یاسای گەمژەکان.. نووسین: کریس هێجز.. وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

لە ڕۆژانی کۆتایی هەموو ئیمپراتۆرییەتێک، گەمژەکان دەسەڵاتدار دەبن. ئەوان ڕەنگدانەوەی گەمژایەتی کۆمەڵایەتین کە خۆی لە ڕاستی جودا کردووەتەوە.
ڕۆژانی کۆتایی ئیمپراتۆرییەتە مردووەکان لەلایەن گەمژەکانەوە بەڕێوە دەبرێن. سولالەتی ڕۆمانی، مایا، فەڕەنسی، هابسبورگ، عوسمانی، ڕۆمانۆڤ، ئێرانی و سۆڤییەت لەژێر گەمژایەتی فەرمانڕەوا فاسیدەکانیان کە خۆیان لە ڕاستی دوور خستبووەوە وڵاتەکانیان تاڵان دەکرد و پاشەکشەیان کردبوو بۆ ژووری دەنگدانەوە کە ڕاستی و درۆ لەیەکدی جیاناکرێنەوە، سەرئەنجام ڕووخان.
دۆناڵد ترامپ و بوکەڵە ماستاوچێکانی لە حکومەتەکەیدا فۆرمێکی نوێی پاشایەتی نێرۆنی ئیمپراتۆری ڕۆمانین، کە خەرجی زۆری دەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی هێزی سیحراوی تەرخان دەکرد، ئیمپراتۆری چینی کین شی هوانگ، کە بە بەردەوامی سەفەری بۆ دوورگەی ئەفساناوی نەمرەکان فەندینگ دەکرد بۆ هێنانەوەی دەرمانێک کە ژیانی هەتاهەتایی پێببەخشێت. قەیسەری لاواز دانیشتبوو یاری کارتی تاڕۆتی دەکردو و بەشداری لە ڕۆح ‌بانگکردندا دەکرد لەکاتێکدا ڕووسیا لە جەنگێکی وێرانکەر تێوەگلابو وە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس گیانی لەدەست دا و شۆڕش لە شەقامەکاندا دەخرۆشا.
سەبارەت بە “هیتلەر و ئەڵمانەکان”، فەیلەسووفی سیاسی ئێریک ڤۆگەلین- Eric Voegelin- ئەو بیرۆکەیە ڕەتدەکاتەوە کە هیتلەر، لە وتووێژ و دەرفەتوەرگرتنی سیاسیدا بەهرەمەند بوو بەڵام ئاستی رۆشنبیری لاواز و زمان پیس بوو، بەوە گەلی ئەڵمانی فریودا.
وەک ئەوەی ڤۆڵگن دەنووسێت ئەڵمانییەکان، پشتگیری هیتلەر و کەسایەتییە پەراوێز خراوەکانی دەوروبەری کرد چونکە ئەو نەخۆشییەکانی کۆمەڵگەیەکی نەخۆشی لە خۆیدا بەرجەستە کردبووەوە، کۆمەڵگەیەک تووشی ڕووخانی ئابووری و بێهیوایی ببوو. ڤۆگەلین گەمژایەتی وەک لەدەستدانی ڕاستی پێناسە دەکات. لەدەستدانی ڕاستی مانای ئەوەیە کە کەسێکی گەمژە ناتوانێت بە شێوەیەکی دروست کردەوەکەی لەو جیهانەی کە تێیدا دەژیت ئاراستە بکات. ئاژاوەگێڕەکە هەمیشە گەمژەیە، ناجۆرە یان گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی نییە. ئاژاوەگێڕەکە ڕۆحی سەردەمی کۆمەڵگەکە دەردەبڕێت، دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی لە جیهانێکی ئەقڵانی کە ڕاستییەکانی پشتڕاستکراوە. ئەم گەمژانەی بەڵێن دەدەن شکۆمەندی و هێزی لەدەستچوو بگەڕێننەوە، بنیاتنەرنین تەنها وێرانکەرن و پرۆسەی ڕووخان خێراتر دەکەن. کەمتوانا لە رووی فکری، خاوەنی هیچ ئاراستەیەکی ئەخلاقینین، بێکەڵک و تووڕە لە بەرامبەر نوخبە جێگیرەکان کە وایان دەبینن ئەمانە بێکردەوەو دژن، جیهان دەگۆڕن بۆ گۆڕەپانێک بۆ فێڵباز و چەتە و قۆڵبڕەکان. جەنگ لە دژی زانکۆکان دەکەن، لێکۆڵینەوەی زانستی دەردەکەن، تیۆرە هەڵەکان دەربارەی ڤاکسینەکان وەک بیانوویەک بۆ فراوانکردنی چاودێری بە کۆمەڵ و هاوبەشکردنی داتا بەکار دەهێنن، مافە یاساییەکانی دانیشتووان زەوت دەکەن، سوپای چەقۆکێشەکان بەهێز دەکەن، ئەوەی بووەتە دامەزراوەی کۆچ و گومرکی ئەمریکا، ICE، بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵنیایی لە بێ‌دەنگیە. ڕاستی، جا قەیرانی کەشووهەوا بێت یان هەژاری چینی کرێکار، کاریگەری لەسەر خەیاڵەکانیان نابێت. هەرچەندە خراپتر بێت، ئەوەندە گەمژەتر دەبن. هانا ئارێندت- Hannah Arendt- پێیوایە کۆمەڵگەیەک کە باوەش بەم بیرکرنەوە شەرمهێنەرەدا دەکات، هۆکارەکەکەی هەر خودی کۆمەڵگەکە خۆیەتی.
بۆ رزگاربوونی خۆیان و منداڵەکانیان لەو دۆخە چەقبەستووە ناهەموارە کە تێیدا گیریاخواردووە، ئەم خەڵکە فریودەدرێن بە شەڕی دەوروبەریەوە بەکاردەهێنرێن لە تەقەلایەکی بێهیوایانە بۆ پێشکەوتن.
خەڵک دەکرێنە ئامێرێک بۆ بەکارهێنان، دەبنە ڕەنگدانەوەی دڕندایەتی چینی فەرمانڕەوا. کۆمەڵگەیەک پڕدەبێت لە ئاژاوەو بێئاسۆیی، ڤۆگەلین- Voegelin- ئەوانە ئاوا دەناسێنێت بێڕەوشت، فێڵباز، دەستوەشێن، فڕوفێڵاوی و توندوتیژ.
لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی کراوەدا، ئەم تایبەتمەندییانە بێزراون و تاوانبار دەکرێن. ئەوانەی ئەم تایبەتمەندییانە لەخۆیان پیشاندەدەن وەک گەمژە مەحکووم دەکرێن. ڤۆگەلین پێیوایە “پیاوێک یان ژنێک بەم شێوەیە ڕەفتار بکات لە کۆمەڵگەدا بایکۆت دەکرێت.” بەڵام نۆرمە کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئەخلاقییەکان لە کۆمەڵگەیەکی نەخۆشدا پێچەوانە دەکرێنەوە. ئەو تایبەتمەندییانەی کۆمەڵگەیەکی کراوە پێویستی پێیانە، خەمخۆری بۆ چاکەی گشتی، ڕاستگۆیی، متمانە و خۆ فیداکاری گاڵتەیان پێدەکرێت. واسەیر دەکرێن ئەم ئاکارانە زیانبەخشن بۆ مانەوە لە کۆمەڵگیەکی نەخۆش. کاتێک کۆمەڵگەیەک، وەک ئەفلاتون دەگێڕێتەوە، چاکەی گشتی بەجێدەهێڵێت، هەمیشە ئارەزووی بێ‌ئەخلاقی، توندوتیژی، چاوچنۆکی و بەکارهێنانی سێکسی ئازاد دەکات و بیرکردنەوەی سیحراوی پەروەردە دەکات، کە ناونیشانی پەرتووکەکەمە، ئیمپراتۆریەتی خەیاڵ: کۆتایی خوێندنەوە و سەرکەوتنی نمایش.
تەنها شتێک ئەم ڕژێمە مردووانە باش دەیکەن نمایشە. وەک نمایشە سەربازێکەی ترامپ لە ١٤ی حوزەیراندا لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا کە تێچووەکەی ٤٠ ملیۆن دۆلارە. خەڵکی نەگبەتیش بەم کارەوە سەرگەرم دەکەن. ئەمریکا وەک دیزنی درووستکردن، خاکی بیرکردنەوەی هەتاهەتایی دڵخۆش و هەڵوێستی ئەرێنی، خاکێک کە هەموو شتێکی تێدا دەکرێت، بەکار دەهێنرێت بۆ شاردنەوەی دڕندایەتی قەیرانی ئابووری و نایەکسانی کۆمەڵایەتی. دانیشتوان لەلایەن کلتووری کۆمەڵایەتییەوە مەشق دەکرێن، بە کاڵاکردنی سێکس، سەرگەرمی بێ‌مانا و بێ‌عەقڵ و وێنەکردنی گرافیکی توندوتیژی زاڵە، خۆیان تاوانبار بکەن بۆ شکست. سۆرن کیرکەگارد-Soren Kierkegaard -، لەکتێبی “لەسەردەمی ئێستا”دا، ئاگادارمان دەکاتەوە کە دەوڵەتی سەردەم هەوڵدەدات ویژدان ڕیشەکێش بکات و تاکەکان بەشێوەیەک بگۆڕێت بۆ خەڵکێکی نەرم و دەسبەسەرداگیراو.
ئەم خەڵکانە ڕاستەقینەنین. وەک کیرکەگارد دەنووسێت، “ئەبستراکتێکی ئەفوسوناوی، شتێکی گشتگیر کە هیچ نییە، دیمەنێکی خەیاڵین.” بە کورتی، ئێمە بەشێک دەبین لە مێگەل، تاکەکانی ناڕاستەقینە کە هەرگیز نین و هەرگیز ناتوانن یەکبگرنەوە لە دۆخێکی ڕاستەقینە یان ڕێکخراوێکدا، لەگەڵ ئەوەشدا وەک تەواوێک پێکەوە گیراون. ئەوانەی گومان لە خەڵک دەکەن، ئەوانەی گەندەڵی چینی فەرمانڕەوا مەحکووم دەکەن وەک خەونبین، نامۆ یان خایین دەردەکرێن. بەڵام تەنها ئەوان، بەپێی پێناسەی یۆنانی polis، دەتوانن وەک هاوڵاتی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. تۆماس پەین-Thomas Paine- دەنووسێت حکومەتێکی دیکتاتۆر کەڕوویەکە لە کۆمەڵگایەکی گەندەڵدا درووستدەبێت.
ئەمە ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەکانی ڕابردوودا ڕوویاندا. ئەمە ئەوەیە کە بۆ ئێمە ڕوویدا. هەڵەیە گەر ڕزگاری خۆمان ببەستینەوە بە لاوەنانی ترامپ بمانگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تەندروست. کلۆری و گەندەڵی هەموو دامەزراوە دیموکراتیەکانمانی وێران کردووە، کە بە شێوە کار دەکەن، نەک بە ناوەڕۆک. ڕەزامەندی فەرمانبەرەکان گاڵتەجاڕێکی دڕندانەیە. کۆنگرێس کۆمەڵێکن لە ملیاردێرەکان و کۆمپانیاکانەوە دەستکەوت وەردەگرن. دادگاکان پاشکۆی کۆمپانیا و دەوڵەمەندەکانن. میدیا دەنگدانەوەی نوخبەکانە، هەندێکیان حەزیان لە ترامپ نییە، بەڵام هیچیان پشتگیری چارەسەری کۆمەڵایەتی و سیاسی ناکەن کە دەتوانن ڕزگارمان بکەن لە دیکتاتۆری. کارەکان هەمووی پەیوەندە بە جوانکردنی دیکتاتۆرەوە، نەک دیکتاتۆری خۆی. مێژوونووس ڕامزی مەکمولن- Ramsay MacMullen-، لە “گەندەڵی و تێکشکانی ڕۆما”دا، دەنووسێت ئەوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی وێران کرد لادانی هێزی حکومەت، رێگریکردن بوو لە دەرخستنی هەڵەکانی. دەسەڵاتداریی بوو بە بەدەوڵەمەندکردنی بەرژەوەندی تایبەت. ئەم لادانە حکومەت بێهێز دەکات، لایەنیکەم وەک دامەزراوەیەک کە بتوانێت پێداویستیەکانی هاوڵاتیان دابین بکات و مافەکانیان بپارێزێت.
حکومەتمان، بەم مانایە، بێ‌هێزە. ئامێرێکە لە دەستی کۆمپانیاکان، بانکەکان، پیشەسازی جەنگ، و ئۆلیگارشەکان. خۆی دەخوات بۆ ئەوەی سامان بەرەو سەرەوە بنێرێت.
ئیدوارد گیبۆن- Edward Gibbon- دەنووسێت “تێکشکانی ڕۆما دەرئەنجامی سروشتی و فراوانبوونی لە ڕادەبەدەر بوو، گەشەکردنەکانی بنەماکانی روخانی لەگەڵ خۆیدا هێنا. لەگەڵ نەمانی هۆکارەکانی بەرەوپێشچونی چ وەک واقیع یان سودفە قورسی بارەگەورەکەی خودی خۆی بوبە هۆی وێرانبونی. لە جیاتی ئەوەی پرسیار لە چیرۆکی روخانەکەی بکەین باشترە سەرمان لەوە سوڕبمێنێت چۆن ئەم هەموو کاتە ماوەتەوە. “
ئیمپراتۆری ڕۆمانی کۆمۆدۆس، وەک ترامپ، سەرخۆش بوو بە لەخۆبایی خۆی. فەرمانیدا بە درووستکردنی پەیکەر بۆ خۆی وەک هێرکولێس و زۆریش گوێی بە فەرمانڕەوایەتی نەدەدا. خۆی وەک ئەستێرەی مەیدان دەزانی، شەڕی گلادیاتۆری ڕێکدەخست کە تێیدا تاجی سەرکەوتنی لەسەر دادەنرا و شێرەکانی بە تیر و کەوان دەکوشت. ئیمپراتۆریەتەکەی ڕۆمای ناونا کۆلۆنیا کۆمۆدیانا، کۆلۆنیاکراوی کۆمۆدۆس، ئامرازێک بۆ تێرکردنی نارسیسیزمی بێکۆتایی لە ئارەزووی سامان. پۆستە حکومییەکانی دەفرۆشت بەو شێوەیەی ترامپ لێخۆشبوون و چاکە دەفرۆشێت بەوانەی وەبەرهێنان لە کریپتۆکەرەنسیەکانی دەکەن یان بۆ کۆمیتەی ئاھەنگی ئامادەکردن یان بۆ کتێبخانەی سەرۆکایەتی بەخشین دەکەن. لە کۆتاییدا، ڕاوێژکارەکانی ئیمپراتۆر لە پلانێکدا بەدەستی پاڵەوانێکی زۆرانبازی ئیمپراتۆر لە حەمامەکەیدا خنکێنرا، بەڵام کوشتنەکەی هیچی نەکرد لە رێگریکردن لە روخان. کۆمۆدۆس جێگەکەی پڕکرایەوە لەلایەن ریفۆرمخواز پێرتیناکسەوە کە سێ مانگ دواتر ئەویش کوژرا.
پاسەوانە پریتۆریەکان پشکی ئیمپراتۆریان لە مزایدەدا فرۆشت. ئیمپراتۆری دواتر، دیدیۆس جولیانۆس، ٦٦ ڕۆژی خایاند. پێنج ئیمپراتۆر لە ساڵی ١٩٣ زاییندا هاتنە سەردەسەڵات، واتە ساڵێک دوای کوشتنی کۆمۆدۆس.
بەهەمان دۆخە شڵەژاوەکەی ئیمپراتۆرییەتی رۆما کۆماری ئێمەش مردووە. مافە یاسایییەکانمان، ڕێکاری دادپەروەری، هاوجنسگەرا، تایبەتمەندی، ئازادی لە بەکارهێنان، هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و ناڕەزایەتی لە ڕێگەی بڕیاری دادگا و یاسادانانەوە لێمان ستێنراون. ئەم مافانە تەنها وەک ناو هەن. جیاوازی زۆری نێوان بایەخە گوتراوەکانی دیموکراسییە ساختەکەمان و ڕاستی واتا، وایە کە قسەکردنی سیاسیمان، ئەو وشانەی بەکاریاندەهێنین بۆ ناساندنی خۆمان و سیستەمی سیاسیمان، گەمژەن.
والتەر بنیامین لە ساڵی ١٩٤٠دا، لە کاتی هەڵکشانی فاشیزمی ئەوروپا و نزیکبوونەوەی جەنگی جیهانی نووسیتی:، “تابلۆیەکی قوڕ بە ناوی ئەنجەلۆس نۆڤۆس فریشتەیەک پیشاندەدات کە وا دیارە خەریکە لە شتێک دوور بکەوێتەوە کە بە تووندی سەیری دەکات. چاوەکانی بە تیژی تەماشا دەکەن، دەمی کراوەتەوە، باڵەکانی بڵاوکراونەتەوە. ئاوا کەسێک وێنەی فریشتەی مێژوو دەکێشێت. ڕووی لە رابردو کردووە. لەو شوێنەی ئێمە زنجیرەیەک لە ڕووداوەکان دەبینین، ئەو تەنها یەک کارەسات دەبینێت کە بەردەوام پاشماوە لەسەر پاشماوە کۆدەکاتەوە و لەبەردەم پێیەکانی فڕێیدەدات.”
فریشتەکە دەیەوێت بمێنێتەوە، مردووەکان بەئاگابهێنێتەوە و ئەوەی شکاوە چاکیان بکاتەوە. بەڵام ڕەشەبایەک لە بەهەشتەوە هەڵدەکات. بە توندوتیژییەکی ئاوا لە باڵەکانی دەدات کە فریشتەکە ئیتر ناتوانێت خۆیرابگرێت. ڕەشەباکە بەزۆر ڕایدەماڵێت بەرەو ئایندەیەک کە پشتی لێکردووە لەکاتێکدا کە کۆمەڵە پاشماوەکان لە بەردەمیدا بەرەو ئاسمان بەرز دەبنەوە. ئەم ڕەشەبایە ئەوەیە کە ئێمە پێی دەڵێین پێشکەوتن.”

تێکچوونمان، نەزانینمان و پاشکشەی کۆمەڵایەتیمان لە ڕاستی دوور و درێژخایەن بوو. بە فیڕۆچونی بەردەوامی مافەکانمان، بە تایبەتی مافەکانمان وەک دەنگدەران، گۆڕانی ئامێرەکانی دەوڵەت بۆ ئامرازی بەکارهێنان، خراپبوونی ژیانی کرێکاران و چینی ناوەڕاست، ئەو درۆیانەی میدیاکانمانی داگیرکردووە، خراپکردنی پەروەردەی گشتی، جەنگە بێئامانج و بێسوودەکان، قەرزی گشتیی سەرسوڕهێنەر، ڕووخانی ژێرخانە فیزیکیەکانمان ئاوێنەی ڕۆژانی کۆتایی هەموو ئیمپراتۆرییەتییەکانن. ترامپ بەکردنەوەی ئاگرەکانی سەرگەرمان دەکات لەکاتێکدا ئێمە دەکەوین.

سەرچاوە:




یۆسا دوا كۆڵه‌گه‌ی تۆكمه‌ی ئه‌ده‌بی لاتینی.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

له‌ڕۆژی 13ی نیسانی ئه‌م ساڵی ماریۆ ڤارگاس یۆسای گه‌وره‌ نووسه‌ری پیرۆیی له‌شاری لیما كۆچی دوایی كرد. ناوبراو له‌و جۆرە نووسه‌رانه‌بوو كە ژیانی سه‌رچلیانه‌ و پڕ له‌ هه‌ڵدێر ‌و ته‌نگه‌سات هه‌ڵده‌بژێرن. له‌ته‌ك ئۆكتاڤۆ پاز و خۆلیۆ كورتازار و خۆرخی لویس بۆرخیس و گابرییل گارسیا ماركیز و كارلۆس فوینتیس، و خوان رۆلفۆ كۆڵه‌گه‌یه‌كی دیكه‌ی پته‌و و كاریگه‌ری ئه‌ده‌بی ئه‌مه‌ریكای لاتینی بوو، بەتایبەتی نووسەرانی رەوتی بوم. نازناوی بەلزاكی ئەو كیشوەرەی پێدراوه. ناوبراو له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌های له‌نووسین ده‌ڕوانی، هێما و هۆكاری كاریگه‌ره‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌. له‌و ساوەش‌ به‌هه‌مان توڕه‌یی سه‌رده‌می ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن، نەك تەنیا لەوڵاتەكەی خۆی بەڵكو لەزۆر بەشی كیشوەرەكە هه‌وڵی په‌رده‌ هه‌ڵماڵین له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییەكان و به‌دیارخستنی دیارده‌ نابه‌جێیه‌كانی داوه‌، بۆیه‌ ماوه‌یه‌كی درێژ سه‌رچلییانه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌‌ی وڵاته‌كه‌ی ‌ژیا.
خۆرخی ماریۆ پیده‌ر ڤارگاس یۆسا ناسراو به‌ماریۆ ڤارگاس یۆسا Mario Vargas Llosa رۆژی 28 ی مارسی ساڵی 1936 له‌شاری ئاریكۆیپای پیرۆ هاته‌ دنیا. ئه‌وسا باوكی سه‌ری هه‌ڵگرتبوو و له‌دایكی جیاببۆوه‌، بۆیه‌ یۆسا له‌گه‌ڵ دایكی له‌ماڵی باپیری ده‌ژیا. هێندەی پێنەچوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باپیریشی له‌كۆمپانیایه‌ك كاری ده‌كرد كه‌ تایبه‌ت بوو به‌چاندنی لۆكە، كۆمپانیاكه‌ش رایسپارد به‌ره‌و وڵاتی پۆلیڤیا بچێت تاكو له‌و وڵاته‌ش ئه‌زموونی لۆكه‌ چاندن به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام بدات، بۆیە یۆسا له‌گه‌ڵ دایك و ئه‌ندامانی دیكه‌ی خێزان، به‌ره‌و ئه‌و وڵاته‌ چوو. ئەمە جگە لەوەی هۆیه‌ك له‌هۆیه‌كانی چوونی دایكی له‌گه‌ڵ باپیر‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بۆ ئه‌وه‌ ‌دەگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وسا دایكی زۆری پێناخۆش بوو وه‌ك ژنێكی ته‌ڵاقدراو له‌ناو خه‌ڵكانی ده‌ورووبه‌ر ده‌ربكه‌وێ. به‌و جۆره‌ تا ساڵی 1946 له‌وێدا مانەوە. دواتر گه‌ڕا‌نەوه‌ وڵات. پاشان بۆ یه‌كه‌م جار یۆسا به‌دیداری باوكی ‌گەیشت كه‌ تا ئه‌وسا وا‌یزانی بوو مردییه‌. دواتر له‌شاری لیمای پایتەخت درێژه‌ی به‌خوێندندا و له‌ته‌ك خوێندیش زۆر شه‌یدای خوێندنه‌وه‌ی رۆمانه‌ سه‌رچلیه‌كانی نووسه‌ره‌ ئیتاڵی و فه‌ره‌نسییه‌كان بوو. ئه‌وسا ئه‌ده‌ب لای ئه‌و هێمای هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ بوو‌ له‌ده‌سه‌ڵات. ئه‌مه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆكانه‌ی به‌لایه‌وه‌ كاریگه‌ربوون حه‌زی نه‌ده‌كرد كۆتاییان بێت، بۆیه‌ وه‌ك پاشبه‌ند لای خۆی بۆی زیاد ده‌كردن. دواتر باوكی به‌زۆر ناردییه‌ قوتابخانه‌ی سه‌ربازی، (لینشیو برادۆ) ی شاری لیما، به‌و بڕوایه‌ی سیسته‌می نوێ وه‌های لێده‌كات پێبگات، كه‌چی ئه‌و به‌ناچاری ئه‌و رێگەیه‌ی گرته‌به‌ر. هاوكات وه‌ك شێت و یاخی كه‌وته‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌. له‌نووسینیش نزیكبۆ‌وه‌. ئەوسا كورته‌ چیرۆك و شیعری دەنووسی‌. دواتر باوكی چووە‌ ئه‌مه‌ریكا و جارێكی دیكه‌ لێی دوور‌كه‌وته‌وه‌. سه‌باره‌ت به‌باوكی، یۆسا وتبووی : “خۆشم نه‌ده‌ویست به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا قه‌رزاری ئه‌وم. ئه‌و وه‌های لێكردم ئازادبم. وه‌های لێكردم رقم له‌هه‌موو جۆره‌ پاڵه‌په‌ستۆیه‌ك و باڵاده‌ستییه‌ك بێته‌وه‌، ئه‌و نه‌با نه‌ده‌بووم به‌و نووسه‌ره‌”
كاتێك قوتابی ساڵی دووه‌می ئه‌كادیمیای سه‌ربازی بوو، ‌كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ری شاكاره‌كه‌ی (بێنه‌وایان) ی ڤیكتۆر هۆگۆ. ئەوسا یه‌كه‌م ده‌قی شانۆیی بەناوی (هەڵاتنی ئینكاكان La huida del Inca)‌ داڕێژت و له‌سه‌ر شانۆ پێشكه‌شی كرد. هاوكات بۆ گۆڤارێكیش ده‌ینووسی. دواتر له‌زانكۆ، مافی ‌خوێند. هەر ئه‌وساش ده‌ركی به‌وه‌كرد هه‌رگیز نابێته‌ پارێزه‌ر چونكه‌ بڕوای به‌و كاره‌ نه‌بوو. دواتر بۆ ماوه‌یه‌ك بووه‌ مامۆستا. ئینجا لەئیسپانیا مینحه‌ی خوێندنی پێدرا و چووە مه‌درید و له‌وێشدا‌ ساڵی 1959 ‌چووه‌ پاریس. لەو شارە كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ری كتێبی مه‌دام بۆڤاری فلۆبێر كه‌ به‌ لای ئه‌و، ئه‌و رۆمانه‌ سه‌رچاوه‌ی ره‌خنه‌گرتنی جیهان و كۆمه‌ڵگه‌یه‌. له‌ژێر كاریگه‌ریشی بڕیاریدا ببێته‌ نووسه‌ر. دواتر به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی فلۆبێری ‌خوێنده‌وه‌ و زۆر پێوه‌ی كاریگه‌ر بوو. ئه‌وسا وەك گه‌نجێكی جۆشدار‌، به‌وپه‌ڕی گرنگییه‌وه‌ چاودێری جه‌نگه‌ هزرییە سه‌خته‌كه‌ی نێوان سارته‌ر و كامۆی ده‌كرد كه‌ له‌باره‌ی زۆر دۆزی گرنگی پێوه‌ندیدار به‌فه‌لسه‌فه‌ و مێژوو و سیاسه‌تی قۆناغی دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی روویده‌دا. بۆیە هاوڕێكانی نازناوی (سارته‌ری ئازای بچوك) یان پێدا. هاوكات لەبواری رۆژنامه‌گه‌ری كاری كرد. سه‌ره‌تا له‌ (رادیۆی فه‌ره‌نسای نێوده‌وڵه‌تی) كه‌ پرۆگرامه‌كانی ئه‌و رادیۆیه‌ ئاڕاسته‌ی وڵاتانی ئه‌مه‌ریكای باشوور ده‌كرا. به‌هۆی ئه‌و كاره‌ش توانی ئاشنای لایه‌ن و نهێنییه‌كانی كەلتووری فه‌ره‌نسی بێت. ئینجا له‌ڕێكخراوی یۆنسكۆ بووه ‌وه‌رگێڕ. دواتر چووە‌ شاری له‌نده‌ن و له‌وێشه‌وه‌ بۆ شاری به‌رشلۆنه‌ چووە. لەوێشدا ماوه‌یه‌ك وه‌ك مامۆستای زمانی ئیسپانی و په‌یامنێر و رۆژنامه‌نووس كاری كرد. بەلای ئەو هاوشێوه‌ی روانینی نێتچه، تاراوگە واتای ئازادی دەگەیاند. بەتایبەتیش چونكه‌ یارمه‌تی دا بۆ نووسین و خوێندنه‌وه. ئەوەش وه‌ك جوانترین دیاری بوو له‌ژیاندا پێیدرابێ.‌
ساڵی 1963 یه‌كه‌م رۆمانی بەناوی (شاره‌كه‌ و سەگەكان La ciudad y los perros) بڵاوكردەوە‌. ئه‌و به‌رهه‌مه‌ وه‌ك ره‌خنه‌ی قورس وابوو كە ئاراسته‌ی رژێمی دیكتاتۆری سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی كردبوو. ئه‌و رژێمه‌ی ببووه‌ مایه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی. تێیدا یۆسا به‌وردی باسی ئه‌و ئازار و ناخۆشیانەی‌ كردووە كه‌ له‌كاتی لاوی له‌ ئه‌كادیمیای سه‌ربازی چێژتی.‌ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوە چۆن ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌ی هه‌ندێك ئه‌فسه‌ر له‌دامه‌زراوه‌ نهێنییه‌كانی داگیركه‌ران داده‌مه‌زرێنن بۆ ئه‌وه‌ی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان، كوده‌تای سه‌ربازی ئه‌نجام بده‌ن. له‌شوێنێكی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی نووسیویه‌تی (سه‌رۆكه‌كان یه‌كه‌م كه‌سن ناپاكی له‌وڵاتدا بكه‌ن). ئه‌وسا له‌چاپه‌ ئیسپانییه‌كه‌ی ئه‌و رۆمانه‌، هه‌ندێك شت لابردرابوو. له‌وڵاتی خۆشی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رمانڕه‌وا كاردانه‌وه‌ی خراپی له‌ئاستی نیشاندا. وەك ناڕەزاییش ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و رۆمانه‌ی له‌گۆڕه‌پانێكی گشتی سوتاند و یۆساشی به‌نۆكه‌ری وڵاتی ئیكوادۆر تۆمه‌تبار كرد. لەلایەكی دیكەوە به‌هۆی ئه‌و رۆمانه‌ ناوبانگی یۆسا بڵاوبۆ‌وه‌ و خه‌ڵاتەكانی بیبلیوتیكا بریڤی و ره‌خنه‌گرانی ئیسپانی به‌ده‌ستهێنا.
ساڵی 1966 رۆمانی (خانووه‌‌‌ سه‌وزه‌كه‌‌ La casa verde) ی بڵاوكردەوە‌ كه‌ تێیدا ته‌كنیكی هونه‌ری فۆكنه‌ری (كه‌ له‌ناوی ویلیام فۆكنه‌ری رۆماننووسی ئه‌مه‌ریكی هاتووه‌)، بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ماڵێكی داخراوی ناو جه‌نگه‌ڵه‌كانی پیرۆی كه‌مه‌ره‌یی به‌یه‌كده‌گه‌ن، به‌كارهێناوه.‌ واتا بەناویه‌كداچوونی رابردوو و ئێستا له‌كۆمه‌ڵێك چیرۆكی ناو یه‌ك بۆته‌دا. پاڵه‌وانه‌ سەرەكییەكەی پۆنیفیشیای ناوە لای كۆمه‌ڵێك كچی‌ راهیبه‌ی موژده‌به‌خش پێگه‌یشتووه‌ كە دواتر هیندییه‌ سووره‌كانی ناو دارستانه‌كان ده‌ستگیری ده‌كه‌ن. به‌هۆی ئه‌و رۆمانه‌ خه‌ڵاتی (رۆمۆ گالیگۆس) ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئاداب پێبەخشرا. ساڵی 1969 رۆمانی (دیالۆگ له‌كاتدرایی‌ Conversación en la catedral) ی بڵاوكردەوە‌. له‌و به‌رهه‌مه‌شیدا له‌ڕێگەی كه‌سایه‌تی كوڕی وه‌زیر و شوفێرێك، له‌مانۆیل ئۆدریای دیكتاتۆری بیرۆڤی نزیكبۆته‌وه‌. هه‌روه‌ها پیاوانی ئایینیشی ئاگاداركردۆته‌وه‌ له‌سه‌رخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆیان به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا.
ساڵی 1971 تێزی دكتۆرای بەناوی (گارسیا ماركیز و چیرۆكی بڕیاردان García Márquez: historia de un deicidio) پێشكەش كرد. دواتر وه‌ك مامۆستای مێوان له‌كۆمه‌ڵێك زانكۆی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكی وانەی وته‌وه‌. به‌و جۆره‌ ساڵانێكی درێژ له‌نێوان وڵاتانی ئه‌وروپا له‌هاتوچۆدابوو. ساڵی 1973 رۆمانی (پانتالیۆن و سه‌ردانیكه‌ران Pantaleón y las visitadoras) و ساڵی 1977 رۆمانی (پله‌ جۆلیا و نووسه‌ر La tía Julia y el escribidor) و ساڵی 1981 شانۆگەری (خانمی تاكنا La señorita de Tacna) و رۆمانی (جه‌نگی كۆتایی جیهان La guerra del fin del mundo) ی بڵاوكردەوە‌.‌ له‌و رۆمانەی دوایدا رووداوه‌كانی جه‌نگی كاندۆس، جه‌نگی ناوخۆی وڵاتی به‌رازیلی له‌كۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌ خستۆته‌ڕوو. ئه‌و رۆمانه‌ كاریگه‌ری زۆری هه‌بوو له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ناوبانگی یۆسا به‌جیهاندا و دواتریش گه‌یشتن به‌خه‌ڵاتی نۆبڵ. لای خۆشی یۆسا به‌باشترین به‌رهه‌می داناوه‌‌.
دواتر له‌سیاسه‌ت نزیكبۆ‌وه‌، به‌جۆرێك هه‌وڵیدا ئه‌ده‌ب به‌رێته‌ ناو سیاسه‌ت. ساڵی 1983 شانۆگەری (Kathie y el hipopótamo) و ساڵی دواتریش رۆمانی (چیرۆكی مایتا Historia de Mayta) ی بڵاوكردەوە. ئه‌و رۆمانه‌شی، به‌هۆی ئه‌و گۆڕانه‌ هزرییه‌ی ئەوسا به‌سه‌ریدا داهاتبوو، بووه‌ مایه‌ی گفتوگۆی سه‌خت، نه‌ك ته‌نیا له‌ئه‌مه‌ریكای باشوور به‌ڵكو له‌زۆر شوێنی جیهاندا. تێیدا یۆسا باسی له‌ژیاننامه‌ی مایتا كردووە كه‌ گه‌نجێكه‌ ژیانی بەهاریكاری كردن له‌گه‌ڵ هه‌ژاران ده‌ستپێده‌كات. كە هەژاری وەها هەیە له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نا‌توانن خواردن به‌ده‌ستبهێنن، چه‌ندان رۆژ به‌رۆژوو ده‌بن، به‌ڵام دوای ناسینی یه‌ك له‌تروتسكییه‌كان، مایتا رێچكه‌یه‌كی سیاسی چه‌پڕۆیانه‌ دەگرێته‌به‌ر. ساڵی 1986 شانۆگەری (La Chunga) و رۆمانی (كێ پالۆمینۆ مۆلێرۆی كوشتووه‌؟ Quién mató a Palomino Molero?) و ساڵی دواتریش رۆمانی (چیرۆكبێژ El hablador) و ساڵی 1988 رۆمانی (ستایشی باوه‌ژن Elogio de la madrastra) ی بڵاوكردەوە‌. ئه‌و رۆمانه‌ی دوایی چیرۆكێكی ئیرۆسییه‌. چیرۆكێكی خۆشه‌ویستیانه‌ی نامۆی مەحره‌مانه‌ی‌ ‌نێوان كوڕێك و زڕدایكه‌كه‌یتی. كارێكه‌ ته‌واو جیاوازه‌ له‌به‌رهه‌مه‌كانی پێشوی.
ساڵی 1990 كە وڵاتی پیرۆ له‌ناو گه‌نده‌ڵی و خراپی باری ئابووری ده‌یناڵاند. یۆسا خۆی كاندید كرد بۆ سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر (ئه‌لبیرتۆ فۆجیمۆری) شكستیهێنا. ساڵی 1993 ‌وڵاتی ئیسپانیا ره‌گه‌زنامەی‌ پێدا. هاوكات شانۆگەری (شێتی هەیوانەكان El loco de los balcones) و كتێبی (ماسی‌‌ له‌ناو ئاوداEl pez en el agua ) و رۆمانی (مردن له‌ئه‌ندێز Lituma en los Andes) ی بڵاوكردەوە. بەهۆی رۆمانەكە خەڵاتی پرۆمۆ پلانیتای پێبەخشرا. شایانی باسە كتێبی ماسی له‌ناو ئاودا، یاداشتنامه‌یه‌ له‌دوو بەش پێكهاتووە. یه‌كه‌میان لەبارەی ‌منداڵی و گه‌نجی خۆی و دووه‌میشیان لەبارەی هه‌ڵمه‌تەكانی هه‌ڵبژاردنە. ئەو هەڵەماتانەی‌ تێیدا سه‌رنه‌كه‌وت. ساڵی 1997 رۆمانی (ده‌فته‌ره‌كانی دۆن ریگۆبێرتۆ Los cuadernos de don Rigoberto) ی بڵاوكردەوە.‌ تێیدا له‌ڕێگەی نیگاركێشێك كه‌ شه‌یدای به‌رجه‌سته‌كردنی جه‌سته‌یه‌ بۆ مادده‌ هونه‌رییه‌كانی، باسی له‌جه‌سته‌ كردووە. ساڵی2000 رۆمانی (ئاهه‌نگی بزن La fiesta del chivo) ی بڵاوكردەوە‌. ئەو رۆمانە یەكێكە لەڕۆمانە دیارەكانی جۆری (دیكتاتۆری). تێیدا بەوردی باسی لەژیانی سیاسی ناو كۆماری دۆمه‌نیكان و تاوان و ریسواییه‌كانی رژێمی دیكتاتۆری رافایل لیونیداس تروخیلۆی كردووە كه‌ ناوبراو له‌نێوان ساڵانی1930 تا1960 بەئاگر و ئاسن حوكمی ئه‌و وڵاته‌ی كرد. كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو ئه‌و رۆمانه‌، خوێنه‌ر به‌زۆر به‌ره‌و دۆ‌زه‌خه‌ سەختەكه‌ی ئەو وڵاتە ده‌به‌ن.
ساڵی 2003 رۆمانی (به‌هه‌شت لەگۆشەیەكی دیكەدا El paraíso en la otra esquina) ی بڵاوكردەوه‌. له‌و به‌رهه‌مه‌شدا ژیانی پۆل گۆگانی نیگاركێشی فه‌ره‌نسی و فلۆرا تریسانی داپیر‌‌ی تاوتۆ كردووه‌. رووداوه‌كانی له‌شاری پاریسی سه‌ده‌ی نۆزدەم و له‌دوورگه‌یه‌كی چۆڵه‌وانی زه‌ریای ئارامدایه‌. دواتر له‌باره‌ی ئه‌و گه‌شته‌ی بۆ وڵاتی عێراق كردبووی، كتێبێكی گه‌ڕیده‌یی‌ بەناوی (رۆژه‌كانی ناو عێراق Diario de Irak) و ساڵی 2006 رۆمانی (ئه‌هریمه‌نه‌كانی كچێكی‌ خراپ Travesuras de la niña mala) ی بڵاوكردەوە‌. له‌و به‌رهه‌مه‌ی دوایی كە رووبه‌ری جوگرافی ناوی زۆر فراوانه، لەئەمەریكای لاتینییەوە بەرەو پاریس و لەندەن و تۆكیۆ و مه‌درید ‌كشاوە. سۆزداری خۆی بۆ گۆستاڤ فلۆبێر و كاریگەربوونی پێیەوە ده‌بینین. ئه‌و نووسه‌ره‌ مه‌زنه‌ی فێره‌ كۆڵنه‌دانی كرد. بەرهەمەكە ناوەرۆكێكی وروژێنەر و كاریگەرانەشی هەیە. لەبارەی چیرۆكێكی خۆشەویستی ناوازە و پڕ سەرچلی و گۆڕانە. لەپاڵیشیدا بارودۆخی سیاسی وڵاتەكەی و بەشێك لەكیشوەرەكەی لەنیوەی دووەمی سەدەی رابردوو خستۆتەڕوو. پاڵەوانەكەی كوڕێكە ناوی ریكاردۆیە، كاتێك چاوی بەكچێك دەكەوێت، شەیدای دەبێت. پاش ساڵانێكی درێژ لەشاری پاریس بەرچاوی دەكەوێتەوە و جارێكی دیكە كچەكە كە ئەوسا ناوی خۆی گۆڕیبوو، بەسەرنجە ئەفسوناوییەكانی شەیدای دەكاتەوە. پاش ساڵانێكی دیكە ئەو جارەش كە ژنی دیپلۆماسێكی دیاربوو, ناوەكەشی گۆڕیبوو، بەڕووانینە شیرینەكانی گیرۆدەی دەكاتەوە. دواتر لەشاری لەندەن پێكدەگەنەوە. ئەو جارەش بەناوی مەدام ریشارد سۆنی دەوڵەمەند، شەیدای دەكاتەوە. دواتر بەهەمان جۆر لەشاری تۆكیۆ بەیەكتری دەگەن. هەرجارەش ریكاردۆ ناخۆشی و زەحمەتی زۆر دەچێژێ. ساڵی دواتر شانۆگەری (ئۆدیسیۆ و پینیلۆپ Odiseo y Penélope) و ساڵی 2008 شانۆگەری (لەسەر رووباری تایمز Al pie del Támesis) و ساڵی دواتریش شانۆگەری (هەزار و یەك شەوە Las mil noches y una noche) و ساڵی 2010 رۆمانی (خه‌ونی سێلتا El sueño del celta) ی بڵاوكردەوە‌. له‌و رۆمانەدا كه‌سایه‌تی رۆجییه‌ كازومانی خستۆته‌ به‌ردیده‌. ئه‌و كه‌سه‌ی كاتی خۆی ئاگاداری جۆزێف كۆنرادی نووسه‌ری كرد تا به‌ره‌و كۆنگۆ بچێت. هەروەها تێیدا یۆسا چیرۆكی راسته‌قینه‌ی لادێیه‌كی ‌خستۆته‌ڕوو كه‌ لەلایه‌ن دۆزه‌ره‌وه‌ ئینگلیزه‌كان له‌خشته‌ده‌بردرێ و دەچێتە‌ ئه‌فریقا. به‌و بڕوایه‌ی داگیركه‌ر ئامرازی مه‌ده‌نیه‌ت و شارستانیه‌تییه، كه‌چی له‌وێدا ده‌بینێ ئه‌وروپییه‌كان بونه‌ته‌‌ دڕنده‌. لەو شاكارەدا یۆسا به‌ره‌و قووڵایی دڵه‌ تاریكه‌كانی ناو وڵاتی كۆنگۆی به‌لژیكی چووه‌.
هه‌ر له‌و ساڵەدا كاتێك له‌زانكۆی (بریستۆنی) ی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا وانه‌ی ده‌وته‌وه‌، ئاگادار كراوە ئه‌كادیمیای سویدی رایگەیاندووە خه‌ڵاتی نۆبڵی پێدەدات. ئه‌وسا ئه‌كادیمیای ناوبراو هۆكاری به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ (یۆسا زۆر به‌وردی وێنه‌ی به‌رگریكردن و راپه‌ڕین و شكستی له‌ناو تاكدا كێشاوه‌. ئه‌و نووسه‌رێكی جیاوازه.‌ یه‌كێكه‌ له‌مه‌زنترین ئه‌دیبانی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌زمانی ئیسپانی ده‌ئاخڤن. هه‌روه‌ها چیرۆكبێژێكی به‌هره‌مه‌ند و تواناداره‌ له‌جولاندنی هه‌ست و سۆزی خوێنه‌ر). له‌كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌ش یۆسا وتارێكی خوێنده‌وه‌ كه‌ دواتر لەدوو تۆی كتێبێك بڵاویكرده‌وه‌.
ساڵی 2012 كتێبی (شارستانی نمایشی La civilización del espectáculo) بڵاوكرده‌وه‌. ئه‌و به‌رهه‌مه‌شی له‌ناوه‌نده‌ كەلتوورییه‌كانی ئیسپانی و ئینگلیزی گفتوگۆی چڕی لێكه‌وته‌وه‌. له‌ناویدا وێنەی واقیعی مرۆڤی رۆشنبیری به‌ره‌و ئاژاوه‌ چووه كێشاوە. بەپاساوی ئەوەی زه‌مه‌ن هه‌مان ئه‌و زه‌مه‌نه‌ی پێشوی رۆشنبیران نییە،‌ به‌ڵكو بۆته‌ زه‌مه‌نی نمایش و گومڕایی. شۆڕشی گه‌یاندن و جیهانگه‌ری، كە جیهان به‌ره‌و داڕمانی رۆشنبیری ده‌بات. شایانی باسە یۆسا له‌و كاره‌ی و چه‌ندان كاری دیكه‌ی ئه‌ده‌بیدا، هاوشێوەی جۆرج ستاینه‌ری ئه‌مه‌ریكی، دڵه‌ڕاوكانە بیری لەڕۆشنبیری و‌ ئاینده‌ی شارستانی كردۆتەوە. ساڵی دواتر رۆمانی (پاڵه‌وانی وریا‌ El héroe discreto) ی بڵاوكردەوە‌. ناوەرۆكی ئەو بەرهەمە له‌نێوان كۆمیدی و میلۆدرامایە. تێیدا جارێكی دیكه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆی، به‌تایبه‌تی شاری بیوای خۆشه‌ویست كه‌ سه‌رده‌می منداڵی تێدا به‌سه‌ربرد. هه‌روه‌ها گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شاری لیمای پایته‌خت كه‌ ئه‌و دوو شاره‌ی له‌ڕۆمانه‌كانی پێشودا زۆر به‌كارهێناون‌. بەڵام له‌و به‌رهه‌مه‌دا پیرۆ به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز ده‌رده‌كه‌وێ جیا له‌ڕۆمانه‌كانی پێشو. وڵاتێكی گه‌ش و خاوەن ئابوورییه‌كی باش و نوێیە‌. له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی گرفت و تاوانی نوێشی بۆ زیادبووه‌ كه‌ پێشتر له‌كاره‌كانی نووسه‌ردا نه‌بوون. تێیدا یۆسا دوو چیرۆكی ته‌ریب به‌یه‌كتری دوو كه‌سی پێشكه‌ش كردووە كه‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیین له‌گرێی گه‌شه‌كردنی ده‌نگهه‌ڵبڕینی میلۆدرامییه‌كی چێژبه‌خش و له‌ناكاوی. له‌گه‌ڵ چه‌ندان واقیعی دیكه‌ی سه‌خت و غه‌مبارانه‌ كه‌ كاریگه‌ری له‌هه‌ر دوو كاره‌كته‌ره‌‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ده‌كه‌ن. كه‌سایه‌تی وه‌هاشی تێدا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ پێشتر یۆسا به‌كاری هێناون. ساڵی 2016 رۆمانی (پێنج گۆشە Cinco esquinas) و ساڵی 2019 رۆمانی (ساتە سەختەكان Tiempos recios) و كۆ چیرۆكی (پیاوه‌ ره‌شپۆشه‌كه‌ El hombre de negro) و ساڵی 2023 رۆمانی (بێدەنگی خۆم بۆ ئێوە تەرخان دەکەم Le dedico mi silencio) ی بڵاوكردەوە.
شایانی باسە جگه‌ له‌و بەرهەمانەی ئاماژەمان پێدان، یۆسا كۆمه‌ڵێك كتێبی دیكەی جۆراوجۆری لەنێوان چیرۆك و توێژینەوە و ره‌خنه‌ و بەرهەمی تایبەت بەمنداڵان و وتاری سیاسی و رۆژنامەوانی بڵاوكردۆتەوە. لەناو توێژینەوەكانی چه‌ندان بیرۆكه‌ و تێبینی له‌باره‌ی چه‌مكی خۆی بۆ هونه‌ری نووسین و ئه‌ده‌ب به‌گشتی داڕێژتووه‌. وه‌ك له‌شوێنێكدا ده‌ڵێت : “هه‌تا ئه‌گه‌ر نووسه‌ر ئاگاداریش نه‌بێت.، ئه‌ده‌ب كارێكه‌ دژی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان. به‌واتای سیاسی نا، به‌ڵكو به‌واتایه‌ك كه‌ پێچه‌وانه‌ی ژیان و مێژووبێت. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر جیهانێكیشی داهێنا، واتای ئه‌وه‌یه‌ جیهان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ لای ئه‌و به‌س نییه‌. شتێكی شۆڕشگێڕیش له‌ڕۆماندا هه‌یه‌، ئاره‌زووكردنی گه‌یشتن به‌و شتانه‌مان پێده‌به‌خشێ كه‌ له‌جیهانی واقیعدا بوونیان نییه‌. كاتێكیش مرۆڤ له‌خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكی مه‌زن ده‌بێته‌وه‌، ده‌توانێ هه‌ست به‌دژبه‌یه‌كه‌كان و شته‌ په‌ژمرده‌كانی ناو واقیعی ده‌ورووبه‌ری بكات و ده‌ستییان لێبدات. بۆیه‌ رۆمان سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌و ره‌خنانه‌یه‌ كه‌ ئاراسته‌ی جیهان و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر نا، له‌به‌رچی به‌درێژایی مێژووی مرۆڤایه‌تی، هه‌موو رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌كان له‌هونه‌ر ده‌ترسێن. له‌به‌رچی یاسای قه‌ده‌غه‌كردن و چاودێریكردنیان داناوه‌ و دایده‌نێن”.
سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ركی نووسه‌ریش یۆسا وتویه‌تی : “نووسه‌ر هه‌مان ئه‌ركی هاونیشتمانی هه‌یه‌. له‌سه‌ریه‌تی به‌شداری له‌ژیانی گشتیدا بكات. چاره‌سه‌ری ئه‌خلاقی راستیش له‌وه‌دانییه،‌ نووسه‌ر وانیشانبدات (سیاسه‌ت قێزه‌وه‌نه‌)، بۆیه‌ پێویسته‌ لێی دووركه‌وێته‌وه‌ و ته‌نیا جیهانه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆی لا به‌س بێت. ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵوێستانه‌ ره‌تكراوه‌ن و بڕیاری سه‌ره‌خه‌ری‌ و نابه‌رپرسیارانه‌یه‌. بۆیه‌ من له‌ڕۆژنامه‌ ده‌نووسم، چونكه‌ ئه‌مه‌ وه‌ها ده‌كات پێوه‌ندی به‌رده‌وامی رۆژانه‌ و راسته‌وخۆم له‌گه‌ڵ‌ مێژوودا هه‌بێت. من به‌ر له‌هه‌موو شتێك ئه‌ده‌بم خۆشده‌وێت، به‌ڵام بیرۆكه‌ی دابڕانی نووسه‌ر له‌جیهان و مانه‌وه‌ی له‌بورجه‌ عاجییه‌كه‌ی خۆی ناخوازم. زۆربه‌ی رۆمانه‌كانم نه‌ده‌نووسران ئه‌گه‌ر كاری‌ رۆژنامه‌وانی و ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌م ‌نه‌كردبا كه‌ له‌باره‌ی ژیان و خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ی سه‌ردانم كردن نه‌منوسیبان”.
شایانی باسە جگه‌ له‌و خه‌ڵاتانەی ئاماژەمان پێدان، یۆسا كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتی دیكه‌ی وه‌رگرتووه،‌ له‌وانه‌ خه‌ڵاتی گرینزانی كافور بۆ رۆمانی بیانی و خه‌ڵاتی میر ئاستوریاس بۆ ئاداب، خه‌ڵاتی میگیل دی سێرڤانتس, خه‌ڵاتی بیلایۆی نێوده‌وڵه‌تی، خه‌ڵاتی ماریا مورز كابوت، خه‌ڵاتی فیاریجیۆی نێوده‌وڵه‌تی، خه‌ڵاتی كارلۆس فوینتیسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ داهێنانی ئه‌ده‌بی له‌زمانی ئیسپانی، خەڵاتی كتێبی نیشتیمانی لەولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، خەڵاتی باركینۆی نێودەوڵەتی بۆ رۆمانی مێژوویی خەڵاتی لیبەر، ئەمانە و لەكۆمەڵێك زانكۆش دكتۆرای فەخری پێبەخشرابوو.




گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند جەبار سابیر.. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند جەبار سابیر: گرنگە ئێمە هونەری كاریكاتێر تەنها بە هونەرێكی گاڵتەجاری تێنەگەین
هونەرمەند جەبار سابیر: هەموو كارەكتەرێك بە ئاسانی ناتوانرێت بكرێتە كاریكاتێر
هەڤپیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند (جەبار سابیر قادر لاسی)، یەكێك لەو هونەرمەندانانەی كە شوێن پەنجەی لە نێو هونەری كاریكاتێری كوردستان و عێراق دیارە خاوەنی چەندین پیشانگەی تایبەتی و هاوبەشە لەسەر ئاستی كوردستان ودەرەوەی كوردستان هەروەها خاوەنی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە زۆرێك لە تابلۆكانی لە رۆژنامەو گۆڤارەكانی نێودەوڵەتی بڵاوكراوەتەوە چەندین بڕوانامەی جیهانی وەرگرتووە بەمەبەستی ئاشنابوونی بە كاروچالاكییە هونەرییەكانی بە چەندی پرسیار بەسەرمان كردەوە.

*سەرەتا ئەگەر بكرێت باس لە كورتەیەك لە ژیانی هونەری خۆت بكەیت،هەنگاوەكانی هونەری كاریكاتێری چۆن دەست پێكرد؟

  • سەرەتا بەهرەی وێنەكێشانم هەر لەمنداڵیەوە سەری هەڵدا دوواتر بە خوێندنەوەم بۆ گۆڤارەكانی منداڵان و دوواتر رۆژنامەو گۆڤارەكان هەنگاوەكانی هونەری كاریكاتێریم دەستی پێكرد وە خوێندنەوەی زۆرم بۆ رووداوەكانی رۆژانە لە هەموو بوارەكان ئەوە بوو كە منیش بتووانم لەو بووارە كار بكەم ، بەڵام تا ساڵانی نەوەتەكان نەمتووانی كارەكانم بڵاو بكەمەوە لە ساڵی 1992 یەكەم كاریكاتێرم بڵاوكردەوە دوواتر لەبەر باری خێزانیم دووركەتمەوە لە هونەر بەگشتی و كاریكاتێریش بە تایبەتی تا ساڵی 2005 توانیم دریژە بەو هونەرە بدەم لە رێگای سایتە ئەلكترۆنیەكان و سۆشیال میدیا، وە هەروەها تووانیم لە ڕێگای سۆشیال میدیا كارەكانم بەجیهان بناسێنم و بەشداری پێشبركێ و پێشانگا نێودەوڵەتیەكان بكەم و پلەی باش بەدەست بهێنم، وە هەروەها چەندین گۆڤار و رۆژنامەی جیهانی كاریكاتێری كارەكانم بڵاو دەكەنەوە و گرنگی پێدەدەن، وە تا ئێستا حەوت پێشانگای تایبەتیم كردۆتەوە لە هەولێر و كۆیە و بەغدا و موسڵ وە بەشداریم كردووە لە زیاتر لە 180 پێشانگای نێودەوڵەتی و توانیومە زیاتر لە 80 بروانامەی بەشداربوون و هەروەها چەندین خەلات بەدەست بهێنم.

    *گرنگی هونەری كاریكاتێری لەچیدایە؟
    -گرنگی كاریكاتێر لەوەدایە كە دەتوانێ بەزمانی وێنە خەندەیەك بخەیتە سەرلێو، بەڵام خەندەیەكی فكرییە. واتە تەنها خەندە نییە، بەڵكو خوێندنەوەی بۆ دەكات، ئاگاداری دەكاتەوە، سەرنجی خەڵك ڕادەكێشێت بۆ شتێك كە هەستیارە. بەتایبەتی لە كێشە سیاسی و كۆمەڵایەتی و تاوانەكانی ڕۆژانەدا كاریكاتێر دەبێتە ئاوێنەی كێشەشارەوكانی دەروونی خەڵك. بۆیە ئەو هونەرە یەكێكە لە پەیوەندیدارترین هونەرەكان بە ئازادی وتار.

    *ئەو بابەتانە چین كە دەبنە هونەری كاریكاتێرییەكاتی تۆ؟

  • بابەتەكان زۆرن هەندێكیان بابەتی هەمیشەین وە هەندێكیان بابەتی كێشەی ڕۆژانەی خەڵك:
    هەژاری، بێكاری، خراپی خزمەتگوزارییەكان، ڕەخنە لە سیاسەت و حكومەتەكان، ڕەفتارە كۆمەڵایەتییە نەرێنییەكان، ڕووداوە جیهانییەكان و پرسە مرۆییەكان، كولتوور و داب و نەریت بە شێوەیەكی ڕەخنەگرانە و تەنزئامێز .
  • ئایا هەموو كەسایتیەك دەتوانین بە شێوەی كاریكاتێری بیخیتە روو؟
    : نەخێر، هەموو كارەكتەرێك بە ئاسانی ناتوانرێت بكرێتە كاریكاتێر، چونكە كارەكتەرەكە دەبێت
    تایبەتمەندی ڕوون و جیاوازیان هەبێت، مانایەكی ڕەمزی یان بەرچاوی هەبێت بۆ مرۆڤەكان، كردار یان بیرۆكەیەكت هەبێت كە شایەنی مامەڵەی تەنزئامێز بێت هەروەها هونەرمەند دەتوانێت كارەكتەری خۆی بە شێوەیەكی ڕەخنەگرانە یان گاڵتەجاڕانە بخاتەڕوو.
  • زۆرێك لە هونەرمەندان جگە لەوەی لە پیشانگادا بەرهەمەكانیان نمایش دەكەن لە گۆڤار و رۆژنامەكانیش نمایش دەكەن لە كوردستان تاچەند گۆڤار و رۆژنامەكان گرنگی بەولایانەیان داوە؟
  • لە ئێستادا لە كوردستان، گرنگی وەها نیە لە گۆڤار و رۆژنامەكان و میدیاكان . هەندێك لە گۆڤار و ڕۆژنامەكان لە رابردوو كەمێك گرنگیان بە كاریكاتێر دەدا گۆڤاری تایبەت هەبوو بە هونەری كاریكاتێر بەڵام بەداخەوە ئەو گۆڤارانە ئێستا وەستاوون، بەڵام ئەوەی هەیە هونەرمەندەكان خۆیان لە سۆشیاڵ میدیا كارەكانیان بڵاو دەكەنەوە كە رەنگە دونیای ئەمڕۆ زیاتر بە سۆشیال میدیاوە بەندە كە ئەوەش كاریگەری لەسەر خۆێنەر و بینەری هەبێت و لەوانەیە باشتر بێت.

    *چۆن دەڕوانیتە بەكارهێنانی كۆمپیوتەر لە دروستكردنی بیرۆكەیەك بە شێوەی كاریكاتێری ؟

  • بیرۆكەی كاریكاتێری لای كاریكاتێرست خۆیەتی بەڵام بۆ ئاسانكاری زۆربەی هونەرمەندانی كاریكاتێر لە ئێستادا پەنا دەبەنە بەر بەرنامەكانی كۆمپیوتەر بۆ جوانكردن و رەنگكردنی كارەكانیان و بە ئاسانی و چاپكردن و ناردن بۆ پێشبركێ و پێشانگا جیهانیەكان و یاخود گۆڤار و رۆژنامەكان.
  • تایبەتمەندییەكانی هونەری كاریكاتێری چین؟
  • تایبەتمەندیەكانی هونەری كاریكاتێر ئەوەیە، وێنەو روخسارەكان زێدەرۆییان لێ دەكرێ و بەشێوەیەكی تەنز و خەنداوی خێرا دەگاتە بەر دیدی بینەر و خوێنەر وە ئاسانكردنی تێگەیشتن بەزمانێكی سادە و گاڵتەجاری، وە هەروەها كارامەیی هونەرمەند لە گەیاندنی پەیامەكەی.
  • هونەری كاریكاتێری لە كوردستان لەچ ئاستێك دایە؟

    • بەداخەوە لە ئێستادا لە ئاستێكی باش نیە ،ئەویش هۆكارەكەی بۆ ئەوەیە گرنگی پێ نەدانی رۆژنامەو گۆڤارەكان و میدیاكان بۆ هونەری كاریكاتێر وە هەروەها نەبوونی كۆمەڵەیەێك بۆ كاریكاتێرستانی كوردستان كە گرنگی خۆی هەیە بۆ بەرەوپێشچوونی كاریكاتێر، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوو چەندین هونەرمەندی كاریكاتێری تایبەتی هەن كە كارەكانیان بەشێوەیەكی سەركەوتوو بڵاودەكەنەوە لە سۆشیال میدیا و ئامادەبوونیان هەیە لە پێشبركێ و پێشانگا جیهانیەكان . وە بۆ بەرزكردنەوەی ئەم بوارە پێویستی بە هاوكاری و پشتیوانی مێدیا و ڕۆژنامەكانە .

  • كامەن ئەو هونەرمەندە كاریكارتێرانە كە كاریگەیان لەسەر تۆ هەبووە؟

    • لە راستیدا من سەرەتا زۆر سەرسام بووم بە كاریكاتێرستانی عێراقی ( غازی، موئەیەد نعمە، عەلی مەندەلاوی ) كە زۆر كاریگەریان هەبوو، وە بووە سەرەتایەك بۆ هەوڵدانم لە بواری كاریكاتێر
      وە ئەوەی ماوە بیلێم ئەوەیە، گرنگە ئێمە هونەری كاریكاتێر تەنها بە هونەرێكی گاڵتەجاری تێنەگەین، چونكی كاریكاتێرست هەوڵی ئەوە دەدا كە ڕووە شارەوەكانی كارە نەرێنیەكان وێنا بكات و نیشانی بینەران و لایەنی پەیوەندیدار بدات بۆ بنبڕكردن و جاكسازی هەمیشەیی كە ئەوەش ئەركی هەمووانە.




په‌راوێـزی دوازده‌مینی تێـكست.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

خه‌ریكه‌ دونیا له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وی (جیهانایه‌تی)دا، به‌هه‌موو ڕووه‌ ئاكتیڤ و نێگه‌تیڤه‌كانی ڕاگیرده‌بێ.. پێشهات و گۆڕانكارییه‌ خێراكان ده‌مانبه‌نه‌وه‌ ئه‌و ئاقارانه‌ی پرسی ناسنامه‌مان به‌بیر ده‌هێننه‌وه‌؛ كه‌ ئایا له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئێمه‌ی به‌كۆمه‌ڵێك یاده‌وه‌ری كاره‌ساتاویی گرێدراو چ ده‌توانین به‌و ئاست و باره‌ی خۆمان كه‌ جێی به‌خیلی كه‌س نییه‌، له‌ناو هه‌ڵڵای جیهانایه‌تیدا بۆ پاراستنی ناسنامه‌كه‌مان بكه‌ین؟

داخۆ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی دواكه‌وتووماندا، نه‌خشه‌ی چ ستراتیژیه‌تێكمان پێ ده‌كێشرێ، بتوانین له‌ ئاینده‌یه‌كی زۆر دوورنا؛ له‌ جێوه‌ڕێیی‌ (مراوحة)دا ئازاد بین و له‌و چه‌قین و ته‌كئه‌نوایی بێینه‌ ده‌رێ‌ ، له‌ پێش هه‌موو پێویستیانیش چمان له‌ خه‌یاڵدایه‌ بۆ لاینه‌ هه‌ره‌ گرینگه‌كه‌ی هه‌ستانه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش ( په‌روه‌رده‌ و خوێندنه‌) به‌ ته‌واوی ئه‌و مانایانه‌ی وڵاتێكی وه‌ك( ژاپۆن )ی پێ هه‌ستایه‌وه‌، كه‌ لای ئێمه‌ به‌ داخه‌وه‌ به‌ هۆی سپاردنی به‌وه‌ی ناو نراوه‌ (كه‌رتی تایبه‌ت) یا قه‌تابخانه‌ و زانكۆی ئه‌هلی شیرازه‌ی تێكشێنراوه‌..
بڵێی كه‌شوهه‌وایه‌ك بۆ ده‌سبژێر و ڕووناكبیران هه‌ڵبكه‌وێ دوور له‌ ناچاربوونی هه‌ڵه‌گۆیی، تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانی ڕابردوو كلیلی ده‌رگا داخراوه‌كانمان نه‌داته‌ ده‌ست، كاتێ به‌مۆدی كۆمه‌ڵێك زاراوه‌ی بریقه‌دار سه‌رخۆش كرابووین به‌ڕاده‌یه‌ك وای لێهاتبوو باسكردنی قه‌ومایه‌تی و ناسنامه‌ و تایبه‌تایه‌تی خاك و زێد، شتێك بوو وه‌ختێك نزیك ببووه‌ له‌ عه‌یبه‌!!

ئێستاش به‌هه‌مان پێودانگ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌ ته‌وژمی بێ ئامانی، سه‌روبن نادیاری جیهانایه‌تی )له‌گه‌ڵ جیاوازی ئاراسته‌كان)، له‌ نه‌داریمان بێ یا له‌ ڕوون نه‌بوونه‌وه‌ی، مه‌ودا و ڕه‌هه‌نده‌كانی خه‌ریكه‌ بێ په‌روا و بێ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ڕابردوو و سه‌یركردنی ئاینده‌، وه‌ك له‌وه‌ خاترجه‌م بووبین بۆ كوێ ده‌چین، بێ ئه‌وه‌ی تێشوویه‌كمان پێ بێ له‌گه‌ڵیدا كه‌وتووینه‌ڕێ..

ڕاستی پرسی ناسنامه‌ له‌ جیهانی ئه‌مڕۆدا كه‌ هێشتا كه‌له‌به‌ره‌كانی ڕووناك نه‌بوونه‌ته‌وه‌، ده‌خوازێ به‌له‌تركزه‌یی و به‌هه‌ستی به‌ژیان و به‌ئاینده‌وه‌نووسان، به‌ڕه‌چاوكردنی مه‌ودا مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافییه‌كانه‌وه‌ ته‌ماشا بكرێ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ زه‌مینه‌یه‌كی پته‌و له‌ چه‌سپاندن و جێگیركردنیدا، به‌تایبه‌تی لای نه‌وه‌ی نوێی بۆ بڕه‌خسێنین، وه‌ك خاڵی ده‌سپێك له‌ بنیاتنانی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ، به‌ چاوپۆشین له‌وه‌ی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ وه‌كو شكڵ و شێوه‌ له‌ چ حاڵێكی سیاسی و یاساییدا ده‌بێ، با گریمان ڕووخساری یه‌كگرتنێكی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یش بێ له‌گه‌ڵ گه‌لانی ده‌رودراوسێ كه‌ ساڵه‌هایه‌ له‌گه‌ڵماندا ده‌ژین..
ئه‌مه‌ وا نابینرێت دژ به‌ كراوه‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی شارستانی بێت، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بوونی هه‌موولایه‌ك ده‌پارێزێ له‌ ڕێگه‌ی پاراستنی ناسنامه‌ و به‌هه‌ندگرتنی تایبه‌تایه‌تی هه‌رلایه‌ك ستراتیژی نه‌ته‌وه‌ییمان له‌و باره‌دا دێته‌دی كه‌ ئیتر وا به‌ئاسانی ڕێگایه‌ك نه‌گرینه‌به‌ر نه‌زانین ده‌گاته‌ كوێ، با ئه‌و ڕێگایه‌ وای دابنێ قیرتاو بێ و ڕێبواری زۆریشی له‌سه‌ربن..
ده‌خوازێ هه‌وڵ بده‌ین نه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی جیهانایه‌تیش وه‌ك مۆدێكی سه‌رده‌م له‌دوورڕا سه‌یر بكرێ و چیتر نا!




(ئاراس سەعید) یەکەمین کتێبی (بەناونیشانی بەخێربێن بۆ گوندە بچکۆلەکە) بڵاودەکاتەوە

(ئاراس سەعید) نووسەر و لێکۆڵکار، یەکەمین کتێبی (بەناونیشانی بەخێربێن بۆ گوندە بچکۆلەکە) بڵاودەکاتەوە.

ئەم کتێبە یەکەمین بەرهەمی نووسەرە و ناوئاخنە بە کۆمەڵێک (هزرەوتار) لە ستراکچەری میدیا و فۆڕمە نوێییەکانی دەکۆڵێتەوە و ڕۆدەچێتە نێو کایەی فەلسەفەی میدیا و لەو سۆنگەیەشەوە چۆنێتی بەرهەمهێنانیی حەقیقەت و زانیاری لە فۆڕمە جیاوازەکانی میدیا دەخاتە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

شیاوی باسە، بەشێکی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ پرسی (پەروەدەی میدیایی) کە فێرمان دەکات چۆن مامەڵەیەکی تەندرووست و ئەقڵانی لەتەک فۆڕمەکانی میدیایی نوێدا بکەین و نەبینە نێچیری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ساختەهەواڵ و ڕیکلامەکان فریومان نەدەن.

هەروەها دووبەشی کۆتایی، تایبەتە بە زیرەکی دەستکرد و خستنەبەرباسی ئەو جیهانە نوێیەی لەسایەی ئەم تەکینیکە نوێیەوە خولقاوە.

لەم بارەی نووسینی کتێبەکەوە نووسەر دەڵێت:”پاڵنەری نووسین و کۆکردنەوە و بەچاپ گەیاندنی ئەم بەرهەمە، ئەوە بوو؛ هەر لە قۆناغی یەکەمی زانکۆ لەبەشی ڕاگەیاندن، پەیم بەوە برد کە سەرچاوەی پێویست لەو بوارەدا بەزمانی کوردی ئێجگار کەمە، لەو سۆنگەیەوە بڕیارمدا کۆمەڵێک هزرەوتار لەو بوارەدا بنووسم، تا هاوزمانانی کوردم لەم بوارەدا بێ بەش نەبن.”

جێی باسە، ئێستا کتێبەکە لە چاپخانەیە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەوێتە بەردیدەی خوێنەران.