جەنگ و فریودان.. ئەکرەم سەعید

(فریودان و خێرایی و شۆک بنەماکانی هێرشکردنە)- سون تزو

کاریگەری کتێبی{هونەری جەنگ}ی فەیلەسوفی سەربازی کۆنی چین(سون تزو) لەسەر هزری سەربازی وڵاتانی جیهان زۆر مەزنە. سون تزو ئامۆژگارییەکانی خۆی لەیەک دەربڕیندا پوختکردۆتەوە:{جەنجاڵی لە ڕۆژهەڵات، گورزوەشاندن لە ڕۆژئاوا}، ئەمەش ڕێک ئەو شێوازەیە کە دوژمنەکانی روسیا لەم لێدانەی دوایی روسیا بەکاریان هێناوەو پۆتی(پۆتین)یان شکاندووە، چونکە ئەوان گورزیان لە چەکی ستراتیژی روسیا وەشاندووە، بەڵام روسیا تەنها دەتوانێ بۆردومانی ئەو شوێنانە بکات کە هێندە ستراتیژی نین، و بایەخیان هێندەی فرۆکەکانی روسیا نییە. ئایا روسیا بژرادەێکی دی هەیە بۆ لێدان و تۆڵەکردنەوە بێ ئەوەی ببێتە مایەی جەنگێکی کراوە لەتەک ناتۆ؟ وە ئایا روسیا جارێکی دی هانی ئێران و کۆریای باکوور دەدات بجوڵێن و هێندەی دی ئاگری جەنگ خۆش بکەن؟!.
چەند ڕۆژ لەمەوپێش چاودێرانی سیاسی و سەربازی باسیان لە هاوینێکی گەرم دەکرد، لە دوێنێوە سەرەتاکەی لە”ئەڵەمانیا و بەریتانیا”دەرکەوتووە، چونکە نوخبەی جەنگی ئەو دوو وڵاتە پلەی گەرمایان بەرز بۆتەوەو تەپڵی جەنگ دەکووتن؛ ئەڵەمانیا سوپاێکی بەهێز پێکدەهێنێ و بەریتانیا باس لە فڕۆکە و غەواسەی ئەتۆمی دەکات.

  • ئەمەریکا و فریودانی ستراتیژی
    ئەمڕۆکە “ترەمپ، پۆتین، نیتنیاهۆ، خامنەئی،، هتد”، گووتەکەی پاشای ئیمپراتۆریەتی ئاشور دەڵێنەوە:
    {لە پێشم شارەکانە و لە پشتمەوە وێرانە}.

ئەمەریکا توانی بە بەڵێنی هێورکردەنەوەو دانوسان دوژمنەکانی فریو بدات، و بە دوایدا گورزی سەربازی کوشندە لە سێ دوژمنی خۆی بدات:
۱/ لێدان لە حیزبوڵڵای لوبنانی وکوشتنی سەرکردەکانی، لە کاتێکدا دوو ڕۆژ پێش ئەوە بەڵێنی ڕێکەوتن هەبوو.
۲/ لێدان لە فرۆکە ستراتیژە ئەتۆمیەکانی روسیا لە کاتێکدا بەڵێن بوو لە ئەستەمبوڵ دانوسان بۆ ئاشتی بکرێ – ئۆپراسیۆنی تۆڕی جاڵجاڵۆكە.
۳/ لێدان لە سەرکردەی سەربازی و زانایانی ئەتۆمی ئێران لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە کاتێکدا بەڵێن بوو کە ڕۆژی یەک شەممە دانوسان بکرێ-ھێرشی ئیسرائیل بە ناوی(شێری راپەریو).
ئەمە یانی بەڵێنی هێورکردنەوەو ئومێد بەئاشتی لە ئەنجامی دانوسان وەک حەبی خەو بەکارهێنراوە تا دوژمن دڵنیا بێت و هەستی ئەمنی سڕ بکرێ، بەڵام لە پڕ گورزی سەربازی کوشندەی لێدەدرێ – {ترەمپ نیوەڕۆی پێنج شەممە گووتی:”من ئاشتیم دەوێ لەتەک ئێران، بەڵام ئیسرائیل گەرەکیەتی لە ئێران بدات، ئەما ئەو لێدانە بەم نزیکانە نییە”- ترەمپ ئەمەی لەکاتێکدا گووت کە دەیزانی پاش چەند کاتژمێرێکی دی لە ئێران دەدرێ}.
فریودانی ستراتیژی ئەمەریکا لەوەدا بەرامبەر دوژمنەکانی سەرکەوتووە کە توانیویەتی قەناعەت بە دوژمنەکانی بکات کە ئەوە وەکیلەکانی/ تانجیەکانی ئەمەریکایە(ئۆکراینا و ئیسرائیل)جەنگتان لەتەک دەکەن نەک ئەمەریکا خۆی، لێرەوە بەرپەچدانەوەی(حیزبوڵڵای لوبنانی، روسیا و ئێران)لە سنووری لێدان لە وەکیلەکانی ئەمەریکا قەتیس کراوە، بەمە ئەمەریکا خۆی پاراستووە لە زیان بەرکەوتن، و دوژمنەکانی لە بازنەێکی داخراودا دەخولێنێتەوە کە بە”فێڵ و شۆک”چوارپەلیان دەبڕێ.

  • ئێران و شەیتانی گەورە
    مەلا دەسەڵاتدارەکانی ئێران وەک هەموو ئەحزابی سیاسی بۆرژوازی تری سەردەمی ئێمە پراگماتیزمن/ ۱. بۆیە گەرچی ئەمەریکا بە شەیتانی گەورە ناو دەبەن، کەچی دانوسانی لەتەکدا دەکەن. دیارە نەک تەنها ئیسلامی سیاسی ئێران کاری وا دەکات، بەڵکە بۆ نموونە(ئەبو مەحەمەد جۆلانی)و بزووتنەوەی سەلەفی جیهادی، هاوکاری”ئەمەریکا/کافرەکان”دەکەن، و بڕێکیش لە چەپ(بەتایبەتی لە کوردستانی سوریا)هاوپەیمانی ئیمپریالیسمی ئەمەریکان، و زۆر کەم لە کۆمۆنیستەکانی ناوچەکە ڕەخنە لە کوردەکانی سوریا دەگرن، چونکە پراگماتیسم بۆتە میتودی زۆرێک لە کۆمۆنیستەکانیش.
    دانوسانی مەلاکانی ئێران لەتەک ئەمەریکا ئەگەر بگاتە ڕێکەوتن، ئەوە باڵی ئیسڵاحی ئیسلامی سیاسی ئێران بەسەرکەوتنی دەزانێ بۆ میتودە پراگماتیسمەکەی، وە ئەگەر ڕێنەکەوتن و بووە جەنگ، ئەوا باڵی موحافزینی مەلا توندڕەوەکان دروشمی(مەرگ بۆ ئەمەریکا)زیاتر بەرز دەکەنەوە.
    لە دوێنێوە هەلومەرج لە ناوچەکەدا گرژ بووە، ئەگەری هەیە گەر ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتن بە بنبەست بگات، ئەوا ئاگری جەنگ ناوچەکە دەسوتێنێ. ئایا ئەمەریکا ڕێ دەدات بە جەنگ لە ناوچەکەدا کە سەرچاوەی بڕێکی زۆری وزەی نەوت و گازە بۆ جیهان و ڕێگای بازرگانی دەریایی کاڵاکانە؟!.
    ئایا جەنگ دەبێ؟ لەڕاستیدا درگا لەبەردەم هەموو ئەگەرەکان کراوەیە، بەڵام ئابووری جیهانی سەرمایەداری بەرگەی کارەساتێکی گەورەی لەوچەشنە ناگرێ، مەگەر دەسەڵاتدارانی چینی بۆرژوازی تەواو ئەقڵی لەدەستدابێ.
    لە سەردەمی کۆندا ئیمپراتۆریەتی ڕۆمای مەزن نەیدەهێشت جەنگ نزیک وڵاتی میسر ببێتەوە، چونکە ڕوباری نیل و کێڵگە گەنمەکانی میسری کۆن سەبەتەی خۆراکی ڕۆما بوو. ئایا ئەمڕۆکە ئەمەریکای مەزن ئامادەیە کێڵگەی نەوت و گازی کەنداوی عەرەب بسووتێ؟ دەشێ بەم نزیکانە وەڵامی ئەو پرسیارە وەرگرینەوە.
  • ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران یان لاوازکردنی

“ جەنگ مەملەکەتی تەمومژییە ”- کارل ڤۆن کلاوزێڤیتز
یەکێک لە تیۆرییە بەناوبانگەکانی بیرمەندی ستراتیژی سەربازی“کارل ڤۆن کلاوزێڤیتز”دەربارەی جەنگ، ئەو تیۆرەیە کە پێی دەوترێت “تەمومژی جەنگ ”؛ واتە شەڕەکان سوپرایزیان تێدایە، بۆیە کردەوەکان هەتا ڕوونەدەن ناتوانیت بیانزانیت. ئەمە مرونەتی گۆڕینی پلانەکانی جەنگە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، کە زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردنی گۆڕانکارییە فریاگوزاریەکان و کەمکردنەوەی هەڵەکان. بەم مانایە تەمومژی شەڕ ڕەنگدانەوەی ناتەبایی لەنێوان(ڕواڵەت و حەقیقەت) یان جیاوازی هەواڵ و ئەوەی بەڕاستی لە پلانی جەنگدا هەیە دەگەێنێ، کە دەبێتە هۆی چەواشەکاری و فریودان.
لەم تێگەیشتنەوە دروست نییە دەربارەی ئەم جەنگەی ئێستا وەک زانیاری باس لە ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران یان لاوازکردنی* بکەین، بەڵکە وەک ئەگەرێکی شیکارەکەمان بیخەینە ڕوو. بۆیە من سەرم سوڕماوە لەو کەسانەی لە سۆشیال میدیا دەنووسن: ئەم جەنگە فراوان نابێ و نابێتە جەنگی ناوچەیی، ڕژێمی ئێران یان ئیسرائیل دەڕوخێ؟. ئەمە چۆن دەزانن؟ گەر زانیاری نەبێ، وە چۆن زانیاری دڵنیامان هەیە خۆ کەس لە ئێمە بەشداری کۆبوونەوە نهێنیەکان کۆشکی سپی نییە! بەڵکە وەک شیکار دەتوانین بڵێن: ئەم جەنگە دەشێ فراوان نەبێ یان فراوان بێ، و ئامانجی ئیسرائیل و ئەمریکا لەم جەنگەدا ڕوخاندنی ڕژێمی ئێرانە لەژێر ناوی نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بەڵام دەشێ ئەم ئامانجە بە پرۆسەێکدا تێپەڕێ کە بە لاوازکردنی ڕژێمەکە دەست پێ دەکات، هاوشێوەی(نەک کۆپییەی) پلانی ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام حوسین لە عێراقدا.
دوای ئەوەی ساڵی ۱۹۹۱ لە هێزەکانی سەدام درا، هانی خەڵکی عێراقیاندا(ڕاپەڕن/هەڵپەڕن)، دواتر هەرێمی کوردستانیان لە دەسەڵاتی سەدام جیاکردەوە، و بۆ چەند ساڵ ڕژێمەکەی سەدام بەلاوازی هەر مایەوە تا ساڵی ۲۰۰۳ بە تەواوەتی کۆتاییان بەو گەمەیە هێناو دۆزەخی ئێراقێکی دیموکراتی ئەمەریکیان دامەزراند.
ئەمڕۆکە لێدانەکان لە(ناوچەکان، دەزگاکان، ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش)ی ئێران، مەبەستی لاوازکردنی ڕژێمەکەی پێوە دیارە، وە ئامادەکردنی(سازمانی موجاهیدین، ئەحزابەکانی کوردەکان: پژاک، دیموکرات و کۆمەڵەی عەبدوڵڵا موهتەدی، سوپای دادگەریی بلوچستان، عەرەبەکانی ئەحواز و هێزەکانی پەهلەوی،، هتد) ئاماژەیە بۆ سیناریۆی ڕاپەڕینی خەڵک دژی ڕژێم بۆ ڕماندنی یان لاوازکردنی.
بێگومان ڕژێمی ئیسلامی سیاسی لە ئێران سەرکوتگەر و کۆنەپەرستی سەرمایەدارییە، کە دەستی بە خوێنی هەزارەها مرۆڤی ئێران و ناوچەکە سوورە، هاوشێوەی ڕژێمە بەناو دیموکرات و مەدەنییەکەی یەهودی سیاسی لە ئیسرائیل کە ئەویش دەستی بە خوێنی هەزارەها منداڵی غەززەو خەڵکی مەدەنی ناوچەکە سوورە. . ئاشکرا بووە کە شۆڕشە ڕەنگاوڕەنگەکان(لە نموونەی بەهاری عەرەبی) کە دەستکردی دەزگاکانی هەواڵگری ئەمریکایە، لێرەدا وەک ئەنجامی سیاسی جەنگی ئەم دوو دەوڵەتە دڕندانە دەردەکەوێت، کە بێگومان ئەم بەناو ڕاپەڕینەی جەماوەر بەهیچ شێوەێک ئازادی و دادپەروەری ئامانجی نییە، بەڵکە ئامانج گۆڕینی ڕژێمەکانی ناوچەکەیە بۆ بەرژەوەندی ئەمەریکا بەپێی لیستەکەی ساڵی ۲۰۰۰:(ئەفگانستان، ئێراق، لیبیا، سوریا، ئێران، میسر، تورکیا، وە جائیزە گەورەکە سعودییە).)
ئەما ئەمڕۆکە ئەمەریکا تاکە قوتبی جیهان نییە، و پێویستی بوونی هاوسەنگی لە هاوکێشەی هێزی دوو لایەنەکە:(روسیا چین/ ئەمەریکا و ناتۆ)لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێگا نادات گۆڕانی دەسەڵاتەکانی(ئێران، میسر، تورکیا، ئیسرائیل، سعودییە)بەئاسانی ڕووبدات. دەشێ بە پێچەوانەوە ئەم جەنگە ببێتە مایەی چەقینی قاچی ئەمەریکا لە ئێران، وە ئەمە پلانی چین و روسیا بووبێ بۆیە پاکستان دەجوڵێنن بۆ کۆمەکی مەلاکانی ئێران؛ وە ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی یانی لانیکەم چەکی چەپەڵ، ئەمەش سوپرایزێکی جەنگەکەیە.

  • هەڵوێست بەرامبەر جەنگی ئێران و ئیسرائیل
    لە هەڵوێست بەرامبەر جەنگی ئێران و ئیسرائیلدا مرۆڤ دەبێ هۆشیار بێ نەکەوێتە سەنگەری هیچ لاێکیانەوە، چونکە ئەمە جەنگێکی دادپەروەرانە نیە، و پاساوی دەوڵەتەکانی بەشدار لەم جەنگەدا هیچ ڕەوا و شەرعیەتی نیە. لەڕاستیدا ئەمە جەنگی دەوڵەتە سەرمایەدارە دڕندەکانە، جەنگە بە ئامانجی دەسەڵات و هەژموونی(یا ئێران یان ئیسرائیل)بەسەر ناوچەکەدا، هەر لایەی لە بەرژەوەندی خۆی و بلۆکێکی دەوڵەتە سەرمایەدارەکانی جیهان*. بۆیە ئەم جەنگە، هاوشێوەی جەنگ لە ئۆکراینا، زیان بە ژیان و بەرژەوەندی کرێکاران دەگەێنێ، بەم پێیە ئەوە دروستە کە سەرکۆنەی هەردوو ئێران و ئیسرائیل بکەین، نەک تەنها لاێکیان.
  • شەوەزەنگ و شۆڕشی سۆسیالیستی
    لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەوەزەنگە و جەنگی دڕندەکان کاولکاری لەتەک خۆی دەهێنێ، و زریانی ئەتۆمی لە ناوچەکە نزیک دەبێتەوە. لەو هەلومەرجەدا شانسی هێزێکی ئینسانی و شۆڕشگێر تابتوانێ ئاڵوگۆڕ بە قازانجی ئینسانە بەشمەینەتەکانی ئەو ناوچەیە بکات زۆر کەمە، هەر وەک چۆن سۆسیالیستەکان نەیانتوانی هیچ بەرامبەر جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بکەن.
    بەکورتی من ڕام وایە ئەگەری شۆڕشی سۆسیالیستی کرێکاران لەم خولەدا و لەم ساتەوەختەی جیهاندا شانسی کەمە، چونکە بۆ نموونە هەر لە ناوچەکەی ئێمەدا:(ئیسلامی سیاسی، سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران، پەکەکە، پارتەکەی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، ئەحزابی بەناو دیموکراتی و چەپ و کۆمۆنیست، و دەیەها ئەحزابی لەو چەشنە)هێندە زۆرن، و پاسەوانی سیستەمی سەرمایەداری دەکەن و دەیپارێزن، و چینی کرێکاران پارچەپارچە و ناهۆشیارو خامۆشە، بۆیە سەری سەرمایە سەلامەتە، ئیدی باس لە شۆڕشی سۆسیالیستی باسێکی بێ بەڵگەیە، و ئاواتی دڵ و ڕوانگەی زیهنی بڕێک کەسانی مارکسییە نەک حەقیقەتێکی واقیعی و کۆنکرێت.

۱/ پراگماتیزم ڕێبازێکی فەلسەفییە کە جەخت لەسەر بەکارهێنانی کردەیی بیرۆکەکان و دەرئەنجامەکانیان دەکاتەوە، نەک گەڕان بەدوای حەقیقەتی ڕەهادا، نەک گرنگی دان بە پرنسیپ و مۆڕالی سیاسی. ئەم قوتابخانەیە پێی وایە بیروباوەڕ دەبێت کۆمەک بکات تا کردەوە بەشتی بە سوود بگات، نەک خەریکی مشتومڕی ئاڵۆزی باسی ئەبستراکت بێت. لەڕاستیدا پراگماتیزم بە مانای ئیتیمۆلۆژی وەک پراکتیک پێناسە دەکرێت، و ئەمە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی کۆنی یۆنانی.
پراگماتیزم فەلسەفەیەکە، لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە ئەمریکا لەدایک بووە، کە لە بنەڕەتدا دەڵێت:“هەرچی بەسوود بێت، دروستە”. لە کۆتاییدا پراگماتیزم میتۆدۆلۆژیایەکە کە ڕەگ و ڕیشەی لە ئایدیالیزمی سوبژێکتیڤدا هەیە.
ئایدیالیزمی سوبژێکتیڤ دەڵێت تەنها عەقڵ و هەستە دەروونییەکانمان بوونیان هەیە، یانی شتەکان تەنها تا ئەو ڕادەیە بوونیان هەیە کە هەستیان پێدەکرێت. ئەم ئایدیالیزمە سوبژێکتیڤە خاڵی دەستپێکی پراگماتیزمە. بۆ پراگماتیست هیچ واقیعێکی ماددی هاوبەش و بابەتیی لەگەڵ یاسا گشتگیرەکاندا نییە، هیچ شتێک لە ڕووی بابەتییەوە ڕاست نییە، بەڵکو تەنیا لە ڕێگەی کردەی سوبژێکتیڤی دەبێتە ڕاست، هەر ئیدیعایەک بۆ حەقیقەتی بابەتیی جێگەی خۆی دەداتە هەر شتێک کە بەسوود بێت.
مارکسیست-لینینیستەکان خۆیان بە کەسانی پراکتیکی پێناسە دەکەن، ئەمەش لە تێزی یازدەهەمی بەناوبانگی مارکس لەسەر فویرباخ:“فەیلەسوفەکان بە شێوازی جۆراوجۆر تەنها جیهانیان لێکداوەتەوە، بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە بیگۆڕین”سەرچاوەی گرتووە، لەم تێگەیشتنەوە بەشێک لە مارکسییەکان خۆیان بە“پراگماتیست”دەزانن، بێ ئەوەی درک بەوە بکەن کە(پراکتیکی شۆڕشگێڕی سۆسیالیستی و پراگماتیسم جیاواز و دژ بەیەکن). لەکۆتاییدا پراگماتیزم بەرەو هەلپەرستی هەنگاو دەنێ، چونکە ئەم بۆچوونە پێی وایە کە گرنگ نییە پابەند بین بە بنەماکانمانەوە، بە مەرجێک ئەنجامەکانمان دەست بکەوێت.




بڕیارنامەی 2758: بەردی بناغەی یەک چین.. هەڵۆ حەسەن

لە 25ی تشرینی یەکەمی 1971دا، 26هەمین دانیشتنی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری 2758ی پەسەند کرد- 76 دەنگی بەڵێ، 35 دەنگی نەخێر و 17 دەنگی بێلایەن. ئەم بڕیارنامە مێژووییە مافە یاساییەکانی کۆماری گەلی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا گەڕاندەوە و کۆماری گەلی چینی وەک تاکە نوێنەری شەرعی چین ناساند. لە هەمان کاتدا بەناو “نوێنەرانی چیانگ کای شێک”ی دەرکرد، کۆتایی بە داگیرکردنی درێژخایەن و ناڕەوا لە کورسی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تایوانەوە هێنا،پەسەندکردنی بڕیارنامەی 2758 سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی و سیاسی مۆنۆمێنتال بوو- نەک تەنها بۆ 1.4 ملیار خەڵکی چین بەڵکو بۆ هەموو ئەو نەتەوەوانەی کە یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری و دادپەروەری دەپارێزن. بڕیارنامەکە گەڕانەوەی تەواوی چین بوو بۆ سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێگەی پێدا بە مافی خۆی ڕۆڵی خۆی وەک ئەندامێکی دامەزرێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێبکاتەوە. هەروەها نوێنەرایەتی ئیرادەی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرد و ڕەگ و ڕیشەی لە بناغە یاسایی و مێژووییە ڕوونەکاندا هەبوو،بنەمای یاسایی بۆ سەروەری چین بەسەر تایواندا لە مێژە پێش پەسەندکردنی بڕیارنامەکە دامەزراوە. لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا، جاڕنامەی قاهیرەی ساڵی 1943- کە چین و ئەمریکا و بەریتانیا بە هاوبەشی واژۆیان کردبوو- باسی لەوە کرد کە ئەو خاکانەی ژاپۆن لە چین وەریگرتووە، لەوانە تایوان و دوورگەکانی پێنگو، “دەبێت بگەڕێندرێنەوە بۆ چین.” ئەمەش لە جاڕنامەی پۆتسدام لە ساڵی 1945دا دووپاتکرایەوە، کە ژاپۆن لە ئامرازی تەسلیمبوونیدا وەریگرت.
دوای شکستی ژاپۆن، چین سەروەری بەسەر تایواندا بە هەردوو شێوەی یاسایی و دیفاکتۆ دەستیپێکردەوە و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بابەتەکە یەکلایی بووەوە،بڕیارنامەی 2758 بنەمای یەک چینی دووپات کردەوە. ئەم بنەمایە پێی وایە کە تەنها یەک چین لە جیهاندا هەیە، تایوان بەشێکی جیانەکراوەی خاکی چینە و حکومەتی کۆماری گەلی چین تاکە حکومەتی یاساییە کە نوێنەرایەتی تەواوی وڵاتەکە دەکات. وشەسازی بڕیارنامەکە بە ئەنقەست زاراوەی وەک “کۆماری چین” یان “تایوان”ی بەدەر کرد، نەک بۆ پشتگوێخستنی پرسی تایوان بەڵکو لەبەر ئەوەی کە بەناو “کۆماری چین” وەک حکومەتێکی شەرعی لە دوای ساڵی 1949 بوونی نەمابوو، کە تەنها دەوڵەتە سەروەرەکان دەناسێت،سەرەڕای ئەم چوارچێوە یاساییە ڕوونە، هەندێک لە ئەکتەرەکان- بەتایبەتی لە ئەمریکا- لەم دواییانەدا هەوڵیان داوە مانای بڕیارنامەی 2758 تەحەدا بکەن یان بیشێوێنن. بە ئیدیعای کە بڕیارنامەکە باسی پێگەی سیاسی تایوانی نەکردووە، هەوڵدەدەن بیرۆکەکانی وەک “دوو چین” یان “یەک چین، یەک تایوان” بەرەوپێش ببەن، کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە ساڵی 1971 ڕەتکرانەوە پێچەوانەی ئەو بەڵێنانەن کە ئەمریکا لە سێ بەیاننامە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ چین داویانە، کە تێیدا کۆماری گەلی چین وەک تاکە حکومەتی یاسایی چین ناساندووە و دان بەوەدا ناوە کە تایوان بەشێکە لە چین،بەڵگەنامە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1971ەوە بە بەردەوامی ئاماژەیان بە تایوان کردووە وەك“تایوان، پارێزگایەكی چین”. هەروەها نووسینگەی کاروباری یاسایی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆچوونی یاسایی بڵاوکردەوە و ڕوونی کردەوە کە تایوان هیچ پێگەیەکی جیاوازی لە سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نییە و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هیچ جۆرە دانپێدانانێکی حکومەتیان نییە. ئەم ڕاستیانە بە ڕوونی ئەوە دەردەخەن کە بڕیارنامەی 2758ی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕاستی باس لە پێگەی تایوان دەکات و ڕەنگدانەوەی کۆدەنگییە درێژخایەنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە،تەحەدای بڕیارنامەی 2758 تەنیا پرسیارێک نییە بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو- ئەوە هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر نەزمی نێودەوڵەتی دوای جەنگی جیهانی دووەم. ئەم فەرمانە کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاک و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوە، بنەمای ئاشتی و سەقامگیری جیهانییە. تێکدانی ئەم بناغەیە هەڕەشە لە دەسەڵاتی خودی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و پێشینەی مەترسیدار دەخاتە ناو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان،بۆ زیاتر لە پێنج دەیە، کۆماری گەلی چین چالاکانە بەشداری لە کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کردووە، پێشخستنی فرەلایەنی، گەشەپێدان، ئاشتیپارێزی و هاوکاری نێودەوڵەتی. بڕیارنامەی 2758ەوە یەکێکە لە گرنگترین دووپاتکردنەوەکانی دادپەروەری لە مێژووی دیپلۆماسی مۆدێرن. ئەوە تەنها بابەتی سەروەری چین نییە بەڵکو بابەتی پاراستنی ئەو نەزمە جیهانییەشە کە ڕەگ و ڕیشەی لە یاسای نێودەوڵەتی و کۆدەنگی بەکۆمەڵدا هەیە،دەستکاریکردنی سیاسی پرسی تایوان لەلایەن هەندێک وڵاتەوە بۆ دەستکەوتی ستراتیژی لە کۆتاییدا شکست دەهێنێت. ڕەوتی مێژوو و سەروەری یاسا و ئیرادەی گەل هەموویان پشتیوانی لە پرەنسیپی یەک چین دەکەن. بڕیارنامەی 2758 وەک هێمای ئەم ڕاستییە و پایەی دادپەروەری و سەقامگیری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەمێنێتەوە.




کتێب\لە خۆرئاواوە.. نووسینی عەبدوڵڵا سلێمان ( مەشخەڵ)

چەند باسێک دەربارەی ئەدەب و هونەری خۆرهەڵات و خۆرئاوا..

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ئیسرائیل و ئێران …. هاوسۆزی كامیان بین؟!.. سالار باپیر

ئەوانەی بە كەلتووری سلێمانی ئاشنان دەشێت بەسەرهاتی تەنزئامێزی ئەو دوو سەگەیان بیستبێت كە بە شەڕدێن و یەكتر دەخۆن و هەر كلكیان دەمێنێتەوە! بەداخەوە سەرەنجامی ئەم شەڕەی نێوان ئێران و ئیسرائیل وەكو چارەنووسی ئەو دوو سەگە نابێت!
ململانێی نێوان ئەم دوو دەسەڵاتە تیۆكراسییە هۆكارێكی سەرەكییە لە خوڵقاندنی نائارامی ناوچەكە و ڕەخساندنی بیانووی بەردەوام بۆ زلهێزانی دونیا كە زیاتر چەپۆكیان بەسەر ناوچەكەدا بكێشن و بازاڕی بازرگانیی چەكیان لە بوژاندنەوەدا بێت.
ئیسرائیل و ئێران، كە دوو دەسەڵاتی بەهێزن، بەڵام ماندوو و پارانۆیا، ئەگەرچی بە ڕوواڵەت جیاوازن بەڵام لە فرە ڕووەوە هاوشێوەن؛ هەردووكیان لەسەر بنەمای ئایینی ئیبراهیمی پێكهاتوون؛ هەردووكیان هەڵپەیانە، جا بە خۆشی یان بە ترشی، نفوزیان بۆ دەرەوەی سنووریان بگوێزنەوە و دەستبخەنە ناو كاروباری دەوڵەتانیتر و ببنە باڵادەستی ناوچەكە؛ هەردووكیان بە مەبەستی مانەوەیان بە هیچ شێوەیەك سڵ لە پێشێلكردنی یاسا و پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتییەكان ناكەنەوە و؛ هەردووکیان مێژوویەکی ڕەشیان لە ئەنجامدانی تێرۆری نەیارانیان هەتا کوشتار و جێنۆساید هەیە.
دەسەڵاتی ئاخوندانی ڕژێمی ئیسلامی هەر لە هاتنیانەوە بە ئاگر و ئاسن حوكمیان كردووە و ئەمڕۆ دۆخی ناوخۆی ئێرانیان لە فرە لایەنەوە گەیاندۆتە ئەوپەڕی نالەباری. بەڵام هۆشیاریی گەلانی ئێران وەهای کردووە کە لە پاش زیاتر لە ٤٥ ساڵ حوکمی تیۆکراسی و پەت و سێدارە، هەر کۆڵ نەدەن. بەوپێیە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیی کە لە ئەنجامی تیرۆری گەشمردە ژینا ئەمینی هاتەکایەوە، ڕژێمی ناچار کرد کە بیر لە گۆڕینی شێوازی حوكمڕانی دەوڵەت بكاتەوە. هەربۆیە نیمچەچاوپۆشی لە پۆشینی سەرپۆش و حیجاب بەشێكە لە ئەو گۆڕانكاریانە كە دەوڵەت بە ناچاری لە ئێستادا قبوڵی كردووە. بەڵام خۆهەڵخەڵەتاندنە ئەگەر لە ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆی ئێران چاوەڕان بكرێت كە بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ دابین بكات، چونكە ماهیەت و بونیادی ڕژێمەكە وەهایە ئەگەر ئەو كارە بكات لەناودەچێت.
سەبارەت بە ئیسرائیلیش، کە ئەگەرچی لە ڕووی سەربازییەوە بە ڕوونی لە ئێران و هەموو دەوڵەتانیتری ناوچەكە باڵادەستترە، بەڵام تەختکردنی غەزە و پەیڕەویکردنی سیاسەتی كۆمەڵكوژیی لە دژی فەلەستینیەكان بە بێ جیاوازی بە بیانووی وەڵامی کارە دڕندەکانی ڕێکخراوی حەماسی ئیسلامچی، بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئابڕوو و ڕووخساری دەوڵەتی ئیسرائیل و، تەنانەت لە لای هەندێكیش هەموو جوولەكە، لە ناو كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا ناپەسەند و قێزەون ببێت. ڕاستە ئیسرائیل دەوڵەتێکی هاوچەرخانەی دیموکراسیە بەڵام دیموکراسی و هاوچەرخیەکەی هەر تەنیا بۆ خۆی پەیڕەو دەکات و بەرامبەر میللەتانیتری ناوچەکە هاوشێوەی سەرجەم دەوڵەتە نالەبارەکانیتری دەڤەرەکەیە. ئێستا ئیسرائیل لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان لە هەمان ئەو دۆخەدایە كە ئەڵەمانیای بەهێزی هێتلەری ساڵانی كۆتایی سییەكانی سەدەی ڕابردوو تیدابوو!
ئەڵبەتە پێدەچێت گەڕی جەنگی ئەمجارەیان هەتا ڕادەیەكی زۆر یەكلاكەرەوە بێت؛ بە تایبەتی كە کەسێکی شەڕانگێز و نیمچەدیكتاتۆری وەكو دۆناڵد ترەمپ ئێستا سەرۆكی پڕ چەكترین دەوڵەتی جیهانە و هاوكات ڕووسیا سەرقاڵی جەنگی ئۆكرانیایە و دەوڵەتانی ئەوروپاش وەكو پیرێكی ماندوو و لاواز گیرخواردووی دەیان كێشەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی خۆیانن.
ئێمەی كورد وەكو هەموو شتەكانی ترمان لە ئەمەشدا، واتە لە هاوسۆزیی یان لایەنگیریمان بۆ ئێران یان ئیسرائیل، تەبا نین و بە بیانووی جۆراوجۆر بەسەر دوو بەرەی تەواو دژ بە یەك دابەش بووین. بە گشتی ئایینپەرستەكان، كە زۆر و بۆرن، دوور لە هەست و هۆشی مرۆڤانە دوژمنی سەرسەختی جوولەكەن هەر لەبەر ئەوەی وەها تەلقین دراون و تووتیئاسا بەیتوبالۆرەی قاعیدە و داعش دووبارە ئەكەنەوە.
هاوكات كوردە ناسیۆنالیستەكانیش، یان وەكو خۆیان ناویان لە خۆیان ناوە “كوردپەروەرەكان”، بە لۆژیكی نائاقڵانەی “دوژمنی دوژمنم دۆستمە”، هاوسۆز و لایەنگیری ئیسرائیلن و چاوقایمانە بیانوو بۆ كارەكانی دەهێننەوە و، لە هەندێك حاڵەتیشدا تەنانەت بە ئاگایی یان بە بێئاگایی دەبنە بەشێك لە پروپاگەندەی ماشێنی مەزنی میدیای ئیسرائیلی.
نە دەوڵەتی دیكتاتۆریی ئیسلامیی ئێرانی دۆستمانە نە دەوڵەتی دیموكراتیی جوولەكەی ئیسرائیل. ئەڵبەتە بە حوكمی ئەوەی كە خاكی كوردنشین هاوسنووری خاكی فارسنشینە هەربۆیە تاوان و كوشتار و خوێنڕشتنەكانی دەوڵەتی ئێران زۆر زیاترە لەوانەی كە ئیسرائیل بەرامبەر كورد كردوویەتی، ئەگەرنا ئەگەر سنوورمان بە ئیسرائیلەوە بووایە دڵنیام كە باشتر لە كەرتی غەزە مامەڵەی لەگەڵ ئێمەش نەدەكرد!
ناكۆكی ئیسرائیل لەگەڵ فەلەسەتینییەكان و عەرەب لەسەر جیاوازی ئایین و نەژاد نیە، عەرەب و جوولەكە هەردوو سامی نەژادن و ئایینەكانیان یەك سەرچاوەن و هاوشێوەن. ململانێیان لەسەر خاكە.
لە بەرامبەر ئەمەش، كورد و فارس لە ڕووی مێژوو و دابونەریت و زمان و فەرهەنگەوە زۆر لە یەكتر نزیكن؛ تەنانەت بە بۆچوونم بەشێكی زۆر و سەرەكیی فەرهەنگی ئەمڕۆی ئێران دەستكردی ئێمەی كوردە و ناهۆشیاریی و هەڵەیەكی ستراتیژییە كە دەستبەرداری ببین و بڵێین كە ئەوە هەر تەنیا فەرهەنگی فارسیزمانانە و پەیوەندی بە ئێمەوە نیە.
لەبەر ئەوە كاتێك ترەمپی سەرۆكی ئەو ئەمەریكایەی كە خۆی بۆمبی ئەتۆمی بەكارهێناوە و ڕێگری لە ئێران دەكات هەیبێت، هەڕەشەی تەفروتووناکردنی “ئیمپراتۆریەتی ئێران” دەكات، هەر مەبەستی فەرهەنگی میللەتی فارس نیە بەڵكو مەبەستی ئێمەی كورد و سەرجەم گەلانیترە! ئەو هەڕەشە و تێڕوانینە بە سووكزانینەی ئەو بۆ میللەتانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤین هەر تێڕوانینی ئەو نیە، بەڵكو ئیسرائیل و هەموو دەوڵەتانی سپیپێستی خۆرئاوا بە هەمان ئەو تێڕوانینە كۆلۆنیالیزمە خۆبەزلزانینەوە لە میللەتانیتر، بە تایبەتی ناوچەكەمان و خەڵكەكەی، دەڕوانن.
هەربۆیە ئێمەش دەبێت هۆشیارانە لە ململانێی ئێرانی سەر بە خۆرهەڵاتی ناڤین لەگەڵ ئیسرائیلی سەر بە بەرەی خۆرئاوا بڕوانین. شكست و تێكشكانی دەسەڵاتی خوێنڕێژی ئایینپەرستی مەلاكانی ئێران هیوا و خواستی هەموو كەسێكی هۆشیار و مرۆڤدۆست و پێشكەوتنخوازە. بەڵام هاوكات چۆكدادان بە گەلانی ئێران، كە وەكو پێشتر گووتمان موڵكی ئێمەشە و، سووكایەتیكردن و هەوڵی لەناوبردنی فەرهەنگی ئێران كە دەستكردی ئێمەشە، لە قازانجی ئێمە نیە و بەڵكو زەنگێكی مەترسیدار دەبێت كە لە ئایندەدا سەرە دێتە سەر ئێمەش!
سەرەنجامی ململانێی ئەم دوو دەسەڵاتە تیۆکراسییە ڕوون و ئاشکرایە، کە بێگومان بە حوكمی تەكنەلۆژیا و هاوكاریی بێ قەید و شەرتی دەوڵەتانی كۆنە كۆڵۆنیالیزمی خۆرئاوا و بێمۆراڵی لەڕادەبەدەری سەرۆكی ئێستای ئەمەریكا، ئیسرائیل دەیباتەوە. ئەوسا ئێمە و گەلانیتری ناوچەكە دەكەوینە ژێر بەزەیی سوپای پڕچەكی دەوڵەتی تیۆكراسیی دیمۆکراسیی ئەتۆمیی ئیسرائیل!




ژن، ژیان، ئازادی و ناتانیاهۆ!.. ابراهیم حسێن

ناتانیاهۆ کە نوێنەری دەوڵەت و ڕاستێکی دینی و عیرقیە و تا ئێستا هەموو بەشەرییەتی ناوچەکەی ڕووبەڕوی تەنگانەیەکی گەورە کردۆتەوە و چەند میلیۆن دانیشتوانی غەززە و خەڵکی فەڵەستنی بە پێی سیاسەتی پاکتاوکردن و ئاپارتایدێکی بێشەرمانە لە منداڵ و پیر و گەنج فەڵەستینی دەربەدەر و بێماڵ و حاڵ کردوە و گۆڕیونی بە ئاوارەی دەوار نشین کە تەنانەت ڕێگەی کۆمەکە ئینسانیەکانیشی لێگرتون، خەریکە بێشەرمانە پۆز بە شیعاری خەڵکی ئازادیخوازی ئێرانەوە، بە شیعاری ژنان و کچان و میلیۆنان هاوڵاتی ئەوە وڵاتەوە لێدەدا کە لە گۆڕنانی ڕژێمێکی تری دینی و کۆنەپەرەستی هاوشێوەی دەوڵەتی مەزهەبی ئیسرائیل بەرزیان کردبوویەوە. ئەمە ئیهانەیەکی حەقیرانەی شعوری ئازادیخوازانەی ژنان و بەشەرییەتێکی تێنوی ڕزگاری لە حکومەتە دینی و کۆنەپەرەست و چنگ بە خوێنە بۆرژواییەکانی وەکو حکومەتی ئاخوندەکانی ئێران و حکومەتی حاخامە چنک بە خوێنیەکانی وەکو دەوڵەتی نەژادپەرەستی ئیسڕائیلە.
تا ئێرە واقیعاتێکی تاڵ و دەرناک کە ئەم دوو هێزە کۆنەپەرەست و چنگ بەخوێنە دینی و مەزهەبیە بۆرژواییە سەپاندویانە بەسەر ژیان و چارەنوسی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی تەواوی ناوچەکەدا، گەواهیەکی زیندوی ئەم ڕاستیەیە کە تا ئەم هێزانە دەوڵەت بن و چارەنوسی ئەو کۆمەڵگەیانەیان لە دەست دابێ، نەک هەر ئازادی و خۆشگوزەرانی و پێکەوەژیان و بەیەکەوە هەڵکردن بەڵکو تەنانەت ئیمکانی هیچ ئاسایش و ئارامیەکی پایەدار لە ناوچەکە دا لە ئاسۆ دا نیە.
ئەگەر ڕزگاربوون لە حکومەتی ئاخوندە چنگ بەخوێنەکانی ئێران خەون و خواستێکی ڕەوا و ملیۆنی و مەرجێکی گرنگی ئارامی و ئاسایش ڕزگاریەکی گەورەتری سۆسیالییستی و سکولار و ئازادیخوازانەیە لە ئێران و ناوچەکەدا ، ئەوا بە هەمان ڕاددەش ڕزگاربوون لە دەسەڵات و حکومەتی نەژادپەرەست و چنگ بە خوێنی ڕاستی ئیسڕائیلی ئەمڕۆ و جڵەوکردنی و لغاوکردنی و کردنەدەرەوەی لە مەیدانی کێشمەکێشی سیاسی و دەسەڵاتی دەوڵەتی و ناچارکردنی بەوەی دەست لەو هەموو تاوان و کاوکاریە هەڵبگرێ مەرجێکی تری ڕزگاری مرۆڤایەتی کرێکار و زەحەمەتکێش و بەدیهاتنی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی ئارامتر و شایستەترە بە ژیانێک کە مرۆڤی ئەم سەردەمە شایەنیەتی.
پۆزلێدانی ناتانیاهۆ بە شیعاری ژن، ژن، ژیان، ئازادی کە شیعاری چینی کرێکار و ژن و لاو و مرۆڤایەتی ڕازادیخوازە لە ئێران بۆ ڕزگاری لە حکومەتی ئاپارتایدی دینی بۆرژوایی ئێران، ناتوانێ چارەی ئەو ئاپارداید و پاکتاوکردن و قرکردنە سیستەماتیکە لە چاوی مرۆڤایەتیەوە بشارێتەوە کە ناتانیاهۆ و دەوڵەتە دینی و کەللەشەقەکەی بە بەرچاوی دنیا و بە پشتیوانی و چاوپۆشی ئەمریکا و دۆستەکانی تری دیموکراسی ڕۆژڕاوا پیادەی دەکەن.

ئەم دوو هێزە ئەم دوو کابوسە لە هەردوو بەردا دەبێ بە هێزی ئینسانیەت کۆنتڕۆڵدل بکرێن و پاساوەپوچە سیاسی وئیدیئۆلۆژیکەکانیان بۆ ڕاپێچکردنی چارەنوسی بەیەکەوە ژیان و بە یەکەوە هەڵکردنی مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێش بەرەو تونێڵێکی تاریکتر لەوەی تا ئێستا هەبوە و گەرمکردنی تەنوری جەنگ و کوشتار و وێرانکاری زیاتر، پوچەڵ بکرێنەوە و توڕهەڵبدرێن. ئەم جۆرە پاساوپوچانە، مرۆڤایەتی کرێکار و زەحمەتکێش لە هەر ڕاچەنین و هاتنەمەیدانێکی جیددیدا لەگەڵ خودی ئەم ڕژێم و دەسەڵاتە دینی و کۆنەپەرەستانەدا فڕێیاندەداتە زبڵدانەوە.

ابراهیم حسێن
١٤.٦.٢٠٢٥




ژیریی دەستکرد.. عەلی حەمەڕەشید

ناوم ژیریی دەستکردە
کــــارم بەدەست وبردە
لــــــەجیهاندا ناوی من
باسێکە تـــــەواو مەزن
بۆ ئەم سەردەمە هەموو
بەکـــارم دێنن زوو زوو
سودی من هێندە زۆرە
هەروەکو تیشکی خۆرە
دەی وەرن هــــەوڵبدەن
بەکام زمان حەزدەکەن
بڕۆنە( چات جی پی تی)
پرسیار بکەن بە وردی
وەڵامەکــــــەی بێوەستان
زوو دەخەمە بەردەستتان
لــــــە زۆر بواردا ئەمڕۆ
توانام هــــەیە ڕاستەوخۆ
هاوکـــــــاری ئێوە دەکەم
زانیـــــــــارییتان پێدەدەم

عەلی حەمەڕەشید/سلێمانی