ئیسرائیل چی دەوێت، ئێران چ دەکات، کورد لە کوێیە؟.. شێرکۆ کرمانج

شەڕە چاوەڕوان کراوەکەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا دەستی پێ کرد. لەم کورتە بابەتە هەوڵ دەدەم چەند سەرنجێکی سەرەتایی بۆ هۆکارەکان (لە پەیوەند بە ئیسرئیل) و وەڵامەکان (لە پەیوەند بە ئێران) و لێکەوتەکان (لە پەیوەند بە کورد) بخەمە ڕوو.

ئیسرائیل و شەڕی مانەوە، وانەیەک بۆ کورد
ئەمڕۆ، دوای دەستوەشاندنەکە، بنیامین نەتەنیاهۆ گوتی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی وجودی لەلایەن ئێران‌ـەوە لەسەرە چونکە ڕژێمی ئێران لە مێژە دروشمی “مەرگ بر ئیسرائیل”ی هەڵگرتووە و نەوە لە دوای نەوە ئێرانییەکان لەسەر لەناوبردن و سڕینەوەی ئیسرائیل پەروەردە دەکات. هەر لە قسەکانی نەتەنیاهۆ گوتی، لە سەروبەندی شەڕی دووەمی جیهانی، سەرکردەکانی دنیا چاوپۆشییان لە هەڵسوکەوت و کردار و ڕەفتار و گوفتارەکانی هیتلەر و نازییەکان کرد، واتە سیاسەتی نەرمینواندن (appeasement)یان لەبەرانبەر هیتلەر لەخۆنیشان دا. لە ئاکامدا شەڕێک بەرپا بوو کە ٢٠ ملیۆن کەس بوونە قوربانی، لەنێویاندا ٦ ملیۆن جوو هەبوو. لە درێژەی قسەکانیدا، نەتەنیاهۆ گوتی، جووەکان لە دوای هۆلۆکۆستە شەش ملیۆنییەکە، بڕیاریاندا کە نابێت جارێکی دیکە ئەوە ڕووبداتەوە، واتە (never again). بەو مانەیە، ئەوەی ئەمڕۆ ئیسرائیل کردی، ڕێگرییە لە دووبارە جینۆساید کردنی جووەکان و سڕینەوەی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک کە ئەرکی پاراستنی نەتەوەی جووی لە ئەستۆ گرتووە.
لە ٢٠٠٧ لە کۆنفرانسێک، “ئەماتزیا بارام”م دیت، کە ئەکادیمییەکی جووی-ئیسرائیلییە و عێراقیناسە. لێم پرسی، ئێوە بۆ ئەوەندە دەترسن ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت؟ گوتی، کەسێک، میللەتێک، دەوڵەتێک، باوەڕی بەوە هەبێت کە “ئیمام مەهدی”، کە هەزران ساڵە بزر بووە، دەگەڕێتەوە، پێشیان وا بێت کە ئەو تەنیا کاتێک دەگەڕێتەوە کە لە دنیا “تەجال هەستایە”، واتە ئاخر زەمانە، شەڕە، قەیرانە، کەواتە زۆر ئاساییە، ئەو کەسە، ئەو دەوڵەتە چەکی ئەتۆمی بەکاربێنێت تاوەکوو ئەو ژینگەیە بخولقێنێت کە ئیمام مەهدی ناچار بە گەڕانەوە بکات.
بەکورتییەکەی، جووەکان وەک نەتەوە، ئیسرائیل وەک دەوڵەت، بەئاگایی بێت یان لە بێئاگایی، لە زیرەکییان بێت یان لە گەمژەیی، لەو قەناعەتەدان کە ئێران هەڕەشەیەکی وجودییە لەسەریان و چەکی ئەتۆمی هەبێت ئەوە لەوانەیە ئەو خەونەی خۆیان لە لەناوبردنی لانی کەم “شەیتانی بچووک” (ئیسرائیل) بهێننە دی. بۆ زانین، ئێرانییەکان بە ئەمریکا دەڵێن، شەیتانی گەورە، ئیسرائیل‌‌یش شەیتانی گچکە. بۆیە ئەم هێرشانەی ئێران، لانی کەم لە دیدی ئیسرائیلییەکانەوە، بۆ خۆپارێزییە.
تێگەیشتنێک هەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە پێی وایە، دەوڵەت ئەرکی زۆرە، بەڵام ئەرکی یەکەمی هەر دەوڵەتێک پاراستنی دەوڵەتەکە و نەتەوەکەیەتی چونکە ئەگەر دەوڵەتەکە نەتوانێت خۆی بپارێزێت، نەتەوەکەی بپارێزیت، ئەوا هەموو ئەرکەکانی دیکەی دەوڵەت فلسێکی سووتا و ناکات.
دەکرێت دوو وانە لەو تێگەیشتن و دۆخە فێر بین. یەکەم، تەنیا ئەو دەوڵەتانە دەتوانن بمێننەوە کە دەتوانن خۆیان بپارێزن. دووەم، تەنیا ئەو نەتەوانە دەتوانن پارێزراو بن کە دەوڵەتیان هەیە. کورد لە کوێی ئەم هاوکێشانەیە کە تازە بە تازە لەو دنیا جەنجاڵە، لەو دنیا بێسەروبەرییە (anarchic)، برەو بە تێزی دژە-دەوڵەتی دەدات. ئەمڕۆ نیازم وابوو لەسەر پرسی بێدەوڵەتی و تێزی دژە-دەوڵەتی بابەتێکی دوورودرێژ بنووسن، کەچی نەتەنیاهۆ نەیهێشت.

ئێران و وەڵامەکان
ئەم گەڕەی ئەمجارەی پێکدادانەکان لەگەڵ گەڕەکانی پێشووتر زۆر جیاوازە. لەبەر ئەم ڕاستییانە:
یەکەم، ئێران لە کوشتنی حەسەن هەنییە، سەرکردەی حەماس، یان کوشتنی حەسەن نەسروڵا، سەرکردەی حیزبوڵا دا، کەم تا زۆر وەڵامی هەبوو، بەڵام وەڵامێک کە بنەمای لەسەر لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دانابوو. واتە وەڵامێکی پێشوەختە دیزاینکراوبوو، کە نەدەبوو شەڕەکە بگاتە “مریشکە ڕەشە”. واتە لە گەڕەکانی پێشووتر هەم ڕاستەوخۆ ئێرانییەکان و ئێران بە ئامانج نەدەگیران، هەم وەڵامەکانی ئێران تەنیا بۆ ڕووسپیکردنەوە بوو، نەک شەڕ و پێکدادان.
دووەم، ئاماژەکانی گورزی یەکەمی گەڕی ئەمجارەی شەڕەکە هەر سەعاتەکانی یەکەم پێمان دەڵێت کە ئیسرائیل ئەمجارە، ئەگەر ئامانجی ڕووخانی ڕژێمیش نەبێت، کە باوەڕ ناکەم ئەوە لە توانای ئیسرائیل بێت، ئەوە مەبەستی تەواو لاوازکردنی ڕژێم بێت هەم بە کوشتنی سەرانی ڕژێم، کە هەندێکی هەر لە چەند سەعاتی یەکەم کوشت، هەم لێدانی گورزێکی کاریگەر لە دامەزراوە ئەتومیی و موشەکییەکانی بەتایبەتی توانا سەربازییەکانی بەگشتی. واتە ئیسرئیل ئەم جارە بە هەموو توانای خۆی لە شەڕدایە و شەڕ دیزاینکراو ناکات.
بۆیە، ئێران ئەمجارە نەک وەڵامی دەبێت بەڵکوو دەزانێت ئەگەر وەڵامی نەبێت ئیسرائیل بە ئاسانی ڕاناوەستێت. داخۆ وەڵامی ئێران چی دەبێت؟ ئەوە بەڕاستی زانراو نییە چونکە تواناکانی ئێران لە گەڕەکانی دیکە ئاماژەی جیاجیای نیشان داین. لەلایەک لە یەکەم هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کۆمەڵێک تەنەکەی نیشاندا کە بە ئاسمانەوە خۆیان گەیاندە ئیسرائیل. لەو وەڵامەدا ئێران زەرەرێکی زۆری ئابووری لە ئیسرئیل دا چونکە بۆ هەر پارچە تەنەکەیەکی ئێران، ئیسرائیل مووشەکێکی چەندان ملیۆنی بە هەدەردا، بەڵام هیچ زەرەری دیکە گیانی و ماددی نەدا. لەلایەکی دیکە، لە دووەم هێرشی گەورەی ئێران کە زیاتر لە ٢٠٠ موشەکی بالستیکی تێدا بەکارهات، هەندێک لە مووشەکەکان بە ئاسانی پەردە ئاسنییەکەی ئیسرائیلیان بڕی، ئەگەر ئامانجەکان باش دیاری کرابان لەوانە بوو کە زەرەری گەورە لە ئیسرئیل بدەن، بەڵام ئێران خۆی خۆی دەپاراست لە زەرەرکەوتنەوە.
سەرانی ڕژێمی لە ئێران ئەمجارە وەڵامی گەورەتریان دەبێت، ئەگەر تەواو بە ئاشکرا یان بە دزی خۆ تەسلیم بە ئەمریکا نەکەن بە زووترین کات. ئەم ئەگەرە واریدە، چونکە ئێران دەزانێت بەردەوام بێت لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمریکا تێوە دەگلێت، ئەمریکاش تێوە بگلێت، زەرەری زیاتر دەکات. تێوەگلانی ئەمریکا زۆری تێ ناچێت، هەر ئەمڕۆ و سبەی کە ئێران هێرش دەکات، ئەمریکا بەرگری لە ئیسرئیل دەکات لەڕێگە خستنە خوارەوەی مووشەکەکانی.
هەر چۆنێک بێت، ئێران “حاڵی حاڵی کسۆکانە”، کەس خۆزگەی پێ ناخوات. لەناوەوە دابەشە، هەم سەرانی دەوڵەت، هەم خەڵک؛ ئابوورییەکی تەپیوو؛ هەڵاوسان لەوپەڕیە؛ بێزاری و توڕەیی خەڵک لە ترۆپک دایە؛ توانا سەربازییەکانی دیاریکراون. لەبەرئەوە، ئاخوندەکان چاک دەزانن، نە دەتوانن بێدەنگ بن نەدەتوانن شەڕ بکەن. لە دۆخێکی زۆر ناسکن دان. دارێکیان بەدەستەوەیە هەر دوو سەری بە “….”ـە.

لێکەوتەکان و کورد
لەم ڕۆژانە لە ماڵی کاک مەسعود عەبدولخالق، ناوەندی ستاندەر گفتۆگۆیەکی ساز کرد بۆ قسە کردن لەسەر دۆخی کورد و ناوچەکە. لەوێ کەسێک گوتی بەهێزبوونی ئیسرائیل زۆر خراپە. منیش گوتم لەبەرئەوەی بەهێزبوونی ئیسرائیل عادەتەن بێهێزی داگیرکەرانی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە ڕێک پێچەوانە، لە قازانجی کوردە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەگەر ئەم شەڕە لاوازی زێدەتری ئێرانی لێ بکەوێتەوە ئەوە لە قازانجی کوردە، خۆ ئەگەر شەڕەکە بە ئاراستەیەکی دیکەدا بڕوا و ئیسرئیل بدۆڕێ و ئێران بەهێزبێتەوە ئەوە کورد، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات و باشوور، زۆر زەرەر دەکەن. بۆ نموونە، ئەگەر ئێستا ئێران ڕێگری لە هاتنی مووچە بکات، ئەو کات بەتەواوی بنکۆڵی هەرێم دەکات.
خۆ ئەگەر ئەمریکا لە شەڕەکە بگلێت و گورزەکانی سەر ئێران زیاتر و کوشندەتر بن، ئەوە ئەگەری دروستبوونی خۆپیشاندان و شڵەژانی جادە دێتە گۆڕێ، تا دەگاتە ئەگەرەکانی تەپینی ڕژێم. ئەم سیناریۆیەش بە ئەرێنی بۆ کورد دەشکێتەوە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات.
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کورد چەند ئامادەی پێشهاتەکانە، چەند ئامادەکارییان کردووە بۆ خستنەڕووی سیناریۆکان و پلاندانان بۆ پێشهاتەکان. تا ئەو ڕادەی من ئاگادارم و چەندین جاری دیکەش گوتومە، کورد بەگشتی کێشەی لەگەڵ هەل نەبووە، بەڵكوو گرفتی قۆستنەوەی هەلی هەیە. هۆکاری ئەمەش وەک گوتم دەگەڕێتەوە بۆ خۆئامادەنەکردن بۆ پێشهاتەکان، بۆ دیراسەنەکردنی سیناریۆکان.
هەر چۆنێک بێت، من لە مێژە گوتومە، دەوڵەت لە قەیراندا دروست دەبێت. کورد هەمیشە لە قەیرانەکاندا، لە گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکاندا، لانی کەم لە چەند دەیەی ڕابردوودا، قازانجی کردووە، بەڵام نەیتوانیوە وەک پێویست سوود لە گۆڕانکارییەکان وەربگرێت. بۆ نموونە، لە شەڕی عێراق-ئێران، بزووتنەوە ڕزگاریی نیشتیمانیی لە باشوور و ڕۆژهەڵات بۆ ماوەیەک زیندوو بووە، ئەگەر لە ئەنجامی هەوڵەکانی کوردیش نەبوو بێت ئەوە لە ئاکامی لاوازبوونی دوو داگیرکەری کوردستان بوو. شەڕی کوێت و دەرپەڕاندنی عێراق لەوێ لەلایەن ئەمریکا، لاوازی دەوڵەتی عێراق و ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ ی لە باشووری کوردستان لێ کەوتەوە. شەڕی داعش لە ٢٠١٤ دا ڕزگاربوون و گەڕانەوەی بەشێکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی لێ کەوتەوە. شەڕی ناوخۆی سووریا و هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانی، دروستبوونی ڕۆژاڤا و ئەزموونی خۆسەری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایی بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵام، لە هیچ یەکێک لەم پێشهاتانە کە بە قازانجی کورد وەرگەڕاون، کورد نەیتوانیوە وەک پێویست لە بەرژەوەندی خۆی بەکاریان بهێنێت.
سەرەڕای ئەمە، شڵەژانی گۆمەکان، لاوازبوونی دەوڵەتە داگیرکەرە ناوەندگەراکان، هەمیشە لە قازانجی کورد‌ـە. بابزانین ئەم شڵەقانەی ئەمجار کورد بە کوێ دەگەیەنێت.




کە گیردەخۆن بەدەست نەخۆشیی دەرونیی کەسێکتانەوە!.. د.هەژار عوسمان مەعروف

زۆرینەی ئەو کەسانەی بە خواست و ویستی خۆیان سەردانی پزیشکی دەرونی دەکەن مرۆڤی هەست ناسک و زیرەک و ڕۆشنبیر و مرۆڤدۆست و خەمخۆری دەوروبەریانن، سەردانکەر دەربارەی ئێستا و ئایندەی خۆی و خۆشەویستانی ترس و نیگەرانی و بیرکردنەوەی زۆری هەیە ، کێشەی هەیە لەگەڵ کەسانی زبر و بێشەرم و توندوتیژ و دەستوەشێن و دەسدرێژیکەر، زۆر جار نەخۆشە ڕاستەقینەکە کە دەبو ئەو بچێت بۆ لای دوکتۆری دەرونی، کاتێک دڵسۆزانی پێی دەڵێن بچێت نەک هەر ناچێت بەڵکو گاڵتە و تیز و تەشەر دەکات ، یا جنێو دەدات بە کەسە دڵسۆزەکەی و بە پزیشکی دەرونی بە گشتی، ناچار ئەو دەروندروستەی ئەم بە ڕەفتارە ڕوخێنەر و ئازاردەرەکەی نەخۆشی خستوە بە داد و بێدادەوە دەچێت بۆ لای دوکتۆری دەرونی.
هەر کەسێک لە هەر تەمەنێکدا بێت و هەر پلە و شوێنێکی هەبێ لە پەیژەی کۆمەڵایتی و دارایی و دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتی و حیزبایەتی و خێڵەکی وئاینی، بە کورتیەکەی هەر کەسێ شا بێ یا سەپان بێت ، با پێشتر هەرگیز کێشە و نەخۆشیی دەرونیی نەبوبێت ئەگەر ئەم ڕەفتار و ئاکار و بیر و باوەڕانەی خوارەوەی هەبو کە بوبونە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتیی گەورە و بەردەوام و چەندبارەبۆوە لە ناو خێزانەکەی خۆیدا و لە گەڵ دەوروبەرەکەیدا وەک دراوسێ و هاوڕێ و خزم و هاوپۆلی خوێندنگە و هاوئیشی لە شوێنکار، ئەوا دەبێت ئەو کەسە بە خۆشی و ئاشتی و نەرمونیانی ڕازی بکرێت لە گەڵ کەسێک کە خۆی هەڵیبژێرێت بچێت بۆ لای پزیشکێکی دەرونی، ڕەفتار و ئاکار و بیر و باوەڕەکان ئەمانەن :
۱ . کەسەکە زۆر توڕە و توندوتیژ وهەڕەشەکەر و دەستوەشێن و خۆسەپێن و دیکتاتۆر و زاڵم بێت، بۆ نمونە ، بە نەڕەڕەنەڕ ترس و لەرز بخاتە ناو خێزانەوە، شمەکی ناوماڵ بشکێنێ، لە ژن و منداڵ بدات و دەست بۆ چەکی سارد (چەقۆ و..)و گەرم (دەمانچە و..) ببات، ژن و منداڵ دەربکاتە دەرەوە یا لە ماڵدا زیندانیان بکات.
۲. کەسەکە بێ هۆیەکی ڕون و کۆنکرێتی لە ماڵ نەچێتە دەرەوە و بە تەواوی گوێنەدات بە خۆراک و خواردنەوە و پاکوتەمیزیی ڕۆژانە و وێڵیان بکات و هیچ کارێکی بەرهەمهێنی دەستی یا بیروهۆشمەندی نەکات ، کەسەکە لەوانەیە زۆر خەمۆک و ڕەشبین بێت و بڕوابەخۆبونی نەمابێت یا بیری ناڕاست (وەهم) و هەستی شێواو (هەلوەسە) و ترسی زۆری لە دەوروبەر هەبێت کە شتێکی خراپی بەسەربێنن یا هەر بێ وزە و بێ حەز بێت وەک ئەوەی ئامێرێکی کارەبایی بێت کە کارەبای تیایە بەڵام بەشی ئیشکردن و کەوتنە گەڕ ناکات !
۳.کەسەکە ئالودەی مەیخۆری یا مادەی هۆشبەر بوە و لە ڕوی دەرونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و کار و پیشە و باری داراییەوە زیانی قورسی بەرکەوتوە ودەسەڵاتی بەسەر خۆیدا نەماوە کە وازی لێبێنێ.
٤ . کەسەکە بیەوێت بمرێت یا خۆی بکوژێت، چۆن؟ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ ، کارا و چالاکانە و ئامانجدارانە یا بە ڕەفتارێک کە بە ڕونی بۆنی بێزاری و ماندوێتی لە ژیانی لێبێت، بۆ نمونە بە ماتۆڕ و سەیارە لێخوڕینێکی شێتانە، باسی بێزاری لە ژیان و مردنی خۆی و خۆکوشتنی کردبێت یا هەوڵی خۆکوشتنی دابێت، لە کەسی پیر و زەلیلی ناوجێدا مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە و دەرمان و چون بۆ لای دوکتۆر و باسکردنی دیدار لە گەڵ کەسانی ئازیزی مردوی پێش خۆی.
ئەگەر نەخۆشەکە بە هیج جۆرێ نەیوست دوکتۆر بێت بۆ ماڵەوە بۆ لای یا بیبەن بۆ لای دوکتۆری دەرونی یا هەر دوکتۆرێکی تر یا بۆ نەخۆشخانە ، وە مەترسیی دەسبەجێ وگەرم و ڕاستەوخۆ هەبو بۆ سەرژیانی خۆی و دەوروبەرەکەی یا بۆ سەر موڵک و ماڵەکەی ئەوا پێویستە دڵسۆزانی کەسەکە بچن بۆ بنکەی پۆلیسی ئەو ناوچەیەی ماڵی نەخۆشەکەی لێیە و کێشەکە بخەنە ڕو ، پۆلیسیش ئاگاداری دادوەری بەرپرسیار دەکات و بە فرمانی ئەو کاری پێویست دەکرێت بۆ بردنی نەخۆشەکە بۆ لای لیژنەی پزیشکیی پسپۆڕ بۆ دەسنیشانکردنی نەخۆشیەکەی و چارەسەرکردنی.

د.هەژار عوسمان مەعروف




بۆ کوێ ئەچیت؟.. پشکۆ ناکام

( هەر کەس باس لە ئیحتیاجی خۆی ئەکا،
برسی باس لە خواردن ئەکا ، لات باس لە
پارە ئەکا، دەسەڵات باس لە ئەخلاق و
كەرامەت ئەکا..
” فرۆید ” )
“”””””””””””””””
……. قسەی وا هەیە ئەتوانین بەراوردی بکەین بە دیاردەیەکی سروشتیی و بیبەستینەوە بە ئینسانەوە ، لەم دوایەدا لەگەڵ نەبوونی مووچە زۆر باس لە ” كەرامەت” ئەکرێ وەک بەدیلێک یان ئەڵتارناتیڤێک بۆ مووچە و بژێوئ خەڵک ، هەر بۆیە لەوانەیە لەپڕ دوو سەعاتێ لە جیاتی باران کەرامەت ببارێ و برسییەک لە کوردستان نەمێنێ، بەڵام ئاخۆ چ جۆرە کەرامەتێک ئەبارێ و گوزارش لە كام مێژوو ئەکات؟ لەوانەیە کەرامەتێک ببارێ تێکەڵ بە تەرزەی “ئاش بە تاڵ ” بوو بێ و هەورەکەش لە کۆشکی “نیاوران” ی شای ئێرانەوە هاتبێ و میوانە کوردەکانیش چەتریان لە بیر چوو بێ …. و ووشکە ساڵی چواردە ساڵییان پێ تەڕ کرد !! یان دوور نیە سی و یەک سەعات کەرامەت ببارێ وەک شانازییەک بۆ سی و یەکی ئاب و لەگەڵ گەڕانەوەی حەرەسی جمهوری بۆ بەغا کەرامەتی ئەو بارانە خرابێتە مۆزەخانەی ” ناچەمینەوە”!! داهێنەرانی نوکتەی کەرامەت باش لەوە تێ(نە)یشتوون کە دەسەڵات ئەبێ باس لە شتێک بکا کە مەعلوماتی لەسەر هەبێ و هیچ نەبێ گەر لە مەکتەبی شەو و و بە زمانی “تورکی” يش بێ شتێکی لەسەر خوێندبێ ، هەرچەنە دە جار ئیمتیحان بەن هەر” ڕاسیب” ئەبن …. كەی خیانەت بوو بە نیشتمان پەروەری ئەوا کەرامەتیش سوور ئەکرێتەوە و ئەبێ بە ناوساجی…یان لیستی مووچە بە سپێتی بنێرنە بەغا و بە خوشکە طەیف” سێبەر” بڵێن کەرامەتی خۆمان بۆ خۆمان و مووچەی خۆتان بۆ خۆتان !! و بڕيارێک دەرچێ هەموو بەیانیەک بە گیرفانی بەتاڵەوە مووچە خۆران بە یەکتر بڵێن:كەرامەتت باش،
هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارنی هەرێم بە حیوارەکەی چەخماخە جواب ئەدرێتەوە کە ئەڵێ:
“…ئەوا تەقانیشت بۆ کوێ ئەچیت..”