بۆچی حکومەتی هەرێم، بەردەوامە لە تەخریبی عێراق؟ بۆچی ماڵی بارزانیی، ناتوانن عێراقیی بن؟!.. کامیار سابیر

راستییەکی سیاسیی و دیفاکتۆیەکی واقیعیی هەیە کە حکومەتی هەرێم، رێک بە واتای دەسەڵاتدارەتیی ماڵی بارزانیی دێت، بە شەراکەتێکی زۆر کەمی ماڵی تاڵەبانییەوە. حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێم و ئەمەی مەسرور بارزانییش( کە ماوەی بەسەرچووە)، زۆر بە تایبەتتریش، لە دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦ ەوە کە بەهاوکاریی صەدام و سوپاکەی ئەم هەژموونگەراییەیان، جێکەوت کردووە، جگە لە هەژموونی سیاسیی و ئابووریی و عەسکەریی و ئەمنیی بنەماڵەکەی خۆیان، لە دوور و نزیکەوە پێوەندییان بە داخوازییەکانی گەلی کوردەوە نییە، هەروەها جگە لە سەلبیاتی سیاسیی و ئابووریی و ئەمنیی بۆ خەڵكی کوردستانی عێراق بە تایبەتیی و بۆ کوردانی کوردستانەکانی ئێران و تورکیا و سوریاش بەگشتیی، رۆڵی ئیجابییان نەبووە.

ئەوەی ناویان نا پرۆژەی سەربەخۆیی ئابووریی کە منداڵێکی وریاش ئەزانێ، تەخریبی ئابووریی بوو، بە هاندانی موخابەراتی ئیقلیمیی( تورکیا بە تایبەتیی) لەگەڵ هەندێ لۆبیی تاڵانکاریی و کۆمپانیای وەهمیی وڵاتانی تر، چارەنووسی خەڵکی کوردستانی عێراقیان بە گشتیی و مووچەخۆرانی هەرێمیان بەتایبەتیی، بەمشوێنە گەیاند. مەعلومە رائیدی ئەم فەشەلە سیاسیی و ئابوورییە، نێچیرڤان بارزانیی بوو، بە پشتییوانیی مامی( مەسعود بارزانیی) بناغەکەی دانا. ئەم پرۆژە جەهەننەمییە، دەیەیەک زیاترە، تەواوی خەڵکی کوردستان و چارەنووسی نزیک بە پێنج میلیۆن مرۆڤی هەرێمی لەپێ خست و تەواوی خەڵکەکەی زەلیل و سەرگەردان و بێکەرامەت کرد و بێکاریی و هەژاریی و بێپارەیی و بێموچەیی! ئاکامەکەیەتی، ئەمە لە کاتێکدایە بنەماڵەکەی خۆیان خاوەنی صەدان میلیار دۆلارن و هەر منداڵکار و موراهیقێکی سیاسییان بگریت خاوەنی چەندیین میلیار دۆلاری دزراوی خەڵکی کوردستانن و ژیانیان لە ژیانی میلیاردێرە ئەمێریکیی و چینیی و روسیی و ئەوروپیی و خەلیجییەکان، ئەچێت.

ئایا مەسرور بارزانیی و باوکی، ئەیانەوێ ئەمە راست بکەنەوە؟ نەک لەبەر خەڵكی کوردستان و عێراق، بەڵكو لەبەر مانەوە و ئیستیقراری سیاسیی و ئەمنیی دەسەڵاتەکەی خۆیان، بە تایبەتیی کە فەشەلەکان، بە ئاسانیی ئەیانتوانی بەسەر نێچیرڤانیدا بهێنن و بە بەردێک، دوو چۆلەکە بکوژن و درێژە بە سەڵطەنەتی سیاسیی و میلیشیایی و هەژموونی ئابووریی و سوڵطەی خێزانیی باوک و کوڕ بدەن، بەڵام ناتوانن بیکەن؟ یان رێگەیان پێنادرێ نەوتی هەرێمی کوردستان، تەسلیمی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق بکەنەوە! بۆچی؟ ئەم نووسیینە لەو هۆکار و فاکتەرە سیاسیی و ئابوورییانە، رژد ئەبێتەوە کە وەکو کۆت لە گەردنی ماڵی بارزانیی ئاڵاون!.

  1. بیزنس و سەرمایەگوزاریی و پارەپەیداکردن، سروشتێکی هەیە، ئەبێ بەها ئەخلاقیی و پرەنسیپییەکان تەنانەت پرەنسیپە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوورییەکانیش، لەبەرچاو نەگریت و وەکو ئەژدیهایەکی برسیی، پڕی هەموو شتێک بدەیت. لێرەدا بیزنسە گەورەکەی ماڵی بارزانیی، ئەو سامانە زۆرە صەدان میلیارد دۆلارییەیە کە لەماوەی ٣٥ ساڵی رابردوودا بەگشتیی و لە دوای رووخانی رژێمی صەدامەوە بەتایبەتیی، لەگەلی کوردستانی عێراقیان، دزییوە.

ئەم پارە زۆرە، بەشێکی بە شێوەی سییولە و بە فۆرمی بیزنس و کۆمپانیا و عەقارات و دراوی ئەلیکترۆنیی و …تاد، لەناو سیستەمی سویفتی غەربییدا لە وڵاتانی وەکو تورکیا، خەلیج، ئاسیا و وڵاتانی غەربییدا، خراونەتە کارەوە، سیستەمی سویفتیش، یانی ئەمێریکا و ئیسرائیل، کۆنترۆڵی تەواویان کردووە و بگرە ئەشزانن لە کوێن و لەچییدا بەگەڕ خراون؟

مەعلومیشە، هەر سیاسییەک لەم دونیایەدا، پارە و سامانەکەی لەلایەن وڵاتانی تر و موخابەراتی وڵاتانی ئیقلیمیی و جیهانییەوە، کۆنترۆڵ کرابێت، پێشئەوەی ببێ بە پرۆکسی ی ئەوان، ئەبێت بە پرۆکسیی پارەکان و پرۆژەکانی خۆی و تەواوی ئیرادە و ئەخلاق و ئاییندەی بەدەست پارەکان و خاوەنی راستەقیینەی پارەکانەوە، ئەبێ. هاوزەمان، ئەمانە وەکو میلیشیا، فێری دزیی و چەتەگەریی بوونە و نایانەوێ، پارە و ئابووریی و کۆنترۆڵکردنی ژیانی خەڵکیان لێ بسەنرێتەوە و لە بەغدادەوە ئیدارەی کوردستان بدرێت.

  1. مێرشایمەر John Mearsheimer کە خۆی بە راشناڵیست ئەزانێ و سەر بە مەدرەسەی راشناڵیزمە( عەقڵانییەت)، پێیوایە وێڕای ئەوەی ئەمێریکا ئەبێ ئیسرائیل بپارێزێ و داکۆکیی لێ بکات، بەڵام بەرژەوەندیی interest ئەمێریکا و ئیسرائیل، زۆرجار بەریەکئەکەون و ترەمپ تەنیا سەرۆکە لە مێژووی ئەمێریکادا، بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلی بەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمێریکادا داوە. لێرەدا رۆڵی ئسرائیل بەگشتیی و حکومەتی نەتەنیاهۆ بەتایبەتیی ئەوەیە کە ناوچەکە بە پارچەپارچەیی و شەڕی قەومیی و طائیفیی و میلیشیا و گرووپە جۆراوجۆرەکانەوە مەشغوڵ بکات و حەز بە (ئیستیقراری سوریا و عێراق )بە تایبەتیی ناکەن. رێک بە پێچەوانەوە، ئەمێریکا، بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژیی و عەسکەرییەکانی، بە تایبەتیی لە عێراقدا، ئیستیقراری ئەوێت.

هاوکات، تورکیاش، حەز بە ئیستیقراری عێراق ناکات، وێڕای ئەوەی طەماع و طموحی سیاسیی و ئابووریی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان و کەرکوک و موصڵ، بە تایبەتیی هەیە. سەرەڕای ئەوەی زۆریش موستەفید بووە لەو چەتەگەرییە ئابوورییەی ماڵی بارزانیی و تاڵەبانیی کە بەموبارەکەی نوخبە نەژادیی و طائیفییەکانی کورد، دەستیان پێکرد، تا ئێستایش درێژەی هەیە.

  1. ئەوەی ئەگوترێ کە تەمەڕودی ئەیلولی سەرەتای شەستەکان دژی عەبدولکەریم قاسم، کلیلەکە موخابەراتییەکەی بە دەستی مۆساد و ساواکی شا و سی ئای ئەمێریکییەوە بووە، حەماسی توڕەبوون و روئییەی شاعیرانە نییە، بەڵكو فاکتی مێژوویین! ئەم کلیلە موخابەراتییە تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت، ماڵی بارزانیی کۆنترۆڵ کردووە. تەنیا شتێک گۆڕابێت لە جێگەی (ساواکی پێشوو و ئیطلاعاتی ئێستا) ی ئێران، میتی تورکیا جێگەی گرتووە! دەی زۆربەی هەرە زۆری سەروەت و سامانی ماڵی بارزانیی لەژێر کۆنترۆڵی موخابەراتی تورکیی و ئیسرائیلیی و ئەمێریکییدایە و لە ناو سیستەمی بانکیی سویفتدایە!

لەسەردەمی ترامپدا، ئیسرائیل لە رێگەی لۆبیی ئەیپاکەوە AIPAC ، توانیویەتی شیعارە حەماسییەکانی ترامپ و ماگا MAGA ( Make America Great Again )، بە تەواویی کۆنترۆڵ بکات. کەیسی پڕ لە فەضاحەتی جێفری ئێپستین، بە رادەیەک ترەمپی کۆنترۆڵ کردووە کە جورئەتی نەکرد، مەلەفی تێرۆرکردنی جۆن کێنەدی کەشف بکات و بڵاوی بکاتەوە، لە کاتێکدا لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا، شیعاری سەرەکیی بوو. کەواتە، ئەمێریکای ئیدارەی ترەمپ، ناتوانێ رێگریی لە سیاسەتەکانی حکومەتەکەی نەتەنیاهۆ، لە عێراق و سوریادا بکات. ئەمە بۆ ئێرانیش، دروستە. بە لەبری دانان، ماڵی بارزانیی ئەبێ بەردەوام بن لە جێکەوتکردنی ئەجێنداکانی ئیسرائیل بە پلەی یەکەم و تورکیا بە پلەی دووەم، چونکە پارە دزراوەکانی خەڵکی کوردستان، لەلایەن ئەوانەوە کۆنترۆڵ کراوە. بە واتایەکی دەقیقتر ئەبێ بەردەوام لە دژی عێراق، لە تەخریب و لە تەمەڕوددا بن.

  1. گرنگتریین خاڵێک لە رووی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە، بە تایبەتییش لە جوغزی ئابووریی و بەرژەوەندیی و ئیستیقراری بنەماڵە شێخنشیینییەکەیان، ئەوەیە کە بۆچی ماڵی بارزانیی ناتوانن عێراقیی بن؟! ئەتوانن لەگەڵ موخابەراتی شەیطانیی هەموو دونیادا دەست تێکەڵ بکەن، بەرژەوەندییەکانی ئێران، تورکیا، ئیسرائیل، وڵاتانی خەلیج و ئوردن، ئەمێریکا و روسیا و چین لەبەرچاوئەگرن، تەنانەت لەگەڵ هەرە بەعثییە عوروبییە فاشییەکاندا کە زۆربەیان لە هەولێرن، تەحالوف دژی حکومەتی عێراق بەڕێئەخەن و خەریکی پیلانگێڕیین، بەڵام بە درێژایی یەک صەدە زیاترە، دژایەتیی دەوڵەتی عێراق و خەڵکی عێراق و پێکەوەژیانی هارمۆنیی ئەکەن و هەمیشە فاکتەری ناسەقامگییریی بوونە؟!

زۆر دوور نەڕۆین، لە سەردەمی عەبدولسەلام بارزانیی دووەمەوە لە کۆتایی صەدەی نۆزدە و سەرەتای صەدەی بیستدا، لە پێناوی دەستکەوتە شەخصیی و بنەماڵەیی و ناوچەییەکانی خۆیاندا، بە تایبەتیی بۆ ئەوەی باج بە عوثمانییەکان نەدەن، جاروبار لەگەڵ خەلافەتی عوثمانییەکاندا بەیەکدا هەڵپژاون و بە ئیعدامی عەبدولسەلام و هەندێ لە هاوڕێکانی، کۆتایی بە تەمەڕودەکانیان هێنرا. ئەوەی جێگەی سەرنجە، بنەماڵەی بارزانیی ئێستا ماوەی سێ دەیە زیاترە باشتریین هاوکاریی تورکیای ئەردۆغانیی و پێشتر تورکیای کەمالیستیییان کردووە دژ بە عێراق و دژ بە کوردەکانی تورکیا( پەکەکە). هاوکات، وێڕای ئەوەی رژێمەکەی صەدام، بەشێکی زۆری بارزانییەکانی لە قۆشتەپەوە، بێسەروشوێن کرد، بەڵام ماڵی بارزانیی لە ئێستادا، حەلیفی ستراتیژیی پاشماوەی بەعثییە عوروبییە صەدامییە بارزانییکوژەکانن.

وەکو شایستەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، ماڵی ئەیوب بارزانیی و ئەدهەم بارزانیی، ئەبووایە کۆنترۆڵی سیاسیی هەژموونی ماڵی بارزانییان بەدەستەوە بووایە، بەڵام بە زەبری توندوتیژیی و کولتووری تفەنگچییەتیی، دوای شێخ ئەحمەد بارزانیی، مەلا موصطەفای بارزانیی، بوو بە قائیدی ئەوحەدی ناسیۆنالیزمی کوردیی، ئەم هەژموونپەیداکردنە، بەشێکی گەورەی بەهۆی خۆشخەیاڵیی مونەوەرە نەژادییەکانی سلێمانیی و هەولێر و کەرکوکەوە بوو کە کاتی خۆی، بەیعەتیان داوەتێ. ئەویش لە چلەکانەوە تا ئێستا خۆی و کوڕ و کوڕەزا و کوڕەزازاکانی، باشتریین تیجاڕەت و مارکێتینگ و سەرمایەگوزاریی، بە چەتەگەریی کوردایەتییەوە ئەکەن.

ئەو هاندانەی موصطەفا بارزانیی ( بەهاوکاریی تاڵەبانیی و برایم ئەحمەد) بۆ گێچەڵکردن بە نیشتمانییتریین سیاسیی عێراق( زەعیم عەبدولکەریم قاسم) کە بە تەحالوف لەگەڵ بەعثییەکان و عوروبییە ناصرییەکاندا بوو، بە دەعمی راستەوخۆی موخابەراتی غەربیی و ئیسرائیلیی، بۆ ئەوەی قاسم، لابەرن، سەرەنجام سەرکەوتوو بوون. دواتر ئەم گێچەڵانە بە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق درێژەی هەبوو، بەتایبەتییش ئەوەی لەگەڵ عەبدولکەریم قاسمدا کرا، لەگەڵ نوریی مالیکییشدا، کرا.

هەروەها، بە دەستلەپشتدانی موخابەراتی ئێرانیی، ئیسرائیلیی، بریتانیی و ئەمێریکیی و تورکیی، تا ئێستایش هەر ئەم موخابەراتە جۆراوجۆرانە، بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، ئەم حکومەتە خێزانیی و بنەماڵەییە ئەپارێزن و وەکو خەنجەرێک بەردەوام لەسەر سەروەریی عێراق و پێکەوەژیانی عێراقییەکان و شوناسی عێراقییبوونی خەڵکی کوردستان، وەستاوە و ناوبەناو لەژێر ناوی بیزنسی کوردایەتییدا، راوئەوەشێنرێت.

سەرەنجام، عێراق نابێت ئیستیقرار بێت و نابێت خۆشگوزەرانیی تێدا بێت، ئەم هەموو دزیی و گزییەی ماڵی بارزانیی ( بەشەراکەتی ماڵی تاڵەبانیی) لە قاچاغچییەتی نەوت و شاردنەوەی داهاتی حکومەتی هەرێمدا ئەیکەن، بە ریعایەی موخابەراتی جۆراوجۆری ناوچەکە و جیهانییە، ماڵی بارزانیی، باشتریین خزمەتێک بەو دەسگایانە ئەکەن کە نابێ عێراق سەقامگییریی بەخۆیەوە ببینێت و لەبەرامبەریشدا، برسییکردنی بەردەوامی خەڵکی هەرێمی کوردستان، باشتریین بیزنسە بۆ ئەوان کە سامانە زۆرەکانیان لە هەندەران، پارێزراو ئەبێت و لەناوەوەش بەردەوام ئەبن لە دزیینی سامانی نیشتمانیی عێراقییەکان( بە خەڵكی کوردستانی عێراقییشەوە).

هاوکات، ئاماژە بەوەش بدرێ، لە ناو هێزە سیاسییە عێراقییەکاندا، هێزێکی نیشتمانیی و عەقڵانیی نییە( بە هێزە عەرەبییە سوننییەکان و شیعەکانیشەوە) کە تەجاوزی عوقدەی نەژادیی و طائیفیی، بەتەواویی کردبێت و لەبری گوتاری فاشییانەی قەومیی و طائیفیی، گوتارێکی نیشتمانیی وهاووڵاتیی و عێراقیی، بۆ تەواوی عێراق بەگشتیی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتیی، بەگەڕ بخەن و گوتارە بەتاڵەکەی ماڵی بارزانیی، فس بکەنەوە، بەڵكو ئەوانیش بۆ پۆپۆلیزمی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی، سوود لە عونجوهیاتەکانی ماڵی بارزانیی ئەبیینن و بەهەموو لایەک، خەریکی تەخریبی عێراقن، بگرە لە دزییەکانیشدا کەم تا زۆر شەریکن.

کامیار سابیر




بەکورتی25: گوتنی نەگوتراو…. بێدەنگییش نەگوتراو لەخۆدەگرێت.. ئازاد حەمە

گوتنی نەگوتراو to say the unspoken ، کە توخمی بێدەنگی لەخۆدا مەڵاسدەدات، ئەو گوزارەیەیە، کە جارێ نەبووەتە گوتن، یان لە قسەکردندا هێشتا گۆنەکراوە و دەرنەبڕدراوە. گوتراوە نەگوتراوەکان (گۆنەکراوەکان) ئەگەرچی ناڕاستەوخۆ هەست بە گوتنییان دەکرێت، بەڵام راستەوخۆ لە گوتندا ئامادەنیین و نەبوونەتە بابەتی دانپێدانان و جەختکردن. ئەمەو گوتن نەبێت دەستەواژە لەدایکنابێت، یان بەزیادبوونی نەگوتراوەکان دەستەواژەکان ڕوو لە کەمیی دەنێن.
سەرەتا دەخوازین ئەوە بڵێین،کە کاتێک گوتن دەکەوێتە لێواری نەگوتنەوە، نەگوتراوەکان دەشێت بارگرانییبن بۆسەر ناخمان،زۆرکاتیش هەوڵی خستنەدەرەوەیان دەدەین، لێ فشارەکان هێندە جۆراوجۆر و قورسن ناتوانن بێنەدەر و ببنە گوتراو. شیاوی هەڵوەستە لەسەركردنیشە، دەستگرتن بە نەگوتراوەکانەوە ئازایەتی دەوێت. هەموو کەس ناتوانێت ببێتە خاوەنی نەگوتراوی خۆی. چونکە گوتن(چەنەبازیی)هێندە زۆر بووە بێزاریی و وەڕەسبوونی دروستکردووە.
لەژێر تیشکی ئەو گفتوگۆیانەی لایسەرەوە دەپرسیین:گوتنی نەگوتراوthe unsaid جیاوازی چییە لە گوتنی گوتراو؟ گوتنی نەگوتراو ئەو نەگوتراوانە نین، نەسواو و نادووبارەن؟ گوتنی نەگوتراو لە پەیوەندییدایە بە بێدەنگییەوە؟چۆنیەتی گوتنی نەگوتراو سەرنجراکێش نییە؟نەگوتراوەکانی ژن هاوشێوەی نەگوتراوەکانی پیاون؟هەندێک شت باشتر نییە هەر بەنەگوتراوی بمێنێتەوە؟ جا تاکەی؟ نەگوتراوەکان بارگرانیی دەروونی و هەستییمان بۆدروستناکەن؟ئەو شتە چییە،کە شتێک دەکاتە نەگوتراو؟
گوتنی نەگوتراو Dire le non-dit چییە؟ گوتنێکە هێشتا لەرووی زمانەوانییەوە پێکنەهاتووە؛ نەبووەتە گوتن، ئەو قسەیەیە نەکراوە. ماویەتی بگاتە قۆناغی بینیین و بیستن؛ یان لەدەرەوەی دیار و ڕووندایە. هاوکات سەرەتای نەگوتراو ئەوەیە،کە کاتێک باس لە شتێک دەکەین،کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی پێکراوە،بەڵام بە وشە نەخراوەتەڕوو.
تا ئەو شوێنەی ئێمە ئاگاداربین، گوتنی نەگوتراو سانا نییە؛گوتنیشی هەل و مەرجی دەوێت. زۆرجاریش دۆز گوتنی نەگوتراو دەسەپێنێت. بۆنموونە””هەستی دەرنەبڕدراو، چاوەڕوانییە فەرامۆشکراوەکان، یان ناکۆکییە شاراوەکان دەتوانن وشەی نەگوتراو دروست بکەن””.
بەواتایەکی دیکە،نەگوتراوەکان یاخود دەرنەبڕدراوەکان، لێرە یان لەوێ بەرۆکیانگرتووین و بووشنەتە دەردەسەری و مایەی چەشتنی ئازار. بۆیە بەردەوام ناحاڵیبوون یان دڵەڕاوکێ و دڵشکاویەک لە پشت نەدرکانی گوتنەوەیە. ئەمەش ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە،کە نەگوتراو پێماندەڵێت دەسەڵاتنەبوونێک لە هەمبەر نەگوتنی شتێک، کە دەبوو بگوترایە بوونی هەیە.
وێڕایئەوە، گەلێکجار نەگوتراوەکان بەرهەمی دروستنەبوونی دەرفەتن بۆ گوتن، لە دۆخێکی وەهادا کە کاتێکی زۆر بەسەر نەگوتراوەکاندا تێدەپەرێت ئیدی گوتنیشیان هێندە بەهادارنابێت. ئەمە بۆ خانمان بەوجۆرە نییە.چونکە نەگوتراوەکانی ژن کەمترە لە چاو پیاو. پێشدەچێت بەپێی کولتورەکان نەگوتراوەکانی ژن هەمان فۆرمی زمانەوانی نەگوتراوەکانی پیاوی نەبێت.
هەرکە نەگوتراوەکان بوونە گوتراو دەشێت ئەم نەگوتراوانە پۆلێک نیگەرانییشمانبۆبێنن،بەڵام پەیبردن بە نەگوتراوەکانی کەسێک مەرجنییە لە شوێنی خۆیدا بێت.ڕەنگە نەگوتراوەکانی بێمانا و پووچبن و هەرگیزیش ڕامان نەچڵەکێنن. لەبەرئەوە هێزی حاشا هەڵنەگری نەگوتراو ئەو دەمە ئاشکرادەبێت، کە پێویستمان بە ئاشنابوونە بە ناواخنی نەگوتراوەکان(نەنووسراوەکان) .
پەیامە نەگوتراوەکان دەتوانن هێمابن بۆ زۆر شتی درکپێنەکراو،وەکیتر ئاشنابوون یان دانپێدانان بە نەگوتراوەکان ئازاربەخشیشیان تیایە.ئەوەش لەسەر پاشخانی نەگوتراوەکان وەستاوە.هەندێک لە نەگوتراوەکان هەڵقوڵاوی مەینەتی ژیان و دەردێکی کوشندەی ئەوینداریی یان رووداوێکی ڕۆحیی ناپەسەندن بۆیە گوتنییان برین دروستدەکات و هەڵگرتنیشیان هەر ئازاربەخشە.
سه‌ره‌نجام دەڵێێن: گوتنی نەگوتراو لە قۆناغی شاردنەوە، بێدەنگبووندایە. گوتنێکە ئاشکرانەبووە، ڕەنگە هۆکار زۆربن،کە گوتنێک نەبووەتە گوتراو؛ ترس لە گوتن، مەیل بۆ نەگوتن و بەنهێنیکردنی گوتن و…تاد. لەڕێگای هەندێک کردار، رەفتار و زمانی جەستە و تۆنی دەنگەوە دەکرێت درکبەوەبکەین،کە هەندێک شت هەیە لەو گفتوگۆیەدا هێشت نەگوتراوە.زۆرجاریش ڕێگای جۆراوجۆر دەگیرێتەبەر تا نەگوتراو گۆکرێت، وەک: گۆڕینی بابەت، دۆزینەوەی سەرەباسیتر بۆگوتن، لادان لەوەی قسەی تیادەکرێت…. .واتە هەندێک نەگوتراو بە ئەنقەست کراوەتە نەگوتراو.
بۆ تیشک خستنە سەر هۆکارەکانی نەگوتنی گوتراوەکان لێرەدا هەر هێندە دەڵێێن، کە ترسی کەسەکە لە گوتنی ئەوەی دەخوازێت بیڵێت، هەست بەشەرمەزارییکردن لەئاست ئەوەی نیازخوازە بیڵێت و نایڵێت، ئەوەش کە لەناخەوە پەستە و ناخوازێت بێتەگۆ. سەرباریئەوە، لەکاتی هەڵچووندا ئەوەی، کە دەبوو بگوترێت جارێ نەگوتراوە و زۆرجاریش گوتنی نەگوتراو دەچێتە خانەی نەگوتنی شتە هەستیارەکانەوە؛ هەستیار بەمانای سیاسیی، کولتووریی و کۆمەڵایەتیی.
ڤیتگنشتاین پێیوابوو”زمان سنووری هەیە و هەندێک لایەنی ئەزموون، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە مانا و بەها و ڕەچاوکردنی ڕووشتییەوە هەیە، ناتوانرێت بە تەواوی لە ڕێگەی زمانەوە دەرببڕدرێن””. ئەمە خانەی نەگوتراوەکان پێکدێنێت. هەروەها درککردن بە پەیامە نەگوتراوەکان هاوکارماندەبن زۆر قسەنەکەین، زۆر نەپرسیین. بۆنموونە دوای ونبونێکی زۆر، کاتێک کەسێک لێماندەپرسێت: هەموو شتێک باشە؟ئەو پرسیارە دەچێتە خانەی نەگوتراوەوە. لەپشت ئەو پرسیارەوە زۆرێک گوتن هەن، کە هێشتا نەبوونەتە گوتراو.
دوا گوتنمان لەبارەی گوتنی نەگوتراوەوە تایبەتە بە بێدەنگییەوە، ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی نەگوتراو بێدەنگییش لەخۆدەگرێت. ئەڵبەتە”نهێنی خێزانیی یان برینە ساڕێژنەبووەکان دەتوانن سەرچاوەی پرسە نەگوتراوەکان بن”. گومانی ناوێت، کە گوتن هێزی هەیە بەس هەمیشە نا، گەر هەمیشە پەیڤ وزەداربێت بێدەنگی شادەماری نەگوتراوەکان پێکناهێنێت. راستە بێدەنگی بێلایەن نییە، بەڵام دەشتوانێت هەڵوێست، توڕەبوونێک بێت. وەکیتر”هەندێک جار، قورسترین بارگرانی کە هەڵیدەگرین، قورسایی قسەکانمان نییە، بەڵکو بێدەنگی ئەوانەیە کە هەرگیز قسە ناکەین”.
سەرباریئەوە، کاتێک گۆنەکراو پەلدەهاوێت بەرەو بێدەنگیەکی بکوژ ئەستەمە گۆڕینی نەگوتراو بە گوتراو. ڕەنگە زۆرێک لە ئێمە پێیباشبێت، کە هەندێک شت باشترە نەگوترێت.بەڵام تاکەی؟ گەر نەگوتراو باشتربێت لە گوتراو ئەوا تێکڕای نەگوتراوەکان هۆکار و پاڵنەری سەرەکی بێدەنگییەکانمانن. ئەو دەمەش،کە بێدەنگیی دەشکێرنێت نەگوتراوەکان ئاوادەبن. لەبەرئەوەی نەگوتراوەکان، بەشێک لە ڕاستییەکان لەناخی خۆیاندا حەشاردەدەن بۆیە رۆژێکدێت نەگوتراوەکان بەدەنگی بەرز بگوترێن.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




گرتنی عەجاجی دڕندە و پرسیار و نیگەرانیەکان.. شاخەوان قادر شۆڕش

گرتنی عەجاج حەردان ئەحمەد تکریتی یا “حەجاجی نوگرەسەلمان” وەکو ڕزگاربووانی زیندانی نوگرەسەلمان (قەڵای سەربازیی نوگرەسەلمان) دەیناسێنن، یەکێ لە ئەفسەرە ناوزڕاوەکانی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس بوو کە دوای ٢٢ ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ١/٨/٢٠٢٥دا هەواڵی دەستگیرکردنی بڵاوبووەوە. هەواڵەکە هەواڵێكی لە لایەک دڵخۆشکەرە و لە لایەکی دیکەدا کۆمەڵێک پرسیار و ڕەخنە دەهێنێتە پێشەوە.

سەرەتا باشە بزانین عەجاج تکریتی کێ بوو؟  عەجاج ئەفسەری سەر بە دائیرەی ئەمنی پارتی بەعس بووە، لە ژمارەیەک شوێندا وەکو ئەفسەری ئەمن کاری کردووە لەوانە لە موسەنا (المثنی)، بەسیە (البصیة) و نوگرەسەلمان (نگرة سلمان). شایانی گوتنە لە هەر سێ شوێندا خەڵک لە زیندانەکانی سەر بە پارتی بەعسدا ئەشکەنجە دراوە و بەکۆمەڵ کوژراون. بەر لە دەستگیرکردنی چەند جارێک هەواڵی مردنی لە لایەن کەس و کارەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، دەگوترێت ئەم هەواڵانە دروستکراوی خۆی بوون و بۆ ئەوەی کەس بەدوایدا نەگڕێن و سۆراخی نەکەن. هەروەها دەگوترێت عەجاج هەندێ نەشتەرگەریی دەموچاوی کردووە و خاڵێکی ڕەشی لەسەر ڕوومەتی هەبوو لای بردووە و هەر لە پارێزگای تکریت ژیاوە. وەکو کەسایەتیەکی خاون پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی دەرخستووە. دەگوترێت ئاشکرابوونەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ کێشەی تایبەتی کۆمەڵایەتی. واتە لایەنی دژ عەجاجیان  بۆ دەزگاکانی ئاسایش ئاشکرا کردووە. نازانین ئەوە چەندی ڕاستە بەڵام ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، دۆزینەوەی عەجاج بەهۆی بەدواداگەڕانی دەزگاکانی ئاسایش نەبووە. واتە ئەگەر کێشەی کۆمەڵایەتی نەبووایە کەس لێی نەدەپرسی ماڵت لە کوێیە. ئەوەش لە ئێراقی ئێستادا سەیر نییە.

شایانی گوتنە لە هێرشی گەلکوژکارانەی ئەنفالدا بە تایبەتی لە ئەنفالی دوو و سێ و چواردا لە نێوان ٢٢ی مارس و ٨ی مای ١٩٨٨دا بە هەزاران کەس لە دەشت و دۆڵەکانی قەرەداغ، گەرمیان و شوان و شێخبزێنی لە پارێزگاکانی کەرکوک و سلێمانی دەستگیرکران و ڕەوانەی سەرەتا تۆپزاوا کران، لەوێ مێرمنداڵ، گەنج و پیاوەکان ڕاستەوخۆ بۆ گۆڕەبەکۆمەڵەکان نێردران، منداڵ و کچ و ژنەکان و پیرەکانیش بۆ خوارووی ئێراق بۆ قەڵای سەربازیی نوگرەسەلمان نێردران. بەڵام جاری وا هەبووە گەنجەکانیش بۆ ئەوێ نێردراون و پاشان بەرەو کوشتن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان نێردراون. ئەوانەی بۆ ئەم زیندانە نێردران بەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجەدان، تێنوەتی، برسیەتی و نەخۆشی بوونەوە و وردە وردە گەلێکیان مردن. عەجاج کە بەرپرسی قەڵازیندانەکە بووە بەکێبل، سۆندە، دار و چەکوش بەربۆتە گیانی زیندانیەکان. مرۆڤی لەژێر لێدان و ئەشکەنجەداندا دڕندانە کوشتووە. بێ بەزەییانە لە منداڵی داوە، خەڵکی تێنو و برسی کردووە تاکو زوو بمرن. کە زیندانیەکان مردوون تەرمەکانیان بۆ سەگەکانی دەرەوەی زیندان فڕێ داوە. ڕزگاربووان بە زۆری گوتن لە سەگە ڕەشەکان دەکەن.  زیندانیەکان خۆیان دەبووایە تەرمەکان ببەنە دەرەوە و هەموو دەیانزانی دوای ئەوە سەگ دێن و دەیان خۆن. دایک تەرمی منداڵی ساوای بردۆتە دەرەوە و زۆر باشیش لێی ڕوون بووە کە دوای ئەوە سەگە ڕەشەکان دێن و دەیانخۆن. بەچاوی خۆیان ئەوەیان دیتووە. عەجاج وەکو بەرپرسی ئەم زیندانە بەرپرسە لە زۆربەی ڕەهای ئەو تاوانانەی کە لەم زیندانەدا ئەنجام دراون. 

لەبەرچی تا ئێستا عەجاج تکریتی دەستگیرنەکرابوو؟ دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە کەیسی تاوانی گەلکوژیی ئەنفالدا کە لە ٢١/٨/٢٠٠٦دا دەستی پێکرد پێنج تۆمەتباری هێنایە دادگا، ئەوەش تەنها چەند دانەیەک بوو لە هەزاران تۆمەرتبار کە بەجۆرێ لە جۆرەکان پشکیان لە تاوانی گەلکوژیی ئەنفالدا هەبوو. لە نێو ئەو پێنچ کەسەدا ناوی عەجاج نەبوو. ئەو لەلایەن دادگاوە داواکراو بوو، بەڵام وەکو سەدان تۆمەتباری داواکراوی دیکە هەرگیز دەستگیر نەکرا و نەدرایە دادگا.  دیارە جگە لە زیندانی قەڵای سەربازیی نوگرەسەلمان چەند زیندانێکی دیکەی وەکو تۆپزاوا، دوبز، تکریت، نزارکێ و سەلامیە و هیتر هەبوون بەڵام بەرپرس و تاوانبارانی ئەو زیندانانە هەرگیز دەستگیر نەکران. دەسەڵاتی جێبەجێکردنی عێراق هیچ هەوڵێکی بەکردەوەی بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارانی داواکراوی تاوانی ئەنفال ئەنجام نەدا، هەرچەندە لە لایەن دادگاوە داوای زیاتر لە ٤٠٠ تۆمەتبار کە ناویان لە لیستێکدا نووسرابوو و لە لایەن دادگاوە داواکرا بوون.  ئەو ٤٠٠ کەسە تەنها بەشێکی کەمی تاوانباران بوون.

لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کە وەکو وڵات و هەواری قوربانیانە، لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە نە دادگایەکی تایبەت بە تاوانی گەلکوژیی (جینۆساید) داندرا، نە هیچ هەوڵێکیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران دا. هەردوو پارتی دەسەڵاتدار پارتی و یەکێتی بەکردەوە دژی دادگایی سەرۆکجاشەکان وەستانەوە کە لەلایەن دادگاوە داواکرابوون. زۆر لە ئەفسەر و سەرکردە بەعسیەکان هاتنە کوردستان و پانادران. بەکورتی لە عێراق و هەرێمدا تاوانبارانی تاوانە گەورەکان پەنادراون و پارێزگاریی دەکرێن.  

ئەوەی پێویستە ئێستا ئەنجام بدرێت، کەیسەکەی ئەنفال لە دادگا بکرێتەوە، سکاڵا لە کەسوکاری قوربانیان یا ڕزگاربووان وەربگیرێت، کارئاسانیان بۆ بکرێت، پارێزەریان بۆ ئامادە بکرێت، تۆمەتەکانی سەر تاوانبار بخرێنە ڕوو. هەروەها ڕێگریی لە هەر هەوڵێکی ئازادکردنی یا جۆرێک لە ڕێککەوتن بۆ ئازادکردنی عەجاج بکرێت. پێویستە هەوڵەکانی ڕزگارکردنی عەجاج پوچەڵ بکرێتەوە، وەکو عەرەبە سوننەکانی سەر بە خێڵی عوبێد لە پارێزگای تکریت لە ئێستاوە هەوڵی بەردانی دەدەن، بانگاشەی ئەوە دەکەن گوایە ئەوە ئەو عەجاجە نییە و ئەو کەسێکی بێ تاوانە بۆیە دەبێ ئازادی بکەن. هەندێ لە ڕۆژنامەوانەکانی شاری کەرکوک بە مەبەستی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر عەجاج چووبوونە لای ماڵەکەی عەجاج، بەڵام لەلایەن دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیسی تکریتەوە ڕێگریان لێ کرا و هەرچی وێنەی گرتبوویان لێیان سەندنەوە و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر دەستبەسەر کران. ئەوان هەندێ زانیاری گرنگیان دەستکەوتووە و لایانوایە ئەوە عەجاجی نوگرەسەلمانە و خۆیشی لای دەزگای ئاسایشی ئێراقی دانی بەوەدا ناوە.

پێویستە پرۆسەی دادگاییەکە بێلایەنانە ئەنجام بدرێت و گەواهیدەر و ڕزگاربووان ببردرێنە دادگا و پارێزگاریی لە ژیانیان بکرێت. بەم جۆرە بەپێی یاسای تاوانی گەلکوژیی مادەی ١١ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی مادەی ١٢ دادگایی بکرێت. پێویستە دادگا لە دیدی ئەم تاوانانەوە بە وردیی و چڕیی بڕوانێتە تاوانەکانی عەجاج. ئەگەر دادگا تەنها بەپێی مادەی ١٢ی مافەکانی مرۆڤ عەجاج دادگایی بکات، ئەوە هەڵەیەکی یاسایی زەقە، چونکە وەکو بڕیارێکی پێشوەختە وایە، کە ئەوان بێ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی یاسایی چڕ و پڕ و سەڵماندنی دەرئەنجام، هەرزوو بڕیارێکیان سەپاندووە و ئیدی سەیری ماددەی ١١ی تاوانی گەلکوژیی ناکەن. ئەگەر عەجاج تاوانی گەلکوژیی ئەنجام نەداوە، دەبێ بیسەڵمێنن چۆن ئەو تاوانی گەلکوژیی ئەنجام نەداوە و لەبەرچی تاوانەکانی ئەو تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە.  لەسەر ئەو بنچینەیە دەکرێ سزای دادوەرانە و ڕەوا بۆ ئەم تاوانبارە دڕندەیە ببڕدرێتەوە، بەڵکو ئارامیەک بە کەسوکاری قوربانیان و ڕزگاربووان ببەخشرێت.  

گرنگی گرتنی عەجاج وەکو بەئاگاهاتنەوەیەکە کە پەنجەی پرسیارەکان بۆ سیستەمی دادوەریی ئێراق ئاراستە دەکات. بۆیە ئەگەر لە بەرەی قوربانی و خەڵک بەگشتی بپرسیت ئەوا هەنگاوی دیکەی یاسایی و دادوەرانەی گرنگ ئەوەیە، پێویستە هەموو تۆمەتبارانی تاوانی گەلکوژیی ئەنفال و گەلکوژییەکانی دیکە دەستگیر بکرێن و بدرێنە دادگا. زۆرن ئەوانەی وەکو عەجاج بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە تاوانەکاندا هەبووە، بەڵام تائێستا بە ئازادی دەسووڕێنەوە. هەموو ئەوانەی بە جۆرێ لە جۆرەکان لە تاوانەکە گڵاون، تاوانبارن و دەبووایە ڕادەستی دادگا بکرێن. بۆیە پەنادانیان تاوانە و دەبووایە سزای لەسەر بێت.  دادگاییکردنی تاوانبارانی تاوانی گەلکوژیی و دژ بە مافەکانی مرۆڤ هیچ کاتێک کۆن نابێت، تا ئەو ساتەی تاوانبار لە ژیاندا بێت دەکرێ دەستگیر بکرێت و ڕەوانەی دادگا بکرێت. بۆ نموونە تاوانبارانی نازی کە لە تاوانی گەلکوژیی هۆلۆکۆستدا بەشداریان هەبوو تاکو ئێستا دەستگیر دەکرێن و دەدرێنە دادگا، هەرچەندە ئێستا پیر و پەککەوتەن.

ئاشتی و بەیەکەوەژیانی دروست و ئەرێنی لە کۆمەڵگەیەکدا دروست نابێت ئەگەر دادوەریی نەهێتە دی. بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان و ئێراقدا ئەم داوایە گرنگیی نییە و دەسەڵاتداران گوێی پێ نادەن، وەکو بەرژەوەندییە بنەماڵەیی و خێڵەکی و ئەتنیەکان لەپێش هەر شتێکی دیکەوە دێن. 

شاخەوان قادر شۆڕش
٥/٨/٢٠٢٥




دەرونشیکاری لە فرۆیدەوە تا ئیمڕۆ -١.. د. هەژار عوسمان

هستیریا نەخۆشیەکی دەرونیە بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی بە نیشانەکانی نەخۆشیەکانی مێشک و دەمار خۆی دەردەبڕێ بێ بونی گۆڕان و شێوان و تێکچونی پێکهاتەی جەستەیی لە خودی مێشك و دەمارەکاندا، کەواتە ئیشكردن و وەزیفەی مێشک و دەمار بە شێوەیەکی کاتی تێکدەچێت بەڵام پێکهاتەکەیان ساغە و تێکنەچوە وەک ئەوەی بۆ نمونە مێشک هەوی کردبێ یا کیسێک یا زیادەگۆشتێکی تیابێت یا لولەخوێنەکانی داخرابێت یا ئاوسابێت. نیشانە جەستەییەکانی هستیریا ئەمانەن: گەشکە و بورانەوە و بێهۆشبون یا هۆش تێکچون، سڕبون و مێرولەکردنی پێست ،ئێشی ئەندامانی لەش ،هێزتیانەمان ولاوازی یا گرژبونی زۆر توند و گەرمی ماسولکەکان ، لەرزینی دەست و پێ یا هەمو جەستە ، تێکچونی زمان گۆکردن و شێوانی دەنگ و قسەکردن یا کپی و بێدەنگبونی تەواو ونەتوانینی قسەکردن، یا کێشە لە جوین و قوتدانی خۆراکدا یا کۆکەی وشک بێ بونی نەخۆشیی کۆئەندامی هەناسەدان یا نائاسایی بونی شێوەی وەستان و دانیشتن و ڕۆشتن و جموجوڵی ئاسایی ڕۆژانە ، شێوانی کاتیی بینین وەک بەرچاوڕەشبون یا تەنانەت نابینایی کاتی وهتد… . نیشانە دەرونیەکانی هستیریا ئەمانەن: هەست وشعوری لەخۆنامۆ بون و لە دەوروبەر نامۆبون، بیرچونەوە بەتایبەتی دەربارەی ڕوداوی برینداربونی دەرونی ئەگەر ڕویدابو، گۆڕانی خێرا و تەقینەوەی بێجێی هەست و سۆزەکان بە هاوارکردن و گریان و قاقای پێکەنین بە ئەندازەیەکی وا کە سەرنجی هەمو دەوروبەر بە لای خۆیدا ڕائەکێشێ . لە کاتێکدا خزم و کەس دەوریان داوە و زۆر نیگەرانی و ترسیان هەیە لە دۆخەکەی کەچی ئەو خۆی تەنانەت بەرامبەر نیشانە جەستەییە کاتیەکانی وەک نابینایی و ئیفلیجی خەمسارد و گوێپێنەدەر ڕاکشاوە. لە پشتی ئەم نیشانانەوە هۆ وکێشەی دەرونی و برینداربونی دەرونی و ئازاردانی جەستەیی و چەوساندنەوە و دەسدرێژیی جۆراوجۆر بە هی سێکسیشەوە لە منداڵی و هەرزەکاری و یا لە تەمەنی گەورەیی لە ئێستادا و هەروەها کێشەی کۆمەڵایەتیی قورس هەن کە کەسەکە لە بەر شەرم و عەیبە و ترس لە سزا و ئابڕوچون ودابڕان لە دەوروبەر و خێزان و کۆمەڵ ناتوانێ بە دڵی خۆی و لە کانگای دڵیەوە بە هەست و سۆزی ڕاستەقینەوە دەریانبڕێ و چارەسەری بنەڕەتیان بۆ بکات، بۆیە بێ ویست و حەزی خۆی و بێ ئەوەی خۆی بیەوێ و بزانێ یەکێ یا چەند دانەیە لە نیشانە جەستەییەکانی سەر بە کۆئەندامی مێشک و دەمارەکانی تیا دەرکەوێ. نمونەیەک کە ڕویداوە: ژنێکی مێرددار لە پڕ توانای بینینی نەما، دوکتۆری چاو دوای تێڕوانینی ورد پێی وت چاوت هیچی نیە، دوای چەند هەفتەیەک بزربون لە شارێکی دورەوە لە گەڵ ئەو پیاوەی شەیدای یەکتر بوبون سەری هەڵدا و دەرکەوتەوە و ئیتر بێ چارەسەری پزیشکی کێشەی بینینەکەشی نەما! ئەم نەخۆشانە بە هۆی بورانەوە و گەشکەی دەرونیەوە چەندین جار بە پەلە و شڵەژانی خزم و کەسەوە بە ئەمبولانسی فریاکەوتن یا ئوتومبیلی ئاسایی دەبرێن بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکان و چەندین تێڕوانینی تاقیگەیی خوێن و سۆنەر و وێنەی تیشکی و سکانی مێشک و ئەندامەکانی تری جەستەی بۆ دەکرێت و لە کۆتایی هەمویاندا پزیشکەکە دەڵێت وەڵا هیچی نیە، هەندێک دوکتۆر پێی دەڵێن هستیریا یا Hys ی هەیە !! ئیمڕۆ وشەی هستیریا لە دنیادا بەسەرچوە و بەکارهێنانی زۆر کەم بوە و بە تایبەتی پزیشکی هەمو پسپۆڕیەکان نابێت بەکاریبێنن بۆ نەخۆشەکانیان چونکە وشەیەکی نازانستی و هەڵەیە. Hysteria وشەیەکی یۆنانیی کۆنە بە واتای (نەخۆشیەکی پەیوەنددار بە مناڵدانەوە) دێت، پزیشكی ناوداری یۆنانی کۆن (هیپۆقرات) وای دەزانی ئەو نەخۆشانەی هیستیریا یان هەیە مناڵدانیان تەواو نیە یا ترازاوە و بە جەستەی نەخۆشەکەدا دەجوڵێ و دەگەڕێ. لە مێژە دەرکەوتوە کە نەخۆشیەکە هیچ پەیوەندیەکی بە مناڵدانەوە نیە بەڵام لە کچ و ژنی گەنجدا زۆرترە هەتا لە پیاواندا، ڕەنگە هەر ئەمەش بێت کە ناونراوە هستیریا کە لە وشەی یۆنانیی (Hyster) وە هاتوە و بە واتای مناڵدان دێت. ئێستا لە هەمو دنیای پێشکەوتودا لە بری هستیریا وشەی (conversion) کۆنڤێرژن بەکاردێت.
ئەوەی کێ هستیریای هەیە و کێ نیەتی تەنیا پزیشک وە بەتایبەتی پزیشکی مێشك و دەمار و پزیشکی دەرونی بڕیار دەدا نەک هیچ کەسێکی تر، دەنا هەڵە و ناحەقی و سوکایەتی پێکردن و تۆمەتی ناڕەوا بەرامبەر نەخۆشەکە دەکرێت لەباتی تێگەیشتن لێی و هاوسۆزی وچارەسەرکردنی پسپۆڕیانە کە چارەسەری دەرونیە لای پزیشکی دەرونی و دەرونناسی پزیشكیی خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس و بانتر. بینیومە و بیستومە خزم و کەس و هاوڕێ و تەنانەت یاریدەدەری پزیشك وهەندێ پزیشکیش چی بەم نەخۆشانە دەڵێن، وەک ( درۆ دەکات، نەخۆش نیە، خۆی وا لە خۆی دەکات، …).
دوکتۆر د. سیگمۆند فرۆید کە جو بو، هەروەها د.جۆزێف برۆیەر لە شاری ڤیەنا بۆ یەکەم جار لە ساڵەکانی ١٨٨٠ دا ئەم نیشانە جەستەییانەیان وەک دەربڕ و زمانحاڵی کێشە و برینداریە دەرونی و کۆمەڵایەتیە قورس و چارەسەرنەکراوەکان ناساند. پێشتر د.برۆیەر بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک (١٨٨٠-١٨٨٢) خەریکی چارەسەرکردنی کچێکی ٢١ ساڵی نەخۆش بو بە ناوی خوازراوی Anna O بە شێوازی قسەلەگەڵکردن و خەواندنی دەستکرد (Hypnosis)، کچەکە نیشانەکانی هستیریای تێدابو و لە ڕوی جەستەیی مێشک و دەمارەوە هیچی نەبو، ئەو بەو چارەسەرە و بێ دەرمان باشتر دەبۆوە. د.جۆزێف دەربارەی ڕەوتی نەخۆشی و چارەسەری Anna O زانیاری و ئەزمونی چارەسەرکردنی سەرکەوتوانەی بە تەنیا بە دواندن بەڵام بێ دەرمان بۆ فرۆید باسدەکرد و لە گەڵیا ئاڵوگۆڕی بیروڕای دەکرد دەربارە بابەتەکە، فرۆید خۆیشی وەک دوکتۆرێکی پسپۆڕی مێشک و دەمار زۆرجار گیریخواردبو بە دەست هەندێ لە نەخۆشەکانیەوە کە دەرمان چاکی نەدەکردنەوە و نیشانە و ناڕەحەتیەکانیان کە هی هستیریاکەیان بو بەردەوام دەبو. فرۆید پێشتر یەک ساڵ دوای وەرگرتنی پسپۆڕی لە مێشک و دەمار لە ڤیەنا ، بۆ ساڵێک لە پاریس لە ژێر سەرپەرشتیی دوکتۆر Charcot و دو دوکتۆری تردا یەک ساڵ ڕاهێنان و فێربون و چارەسەرکردنی دەرونیی نەخۆشانی هستیریا ی کرد و گەڕایەوە بۆ ڤیەنا و ئیتر وردە وردە کەوتە چارەسەرکردنی نەخۆشانی هستیریا و بوبە ئەو بوارەی کە سەرکەوتوانە ئەسپی خۆی تێدا تاودا و ناوبانگی دەرکرد. فرۆید ئەم ئەزمونانەی خۆی لە گەڵ نەخۆشانی هستیریا و ئەوانەی د.جۆزێف لە گەڵ Anna O زۆر سەرنجی ڕاکێشا و کەوتە بیرکردنەوەی قوڵ و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە ی پراکتیکی و تیوریی چڕ و پڕ، ئەنجامی ئەم کارەی نوسین و بڵاوکردنەوەی کتێبی (لێکۆڵینەوەکان دەربارەی هستیریا) لە ڤیەنا لەساڵی ١٨٩٥ بو، دواتر لە ساڵی ١٩٠٠ کتێبی (ڕاڤەکردنی خەونەکان) ی نوسی و بڵاویکردەوە .
دەتوانین بڵێین ئەم دو کتێبە ، کە دەنگدانەوەیەکی گەورەیان هەبو نەک هەر لە ناوەندە پزیشکیەکان بەڵکو لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر و کۆمەڵناسی و مێژو دا ، زەنگ لێدانی سەرەتای لەدایکبونی (دەرونشیکاری Psychoanalysis) بو کە فرۆید (١٨٥٦- ١٩٣٩) بە دۆزەرەوەکەی دادەنرێت.




تێڕامانێك بۆ كتێبی (ئافرەت لە شانۆی كوریدا).. كامەران حاجی ئەلیاس

ئەگەر ئاوڕێك لە رابردووی كلتوری هونەری وئەدەبی و رۆشنبیری خۆمان بدەیینەوە گومانی تێدانییە ،كەخاوەنی چەندین چالاكی و ئەدەبی وهونەرین ،خاوەن ئەرشیفێكی دەوڵەمەندین دەتوانین هەمیشەشانازی بەرابردووی خۆمانەوە بكەین ..بەڵام یەكێك لەو گرفتانە كە رووبەرمان دەبێتەوە بریتییە لەوەی، لە كاتی ئەنجام دانی هەر چالاكییەك نەبوونی دەزگایەك یان فەرمانگایەكی فەرمییە كە پەیوەست بێت بە تۆمار كردن بە دۆكیۆمێنتكردنی و كۆكردنەوەی سەرجەم ئەو چالاكیانەی كە ئەنجام دراون وە ئەوەی ئەنجام دەدرێن، بۆ ئەوەی وەكو بەڵگە لە داهاتوو ئاماژە پێبدرێت لە هەمان كات دا لە ناچوون بپارێزدرێن ،ببێتە سەرچاوە بۆ ئەوەی ببێتە فاكتەرێك بۆ تۆماركردنی مێژوویەكی راست و دورست چونكە وەكو ئاشكرایە دورستكردنی مێژوویەكی راست و دورست و بێ گوماناوی لەرێگەی بەڵگەو دۆكیۆمێنت و شوێنەوار دەبێت لەبەر ئەوە وڵاتان گرنگی زۆریان بە ئەرشیفكردن داوە هەر لەرێگەی بەڵگەشەوە دەبنە خاوەن شارستانییەتی تایبەت بەخۆیانەوە پارێزگاری لە مێژووی خۆیان دەكەن.
ئێمە لە كوردستان بەداخەوە هیچ دەزگایەكی ئەوتۆمان نییە بۆ تۆماركردنی سەرجەم چالاكییەكان راستە لێرەو لەوەێ چ لە ئاستی كەسی بێت یان رێكخراو یان كۆمەڵە بێت هەوڵدراوە بەڵام ئەمەنە كارێكی فەرمی و گشتگیر نین تەنیا بوارێك لە خۆ دەگرن وەكو دەزگایەكی فەرمی نین هەموو لایەنێكی ئەدەبی و هونەری وگشتی لە خۆبگرێت بۆئەوەی لە هەركاتێك كەسێك یاخود لایەنێك پێویستی پێبێت راستەوخۆ پەیوەندی بەو دەزگایەوە بكات و سوودی لێوەرگرێت ،كە بەداخەوە ئەوەش كەلێنێكی گەورەیە لە ئەنجام دا دەبێتە هۆكاری لە ناوچوون یان تۆمارنەكردنی چالاكییەكان بەشێوەكی راست دورست .
كتێبی(ئافرەت لە شانۆی كوردیید) لە نووسین و ئامادەكردنی نووسەری دیاری كورد (مەغدید حاجی) لەساڵی 1989 چاپی یەكەمی بڵاوكرایەوە.. بەهۆی ئەوەی كتێبەكە زۆر گرنگ بوو لە هەمان كاتیشدا لەكتێبخانەكانی كوردستان نەمابوو، لە ساڵی 2024 لەسەر ئەركی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێیەتی لە هەولێر بۆجاری دووەم چاپ و بڵاوكرایەوە ..لەوانەیەپێش چاپ كردنی ئەم كتێبە لەسەر رۆڵی ئافرەت لە شانۆی كوردیدا لە رۆژنامەو گۆڤارەكان وەكو وتار لێرەو لەوێ نووسرابێت بەڵام وەكو كتێب بەو تێروتەسلە لە چوارچێوەی كتێب نەنووسراوە بۆیە كتێبی (ئافرەت لە شانۆی كوردیدا) یەكێكە لەو كتێبانەی كە بۆتە ئەرشیفێكی دەوڵەمەند بۆ شانۆی كوردی بەجۆرێك بۆتە سەرچاوە بۆ چەندین تێزی نامەی ماستەر و دكتۆرا..كارێكە دەبوایە لەلایەن دەزگایەكی گەورەی حكومەتەوە جێبەجێ كرابا و بودجەیەكی شایستەی بۆ تەرخان كرابا نووسەر زیاتر لە چوار ساڵ خەریكی ئەم كتێبە بووە هیلاكی و ماندووبوونی زۆری كردووە لەسەر ئەركی خۆی چاپی یەكەمی لە شاری بەغدا چاپ كردووە…نووسەر بۆ ئامادەكردنی كتێبەكە سەردانی شار و شارۆچكەكانی كوردستانی كردووە چەندین دیدار و هەڤپەیڤینی لەگەڵ چەندین هونەرمەند ئەنجام داوە بۆئەوەی بەشێوەیەكی راست و دورست كتێبەكە بخاتە بەردەم خوێنەران نووسەر بۆ راست و دورستی مێژوەكان زۆربەی دیدارەكانی لەرێگەی ریكۆدەر یان بەشێوەی نووسین دیدارەكانی ئەنجامی داون تائێستا وەكو بەڵگە لەلای خۆی پارستوویەتی.. تۆ بیر بكەوە لە ساڵانی هەشتایەكانی سەدەی رابردوو ئەوهەموو كارە لەسەر خەرجی خۆت ئەنجام بدەیت دەبێ چ ئەركێكی زەحەمەت بووبێت چونكە هۆكارەكانی پەیوەندی كردن وەكو ئێستا ئاسان نەبووە بۆیە ئەم كتێبە بەئاسانی لەدایك نەبووە .
ئەگەر رامانێك بە ناوەڕۆكی كتێبەكەشدا بكەین سەرەتا مامۆستا (ئەحمەد سالار) پێداچوونەوەو پێشەكی بۆكتێبەكە نووسیوە ..راستە ناونیشانی كتێبەكە لە ژێر ناوی (ئافرەت لە شانۆی كوردیدا) یە پشكی شێر بە رۆڵی ئافرەت لە شانۆی كوردی بەركەوتووە بەڵام هەر لە نێو كتێبەكەدا نووسەر باسی بزووتنەوەو مێژووی شانۆی كوردی ناوی سەرجەم ئەو ئافرەتانەی تۆماركردووە كە وەكو ئەكتەر رۆڵیان بینیوە لە سەرتەختەی شانۆ و دراماكان دا لە هەمان كات ئاماژەی بەناوەی ئەو پیاوانەی داوە كە رۆڵی ئافرەتیان بینیووە ئەمەش سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ هونەرمەندان و نووسەران.. نووسەر ئاوڕێك لە مێژووی شانۆی كوردی دەداتەوە باس لە یەكەم دەقی شانۆی كوردی دەكات بە ناوی (مەمی ئالان) كە لە ساڵی 1919 لەلایەن نووسەری دیاری كورد (عەبدولرەحیم رەحمی هەكاری) نووسراو لە هەمان كاتدا باس ناوەرۆكی شانۆگەرییەكە دەكات نووسەر مەغدید حاجی دەڵێت”ئەم شانۆگەرییە(مەمی ئالان) بەهیچ شێوەیەك باسی ئەوینداری (مەم و زین) ناكات بەڵكو چەمكی شانۆگەریەكە باس لە رۆحی هاوكاری نەتەوەی كورد دەكات بەتایبەتی وەكو گەلێكی موسڵمان هاوكاری گەلی فەڵستین دەكات لە پێناوی رزگار كردنی شاری قودس هەروەها باس لە رۆڵی ئافرەت دەكات لەوسەردەمەدا”.
ئەوەی زانراوە شانۆگەری (مەمی ئالان)ی عەبدولرەحیم رەحمی هەكاری چیرۆكی شانۆگەرییەكە باس لە ساتی رۆیشتنی مەمی كوردان بۆ غەزای رزگاركردنی قودس دەكات. كاتێك (مەم) خۆی ئامادە دەكات بچێت بۆ شەڕ، چاوڕەشی دایكی و غەزالی ژنی بە تەنیا جێدێڵێت، دوای چەندین ساڵ، وەك قارەمانێك لە غەزا دەگەڕێتەوە و دەچێتە لای ژنەكەی، سەرەتا ژنەكەی نایناسێتەوە. دواتر كە خۆی ئاشكرا دەكات، دەیناسێتەوە و هەردووكیان لێك دەئاڵێن و باوەش بە یەكتردا دەكەن.
نووسەر كتێبەكەی بۆ چوار بەش داش كردووە لە بەشی یەكەم باس لە ئافرەت لە دەقی شانۆی كوردی دەكات وباس لە نووسەرەكان دەكات كە چۆن وەكو بابەت مامەڵەیان لەگەڵ ئافرەت كردووە لەنێو دەقە شانۆییەكانیدا.
لە بەشی دووەم باس لەو هونەرمەندانە پیاوانە دەكات كە وەكو پیاو رۆڵی ئافرەتیان بینیووە هەر لەسەرەتایی چلەكان و پەنجاكان تا حەفتاییەكانی سەدەی رابردووە باس لەچۆنییەتی پركردنەوەی ئەو كەلێنە دەكات لە نێوە شانۆی كوریدابوونی هەبوو ئاماژەی بە ناوەكانیان دەكات.
لە بەشی سێییەمدا مەغدید حاجی باس لەو ئافرەتانە دەكات كە رۆڵیان بینیووە لەسەر تەختەی شانۆ و لە نێو درامای كوریییدا هەرلەو بەشدا نووسەر باس لە دامەزراندنی تیپەشانۆییەكان دەكات بە تایبەتی لە دوای شۆرشی14ی تەموزی ساڵی 1958 بەجۆرێك باس لەم تیپە هونەریانە دەكات كە كاریگەری ئەرێنیان هەبووە لە پێشڤەچوونی رەوتی شانۆ بەگشتی بەشداریكردنی ئافرەتان زیاتر بوو.
لەبەشی چوارەم نووسەر مەغدید حاجی ئاماژەی بە ناوی زیاتر لە 402 لەو خانمانەی داوە كە وەكو ئەكتەر رۆڵیان بینیوە لەسەر تەختەی شانۆ و لە نێو درامای كورییدا هەریەكەو بەپێی قۆناغ و بەپێی شارەكەی خۆی ناویان لە نێو كتێبەكەدا نووسراون چەندین دیداری لەگەڵ بەشێك لە ئەو ئافرەتانە ئەنجام داوە كە رۆڵیان بینیوە لەسەر تەختەی شانۆ وە لە نێو درامادا.
لە كۆتاییش نووسەر چەندین وێنەی شانۆیی وەكو بەڵگە بڵاوكردۆتەوە هەندێك لە وێنەكان ئەو هونەرمەند پیاوانە لە خۆ دەگرێت كە رۆڵی ئافرەتیان بینیوە هەندێكی تریش وێنەی ئەو ئافرەتانن كە لەشانۆگەرییەكان وەكو ئەكتەر بەشداربوون.
هەرچەندە ناوی كتێبەكە بەناوی (ئافرەت لە شانۆی كوردیدا)-یە بەڵام ناوەرۆكەكەی تەنیا ئاماژە بەناوی ئەو ئافرەتە هونەرمەندانە دراوە كە لە كوردستانی باشوور بەشداری لە شانۆ درامایان دا كردووە بەهیچ شێوەیەك ئاماژە بە ئافرەتانی پارچەكانی تری كوردستان نەدراوە ،ئەگەرچی من دڵینام ئەمە كارێكی زۆر زەحمەتە هەروەكو لە سەرەتا ئاماژەمان پێدا دەبێت ئەم كارە لەلایەن دەزگایەكی فەرمی حكومی بكرێت لە هەمان كات ساڵانی هەشتاكانیش ئەستەم بوو ئاماژە یان پەیوەندی بەپارچەكانی تری كوردستان بدەیت، بەڵام دەكرا لە ناونیشانەكەی نووسرابا (ئافرەت لە شانۆی كوریدا لە باشووری كوردستان یان لە كوردستانی عێراق دا)
لە كۆتاییدا دەست خۆشی لە برای ئازیزم مامۆستا مەغدید حاجی دەكەم بەوەی كارێكی زۆر باشی كردووە ،لە هەمان كاتیشدا بەباشی دەزانم لایەنەكانی پەیوەندار بەتایبەتی وەزارەتی رۆشنبیری لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێورەسمێكی شایستەی رێزلێنان بۆ نووسەر (مەغدید حاجی) سازبكات دووبارە دەستی خۆشی لێدەكەم.




بیرەوەری/ لەودیو پەنجەرەی ڕۆژەکانەوە ڕاوەستاوم و دەڕوان م.. عەبدواڵ سڵێمان (مەشخەڵ)

بیرەوەریی شاعیرێکی جەنگاوەری مارکسیست

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ئێنیس خۆشه‌ویستی گیانم.. شاكارێكی ئه‌ندێشه‌ی مێژوویی.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

رۆمانی (ئێنیس خۆشه‌ویستی گیانم Inés del alma mía) یه‌كێكه‌ له‌رۆمانه‌ كاریگه‌ر و وروژێنه‌ره‌كانی ئیزابێل ئه‌للیندی ساڵی 2006 بڵاویكردە‌وه‌. كه‌ له‌جۆری ئه‌ندێشه‌ی مێژوویی و بایۆگرافییه‌، هه‌روه‌ها رۆمانێكی داستانییه‌ له‌باره‌ی خۆشه‌ویستی و جه‌نگ. تێیدا وروژێنه‌رانه‌ وێنه‌ی تراژیدی شاڵاوی داگیركاری ئیسپانی بۆ هه‌ردوو وڵاتی پیرۆ و چیلی، له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی شانزده‌، كێشاوه‌. كه‌ ئه‌وسا ئه‌و ناوچانه‌ به‌وڵاتی هیندی نوێ ناوده‌بران. لێرەدا ئه‌للیندی هه‌روه‌ك لەڕۆمانه‌كانی پێشووشی، مێژووی ئه‌مه‌ریكای لاتینی له‌گه‌ڵ مێژووی ژیانی خۆی، به‌تایبه‌تی لەڕووی سۆز و مرۆڤایه‌تی، هاوسه‌نگ كردووە. ئه‌و جاره‌شیان پابه‌ندی خۆی له‌گێڕانه‌وه‌ی رێچكه‌ی ئه‌و مێژووه‌ نواندووه‌ كه‌ داگیركه‌ر به‌دروشمی موژده‌به‌خشی، شێتانه‌ وه‌ك ته‌ماحكار به‌دوای سامان و زێڕدا ده‌گه‌ڕێ. به‌بێ گوێدان به‌بنه‌ماكانی مرڤایه‌تی. ئه‌مه‌و تێیدا له‌كێشانی لایه‌نی مرۆڤی و ململانێ ئه‌زه‌لییه‌كانی ئافره‌تێك، ته‌واو سه‌ركه‌وتووه‌. ئه‌و ئافره‌ته‌‌ كه‌ (ئێنیس سوارێزی) ناوه‌، به‌و كچانه‌ ده‌چێت كه‌ به‌به‌هێزی و ژیری و هه‌ستكردن به‌دادوه‌ری مرۆڤایه‌تی و به‌زه‌یی و حه‌زكردن له‌مه‌عریفه‌ت و قێزهاتن له‌ده‌سه‌ڵات و پابه‌ندبوون بەنه‌ریت، ناسراون و له‌رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و به‌رگه‌گرتنی سه‌ختییه‌كانیش توانادارن. ناوبراو له‌چاخی سته‌مكاریدا لەڕێگەی پێوه‌ندیكردن به‌پیاوێك، ده‌یه‌وێت بڕیاری رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌ پاڵه‌په‌ستۆیەكان بدات و دژی نه‌ریته‌ چه‌قبه‌ستووه‌كانیش بوه‌ستێ و رێچكه‌ی ژیانیش له‌ده‌ره‌وه‌ی یاساكانی كۆمه‌ڵگه‌ بگرێتەبەر. سه‌رتاپای رۆمانه‌كه‌ش‌ بریتییه ‌له‌گێڕانه‌وه‌ی ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانی ئه‌و خاتوونه‌ بۆ ئیزابێلی كچی هاوسه‌ری دووه‌می. گێڕانه‌وه‌ی چۆنیه‌تی هاتنی ئه‌و له‌گه‌ڵ سوپای داگیركه‌ری ئیسپانی بۆ وڵاته‌كانی پیرۆ و چیلی. له‌هه‌ندێك شوێنیش گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی وه‌ك ئه‌وه‌ی لێدێت ئیزابێلی كچی له‌به‌رامبه‌ری وه‌ستابێت و موخاته‌به‌ی بكات. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وشوێنانه‌ ئه‌ویان ته‌نیا گوێگره‌ بۆیه‌ خوێنه‌ر هه‌ست به‌بوونی ناكات.
ئێنیس كه‌ سه‌رگوزه‌شته‌كانی ده‌گێڕێته‌وه له‌ته‌مه‌نی پیری دایه‌ و گێڕانه‌وه‌كانی مه‌ستانه‌ خوێنەر بەرەو رابردوو كێش دەكات. سه‌ره‌تا له‌ساڵی 1526 له‌كاتی ژنهێنانی كارلۆسی پێنجه‌می ئیمپراتۆر. كە ئەوسا ئه‌ویش به‌خوان دی مالگای خۆشه‌ویست و‌ هاوسه‌ری یه‌كه‌می ده‌گات. هێنده‌ی پێناچێت ده‌رك به‌سرووشته‌ راسته‌قینه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كات، كه‌ ته‌نیا كه‌سێكه‌ شه‌یدای كچه‌. دوای له‌یه‌ك دووركه‌وتنه‌وەیان كار به‌وه‌ دەگات به‌ره‌و هیندی نوێ بڕوات. دواتر له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو باوه‌شی خێزانه‌ نه‌ریتخوازه‌كه‌ی‌، بڕیار ده‌دات پێوه‌‌ندی به‌خوان بكاته‌وه‌. له‌به‌ر دڵسۆزی نا، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌دوای ئازادیدا ده‌گه‌ڕا. دواتر به‌ (پیدرۆ بالدیبیا) ی سه‌ركرده‌ی دلێر ده‌گات. ‌له‌نێوانیاندا پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی گه‌رم دێته‌كایه‌. به‌یه‌كه‌وه‌ رووه‌و به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانی پیدرۆ ده‌چن. كه‌ بریتییه‌ له‌ملپێكەچكردنی دانیشتوانی زه‌وییه‌كانی چیلی. پیدرۆ له‌لێزانی سه‌ربازی سه‌ركه‌وتنی زۆر به‌ده‌ستده‌هێنێ و ئێنیسیش زۆر یارمه‌تی دەدا. ئینجا له‌به‌ر شاڵاوه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی هیندییه‌كان، پیدرۆ ناچارده‌بێ بۆ داواكردنی یارمه‌تی و نوێكردنه‌وی پێوه‌ندی، سه‌ردانی ئیمپراتۆر كارلۆسی پێنجه‌م بكا. ‌له‌وێدا له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو دلێری و ئازایه‌تی، كه‌چی نایبه‌خشن و له‌سه‌ری فه‌رز ده‌كرێ ده‌ست لەئێنیسی دوڵبه‌ر و ئه‌فسونگه‌ر و شه‌ڕانگێز (هه‌روه‌ك له‌پروپاگه‌نده‌كان وه‌ها ناوده‌برا) هه‌ڵبگرێت. پاش وتووێژێكی درێژ، ئێنیس بۆی ده‌رده‌كه‌وێت مافی مانه‌وه‌ی له‌و وڵاته‌ نوێیه‌ی، مه‌رجه‌ به‌شووكردنێكی شه‌رعییانه.‌ له‌گه‌ڵ بێهیوابوون، وه‌های به‌خه‌یاڵدا دێت، پیدرۆ ده‌ستی لێهه‌ڵگرتووه‌، بۆیه‌ بڕیار ده‌دات شوو بكاته‌وه.‌ ئه‌و جاره‌یان شوو به‌رۆدریگۆ ده‌كات. كاتێكیش كاره‌ساتی كوژرانی پیدرۆ دەبیستێ، یه‌كجار دڵگران ده‌بێت. چونكه‌ تا كۆتایی ژیانی به‌تاكه‌ خۆشه‌ویستی خۆی داده‌نا.
له‌و رۆمانه‌دا ئه‌للیندی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باسی لەهێرشی داگیركاری ئیسپانییه‌كان و چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكای لاتینی كردووە، كۆمه‌ڵێك چیرۆكی سه‌ركێش و سه‌رچلیشی تێكه‌ڵ بەخۆشه‌ویستی كردووه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌توانای گێڕانه‌وه‌ی ئێنیس به‌دیده‌كرێن.

ئاكۆ عه‌بدوڵڵا


  • ئیزابێل ئه‌للیندی ره‌سه‌ن چیلی- ئه‌مه‌ریكی (له‌دایكبووی 1942) یه‌كێكه‌ له‌نووسەرە دیارەكانی جیهان. لەبوارەكانی رۆمان و شانۆ و كورتە چیرۆك و رۆژنامەنووسی شوێنپەنجەی دیارە. هەروەها رێبه‌رێكی دیاری رێبازی جولانه‌وه‌ی ریالیزمی ئه‌فسوناوییە.‌ به‌هۆی رۆمانه‌ وروژێنه‌ر و كاریگه‌ره‌كانی كه‌ له‌ناویاندا لێزانانه‌ ئه‌ندێشه‌ و رووداوی واقیعی ئاوێته‌ی یه‌كتری كردووه‌، ده‌مێكه‌ بۆ خه‌ڵاتی نۆبڵ كاندید ده‌كرێت. هاوكات وه‌ك ژنێكی چالاكی بواری مافه‌كانی ئافره‌ت و ئازادی مرۆڤیش، كەسێكی كارایە.
  • له‌كاروانی نووسینیدا ئه‌للیندی كۆمه‌ڵێك رۆمان و شانۆگه‌ری و كتێبی بڵاوكردۆته‌وه‌. له‌ڕۆمانه‌كانی (ماڵی تارماییه‌كان)، (پۆرسه‌لین كچه‌ قه‌ڵه‌وه‌كه‌، (له‌خۆشه‌ویستی و سێبه‌ره‌كان)، (ئیڤا لونا)، (پلانی بێكۆتایی)، (كچی به‌خته‌وه‌ری)، (پۆرترێتی سیپیا)، (شانشینی ئه‌ژدیهای زێڕین)، (دوورگه‌ی ژێر ده‌ریا)، (ئاشقی ژاپۆنییه‌كه‌)، (ڤیۆلیتا)، (جه‌نگه‌ڵی كورته‌ باڵاكان) كه‌ ئه‌وه‌ی دوایی تایبه‌ته‌ به‌منداڵان. له‌شانۆگه‌ریه‌كانیشی (باڵوێزه‌كه)، (من ترانستۆ سۆتۆمم)، (حەوت ئاوێنە). له‌كتێبه‌كانیشی (پاوڵا) و (ئه‌فرۆدیت) و (كۆی رۆژه‌كان) و ئه‌مانه‌ و چه‌ندانی دیكه‌.
  • له‌پای به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانیشی چه‌ندان خه‌ڵاتی جیهانی به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌وانه‌: (گراند پرێكس دیڤاژیۆنی) ، (كۆلیمای ئه‌ده‌بی)، (پریمۆی پۆرتوگالی)، (لۆس ئه‌نجلۆس تیمیسی)، (گابریلا میسترالی چیلی)، (خه‌ڵاتی ره‌خنه‌گرانی ئه‌مه‌ریكی)، (ئامیشی دی كابریا)، (دونا سیتا دی رۆما)
  • جێگای باسە ئه‌للیندی له‌باره‌ی خۆیه‌وه‌ وتویه‌تی : “من ئافره‌تێكی سیاسیم. مێژووی شاراوه‌ی خۆشه‌ویستی و سێكس و سۆز ده‌نووسم. به‌بێ گرنگیدان به‌هۆكاره‌ ئابوورییه‌كان كه‌ خولقێنه‌ری رووداوه‌كانی مێژوون. خه‌ڵكانی دیكه‌ هه‌یه‌ له‌و لایه‌نانه‌یان كۆڵیوه‌ته‌وه‌. من گرنگی به‌وه‌ ده‌ده‌م كه‌ لای خه‌ڵكی رووده‌ده‌ن. گرنگی به‌دایكم و داپیره‌م و كه‌سه‌ نزیكه‌كانم و ژنانی سه‌ر شه‌قام و منداڵان دەدەم، كه‌ هه‌رگیز ئەوه‌ له‌نوسراوه‌ ره‌سمییه‌كاندا تۆمارنه‌كراون‌”.



منداڵ، کەرەسە نییە؟!!.. برایم فەڕشی

I
منداڵ
منداڵ بەو کەسە دەگوترێ کە لە لایەنی بیۆلۆژی، کەسایەتی، تێگەیشتن، بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت لە حاڵەتی گەشەکردن و فێربووندایە. لە قانوونی وڵاتان باس لە مافی منداڵ کراوە، هەرچەند لە زۆر وڵات مافی منداڵ پێشێل دەکرێ. ناسینی منداڵ، بوون و جێگە و پێگەی وەک ئینسان وخاوەن ماڤ، گرێدراوی تێگەیشتنی کۆمەڵگا، بنەماڵە، فەرهەنگ، ئایین، حکومەت و سیستەمی ئێرە و ئەوێیە!
لێکۆڵینەوە و سەرنجی بەردەوام ئەوەی دەرخستووە کە منداڵ بەر لە دایکبوون پاش بەسەرئەنجام گەیشتنی پرۆسەی گەشەی مێشک و ئەندامان ، تاقیکردنەوەکانی لە ڕێگای هەر پێنج هەستی خۆییەوە لە ناو مێشکیدا تۆمار دەکرێ. بۆ وێنە ئەو ماڵەی بەردەوام مۆسیقای لێ بڵاودەکرێتەوە، کارتێکەریی لە سەر هەستی منداڵ پاش لە دایکبوون دەمێنێ و ڕەنگە لە بەردەوامیدا منداڵەکە هۆگریی بە مۆسیقا پەیدا بکات. ئەوە ئەو منداڵانەش دەگرێتەوە کە نەک بە ویستی خۆی، بە ویستی دایک و باوک و بنەماڵە بۆ مەبەستی دینی، قەومی، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک دەکرێنە کەرەسەی دەستی ئەم و ئەو!!
منداڵ لە ڕێگای بیستن، بینین، دەست لێدان، چێشتن، بۆنکردن لە گەڵ دنیای دەوروبەری ئاشنا دەبێت و تاقیکردنەوە و زانیاریی پەیدا دەکات. کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە ئەوە دەردەخەن کە منداڵ هێدی هێدی دەور و ڕۆڵی دایک و باوک بەرانبەر بە خۆی هەست پێدەکات و ئەوە دەتوانێ بە هەر دوو باری خاس و خراودا بکەوێت. واتە پێوەندی هەر دوو لا بەرەوە تێگەیشتن لە یەک و لە بەرچاوگرتنی ماف و ئازادی هەر دووک لا بچێ، یان بەرەو گوێڕایەڵ بوون و گوێڕایەڵ کردنی منداڵ!
بە پێچەوانەی تێگەیشتنی گشتی، منداڵ سەرنج دەداتە سەر هەر شت و تێگەیشتنی خۆی پەیدا دەکات، ئەوە دەکەوێتە سەر هەڵسوکەوتی دەوروبەر کە چۆن لە گەڵ منداڵ و تێگەیشتن و هەڵسوکەوت و بیروبۆچوونی ئەو بجولێنەوە. هەر منداڵێک لێهاتووە و دەتوانێ لێهاتوویی خۆی بەکار بێنێ، ئەوە کەوتۆتە سەر کۆمەڵگا و سیستەمی سیاسی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، فێربوون و بارهێنان کە چۆن لە گەڵ منداڵ و کەسایەتی منداڵ، هەڵسوکەوت بکەن و منداڵ چەندە وەک خۆی وەرگرن و چەندە ڕێگا بۆ ئازادی و گەشەساندنی کەسایەتی ئەو ئاواڵە کەن!
دایک و باب و کۆمەڵگا ئەگەر بەو تێگەیشتنە گەیشتبێتن، ڕێگا و ئیمکانی سەرهەڵدانی سروشتی بە منداڵ ببخشن و هاوڕێی و پشتیوانی گەشەکردنی منداڵ بن و بە هۆی فەرهەنگ، ئایین، داب و نەریت و چەشنی کۆمەڵگا و سیستەمی حوکمڕانی ڕێگریی نەکەن، ئەوە منداڵ لە هەموو بوارێکدا گەشە دەکات.
منداڵ گەر هاوڕێی بکرێ و سەرنج بدرێتە سەر هەڵسوکەوت و ئاکار و جموجۆڵ و داواکانی، لایەنەکانی لێهاتوویی خۆی دەردەخات، ئەوە هونەر و ویست و خواست و هەست و لێهاتوویی هونەریی منداڵیش دەگرێتەوە. ئەڵبەت ئەوەش هەیە کە منداڵ لە بواری هونەر و بواری تر، ڕەنگە بکەوێتە دوای دایک و باوک و کەسانیتر، یان دایک و باوک و کەسانی تر منداڵ وەشوێن خۆیان بدەن.
ئەمە گرنگە منداڵ خۆی بەسەر ویست و خواست و هەستی خۆیدا زاڵ بێت و بە هاوڕێی گەورەکان ڕێگای خۆی پەیدا بکات، نەک ئەوەی کەسانیتر بیخەنە سەر ڕێگای خۆیان. جیهانی منداڵ جیهانی گەورەکان نییە و ئەم جیهانە گەر لە منداڵ وەربگیرێ، داهاتووی لێ وەرگیراوە. منداڵ تێگەیشتن و جیهانی منداڵی خۆی هەیە و دەبێ بپارێزرێ و لە لایەن گەورەکانەوە تێک نەدرێ، کە مخابن لە زۆر شوێن، لە وانە کوردستان، جیهانی منداڵی، منداڵ هەم تێک دەدرێ و هەم وێران دەکرێ. ئەوە بواری هونەریش دەگرێتەوە.
II
ئەدەبیاتی منداڵان
زمان، فۆڕم، شێوە، بابەت و ناوەرۆک لە ئەدەبیاتی منداڵاندا هەمووی لە دەوری بوون و ژیان و فانتێزی و تێگەیشتن و ویست و خواست و هەست و کەسایەتی و دەوری منداڵ لە ناو بنەماڵە، کۆمەڵگا، باخچەی منداڵ، فێرگە و شوێنەیتر دەخولێتەوە. گرینگی ئەدەبیاتی منداڵ جگە لە لایەنی زمان، گەشەساندنی کەسایەتی و بەخشینی ئازادی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی ئازاد و خوڵقاندنی هەلومەرجە بۆ تێگەیشتن لە خۆ و لە ژیان و دەوری خۆ.

III
شانۆی منداڵان

شانۆی منداڵان هەموو لایەنەکانی ژوور و دەرەوەی منداڵ دەگرێتەوە. فۆڕم، زمان، بابەت، ناوەرۆک، فانتێزی، هەڵسوکەوت، داڕشتن و نواندن، هەمووی دەبێ گرێدراوی منداڵ خۆی بێت. جیهانی منداڵ تایبەت بە خۆیەتی و دەبێ ئەو دەرفەتەی بۆ بڕەخسێ ئەم جیهانە وەک خۆی نیشان بدات. شانۆی جیهان لەم بەستێنەدا سەدەکان بە لاڕێدا چووە و گەورەکان جیهانی خۆیان و تێگەیشتنی خۆیان لە منداڵ و جیهانی منداڵ کردۆتە شانۆ بۆ منداڵ، کە زۆرجار فرۆشتنی جیهانی ئیدئۆلۆژیک، هۆنەریی، فەرهەنگی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، دینی ، ئیداریی و حکومەتی و حزبی گەورەکان بووە، نەک منداڵ . ئەمە بە سەر ئەدەبیات و مۆسیقای منداڵیش هاتووە.
IV
مۆسیقای منداڵان
مۆسیقای منداڵ ناوی بە خۆوەیە و دەبێ تێکست، مێلۆدی، داڕشتن، بابەت و ناوەرۆک، گرێدراوی ژیان و هەست و ویستی منداڵ بێ و ئەوەی پێببەخشێ کە منداڵ خۆی گەرەکیە. گەرەکییە بچڕێ، هەڵپەڕێ، فێربێ، خۆش بێ، چیرۆکی ژیانی خۆی بگێڕێتەوە یان فانتێزی خۆی بێنێتە زمان. گرنگی مۆسیقای منداڵان لەوەدایە کە زمانی ئاخاڤتنی پێش دەخات. لێهاتوویی جولەی لەشی زیاد دەکات، ڕیتم و سیستەمی ڕیتمیک لە منداڵدا بەهێز دەکات. هەست و حاڵەت و میمیک قووڵتر دەکات، کاری هاوبەش و گشتی و هاڕمۆنی پەیداکردنی کۆمەڵایەتی وەپێش دەخات و کەسایەتی کۆمەڵایەتی و تاکە کەسی منداڵ و تێگەیشتن لە یەکتر بەهێز دەکات. مۆسیقا تەنیا چڕین و گوێگرتن نییە.
V
سیاسەت بۆ منداڵ
گەلێک لە ئێمە بە هەڵە لە سیاسەت بۆ منداڵ و بەرانبەر منداڵ تێگەیشتووین. سیاسەت بۆ منداڵ هەیە و دەکرێ منداڵ لە گەڵ سیاسەت ئاشنا بکرێ بۆ ئەوەی مافی خۆی لە ناو بنەماڵە، باخچەی منداڵان، فێرگە و کۆمەڵگا بناسێ و بتوانی داوای مافی خۆی بکات و لە هەمانکات پارێزگاریی لە مافی خۆی لە ناو بنەماڵە و دەرەوەی ماڵ بکات. بەڵام لە زۆر لە کۆمەڵگاکان منداڵ کەرەسەن لە دەست بنەماڵە و دامودەزگای دەوڵەتی، حزبی، دینی و شوێنیتر. لە زۆر لە کۆمەڵگاکان نە منداڵ خۆی دەزانێ مافی چییە نە بنەماڵە و کۆمەڵگا، تێگەیشتنیان لە منداڵ و مافەکانی هەیە.
لە سەردەمی نازیسم گەلێک منداڵ بۆ مەبەستی حزبی و حکومەتی، سیاسی و ئیدئۆلۆژیک بە ناوی منداڵانی هیتلێر کۆ کرابوونەوە بۆ جێبەجێکردنی مەبەستی فاشیستی. حکومەتی خومەینی دەیان هەزار منداڵی ژێر ١٤ ساڵیان بە ناوی ئیسلام ڕەوانەی بەرەکانی شەڕی ئێران و عێراق کرد و وەک کەرەسە بۆ چوونە سەر مەیدانی مین و کاری تر بەکاریان هێنان و بە کوشت چوون. لە تورکیا منداڵ لە دایک و باب دەستێندرا و ڕادەهێندران بۆ ئەوەی وەک “موعەلیم و کاربەدەست” بگەڕێنەوە کوردستان، بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن.
مخابن لە ناو کورد زۆر کچ و کوڕی ژێر هەژدە و چاردە ساڵ لە هەموو بەشەکانی کوردستان بۆ زۆر مەبەستی دینی، ئیدئۆلۆژیک، حزبی، حکومەتی و گرووپی بەکارهێندراون و ئێستاش بەکار دەهێندرێن و جگە لەوە بە ناوی هونەر، مۆسیقا، شانۆ و بواری تر منداڵ بۆ مەبەستی گەورەکان بەکاردەهێندرێن و تێکستی وا بەناوی شانۆ، مۆسیقا و کاری تر لە دەمی منداڵەوە دێتە دەر ،کە دوورە لە ویست و خواست و مافی ئەوان.
کۆمەڵگای ئێمە مخابن زۆر جار شاگەشکە دەبن بەو دەورەی کە خراوەتە ئەستۆی منداڵ. مێدیای حزبی و دەوڵەتی و ناحزبی و سۆسیال مێدیا و زۆر نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و موعەلیم خۆیان گەشگە دەیانگرێ، کاتێک فیلم و ویدیۆی ئەو منداڵان دەبینن کە بۆ ویست و خواستی گەورەکان بەکار هێندراون. هەر لێرەوە داهاتووی زۆر لەو منداڵانە وێران دەکرێ.
منداڵێک کە لە سەردەمی منداڵی خۆی وەک منداڵ نەژیابێ، لە ژیانی داهاتوویدا ئاکامەکەی دەبینرێ. سەردەمی منداڵی هەتا کۆتایی ژیان، لە گەڵ مرۆڤ دەمێنێ و لێی جیا نابێتەوە و بەردەوام دەور لە ژیانی ڕۆژانەیدا دەگێڕێ. ئەو منداڵەی ئازاد و بە پێی سرشت و سروشتی خۆی گەورە نەبووبێ، گرفتی کەسایەتی سەردەمی منداڵی، لە هەموو بەستێنێکی ژیانیدا خۆی دەردەخات.
VI
زۆر لەو گەورە ساڵانەی ژیانی منداڵیان ئاسایی نەبووە، هەرچەند ڕەنگە لەم بوار و لەو بوار سەرکەوتوو بووبێتن و ناو و دەنگیان بووبێ، بەڵام ژیانی پڕ لە پەرێشانی سەردەمی منداڵی، داهاتووی ئەوانی تووشی پەرێشانی کردووە. گەلێک وێنەی بەرچاو لە ئاستی جیهان و کوردستان هەبووە و هەیە، بە تایبەت ئەوە خۆی لە کەسایەتی سیاسیی کەسانی وەک هیتلێر و ستالین و زۆری تر، دەرخستووە. کەم نین ئەو هونەرمەندانەی لە بواری نەققاشی، مۆسیقا و هونەری تر تووشی ئاڵۆزیی دەروونی و کێشەی کۆمەڵایەتی بوون. زۆر لەو منداڵانەی لە لایەن بنەماڵە و کۆمەڵگاوە وێران کراون و تووشی بشێوی و ئالۆزی هاتوون، داهاتووی ناسەقامگیریان پەیدا کردووە و بەشێک لەوان خۆیان لە دەرەوەی کۆمەڵگا دیتۆتەوە و تووشی زیندان و خۆکوشتن و حاڵەتی تر هاتوون.
VII
هونەر بۆ منداڵ گەلێک پێویستە، بەڵام ئەو هونەرمەندانەی لە گەڵ منداڵ کار دەکەن، دەبێ منداڵەکە خۆی بکەنە ناوەندی هونەر، نەک ئەوەی منداڵ بکرێتە کەرسەی هونەر و ویست و خواستی گەورەکان.
نووسەری ئەم دێڕانە وەک شانۆ پێداگۆگ، وشە و ڕستە و ئیدەی خۆی ناخاتە ناو دەم و مێشکی منداڵ، بە پێچەوانە وشە و ڕستە و بابەت و ئیدە لە منداڵ خۆی وەردەگرێ. منداڵ خۆی دەوری سەرەکی لە پڕۆسەی نووسینی شانۆنامە و دەورگێڕاندا دەبینێ، نەک بە پێچەوانە.
فێربوون ئەوە نییە وەک ،،پلاتۆن،، ئازادی فێربوون و بیرکردنەوە لە خوێندکار وەرگیرێ و مێشکی بکرێتە مجری و سەنندووقی فێرکار و موعەلیم و ئوستاد و پرۆفیسۆر. فێربوون پرۆسەیە و ئەم پڕۆسەیە لای هەر تاکە کەسێک ڕەوتی خۆی هەیە و دەبێ ئەم ئازادییە هەبێ و ئەم پرۆسەیە دوور لە هەر چەشنە فشار و ویستی باڵادەست سەر بگرێ.

پڕۆسەی فێربوون لە لایەن هەر کەس خۆیەوە، بەڕێوە دەچێ، نەک ئەوەی کەسێک لە سەرەوە وەک دەگوترێ فێریان بکات. مرۆڤ چ منداڵ و چ گەورە، خۆی فێر دەبێت و دەبێ هاوڕێی بکرێت و هەلومەرج و ئیمکانی بۆ دابین بکرێ، نەک ئەوەی دەنکە نیسک لە پشت ملی دابنرێ و کتێب بخرێتە بەردەستی و پێی بگوترێ: ،، بخوێنە و فێر بە، ئەگەر ئەو دەنکە نیسکە لە پشت ملت بەربێتەوە، دەتکوژم.” ئەوە بە سەر هاوپۆلێکی ئێمە هێندرا. ئەو کەسەی ئاوا فێر دەکرێ، هەم خۆی وێران دەکات و هەم کۆمەڵگا.

VIII
ژیان ئەو کاتە چێژ بە مرۆڤ دەبەخشێ، کە کەس هەر لە منداڵییەوە خۆی بووبێت، نەک کۆپی و دەستکردی ئەم و ئەو و سیستەم و کۆموڵکا، حکومەت و دامودەزگا. کەم نین ئەو کەسانەی لە خۆیان و ژیانی ڕۆژانە و ئەو کارەی دەیکەن و ئەو شێوە ژیانەی هەیانە، ڕازی نین. ئەوەش تەوفیر ناکات، کەسەکە لە ناو قەسر و کاخ دادەنیشێ. یان لە سەر شەقام.

زۆر جار ئەم پرسیارە لە منداڵ و گەورە و بچووک دارا و نەدار دەکەم کە ،،ڕازی لە ژیانت؟،، نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی ئاڵمانی لە تەمەنی هەشتا و یەک ساڵیدا لە دوا کتێبیدا دەنووسێ:،، ئەگەر تێگەیشتنی ئێستام هەبایە، ڕێگایەکی دیکەم بۆ ژیان هەڵدەبژارد،،.

ئەوانەی من ئەم پرسیارەم لێ کردوون زۆربەیان پزیشک، نووسەر، فێرکار(موعەلیم)، دەروونناس، ژۆڕنالیست و خاوەن دامودەزگا و شیرکەت یان هونەرمەندی کۆمەڵگای ئاڵمان بوون. زۆربەیان وڵامەکەیان ناڕازیبوون لە کار و پیشە و ژیانیان بووە، لە بەر ئەوەی بەشی هەرە زۆریان هەڵبژاردنی کار و پیشە و خوێندنیان هی خۆیان نەبووە.
لەم ڕۆژانەدا کەسێکی بەناوبانگی وەرزش لە ڕێگای مێدیاوە دەیگوت: ،، هەموو ئەو میداڵانەی وەرمگرتوون و لە ملم کراوە، ڕازیم ناکات، لە بەر ئەوەی لە ناوەوە پەرێشانم.،،
بۆ ئەوەی منداڵەکانمان لە ئێستا و داهاتوو پەرێشان نەکەین، ڕێگا بدین خۆیان بن، نەک ئەوەی ئێمە دەمانەوێ. هەر کام لە ئێمە گەورەکان باشترە خۆمان وڵامی ئەم پرسیارە بدینەوە، کە چیمان ویستووە، چیمان دەوێ و چیمان کردووە؟

لە بواری هونەر، ئەوە هەڵە و زیانمەندە، قسە و ویست و شیعر و نووسینی گەورەکان، لە زاری منداڵەوە دەربێت، ئەو کۆمەڵگا و ئەو شوێنە هونەرییەی ئەم کارە دەکەن، ڕەنگە خۆیان شاگەشکە بن بە کارەکەیان، بەڵام ئەوان دەبنە هۆی وێرانکردنی منداڵ بە ناوی هونەر، سیاسەت، ئیدئۆلۆژی، دین، حکومەت، وڵات، نەتەوە.

برایم فەڕشی
٢/٨/٢٠٢٥




پەرلەمانێكی داماو، بۆ ؟.. دكتۆر نوری تاڵەبانی

دەستێوەردانی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی كوردستان لەكاروباری دامەزراوەو دەزگاكانی هەرێمی كوردستان نكوڵی لێ ناكرێت. دەستێوەردانی ئەو حیزبانە ئەگەر لەرێگای نوێنەرانیان لەناو ئەو دامەزراوانەدا بووایا ئاسایی بوو و لە وڵاتانی دیموكراسیدا روودەدات، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا ئەو دامەزراوانە كە پێویست بوو بەشێوەی دامەزراوەیی كاروباری هاوڵاتیان بەرێوەبەرن بەبێ جیاوازی، لای ئەو حیزبانە جیاناكرێنەوە چونكە باڵادەستە بەسەریاندا. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە لەچوارچێوەی قانوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و پێرەوی ناوخۆی ئەو پەرلەمانە دەرناچم.
لە مانگی یەكی 2005 دوو هەڵبژاردن لە عێراق و سێ هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدران، لە شوباتی ئەو ساڵەدا ئاكامەكانیان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق راگەیاندران. هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان یەكێك بوو لەو سێ هەڵبژاردنەو هاوڵاتیانی كوردستان بە گەرمەوە بەشداریان تێداكرد بە هیوای ئەوەی پەرلەمانی تازە هەڵبژێراو دەستبەكاربێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و چاككردنی باری گوزەرانیان، بەڵام كێشەی نێو هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بووە هۆی دواخستنی كردنەوەی كۆبوونەوەی ئەو پەرلەمانە، ئەوەش سەلماندی كە ئەو دوو حیزبە لە پەرلەمان بەتواناو دەسەڵاتدارترن و دەتوانن رێگا لە كۆبوونەوەی بگرن، هەتا ئەگەر بەپێی قانوون و لەناو خەڵكدا بە نوێنەری خەڵكی كوردستان پێناسە بكرێت. پاش نزیكەی چوار مانگ ئەوجا پەرلەمانی تازە هەڵبژێراوی كوردستان توانی كۆببێتەوە، ئەو چوار مانگە بۆ ئەو دەمەی عێراق پێیدا تێدەپەری لە چوار ساڵی ئێستا بۆ كورد لەبارتربوو بۆ چەسپاندنی داواكاریەكانی لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتە كە بە قۆناغی دامەزراندنا تێدەپەری. پەرلەمانی كوردستان شەرعیەتی لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی وەرگرتبوو، چونكە بە پێی قانوونێكی عێراقی لەلایەن دەزگاێكی عێراقی نێودەوڵەتییەوە هەڵبژێرابوو، بۆیە دەیتوانی بەبێ كۆسپی قانوونی بریارو قانوون دەربكات بۆ پتەوكردنی ئەو قەوارە سیاسیەی لە هەرێمی كوردستان دەمێك بوو هەبوو. بە پێچەوانەوە، حكومەتی عێراق و پەرلەمانەكەی، لەبەر باری نائەمنی و شەروشۆرو كوشتن لەبەشی زۆری ناوچەكانی عێراقدا كەم دەسەڵات بوون، بەشی زۆری هێزە سیاسیەكانی عێراقی بەشداربوون لە شەرو پێكدادانا، حوكمی قانوون لەو ناوچانەدا جارێ جێگیر نەبووبوو. رێگەنەدان بە كردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بووە هۆی ئەوە هەلێكی باش لەدەست كورد بچێت، ناكۆكی نێوان ئەو دوو حیزبە بەهۆی دەستێوەردانیان لە كاروباری پەرلەمان بووە هۆی دواخستنی كۆبوونەوەی ئەو دامەزراوە سەرەكییەی كوردستان. لەماوەی ئەو چوار مانگەدا تەنیا (3) پەرلەمانتاری هەڵبژێراو چووینە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان بۆ نارەزایی دەربرین، لەو ماوەدا دوو كۆبوونەوە ئەنجامدران بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانەی بە مەبەستی هەڵوێست وەرگرتن بوو، بەڵام لە كۆتاییدا هەر ئەو سێ پەرلەمانتارە چووینە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمان.
لە سەرەتای حوزەیرانی 2006دا بەهۆی تێپەربوونی ساڵێك بەسەر دەستبەكاربوونی پەرلەمان كۆبوونەوێكی داخراو سازكرا بۆ هەڵسەنگاندنی كارەكانی لەو ماوەدا، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دیاریكردنی شێوەی ئەنجامدانیان، ئایا پەرلەمان بە پێی پێرەوی ناوخۆی كارەكانی ئەنجامداوە، یان پێشێلی ئەو پێرەوەی كردووە؟ لێرەدا باس لە پێرەوەی ناوخۆی پەرلەمان دەكرێت چونكە ئەركەكانی پەرلەمان و چۆنیەتی ئەنجامدانیان لەوێدا دیاری كراون، لادان لەو پێرەوە لادانبوو لەو قانوونە. ئەو پرۆسەیە دەبوو بە نهێنی ئەنجام بدرێت، بەڵام بەو شێوەیە نەكرا. پەرەگرافی یەكەمی مادەی (14)ی ئەو پێرەوە چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو پرۆسەی دیاری كردووە، “هەر ئەندامێكی ئامادەبوو لە دانیشتنەكە كاغزێكی مۆركراو بە مۆری ئەنجومەنی پێدەدرێ و ناوی ئەو ئەندامانەی لەسەر دەنووسێ كە ئارەزوو دەكا بۆ هەركام لە پایەكانی دەستەی هەڵیانبژێراو”. ئەگەر پەرلەمان رێز لەو قانوونە نەگرێت كە خۆی پەسەندی كردبوون چۆن دەتوانێ داوا لە وەزارەت و دەزگاكان و هاوڵاتیان بكات رێز لە قانوون بگرن؟ سەروەری قانوون هەر دروشمێكی سیاسی نییە، بەڵكو پرەنسیپێكی دەستووری و قانوونیە پێویستە هەموو كەس و لایەنێك رێزی لێبگرێ، لەسەروی هەموویانەوە پەرلەمان. لەو رۆژانەدا باس لە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرا بەهۆی دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆكی پێشووی لە پۆستەكەی. ئەو پرۆسەیە لە ساڵی 2005 و ئێستاش بەپێی پێرەوی ناوخۆی ئەو ئەنجومەنە ئەنجامدەدرێت. پێشترو ئێستاش چەند كەسێك خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندیدكردبوو، ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە بە نهێنی دەنگیان بۆ دەدەن، بەڵام هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی چەند دەقیقەیەكدا كۆتایی پێهات، بێ ئەوەی سیمایەكی هەڵبَژاردنی پێوە دیاربێت، چونكە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار ماوەیەك پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان سەرۆك و جێگری سەرۆكیان دیاری كردبوون.
بەرێوەبردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان پێویستە بەپێی پێرەوی ناوخۆ بەرێوەبچن، بەڵام زۆر جاران بەو شێوە نەبووە. بۆ نموونە بەپێی پەرەگرافی یەكەمی ماددەی (20)ی پێرەوی ناوخۆ، “دانانی بەرنامەی كاری هەریەكێ لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن لەگەڵ ئەو پرۆَژەو پێشنیازو راپۆرتانەی گفتوگۆیان لەسەر دەكرێ، بەلانی كەمەوە پێش دوو رۆَژ لە بەستنی ئەنجومەن بە ئەندامانی پەرلەمان دەبێ رابگەیەندرێ”، ئەم پەرەگرافە كەم جار كاری پێكراوە. كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بەپێی مادەی (51)ی پێرەوی ناوخۆ دەبێ لەكاتی دەستنیشانكراودا ئەنجامبدرێن، بەڵام زۆر جاران ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی سەعاتێك یان زیاتر لەو ماوە ئەوجا هاتوونەتە ناو هۆڵی پەرلەمان. چەند جارێك ئەو “گلەییە” لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكەوە لە دەستەی سەرۆكایەتی كراوە. سەبارەت بە چۆنیەتی بەرێوبردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی دەبوو ریگا بە ئەندامان بدات بیرورای خۆیان ئازادانە دەربرن، بەڵام چەند جارێك ریگا بە چەند ئەندامێك نەدراوە راو سەرنجی خۆیان دەربرن، بە تایبەتی لە كاتی ئامادەبوونی میوانانی بیانی، یان لەكاتی گوفتوگۆكردن لەسەر چەند بابەتێكی زۆر گرنگ، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان لە بەشی زۆری دانیشتنەكاندا راوسەرنج و”روونكردنەوەی”خۆی دەردەبڕێ و بە ئارەزووی خۆی قسەی كردووە، كۆنووسی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان، كە بەهەڵە بە ” پرۆتۆكۆلەكان” ناودەبرێن ئەو راستیە دەسەلمێنن.
ئەركی سەرەكی پەرلەمان تاوتوێكردنی پرۆژەی ئەو قانوونانەیە دەخرێنە بەردەمی بەمەبەستی پەسەندكردنیان، لەگەڵ لێپێچینەوە لە ئەدای حكومەت و وەزارەت و چۆنیەتی سەرفكردنی ئەو بودجەی ساڵانە بەقانوون پەسەند دەكرێن. پرۆسەی تاوتوێكردنی پرۆژەی قانوونی بودجە هەموو ساڵێك دووبارە دەبێتەوە، بۆیە پەرلەمان ساڵانە لێپێچینەوە لەگەڵ حكومەت و وەزارەتەكان دەكات تا بزانێ چەند لەو كارو پرۆژانەی لە بودجەدا پارەیان بۆ تەرخان كراوە جێبەجێ كراون و بە چ شێوەیەك سەرفكراون. لە ناوەراستی ساڵی 2007 پرۆژەی قانوونی بودجەی هەرێمی كوردستان خرایە بەردەم پەرلەمان، بەڵام لەبەر چەند هۆیەك لەو ساڵە گوفتوگۆی جیددی لەسەر نەكرا، پرۆژەی قانوونی بودجەی ئەو ساڵە بە پەڵە پەسەندكرا. پەرلەمان لەو قانوونەدا چەند ڕاسپاردەیەكی چەسپاند تێیدا داوا لە حكومەت كرابوو بودجەی ساڵی 2008 لە مانگی یانزەی 2007دا ئامادەبكات و ڕوونی و شەفافیەتی تێدابێت. ڕاسپاردەیەكی دیكەی پەرلەمان تایبەت بوو بە یەكگرتنەوەی ئەو وەزارەتانەی یەك نەخرابوون. لە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ تاوتوێكردنی پرۆژەی قانوونی بودجەی ساڵی 2008 چەند پرسیارێك لە نوێنەری حكومەت و هەردوو وەزیری داریی كران دەربارەی هۆی جێبەجێ نەكردنی ئەو ڕاسپاردانە. دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان تەنیا دوو دەقیقە مافی قسەكردنی بە ئەندامان دا بۆ دەربڕینی ڕاو بۆچوونیان. هەڵبەتە لەو ماوە كورتەدا كەسێك ناتوانێ ڕاو سەرنجی خۆی لەبارەی پرۆژە قانوونێكی گرنگی وەك بودجە دەربڕێ، كە بەقەد پرۆسەی متمانەدان بە حكومەت گرنگی هەیە. چەند پەرلەمانتارێك داوایان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد وەزیرە پەیوەندیدارەكان ئامادەبن لە كاتی تاوتوێكردنی بودجەی وەزارەتەكانیان، چەند پەرلەمانتارێكی دیكە داوای ڕوونكردنەوەیان كرد دەربارەی یەك نەخستنەوەی ئەو سێ وەزارەتە، كە دەبوو لەكۆتایی ساڵی 2007 یەكبگرنەوە. لە موداخەلەێكدا وتم ئەو سێ وەزیرەی ئامادەی كۆبوونەوەی ئەو رۆژە بوون (23 نیسانی 2008) ئەوان و حكومەتیش ناتوانن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، چونكە بڕیاری یەكخستنەوەی ئەو چەند وەزارەتە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، ئەوە لە دەسەڵاتی مەكتەبی سیاسی هەردوو حیزبی سەرەكی دایە. هەموو دەزانین چەندین كۆبوونەوە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامدراون، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە دوا بڕیار. بە داخەوە واقیع و قانوون لە وڵاتی ئێمەدا دوو شتی جیاوازن، بەپێی قانوون یەكخستنەوەی ئەو چەند وەزارەتە دەبوو بە هەماهەنگی لەنێو حكومەت و پەرلەماندا بڕیاری لەسەربدرێت. لەم سێ ساڵەدا ئەو كارە ئەنجام نەدراوە، ئەوەش كەم دەسەڵاتیی پەرلەمانی كوردستان دەردەخات. لە كاتی تاوتوێكردنی بودجەی وەزارەتەكان دەبوو وەزیرە پەیوەندیدارەكان ئامادەبن تاكو پەرلەمان ئاگادار بكەنەوە لە ڕاوبۆچوونیان دەربارەی ئەو بڕە پارەی بۆ وەزارەتەكانیان تەرخانكراوە. بەشی زۆری وەزارەتەكان داوای تەرخانكردنی پارەی زیاتریان كردبوو، بەڵام لەلایەن هەردوو وەزارەتی دارییەوە كەمكرابوونەوە. ئەو وەزیرانە ئەگەر لە پەرلەماندا ئامادەبوونایا دەیانتوانی وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران بدەنەوە، بە بۆچوونی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەر وەزیری دارایی ناچار دەكات بە ئامادەبوون لەكاتی تاوتوێكردنی پرۆژەی قانوونی بودجەدا. لەو كۆبوونەوەدا دوو پرسیارم ئاراستەی هەردوو وەزیری دارایی كرد دەربارەی بودجەی وەزارەتەكانیان، یەكەمیان، ئایا بوونی ئەو دوو وەزارەتە لەڕووی قانوونی و واقیعەوە ئەوە ناگەێنێ، كە ئەو پارەی بۆ بودجەی هەرێم دەستنیشانكراوە دابەش دەكرێت لەنێو ئەو دوو وەزارەتەدا؟ ئایا دەكرێ ئاگاداری پەرلەمان بكەنەوە لە شێوازی ئەو دابەشكردنەدا؟ ئایا وەك جاران كە دوو ئیدارە هەبوو بەهەمان رێژە دابەش نەكراوە؟ پرسیاری دووەمم دەربارەی چۆنیەتی یەكخستنەوەی ئەو (دوو) وەزارەتە بوو لە ئایندەدا، ئایا میكانیزمی یەكخستنەوەیان لەئێستاوە دیاری كراوە؟ داوایەكی دیكەی لیژنەكانی پەرلەمان و چەند پەرلەمانتارێك وەك ڕاسپاردە لە قانوونی بودجەی 2008دا چەسپێندرابوو پەیوەندیان بەو بڕە پارەیەوە هەبوو بریاربوو لە بودجەی تەواكەری (تەكمیلی) لە مانگی حوزەیرانی 2008دا حكومەتی بەغدا بیداتە حكومەتی هەرێم بە رێژەی 17% و بخرێتە سەر بودجەی هەرێمی كوردستان. ئەو راسپاردانە هەموویان تا ئێستا جێبەجێ نەكراون. راسپاردەی پەرلەمان بە پەسەندكردنی بودجەی ساڵی 2009 پێش كۆتایی ساڵی 2008، ئەویش تا ئێستا ئەنجامنەدراوە. ئەمانە چەند نموونەیەكن، دەتوانین نموونەی دیكە بخەینە بەرچاو سەبارەت بەكاری لیژنەكان، بە تایبەتی لیژنەی ئامادەكردنی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان، كە بەداخەوە بەشی زۆری كارەكانی بەشێوەێكی قانوونی ئەنجام نەداوەو پرۆژەكەش تا ئێستا بڵاونەكراوەتەوە، باس لەوە دەكرێت لەم نزیكانە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی بێ ئەوەی مافی ئەوەی هەبێ لێی بكۆڵێتەوە.

دكتۆر نوری تاڵەبانی

————————-

ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی (رۆژنامە) ژمارەی (391)ی یەكشەممەی 2009-01-25 بڵاوكراوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستاش هەرێمی كوردستان بەم بارودۆخەدا تێپەڕدەبێت بۆیە پێم باش بوو دووبارە بڵاوی بكەینەوە.