ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەردەم حەتمیەتی چارەنوسی خۆیدایە؟.. براهیم حسێن

سەرەنجام هێرشی ئیسڕائیڵ بۆسەر دام و دەزگاکانی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکرد کە لە ئاکامی ئەم هێرشە دا چەندین کەسایەتی سەربازی و ئەمنی و ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی تێداچوون و بەوەش ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی یاری لەسەر کارتی فەزای جەنگ و هەڕەشەی گۆڕانی بە هێزێکی ئۆتۆمی و ناوچەیی بکات کۆتایی پێهات.

پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەمە دەست وەشاندنێکی تاکتیکی و سەربازی دیاریکراوە بە مەبەستی مل پێکەچکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەرج و داخوازیەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆ دەستبەردار بوونی ئێران لە خەونی گۆرانی بە هێزێکی ناوچەیی ئەتۆمی و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ یانیش مەسەلەکە ئەم چوارچێوەیە تێدەپەڕێنێ و بابەتەکە پەیوەندی بە ڕێکخستنەوەیەکی ستراتیژیتری ناوچەییەوە هەیە کە چیتر لە چوارچێوەی ئەو مەرج و شەرتانەی پێشوتردا ناکرێ یەکلا بکرێنەوە؟

یەکەم؛ ڕێکخستنەوەیەکی سەراپاگیر و ستراتیجیتری ناوچەکە کە تیایدا ئاسایشێکی ستراتیژیتر بێتە ئاراوە کە ئسڕائیڵ گۆڕابێ بە کیانێکی قبوڵکراو پێویستی پێویستی تەسلیم بوونێکی بنەڕەتی ئیسلامی سیاسی و کۆماری ئیسلامی بە مەرجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بە گشتی بە دواوەبێت جا بە هەر ڕێگەیەک بێت؛ چ لە ڕێگەی شکستێکی ستراتیژی سەربازیەوە بێت یاخود لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێگەی ڕێکەوتن و گفتوگۆ وە بێت. لە هەردوکی ئەم سیناریۆیانەدا شانسی جمهوری ئیسلامی بۆ مانەوە وەک ئەوەی کە تائێستا هەیە کەم و نزیک بە سفرە. جمهوری ئیسلامی یان دەبێ بگۆڕێ بە ڕژێمیکی رامکراو دەستەمۆ یان لەگەڵ حەتمیەتی چارەنوسی خۆی ڕووبەڕو بێتەوە. کۆماری ئیسلامی لە شکڵەی ئێستای خۆیدا وەک ڕێژێمێکی ئیسلامی ئیدیئۆلۆژیک کە فەلسەفەی بوونی خۆی لەسەر دژایەتی غەرب و ئیسڕائیل و ئەمریکا بیناکردوە و بە کردەوەش نیشانیداوە کە ناتوانێ دەستبەرداری ئەم تایتمەندیە وجودیانەی خۆی بێت، لە هەر دووکی ئەم سیناریۆیانە دا دەبێ حەتمیەتی چارەنوسی خۆی ڕووبەڕوبێتەوە. بێگومان مەبەست ئەوە نیە کە لە خۆیدا ئەم جۆرە کردەوانە ببنە هۆی ڕژێم چەنجێکی خێرا و دەست بەجێ بەڵکو ئەو هەلومەرج و داخوازیانەی کە لە ئارادان بۆ ڕێخستنەوەیەکی ستراتیژیتری ناوچەکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕۆژئاوا پێویستی بە ئیسلامێکی سیاسی و کۆمارێکی ئیسلامی ڕامکراو و دەستەمۆ هەیە کە قبوڵکردنیان لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە واتە هاتنەپێشەوەی زیاتری حەتمیەتی مەرگی کۆماری ئیسلامیە لەو فۆرمەی ئێستایدا.

دوەم ؛ پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆرژوازی ئێران تاچەندی تر سەرکێشیەکانی کۆماری ئیسلامی لەبەرامبەر غەرب و ئەمریکا قبوڵ دەکا و دەچێتەپشتی یاخود ئیتر ئەو بەشانەی تری بۆرژوازی ناڕازی و پڕۆغەرب ئیتر دەست بەکار دەبن بۆ ئەوەی لەم قەیرانی حەتمیەتی بوون و نە بوونەی کە کۆماری ئیسلامی تێیکەوتوە دەست بەکاری کۆکردنەوەی هێز و تواناکانی خۆیان دەبن بۆ گوزار لە کۆماری ئیسلامی بە پشتیوانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا؟

سێیەم؛ پرسیار و هەڕەشەیەکی تری وجودی کە لە هەر تەکان و ڕاچڵەکبنێکی سیاسی جیددیدا یەخەی کۆماری ئیسلامی دەگرێ ئەوەیە کە ئەم ئیسلامە و ئەم حکومەتە ئیدیئۆلۆژیکە دینیە پێچەوانەی سروشتە و ناکۆکە بە خواست و ویست و چاوەڕوانیە هەرە سادەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە و کەوتۆتە بەرکەوتنێکی زۆر قوڵ و چارهەڵنەگر. لەگەڵ چاوەڕوانیەکانی کۆمەڵگەیەکی حەفتا هەشتا میلیۆنی کە بە توندی مەیلی بە ئازادی و بە شێوە ژیانی ڕۆژڕاوایی هەیە و لە پێناو بە دەستهێنانی ئەم لانیکەمانەی ژیان و ئازادی و خۆشگوزەرانی جەنگی خۆی و حوکمی خۆی لە دژی ڕاگەیاندوە.

گومانی تێدانیە کە خەڵکی کرێکار و ئازادیخواز کە بە خوێنی سەری ئەم ڕژێمە ئیسلامیە تێنون هەر فرسەتێک بە کار دێنن بۆ ئەوەی کاری کۆماری ئیسلامی یەکلا بکەنەوە. بە کورتیەکەی دەمەوێ بڵێم ئەم ڕژێمە لەگەڵ چەندین حەتمیەتی گەورە بەرەو ڕووە کە سەری ئەو سەری هەر کامیان حەتمیەت و پێویستی نەمان و لە ناوچونی کۆماری ئیسلامیە!

کۆماری ئیسلامی نە دەتوانێ لەسەر سەرکشیەکانی خۆی و لەسەر دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئەمریکا و ئیسرائیڵ سازش بکا و بگۆڕێ بە ڕژێمێکی دەستەمۆ کە وازی لە هاتوهاواری جیهادی ئیسلامی و تیرۆر و قودس و هێنابێ و نە لە ئێرانیش دا دەتوانێ واز لە خەسڵەت و فەلسەفەی بوونی وەک ڕژێمیکی دینی و ئیسلامی بهێنێ و تەسلیمی سکولاریزم و ئازادیخوازی گەورەی ئەمڕۆی ئێران بێت. تەسلیم بوون بە هەر کام لەوانە یەک مانای هەیە ئەویش کۆتایی کابوسی کۆماری ئیسلامیە.

براهیم حسێن

١٣.٦.٢٠٢٥




کتێب\ دەق و خوێندنەوەی رەخنەگرانە.. نووسینی عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




جەنگی دڕندەکان ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ دەبا؟!.. ئاسۆ کەمال

جەنگی دەوڵەتەکانی ئیسرائیل و ئیران، سیما و وێنای ئایندەیەکی ڕاستەقینەی پڕ لە مەترسی لە ئێستاوە نیشانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدا. قسەکانی هەردوو لای ئەم شەڕە بەسە بۆ ئەوەی کە بزانین چۆن دوو هێزی دڕندەی سەرمایەداری لەم ناوچەیەدا باشترین ئەکتەر و کارەکتەری ئەم دەورەیەی دڕەندەکانی سەرمایەن، کە دەوری سەرەکی دەبینن لە دیاریکردنی ئایندەیەکی تاریک و پڕ شەڕ و نائارامی و هەژاری و قەیرانی ئەم ناوچەیەدا. ئەمە دەورەی دڕندەکانی سەرمایەیە، کە ئەمڕۆ لە ئۆکرانیا و فەلەستین و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا دەیانەوێ لە ڕێگەی شەڕەوە هاوسەنگی هێزی نێوان خۆیان بگۆڕن لە پێناو دابەشکردنەوەی ناوچەکانی کاریگەری دەسەڵات و بەجێهێنانی پڕۆژە ئابوری و سیاسیەکانیان.
ئەم شەڕە ئاڵۆزیەکی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکەدا دروست دەکا کە شەڕەکانی کەنداوی دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە چاویاندا سادە دەبن، یان تەنانەت لە چاو شەڕی ئۆکرانیا و روسیادا کە چوارچیوەی شەڕەکان تا ڕادەیەک دیاریکراوە.

ئەم شەڕەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ساڵێکە دەستی پێکردوە و لە قۆناغی شەڕی نوێنەرەکانی کۆمار ئیسلامی ئێرانەوە ئێستا گوازراوەتەوە بۆ شەڕی ڕاستەوخۆی ئەم دەوڵەتە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا و ئەمەش چاوەڕوانی تەقینەوەی گەورەتر و فراوانبونەوەی مەیدانی شەڕ و کارەساتی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتری بەدواوەیە.
هەرچەند بەرژەوەندە ئابوریەکانی بازاڕی جیهانی سەرمایە و نەوت سنوری فراوانبونەوەی ئەم شەڕە بەرتەسک دەکەنەوە لە ئێستادا و هیچ کام لە وڵاتە زلهێزەکان خوازیاری ئەوەش نەبن کە پڕۆژە ئابوریە ستراتیژی و سەرچاوەکانی وزە لە ناوچەکەدا بوەستن، بەڵام ناکۆکی بەرژەوەندیەکان و پڕۆژەکانی ڕیگای ئاوریشمی چین یاخود بازاڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێی ئەمریکا کە سعودیە و ئیسرائیل هاوبەشە سەرکیەکانی بن، خۆی لە ژێر ئاگری ئەم شەڕەدا چارەنوسیان دیاری دەکرێت.
شەڕی ئەم لایەنە دژ بەیەکانی بورژوازی و حکومەتەکانیان لەسەر بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی و هەژمونی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوەتە مایەی بە قوربانی بونی زیاتری کرێکاران و خەڵکی هەژاری ئەم ناوچەیە و کوژران و هەژارتر بوون و ڕیگری بەردەم سەرکەوتنی ناڕەزایەتی و ڕزگاربون لەدەست ئەم دڕندانەی سەرمایەداری ناوچەکە و دەسەلاتدارانی جیهانی سەرمایە.

ئەوە گرنگە کە ئەمڕۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئیران و ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی هەردوو بەرەی جەنگەکە بن. بەڵام پیویستە بزانین کە ئەم دڕندانەی سەرمایەداری ئەمڕۆ درێژە بەم شەڕەی خۆیان دەدەن و سەرکوتی هەموو ناڕەزایەتیەک دەکەن دژی دەسەڵاتی شەڕخوازانەی ئەوان بێت. ئێمە دەبێ وەک بەرەیەکی یەکگرتوی سەربەخۆی چینایەتی دژی هەموو لایەنەکانی ئەم دەورەیەی دڕندایەتی سەرمایەی جیهانی و ناوچەیی بوەستینەوەو هەنگاو دژی شەڕ و دەسەڵاتی هەردوو بەرەی ئەم شەڕە بنێین، و تەنیا بەم هێزە ڕیکخراو و یەکگرتوەمانەوە دەتوانین پارێزگاری لە ژیانی خۆمان بکەین، و نەبینە قوربانی جەنگی دڕندەکانی سەرمایەداران.




شانـۆی مامـۆسـتا و شـلـیک.. وەرگـێڕانی لە عـەرەبـیـیەوە: رەزا شـوان

نـووسـەر: مـدونة مـعـلـمي (بلـۆگی مامـۆسـتاکەم)

شانۆیەکی کۆمیدییە
کـارەکـتەرەکـان
١ـ قـوتابیانی پـۆلێ شەشەمی بنەڕەتی
٢ـ مامۆستای بـیرکـاری
٣ـ سەرپـرشـتـیار
٤ـ پـوورە نەخـشین ـ کارگـوزاری قـوتـابخـانە
شـوێـن:
١ـ قـوتـابخـانە
٢ـ ژوری پـۆلـێ شـەشـەم

شانـۆی مامـۆسـتا و شلـیک

(قـوتـابییەکـان دەچـنە ناو پـۆلەکەیانەوە. دوابـەدوایـانـد مامـۆستای بیـرکـاریـش دێـتـە نـاو پـۆلـەکەوە..)
مامـۆسـتا: رۆژتـان بـاش
قـوتـابییەکان (بەپـێـوە وەستاون): ژیـانـت بـاش
مامـۆسـتا: فەرمـوون دانـیـشن

(مامۆستا جانتا بچکۆلەکەی لەسەر مێزە بچـووکە دادەنێـت.. ژاوی ژاوه قـوتابـییەکان پـۆلـەکـەی پـڕ کـرد..).
مـامـۆسـتا: بێـدەنگـبن.. رۆڵەکـانـم ئەم وانەیە بە پـرسیارێکی سادەی بیـرکاری دەست پێـدەکەیـن.
(مامۆستا لەسەر تەخـتە رەشەکەدا، پـرسیارەکە دەنـووسـێت.. بە دەنگـێکی بـەرز بـۆ قـوتابییەکـانی دەخوێـنێتەوە..)
مامـۆسـتا: باوکـم کـێکـێکی گەورەی شـلـیکی کـڕی. کـە کــێـشی (٣٠٠٠) گـرام بـو. ویـستی بـیکاتە (٤) پارچـەوە (بەشـەوە).
پـرسیارەکە ئـەوەیە: کـێشی هـەر پارچـەیەک چەنـد گـرام دەبـێـت؟
قـوتـابییەکان (بەیەک دەنگ): بـەڵی مامـۆسـتا.
مامـۆسـتا: هـیچ پـرسیارێکـتـان دەربـارەی پـرسـیارەکە هـەیە؟
گـوڵچـین: مامۆسـتا کاتـێک کە پـرسیارەکـەت بە (بـاوکـم) دەستی پـێکـردووە، ئایا مەبـەسـتـت لە وشـەی باوکـم، (بـاوک) ی خـۆتە، یان (بـاوک) ی ئـێـمەیە؟
مامـۆسـتا: مەبەسـتم بـاوکی تـۆیە.. گەمـژەییـە کە مەبەسـتم بـاوکی خـۆم بـێـت.
گـوڵچـین: کەواتە بە داخەوە، چـونکە باوکـم کـێکی شلیک ناکـڕێـت. لە ترسی لەش خـوران و سـووربـونەوەی رووخـساری.
دیـلان: بـەڵام باوکـم حـەزی لە کـێکی شــلـیکە.
مامـۆسـتا: بەسە، بەس قـسەبکەن، ئـێـمە لە ئێستادا باسی کـێشەی خـێزانی ناکـەین. کـێکی شلـیک بە کـێکی سـێو دەگـۆڕم.. رازیـن؟
قـوتـابییەکـان: بـەڵێ
(مامـۆسـتا تەخـتەســڕەکە دەگـرێتە دەستی و وشەی (شـلـیک) دەسـڕێـتەوە و لە شـوێـنیــدا وشـەی (سـێـو) دەنووسیـت… )
مامـۆسـتا: ئێستا دەتـوانـن کاربکەن و وەڵامی پـرسیارەکە بنـووسـن.
(قـوتـابیـیەکـان دەسـت بە کـارکـردن دەکـەن.. تەنیـا یەکـێکـیان نەبـێـت، کە بە دۆژدامـانەوە. سەیـری مامـۆسـتا دەکـات)
مامـۆسـتا: چـیـت دەوێـت؟
شاگـوڵ: سەبـارەت بە باوکـم لـەم پـرسـیارەدا.
مامۆستا (بە تـوڕییەوە): چی بەسەر باوکت هـاتـوە؟ ئایا حەزی لە کـێکی سێو نییە؟
شاگـوڵ: بەڵی حەزی لە کـێکی سـێو هـەیە.. بەڵام!
مامـۆسـتا: بـەڵام چی؟
شاگـوڵ: باوک و دایکـم لە یەکـتری تـۆراون ـ لە دەقـە عـەرەبییەکەدا جیابـونەتەوە ـ
مـن لەگەڵ دایکـمـدا دەژیـم. پـێـموایە دایکـم شایـەنی کـڕیـن و بـڕینی کـێکەکەیە.
(مامۆستا سەیری تەختەڕەشەکە دەکات و پاشان سەیری قوتابییەکان دەکات، بۆ ماوەی ساتێک دودڵ دەبێت.. پاشان بە خـێرایی و بە رقەوە، وشەی ” باوکـم ” دەسـڕێتـەوە و لە شوێـنی وشـەی” دایـکم” دەنـووسێـت.. ).
مامـۆسـتا: ئا ئـەمـە جـێی رەزامەنـدیی تـۆیـە؟
گـۆران (بە شـەرمەوە دەستی بەرزکـردەوە): مامـۆسـتا ببـورە، مـن بە پـێچەوانـەی شاگـوڵ، دایک و باوکم لە یەکـتری زیـز بـونە، مـن لەگـەڵ باوکـمـدا دەژیـم، ئەویـش ئـەو کەسەیەیە، کە شایەنی بـڕیـنی کـێکـەکـەیە.
(ماموستا سەری دەخـورێـنی، بە تـوڕەییـەوە، دەچـێت بۆ لای تەختەڕەشەکە، وشەی “دایـکـم” دەسـڕێتـەوە و لە شـوێـنیدا دەنـووسێـت “مـن”.. )
مامـۆسـتا: پـێـمـوایـە ئێـستا هـیچ کـێـشەیـەک نـیـیە. هـەریـەکە لە ئـێـوە دەتـوانێـت کـێکـێکی سـێو بکـڕێـت و بـیـبڕێـت. وا نـیـیە؟
تابـان: (بە دەنگـێکی بەرز): بـەڵێ
شـاهـۆ: مامۆستا کـێـشەی نـرخەکەیـمان هـەیە. کـێکـێکی گـەورە نـرخەکەی گـرانە. منـیش پارەم نـییە کـێکـێکی وا جـوان و بەتـام بکـڕم. دەبێـت تەنها سەیـری بکەم و زەقـەی چـاوم بێـت.

(مامۆستا بە بێزارییەوە وشەی “گەورە” دەسڕێتەوە و لە شوێنیدا وشەی”بچووک” دەنووسێت..)

مامـۆسـتا: ئـێـستا ئارام بـویـتەوە؟ .. دەتـوانـیـت کـێکـێکی بچـووک بکـڕیـت.
شـاهــۆ: بـەڵێ ، پـێمـوایە دەتـوانـم.
گـوڵـچـین: مامۆستا هـەڵەیەک لە پـرسیارەکەدا هـەیە. پـێموایە کە کـێکـێکی بچووک، کـێـشی (٣٠٠٠) گـرام نـیـیە. دەبـێـت کێشەکەی کەمـتر بـێـت.
مامـۆسـتا: کـێـشی ئـەم کـێکە نەفـرەتیـیە دەگـۆڕم. (سـفـرێـک لە “٣٠٠٠ ” رەکـە دەسـڕێتـەوە و دەبێـت بـە “٣٠٠ ” گـرام )
مامـۆسـتا: مـن پـرسیارەکە دەخوێـنـمەوە. سەرنج دەخـەمە سەر چەمکی (مـن، سـێو، ٣٠٠ گـرام ).
قـوتابییەکان: بـەڵی مامـۆسـتا.
شەمـاڵ: مامۆستا، ئـەی نابێـت لە شـوێنی “مـن” کێکـێکی سێوم کـڕی. بیـسڕیتەوە و بیکـۆڕیـت بە (مـن و دایکـم و باوکـم) چـوویـن کـێکـێکی سـێومـان کـڕی؟
مامـۆسـتا (بە تـوڕییەوە): ئەی بۆ ناڵێی (من و دایکم و باوکم و خەڵکی کۆڵانەکەمان) چـوویـن کـێکـێکی سـێـوی بچـووکـمان کـڕی؟
(هەمـوو قـوتـابییەکان دەسـتیان بە پـێکەنـین کـرد)
دیـلان: مامـۆستا نامەوێـت قسەکانـت پێ بـبڕم. بەڵام ئەگەر کێکێک بەم کـێشە بچـوکە (٣٠٠ گـرام) بکـڕم، ناتـوانـم بەسەر (٤) کەسـدا دابـەشی بـکەم. مـن (٧) خـوشـک و بـرام هـەیە. نامـەوێـت هـیچـیان لە خـواردنی ئـەم کـێکە خـۆشـەدا بـێـبەش بـکەم.
هـەڵـۆ: ئـێـمـەش (٥) کەسـین، بـەڵام داپیـرەم بەهـۆی کـلـۆری ددانـەکـانیـیەوە حـەزی لە خـواردنی کـێک و شـیرینی نیـیە. بـۆیە لەبـەر دڵی داپیـرەم مـن کـێک نـاکـڕم.
(ئـاژاوە و ژاکـە ژاک دەکەوێـتە پـۆلـەکەوە، هـەر قـوتابـییەک دەیـەوێـت، کـێـشەکەی خـۆی بخـاتە بـەردەم مامۆسـتا).
مامـۆسـتا (هـاواردەکات): بەسە.. بەسە.. چـییە ئەم گەڕەلاوژەییە (بێ ئەوەی هەست بـەوە بکات کە دەسـتی بە تـۆزی تەبـاشـیرەوەیـە.. نـاوچـەوانی بـە دەسـتی سـڕی…) بـەو پـێیەی کە ناتـوانـن کـێکـەکە بەسـەر (٤) کەسـدا دابـەشی بـکەن. لەسەر ئـەوە رێکـدەکەویـن کە بەسەر ژمارەی پـۆلەکەمان (٢٣) قـوتابی (١٢) کوڕ و (١٠) کـچ و مـنی مامـۆسـتاتـان دابەشی بکەن.
(مامـۆسـتا ژمـارە “٤” دەسـڕێتـەوە و لە شـوێنیـدا ژمـارە “٢٣” دەنـووسـێـت..)
(هەمـوو قـوتابییەکان سەرقـاڵی کارکرن و دابەشکـردنەکە بـوون.. جگە لە دوانیـان نەبێـت، کە شاهـۆ و گـۆران بـوون، بە دەنگـێکی نـزم گـڤـتـوگـۆیان دەکـرد..).
مامـۆسـتا: ئاگـادارتان دەکەمـەوە، وشەیەک لە دەمـتان و دەربـچـێت.. سـزاتان دەدەم.
گـەشبین: ببـورە مامـۆسـتا، مـن نامەوێـت و پـێـم جـوان نـییە، پارچەیەکی هـاوشێوە و هـاوکێش و قەوارە بچووکی وەک ئەوەی ئێـمە، بـدرێت بە مامۆستاکەمان، تۆ لە ئێمە گەورەتـریـت، دەبێـت پارچەکەی تـۆ گـەورەتـر بێـت لـەوەی ئـێـمە.
مامـۆسـتا: مـن نە پارچـەی گـەورە و نە پارچـەی بچـووکـم دەوێـت.. ئـەوە بەسـە.
(لـەم کـاتەدا سەرپـەرشتـیار دێـتـە نـاو پـۆلـەکـەوە.. )
مامـۆسـتا: هـەستـن
(قـوتـابییەکـان ـ وەک رێـزگـرتـن لە سەرپەرشـتـیار ـ هـەڵـدەسـتن… )
سەرپەرشـتـیار: رۆژتـان بـاش.
قـوتابییەکان و مامـۆسـتا: رۆژی بەڕێـزتـان باشـتربـێـت
سەرپەرشتیار: فـەرمـون دابـنیشن.
(سەرپەرشتیار دەچێتە دواوەی پۆلەکە و لەسەر تەختەدانشتنێک دادەنیشێت و پێنووس و لـێنووسێک دەردەکات.. لە پـرسیارە نووسراوەکەی سەر تەختەڕەشەکە دەڕوانێت..)
سەرپەرشتیار: ئەم پـرسیارە، هـەڵەیەکی تێـدایە. مایـەی پـێکەنینە، کە کـێکی بچووک بەسـەر (٢٣) کەسـدا دابـەش بکـرێـت. ( سەرپـەرشـتـیار پـێـدەکـەنـێـت).
مامۆستا: ئەمە هەڵە نـییە. بەڵام قـوتابییەکان.. (سەرپـەرشتیار قسەکانی پێـدەبـڕێـت)
سـەرپـەرشـتیار: پـێـمـوایە تـۆ مانـدویـت.. پـێویـستیـت بـەوە هـەیە پشویەک بدەیت.. ئـێـمە هـەڵـەکە راسـت دەکەینـەوە.. ئەگـەر بتـەوێـت ئـەم کـێکە بەسەر (٢٣) کەسدا دابـەش بکەیـت، دەبـێـت کـێکەکە گـەورەتـر بـێـت.
(سەرپەرشتیارەکە، تەخـتەسـڕکە بە دەستییەوە دەگرێـت و بە دەستەکەی تری پارچە تەبـاشـیرێک هـەڵـدەگـرێـت.. وشـەی کـێکـێکی (گـورە) دەسـڕێتـەوە و لە شـوێـنیـدا دەنـووسـێت (بچووک). پاشان سفـرێـک بۆ (٣٠٠) گـرامەکە زیـاد دەکات و دەیکات
بە (٣٠٠٠) گـرام. دوبـارە پـرسیارەکە دەخـوێـنـێـتەوە..)
سەرپەرشـتیار: دابەشکردنی کێکەکە بەسەر (٢٣) دا قورسە. با بیسڕینەوە و بیگۆڕین راستر وایـە کە بیکەین بە (٤) کەس. پاشان وشەی (مـن) یشی سڕییەوە. لە شـوێنیدا، وشەی (بـاوکـم) ی نـووسی. ئـێـستا پـرسیارەکە روونـە.
(لـەم ساتـەدا زەنگ لێـدەدرێـت. سەرپەرشـتیار خەریـکە بـڕوات، مامۆسـتا ماڵـئاوایی لـێدەکـات. دوایی قـوتـابیـیەکـانـیـش مـاڵـئاوایی لـە مامـۆسـتاکـەیـان دەکـەن…)
(پـوورە نەخـشـین کارگـوزاری قـوتـابخـانـەکە، دەچـێـت بـۆ بـەردەم دەرگـای پـۆلـەکە. هـەواڵـی تەلەفـۆنکـردنی ژنـەکەی مامـۆسـتا، بە مامـۆســتاکە دەدات.. )
پـورە نەخـشـین: مامـۆسـتا ژنـەکـەت پـێـش کەمـێک بـەر لە ئـێستا، تەلەفـۆنی کـرد. سـەرپەرشتیارەکە لە پـۆلەکـەدا، بـۆیـە بانگـتـم نەکـرد..
مامـۆسـتا: ئـەی ئـەو چی دەوێـت؟
پوورە نەخشین: بۆ ئەوە تەلەفۆنی کرد، بیرت بخاتەوە کە کێکێکی شلیکی بۆ بکڕیت.
مامـۆسـتا (زۆر بـە تـوڕەیـیەوە): چی، کـێکـێکی شــلـیک؟
(مامۆسـتا جانتـاکەی فـڕێ دایـە ناو پـۆلەکە، بە نێـو ریـزەکانی تەخـتەدانیـشتنەکانی پـۆلەکـەدا دەهـات و دەچـوو.. )
مامـۆسـتا: نامـەوێـت جـارێکی تـر، گوێـم لە وشـەی شـلـیک ببـێـتەوە. نا نامەوێت.. رقـم لە شـلـیکە.. رقـم لە شــلـیکە.. رقــم لە کـێکی شـلـیکە.. رقـم لـە کـێکـیـشە.

ـ کـۆتـایی ـ