بەکورتی 11: دوژمن… دوژمنی راستەقینە هەردەم نادیارە.. ئازاد حەمە

دوژمنە راستەقینەکان،کە سەرسەختەکانن،کەمن،هەشبن نادیارن(نەبینراون)Invisible. دوژمنEnemyسروشتی خۆی هەیە و هەموو دوژمنێکیش بە دوژمن دانانریت. دوژمن دەبێت خەسڵەتەکانی دوژمنایەتی تیابەدیبکرێت و هەڵقوڵاوی ناو دوژمنایەتی بێت.هەروەها دروستکردنی دوژمن کارێکی ژەهراوییە،دژوارە و کاتی دەوێت،بەتایبەت دوژمنە سەرسەختەکان.ئەم جۆرەش لە دوژمن لەکۆڵکردنەوەیان ئاسان نییە و مامەڵەکردنی وزەی تایبەتی دەوێت.هەرچی لەبیرکردنی دوژمنیشە،ئەمەش هەر پێویستە،ئەگەرنا چۆن بەردەوابین(هەبیین، بژیین).
کە باشبووین بێدوژمن دەبیین؟ نەخێر. باشە بێدوژمن و بێبەرامبەرەکان باشنیین. بۆئەوەی باشبیین پێویستمان بە دوژمنە. دوژمن ململانێییە، خاڵی وەرچەرخان و بیرکردنەوەیە. پێکدادانەکان حاڵیماندەکەن لە ماهیەتی دوژمنایەتی. ریشەی دوژمنایەتی پێش لەدایکبوونی باشەیە. ئەوە دوژمنە وامانلێدەکات رێز لەخۆمانبگرین. بۆ؟چونکە دوژمن فێری بیرکردنەوەمان دەکات. کە دوژمنمان هەبوو هێدی هێدی قۆناغی گێلی تێدەپەڕێنیین. ئەوە(ئەوە) هانماندەدات لە پێکدادان و ململانێ تێبگەین. ئەگەرنا ئاشتیش بێ مانا دەبیت. کاتێک لە پێکدادانەکانەوە ئەزموونفێردەبین، لەوە حاڵیدەبین باشە لەکوێوەدێت. هەر دوژمنناسیشە هاوکاریماندەکات لە هاورێیەتیش تێبگەین.
لەسەر بناغەی قسەکانی لای سەرەوە دەپرسیین:دوژمن کێیە و دوژمنایەتی چییە؟دوژمن پێویستییە؟لە دوژمن و دوژمنایەتییەوە هیچ فێردەبیین؟دوژمنی راستەقینە هەیە؟چۆن دوژمن بۆ نادوژمن(دۆست)بگۆڕیین؟کە دوژمن هەبوو ئاییندە مەترسی لەسەر نییە؟بێدوژمن دەتوانیین بژیین؟دوژمنپەرستی ناساغیی نییە؟ کێ مافی ئەوەی هەیە دادوەریی بەسەر خراپیی ئێمەوە بکات: دوژمنەکانمان یان هاوڕێکانمان؟کەمەحکومبووین بەوەی دەبێت دوژمنداربیین، باشترە چ جۆرە دوژمنێکمان هەبێت؟ئەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دوژمن ئەزموونی دەوێت؟
دوژمن کێیە و دوژمنایەتی چییە؟ دوژمن شەڕ دروستدەکات، شەڕیش بەرهەمی عەقڵە. عەقڵیش (شەڕ)پلان بۆ ئاشتی دادەنێت. نەبینینی دوژمن بەزیانی بوونمان(بوونی هاوڕێی)دەگەڕێتەوە.دوژمن لەناو بوونماندایە(لەناو هاوڕێیەتیەکانماندایە)، لەو شوێنەدایە، کە ئێمە هەین. کێشەکە ئەوکاتە دەستپێدەکات، کە دوژمن نادیاربوو، کە هەستمانکرد بێ دوژمنیین. وێڕای ئەوە، گۆڕینی دوژمن بۆ نادوژمن، ئیشە دژوارەکەیە. بەس ئەوانەی دوژمنپەرستن، کە هەردەم دوژمنیان پێویستە، لە بەرژەوەندییانە دوژمن وەک دوژمن بهێڵنەوە.کەوابێت، ئەگەر دروستکردنی دوژمن پێویستیی بێت، بەخێوکردنیشی ئەرکە. تەنها بەو ڕێگایە دوژمن دەتوانێت بمێنێتەوە.
هێشتنەوەی دوژمن وەک دوژمن تا شوێنێک سودی هەیە.بەڵام مشەخۆربوونیش لەسەر دوژمنایەتی مەترسیدارە و هەڕەشەشە لەسەر ئاییندە. چونکە هەبوونی دوژمن هەبوونی ترسێکە مانا بە بوون (ژیان) دەدات. واتە، دوژمن و ژیان یەکتر تەواودەکەن. ئەمە بەو مانایە نایەت،کە تەنها لەپێناو دوژمندا ژیانبژێیین.
لێرەدا وایدەبینیین، کە نیچە قوتابخانەی سەرەکییە بۆ دوژمنناسی. لەوەوەفێردەبین،کە”ئەوەی لەپێناو شەڕکردن لەگەڵ دوژمنەکەی دەژی، بەرژەوەندی تەواوی لەوەدایە دوژمنەکەی لە ژیانا بمێنێتەوە”.لێرە دوژمن هۆکاری مانەوەیە،پاڵنەری ئەوەیە تۆ بۆ(ئەو)بژیت،(ئەو) وەک دوژمن بهێڵیتەوە. ئەمە ئەوەشمانپێدەڵێت، کە دوژمن جاریوایە پێویستییە تا خۆت کۆبکەیتەوە و خۆت ببینییت.
لە دوژمن مەترسیدارتر چییە؟ ئەوەیە، کە تۆ پێتوابێت دوژمنت نییە.دوژمن ئەوکاتە دروستدەبێت، کە لە خەیاڵی ئەوەدا بیت هەموو شتێک باشە، تۆ بێدوژمنیت. چەند ترسناکە واهەستبکەیت بێدوژمنیت!!
ئەهریمەنەکانی دەرووبەرمان وامانلێدەکەن لەتەکیانا بجەنگیین. ئەمەوادەکات وەک دوژمن بیانبیین، دواتر بکەوینە شەر لەتەکیانا، لەگەڵ کاتیشدا دەبیینین بووینەتە بەشێک لەوان.کەواتە ترسناکە لە دوژمنە سەرسەختەکانمانەوە فێری هاوڕێیەتی بیین. ئەوان،کە بێباکن بەرامبەر بە هاوڕێیەتی،هاوسێیەتی، تاکە شت، کە لێیانەوە فێردەبیین، دوژمنایەتییە. لێ سەرسەختترین دوژمنایەتییش. هاوکات دەربازبوون لە چنگ دوژمنایەتی سەرەتایەکی باشە بۆ خراپنەبوون. هیچ نەبێت بەو خۆدەربازکردنە نابینە خراپە مەزنەکە. ئەمڕۆ بێ ئاکارییەکە لەوەدایە هەموو هەوڵدەدەن ببنە خراپەگەورەکە، دوژمنە نادیارەکە.
بەبێ دوژمن و دوژمنایەتی و ململانێ و دواجار شەڕ، سیاسیی politicalبوونی نییە(شمیتSchmitt)، ئەی ئەمەیان چۆن؟ بەبۆچوونی شمیت”دوژمنی سیاسی پێویستی بەوە نییە لە ڕووی ڕەوشتییەوە بەدبێت،لە ڕووی جوانیناسییەوە ناشرین بێت،لەڕووی ئابوورییەوە زیانبەخش بێت”.هەروەها بەپێچەوانەشەوە ڕاستە.واتە دۆستی سیاسی پێویست ناكات باش بێت لەڕووی ڕەوشتییەوە،جوانبێت لەڕووی جوانیناسییەوە و سودبەخشبێت لەڕووی ئابوورییەوە. …. لەوە سەمەرەتر، دوژمن هەمیشە گشتییە(نەك تایبەت)و دوژمنی تایبەت مانایەی نییە”.واتە دوژمن کاتێک هەیە،کە دوژمنی سیاسیی بوونی هەیە(شمیت).
دیدی ترسناکی شمیت لەوێوە دەستپێدەکات،کە پەیوەندییەكی رەوشتیی لەنێوان دوژمنایەتی و خودی رەوشتدا بوونی نییە. چونکە دوژمنایەتی، هاوڕێیەتیش، واتایەكی سیاسییە لە دەرەوەی رەوشت.
دوژمن وامانلێدەکات خۆمان نەبینە دوژمنی خۆمان. خۆمان،کە هەمیشە لێهاتووین لە دوژمنایەتیکردنی خۆمان بەوە دوژمنە نادیارە راستەقینەکەمان لەبیردەچێتەوە. بۆئەوەی لەوە بکەوین دوژمنی خودی خۆمان بیین پێویستمان بە دوژمنە. بینینی دوژمنیش وەک دوژمن کارزانی سیاسیی و کرداریی دەوێت.
کارل شمیت هەر زوو پێیڕاگەیاندین، کە دوژمن خۆت نیت،ئەویترێکە. لەو شوێنەی دوژمنێک هەیە، پێویستمان بەوەیە بەدوای ئەویترێکدا بگەڕیین. دوژمن بەرامبەرێکە و هەر وەک بەرامبەریش دەمێنێتەوە. دوژمنی لەم جۆرە بوون دەخاتەمەترسییەوە. هەڕەشەی ئەم بەرامبەرە هێندەی بووناوییە رەوشتیی نییە. شمیت گوتەنی، کە نەتزانی کێ دوژمنە نازانیت تۆ کێیت.
کۆتا گوتنمان لەسەر دوژمن ئەوەیە، کە هەریەکێک لە ئێمە دوژمنێکی نادیار Invisibleی هەیە،دوژمنێک کە نووستوە و هەلومەرجێک بێداریدەکاتەوە. گەڕان بەدوای دوژمن، یان دۆزینەوەی دوژمن کارئاسانیمان بۆدەکات لە سروشتی هاورێیەتیش تێبگەین. بێئاگاییمان لەسەر دوژمنە نادیارەکانمان وایلێکردووین پێمانوابێت، بێ دوژمنیین، کە هێشتا دوژمنمان نییە.
گەوجیەکە ئەوکات دەستپێدەکات،کە ئێمەی مرۆڤ خۆمان بە ئاسودەبزانیین، کەگوایە بێدوژمنیین. بێدوژمنی بەدبەختییە نەک شادومانیی. ئەوە دوژمنە فێریخۆکۆکردنەوە و ئامادەباشیماندەکات.روونتر بدوێیین، دوژمن فێری بیرکردنەوەمان دەکات لە بوونی خۆمان. ئەو دەمە دەبینە دوژمنناس کە توانیمان لەوە حاڵیبین هەبوونی دوژمن سەرەتایەکە بۆ خۆناسی و داکۆکی لە بوونی خۆت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




سایبەرخۆشەویستی.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

(سێڵفی: هەموو خەونی جیهان لەنێو مندایە)

پاش تێربوونی ئارەزوو؛ مرۆڤ دیسانەوە بە دوای ئارەزوویەکی تردا دەگەڕێت: ئارەزوویەک کە خۆی نییه‌تی! ئەو ڕستەیەی (سلاڤۆ ژیژەك) بنەمایەكی فەلسەفی هەیە، لە گفتوگۆكانی (سوكرات)ەوە درێژ دەبێتەوە… ئەو ڕستەیە بەشێوەیەك ئارەزوو پێناسە دەكاتەوە، وەك ئەوەی (سوبێكت) سێبەری ئارەزوو بێت و بەبێ ئارەزوو (سوبێکت) دروست نەبێت؟! لێرەدا (سوبێكت) بوون بە چیرۆکێكە لەنێو زنجیرەیەك چیرۆکی نەپچڕاوەی ئارەزوودا.
ئارەزووی مرۆڤ ئەو شتەیە، کە نیمانە و وێڵی بەدەستهێنانین… بوون بە چیڕۆكی ئارەزوو ئەوەیە، کە ئەگەرچی (پرسی) خۆشەویستی ئارەزووە؛ بەڵام (کێشە)ی ئارەزووی بێبەشبوونە! پرسیار ئەوەیە: ئایا پرسی سێڵفی كێشەی ئەو ئارەزووەیە، كە نیمانە؟!
ئەوەی کە نیمانە و تامەزۆی بەدەستهێنانین (جیاوازییە)… جیاوازی و بێبەشبوون لە جەوهەری ئۆنتۆلۆژیدا، ئەو کەموکوڕییەیە (پرسەیە)، کە بنەمایەكی سرووشتی نییە! ئەو بێبەشبوونەی کە تێرنەکراوە، (یان ئەو كێشەیەی كە بۆ هەمیشە دووبارە دەبێتەوە) لە خۆمان ناچێت و لە ئەویدیكە دەچێت: پرسی خۆشەویستی و كێشەی سایبەرخۆشەویستییە! لێرەدا دیاردەی خۆشەویستی وەك جیاوازی واتە بێبەشکردن؛ بێبەشبوون لە خۆدروستکردن هەرگیز دەلالەت لە (ئیگۆی دەروونی تەقلیدی) ناكات، بەو مانایەی كە هەرگیز ناتوانین سەیرورەی ژیان فەرامۆش بكەین!!
(ئێلسا گۆدار، 1978) دەڵێت: ئێمە لەناو درامایەکی بەردەوامی ناپاکیماندا پەرەدەسێنین. دەتوانین ئەو ڕستەیە بەمجۆرە بنووسینەوە: ئیگۆی تەقلیدی بەردەوام لە ناو ئیگۆی- دیجیتاڵی ڕاڕادا پەرەدەسێنێت. یان دەشێ وەك تایتڵێكی لاوەكی نیشانی بدەین و بڵێین: ئیگۆ- لە بێبەشبوونی ئەویدیكەی جیاوازدا.
كەواتە هەرگیز ناتوانین جیاوازی نێوان پرسی ئیگۆ و كێشەی ئەویدیكە کەمبکەینەوە، چونکە جەوهەری ئارەزوو ئەویدیكەی جیاوازە؛ بێبەشبوون لەو جیاوازییە درزێكە دەكەوێتە ئیگۆ (بە هەموو ماناكانییەوە) یان ئارەزوو سێبەرێكی بێ ئیگۆیە؛ بۆ پڕكردنەوەی ئازارەكانی ئەو (درزە/ سێبەرە) بەردەوام بە دوای كێشەی جیاوازتردا دەگەڕێین، ئەوەی جیاوازترە پرسی ئیگۆ-ی دیجیتاڵییە؛ ئەوەی پرسی ئیگۆ-ی دیجیتاڵییە كێشەی ڕاڕاییە؟!
بەمجۆرە مەحاڵە بەبێ پەیوەندی خۆشەویستی و سایبەرخۆشەویستی بژین؛ ژیان بەدەست ئەو درزە بە ئازارەوە دەناڵێ… (پرسی خۆشەویستی و كێشەی جیاوازی و ئازار) نكۆڵیكردنە لە (جێگیربوون/ ئیگۆی دەروونی تەقلیدی)… بە دیوەكەی دیكە هەمیشە خۆشەویستی دژ بە دەسەڵات دەكەوێتەوە! بۆیە رامبۆی شاعیر لە قەسیدەی (بەشێك لە دۆزەخ) دەڵێ: وەك دەزانین خۆشەویستی دەبێ لەنوێوە دابهێنرێتەوە.

ئیگۆ
لە سێبەری ئارەزوودا

لە كتێبی (لە ستایشی خۆشەویستی)دا ئالان بادیۆ: دەڵێ خۆشەویستی بەرەو بیركردنەوەیەكمان دەبات، كە پێیوایە ناتوانین دنیا ئەزموون بكەین؛ تەنها لە دیدی جیاوازەوە نەبێت! بەڵام دیاردەی خۆشەویستی سرووشتی نییە؛ ڕامان نییە، ئەزموون نییە، كتوپڕیی و ساتەوەختییە! خۆشەویستى ئەو ساتەوەختەیە كە ڕووداو تێیدا (بوون) بە كردە دەكات!! كەواتە خۆشەویستی چالاكی و كردەیە، بینینی دنیایە بە چاوی جیاوازییەوە… مرۆڤایەتی بە كردەى خۆشەویستى نەبێت ڕزگارى نابێت؟! بەو مانایە ژیان شانۆى خۆشەویستییە؛ ژیان لە پەیوەندی جیاوازی و بێبەشبوون و ئازار هەڵقووڵاوە؛ بۆیە هەر کەسێک بە شێوازی خۆی چالاكی و كردەی خۆشەویستی دادەهێنێتەوە.
پرسی جێگیربوون و بنبەستبوونی (ئیگۆی دەروونی تەقلیدی) مانای بڕوانەبوونە بە كێشەی پەیوەندی لەگەڵ ئەویدیكەی جیاواز، بڕوانەبوونە بە (بوون بە) چیرۆکە نەپچڕاوەكانی ئارەزوو لە پەیوەندی خۆشەویستی و سایبەرخۆشەویستیدا… كەواتە ئەو كاتەى جیاوازی خۆشەویستى هەیە، ئیگۆ بوونى جێگیر نییە! یان بە مانایەكی دیكە لە پەیوەندی بە ئەویدیكەی جیاوازەوە ئیگۆی نێرگزی وزەكانی خۆی لە دەستدەدات، چونكە (ئیگۆی نێرگزی/ جێگیر) بە ڕامان و ئەزموونەوە بەندە، بەڵام خۆشەویستى كردەیەكی كتوپرِییە، ساتەوەختییە، تەنها لە قۆناغی عاشقبووندا دەبێ‌ بە ڕامان و بیركردنەوە! دەمەوێ بڵێم كردەی (خۆشەویستى) لە دەرەوەى تێگەیشتنى فیكر و ئەزموون و بیرەوەرییەوەیە، بەڵام كاری (عاشقبوون) بە ئەزموون و ڕامان و بیرەوەرییەوە دەلكێت؟!
هەندێجاران (سێڵفی) لەو ئارەزووەی كە نیمانە دەربڕین لە گۆشەگیری دەكات و ڕووبەڕووی بەهای پەیوەندی خۆشەویستىمان دەكاتەوە… هەندێجاران ئەو سێڵفییەی دەیگرین؛ وێنەی ئارەزووی ئەویدیكەی جیاوازە… هەندێجاران پێویستی جیاوازی و بێبەشبوون و ئازارە، بۆ ئەوەی سێڵفی لە نوێوە دابهێنینەوە و بەردەوام ڕامانی نوێ بە مرۆڤایەتیبوونمان ببەخشین… دەبێ بڕوامان بە گۆڕانی بەردەوام هەبێت؛ لێرەدا ئیگۆی تەكنۆلۆژی لە سێبەری ئەویدیكەی جیاوازدا لەو ڕەخنانە بێبەری نییە، کە ئاراستەی دەکرێت؛ چونكە دەشێ دنیای بەکاربەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سێڵفییەکان زیاتر لەوەی (سایبەرخۆشەویستی) بێت، (منێكی نێرگزی) لێبكەوێتەوە، لەبری ئەوەی هایپەرپەیوەندی جیاواز بێ، جێگیربوونی پەیوەندی بەرهەمبهێنێ، لەبری ئەوەی كرانەوە بێ، داخران بێ و هەوڵبدات هەموو ئارەزووە تەکنەلۆژیا نوێیەکان لە سوودی شەیدابوون و جێگیربوون و بنبەستبوون بەكاربەرێت، نەك لە پێناو ئارەزووی ئەویدیكەی جیاواز…
پرسیار ئەوەیە، ئایا لە داهێناندا دەرفەتی ئەوە هەیە، هەموو ئەو شتانەی کە لە پرسی ئیگۆی نێرگزی و پەیوەندییە داخراوەكان تێدەپەڕن، تێپەڕێنین؟! مەبەستم هەر تەنها قبووڵنەكردنی ئەنلایك نییە؛ بەڵكوو بەگشتی بێهەڵوێستی و بێئاگایی ئیگۆی نێرگزییە لە دنیای جیاوازییدا، رەتكردنەوەی كێشەی ئاگایی و پەیوەندییە مرۆییەكان و ژیانە… ئەگەر ئەو پرسیارە پێچەوانە بكەینەوە دەڵێین: ئایا پرسی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی ڕاڕا، دەكەوێتە دەرەوەی كێشەی پەیوەندییە كراوەكان و ئاگاییەوە؟!

سێڵفی
قەیرانی سوبێكت

پرسی سێلفی- ئیگۆی مەجازی وەك (خود/ پۆڕتریت) لەسەر زەوی هەناسە دەدات؛ كەواتە تەکنۆلۆژیا نوێیەکان لە دەرەوەی سوبێكتەوە بەرهەم نەهاتوون؛ بەو مانایەش ئەگەر توانای خراپترینمان هەبێت، توانای باشتركردنیشمان هەیە؛ دەتوانین بناغەی ڕێنیسانسێکی نوێ لەسەر زەوی دابمەزرێنین، كە سێڵفی تێیدا (بوون بە) دیدێکی نوێ بێ، (بوون بە) پەیوەندی و ئاگاییەكی نوێ و كراوە بێ، كە لە داهاتوودا نەتوانین پشتگوێی بخەین… وەك چۆن ئاماژەی لەدایکبوون و بەرهەمهێنانەوەی ئیگۆیەكی كراوە بێ، کە بەردەوام وەک مانای گۆڕاو بۆ شۆڕشێکی نوێ تەماشا بکرێت.
هەڵبەتە (بوون بە) وەك شۆڕشێكی نوێ تەنیا گۆڕانکارییەکی تەکنۆلۆژی نییە؛ بەڵكوو گۆڕانكاری بەردەوامی بوونی سوبێكتە، كە بووەتە نێوەندگیرێكی (شاراوە) و (ئاشکرا) نێوەندگیرێكی بێڕەگ و ڕیشە، بێئەزموون و ڕامان و بیرکردنەوە؛ بێیادەوەری لە نمایشدا، سەرسام بە كردەی ساتەوەختی و كتوپڕی و بوون بە زێدەپەیوەندی داهێنان…
لە سەردەمی بەکاربەری و تەکنۆلۆژیادا هێزی کڕین، بە بەهای خۆ بە خاوەندارێتی و توانای سوبێكت دەپێورێت… پرسی ڕستەی (من بەکاری دەهێنم) كێشەی بوونی من دەسەلمێنێ. یان وەک (هێربێرت مارکۆزە) دەڵێ، تەنانەت بوونیش بووەتە بڕاندێک؛ بووەتە لۆگۆی کۆمپانیایەک… هەندێک لە سێڵفیەکان تەنها وەک ڕیکلامەکان کاردەکەن؛ وەک لۆگۆی یەکجار بەکارهێنراوی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، یان جوانکاری مۆدێلەکانی مۆدە…
لە سەردەمی بەکاربەری و تەکنۆلۆژیادا جوانی و ڕەوانی زمان دەكەوێتە دواوە! وێنە و ئیمۆجیەکان… شوێنی مانای زمان و ڕەوانبێژی دەگرنەوە؛ ئیتر پێویست ناکات سڵاو بکەم، بەیانی باش، من باشم، بیرت دەکەم، تۆم دەوێت تۆ جوانیت، ئەوە بە تام بوو، چووم بۆ مەلەکردن… ئێستا یەک ئیمۆجی دەتوانێت هەموو ئەوانە بڵێت… زێدەپەیوەندی بووەتە بینراو (ئاشكرا)؛ كاری خەیاڵی (شاراوە) و زارەکی لە كزی داوە، فەرهەنگی ئیمۆجی ڕۆژانە فراوانتر دەبێت.
ئەگەرچی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی لەڕێگای گوتاری وێنەکانەوە قسە دەکات، یان میمەکان- پارچە بینراوەکان، کە وەک زمانێکی گشتگیر لە سۆشیال میدیادا کاردەکەن- ڕەنگە لە ماوەیەكی كەمدا ژانرێکی تەواو نوێ بە شێوەیەک قسە بکات، کە ئیگۆی دەروونی تەقلیدی نەتوانیت لێی تێبگات… ئەوە ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوەیە…
ئەگەرچی لە سەردەمی بەکاربەری و تەکنۆلۆژیادا چیتر سوبێكت هەڵگری ئامانج و ناوەڕۆک نییە، بەڵكوو ئەدای کارکردنیەتی لەناو تۆڕە بێ کۆتاکانی کۆمەڵگای مەجازی جیهانیدا، چیتر سوبێكت بە مانا تەقلیدییەكەی دڵخۆشم ناکات؟! ئیتر دەتوانم سوبێكت لەخۆم بسڕمەوە، دەستکاری بکەم، بیشارمەوە؟ چاوەکانم؟ لووت؟ ڕەنگی پێستم؟ کامە پارچەی دەمەوێت دروستی بکەمەوە… ئەوە ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوەیە.
ئەگەرچی لە سەردەمی بەکاربەری و تەکنۆلۆژیادا هەستدەكەم سوبێكت پەیوەندی بە ڕاستییەوە نەماوە، بەڵكوو پەیوەندی بە پێشبینیکردنی گومان و سەیرورەوە هەیە: گومان لە ڕەسەنایەتی خودی بوون، متمانەی لەدەستچوو… بوونی سوبێكت کەوتۆتە ژێر پرسیاری ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوەوە… لە هەموو ئەو ئەگەرانەدا بوون بە پرسی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی مۆدێرن وەك یاریكەرێكی جوولاو و بزر لە ساتەوەختی هایپەرپەیوەندی و سایبەرخۆشەویستی نابێتەوە…

ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوە
یاریكەرێكی بزر
دنیای دیجیتاڵی، دنیای وێنە مەجازییەكان وەك سرووشتێكی گۆڕاوی بێبكەر دەردەكەوێت، كە پشت بە سایبەر تەكنۆلۆژیا دەبەستێ؛ بەو مانایە دنیای دیجیتاڵ، دنیای چالاكی وێنە مەجازییە ئاشكراكانی خۆی، لە دنیای ڕامانخوازی كلتووری جیا دەكاتەوە، كە زێتر شاراوەیە، زێتر میكانیزمی خەیاڵکردن دەیجولێنێ… بەمجۆرە حەقیقەتی ڕامانی هونەری و پرسی خۆشەویستی و جوانی و چێژ لە كێشەی ئیگۆی دەروونی تەقلیدیی و چالاكییەكانی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوەوە؛ ئەوەیە، كە ئیگۆی دەروونی تەقلیدی پەیوەندی بە شۆكی كلتوورییەوە دەكات؛ بەڵام ئیگۆ-ی دیجیتاڵی كراوە پەیوەندی بە شۆکی تەكنۆلۆژیاوە هەیە؛ یەكەم ڕامان بەڕێوەی دەبات؛ دووەم خێرایی…
ئەگەر داهێنانی ڕامانی خەیاڵكردی ئەدەبی و هونەری دەلالەت لە چەپێنراو و شاراوەكانی كلتووری بكات و لەوێشەوە شۆکی کلتوری لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەلالەت لە هاتنی شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل و كەشتیی هەڵمی و هاتنی فرۆکە… بكات! ئەوە شۆكی تەكنۆلۆژی لە چالاكی ئیگۆ-ی دیجیتاڵی ئاشكراو و كراوەدا لە خێرایی ژیریی و زیرەكیی دەستكرددا دەردەکەوێت: وەك ئەوەی لە بەكارهێنانی ڕۆژانەدا لەبری دەستەواژەی (خۆشمدەوێیت)ی فەزای ئەدەبی، شوێن بۆ دەستەواژەی (لایك)ی فەزای تەكنۆلۆژی چۆل بكەین!! بێ ئەوەی بوون بە (داهێنانی خەیاڵكردە) و بوون بە (داهێنانی دەستكردە) هیچ کۆتاییەکی دیاریكراوی هەبێت… وەك ئەوەی شتەکان بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە فڕێدرابنە (درامای ناپاكیكردن لە زمانی ئەدەبی) و (ناپاكیكردن لە وێنەی سێڵفییەوە)، وەك ئەوەی بكەری دیار و بكەری بزر (دنیای داهێنان) بەڕێوە بەرن… بەڵام ئەگەر لە كاری داهێنانی ئەدەبی و هونەری (شاراوە و خەیاڵكردە) بكەر بوونێكی بەرجەستەی هەبێت، ئەوە لە داهێنانی تەكنۆلۆژیای (ئاشكرا و دەستكردە) جگە لە (كردە) هۆکارێکی دیار بۆ بوونى (بكەر) لە ئارادا نییە… لە گۆڕانكارییە زێدەخێراكانی سەردەمدا دەستنیشانكردنی (كردە) و (كار) ئەو خاڵە سەرەكیەیە، كە (ناپاكی زمان) و (ناپاكی تەكنۆلۆژیا)، ناپاكی (بكەری دیاری كار) و (بكەری بزری كردە) روونتر دەكاتەوە! بەگشتی لە بكەری (دیار) ناپاكیكردنی زمانی ئەدەبی لەوەدایە، كە (ڕابردوو) دزە دەكاتە نێو كارەوە، لە بكەری (بزر) ناپاكیكردنی تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی لەوەدایە، كە (داهاتوو) دزە دەکاتە نێو كردەوە؟! كەواتە ئەگەر وێنە مەجازییەكانی سێڵفی گوزارشت لە (داهاتووی پێشبینیكراو) بكەن، ئەوە وێنە مەجازییەكانی ئەدەب و هونەر (یادەوەرییەكانی ڕابردوویان) لەخۆدا هەڵگرتووە!
بەڵام هەمیشە لە كردەی داهێناندا كێشەی (ئارەزوو/ جیاوازی/ ئازار) لەودیوو پرسی پەیوەندییەكانی جوانی و چێژەوە ئاماژە بە هیچ هۆکار و ئامانجێکی دیاریكراو ناکەن! بە مانایەكی دیكە داهێنان لە پەیوەندییە كراوەكانی هایپەرخۆشەویستی و سایبەرخۆشەویستیدا هیچ چێژێك لەپشت یان لەسەرووى جوانییەوە نابینێ؛ بۆیە جوانی لە داهێنانی (كار) و جوانی لە داهێنانی (كردە)دا بەردەوام ناچار بە زۆر بوون و دووجابوونەوە و کۆپیکردنەوە و لاساییكردنەوە بووە؛ وەک: دەقەكان، جەستەکان و ئایدیاکان… بەگشتی لە داهێناندا مەرج نییە مەبەست، ئامانج، باڵایی… لە بازنەی هۆكارێكی دیاریكراوی مانادا گیر بخوات، دەشێ لە بازنەیەكی بەتاڵ و بێكۆتاییدا بخولێتەوە! یاریكەری (ئاشكرا) و (شاراوە)ی پرۆسەی (كار) و (كردە)ی داهێنان هەمیشە (بوون بە جوانی و چێژ) دەسپێرێت، ئەوەش هیچ نییە، جگە لە بێئامانجی و بێكۆتایی و بێڕیشەیی و بێسنووری (ئارەزوو) و (جیاوازی) و (ئازار)؛ یان داهێنان نەبێت… (فێرناندۆ پێسوا)ی شاعیر لە شیعری (فرۆشگای تووتن) كە (سیما ئاکۆ) لە ئینگلیزییەوە كردوویە بە كوردی دەڵێت:
من هیچ نیم.
هیچیشم لێ سەوز نابێ.
خۆشم نامەوێ هیچم لێ دەرچێ.
بەڵام هەموو خەونی جیهان لەنێو مندایە.

هەولێر 4/6/2025
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




شیعر و دنیابینی سەلەفییانە.. سەدیق سەعید ڕواندزی

لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، زۆرجار بە پێی قۆناغ و سەردەمەكان، كەسانێك لە نێوەندی ئەدەبی و كۆمەڵایەتی و كولتووری دەردەكەون و وەك دژە باوێك دەناسرێن و دەكرێنە فیگەرێكی دیار، بۆ جیاوازكەوتنەوە و نوێخوازیی و دەرچوون لە ژیانی باوی سەردەم و هەموو نۆڕمە كۆمەڵایەتی و میللییەكان، كەچی دواتر ئەو بە ناو دژە باوانە، بە جۆرێك باو دەكەونەوە، بگرە لە باویش تێ دەپەڕێنن ! لە سەرەتای هەفتاكاندا، شاعیرێكی جیاوازنووس و داهێنەر و دابڕاو لە ڕووی ئەدەبی و شیعر و نۆرمە باوە كۆمەڵایەتییەكانی ژیان و سەردەم دەركەوت. ئەم شاعیرە بۆ سەردەمی خۆی، وەك ڕچە شكێنێك سەیر دەكرا، كە توانیویەتی بازنە سوورەكانی ژیان و ئەدەب، بشكێنێت و بپەڕێتەوە جوگرافیا قەدەغە كراوەكان، ئەم شاعیرە، نەك تەنها لە ئاستی ئەزموونی شیعریی، بەڵكو لە ڕووی كەسی و كۆمەڵایەتی و ستایلی ژیانیشەوە تازە و دژ باو بوو. دەڵێن تەنانەت شێوەی جل و بەرگ و قژ تاشینیشی، لە كەسە هاوسەردەمەكانی خۆی نەدەچوو، ئەمە وێرای ئەوەی بە ئەزموونێكی شیعری نوێ، بە چەندین ناونیشانی تازە، كە پێشتر لە ئەزموونی شیعری كوردی نەبوون دەركەوت. ئەم شاعیرەش، (لەتیف هەڵمەت بوو) كەچی ئەم شاعیرە، لە دوا ساتەكانی ژیان و تەمەنیدا، بای دایەوە لای سۆفیزم، شێخایەتی، خواپەرستی و دەڵێن ئێستا سەری بچێت نوێژی ناچیت ! لە بەرانبەر ئەمەدا، ئێمە شاعیرێكمان هەبوو، هەرگیز لافی دژە باوی لێ نادا، بە شاعیرێكی دژە ئایین دەناسرا، ئەو بڕوای وابوو، ئەنفال هەر تەنها كردەیەكی سەربازیی ڕژێمی شۆفێنی فاشی بەعس نەبوو، بەڵكو فاكتێكی ئایینی و جیهادیشی هەبوو، بۆیە دەیان شیعر و قەسیدەی لە بارەی ئەنفالەوە نووسی و ڕەخنەی لە ئایین دەگرت و ڕەمزە دینییەكانی لە ڕێگەی شیعرەوە ناشرین دەكرد.
ئەم شاعیرە تا مردیش پاشگەزنەبووەوە لە وپرەنسیپانەی لە سەرەتای ژیان و ئەزموونی شیعرییەوە دەستی پێكردبوو، بۆیە جیاواز لە هەر مرۆڤێكی دیكەی كورد و موسڵمان و هەر شاعیرێك، وەسیەتی كرد لە پاركێك كە شوێنی ژووان و عاشقایەتییە، بنێژرێت. لە كاتێكدا ئەم شاعیرە، بۆ ڕۆژێكیش لافی دژە باوی، جیاواز كەوتنەوە و نوێگەری لە شیعر و ژیان لێ نەداوە. بێگومان ئێمە دەزانین مرۆڤ بە هۆی كەوتنە نێو تەمەنەوە، یاخود سرووشتی ژیان ئەو دیفاكتۆیە دەسەپێنێت، كە گۆڕانكاریی لە هزر، بیركردنەوە، ژیانی مرۆڤەكان بێتە ئاراوە، ئەمە تا ئێرە ئاسایە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەوەیە، شاعیرێك بە ئەزموونێكی نوێ و جیاواز و داهێنەرانە دەست پێ بكات، كەچی بە ئەزموونێكی كۆنخوزانەوە كۆتایی پێ بێنێت ! لە سەرەتادا دژە ئایین بیت، كەچی ئەو كاتەی نزیك دەبیتەوە لە مردن، وەك سۆفیگەرێك دەربكەویت. گەر سەرنج لەو شیعرانە بدەین، كە ناوە ناوە (لەتیف هەڵمەت) لە ئێستادا بڵاویان دەكاتەوە، بیرمان بۆ ئەوە دەچێت، كە ئەم شاعیرە، بۆ ڕۆژێكیش دژە باو نەبێت، یاخود ئەو شیعرانەی لە سەرەتای هەفتاكان نووسیویەتی، زۆر بابەتیتر، هونەریتر و داهێنەرانەترن لەوەی ئێستا دەیاننووسێت. شاعیرانی ئێمە، شیعر بە پیشە تێگەیشتوون، بۆیە بڕوایان وایە تا دوایین چركەی تەمەن دەبێ شیعر بنووسن، بێ ئەوەی ئەو توانا و داهێنانە شیعرییەیان مابێت. دەشێ شاعیر بە یەك كۆمەڵە شیعر داهێنان بكات و شوناسی خۆی لە ئەزموونی شیعری كوردیدا وەربگرێت و ئیدی ئەو ئەزموونە بۆ ئەو، لە دەیان دەقی نا هونەری گرنگترە، وەك ئەوەی هەریە لە شاعیران ( ئەحمەد هەردی ) و (حەمەعومەر عوسمان) دوو شاعیر و دوو ئەزموونی دیاری ئەو داهێنانە شیعرییەن، كە چی بە پێچەوانەوە شاعیرانی كورد، وێرای ئەوەی دڵنیاشن لەوەی كە شیعر وازی لێ هێناون، كەچی ئەوان هێشتا هەر خۆیان بە تەنافی شیعرەوە هەڵواسیوە. شیعرەكانی لەتیف هەڵمەت لە ئێستادا، بەشێكی زۆریان بە داخەوە لە ئاست ناو و شۆرەتی ئەم شاعیرە نین و لە شیعری گەنجێكی دڵشكاوی ڕۆمانسی دەچن، كە لە دەرەنجامی عشقێكی هەرزەكارییانەوە شكست دێنێت و ئیدی جار جارە شیعرێك دەنووسێت. لەتیف هەڵمەت، لە شیعرێكی نوێیدا (1) دەڵێت:_
یەك تۆزقال عەشقی خودا مەستت بكا
پێویست ناكا بچی بۆ حەج
كەعبە خۆی ڕا دەكات بۆ لات
ئەم شاعیرە، لە سەرەتای هەفتاكانەوە، كۆمەڵە شیعرێكی بە ناوی ( خوا و شارە بچكۆڵەكەمان ) بڵاوكردەوە. بەمەش بۆ یەكەم جار، ئەگەر هەڵە نەبم وشەی (خودا) كە وشەیەكی گەورە و پیرۆزە لای موسڵمانان و بڕواداران، دەكاتە ناونیشانی كتێب. واتا لە ڕووی فەرهەنگییەوە وەك هەر وشەیەكی دیكەی ئاسایی، دەكرێتە بە شێك لە ناونیشان و زمانی شیعری، كە بێگومان بۆ ئەو كات، ڕەنگە ڕیسككردنێكی پڕ لە مەترسییانە بێت بۆ شیعر كە شاعیرێك كردبێتی، كەچی دوای شەست ساڵ هەمان ئەو شاعیرە، ڕیكلامی چوونە حەجمان بۆ دەكات و دەیەوێت بمانكاتە خوداپەرستێك ئەو سەری دیار نەبێت ! تەنانەت بە هەموومانەوە واتا ئەقڵێكی بە ئیسلامكردن لە پشت ئەو وێنە شیعرییەوەیە، چونكە كەعبە و حەج، دوو ئایكۆنی ئایینین و پەیوەندیان بە ئیسلامەوە هەیە. واتا بۆ ئەوەی خودا لێمان ڕازی بێت، دەبێ خودا پەرست و سەلەفی و زاهیدێك بین، ئەوسەری دیار نەبێت ! شاعیـر لەو شیعرەیدا، ڕووی لە هەمووانە و لە بری هەمووان دەدوێت و دەیەوێت ئەو هەستەیان لادروست بكات كە چۆن كەعبە بێتەلایان. بەڵام ئایا هیچ شاعیرێك ئەو مافەی هەیە بە نێوی هەمووان بدوێت و ئایینداری بكات؟ داوای چوونە حەج و عەمرەی هەمووان بكات؟ وەك ئەوەی هەموو كەسێك وەك ئەو موسڵمان و بڕوادار بێت ! ئەم شاعیرە لەو وێنە شیعرییە سەلەفییەدا، گوتار ئاراستەی هەمووان دەكات، واتا بە گشتی مەبەستی لە هەموو مرۆڤەكانە، كە ئەمەش دیوێكی دیكەی ئەقڵی دینی و سوونەتییە كە دەیەوێت هەموو مرۆڤەكان بە ئیسلامی بكات و ئیسلام وەك ئایینی سەرەكی هەمووان بناسێنێت و بسەپێنێت. با بزانین، لەتیف هەڵمەت، كە ئێستا داوا لە خەڵك دەكات بچنە حەج و كەعبە بپەرستن، لە هەفتاكاندا و شەست ساڵ لەمەوبەر بیركردنەوەی چۆن بووە؟ چۆن ڕوانیویەتییە ئایین، خودا، پێغەمبەر و كەعبە و ئیسلام، ئەم شاعیرە لە شیعرێكیدا كە نیو سەدە زیاتر لەمەوبەر نووسیویەتی (2) دەڵێت:_
ئاخ ئەگەر یەك چركەیەك
تاجی دەسەڵاتی خوایەتیم لە سەر دەكرا
خۆشەویستیم لە هەموو دڵێكدا دەكرد بە خوێن
لە سەردەمی كۆنەپارێزیی و سووننەتگەرایی و ئەقڵی دۆگمای كۆمەڵگەی كوردیدا، لە سەردەمی توندی ئایینگەرایی و دەستگرتن بە بەها پیرۆزە ئایینی و كۆمەڵایەتییە دۆگما و چەقبەستووەكاندا، لەتیف هەڵمەت یاخییانە، بێ ترس و دوودڵی، بانگەشەی ئەوە دەكات تاجی خوایەتی لە سەر بنێن و دەسەڵاتی خودای بۆ یەك چركە پێ بدەن، تاكو لە نێو هەموو دڵەكاندا خۆشەویستی لە بری خوێن سەوز بكات. سەرنج بدەن، شەست ساڵ لەمەو بەر بیركردنەوە، جیهانبینی، ڕوحی یاخییانە و بێ ترسی ئەم شاعیرە چۆن بووە، دوای ئەو هەموو ساڵە لە بری ئەوەی بەرە و پێش بچێت، بە داخەوە گەڕاوەتەوە دواوە و بانگەشەی چوونە حەجمان بۆ دەكات. بیرمان نەچێت ئەوەی شاعیران بە نەمری دەهێڵێتەوە، هەر تەنها شیعرەكانیان نین، بەڵكو پرەنسیپە ئاكاریی و مرۆیەكانیانە كە لە سەرەتاوە دەیانكەنە ڕێنوینی ژیانیان. هیچ داهێنانێك لەوەدا نییە جیهانبینی شاعیرێك لەوپەڕی یاخیبوون و بوێرییەوە، بگۆڕێت بۆ ئەقڵێكی ئایینی و سوونەتی دواكەوتووانە، كە لە ڕاستیدا گەڕانەوەیە بۆ دواوە. شێركۆ بێكەس، هەتا ئەو ڕۆژەی كۆچی دواییشی كرد، بە شاعیرێكی دژە ئایین ناسرابوو، تەنانەت لە یەك شیعر و بۆ یەك ڕۆژیش لەو تێگەیشتن و پرەنسیپە هزرییانەی خۆی پاشگەز نەبووەوە. هەر ئەمەش شێركۆ بە نەمری لە یادەوەری ئێمە دەهێڵێتەوە، سەدان شاعیری دیكەش بە فەرامۆشی و پەراوێزەوە دەسپێرێت، كە تەنانەت نەیانتوانیوە سنووری شارێكی وەك هەولێریش ببڕن ! گەر بەراوردی ئەزموونی سەرەتاكانی ئەم شاعیرە، بە شیعرەكانی ئێستای بكەین، هیچ گومانێك نامێنێتەوە لەوەی كە ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرە بەرە و دواوە گەڕاوەتەوە، لە بری ئەوەی داهێنان و ئەزموونی دیكەی شیعری تاقیبكاتەوە. لەتیف هەڵمەت، هەر لەو شیعرەی شەست ساڵ لەمەو بەر نووسیویەتی و دەیەوێت دەسەڵاتی خوای هەبێت، داوا دەكات ببێتە پێغەمبەرێكیش، بۆیە ئەمجارەیان دەڵێت:_
ئای ئەگەر پێغەمبەرێك دەبووم
نە مردووم زیندوو دەكردەوە
نە دەچووم بۆ ئاسمان
زیندانەكانی زەویم دەكرد بە ئاو
ئەم شاعیرە دەیەوێت ببێتە پێغەمبەرێكی جیاواز، كە هاوشێوەی پێعەمبەرەكانی دیكەی خودا، ئیسراو میعراج نەكات و مردووش زیندوو نەكاتەوە، بەڵكو تێدەكۆشێ بۆ ئازادی و سەربەستی كەسەكان لە سەرتاسەری دونیا. پەیامی لەتیف لەو شیعرەیدا، پەیامێكی مرۆیی، سیاسی، ئەخلاقی گەورەیە و سنووری جیهان دەبڕێت و ئاراستەی هەموو زیندانییەكانی دنیا دەكرێت. گوتارێكە، هیچ ئایدۆلۆژیایەكی سوونەتی و ئایینی نییە و بگرە سنوورە سوورەكانیشی بڕیوە، چونكە داوا دەكات تاجی خوایەتی لە سەر بنێن، بێ ئەوەی سڵ لەو هەموو لێكەوتە ئایینی و نەریتی و داخراو و دواكەوتووانە بكاتەوە، كە بە هۆی شیعرێكی لەو شێوەیە دێننە ئاراوە. كەچی ئەم شاعیرە، دوای چڵ ساڵ زیاتر، باسی ئەوە دەكات خوامان خۆشبووێت و كەعبە بێتە لامان، واتا بانگەشەی بە ئیسلامیكردنی كۆمەڵگەی كوردی دەكات و بوارێك بۆ ئایین و ئایدیای جیاواز ناهێڵێتەوە. شتێك كە بۆ من هەمیشە جێی سەرنجە لای شاعیرانی كورد، ئەوەیە، كە بە تەمەن دادەچن، دەگەڕێنەوە لای خوا و دەست بە خوا پەرستی دەكەن، وەك ئەوەی پێشتر خوا نەبوو بێت ! مەگەر ئەو كەعبە و خوایەی لەتیف هەڵمەت ئێستا باسیان دەكات، هەمان ئەو كەعبە و خوایە نین كە ئالنگاری كردوون؟ شاعیری كورد لە بری ئەوەی كە توانای شیعری نەما سەرقاڵی نووسینەوەی بیرەوەرییەكانی بێت، بە داخەوە دێت ئەو ئەزموونە جوان و داهێنەرە شیعرییەی پێشتر هەیبووە، بە شیعری كرچ و كاڵ و لاواز ناشیرینی دەكات، یان لە بەردەوامی نەبوونی جیهانبینی تازەی شیعریی، دەكەوێتە خولانەوە بەدەوری وشە. جەمال غەمبار، لە شیعرێكیدا كە لە دوایین كۆمەڵە شیعریدا، هەیە، بە هەمان شێوەی لەتیف هەڵمەت، دەبێتە هەڵگڕی ئەقڵێكی سەلەفی و دوای ئەزموونێكی درێژ لە نووسینی دەیان شیعری جوان و ناوازە، بە داخەوە دێت، هاوشێوەی لەتیف هەڵمەت، بانگەشەی ئەوە دەكات، كە دەبێ بچینە مەككە، بۆیە دەڵێت:_
هەتا ساڵی ڕابردووش
من وام دەزانی تۆش جارێ لە جاران..
زیارەتی مەككەت كردووە
ئیتر لەوێ بوویت بە شاعیر (4)
غەمبار لێرەدا، بە شاعیربوون، وەك سرووشێكی زۆر پەنهان، شاراوە، نادیارو جوان، دەبەستێتەوە بە ڕوكنەكانی ئیسلام و بڕوای وایە ئەوەی نەچێتە حەج نابێتە شاعیر! یان بە قەولی ئەو ئەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان، ڕێیەكی كەوتبێتە مەككە، ئەوا بووە بە شاعیر! بێگومان دەبێ بزانین شیعر، سنوورێكی نییە بۆ تێماكردن، وێناكردن و جیهانبینی شیعرییانە لای شاعیر، بەو مانایەی جەوهەری شیعر، لادانی زمانە و بە شیعركردنی شتەكان، بەشێكە لە كردەی شیعریی و دنیابینی شیعرییانەی شاعیر، بەڵام كاتێ ئایكۆنێك لە شیعردا هێندە زەق دەكرێتەوە، ئەوا دەبێ ماناكانی ئەو ئایكۆنە لە زمان و دەربڕیندا دەربخەین. لەو سۆنگەیشەوە مەككە، ئایكۆنێكی ئیسلامییە و تایبەتە بە موسڵمانان، كەعبەی پیرۆزی موسڵمانانی لێیە، حەجكردنیش، یەكێكە لەو فەریزانەی خودا بە سەر موسڵماناندان ئەركداری كردووە، بەمەش مەككە، دەبێتە ئایكۆنێكی ئیسلامی دیار، كە هێما بۆ بیروباوەڕێكی ئایینی دیاریكراو دەكات كە ئیسلامە، بەمەش تەنها ئەوانەی موسڵمانن، بۆیان هەیە و خودا ئەركداری كردووە بە سەریان كە هەر دەبێ بچنە حەج و پەیوەندییان بە حەجەوە هەبێت. كەچی غەمبار، بێ ئەوەی ئەو جیاوازییە ئایینی، مرۆیی، شوناسە نەتەوەیی و كەسیانەی لە بەر چاو بێت، بە زمانێكی گشتی و گۆ دەدوێت و بانگەشەی ئەوە دەكات، كە هەر كەسێك جارێك لە جاران ڕێی بكەوێتە مەككە، ئەوا دەبێ بە شاعیر. واتا ناڕاستەوخۆ بانگەشە بۆ ئەو گوتارە ئیسلامی و سەلەفییە دەكات كە لە ئیسلامدا هەوڵی یەك ڕەنگردنی هەموومانی تێدا دەدرێت. ئەم شاعیرە، شاعیربوون بە بەرهەمی خوێنەوە، سرووش و دنیابینی شیعرییانە، ئیلهام و هەست و بەركەوتنی شیعرییانە نابینێت، بەڵكو بە بەرهەمی چوونە حەجی دەبینێت ! بۆیەشە لە ڕوانگەی ئەو، ئەوەی دەیەوێت ببێتە شاعیر، پێویست ناكا هیچ كام لەمانە بكات، بەڵكو هەر سەرێك بە مەككەدا بكات، ئیدی دەبێتە شاعیر و شیعری وەك باران بە سەر دەبارێت. بێگومان مرۆڤی موسڵمان، مرۆڤێكە پابەند بە بنەما ئاینییەكان، ئەو ناتوانێت لەو هزرە ئاینییە دەرچێت، كە وەك بیرو باوەڕ هەڵگریەتی و دەیكاتە نەخشە ڕێگەیەك بۆ ژیانی خۆی، بۆیە هەمیشە دژو ناكۆك دەكەوێتەوە لەگەڵ ئەو نۆڕم و كردارانەی لەگەڵ ئایین نایەنەوە، بگرە دژیشیان دەوەستێتەوە. بێ بڕوابوون بەو بنەما ئاینییانە، مرۆڤی موسڵمان، نابێتە موسڵمانێكی ڕاستەقینە و بڕوادارێكی تەواو، بۆیە نەك دەبێت بڕوای بەو بنەمایانە هەبێت، بەڵكو دەبێ بە پیرۆزیشیان بزانێت و بەرگریان لێ بكات و بیانپارێزێت. تاكو بە هزر و كردەوە، پابەندیەتی خۆی بۆ ئەو ئەقڵە ئایینگەرایە دەرببڕێت. غەمباری شاعیر، دوای ئەوەی دەیەوێت هەموومان بنێرێتە مەككە بۆ ئەوەی ببینە شاعیر، ئەمجارەیان وەك موسڵمانێك ئەو مرۆڤانەشی كە وەك ئەو بیر ناكەنەوە، ڕەت دەكاتەوە و بە توانج و گاڵتە پێكردنەوە باسیان دەكات، بۆیە ئەمجارەیان دەڵێت:_
جوانترین شیعر لە سەر خۆشیدا نەبێ نانووسرێ
درۆیەكی چەند گەورەبوو..
خەیاڵێكی چەند پووچ بوو (5)
هەڵبەتە مرۆڤی مەست، وەك ئەوەی ئەوەی لە نێو ئێمەدا وێنا دەكرێ، مرۆڤێكە لە دەرەوەی ئەو پیرۆزییە ئاینییانەی كە موسڵمانان هەیەتیان. مەی خوداردنەوە بە دەقی قورئان، حەڕامكراوە و مەیخۆر لە تێڕوانینی كۆمەلًگەی ئێمەدا كە موسڵمانین، كەسێكی ناقۆلاِ، ناشیرین و بێزراو و ڕەت كەرەوەیە و هەمیشە سەرخۆشەكان، بە بەڕەلا و بێ ژیان و ناو وناسنامە دەبینن و فڕێیان دەدەینە دەرەوەی بازنە كۆمەڵایەتییەكە و بگرە خێزانەكەشی لە خۆی ناگرن. ئیدی كەسێكیش، بانگەشەی چوونە مەككە بۆ هەمووان بكات، چۆن دەبێت مەیخۆرەكانی بەلاوە جوان بن؟! یان حاڵەتی سەرخۆشی بە ئاسایی وەربگرێت؟! لەو سۆنگەیشەوە ئەم شاعیرە، دوای ئەوەی وەك نێردەیەكی ئەو كۆمپانیایانەی خەڵكی دەنێرنە حەج و عەمڕە دەردەكەوێت، ئیدی ئەمجارەیان گاڵتە بەو شیعرانە كە لە سەروبەندی مەستیەتی مرۆڤەكان كە جوانترین، پاكترین، بێ زیانترین ساتن دەكات و ئەو شیعرانەی لە مەستیدا نووسراون، بە درۆیەكی گەورە و پووچ ناو دەبات. ئەم ئەقڵە سەلەفی و ئاینییە بۆ ئێستا كار ناكات، بۆ ژیانی دنیا ناژیت، نایەوێت جوانییەكانی ئێستای ژیانی هەبێت و ببینێت، بەڵكو بۆ ژیانی قیامەت، ڕۆژی حەشڕ و ئاخیرەت دەژیت و توێشوو كۆ دەكاتە وە، لەو سۆنگەیەشەوە جەمال غەمبار، دوای ئەوەی دەبێتە بانگەشەكارێكی ئایینی و دەیەوێت وەك لەتیف هەڵمەت بچینە مەككە و حەج، پاشانیش گاڵتە بە مەستی مرۆڤەكان دەكات، ئەمجارەیان پەیامی ڕوونی خۆیمان كە لە پێنا و ئاخیرەت دەژیت بۆ دەردەخات و بە تاسەوە دەڵێت:_

دەبێ بە قیامەت بڵێم
هەتا من دەگەم
كورسییەكی بێ دەنگم بۆ هەڵگڕێ
نەبادا جێ نەمێنێ ! (6)

لەم وێنە شیعریەدا، ئیدی ئەم شاعیرە، بە تەواوەتی پەیام و جیهانبینی سەلەفیانەی خۆی دەردەخات و بە شێوەیەكی ئایینیانە دوای ئەوەی دەچێتە مەككە، پاشان مەی خۆرەكان ڕەت دەكاتەوە و ساتەكانی مەستی بە درۆ ناو دەبات، ئیدی نزای ئەوەی دەكات خودا لە قیامەت لەگەڵ موسڵمانانی پاك و زاهید، دایبنێت و كورسیەكی بۆ هەڵگرن، نەبادا جێی ئەو نەمێنێتەوە. ئەمەش هەمان ئەو خەون و خۆزگەیە كە سەلەفییە دینییەكان، خەونی پێوە دەبینن و ئاواتیانە خوا لە ڕۆژی دوایی بیانێرێتە بەهەشت و بە تاوان و گوناهەكانی ئەوان نەكات. ئەم دوو نموونە شیعرییەی ئەم دوو شاعیرە دیارەی ئێمە، دوو نموونەن لە نەمانی خەون و جیهانبینی شیعرییانەی تازە و خولانەوە بە دەوری وشەدا بێگومان هەر شتێكیش خولایەوە، ئەوا دەسوێت و هیچ بەها و هێز و داهێنانێكی تێدا نامێنێت و ئەپدێیت نابێتەوە !

سەرچاوە و پەراوێزەكان:
1_ ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ، ژمارەی ڕۆژی 20/9/2024.
2_ ئەو هۆنراوەی تەواو دەبێ و تەواو نابێ، كۆمەڵە شیعر، لەتیف هەڵمەت، ساڵی چاپ 1979 3ئەو هۆنراوەی تەواو دەبێ و تەواو نابێ، كۆمەڵە شیعر، لەتیف هەڵمەت، ساڵی چاپ 1979. 4 ژیان جوانتر دەبوو تۆ لێرە بایت، كۆمەڵە شیعر، بڵاوكراوەی مێخەك، زنجیرە 130،ساڵی چاپ _ 2024، ل 14.
5_ ژیان جوانتر جەبوو تۆ لێرە بایت، كۆمەڵە شیعر، بڵاوكراوەی مێخەك، زنجیرە 130،ساڵی چاپ _ 2024، ل 14.
6_ ژیان جوانتر دەبوو تۆ لێرە بایت، كۆمەڵە شیعر، بڵاوكراوەی مێخەك، زنجیرە 130،ساڵی چاپ _ 2024، ل 14.

*ئەم بابەتە لە بانێژەی ئەدەب و كولتووری ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە 36 ئایاری 2025 بڵاوكراوەتەوە.




پێشنیاری چوار خاڵیی شی جینپینگ بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.. و/هەڵۆ حەسەن

لەگەڵ هەڵكشانی زیاتری گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، دەستپێشخەرییەکی چوار خاڵی بۆ ئاشتی و چارەسەرکردنی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیار کرد. كە جەخت لە:
ئاگربەستێکی بەپەلە
پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی
دیالۆگ و دانوستانی سیاسی
بەهێزکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەرەو ئاشتی

ئەم دەستپێشخەرییە لە ساتێکی ناجێگیردا دێت هێرشەکانی ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردە ئامانج، لە کاتێکدا مووشەکەکانی ئێران چەندین پێگەی ئیسرائیلی كردۆتە ئامانج. هەردوولا بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەیان داوە و مەترسییەکانی قەیرانەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچوون

دەستپێشخەری چوار خاڵیەكەی شی جینپینگ

ئاگربەستی دەستبەجێ
دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دوژمنایەتییەکان بوەستێنن. ئاگربەست بەپەلەترین ئەولەویەتە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر و لەدەستدانی ژیان.

پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی
سەلامەتی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان دەبێت بە هەر نرخێک بێت پشتڕاست بکرێتەوە. پێویستە هەموو لایەک بە توندی پابەندی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بن و خۆیان لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی بپارێزن.

گفتوگۆ و دانوستان
دیالۆگی سیاسی و دانوستانی دیپلۆماسی تاکە ڕێگای بنەڕەتی و بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان. کردەوە سەربازییەکان ناتوانن ئاشتییەکی هەمیشەیی بهێنن.

بەهێزکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی- بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی کە کاریگەرییان لەسەر لایەنەکانی ململانێ هەیە- دەبێت پێکەوە کاربکەن بۆ پێشخستنی کەمکردنەوەی پەرەسەندن و یارمەتی گەڕانەوەی ناوچەکە بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ڕێگەی هەوڵە هاوئاهەنگەکانی ئاشتیسازییەوە.

هەڵوێستی چین

پێشنیارە چوار خاڵیەكەی شی جینپینگ هەم پێداویستییە دەستبەجێیەکان و هەم ئاشتی درێژخایەن دەکاتە ئامانج،نێوەندگیری چین لە ئاشتەوایی سعودیە و ئێران و دانوستانەکانی یەکێتی فەلەستین (رێککەوتنی پەکین و جاڕنامەی پەکین) ڕۆڵی بێلایەن و متمانەپێکراوی چین دەسەلمێنێت،چین پێی وایە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئاشتی جیهانی پێویستە و داوای لە زلهێزەکان دەکات- بەتایبەتی ئەمریکا- بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن.
قەیرانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لە بازنەی ململانێیەکی ئاسایی تێپەڕیوە.هاوکات، ئەمریکا وەک زلهێزێکی گەورە کە کاریگەری تایبەتی بەسەر ئیسرائیلدا هەیە، ڕۆڵێکی بنیاتنەری نەگێڕاوە. بەڵکو بەردەوام بووە لە خۆشکردنی بڵێسەی ئاگرەکە، تەنانەت ئاماژەیە بۆ ئامادەیی “ڕاستەوخۆ بەشداریکردن”، ئەمەش بە شێوەیەکی جددی چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ كەمكردنەوەی قەیرانەکە تێکدەدات. لەگەڵ ئەوەی ئێستا ململانێکان گەیشتوەتە ئاستێک کە، پەنجەرەی دەرفەتەکان لەڕادەبەدەر تەسکە.
کاتێک دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچوو، زۆر قورستر دەبێت ڕێڕەوی خۆی پێچەوانە بکاتەوە. لەم کاتە گرنگەدا، چین پێشنیارێکی گشتگیر و پێشبینیکراوی خستۆتە ڕوو – پێشنیارێک کە هەم پێداویستییە دەستبەجێیەکان و هەم چارەسەری درێژخایەن دەگرێتەوە. لە نێو زلهێزە گەورەکاندا، چین یەکەم وڵاتە کە ئەو کارە دەکات و هەستێکی بەهێزی بەرپرسیارێتی نیشان دەدات
پێشنیاری چوار خاڵی زۆر ئامانجدارە و باس لە ناوەڕۆکی پرسە هەنووکەییەکان دەکات. داوا لە لایەنە تێوەگلاوەکانی ململانێ و بە تایبەت ئیسرائیل دەکات بە زووترین کات ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان ڕابگرن، بۆ ئەوەی خۆیان لە زیان بە خەڵکی سڤیلی بێتاوان بپارێزن، بە توندی پاڵپشتی چارەسەری سیاسی بۆ پرسی ئەتۆمی ئێران بکەن و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت وڵاتانی گەورە کە کاریگەری تایبەتیان لەسەر لایەنەکانی ململانێ هەیە، هەوڵ بدەن بۆ ساردکردنەوەی دۆخەکە. ئەمانە هەموویان خاڵە سەرەکییەکانن کە دەتوانرێت گۆڕانکاری بەرچاو لە ژێر بارودۆخی ئێستادا ڕووبدات.
پێشنیاری چوار خاڵی چارەسەرە بنەڕەتییەکانی قەیرانەکە دەستنیشان دەکات و ڕێگا کاریگەرەکانی کەمکردنەوەی ململانێکانیش دەخاتە ڕوو. گرنگی بە ئاشتی و ئاسایشی بەکۆمەڵ دەدات و لە هەمان کاتدا نەزم و دادپەروەری نێودەوڵەتی دەپارێزێت. ڕەنگدانەوەی هەڵسەنگاندنی وردی چینە بۆ دۆخەکە و هاوتەریبە لەگەڵ بانگەوازە بەربڵاوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەمە چوارچێوەیەکی گشتگیرە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان کە هەم دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت و هەم دەتوانرێت کاری لەسەر بکرێت،بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە جیهان چووەتە ناو “قۆناغێکی نوێی گێژاو و گۆڕانکاری” و “پێشنیارە چوار خاڵییەکە” گوزارشت لە دیدگای ئەمنی بەردەوامی چین دەکات. لە ململانێی ڕووسیا و ئۆکراینەوە تا پرسی ئیسرائیل و فەلەستین و ئیسرائیل و ئێران.

و/هەڵۆ حەسەن

پێشنیاری چوار خاڵیی شی جینپینگ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست https://www.globaltimes.cn/page/202506/1336566.shtml




دەسەڵاتێکی دیکتاتۆریی مەزهەبی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

ئێران لە یەکێک لە هەستیارترین و چارەنووسسازترین ساتەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆیدایە. رژێمی مەزهەبیی ئێران بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر لە جاران رووی راستەقینەی خۆی دەرخست. ئەم دەسەڵاتە کە هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای سەرکوت و شەڕخوازی و هەناردەکردنی تیرۆر و بناژۆخوازیی مەزهەبی و نکۆڵی لە هەر جۆرە ئازادی و مافێکی مرۆڤ دامەزرا، ئێستا بە چڕییەکی زیاترەوە درێژە بەو سیاسەتانەی دەدات. چونکە لە لاوازترین خاڵی تەمەنیدایە و زیاتر لە جاران هەست بە مەترسی لەناوچوون دەکات.
رژێمی ویلایەتی فەقیهی بۆ مانەوەی خۆی پەنای بۆ دوو کەرەستەی سەرەکی بردووە: شەڕخوازی لە دەرەوەی وڵات و سەرکوتکردن لە ناوخۆدا. شەڕ لە فەرهەنگی رژێمدا بە واتای هەناردەکردنی بناژۆخوازی، تیرۆر، بۆردومان، دەستوەردانی ئاشکرا و شاراوە لە کاروباری وڵاتانیتر و پشتیوانیکردنی هێزە بە وەکالەتەکانی وەک حزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق و میلیشیا بەکرێگیراوەکان لە سوریا. ئەم پشتیوانیکردنانە بە سەرچاوەی دارایی خەڵکی ئێران دابین دەکرێن. واتا هەمان خەڵک کە لە ژێر دەسەڵاتی ئاخوندان لە هەژاری و گرانیی نرخ و بێکاری و سەرکوتکردندا دەژین.
لە لایەکیترەوە سەرکوتکردن لە ناوخۆی ئێراندا بە تەواوی هێزەوە بەردەوامە. دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ، ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدانی دەرەوەی یاسا، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، سانسۆرکردنی میدیاکان و سەرکوتکردنی ژنان و کەمینەکان و چالاکانی مەدەنی تەنها چەند راستییەکن. بەڵام لایەنێکی کەمتر دەرکەوتوو لەم سەرکوتکردنەدا، ئۆپەراسیۆنە رەوانی و پڕوپاگەندەییەکان و بە شەیتان نواندنی نەیارانی رژێم، بە تایبەتی (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران)ە. رژێم هەوڵ دەدات وێنەی نەیارانی راستەقینەی خۆی لە بیروڕای گشتیدا، لە ڕێگەی بوختان و درۆ و پڕوپاگەندەی ژەهراوی لەکەدار بکات و وەک فیرقە (تائیفی)، تیرۆریستی، یان وابەستە وێنایان بکات بۆ ئەوەی شەرعییەتی موقاومەتی ئێران لەکەدار بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەم رژێمە و میدیاکانی و تەنانەت کرێگرتە نفوزییەکانی ئەم رژێمە لە ناو میدیاکانی دەرەوەی وڵات، ئێران وەک وڵاتیکی (ئەمن و ئارام و سەقامگیر و بەهێز و دیموکراتیک) دەناسێنن. نواندنێکێ تەواو درۆزنانە. لە ئێرانی ئەمڕۆدا نەک هەر دادپەروەری و ئازادی و ئاسایش بوونی نییە، بەڵکو یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵات بۆ هاووڵاتییانی ناڕەزای و رۆژنامەنووسان و ژنان و چالاکانی مافی مرۆڤ.
سەرەڕای هەموو ئەو گوشارانە، خەڵکی ئێران هەرگیز تەسلیم نەبوون و نابن. راپەڕینە بەربڵاوەکانی ساڵی ٢٠٠٩، ٢٠١٧، ٢٠١٩، ٢٠٢٢ بەڵگەی روونی ئیرادەی گەلە بۆ گۆڕینی چارەنووسی خۆیان و رووخاندنی دیکتاتۆرییەت. ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر دەسەڵات دەترسێنێت، رێکخستن و بەردەوامیی بەرخۆدانی جەماوەرییە؛ بەرخۆدانێک کە لەلایەن (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران)ەوە ئاڵاکەی هەڵکراوە و (ناوەندەکانی شۆڕش) لە ناوخۆی وڵات کاکڵ و دڵ و ناوەندیەتی.
لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم رژێمە گەیشتووەتە بنبەست. ساڵانێک دانوستان و دانی ئیمتیاز و رێککەوتنی کاتی و بێکردەوەیی، نەک هەر نەبووەتە هۆی ئەوەی پێش بەو رژێمە بگرێت لە پەرەپێدانی پڕۆژە مەترسیدارەکانی و بە تایبەت بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەڵکو دەرفەتی رەخساندووە بۆ ئەم رژێمە کە خۆی بەهێز بکات. ئەمڕۆ هیچ پاساوێک بۆ درێژەدان بەم سیاسەتە شکستخواردووە نەماوەتەوە.
جیهانی ئازاد دەبێ هەڵبژاردەیەکی روون و ئاشکرای هەبێت: یان ئەوەتا لە تەنیشت ئەم رژێمە بوەستێت، کە سەرچاوەی ناسەقامگیری و بانکدارێکی جیهانیی تیرۆریزم بێت و، بەرەوپێشبردنی بناژۆخوازی و پێشێلکاریی گەورەی مافەکانی مرۆڤ بکات، یان لە تەنیشت خەڵک و بەرخۆدانی ئێران بوەستێت، کە داوای ئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان لەگەڵ جیهان دەکات.
موقاومەتی ئێران بە بەردەوامی ئاشکراکردنی چالاکییە ناوەکییە نهێنییەکانی رژێمی مەزهەبیی و، لەوانەش شوێنە نهێنییەکانی نەتەنز، ئەراک، فۆردۆ، پارچین و ئابادە، رۆڵێکی گرینگی لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا هەبووە. لە کاتێکدا بەرپرسانی رژێم چەندین جار هەوڵیان داوە بە درۆ راستییەکان رەت بکەنەوە، ئاشکراکردنەکانی موقاومەتی ئێران توانیویەتی ویژدانی جیهانی بەئاگا بهێنێتەوە.
کاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی ئازاد لەبری ئەوەی لەسەر دانوستانی بێئەنجام لەگەڵ ئەم رژێمە و وەهمی چاکسازی کۆک بن، بە کردەوە پشتیوانی بکەن لە خەڵک و موقاومەتی ئێران. ناوزەدکردنی سوپای پاسداران وەک گرووپێکی تیرۆریستی، داننان بە مافی رەوای موقاومەت بۆ خەڵکی ئێران و پشتیوانیکردن لە ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران هەنگاوی جەوهەرییە و پێویستە بە ئاراستەیەکی دروستدا.
جیهان بە بێ رژێمی مەزهەبیی ئێران، جیهانێکی سەلامەتتر و ئارامتر و مرۆڤدۆستانەترە. ئێرانێکی ئازاد، سکۆلار، دیموکرات و ئاوەدان، نەک تەنیا خواستی خەڵکی ئێران، بەڵکو خواستی ناخی زۆرێک لە گەلانی ئازادە لە سەرانسەری جیهاندا. خواستێک کە بە روونی لە پلاتفۆرمی خانمی (مریەم رەجەوی)دا هاتووە.
بەڵێ سبەی ئێران ئازاد دەبێت؛ ئەمە بەڵێنێکە کە خەڵک و مێژوو و موقاومەت گەرەنتی دەکەن.

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی




په‌راوێزی یازده‌مینی تێكست.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

له‌ په‌یوه‌ستبوون و ڕێڕوونی و به‌هره‌گیریدا، خه‌یاڵ ناكه‌م بۆ مرۆڤ شتێك هه‌بێت جێگای كتێب بگرێته‌وه‌.. كتێب هه‌میشه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌و ڕووبار و جوێبارانه‌یه و بووه‌ ‌ ‌مه‌ودای تێگه‌یشتنمان به‌رهه‌ڵـتر و بیناییمان دووربینتر و ئاوێنه‌ی بیركردنه‌وه‌مان گه‌شتر ده‌كا ، ئاوده‌نگیی ته‌نیایی و په‌نا و سه‌بووریی بێ په‌نایانیشه‌..
شارستانییه‌ت یه‌كێك له‌ سیما هه‌ره‌ دیاره‌كانی كتێبه له‌ سۆمه‌ریه‌كانه‌وه‌ بگره‌ كه‌ بناغه‌ی نووسین و فێربوونیان دانا تا ئه‌مڕۆ‌ كتێب له‌باوه‌شی بنیاتنه‌رانیدا، ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ بووه‌ مرۆڤ خۆی و ده‌وروبه‌ری پێ ناسیوه‌.
میلله‌تانی زیندوو، ئه‌و میلله‌تانه‌ن، پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌یان له‌ناودا ده‌بێ به‌خووی ڕۆژانه‌.. له‌وه‌ڕا ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان، له‌ سه‌ریانه‌ هه‌وڵ بده‌ن به‌های كتێب بگه‌ڕێننه‌وه‌ دۆخی جارانی، ئه‌و جارانه‌ی كتێب له‌ ڕۆژگاره‌ به‌ترس و ڕه‌شه‌كاندا،
ببوو به‌ دیواری ئومێد و ئاسووده‌یی پشتمان پێدابوو..
ده‌خوازێ پرۆژه‌یه‌كمان به‌و ئاراسته‌یه‌ هه‌بێت و ئیتر له‌ كاری لابه‌لایی بێ نه‌خشه‌ و پلان هه‌وڵ بده‌ین بێینه‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ گیان و كه‌شوهه‌وای سه‌رده‌مدا نایه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ڕاست بكه‌ین له‌ خه‌می دواڕۆژی خۆمانداین، به‌نموونه‌ ئێمه‌ وه‌زاره‌تێكمان هه‌یه‌ به‌ناوی ( وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری) ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ ده‌توانێ وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م پرۆژه‌ی 1000 كتێبی كوردی له‌ بواره‌ جیاجیا و پێویسته‌كاندا ڕابگه‌یێنێ، تا ده‌زگا و دامه‌زراوی دیكه‌ش چاوی لێبكه‌ن.

له‌و مه‌یدانانه‌ی ئه‌مڕۆ كتێبخانه‌ی كوردی پێویستی پێیان هه‌یه‌..
به‌ نموونه‌ له‌م ته‌وه‌رانه‌ی خواره‌وه‌ كۆ بكرێنه‌وه‌‌، كه‌ هه‌ر ته‌وه‌ره‌یه‌ك ژماره‌ی كتێبه‌كانی دیاری بكرێ:
• ته‌وه‌ری وه‌رگێڕان
• ته‌وه‌ری مێژووی كورد و كوردستان.
• ته‌وه‌ری ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسیی.
• ته‌وه‌ری كتێبی منداڵان.
• ته‌وه‌ری زانیاریی گشتی.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش مانگنامه‌یه‌كی كولتووری گشتیی سه‌ر به‌هه‌مان پرۆژه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ و بایه‌خ به‌م سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مانه‌ بدا..

  • مه‌سه‌له‌ په‌یوه‌نداره‌كان به‌دیراسه‌تكردنی ڕۆڵی وه‌رگێڕان بۆ كوردی.
  • چه‌ند ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی په‌یوه‌نددار به‌:
    ــ شانۆی كوردی.
    ــ سینه‌مای كوردی.
    ــ میدیای كوردی به‌ هه‌موو چه‌شنه‌كانییه‌وه‌ .
    ــ هونه‌ری شێوه‌كاریی كوردی.
  • لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی كه‌له‌پوور و ئه‌فسانه‌.
  • لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی فه‌لسه‌فه‌.
  • لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی ئاركیۆلۆژیا و دیرۆكناسی.
  • چه‌ند ته‌وه‌رێك له‌باره‌ی:
    تاقیكردنه‌وه‌ی ژاپۆن به‌گشتی و وڵاتانی هاوشێوه‌ی ژاپۆن، كه‌ سیما و ڕه‌نگڕێژی ناوازه‌ و تایبه‌تییان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ستانه‌وه‌دا هه‌بووه‌‌.
  • سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌م به‌ هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌ پێشڤه‌بڕ و پاشڤه‌بڕه‌كانییه‌وه‌.
  • جیهانایه‌تی و سیسته‌می نوێی دنیا.
  • كولتووری نه‌نووسراوه‌ی كورد،
    كه‌ ئه‌وه‌ كاری جددی پێویسته‌ و ئه‌وه‌ی تا ئێستا كراوه‌ له‌ هه‌وڵی تاكه‌ كه‌سی تێنه‌په‌ڕیوه‌ ، سوێندی هه‌ندێ هه‌وڵی لابه‌لا ناخۆم كه‌ هه‌ندێ ده‌زگا كه‌م و زۆر كردوویانه‌ به‌ تایبه‌تی ده‌زگاكانی چاپ و بڵاو كردنه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش له‌ ئاستی پێویستی ڕۆژگار و كایه‌كانی مه‌عریفه‌ نه‌بوون كه‌ هه‌ر دوور نه‌ڕۆین له‌ گه‌لانی ده‌رودراوسێ كراوه‌ و ده‌كرێ.
    كه‌له‌پووری نه‌نووسراوه‌مان گه‌نجینه‌یه‌كه‌ ده‌خوازێ كاری له‌سه‌ر بكرێ و بنووسرێته‌وه‌ و تۆمار بكرێ . نه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ و سبه‌ی پێ ئاشنا بكرێ ‌ متمانه‌
    به خۆیان بكه‌ن كه‌ ئێمه‌ ته‌نیا بریتی نین و نه‌بووین له‌ كۆمه‌ڵێك ساختمان و به‌ڵێنده‌ری هه‌ڵتۆقیو و …تاد.
    ئێمه‌ هیچمان له‌ میلله‌تانی ده‌رودراوسێ كه‌متر نییه‌ تا كه‌ بیرمان له‌ چه‌ندین پرۆژه‌ی له‌و چه‌شنه‌دا كرده‌وه‌ ببرێته‌ خانه‌ی مه‌حاڵ، ئه‌گه‌ر ڕۆشندڵانه‌ ‌ و به‌تاوی ئینتیمای دڵسۆزانه ‌و به‌پێداچوونه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌و حیسابات و كیتاباتانه‌ی ده‌زگا په‌یوه‌ندداره‌كانی ئه‌و نێوانه‌، بۆ پاراستنی له‌ په‌تای گه‌نده‌ڵی، دڵنیام ده‌توانین له‌ ماوه‌یه‌كی پێوانه‌ییدا پرۆژه‌ی له‌و چه‌شنه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین كه‌ نه‌ك هه‌ر سیما و چه‌هره‌ی نوێمان ده‌رده‌خا، هه‌نگاوه‌كانیشمان خێراتر و به‌رچاویشمان ڕوونتر…



ئاشـتـیـمان پێ باشـترە لە شـەر.. رەزا شـوان

هـیچ نەتەوەیەک بە قـەی نەتـەوەی کورد، رقی لە تونـدوتیژی و لە شـەڕ نییە، هیچ کاتێکیش شەڕانگـێز و شەڕخواز نەبووینە. هەردەم ئازادیخواز و ئاشتیخواز بووینە. ئەو شەڕانەش کە کـردوومانە، شەڕی بەرگـری بـوونە لە مانەوەمان و لە پاراستنی کوردستانی نیشتمانی پـیرۆزمان. بەرگـریکـردنیش لە مافەکانمان، مافـێکی رەوامانە.
داگـیرکەرانی کوردستان ئێستاشی لەگەڵـدا بێـت، مۆدێـرتـرین و کـوشـندەتـرین چەکی قـەدەغـەکراوی نێـودەوڵەتیان، لە ژینۆسایـدکردنی کورد و لە وێـرانکردنی کوردستان تاقیکردوونەتەوە و بەکاریان هێناون، تا ئەمڕۆش بە گەلەکۆمەیی هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد دەدەن. بەڵام ئێمەی کورد، گەلێکی خۆڕاگر و کۆڵنەدەر و پشوودرێـژیـن، هەمـوو پیـلانە قـێزەوەنەکانی داگـیرکەرانمان لە گۆڕ ناون. درێـژە بە خەباتـمان دەدەیـن، تا مافە نەتەوەییەکانمان بەدەستدەهـێنین. ئەمەش مافێکی رەوای دانپـێـنراوی هـەر گەلـێکی مـاف زەوتکـراو و نـیـشتـمان داگـیرکـراوە.
دەوترێت: سەد ساڵی گـفـتوگۆ.. باشترە لە رۆژێکی شەڕ. چونکە شەر کـردەوەیەکی دڕندانەیە، کوشتن و بڕین و خوێـنڕشتنە، کاولکـردنی ئـاوەدانی و شارستانییە. شەڕ پێشێلکردنی بەها بنەڕەتییە مرۆییەکانە، وەک پیرۆزی ژیان و رێزگرتن لە مافەکانی مـرۆڤ. شەڕ تەڕ وشک دەسووتێنێـت، دەست لە کـوشتنی منـداڵان و ژنان و پیرانی بێـتاوانیش ناپارێـزێت. بەزەیی و سۆز و مـیهـرەبانی ویـژدان و رەوشت و مافەکانی مـرۆڤ لە شەردا بوونیان. شەر وێـرانکاری و کاولکـردن و هەڵـتەکانـدنی ژێـرخانی ئابـوورییـە. شـەر دژی ژیـان و خۆشگـوزەرانـیـیە. شـەر ئاشـتی و سـەقـامگـیری و ئاسوودەیی و ئارامی و دڵـنیایی دەخاتە مەترسییەوە. ئازارێکی قـووڵی بێئەندازە، بە دەروونی خەڵکی دەگەیەنێـت و تووشی تـرس و تـۆقـین و دڵەڕاوکێیان دەکات. شـەڕ هـۆی بـێکاری و گـرانی و بـرسێـتی و نەخـۆشی و دەربـەدەری و کـۆچکـردنە.
جـۆن ئابـۆت دەڵێـت:”شـەڕ زانـستی کاولکـردنە”. کوردیـش دەڵـێت:”شەڕ شـەڕی بە دودا دێـت”. ئـەوەی شـەڕ تـۆو بکـات.. پەشـیـمانی دروێنـە دەکـات. قـوربـانی و سـووتـەمەنـیی و زەرەرمـەنـدی یەکـەمیـش لە شـەڕەکانـدا، هەر چـیـنی هـەژارانـن.
(محـەمـەد مـاغـوت) دەڵـێت:”کـاتـێک کـە نـیـشـتـمان تـووشی شـەڕ دەبـێـت، بـانگی هـەژارەکان دەکەن بۆ بەرگـریکـردن لێی.. کاتێکـیش کە شـەڕ تـەواو دەبێـت، بانگی دەوڵەمەندەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە دابەشکردنی دەستکەوتەکانیدا، بەشیان هەبێت”.
شـەر هەرگـیز راست نیـیە. کـێـشە و گـرژی و ناکـۆکـیـیەکان، بە تـونـدوتـیژی و بە هەڕەشە و شەڕ چارەسەر ناکـرێن. شەڕ کـێشەکان و ناکۆکییەکان فراونتر و قـووڵتر دەکـاتەوە. زیاتـریـش تەشـنە دەکـات. وڵاتـانی شـەڕکـەر، بـودجـەیـەکی زەبـەلاح بـۆ ئامادەکاری سەربازی و بۆ کـڕین و دروسـتکـردنی چـەکی مـۆدێـرن تەرخان دەکـەن. لەوانـەیە ببێـتە هـۆێ هـەڵاوسـان و داڕووخـانی ژێـرخانی ئابـوورییان. ئەگەر بێتوو ئەو پـارە زۆرەی کـە لە شـەڕدا بە فـیڕۆی دەدەن، لە خـۆشگـوزەرانی و ئاوەدانـیی وڵاتەکـانیان خەرجی بکەن، یەک هـەژار و بێکار نامێنـێـت وڵاتەکانیشیان دەکەن بە بەهـشـت. ئاشتی و ئاسوودەیـیش بەرقـەرار دەبێـت.
بۆیە دانوستانی ئاشتی و گـفـتۆگۆ و رێگای دیپلـۆماسیەت، تەنیا رێگایە بۆ رێگری لە شـەڕ و بۆ چارەسەرکردنی کـێـشەکان و گـرژی و ملمـلانـێیەکان. بێگومان بەبێ ئـاشـتی، ئـاسایـیـش و سـەقـامگـیری و ئـارامی و خـۆشگـوزارانی بـوونیـان نـیـیە.
جیهانێک بەبێ شەڕ، جیهانێکە کە لە رێگای ئاشتی و خۆشەویستی و رێـزگرتن و یەکـتری قـبووڵکردن و زمانی گوڵـەوە، کـێـشە و ناکـۆکـییەکان چارەسەر دەکـات.

ئاشتی نهـێـنیی سەقـامگـیری و ئاسـوودەیی گـەلانە. بناغـەی ژیـان و پێـشکەوتـنە. ئاشـتی دەروازە و کـۆڵەکەیەکی بنەڕەتـییە بـۆ ژیـانـێکی باشـتر بۆ هـەمـوو گـەلان.
ئاشتیش لە کۆنگـرە جیهانییەکاندا، لەدایک نابێت، بەڵکو لە دڵی و لە بیری خەڵکی لەدایک دەبێـت. ئاشتی راسەقـینەش تەنیا نەبوونی شەڕ و گـرژییەکان نییە. بەڵکو بـوونی ژیـنگەیەکی ئـازادیی و دادپـەروەری و ئاسـوودەیی و دڵـنیایی کـارایـە، کە کۆمەڵگەی دینامیکی و خۆڕاگر و خۆشگـوزەران دروست دەکات. کە تێیدا هـێوا و خەونەکانی مـرۆڤ زۆرتر دەبـن. ئاوەدانی و پێشکەوتن و داهـێنان بەرقەرا دەبن.
بەداخەوە کە دەوڵەتانی جیهان، وانە و پەنـدیان لە دووشەڕی جیهانیی کاولکەر و لە چەندین شەڕی ناوچەیی و ناخـۆیی وەرنەگـرتـوون. لە دوای جەنگی جیهـانیی دووەمـەوە، خۆیـان بۆ جـەنگی جیهـانـیی سـێـیەم ئامـادەدەکـەن.
کە لە شارەزایەکی شەڕیان پـرسی، رات چییە لە بارەی شەڕی جیهانیی سێیەمەوە، ئەگەر هەڵبگیرسێت. لە وەڵامدا وتی:”من هيچ لە بارەی شەڕی جیهانیی سێیەمەوە ناڵێم، بەڵام ئەوە دەڵـێم، ئەگەر شەڕی جیهانیی سێیەم هەڵبگیرسێت، مەگەر شەڕی جیهانیی چوارەم بە شەڕە بـەرد بکـرێـت”. مەبەستی ئەوەیە ئەگەر شەڕی جیهانی سێیەم، بکرێت، شەڕی ئەتـۆمی و تـیـشکی لـێزەری و مـیکـرۆبی و کوشندەترین و کاولکەرترین چەک دەبێت. ئەو ئاوەدانی و پێشکەوتنانەی ساڵاهای ساڵە بنیاتنراون، دەتـوانـن لە چەنـد مانگـێکـدا، بە تەواوی کـاولی بـکەن و هـیچ بەدەسـت بـیـن.
بـێجگە لە شەڕی ئیسرائیل و رێکخراوی حەماس، لە ئێستا دوو شەڕی وێرانکاری نێودەوڵەتی درێـژەیان هەیە. شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا و شەڕی ئیسرائیل و ئێران. ئەگەر سەرکردەکانی ئەم وڵاتانە، ژیر بوونایە و دەرئەنجامەکانی شەڕیان لەبەرچاو بگرتایە، دەیانتوانی لەرێی دانوستان و لەسەر مـێـزی گـفتوگـۆ و دیپلۆماسیـیەتەوە، کـێـشە و گـرژییـەکانی نێوانیان، بە ئاشتی چـارسەر دەکـرد و پەنایـان بـۆ شـەڕ و بۆ کوشـتن و وێـرانکـردن نەدەبـرد. گەلەکانیان تووشی کارەساتەکانی شەڕ نەدەکـردن.

شەڕ سوعـبەتکردن یاریکردنی خۆشی نییە، شەڕەکان بە تەقـەیەک دەست پێـدەکات، بـەڵام بە هـەزاران تەقـە ناکـوژێـنەوە. شەڕ و چارەسەری سەربـازی. چارەسەرێکی سەرکەوتوو نابێـت. کـێشەکان زیاتر قـووڵ دەکەنەوە، لە دوای ئەوەی کە سەرکـردە کەلەڕەق و ملهوڕەکان، بە هەزارا رۆحی بێتاوانی هـاوڵاتییەکانیان دەکەنە قـوربانیی لەخۆبایی و شەڕخوازییان و وڵاتەکانیـیشیان کـاول دەکـرێـن و پەنجـا ساڵیش دەچـنە دواوە. ئەوسا بە شەرمـەزارییەوە، ناچار دەبـن، کە لەسەر مێزی گـفـتوگـۆ دانوستان
بۆ چارەسەرکـردنی کـێـشەکانیـان بکەن. بـەڵام لە دوای چی؟ وەکـو عـەرەب دەڵـێـت: “بعـد خـراب البـصرة: دوای کاولـبوونی بەسـرە”. تا رۆژێـک زوتـر شەڕ رابگـرن و کۆتایی پـێبهـێـنن، زیانەکان کەمتر دەبن و لە بەرژەوەندیی هەردوو لای شەڕکەرانە.
رژێـمی ئـێرانی هـێـندە لە خۆیـان بایی ببـوون، کە هـێـشتا بـۆبی ئەتـۆمـیان دروسـت نەکردووە. نمایشی بازوویان دەکرد و رۆکێت و درۆنیان نمایش دەکرد و هەڕەشەیان لە ئیسرائیـل دەکـرد، دەیـان وت: ئیـسرائیـل لەسەر نەخـشەی جـیهـان دەسـڕینـەوە.
چیرۆکی سەرکردەکانی ئێران، وەکو چیرۆکی ئەو رێوییە لەخۆبایی و فشەکەرەیە، کە هەڕەشەی لە ئاژەڵەکان دەکرد و دیوت:”من کە تووڕەبم شێرێک دەخۆم”. کە ئاوڕی دایەوە و شێرێکی بینی.. دەستی بەلەرزین و وتی:”مـن جار و بار گووش دەخـۆم”.
بێگـومان گەلی کوردمـان، ئـەم شـەڕەی نێـوان ئـیـسرائیـل و ئێـرانی پـێخـۆش نـییە و لایەنگـری هـیچ لایەکـیان نـییە. چونکە گەر زیاتر درێـژە بکێشێت و فـراوانتر بێـت و زیـاتـر تەشـەنە بکات، پـریـشکی ئاگـری شـەڕ باشووری کـوردستانیـش دەگـرێـتەوە.
ئەمەش نەخوازراوە و لە بەرژەوەنـدیی گەلی کوردمـان نییە.
ئەوەی ئێمە حەزی پێدەکەیـن، روخانی رژێـمی ئـێرانە، کە سەرسەختانە دوژمنایەتی کوردیان کـردووە و دەکەن و هـیچ مافـێک بە گەلی کوردمان رەوا نابینن. مانگ نییە، کە چەنـد لاوێـکی کـورد لە سـێدارە نـەدەن، بە تـوومەتی هـەڵـبەستراوی بێـبـنەمـای دوور لە راسـتییەوە. تەنهـا لەبـەر ئـەوەی کە کـوردن و ئازادیخـواز و ئاشتیخـوازن. رژێـمی ئـێرانی دژی ئـازادی و ئاشتی و دادپـەروەری و مافـەکـانی گـەلی کوردمانـە. بـۆیە هـیواخـوازیـن کە ئـەم جەنـگە سەریـان بخـوات. گەلانی ئـێران، لە دڕنـدەیی و سـتەم و زۆرداریی ئەم ئاخـوونـدانەی کۆمـاری سێـدارەی ئیـسلامی رزگاریـان بێـت.
ئەمریکا و ئیسرائیل، لە نیازی ئێـران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتـۆمی تێگەیشتوون کە هەڕەشەیە بۆ سەر بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو بـۆ سەر جیهـانیـش. بـۆیـە سـوورن لەسـەر ئـەوەی، دەبێـت ئـێران دەسـت لە دروستکـردنی بۆمبی ئەتـۆمی هەڵبگرێـت. ئەگـینا باجێکی قورسی ملهـوڕییان دەدەن. ئەمەش لە کاتێک دایە کە زیاتر لە سەدا شەستی خەڵکی ئێران لەژیر هێڵی هەژاری و بێکاری و برسێتیدا دەژیـن. پـشکی شێری بودجـەی ئـێران، بۆ دروستکردنی رۆکـێتی بالیستی و بەرهەمهـێـنانی بـۆمـبی ئەتـۆمی بەکـاردەهـێـنن، بە نهـێـنی لەژێـر زەویـدا، دوور لە چاودێـریی چاودێـرانی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتـۆمی، لە دروستکـردنی بۆمـبی ئەتـۆمی زۆر نـزیـک بـوونـەتـەوە. لەوانـەیە لە داهـاتـوویەکی کـورتـدا، ئەم کـێـشەیە
بە دانـوستان و بە گـفـتوگـۆ یان بە شـەر یەکـلایی بکـرێتـەوە و بە لایـەکـدا بکەوێـت.
تـرەمپ مـۆڵەتی دوو هـەفـتەی بە ئـێران داوە، کە خۆی یەکـلایی بکاتەوە، یان دەست لە هەڵگـرتنی پیتانـدنی یـۆرانیـۆم و دروستکـردنی بـۆمـبی ئەتـۆمی هـەڵـبگرێـت، یان رووبەڕووی هـڕشێکی سەربـازی ببێتەوە. ئەگەر یەکەمیان قبووڵ نەکات. من پێموایە لەبەر هەنةدێک هۆکار ئەمریکا راستەوخۆ شەڕی ئـێران نەکات. بەڵام سزایەکی زیاتر بخاتە سەر ئێـران و هـاوکارییەکی زیاتری ئیسرائیل بکات. لەو باوەڕەشدام ئەم شـەڕە زۆر درێـژە ناکـێـشت و بـەم زووانە رایـدەگـرن.




شەڕی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێ بوەستێ.. بەیاننامەی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق

فڕۆکە جەنگیـیەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی (١٣)ی حوزەیرانی (٢٠٢٥) بە چەند هێرشێکی ئاسمانی یەک لە دوای یەک، شوێنە سەربازیـیەکان و دامەزراوەکانی پەیوەست بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانیان کردە ئامانج، لە چەند شارێکی ئەو وڵاتە.
ئەم هێرشانە، فەرماندە سەربازیـیەکان و فەرماندە باڵاکانی “سوپای پاسدارانی شۆڕش”ی ئیسلامیشیان کردە ئامانج و چەندین کەسیان لێ کوژران، لەگەڵ کوشتنی چەندین زانای ئەتۆمی و دەیان کەسی مەدەنی، وە بریندار بوونی سەدان کەسی تریش. لە وەڵامدا، هێزەکانی ڕژێمی ئێران چەند شار و پێگەی سەربازیـیان لەناو ئیسرائیلدا بۆردومان کرد.
ئاڵوگۆڕی هێرشی مووشەکی و ئاسمانی نێوان ئەم دوو ڕژێمە بۆ سەر شوێنە سەربازی و مەدەنیـیەکان تائێستاش هەر بەردەوامە، وە ئەمەش کارەساتی فەراهەمهێناوە بۆ دانیشتوانی ئێران و ناوچەکە، و هەڕەشەی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی هەرێمیشی هێناوەتە ئاراوە کە زلهێزەکانی دیکەش تیایدا بەشداربن.
بەم شێوەیە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی تر بۆتە گۆڕەپانێک بۆ شەڕە تاوانکاریـیەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەردەوامە، وە جارێکی تر جەماوەری ناوچەکە بۆ کاتێکی نەزانراو ڕووبەڕووی ئایندەیەکی نادیار و کارەساتبار بوونەتەوە لەسەر دەستی ئەم دوو دەوڵەتە ئیمپریالیست و تیرۆریستە و شەڕی ئێستایان لەدژی ڕژێمی ئیستیبدادی و تیرۆریستی فەرمانڕەوای ئیسلامی ئێران.
“جەنگ بەردەوامی سیاسەتە بە ئامڕازێکی تر”، ئەم تێڕوانـیـنە زانستیـیەی کە کۆمۆنیستەکان و مارکسیستەکان لە هەڵسەنگاندنی شەڕەکاندا پەیڕەوی لێ دەکەن، بە هەموو هێزی خۆیەوە ڕێک دێتەوە لەگەڵ شەڕی ئێستای ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.
ئەم شەڕەی ئێستا پەیوەندیـیەکی توندوتۆڵی هەیە بە سیاسەت و ستراتیژی بۆرژوا ئیمپریالیستی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژئاوایانەوە بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بۆ سی و پێنج ساڵە درێژەی هەیە. ئەم ستراتیژە لە ڕێگەی شەڕی (١٩٩١) بۆ سەر عێراق و گەمارۆدانی ئابووری بۆ ماوەی (١٣) ساڵ و داگیرکردنی ئەم وڵاتە لە ساڵی (٢٠٠٣)دا، جێبەجێکراوە، وە بووە هۆی دامەزراندنی ڕژێمێکی کۆنەپەرستانەی ئیسلامی و ناسیۆنالیستی لە عێڕاقدا.
ئەم شەڕەی ئێستاش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بە دیاریکراوی درێژکراوەی سیاسەت و ستراتیژی ئیسرائیل و ئەمریکایە بۆ گەیشتن بە ئامانجە فراوانخوازیـیەکانی ئیسرائیل بۆ بنیاتنانی “ئیسرائیلی گەورە”، وە بۆ “سیستمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بە گوێرەی بەرژەوەندیـیە جیۆپۆلەتیکیـیەکانیان لە داگیرکردن و کۆیلەکردنی جەماوەری ناوچەکە.
ئەم سیاسەت و ستراتیژەی کە نوقمی تاوانکاریە، وە لە لایەن بۆرژوا ئیمپریالیست و تاقمە فەرمانڕەواکانی لە ئیسرائیل و ئەمریکا پەیڕەوی دەکرێت، شتێکی نەهێناوەتە ئاراوە جگە لە داڕووخانی ئابووری و نەهامەتی و وێرانکردنی ژێرخانی مەدەنی کۆمەڵگا لە عێراق و وڵاتانی تری ناوچەکە، وە شتێکی نەهێناوەتە ئاراوە جگە لە داسەپاندنی پاشەکشەی ماددی و مەعنەوی بەسەر ئەم وڵاتانە و ڕادەستکردنی چارەنووسی جەماوەرەکانیان بۆ ژێر دەستی کۆنەپەرستـترین و گەندەڵـترین و سەرکوتگەرترین هێزی بۆرژوا ئایینی و ناسیونالیستی و تائیفیی؛ ئەو هێزانەی کە سەرکوتی چینی کرێکار و بزووتنەوە کۆمۆنیستی و ڕزگاریخوازەکان دەکەن، ژنان کۆیلە دەکەن، گەنجان سەرکوت دەکەن و ئازادی و ئاواتەکانیان بۆ ژیانێکی باشتر دەخنکێنن.
مانای کرداری ئەم سیاسەتەی لە پشت هێرشەکانی ئێستای ئیسرائیل بۆ سەر ئێران وەستاوە، هەموو ڕۆژێک لە لایەن جیهانەوە، لە جینۆ سایدکردن لە کەرتی غەززە و کۆمەڵکوژیـیە بەردەوامەکانی کەنارەی ڕۆژئاوا دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت، وە لە لکاندنی زۆرەملێی بەشێک لە فەلەستین و لوبنان و سوریا بە ئیسرائیل و پاڵپشتیکردنی تیرۆریستانی جۆراوجۆری ئیسلامی لە ناوخۆی سوریا و لە هەر شوێنێک کە بەرژەوەندیـیەکانیان پێویستی پێ بێت دەبینرێت، ئەمە و مانای کرداری ئەم سیاسەتە لە ڕێگریکردنی بەدەستهێنانی سەرەتایـیترین مافە سیاسی و مەدەنیـیەکانی فەلەستینیـیەکانیش بۆتە جێگە سەرنجی هەموو جیهان.
دانوسانەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیـیەکەی ڕژێمی ئێران و ئەم شەڕە نوێـیە، دوو لایەنی یەک سیاسەتی ئەمەریکا و ئیسرائیلن، کە ئەویش ناچارکردنی ڕژێمی ئێرانە بە قبوڵکردنی مەرجەکانیان، ئەگەر نا ئەوا نەک هەر ئەم ڕژێمە، بەڵکو ئێرانیش ڕووبەڕووی شەڕێکی وێرانکەر دەبێتەوە هاوشێوەی ئەوەی بەسەر عێراق و وڵاتانی تردا هات.
ئەمە کرۆکی شەڕی ئێستای ئیسرائیلە لە دژی ئێران. ئەوەی کە ڕژیمی ئێران دیکتاتۆر و فاشیستە، وە بە دڕندانەترین شێوە جەماوەر سەرکوت دەکات، و سیاسەتی ئیمپریالیستی و فراوانخوازانە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەو دەکات و لە هەمان کاتدا کۆنترۆڵی ڕەوتی ڕووداوە سیاسیـیەکانی عێراق دەکات، لە سروشتی کۆنەپەرستانە و ئامانجە ئیمپریالیستی و کۆیلەگەریـیەکانی شەڕی ئێستای ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران کەم ناکاتەوە.
ئەوە بە ڕوونی دیارە کە ئەمە مانای هیچ پاساوێک نیـیە بۆ بەرگریکردن لە ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەیدا بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمریکا، چونکە شەڕی ئەم ڕژێمەش لەگەڵ ئەوان درێژکراوەی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و کۆنەپەرستانەیەتی لە ناوخۆدا دژ بە جەماوەر، وە درێژکراوەی سیاسەتە فراوانخوازی و ئیمپریالیستیەکانیەتی لەسەر ئاستی ناوچەکەش.
بەخشینی سیمای ئایینی و ئایدیۆلۆژیی بەم شەڕە، چ ئیسلامی یان جوولەکەیی، لە لایەن هەردوولاوە، شاردنەوەی ناوەڕۆکی چینایەتی بۆرژوازیانەی ئەم شەڕەیە و هەوڵێکە بۆ ڕێگری لە یەکگرتنی ڕیزەکانی پرۆلیتاریا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە دژی جەنگەکە.
ئەزمونی جەماوەر لە عێراق بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە هەر بانگەشەیەک پووچەڵ دەکاتەوە کە گوایە ئەم شەڕەی ئێستا لە دژی ئێران ڕەنگە وابکات جەماوەر لە ئێران بتوانێت داهاتوویەکی باشتر بەدەست بهێنێت. جەماوەر لە عێراقدا، لە لایەک لەگەڵ کارەساتەکانی شەڕ و ئەو سیناریۆ تاریکانەدا ژیاوە کە هاوڕای بوون، لە چەشنی شەڕی تایفەگەری و تاوانگەلی هێزە تیرۆریستیـیەکان، و لە لایەکی تریشەوە بەرهەمە سیاسیـیەکەی واتە “پرۆسە سیاسی”یەکەی ئەزموون کردووە لە دامەزراندنی ڕژێمێکی سیاسیی ئیسلامی و قەومی گەندەڵ و ئیستیبدادی پشت بەستوو بە دەسەڵاتی میلیشیاکان.
هەر کۆمۆنیستێک یان سۆشیالیستێک لە ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی وابێت شەڕی ئێستای دژ بە ڕژێم لە ئێران، یان تەنانەت ڕووخاندنی دەسەڵاتی خوێناوی فەرمانڕەوای ئەو وڵاتە لە ڕێگەی ئەم شەڕەوە، لە دووتوێی خۆیدا لە بەرژەوەندی پرۆلیتاریا و جەماوەری ستەملێکراو و خەباتی شۆڕشگێڕانەیانە بۆ ڕزگاربوون لە ستەمی ئەم ڕژێمە و داسەپاندنی پاشەکشە بەسەر بزووتنەوەکانی ئیسلامی سیاسیدا، ئەوا یا خۆشخەیاڵە یان ئاگاهانە و بە ئەنقەست خزمەت بە بەرژەوەندیـیەکانی بۆرژوا ئیمپریالیستی و بۆرژوا ناسیونالیستی و مەزهەبی ناوخۆیی دەکات.
بزووتنەوەی سیاسی جەماوەریی کە دژ بە ڕژێمی فەرمانڕەوای ئێرانە و لە هەوڵی ڕووخاندنیدایە، بزووتنەوەیەکی هاوئاهەنگ نییە لەناوخۆیدا، نە لە ڕووی چینایەتی و ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتیـیەوە، وە نە لە ڕووی ئاڕاستەی سیاسی و ئامانجە سیاسیـیەکانەوە. بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و گەنجانی ئازادیخواز، ڕووخاندنی ڕژێم بەشێکە لە ئامانجەکانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕیشەداری دژ بە سەرمایەداری و ڕژێمە ئیسلامیـیەکەی کە دەیـپارێزێت.
ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە هیچ بەرژەوەندیـیەکی لە شەڕی ئیمپریالیستی کۆنەپەرستانەی ئێستادا نیـیە. بەستنەوەی ڕووخاندنی ڕژێم بەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەوە، سیاسەت و ستراتیژی بزووتنەوە بۆرژوازیـیەکانە. وە ناکرێت لە ژێر ناوی سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمدا بە شێوەیەکی دەستکرد و میکانیکی ئەم سیاسەتە بۆرژوازیـیە تێکەڵ بکرێت بە سیاسەتی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕانە بۆ ڕووخاندنی ڕژێم.
بۆرژوازی لە ئێراندا بە ڕەوتە سیاسی و فیکریـیە جۆراوجۆرەکانیـیەوە، لە ناسیۆنالیستە ئیسلامیـیەکان و لایەنگرانی شا و بۆرژوا لیبراڵی-ناسیۆنالیست و داکۆکیکارانی فیدراڵیزمی نەتەوەیی، بەدوای بەدیهێنانی بەرژەوەند و ئاوات و ئامانجە سیاسی و سەربازیـیە کۆنەپەرستەکانیانەوەن، لە دەستبەسەراگرتنی کۆمەڵگا و کۆنترۆڵکردنی چارەنووس و داهاتووی چینی کرێکار و لاوانی ئێران، و لە قاڵبدان و تین لێبڕینی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی شۆڕشگێڕانەیان، لە ڕێگەی خۆگرێدانەوە بە ئامانجەکانی ئەم شەڕە ئیمپریالیستیـیە کۆیلەئاوەرە، ئەمەش ڕووبەڕووبوونەوەیەکی لێبڕاوانە دەخوازێت لە لایەن بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بزووتنەوەی پرۆلیتاری شۆڕشگێڕ لە ئێران.
ئێمە، لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق)، لە دڵەوە هاوسۆزی خۆمان دەردەبڕین بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و گەنجان لە ئێران، لە کاتێکدا کە دەناڵێنن بەدەست کاریگەریـیەکانی ئەم شەڕەی لە ئارادایە و ئەو سەختیـیانەش کە بەدوای خۆیدا دەیهێنێت، ئەمە سەرباری ئەوەی کە ئەوان هەر لە بنەڕەتیشدا لە لایەن ڕژێمی ئیستیبدادی لە ئێران، دەناڵێنن بەدەست هەژاری و بێکاری و چەوساندنەوە و سەرکوتی ئازادیـیەکان. هەروەها هاوسۆزی خۆشمان دەردەبڕین بۆ قوربانیانی مەدەنیی ئەم شەڕە لە ئێران و ناوخۆی ئیسرائیل.
وە هاوپشتیی نێونەتەوەیی پتەوی خۆشمان ڕادەگەێنین بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی، بۆ بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ژنان و لاوانی شۆڕشگێڕ لە نێوخۆی ئێران، لە خەباتیاندا بۆ ڕزگارکردنی خۆیان لە دەست کۆماری ئیسلامی ئێران و لە دەست کۆنترۆڵی بزووتنەوە و حیزبە بۆرژوا ناسیۆنالیست و ئیسلامیی و لیبراڵەکان بەسەر چارەنووسیاندا.
ئێمە لە ڕیزێکی یەکگرتووداین لەگەڵ هەموو کۆمۆنیستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و لەگەڵ هەموو ئەو کۆمۆنیستانەی کە ئاڵای مارکسیزمی شۆڕشگێڕ و پرۆلیتاریای کۆمۆنیستی بەرز دەکەنەوە، وە ئاڵای ڕیزی چینایەتی سەربەخۆی سیاسی و ڕێکخراوەیی و فکری چینی کرێکار بەرز دەکەنەوە لەنێو ئەو خەباتە چینایەتیـیەی لە ئارادایە لەناو کۆمەڵگای ئێران و لەو پێشهاتانەی کە بارودۆخی ئێستا بەخۆیەوە دەبـیـنـێـت.

١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
https://www.albadeel-alsheoi.org/ar/?p=8160