لۆڕێنس کۆلبێرگ و تیۆری گەشەپێدانی مۆڕاڵ.. جوتیار

پێشەکی
توانای حوکمدانی ئەخلاقی و تێگەیشتن لە بنەما ئەخلاقییەکان تایبەتمەندییەکی سێنترالی ئیسدلالکردنی مرۆڤە. بۆ باشتر تێگەیشتن لە پرۆسەی گەشەسەندنی ئەم ئیستدلالە ئەخلاقییە، دەروونناسەکان تیۆری جۆراوجۆریان پەرەپێداوە. یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین ڕێبازەکان لە (لۆڕێنس کۆلبێرگ)ەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو تیۆرە، باس لەوە دەکات کە چۆن حوکمدانی ئەخلاقی لە قۆناغە یەک لە دوا یەکەکاندا بە درێژایی ژیان گەشە دەکات، مۆدێلی کۆلبێرگ نەک هەر تێڕوانینێکی قووڵ لە پێگەیشتنی مەعریفی مرۆڤ پێشکەش دەکات بەڵکو کاریگەریی پراکتیکی لەسەر پەروەردە و نۆرمە کۆمەڵایەتیەکانیش هەیە.ئەو ئەوە نیشان دەدات کە مۆڕاڵ دۆخێکی ئیستاتیک نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی دینامیکییە کە ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان و گەشەسەندنی مەعریفی لێیەوە فۆڕم دەگرێت.
پرسیاری چۆنیەتی حوکمدانی مۆڕاڵی مرۆڤەکان و پەرەپێدانی بیروباوەڕی مۆڕاڵی خۆیان، بۆ چەندین سەدە، فەیلەسوف و دەروونناس و پەروەردەکارانی سەرقاڵ کردووە. لۆڕێنس کۆلبێرگ بەشدارییەکی بەرچاوی لە دەروونناسی مۆدێرن کرد بە تیۆری گەشەسەندنی مؤڕاڵی بە دابەشکردنی پرۆسەی گەشەکردن بەسەر قۆناغە ڕوون و پێکهاتەدارەکاندا. کارەکانی لەسەر تیۆرییە مەعریفیەکانی( ژان پیاژێت) بنیات دەنرێت، بەڵام بە پشکنینی وردی پێکهاتنی حوکمدانی ئەخلاقی لە ماوەی ڕەوتی ژیانیدا فراوانیان دەکات. تێگەیشتن لەم تیۆرییە نەک تەنها بۆ زانست بەڵکو بۆ داڕشتنی مێتۆدە پەروەردەییەکان و شێواز و نۆرمە کۆمەڵایەتیەکانیش پەیوەندیدارە.

پاشخان و کەسێتی
لۆڕێنس کۆلبێرگ (١٩٢٧-١٩٨٧) دەروونناسێکی ئەمریکی بوو کە لە زانکۆی هارڤارد توێژینەوەکانی ئەنجامدا و دواتر لە زانکۆی شیکاگۆ وەکوو وانەبێژ لە ئەرکدا بوو. بەرژەوەندی و خولیای سەرەکی ئەو پەیوەندی نێوان گەشەسەندنی مەعریفی و حوکمدانی مۆڕاڵی بوو. کۆلبێرگ لەسەر بنەمای کارەکانی (ژان پیاژێت)، بەتایبەتی تیۆری گەشەکردنی مەعریفی لە منداڵاندا، تیۆری تایبەتی خۆی پەرەپێدا کە پرۆسەی ئیستدلالکردنی مۆڕاڵ (ئەخلاق) بەسەر قۆناغەکاندا دابەش دەکات.
میتۆدۆلۆژیای کۆڵبێرگ بریتی بوو لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ هەرزەکار و گەورەکان کە تێیدا داوایان لێکرابوو دیلێماکانی (دووڕیانەکانی ) دووفاقیەتی بیرکردنەوەی ئەخلاقی چارەسەر بکەن، کە ناسراوترینیان ئەو نمونەیە کە پێی دەوترێت (دووڕیانی هاینز)* کە پەیوەندی بەو پرسیارەوە هەیە کە ئایا (مرۆڤێک دەکرێت دەرمانێک لە دەرمانخانەیەک بدزێت کە ژیانی کەسێک لە مەرگ ڕزگار دەکات)؟ . بە شیکردنەوەی هۆکارو ئەو دەرئەنجامانەی کە لە ڕێگای گفتوگۆو چاوپێکەوتنەکاندا بە دەستی هێنان ، کۆلبێرگ توانی دەرەنجامەکان سەبارەت بە قۆناغەکانی گەشەکردنی هەریەکەیان دەستبهێنێت.

گریمانە بنەڕەتییەکانی تیۆری مۆڕاڵ
مۆدێلی کۆلبێرگ لەسەر چەند گریمانەیەکی سێنتڕاڵ دامەزراوە کە بریتین لەوانە:
بنەمای پێکهاتەی قۆناغەکان: ئیستدلالکردنی ئەخلاقی لە قۆناغە جیاوازەکاندا گەشە دەکات، هەر قۆناغێک لە ڕووی چۆنایەتییەوە جیاوازە لە قۆناغی پێشووتری.
ڕەوایەتی گشتگیر: قۆناغەکان لە بنەڕەتدا هەموو مرۆڤەکان دەگرێتەوە بەبێ گوێدانە کولتوور یان پاشخانی کۆمەڵایەتی.
گەشەسەندنی پێشکەوتنخوازانە: مرۆڤەکان بە ڕیزبەندییەکی جێگیردا بە قۆناغەکاندا دەڕۆن؛ پاشەکشە تێیایدا دەگمەنە.
گۆڕانکارییە پاڵنەرەکان: پاڵنەرەکانی پشت کردەوەی ئەخلاقی لەگەڵ زیادبوونی پێگەیشتن دەگۆڕێت، لە بەرژەوەندی خۆتەوە بۆ بنەما گشتگیرەکان.

ئاست و قۆناغەکانی گەشەکردنی مۆڕاڵ لە دیدگای کؤڵبێرگەوە
ئاستی بەر لە نەریتەکان (قۆناغەکانی 1 و 2) -Pre-conventional Level .1
ئەم ئاستە تایبەتە بۆ منداڵان تا تەمەنی نزیکەی ٩ ساڵ، بەڵام دەتوانێت لە گەورەکانیشدا لە هەندێک بارودۆخدا ڕووبدات.
قۆناغی یەکەم: گوێڕایەڵی و سزادان
ڕەفتار لە ترسی سزادان خۆی دەنوێنێت، منداڵ دان بە ‌هەڵسوکەوتەکانیدا دەگرێت و وا بەرخورد دەکات بۆ ئەوەی سزا نەدرێت. حوکمدانی ئەخلاقی لەسەر بنەمای دەرئەنجامە دەستبەجێیەکان دامەزراوە.( من دزی ناکەم، چونکە دەزانم ئاکامەکەی سزادانە)
قۆناغی دووەم: بەرژەوەندی خود
لێرەدا بەدواداچوون یان بیرکردنەوە بۆ سوودی کەسی لە پێش هەموو شتێکەوەیە، بڕیارەکان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی کەسی “چی تێدایە بۆ من؟”). هێشتا تێگەیشتنێک لە ڕێسا کۆمەڵایەتی و دادپەروەرییەکاندا نییە.
ئاستی ئاسایی (قۆناغەکانی 3 و 4) -Conventional Level .2
ئەم ئاستە زۆرجار لە هەرزەکاراندا ڕوودەدات بەڵام دەتوانێت لە گەورەکانیشدا بەردەوام بێت.

قۆناغی سێیەم: ناساندنی کۆمەڵایەتی

ڕەفتاری ئەخلاقی بەهۆی ئارەزووی حەزکردن یان ڕێزگرتن لەلایەن کەسانی دیکەوە پاڵنەرە (“قۆناغی کوڕی باش/کچی باش”). گرنگی بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و خواستی قبوڵکردن دەدرێت.

قۆناغی چوارەم: یاسا و ڕێسا
مرۆڤەکان ئاشنان بە گرنگیی نەزمە کۆمەڵایەتیەکان. ڕەفتاری ئەخلاقی پێکدێت لە پابەندبوون بە یاساکان و جێبەجێکردنی ئەرکەکان. لێرەدا سیستەمی یاسایی وەک بناغەی دادپەروەری سەیر دەکرێت
ئاستی دوای نەریتەکان (قۆناغەکانی 5 و 6) -Post-conventional Level .3
ئەم ئاستە بە شێوە گشتیەکەی هەموو کەسێک ناتوانێت پیی بگات؛ پێویستی بە ئاستێکی بەرزی پێگەیشتنی مەعریفی هەیە.

قۆناغی پێنجەم: گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان
لێرەوە دەستپێدەکات کە تێگەیشتن لەوەی یاساکان بنیاتێکی کۆمەڵایەتین کە دەتوانرێت بگۆڕدرێن. ئەخلاق لەسەر بنەماکانی وەک دادپەروەری و یەکسانی دامەزراوە؛ مافەکانی تاک لە پێش یاسا توندو دژوارەکانەوەن .

قۆناغی شەشەم: بنەما ئەخلاقییە گشتگیرەکان
ڕەفتاری ئەخلاقی بە بنەما ئەبستراکتەکانی وەک کەرامەتی مرۆڤ، دادپەروەری و یەکسانی ڕێنمایی دەکرێت. ئەم بنەمایانە دەتوانن یاساکان تێپەڕێنن؛ بڕیارەکان لەسەر بنەمای بیروباوەڕی ناوەوە و بەها گشتگیرەکانن.
مۆدێلی کۆلبێرگو کاریگەریە دوورمەوداکانی لەسەر پەروەردەو کۆمەڵگا:
جەخت لەسەر گرنگی پێگەیشتنی مەعریفی دەکاتەوە بۆ فێربوونی مۆڕاڵ و ئەوە پیشان دەدات کە دەتوانرێت پەروەردەی ئەخلاقی لە ڕێگەی گفتوگۆکردن سەبارەت بە دیلێماکان (دووڕیانەکان)ەوە بەرەوپێش بچێت و کاریگەری لەسەر چەمکە پێداگۆژییەکانی وەک “فێربوونی بونیادی” لە وانەکانی مۆڕاڵدا هەبێت.
مۆدێلی گەشەسەندنی ئەخلاقی کۆلبێرگ کاریگەرییەکی دوور مەودای لەسەر پراکتیکی پەروەردەیی و تێگەیشتنی کۆمەڵگا لە مۆڕاڵ هەیە. جەخت لەسەر ڕۆڵی ناوەندی پێگەیشتنی مەعریفی لە حوکمدانی مۆڕاڵیدا دەکاتەوە و پێشنیاری ئەوە دەکات کە فێربوونی ئەخلاقی دەتوانرێت لە ڕێگەی گفتوگۆی بەمەبەست سەبارەت بە دیلێماکان (دووڕیانەکان)وە بەرەوپێش بچێت. ئەم تێڕوانینە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پەرەپێدانی وانەکانی پەیوەست بە مۆڕاڵ هەبووە، بەتایبەتی لەناو ڕێبازی فێربوونی بونیادگەراییدا، کە هانی خوێندکاران دەدات لە ڕێگەی بەشداریکردنی چالاکانە لەگەڵ پرسیارە ئەخلاقییەکان پەرە بە حوکمدانەکانیان بدەن.
ئەمەش بە کردەوە بەو مانایەیە کە چەمکە پەروەردەییەکان دەبێ ئامانجیان بەرەوپێشبردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و ڕەنگدانەوەی ئەخلاقی بێت. باسکردنی دیلێماکان ( دووڕیانەکان ) ڕێگە بە فێرخوازان دەدات فێری دیدگای جیاواز بن و بەهاکانی خۆیان بخەنە ژێر پرسیارەوە، جگە لەوەش ڕێبازی کۆلبێرگ گرنگی پەروەردەی ئەخلاقی لە دامەزراوەکانی وەک خوێندنگاو و زانکۆ و پەروەردەی گەورەساڵاندا خستۆتە ڕوو.

لایەنی ڕەخنەیی و مشتومڕەکان
سەرەڕای بەشدارییە بەرچاوەکانی، بەڵام تیۆری کۆلبێرگ بێ ڕەخنە نەبووە، ناڕەزایەتییە سەرەکییەکان پەیوەندییان بە لایەنگری کولتووری، تایبەتمەندی ڕەگەزی و پشتگوێخستنی هۆکارە سۆزدارییەکانەوە هەیە.

لایەنگری کولتووری
ڕەخنەگران دەڵێن مۆدێلی کۆلبێرگ بە پلەی یەکەم ڕەنگدانەوەی بەها ڕۆژئاواییەکان و(ئیندیڤدوالیزم) تاکگەراییە. لەسەرگریمانەیەکی گشتگیر دامەزراوە کە هەموو مرۆڤەکان لە قۆناغەکانی گەشەکردنی مۆڕاڵیدا بە شێوەیەکی هاوشێوە پێشدەکەون. بەڵام ئەو کولتوورانەی کە بەهای بەکۆمەڵگەرایییان هەیە، بۆ نموونە لە ئاسیا یان ئەفریقا، ڕەنگە ڕێڕەوی گەشەسەندنی جیاواز پیشان بدەن، کە تێیدا هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتی و ئاراستەکردنی کۆمەڵایەتی بەهێزتر لە بنەما تاکەکەسییەکانی دادپەروەری جەختیان لەسەر دەکرێتەوە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە لەم جۆرە کولتوورانەدا زۆرجار حوکمەکانی مۆڕاڵ زیاتر لەسەر بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کەمتر لەسەر بنەمای ئەبستراکت دامەزراون.

تایبەتمەندی ڕەگەز
کارۆل گیلیان دەروونناس و پەروەردەکاری ئەمریکی بە توندی ڕەخنەی لە مۆدێلی کۆلبێرگ گرت کە لایەنگری دیدگای پیاوسالاریە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ژنان مەیلیان هەیە ئاراستەیەکی زیندووی پەروەردەکردن پیشان بدەن، لە کاتێکدا گرنگیدانی کۆلبێرگ لەسەر دادپەروەریە کەچی بنەماکانی دادپەروەری لەگەڵ چەمکە ئەخلاقییەکانی مێینەدا نایەکانگیرە. گیلیان جەختی لەسەر گرنگی پەروەردەکردن و پەیوەندییە کەسییەکان کردەوە وەک توخمە سێنتڕاڵیەکانی گەشەسەندنی ئەخلاقی، لایەنگەلێک کە لە تیۆری قۆناغی کۆلبێرگدا بە شێوەیەکی ناتەواو باسیان لێدەکرێت.

جەختکردنەوە لەسەر لایەنە مەعریفیەکان
دیدگایەکی دیکەی ڕەخنەیی پەیوەندی بە گرنگیدانی بەهێزی پرۆسەی مەعریفی لە گەشەسەندنی ئەخلاقیدا هەیە. زۆرێک لە زانایان پێیان وایە کە هۆکارە سۆزدارییەکانی وەک هاوسۆزی، بەزەیی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە هەمان شێوە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ڕەفتاری ئەخلاقیدا. ئەم پێکهاتە سۆزداریانە لە مۆدێلی کۆلبێرگدا بەزەحمەت لەبەرچاو دەگیرێن؛ بەڵکو وا گریمان دەکرێت کە حوکمدانی ئەخلاقی بە پلەی یەکەم بەهۆی ڕەچاوکردنی عەقڵانییەوە لە قاڵب دەدرێت.

پاشەکشە و قۆناغە هاوکاتەکان
هەرچەندە مۆدێلەکە پێشکەوتووانە دەردەکەوێت، بەڵام بەڵگە ئەزموونییەکان نیشان دەدەن کە مرۆڤەکان دەتوانن لە هەندێک بارودۆخدا پاشەکشە بکەن یان لە یەک کاتدا قۆناغی جیاواز پیشان بدەن. بۆ نموونە، کەسێک دەتوانێت لە ئاستێکی بەرزدا حوکم بدات بەڵام لە ئاستێکی نزمتردا لە بارودۆخە تایبەتەکاندا مامەڵە بکات، ڕەنگە لە ترسی دەرئەنجامەکان یان بەهۆی کاریگەرییەکانی بارودۆخەکەوە بێت.

گەشە و پێشهاتە درێژمەوداکان
توێژینەوە مۆدێرنەکان تەواوکەری ڕێبازی کۆلبێرگن بە تێکەڵکردنی پرۆسەی سۆزداری وەک هاوسۆزی، هەروەها جیاوازییە کولتوورییەکان و کاریگەری بارودۆخە ژینگەیی وسروشتیەکان، بۆ نموونە مۆدێلەکانی ئەم دواییە جەخت لەسەر گرنگی هەستە کۆمەڵایەتییەکان دەکەنەوە بۆ گەشەپێدان و بەکارهێنان و هەڵسوکەوتی مۆڕاڵی. هەروەها ململانێ فەرهەنگیەکان بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدەن کە ئیستدلالکردنی ئەخلاقی بە توندی لە ژێر کاریگەری کۆنتێکستی کولتووریدایە.
هەروەها بەشێکی ئەو ڕێبازانە پەرەیان پێدراوە بۆ دەستنیشانکردنی کاریگەری و هۆکارە بارودۆخییەکان، ڕەفتاری ئەخلاقی تەنیا دەرئەنجامی پرۆسەیەکی گەشەسەندنی هەنگاو بەهەنگاو نییە، بەڵکو پەیوەستە بە بارودۆخە تایبەتەکانی وەک فشارو هۆکاری دەرهاوێشتە جیاوازیەکانی کۆمەڵگاو نۆرمە کۆمەڵایەتیەکان.

پڕاکتیزەکردنی تیۆری مۆراڵ لە ناو چەمکە جیاوازەکاندا:
پەروەردەی ئەخلاقی: پێشخستنی ڕەنگدانەوەی ڕەخنەگرانە لەسەر دیلێماکان( دووڕیانەکان)ی ئەخلاقی لە پۆل و خوێندنگاکاندا.
ئاگایی و تێگەیشتن: تێگەیشتن لەوەی بۆچی خەڵک بە شێوەیەکی جیاواز حوکم دەدەن، بۆ نموونە لە ڕێوشوێنی دادگادا.
کاری کۆمەڵایەتی: پشتگیریکردن لە پەرەپێدانی لێهاتووییی و توانا مۆڕاڵیەکان لە چوارچێوەی فرە کولتوریدا.
ئەو چەمکانە بەهای تیۆرەکەی کۆڵبێرگ بۆ پرسە پراکتیکییەکانی کۆمەڵگا و سیستەمی پەروەردەیی نیشان دەدەن.
تیۆری گەشەسەندنی ئەخلاقی کۆلبێرگ بە چەمکسازیکردنی پێشکەوتنی ئەخلاقی وەک پرۆسەیەکی مەعریفی هانگاو بە هانگاو، بڕگەیەکی بەرچاو لە تێگەیشتن لە ئەخلاقی مرۆڤدا دیاری دەکات. ئەوە پیشان دەدات کە حوکمدانی ئەخلاقی تەنیا کاردانەوەیەکی ناهۆشمەندانەی مرۆیی یان سۆزداری نییە، بەڵکو دەرئەنجامی بەڵگەدارکردنێکی عەقڵانی و گەشەسەندووە سەبارەت بە بنەما و دادپەروەری. بەم مانایە، تیۆرەکە ڕەنگدانەوەی وەشانێکی مۆدێرنە لە بەرزبوونەوەی نەریت لە “دۆخی سروشت”ەوە بۆ “کایەی باڵاتر”ی هۆشیاری ئەخلاقی، بیرۆکەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە نەریتی فەلسەفیدا هەیە.
بەڵام هەر جەختکردنەوە لەسەر عەقڵانیەت گرژییەکی فەلسەفی سێنتڕاڵ ئاشکرا دەکات، ئایا مۆڕاڵ تەنیا لە ڕێگەی پێگەیشتنی مەعریفیەوە بەدەست دێت؟ یان لایەنە سۆزداری و پەیوەندیە کەسییەکان بە شیوەیەکی یەکسان و دادگەری بنەڕەتین بۆ کردەی مۆڕاڵی مرۆڤ؟ لێرەدایە کە ڕەخنە لە مۆدێلەکەی کۆلبێرگ دێتە پێشەوە، ئەو مەیلی ئەوەی هەیە مرۆڤەکان لە توانای حوکمدانی عەقڵانیدا بچووک بکاتەوە، گرنگی هاوسۆزی و خەمخۆری و هۆشیاری سۆزداری پشتگوێ دەخات. ئەو ڕەخنەیە جیاوازی نێوان ئەخلاقی کانتی – لەسەر بنەمای ئیمپەراتیڤی کاتگۆری (پێویستی قۆناغ) و ئەخلاقی فەزیلەتێکی زیاتر ئەرستۆییانەی بیردەخاتەوە کە کۆی مرۆڤەکان لەبەرچاو دەگرێت.
لە ڕوانگەیەکی فەلسەفیەوە ئەمە پرسیارێک لەبارەی سروشتی ژیانی شایستەوە دەوروژێنێت، ئایا تەنها لە ڕێگەی پابەندبوون بە بنەما گشتگیرەکانەوە دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت یان باشتر بڵێین لە ڕێگەی پەرەپێدانی هەڵوێستێکی هاوسۆزی بەرامبەر بە ئەوانی دیکە؟ دەتوانرێت ڕێبازی کۆلبێرگ وەک هەوڵێک بۆ یاوەریکردنی مرۆڤەکان لە ڕێگای خۆیان بۆ ئۆتۆنۆمی مۆڕاڵی سەیر بکرێت، ئۆتۆنۆمییەک (سەربەخۆیی)کە لەسەر بنەمای ڕەچاوکردنی عەقڵانییە. بەڵام ئەم ڕوانگەیە شکست دەهێنێت لەوەی کە ئەخلاقی ڕاستەقینە لە پرۆسەیەکی دیالۆگیشەوە سەرهەڵدەدات کە تێیدا پەیوەندی سۆزداری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە هەمان شێوە ڕۆڵێکی سێنتڕاڵ دەگێڕن.
لە کۆمەڵگای فرەیی ئەمڕۆدا ئەم باسە تەحەدامان دەکات، چۆن دەتوانین پەروەردەیەکی مۆڕاڵی دابڕێژین کە هەم پێگەیشتنی مەعریفی بەرەوپێش ببات و هەم هەستیاری سۆزداری بەهێزتر بکات؟ پەرەسەندنی زیاتری تیۆرییە مۆدێرنەکان ئەوە نیشان دەدات کە تێگەیشتنێکی گشتگیر لە مۆڕاڵ تەنیا کاتێک دەکرێت کە هەردوو ڕەهەندەکە، قەناعەتی عەقڵانی و پەیوەندی سۆزداری تێکەڵ بکەین. ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئەخلاق دۆخێکی ئیستاتیک نییە یان تەنیا دەرئەنجامی گەشەسەندنی مەعریفی نییە؛ بەڵکو پرۆسەیەکی زیندووە لە فێربوون و گەشەکردنی بەردەوام لە گفتوگۆ لەگەڵ خود و ئەوانی تردا.
لە کۆتاییدا، لە کاتێکدا مۆدێلەکەی کۆلبێرگ زانیارییەکی بەنرخ بۆ پراکتیکی پەروەردەیی دابین دەکات و تێگەیشتنمان لە گەشەسەندنی ئەخلاقی دەوڵەمەندتر کردووە، بەڵام لە ژێر ڕۆشنایی ڕەنگدانەوەی فەلسەفیدا پێویستە زیاتر پەرەی پێبدرێت بۆ ئەوەی دادپەروەری لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ئەخلاقی مرۆڤدا بنیاد بنێین. لە کۆتاییدا ئەخلاق تەنیا بابەتی پێشکەوتن یان لێکدانەوە عەقڵانیەکان نییە؛ دەربڕینی مرۆڤایەتی ئێمەیە بە هەموو هەمەچەشنییەکەیەوە، کە بەهۆی عەقڵ و هەست و پەیوەندییەکانەوە لە فۆڕم دراوە.

نووسینی: جوتیار
————————————–

*(دووڕیانی هاینز) باس لە پیاوێک دەکات بە ناوی هاینز کە هەوڵ دەدات دەرمانێک لە پێناو رزگارکردنی ژیانی هاوسەرە نەخۆشەکەی بدزێت کە لەسەرە مەرگە، چونکە دەرمانەکە زۆر گرانەو توانای دارایی نییە بۆی دابین بکات. دووڕیانەکە مرۆڤ دەخاتە بەردەم بیرکردنەوەو دەپرسێت، ئایا لە ڕووی ئەخلاقییەوە دزینی دەرمانەکە کارێکی دروستە یان هەڵەیە؟ ئەو دووڕیانە خزمەت بە شیکردنەوەی حوکمدان و قۆناغەکانی پێگەیشتنی ئەخلاقی لە مرۆڤەکاندا دەکات.

من سودم لە سەرچاوەکان بە زمانی ئاڵمانی وەرگرتوە لە رێگای لێکسیۆنەکانی خوێندنەوە، بەڵام ئەوانەی خوارەوە سەرچاوە ئۆرجیناڵەکانن بە زمانی ئینگلیزی.
– Kohlberg, L. (1981). Essays on Moral Development. Harper & Row.
– Turiel, E. (2002). The Development of Social Knowledge: Morality. Cambridge University Press.
– Gilligan, C. (1982). In a Different Voice : Psychological Theory and Women’s Development. Harvard University Press.
– Rest J.R., & Narvaez D. (1998). Moral Development in the Professions. Psychology Press.
– Crain W.C. (2011). Theories of Development: Concepts and Applications. Pearson Education.
– Walker L.J., & Frimer J.A., et al., (2012). “Moral development and education.” In Handbook of Moral Behavior and Development, Volume I.




بەکورتی23: درۆ.. ئێستایەکمان هەیە بێ درۆ ناچێتەڕێوە.. ئازاد حەمە

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

————————————-

زۆرێک چەمک هەن، لەوانە درۆ Lying ، کە لە فەلسەفەدا لەجۆشدان بۆ تێفکرین و دەرفەت ڕەخسێنەریشن بۆ ڕاڤەکاریی. بەدواداچوون و پەیگیریش بە جۆری درۆکانی مرۆڤی ئێستا ئەوەمان پێدەڵێن، کە لە ئێستاماندا درۆ پتر لە گشت کاتێکی دیکە لەناو کردەکانماندا خۆی بەرجەستەکردووە و سەمەرەیی درۆکانی ئێستاشمان لەوەدایە، کە شکۆی راستییان لەکەدارکردووە و وایانیش لە راستی کردووە لە هەناوی خۆیدا درۆ حەشاردات.
راستە لە ڕووی مێژووییەوە پێویستیی بۆ درۆ ڕیشەیەکی سیاسیی هەیە، لێ شاری ئێمە خەریکە نووقمی درۆدەبێت، درۆکانی ترسناک و ماندووکەرن و بەناو پێچاوپێچی و خواری ئاکارییشا دەمانبەن. درۆکان هێندە نوێ و ناسک خۆیان دەخەنەروو زۆرجار فریای ئەوە ناکەوین، لە کام گۆشە نیگاوە لە درۆکانی شار بڕوانین.
لێرەوە دەپرسیین: کەی درۆ درۆیە؟ زڤرین و گەڕانەوە بۆ ڕەچەڵەکی درۆی مرۆڤ بەچییمان دەگەیێنێت؟ درۆ ئەو کاتە درۆیە کە ویستمان بۆ درۆ هەیە؟کێ دیرۆکی درۆی کوردییمان بۆ بگێڕێتەوە؟درۆکانی ئێمە سەرچاوەکانی تەنها سیاسیین؟ ڕوناکبیری کورد داهێنانی لە درۆدا نەکردووە؟ چاخی زیرەکیی دەستکرد درۆی نوێی بۆدانەهێناویین؟ حەزی ئێمەی کورد بۆ درۆ لە حەزی کولتوورەکانی دیکەوە نزیکە؟ ئێمەی مرۆڤ ئەو کاتە درۆزنیین، کە ڕاستییمان بەوانی تر نەگوتووە؟
درۆ چ کردەیەکە؟ درۆ کردەیەکی عەقڵییە. واتە شێت ناتوانێت درۆبکات. کردەی درۆ خەڵەتاندنی ئەوی دیکەیە، فێڵێکە بۆ نەگوتنی ئەوەی ڕاستە. گەر ئەوە مەبەست بێت، کە ئێمە راستیی نەڵێین، کەواتە هەرچیمان گوتبێت لەبەرئەوەی ئامانج نەگوتنی ڕاستیی بووە دەبێت بە درۆ. کەوابێت، گەر درۆ بەجێنەگەیاندنی بەڵێنی وتنی ڕاستیی بێت، ئەوا زۆرینەی ئێمە درۆزنیین.
سەرئەنجام، لەبەرئەوەی چەمکی درۆ لەناو ژیانی ئێساتاماندا وێنەی زۆری وەرگرتووە تا بڵێیت پێناسەکردنەکەی دژوارە. ئەمە وادەکات “”درۆ بکەوێتە ناوچەیەکی تاریکی ناو ژیانی ئەم مرۆڤانەوە و درۆ بە نادرۆ، درۆ بە خەڵەتاندن، درۆ بە وتنی ساختە، درۆ بە نەزانین تێکەڵ ببێت””.هەر بەوپێیە، “”بۆئەوەی واتای درۆ لە ڕاستی، درۆ لە وتنی درۆیەکی مەبەستدار جیابکرێتەوە پێویستمان بەوەیە، کە ئەم واتایە، کە لەناو ڕیزێک دێڕی دژبەیەکدا جێکراوەتەوە، لێکجودابکرێتەوە””.
جێی داخ و ئەسەفە، کە ئێستامان پێماندەڵێت، درۆ لە ئاویلکە و سەرەمەرگدا نییە. لێرە یان لەوێ ئێستایەکمان هەیە، درۆیاوییە، بێ درۆ ناچێتەڕێوە. ئێستامان توڕدراوەتە ناو گەرووی درۆوە. ئەمەش بۆ ئەوانەی نایانەوێ ئێستاییبن رەشبینیی و ئازاربەخشیان بۆدێنێت. تەنها بە هەڵدانەوەی قەتماغەی کردە گوتنییەکانی ئێستامان لەوە تێدەگەیین چەند لێوان ڕێژیین لە درۆ. ئەڵبەتە درۆی ناوازە و دانسقەی کۆمەڵگەی ئێمەش خەریکە دەبێت بە پیشەی کاتیگۆریە ناسکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە(شێوەکار، شاعیر، موزیسیان، شانۆکار، نۆفێلیست، مامۆستای زانکۆ و….). چەند مەترسیدارە کۆمەڵگەی تازەی ئێمە، کە درۆزنەکانی ئەم کاتیگۆرییانە بن.
بە دڵێکی پڕ کەیلەوە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکەین، کە ئەوەندەی مرۆڤە سادە و بێ سەوادەکان درۆدەکەن، دوو ئەوەندە و زیاتر ئەو جۆرە لە کاتیگۆرییانەی کۆمەڵگەی ئێمەی کوردی درۆدەکەن، کە لایسەرەوە هێمایپێکرا، کە درۆکانیان بەدبینی و خەمناکی دەخەنە ژیانمانەوە. جا ئەم چەشنە لە مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی ئێمە تا دڵبخوازێت دەمبەگازندە، دەرۆزەکاری مادیی و مەعنەویشن. ئەمانە جگەلەوەی سواڵی سۆزمانلێدەکەن، چەندین دەگەی تری رۆحی و دەروونیش لە کۆمەڵگە دەدەن.
درۆی ئەم چەشنەی کۆمەڵگەی ئێمە درۆی ئەندێشەیین، ئەمەش ئەو جۆرە درۆیەیە، کە ئێستا زۆرباوە. درۆکە شیعرگەراییانە خۆی هەڵدەداتە ناوژیانمان و دیدگاش بەرهەمدێنێت. بەڵام دەبێت دانبەوەدابێنین کە درۆ و شیعرگەرایی ناسازگارن و پەژمەرین و سیسبوونی درۆی لەو جۆرە(ئەندێشەیی، شیعرگەرایی) لە کۆمەڵگەی تازەی کوردی پشوودرێژی زۆر زۆری دەوێت.
ئەگەرچی لە ڕووی مێژووییەوە درۆی ئێمەی کورد لە درۆی ئەوانی دیکە کەمتر بووە، بەڵام مرۆڤبوونەکەمان توانای درۆکردنی سەیری تیاڕسکانووین. درۆی ئێمە درۆی مرۆڤی ژێردەستەبووە، لەمیانەی ئەو ژێردەستییەوە فێری درۆی جۆراوجۆربووینە(فێری درۆکراین).
سەرباری ئەوە، درۆی ئێستای ئێمە ڕچەشكێنانە تر و ئاگامەندانەتر دەکرێت. زۆرێک سەرسامت دەکەن بە سەلیقەییان لە درۆکردن، بەو زێده‌ڕه‌وییەی لە درۆکردندا دەیکەن. بڕێکیش لە درۆکانی جڤاکی کوردی لێرە و لەوێ لەژێر فشاری پەروەردەی نالەباری سیاسیماندان.
دەکرێت ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین، کە ماف بۆ درۆکردن، ویست بۆ درۆکردن زیاددەکات و رێگاش بۆ مانەوەی درۆخۆشدەکات، بوونی درۆ دەکات بە شتێکی نەمر. درکاندنی درۆ وەک درکاندنی نهێنی وردەکاری خۆی هەیە و وەک نهێنیش نزیکبوونەوە لە درۆ ترسناکە. بۆیە ڕوانین‌ و بیرکردنەوە لە درۆی ئێستای کۆمەڵگەی ئێمە تێگەیشتنی قووڵ و ووردی دەوێت. ئەمەش بەهۆکاریئەوەی، کە ڕەوانبێژی درۆکان ڕۆژانە بەناو پێچاوپێچی و خوارییەکی زۆردا دەڕۆن. وێڕای ئەوە،درۆکان خەریکە خەسڵەتگەلێکی ئەوتۆ لەخۆدەگرن، کە درۆ پێویست و ئازیزە. وەکیتر، هەموو شەیدای گوتنی راستیین، بەڵام تا ئێمە درۆ نەخەینە “ده‌ره‌وه‌ی رەوشت”ەوە ناتوانیین لە ڕەچەڵەکی درۆ حاڵیبیین و درۆ بە نادرۆ بگۆڕیین.
گۆتا دیتنمان لەمەڕ چەمکی درۆ ئەوەیە، کە درۆ، وەک دیاردەیەکی مرۆییی ئاوەزەیی بەردەوامە و زیرەکیی دەستکردیش گۆڕانکاریی هێناوەتە سەر دۆخی درۆکردن. نەک هەر ئەوە، زیرەکی دەستکرد بلیمەتانە دەکارێت مەبەستەکانی خۆی بشارێتەوە و دەستکاری نهێنییەکانی ئێمە بکات و کار لەسەر فریودانیشمانبکات. هەر زیرەکی دەستکرد دەکارێت هەڵمانداتە ناو درۆی سەردەمییانەوە، کە درۆگەلێکی سیاسیین. کەوابێت زیرەکی دەستکرد نەک گورزێکی سامناک نییە لە درۆ، بەڵکو درۆ ژیرانەتر و لۆگۆسانە تر دەکرێت. بۆیە، بوونی درۆ و بەوجۆرەی لە هەنووکەدا هەیە، ئاماژەیە لەسەر ئەوەی مرۆڤایەتی زۆری ماوە بە ڕاستییەکی باوەڕپێکراو بگات. دۆزینەوەی ڕێگاش لەبەردەم دروستبوونی ڕاستی، لەگەڵ هاتنی زیرەکیی دەستکرد دا ئاسان نییە.




ئاڵۆزی پەیوەندی بەغدا و هەولێر!.. عوسمانی حاجی مارف

لەکاتێکدا حکومەتی عێراق لەلایەک سەرقاڵی کێشەکانی نێوان لایەنەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” و هەڵبژاردن و چاوەڕوانی ئایندەی پەیوەندیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران و ناجێگیری دۆخی ناوچەکە و کاریگەری ئەم دۆخە لەسەر عێراق و هەڕەشە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبیە، لەلایەکی ترەوە دەبینین حکومەتی بەغدا وەک گەمەیەکی سیاسی بۆ ململانێی لەبەرامبەر حکومەتی هەرێمدا بەمەبەست پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوادەخات، کە بە هەولێر و بەغدا هەردولایان دانیشتوانی هەرێمیان بە بارمتە گرتووە و کردویانە بە قوربانی ململانێ و کێشەکانی نێوان خۆیان.
حکومەتی هەرێم کەوتۆتە بەر هەڕەشەی گەمارۆی ئابوری و پەرەسەندنی نائەمنی لەبەرامبەر بەغداو دۆخی ناجێگیری ناوچەکەدا، کە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بە بیانوی ناکۆکی پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوتەوە، دەیەوێت دەسەڵاتی هەرێم سنوردار کات.
ئەم سیاسەتە لە ساڵی ٢٠٢٤دا زیاتر دەستی پێکردوە، کاتێک حکومەتی بەغدا لەڕێی دادگای فیدراڵیەوە ناچار کرا ڕێبازێکی سیستماتیک بۆ تەرخانکردنی دارایی مانگانە بۆ هەرێم دەستەبەر بکات، سەرەڕای بوونی ڕێکەوتنی بودجەی فیدراڵی کە حکومەت پابەند دەکات بە پێدانی مووچە بە گوێرەی دەستوور، بەڵام چەندین جار بە تایبەتی لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ بە بیانووی “نەگەیاندنی داهاتی نەوتی هەولێر” ڕاگیراوە. لەئەنجامدا زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار فەرمانبەر لە کوردستان بۆ ماوەی چەند مانگێک لە یەک کاتدا بێ مووچە خۆیان ببیننەوە، ئەمەش ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جەماوەری لە هەولێر و سلێمانی و دهوک بەدوای خۆیدا هێنا، بەهۆی دابەزینی ئاستی بژێوی و هێزی کڕین کە بە ڕێژەی لەسەدا ٤٠ دەخەمڵێنرێت.
لەناو ئەم قەیرانە داراییەدا، هەرێم شایەتی هەڵکشانی ئەمنی مەترسیدار بووە. لە چەند ڕۆژی ڕابردودا چەند کێڵگەیەکی گەورەی نەوتی لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراوەوە هێرشیان کرایە سەر و زیانی ماددی بەرفراوان و ئاگرکەوتنەوەیان لێکەوتەوە، کە بووە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەکی کاتی.
لەبارەی ئەم هێرشانەوە وەڵامی حکومەتی فیدراڵی تەنها سنووردار بوو بە داوای بەدواداچون بۆ “لێکۆڵینەوە”، بەبێ ئەوەی هیچ ئیدانەکردنێکی ڕون و ئاشکرای هەبێت، ئەمەش پرسیار لەسەر هەڵوێستی بەغدا دروست دەکات سەبارەت بە نابەرپرسیاریەتی بەرامبەر ئاسایشی هەرێم.
سیاسەت و ئابووری و ئاسایش لە شەڕێکی کراوەدا لەنێوان بەغداو هەولێردا مامەڵەی پێدەکرێت، کە تەنها لە بەڕێوەبردنی ساماندا سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ داڕشتنی پەیوەندی ئاڵۆزتری نێوان بەغدا و هەرێم، بەرۆشنی پرسی مووچە وەک ئامرازێکی فشار بەکاردەهێنرێت، ئەمەش هەوڵێکە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندیەکەیان لەسەر بنەمای زیاتری وابەستەیی و ملکەچی هەرێم بۆ بەغدا، کە بەدوای ڕفراندۆمەوە ئەم پرۆسەیە کاری لەسەر دەکرێت. لە گۆڕێنی ئاستی هاوسەنگی هەرلایەک لە بەغداو هەولێر، ئەم چیرۆکی گەمەیەی نێوانیان بە چەندین شێوە سەر هەڵئەداتەوە.
لە نێو ئەو ململانێیانەدا، هاوڵاتی کوردستان وەک گەورەترین قوربانی دەمێنێتەوە، وەک فەرمانبەرێکی سادە لە قوتابخانە یان نەخۆشخانە و لەهەر فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکدا، هیچ پشکێکی لە نەوت و ململانێ سیاسیەکاندا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ناچار دەکرێت باجی پەیوەندی جوگرافی و سیاسی جیاوازی نێوان هێزە میلیشیاکان بدات، بەئاسانی و بێشەرمانە موچەکانیان دەبڕدرێت و نانبراو دەکرێن.
لە ڕاستیا پەیوەستکردنی بژێوی ژیانی خەڵک بە بەردەوامی لەسەر پەیوەندی بە ناکۆکی سیاسیانەوە، دەتوانین بڵێین پڕۆژەیەکی ریسوای شکستخواردوی دەوڵەتی فیدراڵیە لە عێراقدا، کە بەپوچترین و نائیسانیترین حکومرانی خۆی دەسەلمێنێت، تەنها بەرگێکی فەرمیە و کاردانەوەی لەسەر ململانێکان هەمیشە خراپتر دەبێت.
کۆتایی هێنان بەم قەیرانە پێویستی بە هەڵوەشانەوەی ئەم فیدراڵیەتە کۆنەپەرستانەیەیە لە ڕەگوڕیشەوە، کە لەسەر بنەمای قەومی و تائفی و دین دامەزراوە، پێویستی بە نەمانی تەواوی هێزە میلیشیاکانە. بەڵکو پێویستی بە دانپێدانانی تەواوە بە مافی هاووڵاتیان، لە ڕێگەی دامەزراندنی دەوڵەتێک کەلەسەر بنەمای ناسنامەی هاوڵاتی بون دەستورەکەی بناسێنێت و جێگیر بکرێت.
لە سەرەتای دامەزراندنی سیستەمی سیاسی نوێ لە عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، شەرعیەتی خۆی لە سەر پرەنسیپی نوێنەرایەتی قەومی و تائیفی و دینی دەستوریان پەسەند کردووە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی وەرگرتووە و حکومەتی فیدراڵیان دامەزراند. بەڵام دیمەنی سیاسی ئێستای عێراق پارادۆکسێکی مەترسیدار ئاشکرا دەکات، زۆرێک لەو پارتانەی ئەمڕۆ پەرلەمان پێکدەهێنن تەنها چەکی ڕێکخراوە چەکدارەکانن و نوێنەرایەتی لایەنی ئاینی و تائفی و قەومی دەکەن، ئەمەش پرسیاری جددی لەسەر شەرعیەتی تەواوی سیستەمەکە دەوروژێنێت، بە لە بەرچاوگرتنی شکستی دەستوور و شکستی بەشێکی زۆری دامەزراوەکان و چاودێری و دادوەری، جیاوازی نێوان لایەنە سیاسیەکان و میلیشیا چەکدارەکان کەلە چوارچێوەی پێکهاتەی ئێستای عێراقدا قوڵتر بۆتەوە، ئەم میلیشیایانە لە دامەزراوە یاسادانانەکاندا باڵادەستیان هەیەو چەمکی نوێنەرایەتی سیاسیان کاڵ کردووەتەوە و گومانیان لەسەر شەرعیەتی سیستەمەکەیان چڕکردۆتەوە، هەرچەندە فشار لەسەر ئەوە هەیە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی هەڵوەشێتەوە بەڵام لەو بارەیەوە هەنگاوێکی عەمەلی نیە کەجەخت لەسەر ئەو هەڵوەشانەوەیە بکات.
بونی میلیشیا چەکدارەکان لە پەرلەمان نوێنەرایەتی دیاردەیەکی نائاسایی و مەترسیدار دەکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامی قەیرانێکی سیاسی بەردەوام کە لە ئەنجامی پابەند نەبون بە سەروەری یاساکانی خۆیان و ڕێکەوتنەکانی نێوانیان، ئەمەش بەردەوام هۆکاری نا سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتیە لە عیراق و کوردستاندا.
ڕژێمی عێراق ئەمڕۆ لە جەنجاڵیەکدا وەستاوە، بە ملکەچی هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی دیفاکتۆ دەمێنێتەوە. ئەمەش مەترسی لەسەر خودی بوونی ئایندەی دەوڵەتەکەیان دروست دەکات نەک تەنها دامەزراوەکانی بەڵکو داهاتووی عێراقیش دەخاتە لێواری داڕمانەوە، چونکە چارەنوسی عێراق بەم شێوازی حوکمرانیە بەستراوە بە ئایندەی ئێرانەوە.!
بەرپرسانی ئەمەریکا گوشارەکانیان بۆ سەر حکومەتی عێراق و سودانی چڕتر دەکەنەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکان بۆ سەر کۆمپانیا بیانیەکانی نەوت، لەنێویاندا کۆمپانیای ئەمریکی، کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاردەکەن. ئەم هەنگاوانە لە دوای زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دێت کە دامەزراوە نەوتیەکانیان کردە ئامانج، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاماژەکان جەخت لەسەر تێوەگلانی لایەنە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە.
واپێدەچێت بە ئامانجگرتنی کۆمپانیا ڕۆژئاوایەکان کە لە کوردستان کاردەکەن، دوو پەیامی سیاسی هەڵدەگرێت، لە لایەک فشار دەخاتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناکۆکی بەردەوامی لەگەڵ بەغدا لەسەر دابەشکردنی داهات و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان، لە لایەکی دیکەشەوە هۆشداریەکی پەردەپۆشکراو بۆ واشنتۆن دەنێرێت بە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیە ئابوریەکانی.
هەرچەندە سودانی خۆی لە نێوان چەقۆی هەڕەشەکانی ئەمریکا و سەنگەری کاریگەری پەرەسەندنی کوتلە چەکدارەکانی ناو وڵاتدا دەبینێتەوە، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ پاراستنی پەیوەندی هاوسەنگ لە نێوان تاران و واشنتۆن، هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا هەڕەشەی تێکدانی ئەم هاوسەنگیە ناسکە دەکات و خودی سودانیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ئەو هێرشانە لەکاتێکدایە کە هەرێم هەوڵدەدات گەمەی سیاسی لەبەرامبەر بەغدادا بەقازانجی زیاتر بەرزکردنەوەی پێگەی بارزانی و حکومەتی هەولێر لەرێگەی پەیوەندی بە کۆمپانیە جیهانیەکانەوە مامەڵە بکات، بەتایبەتی سەبارەت بە مەلەفی نەوت و داهاتی ناخۆیی هەرێم. بەم شێوەیە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان کە زیاتر لە ٨٠ ڕۆژە، لەم کەین و بەینەدا بێ خاوەنە و مەسەلەیەکی هەستیارو جدی نیە بۆ هیچ لایەنێکیان.
قەیرانی مووچەی هەرێم لەوە زیاترە کە تەنها ناکۆکیەکی ئیداری یان دارایی بێت، وەک ئامڕازێکی ڕەشبگیری سیاسی کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و بارزانی و حکومەتی بەغداو هەولێرەوە بۆتە زیاتر تێکدانی سەقامگیری ئابووری و سیاسی هەرێم، تا دێت بازاڕەکان ئیفلیچ دەکات و بارودۆخی خراپی ژیانی فەرمانبەران و هاووڵاتیان بە هەمان شێوە قووڵتر دەکاتەوە، زۆر بێدەربەستانە و نابەرپرسانە مامەڵە بەبژێوی خەڵکەوە دەکەن.
هەرچەندە لەم ڕۆژانەدا هەواڵی ڕێکەوتنێک لە نێوان بەغدا و هەولێر ڕاگەیەندرا، کە سودانی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی پەسەندکرد، کە لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژۆ کراوە، سەبارەت بە نەوت و داهاتە نانەوتیەکان و خەرجکردنی مووچە، ئەوەی گومانی تیانیە ئەم ڕێکەوتنەش کاتیە و ناتوانێ چارەسەرەی بنەڕەتی ئاڵۆزی پەیوندی بەغداو هەولێر بێت.هەروەها ئەم ڕێکەوتنە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان شاهیدی چەندین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە کە کێڵگە نەوتیەکانیان کردۆتە ئامانج، بەتایبەتی ئەو کێڵگانەی کە لەلایەن کۆمپانیا بیانیەکانەوە بەڕێوەدەبرێن. هاوکات تەیف سامی، ڕایدەگەیەنێت”هەرێم پابەندە داراییەکان جێبەجێ ناکات”، بۆیە “ئامادەکردنی خشتەکانی بودجە سوودی نابێت ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندیە داراییەکانی جێبەجێ نەکات”.!
لەکۆتایدا دۆخەکە وەها وێنا دەکرێت کە کێشەکە تەنها بودجەو موچەیە، هەرلایەنێکیان لە هەولێرو بەغدا یەکتر تاوانبار دەکەن، بەڵام ڕاستیەکەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا پێکهاتەی شێوازێک لە دەسەڵاتداری و حوکمڕانیە لە عێراق و کوردستاندا، کە هێزە میلیشیا قەومی و دینی و تائیفیەکان، هۆکاری ئەم دۆخەیە، کەلەسەر ئاستی توانایی و پێگە و هاوسەنگی هێزیان، سەروەت و سامانی عێراق و کوردستان دوای هەر تاڵانیەک دابەشی دەکەن، تا ئەم جۆرە هێزانە وەک داگیرکەر لە دەسەڵاتدا بن ئەم کێشانە نەک چارەسەر نابن ئاڵۆزتر دەبن.

عوسمانی حاجی مارف




نەتەوە پەرستی، ئاین، ویژدان وئەوانی تر!.. عەبدوڵا ساڵح

دەربارەی کۆمەڵ کوژی لە غەززە

ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ، دوای هێرشە تیرۆرستیەکەی حەماس بۆ سەر خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕی جیدی بەسەردا هات، ئەم ڕوداوە، شانۆیەکی خستیە سەر ستەیج – سەحنە – پەردەکانی یەک لەدوای یەک هەڵدرانەوە. دیارترینیان بەلاداهاتنی یەک لەدوای یەکی دەست وپێوەندەکانی جمهوری ئیسلامی ئێران بوو تا کار گەیشتە سەر ئەم جمهوریە خۆیشی.
نوێترین پەردەی ئەم شانۆگەریە، ئەو پاکتاوە ڕەگەزیەیە کەدەوڵەتی ڕاستڕەو شۆڤێنیستی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بە بەردەوامی دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامی داوە بە بەکارهێنانی نوێترین چەکی کۆمەڵ کوژی و کاولکاری، دواترینی ئەم چەکانە پەنا بردنە بۆ دڕەندەترینیان کە برسی کردنە.
ئەم ڕوداوانە باڵیان کێشاوە بەسەر بەشی زۆری ڕوداوەکانی ناوچەکە و جیهان و بوونەتە یەکێک لە باسە گەرمەکانی ڕۆژ لە زوربەی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی جیهان تا دەگا بە سوشیال میدیاشەوە .
لە هەرێمی کوردستان ئەم باسە چەند سیمایەکی جیاوازی بەخۆوە گرتوە، جا چ وەک هەڵوێستی ئینسانی دژ بەم پاکتاوکردنە یا خودپاڵپشت کردنێکی شەرمێونانەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل و نەتەنیاهۆی خوێنڕێژ !!
هەڵوێستی ئیسلامیەکان لە پاڵپشتی خەڵکی غەززە، چ بەدزی و چ بە ئاشکرا وەک خۆیان دەڵێن ” پشتیوانیکردنە لە خوشک و برایانی موسڵمان ” بەڵام لە ڕاستیدا یەک مەبەستی سیاسی لەژێر خۆیدا شاردۆتەوە، کە لەدوا شیکردنەوەدا، بمانەوێ و نەمانەوێ، دەچێتە خانەی بەرگریکردن لە بزوتنەوەی تیرۆرستی حەماس و پڕۆژە سیاسیەکەی کە خەونی دامەزراندنی ئیمارەتێکی ئیسلامی بوو لە غەززە .
هەر هەمان بابەت بەشێک لە ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگ و دڵڕەقی کوردی هێناوەتە قسە و بەئاشکرا ، یا لەژێر لێوەوە جۆرێک لە هاوسۆزی بۆ نەتەنیاهۆی جینایەتکار و کردەوە دژی ئینسانیەکانی دەردەخا بە جۆرێک کە ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی شۆڤێنیانەیە وچاونوقاندنە لەمەڕ ئەو کارەساتە مرۆیەی بەسەر دانیشتوانی غەززە دێت بە بیانوی ئەوەی (( فەلەستینیەکان بەرگریان لەمافی کورد نەکردوە، هەندێکیان بەشدار بوون لە کوشتاری خەڵکی کوردستان بەدەست سەدامی فاشی و ڕژێمەکەی، هەرکەس فرمێسکی بۆ کورد نەڕشتبێ فرمێسکی بۆ ناڕێژین، بەرگری لە دانیشتوانی غەززە پشتیوانیە لە حەماس ، فەلەستینیەکان پشتیوانیان لە ئەردۆگان کردوە…….. )). کۆمەڵێک بڕوبیانوی تر.
من ناچمە سەر ئەوباسەی ئاخۆ ” کورد خۆی چەند بەرگری لەمافی خۆی کردوە دژی دوژمنانی و ئەگەر کردبێتی ئەوا بەرهەمەکەی ئەمڕۆ ئەم حوکمڕانیە(پتر لە ٣٠ ساڵە) یە کە دەیبینین “، هەروەها ناچمە سەر ئەو باسەی بەشێکی بەرچاو لە سەرانی ((جوڵانەوەی کوردایەتی )) لە هەمان قوتابخانەی جۆرج حەبەش و نایف حەواتمەی فەلەستینی ئەوانی تر دەرچوون !!
ئەم بەرچاوتەنگی و توندڕەوی و دەمارگیریە کە لەدوا شیکردنەوەدا ئاوێکە دەرژێتە ئاشی ئەم دەسەڵاتەوە، بەرهەمی ئەو ڕاگەیاندنانەیە کە دەسەڵات بەبەردەوامی بڵاوی دەکاتەوە و زەینی بەشێکی بەرینی خەڵکی کوردستانی پێدەخاتە نێو جوغزە ناسیۆنالیستیەکەی خۆی و لەبەرژەوەندی ئەودا دەشکێتەوە .
ئەوەتا لەناو خودی ئیسرائیل دەنگی ناڕەزایەتی بەرز دەبێتەوە دژی سیاسەتی هەمان ئەو دەوڵەتەی ئەم دڵڕەقانە لە کوردستان هەلهەلەی بۆ لێدەدەن ، نمونەش:
نوسەرێکی ئیسرائیلی ناچارە دانیپێدا بنێ و بڵێ ئەوەی لە غەززە ڕودەدا کۆمەڵکوژیە ، ئەمەش لینکی بابەتەکەیە:
https://www.skynewsarabia.com/middle-east/1811849
لە بابەتێکدا کە لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە : یولی نوفاک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی -بتسلیم – کە دەزگایەکی هەواڵگری ئیسرائیلیە بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ناوچە داگیرکراوەکان، دەوڵەتی ئیسرائیل تاوانبار دەکا و دەڵێ ئەوەی لە کەرتی غەززە ڕودەدا پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژیە، ئەوەش لینکەکەی :
https://www.bbc.com/arabic/articles/ckgl3d040rpo
جگە لەوەش ٣١ کەسایەتی دیاری ئیسرائیلی کە لە دنیای ئەدەب و زانست و ڕۆژنامەگەری و دادوەری و سیاسیەوە هاتون و لەوێدا کاریان کردوە داوادەکەن کە ئەم حکومەتەی ئیسرائیل سزای توندی بەسەردا بسەپێنرێ لەپای ئەم کۆمەڵ کوژیەی غەززە . ئەمەش لینکەکەیەتی :
https://www.skynewsarabia.com/middle-east/1811240-31
ئیدیۆمێک لەزمانی کوردیدا هەیە دەڵێ : کوچک لە ئاگر گەرمتر!!

هەڵبەتە هەر لەم کوردستانە تاقمێکی کەمیش لەژێر ناوی ( عەشایرەوە ) و بەبیانوی (( مرۆڤدۆستی )) پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی غەززە دەربڕیوە وکۆمەگی ماڵیان بۆ کۆکردونەتەوە کە لە ناوەڕکدا ئەمەش سیاسەتێکە بۆ موجامەلەی ئیسلامیەکان تا دەگا بە موجامەلەی جمهوری ئیسلامیشەوە .
بە خۆشحاڵیەوە دەبێ بڵێم بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان کە تەنیا ویژدانی مرۆڤایەتی و خۆشەویستی مرۆڤ پاڵی پێوە ناون سەرکۆنەی ئەم پاکتاوە ڕەگەزپەرستیە بکەن و لە دژی بوەستن چونکە خۆیان یا کەس وکاریان سەدەمانێک قوربانی ئەم سیاسەتە شۆڤێنیە بوون و تاڵاوەکەیان چەشتوە. ئەم بەرەی ئازادیخوازیە لە کوردستان بەم هەڵوێستەیان چونەتە ناو ڕیزی سەدان ملیۆن کەس لە ئازادیخوازانی جیهان کە ڕۆژانە دەڕژێنە سەر شەقامی زوربەی شارەگەورەکانی دنیا دژی سیاسەتی فاشیانەی نەتەنیاهۆ و حکو مەتەکەی .

عەبدوڵا ساڵح
٢-٨-٢٠٢٥




لە 11ەمین ساڵیادی جینۆسیادكردنی ئێزیدییەكان لە لایەن داعشەوە

دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا ناسراو بە (داعش) قەزای شنگالی سەر بە پارێزگای نەینەوای لە رێكەوتی ٣ی ئابی ٢٠١٤داگیركرد، لە گەڵ داگیركردنی دەڤەری شەنگالدا جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان دەستی پێكرد، ژنان و پیاوانی ئێزیدی بەدڕندانە ترین شێوە دەكوژران و كچان و ژنانیش لەلایەن چەكدارانی (داعشەوە) وەك كاڵایەك مامەڵەیان پێوە دەكراو بە كۆیلە كران.
لەم تاوانە نەگریسە بە پێی دوا ئامار ژمارەی گیانبەختكردووان 1512 كەس, بێسەرو شوێنان 1616 كەس, رزگاربوون 4131 كەسن كە كۆی گشتیان 7259 كەسە, هەروەها 189337 كەسیش ئاوارە بوون, 29 كەس لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان رزگاریان بوو, تا ئێستا 93 گۆڕی بە كۆمەڵی ئەم تاوانە هەڵدراوەتەوە, هەروەها 6417 كەس رفێنران لەوانە 3548 كەسیان مێینەو 2869 كەسیان نێرینە بوون, , 274 كەسیش لە رفێنراوەكان بە دەستی داعش كوژراون.
لەم یادە غەمگین و تاڵەدا كۆمەڵێك داواكاری دەخەینە ڕوو:
١- پێویستە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە كەیسی كەوتنی شەنگال بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێت و هەموو ئەو هێز و گروپە چەكدارانەی كە بەرپرس بوون لە پارێزگاریكردن لە ئاسایشی شەنگال لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت و دادگایی بكرێن.
٢- حكومەتی عێراقی قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی ئێزیدییەكان بكاتەوە.
٣- عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و بە زووترین كات پەیوەست بوونی خۆی بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیەوە رابگەیەنێت، بۆ ئەوەی دڵنەواییمان بداتێ عێراقی ئەمڕۆ و ئایندە جیاوازە‌ لە عێراقی پڕ لە تاوان و جینۆسایدی پێشوو.
٤-پەلە بكرێت لە پرۆسەی گەراندنەوەی ئاوارە ئێزیدییەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان و هاوكاری مادی بكرێن بۆ ئاوەدانكردنەوەی شوێنەكانیان و دوبارە بونیادنانەوەی ماڵەكانیان.
٥-پەلە بكرێت لە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی كە چەكدارانی داعش ئێزیدییەكانیان تیایدا كۆمەڵكوژ كرد.
٦- كاربكرێت بۆ هێنانە ئارای سەقامگیری سیاسی لە شەنگال و ئەو شوێنانەی كە بەدەست بوونی چەندین گروپی هێزی چەكدارەوە ژیانی تێدا پڕ نەهامەتی كراوە بۆ ژیانكردنی ئێزیدییەكان.
٧-ئاسایش و ئارامی دەرونی و كۆمەڵایەتی بۆ ئەو ژن و كچە ئێزیدیانە فەراهەم بكرێت، كە قوربانی دەستدرێژی سێكسی بوونە بەدەستی چەكدارانی داعشەوە, بە تایبەت ئەوانەی منداڵیان لێ بووە.
٧- رۆحی برایەتی و ئاشتەوای و پێكەوەژیان لە نێوان ئێزیدییەكان و پێكهاتە ئاینی و نەتەوایەتییەكانی دیكە بەهێز بكرێت .
8-پەلە بكرێت لە دۆزینەوەی ئەو ژن و منداڵانەی تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
9-قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیان بكرێتەوە.
10-نابێت داعشە گەڕاوەكان لە نزیكی ناوچەكانی ئێزیدی نشین نیشتەجێبكرێن.
11- پاراستنی مۆركی ئێزیدایەتی لە ناوچە ئێزیدییەكان و رێگریكردن لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكانیان.
12- لە پەرلەمانی كوردستان كۆتای تایبەتیان بۆ دیاریبكرێت.

رێكخراوەكان:
-رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- kwg
-تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
-تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
-رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
-رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
-رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی-www
-هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
-گۆڤاری تۆبزاوە
-رۆژنامەی نگرە سەلمان

  • رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
    -كوردۆساید ۆچ-چاك كوردستان



هایکۆ\ ڕەش یان سپی؟.. سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

1
ئەو ئاوەت بۆ ڕشت
ئەو کارەساتەت بۆچی نایەوە
باوکە؟
2
هێڵە سوورەکان دەبەزێنم،
لە چەقی شار هاوار دەکەم ـ
خۆۆۆۆشم دەوێی.
3
کە سەیری چاوەکانت دەکەم
لەبەر خۆمەوە دەڵێم
ئاسمان دوو ئەستێرەی بەس بوو
4
ڕۆژ نییە خەڵاتم نەکات
ئاخر من بووم
تەنیاییم بە دنیا ناساند
5
لەبەر منداڵە پێخواسەکانی گوندەکەم
ناوێرم بە زستان بڵێم
خۆشمدەوێی
6
بە دراوسێکەم گوتووە
خەفەت نەخوات
من برسیترم
7
بە تەنیایی بڵێن
پشتێندەکەی بکاتەوە
من هێشتا لە ژیاندام
8
قاسەم پڕە
بۆ مردن
هەزار و یەک بیانووم هەیە
9
لە دەشتە دوورەکان
باران ختووکەی کێڵگەکان دەدا
لە ماڵەوە بزە دەکا
پیرە پیاوێک
10
خەیاڵم لای ڕۆژە تاریکەکانە
لە شەوە ڕووناکەکاندا
11
لە چایخانەکە
کەسێک بە تەنیشتمەوەیە
هەست دەکەم لەوسەری دنیا
دانیشتووە
12
درەختێکیان بڕییەوە
وەک هاوخەمێک دەستی لەکار کێشایەوە
سێبەرەکەی.
13
مردن ئەوەی باشە
کە دەتبات
تەنیاییت لێ وەرناگرێتەوە.
14
ڕەش یان سپی
تۆ پێمبڵێ
مرۆڤ کام ڕووی ترشترە؟
15
کە زەلکاوێک وشک دەکات
چەند لۆچ دەکەوێتە نێوچەوانی
بۆق
16
کە ڕاوچییەک دەمرێ
لە پرسەکەیدا
چەند ڕۆژ ئاهەنگ دەگێڕێ
ئاسکەکێوی
17
لە خەیاڵدانی باڵندەیەکی نێو قەفەس
چەند میللیمەتر چوار گۆشەیە
ڕووبەری ئاسمان
18
تەزبێحێکی بەژن درێژ ،
فریای ژماردنی درزەکانی دڵ ناکەون
دەنکەکانی!
19
ئێواران بە عەللاگەیەک توورەوە
دەگەڕێتەوە ماڵەوە
مووچەخۆر
20
لە نێوان دوو بەرداشدا
ڕۆژێک مەرگ و ڕۆژێک مردن
مووچەخۆر

سمکۆ ئەحمەد ڕەشید