چیرۆک\ لە دەرەوەی مەکدۆناڵ – د.ز.س دەستی کوڕە دە ساڵییەکەم دەگرن.. دیدار مەسیفی

(چیرۆکێک ترۆپک و ڕێکەوتەکانی ڕاستین، لێ نشێو و جێکەوتەکانی ناڕاستین)

کوڕە دە ساڵییەکەم مینا هەر منداڵێكی سەردەم ساندویچێکی ماکدۆناڵدز لە نێو دەستی هەڵدەگرێت و پێدەکەنێت. بەو دیمەنە دڵم تەنگ دەبێت و بە خۆم دەڵێم: کوڕەکەت هەڵخەڵەتاوە یان زمانی بە چێژێکی وەها ناجۆر دەستەمۆ و ڕاهێنراوە، بە ویستی خۆی نییە کە ئەم ساندویچە پێشتر بەستووەی مەکدۆناڵدزی لە خۆشترین خواردنی دەستی دایکی بە لاوە بەچێژتر بێت. دونیای ڕوو لە نشێو و جێکەوتەکانی ناڕاستی وەهایە! هەر منداڵی بەستەزمانی بە دەستەوە گیرۆدە نییە، بەڵکە مرۆی گەورە و زمان درێژیش ناتوانێت بە سانایی لێی هەڵبێت و خۆی بدزێتەوە!
مرۆ کە دەگەڕێتەوە ماڵەوە بارێکی لەوەی سەروویش ڕوو لە نزمی و داکشاوتر دەبینێت، لەو کاتەی منداڵەکەی هەتا درەنگانی شەو لە تێوەگلانی لە نێو یارییە ئەلیکترۆنییەکانی کێڵگەی کوشتار ناخەوێت و کاوێژ بە تیپە ئینگلیزییەکان دەکات و کەچی ئامادە نییە یەک وشە بە زمانی دایکی بهێنێتە سەر زاری. ئەرێ، منداڵەکە لە نێو ئەو یارییە بێ ئەنجام و کۆتاییانە، دەتوانێت دەیان دەمامک و باڵی ساختەی هەبێت. کەچی لە بری کات کوشتن و ڕۆنیشتن بە دیار شەڕەکانەوە، ئەو نیازی نییە وێنەی یەک تیپ لە کتێبی ئەلفوبێی باڵدار لە نێو چاوانی هەڵبگرێت و کەمێک خۆی بە فێربوونی زمانی شیرینی دایک خەریک بکات و باڵی پێوە بگرێت.
لەو بارە دژوارەدا مرۆی پەراوێزخراو و ناولێنراو بەکۆنەخواز لە نێو نیگای ئەم جۆرە چاوانەی شەوان هەتا گزنگی بەیان بە دیار شاشەی ئایفۆن کراوەن و پێڵویان خاو نابێتەوە، ناچارە خەون بە ڕۆژگارەکانی گۆرین ببینێت یان بیر لە چوون بەرەو کتێبخانە بکاتەوە.
شارەکەم کتێبخانەیێکی هێندە مەزنی لێیە کە شێوەی ئەندازەیی و هەڵکەوتە لە کوالیسۆمەکەی شاری ڕۆما دەچێت، یان لە دوورەوە و لە نێو باڵەخانە هەور بڕ و شووشەییەکاندا کێکێکی لوولەکی چۆکڵێتیش دیارە. من ساڵانێکی درێژ لە نێو ئەم کێکە گەورەیەدا کاتم زیندوو کردۆتەوە و چێژم لە خوێندنەوەی کتێبان بینیوە. لێ، سەر لە سپێدەیێک لە دوای دابڕانێکی درێژ لەگەڵ خەونێکی سەیردا وەئاگا هاتم کە تێیدا کتێبخانەکە هێندەی هێلکە شەیتانۆکەیێک بچووک ببووەوە.
ڕۆژی شەممە زوو هاتەوە! لە دوای خواردنی نانی بەیانی دەستی کوڕە دە ساڵییەکەم گرت و بەرەو کتێبخانەکە بە ڕێ کەوتین. من پتر لە شەش ساڵ بوو ئەوێم نەبینیبوو و لە دڵەوە لە خودا دەپاڕامەوە کە گەلەکۆمەی باڵەخانەکان کێکە قاوەییەکەیان هەڵنەلووشیبێت. بە سواری باس و شەمەندەفەری خێرای ئاسمان چل خولەکی درێژی دەخایاند هەتا دەگەیشتین بە کتێبخانەکە یان بە دەرئەنجامی شیرینی وە درۆ کەوتنەوەی خەونەکەم. کوڕەکەم هەر زوو و لە یەکەم هەنگاومان بۆ دەرەوەی ماڵ بەڵێنی چوونە مەکدۆناڵدزی لێم وەرگرتبوو و منیش لەبەرانبەردا داوایێکی گەلێک سادەی نێو دڵی خۆمم بەسەریدا سەپاند بوو کە وێکڕا پتر لە دە خولەک لە هەر یەکێک لە شەش نهۆمە پڕ لە کتێبەکانی کتێبخانەکە بمێنینەوە.
هەردووکمان بە دوو هیوای جوداوە لە نێو شەمەندەفەرە زۆر خێرایەکەدا دانیشتبووین، لەو کاتەی کوڕەکەم لە پڕ دەستی بۆ باڵەخانەیێکی لای باشوور درێژ کرد و گوتی: من پێشتر لەو شوینەدا نوستووم! ئەوە بۆ من پێشهاتێکی گەلێک لە پڕ و سەیر بوو و سەرباری ئەوەی کوڕەکەم ڕاستی دەگوت و هەرگیز لەوەدا بە گەردێکیش هەڵە نەبوو.
لێ، کەنگێ؟ لەو کاتەی ئەو تەنێ تەمەنی یەک ساڵ بوو!
بەڵێ، شەوێک لە ماڵی هاوڕێیەکمدا مابووینەوە کە پێشتر ماڵیان لە هەمان ئەو باڵەخانەیەدا بوو کوڕەکەم پەنجەی بۆ دریژ کردبوو. هاوڕێیەکەم دەنگێكی گەلێک خۆشی هەبوو، لێ دەتگوت لە تەمەنیدا کتێبێکی نەخوێندبووەوە .چونکە هەر کە دانیشتن لە پێش هاوسەرەکەی و بۆ دڵی من و گەرمکردنی مێواندارییەکە لە پڕ ئاخاوتنێکی سەیری بە زاردا هات کە هەتا هەنووکە لە گوێمدا دەزرنگێتەوە و بە هۆیەوە بیری دەروون پاکی ئەو هاوڕێ ئازیزەم دەکەم.
هاوڕێیەکەم گوتی: دەڵێن شاعیرێکی زۆر باشی تورک پەیدا بووە و ناوی ڕومییە!
لەو شەوەدا بەرسڤم بۆ ئاخاوتنە ناڕاستەکەی هاوڕێیەکەم لە زەینمدا بە بێ هیچ شەکەتییەک ئامادەبوو، لێ خۆم لەوە بوارد شتێک بهێنمە سەر زار کە هەم گۆمی زانیاری هاوڕێکەمی پێ بشڵەقێت و هەمیش تیر لە ئارامی شەوەکە بگرێت.
کەچی لە بەردەم ئاخاوتنی کوڕەکەم لە نێو شەمەندەفەرەکەدا بە جۆرێک دۆش دامابووم و هیچ ڕاڤە و لێکدانەوەیەکم بە زاردا نەدەهات. بە تایبەت لەو کاتەی نۆ ساڵ بەسەر شەوی ئەم مێواندارییە تێپەڕیبوو و، منیش زۆر مکوڕ بووم لەسەر ئەوەی کوڕەکەم لەو ماوە درێژەدا هەرگیز بە ڕێکەوتیش بە نزیکی باڵەخانەکەدا نەچووبوو. چل خولەکەکەی نێو شەمەندەفەر لە نێو بیرکردنەوە لە ئاخاوتنی کوڕەکەم هێندەی چل کاتژمێر درێژ بوویەوە. دواجار گەیشتین لە دوورەوە هەناسەیێکی پڕ لە شادمانیم هەڵمژی کە کتێبخانەکە یان کێکە چوکڵێتەکەم لە شوێنەکەی خۆیدا بینییەوە.
ساڵانێکی زوو لەو کاتانەی بە بەردەوامی ڕێگەی ئەم کتێبخانەیەم دەپێوی، لەوانەیە شتێکم دەربارەی شێوە لوولپێچە شاراوەی کتێبخانەکە هەست پێ کردبێت. لێ، ئەم جۆرە شیمانەیە تەنێ دروست بوو ئەگەر لەسەر پەلەهەورێکەوە سەیری کتێبخانەکە بکەیت یان لەو ڕۆژگارەی فڕینی دڕۆنە بێبەزەییەکاندا بژیت؟ نەوەک ڕازی نێو خەونەکەم و بچووک بوونەوەی کتێبخانەکە هێندەی هێلکە شەیتانۆکەیێک وەها نەبێت هەرگیز نەدەبیندرا.
من و کوڕەکەم هێشتا لە کتێبخانەکە دەرنەچووبووین کە پێشبینیی خەونەکەم وەک ئەنجامێکی دیکەی دەگمەن و باوەڕپێنەکراو خەریک بوو وەک هێلکەی سپی کراو دەخرایە نێو مستم. بۆیە دوای چەند خولەکێکی تر کە بە شێوەیێکی خۆنەویستانە ملی کتێبی نووسەرێکی کەتەلانیم لە نێو ژمارەیەکی زۆر لە کتێباندا ڕاکێشا و شێوازی نووسینەکە وەک خەونێکی موگناتیستیی بە دووی خۆیدا پەلکێشیکردم و وەهای لێ کردم هەتا گشت بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە نەخوێنمەوە، نەوەستم. دەتگوت تەنێ بۆ ئەوە بوو هەتا ڕازێک هەڵبێنم و بزانم چۆن لە دوای خوێندنەوەی گشت ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە شێوەی (حەلەزۆن) هێلکەشەیتانۆکە وەک کۆدێکی سەیر و جێگیر و نەگۆڕ بۆ وەسفی کتێبخانەیەکی ئەفسووناوی لە شاری بەرشەلۆنە بەکار هاتووە.
بۆ ڕاگرتنی دڵی کوڕەکەم سەرەتا لە نهۆمی یەکەمی نێو کتێبخانەکە و لە بەشی منداڵان ماینەوە. من لەوێ دەست بەرداری کات بووم چونکە نەمدەویست کوڕەکەم بە گەردێکیش دڵی بڕەنجێت و لە پڕ لە نێو کێکە شیرینەکەدا وە دەرم بنێت. لێ، هێشتا شەش خولەک تێنەپەڕیبوو کە ئەو خۆزگە سەرەتاییەم درزی تێکەوت و دەستی کوڕەکەمی لەسەر سکی بینییەوە.
_ بابە، برسیمە! کەنگێ دەچینە مەکدۆناڵدز!

  • کوڕم، با کەمێکی دیکە لێرە بمێنینەوە!
    _ نا!
    من بە ناچاری گوێڕایەڵی داخوازییە لە پڕەکەی کوڕەکەم بووم! دواتر بە پاڕانەوە لێی بوارێکم دروستکرد لە بری چوونم بۆ نێو کتێبە ئینگلیزییەکان کە هەر شەش نهۆمی کتێبخانەکە شێوە کێکە چوکڵێتەکەیان جەنجاڵ و شیرینتر کردبوو، چەند خولەکێک لە بەشی زمانەکانی جیهان بمێنینەوە.
    مخابن، بەشی زمانی کوردی تێدا نەبوو! ئەگەر کتێبێکیش بە زمانی کوردی هەبووایە، کارمەندەکە لە بری چوون بۆ بەشەکانی زمانی چینی و کۆریای و ژاپۆنی، زوو کتێبەکە لە نێو کتێبە عەرەبی یان فارسییەکاندا دەشاردەوە. من لە بەشی عەرەبی وەستابووم و نیگای چاوەکانم لە گەڕان بە دوای کتێبکی وەهادا شەکەت و ماندوو بوون. بۆیە کەمتر لە خولەکێکم پێ چوو لەو کاتەی کوڕەکەم پەتی پانتۆڵەکەمی وەک ئەوەی یاڵی ئەسپێک بێت و ڕایبکێشێت، بە شێوەیەکی خۆنەویستانە زوو ملی دوو کتێبم ڕاکێشا.
    (عشیق المترجم) عەشیقی وەرگێڕ – جان دوست
    (مدینە بخار) شاری هەڵم – کارلوس رویز زافون
    هەڵبژادنی ئەم دوو کتێبە دوو ڕێکەوتی سەیری بە دوای خۆیدا هێنا کە مینا ئاخاڤتنەکەی کوڕەکەم لە نێو شەمەندەفەرە خێرایەکەدا، هەنووکە هیچ لێکدانەوە و ڕاڤەیەکم بۆیان بەردەست نییە. من جان دۆستم لە نزیکەوە نەدەناسی، لێ دەمزانی وەک دۆستێکی گیانی و لە هەر کەسێک چاتر شیا بوو بەرەو هەواری ئەحمەدی خانی و نێو تەمومژەکەی ڕۆژە ناخۆشەکەی لە سێدارەدانی پێشەوا – م بەرێت. لێ، کالۆس رویز زافۆن ناوێک بوو لە نێو سێبەری با.
    من گەرەکم بوو بەر لەوەی کوڕەکەم بە ساندویچێکی مەکدۆناڵدز ژەمە تەندروستەی تێشتی سەر لە سپێدەی ئەو ڕۆژە وێران بکات و بیکات بە ئەمریکایی، کەمێک پیادەڕۆییم خستە بەردەمی و گوتم:
    _ کوڕم، بەر لە مەکدۆناڵدز بەرەو شاری چینیییەکان دەچین و سیم کارتێکی تەلەفۆن بۆ خوشکت دەکڕین!
    شاری چینی مۆڵگەیەکی بازرگانییە کە لەم سەردەمەدا لە سەر دڵی زۆرینەی شارەکانی دونیا شین بووە و جێگەی بۆ خۆی بۆ سەدەکانی داهاتوو کردۆتەوە. لە مۆڵێکی نێو شارە چینییە گچکە و بازوو بە هێزەکە چووینە ژوورە و پەیکەرەکەی سن یات سن بە چەندین جاری ڕووی مردووییەوە لە پێشوازیدا وەستابوو. کەچی، کوڕەکەم زۆر زرنگ بوو زوو لە ڕووخسارەی پەیکەرەکەدا بێ جێگەیی و نەبوونی مەکدۆناڵدزی لە نێو مۆڵەکەدا خوێندەوە.
    دوای چەند خولەکێک زوو کەپرۆکەیێکی تەلەفۆن فرۆشتنمان دۆزییەوە و من زوو داوای سیم کارتێکی تەلەفۆنم کرد. بە دەستێکم دەستی کوڕەکەم گرتبوو و بە دەستەکەی دیکەیشم دوو کتێبەکە. من بە درێژایی ڕێگای دوای دەرچوونم لە کتێبخانە شێوە کێکەکە، ڕووی پێشەوەی کتێبەکانم لە لای لەشم کردبوو و خوازیار نەبووم کەس بزانێت چی دەخوێنمەوە.
    دەستی کوڕەکەم بەردا هەتا سیم کارتەکە لە گەنجە جوان و سەر و سمێڵ و ڕیش زۆر ڕەشەکە وەربگرم کە بە سەرسوڕمانێکی زۆرەوە وشەی (عشیق) م لە سەر باسکی چەپی خوێندەوە کە بە ڕێنووسێکی تێر و پڕ لەوێدا کوترا بوو. ڕۆژێکی سەیری پڕ لە وزە بوو و پیاسە کردن لەگەڵ کوڕە دە ساڵییەکەم هەر لە دەستپێکدا بە سەیری دەستی پێکردبوو.
    بۆ ئەوەی پتر لە دونیای گچکە و جوانەکەی کوڕەکەم دانەبڕێم، نەمویست لە گەنجەکە بپرسم کە خەڵکی کوێیە؟ یان نهێنی نووسینی وشەی (عشیق) لێبپرسم بزانم کە لەسەر باسکی چەپی کوترابوو. من بۆ جاری دووەم لە بەرگی کتێبەکەی جان دۆست (عەشیقی وەرگێڕ)م ڕوانی و لە بەرانبەر ڕێکەوتە سەیرەکەدا گەلێک شڵەژام و بە خۆمم گوت:
    _ هەر لە کەناری مانای (عشیق) بمێنەرەوە و مەچۆ بنج و بنەوانی ئەم وشەیە سەرکێشە!
    بۆیە لە سەروبەندی وەرگرتنی سیم کارتەکە خۆم لە هەر جۆرە پرسیار کردنێک لە گەنجکە بوارد! چونکە من لە ناخەوە و لە دەرەوە زمان لاڵ و مات وەستا بووم و نەمدەزانی چۆن ڕاڤە بۆ هەڵبژاردنی خۆنەویستانەم بۆ ڕۆمانەکەی جان دۆست بکەم و پێوەستی بکەم بەو ساتەوەختەی تیێدا بووم.
    ئیدی بە کێشکردنێکی دیکەوە بۆ پەتی پانتۆڵەکەم، بلەز وە دوای داخوازی دڵی کوڕەکەم کەوتمەوە و لە مۆڵەکە دەرچووین.
    دەتگوت شەقام و جادەکانی شار هەرچی مەکدۆناڵدز هەبوو هەڵیانلووشیبوو! من و کوڕەکەم بۆ ماوەیێکی درێژ بە پیادەڕۆیی جادە و شەقامەکانمان دەبڕی و چاومان کردبوو بە هەشت چاو. لێ دوای نزیکەی بیست خولەک ڕێکردن، سەرباری ئەوەی من شارەزای کون و کەلەبەری شارەکە بووم مەکدۆناڵدزێکمان نەدۆزییەوە! لە بری ئەوە دەتگوت وزەی شاراوەی کات لە ناشوێندا وەها بە ڕژدی پێوەستی کردبووم بە ناونیشانی ئەو دوو کتێبەی لە خۆڕا و بەبێ هیچ پلان و بەرنامەیێک بۆ خوێندنەوە لە کتێبخانەکەدا دەستم بۆیان بردبوو. خۆیشم نەمزانی چۆن پێیەکانمان ئێمەیان بەرەو پارچەیێکی دیکەی شار بردبوو کە پێی دەڵێن Gas Town کە هەمیشە پڕە لە گەڕیدەی بیانی. لێ ئەوەی لێی نادۆزرێتەوە، مەکدۆناڵدزە!
    لە شاری هەڵم – (مدینە بخار) و هەمان ناوی دوا کتێبی زافۆن، دۆش دامابووم و نەمزانی چۆن وەڵامی کوڕەکەم بدەمەوە.
    کەمێک بە دیار کاتژمێرە هەڵمییەکە وەستاین! هەتا لە سەرە کاتژمێرەکەی زوو دا دەهات، کاتژمێرەکە دەست بە فیکە لێدان بکات و ئاوازەکەی کەمێک شادمانی بخاتە نێو دڵی کوڕەکەم و هاواری گەدەی لە بیر بچێتەوە.
    وادەی گەشتە سەیرەکەی خۆم و کوڕەکەم بە نێو دڵی شاردا هێشتا خۆی نەدابوو لە دوازدەی نیوەڕۆ. من لە ترسی پێشهات و ڕێکەوتی تر، هەنگاوەکانم خێراتر کرد، هەتا ماکدۆناڵدزێک لە ژێر باڵەخانەیێکی شووشەییدا لە پڕ بە مۆنی دەرکەوت و مینا بووکەڵەیێک دەستەمۆی نێو نیگای چاوە جوان و تیژەکانی کوڕەکەم بوو. ئەو یەکسەر وەک ئەوەی چووبێتە دونیای هەزار شەو و یەکشەوەوە و، پاڵەوانێک بێت لە بەردەم دەرگەی ئەشکەوتی سم سم وەستا بێت، بلەز گوێی کتێبێکی نێو دەستمی ڕاکێشا دەتگوت تۆڵەی شتێکیان لێ دەکاتەوە، هاواری کرد: بابە، مەکدۆناڵدز!
    بەر لەوەی ئەم کوڕە جوانەم لە دایک ببێت و ڕۆژگارەکانم بە هەبوونی وزە بەخشی ڕووناک بکاتەوە، ئێوارەیێک لە شەقامێکی جەنجاڵی شاری هەولێر پیاسەم دەکرد و پیاوێک هەڵتوک هەڵتوک بەرانبەرم دەهات و لە شێوەی جلوبەرگ و قژی لوولی دیار بوو هونەرمەندێکی نیگارکێشە. ئەو لە خۆڕا و بە بزەیێکی نیگەران و شەرمن منی وەستاند و گوتی: برا، تۆ شێوەت زۆر لە نووسەرێکی پەراوێزخراو دەچێت کە یەک تاکە ڕۆمانی هەیە بە ناوی (ئیلشا).
    _ من، نووسەر نیم. بەڵام پێم خۆشە ببم بە نیگارکێش!
  • پەککو! دەڵێت هەر لە دەستپێکەوە من و تۆ بە یەکدی ناگەیەین. چونکە من نیگارکێشم و پێم خۆشە ببم بە نووسەر!
    نیگارکێشە قژ لوولەکە ناوی سەردار سنجاوی بوو و گوتی کە ئەو لە داخی ڕۆمانێکی ئاست نزم و پڕ لە هەڵەی زمانەوانی بە ناوی (ئیلشا) چەند ساڵێکە حەزێکی وەها لە نێو دڵی شین بووە. بۆیە بڕیای داوە کە ئەگەر ڕۆمانێک لە سفریشەوە نەنووسێت، بە دوای نووسەری ڕۆمانی (ئیلشا) بگەڕێت و بەڵکە دەیدۆزێتەوە و ڕێگەی پێ دەدات ڕۆمانەکەی سەر لە نوێ بنووسێتەوە.
    من لە بەرانبەر ئەو پیاوەی ناوی سەردار سنجاوی بوو لە ئاشی خەیاڵێکدا بووم و خوازیار بووم هەر چی زووە سواری شتێکی لەمەڕ بەڕەکەی عەلائەددین بم و بۆ پشتەوەی ئۆقیانووسەکان بفڕم. لێ، نازانم بۆچی ئەو هێندە ڕژد بوو لە سەر پتر مانەوە و پێداگریی زۆری کرد کە وێکڕا بچین لە قاوەخانەیێکی نزیک پەیکەرەکەی گاد گروس دابنیشین.
    سنجاوی بەر لە دوو ساڵ ڕێکەوتێکی لەگەڵ خوێندنەوەی ڕۆمانی (ئیلشا) بۆ پێشهاتبوو و نەیدەزانی هۆکاری چییە!؟ ئیدی لەو ساتە وەختەوە دڵی هەمیشە دەیخواست بۆ کەسێکی بگێڕێتەوە. ڕێکەوتەکە لە ناخی سنجاوی نیاز و ئارەزووی بۆ بازدانێک دروست کردبوو کە تێیدا بڕیار بدات بە یەکجارەکی پشت لە ڕەنگ بکات و ببێت بە هاودەمی تیپ و وشان!
    قاوەخانەکە کەشێکی خۆش و ئارامی هەبوو. ئەگەر مرۆ هیچی لە هەگبەیش نەبووایە، ئاخاوتن لە خۆڕا دروست دەبوو. سنجاوی پتر لە من چووە نێو باس و خواستە قووڵەکان و بە ڕێزێکی زۆرەوە سەیری هونەری نووسینی دەکرد و دەیگوت هەر تێپ و وشەیەک لە کاتی خوێندنەوەدا لە پێش چاوی وی بە دەیان ڕەنگ و شێوە خۆیان دەنوێنن.
    من هیچم پێ نەبوو لە ئاستیدا لە سەر زمانم دەریبڕم! بلەزم بووم زوو بچێتە نێو باسەکە و منیش وەدوای کاری خۆم بکەوم بۆ وەدەستهینانی ڤیزای وڵاتێک. نازانم لەبەر چی سنجاوی ناوی شوێنی ژیانی بە وشترالیا دەهێنا لە بری وەی پێوەستی بکات بە ناوی تێرەیێکی ناوداری کورد بە ناوی سیندی!
    _ بەڕێز سنجاوی باسی ڕێکەوتە ناکەیت؟
  • ببورە برا، من خۆمم لە نێو باس و خواستدا لە بیر چوو!
    _ نا، ئاساییە.
  • ڕۆژێک خزمێکیم ڕۆمانێکی بۆ هێنام کە خۆی نەیتوانیبوو بیخوێنێتەوە! بەڵام، من هەر زوو وێنەی سەر بەرگی کتێبەکە سەرنجی ڕاکێشام و هونەرەکەم ناسییەوە. وێنەکە بریتی بوو لە پەیکەرێکی بچووکی بڕۆنز کە تێیدا مەلێکی مەزن سەری مرۆڤێکی خەمناک و سەر ڕووتی پێوە بوو. شتێکی زۆر جوان بوو و هەتا ڕۆمانەکەم هەمووی نەخوێندەوە نەمزانی کە نووسەری ڕۆمانەکە یان ئەو دەزگایەی کتێبەکەی چاپ کردبوو چەندە لە هەڵبژاردنی ئەو وێنەیە بۆ بەرگی کتێبەکە لێزانی نواندبوو. ڕۆژی هەینی بوو و کە دەستم بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانەکە کرد و لە ڕۆژی دووشەممە تەواوم کرد. من بە مەبەست دەڵێم تەواو بوو چونکە جگە لە ڕێکەوتەکە و هێندێک وێنای جوانی نێو ڕۆمانەکە نەبێت، بە دیدی من ڕۆمانەکە هەر لە سەرەتاوە مردووە و پێویستی بە نووسەرێکی شارەزاترە زیندووی بکاتەوە.
    برا پەلە مەکە، هەنووکە دەچمە سەر گێڕانەوەی ڕێکەوتەکە. بە دەر لەوەی کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانی (ئلیشا) کۆتایێکی گەلێک خەمناک و تراژیدی چاوەڕوانی دەکات. من گەلێک چێژم لە خوێندنەوەی چیرۆکی ئەویندارییەکەی نێوی وەردەگرت و بەلامەوە ئاکارێکی زۆر جوان بوو. پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بوو و نازانم لە چی شوێنێکی نێو ڕۆمانەکەدا بووم لەو کاتەی بینیم مێروولەیێک بەسەر پانتایی ڕووپەلەکەدا زۆر بە بێباکی پیاسە دەکات. نازانم بۆچی پەنجە گەورەم بە نیازی کوشتنی بەرەو مێروولە گەلێک ورد و گچکەکە درێژ کرد، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسامی و باوەڕنەکردنم بوو ڕووی دا.
    چونکە لەو کاتەدا بینیم مێروولەکە یەکسەر چوو لەسەر وشەیێک وەستا کە نووسرابوو، مەمکوژە!
    لە دوای ئەم دانیشتنە، کۆتا ئاخاوتنی سنجاوی ئەو بوو کە ئەگەر ڕۆمانی (ئیلشا) هیچ سوودێکی بۆ ئەدەب و زمانی کوردیش نەبووبێت، خۆ ڕۆژێک لە ڕۆژان مێروولەیێکی لە مردن ڕزگار کردووە!
    لەگەڵ سنجاوی، ئێمە جارێکی دیکە یەکدیمان نەبینییەوە.
    لە ماکدوناڵدز تۆڵەی کاتی ون بووی کوڕە دە ساڵییەکەم بە نزیکەی دە دۆلارێک سەندەوە. لە کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ بە هەمان ڕێگەی چوونمان بۆ کتێبخانە کێکە چۆکڵێتیەکە بەرەو ماڵ گەڕاینەوە. وەبیرهاتنەوەی ڕووداوی یەکتر ناسینم لەگەڵ سەردار سنجاوی کەمێکی مابوو مینا کاتژمێرەکانی کوڕەکەم لە دەرەوەی شوێنی مەکدۆناڵدز ببێت بە گەڵایێکی پایزی بەر با.
    لە دوای تێپەڕینی چەند هەفتەیێک و خوێندنەوەی هەردوو کتێبەکەی دۆست و زافۆن، ڕۆژێک لە ماڵەوە بە دیار شاشەی تیڤی دانیشتبووم و بە ڕێکەوتێکی گەلێک سەیر دیمەنی سنجاویم بە گەردێک لە گۆڕانی ڕووخسارییەوە بینی کە لەمەڕ پیشانگایێکی هونەری نوێی بە ناوی (دوای گورزە ڕووناکییەکان) ئاخاڤتنی بۆ پەیامنێری کەناڵەکە دەکرد.
    ماوەی یازدە ساڵ بوو مینا سنجاوی ڕوو ماندوو و پرچ هەنووکە ماشوبرنج، پەنابەری و دووری لە زیدی باو و باپیران بە نادڵی خۆم بۆ منیش ببوو بە چارەنووسێکی هەناسە درێژ و نەگۆڕ. شوێنێکی وەها دوور کە مرۆ هەرگیز بە سانایی بۆی نەلوێت سەردانی خوشک و برایانی بکاتەوە، چی جای کەسێک کە تەنیا یەک جار بە دیداری گەیشتبێت.
    من پێشتر هەوڵێکی وەهام نەدابوو پردی پێوەندیێکی تۆکمە لەگەڵ سنجاوی ڕۆنا بکەم، هەتا ڕۆژێکیان لەو کاتەی لە خۆڕا دەستم بە نێو ڕووپەلەکانی فەرهەنگێکی زمانی ئینگلیزی دەگێڕا کە لە کوردستانەوە لەگەڵ خۆم بۆ ئەودیوی ئۆقیانووسەکانم هێنابوو، ژمارەی تێلیفۆنی ویم لەسەر پارچە کلینیکسێکی بچووکی نەخشاو بە لۆگۆی قاوەخانەکەی شاری هەولێر دۆزییەوە. ئەویش لە ڕۆژێکدا بوو کە دەمێک بوو لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەی جان دۆست و کۆچیڕۆکەکانی کارلۆس زافۆنم ببوومەوە کە یەکێکیان دەربارەی نیگارکێش و تەلارسازێکی ناوداری شاری بەرشەلۆنە بوو بە ناوی ئەنتۆنی گاوی.
    لە ڕۆژانی پشوو بۆ تێشتی سەر لە سپێدە من هەمیشە ئاڤەگادۆیێک لە شێوەی چوارگۆشەی بچووک بچووک پارچە دەکەم و لەگەڵ هێلکەی برژاودا تێکەڵی دەکەم. جارێکیان بەر لەوەی توێکڵ و ناوکەکەی ئەم میوە سوودبەخش و سەوز و چێژ خۆنەسەپێنە فڕێ بدەم، هەمووییم لە سەر مێزەکە دانا و لە خۆڕا لە ژێر دەستم شێوەی مرۆیێکی لێ دروست بوو. سەرەتا وەهام زانی کارە سادە و شێوە هونەرییەکەم بە هۆکاری تەواوکردنی خوێندنەوەی چیرۆکەکەی زافۆنەوە بووە دەربارەی گاودی. لێ، دواتر پاش ئەوەی ژمارەی تێلفۆنی سنجاوی لە نێو فەرهەنگەکەدا وەگیر دەکەوێتەوە و، بڕیار دەدەم دواتر لە ڕێگەی ڤایبەرەوە نامەیێکی کورتی بۆ بنێرم. وێجا بەزمەکە لەوەیش سەیر و واوەتر دەڕوات!
    هەنووکە ڕۆژ و شوێنی دانیشتنەکەم لەگەڵ سنجاوی وەبیرم دێتەوە لە ٠١/٠٦/٢٠١١ لە شاری هەولێر. چونکە سنجاوی لە سەروەختی نووسینی ژمارەی تێلیفۆنەکەی لەسەر پارچە کلینیکسەکە گوتی : برا، سەیری ئەم ڕێکەوتە بکە، کۆدی تێلیفۆنی وڵاتەکەی لێی دەژیم ژمارە شەست و یەکە!
    دیدارێکی کورت و پڕ لە وزە بوو. ئەنجامەکەی لە دەرچوونماندا لە قاوەخانەکە کەمێکی لێ وەدەرکەوت و سجاویم بەهۆیەوە باشتر ناسی. لە سەر جادەکە ژنێک بەرەو ڕوومان هات و منداڵێکی ساوای لە باوەش بوو و نازانم چۆن وەها زوو درکی بەوە کردبوو کە بۆنی دۆلار پتر لە سنجاوی دەهات لەوەی لە من. بۆیە بە ڕوویێکی خەمناکەوە لە بەرانبەریدا وەستا و دەستی پان کردەوە و گوتی کە لە شارۆچکەی گوڵاڵەوە هاتووە، پاش ئەوەی گروپێکی توندڕەو هاوسەرەکەیان لە پێش چاوانی و لەبەر دەرگەی ماڵەکەی وەبەر گوللە دابوو.
    سنجاوی گەلێک بەخشندە دەرکەوت و گوێی پارچە دۆلارێکی لە نێو گیرفانێکی ڕاکێشا کە وێنەی پیاوێکی تووڕەی سەر و سمێڵ و ڕیش پڕی لەسەر بوو و بە شەرمەوە بۆ ژنەکەی درێژ کرد. ژنە بەر لەوەی بڕوات، لەگەڵ هی سنجاوی گوێیەکانی منیشی پڕ کرد لە ستایشی جوان و وشەی شیرین و نزای پاڕانەوە لە خودای مەزن کە دەست بە تەمەنمانەوە بگرێت.
    بەر لەوەی کوڕە دە ساڵییەکەم ئەو ڕۆژە وە ئاگا بێت، بە ئایفۆنەکەم چەند وێنەیێکی پیاوەکەی لە پاشماوەی ئاڤەگادۆیەکە دروستم کردبوو، دەجرکێنم. دواتر کە ئێوارە دادێت و وەک ئەوەی داهێنانێکی گەلێک مەزنم ئەنجام دابێت بە شێوەیێکی وەها لە هونەرە سادەکە دەڕوانم و ناخوازم تێکی بدەم. بۆ خۆ وەدەرهێنانێکی ساویلکانە لە بەرانبەر داهێنانە مەزن و بەرچاوەکانی پاڵەوانەکەی چیرۆکی زافۆن و دەرکەوتنی سنجاوی لە کەناڵێکی جیهانیدا، ژمارەکەی بە کۆدی (٦١) وە لە ڤایبەرەکەم لێ دەدەم و وێنەکە لەگەڵ پەیامێکی کورت بۆ کیشوەرە دوورەکەی ژێر گۆی زەوی دەنێرم.
    بە شێوەیێکی سەیر دیمەنی پیاوە ئەڤەگادۆیەکە دەستێکی گەلێک کورت بوو و قاچێکیشی گەلێک درێژ. من لە بارێکی دارایی واوەتر و گەلێک جوداتر بووم لەو ڕۆژەی کە مینا سنجاوی نەشیا بووم هاوکاری ژنە گوڵالەییەکە بکەم. بۆیە دەتگوت شتێک لە نەستمدا بۆ دروێنەی کاتێکی بەسەرچوو هەڵیکوتابووە سەر پەنجەکانم، نامەکەی ڤایبەرم بۆ سنجاوی بەو شێوەیەی خوارەوە نووسی:
    بەڕێز سنجاوی،
    سڵاو،
    (بە دەر لەم پەرەگرافەی خوارەوە، تەواوی ناواخنی نامەکە لەم چیرۆکەدا پەڕیوە!)
    خودای میهرەبان مرۆی بە ئەندازەیێک خۆش دەوێت، ئەگەر لە شوێنێک مووی سەری پیاوێک هەڵوەری، لە شوێنێکی دیکە ڕووی ژنێک وەک مانگی تابانی لێ دێت. کەسێک دەستێکی کورت بوو بۆ هاوکاری، لێ ئەگەر بە چاکی لەشی خۆی ڕابمێنێت، دەبنێت قاچێکی چەندە درێژە بۆ سەردانی. مرۆ چاکە، کەمێک تیڕامانی هەبێت و لە ڕۆژگارەکانی گۆرین پەند وەربگرێت. واتە وەها چاكە ئەو بە ئاوەدانکردنی ناخی خەریک بێت لە بری بە نایلۆن کردنی ڕووخساری. ئاڤەگادۆ میوەیێکە، لە دەرەوە ڕەنگی تەڵخە و جوانیێکی ئەوتۆی نییە، لێ کە ناخی دەکەیتەوە سەرباری بێتامییەکەی، سەوزییەک دەبینی هێندەی بەهاری دەڤەری چۆمان گەش!
    هاوڕێت
    دڵدار
    ١٠/٠١/٢٠٢٣
    لە دوای هەناردنی پەیامەکەم من هەرگیز چاوەڕوان نەبووم وەڵامەکەی وەها بە زوویی وەربگرمەوە، بە تایبەت کە کەسی بەرانبەر ناو و دەنگێکی هەبێت و لە بوارێکدا گەلێک داهێنەر بێت. سنجاوی نامەکەی وەها نووسیبوو کە ڕەنگدانەوەی یەکتر ناسین و دیدارەکەی قاوەخانەکەی بە جوانی پێوە دیار بوو. لێ، ئەوەی لە هەموو شتێک پێداگری لەسەر کردبوو، ئەوە بوو کە ناردنی مرۆ ئاڤەگادۆییەکە بەدەر لە شێوە هونەرییەکەی جێگەی ئاماژەیە بۆ ڕێکەوتێکی گەلێک سەیر و ناوازە و باوەڕنەکراو.
    سنجاوی نووسیبووی سەرباری ئەوەی کە ئەو بە هیچ شێوەیێک لەو خەیاڵەدا نەبوو دوای پتر لە دە ساڵ لە دیداری نێو قاوەخانەکە، جارێکی دیکە بە ڕووداوەکە پێوەست ببێتەوە. شتی گرنگتر ئەوە بوو کە لەو کاتەی نامەکەی منی لە ڤایبەر پێگەیشتبوو، ئەو لە قاوەخانەیێکی لاچەپەکی شارەکە دانیشتبوو کە چەندین ساڵ بوو بە هۆی مژووڵی ژیان و کارە هونەرییەکانی بۆی نەچوو بوو.
    پێشتر لەو کاتانەی هەمیشە سەردانی قاوەخانەکەی کرد بوو، هەرگیز بە ڕێکەوتیش منداڵێکی نەبینیبوو لە نزیکی شوێنەکەدا یاری بکات یان تێپەڕێت. لێ، لە سەروەختی کردنەوەی پەیامەکەی ڤایبەر، دەبینێت دوو منداڵ لەسەر جادەکە تۆپێن دەکەن و دواتر لە پڕ تۆپەکەیان لێ هەڵەتە دەبێت بۆ دووری پیادە ڕۆییەکە دەچێت. لەو کاتەدا پیاوێکی کەڵەگەت بەوێدا ڕەت دەبێت وەک ئەوەی مرۆیە لە ئاڤەگادۆیەکە بێت و لە نێو تێلیفۆنە دەستییەکەییدا دەرچوو بێت. یان لە پێش چاوی سنجاوی شێوەی گەلێک لە باڵندە مرۆیینە سەر ڕووتەکەی سەر بەرگی ڕۆمانی (ئیلشا) دەچوو کە لە دوورەوە بۆ لای وی فڕیبێت. کەچی ئەوەی جێگەی تێڕامان و سەرسامی بوو سنجاوی بوو کە دەبینێت پیاوەکە دەستێکی لە نیوە بڕاوەتەوە و کورتە، لێ قاچێکی درێژ کردبووەوە بۆ ئەوەی شووتێک لە تۆپەکەوە بدات بۆ لای دوو منداڵەکەی بگەڕێنێتەوە.
    لە ئاست ئەو ڕێکەوتەدا کە هاوکات بوو لەگەڵ کردنەوەی پەیامەکەی ڤایبەر، ئەو لەسەر کورسیی قاوەخانەکە بۆ ماوەیێک دۆش داما بوو و نەیدەزانی چی لێکدانەوەیێک بۆ پێشهاتەکە بە زەیندا بهێنێت. لێ، بەر لەوەی دیمەنەکەی زۆر لە پێش چاودا بگۆڕێت، یەکسەر وێنەی پیاوەکە بە ئایفۆنەکەی دەگرێت و هەر لەوێدا لەگەڵ پەیامێکی کورتدا بۆ منی ڕەوانە دەکاتەوە.
    لێرەوەڕا بە هۆی وێنەی پیاوە ئاڤەگادۆییەکە و پەیامەکەم پردێکی پتەو لە پەیوەندی لەگەڵ سنجاوی نیگارکێش چێ بوو و دواتر ئەو لە هەموو نامە و تێلیفونەکاندا پێداگری لە یەک شت دەکرد کە من ڕوو بکەمە بواری نووسین. سنجاوی پێی وەها بوو هەر ڕۆژێک پەنجەکانم بخەمە سەر کیبۆردی لاپتۆپەکەم دەشێم سەرەداوی چیڕۆکێک بە شێوەیێکی گەلێک چاکتر و ڕەوانتر لە هی نووسەرە نەناسراو و پەراوێزخراوەکەی ڕۆمانی (ئیلشا) بگێڕمەوە.
    لێ، هێندەی دەمهێنا و دەمبرد نەدەشیام خۆم لەو ڕێگەیەی هاتونەهاتەی نووسین بدەم. نەمدەویست وەک نووسەری ڕۆمانی (ئیلشا)م بەسەر بێت و شتێک بنووسم کە کەس توانای خوێندنەوەی نەبێت. لێ، سنجاوی بە پێچەوانەوە بە جۆرێکی دیکە لە ڕۆمانەکەی دەڕوانی و دەیگوت کە ئەو هەر کاتێک وێنەی ئایلان کوردی لە شوێنێکدا دەبینێت یەکسەر چاوانی پڕ لە ڕوندک دەبن و بەشێکی گرنگی ڕۆمانی (ئیلشا) وەبیر دێتەوە. هەروەها سەرباری یادەوەرییەکەی خۆی لەگەڵ مێروولەکەدا و هەواڵی بەردەوامی ئەو بەلەمانەی لە ئاوەکاندا نقووم دەبن ڕووداوەکانی دیکەی نێو ڕۆمانەکەی بە ئاسانی لە پێش چاوانی وێڵ ناکەن. بۆیە بیرۆکەی زیندوو کردنەوەی ڕۆمانەکە، شتێک بوو سنجاوی هەرگیز نەیدەتوانی لێی هەڵبێت.
    دوا جار ملم بۆ پێداگرییەکەی سنجاوی دا و هێندێک پشکنینم دەربارەی ڕۆمانی (ئیلشا) کرد. لە دوای نزیکەی نیو کاتژمێر گەڕان بە نێو تۆڕەکانی ئینتەرنێتدا، بەدەر لە یەک تاکە نووسین کە هی ژنێکی نووسەر بوو بە ناوی مریەم، لە هیچ شوێنێکی دیکە شتێکی وەها بەرچاو دەربارەی ڕۆمانەکە نەبوو. لە بری ئەوە ئەفسووس زۆر بە زوویی لە سایتێکی دیکەدا هەواڵی مەرگی ئەو ژنە خانەدانە دەخوێنمەوە کە مینا پاڵەوانی ڕۆمانی (ئیلشا) نەخۆشی شێرپەنجە بۆی بوو بە گورگێکی گەلێک دزێو و ناوەختە.
    من لە بیرۆکەی نووسین سارد ببوومەوە و خوازیاربووم تەنێ کوڕە دە ساڵییەکەم بە کوردیێکی جوان ئاخاڤتن بکات و بنووسێت و بخوێنێتەوە. بۆیە بۆ سبەینێ ئەو ڕۆژە پلانێکم ڕێکخست کە جارێکی دیکە بچینەوە کتێبخانەی گەورەی شار و هەردوو کتێبەکەی جان دۆست وکارلۆس زافۆن بگەڕێنینەوە و بەڵکە ئەجارە کتێبێک بە زمانی کوردی دەدۆزینەوە.
    بۆ شەوێ لەگەڵ خەونێکی سەر سوریالی و بن بەترس وەئاگا هاتم و ڕووم ئارەقەی ساردی لێ دەچۆڕایەوە. لە خەونەکەمدا سوارچاکێکی سەردەمەکانی دێرینم دەبینی کە سواری سەر پشتی گیانلەبەرێکی زەبەلاح ببوو و لە دوورەوە نەدەشیام هیچی لێ هەڵبێنم. دیمەنەکە لە نێو گەردەلوولی تۆز و خۆڵێکی وەها بوو و ئاسان نەبوو هیچ ناوێک بە باڵای سوارچاکەکە و گیانلەبەرەکە هەڵبڕیت. کاتێکی زۆری نەخایاند سوارچاکەکە بە تاو بەرەو ڕووم دەهات وەک ئەوەی شتێک بینیبێت کە لە من نادیار بێت. چاوەکانم هەڵگڵۆفی و نیازم وەها بوو دیمەنەکە لە نێو تۆز و خۆڵدا بە جوانی ببینم. لەو کاتەدا بوو سنجاویم بینی بەسەر پشتی کەنگەرێکی زەبەلاحەوە بوو کە سەر وشتری پێوە بوو. سنجاوی بەرەو نزیکتر دەهات و هاواری لێم دەکرد: کاکە بەردەمم بەردە!
    لەو کاتەدا من لە شوێنی خۆم بە تاو ڕاپەڕیم و یەکسەر ئاوڕم بۆ لای پشتەوە دایەوە. لێ، چی ببینم! مرۆیە ئاڤەگادۆییەکە مینا کارەکتەرێکی ترسناکی نێو یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەستی کوڕە دە ساڵییەکەمی گرتبوو و خەریکە بیڕفینێت. دیمەنێکی گەلێک ترسناک بوو و من لە شوێنی خۆمدا وشک ببووم و نەمدەزانی چی بکەم. ئیدی، دڵی خۆم بە چاو گێڕان بۆ سوارچاکەکە دەدایەوە کە ناوی سنجاوی بوو.
    من هێشتا دەستم نەکردبوو بە کەپر بۆ چاوەکانم کە ئەوجارە سنجاویم بینییەوە خێراتر کەنگەرەکەی بەسەر شەقامێکی قیڕتاودا تاو دەدا و وەدوای پیاوە ئاڤەگادۆیەکە کەوتبوو و هاواری دەکرد: مەکە دۆناڵدە دز! مەکە دۆناڵدە دز!
    من لە ئاکامەکانی هات و هاوارەکە نەدەگەیشتم و نەمدەزانی پێشهاتەکە خەونێکە دەیبینم. لێ، دەنگی دوا تیپ لە هاوارەکەی سنجاوی ویزەویزێکی سەیری خستبووە نێو گوێچکەکانم و کەمێک مابوو پەردەکانی بتەقن. لە تاو ئازار خۆیشم نەمزانی چۆن لە پڕ لە سەر جێگەی خەو ڕاپەڕیم و بە دوو چاوی بە خەوەوە بەرەو ژووری کوڕەکەم چووم.
    سەر لە سپێدە کوڕەکەم بە بزەیێکی جوانەوە لە خەو ڕا بوو و بەیانی باشی بە زمانی ئینگلیزی لێم کرد. لە بەرانبەردا من بە هۆی شادمانی خەوتنم لە ژوورەکەی بە زوویی پێشنیازی چوون بۆ کتێبخانە، لەگەڵ مەکدۆناڵدزم خستە بەردەمی. کەچی ئەوەی هەرگیز چاوەڕانی نەبووم ڕووی دا. کوڕەکەم لە خۆڕا دوو وشەی بە زمانی شیرینی کوردی هێنایە سەر زاری و یەکسەر گوتی: بابە، کەباب!
    لەگەڵ بیستنی ئەو پەرسڤەی کوڕە جوانەکەم، دڵم بوو بە کەباب و ڕوندکی نێو چاوەکانمی کرد بە هەڵم. ئیدی وەک ئەوەی زێڕ و زیوم لە ئەشکەوتەکەی سم سم دۆزیبێتەوە یەکسەر خۆم گۆڕی و دەستی کوڕەکەم گرت و بۆ دەرەوە چووین.
    لە دوای خویندنەوەی چیڕۆکەکانی زافۆن بە هەواڵی مەرگی ناوەختەی ئەم نووسەرە کەتەلانییەیشم زانیبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە! بۆیە بە نیاز بووم هەر بگەم کتێبخانەکە داوای ڕۆمانە بە ناو ودەنگەکەی (سێبەری با) بکەم. کوڕەکەم بە درێژایی دوو کاتژمێر مانەوەمان لە کتێبخانەکەدا ئارامیێکی وەهای نواند کە چاکە لە دەرەوەی چیرۆکدا پەسن و گێڕانەوەی بۆ بکرێت. ئەو لە چاو جاری یەکەمی چوونمان بۆ کتێبخانە، نێوانی زەوین و ئاسمانی پێشان دا و دەتگوت شەوی پێشوو خەونێکی سەد و هەشتا پلە پێچەوانەی ئەوەی منی بینیبوو.
    من بەر لەوەی خۆم لە پێش پیاوە سەر قژن و ڕیشدارەکەی پێش کاونتەرەکە ببینمەوە و داوای ڕۆمانە جوانەکەی کارلۆس زافۆنی لێ بکەم، لەگەڵ کوڕەکەم بە نێو بەشی زمانەکاندا گەڕا بووین و کاتێکی زۆرمان بە سەیرکردنی ناونیشانی جوانی کتێبان زیندوو کردبووەوە. دواتر هەر کە پێمان نا نێو بەشی زمانی فارسی لە نێو کتێبە ڕەسەن و وەرگێڕاوەکاندا کەمێک ماینەوە. دواتر من یەکسەر خەریک بوو باڵ بگرم لەو کاتەی کتێبی ئەلفوبێی کوردی ئەمین باڵدارم بینییەوە کە دیار بوو بە ئازارەوە شوێنی خۆی لە نێوان دوو کتێبی شان و مل زلی مێژوویی کردبووەوە. چونکە لەو کاتەی کتێبەکەم دەرهێنا، بینینم بەرگەکەی کەمێک گەچراو و دڕا بوو. ئیدی، دوو دڵیم نەکرد لەوەی زوو ڕووپەلەکانی کتێبە بۆ نیگای چاوانی گەشی کوڕەکەم بکەمەوە و بۆ ئەوەی بە دەر لە وێنەی ڕەنگاورەنگ بە شێوەی تیر و کەوانی تیپەکانیش ئاشنای بکەم. بە پێچەوانەی جاری پێشوو کوڕەکەم شادمانی لە چاوانی دەخوێندرایەوە و بێ ئەوەی لێی بپرسم یەکسەر سەری بەڵێی بۆ وەرگرتنی کتێبەکە نەوی کرد.
    دوای ئەوەی کتێبی ئەلفوبێی باڵدارمان لە شوێنێکی ئەستەم و ناخۆشی نێوان دوو کتێبی مێژوویی خۆسەپێنەردا ڕزگار کرد و بە هاوشانی لەگەڵ ڕۆمانی (سێبەری با) ی زافۆن تاوێکی درێژ بە نێو جادە و شەقامەکانی شاردا گەڕاین. من لەو ماوەیەدا هەر چاوێکم کردبوو بە دوو چاو بەڵکە ئەمجارە لە جاری پێشوو و لە چیرۆکی گەڕان بە دوای مەکدۆناڵدزدا زووتر چێشتخانەیێکی سەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەدۆزینەوە کە خواردنی کەبابی هەبێت. هەروەها لە ترسی بابەتی خەونەکەی دوێشەو هەرگیز خوازیاری ئەوە نەبووم لەو ڕۆژەدا شوێنی مەکدۆناڵدز ببینم.
    دوای کەمتر لە چل خولەک من و کوڕەکەم خۆمان لە چێشتخانەیێکی بچووکدا بە ناوی زافرۆن (واتە زەعفەران) بینییەوە. لە چاوەڕوانیی هاتنی کەبابدا من گەرەکم باڵ بە کوڕەکەم بدەم کتێبەکەی باڵداری لە پێش دابنێم و بۆ خۆیشـم بچمە ژێر سێبەری با و لە نهێنییەکانی ژیان بگەڕێم. لێ، بەر لەوەی بە خوێندنەوەی یەکەم ڕستەی دەستپێکی ڕۆمانەکەی زافۆن شاگەشکە بم، لە سەروەختی کردنەوەی کتێبی ئەلفوبێ باڵداریش بۆ کوڕەکەم شتێکی سەرنجڕاکێش لە دیوی ناوەوەی بەرگەکەی وەدەرکەوت. نووسین و وینەیێک هەبوو کە هێزی داگرتن بە سەر پێنووس و نەخشاندنیان بە ئاشکرا دیار بوو هی دەستی منداڵێکی کوردە.
    “بۆ کتێبخانە
    چۆمان فەرهاد
    وێنەی کێکێکی لوولەک”

بەر لە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی نێو کتێبی (شاری هەڵم)، من پێشتر ناوی زافۆنم هەر لە دوورەوە بیستبوو و هیچ بەرهەمێکیم نەخوێندبووەوە. لێ، لەو کاتەی یەکەم ڕستەی ڕۆمانی (سێبەری با) منی لەبەردەم پێشهاتێکی گەلێک نائاسایی و سەیر دانا، هەرگیز نەمتوانی خۆم لە چارەنووسێک نابەلەد بکەم و وەدوای خوێندنەوەیێکی ڕژد بۆ گشت بەرهەمەکانی زافۆن نەکەوم. کەچی، ئەم پلانەم بۆ کاتێکی درەنگتر دواخست و بە خۆمم گوت: دڵدار، ئارام بگرە و هەتا ڕەشنووسی نووسینی چیرۆکێک تاقی نەکەیتەوە خۆت لە دونیای زافۆن مەدە!

“هەرگیز ئەو ڕۆژەم لە بیر ناچێتەوە کە باوکم بۆ گۆڕستانی کتێبە لە بیرچووەکانی بردم.”

لە ڕاستیدا من جۆرێک نیگەرانیم پێوە دیار بوو کە بیرم لە خەونەکەم دەکردەوە و خوێندنەوەی ئەم ڕستەیەی سەروویش قوڕەکەی ژێر پێمی خەستتر کرد. دەتگوت ڕستەکە ئاماژەیێکە و لە زاری کوڕەکەی خۆم دەرچووە و ڕاڤە بۆ گەلێک ڕێکەوتی سەیری نێو ژیانم دەکات. بە تایبەت لەو کاتەی من پێشتر هیچ ڕۆمانێکی زافۆنم نەخوێندبووەو و نەمدەزانی مەبەستی لەگۆڕستانی کتێبانی لە بیرچوو چییە؟
بۆیە پەلەم نەکرد لە خوێندنەوەی ڕۆمانی (سێبەری با) و لە بری ئەوە بە خۆمم گوت: مل بدە بۆ داواکەی سنجاوی لەو ڕۆژەی تارمایی نووسەرێكی لە ڕووخساردا بینیبوو، شتێک بنووسە! ماوەیێکی درێژم پێ چوو هەتا یادەوەریم بوو بە هاندەرم و شیام ئەگەر هیچ نەبێت بڕێک لە ڕیکەوتەکان لە شێوەی سەرە داوی ڕۆمانێک بگێڕمەوە.
دەستپێکی نووسینەکەم وەها دەست پێ کردبوو کە کوڕەکەم پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە:
” لە ئاهەنگی دەیەمین ساڵی لە دایکبوونی کوڕەکەم لە بەرانبەر کێکێکی چۆکڵێتی لوولەک وەستاوە و خەریکە فوو لە مۆمەکان دەکات. لەو کاتەدا دووکەڵی مۆمەکان پێش چاوانی لێل و تەماوی دەکەن و دیمەنەکانیش بەرگی ئەفسووناوی دەپۆشن. لێرەوە کوڕەکەم هەست دەکات دەرگاێیک لە پێشی و لە نێو کێکەکەدا دەبێتەوە. دەنگێک بەکزی لە ژوورەوە دێت و کوڕەکەم وەدوای دەکەوێت. کوڕەکەم دەچێتە نێو کێکەکە خۆی لە نێو ڕێڕەوێکی پێچوپەنا دەبینێتەوە خەریکە تێێدا ون دەبێت. لێ دەنگە خۆشەکە دوو پاتە دەبێتەوە و هەمیشە کوڕکەم ڕاستە ڕێ دەکات نەوەک هەنگاوێک بە هەڵە هەڵبێنێت.
دوای تاوێکی درێژ لە گەڕان بە دوای سەرچاوەی دەنگەکە، کوڕکەم لە پڕ خۆی لە نێو قووڵایی و ناوەڕاستی کێکەکەدا دەبینێتەوە کە مینا هۆڵێکی مەزنی هاوشێوەی نێو کتێبخانە یان مزگەوت یان کلێسا دیارە. دیوارەکانی هۆڵەکە پڕن لە دەریچەی پڕ لە کتێب و لێ ئەوەی سەرنجی کوڕەکەم ڕادەکێشێت دیمەنی کێژۆڵەیێکی زۆر ڕوو پاکیزە و ڕند و جوانە کە سەری بۆ نێو ڕووپەلەکانی کتێبی ئەلفوبێی ئەمین باڵدار شۆڕکردۆتەوە وەک ئەوەی لە تێپێک بگەڕێت کە چارەنووسی زمانی کوردی پێ بگۆڕێت. لێرەدا کوڕەکەم لە شوێنی خۆی دەوەستێت و نازانێت هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت یان بگەڕێتەوە بۆ دواوە.
کوڕەکەم تاوێکی درێژ لە بەرانبەر دیمەنی کیژۆڵەکە دەوەستێت و هەست دەکات کلیلێکی هاتۆتە نێو دەستی کە شێوەی تیپێکی مەزن و شکۆداری وەک (ئەلف) و (نوون)ی هەیە. بەرلەوەی کوڕەکەم بڕیار بدات و وەها دڵنەوایی بە خۆی بدات کە کلیلکەکە هی دەرگای چوونە دەرەوەیە لە نێو کێکەکە، نیگای چاوە جوانەکانی لەسەر پارچە تەختەیێکی سەر مێزەکە گیر دەبن کە ناوی کێژۆڵەکەی بە ڕینووسێکی جوان لەسەر نووسرا بوو: چۆمان فەرهاد!
چۆمان فەرهاد سەر هەڵدەبڕێت و بە دەنگێکی ناسک و خۆش بە کوڕەکەم دەڵێت: کاکە گیان، تۆ هەتا فێری ئەلفوبێی زمانی شیرینی کوردی نەبیت، نە دەتوانێت لێرە بچیتە دەرەوە، نە بگەڕێیتەوە ماڵەوە! “
من نیازم وەها بوو سەرە داوی ڕەشنووسی ئەم چیرۆکە بەرنەدەم و سەرهاتەکانی وەها درێژ بکەمەوە و بهۆنمەوە کە دەیان کارەکتەر و شوێن لە نێویدا جێگە و پێگەیان ببێتەوە. لێ، نازانم بە چی هاوکارێک بوو لە پڕ چەند ڕۆژێک لە نووسینی وەستام و دابڕام. دواتر بەر لەوەی وادەی گەڕاندنەوەی ڕۆمانە جوانەکەی زافۆن (سێبەری با) بۆ کتێبخانەی شار نزیکتر بێتەوە، من بڕیارم دا لە بری بەردەوامبوون لە نووسینی چیڕۆکەکەم و سەرەتا لە دەرگای ئەم ڕۆمانە بچمە ژوورەوە. ئیدی پاش ماوەیێک دوای خوێندنەوە و تەواوکردنی ڕۆمانەکە، هەستم کرد من ڕۆڵێکی جودا لە هی کوڕەکەم دەبینم و جۆرە هێزێک پەلکێشی دەکردم کە هەمیشە خوێندنەوە دەخاتە بان نووسین. بۆیە بێ دوو جار بیرکردنەوە ڕەشنووسی نووسینەکەم وەک ئەزموونێکی سەرنەکەوتوو دەخەمە بەر تەوژمی با و بڕیار دەدەم چیدی لە دەرگای نووسین نەدەم؟
لێرەوەڕا ڕۆمانەکانی کارلۆس زافۆن یەک لە دووی یەک لە پێشمدا مینا ئەم کێکە دەرگایان خستە سەر پشت کە پاڵەوانە ژیکەڵەکەی ڕەشنووسی نووسینەکەم، چۆمان فەرهاد نیازی وەها بوو سەرنجی منداڵێکی کوردی بۆ ڕاکێشێت کە زمانی دایکی لە بیر چۆتەوە.
ئیدی دوای خوێندەوەی ڕۆمانی (سێبەی با) هاتن و چوون بەرەو کتێبخانەی شار لەگەڵ کوڕەکەم بووەوە بە نەریتێکی بەردەوام و جوان. لە ماوەیێکی کورتدا کۆی ڕۆمانەکانی کارلۆس زافۆن لە (گەمەی فریشتە) وە بۆ (زیندانیی بەهەشت) و هەتا (وێڵگەی ڕۆحەکان) لە پێش چاوانم سەرباری ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکانیان مینا کێکەکان یان زریزەیێکی زێڕین کە بە گەردنی چۆمان فەرهادی پاڵەوانی ڕەشنووسی چیڕۆکەکەمەوە بێت، وەهایان کرد کە هەمیشە زارم بە خوێندنەوە شیرین بکەم و چاوانیشم بە هی منداڵ ڕۆشن!
بەرکەوتنم لەگەڵ دونیای نووسینی کارلۆس زافۆن سەرباری ڕێکەوتەکەی چوونم بۆ کتێبخانەی شار لەگەڵ کوڕە دە ساڵییەکەم کە لە سەرەتای ڕۆمانەکە دەیخوێنمەوە، دەتگوت زادەی ڕۆژێکی هاوشێوەی ژیانی خۆم بوو.
ئەفسووس، مەرگی زافۆن لە ژیانی ڕاستیدا گەلێک بێدەنگتر لە هی کارەکتەرەکانی تێپەڕ بوو! لە بیرمە جارێکیان سنجاوی لە نامەیێکدا نووسیبووی کە لە دوای خوێندنەوەی ڕۆمانی (ئیلشا) ئەگەر نووسەرەکەیشی مردبووایە هێندەی کارەکتەری ڕۆمانەکەی بۆی پەرۆش و دڵتەنگ نەدەبوو.
هەنووکە دوور لە نووسین من مەبەستمە لەو هێزە بکۆڵمەوە و وە دوای بکەوم کە وەهای کرد لێکچوون و ڕێکەوت و پێشهات لەگەڵ سەر لە سپێدەی سەردانە بێ بەرنامەکەم بۆ کتێبخانەی شار دەست پێ بکات. هەروەها دەشێم دەیان نموونەی دیکەی لێکچوونەکان و ڕێکەوتەکان بهێنمەوە کە وەهای کرد ڕەشنووسەکەم لە دوای خوێندنەوەی گشت ڕۆمانەکانی زافۆن بدڕێنم
من لێرە هیچ نیازێکم نییە بە بەڵگەکردن خەریک بم. لێ، ئەگەر بوارم هەبوو لە نامەیێکدا یەک یان دوو دانە لەو ڕێکەوتانە بۆ سنجاوی دەگێڕمەوە. زافۆن لە گشت ڕۆمانەکانیدا کوڕێکی دە ساڵان وەک پاڵەوانێکی سەرەکی و بەردەوامی نێو گشت ڕۆمانەکانی دەناسێنێت و کتێبخانەیێکی شێوە لوولەک و هاوشێوەی کوالیسۆمیش دەکات بە شوێنی سەرەکی ڕووداوەکان. من بەر لەوەی بەو دوو نموونەیە بزانم کە بە ڕژدی وێنەی ئەو ڕۆژەیان نەخشاندبوو کە لە خۆڕا دەستی کوڕە دە ساڵییەکەم گرت و بردم بۆ کتێبخانەکەی شار. دواتریش هەمان ڕۆژ بوو بە هەوێنی دوو ڕێکەوتە سەیرەکەی بە دوای وەرگرتنی دوو کتێبەکەدا هات، هەروەها بە هۆکارێک بۆ پەلکێش کردنم بۆ نێو دونیای سەیری نووسەرێک کە لە ژیانی ڕاستییدا بە دوویدا بگەڕێم.
لێرەوە لەژیڕ کاریگەریی ئەم هەموو ڕیکەوت و گێڕانەوەیە، ئارەزوو بۆ نووسین وەک بڵقی ئاو لە ناخمدا سەرهەڵدەدات و دواتر لە پڕ دەتەقێت!
چۆن سنجاوی لە شاری هەولێر خوازیار بوو بە دوای نووسەری ڕۆمانی (ئیلشا) دا بگەڕێت بۆ ئەوەی دەستکاریی زمان و داڕشتن و ڕێنووسی بە ناو ڕۆمانەکەی بکات و بەرەو کەنارێکی ئارامی ببات بۆ خوێندنەوە، شتێکی وەها لەگەڵ لێدانی خێرای ترپەی دڵم لە دوای خەونە سەیرەکە، لە لە ناخی منیشدا چەکەرە ببوو و پێی دەگوتم: دڵدار لە بری مژووڵ بوون بە خۆت و کوڕەکەت، بڕۆ بە دوای چۆمان فەرهاددا بگەڕێ!
لەگەڵ بیستنی دەنگەکە خۆم لە نێو گومانێکی سەیردا بینییەوە و بە خۆمم گوت هەرچی بینووسم ناگات بە گەردێک لەو هەوڵە جوانەی چۆمان فەرهاد بە بەخشینی کتێبی ئەلفوبێی زمانی کوردی بە مەزنترین کتێبخانەی شار. بۆیە ئەو ڕۆژە بەر لەوەی دەستم نەرم بکەم و نامەیێک بۆ سنجاوی بنووسم و سەرهاتی خەونەکەمی بۆبگێڕمەوە، یان بەرەو ژووری کوڕەکەم بچم و داوای بکەم جارێکی دیکە بەرەو کتێبخانەکە بچین.
بڕیارم دا ئەگەر لەمەودوا لە ڕێگەی کتێبی ئەلفوبێی زمانی کوردی باڵدار و پرسیارکردن لە پیاوە سەر قرژنەکەی کتێبخانەکە چۆمان فەرهادیشم نەدۆزییەوە، بە گوێی کوڕەکەمدا بچرپێنم کە لە داهاتوودا هەمیشە چاو بۆ بەرگی کتێبان بگێڕێت، بەڵکە ڕۆژێک ناوی ئەم کیژۆڵە جوانە لەسەر بەرگی ڕۆمانێکدا دەبینێتەوە کە بە هەمان هەناسەی (گەمەی فریشتە)ی زافۆن یان واوەتریش نووسراوە.
ئەرێ، دەشێم بە کوڕەکەم بڵێم کە لە ڕێگەی ڕستەیێکی وەها لە دەرگای ڕۆمانەکەی چۆمان فەرهاد بچێتە ژوورەوە کە دەڵێت:
مرۆیینە، باشترە بزانن تەنێ بێدەنگی لە زمانی دایک واوەترە!

تێبینی: لەگەڵ تەواوکردنی ئەم چیڕۆکە لە پڕ چاوم کەوتە سەر بۆشایی گەڕانی نێت و بینیم گووگڵ ڕۆژەکەی بە ڕۆژی ئاڤەگادۆ ناوزەد کردبوو. هەروەها جێگەی ئاماژەیە ئەویش بڵێم لەو کاتەی خۆم دوای ئەم ڕێکەوتە لە وشەی ئاڤەگادۆ گەڕام، شیعری شاعیرێكی ئەمریکاییم بینی و خوێندەوە کە تایتڵەکەی ئاڤەگادۆ بوو. لێ، ئەوەی سەیر و جێگەی سەرسوڕمانم بوو هەر کە گەیشتمە کۆتایی شیعرەکە، وشەی کەنگەر لە دوا دێڕدا نووسرابوو!”

دیدار مەسیفی




ڕیتمی نۆستالیژیا لە کتێبە شیعری (دەڕژێمە منداڵیمەوە).. ئاری ئاغۆک

یەکەم پێڵەقەی هاوێشتم
سەراوی دایکم ڕژاند
لەگەڵ ئەودا
چۆڕامە کۆشی مامانێ
یەکەم ناڵە کەگوێم لێ بوو
ئی داکم بوو
دەیچریکاندوو
دەیگوت منداڵەکەم کوانێ؟
یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی دنیای شیعر بریتیە لە نۆستالیژیا، کە لە سەرجەم زمان و ئایدیا و بیرکردنەوەکانی ئەدیب و شاعیران دا ڕەنگیداوەتەوە، وەک هەستێکی لەیاد نەکراو هەمیشە لەبەر چاو بەدی دەکرێت، بەڵام قوڵی ئەو هەست و ڕۆچوونە، لە ژینگە و بیرکردنەوەی شاعیرێکەوە بۆ شاعیرێکی دیکە جیایە، لەحالەتێکەوە بۆ حالەتێکی تر جیایە، لەگەڵ ئەوەش دا هەست و سۆزو بیرکرنەوەی هەر مرۆڤێک هەمیشە بەدوای ڕابڕدوو خوازی وێڵە، جا ئەو ڕابردووە، نزیک بێ، یا دوور، وەک حالەتێکی سایکۆلۆژی بەردەوام وا لە مرۆڤ دەکات بەبەراورد بە ئێستا، هەمیشە جوانیەکان لە دوێنێی نزیک و لە ئەوێ ڕۆژێ ی دوور ببینێ!
نۆستالیژیا وەک (هەست)ێک زۆربەمان هەستی پێدەکەین، بێگومان لەزەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکی تر و لەقۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر گۆڕانکاری بەسەر دادێت، گەلێ جار لە ناو هارمۆنیای ئێستای تەمەن دا ( یەک دەنگ، یەک دیمەن، یا بۆنکردنێک، یا خەیاڵێکی چەند چرکەیی) دەمانباتەوە نێو ماڵی نوستالیژیا، بۆیە هەر مرۆڤێک بەپێی ژینگەو بیرکردنەوەی، جار جارە دەچێتەوە ئەو ماڵە کەپێی دەڵێن نووستالیژیا، بەڵام ئەوەی زێتر لەنێو ئەو ماڵەدا بەقوڵی لەگەڵ یادەوەریەکان دەژی، ئەوا ئەدیب و هونەرمەندو شاعیرانن، چونکە دەربڕین لای ئەوان هونەرمەندانەو شاعیرانە گوزارشتی لێ دەکرێ، کە لە هەر لەپەنجەرەیەکی یادەوەریەوە سەدەها روانین دەبینرێ، وەک:
-پەناهەندەیی: دەتباتەوە غەریبی نیشتیمان و خاک.
-عیشق و ئەڤین: گەڕانەوە بۆ زەمەنی سۆزداری و موحیببەت.
-منداڵی: گەڕانەوە بۆ ئامێزی دایک و میهرەبانی باوک.
ئەمانە هەمووی لەچوارچێوەی نوستالیژیایانە خۆیان دەدۆزنەوە، هەروەها یەکێک لەو بوارانەی ئەدەب کە (شیعرە) بەزمان و هەست و سۆزی شاعیرەوە لەڕێگەی بیرەوەری کەسی یەوە وێنە گەورەکەی یادەوەریمان نیشان دەدات، بۆیە لەکاتی خوێندنەوە، دەکرێ هەر یەکەمان لە ڕەنگ و ڕەهەندێک خۆمان تێدا بدۆزینەوە.
*(دەرژێمەوە منداڵیم) ناونیشانی کتێبە شیعری تازەچاپکراوی (سەلام عومەر) دیزاینی بەرگ و ناوەڕۆک(هێرش مەغدید) لە دوو توێێ کتێبێکی ٢١٣ لاپەڕەیی بەتیراژی ٥٠٠ دانە چاپکراوە.
*ئەگەر پۆلینی ناوەڕۆکی شیعرەکان بکەین دەتوانین بڵێین لە چەند بەشێک پێکهاتوە، بەڵام فۆڕمە گشتیەکەی وەک ناونیشانی کتێب، دوای خوێندنەوەی سەرجەم شیعرەکان ئەوەی زێتر سەرنجی بۆ خۆ ڕاکێشام، بریتی بوو لەوەی کە زۆربەی دەقەکان لە چوارچێوەی نۆستالیژیا خۆیان دەدۆزیەوە، نۆستالیژیایەکی دوور، ئێجگار دوور، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە خوێندنەوە ئەدەبیەکەشمان تەنها بۆ ریتمی یادەوەریەکان دەبێت، چونکە وێناکاری جوان و بنیاتنەر لە وێنەی شیعری و زمانی شیعری سەرجەم بەرهەمەکانی ئەم کتێبە هەستی پێ دەکرێت.
*لێرەدا چەند نموونەیەک لەو تێکستانە دەخەینەڕوو کە لە جیهانە فراوانەکەی (سەلام عومەر)ی شاعیردا ڕووبەرێکی فراوانی داگیرکردوە، ئەگەر تەماشای سنووری جوگرافیای شیعرەکانی بکەین هەست دەکەین (نۆستالیژیا) زاڵە بەسەر هەموو لایەنەکانی دیکەی شیعری، لە ڕژانەوەی منداڵیەوە لەیەکەم لەحزەدا (هەست) وادەکات ئێستاش بەهەمان ریتم (ترس و ژان و ئازارو ئێش)ی شریقەیەک کە بۆ چارەسەر بەکارهاتوە، بەڵام لای شاعیر ئەو دیمەن و سیناریۆیە لەیاد نەکراوەو بۆیە بەهەستە شیعر دەریبڕیوە و ئەو زەمەنەمان نیشان دەدات کە ( خاڵۆ )ی وەک چارەسەرسازێک لە خوارزای خۆی دەدات، لەکاتێک دا خاڵ هەمیشە خۆشەویستە، ئەو شریقەیەی بە دەستی خاڵ لەخوارزای دەدات، گەرچی وەک دووپشک ئاسا پڕ ئێش و ژان بووە، لێ هەر زوو هەڵساوەتەوەو چاکبۆتەوە، ئێستاش ئەو منداڵەی ئەوێ ساڵێ، نەک دوو پشک، خۆی دەکاتە هەزار پشک بەس بۆ ئەوەی حزبەکەی هەستێتەوە، ئەم لێکچواندنەی نێوان مرۆڤ و حزب پێمان دەڵێت شاعیر بە هەستی مرۆڤدۆستیەوە دەڕوانێتە ئەو بابەت و هزرو بۆچوونەی کە هەمیشە لەخەمی دایەو لەبیری ناکات.
هەروەک شاعیر لە (دەرژێمەوە منداڵیمەوە-لاپەڕە ١٧)دەڵێت:
دەرژێمەوە منداڵیمەوە
هەرگیز ئەو شریقەیەم بیرناچێتەوە
کە خاڵە (نورەدین) م
لەنێو قاپە ستیلەکەی دا کوڵاندی و
وەک دوو پشک لەمنی دا
شریقەیەک….
زۆر زوو منی هەستاندەوە
حەزم دەکرد خاڵم ماباو
هەمان شریقەی لەحزبەکەی منیش داباو
هەروەکو من هەستاباوە.
*لە دەرگادان، بریتیە لە حالەتێکی وەئاگا هاتن و ئاگاداربوون لەو پەیام و مەبەستەی مرۆڤ کە لە خەیاڵی دایە، هەر دەرگایەک چەمک و مەفهومێکی هەیە لە ژیان، بەدرێژایی تەمەنی هەر یەکەمان چەندین دەرگامان بینیوە: (دەرگای ڕەنگاوڕەنگ، دەرگای ڕەش، دەرگای خێڕ، دەرگای عیشق، دەرگای موحیببەت، دەرگای دابڕان، دەرگای فرمێسک، دەرگای نەخۆشی و ناخۆشی…..هتد).
لێرەدا شاعیر هەموو دەرگایەکان وەلادەنێت و دەیەوێ هەموو دەرگاکان لەبیر بکات، ئەو دەیەوێ تەنیا لە(دەرگای منداڵی) بدات و هەمدیس بە ریتمی نۆستالیژیایانە بچێتەوە باوەشی ئەو ڕۆژگارەی کە پێیان دەگوت پاکی و بەرائەت و جوانی، بۆئەوەی حیکایەتی ئەو ڕۆژانە لەدەفتەری یادەوەریەکانی بنووسێتەوە، لێرەدا پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، گەر ئەو دەرگایەی لێ نەکرێتەوەو (سەلام) یش پڕبێت لە حیکایەتی نەگوتراو ئاخۆ دواجار، چ کارەساتێک ڕوودەدات؟!
ئەوەتا لە (دەرژێمەوە منداڵیمەوە-لاپەڕە ٣١)دەڵێت:
لە دەرگای منداڵیم دەدەم
کەس نایا لێم بکاتەوە
حیکایەتی ئەو ڕۆژانەم لێهەڵدەرژێ و
کەس نایا بۆم کۆکاتەوە!
*(کورسی و میرات) وەک دوو چەمک، وەک (مانا و وێنە ) لێک جیاواز و دوورن، بەڵام شیکردنەوەو نیشاندانی وەک چنینی درامی کۆمەڵە ڕەهەندێکی ئەدەبی و فەلسەفی لەخۆ دەگرێ، لای خوێنەر (کورسی) وەک پێناسەکردنە تەقلیدیەکە لەچوارچێوەیەکی سادەو ساکار خۆ دەدۆزێتەوە، بەڵام بە مانا قوڵی و فراوانیەکەی چەندین ووردە وەڵام لەخۆ دەگرێ، (میرات) یش وەک پێناسە گشتیەکەی، دەمانباتەوە سەر پرس و بابەتێک ئەویش ململانێ و بەش بەشانێ و بەشخواردنی خوشک و براو نەوەکان ، بەڵام لە ریتمی نۆستالیژیای (سەلام عومەر)ی شاعیردا، بە ڕوانینێکی دیکەو بە وێنەیەکی دیکەو بەخوێندنەوەیەکی دیکە ماناکان شی دەکرێنەوە، لای ئەو (ترس) وای لێ دەکات، نایەوێ نەک لەسەر کورسی بەجێماوی باپیرەی بەگومان بێت، بەڵکو گومان و ترسی لە هەموو کورسیەکان هەبێت، بۆیە ئەو لەسەر کورسی باپیرەی دانانیشێت، نەوەک وەک باوکی، بیباتەوە لای باوکی، هەر لەبەر ئەو (ترس)ەش نەک بەخۆی، دەیەوی منداڵ و نەوەکانیشی لەسەر ئەو کورسیە میراتە بەجێماوە دانەنیشن، کەواتە لێرەدا کورسی لە ژیانی خۆی و ماڵباتی، هەر بە تەنیا دەمێنێتەوەو کەس ناوێرێ لەسەری دانیشی، نە بۆ پشودان و حەسانەوە، نە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات!
هەروەک لە(شیعری:میرات- لاپەڕە٦٠) دەڵێت:
کورسیەکەی باپیرم ماوە
کە بابم لەسەری دادەنیشت
ئێستا ئەوان نەماون و
منیش ناوێرم
لەسەرکورسیەک دانیشم
کە بۆ لای وانم دەبا.
*لەدنیای ئەدەب دا، (دایک)یەکێکە لە گرنگترین بابەتەکانی شیعر لە هەموو کات و زەمەنێک دا سەرچاوەی میهرەبانی و پاکییە، شاعیرانی کوردیش دایک وەک نوێنەری ئافرەتی ئازاربەخش و کۆڵنەدەریان نیشان داوە، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی(دایک) لەشیعردا مانایەکی دوورو قوڵ و جوان و پیرۆزی هەیە، هەر شاعیرێک بەڕوانینێک پێناس و تێکهەڵکێشی دایک دەکاتە تابڵۆی شیعری نەمری و جاویدانی ،(فانۆس)یش لە شیعردا کۆمەڵە مانایەک دەبەخشێ کە سەرەکیترینیان بریتیەلەڕووناکی و هیوا بەخشی، ئەوڕووناکیەش بەرانبەر بە فەزای تاریکی دێت، بۆیە بەکارهێنان و باسکردنی فانۆس لە شیعرو ئەدەب دا، دەلالەتەکانی فرە واتان جگە لە ئامرازی گەیاندنی رووناکی، ئەواپێناسەیەکی قوڵتریشی هەیە، بۆیە لە(ریتمی نۆستالیژیا) ی ئەم کتێبەدا جگە لەبیرەوەریەکانیڕابردوو، ئاماژەدانیشە بە کەلتوورێکی پارێزراوی نەتەوەیی کەڕەنگە بەشێک لە نەوەی ئەم سەردەمەنەزانن فانۆس چییەو چۆنەو بۆ چی بەکارهاتوە؟ بەڵام(سەلام عومەر) لە کورتترین پەیام دا گەورەترین و درێژترین مانای قوڵی کوشتن دەخاتەڕوو.
هەروەکلە(شیعری: فانۆس- لاپەڕە ١٣٧) دەڵێت:
دایکم فانۆسێکی هەبوو
کارەبا کوشتی.




ئەو شاكارانەی شاكار نین!.. سەدیق سەعید رەواندزی

                   
                                                   

خوێنەری كورد، چونكە دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخساوە بە زمانی كوردی بەشێكی زۆری بەرهەمە جیهانییەكان بخوێنێتەوە، ئیدی گەلێك شیعر و چیڕۆك و ڕۆمانی، بە ناوی شاكار پێ دەناسێندرێن و كاتێكیش ئەو بە ناو شاكارانە وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی كوردی و بە زمانی خۆی دەیخوێنێتەوە، تێ دەگات ئەمانە نەك هەر شاكار نین، بەڵكو ناگەنە دامێنی تێكستی نووسەرێكی ئاسایی كوردیش، نەك نووسەرێكی دیار. لەو سۆنگەیەوە ڕۆمانی (ڕووەكی) هان كانگ، یەكێكە لەو بە ناو شاكارانەی لە سەر ئاستی دنیا و لە نێویشیاندا ئەدەبی كوردی، وەك ڕۆمانێكی ناوازە و داهێنەرانە ناسراوە و ساڵی ڕابردووش نووسەری ئەم ڕۆمانە، نۆبڵی لە ئەدەب وەرگرت. ڕۆمانی ڕووەكی، كە گوایا شاكارێكی ئەدەبی گەورەیە، باس لە ژنێكی كۆری دەكات، كە شەوێك خەونێك دەبینێت و ئیدی دوای ئەم خەونە، بڕیار دەدات ببێتە ڕووەك خۆر و چیتر گۆشت نەخوات. ئەم بڕیارەی، كاردانەوەیەكی گەورەی خێزانی و كۆمەڵایەتی لێ دەكەوێتەوەو هەمووان بە هاوسەر و خێزانەكەشییەوە، داوای لێ دەكەن كە لەو بڕیارەی پاشگەز بێتەوە، بەڵام ئەو هەر سوور دەبێت بەوەی كە ببێتە ڕووەك خۆر، تا سەرەنجام دایك و باوكی لێی دەتۆرێن و هاوسەرەكەشی لێی جیا دەبێتەوە و خۆشی، تووشی حاڵەتێكی دەروونی خراپ دەبێت و دەست لەگەڵ مێردی خوشكەكەی تێكەڵ دەكات و بەردەوام سێكسی لەگەڵ دەكات و دواجاریش دەخرێتە ژێر چاودێری دەروونی و دەبرێتە نەخۆشخانەی دەروونی. واتا كۆی ڕووداوەكانی ئەم ڕۆمانە، ئەوەیە كە باسم كرد. بێگومان گەر لە ڕووی تێماوە بڕوانینە ئەو ڕۆمانە، ئەوا دەبینین شتێكی نوێ و داهێنەرانەی تێدا نییە، تا شایەنی ئەوە بێت وەك شاكارێكی گەورەی جیهانی بناسێنرێت. هەموومان دەزانین، گەلانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەگشتی، ڕووەك خۆرن، خواردنی سەرەكیان بەربوومی ڕووەكی و بوونەوەری ئاوی و سەوزە و میوەیە و لە ڕووی تەمەن و ژیانەوە، ژیانێكی تەندروست دەژین، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە خۆیان گۆشت كەمتر دەخۆن بەراورد بە بەرووبوومی ڕووەكی، لێرەوەش تێمای ئەم ڕۆمانە شتێكی نوێ نییە، چونكە كۆرییەكان خۆیان ڕووەكین، ئیدی ڕەنگدانەوەی ئەم بابەتە و بە تێماكردنی لە ڕۆمانێكدا و پاشان نیشاندانی وەك ڕۆمانێكی گەورەی جیهانی، ئایا هیچ داهێنانێكی تێدایە؟! بێگومان نەخێر، بەڵكو بابەتەكەی زۆر ئاسایی و گشتی و كۆمەڵایەتیشە، ئەمە لەلایەك لەلایەكی دیبكەوە، یە داخەوە ئەم ڕۆمانە بە زمانێكی یەكجار بازاڕییانە وەرگێڕدراوە و لە دەیان شوێنی ڕۆمانەكە باسی دەیان دیمەنی بێ مانای سێكسی، بە زمانێكی ئاست نزم و نا هونەری دەكات، كە ئێمە وەك ڕێزێك لە خوێنەرانی هێژای هەولێر، نموونەمان لەم وشانە نەهێنایەوە ! ئەم جۆرە زمانە، بە هیچ شێوەیەك زمانی وەرگێڕان و نووسین نییە، بگرە لە نێو شەقامیش بەو شێوە بێ ڕتووشە، زمان بەكارناهێنرێت، چ جای ئەوەی لە دنیای نووسیندا ! بە ناو وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە، جیاوازی لە نێوان زمان لە ڕووی كۆمەڵایەتی و زمان لە ڕووی هونەری وەرگێڕانەوە نەكردووە، بۆیە هاتووە بە زمانێكی بازاڕییانەی ئاست نزم، ڕۆمانەكەی وەرگێڕاوە، كە دەتوانم بڵێم بە سەدان پلە، لە خوار زمانە میللییەكەشە، چونكە ڕەچاوی هیچ جۆرە هونەركارییەكی زمانەوانی و كۆمەڵایەتی لە ڕۆمانەكە نەكردووە، لە كاتێكدا تەنانەت لە نێوەندە جەماوەریی و كۆمەڵایەتییەكەشدا، كەسانێك بە ئاشكرا ناوی عەورەتەكانی ژن و پیاو، بەو شێوە میللی و بازاڕییە ناهێنن. بێگومان ئێمە دەزانین، لە وەرگێڕاندا نابێ دەستكاری دەق بكرێت، بەڵام دەكرێ تێكستەكە، لەگەڵ زمانی بۆ وەرگێڕدراو بگونجێنرێت، چونكە هەر نەتەوەیەك، خاوەنی كولتوور و داب و نەریتی كۆمەڵایەتی خۆیەتی و ڕەنگە وەرگێڕانەكە لە ڕووی ڕەهەندی كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە، دوور بێت لە كولتووری كۆمەڵایەتی كۆمەڵگە. ئێمە ڕاهاتووین، هەمیشە نزمترین بەرهەمی ئەدەبی جیهانی، وەك شاكارێكی داهێنەرانە ببینین و بەرهەمی نووسەرانی كوردمان پێ لە پەراوێزی بەرهەمی نووسەرە بیانییەكان لە ڕووی شیعر و چیڕۆك و ڕۆمانەوە بێت، لە كاتێكدا توانای داهێنەرانەی نووسەری كورد لە بواری نووسینی ئەدەب و ڕۆماندا، ئەگەر لە نووسەرێكی ئینگلیز و تورك و كۆری زیاتر نەبێت كەمتر نییە. تا ئەو ڕۆمانەم نەخوێندبووەوە، وامدەزانی وەك خوێنەرێك، بێبەش بوومە لە خوێندنەوەی شاكارێكی گەورەی جیهانی، كەچی كاتێ ڕۆمانەكەم خوێندەوە، ئەوسات زانیم ئەم ڕۆمانە، لە ڕووی بابەت و ڕووداوەوە، هەروەها گێڕانەوەش ڕۆمانێكی زۆر ئاسایی و سادەیە و گەر كوردێك ڕۆمانێكی لەم شێوەیە بنووسێت، بەداخەوە ڕەنگە گاڵتەشی پێ بكەن و هیچ دەزگایەك نەبێت بۆشی چاپ بكات ! ئێمە وا ڕاهاتووین كە پیسایی دوورمان پێ دەرمان بێت، بۆیە ئەوەندەی بە ناو شاكارە بیانییەكان وەردەگێڕدرێنە سەرزمانی كوردی و دەزگاكانی چاپیش لە پێناو پارە ئامادەن چاپی بكەن، ئەوەندە گرنگی بە بەرهەمی نووسەرانی خۆمان نادەین. وا ڕێككەوت، بە دوای ئەم بە ناو ڕۆمانە جیهانییە، ڕۆمانی (گرەوەی چاوەكانی ئەم) ی (ئەحلام مەنسوورم) خوێندەوە، زۆر بە ڕاشكاویی و بەو پەڕی بڕواوە دەڵێم، ڕۆمانەكەی ئەحلام، سەدان جار هونەریتر، فەلسەفیتر، پڕ ماناتر و داهێنەرانەترە، لەو ڕۆمانەی هان كانگ، چونكە ئەوەندە پرس و بابەتی فەلسەفی و هزریی و سیاسی و كۆمەڵایەتی تێدایە و گومان و پرسیار لای خوێنەر دروست دەكات. من دەزانم، ڕەنگە خوێنەرانێك هەبن سەیریان بەو بۆچوونەی من بێت، بەڵام وەڵامی من بۆ ئەوان ئەوەیە، بچن هەردوو ڕۆمانەكە بەدوای یەكتریدا بخوێننەوە، ئەو كات بزانم تێگەیشتنێكی دیكەیان دەبێت یان نا؟!

• پەراوێز: ڕووەكی، ڕۆمان، نووسینی: هان كانگ، وەرگێڕانی: هەژار عوسمان، بڵاوكراوەی ناوەندی غەزەلنوس _ 2016.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4354) لە 30/7/2025 بڵاوكراوەتەوە.




سەبارەت بە بڕیاری بە ڕەسمیکردنی بە ناو “عەبای زەینەبی” لە بەغداد، داهاتوو خراپتر دەبێت!.. شیرین عەبدوڵا

لە هەنگاوێکی کۆنەپەرستانەی نوێدا بەرامبەر بە ژنانی عێراق، کە بوەتە مایەی بەرپەرچدانەوەیـەکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی، ئەنجومەنی پارێزگاری بەغدا ڕۆژی سێشەممە (٣)ی حوزەیران (٢٠٢٥) بڕیاریدا شتێک بە ناو “عەبای زەینەبی” وەک جلوبەرگی ڕەسمی لە پایتەختی عێراق پەسەند بکات.
ئەم بڕیارەش لە بەیاننامەیەکی (هودا جەلیل ئەلعبودە) دا هاتووە کە سەرۆکی (لیژنەی ژینگە)یـە لە ئەنجومەنی پارێزگا سەربە هێزەکانی هاوپەیمانی دەوڵەتی نیشتیمانی.
لەو نامەیەدا (هودا) ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمە “بە ئامانجی پتەوکردنی ڕێز و کەرامەت و حەیایە، بەتایبەت لەناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوەدا، پاش ئەوەی داواکاریەک بۆ دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی عەبای زەینەبی وەک جلوبەرگی فەڕمی پێشکەش کرابوو”، ئەمەش بە بیانووی ئەوەی هەندێک لە مامۆستایان ڕێگریان لە خوێندکارە کچەکان کردووە لە پۆشینی عەبا لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەدا لە ترسی قۆپیەکردن (غەش).
وێنە و ڤیدیۆ و نموونەی ئەم عەبایە بڵاوبۆتەوە کە گوایە (١٤٠٠) ساڵ لەمەوبەر بەکارهاتووە. جێگای سەرسوڕمانە کە مێژوونووسانی سوننە و شیعە لەسەر زۆرێک لە ووردەکاریـیەکانی ئەو سەردەمە مێژوویـیە ناکۆکن، لەوانەش بەرواری لەدایک بوون و مردنی زۆر لە کەسایەتییەکانی ئەو سەردەمە، یان تەنانەت شوێنی ناشتنیان، کەواتە چۆن توانیان بەم ووردییە ئەم پۆشاکە تایبەتە بناسێنن؟ ئەمەش ئەو پرسیارە دەهێنێتە ئاراوە کە ورووژاندنی ئەم پرسە لەم قۆناغەدا پاڵنەری سیاسی پەیوەندیدار بە ئەمڕۆوەی لەپشتـەوەیە، نەک مێژووی ڕابوردوو؟ بە تایبەتی بەلەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە عیراق بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات!
ئەم بڕیارە بە ڕێکەوت و لەخۆیەوە نەهاتووە. دەسەڵاتی میلیشیاکان و سیستەمی پیاوسالاری ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتدار لە عێراقدا زیاتر لە دوو دەیەیە، لە پاش دەسەڵات گرتنەدەستیان لە (٢٠٠٣)وە، لە هەوڵدان بە هەموو جۆرە ڕێگایەک، بۆ سەپاندنی دواکەوتوویی و پاشەکشە بەسەر کۆمەڵگا و سڕینەوەی هەموو شوێنەوارێکی پێشکەوتنخوازی.
هەر لە هەوڵە دووبارەکانیانـەوە بگرە بۆ چەسپاندنی یاسای جەعفەری تا ئەم دواییانە لە (٢١)ی کانوونی دووەمی (٢٠٢٥)دا هەموارکردنە بەدناوەکەی یاسای باری کەسی (١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩)یان پەسەندکرد، ئەویش لە ڕێگەی ڕێکەوتنێکی سێقۆڵی ڕیسوا لەنێوان “پێکهاتە” سەرەکییەکانی پەرلەمان (سوننە و شیعە و کورد). هەروەها پەسەند کردنی بەناو (یاسای ڕێکخستنی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی)، لە (١٤)ی شوباتی (٢٠٢٣)دا بۆ دەمکوتکردنی دەنگی ناڕازی و پتەوکردنی ئیستبداد و گۆشەگیرکردنی هەر دەنگێک کە ڕەخنە لە دەسەڵاتە گەندەڵەکەیان بگرێت، ئەمە جگە لە خێراکردنەوەی هەنگاوەکانیان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی بە ئیسلامیکردنی یاساکانی تایبەت بە ژنان و دووبارەکردنەوەی ئەزمونی ڕژێمی ئێرانی لە عێراق، کە بە یاسای خێزان لە عێراق ناسراوە.
لەپێناو داسەپاندنی ئەم جۆرە گۆڕانکارییە کۆنەپەرستانانە، پەنا دەبەنە بەر دەربڕینی بەتاڵ و بێ ناوەڕۆک، لە چەشنی “ڕێز و کەرامەت و حەیا” وەک پێوەری وەهمی بۆ زاڵکردنی باڵادەستییان و کۆنترۆڵکردنی خواستە ڕزگاریخوازییەکانی ژنان و ژێردەستەیی هەمیشەییان، و بەم جۆرە، کۆمەڵگا و نەوە یەک لە دوا یەکەکانیش ملکەچ بکەن، لە کاتێکدا خۆیان بەردەوامن لە گەندەڵی و تاڵانکردن و سەرکوت و کوشتنی خۆپیشاندەران و دزینی مووچەکان و برسیکردنی جەماوەر و لەناوبردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک ئاو و کارەبا و خانوو بەرە لە ڕێگەی سیاسەتە نیۆلیبراڵیەکانیانەوە، کە ملیۆنەها کەسـی خستۆتەبەردەم نەخۆشی و ئاوارەبوون و دەربەدەری چ بەهاوین لە پلەی گەرمی سەختی سەروو (٥٠) دەرەجە و چ بە سەرمای زستانی عێراق.
باس لە “ڕێز و کەرامەت و حەیا” دەکەن لە کاتێکدا خۆیان هەمیشە خەریکی زیندووکردنەوەی هەموو ئەو شتانەن کە ڕێز و کەرامەتی ژنان پێشێل دەکات، وەک بە یاساییکردنی هاوسەرگیری کچانی مێرمنداڵ لە تەمەنی نۆ ساڵیدا، و بێبەشکردنیان لە مافەکانیان لە میرات وسەرپەرشتی منداڵ و جیابوونەوە، ئەمە جگە لە پاساوەکانیان بۆ هاوسەرگیری کاتی و چەندین داهێنانی تاوانکارانەی دیکە کە دەکەوێتە قاڵبی دەستدرێژی سێکسیەوە. پاشان داوای “حەیا” لە ژنان دەکەن تا دڵنیابن لە ملکەچکردنیان و قبووڵکردنیـیان بە دڕندایەتی کۆنتڕۆڵی پیاوسالاری.
ڕەنگە ئەم بڕیارە شتێک لە گاڵتەجاڕی پێوە دیار بێت؛ هۆڵی تاقیکردنەوە چ پەیوەندیەکی بە “ڕێز و کەرامەت و حەیا” وە هەیە؟.. و لەهەمان کاتدا سەرچاوەی تووڕەییشە، چونکە ڕەنگە وا لە هەندێک خێزان بکات بسڵەمێنەوە لە ناردنی کچەکانیان بۆ دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندن مەگەر بە پۆشینی جۆری پەسەندکراوی عەباوە نەبێت، نەوەک تۆمەتباربکرێن بە کەمی “ڕیز و کەرامەت و حەیا”.
هەر ئەمەشـە مەبەستی ئەم جۆرە یاسایانەیە، کە سەپاندنی ئاستەنگی و سنووردارکردنی خوێندنی ژنان و لەکەدار کردنی ناوبانگی دامەزراوەی پەروەردەیی و لەقەڵەمدانیانە وەک شوێنێک کە ئاسایشی تێدا نییە بۆ ژنان، بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ داسەپاندنی شتی خراپتر.
١١ی تەمموزی ٢٠٢




بۆچی بەدوای شعردا چیرۆك و رۆمان؟.. سەلام عومەر

تەواوی ژانرە ئەدەبیەكان گرنگە بخوێنرێتەوە، چونكە هەموویان سوودبەخشن و لە بوارەكانی خۆیاندا چێژت دەدەنێ، خوێندنەوە بەگشتی پڕت دەكا لە زانیاری و رۆشنبیری گشتیت فراوان دەكا، ئەگەر جاران شیعر پانتاییەكی بەرفراوانی لەنێو خوێنەران داگیر كردبوو، چونكە ببووە چەكی تێكۆشان و لە پاڵیشیدا تەواوی ژانرەكانی دی لە خۆیدا كۆكردبۆوە، ئەوە چیرۆكەكانی بەرئاگردان و حیكایەتەكانی شەوانەی باپیرانمان بەس بوون تا شەوانە لەنێو خەیاڵدا بنووین، وەلێ لەهەمان كاتدا ئەوسا شیعر پێشڕەوایەتی شۆڕش و سەردێڕی وتاری سیاسەكانی كوردستان بوو، بەتایبەتیش كە زۆرینەی هەرە زۆری خوێندەوارەكانی حوجرە و قوتابخانەكان لەڕێگەی شیعرەوە پانتاییەكانی ئەدەبی شۆڕشگێڕیان ناساند، زۆرینەی هەرە زۆری سیاسی و سەركردەكانی نیشتمان شیعریان كردبووە درووشمی پارتەكانیان، لە هەگبەی هەرتێكۆشەرێكی نیشتماندا چەندین دیوانە شیعر هەبوو، لە رادیۆو راگەیاندنەكانیاندا هەر بەشیعر دەستی پێدەكردو بە ئەیرەقیبیش كۆتایی دەهات.
ئەوكاتانە شیعر لەنێو دیوەخان و شەوانی بەر ئاگردان و تەنانەت زمانی منداڵەكانی پێدەپژا، هەر لە لایلایەی دایك و تا پەندو ئیدیۆمە كوردیەكان، ئاخر ئەوكاتانە شیعر باری زۆر گرانبوو جگە لەلایەنی شۆڕشگێڕیەكەی داستان و بەیت و چیرۆك و چامەی پێدەنووسرایەوە، هۆكارەكەی نەبوونی چیرۆك نووس و رۆمان نووس بوو، ئەو توانایە نەبوو تا لەجیاتی شیعر بەشێوازێكی دی پەیامەكان بگەیەنن بۆیە زۆرینەی نووسەران پەنایان بۆ شیعر دەبرد و لەوێوە گیانی شۆڕشگێڕی و تواناكانی خۆیان دەسەلماند، هەڵبەتە گەیشتنیشی ئاسانتربوو و زووتریش خوێنەر و گوێگر ئەزبەری دەكرد، ئەوە جگە لەوەی سەد ساڵێك لەمەو بەر خوێندەواری كەم بوو و زۆرینەش بەزمانی داگیركەرەكان دەیاننووسی ئێستا كە نووسەری چیرۆك و رۆمان زۆرە و هەروا وەرگێڕەكانیش شاكارەكانی نووسەرە جیهانیەكانیان بۆ كردوینە كوردی، بەتایبەتیش بەزمانێكی سادەتر دەنووسرێ، خوێنەری خوێندنەوەی رۆمان زۆر بوەو بەتاسەوە بەدوایدا دەگەڕێن، رۆمان چ دیرۆكی بێت یان خەیاڵ خوێنەر دەباتە جیهانێكی دی و لەگەڵ كارەكتەرەكاندا دەژی دەچێتە نێو روداوەكان و چێژ لە سەركەوتنی پاڵەوانەكە وەردەگرێت و بەگلانیشی دڵتەنگ دەبێت، خۆ ئەگەر رۆمانەكە دیرۆكی بێت و پشت بەخەیاڵ ببەستێ ئەوە رابردوو وەبیر خوێنەر دێنێتەوە و پێی دەڵێ تۆ لەوێوە هاتووی، ئەویش دەچێتەوە دواوەو لەگەڵ كەوتن و هەستانەوەكاندا لەگەڵ سادەیی ژیانی رابردوودا دەچێتە نێو خەیاڵ و چێژ لەم گەڕانەوە دەبینێت و زۆر جاران ئەگەر رۆمانەكە كاریگەر بێت و بەزمانێكی جوان داڕێژرابێت ئەوە خوێنەر حەزدەكات رۆمانەكە درێژ ببێتەوە.
دوای خوێندنەوەی هەر رۆمانێك خوێنەر لە زۆر بواردا سوود دەبینێت جگە لە چێژ زانیاری لەسەر رابردوو یان خەیاڵ و رستەی جوان و وشە فراوانتر دەبێت، دەتوانێ لە پەند و ئیدیۆمەكانی نێو رۆمانەكەدا سوود وەرگرێ لە ژیانی رۆژانەیدا رەنگدانەوەی هەبێ، بەجۆرێك لە نێو كۆبوونەوەو گفتوگۆكاندا خۆی بناسێنێ و فێری وشەسازی و دەوڵەمەند بوون لە قسەكردندا بێت، لێرەوەیە رۆمان خوێندنەوە ئەو دەرفەتەت بۆ دەڕەخسێنێ كە بتوانی لەنێو كۆمەڵگادا جیاواز دەركەوی یان جیاواز بیر بكەیەوەو نووسەرانی باش و خراپیش لێك جیا بكەیەوە.
لەبیرمان نەچی رۆمانە دیرۆكیەكان كە بەكۆمەكی خەیاڵ نووسراون ئاوێنەی رابردوومانن و لەنێو وێنەكانی رۆماندا نمایش دەكرێن، بەجۆرێك ئێمە رادەكێشنە نێو خەیاڵەوەو ناچاری بەردەوامیمان دەكەن لەسەر خوێندنەوەی ئەو جۆرە رۆمانانەو مانەوەمان لەنێو دنیای كتێبدا.
لێرەوە دوای تێربوون لە شیعر رۆمان و چیرۆك خوێنەریان بەلای خۆیاندا راكێشا، ئەوە بەومانایە نایەت شیعر بەهای خۆی لەدەستدابێ، هێشتا ئەو ژانرە ئەدەبیە كەپڕە لە ئیدیۆم و بەزمانێكی جیا دەنووسرێ خوێنەری خۆی هەیە، هەن لەنێو ئەو دنیایەدا نەبێ پشوو نادەن.




ڕۆڵی تورکیا لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا!.. عوسمانی حاجی مارف

زیاتر لە دە ساڵە پەیوەندی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیلدا گرژی قووڵی بەخۆیەوە بینیوە، لەهەمانکاتدا چەندین سەدە قۆناغی دوژمنایەتی ئاشکرا، یان کێبڕکێی لەگەڵ ئێراندا هەبووە، بەم پێیەش لەئێستادا لە بەرژەوەندی هیچ کام لە ئیسرائیل و ئێران هەڵوێستی نەگرتووە. لە شەڕی ئەم دواییەی هەردوو وڵاتدا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەنقەرە لایەنگری ئەوەیە نفوزی ئەتۆمی ئێران سنووردار بکرێت، لەلایەکی تریشەوە نیگەرانی سەرسەختی باڵادەستی سەربازی ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا و ترسی هەیە لە دەرئەنجامی ئەگەرەکانی داڕمانی کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری ئەمریکاو ئیسرائیلدا.
لە سەردەمی ئەردۆغانەوە، ئێران و تورکیا لە سوریا خەریکی ململانێیەکی درێژخایەنی بە وەکالەت بون، تاران پشتیوانی لە ڕژێمی ئەسەد دەکرد و ئەنقەرە بەتەنگ پشتیوانی ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە بوو، بەڵام ئەمە دوو ڕۆڵی جیاوازە هیچ گۆڕانکاری و کاریگەریەکی لە بیرکردنەوەی ستراتیژیان لە تەواوی ناوچەکە نەکردووە، وەک دوو زلهێزی ئیقلیمی و یەکسان لە دەسەڵاتدا و یەکسان لە هاوسەنگیدا مامەڵەی یەکتریان کردووە، بەوهۆیەوە خۆیان لە دوژمنایەتی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هاوسەنگیە مێژوویە و ڕکابەری هەردولایان بۆ دەخالەتیان لە ناوچەکە، بیرۆکەی بونی ئێران بە هێزێکی ئەتۆمی لای تورکیا، هێڵێکی سورو مەترسیداربووە. ئەگەر تاران سوودێکی لەو شێوەیە بەدەست بهێنێت، ئەوا بە شێوەیەکی کاریگەر ئێران هاوسەنگی هێزی سێ سەدە لە بەرامبەر تورکیا کۆتایی پێدەهێنێت. بۆیە ئەنقەرە بەشێوەیەکی گشتی پشتیوانی لەو ڕێوشوێنانە کردووە کە ئامانجیان ڕێگریکردنە لە بە ئەتۆم بونی ئێران.
ئێران و تورکیا هەرلایەکیان پەیوەست بە سیاسەت و بەرژەوەندیان لە ناوچەکەدا بە شێوازی جیاواز دژایەتی ئیسرائیلیان کردووە.
ئەوەی جێگای سەرنجە پەیوەندیەکانی تورکیا و ئیسرائیل لە سەردەمی ئەردۆغاندا بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچوو، ئەو سیاسەتەی تورکیا روبەدەرەوە پەیڕەوی دەکرد، پشتکردنە ئەوروپای ناوەندی و دەستهەڵگرتن لە یەکێتی ئەورپا و ڕوکردنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، ئەتوانین بڵێین لەم پرۆسەی ئاوێزان بونەی بە ناوچەکەوە، لە هەمان کاتدا وەک ڕکابەرێکی بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوی ناوە.
هەر لە ساڵی ٢٠٠٦ ئەردۆغان بە میوانداریکردنی شاندێکی تاقمی تیرۆریستی حەماس گرژی و ئاڵۆزیەکانی لە بەرامبەر ئیسرائیل هەڵگیرساند. کاتێک هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کەشتیەکی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٠دا، کە ئیسرائیل هەوڵی ئەدا شکاندنی گەمارۆی کەرتی غەززە لە ژێر کۆنترۆڵی حەماسدا دەربهێنێت، هەشت هاووڵاتی تورکیا و دوو هاووڵاتی ئەمریکی کوژران. بە دوایدا پەیوەندیەکانی تورکیا و ئیسرائیل بە تەواوی داڕما، هەروەها بەردەوامی دەسەڵاتی ناتانیاهۆ، بەوەی پەرچەکرداری بەرامبەر دەخالەتی تورکیا لە ناوچەکە نیشان ئەدا، تێکچوونی پەیوەندیەکانی خێراتر کرد، ڕق و کینەی قووڵ و وەستانەویان بەرامەبەر یەکتر، کەنێوانی ناتانیاهۆ و ئەردۆغان گەێشت بەوەی گەڕاندنەوەی پەیوەندیە هەمیشەیەکان نزیک کردەوە لە مەحاڵ. هاوکات ئیسرائیل کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ هەسەدە دامەزراند، ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل وەک بەشێکی لەوەڵامدانەوە بە پەیوەندیەکانی ئەنقەرە بوو لەگەڵ حەماسدا.
ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردوو زیاتر پەیوەندی نێوان تورکیا و ئیسرائیلی ئاڵۆزترکرد، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا تورکیا یارمەتی هێزی میلیشیای ئەحمەد شەرعی دا و گەیاندنی بە ڕووخاندنی ئەسەد، بەمەش دیمەشق کەوتە دەست گروپە ئۆپۆزیسیۆنە میلیشیاکان بە سەرۆکایەتی هەیئەت تەحریر شام، ئەم هەنگاوەش داڕێژەرانی سیاسەتی ئیسرائیلی توڕە کرد و هەندێکیان بەو ئەنجامە گەیشتن کە تورکیا یەکێ لە ڕکابەری سەرسەختی ڕۆڵی ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی دوای ڕوخانی ئەسەد و دەخالەتی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی تورکیا لە سوریا ئەم حاڵەتی بارگرژی و ململانێیە هەردوولای بەرجەسەتەکردەوە.
لەهەمانکاتدا بۆ ئەنقەرەش هەمان هەستی پەرچەکردار لەبەرامبەر ڕۆڵی ئیسرائیل راگەیەندرا، کە هێزه سەربازیەکانی ئیسرائیل له تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ وه نیشانی داوه هەر له وێرانکردنی سەرکردایەتی و ژێرخانی حەماس و حزبولڵا تا به ئامانجکردنی فەرمانده باڵاکانی سەربازی ئێران و کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئاسمانی ناوچەکە، ئەمەش دەکاتە ئەوەی ئیسرائیل جەمسەرێکی مەتریسدارە و جێگای هیچ متمانەیەک نیە لەبەرامبەر تورکیاشدا.
هەرچەندە ئەنقەرە دژایەتی هەر هەنگاوێکی تری سەربازی ئیسرائیل لە دژی ئێران دەکات و نیگەرانە لەهەر کردارێکی سەربازی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، بەڵام هێشتا پێدەچێت زیاتر پشتیوانی لە ڕێوشوێنە ناسەربازیەکانی ئەمریکا بکات کە بە ئامانجی کۆتاییهێنانی تەماحە ئەتۆمیەکانی تارانە، بە یەکجارەکی و بۆ هەمیشە، لەوانەش تەنها لەڕێی دانوسان وتووێژ و گوشاری ئابووری و سزای زیاترەوە، نەک بۆردمان و هێرشی سەربازی، بۆیە ئەگەر ترامپ پابەند بێت بە ڕێبازی دیپلۆماسی و فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی هەمان کار بکات، ئەوا ئەگەری هاوپەیمانیەک لە نێوان تورکیا و ئیسرائیلدا پەیدا دەبێت.
بەڵام لەو حاڵەتەشدا بۆ واشنتۆن ئەوە گرنگە کە متمانەی ئەوەی هەبێت تورکیا دەتوانێت یان تەواو قەبوڵی بکات، بچێتە ناو سنوری بازنەی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، دۆخێکی ئارام بۆ دەوری باڵادەستی و سەرمایەگوزاری بۆ ئەمریکا لە ناوچەکەدا پەیڕەو بکەن، لایەنەکان دڵنیایی ئەوە بدەن کە لە ئەگەری پەرەسەندنی سەربازیدا خۆیان بە دوور بگرن.
تورکیا لە ئێستادا نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەری لەخۆ گرتووە کە زۆربەیان خەڵکی سوریا و وڵاتانی ناسەقامگیرن و باش دەزانێت کە هەڵکشانی سەربازی لەگەڵ ئێران دەتوانێت ببێتە هۆی لێشاوی زیاتری پەنابەران. هەرچەندە زۆربەی ناوەندە گەورەکانی دانیشتوانی ئێران بە سەدان میل لە سنووری تورکیاوە دوورن، بەڵام زۆرێک لەو هاووڵاتیانەی کە لە ماوەی دەیان ساڵدا لە کۆماری ئیسلامی هەڵاتوون، تورکیایان وەک پەناگەیەکی پەسەندکراوی خۆیان هەڵبژاردووە، وەک ڕێڕەوێک بەرەو ئەوروپا و ئەمریکا، کە دۆخی دوای ڕوخانی کۆماری ئیسلامی دۆخێکی وەها نالەبار پێشبینی دەکرێت، بە ملێۆن ئێرانی ڕووبکەنە تورکیا.
هەروەها ئەوەش کە زیاتر جێگای نیگەرانی ئەنکارایە ئەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانەی ئێرانە کە لەهەمانکاتدا دژی حکومەتی تورکیان، داڕمانی ڕژێمی ئێران بقۆزنەوە لە پلاندانانی هێرشی سنووربەزانن بۆ سەر تورکیا، وەک پێکهاتنی هێزی میلیشیای ئیسلامی و لایەنگرانی پەکەکە بۆ تێکدانی ئاسایشی تورکیا بە بەکارهێنانی خاکی ئێران.
ئەردۆغان زۆر سوپاسی ترەمپ دەکات، کە سزاکانی سەر سوریای هەڵپەساردووە و ئەحمەد شەرع لە لیستی تیرۆر دەرهاتووە، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ سەقامگیرکردنی سنوورە دوور و درێژەکانی لە باشوری تورکیا، جگە لەوەش بڕیارەکانی ترەمپ و هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکان سەبارەت بە نە ڕوخانی ڕژێم تا ڕادەیەک لەگەڵ هێڵی سووری ئەردۆغان سەبارەت بە ڕووخانی دەوڵەتی ئێران یەکدەگرێتەوە، بۆیە پێدەچێت ئۆردوغان زیاتر هاوتەریب بێت لەگەڵ پلانە دیپلۆماسیەکانی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر ئێران.
ئەوەش شاراوە نیە کە ئەردۆغان سوکایەتی بە حکومەتی نەتانیاهۆ دەکات و زۆرجار قسەی توند لە دژی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی ئیسرائیل بەکاردەهێنێت. لەم دواییانەدا ناتانیاهۆی بە “گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئاشتی ناوچەکە” وەسف کرد و هەڵسوکەوتی ئیسرائیلی بە “باندێکی ئاشکرا” بەراورد کرد.
دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هاوکاری پرۆسەی دیپلۆماسی دەکات، کە لەم بارەیەوە بەگشتی دۆخی ناوچەکە و چاوەڕوانی لایەنەکان بەستراوەتەوە بەو دانوستانەی کە دەبێت ئەمریکاو ئێران ئەنجامی بدەن، کە تائێستا لەوبارەیەوە کاتێکی گونجاو دیاری نەکراوە، هەر بۆیە دۆخەکە بەگشتی بە هەڵواسراوی و ناڕۆشنی ماوەتە، تا باسکردن لە ئەگەری ئەوە هەیە شەڕەکە ڕوبداتەوە.
لە هەمانکاتدا چاوەڕاون دەکرێت ئەمریکا تەواوی پرسەکانی ئێران بخاتە نێو وتووێژە ستراتیژیە دوو قۆڵیەکانی لەگەڵ تورکیادا، تا بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ تورکیا جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە ئامانج لێی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران نیە، بەڵکو فشارخستنەسەریەتی بۆ ئەوەی لاواز بێت، دواجار واز لە تەماحە ئەتۆمیەکانی بهێنێت، دەرئەنجامێک کە بەرپرسانی تورکیاش پشتیوانی لێدەکەن، هەروەها ئەمریکا هەوڵئەدات ئیسرائیلیش پاپەند بکات بەو ئەنجامگیریەی کە ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا ڕێکەوێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران، هیچکات وەک ئێستا لە پێگەیەکی وەها لاوازدا نەبووە، دوبارە بونەوەی لێدانی یەک لە دوای یەک دەتوانێت بەرەو لێواری داڕمانی بەرێت. لەم سیناریۆیەدا تورکیا دەرفەتێک لەدەست ئەدات بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیەکانی ئەگەر ئیسرائیل شەڕی ئاسمانی خۆی نوێ بکاتەوە، مەترسی هاوشێوەی دوانزە ڕۆژی شەڕەکە زیاتر دروست دەبێتەوە.
لە هەر حاڵەتێکدا، گەر واشنتۆن پشت بە پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیسرائیل ببەستێت تا گرژیەکانی هەر دوولایان پەرە نەسەنن، بۆ تورکیا ئەوە کارسازترە ئیدارەی ترەمپ کار لە سەر بەهێزکردنی هەوڵە بەرفراوانەکانی بۆ دروستکردنی متمانە لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا بەرجەستەکاتەوە. بە کۆکردنەوەو ڕێکەوتنی هەردوولا بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەر چالاکیە سنووربەزێنەکانی ئەنقەرە لە باکور و باشووری سوریا، کە سەرچاوەیەکی دیکەی گرژی هەردوولایەنە.
ئەردۆغان هەوڵئەدات بە بێدەنگی ململانێکان وەک شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و ئێران بقۆزێتەوە، هەم بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئەنقەرە لە ناوچەکەدا و هەم بۆ سەرقاڵکردنی لە پرسە ناوخۆییەکان.
تورکیا هەڵکشانی سەربازی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە دەرفەتێک بۆ بەرزکردنەوەی گرنگی دیپلۆماسی خۆی دەزانێت، ئەردۆغان ویستویەتی لە ئیستانبوڵ میوانداری وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران بکات، بەڵام ئەو هەوڵانە شکستی هێنا، جگە لەوەش بە گشتی دۆخەکە بە جۆرێک ئاڵۆزی و بارگرژی پێوە دیارە، واپێدەچێت لە ئێستادا ڕێرەوی ڕووداوەکان لە چاوەڕوانی دانوستانی ئەمریکا و ئێراندایە!.

عوسمانی حاجی مارف




لەبارەی ئەزموونی یوسف عیزەدینەوە.. بڵند باجەڵان

ڕۆمان و چیرۆکەکانی یوسف عیزەدین، بە جیهانە ناوەکییە قووڵ و پڕ لە ناسنامە و گەڕانەکەیان، مێرگێکی بەپیتن بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕوانگەی دوو فەلسەفەی جیاوازەوە کە یەکێکیان ڕیشاڵەکانی لە قووڵایی ڕۆحی مرۆڤ دەدۆزێتەوە، ئەوی تریان لە سەرچاوەی گومان و عەقڵدا. ئەم دوو ڕوانگەیە، واتە فەلسەفەی خوداناسی و فەلسەفەی خودناسیی دیکارت، وەک دوو ئاوێنەی جیاواز کار دەکەن بۆ تیشک خستنە سەر ئەو جیهانە دەوڵەمەندەی یوسف عیزەدین بنیاتی ناوە.

کارەکتەرەکانی یوسف عیزەدین زۆرجار وەک گەڕیدەیەکی ڕۆحی دەردەکەون. ئەوان لەناو نائومێدی و دابڕان و گەڕان بەدوای ڕەگ و ڕیشە و مانای بووندا دەژین. ئەم گەڕانە، کە ڕەنگە لە سەرەتادا وەک گومانێکی جیهانی یان ناسنامەیی دەربکەوێت، لە قووڵاییدا دەکرێت وەک حەزی نادیاری ڕۆح بۆ نزیکبوونەوە لە حەقیقەتی باڵا لێکبدرێتەوە. عیرفان پێی وایە خودناسی بریتییە لە دۆزینەوەی ئەو ڕووناکییە خوداییەی لە قووڵایی هەموو مرۆڤێکدا هەیە؛ ئەو کاتەی کە کارەکتەرەکانی عیزەدین هەست بە تەنیاییەکی قووڵ دەکەن یان لەناو بیرکردنەوەی بێ کۆتای خۆیاندا نوقم دەبن، لە ڕاستیدا لە گەشتێکی بێ کۆتان بەرەو حەقیقەتی خۆیان، گەشتێک کە تێیدا سنوورەکانی “من”ی بچووک دەتوێنەوە و بەرەو “من”ێکی گەورەتر، کە ڕەنگە جیهان یان بوونی گەردوونی بێت، دەچن. ئەم دۆخە پڕ لە گەڕان و حەسرەتە، زۆرجار لەناو چیرۆکەکانی یوسف عیزەدیندا بەرجەستە دەبێت، بەتایبەت ئەو کاتانەی کە ناسنامەی کارەکتەرەکان لە ژێر کاریگەریی مێژوو، نیشتمان یان چارەنووسی گشتیدا تێکەڵ دەبن، ئەمەش جیاکەرەوەی ئەزموونی یوسف عیزەدینە لە چیرۆکنووسەکانی تری وەکو ( کاروان کاکەسوور، عەتا محەمەد و توانا ئەمین)

لەلایەکی دیکەوە، فەلسەفەی خودناسیی دیکارت، بە دروشمە بەناوبانگەکەی “من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم”، بناغەی بوونی مرۆڤ لە بیرکردنەوەدا دەبینێتەوە. دیکارت داوای گومانێکی بنەڕەتی دەکات لە هەموو شتێکدا بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکی نەگۆڕ و دڵنیا. کارەکتەرەکانی یوسف عیزەدین زۆرجار نموونەی ڕوونی ئەم گومانە و گەڕانە عەقڵانییەن. ئەوان لەناو بیرکردنەوەی بێ وەستاندا دەژین، پرسیار لە بوونی خۆیان، لە ناسنامەیان، لە مانای ژیان و چارەنووسیان دەکەن. لەنێو نووسەرە گەنجەکان، لە چیرۆکەکانی (ئارام محەمەد) و ( جێگر بەختیار) زۆرجار هەست بەم دنیایە دەکەین. ئەم گومانە عەقڵانییە، کە دڵەڕاوکێیەکی فیکریی قووڵ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، وەک ئامرازێک کار دەکات بۆ لێدان لە بنچینەی تێگەیشتنەکانیان لە جیهان و لە خود.

جیابوونەوەی جەستە و ڕۆح (دووانەیی دیکارتی)، یان بەمانایەکی تر، ململانێی نێوان پێداویستییە مادییەکان و بیرکردنەوەی قووڵی عەقڵانی، زۆرجار لە ژیانی کارەکتەرەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەوان لەناو جیهانێکی ماددیدا دەژین کە زۆرجار توندوتیژ و پڕ لە نادادپەروەرییە، بەڵام بیر و هۆشیان سەربەخۆیە و بەردەوام پرسیاری بوون و ناسنامە دەکات.

هەرچەندە عیرفان و فەلسەفەی دیکارت دوو ڕێچکەی جیاوازن بۆ خودناسی (یەکێکیان زیاتر ڕۆحی و هەستەکی، ئەوی تریان عەقڵانی و لۆژیکی)، بەڵام لە کارەکانی یوسف عیزەدیندا دەکرێت بەیەکەوە بن و تەواوکەری یەکتر بن. گومانی دیکارتی دەکرێت ڕێگە خۆشبکات بۆ گەڕانێکی عیرفانی قووڵتر، یان بە پێچەوانەوە، ئەو حەسرەتە ڕۆحییەی عیرفان قووڵاییەکی فیکریی دیکارتی بە کارەکتەرەکان دەبەخشێت. کارەکتەرەکانی یوسف عیزەدین لە دۆخێکی نێوانیدا دەژین؛ گومان دەکەن و بیر دەکەنەوە و دەیانەوێت بە عەقڵ بگەن بە ڕاستی، لە هەمان کاتدا هەست بە تەنیاییەکی ڕۆحی قووڵ دەکەن و بەدوای نزیکبوونەوە لە حەقیقەتی باڵا دەگەڕێن کە لە دەرەوەی سنورەکانی عەقڵ بێت. ئەم تێکەڵاوییە کارەکانی یوسف عیزەدین دەکاتە گۆڕەپانێکی فیکریی دەوڵەمەند، کە تێیدا خودناسی وەک گەشتێکی هەمە لایەنە و بێ کۆتا دەردەکەوێت، گەشتێک کە هەم ڕێچکەی عەقڵ و هەم ڕێچکەی ڕۆح دەگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی حەقیقەتی مرۆڤ لە بووندا.

سەرنج: عیرفانم وەکو فۆڕمێکی باڵای خوداناسی باسکردووە نەک وەکو ئەو دنیا خورافییەی تەسەوف لە ئێستادا وێنای دەکا.




ڕەخنە لە عەقڵی دیماگۆجی و چەواشەکاری.. یاسین لەتیف

ئەگەر سرنجێکی خێرا بدەینە ماس میدیای کوردی و تۆرەکۆمەڵایەتیەکان و پەیج و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ، بە تایبەتی فێگەرو کارەکتەرەکانی نێو ئەو ڕاگەیاندنە بە حیزبی و بە ناو ئەهلیەوە لەو ماوە زەمەنیەی کەوا مووچەی فەرمانبەرانو خانەنشینانی تێدا ڕاگیرا ئەمەندە درۆو هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاریان بڵاو دەکردەوە وێنەی نەبووە لە مێژوودا ، دەستەکە دیارو ئاشکرایە تەنها ئامانجیان بۆ ئازاردان و داڕوخانی باری سایکۆلۆژی تاکی کورد بوو ، بۆ ڕوشاندنی کەرامەت و هەیبەتی ئینسانی کورد بوو ، بۆ زەلیل کردن و سەر لێشێوانی ئینسانی کورد بوو تا زیاتر دەسەڵاتی دسپوتیزمی خێڵەکی زاڵ بێت بە سەر کۆمەڵگادا ، ئەم فۆرمە لە میدیای چەواشەکاری مۆدێلێکە وا خەریکە دەبێتە کولتوری میدیای سەردەم لە دونیادا، چونکە سیستەمی سیاسی بۆ تەرویجدان و سەپاندنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری خۆی و کردنی بە ئەمری واقیع وەکو ئایدۆلۆژیایەک جگە لە هێزی پۆلیسی و داپڵۆسین پێویستی بە پیشەسازی میدیای چەواشەکاریە بۆ ئەوەی درۆکانی لای ڕەعیەت بکاتە ڕاست و قەناعەتیان پێ بکات و لۆژیکی(درۆ بکە ، درۆ بکە تا باوەڕت پێ دەکەن) بسەپێنن .
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەرگیز لە هیچ سەردەمێکدا ماس میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەکو فۆرمێکی نوێی پیشەسازی میدیایی کە هاتوونەتە نێو گەمەکەوە بە قەد ئەم سەردەمە سەرچاوەی بڵاو کردنەوەی درۆ و چەواشە کردن و هەواڵی ناڕاست نەبوون . ڕاستە هەندێک جار تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سەرچاوەی گرنگ و باوەڕ پێکراو بوون بۆ بڵاو کردنەوەی وێنەو ڤیدۆی ڕوداوەکان و وروژاندن و دروست کردنی ڕای گشتی بەرامبەر ڕوداوەکان ، بەڵام لە دوای پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای کۆمیکایشن و گەشەکردنی کایەی زانستی گەیاندن و هاتنی زیرەکی دەست کرد بۆ نێو گۆڕەپانەکەو دونیای کۆمیکایشن هێدی هێدی خەریکە متمانەو باوەڕ کردن بە گواستەوەی ئەو ڤیدۆیانەش لە دەست دەدرێت و دەبنە بەشێکی سەرەکی بۆ چەواشەکاری ، چونکە دەتوانرێت بە زیرەکی دەست کرد ڤیدۆگەلێک دروست بکرێت درۆ بکەن بە ڕاست و ڕاستیش بکرێت بە درۆ . لێرەدا ئەوەمان بۆ دەر دەکەوێت ئێمە لە سەردەمێکی پووچ و جەواشەکاریدا دەژین و ئەو تێزەمان لا گڵاڵە دەبێت کە درۆو ڕاست تێکەڵاوکراون و مرۆڤ ناتوانێت لە یەکیان جیا بکاتەوە بەو مانایەی ((هەموو درۆیەک حەقیقتەو هەموو حەقیقەتێکیش درۆیە)) ئەمە ئەو سەردەمە پووچەیە کە پێی دەڵێن ئەنتی بەها جوانەکان، کە هەموو بەها جوانەکانی وەکو ڕاستی ، دادوەری، متمانە ، ئازادی ، ڕۆحی هاوکاری ، لێکتێکەیشتن و یەک تر قبوڵ کردن ، بەرژەوەندی گشتی ، تەقدیس نەکردن و …… هتد لە ناو چوون .پرسیارەکە ئەمەیە بۆ قۆناغی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەم سەردەمی گەشە کردنی زانستیەدا گەیشتە ئەم سەردەمە هیچ وپووچە ؟ لەم سەردەمی گەشە کردنی تەکنۆلۆژیای زانستی دیجیتاڵی دەکرا مرۆڤ و بەهای مرۆڤایەتی لە ئەوپەڕی بەختەوەری و ئاسودەیدا بوایەت نەک لە ڕەزالەت و کوێرەوەریدا بژێت ؟ بۆ دونیای ئێمە وای لێهات و گەیشتینە ئەم قۆناغە هیچو پووچە کە هەموو شتێکی جوان بە پلان و سیسماتیک نا شیرین دەکرێت ؟ ، بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەگەینە ئەم دەرئەنجامە، ئەمرۆ سەرمایەداری حوکمی دونیا دەکات و نەخشەی سیاسی و ئابووری دونیا ئەو دایدەڕێژێت کە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی و پاوەنخوازی و چەواشەکردن بە ڕێوە دەڕوات بە مەبەستی زیاترکردنی قەڵەمڕەوی سیاسی و ئابووری خۆیان و هەڵپەی ئەوەیانە زیاتر قازانج بکەن و خەڵکیش لە خشتە بەرن ، کەواتە سەردەم سەردەمێکی پووچ و تافهە زوڕنالیزمی سەرمایەداری کە شادەماری سەرەکی ڕاگردنی ئەم قۆناغە هیچ و پوچەیە پێویستی بە کەسانێکی هیج و پووچ و درۆزن وبێ مۆراڵ و تافهە بۆ ئەوەی پتر خەڵک چەواشە بکەن و کولتوری گەمژەیی بڵاو بکەنەوە ، چونکە زاڵ بوونی کولتوری گەمژەیی لە سەر بیرو تێگەیشتنی ئینسانەکان کاردانەوەی دەبێت لە سەر زۆر بوونی ژمارەی هیج و پووچ و کۆیلەکان و بە زیاد بوونی ئەو ژمارەیەش لە مرۆڤی ڕەشۆک و نا ئاشنا ڕەوشەکەیان بەردەوام دەبێت بۆ تاڵانکاری . ئەمڕۆ دەسەڵاتی خێڵەکی و بنەماڵەیی لە کوردستانیش بەشێکی دانەبڕاوە لە نەخشەی سیاسی و ئابووری دونیا ، بۆیە ماس میدیاکەشی بەشێکن لە درێژە پێدەری هەمان ڕەوش لە تەقدیس کردن و بە کارێزما کردنی سیاسی خێڵەکی و نەخوێندەوار و هیچ لە بارەنەبوو دەکارن بۆ لێڵ کردنی ڕاستیەکان وپەردەپۆش کردنی دزی و گەندەڵی و تاڵانکاریەکانیان ، هەروەهاخەریکی پیشەسازی چەواشەکاری و لە خشتە بردن و بێ نرح کردنی ئینسانی ئێمەن. دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانێن بۆ دروست کردنی فەزایەکی لەو چەشنەش پێویستی بە میدیایەکی دیماگۆجیانە و کارکتەری میدیای پووچ و تافه هەیە لە چەشنی (هەوراز گوڵپی و ، ڕەنج سەنگاوی و ، شاهۆ ئەمین و ، سەیوان سێوکانی و ، سەنگەر عەبدالرحمان …… هتد)بۆ بڵاو کردنەوەی درۆو هەواڵی ناراست و لە خشتە بردنی ئینسانەکان.

یاسین لەتیف




توركیا لە نێوان دەڵەتی قوڵ و فیدراڵیزمدا.. لوقمان مستەفا

دەوڵەتی قوڵ و فیدراڵیزم دوو چەمكن وەك هەر چەمكێكیتر شیكردنەوەو پێناسەی هەمە جۆر هەڵدەگرێت، هەرچەندە چەمکی “دەوڵەتی قووڵ” چەمكێكی نوێیە بەڵام كاریگەری گەورەی درووستكردووە لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتداری لە پشتی پەردەوە، ئەم چەمكە لە هەندێ دەوڵەتاندا ئاماژەیە بۆ تۆڕو دامەزراوەیەکی زلهێز کە لە پشت پەردەوە سیاسەتە سیاسی و ئابوورییەکانی دەوڵەتەكە بەڕێوە دەبات. دەستەواژەی دەوڵەتی قوڵ بۆ یەكەمجار لە توركیا لە ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی رابردوو سەری هەڵدا، ئەوەش بۆ دەربڕین لە تۆڕی ئەو گرووپ و ئەفسەرانی سەربازی هات كە پاراستنی عەلمانیەتی دەوڵەتی توركیایان لە دوای دامەزراندنی لەسەر دەستی مستەفا كەمال ئەتاتۆرك گرتە ئەستۆ ،بۆ جەنگ لەدژی هەر بزاوت و هزر و حزب و حكوومەتێك كە هەڕەشە لە پرەنسیپەكانی عەلمانیەتی دەوڵەتی توركیا بكات، ئەوەش یەكەم ناساندن و دەركەوتنی چەمكی دەوڵەتی قولایی بووكە لە ئێستادا دەوڵەت باخچەلی ڕەگەزپەرست لەپشتی پەردەوە نوێنەرایەتی و سێبەری حوكمداری ئەم چەمكە دەكات.
كەچی حكومەتەكەی جەنابی ئۆردۆگان زۆر ڕوو قایمانە لە پەنای دەوڵەتە قوڵەكەی باخچەلیەوە لە ژێر لێوەوە بۆ چەواشە كردنی ڕای گشتی باسی دیمۆكراسی و ئاشتی و پێكەوە ژیان دەكات ناڕاستەو خۆ و بێ ناوهێنان باس لە فیدراڵی دەكات.!!
وەك ئاشكرایە چەمكی فیدراڵیزم جۆرێکە لە جۆرەكانی دەسەڵاتداری کە دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی دەستووری لە نێوان حکوومەتێکی ناوەندی لەگەڵ یەکەی حکوومەتی بچووکتردا دابەش دەبن کە یان حکوومەتێکی دیکەی فیدراڵی یاخود هەرێم و ناوچەیەکە، هەردوو ئاستی حکومەت پشت بەیەک دەبەستن و سەروەری لەدەوڵەتدا هاوبەشن.
ئالێرەداو لە نێوان ئەم دوو چەمكەدا سەرۆك كۆ ماری توركیا یاریەكی سیاسی دۆڕاو دەكات،بۆ چەواشەكردنی ڕای گشتی لە مینبەرە گومڕاكەی لەمەڕ خۆیانەوە ئەنەڕێنێت و دەڵێت سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی بەسەرچووە و دەبێت هەموومان وەک ئەوروپا بەئاشتی پێکەوە بژین، بەڵێ باشە فەرموو ئەوا ئەرز و ئەوا گەز ،بە قبووڵکردنی فیدرالیزم لە وڵاتەکەی خۆتدا دەست پێبکە، وەک ئەوروپا دەیکات.!!
قارداش گیان ئێستا سەردەم سەرەمی نەزمی نوێیە كەس بەو هەڵیت و پەڵیتەی ئێوە هەڵناخەڵەتێ،جەنابی سوڵتان ئێوە باش دەزانن كەلە ئەوروپا چەندین وڵاتی بەهێز ڕێگەیان بە ناوچە جیاوازەکان داوە خۆیان بەڕێوە ببەن:
شانشینی یەکگرتوو سکۆتلەندا، وێڵز و ئیرلەندای باکووری هەیە.
ئیسپانیا کەتەلۆنیا و وڵاتی باسکی هەیە.
ئەڵمانیا لە ویلایەتی فیدرالی (Lander) پێکهاتووە کە حکوومەتی تایبەت بە خۆیان هەیە.
بەلجیکا هەرێمی جیاوازی هەیە بۆ کۆمەڵگە جیاوازەکان.
کەواتە بۆچی دژی خۆبەڕێوەبەری کوردیت ئەگەر پشتگیری سیستەمی مۆدێرن دەکەیت .!! ئەگەر تۆ هەرێمی کوردستان و مافەکانی قبوڵ نەکەیت و لەهەمانکاتدا باس لە ئاشتی و دێموکراسی بکەیت ئەوا ڕاستگۆ نیت و چەواشەكاریت، تۆ دژی بیرۆکەی فیدرالیزم نیت، تۆ تەنها دژی مافە ڕەواكانی کوردیت.




بۆ پێش هەڵبژاردن دژایەتی کورد ڕەواجی هەیە؟.. سامانی وەستا بەکر

ئەبێ وە گرنگە تاکی زۆر بەهۆشیارییەوە ئەوە بزانێ کە ئێمەی کورد گەمەی دەست و کات بەسەربردنی چوار “دەوڵەت-نەتەوە”ین،
ئەبێ بزانین کە ئێمە هاونیشتمانی هیچ یەکێ لەو چوار دەوڵەتە داگیرکەری کوردستانین و بەهاونیشتمانی هیچ شوێنکێ تریش قبوڵ ناکرێین، ئەگەرچی لە هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژئاواش لە لیستی هاونیشتمانی بوونیانا تۆمارکراوین.

ئێمە داماڵراوین لەبوونی خۆمان وەک کیانێکی سەربەخۆ “مستقل”.
لەمێژووی کۆنا کراوین بەکاڵای تاقیکردنەوەی شمشێرو ڕمەکان، لە سەد ساڵی ڕابردووشا تا ئێستاش تاقیگەیەکین بۆ تاقیکردنەوەی چەکی کۆمەڵکوژە کیمیایی و بایلۆجییەکان.

ئێمە بێبەرین لەخاک و نیشتمان و خاوەندارێتی، لەسەر خاکی خۆمان ئەژین و باجی ژیانکردنمان لێئەسێنن. لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە کۆی ڕۆشنبیران و پاشان یەکەی یەکەی تاکی کورد بەوریاییەوە مامەڵەبکەن لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە چواردەوردراوین بە چوار “دەوڵەت-نەتەوە” وە لەسەر بنچینەی ئەو ڕاستییە کارو سیاسەت بەرەو پێشبەرن، بەواتای ئەوەی خودی نەتەوە سەردەستە جیاوازە داگیکەرەکانی کوردستان دوژمنمانن نەک تەنها سیاسییەکانیان و حکومەتەکانیان.
ئەبێ ئەوەش باشتر تێبگەین کە ئەو دەوڵەتانە پێناسەی سۆز و هەست و خواستی ئەو نەتەوانەن، نەوەک وەک ئەوەی بە ساویلکەی خۆمان لەلایەن زۆرێک ڕۆشنبیر و سیاسی و زۆرێکی تاکی کوردەوە باسی لێوەئەکرێ، کە گوایە ئەوە حیزبێک یان چەند حیزنێکی سیاسی یان کۆمەڵێک ڕێکخراوێکی توندهاوێژی دیارکراون کە دژایەتی خواستی ئاواتە دێرینەکەی تاکی کوردن لە سەربەخۆی و خودموختاری.

ئەبوو لەوەش تێگەشتبین کە ئەوە زۆرینەی تاکی نەتەوەکان غەیرە کوردەکانن لەناو وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستانا کە دوژمنی کورد و خواستەکانین، ئەوە ئەوانن ئەو سیاسیانە هەڵەبژێرن کە زۆرترین دژایەتی و کین و ڕقیان بەرامبەر کورد هەبێ، حکومەت و سیاسییەکانیش خواستی نەتەوەکانیان جێبەجێ ئەکەن، بۆ نمونە بەشێکی پارت و سیاسیەکانی ئەو وڵاتانەی لەسەر خاک و زێدی کورد دەوڵەت نەتەوەیەکیان بۆخۆیان دروست کردووە، پێش هەڵبژاردنەکان ئەکەونە دژایەتی کورد و کوردستان بەشێوازی جیاواز جیاواز وەک سیاسی، ئابوری، فەرهەنگی و بگرە تا بەکارهێنانی توندوتیژیش بۆ ڕازی کردن و تێرکردنی حەزی دەمارگیری بەرامبەر کورد و لەو ڕێیەشەوە بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەوە زۆرینەی تاکی پێکهێنەری ئەونەتەوانەن دوژمن و نەیاری کوردن نەک تەنها سیاسیەکانیان.

گرنگە تاکی کورد بەگشتی، سیاسی و ڕۆشبیرەکان بەتایبەتی باش لەوە تێبگەن کە؛ دەوڵەت هینی نەتەوەی سەردەستە و نابێ تاکی کورد بە دروشمی باق و بریقی هاوشێوەی “برایەتی کورد و عەرەب-تورک-فارس” هەڵخەڵەتێ.
گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکانی کوردستان، کۆچی بەلێشاوی ئەو نەتەوانە بۆ ناوچە کورد نشینەکان، ناچارکردنی کورد لەڕێی هەڕەشە و پاساوی سیاسی و یاساییەوە گەواهیدەری ئەوەن کە هەرگیز شتێک نەبووە و نابێ بەناوی برایەتی کورد و هیچ یەکێ لەو نەتەوانە، بەڵکو ئەوەی هەیە تەنها لەهزرو بیری تاکی کوردایە و بەپێچەوانەشەوە دژایەتی و دوژمنکاری لەلای ئەوان باوەڕێکی چەسپاوە کە لەسەری پەروەردەکراو ڕاهێنراون.

کاتێ لەسەر شەقام و کوچە و کۆڵانەکانی تورکیا کوردێک لەسەر ئاخاوتن بە زمانی کوردی خەڵتانی خوێنەکرێ دەوڵەت بێ ئاگایە لەوە، بەڵکو ئەوە تاکی تورکە ئەو کارە ئەکات، لە کەمالییەکانەوە بۆ ئەردۆگان هەرواهاتووە چونکە ئەوە خواستی نەتەوەییە نەک سیاسی.
یان کاتێ کوردێک لە کرماشان لەسەر پێداگیری لە کوردستانی بوونی ئەو شارە سزای لە سێدارەسانی بەسەرا ئەسەپێنرێ، کەسێکی دیکە لەسەر وانە وتنەوە بەزمانی کوردی زیندانی ئەکرێ ئەمە خواستی نەتەوەی سەردەستە و دەوڵەت جێبەجێکارە.
یان کە دژایەتی کوردانی ڕۆژئاوا ئەکرێ، لە زێد و لەسەر خاکی مێژووی دێرینی خۆیان نکۆڵی لە بوونیان ئەکرێ و ناسنامەی هاوڵاتی بوونیان پێڕەوانابینرێ، ئەوە پەروەردەی شۆڤێنی ناو خێزانەکانیشە نەک سیاسیەکان بەتەنها، بەگەش ئەوەیە بەعس و ڕژێمەکەی ئەسەد ڕۆشتن کەچی شەرع-جۆلانی درێژەپێدەری هەمان سیاسەتن و ئامادەنین دان بەمافی کورد و کوردستانی بوونی ئەوناوچانەیا بنێن.
کاتێ لەسەر گشتپرسی-ڕیفراندم، یەکێک لەسەرەتایترییەناکانی مافی گەلان، لە %٥١ خاکەکەت بەزەبری هێز لەلایەن شیعە باڵادەستەکانەوە داگیرئەکرێتەوە دوای ئازادکرنی ئەو ناوچانە لە دەستی سونەکان، کاتێکێش عەرەبی هاوردە بەپشتی سوپا ئەچنە سەر زەوی و زاری کوردانی کەرکوک و داگیریئەکەن، ڕێگری ئەکەن لەچاندنی زەوییەکانیان، ئەوە خواستی تاکی نەتەوەپەرست و فاشی عەرەبە، دەوڵەتیش پشتگیری لە خواستەکانیان ئەکات چونکە هەرخودی سیاسیەکان هەڵبژێراوی ئەو کۆمەڵگەین و هەموو ئەو نەتەوانە کۆکن لەسەر دژایەتی کردنی کورد و بەردەوامی داگیرکردنی کوردستان.

گەر بگەڕێی لە هیچ کونجێکی جیهانا هێندەی ئەو سیاسەتە چەوتەی جووت حیزب و ئەوبەناو ئۆپۆزسیۆنی خاوەن پرۆژەی گەشتیاری، هێزی چەکدار، فێرگەی سەلەفی و ئیخوانی و فێرگە و بارەگای نهێنی سیخوڕی وڵاتانی هەرێمی لە سی ڕابردووا کردوویانە و تاکی کوردیان لە باشور لەسەر پەروەردە کردووە بێ فەڕتر و داماڵدراوتر لە هەستی نەتەوایەتی نادۆزیتەوە، تا کار گەشتۆتە ئەوەی هەندێک هاوڵاتی کورد لەبرس و لەترسا بەناچاری حوکمی بێگانەی لە کوردی پێخۆشتربێ، ئەوەش کێشە گەورە و زەنگێکی مەترسیدارە و ئەبێ تاکی کوردی لێ بەئاگابهێنرێتەوە کە:

بۆ دژایەتی نا یەکسانی دەسەڵاتی کوردی ناکرێ و نابێ دژایەتی دۆزی کورد و کوردستان بکرێ.

تا ئەوشوێنەی بۆتەکرێ دژایەتی سیاسیەتی چەوتی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش بکە، بەڵام بۆ لەناوبردن وبڕکردنی گەندەڵی نابێ دۆزی ڕەوای کورد ڕادەستی چارەنووسی نادیار و دوژمنانی مێژوویی کورد بکرێ.

گرنگە تاکی کورد دۆستی نەتەوەکەی خۆی و پارێزەریشیبێ، دژی هەر هەوڵێکی ڕەگەزپەرستانەی نەتەوە سەردەستەکانی داگیرکەری کوردستان بوەستێتەوە.
ئەبێ ئەوەش بزانرێ مرۆڤ بێ ناسنامەی نەتەوایەتی، بێ سەربەخۆی، بێ کلتور و فەرهەنگی تایبەت بەخۆی لەناوئەچێ و لەم جیهانە پڕ پۆپۆلیست و ئۆرۆستۆقراتیەشا مانەوە تەنها بۆ بەهێزەکانە، هەر لەبەر ئەو هۆکارانەش ئەبێ تاکی کورد خۆی بە چەکی خۆشەویستی خاک، نیشتمان و نەتەوە پڕچەک بکات، بۆمانەوە ئەبێ ئاین بکرێ بە خۆراک و کاڵای سەرکەوتنی نەتەوە و نیشتمان.

سامانی وەستا بەکر

٣-٨-٢٠٢٥ سوید-ستۆکهۆڵم




دوو تاک پێڵاو.. شیعر\ نەوزاد بەندی

وەرە ناوی دیموکراسیت هەڵگرتبێ و خەڵک بڵێن سیر ، تۆ بڵێی پیاز
ئەوەی خوا پێی ناخۆشە
پێیان بکەی ..
کار بگاتە بڕینی
موچە و حەقدەس
هەر بە هەوەس ..
ئەو خەڵکەی کە خوێنی بۆ داویت..
پشت و پەنات بوو کاتی لێقەوماوییت ..
بە ڕاستی نامەردیت
بە ڕاستی ناپیاویت ..

وەرە ناوی میللەتت هەڵگرتبێ و
مافی گوێرەکەیەکت نەبێ
کێڵگەی مریشک لە تۆ بەختیارتر بێ ..
کەچی
هەر بە ملکەچی
ڕایکێشی ..
دە ساڵ ..
بیست ساڵ ..
چل ساڵ ..
بێ کار .. بێ نان ..بێ داهاتوو ..
تێکشکاو .. خەمبار ..
سوکوسەلیم و ماندوو ..
بە دوای شەیتانەوە دەروێشییی ..
هەر سەرانە و سوکایەتیت پێ بکرێ و
هەر ئاخ هەڵکێشی ..

هەردووکتان دوو تاک پێڵاوی
گەمژەیەکی سەرخۆشن ..
لە دۆزەخەوە بۆ دۆزەخ ئەڕۆن ..
هەردووکتان قێزەونن ..
دوو پەڵە تف ..
دوو پارچە کارتۆن ..
مەنجەڵ و سەرقاپن ..
شیش و کەبابن ..
هەردووکتان پێکەوە ئەربابن ..