جەنگی تیرۆر”ی ئەمریکا.. گڵۆباڵ تایمزی چین.. و/ هەڵۆ حەسەن

لە ساڵی 2001ەوە “جەنگی تیرۆر”ی ئەمریکا ، زیاتر لە 800 هەزار کەسی کوشتووە و زیاتر لە 38 ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە و زیاتر لە 8 تریلیۆن دۆلاری تێچووە.

بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت. “ئایا ئەمریکا خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات؟” – نیگەرانیی قووڵ سەرتاسەری ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتۆتەوە سەبارەت بە ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا لە ململانێی ئێران و ئیسرائیل، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت. لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ شەڕ، ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند: ئێران “تەسلیم نابێت” و هۆشداریشی دا کە هەر دەستێوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا “زیانێکی قەرەبوو نەکراو”ی لێدەکەوێتەوە. ئایا ئەمریکا تاقیکردنەوەیەکی توند ئەنجام دەدات یان ڕای گشتی بۆ شەڕ کۆدەکاتەوە؟ هەر دوو ڕێگاکە، تەنیا ئەوەی کە ئەمریکا بیر لە بەشداریکردن دەکاتەوە، خۆی ئاماژەیەکی زۆر مەترسیدارە،ئامرازە دیپلۆماسییەکان سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران تەواو نەبوون و هێشتا چارەسەری ئاشتیانە ئەگەری هەیە.

کۆدەنگی هاوبەش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ئەوەیە کە هێزی سەربازی ناتوانێت ئاشتی بۆ ناوچەکە بهێنێت – تەنها بە بەرزڕاگرتنی دیدگای ئاسایشی هاوبەش دەتوانرێت نیگەرانییە ڕەواکانی هەموو لایەنەکان بە تەواوی چارەسەر بکرێت. پێش ململانێی ئێستای ئێران و ئیسرائیل، پێشتریش ئەمریکا و ئێران پێنج خولی دانوستانیان لەسەر پرسی ئەتۆمی ئەنجامدابوو. لە کاتێکدا جیاوازییەکی بەرچاو مابووەوە و هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەست نەهات، دانوستانەکان بەردەوام بوون. ئەگەر هێرشە سەربازییە کتوپڕەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەبوایە، خولی شەشەمی دانوستانەکان ئەنجام دەدرا.
دیارە ئەوەی کە ململانێی دەستپێکرد، داڕمانی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکو سەرگەرمییەکی سەربازی بوو،پرسی ئەتۆمی ئێران زیاتر لە 20 ساڵە درێژەی هەیە. گرنگترین وانەی فێربوو ئەوەیە کە هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسی تاکە ڕێگای دروستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە شێوەیەکی دروست. قووڵترین وانەی مێژوویی ئەوەیە کە ڕووبەڕووبوونەوەی بێوچان و فشار و تێکدانی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان تەنیا خزمەت بە ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە دەکات. ئەمریکا بەرپرسیارێتی پرسی ئەتۆمی ئێران لە ئەستۆ دەگرێت. ئەگەر واشنتۆن بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە پلانی کاری گشتگیری هاوبەش ، نەکشابایەوە و ئەگەر ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و کاریگەر جێبەجێ بکرایە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پرسەکە بەرەو دۆخی ئێستای خراپ نەدەبوو، هەر جۆرە بەکارهێنانێکی بێباکانە لە هێز دژی ئێران جێگەی قبوڵکردن نییە و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە،لە ئەفغانستانەوە تا عێراق، مێژوو لە مێژە سەلماندوویەتی کە دەستێوەردانەکانی سەربازی ئەمریکا هەرگیز ئاشتیی نەهێناوەتە ئاراوە. بەڵکو وێرانکارییان بەجێهێشتووە و تۆوی ڕق و کینەیان چاندووە، تەنانەت زیانێکی قووڵیان بە کۆمەڵگەی ئەمریکی گەیاندووە. بەپێی پڕۆژەی تێچووی جەنگ لەلایەن زانکۆی براونەوە، لە ساڵی 2001ەوە بەناو “جەنگی تیرۆر”ی ئەمریکا، زیاتر لە 800 هەزار کەسی کوشتووە و زیاتر لە 38 ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە و زیاتر لە 8 تریلیۆن دۆلاری تێچووە. سی ئێن ئێن هۆشداری داوە لەوەی “ڕەنگە ئەمریکا بەرەو شەڕێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوات”، واشنتۆنی بە “لە لێواری قومارێکی گەورە” وەسف کردووە، هاوکات جەختی لەوە کردووەتەوە کە “ئێران لیبیا و عێراق و ئەفغانستان نییە” و “مەرج نییە مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە”. ڕاپرسییەکی ئەم دواییەی ئیکۆنۆمیست دەریخستووە کە لەسەدا 60ی ئەمریکییەکان دژی تێوەگلانی سەربازی ئەمریکان لە ململانێکاندا و تەنها لەسەدا 16ی ئەمریکی پشتگیری لە کردەوەی سەربازی دەکەن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تێوەگلانی قووڵتر لە ململانێی ئێران و ئیسرائیلدا ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی ئەمریکا نییە.
بوونی سەربازی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستاوە بەرچاوە و گرژییەکانی ناوچەکەش بە ڕادەیەکی پێویست بەرزە. تەنانەت ئەگەر واشنتۆن تەنیا بۆ “ترساندنی” ئێران بێت، ئەوا تاکتیکی “زۆرترین فشار” هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی ناوچەکە تێکدەدات و پێچەوانەی دادپەروەری نێودەوڵەتییە. ئەولەویەتی بەپەلەی ئێستا بەردەوامبوون نییە لە دووبارە تەرخانکردنی هێزەکان یان جێگیرکردنی فڕۆکە هەڵگر و فڕۆکە جەنگییەکانی زیاتر، بەڵکو پەرەپێدانی ئاشتی و وەستاندنی شەڕە.
پێویستە ڕێوشوێنی کاریگەر بگیرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان و دوورکەوتنەوە لە گێژاوی زیاتر لە ناوچەکەدا. گەڕانەوە بۆ چارەسەری سیاسی دیالۆگ و دانوستان، چاوەڕوانییەکی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. پەرەسەندنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خزمەت بە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک ناکات.
ئەمریکا وەک وڵاتێک کە کاریگەری تایبەتی لەسەر ئیسرائیل هەیە، پێویستە بە تایبەتی هەڵوێستێکی بابەتیانە و بێلایەنانە بگرێتە ئەستۆ و بەرپرسیارێتی پێویست لە ئەستۆ بگرێت و ڕۆڵێکی ئەرێنی و بنیاتنەر بگێڕێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی زیاتری ململانێکان. هێشتا خوێن لە غەززە دەڕژێت و پەنابەرانی سوریاش بەردەوامن لە سەرگەردانی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەرگەی “جەنگی سەپێنراو”ی تر ناگرێت. ئەگەر ئەمریکا بەڕاستی هەوڵی “چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە” بدات، پێویستە ئاماژەیەکی ڕوونتر و چالاکتر بنێرێت سەبارەت بە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واز لە سووتەمەنیکردنی ئامێری جەنگ بهێنن، و بەرپرسیارێتی بەرەوپێشبردنی ئاشتی و وەستاندنی شەڕ لە ئەستۆ بگرن، نەک کێشەکان زیاتر ئاڵۆز بکەن یان ببنە بەشێک لە کێشەکە.

گڵۆباڵ تایمزی چین- سەربە پارتی کۆمۆنیستی چین ولە ڕوانگەیەکی دیاریکراوی چینییەوە شرۆڤە لەسەر کاروباری جیهانی دەکات

گڵۆباڵ تایمزی چین
و/ هەڵۆ حەسەن

سەرچاوە:

https://www.globaltimes.cn/page/202506/1336473.shtml




کتێب\ ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی و چەندپرسێک.. عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ)

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکە..




کوردبوون؛ زمانی کۆژان و ئاوەدانی.. دانا حەمید

لە سنوورەکانی بێدەنگیدا، کوردبوون بریتییە لە ناڵەی چیاکان،
کاتێک باران بە شەودا دەبارێت و هەناسەی شاخەکان دەبێتە هەور و مێژوو،
تەنیایی ئێمە بە قەد هەزاران ساڵی کۆڵەواری و چاوەڕوانی فراوانە،
ئەی نیشتمانی بەردین، ئەی زامی هەمیشە کراوە، ئەی وشەی هەمیشە قەدەغەکراو
کوردبوون وەک بیرێکە لە قووڵایی زەویدا،
پڕ لە ئاوی ژیان و سەرچاوەی ڕەنج و عەشق، ڕەنگی جوانی،
بەڵام کوردبوون هەموو ئەوانە نییە، کوردبوون خەونێکە لە ناو خاکدا،
خەونێک کە ئەستێرەکان چاودێری دەکەن و ڕووبارەکان دەیپارێزن

سەیرکە چۆن بەردەکان دەبنە ئەستێرە، کاتێک شەو داهات،
فێرکراوین بە تاریکی ببینین، بە بێدەنگی بدوێین
کوردبوون زمانێکە کە لەژێر لێوی شاخەکانەوە هەڵدەقوڵێت،
وەک ڕووباری فورات و دیجلە، ناسنامەی ئاوێکە کە بەرەو مەرگ و ژیانەوە دەڕوات
نیشتمان تەنیا خاک نییە، نیشتمان ئەو وشانەن کە سەدان ساڵە تێیاندا هەناسە دەدەین،
کوردبوون زمانێکە کە ئاگر و شمشێر نەیانتوانی بیسڕنەوە،
کوردبوون گۆرانییەکە کە دایکان لە گوێی کۆرپەکانیاندا دەیچرپێنن،
تا بە درێژایی تەمەن نەتوانن بوونی خۆیان لەبیر بکەن، تا مردن هەر کورد بن

کوردبوون ئەو شیعرەیە کە لە سێبەری ترسدا دەنووسرێت،
کوردبوون خوێنێکە کە بەسەر خاکی چوار پارچەی نیشتمانێکدا ڕژاوە،
کوردبوون خوێنێکە کە هێشتا دەخوێنێت: “من هەم، من بەردەوامم، من ناڕۆم، ڕیشەم لێرەیە!”
کوردبوون زامێکە کە هیچ کات ساڕێژ نابێت، بەڵام وزەی ژیان دەبەخشێت
کوردبوون واتە ئەو ئێوارەیەی کە خۆر لە پشت چیای قەندیلەوە ئاوا دەبێت،
کاتێک شەوی ستەم ڕووی نیشتمان دادەپۆشێت،
بەڵام ئەستێرەی ئومێد هەر دەدرەوشێتەوە لە ئاسمانی وشەکاندا،
ئاسمانێک کە مەگەر بە پەنجەی برین بنووسرێتەوە، مەگەر بە خوێنی شەهیدان بخوێندرێتەوە

ئاخ، کوردبوون، واتە ئەو دەنگەی کە لە قووڵایی مێژووەوە هاوار دەکات،
بەڵام گوێیەک نییە گوێی لێ بگرێت، تەنیا باوەڕدارانی ڕێگای ئازادی نەبێت،
کوردبوون واتە ئەو چرپەیەی کە دایکێک لە گۆشی منداڵەکەیدا دەیڵێت:
“نەوەی شێرانی، کچ و کوڕی چیاکانی، دووانەی خاک و خۆڵی، هەر کورد بە و کورد بمێنە”.
کوردبوون ئاگرێکە لە ناو دڵی زەویدا،
هێزێکە کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بیکوژێنێتەوە، هیچ زستانێک ناتوانێت بیبەستێت،
کوردبوون وشەیەکە کە زیندان و زنجیری بۆ نییە،
هەناسەیەکە کە تەنانەت لە ژێر گڵکۆی شەهیدانیشدا هەر بەردەوامە

کوردبوون مۆسیقایەکە لە ناو خوێندا،
ئاوازێکە کە دڵە ڕەسەنەکان دەتوانن بیژەنن، گوێی هەستیار دەتوانێت بیبیستێت،
کوردبوون تاجێکە لە ئاگر،
کە شانازی و ئازاری لەسەر سەری هەر کوردێک هەیە، تاجێک کە ناتوانین دایبنێین، ناتوانین لەبیری بکەین
لە ناو دڵی ئەم مێژووە خوێناوییەدا، کوردبوون گوڵێکە کە لە ناو بەرددا دەڕوێت،
نیشانەی ژیانە لە ناو مەرگدا، نیشانەی هیوایە لە ناو نائومێدیدا،
کوردبوون واتە بەرخۆدان، واتە خۆڕاگری، واتە بەردەوامی، واتە ئازادی،
کوردبوون واتە نەمری، چونکە گەلێک کە زوڵمی لێ کرابێت، بەڵام بەرگری کردبێت، هەرگیز نامرێت

کوردبوون واتە ئەو کوڕە لاوەی کە بە بەرماڵی نوێژەوە بەرەو سەنگەر دەچێت،
واتە ئەو کچە کوردەی کە بە جلی کوردییەوە لە زانکۆی بێگانەدا سەربەرزە،
واتە ئەو پیرەمێردەی کە چیرۆکی شۆڕشەکان بۆ نەوەکانی دەگێڕێتەوە،
واتە ئەو دایکەی کە فێری منداڵەکانی دەکات چۆن بە کوردی بنووسن، چۆن بە کوردی بژین؟
بەڵێ، کوردبوون واتە ئەو شیعرەی
کە لە نێوان دوو زریانی گەورەدا دێتە گوتن،
کوردبوون واتە ئەو نهێنییەی کە تەنیا ئەوانەی ئازاریان چەشتووە دەیزانن،
وەک ئەوانەی لە قووڵایی ئازاردا ڕووناکییان دۆزییەوە

کوردبوون واتە ئەوەی کە من لێرەم، لێرە بووم، لێرەش دەبم،
وەک چۆن چیاکان بەردەوامن، وەک چۆن ڕووبارەکان بەردەوامن،
وەک چۆن خاکی ئەم زەوییە بەردەوامە، وەک چۆن ئاسمانی ئەم وڵاتە بەردەوامە،
کوردبوون واتە بەردەوامی، واتە هەمیشەیی، واتە گەڕانەوە بۆ ڕیشەی خۆت، واتە بوونی ڕەسەن
ئاخ، کوردبوون، شیعرێکی خوێناوییە کە هێشتا تەواو نەبووە،
داستانێکە کە مێژوو بە بێدەنگی گوێی لێ دەگرێت،
بەڵام ئێمە، وەک نەوەی بەرگری، وەک کاروانی هەستانەوە،
درێژەی پێدەدەین، تا ئەو ڕۆژەی کە شیعرەکە تەواو دەبێت، تا ئەو ڕۆژەی کە دادپەروەری دەگەڕێتەوە

ڕۆژێک دێت کە دەست لە دەست، یەک دەنگ، یەک دڵ، گۆرانی ئازادی دەچڕین،
ڕۆژێک دێت وشەکان دەبنە فیشەک، شیعرەکان دەبنە چەک، بۆ ڕزگاری نیشتمان،
ڕۆژێک دێت خوێنی شەهیدان تۆوی گوڵە سوورەکانی ئازادی دەڕوێنێت،
من دەڵێم: کوردبوون واتە هەموو ئەمانە، واتە ئومێد لە ناو نائومێدیدا، واتە ژیان لە ناو مەرگدا
کوردبوون واتە ئەو هەستەی کە لە ناو دڵی هەر کوردێکدا دەجووڵێت،
کاتێک گوێی لە گۆرانییەکی کوردی دەبێت، کاتێک پێی دەنێتە سەر خاکی کوردستان،
کوردبوون ئەو شانازییەیە کە تەنیا ئەوەی کوردە دەتوانێت هەستی پێ بکات،
وەک ئەو ڕەنگانەی کە تەنها چاوی هونەرمەندێکی ڕاستەقینە دەتوانێت بیانبینێت

کوردبوون واتە ئەو زامە قووڵەی کە لە سینەماندایە، بەڵام ژیانمان پێ دەبەخشێت،
واتە ئەو ئاگرەی کە لە ناخماندایە، بەڵام گەرمیمان پێ دەبەخشێت،
کوردبوون واتە ئەو سرودەی کە لە ناو دڵماندایە، بەڵام لە زمانماندا بێدەنگە،
کوردبوون واتە ئەو چیرۆکەی کە لە ناو خوێنماندایە، بەڵام لە پەرتووکەکاندا نەنووسراوە
کوردبوون ئاوازێکی پیرۆز و هەمیشەییە،
کە زەمان ناتوانێت بیسڕێتەوە، کە ستەم ناتوانێت بیشارێتەوە،
کوردبوون بەردەوامییە لە ناو گەردەلولی گۆڕانکارییەکاندا،
کوردبوون ڕاستییەکە کە تەنانەت بە هەزاران درۆش ناشاردرێتەوە

کوردبوون هەڵبژاردن نییە، چارەنووسیشە، کوردبوون ئەرکیشە،
کوردبوون واتە خاکێک کە لە ناو خوێندا هەناسە دەدات،
کوردبوون واتە زمانێک کە بە دڵ قسە دەکات، نەک تەنیا بە زار،
کوردبوون واتە مێژوویەک کە هێشتا نەنووسراوە، بەڵام لە ناو ڕۆحی هەر کوردێکدا تۆمار کراوە
ڕۆژێک دێت کە دەنگی شیعری کوردی لە هەموو جیهاندا دەنگ دەداتەوە،
کە مێژووی ڕاستەقینەی کوردبوون دەنووسرێتەوە، بە دڵۆپەکانی خۆر،
بە هەناسەی چیاکان، بە فرمێسکی دایکان، بە خوێنی شەهیدان،
ڕۆژێک دێت… ڕۆژێک دێت… ڕۆژێک دێت…




چارەنوسی ئێران لە پەیوەند بە باڵادەستی ئەمریکاوە.. عوسمانی حاجی مارف

دوابەدوای هێرشی دڕندانەی حکومەتی ئیسرائیل، بۆ سەر دانیشتوانی ئێران، دۆخی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کەوتە بەردەم ڕاگرتنێکی نادیارەوە، کە بڕیار بوو لە 15ی حوزەیران خولی شەشەمی دانوستانەکانی لە عومان بەڕێوە بچێت. تاران چەندە ئارەزوی ڕێکەوتنی هەبێت و مەیلی نزیکبونەوە بۆ ئەمریکا نیشان بدات، لە هەلومەرجی هەڵگیرسانی شەڕێکی ئێستاداو کێشکردنی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ ناو ئاگری ئەو شەڕە، هەرچەندە چین بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە داوای کردوە تاران بچێتە ناو دانوستانەکەوە، بەڵام ئەستەمە بۆ تاران بتوانێ بچێتە ناو دانوستانێکەوە کە بۆخۆی ئەمریکا بە هۆکاری ئەو هێرشانە بناسێنێت. لەلایەکی تریشەوە ئەگەر ئێران لە ڕاستای دۆخی ئەم شەڕەدا هەر جۆرە هێرشێک بکاتە سەر بەرژەوەندی ئەمریکا یان کردەوەیەکی بێباکی ئەنجام بدات، ئەگەری ئەوە زۆرە کە دانوستانەکان بە تەواوی دابخرێن و کردنەوەی دەرگای شەڕەکەش فروانتر دەبێت.
لە جیهانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەردا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل وەها نیشان ئەدەن، چیتر ئامادە نین هیوای باشترینیان هەبێت، لە بەرامبەر ئەو دوژمنانەی سوێندیان خواردوە بۆ لەناو بردنی ئیسرائیل، کەچەکی پێویست بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کەڵەکە دەکەن. لێرەوە ناتانیاهۆ وەها ڕادەگەیەنێت کە گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە “دەوڵەتی ئیسرائیل هیچ بژاردەیەکی لەبەردەستدا نەماوە” جگە لە بەرگریکردن لە هاووڵاتیانی، بە خۆئامادەکردنی بۆهێرشکردنە سەر دوژمنەکانی.
حکومەتی ئێران لەناو جەرگەی ئەم شەڕە خوێناوی و وێرانکاریەدا، ئێستا خۆی لە مەوقعێکی بەرگریدا دەبینێتەوە، نەک تەنها لەبەر ئەوەی نەیتوانی خەڵکی مەدەنی و بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بپارێزێت، لەهەمانکاتدا دەرگیرە لە وەڵامی دەرئەنجامی ئەو سیاسەتانەی کە ئێرانیان لە کۆمەڵگەی جیهانی زیاتر دابڕاوکردوە، لەمێژە ئاکامی بێزاری زۆرێک لە ئێرانیەکان دەیانەوێت ببینن کۆماری ئیسلامی کۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی گرنگە زۆربەیان نایانەوێت ئەم دەرئەنجامە بە نرخی خوێنڕشتن و شەڕێکی لەم جۆرەی ئێستا بێت.
وەستانەوەی تاران بەرامبەر ئیسرائیل، بە دروشمی بەرگری لە خۆی، کە زیاتر بۆ ئەم بەرگریە جەختی لەسەر شوێنە مەدەنیەکان و کوشتنی هاوڵاتیان و وێرانکردنی شارەکانە، ڕۆژانی داهاتوو ئاشکرای دەکات کە ئایا تاران دەتوانێت سەقامگیری ناوخۆ بپارێزێت؟!، کە هەڵبژاردنی ئەم ڕێگایە ئەگەری مەترسیەکی بەرچاویان لەسەر مانەوەی کۆماری ئیسلامی هەیە، بەتایبەتی لەبەردەوامی ئەم ڕێڕەوەدا ئەمریکا دەخاتە بەردەم دەخالەتی ڕاستەوخۆ بۆ لێدان لە تاران.
دەتوانین بڵێین لەهەر هەنگاوێکی هەڵکشانی ئەم وەستانەوەیەی ئیسرائیل و ئێران بەرامبەریەک، ئەوە لەبەرچاوە کە بە شێوەیەکی بەردەوام ئەمریکا پشتیوانی بۆ ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت، ئەمەش مەترسی گەورەبونەوەی شەڕەکە دەخاتە بەردەم دەسەڵاتدارانی ئێران، بەوەی هێزەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ بێنە ناو شەڕەکەوە، لە سەردانەکەی ترامپ بۆ کەنداو لە مانگی ئایاردا، بە حکومەتەکانی کەنداوی گوتووە لایەنگری ئیسرائیلە سەبارەت بە پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێن لە دژی ئێران، سەرکردەکانی وڵاتانی کەنداو هاوسۆزیان بۆ ئێران دەرنەبڕیوە، لە دنیای واقعیشدا ئەمریکا نەک پشتیوانی ئیسرائیل دەکات، بەڵکو ترامپ لە ڕاگەیاندنەکانیدا ئەوە نیشان ئەدات کە ئامادەیە بۆ چونە ناو شەڕەکە.
.ناتانیاهۆ دەڵێت “توانای ئەوەی نییە ڕێگە بدات بە دانوستان لەگەڵ ئێران یاری بکات”، بۆیە درێژەدان بە هاوشێوەی هێرشەکانی بۆ سەر غەززە و لوبنان، لە ئێرانیش بەهەمان شێوە بەردەوام دەبێت، ناتانیاهۆ وەها ڕادەگەیەنێت کە هیوای ئەوەیە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران تەواو لەناو بچێت، کە هەرگیز نەتوانێت بگەڕێتەوە، ئەوەش دەبێتە ڕەوایەتیدان لە خەیاڵاتی ناتانیاهۆدا. ئەگەر ئەو ئەتۆمە لە ئێران کۆتایی نەیەت، ئەوە دەبێت خەڵکی و حکومەتی ئیسرائیل لەگەڵ ئەو ڕیوایەتانەدا بژین کە ناتانیاهۆ دروستیان دەکات، لە کاتێکدا کە دەوڵەتانی کەنداو دیدێکی نوێ بۆ جیهانی عەرەبی پێشنیار دەکەن، کە لەسەر پێکەوەژیان لەگەڵ ئیسرائیل بنیات بنرێت، کە لە سەرمایەگوزاری و گەشەسەندنی ئابووریەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بەناوی پاراستنی ئیسرائیل و ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هێرشکردنە سەر ئێران، مەترسی زیاتری وێرانکاری و توندوتیژی و کوشتنی بەکۆمەڵ و ناسەقامگیری دەخاتە ناو بازنەیەکەوە، کە مەترسیەکی گەورە لەسەر کەنداو و بونی ئیسرائیلیش دروست دەکات. ئەوەی ترامپ و ئەمریکای خستۆتە ناو ئەم بازنەیەوە و لایەنگری لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات، ئەجندای باڵادەستی ئەمریکا و هەوڵدانی بنەبڕکردنی پێگەی ڕوسیاو چینە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر بۆیە ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەتوانێت “قومار” ێکی گەورە بێت، بە لەبەرچاوگرتنی کاردانەوەی ئەگەری ناوچەیی و جیهانی، لە ئەنجامدا چارەنوسی ئێران دەخاتە ناو گێژاوی گۆمێکی قوڵەوە.
وەڵامدانەوەی ئێران بەتایبەتی ڕوبە تەلئەبیب بە سەدان مووشەکی بالیستی کردۆتە ئامانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئێران هێشتا لە توانایدا ماوەتەوە زیانی بەرچاو بە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرانسەری جیهاندا بگەیەنێت، بۆیە ئیسرائیل پێویستی بە هێزی زەمینی یان هاوکاری ئەمریکا دەبێت بۆ پەکخستنی هێرشی موشەکی و بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران، ئەگەر ئەم دۆخە گەشە بکات و ببێتە شەڕێکی ناوچەیی، دەکرێت لێکەوتەی ترسناکی ناسەقامگیری بەرفروان بۆ باقی جیهان بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە ڕوخانی ڕژێمی ئێرانیش لەڕێگەی ئەم هێرشانەی ئیسرائیل و ئەمریکاوە، دەکرێت تا ڕادەیەکی زۆر ئاکامی ناسەقامگیری زیاتر و گێژاوێکی سیاسی بەرینتر بێت لە ناوچەکەدا، هەروەها ناتوانرێت پێشبینی ئەوە بکرێت لە ئەنجامی ئەم دۆخە پڕئاژاوەیەدا چی تری بەدودا دێت و چی لێدەکەوێتەوە.
ترەمپ چەندین جار ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئێران ڕازی بێت بە داواکاریەکانی ئەمریکا بۆ قبوڵکردنی سنوردارکردنی توند بۆ بەرنامە ئەتۆمیەکەی، هێرشەکەی ئیسرائیل بە خێرایی کۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی ترەمب و ئەمریکا دەیانەوێت لە سەرو بەرنامەی ئەتۆمیە، ئەویش دەرچونی ئێرانە بە یەکجاری لە بازنەی چین و روسیا، لەهەمانکاتدا گواستنەوەی ئێران بۆ ناو بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا، گەر ئێران ئەو کارە بکات و ملکەچی ئەمریکا بێت، پێم وایە ئەمریکا بەر بەرنامە ئەتۆمیەکەشی ناگرێت.
ئەم شەڕە وێرانکاریە بەبێ دانانی هیچ سنورێک بۆ ناوچەی نیشتەجێبون و ناوەندە پیشەسازیەکان، کە شوێنی کار و ژیانی خەڵکی گرتۆتەوە، گورزێکی گەورەیە لە ژیان و ئەمنیەتی خەڵکی ئێران، بەهیچ جۆرێک ناتوانرێت مژدەی سبەینێیەکی باشتر لە دوای بۆردومان و ئاگر و وێرانکاری بدرێت. هێرشەکانی ئیسرائیل و پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئەم هێرشانە پەیوەندی بە ئایندەی مان و نەمانی کۆماری ئیسلامیەوە نیە، پەیوەندی بە یارمەتیدان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران نیە، هێرشێکە بۆ باڵادەستی و پاوانخوازی ئەمریکا لە ناوچەکەو جیهاندا، بۆ زاڵبوونی ئیسرائیلە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لێرەوە ئەتوانین بڵێین پرسی ئەتۆمی ئێران هەمیشە بیانویەک بووە بۆ هەڵگیرسانی شەڕو لێدان لە ئێران، کە لەئاکامدا گەورەترین قوربانی خەڵکی کرێکارو زەحمتکێشی ئێران دەبن.
هەڵبەتە بەردەوامی ئەم هێرشانە، ڕاکێشانی تەواوی ناوچەکەیە بۆ قۆناغێکی ئاڵۆزتر و تاریکتر و مەترسیدارتر، وەک هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و لوبنان و سوریا و کوشتنی سەدان هەزار کەسی بێتاوان، بارینی موشەکەکانی ئێران بۆ سەر ناوەندە سەربازی و نیشتەجێ جیاوازەکانی ئیسرائیل، سەرەتای شەڕێکە کە ڕەهەند و پانتایی و داهاتوو و هەروەها ڕادەی قوربانیە مرۆییەکان و ڕادەی زیاتربونی وێرانکاری و دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی بۆ خەڵکی ئێران و ناوچەکە، نادیارە.
گومانی تیا نیە کە ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زیانێکی زۆر بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی و ناڕەزایەتی و خەباتی جەماوەری لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا دەگەیەنێت، جگە لە دەرئەنجامی وێرانکاری و گێژاو و ناسەقامگیری، ترس و دڵەڕاوکێ و نەهامتی و بێئومێدی بەسەر خەڵکی ئێراندا دەسەپێنێت، لە هەمانکاتدا دەستی کۆماری ئیسلامی زیاتر دەکاتەوە کە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان بەرێتە دواوە.
بەشێک لە خەڵکی ئێران کە لە ژێر کاریگەری ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوەکاندان لە نمونەی مجاهیدین و بەشێکی زۆر لە ناسیۆنالستەکان، ئێستا زۆر دڵخۆشن بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەو هێرشانەی کەبریتین لە وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری، سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی گاز و نەوت، بەندەرەکان و کوشتاری بە کۆمەڵ، ئانیدەی ڕێژیمی خستۆتە حاڵەتێکی هەستیارەوە و ئەگەری داڕمانی ئەو ڕێژیمە لە ئارادایە، بۆیە ناردنی خەڵک لە ئێستادا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دەستبەجێ لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەم دۆخەدا، کردەوەیەکی نامرۆڤانە و تاوانکاریە، تەنیا ئەو هێز و لایەنانە کارێکی لەوچەشنە دەکەن کە نابەرپرسانەو وەک تاڵانچی و چەتە، مامەڵەی دۆخەکە دەکەن، لەم هەلومەرجەدا هەوڵ ئەدەن خەڵک کێشکەن بۆ ناو مەیدانی ڕوبەڕوبونەوە لەبەرامبەر ڕژێمداو بیانکەنە قوربانی بەرژەوەندی ئامانج و سیاسەتەکانیان، کە ئاکامەکەی شکستی سەرسەختی هیوای ئینسانی ناڕەزایەتیەکانە و دەبێتە هۆی نائومێدیەکی تەواو، ئەمەش کاری ئەو لایەنانەیە کە خۆیان لەسەرو ئیرادەی خەڵکەوە دەبینن، دژی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵکن لەدەسەڵاتی سیاسیدا.




لە وتەکانی ناوداران دەربارەی ئـازادی.. رەزا شـوان

لە گـوڵـزاری وتـەکـانی ناودارانی جیهـان، دەربـارەی ئـازادیی، چـەپکـێک لە وتـە جـوانەکـانیـانـم گـوڵـبـژێـر کـردووە، لە زمـانی ئـینگـلـیزییـەوە، وەریـانـم گــێڕاون
بـو سـەر زمانی کوردی. هـیوادارم چـێژ و سوودیـان لـێ وەربگـرن. ئێـمە کوردی
ماف زەوتکـراو و کوردستان داگـیرکراو و ستەملێکراو؛ لە هەموو نەتەوەیەکی تر زیـاتـر شەیـدا و تامـەزرۆی رزگـاری و ئـازادی و سەرفـرازی و سـەربەخـۆییـن.

کـاری جـۆنـز:
نهـێـنی بەخـتەوەری ئـازادییـە.. نهـێـنی ئـازادیـش ئـازاییـە.
مهـاتـما گـانـدی:
ئـازادیی رۆح و هـەنـاسەی مـرۆڤـە.. نـرخی ئەمـانە چـەنـدە؟
مـالکـۆلـم:
دوای ئـەوەی کە ئـازادیی وەردەگـریـت.. دوژمنـەکـەت رێـزت لـێـدەگـرێـت.
مـوشـیە دایـان:
ئـازادیی ئـۆکـسجـیـنی رۆحـە.
فـانی لـو هـامـەر:
هـیچ کـەس ئـازاد نـیـیە.. تا هـەمـووان ئـازاد نەبـن.
تـۆنی کاڵـدیـرۆن:
ئـازادیی بـۆ لاوازەکـان نـیـیە.
نـاپـلـیـۆن:
نەتەوەیـەک ئـاڵای ئـازادیی و یەکـێـتیی بـشەکـێـتەوە.. هـیچ کاتـێک نانەوێـت.
نـۆرداڵ گـرایـک:
ئـازادی و ژیـان یـەکـن.
دروشـمی شـۆڕشی ژیـلا ئـەمـیـنی:
ژن ژیــان ئــازادی
پـێـشـەوا قـازی محـەمـەد:
هەسـتی نیشـتـمانپەروەری و ئـازادیی.. لە دڵی هـەمـوو کوردیکـدا جـێگـیربـووە و دەست لـێهـەڵگـرتـنی نـیـیـە.

خەلـیـل جـبـران خەلـیـل:
ژیـان بەبێ ئـازادیی.. وەک جەسـتەیەکی بـەبێ رۆحـە.
بـاراک ئـۆبـامـا:
ئـازادیی منـیـش.. بەنـدە بە ئـازادیی تـۆوە.
جـۆن ئـێـف کـنـێـدی:
باشـتـریـن رێـگا بـۆ پـێـشکەوتـن.. رێـگای ئـازادییـە.
رۆزا لـوکـسـەمبـۆرگ:
ئـازادیی ژنـان.. نـیـشانـەی ئـازادیی کـۆمـەڵایـەتـیـیە.
لـیـزا مـورکـۆڤـسکی:
ئـازادیی لە هـێـز و پـشـتـبەسـتـن بەخـۆوە.. سەرچـاوە دەگـرێـت.
ئاونـگ سان سـووکی:
تاکە زینـدانی راستەقـیـنە تـرسـە.. ئـازادیی راستەقـینەش ئازادبـوونە لە تـرس.
کـارل یـۆنـگ:
بەبێ ئـازادیی.. رەوشـت بـوونی نـیـیە.
ئـۆدی لـۆرد:
مـن ئـازاد نـیـم تا هـەر ژنـێک ئـازاد نەبـێـت.. تەنـانـەت ئەگـەر زنجـیـرەکانی زۆر جیـاوازیـشـبـن لە زنجـیـرەکـانی مـن.
جـۆرج واشـنـتـۆن:
کاتـێک کە ئـازادیی رەگ داکـوتـێـت.. دەبـێـتە رووەکـێکی خـێـرا گەشـەکـردوو.
بـۆب مـارلی:
باشـترە لە بەرگـری لە ئـازادی بمرم.. لەوەی بە درێـژیی تەمەنـم بە دیلی بمێنمەوە.
مـالکـۆلـم ئـێکـس:
ئەگەر ئامادە نیت لە پێناویـدا بـمـریـت.. وشەی ” ئازادی” لە فەرهەنگـتدا بـسڕەوە.
فـرانکـلـین دی. رۆزڤـێـڵـت:
بە مانـا راسـتەقـینەکـەی، ئـازادیی نـادرێـت.. دەبـێـت بەدەسـت بـهـێـنـرێـت.
ئەبـراهـام لـیـنکـۆڵـن:
ئەوانـەی دژی ئـازادیـن.. کەسانـێکـن کە خۆیـان شایـەنی ئـازادیی نـیـن.
مـێـدگـار ئـێـڤـێـرس:
هـیچ رۆژێـک ئـازادیی بـە خـۆڕایی نـەبـووە.
مـاوتـسی تـۆنـگ:
ئـازادیی لـە لـوولـەی تـفـەنگـدا هـەڵـدێـت.
شـارلـۆت بـرۆنـتی:
مـن باڵـندە نیـم، هـیچ تـۆڕێک نامـخـاتە تەڵەوە.. مـن مـرۆڤـێکی ئـازادم و خاوەنی ئـیـرادەیـەکی سـەربـەخـۆم.
جـان جـاک رۆسـۆ:
پـێم باشترە ئـازادیی لەگەڵ مەتـرسیـدا هەبێـت.. نەک ئاشـتی لەگەڵ کـۆیـلایەتیـدا.
سـیـمـۆن وایـل:
ئـازادیی بە مةانـا کـۆنکـریـتـیـیەکەی.. لە تـوانـای هـەڵـبژاردن دایـە.
مـەلالـە یـوسـفـزای:
ناتـوانیـن هەمـوومـان سەرکەوتـووبیـن.. کاتـێک کە نیـوەمـان پێـوەنـدنـدکـراون.
رابـیـنـدرانـات تـاگـور:
ئـازادیی کاتـێک بەدەسـت دێـت.. کـە نـرخی تـەواوی بـدەیـن.
ڤـیکـتـۆر هـۆگـۆ:
ئـازادیی بـۆ مـرۆڤ نایـاتە خـوارەوە.. پـێـویـستە مـرۆڤ بـۆی سـەربکەوێـت.

هـێـنـری دەیـڤـد تـۆرۆ:
یاخـیبـوون بنـەمـای راستـیی ئـازادـییـە.. گـوێـرایەڵـەکان دەبـێـت کـۆیـلەبـن.
رالـف ئـێـلـیـسۆن:
کاتـێک کـە خـۆم دەدۆزمـەوە.. ئـازاد دەبـم.
رۆبـێـرت فـرۆسـت:
ئـازادیی لە ئـازایی دایـە.
لـوسـێـوس ئانـایـۆس سیـنـێکا:
ئـەو کەسـەی ئـازابێ.. ئـازادە.
فـیـل بـلایـت:
نـرخی ئـازادیی.. هـۆشـیاریی هـەمـیـشەیـیـە.
بـنـیامـیـن فـرانـکـلـیـن:
بەبێ ئـازادیی بـیرکـردنەوە، دانـایی بـوونی نیـیە.. بەبێ ئازادیی رادەربـڕین، ئازادیی گـشتی بـوونی نـیـیە.
فـردریـش شـیـلەر:
هـونـەر مـنـداڵی ئـازادیـیـە.
سـۆرن کـیـرکـێگـارد:
دڵـەڕاوکێ.. سەرگـێـژخـواردنی ئـازادیـیـە.
جـۆرج واشـنـتـۆن:
ئەگەر ئازادیی دەربـڕینـت لێ بسەنـدرێتـەوە.. رەنگە بە وسکـتی و بەبێ دەنگ، وەک مـەڕ بـەرە و کەوڵکـردن بـتـبـەن.
نـیـلسـۆن مـانـدێـلا:
ئـازادی تەنها واتـای رزگـاربـوون لە پێـوەنـد نیـیە.. بەڵکـو بە شـێوەیەک بـژیـت کە رێـز لە ئـازادیی ئـەوانی دیـکە بگـریـت و شـیرینـتـری بـکەیـت.
وۆلـی سـوێـنکـا:
گـەورتـریـن هـەڕەشـەی سـەر ئـازادی.. نەبـوونی رەخـنـەیـە.
مـات مەکـگـۆری:
شـوێـنی ئـازادی.. باشـتـریـن شـوێـنی داهـێـنانـە.
ڤـۆڵـتـێـر:
مـرۆڤ لـەو سـاتـەوە ئـازادە.. کـە ئـازادیی دەوێـت.
هـانـز کـریـستـیان ئەنـدەرسـۆن:
تەنیا ژیان بەس نییە.. مـرۆڤ دەبێت تیشکی خۆر و ئـازادیی و گوڵێکی بچـووکیشی هـەبـێـت.
بـرنـس:
زیـادەڕۆیی لـە ئـازادیـدا، دەبـێـتـە هـۆی گـەنـدەڵـیی رۆح.

سـۆمـەر سـێـت مـاوگـام:
ئەگەر نەتەوەیەک لەبـری ئـازادیی.. هەرشـتـێکی تر هـەڵبـژێـرێـت، هـەمـوو شـتـێک
لە دەسـت دەدات.

جـەیـمـس کـلـیـر:
ئـازادیی تـوانـای وتـنی.. نەخـێـرە.
بـۆب دیـلان:
پاڵەوان ئەو کەسەیە.. کە لەو بەرپـرسیارێـتییە تێدەگات، کە لەگەڵ ئازادییەکەیدا دێت.
جـیـمی وێـڵـچ:
مـن داکـۆکیکەرێکی سەرسەختی ئازادیـم.. ئازادیی گوزارشتکردن، ئازادیی رادەربڕین، ئـازادیی بـیرکـردنەوە.
وتـەیـەکی ئـەڵـمـانی:
هـەرچەنـد قـەفـەس تەنگـتـربـێـت.. ئـازادبـوون شـیـرینـتـر دەبـێـت.
مـۆرا:
هـەر نەتـەوەیـەک خـۆی بەهـێز نەکـات و ئامـادە نەبێـت لە پـێـناوی ئـازادیی خـۆیـدا قـوربـانی بـدات.. خـۆی دەدۆڕێـنـێـت.
ریچـارد لاولـیـس:
مـن کـە لە بەنـدیـخـانەدام.. دەزانـم ئـازادیی چـیـیە و چ تـامـێکی هـەیە.
رۆپـسـپـێـر:
بـەو وڵاتە دەڵـێن ئـازادە.. کە رێـز لە مافـەکانی مـرۆڤ دەگـرێـت و یاسا سەروەرە و دادوەریی تـێـدایـە.
تـۆسـان:
ئـەی کویـلەکـان راپـەڕن.. ئەگـەر ئێـوە پـاڵی لـێـنەدەنـەوە، ئـەوان بەلاتانەوە هـێندە زەبـەلاح نابـن.
مـاهـاتـمـا گـانـدی:
دوو ساڵ یەکـێـتـیـم بـدەنێ.. بـە دوو مانـگ ئـازادیـتـان بـۆ دەهـێـنـم.
فـایـق بـێـکەس:
داری ئـازادیی بە خـوێـن ئـاو نـەدرێ قـەت بەرنـاگـرێ
سـەربـەخــۆیی بـێ فـیــــداکـاری ئـەبــەد سـەرنـاگــرێ
پـاتـریـک هـێـنـری:
کەسانی تـر چـییان دەوێـت، بەڵام ئـەوەی مـن دەمـەوێـت.. ئـازادیی یا مـردنـە.
تـۆمـاس کامـبـل:
ئەو کەسـەی نیـشـتـمانەکـەی خـۆشـدەوێـت.. خـوێـنـەکەی تـۆوی ئـازادییە.
مـەدام رۆلانـد:
ئـەی ئـازادیی.. چـەنـدەهـا تـاوان بـە نـاوی تـۆوە دەکــرێـن.

نەرویـج: ٢٠٢٥




شیعری سەحەر گاهـ.. ئیسماعیل نواب صفا.. وەرگێڕانی لەفارسییەوە شەهلا نوری

لە خودام دەوێت
کە بە دڵخواز بمرم
یانێ کە تۆ ببینم و
دواتر بمرم
وەک شەونمی پاک لە گوڵزاری سروشت
بێ ئاگا بە
وجوود هاتم و
بێ ئاگا بمرم
ئەی ئێشق..
لە گیانی من و دڵی ماندوم چیت دەوێ
لێم گەڕێ
با بە زەخمی ترسناک بمرم
لە دۆڵی تەمەن پڕ لە پێچ و
لە خەم
گومڕام بەسەر برد و
گۆمڕا بمرم
شەمعم من و
ڕوی تۆ ئومێدی سەحەری منە
مەهێڵە
بێ دیدەنی ئەوەڵ سەحەر بمرم
دەیگوت: (سەفا)
هەربوو و جاویدانیت منم من!
تا ئەو ڕۆژەی کە بە ئارەزووی تۆ
ئەی مانگ دەمرم

وەرگێڕانی لەفارسییەوە شەهلا نوری
شیعری : نواب صفا




بۆچی ئەم دۆخە چارەسەری زەحمەتە؟.. سامان خدر

بە گشتی چارەسەری هەر دۆخێك پێویستی بە کارکردن هەیە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی،ئەویش بریتیە لە ( گوگرتن ، کارکردن،چارەسەرکردن بۆ داخوازێکان) ئەم سێ پێوەرەهەر هێزێکی سیاسی لە نێوان هێزە سەرەكیەكانی كوردستان دەستپێشخەر بێت بۆی دەتوانێت گوڕانکارییەکی بنچینەی بۆ چارەسەری کێشەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان بدۆزێتەوە . هەرچەندە بە دوور دەزانرێت لە ئێستادا هیچ هێزێك لە توانایدا هە بێت دۆخی ئێستای کوردستان چارەسەر بکات. چونکە ئیرادەی چارەسەر لە نێوان هێزە سەرەكیان دا لاوازە.لەوەش زیاتر هەر لایەکیان وابەستەی پلانێکی کورتخایەنن، بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە نەك چارەسەری بنچینەی.چونکە پێکدادانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هێزە سەرەكیەكان لەسەر بنەمای چارەسەری دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمەوە نیە. زیاتر پەیوەندی بە هەیمەنی فیگەری سیاسی و بەشێك لە بەرژەوەندیە تایبەتیەكان یان هەیە.

هاوکات بەشێک لە حیزبە سیاسیەکانی کوردستان شوناسی هاونیشتمانیان دابەش كردووە، بۆ کۆمەڵی ئاستی جیاواز وەکو ئەوەی دەبێت هە موو هاونیشتمانیەك حیزبی بێت و سەربەوان بێت و كاریان بۆبكات ، بەڵام مەرج نیە هەموو هاونیشتیمانیەک شوناسی حیزبی هەبێت. كە بە پێچەوانەی هە موو ستاندارێکی جیهانەیەوە ، هاوڵاتی دەبێتە سەنتەری دروستبوون و ململانیی سیاسی نێوان فۆڕمە سیاسیەکان بە دەسەڵاتی بەڕیوەبردنەوە . نەك بەپێچەوانەوە مەرجەکانی خۆشگوزەرانی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان پەیوەست بکرێن بە ئینتمای سیاسی و ١لە چوارچێوەی فۆڕمێکی سیاسی دا ،بەتایبەتی بۆ وەرگرتنی مافە سروشتێەکان و یاسایەکانی تاک.

لەم ڕوانگەیەوە هەروەها هەرچەندە سەیری ئەم هەمو كێشەیە دەكەی ،چارەسەری دۆخی ئێستای هەرێم دژوارەو ئاسۆکانی چارەسەر دوورن لە واقیع و نادیا رە بەتایبەت ئەم دۆخەی ئێستا كەوا دروست بووە و،لایەنەكان زۆر خەم ساردن لەئاست سەختی دۆخەكە.