جڤاتیک لە دۆخی کەوتندا.. ئەحمەد ڕەسوڵ

دۆخی کەوتن، بە مانایەکی فەلسەفیی و ئۆنتۆلۆژیی، ئەوەیە کە کۆمەلگایەک لە پاشەکشەیەکی گەورەدایە نەوەکو تەنها لە پڕۆژە ستراتیژیی و خەونەکانی لە گەشە و هەڵکشان، بەڵکو تەنانەت ناتوانێت لە هەلومەرجی خراپی خۆیدا خۆی ڕابگرێت وبوەستێت لە داگەڕانی زیاتر. داگەڕانێک کە نازانێت و ناتوانێت پێشبینی و وێنای ئەوە بکات بەرەو چ خەرەندێکی قووڵ و بەرەو چ تاریکایی و داخراوییەکی ترسناکی دەبات، داگەڕانێکی خێرا و بەردەوام.

سەرەولێژبوونەوەیەکی ترسناک
جڤاتێک لە سەرەولێژبوونەوەیەکی بەردەوامدایە و بەردەوام پارچە پارچە دەبێت بە ئەندازەیەک هیچ هێزێک ناتوانێت جارێکی دیکە ڕۆحی هاوبەشیی و هاوپشتیی تێدا زیندوو بکاتەوە، هیچ پڕۆژەیەکی سیاسیی و فیکریی ناتوانێت هەستی پێکەوەبوون و پێکەوەگرێدراویی بە تاکە تاکەی ئەندامان و بە ڕۆحی جڤات ببەخشێتەوە. بە کورتیی هیچ پەڕجوویەک ناتوانێت ئەم پارچەپارچە بوون و ووردوخاشبوونە کۆبکاتەوە و پێکەوەی ببەستێتەوە.

دەسەڵاتدارێتییەکی بە تەواوی ستەمکار
دەسەڵاتدارێتییەکی بێشوناس لە ناونان “تسمیە” دا بەرمەبنای پۆڵێن و میتۆدە سیاسییەکان. دەسەڵاتدارێتییەک بە تەواوی “completely” ستەمکار، گەندەڵ و داگیرکەر بۆ کۆی سامان و بونیادی ئابووریی، داگیرکەر بۆ کۆی دەزگا و جومگەکانی حوکمڕانێتیی و دەسەڵاتدارێتیی، دەسەڵاتدارێتییەک بە خواست و میزاجی نەخۆشخانەی ئەندامانی دوو بنەماڵەی پێکهاتوو لە کۆمەڵێک ئەندامی خۆبەشتزانی بچووک بچووکی دەسەڵاتخواز و پڕ لە گرێی سایکۆلۆژیی و پڕ لە غروری بۆش.
دەسەڵاتدارێتییەک بونیادنراو لەسەر تیۆریای لێدان لە ئینسانی کورد، لێدان لە جڤاتی کوردیی، لێدان لە هەر ڕەنگ و ڕوخسارێکی شارستانیی و مەدەنیی.
دەسەڵاتدارێتییەک و دەسەڵاتدارانێک چێژ لە لاوازیی و کەوتویی کۆمەڵگا و تاکەکانی دەبینن و لێرەوە هەست بە دەسەڵاتی خۆیان دەکەن. ئەم دەسەڵاتدارانە سایکۆلۆژیا نەخۆشانە، چەند کۆمەڵگای کوردیی لە دۆخی وێرانەیی و ئینسانی کورد لە دۆخی کەوتووییدا ببینن هێندە ئەو هەەستەیان هەیە بەرامبەر بە خۆیان کە گوایا ئەوان فریادڕەسن. چەند خەڵک لاواز بێت ئەوان پتر هەست بە دەسەڵات و هێزی خۆیان دەکەن.

پاتاڵیی مێدیا و قەرەقۆزەکانی نووسین
ئەو مێدیاکارانەی لە هەر شکۆ و ئیرادەیەکی ئینسانی کەوتوون بە تەواوی بوونەتە پاتاڵی مێدیایی لەگەڵ ئەو نووسەرانەی! تەنها میکیاژی ئەو بوونەوەرە دزێوەی ناوی دەسەڵاتدارە دەکەن و کەناڵەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان پڕ کردووە لە نووسین! کە بۆ هەموو تاڵانکاریی و ستەمکارییەکیان دەیان پاساوی نالۆژیکیی و نزمترین ئاستی گوزارش و فیکر بڵاودەکەنەوە، جگە لەوەی کە لە پڕۆسێسی فووتێکردنی ئیگۆی دوو خێڵە سیاسییەکە، ئەندامان و منداڵەکانیان بکەری سەرەکیی و هاوکات تاوانباری ڕاستەقینەن، چیدیکە نین و چیدیکە ناکەن.
ئیگۆی فووتێکراوی دەسەڵاتدارانی پووچ و منداڵە نزم و پووچەکانیان، یەکەم فیگەر کە بە بچووک و نزم دەیبینێت، خودی مێدیاکارانی کەناڵە نەوتاوییە پارەدارە خەیاڵییەکان و نووسەرە هەزیلەکانیانن.

پۆپۆلیزمی ئۆپۆزیسیۆنی! سیاسیی کۆمەڵگای ئێمە – پاسیفیزم و ئۆپۆرتۆنیستێکی ترسنۆک

ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ڕێک و ڕەوان بە تەواوی دیوەکەی تری دەسەڵاتدارێتییە. لە هەر ئاکار و شێوازێکی مامەڵەیاندا لە تەک کۆمەڵگای ئێمەدا، هەمان دیوەکەی تری دەسەڵاتدارێتیی بەرجەستە دەکەن. غرورێکی پووچ لە ناخی هەر یەکێکیاندا و ئیگۆیەکی هەڵئاوساو، کە ڕێگەی گرتووە لە ئەندامانی سەرەوەی ئەو هێزانە و کەسانی سەرەوەی ئەو لایەنانە کە ڕاستەوخۆ بێنە نێو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، لە خولەکی یەکەم و سەرەتاوە تا خولەکی کۆتایی لە خۆپیشاندانەکاندا ئامادە بن و چالاک بن و بەشێکی زیندوو، ڕاستەوخۆ و ڕاستەقینەی ناڕەزایەتییە فراوانەکانی کۆمەڵگای ئێمە بن. تەنها ئەوەندە نا، بەڵکو ئەگەر دیوی پێچەوانەی دەسەڵات نەبووبان، دەبایە، خۆیان ڕێکخەری خۆپیشاندان بوونایە، خۆیان دروستکەری توڕەیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتیی بووبان. دەبایە لە وێرانکردنی کۆمەڵگای ئێمەدا و نابوودبوونی ژیانی تاکە تاکەی ئینسانەکاندا، پاسیفیزمێکی ڕووت و هەڵوێستی ترسنۆکانەیان هەڵنەبژاردایە.

ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی کۆمەڵگای ئێمە، نمایشکار، ساختە و شوێنکەوتووی ڕووداو
ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە
ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە، ئەو هێزەیە کە پڕۆژەیەکی ڕاستەقینە و ڕادیکاڵی هەیە بۆ گۆڕانکاریی و ئەکتێکی ڕاستەقینەی بەرەنگاربوونەوە و کۆمەڵایەتیی فراوانی هەیە بۆ جێگا پێ لێژکردنی دەسەڵاتدارێتیی و لەرزاندنی دەسەڵاتداران. ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی ڕاستەقینە، بوێریی و جورئەتیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بە کۆمەڵگا گروپە کۆمەڵایەتییەکان دەبەخشێت و بیرکردنەوەی قووڵی ڕەخنەیی و ڕیشەدار لە کۆی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵاتداران و وە ژێر پرسیارخستنی حیکایەت و دۆکترینەکانی دەسەڵاتدارێتییدا، پێشەنگایەتی کۆمەڵگا دەکات. ووزەی پۆتێنشڵی کۆمەڵگا دێنێتە سەرەوە و دەبێتە داگیرسێنەر و بزوێنەری ڕۆحی شۆڕشگێڕیی و تیشکخستنە سەر تەواوی مافە هەمە لایەنەکانی تاک بە تاکی ئیسانەکان و کۆمەڵگا بە گشتی.
ئۆپۆزیسیۆنی ساختە، جگە لەوەی هیچ یەک لەوانەی سەرەوەی تێدا نییە و ناتوانێت هەیبێت، هەروەها بەردەوام لە پەڕاوێزی ڕووداوەکاندا، خۆی پیشانی خەڵک دەدات، واتا ئۆپۆزیسیۆنی ساختە خۆی پیشانی دەسەڵات نادات، بەڵکو خۆی پیشانی خەڵک دەدات بە ئامانجی ڕاکێشانی هەست و لایەنگیریی ئەوان. ئۆپۆزیسیۆنی ساختە ناتوانێت دیدگای ڕوونی هەبێت و خاوەندارێتیی لێبکات و پلانی کرداریی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی. هەروەها هێندەی خەرێکی نمایشە بۆ چەواشەکردن و خەڵەتاندنی کۆمەڵگا و جەماوەر، هێندە خەریکی کاری ڕاستەقینە و کرداریی نییە بۆ پاشەکشەپێکردنی دەسەڵات.
ئۆپۆزیسیۆنی ساختە، ئۆپۆرتیونیستە، واتا دەخوازێت هەلێک بێتە پێشەوە کە کۆمەڵگا یان ئەوانیدی هێناویانەتە کایەوە، و ئەو خۆی بکاتە خاوەنی و کەلکئاوەژوو لە توانا و هێزی خەڵک وەربگرێت.
هەر ئێستا، کۆمەڵگای ئێمە لە دۆخی سەرەولێژبوونەوەیەکی ترسناکدایە، ئەگەر ئێستا و لەم دۆخە قورسەدا ئۆپۆزیسیۆن، بەرپرسیار و خاوەندار لە کۆمەڵگا، نەیاتە مەیدان، کەی دێت؟!
ئەگەر لە پەڕاوێزی ڕووداوەکان و خۆپیشاندانەکانی خەڵکدا قسەیەکی ترسنۆکانەی کردووە و بەلاغ و بەیاننامەی بێ هیچ ناوەڕۆکێک دەرکردووە، ئۆپۆزیسیۆنی کۆمەڵگای ئێمە جگە لە ئۆپۆرتیونیستێکی ترسنۆک چدیکەیە؟!
ئەگەر نابوودبوونی ئابووریی خەڵک و وەستانی تەواوی کایەکان بۆ ئۆپۆزیسیۆن بابەت و گرنگ نەبێت، بەڕاست چی شتێک بۆ ئەو بابەت و گرنگە؟!
ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە ئیمتیاز، پاسیڤ، ئۆپۆرتیونیستێکی ترسنۆک، لاواز و بێ ئیرادەیە. واتا ئۆپۆزیسیۆن لە کۆمەڵگای ئێمەدا دیوەکەی تری دەسەڵاتدارێتییە، بە هەمان بونیاد و گوتار و سایکۆلۆژیاوە.

جڤاتێک لاوازکراو و نووزەلێبڕاو
کۆمەڵگای ئازاد و زیندوو

ڕووبەرە گشتییەکان لە هەر جڤاتێکی ئازاد و زیندوودا، ڕووبەری پڕ ووزە و پڕ ئەگەری جیاوازن بۆ چالاکیی کۆمەڵایەتیی هەمەجۆر. لە دۆخی نارەزایەتیی سیاسیی کۆمەڵایەتییدا، ڕووبەرە گشتییەکان، دەبنە ئەو ڕووبەرانەی ووزەی ناوەکیی کۆمەڵگایان تێدا چڕ دەبنەوە و وەکو ئەکتی ڕاستەقینەی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران چالاک دەبن. کۆمەڵگای ئازاد و زیندوو، لە هەر پنتێکی کۆمەڵایەتیی خۆیدا بەشێک لە ئیرادە و هێزی تێدایە و هەردەم دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران لێی ترساون و هەرگیزیش نەتوانراوە ڕام و کۆنترۆڵبکرێت. کۆمەڵگای ئازاد و زیندوو، لە دۆخی داگەڕاندا توانای خۆگرتنەوە و خۆ هەڵساندنەوەی هەیە. لە دۆخی داگیرکارییەکانی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداراندا، توانا و ووزەی بەرگری لە خۆ کردن و پارێزگاری لە خۆ کردنی تێدایە.
لە کۆمەڵگای ئازاد و زیندوودا، هاوپشتیی و هاوبەشیی کۆمەڵایەتیی لە پرسە گشتیی جڤاتییەکاندا لە فەزای گشتییدا، لە ئەوج و ئەوپەڕی خۆیدایە. لە وەها کۆمەڵگایەکدا، تاکە کەسەکان چەندە ئازاد و سەربەخۆن و ژیانی تایبەتیی و کەسیی خۆیان دەژین، هێندەش هەستی پێکەوەگرێدراویی و هاوچارەنووسیی لە تەک ئەوانیدیکەدا و هێندە هەست وبیری هاوجڤاتیی تێیاندا بەهێزە.

کۆمەڵگای نائازاد و دەستبەسەرداگیراو
کۆمەڵگای بەحزبییکراو

لە دوای ڕاپەرینەوە، کۆمەڵگای ئێمە لە ژێر خواستێکی فاشیستیانەی دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەی کۆمەڵگای ئێمەدا بۆ داگیرکردن. ئەم دوو هێزە، هەمان خواستی داگیرکردنی کۆمەڵگایان هەبووە کە لەلای هەر هێزێکی دیکتاتۆریی تۆتالیتار هەیە. داگیرکردنی تەواوی دەزگا کارگێڕیی و قەزاییەکان تا بە داگیرکردنی هێزی چەکدار و دەزگا سیاسیی و ڕێکخراوەییەکان دەگات. لە دەستبەسەرداگرتنی ئابووریی و تەواوی سامان و داهات تا دەگات بە دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کایەکان. بە حزبییکردنی ڕووبەری گشتیی لێکەوتووەتەوە. واتا بە حزبییکردنی کۆمەڵگا و تەواوی دەزگاکانی.
لەو سۆنگەیەوەش کە حزب لەسەر دەستی دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکەوە، بەتاڵکراوەتەوە لە هەر ووزەیەکی ڕەخنەیی و توانا و هێزێکی خۆ دروستکەر. حزب خراوەتە ژێر خواست، میزاج، بڕیار و بەرژەوەندییەکانی بنەماڵەی دەسەڵاتدارەوە. واتا حزب و ئەندامانی حزب لە ئەندامێکی سادەوە تا دەگات بە ئەندامانی سەرکردایەتیی، مەکتەبی سیاسیی و سەرکردە سەربازییەکان، کراونەتە بوونەوەری لاواز و بێئیرادە و کراونەتە بوونەوەری بێ فیکر و بێ کاراکتەر. لێرەوە و لەم پڕۆسێسەدا، دەرئەنجام حزب بووەتە بۆدییەکی بۆش و بەتاڵ، بەتاڵ لە فیکر و ستراتیژ، بەتاڵ لە هێز و ئیرادە، بەتاڵ لە توانای خۆ بونیادنان و خۆ بەرهەمهێنان، خاڵی لە شوناس و کاراکتەر.
ئەوەی کە ئێستا کۆمەڵگای ئێمە تێیدا دەژی، بەرهەمی ئەو پڕۆسێسی بە حزبییکردنەیە. کۆمەڵگایەک، تەواوی کایە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی لەسەر لێواری وەستانی تەواوەتین و بێدەنگە. تەواوی کەرتەکانی خزمەتگوزاری گشتی دەکرێنە کەرتی تایبەتی بەڵام بێدەنگ و بێباکە. کۆمەڵگایەک بینەری پارچەپارچەبووبی خۆیەتی و ناتوانێت جووڵەیەک بکات و قسەیەک بکات. تەواوی خاک و ئاوی داگیردەکرێت و تاڵان دەکرێت بۆ هەتایە و وێران دەکرێت لەلایەن دووحزبخێڵی چاوچنۆکەوە، بەڵام بێهەڵوێستە. تەنانەت جووڵەی بازرگانیی وەستاوە و مووچە بە دوو مانگ نادرێت و هێشتا ناتوانێت خۆپیشاندانێکی کاریگەر و ناڕەزایەتییەکی گەورە و فراوان بەڕێبخا.
ئیدی لە دوا دەرئەنجامدا، کۆمەڵگای بە حزبییکراو، دەبێتە کۆمەڵگایەکی خاڵیکراوە لە ووزەی ڕەخنەیی و لە توانای خۆ بەرهەمهێنان و خۆ دروستکردن. خاڵی لە هێزی پێکەوە گرێدراوی ئەندامانی. خاڵی لە هێزی هاوبەشی و هاوپشتیی لە نێوان ئەندامانی. خاڵی لە هێزی هاوچارەنووسیی و هاوجڤاتیی تاکەکانی. خاڵی لە هێزی بەرگریکردن و پارێزگاریکردن لە خۆی. کۆمەڵگای بەحزبییکراو دواجار دەبێتە کۆمەڵگایەکی زەلیل کراو، لاواز و بێئیرادە. دەکرێتە جڤاتێکی نووزەلێبڕاو. کۆمەڵگایەک، هیچ پڕۆژەیەکی نییە و بینەری مردنی هێواشی خۆیەتی.
………………….
ئەم وتارە نووسراوە لە پەڕاوێز و لە پەیوەند بە ئەو خۆپیشاندانەی کە بڕیار بوو ئەنجامبدرێت لە ڕۆژەی ٥ شەممە ڕێکەوتی ٢٦-٦-٢٠٢٥ لە کاتژمێر ١٠ ی سەر لە بەیانی لە بەردەمی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژاوا-سلێمانی لە شاری سلێمانی کە لەلایەن دەستە و ئەنجومەنەکانی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکەوە بانگەشەی بۆ کرا، دواتر لە کاتی هێما بۆ کراودا هیزە ئەمنییەکان بە سەرکوتێکی زۆر زاڵکردنی کەشوهەوایەکی سەربازیی و دەستگیرکردنی چەندین کەس و لە ڕۆژی پێشتریش دەستگیرکردنی کۆمەڵێک لە ڕێبەرانی خۆپیشاندەران و دوو ئەندام پەرلەمانی کوردستان و دوو ئەندام پەرلەمانی عێراقی پێشتر.




بەکورتی14: هەمان….. هەمانبوون بکوژی جیاوازییە.. ئازاد حەمە

ڕۆچۆنە نێو پەیڤی هەمانSame دەمانبات بەرەوئاشنابوون بە پەیڤگەلێکی وەک: هاوتا، هاوشێوە ،لێکچوو و..تاد. لەم گۆشەنیگایەوە دەخوازین بڵێین: پەیڤی هەمان دوورە لە جۆراوجۆریی، هەمەچەشنیی و جیاوازییەوە. کاتێک دەگوترێت ئەوانە هەمانن(هەمان کەسن، هەمان شتن) واتە جیاواز و دیکە(تر) Other نیین. لەبەرئەوە باسکردنی هەمان و هەمانبوونSameness باسی جیاوازیی Difference دێنێتەگۆڕێ. کاتێک هەمان کەس هەمان شت دەکات، واتە شتێک بەناوی جیاوازییەوە بوونی نامێنێت.
سەرباری ئەوە، بەریککەوتنی هەمان لەگەڵ هەمان ناگاتە هیچ دەرئەنجامێک و هەمان و دیکەش(تریش) هەرگیز یەکناگرنەوە. دیکە لە جیاوازییەوە نزیکە، بەڵام هەمان و جۆراوجۆریی ناهاوتایی کۆیاندەکاتەوە. هەمان بۆیە هەمانە چونکە رەوتی هەمان گۆڕانی نایەتەسەر و ئەمەش وادەکات وەک خۆی بمێنێتەوە، چونکە جیاواز نییە.
لەسەرئەو بنەمایەی لایسەرەوە دەپرسین: هەمانەکان هەمانن؟ دوو شت،کە تایبەتمەندییەکی هاوبەشیان هەیە یەک شتن؟ دەکرێت قسە لە بەریەککەوتنی پەیڤی هەمان لەگەڵ پەیڤی دیکەدا بکەین؟ هەمانەکان وەک هەمان دەمێننەوە؟ ئەوەی لێکچووە هەمانیشە؟ هەمان لەگەڵ کاتدا بەهەمان ناودەبرێت؟ ئەوەی هەمان نییە جیاوازە؟ ئاینیی ئیسلام لەگەڵ ئاینیی مەسیحی یان ئاینیی جوولەکە هەمانە؟ شارستانی یۆنانی وەک شارستانی رۆمانیی وایە؟ زانکۆکانی ئێمە هاوشێوەی زانکۆکانی دانیمارکە؟ سفرەی نانخواردنی ئێمە لە سفرەی نانخواردنی ئیتاڵی دەچێت؟ کاریگەریی بەکاربردنی ئاوەڵناو لەڕستەدا وەک بەکاربردنی ئاوەڵفرمان وایە؟ دۆزی کۆمەڵایەتیی ،یان هەستی سێکسیی، هەژارێک هەمان دۆزی کۆمەڵایەتیی، یان هەستی سێکسیی، دەوڵەمەندێکە؟
هەمان چییە؟ هەمان ئەو شتەیە/ یان کەسەیە، کە لەسەر بناغەی تایبەتمەندییە هاوبەشەکان هەمانە. دوو شت یان دوو کەس،کە هەمانبوون واتە خاڵی هاوبەشیان تایبەتمەندییە هاوبەشەکانیانە. بەڵام هەمان لەگەڵ جیاوازییدا دژە. یەکنەگرتنەوەی هەمان و جیاوازیی هەمان وەک خۆی دە‌هێڵێتەوە. تا هەمان هەبێت جیاوازیی بوونی هەیە. هەمان بۆ ئەوەیە جیاوازییەکان هاوتابکرێن. بۆنموونە، کە دەڵێین هەمان خۆراک واتە بە فۆرم و کواڵیتێ و سروشت خواردنەکە لەگەڵ خواردنی تر (پێشوو)هەمان و یەکن. کە بەو جۆرە خواردنەکان هەمانبوون پەیڤی جیاوازDifferent لەو حاڵەتەدا هیچ بەهایەکی نابێت. هاوکات هەمان هەردەم وەک خۆیەتی، جیگیرە، ناگۆڕێت و ناشتوانێت جیاوازبێت.
لەناو هەماندا دووبارەبوونەوەیەک بوونی هەیە، کە پڕ و سیخناخە لە هەمانیی. بۆنموونە، کاتێک دەگوترێت: هەمان شت کە گوتمان(کە کردمان،کە بینیمان، کە باسمانکرد) بەو مانایەدێت جیاوازییەک لە کردەکاندا بوونی نییە.
کردنی هەمان شت، گێڕانەوەی هەمان شت یان هاوکاریکردنی هەمان کەس، لێرەدا هەمان لە ناخی خۆیدا هاوشێوەیی، یەکسانی و هاوتایی مەڵاسداوە. ئەو شتەی، یان کەسەی، لە هەمان شت و کەسەکەی دیکە دەکات هەمانییەک کۆیاندەکاتەوە. ئەمەش واتە لەیەکدەچن و هاوجۆرن. لێرە ئەوەندەی هەمان جێگای باسە جیاوازی جێگای باس نییە.
لەبەرئەوە لێرەدا بە چاکی دەزانین ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە شیاوی هەڵوەستە لەسەركردنە، کە هەمان خۆی بەوە لە جیاواز جیادەکاتەوە، شتێک، کە هەمان بێت، دەبێت شتێکی دیکە هەبێت، کە هاوتای ئەم شتەبێت. گەر نەبوو کەوابێت جیاوازن و لەیەک ناچن. ئەوەتا لە زماندا هاوواتاکان هەمانن. بەڵام لە مێژوودا جەنگەکان هەمان نیین. ناوی جەنگ بۆ هەموو جەنگەکان هاوشێوەیە بەس گەورەو و بچووکیی، زیان و جۆری جەنگەکان جیاوازن.
جیاوازەکان هەمان نین. هەمانەکان لێکدەچن، هاوتا و هاوشێوەی یەکن، لێ جیاوازەکان ناکۆک و ناجۆرن. هەمەچەشنی و جۆراوجۆریی لە نێو جیاوازەکاندا هەیە، بەڵام هەمان نیین، یان مەگەر هەمانبن لە جیاوازییەکانیاندا. زۆر جار هەمەجۆر و هەمەچەشنەکان هەمانن لە جیاوازییاندا.
له‌م ڕوانگه‌یه‌‌وه دەڵێین: هەمان و جیاواز لە ناوەڕۆكدا لێکناچن. چونکە هەمان بارگاوییە بە تاکجۆری، یەکشێوەیی. واتە هەمانەکان جۆراجۆرنیین. ئەوانەی هەمانەکانن هەردەم هاوشێوەی یەکبوونە بۆیە بەشدارییان لە دروستکردنی هیچ جیاوازیەکدا نەکردووە. تێڕوانینەکان ئەو کاتە هەمانن، کە لەیەکتر دەکەن. بۆنموونە دەربڕینی دێمۆکراسی باشە و دێمۆکراسی بە سوودە هەمان مانا دەپێکن، کە دێمۆکراسی پۆزەتیڤە.
کە گوترا دوو شت یەکسانن مەبەستمان ئەوەیە یەکێکیان هاوشێوەی ئەوی دیکەیە لە هەموو روویەکەوە. دوو ئۆتۆمۆبیل کاتێک لە هەموو روویەکەوە لەیەک دەچن (هەمان کۆمپانیا، مۆدێل،ساڵ و رەنگبن).
ئەوەی باسکرا ئەوەشمان پێدەڵێت، کاتێک باس لە یەکسانیی دەکرێت واتە شتەکان هەمانن. کاتێک کە باس لە هاوشێوەیی دەکرێت واتە جیاوازیی بوونی نییە. کاتێک باس لە هەمان جیاوازیی دەکرێت لەنێوان کەسەکان یان شتەکان واتە جیاوازییەکان لەیەکتر دەکەن و ناجۆر نیین.
گرنگە ئەوەش بزانیین،کە هەمان جیایەیە لە لێکچوونSimilarity/Resemblance (هاوشێوە). هەمان بەوە جیادەکرێتەوە، کە رەنگە ئەو شتانەی لێکچوون هەمان نەبن لێ هاوشێوەن. لەناو هەماندا لێکچوونێک پەنهانە. لێکچوون بەجۆرێکە، کە شتەکانی دەوروبەری هاوجۆری خۆیدەکات. A لە B ناچێت وەک نووسین، بەڵام هەردوو هەمانن وەک پیت. واتە هەردوو لە بەکاربردندا پیتیانپێدەوترێت. مۆز و لیمۆ هەردوو میوەن، وەک میوە لەیەک ناچن و سودەکانیشیان وەک یەک نییە، بەڵام لەوەدا لێکچوون، کە میوەیاننپێدوترێت.
وێڕایئەوە، لێکچوو واتە هاوشێوە، ئەو شتانەی لەیەکدەچن لێکچوو و هاوشێوەن. کاتێک لێکچوون یان هاوشێوە لە زماندا بەکاردەهێنین ئەگەر دوو شت یان زیاتر بە تەواوی وەک یەک نەبن. واتە هەمان نەبن. هەرچی یەکسانە ئەوکاتە بەکاریدەهێنین ،کە دوو شت یان زیاتر بە تەواوی وەک یەک بن. واتە هەمانبن.
ئێمە، کە هەمان شتمان هەبێت،واتە شتەکان وەک یەکن، نەک لەیەک دەچن. هەرچی لێکچوونە، یان هاوشێوەییە، دۆخێتری هەیە. هاوشێوە، واتە دوو شت یان زیاتر لەیەکەوە نزیکن. ئەڵبەتە هۆکار و پاڵنەری سەرەکی هەن،کە وادەکەن شتەکان و کەساکان هەمانبن. خۆئەگەر شتەکان و کەسەکان هەماننەبن، ئەوا یان جیاوازن یانیش لێکچوو و هاوشێوەن.
سەبارەت بە لێکچوون یاخود هاوشێوەبوون ئەوەش دەکرێت بگوترێت، کە دوو شت یان زیاتر تایبەتمەندییەکی هاوبەشیان هەیە بەبێ ئەوەی یەکسان identical بن. کە باسیش لە هەمان دەکەین ناکرێت باس لە بوونی گۆڕاو بکەین. گۆڕاوەکانی ناو شتێک یان کەسێک واتە هەمان ئیتر هەمان نییە.
دوا پەیڤمان سەبارەت بە هەمان و هەمانبوون ئەوەیە،کە دڕدۆنگ و دوودڵی ئێمە تایبەت بە هەمان ئەوەیە، کە هەمانبوون دەرگاداخستنە لە جیاوازیی، لەو شتەی لە ئێمە ناچێت و هاوشێوەمان نییە. دانپێدانان بە جیاوازیی سەرەتای دەرکەوتنی تازەگەرییەکان و داهێنانە، هیوایەکە لەبەردەم نالێکچوون و ناهاوشیوەبوون. کوردبوون جیاوازییە، دەرکەوتی ئەویترێکە، کە هێشتا دانیپیاناهێنرێت. کەواتە جیاوازیی دانپیاهێنانە نەک هەمانبوون.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




پرسەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیری (٣).. ئامادەکردنی: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)

پرسەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیری، هەرجارەی لەسەر بابەتێک چەند نووسەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیرێک دێنێتە گۆ. بانیژەی ئەدەب و کلتوور لەڕێگەی ئەم گۆشەیەوە دەیەوێت پەنجە بخاتە سەر گیروگرفتەکانی کایەی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردی و ورووژاندنی پرسیاری جیددی. لەم گۆشەیەدا پرسی هەژموونی زمانی نێرسالاریی لە ئەدەبی کوردی دەوروژێنێت.
پرسیار : ئایا ئەدەبی کوردی توانیویەتی هەژموونی زمانی نێرسالاری لەنووسینی دەق تێپەڕینێت؟ هۆکارە بنەڕەتییەکانی هەژموونی زمانی نێر سالاریی لە ئەدەبی کوردیدا چین؟ بەبڕوای تۆ چی بکرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی هەژموونی ئەو زمانە نێرسالارییە تێکبشکێنرێت؟

سروە ساڵەیی:

کورد و کوردلانە سەرچاوەی شارستانییەت و ئاوێتەی ڕەنگ و بۆچوونە. کورد لە دێرزەمانەوە باوەڕی بە بۆچوونی جیاواز و ڕاپرسی و باوەڕگۆڕینەوە هەبووە. ژنان لە مێژووی کوردی وەکو پیاوان هاوبەش و هاوبیر و بنیاتنەر بوونە ،مێژووی نووسین و ئەدەب عەیامێکە وەك مرۆڤ کوردان پێ هەڵساون. ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە مرۆڤ بە هەردوو ڕەگەز و جیاوازی چینایەتی و کلتووری دەبێت یەك شت بەهەند وەربگرن ئەویش بیری ڕووناکە کە بوغز و قینە و شکاندنەوە لە گۆشەکانی بونیادەم بوونمان دەرنەکەوێ. لە ئاسۆی کوردەواری توانایی و لێهاتوویی لە خودی مرۆڤەکان بدرەوشێتەوە. جوتیار و کرێکار و پێنووس بەدەست و گەورە و بچووکمان مرۆڤ بین و تەواوکاری یەکدی بین. ئەرێ وەك ئێستا زۆر بەزەقی و بەرچاو دەبینرێ و هەستی پێدەکەین، نێرسالاریی هەر لە چواچێوە تەنگەکەی خۆی نەماوە پێیەکانی پتر داگرتووە و ڕوو لە تەشەنەیە بەداخەوە، بگرە ئەدەبیش پشکی شێری بەرکەوتووە هەمدیسان بە داخەوە. کاتێك نووسینەکانمان لەقەفەزی ڕەخنەی ڕووخێنەر دەکرێ و بە مەیلی چەند کەسێك هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێ، لەدیوی ئەودیوی پەردەکە وەك بووکەڵەی دەزوویی چەند کەسانێکی دەستنیشانکراو دەیجوڵێنەوە. کەواتە ئەدەبیش دوور نییە لەزەبری ئەو وشەیە. پیاوسالاریی دەردێکی کوشندەیە، زۆریش تەشەنەی کردووە، لەبری چارەسازی هەندێك هەستاون وەڵامی خراپ بە خراپ دەدەنەوە ئەویش پەیرەوکردنی بیری مێ سالاریی(فێمەنیست). بگرە زۆربەیان هەر قینە و دووبەرەکیی لە نێرسالاریی خراپتر دەهێننە کایە. لێرەدا بەمانای ئەوە نییە پیاوسالاریی دۆز و بیرۆکەیەکی براوەیە ،نا بە پێچەوانەوە؛ ئەوەی لەقازانجی مرۆڤایەتی نەبێت هەمیشە تەمەنی کورتە و هێندە نابات لە بەین دەچێت. چونکە لەکاتێکدا بێ ئاگای لەوەی دژی کیژەکەت دەوەستی بۆ پاڵپشتی کوڕەکەت ئەوەش لەسەرکام بنەما؟ بنەمای کۆڵەواری و دواکەوتن، لەهەمان کاتدا تەرازووی لۆجیك لار دەبێت و نیوەی کۆمەڵگە کە ژنە لەدەستی دەدەین کە مەل بەباڵێك نافڕێ ! گەر ئەدەب و هونەر بخەینە لاوە هەر لەژیانی ئاسایی بنۆڕین، باوکێك کە خۆی هۆکارە بۆنێرسالاریی، ماندووە بە بیر و جەستە بەوەی ژن بە هاوبیر و هاوبەشی خۆی نازانێت، بەردەوام لە هاوبیرێك دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی گوێگر و چارەسازێك بۆ چارەسازی ئەو کۆسپ و تەگەرانەی ڕۆژانە ڕێگای لێدەگرن. لەهەمان کاتدا ژنان هەر دایك نین، ئەوان مرۆڤێکی کامڵ وپڕ بەرپرسیارێتین، بگرە ئەگەر نەبنە دایکیش وەکو بایۆلۆجی هەمیشە ئارامبەخش ودەروونێکی پڕ سۆز و دەستێکی چارەساز و هەتوان ئاسایان هەیە بۆتاکی دەوروبەریان. بۆیە ئاشتەوایی و زانست و تێگەیشتن دەتوانێت ئەو کاڵفامییە بسڕێتەوە و کۆمەڵگەیەکی پڕ بیروبڕوا و ئازاد بهێنێتە کارا کە چیدی ئەو ژنە و من پیاوم نەمێنێت ، ناوچەیەکی پڕ هۆشیاری و مرۆڤگەلێکی دەروون ئارام و تەواوکاری یەکدی بڕەخسێت لە ئەقڵی ژەنگاوی ڕزگارمان بێت بۆیە بەلایەنی کەم نابێت ئەوڕەوشی نێرسالارییە لەو ناوەندە جێگەی هەبێت بگرە دەبێت ئێمەی نووسەران قبوڵمان نەبێت و بەرپەرچی ئەو دیاردە ناپەسەندە بدەینەوە و بەهەموولایەکمان بۆ ڕێگا پڕ ئامانجەکە بەڕێ بکەوین ئەویش مرۆڤبوون. ڕەنگبێ تا ئاستێك نووسەران و ڕۆشنبیران لە دەقەکانیان ئەو دیاردە لاسارە پشتگوێ بخەن. من هەمیشە لە دەیان دەق و نووسین جەختم لە مرۆڤبوون کردۆتەوە دژی پۆلینکردنم بەهەموو شێوەکانی. من هیچ سەنگەرێکم نییە نە فیمنیستم ونە لایەنگری باب سالاریی. چونکە هۆکار زۆرن بە هێزترینیان ئەوەیە دژی منداڵەکانم نانووسم . ئینجا با بێمەوە سەر ئەسلی مەسەلەکە، بێگومان لەسۆنگەی مرۆڤ بوونم و باوەڕی تەواومەوە بە یەکسانی جێندەری، وەك نووسەرێك بە شەرمی دەزانم دەقەکانم بۆ چین و ڕەگەز بنووسم و قبووڵی جۆرە دەقێک بکەم کە نێرسالارانە و مێ سالارانە نووسراوە. چۆن پیاوسالاری نەخۆشییەکی کوشندە و دیاردەیەکی قێزەون و نامرۆڤانە و دێرینەیە و کۆمەڵ تووشی پەرتەوازەیی و دووبەرەکی و ئیفلیج و دەرد و بەڵاو ئافات و ماڵوێرانی دەکات، ژن سالاریش هەمان شێوە. ئێمە دەبێ دایمە مرۆڤ سالارانە بیربکەینەوە و ژیان بکەین، ئەو دیواری جیاکاری ڕەگەزییە بڕوخێنین، کە لەسەر بنەمای جیاکاری جێندەری لەنێوان هەردووک ڕەگەزدا بنیاتنراوە. بە بڕوای من ئەو ئەقڵییەتە نێرسالارییە نەخۆشییە و دەبێت بسڕیتەوە لە هزری تاك بەتاکی کۆمەڵگە و ئاگادارکردنەوەی مرۆڤەکان لە مەترسییەکانی ئەنجامە خراپەکەی زیتر ڕێچکەی هۆشیاری و مرۆڤبوون و مرۆڤدۆستی بگیرێتەبەر. نابێت چیتر جیاوازی جێندەری لەباس و خواست بێتە ئاراوە، ئەوەش بەهەنگاوی پتەو و بڕوابەخۆبوون و دەست خستنە ناو دەستی یاسا سەردەگرێت و هەموان لەڕێگەی پەروەردە و یاسا، خێزان و کۆمەڵگە بەهەموو چینەکانییەوە، ڕاهێنانی ڕۆژنامەکاران و ڕاگەیاندنی تۆکمە و مامۆستایان کە ئەرکی پێگەیاندنی نەوە یەك لە دوا یەکەکانیان لە ئەستۆیە ، ئاشنای چەمکی یەکسانی بکەین، یاسا و داد وپشتگیری پتەو دژی جیاکاری جێندەری لە ماف و ئەرك و دیاردەی بزێو کە دەبێتە هۆی گواستنەوە و ئیفلیج کردنی تاك بە بیری کۆن و کۆلەوار کەلە زەرەرمەندی مرۆڤایەتی چیدی لێ سەوز نابێت. ئێمە نیشتمانمان پێویستی بەبیری ئازاد و یەکگرتووی مرۆڤەکان هەیە، کوا کاتی شکاندنی باڵی یەکترییە. ژنان وەك پیاوان با دەنگ و ڕەنگ دەرکەون، چارەی دەردی ئێمە خوێندنە و خۆ دروستکردنە. لەمێژووی دێرینی کوردەواری ژنان زۆر کارا و پڕ ووزە دەرکەوتبوون.
ژنان سەرکردە و کارگوزار، دەورێکی هەرەپڕهەندیان هەبووە لە کۆمەڵگەی کوردەواری،چونکە ئەدەب لەکانگەی کۆمەڵگەوە سەردەکات و کلتوور و سەرزاری خەڵک دەگوازێتەوە بۆیە پشکی شێری بەرکەوتووە. بەواتای ئێمەش وەك نووسەران و شاعیران پڕوشکی ئەوئاگرەمان بەرکەوتووە و ڕۆژانە بە دەستییەوە دەناڵێنین ،هەرچەندەپشت گوێی دەخەین، بەڵام هەر لە بوارەکەی خۆمان هەمان هاوڕێ و هاوبیرانی خۆمان ئەو تاڵییەمان دەرخوارد دەدەن.

ئیمان یادەوەر :

من بڕوام وایە ئەدەبی کوردی هێشتا نەیتوانیوە هەژموونی زمانی نێرسالاری تێپەڕێنێت، هەرچەندە لە دوو دەیەی ڕابردوودا هەوڵی جددی دراوە بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە. ئەمەیش بۆ کۆمەڵێک هۆکاری بنەڕەتیی ئەم هەژموونە دەگەڕێتەوە کە پێگەی کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵگای کوردی هێشتا زۆربەی دامەزراوە کولتووری و ڕۆشنبیرییەکان لەژێر دەسەڵاتی پیاواندان. ئەمەیش ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر زمانی نووسین و دەربڕین هەیە. هۆکارێکیتر کەمیی ژمارەی نووسەر و ڕەخنەگری ژن خۆیەتی لە کایەی ئەدەبی کوردیدا، کە ئەمەیش وایکردووە زمانی نێرسالاری زاڵ بێت بەسەر زۆربەی دەقە ئەدەبییەکاندا. یەکێک لە گرفتەکان کە بەردەوامی بە ئەدەبیاتی (نێرسالاری) دەدات ژنان خۆیانن کە هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی هەست بەکەمی نەکەن بەرامبەر پیاو دەیانەوێت وەک پیاوان بنوسن، لەکاتێکدا دەبێت باوەڕیان بەوە هەبێت کەئەوان هیچیان لە پیاوان کەمتر نییە بگرە لە زۆر ڕووەوە لەپیاوان باڵاتر و چالاکترن، گەر بتوانرێت ئەدەبیاتێکی فێمێنستی ئازادانەمان هەبێت . ژن بتوانێت لە تێکست و نوسینەکانیدا کێشە و ئازارەکانی ماف و بیرکردنەوەکانی خۆی بەیان بکات ئیدی چاوەڕێی پیاوێک ناکات بۆی بنوسێتەوە، بۆیە پێویستە ژن خۆی نوسەری خۆی و گێڕەوەی ژنبونی خۆی بێت بەوشێوە تۆ کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیری بونیاد دەنێیت کە سەرچاوەکەی تەنیا مرۆڤـبوونە نەک جیاوازی ڕەگەزگەرایی . بۆیە دەڵێم نەخێر ئەدەبی کوردی نەیتوانیوە هەژموونی نێرسالاری تێپەڕێنێت. ئەو زمانە هەر لە کۆنەوە بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئێمەی داگیرکردووە. زمانی نێرسالاری تەنیا پرسی دەربڕین و ڕستەسازی نییە، بەڵکو پرسی عەقڵییەتێکی قووڵە کە ڕیشەی لە مێژووی کۆمەڵایەتی و کولتووریماندا هەیە. کاتێک باس لە زمانی نێرسالاری دەکەین، باس لە سیستەمێکی گەورەی بیرکردنەوە دەکەین کە وەک چەترێک هەموو جومگەکانی کۆمەڵگای داپۆشیوە. کەئەمەیش ڕوونە ئەم زمانە لە ئەدەبی کوردیدا، تەنیا ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە تاڵەیە کە ژن تیایدا وەک بوونەوەرێکی لاوەکی سەیر دەکرێت. کۆمەڵگای پیاوسالاری کە مێژوویەکی دوور و درێژی لە داگیرکردنی زمانی نووسیندا هەیە. ئەمە کێشەیە نەبوونی دەزگایەکی ڕەخنەیی بەهێز کە بتوانێت ئەم زمانە هەڵوەشێنێتەوە. هەروەها لاوازی بزووتنەوەی فێمێنیستی کوردیش کە نەیتوانیوە ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێز دروست بکات. بۆیە بۆ تێکشکاندنی ئەم هەژموونە، پێویستمان بە شۆڕشێکی زمانەوانی هەیە. دەبێت زمان لە چوارچێوەی ئەو دیوارە تاریکە ڕزگار بکەین کە پیاوسالاری دروستی کردووە. پێویستە ئەو زمانە بخوڵقێنین کە دەنگی ژن و پیاو بە یەکسانی تێیدا دەربکەوێت. ئەمەش تەنیا بە گۆڕینی وشە و دەستەواژە نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانکارییەکی قووڵی فەلسەفی و فیکری هەیە لە تێڕوانینمانەوە بۆ زمان و دەسەڵات و … تد.

بەندی عەلی

بەبڕوای من زمان گرنگترین کەرەستەی پەیوەندی و بیرکردنەوەی مرۆڤەکانە لەگەڵ یەکتر. لەهەر کۆمەڵگەیەکی دیاریکراویشدا وابەستەیە بە کلتوور و فەرهەنگی ئەو کات و شوێنەوە. ئەگەرچی خودی زمان وەك کەرەستەیەکی سەربەخۆی بێلایەن دەردەکەوێت، لێ لەهەر سەردەمێکدا دوو کلتوور هاوتەریب و بەرانبەر بەیەك دەگوزەرێن. یەکیان ڕابردووی ڕوو لەدوێنێ و یەکیان ئەمڕۆی ڕوو لەسبەی. لێرەدا ململانێ دروست دەبێت لەنێوان هزری کۆن و نوێدا لەڕێگەی زمانەوە. هەر بۆیە دەکرێ دوو شێواز لەزمان خۆیان نماییش بکەن، یەکیان کۆنخواز و یەکیان پێشکەوتووخواز. بێگومان دیاردەی نێرسالاریی لەزماندا دەکەوێتە نێو ئەم حاڵەوە و هاوکات و بەتایبەتی لەکۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا بەحوکمی کلتووری باوی نێر سالاری ، بەشێکی زمانیش دەکەونە ژێر کارگەریی هزر و کلتووری باوەوە . ئەرکی ڕۆشنبیرو نووسەرە مردۆدۆست و یەکسانی خوازەکانیش لێرەوە ئەرزشیان دەبێت لەڕێگەی بەگژداچوونەوەی ئەو کلتوورو زمانە نێرسالارییەوە بەتایبەتی لەبوارەکانی ئەدەبدا کە دەکرێت ڕۆڵی گرنگ و یەکلاییکەرەوەی هەبێت لە بەگژداچوونەوەی هەموو جۆرەکانی بێدادی لەبەکارهێنانی زماندا . پێ بەپێی کاتیش (بەبڕوای من) لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، زمان یەکێك بووە لەو ڕەهەندانەی بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوەدیوە، بەتایبەتی لەبواری ئەدەبدا، کەنەوە بە نەوە هەم لەهەوڵی گەشەسەندنی زماندا و هەمیش لەهەوڵی پاکژکردنەوەیدا بوون. لەکاتێکدا کەهەردوو کلتووری ئایینی و نەژادی سەردەمانێکی زۆر جڵەوی زمانیان گرتبووە دەست بۆ بەرژەوەندی ئایدیۆلۆژی تایبەت ، لێ کەمیش نین ئەو نووسەر و نووسەرانەی لەخەمی ئەودابوون کە زمان ڕەهەندە مرۆییە یەکسانیخوازەکان لەدەست نەدات و ئەگەر بەراوردێکی وردی چەند دەیەیەکی پێش ئەمڕۆ بە ئەدەبی ئەمڕۆ بکرێت، گۆڕانکارییەکی بەرچاو دەبینرێت لەکەمکردنەوەی ئەژموونی نێرسالاری. ئەگەر چی هێشتا هەڕەشەی ئایدۆلۆژییە کۆنەکان کۆتاییان نەهاتووە و ململانێی نێوان هەردوو ڕەهەندی کۆنخواز و نوێخوازەکان بەردەوامە، لێ هیچ دیاردەیەکی باوی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی بەبێ هەوڵ و خەباتی نووسەرانی مرۆڤ دۆست بنبڕ نابێ و هەر ئەم لایەنگیرییەشە نووسەران دابەش دەکەن بەسەر فەرهەنگی باو و نوێخوازیدا. زمان ئامڕازی دەربڕینی هزری مرۆڤەکانە، هەر بۆیە شێوازی بەکارهێنانی، دەبێتە پێوەر بۆ چۆن و چی بوونی نووسەر و دیاریکردنی لایەنگیری بۆ چ بەرەیەکی هزری و فەرهەنگیی.

بەکر ئەحمەد

بە بروای من لە ئاستێکی ڕووکەشدا سەفەری پیاوی ئێمە لە خاوەن سمێڵێکی گەورەوە کە بە” ئەبوشوارب “دەستپێدەکات و بە “نادر ئاوێنە”دا تێدەپەڕێت و دەگات بە “واحیدی عەلینەژاد”، خۆ گۆڕین و خۆ ساف و لووسکردن بەو شێوازەی کە ئەمڕۆ پیاوی کورد خۆی تێدا دەبێنێتەوە و بە ئایدلبوونی بەشێکی زۆر لە گۆرانیبێژانی لاوی کورد ئەگەرچی موونەرمن و وەک پیاوی ڕەسمی کۆنی کورد مووڕەق نین، دەرکەوتنی دەموچاوی دیکەی پیاوانە کە دەکرێ لە ڕووخساری ڕەسمی پیاوی کورددا جێی نەبێتەوە، ئاماژەی ئاڵوگۆڕێکی هەتا بلێی کلتووری تازەن کە سیستەمی دیجیتالی کۆمەڵگەی نوێ فەراهەمی کردووە، نەک پراکتیکێکی بە ئاگاهانەی یەکسانیخوازانە. بەڵام هێشتاش ئەڵتەرناتیڤێکی کارا و جیاوازتر لە پێناسەکردنی چۆنێتی نێربوون لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، خەریکی دەمکردنەوەیە ئەگەرچی لەرێی سووکایەتی و گاڵتەپێکردنەوە پێی، نێت و یوتوب و فەیسبووکیان کردۆتە شوێنی ئەم لەشکرکێشییە کلتوورییە لە بەرانبەریدا. لە پاش ئەم ڕوونکردنەوە کورتە، با بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە: ئایا ئەدەبی کوردی توانیویەتی هەژموونی زمانی نێرسالاری لە نووسینی دەق تێپەڕێنێت؟ بە بڕوای من، زمانێکی نێرسالارانە، یان دیدو بۆچوونێک کە نێرینەیی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا لە ناو چوارچێوەکانی نێرینەییەکی هەژمووندارانەدا بەرهەم دەهێنێتەوە، ئاسان لە ناو تێکستە ئەدەبی و تابلۆ و لەسەر شانۆ و لە ناو گۆرانییەکاندا نمایشی خۆیدەکات و بێدەنگ تێدەپەڕێت بە بێ کاردانەوەیەکی ڕەخنەگرانە. من بڕیارێکی ڕەها نادەم و دەکرێ لێرە و لەوێ کەسانێکی دیکە هەبن کە مەراقی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان، چاویلکەیەکی جەندەرییان دەکاتە چاو و توانای بینینی ئەو ڕووبەرە کۆمەڵایەتییە جیاوازانە دەبێتە شوێنی نیگای ڕەخنەگرانەیان تا مەملەکەتەکانی نایەکسانی پێبدۆزنەوە. بەڵام ئەم نیگایە، خود بەخود لە ئینساندا دروستنابێت و ئەوە هەموو ئەندامەکانی کۆمەڵگە نین کە سوودمەندی خوڵقاندنی دنیایەکی یەکسانیخوازانەی نێوان ڕەگەزەکانن. کەسێک دەتوانێت ئەم ڕێگایە بگرێتە بەر کە پێیوابێت پرسی نایەکسانی ڕەگەزی بەرانبەر، بە تەنها گرفتی ئەوی دی بەرانبەر نییە و تۆیەکیش کە ئەم نایەکسانییە نەیگرتوویتەوە، بە جۆرێک دەکەویتە ناو داوەکانی کۆیلەبوونی ئەوی دیکەوە. پرسیاری یەکسانی بەرلەوەی خەبات بێت بۆ ڕزگارکرنی ئەوی نایەکسانی بەرانبەر، خەباتە بۆ ڕزگارکردنی خۆ لەو هەموو پێوەر و بەها و ستراکتۆرانەی کە تۆ دەکاتە سەرەک کۆیلەی ڕاگرتنی ئەم سیستەمی کۆیلەدارییە. بە بڕوای من، تێکشکاندنی ئەو زمانەی نێرسالاری بەرهەمدەهێنێتەوە، بە تەنیا کارێک نییە کە لە بواری ئەدەبدا دەکرێ بەشوێن تەنگ پێهەڵچنینتیەوە بیت. نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان لە هەوادا ڕوونادات و بەشکیکی دانەبڕاوی ئەو نابەرابەرییە پەرگیر و هەمەلایەنەیە کە سیسەتەمی ئابووری کۆمەڵگە دووبارە بەرهەمی دەهێنێتەوە. تۆ بۆ ئەوەی قازانجێکی زیاتر بکەیت، دەبێت کرێیەکی کەمی مەمرە و مژی بدەیتە کیژۆلەیەکی بەنگلادیشی و پاساو بۆ ئەم کۆیلەدارییە لەوەدا بدۆزیتەوە کە ئەو کرێکارێکی بیانییە و ئەو کرێیەی لێرە وەریدەگرێت، کۆشێ خێزانی لە بەنگلادیش پێبەخێودەکرێت. کەمێ بێئینسافتریش بیت، ڕەشبوونی ڕەنگی ئەو دەکرێ ببێتە پاساوێکی دیکەی هەرزان. نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان، لە ناو سیستەمێکی چڕ و پڕی کۆمەڵایەتیدا کاردەکات کە سەرتاپای ئەو شوێنانەی پەیوەندی نێوان ئینسانەکانی تێدایە دەگرێتەوە. لە ئامۆژگارییەکانی ڕۆژنامەی هاوڵاتیدایە لە بەشی گۆشەی خانماندا کاتێک دەنووسێ: ” رێنمایی بۆ رێکخستنی ژووری منداڵی دوو نەفەری، چۆن دیکۆری بەلەکۆنەکەت دەکەیت.”. لە تیکستی گۆرانی بەیتبێژەکانی گەعدەی ئەو هەرزەکارانەدایە کە بێوەژن و بە گەلەمارەکردنیان لە پیاوێک، لە مکەبەرەکانیانەوە گوێچکە کەڕدەکات. لە ڕیپۆرتاژی تەلەفیزیۆنی ڕووداوی “شاهۆ ئەمین”دایە لەسەر ئەو گەنجانەی لە شاری جوانڕۆی کوردستانی ئێران کاتێک دەرەلنگی شەڕواڵەکانییان تەسک کردۆتەوە و بەمەش حەیای جلی پیاوانەی کوردییان بردووە و دەبێ نەفرەت بکرێن. لە سەربەزی ئەو مەلایەدایە کە پێیوایە لە پاسدا دانیشتن لە تەنیشتی کچێکەوە، ئەگەر عەورەت بەرزبوونەوی لێنەکەوتەوە، بڕۆ حسابێک بۆ ناپیاوبوونی خۆت بکە. لە تیکستی ئەو داخوازینامانەی کاردایە کە مەرجی وەرگرتن تیایدا لە پرسگەی ئۆفیسێکی بچکۆلەیشدا، دەبێ تەمەنت لە خوار ٢٥ بێت و کچ بیت. لە ریکلامەکانی برنجی مەحموددایە. بۆ ڕاوەستانەوە لەبەرانبەر ئەم هێرشە سیستماتێک و هەمیشە ئامادەیە، سیاسەت و ستراتیژی دەوڵەتی دەوێت کە یەکسانی لە باخچەی ساوایانەوە بۆ پەروەردە وبازاڕی کار و کەرتی نیشتەچیبوون هەموو جومگەکانی دیکەی کۆمەڵگە دەگرێتەوە. دانانی پلانی یەکسانی گەرەکە کە دەبێ دەوڵەت بچێتە ژیر بوودجەکەی. ئاخر دەمێکە ئەوە وتراوە کە یەکسانی پارەی تێدەچێت. لەم گۆشەنیگایەوە سەیری پرسیارەکەی ئێوە بکرێت، هەست دەکرێت تێکشکاندنی هەژموونی ئەم زمانە نێرسالارییە، سەدەها جۆری زمانی دیکەی دەوێ کە لەبەرانبەر نایەکسانی و دەرکەوتە جۆراوجۆرەکانیدا، هەژموونی بە زمانەکانی خۆی بدات.

تێبینی : وەڵامی بەکر ئەحمەد، بۆ بەشداری لەتەوەرەی ئەم ژمارەیەی پرسەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیریی زۆر درێژ بوو و ئێمە هەر ئەوەندەمان لێ هەڵبژارد. بەڵام لەژمارەی داهاتوودا تەواوی نووسینەکە بڵاودەکەینەوە.

ڕۆژ هەڵەبجەیی

ئه‌م پرسیاره‌ درێژه‌ی‌ هه‌یه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ هه‌تا ئێستا. جۆره‌ پرسیارێكه‌ چه‌نده‌ ڕوونه‌ ئه‌وه‌نده‌ قووڵ..ئه‌گه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی‌ مێژوو هه‌ڵده‌ینه‌وه‌، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ژموونی‌ زمانی‌ نێرسالاری‌ به‌ گشتی‌ ئه‌ده‌بی كوردی‌ داگیر كردووه‌. ئیتر ئایا شیعر بێت یان ژانرێكی‌ تری‌ ئه‌ده‌ب..ئه‌ڵبه‌ت ئه‌م هه‌ژموونه‌ هه‌تا ئێستا دیارده‌یه‌كه‌ هه‌ستی‌ پێده‌كرێت و له‌ تێكسته‌كاندا كه‌ به‌ ئاقاری‌ ئه‌و هه‌ژموونه‌دا چووه‌، لێ ئه‌گه‌ر هۆشیاری‌ هه‌بێت؛ ده‌توانین كه‌مێك له‌و هه‌ژموونه‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه.‌ نووسه‌ران و ئه‌دیبان ده‌بێت هه‌میشه‌ دوو سیفه‌تیان هه‌بێ، هۆشیاری‌ و یاخی‌ بوون. كه‌ ئه‌و دوو سیفه‌ته‌ هه‌بوو پێم وایه‌ ئه‌و هه‌ژموونه‌ تێده‌په‌ڕێت، ئه‌ویش به‌ هه‌وڵدان. تاڕاده‌یه‌ك نووسه‌رانی‌ ژن توانیویانه‌ به‌زمانی‌ خودی‌ خۆیان نووسینه‌كانیان په‌خش بكه‌ن ئه‌ویش ئه‌و ژنانه‌ ده‌توانن كه‌ یاخیبوونیان تێدایه‌ كه‌ سڵ له‌ كلتووری‌ ڕزیوی‌ كۆمه‌ڵكه‌ ناكه‌نه‌وه‌ .
ئه‌وه‌ی‌ ناخییان ده‌یه‌وێ‌ ده‌ینووسن. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌تا ئێستا به‌شێكیان ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ ده‌قه‌كانیان بكه‌ین؛ واده‌زانین پیاو نووسیویه‌تی‌ نه‌ك ژن. هۆكاریش زۆره‌ وه‌ك وتم ناتوانن كلتوور تێپه‌ڕێنن، یان كه‌ ده‌بنه‌ دایك و سه‌رقاڵی‌ ماڵ و مناڵ ده‌بن ورده‌ ورده‌ ئه‌و ئازادییه‌ی‌ هه‌یانه‌ كاڵ ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌و یاخیبوونه‌ی‌ ده‌یانه‌وێ ده‌ری‌ ببڕن ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت. بۆیه‌ جارێكی‌ تر هه‌ژموونی‌ نێرسالاری‌ باڵاده‌ست ده‌بێت. نووسین له‌خودی‌ خۆیدا ئازادییه.‌ ناكرێ نووسه‌ر بین و خودی‌ خۆمان نه‌بین. ئه‌گه‌ر ژن بین و نووسینه‌كانمان بۆنی‌ ئه‌و هه‌ژموونه‌ی‌ لێبێت، باشتره‌ نه‌نووسین، چونكه‌ ناكرێت نووسه‌ر ڕاستگۆ نه‌بێت له‌گه‌ڵ خودی‌ خۆیا. به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ ك‌لتوور هه‌ن هه‌تا ئێستا درێژه‌یان هه‌یه‌ وه‌ك ململانێی‌ ئه‌وه‌ هه‌ژموونه‌ی‌ پیاوان ناهێڵن ژنی‌ نووسه‌ر ده‌ركه‌وێت و له‌خۆیان باشتر بنووسن. بڕوایان به‌وه‌ نییه‌ نووسین جه‌مسه‌ری‌ خه‌یاڵه.‌ كێ خه‌یاڵی‌ فراوان بوو ئه‌وه‌ ده‌توانێت جوانتر و به‌پێز بنووسێت. به‌ڕای‌ من چی‌ بكرێت باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌ژموونه‌ كاڵ بێته‌وه‌ ژنان ده‌بێت بڕوایان به‌خودی‌ خۆیان هه‌بێت..ده‌بێت بیسه‌لمێنن ئه‌وانیش ده‌توانن باش بنووسن و جورئه‌تی‌ ئه‌وه‌ بكه‌ن له‌گه‌ڵ كلتووری‌ ڕزیوودا نه‌ڕۆن. ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت نووسه‌ر و شاعیری‌ باش بن، ده‌بێت سڵ نه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ نووسین و به‌زمانی‌ ژنانه‌ی‌ خۆیان بنووسن. لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نییه‌ جیاوازی‌ بكه‌م له‌نێوان ئه‌ده‌بی‌ ژن و پیاو، به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ڕاستگۆ بن له‌گه‌ڵ خودی‌ خۆیان به‌رامبه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ كه‌ ده‌ینووسن. ته‌نها ئه‌م بوێرییه‌ ده‌بێت خۆیان بیسه‌نن كه‌س ئازادیی ناداته‌ هیچ كه‌س. من وه‌ك خۆم كه‌ ده‌نووسم ئه‌وه‌ هه‌ژموونه‌ له‌لای‌ من نییه‌ تا بڵێم ڕێگره‌. هه‌ر به‌وه‌ تێك ده‌شكێنرێت هۆشاریی و یاخیبوون بكه‌ینه‌ جه‌مسه‌ری‌ خه‌یاڵه‌وه‌. له‌وه‌ زیاتر پێموایه‌ ناتوانین هه‌ژموونی‌ نێرسالاری‌ تێكبشكێنین.

ئامادەکردنی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)




لێدان لە ئێران، هەوڵێک لە ڕاستای بەرگرتن بە ڕێگای ئاوریشمی چینی بەرەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست!.. کامل احمد

سەرەنجام جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران وەستا. وەستانی جەنگ و دوورکەوتنەوەی بەڵای شەڕ و ماڵوێرانی و بۆمباران و خاپورکردنی خانووبەرە بەسەر سەری هاوڵاتیانی سڤیلی هەردوو ئێران و ئیسرائیل دا جێگای خۆشحاڵییە. ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورت و کاتیش بێت ئەم بەڵایە بەسەر سەریانەوە لادەچێت. ئەمە گوزارشتێکە کە هەر ئەمڕۆ لە زمانی هاوڵاتیانی ئێرانی و ئیسرائیلییەوە گوێبیستی بووین کە خەڵک خۆشحاڵە بە وەستانی جەنگ و بۆمبارانەکان و بە ئاشکرا گوزارشتیان لەوەکرد کە ئەوە شەڕی ئەوان نییە و هیچ بەرژەوەندییەکیان نییە لەم شەڕ و پێکدادانانەدا و هیچ ئاکامێکی بۆ ئەوان نییە جگە لە ماڵوێرانی و بێ خانە و لانەیی نەبێت.
بەڵام ئەوەی کە بەڵگەنەویستە ئەوەیە کە ئەم شەڕە وەستاوە و کۆتایی نەهاتووە. کۆتایی نەهاتووە چونکە ئەمە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل نییە بە تەنها. ئەم شەڕەش وەک هەر شەڕ و پێکدادانێکی تری ناوچەیی، هێزی جیهانی لە پشتە. هێزی جیهانی واتە ئەو هێزانەی کە شەڕیانە لەسەر ئەوەی کێ و چۆن ئابووری جیهان بچەرخێنێت و کێبەرکێ لەسەر سوود و قازانجی زیاتر بکات. ئەم شەڕە شەڕی نێوان چین و ئەمریکایە و شەڕی پێگەی ئابووری یە. شەڕێکە کە ئەمریکا تیایدا لەژێر هەڕەشەی چوونە دوواوەدایە و لە لایەن چینەوە نەک تەنها تەنگی پێ هەڵچنراوە، بەڵکو لە زۆربەی مەیداندا چین لە پێش و براوەیە بە تایبەتی لە بواری زیرەکی دەستکرد و چیپە ئەلەکترۆنییەکان و کانزا نایابەکان. بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و ئەم تەکنەلۆژیا پێشکەوتووانە ئەمریکای هەراسانکردووە لە باری ئابووری و زۆربەی بوارەکانی تری بەرهەمهێناندا بە بواری جەنگیشەوە. ئەم شەڕە وەک چەندین جاری تریش ئاماژەم پێداوە شەڕی ڕیگا و دەروازە بازرگانییەکانە و سەرەنجام ئەمڕۆ یان سبەی بورژوازی و نیزامەکانیان ناچاردەبن بە جەنگ و کاولکاری و شکاندنەوەی بەسەر خەڵکدا یەکلایی بکەنەوە.
کاتێک شەمەندەفەری چینی لە ڕێگای وشکانییەوە دەگاتە ئێران، مەترسییەکانی لایەنی بەرانبەر زیاتر دەبێت و دەیەوێت ڕێ لەمەبگرێت. بە ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد و بە کاولکردنی غەزە، ئەمریکا لە ئێستادا توانیویەتی ڕێگاکە بەرەو دەریای ناوەڕاست بگرێ و لە هەوڵدان کە ڕێگاکەی خۆیان لە هیندستانەوە و لە ڕێگای ئیمارات و سوریا و غەزە و ئیسرائیلەوە بۆ سەر دەریای ناوەڕاست بەرن. هەموو ئەم یەکلاکردنەوانەش پێویستییەکی گرنگی ئەم شەڕو کێشمەکێشەی نێوان ئەم دوو زلهێزە سەرمایەدارییەی جیهانە.
بۆیە ئەم جەنگە وەکو جەنگی ئاسایی و تەقلیدی نێوان ئیسرائیل و ئێران ناتوانرێت سەیربکرێت. ناتوانرێت وەک جەنگی شەیتانی گەورە و ئێران چاویلێبکرێت وەک ئیدیعای بۆ دەکرێت، بەڵکو بەرگرتنە بە ڕێگای ئاوریشمی چینی. ئەگەر ئەمەیان لە ئێران بۆ بچوایەتە سەر ئەوا نۆرەی ووڵاتانی تری ناوچەکە دەهات و دێت کە یەکیان تورکیایە و ئەوی تریان میسرە. هەر بۆیە ڕوسیا و چین کەوتبوونە خۆیان و بە ئاشکرا پشتگیری ئێرانیان دەکرد. وە لێدانە ڕەمزییەکان لەبنکەی سەربازی عدید هیچ نەبوو جگە لەوەی کە پەیامێک بە ئەمریکا بدەن کە دەست بۆ بنکە سەربازییەکانی دەبەن لە ناوچەکەدا ئەگەر شەڕەکە ڕانەگرێت. سەرەنجام یارییە قێزەونەکەی نێوانیان کۆتایی نەهاتووە و وابەستەیە بەوەی کە ئێران بەو پەڕوباڵ کراویەشەوە لە جەمسەرەکەی خۆیدا دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبێت یان دەستبەرداری هەندێک لە پێگەکانی دەبێت. بە بڕوای من ئەمەی دووهەمیان نەک بە تەنها بۆ ئێران خۆی قورس دەبێت بەڵکو بەسەر چین و ڕوسیاشدا خراپ دەشکێتەوە و ئەو کات ناچاردەبن کە لە شوێنی کەوە پەلاماری ئەمریکا و بەرژوەندییەکانی بدەن وەک نیمچە دوورگەی تایوان، یان کاولکردن و گرتنی تەوای ئۆکرانیا کە هێشتا ئەمەشیان ناتوانێت وەک سەرکەوتن بۆیان بە هەژماربهێنرێت بۆیە هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن کە لە ئێستادا لێرەدا ڕایگرن.
بۆ ئەو هێز و لایەن و کەسایەتی و بە ناو ڕۆشنبیرانەشی کە پێیان وایە ئازادی و ڕزگاربوون لە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئیران لە ژێر سایەی بۆمبارانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا دێتە بەرەوە، یان بەرژەوەندی چینایەتییان وا دەخوازێت یان ساویلکەن. هەرکەس ئاوڕێکبداتەوە لە مێژووی دەستێوەردانی ئەمریکا لە هەر ناوچەیەکی جیهاندا و تەنانەت گۆڕینی ڕژێمەکانیش نەک هیچ جۆرە ئازادییەک نەهاتۆتە بەرەوە، بەڵکو کۆمەڵگاکان ڕووبەڕوی داڕووخان و داڕمانی زیاتر و چوونە دواوەی زیاتر بوون، پێویست ناکات زۆر دوور بڕۆین و تەنها نیگایەک بە عێراق و ئەفگانستان و سوریا بەسە بۆ ئەوەی لەو ڕاستییە تێبگەین.
بۆ ئەوانەشی کە جەند ساڵێک لەمەوبەر کە ئێمە ئەم جۆرە شیکردنەوە و باسانەمان هێنایە ئاراوە و بەشێوەیکی بابەتی باری سیاسی و ئابوری جیهانمان شیکردە و نیشانماندا کە ئەگەر لە تێگەیشتنێکی دروست و ڕۆشنی بارودۆخ و هاوکێشە ئابووری و سیاسییەکان و یاریچییە بنەڕەتیەکانی تێنەگەین ناتوانین ڕێگاچارەیەکی دروست و پراگماتی و مارکسیستی بخەینە روو، ڕەخنەیان لە ئێمەدەگرت و تاوانباریان دەکردین کە خەریکی لێکدانەوەی تیۆریین. خۆشبەختانە زۆربەیان ئێستا ئەم لێکدانەوانەی ئێمەیان بنیات ناوە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە لێکدانەوەی دروست و تێگەیشتنی ڕیشەیی لە هۆکارەکانی ئەو کێشە و ئەزمانەی کە نیزامی سەرمایەداری پێوەی دەناڵێت و بەرە لاناوچوونیشی دەبات، خوێندنەوەی دروست و واقیعی دەتوانێت ڕێگایەک بێت بەرەو ڕؤشنکردنەوەی ڕێگای پرۆلیتاریا و کۆتاییهینان بە نیزامی سەرمایەداری لە ڕ ێگای شۆڕشی خۆیەوە نەوەک هیچ گۆڕانکارییەکی تر کە هی ئەو نییە و ئەویش تیایدا سوودمەند نابێت.
وەک لەسەروە ووتم خۆشبەختانە جەنگ و پێکدادانی ئەم دوو جەمسەرە جیهانییە ئەمڕۆ لە ئێراندا وەستاوە، ئەگەرچی لە زۆربەی شوێنی جیهان خوێنی لێدەتکێت، بەڵام بە بێ هاتنە مەیدانی پڕۆلیتاریا و قڵپکردنەوەی نیزامەکەیان بەسەریاندا تەنها وەستانی کاتی دەبێت و شەڕ و ماڵوێرانی و کاولکاری زیاتر چاوەڕێی کۆمەڵگای ئینسانی دەکات جا لە هەر گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا بێت.
ئەم شەڕانە ئامرازی سیاسی دەستی چینی باڵادەستن بۆ بردنە دواوەی کۆمەڵگاکان و دواخستنی شۆڕشی پڕۆلیتاری و بە تاڵانبردن و دادۆشینی کۆمەڵگایە و ناتوانرێت بەدەر لەم کێشمەکێشە چینایەتییە لێکبدرێتەوە و تێڕامانی بۆ بکرێت. ئەم شەڕانە ناتوانرێت تەنها وەک هێرشی وڵاتێک بۆ سەر ئەوی تر چاولێبکرێت لە دەرەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و کێشمەکێشە چینایەتیەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە چیانیەتییەکاندا. ئەم شەڕانە شەڕی چینی باڵادەست و سەرمایەدارین و لە نێو دەوڵەتەکاندا دێتە بەرەوە وەک دەرئەنجامی ئاڵوگۆڕ لەپڕۆسە و شیوازەکانی بەرهەمهێناندا. بۆیە ئەم شەڕانە نە بە سودفە ڕوودەدەن و نە تەنها بڕیارێکی دابڕاوی ئەم سەرۆک یان ئەو وڵاتە، بەڵکو گوزارشتە لە پرۆسەیەکی قووڵتری ئابوری و کۆمەڵایەتی.
ئێمە تەنها یەک شەڕ چاوەڕێمان دەکات کە ئەویش شەڕی لە گۆڕنانی سەرمایەداری و سیستەمەکەیەتی و ئەمەش تەنها بە پڕۆلیتاریای ڕێکخراو دەکرێت لە هەلومەرجی مادی و واقیعی دا کە دێتە بەرەوە.

کامل احمد
٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢٥




ئەمریکا و سیاسەتی شەر و ماڵوێرانی!.. عوسمانی حاجی مارف

باڵادەستی ئیسرائیل لەسەرەتای هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، بەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ دزەکردنی بەرفراوان لەناو دەزگای ئەمنی و سەربازیەکاندا، کە بووە هۆی لەناوبردنی ژمارەیەك فەرماندەی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی و چەند بەرپرسێکی پلەبەرزی دیکەی رژێمی ئێران! ئەوەش ئەو مەیلەی لای ئیسرائیل بەهێزکرد کە دەتوانێ بەردەوامی پێبدات بەجۆرێك کە ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی ئێران لەناوبەرێت تەنانەت خودی خامنەییش بەئامانج بگرێ! بەڵام ئێران توانی ئەو زەربەیە لەئاستێکدا ڕابوەستێنێ و خامنەیش لەشوێنێکی پارێزراودا دابنین!
ئەم دۆخە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەو دزەکردنە پێشهاتێکی نوێ نییە و پەیوەندی بەو هێرشەی ئەم دواییەوە نییە، هەروەها موساد ساڵانێکی زۆرە لە بنیاتنانی تۆڕەکان لەناوخۆی ئێراندا کاری کردوەو سەرکەوتوو بووە.
ڕوونە کە ناوەندە ئەمنی و هەواڵگریەکانی ئێران، پەیامی ئیسرائیلیان سەبارەت بە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە دڵی تاراندا بەهەند وەرنەگرت، ئەم پەیامە ئەوە دەردەخات کە دزەکردن و سیخوڕی، بوونی هەیە و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە ناو پۆستە باڵاکانی دەسەڵاتی ئێراندا داکوتیوە. هەروەها موساد خاوەنی توانای چاودێریکردنی جموجۆڵی سەرکردە باڵا سەربازیەکانی ئێرانی هەیە، بە کردنەوەی کۆدی دەرگای پەیوەندی و پەیامەکان و چوونە ناو ژینگەی کارکردنیان.
هەڵبەتە لەگەڵ ئەوەشدا پەرچەکرداری ئێران بە موشەکبارانی شارەکانی ئیسرائیل، ئەمریکاو ئیسرائیلی سەرسامکرد، ئەمەش ئەوە نیشان ئەدات کە کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی شەڕەکە قورس بوە، دەرگای ئاژاوە و نائارامی ناوچەیی بەجۆرێك کردۆتەوە کە نازانرێ کۆتاییەکەی کەی دەبێت.
دوای ڕووخانی ئەسەد و ڕوبەڕوبونەوەی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حزبولڵا، نەخشەیەکی نوێی نفوزی ناوچەیی دەستی بە دەرکەوتن کرد، لەهەمانکاتدا هەوڵدانی کێشکردنی ئێران بۆ هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی، بەردەوام نەخشەو ویستی ئیسرائیل بووە و ئەمریکا پشتیوانی لێکردووە.
ئەمریکا وەک زلهێزکی دنیا بۆ جەختکردن لەسەر باڵادەستی لە ناوچەکەدا، لەهەمانکاتدا زلهێزه ناوچەییەکانیش وەک تورکیا و سعودیە، بۆ به هێزکردنی پێگەی بوونی خۆیان، هەوڵیاندا دابەزینی پێگەو نفوزی ئێران بقۆزنەوه، ئەمەش ململانێکانی لە سوریا، لوبنان، عێراق و یەمەن لەگەڵ دابەزینی پێگەو نفوزی ئێراندا بردە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەوە.
ئەم وێنە گشتیە جەخت لەسەر پێویستی دووبارە داڕشتنەوەی هاوپەیمانیەکان و ڕەوتی ململانێکان و هاوبەشکردنی کاریگەریەکان دەکاتەوە، بۆ دەستەبەرکردنی دەخالەتی لایەنەکان و سەقامگیری ڕێژەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەسایەی باڵادەستی ئەمریکادا.
لەژێر ڕۆشنایی ئەم گۆڕانکاریانەدا، فشارو ململانێیەکی زیاتر لەلایەن ئەمریکاوە خرایە بەردەم کۆماری ئیسلامی ئێران، تا ڕادەستکردن و ملکەچی بۆ بەرژەوەندی و نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پەیڕەوی بکات، بەمانایەک لە ململانێی ووڵاتانی زلهێزی دنیادا، ئەو پێگەیە بە ئێران نیشان ئەدرێت کە قەبوڵی بکات بچێتە ڕیزی پابەندبون بە تەواوی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە، لەهەمانکاتدا پەراوێز خستنی لە ڕیزی چین و روسیادا.
رۆڵی شەڕ دژی “کۆماری ئیسلامی” لەوەدایە کە ئیسڕائیل دواجار بڕیاریدا یاریەکی تەواو جیاواز لەسەر ئاستی ناوچەکە بکات، یاریەک کە لە بەرژەوەندیەکان و ستراتیژی ئەمریکا لەناوچەکە لانەدات، بەڵام ڕادەی سەرکەوتنی ئەم شەڕە بەقازانجی باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکەدا جێگای پرسیارە، گەر ئارامی و سەقامگیری بەدوادا نەیەت!
“کۆماری ئیسلامی” چۆن وەڵامی ئەو شەڕە دەداتەوە کە تووشی بووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دواجار خۆی بووەتە لایەنێکی شەڕەکە، دەبێت ئێستا باجی ئەو یاریە بدات کە نەیویست یان نەیتوانی، خۆی ڕادەستی خواستەکانی باڵادەستی ئەمریکا بکات و ملکەچی سیاسەتەکانی ئەمریکا بێت. ئەم یاریە لەسەر بنەمای ئیستغلالکردنی ڕووداوە ناوچەییەکان بەتەواوی ئێرانی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا بێوەڵام و سەرسام ڕاگرت، ئێران لە ئێستادا لەبەردەم ئەو سیناریۆیەدایە کە هەمیشە هەوڵی داوە لەم شەڕە دوور بکەوێتەوە، بەڵام ئیسرائیل فرسەتی بۆ نەهێشتەوەو لەناو شەڕێکی وێرانکاریدا گیری کرد!
ئێران پێشتر لە هەموو وەرچەرخانێکدا ئامرازەکانی خۆی بەکارهێناوە بۆ نائارامکردنی وڵاتانی ناوچەکە، تا لەم دواییانە ئەرکی هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی عەرەبی لە لوبنانەوە بە حیزبوڵڵا دەسپارد. مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسیەکان لە خاکی یەمەنەوە، عەرەبستان و وڵاتانی دیکەی عەرەبی وەک ئیماراتیان دەکردە ئامانج. میلیشیا تائیفیە عێراقیەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە هەر کاتێکدا ئامادە بوون هەڕەشە لە ئوردن و هەرێمی کوردستان بکەن.
تەواوی ئەو میلیشیایانەی بەرگریان لە ڕژێمی ئێران دەکرد، بەبێئەوەی بنکەیان لە ناوخۆی ئێراندا هەبێت، داواکاریەکانی کۆماری ئیسلامیان جێبەجێ دەکرد، بەڵام هەموو ئەوانە بەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززەو باشوری لوبنان و کەوتنی ئەسەد، لەدەست ئێران چون و ناتوانن کارێک بۆ ئێران بکەن، بەتایبەتی کە ئێستا تاران ڕاستەوخۆ بۆ خۆی لەناو جەرگەی شەڕەکەدایە و یاری بە چارەنوسی دەکرێت.
ئەم شەڕە کە بۆ کۆماری ئیسلامی ئەگەری زۆرە وەک دۆڕاوێک لێی بێتە دەرەوە، بەڵام کەی ئەو دۆخە کۆتایی دێت؟ پرسیارێکی بێوەڵامە! ئەوەی ڕۆشنە ئەم شەڕە هەر کات کۆتایی هات بە دڵنیاییەوە لەدوای ئەم شەڕەوە ئێرانێکی تەواو جیاواز دەردەکەوێت، که دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە خۆی لێ بپارێزێت، دەسەڵاتێک کە ناتوانێ بە ئاسانی ئێرانێکی سەربەخۆ و یەکگرتو دامەزرێنێتەوە، بێگومان بۆ ماوەیەکی نادیار لە گێژاو و نائارامی سیاسیدا دەبێت.
لە شەوێکدا کە پڕ بوو لە گرژی، خەڵکی ناوچەکە لەسەر نووکی پێ وەستابون و سەیری ئەو پێشهاتەیان دەکرد کە لاپەڕەیەکی نوێی هاوکێشەی دەسەڵاتی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیان دیاریکرد، شەوی ١٣ی حوزەیران شەوێکی ئاگرباران و پڕ دوکەڵ و مووشەک بارانبوو، ئەمەش مەترسیدارترین ساتەوەختە لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەو پێیەی تاران خۆی بووەتە گۆڕەپانێک بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازیە چڕەکان، ناتانیاهۆ ڕایگەیاندوە کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تێکدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکە بالیستیەکانی ئێرانە، بەڵام ڕەوتی ئۆپەراسیۆنەکان بەتایبەتی دەوری پشتیوانی ئەمریکا ئاماژە بە ئامانجی فراوانتر و ستراتیژیتر دەکات، کە دەکاتە پڕۆژەی سەپاندنی “ملکەچکردنی ستراتیژی” بەسەر ئێراندا.
ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل ڕاگرتنی توانای تاران و ئیفلیجکردنی بەڕێوەبردنی تۆڕی هاوپەیمانیەکانیەتی لە ناوچەکەدا، زەمینە خۆشکردن بۆ پرۆسەیەکی درێژتر و کەڵەکەبوو بەرەو ڕادەستبونی بێمەرجی تاران بە ئەمریکا، یان کۆتایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، گەر بۆیان بچێتە سەر!.
پێدەچێت سوپای ئیسرائیل بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی تا لاوازبوونی هاوپەیمانانی تاران و دابەزینی چەتری بەرگریی تاران، بۆئەوەی ناچاری بکات بە ملکەچ بون و ڕادەستبون بە دانوستانێک، ئێران تەواوی مەرجەکانی ئەمریکا پەسەند بکات.
لە هەمانکاتدا ئەگەری ئەوە هەیە لەبەرامبەردا، ئێرانیش درێژە بە دژە هێرشەکانی بدات و بەرگری بکات، ئەمەش پێویستیەکە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی ناوخۆیی و دوورکەوتنەوە لە تێڕوانین بۆ داڕمان، یان بە لە دەستدانی کاریگەری ڕژێمەکەی دەزانێت، چونکە لە حاڵەتی ڕادەستبونی بە وەستانی شەڕەکە، مەترسی هاندانی ناکۆکی ناوخۆیی و چەسپاندنی ئەو تێڕوانینەی هەیە کە ڕژێم ئامادەیە بۆ داڕمان.
کاتێک تاران بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی خاکی ئیسرائیلی گرتەبەر و قوربانی مەدەنی لێکەوتەوە، بۆتە فشارێک لەسەر ئیسرائیل، پلەیەک هاوسەنگی بۆ تاران دروستکرد، کە گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە ڕەنگە هاوکێشە نوێیەکانی خۆپاراستن بسەپێنێت و ببێتە هۆی وەستانی هێرشەکانی ئیسرائیل!، هەربۆیە هاوکێشەکە بەوبارەدا درێژەی دەبێت کەئەمریکا دەخالەتی ڕاستەوخۆ بکات، یان شەڕەکە بوەستێنن، بەلام دیمان ئەمریکا لە بەرەبەیانی ٢٢/٠٦/٢٠٢٥ بە هێزە ئاسمانیەکانی ئەو ناوچانەی یۆرانیۆمی تێدایە بۆردمان کرد، واتە ئەمریکا بێجگە لە پشتیوانی بۆ ئیسرائیل، ڕایگەیاند بەشێکی سەرەکیە لەم شەڕەدا بە دژی ئێران، دوای ئەمەش چیتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و چیتر ڕوئەدات؟، پێشبینیکردنی ئاسان نیە!، بەڵام ئەوە نکوڵی لێ ناکرێ کە دۆخەکە لە ناوچەکە و جیهاندا دەچێتە دۆخێکی ئاڵۆزتر و مەترسیدارترەوە، ئەگەری سەرهەڵدانی سیناریۆی جۆراوجۆرە.
بەگشتی ئاسۆی یەکلاییبونەوەی ستراتیجی ئەو شەڕەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا پیادەی دەکەن، تا ئێستاش ناڕونە، لەکاتێکدا ترس لە ناو ئیسرائیلدا هەیە لەوەی مۆدێلی هێرشەکانی بۆ سەر غەززە دوبارەببنەوە، هەروەها دۆخی ناوچەکە بەدەخالەتی ڕاستەو خۆی ئەمریکا و ئەگەری دەخالەتی لایەنی تر بەدژی ئەمریکا، مەترسی تەواو لەسەر ژیانی دانیشتوانی ئیسرائیل دابنێت
ئەوەی لەم نێوەدا جێگای سەرنجە، ناتانیاهۆ و ترامپ ڕایدەگەیەنن کەهیچ دوژمنایەتیەکیان لەگەڵ خەڵکی ئێراندا نیە، ئەمەش کە جگە لە درۆیەکی شاخدار و پڕوپاگەندەی ساختەی سیاسی هیچی تر نییە. کاتێ ناتانیاهۆ لەلایەک دەڵێت دوژمنی خەڵک نیم و لەلایەکی ترەوە دەڵێت تاران دەسوتێنم..!؟ ئاشکرایە حکومەتی ئیسرائیل و ئەمریکا بە هیچ جۆرێک ژیانی کەسیان بۆ گرنگ نەبوە. هەروەها هەڕەشەی ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا و پاڵپشتی تەواوی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئەم کارانە تەنها مایەی زیادبونی بارگرژی و نائارامی و ماڵوێرانیە لە ناوچەکەداو قوربانیەکی زۆری خەڵکی لێکەوتۆتەوە.
حکومەتی ئەمریکا و ئیسرائیل کە بکەری سەرەکی تاوانی جینۆسایدی دوای کارەساتەکانی ٧ی ئۆکتۆبەرن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وڵاتانی زلهێزی دنیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان کە بە دووڕوییەوە خۆیان وەک ئاشتیخوازو دیموکراتخواز پیشان دەدەن، بەکردەوە لە ئاست ئەم تاوانانەدا نەک بێدەنگن، بەڵکو وەک تەواوی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی و لۆژیکی قازانجخوازی زلهێزە ئیمپریالیستەکان، لە هۆکارە سەرەکیەکانی شەڕ و کارەساتی مرۆیی و تێکدانی ژینگەدا بەشدارن.
بەپێچەوانەی ئەو هێزو لایەنانەی کە ئومێد و ئامانجی سیاسیان لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی لە پەیوەند بەم شەڕەوە دامەزراندووە، گەوجیە بۆیان کە لە سروشتی ئەزمونی ئەم جۆرە شەڕانەدا ئەو وانەیە وەرناگرن، کەئەم شەڕە نەک هیچ سودێکی بۆ دانیشتوانی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە نابێت، بەڵکو خەڵکی بەرەوڕوی زیانێکی زۆرتر و نائەمنی و مەترسی دەکاتەوە، کە زیاتر بەسەر دانیشتوانی ئێراندا دەشکێتەوە.
درێژەدان بەم ڕێڕەوەی ئێستای شەڕ، جگە لە وێرانکردنی زیاتر و زیانێکی قەرەبوونەکراو بە ژینگە و دووبارەبوونەوەی کارەساتی مرۆیی، هیچ دەرئەنجامێکی تری نابێت. چینی کرێکار و خەڵکی بێبەش، لە قوربانیە سەرەکیەکانی ئەم دۆخەن، بۆیە دەبێت دەستبەجێ ئەم شەڕە بوەستێت.

عوسمانی حاجی مارف