندانییەی دی بوو كە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1971 لە زیندانی پۆنتا كارێتاس هەڵهاتن بە هەڵكەندنی تونێلێك لە ناو زیندانەكەوە كە دەچووە ژووری میوانی خانوویەكی نزیك, كە بە یەكێك لە نەبەردییە گەورەكان مێژووی نوێ دێتە ژماردن و كراوە بە فلیمی بەناو بانگی ز دۆگ, موخیكا دوای كەمتر لە مانگێك دوای هەڵهاتنی جارێكی دیكە دەستگیركرایەوە, بەڵام لە نیسانی ساڵی 1972دا جارێكی دیكە لە پۆنتا كارێتاس هەڵهات. لەو بۆنەیەدا ئەو و نزیكەی دوانزە هەڵهاتووی دیكە لە تونێلەكەوە هەڵهاتن كە لە لایەن توپامارۆسەكانەوە لە دەرەوەی زیندانەكەوە هەڵكەندرابوو.
جارێكی تر بۆ دواجار لە ساڵی 1972 دەستگیركرایەوە، نەیتوانی بەرەنگاری دەستگیركردن بێتەوە. لە چەند مانگی دواتردا وڵاتەكە تووشی كودەتای سەربازی ساڵی ١٩٧٣ بوو، لەم نێوەندەدا موخیكا و هەشت توپامارۆی دیكە بە شێوەیەكی تایبەت هەڵبژێردران بۆ ئەوەی لە ژێر دەستی سەربازیدا بمێننەوە وەك بارمتە و لە دۆخێكی خراپدا بمێننەوە. بە گشتی ١٣ ساڵ لە دیلدا ژیانی بەسەر بردووە.
ئابی 1972 , لە كاتێك خەوتبوو لەو دەشتە, بە رەشاش و بۆمبێكی دەستییەوە دەستگیركرایەوە, 13ساڵ لە زیندانی تاكە كەسییدا بوو, خۆی و هاوڕێكانی هیچ كەسێكیان نابینی, 7 ساڵ پەرتوكیشیان پێی نەدا بیخوێنێتەوە, زیندانەكان میزی خۆیان دەخواردەوە, گەورەترین كێشەیان میز كردن بوو, تا دایكی میزدانێكی بۆ هێنا, وەلێ پۆلیسەكان نەیاندا پێی, تا رۆژێك لە بەردەم شاندێكی بیانی ناڕەزایەتی دەربڕی و بووە خاوەند جێیەك تا میزی تێدا بكات, كە لە زیندان ئازاد كرا لە ساڵی 1985 میزدانەكە بەشانییەوە بوو , بەخۆی میزدانەكەیەوە لە دەرگای زیندان هاتە دەرەوە بەرەو ئازادی و خەباتی سیاسی پاش ئەوەی وڵات گۆڕا بۆ دیموكراسیەت.
بەهۆی ئەوەی چەندین جار لە زیندان هەڵات و گرترایەوە, بۆ زیندانی ژوری تاكە كەسی لە ناو بیرە قوڵەكان گواسترایەوەو 2 ساڵ لەو جهەنەمە بە تەنها مایەوە, پانتایی زیندانەكەی تەنها مەترێكی چوارگۆشە بوو, لەناو بیرەكە بۆقی بەخێودەكرد و جرجی تێر دەكردو زۆر لە كاتەكان لە زیندان تەنها مێرولەی دەبینی و هاوڕێی بوون.
بیبی یەكێك بو لە 9 بارمتەیەی تۆبامارۆس كە رژێم هەڕەشەی كرد بە لە سێدارەدانیان ئەگەر رێكخراوەكەی چەك هەڵبگرێتەوە.
13 ساڵی دوایی بێ دادگایی زیندانی كرا, وەك دیل لای سوپا هێڵرانەوە , كە هاورێكانی دەست بدەنەوە چەك ئیعدام دەكرێن.
بیبی بەردەوام لە زندانەوە لە پەیوەندیدا بوو لە گەڵ راول ساندیكی دامەزرێنەری تۆبامارۆس, لە ئازاری ساڵی 1985 لەو كاتەی لێبوردنی گشتی درا بۆ زیندانیان درا و دیموكراتیەت گەڕایەوە بۆ وڵات , حكومەتی دیكتاتۆری كە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پشتیوانی بوو روخا, لە گەڵ رائۆڵ سندیك ئەنتۆناشیۆ و 11 لە سەركردەكانی دی تۆبامارۆس بە یەكەوە ئازاد كران, ئیتر لێرەوە قۆناغێكی دیكەی خەباتی ناو شار دەستی پێكرد.
كە خۆی و خۆشەویستە گەریلاكەی لە زیندان دەردەچن, بەهۆی خراپی گوزەرانەوە, خۆی كاردەكات لە كێڵگەی كشتوكاڵی و هاوسەرەكەی لۆسیا تۆبۆلانسكی(25-9-1944-) ” ئەندازیاری تەلارسازی, لە ساڵی 1969 پەیوەست بووە بە تۆبامارۆسەوە, لە كاتی چالاكی سەربازی ناسی, كە دواتر دەبێتە جێگیری سەرۆك كۆمار” لە بارێكدا كار دە كەن تا ساڵی 1986.
” لوسیا لە ساڵی 1967 ەوە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ مۆخیكا دەبەستێت و پێكەوە ژیاون، جگە لە 13 ساڵ دابڕانی سەردەمی زیندانی مۆخیكا، لە ساڵی 2005 هاوسەرگیرییان كردووە، لە هەڵبژاردنی 31 ی ئۆكتۆبەری 2004 دا، سەرۆكایەتی لیستی چەپی بەرەی بەرفراوانی كردووەو و بە تەنها زیاتر لە پارتی كورالادۆی دەسەڵاتداری ئەوكات دەنگی هێناوەتەوە “
بیبی هەرچەندە چەندین جار لە دزینی بانكەكان بەشداریكرد بۆ هاوكاری خەڵك, رۆبن هودێكی راستەقینە بوو, بەلام كە لە زیندان دەرچوو تەنها خاوەند میزدانێك بوو بە شانییەوە, سامانەكەی هەر هێندە بوو.

بیبی و بزوتنەوەی تۆبامارۆس
تۆبامارۆس یەكێك لە گروپە چەكدارە ئەفساناوییەكانی ئەمەریكای لاتین , كە لە سەرتاسەری جیهان لایەنگر و بزاڤ و دەروێشی خۆی هەبوو, ئەم رێكخراوە بەناوی تۆباك ئەمارۆی دووەم (هیندییە سورەكانە) ناو نرا كە سەركردەیەكی ئەلینكای ئەمەریكای لاتین بوو لە ساڵی 1572 بە دەستی ئیسپانیەكان كوژرا.
بەرەی رزگاری نیشتمانی FLN ناسراو بە (Tupamaros ) لە ساڵی 1960 لە ئۆرۆگوای لە لایەن گروپێك كەسانی ماركسیەوە بە سەرۆكایەتی راول ساندیكی ماركسیستی پارێزەرەوە دامەزرا (“راول ساندیك ئەنتۆناكسیۆ لە بەرواری 16-3-1925 لە دایك بووە, لە بەرواری 27-4-1989 كۆچی دوایی كردووە, بە پسپۆری پارێزەر, وەلێ نەیان هێشت ببێتە خاوەند پیشەكە, لە پەنجاكان پەیوەست بوو بە پارتی سۆسیالستی ئۆرۆگوایەوەو وەك پارێزەرانی كرێكارانی كشتوكاڵی دەستی بەكار كرد,لە كۆتایی پەنجاكان بزووتنەوەیەكی دروست كرد بەناوی لە گەڵ ساندیكا دەبینە خاوەند زەوی, لە ساڵی 1958 نوێنەرایەتی سۆسیالستەكانی ئۆرۆگوای كرد لە كۆنگرەی سۆسیالستی جیهانی لە كوبا, بووە پارێزەری یاسایی كرێكارانی پیشەسازی شەكر, باوەڕی بە نا ناوەندی لە بەڕێوەبردن هەبوو لە ژێر كاریگەری فكری برۆدۆندا, هەرچەندە لە خەباتی چینایەتی پەیڕەوی لە بۆچونەكانی ماركس دەكرد, لەساڵی 1962 گروپی كاری راستەوخۆی دروستكرد, دوایی گۆڕا بۆ كۆمەڵەی تەنسیق, پاشان بوو بە تۆبامارۆس, لە ساڵی 1962 لە گەڵ كرێكارانی قامیشی شەكر پەلاماری یەكێتی ئۆرۆگوایان دا لە شاری مۆنتینیگرۆی پایتەخت و سوتاندیان , ئەمە یەكەم چالاكی رێكخراوەكە بوو, لە ساڵی 1963ش پەلاماری یانەی سویسرایان دایەوە لە پایتەخت و چەند چەكێكیان بە دەستكەوت گرت كە بووە هەوێنی بزوتنەوە چەكدارییەكەی تۆبامارۆس, مێژووی چالاكیەكەش بە بەرواری دامەزراندنی تۆبامارۆس داریكرا, لە ساڵی 1963 بەهۆی هەوڵی گرتنی راول سادیكەوە لە لایەن حكومەتەوەو خۆشاردنەوەو یاخی بوونی سەرۆكەكەیەوە, رێكخراوەكە چووە قۆناغی خەباتی ژێر زەمینییەوە, بەشێك لە هاوەڵانی ساندیك خۆیان تەرخان كرد بۆ پاراستنی راول سادیك و بەشەكەی تریان بۆ راهێنانی سەربازی چوون بۆ كوبا, لە ئابی 1970 دەستگیر كرا, لە سەپتەمبەری 1971 لە گەڵ 105 تۆبامارۆس كە بیبیشی لە گەڵدا بوو, لبە یاوەری 6 زیندانی دیكە هەڵاتن.لە یەكی سەپتەمبەری 1972 لە روبەروبونەوە لە گەڵ پۆلیس لە شاری مۆنتیفیدیۆی پایتەخت, پاش برینداربوونی بە سەختی لە دەموچاوی دەستگیر دەكرێت, دوای 13 ساڵ زیندانی لە ئازاری 1985 لەگەڵ سەركردەكانی دیكەی تۆبامارۆس بە لێبوردنی گشتی ئازاد بوو “) .
بەهۆی ئەوەی ئەو كات 80%دانیشتوانی ئۆرۆگوای شارنشینی بوون و نزیك بە نیوەیان لە شاری مۆنتینیگرۆدا دەژیان و لایەنگرانیان لە پایتەختدا بوون, هاوكات وڵات شاخی تێدا نەبوو وەك ئەو وڵاتانەی ئەوكات چەپەكان تیایاندا دەستیان دابووە خەباتی چەكداری دژ بە زەبروزەنگی سوپاس و حكومەتە راستگەراكانی پاشكۆی ئەمەریكا, بۆیە تۆبامارۆسییەكان خەباتی خۆیان لە شارەكانەوە دەستپێكرد بەتایبەت پایتەخت كرایە چەقی خەباتی چەكدارییان.
ئەم رێكخراوە لە یەكگرتنی چەندین گروپی ماركسیستی سەر بە دەستە و بۆچونی جیاجیا پێك هات ژمارەیان لەسەروبەندی گەشەكردندا بە 6000 بۆ 10000 گەریلا دیاریدەكرا, كە پێك دەهاتن لە سۆسیالستەكان و ماوی و ئانارشیستەكان ……, هێزەكانی دەوڵەتیش لە 12000 سەرباز و 22000 پۆلیس پێك دەهات.
ئامانجیان لە خەباتی چەكداری ناو شار ئەوەبوو زەمینەی شۆرشی سۆسیالستی خۆش بكەن, كە ئیلهامیان لە شۆڕشی كوباوە وەردەگرت,چالاكی تۆبامارۆسییەكان لە كۆتایی شەستەكان و سەرەتای حەفتاكان زیادی كرد كە بریتی بوو لە رفاندنی كەسانی كاریگەر لە ریزی حكومەت لە پێناو ئاڵوگۆڕپێكردنیان بە بەندكراوەكانی رێكخراوەكە و دەستبەسەردا گرتنی بانك و خۆراك و دابەشكردنی بەسەر هەژاراندا,رفاندنی كەسانی گەندەڵ لەناو حكومەت, سوتاندنی لقی كۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆڕ, رفاندنی فەرمانبەرانی پلە باڵای بانكەكان, چالاكیەكانی رێكخراوەكە لە ساڵی 1972 سنوری ئۆرۆگوای تێپەڕاند و پەڕیوەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر و مەترسی لەسەر وڵاتانی راستگەرای نۆكەرو پاشكۆی ئەمەریكای لەناوچەكە دروستكرد, لە مەكسیك بزووتنەوەی 23ی سەپتەمبەری كۆمۆنیستی و چەپی شۆرشگێر لە شیلی و سوپای سور لە یابان و گروپی سوپای سور ناسراو بە راف لە ئەلمانیا و ئەلویەی سور لە ئیتاڵیاو گەریلا چەپگەراكانی توركیا و فەنزوێلا …..ئیلهامیان لە تۆبامارۆسەكان وەردەگرت و هەمان رێچكەی تێكۆشانیان گرتە بەر, بەهۆی ئەو چالاكییە سەركەوتوانەی تۆبامارۆسییەكان ئەنجامیان دەدا كە لە بەرژەوەندی خەڵكدا بوو .
بزووتنەوەكە چالاكییەكانی بە پەلامار بۆ سەر بانكەكان و كۆمپانیاو ئەو شوێنانە دەست پێكرد كە خواردنی زۆر لێبوو پاشان بەسەر هەژاندا دابەشیان دەكرد , بۆیە لەسەرەتاوە وێنای رۆبن هودی بەخۆوە بینی كە ئێستا بۆتە ئارمی بزووتنەوە ناڕەزایەتیەكانی هەژاران كە بە بزووتنەوەی 99% ناسراوە لە سەرتاسەری جیهان.
لە ساڵی 1969 ئەمەریكا دان میتریۆنی لە ئێف بی ئایەوە نارد بۆ ئۆرۆگوای تا بە ناوی رێكخراوی ئەی ئای دی مرۆڤ دۆستەوە كار بكات, بۆ راهێنانی پۆلیسی ئۆرۆگوای بۆ سەركوتكردنی بزووتنەوەی تۆبامارۆس, كە پێشتر ناوبراو لە سەرەتای شەستەكان لە پێكهێنانی تیمەكانی مەرگ لە بەرازیل دژ بە چەپگەراكان هەمان رۆڵی هەبوو, لێ لە ئۆرۆگوای كاری ناوبراو راهێنانی پۆلیس بوو بۆ ئەشكەنجە دان بە كارەبا, تۆبامارۆسییەكان توانیان ناوبراو برفێنن و لە بەرامبەریدا داوای بەردانی زیندانییەكان بكەن, بەڵام كە وەڵامیان نەدرایەوە كوشتیان, بەهەمان شێوە باڵوێزی بەریتانیاشیان رفاند.
بەهۆی قەیرانی دارایی و گەندەڵی حكومەت لە ساڵانی 1970 بۆ 1971 حكومەتی ئۆرۆگوای پشتیوانی گەلی لە پشت نەما و كەوتە ناو قەیرانەوە, لە مانگی نۆڤەمبەری 1971 بڕیاردرا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان چەپەكان بە تۆبامارۆسییەكانەوە بەرەی بەرفراوان (ئەمپیلۆ)یان دامەزراند, سەرجەم پارت و رێكخراوە چەپگەراكانی ئۆرۆگوای لە ریزەكانی خۆی كۆكردەوە لە سۆسیالست و شیوعییەكانەوە تا لاهوتی ئازادیبەخش , توانیان 18,6%ی دەنگەكان بهیننەوە, ئەمە یەكەم بەشداری تۆبامارۆسییەكان بوو لە هەڵبژاردنەكان, لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پارتی سور توانی 40,3%ی دەنگەكان بهێنێتەوەو حكومەت پێك بهێنن و بەدوایدا بڕیاری شەڕی تۆبامارۆسی دا و تێسرەواندنی كاریگەریان لە بزووتنەوەكە دا و سەرۆك و 12 سەركردەی دیكەیان لە ناویاندا بیبی كەوتنە زیندانەوە تا لە ساڵی 1985 ئازادكران, هاوكات لە بەرواری 27-5-1972 زیندانی گەل كە دیلەكانی تۆبامارۆسییەكانی تێدا بوو لە پایتەخت ئاشكرا بوو كە باڵوێزی بەریتانیا جیفری جاكسۆن لەناو دیلەكاندا بوو, پەلاماری زیندانەكە درا, بەدوای شكستهێنانی سەربازی بەسەر تۆبامارۆسدا كودەتای سەربازی ئەنجامدراو پارتە سیاسییەكان قەدەغەكران و پەرلەمان هەڵوەشایەوە .
لە ساڵی 1989 كە ساڵی مردنی راول ساندیكی دامەزرێنەرە, تۆبامارۆسییەكان بزووتنەوەی بەشداری خەڵكیان دامەزراند كە لە گەریلاكانی پێشوو و چەند گروپێكی دیكە پێك دەهات, بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2004 بەرەی بەرفرانیان راگەیاند كە لە 18 پارت و رێكخراوی سیاسی پێك دێت لە گەریلاكانی تۆبامارۆسەوە بۆ شوعیەكانی سەر بە سۆڤیەت و سۆسیالستەكان و سۆسیال دیموكراتەكان و دیموكراتە كریستانەكان و لاهوتی رزگاریبەخش ……… .
لە كۆتایدا یادگارییەكی رۆبون هودیانەی تۆبامارۆسییەكانتان بۆ دەگێڕمەوە, شەوێك تۆبامارۆسییەكان دەدەن بەسەر یانەیەكی دەوڵەمەندەكاندا یەكێك لە دروشمە هەرە بەناو بانگەكانیان لەسەر دیواری یانەكە دەنووسنەوە ((یان هەموو سەما دەكەن, یان كەس سەما ناكات)), لەوساوە ئەم درووشمە بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاو بوەوە, بە پێچەوانەی سەرمایەدارەكانی كوردەوە كە دەڵێن خەبات دەكەین لە داهاتوودا ئێوەش وەك ئێمەتان لێبێت, نەك لە ئێستادا هەموو وەك یەك بین و پێكەوە سەما بكەین, وەك لە خشتە بردنێكی خەڵك, ئەمان وتیان یان ئێستا هەموو سەما دەكەین یان كەس سەما ناكات.
لە كۆتا رستەدا دەڵێم تۆبامارۆسییەكان خاوەند ویژدانێكی زیندوو بوون وەك كۆمۆنارەكان, بەڵام سیاسەت دەبێت ریالیستیانە بچێتە پێشەوە بۆ ئەوەی بەردەوام و سەركەوتوو بێت, بۆیە لە قۆتاغی یەكەم شكستیان هێنا, لە قۆناغی دووەم سەركەوتن.

تۆبامارۆس و خەباتی سیاسی

تۆبامارۆس لە ساڵی 1994 دوو ئەندامی پارتەكەی بۆ یەكەمجارچوونە پەرلەمانەوە یەكیان بیبی بوو, ئەو سەردەمە بەوە ناسرا بە ماتۆڕ هاتوچۆی پەرلەمانی دەكرد, دوای 11 ساڵ كە سەركەتن لە هەڵبژاردنەان, بیبی لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2008 وەزیری كشتوكاڵ و سامانی ئاژەڵی ئۆرۆگوای بوو لە یەكەم حكومەتی چەپگەرای لە مێژووی ئۆرۆگوایدا, پاشان لە پۆستەكەی دەستی كێشایەوە بۆ جێگیرەكەی وتی من شارەزایم لێ نییەو هەموو كارەكان ئەو دەیان كات با بۆ خۆی وەزیر بێت, لە مارسی 2010ەشەوە بووە سەرۆكی ئیكوادۆر, ئەو رۆژگارە كاتە بەتاڵەكانیان لەگەڵ هاوسەرەكەی كە لە روی حیزبییەوە بەرپرسی بیبیە خەریكی چاندن و پەروەردە كردنی گوڵن بون بۆ باشتر كردنی باری ئابوورییان, بیبی باوەڕی بە بیری ئاینی نەبوو, بۆینباخی نابەستی و بەرگی فەرمی سەرۆكایەتی لە بەرناكرد , بە شێوازە سادەییەكەی سەردانی وڵاتانی دەوروبەر و سەرۆكەكانیانی دەكرد, بەمەش بووە یەكێك لە سەركردە ئاوازەكان .
بیبی هیچ ژمارەیەكی بانكی نەبوو بۆیە قەرزاریش نەبوو, پارەشیی نەبوو, ئەمە گەورەترین بەختەوەری بوو بۆ ئەو, بە نرخترین شت كە هەیبوو سەگەكەی بوو بەناوی مانوێلا و ئەو ئۆتۆمۆبیلە بۆقیە فۆلكس واگن بیتڵەكەی بوو كە نرخەكەی لە بازاڕی وڵاتەكەی بایی 1945 دۆلار بوو, لە وڵاتانی بیانی بە تایبەت یەكێتی ئەوروپا چەند سەد دۆلارێكی كەم زیاتر ناكات, لە موچە مانگانەكەشی كە 12500 دۆلارە تەنها 775 دۆلاری بۆ خۆی هەڵدە گرت ئەوی دیكە وەك سەردەمی گەریلاییەكەی بەسەر رێكخراوە خێرخوازییەكان و هەژاراندا دابەشی دەكرد رۆڵی رۆبن هودییەكەی لە دەستبەسەردا گرتنی بانكەكانەوە گۆڕیوە بۆ دابەشكردنی داهاتی خود, لە دابەشكردنی گیرانی سەرمایەدارانەوە بۆ دابەشكردنی گیرفانی خود.ئەو دەیووت ئەوەندەم بەسە زیاترە لە داهاتی زۆر لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەم چونكە زۆربەی گەلەكەم بە برسیەتی دەژێن, بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی شەرافەتمەندانە بژێم بەسمە.
لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتی بیبیدا گەندەڵی بە ئەندازەیەكی زۆر بە پێی ئامارەكانی رێكخراوی شەفافیەتی نێو دەوڵەتی لە ئۆرۆگوای دابەزی , ئێستا ئۆرۆگوای یەكەم وڵاتە لە بواری كەمی گەندەڵی لە ناو وڵاتانی ئەمەریكا لاتین و ناوەنددا, لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا هەژاری لە 38% ەوە دابەزی بۆ 11% , لانی كەمی كرێ بە رێژەی 100% زیاد كرد.
لەو كێڵگەیەی كە ستۆدیۆ 45 مەترییەی كە كەوتۆتە ناو كێڵگە كشتوكاڵییەكەی هاوسەرەكەیەوە, 14 پیاوی پیری دیكە دەژێن, لە دەوروبەری خانویان دروست كردووە, وەك پیرخانەی لێهاتووە, بیبی لە ناو گەڕەكەكان لە گەڵ مناڵان یاری دەكرد, سەماو قسەی خۆش لەگەڵ هاووڵاتیانی سەر رێگاكەی دەكرد, هیچ پارێزەر و شوفێرێكی نەبوو, تەنانەت رێگای ماڵەكەی خۆڵ بوو تا ئێستاش قیرتاو نەكراوە, لە روی بیروباوەڕەوە ئەو خۆی بە چەپێكی نیمچە ئانارشیست دەزانی, وێڕای ئەوەی قسەكەرێكی لێهاتوو زیرەك و وردە لە سیاسەت و خوێنەرێكی جدی بوو, هاوكات ئەفسانەیەكی ئەرێنی سیاسییە جیگواراو گاندی و ماندێلا لە كەسایەتی ئەودا هەموو پێكەوە رەنگیان دایەوە, وەك جیگوارا جەنگاوەر بوو, پاڵەوانی شەڕی شەقامەكان بوو, عاشقی پەرتووكە سورەكان بوو, وەك گاندی سادە بوو, تەنانەت لە چینی براهماش نەبوو, بۆیە نەهرۆو گاندی تێپەڕاند, وەك ماندێلا لێبوردەیە كە بووە سەرەك كۆمار لێپرسینەوەی لەوانە نەكرد 13 ساڵ بە ئەشكەنجەوە لە زیندان هێشتیانەوە, تەنانەت داوای لێیان نەكرد دان بەتاوانەكانیان بنێن و داوای لێبوردن بكەن وەك پرۆسەی داننان بە راستییەكانی باشوری ئەفریقا.
بیبی دژ جگەرە كێشان بوو, لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا كەوتە كێشەوە لەگەڵ كۆمپانیای فیلیپ مۆریس, هاوكات لەسەردەمی حوكمڕانی ئەودا , بڕیاری مافی لە باربردن, زەواجی هاوڕەگەزەكان , چاندنی مەرەگۆنا بە ئاشكرا درا, لە گەڵ ئەمانەشدا مرۆڤ دۆستێكی نێونەتەوەییە , بە شێوازی جیا پێشوازی كرد لە قوربانیانی شەڕی ناوخۆیی سوریا, لە كۆشكی كۆماری پێشوازیكرد لە 100 منداڵی هەتیوی سوری, هەرچەندە گەریلا بوو, بەشداری شەڕی شەقامەكانی دەكرد, لێ دژ بە جەنگ بوو, نەك تەنها لە ناو وڵاتەكەی لە دەرەوەش سادەو ساكاربوو, لەسەردەمی حوكمڕانیدا فرۆكەی و ئۆتۆمۆبیلی تایبەتی و قافڵەی پاسەوانی ئاشكراو نهێنی وەك سەرۆكەكانی دیكەی نەبوو, تەنها ئۆتۆمۆبیلە بۆقییەكەی ئامرازی گواستنەوەی بوو, لە ئۆكتۆبەری 2015 كە چووە ئەستەمبوڵ لە میوانخانەیەكی 3 ئەستێرەیی خۆی و هاوسەرەكەی دابەزین, هەرچەندە كار بۆ هاووڵاتیانی ئۆرۆگوای دەكات وەلێ هاوكات سۆسیالستێكی نێونەتەوەییشە, یەكێكە لە ئەستێرەكانی كۆڕبەندی ساوپاولۆ , كە پارت و بزووتنەوە چەپەكانی ئەمەریكای لاتین لە ژێر چەترەكەیدا خۆیان رێكخستووە, هەرچەندە قسە لە روەوەو زۆر لێدوانی توندی دژ بە سەركردە چەپەكانی ئەمەریكای لاتین داوە بە بزنی شێت و كوێرەو شتی وا ناوزەدیانی كردووە, لێ لە كاتی كێشەكاندا هاوڕێیەكی بەوەفایان بووە, لە زیندان سەردانی لۆلای كرد و پشتیوانی بۆ دەربڕی, پشتیوانی حكومومەتی فەنزویلای كرد بەرامبەر شەڕی ئۆلیگارشییەكانی ناوخۆو ئەمەریكا, تا گەیشتە هاوسۆزی دەربڕین بۆ گەلی كورد لە باكوری كوردستان, لە هەركوێیەك پێویست بكات ئەو ئامادەیە.

هەمیشە لە پێشەوە
مۆخیكا لە ساڵی 1994 وەك ئەندامی پارلەمان هەڵبژێردرا, لە ساڵی 1999 وەك ئەندامی ئەنجومەنی پیران , لە ساڵی 2004 زۆرترین دەنگی لە لیستی بەرەی بەرفراوان هینایەوە ,لە ساڵی2005 بووە وەزیری سامانی ئاژەڵ, لە ساڵی 2008 لە وەزیری دەستیكێشایەوەو گەڕایەوە ئەنجومەنی پیران .
مۆخیكا لە هەڵبژاردنی 25ی ئۆكتۆبەری سەرۆكایەتی ئۆرۆگوای كە 89,9%ی دەنگدەران بەشداریان تێیدا كرد لە كۆی 2563397 دەنگدەر 2303336 كەس پشكداریان كرد لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنەكاندا 1093869 كەس كە دەیكردە 49,6%ی دەنگدەران دەنگیان پێی داو نزیكترین پاڵێوراو نیوەی دەنگەكانی ئەوی هێنایەوە لە ناو 5 پالێوراوەكەی سەرۆكایەتی, لە خولی دووەمدا كە لە 29ی نۆڤەمبەری 2009 ئەنجامدرا توانی بەهێنانی 1183503 دەنگ كە دەیكردە 54,8% دەنگدەران بیباتەوە, هەرچەندە زۆربەی كاندیدەكان لە دژی هاوپەیمانیەتی موقەدەسیان پێك هێنا.

چەپ و حوكمڕانی لە ئۆرۆگوای
ئۆرۆگوای لە نێوان ساڵانی 2001 بۆ 2002 بەهۆی دابەزینی ریالی بەرازیلی ونەخۆشی تای مانگاو قەیرانی دارایی ئەرجەنتینەوە تووشی داڕمانی ئابووری هات, داهاتی نەتەوەیی بە رێژی 11%دابەزی ,بێكاری بە رێژەی 20% بەرز بوەوە بە تایبەت لە ناوچە لادێیەكان , 40%ی هاووڵاتیان باری ژیانیان بۆ ژێر هێڵی هەژراری دابەزی, لە ساڵب 1930 دا ئۆرۆگوای یەكێك بوو لە 10 وڵاتە دەوڵەمەندەكەی جیهان, هاوكات یاسای گرنگی هەبوو وەك 8 سەعات كار لە رۆژێك, پشوی دایكایەتی ,بۆیە ناونرابوو سویسرای ئەمەریكا, داهاتی تاك لە دابەزینی بەردەوامدا بوو, بە ناچاری وڵات 3,2 ملیار دۆلاری لە سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی قەرز كرد, ئەم قەیرانە ئابورییە رێگای بۆ چەپگەراكان خۆش كرد تا تاباری فاسكۆیزی پزیشك و سۆسیالست خوازی ماركسیست لە 3ی ئۆكتۆبەری 2004 سەرۆكایەتی بەرەی بەرین بكات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات, ناوبراو لایەنگرێكی سەرسەختی هەژاران و پێشتر پارێزگاری شاری مۆنتینیگرۆی پایتەخت بوو, كە گەیشتە دەسەڵات دەرگای كۆشكی كۆماری بۆ هەژاران خستە سەر پشت, ئەوەی شایانی باسە لە ساڵی 1994 هەردوو پارتی ركابەری سەرمایەداری دەسەڵاتداری پێشوو یەكیان گرت دژ بە بەرەی بەرفراوان بۆ ئەوەی نەگات بەدەسەڵات كاتێك تاباری فاسكۆیز مایەوە بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردن.
خۆسێكا مۆخیكا ناسراو بە بیبی پشتیوانی فاسكۆیز بوو, تەنانەت ئەم گەریلایە لە كاتی سوێندخواردنەكەی لە تەنیشتییەوە بوو, چەپەكان پاش بە دەسەڵات گەیشتنیان لە نۆفەمبەری 2006 هەموو قەرزەكانی سندوقی دراوی جیهانیان دایەوە و رێككەوتننامەكەی لە گەڵیا هەڵوەشاندەوەو بێكارییان كەمكردەوە , هاوكات لەسەردەمی فاسكوێزدا سەرۆكی پێشووی وڵات ماریا بوردابیری و جەنەرال غریغۆریۆ ئەلزاریز زیندانیكران بەهۆی پێشیلكاری مافی مرۆڤەوە دژ بە تۆبامرۆسیەكان و چالاكانی سیاسی, ئەمەش پاش بڵاوبونەوەی پەرتووكی لۆس ئەنیۆس ئۆسكۆرۆس 1967-1987 لە نووسینی مێژوونووسی ئەمەریكی سكوت مایرز رویدا.
كاتێك خۆسیە مۆخیكا خۆی پاڵاوت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری راستگەراكانی ئۆرۆگوای ترسیان لێ نیشت ئەم گەریلا ماركسیستە بگات بە دەسەڵات, تەنانەت ركابەرە سەرەكیەكەی لویس لاكای لە هەڵمەتەكەیدا بە رابردووی تۆبامارۆسیەكەی ویستی نەیارەكانی بترسێنێت و لە خۆی كۆیانبكاتەوە , لێ هاووڵاتیانی ئۆرۆگوای سەیری مۆخیكایان وەك گەریلای تۆبامارۆس و وەك سیاسیەكی میانەڕەو دەكرد لەم نێوەدا دابەش ببوون بەسەر دووبەرەدا, توندڕەو و میانەڕەو , بە تایبەت لایەنگرانی ئەو لە كرێكاران و جوتیاران پێك دەهاتن و چاوەڕوانی گرتنە بەری سیاسەتێكی ئابووریانەی رادیكاڵیان لێدەكرد , مۆخیكا وتی من وەك تۆبامارۆس هەڵنەبژێردراوم, وەلێ نكۆڵی لە رابردووم ناكەم, كە راستگەراكان دەسەڵاتیان بەجێ هێشت پاش ئەو قەیرانەی وڵاتی تێكەوت, بەرهەمی نەتەوەیی داڕمابوو بۆ 12,067 ملیار دۆلار لە ساڵێك,كە بیبی كورسی سەرۆك كۆماری جێ هێشت بەرهەمی نەتەوەیی وڵات گەیشتە 40,285 ملیار دۆلار , بیبی تەنها ژیانی خۆی چاك نەكرد, باری ژیای هەمووانی گۆڕی, بۆیە جێی خۆیەتی بە باوكی راستەقینەی گەل ناوببردرێت, ئەو ناوە تەنها پڕ بە پێسستێتی سیاسییەكی ئەفسوناوی ئاوایە.
ئێستا دوای مەرگی بیبی, كە ئۆرۆگوای بەجێهێشت, پۆستی سەرۆك كۆماری و پارێزگاری پایتەختیان بە دەستەوەیە.

ئەزموون لە بیبییەوە
14 ی “ئابی 2018” سەرۆكی پێشووی ئۆرۆگوای مۆخیكا ناسراو بە بیبی، وەك هەمیشە، جارێكی دیكە خۆی ئۆتۆمبێلە شینە بۆقییەكەی بونەوە سەردێری هەواڵەكانی جیهان، وەك سیاسییەك جیا لەوانی دی نیشان درایەوە، پاش ئەوەی دەستی لە ئەندامێتی ئەنجومەنی پیران كێشایەوە بێ وەرگرتنی خانەنشینی، كە لە ساڵی 2014 ەوە ئەندامی ئەنجومەنەكە بوو، هەرچەندە خۆ كاندیدكردنی بۆ پۆستی ئەنجومەنی پیران خۆی لە خۆیدا نیشانەی سادەیی ئەم سیاسەتمەدارەیە كە بە باوكی هەژاران لە وڵاتەكەیدا ناسراوە، پێشتر سەرۆكی وڵات بوو, ناوبراو رایگەیاند لە ئێستا بەدواوە خۆی تەرخان دەكات بۆ كاری سیاسی بزووتنەوەی بەشداری گەل (MPP)،
بیبی باوەڕی وایە , ئەوەی عاشقی پارەیە جێگای نییە لە سیاسەت, منیش ئەوەی بۆ زیاد دەكەم بەتایبەت لە بزاڤی چەپدا جێگای عاشقانی پارە نابێتەوە, لە نێوان گیرفانی خود و گیرفانی گەلدا دەبێت وەك بیبی گیرفانی گەل هەڵبژێردرێت, چەپەیاتی تەنها ریزكردنی وشەی دادپەروەری و یەكسانی نییە, تەنها بوون بە ئەندام لە پارتێكی شیوعی یان ماركسی یاخود سۆسیالستی نییە, بەڵكە سەرەتا كوشتنی ئارەزوە كەسییەكانە و تاواندنەوەیەتی لەناو داخوازەكانی خەڵك, خود بۆ خەڵك, نەك خەڵك بۆ خود, چەپایەتی پێش ئەوەی فكر بێت پەیمانێكی ئەخلاقییە, دیارە بە بێ تێۆری شۆڕشگێڕانە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە دروست نابێت, بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەش ئەگەر ئاكارو رەوشت و هەڵسوكەوتی شۆڕشگیِڕانە بەرهەم نەهێنێت ئاكامی داڕمانە.
بیبی رۆیی وەك جەستە, وەلێ وە ئاكار سەلماندی سەرۆك دەتوانێت دیوارو پەرژینی كۆشك و ماڵەكەی لە گەڵ خەڵك بڕوخێنێت, زیندانەكان بكات بە باخچەی گوڵ و رێحانە, نەك باخچەكان بكات بە بەنزینخانە.




لێكترازانی ڕوحەكان لە شانۆنامەی (لێكترازان)ی دانا ڕەئووف دا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

تۆخۆلسكی لە كتێبی (هەندێ كەس هەرگیز تێ ناگەن) سەرگوزشتەیەكی سەیرو پڕ مانامان لە بارەی ملیاردێرێكەوە بۆ دەگێڕێتەوەو دەڵێت:( ملیاردێرێك، بە هۆی ڕووداوێكی هاتووچۆ، چاوی چەپی لە دەست داو ناچار بوو، چاوێكی دەستكرد بە نەشتەرگەری لە شوێنی دابنێت. بۆ یەكەم جار، دوای نەشتەرگەرییەكەی كە گەڕایەوە نووسینگەی كارەكەی، لە ژێر چاویلكەیەكی ڕەشدا لە كارمەندی نووسینگەكەی پرسی، دەزانی كامە چاومە گۆڕدراوە و نەشتەرگەریم بۆ كردووە؟ كارمەندەكەش دەڵێت بەڵێ چاوی چەپتە، ملیاردێرەكە بەم وەڵامە سەرسام دەبێت و دەڵێت چۆنت زانی، كارمەندەكەش پێی دەڵێت، (چونكە كەمێك ئیحساسی مرۆیانە، لە چاوی چەپتدا هەیە) بەو مانایەی چاوێكی دەستكرد لە كۆی هەستەكانی تۆ زیاتر، هەست بە مرۆییبوون دەكات و هەست و نەست و سۆزی بۆ بەرانبەرەكەی دەجوڵێت، وەلێ ئێوەی سەرمایەدار، ژیان تەنها لە پارە و كاردا دەبینن، بێ باك لەوەی مرۆڤەكان چین ! لە سەردەمێكدا، كە ئاڵۆزییەكی زۆر ژیانی مرۆڤەكانی گرتۆتەوە و بەها مرۆییەكان لە ژێر هەڕەشەی سڕینەوە و نەمان دان، لە سەردەمێكدا، كە پێگە وبوونی مرۆڤ، لای زۆربەمان لە هەندێك دەسكەوتی ماددی ژیان دەبینینەوە و دەیكەینە پێوەرێك بۆ ڕوانینمان بۆ ئەوی دی مرۆڤ، ئەوا لە هەموو كات زیاتر، پێویستیمان بە هونەری مرۆڤبوونە، وەك باڵاترین پلەی گەشەی كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی. ئێمە ڕۆژانە بەر مرڤ دەكەوین، بەڵام زۆرینەیان هەڵگری ئەو بەها مرۆییانە نین، كە دەبنە شوناسێك بۆ مرۆڤبوون، چونكە بوون بە مرۆڤ هەر ئەوە نییە، ئاوەزمان هەبێت و بەو خەسڵەتە لە بوونەوەرەكانی تر جیا بكرێینەوە، بەڵكو چەند وەك مرۆڤ هەڵسوكەوت دەكەین و پێوەرەكانی مرۆڤبوونمان لە ژیاندا پەیڕە و دەكەین ئەوە گرنگە. مرۆڤبوون، شوناسێكی گەورەتر و بە بەهاترە، لە هەڵگری ناوی مرۆڤ بە تەنها.
مرۆڤبوون، شوناسێك نییە بە تەنها، تاكو بدرێتە پاڵ هەمووان، بەڵكو كۆمەڵێك بەهای بەرزی كۆمەڵایەتی و كەسی و مرۆییە. مرۆڤ لە پێشەوەی هەموو جۆرە بیر و بڕوا و ئایدۆلۆژیایەكی ئایینی و سیاسییە. مرۆڤبوون لە ناوماندا نییە، بەڵكو لەو گەوهەر و لەو كردەوە مرۆییانە و بەها ئاكاریی و مرۆیانە دایە، كە دەمانبەستێتەوە بە ژیان بەگشتی و بە ژیانی ئەوانیتریش بە تایبەتی. بۆیە هەر كەسێك بڕوای وابێت، دەشێ بژیت و ئاسوودە بێت، شادومان بێت و بەختەوەرانە لە ژیان بەردەوام بێت، بێ ئەوەی ئەو هەست و ڕایەڵە مرۆیەی كە دەیبەستێتەوە بە مرۆڤەكانی تر هەبێت، بێگومان لە ژیان و شادومانیش نەگەیشتووە.
شانۆنامەی (لێكترازان) ی نووسەر و هونەرمەندی دیار و بە توانا مامۆستا (دانا ڕەئووف) گوزارشت لە نەبوونی ئەو هەست و ڕەهەندە مرۆییە دەكات كە دوای ژیانی بە ناومۆدێرنە و نوێ و كۆمەڵگەی كوردی گرتۆتەوە. ژیانێك كە پێشتر مرۆڤی كورد پێی ڕانەهاتووە و ئەزموونی نەكردووە، ئیدی كاتێ لە پڕ دەچێتە نێو ئەو فەزا كۆمەڵایەتییە نوێیە، نازانێت چۆن لەتەك ئەو واقیعە تازەیە ڕابێت و خۆی بگونجێنێت، لێرەوە ڕووبەڕووی تەنگەژەی گەورەی دەروونی لە شێوەی تەنیایی و نەمانی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و نەرجسییەت و كاڵبوونەوەی ئەو بەها جوانانە دەبێتەوە، كە تا دوێنێ لە ژیانیدا بوونیان هەبوو. كارەكتەرەكانی ئەو شانۆگەرییە، بە جیاوازی پێگە و شوناسی كۆمەڵایەتی و ڕەگەزیان، لە ئاستی ڕوحیدا هەست بە نامۆبوونێكی كوشندە دەكەن، كە ئیتر ئەوان پەیوەندییەكی ئەو تۆیان لە چوارچێوەی ماڵ و خێزان بە یەكترییەوە نەماوە، بەڵكو هەزاران فرسەخ دوورن لە یەكتری، گەرچی بە یەكەوەش دەژین. ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ هەرەسهێنانی ئەو پەیوەندییە ڕوحی و كۆمەڵایەتییەی كە تاكەكانی خێزانی لە ژێر یەك چەتر كۆ دەكردەوە، كە ئەویش ماڵ و خێزان بوو، لەوەشدا قوربانی یەكەم باوكە وەك هێمای ئاراستەكردن و پەروەردەكردن و بەرزەفتكردنی خێزان، كە بەشێكی دانەبڕاوە لە سیمای سۆسیۆلۆژی كۆمەڵگەی كوردی. باوك لەو شانۆنامەیەدا، ئیدی هەمان باوكەكانی پێشووتریی كۆمەڵگەی ئێمە نین، بەڵكو باوكێكە داماڵدراو لە هێز و شكۆ، ڕێز و خۆشەویستی، نێوندایەتی و پەروەردە كردن. بێگومان ئەگەر ئەمە وەك دەرهاوێشتەیەكی ژیانی سەردەمی مۆدێرنە ببینین، ئایا لێكەوتەی ئەو ژیانە لە سەر ئاستی ژیانی مرۆڤ وەك تاك چییە؟ باوكەكە گەرچی هێشتا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ كوڕ و كچەكەی، خێزانەكەی، بەڵام ئەم پەیوەندییە، پەیوەندییەكی ڕۆتینی بێ هێز و دەسەڵاتە و ئەوەیە باوك تەنها وەك ڕۆبۆتێك لە ژیانی خێزاندا بوونی هەیە. بۆیە كاتێ پرسیار لە خێزانەكەی دەكات، ئەویش لە وەڵامدا پێی دەڵێت:
( من ژیانێكم هەیە لەگەڵ تۆ یان بێ تۆ ل 47) واتا ژنەكە لێرەدا، پەیوەندی خۆی و هاوسەرەكەی لە دەرەوەی هەموو گرێبەستێكی ئایینی و كۆمەڵایەتی دەبینێتەوە و ئیدی كارتێكی سوور بە ڕووی پیاوەكەیدا بەرز دەكاتەوە كە ئەو چیتر لە ژێر سایە و دەسەڵاتی ئەو وەك پیاوێك نییە . بەو مانایەی ئەو لەگەڵ پیاوەكەی بێت یان نا، ئیدی ئەو ئەوە و دەتوانێت بژیت. ئەمەش یەكێكی دیكەیە لە سیما دیارەكانی ژیانی ئاڵۆز و جەنجاڵی ئێستای خێزانی كورد. باوكەكەش نازانێت چی بكات؟ جگە لەوەی نزا بكات و بڵێت:( خودایە گیرۆدەی دەستی عەشقی كەسێكمان نەكەیت، بیەوێت تۆڵەمان لێ بكاتەوە) باوك كاتێ دەزانێت ئیدی ئەو دەسەڵاتێكی نەمایە، دەیەوێت لە ڕێگەی بە نێوەندكردن و بە دەسەڵاتكردنی كوڕەكەی وەك پیاو و شوێنگرەوەی خۆی، ڕێگە لەو لێكترازانە ئۆرگانی و خێزانییە بگرێت، بە مەبەستی دەستگرتن بە هەموو ئەو پیرۆزیی و بەهایانەی پێشتر لە نێو خێزاندا هەبوون، بۆیە ڕۆڵەكەی خۆی دەداتە كوڕەكەی كە وەك چاودێرێك بە نێو خێزان و لەگەڵ دایك و خوشكەكەی ببینێت. ڕەنگە باوكەكە لێرەدا بیر لەوە بكاتەوە، كە ئیدی بە هەر هۆكارێكەوە بێت ئەو ڕۆڵێكی ئەو تۆی نەماوە، بەڵام سەیر لەوە دایە، كوڕەكەش وەك دیوێكی دیكەی پیاوبوون، باكی بەوە نییە دایك چی دەكات هەروەك دەبینین: باوك : نازانی دایكت چی دەكات؟ كوڕەكە: هەر نازانم و ناشمەوێ بزانم. بێگومان هەمان كێشە، سیامەند و خێزانەكەشی گرتۆتەوە، كاتێ شاعیرەكە پرسیاری ئەوە دەكات كە تەنها خەم ئەوی كوشت؟ دایكی لە وەڵامدا دەڵێت:( نەخێر ژنەكەشی !) ئەمەش دەلالەت لەو دوورییە ڕوحییە و لێكترازانە دەكات كە ئێستا لە نێو خێزانی كۆمەڵگەی ئێمەدا بوونی هەیە.
پرسی بە سەربەستبوونی تاكەكان لە نێو خێزاندا وەك دەرهاوێشتەیەكی ژیانی مۆدێرنە و لێكەوتەیەكی دنیای ئێستای كۆمەڵگەی كوردی، دەرچوون لەو چوارچێوە كۆمەڵایەتییەی بە خێزان ناسراوە و ژیان لە دەرەوەی دەسەڵاتی باوك، لێرەدا كۆتایی نایەت كە ئیدی تاكەكان ناسنامەی تاكایەتی و سەربەسەتی خۆیان بۆ دەگەڕێتەوە و هەڕەمی پیرۆزی خێزان دەڕووخێت، بەڵكو گرفتی گەورە لێرەدا دەست پێ دەكات، كە ئیدی ئەوان نازانن ئەزموونی ژیانێكی نوێ بكەن، كە خۆیان هەڵیان بژاردووە، لە دژی ژیانێكی سوونەتی و خیڵەكی وەك ئەوەی خەیاڵییان كردبوو. لەو سۆنگەیەشەوە كۆی ژیان بە گشتی دۆگما دەبێت و هیچ كام لە شاعیرەكە، دایك، باوك، كوڕ، كچ، ژنە دووگیانەكە، ناتوانن بە دیاریكراوی لەگەڵ ئەو ژیانە نوێیە هەڵبكەن و ڕابێن و خۆشیان نازانن چی دەكەن و چیان دەوێت ! بۆیە بەردەوام لە بۆشایەكی گەورەی ڕوجی و دەروونی دەژین و سەرەنجام هەست بە نامۆبوونێكی كوشندە دەكەن و ژیانیان بە بێ ئاكام كۆتایی دێت. گەرچی لە دەسپێكی وەرزی یەكەمی شانۆكەدا، فریشتەیەك دەردەكەوێت، لێرەدا فریشتە نماییندەی هێزێكی خودایی و ژیانێكی جیاواز لە ژیانی مرۆڤ و سەرزەمین دەكات، بە بڕوای من مامۆستا دانا، لێرەدا ناڕاستەوخۆ دەمانگێڕێتەوە سەر چیڕۆكی دروستكردنی ئادەم لە سەر زەوی. خودا بەرلەوەی ئادەم دروست بكات، بە فریشتەكانی گوت، خەلیفەیەك دەخوڵقێنم، ئەوانیش بە نزاو سزاششەوە گوتیان ئەو شەڕ و ناخۆشی بڵاو دەكاتەوە، خوداش لە وەڵامدا پێی گوتن ئەوەی من دەیزانم ئێوە نایزانن، بۆیە سەرەنجام ئادەم وەك یەك مرۆڤ دروستكراو وەك یەكەم مرۆڤیش لە تاقیكردنەوەی بڕیار و ڕاسپاردەكانی خودا، سەرنەكەوت و لە بەهەشت دەركرا. بە دوای ئەو ڕووداوەش، قابیل هابیلی كوشت، ئیدی سەرزەوی پڕ بوو لە تاوان. گەر فریشتەكە، لێرەدا وەك فریادرەسێك بۆ ژیانی مرۆڤەكان ببینین، بەڵام دواجار ئەویش پیر دەبێت و هێز و بەهای سیمبولیانەی فریشتەیی نامێنێت و شێوە ژیانی سەر زەمین وەردەگرێت و دان بەوە دا ئەنێت كە دەبێ هەمووان لە تاریكی ناخ ڕزگاریان بێت . واتا ژیانی مرۆڤەكان بە جۆرێك دۆگما و بێ مانا و بێ شكۆ بووە، كە ئیدی لە توانای فریشتەیەكی خوداییش نییە، ڕزگاری بكات تا لە كۆتاییدا هەمووان نا ئومێدانە و ڕەشبینانە دەمرن و هەست ناكەن ژیانێك ژیاون، جیاواز لە ژیانی پێشووتر ! بەمەش تاكی كورد لە ئاستی دەرەكیدا شێوە ژیانێكی مۆدێرنانە و خۆر ئاوایانە دەژیت، بەڵام لە ڕووی ئەقڵ و جیهانبینی و كاتەوە، ناتوانێت چۆن لەو ژیانە هەڵبكات، كە لە ڕاستیدا مرۆڤی تایبەت بە خۆی دەوێت ! لە كۆتاییدا هەریەك لە خوشك و براكە، لەو ژیانە تازەیان هەست بە پووچی و بێ مانایی دەكەن و پەشیمانی ئەو ژیانە دەبنەوە كە تیایدا لەگەڵ دایك و باوكییان بوون، بۆیە هەردووكییان باس لەوە دەكەن كە چەند بێ دایك و باوكن و لە ماڵێك دەژین، ئەگەر پێكەوەش بن بەڵام هەر تەنیان، وەك ئەو لێكترازانە ڕوحییەی بە هۆی هەژموونی تەكنەلۆژیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، لە كۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە، كە ڕاستە بە جەستە لەگەڵ یەكتریدان، بەڵام لە ڕووی ڕوحییەوە هەموومان بە دەست تەنهایەكی كوشندە دەناڵێنینن و لێكترازن و درزێك كەوتۆتە نێوانمان، كە هەرگیز یەكناگرێتەوە. دواجار دەڵێم مامۆستا دانا لەو شانۆنامەیەدا، بە زمانێكی جوان و سادە، ئەو نامۆبوون و شكست و لێكترازانە ڕوحییەی مرۆڤی كورد دەخاتە ڕوو، بە شێوەیەكی قووڵ و فەلسەفییانە، پەیوەندی ئێمە بە دنیای پۆست مۆدێرنەوە لە ڕووی ئەدگارەكانی ژیانەوە نیشان دەدات و دەیەوێت ڕەخنەمان بكات و پێمان بڵێت ڕاستە ئێوە مۆدێرنانە دەژین، ژیانێك ئەزموون دەكەن كە تازەیە، بەڵام نە خۆتان مرۆڤی ڕاهاتووی نێو ئەو ژیانەن، نە ژیانەكەش بۆ ئێوە ئەزموون دەكرێت. دواجار دەڵێم مامۆستا دانا هونەرمەند و نووسەرێكی سەنگین و قەڵەمێكی دیارە، خوێندنەوەی بەرهەمەكانی نەك بۆ هونەرمەندان، بەڵكو بۆ ئێمە مانانیش كە هیچ سەروكارمان لەگەڵ دنیای هونەر نییە، جێی بایەخ پێدان و بە گرنگی سەرنجدان و خوێندنەوەن، چونكە هەڵگڕی پرسی مرۆیی و بابەتی فەلسەفی قووڵن و شیاوی خوێندنەوە و بەسەركردنەوەن.

*لێكترازان، شانۆنامە، نووسنی: دانا ڕەئووف، بڵاوكراوەی كەپر، ساڵی چاپ _2024 .
*ئەم بابەتە لە ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ ژمارە(1359) لە 20/2/2025 بڵاوكراوەتەوە.




من لەوێ نیم، بەڵام ساڵانێک تیایدا ژیام و نەمردم.. نیهاد جامی

لەهەموو کاتێک زیاتر پرسیارێک لەزهنمدا دەسورێتەوە، پرسیارێک من خۆمی لێ دەدزمەوە، ئەو خێرا بەخۆیەوە خەریکم دەکاتەوە، من پێم خۆش نیە لەبارەی ئەزموونی نووسین و نهێنیەکانی قسە بکەم، چونکە نەوەستاوم و هێشتا ساتی مردنم نیە، بەڵام شتێک وەک پرسیار ناچاری هەندێک قسەکردنم دەکات، سەرەنجام گوێ لەو دەنگە زهنیە دەگرم، کاتێک دەپرسێت: تێکستی ئەدەبی توانای هەیە مێژوو لەسیاسەت وەربگرێتەوە؟
پرسیارکردن لەپەیوەندی نێوان ئەدەب و مێژوو کردەیەک نیە بۆ نووسینەوەی مێژوو وەک ئەوەی رووداوەکانی ڕوویاندا، بەڵکو چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەو ڕۆژگارەیە لەگێڕانەوەی ئەدەبیدا، ئەوە نووسینەوەی ڕووداوە مێژوویەکان نیە، بەڵکو ڕووداوەکان دەبنە زەمینەیەک بۆ ئیشکردنەوە لەسەر چۆنیەتی بەدواندنی مێژوو، لەم نێوەندەدا ڕۆمان لەهەموو ژانرەکان زیاتر توانای ئەو ئیشکردنەی هەیە، بەوەی چۆن سەیری ڕابردوو دەکەینەوە، ئەو نیگاکردنەوەیە بۆ مێژوو لەبنەرەتدا کردەیەکە پاککردنەوەی مێژووە لە غوباری سیاسەت، ڕزگارکردنیەتی لە وەهمی سیاسی، رۆمان لەڕێی گێڕانەوەی کەسێتی گومان دەخولقێنێت، گومان جێلەقکردنە بە گوتارێک کە خەونی خۆشباوەری بۆ مرۆڤی ئێمە بنیاتناوە، لێدان لەو خەونە سەرەتای برین و گومانێکە کە ڕاچەنینێک بەو فانتازیایە دەبەخشێت کە خەونی نەتەوە لەبارگاویکردنی سیاسیەوە دەبات بۆ توێژینەوەو هەڵکۆڵینی ئەو ڕابردووە.
ئەوە بینینی مانایەکی ترە لەناو ڕووداوەکان، هەموو تۆمەتبارکردنێکی رۆمان بەناوی شێواندنی مێژوو، هێندەی قسەکردنە لەوەی چۆن مێژوو بگەڕێنینەوە بۆ سیاسەت و گومان بکەینە دەرەوەی یەقینەکانی ئایدیۆلۆژیا، کەمتر پەیوەندی بە دیدێکی ڕەخنەی ئەدەبیەوە هەیە، بۆیە پێویستە گێرانەوەی ئەدەبی توانای ئەوەی هەبێت زەمینەیەکیتر بخولقێنێت، بەمەبەستی بەخشینی خوێندنەوەیەکی ئەدەبیانە بە مێژوو.
لەکۆی نۆڤلێت و رۆمانەکانمدا هەوڵمداوە لەسەر ئەو تەوەرە ئیش بکەم کە چۆن سەر لەنوێ مێژوو دەبەمە ناو گێڕانەوەی ئەدەبی، ئەوەش نووسینەوەیەکی تری مێژووە، ڕووداوەکان ئەوانە نین کە ڕوویاندا، بەڵکو ڕووداوەکان زادەی زەمینەی ئەو دۆخەن کە لەم رۆژگارە چۆن مرۆڤەکان لەگەڵ ژیان بوون، ساتەوەختە ڕابردووخوازیەکە نووسینەوەی ژیانی کارەکتەری زمانین، بەڵام لەهەمان کاتدا هەوڵی ئەوەمداوە ئەو مێژووە لەڕوانگەی گێڕانەوەی ئەدەبیەوە بنووسمەوە، هەندێک کات خۆم رووبەرووی ئەو پرسیارە کردۆتەوە ئەوە بەرپاکردنی جەنگێکە لەگەڵ سیاسەت، بەگژداچوونەوەی خەونێکە کە سیاسیەکان لەسەری خەوتوون و قسەکردن لەبارەیانەوە وەک حەرامێک لێی دەڕواندرێت، شکاندنی بتی پیرۆزی سیاسەت و قسەکردن لەوەی مانای ڕەمزی بەو ڕووداوانە ببەخشین، بەوەی پیرۆزگەرا شتێک نەبوو جگە لەدرۆی ئەو گوتارە سیاسیە، ئەو فریودانانەی بە مرۆڤی ئێمە بەخشرا دەبوو لەڕاستی رووداوەکان بەهۆش خۆمان بێینەوە، تا ڕادەی ئەوەی دوای تەواوبوونی کتێبێک لەخۆم دەپرسم: هەر بەڕاست ئێمە ساڵەکان لەناو ئەو دۆزەخەدا ژیاین؟ مردن تا ئەو ڕادەیە لێمانەوە نزیک بوو؟
ئەو پرسیارانە گەڕانەوەیە بۆ ناو یادەوەریی زەمەنی، تێگەیشتنە لەبیرکردنەوە لەنووسینەوەی ڕووداوەکان و گێڕانەوەیان لەرێی چیرۆکی نوێوە، وەک ئەوەی کۆمەلێک رووداو بن و روویاندا بێت، ساتی واهەیە ڕووداوەکان بە شێوەیەک تیایدا ژیاوم، خەریکە خۆشم گومان بکەم کە ئەو چیرۆکانە خەیاڵی من نین و ڕاستەقینەن و ڕوویانداوە، بۆ ساتێک ئەو قسە خۆشانەی هەندێک خوێنەرم بیر دێتەوە کە پێیان وایە من ژیانی خۆم لە خۆرئاوا دەنوسمەوە، لەڕاستیدا من دەمەوێت لەڕێی خۆرئاوا چیرۆکی سالانێک بگێڕمەوە کە لەکوردستان تیایدا ژیام، گەر لەوێش بومایە هەرگیز بوێری ئەوەم نەدەکرد ئەو کتێبانە بنووسم، سەرەنجام ویستومە گێڕانەوەی ئەدەبی مێژوو بنوسێتەوە، بەبێ ئەوەی ئەو ڕووداوانە ژیابین کە دەیگێڕینەوە، بروام وایە رووداوە راستەقینەکان زۆر ترسناکترن لەو خەیاڵەی لەناو تێکستی ئەدەبی دەینووسین، کێ دەتوانێت بڕوا بە فانتازیای کوشتنتی رۆژنامەنوسانی گەنج بکات، ئەگەر رۆژگارێک بێت پیاو کوژان کتێبی ژیانی خۆیان بنووسنەوەو باس لەچیرۆکی کوشتنی گەنجانی رۆژنامەنووس بکەن، گەر ئەو چیرۆکی کوشتنانە بەو شێوەیەی پیاوکوژان باسی بکەن ئێمە بیانگێڕینەوە، تۆمەتی ئەوەمان بۆ هەلنابەستن نیشتمان خاکی گەوهەرەو ئاوی کەوسەرەو بە ئێمە ئاوەکە شلوێ نابێت؟
ویستم خالێک دابنێم بۆ کۆتایی، بەڵام نیشانەی پرسیارم دانا، تا گومان لەکتێبی پیاو کوژان بکەم، ئەو کتێبانەی هێشتا پیاوکوژانی بنەماڵەی حزبە کوردیەکان نەیاننوسیون و نەهاتوون باس لەوە بکەن چۆن بۆ خاتری سەرۆک و سەرکردەکانیان ئەو گەنجانەیان لەسەر ستونێک و هەوالێک کووشتوە، ئەو هەموو نهێنیەی ئەوان رۆژگارێک دێت بۆمان بگێڕنەوە، وەک ئەو کتێبانەی لەبارەی ساڵانی نهێنی بەعس لەلایان بەعسیەکان خۆیان نووسران، ئەوسا لە نهێنی ئەدەب و مێژوو تێدەگەین، بەڵام ئەوەی هەیە گێڕانەو ەئەدەبیەکان تەنیا چیرۆکە ڕاستەقینەکان نین، دەنا خوێندنەوەی راستگۆیانەی تەواوی ئەو ڕۆژگارەیە، ئەو رۆژانەی من کورتە ڕۆمانی «لە ئۆکتۆبەر کوژرام» نووسی، لەشکرێک لە ڕۆشنبیرو سیاسی نیگەران بوون و بڕوایان وابوو ئەوە فانتازیایەکی درۆزنانەی منە، بەدڵنیاییەوە خەیاڵی من بوو، بەڵام درۆ نەبوو، حەقیقەتی ناو ژیان بوو، ئەوەتا ئێستا بکەرانی ئەم ڕووداوە دان بە حەقیقەتەکەی دەنێن و دەیانەوێت تاوانەکە بەوە لەکۆڵ خۆیان بکەنەوە بیخەنە ئەستۆی ناکۆک و دۆستەکانی ئەو کات و دوژمنەکانی ئێستایان.
بۆ من ئەوە هیچ لەبابەتەکە ناگۆرێت، لەو رۆژگارە دڵنیابووم لەوەی ئەنجامی دەدەم، بۆیە هاتم «من لەماڵی سەرۆک بووم» نووسی, ئەو کتێبەی ئێستا خەریکم دەیکەم بە فەرەنسی، چونکە لەئێستادا خەونی گەورەی من لەژیان وەرگێرانی تەواوی نۆڤلێت و رۆمانەکانمە بۆ زمانی فەرەنسی، تا ئەو مێژووە لەو روانگەیە نیشانی دنیا بدەم، لە رۆمانی «کارینا» هێندە دۆخی ڕووداوەکان ترسناک بوون تا ڕادەی ئەوەی خودی خۆشم لە ڕووداوەکانی دەترسام، بەڵام بە نووسینی نۆڤلێتی «حەبیبە» ترسی ئەوێشم ئارام بۆوە، زانیم ئیتر من لەوێ نیم، لە قەسابخانەکەی سالانێک تیایدا ژیام و نەمردم، نەمردم تا هەموو ئەو چیرۆکانە بگێڕمەوە بەر لەڕوودانیان لەمندا درووست بن، بۆ ئەوەی لەڕێی چیرۆکە خەیاڵیەکانمەوە، مێژوویەک بنووسمەوەو پارێزگاری لێ بکەم کە ئەوان دەستیان بە خوێنی سوورە، بۆیە هەر کاتێک سەیری بەرگی نۆڤلێتەکانی خۆم دەکەم, پەنجەی بە خوێنی سەرکردەکانی حزب بەسەر نۆڤلێت و ڕۆمانەکانم دەبینم.

نیهاد جامی
فەڕەنسا




ئەكشن لە دراماو فیلمی كوردی دا.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

وشەی ئەكشن (action): ئەو وشەیەیە كە دەرهێنەرەكان لەكاتی تۆماركردنی وێنە وەك ئاماژەیەك بۆ دەست پێكردنی تۆمار كردن لەگۆڕەپانی وێنەگرتن و و لەتەك لوكێشنی دیمەنەكان بەدەنگێكی بەرز بەسەر هونەركارەكان و ئەكتەرەكان بەكاری دێنن وشەی ئەكشنە.
ئەكشن ـ لە ڕەسەندا وشەیەكی ئینگلیزیە بەواتای جوولە كردن، ئاگا لێبوون، دەست پێكردن بەكارێك دێت، كە لە ڕێ‌ ی دەنگ و ئاماژە پێكردن، گوزارشتی لێ‌ دەكرێت،
لەفیزیكیشدا بەمانای گۆڕین لەشوێن و دەست پێكردنی كارە، بەرەو ئاراستەو ئامانجێكی دیاری كراو .
ئەكشن لەدراماو سینەماشدا بەمانای ئەو دیمەنانە دێن، كە بەدیمەنی توندو تیژی و ڕاوەدوونان، كوشتن و بڕین ، تەقەو تەقاندنەوە، بزووتنەوەی پاڵەوان بازی ناسراون.
ئەم پێناسە بۆ ئەو فیلم و ئەو زنجیرە تەلەزیۆنیانە دەگوترا كە لەسەدەی بیستەم بەرهەم هاتوون.
بەڵام دواتر ئەو شوناسە بۆ ئەكشن گۆڕا و ئەو فیلم و زنجیرانەی گرتە خۆی كە لە هۆلیۆدی نوێ‌ بەرهەم هاتوون، كۆمەڵێ‌ ئەكتەری گەورەی بواری ئەكشن پێی ناسراون .
لەئاسیادا جۆرە ئەكشنێكی تایبەتی باوە كە پشت بەهونەری كوشتار بەشیرو خەنجەرو ڕم و كەرەستە سەرەتاییەكانی دیكەی شەڕ بەكار هاتوون، بەتایبەت بۆ فیلمە مێژوویی و ئاینییەكان .
دواتر ئەو كەرەستانەی شەڕ لەگەڵ پێشكەوتنی زەمەن گۆڕان، بەتایبەت دوای جەنگی جیهانی یەكەم و دووەم .

كوردو ئەكشن:
كۆمەڵگای كوردی لە رێ‌ ی مێژوویەكی خوێناوی، هەموو ژیانی لەئەكشندا بەسەر بردووەەو زۆرێك لەمێژووی نەتەوەكەی بەشەڕو شۆڕو تراژیدیای گەورەو بەسەرهاتی جەرگ بڕ بەسەر بردووە، لەو تراژیدیانەی لە كەم لە فیلم و دراما ئەكشنە جیهانیەكاندا وێنەیان هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزووی بینینی دراماو فیلمی ئەكشن دەكات، بەتایبەت ئەو دراماو فیلمانەی سەربوردەی خەبات و بە فۆرمێكی سەرنج ڕاكێش قارەمانیەتی كورد دەگێڕنەوە،.
بەڵام ئەگەر ئەكشن وەك زانست و دوورو نزیكی لە كورد سەیر بكرێت ، ئەوە بێ‌ شك ئەكشن هونەرێكی زەبەلاحەو پێویستی بەتەكنیك و تەكنەلۆژیایەكی زۆرو پسپۆری كارامە هەیە بۆ بەرجەستە كردنی .
ئێمەی كورد لەسەرەتای دەست پێكین و ئەوەش هەمانە بە توانای خۆمان نیەو بەشی هەرە زۆری بە پشت بەستن بەتواناو دەسەڵاتی دەرەوەی هەرێم بوونە.
ئەو دەرهێنەرانەش كە لەو بوارەدا كار دەكەن هاو شێوەی جوان بامەڕنی ، جەلیل زەنگەنە، حەسەن عەلی خان، میهران شیری ، بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن و ناتوانن ئەو بۆشاییە گەورەیە پڕكەونەوە، كە لەو بوارەدا هەستی پێ‌ دەكرێت .
ئەكشن لە دراماو سینەمای كوردی دا:
ئەكشن لە دراماو سینەمای كوردی دا بەدەگمەنە و تەمەنیشی بەقەد تەمەنی دراماو دروست كردنی فیلمی كوردی كورترە.
بۆیە زۆربەمان هاوكوف لەگەڵ بەرهەمە ئەكشنییە كوردییەكان ژیاوین و ئەوە دەزانین كە بۆ كورد ئەكشن جۆرە درامایەكی نوێ‌ یە، لەكاتێكا بۆ هونەری گەلان خەریكە دەبێتە كەلەپوور.

بنەماكانی ئەكشن لەدراما كوردییەكاندا :
ئەكشن وەك شوناس دەبێ‌ بڵێین جۆرێكە لەدرامای تەلەفزیۆنی ،كە پشت بەو دیمەنە توندو تیژو سەرنج ڕاكێشانە دەبەستێت كە ڕوو بەڕوو بوونەوەی تاك تاكە یا بەكۆمەلً ، ڕاوە دوو نان و جەنگ و بۆردومان و خوێن ڕشتن و ململانێی شەڕو خیری، تیّدا ئەنجام دەدرێت ،بە فۆرمێك پاڵەوانیەتی، یا هێزێكی خەیاڵی بزوێنەری هەبێت .
لەزنجیرەی تەلەفزیۆنی كوردی دا پتر كار لەسەر ئەكشنی، مێژوویی ، سەربازی و جەنگ، ئایینی و ئایدۆلۆژی ، نەتەوەیی ، پۆلیسی دەكرێت .
ئەو دیمەنانەن كە پشت بە جوڵانەوەی سەرنج ڕاكێش دەبەستێت،
وەك ڕوو بەڕوو بوونەوەی جەستەیی، ڕاوەدوونان، تەقاندنەوە، ململانێی خێرو شەڕ، كە هەر هەموو ئەمانە، بە شێوازێكی خێرا بەبەر چاودا ڕەت دەبن.
تێیدا ئەو كاراكتەرانە دەبنە كرۆكی ڕووداوەكان، وەك پاڵەوانێك یا ئەفسانەیەك نیشان دەدرێن، لەو دیمەنانەدا بەگرێ‌ چنی سادە دروست دەكرێن كە بینەر بەپەرۆشەوە بە دوای چارەسەر كردنیاندا دەگەڕێت.

لەڕووی تەكنیكەوە:
وێڕای ئەو سەرەتا ساوایەی لە بواری سەرهەڵدانی زنجیرە درامای ئەكشنی كوردیدا سەر هەڵدەدەن، لە ڕووی بەكارهێنانی كامێرای نوێ‌ و مۆنتاژی پێشكەوتوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئاوانەشدا كیشەو ئاریشای هونەری زۆر هەن لە كاری درامیدا.
بەتایبەت كێشەی كادیرو دەرهێنەری پسپۆر، لەوانەی لە بواری دیزایینی دیمەنی ئەكشن دا خاوەن ئەزموونن، بە تایبەت لەهونەری كوشتارو كارلێكە دەنگییەكان، تەقاندنەوە و شتی تر.
لە ڕووی هونەرییەوە :
لاوازی دەبیندرێت لەنووسینی سیناریۆ، كێشەی كەمی گرێ‌ چنینیان تێدایە، هەست بەدووبارە كردنەوەی بیرۆكەی دیمەن هەیە، كەمی كاری درامایی لەڕووداوەكاندا.

نواندن :
وێڕای بوونی توانای باشی نواندن بەگشتی ،بەڵام بەشی زۆری ئەكتەرەكانی ئێمە شارەزاییان نیە لە بواری نواندن بۆ ئەكشن، هەروا نواندن بۆ ئەكشن پێویستی بەتوانای جەستەیی بەهێز هەیە، هەر بۆیەش (حەسەن عەلی خان ) بۆ بەشی دووەمی زنجیرە درامای ئەكشن بایەخی زۆری بە هندرێن عەبدولڕەحمان دا.
ئەكتەرانی ئێمە لە ئەكشندا كەم ئەزموونن، بۆیە پێویستیان بە كاتێكی زۆری ڕاهێنان هەیە، بە تایبەت لەڕووی جەستەیی و لەڕِووی بەكارهێنانی چەك ، یان ئەسپ سواری.
گرنگە دەرهێنەر هەوڵی ئەوە بدات ئەكتەری خۆماڵی بۆ درامای ئەكشن بەكار بێنێ‌ بۆ ڕهاتن لە فۆرمی ئەكشن، ئەمە دەبێتە بونیاتێك بۆ ئایندەی درامای كوردی.
بەڵام هەندێ‌ ئەكتەر بەر لەوە بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندییە گشتیەكەو هەوڵ دەدەن ئەكتەری ناسراوی تر بەكار بێنن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ناوداریەتی بۆ دراماكان و قۆ رخ كردنی ناو.
بۆیە تۆ وەك بینەر كاتێ‌ دەبینی دەرهێنەر زۆرتر بایەخی بە هێنانە پێشەوەی ئەكتەری فارسی دەدات، بیرت بۆ ئەوە دەچێ‌ كە بەچاوێكی نزمتر تەماشای ئەكتەرانی خۆمان بكەیت،
بەڵام ئەم حاڵەتە لای هەموو دەرهێنەرەكان وەك یەك نیە، هەر بۆ نموونە دەرهێنەرێكی وەك جەلیل زەنگەنەو جوان بامەڕنی هیچ ئەكتەرێكی غەیرە كوردییان بەشداری پێ‌ نەكردووە، بەڵام ئەم حاڵەتە لای (حەسەن عەلی) شتێكی ترە، دراماكانی پڕن لە ئەكتەری ئینگلیزو تورك و فارس و عەرەب.
ئەمەش لەئەنجامدا بۆ بەرژەوەندی درامای كوردی هەڵناكەوێتەوە.
بەڵام دەرهێنەرێكی وەك حەسەن عەلیش پاساوی خۆی هەیە بۆ بەكارهێنانی ئەكتەری غەیرە كورد ـ و لەوانەیە پێت بڵێ‌ خۆ هەر ئێمەی كورد نین ئەكتەری بیانی بۆ بەرهەمەكانی خۆمان موتوربە دەكەین، ئەوەتا مستەفا عەقادیش ئەنتۆنی كوینی ئەمریكی هێناوە، ئەمریكی و فەڕەنسیەكانیش عومەرشەریفیان بۆ رۆڵی لۆرانسی عەرەبی هێناوە.
لە نواندندا ڕەگەز هێڵی سووری نیە بۆ بەشداری كردن ، بەڵكو تواناو لێوەشاوەیی و ناوداریەتی رۆڵ دەبینێ‌ لە دیاری كردنی ئەكتەرەكان، بەپێی بەرژەوەندی گشتی بەرهەمەكە، بەڵام چونكە ئێمەی كورد توانایەكی سنوور دارو نا سەقامگیری دارایی و هونەری سنووردارمان هەیە،لەزۆر حاڵەتدا دەكەوینە بازنەیەكی تایبەتی.

قەیرانی تیمی پسپۆر:
لەكاتی خۆ ئامادە كردن بۆ كۆ كردنەوەی ئەنجامەكان ، ڕووبەڕِووی كۆمەڵێ‌ گرفت دەبینەوە ، لەوانە:
گرفتی پەیدا كردنی دیزایینی شەڕەكان، لە ڕووی سەربازی، بەكارهێنانی چەك .
دەكرێ‌ ئامرازە پێشكەوتووەكان ئامادە بكرێن ، بەڵام وەك پێویست ناخرێنە بواری جێ‌ بەجێ‌ كردنەوە، بەهۆی:
كاتی زۆر بۆ ڕاهێنانی ئەكتەرەكان
دابین كردنی دەرهێنەری پسپۆر لە بواری ئەكشن دا.
دابین كردنی ئەو سینارستانەی شارەزای نووسینی فۆرمی درامای ئەكشنن,
لەسەرووی هەموویانەوە پشتگیری دارایی و بەرهەهێنانێكی نەخشە بۆ كێشراو
دەرهێنەری ئەكشن :
بەگشتی ئەو درامایانەی كە ئەكشنیان تیایە، پێویستیان بە جۆرێك لە شارەزایی و پسپۆری هەیەو هەموو دەرهێنەرێك ناتوانێت كار لە ئەكشن بكات ، بەڵام :
1.دەتوانێت لەو دیمەنانەی پێویستن ،پەنا بۆ كەسانی پسپۆر بەرێت ، بە تایبەت لەدیمەنی شەڕو شۆڕو بەرەنگار بوونەوەی شەڕی دەستەو یەخەو، شەڕی سەربازی و تەقینەوەو بەكارهێنانی بارووت و ئەسپ سواری و پاڵەوان بازی, بەكارهێنانی چەك و جۆرەكانی دیكەی ئەكشن.
2,دەبێت ئەو دەرهێنەرەی كار لەفیلم و درامای ئەكشن دەكات، شارەزاییەكی زۆری هەبێت لە بواری تەكنیكی و هونەری وێنە گرتن و مۆنتاژ و ِِووناكی و هەموو ڕەگەزەكانی دیكەی دراماو بە هاوسەنگی تەوەرەكان بەڕێوە ببات.
3.توانای پێشڕەوی كردنی تیمە هونەریەكانی هەبێت بەیەكەوە.
یەكەم فیلمی ئەكشنی كوردی:
. فیلمی (گردی پییرۆز ) ی دەرهێنەر (جوان بامەرنی) بەیەكەم فیلمی پرۆفیشتالی ئەكشن دادەندرێت لەمێژووی سینەمای كوردی دا ، بەو پێیەی یەكەم ئەزموونی سینەمایی پێكهێنا كە سروشتی كردار و گێڕانەوەی نەتەوەیی تێكەڵ یەكتركرد، تابلۆیەكی هونەری پێشكەش كرد كە خەباتی پێشمەرگە لە دژی هێزی داگیركەر بەرجەستە بكات.لە نواندنی جیهاد دڵپاك، حەمە عەلی خان، عەبدولی حەمە جوان .
فیلمەكە ئەگەرچی بەكوالیتێكی نزم وتوانایەكی كەم بەرهەم هاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێ‌ ئاماژەی گرنگی لەكۆمەڵگای كوردی ئاما ژە پێدا لەوانە:

  1. خەباتی ئافرەتی كورد
    بەرجەستەی خەباتی ئافرەتی كورد دەكات، لەبەرەكانی شەڕدا شانبەشانی برا پێشمەرگەكانیان .
    2- ئاڵای كوردستانی یەكگرتوو:
    فیلمەكە ناوازەیە بەوەی دروشمی كوردستانی گەورە بەرز دەكاتەوە، بەبێ ئەوەی لایەنگری هیچ ئایدۆلۆژیایەكی حزبی و ڕێكخراوێكی سیاسی دیاری كراوی حزبی بكات.
    ئەو بەرهەمە نوێنەرایەتی بانگەوازێكی تەواوی ناسیۆنالیستی دەكرد،كە هاوتەریب بێت لەگەڵ خەونەكانی ئازادی و سەربەخۆیی، بەپێچەوانەی هەندێك زنجیرەی هاوچەرخی كوردی .
    3- گەشەسەندنی تەكنەلۆژی و دابەزینی ناوەڕۆك:
    هەرچەندە بەرهەمە مۆدێرنەكان تەكنیكی پێشكەوتووی وێنەگرتن و دەرهێنانیان تێدایە، بەڵام زۆرجار بەدەست كەمی ناوەڕۆكێكی توندەوە دەناڵێنن، بیرۆكەی ڕووكەش دووبارە بەكاردێننەوە، یان لە پەیامە نیشتمانپەروەرییەكانیان بەتاڵ دەبنەوە.
    4- ڕۆحی نمایش لەڕابردوودا:
    ئەكتەرەكانی ڕابردوو بە جۆش و خرۆشێكی گەورە تایبەتمەند بوون كە لە باوەڕێكی قووڵ بەدۆزی نەتەوەییەوە سەرچاوەی گرتبوو، ئەم باوەڕە لە ئەدای ڕاستگۆیانە و كاریگەرەكانیاندا ڕەنگدانەوەی هەبوو.
    5- مۆڕاڵ و تێچوون:
    بەرهەمەكانی پێشوو بەسەرچاوەیەكی سنووردار بەرهەم دەهێنران، بەڵام هێزیان لەمۆڕاڵێكی بەرزدا بوو، بەو پێیەی هەموو كارمەندەكان باوەڕیان بەگرنگی پەیامەكە هەبوو.
    ئەمڕۆ سەرەڕای خەرجكردنی بودجەیەكی زۆر، لاوازی تەكنیكی زاڵە بەهۆی خراپی دامەزراندنی كارمەند و نەبوونی ئامانجێكی بنەڕەتی.
    فیلمی (خولە پیزە)
    لە نووسین و سیناریۆو دەرهێنانی ( جەلیل زەنگەنە) ساڵی 999 1 بەرهەم هاتووە. فیلمێكی دیكەی ئەكشن بوو.
    لەنواندنی:مستەفا ئەحمەد، ژیان ئیبراعیم خەیات، عەلی نوری،سمكۆ عەزیز..
    یەكەم درامای ئەكشن :
    درامای ( گەردەلوول) سیناریۆو دەرهێنانی (جەلیل زەنگەنە) بە یەكەم ئەزموونی درامای ئەكشنی كوردی دا دەندرێت، و لەساڵانی 2005 ـ 2013 سێ‌ وەرزە.
    وەرزی یەكەم و دووەمی 50 ئەلقە بوو، وەرزی سێیەمی 60 ئەلقە.
    زنجیرە درامای كەركووك 4
    نووسین و سیناریۆی سعود ئەحمەد
    لەدەرهێنانی دەرهێنەر ناسر حەسەن
    بەرهەمی ساڵی 2010 ی وەزارەتی رۆشەنبیریی و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە
    ئەكشنە
    لە چواربەش پێكهاتووە، هەر بەشەو30 ئەلقەیە.
    نواندنی : جیهاد دڵپاك، ئازاد جەلال، دایكی ئاریان، سەوسەن عەلی، قاسم عەبدولستار، سعود ئەحمەد،
    زنجیرە درامای رأبوون ـ
    نووسینی : هاوڕێ‌ قادر ڕەشید
    دەرهێنانی نەجم هۆگر
    درامایەكی كۆمەڵایەتی ، سیاسی ، ئەكشنە
    باس لەمیحنەتیەكانی پێش ڕاپەڕین دەكات
    نواندنی : عەلی كەریم، دایكی ئاریان، دلێر مستەفا،حیكمەت هندی، كەژاڵ عەبدوڵڵا،مەریوان ئیبراهیم ،شاناز محەمەد.
    درامای گورگەكان ـ سیناریۆ و دەرهێنانی میهران شیری
    زنجیرەیەكی چوار وەرزی 30 ئەلقەیی پۆلیسی ، تاوان ، ئەكشنە
    بەرهەمی ساڵی 2021 ی كۆمپانیای سام پرۆدكشن
    میهران شیری، یونس حەمە كاكە، ژینۆ سەرتیپ ، محەمەد شێروانی، بەكر مەعروف، بەكر مستەفا، سەنگەر خورشید…
    زنجیرە درامای ( ئادیابین ) سیناریۆو دەرهێنانی ( حەسەن عەلی خان )
    دوو وەرزە هەر وەرزێكی 30 ئەلقەیە.
    بەرهەمی ساڵی 2025 ی كوردستان تیڤی یە.
    نواندنی : هندرێن عەبدولڕەحمان ، شوكروڵڵا شێخانی، ئالان هادی، خەرمان هیرانی ، تەلار هیرانی
    هەوڵێكی نوێ‌ یە بۆ پەرە پێدانی درامای ئەكشنی كوردی.
    بەگشتی ناوەرۆك و پەیامی ئەو بابەتانەی درامای ئەكشنی لێ‌ دروست دەكرێت لە درامای كوردی دا، بابەتی قارەمانیەتی پێشمەرگەو مقاوەمەتی پێشمەرگەیە دژی دوژمنانی كوردو هەندێ‌ بەرهەمی دیكەی پۆلیسیە بە شێوەیەكی تەقلیدی لاواز.
    لەڕووی هونەرییەوە ئەكشنی كوردی ریتمێكی خێراو مۆنتاژێكی واقعی ئاوێزان بەگرافیكە.

    كێشەكانی بەردەم ئەكشن:
    درامای ئەكشن وەك درامایەكی ئاسایی نیە وتێچووی بەرهەمهێنانی زۆرە، بۆیە درامای ئەكشن هەمیشە ڕوو بە ڕووی كێشەی دارایی دەبێتەوە ، كە ڕەنگە دەسەڵاتی بەرهەمهێنانی كاتی بێت و نەتوانێت بەردەوام بێت ، بۆیە كۆمپانیا بازرگانیەكان خۆیان بە دوور دەگرن لە بەرهەمهێنانی دا ، مەگەر تەنها حزبەكان نەبن كە بۆ تۆماركردنی مێژووە سەروەریەكانی خۆیان لێ‌ دەدەن، ئەوەتا درامایەكی وەك گەردەللول كە سپۆنسەرە حزبیەكەی پشتگیری دارایی لێ‌ بڕی ، لە بەشی سێیەمدا وەستا، كەچی زنجیرە درامای ئادیابین بۆ یەكەم جار لە مێژووی درامای كوردی دا لەوەرزی دووەمیدا ملیۆنێك دۆلاری تێپەِڕاند.
    ئادیابیت سەلماندی كە ئەگەرپشتگیری دارایی هەبێت هیچ شتێ‌ مەحاڵ نیەو بەپشت بەستن بەتوانستی دەرەكی دەتواندرێ‌ بە پێی ویستی خۆمان دراما بەرهەم بێنین، بەڵام ڕووی دووەمی لایەنە نەرێنیەكان لەوەدا كۆ دەبنەوە، ئەگەر تەنها پشت بە كادیری دەرەكی ببەستین و تواناكانی خۆمان فەرامۆش بكەین، ئەوە لەچەند جەمسەرەوە زەرەر دەكەین:
    1.پشتگیری حزبی لەهەموو كاتێكدا زامن نیە، ڕەنگە هەر كاتێك ئایدۆلۆژی و سیاسی دراماكان بگۆڕدرێت، بەرهەمەكانیش بە نیوە چڵی بەجێ‌ دەمێنن وەك زنجیرە درامای گەردەلوولی جەلیل زەنگەنە، بۆیە دەبێت بیر لە دەروازەی دیكەی ئەلتەرناتیف بكەینەوەو گوتاری دراماكان بگۆڕین لەگوتارێكی تەسكی حزبیەوە، بۆ گوتارَكی نیشتمانی و نەتەوەیی.
    دەسەڵات بدەینە سیناریۆ نووس و دەرهێنەرەكان كە لەژێر ڕكێفی بەرهەهێنەرە حزبیەكان دەربێن و بە تێڕوانین و ئەزموونی ئازادو سەر بەخۆی خۆیان كار بكەن,
    كەرتی تایبەتی بڕوا پێ‌ بێنن كەبەرهەمهێنانی بەرهەمی نایاب زەرەرو زیانێكی دارایی نابێت ، ئەگەرنا هەموو هیلاكی و ماندوو بوونەكانمان بە هەدەر دەچن.
    2.پێویستە لە بری كادیری ئامادەكراوی هونەری بیانی ، هەوڵی دروست كردنی كادیری ئەلتەرناتیقی كورد بدەین، بۆ ئە وەی بۆ سبەینێ‌ هەریەكێ‌ لەوان ببێتە خشتێك بۆ بونیاتی ئایندەی درامای كوردی، بە تایبەت لە ڕووی وێنەگرتن، موزیك ، ڕووناكی ، گرافیك…
    3.رأهاتن لەسەر فۆرمی هێنانی دەستەی ئامادكراوی هونەری لە بیانیەكان ، كێشە پیشەییە كەڵەكەبووەكە زێتر دەكات و دەرفەتی راهاتن لەدەست دەدات و ماوەی بە دەست هێنانی سەربەخۆیی دراما دوورتر دەكاتەوە.




بە دیلیڤەری وشە دەنێرم بۆ شیعر.. هاوتێکست: عەباس عەبدوڵڵا یووسف- داستان بەرزان

دارستان خەونی مردووی مرۆڤ
خەونی بەدینەهاتووی مرۆڤ
خەونێکی ژیرسازە
دەچمە ناو دارستانێکی جیا درەخت و دەشادێم.

جووجەڵەیەک چی دەکات لە دارستان؟
جوجەڵەیەک بە تەنیا
بە شوێن خەونی خۆییدا
خەونی بەدینەهاتووی مرۆڤ
جووجەڵەش، لە خەونخانەی دارستان
هاوڕێمانە و ناترسێ..
من لە جیاتی ئەو دەخەونم، ئەو لە جیاتی من دەخەونێ.

مامزێک دەبینم لە دوورڕا
خەیاڵێک دەبینم لە تۆڕا
مامز تاک مامز
درکاندی: لە ترسی پڵنگان
خەیاڵگەی ئاسکان جێ دەکەین.. چا دەکەین.

دەریا نامۆیە بە دارستان
ماسییەک دەلەنگێ لە داران
با دەریا ئاشنای دارستان بێ
ماسی بە ئاواز و سەمای هەزارشێواز
بلەنگێ و بمەستێ.

خەون دەبینم لە هەرلا
چاو دەگێڕم بە هەرلا
خەون بەلاشە و بێ پارەیە
با لە شەش لا خەونداربین
تێدا منی کۆر خەونی ڕەنگاوڕەنگ دەبینم.

ئەستێرەیەک دیارە کشاوە
خەونێک کشاوە دیارە
ئەستێرەیەک بەسمە
دەمباتە سەر وینگەیەک لە شێوەی فیردەوس.

گیانداران لێرە ئاوەدان
ئاوەدان لێرە ئاودامان
گیاندار خۆشمان هەر گیاندارین
لە سەردەی نوو، گیاندارە و ئاهەنگدارە.

مرۆڤ لێرە بە تەنیا
هەڵدەزنێ بە باڵای خەوندا
بە هاوخەونێک
بە قاقا بەسەر قافا هەڵدەگەڕێین.
دارستان خەونی مردووی مرۆڤ
خەونی بەدینەهاتووی مرۆڤ
لە دارستان هەزار و یەک میوە هەن
تێدا یەک میوەخەون دەممەستێنێ، دەمژینێ.

کە -با-یەک هەڵدەکات
من دەبینم چەندە باڵندە/ بە تەنیا
کە گەرداوێک هەڵدەکات
من دەبیستم چەندە گەڵا/ بە تەنیا
کە خەونێک هەڵدەکات
من بۆی مردن دەکەم/ بە تەنیا.

تەنیایی… هۆ تەنیایی
نیازمە بچمە دنیایی
بەس ترافیکلات
نەڵێ:
Stop

لە دارستان مرۆڤ جێدەمێنن
مرۆڤ جێدەمێنن بەدەم –با-وە
لە -با-کاندا خەون جێدەمێنن
خەون جێدەمێنن بەدەم -نا-وە.

هەوڵێکە و دەمەوێت خەونباربم
ڕەوایە وشوون خەون ببینمەوە
تێدا مێخەون، لاشەی سستم
دەژیێنێ و ڕەهابینم دەکات.

جووجەڵەیەک لە دارستانە بە تەنیا
بە تەنیا لە دارستانە مرۆڤ
جووجەڵەیەک نوقمی خەون
مرۆڤێک ماندووی خەون
جووجەڵەیەکی ناو قەپێلکی هێلکە
لێم دەپرسێ: تۆی چارەنووسناس
بجوقێم و بێمەدەر یا.. نا
بوەستە، با پرسێک بە داستان بکەم.

چ هەیە جگە لە خەون
چ هەیە زیاتر لە تەون
خەونێک لە سەری مرۆڤدا
مەرگێک لە سەری مرۆڤدا
ژیان لە خەونەوە تا دواخەون
منی هاودرەخت کرد، منی هاودەریا کرد
نایڵێم… بیڵێم دەڵێم منی نامەرگ کرد.

جێدەمێنن لە مێرگێکدا/ مرۆڤ
جێدەمێنن لە دەنگێکدا/ مرۆڤ
لە مێرگ، مرۆڤ بە بۆنی گوڵێک
هاومرۆڤ دەبێ و من کۆتا و دوا نازانم.

جێدەمێنن لەگەڵ کێدا
جێدەمێنن لە کێدا
وادەژین و ئایندەش موڵکی گەردوونە و
هەر ئەو ڕاستە
هەتاویش وا دەڵێ.




ئەگەر هاتی، تەنیا وەرە ٭.. نەوزاد بەندی

( شیعرێکی سادە و میللیی بۆ هاوڕێیەکی لاو، تا بزانێ ئێمە چۆن تەمەنمان به ڕێکرد )

بەم باران و خۆڵبارانە
خەفارەت دەردی گرانە
دوانزە سەعات لە تاقیگا،
نزیکەی وەک گیانکێشانە ..
ئەگەر هاتی وەرە ، بەس چۆن؟
کەی ئێرە شوێنی سەردانە ؟
کێ هەیه بڕوا بۆ دۆزەخ ؟
کە هەمووی ئازار و ژانە ..
نەیشهاتی ، قەیناکا مەیە،
ڕاهاتووم بە خەستەخانە ..
سی ساڵە لەم دەستاڕەدا ،
وورد و خاش ئەبین ڕۆژانە ..
ئەم ووشانەم کاتێ نوسی ،
کە تەماشام کرد بارانە ..
لە یەکەم ڕۆژەوە تۆم دی،
بۆم دەرکەوت ژیان هێشتا جوانە ..
بەس لە شارێکی داڕوخاو ،
کوا جێگای گوڵ و ئینجانە ؟
لەگەڵ ئەوەیشا پێم خۆشە ،
کە بەردەوامین لەم ژیانە ..
بە ئێوارە ئەڕۆینەوە ،
لەبەرمانە وەکو وانە ..
دڵمان خۆش نییە و کۆڵ نادەین،
تەرکی ناکەین جل و شانە
چواردە ساڵان بووین کە ووتیان
شەڕی عێراق و ئێرانە ..
هەشت ساڵی ڕێکی خایاند و
عێراقیان کرد بە وێرانە ..
لە پڕ ووتیان شەڕ ئەوەستێ ،
کاتی هەڵپەڕکێ و بادانە ..
مانگێ، شەو و ڕۆژ حەفلەی کرد،
ئا ئەم میللەتە نەزانە
زانکۆمان بڕی، شەڕ وەستا،
بووین بە سەربازی بێ لانە ..
ووتیان 2ساڵ ، بوو بە 4 ساڵ
وێڵ لەو دەشت و بیابانە
لە پڕ دۆنکیشۆت کوێتی گرت،
شەڕ لەگەڵ هەموو جیهانا..
جەنگ و ئابڵوقەی ئابووری ،
خەڵک بوو بە پەندی زەمانە..
لەو نێوانەیشا ئەنفال و
کیمیاویی کرد بە جەژنانە ..
براکوژی و کۆچ و کۆڕەو،
دیاری ئەو و هی ئەمانە
سەدام ڕوخا و عێراقی نوێ ،
ووتیان ڕزگار بووین لەمانە ..
بوو بە شەڕی شیعە و سونە ،
عێراق بوو به قەسابخانە ..
دە ساڵی ڕێکیشە موچە ،
بۆ کورد حەرام و تاوانە ..
کورت و کرمانجیی با بڵێین ،
قەت وڵات نەبووە و زیندانە .
خانەنشین بوون ئەوا دێ ،
کە دێ ئەبینە دێوانە ..
ئیتر کاتی ئەندڕاڵ و
گلوکۆفەیج و گۆچانە ..
تەمەن لە پڕ ئەیکا بە مەڕ،
کام شوانەی سەرتۆپی شوانە
قورسە لە پێش دەستپێکردن،
بڵێن کاتی دابڕانە ..
لێرە قەت ژیان دەست پێ ناکا،
خەم ڕەفیقی هەموومانە
ئابڵوقە و کۆچ و پاشەکەوت،
سێ ئەشکەنجەی گۆڕستانە ..
هەر بە زیندوێتیی کوشتیانین،
ڕاستە و ڕاست بە بێ بەهانە
چەن ڕوناک بێ، ڕەش ئەبینین،
پێیش بکەنین وەک گریانە ..
کوا زانست، هونەر و ئەدەب؟
ڕۆژی ئاغا و دیوەخانە ..

هەموو ئەو هەوڵەی کە دامان،
با بردی وەکو زەنگیانە ..
ئەوەی بە خەڵکی ژیر کرا ،
تەنها بە ووتن ئاسانە ..
تاکە شتێ کە دڵ خۆشکا،
بەزەیی خوای میهرەبانە

———————-

٭ ( ئەگەر هاتی تەنیا وەرە )
دێڕێکی عەبدوڵا پەشێوە :

ئەگەر هاتی تەنیا وەرە!
هەروەک لەناو دڵما تەنیای
سەرینەکەم بۆ دوو کەسە
دوو کورسیی تامەزرۆم هەیە
دوو پیاڵەشم هەیە بۆ چای




رووتبوونه‌وه‌.. ستار ئەحمەد

رووتبه‌ره‌وه‌ له‌و وشانه‌ی
هه‌رگیز نایانخوێنیته‌وه‌
دارچواله‌یه‌كی ره‌نگیبووی
با ده‌یزانی به‌كاملادا هاتیت وچووی
كه‌هه‌ناسه‌م ده‌بووه‌ كاروانچی پرچه‌كه‌ت
سه‌رت به‌لای گڵا ده‌برد
له‌جوانی خاك راده‌مایت و
له‌ ئه‌مه‌كت پاشگه‌زده‌بووی
با وه‌كوو من قه‌له‌نده‌ره‌
با وه‌كوو من
نه‌خشه‌ی سینه‌تی له‌ به‌ره‌
رووتبه‌ره‌وه‌ له‌توێژی خاك
له‌گه‌ڵاو گوڵی خه‌زانت
كراسی شیعرێك له‌به‌ركه‌
تۆی له‌به‌ره‌
ده‌زانی ئه‌شك
بینایی كانی ته‌ڕناكا
زریان حه‌ز له‌به‌هاری
بێئاوو بێفه‌ڕ ناكا
شیعریش له‌ تۆ بێزار بووه‌
عه‌شقیش له‌گه‌ڵ كاڵفامیتدا
له‌ خه‌ونی كه‌سك كاڵبووه‌ته‌وه‌
وشه‌یش له‌گه‌ڵ رووتبوونه‌وه‌ت
له‌مه‌داری هێڵ لایداوه‌
له‌ بێمه‌یایت لاربووه‌ته‌وه‌
لێمگه‌ڕێ با بگریم به‌سه‌ر
پۆشاكیی سووتاوی گڵا
لێمگه‌ڕێ با بگریم به‌سه‌ر
وشكیی دڵا
رووتبه‌ره‌وه‌ له‌و په‌یڤانه‌ی
ده‌روون لێیان حاڵینابێ
رووتبه‌ره‌وه‌ له‌و هه‌ستانه‌ی
عه‌شق لێیان خاڵینابێ
ده‌ركه‌وه‌ وه‌ك ناخی ئاڵت
ئاو فڕێده‌و
شنه‌ی بایه‌ك بكه‌ باڵت
با ده‌زانێ
چۆن شه‌وانه‌ سه‌ما ده‌كه‌ی
با ده‌زانێ
چۆن له‌عه‌شقی پاك راده‌كه‌ی
با ده‌زانێت
با..با




لە شانۆگەری گەرمکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بۆ قاقای پێکەنینن و دابەشکردنی پارە و پۆست.. رێبوار ياسين فتاح

کاتێک چاومان بەو دیمەنە پڕ لە نیفاق و ڕووکەشییەی کۆبوونەوەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی دەکەوێت، بەپێشوازییەکی گەرموگوڕی نواندنکارانەوە لە یەکتر نزیک دەبنەوە، خێرا وەک فیلمێکی سینەمایی سواو و بێزارکەر، هەموو ئەو دیمەن و قسانەی سەر ستەیج و شاشەکانی تەلەفزیۆن و ڕۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردنمان دێنێتەوە بەرچاو!

ئەو ڕۆژانەی هەریەکەیان بەشێوازێک گوێی خەڵکی سادە و چاوی بینەری سۆشیال میدیایان ئاخنی بوو لەبەڵێنی درۆینە و ووتەی زەقی بریقەداری بێ مانا و تاوانبارکردنی یەکتر لەدزی و گەندەڵی و سیاسەتی خۆسەپاندن، ئەمڕۆش بە بزەو و پێکەنینەوە بەیەکەوە دادەنیشن و قسەی یەکلاکردنەوەی بۆ دابەشکردنی پۆست و سامانی ئەم میللەتە داماوە دەکەن.
لەکاتێکدا هەر هەمان ئەو دەموچاوانە نا شیرنانە بوون دوێنێ لەشانۆگەری گەرم کردنی بازاڕی بانگەشەی هەڵبژاردن بەزمانێکی توندەوە سەنگەریان لەیەکتر گرتبوو و دەستیان لەپۆخ ڵەواتی یەکتر نەدەپاراست!

ئەو ڕۆژانە، هەر یەکەیان خۆی وەک فریادڕەس و ئەویتریان وەک سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانی کوردستان پێناسە دەکرد، بەڵێنیان دەدا کۆتایی بەدەسەڵاتی تاکڕەوانە و خۆسەپێنی لایەنی بەرامبەر بهێنن!! باسی ڕەتکردنەوەی بڕیار و فەرمانەکانی یەکتر یان دەکرد وەک ئەوەی دوو دەوڵەتی سەربەخۆی دوژمن بن نەک دوو هاوبەشی سەرەکی لە حکومەتدا کە ساڵەهایە بەهاوبەشیان لە حکومڕانی خوێنی ئەم میللەتە دەمژن و گیرفان و داهاتی ئەم میلەتە بەهاوبەشی دادەدۆشن!

کاتی ئەوەیە خەڵک بڕیاری خۆی بدات و کۆتایی بەم سووڕە بەتاڵەی هەڵخەڵەتاندن بهێنن، تێبگەن لەم دوو حیزبە جگە لە مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات لەپێناو پڕکردنی گیرفانیان و پاراستنی بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی و بنەماڵەییەکانیان، هیچی تریان لەهەگبەدا نی یە…

ريبوار ياسين فتاح




سەربازگەی دووبز بۆ ئەنفالكراوانی ژن و منداڵ.. عەلی مەحمود محەمەد

بەشێك لە ژن و منداڵەكان و كوڕانی خوار تەمەن 15 ساڵ و منداڵانی بچووكی جیاكراوەی تەنها لە كەسوكاریان, دوای جیاكردنەوەیان لە زیندانی سەربازگەی تۆبزاوەوە, گواستراونەتەوە بۆ فێرگەی شەڕكردن لە دووبز”مەقەر كەتیبەی هەندەسەی عەسكەری”, زیندانیان لە تۆبزاوەوە بە ئۆتۆمۆبیلی ئیڤای سەربازی و گەڵابەو …. گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی دووبز, گروپێكی دیكە لە تۆبزاوەوە بە ئۆتۆمۆبیلی داخراو بردراون بۆ سەربازگەی دووبز, یەكەم گروپ شەو گەیشتونەتە زیندانەكە لە كاتێكدا كارەبای ناوچەكەیان بڕیوە, بۆ ئەوەی خەڵك ئاگادار نەبێت لە هاتنیان.
ئەو سەربازگەیە پێشتر كە هێزی كۆماندۆی عێراق – مەغاویر “مەقەر كەتیبەی هەندەسەی عەسكەری” مەشقیان تێدا كردووە, كەوتۆتە قەراخ شارۆچكەكە لە نزیك فلكەی ڕێگای نێوان كەركووك – مووسڵ, سەربازگەیەكی كۆنتر و پەرپوتتر بوو لەوەی تۆبزاوە.
دووبز گوندێكە لە ساڵی 1953 دروستكراوە, لە رێكەوتی 14-8-1960 بووە بە ناوەندی ناحیە, لە رێكەوتی 4-9-1972 ەوە كراوە بە ناوەندی قەزا.
دووبز قەزایەكە سەر بە پارێزگای كەركوك, پێشتر ناوی دووبز بووە. لە 31 كم باكووری رۆژئاوای ناوەندی شاری كەركوكە, 25 كم لە باكووری حەویجەوەیە, لە باكوورەوە قەزای دەشتی هەولێر و لە رۆژئاواوە قەزای مەخمورە.
وشەی دووبز وشەیەكی لێكدراوە لە دوو كە ژمارەیە و (بز) واتای لك، لە سەر زێی بچووك هەڵكەوتووە لە ئاستی شاری دووبزدا زێی بچووك دەبێتە دوو لق, بۆیە ئەو ناوەیان لێ ناوە, ئێستا بە فەرمی بە دبس ناو دەبرێت.
سەربازگەكە بە تێلبەندی بەرزی دڕكاوی دەورە درابوو, ئەم سەربازگەیە بەكار هاتووە بۆ ماوەی نزیك لە حەوت مانگ لە 17ی چواری 1988ەوە تا كۆتایی مانگی دە, ژن و منداڵی ئەنفالی تێدا كۆكراوەتەوە.
سەربازگەی دووبز دوا وێستگەی مانەوەی ژن و منداڵە ئەنفالكراوەكان نەبووە, بەڵكە لێرەوە ئامادە كراون بۆ ناردنیان بۆ زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان و زیندانی تكریت, لە تكریتیشەوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, ئەوانەشی رزگاریان بوو, بەهۆی لێبوردنە گشتییەكەوە فریای ناردن نەكەوتن.
هەرچەندە ژیان لە ناو زیندانی سەربازگەی دووبز لە چاو زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان بەهەشت بووە لە چاو ئەو جهەنەمەوە, ئەویش بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیای قەڵای نگرە سەلمانەوە زیاتر, بەڵام لە سەربازگەی دووبز مرۆڤەكان ئامادە كراون بۆ مەرگ, بۆ لە كۆڵكردنەوە, پێی دەچێت زیندانی یەدەكی تۆبزاوە بووبێت, كەواتە سەربازگەی دووبز مەترسیدارتر بووە لە سەربازگەی نگرە سەلمان, بە پێچەوانەی میدل ئیست ۆچ وتەنی, لە كاتێكدا ئەو بۆچوونەی دەربڕیووە ئاگاداری چارەنووسی زۆرینەی ئەو زیندانیانە نەبووە كە چارەنووسیان نادیار بووە, كە لەوێوە بردراون بۆ جێگایەكی نادیار, پێم وایە میدل ئیست ۆچ لە بەشی دەردو مەینەتی ئەنفالكراوان لە دووبز غەدرێكی گەورەی لە كەیسی زیندانیان لەم زیندانە نەگریسە كردووە.

كەی ئەنفالكراوان هێنران بۆ سەربازگەكە
بە پێی وتەی ئەبو ئەیمەن كە بەرپرسی جەیشی شەعبییەكان ناو سەربازگەكەو هاوولاتی عەرەبی شاری دووبز بووە, ئێستا لە ژیان نەماوە, لە رێكەوتی 8-4-1988 یەكەم كۆمەڵی ئەنفالكراوان هێنراون بۆ سەربازگەی دووبز. بە وتەی ئەو دوای رۆژێك لە ئامادەكردن و پاككردنەوەی ئەو كۆنە سەربازگەیە, كە لەو كاتە چۆڵ بووە. لێ بە وتەی ژنێكی هاووڵاتی گوندێكی 300 ماڵەی گەرمیان, لە دایك بووی ساڵی 1955, بۆ دادگای باڵای تاوانەكان قسەی كردووە, دەڵێت” لە گەڵ هاووڵاتیانی گوندی محە بارام سوار ترێكتەر بووین بڕۆین بۆ چەچەماڵ, چوینە گوندی قرخ, لە قەرەتامور دەستگیر كراین, بارق پیاوە گەنجەكانی جیاكردەوە, بە لێدان بردیانی, ژن و منداڵ چوار رۆژ لەوێ ماینەوە, پێنجەم رۆژ بە گەڵابە بردیانین بۆ قائمقامیەتی قەزای چەچەماڵ, ئەو رۆژە خۆپیشاندان كرابوو لە چەمچەماڵ, هەر ئەو عەسرە بردمانیان بۆ تۆبزاوە, لەوێ هۆڵەكان بەتاڵ بوون,
ئێمە یەكەم گروپ بووین لە سەربازگەی تۆبزاوە, هەر ئەمان شەشەم رۆژ یەكەم گروپ بوونە نێردراون بۆ سەربازگەی دووبز”, كەواتە جیاوازی لە نێوان وتەی ئەبو ئەیمەن و ئەم ژنە 8بۆ 9 رۆژە.
هەرچی میدل ئیست ۆچە لە پەرتوكەكەی لەسەر ئەنفال, بەرواری هێنانی یەكەم گروپی زیندانیكراوانی ئەنفالی دیاری نەكردووە بۆ سەربازگەی د,وبز, بەڵام دەڵێت”ئەم ئافرەتانە و منداڵەكانیان لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا بە ژمارەیەكی زۆر لە تۆپزاواوە گوێزرابوونەوە بۆ دووبز”.

ژمارەی ئەنفالكراوانی سەربازگەی دووبز

بە پێی وتەی ئەبو ئەیمەن یەكێك لە بەرپرسانی ئەم سەربازگەیە لە نەتەوەی عەرەب, لە هێزی جەیشی شەعبی و بەعسی, تەنها لە رۆژانی 8 و 9 و 10 ی ئەبرێلی 1988دا , 10322 كەس لە ژن و منداڵ هێنراون بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, لە ناویاندا منداڵی پەرا گەندەش هەبوونە دایك و باوكیان بردراون بۆ جێگای دی, پێم وایە ئەم مێژووەو ژمارەكە هەڵەیە, چونكە لەو رۆژانە هێشتا ژمارە زۆرەكەی ئەنفالكراوانی ئەنفالەكانی 3 و 4 نەك نەناردرابوون بۆ دووبزو تۆبزاوە, بەڵكە هێشتا ئەنفالیش نەكرابوون.
هەروەها جەعفەر موسەوی سەرۆكی دەستەی داواكاری گشتی ژمارەی ئەو ئەنفالكراوانەی بردراونەتە سەربازگەی دووبز بە نزیك لە 26000 كەس وەك سەربازگەی تۆپزاوا دیاری دەكات, دیارە نابێت هەردوو سەربازگە هەمان ژمارە بووبێتن, چونكە زیندانیانی سەربازگەی تۆبزاوە, بۆ سێ ئاراستە رەوان كراون”نگرە سەلمان, دووبز, راستەوخۆ بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە پیاوانی گەنج و تەنانەت ژن و منداڵیش” .
بەڵام بە وتەی هیومان رایتس ۆچ ئەم سەربازگەیە “نزیك 7000 گیراوی لە خۆ گرتووە لە ژن و منداڵ”.
ژنێكی زیندانی لە سەربازگەی دووبز, لە وتەیدا بۆ داددگای باڵای تاوانەكان ژمارەی زیندانیانی سەربازگەكەی دووبز بە 9000 كەس دەداتە قەڵەم.
بە وتەی نێرگز عەزیز بابا عەلی, كە مامانی زیندانەكە بووەو هەموو هۆڵەكانی بەسەركردۆتەوە بۆ كاری مامانی پێی وایە 25000 زیندانی لە سەربازگەی دووبز بوونە.

ژمارەی مردووان

بۆ ژمارەی مردووانی ناو سەربازگەی دووبزی ئەنفالكراوان, ژمارەی جۆراو جۆر دەدرێت, میدل ئیست ۆچ لە پەرتووكەكەیان لەسەر زاری شایەدحاڵێكەوە دەڵێت”مردنی منداڵان زۆر بووە لێرە, تا مردنی 50 منداڵی مردوو دەستنیشان كراوە”,” محەمەد كوڕێكی نۆ ساڵ بوو، مەزەندەی پەنجا حاڵەتی مردنی دەكرد لەو زیندانە گەورەیەدا كەوا خێزانەكەیانی تێدابوو، لە ماوەی پێنج مانگی دەسبەسەرییاندا. زۆربەی ئەوانە منداڵی بچووك بوون بەڵام هەندێ پیرەژنیش مردبوون”.
بەڵام ئەبو ئەیمەن بەرپرسی ئەو جەیش شەعبیانەی لەو سەربازگەیە بوون و ئەركی پاراستنی سەربازگەكەیان لە ئەستۆ بووە, چونكە زۆر جار ئەوان سەرپەرشتی بردنی تەرمەكانیان كردووە, ژمارەی مردووان بە ” 68 بۆ 74 ” كەس دەداتە قەڵەم.
بە پێی وتەی مام ئەحمەد موختاری شارۆچكەی دووبز بێت, ژمارەی منداڵە مردووەكان بە 274 منداڵ مەزەندە دەكات, وەلێ حاجی ئیبراهیمی مەیت شۆر دەڵێت: 150 تەرم بە بانەوەم شوشتووە.
بەلام ئەو گۆڕانەی دۆزراونەتەوەو لە لایەن وەزارەتی شەهیدانەوە دەرهێنراون, 106 روفاتیان دەرهێناوە “104 منداڵ و 2 ژن” بوونە, دەشێت روفاتی دیكەش هەبن گۆڕ ون بن, تەنانەت كوڕە بچوكەكەی نێرگز لەوێ مردووە, وەلێ تەرمەكەی بردۆتەوە بۆ چەمچەماڵ, مردنی ئەوی لە پیاوانی حكومەت شاردۆتەوە.
تەرمی منداڵەكان لە دووبز بەم شێوەیە نێژراون” لاشەی منداڵە ساواكانی تر لە مزگەوتە كۆنەكەی شارەوە دەبران بۆ ناشتن، بە گوێرەی قسەی كەریمی قوتابیی تەمەن بیست ساڵ…….خەڵكی شارۆچكەكە دەهاتنە مزگەوت بۆ شۆردنی لاشەكان و لە دواییشدا گەنجەكانیان، كە كەریمیشیان تێدابووە لە كۆنە گۆڕستانێكی لاتەریكی منداڵاندا كە ماوەی میلێك لە مزگەوتەكەوە دووربووە گۆڕیان بۆ هەڵكەندوون و ناشتنیان. كەریم خۆی یارمەتیی ناشتنی لاشەی چوار منداڵی ساوای داوە و لە ماوەی نێوانیشیاندا هاوەڵەكانی یارمەتیی ناشتنی پەنجا منداڵیان داوە، كە هەر هەموویان لە ساڵەوەخت كەمتر بوون، خەڵكی دووبز پارچە زەوییەكیان لە گۆڕستانەكەدا دیاریكردبوو بۆ گۆڕی ئەو منداڵانە و هەر گۆڕێكی بچووكیش بە جیا نیشانە دەكرا”.
لێرە ئەنفالكراوان كێشەی لە گۆڕ نانی روفاتەكان و شوشتنیان بە پێی شەریعەتی ئیسلام و كفن كردن و تەڵقین خوێندنیان وەك زیندانی نگرە سەلمان نەبووە, بەڵكە ئەو مافەیان پێ دراوە, لە رێگای مەراسیم لە دەرەوەی زیندانەكە, وەلێ بێ پرسە.

چیرۆكەكانی مەرگ

ژنێك قسە بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەكات و باسی كچێك دەكات كە تەمەنی نۆ ساڵ بووە, لە دووبز دایك و خوشكێكی مردووەو خۆی بە تەنها ماوەتەوە لەو زیندانە, هەمان ئەو ژنە دەڵێت لە دووبز 5 ژن مردوونە, وەلێ تا ئێستا رووفاتی دووان لەوانە دۆزراونەتەوە. ژنێكی دیكە خەڵكی گوندی شێخ محەمەدی سەرو لە ناحیەی قادر كەرەم بۆ هەمان دادگا قسە دەكات و دەڵێت” منداڵەكەیان بە نەخۆشی ڵی سەندووەو بردویانە, هێشتا نەمردبوو , كەچی نەیان گەڕاندەوە بۆی, نەیزانیوە منداڵەكەی چی بەسەر هاتووە ناوو گۆڕی ونە و چارەنووسی نا دیارە”.
دایكێكی دیكە لەسكاڵانامەكەی نووسراوە ” دوو منداڵی مردووە و منداڵێكیشی لە زیندانی دووبز بووە” . یەكی دیكە دەڵێت ” لە دوبس ژنان لە كاتی منداڵ بوون مردوونە” , ئامینە مەحمود حەمەخان لە دایك بووی ساڵی 1966 خەڵكی سەرقەلای سەنگاو منداڵی لە دووبز مردووە, ژنێكی دیكە بەناوی فەوزیە محەمەد ئەشرەف خەڵكی گوندی مورادلی سەنگاو, ساڵی لە دایك بوونی 1950, دوو منداڵی مردووە لە دووبز, نەیان هێشتووە بزانێت لە كوێ ناشتویانە.
“كاتێ كە بەهار بەسەرچوو و ڕێی بۆ گەرمای هاوین خۆشكرد، ڕێژەی ( مردن ) زیادی كرد. ئامینەی خەڵكی ئاكۆیان، لە دووبز منداڵێكی كچی بوو، بەڵام پاش دوو مانگ منداڵەكە نەخۆشكەوت و مرد. تەنها لە خەڵكی بلە چوار یان پێنج منداڵ مردن. نەبات، دایكێكی تەمەن بیست و هەشت ساڵی خەڵكی قادر كەرەم بوو، دوو منداڵی ساوای لەدەستدا و ماوەی نێوانیان مانگێك بوو. یەكەمجار شارۆی كچە سێ ساڵانی مرد و مانگێك دوای ئەوەش نۆرە هاتە سەر كوڕە دوو ساڵانەكەی، دیار. نەبات دەیگوت: “ئەوان لەترسا مردن، چونكە هێند تۆقیبوون نەخۆش كەوتن و سكچوون و ڕشانەوەیان تووشبوو”. “شێرزاد كە كوڕێكی چواردە ساڵ بوو تاقە یەك شەو حەوت منداڵی ساوای ژماردبوو كە لە دووبز مردبوون”.

خواردنی زیندانەكان

لە زیندانی دووبز ژیان باشتر بووە لە زیندانی قەڵای نگرە سەلمان, كێشەی ئاو هەر نەبووە, بۆ خواردن سەرەتا بۆ ماوەی سێ مانگ رۆژی تەنها یەك سەمون دراوە بە زیندانیان, كاتەكەی كە هاوتا بووە لە گەڵ مانگی رەمەزان, زۆربەی ژنانیش لەوێ بەرۆژو بوونە, نێرگز دەڵێت ” سەمونەكەمان بۆ فتاری ئێوارە هەڵدەگرت” , پێچەوانەی سەربازگەی نگرە سەلمان كە لەو مانگە خواردنی باشیان داوە بە ئەنفالكراوان, لە دووبزیش وەك زیندانی تۆبزاوەو زیندانی تكریت لە مانگی رەمەزان خواردنی باشیان نەداوە بە خەڵك, لە زیندانی دووبز دواتر جگە لە سەمون خواردنكەیان برنج و شۆربای نیسكی تێدا بووە, گوایە قزعەی سەربازیان لە سەربازگەی تۆبزاوەوە بۆ هاتووە, خواردنەكە لە جاران چاكتر بووە, بەڵام هەر شیر نەبووە بۆ منداڵ.
بە پێی بەدواداچوونی میدل ئیست ۆچ “لە مانگی حوزێراندا ئەو كاتەی كە ئامینە – ژنە گەنجەكەی خەڵكی ئاكۆیان – گەیشتە ئەوێ بەشە خۆراك لە دووبزدا هەفتانە دوو هێلكە و ماست و چای تێكەوتبوو، لەدواییشدا وایلێهات كەمێ شووتیشیان دەدا “.
لە زیندانی دووبزیش وەك زیندانی نگرە سەلمان شت فرۆشتن هەبووە, هەروەها بە وتەی هەندێك لە زیندانیان گەندەڵی لەناو زیندانەكە هەبووە, ئەو كوردانەی ببونە بەرپرسی هۆڵەكان هەندێك لە كەلوپەلەكانیان بۆ خۆیان فرۆشتۆتەوە.”گاردەكانیش سابوون و شەكر و چایان بەو ژنانە دەفرۆشت كە هێشتا پارەیان پێمابوو، هەروەها دەسەڵاتدارانی بەندیخانەكەش هەر حەوت بەندی و بەتانییەكیان دەدایە.”.
ئەو چەكدارانەی لەوێ بوونە, ئەوانیش دەستیان كردووە بە شت فرۆشتن, نابێت ئەوە لە یاد بكەین هەندێك لە حەرەسەكان ناو سەربازگەكە هاوكاری خەڵكەكەیان كرددوە, لەوانە باسی بەرپرسێكی جەیشی شەعبی دەكرێت بەناوی ئەبو ئەیمەن و چەكدارێكی دیكە بەناوی هادیە كوێر.
“هەژار غازی عەزیز بابە، كە یەكێك لەو چوار منداڵەی كە رۆژی 29/4/1988 لە سەربازگەی دووبز لە سنووری كەركوك لەدایك بووە. هەژار لەوساوە تا ئێستاش گرفتی ئاخاوتنی هەیە و بە پێی راپۆرتی پزیشكیش ناتەواوییەكەی پشتڕاست كراوەتەوە، واتا بەتەواوی ناتوانێت قسە بكات، چونكە لە راپۆرتەكەدا هاتووە بە هۆی نالەباربوونی شوێنی لە دایكبوونی، ئەو كێشەی تووش هاتووە……….ئەو منداڵەی بە بەرد ناوكی دەبڕن و هیچ پەڕۆیەك شك نابەن كە تێوەی بپێچن، ئەو منداڵەی كە بەهۆی خراپی دۆخی زیندانەوە زمانی بە باشی ناگەڕێ و زمانی ناتەواوە. ئەو منداڵەی كە بە خێزانێكی حەوت كەسی تەنها دوو سەمونیان دەدەنێ”.
هەژار دەڵێت”دایكم دەیوت لە زیندان شەش منداڵم بە ریشەوە ببوو(ئەرك و خەم و بەرپرسیارێـی شەش منداڵی لە ئەستۆ بووە).(دایكی هەژار پێی وتووە كە رۆژانە بە هەموویان دوو سەموونیان پێدراوە، بۆیە ئەو دایكە تەنها كەمێكی خواردووە لبەر ئەوەی كەمێك شیری هەبێت بۆ هەژار و باقییەكەشی داوە بە منداڵەكانی تری”, ئەم چیرۆكە زیندووانە جیان لە چیرۆكەكانی میدل ئیست ۆچ.

ژمارەی هۆڵەكان

بە پێی وتەی ئەبو ئەیمەن بەرپرسی جەیش شەعبییەكانی سەربازگەكە, سەربازگەكە لە 34 هۆڵ پێك هاتبوو, وەلێ زیندانییەكان ژمارەی جۆراو جۆر دەدەن, هەروەها بە پێی وتەی ئەوان هەر جەناحێك ناوی تایبەتی خۆی هەبووە.
بە وتەی چەند كەسێك كە زۆرینەن, سەربازگەكە لە 24 هۆڵ و 3 بۆ 4 جەناح پێك هاتووە بە ناوی جەناحی حەویجە, جەناحی 1ی حوزەیران, جەناحی كەركوك هەروەها جەناحی ئەربیل , یەكی دیكە دەڵێت 12 هۆڵ بووە, یەكێ دەیكاتە 14 هۆڵ, دانەیەكی دیكە دەڵێت هەر 3 هۆڵ پێكەوە بوونە, یەكیكی دی دەڵێت جەناحی 9 هۆڵ بووە واتا 36 هۆڵ, چەند كەسێكی دیكەش دەڵێن, سەربازگەكە 36 هۆڵ بووە.
هەرچی ژمارەی زیندانیانی ناو هۆڵەكانە, یەكێ دەڵێت لە هۆڵەكەمان 250 زیندانی تێدا بووە, یەكێكی دی باسی 470 زیندانی دەكات لە هۆڵەكەیان.
ئەنفالكراوێك دیكە دەڵێت هۆڵەكان 300 بۆ 400 كەسی تێدابوووە, سارد بووە بەتانی نەبووە بیدەینە خۆمانا.
نێرگز پێی وایە هۆڵەكانی دووبز, قەبارەیان وەك هۆڵەكانی سەربازگەی تۆبزاوە گەورە بوونە, بەڵام سەربازگەی دووبز كۆنتر بووە لەوەی تۆبزاوە, وە چۆڵیش بووە پێش ئەوان, چونكە هەموو بنمیچەكەی خۆڵ و تۆز بووە, ژمارەی هۆڵەكانیشی 30 هۆڵ بووە, سەری هۆڵەكانی بە جەمەلۆن داپۆشراوە.
ئەبو ئەیمەن پێی وایە, سەربازگەكە 5 جەناح بووە, بە گشتی سەربازگەكە بەسەر كۆمەڵێك كەرتی جەیشی شەعبی دابەش كراون” دوبس, كەركوك , حوزەیران , اربیل”.

هەلاتنی خاوەر قادرو هاوڕێكانی

پێی دەچێت لە سەربازگەی تۆبزاوە بواری هەڵاتن هەبووبێت, هەرچەندە بە پێی بەدواداچوونەكان لە نگرە سەلمانیش بواری هات و چۆ هەبووە, بەڵام هەڵكەوتەی جوگرافیای سەربازگەكەو ژینگەكەی, بواری هەڵاتن نەبووە لە قەڵای نگرە سەلمان, هەرچەندە لەم سەربازگەیە منداڵە هەرزەكارە كوڕەكان ویستووویانە هەڵبێن, بەڵام پیاوانی رژێم بە لێدان دووریانیان خستۆتەوە, ئەمە دەقی چاوپێكەوتنی دلێر كەریمە لە گەڵ خاوەردا, كە لەم سەربازگەیە هەڵاتووە” نوێژی عیشا بوو, دنیا تاریك بوو بوو, وتم ئێستا دەڕۆم, دوو ژنی تر وتیان ئێمەش دێین, یەكێكیان خەڵكی تەوێڵەو بیارە بوو, ئەویتریشیان خەڵكی مەملەحە بوو, بەو تاریكەو بە نهێنی لە زیندانەكە هەڵدێن, دەچنە سەر قەبرستانێك و دەیانەوێت شوێنێك بدۆزنەوە بۆی بڕۆن, نا شارەزایی بڕستی بڕیبوون. ئۆتۆمۆبێلێك بەو جادەیەیا تێدەپەڕێت و سەریان دەخات و دەیانگەیەنێتە كەركوك. لەوێشەوە دەگەڕێنەوە چەمچەماڵ, دیارە كابرای شۆفێر دەزانێت ئەمانە قوربانی ئەنفالن و دڵی پێیان دەسووتێت و هاوكاریان دەكات بۆ دەربازبوون.
رەحمە نەجمەدین كە لە هەمان زیندان لە گەڵ خاوەر قادر بووە وتی زانیمان خاوەر رایكردووە چونكە بەردەوام دەیگووت رادەكەم, كە دەنگۆی راكردنی بڵاو بوەوەو هاتنە لامان پرسیاریان كرد بزانن كەی و چۆن هەڵاتووە, براژنم رەسمیە كە زمانی دەزانی و وەكو بەرپرسی بەشەكەمان بوو وەڵامی دانەوە كە ئاگامان لێ نییەو بە وردی بۆی بگەڕێن هەر لەم ناوەیە.
ئەوانەی لە زیندانەكە دەبن دواتر دەبڕێنە تكریت و لەوێش ناوی خاوەرو هاوڕێكانی دەخوێننەوەو خۆیانیش هەڵهاتبوون.دیارە لیستی ناوی قوربانییەكان هاوپێچ كرابوون, بەرپرسانی زیندانەكە نەیان وێرابوو ناویان بسڕنەوە, ئەوان لە تكریت باردەكرێن بۆ زیندەبەچاڵكردن و لێبوردنەكە دەیان گرێتەوەو رزگاریان دەبێت. لە كتێبی لە كەریم باسامەوە بۆ تكریت ئەو مەرگە ساتانەم تۆمار كردووە. بەڵام میمكە خاوەر وا دەزانێت ئەوانیش مردوون, تا دوایی ئازاد بوونیان, كە دێنەوەو باسی دەكەن بە چ حاڵەتێك دەربازیان بووە….. زۆربەی ئەو ژنانەی لە دبز بوون بەهۆی مناڵەكانیانەوە نەیان دەتوانی هەڵبێن, تەنیا ئەو سێ ژنە منداڵیان لە گەڵ نەبوونەو هەڵهاتوونە.”.
وەك چۆن لە كاتی گرتندا جاشەكان هۆكار بوون بۆ گرتنیان, دوای رزگار بوونیشی جارێكی دیكە بە دواوەین بۆ بە گرت دانەوەی”كە هاتوونەتەوە جاشێكی ناسیاریان دەچێت هەواڵ دەداتە بەعس, بەڕێوەبەری ئەمن دێت و بە دایك و باوكی میمكە خاوەر دەڵێت فڵان كەس هەواڵی لێتان داوە, بێم خۆی ناگرم لە بری خاوەر ئەو برایەی دەگرم كە ماوە, من چی لە گرتنی ژنێك بكەم, بۆیە و لەوە بە دوا بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان دەگوازنەوە بۆ شوێنێكی نزیك بەغداو تا دوای راپەڕین لەوێ ژیان دەگوزەرێنن”.

ژمارەی ئەنفالكراوانی سەربازگەی دووبز
تا ئێستا هیچ ئامارێك بۆ هیچ كام لەو سەربازگایانەی ئەنفالكراوانی بۆ بردراوە نەكراوە بە سەربازگەی دووبزیشەوە, ئەوەی هەیە گریمانەیە, لیستێكی ئەنفالكراوانی هیچ كام لە سەربازگەكان نییە كەوتبێتە دەست, یاخود حكومەتی هەرێم ئامارێكی وردی بۆیان كردبێت, میدل ئیست ۆچ لە پەرتوكەكەیدا دەڵێت” كەمپەكە – كە دوو بینا بوو لە ناو یەكدا حەوت هەزار گیراوی كوردی تێدایە.”
ئەبو ئەیمەن ژمارەی زیندانیكراوانی دووبز تەنها لە سێ رۆژی 8 و 9 و 10ی نیسان بە 10322 كەس دەداتە قەڵەم , وەلێ یەكێك لە زیندانیان كە لەو زیندانە بووە, ژمارەی زیندانیان بە 9000 كەس دەداتە قەڵەم. نێرگز مامانەكەی زیندانی دووبز ژمارەی زیندانیان بە 25000 كەس دیاری دەكات.

چەندیان و بۆ كوێ رەوانە كران؟

زیندانی سەربازگەی دوبز كاتی بوو, رۆڵی یەدەكی سەربازگەی تۆبزاوەی دەبینی بۆ دیسانەوە رەوانە كردنەوە بۆ دوا مەنزڵگا, دوای كۆمەڵكوژی پیاوە گەنج و هەرزەكارەكان و بەشێك لە ژن و منداڵەكان سەربازگەی تۆبزاوەو سەربازگەی تكریت, ئەوجا نۆرە هاتەوە سەر زیندانیانی ناو سەربازگەی دووبز بۆ یەكلا كردنەوەی چارەنووسیان, كە لە دوو مانگی یەكەمدا دوو گروپیان لێیان نارد بۆ قەڵای نگرە سەلمان, بەڵام كاروانەكانی دوای ئەوە هەموو بۆ سەربازگەی تكریت بوون, تكریت سەربازگەی ئامادەكاری بوو بۆ ناردنیان بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان.
زیندانییەكان بە پێی قاوش و ژمارە بردراون نەك ناو, خێزانی وا هەبووە هەندێكیان بردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان هەندێكی دییان ماونەتەوە لە دووبز, دواتر بە لێبوردنی گشتی ئازادكراون, یەكێك لە زیندانە رزگار بووەكانی دووبز دەڵێت” 9000 ئەنفال لە سەربازگەی دووبز بوو, زیاتر لە 5000 یان بردران و نەگەڕانەوە, من 6 خوشكمی تێدا بوو, لە ئەوانەی نەگەڕانەوە “.
ژنێك دەگێڕێتەوە كە لە پێش لێبوردنەكە بردمانیان بۆ تكریت دواتر ئێمەیان هێنایەوە, دوو منداڵ لە رێگا مردن تەرمەكانیان بەجێ هێڵرا. یەكێ دیكە دەڵێت 50 ژن و منداڵ بردران لە هۆڵەكەی ئێمە بە لێبوردن گشتی گەڕاونەتەوە.
خاوەر قادر دەڵێت: هەینی بۆ هەینی 350 كەسیان بە ئۆتۆمۆبیلی تایبەت دەبرد, بۆ نموونە دایكەكە بكەوتایەتە بەر حسابەكە دەبرا و منداڵەكەیان نەدەبرد.یان بە پێچەوانەوە, منداڵەكە بكەوتایەتە بەر حسابەكە دەیان برد و دایكەكەیان بۆ وەجبەكەی تر جێ دەهێڵا.
لەو هەموو ئەنفالكراوە تەنیا دوو هۆڵی گەورە خەڵك مایەوە. لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا هەموو خەڵكەكەیان برد .
لە دووبزەوە دەڵێن 4 بۆ 5 وەجبە ژن و منداڵ بردراون بۆ تكریت بۆ رەمیكردن, ژنێك دەڵێت دوای 20 رۆژ لە دووبز بە 16 پاس كچە عازەبەكانیان بردووە, ژنی گەنجی منداڵ داریشیان لە گەڵ بووە, ماڵ هەیە بەس كچەكەی بە تەنها جیاكراوەتەوە و بردراوە.
ئەم ژن و مندالانە بە لێدان بردراون بۆ تكریت, بە سەیارەی داخراوی سەوز, دیارە چیرۆكی بردنەكان بە شاراوەیی ماونەتەوە, بەڵام لەو كاروانەی كە بەر لێبوردنەكە كەوتن , زۆر منداڵ لەناو ئۆتۆمۆبیلی مەرگەكان مردوونە.
میدل ئیست ۆچ كە زانیاری تەواوی چنگ نەكەوتووە لەسەر ژمارەو جێگای بردنی ئەنفالكراوان, دەڵێت” بەڵام هەزاران كەسیتر لە بەندییەكان كە ڕەنگە نیوەی ژمارەی گیراوەكانی دووبز بووبێتن، ڕاپێچی لایەكی تری نادیار كران و لە تاریكیی ئەنفالدا ونبوون”. ئەو لایە نادیارە سەربازگەی تكریت بووە, ئەوەی بۆی رەوانە كرا نەگەڕایەوە, جگە لە دوا كاروان, كە لە دوای ئەوەی لەوێ باركران بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان بە رێكەوت شانس یاریان بوو, بەهۆی لێبوردنەكەوە گەڕێنرانەوە.
یەكێك لە ئەنفالكراوە ئازادكراوەكانی سەربازگەی دووبز دەڵێت” سەربازگەكە 24 هۆڵ بوو, 15 هۆڵیان باركراون و بردران بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان. لە دووبز ئەو ژن و منداڵانەی بردراون بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكان, شتومەكەكانیان لە گەڵ خۆیان نەبردووە.
چۆن هێنانی ئەنفالكراوان بۆ سەربازگەی دووبز لە ژێر سەرپەرشتی ئەمن بووە, بە هەمان شێوە مانەوەشیان لەوێ و بردن و گواستنەوەشیان بە هەمان شێوە لە ژێر سەرپەرشتی ئەمنی كەركوكدا بووە, چونكە دووبزا قەزایەتی پارێزگای كەركووك بووە لە رووی كارگێڕییەوە.

منداڵ بوون
زیندانی سەربازگەی دووبز, لەبەر ئەوەی جێگای ژنانی گەنج و منداڵ بووە, بۆیە منداڵ بوون یەكێك لە كێشە بەرچاوەكانی ئەم زیندانە بووە, هەر لە ژانی دایكانەوە بۆ مامانی و ناوك بڕین و خوێن بەربوون تا دەگاتە برسێتی و نەخۆشی و نەبوونی شیرو داو دەرمان كێشەی زیندانیانی ناو ئەم زیندانە بووە.
بە بەرد و چەقۆ ناوك منداڵیان بڕیوە, بە قوماشی هەنگوچك پێچاویانەتەوە و ناوكیان گرێداوە, یەكی دیكە ناوكی منداڵی بە شوشە بڕیووە, ئەوی دی بە بەرد, ژن هەبووە لە ئاودەست منداڵی بووە, نێرگز دەڵێت ” لەم زیندانە مامانیم بۆ نزیك 200 منداڵ كردووە كە لێرە لە دایك بوونە, هەبووە یەكسەر مردووە, هەبووە پاش چەند رۆژێك, تیاشیان هەبووە ئێستا زەلامە”.
نێرگز دەڵێت ” سەرەتا بە بەردی نوك تیژ ناوكی منداڵی بڕیوە, دواتر حەرەسەكان موسیان بۆیان هێناوە, ژن منداڵی بووە, پەڕۆ نەبوو خوێنەكەی پێ بسڕێتەوە, پەڕۆ نەبوو منداڵەكەی پێ پاك بكەیتەوەو لێی لول دات, خواردن نەبوو بیدەیتە دایكەكە لەو كاتە”.
جل و بەرگی منداڵەكان دیكەیان كردۆتە بەر منداڵە لە دایك بووەكان, جل و پەڕۆیان بۆیان كۆ كردونەتەوە, یان بە گونیەی پەتاتە دایانیان پۆشیوە, شیرو دایبی نەبووە, منداڵە لە دایك بووەكانی ناو زیندانەكانی ئەنفال, لە دووبز و نگرە سەلمان و تۆبزاوە بێناز بوون لە هەموو رویەكەوە.
وێڕای ئەمە وەك ژنێكی زیندانی دەگێڕێتەوە, ژنانیان بردووە دەرزیان لێیان داوە, بۆ ئەوەی سوڕی مانگانە نەكەن, خوار سكمان دەیدا لە ئێش.
منداڵێكی كەم ئەندام ئاوا چیرۆكی لە دایك بوونی خۆی دەگیڕێتەوە لە زیندانی دوبز” ئەو كاتەی كە دایكم و خوشك و براكانم دەگوزانەوە بۆ زیندانی سەربازگەی دوبز، دایكم بە منەوە دووگیان بووە، زۆرجار دایكم دەیوت: رۆڵە ناوكی تۆمان بە بەرد بڕیوە، چونكە چەقۆ و هیچ كەرەستەیەكی دیكە نەبوو و تەنانەت داوایان لە هێزەكانی ناو زیندان كردووە كە چەقۆیەك یان تەنانەت موسێكی بەكارهاتووش بێت بیاندەنێ بۆ ئەوەی ناوكی منداڵەكەی پێ ببڕن، بەڵام نەیانداونەتێ، بۆیە دایكم بە ناچاری لە حەوشەی زیندانەكە بە دوو بەرد ناوكی بڕیوم، تەنانەت خوشكم شەش بۆ حەوت قاعە دەگەڕێت بۆ ئەوەی پارچە پەڕۆیەك پەیدا بكات لە منییەوە بهاڵێنن، دەستیان ناكەوێت، تا دواجار لە یەكێك لە قاعەكان كۆڵوانەیەك لەلای پیرەژنێكی خەڵكی گوندی» تەختە مینا» پەیدا دەكەن و دەیكەنە پۆشاك بۆ من.”.

نەخۆشی

لە زیندانی سەربازگەی دووبز چارەسەری پزیشكی نەبووە, تەنانەت بۆ نەخۆشییە قورسەكانی وەك گورچیلەو شێرپەنجەش, سیلدارەكان جیا نەكراونەتەوە, لە ناو خەڵكەكەدا بوونە, هیچ خزمەتگوزارییەكی پزیشكی لەو زیندانانە نەبووە, چارەسەریش بۆ نەخۆشییە مەترسیدارەكان نەبووە, وێڕای بارودخی سەختی ژیان لە ناو زیندانەكە.
لە دووبز سارد بووە سەرەتا, تیفۆید و سك چوون و رشانەوە بلاو بۆتەوە, رۆژانە خەڵك بە تایبەت منداڵ پێی مردوونە, دواتر گرانەتاو سورێژەش هاتۆتە سەری لەگەڵ حوما ماڵتا. هەموو زیندانەكان لەسەر زەوی رەق خەوتوونە, بە منداڵە ساواكانیشەوە, بەرپرسانی زیندانەكە تەنانەت هەندێك جار بەتانییەكانیان لە خەڵك سەندوەو لە پێش چاویان سوتاندویانە, بەم هەموو هۆكارەوە نەخۆشی زۆر بووە.
بە پێی وتەی شایەد حاڵێك “لە دووبز منداڵیان بێ دایكی بردووە بۆ نەخۆشخانە بە مردویی هێناویانەتەوە, نەشیان هێشتووە دایكی بەشداری پرسەكەی بكات”.
لە سەربازگەی دووبز ئاودەست نەبووە, لە ناو هۆڵەكە دەستیان بە ئاو گەیاندووە. هەر لەوێ میكرۆبیان بە خەڵكدا رشتووە, گیانیان پڕ بووە لە مێشولە كە پێشتر ئەو جۆرەیان نەبینیووە.
لە زیندانی دووبز كچێك بە ناوی بیان عەودل جەوهەر خەڵكی گوندی كوەلەَ شێت بووە, شەوان كارەبایان لەسەر خەڵك كوژاندۆتەوە. هەر لە زیندانی دووبز وەك تۆبزاوەو نگرە سەلمان, منداڵەكانیان بۆ ماوەیەك وەك سزا جیاكردۆتەوە دواتر هێناویانەتەوە.

منداڵە پانزە ساڵانەكان

لە چاوپێكەوتنێكدا رائیدی ئەمن صەباح ئەلحەمدانی باسی ئەوە دەكات گوایە لە كاتی ئامار كردندا زۆر منداڵی پانزە ساڵ زیاتری بە منداڵی كەمتر لەو تەمەنە دیاریكردووە, كردویانیەتە ناو ژن و منداڵەكانەوە, لە لایەكەوە ئەمە دەربڕی ئەوەیە لە سەرەتاوە بڕیارەكە زانراوە كە هاوڵاتیانی نێرینەی تەمەن 15 ساڵ بە سەرەوە چارەنوووسیان بۆ مەرگە, بەڵام لە واقیعدا ئەوەی روویداوە پێچەوانەكەی راستە, زۆر منداڵی كەمتر لە 15 ساڵیان فڕێ داوەتە ناو گەورەكانەوە, ئەوانەی لە دووبز بوونە رەتی دەكەنەو منداڵی گەورەتر لە 15 ساڵ لە كەمپەكە هەبوو بێت, وە زیندە بە چاَڵكردنی زۆر منداڵی كەمتر لە 15 ساڵ لێرەدا بە نموونە دێنینەوە كە لە تۆبزاوەوە نێردراون بۆ مەرگ لە تیمی ناوو نوسین رزگاریان نەبووە.
سكاڵاكەرێك بۆ دادگای باڵای تاونەكان دەڵێت” لە 12 ساڵی بەسەرەوە منداڵەكانیان برد نەگەڕانەوە, دەستیان لە پشتەوە بەسترایەوە و پێشتر پیاوەكانیان بردبوو, گوێمان لە تەقە بوو”. یەكێكی دیكە دەڵێت”كوڕەكەی 12 ساڵ بووە دیار نییە, نەبردراویشە بۆ دووبز “.
خاوەر قادر كوڕە 15 ساڵانییەكەی كە ئاماری 1987 یشی كردووە, بۆ میوانی چووە بۆ ماڵی خاڵی, لە گەڵ پیاوەكان راماڵراوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان”كوڕە 15 ساڵانەكەی لە شارەوە چووە بۆ ماڵی خاڵۆكانی بەر ئەنفال كەوتووە, لە تۆبزاوە لێك دادەبڕێن, تەنها 2 كاتژمێر لە تۆبزاوە پێكەوە دەبن”.
زۆر شایەدحاڵ هەیە كە كوڕی پانزە ساڵ و روو لە خواریان بردراون لە گەل َپیاوەكان و نەگەڕاونەتەوە تا ئێستا گۆڕ ونن.
فەرەج رزگاربووی گۆڕە بە كۆمەڵەكان دەگێڕێتەوە “دوو منداڵیان لەگەڵ بووە”خەڵكی قیڕە بوون” مویان لێ نەهاتووە, زۆر منداڵ بوونە رەمی كراون “.
ئەوانەشی نیمچە بوونە و بردراون بۆ زیندانی دووبز بەردەوام لەبەر هەڕەشەدا بوونە, یەكێ لەوان ئاوا چیرۆكی خۆی بۆ میدل ئیست ۆچ دەگێڕێتەوە”ئەو منداڵانەی كەمێك كزربوون و دەیانتوانی هەڵبسووڕێن پاسەوانەكان بە زۆر قاوش و ئاودەستەكانیان پێپاكدەكردنەوە. كوڕێكی چواردە ساڵ كە پێنج مانگی لە سەربازگەكەی دووبزدا بەسەربردبوو دەگێڕێتەوە و دەڵێ: “ئەمن و ئیستیخبارات و بەعسییەكان چاودێرمان بوون، هەمیشە دەهاتن و بێ هۆ بەندییەكانیان فەلاقە دەكرد و چەند جارێك دەستیان بەستوومەتەوە و لێیانداوم، جارێكیشیان سێ ئەمن بە دار زۆریان لێدام و پشت و قاچمیان داڕزاند. لەو قاوشەشدا كە تیایدا دەخەوتم دووجار لە بەیانییەوە تا ئێوارە بەستمیانەوە بێئەوەی بیەڵن هیچ بخۆم. من نەمدەتوانی و بۆم نەبوو بپرسم بۆچی و هیچ كەسیش نەیدەتوانی بەرپەرچی یاسای بەعس بداتەوە”.
بە گشتی چەند منداڵێكی كەم لە دەوروبەری 15 ساڵ لە زیندانی سەربازگەی دووبز بوونە و بۆ یەكتر ناسراو بوونە, ژمارەیان كەم بووە, هیچ منداڵێكی زیاتر لە 15 ساڵ لە زیندانی سەربازگەی دووبز نەبووە.

سەردانی بەرپرسان
بە پێی وتەی زیندانییەكان, عەلی حەسەن مەجید ئەندازیاری پرۆسەی ئەنفال, 3 جار سەردانی زیندانی سەربازگەی دوبزی كردووە, هەر جارەی گروپێكی ئەنفالكراوانی لە گەڵ خۆی بردووە, نەزانراوە ئەو زیندانیانە چییان لێ هاتووە, ئەوەی زانراوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان بووە.
هەروەها عزەت دوری جێگیری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشیش چووە بۆ زیندانی سەربازگەی دووبز, بە زیندانییەكانی وتووە ئێوە كەسوكاری پێشمەرگەن بەرتان نادەین.

چ هێزێك سەربازگەكەی پاراستووە
ئەو هێزەی سەربازگەی تۆبزاوەی بەڕێوە بردووەو پارستوێتی هێزێكی هەمە رەنگ بووە, ئەبو ئەیمەن كە لە رێكەوتی 4-4-1988 ەوە لە فەرمانگەكەیەوە پێی رادەگەیەنن ئامادە بێت بۆ دەوامكردن وەك جەیشی شەعبی لە سەربازگەی بارەگای كەتیبەی هەندەسەی عەسكەری لە دووبز, دەڵێت ئێمە وەك جەیشی شەعبی 70 چەكدار بووین دیاریكراین بۆ دەوامكردن لە سەربازگەی دووبز, لە دبس,داقوق, حەویجە, ناوەندی پارێزگای كەركوك ەوە هاتبووین, كە بانگ كراین كەسیشمان نامانزانی بۆ چی بانگ كراوین؟. هەر ئەو دەڵێت دوای دوو رۆژ چەند مەفرەزەیەكی سەربازی هاتن بۆ ئامادەكردنی سەربازگەكە, ئاوو كارەبایان چاككردەوە.
بە پێی وتەی رائیدی ئەمن سەباح حەمدانی بێت ئەو بەرپرس زیندانی دووبز و مونەسقی نێوان هەردوو سەربازگەی دووبزو تۆبزاوە بووە, پێی دەچێت دووبز هەر وەك بەشێك لە سەربازگەی تۆبزاوە مابێتەوە لە ژێر سەرپەرشتی ئەمنی كەركوكدا بووبێت چونكە ئەو خۆی لە میلاكی ئەمنی كەركووك بووە, زیندانیانیان لەوێ راگرتووە بۆ قۆناغی دواتر, بەشێكیان بۆ نگرە سەلمان نێردراون, زۆریشیان بۆ تكریت و گۆڕە بە كۆمەڵەكان, ئەوەشی ماون ریكەوت هێشتویانییەتەوە دوواتر ئازاد كراون.
زۆرینەی زیندانیان باسی ئەوە دەكەن كە حەرەسەكان عەرەب و زۆربەیان خەڵكی حەویجە بوونە. زیندانیان باسی ناوی وەك كەنعان و ئەبو نەعمان ابو عارف و ئەبو عروبە هەردوكیان وەك بەرپرس لە دووبز باس دەكەن, پێی دەچێت بە فەرمی داوایان لێكرابێت ناویان نهێنی بێت, تەنها بەو ئەبو وانە بانگ یەكتر بكەن, بۆیە تا ئێستا ئاشكرای ناكەن.
زیندانییەكی دیكە باس ئەوە دەكات كە حەرەسەكان سەرباز بوونەو بێری سوور لە سەریان بووە. لە پاڵ ئەبو ئەیمەن باسی هادیە كوێریش دەكرێت كە حەرەس بووە لە دووبز, هاوكاری زیندانیانی كردووە بۆ نامە هێنان و پەیوەندیكردن. “میدل ئیستیش باسی چەكداری جل زەیتونی دەكات كە حەرەسیاتی زیندانییەكانیان كردووە” چەكداری جل زەیتوونییان لەتەكدایە. پاشان دووكاندارەكانی دووبز سەرنجیان دەدا وا كۆمەڵ كۆمەڵی شەش حەوت كەسیی ئافرەتی بەندكراو بە یاوەریی پاسەوان دێنە لایان و هەر زوو زانییان كە ئەمانە لە سەربازگەكەی دووبزەوە دێن.”.
میدل ئیست مۆفەق نەبووە لە باسكردنی كەمپی دووبز, نەیتانیووە وەك خۆی نیشانی بدات, كە سەربازگەیەك بووە ئامادەكاری تێدا كراوە بۆ زیندە بە چاڵكردن, زۆر زانیاری نا دروست كە لە دڕندەیی زیندانەكە كەم دەكاتەوە , بەمەش لێرە زیان بە دۆسیەكە دەگەیەنێت, تەنانەت بەڕێوەبەری زیندانەكەش دەكاتە كوردێك كە راست نییە ” بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو (باشەیەیدا) ئەگەر بەراورد بكرێ، دووبزیش دیسان ترس و سامێكی كەم نەبوو. بۆ گاڵتەجاڕیی دەوران، گیراوەكان ڕوانییان بەڕێوەبەری ئەم سەربازگەیە هاوڵاتییەكی كوردە و پیاوێكی خەڵكی دەڤەری هەولێرە بە ناوی حاجی ئەحمەد فەتاح و حەجی مەككەی كردبوو.”.
هەرچەندە بەرگ سەوزو زەیتونییەكان ئەگەری زۆرە ئەمن بووبێتن, وەك خێروڵا حەمادی لە دان پێنانەكەیدا دەگێڕێتەوە, لە كاتی پێویستدا بەرگی سەربازی بێ روتبەمان دەپۆشی.

گێچەڵی سێكسی
ژمارەیەكی زۆر لەو ژنانەی لە زیندانی سەربازگەی دوبز بوونە, بۆ دادگای باڵای تاوانەكان ئەوەیان گێڕاوەتەوە, كە گێچەڵی سێكسی لەو زیندانە لە هەموو زیندانەكانی دیكەی ئەنفالكراوان زیاتر بووە, ئەو شایەد حاڵانە دەڵێن كچانی جوانیان دەركردۆتە دەرەوە و دواتر هێناویانەتەوە, شەوان كچانیان بردۆتە ناو باخەكان دەوروبەری زیندانەكە و تەعەدایان لێیان كردووە, ئەفسەرەكان شەوان كچانی كوردیان بردووە, 12ی شەو بە دواوە كچانیان بردووە, ئەمانەو زۆر چیرۆكی دیكە دەگێڕنەوە, هەموو دەربڕی ئەوەیە لەم سەربازگەیە بە بەرفراوانی گێچەڵی سێكسی بەرامبەر بە زیندانیان ئەنجامدراوە.

ئەشكەنجەدان
هەرچەندە زیندانەكان ئێرە هەموو ژن و منداڵ بوونە, بەڵام لە زیندانی دووبز یش وەك تۆبزاوەو نگرە سەلمان و نزاركێ لێدان هەبووە, تەنانەت وەك دەگێڕنەوە بە لێدان بە كێبڵ دوو منداڵ مردوونە. سەربازگەكە دەرگاكەی زۆر كات داخراوە, هەروەها شەوان كارەبایان لەسەریان كوژاندۆتەوە, ئەمانەش ئەشكەنجەی دەروونی بووە.

ئازادكردن
ئەبو ئەیمەن دەڵێت “زیندانییەكان پێنج مانگ و یانزە رۆژ لە سەربازگەی دووبز مانەوە” , ژنێكیش خەڵكی توكنە دەڵێت شەش رۆژ دوای لێبوردنە گشتییەكەی 6-9 لە سەربازگەی دوبز ئازاد كراون, ئتر نازانم ئەوانیش دوای بڵاو كردنەوەی لێبوردنەكە لە وەقائعی عێراقی لە رێكەوتی 20-9 ئازاد كراون یان زووتر, بە وتەی ئەم بێت 12ی مانگ ئازاد كراوە.
هەژار غازی عەزیز بابە كە هەر لەو زیندانە لە دایك بووە دەڵێت “رۆژی 20/10/1988 رژێمی بەعس لێبوردنی گشتی دەركرد و ئێمە گەڕاینەوە بۆ چەمچاڵ – شۆڕش، لە قادركەرەمییەكان نیشتەجێ بووین”..
كە لە زیندان ئازاد كراون, زیندانیانی سەربازگەی دووبزیش وەك نگرە سەلمان بردراون بۆ عەربەت, دواتر دابەش كراونەتە دوو بەش, چەمچەماڵ و كەلار” رزگاری, شۆڕش”. نێرگز دەڵێت تاكو رێكەوتی 25-10-1988 لە سەربازگەی دووبز ماوەتەوە, ئەوان وەك سەربازگەكان دی بە چەند گروپێك ئازادكراون , ئەمان بەشی كۆتایی زیندانییەكان نەبوونە, وەلێ پێی دەچێت تاكو كۆتایی ئۆكتۆبەر و سەرەتای نۆڤەمبەر هەموو ئازاد كرابێتن.

سەربازگەكەش فرۆشرا

هادی غەزایی كە لە شێخەكانی ساڵەییەو كوردە و خزمی خوالێخۆشبوو ئەحمەد موختارە كە زۆر بۆ ئەنفالكراوان باش بووە، دە ساڵ قایمقامی شاری دووبز بوو, وەك دەگێڕنەوە قاعەكانی سەربازگەی دووبزی ….. دا بە كەسێك بە ناوی ئەحمەد بایز, بە …….., ئەویش شیش و قاپی و جەمەلۆنی بانی و پەنجەرەكانی دەردێنێ و دەیان فرۆشێت, خەڵكیش دوایی ئەوە شوێن كەلاوەكەی دەكەنە خانوو, ئێستا هیچ شوێنەواری ئەو سەربازگە گرنگە نەماوە, بۆتە ماڵ و گەڕەكێكی لە سەر ئاوەدان كراوەتەوە, ئێمەش دەمانەوێت سەربازگەی قەڵای نگرە سەلمان لە دووری نزیك 1000 كیلۆمەتر بكرێتە مۆنمێنت, كەچی ئەوەی ماڵی خۆمان كاول كرا بە دەستی خۆمان, ئێستا بە ملیۆنان و ملیاران دۆلار هەمان سەربازگەمان بۆ درووست نابێتەوە؟.

عەلی مەحمود محەمەد

—————————-

سەرچاوەكان:
سی دی دۆسیەی ئامادەكراوی ئەنفال لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە.
محكمە الانفال اعداد ریكار مزوری بمساعدە محامی ایاد كاكەیی
بەرنامەی بەڵگەنامەیی خۆم لەوێ بووم , تەلەفزیۆنی ئازادی,كەناڵی گەرمیان
جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد – هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ چاپی سێیەم 2013 چاپخانەی كەماڵ – وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق
-لە تۆپخانەوە بۆ عەر عەر , كوردستان كەركوك 2004 , چاپخانەی ئۆفێستی
-لە تاوانی ئەنفالدا: ژنێك ویستی بمرێ,كەچی ژیا!- دلێر كەریم رێگای كوردستان ژمارەی تایبەت 11-4-2023
-چیرۆكی ئەو منداڵەی لە زینداندا لەدایكبوو2024-06-10-جەواد حەیدەری

  • نێرگز لە دۆزەخی ئەنفالدا عارف قوربانی 2020 چاپخانەی حەمدی



ئاین و ئەفسانە.. نەوزاد بەندی

پێکەوە گرێدانی هەندێ زاراوە لە لایەن هەندێ لە لێکۆڵەر و نووسەرەوە جێگای لەسەر وەستان و هەڵوەستەیە، چونکە ناکرێت بێویژدانیی یان بە زۆر پۆڵێنکردن بۆ هیچ ئایدیۆلۆژیا و کەس و شتێک بکرێت و لێی بێدەنگ بین، لە کاتێکدا عەقڵ و لۆژیک دوو پێوەری گرنگن لە مرۆڤدا، پێویستە لە خوێندنەوەکانماندا بەکاریان بێنین، ئەگینا وای لێ دێت وەک چۆن لە بازاڕە میلییەکان تەماتەی شکاومان بەسەردا ساغ ئەکرێتەوە، بە دیکۆرێکی تەماتەی جوان و ڕیزکراو هەڵمانئەخەڵەتێنن، بە هەمان شێوە لە بواری بیر و بۆچوونەکانیشدا، کاڵای بێ سوود و شێوێنراومان بەسەردا ساغ ئەکرێتەوە، ئەوەیش کردەیەکی ترسناکە، چونکە تەماتە شکاوەکە ئەگەر بتوانین فڕێی بدەین، بەڵام ئایدیایەکی شێواو ناتوانین فڕێی بدەین بەڵکو بەرە بەرە ئەبێتە بەشێک لە هەڵوێست و کەسایەتیمان و کاری پێدەکەین. بۆ نمونە ئەم پیتانەی ئێستا من پێیان دەنووسم دەیان ساڵ پێش ئێستا لە ئەلف و بێکەی ئیبراهیم ئەمین باڵدار وەرمگرتوون و تا هەنوکەیش کاریان پێدەکەم، بە هەمان شێوە دیدگا و بۆچوونەکانیش لەوانی تر وەریاندەگرین و کاریان پێدەکەین، بە هەر کەسێک بڵێین ئەدۆڵف هیتلەر چۆن کەسایەتییەک بوو، یەکسەر پێت ئەڵێ دیکتاتۆر بوو، چونکە لە ڕێی تەلەفزیۆن و خوێندنەوە و سینەماوە ئەو بۆچوونەی تێدا چێنراوە کە ئەو کەسایەتییە تاکڕە و دیکتاتۆر بووە.
هەر بۆیە ڕاگەیاندن ئەرکێکی گرنگی لەسەر شانە و پێویستە بە هەند وەربگیرێت و حیساب بۆ هەر وشە و پێناسەیەکی بکرێت.
بەرگریی لە لەشەوە هەتا کۆمەڵگا، کردەیەکی کاردانەوەیه، واتا بەرگری کاتێ دروست دەبێ کە هێزێکی دژ دێت بە گژتا ، بۆ نمونە کاتێ بەکتریا و ڤایرۆس و مشەخۆرەکان دێنە ناو لەشمانەوە ، بەرگری لەشمان زیاد ئەکات و پلەی گەرمامان بەرز ئەبێتەوە، ئەمە هۆکاری بەکتریا و ڤایرۆسەکانە، ناکرێت ڕەخنە لە لاشەمان بگرین کە بۆچی گەرم بووە، چونکە بەرگری لەش لە پێناوی مانەوە و ڕزگار بوونە، نەمانی بەرگریی لەش، نەخۆشییەکی ترسناکە پێی دەووترێت ئایدز. بە هەمان شێوە کاتێ دەست بۆ شانەی هەنگ و هێلانەی هەر گیاندارێک ببەین، کاردانەوەی خێرا و هیستیریی ئەو گیاندارانە دێن بە ڕووماندا، ئەمە شتێکی سروشتییە و ئەوەی کە سروشتیی نییە ئەوەیه ئەو گیاندارانە بەرگرییان تێدا نەبێ.
هەر بۆیە کاتێ داهاتی وڵات و هیوا و ئومێدی خەڵک ئەفەوتێنرێ، نیشتمان ئەفرۆشرێ و هەڕاج و پاوەن ئەکرێ، ئەبێ کاردانەوە هەبێ، ئەبێ بەرگریی و بەگژداچوونەوە هەبێ، ئەگینا ئەو کۆمەڵگایە بە گەمژە و مردوو ئەژمار ئەکرێ.
ناکرێ بە بەرگری و بەگژداچوونەوە بووترێ تیرۆر یان سیخوڕ و تابووری پێنج و ئەو تاواندواخستنە بێ بنەمایانەی کە گەمژەیی و ڕەشۆکییان لێ ئەتکێ. شایانی باسه ماوەیەک پێش ئێستا تەماشای فیلمێکی خەیاڵیی!! هۆلیودم کرد تیایدا بە حیساب کۆریای باکور، نیۆیۆرکی داگیر کردبوو، کۆمەڵێک لاو کۆبوونەوە و شانەی چەکدارییان دروست کرد، کەوتنە لەناوبردنی سەربازەکانی داگیرکەرانی شارەکەیان و تەقاندنەوە و گڕتێبەردانی دامەزراوەکانیان، کەچی کاتێ کەسێکی داگیرکراوی لای خۆمان بە ئاسپایی گردبوونەوە و ناڕەزاییەک دەرببڕێت، دەیان تاوانی تیرۆر و سیخوڕیی دوا دەخەن. کاتێ موسوڵمانێک کە هەموو کۆمەڵگا لەسەر ئاین و قورئانەکەی کۆکن، بیەوێت ئایەتەکانی خوا لە ژیانیدا پەیڕەو بکات، پێی دەووترێ تیرۆریست و کۆنەپەرست!
دووری بۆ نەڕۆین، خەباتی پێشمەرگایەتیی کە هەمووان بەشدار بووین تیایدا چ لە شاخ، چ لە شار و زانکۆکاندا و قوربانیمان بە ژیان و خوێندن و خوێندنی باڵای خۆمان داوە بە ترساندن و کوشتنی پیاوانی ڕژێم و زیانپێگەیاندنی ئوتومبیل و دام و دەزگاکانیان، ئەمانە هەمووی چوونەتە قاڵبی بەرگری نیشتمانیی و بەرخۆدان و شانازیی و جوامێریی و مەردایەتییەوە، کەچی ئەمڕۆ هەمان هاووڵاتیی و لەسەر هەمان خاک، ناڕەزایی و توڕەیی و هەڕەشەیەک بکات لە دژی مافە خوراوەکانی (کە لە ژماردن نایەن) یەکسەر ئەیخەنە قاڵبی تیرۆر و ئاژاوەچێتیی و گێرەشێوێنیی و ئەو زاراوە لاستیکییانەوە. کار گەیشتۆتە ئەوەی لەم ماوەیەدا کابرایەکی دانیشتووی ناوەندی عێراقم بە ڕێکەوت لە فرۆشگایەکدا بینی، بە بزەیەکەوە پێم ووت: ئەرێ کەی ئەڕۆنەوە شارەکانی خۆتان؟ کوردستانتان کرد بە عەرەبستان.
پێی ووتم : وەڵاهیی مامۆستا، پڕ بە دڵ حەزئەکەین بڕۆینەوە، بەڵام سوێند بەخوا بارودۆخێکیان دروستکردووە بچوکترین داواکاریت هەبێ، یەکسەر تاوانی گێرەشێوێنیی ئەدەنە پاڵتەوە و سەرنگونت ئەکەن !!
بە ڕاستی جێگای داخە و خەسارەتێکی گەورەیە تەنانەت بۆ دەسەڵاتداران خۆیشیان، سیستمی بەرگریی لە هاووڵاتیەکانیاندا نەهێڵن، هاووڵاتییەکی کۆیلە و ترسنۆک و بێ هەڵوێست بخوڵقێنن، چونکە سبەی ڕۆژێ ئەگەر جەنگێکی چارەنوسساز یەخە بە نیشتمانەکە بگرێت، تازە ئەو کۆمەڵگایە مردووە ،تازە بەرگریی تێدا قەڵاچۆکراوە، بە گژداچوونەوەی تێدا حەرام کراوە، ناتوانێ بەگژ هیچ دوژمنێکدا بچێتەوە، ئەمە جۆرێکە لە نەخۆشیی ئایدزی کۆمەڵایەتیی، چونکە ئایدز ڤایرۆسێکە لە بەرگری لەش دەدات و ئەیگەیەنێتە ئاستی سفر، بەو جۆرە لەشێکی بێ بەرگری و لاواز و بودەڵە دێتە ئاراوە بە بچووکترین نەخۆشی کەفتەکار ئەبێ، هەر بۆیە پێویستە بەرگریی و تاوان لە یەکتریی جیابکرێنەوە، هاووڵاتی توڕە و هاووڵاتی تاوانبار جیا بکرێنەوە، ڕەخنەی بنیاتنەر و ڕەخنەی ڕوخێنەر، هەنگ و زەدەواڵە، بەرگریی چارەنوس و شەڕی ناوخۆ لە یەکتری هاوێر بکرێن.
ئەگینا کۆمەڵگای گۆڕستان دێتە ئاراوە، تیایدا هەموو مافێکی هاووڵاتیی ئەخورێت و دەسەڵاتێکی ناشیرین هەڵئەتۆقێ کە بەکاری هیچ شتێک نایەت و ڕووی هیچ مەجلیسێکیشی نییە، تەنیا و قێزەون و کەنارگیر، وەک تارماییەکی ترسناکی لێ دێت و ناتوانێت ساتێک بە ئاسودەیی ویژدانەوە بگوزەرێنێ، ناتوانێ خۆی نیشانی هاووڵاتییەکانی بدات، لەگەڵ هاووڵاتییەکانیدا ئەبن بە دوو دوژمنی سەرسەختی یەکتریی، لە دوو دۆڵی جیاوازدا ژیان ئەگوزەرێنن.
لەم دواییەدا هەندێ ڕۆشنبیر پەیدا بوون، زاراوەی سەیر و سەمەرە فڕێ دەدەن، وەکو ئاین و ئەفسانە، واتا هەوڵ دەدەن بەرگێکی ئەفساناویی و خەیاڵاویی بکەن بە بەری ئاییندا، هەوڵەکەیشیان لە بێدەنگبوونی خەڵکیدا جۆرێک سەرکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، لە کاتێکدا پێکەوە گرێدانی ئەو دوو زاراوەیە بێ ویژدانیی و نەزانیی لێ ئەچۆڕێ.
ئاین تا ئێستا چ ئەفسانەیەک توانیوێتی دەسەڵات بگرێتە دەست و شارستانیی پێک بێنێ ؟ لە گلگامێشەوە هەتا زیۆس و ئەفرۆدێت و کوڕە کەچەڵە و حەمەدۆک و هاری پۆرتەر و هەموو تێرمە ئەفساناوییە کۆن و نوێکان؟ لە کاتێکدا ئاینی کریستیان، ساڵەهای ساڵ فەرمانڕەوایی ئەوروپا و ئەمەریکای کرد و بە شۆڕش ڕوخێنرا.. هەروەها ئاینی ئیسلام سەدان ساڵ فەرمانڕەوایی لە بەشێکی گەورەی جیهاندا کرد و شارستانییەکی گەورە و فراوانی لە ئەندەلوس و غەرناتە و بەلەدوەلید و تورکیا و جۆرجیا و ئاسیا و ئەفەریقیادا بەجێ هێشت، ئیتر چۆن ئایین و ئەفسانە ئەکرێن بە دووانە و پێکەوە گرێ ئەدرێن؟
ئایا هیچ لۆژیکێکی تێدایە کەسانێکی گەورە و بیریار و بەناوبانگی وەک مالکۆڵم ئێکس و محمد عەلی کلایی و ڕۆجێ گارودی و ئیحسان تەبەریی و جەنەڕاڵ کۆستۆ دوای ئەفسانە کەوتبێتن و ئاینی ئیسلامیان هەڵبژاردبێ؟
هەر بۆیە ئەو نووسەرانەی کە ( شەلم کوێرم ) تەقە لە ئایین ئەکەن و بەجۆرەها زاراوەی ترەوە ئەیبەستنەوە، پێویستە بە خۆیاندا بچنەوە و چیدی حوکمی قەرەقۆشیی نەدەن، چونکە لە ئاستی لۆژیک و بەهای ئەکادیمیی و بیریاریی خۆیان کەم دەکەنەوە و ئەبنە جێگای پێکەنین و لاقرتێ.
شایانی باسە یەکێک لەو نووسەرانە پێناسەی پلاتۆ بۆ شیعر دێنێتەوە کە دەڵێت شاعیرەکان درۆزنن، بەڵام لە یادی ئەچێ یان نازانێ یان ئەیەوێ نەزانێ کە پێش پلاتۆ بە سەدان ساڵ، لە قورئاندا پێناسەی شاعیران کراوە بە ( یقولون ما لا یفعلون ) واتا قسەکانیان و کردارەکانیان یەک ناگرنەوە، واتا درۆزنن. لەگەڵ ئەوەی لە قورئاندا هەموو شاعیرەکانی لەو پێناسەیە نەترجاندووە، شاعیرانێکی خاوەن بیر و باوەڕی لێ دەرکردووە، بەڵام پلاتۆ بە ڕەهایی هەموو شاعیرانی بە درۆزن ناوزەد کردووە.




هـه‌واڵـێـك له‌ بووكـنیـیان نییه‌.. شیعری نه‌ژاد عزیز سورمێ

                                                  

پـۆلی باڵندان،
دوور له‌ هێـللانه‌
له‌ گوێسوانه‌ و په‌نجه‌ره‌ی ماڵان،
یـاخی
له‌ ئاسمانی وێـكهاتووماندا
بۆرایـیان
ده‌بینرێ و نابینرێ
شه‌ڕی به‌فر و باران ئه‌كه‌ن..

( پۆلـی بـاڵندان..
ئاسمانی وێـكهاتوو..
بۆرایـی..
شه‌ڕ.. )

ڕووی سه‌حه‌ر
سه‌مای ناكامی
شوێـنه‌واری چاوپۆشین،
ئاره‌زووی هاوینه‌ ڕازاوه‌كانی
سه‌ر به‌ زستانه‌..
ئاره‌زووی،
زینده‌خه‌ونه‌كانی چـیا و
ده‌نگی
دیواره‌ ڕووخاوه‌كانه‌
سات به‌ سات،
پارێـكیان لێ
به‌لادادێ..

( سه‌مای ناكامی..
شوێـنه‌واری چاوپـۆشین..
زینده‌خه‌ون..
دیواری ڕووخاو..)

كه‌لاری دژواری
په‌یـژه‌ پێلێهه‌ڵبڕاوه‌كان
بڵێسه‌ی كـزی پرسیاران
ته‌می شه‌وق
له‌ ئه‌بستراكتی شه‌یدای بێده‌نگیدا
ده‌توێـنه‌وه‌..
ئاگردانی‌ سه‌رمابردوو
كوشته‌ی
هه‌ڵپه‌ڕكێ و زه‌ماوه‌ندان
عاشقـكوژانه‌،
له‌ ئامێـزمان ده‌گرن
وه‌ك ئه‌وه‌ی
له‌ ئاهه‌نگێكی پیرۆزا بـین
پێـكی به‌تـاڵمان له‌ده‌ست بـنێن..

( كه‌لاری دژوار..
بـڵێسه‌ی كــز..
ته‌می شه‌وق..
پێـكی به‌تاڵ.. )

لێره‌وه‌
له سیمای‌ خانمی
سه‌ر به‌ شه‌وه‌وه‌
ده‌ركه‌وت،
باڵنده‌ بۆچی
دوور له‌ گوێسوانه‌ و په‌نجه‌ران‌
ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر ده‌كه‌ن..
ئاسمانمان بۆ لێ
وێـكهاتۆ‌ته‌وه‌
ڕه‌ونه‌قی نان و ئاو
ته‌مه‌نی ئـاڵوواڵایـان
چۆن له‌ باگوزه‌رێـكدا تێپه‌ڕاند..؟

( خانمی سه‌ر به‌ شه‌و..
ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ر..
ڕه‌ونه‌قی نان و ئاو..
ته‌مه‌نی ئاڵوواڵا.. )

گه‌واڵه‌
له‌به‌ر خۆری نیشتماندا ده‌رناكه‌ون..
نه‌وه‌ی سه‌ده‌ی به‌یده‌ستان
‌له‌ عه‌شقی خۆیاندا ده‌گه‌وزێن
بۆ له‌ شه‌وڕاشكانـێ نه‌گه‌یشتن
چاویان له‌ خۆزگه‌ هه‌ڵنه‌گرت..؟

( خۆری نیشتمان ..
سه‌ده‌ی به‌یده‌ستان..
شه‌وڕاشكان..
خۆزگه‌.. )

باڕێزه‌ش پێ نه‌وه‌ستا
سه‌رابی به‌ر دیده‌مان بڕه‌وێنێـته‌وه‌
به‌ درێژایی ڕووباران
ڕێكه‌وتی بڕێـكمان نه‌كرد..
چیلكه‌ دارێكمان
له بێشه‌ڵانی چڕی هه‌ستمان ده‌ستنه‌كه‌وت..
ئه‌ندێشه‌ی نه‌وت،
تـاوه‌ بارانێك ده‌رچوو
بێ ئاوڕدانه‌وه‌
بێ سڵاو
هات و ڕۆیـی..
شته‌ ناشته‌ به‌شتبووه‌كانی دی،
به‌ری چاویان گرتین
نایانهێشت گه‌ردی
سمی ئه‌سپی،
بووكنییانمان لێ دیار بێ..

( بـڕ..
ئه‌ندێشه‌ی نه‌وت..
شته‌ ناشته‌ به‌شتبووه‌كان..
سمی ئه‌سپی بووكنیـیان..)

باڵای مزگێنی ئاودامانی خه‌ون
به‌ كه‌روێشكه‌ی مێرگانیش نابینرێ ..
دڵنیایی،
به‌ گومان پێــچراوه‌ته‌وه‌
به‌ گـژ باڵنده‌ یاخییه‌كاندا ده‌چێ..
دڵنیایی،
تـارایه‌كی ڕه‌شه‌
ئاوێنه‌ی دوابڕاو،
پۆلـی باڵندان ده‌رده‌خاته‌وه‌
زه‌وی و ئاسمانی لێ ته‌نیوین
چاو خومار ئه‌كا
نه‌شئه‌ ده‌داته‌ گه‌ڵایان
به‌ر له‌ وه‌رزی خۆیان هه‌ڵبوه‌رێن..
نامه‌ی شه‌وانه‌ی ئـاگربازی
سواره‌ بێ خه‌به‌ره‌كان
نامه‌ی دڵی ساده‌مان
‌كه‌ له‌ ڕوو به‌ ڕووبوونه‌وه‌ی شادیدا،
ده‌سه‌وه‌ستانه‌..
په‌ژاره‌ی پشكۆیان،
بارانی لازوه‌ردی چله‌شۆر
له‌ گه‌ڕه‌كی ( هه‌ر كه‌سه‌ بۆ خۆ)دا
ده‌گه‌یێنێ..

( دڵنیایی..
ئاوێـنه‌ی دوابڕاو..
سواری بێ خه‌به‌ر..
گه‌ڕه‌كی- هه‌ر كه‌سه‌ بۆ خۆ-..)

دره‌خت،
گه‌ڕانه‌وه‌ چاخی ته‌وته‌مایه‌تی
دارستان
چڵـی ‌هه‌ڵچووی تـاسان دایده‌پۆشێ
زه‌رده‌په‌ڕ ده‌ستی به‌سه‌ر دادێنێ
سرووشت ده‌رمانی سرووشت ئه‌كا
ئاوازێكی نامۆیـه‌ ڕیتمی داد..

(چاخی ته‌وته‌مایه‌تی..
چڵـی هه‌ڵچوو..
سرووشت..
ڕیتمی داد..)

دامنه‌نـابوو
بگا به‌وه‌ی
وه‌رز هه‌موو لێك بچن
دامنه‌نـابوو
له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی غه‌مزه‌ و
چـاڵی ڕوومه‌تان
ڕه‌نگ تێكه‌ڵ بن
وێنه‌ی شه‌تاوان
له‌ زه‌نوێران
هه‌ڵده‌خلیسكێن
دامنه‌نـابوو..

( لێـكچوون..
ده‌ركه‌وتـنی غه‌مزه‌..
شه‌تاو..
هه‌ڵخلیسكان..)

به ‌تـێزی سه‌فه‌ره‌ كورته‌كانی نیلۆفه‌ر
تیشكم
له‌ بۆشاییدا دیته‌وه‌..
ئه‌وه‌ ڕووناهییه‌ هێرش دێنێ
ناهێڵێ
مرۆڤ،
پـۆڵایان پێ
خوار بكرێته‌وه‌ ..
ڕووناكییه‌،
قه‌دیفه‌ی بێـپایانی تیا
ده‌گه‌شێته‌وه‌ ..

( تیشك‌..
بۆشایی..
پۆڵا..
قه‌دیفه‌..)

باس له‌ شایی جنۆكان بوو
له‌ كانیی به‌ردینی گـوندی
ژن و پیاو،
خۆیان تێداویشت
به‌ لافاوی بیابانم چواندبوو
دۆلار و یۆرۆ و یه‌ن ڕاده‌ماڵێ
ته‌ڕیان ناكا..
ئه‌وه‌یه‌ نوێـشكی
سترانه‌ غه‌مگینه‌كانی سه‌رده‌م
وه‌ك كه‌لوپه‌لی خاو
ده‌خزێـنرێنه‌ كارگه‌كان
كارخانه‌چییان به‌رهه‌م بـێنن..

( شایـی جنۆكان..
كانیـی به‌ردین..
سترانی غه‌مگین..
كارخانه‌چی..)

هه‌ناسه‌
ئاماژه‌ی مـان
به‌به‌ری ترازاندا كه‌وتووه‌
لێیان كردین
به‌ ڕایه‌ڵێكی له‌رزۆك
به‌ بۆنه‌ و بێ بۆنه‌
دێ و ده‌چێ ..
باڵنده‌ یاخییه‌كان ده‌مانبینن
هه‌موومان ده‌بینن
كچه‌ چارۆگ ئاڵه‌كانیش
كه‌ تاك و ته‌را ئـاسه‌واریان ماوه‌
دیماهیی‌ سه‌خت
سروودی به‌سه‌رچوون
موچڕكی خامۆشبوون
ترسمان
به‌دبیـنیمان
هه‌مووی ده‌بینن باڵنده‌
تیرێژی زه‌رده‌په‌ڕ
شكۆفه‌ی وه‌نه‌وشانیش ده‌بینن
به‌ دیار پیسكه‌ و كه‌لاكخۆران
كه‌ تۆزی ئاردماڵكیشمان
پێ ڕه‌وا
نابینن..

( كچانی چارۆگ ئـاڵ..
دیماهیی سه‌خت..
سروودی به‌سه‌رچوون..
پیسكه ‌و كه‌لاكخۆر..)

تریاكی له‌بیربردنه‌وه‌ی
كه‌ژاوه‌ی بێ خه‌به‌ری بووكنییان ئه‌وه‌یه‌..
ئه‌وانـه‌ن بـێوه‌پاكیزه‌ی كه‌ناران
بێـئومێد
چاویان له‌ گوڵاڵه‌كانی شه‌رم بڕیوه‌
سه‌ربرده‌یان ناگێڕدرێته‌وه‌ ..

( تریاك..
كه‌ژاوه‌ی بووكنیـیان..
بـێوه‌پاكیزه‌ی كه‌ناران..
گوڵاڵه‌ی شه‌رم..)

من چیم داوه‌
شین بۆ باڵنده‌ یاخیبووه‌كان بگێڕم
له‌ شۆسته‌ و شه‌قامان هه‌ڵبله‌رزم
گوڵی ڕاست و چه‌پم
لێ ببنه‌ پلاستیكی ژینگه‌شێوێن
دونیایان پێ ڕازاندراوه‌ته‌وه،‌
سه‌ر به‌ جه‌نگه‌ڵ
سه‌ر به‌ مه‌رگی دواخراو..
به‌ سه‌مای هه‌وادارانی جه‌نگ خه‌ولێخراو..
دوای مردن،
كام مزگه‌وت ، كیهه‌ كه‌نیسه‌
پرسه‌یان بۆ داده‌نێ؟

( هه‌ڵله‌رزین..
پلاستیكی ژینگه‌شێوێن..
سه‌مای هه‌وادارانی جه‌نگ‌..
پرسه‌..)

چیم داوه‌
له‌ مه‌وسیمی نه‌داری
له‌ هه‌ڵمی بۆگه‌نی بیره‌ نه‌وتی شێرپه‌نجه‌هێن
به‌دنیهادی تێدا
ته‌رز داوێ
ئاسمان و ئاسمان
ڕووه‌و باڵنده‌ یاخییه‌كان هه‌ڵده‌چێ ..
سه‌رده‌مێكه‌‌ شه‌خته‌به‌ند،
چیم داوه‌
له‌ هاژه‌ی تاڤگه‌
خووڕه‌ی ڕووبار
هاتووچووی ماسییان..
چیم له‌ به‌نده‌ری ئه‌ستێران داوه‌
تاریكایی،
له‌نگه‌ری لێ ده‌گرێ
شیعری ڕۆژانه‌ی
به‌ ستایلی پاشمۆدرێـنایه‌تی
لێ ده‌نووسرێن..؟

( هه‌ڵـمی بۆگه‌ن..
به‌دنیهادی..
هاتووچووی ماسییان..
به‌نده‌ری ئه‌ستێران..)

سۆز،
سۆزی گه‌ڕانه‌وه‌ی بووكنییانه‌
له‌ چریكه‌ی باڵنده‌ یاخییه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵدڕژێ
ناگاته‌ زه‌وی..
سۆزی چاوه‌ڕوانییه‌كی بێـكۆتاییه‌
بۆ زیندووڕاگرتنی جه‌سته‌ی خوولیاكانمان
بۆ هیـیچ..
سۆز،
سۆزی گریانی ژنه‌ ته‌نیاكانی
شه‌وه‌ سووتاوه‌كانه‌
په‌لكه‌گیای گردۆڵكانی
پێ
ئارام ده‌بنه‌وه‌..

( گه‌ڕانه‌وه‌ی بووكنییان..
ژنانی ته‌نیا..
شه‌وی سووتاو..
په‌لكه‌گیای گردۆڵكان..)

نابێ ئه‌مه‌‌ دوا پێكت بێ كریڤ!
تـاوپه‌ڕێــنان،
گه‌شتێك
بۆ باخچه‌ی وێرانی خه‌ونه‌كانت بكه‌
ده‌رگا له‌ (با)ی ناكاو دامه‌خه
بڵێی،
له‌سه‌رچاوه‌ی چۆلپه‌رستییه‌وه‌‌ دێ
له‌ پاشمۆدرێنه‌دا ده‌ژیێـته‌وه‌.
كه‌ هه‌واڵێك له‌ بووكنیانه‌وه‌ نه‌بێ
بووك،
له‌ كوێدا
جێی باسه‌ ئه‌زیزم..!

( باخچه‌ی وێـران..
با ی ناكاو..
چۆلپه‌رستی..
بووك..)

چریكه‌ی باڵنده‌ یاخییه‌كان
ده‌مانبه‌نه‌وه‌ ئه‌شكه‌وتان
ده‌مانبه‌نه‌وه‌ ناو
پرسیاره‌ سه‌رمۆره‌كان
زه‌ماوه‌ند
له‌ گۆڕستانان به‌رپا ده‌كه‌ن
زۆر جار،
ده‌سماڵی ده‌ستیان
له‌ كێلی قه‌بران ده‌ئاڵێ
مردووه‌ حه‌ساوه‌كان سه‌خڵه‌ت ده‌كه‌ن..

( پرسیاری سه‌رمۆر..
زه‌ماوه‌ند..
گۆڕستان..
مردووی حه‌ساوه‌..)

هه‌واڵێك له‌ بووكنییان نییه‌..
شایی به‌ بێـئاگایی و
‌ دره‌وشانه‌وه‌یه‌ك به‌رپـایه‌
تـۆز له‌ زه‌وی هه‌ڵده‌ستێنێ..
هه‌واڵێك له‌ بووكنییان نییه‌
ڕه‌نگه‌ ئه‌م كاروانه‌یش
به‌ ده‌ردی
ئه‌وانه‌‌ چووبێ
به‌خۆ و خه‌ونه‌كانییانه‌وه‌
ناوه‌ ناوه‌
(ئیـجه‌) هه‌ڵیانده‌لووشێ .

كانوونی دووه‌می 2025




گەمەیەکی گوماناوی؟.. هەژار عوسمان

من زۆر زۆر لە گەڵ ئاشتی دام، بەڵام خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی بە بێ چاودێریی لایەنێکی ڕەسمیی وەک نەتەوەیەکگرتوەکان یا ئەمریکا یا یەکێتیی ئەوروپا، ئاشتیەکی بێ مەرج و بێ بەرامبەر و بێ دەسکەوتی کۆنکرێتیی دەسبەجێ و بێ مسۆگەرکردنی گۆڕینی بنەڕەتی لە دەستوری تورکیا بە داننانی سیاسی و قانونیی فەرمی بە مافی کورد وەک گەلێکی جیا لە تورک لە تورکیا، ئاشتیەکی ئاوا زۆر زۆر جێی گومان و نیگەرانیمە و هیچ دڵم خۆش نیە پێی. بنواڕە! تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا نەک هەر یەک هەنگاوی پراکتیکیی باش و نیازپاکی بەرامبەر کوردی باکور و ڕۆژاوا و باشور نەناوە بەڵکو ڕێک بە پێچەوانەوە هێرشە دوژمنکاریە بێبەزەییەکانی لەسەر سێ پارچەی کوردستان توندتر و ملهوڕانەتر کردۆتەوە.
ئۆجەلانێکی داماو و دابڕاو لە ژیان و زەلیلی نێوان کەڵبە بێبەزەییەکانی تیمساحی دەوڵەتی تورک کەوتۆتە ناو گەمەیەکی ترسناکی موخابەراتی و سەربازی و دیبلۆماسی و دەرونیی هەزار سەرەوە، زۆر ئەستەمە ئەو و هەر کەسێکی تر لەدۆخێکی ئاوادا لەسەر کێشەی ڕەوای گەلێکی چل ملیۆنیی نکولی لێکراو بتوانێ بڕیاری ڕاست و هاوسەنگ بدات! دەبوایە ئۆجەلان هەرچی زوتربو لەم قوڕاو و پیساوەی تورکیا و دۆستەکانی خستویانەتە ناوی بە هەنگاوێکی جوامێرانە و خۆنەویستانە بهاتایەتەدەرەوە و پرۆسەکەی جێبهێڵایە بۆ حیزبەکەی و لە تۆڵەی تورکیا نەترسایە و ئەوپەڕەکەی ئەوە بو بیکوژن ئێ خۆ ژیانی ئەو هیچی لە ژیانی هەزاران گەریلای پەکەکە زیاتر نیە کە لە ژێر ئاڵا و فەرمانی ئەودا شەهیدکران و لە زیندانەکانی تورکیادا دڕندانە ئەشکەنجە دران و بە دەیان ساڵ زیندانی حوکمدران، مەخابن ئۆجەلان ئەمەی نەکرد.
سەدان کەسایەتیی کوردی ناوداری باکور و ڕۆژاوا وەکو (لەیلا زانا) و (گوڵتان کشاناک) و (عوسمان ئۆزدەمیر) و (ئەحمەد تورک) و (ئیلهام ئەحمەد) و (ساڵح موسلیح )و (مورشید خەزنەوی) و (فەرهاد ئینجەسو) و (زوبێر ئایدار) و سەرکردەکانی پەیەدە و هەسەدە و سەدان ئەندامانی کوردی ئێستا و پێشوی پەرلەمانی تورکیا و زۆری تر هێشتا پشتگیریی خۆیان لە بڕیاری کۆنگرەی ۱۲ ی پەکەکە ڕانەگەیاندوە. بەهەر حاڵ لە ڕۆژی ۱۲ ی٥ی ٢٠٢۵ وە کە پەکەکە خۆهەڵوەشاندەوە و چەکدانانی بە دنیا ڕاگەیاند واقیعێکی نوێی سەرنجڕاکێش دروستبوە و دەبێت کورد هەوڵ بدات زۆرترین سودی لێوەربگرێ.
ئێستا پێویستە دەم پارتی کە بەشێکی گرنگە لەم پرۆسەیە بە فەرمی داوای کۆنکرێتی لە ئۆردوگان بکات، بۆ پیشاندانی نیازپاکی و بۆ بەرەو پێش بردنی پرۆسەی چارەسەری دیموکراتی و ئاشتیخوازیی کێشەی کورد ، هەمو گیراوانی سیاسیی کورد لە زیندانەکان ئازادبکات و بڕیاری لێبوردنی گشتیی بێ مەرج بۆ هەمو گەریلاکانی پەکەکە دەربکات و پەرلەمان کە هەر سێ حیزبەکەی ئەم پرۆسەیە زۆرایەتیی موتڵەقیان هەیە تێیدا دەستوری تورکیا بگۆڕێ بە جۆرێک کە دان بە بونی کورد دا بنێت وەک گەلێکی جیاواز لە تورک و مافی خۆبەڕێوەبردن بۆ کورد پەسەند بکات.




گەلەری ئارام و وەرزەکانی فەلسەفە-١١- کۆرێک بۆ د. ئازاد حەمە

وانەی یانزەیەم..

١- نیچە و قوتابخانەی فرانکفۆرت

٢- نیچە و پۆستمۆدێرنە فەرەنسێکان

چوارشەمە، ١٤-مەی-٢٠٢٥
کات: ٧ی ئێوارە
شوێن: گەلەری ئارام




کەنارێ گڕ ئەگرێ.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

(١)

نمەیەکم بە
پێم ووت
چیتر بارانم ناوێ

(٢)

هاوڕێ ، لە یادتە
تۆ ئەتووت
هاژەی زستانی
غوربەت
وەک دۆزەخێ
لە کڵپەو مسی تواوە و ژەهر ، زیاتر
ڕۆح ئەسوتێنێ
لە یادتە
لە وێندەرێ
لە کوچە تەماویەکانی
لاوێتی، لە باوەشی سەرماو
ئازار و برسیتی و خەما
لە نۆشینی تریاقی عیشقی کوژەرا
بۆ تنۆکە عیشقێکی نائومێدی
ئەتواینەوە،
گەمەمان ئەهات
بە سەرماو تەزینی نیو سنەوبەرە خەواڵوەکانا
لە سرووتی قەشەنگی سەرهەڵگرتوومانا
زەردەمان ئەهات
بە پۆڕە قازو قوڵنگە تەرەو کێویانەی
لە ئێوارە ئاڵونیانەی
سەر کەناری گڕا
بەسەرمانا تێئەپەڕا

(٣)

دەشێ، مردبێتم
بۆیە گوێم
لە زەنگی
هاتنی
گالیسسکەکانی
غوربەتی جوانی غەمگینیتە

(٤)

لە دوای وەرینی
پەنجە پەمەیی و پرتەقاڵیی
دارچنارە بیرچوەکانی
دارستانی پایزەی ڕوخسارت
تۆ بڵێی لەم دوورستانە
خواوەند شتێ بکا؟!..یان!..مانەوە
باشترە لەم ئەفسوونی کەناری گریاناویە
ئای!چەند جوانیەکی بەئازارە
کە دەزانم
گەر نەشیەیتەوە
کەشتی ئەرخەوانی کازیوەیەک
ڕۆحی پڕ ئەشکەنجە
بۆ پشت کێوەکانی
هەڵاتنی خۆری
نیگای چاوت ئەبا

(٥)

چونکە ئەتوانم
بە زمانی باران بدوێم
جارێکی تر عیشق ناکەم
چونکە عاشق بوون
مەست بوونمە
بە هاژەی مۆری پایزێکی
جەستە خەڵتان بە خوێنی دووری
بوونمە بە تۆفان
بە بروسکە ی
تیژ، وەک شمشێری دەستی ئافات
جارێکی تر وونبونمە
بەو دەرچە کریستاڵیە فرمیسکاویانەی
سپیدەیەک
لە بەڵاو سەرهەڵگرتن و فەوتان




گۆڤاری نما ژمارە ٥٩

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٥٩ی گۆڤاری نما کلیکی ئێرەبکەن..




مووچە لە هەواڵەکاندا!.. عوسمان حاجی مارف

تا ئەو کاتەی پرسی موچە لە ناو هەواڵی میدیاکاندا بێت، مانای وایە کێشەی موچە چارەسەر نەبووە!

بارگرانیەکی قورس و ناچاریەکی سەخت و دیاردەیەکی شەرماوەرە، کە مامۆستایان و فەرمانبەران و هەر کارمەندێکی حکومی، دوای دەوام بەهۆی دواکەوتن یان نەدانی موچە، لە هەوڵی کارێکی تردا بن بۆ دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی خێزانەکەیان، چونکە ناتوانن پشت بە مووچەکانیان ببەستن، لەبەرئەوەی لە وادەیەکی دیاریکراودا مووچە نادرێت، هەندێکجاریش زیاتر لە ٧٠ ڕۆژ دوادەکەوێت، یان مانگێکیان دەفەوتێ، ئیتر چۆن دەتوانرێت بەبێ ئاسایشی دارایی ژیان بەسەر ببرێت؟
سەرەڕای چەندینجار بایکۆت و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و مانگرتن کە لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە ڕێکخرابوو، بەڵام ئەم قەیرانی کێشەی موچەیە تائێستا بەشێوەیەکی ڕیشەیی لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە چارەسەر نەکراوە، هیچ کەسێک دڵنیانیە لەوەی کەی کۆتایی ئەم کێشەیە دێت!.
هەرچەندە لەلایەک کێشەی موچەی هەرێمی کوردستانی عێراق هەر لەسەرەتای باڵادەستی بارزانی و تاڵەبانیەوە و لەسەرەتای نەوەدەکانەوە زۆر نەرێنی و نامرۆڤانە مامەڵەی کراوەو کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی داناوە، لەلایەکی ترەوە هەردوو بارزانی و تاڵەبانی بە غەرقبوونیان لەنێو گەندەڵی و داگیرکردن و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کوردستان، زۆر نابەرپرسانە و بێباکانە و زۆر بێبایەخ مامەڵەی موچەی تەواوی کارمەندانیان کردوە.
لەلایەکی ترەوە ڕەگ و ڕیشەی قەیرانی موچە لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، کە ناکۆکی نێوان بەغدا و هەولێر لە سەر نەوت و داهاتی گومرکی ناوچە سنوریەکان و بەڕێوەبردنی بودجە پەرەی سەند. ململانێکان زیاتر ئاڵۆزتر بوون بەهۆی کاردانەوەکانی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت، کە بووە هۆی ڕاگرتنی تەرخانکردنی دارایی بۆ حکومەتی هەرێم، تا ئێستاش ململانێ و کێشەیەکی نەوەستاوی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقە، بەگوێرەی هاوسەنگی هێزیان مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن، نەك پێداویستیەکانی ژیانی هاوڵاتیان.
ئاواتی شێخ جەناب، لە ٣ ی شوباتی ئەمساڵدا ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی گەیشتونەتە چارەسەر بۆ پرسی موچەی ساڵی ٢٠٢٥ بۆ فەرمانبەرانی هەرێم، بەجیا لەوەی کە تائێستا کێشەکانیان لە هەموو مانگێکدا سەرهەڵئەداتەوە، هیچ مانگیك دڵنیایی نیە کەی موچە دابەشدەکرێت و نەچۆتە ناو پرۆسەی جێگیر بونەوە، کارمەندان دەبێت لە رێگەی هەواڵەکانەوە بۆ هەرمانگێک ببیستن موچەکانیان کەی و چۆن ساغ دەبێتەوە، لەلایەکی ترەوە باسکردن لەسەر ئەوەی “گەیشتونەتە چارەسەری پرسی موچەی ساڵی ٢٠٢٥” واتە دەبێت لە ٢٠٢٦دا دوبارە تاوتوێی بکەنەوە، واتە ئەم پرسە دەردێکی شێرپەنجەییە و چارەسەری درێژخایانە و نەزانراوە کەی بەلایەکدا دەکەوێت.
بەگشتی فەرمانبەران وەک ئەزمونێکی سی ساڵەیان بەرامبەر دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی و چۆنیەتی پێکهاتەی حکومەتی هەرێم و پەیوەندیان بە حکومەتی عێراقەوە، دڵنیان لەوەی ئەم ڕێکەوتنەش لەسەر موچەی ئەمساڵ هاوشێوەی ڕێکەوتنەکانی تر دەبێت، کە لەنێوان هەردوولا ئەنجامدراون و لەئەنجامدا چارەسەری کۆتاییان لێنەکەوتۆتەوە، تا گەرەنتی پێدانی موچە ئاسایی بکات.
بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەران بۆ سیستەمی پارەدانی ڕاستەوخۆ تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و هەواڵێکێش لەسەر جێبەجێکردنی نیە، بەهۆی گەندەڵی و نەبونی شەفافیەت لەناو ئیدارەی هەرێم و ئیدارەی حکومەتی عێراق و کێشەکانی نێوان بارزانی و تاڵەبانیدا، تائێستا پارەدانی راستەوخۆ و “بانکی هەژماری من” لە ململانێ و سەوداو مامەڵەدایە.
ئەوەی بەرچاوە داتا فەرمیەکان بەدەگمەن دەگۆڕدرێن بۆ چارەسەری کۆتایی تا متمانە بدات لەوەی موچە بە دڵنیایی لە کاتێکی دیاریکراوی مانگانە دەگاتە دەست فەرمانبەرانی کەرتی حکومی. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، کارمەندان، بەتایبەتی لە کەرتی پەروەردەدا، هەمیشە لە ئامادەباشی و خۆ ریکخستندان، هەر کات پێویست کات شێوازی جۆراوجۆر لە نارەزایەتی پیادە دەکەن.
ئومێد خۆشناو بەجیا لەوەی تەنها حکومەتی ناوەندی بەرپرسیار دەکات دەربارەی پرسی موچە، لەلایەکی ترەوە حکومەتی هەرێم بە بێتاوان وەسف دەکات لە دواکەوتنی دابینکردنی بودجەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. ناوبراو لەکاتی نارەزایەتی و مانگرتنەکانی مامۆستایاندا ئەوەشی بە ڕۆژنامەنوسان ڕاگەیاند: “کەس داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانی لە هەولێر نەکردووە، پرسی خۆپیشاندان و گردبونەوە و دەربڕینی ڕەتکردنەوەی پرسێکی دیاریکراو پێویستی بە ڕێکاری دروست هەیە، ئێمەش بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ بابەتێکی لەو جۆرەدا دەکەین ئەگەر هەر کەسێک داوا بکات”. بەلام ئومێد خۆشناو بێوێژدانانە ئەوە فەرامۆش دەکات کە بۆخۆیان تائێستا بە کام یاسا لە ماوەی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتداریاندا مامەڵەیان لەگەڵ موچە و گوزەرانی هاوڵاتیاندا کردووە.!؟ یان موچە و گوزەرانی خەڵکیان کردوە بە ئامرازی ململانێکانیان، لە هەمانکاتدا بێشەرمانە موچەی چەندین مانگیان خواردوە.
لە بەرامبەر ئەو شەرمەزاریەی کە ڕوبەڕوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆتەوە و بێتوانایی خۆیان نیشان ئەدەن لە چارەسەرکردنی قەیرانی بەردەوامی موچە، بافل و قوباد تاڵەبانی، بەسەردانیان بۆ لای مانگرتوەکان، هەوڵیاندا توڕەیی خۆپیشاندەران هەڵبمژن و بەلارێدا بیانبەن، ئەوەی شایانی باسە مانگرتوەکان تەواو شەرمەزاریان کردن، لە هەمانکاتدا مانگرتوەکان نارازیەتیەکەیان گواستەوە بۆ رێگرتن لەو تەنکەرە نەوتانەی سەرچاوەیەکی داهاتی ماڵی تاڵەبانیە، تاڵەبانی بیئەوەی هیچ ئومێدێک دەربارەی جێگیربونی موچە بخاتەروو، بە‌هێزی میلیشیای تایبەت بە خۆیان سەرکوتی نارەزایەتیەکانی کرد، پرسی موچەش لە شوێنی خۆیدا بە نارۆشنی ماوە.
هاوڵاتیان بەردەوام لە مەراقی گوێبیستی ئەوەن بزانن هەواڵەکان چۆن باسی موچە دەکات و کەی موچە دەگات و کەی دابەش دەگرێت، ئەوەی جێگای باس و سەرنجە لە هیچ شوێنێکی دنیادا باسی موچە لە هەواڵەکاندا نیەو موچەکان لە کاتێکی دیاریکراودا دەگاتە دەستی فەرمانبەران، کە بەشێوەیەکی گشتی لە زۆربەی وڵاتەکاندا بەشێوەی تەکنیکی پێشکەوتوانە کاری لەسەر دەکرێت. ئەوەی شایانی باسە ئەو داهاتە بێشومارەی لە بازرگانی و قاچاخچێتی و تاڵانی سەروەت و سامانی کوردستان دەچێتە گەنجینەی ماڵی بارزانی و تاڵەبانیەوە، دەتوانێ موچەی فەرمانبەران و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابین بکات، بەڵام هەرگیز کاری واناکەن.
تا موچەی فەرمانبەرانی کوردستان پرسێک بێت هەواڵەکانی پێ برازێنرێتەوە، واتە پرسێکە بێچارەسەر ماوەتەوە و بێچارەسەر دەمێنێەوە.
بەجیا لەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق تائێستا کێشەکانیان یەکلایینەبۆتەوە، ئاشکرایە کە لەسایەی دەسەڵاتی هیزی میلیشایی ئیسلامی و نەتەوەپەرستی و بنەماڵە و حکومەتی بەشبەشێنە و تەوافوقیدا هەرگیز یەکلایینابێتەوە، خەڵکی کوردستان و عێراق لەسایەی ئەم دەسەڵاتە میلیشیا بنەماڵەییە و تائیفیەدا پێویستیان بە شۆرشێکە، بۆئەوەی کۆتایی بەم جۆرە دەسەڵاتە بهێنن. حکومەتێکی بێباک و مشەخۆری بنەماڵەیی و تائیفی، نەیەوێت گوێ بەداواکاری هاولاتیانی بگرێت و وەڵامی کێشەکانیان نەداتەوە، نەک شایەنی دەسەڵاتداریەتی نیە، پێویستە ریسواو دادگایی بکرێن.




دیموکراسی عەشایەریی.. نەوزاد بەندی

لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا دیاردەی سەیر و سەمەرە ئەبینی، دیاردەی دژ بە یەک پێکەوە گرێدراون و بوون بە هاوکار و هاوبیر و هاوڕێ و تەواوکەری یەکتری. وەک بڵێی ئاگر و بەنزین پێکەوە ڕێک بکەون و ئیش و کار و پلە و پۆستەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن.
سپۆنسەری ئەم دۆخە بریتییە لە بەرژەوەندییەک کە هەردوو لای پێکەوە بەستۆتەوە، واتا بەرژەوەندیی ئەچێتە سەروو لۆژیک و پڕنسیپەکانەوە، وەک چۆن بکوژی کەسێک، کچێک لە کەس و کاری کوژراوەکە مارە ئەکات، ئیتر گرنگ نییە کوژراو و بکوژ هاوسەرگیریی بکەن، گرنگ نییە خاڵوانی مناڵ و نەوەکان پیاوکوژ بن و مامەکانیان کوژراو.
پێکەوە ژیانی دوژمنەکان، ئەگەر لەسەر بنچینەی وازهێنان بێ لە دوژمنایەتیی، گۆڕانکاریی بێ لە کەسایەتیی و تێڕوانین و هەڵوێستەکاندا، شتێکی باشە، بەڵام مانەوەیان لەسەر هەمان ڕیتم و پێکەوەژیانیان لە پێناوی بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا، کێشەیەکی گەورەیە.
هەبوونی دوو شوفێری دژ بە یەک لە هەمان ئوتومبیلدا و لەسەر هەمان کورسی شۆفێریی، چی لێ چاوەڕوان دەکرێت بێجگە لە کارەسات و ڕووداوی جەرگبڕ؟
بە داخەوە، لە کۆمەڵگای خۆماندا هەرچی دیاردەی دژ بە یەکە لەگەڵ یەکتریدا کۆکراونەتەوە یان بە خواستی خۆیان کۆبوونەتەوە، ئەوەیش وایکردووە هاوسەنگیی و تەبایی و یەکڕیزیی لە هیچ کایەیەکی کۆمەڵگادا ڕەچاو نەکرێ. یەکێک لە دەرهاویشتەکانی کوکردنەوە و پێکەوە گرێدانی دژەکان، پشێویی و شەڕەجنێوە، ئەبینین ڕۆژانە دیاردەی جنێودان لە کومەڵگادا ڕوو لە بەرزییه و وایلێهاتووە جنێو بۆ هەموو کەس و بەرهەم و شتێک بەکارئەهێنرێت و هیچ کەسێک ناتوانێ خۆی لە شاڵاوی جنێو ڕزگار بکات، تەنانەت مامۆستا و فریادڕەسان کاتێ ڕێگاچارەی کۆمەڵگا دیاری دەکەن و سنگی خۆیان ئەکەن بە قەڵغان، سەدان جنێو و قسەی زبریان دوا دەخرێت. وایلێهاتووە جنێو بووە بە کەرەستەیەکی ڕاگەیاندنی زۆر گرنگ، دەزگا و میدیا و پێگە و کارمەند و پارەیەکی زەبەلاحی بۆ تەرخانکراوە، خەڵکێکی زۆر لە بەروبومی جنێو ئەخۆن و قەڵاچۆکردنی دەزگاکانی جنێو، ئەبێتە هۆی بێ ئیش بوونی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان و سەرهەڵدانی نائارامیی لە کۆمەڵگادا، ئەم جنێوفرۆشانە کە لە سێبەردا جنێو دەدەن، لە ڕوناکیدا خەڵکێکی زۆر بەڕێزن و بە قوربان و بەساقەی یەکتریی ئەبن، لەوێدا ئیتر تێناگەیت کە کێ جنێوفرۆشە و کێ بەڕێز و به ئەتەگێتە، واتا جنێوفرۆشی بەڕێز یەکێکە لەو سکێچە سەیر و سەمەرەیەی کە ڕۆژانە هەستی پێدەکەین، ڕێک وەک تاڵانکردنی نیشتمان لە تاریکیدا لە ساتەوەختی ڕوخانی ڕژێمی سەدامدا لەلایەن کۆمەڵگایەکەوە کە له ڕوناکیدا هەموویان ڕەخنە لە دز و تاڵانچێکان ئەگرن، لێرەدا ئیتر نازانرێ کێ تاڵانێکەی کردووە؟ جنۆکە یان پیاوانی بۆشایی ئاسمان کە پێیان ئەووتری ستارتریک؟ لە ڕاستیدا لەبەردەم کومەڵگایەکداین لە تاریکیدا کائینێکی بەربەرییە و لە ڕوناکیدا بوونەوەرێکی پڕ لە ڕەوشت و ئەتەکیەتە.

پێکەوە گرێدانی دوژمنەکان و پێکەوە ژیانیان، دۆخێکە جێگای پێکەنینە، هەتا ئەو پێکەوە ژیانەیش بەردەوام بێ، پێکەنینەکە درێژتر ئەبێتەوە، چونکە دیاردەی سەیری وایلێدێتە بەرهەم، وەک دەڵێن سەر بە قوڕ دێنێتە پێکەنین. بۆ نمونە دیموکراسییەکی ئاغا، یان عەشایەرێکی دیموکراسیخواز، لە کاتێکدا دیموکراسی لە دژی تاکڕەنگیی و ئاغایەتیی و عەشایەریی دروست بوو، بەڵام بارودۆخەکە وا ئەخوازێ یاخود بازرگانییەکە وای پێویستە ئاغا بیت و بانگەشەی دیموکراسیش بکەیت یان ڕاستتر دیموکراسی وەک یەکێک لە حیمایە و پاڵە و نانخۆرەکانت ڕابگریت بۆ ئەوەی دڵی هەموو لایەکی پێ ڕازی بکەیت، لێرەدا دیموکراسی ئەبێتە پاساوێک یان ڕوکەشێک بۆ بەردەوامبوونی ئاغا یان پاشا،وەک پۆشاکێک وایە بۆ داپۆشینی عەیب و عارەکانی ئاغا و پاشاکن، چەند ساڵ جارێک پڕۆسەی ڕاپرسیی و دەنگدان دەکرێت، پارەیەکی زۆر لەو پڕۆسانەدا بەهەدەر دەدرێت، نەک لەبەر پڕۆسەکە خۆی، تەنها بۆ بیانووبڕکردنی ئەوانەی کە دەڵێن سیستمەکە ئاغایەتیی یان پاشایەتییە. ووڵات هەیە چل ساڵ و زیاتر کابرایەک ئاغا و پاشا و هەموو شتێکی بووە لەگەڵ ئەوەیشدا لەو چل ساڵەدا، بەردەوام پڕۆسەی دەنگدان و ڕاپرسیی بەڕێوە چووە، نوێنەری ووڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون، کۆمسیۆنی باڵای بۆ دروستکراوە، لێرەدا ئیتر حاڵەتی شۆک و پێکەنینە هیستیرییەکە دەست پێدەکات، ووڵاتەکەدا لە لوتکەی دیموکراسیدایە و هەزاران حیزب و قەواره لەو پڕۆسەیەدا بەشدارن، بە ملیۆنەها دۆلار لەو ڤیستڤاڵە دیموکراسییە جەماوەرییەدا خەرج کراوە، کەچی تەنها و تەنها ئاغا و پاشای ساڵەهای ساڵ لە لوتکەی هەرەمەکەدایە، ئەمە نزیکەی وەک ئەوە وایە کە بازاڕ سەدان بڕاندی مۆبایلی تێدایە، کەچی تەنها ئایفۆن و گالاکسی لە لوتکەدان.
ئیتر ئەم دۆخە وەک شیزۆفرینیایەکی درم بە کۆمەڵگادا تەشەنە ئەکات، دۆخی ئاوێتە بوونی دیاردە دژ بە یەکەکان، وەکو پڕۆفیسۆری هیچ نەزان، نەخوێندەواری زانا، مامۆستای جنێوفرۆش، ئایینداری ترسناک، بێدینی دەستپاک، شۆڕشگێڕی ترسنۆک، دادوەری گەندەڵ، کۆمۆنیستی سەرمایەدار پەرلەمانتاری لاڵ و بێدەنگ ڕاگەیاندنی سەربەخۆی حیزبیی، هەژاری لوتبەرز، دەوڵەمەندی لە برسا مردوو، یەکێتی پارچە پارچە، دوژمنی دۆست،ڕاستگۆی درۆزن، بەڕێزی قۆڵبڕ، نوسەری بازرگان، داهێنەری دز، براوەی خەڵاتی گەمژە، داوێنپاکی داوێنتەڕ، …
ئەمانە ئەو حاڵەتانەن کە دەرەنجامی حوکمڕانی دیموکراسیی عەشایەرن، واتا کۆکردنەوەی دژەکان ئەبێ بە مۆدێل، ئەبێ بە لۆژیک، واتا بۆ نمونە زۆر ئاساییە وەزیر بیت و هیچیش نەزانیت، یان پەرلەمانتار بیت و لە ماوەی هەشت ساڵدا دێڕێک قسەت لە هۆڵی پەرلەماندا نەکردبێت..پڕۆفیسۆر بیت و نەتوانیت کتێبێک چاپ بکەیت.
ئیدی دیموکراسی وەک کلێنکسێک وایە بەردەوام ناشیرینییەکانی پێ ئەسڕنەوە، دیبییە هەموو پیساییەکانی پێ ئەشارنەوە یان ئەیکەن بە بەندبێژێک، ئەوەی زات بکا بڵێ ئەم ئاغایەتییە هەتا کەی؟ یەکسەر دیموکراسییە پەڕۆینەکە دەست ئەکا بە بەیت و بالۆرە و گۆرانیی و تەنانەت سەمایش، هەتا لە پرسیارکردن کۆڵت پێ ئەدات
لە ڕاستیدا ئەم دۆخە دژبەیەکە کۆکراوانە لە یاساکانی فیزیادا، سفرکردنەوەی پێ دەووترێت، واتا دوو هێزی یەکسان ئەگەر دژی یەک بن، ئەنجامەکەیان سفر ئەبێ.
هەر بۆیە کۆمەڵگا دواکەوتووەکان هەمیشە سفرن، تەماشا دەکەیت سامانێکی نیشتمانیی و داهات و جەماوەرێکی زۆر و بڕوانامەیەکی زۆریان هەیە، کەچی سفرن.. سفر.




یـۆیـۆن لە دوو ساڵـییەوە کەمـانچە دەژەنێـت.. رەزا شـوان

(یـۆیـۆن سـیـۆل) کچـۆڵـەیەکی پەرجـووی “مـوعجـیزە”ی کـۆرییە. کەمـانچـەژەنێکی بەناوبانگی جیهـانییە. لە تەمەنی دوو ساڵـییەوە دەستی بە ژەنـینی کەمـانچە کردووە، دایکی کـلیپە ڤیدیـۆییەکانی لە یـوتیوبـدا بڵاوکـردوونەتەوە. بە ملیۆنان بینەریان هەیە.
یـۆیـۆن سیۆل، لە مـێژووی (٢٨/ شوبات/٢٠١٢) لەشاری سوون لە کۆریای باشوور لەدایک بووە. ئێستادا تەمەنی (١٣) ساڵە. خوێندکارە لە پەیمانگای موزیک لە کۆریا.
کۆماری کۆریای باشوور، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی کـێشوەری ئاسیا. دەوڵەتێکی بچووکە، رووبـەرەکەی زیـاتـر لە (١٠٠) هـەزار کـیلـۆمـەتـری دووجـایە، سێ لەسـەر چـواری رووی زەویـیەکەی شاخـاوییە، ژمـارەی دانـیشـتوانی زیـاتـر لە (٥٢) ملـیـۆنە کەسـە. پایتەخـتەکەی شاری (سـیـۆل) ە، کە گەورەتـرین شارێـتی. ژمارە دانیشتوانی نـزیکەی (١٥) ملـیۆن کەسە. کۆریای باشوور پـڕە لە بەهـرە و ئیرادە. چەندین منداڵ و لاوانی موزیکـژەنی بـلـیمەتیان، لە پێشبڕکێیە نیـۆدەوڵەتییەکان لە جیهـانـدا، مـلملانێ دەکەن، بـۆ دەستهـێنانی پـێگەیەکی بـاڵا و شایستە و بۆ شانـازی و شکـۆداری بۆ وڵاتەکەیان.
لە کۆریای باشووردا، یـۆیـۆن سیۆن تاکە کەس نییە، کە بە دوای خەون و ناوبـانگی مـوزیکـیدا دەگەڕێـت. زیـاتر لە (٥٠) هـەزار هـاوڵاتی کۆریای باشوور، کە تەمەنیان
لە خـوار تەمـەنی (١٨) ساڵـەوەیە، لەسـەر ئاستی پـیـشەیی مـوزیـک دەخـوێـنـن.
یۆیۆن سیۆن، لە تەمەنی (٢٣) مانگیدا، چووە خولێکی کەمانچەژەنین. لە قوتابخانەی موزیکی ناوچەکەیان، بە پـراکتیکی دەستی بە وانەکانی کەمانچەژەنین کردووە. لەگەڵ پرۆفیسۆر جۆن نامسۆک و پرۆفـیسۆر سۆیـۆن لە ئەکادیمـیای مـوزیکی (لـیتـل ستار: ئەستێرەی بچکۆلە) بەردەوام بووە. لە تەمەنی (٢) ساڵیشدا، لەژێر دەستی پرۆفیسۆر (لی سانی) خوێندوویەتی. لە ئێستادا خوێندکارە لەلای پرۆفیسۆر (یۆن، دونگ هوان).
یـۆیـۆن لە تەمەنی (٢) ساڵـییەوە، لە ساڵی (٢٠١٤) دا، دایکی ئەکاونتی یوتیوبەکەی بـۆ دروستکـرد. هـەر دایکی ڤـیدیـۆکانی کەمانچـەژەنینەکانی لە ئەکـاونتەکەی یـۆیـۆن بـڵاوکـردەوە. کە بە تەنیا کەمـانچـە دەژەنێـت. ئـەو کـلـیـپانەی ئـەوە نیـشان دەدەن کە چـۆن یـۆیـۆن گەشـە دەکـات و دەبێتە شـارەزای کەمـانچـەکـەی.
دایکە میهـرەبـانەکەی، گەورەتـرین پاڵـپشت و هـانـدەرێتی، لە هەمـوو راهـێـنانەکان و لە کـۆنسـێرت و فـێستـیڤـاڵە مـوزیکـییەکانیـدا، وەک دایک و هـاوڕێیەکی لەگەڵی دایە.
لە تەمەنی (٣) ساڵییەوە، یـۆیـۆن خۆی ئەکاونتەکەی بەڕێـوە دەبات و ڤـیدیۆ نـمایشە مـوزیکـییەکـانی لـە یـوتیـوب دادەگـرێت و بـڵاویـان دەکـاتەوە. لـەم تەمـەنـەدا بـوو بە ئەستێرەیەکی کەمانچەژەنی سۆشیال میـدیا. زیاتر لە (١٥) ملـیۆن بینەری ڤـیدیـۆکانی لـە یـوتیـوبـدا، لە جیهـانـدا هـەیـە.
یـۆیـۆن لە تەمەنی (٤) ساڵیدا، لە ساڵی (٢٠١٦) دا، کـۆنسیرتـۆی کەمانچەی ڤـیڤاڵـدی لە مەقـامی سۆلی بچـووک، بە شێوەی (جووڵەی سێیەم) لە فـێستیـڤـاڵی لاوان لە شاری گوانگـمیونگ لە کـۆریای باشوور پێشکەش کرد. سەرسوڕمـانی بینەرانی بەدەستهـێنا.
یـۆیـۆن لە تەمەنی (٥) ساڵیدا، لە ساڵی (٢٠١٧) دا، کۆنسێرتـۆی هـاوینەی کەمانچەی ڤـیڤـاڵـدی (جووڵەی یەکەم) لە (سیـۆل) ی پایتەخـتی کـۆریای باشوور، پێـشکەش کـرد.
یـۆیـۆن. لە هەمان ساڵـدا، لە بەرنامەی تەلەفـزیـۆنی (ئـێس بی ئـێس) دەرکەوت. ئـەم بەرنـامە تەلەفـزیـۆنـییە، تـیـشک دەخـاتە سـەر منـداڵانی بەهـرەمـەنـد و نـاوازە.
یـۆیـۆن لە تەمەنی (٦) ساڵیدا، لە (٢٠١٨) دا، لەگەڵ (ئۆرکێسترای سیئۆل پـۆپس)دا بـۆ چەنـد گۆرانـییەکی بەنـاوبـانگ و کـۆنسێرتـۆیـەک کەمـانچـەی ژەنـیوە.
یۆیۆنی کەمانچەژەنی پەرجوو لە تەمەنی (٧) ساڵیدا، لە ساڵی (٢٠١٩) دا سەرکردەی تەواوی ئـۆرکـێسترایەکی پـیشەیی کـرد. ئەم نمایـشە ناوبانگـێکی زیاتـری بە بەخـشی.
یـۆیـۆن سیون، لە تەمەنی (١٠) ساڵیـدا، لە (٢٠٢٢) بانـگهـێشتکـرا بـۆ نمایشکـردن لە (١٨) مـین فـێستـیڤـاڵی نیـۆدەوڵـەتی مـوزیکی ئاشـتی لە ئیـمـارات. کـۆنسیـرتـۆی ژمـارە (٣) ی مـۆزارتی پـێـشکەش کـرد. بـە کەمـانـچـەژەنیـش لەگـەڵ ئـۆرکـێسـترای سەمـفـۆنی لاوانی ئـیـمارات بەشـداری کرد. ئـۆرکـێسترای سەمـفـۆنی لاوانی ئـیمارات لە منـداڵان و لاوانی تەمـەن ( ٥ بـۆ ٢٠) ساڵە، لە نەتـەوە جیـاوازەکان پـێکهـاتـووە. ساڵانە فـێستـیڤـاڵـێکی مـوزیکی سازدەکەن. دەرفەتێک بۆ منداڵان و لاوانی بە توانای مـوزیکـژەنی کـلاسیکی دەڕەخـسێـنن، بـۆ نمایـشکـردنی بەهـرە و لـێهـاتـوویەکـانیان.
یـۆیـۆن لە تەمەنی (١١) ساڵـیدا، لە (٢٠٢٣) دا، یەکـەم جـووڵـەی کـۆنسـیرتـۆی بە زمانی ئی مینۆر لە هـۆڵی کۆنسێرتەکانی سەنـتەری هـونەری لە شاری سیۆل، چوار وەرزی بەهـاری ڤـیـڤـاڵـدی، لەگـەڵ ئـۆرکـێـسترای سـەمـفـۆنی رۆژی نـوێی سـیـۆل، لەسەر شانـۆی ئاسمانی نیـشـتـمانی کـۆریـای باشـوور ژەنی. لە هـەمـان ساڵـدا، لە کـتـێـبخانـەیەکی گـشتیـدا، ئاهـەنگـێکی کەمانچـەژەنیی تاکـەکەسی پـێـشکەش کـرد.
یـۆیـۆن لەلایەن ئەکادیـمیای هـاوینەی نێودەوڵەتی مـۆزارتیوم، لە شاری (سالـزبۆرگ) لـە نەمـسا، بـۆ پـێـشکەشکـردنی ئـاهـەنـگـێکی کـەمـاچـەژەنـین بـانـگهـێـشـت کـرا. خەڵاتێکـێکی نایابیـان پـێـشکەش کـرد.
یۆیۆن بە شانازی دەزانێت، کە لە چەنـدین یادی نیشتمانیدا، لەلایەن حکومەتی کۆریای باشوورەوە بانگهـێشت کـرا بۆ موزیکـژەنین و گۆرانی وتن. وەک: یادی بیست ساڵەی دانووسانەکانی نێوان کۆریای باشوور و کۆریای باکـوور و جـاڕنامەیەکی هـاوبەشیان.
یـۆیـۆن، وەک کـارێکی خـێرخـوازی و مـرۆڤـایەتی و دڵخـۆشکـردن و هـیوابەخـشـین،
تا ئێستا لە چەنـد نەخـۆشخـانەیەکی تووشـبووانی شـێرپەنچـە، بۆ منـداڵان کەمـانچەی ژەنیـوە و گـۆرانی خـۆشی بـۆ وتـوون و هـیوای چـاکـبوونەوەی بـۆیـان خواسـتوون.
بێجگە لەو نمایشانە، یۆیۆن چەندین چالاکی تری ئەنجامـداوە، لە چەنـد بەرنامەیەکی تەلەفـزیـۆنیـدا، لە کـۆریا و لە دەرەوەدا، دیـمانەیـان لەگـەڵـدا کـردوون.
یۆیۆن، لە زۆربەی وڵاتانی جیهـاندا، چاوی کەوتووە بە کەمانچەژەنە بەناوبانگەکان. لەگەڵیاندا کەمانچەی ژەنـدوور. زیـاتر سەرسامی موزیکـژەنی کـۆچکردوو مـۆزارتە.
یـۆیـۆن دەڵێت:”تەنها دەمەوێت ببم کەمانچەژەنێک، کە بتوانـم خۆشی و ئاسوودەیی بخەمـە دڵی خەڵکـییەوە”.
یۆیۆن تا ئێستا لە کۆریای باشوور و لە وڵاتانی تردا، چەندین خەڵاتی بەدەستهـێناوە.
بێجگە لە کەمانچەژەنین، یۆیۆن ئارەزوویەکی زۆری خوێنـدنەوەی هەیە، هەروەها پیـانـۆش دەژەنێـت و تەپـڵـیـش لـێـدەدات. حەزیـشی لـە خـلـیسکـانی سـەر شەقـامە.
داهاتی یـۆیـۆن لە کۆنسێرت و ئاهەنگەکانی، تا ساڵی (٢٠٢٤) یەک ملیـۆن دولارە.
یـۆیـۆن، سەلـمانـدی کە تەمەن رێگـر نییە، بۆ بەدەستهـێـنانی ناوبـانگ. لە سایەی ویـست و ئیرادە و مـتمانە بەخۆبـووندا، هەموو خەون و هـیوایەکی مرۆڤ دێنەدی.

(*) بـۆ ئـەم نـووسینەم، سـوودم لە چەنـد سایـتێکی ئینگـلیزی وەرگـرتـووە.
دوبـەی: ٢٠٢٥




شیعر و زانست.. به‌ختیار محه‌مه‌د

كه‌ لۆژیكی بیركردنه‌وه‌ی زانستت خسته‌ ناو شیعر (ئه‌ده‌ب)، ئه‌وا شیعر له‌ شیعربوون ده‌كه‌وێ؛ هه‌ر بۆیه‌شه‌ شیعر وه‌ك ئه‌فسانه‌ و ئایین خاوه‌نی زمانێكی میتافیزیكییه‌. تۆ سه‌یركه‌، به‌لاغه‌تی زمانی قورئان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر شیعرییه‌. مه‌زمووره‌كانی ته‌وراتیش هه‌مان شتن. لێره‌وه‌ بونیادی شیعر نزیكه‌ له‌ بونیادی ئه‌فسانه‌ و ئایین.(1)
تۆ ده‌توانی زانست بشعرێنی، به‌ڵام ناتوانی شیعر بزانستێنی. به‌نموونه‌: ده‌توانی بڵێی به‌ په‌یژه‌ی په‌لكه‌زێڕینه‌ی وشه‌ ده‌چمه‌ سه‌ر مانگ، به‌ڵام له‌ زانستدا ئه‌مه‌ قسه‌ی قۆڕه‌ (به‌ڵكو له‌ زانستدا، به‌ ته‌كنۆلۆژیا، حه‌قیقه‌تی چوونه‌ سه‌ر مانگ هه‌یه‌). له‌ خه‌یاڵی دینییدا، چوونی محه‌مه‌د بۆ ئاسمان و هه‌ڵكشانی مه‌سیح بۆ ئاسمان، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌ خه‌یاڵه‌ شیعرییه‌دان؛ بۆیه‌ ئه‌مانه‌ لۆژیكی ئه‌فسانه‌ و شیعرن، نه‌ك لۆژیكی بیركردنه‌وه‌ی زانستانه‌.
ئێمه‌ له‌ شیعردا (‌ئه‌ده‌ب و ئاییندا) ده‌توانین نه‌مر بین، به‌ڵام له‌ زانستدا ناتوانین. زانست مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕاستییه‌‌ ماددییه‌كان ده‌كا، به‌ڵام شیعر (ئه‌فسانه‌ و ئایین)، له‌پاڵ ئه‌زموونی ماددیی ژیان، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ و وه‌هم و فانتازیا و ڕاستییه‌ ڕۆحییه‌كان ده‌كا؛ له‌م ڕێگایه‌شه‌‌وه‌ ته‌فسیری واقیعی ژیان و وێنای دیارده‌كانی سروشت ده‌كا.
شیعر، ئه‌گه‌ر فانتازیای ناماقووڵی تێدا نه‌بوو، نابێته‌ شیعر. ده‌شێ بڵێین: نهێنی نه‌مریی داستانه‌ مه‌زنه‌كانی وه‌ك ئه‌لیاده‌ و ئۆدیسه‌ له‌م فانتازیا ناماقووڵه‌دایه‌، كاتێك خواوه‌ند و پاڵه‌وانه‌كان كاری سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ ده‌كه‌ن. هه‌رچی ئه‌ده‌بی خه‌یاڵی زانستییه‌، پێشبینیی داهێنانی زانستیی ده‌كا، جودایه‌ له‌و فانتازیا سوریالیی و ناماقووڵه‌ی،‌ كه‌ له‌ زمانی گوتاری شیعردا هه‌یه‌. ئه‌و پێمان ده‌ڵێ، كه‌ له‌ داهاتوودا ده‌شێ ئه‌و دروستكراوه‌ ته‌كنۆلۆژییه دیاریكراوه‌‌ بێته‌ دی. واته‌ خه‌یاڵی زانستیی ده‌شێ ببێته‌ واقیعی زانستیی؛ لێ له‌ خه‌یاڵی شیعرییدا مانگ ده‌بێته‌ هاوڕێ و هاوده‌می مرۆڤ، وه‌ك كه‌ (بێكه‌س) ده‌ڵێ:
((ئه‌ی مانگ من و تۆ هه‌ردوو هاوده‌ردین
هه‌ردوو گرفتار یه‌ك ئاهی سه‌ردین)).
ئه‌مه‌ زمانی خوازه‌ی ناماقووڵی شیعره‌، كه‌ به‌های جوانی له‌ شیعردا ده‌خوڵقێنێ. به‌شێكی گرنگی به‌های جوانیی شیعر له‌م زمانی خوازه‌یه‌دایه‌. شیعر وێنه‌ی خوازه‌یی تێدا نه‌بوو، به‌شێكی زۆری به‌های جوانییه‌كه‌ی له‌ ده‌ست ده‌دا. هه‌موو گه‌وره‌یی (نالی)ش له‌ وێنه‌ دانسقه‌‌ جوانه‌كانی شیعره‌كانیدایه‌، به‌نموونه‌ كاتێك ده‌ڵێ:
((له‌بت میم و قه‌دت ئه‌لف و زولفت چیم
ده‌زانی به‌و سێیانه‌ طالبی چیم))؛
یانیش كه‌ ده‌ڵێ:
((پێچه‌یی په‌رچه‌می و پرچی سیا
هه‌ر ده‌ڵێی مانگه‌ شه‌وه‌ كوڵمی تیا)).
وه‌ك ده‌بینین له‌ هه‌ردوو وێنه‌كه‌دا فانتازیای خه‌یاڵی شیعریی ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی داهێنان و لووتكه‌ی جوانیی خۆی‌. ڕاستییه‌كه‌ی هیچ یه‌كێك له‌ شاعیره‌ كلاسیكییه‌كانمان، له‌ داهێنانی وێنه‌ی شیعریی ناوازه‌دا، ناگه‌نه‌ نالی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌، كه‌ له‌ لیستی ناوی شاعیره‌ كلاسیكییه‌كانمان، نالی یه‌كه‌مین ناوه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م سه‌ركێشییه‌ و ئه‌م خه‌یاڵه‌ ناماقووڵه‌ فانتازییه‌شه، كه‌ پلاتۆ شاعیران له‌ كۆماره‌كه‌ی خۆی ده‌ر ده‌كا و پێیان ده‌ڵێ: ((درۆزن))؛(2)چونكه‌ ئه‌و پێی وایه‌، كه‌ ئه‌وان لاسایی ڕوواڵه‌تی شته‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌، نه‌ك جه‌وهه‌ریان، بۆیه‌ ئه‌و ده‌ڵێ: ((حه‌قمانه‌ بڵێین، كه‌ هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌‌، هه‌ر له‌ سه‌رده‌می هۆمیرۆسه‌وه‌‌ بگره‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆ، ته‌نها لاساییكه‌ره‌وه‌ن‌، هیچ شتێكی دیكه‌ نین: ئه‌وان لاسایی وێنه‌ی چاكه‌ و هاوشێوه‌كانی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام قه‌ت به‌ خودی ڕاستیی ناگه‌ن))،‌(3) له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ((پێویسته‌ هونه‌رمه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ … بایه‌خ به‌ ڕاستییه‌كان بدا، نه‌ك به‌ لاساییكردنه‌وه‌یان…))؛(4) به‌ڵام با ئه‌وه‌ش‌ بڵێین، كه‌ پلاتۆ شاعیری تراژیدیی له‌ كۆماره‌كه‌ی ده‌ر ده‌كا، نه‌ك هه‌موو شاعیرێك. ئه‌و له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: ((ئه‌مه‌ بۆ شاعیری تراژیدییش ڕاسته‌، مادامه‌كێ لاساییكه‌ره‌وه‌یه‌…)).(5) ئه‌و بۆیه‌ دژی شیعریشه‌، چونكه‌ ((سۆزی هه‌ڵچوون به‌هێز ده‌كا له‌بری ئه‌وه‌ی بێ هێزی بكا، وای لێ ده‌كا، كه‌ زاڵ بێ، كه‌چی پێویسته‌ ئه‌م سۆزه‌ تێكبشكێندرێ، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی بیانه‌وێ به‌خته‌وه‌رتر و چاكه‌خوازتر بن)). (6) سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌و دان به‌ سیحری شیعر داده‌نێ و ده‌ڵێ: ((هه‌ستم به‌ سیحری شیعر كرد، نه‌خاسمه‌ ئه‌وه‌ی هۆمیرۆس دایناوه‌))؛ (7) به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ش‌ شیعر له‌ كۆماره‌كه‌ی په‌سه‌ند ده‌كا، ((كه‌ به‌ چاكه‌ی خواوه‌ندان و خه‌ڵكی باشدا هه‌ڵبڵێ‌…)).(8) سه‌رباری ئه‌وه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ وه‌سفی هۆمیرۆس ده‌كا و پێی ده‌ڵێ: ((یه‌كه‌می شاعیرانی تراژیدیی و مه‌زنترینیان)).(9) دواجار نابێ ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین، كه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌ندی نیگاركێشیش له‌ كۆماره‌كه‌ی ده‌ر ده‌كا، چونكه‌ ئه‌ویش وه‌ك شاعیران لاساییكه‌ره‌وه‌یه‌، نه‌ك داهێنه‌ر: لاسایی كاری ئه‌فراندن و داهێنانی خواوه‌نده‌كان ده‌كاته‌وه‌. واته‌ كاری ئه‌وان ((كۆپیكردن و گواستنه‌وه‌ و لاساییكردنه‌وه‌ و پێچوواندن و خوازه‌یه‌، كه‌ قه‌ت ناشێ هاوتا و هاوشانی نموونه‌ و ته‌رزه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ بێ …)). (10) لێره‌وه‌ كاری ئه‌وان ته‌نها ده‌ركه‌وتنه‌ هیچ شتێكی تر نییه‌. واته‌ ((ته‌نها وه‌هم و فریو دان و خه‌یاڵ و چنینی درۆزنانه‌ و وێنه‌ی فریوده‌ر و كێماسی و په‌ككه‌وته‌یی و كه‌موكووڕیی…))ـه‌ هیچ شتێكی دیكه‌ نییه (11)‌؛ بۆیه‌ له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ پلاتۆ شاعیران و هونه‌رمه‌ندانی نیگاركێش له‌ كۆماره‌كه‌ی ده‌ر ده‌كا.

په‌راویزه‌كان:
1- هه‌مووشمان شاعیره‌ سۆفییه‌ گه‌وره‌كانی وه‌ك مه‌ولانا و شه‌مسه‌دین ته‌برێزی ده‌ناسین.
2- أفلاطون، الجمهوریة، ترجمة: عیسی الحسن (الطبعة الاولی، 2009)، ص 132
3- هه‌مان ژێده‌ر ل 449
4- هه‌مان ژێده‌ر ل 447
5- هه‌مان ژێده‌ر ل 445
6- هه‌مان ژێده‌ر ل 459
7- هه‌مان ژێده‌ر ل 460
8- هه‌مان ژێده‌ر ل 459
9- هه‌مان ژێده‌ر ل 459
10، 11- مارتن هایدغر، مدخل الی المیتافیزیقیا، نقله‌ الی العربیة: د. عماد نبیل، دار الفارابی (الطبعة الاولی: كانون الثانی 2015)، ص 175

به‌ختیار محه‌مه‌د




گۆڤاری بابەڕوشە ژمارە ١

بابەڕوشە گۆڤارێکی ساڵانەی تایبەتە بە ئەنفال و جینۆساید..

بۆ خوێندنەوەی ئەم گۆڤارە کلیکی ئێرەبکەن..




پەلی دارە شەڕەنگێزەکان.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

گەر ڕێیەک
بەرەو دەریاچەی ڕەوشەنی
ڕوخسارت نەبێ
پلیکانە مرواریەکانی
مانگێکی ڕەشی قەترانی
دەروازەمە بێ
مەلەکوتی ئاسودەییم
وەرزێکی ترەبێ
لە نامۆییەکی قەشەنگ، و کەنارێکی
تر لە خەیاڵ، بەرەو
کۆشکە مەڕمەڕیەکانی سپێدەیەک
کە نووری پرشنگدارتر
لە ڕوخساری خواوەندەکان بێ! ئیتر
تۆیەک کە لە بونێکی تری
چیتر مەڕۆ، بە هەڵاتنی
دوو خۆری نیگاتە
تروسکەی
درەوشاوەی دەروازەی
کوچە سەرسوڕهێنەرەکانی
نێو نمەی بێگەردی بوونمە بێ
وونبوونی کتوپڕتە
تۆوی ڕاڕایی
لە خودی خۆم
لە بێستانی ڕۆحا دەڕوێنێ
چیتر مەڕۆ
هەر جێیەک دوای رۆشتنتە
بۆگوڵاوی
گوڵە لەیلەکی ڕوووت ئەپرژێنێ
ئیتر دەزانم
ئاوازی ئەم ئۆرکسترای
غوربەتە تا مەرگی
قەشنگی سەر کەناری زەردەپەڕێکا
لە خوێنی ڕەنگپژانا
کۆتایی نابێ
دەزانم لەوانەیە حەقیقەت
لە سەرهەڵگرتنی ئەبەدیما بێ
دەزانم، ئاسوودەیی تەنیایی من
لە دورخەی تەمهەڵچنی
نێو بێستانی پایزێ
لە سیحری چاو پڕ
فرمێسکی دێوانەییم ئەبێ

شیعر/ کاوە عوسمان عومەر




هـــــــایکۆ.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

1
ئەو ڕۆژەی دایکم مرد،
ئەوەی لەمن زۆرتر گریــا
ئاسمان بوو
2
لەسەر گۆڕی دایکم
شەڕی مان و نەمان دەکات ـ
پەپوولەیەک.
3
دەمەوێ لە زەوی هەڵبێم
وەک خۆر نا
وەک ( با )یەکی بە پەلە
4
شەو لەوە تووڕەتر نابێ
کەی خەبەریان دەبێتەوە
شەپۆلەکان!
5
کوچە کوچەی ئیعراب گەڕام،
شوێن پێییەکییم نەدۆزییەوە ـ
دادپەروەری!
6
لە گۆڕێکی پاندا
یاری تۆپێن دەکەن
منداڵانی ئاوارە!
7
لەم بتخانەی تاریکییە
تێناگەم
ئیبراهیمەکان چ کارەن؟
8
ئەو سەربازەی دوێنێ لە سەنگەرەکەیدا
نەمامێکی ناشت
ئەم ئێوارەیە خۆی نێژرا
9
هێندە ناسکە،
بەرگەی ماچێکی خۆر ناگرێ
بوکەبەفرینە.
10
لای ڕووبارەکە،
پێکەوە ڕۆژووەکەمان شکاند
من و ئەسپەکەم.
11
دڵتان ڕاخەن،
بارانێکە بەشی هەموومان دەکات
خۆشەویستی!
12
زریانی شێت،
یاری بە پەنجەکانم دەکات
پیری .
13
چەشنی گەڵا،
دەستم خستۆتە سەر دڵم
لەم ئێوارە پاییزییەدا
14
دۆزەخ شەپۆل دەدا یان نا
گرنگ نییە
من لەگەڵ ئاگر ڕاهاتووم.
15
زەرەدەخەنەی ژنێک،
لە بنەبانی دڵمدا دەیشارمەوە
موچڕکی منداڵییم.
16
هەور لەسەر خولەک و چرکەی خۆیەتی،
هاکا لە دایک بوو
باران.
17
دەڕژێمە شەقامە جەنجاڵەکان
لە کەسێک دەگەڕێم پێی بڵێم،
سڵاو هاوڕێم
18
*( نانی پیرۆز،
بە تەنیشت میحرابی کڵێساوە
مشکێک باڵ دەگرێت)
19
گوڵ ناگرێ و .. ناگرێ
خەونێک،
تەمەنێکە دەیبینم
20
شاعیرێک بە ئاسمانەوە،
غەزەلی تەنیایی دەنووسێتەوەـ
مانگ!
21
سپێدە کەی ژان دەیگرێت
کەی دەڕوانێته سەر باخچەی هەتاو
پەنجەرەی شەو؟
22
با شوفێرێکی یاخییە
بێ مۆڵەت
هەورەکان لێدەخوڕێ.
23
کۆتا گۆرانی،
سەری تابووتەکە دادەخاتەوە
پیانۆژەنەکە.
24
بۆ چڵە ناسکەکانی تەنیاییم
دەگەڕێتەوە
ناکۆکی من و با
25
لە هۆڵێکی سارد،
مشتومڕێکی گەرم
دیبەیت!
26
خاڵێک بۆ کۆتایی ئەو جەنگە دانێ
شەش دەیە بەسە
خودای مـــن.

  • ئەم هایکوەم لە ڕۆمانی فرانسیسکۆس قەدیسی من هەڵێنجاوە، کاتێک فرانسیسکۆس باس لە پەیدابوونی شەمشەمەکوێرە دەکات و دەڵێت ، شەمشەمەکوێرە سەرەتا مشکێک بووە لە نزیک میحرابی کڵێسا لەتێک نانی بەرەکەتداری کرماندووە، ئیتر باڵی گرتووەو بۆتە شەمشەمەکوێرە.

سمکۆ ئەحمەد ڕەشید




ترامپلاند .. نووسینی: کریس هێدجز .. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

کودەتای کۆمپانیاکان و ڕووخانی دیموکراسی ئەمریکی زۆر پێش ترامپ دەستیپێکرد. ئەو تەنها ئەوەی ماوە کۆتایی پێدەهێنێت.
کریس هێدجز

3ی ئایار

فاشیستە کریستیانەکان و ئۆلیگارشەکان کە بە خۆشیەوە قەڵەمی تیژ و فەرمانەکانی جێبەجێکردن بە دۆناڵد ترامپ دەدەن، ئەوە ناکەن بۆ شەڕ لە دژی دەوڵەتی قووڵ و چەپی توندڕەو یان پاراستنی ئێمە لە “دژە-سامیەکان”. ئەوان شەڕی ڕاستیە سەلمێنراوەکان، یاسای سەروەری، شەفافیەت و لێپرسینەوە دەکەن کە تەنها لە ڕێگەی پێگەیەکی ئازاد، مافی ناڕەزایەتی، کەلتوورێکی پڕژاوژاو و جوداکردنەوەی دەسەڵاتەکان، لەوانە دادگایەکی سەربەخۆ دەکرێت.

هەموو ئەمانە بناغەی کۆمەڵگەیەکی ئازادە وەکئەوەی لە کتێبەکەمدا “مردنی چینە لیبڕاڵەکان” باسم کردووە. ئەم پێگانە زۆر پێش ترامپ لاواز کرابوون، لەوانە پەخشی گشتی، ئەکادیمیاکان، پارتی دیموکرات، کەلتوورێکی بەکۆمپانیاکراو و بێ‌تام، دادگایەک کە خزمەت بە چینە سەرمایەدارەکان دەکات، کۆنگرێسێک کە لە لایەن لۆبیستەکانەوە کڕدراوە، هەموو ئەمانە وێران کراون. ئەوانە هەر هەمووی بە ئاسانی کراونەتە ئامانج. کەم کەس هەوڵدەدات بەرگرییان لێبکات. ئەوان ئێمەیان فرۆشت. لێگەڕێن با بمرن.

“لەدەستدانی توێژی لیبڕاڵەکان، بۆشاییەکی دەسەڵات دروست دەکات کە لە لایەن بازرگانەکان، قازانجکەرانی شەڕ، چەتەکان و بکوژەکانەوە پڕدەکرێنەوە کە زۆرجار لە لایەن دیماگۆجیستییە کاریزماییەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێن”، من لە ساڵی 2010دا لە کتێبەکەمدا نووسیومە. “ئەمە دەرگایەک بەڕوی جوڵانەوە تۆتالیتاریەکاندا دەکاتەوە کە بە گاڵتەکردن و تەحقیرکردنی توێژی لیبڕاڵەکان و ئەو بەهایانەی ئەوان خاوەندارێتییان لێدەکرد سەردەکەون. بەڵێنەکانی ئەم جوڵانەوە تۆتالیتاریانە خەیاڵی و ناواقعیین، بەڵام ڕەخنەکانیان لە لیبڕاڵەکان لەسەر بنچینەیەکی ڕاستەقینەیە.”

فاشیزم لە مایەپووچی لیبڕاڵیزمەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەستبەرداری ڕۆڵی سوننەتی خۆی بووە لە دیموکراسی سەرمایەداریدا. ئەوە چیتر کەمترین زیادەڕەوییەکانی چینە دەسەڵاتدارەکان و ئیمپراتۆریەتەکە بە چاکسازیەکانی هەنگاو بە هەنگاو کەم ناکاتەوە. ئەو تەنها کارمەندە بێ‌مافەکانی بەخیانەتی ئەخلاقیانە سەرزەنشت دەکات.

پێگەکانی میدیا زیاتر پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارەکان پەرەپێدەدەن وەک ئەوەی مژۆڵی راستییەکان بخۆن. ئەوان درۆ و پرۆپاگاندەیان بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی شەڕی عێراق بکەین. ئەوان واڵ ستریتیان گەورە کرد و دڵنیامان کردن کە سەرمایەی ژیانمان بدەین بە سیستەمێکی دارایی کە لە لایەن بازرگانەکان و دزەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. سەرمایەی ژیانمان وێران بوو. ئەوان درۆی ڕوسیاگەیتیان پێداین. ئەوان کۆیلەئاسا خزمەت بە لۆبی ئیسرائیل دەکەن، رووماڵی قەتڵوعامی غەززە و خۆپیشاندانەکانی زانکۆکان دەشێوێنن لە پێناوی ناشیرینکردنی فەلەستینیەکان و موسڵمانەکان و خۆپیشاندانی خوێندکاران. ئەوان بە گوێرەی خواستی کۆمپانیاکانی سەرمایەداران دەجوڵێنەوە. ئەوان کێشە بنەڕەتێکانی زۆرینەی کۆمەڵگە لە نەهامەتی و هەژاری نادیدە دەگرن لە کاتێدا ئەمە بەها بنەڕەتێکانی رۆژنامەگەرییە.

زانکۆکان کراون بە کۆمپانیا. بەڕێوەبەرە باڵاکان، کە زۆرجار بە پلەی ماستەر دەرچووی بەڕێوەبردنی بازرگانی (MBA)ن و کەم یان هیچ ئەزموونێکیان لە خوێندنی باڵادا نییە، لەگەڵ راهێنەرە وەرزشیەکان کە توانای بەدەستهێنانی پارەی زانکۆیان هەیە، موچەی زۆر بەرز وەردەگرن کە بە سەدان هەزار دۆلارە، راهێنەرەکان و سەرۆکی زانکۆکان بە ملیۆنان دۆلار قازانج دەکەن.

تۆزێک زیاتر لە 10%ی پۆستەکانی مامۆستایەتی ئێستا ڕێڕەوی پیشەییانەی خۆیان دەگرن. نزیکەی 45% پۆستەکان کاتین یان یارمەتیدەرەکانن. یەک لەسەر پێنجی پۆستەکان بە شێوەی کاتی، کاتی تەواوی کاریان لە پیشەکانی خۆیان دەستدەکەوێت. زانکۆکان، بە کەمکردنەوەی پۆستەکان بە رێڕەوی پشەیی و موچەی گونجاو، بوونەتە بەشێک لە ئابووری گیگ مامۆستایانی یارمەتیدەر و کارمەندە خوێندکارەکان زۆرجار ناچارن داوای بیمەی تەندرووستی بکەن، کاری دووەم وەربگرن لە زانکۆکانی تر، یان کاری ئووبەر یان تاکسی بکەن، یان لە کاشیرەکان، یان خواردن بگەیەنن بۆ گرەبهەب یان دۆرداش، یان چاودێریکردنی سەگ، یان ماڵەکان بپارێزن، یان لە میوانخانەکان کار بکەن، یان لە ژوورەکان کار بکەن، یان چوار یان شەش کەس لە ژوورێکدا بژین، یان لەسەر جێگەی هاوڕێیەک بخەوێت.

مامۆستایەکی کەم موچە کە سەقامگیری کاری نییە، کێشەکان ناهێنێتەوە کە دژ بە روایتە سەرەکیەکان بن، چ لەبارەی نایەکسانی کۆمەڵایەتی، کۆمپانیا رووتێنەرەکان ، تاوانەکانی ئیمپراتۆریەت، قەتڵ وعامەکانی ئیسرائیل، یان هێشتنەوەمان لەدۆخی شەڕی هەمیشەیی. ئەگەر ئەمە بکەن، دەردەکرێن. بەڕێوەبەرە باڵاکانی زانکۆ، لە بەرامبەردا، پاداش وەردەگرن بۆ “کەمکردنەوەی خەرجیەکان”، بە بەرزکردنەوەی خەرجی خوێندن و کرێ، کەمکردنەوەی کارمەندەکان و کرێی کەم. ئەم ناسەقامگیرییە دڵنیایی دەداتە سەرمایەدارەکان کە ئایدیۆلۆژیای نیولیبڕاڵ کە وڵاتەکە وێران دەکات، لەگەڵ قەتڵوعامی غەززە، لە لایەن ئەکادیمیستەکانەوە کە ترسی لەدەستدانی پۆستەکانیان هەیە، پرسیار ناکرێت. دەوڵەمەندەکان و دەسەڵاتدارەکان ستایش دەکرێن. کرێکارە هەژارەکان، ئەوانەی لە زانکۆکان کار دەکەن، لەبیر دەکرێن.

وەکئەوەی ئیرڤینگ هاو لە وتارەکەی 1954دا ” This Age of Conformity” ئاماژەی پێدا، “دونیابینی رۆشنبیران بۆ بەهاگەلێکە کە ناتوانرێت لە شارستانیەتی بازرگانیدا بەدیبهێنرێت — بەرەبەرە جوانی خۆی لەدەستداوە. ئەمە وازلێهێنان نییە لەبەرنامەیەکی دیاریکراو، ئەمە شکستی ئێمەیە.” هاو دەنووسێت: “باوەڕەکەوایە کە سەرمایەداری بزوێنەری پێشکەوتنی مرۆییە، ئەمە لە هەموو سۆشیاڵ میدیاکان بڵاودەکرێتەوە، پرۆپاگەندەی فەرمی بۆدەکرێت، دەزگاکانی ریکلام و نووسینی ئەکادیمیەکان ئەو کەسانەی کە تا چەند ساڵ پێش ئێستا دژبوون.”

“لە راستیدا بێدەسەڵاتەکان ئەو رۆشنبیرانەن- واقیعەیە نوێیەکان- کە خۆیان بە کورسیەکانی دەسەڵاتەوە دەبەستن، لەوێ ئازادی رادەربڕینی خۆیان دەبەخشن بەبێ ئەوەی هیچ پێگەیەکی سیاسی بەدەستبهێنن”، ئارڤینگ هاو ئاماژەی پێدا. “چونکە بۆ مێژووی رۆشنبیرانی ئەمریکی لە چەند دەیەی ڕابردوودا وەک پەیوەندی نێوان ‘سەروەت’ و ‘هۆش’ گرنگە کە هەرکاتێک ئەوان لە دامەزراوە فەرمێکاندا نوقمبوون، نەک تەنها یاخیبوونی سوننەتی خۆیان لەدەست دەدەن، بەڵکو بە ئەندازەیەک یان زیاتر، وەک رۆشنبیرێک کارکردنەکانیان کۆتایی پێدێت.”

هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکە بانگەشەیان بۆ فێڵەکەی نیۆلیبڕاڵیزم کرد بۆ بە ناپیشەسازیکردنی وڵاتەکە، سەپاندنی دەستگرتنەوەی توند، لەناوبردنی ئازادیەکانی ڕێکخستن و وێرانکردنی یاساکانی پاراستنی رێکخستنی گشتی کۆمەڵایەتی. ئەوان کۆمپانیاکانیان دەستئاواڵەکرد لە کۆکردنەوەی سەروەت و دەسەڵات، کە بووە هۆی سەرمایەداری مۆنۆپۆلی و هەندێک لە بەرزترین ئاستەکانی نایەکسانی داهات و سەروەت لە مێژووی ئەمریکادا. بانکەکان، بەشەکانی پەیوەندی، نەوت، چەک، پیشەسازی کشتوکاڵ و خۆراک سوودەکانیان دڵنیادەکەنەوە بە دیاریکردنی نرخەکان، گەمژەیی یان تەنانەت لەناوبردنی پاراستنە داراییەکان، تەندروستی و ژینگەیی یان سووکایەتیکردن بە کارمەندەکانیان. ئەم هێرشە بۆ سەر یاساکانی نیو دیڵ – New Deal -، کە بە زوویی لە ژێر دەسەڵاتدارێتی ترامپدا بە تەواوی لەناودەچن، چینە کارکەرەکانی بێ‌ماف کرد کە لە نائومێدیدا دەنگیان دا بە دیماگۆجێک بۆ ڕزگارکردنیان. کە یارمەتی بۆ لایەنە هونەرێکان کەمبووەوە، هونەرمەندان وەک پەخشی گشتی کە بۆ دابینکردنی دەنگە ناڕازێکان ئەوانەی پەیوەندیان بە کۆمپانیاکانەوە نییە دروستکرابوو، ناچار بوون بەدوای سەرچاوەکانی تری یارمەتییدا بگەڕێن لەوانە سەرمایەدارە خاوەن کۆمپانیاکان. ئەنجامەکە وێرانبوونی یەکپارچەیی هونەری و ڕۆژنامەگەری بوو.

فریدریش نیتچە لە “لەنێوان چاک و خراپە“دا ئەوە دەنووسێت کە کەم کەس ئازایەتی ئەوەیان هەیە سەیری ئەوە بکەن کە ئەو پێی دەڵێت چاڵی گڕکانی واقیعی مرۆیی. زۆربەی خەڵک بە وریاییەوە ئەم چاڵە پشتگوێ دەخەن. بەپێی فکری نیتچە هونەرمەندان و فەیلەسوفەکان، کە ئارەزوویەکی نەبڕاوەیان بۆ زانینی ڕاستێکان هەیە. ئەوان دەچنە ناو چاڵی گڕکانی واقیعەکەوە. ئەوان هەتا ئەو شوێنە نزیک دەبنەوە کە ئاگر و گەرما ناچاریان دەکات بگەڕێنەوە. نیتچە دەنووسێت: ئەم هۆشمەندی و ئەخلاقییەتە، باجی خۆی هەیە. ئەو کەسانەی بە ئاگری حەقیقەت دەسوتێن، “منداڵانی سووتاون” هەتیوێکی نەمرن.

کەلتور لە دیموکراسییەکی کارا و چالاکدا رادیکاڵ و گۆڕانکارە. گوزارشت لەوەدەکات کە لەناخماندایە. مانا دەدات بە واقعیەتمان. وادەکات وەک ئەوەی دەبینین بیر بکەینەوە. ڕێگەمان پێدەدات هاوسۆزی ئەو کەسانە بین کە جیاوازن یان ستەمیان لێدەکرێت. ئەوەی لەدەوروبەرمان روودەدات بۆمان ئاشکرا دەکات. رێز لە تایبەتمەندێکان دەگرێت.

جەیمس باڵدوین -James Baldwin- دەنووسێت: “ڕۆڵی وردی هونەرمەند، ئەمجا، ئەوەیە کە ئەو تاریکییە روناک بکاتەوە، رێگاکان لە دارستانی فراواندا بکاتەوە بۆ ئەوەی ئێمە لە هەموو کردەوەکانماندا، ئامانجەکە لەدەست نەدەین، کە دواجار ئامانجەکە ئەوەیە جیهان بکەینە شوێنێکی مرۆییانەتر.”

شەڕی دژ بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی هۆشمەندانە، هونەر و کەلتوور بۆ ئەوەیە کە نەهێڵدرێت سەیری ناوەوەی ناخی خۆمان بکەین، بۆ ئەوەی جیهان نەکەینە شوێنێکی مرۆییانەتر. “خەڵکانی سووتاو” بێدەنگ دەکرێن یان کەنارگیریان دەکەن. نزیکەی 16,000 کتێب لە قوتابخانەکان و کتێبخانەکاندا قەدەغە کراون پێش ئەوەی ترامپ دەسەڵات وەربگرێت، قەدەغەکردنەکان خێراتر دەبن چونکە کتێبی زیاتر لە قوتابخانەکان و کتێبخانەکان پاکدەکرێنەوە. لە دەوڵەتە ئۆتۆریتاریەکاندا هەراو زەنای مێژووی کەلتورێکی ئایدیاڵی دەکەن کە هەرگیز نەبووە و ئێستاشی لەوەهمێک زیاتر هیچیتر نییە.

کەلتووری جەماوەری سەرچاوەیەکە بۆ تینوویەتی مرۆڤەکان بۆ خەیاڵ، سەرسوڕمان، بەختەوەری و هیوا. پاڵمان پێوەدەنێت بۆ نیشتیمانپەرستیەکی کوێرانە و ئەفسانەی پێشکەوتنی هەمیشەیی. هانمان دەدات وێنەی کەسایەتێکان سەلەبریتیەکان یان خۆمان دروست بکەین بۆ پەرستن، بە تایبەتی لەسەر سۆشیاڵ میدیاکان. ئەنجامەکە وێرانبوونی کەلتووری بووە کە کۆتاییەکەی دەبێتە باخچەی پاڵەوانەکانی ترەمپ و ئەو پێشبڕکێیە گەورەیەی کریسمس کە لەم زستانەدا لە سەنتەری کەنەدی لە واشنتۆن پلانی بۆ دانراوە.

سیاسەتمەدارەکان لە هەردوو پارتە دەسەڵاتدارەکە لە لایەن سەرمایەدارەکان و کۆمپانیاکانەوە ژێر بە ژێر پارەیان بۆ دابینکراوە. لەم سیستەمەی ئێمەدا کە بەرتیل بەیاسایی کراوە، ئەم سیاسەتمەدارانە ئەرکەکانی خاوەنەکانیان لە کۆنگرێسدا جێبەجێ دەکەن. فەیلەسوفی سیاسی شێڵدۆن وۆلن- Sheldon Wolin- ئەم جۆرە حکومەتە بە “تۆتالیتاریزمی پێچەوانە” ناو دەبات. تۆتالیتاریزمی پێچەوانە دامەزراوەکان، نیشانەکان، وێنەکان و زمانەکانی دیموکراسی سەرمایەداری کۆن دەپارێزێت، بەڵام لە ناوەوە کۆمپانیاکان هەموو جوومگەکانی دەسەڵاتیان گرتووە بۆ بەدەستهێنانی سوودی زیاتر و کۆنترۆڵی سیاسی. سیستەمی یاسایی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنێت بۆ تاڵانکردنی سەرچاوەکان لە جیهانی سێیەم، هەروەها سەرنگوونکردنی حکومەتەکان کە دژ بە هەژموونی سەرمایەداریانەی کۆمپانیاکانن. ئەمانە سوودی خۆیان دەخەنە سەرووی دادپەروەریەوە. یاساکانی کار لاواز دەکەن و مافەکانی کارمەندان پێشێل دەکەن.

هەڵتەکاندنی ئەم دامەزراوە وێران و گەندەڵکارانە لە لایەن حکومەتی ترامپ ەوە کۆتایی تاقیکردنەوەی ئەمریکی و گۆڕان لە تۆتالیتاریزمی پێچەوانە بۆ دیکتاتۆریەت پیشان دەدات. ئەمە ئاماژەیە بەرەو بەکۆمپانیبونی دونیا کە بە شێوەیەکی زۆر دڕندانەتر، لە سەرمایەداری تۆتالیتاری چین دەچێت کە چاودێری دەوڵەتی گشتگیر، سانسۆری توند، چینە دەسەڵاتدارەکانی بێهەڵبژاردن و بێ‌لێپرسینەوە دەبن، سەرکوتکردنی جوڵانەوەکان لەوانە یەکێتیە کرێکارێکان. ئێمە دەچینە ناو جیهانێکی خەیاڵی جادوویی کە نیشانەی هەموو دەسەڵاتداریەکانە، کە تێیدا زمانەکەی کە بەکاریدەهێنین بۆ وەسفکردنی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان هیچ پەیوەندیەکی بە واقیعەوە نییە.

گرنگە بۆ دەسەڵات کە هەموو دامەزراوە سەربەخۆکان، چەندە لاواز یان وێران بن، بێهێزبکرێن. ترامپ، بەپێی راپۆرتەکانی ئاکسیۆس، “هێرش” دەکاتە سەر “پێشکەوتنە ساختەکان” کە کەمبوونەوەی ڕێژەی پەسەندکردنی نیشاندەدەن و داوا دەکات کە پێگەکانی هەواڵ کە ئەمانە بڵاودەکەنەوە “لێکۆڵینەوە لەسەر تەزویر لە هەڵبژاردنەکان بکەن.” ئەمە هەستی هەموو دیکتاتۆرەکانە. ڕاستیە نەگونجاوەکان قەدەغە بکە. کاتێک ئەم دامەزراوانە بێدەنگ یان دەستبەسەر دەکرێن، دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئەو درزانەی ناو بینا کۆنەکە کە ڕێگەی بە ناڕەزایەتییەکی بێدەنگ دەدا نەمێنێت. ترس دەبێتە چەسپی پەیوەندی کۆمەڵایەتی. ڕەخنەگرتن دەبێتە تاوان. ئاسایشی ناوخۆیی، جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەری و خەرجیەکانی سەربازی بە شێوەیەکی زۆر داهاتیان بۆ دابین دەکرێت. لە کاتێکدا پرۆگرامە کۆمەڵایەتیەکان پارەیان بۆ خەرجناکرێت.

خاڵی بنەڕەتی ئەم پرۆژەیە گەورەکردنی سەرۆک و پەرستنیەتی. کۆیلایەتیەکی بێ‌سنوور بەرامبەر سەرکردەی گەورە کرا لە ئاهەنگگێڕانی ترامپ بۆ 100 رۆژەکانی یەکەمی لەگەڵ کاندیدەکانی کابینەکەیدا کە هەر هەموویان کاسکێتی شین و سووریان لەسەر نابوو یان لەسەر مێزەکانیان دایان نابوو، لێینووسرابوو ” Gulf of America”. داواکاری گشتی پام بۆندی- Pam Bondi-، بە شێوەی کۆیلەیەکی نمونەیی لە کۆبوونەوەکەدا، وتی: “بەڕێز سەرۆک، 100 رۆژەکانی یەکەمتان زۆر زیاتر لە هەر سەرۆکایەتیەکی تر لەم وڵاتەدا بووە، هەرگیز. [من] هەرگیز شتێکی لەمجۆرەم نەدیوە، سوپاس.”

ترامپ رەزامەندی نمایشی ٢٥٠ ساڵەی سەربازی بەدەستهێنا لە ساڵرۆژی لە دایکبوونیدا. دوو ستوونی ئاڵای 100 پێی بەرزی چەقاند لە باغچەکەی کۆشکی سپی، بەوئومێدەی ئەگەر پرۆژەکانی لە کۆنگرێس پەسەند بکرێن، وێنەی لەسەر کێوی رەشمۆر هەڵبکەندرێت لەگەڵ جۆرج واشنتۆن، تۆماس جێفەرسن، ئەبراهام لینکۆڵن، و ثیۆدۆر رۆزڤێڵت. ئەو ساڵرۆژەکەی وەک رۆژێکی فەرمی فیدراڵی دەبینێت، وێنەی لەسەر پارەی 250 دۆلاری نوێ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دەلەسی واشنتۆن بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دۆناڵد جەی ترامپ ناودەبرێت. ئەو باخچەی نیشتمانی قارەمانەکانی ئەمریکی دروست دەکات و بە دڵنیاییەوە، ئەو پەسەندکردنی 22ەمین چاکسازیەکە دەبینێت کە رێگە بە خزمەتکردنی سێیەم وادەی سەرۆکایەتی بدات. سەرۆک بۆ ژیان!

“منداڵان فێردەکرێن کە ئەمریکایان خۆشبوێت”، ستیڤن میلەر-Stephen Miller- وەک جادوگەرێک وتی. “منداڵان فێردەکرێن کە نیشتیمانپەرست بن. منداڵان فێردەکرێن کە چۆن بەها کۆمەڵایەتیەکان فێربن لەو قوتابخانانەی کە بەپارەی باجدەرە فیدراڵیەکان دەچێتەڕێوە. بۆیە کاتێک وەزارەتی پەروەردە دەکەینەوە و پارە بۆ ویلایەتەکان دابین دەکەین، دڵنیادەبینین کە ئەم پارانە بۆ پەرەپێدانی ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیستی بەکارنەهێنرێن.”

ئەوەی کە لە کۆمەڵگەی ئازادماندا ماوە، مارە ژەهراوێکەی ترامپ کۆتایی پێدەهێنێت، ئەو کارانەی کە ملیاردێر و کەمپانیا گەورەکان برەویانپێدا. ئەمە کۆتایی پرۆسەکەیە، نەک دەستپێک. ترامپ هاوکاری زۆری هەبوو.
وشەیەک هەیە بۆ ئەوانەی کە ئەمەیان بەسەرماندا هێنا.
خەیانەتکارەکان.

سەرچاوە:
https://chrishedges.substack.com/p/trumpland?utm_campaign=email-half-post&r=58mb9i&utm_source=substack&utm_medium=emai
l

نووسینی: کریس هێدجز .. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا




ڕۆژئاڤا و هەرێم.. ئەحمەد ڕەسوڵ

هەر سیستمێکی ئیداری سیاسیی کە هاونیشتمانیبوون و مرۆڤبوونی کرد بە پرەنسیپی سەرەکی کارکردن و بنەمای پێکهێنەری خۆی، دەبێتە ڕووبەرێکی دەزگایی کۆمەڵایەتیی بۆ بەرجەستەبوونی هێز و ویستی ئینسان و تەعبیرکردنی لە خۆی. سیستمێکی لەو جۆرە بە ڕاددەیەکی زۆر دەبێتە فەزای خۆبونیاتنانی مرۆڤ و بەرجەستەبوونی توانا و ووزە ناوەکییەکانی. سیستمێک کە تا ئاستێکی بەرز لەسەر یەکسانیی، سەروەری یاسا و ڕۆحی دەزگایی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بونیادنرابێت، یەکگرتوویی ناوەکی جڤات دەپارێزێت و بەهێزتری دەکات.
هەڵوێستی گشتی کۆمەڵگای ئێمە لە ئاست ڕووداوە نێوخۆیی و ناوچەییەکان، بە تایبەت ڕووداو و گۆڕانکارییەکان لە پەیوەند بە هەرێمی کوردستان لەلایەک و ڕۆژاڤا “کوردستانی سوریا” لەلایەکی تر، هەڵوێستێکی مایەی تێڕامان بووە. هەندێجار مێدیاکار و نووسەرانی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم وەکو پرسیارکردنێکی گرفتئامێز ئەوەیان دەربڕیوە کە بۆچی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی فەزای گشتی کۆمەڵگا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵوێستێکی لایەنگیرانە و پشتگیریکارانەی هەبووە بۆ ڕۆژئاڤا و دەسەڵاتدارێتیی خۆڕێڤەبەریی لە هەر ڕووداو و گۆڕانکارییەکدا، بەڵام لە ئاست ڕووداو و گۆڕانکارییەکان لە نێوخۆی هەرێم هەڵوێستی ڕەخنەگرانە و دژبەرانەی نواندووە لە ئاست دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێم!

ڕۆژئاڤا
ئیدارە و سیاسەت لە ڕۆژئاڤا بەڕێژەیەکی بەرز لەسەر بەرجەستەبوونی ئیرادەیەکی کۆلێکتیڤ بیناکراوە. ئیرادەی کۆیی ڕاستەقینە بەنێو بەرجەستەبوونی ئیرادەی تاکە تاکەی ئیسانەکاندا تێپەڕدەبێت. واتا ئەوە کۆبوونەوەی هێز و ئیرادەی تاکە کەسەکانن و فۆڕمیولەبوونی هێزێک و ئیرادەیەکی دەستەجەمعییە کە لە توانایدایە هەم بەربەستە گەورەکان تێکبشکێنێت “لە نموونەی تۆمارکردنی داستانی کۆبانی” هەم ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە.
دەسەڵاتدارێتی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاڤا، لە تەمەنی خۆیدا جگە لەوەی پرەنسیپی هاونیشتمانیی لە نێوان گروپە جیاوازە ئایینی، نەتەوەیی، ئیتنیکی، زمانیی و مەزهەبییەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا سەرباری گوتاری سیاسیی ڕاستەقینە و گوتاری مێدیایی خۆی بە کردەییش جێبەجێکرد.
خۆڕێڤەبەریی ڕۆژئاڤا، ڕووبەرێکی دەزگایی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا تەواوی گروپە نەتەوەیی، ئیتنیکی و ئاینییە جیاوازەکان توانیویانە گوزارشت لە بوونی خۆیان بکەن، واتا بە کردەیی پرەنسیپی هاونیشتمانی بەرجەستە کراوە. دەسپاکیی و پەرێزپاکیی دەسەڵاتداران و بەرپرسان لە ئاستێکی بەرزدایە، داهات لە پێناو خزمەتگوزارییە گشتییەکاندایە و کەمترین دابەشبوونی چینایەتی هەستی پێدەکرێت لە نێو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا. دەسەڵاتداران بە نزیکەیی لە هەمان شێوە و دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی ئاساییدا دەژین. ستراتیژێکی نیشتمانی ڕاستەقینە لە بەهێزکردنی کۆمەڵگا و سەربەخۆکردنی کۆمەڵگادا کاری بۆ دەکرێت. گەلێک تایبەتمەندیی دیکەی بەهێزکردنی ڕووبەرە گشتییەکان و پایەدارکردنی چاکەی گشتی، کە هەموو ئەمانە وایان کردووە، ووزەی ناوەکیی و یەکگرتوویی جڤات بە ئاڕاستەی دەسەڵاتدارێتیی خۆبەڕێوەبەریی بەردەوام لە گەشەکردن و بەهێزبووندا بێت و ئەمەش یەکێک لە پایەکانی هێز و مانەوەیەتی سەرباری لێشاوی ئەو لەمپەر و کێشانەی بۆی دروستدەکرێت لە ووڵاتانی دەوروبەرییەوە تا دەگات بە جەنگ و داگیرکارییەکانی تورکیاش. ئەو تایبەتمەتمەندییانەیە وایکردووە جیهانی خۆراوا هاودەست و هاوکار و پاڵپشتی بن.

هەرێم
پێکهاتەی سیاسیی و دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ملکەچی و گوێڕایەڵیی تاکەکەسی حزبی بۆ سەرووی خۆی تا دەگات بە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵات داڕێژراوە، بۆیە ئینسان لە نێو کایەی سیاسیی لەسەر مۆدێلی ڕۆبۆت بەرهەمهێنراوە، کە نەک هەر ئازاد و خاوەن ئیرادە نیە، بەڵکو لە ئینسانییەتی سەلب کراوە بە مانا ئاڕێنتییەکەی “هانا ئاڕێنت پێیوایە کاتێک ئازادیی مرۆڤ زەوت دەکرێت و ئینسان لە ئیرادە دەخرێت، چیدی ئیختیار و توانای هەڵبژاردن مانایەکی نامێنێت و لێرەوەیە مرۆڤ لە ئینسانییەت دەکەوێت و دەبێتە ئامرازێکی گیانلەبەری پڕۆگرامکراو”. لێرەوە ئەم مرۆڤە جگە لە جێبەجێکردنی فەرمانی سەرووتری خۆی هیچ ئاکت و چالاکییەکی ئیرادەگەرانە، ئاوەزدارانە و ئارەزوومەندانەی خۆی لێچاوەڕوان ناکرێت. پارتی و یەکێتی وەکو دوو هێزی دەسەڵاتداری کوردستان، جگە لەوەی دەزگاکانیان ماشێنی لەنێوبردنی ئینسانییەتی مرۆڤ بوون بۆ ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان بە تایبەت و خەڵکیش بە گشتی، هەروەها خۆیان هێزی بێئیرادە و چەماوە بوون لە ئاست دەوڵەتە داگیرکارەکانی دراوسێ. بۆیە هێزێکی ڕاستەقینەی ئیرادەگەر بۆ هەر ئەکتێکی سیاسی یان هەر پڕۆسەیەکی جڤاتیی مەزن نەبوون و بەردەوامیش دژ وەستاونەتەوە بۆ ئەو هێز و بەرگرییە ناوەکییەی کۆمەڵگاش کە ئەگەرچی لاوازیش بووبێت بەڵام ڕاستەقینە و ئازادانە بووە. لێرەوە هەر جوڵەیەکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان هێندەی گوزارشت بووە لە خواست و ئیرادەی دەوڵەتانی داگیرکاری دەوروبەر یان هێزە جیهانیەکان هێندە دەربڕی ویست و گوزارشتکردن نەبووە لە هێز و خواستی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای ئێمە.
تێگەیشتنی ئەم دەسەڵاتدارێتیە بۆ هێز، هاتنەسەرەوەی ووزەی پۆتێنشڵی کۆمەڵگا و هێزی ناوەکیانەی جڤات نیە، هێز نیە لە هاوپشتی و هاریکاری کۆمەڵایەتی و هەستی پێکەوە گرێدراویی نێو کۆمەڵگاوە سەرچاوەبگرێت، بەڵکو تێگەیشتنێکی هێندە پریمیتیڤ و ناشارستانییە کە جگە لە هێزی ڕووتی نەوت و پارە لەگەڵ خۆ گرێدانەوە بەبەرژەوەندی ئابورییانەی دەوڵەتانی داگیرکاری دەوروبەر، پشتدەبەستێت بە کەڵەکەبوون و تۆپەڵبوونی هێزی چەکدار وەک ئاپۆڕای گەورە کە وەک نیشانەی هێز خۆی دەربخات.
لێرەوە ئەم دەسەڵاتدارێتییە جگە لە پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگا و کردنی کۆمەڵگا و ئینسانەکان بە ملیۆن دوورگەی لەیەکدی دابڕاو، هێزی ناوەکیانەی جڤات و ووزەی پۆتێنشڵی کۆمەڵگاشی لەنێوبردووە.
دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان، جگە لە تاڵانکردنی داهاتی ژێر زەوی و سەرزەوی هەرێمی کوردستان، هێزی چەکداری نەوەکو حزبیی خێڵەکیی بەڵکو تاکەکەسیی دامەزراندووە، دابەشکاریی و تەفرەقەی نەوەکو تەنها لە نێوان بوونە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکاندا لەسەر ئاستی عێراق دروستکردووە، بەڵکو تەنانەت لە هەرێم جیاوازیی و دابەشکاریی لە نێوان شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دروستکردووە و بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی مێدیاکار و نووسەرەکانییەوە کاری لەسەر دەکات. دابەشکاریی چینایەتیی و پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی گەیاندووەتە ئاستێک لە مێژووی ئەم کۆمەڵگایە و تەواوی کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەدا وێنەی نەبووە. کێرڤی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی دەسەڵاتدارێتیی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکە بەردەوام لە داگەڕان و نزمبوونەوەیەکی خێرادایە. کەرتەکانی خزمەتگوزاری گشتی نەوەکو بەهێزکراون بەڵکو فەرامۆشکراون بە ئامانجی هەرچی فراوانتربوونی ئەم خزمەتگوزراییە گشتییانە لە کەرتی تایبەتدا. فووتێکردنی گوتارێکی ڕووکەش و بێناوەڕۆکی ناسیونالیستی نامۆ بە هەر پرەنسیپێکی سادە و سەرەتایی ناسیونالیزم تەنها بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتیی و خوسەپاندن وەکو نوێنەری بزووتنەوەی ڕزگاری! نەتەوەیی! کۆمەڵگای ئێمە کە هەردەم جگە لە کێشە و قەیرانی قووڵ لەگەڵ دەسەڵاتدارێتییەکانی دەوروبەر هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەبووە.
دەسەڵادارێتییەک بە ستراتیژ کاریکردووە لەسەر لاوازکردن و بێئیرادەکردنی ئینسانی کورد و لێرەوەش نەوەکو هێزی ناوەکیی و یەکگرتوویی جڤاتی تا نزمترین ئاستی خۆی بردووە، بەڵکو ئەم ووزەیە ئەگەر شتێکی لێمابێتەوە و خۆی بەرجەستە کردبێت لە دۆخە جیاوازەکاندا ئەوا دژ بە خودی ئەو سەرچاوەیەی تۆپەڵبوونی دەسەڵات و کەڵەکەبوونەی دەسەڵات لە نێو خێڵ و بنەماڵە سیاسییەکاندا بووە. دەسەڵاتدارێتییەک کە بە تەواوی لە پەیوەندیی ئاغا و ڕەعییەتدایە لەگەڵ کۆمەڵگا، دوو بنەماڵە و خێڵی دەسەڵاتدار وەکو سوڵتان وئاغا و تەواوی میللەتیش وەکو ڕەعیەت.
دەسەڵاتدارێتییەک کە لە درێژایی تەمەنی خۆیدا، ژیان و کەینونەی ئینسانی کوردی لە داگەڕان و داخزانێکی بەردەوامدا ڕاگرتووە و بووە بە سەرچاوەی هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر وجودی هەمەلایەنەی ئەو، وەکو دەرئەنجامێکی سروشتیی و ئاسایی خەڵک لە هەر هەلێک، ڕووداوێک و گۆڕانکارییەکدا ڕۆحی نارەزیەتی خۆی لەسەر هەموو ئاستەکانی ئەکتی بەرەنگاریی ڕووبەڕووی وەها دەسەڵاتدارێتییەک دەکاتەوە تا دەگات بە ئەوەی کە بخوازێت بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە، و کۆتاییهێنان بە ستەمی قورسی هەمەلایەنەی وەها دەسەڵاتدارێتییەک، ڕوو بکاتەوە بەغدا.

دەرئەنجام
جیاوازی نێوان خۆبەڕێوەبەریی لە ڕۆژئاڤا و دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێم، ئاسمان ڕێسمانە. ئەوانەی سەرەوەی مشتێک بوون لە خەروارێک. دەرئەنجام، هەڵبەت کە جیاوازی نێوان هەڵویستگیرییەکانی خەڵکی کوردستان لە ئاست ئەو دوو دەسەڵاتدارێتییەش، ئاسمان و ڕێسمان دەبێت.




نوگرە سەلمان ئەمەیە.. عەلی مەحمود محەمەد

بەخێر بێن بۆ جهەنەم, دروشمێك لەسەر دەرگای هاتنە ژورەوە بۆ سەربازگەی نگرە سەلمان بە خەتێكی گەورە نووسرابوو, باشترین دەربڕین بووە بۆی, بۆ ژیانی ئەوانەی لە نێوان 2 بۆ 8 مانگەی تێیدا ژیان, هاتنە ژورەوە هەبوو, دەرچوون تەنها بەهۆی عارەبانە یەك تایە بچوكەكانەوە بوو, ئەویش بۆ گۆڕستانەكەی, بۆ ناشتنی مردووان و مردووەكانی ناو عارەبانەكە, لەو زیندانە بێبایەخترین پێداویستی ژیان نەبووە, ئەوەی دەهات بۆ ئێرە كەمێك خوێندەواری بزانیایە دەبوایە بیزانیایە بۆ جهەنەم هێنراوە.
قەڵای نگرە سەلمان سەربازگەیەكە لە سنووری نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و مەملەكەتی عەرەبی سعودیە لە پارێزگای سەماوە, لە ناو بیابانێكی پان و بەرینی كاكی بە كاكی وشك و برینگی گەرمی ژینگە دۆزەخی, بە هۆی شەپۆڵی گەرماو شەپۆڵی لمەكەیەوە, بە تایبەتیش لەو وەرزەی ئەنفالكراوان تێیدا ژیان لە ترۆپكی دۆزەخی خۆیدایە, بە تایبەتیش بۆ هاووڵاتیانی كوردستان كە ئاووهەوای ناوچەكانیان فێنك و وڵاتی سەوزاییە, ئەوێ بۆیان جهەنەمە راستەقینەكەیە.
لێرە لە دەرگای سەرەكییەوە هەر دەهاتیتە ژورەوە, لە گۆڕەپانی گەراجەكە جوت دەكران, بەخێرایی ناو، پیشە و شوێنی نیشتەجێ بوونی رابردوو تۆمار دەكرا, فڕێ دەدرایتەوە ناو هۆڵێكی گەورە لە ژورەوە, ئیتر مەگەر لە پەنجەرە بچووكە قایمكراو بە شیشە ئەستورەكانەوە دەرەوەت ببینیایە, ئەویش گڕەی گەرماییەكەی وەك تارمایی نیشانی دەداو شارۆچكە تۆزاوییەكی نگرە سەلمان لەناو گڕەو گەردەلولی لمدا زۆرجار شوێنەوارەكەی بە چاو نابینرا.
ئەو خەڵكەی لێرە بوون لە مرۆڤایەتی خرابوون, ڕێگە بە حەجاج و دارودەستەكەی درابوو دیلەكانی ئەنفال وا لێبكەن لە بارودۆخێكی زۆر نامرۆڤانەدا بژین, لە جێگای زۆر قەرەباڵغدا، بەبێ سەرچاوە و ئاوی خواردنەوە و لە ژێر بارودۆخی برسێتیدا, نەبوونی چارەسەری پزیشكی و رایەخی خەو بان و بن و دەستشۆر حەمام و فێنككەرەوەو گەرمای بەتین و تەنانەت بێ ئۆكسجینی و ….. درێژە بە ژیان بدەن ئەگەر شانسی مانیان هەبووبێت.

قەلای نگرە سەلمان
زیندانی نگرە سەلمان, كە پێشتر یەكێك بووە لەو سەربازگە قەڵاییانەی لە زۆر ناوچەی كوردستان وەك سوسێ, حەسار, قەرەبەگ, چەمچەماڵ, قۆڕەتوو, ئاكرێ, نزاركێ….هەن. لە كۆتایی ساڵی ( 1976 ) ەوە لە سەرتاسەری عێراق دەست بە دروست كردنیان كراوە, لە ماوەی 5 ساڵ تەواو كراوە, لەسەر رووبەری 15000 مەتر چوار گۆشە, لەسەر دیزاینی سۆڤییەتی, كە لە هەر چوار لاواوە دژە فڕۆكە پاراستوونی, شێوەی لاكێشەییە, درێژییەكەی كەمترە لە دووجاری پانییەكەی درێژی 192 شەقاو پانییەكەی 118 شەقاو.
بەشێك لەمانە بۆ زیندانی دیلەكانی ئێران بەكار هێنراون, جگە لە زیندانی نگرە سەلمان, سەربازگەی قەڵاكانی سوسێ و قۆڕەتوو و ئاكرێ و نزاركێش كرانە ناوەندی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان و زۆر بەسەرهات و چیرۆكی رەشیان هەیە, بەتایبەت قەڵای نزاركێ و قەڵای نگرە سەلمان.
زیندانی قەڵای سەربازگەی نگرە سەلمان 144 كم لە شاری سەماوەوە دوورە, كەمتر لە 2 كیلۆمەتر لە شاری سەلمان, لە باشووری رۆژئاوای قەزای سەلمانەوەیە, هەر بە ناوی قەزای سەلمانیشەوە ناو نراوە, كەوتۆتە ناوچەیەكی كەم دانیشتووانی پان و بەرینی خێڵەكییەوە, سەلمان بە خۆی و هەر 16 ناحیەكەیەوە ژمارەی دانیشتووانی ناگاتە 10هەزار كەس, بەڵام پانتایی خاكەكەی 46928 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە.
ئەم سەربازگەیە, زیندانی بەناو بانگی كۆنی نگرە سەلمان نییە وەك هەندێك وا ئاماژەی پێ دەدەن, كە ئینگلیزەكان لە ساڵی 1928 لە سەردەستی كلوب باشا دروست كراوە, ئەمە 73 ساڵ دواتر بەعس بۆ سەربازگە دروستی كردووە.

هێنانی ئەنفالكراوان

زیندانەكانی ناو قەڵای سەربازگەی نگرە سەلمان لە 3 جێگاوە هێنران بۆی, بەڵام بە چەندین كاروان.
1-لە سەربازگەی تۆبزاوەوە: سەربازگەی نگرە سەلمان لە تۆبزاوەوە نزیك بە 674 كیلۆمەتر دوورە, ئەمانە ئەو ژن و پیاوانەی قۆناغەكانی 7 پرۆسەی ئەنفالەكانن جگە لە كۆتا ئەنفال, كە تەمەنیان لە سەروی پەنجا ساڵەوە بووە, لە گەڵ هەموو ئەو زیندانیانەی ئەنفالی هەڵەبچە كە پێش لێبوردنە گشتییەكەی 6-9-1988خۆیان تەسلیم كردۆتەوە پێكەوە بێ جیاكردنەوە بردراون بۆ ئەو زیندانە.
سەفەرە شومەكە لە گوندی تۆبزاوەی 10 كیلۆمەتری باشووری كەركووكەوە بۆ سەربازگەی قەڵای نوگرە سەلمان، نێوان 14 بۆ 17 كاتژمێری خایاندووە، هەندێك جاریش تا شەو و رۆژێك, ئۆتۆمبیلی ئەمن و ئیستیخباراتیش كەوتبوونە پێش و پاشی كاروانەكان بە بێتەلەوە, بەردەوام لە پەیوەندیدا بوونە لەگەڵ سەرەوەی خۆیان.
لە ڕێگا لە هیچ جێگایەك وەستان نەبووە, هیچ سەرئاوییەك نەبووە, هیچ نان و ئاوێكیان بە گیراوەكان نەداوەو بۆیان دابین نەكردوون, بە تەنگە نەفەسی و تەنگاوی و تێنوێتی و برسێتی ئەو سەفەرەیان بردۆتە سەر, تا ئاستی مندالڵان ناو ئۆتۆمۆبیلە سەربازییەكان بێ مامان لە دایك بوونە, بوورانەوەو لە هۆش خۆ چوون و پیسایی كردنە خۆ بەربڵاو بووە تەنانەت لە بردنیان بۆ زیندانی نگرە سەلمان منداڵ لە دایك بووە بەر بۆتەوە هەڵیان نەگرتۆتەوە.
2-بەشێك لەو ژن و منداڵانەی لە زیندانی دوبس بوون, دوو كاروانیان لە ناوەڕاستی مانگی شەش نێردران بۆ زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان, لە ناوەڕاستی یۆنی بۆ ناوەڕاستی یۆلی, دوای ئەم دوو كاروانە ناردن بۆ نگرە سەلمان راوەستا, ناردنەكان لەوێوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان گواسترانەوە لە رێگای ناردنیان بۆ سەربازگەی تكریت.
” لێرە هەر ماوە نا ماوەیەك و بە پێی وەختێكی دیاریكراو كۆمەڵە پاسێكی داخراو خۆیان دەكرد بە بنكەكەی دووبزدا و ژمارەیەكی زۆریان لە گیراوەكان باردەكرد. لایكەمەكەی دوو جاریان ئەو كۆمەڵە خەڵكەی ناوچەی كەلاری باشووری گەرمیان بوون، كە بە پێی مەزەندەیەك تێكڕا نزیكەی پێنج سەد ژن و منداڵ دەبوون و گوێزراونەتەوە بۆ بەندیخانەی نوگرە سەلمان “.
3-ئەو ژن و پیاوە پیرانەی زیندانی تكریت تەمەنیان لە سەروی 50ساڵییەوە بووە, ژن و منداڵیان لەم زیندانەوە بەهەمان پێوەری تۆبزاوەو دووبز نەهیناوە بۆ زیندانی نگرە سەلمان.
واتا زیندانیەكانی تۆبزاوەی قۆناغەكانی ئەنفال و سەربازگەی تكریت بژاردە كراون, پیرەكانیان راگواستووە بۆ سەربازگەی نگرە سەلمان, بەشێكی تۆبزاوە نێردراون بۆ دووبز, لە تكریتیش پیرەكان بۆ نگرە سەلمان بوونە, گەنجەكانیش بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, بەڵام لە قۆناغی ئەنفالكراوانی هەڵەبجەدا كە لە مانگی ئابی 1988 پێش لێبوردنە گشتییەكەی بڕیاری 736 تەسلیم ببوونەتەوە, هەموویان پێكەوە هێنراون بۆ سەربازگەی نگرە سەلمان. بە پێی نامەی نەخۆشخانەی سەماوە, لە ناو مردووەكاندا زیندانی 110 ساڵانە هەبووە.

یەكەم زیندانەكانی نگرە سەلمان كەی هێنران و كێ بوون؟

بە پێی گێڕانەوەی زیندانیان, رۆژی گەیشتنی یەكەم كاروانی ئەنفالكراوان بۆ سەربازگەی تۆبزاوە دیاری دەكرێت, چونكە بەڵگەنامەی وامان لەبەردەستدا نییە سەڵمێنەری ئەوە بێت كەی یەكەم زیندانی بۆ قەڵای نگگرە سەلمان نێردراوە.
پیاوێكی خەڵكی گوندی تەپە سورە لە دایك بووی ساڵی 1931 دەگێڕێتەوە, دوای دەستگیركردنەكەیان دوو رۆژ لە تەواری سلێمانی ماونەتەوە, دوو رۆژیش لە سەربازگەی تۆبزاوە, بۆ سێیەم رۆژ گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی نگرە سەلمان, كە گەیشتوونەتە ئەوێ چۆڵ بووە, بەڵام خەڵك پێشتر لەوێ بوونە شوێنەواریان دیار بووە, بە پێی لێدوانی ئەو بێت, ئەوان ئێوارەی پێش یەكەم رۆژی رەمەزان گەیشتونەتە نگرە سەلمان, واتا رۆژی شەممە رێكەوتی 16-4-1988 بۆ شەوەكەی گەیشتونەتە سەربازگەی قەڵای نگرە سەلمان.
جەبار محەمەد ساڵەح خەڵكی گوندی چیمەنی جەباری دەڵێت “دوای گرتنیان براونەتە قەرە تاموور, لەوێوە بۆ چەمچەماڵ و دواتر بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, ئەوان یەكەم گروپ بوونە براونەتە سەربازگەی نگرە سەلمان, كە گەیشتوونەتە ئەوێ, كراونەتە دوو هۆڵەوە, یەك بۆ ژنان یەكیش بۆ پیاوان, دوای دوو شەو كاروانی دیكە هێنراوە بۆ زیندانەكە. ئەویش بەهەمان شێوە دەڵێت كە گەیشتوونەتە سەربازگەی نگرە سەلمان, بە پێی شوێنەوارەكانیان پێشتر خەڵكی لێبووە, هەموو پیاو بوونە, ئەمانیان بردۆتە جێگای ئەوان, بە پێی وتەی ناوبراو خواردنە باشەكەی مانگی رەمەزان كە داویانە پێیان, پێشبینی دەكرێت بۆ زیندانەكان پێشوو بوو بێت, بەڵێندەر گرتبێتی بۆ ئەوان, لە سەرەتا تا كۆتایی مانگی رەمەزان خواردنیان باش بووە. بە پێی وتەی ئەو سەرەتا سەربازگەكە موبەریدەو ئاویشی لێبووە, هی زیندانەكان پێشوو بوون بەجێ مابوو, تەنانەت ئەوان كشتوكاڵیشیان بۆ خۆیان كردووە … ئەویش بە هەمان شێوە دەڵێت پێش رەمەزان گەیشتوونەتە ئەوێ.
سەبری عومەر ئیسماعیل لەو زیندانیانە بووە كە براونەتە قەرەتامور دەڵێت” ئێمە یەكەم كەس بووین چوینە نگرە سەلمان, سەرەتا ژورەكە هەموو شتی تێدابوو, لە جلوبەرگەوە بۆ دۆڵمەو كەرەوس و ….” , هەروەها خەڵكی ناوچەكەش لە مانگی رەمەزان شوتی و نانیان بۆیان بردووە. ئەو دەڵێت”زیندانی دیكە پێشتر لە نگرە سەلمان بووە, ئەگەر هەیە دیلی ئێرانی بووبێتن, نگرە سەلمان دوو رۆژ پێشتر بۆ ئێمە چۆڵكراوە؟؟؟”.
كەچی هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ – لە پەرتووكە بەناو بانگەكەی بە ناوی “جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد” بە پێَچەوانەی ئەوانەوە دەڵێت “ئەوانەی كە یەكەمجار لە ناوەڕاستی نیساندا لە تۆپزاواوە گەیشتبوون تەماشایان كردبوو نوگرە سەلمان تاریك و چۆڵە”, هەروەها دەنووسێت “چەند ساڵ بوو بە چۆڵی مابووەوە و كۆچەرە عەرەبەكان مەڕوماڵاتیان تێدەكرد. سەر دیوارە ڕووتەكانیش تێكەڵ و پێكەڵ یاداشتنامەی زیندانییە سیاسییەكانی لێنووسرابوو”. بەلام پێی دەچیت پێش زیندانییە ئەنفالەكان زیندانی یان دیلی ئێران یان سەربازی عێراقی تێدا بووبێت, ئەو زیندانە جیایە لە زیندانی زیندانییە سیاسییەكان وەك بەناو بانگە.

ژمارەی زیندانیان
تا ئێستا ئامارێكی ورد نەكراوە بۆ ژمارەی ئەو زیندانیانەی لە قەڵای نگرە سەلمان و زیندانەكانی دیكەدا بوونە, ئەمەش خەمساردییەكی گەورەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەردەخات.
هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ لە پەرتووكی جینۆساید لە عێراقدا .. پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد پێی وایە ( بەندییەكان بە چوار كاروانی سەرەكی گەیشتن. سەرجەم گیراوەكانی نوگرە سەلمان لە سەردەمی ئەنفالدا پێدەچێت 6 تا 8 هەزار بووبێتن”, هەرچەندە ئەو زانیارییەی كە ئەنفالكراوان بە چوار كاروان گەیشتبێتنە نگرە سەلمان زۆر هەڵەیە, راستییەكەی ئەوان 4 گروپن” تۆبزاوە, دووبز, تكریت, هەڵەبجە, نەك چوار كاروان, چونكە ژمارەی كاروانەكان زۆر لەوە زیاترن, تەنانەت روونیش نییە بە چەند كاروان گەیشتبێتن”.
یەكێ لە زیندانیكراوان خەڵكی گوندی گۆپتەپە, ساڵی لە دایك بوونی 1935 ە, لە رێكەوتی 2-1-2005 لە وتەی بۆ دادگای باڵای تاوانەكان داوە دەڵێت ” ئێمە هەموو 10 بۆ 12 رۆژ جارێك ئامار كراوین, بە پێی ئەو زانیارییەی وەرم گرتووە لە سەربازەكانەوە , ئێمە ئەنفالكراوان ژمارەمان ( 8706 ) كەس بووە لە زیندانی نگرە سەلمان”.
ئەو زیندانیانەی هەڵەبجە كە بردراون بۆ نگرە سەلمان ژمارەیان 1205 كەس بوونە, ئەوان زیندانیانی ئەنفالی خۆیان بە رێكوپێكی ئامار كردووە.
پێی دەچێت ژمارەی زیندانیانی نگرە سەلمان لە نێوان 8000 بۆ 9000 هەندێكیش بە 11000كەسی دەدەنە قەڵەم, زیندانیان ئەوانەی لەوێ بوونە لەسەر ژمارەیەك دیاریكراو كۆك نین.

سەربازگەكە چۆن بوو؟

نەخشەی ئەم سەربازگەیە وەك لە ئاسمانەوە دیارە, تەلارێكی دوو نهۆمی لاكێشەییە, باكوورو باشووری كەمتر لە دووجاری رۆژهەلات و رۆژئاواكەیەتی, وا دەردەكەوێت نزیك بە ئەندازەی یاریگایەكی تۆپی پێ بێت, بە جێگای سەیركەرانەوە, چەند هۆڵ لە سەرەوە بووبێت, هەمان ژمارەی هۆڵیش لە خوارەوە هەبووە, هەرچەندە لەمەشدا هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ كەوتۆتە هەڵەوە كە دەڵێت ” پاسەكان لە یەكێك لە دوو دەروازە گەورەكەوە چوونە ژوورەوە و لە ناوەڕاستی حەوشەیەكی پان و پۆڕدا وەستان كە “سێ ئەوەندەی یاریگاكەی تۆپی پێی سلێمانی بوو”, هەموو زیندانییەكانیشیان لە دەروازەی پێشەوە بردۆتە ژورەوە, لایەنە فەرمییەكانی ژماردن, ناو نووسین و وەرگرتن لەوێ بوونە.
بۆ ژمارەو قەبارەی هۆڵەكان ژمارەی جۆراو جۆر دەوترێت بە پێی وتەی گیراوەكان, كە هەر یەكەی ژمارەیەك دەدەن” 34 هۆڵ, 24 هۆڵ, 48 هۆڵ,56 هۆڵ……”, بەپێی دیزاینی وێنەی سەرەوەش بێت 24 هۆڵ و 4 كۆمەڵ تەوالێتی 3 ژوری و حەمام و دەستشۆری…. هەبووە, لەگەڵ ژمارەیەك ژوور بۆ بەڕێوەبەرایەتی و كارە كارگێڕییەكان.
هۆڵە ڕەقوتەقەكان هەر یەكەی چەند پەنجەرەیەك بچووكی تێدا بوو, لە قەبارەدا جیاواز بوون، بۆ قەبارەی هۆڵەكانیش كۆمەڵێك ژمارە لە لایەن زیندانییەكانەوە دەوترێن لەوانە ” بردینیان بۆ نهۆمی دووەم و لەوێ شەست و چوار كەسیان لێمان خستە ژوورێكەوە كە بە ئەندازەی نزیكەی 8 × 6 مەتر دەبوو – هیومان”.
یەكێكە دیكە دەڵێت “هۆڵەكان قەبارەیان 12 بە 24 مەتر بوو”, یەكی دی دەڵێت 10 بە 12 مەتر بوو.
هۆڵەكان هەموو وەك یەك نەبوونە, هەبووە گەورەتر بوو لەوەی دی….زیندانییەك دیكە دەڵێت “لە هۆڵەكەی ئێمە 448 كەسی تێدا بوو”, بەڵام پێی دەچێت بەشێك لە جیاوازی ژمارەی زیندانییەكان ناو هۆڵەكان پەیوەندی بە خودی پێكهاتەی زیندانییەكان و ئەو جێگایەی لێوە هاتوون بووبێت, نموونە زیندانییەكان هەڵەبجە هەموو بەشی سەرەوەیان بۆ تەرخان كراوە خۆشیان 1205 زیندانی بوونە, زیندانییەكان قۆناغەكانی ئەنفال زیاتر لە پێنج جاری ئەوان بوونە خراونەتە خوارەوە.
لە هەموو سووچێكی زیندانەكەشەوە قولەی چاودێریی پاسكردنی خڕی هەبووە بۆ دژە فڕۆكە, كە خوارەوەی وەك گۆڕەپانێكی بچووك وابوو, جارێكیان حەجاج منداڵەكانی لە خوارەوەی ئەو قولانە زیندانی كردووە وەك سزادان.
زیندانەكە دوو حەوشەی هەبووە, حەوشە گەورەكە گۆڕەپانی دوو گۆڵی تێدابووە, شیشی گۆڵەكەیان بۆ ئەشكەنجەو بەستنەوەی ئەنفالكراوان بەكار هێناوە, حەوشە بچوكەكە كە لە لای دەرگا سەرەكییەكەوە بوو, پێی دەوترا ساحەی گەراجەكە. لە دیوای گۆڕەپانی گەراجەكە لە رۆژهەڵاتی ئیستخبارات, لە رۆژئاوا هۆبەی پۆلیس هەبووە, هەروەها چواردەوری زیندانەكە پەرژینی تەلدڕك بووە.

گەیشتن و دابەش كردن بەسەر هۆڵەكاندا

وەك وتمان یەكەم گروپ ئەنفالكراونی گەرمیان لە رێكەوتی 16-4-1988 گەیشتنە نگرە سەلمان, دوا گروپیش هەڵەبجەییەكان لە رێكەوتی 10 یان 12ی ئۆگەست گەیشتونەتە سەربازگەكە, واتا 4 مانگ دواتر.
سەرەتا ژن و پیاو لە نگرە سەلمان هەیوان و حەوشەكانیان تێكەڵ بووە, تەنها هۆڵەكانیان جیا بووە, دوای مانگی رەمەزان هەیوان و حەوشەكانیان جیاكراوەتەوە, بە بەرمیل دیوارێكیان لە نێوان هەیوانی بەردەم هۆڵەكانیان دروست كردووە, دوای هاتنی دوو كاروانەكەی زیندانی دووبز, ئەو منداڵ و ژنانەیان لێك جیا نەكردۆتەوە, بەڵكە ئەوانیان پێكەوە بردۆتە بەشی سەرەوە, بەڵام بە هاتنی هەڵەبجەییەكان كچ و ژنە گەنجەكان كە خرابوونە بەشی سەرەوە, هێنایاننە خوارەوە بۆ لای ژنە پیرەكان, ئیتر ئەنفالكراوان لە خوارەوەو ئەنفالكراوە هەڵەبجەییەكانیش لە سەرەوە.
دەرگاكان لە كاتژمێر 10ی شەوەوە بۆ 7ی بەیانی دادەخران، لە وەختی تردا گیراوەكان بە سەربەستی لە هۆڵ و بەرهەیوانەكان دەسووڕانەوە.
لێ هەڵەبجەییەكان كوڕو كچی گەنجیشیان لە گەڵدا بوو, هەموو پێكەوە بوونە, ژن و پیاو, گەنج و پیر و منداڵ لە یەكتر جیا نەكراونەتەوە, خۆشبەختانە ئەوان گەنجەكانیان نەبردراوون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان سزاكەیان سوكتر بووە.

كەم ئەندامەكان

لە پۆلێنكاری ئەنفالكراوان لە سەربازگاكانی تۆبزاوەو تكریت, تەنها لەسەر بنچینەی تەمەن زیندانییەكان لە یەكتر جیاكراونەتەوە, ئەوانەی لە پەنجا ساڵ بە سەرەوە بوونە نێردراون بۆ سەربازگەی نگرە سەلمان, جگە لە دوو كاروانی زیندانی دووبز كە نێردراون بۆ نگرە سەلمان كە نزیك 1000 زیندانییەك بوونە, لە گەڵ بەشێك لەوانەی تا لێبوردنە گشتییەكە لە دووبز ماونەتەوە, ئەوانی دی بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان نێردراون, خوارو سەروی 15 ساڵ نێر و مێ پێكەوە كۆمەڵكوژ كراون, واتا جیاوازی زۆر نەبووە لە نێوان ئەو منداڵەی بە 15 ساڵ یان كەمتر دراونەتە قەڵەم, لە پۆلێنكردنی تۆبزاوەو تكریت, كەم ئەندامیش مامەڵەی مرۆڤی ساغیان بۆ كراوەو گەنجەكانیان بە ناوی پێشمەرگەوە كۆمەڵكوژ كراون, پیرەكانیش نێردراون بۆ نگرە سەلمان.
نگرە سەلمان زیندانی كوێر و شەل و شێت و سەقەتی تێدا بووە, نزیك 50 كوێری تێدا بووە, لە پێشدا كوێرەكان كەوتوونەتە مردن بە هۆی برسێتی و نەتوانینی خزمەتكردنی خۆیان, چاویان نەیبینیوە خۆیان لە ئەسپێ و پیسی پاك بكەنەوە, تا گەیشتۆتە ئەوەی كرم لێیانی داوە, نەشیان توانیوە لە بەر قەرەباڵغی و پاڵە پەستۆ و نەبوونی بینایی ئاو و خۆراك بۆ خۆیان وەربگرن بەردەوام تێنوو برسییان بووە, زۆریشیان كەسی خۆیان لەگەڵ نەبووە خزمەتیان بكەن.

كێشەی ئاو

ئەنفالكراوان بۆ دواجار هەر لە ماڵ خۆیان دەرچونە, كێشەی تێنویەتیان هەبووە, لە هەموو قۆناغەكانی زیندانیدا وەك سزا تێنوو كراون.
لە ناوەڕاستی مانگی یۆنی بە دواوە, بە دوو كاروان ئەنفالكراوانی ژن و منداڵی دووبزیان كە هێناوە بۆ نگرە سەلمان, بە پێی وتەی شایەتحاڵەكان لە رێگا منداڵ لە تێنوەتیدا مردووە.
لە سەرەتا ئاوی بۆڕی لەناو سەربازگاكە هەبووە, دەڵێن كاتێك ئاوی بیرەكەمان دەخواردەوە, لێومان سپییەوە دەبوو, بەهۆی زۆری خوێی ئاوەكەوە, ئاوێكی گەرم و شوێر و تاڵ وەك دەگێڕنەوە وەك ژەهری مار بووە.
ئەم ئاوە نە بۆ خواردنەوەو نە بۆ خۆشوشتن و جل شوشتن بەكار نایات, تەنها بۆ ئاوڕشێنی زەوی بەكار هاتووە, وەلێ ئەم ئاوە بۆ ئەنفالكراوان نیعمەت بووە.
لە پێش مانگی تەموزەوە ئاوەكەیان گرتۆتەوە, ئیتر بە تەنكەر ئاویان لە شاری سەماوەوە بۆیان هێناوە, دەگێڕنەوە كە ئاوی تەنكەرەكە خراپتر بووە لە ئاوی بۆڕییەكە. تەنانەت دەڵێن لە جەژنی قوربان تكێ ئاوی شۆریشیان پێمان نەداوە.
رۆژانە دوو جار ئاو هاتووە, ئاوەكە لە بەر پیسی و شوێری تاڵ بووە, دەڵێن كە دەڕشا زوو دەبووە قەوزە, پڕی كرم بووە, بە جەمەدانی و قوماش پاڵیویانە, لە بەر گەرمی بە كارتۆن باوەشێنیان دەكرد تا سارد بێتەوە ئەوجا بیخۆنەوە.
كە ئاو هاتووە سەجانەكان ” هەر هۆڵێك دوو نوێنەری هەبووە, بۆ وەرگرتن و دابەشكردنی خۆراك” و زیندانییە بەهێزەكان زۆربەیان بۆ خۆیان بردووە, لاوازەكان زۆرجار دەستیان نەكەوتووە, زیندانییەكان هەنندێك جار لەسەر ئاو لە یەكترییان داوە.
وەك دەگێڕنەوە جاری وا هەبوو ئاویان لە دۆلكەو سەتڵدا دەهێنا لە یەك كاتدا چەندین كەس سەریان دەخستە ناو سەتڵەكەوە بۆ ئاو خواردنەوە، دەبووە راكێش راكێش ئاوەكە لەو نێوەدا دەڕشا. ئەم ئاوە پیسە سەرچاوەی سەرەكی بەشێك لە نەخۆشییەكان بوو لە زیندانەكە. لە هەمان كاتدا ئاو فرۆشیش پەیدا بووە, شۆفێری تەنكەرەكان ئاویان بە زیندانەكان فرۆشتووە, سەتڵی تا چوار دینار فرۆشراوە.

ئەی خواردن چۆن بووە؟
وەك وتمان سەرەتا لە مانگی رەمەزان خواردنیان داوە بە ئەنفالكراوان زیندانی سەربازگەی قەڵای نگرە سەلمان , هەرچەندە یەكەم رۆژی رەمەزان بۆ پارشیو هیچیان نەداوە پێیان بیخۆن, بەڵام ئەو مانگە سەرتاپا تاكو رەمەزان تەواو بووە خواردنیان باش بووە, تەنانەت خەڵكی ناوچەكەش لە مانگی رەمەزان شوتی و نانیان بۆیان بردووە, لەو ماوەیەدا برنج و شلەو جارجارە گۆشت و میوەش دراوە پێیان.
كاروانێكی ئەنفالكراوانی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی چوار, كە خەڵكی بناری خاڵخالان و شێخ بزێنی سەرو و كۆیەو ناوچەكانی ئەنفالی چوار بوونە, 3 رۆژ پێش جەژن رەمەزان گەیشتۆتە نگرە سەلمان, ئەو ژنەی لە تەق تەق كە منداڵەكەی گریاوە بەهۆیەوە دۆزراوەتەوە, لە گەڵ ئەو كاروانە بووە دەڵێت ئەو 3 رۆژە تەماتەو باینجان و برنجی وەرگرتووە و لێی ناوە, دواتر خواردن گۆڕاوە بۆ سەمونی وشك و ئاوی سوێر.
كە رەمەزان تەواو بوو, شلەو برنج و خۆراكیش تەواو بوو, ئەمە وای كرد دوای رەمەزان, زیندانییەكان لە برسان بكەونە دەرهێنانی كۆنە نانی بە كەڕە شیفەو پیسی ناو بەرمیلی پاشماوەكان پێشووتری خۆیان.
رۆژانە هەر یەكەی نیوەڕوان دوو بۆ سێ سەمونی بچووكی بێ خوێی بۆری رەق و ئاوی خوێیاویان داوە پێیان بۆ تەواوی رۆژەكە, لەبەر بێ خوێیی سەمونەكانیان بە خوێوە خواردووە, یان بەهۆی رەقی كوتاویانە ئەوجا خواردوویانە, یاخود دواتر كە ئاوتەماتە پەیدا بووە, بە ئاو تەماتەوە خواردوویانە, ئاو تەماتە و پیاز بە لەزەتترین خۆراكیان بووە, تەنانەت لە جەژن خواردنیان نەداوە پێیان, ئەمە وایكردووە سكی خۆیان توند لە برسان بگوشن بۆ ئەوەی خەویان لێبكەوێت.
بەهۆی خراپی خواردن و كەمی ئاوەوە ژنان شیریان نەبووە, شیری قوتوش نەبووە, داوای شیریان بۆ منداڵە ساواكانیان كردووە نەیان داوە پێیان, بۆیە منداڵان لە برسان زۆریان مردوونە.
حەنیفە فەتاح عومەر بە رەگەز عەرەب ئەنفالكراوی گەرمیان , منداڵی كچی بووە, خۆی ناوكی بڕیووە لە ئاو دەست, منداڵەكەی داوەتە سەگ بیخوات لە نگرە سەلمان, لەبەر برسێتی و نەبوونی شیر.

فرۆشتنی خۆراك

سەرەتا شت فرۆشتن نەبووە لە سەربازگەكە, نەنها ئەو خواردنەی دراوە بە زیندانییەكان هەبووە, فرۆشتنی خۆراك دوای نزیك 3 مانگ پەیدا بوو, واتا لە ناوەڕاستی یۆلییەوە, دوای هاتنی ژن و منداڵەكان دووبز بە ماوەیەك پاسەوان و شۆفێری تەنكەرەكان بۆ قازانجی خۆیان كەوتوونەتە هێنانی شت و مەك و خۆراك بە پارەیەكی زۆر, نزیك بە 10 جار زیاتری نرخی بازاڕ.
خزمێكی حەجاجیش یەكێك بوو لە ئەوان, تا گەیشتە ئەوەی لەناو سەربازگەكە چەندین وردە بەقاڵیش پەیدا ببوون, بە كۆ خواردن و پاكەتەكەیان لێیان دەكڕییەوە و بە قازانج دەیان فرۆشتەوە بە زیندانییەكان دیكە.
نرخی شت و مەكەكان زیاتر لە 10 جار قیمەتی بازاڕ بووە, كیلۆی رۆن لە 3 پەنجاییەوە فرۆشراوە بە دینارو نیوێك تا دوو دینار, پیاز سەلكی بە دینارێك و زیاتریش, ئاوی تەماتە بە زیاتر, برنج كیلۆی لە 125 فلسەوە بۆ 2 دینارو بەرەو بان, شیری قوتوو پاكەتی جگەرەو شەربەتی وشك و تەنانەت برنج و شەكریش بە فەردە فرۆشراوە.
برنج و ئاتەماتە و جار جارە گۆشتیش هەبووە بۆ فرشتن, بەلڵام كێشەی لێنانیش هەبووە, نەبوونی ئاگر كێشەی سەرەكی بووە, بایی كوڵاندن نەبووە تەنها بایی گەرم كردن هەندێك جار هەبووە, ئەویش بە پارچە پەڕۆی دامێن كراس و كەواو جلی ژێرەوە و خوارەوەی قاچ دەست و ملیوانی جل و بەرگەكانیان ئەنجامیان داوە, یان لە دەرەوە پوش پەڵاشیان كۆكردۆتەوە, هەندێكیش باس لە بوونی تەباخێكی غازی یەكچاو دەكەن لەناو قەڵاكە.
ئەوەی پارەی نەبوایە لە نگرە سەلمان وەزعی خراپ بوو, نایتوانی شت بكڕێت, كەس قەرزی بە كەس ناداوەو هەشبووبێت زۆر كەم بووە, هەندێك لە زیندانییەكان ناچار بوونە جل و بەرگی بەری خۆیان بفرۆشن بۆ كڕینی خۆراك, زۆربەی ئەوانەی كە مردوونە, ئەوانە بوونە پارەیان پێ نەبووە.
هەندێك لە زیندانەكان پارەیان پێ بووە, چونكە لە هەموو قۆناغەكان گیرفانیان گەڕاون و ئەوەی پێیان بووە لێیانیان سەندووە, بەڵام لە سەربازگەی تۆبزاوە, بەڵگەنامەو پارەكانیان لە پیرەكان نەسەندووە, بۆیە بەشێكیان پارەیان پێ مابوو لە نگرە سەلمان.

ئەشكەنجەدان

ئەشكەنجەدان لە هۆڵی گەراجەوە كە تازە ئەنفالكراوانیان بۆی هێناوە, تا رۆژی گەڕانەوە لەو زیندانە بەردەوام بووە, چەندین كەس بە لێدان مردوونە ناویان ئاشكرایە.
پیاوێك خەڵكی كەریم باسان بووە, عەبدی ناو بووە, نەخۆش بووە, لە كاتی ناو خوێندنەوە, ناوی باوكی نەوتووە, بە دار كوشتویانە, كەڕێكی هاواری لای هەڵەبجەش گوێی لێ نەبووە ناوی خوێنراوەتەوە, بە هەمان دەرد براوە.
شێخ ساڵەح شێخ نەسرەدین هاوولاتی گوندی سماقەی سەر بە قەزای تەق تەق بە لێدان مردووە لە نگرە سەلمان, لێدان بە كێبڵ دیاردە بووە رۆژانە, تەنانەت وەك زیندانییەكان دەگێڕنەوە منداڵی 4 ساڵان بە لێدان كوژراوە.
لە مانگی تەموز, تەموزی سەلمان, زەلامیان بە عامودی دوو گۆڵییەكەوە لەبەر خۆرەتاو بەستاوەتەوە, پێست بە گیانییەوە داماڵاوە لەبەر گەرما.
كێبڵ وەشاندن و فەلاقە كردنی زەلامی بە تەمەن, شێت, منداڵ, ژنان رۆژانە بەردەوام بووە تا مردن.
حەجاج بە گەرمای مانگی تەموز لە كاژێر یەكی نیوەڕۆوە تا چواری عەسر خەڵكەكەی دەهێنایە بەر خۆرەتاوەكە وەك شێوازێك لە ئەشكەنجە دان.
لەو زیندانە زۆر شێوازی ئەشكەنجەو سوكایەتی بە پیاوەكان كراوە, كە خێزانەكان لە یەك جیا كراونەتەوە, بە بەرمیل و سیم بەین كراون, لەسەر ئەوەی پیاوەكە چۆتە لای خێزانەكەی بۆ بینینی چەند خولەكی لە پیسایی ئاو دەستەكانیان وەرداوە, لە كاتێك ئاو و بەرگی زیادەی نەبووە. ئەشكەنجەدانی جەستەیی و ئەشكەنجەدانی كەرامەت شكاندنی زیندانیان بەردەوام بووە.

پیسی و ئەسپێ
بەهۆی پیسی ژورەكان و نەبوونی پاككەرەوە و ئاو و قەرەباڵغی زۆر, نەهاتنە ژورەوەی خۆرەتاو, نە شوشتنی خۆیان و جل و بەرگەكانیان و نەگۆڕینی, بووە هۆی ئەوەی ئەسپێ لەناو زیندانەكە پەیدا ببێت, بە ئاستێك جگە لەوەی لە زیندانییەكانی دابوو و هەراسانی كردبوون, وەك دەگێرنەوە لەسەر زەوییەكە رێی دەكرد, بە گسك رایان دەماڵی, ئەسپێ جگە لەوەی مرۆڤ هەراسان دەكات, هاوكات هۆكاریشە بۆ گواستنەوەی نەخۆشی.
هەروەها تەواڵێتەكانیش زۆر پیس بوونە, پیسایی تیایدا پەنگی خواردۆتەوە, لە ناوی بەسەر بەرددا رۆیشتوونە, دوای چوونە سەر ئاو دەست شوشتنیش نەبووە, جار جارە ئەوانەی پارەیان نەبوووە لە بەرامبەر پارەیەكی كەم پاكیان كردۆتەوە.

رۆژە ترسناكەكە

بەردەوام دەردو نەخۆشی ئاسایی لە سەربازگەكە هەبووە, وە پزیشك و داودەرمانی چارەسەری نەبووە, چونكە خەڵكانێكی لاواز و بە تەمەن لێرە كۆكرابوونەوە, وێڕای پیسی و خراپی خواردن و خواردنەوەو نەبوونی چارەسەر لە داو دەرمان, بۆیە بەردەوام نەخۆشی و مردن رۆژانە هەبووە, بەهۆی خراپی خۆراكەوە شەو كوێری زۆر بووە, بەهۆی كەم ئاوییەوە پێست وشك بۆتەوە, تیفۆئید و حومە ماڵتاو كولێراش بڵاو بۆتەوە, كوێرەكان بەهۆی نەبوونی بینایی و نەتوانینی خزمەتكردنی خۆیانەوە سەرەتا ئەسپێ و كرم لەوانی داوە.
هەروەها لە زۆر حاڵەتدا دژە چارەسەری كراون, نموونە ژنێك دەگێڕێتەوە كە دەرزیان لە منداڵەكەی داوە, ناو دەمی رەش بۆتەوەو بە هۆیەوە مردووە.
دوای هاتنی هەڵەبجەییەكان بە تایبەت لە نامەی نەخۆشخانەی سەماوە تایبەت بە مردنەوە دەردەكەوێت, رێكەوتی 19-9-1988 ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی مردوونە.
ئەوان دەڵێن, لەو رۆژەدا بەهۆی ئاوەكەوە هەموو توشی رشانەوەو سك چوون بووین چاومان چوو بوو بە قوڵا, دەردەكە وابوو تەراِیی لە جەستەدا ناما, نەخۆشییەكە بتیگرتایە بە بیست خولەك دەتیكوشت, لە رۆژی مردنە زۆرەكە كەس نەیوێراوە بچێ بە لای تەرمەكاندا, كە لەناو سەربازگەكە لە هەموو كونج و لایەكی سەربازگەكە تەرمەكان وەك تارماییەكی ترسناك كەوتبوون, ئەو رۆژە ترسناك بوو, مەرگ باڵی بەسەر سەربازگەكەدا كێشابوو, راكردن لەو رۆژە ئەستەم بووە.
ئەو رۆژە دوای هاتنی تیمی تەندروستی لە شاری سەماوەوە, هەر یەكە لە نەخۆشەكان یەكی دوو حەبی زكچوویان داوە پێیان, سەرەتا زۆریان ترساون نەیان خواردووە, وایان زانیوە دەرمان خواردیان دەكەن.
هەرچەندە لەو كاتە نزیك دوو هەفتە بوو لێبوردنە گشتییەكەش درابوو, ئەو رۆژە تاك تاكە خەڵكیان بردووە بۆ نەخۆشخانەی سەماوە, وە هۆڵێكیشیان لە نهۆمی سەرەوە لە ناو هەڵەبجەییەكان چۆڵكردووەو تەرخانیان كردووە بۆ چارەسەری بە پەلە, موغەزیان بۆ هەندێك نەخۆشی مەترسیدار بەستاوە, كە هەموو وشكەوە بوبوون, ترساون دەردەكە بگوازرێتەوە بۆ دەرەوە, تیمێكی پزیشكییان لە سەماوەوە هێناوە بۆ چارەسەركردن, یەكێك لەوان كەسێك بووە بە ناوی سادات محەمەد سەرحان عەبدالموتەلیب … یاریدەدری پزیشك خەڵكی دومیاتی میسر بووە, لە گەڵ نەخۆشەكان مامەڵەیەكی مرۆڤانەی كردووە.

دەستدرێژی سێكسی
یەكێك لەو زیندانیانەی كە كاری ئاشپەزخانەی بۆ حەجاج و شەمخی ملازم ئەمن و هاوەڵانی كردووە, ژووری حەجاجیش لە سەرەوە بووە, خۆی لە ئەنفالكراوانی هەڵەبجە بووە, دەڵێت چەند كچە گەنجێكی ئەنفالەكانیان جیاكردبوەوە, دەستدرێژییان لێیان دەكرد, هەروەها چەند ژن و پیاوێكیان بۆ كاری سوخرا دانابوو بۆ خزمەتی خۆیان, خواردنیان پێ لێ دەنان و خزمەتی تایبەتی خۆیانیان پێ دەكردن. وێڕای ئەوە كاریان بە منداڵەكانیش كردووە. هەروەها زیندانییەكان دەگێڕنەوە كچی سك پڕی بچووك لە نگرە سەلمان هەبووە.

مەراسیمە ئاینییەكان
حكومەت لە كاتی رەشبگیری ئەنفال, دەستی نە پاراست لە گرتنی پیاوانی ئاینی, بۆیە ژمارەیەك مەلا كەوتنە سەربازگەی نگرە سەلمانەوە, فەقێكانیش لە تۆبزاوەو تكریتەوە نێردران بۆ مەرگ, لە هۆڵەكان مەلا هەبووە بەیانیان بانگی داوەو پێش نوێژی بۆ زیندانییەكان بە بێ دەست نوێژو بەرماڵ كردووە, تەنانەت نوێژی جەژن و هەینیشیان بە جەماعەت كردووە.
لەبەر ئەوەی بەرماڵ و ئاویان بۆ دەست نوێژ دەست نەكەوتووە, بۆیە زۆربەی جارەكان تەیەمومیان كردووەو نوێژیان لە بان جل و بەرگ و جەمەدانی و پشدێنەكانیان ئەنجام داوە, تەنانەت لە بۆنە ئاینییەكان لە بری قوربانی هەندێكیان لەو برسێتی و نەبوونییە شەكرو برنجیان كردۆتە خێر بەسەر زیندانییەكان دابەشیان كردووە.

مردن دێوەزمەكەی نگرە سەلمان

مردن دێوەزمەی ئەنفالكراوان بوو لە زیندانی نگرە سەلمان, هەڵەبجەییەكان كە دەگەنە زیندانەكە, دەگێڕننەوە ئەنفالكراوانان هەموو رەنگی مردوویان گرتبوو, دیمەنیان ترسناك بووە, هەموو پێستیان ژەنگاوی و وشك ببوەوە, نەخۆشی پێستیان گرتبوو, لاوازو لات, كەمخۆری و نەخۆشی و گڕەی گەرما بڕستی لێ بڕیبوون, گەرمای ئەو بیابانە, مانەوەی شەو رۆژلەو هۆڵە گەرمانە بێ ئامێری فێنك كەرەوەو ئاو, نەبوونی كزەیەكی با وێرانی كردبوون, لە بەر گەرما یەكپارچە هاوار و زریكەو گریان بوو لە هۆڵەكان. لەو زیندانە ترسناكە لە ئاودەست منداڵ بووە, ژن لەسەر منداڵ مردووە منداڵەكە ماوە.

هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ لە پەرتوكەكەیان دەنووسێت:” عەبدولقادر كارێكی زۆر باشی كردووە كە ژمارەی مردووەكانی تۆماركردووە و تا سەرەتای ئەیلوول كاتێ كە لە بەندیخانە بەردرا، 517 قوربانیی بارودۆخی نامرۆڤانەی نوگرە سەلمانی ژمێرە كردبوو” , لە راستیدا زانیارییەكە بەشێكی هەڵەیە, سەرەتای ئەیلول هیچ زیندانییەك لە سەربازگەی نگرە سەلمان بەر نەدراوە, لە رێكەوتی 19-9 ەوە بڕیاری لێبوردنەكە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاو كراوەتەوە, دوای ئەوە دەست كراوە بە بەردانی زیندانیان, ئەوانیش دوای دەستپێكردنی پرۆسەكە هەفتەیەك بۆ زیاتریش لە سەماوە ماونەتەوە, هیچ كاروانێكیش لە سەماوە نەكوتونەتە یەك, وە شەوێكی دیش لە تۆبزاوە ماونەتەوە, واتا ئازادكردنییان یەكەم كاروانی ئەنفالكراوان لە سەربازگەی نگرە سەلمان كەوتۆتە كۆتایی سەپتەمبەر و سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەرەوە, زیاتر ئەگەری مانگی ئۆكتۆبەری هەیە.
هەروەها شێخ عەبدالقادر زیندانی پرۆسەی ئەنفالی چوار بووە, ئەوان نزیك مانگێك دوای ئاوەدان كردنەوەی سەربازگەی نگرە سەلمان گەیشتونەتە ئەوێ, بۆیە ئامارەكەی ئەو كەماسی تێدایە.
شایەدحاڵێك دیكە دەڵێت “فەقێ عەلی خەڵكی گوندی چەوری یاداشتی 850 كەسی كردووە لە نگرە سەلمان مردوونە”, یەكێكی دیكە شایەدحاڵی ناو نگرە سەلمانە ژمارەی مردووەكان بە 779 داوەتە قەڵەم.
زیدانییەكی جەلەمۆردی دەڵێت: لە نگرە سەلمان رۆژێك بەهۆی ئاوەوە 18 كەس مردن, فازڵ حەمە مەولود جەلەمۆرد و غەفور خەڵكی گوندەكەیان لەو مردووانە بوونە, دەڵێت كۆی گشتی تا ئیمە لەوێ بووین 770 كەس مردن.
شایەدحاڵێكی دیكە دەڵێت 355كەس لە نگرە سەلمان مردووە, یەكێك دی دەڵێت 360 كەس, بۆیە ژمارەیەك دیاریكراو نییە, بەلام هەژمار كردنی مردووان ئاماركردنی قورس نییە, دەبوایا بكرابایا.
خۆشبەختانە هەڵەبجەییەكان ئاماری مردووەكانی خۆیان كردووە لە زیندانی نگرە سەلمان, ژمارەیان 71 كەس بووە, 61یان ناویان زانراوە.
نەخۆشخانەی نگرە سەلمانیش لیستی ناوی 93 كەسی لابووە لە مردووان, ئەوانەی نەخۆشخانە یاداشتیانی كردووە, تەمەنیان لە چوار مانگەوە بۆ 110 ساڵ بووە, 40 كەسیان تەنها لە رێكەوتی 19-9-1988 مردوونە, ئەوانی دیكەش مردووی 14 رۆژی جیای دیكەن لە 14-6-1988 بۆ 19-9-1988ە .

ناشتنی مردووەكان و مەراسیمی ئاینی

مردن لەسەرەتای هێنانی زیندانییەكانەوە بۆ نگرە سەلمان هەر لە رێگاوە هەبووە, بەڵام دوای هاتنی گەرما لە كۆتایی مایسەوە بووە بە دیاردە, لە گەڵ هاتنی ژن و منداڵەكان لە دووبزەوە زیادی كردووە, بە هاتنی هەڵەبجەییەكان و بڵاوبوونەوەی تیفۆید و گرانەتاو حومە ماڵتا و شەو كوێری یەكجاری چۆتە سەر.
مردنی ژنان لەسەر منداڵ بوون چەندین جار هەبووە, بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشكییەوە, نموونە دانای بابا عەلی منداڵێك بوو, بیست رۆژ ژیا, دایكی بەسەر لە دایك بوونی ئەوەوە مرد. كوشتن بە لێدانیش نموونەی زۆرە لە منداڵی بەرباوەشەوە تا پیری بە تەمەن.
لە نگرە سەلمان مەراسیمی پرسەو شیوەنكردن بۆ مردووان قەدەغە بووە, كە شیوەنیان كردووە چونەتە گیانیان, كفن نەبووە سەرەتا, رزگار نەجمەدین تەمەن 12 ساڵانە مردووە كەشیدەی حاجییەكیان لێ ئاڵاندووە لە جیاتی كفن, زۆر جاران مردووەكان كە مردوونە بەتانی و پارچە قوماشی مردووەكەیان لێیان ئاڵاندووە لە بری كفنكردن.
بۆ مردوو شوشتن ئاویان لە زیندانییەكان كۆكردۆتەوە, بە قوتی ئاوتەماتەو ….دواتر كە شت فرۆشتن پەیدا بووە, لە دوای جەژنی قوربانەوە, كفن پەیدا بووە, ئیتر كفنێكی كەم بۆ زۆربەی مردووەكان دابین كراوە, كفن فرۆشیش لەناو زیندانەكە پەیدا بووەو هەندێك لە زیندانییەكانیش كفنیان كڕیووەو لە بەریان كردووە, ئامادە بوونە بۆ مردن.
مردووەكان كفن دەكران و دەشۆردران, سوچێك لە ناو سەربازگەكە بۆ كۆكردنەوەی تەرمی مردووەكان داندرابوو, هەفتانە تەنها شەمووان مردووەكانیان بە عارەبانەیەكی بچووكی یەك تایەیی دەبردرایە دەرەوە بۆ ناشتن, هەر جارەی چەند تەرمێكیان ناوەتە بان یەكەوە, هەندێكیش دەڵێن رۆژانە بردراون.
لەبەر ئەوەی ئەنفالەكان بێ هێز بوون, زۆر جار هەڵەبجەییەكان مردووەكانیان دەنایە قەبر, ئەوان هەم تازە هاتبوون, هەم كوڕی گەنجیان لە گەڵدا بوو, وە پارەو خۆراك و شتومەكیانیشیان لە گەڵ خۆیان هێنابووە ناو زیندانەكە , كەمتر برسێتی و نەخۆشی و گەرما پەی پێیان بردبوو.
زەوییەكە رەق بوو ناتوانرا بە دەست زۆر قول بكرێت بۆ لێدانی گۆڕ, شاخی رەقەن بووە, بۆیە سەگەكان دواتر تەرمەكانیان دەردەهێناو دەیان خوارد, دایك منداڵی خۆی دەبینی بە دەم سەگەوە.
بۆیە دواتر هەفتەی جارێك شۆفەڵ هاتووە لە سەماوەوە گۆڕەكانیان بە قوڵایی نزیك مەتریك وەك خەتێكی درێژ هەڵكەندووە, دوای ئەوەی پڕ كراون لە تەرم خۆڵی كردووە بە بان مەیتەكانا بۆ ئەوەی سەگەكان روفاتەكان دەرنەهێنن, هەرچەندە لەسەر داوای زیندانیان سەگە رەشەكە كوژراوە, ئەوجا شۆفەڵەكان خەتێكی دیكەیان لێداوە بۆ گۆڕی نوێ, گۆڕستانی ئەنفالكراوان لە رۆژهەڵاتی سەربازگەكەوە بوو بە دووری چەند سەت مەترێك لە سەربازگەكەوە, گۆڕەكان هیچ شوێنەوارێكی دەستنیشان كراویان نەبووە تا لە ئێستادا بناسرێنەوە.
هەرچەندە مەلای زیندانی هەبووە لە نگرە سەلمان, بەلام رێگای تەڵقین خوێندن و نوێژی مردوو خوێندن و پرسە نەدراوە, مەگەر بە نهێنی, تەنها چەند كەسێك لە گەڵ مردووەكان چوونە بۆ ناشتنیان, بە خێرایی گەڕاونەتەوە.

لێبوردنی گشتی

دوا نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێكەوتی 6-9-1988 بڕیاری لێبوردنی گشتی بە ژمارە 736 دەرچوو, بەڵام بڕیارەكە نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە بۆ زیندانیانی نگرە سەلمان تاكو لە رۆژنامەی وەقائعی عێراقی ژمارە 3220 لە رۆژی 19-9-1988 بڵاو نەكرایەوە, بۆیە لە دیدار لە گەڵ زیندانییەكان هەموو باس لەوە دەكەن لە رێكەوتی 20-9-1988 هەواڵی لێبووردنە گشتییەكە دەگاتە ناو زیندان.

بەرتیل دان بۆ بەربوون

لە دوای رۆژی سێشەممە 20 سەپتەمبەرەوە, دوای ئەوەی بڕیاری لێبوردنی گشتی ژمارە 736 چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە, هەفتەی كاروانێك لە زیندانییەكان ئازادكراون, هەر كاروانەی 400 بۆ 500 كەس بوونە, بۆ پێشخستنی ناو بۆ دەرچوون ئەوانەی پارە یان زێڕیان پێ بووە بەرتیلیان داوە, بە تایبەت هەڵەبجەییەكان وەزعیان باشتر بووە لە ئەنفالەكان, زێڕ و پارە بەخشراوە بە حەجاج بۆ پێش خستنی كەسەكان.
یەكەمجار زیندانی ناو ئەو هۆڵانەی لە پێشەوە بوونە لە گەڵ كوێر و شەل و نەخۆش و منداڵە نەخۆشەكانیان ئازاد كردووە.
بۆ كاروانی یەكەم بەشێك زۆر لە زیندانییەكان نەیان وێراوە ناوی خۆیان بنووسن بۆ ئازادكردن, ترساون لە مەرگ بە تایبەت فڕێیان دەنە دەریاوە, بە پێچەوانەوە هەندێكی دیكە دڵیان خۆش بووە لە نگرە سەلمان بیان بەن ئەگەر بۆ زیندە بەچاڵكردنیش بووبێت, هەرچەندو پیاوانی بەعس وتوویانە دەردەچن و دەچنەوە لای كوڕو پیاوەكانتان, ئەوان خانوویان بۆتان ئامادە كردووەو چاوەڕێی ئێوەیانە.
قادر سدیق هاووڵاتی ناوچەی ئەنفالی یەك, كە یەكەم كاروان بەر كەوتووە, بەهۆی ئەوەی لە هۆڵەكانی پێشەوە بووە, دەڵێت رێكەوتەكەی لە 20-9-1988 بوو بردیانین بۆ ئازادكردن.
ئەنفالكراوان دووای بردنیان لە سەربازگەی نگرە سەلمان, دوو سێ رۆژ, بەشێك هەفتەیەك, هەندێكیش دەڵێن دوو هەفتە لە ناو شاری سەماوە ماونەتەوە, ئەو ماوەیە خواردنی باش و خۆشوشتنیان هەبووە, پشكنینی پزشكییان بۆ كراوە, لە بازاڕیش نوێنەرەكانیان شتیان بۆیان كریووە, هەر 100 كەس نوێنەرێكیان هەبووە, ئەمەش بۆ ئەوەی شوێنەواری ئەو مەرگە ساتە بە سیمایانەوە نەمێنێت, كەڵكی بردنەوەیان بۆ ناو خەڵك هەبێت.
هەموو رۆژێك كاروانی بەردان نەبووە, هەفتانە بووە یان زیاتر, هیچ كات دوو كاروان لە شاری سەماوە و سەرباگەی تۆبزاوا تێكەڵ نەبوونەو پێی ناچێت رۆژێكی دیاریكراو هەبووبێت بۆ ئازادكردن, یەكێك دەڵێت 27-10 بەردراوین كە دەكاتە رۆژی پێنج شەممە, یەكی دیكە دەڵێت 19-12 كە دەكاتە دووشەممە, یەكێكی دی وتی سێشەممە 20-9-1988.
دووشەمە 19-12-1988 كاروانی پێش كۆتایی دەهێنرێنە ناو شاری سەماوە, دوو هەفتە لەوێ دەمێننەوە, رۆژێكیش لە رێگاو رۆژێكیش لە سەربازگەی تۆبزاوە, كەواتە بەربوونیان كەوتۆتە سەرەتای ساڵی 1989, زیندانیان لەسەر ئەم زانیاریانە كۆك نین.
ئەگەر لە چوون بۆ نگرە سەلمان منداڵ لە دایك بووە, كە بەر بۆتەوە هەڵیان نەگرتۆتەوەو لە ڕێگا بەجێیان هێشتووە, لە ئازاد بوونیش لە كاتی هاتنەوە لە نگرە سەلمان, پیاوێك لە رێگا مردووە لە ئۆتۆمۆبیلەكە بەریان داوەتەوە, وتویانە لە سەر شارەوانییە بینێژن ئێمە نایبەینەوە ئەوان دەینێژن, لە رێگای بەربوون ژمارەیەكیان لێ مردووە, مردووش هەبووە, خاوەنەكەی دەنگی نەكردووە تا گەیشتۆتەوە كوردستان لەوێ رایگەیاندووە مردووە, بۆ ئەوەی روفاتەكەی ببەنەوە.

چەند كەس گەڕاونەتەوە

ئاماركردنی گەڕاوەكان و مردووەكان نگرە سەلمان سانا بوو, ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بیكردبایا, وەك بە نافەرمی بڵاو كراوەتەوە بە گشتی نزیك 6400 كەسیان گەڕاونەتەوە لە ئەنفال رزگاریان بووە” لە ئۆردوگاكانی عەربەت, كەلار, شۆڕش, باینجان نیشتەجێكران” جگە لە ئەنفالكراوانی بادینان, یاخود رزگاربووانی ناو مەڵبەندی لاوان لە دوز” نزیك 2000 زیندانی تێدا بووە” و یان تەق تەق هەندێك هەڵاتوون یان بەر لێبوردن كەوتن “لە دوزو تەقتەق هەندێك جاش خەڵكیان رزگار كردووە”, یاخود ئەوانەی لە دووبز بەر لێبوردنەكە كەوتن.
هەڵەبجەییەكان 1152 كەسیان نێردراوە بۆ نگرە سەلمان, لەو ژمارەیە 71 یان لەوێ مردوونە, ئەوی دیكە گەڕاونەتەوە.
گەڕاوەكانی ئەنفال سێیەكیان پیاون و زیاتر لە 80%یان تەمەنیان لە 10 ساڵ كەمتر یان لە شەست ساڵ زیاتر بووە, زیاتر 10%یان لە نگرە سەلمان گیانیان بەختكرد بەهۆی ئەشكەنجەدان و كەمخۆراكی و نەخۆشییەوە.
حوسێن رەشید و سەدام حوسێن لەكاتی دادگاییكردنیان باسی ئەوەیان كردووە, ئەم حەجاجە هەر ناوی دووبارە دەبێتەوە, مەعقولە بەم هەموو پارە و ئەم كات و دەسەڵاتە نەزانرا كێیەو نەدۆزرایەوە؟
مەعقولە بەڕێوەبەری هەردوو سەربازگەی تۆبزاوەو نگرە سەلمان نەدۆزرانەوە؟, پرسیارەكانیان لە جێی خۆیەتی, مەعقوڵە نەتان دۆزینەوە؟.

سەرچاوەكان

1- جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد – هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ
2- هەڵەبجەییەكانیش ئەنفالكران – گوڵاڵەی گەرمیان – چاپخانەی كارۆ 2024
3- جینۆسایدی باشووری كوردستان: پرۆسەی ئەنفالی یەك بە نموونە 21-2-1988 – 19-3-1988
جەماڵ مەجید فەرەج
4- سی دی دۆسیەی ئامادەكراوی ئەنفال لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە.
5- محكمە الانفال اعداد ریكار مزوری بمساعدە محامی ایاد كاكەیی
6- بەرنامەی بەڵگەنامەیی خۆم لەوێ بووم , تەلەفزیۆنی ئازادی,كەناڵی گەرمیان
7- پێوانی پانی و درێژی سەربازگەكە لە لایەن نووسەری بواری جینۆساید دلێر كەریم.




بەس بوون.. شیعری شەهلا نوری

دوور لەناسنامەی ساختە دڵان
دوور لە سوڕانەوەی بیرۆکە
لە ژاوەژاوی ناوچەوان
زایەڵەی نازی دەم بەیان و
غەمزەی چاوی شەوان ..
لە سترانبێژی خۆش سەدا
گڕی گەرمی گەرماوەی دڵان
لە ئاپۆڕای جێ تەڕەبار
بێ مێهری هەست فرۆشان
لەبێزاری بێزاربووان
بۆ قەتماغەی دڵەڕاوکێی ئازارەکان
لە دەڵەکی قوڕ بۆ دڕک و
داڵ بۆ گوڵ بۆ گەڵای سەوز و تەڕی چاو پان
دوور لە هەڵبەستەی عیشق و
هەڵپەڕکێی زامەکان
لە ماندن و نەمان
لەداروو نەداری نادیار
لە دڵەڕاوکێی فەلەک و
چاوشارکێێ ئەستێرە چاوگەشەکان
لەخێرابوونی مەستی تێپەڕبوونێ
بۆ نێو کۆڵان
بۆ کولانەوەی دڵی هەستیاران
بۆ خۆشخوان
لەگەرمی ھێڵی ئیستیوای دڵی ئەوان
ڕاوێژێ خۆشە کە قسە دەکا..
دەساوێژی دەستەچیلکە و
دروشمان سا سووتان
بوونە بەس بوون…….
نەمان
بە بۆنەی نەبوونی ئەوان

شەهلا نوری




جوانی لەنێوان گۆشەنیگای سێكسی/ وزەی ئیرۆتیکیدا.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(ئاوڕدانەوەیەك لە كتێبی ڕزگاركردنی جوانی، بیۆنگ- چول هان)

چەمكی جوانی لە شارستانیەتی یۆنانەوە پەڕیوەتەوە نێو شارستانیەت و كلتووری گەلانی دیكەوە. بەڵام هەتا ئێستا هزری مرۆڤایەتی پێوانەیەكی دیاریكراوی بۆ جوانی نییە، رەنگە هەرواش بمێنێتەوە.. لەسەردەمی مۆدێرنەدا جوانی لەگەڵ نەرمی تەواو هاوئاهەنگە، نەرمی وەك هۆکاری سەرەکی چێژ، وەک پێکهاتەیەکی جوانی بینراو ئەژمار دەکرێت، بەو مانایەش نەرمی لەوێوە بۆ چێژوەرگرتن گونجاوتر دەردەكەوێت، كە هیچ بەرگرییەک نیشان نادات.. بەڵام ئەو شتانەی زبر و تووند و تیژن، ئەندامەکان دەڕووشێنن، دەبنە هۆی ئازار و برینداركردن.. ئەوەش دەبێتە هۆی گرژبوونی تووند و تیژ، یان گرژبوونی ریشاڵی ماسولکەکان. نەرێنیبوونی ئازار هەستی جوانی تا ڕادەی تووندی لاواز دەکات، جوانی کەم دەکاتەوە.
سروودی جوانی
لەنێو چاوانتەوە هەم ئاوابوونی خۆر
هەم سەرهەڵدانی كازیوە بەدی دەكرێن
وەك رەشەبای ئێواران بۆنوبەرامە دەپڕژێنی
ماچت شەرابی عیشقە و زارت هەر چەشنی گۆزەیە
قارەمان ترسنۆك و منداڵانیش بوێر و ئازا دەكەی
پێم بڵێ تۆ لە كەندڕانەوە بەرز دەبیتەوە
یان لە هەسارەكانەوە دادەبەزی
(بۆدلێر)

بیۆنگ -چول هان
فەیلەسوفی (ئەڵمانی بە رەگەز کۆریای باشوور) بیۆنگ -چول هان (لەدایکبووی ١٩٥٩/ سیئۆل)، مامۆستای زانکۆی هونەرەکانە لە (بەرلین)، بە هۆی توێژینەوە و وتارە سەرنجڕاکێشەکانییەوە لە ماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا بە یەکێک لە رەخنەگرە هەرە وردەکانی (سەرمایەداری دیجیتاڵ) دادەنرێت. لە كۆی رەخنەكانیدا جەخت لەسەر چەمكی بەتاڵکردنەوەی ئەزموونی مرۆڤ و زستانی شارستانیەت و ژیانی ساتەوەختی پچڕ پچڕ و لاوازكردنی پەیوەندی ڕاستەقینە و چێژی هونەری و جوانی.. دەکاتەوە. بیۆنگ -چول هان لەڕێگای کارکردنی لەسەر بیری رۆمانتیکی ئەڵمانی و فەلسەفەی رۆژهەڵاتی، ئاماژە بە دەرفەتی جێگرەوە دەکات، هەرچەندە دەستنیشانکردنەکانی هەندێجار رەها دەردەکەون! بەڵام کارەکانی تێڕوانینی بەنرخ دەربارەی کۆمەڵگای ماندوو (پڕتوكاو) پێشکەش دەکات.
پرسیاركردنی ئه‌مڕۆ بۆ ژیان زیاد له‌ ئاستی خۆی مردووین، بۆ مردنیش زیاد له‌ ئاستی خۆی زیندووین.. ناڕاستەوخۆ پرسیارێكە لەسەر چۆنیەتی بەتاڵکردنەوەی ئەزموونی مرۆڤ.. پرسیارێكە لەبارەی زستانی شارستانیەت و خۆشەویستی و جوانی و چێژی ئەدەبی و هونەری.. ئەمڕۆی (کۆمەڵگای دەستکەوت) لەسەر خودی ئەرێنی کار دەکات، لەسەر دەنگی بەردەوامی ناوەوە، کە دەڵێت (تۆ دەتوانیت) لە جیاتی (تۆ دەبێت) ئەوەش ئازادییە دژ بە ئازادی، کە مرۆڤ زیاد لە پێویست ماندوو دەکات، نەک ڕزگار بکات. چونکە دەبێ تاکەکان لەسەر ژیان بەردەوام کێبڕکێ لەگەڵ خۆیاندا بکەن.

دڵی جوانی شكاوه
ئاسمان دیار نییە، هەتا وەك (ئیمانۆیل كانت) باس لە ئه‌ستێره‌كانی بكەین.. یاسای مۆڕاڵیش له‌سه‌ر كورسی له‌ناوەوەی منی عاقڵدا دیار نییە. له‌ دەرەوە لە هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ بە (گرتەی نزیك) دیمەنەكان رۆناك دەكرێتەوە.. ئیتر رۆحی هیگڵی و عه‌قڵـی كانتی دژ به‌ كاره‌سات و به‌رانبه‌ر به‌ ده‌ره‌وه ڕۆڵیان تەواو بووە. (جوانی سرووشتی) له‌به‌رانبه‌ر گرتەی ژیانی لەناكاوی (تۆ دەتوانیت) به‌ دڵشكاوی ده‌رده‌كه‌وێت.
(تیۆدۆر ئادۆرنۆ) دووبارە ژیان بە بەر جوانی سرووشتیدا دەكاتەوە و دەڵێت: نه‌فی شكاو، بەردەوام درووستكه‌ری جوانییه‌. بێ ئه‌و نه‌فی شكانه‌، جوانی لاواز ده‌بێت. بەڵام ئه‌و فۆرمه‌‌ (ئادۆرنۆ)ییە بێ به‌ری نییه‌ له‌ نێودژی، چونكه‌ یه‌كێتی ئه‌و فۆرمه‌ له‌ لایه‌ن ئەویدیكەی جوانییەوە تێكدەشكێ. بەو مانایە بەردەوام دڵی جوانی دەشكێت.
ئەی جوانی، تۆ لە بەرزایی ئاسمانەكانەوە دێیتە خوارێ
یان لە قووڵایی خەرەندانەوە؟
سیمات هەم دۆزەخین و هەم یەزدانی
لە هەمان كاتدا، خێر و تاوان تێكدەچڕژێنی
بۆیە دەشێ بە شەرابت بچوێنین..
+++
ئەی جوانی!
گاڵتەجاڕانە بەسەر لاشەی مردواندا گوزەر دەكەی
خشڵی سامناكیەكانت بێ ئەفسوون نین
ئەی شەمی شەوان، پەپوولە بەرەو تۆ دەفڕن
باڵەكانیان هەڵدەكڕووزێن و دەڵێن:
ستاییشت لێ بێ ئەی چرا!
+++
عاشقی سووتاو شۆڕبۆتەوە بەسەر مەعشووقدا
رۆحی لە ترپەترپ دەكەوێ و نەوازش لەگەڵ گڵكۆ دەكا
+++
( چەند كۆپلەیەك لە سروودی جوانی- گوڵی خراپە، شارل بۆدلێر، ئاراس، هەولێر، 2001. وەرگێڕانی لە فڕەنسییەوە، ئەحمەدی مەلا).
لە گوڵه‌كانی خراپه‌ی بۆدلێردا له‌ سروودی (ئاوازی جوانی) جوانی كاره‌ساتێكه‌ كه‌ رێكخستنی ئه‌ستێره‌كان ده‌شێوێنێت. جوانی ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌یه‌ كه‌ په‌پووله‌ خۆی لێنزیك ده‌كاته‌وه‌ و باڵەكانیان گڕ ده‌گرێت. مه‌شخه‌ڵ و گۆڕ (لە زمانی فڕەنسی) له‌گه‌ڵ یه‌كدا هاوسه‌روان، جوانی به ‌هەمان شێوه‌ی مه‌شخه‌ڵ له‌سه‌ر گۆڕیش هه‌ڵكۆڵراوه‌. نه‌فیبوونی كاره‌سات، چركه‌ساتی جوانییه‌. جوانی، ئێمه‌ له‌ ترس ده‌پارێزێت. به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا ترس له‌ رێگای جوانییه‌وه‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌، جوانی وێنه‌ نییه‌، به‌ڵكو په‌رده‌یه‌كی نمایشه‌. (بڕوانە جوانیناسی كارەسات، بیۆنگ- چول هان. له‌ فڕه‌نسییه‌وه‌: فازڵ مه‌حموود، كردوویە بە كوردی. سایتی ژنەفتن، 19ی نیسان، 2021).
بە گشتی جوانی لە ئەرێنیدایە، هۆکاری سەرەکی چێژوەرگرتن لە ئەرێنیدایە، لە ئارەزووكردنی خواردندایە.. بەو مانایەش چەمكی ئەرێنی وەك بە بەشێکی دانەبڕاوی جوانی، مەعریفە دەگەیەنێت، وەك چۆن خەیاڵ و تێگەیشتن لە بەرهەمهێنانی مەعریفەدا بەشدارن. لەوێشەوە وەك یارییەكی ئازاد و جیاواز بەسەر جوانیدا دەكرێنەوە و رۆڵی خۆیان لە چاوەڕوانی جوانیدا وەك زانین و كردار دەگێڕن.. بە دیوەكەی دیكە رەنگە جوانی لەسەر خۆی مەعریفە بەرهەم نەهێنێت! بەڵام میکانیزمی جوولەی مەعریفی دەپارێزێت. هەر بەو مانایەش خود بەدوای جوانیدا دەگەڕێت، کاتێک خود ڕووبەڕووی جوانی دەبێتەوە، عاشقی خۆی دەبێت. كەواتە جوانی هەستێکی ئیرۆتیکییە، نەك هەستکردن بە شتەکان، هەستکردنە بە خۆی. چێژ لە جوانیدا چێژە لە خودی خۆیدا.
چەمكی خود، وەک (ئیمانۆیل کانت) بیری لێکردۆتەوە، بەردەوام خۆی هەڵدەگرێت بۆ خۆی. هەرگیز خۆی لەدەست نادات، هەمیشە خۆی لە دەستێوەردانی دەرەکی دەپارێزێ و كار بۆ خۆبوونی ئۆتۆماتیکی دەكات. لێرەوە ئادۆرنۆ لە جوانیناسییەکەیدا جەخت لەسەر توخمە ئۆتۆ-ئیرۆتیکەکە دەكاتەوە، بەو مانایەی كە هیچ شتێک نەتوانێ ببێتە هۆی ڕووشاندنی.. بەڵام ئایا چێژ لە جوانیدا، چێژی خودە لە خۆیدا؟ جوانی دەستبەجێ دڵخۆشمان دەكات، بەڵام هەستیاری دەستبەجێ نابێتە هۆی هەستکردن بە دڵخۆشی. چونكە دەكەوێتە دەرەوەی خەیاڵ و مەعریفەوە بۆ نموونە: هەستكردن بە ئازار یان ناڕەحەتی، ترس لە مردن..
سرووشت لە بێدەنگی خۆیدا بەشێكی گەورەی جوانی هەڵگرتووە، كە ئامانجی ئەوە نییە لەڕێگای دەنگدانەوەی (واو چەند جوانە) بەرجەستەی بكەیت، لەو حاڵەتەدا (واو چەند جوانە) جۆرێکە لە سووکایەتیکردن بەو بێدەنگییەی کە بەسەر دیمەنەکەدا زاڵە، كورتكردنەوەی تێگەیشتنی جوانییە بۆ تەنیا وشە-دەنگ.. سرووشت لە بێدەنگی خۆیدا جوانی دەنوێنێ و بە تەواوی خۆی لە لۆژیکی بەکاربردن دوور دەخاتەوە، هەمیشە جوانی سرووشتی بە داخراوی دەمێنێتەوە! جوانی سرووشتی خۆی لە هەر هەوڵێکی پێناسەکردن دەدزێتەوە. پەیوەندییەکی جەوهەری لەگەڵ مۆسیقادا هەیە…
ئەوەی لە سرووشتدا دەدرەوشێتەوە لەو ساتەدا نامێنێت کە هەوڵی گرتنی دەدەیت! بەو مانایەش جوانی سرووشتی بە پێچەوانەی (جوانی دیجیتاڵی) وەستاوە. جوانی دیجیتاڵی بە تەواوی نەرێنی ئەویدیكە لەناو دەبات. جوانییەکی تەواو نەرمە. جوانی دیجیتاڵی فەزایەکی نەرم بۆ رۆح پێکدەهێنێت، کە رێگا نادات هیچ شتێکی نامۆ، یان سەر بە ئەویدیكە بێتە ژوورەوە.. بەهۆی دیجیتاڵکردنی کۆی ئەو شتانەی کە هەن، مرۆڤ تەنها لەگەڵ خۆیدا کۆدەبێتەوە.
جوانی سرووشتی خۆی لە پێناسەكردن و بەکاربردن دوور دەخاتەوە، بەڵام جوانی دیجیتاڵی جیهان بۆ تۆڕێکی فرەچەشنی یەکگرتووی کۆنترۆڵكراو دەگۆڕێ و لەناو فەزای ڕووت و نەرم و ئەرێنی بینراوی سەرسوڕماودا درێژ دەبێتەوە. كەواتە جوانی سرووشتی كراوەیە و جوانی دیجیتاڵی كۆنترۆڵكراو.. پرسیار ئەوەیە، ئایا جوانی شاراوەیە، یان ڕووت؟

جوانی
لەنێوان پۆڕتۆ و ئیرۆتیكدا

قسەیەكی (ڤاڵتەر بنیامین) هەیە، كە دەڵێ جوانی لە (جەوهەر)دا مەیلی لە دەركەوتنە. بەڵام لە كتێبی (ڕزگاركردنی جوانی) ڕووتی و جوانی شانبەشانی یەکتر ناڕۆن. چونكە لەو قسەیەی بنیامیندا ئەوە جەوهەری جوانی نییە ڕووت دەبێتەوە، بەڵكووو ڕووخساری جوانییە ناڕاستەوخۆ خۆی دەردەخات، لێرەدا جوانی وەك ڕووخسار و ناوەڕۆك لێكجیا دەبێتەوە. جوانی وەك ڕووخسار مەیلی دەركەوتنی هەیە، بەڵام وەك ناوەڕۆك مەیلی لە شاراوەییە و ئەوەی دەرنەکەوتووە داپۆشراوی خودی جوانییە! بە مانایەكی دیكە نهێنی جوانی و هەڵوێستی جوانی لە خۆبەدەستەوەنەدانی هاتووە..
جوانی ڕووخسار كە ڕووتە، بە زەرورەت جۆرێکە لە دەركەوتن، بەڵام لە ناوڕۆكدا جوانی خزە و بە زەحمەت دەگیرێ.. هەر بەو مانایەش (بیۆنگ-چول هان) پشتیوانی لە داپۆشینی قەشەنگانەی دژ بە ڕووتییەکی ڕووت دەکات، چونكە پێیوایە ڕووتی ئەوەیە، کە هیچ داپۆشراوێتییەکی تێدا نییە و بەوەیش دەبێ بە پۆرنۆگرافیا. پۆڕنۆگرافیا وەك ڕووتی، هیچ نهێنییەكی تێدا نییە و پێچەوانەی جوانییە. هەمیشە پۆڕنۆگرافیا وێنەی بێهەڵوێستن، کە نیاز و تێڕوانینیان نییە، بە تەواوی بە پێشکەشکردنی تەنها یەک شت پەیوەستن ئەویش سێکسە..
بەڵام جوانی ئیرۆتیكی ئەوەیە، كە دەرنەكەوتن دەپارێزێت، ئەوەیە كە لە نێگەتیفییەت داناماڵرێت..(پانتایی ئیرۆتیكی جەستە، ئەو شوێنەیە كە پۆشاك تێیدا قڵێشی بردووە و فەتحەدارە- كەلێنێ كە بەشێكی ڕووتی و نهێنی جەستە لێیەوە دەردەكەوێت).. كەچی پۆڕنۆگرافیا ئامانجی نیشاندانی ڕووتی جەستەیە، لە دۆخە قێزەونەکانیدا. بەڵام دۆخەکانی جەستە وەک بیۆنگ- چول هان، تێیگەیشتووە تایبەت بە پۆڕنۆگرافیا نیین، تایبەتن بە ئیرۆتیكا.. جوانی پێش دەرکەوتنی دوودڵە، جوانی پڕشنگی نهێنییەکەی لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ دەپارێزێت، بەمجۆرە نهێنی جوانی دەبێتە ئیرۆتیک.. بەڵام پۆرنۆگرافی بۆ جۆرێک لە فۆتۆگرافی وڕووژێنەری ڕاستەوخۆ دەگۆڕێت.
شاردنەوە بۆ جوانی پێویستە، بۆیە ناتوانرێت بەرگەکەی لێبکرێتەوە، یان پەردەی لەسەر لابدرێت. بە زەحمەت دەرخستنی جوانی، بەشێکە لە سرووشتی جوانی خۆی، ناشێ ڕووتی بكەینەوە و سەرپۆشەكەی لەبەر داماڵین، جوانی لە شاردنەوەی خۆیدا جوانە و لە بنەڕەتدا جوانی تەمومژاوییە. جوانبوون بە تەواوەتی واتە شاردنەوە.. لێرەوەیە (ڤاڵتەر بنیامین) رەخنەی هونەری بە تیۆری شاردنەوە ناودەبات. واتە ئەرکی رەخنەی هونەری، پەردە لادان لە بەرهەمی هونەری نییە، بەڵكە ئەوەیە، کە وردتر هونەر لە پشت پەردەكەی خۆیدا بناسێتەوە، ئەوەیە کە دوور لە هاوسۆزی درۆ و دیدگای بێهەڵوێست، جوانی ببینێ! وەک نهێنی وردتر چاودێری دەرکەوتنی دیدگای ڕاستەقینەی جوانی بكات.. چونكە بەرهەمی هونەری ڕاستەقینە جگە لەو شوێنە نەبێ، کە بە نهێنی خۆی تێدا دەنوێنێ، ئەگینا لە هیچ شوێنێكی دیكە خۆبەدەستەوە نادات. كەواتە رەخنەی هونەری لە كۆی پەیوەندییەكانی لە كار بە شوێنەوە، یان بە كلتوورەوە دەكۆڵێتەوە.
جوانی بابەتێکە هەمیشە درەنگ دێتە پێشەوە. كەواتە شاردنەوە بۆ جوانی پێویستە. چونكە جوانییەکان بە هیچ شێوەیەکی تر جیا ناکرێنەوە. وەك ئەوەی بینینی جوانی نهێنی بیت، هەمیشە ناسینی جوانی لە دۆخی شاراوەی خۆیدایە. بەو مانایەش پەردە گرنگترە لەو بابەتەی كە شاراوەتەوە. پەردە خەیاڵی دەقیش دەوڕووژێنێت. دەستەواژەی وزەی ئیرۆتیکا و چێژی ئیرۆتیکیی دەق جیاوازە، لە چێژی ڕووتی جەستەیی کە لە پەردەلادانی وردە وردە دەردەكەوێت، یان ڕاستەوخۆ دەردەكەوێت. وزەی ئیرۆتیکی جۆرێکە لە دیاردەی پەیوەست بە شاردنەوە، كە پۆڕنۆگرافی ڕاستەوخۆ لەناوی دەبات. وزەی ئیرۆتیکی لە وەسوەسەوە بۆ خۆشەویستی، پاشان بۆ ئارەزوو، دەستبازی، پاشان سێکسییەت هەنگاو دەنێت. پۆڕنۆگرافیا نوێنەرایەتی کۆتایی رەهای ڕووتی دەکات.
بە بڕوای (رۆڵان بارت) لە ئیرۆتیكادا پەردە بەشێکی سەرەکی لە وڕووژاندنی سێكسیی پێكدەهێنێ. واتە سێکسیترین بەش لە جەستەدا ئەو شوێنەیە کە لە كەلێن- شەق- كرانەوەی جل و بەرگدا دەردەكەوێت. كۆی وڕووژاندنی سێكسیی لە ئیرۆتیكدا لە خەونێکی هەرزەکارانە دەچێت، ئەو پەیوەندیی و سۆزدارییەیە کە خۆشەویستی پێشکەشی دەکات، وەسوەسەی زانین… ئارەزووییەكە بەبێ بوونی واقیعێکی ڕاستەقینە لە خەیاڵدا گەمە دەكات، وزەی ئیرۆتیكی سیحرێكە لە پشت پەردەکانەوە بۆ ئەو خەیاڵە راتدەكێشێ…
ئیمانۆیل کانت لە لێدوانێکدا لەسەر شیعری (هۆڵدەرلین) دەنووسێت: سرووشت لەڕێگای فۆرمە جوانەکانییەوە قسە دەکات و ئەو دیارییەی پێبەخشیوین، کە نووسینی نهێنی لەناو هەستی ئەخلاقیماندا شیبکەینەوە. لێرەدا كانت فۆرمی جوانی بە نهێنی و نهێنی بە هەستی ئەخلاقییەوە دەبەستێتەوە.. ئەو مەبەستە پێویستی بە هێزێکی خەیاڵی هەیە، کە توانای خەیاڵکردنی ئەو بیرۆکە ئەخلاقیانەی هەبێت، کە لە رەوتی پرۆسەی پەروەردەی پێشکەوتوودا بەدەستیان هێناوە. بەپێی ئەو کارەکتەرە ئایدیاڵەی کە جوانی لەخۆی دەگرێت، کانت باس لە جوانی وەک ئەخلاق و باس لە ئەخلاق وەک جوانیناسی دەکات. بەو مانایە جوانی پەیوەندی بە یاساکانی پەیوەست بە جۆرە هونەرییەکانەوە هەیە..
جوانی ئیرۆتیكی پەیوەستە بە هێزی خەیاڵ و سۆز و ئارەزووی سەرسوڕهێنەر و خۆشەویستیی و شۆکەوە. بەڵام جوانی پۆڕنۆگرافی سەر بە فۆڕمی راکێشان و لایكە- حەزم لێیە، هیچ شۆكێكی تێدا نییە. یەكەمیان دوور بە دوور بێ ئەندازە حەزی بینین دەوڕووژێنێ، حەزی بینین قووڵ دەكاتەوە، ڕامان و چڕبوونەوەی تێیدایە، وێنەكە دوورە تا جارێکی دی بیری لێبکەمەوە، سەرەڕای ڕوونییەکەی تا ماوەیەک خۆی ئاشکرا ناکات. یان بە مانایەكی دیكە تا نەتخاتە حاڵەتی ئارەزووكردن، تا شۆكت نەكات، خۆی ئاشكرا ناكات.
بەڵام پۆڕنۆگرافیا وێنەیەكی فۆتۆگرافی نزیك و پۆلێشراو و شەفافە، هیچ درزێک و ناڕوونییەکی تێدا نییە، هەموو شتەكان بەرەو دەرەوە دەگۆڕێت و نمایشی دەکات، هیچ بڕە تایبەتمەندی و شاردنەوە و نهێنییەك لەخۆ ناگرێت، بە تەواوی تایبەتە بە نمایشکردنی تەنها یەک شت: سێکس! هیچ بابەتێکی چاوەڕواننەکراوی دیكەی نییە، کە بێتە سەر ئەوەی شتێک دوابخات، یان سەرقاڵ بکات.. بەو مانایە پۆڕنۆگرافیا- ڕووتی ڕاستەوخۆ و قێزەونە، هیچ شتێکی مانادار و شاراوە ناپارێزێت.. بەڵكووو لەبری ئەوە ماناكان ڕادەست دەکات، بۆ ئەوەی كات بە فیڕۆ نەدات و لە نزیكەوە و لە هەموو ڕووییەكەوە نمایشی خۆی بکات.
كەواتە ئیرۆتیک جیاوازە لە پۆرنۆگرافی، چونکە یەکەمیان پەنا بۆ دەربڕینی ناڕاستەوخۆ و بازنەیی هەست و ڕامان و ئارەزوو دەبات. پۆرنۆگرافی دەستبەجێییە، هیچ چڕییەکی سیمیۆلۆژیی تێدا نییە، خاوەنی هیچ شتێک نییە، کە بتوانرێت بکرێتە ئامانج، بەڵكە بابەتێکە بۆ (لایك- من حەزم لێیە). دواخستن و خاوبوونەوە و سەرلێشێواوی ئامرازی کاتیی ئیرۆتیکن. بەکارهێنانی ڕوون و فریودەرانە، سێكس و ئاماژەکردنی ڕاستەوخۆ بە بابەتەکە، پێکهاتەی پۆرنۆگرافیایە..

ڕزگاركردنی جوانی
(بیۆنگ-چول هان) لە هەڤپەیڤینێك بە ناوی (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆرۆنا) كە (هاوڕێ خالید) بۆ كوردی وەریگێڕاوە، دەڵێ: نەمانی نەریت و ڕیتواڵەکان، دەلالەت لە نەمانی کۆمەڵگا دەكەن، (شۆڕشی پەیوەندییەكان) کە تەقینەوەی دیجیتاڵی لێكەوتۆتەوە، گوایە پەیوەندییەكان بەیەکەوە تۆخ دەكاتەوە، بەڵام لەیەکتری نزیک نەکردوونەتەوە، بەڵكە نەك هەر رەهەندی کۆمەڵایەتیی فەرامۆشكردووە، بەڵكە پەیوەندیی نێوان ئەستێرەکانیشی لا بردووە و ئیگۆی کردووە بە ناوەند و سێنتەری بەرژەوەندییەکانی خۆی..
بۆیە سەرەڕای شۆڕشی پەیوەندییەكانی دنیای دیجیتاڵی، كەچی هەستکردنمان بە تەنیایی و گۆشەگیری زێتر گەشەی كردووە.. ڕاستە هەموو جارێک بانگهێشت دەکرێین بۆ دەربڕینی بۆچوون و پێداویستی و ویست و هەڵبژاردن و تەنانەت باسکردنی ژیانی تاکەکەسیمان، (بەڵام تەنها بە لایك)… (تەنها بە لایك) دووبارە ناساندنەوە و نوێنەرایەتی و نمایشی خۆمان دەکەین (من، خۆمم) راهێنان بە خۆشەویستی و پەرستن دەکەین.
(بیۆنگ-چول هان) لە ڕەخنەگرتنی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵ زیاتر دەڕوات و تاوتوێی ئەوە دەکات، کە چۆن بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەزموونی ئێمە لە کات، خۆشەویستی و هونەر… بۆ لایك دەگۆڕێت! لەوەش سەرنجڕاکێشتر دۆخی ئێستامان بە زستانی شارستانیەت ناو دەبات.. لە تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی شته‌كان به‌ره‌به‌ره‌ گرنگییان نامێنێ. شته‌كان خۆیان خستووه‌ته‌ ژێر ركێفی زانیارییه‌كان. هەر تەنها پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەرەو كۆتایی نابنەوە، هەر تەنها ژیانی پچڕ پچڕ نەكردووە، هەر تەنها لاوازكردنی پەیوەندی ڕاستەقینە و چێژی هونەری و جوانی لێنەكەتۆتەوە.. بەڵكووو به‌ واتای كۆتایی هاتنی مرۆڤی سیاسیش دێت، كاتیگۆری كاتیش له‌ سیاسه‌تدا له‌ ناو ده‌بات، هەر تەنها بانگەشەی شەفافییەتی پۆڕنۆیی ناكات، بەڵكووو بانگه‌شه‌ی شه‌فافییه‌ت له‌ نووسینشدا بە ئەركی خۆی دەزانێت.. بەو مانایەش ده‌بێته‌ هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جیدییەتی نووسین و چۆنێتی.. ئه‌گه‌رچی نووسینه‌كه‌ی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی تایبه‌تی بێت، یان پێكه‌وه‌یی، شه‌فاف بێ.. بەڵام ته‌نیا كه‌ڵه‌کەكردنی پیته ‌و هیچی تر، ئیتر تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی عه‌وامگه‌رییەكی بەرفرەوانی لە زۆربەی بوارەكان لەگەڵ خۆی هێناوەتە ناوەوە.
تۆڕی دیجیتاڵی لە جیهاندا کار بۆ گۆڕینی جوانی بۆ بابەتی ئەرێنی چێژ دەکات، وەك چۆن جەستەی بە هەستەوەری دیجیتاڵی تەیار كردووە و هەموو زانیارییە پەیوەندیدارەکان بە جەستە تۆمار دەکات، بە هەمان شێوە پێوانەکردنی چەندایەتی جەستەش دەکاتە شاشەی چاودێری و کۆنترۆڵكردن، هەروەها كۆی ئەو زانیارییانەش لە ئینتەرنێتدا کۆدەکرێنەوە و بۆ ئاڵوگۆڕکردن بەردەست دەخرێن! بە دیوەكەی دیكە رەوتی زانیاری جەستە بۆ کۆمەڵێک داتا دەشێوێنن، بە جۆرێک کە دەبێتە کۆمەڵێک داتای چاودێریكردن، لە هەمان کاتدا جەستە بۆ شتگەلێکی بەشەکی هەڵدەوەشێتەوە، کە لە ئەندامە سێکسییەکان دەچن. بەمجۆرە بابەتی ڕووتی چیتر وەک دیمەنی گێڕانەوەی خەیاڵ، چیتر وەك تێڕامان و هونەری ئیرۆتیكی کار ناکات، بەڵكە دەبێتە پۆڕنۆگرافیا، دەبێتە داتای زیادکراو یان كۆمەڵێ بابەتی بەشەکی..
خەیاڵ وەك بنەمای داهێنان چەندان زانیاری هەستیاری لەڕێگای – حدس- ەوە بە دەستدەهێنێ، بە دیوەكەی دیكە لەسەر ئاستی هونەردا توانا مەعریفیەکانی خەیاڵ پراكتیزەی تێگەیشتن و راڤەكردن و بەجێهێنان دەكەن، لە یارییەكی ئازادا وەک کرانەوە دێنە گۆڕەپانەوە و جوانیش وەك بەرهەمی ئەو پراكتیزەكردنە چێژدەخاتەوە.. کەواتە چێژ لە ئەنجامی هاوئاهەنگیی توانا مەعریفیەکان و بەجێهێنانەوە دێتە ئاراوە، یان لە هاوئاهەنگی رێکخستنی هێزەکانی مەعریفەدایە. بەو مانایەش جوانی هەستکردن بە شتەکان نییە، بەڵكووو هەستکردنە بە خۆی. كاتێ خود بەدوای جوانیدا دەگەڕێت، پەنا دەباتە ناوەوەی خەیاڵە زیندووەكانی خۆی، بەڕاستی مرۆڤ دەبێ مێشکی خۆی لە هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەك ئازاد بکات. بیرۆکەی بێکۆتایی لە عەقڵی مرۆڤدایە، بەڵام خود لە ناوەوەی خۆی دوور ناکەوێتەوە، نە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی جوانی، نە کاتێک مرۆڤ ڕووبەڕووی بابەتێكی زاڵ دەبێتەوە، لە هەردوو حاڵەتەکەدا، خود جەخت لە ناوەوەی خۆی دەكاتەوە. دواجار ئیرۆتیكا، جوانی سرووشتی، خەیاڵی داهێنان… تێڕامان و چڕبوونەوەی ناوەوەیە، هەمیشە لە لۆژیکی بەکاربردن دوور دەكەوێتەوە!. گومان، و دواخستن، شاردنەوە و هەڵەكردن هەموویان ستراتیژی فەزایی جوانی و کاتی جوانیین. جوانی پێش دەرکەوتنی دوودڵی پێوەدیارە، بۆیە بەردەوام پڕشنگی نهێنییەکانی لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ دەپارێزێت. بەڵام پۆرنۆگرافیا هیچ بڕە گومانێکی لە دەركەوتندا نییە.. لەگەڵ دەركەوتندا مافی بەدەستهێنان لەدەست دەدات و بۆ جۆرێک لە فۆتۆگرافی وڕووژێنەر دەگۆڕێت.
بە بڕوای (تیۆدۆر ئادۆرنۆ) جەوهەری جوانی لە دەوری نەریتی سەرلێشێواوییەوە نییە، بەڵكووو بریتییە لە فۆرمێک کە خۆی لە بێ فۆرمییەوە هەڵدەگرێتەوە… وێنەی جوانی وەک شتێکی ناوازە و جیاواز لە ئازادی، لە ترس، لە کۆی باڵادەستی و هێزی سرووشتییەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام دەرکەوتنی جوانی بە تەواوی سەرلێشێواوی رەتناکاتەوە، وەك چۆن شێوە رواڵەتی دەرەوەی جوانیش، ناسک و مەترسیدارە، پەیوەندی نێوان جوانی و ترسناکی مەرج نییە دژ بەیەک بن. واتە مەرج نییە جوانی بە تەواوی لە پاڕاستنی خۆی سەرکەوتوو بێت، بەڵام هەرگیز ترسناکی بە سادەیی رەتناکاتەوە.. مەبەست لە (ترسناک)ی ئەوەیە، كە دەشێ جوانی بكەوێتە نێوان کارەسات و تاریکی و ناشیرینی و نادیاری و دەستێوەردانی ئەوانیدیكە و گۆشەگیری سوبێكتەوە…
دەتوانم بڵێم، جوانی بریتییە لە گۆڕینی ڕووی بینراو (ڕووخسار) بۆ ئاسۆی بێکۆتایی نەبینراو (جەوهەر)! كەواتە هەمیشە ڕووخساری جوانی لە شۆكی گومان و دڵنیایی، ناسک و مەترسیدار، دیار و نادیار، ئەرێنی و نەرێنی.. دەردەكەوێت. بەڵام ئەوە جەوهەری ڕووخسارە کە جوانی دادەمەزرێنێت. جەوهەری جوانی لە هەموو شتێکدا دەتوێتەوە، کە نەرم و نیان بێت.. كەواتە جوانیناسیی بە فۆرمولەی دژبەیەکەوە فۆرمی جوانی باس دەکات. ئەو جۆرە لە بیركردنەوە وەك لە كتێبی (ڕزگاركردنی جوانی، وەرگێڕانی بۆ عەرەبی، بەدرەدین مستەفا، چاپی یەکەم: ٢٠٢٠) هاتووە، بەرەو نهێنییەكانی ئیرۆتیكا دەچێ و دژ بە پۆڕنۆگرافیایە!
بەمجۆرە مەودایەکی جوانکاری هەیە، کە وامان لێدەکات بتوانین قەدری جەوهەر جوانی بزانین. قەدرگرتنی جوانی لە بەکارهێنانی جەوهەرەکەیدا نییە، بەڵكووو لە تێڕامانی ڕووخساری جوانیدایە، بەڵام ئەو ستایشكردنە لەو شوێنانە نائادەیە کە مەودای تێڕامان لەنێوان سوبێكت و ئۆبێكتدا بە پێوانەی ئەندازەیی شۆڕشی پەیوەندییەكان دەپورێت، لەو شوێنانەی كە نەتوانین لە جوانی رابمێنین..

جەوهەری جوانی ئازادییە
زیادەڕەویی لە بەدیهێنانی جەوهەری جوانی، لە سنووردارکردنی خودی ژیاندایە، مردن، ژیان بۆ شتێکی مردوو دەگۆڕێت، ژیان پەرت دەبێت و دەڕژێت.. نێگەتیڤی هێزی بزوێنەری ژیان خۆی دەشارێتەوە، جەوهەری جوانی پێکدەهێنێت.. بەهۆی ئەو جەوهەرە عەقڵانییەی کە هێزی بزوێنەری ژیان لەخۆدەگرێت، ئایدیالی جوانی خۆی لە هەر جۆرە بەکاربردنێکی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرێت! بەڵام لاوازی و ناسکی و شکاوی هەر هەموویان سیفەتی سرووشتی جوانیین. بە پشتبەستن بەو مانایە، جوانی بە هەموو توانا و هێزی خۆی قەرزاری وەسوەسەیە. وەسوەسەی جوانی دژە ژەهرێکی چارەسەری وەهایە، ژیان دەگرێت، هەر بۆیەش هەمیشە ژیان دەیخواتەوە.. بەمجۆرە ئەگەر زەوی لە پێناو ژیاندا فەتح بکرێت، ژیان ناتەواو دەبێت.
كەواتە بابەتی جوان بابەتێکە کە لەبەردەم شتێکدا وەستاوە، کە تیایدا هەر جۆرە وابەستەیییەک، یان زۆرەملییەك… قبووڵ ناكات، جوانی بە تەواوی ئازادە لە هەر زاڵبوونێک لە دەرەوەی خۆیدا كە بۆ گەیشتن بە مەبەستی خۆی کاردەکات، جوانی هەرگیز دیلی ئەرک و ناچاری و مەبەستێك نییە، هەرگیز سوبێكت هەوڵی بەدەستهێنانی جوانی بۆ گەیشتن بە نیازەكانی نادات، بەڵكووو سەربەخۆیانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.. سوبێكت وەک ئامانجی جوانی لە خۆیدا مامەڵە لەگەڵ جوانیدا دەکات. بەرژەوەندی تەواو لە ئامانج جیا دەبێتەوە و دەبێتە هەڵوێستی جیاکەرەوەی جوانی بەرانبەر بە جوانەکان..
كەواتە لە دەرەوەی بەرژەوەندییەكانەوە تەنها جوانی فێری ئازادیمان دەکات. جوانی بۆ خۆی ئامانجە. ئامانجەکانی جوانی لە جەوهەری جوانیدا پەنهانە. جوانی لە جەوهەری خۆیدا بەهای خۆی بەدەست دەهێنێت. بۆیە ناکڕدرێت و بە تەواوی لە بەرژەوەندییەكان دوورخراوەتەوە. لێرەوەیە دەڵێن هونەر لەگەڵ سەرمایەداریدا ناگونجێت! سەرمایەداری هەموو شتێک دەخاتە بەردەم بەکاربردن و دابینکردن و داواکارییەوە.
ئیتر دوای ڕووبەڕووبوونەوەی جوانی و ئازادی و سازش، ئارەزوو و پابەندبوون نامێنێت و ئەگەری پەیوەندییەکی ئازاد لەگەڵ جیهان و لەگەڵ جوانیدا دێتە ئاراوە.. لەبەرانبەر جوانیدا، سوبێكت لەبری ئەوەی لە پێشەوەی پەیوەندییەكان بوەستێت، هەنگاوێکی لاوەکی دەگرێتەبەر و دەبێتە کارەکتەرێک کە لە پەراوێزدا.. سوبێكت هەنگاو دەنێیتە دواوە بۆ بەرژەوەندی ئەویدیكەی جیاواز. بێ كۆتاییبوونی جوانی لە بوونی ئەبەدیی ئەویدیكەوەیە، بەمجۆرە ئەبەدیەتی جوانی دەست پێدەکات، ئەبەدیەتی جوانی ئەوەی وەک رۆناکییەک لە جەوهەردا دەدرەوشێتەوە، کە بەناو ئەوی دیكەدا بڵاودەبێتەوە… دواجار وەك دەردەکەوێت ئەرکی هونەر لە ئازادکردنی ئەویدیكەدایە. ڕزگارکردنی جوانی ڕزگارکردنی ئەویدیكەی جیاوازە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
هەولێر 14/3/2025




ژن لە شاكارەكانی شەكسپیردا.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

ژن لە دەقەكانی شەكسپیردا، بەردەوام شوێن و پێگەی تەماوی و ئاڵۆز و گرنگی هەیە، بە شێوەیەك هەمیشە وەك كارێكتەرێكی گەورە و بەهێز و كاریگەر ڕۆڵ دەبینێت و لەناو كۆمەڵگادا وەك پێشەنگ و زوڵم لێكراو و هەندێك جار وەك ڕابەری هەستە مرۆڤایەتییەكان نمایش دەكرێت. لە دەقی بازرگانی ڤینیسیا، كارێكتەرێكی وەك پۆرشیا كە هەر تەنێ ژنێكی شۆخ و خواپێداو نییە، بەڵكە كارێكتەرێكە ژیر و وریایشە. پۆرشیا، كە وەك پارێزەرێكی وریا و هۆشیار دەردەكەوێت و لە دادگادا وەك یاساناسێكی بەتوانا دەتوانێ ڕۆڵێكی كاریگەر ببینێ لە ڕزگاركردنی ئەنتۆنیۆ لەدەست ئەو سزا توندەی كە لەلایەن شایلۆكەوە سەپێنراوەتە سەری، هەروەها پۆرشیا بۆ دواڕۆژ دەبێتە سیمبوڵی خۆشەویستی و سۆز و دانایی و دادپەروەری و پەند و ئامۆژگاری. یەكێك لەو ڕۆڵە جوانانەی شەكسپیر داویەتە پۆرشیا ئەو گوتارە ناودارەیەتی كە لە دادگادا لەبارەی دلۆڤانییەوە(الرحمة) دەیدات و دەڵێ: (پێویستە هاوسەنگی لەنێوان یاسا و دلۆڤانی هەبێت)، ئەمەيش بەردەوام دید و بەرزەپەیامی مرۆڤانەی خودی شەكسپیر بووە لە زۆربەی دەقەكانیدا. جگە لەمانە، كەسایەتیی پۆرشیا لەم دەقەدا لە هەردوو ژانری كۆمیدیا و تراژیدیادا بەرجەستە دەبێت، هەروەها دەبێ ئەوەیش بزانین كە لەم دەقەدا، شەكسپیر لەڕێی كارێكتەر و كەسایەتیی فرە ڕەهەندی پۆرشیاوە باس لە دابونەریتە باوە شێوە خێڵەكی و ئاوەزە دواكەوتووەكانی ئەو سەردەم دەكات و هانی تاكەكانی كۆمەڵگاكەی دەدات ئەم كولتوورە باوانە تووڕهەڵدەن و پەیامی تازەی پێشكەوتن و گۆڕانكاری بكەنە ڕێڕەوی ژیان.. لە دەقی ماكبێسدا، لێدی ماكبێس دیسانەوە وەك كارێكتەر و كەسایەتییەكی بەهێز و نەبەرد دەردەكەوێت و ڕۆڵێكی كاریگەر و گەورە لە ڕووداوە درامییەكانی نێو دەقەكەدا دەبینێت، لێدی ماكبێس بەشێوەیەك هاوسەرەكەی هان دەدات تاوان بنێتەوە، بەمەیش دەتوانێت وا لە هاوسەرەكەی بكات بۆ ئەوەی (شا دەنكان) بكوژێت.. هەروەها لە ڕۆمیۆ و جۆلێتدا، جۆلێت نمایشی خۆشەویستییەكی ئەفلاتوونی دەكات، كە خۆشەویستییەكی پاكوبێگەردی ڕووحامێزە و دوورە لە تێكەڵاویی جەستە و سێكسكاری، دواجار ئەم خۆشەویستییەی جۆلێت ئامانج لێی گەیشتنە بەوپەڕی جوانیی ڕەها. جۆلێت، كێشەكەی وای لێ دەكات ڕووبەڕووی كۆمەڵگاكەی ببێتەوە، هەوڵ دەدات كۆسپ و لەمپەرەكانی بەردەم بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگا تێك بشكێنێت.. لە دەقی خەونەشەوێكی هاوین، كەسایەتیی هێرمێس، كارێكتەرێكە دژی بەزۆر بەشوودانی دەوەستێتەوە و سوور دەبێ لەوەی كە خۆی كێی خۆشدەوێ هەر دەبێ شوو بەو بكات، دیارە ئەمەیش جەسووریی كەسایەتییەكەیەتی كە ناكۆك لەگەڵ نەریتە باوەكانی كۆمەڵگاكەی خۆی ڕۆڵ دەبینێت، دیسانەوە ئەمەیش هەوڵ و بەرزەپەیامێكی تری مرۆڤانەی شەكسپیرە بۆ گەشەی هۆشیارمەندیی هەر تاكێكی كۆمەڵ، بەتایبەت ژنان.. لە دەقی هاملێتدا، ئۆفیلیا كە هاملێتی بەوپەڕی ڕاستگۆیی خۆشدەوێت، لەگەڵ ئەوەی بەدەست نیگەرانیی هەستەكانی بۆ هاملێت و پابەندییەكانی ئەو بەرانبەر باوك و براكەی دەتلێتەوە، دەگاتە ئەوەی پێی بڵێن لەبەر ئەوەی هاملێت لەو سۆز و ئەڤینەی ڕشت نییە، بۆیە پێویستە دەسبەرداری بێت، ئەمیش گوێڕایەڵ دەبێت، تا دەگاتە ئەوەی دواجار بەهۆی خیانەتی هاملێت و گوشارەكانی بنەماڵەكەی، بەدەست كێشە دەروونییەكانییەوە دەتلێتەوە و پاشان بە شێوەیەكی تراژیدیانە و خۆكوژانە سەردەنێتەوە.. هەروەها لە دەقی ئۆتێللۆدا، دیزدەمۆنە كچە سیناتۆرێكی ناوداری ڤێنیسیایە، دەكەوێتە داوی خۆشەویستیی ئۆتێللۆ كە سەركردەیەكی بە ڕەگەز مەغریبییە، لە ئەنجامدا بڕیاری بەنهێنی هاوسەرگری دەدەن، ئەویش چەشنی هەندێك لە كەسایەتییەكانی نێو دەقەكانی شەكسپیر، وەك كارێكتەرێكی ئازا و بەهێز دەنمایشێنێ و بەردەوام ڕووبەڕووی دابونەریتە كۆن و دواكەوتووەكانی كۆمەڵگا دەبێتەوە، دیزدەمۆنە نموونەی كەسێكی ئەوپەر پاك و بێ گوناحی و كەسایەتیی ژنێكی زوڵم لێكراوە كە بەهۆی بەدگومانی و ئیرەیی ژیانی ڕووبەڕووی مەرگ دەبێتەوە، هەروەها دەتوانین بڵێین كەسایەتیەكەی قوربانیی دواكەوتوویی و نموونەی باڵا و بەرزەسیمبوڵی كۆمەڵگا باوكسالارییەكانە، بۆیە دواجار بەدەستی ئۆتێللۆ تراژیدیانە دەكوژرێت. مەرگی كاریگەر و تراژیدیانەی دیزدەمۆنە لەم دەقەدا بەهۆی بەهەڵە تێگەیشتن و ئیرەیی و بەدباوەڕی و هەڵخەڵەتانی ئۆتێللۆوە بووە، دواجار ئەمەیش دەبێتە هۆی پەشیمانیی ئۆتێللۆ لەو تاوانە قێزەونە، ئۆتێللۆ لە ئەنجامدا بۆی دەردەكەوێ كە ژنێكی پاك و بێگەردی لەناوبردووە، ئەم دیمەنەی شانۆگەرییەكە ئەوپەڕی بەهێزیی دراماكە بوو.. لە دەقی ژاوەژاوی بێ هاڕین، شەكسپیر كەسایەتیی پیاتریسی وەك نموونەیەكی باڵای بوونی بیرتیژی و ڕووحی گاڵتەجاڕی و جەفەنگمەند و ئازادانە، خستووەتە دەقەكەیەوە. پیاتریس چاوكراوەترین و ئاوەزمەندترینی كەسایەتییە ژنەكانی نێو دەقەكانی شەكسپیرە، هەروەها لە هەموو كارێكتەرە ژنەكانی نێو دەقەكانی، بۆ خوێنەر و بینەری دراماكانی سەرنجڕاكێشترە. كەسایەتیی پیاتریس لە دیالۆگەكاندا زۆر خێراوەرام و تەڕدەستانە دەردەكەوێت، بەتایبەت لە شەڕەقسە و ڕووبەڕووبوونەوەكانی لەگەڵ بێنێدیك، پیاتریسیش وەك بوونی ڕەگەزێكی سەركەوتووی كۆمیدی، لەم دەقەدا بەرانبەر بە ژنان بەهێز و ورەوە ڕووبەڕووی دابونەریتی دواكەوتووی كۆمەڵگاكەی دەبێتەوە. خۆشەویستیی نێوان پیاتریس و بێنێدیك بە دەمەقاڵە و شەڕە قسە دەست پێ دەكاتة كەچی دواجار بە خۆشەویستی دەبڕێتەوە. پیاتریس هەر تەنێ كەسایەتییەكی ژیر و گاڵتەچی نەبوو، بەڵكە بوێرانە دەهاتە دەست. كاتێ كچە مامێكی پیاتریس كە ناوی هیروو بوو، بە ناهەق و لەخۆڕا تاوانی ناپاكاوسەریی(الخيانة الزوجية)ی درایە پاڵ، پیاتریس لەم ناهەقییە بەرانبەر كچە مامەكەی، زۆر غەمگین و ڕقەستوور بوو، بۆیە بۆ ئەوەی ئابڕوو بۆ ئامۆزاكەی بگەڕێنێتەوە، هەڵوێستی مرۆڤانەی دەبێت و دژی ئەم ناهەقییە دەوەستێتەوە، بۆیە هانی بێنێدیك دەدات تا بچێ كلاودیۆ بكوژێت. ئەم ڕووداوە بەهێزترینی دیمەنە كاریگەرەكانی نێو دراماكە بوو، هەروەها ڕەخنەیەكی بەهێزیش بوو لە دواكەوتوویی و دیسانەوە پەیامێكی ڕۆمانسییانە و مرۆڤانەی نێو دەقەكانی شەكسپیریشە. بە كورتییەكەی لە ئەدەبیاتی شەكسپیردا، ژن هەمیشە كەسایەتییەكی بەهێز و بوێر و چاونەترس و زرنگ و كۆمیدیی دراوەتێ.
هەروەها شەكسپیر وێنای كلیۆپاترای بە ئاوەزمەند و وریا نەخشاندووە. كلیۆپاترا ڕووبەڕووی ڕاستییەكی نەگۆڕ لە ڕاستییە مێژووییەكانی میسر بووەتەوە، كاتێك میسر لاواز دەبێ، بۆ ئەوەی هەستێتە سەرپێ و بیپارێزێ تا بتوانێ سەربەخۆ بمێنێتەوە، پێویستە هاوپەیمانێكی هەبێ.
سۆنێتاكانی شەكسپیر كە بریتین لە 154 قەسیدە و لە نەوەتەكانی سەدەی شازدەم نووسراوە. هەر سۆنێتایەكیشی 14 كۆپلەن. سۆنێتاكانی كە لەلایەن چەند نووسەرێكەوە كراون بە كوردی، لە بنەڕەتدا بونیادێكی كێشداری مۆسیقین و بابەتەكانی پێكهاتوون لە خۆشەویستی و ستایش و باسی سروشت و شانازیكاری و كات و پەند و نەمری و نەمان، هەروەها ناوەڕۆكەكەی بە زمانێكی پتەو و كاریگەری تژی لە خوازەكاری و ڕەوانبێژی داڕێژراوە. وشەی سۆنێتا لە بنەڕەتدا لە زمانی ئیتاڵییەوە هاتووە كە زاراوەیەكی مۆسیقییە و تایبەتیشە بە مۆسیقای كلاسیكی و زۆرجار مانای كۆپلەیەكی مۆسیقای میلۆدیدار یان مانای ژەنیاری دەگەیەنێت. زۆرجار وتوێژ لەبارەی پێگەی ژن یاخود ڕەگەزی مێ لەنێو سۆنێتاكانی شەكسپیر بووەتە جێی مشتومڕ و گفتوگۆی گەرمی ڕەخنەكاران، لە كۆتا كۆپلەی سۆنێتاكاندا پێگە و كەسایەتیی (كچەسمەر- Dark Lady) تاكێكی جوانی ناساز و سەرنجڕاكێشە و زۆربەش پێیان وایە كە كەسێكی شووفارە و سەرچاوەی بەدگۆیی و ئاشێوی و بەدڕەوشتییە. لەگەڵ ئەوەی كەسایەتیی ڕەشەسمەر لە سۆنیتاكاندا ڕۆڵی دراوەتێ، وەلێ ئەو ڕۆڵە نییە كە پێكهاتبێت لە تەوەرەیەكی بنەڕەتیی نێو سۆنێتاكان. هەروەها دەتوانین بڵێین شەكسپیر لە سۆنێتاكانیدا، وێنایەكی ئاڵۆزكاو دەداتە ژن و دەیداتە بەر بلەوری ڕەخنەی ڕەوشتامێز و كێشە و ئاڵنگارییە سۆزاوییەكان، بۆیە تا ئێستایش ئەم دەقانەی بوونەتە جێی قسەوباس و نووسین لەبارەیانەوە. گرنگیی سۆنێتاكان لەوەدایە ڕەنگدانەوەی ڕامانی قووڵ و فەلسەفیی شەكسپیرە بۆ خۆشەویستی و جوانی، بۆیە لە دونیا و مێژووی ئەدەبی ئینگلیزی بە یەكێك لە شاكار و شانازییەكان دادەنرێت.
ئەگەر لە بارەی مێژووی سەردەمانی شەكسپیر بكۆڵینەوە، دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە شەكسپیر سەرسامی ژنێك بووە و لە هەندێك دەقی دا بە سەیروسەمەرە و بەتوانا و بەهێز دایدەنێت. ئەم ژنە دەسەڵاتیشی بەسەر سەردەمی خۆیدا بووە، ئەویش كەسایەتیی (شاژن ئەلیزابێسی یەكەم)ە.
زۆر بیروڕا هەن دەڵێن (شاژنە ئەلیزابێسی یەكەم) كە لە سەدەی شازدەم حوكمی بەریتانیای دەكرد، دیارترین ژنەكانی سەردەمی خۆی بووە. ئەلیزابێس بووەتە هۆكاری بەهرەمەندی و سەرچاوەی ئیلهامی شەكسپیر بۆ نووسین وێناكردنی پاڵەوانی زۆربەی دەق و شانۆنامەكانی، ئەم پێوەندییە ناڕاستەوخۆیەی نێوان شەكسپیر و ئەلیزابێس لە سەردەمی ڕێنیسانسدا بووەتە هۆكارێكی گەورە و گرنگی گەشەسەندن و پێشكەوتنی شانۆی بەریتانیا بوو، ئەلیزابێس هاندەر و پاڵپشتێكی گەورەی هونەر بە گشتی و شانۆ بە تایبەت بوو لەو سەردەمەدا، بۆیە هەندێ لە كارەكانی شەكسپیر ڕاستەوخۆ لەبەردەم خودی ئەلیزابێس نمایش دەكران. ئەم پێوەندییە ناڕاستەوخۆیە، تا ئێستایش بە ڕاددەیەك بە لایەنێكی شاراوە لە ژیانی شەكسپیر ماوەتەوە.. بەگشتی شەكسپیر لە بەرهەمەكانیدا، هەوڵی داوە ژن بە چەندین نموونەی جیاواز پیشان بدات، ئەوانیش بریتین لە جوانی، چاوكراوەیی، خۆشەویستی، بوێری، بەهێزی، قووڵبیری و ڕاستگۆیی. لە خوێندنەوەی بەرهەمەكانی شەكسپیردا، خوێنەر خۆی لە یاد دەكات و وا دەزانێ لە جیهانێكی خەیاڵاوی و پڕ فەنتازیا بەسەردەبات، ئەمەیش لایەنێكی مەزنی هونەر و داهێنانەكانی شەكسپیرە، هەروەها ئەگەر وردبینەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ژنەكانی شەكسپیر، هێزی ورە و توانای ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگرییان لەنێو خودی خۆیاندا هەیە.. شەكسپیر ئەم وێنە بە هێزانەی ژنی لە كوێ هێناوە كە بە سوارچاك وەسفیان دەكات؟ لە نموونەیان جۆلێت، دیزدەمۆنە، پیاتریس و كلیۆپاترا و هەموو ئەوانەی باسمان كردن.
————————————




ناونیشانێك بۆ حەمەكەریم هەورامى.. حەيدەر عەبدولرەحمان

حەمە كەریم هەورامی وەك نووسەر بەدرێژایی تەمەنی لەسەر ڕەهەندێكی چەسپاوی نووسین نەگیرساوەتەوە كە ببێێتە بنەماو ڕەوتێكی دیاری كراو بۆ بەرجەستە كردنی بەخششە ئایینی و فەلسەفی و ئەدەبی و كولتووریەكانی بەگشتی، بۆیە دانانی شوناسێك بۆ بەهرەو داهێنانەكانی كارێكی ئاسان نابێت.
ئەو وەك خۆی دەڵێت : هەرگیز نەمویستووە خۆم لە قالبێكی دیاری كراودا ببەستمەوە و بە درێژایی تەمەنم لەسەریەك رێچكە نووسین بڕۆم، بەڵكو هەمیشە بەدەنگ پڕ كردنەوەی ئەو بۆشاییانەی كتێبحانەی كوردی دا گەڕاوم كە م هەستم كردووە من بەرپرسم لەپڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە، ئینجا لەهەر بوارێكی ئەدەبی، هونەری، هزری، پەروەردەیی، فەلسەفی بوو بێت ، زۆر بەجدییەوە كارم لەسەر كردووە، هەتا ئەگەر ئەو بابەتە لەچوارچێوەی پسپۆری منیشدا نەبووبێت .
بەڵام ئەگەر پێدا چوونەوەیەك بەو سی و یەك لەو كتێبانە بكەیت كە حەمە كەریم هەورامی نوسیوویەتی و بیخەیتە تای تەرازووی زۆرینەو كەمینەی جۆری بابەتەكانی، ئەوە بەئاسانی دەگەیتە ئەو بڕوایەی كە ئەو زۆرینەی كارەكانی تەرخان كردووە بۆ شانۆ، یان دراما، چونكە پێی وا بووە شانۆ لەڕەهەندە هەرە فەرامۆش كراوەكانە لەئەدەب و هونەری كوردی و پێویستی بە هەوڵو تەقەللایەكی زۆر هەیە بتوانیت ئەو بۆشاییە گەورەیەی پێ‌ پڕ كەیتەوە.
ئەو خۆشی لە پێشەكی كتێبی (درامای فاڵچی) دا و لە پێشكەكی كتێبی (درامای خاتوو كڵاو زەڕد دا) دووپاتی كردۆتەوە، نووسیوویەتی: من دەمەوێ‌ ئەدەبی شانۆگەری بنووسمەوە، ئەو ئەدەبەی كە خوێندنەوەو نواندنی دوو ڕووی ڕووناك بن، نەك هەر تەنها بۆ نواندن.
ئەوەبوو ساڵی 1973 درامای ( شەوێك لە ژیانی خانزاد) م نووسی ، لەساڵی 1977 كەوتە بەر دەستی خوێنەران و كۆمەڵێ‌ بابەت و لێكۆڵینەوەی جیا جیایان لەسەر نوسیووە لەوانە
كەمال غەمبار ( لیكۆڵینەوە ) مەهدی خۆشناو( لە گۆڤاری رۆژی كوردستان ژمارە ) 54، فازڵ قەساب( گۆڤاری بەیان) سەعید ناكام لەدیداری چیرۆك لەپیرمام )
هەندێ‌ لەو دەقانەی حەمە كەریم هەورامی وەك ئەدەبی شانۆیی لەشێوەی كتێب بڵاوی كردونەتەوە، لەلایەن تیپەكانی نواندن لەكوردستاندا سوودیان لێ‌ وەرگیراوەو لەتەلەفزیۆن تۆمار كراون، دوای شانۆو دراما، بایەخی زۆری بەچیرۆك و رۆمان داوە.
زنجیرە درامای ( فاڵچی)
ساڵی 1971 لە نووسینی حەمە كەریم هەورامی، دوای ئەوەی وەك دەقی شانۆیی لەكۆنگرەی یەكێتی نووسەرانی كورد خەڵاتی دووەمی بێ‌ یەكەمی بەدەست هێنا، لەدەرهێنانی سەباح عەبدولڕەحمان لەهۆڵی گەل لەسەر شانۆ لە هەولێر پێشكەش كراوە.
پاشان وەك یەكەم زنجیرە درامای كوردی لەئامادە كردنی عەزیزگەردی و دەرهێنانی سەباح عەبدولڕەحمان لەتەلەفزیۆن تۆمار كراوە .
سەركەوتنی ئەوشانۆگەریەو گرد بوونەوەی جەماوەر لەدەوریدا ، هاندەرێكی بەجۆش بوو بۆ ئەوەی حەمە كەریم هەورامی هەوڵی ئەوە بدات پتر قەڵەمەكەی بۆ كاری شانۆیی تەرخان بكات.
شەوێك لە ژیانی خانزاد دا
ساڵی 1973 نووسراوە، بەڵام ساڵی 1977 چاپ كراوەو پاشان لەتەلەفزیۆنی كەركووك
تۆمار كراوە .
شانۆیی گوندەكەم
ساڵی 1977 وەك دەقێكی شانۆیی نووسراوە، بەڵام ساڵی 1981 كەوتۆتە بەر دەستی خوێنەران ، ساڵی 2012 چاپێكی تری لەوەزارەتی رۆشەنبیریی و لاوان بۆ كراوە .
ئەم دەقە لەلایەن تیپی هونەرە میللیەكانەوە نمایش كراوە.
شانۆیی خاتو كڵاو زەڕ
وەك نمایشێكی شانۆیی لەلایەن نووسەری ئەم وتارە ( حەیدەر عەبدولڕەحمان ) بۆ شانۆ ئامادە كراوە، لەدەرهێنانی سەفوەت جەراح و نواندنی سەعدون یونس ، حەمە سەعید ئیبراهیم ، دڵپاك تاهیر ، جەلال بەیار..
هەر هەمان ڕۆمان لەلایەن حەیدەر عەبدولڕەحمان بە چوار ئەلقە بۆ تەلەفزیۆنی كەركوك ئامادە كراوە، لەدەرهێنانی زوهێر عەبدولمەسیح و نواندنی سەفوەت جەراح، شەماڵی عەبە ڕەش ، جەلال بەیار، نەوزاد مەجید، كەریم عوسمان نمایش كراوە.
بەڵام بەهۆی ئەو بیرە نەتەوەییەی لەدراماكەدا هەبوو، پەخش كردنەوەی قەدەغە كرا.
درامای ( خەونەو خەون نیە)
ساڵی 1971 نووسراوە ، بەڵام ساڵی 1985 بەرهەم هاتووە.
درامای گرفتەكانی نازە لەدادگای مەڕێگادا
دەقێكە ساڵی 2022 بۆ دراما نووسراوە، وەزارەتی رۆشەنبیریی و لاوان چاپی كردووە.
بەڵام لە كۆتایی دا (حەمە كەریم هەورامی) نەیتوانی بەردەوامی بەنووسینی دەقی شانۆیی بدات، ئاراستەی نووسینەكانی گۆڕی، لەبەر چەند هۆیەك:
1.لەسەردەمی ئێستادا فۆرمی نووسین بۆ شانۆو دراما گۆڕاوەو ئێستا جگە لەدەق دەرهێنەر پێویستی بەسیناریۆ هەیە، هەموو نووسەرێكیش لە نووسینی سیناریۆدا شارەزا نیەو كەسانی پسپۆر لەنووسینی سیناریۆ ئەم كارە دەكەن.

  1. مەرج نیە هەموو ڕۆمان نووسێك، یان چیرۆك نووسێك بتوانێت بۆ شانۆ یان دراما بنووسێ‌، چونكە هەریەك لەو هونەرانە تایبەتمەندی خۆیان هەیە,
    تەنیا كاتێك دەتوانیت سوود لەڕۆمان وەر بگریت بۆ شانۆ ، یان دراما، كاتێ‌ كەسی دووەم دوای نووسەری دەق، ئامادەكاری بۆ بكات.
    ئەم ئامادەكارییەش پێویستی بەكەسێكە لەهەردوو هونەری دەق و شانۆ شارەزایی هەبێت و بزانێت چۆن دەق بكاتە وێنەو دیمەن و ڕووداو و بونیاتنانی كاراكتەر.
    3.نووسینی دەق بۆ كتێب لەسەردەمی كلاسیكدا باو بوو، كاتێ‌ شانۆ لاواز بوو، نووسەر كتێبی بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی شانۆ دەنووسی، بەڵام ئێستا خەڵك پێویستی بە بینین هەیەو شانۆ هەر تەنها بریتی نیە لەوشە، بەڵكو ڕەگەزەكانی تر كاریگەریان زۆر زێترە لەوشە.
    4.پرسی چاپكردنی كتێب بۆ شانۆودراما لەجیهانی ئەمڕۆی چاپ و بڵاو كردنەوەدا جێگەی بایەخی دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە نین، چونكە ئەو جۆرە كتێبانە خوێنەریان كەمەو جگە لەنوخبەو قوتابیە ئەكادیمیەكان، كە پێویستیان بە نووسینی توێژینەوە و بەسەركردنەوە دەبێت، خوێنەری دیكەی هەواداری شانۆو دراما بە دەگمەنە.
    لە گفتو گۆ كردن ملە گەڵ حەمە كەریم هەورامی دەربارەی ئەو بابەتە، ئەویش هەر ڕای وابوو كە نووسینی دراماو شانۆ لەلایەن بەرهەم هێنەرەكانیش جێگەی بایەخ نیە و لەكاتی بەرهەم هێناندا نووسەرەكان فەرامۆش دەكرێن،
    زۆرینەی ئەركی چاپكردنی ئەو كتێبە شانۆیی و درامیانە لەسەر نووسەر خۆیەتی، ئەمەش هۆكارێكە بۆ سارد كردنەوەی نووسەر و ڕوو تێكردنە پرۆسەی چاپدان و بڵاوكردنەوە.
    5.دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە، كاتێ‌ دەتوانن كتێبخانەی كوردی تەژی كەن لەبەرهەمی شانۆیی و یا درامی، كاتێ‌ هەمان ئەو شێوازەی نووسین بەگرێ‌ بەست لەگەڵ نووسەرانی شانۆو دراماشدا ئەنجام بدەن و مافی ئەو نووسەرانەش وەك نووسەرانی دیكە زامن بكەن ، بەڵام كێشە بنەڕەتیەكە لەوە دایە كە ئەو دەزگاو بڵاوكەرەوانەش پاساوی خۆیان هەیە لە خۆ پاراستن لەو كتێبانەی بازاڕیان لاوازە، لە بری ئەوە بایەخ بە جۆرە كتێبێكی تر دەدەن، كە قازانجێكی ماددی بۆ ئەوان تێدایە.
    وێڕای هەموو ئەوانە، ئەو نووسەرەی شانۆ یا دراما دەنووسی تایبەتمەندی خۆی هەیە، كە لەگەڵ چیرۆك نووس، یا ڕۆمان نووس لێكیان دەكاتەوە.
    چونكە ئەوەی شانۆو دراما دەنووسێ‌ ، دەبێ‌ شارەزایی و ئەزموونێكی لەگەڵ شانۆو دراما هەبێت و لە توخم و ڕەگەزە هونەرییەكانی ئەو دوو هونەرە نا بەڵەد نەبێت.
    حەمە كەریم هەورامی لە سەردەمی كۆن دا لەو تەكنیك و فۆرم و ستایلانەی ئەمڕۆی شانۆو دراما تێكەڵ نەبوە، بەڵكو وەك ڕاویەك ـ یان چیرۆك نووسێك ڕەفتاری لەگەڵ شانۆو درامادا كردووە كە لەگەڵ سەردەمی نوێ‌ دا هاوكوف نابن، بۆیە ناتوانێ‌ ئێستاكە وەك جاران لە هەوڵی ئەوە دابێت كەم و زۆرێك بۆشاییی دەق لەشانۆو درامادا پڕكاتەوە، نەك هەر تەنها لەڕووی پراكتیكییەوە، بەڵكو بۆ نووسین و كتێبیش ئێستا بۆ ئەو ئەستەمە ئەو كارە بكات .
    كەواتە باشتر لەوە ئەوەیە ئەو ڕوو لەڕۆمان بكات، هەوڵەكانی بەهەڕمێنتر دەبێت.



نيشانه‌ی پرسیار له‌ناو لاپه‌ڕه‌ی سپی.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

 

١
به‌ندۆڵی كاتژمێری ناو مۆزه‌خانه‌ له‌ ده‌مار به‌تاڵ بووه‌
وه‌ك گونی نێریی خه‌ساو شۆڕبووه‌ته‌وه‌
په‌نجه‌ره‌شی سه‌ری له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ناوه‌
شاوه‌ڕیخنه‌ و هاوشێوەی کە دێن باڵیان دەنووک
دەنووکیان خەنجەر و جوێن
چڕنووکیان شمشێر و به‌ڵا
چاویان ئاژاوه‌گێڕ و بۆچڕووك
هاتنی شه‌ڕزاده‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌ڕ
برین بێ سنوور و پێوانە گەورە دەکا و لێوی بزر دەبێ
بوومه‌له‌رزه‌ش له‌ ده‌وروبه‌ر ده‌جه‌نگێ
شیعر و هاوشێوەی گه‌رم ده‌ژین و نەرم و خودايی هەنگاو دەنێن
مانگ به‌سه‌ر ماڵانه‌وه‌یه‌
ڕووبارێک دێ لە سینگی مەلەوان دەدا
دوای ئەوەی چووینە ناوى گوێچكه‌ماسیمان به ده‌سته‌وه‌ بوو
لە خەڵاتی ڕووناکی لێی بووردین
دەتوانین بە یەکتری بڵێین سڵاو و ڕۆژباش
لە سڵاو و ڕۆژباشدا باده‌مان پڕ و تەواو هەقیقەتین
هەڵمی شەونمین
هەڵمی خوێ نین
چیا گوڵه‌حاجیله‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌
ئەسپێکی ڕووخۆشیش لە حه‌وشه‌ و ماڵمان پشتی خۆش دەکا
تەزوو بە ڕێگادا دەهێنێ و گوێت له‌ ده‌نگی دڵت ده‌بێ و پێت ده‌ڵێ به‌ڵێ
گەشتت بەرەو خەڵاتی ڕووناکی فەرموو ئه‌نگوستیله‌ت له سندووق ده‌ربهێنه‌
گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ ئاوڕده‌داته‌وه‌
ئاسمانیش ناخ و ئه‌دگاره‌ حه‌وت ئاواز ده‌خوێنێ
* * *
خۆر له‌ قووڵایی و ڕوونیی ژیان دێته‌ ده‌رێ
كه‌م شاره‌زا و دمۆر نییه‌ به‌ ده‌می پڕ حیكمه‌ت و چرپه‌وه‌ پرسیاری خۆی ده‌كا

٢
ئاسمان له‌ شادیدا پڕ ئه‌ستێره‌ و مانگ ده‌بێ
ڕه‌نگ نیشانه‌ی نهێنی ده‌ناسێ
تێكۆشانی خۆی ده‌گێڕێته‌وه‌ و خۆشی ناخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌
به‌هه‌شت ڕه‌نگی نییه‌ یان ڕه‌نگی نه‌ناسراوه‌
کە لەدایک بوو ماڵیان نزیک گۆڕستان بوو
لە مێردمنداڵیدا بەرخەکانی دەبردە ناو گۆڕستانەکە و هه‌ڵده‌ستانه‌وه‌ سه‌ر پاشوو
ده‌نگیان ده‌هات و ون نه‌ده‌بوون
گەنج بوو لەم گۆڕستانەدا گۆڕی بۆ زۆر
خزم و کەس و برادەر و ناسیاوی خۆی لێ دا و بەڕێزەوە ناشتوونی
دارەبازەشی گەڕاندووەته‌وه‌ مزگەوت
ئێستا خۆی و منداڵی و نەوە و گوڵی گه‌رمی تێیدا نێژراون
سەری بە ناوچەوانی ئاسکێک کردووە
لە ڕووناکی گەردوونیدا
تەماشای هەزارەی تازە دەکات
پیرۆزه‌ی سه‌رگۆڕیش ده‌ژمێرێ
ده‌بێته‌ شه‌هره‌زادی چیرۆك و به‌ردی حه‌وت په‌یكه‌ر

                         *      *      *

كێلێك هه‌موو كێله‌ و ناویش هێزی ده‌ست به‌دڵه‌وه‌گرتن
ده‌یكاته تانوپۆ و‌ ئومێد‌ و هه‌موو ده‌توانین قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین
٣
گردێک باخچه‌ و سەنگەری بەسەرەوەیە
درەختی خۆڕسک قەدیان وەک دووگوردی نوێژ چنیوە
ناهێڵن خودی لە یەک بترازێ
گەورەی خوداوەندان گرد لەسەر
سابوون و
هه‌سان و
سه‌وڵ و
سه‌هۆڵ باڵا ناکا و هه‌وا ناگۆڕێ
کەناری نزمیش فریودەرە
بەردی گڕکان ناوچه‌وانی بووه‌ته‌ هه‌ست و ده‌می به‌ تووڕه‌یی ده‌كاته‌وه‌
لە کازیوەی لێڵ نامێنێتەوە
خۆڵەمێش لەسەر خۆی لا دەدا
ڕەگ و خۆڵی گەشەکردن بۆ خۆی هەڵدەبژێرێ
دەتوانێ چاوەڕێ بکا
سیشی بەگرانی هەناسە نەدا
* * *
جه‌ژنی به‌ كه‌ژاوه‌یه‌ و لووتكه‌ پێی گوت ونم مه‌كه‌
له‌ باڵای ڕاز و ڕه‌وه‌زان ئه‌ستێره‌ی كه‌ڵبه‌هار ده‌كوژێ

٤
دەستنووسی ئایین ڕەوشتی یەکەمی زەوی تێدا نییە
نازانرێ پەنجەرە چۆن دروست بوو
ترووسکاییەکی خامۆش
دەستی گرتین و دەزووی یەکتردۆزینەوەی داینە دەست
درەخت ئێوارەخوانی خۆبه‌خشینی
بۆنوبەرامە و بەروبوومی ڕێك خست
کە لێک نزیک بووینەوە دڵپه‌رت بووین
پێستی ئاسمان و ڕوونی ئه‌زه‌ل هه‌ڵبزڕكا
مازوو بە هانای منداڵانەوە هات
کردیانە مووروو و تۆپ و مۆری ده‌رگای ماڵی گه‌ردوونی
بانگی ئاژەڵمان کرد بێ وەڵام ماينه‌وه‌
تیرمان سوار کرد و تۆوی سروودی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندمان وه‌شاند
زەوی چووه‌ توخمی سه‌رسوڕمان و لەپی کردەوە
لە لۆچێکی ڕەوشتی یەکەم دۆزرایەوە
* * *
زه‌وی كه‌ شووره‌ی دانرا و به‌ره‌و شار چوو
له‌ ناوكی گه‌مارۆ درا ڕه‌وشتی بزر بووه‌وه‌




كەمپی سوپای میلی تۆبزاوەی ئەنفالكراوان.. عەلی مەحمود محەمەد

كەمپی سوپای راهێنانی میلی تۆپزاوە, بە ناوی گوندی تۆبزاوەی449 ماڵەی 11 كم لە باشووری خۆرئاوای ناوەندی شاری كەركوكەوە ناونراوە, گوندەكە لە ناوچەیەكی ستراتیژی گرنگدایە لەسەر رێگای حەویجە – تكریت, لە زۆر ناوچەی كوردستان بە هەمان ناوەوە چەندین گوندی دیكە هەیە, گوندی تۆبزاوە لە رێكەوتی 20-5-1987 دوای 20 رۆژ ئاگاداركردنەوە, دوا ماڵی گواسترانەوە, كە هەموویان كورد و كەمایەتییەكی شەش ماڵەی توركمان بوون. دوای گواستنەوەی هاووڵاتییە كورد و توركمانەكانی ناوچەكە, بە تایبەت دوای چۆڵكردنی سەربازگەكە بۆ كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان تیایدا, ناوچەكە بووە بە ناوچەپەكی سەربازی, تۆبزاوە بۆ یایچی, بۆ گوندەكانی دوبەك تەپە و كەیوان ….ئاوەدانیان تێدا نەما, جگە لە سەربازو چەكدار نەبێت.
سەربازگەی راهێنانی سوپای میلی تۆبزاوە لە سەر رووبەری 122 دۆنم زەوی لە ساڵی 1979 دەست بە درووستكردنی كراوە, لە ساڵی 1980 تەواو كراوەو كراوەتە سەربازگەی راهێنانی سوپای میلی, لەو زەوییە 20 دۆنمی بۆ 22 هۆڵی گەورەی 25 بە 8 مەتری و ژوری دیكە تەرخان كرا, 102 دۆنمەكەی دیكەی كراوەتە گۆڕەپانی راهێنانی سەربازی بۆ سوپای میلی, راهێنانی سەربازی فەرمانبەران و قوتابیان و خەڵكانی دیكە لە ریزەكانی جەیشی شەعبی كە لە دوای دەستپێكردنی جەنگی ئێران- عێرق توێژێكی بەرینی خەڵك بە زۆر لە لایەن حكومەتەوە پەیوەست بوون پێوەی.

وەك ناوەندی كۆكەرەوەی ئەنفالكراوان
سەربازگەی تۆبزاوە, وەك ناوەندی سەرەكی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان لە 7 پرۆسەی ئەنفال ” یەك بۆ حەوت” و زیندانیانی هەڵەبجە بەكار هاتووە, رۆڵی ئاوشفیتزی جینۆسایدی جولەكەی لە عێراق بینیوە بۆ پرۆسەی جینۆسایدی ئەنفال, لێرەوە ئەنفالكراوان بەسەر سەربازگەكانی دیكە دابەشكراون” ئەنفالكراوان لە رۆژێكەوە بۆ مانگێك و زیاتریش لێرە ماونەتەوە”.
تۆپزاوە جگە لە ناوەندی كۆكەرەوە, هەروەها جێگای لێكۆڵینەوەو جیاكردنەوەو دابەشكردن بووە, بۆ دابەشكردن و ناردنی قوربانیان بۆ سەربازگەكان و گۆڕە بە كۆمەڵەكان, ناوەندی سەرەكی دابەشكردنیش بووە لە بەشی زۆری حەوت پرۆسەی ئەنفال, لێرەوە قوربانیان نێردراون بۆ سەربازگەكانی”دوبس و نگرە سەلمان” و گۆڕە بە كۆمەڵەكان.
دواتر زیندانی دوبزیش بۆتە ناوەندی دابەشكردن بۆ نگرە سەلمان و تكریت, لەوێوە لە تكریتەوە ئەنفالكراوان نێردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, هەر چەندە پێم وایە زیندانی سەربازگەی دووبز هەر لقێكی زیندانی سەربازگەی دووبز بووە.

یەكەم گروپی ئەنفالكراوان كێ بوون هێنرانە تۆبزاوە؟
ژنێكی لە دایك بووی ساڵی 1955 ناوچەی گەرمیان, بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دگێڕێتەوە, دەڵێت “لە گەڵ خەڵكی گوندی محە بارام سوار ترێكتەر بووین بۆ چەچەماڵ, چوینە گوندی قرخ, لە گوندی قەرەتامور دەستگیركراین, بارق پیاوە گەنجەكانی جیاكردەوە بە لێدان بردیانی, ژن و منداڵەكان چوار رۆژ لەوێ ماینەوە, پێنجەم رۆژ بە ئۆتۆمۆبیلی گەڵابە بردیانین بۆ بارەگای قائمقامیەتی چەچەماڵ, ئەو رۆژەی خۆپیشاندان كرا لە چەمچەماڵ” دەوترا 11 ی چوار خۆپیشاندان كراوە, هەندێك بەڵگەنامەم لایە بە پێی ئەوان بێت گوایە 12ی مانگ خۆپیشاندان كراوە”, هەر ئەو عەسرە بردمانیان بۆ سەربازگەی تۆبزاوە. ئێمە كە گەیشتینە تۆبزاوەو هۆڵەكان هەموو بەتاڵ بوون, ئێمە یەكەم گروپ بووین بردراین بۆ ئەوێ و كراینە ناو هۆڵە گەورە ساردو سڕەكانەوە, رۆژی دواتر پیاوە گەنجەكانی سلێمانی ئەوانەی كە لە گەڵ ئێمە بوون هێنایانیان بۆ سەربازگەكە, سێیەم شەو منداڵەكانیان لێمان جیاكردۆتەوە, دواتر گەڕاندیانیانەوە بۆ كەسوكارەكانیان, شەشەم رۆژ پیرو گەنجەكانیان لە یەكتر جیاكردۆتەوە بۆ سێ بەش, هەر ئەم ژنەو ئەوانەی لە گەڵیا بوونە هەمان رۆژ یەكەم گروپ بوونە نێردراون بۆ زیندانی سەربازگەی دووبز.

ئەنفالكراوان لە كوێوە هێنران ؟

زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, ناوەندی سەرەكی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوان بووە, هەموو ئەنفالكراوانی پرۆسەی ئەنفالەكانی” یەك, دوو, چوار, پێنج, شەش, حەوت”یان بە گشتی بۆی هێناوە, زۆرینەی ئەنفالكراوانی پرۆسەی ئەنفالی سێ ش, جگە لە ئەنفالكراوانی ناوچەی داوێ بردراون بۆ زیندانی مەركەز شەبابەكەی دووز.
جگە لە ئەنفالكراوانی ئەنفالی هەشت و كامپی سوپای میلی تكریت “ئەنفالكراوانی داوێی گەرمیان”, و كۆمەڵێك لە ئەنفالكراوان راستەوخۆ بردراوان بۆ گولەبارانكردن, وە ئەنفالكراوانی ناو زیندانێك لە نێوان دوبس و كەركوك, كە زیاتر لە 180 زیندانی تێدا بووە” بە وتەی ئەوان پێش ئەوانیش زیندانی ئەنفالی دیكە لەو زیندانە هەبوونە, دوای لێبوردنی گشتییەكە زیندە بەچاڵ كران, ئەوانی دیكە هەموو هێنراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, لێرە پۆلێن و دابەش كراون, هەندێكیشیان یەكسەر لێرە كوژراون یان مردوونە, وەك لە ئەنجامی پشكنینی گۆڕە بە كۆمەڵە هەڵدراوەكەی سەربازگەی تۆبزاواوەو ئەو وەفاتنامانەی كە بەردەستن دەردەكەوێت.
زیندانەكانی ئێرە, لە تەوارییەكەی سلێمانی” ئەنفالی یەك, دوو, ئەنفالكراوانی هەڵەبجە”, كۆیە, تەق تەق, شوان, چەمچەماڵ” قادر كەرەم و باوە شاسواری سەنگاو, ناو سیمەكەی لەیلان و ئالیاوەو قۆڕەتوو و فرقەی چوارقوڕنەو هەولێرو “سپیلك” ەوە هێنراون بۆی.

چۆن و كەی هێنران؟
قوربانیانی ئەنفالی یەك بەم شێوەیە باسی ناردنی خۆیان دەكەن بۆ سەربازگەی تۆبزاوە” خەڵكی سێدەر لە رێكەوتی 5-3-1988 ئەنفالكران, بە دە ئۆتۆمۆبێل بردرانە ناحیەی بنگرد, لەوێوە بۆ چوارقوڕنە (بارەگای فرقەی 4), چوار رۆژ لەوێ مانەوە, دوای جیاكردنەوەی ژن و منداڵەكان لێیان, نێردراون بۆ هەولێر, 5 رۆژ لە هەولێر ماونەتەوە, شەوێكیش لە كەركوك, دوایی لە تەواری شاری سلێمانی نزیك دوو مانگ ماونەتەوە, لە گەڵ ئەنفالكراوانی پرۆسەی ئەنفالی دووی ناوچەی قەرەداغ, بە 22 ئۆتۆمۆبێل بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە”.
“خەڵكی گوندی سێكانیانی ناوچەی پرۆسەی ئەنفالی یەك, چونەتە ئێران, لە گەڕانەوەیان لە سونێ دەستگیركراون, “36 كەسیان روفاتیان لە حەزەر دۆزراونەتەوە” یەكسەر بە 3 ئیڤای سەربازی بردراون بۆ شاری هەولێر, دوو رۆژ لە سەربازگەیەكی هەولێر بوونە, دواتر 28 رۆژ لە سەربازگەیەكی دیكە, بە پاس بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, سێ رۆژ لە تۆبزاوە ماونەتەوە”.
یەكێكی دیكە لە زیندانیانی ئەنفالی یەك ئاوا چیرۆكی ناردنی خۆیان بۆ تۆبزاوا دەگێڕێتەوە” 20 كەس لە ئەشكەوتێك گیراون, چوار رۆژ لە گوندەكە زیندنیكراین, دوو شەو لە سەربازگەی سوسێ ماینەوە, چل رۆژ لە تەوارییەكەی شاری سلێمانی, دوایی نێردراین بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە.
یەكێك دیكەی قوربانیانی ئەنفالی یەك دەڵێت” 32 كەس دەستگیركراین, حەفتەیەك لە گوندەكەیان زیندانی بوونە, لە سەربازگەی سوسێ شەوێك, لە تەوارییەكەی شاری سلێمانیش پێنج شەو, لێكۆڵینەوەیان لە گەڵ كراوە, دواتر لە پۆلیسی قەزای دوكان بە كەفالەت ئازاد كراون, دوای كەمتر لە مانگێك بانگ كراونەتەوەو جارێكی دیكە دەستگیر كراونەتەوە, دیسان نێردراونەتەوە بۆ سەربازگەی سوسێ, یەك كاتژمێر لەوێ ماونەتەوە, هەژدە رۆژیش لە تەواریەكەی شاری سلێمانی, دواتر نێردراون بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە”.
هەرچی قوربانیانی ئەنفالی دووە, ئەوان نموونەی چیرۆكیان بەم شێوەیە دەگێڕنەوە بۆ دادگای باڵای تاوانەكان” پێش سەری مانگی چوار, جاش بە هاوولاتیانی سێوسێنانیان وتووە خۆتان رزگار بكەن, سوپا هێرش دەكەن و دەتان گرن”, لە كاتی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال, منداڵ و ژنانیان ناردووە بۆ سلێمانی, بە مێگەلی مەڕەوە ویستویانە خۆیان دەربكەن, گەیشتۆتە تانجەڕۆ, لەوێ دەستگیركراون, بردراون بۆ تەوارییەكەی شاری سلێمانی….. لەوكاتە تەوارییەكە نزیك 500 كەسی لێبووە, ئەو رێكەوتە نزیك سەری مانگ بووە 31 ی سێ بۆ یەكی چوار بووە, خەڵكی دیكەش دەستگیركرابوون, دوای هەژدە رۆژ مانەوەمان لە تەوارییەكە ئەوجا بردراین بۆ سەربازگەی تۆبزاوە”.
لە گەرمیان سەرەتا, پێش دەستپێكی پرۆسەی ئەنفالی سێ, ئەنفالكروان نێردراون بۆ تەوارییەكەی سلێمانی واتا ئەمن, ئەم ئەنفالكراوە ئەوا چیرۆكی خۆیان بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەگێڕێتەوە” لە رێكەوتی 5-4-1988 لە قەزای كەلار دەستگیركراون, تا رێكەوتی 10-4 لەوێ هێڵراونەتەوە, واتا دوو رۆژ پێش پرۆسەكە دەستگیر كراون, نێردراون بۆ تەواری شاری سلێمانی, هەموویان نزیك 180 كەس بوونە, لە رێكەوتی 23-4 بە پاس لە تەوارییەكەوە نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە”.
هەرچی ئەوانەی چواردەی چوار و دواتر دەستگیركران لە پرۆسەی ئەنفالی سێ, نێردراون بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو, دواتر تاكو جەلەولا بردراون بە ئۆتۆمۆبێل بۆ ئەوەی بیان بەن روو لە باشوور, كۆپتەر لە ئاسمانەوە چاودێرییانی كردووە, لە پڕ فەرمانیان بۆ هاتووەو گەڕاندویانیانەتەوە بۆ سەربازگەی قەلای قۆڕەتوو, ئەوجا نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوا, واتا حكومەت ویستی خۆی گۆڕیوە لەو ماوەیە.
لێ ئەوانەی لە سنووری سەنگاو و قادر كەرەم دەستگیركراون, یەك لەوان دەگێڕێتەوە” بۆ سوكایەتیكردن بە گەلەكەمان, لە لیواكەی چەمچەماڵ شەرواڵی ژن كرابووە چەنچی تراكتۆرا, ئەوان تەنها 45 دەقە لە لیواكەی چەمچەماڵ راگرتراون, جارێكی دیكە سوپا ناونووسیانی كردۆتەوە, لە چەمچەماڵ پێیانیان وتووە هەموو گولە باران دەكرێن, بە هەمان ئۆتۆمۆبێل دوای كەمتر لە كاتژمێرێك گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوا”.
لە چەمچەماڵ مەقەڕ لیوا و قایمقامیەت شوێنی كۆكردنەوەی خەڵك بوونە, لەوێوە هەندێ بردراون بۆ تەواری شاری سلێمانی, دواتر بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, زۆریش راستەوخۆ بردراون بۆ زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە, یان لە چەمچەماڵەوە براون بۆ هەیئەی ئەمنی كەركووك, لەوێوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە.
بەڵام هەرچی قوربانیانی ئەنفالی چوارە ئاوا قوربانیان چیرۆكی ناردنی خۆیان دەگێڕنەوە” شەوێك لە سەربازگەی سوسێ, شەوێكیش لە تەوارییەكەی سلێمانی, لەوێوە نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە.
یەكێكی دیكە دەڵێت” لە ناحیەی تەق تەق رۆژێك ماونەتەوە, دواتر بە ئیڤای سەربازی بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, هەندێكی دی شەوێك لە دەواجنێكی ناحیەی تەق تەق ماونەتەوە, رۆژی دواتر بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە”.
لە قۆناغی ئەنفالی چوار, ئەنفالكراوان لە تەوارییەكەی سلێمانی, چەمچەماڵ, تەق تەق و كۆیەو شوانەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە بردراون.
هەرچی قۆناغەكانی پرۆسەی ئەنفالەكانی 5 و 6 و 7 ە, كە ماوەیەكی زۆری خایاند و كەمترین زیانی مرۆیی هەبوو, بەشێك لە ئەوانەی دەستگیركران لە رێكەوتی 30-8 كە دەستگیركراون, ژنانیان بردووە بۆ ناحیەی خەلیفان, پیاوەكان بە ئیڤا یەكسەر بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, منداڵەكانیان بردووە بۆ سەربازگەی سپیلك, بە هەمان ئۆتۆمۆبێل دوای دوو رۆژ بۆ ئەمنی هەولێر, دوای 3 رۆژ ئەوانیش بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, بەمەش ئەوان لە رێكەوتی 4-9-1988 گەیشتونەتە سەربازگەی تۆبزاوە, دەڵێ 6 مانگ لە سەربازگەی تۆبزاوە ماینەوە, ماوە ماوە گروپێك زیندانیان دەبرد بۆ كوشتن, بە وتەی ئەمان بێت تا ئازاری 1989 لە سەربازگەی تۆبزاوە ماونەتەوە.
بەلام هەڵەبجەییەكان, ئەوەی لە سنوری سەقزو بانەوە گەڕاونەتەوە, دوای تەوارییەكەی سلێمانی, بردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, هەروەها ئەوانەی لە ناو شار سلێمانی دەستگیركران, برانە ئەمنی بەرامبەر فیرقە, نزیك مانگێك لەوێ ماونەتەوە, ژن و پیاویان جیا كردۆتەوە, دواتر گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, لەوێ ژن و پیاویان لە یەكتر جیا كردۆتەوە, سەدو پەنجا كەس لە تۆبزاوە بووە, كاتی لێبوردنی گشتییەكە, لە 8-9 هێنراونەتەوە بۆ شاری سلێمانی لای حەسیب ساڵەح, لەوێوە بۆ عەربەت, ئەوجا ئازادكراون.

ئەنفالكراوان چۆن وەرگیراون
سابیر دوری بەرپرسی ئیستخباراتی عێراقی دەڵێت”ئیستخباراتی عەسكەری كەرتەكانی باكورو رۆژهەڵات دیلەكانی ئەنفالیان وەرگرتووە. سابیر دووری لە درێژەی وتەكانیدا بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەڵێت”مەوزومەی ئیستخباراتی شیمالی ئەركی وەرگرتنی خێزانە ئەنفالكراوەكانی لە ئەستۆ بوو, كە فەرحان ساڵەح موتڵەگ جبوری بەرپرسی بوو, ئەمان وەریان گرتوون و تەسلیم تەنزیم شیمالیان كردووە, سكرتاریەتی لیژنەی تەنزیمی شیمال كە بەرپرسەكەی تاهیر تۆفیق عانی بووە وەریانی گرتووە.
خەڵك لە رێگەی سەربازو ئۆتۆمۆبیلی سەربازی, دەبردران بۆ مەوزومەی ئیستخباراتی عەسكەری لە شاری كەركوك, دوای ئەوە رەوانی مەكتەبی تەنزیماتی شیمال دەكران, هەروەها فەرمان لە عەلی حەسەن مەجید و نزار خەزرەجی وەرگیراوە بۆ راپەڕاندنی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و چارەنووسی ئەنفالكراوان.
هەروەها پیاوە ئەنفالكراوەكان لە ئیستخباراتەوە نێردراون بۆ ئەمن, ئەوان وەریانیان گرتووە.
ئەوەی شایانی باسە, لە سەردەمی پرۆسەكانی ئەنفالدا مەوزومەی ئیستخباراتی شیمالی و شەرقی لە ئیستخباراتی گشتی دابڕان, خرانە سەر مەكتەب تەنزیم شیمال, لە ساڵی 1987 بۆ 1989 ئەوەی دەستگیر بكرابایا لە دائرەی قانوونیەوە نا نێردرا بۆ مەحكەمەی تایبەت, بەڵكە رەوانەی مەكتەب تەنزیم شیمال دەكرا, ئەوان بڕیاریان لەسەر چارەنووسی گیراوەكان دەدا.
بەڵام ئەفسەرێكی پێشكەوتووی شوعبەی سێ دەڵێت”خەڵكەكە دابەش كراونەتە دوو بەشەوە, یەكەم چەكدارەكان” ئەوانەشی تۆمەتبار كراون یان چەكیان كڕیوە كڕیوەتەوە كە مستەشارو مەفرەزە خاسەكان تەسلیمیانیان كردۆتەوە وەك پێشمەرگە ” ئیستخباراتی فەیلەق راستەوخۆ دوای بەناو لێكۆڵینەوە لە گەڵیان كە نەبووە, ئیعدامیانیان كردووە, بێ ناردنیان بۆ دادگا ……”. بەشی دووەم خەڵكە سڤیلەكە,ئەوان نێردراون بۆ ئەمنی پارێزگاكان, بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی پارێزگاكە مامەڵەی لە گەڵیان كردووە, زۆریان نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, عەلی حەسەن مەجید زۆر متمانەی بە ئەمن بووە, بۆیە ناردویانیەتی بۆ دائیرەی ئەمن”.

ژمارەی زیندانییەكان
بە وتەی رائیدی ئەمن سەباح حەمدانی لە ئەمنی پارێزگای كەركوك, كە بە وتەی خۆی بەشداری لە پۆلێنكردنی ئەنفالكراوان و وەرگرتنی ئیفادەیان و ئاماركردنیان كردووەو مونەسقی نێوان زیندانی سەربازگەی تۆبزاوەو زیندانی سەربازگەی دووبزی ئەنفالكراوان بووە, بە وتەی ئەو ژمارەی ئەنفالكراوان نزیك 17000 كەسە. وەلێ جەعفەر موسەوی سەرۆكی دەستەی داواكاری گشتی دەڵێت, ژمارەی ئەو ئەنفالكراوانەی بردراونەتە سەربازگەی تۆپزاوا بە 26000 كەس دیاری دەكات.
بەڵگەنامە نییە لەسەر كۆی ژمارەی هاتن ودەرچوونی قوربانیان لە سەربازگەی تۆبزاوە, لەو بوارە تەنها یەك بەڵگەنامە تا ئێستا بەردەستە, بە پێی بەڵگەنامەیەكی بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی سلێمانی ژمارە 25163ی رێكەوتی29-10-1988 بۆ بەرێوەبەری ئەمنی ناو نەبراوی ناوچەی ئۆتۆنۆمی ناردووە, دوای 53 رۆژ لە تەواو بوونی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال, لە بەشێكیدا دەڵێت” 9030 كەس لە ئەنفالەكان كە لە لایەن ئەوانەوە دەستگیر كراون, پێك دێن لە 2532 كەسی سەڵت و 1869 خیزان, نێردراون بۆ بارەگای جەیشی شەعبی, مەبەستی سەربازگەی تۆبزاوەیە, ئەم ئامارە تەنها ئەوانە دەگرێتەوە لە تەوارییەكەی شاری سلێمانی و لقەكانی دیكە ئەمن لە پارێزگای سلێمانی نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە” بەڕێوەبەری ئاسایشی هەرێمی باكور لە كەركووك = داوای ڕاپۆرتی پێشەوەچوونی كاروباری دەكرد لە ئەمنی پارێزگای سلێمانی، وەڵامەكەش كە “نهێنی و شەخسی و تەنها ئەو كەسەی بۆی نێردراوە بیكاتەوە” بەم شێوەیە دەست پێدەكات: “بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان: جەنابی بەڕێز بەڕێوەبەری ئەمنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی، ئاماژە بە گفتوگۆ تەلەفۆنییەكەمان، ئەو ئامارەی داوای دەكەن ئەمانەی خوارەوەیە …” “نۆ تێكدەری تاوانبار لەگەڵ هەژدە كەس لە خێزانەكانیان ئیعدامكران، بە پێی فەرمانی مەكتەبی هەڤاڵ علی حسن المجید، نۆزدە كەسی تر ئیعدامكراون لە بەر ئەوەی لە ناوچە قەدەغەكراوەكاندا بینراون و بڕیاری ژمارە 4008ی 20ی حوزێرانی 1987 یان پێشێل كردووە، چل و حەوت تێكدەری تر حوكمی سێدارە دراون لە لایەن دادگای شۆڕشەوە. لە كۆتاییشدا دێتە سەر ئەوەی كەوا ” 2532 كەس و 1869 خێزان كە سەرجەم ژمارەیان 9030 كەسە، لەوانەی كە لە ماوەی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی قارەماندا گیراون، نێردران بۆ كەمپی سوپای میللی لە پارێزگای تەئمیم (كەركووك), یان بە واتایەكی تر بۆ تۆپزاوا. ” نووسراوی ژمارە 25163 لە 29ی ئۆكتۆبەری 1988دا، لە ئەمنی سلێمانییەوە بۆ ئەمنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی .
هەروەها ئەم بەڵگەنامانەی خوارەوە, كە لە دادگا پشت راستكراوەتەوە, كۆی ناوەكان 1031 ناوەو كە لە چوارچێوەی ژمارەكەی ئەمنی سلێمانی نییە, لە سەركردایەتی هێزەكانی پارێزگاری نەوت” بارق فەرماندەی بووە” اركان استخبارات -ژمارە 304 لە رێكەوتی 12-4-1988 بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی كەركوك, بابەت ناردنی تێكدەران لە پاشكۆیدا 312 ناو هەیە, هەروەها ژمارە 284 یش لە رێكەوتی 10-4-1988 لەویشدا 30 ناو هەیە. وە ژمارە 295 لە رێكەوتی 12-4-1988 , 151 ناو هەیە, عوائل سلموا انفسهم نەك مخەرب نرسل الیكم العوائل المرفقە والژین سلموا انفسهم الی القگاعات العسكریە فی 11-4-1988 نرجوا اتخاژ ما یلزم, هەرەها نووسراوی ژمارە 323 لە رێكەوتی 14-4-1988, 399 ناو پێك هاتووە, وە نووسراوێك بێ ژمارە لە رێكەوتی 11-4-1988 لە 139 ناو پێك هاتووە, لە خوارەوە ناوەڕۆكەكەی دادەنێین.
“الكتاب صادر من قیادە حمایە النفگ الاركان العامە للاستخبارات الی مدیریە السلیمانیە مدیریە امن جمجمال الموچوع ارسال اشخاص – موچوع ارسال الاشخاص نرسل الیكم الاشخاص مدرجە اسمائهم فی القائمە المرفقە والژی سلموا انفسهم الی قگعاتنا یوم 11-4-1988 بدون الهاربین و المتخلفین من الخدمە نرجوا اتخاژ ما یلزم بصددهم حسب توجیە مكتب الشمال و اعلامنا الاستلام المرفقات 4 قائمە تتچمن 139 اسم”.
یەكێك لەم قوربانیانەی كە لەم نووسراوانە ناوی هاتووە, لە گۆڕی بە كۆمەڵ گەڕاوەتەوە, دەڵێت هەندێكمان لە لای بارقەوە راستەوخۆ بردراین بۆ سەربازگەی خالید لە شاری كەركوك, لەوێوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە كە نزیكی یەكترن.
هەروەها ڕاپۆرتی دەستنووسی ڕۆژانە ژمارە 8280 لە 6ی مایسی 1988دا لە فەرماندەی فەیلەقی یەكەوە بۆ بارەگای ئۆپەراسیۆنەكانی سوپا نێردراوە تیایدا هاتووە” ڕاپۆرتێكی مەیدانیی ڕۆژانە كە لە لایەن فەیلەقی یەكەوە دەردەچوو، بۆ ڕۆژی 6ی مایس”چوارم رۆژی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی چوار” تێبینی ئەوەی داوە كە ئەوانەی ئەو ڕۆژە لە نزیك تەقتەق خۆیان بە دەستەوە داوە 60 پیاو، 129 ئافرەت و 396 منداڵ بوون، بێجگە لە 37 تێكدەر” كۆی گشتییان 622 كەسەو ئەم ژمارەیەش لە چوارچێوەی ژمارەكەی ئەمنی سلێمانی نییە.
ئەمەی باسمان كرد تەنها بەشێكن لەو ئەنفالكراوانەی لە بەڵگەنامەكاندا هاتووە ئەوانەی نێردراون بۆ سەربازگەی تۆبزاوە, ئەمە جگە لەوانەی لە ناو سیمەكەی لەیلان, قۆڕەتوو, كۆیە, تەق تەق و شوان و گوندی جەلەمۆردو بناری خاڵ خالان و ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت و شاری هەڵەبجە” زۆربەیان”و دەوروبەرو گەڕاوەكانی ئێران……. هیچیان بەشێك نین لەو ژمارەیەی ئەمنی سلێمانی داویەتی, هەروەها تا ئێستا ئەم ئامارانەی باسیان دەكەین, ئەنفالی 8 و ئەنفالكراوانی سەربازگەی تكریت ناگرێتەوە, كە ئەوانیش بەشێكن لە كۆی ئەنفالكراوانی كوردستان.

تۆماركردن
ئەوانەی بە سواری ئیڤای سەربازی و كۆستەرو … دەهێنران, بە تایبەت لە كاتی قۆناغەكانی ئەنفالی 3 و 4, چونكە قوربانیانی ئەنفالی یەك و دووش, لە نێوان ئەو دوو قۆناغە گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەی تۆبزاوە. هەر ئۆتۆمۆبێلەكان دەگەیشتن, بە خێرایی و راكێشان ئەنفالكراوان دادەگرتران, دەست دەكرا بە رێكخستنیان بە گروپ گروپ, دواتر پیاوانی ئەمن دەستیان دەكرد بە ناو نووسینیان, پێش ئەوەی بیان بەن بۆ هۆڵەكان كاری خۆیان تەواو دەكرد, لە كاتی زۆر قەرەباڵغی بڵندگۆو گۆڕەپانی راهێنانەكەش بەكار دەهێنران.
كە ئەنفالكراوان ناو نووس كراون, زانیارییەكانیان لێ وەرگیراوەو پۆلێن كراون, بە پێی رێنماییەكان, ئەو جا بە پاڵ بە خێرایی خراونەتە ناو یەكێك لە هۆڵە گەورەكانی سەربازگەكەوە.
ئەو پرسیارانەی كە لە زیندانییەكان دەكرا, ناوی سیانی, ناوی سیانی دایك, ساڵی لە دایك بوون, ناو و ژمارەی خوشك و براو منداڵەكان, ساڵی هاوسەرگیری,, پیشەو شوێنی نیشتەجێ بوون.
بۆ پیاوان پرسیاری پێشمەرگایەتی و لایەنی سیاسی و بەشداریكردن لە شەڕیشیان لێیان پرسیووە, ئەوانەی چەكیان لە گەڵیان تەسلیم كردۆتەوە, هەموو بە پێشمەرگە درابوونە قەڵەم. هەندێك جار پرسیاری دراوسێ و خزمی شاریشیان لێ كردوون.
محەمود مستەفا رەسول دەڵێت”ناوی سیانی, كار, خەڵكی كام دێهاتی, چەند منداڵت هەیە و لە كوێن؟, ئەم پرسیارانە دەكران لە تۆبزاوە. پرۆسەی پۆلێنكاری لە تۆبزاوە زۆر هەرەمەكی بووە, بە خێرایی و بێ بنەما بووە, چارەنووسی ئەو خەڵكە لە لایەن ئەو ئەفسەرانەوە دیاریكراوە كە لێكۆڵینەوەیان لە گەڵیان كردوون “, ئەوان چارەنووسی خەڵكەكەیان زانیووە, هەر لەوێ بە هەندێكیان وتووە بۆ مەرگ دەڕۆن.

جیاكردنەوەو پۆلێنكردن
بە پێی زانیارییەكان ئەوانەی پۆلێنی ئەنفالكراوان یان كردووە لە سەربازگەی تۆبزاوە, سەر بە ئەمنی پارێزگای كەركووك بوونە. سەرەتا چەند رۆژێك لە سەربازگەی تۆبزاوە ئەنفالكراوان لە یەكتر جیا نەكراونەتەوە, ژن و پیاو و منداڵ و گەنج لەو هۆڵە گەورانەی تۆبزاوە پێكەوە بوونە, دواتر دەستكراوە بە جیاكردنەوەی زیندانیان و پۆلێن كردنیان, دابەش چوار بەش كراون, ژنانی پیر, پیاوانی پیر, پیاوانی 15-50 ساڵی, ژن و منداڵ, ژنانی بێ منداڵی گەنج و كچانی گەنجیش لە هەندێك حالەت جیاكراونەتەوە بەڵام زۆرجار لەگەڵ ژن و منداڵەكاندا بوونە.
لە پرۆسەی پۆلێن كردندا نێرینەی 15 بۆ 50 ساڵی, مامەڵەی تایبەتییان لە گەڵدا كراوە, هەر لە كاتی جیاكردنەوەدا بڕیاری مەرگیان ئامادە بووە بێ دوو دڵی, بە پێی زانیارییەكان بۆ منداڵان كەم ریك كەوتووە منداڵێك لە پانزە ساڵ و بە سەرەوە بووبێت لەو پۆلێنە رزگاری بوو بێت, بەڵام كەمترەكان زۆر جار تێكەڵ گەورەكان كراون, هەرچەندە زۆرینەی ئەوانەشی رزگاریان بووە لە ژن و منداڵەكان دواتر هەمان چارەنووسیان هەبووە لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان خۆیان بینیوەتەوە.
هەندێك لە ئەنفالكراوان لە دانپێنانەكانیان بۆ دادگای باڵای تاوانەكان دەڵێن “لە 12 ساڵی بە سەرەوە منداڵەكانیان برد نەگەڕانەوە, دەستیان لە پشتەوە بەسترایەوە, پێشتر پیاوەكانیان بردبوو, گوێمان لە تەقە بوو هەر لەناو تۆبزاوە”.
یەكی دیكە دەڵێت”13 ساڵ بووە كردویانەتە ناو گەورەكان, دایكی بە گریان وەری گرتۆتەوەو هێناویەتەوە, واتا ئەوانەی ئاماریان كردووە, لە خاوەند بڕیارەكان دڵرەقتر بوونە” زۆربەی گۆڕە بە كۆمەڵە دۆزراوەكان ژن و منداڵن, كەواتە ئەوانیش رزگاریان نەبووە لە جیاكردنەوەكان.
پۆلێنكردن بە پێی ناسنامەی باری كەسی نەبووە, بەڵكە هەڕەمەكی بە پێی مەزندە بووە, دەشیا گەورەتر بێت بەڵام بچووك و منداڵ خۆی نواندبێت نەبردرابێت, یان بچووكتر بووبێت گەورە خۆی نیشان دابێت بردرابێت لەگەڵ پیاوەكان.
محەمەد حەمە فەرەج لە دایك بووی ساڵی 1949 خەڵكی سێوسێنانی ناوچەی قەرەداغ دەڵێ, تەسكەرەم پێ نەبوو,”ئەوكات 39 ساڵ بووە ” سەرو ریشم سپی ببوو, ئەفسەرەكە وتی بچۆرە ناو پیرەكان, منیش زۆر هەوڵمدا نەمخەنە ناو پیرەكان, یەكێ لە ئەفسەرەكان پێ وتم بەخوا گەنجەكان یەكی ناگەڕێنەوە, لەو كاتەدا ئەوانەی ئاماریان كردووە, بڕیاری لەناو دانیانیان زانیووە, هەر لە سەرەتاوە پێیانیان وتووە ئێوە موخەربین دەتان كوژین, تەنانەت لە چەمچەماڵ پێیانیان وتووە هەموو گولەباران دەكرێن.
لە سەرەتاوە ویستوویانە منداڵەكانیش بە تەنها داببڕن و جیایان بكەنەوە, شەوێك بۆ ماوەی نزیك شەش كاتژمێر منداڵە ساواكانیان لە دایكەكان جیا دەكەنەوە, ئەو شەوە وەك دەڵێن لە بەر گریان و قیژەو فیزاح حەوت تەبەقەی ئاسمان رادەچەڵەكێت, دوایی دەیان گەڕێننەوە, نازانرێت نیازی چییان هەبووە.
تەنانەت ئەوانەشی لە ئامارەكەی 17-10-1987 بەشدارییان كردووە, لەكاتی دەستگیركردنیان بە رێكەوت لە مردن رزگاریان نەبوو, خاوەر قادر سەبارەت بە سەربازگەی تۆبزاوە دەگێڕێتەوە دەڵێت” منداڵی دوو سێ ساڵیان لە دایكی سەندووە داویان بە زەویداو كوشتویانە. پاشان كەوتوونەتە گیان زەلامەكان. كوڕەكە پانزە ساڵانەكەی خۆی بینیوە لە گەڵ پیاوەكان سەنگاودا گرتبوویان و بۆ ئەوێ هینابویان. كەش و هەوا باو بۆران دەبێت. دوای ماوەیەك گوێبیستی تەقەكردنەكان دەبێت”, خاوەر ئەوە دواجاری دەبێت كوڕەكەی ببینێت, ئیتر ببڕای ببڕ نایبینێتەوە.

ئەشكەنجەدان

لە سەربازگەی تۆبزاوە, لێدان هەر لە گەیشتنە ناو سەربازگەكەوە تا دەرچوون لێی هەبووە, تەنانەت لە كاتی هێناندا ژنانیان بە لێدان لە ئیڤاكان داگرتووە, پیاوانیش هەمیشە لێدانیان لەسەر بووە, لە دابەزاندنیان لە ناو ئیڤاكانەوە بۆ سواركردنیان بە روتی و دەست و چاو بەستراوی دوو دوو بۆ ناو ئۆتۆمۆبیلە داخراوە سەوزەكان, هەموو بە لێدان و پاڵ نان بووە, پیاوە گەنجەكان ئەو چەند رۆژەی لە وێ بوونە, بێ لێدان ئاو و سەمونیان نەداوە پێیان, وە نەیانیان بردووە بۆ سەر ئاو, ئەوە ئەگەر یەكێك بەرگێكی رەنگ و شێوە گوماناوی بۆ ئەوان لە بەر بوایە و ریشی هەبوایە زیاتر دەكەوتە بەر ئەشكەنجە.
بە وتەی زیندانییەكان, لە تۆبزاوە لێدان هەبووە, فەلاقە كردن و بەستنەوە بە پانكە و داخكردن و شەق وەشاندن, لە هۆڵێكی تایبەت زیندانییە پیاوەكان لێیان دەدرا, پیاوە گەنجەكان روت كراونەتەوە, تەنانەت بە روتی و دەست و چاو بەستراوی, لەبەر سەرمای بەیانی زوو دوو دوو پێكەوە بردراون بۆ كوشتن, لەو كاتە بێ پێلاو تەنها شۆرت لە پێیان بووە خراونەتە ناو ئۆتۆمۆبیلە داخراوەكانەوە.
بەو سەرمایە جل و بەرگی پیاوانیان داكەندووە, بە دەرپێیەك كورتەوە, ئاویان كردووەتە ژێریان لە ناو هۆڵ ساردە بێ پەنجەرەكان, لە خەڵك دراوە بە كێبڵ, بە تایبەت گەنجان ئەو كاتانەی بردویانیانە بۆ سەر ئاو, هەروەها سەری گەنجەكانیان سفر كردووە. ناسنامە, پارە, سەعات, شانە, ئاوێنە, تەزبێح, مووكێش,….چی لە گیرفانیان بووە لێیانیان سەندووە. زیندانییە پیرو ژنەكان بە چاوی خۆیان ئەشكەنجەدانی گەنجە پیاوەكانیان بینیوە, تەنانەت لە پیرەكانیشیان داوە.

بارودۆخی ژیان
لە سەربازگەی تۆبزاوە, بارودۆخی ژیان زۆر سەخت بووە, دوای ئاماركردن, زیندانییەكان بە پاڵ و لێدان كراونەتە ناو هۆڵە گەورە ساردو سڕە تاریكە شێدارەكانەوە, گڵۆپ لەناو هۆڵەكان نەبووە, دەڵێن روناكیمان نەبینی تەنها لەو كاتەی دەچووینە سەر ئاو, خواردنی خراپ تەنها سەمونە رەقێك بووە رۆژانە, زەوییەكەی پیس و شێدار, بێ بان و بن و پانكەش بە خێرایی بەردەوام پێ كراوە, بایە ساردەكە لە زەوییە تەڕەكەی دەدا زیاتر ساردی كردووە, لە گەرما پانكە نەبووە لە سەرما پێیان كردووە, پێ كردنی پانكە لەو سەرمایە بەشێك بووە لە سزا دان.
جار جارە چای و سەمونیان داوە پێیان, هەندێك جاریش شۆربایەك پیس زۆر جار نیسك بووە, پاشماوەی قزعەی سەربازی, یان شلەیەكی چەور, لە برسان پارچە سەمونیان لە دەرەوە كۆكردۆتەوە, شیر نەبووە بۆ منداڵ بۆیە بەردەوام لە برسان گریاون, دەست بە ئاو گەیاندن لە ناو هۆڵەكان بووە لە سەرەتا, لە ژورەوە دەستیان بە ئاو گەیاندووە, میزوو پیساییان كردۆتە ناو قوتی و سەر چەمنەتۆكە, یان لە دەرگاوە كردویانەتە دەرەوە, یاخود بە كۆمەڵ یان گروپ گروپ رۆژانە دووجار بردراون بۆ ئاودەستەكان, لە ژێر چاودێری و هەندێك جار بە لێدان , كە سەربازگەكە 3 كۆمەڵە ئاودەستی تێدا بووە, هەر كۆمەڵەی 17 ئاودەست بووە, بەڵام زیندانیان لە تۆبزاوە, كێشەی تێنویەتیان وەك سەربازگەی نگرە سەلمان نەبووە.
یەكێك لەو گەنجە كەمانەی كە لە تۆپزاوا ڕزگاریان بوو, ئاوا باسی خواردنەكەیان دەكات:”چاكتر وایە هەر باسی نەكەین، تۆ ئەگەر برسیت نەبوایە قەت نەتدەخوارد، جۆرە شۆربایەك بوو تەنها لەگەڵ ئێسقانی ڕووتداو ڕۆنێكی زۆری بە سەرەوە بوو و هەموو كەس نەخۆش كەوتن”. زۆربەی گیراوەكانی تۆپزاوا ئەمەشیان دەست نەدەكەوت بەڵكو ڕۆژانە هەركەسە و دوو سەموونی بچووكی كۆنی وشكهەڵاتوویان دەدانێ لەگەڵ تۆزێك ئاودا. هەندێكیش خواردنی هەر بەرنەدەكەوت., زۆرینەیان تەنها باسی سەموونە رەقەكە دەكەن رۆژانە پێیان دراوە
لە سەربازگەی تۆبزاوە لە گەیشتنیانەوە تا ناردنیان, بەتایبەت ئەوانەی بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە ئۆتۆمۆبیلی داخراودا نێردراون مردن زۆر هەبووە, هەروەها منداڵ بوونیش لە ئاودەست و ناو هۆڵەكان لە كاتی گواستنەوەدا هەبووە.
ئەنفالكراوان ئەو چەند رۆژەی لە سەربازگەی تۆبزاوە بوونە, كێشەی نوێژكردن و راپەڕاندنی سرووتە ئاینییەكانیان هەبووە, بە تایبەت لە مانگی رەمەزاندا كە هیچ خواردنێكیان نەداوە پێیان.
هەروەها بەهۆی قەرەباڵغییەوە ئەو هۆڵە گەورانە كە پانتاییان نزیك 400 مەتر بووە , زۆریان لە پیاوان كردووە شەو تا بەیانی دەستەو ئەژنۆ لە سەر چیچكان دانیشن و هەر كەسێ بیویستایە هەڵبسێتە سەر پێ داركاری كراوە لە لایەن حەرەسەكانەوە, بەهۆی نە خەوی و دانیشتن لەسەر چوچكان زۆریان لە بەر پیری و بە هۆی بێهێزییەوە لە هۆشی خۆیان چوونە.

رەوانە كردن
سەربازگەی تۆبزاوە شوێنی كۆكردنەوەو ئامادەكردنی ئەنفالكراوان بووە بۆ زیندان و جێگاكانی دیكە, زیندانیانی تۆبزاوە زۆرینەیان لە رۆژێك بۆ سێ و چوار رۆژ لەوێ ماونەتەوە, هەندێكی كەمیش زیاتر, سەرەتا ژن و پیاوە پیرەكانی سەروی پەنجا ساڵیان بۆ نگرە سەلمان ناردووە, دوای سێ رۆژ لە ئاوەدانكردنەوەی تۆبزاوە, یەكەم وەجبەی زیندان نێردراوە بۆ زیندانی نگرە سەلمان.
بە هەمان شێوە ژن و منداڵیش نێردراون بۆ سەربازگەی دوبس, كوڕە پیاوە گەنجەكانیش بە ئۆتۆمۆبیلی داخراو نێردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان.
بە پێی شوێنەواری قوربانیانی ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكانی تەل شێخییە و وتەی تەیمور رزگاربووی گۆڕە بە كۆمەڵەكان, بەشێك لە قوربانیان راستەوخۆ لە تۆبزاوەوە بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان نێردراون, بە پێی بەرگەكانی بەریان لە وەرزی سەرمای ئەو ساڵە واتا ناوەڕاستی مانگی چوار بۆ ناوەڕاستی مانگی پێنج نێردراون بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان, هەروەها بە پێی وتەی شایەدحاڵەكانی نگرە سەلمانی ئەنفالی چوار, ژن و منداڵیان لە رێگا بینیوە لە كاتی بردنی ئەوان بۆ زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان, نەزانراوە بۆ كۆێ دەبردرێن.
لە ناو ئەنفالكراوان زیندانیانیش هەبووە لە تۆبزاوە ماوەتەوە تا لێبوردنەكە . هەرچی ئەنفالكراوانی كیمیابارای شاری هەڵەبجەیە ئەوان لە یەكتر جیا نەكراونەتەوە, هەموویان پێكەوە نێردراون بۆ زیندانی سەربازگەی نگرە سەلمان.
عوزێر یەكێك لە دەربازبووانی گۆڕە بە كۆمەڵەكانە بەم شێوەیە كاتی رەوانە كردنی خۆیان دەگێڕێتەوە” تەماشای كردبوو هەر پیاوە و بە زنجیرە ژمارەیەكی دراوەتێ و ژمارەكەی ئەم 375 بوو، ئەوان هەر كە ناوەكانیان بانگ دەكرا دەس بەجێ لە قاوشەكە دەبرانە دەرەوە و هەشت هەشت كۆمەڵیان دەكردن. بە جووتە بە یەكەوە كەلەپچە كرابوون و پێڵاوەكانیشیان بردن، گەلێ جار پیاوەكان چاویشیان بەستراوەتەوە و بە پێی قسەی هەندێ كەسیش جلوبەرگیان لەبەردا نەهێشتوون و تەنها دەرپێیان لە پێدا ماوە. دواجار خستوونیانە ئەو ئۆتۆمبیلە شوومە بێ پەنجەرانەوە كە بە ڕەنگی سپی یان سەوز بۆیە كرابوون، وایش باسدەكرێن كە پاس، ئەمبوڵانس یان بارهەڵگری داخراو بوون.
ئەم ئۆتۆمۆبیلانە ئەوەندە پڕ كراون, هاوكات بە هۆی داخراوی تەنگە نەفەس بوونە, ئەو چەند كاتژمێرەیان وەك ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكان بووە بۆ ژن و منداڵەكان, زۆر لە منداڵەكان پێش گەیشتنیان بۆ ناو گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە رێگا مردوونە.

گۆڕی بە كۆمەڵ
تا ئێستا سەربازگەی تۆبزاوا یەك گۆڕی بە كۆمەڵ دۆزراوەتەوە, كە لە نێوان 80 بۆ 81 روفاتی تێدا بووە ” بە وتەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان 81 روفاتە, وەلێبە پێی ژمارەی گۆڕەكان 80 گۆڕە”, بەشێك لە روفاتەكان شوێنەواری گولە بە جەستەیانەوەیە, پێی دەچێت كۆمەڵكوژی پیاوە گەنجەكان لێرەوە دەستی پێكردبێت. ێشتا پشكنینی ورد بۆ دۆزینەوەی شوێنەواری هەموو گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە سەربازگە 122 دۆنمییەكەی تۆبزاوە نەكراوە.

نەخۆشی
هۆڵەكانی سەربازگەی تۆبزاوە جگە لەوەی چەمنتۆیەكی رەق و تەق بووە, هاوكات پیسیش بوون, ناو هۆڵەكان وەك زبڵدانێكی بۆگەن وا بووە, تەنانەت زیندانییەكان پیساییەكانیشیان زۆربەی كاتەكان لە هۆڵەكان كردووە, چونكە دەرگایان لێ داخراوە لێیانیان نەكردۆتەوە, بە هۆی سك چوونیشەوە زیاتر هەراسان بوونە, زەوییەكە تەڕ بووە, زیندانییەكان لە سەر زەویە رەقە ساردە تەڕە خەوتوونە بە برسێتی و سەرما, نەبوونی بان و بن, هاوكات پانكەكان وەك سزا بەو سەرمایە هەڵكراون و پەنجەرەكانیش شوشەیان پێوە نەبووە, زۆربەی زیندانییەكان جل و بەرگی پێویستیان لەبەر نەبووە, كۆكە و سك چوون و تیفۆئید و گرانەتا لەناو زیندانییەكان بڵاو بۆتەوە, لە مانگی دوانزەی ساڵی رابردووەوە”1987″ەوە, گرانەتاو تیفۆئید لە ناوچەكانی ئەنفالی سێ و چوار بە بەربڵاوی بڵاو ببوەوە, بەهۆی نەبوونی چارەسەرەوە بەردەوامی هەبوو, وێڕای ئەم هەموو نەخۆشییە پزیشك و چارەسەریش نەبووە, تەنها لە هەندێك حالەتدا كە ئەوانیش زۆریان مردوونە.

دەستدرێژی سێكسی
هەرچەندە زیندانیان ماوەیەك كەم لە سەربازگەی تۆبزاوە ماونەتەوە, بەڵام لەو ماوە كەمەشدا كچان و ژنان بێ بەری نەبوونە لە پەلاماری سێكسی, هەندێك دەڵێن كچە جوانەكانیان جیا كردۆتەوەو بردوویانەو ئیتر نەبینراونەتەوە, زۆر شایەدحاڵ هەبوونە شایەدییان داوە لەسەر ئەوەی پەلاماردانی سێكسی هەبووە لە زیندانی سەربازگەی تۆبزاوە.

بۆ نەدۆزرانەوە
لە دوای روخانی سەدام, دەكرا هەیكەلی بەڕێوەبەری ئەم كەمپانەی راگرتن و ناردنی ئەنفالكراوان ئاشكرا بكرابانایا, لە كاتێكدا سەربازگەی تۆبزاوە و دووبز لە ژێر دەسەڵاتی ئەمنی شاری كەركووكدا بوونە, لە پێشوازیەوە بۆ ناردن و بەڕێوەبردن.
دەڵێن سەربازگەی تۆبزاوە بە چڕی ئابلوقە دراوەو چاودێری توندو تۆڵ كراوە, كەس لەو پرۆسەیە هەڵنەهاتووە, بەلام هیچكام لەوانە نەدۆزرانەوە.
حەرەسەكان بەرگی مەدەنی لە بەریان بووەو پێی دەچوو ئەمن بوبێتن, چونكە سەربازگەكە ئەمنی پارێزگای كەركووك بەڕێوەی بردووە, هەندێك جەیشی شەعبی لە توركمانەكانی ناوچەكە لەوێ بوونە, بەڵام زوو لایانیان داوە. تا ئێستا بەرپرسانی ئەم كامپانە, هەیكەلی بەڕێوە بردنی نەدۆزراونەتەوە.
ئەمە پرسیارێكی شەرمەزاری كەر بوو, كاتێك لە پرۆسەی دادگایی ئەنفالدا, هەردوو تاوانبار حوسێن رەشید و سەدام حوسێن باسی ئەوەیان كرد, ئەم حەجاجە هەر ناوی دووبارە دەبیتەوە, مەعقولە بەم هەموو پارە و كات و دەسەڵاتەوە نەزانرا كێیەو تا ئێستا نەدۆزرایەوە؟, مەعقولە بەڕێوەبەری سەربازگەی تۆبزاوەو نگرە سەلمان نەدۆزرانەوە؟. ئایا مەعقولە حكومەتی عێراق و كوردستان.

سەرچاوەكان:

  • ئاوشفیتز تۆبزاوە دالیا عومەر 2015 كەركوك چاپخانەی كارۆ
  • هەڵەبجەییەكانیش ئەنفالكران گوڵاڵەی گەرمیان چاپخانەی كارۆ 2024
  • سی دی دۆسیەی ئامادەكراوی ئەنفال لە لایەن دادگای باڵای تاوانەكانەوە.
  • محكمە الانفال اعداد ریكار مزوری بمساعدە محامی ایاد كاكەیی
  • بەرنامەی بەڵگەنامەیی خۆم لەوێ بووم , تەلەفزیۆنی ئازادی,كەناڵی گەرمیان
  • جینۆساید لە عێراقدا ..پەلاماری ئەنفال بۆ سەر كورد – هیومان ڕایتس وۆچ/ میدڵ ئیست وۆچ چاپی سێیەم 2013 چاپخانەی كەماڵ – وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق
  • لە تاوانی ئەنفالدا: ژنێك ویستی بمرێ,كەچی ژیا! – دلێر كەریم رێگای كوردستان ژمارەی تایبەت 11-4-2023



کورتە چیرۆك: جاسووس.. نووسینی: کۆڕش وەحید

لەدەرگاوە نەچوبوومە ژوور، بسکەی سمبێڵی دەهات، دەیویست یەکێك لە ئازایەتی و سەروەرییەکانی خۆیم نیشان بدات، لەڕێوە پرسی: باوەڕ دەکەیت مام وەسمان لە دوکانەکەیدا ماچی کیژی قەد زراڤی ئەلمۆدە بکات و دەستلەملانی بێت و پێکەوە بتریقێنەوە؟
وتم: جامن چ کارم بە عالەم داوە؟
وتی: ئاخر من کارم پێیانەوە داوە، خۆ ئیش و کار قاتیی بووەو بازاڕ وەکو جاران نییە، مەجبوور خۆم بەم و بەوەوە مەشغوڵ بکەم. خەمت نەبێت کامێرەم بۆ هەموویان داناوە، لەوان وایە بۆ دوکانەکەی خۆمم داناوە. هەر ئەوە نا، لەسەربانی ماڵەوەش وەکو ڕادار بە چواردەوردا دامناوە، هەر بێتاقەت بووم بۆ خۆم لەو تۆمارانە ورد دەبمەوە. هەر من نا، ئەوە بووەتە مۆد، دراوسێکانی تریش زۆربەیان دایان ناوە. یاخوا شتێك نەبێتە مۆد.. هەمووی چاوی لێدەکات.
ماڵ ئاوەدان، لەماڵەوە لە ژووری نووستن کونی دیوار نەماوە نەیگرم، ئەو بەچە فێڵبازەم کامێرای لێ دادەنێت، نازانم ئەو کامێرە عەنتیکانەی چۆن دەدەنێ؟ هێندەی سەرەپەنجەیەکن، بەکۆنترۆڵ ئیش دەکەن. خۆ ئەوەش ئیشی دایەرە نییە دەیکات، بەس بووەتە خووی، تازە بۆی تەرك ناکرێت. مانگی ملیۆنێکی هەیەو شەشی ئامادەییشی تەواو نەکردووە، هەر ڕۆژەوە لەگەڵ هاوپیشە هەرزەکارەکانیدا بە مۆدێلێکی نوێی سەیارەی جام ڕەش لە بەردەرگا دادەبەزێت. هەر کە قسەش دەکەم دەڵێت: منیش موچەی خۆمم هەیە، درێژەی پێ مەدە، زەرەر دەکەی. لێم بووەتە هەژدەها. باسی داماوی وام بۆ دەکات مێش میوانی نییە و ناوی لە کولەکەی تەڕیشدا نییە، دیارە ئەمانیش بێکارن، بەوانەوە مەشغوڵیان دەکەن. ئیتر ئاوها ئەو زەمینەی ئێمە لەسەری دەژین بووەتە حەقلی ئەزمونگەریی و ئەو عالەمەش موشکی ناو موختەبەر.
منیش وتم: مەگەر پێشینان نەیانگوتووە: گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە؟
وتی: ئێمە کە لەو تەمەنەدا بووین کەی ئەوەندە زۆرزان بووین، ئەم جیلە گەمەیان بە تەکنەلۆژیا دێت، ماڵئاوەدان کێ گرەویان لێ دەباتەوە؟
لە دڵی خۆمدا گوتم: ئەوان لە سەر شەقام و جادەو فەرمانگەو شاخ و کیو ومەکتەب و مزگەوت و ماشێن وهۆڵ و مۆڵ و تەنانەت ئاودەستیش دایدەنێن بێ ئەوەی حسابی چڵەپوشێك بۆ تایبەتمەندی خەڵکی بکەن، ئەوە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکان هەر باس مەکە، لەوێ قاچیان خستۆتە سەر قاچ و کەچی دەزانن تۆ بەیانی چی دەخۆیت و لە ماڵەوە چ میوانێكت دێت. هەشە باوەڕ دەکات کە دەڵێن جنۆکەیان هەیە. داهاتێکی زۆر بۆ ئەو بەدگەرییە تەرخان دەکرێت، ئەوەکەی تریشی ڕۆژانە بە مۆڵی دەچیتە بەردەستی سەرپانەکان.
وتی: ماڵئاوەدان دەبەسە بیرکردنەوە لە ئاخردا شێت دەبیت، ئەڵێی خەیاڵیت، وەرە سەیری مام وەسمان بکە.
وتم: ئەزانم گەر نوێژیش بکەیت بێ دەستنوێژ دەیکەیت، بەس تێناگەم ئەو بەرماڵەت بۆ لەسەر ئەو تاقە داناوە؟




ئەمەریکییەکان لە مردن ناترسن، بەڵام لەدەستکورتی دەترسن!!.. غازی حەسەن

لە ناوەڕاستی مانی نیسانی ٢٠٢٥دا (نیوزویک)ی ئەمەریکی ڕاپۆرتێکی شیکاری و لێکدانەوەی لەبارەی چۆنیەتی بیرکردنەوە و ترسەکانی هاووڵاتی ئەمەریکی لەلایەن پەیامنێری هەواڵ و زانیاریی لەنێوەخۆی ئەمەریکا (ئەلیس هایام Aliss Higham)ەوە بەناوی ” توێژینەوەکان دەری دەخەن ئەمەریکییەکان زیاتر لە مردن ترسیان هەیە لە شکاندنی دارایی هەیە” بڵاوکردەوە.
ئەوانەی شارەزا و ئاگاداری ژیانی ئاسایی هاووڵاتیانی نێو ئەمەریکان ئەوە دەزانن، کە ئەم وڵاتە سەرمایەدارییە مەزنە، نەک هەر بواری بەرهەمهێنان، بەڵکوو سیستەم و بیرکردنەوە و کەلتوور و ڕەفتارەکانیشی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە فەلسەفە و فکری سەرمایەدارییەوە هەیە. هەموو کەسێک لەم وڵاتە مەزنەدا دەبێت کار بکات و خاوەنی کارێک بێت، ئەگەر نا چارەنووسێکی نادیار لە شەقامەکان چاوەڕوانی دەکات. بە واتایەکی دیکە نەبوونی و دەستکورتی و لەدەستدانی کار هەڕەشەیەکی مەترسیدارە و لەمردن ناخۆشترە.

ئەم ڕۆژنامەنووسە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەم زانیارییە گرنگانە دەکات و دەبێژێت: “توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، نزیکەی دوو لە هەر سێ کەسی ئەمەریکی واتە پتر لە ٪٦٤ ترس و نیگەرانیان لە نەمان و تەواوبوونی پارەکانیان هەیە و بۆیە ئەمانە پتر لەم دۆخە دەترسن نەک مردن” . ئەو ئاماژە بە توێژینەوەی ساڵانەی خانەنشینی ئەلیانز بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دەکات، کە ڕاپرسییەکی لە گەڵ هەزار کرێکاری ئەمەریکی ئەنجام داوە، کە تەمەنیان لە ٢٥ ساڵ بەسەرەوەیە. لەم ڕاپرسیەدا دەرکەوتووە نەوەی هەزارییەکان و منداڵە گەشەسەندووەکان ترسیان سەبارەت بە کەمبوونەوەی پاشەکەوت و نەمانی پارە و توانای دارایی هەیە، بە واتایەکی دیکە هەر کاتێک واز لە کارکردن بێنن، ئیدی ترس لێیان دەنیشێت. هەروەها “خانەنشینەکان بەزۆری نیگەرانن لە نەبوونی و دەستکورتی لە ٪٧٠ دەڵێن ترسی زیاتریان لە ناسەقامگیری دارایی لە درەنگانی تەمەندا هەیە، پتر لە مردن. لەنێوان نەوەی هەزارەییەکاندا، لەسەدا ٦٦یان ڕایانگەیاندووە، پتر ترسیان لە نەمان و تەوابوونی پارە و دەستکورتی هەیە. ٪٦١ یان ڕاشکاوانە دەبێژن لەکۆتایی ژیانیاندا ترسیان لە وێرانبوون و داڕمان و فەشەلی دارایی هەیە”.

(مارک تۆرنەر) کە خانەنشینە و دامەزرێنەری ماڵپەڕی GoldIRAGuide.com بە (نیوزویک)ی ڕاگەیاندووە: “لەماوەی دەیان ساڵی کارکردنی، بە چاوی خۆی شایەتحاڵی ترسی کرێکاران بووە، ئەوانەی لەڕووی داراییەوە خۆیان بۆ دواترین ساڵەکانی ژیانیان ئامادە دەکەن. ئەمەریکییەکان زیاتر لە مردن ترسیان لە شکان و نەمانی توانای دارایی و مایەپووچی هەیە”.
ئەم ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکییە لە توێژینەوەکەیدا گوتی: “خەڵک بە گریانەوە پەیوەندی بە ئۆفیسەکەمانەوە کردووە و دەڵێن: گرنگ نییە سبەی بمرم، تەنیا نامەوێت بە دەستکورتی و گیرفانی بەتاڵ و نەبوونییەوە بمرم”.
بۆیە ڕاپۆرتە شیکارییەکە ئاماژە بە هۆکاری (هەڵاوسان و نەبوونی یەکسانی و باجی زۆر وەکو کێشەیەکی گرنگ) دەکات ، ئەوی دیکەش ئەو گومانە زۆرەیە، کە لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەیانە و پێیان وایە ناتوانێت پشتگیرییەکی گونجاو لە خانەنشیان بکات. واتە سیستەمی هاوکاری دارایی و پاڵپشتی ژیانێکی شایستە و دڵنیا نییە.

بەپێی زانیارییەکان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٥دا نزیکە ١٧٠.٧ ملیۆن کەس تۆمارکراون کە کرێکارن و کار دەکەن. ڕێژەی دەستخستنی کار لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥ گەیشتۆتە ١٦٣.٥ ملیۆن کەس، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات ڕێژەکە هەندێک زیادی کردووە، کاتێک بەراورد دەکرێت بە مانگی شوباتی هەمان ساڵ کە ١٦٣.٣ میلۆن کەس بووە.
هێزی کار بریتییە لە ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو کەسانەی کە بۆ کار ئامادەن، هێزی کار لە ئەمەریکا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشۆتە ئاستێکی پێوانەیی و ١٧٠.٧ ملیۆن کەسی مەدەنی دانراوە و لە مانگی شوباتی ٢٠٢٠، لە سەرەتای پەتای کۆڤید-١٩ لە ئەمەریکا، ١٦٤.٦ ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی وەکو هێزی کار لە پێش پەتاکە تۆمار کراون. هێزی کاری ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٦٠ەوە ساڵانە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، جگە لە ماوەی دوای پاشەکشە مەزنە ئابوورییەکە، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١١ لە خوار ئاستی پێویست بووە.

ئافرەتان

لە مێژووی هاوچەرخی ئەمەریکا، سێ قۆناغی بەرچاو لە زیادبوونی بەشداری ئافرەتان وەکو هێزی کار هەیە. لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا تا ساڵانی ١٩٢٠ بەڕێژەیەکی زۆر کەم ئافرەت لەکار دامەزران. زۆرجار ئافرەتی کارگەر و ئافرەتە گەنجە تاقانەکان بوون و بەشێوەیەکی گشتی لەکاتی هاوسەرگیریدا دەستیان لەکار هەڵگرتووە و چی دیکە لەنێو هێزی کار نەماون و وەکو هێزی کار حیسابیان بۆ نەکراوە، مەگەر خێزانەکەیان پێویستی بە دوو داهات بووبێت. ئەم ئافرەتە کرێکارانە بە پلەی یەکەم لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی قوماش، یان وەک کرێکاری ناوماڵ کاریان دەکرد.

لە نێوان ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٥٠، بەشداریکردنی ئافرەتی کرێکار وەکوو هێزی کار بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر کرێکارانی دائیرە و ئیدارە و بەڕێوەبردن و ئۆفیسەکان و بزووتنەوەی ئامادەسازیی و بە کارەباییکردن زیادی کرد، لەبیری نەکەین ئەم گەشەکردنە کات بەسەربردنی ئافرەتانی بۆ کارەکانی ماڵەوە کەمکردەوە. لەساڵانی ١٩٥٠ تا ١٩٧٠ زۆربەی ئەو ئافرەتانەی خاوەن داهاتی لاوەکی بوون بەشێوەیەکی سەرەکی وەک سکرتێر، مامۆستا، پەرستار و کتێبخانەوان کاریان دست پێکرد.
لەساڵی ١٩٦٠ەوە جیهان و ئەمەریکا شایەتی زیادبوونی بەرچاوی هێزی دەستی کاری مێینە لە بازاڕی کار بوون، بەتایبەتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەک ئەوروپا و ئەمەریکا بەپێی خزمەتگوزاری توێژینەوەی کۆنگرێس، جیاوازی بۆ هێزی دەستیکار لەنێوان ئافرەتان و پیاوان لەساڵی ١٩٧٩ەوە کەمتر بووە و بەڵام هێشتا پیاوان لەبەراورد بە ئافرەتان ڕێژەکەیان بەرزتر ماوەتەوە. دەبێت ئەوەش بزانین تەنیا ئەو پیاوانەی بڕوانامەی بەکالۆریۆس، یان بەرزتریان هەبووە، تێکڕای داهاتی ڕاستەقینەی کاریان لە ئافرەتان زیاتر بووە.
(کلۆدیا گۆڵدین) و ئەوانی دیکەش، بە تایبەتی ئاماژە بەوە دەکەن، کە لەناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا قۆناغێکی تازە لەشۆڕشی ئافرەتان لەبواری هێزی کاردا دەستی پێکردووە، ئەمەش بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە هاتۆتە ئاراوە. لە ئەمەریکا ڕێژەی هێزی کاری ئافرەتان نزیکەی ٪٥٩ و لە ساڵی ١٩٤٨ بۆ ٪٦٦ بەرز بۆتەوە و لەساڵی ٢٠٠٥یشدا بەشداریکردن لەنێوان ئافرەتان لە ٪٣٢ بۆ ٪٥٩ بەرزبووەوە و کەچی بەشداریکردنی پیاوان لەنێوان ٪٨٧ بۆ ٪٧٣ دابەزیوە.
تیۆرێکی باو لە ئابووریی مۆدێرن بانگەشەی ئەوە دەکات کە سەرهەڵدان و بزاڤێکی نوێ بۆ ئافرەتان دەرکەوتووە لەپێناو بەشداریکردن لە هێزی کاری ئەمەریکا لە کۆتاییەکانی شەستەکاندا بەهۆی ئەو گەشەکردنە کەلتوورییەی ڕووی داوە.
هۆکارێکی گرنگ بۆ بەشداری ئافرەتی کرێکار

هەتا ئێستاش گفتوگۆیەکی ورد لەبارەی مافەکانی ئافرەت وەکو کرێکار و بەشداری لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و گەشەکردنی ئەمەریکا دەکرێت. توێژینەوەکان پێیان وایە “هێنانەکایەی تەکنەلۆژیای نوێ ڕێگری لە دووگیانی و حەبی لەباردن و لەدایکبوون و ڕێکخستنی یاساکانی تەمەن لای ئافرەت کردووە و بەپێی ڕۆژنامەی زانکۆی شیکاگۆ (پرێس جۆرناڵ) هەنووکە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە یەکەمین ژیانی هاوسەرگیری و پیشەی پەروەردەیی لای ئافرەتان ڕوویداوە و زۆربەی ئەو ئافرەتانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە و وەڵامیان داوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن ئەم گۆڕانکارییە بەهۆی حەبەکەوە بووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٠ەوە ئافرەتانی خێزاندار بەبێ گوێدانە دۆخی دامەزراندنی هاوسەرەکەیان ئامادەبوون کار بکەن، تەنیا ٪٤٠ی ئافرەتانی دانیشتوویی ئەمەریکا لەڕاستیدا حەبی کۆنتڕۆڵ و لەباربردنی لەدایکبوونیان بەکارهێناوە”. ئەم ژیانی ئافرەتی کرێکارە لەم وڵاتە بەهێز و ئابوورییە مەزنەی کە کاریگەریی هەر تەنیا لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک نییە، بەڵکو کەلتوور و ڕەفتار و نەریت و پەیوەندییەکانی خەڵکیش دەگۆڕێت.
هەمان سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکات “هۆکارێکی دیکە، کە ڕەنگە هۆکار بووبێت لە گەشەکردن و گۆڕانکاری لەم ڕەوتە، ئەویش یاسای یەکسانی مووچەیە لەساڵی ١٩٦٣ بڕیاری لێدرا و ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی جیاوازی مووچە بوو لەسەر بنەمای ڕەگەز”.
دوای ئەوە دەبینرێت بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان” ئەم جۆرە یاسایانە جیاوازیی و هەڵاواردنی سێکسی کەمکردەوە و پتر هانی ئافرەتانی دا بۆ چوونە ناو بازاڕی کار بە وەرگرتنی پاداشتێکی دادپەروەرانە لەپێناو یارمەتیدانی پەروەردەی منداڵانەکانیان”.
زانیارییەکان ئەوەمان نیشان دەدەن “بەپێی وتەی (کلێر کەین میلەر) لە نیویۆرکەوە وڵاتانی دەوڵەمەندی دیکە، وەک دانیمارک، ئەڵمانیا و نەرویج، ساڵانە بە تێکڕا ١٤ هەزار دۆلار بۆ چاودێری منداڵان خەرج دەکەن لە کاتێکدا حکوومەتی ئەمەریکا تەنیا ٥٠٠ دۆلار پشتگیری دەکات”.

پیاوان

بەپێی نووسینگەی ئاماری کار لە ئەمەریکا، پیاوان لە ساڵی ١٩٥٠ ەوە ڕێژەکەی وەکو هێزی کار کەمی کردووە لە ٪٨٦.٤ ساڵی ١٩٧٠ و ٪ ٧٩.٧ و لە ساڵی ١٩٩٠یش دابەزیوە بۆ ٪ ٧.٤ و ساڵی ٢٠٠٥یش بۆتە ٪٧٣.٣ . سەرەڕای ئەوەش، دابەزینی بەشداری پیاوان لە خوێندن، تەمەنی هاوسەرگیری، بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و ئالودەبوون بە یارییە ڤیدیۆییەکان دەتوانن ببنە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی پیاوان وەکو هێزی کار.
بەپێی بانکی فیدراڵی لەساڵی ١٩٩٦ تا ٢٠١٥، ئەو پیاوانەی کە تەمەنیان پێگەیوە و چۆتە سەرەوە توانای کاریان هەیە و خاوەنی بڕوانامەی ئامادەیی یان بڕوانامەی هاوشێوەی ئەمەن، ڕێژەی بەشداری نەکردنیان زۆر پترە لەوانەی کە بڕوانامەی پێشکەوتوویان هەیە. لە سەردەمی پاشەکشەی گەورەدا، بە گشتی ڕێژەی بەشداری نەکردن بۆ هەمووان زیادی کرد بەبێ گوێدانە ئاستی خوێندنیان، بەڵام گەورەترین زیادبوون بۆ ئەو کەسانە بوو، کە تەنیا بڕوانامەی ئامادەیییان هەبوو.
هۆکارێکی دیکەی کەوتنە بازنەی دەرەوەی هێزی کار لە ئەمەریکا کێشەی پیربوونە و لە تەمەنی مامناوەندی، لای نێرینەکان لەتەمەنی ٣٤ ساڵییەوە بەرزبۆتەوە بۆ ٣٧.٢. ڕاپرسییەکەی ئێستای دانیشتوان لەبارەی ساڵی ٢٠٢٠، ئەوە نیشان دەدات زۆربەی ئەو پیاوانەی لە دەرەوەی هێزی کار بوون، هیچ شتێکیان لەبارەی تەندروستی خۆیان ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی نەخۆشی، کەمئەندامی، یان بەهۆی چوونە خوێندنی باڵا ناتوانن کار بکەن. سەبارەت بە پرۆگرامی کەمئەندامی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ٪٣٥ی ئەوانەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، واتە هاوکاری حکوومەتیان هەیە و کەمئەندامن، ئاماژەیان بەوە کردووە هۆکاری پەککەوتەییان بەهۆی تێکچوونی تەندروستی دەروونییەوە بووە. ٪٣٠ دیکەشیان لەبارەی دۆخی نەخۆشییەکەیان و کەمئەندامییەکەیان ئاماژەیان بەوە کردووە کێشەکەیان پەیوەندی بە تێکچوونی ماسولکەیی و ئێسکەوە هەیە، کە زۆربەیان بەهۆی قەڵەویەوەیە.

داهات

مووچە لە ئەمەریکا لە مانگی ئازاردا بۆ ٣٠.٩٦ دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک لە مانگی شوباتی ٢٠٢٥ بۆ ٣٠.٩١ دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک بەرزبووەتەوە، کرێ لە ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٦٤ تا ٢٠٢٥ بە تێکڕا ١٢.٧١ دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک بووە، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە مێژوودا کە ٣٠.٨٤ دۆلار بووە بۆ هەر کاتژمێرێک و لە مانگی شوباتی ١٩٦٤دا نزمترین ئاستی تۆمارکردووە کە ٢.٥٠ دۆلار بووە بۆ هەر کاتژمێرێک.
لەکاتێکدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەم بە ملیۆنان کەس بەتایبەتی لەبواری بیناسازیی بە ١٠-١٢ دۆلار لە کاتژمێرێک کار دەکەن، بێ ئەوەی هیچ مافێکیان لە خانەنشینی و بیمەی تەندروستی و سەلامەتی کار هەبێت. بە واتایەکی دیکە ئەم ژمارەیە گشتییە و دەزگا فەرمییە باڵاکان دەگرێتەوە، نەک تەواوی هێزی کار و کارگەر و شوێنەکانی کار و بەرهەمهێنان.

بێ شوێن و ماڵ و هەژاری

بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی حکوومەتی ئەمەریکا لە هەر دە هەزار کەس ٢٣ کەس بێ جێگا و ماڵ و شوێنی ژیانە و لە شەقامدا دەژیت، بەپێی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠٢٤، ٧٧١ هەزار و ٤٨٠ کەس وەکو بێ لانە و ماڵ و جێگای ژیان تۆمارکراون.
بەپێی ڕاگەیاندراو و زانیاریی فەرمی حکوومەت لەساڵی ٢٠٢٣دا ڕێژەی هەژاری بەشێوەی فەرمی لە ئەمەریکا ١١.١% بووە و ٣٦.٨ ملیۆن کەس لەژێر ئاستی هەژاریدا دەژین. لەنێو ئەم ژمارەیەدا منداڵان و ئافرەتان ڕێژەیەکی زۆر پێکدەهێنن.

دیماهی

ئەمەریکا وڵاتی کارکردن و بەدەستهێنانی توانای داراییە و لەهەموو جیهان ڕووی تێ دەکەن و بە خاوەنی ئابووریەکی بەهێز و باڵادەست و کاریگەر ناسراوە. ساڵانە ملیۆنان کەس بە هۆکاری جیاواز دەمرن، مردن کەلتووری ترس و سزا و لیپێچینەوە دوای کۆتایی ژیان نییە. کەلتووری قسەکردن لەسەر مردن هیچ ترسێکی تێدا نییە و ئەمەریکییەکان وەکو دەڵێن ئەوان لە مردن ناترسن، بەڵکو لەوە دەترسن دەستکورت بن و مایەپووچی دەرچن و توانای داراییان لەدەست بدەن و بێکار و داهات بن.
ئێمە دەزانین مانای ئەم ترسە چییە و نیشانە و هێماکانی نەترسانیشیان لە مردن چییە. کرێکاران لە ئەمەریکا بەم شێوازە گوزارشت لە هەقیقەتی ژیانی خۆیان دەکەن. کرێکار بەزمان گوزارشت لە دونیایەکی یەکجار ئاڵۆز دەکەن، کە تەنیا کرێکارانی وڵاتێکی سەرمایەداری وەکو ئەمەریکا دەتوانێت گوزارشتی لێ بکات.
داهات و هەقی کار و گوزەران و پێویستییە داراییەکانی یەکێکە لە پێویستییە هەرە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی مرۆڤی کارگەر. مرۆڤەکان لەپێناو بەدەستهێنانی سەرچاوە و توانای دارایی بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسودەی ڕۆژانەیان کار دەکەن، ئەمەش کار و ژیان و پەیوەندییەکی یەکجار قورس و ئاڵۆزی دروستکردووە، کە مردنیان لەچاو ئەم ژیان و خەبات و کارکردنە پێ فشەیە.
داهات و مایەپووچی ئابووری و بێکاری کاریگەری لەسەر ڕەفتار و شێوەژیان و بیرکردنەوەی کەسەکان هەیە، وەکو چۆن سیستەمی ئابووری باڵادەست و بەهێزی سەرمایەداری لە ئەمەریکا کاریگەری لەسەر ڕەفتار و کەلتوور و ژیانی خەڵک لەسەرتاسەری دونیا دروستکردووە.

سەرچاوەکان:
https://www.newsweek.com/americans-fear-going-broke-more-death-study-2063593
https://www.bls.gov/news.release/empsit.t01.htm
https://www.google.com/search?q=Number+of+workers+in+America&rlz
https://en.wikipedia.org/wiki/Labor_force_in_the_United_States

https://usafacts.org/articles/how-many-homeless-people-are-in-the-us-what-does-the-data-miss/
https://www.google.com/search?q=poverty+rate+in+america&rlz=1




ئایا ئەدەبی كوردی بەرهەمی داهێنەرانەی نییە؟!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

پرسی سەرسامبوون تا ڕادەی خۆ بچووككردنەوە و شەرمكردن لە ئەدەبی نەتەوەیی خۆت، دیاردەیەكە و لە نێوەندی ئەدەبی كوردیدا هەیە و دەشبێت. ئەمە دوو دیوی هەیە، دیوێكی بەراوردكردنانەی ئەدەبییە، كە نییە یان دەگمەنە و دەبێ بابەتییانە و بەراوردكاریانە شڕۆڤە بكرێت، دیوێكیشی سایكۆلۆژییە كە ڕەنگدانەوەی ئەو داگیركارییە فەرهەنگی و كەسی و كولتووریەیە، كە دوژمنانی كورد بە درێژایی مێژوو، پەنایان وەبەر بردووە و هەوڵی ئەوەیان داوە، ڕەگی بچووكی و خۆ بە كەمزانی، لە ئاست ئەویتری نەیاردا، لە ناخ و هزری مرۆڤی كورد بچەقێنن. سەرنج بدەن، خانی دوو سەد ساڵ بەر لە ئەوروپییەكان، باسی ناسیونالیزم و بناغەی نەتەوە لە مەم و زیندا دەكات (خوێنەر دەتوانێ بگەڕێتەوە سەر كتێبە گرنگ و نایابەكەی نووسەر و ئەكادیمی دیاری كورد، فەرهاد شاكەلی بە ناوی ناسیۆنالیزمی كوردی لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا) كە هێشتا ناسیۆنالیزم وەك فیكر هەر بوونیشی نەبووە.

نالی زۆر بەر سەرهەڵدانی ڕۆشنگەری لە ئەوروپا، ڕوانگەیەكی رشۆنگەرانەی لە شیعردا هەبووە، كە خوێنەران لەوەشدا بابگەڕێنەوە سەر كتیچبە نایاب و سەنگینەكەی مامۆستا ڕێبوار سیوەیلی. فەرهەنگ و ئەدەبیاتی كوردی، نەك هیچی لە ئەدەبیاتی جیهانی كەمتر نییە، بەڵكو هونەریتر و پڕ ماناتریشە. خوێنەران دەتوانن بچن بەرهەمی ئەو نووسەرانە بخوێننەوە، كە نۆبڵی ئەدەبییان وەرگرتووە. گرفتەكە ئەمە نییە، گرفتەكە خۆ بە كەمزانی و بچووكی هەندێك لە بەناو سیاسی و نووسەرانی كوردە لە ئاست دوژمناندا . لە نێوەندی ئەدەبی كوردیدا، چونكە بزاوتێكی پێچەوانە نییە كە بەرهەمە كوردییەكان وەربگێڕێتە سەر زمانە بیانییەكان،هەروەها خوێنەری كوردیش تەنها زمانی كوردی دەزانێت و ناتوانێت بەزمانەكانی دیكە، بەرهەمەكانی نووسەرانی دنیا بخوێنێتەوە، ئیدی ئەو بۆشایە دروست بووە. سەرنج بدەن سەدان كتێبی بیانی وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی كوردی، بەڵام لە بەرانبەر ئەمەدا تازە هەندێك بەرهەمی نووسەرانی كورد دەكرێنە فارسی و نووسەرانیش شاگەشكە دەبن، وەك ئەوەی ئەمە گەورەترین داهێنان بێت، لە كاتێكدا زمانی فارسی هەم زمانێكی زۆر سادە و ئاساییە، هەمیش لە ئاست زمانێكی وەكو ئینگلیزی و ئەڵمانی و ئیسپانی، وەك نەبوو وایە.

ئێمە نەمانتوانیوە وێنەی ڕاستەقینەی ئەدەبیاتی خۆمان بە دنیا بناسێنین. ئەگەر وەرگێڕە زۆر و زەبەندەكانی كورد، زۆرینەی هەرە زۆریان، كەمێك لە دەرەوەی ڕوانگەی بەرژەوەندی كەسی و تایبەتی خۆیانەوە، ئەدەبی كوردی و بەرهەمی نووسەرانی كوردییان وەربگێڕایەتە سەر زمانەكانی دیكەی دنیا، ئیدی ئێمە دەمانتوانی وێنەی ڕاستەقینەی ئەدەبی كوردی وەك ئەوەی كە هەیە نەك وەك ئەوەی نەیارانمان دەیبینین، بە هەموو دنیا بناسێنین. بەرهەمی نووسەرانی كورد لە ڕووی ڕۆمان، شیعر، چیڕۆك و ژانڕەكانی دیكەش، نەك هیچی كەمتر نییە، لە نووسەرانی دنیا بەڵكو زیاتریشە. باسكردن لەوەی ئەدەبی كوردی و ڕۆمانی كوردی وا نییە، ڕووی ئەوەی هەبێت وەربگێڕدرێتە سەر زمانەكانی دیكەی جیهانی، لە ڕاستیدا بێ ئاگایی و خۆ بە كەمزانییەكی گەورەیە لە ئاستی نەتەوەكانی سەردەست، كە ئەركی ڕۆشنبیری كوردە، شەڕی ئەو كولتوورە و گرێ سایكۆلۆژییە بكات نەك نەزانانە و ترسنۆكانە و بوودەڵانە گەورەتری بكات! تۆ بَڵێی لەو هەموو شیعر و چیڕۆك و ڕۆمانەدا، بەرهەمێكی شایستەمان نەبێت؟ سەرنج بدەن، چ بزاوتێكی گەورەی وەرگێڕان لە زمانەكانی دیكەی بیانی بۆ سەر زمانی كوردی هەیە! بەڵام بە پێچەوانەوە، زۆر بە دەگمەن بەرهەمی نووسەرانی كورد وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەكانی دیكەی دنیا، ئیدی چۆن نووسەرەكانمان و شاكارەكانیشیان، لە سەر ئاستی دنیا دەناسرێن؟ ڕۆمانی كوردی، هیچی كەمتر نییە لە ڕۆمانە جیهانییەكان و دەكرێ بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو بۆچوونەی من، خوێنەران بگەڕێنەوە سەر ئەو ڕۆمانە بیانییانەی كراونەتە كوردی، ئەو كات دەردەكەوێت كە ڕایەكەی ئێمە لۆژیكییە یاخود نا؟ بڕۆن بەراوردی شیعرە لیریكییەكانی ( نزار قەببانی ) و بە شیعرەكانی (فریدون بەرزنجی ) و ( ئەحمەد محمەد ) و (ئیسماعیل خورماڵی ) بكەن . بەراوردی شیعرەكانی (محمود دەروێش ) و (شێركۆ بێكەس ) بكەن، بەراوردی شیعرەكانی ژنانی جیهانی بە شیعرەكانی ژنە شاعیرانی كورد بكەن. بڕۆن بەراوردی ڕۆمانەكانی (بەختیارعەلی) بە ڕۆمانی نووسەرە فارس و عەرەب و بیانییەكان لە ڕووی تێما، ڕووداو، گێڕانەوە بكەن.

بڕۆن شیعری ئەو شاعیرانە بخوێننەوە كە براوەی خەڵاتی نۆبلن و دواتر شیعری شاعیرە كوردەكانیش بخوێننەوە، ئەو كات بۆتان دەردەكەوێت كە شیعری كوردی لە شیعری شاعیرەكانی براوەی خەڵاتی نۆبل زۆر جوانترو بە چێژترە؟! ئەو نووسەرەی دەڵێت كورد داهێنانی نییە و نووسەر و ئەدیبی گەورە و داهێنەری لێ هەڵنەكەوتووە، لە ڕاستیدا نووسەرێكە گیرۆدەی ئەو گرێ خۆ بە كەمزانیەیە كە دەیان ساڵە دوژمنان هەوڵی داكوتانی لە ناخ و بیرو كولتووری ئێمە دەدەن. ئەدەبی كوردی نەك هەر داهێنەر و داهێنان، ڕۆمانی وای تێدایە شیاوی ئەوە بێت وەربگێڕدرێتە سەر زمانەكانی دیكەی دنیا، بەڵكو لە ڕووی بیر و هزرەوە لە ئەدەبی جیهانیش هزردارترە. لە سەرەتاكانی سەدەی بیست، بێكەس و شێخ نووری، دژی ئەقڵی كۆنەخوازی و پیاوسالارین، قانح هەوڵی یەكسانی و نەمانی جیاوازی چینایەتی دەدات، كامەران موكری و زێوەر و ئەحمەد موحتارجاف باس لە نیشتمان پەروەری و گرنگی پەروەردە و خوێندەواری دەكەن. برایم ئەحمەد باس لە ڕاپەڕین و ئازادی و سەربەستی مرۆڤەكان لە ژانی گەل دەكات. ئێمە باجی بێ دەوڵەتی و سەربەخۆیی دەدەین، كە نیشتمانێكیش هەمیشە ژێر دەستە و چەوساوە بێت، بێگومان زمان وكولتوور و فەرهەنگیشی ژێر دەستە دەبێت. لێرەوەش ئەركی ڕاستەقینە و نیشتمانییانەی نووسەران و ڕۆشنبیران دەست پێ دەكات، كە ئەدەب و فەرهەنگی نەتەوەكەیان بە دنیا بناسێنن، نەك بڕوایان وابێت ئەدەبی كوردی و بەرهەمی نووسەرانی كورد بێ داهێنەر و ڕووی ئەوەیان نییە بە دنیا بناسێنرێن، چونكە ئەوە ئاوكردنە ئاشی دوژمنانە، كە ئەوانیش هەر ئەوەیان دەوێت .

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4246) لە 9/2/2025 بڵاوكراوەتەوە.




دەرگیربونی عێراق لەنێو دانوستانی ئەمریکا و ئێراندا.. عوسمانی حاجی مارف

لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا عێراق جێهێڵرا بۆ پاوانخوازی و باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە کاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی سیاسی عێراق و چۆنیەتی پێکهاتنی حکومەت و ململانێی و رێکەوتنی هێزە سیاسیەکان دانا. کۆمەڵێک حیزب و میلیشیا کە بەئاشکرا پاشکۆی ئێرانن وەک “چوارچێوەی هەماهەنگی”، پرسی حوکمڕانیان بۆ خۆیان یەکلاییکردەوە. هەروەها قاسم سولەیمانی، سەرۆکی سوپای قودس تا لە ژیاندا بوو و زۆربەی کاتەکانی لە عێراق بەسەردەبرد، تا ئەو کاتەی لەوێ کوژرا.
موقتەدا سەدریش درکی بەوە کرد کە ناتوانێ یاری و ململانێ لە نێومەیدانی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتدا بکات و ئاکامەکەی دەبیتە ئاژاوەگێڕی و پێگەی سیاسی خۆی بەفیڕۆ ئەدات و هەموو دەستکەوتەکانی دەشێوێت، ناچار بوو بەوەی کشانەوەی خۆی لە هەڵسورانی سیاسی راگەیەنێت. لەهەمانکاتدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ریزی پاشکۆبون بەئێران گیرسایەوە.
هەموو ئەو کارانەی کۆماری ئیسلامی کردوویەتی و دەیکات بەنهێنی ڕوویان نەداوە، عێراقی لەچوارچێوەی بازنەی نفوزی خۆی و لە ژێر پاراستنی خۆیدا هێشتەوە، بە بەرچاوی ئەمریکا و جۆرێك بێدەنگەلێکردنی ئەمریکاوە ئەنجام دراون، کەدوای جەنگی کەنداوی دووەم و روخانی حکومەتی سەدام، ئەم پرۆسەی گواستنەوەو دەستێوەردانی ئێران لە عێراق جێگیرکرا.
ئەوەی هەر لە سەرەتاوە ڕوون بووە ئەوەیە کە عێراق هەمیشە سەرچاوەی دراوی قورسی ئێران بووە لە پاڵ ئەو سزا ئابوریانەی کە لە لایەن ئەمریکاوە سەپێندراوە بەسەر ئێراندا. لەکاتێکدا دەسەڵاتداری عێراق لە دابینکردنی پارەی دراوی قورس بۆ ئێران لەرێگەی ئاواڵەکردنی بازاری عێراق و بازرگانی و قاچاخچێتی بە نەوتەوە دەرفەتێکی گەندەڵی و پاشکۆبونیان بۆ ئێران رەخساند و بەردەوام بون لە پیادەکردنی، بەڵام ئیدارەی ئەمریکا بەتەواوی ئاگاداربوو لە هەر دۆلارێک کە دەگوزرایەوە بۆ ئێران، کە ڕێگەیان بە عێراقدا مامەڵەی ئابووری لەگەڵ ئێران لە دەرەوەی یاسای سزاکان ئەنجام بدات.
هەرچەندە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١ بەشێک لە هێزەکانی لە عێراق کشاندەوە، بەڵام بەردەوامبونی سەربازی لەڕێگەی بنکە هەمیشەیەکانیەوە مانەوە، لەهەمانکاتدا هەناردەی نەوتی عێراق بۆ نیویۆرک تا ئێستاش دەچێت و پێداویستییەکانی حکومەتی عێراق دابیندەکرێت، ئەمەش ئەو بیرۆکەیە دەهێنێتە ناو باسەوە یان ئەگەری ئەوە پێشبینی دەکرێت کە لەسەر هەموو شتێک ڕێکەوتبن، بۆیە ئەتوانین بڵێین کە ئەمریکا و ئێران لەگەڵ هەر ململاێیەکیاندا بەدور نازانرێت هاوکاری یەکتریان کردبێت بۆ داڕشتنی داهاتووی عێراقێک کە تەواو ئێرانی بێت، یان ئەمریکا تەواو ئەوەی فەرامۆش کردبێت کە ئێران کۆنترۆڵی عێراق دەکات. ئەو دەنگۆیانەی کە ترەمپ داوای لە ئێران کردووە دەستێوەردان لە کاروباری عێراقدا نەکات و ڕێز لە سەربەخۆیی و سەروەری بگرێت و میلیشیاکانی وەک حەشدی شەعبی لە عێراق هەڵبوەشێنێتەوە، پێموایە بەهایەکی ئەوتۆی نیە وەک مەرجێک بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانیان بۆ دامەزراندنی پەیوەندیە ئاساییەکان و گەڕانەوەی ئێران بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەڵگرتنی سزاکان لەسەری، چونکە هەموو ئەمانە بەهیچ شێوەیەک سوودی بۆ عێراق نیە. بۆ نموونە گەر میلیشیاکان هەڵبوەشێنرێنەوە، بەڵام ئەوەی کە دواتر ڕودەدات ئەگەری ئەوە هەیە خراپتربێت.
لەواقیعدا ملیشیاکانی ئێران پاراستنی حکومەتی ئێستای عێراق کۆنترۆڵ دەکەن بە هەموو دەزگاکانیەوە، بۆیە ئەگەر هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان لەڕێگەی بانگەوازی ئێرانەوە ڕووبدات، ئەوە مانای هەڵوەشانەوەیەک دەبێت کە دەچیتە ناو جەستەی دەوڵەتی عێراقەوە، دوای ئەوە چیتر رووئەدات؟، جگە لە نیشاندانی غافڵگیریەکی تر و کارەساتی تر لە بەرامبەر دانیشتوانی عێراقدا شتێکی تر نابینرێت.
ئەمریکیەکان ئاگاداری زۆر شتن لەبەرامبەر ئێراندا، ئاراستەیەکی وەهاش لە ئارادا نیە ئەو دانوستانەی کە لەنێوان لایەنی ئەمریکی و ئێرانی بەڕێوەدەچێت، هەوڵی تێکچونی ئێران بدرێت، ئەوانەی لە چوارچێوەی ئەو هاوکێشەیەدا خەریکن کارێک دەکەن هیچ گرنگیەک لە بەرژەوەندی عێراق وەک دەوڵەت یان خەڵکی عێراق بەهەند وەرناگرن، عێراق تایبەتمەندی خۆی لەدەستداوە، لەنێوان دەورو دەخالەتی ئەمریکا و ئێراندا لە قاڵب دراوە و بێئیرادەکراوەو شکۆی شکاوەو مانایەک بۆ هاوولاتیبون نەماوەتەوە.
گەیشتن بە هەر ڕێکەوتنێکی نوێ کە باس لە سەروەری عێراق نەکات و ئەو سەروەریە دابین نەکات، مەترسی دووبارەبونەوەی نەخشە کۆنەکەیە بەشێوەیەکی تر و ئەگەری کارەساتی لەسەرە. لێرەدا عێراق کە بەهیچ جۆرێک ئامادەبونی لەسەر مێزی دانوستان نابێت، ئاشکرایە کە کاندیدە بۆئەوەی تەنها باجەکەی بدات لە هەر ڕێکەوتنێکی نێوان ئەمریکاو ئێراندا.
گفتوگۆکانی نێوان سودانی و سەرکردەکانی میلیشیاکان سەبارەت بە تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی بۆ ناو سوپای عێراق، بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە، دەتوانێت بە شێوازێکی تر کاریگەریی ئێران لە چوارچێوەی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی عێراق فەرمی کاتەوەو بە مانایەکی تر دەستێوەردانی ئێران بچێتە قالبێکی ترەوە.
عێراق لەمێژە کە لە شەڕێکی جیۆپۆلەتیکی نێوان واشنتۆن و تاران دەرگیر بووە، جارێکی دیکە خۆی لە دۆخێکی لاوازدا دەبینێتەوە بەهۆی تێگەیشتن و مامەڵەی نوێی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا. ترس لەوە هەیە کە دوبارە عێراق وەک موزایەدەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێتەوە، نەک وەک یاریزانێکی سەربەخۆ ، یان وەک بەشێک لەسەر ئەگەری ڕێکەوتنی ئەتۆمی، جێگایەک بۆ حکومەتی عێراق قایل بن، فرسەتی سەربەخۆبونی بۆ فەراهەم نابێت.
هاووڵاتیانی عێراق بەگشتی لە ئەگەری هەر ڕێکەوتنێکی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، وەک پیلانێک سەیری دەکەن ترسی ئەوەیانە کە جارێکی دیکە داهاتووی عێراق بکەنەوە قوربانی. بەڵگەکانی باشتربونی پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریکا تادێت بەهێزتر دەردەکەون. لەکاتێکدا ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئەمریکاو ئێران زیاتر لەیەک نزیک دەکاتەوە، بەڵام ئەم رێکەوتنە ئەو ئەنجامەی لێناکەوێتەوە، کە ئێران واز لەدەستێورەدانی عێراق بهێنێت، دەکرێ دەستێوەردانی ئێران بۆ عێراق بەشێوازی تر بەردەوامی هەبێت.
لەکاتێکدا ئەمریکا و ئێران لەم زەمینە ناسکە دیپلۆماسییەدا هەنگاو دەنێن، داهاتوو و سەربەخۆیی عێراق بەشێوەیەکی دانەبڕاو بە بڕیارەکانی دوای دانوسانەکان بەستراوەتەوە. ئاشتی و سەقامگیری ڕاستەقینە دەبێت دڵنیایی بێت لەوەی هەموو وڵاتانی ناوچەکە بە عێراقیشەوە ئازادبن لە داڕشتنی چارەنووسی خۆیان، کە ئەم تروسکایی ئازادبونە بۆ هیچ شوێنێک لەجەرگەی ململانێکاندا دیار نیە.
ماوەی چەندین ساڵە داواکاریەکانی “مافی مرۆڤ” لە سایە حکومەتی عێراق و شەری تائیفیدا، زیندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە و هیچ مانایە لە دەستەواژەی مافی مروڤدا جێگای نەماوە، سونەکان داوای مافی سونە تیرۆرستەکان دەکەن و شیعەکان داوی مافی قۆرخکردنی زیاتری دەسەلات بە شەریعەی شیعە دەکەن. ئاشکرایە کە مرۆڤ وەک مرۆڤێک، هیچ بەهایەکی لە عێراقدا نەماوە، مەگەر سەر بە گروپێک بێت کە لە ململانێی خۆیدا لە بەرامبەر گروپەکانی تردا پێناسەو ناسنامەیەک بۆ خۆی داتاشێت.
تاکە ئومێدێک بۆ دەربازبونی عێراق لە ململانێی ئەمریکاو ئێران بەسەر چارەنوسی عێراقەوە، پەیوەستە بە هاتنەمەیدانی جەماوەری بەرفراوانی خەڵکەوە کە بتوانێت حکومەتێک دامەزرێنێت کە بە دەورو دەخالەتی راستەوخۆی جەماوەری خەڵکەوە بەرێوە ببرێت، کەجیابێت و دوربێت لە کاریگەری تائیفی و مەزهەبی و نەتەوەیی و هەر ئایدۆلۆژیەک، خۆی جیاکاتەوە لە سەوداو مامەڵە و ململانێی زلهێزەکانی دنیاو ناوچەکە و کێشەکان و رێکەوتنەکانی ئەمریکا و ئێران.
مافی مرۆڤ لە ئێستای عێراقدا بەئاشکرا لە نێو قەفەسێکدایە کە داواکاری مافەکان مەرجدار بوو بە ناسنامەی تائیفی و مەزهەبی و نەتەوەیی، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە بەردەمان، چۆن دەتوانین سروشتی هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لاببەین و بیگۆڕین بۆ واقیعێکی گشتگیر و جیهانی، و مەدەنی، مرۆڤایەتی، ئەویش لە ئێستادا، ئامادەییە بۆ کۆتاییهێنان بە پاوانخوازی و دەسەڵاتی شیعەگەرا لە عێراقدا، بۆ ئاڵوگۆڕێک کە دەسەڵاتی راستەوخۆی جەماوەری خەڵک دابین بکات، لە هەمانکاتدا پەیوەست بونە بەو نارەزایەتیانەی کە جەماوەری بەرینی ئێران لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا نیشانی ئەدەن، دامەزراندنی دەوڵەتێک کە دەستورەکەی لەسەر ناسانامەی هاوڵاتی بون دامەزرێت.




په‌راوێـزی نۆیه‌میـنی تێـكست.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

به‌یانی )روانگه‌) ــ له‌گه‌ڵ پارێزه‌روه‌رگرتنیشم له‌ به‌رابه‌ر هه‌ندێ له‌و بۆچوونانه‌ی تێیدا هاتن ، كه‌ هه‌ندێكیان بۆنی سیاسه‌تی ڕووتـیان لێ ده‌هات ، به‌ پاشخانێكی پێش
ڕێكه‌وتننامه‌ی ئازاری 1970.

به‌ڵام له‌ هه‌لومه‌رجی له‌بـاری به‌گوێره‌ی ئه‌وسای ئه‌و ڕێككه‌وتنامه‌یه‌ هێنابووینه‌ دی، سه‌ره‌تای ئاو لێ به‌ردانی ئه‌و گۆمه وه‌ستاوه‌ ‌بوو، كه‌ زۆری نه‌مابوو، تا به‌خۆی ڕاده‌گا، ده‌وروبه‌ریش بته‌نێته‌وه‌!!
روانگه‌، باوه‌كو له‌ وه‌ختی خۆیشیدا دانوستان و حه‌فت و هه‌شتی زۆری له‌سه‌ر كرابـێ كه‌ پێموایه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێك بوو له‌ نیشانه‌ دیاره‌كانی، له‌وه‌ی پێش هه‌موو شتێك كولتووری كوردی له‌ قۆناغی مه‌سه‌له‌ سه‌لمێندراو و به‌ڵگه‌نه‌ویست و ده‌ق گرتوودا، به‌ره‌و ئاسۆی پێداچوونه‌وه‌ و گفتوگۆ و دیاریكردنی نوخته‌ لاوازه‌كانه‌وه‌ برد، ناڵێم (ڕه‌خنه‌) چونكه‌ ئه‌گه‌ر كایه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی پێوه‌ ببینرایه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و مانایه‌ مه‌عریفیانه و ڕه‌هه‌نده‌ فه‌لسه‌فیانه‌ی له‌ ڕه‌خنه‌ی جیددیدا ده‌خوێندرێنه‌وه(ڕه‌خنه‌ وه‌ك داهێنان)‌ بارودۆخێكی وای ده‌خووڵقاند وه‌ك زۆر كۆمه‌ڵه‌ و قوتابخانه‌كان به‌ تایبه‌تی پاشی هه‌ردوو جه‌نگی جیهانی له‌ ئه‌ورووپا سه‌ریان هه‌ڵدا و خووڵقاندیان ده‌رده‌كه‌وت ..
لێ چونكه‌ له‌ دوایدا مۆركی لاسایی كردنه‌وه‌ی لاسییكارانی پێدا ڕوون بووه‌وه‌
( مه‌به‌ستیشم گۆڤاری – شعر 69 یه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا چاولێـكه‌ری گۆڤاری

  • الشعر – ی لوبنانی بوو‌ كه‌ به‌ كۆششی -یوسف الخال- و ژماره‌یه‌ك
    له‌ شاعیره‌ نوێخوازه‌كانی عه‌ره‌به‌وه‌ بڵاو ده‌كرایه‌وه‌).
    روانگه‌ له‌و په‌یوه‌ست بوونه‌دا ئه‌گه‌رچی تا ڕاده‌یه‌ك گۆمه‌كه‌شی شله‌قاندبێ
    به‌ڵام نه‌گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ وتارێكی جیاوازدا به‌رده‌وام بێ ، یاخود وتارێكی ڕه‌خنه‌یی به‌رپا بكا كایه‌ مه‌عریفیه‌كان بـگرێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی عه‌ره‌به‌كان سه‌ره‌ڕای لاسایی كردنه‌وه‌شیان له‌ گۆڤاری (شعر 69)دا و پاشانیش هاوته‌ریب
    له‌ بڵاوكراوه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی ئه‌وسای خۆیاندا نواندیان..
    هه‌رچی چۆنێكه‌ فه‌زای ڕێكه‌وتننامه‌ی ئازاری 1970 ، كه‌ یه‌كه‌مین دانپێدانانی ڕه‌سمییه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق به‌ كورد و كێشه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیرادانه‌ی باسیشمان كردن ، روانگه‌ له‌چاو وه‌ختی خۆی ترووسكاییه‌ك بوو ، ئه‌گه‌ر كزیش بووبێ ، به‌ڵام ترووسكایی بوو ..
    كه‌چی )ڕاپه‌ڕین)، له‌گه‌ڵ مه‌ودا پاشڤه‌بڕه‌كانیشییه‌وه‌ به‌ زۆر ما‌نایان‌ وه‌رچه‌رخانێكی دیاره‌‌ له‌ ڕه‌وتی مێژووییمان ، جێی داخه‌ تا ئێستا ئه‌وه‌ی پێیان ده‌گووترێ ده‌سبژێر شتێكی به‌قه‌د سه‌رده‌م و هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌میان نه‌خوولقاند به‌ قه‌د روانگه‌ ده‌نگی دابێته‌وه‌‌..
    ڕاسته‌ هه‌ندێ ڕه‌وت پاش ڕاپه‌ڕین له‌م لا و له‌ولا هاتنه‌ گۆڕێ ، به‌ڵام به‌ جیاوازی سه‌رده‌م و زه‌وینه‌ی له‌بار ئه‌وه‌نده‌ی (ڕوانگه‌)یان پێ نه‌كرا ، هه‌ندێكیان هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانیان ئاماژه‌ی پووكانه‌وه‌یان پێوه‌ ده‌دیترا ، كه‌ هه‌ر وایش ده‌رچوو.
    ئه‌مڕۆ رۆشنبیریمان به‌ داخه‌وه‌ له‌ قاوخی خیتابی تاكلانییه‌وه‌ ده‌رنه‌چووه‌ كه‌ له‌مه‌شدا زیاتر به‌ بازاڕی عه‌رز و ته‌ڵه‌به‌وه‌ په‌یوه‌سته له‌كاتێكدا )روانگه‌) به‌ ئامرازی زۆر دواكه‌وتوویشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ستبوونی به‌ كولتووری تریشه‌وه‌ توانی چه‌ند زه‌وییه‌كی به‌ردراو بكێڵێته‌وه‌..
    ئه‌مه‌ش ڕاستیی له‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ڕوانگه‌ نییه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌كی تاڵه‌ له‌ سه‌رده‌مێكی تێكه‌ڵوپێكه‌ڵدا كه‌ سه‌ره‌ڕای كولتووری خوێندنه‌وه‌ ، به‌ واتا كولتووری به‌رامبه‌ر (خوێنه‌ر) به‌ هۆی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ی سه‌قه‌ت بێ یا هه‌ر هۆیه‌كی دی كه‌ له‌ مووقه‌ڵێشان ون نییه‌ له‌ حاڵووه‌لایێدایه‌.



بۆچی ستەمکاران حەزیان لە نووسینی شیعرە.. نووسینی: بێنجامین ڕام.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

نێرۆ، ستالین و بن لادن هەموویان هۆگری شیعر بوون، بەڵام چی وای کردووە شیعر لای ئەم سەرکردانە خۆشەویست بێت؟
بێنجامین ڕام پەیوەندی نێوان دڵڕەقی و سۆزداری دەخاتە ڕوو.

شیعر هونەرێکی ناسکە، هاوواتای ناسکێکەشی هەستیارییە. پێدەچێت دژ بە یەکیشبێت وە لەهەمان کاتدا دەشێت ستایشی دڵڕەقیشبێت. دەکرێت ئەو فۆرمە هونەرییە بێت کە دیکتاتۆرەکان خۆشیان دەوێت. بەڵام لە سەردەمی کۆنەوە تا ئێستا، دیکتاتۆرەکان هانیان دراوە شیعر بنووسن بۆ دۆزینەوەی دڵنەوایی، نزیکی، یان شکۆ. کارەکانیان زانیاریمان پێدەدەن دەربارەی سروشتی دەسەڵات، سەرنجڕاکێشی بەردەوامی شیعر و مەترسییەکانی لێکدانەوەی هونەری.

نموونەی سەرەکی شاعیری ستەمکاری ئیمپراتۆری ڕۆمانی نێرۆیە Nero (٣٧-٦٨ی زایینی)، خۆبەزلزانی خۆبەبەزەییپێداهاتووی نمایشکار کە حوکمە داڕماوەکەی هاوشێوەی هونەرە لاوازەکەی بوو. مێژوونووسەکانی نێرۆ، تاسیتۆس و سوێتۆنیۆس، پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ڕۆما بە شیعرەکانی ئازاردرا هەروەک چۆن بە سیاسەتەکانی. گاڵتەپێکردن شێوازێکی دڵخۆشکەری تۆڵەی ڕەخنەییە، بەڵام ئەم گێڕانەوانە پرسیارێکی نیگەرانکەر دەوروژێنن: ئایا تاوانی ستەمکارەکە کەمتر دەکرێنەوە ئەگەر هونەرەکەی بە بەهادار دابنرێت؛ یان بە پێچەوانەوە، ئایا دەتوانین دادپەروەرانە حوکم لەسەر چۆنیەتی شیعری ستەمکارێک بدەین؟

وەک زانا ئۆلریش گۆتەر ( Ulrich Gotter ) لە کتێبە تازەکەیدا “ستەمکاران شیعر دەنووسن”دا ئاماژەی پێدەکات، بە بەراورد لەگەڵ شاعیرەکان -ئیمپراتۆر سیزار و ئۆگەستۆس ,Caesar and Augustus فەرمانڕەوایەتی نێرۆ “بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کەمترین خوێنی تێداڕژا”. بەڵام سەرەڕای نەبوونی خواستی سەربازی، کردەوە تۆڵەسێنەکانی نێرۆ زۆر دیار بوون، تێڕوانینی ئێمە بۆی وەک دەسەڵاتدارێکی بێزراوە، کە جلی شانۆی تراجیدی لەبەردایە، گۆرانی بۆ داگیرکردنی ترۆی دەچڕێت کاتێک شارە ئیمپڕاتۆرییەکەی کرایە خۆڵەمێش؛ سوێتۆنیۆس دەڵێت نێرۆ “زۆر دڵخۆش بوو بە جوانی بڵێسەکان”.

نێرۆ خۆی لە نمایشکردندا دەبینییەوە… بەشداریدەکرد لە پێشبڕکێی شیعر، گۆرانی و ژەنینی قیسارە، هەروەها گالیسکەلێخوڕین

نێرۆ لە ڕۆما فێستیڤاڵێکی ئاڵۆزی بە ئیلهام لە هیلینی دامەزراند، نێرۆنیا لە گەشتێکیدا بۆ یۆنان بەشداری لە پێشبڕکێی شیعر، گۆرانی و ژەنینی قیسارەکرد، هەروەها گالیسکەلێخوڕین. (لە ئۆڵەمپیاددا، لە گالیسکەی دە ئەسپی فڕێدرایە دەرەوە، بەڵام هێشتا بە براوە لەقەڵەمدرا لەلایەن دادوەرە ماستاوچی و ترسنۆکەکانەوە). نێرۆ پێداگری کرد کە پەیکەری براوەکانی پێشوو لە بنکەکانیان لاببردرێن و بە ١٨٠٨ خەڵاتەوە گەڕایەوە ڕۆما.

ئەم وێنەیەی شاعیر وەک کەسێکی خۆپەرست، کە جیهان لە خەیاڵی وەهماوی خۆیەوە دادەڕێژێت، ئیلهامبەخش بوو بۆ هونەرمەندانی وەک مارکیز دی ساد Marquis de Sade و نووسەری براوەی خەڵاتی نۆبڵ هێنریک سیێنکیێڤیچ Henryk Sienkiewicz ، کە ڕۆمانەکەی ساڵی ١٨٩٦ “کوۆ ڤادیس ( Quo Vadis) ” بوو بە فیلمێکی ناسراو بە نمایشی ئەکتەر پیتەر ئۆستینۆڤ. تەنانەت نێرۆ هەوڵی دا دوا نمایشی خۆی کۆریۆگرافی بکات – خۆکوشتنە سەرنەکەوتووەکەی خۆی و ڕستەی ماڵئاوایی خۆی لەشێوەی نمایش، نمایش کرد:
(“چ هونەرمەندێک لەگەڵ مندا دەمرێت”.)

هێزی جادوویی وشەی گوتراو

بێگومان، دیکتاتۆرەکان نائومێدییە هونەرییەکانیان دەڕژێننە ناو سیاسەتەوە

نزیکەی دوو هەزار ساڵ دواتر، گروپێک لەشاعیرانی ئیتاڵی پێشبینی فاشیزمیان کرد بە یادکردنەوەیەکی نێرۆیی بۆ نمایشی وێرانکاری. ‘با هونەر گەشە بکات، ئەگەر چی جیهانیش لەناو بچێت’ یەکێک بوو لە دروشمەکانی داهاتووگەرا ئیتاڵییەکان، کە لەلایەن شاعیر فیلیپۆ تۆماسۆ مارینێتییەوە (Filippo Tommaso Marinetti ) دامەزرا، کە ‘شەڕی وەک تەنیا چارەسەری جیهان’ بە پیرۆز دەزانی. مارینێتی هەوڵیدەدا زمان گەشەپێبدات و دایبڕێژێتەوە بە ‘شیعری واقعی’، کە لەلایەن نیرۆی سەرکوتگەرەوە سەرەتا دەستی بۆ برا. داهاتووگەراییەکان کاریگەر بوون بە شاعیری جەنگاوەر گابریێل دانونزیۆ، کەسایەتییەکی ڕێزلێگیراو کە لە ساڵی ١٩١٩ ‘دیکتاتۆریەتێکی لیریکی’ کورتخایەنی دامەزراند، کە ئیلهامبەخش بوو بۆ دەستگرتنی مۆسۆلینی بەسەر دەسەڵاتدا سێ ساڵ دواتر.

مۆسۆلۆنی سەرەڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ ‘یەکێتی سۆفیگەری’ کە دانونزیۆ D’Annunzio پێشنیاری کردبوو کەچی شیعرەکانی مەیلی بۆ دەستبەرداربوونی سۆزداری هەبوو هەروەها تاڕادەیەک خۆدەرخستنیش لە بابەتەکانیدا دەردەکەوت. نووسەری ژیاننامەکەی ڕیچارد بۆسوۆرس باس لەوە دەکات کە مۆسۆلینی بەرهەمی شاعیرە ناودارەکانی “بە شێوەیەکی خۆنواندنانە لەسەر مێزەکەی بەکراوەی بەجێ دەهێشت کاتێک کەسایەتییە بیانییەکان سەردانیان دەکرد”. شیعرەکانی دواتری گوزارشتی لە گۆشەگیری دەکرد، دوور لە ئایدیالیزمی گەنجێتی سۆسیالیستی، کە شیعری بەرهەم دەهێنا کە شین و ڕۆڕۆی بۆ ڕووخانی جاکۆبینیزم- Jacobinism دەکرد (“تەورەکە لە دەمارەکانی خەڵکی ئاساییدا سوور هەڵگەڕابوو”) و تاسەی پێشبینی شۆڕشگێڕی دەکرد (“لە چاوە مەرگەساتەکانیدا بیرۆکەکە دەدرەوشایەوە، / بینینی سەدەکانی داهاتوو”.)

بێگومان، دیکتاتۆرەکان نائومێدییە هونەرییەکانیان دەڕژێننە ناو سیاسەتەوە.
هیتلەر ئەوەی راگەیاندبوو کە بڕوای بە (هێزی وشەی گوتراوی سحراوی هەیە) لەبەرانبەر دەربڕینە نەرم و نیانێکانی جووانناسێکاندا، جارێک خۆی وەک بۆهیمیەکی ڤیەننایی وێنا کردبوو. گۆبێڵز Goebbels لە هونەری پڕوپاگەندە بەتوانا بوو، ڕۆمانێکی بە خەسڵەتی دەربڕینگەرایی نووسی، لەکاتێکدا پۆڵ پۆت Pol Pot، کە لە پاریس خوێندبووی، ستایشکەری شیعری سیمبۆلیستی ڤێرلەین Verlaine بوو.

مارکسیزمی ڕووسی شەپۆلێکی بزووتنەوەی جوانیناسی ڕادیکاڵی دەستپێکرد، بەڵام شاعیری ستەمکاری یەکێتی سۆڤیەت بە شێوازێکی سەرسوڕهێنەر پارێزگارانە دەینووسی. ستالینی گەنج شیعری بە زمانی جۆرجی دەنووسی زمانێک کە لەو قوتابخانە ئۆرتۆدۆکسییەی تێیدا ڕاهێنرا قەدەغە کرابوو وە کارەکەی موتیڤی ڕۆمانسی دووبارە دەکردەوە، لە ژێر کاریگەری شاعیرانی یاخی و چاخی زێڕینی لەدەستچووەوە. بەپێی ڕەخنەگر یێڤگینی دۆبرێنکۆ- Evgeny Dobrenko، شیعرەکانی ستالین بە لاسایکردنەوەی هونەرمەندانە، نەبوونی گاڵتەجاڕی-خود و “جۆشی زیادەڕۆیانە” دەناسرێنەوە.

شیعری ستالین پڕە لە کلێشە سروشتییەکان: “لە دارستانێکدا، لە ژێر ئاسمانێکی شیندا، چریکەی بولبولێک “،.. ئەگەرچی خودی خۆی لە ڕووی سیاسییەوە ناشیرینە، بەڵام شیعرەکانی ناسکن:

بە دڵنیاییەوە بزانە ئەوکاتەی
پیاوێکی چەوساوە فڕێدەدرێتە سەر زەوی،
دیسان هەوڵدەدات بگاتەوە لوتکەی پاکی،
ئەو کاتەی ناخی پڕ دەبێتەوە لە هیوا.

لە “بەسەر ئەم زەوییەدا” (١٨٩٥)، هونەرمەندێک مۆسیقای ئاشکراکەر دەبەخشێتە جەماوەر:

دەنگەکە دڵی زۆر کەسی هێنایەوە جۆش
کە کرابوون بە بەرد؛
زەینی زۆر کەسی ڕووناک کردەوە
کە فڕێدرابوونە ناو تاریکترین تاریکی.

بەڵام پێغەمبەر لەلایەن ئەوانەوە ناناسرێتەوە کە هەوڵی ڕزگارکردنیان دەدات: “خەڵکەکە لەبەردەم دوورخراوەکەدا / قاپێکی پڕ لە ژەهریان دانا”.
ستالین لە شیعرێکی دواتردا وەک گۆرانیبێژێک دەردەکەوێتەوە، “بە چارەنووسی تاڵی جوتیار فرمێسک دەڕێژێت”، کاتێک ئەوبە دووربینییەوە “پەیکەرێکی بۆ خۆی… لە دڵی هەموو جۆرجییەکدا دروست کرد”. شیعری ستالین لە گۆڤارە ئەدەبییە بەناوبانگەکاندا بڵاوکرایەوە و وەک نموونەیەکی ئەدەبی کلاسیکی جۆرجی کۆکرایەوە.

بەڕاستی، تەنانەت ڕەخنەگرترین ژیاننامەنووسەکانی ستالینیش ستایشی شیعرەکانی دەکەن: سایمۆن سێباگ-مۆنتەفیۆر – Simon Sebag-Montefiore نووسی کە “جوانییەکانی لە ڕیتم و زماندایە” (کە زەحمەتە لە وەرگێڕاندا دەربکەوێت)، لەکاتێکدا ڕۆبەرت سێرڤیس دەڵێت کارەکە “پاکییەکی زمانەوانی هەیە کە هەموو کەس دانی پێدا دەنێت”. جوانی ڕازاوەیی و هەڵوێستی قارەمانانەی دواتر لە پاڵپشتی ستالین بۆ ڕیالیزمی سۆشیالیستی دەردەکەوێتەوە، لە دژی ئەزمونگەرییە نوێیەکان.

قەڵەم و شمشێر

میراتگری ڕۆحی ستالین، یوری ئاندرۆپۆڤ Yuri Andropov ، بیرۆکراسی و ڕۆمانسی تێکەڵ کرد. وەک سەرۆکی کەی جی بی، ئازاری کەسانی ناڕازی دەدا و ڕاپەڕینی هەنگاریای سەرکوت کرد، لەکاتێکدا شیعری خۆشەویستی بۆ ژنەکەی دەنووسی. (دووڕووی خەسڵەتێکی گرنگی داهێنەر-دیکتاتۆرەکانە). شاعیری ئۆزبەکی حەمید ئیسماعیلۆڤ Hamid Ismailov حیکایەتێکی دەربارەی ئاندرۆپۆڤ ئاشکراکرد: یەکێک لە وتارنووسەکانی کارتی پیرۆزبایی بۆ نارد، کە تێیدا گاڵتەی بەوە کرد کە دەسەڵات خەڵک گەندەڵ دەکات، ئاندرۆپۆڤ بە شیعرێک وەڵامی دایەوە:

جارێک خراپەکارێک قسەیەکی لەدەم هاتەدەر
کە دەسەڵات خەڵک گەندەڵ دەکات.
ئێستا هەموو پسپۆڕەکان دووبارەی دەکەنەوە
بۆ ساڵانێکی زۆر
بێ تێبینیکردن (داخەکەم!)
کە زۆربەی جار خەڵک دەسەڵات گەندەڵ دەکەن.

کیم ئیل-سۆنگی سەرکردەی کۆریای باکوور، کە ستالینیستێکی دانپێدانراو بوو، دەستی هەبوو لەنووسینی شانۆنامەی شۆڕشگێڕی و کاری تیۆری، بەتایبەتی ‘تیۆری ناوکە’، کە کیم وەک باوکی داهێنانی هونەری دەناسێنێت. لە ساڵی ١٩٩٢، کیم شیعرێکی بۆ کوڕەکەی، جۆنگ-ئیل نووسی:

دەکرێت پەنجا ساڵەی تەمەنی ئەستێرە درەوشاوەکە بێت؟
لەلایەن هەموانەوە ستایش دەکرێت بۆ هێزی پێنووس و شمشێری
لەگەڵ مێشکی پڕ لە دڵسۆزی و بنیاتنەرانەی،
ستایش و هوتافی یەکدەنگ ئاسمان و زەوی دەهەژێنێت.

کیم، باوکی نەتەوە، وەک ‘خۆری نەتەوە’ ستایش دەکرا، بە هەمان شێوەی ماو زێدۆنگ (‘خۆرە سوورەکە لە دڵەکانماندا’). ماو ئەو کەسە بوو کە نموونەی پێنووس و شمشێری فەرمانڕەوایی بەرجەستە کرد، لەسەر بنەمای یەکێتی توانای کەلتووری لەگەڵ لێهاتوویی سەربازی. ماو هەوڵیدا نەریتی ئیمپراتۆری بۆ خۆی بگوازێتەوە و لە هەمان کاتدا لێی تێپەڕێت. لە شیعرێکدا ساڵی ١٩٣٦ ئاماژەی بەوە کرد کە کەم ئیمپراتۆر میراتی ئەدەبییان بەجێهێشتووە، لە ئێستادا پیاوە ڕاستەقینە گەورەکان تەنها سەیری ئەم سەردەمە دەکەن.
شیعری ماو لە فۆرمدا ڕێکخراوە و لە بابەتدا کلاسیکییە، نمایشکردنی ئەو نەریتەیە کە دەیوت ڕقی لێیەتی. سەرەڕای فەرمانی خۆی بۆ لەناوبردنی چوار بنەمای کۆن (کەلتوور، داب و نەریت، خووەکان، بیرۆکەکان)، ماو بە شێوازی کۆن دەینووسی، تەنانەت کاتێک وەک نوخبەخواز و کۆن سەرزەنشت دەکرا. تەنانەت جارێکیان ماو بە سەرنووسەری گۆڤارێکی وت ( من ترسام بڵاوبوونەوەی ئەم هەڵانە لاوان گومڕا بکات)، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خۆی لە ئارەزووەکانی بێبەش نەکرد، لەگەڵ ئەوەی قەدەغەی کردبوو لە خەڵکی تر.

ماو لە زماندا خۆی نوقم کرد، لە وێنەسازیدا لێهاتوویی خۆی سەلماند..
(“گردەکان شین وەک دەریا،
خۆر لە خۆراوادا سوور وەک خوێن”)
بابەتە کلاسیکییەکان (“جیهانی مرۆڤ بێبارە، دەریاکان دەبن بە دەشتاییەکی ئەرخەوانی”)، جار جار پەندئامێز (“قوربانیدانی تاڵ بڕیاری ئازایانە بەهێز دەکات”) و پڕوپاگەندەیی (“کچانی چین ئاوەزیان بەرزەفڕە، / ئەوان ڕیزی خەباتیان خۆشدەوێت، نەک ئاوریشم و کەتان”).

کاری ماو بەڵگەیە کە ناسکی هونەری زەمانەتی کاری سیاسی نەرم نییە. لە ساڵی ١٩٦٦، پاسەوانە سوورەکان کتێبە سوورە بچووکەکەیان تەواو کرد لەگەڵ کۆی ٢٥ شیعر کە دەدرایە پاڵ ماو. ئەو کارە بووە هۆی خولیایەک بۆ شیعری شێوازی کۆن بەتایبەت لەناو ئەوانەی کە تەرخانکرابوون بۆ لەناوبردنی “پاشماوە فیوداڵییەکان”. دوا دێڕ کە ماو نووسی، ساڵێک پێش دەستپێکردنی شۆڕشی کەلتووری، پێشبینییەک بوو بۆ ئاژاوەی داهاتوو: “سەیرکە، جیهان سەرەوخوار دەکرێت”.

سانسۆرچی و داهێنەر

شیعر وەک بەڵگەی تاوانکاری لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی خراوەتەڕوو، کە تێیدا ڕادۆڤان کارادزیچ Radovan Karadžić ، ‘قەسابی بۆسنیا’، بە تاوانی جینۆساید تاوانبار کرا. دۆکیومێنتارییەکی بی بی سی لە ساڵی ١٩٩٢ دیدارێکی نێوان کارادزیچ و شاعیری نەتەوەپەرستی ڕووسی ئێدوارد لیمۆنۆڤی تۆمار کرد، کە تێیدا کارادزیچ شیعرێک دەخوێنێتەوە کە پێشبینی توندوتیژی دەکات و لیمۆنۆڤ زنجیرەیەک گوللە بەرەو دۆڵەکەی خوارەوە دەتەقێنێت. کارادزیچ ئیدیعای ئەوە دەکات کە چەند ساڵ پێشتر پێشبینی شەڕەکەی کردووە، و شیعرەکەی ساڵی ١٩٧١ی “سارایێڤۆ” ئەم دێڕانەی تێدایە:

شارەکە وەک پارچە بخوورێک دەسووتێت
لە دووکەڵەکەدا هۆشیاریمان دەگرمێنێت…
دەزانم هەموو ئەمانە ئامادەکاری هاوارن:
کانزا رەشەکەی ناو گەراج چی هەیە بۆمان؟

سەلماندنی نیەتی تاوانکار داواکارییەکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی. کارادزیچ کەسایەتییەکی سەرەکی بوو ئەوەی سلاڤۆ ژیژەک Slavoj Žižek ناوی دەنێت ‘کۆمپلێکسی شیعری-سەربازی’، کە ڕێز لە میراتی ئەدەبی نەتەوەپەرستی دەگرت، بەتایبەتی شیعرە داستانییەکەی پێتار پێترۆڤیچ-نیێگۆش ‘تاجە چیاییەکە’ (١٨٤٧)، کە تێیدا ڕشتنی خوێنی موسوڵمانان وەک کردەوەی لە ئاوهەڵکێشان (baptism) بۆ نەتەوەی سرب پێشکەش کراوە.

وتاری جینۆساید میتافۆرێکی شاراوەی بێهۆشکەرە: نەتەوەیەک لە ڕێگەی ‘پاککردنەوەی نەژادی’یەوە ‘پاک دەکرێتەوە’. بەڵام خوێنەران دەبێت ئاگاداری مەترسییەکانی مامەڵەکردنی کەسایەتی هونەری وەک هی نووسەریش بن. سەیری کارەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی بکە، کە شیعرە فارسییەکانی ڕۆحی سۆفیگەرەکانی وەک ڕۆمی و حافزی تێدایە:

من داواکاری پیاڵەیەک شەرابم
بە دەستی خۆشەویستێک.
لەلای کێ دەتوانم ئەم نهێنییەی خۆم بدرکێنم؟
ئەم خەمەم بۆ کوێ ببەم؟

ئەم شیعرانە زەحمەتە لەگەڵ کەسایەتی گشتی خومەینی یەک بگرنەوە:

من بەندکراوم، ئەی خۆشەویست، بە خاڵی سەر لێوت!
چاوە نەخۆشەکانتم بینی و بە خۆشەویستی نەخۆش کەوتم…
دەرگای مەیخانە بکەرەوە و با شەو و ڕۆژ بچینە ئەوێ،
چونکە من لە مزگەوت و مەدرەسە بێزار و ماندووم.

لایەنگرانی ئایەتوڵڵا حەریسن ئەم شیعرانە تەنها بە شێوەیەکی ڕەمزی بخوێننەوە (‘مزگەوت و وتاربێژ نمایشی بەتاڵی دینداری دەرەکین’) – هەرچەندە هەندێک دێڕ زەحمەتە بێلایەن بکرێن:
“من جلی زاهید و دووڕووییم دادڕیوە”.
شیعرەکان، ئایەتوڵڵا وەک سۆفییەک دەردەخەن، کاتێک کەسێک بتوانێت فەتوا دەربکات و هەم هونەر بنوێنێت، ئەمە دەیکاتە هەم سانسۆرچی و هەم داهێنەر.

پەلاماری سەر ماڵەکەی ئوسامە بن لادن لە ساڵی ٢٠١١ بووە هۆی لێدوانی میدیایی دەربارەی کتێبەکانی، کە جەختی لەسەر نەبوونی ڕۆمان کردەوە و باسی خۆشەویستی ئەوی بۆ شیعر نەکرد. لە ساڵی ٢٠١٠، بن لادن نامەیەکی بۆ جێگرێکی نووسی بە وردەکاری پیلانێکی گەورەوە، پێش ئەوەی داواکارییەک زیاد بکات: “ئەگەر هەر برایەک لەگەڵتاندا هەیە کە دەربارەی کێشی شیعری بزانێت، تکایە ئاگادارم بکەنەوە، هەر کتێبێکیشتان سەبارەت بە زانستی کێشی کلاسیکی هەیە، تکایە بۆم بنێرن”.
بن لادن یەکێک بوو لە شاعیرە جیهادییە هەرە ناسراوەکان و پێگەکەی بەشێکی لە سەروەری لە ڕەوانبێژی کلاسیکییەوە سەرچاوەی دەگرت. ئەمیری بن لادن لە عێراق، ئەبو موسعەب ئەلزەرقاوی، هاوکات بە ‘قەساب’ و ‘ئەوەی زۆر دەگری’ ناسرابوو – کە پەیوەندی نێوان دڵڕەقی و سۆزداری، ئارەزووی دووانەی هێز و بەزەیی ڕوون دەکاتەوە. سەرکردەی ئێستای ئەلقاعیدە، ئەیمەن ئەلزەواهیری، ئەویش شیعر دەنووسێت و خەلیفەی خۆڕاگەیەنراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی، ئەبوبەکر ئەلبەغدادی، تێزی دکتۆراکەی لەسەر شیعری ئایینی نووسی.

یەکێک لەو ستەمکارانەی کە تا کۆتایی تەمەنی شیعری نووسی سەدام حوسێن بوو. شیعرە زیندانییەکەی ساڵی ٢٠١٣ی بە زمانێکی ناشیرینی شەعبی نووسراوە:
“تۆ شنەی ئارامبەخشی
گیانم بە تۆ دەگەشێتەوە
پارتی بەعسمان وەک لقێک سەوز هەڵدەگەڕێت”.
سەدام، کە حەزی لە وێنەگرتن بوو بە کڵاشینکۆفەوە، خۆی وەک کەسێکی بەرگریکار پیشان دەدا: “لێرەدا سنگمان بۆ گورگەکان دەکەینەوە”.
بە سەرنجڕاکێشی، ئەو پیاوەی کە تفەنگەکەی داهێنا، میخائیل کڵاشینکۆف Mikhail Kalashnikov، خۆی دەیویست ببێت بە شاعیر. وەک دەبلیو ئێچ ئۆدن WH Auden لە وتەیەکی سەر گۆڕی هیتلەردا نووسی، “ئەو شیعرەی ئەو دایهێنا تێگەیشتنی ئاسان بوو”.

٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧
بێنجامین ڕام
سەرچاوە:
https://www.bbc.com/culture/article/20171025-why-tyrants-love-to-write-poetry




دینۆکا بریڤا وەرە بەر زەبرێکی هێمن.. شیعری سەلیم بەرەکات.. وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: لوقمان باپیر

کە ڕەوە گورگەکان، لەسەر بەفرێ، پاشەڵ بەدوای خۆدا ڕادەکێشن و دەلوورێنن، ئەودەمی، پشتیرە کلۆمدراوەکان و گەرووی سەگەکان گڕدەگرن، من گوێم لە کرخەی دینۆکایە.
“گەواهییەک”
لە کێڵگەکانی شووتیی سوور، لە دەوری گوندی، ئاسمان پەرتدەبوو و بۆشاییە سەربە داوی جاڵجاڵۆکە و کڵاوی ژاندارمە گیراوەکەی دەخستەڕوو، کە دینۆکا لەوێ بە ڕووتی دەهاتەدەرێ و ڕەوە ڕێوییەکی بەرەو لایەکی بێ پارچە ساچمە وەپێشەخۆ دابوو.
“گەواهییەک”
دینۆکا
چ بەو ڕاوچییانە بڵێم، کە لە سەری شنگال و چیای عەبدولعەزیزی، تاژییان زین کردووە؟ تۆ خۆت لە شوێنێک شاردووەتەوە، ڕەنگە لە پشتیرێک بێ، بۆن بە خاک و ئاخوڕی کاوڕانەوە دەکەی. تۆ مەزنی. بایەکی فێنکی، نشیمەی خەرمان و منی.
گوێم لە باوکتە، بانگ دەکا : دینۆکا…. گوێم لە دایکتە بانگ دەکا : “دینۆکا، ئەو نانەجۆیەی بۆ کۆچبەران ببە و پێیان بڵێ با وچانێک بدەن”.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، ژمارەیان پتر دەبوو … لە تاشکەند و هۆزستان و ئەرمینیا و باشووری خۆرئاوای ڕووسیاوە، بێ پێڵاو یان بێ داس، چارۆکە و بوخچەی لاولاویان بۆ “جزیرە” دێنا. تۆش بچووک بووی و درکت بەوەی نەدەکرد ئەوان پێویستیان بە ئاو و بە ژنێک یان بێوەژنێکی شێتە، تا لە دوور لە شەقاری دەشتودەرانی ڕاکەن، بەڵکو لە ساڵانی کۆچ، وەک نیسک و کلۆمسکە بڕوێ. تۆ نازانی چۆن خەرەندەکانی نێوان “عاموودا” و “مۆسیسیانا” پڕ کەلاکی ئێستر و ئەندامی پەڕیو دەبن. نازانی بەدووەکان لەکوێ تفەنگی فەرەنسییان دەستدەکەوێ و لەبەرچییش، کاتێ سەریان بە عاباکانیان دەبەستن و هێرش دێنن، لەسەر تخووبی گوندەکان هەڵدایسێن.
دەڵێن : لە بەری چۆڵییەوە دەرچووی و “بریڤا”ش لە بەری چۆڵییەوە دەرچوو و خوداش لە بەری چۆڵییەوە دەرچوو، سەرسامی و موختارکوژیش، کە منداڵان لە بەرمیلەکانی زبڵی سەرایان هێنان، هاتن. گوتیان تۆ ڕانە مەڕێکی دڵخۆش و یەک بەرانت هێنایەوە، کە وەک جەنگاوەر و لە هەر شوێنێکی میزی لێ کرابێ، ئەو بەچۆکدا دەهات.
دینۆکا … دینۆکا …
من ماندووم، لەوجێی بانەکانی “معێریکا” و عارەبانە پڕ پووشەکانی کوردان دەبینم، گوێم لە دەنگی تۆ نییە.
فەرمان / ڕاوەدوونان
هێی کیژی ڕۆژە زیناکارەکانم
نە ئێسترەکەت، نە چۆلەوانییەکە، نە تەلبەندەکان، ناتشارنەوە ، شەبەنگەکەشت – ئەو شەقبردووە – بەلادادێ و خۆی دەدەمە پشتی تا ڕاوەدوونانەکەم درێژ بکەمەوە.
ئەوڕۆ، باڵندەکەت لە لێژاییەک، لە پشت دارەبازەی لقەکانم، یەخ بکە.
من بە چەرخی بە گەردش، بە چرپە، بە سێبەری ئامێری سەربڕینەوە نووساوم


لەپشت درەختەکانەوە
تەونکەرەکان، فرێتەکانی ئاگربەستی نێوان چۆڵگەردی ودنیایان لەسەر دارتەونەکان ڕایەڵ دەکرد؛
سییەکانم لە پشت درەختەکان سەرسمیان دا
ئەوجا ئانیشکم لەسەر لقە وشکەکان دادایەوە و گڕم گرت؛
گڕم لە تەونکەرە هەژارەکان بەردا، ئەوانیش ناوقەدیان هەژاندم و بەسەر قەدە وشکەکاندا بەربوونەوە و خۆیان بە گوڵ و ڕووەکەکانم دەگرتەوە،
خۆیان بە دەسکێشی ژنێک دەگرتەوە، وا لە بەرانبەر بەدووە تۆقیوەکانی دەرکی لوولەی خوێنبەرەکانم، دەکشایەوە.
لالەی ئاو و تۆز و گەرد لە پشت درەختەکانەوەن، هەردوودەستت بەدی دەکەم وا دەتوێنەوە…
خۆت ماتکە هەی کیژی ڕۆژە زیناکارەکانم
نە دەشت و دەر، نە تەلبەندەکان ناتشارنەوە. لەگەڵ مندا و بە تەنکێشی بێشە یان چیاوە، باران و ڕۆژم دەبینی وا ئانیشکیان داداوەتەوە و بەزەیی و با و سێبەری ئامێری سەرپەڕاندن ڕاکێش ڕاکێشیان دەکەن و
باڵندە خۆگێلکەرەکانی خوێنم دەبینی
“بەڵێنێک هەیە تا وەک شەرافەتمەندان خۆی لێ گێل بکەم،
لە نێوان کەنیزەکەکانی کۆمار و پاسەوانان لاقەی نەکەم”
خوێنم دەبینی
پڕ پڕە لە پاشایانی دەریا و قرمیتی شاران.
منیش خەڵکانێک پشتگوێ دەخەم نزیک دەبنەوە و دەڕۆن، سۆلەکەم کون دەکەم تا شتێک بزانم کە ڕووتە و گەجەرێک دەربارەی شەهیدە بێزراوەکانی سەر ڕێگای مەزاران دەیزانێ
تا بشزانم زەمەنم چۆنم لەگەڵ پێکدێتەوە و
دەشت، پڕ گیایەک دەبن خەمبارم دەکا
“برووسک، ئەگەر لە دەوری جۆگە بریسکە بدا، خەمبارم دەکا، جۆگەش ئەگەر بەسەر وشکانیدا سەربکا، خەمبارم دەکا. وشکانیش، ئەگەر دەوڵەت لە مێژووی دەوڵەتی دابڕێ، خەمبارم دەکا؛ دەوڵەتیش، ئەگەر خەم نێوانی لەگەڵ ببڕێ، خەمبارم دەکا. خەمیش خەمبارم دەکا”
من لە پشتتم هەی کیژی ڕۆژە زیناکارەکانم
گەڵای سنجووان ، بۆ سەراسیمەیی گەلێک بانگێشت دەکەم : “هێی گەلای سنجووان، بۆ ناوچەکەم لە سوریا، پێ هەڵێنە”، تووبی و خودا پەلەکە، من سەرقاڵی دووکەڵێکم، لە ئازادیی ئەو نەوانەم دەپارێزێ کە نەوەی دیکە ڕاودەکەن؛ مەودای من زین و گەردەلوولە
تیایدا پێشنیاری ناوێکی دیکە بۆ ئاوم دەکەم و
هاواڵیی مەمکەکانی سەردەم دەکەم بەرەو دیوەخانی قوڕاویلکە و سمڵەکانی، بەرەو مەمکێکی لەپشت گوڵەگەنمێ لەهیکڕا خودای لێ پەیدابووە.
هێی گەڵا سنجوو، جوگرافیازانان خەوتوون، فیشەکەکان مشتی نهێنیییەکانی گیا کراون …
“من کەشتیبان و کەشتییەکەم
هەنگاوی ژەنگاوییە”. لە پشتەخۆت، لە هەردوو لاکەلەکەت خوێنم دەبینی
خەرەندێکم لە خەرەندیدا زیندوودەکاتەوە و
بە ڕەوە ئەسپێکی ترسەوە مل لە چەپەرەکانی ڕۆحەوە هەڵدەبڕێ و
لە جلوبەرگی “بریڤا”ی بە غەوارە و تەقسی خواوەندان کوژراو، دەحیلێنێ.
بەلای توندوتیژیدا کێل دەکەمەوە و هەناوی ئەسپان لە بەرچیغێک گرێ دەدەم کە چەرکەس و کورد خۆی پێ دەخورێنن و بە چوستی قیت دەبنەوە.
واریقاتیان بە نێرگز و باوەڕی ئەبەدی ختم دەکەم و وەک درەخت و چۆلەکان بەرەو ڕووبارەکە دەچین،
دەڵێین : “هێی ڕووبار وەرە،
هێی چیا، وەرە”
دەشڵێین : “هێی پۆڕ وەرە
هێی گەڵای سنجوو، تۆش وەرە بۆ سارایەکی لە کونی کەللەسەرەوە دێتەدەرێ”.
بەلای توندوتیژیدا کێل دەکەمەوە و بانگێشتی ساتەکان دەکەم، تا هەندێ بلەوری دڵ بەسەر عەورەتی ئەو باڵایانەدا بدا کە لە کەفی جەمسەر و قرمیتی شارانەوە دێن.
هەوڵ دەدەم، ئەوجێیانەی لە لێوم دادەخورێن، بۆ لەداردان بکەمەوە و ئەو جێیانەی بێئاگاییشم بکەمەوە کاتێکی جەستەی ئاودار کامڵ دەبێ و بەرەو خەرەندی کات و لوورەی پەرجووان ڕاپێچ دەکرێ.
شەبەنگی ئەو کیژە هاواڵانەم گەشتم پێ دەکەن، کە خولگەیان بریندار دەکردم. ئێستا و دوای ئێستاش گۆڕستان و خوێنێک دەبەمەوە و بە زنجیرێکی دەستی ڕاست و دەستی چەپم دێمەلات، وا دارستانێک خەڵقەندەی کۆتایی لێ هەڵدەوەرێ و باڵی خاپووریش بەردەبنەوە. لە ئامێزێت دەگرم تا دەست بە دەستوەشاندنێوە بگرم.
بەرایی هەناوت دەگرم و فڕێتدەدەم، ئیدی بەرەو خوانی دنیا گلۆردەبییەوە.
(ئێستا لە لێژاییەکە تێدەپەڕی، قوڵنگ خۆت پێدادەدا و بۆشایی سک تا ساڵی دادێ بەکرێ دەگرێ، دوای ساڵی دادێ
تانکەکان بە کرێت دەگرن و دوای سەد ساڵییش قوڵنگەکان لەگەڵ تانکەکان دەچنە بۆشایی سینە و دوای هەزارەی یەکەمیش، سەگ بە خۆ و بە ڕیزێک تووتکەوەی بەسەر گورچیلە و دڵ و فۆبی جگەردا دەمیزن، بە ناوتدا دەگەڕێ)
فڕێمدای و دەستم کردە تەشیی دەنگی سەر لمی بیابانت و
وازم لە دەروونیش هێنا بۆ ئەو شتەی لە قورئانی لێبووردنێ سەرقاڵی کردووە و گەڕامەوە خەرەندەکەم.
آ/ لە خشەی شەرواڵی بارانی بە نوێژ بترازێ، هیچ مەودایەک لە نێوان گەردەکانمدا نییە.
_ پارچە پارچە بە ….
_ پارچە پارچە دەبم،
با گۆڕەپانەکان لەبەر قرخەی من پارچە پارچەبن، تا لەگەڵ شۆڕشی تەریکیی خۆی دادەخا و لەو کەسەش زویر دەبێ بە یەکگرتوویی دێتەلای، بە ئاڵایان دڵخۆش بم.
ب _ لە نازی گەل بترازێ، هیچ بۆشاییەکی دی لە نێوان گەردەکانمدا نییە.
_ پارچە پارچە بە ….
_ پارچە پارچە دەبم،
هەڕەشە لەوەش دەکەم بە یەکگرتنێ بێتە لام.
ج _ لە میکرۆبەکانی شەڕ بترازێ، هیچ بۆشاییەکی دی لە نێوان گەردەکانمدا نییە،
وەرن،
ماشووقە و سارداو و مانگە بەدبەختەکانی بە ستوونی تەلەفۆن و برسییەتیدا شۆڕبوونەتەوە.
بە پێکدا لکاویی قەڵایی هەراوزەناوە وەرن، تا لە یەکدیتان بکەمەوە و فەلەکی بۆمباش بدەمە دەست هەر دەستەیەکتان.
لە ژنان من میراتگرتانم، لە سەر جێ و بالینگانی کیژەی سواری دایکی دەبم،
یان دوو خوشکان لەسەر تیغی هەناسەم کۆدەکەمەوە و
نەریتەکانتان، لە بەندەری گوڵەوە دەبەمە ناو بەلەمی بارکردنی ژنە خواوەندان و ڕۆژانی “بابی عالی”ی لە هەڵڕژانی زەندەقەی جمەی دێ.
د _ لە ڕەگوڕیشەی خوراسان بترازێ، هیچ بۆشاییەک لە نێوان گەردەکانمدا نییە،
_ پارچە پارچە بە ….
_ لە گرتووخانەیەکدا پارچە پارچە نابم
دەتوانم لێیەوە دەرچم و بچمە ناو چاوەقوولکە . وەرن
دووزمان و نێربازان، بەنگییان وەرن، با هەژەندێک بۆ زەنگەکانم وەڕێخەین.
گوێم بۆ دنیا ڕادێرا
گوێم بۆ دینۆکا بریڤا ڕادێرا
گوێم بۆ سیما و خەواڵوویی خۆم ڕادێرا
گوێم بۆ خۆشەویستی ڕادێرا، کە لە فشۆڵیی یاخووبوونم ڕادەکا و ئاشتی لە پێڵووی هەندێ ژندا دەکاتەوە وا چڕدەبنەوە و بەسەر کووڵخەنی هەژاراندا دادەکەن:
دەستخۆشی لە گەرووم دەکەم
دەچمە سەردانی ئەو کۆمەڵی هەژارانەی لە سەرەڕێیەکانی گوندەکانیان مەتەرێزیان دامەزراندووە و غەیبی ناو مەستیی گەواڵەی پاشایەتی دەبن وا بە سواری دولدولەکەی و بە دەستەسڕی ئاوریشمەوە دێ، کە لەژێر فەزای ڕاونانیشمدا گونی خۆیان وێران دەکەن، من لەناو مەستیدا غەیب دەبم و
لە سارداوێکی دەگاتەوە سەروچاوەکانی گەل، لە قاقا دەدەم،
ئەگەر گەلیش ڕادەستی باران و باڵندانم بکا، بانگی دەکەم :
_ کەرتوپەرت بە
تۆ و ئەو کەسەشی وا لە شاری سەردەم بالووکە بالووکە خەریکی دەرۆزەیە.
گەرووم پیرۆز دەکەم و
لە خەڵوەتی خۆردا، قەڕەپەستانێ لەگەڵ ئاڵاکانی دۆڵێک دەکەم، وا ڕامدەگرێ :
“بەرد و ئەسپ
بەرد و خیانەتی سپی
بەردو و چارۆکەی کەشتیی سپی”.
وەک سەبازێکی سەربازانی بت پەرستەکان، لە نەریت و زێدەکەم دێمەدەرێ،
دێمەدەرێ و مێشەنگ دەکەمە چەلاوخۆری گوڵی غەواران
با ئەودەمی مردن پڕ بە گۆڕستانەکانم بێ و
با ڕووباریش ببێیتە نێردراوی لەسێدارەدان، منداڵان قەرەبەقەرەی وی تا مزگەوتی باوانم دەبەم،
منی لەناو یاقووتی داخراو و ڕۆژە داخراوەکاند مەلە دەکەم
بە زەبران، دادڕسێمە سەر خەونە گشتییەکان و ڕوخساری ئەتڵەنتیش دەکەمە باڵکۆنی سۆزانییەکی دێتە بەرچاوی کاروانە تاپۆییەکە و
وادەکەم نیوەی لای خوارێی جەستەم بە کێڵگەیەکدا بگەڕێ فرمێسک و سۆسنی تێدا پێکداچووە و
چەندین ئاودزەش، لە دەوری کەنارەکانی ئەبەدی، بۆ پەژیوانییەکانم دروستدەکەم.
ئاڵای سەر بانەکان، ئیستێکم پێ دەگرن : “لە خەونی خۆرهەڵاتی واگاهاتین و هاوارمان کردیتێ بە بیابان رابوێرە وهاوینان بە پێخواسی بیبە بالینگانە نەرمونۆڵەکەت” و
ئاڵاکان هەڵیانکوتایە سەر بۆنەکەم و لە ساڵۆنی ئاوێ چاوەڕوان بووم و
ئەبەدییەتیش چاوەڕێی کردم تا لە لێوارەکانی شکۆفەیدا هامڕایی سرووش بکەم
یان بە داردەستەکەم لە “لەیلەک”ی ڕۆحەکان بدەم، تا حیکمەتەکەی هەندێ منداڵ جەلە بکا کە دەچنە وادەی “قوداس”ێکی نووتەک و
هەندێ ئاسکی تەرجەمەناکرێن، من تەرجەمەیان دەکەم؛
“هەر ئاسکێک فاتیحایەکە”
بانە بەیداغەکانیش تەرجەمە دەکەم : “واگاهاتین و دیتمان تۆ ساچمەی
خانەوادەی لم بۆ تەقیلە دەگوازییەوە، عارەبیش دەبەیە ناو یادگەی سۆدیۆمی گەردوون؛
بە ناوی خۆت بانگمان کردی،
بەناوی ئەڵماس و مەرجانیش بانگمان کردی : هیچ هاریکارێکت نەبوو
ئاڕاستەکانت وەک ماسوولکە خاودەبوونەوە و خاویان دەکردییەوە،
مێروولە ئەو شانانەیان کۆدەکردەوە کە لە تۆدا بەردەبوونەوە
شانەیەکی دیکە
شانەیەکی دیکەش
ئیدی لەشێوەی خەڵقەندەیەکی بە بەردی پێش زایین و بە بەردی پاش زایین بەردڕێژکرابێ، هەڵدەستییەوە؛
دیتمان هاواردەکەی : “منی براهماتیی مێروولە، بە مەلەکووتی پرسەداریی خۆمیدا دەبەم.
ئیدی تۆمان کوشت”.
گەرووی خۆم پیرۆزدەکەم و
لە کەلەبەرەکانی هەورێش، بەرەو گوڵەگەنمەکانی دینۆکا، ئاڵا ئاڵا قەڕاپەستانێ لەگەڵ ڕۆژەکەمدا دەکەم :
“کەسێکی وەک من، ئەگەر یەکی وەک تۆ بۆ کوشتنێ تی نەکاتەوە ئەدی چ بکا، دوای کوشتنێش بە وردی لەناو ئەندامەکانت بگەڕێ و شێتانە بێتەدەرێ و داوای مردنی مرۆڤ و مردنی دەریا و ئەو شتانەش بکا کە دواڕۆژ لە کانزا و ئۆکسید دەیاننەخشێنێ تا کۆرپەڵەکانی خۆی پێ ئافەریدە بکا؟
باشە چی بکەم، کە من لە پشت درەختەکانم و شنەی ساتت هەڵدەمژم ؛ شنەی بۆنی پووشت هەڵدەمژم و بەلای ئێسترەکانی داربڕانیشدا هەور و هاتییەکی ژاندارمە گەمژە و دڕەکان دەستی بەسەردا دەگرن. ڕێک دەشزانم تۆ بە سەندەلی و تفەنگەوە بەرەو من ڕادەکەی، خەمی خەونەکانمتە و لێیان دەترسێی و بەسەر قەمتەرەیەکی نێوان کەناری من و کەناری ئەو جەستەیەدا دەسووڕێیەوە وا لەژێر فانۆسەکانی “جومێز”دا فڕێدراوە. خۆ داوێیە لێوارەکانی ڕووبارێ، هەردوودەستت لەسەر گرمۆڵەی جلەکانە، نەوەکا تەڕیش بێ، لەبەردەم هەڵچوونی ئاوێ دەشەکێنەوە و بەرزدەبنەوە، هەندێ بڵق لە مێژووی “ڕان”ان دادەچڵەکێن کە نامە هەیوییەکانی بۆ هەساران دەنووسێ. دڵنیام تۆکلیلەکانی ڕووبار لە ژیانە شەقارەکانی زەماوەندی لیتراوان دەڕفێنی و خۆ دەکوتییە ناو خۆڵەمێشی سەری هەتا بنی بەرەو هۆڵی پارچەکانم دێی
ڕووت، تەنیا هەندێ تۆزی هەلاڵەی سەر نێوچەوان و هەردوو نێکان نەبێ؛ دێمە تەنکێشت و هەوەسەکانمان لە بازنەی داربران، جەندرمان، دەنگ، وشکانی، خەشخاش، وێنە دەکێشم؛ دێمە تەنکێشت و هەوەسەکانمان لە سیقەتۆرەی ڕەشۆڵەوە دەگوازمەوە بۆ وادەی درەختان”.
کێی دی لە کەلەبەرەکانی جوگرافیا واگابێنم، تا گەواهیم بۆ بدا و گەواهیم لەسەر بدا و گەواهیی قەسابخانەیەکم بدا ئاو لە ئەستێڵکەکانی دووڕیانی نێوان دنیاو خودا هەڵدەهێنجێ؟ خۆم دەخالەتی دۆڵان کرد تا پێشەمن دەنگدانەوەی باڵەکانم ببەنە کوختە بەچۆکدا هاتووەکان، بۆ ئەو کیژە قوتابییانەی ببا کە لە شوورای قوتابخانەکانیانەوە لەپێناو من هاواردەکەن؛ خۆم دەخالەتی ڕووداوێک کرد، گەرم و سارد، تەڕ و وشکی بۆ تێکهەڵدەشەقێنرێ، تا لە ئاهەنگی تاج لەسەرنانی دیموکراتییەکانی جێگرەوە لە سەروسامانەکانی دڵ، لەسەری منی بنێ.
دەنگ هەڵدەبڕم : با ئەو دڵە هێوربێتەوە
هەموو پەڕیوەیەک دەبینم کە ناعوورەکەی هەڵدەبەستێ و وەک سەرکردەیەک لە سەرکردەکانی خۆشەویستیی ناکام گوڵاوپڕژێنم دەکا و
گوێم لێیە چۆن چۆلەکەیەکی نیشتمانی چەنە بۆ چۆلەکە نیشتمانییە مێیەکەی دراوسێی لێدەدا، دارخورماش خۆی بۆ دیدەنیم ئامادە دەکا
منیش، لە پشت بەردووچکەکانی مێژوو و شەوڕۆیی درەختەکانەوە
خەرەندێک دەنێرمە ناو خەرەندەکانم و
کونی ئەستێرەی شوێنکەوتەکانم بە تەپەدۆر و خۆشیی پەڕەکراو دەگرم و دەچمە لای جەماوەرێکی لە هەرێمی سیحرەوە وەک نەیار دێنەلام و دادگاییم دەکەن.
(من دەجەنگام و لۆردەکانیش لە باڵکۆنی هۆتێلەکانیانەوە، ڕووبەری پەژارەکانی منیان بە دووربین دەپێوا و
مێشوولەی تۆقینیش، کە دوو فریشتەی بەفرین بەدەوری ناوکی دینۆکاوە گێژیان دەخوارد).
بەرەو جەماوەرێک دەچم دادگاییەکەم
پڕ چرای ئەندامەکانی دەکا؛ دادگایەکی دۆزیمییەوە و منیش هۆکارەکانی ئاگرم بۆ ئاشکرا کرد و چوومەوە سەر شکۆی گەواڵەم دەستنوێژ بگرم، تا لە هاوین، لەکاتێکی شەپۆل گلەییم لەگەڵ دەگۆڕێتەوە و گەڵای دارخورماش دێتە خوازبێنیی دۆستایەتیم
ئەو دەمەی پەرییەکان، لەسەر لقێکی دیجلە، بە خۆ و بە دەفتەرەکانیانەوە، لەهیکڕا لێم پەیدادەبن
منیش، چەندین دەستە وشەی وەک فیشەکە شێتە و یادگەی داگیرکراویان پێ دەنووسمەوە. دەڕۆم،
گوتم بەیانی دەچمە بەیانییەکی تەس دەبێتەوە یان لە قوڕنەیەکی پێش سنووری مرۆڤ پێچ دەداتەوە:
گوێم لێبوو مرۆڤ، ئێستای خۆی پینە دەکد و دەمرد،ئیدیبەلۆقە رامکردەلای گوڵەگەنم، تا بە دینۆکا ڕاگەیەنێ من بەڕێوەم و
هەندێ بیانگەم لەسەر کاغەز پێیە، نەوەکا کاتێکی دەیگەمێ زمانم بگیرێ و،
پێی بڵێ خەرەندەکەشمم پێیە.

بەیرووت ١٩٧٢




دوو کورتیلە چیرۆک/ ویژدان و ئومێدی ئارامی.. نووسینی دکتۆر ڕزگار شێروانی

ئومێدی ئارامی

چەند ڕۆژێکی کەمی دیکە و قرژاڵی نەخۆشی، دوا قەپ لە گۆشتی گەنجە بێهێزەکە دەگرێ و ڕاپێچی دوا مەنزڵی دەکات.
من دکتۆری ئەوم و ئەوەم لێ مەعلوومە.
بە تکایەکی کزۆڵەوە داوام لێدەکات:
هەمووان پەیوەندییان لەگەڵ بڕیوم، قەینا، بەڵام توخوا وەزعی من لە دایکی دڵڕەنجاوم بگەیەنە و لێی بپاڕێوە بێت بۆ دوا نیگا.
ڕۆژی دواتر وەڵامە پەیامی دایکیم وا پێگەیاند :
دایەت دێت و چاوت ماچدەکات، دێت بۆ نیگات، دێت، زۆر نابات، هاکا هات.
ئومێد و ئارامی یەکەو ڕۆژێکیان لە تەمەنی درێژ کردەوە، ئیتر سینگی بە دوا هەناسەی ئومێدی کون بوو و دوا پێڵووی ئارامی لێکنا.
ئومێد و ئارامی، تەرجەمەی من بوو بۆ ئەسڵی پەیامەکەی دایکی:
مەحاڵە جارێکی تر چاوم بە چاوی بکەوێت، با بمرێت.ئەو دەمێکە مردووە.
…..

ویژدان

حیزب باوکە بۆ منداڵت کە بێ باوکە.
حیزب لانکە بۆ منداڵت کە بێ لانکە.
ماڵە بۆ تۆ، بۆ حیزبییەک کە دڵسۆزە، کەسی چاکە.
ڕەشماڵە بۆ ئەندامێکی کە هەواڵ دەهێنێ، چالاکە.

  • ئاتاجت بپێچەوە،
    پەلی منداڵەکانت بگرە.
    چۆڵ کە، بار کە.
  • شوفێر، دەتۆش بلدۆزەرێکی لێدە.
    ئەم خانووە لە دژەحیزبی پیس، پاک کە.

کەسێکی جێ متمانە و شایستەمان هێناوە ئەم خانووە ئاوەدان کا.

ویژدان، کچە مناڵەکەی دراوسێ، بە هەڵەداوان چوو هەواڵ بداتە دایکی:
دایە دایە… ماڵیان بە مامۆستای کوردیمان چۆڵکرد بۆ ماڵی خوشکەکەی!
….




کـیژۆڵە ئەلـیسا سادیکـۆڤـا هـارپـژەنـێکی جیهـانییە.. رەزا شـوان

کـیژۆڵەی رووسی (ئەلـیسا سادیکۆڤـا) هـارپـژەنێکی کلاسیکی بەناوبانگی جیهـانییە.
شایەنی باسیشە، یەکەم ژنی کورد کە هـارپی ژەنی، مـوزیکـژەن و گـۆرانبـێژ خاتـوو (تـارا جـاف)ە. هـارپ (چـەنـگ) ئامـێرێکی مـوزیـکی تەلـدارە (تـاردارە). یەکـێکە لە کـۆنتریـن ئامێرە مـوزیکـییەکان. مـێژووی بۆ زیاتـر لە (٥٠٠٠) ساڵ بـەر لە ئـێـستا دەگەڕێتەوە، سۆمەرییەکان ـ بە رەچەک کوردن ـ بەناوبانگ بـوون لە دروستکـردنی هـارپ. لە شـوێنەوارە کـۆنەکانـدا، هـارپـێکی زێـڕیـن دۆزراوەتـەوە، کە مـیژووی بۆ سەردەمی سـۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە. هـارپ نـرخی گـرانە، لە (٢٠) هـەزار دۆلاری ئەمریکـی زیاترە. لە زیاتر لە (٢٠٠) پارچە دروست دەکرێت. ژەنـینیشی ئاسان نییە.
ئەلـیسا سادیکـۆڤـا، لە (٣٠/ ئادار/٢٠٠٣) لە شاری (سانت پـترسبـۆرگ) لە رووسیا لەدایـک بـووە. لە ساڵی (٢٠١٨) دا، قـوتابخـانەی ئامادەیی تایبەت بە مـوزیکی سەر بە پەیـمانگای سانـت پـترسـبۆرگ تەواکردووە. لە ساڵی (٢٠٢١) دا، لە قوتابخـانەی کـامبریـج میـوزیکی مـۆنـدی لە شاری واتـرلـو لە بەلچـیکا تەواو کردووە. لە ئێستادا دوا ساڵی خوێنـدنیەتی لە قـوتـابخـانەی جـولـیارد لە شاری نیـویـۆرک لە ئەمریکا. بۆ وەرگـرتنی بـڕوانـامـەی بەکـالـۆریـۆس لە مـوزیکـدا.

لە ساڵی (٢٠١٥) ەوە، دامەزراوەی خـێرخوازی نیۆدەوڵەتی (ڤـلادیـمێر سـپیڤـاکـۆڤ) مووچـەیەکـی مـانگانەیـان بۆ ئەلـیسا سـادیکـۆڤـا بـڕیـیەوە، بۆ درێـژەدان بە چالاکـییە مـوزیکـییەکانی. هەر ئـەم دامەزراوەیە. وەک یارمـەتییەک (سکـۆلـەرشـیـپ ـ خوێندن لەسـەر ئـەرکی دامـەزراوەکە) یان پـێـبەخـشی بـۆ درێـژەدان بە خوێنـدن لە بەلـچـیکا. لە سـاڵی (٢٠٢١) یـش، سکـۆلەشـیپێکی تـری لەلایـەن (دامەزراوەی گـوزیـگ) ەوە، پێبەخشرا. بۆ تەواکردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ئەمریکا.
لە کاتێکـدا کە منـداڵە هـاوتـەمەنەکـانی، خەریکی یـاریکـردن بـوون بە یـاریـیەکـانـیان. ئەلیسا سەرقـاڵی فـێربوونی هارپـژەنین بوو. چێژێکی زۆری لە دەنگەکانی وەردەگرت.
تەمەنی ئەلیسا (٥) ساڵ بـوو. لەو کـاتەی خەریکی هـارپـژەنـین بـوو، کە هـارپەکە لە باڵای خۆی بەرزتـر بـوو. هـاوڕێی خـێزانەکەیان (ئـۆڵگا شـیڤـیلـیچ) کە مامـۆستایەکی هـارپـژەنە، هـات بـۆ ماڵـیان و گـوێی لە ژەنینەکەی ئەلیسا بـوو. زۆر سەرسامی بوو. ئـۆڵـگا یەکـسەر تـێگەیـشـت، کە کەسێکی نـاوازەی دۆزیـیەوە. تا مـاوەیەک بـوو بە راهـێـنەری ئەلـیسا سادیکـۆڤـا.
ئەلـیسا لە تەمەنی (٦) ساڵـیدا بـۆ یەکـەم جار، یەکـەم نمایـشی هـارپـژەنـینی لە هـۆڵی شاری سانت پترسبۆرگ، زێـدی لەدایکبوونی، پێـشکەش کرد. بینەرانی سەرسام کرد. ئەلیسا لـێرەوە وەک سـۆڵـۆیـست (ژەنیاری بە تەنیا) ناوبانگی دەرکـرد و بە منداڵـێکی بەهـرەمەندی بـلیمەت و ناوازە ناسرا. ئێستا ئەلیسا لەسەر ئاستی جیهانیدا بەناوبانگە.
ئەلـیسا لە (٧) ساڵـیدا، بۆ یەکەم جـار لە هـۆڵی بەنـاوبانگی (گـارنـێگی) هـارپی ژەنی.
ئەلیسا لە تەمەنی (٨) ساڵیدا، لەگەڵ ئـۆرکیستراکانـدا، کۆنـسـێرتـۆی هـارپی ژەنـد، بە سەرکردایەتی ئـۆرکـیسترای بەناوبانگ ڤـلادیـمـێر سپیڤـاکـۆڤ و یـوری تـێمـیرکانـۆف.
لە تەمەنی (٩) ساڵـیدا، یەکەم کۆنـسێرتی تاکە کەسی خـۆی، بۆ مـاوەی یەک کاتـژمێر و نیـو پـێـشکەش کـرد.
لە تەمـەنی (١١) ساڵیـدا، یەکـەم ( سی دی ) خـۆی تـۆمـارکـرد. هـەر لـەم تەمـەنەدا، ئەلیسا سادیکۆڤا، لە ساڵی (٢٠١٤) دا، بچووکترین هـارپـژەن بوو، کە لە کۆنگـرەی دوانـزەمینی هـارپـدا، کە لە شاری سـیدنی لە ئـوسترالـیادا بەسترا، بەشـداریی کـرد و هـارپی ژەنی. ئەم کۆنگـرەیە سێ ساڵ جارێک دەبەسترێت، لە (٤٠) وڵاتەوە (٢٠٠) هـارپـژەن بەشـداریی تـێـدا دەکـەن. ئەلـیـسا وەک سـۆڵـۆیــستـێکی هـارپـژەنـیـش، لە هـونگ کۆنگ لە چـین بەشـداری لە کۆنسێرتیکـدا کـرد. ئەلـیسا لە هـۆڵـە زەبـەلاح و بەنـاوبـانگەکـانی سـەرانـسەری جیهـانـدا، نمـایشی هـارپـژەنـینی پـێـشکەش کـردووە. ناوبـانگ و رێـز و شکـۆداری بـۆ خـۆی و بـۆ نیـشـتـمانـەکەی بەدەسـتهـێـناوە.
ئەلیسا وەک سۆڵۆیـستـێکی هـارپـژەن و لەگەڵ ئۆرکـیسترا بەناوبانگەکانـدا، لە دەیـان کـۆنسێرت و فـێستیڤـاڵ و لە ئاهەنگی مـوزیکی و لە چەنـدین پـێشبڕکێی نێودەوڵەتیـدا بەشداریی کردووە. لە دەوڵەتانی وەک: ئوسترالیا، نەمسا، رووسیا، ئەڵمانیا، بەلچیکا، نەرویـج، دانـیمارک، ئـینگـلـتەرا، بیـلارووسـیا، کـۆماری چـیک، سـویـسرا، ئەمـریـکا، سـویـد، فەرەنـسا، فـیـنـلەنـدا، چـین، هـۆڵەنـدا، پۆڵەنـدا، ئیـسپانیا، کـرواتیا، ئیـستۆنیا، ئـیسرائیـل، سـلۆڤـینیا، هـەنگاریـا. بە کورتی لـە (١٦) دەوڵـەتـدا، وەک سـۆڵـۆیست و لەگەڵ ئۆرکـيسترای ئەو وڵاتانەدا، (٢٦) کـۆنسـێرتی هـارپـژەنینی پێشکەش کـردووە. زیاتر لە (١٥بۆ٢٠) هەزار بینەر، ئامادەی کۆنسـێرتەکانی بوونە و سەرسامی بوونە.
ئەلیسا (٥) سی دی موزیکی لە ئەڵمانیا و روسیا و فەرەنسا و بەلچیکادا تۆمارکرووە. تازەترین ئەلبومی بە ناوی (ئەستێرەی هارپ) ە، کە لە (٢٠٠٣) دا، تۆماری کردووە.
ئەلیسا سادیکۆڤـا ئەمساڵیش لە (٩/ شوبات/ ٢٠٢٥) دا، لە ویلایەتی داکـۆتای باکوور لە ویلایـەتـە یەکگـرتـووەکانی ئەمـریکا، کـۆنسـێرتێکی هـارپـژەنـینی پـێـشکەش کـرد.
ئەلیسا سادیکۆڤا، نوێنەری فەرمی و باڵـیۆزی دامەزراوەی لیـۆن و هـێـلی هـاریس و سالـڤی هـاریـسە.
ئەلیسا سادیکۆڤا، تا ئێستا چەندین خەڵاتی شایستەی، لە چەندین پێشبڕکێی نیۆدەوڵەتی لـە وڵاتـانی جیهـانـدا بـۆ مـوزیـک، بەدەسـتهـێـناوە. خـەڵاتـەکـانی بەپـێی ساڵـەکـان:
١ـ لە (٢٠١٠)دا، خەڵاتی یەکەم لە پێشبڕکێی نیۆدەوڵەتی لاوان لە نیویۆرک، ئەمریکا.
٢ـ لە (٢٠١١) دا، خەڵاتی یەکەم لە پێشبڕکێی نیـۆدەوڵەتی، بۆ بەهـرەمەنـدانی مـوزیک لە شاری هـانـیشتاتـن لە ئەڵمانیا.
٣ـ لە (٢٠١١) دا، خەڵاتی یەکەم، لە پێشـبڕکێی نیـۆدەوڵەتی لە هـێلـسیـنگی، فـینلەنـدا.

٤ـ لە (٢٠١٢) دا، خەڵاتی بەناوبـانگی (یـوری تـێـمیـرکانـۆف) ی وەرگـرت.
٥ـ لە (٢٠١٧) دا، خەڵاتی سـێـیەم لە پـێـشبڕکـێی بەهـرەمـەنـدە لاوەکـان لە رووسیا.
٦ـ لە (٢٠١٨) دا، خەڵاتی چـوارەم، لە بـیستەمـین پـێشـبڕکێی هـارپ لە ئـیـسرائیـل.
٧ـ لە (٢٠٢٣) دا، خەڵاتی یەکەم. لە پێشبڕکێی نیودەوڵەتی بۆ موزیک لە سکانـدناڤـیا.
٨ـ لە (٢٠٢٣) دا، خەڵاتی یەکەم. لە پێشبڕکێی خـەڵاتی گەورەی جیهـانی نیـۆدەوڵەتی بۆ مـوزیک.
٩ـ لە (٢٠٢٣) دا، بـراوەی یەکەمی، یازدەهەمین پێـشبڕکێی نێودەوڵەتی سـیـبـێـلـیۆس بـۆ مـوزیـک.
١٠ـ لە (٢٠٢٣) دا، بـراوەی یەکـەم، لە پێـشبڕکیی نیـۆدەوڵـەتی کـلار شـۆمـان.
١١ـ بـێجگە لەو خەڵاتـانە، ئەلـیسا چەنـدیـن خـەڵاتی تـر و رێـزگـرتنی بەدەستهـێـناوە.

تەنیا بە یەک وشە، دەتـوانیـن ستایـشی هـارپـژەن ئەلـیسا سادیکـۆڤـا بکەیـن ئەویـش ئـەوەیە ـ بـلـیـمەت ـ ە. پـێمـوایە کە ئەلـیـسا داهـاتـوویەکی باڵاتـر و گەشـتری دەبێـت.

(*) بۆ نووسینی ئەم بابـەتە، سـوودم لە چەنـدیـن سایتی ئینگـلـیزی وەرگـرتـووە.
دوبـەی: ٢٠٢٥




بەڵێن.. شیعری سەلام عومەر

بیرتچوو بەڵێنت پێدام
هەرگیز دڵم نەڕەنجێنی
رۆژانێک هاوڕاشم نەبی
خۆت لەگەڵما بگونجێنی

ئێستا هەروەکو گەلاوێژ
ساڵی جارێک خۆت دەنوێنی
لەبری من شەیدای مانگی و
شەوانەش ئەو دەلاوێنی

بەڵێنی خۆت بوو ئەزیزم
عیشقێکی جوان دابهێنی
هەرگیز دەستبەردارم نەبی و
خۆتم بەدیاری بۆ بێنی

ئێستا تۆ لەنێو ئاسمان و
شوێنێکی پڕ لە نهێنی
منیش لەنێو دۆزەخی ژین
دەتوێنیەوە و رامدەهێنی.