بەکورتی19: ناکۆتا…… واتای ناکۆتاییبوون بێکۆتایە.. ئازاد حەمە

گفتووگۆی چەمکی ناکۆتاییبوون(بێکۆتاییبوون، ناپایانبوون) Infinity توانای دەستکارییکردنی ئەندێشەی پرسیارسازیی فەلسەفیی و بیرکارییمانی هەیە. گفتووگۆکان بەپلەی یەک چەمکەکە بەرەو زانستە سروشتییەکان دەبەن و لەوێشەوە پەل دەهاون بەرەو گفتووگۆی ئایینیی و زانینناسیی. بێگومان، بۆ زاستە سروشتییەکان بێکۆتاییبوون ڕاستییەکی بیرکاریی یان فیزیکییە، کە ئەوەش بیرکردنەوە لە بابەتی کۆتا/ناکۆتا قوڵتردەکات، هەرچی زانستە مرۆییەکانە سەرقاڵی رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ چەمکی ناوبراودا.
هێمای بێکۆتایی (∞) هێمایەکی بیرکارییە و نوێنەرایەتی چەمکی بێکۆتایی دەکات و گشت چەمکەکەش ئەوەمان پێدەڵێت، کە ئەگەر گەردوون کۆتای هەبێت ئەمە ئەوە دەگەیێنێت، کە گەردوون دەبێت ناوەندێکی (چەق) هەبێت، گەر ناوەندیشی نەبوو کەواتە گەردوون ناکۆتایە(ناپایانە).
گفتووگۆکارانی چەمکی ناکۆتاییبوون دەپرسن: بیرکار و فیزیاناسان زۆریان سەبارەت بە چەمکی بێکۆتاییبوون Infinite گوتووە. باشە گوتنەکان بەرەو کۆیانبردووین؟ باوەڕهێنان بە چەمکی بێکۆتاییبوون دەچێتە خانەی ئەفسانەوە یان بیرکارییەوە؟باشە گفتووگۆی بێکۆتاییبوون لە چوارچێوەی بێکۆتاییدا دەمێنێنێتەوە؟ناکۆتا دژە جەمسەری خۆی هەیە؟ بۆئەوەی ناکۆتا ڕاڤەبکەین دەبێت کۆتا Finity ڕاڤەبکەین… ئەی کۆتا چییە؟ کە چەق هەبوو بێکۆتا بوونی نییە؟چی پێچەوانەی یان دژەجەمسەری بێکۆتایە؟ بۆ شتەکان بێکۆتان کاتێک بناغە بوونی هەیە؟ گەر بێکۆتاییبوون بکەری ژیان بێت، چ خۆشییەک لە ژیاندا بەدیدەکرێت؟ مەرگ لەبەرەی کۆتا نییە؟رەهەندەکان کۆتاییان هەیە؟ تواناکانی مرۆڤ لەگەڵ چەمکی بێکۆتاییبوون یەکدەگرنەوە؟ وەکیتر دەکرێت ئەوەش بپرسیین: ئایا مرۆڤ بەبێ جیاوازی ئایین و کولتوور، تێگەیشتنی بۆ بێکۆتاییبوون هەمانە؟
بێکۆتایی چییە؟ بێکۆتایی واتە ئەو شتەی، کە دوایی نایەت و وەستانی نییە، هەرکە وەستاش بێکۆتا کۆتاییدێت. بێکۆتایی چەمکی پێوانە و سنووریش دەسڕێتەوە. هەر بێکۆتایی بەمانای نەمریی، هەمیشەیی و بێڕادەییش دێت. ئەو شتەی بێکۆتایە دیارناکرێت، بۆیە گشت بێکۆتاییەک نادیارییەکی لەخۆیدا مەڵاسداوە.
لە بیرکار و ئەستێرەناسی پۆلۆنی، سەردەمی رێنیسانسەوە، کۆپێرنیکۆس Kopernikus فێری ئەوەدەبین کە زەوی بەدەوری خۆردا دەخولێتەوە، واتە خۆر چەقە. بەڵام شتەکە دواتر ئاڵۆزدەبێت و بەپێی بیرکار و ئەستێرەناسی ئیتالیایی جۆردانۆ برونۆ Giordano Bruno گەردوون universe بێکۆتایە، لە گەردوونی ناکۆتاشدا هیچ پێویست ناکات چەق بوونی هەبێت و بۆیە لەسەر ئەو تێگەیشتنە بیرکارییە زمانی دەبڕن و دواتر لە گۆڕەپانی Campo de’ Fiori ی شاری رۆما بە زیندوویی دەیسوتێنن.
لای برۆنۆ زەوی ناوەندی گەردوون نییە، زەوی ئەستێرەیەکە وەک ئەوانیتر. گالیلۆ لەسەر بنەمای تێگەیشتنی فیزیایی کۆپێرنیکۆس خۆری کردە چەقی گەردوون. ئەم تێگەیشتنانە لەو دەمەدا لەگەڵ تێگەیشتنی ئایینی کڵیسە نەدەگونجا و هزری ئایینیش کێشەیەکی زۆری لەگەڵ هزری فەلسەفیی و بیرکاریی و فیزیایی سەدەی شانزە هەبوو. بۆیە لەو دەمەدا گفتووگۆی ناکۆتای گەردوون گفتووگۆیەکی ئاگرین بوو و بیرکار و بیریار و ئەستێرەناسان بە ئاشکرا خۆیان لێنەدەدا.
وێڕای ئەوە، بێکۆتایی بەرگی جۆراوجۆر لەبەردەکات و لەناو ژیان و بوونمانیشدا کاردانەوەی خۆی هەیە. خۆڕاهێنان لەسەر بێکۆتاییبوون خۆڕاهێنانە لەسەر ئەو تێگەیشتنە بۆ ژیان و بوون کە ئێرە (ژین و بوونمان) بەردەوامە وکۆتا (پایان) Finity مانای نییە. بەمجۆرە، بێکۆتایی بەهەردوو مانا بووناوی و مەعریفیەکەی واتە بێکۆتاییبوونی مەودا(Space / Rymd) و ئامادەبونی هەمیشەیی (ئەبەدیەت) و نەمانی سنوور. لەم روانگەیەوە، کاتێک باسلەوەدەکەین نێوەند(چەق) بوونی نییە، کەواتە شتێک نییە بۆی بگەڕێینەوە. چونکە سنوور بێ مانایە و خولانەوەش بەدەوری خۆدا بێکۆتایە.
ئەریستۆ دەیویست سەبارەت بە بێکۆتایی پێمانبڵێت،کە””بێکۆتایی بوونی هەیە، بەڵام تەنها وەک ئەگەرێک. بۆ نموونە لە بنەڕەتدا دەکرێت هێڵێک دابەش بکرێت بەسەر چەندین بەشە بێ سنووردا یان بەردەوام بێت لە ژماردنی تا کاتێکی نادیار، بەڵام ئەمە بە کردەوە وانییە.کەواتە بێکۆتایییەکی پێشبینیکراو هەیە، بەڵام بێکۆتایی ڕاستەقینە بوونی نییە””.
لەو شوێنەی بێکۆتایی زاڵە نەبوون و وونبونی فۆرم جێگرەوەکەیە. هەروەها گەر بێکۆتایی بریتیبێت لە بوونی ژمارەی پتر، پتر لەوەی هەیە، ئەمە ژمارە بەرەو ناکۆتا دەبات. کەوابێت بوونی بێکۆتایی دەمانخاتە ناو بەردەوامییەوە و بێسنوورییش ڕادەی بۆنامێنێت. ئەمەش وادەکات ڕادە بۆ کات و شوێن بوونی نەبێت. هەر خودی نەبێتیش سنووری نییە و بێ سنووریی ژمارەش بێ سنوور دەبێت. ئەمەش دەمانخاتە ناو نادیارییەوە.
کاتێک هاوسەرگیریی دوان بێکۆتابوو،واتە سنوور و کۆتای بوونی نییە و خودی هاوسەرگیرییەکەش هەر دەمێنێتەوە. باشە ئەمە لۆجیکیی تیایە؟مەگەر هاوسەرگیریی هەڵناوەشێتەوە!! یان هاوسەرگیریی دوچاری ئافاتی بێمتمانەیی و بێوەفایی نابێت.
ساڵانێک لەمەوبەر فیزیازانانی بۆشایی ئاسمان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە””گەردوون بێ سنوور گەورەیە. ئەمەش بە کردەوە بەو مانایەیە، کە گەردوون لە فراوانبووندایە و ژمارەیەکی بێکۆتایی گەلەئەستێرە بوونی هەیە و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی بێکۆتایی هەسارەکانیشی هەیە. ئەمەو ئێمەی مرۆڤ هیچ لەبارەی ئەوەی لەسەر زۆرینەی هەسارە بێشومارەکان هەیە یان نییە نازانین””.
دوا قسەمان تایبەت بە بێکۆتاییبوون ئەوەیە، کە ئایدیای بێکۆتایی دەمانبات بەرەو تێڕامان لە فراوانیی و بەزاندنی سنوور، هەرکە باوەڕیشمان بە تێڕامانەکانمان سەبارەت بە بێکۆتاییبوون هێنا بەوە ئێمە شتگەلەکانی ژیانمان لە گەرووی بێکۆتاییبوندا دەبینینەوە. بەکەوتنە ناو بێکۆتاییبوونی ئەوین یان هاوڕێیەتییشەوە، کە پرسیاری بووناویی لەگەڵ خۆی دێنێت، بێکۆتاییبوون پتر لێمانەوە نزدیکدەبێتەوە. چونکە سنوردانان بۆ پەیوەندییەکان سنووردانانە بۆ خۆشییەکانمان، ئەمەش بۆ مرۆڤ ئازاربەخشە. بۆنموونە ترس لە مەرگ، ترسیشە لە کۆتابوون.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




ڕۆڵی کونسوڵخانەی چین لە هەولێر لە پاڵپشتیکردنی گەلی کوردستان.. هەڵۆ حەسەن

چین بەپێچەوانەی هەندێك وڵاتی ڕۆژئاواییەوە جەخت لەسەر دەستوەرنەدان لە كاروباری ناوخۆی دەوڵەتانی دیكە دەكاتەوە و بەشداری دیپلۆماسی و ئابووری لەبری دەستێوەردانی سەربازی بەرەوپێش دەبات. ئەم ڕێبازە لەگەڵ بنەما فراوانەكانی سیاسەتی دەرەوەی چین هاوتەریبە، كە جەخت لەسەر ڕێزگرتنی یەكتر و دەستوەرنەدان وهاوكاری دەكاتەوە،چین سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتێكی خاوەن چەكی ئەتۆمییە، بەردەوام بانگەشە بۆ چارەسەركردنی ئاشتیانەی ململانێكان كردووە و جەختی لە گرنگی دیپلۆماسی و وتووێژ كردووەتەوە.ئەم هە ڵوێستە لە پەیوەندییە كانی لەگەڵ هەڕێمی كوردستان وڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فراوانتردا دیاربووە ، كە چین هە وڵیدا پەیوەندی ئابووری و دیپلۆماسی دروست بكات بەبێ ئەوەی لە ململانێ ئاڵۆزە وزۆرجار توندوتیژانەی ناوچەكەتێكەوتوو بێت-بڕیاری چین بۆ كردنەوەی كونسوڵخانە لە هەرێمی كوردستان لە سەردەمی بەرزبوونەوەی ململانێ و نادڵنیایی، ئاماژەیەكی ستراتیژی و پەیامدار بوو. ئەم هەنگاوە ئامانجی گەیاندنی پەیامی هاوپشتی و پشتیوانی بوو بۆ دەسەڵات و گەلی كورد. چین بە پاراستن و تەنانەت فراوانكردنی ئامادەیی دیپلۆماسی خۆی،کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر بووە بەردێکی بناغەی پەیوەندییە دیپلۆماسی و مرۆییەکانی نێوان کۆماری گەلی چین و هەرێمی کوردستانی عێراق. لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکان لە بواری پەروەردە، ڕۆشنبیری، گەشەپێدانی ئابووری و هاوکاری مرۆیی، کونسوڵخانە نەک هەر پەیوەندییە دوولایەنەکانی بەهێزکردووە بەڵکو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کۆمەڵگە ناوخۆییەکان هەبووە بە شێوەیەکی مانادار،لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ کونسوڵخانە بە هاوکاری ڕێکخراوی خێرخوازی عەلی بابا و دەزگای چین بۆ گەشەپێدانی گوندەکان دەستپێشخەریی پڕۆژەی پاندا پاک لە کەمپی ئاوارەی هەرشەم لە هەولێر دەستپێکرد. پڕۆژەکە پێداویستییە سەرەکییەکانی بەسەر خوێندکارانی ئاوارەدا دابەشکرد، هەم یارمەتی پراکتیکی و هەم پەیامی هاودەنگی پێشکەش کرد. لیو جون کونسوڵی گشتی بە شێوەیەکی شەخسی بەشداری لە مەراسیمی دابەشکردنەکەدا کرد و جەختی لە پابەندبوونی درێژخایەنی چین بە پەروەردە و چاودێری کۆمەڵایەتی لە کوردستان کردەوە.
بەشداری چالاکانەی ئەو ڕەنگدانەوەی ڕێبازی کونسوڵخانە بوو کە خەڵک سەنتەری بوو بۆ دیپلۆماسی،کونسوڵخانەی گشتی چین بە داننان بە پەروەردە وەک پردێک لە نێوان کولتوورەکاندا، هەنگاوی کۆنکرێتی ناوە بۆ پێشخستنی فێربوونی زمانی چینی لە ناوچەکەدا،بەشی چینی لە زانکۆی سەڵاحەدین: بەبۆنەی 5 ساڵەی دامەزراندنی لە تشرینی دووەمی 2024، بەشەکە بووەتە ناوەندێکی ئاڵوگۆڕی کولتووری. لیو جون کونسوڵی گشتی ڕێزی لە خوێندکارە سەرکەوتووەکان گرت، وەبەرهێنانی چینی لە گەنجانی کوردستان دووپاتکردەوە،فراوانکردنی پلان بۆ داڕێژراو بۆ زانکۆی سلێمانی:
هەوڵی کارا هەیە بۆ دامەزراندنی بەشی نوێی زمانی چینی، زیاتر قووڵکردنەوەی هاوکاری ئەکادیمی،بۆ یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی کۆماری گەلی چین، کونسوڵخانە هەفتەی فیلمی چینی لە شاری سلێمانی سازکرد. لە چالاکییەکەدا فیلمە گرنگەکان نمایشکران کە بینەرانی کوردیان بە مێژوو و بەهاکانی چین و کۆمەڵگەی مۆدێرن ئاشنا کرد، کە نیشانی دا کە چۆن پێزانینی هاوبەش بۆ هونەر و چیرۆکگێڕان دەتوانێت پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەهێزتر بکات،هەروەها لیو جون کونسوڵی گشتی ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی هاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان. بەشداری لە گفتوگۆ ئاست بەرزەکاندا کردووە کە تیایدا تیشک خراوەتە سەر-پڕۆژەی وزەی پاک و ئابووری دیجیتاڵی-بەرنامەکانی بنیاتنانی توانا بۆ پشتگیریکردن لە پەرەپێدانی هێزی کاری ناوخۆیی،ئەم دەستپێشخەرییانە لەگەڵ ئامانجە درێژخایەنەکانی گەشەپێدانی کوردستان هاوتەریبن و دەرفەتی نوێ بۆ وەبەرهێنانی چینی لە ناوچەکەدا دەکەنەوە،لیو جون بە تێگەیشتن لە گرنگی میدیا و دیپلۆماسی گشتی، کەناڵی کراوەی لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردی و عێراقی پاراستووە. لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥، میوانداری کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کرد سەبارەت بە “دوو دانیشتن”ی چین (کۆنگرەی نیشتمانی گەل و کۆنفرانسی ڕاوێژکاری سیاسی گەلی چین)، کە تێیدا باسی لەوە کرد:دوایین ئاراستەکانی سیاسەتی ئابووری و دەرەوەی چین،پۆتانسێلی هاوکاری چین و حکومەتی هەرێم لە بواری گەشتیاری و پەروەردە و ژێرخانی ئابووریدا،ئەم کراوەییە متمانەی دروستکردووە و هۆشیاری گشتی سەبارەت بە ڕۆڵی بنیاتنەری چین لە ناوچەکەدا بەرزکردووەتەوە،بەشداریکردنی چین لە هەرێمی کوردستان زۆر لە دیپلۆماسی تەقلیدی زیاترە. ڕەنگدانەوەی پابەندبوونێکی ڕاستەقینەیە بە گەشەپێدانی بەردەوام و ئاڵوگۆڕی خەڵک بە خەڵک. لەگەڵ بەردەوامی فراوانبوونی ئەم هەوڵانە، پێدەچێت لە ساڵانی داهاتوودا بوار بۆ هاوبەشییەکی بەهێزتر و قووڵتر لە نێوان چین و هەرێمی کوردستان خۆش بکەن.

هەڵۆ حەسەن




نۆسیبۆ.. هەژار عوسمان

ئەگەر مرۆڤ بیروباوەڕێکی چڕ و بێگومان و یەکلاکەرەوەی هەبێت لە سەر ئەوەی بە خواردن یا خواردنەوە یا بە دەرزی لێدان یا بە بەرکەوتن یا بە هەڵمژینی هەرمادەیەک یا بە هەر کارلێکێکی مادی لە سەر جەستە و دەرونی توشی کێشەیەکی تەندروستی یا نەخۆشیی تەواو دەبێت ئەوا ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەو نەخۆشیە و سکاڵای تەندروستی گەلێک زۆرترە لەوەی ئەگەر ئەوباوەڕەی نەبێت ، وە ئەگەر کەسەکە ویڕای باوەڕە نەگۆڕەکەی ترسی زۆریشی هەبو لەوەی کە توشی نەخۆشیەکە ببێت ئەوا ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشیەکە چەند ئەوەندە زیاد دەکات.
ئەم کارلێکە دەرونیە ڕوت و پەتیە کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی جەستەیی و دەرونی کارلێکی نۆسیبۆیی پێدەڵێن کە لە وشەی لاتینیی (Nocebo) وە هاتوە و واتاکەی (زیان و ئازارم پێ دەگەیەنێ) یە، ئەمە ڕێک پێچەوانەی (Placebo) یە کە واتا کەی (دەبێت باشمبکاتەوە ) کە لە نوسینێکی ترم دا باسمکردوە. کارلێکی نۆسیبۆیی بە تایبەتی لەم دۆخە تەندروستیانەدا دەردەکەوێت: سکاڵای ئێشی جۆراوجۆر و دۆخە دەرونیەکانی وەک هاوارکردنی بێ هۆی دەرەکی و کۆنترۆل لە دەستدان و جم و جوڵی لە پڕ و بێ ئامانج و زیانبەخش، بورانەوەی دەرونی و دۆخی دەرونیی وەک ئەوەی هەست بکەیت بە لەخۆنامۆبون و یا هەست بەوەی لە خەون و جیهانێکی سەیر و گۆڕاودا بیت.
کارلێکی نۆسیبۆیی وێڕای بواری تەندروستی لە بوارەکانی تری ژیاندا بە گشتی، کاتێک شتێکی نەباش و نەخوازراو ڕودەدات، هەیە و دەردەکەوێ، بۆ نمونە کچێک شوناکات یا دەیکات بەڵام جیادەبێتەوە، خوێندکارێک ئەو نمرەیە ناهێنێ کە چاوەڕیی دەکرد، کاسبێک شکست دەهێنێت، ڕوداوێکی هاتوچۆی قورس مردنی لێدەکەوێتەوە و….هتد، کەسەکە هۆی سەرەکیی نەهامەتیەکان دەگێڕێتەوە بۆ باوەڕە خەرافیە زۆر زیانبەخش و نەخۆشخەرو پوچ وبێبنەماکانی وەک لێدان بە چاوی پیس و سیحر و نزای شەڕ و جنۆکە و .. کە زۆربەیان ڕەگوڕیشەی ئاینیان هەیە و ترسێکی زۆریشیان لەگەڵدایە. خوێندکارێکی زیرەک باوەڕی تەواوی بە چاوی پیس هەیە و زۆریش لێی دەترسێ، ڕۆژێک هاوپۆلێکی بە دو چاوی کراوەی زەقەوە هاواردەکات (وەی خوایە تۆ بۆ ئەوەندە زیرەکی؟)، خوێندکارە زیرەکەکە دوای ئەم قسەیە توشی ترس و بیرکردنەوەی زۆر و کەمخەوی و دڵتەنگی و .. دەبێت و ناتوانێ سەعی بکات و بێگومان لە تاقیکردنەوەکاندا سەرکەوتو نابێت، لەم خوێندکارەدا (باوەڕبونی تەواوی بە کارلێکی وێرانکەری چاوی پیس) دەبێتە کارلێکێکی نۆسیبۆیی و کاری ڕوخێنەری سەعی نەکردنی تێدەکات و ڕێک ئەوە دێتە دی و ڕودەدات کە باوەڕی پێیەتی کە ئەمەیە (چاوی پیسی هاوپۆلەکەم لێم دەدات و ناهێڵێ نمرەی بەرز بهێنم).
بۆ سەلماندنی کارلێکی نۆسیبۆیی ئەم نمونانە دێنمەوە: چەند لێکۆڵەرێک لە تاقیکردنەوەیەکی دەرونیدا بە خوێندکارەکانیان وت ئەم غازە زیانبەخشە هەڵمژن کە لەوانەیە ببێتە هۆی دەرکەوتنی کۆکە و سوتاندنەوەی قوڕگ، لێکۆڵەرەکان ئەوەیان شاردەوە لێیان کە غازەکە هیچ مادەیەکی زیانبەخشی تێدا نیە . ئینجا کەسێکی تر کە خۆی ئەندامی تیمی لێکۆڵەرەکان بو بەڵام خوێندکارەکان ئەمەشیان نەدەزانی ، بە بەرچاو خوێندکارەکانەوە غازەکەی هەڵمژی و کەوتە کۆکە کۆک و سکاڵای سوتاندنەوەی قوڕگ، دوای ئەم خوێندکارەکانیش کەوتنە هەڵمژینی غازەکە ، کەم تا زۆر هەمان نیشانەی کۆکە و سوتاندنەوەی قوڕگ لە هەمو خوێندکارەکاندا دەرکەوت. ژنێك لە ماڵەکەیدا نایلۆنێکی چرچ و لۆچاوی دەدۆزێتەوە و دەڵێت ئەمە سیحری ڕەشە ناحەزێک لێمی کردوە و توشی کێشە و بەدبەختیم دەکات، وردە وردە ئەم باوەڕە نەرێنی و زیانبەخش و پوچ و نازانستی و بێبنەما و بێواتایە بەردەوام مێشکی داگیردەکات و ئینجا ترسی زۆریشی دێتە سەر لەوەی کە چ ڕوداوێکی ناخۆش چاوەڕێی خۆی و خێزانەکەی دەکات. ئەم ژنە لە ماڵەکەیدا لە پڕدەکەوێتە هاوارکردنێکی زۆر بەرز و ترسناک ، هەمو جەستەی دەکەوێتە جم و جوڵی لە پڕ و بێئامانج و لەرزینێکی سەیر و ترسناک ، ئینجا بیر و هۆشی لای خۆی نەدەما و دەکەوت. لە ترسی ئەوەی لە دەرەوە توشی دۆخێکی ئاوا نەبێت ئیتر زۆر کەم دەچێتە دەرەوە و لە ئیش و کاری ئاسایی ژنێکی ماڵ دەکەوێت. وێنەی کۆمپیوتەریی مێشک و هەمو تێڕوانینە تاقیگەیی و جەستەییەکان دەریانخست کە لە ڕوی جەستەییەوە پاکن و هیچی نیە. ئەم نەخۆشە دوای چەندین جار چون بۆ لای دوکتۆرێکی دەرونی، دەرکەوت کە باوەڕبونی تەواو بە وەی جادوی ڕەشی لێکراوە و کارلێکی نۆسیبۆیی ئەم باوەڕە خەرافیە نەخۆشی خستوە، دوای چارەسەری دەرونیی زۆر و ڕونکردنەوە و پێدانی زانیاریی تەواو وردە وردە باش بۆوە. پیاوێک باوەڕی تەواوی بە چاوی پیس هەیە، دوای ئەوەی لە بۆنەیەکدا خەڵاتێکی دەدەنێ بۆ نەگبەتی توشی ئەو ناسیاوەی دەبێت کە ئەم خۆشی ناوێ و باوەڕیشی وایە چاوی پیسە، ناسیاوەکەی بە ناڕاستەوخۆ ئیرەیی دەردەبڕێ بەوەی کە ئەم ئەو خەڵاتەی وەرگرتوە. کاتێک دەچێتەوە ماڵەوە دەچێتە سەر کورسیەکی لەق و لۆق بۆ ئەوەی گڵۆپێکی سوتاوی ژورێکی ماڵەکەی بگۆڕێ بە دانەیەکی نوێ، لە کورسی دەکەوێتە خوارەوە و بڕێک ئازاری پێدەگات.کارلێکی نۆسیبۆیی باوەڕ بە چاوی پیسی ناسیاوەکەی وای دەشڵەژێنێ و دەترسێنێ کە ڕێک ئەوە دێتە دی کە باوەڕی پێیەتی ئەویش ڕوداوێکی خراپ و نەخوازراو کە لێرەدا کەوتنەکەیە و ئازارپێگەیشتنەکەیەتی، باشە ئەگەر ئارام بوایە و نەترسایە و مێشکی ئەوەندە بە چاوی پیسی ناسیاوەکەیەوە مەشغوڵ نەبوایە و یا هەر باوەڕی بە چاوی پیس نەبوایە و بە هۆش و وریایی و بیرچڕییەکی تەواو کورسیەکی توند و تۆلتر یا پەیژەیەکی ناوماڵی بەکار بهێنایە دەکەوت ؟
لە پاکەتی هەمو دەرمانێکدا کاغەزێک هەیە کە هەمو کارلێکە نەخوازراوە لاوەکیەکانی دەرمانەکەی تێدا چاپکراوە، هەر نەخۆشێک زۆر هەستیار و ترساو و بەگومان بێت لە دەرمان ئەگەر بە وردی هەمو ئەو کارلێکە خراپانە بخوێنێتەوە ئەوا بە ئەگەرێکی زۆر کە دەرمانەکەی خوارد بە هۆی کارلێکی نۆسیبۆییەوە هەست بە هەندێ لەو کارلێکە خراپانە دەکات و کارلێکە باشەکانی دەرمانەکەی لە بیردەچێتەوە و ئەگەری هەیە ئیتردەرمانەکە نەخوات.
مەخابن ئیمڕۆ لە کوردستاندا باوەڕبونی تەواو بە بیروڕای پوچ و بێبنەما و نازانستی (خەرافی) بوەتە هۆی نەخۆشیی دەرونی و جەستەیی سەدان هەزار هاوڵاتی بەتایبەتی کچان و ژنانی لاو و کەم ئەزمون و نەخوێندەوار و ناڕۆشنبیر یا تەنانەت ژنانی خاوەن بڕوانامەی بەرزی زانکۆیی، کە ئەمەیان لەم سەردەمی زیرەکیی دەستکردەدا زۆر سەیرە، سەیر!!




په‌راوێـزی سێـزده‌مینی تێـكست.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئه‌وه‌ی‮ ‬له‌ مه‌یدانی‮ ‬ئابووری‮ ‬و سیاسه‌تدا جێگیربووه‌ له‌وه‌ی‮ ‬به‌ وڵاتانی‮ ‬پێشكه‌وتوو و وڵاتانی‮ ‬دیكه‌ی‮ ‬په‌راوێـز،‮ ‬كه‌ به‌خاترانه‌‮ ‬به‌جیهانی‮ ‬سێیه‌م ناسێنرا‮ ، ‬له‌ بواری‮ ‬میدیادا زۆر به‌دیاری‮ ‬له‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌یشی‮ ‬تێپه‌ڕاندووه‌ و به‌ متمانه‌ و باوه‌ڕه‌وه‌ سه‌ری‮ ‬داوه‌كه‌ی‮ ‬به‌ده‌سته‌وه‌ گرتووه ‌و چۆنی‮ ‬بوێ وای‮ ‬هه‌ڵده‌سووڕێـنێ‮،‬ نه‌خاسمه‌ پاش ئه‌وه‌ی‮ ‬شۆڕشی‮ ‬ته‌كنه‌لۆژیای‮ ‬پێكگه‌یشتن به‌ چه‌شنێك په‌ره‌ی‮ ‬سه‌ندووه‌ و پێشده‌كه‌وێ باوه‌ڕ‮‬نه‌كرده‌‮.‬ ئێستا ویستی‮ ‬ڕۆژگار خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌واری‮ ‬له‌ بازنه‌ی‮ ‬ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌شدا ترازاندووه‌ تێیدا ده‌ژی‮.. ‬ئه‌و ئاراسته‌یه‌ش به‌رهه‌می‮ ‬شۆڕشی‮ ‬نوێی‮ ‬ته‌كنه‌لۆژیا و كه‌شوهه‌وای‮ ‬كراوه‌یی‮ ‬و نه‌مانی‮ ‬سنووره‌كانه‌،‮ ‬به‌و ئاسته‌ی‮ ‬به‌ هیچ هێزێك به‌ری‮ ‬لێناگیرێ و ئه‌وه‌ی‮ ‬زیاتر و سه‌رنجڕاكێشتر و خێراتریشه‌ له‌ پاشتره‌‮.‬ به‌و ڕه‌نگه‌ لۆژیـكی‮ ‬لێ شاردنه‌وه‌ و سه‌ركوتكردن ئیتر باوی‮ ‬نه‌ماوه ‌و به‌سه‌رچووه‌‮..‬ ده‌بێ خۆشی‮ ‬بێ ترشی‮ ‬بێ،‮ ‬یا جێگا بۆ ئه‌و ئاهه‌نگه‌ نوێیه‌ چۆل بكا،‮ ‬یاخود هه‌وڵێـكی‮ ‬جددی‮ ‬بدا ئه‌و لیاقه‌ته‌ په‌یدا بكا كه‌ پێ به‌پێ له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وته‌دا بێته‌وه‌ و بڕوا و ئاسۆیه‌ك بۆ خۆی له‌به‌ر چاو بگرێ‮ له‌و په‌یامه‌ی كۆششی بۆ كردووه‌ هه‌وڵ بدا دانه‌بڕێ و نه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی قازانج سه‌ری مایه‌ بخوا .‬ ئه‌مڕۆ میدیا وه‌ك ده‌بینین ده‌ستی‮ ‬گه‌ییوه‌ته‌ زۆربه‌ی‮ ‬مه‌یدانه‌كانی‮ ‬ژیان و له‌ ڕیزی‮ ‬پێشه‌وه‌ی‮ ‬به‌شدارانی‮ ‬پێكهێنانی‮ ڕای‮ ‬گشتی‮ ‬و ڕه‌نگڕشتنی‮ ‬كولتووره‌؛ له‌مه‌شدا ئه‌گه‌ر بگونجێ بڵێین كارگه‌كانی‮ ‬به‌رهه‌مهێنان،‮ ‬ڕه‌نگی‮ ‬ئه‌و شه‌به‌نگه‌ دیاری‮ ‬ده‌كه‌ن و دونیای‮ ‬به‌كاربردنیشی‮ ‬ناچاره‌ تیشكه‌ شكاوه‌كان وه‌ربگرێته‌وه ‌و ده‌قه‌به‌ری‮ ‬واقیعی‮ ‬خۆی‮ ‬بكاته‌وه‌،‮ ‬كه‌ زۆربه‌ی‮ ‬جار نه‌ك هه‌ر باڵانوێن نـین‌،‮ ‬به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یشن‌ تێیدا ون ده‌بـین‮.‬ له‌م كاودانه‌دا دوو دیمه‌نی‮ ‬جیاوازمان دێته ‌پێش،‮ ‬به‌رهه‌مهێن و به‌كاربه‌ر،‮ ‬كه‌ دوو باری ‮ ‬لێك جودا پێك ده‌هێنن،‮ ‬به‌رهه‌مهێن وه‌ك بنكه‌یه‌كی‮ ‬ئاراسته‌كردن و به‌كاربه‌ریش وه‌ك وه‌رگر كه‌ له‌ پاشكۆبوونی‮ ‬زیاتر پێ ناكرێ،‮ ‬ئه‌مه‌ش نهێنییه‌ك نییه‌ تازه‌ ئاشكرا بووبێ،‮ ‬به‌ڵكو ئاكامی‮ ‬هه‌موو ئه‌و ڕواڵه‌ته‌ دواكه‌وتووانه‌یه‌ دونیای‮ ‬دواكه‌وتووی‮ (‬جیهانی‮ ‬سێیه‌می‮) ‬تێكه‌وتووه‌‮.‬ له‌ هه‌لومه‌رجێكی‮ ‬به‌رهه‌ستیی‮ ‬وه‌ك ئه‌مڕۆ كه‌ دواڕۆژی‮ ‬كێشه‌كه‌مان له‌ دووڕیانێكی‮ ‬له‌تركزه‌دایه‌،‮ ‬وه‌كو كورد و نیشتمانه‌كه‌ی، له‌ كڵاوڕۆژنه‌ی‮ ‬كام جیهانبینیه‌وه‌ ڕێ هه‌ڵگرین و چ بكه‌ین ئه‌گه‌ر وه‌ك به‌كاربه‌ری‮ ‬به‌رهه‌می‮ ‬به‌رهه‌مهێنیش بین؟ چۆن ببین به‌ كاربه‌رێكی‮ ‬كارامه ‌و لێزان و له‌ نهێنییه‌كان بگه‌ین و‮ ‬لانی‮ ‬كه‌م و هه‌ر چی‮ ‬نه‌بێ پشكداری‮ ‬له‌ پێكه‌وه‌نانی‮ ئایینده‌ی‮ ‬خۆمان بكه‌ین و هه‌وڵ بده‌ین بگه‌ینه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‮ ئیتر له‌ بنبه‌ستی‮ ‬میدیای‮ ‬ده‌وروبه‌رمان،‮ ‬به‌ تایبه‌تیش میدیای‮ ‬به‌بنبه‌ست گه‌یشتوو و داخراوی‮ ‬عه‌ره‌بی‮ ‬بترازێـین و به‌گوڕ و تینێـكی‮ ‬تر سوود له‌و هه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌ وه‌ربگرین و به‌ردی‮ ‬بناغه‌ی‮ ‬شۆڕشێكی‮ ‬كولتووری‮ ڕابگه‌یه‌نین و هه‌موومانی‮ ‬تێیدا به‌شدار بین‮.‬ ڕه‌نگه‌ سه‌یر بێته‌ به‌رچاو ئه‌گه‌ر بڵێین ئێمه‌ش ده‌توانین،‮ ‬ئه‌گه‌ر له‌ حه‌قیقه‌تی‮ ‬هاوكێشه‌كان بگه‌ین ببینین ‌لایه‌نی‮ ‬به‌رهه‌مهێن ڕووی له‌ خه‌ڵكی وه‌ك ئێمه‌یه‌ ‬له‌ حاڵێكدا وڵاتی‮ ‬ئێمه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی‮ ‬هه‌ڵایساودا هه‌ڵكه‌وتووه‌ و له‌و ساڵ و زه‌مانانه‌ش‮ ‬هه‌روا ده‌مێنێته‌وه‌‮.‬ به‌نموونه‌(دامه‌زراندنی‮ ‬ئاژانسێكی‮ ‬تایبه‌ت به‌ خۆمان‮ ‬بۆ ده‌نگوباس)،‮ ‬له‌وانه‌یه‌‮ ‬یه‌كێك بێ له‌و ده‌زگا به‌رهه‌مهێنانه‌،‮ ‬ته‌نانه‌ت بۆ میدیای‮ ‬پێشكه‌وتووی‮ ‬جیهانیش‮.‬ له‌سه‌رێكی‮ ‬تره‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ین میدیای‮ ‬كوردی‮ ‬له‌مه‌ودای‮ ‬به‌رته‌سكی‮ ‬ئێستای‮ ‬ده‌ربچێ و به‌سوود وه‌رگرتن له‌ ده‌رهاورده‌كانی‮ ‬ته‌كنه‌لۆژیای‮ ‬پێشكه‌وتوو و مامه‌ڵه‌كردنی‮ ‬بابه‌تیانه‌ی دوور له‌ (شۆ) له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانی‮ ‬ناوخۆ و پشتگوێ نه‌خستنی‮ ‬ڕووداوه‌كانی‮ ‬جیهان و دروست كردنی‮ ‬كه‌شوهه‌وایه‌كی‮ ‬ئازادتر به‌ ڕووكاری‮ ‬چاره‌سه‌ركردنی‮ ‬بابه‌تیانه‌ی‮ ‬هه‌واڵ و ده‌رهاورده‌كانی كه‌ ‬به‌رامبه‌ر ڕابكێشێ و وێنه‌ی‮ ‬ستراتیژیه‌تێكی‮ ‬به‌ فه‌رهه‌نگ و ئاراسته‌گر و دواڕۆژێكی‮ ‬گه‌ش بۆ میدیا و ته‌نانه‌ت كولتووری‮ ‬كوردی‮ ‬به‌ گشتی‮ ‬بكـێشی،‮ ‬كه‌ دیاره‌ له‌ پاڵ هێزی به‌هێزی په‌روه‌رده‌ و خوێندن كۆڵه‌كه‌یه‌كی‮ پته‌و له‌ بنیاتنانه‌وه‌ و دروست كردنی‮ ‬مرۆڤی‮ ‬كورد پێك دێـنن‮.‬ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی‮ ‬به‌رهه‌مهێنان له‌به‌كاربردنی‮ ڕووت تێنه‌په‌ڕێ،‮ ‬هه‌موو ده‌زگاكانی‮ ‬میدیای‮ ‬كوردی‮ ‬له‌ جێوه‌ڕێی‮(مراوحة‌) و لاسایی كردنه‌وه‌ی لاساییكاران ‬ناترازێنن.‬ ‮دیاره‌ جێوه‌ڕێیش ڕوه‌تێكی‮ ‬هه‌ره‌ دیار‌ی‮ ‬سیماكانی‮ ‬به‌رهه‌مهێنانی‮ ‬دواكه‌وتنه ‌و هیچی‮ ‬تر‮.‬ له‌م ڕاسته‌شدا میدایای كوردی كه‌ به‌ په‌یام و بۆ په‌یام ده‌ستی پێ كرد ، وه‌ك ئێستا كه‌ به‌ر ته‌وژمه‌كه‌ كه‌وتووه‌ هه‌روا له‌ سێبه‌ری ( میدیای بزنس و ڕیكلام)دا ده‌مێنێته‌وه‌ و ته‌كنیكی (شۆئامێز)ی لی نابێته‌وه‌..




بۆ ئەوەی جارێكی دیكە جینۆساید نەكرێینەوە.. کۆمەڵێک رێکخراوەی دژە جەنۆساید

ئەمڕۆ پێنج شەمە 17-7 بەشێك لە رێكخراوەكانی جینۆساید , لە شارەكانی هەولێر, سلێمانی, هەڵەبجە, رزگاری , چەمچەماڵ بە بۆنەی رۆژی دادپەروەری تاوانكاری جیهانی گردبوونەوەو كۆنفرانسی رۆژنامەنووسیمان ئەنجامدا , كۆمەڵَ داواكاریمان خستە بەردەم رایگشتی كوردستانی و عێراقی . دەقی بەیاننامەكەمان ئەمەی خوارەوەیە:

لە یادی 27 ساڵەی دادپەروەری تاوانكاری جیهانیدا

پەیماننامەی ڕۆما كە 27 ساڵ لەمەوپێش و لە 17-7-1998 بریاری لەسەر دراوە, تا ئێستا چەندین جار هەمواركراوەتەوە و 23 ساڵ لەمەوپێش و لە یەكی یۆلی 2002 ەوە دەستی بەكار كردووە, لە ئێستادا 124 وڵات پەسندی پەیمانامەكە و دادگاكەیان كردووەو هەنووكە ئەندامن تیایدا، هەروەها 139 وڵات واژۆیان لەسەر كردووە.
عێراق لە بەرواری 15-2-2005 بەو ڕێككەوتنەوە پەیوەست بووە، بەڵام بێ هیچ ڕوونكردنەوەیەك دوای دوو هەفتە پاشەكشەی لێكردووە.
23 ساڵە ئەم دادگایە بەهەموو كەموكوڕیەكان و ئەو رەخنانەی لێی گیراوە بۆتە بەربەستێك تا رادەیەك هەستپێكراو لەبەردەم ئەنجامدانی تاوانە زەقەكان” تاوانەكانی جینۆساید, تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و عدوان” و تا رادەیەك كەمكردنەوەیان, لەم پێناوەدا ئێمە زیاتر لە 20 ساڵە بێ پسانەوە كار بۆ بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی دەكەین.
لە یادی 27 ساڵەی بڕیاری پێكهێنانی دادگاكەو 23 ساڵەی دەست بەكار بونی ئەو دادگایە و رۆژی دادپەروەری تاوانی جیهانی, وەك گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە, لە هەموو گەلانی دیكە زیاتر پێویستمان بە دادگایەكی جیهانی لەم چەشنە هەیە, بەهۆی ئەو تاوانانەی لە رابردوو بەرامبەرمان كراون, بۆیە داواكارین:

  • عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و بە زووترین كات پەیوەست بوونی خۆی بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی رابگەیەنێت, بۆ ئەوەی دڵنەواییمان بداتێ عێراقی ئەمڕۆ و ئایندە جیایە لە عێراقی تاوان و جینۆسایدی پێشوو, بۆ ئەم مەبەستە پێویستە پەرلەمانی عێراق بە رۆڵی خۆی هەڵبستێت.
  • حكومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق فشار بخەنە سەر حكومەتی كوردستان 258 تۆمەتباری ئەنفال وەك تاوانبار سەیر بكەن و دادگایی بكرێن.
  • حكومەتی عێراقی هەموو ئەوانەی وەك تۆمەتبار ناویان لە كەیسەكانی جینۆسایدی خەڵكی كوردستان هاتووە دادگایی بكات.
  • حكومەتی عێراقی قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی رژێمی پێشوو بكاتەوە بێ جیاوازی, لە داوای لێبوردن كردن لێیان و قەرەبووی مادییان تا گەڕانەوەی روفاتی ئازیزانیان.
  • حكومەتی عێراقی پێشوازی لە هیچ كەسێك نەكات لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داواكراو بێت, یان گومان لێكراوبێت لە ئەنجامدان و بەشداریكردن لەو تاوانانەی لە تایبەتمەندی دادگای ناوبراوە.
  • پەلە بكرێت لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و هێنانەوەی روفاتی قوربانیان و ئەنجامدانی پشكنین بۆ ناسینەوەیان.
  • قەرەبووی مادی و مەعنەوەی قوربانیانی تاوانەكانی جینۆساید, تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگ لە عێرقدا بكرێتەوەو تاوانباران لە سزا رزگاریان نەبێت.

– دادگای باڵای تاوانەكان عێراق چالاك بكرێتەوە, تاوانبارانی جینۆساید بێ جیاوازی هەموو دادگایی بكرێن و لە سزا رزگاریان نەبێت.

  • -تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
    -كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیاوی هەڵەبجە
  • چاودێری كوردۆساید-چاك
    -تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
    -رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
    -رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
    -رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی- WWW
    -هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
    -گۆڤاری تۆبزاوە
    -رۆژنامەی نگرە سەلمان
    – رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
    -رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- Kwg

17-7-2025




گەڕان و سۆراخ و شەقامەکانی عەقاریی و پرسیار و قاوەخانەی ڕەیحانە و من و هەموو شتێ ، بە بێ تۆ.. نەوزاد بەندی

( ئەوانەی کە تەنانەت نزاکانیشیان تەنها بۆ خۆشبەختیی خۆیانە، بە بێکەسیی ئەمێننەوە )

من کە لەسەرتاپای ژیانما بە دوای هیچا نەگەڕاوم ، بەوەی بە دوای تۆدا گەڕام ..پێم سەیر بوو ..!
لەو دنیایەی وەک سینییەک هەموو شتێکی تیا دیارە و
هیچ ون نابێ ، بەوەی تۆ هەر وون بووی لەلام ..پێم سەیر بوو ..!
من ، وەک مرۆڤێکی مام ناوەندیی ،
ئەوانەی لە ماڵ چوونە دەر
ئینتەرنێتیان پێ نامێنێ..
تۆ ، وەک مەتەڵخوانێکی کۆن ،
ووتت هەر ڕەیحانە و تەواو ..
گرنگ نییە لە هۆڵندا بی یان پاریس ..
تۆ هەفتەیەک کەناری بی و
ئەو قەفەزێکی ژەنگاویی ..
ئەو هەفتەیەک قەلەڕەش بێ و
تۆ قەفەزێکی سیحراویی ..
گرنگ نییە ..
نەهاتبووم دەرگایەک ئاوەڵا بێت و ..
قۆرییەک چا دەمکرێ بۆم ..
من هاتبووم ،
ڕاستێکەی ڕامکرد بوو لە خۆم ..!
وەک برینێ پێش سی و هەشت ساڵ ،
لە پزیشکێ هەڵهاتبێ ..
ژیان و مردن بووم پێکەوە ..
وەک تاکێ پۆستاڵی ڕەشی
ڕۆمانیی ، پێش دەیەها ساڵ ..
نازانم چۆن خۆم هەڵنەدایە ناو زبڵی حیزبێکەوە؟!
پیاوێکی ڕەینکوت لەبەری ،
پانتۆڵ خوری ، پێڵاو مۆدێلی ئیتاڵیی .. ملپێچێکی مام ناوەندیی وەک ئەوانەی لە ماڵ دەرچوون، مۆبایلەکەیان بیر چووە یان جزدانە ..
ئێستا چۆن لەو جەنگەڵەدا ،
ئەگەڕێم لە دوای زەنگیانە ؟ ..
ڕاستێکەی من نەهاتبووم
تۆ بدۆزمەوە و بمبینی ..
ئەوەندەی تینوی چاوشارکێی حەفتاکان بووم ..
حەزم ئەکرد بە کۆڵانێکا بگەڕێم ،
باهیچیش نەدۆزمەوە ..
بۆ چەند سەعاتێ، مناڵیی و کارێزی وەستاشەریف و
عەتا و ئاژێنی عەلی بەگ هاتنەوە لام ..
لە پڕا وون ئەبوونەوە و
هەم بە دوایانا ئەگەڕام ..
من ئەمزانی تۆ خەونت بە شاعیرێکی باڵابەرزی وەجاخزادەی وەک ئۆسکار وایڵدەوە ئەدی ..
لە ئوتومبیلێکی بوگاتی دابەزێت و ..
لە نهۆمی پەنجا و چواری تاوەرێکا،
پێت بڵێ فەرموو ..وەرە ژوور ..
من ئەمزانی وەک دارتوویەکی پەککەوتە ئەتبینیم و ..
تووی شیعرت ئەچنیەوە ..
ئەتویست وەک حەبیبە لە دوورەوە خۆت نەمر کەی،
تاوێ نەچیتە بنیەوە ..
بێ ئاگا بووی لەوەی منیش
وەک ڕاوچییەکی بێ هیوا،
داوێ هەڵباتە ناو دەریا ..
تۆم هەڵئەدا ، تا ڕۆژانی زانکۆ و
یادی پێش چل ساڵت پێ ڕاو بکەم ..
تا شیرینت پێ بانگ بکەم ..
( شیرین بە دوو چاوی سەوز و ..
دوو گۆنای خڕ و گەشەوە ..
بە جوانترین جل و بەرگ و
سەرسامترین ئەندامی جوانی
لەشەوە ..
هەموو ڕۆژێ لە ڕێگاکەمدا ئەوەستا ..
لە دنیای پڕ سۆز هەستا ..
چاوەڕوانی منی ئەکرد ..
هەموو ڕۆژێ
شیرین بە ماشێنێکی شیک
چاوەڕوانی منی ئەکرد
منی هەژار ..
منی تاریک ..
نا ..شیرین ..نا …..)٭
ئەوەیش تەنها خولیایەکی سارد و سڕ بوو ..
درەختی تینوو فێنکایی لە کوێ بێنێ ؟
هەوری ئاسمانی ئەم شارە ،
تەمی خەم و
دوکەڵی جگەرە و ترسی خەڵکەکەیە ،
بەفر و باران بۆ ئاوایی لە کوێ بێنێ ؟ ..
ئیتر بە دواتا ناگەڕێم ..

چونکە چیتر هیچم پێ نادۆزێتەوە ..
وەرەوە ماڵی باپیرت ..
جۆرێ وون بووم ،
وەک مردنی کەسێکی مام ناوەندیی وام ،
کەسم پێ کۆناکرێتەوە ..

شتی تریش

٭ ئەوەی ناو کەوانەکە ، شیعرێکی پێش 43 ساڵە، بەناوی ــشیرین ــ لە ژمارە 40 ی گۆڤاری کارواندا بڵاوم کردەوە ساڵی 1984 ئەو کاتە تەلەبەی پۆلی یەکەمی کۆلێژی زانست بووم لە زانکۆی موسڵ




بارین.. ستار ئەحمەد

میوانی شیعرم ده‌ستی هه‌ڵبڕی
په‌نجه‌ی خسته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵێك زامم
هێنده‌ تاوتوێی ئه‌ندیشه‌می كرد
نه‌یزانی گڵكۆی هیچی ئه‌نجامم

وه‌ك داری پاییز شه‌وان ده‌له‌رزم
گه‌ڵام ده‌بارێت به‌سه‌ر باڵاما
ئاسمان فرمێسكی خوێنین رۆده‌كا
به‌سه‌ر ئه‌سرینی خۆری ئاڵاما

هه‌تا وشه‌یه‌ك ده‌كه‌مه‌ ڕسته‌
دیوانێك به‌دێڕ خۆی ده‌خنكێنێ
ئه‌لبومێك نییه‌ وێنه‌م هه‌ڵگرێ
پێمه‌رده‌ی ناخم گیانم ده‌ردێنێ

پێ مه‌نێ به‌سه‌ر كۆرپه‌له‌ی هه‌ستما
شه‌هیدی تیغی چوار پارچه‌ی خاچم
جه‌سته‌م لێره‌یه‌و رۆحم له‌دۆزه‌خ
له‌تیله‌ی مه‌رگی حه‌سره‌ت ده‌رناچم

ته‌مه‌نی عه‌شقم چه‌ندین پاییزه‌
هه‌تا بگه‌مه‌ سه‌ر چرۆی مه‌زرات
له‌گۆشه‌ی په‌ڕه‌ی مه‌ینه‌تا ژاكام
په‌ری هۆنراوه‌م یه‌كجارێك نه‌هات

ستار ئەحمەد




وەسیەت نامە.. شیعری وحشی بافقی.. وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری

ڕۆژی مەرگم….
هەر کەسێ کەشیوەنی کرد لەدەورووبەرم
دوری بکەنەوە
هەمویان مەست و وێران مەی ئەنگور بکەن
کرێی مردو شۆرەکەم با تێر لە مەی نۆشین بێت
مەست مەست و بار پەرێشان بێت
ڕێ مەدەن بۆ مەزارم بێت واعیز
پیری مەیخانە با بخوێنێت غەزەلێکی حافز
لە جێ تەڵقین لەسەرووی سەرمدا دەف لێبدەن
فریشتەم با سەما بکا
جوملەی خەڵکی چەپڵە لێبدەن
ڕۆژی مەرگم ….
لە میانی سینەم درزێک بترازێنن
لە نێو دڵمدا تەنها
یەک لقی دار بڕوێنن
لەسەر گۆڕم
بنووسن وەفادار ڕۆیی!
ئەو هەناو سوتاووە
ماندوە ،
لەم دارە
ڕۆی

شیعری وحشی بافقی
وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری