لە تارانتینۆوە تا نۆلان گەشتێک بە جیهانی پۆستمۆدێرندا.. باکۆ رێبوار

لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، سینەما وەک هونەر و پیشەسازی، گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەخۆیەوە بینی لەئەنجامی دروستبوونی ئەوەی ئەمڕۆ بە “سینەمای پۆستمۆدێرن” ناسراوە، ئەم جوڵانەوە هونەرییە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکرد و لە حەفتا و هەشتاکانی ئەو سەدەیەدا گەشەی کرد، نەک تەنها شێوەی دروستکردنی فیلمی گۆڕی، بەڵکو بنەمای فەلسەفی ئەو بیرۆکانەی ئەم هونەرەی لەسەر دامەزراوە دووبارە پێناسە کردەوە، ئەگەر سینەمای کلاسیک بە دوای یەکگرتوویی، ڕاستگۆیی، و گێڕانەوەی لینیاری دەگەڕا، سینەمای پۆستمۆدێرن بە ئاشکرا ئەم بنەمایانەی ڕەت کردەوە و لەبری ئەوە بایەخیدا بە پارچەپارچەبوون، خۆناسینی، و شکاندنی سنوورە ئیستاتیکیەکان،

پۆستمۆدێرنیزم وەک بزووتنەوەیەکی فەلسەفی و کلتووری، گرنگی تایبەت بە چەمکی نوێنەرایەتی، ڕاستی، و دەسەڵات دەدات، لە سینەمادا، ئەم هەنگاوە واتای ئەوەی بوو کە فیلمسازەکان دەستیانکرد بە پرسیارکردن لە بنەمایانەی سینەمای کلاسیک لەسەری دامەزرابوو، لەبری ئەوەی بەدوای دروستکردنی “پەنجەرەیەک بۆ دنیا”دا بگەڕێن، وەک چۆن نەریتی سینەمای کلاسیک بوو، فیلمسازە پۆستمۆدێرنەکان دەستیان کرد بە دروستکردنی کارەکان، بە ئاشکرا خۆیان وەک دروستکراو، ساختە، و “تەنها فیلم”یان ناساند،

یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سینەمای پۆستمۆدێرن بەکارهێنانی “pastiche”ـە، واتە تێکەڵکردن و لادانی شێوازە جیاوازەکان ئەمە لە “parody”ـی کلاسیک جیاوازە، چونکە pastiche بە خۆشەویستی و ڕێزەوە تەماشای کلتووری ڕابردوو دەکات، نەک بە مەبەستی گاڵتەپێکردن، نموونەیەکی گرنگی ئەم تایبەتمەندییە لە کارەکانی کوێنتین تارانتینۆدا دەبینین، بەتایبەتی لە فیلمی “Pulp Fiction” (1994)دا، تارانتینۆ بە شێوەیەکی تەواو خۆشەویستانە ئاماژە بە فیلمە crime و noir و B-movieکانی شەست و حەفتاکان دەکات، بەڵام لەهەمان کاتدا شێوازێکی تەواو نوێ و تایبەت بە خۆی دروست دەکات،

ئینتەرتێکستواڵیتی(Intertextuality) یەکێکی ترە لە چەمکە سەرەکییەکانی سینەمای پۆستمۆدێرنە، ئەمە واتای ئەوەیە هەموو تێکستێک، فیلمێک، پەیوەندی بە تێکستی ترەوە هەیە و مانای تەواو تەنها لە ڕێگەی ئەم پەیوەندییانەوە دەست دەکەوێت، فیلمە پۆستمۆدێرنەکان بە ئاشکرا ئاماژە بە فیلمی تر، کتێب، وێنە، موزیک، و هەموو شێوەیەکی تری هونەر دەکەن، ئەم تایبەتمەندییە بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو لە کارەکانی کۆین برازەرزدا دەردەکەوێت، بەتایبەتی لە فیلمەکانی وەک “Barton Fink” (1991) و “The Big Lebowski” (1998)دا، پڕن لە ئاماژە و ڕەوانەکردن بۆ فیلم، ئەدەبیات، و کلتووری پۆپی ئەمریکی،

ناڕاتیڤی مێتا (Meta-narrative) چەمکێکی ترە کە لە سینەمای پۆستمۆدێرندا زۆر گرنگە، ئەم جۆرە فیلمانە نەک تەنها چیرۆک دەگێڕنەوە، بەڵکو سەبارەت بە خودی پرۆسەی چیرۆکگێرانەوەش دەدوێن، ئەوان بە ئاشکرا خۆیان وەک فیلم دەناسێنن و لەگەڵ بینەردا سەبارەت بە سروشتی سینەما و نوێنەرایەتی دەدوێن، نموونەیەکی نایاب ئەمە فیلمی “Being John Malkovich” (1999)ـی چارلی کافمانە، نەک تەنها چیرۆکێکی سەیر و سەمەرە دەگێڕێتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی قووڵ سەبارەت بە سروشتی ناسنامە، هونەر، ناوبانگ دەدوێت، فیلمەکە بە ئاگایی تەواو لەگەڵ ئەوە یاری دەکات ئەکتەرێکی ڕاستەقینە، جۆن مالکۆڤیچ، ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت، و ئەمەش یەکێکە لە باشترین نموونەکانی شکاندنی سنوور لە نێوان ڕاستی و خەیاڵ،

گۆڕینی سروشتی کات و شکاندنی linear narrative یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سینەمای پۆستمۆدێرنە، لەبری ئەوەی چیرۆک بەو شێوازە ئاسایییە بگێڕدرێتەوە کە سەرەتا، ناوەڕاست، و کۆتایی هەبێت، فیلمە پۆستمۆدێرنەکان زۆرجار بەشێوەی نالینیاری، بە پاشگەڕانەوە لە کات، دووبارەبوونەوە، یان تەنانەت بە شێوەی بازنەیی چیرۆک پێشکەش دەکەن، نموونەیەکی بەرچاو، فیلمی “Memento” (2000)ـی کرستۆفەر نۆلانە، ئەم فیلمە چیرۆکەکەی بە شێوەیەکی پێچەوانە دەگێڕێتەوە، واتە لە کۆتاییەوە بۆ سەرەتا، و ئەمەش نەک تەنها وردەکاری تەکنیکی نییە، بەڵکو بەشێکی سەرەکییە لە چۆنیەتی تێگەیشتنی بینەر لە بارودۆخی کارەکتەرە سەرەکییەکە، کە کێشەی کورتخایەنی مێشکی هەیە،

کوێنتین تارانتینۆ یەکێکە لە ناسراوترین و کاریگەرترین دیرەکتەرانی سینەمای پۆستمۆدێرن. کارەکانی، بەتایبەتی “Pulp Fiction”، نموونەی تەواوی زۆربەی تایبەتمەندییەکانی ئەم بزوتنەوەیەن “Pulp Fiction” لە سێ چیرۆکی جیاواز پێکهاتووە کە بە شێوەیەکی نالینیاری پێکەوە گرێدراون، هەر چیرۆکێک لەم سێیە ئاماژە بە ژانرێکی جیاوازی سینەمایی دەکات – ژانەری crime، mob، gangster movie – بەڵام تارانتینۆ ئەم ژانەرانەی بە شێوەیەک تێکەڵ کردووە، ئەنجامێک دروست بووە، هەم ئاشنا و هەم بێگانەیە،

دیالۆگەکانی فیلمەکە، کە پڕن لە باسی پۆپ کولتوور، فیلمی B، و ژینگەی ئەمریکی، بە ئاگایی تەواو لەگەڵ ئەوە یاری دەکەن کە بینەر چاوەڕوانی دەکات، یەکێک لە بەناوبانگترین سکینەکانی فیلمەکە، گفتوگۆکەی Vincent Vega و Jules Winnfield سەبارەت بە جیاوازی ناوی بۆرگەر لە ئەوروپا و ئەمریکا، نموونەیەکی تەواوە لە چۆنیەتی ئەوەی سینەمای پۆستمۆدێرن گرنگی بە شتە بچووک و “بێ گرنگ”ەکان دەدات و لێیان وەک ڕێگەیەک بۆ خستنەڕووی دیمەنێکی فراوانتری کلتووری کەڵک وەردەگرێت،

دەیڤید لینچ دیرەکتەرێکی ترە، کاری لە سنووری نێوان خەون و ڕاستی، هۆش و شێتی، پیشاندان و شاردنەوە دەکات، فیلمی “Mulholland Drive” (2001)ـی یەکێکە لە باشترین نموونەکانی سینەمای پۆستمۆدێرن، ئەم فیلمە بە ئاشکرا لەگەڵ چاوەڕوانی بینەر سەبارەت بە چۆنیەتی چیرۆکگێڕانەوە یاری دەکات، فیلمەکە وەک فیلمێکی ئاسایی noir دەست پێ دەکات، بەڵام دەبێتە شتێک کە زیاتر لە خەونێکی ئاڵۆز دەچێت تا چیرۆکێکی ئاسایی، لینچ بە ئاگایی ئەو سنورانە دەبڕێت کە لە نێوان “ڕاستی” چیرۆکەکە و ڕاستی دەرەکی فیلمەکە هەیە، ئەنجام ئەوەیە بینەر لە بارودۆخێکدا خۆی دەبینێتەوە، ناتوانێت دڵنیا بێت چی ڕاستە و چی خەیاڵە، و ئەمەش بە شێوەیەکی تەواو لەگەڵ چەمکە پۆستمۆدێرنەکانی سەبارەت بە نەبوونی ڕاستیەکی ئۆبژیکتیڤ دەگونجێت،

ماتریکس”ی (1999)ـی برایان واچۆفسکی فیلمێکی ترە کە بە شێوەیەکی تەواو سەبارەت بە سروشتی ڕاستی و سیمولاکرۆم دەدوێت، ئەم فیلمە بە ئاشکرا کاریگەر بووە لە تیۆرییەکانی ژان بۆدریار سەبارەت بە “سیمولاکرا و سیمولەیشن”، لە فیلمەکەدا، جیهانێک مرۆڤەکان پێیان وایە ڕاستە، ڕاستە نییە بەڵکو سیمولەیشنێکی کۆمپیوتەرییە، ئەم چەمکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو بیرۆکانەی بۆدریار سەبارەت بە ئەوە دەگونجێت کە لە سەردەمی ئێمەدا ئیتر ناتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان ڕاستی و نوێنەرایەتی، کارەکتەری Neoلە فیلمەکەدا دەبێت بە نوێنەری ئەو مرۆڤەی کە دەبێت بزانێت ڕاستی ژیانەکەی چییە، هەرچەندە ئەم ڕاستییە ترسناک و ئازاربەخش بێت،

کرستۆفەر نۆلان دیرەکتەرێکی ترە بە تایبەتی گرنگی بە کات و یادەوەری دەدات، جگە لە “Memento”، فیلمەکانی وەک “Inception” (2010) و “Interstellar” (2014) بە شێوەی جیاواز لەگەڵ چەمکەکانی کات، ڕاستی، و تێگەیشتنی مرۆڤ کار دەکەن، “Inception” بەتایبەتی دەتوانرێت وەک مێتافۆرێک بۆ خودی پرۆسەی فیلمسازی و تەماشاکردنی فیلم لێی بروانین، خەونە چەندین ئاستییەکانی فیلمەکە ڕەنگە ئاماژە بە چەندین ئاستی تێگەیشتن و بەشداریکردن بدەن کە تێدا بینەر لە کاتی تەماشاکردنی فیلمەکەدا بەسەری دەبات،

کۆین برازەرز، جۆیل و ئیتان، کارەکانیان پڕە لە ئاماژە بۆ سینەما و ئەدەبیاتی ئەمریکی، “The Big Lebowski” چیرۆکی نهێنی کتێبی “The Big Sleep”ـی ڕایمۆند چاندلەرە، بەڵام بەم جۆرەی کە هەموو شتە “گەورە” و “گرنگ”ەکانی فیلمی noir کراوەتە شتی و بچووک، دیارە برازەرزەکان بە ئاگایی تەواو ئەو چاوەڕوانیانە دەشکێنن کە بینەر لە فیلمێکی genre دەیکات،

چارلی کافمان نوسەرێکە کە کارەکانی لە سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵ، هونەر و ژیان، ئایدەنتیتی کەسی و کۆمەڵایەتی کار دەکەن، “Being John Malkovich” وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، و هەروەها “Adaptation” (2002) و “Synecdoche, New York” (2008) هەموویان نموونەی ئەو جۆرە سینەمایەن بە ئاشکرا سەبارەت بە خودی پرۆسەی دروستکردنی هونەر دەدوێن، لە “Adaptation”دا، کافمان خۆی کردووە بە کاراکتەری سەرەکی فیلمەکە، نوسەرێک کە هەوڵ دەدات ڕۆمانێک بگۆڕێت بۆ فیلم و ئەم پرۆسەیە دەبێتە خودی چیرۆکی فیلمەکە،

یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سینەمای پۆستمۆدێرن پارچەپارچەکردنی کاتە، فیلمە پۆستمۆدێرنەکان لەگەڵ کاتدا بەشێوازی جیاواز یاری دەکەن، هەندێکجار ئەمە بە شێوەی نالینیاری چیرۆک وەک لە “Pulp Fiction” و “Memento”دا ئەنجام دەدرێت و بە شێوەی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکان وەک لە “Groundhog Day” (1993)دا یان بە شێوەی تێکەڵکردنی کات و شوێنی جیاواز وەک لە زۆرێک لە کارەکانی دەیڤید لینچدا، ئەم تایبەتمەندییە نەک تەنها ئامرازی تەکنیکی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەیە لە چۆنیەتی تێگەیشتنی پۆستمۆدێرن لە کات، وەک شتێک نەک لینیاری و پێشبینیکراوە، بەڵکو ئاڵۆزو کەوتووەتە ناو یەکتری، و بەندە بەچۆنیەتی بیرکردنەوە و یادەوەری،

ڕاوێژکردن لە ژانرەکان یەکێکی تری تایبەتمەندییە گرنگەکانی سینەمای پۆستمۆدێرنە، فیلمە کلاسیکەکان بەزۆری پابەند بوون بە یەک ژانری تایبەت – وێسترن، crime، comedy drama – بەڵام فیلمە پۆستمۆدێرنەکان سود لە چەندین ژانەر وەردەگرن، “Kill Bill” (2003-2004)ـی تارانتینۆ نموونەیەکی بەرچاوی ئەمەیە، ئەم فیلمە پێکهاتەی کۆنگ فوو، سپاگێتی وێسترن، یاپۆنی yakuza، ئەنیمەیشن و تەنانەت موزیکاڵی تێکەڵ دەکات و شتێک دروست دەکات، تەواو نوێیە بەڵام ئاشنایە

شکاندنی “دیواری چوارەم” – واتە ئەو سنوورە خەیاڵییەی کە لە نێوان دونیای فیلم و دونیای ڕاستی بینەردا هەیە – یەکێکی تری تایبەتمەندییە گرنگەکانی سینەمای پۆستمۆدێرنە، زۆرێک لە فیلمە پۆستمۆدێرنەکان بەشێوازی جۆراوجۆر وا دەکەن، بینەر بیر لەوە بکاتەوە، تەماشای فیلم دەکات، جارێک بە شێوەی ئاماژەکردن بە خودی پرۆسەی فیلمسازی دەبێت، وەک لە “Adaptation”دا، جارێک بە شێوەی بەکارهێنانی تەکنیکە “مێتا”کان دەبێت کە کاراکتەرەکان بە ئاشکرا سەبارەت بە ئەوە دەدوێن لە فیلمدان،

کاریگەری سینەمای پۆستمۆدێرن لەسەر بینەر فراوان و قووڵە، یەکەم ئەوەیە کە ئەم جۆرە فیلمانە داوای ئەوە لە بینەر دەکەن بەشداری چالانەی لە پرۆسەی تێگەیشتن و لێکدانەوەدا بکات، بینەری فیلمی پۆستمۆدێرن ناتوانێت بە پاسیڤی دانیشێت و فیلم تەماشا بکات، بەڵکو دەبێت بەئەکتیڤی هەوڵ بدات بۆ تێگەیشتن لە ئاماژەکان، گرێدان لە نێوان بەشە جیاوازەکان، و تێگەیشتن لە مانای قووڵی کارەکە، ئەمە بینەر دەکاتە کۆکارکەری هونەرمەند لە دروستکردنی مانادا،

دووەم، سینەمای پۆستمۆدێرن هۆکارێکی گرنگ بووە لە پەروەردەکردنی نەوەیەک لە بینەران، زیاتر هۆشیارن سەبارەت بە میکانیزمەکانی میدیا و چۆنیەتی کارکردنی، ئەم بینەرانە باشتر دەتوانن جیاوازی بکەن لە نێوان ڕاستی و نوێنەرایەتی، و باشتر تێدەگەن، هەموو فیلمێک دروستکراوە و مەبەستێکی تایبەتی هەیە،

وە هەروەها کاریگەری گەورەی لەسەر چۆنیەتی دروستکردن، داشکاندن و فرۆشتنی فیلم هەبووە، ئەم جۆرە فیلمانە ئاسانتر بوون بۆ بە بازاڕکردنی نێودەوڵەتی، چونکە پڕ بوون لە ئاماژە بۆ کلتووری پۆپی جیهانی، هەروەها ئەوان بنەمایان دانا بۆ کورتەفیلم”ەکان – فیلمەکان لە ئەنجامی یەکەم ئەکادیمیان زۆر نەبوو بەڵام لەمرۆدا بینەرانی تایبەتیان دۆزیوەتەوە،

بەڵام سینەمای پۆستمۆدێرن ڕەخنەی زۆریشی لێکراوە، یەکێک لە گرنگترین ئەم ڕەخنانە ئەوەیە ئەم جۆرە فیلمانە زیاتر پشت بە زانینی پێشووتری بینەر دەبەستن، بۆ ئەوەی بینەرێک بە تەواوی لە “Pulp Fiction” یان “Kill Bill” چێژ وەرگرێت، پێویستە ئاشنا بێت لەگەڵ فیلمی crime و ئەکشنی ساڵانی شەست و حەفتاکان،

ڕەخنەیەکی تری سەرەکی ئەوەیە سەرقاڵی شێواز و وردەکاری تەکنیکییە و کەمتر گرنگی بە ناوەڕۆک و پەیامی مرۆیی دەدات، هەندێک ڕەخنەگر پێیان وایە کە ئەم فیلمانە”بەسەرخۆیانەوەن” و هەوڵ دەدەن بیسەلمێنن دەزانن، لەجیاتی ئەوەی سەرقاڵی گێڕانەوەی چیرۆکێکی باش بن،

ڕەخنەی سێیەم ئەوەیە بەهۆی پشتبەستنی زۆری بە ئاماژە و کولتووری ڕابردووەوە، بەواتایەکی تر دەگەڕێتەوە بۆ “کلتووری ڕیسایکڵ” – واتە کلتوورێک، تەنها شتی ڕابردوو دووبارە دەکاتەوە و هیچ شتێکی نوێ دروست ناکات، ئەم ڕەخنەگرانە پێیان وایە کە لە جیاتی ئەوەی داهێنەر بن، فیلمسازە پۆستمۆدێرنەکان تەنها کارەکانی کەسانی تر دەستکاری دەکەن،

لایەنگرانی سینەمای پۆستمۆدێرن وەڵامی ئەم ڕەخنانەیان هەیە، ئەوان دەڵێن یەکەم، ئەم جۆرە فیلمانە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئەو جیهانەن ئێمە تێیدا دەژین – جیهانێک پڕە لە ئاماژە، کولتووری پۆپ و میدیا بۆیە گرنگە لە سینەما ئەم ڕاستییە ڕەنگ بداتەوە، دووەم، بەکارهێنانی ئاماژە و pastiche بەهیچ شێوەیەک واتای نەبوونی داهێنان نییە، بەڵکو جۆرێکی نوێی داهێنانە کە پێویستی بە توانا و زانینی زۆرە،

لەڕاستیدا، کاریگەری سینەمای پۆستمۆدێرن لەسەر سینەمای ئەمڕۆ هێشتا بەردەوامە زۆرێک لە فیلمسازەکانی ئەمڕۆ، لە مارڤەڵ یونیڤێرسەوە تا فیلمسازەکانی ئیندی وەک ئاری ئاستەر و رابەرت ئیگرز، هەموویان بە شێوەیەک کاریگەر بوون لە ڕێگە و تەکنیکەکانیسینەمای پۆستمۆدێرن کە پەرەی پێداون،

یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی سینەمای پۆستمۆدێرن ئەوە بووە کە ئازادی زیاتری بە فیلمسازەکان داوە بۆ ئەزموونکردن لەگەڵ شێواز و ناوەڕۆک، ئەمڕۆ فیلمسازەکان ئازادن ژانرەکان تێکەڵ بکەن، لەگەڵ کاتدا یاری بکەن، ئاماژە بە کارەکانی تر بکەن، و سنوورەکانی نێوان فیلم و ڕاستی بشکێنن، بەبێ ئەوەی ترسیان لەوە هەبێت بەسەر “یاساکانی سینەما”دا بازبدەن،

هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی لە پەرەپێدانی سینەمای جیهانی هەبووە، فیلمسازەکان لە وڵاتانی ژاپۆن، کۆریا، ئەرژەنتین و فەڕەنسا کەڵکیان لە تەکنیک و ڕێگاکانی سینەمای پۆستمۆدێرن وەرگرتووە بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی سینەمای خۆیان، ئەم پرۆسەیە بووەتە هۆی دروستبوونی کارەکانی وەک فیلمەکانی پارک چان-وۆک، ئالەخاندرۆ خۆدۆرۆفسکی، و ژان-لوک گۆدار کە هەموویان بە شێوەیەک بە سینەمای پۆستمۆدێرن کاریگەر بوون،

لە کۆتاییدا، سینەمای پۆستمۆدێرن نەک تەنها گۆڕانکارییەکی تەکنیکی و شێوازی بوو، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە چۆنیەتی تێگەیشتنمان لە سروشتی فیلم، نوێنەرایەتی، و پەیوەندی نێوان هونەر و ڕاستی، ئەم بزووتنەوەیە پرسیاری قووڵی لەسەر سروشتی ڕاستی، ئیدەنتیتی، و مانا بەجێهێشتووە بەشێوەیەک تا ئەمڕۆش گرنگن، بەواتایەکی تر بەتوندی بیر لەوە بکەینەوە چی واتای “ڕاست” دەدات، چۆن مانا دروست دەبێت، هونەر چ ڕۆڵێک لەژیانی خۆمان و جیهان دەگێڕێت،

بەپێی ژان-فرانسۆا لیۆتار، یەکێک لە سەرەکیترین تیۆریستەکانی پۆستمۆدێرنیزم، دەڵێت ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین تێیدا “میتا-ناڕاتیڤە گەورەکان” – ئەو چیرۆک گەورانەی لە ڕابردوو مانا و ئاراستەیان بە ژیانی مرۆڤ دەدا – مانایان نەماوە، سینەمای پۆستمۆدێرن ڕەنگدانەوەیەکی تەواوی ئەم دۆخەیە، لەبری ئەوەی بە دوای گێڕانەوەی چیرۆکی گەورە و یەکگرتووەوە بگەڕێت، ئەم جۆرە فیلمانە بە چیرۆکی بچووک، پارچەپارچە، و زۆرجار ناتەواو پێشکەش دەکەن، ئەوان ڕەتی دەکەنەوە وەک دەسەڵاتێکی ئاگادار قسە بکەن، لەبری ئەوە وەک پرسیارکەر و گومانکەر ڕەفتار دەکەن،

ئەم تایبەتمەندییە بە ئاشکرا لە کارەکانی هەموو ئەو دیرەکتەرانەدا دەردەکەوێت کە ئاماژەمان پێ کردن، تارانتینۆ ڕەتی دەکاتەوە یاسای ئەخلاقی و سیاسی ڕوون پێشکەش بکات، لەجیاتی ئەوە جیهانێک دروست دەکات تێیدا باش و خراپ، پاڵەوان و پاڵەوانشکێن، تێکەڵ و ناڕوون، لینچ چیرۆکەکانی بەناتەواوی دەهێڵێتەوە و ڕێگا بە بینەر دەدات خۆی ئەو مانایە بدۆزێتەوە کە دەیەوێت. نۆلان پرسیاری قووڵ لەسەر سروشتی یادەوەری، کات، و ئیدەنتیتی دەکات بەبێ ئەوەی وەڵامی ڕوون و کاتەگۆریەک پێشکەش بکات،

بە کورتی، سینەمای پۆستمۆدێرن وەک ئاوێنەیەک کاری کردووە، تێیدا سەردەمەکەمان خۆی دەبینێتەوە – سەردەمێک کە تێیدا هەموو شتەکان گومانلێکراوە، هەموو ڕاستییەک ڕەلاتیڤە، و هەموو بیرۆکەیەک کراوەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە و پرسیارکردن، ئەم سینەمایە نەک تەنها ڕەنگدانەوەی ئەم دۆخەیە، بەڵکو بەشداریشی لە دروستکردنی کردووە، لە ئەنجامدا، سینەمای پۆستمۆدێرن یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین بزووتنەوەکانی هونەری سەدەی ڕابردوو بووە و کاریگەری نەک تەنها لەسەر سینەما، بەڵکو لەسەر تەواوی کلتووری سەردەم هەبووە.

باکۆ رێبوار




بەکورتی 26: سواڵکردنی سۆز.. بۆشایی سۆزییمان پڕناکاتەوە.. ئازاد حەمە

سواڵی سۆز یان سواڵکردنی سۆزدارییEmotional Begging، کە جۆرێکە لە جۆرەکانی سواڵ بۆ بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی دەروونیی و سۆزدارییە. ئەم سواڵە ئەزموونێکی پەژارەهێنەر و پڕ ئازارە، دیاردەیەکە لێرە یان لەوێ ڕوودەدات و لەخۆڕاش دروستنابێت و هۆکار و پاڵنەر لەپشت ڕوودانەوەکەیەتی.
سواڵی سۆز کردارێکە لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجامدەدرێت بۆ بەدستهێنانی خۆشەویستیی، گرنگییپێدان، ڕاکێشانی سەرنج و هاوسۆزیی. ئەم کەسە زۆرێک ڕێگا دەگرێتەبەر تا ببێتە جێگای بایەخ و ئاوڕدانەوەی ئەوانیتر، لەوانە: هەڕەشەکردن، بەومانەیەی، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسیەوە تا گرنگیی پێبدەن، گازندەکردن لە دەورووبەر و کروزانەوە لەسەر ئەو بناغەیەی کەس هەست بە بوونی ناکات و سۆزییان بۆی نییە و بەزەیشیان پیایانایەتەوە.
بۆیە بەپێویستی دەزانیین بپرسیین: سواڵی سۆز دیاردەیەکی بۆماوەییە یان نەخۆشییەکی دەروونیی؟ ئەم سواڵە بەسە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی و کەمیی سۆزیی؟لەدەستدانی توانای دەربڕینی هەستەکانAlexithymieجیا نییە لە بێبەشبوونی(محرومیەتی) سۆزداریی؟ لەدەستدانی پاڵنەر و لێنەزانی لە وەرگرتنی چێژ لە ژیان ناچارمان ناکات سۆز سواڵکەین؟داننان بە بۆشایی سۆزداریی سەرەتایەک نییە بۆ دۆزییەنەوەی هۆکارەکانی بۆشاییەکە؟ کێ پێداویستیی سۆزداریی مرۆڤ پڕدەکاتەوە؟ تاکەکان، خەڵک، گروپێک، دەورووبەر، دامەزراوەیەک ….کێ؟
سواڵی سۆز چییە؟ لێرەدا قسە لە خودی کردەی سواڵکردن ناکەین، قسە لە سواڵی سۆز و هاوسۆزیی دەکەین. سواڵی سۆز هیچی کەم نییە لە سواڵی بەزەیی، ڕەحم و ئەمەکداریی. بێگومان نەبوونی قووڵیی سۆزداریی لای کەسەکان هۆکاری ئەم جۆرە سواڵەیە. سواڵەکە وەک چارەسەر بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ناخییەکان و گەڕان بەدوای گرنگییپێدان و داوای خۆشەویستی و بەزییپاهاتنەوە لە ئەوانی دیکە تەماشادەکرێت. ئەڵبەتە سەرچاوەکانی سواڵی سۆز ئەم لایەنانە لەخۆدەگرێت: بێبەشبوونی سۆزیی، هەستکردن بە کەمیی هاوسۆزییEmpathy، متمانە بەخۆنەبوون و…. .
بەپێی شارەزایان بێت، سواڵکەری سۆز بۆبەدەستهێنانی سۆزی ئەوانی دیکە ئامادەیە ڕەفتار هەڕەشەئامێزانە بجوڵێتەوە، بیانووبگرێت و ئەوانی دیکە بەوە خەتاباربکات، کە هۆکاری بێسۆزییەکەین. ئەم جۆرە سواڵکەرانە لێهاتوون لە وروژاندن و یاریکردن بە هەستی ئەوانی تر، ئەڵبەتە تابشتوانن ژیانی خۆشیان لەبەرچاو نزیکەیانیان دراماتیزەدەکەن؛ هاوکات خۆیان بەردەوام وەک بەدبەخت و قوربانی نیشاندەدەن و سەرزەنشتی کەسانی دەورووبەریان دەکەن. بێگومان زۆرتریش ئەوانە توشی ئەم حاڵەتە دەبن،کە شێوازێکی ژیانی ناتەندروست دەگرنەبەر لەچاو ئەوانەی بەختەوەر و پڕژیانن.
سەبارەت بەوەی لایسەرەوە ئاماژە بەوەش دەکەین، کە نەبوونی هاوسۆزیی یەکێکە لە دیوەکانی بێبەشبوونی سۆزداریی. پسپۆرانیش لە بواری کلینیکی دەروونیی پێیانوایە، کە بێبەشبوونی سۆزداریی بریتییە لە نەبوونی پاڵپشتی سۆزداریی. زۆرجار پشتگوێخستنی سۆزداریی، کە بێبەشبوونی سۆزداریی دروستدەکات، پۆلێک کێشەی دەروونیی یان کۆمەڵایەتیی لەگەڵ خۆی دێنێت. بۆیە پێداویستییە سۆزدارییەکانی ژنێک جیایە لە پێداویستییە سۆزدارییەکانی پیاوێک، هاوکات پێداویستییە سۆزدارییەکانی هاوڕێیەک بۆ هاوڕێێەک جیاوازە لە پێداویستییە سۆزدارییەکانی دایکێک یان باوکێک بۆ مناڵەکەی.
زۆرێک لەوانەی لەبارەی سواڵکردنی سۆزدارییەوە قسەدەکەن تیۆرییە دەروونشیکارییەکان بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامی باوەڕپێکراو بەکاردەبەن و پێیانوایە، بۆ سنووردانان بۆ ئەوانەی دووچاری دیاردەی سواڵکردنی سۆزداریی دەبن ئەوەیە،کە کار لەسەر شێوازی ژیانیان، بۆچوونیان بۆ دەورووبەر، گۆڕینی جۆری بیرکردنەوە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان بدرێت و هانیشبدرێن، کە چۆن پشت بەخۆببەستن و پێداویستییەکانی خۆیان بهێننەدی.
بەشێک لە فۆرمەکانی سواڵی سۆز پەیوەندی بە گرنگییپێدانەوە هەیە. واتە کەسەکە سواڵی گرنگییپێدان یان ڕاکێشانی سەرنج دەکات، ئەمە داوایەکی سۆزییە، یان کۆششە بۆ بەدەستهێنانی سۆزی (خۆشەویستی)ئەویتر. جەوهەری سواڵەکە هەوڵێکە بۆئەوەی کەسەکە بایەخ و دیقەتی ئەویتری لەسەربێت. ڕەنگە دۆزی کۆمەڵایەتی و ناجێگیریی دەروونی ئەو کەسە لەپشت دروستبوونی ئەم دۆزەوە بێت، کە پێویستی بەو گرنگییپێدانەی ئەوانیترە. لەوبارەوە زۆرێک هۆکار هەن، لەوانە: پێداویستیی، هەستیی کەمیی، یان خۆبەکەمزانیین و …. .رەنگە سەرەتا ئەم سواڵی گرنگییپێدانە ئەرێنی بێت، بەڵام لەگەڵ کاتدا، کە کەسەکە خۆی لەسەر ئەم رەفتارە ڕادێنێت دەبێتە کردارێکی نەرێنیی.
سەرباری ئەوە، سواڵی گرنگییپێدان لە کەمیی شایستەیی و خۆبەکەم زانینەوە دێت. کێشەکە سواڵەکە نییە، کێشەکە ئەوەیە، ئەگەر سواڵەکە بەرینەبێت. کاتێک سواڵەکە دەستکەوتی نابێت، بێهیوایی و خەمۆکی لەگەڵ خۆی دێنێت. بۆدورکەوتنەوە لەم دیاردەیە باشتروایە مرۆڤ خۆی بەکەمنەزانێت و لە عەوداڵی دروستکردنی پەیوەندی تەندروستیشدا بێت.
کۆتا بینینمان بۆ سواڵی سۆز ئەوەیە، کە سواڵکەرانی سۆز کێشەیەکیان هەیە، کە دەکرێت ناونرێت بۆشایی سۆزیی. ئەو بۆشاییە کاریگەریی لەسەر سواڵەکەیان هەیە. بێگومان بۆشاییەکە ناخییە(ڕۆحییە)، بەڵام چۆن ئەم جۆرە بۆشاییە دروستدەبێت و دەبێتە بناغە بۆ سواڵی سۆز؟ بێگومان دوای ئەوەی مرۆڤ هەست بە دڵەڕاوکێ یان تەنهایی و بێزاریی ناوەکی دەکات، لێرەوە دەکەوێتە ناو حاڵەتی بۆشایی سۆزییەوە، ئەوەش وایلێدەکات درک بە بێمانایی ژیان بکات و لەناو بێئامانجی و خەمۆکییدا بخولێتەوە. زۆرجاریش هۆکاری بۆشاییەکە ڕەنگە بێباکی مرۆڤەکان بێت بەرامبەر بە خودیخۆیان، یاخود بەهۆی لەدەستدانی هێژایەک لە ژیان، جیابوونەوەی خێزانی، هەستی شکستی رەوشتیی و…. .
سەرئەنجام، قبوڵکردنی بۆشایی سۆزیی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام هەوڵێکە بۆ دەربازبوون لە سواڵی سۆز. کاتێک بۆشایی ناخیی خۆت قبوڵدەکەیت، کەواتە تۆ توانای خۆبینینی خۆت هەیە و بەئاگاشی لە شکستیی و پەرتییە رۆحییەکانت. بەمە تۆ ئیدی پەنا بۆ ئەویتر نابەیت و داوای گرنگیپێدان لە کەس ناکەیت.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




محەمەد دەکروب.. ماڵئاوا ئەی هاوڕێی کۆمۆنیست..!.. نووسینی: شاکر فەرید حەسەن.. وەرگێرانی لەعەرەبییەوە: بانیژەی ئەدەب و کلتوور

محمد دەکروب، ڕۆشنبیرێکی مارکسیستیی شۆڕشگێڕ و ڕەسەنی ناوازە، بیرمەندی ئاڤانگاردی ڕۆشنگەری دیار، ڕەخنەگری هۆشیار و نوێگەر، خەباتکاری کۆمۆنیستی بەئەزموون و ڕووناکبیر، هەڵگری ئاڵا و بیرکردنەوە و ئەخلاقی چینی کرێکاری زەحمەتکێش و مێژوونووسی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لوبنانی عەرەبی کە ناوەکەی هاوواتای کتێبەکەی بوو بە ناوی(جذور السنديانة الحمراء) کۆچی دوایی کرد. ئەو مرۆڤە سەرڕاست و خۆبنیادنەرەی کە ژیانی تا دوا تنۆک خۆشدەویست، ژیانی خۆی وەک بۆڕیچییەک دەستپێکرد، پاشان بەهۆی خوێندن و خوێندنەوە و تینووێتی شکاندن لە کانیاوی مەعریفە و کلتوور و بیری پێشکەوتووخوازانەی مرۆڤایەتی، بوو بە ئەستێرەیەکی درەوشاوە و یەکێک لە دیارترین ڕەخنەگرانی ئەدەبیی و دامەزرێنەرانی ڕەخنەی ئایدیۆلۆژی لە جیهانی عەرەبیدا، هەروەها بوو بە سەرنووسەری گۆڤاری “الطریق”، بەناوبانگترین و دێرینترین گۆڤاری ڕۆشنبیری چەپی عەرەبی، کە بەم دوواییانە دووبارە دەستی کردەوە بە دەرچوون دوای ئەوەی بۆ ماوەی دەیەیەک لەبڵاوکردنەوە وەستا. چ پارادۆکسێکە کە محەمەد دەکروب لە ناوەڕاستی ئاهەنگێڕانی کۆمۆنیستەکان و هاوڕێکانیاندا بۆ یادی ٨٩ ساڵەی دامەزراندنی حزبی شیوعی لوبنان کە خۆی ئاوێنەیەکی ئەو حیزبە بوو، کۆچی دوایی کرد. بە مردنی دەکروب، لوبنان و جیهانی عەرەبی و بزووتنەوەی مارکسیستی و کۆمۆنیستی لوبنانی و عەرەبی، کەسایەتییەکی درەوشاوەی خەبات، پێشەنگێکی کلتووری ڕۆشنگەری عەقڵانی و کرێکاری و چینایەتی و بیرمەندێکی پێشکەوتنخواز و ڕۆژنامەنووسێکی شۆڕشگێڕی چەپیان لەدەستدا. یەکێک لە بەشکۆترین ڕۆشنبیرانی ئایدۆلۆژیستی مارکسیستی عەرەب بە هەژاری ژیا و مرد، کە جگە لە سامانی نووسین و بیروباوەڕ و هزر و خەونەکانی هیچی تری نەبوو بەڵام مەشخەڵی ئەو بیروباوەڕەی کە باوەڕی پێی هەبوو، بەدەستەوە گرتبوو و لایەنگریی و پشتیوانی و بەرگری لێدەکرد. هەورەها ژیان و تەمەن و وزە و قەڵەمەکەی تەرخان کرد بۆ دیفاعکردن لە بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنخوازی و بەرزترین دۆزی ئینسانیی لە بووندا، دۆزی چەوساوەکان و چینی کرێکاری بەشمەینەت کە خەبات دەکەن بۆ ئازادی و ڕزگاربوون لە کۆت و بەندی و چەوسانەوە و ستەمی چینایەتی.
محەممەد دەکروب نموونەی یەکێک لە ڕەخنەگرە هەرە دیارەکانی ڕێبازی ڕیالیزمی سۆسیالیستییە کە بەشداری لە دامەزراندنی و چەسپاندنی بناغەکانی بزووتنەوەی ڕەخنەی ئیستاتیکای مارکسیستی داهێنەرانە لە لوبنان و جیهانی عەرەبیدا کردووە. لە شاری (صور)ی لوبنان لەدایک بووە و گەورە بووە و لە قوتابخانەکانیدا خوێندوویەتی، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سەختی ژیانەوە قوتابخانەی جێهێشتووە و پەیوەندی بە ڕیزەکانی جەماوەر و کرێکارانەوە کردووە، لەوێ وەک فرۆشیاری بەروبوومە پاقلەمەنییەکان کاری کردووە، پاشان دەبێت بە بۆڕیچی. لەم نێوەندەدا بەهۆی نامە گۆڕینەوەوە لە ڕێگەی هاورێیەکی (کەریم مەروە)وە ئاشنا دەبێت بە کۆچکردوو دکتۆر (حوسین مەروە)ی نووسەر و هەڵسوڕاوی کۆمۆنیست. سەبارەت بە یەکەم دیداریان دەکروب دەڵێت ( لەڕۆژێک لە ڕۆژەکانی ساڵی ١٩٤٩ لەنێو دوکانێکی بچووک و کۆندا بووم کە پڕ بوو لە تەنەکە و قووتوو و پەرەمێز، سەرقاڵی چاککردنی مەسینەیەکی شکاو بووم و لەبەر خۆمەوە منگەمنگم بوو و لەناکاو پیاوێک ڕاستەوخۆ لەبەردەممدا قیت بووەوە، جەستەی لاواز و ڕووخساری تەنک و دوو لێوی ئەستوورەوە ، زەردەخەنەیەکی دۆستانەی کرد و وتی : سڵاو محەمەد، من حوسێن مەروەم. بە پەشێوییەکەوە وەستام، دەستەکانم نەوتی سپی و ژەنگ و ئەمۆنیاییان پێوەبوو. دەستم بۆی درێژ کرد، لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ و تا کۆتایی ژیانمان، دەستمان لەناو دەستی یەکتردایە.) دوای ئەوە محەممەد دەکروب لە بەیروت لەلای بازرگانێکی کاغەز دەست بەکارکردن دەکات و لەم قۆناغەدا حوسێن مەروە چەندین کتێب و ئەدەبییاتی مارکسیستی پێدەدات و لەم کتێبانەوە فەرهەنگی ئیستاتیکی و پێشکەوتنخوازانە و شۆڕشگێڕانەی پابەند بە مرۆڤایەتی فێربووە و بە گوێگرتن لە گفتوگۆکانی حوسێن مەروەش سەبارەت بە حیزب، ڕێگەی خۆی بۆ ناو حزبی شیوعی لوبنانی دۆزیوەتەوە. پاشان لە گۆڤاری (الثقافة الوطنیة) دا کاری کردووە، کە کۆمەڵێک لە نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووسی پێشکەوتنخوازی لە دەوری خۆی کۆکردەوە و هەورەها سەکۆیەک بوو بۆ بیرکردنەوەی پێشکەوتنخوازی مرۆڤایەتی دژ بە کۆلۆنیالیزم و کۆنەپەرستی و هەروەها شەڕی ئەدەبی و فیکری و شارستانییانەی لە دژی کلتووری بۆرژوازی کۆنەپەرستانە و شۆڤێنیستی دژ بە هەموو شتێکی مرۆڤدۆستانە و جوان، بەرپا کردووە.
دەکروب ژیانی ئەدەبیی خۆی بە نووسینی پەخشانی ئەدەبیی و کورتەچیرۆک دەستپێکرد، کە تیایدا واقیعی گوندە خامۆشەکەی و خەمی ڕۆژانەی مرۆڤە سادەکان و ئازارەکانی هەژاران و ستەملێکراوانی سەر هەسارەکەمان تیا وێنا دەکرد. یەکەمین بەرهەمی هونەری خۆی لە گۆڤاری (الطریق)ی لوبنانی، زمانحاڵی حزبی شیوعی و هەموو نیشتمانپەروەر و پێشکەوتنخوازان، کە دواتر خۆی بووە سەرنووسەری، لە ژێر ناوی (پێنج قروش) دا بڵاوکردەوە. لە تەمەنی گەنجیدا، لە ساڵی ١٩٥٤دا کۆمەڵە چیرۆکێکی خۆی بە ناوی (الشارع الطویل) و لە ساڵی ١٩٨٠ کتێبێکی تری بە ناوی ( الآدب الجدید و الثورة) بڵاوکردەوە، کە کۆمەڵە وتار و لێکۆڵینەوە و باس و نووسینی ڕەخنەییە، کە دەرئەنجامی ئەزموونی ڕۆژانەی شەڕە فیکرییەکان و مشتومڕەکانی پەیوەست بە ململانێ کۆمەڵایەتی و سیاسییە گشتییەکان بوو کە هەڵگری لایەنی مێژووی ململانێی ئایدیۆلۆژین لە بزووتنەوەی فەرهەنگی و ئەدەبیدا کە ناوەندە فیکرییەکانی عەرەب لە دەیەی شەستەکان و حەفتاکاندا بەشێوەیەکی تایبەت ئەزموونیان کردبوو و لە گۆڤاری (الطریق)دا بڵاوی کردبوونەوە. دەکروب لەو کتێبە خوێندنەوەی بۆ هەندێک دەق سەبارەت بە ئەدەب و هونەر و ڕەخنە کردووە و لەژێر تیشکی جوانیناسی مارکسیستیدا ڕۆشنکردنەوە و شیکردنەوەی ڕەخنەیی بۆ بەرهەمە هونەرییەکان و گفتوگۆی کێشەکانی داهێنانی ئینسانیی، ئەنجام دابوو.

سەبارەت بە هۆکاری کۆکردنەوەی ئەو نووسینانە و بڵاوکردنەوەیان لە کتێبێکدا، محەمەد دەکروب دەڵێت (هۆکاری تایبەت خواستی ڕزگاربوون بوو لەم قۆناغە بۆ چوونە ناو هەوڵی ڕەخنەیی نوێ، دەبێت ئەوەش بگوترێ کە لە نێو ئەو هاندەرە گشتییانەی کە هۆکار بوون، هەڵبژاردنی ئەم نووسینە تایبەتانە، کە هەندێکیان مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی دەیەی حەفتاکان بریتییە لە خستنەبەرچاوی لایەنێک لە لایەنەکانی ئەزموونی بزووتنەوەی ڕەخنەگرانە کە کتێبەکە، سەر بە بیری پێشکەوتنخوازانەی مارکسیستییە، لەبەردەم ژمارەیەک لە ڕەخنەگری گەنجی عەرەبی، کە بەمشێوە یان بەوشێوە سەر بە خودی بزووتنەوەکەن و بە هەڵەشەیی و مەیلی چەپرەوانەی خۆیانەوە لە دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا کەوتنە ناو بزووتنەوەی ڕەخنەی پێشکەوتنخوازانەوە {پۆلێنبەندی سیاسی و چینایەتی چارەنووسساز و بێئەملاوئەولای داهێنان و کاری داهێنەران و هەندێکجار ڕازی بوون بە ڕوئیای ناوەڕۆکی سیاسی کارە هونەرییەکان بە شێوەیەک کە سروشتی هونەر وەک هونەر لە پلەی یەکەمدا تەمومژاوی بکات} لە کاتێکدا هونەری ئەم سەردەمە لە توێژینەوە ڕەخنەییە بابەتییە وەرگێڕدراوەکاندا، هەمەجۆربوونی ڕێگاکانی لێکۆلێنەوە و بەردەستبوون و وەرگێڕانی جۆراوجۆری شێوازەکانی توێژینەوەی نووسینە کلاسیکییە مارکسیستەکان بۆ سەر زمانی عەرەبی بە بابەتە تایبەتەکانی ئەدەب و هونەریشەوە، هەموو ئەمانە بوار بە ڕەخنەگران دەدەن گەنجانەکان (وەک چۆن ڕێگەی بە ڕەخنەگرانی نوێی دیکە داوە) نەک تەنها قۆناغی پەنجاکان بە دەستکەوت و هەڵەکانییەوە تێپەڕێنن، بەڵکو بتوانن لێکۆڵینەوەی سیستماتیکی ئەم ئەزموونە ڕەخنەییەش ئەنجام بدەن و ڕەخنەی لێ بگرن و ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە دڵی مارکسیزمەوە بەرنە ئاستێکی بەرزتر تا هەندێک لە نووسەرانی پێشکەوتنخواز لە دەیەی هەشتاکان هەمان بیرۆکە و هەمان پۆلێنکردن و هەمان حوکمەکانی کاتگۆریی دووبارە نەکەنەوە کە بە هەڵەی منداڵانەی بزووتنەوەی ڕەخنەگرانەی پێشکەوتنخوازی دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا دادەنران.)
محمد دەکروب کۆمەڵێک کتێب و دەستکەوت و بەرهەمی ڕەخنەیی و لێکۆڵینەوە و مێژوویی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە، کە گرنگترینیان بریتین لە : (شخصيات و أدوار في الثقافة العربية الحديثة)، (وجوه لا تموت في الثقافة العربية الحديثة)، (على هامش سيرة طه حسين) ئەمە جگە لە کتێبە بەناوبانگەکەی( جذور السنديانة الحمراء) کە مێژووی بزووتنەوەی مارکسیزم لە بنیاتنان و سەرهەڵدانی حزبی شیوعی لوبنان، کە خۆی یەکێک بوو لە ئەندامە دڵسۆزەکانی بۆ بنەما و ڕێگا و قەناعەتەکانی ئەو حیزبە، لەخۆگرتبوو. محەممەد دەکروب، ڕەخنەگری ناوازە و ڕۆشنبیری بێهاوتا لە ژیان و بیرکردنەوە و بەخشینەکەیدا، بە بێدەنگی و بە هێمنی و دوور لە هاژوهوژ وەک بلیمەتەکانی تری دنیای فکر و مرۆڤە بە پڕەنسیپییەکان، دووچاری هەژاری و دەستەنگیی بوو و قوربانی بە ڕۆح و ژیانی خۆیدا لە پێناو خەڵک و نیشتمان و کۆمەڵگە و داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو زەحمەتکێش و چەوساوەکان.
ماڵئاوا، سەربەرزم پێت ئەی ئاخرین کۆمۆنیست، ئەی ڕەگی بەڕووە سوورە وەستاو و ڕەگ داکوتاوەکە، بەڵێن دەدەین کە وەفادار بمێنینەوە بۆ ڕێگا و بیروباوەڕی ڕۆژنامەی (الطریق) و تۆش بەوپەڕی بەهێزییەوە لە نێو ئێمە و فەرهەنگی داهێنەرانەی نوێگەری و بیری عەرەبی هاوچەرخمان، ئامادە و زیندوو دەمێنیتەوە.

———————–

سەرچاوەکان : موقع رابطة الادباء الشام تعني بقضایا الآدب و الآنسان محمد دکروب وداعا ایها الشیوعي الآخیر..! بقلم شاکر فرید حسن ٢ تشرین الثاني ٢٠١٣. https://www.odabasham.net
موقع سودارس، محمد دکروب، وداعا ایها الشیوعي الآخیر..! بقلم شاکر فرید حسن ٢٩ تشرین الثاني ٢٠١٣.
https://www.sudaress.com/hurriyat/130903




زۆربای یۆنانی.. شەماڵ بارەوانی

ڕۆمانی (زۆربا) بە یەکێک لە شاکارە هەرە مەزن و بە نرخەکانی فەیلەسووف و گەورەنووسەری یۆنانی(نیکۆس کازانتزاکیس-١٨٨٣-١٩٥٧) دادەنرێت له جیهانی ئەدەب و وێژەدا. چاپی یەکەمی ئەم شاکارە جیهانییە مەزنە لە ساڵی ١٩٤٦ بڵاوبووەوە. ئەو ڕۆمانەی کاریگەری و دەنگدانەوەی تەنها لە بواری ئەدەبدا جێنەهێشت، بەڵکو خۆی خزاندە نێو دنیای فیلم و سینەما و جیهانی مۆسیقاشەوە. زۆربا باس لە پارادۆکس و دژبەری دوو تێڕوانین و کەسایەتی جیاواز دەکات. دوو هاوڕێ، یەکەمیان(باسێل) کە نازناوی(سەرۆکە)، نموونەی زانین و بەهابەرزی و ئایکۆنی ڕەوشت و جوانییه.
ئەوەیتر(زۆربا،) پیاوێکی نەخوێندەوار و نموونەی کەسێکی یاخی و ئازاد لە هەموو کۆتوبەندێک. هەردووکیان نوێنەری دوو ئاڕاستەی ئەنت و دوو جیهانی جیاواز و دوو جەمسەری زۆر دژ بە یەکن. لەگەڵ ئەو جیاوازییەشدا، خۆشەویستییەکی قووڵ و ڕایەڵە و هاوڕێیەتییەکی زۆر بەهێز و پتە و لە نێوانیاندا هەیە و پێکەوەیان دەبەستێتەوە. باسێلی هاوڕێی لەو ڕۆمانەدا لە وەسفی زۆربادا دەڵێ: ( زۆربا ئەو مرۆڤەی زۆر لە مێژە بە دوایدا دەگەڕام و نەمدەدۆزییەوە، ئەو دڵێکی هەیە، ژیانی لێ هەڵدەقووڵێت، خاوەنی کەسایەتییەکی زۆر سادەیە مرۆڤێکی گەلێک مەزنە.) چیرۆکی ڕۆمانی (زۆربا) باس له گەنجێکی تەمەن سی و پێنج ساڵی دەوڵەمەند و ڕۆشنبیر دەکات بە ناوی(باسێل.)
گەنجێک، سامانێکی زۆری بە میرات لە باوکییەوە بۆ بە جێماوە و دەیەوێ بەو سامانە لە پڕۆژەیەکدا وەبەرهێنان بکات. باسێل گەنجێکی شارستانی و پڕ لە حیکمەت و فەلسەفەیە. گەنجێکی ئاوێتە لە دوو کولتوور. گەنجێک، نیوەی ئەمریکی و نیوەکەی تری یۆنانی. گەنجێک، لە ناو پەڕتووکخانەدا پێگەیشتووە و پەروەردە بووە و لەنێو دووتوێی پەڕەی کتێبەکان لە دایکبووە. لەگەڵ کەسێکی تری نەخوێندەوار و پیرەمێردەکی بە ساڵداچووی تەمەن شەست ساڵ بە ناوی(ماسیدۆنی ئەلێکسیس زۆربا.) کەسایەتییەک، عاشقی کار و سروشت و ژن. کەسێک، گاڵتەی بە خوێندن و خوێندنەوە دێت. ئەو، لە هەموو تەمەنیدا یەک دێڕی نەخوێندووەتەوە و بە توانج بە باسێل دەڵێت( تف بکە ڕووی پەرتووکەکانت، هەموو شتێکی بوون لە پەرتووکەکانتدا نین و باس نەکراون.) زۆربا، کەسێکی سادە و نەخوێندەوار و ناڕۆشنبیرە. هەڵبەت بەو پێوەر و تێگەیشتنە کلاسیکی و تەقلیدییەی بۆ ڕۆشنبیری کراوە و دەکرێت. تاقە قوتابخانەی زۆربا، ژیانە.
زۆربا مرۆڤێکە لە ڕێگای تاقیکردنەوە و ئەزموونەکانی ژیانەوە زۆر فەلسەفە و حیکمەت فێر بووە و هەر بە ڕاستی ئەو لێزان و حەکیم و پسپۆڕە لە واتای ژیان. زۆربا بەشداری لە جەنگ و شۆڕشەکان کردووە، هەموو پارادۆکسەکانی ژیانی ئەزموون کردووە، خۆشیی و ناخۆشیی، ئارامیی و نائارامیی، ترس و ناسۆری و زۆر لە تاڵی و ناشیرینییەکانی ژیانی چەشتووە. ئەو کەسایەتییەکە، نە فریشتەیە و نە ئەهریمەنە. مرۆڤێکە، خۆشەویستی دەکات، تووڕه دەبێت، ڕاستگۆیە و هەندەک جار درۆش دەکات، هەوڵ دەدات، شکست دەخوات، پەیوەندی لەگەڵ ژن دەبەستێت، نیشتیمانەکەی خۆی خۆش دەوێت. کارەکتەرێکە ئازار و خەمەکان سل بەو ناکەنەوە لە ژیان. ئەو ژیانی بە هەموو جۆرەکانییەوە خۆش دەوێت. ئەو دایمە بە دڵخۆشی دەژیت. مرۆڤێکە پڕە لە ئێنەرژی و لێوانلێوە لە ئومێد و هێزی ژیانی لێ دەچۆڕێت. زۆربا بە سەمایەک کە پێی دەڵێن(سەمای زۆربا) ڕووبەڕووی ئازار و نەهامەتی و خەمەکانی ژیان دەبێتەوە. ئەو هێندە بە گەرمی ڕۆدەچێتە سەماکە، وا هەست دەکات تەواوی گەردوون و هەموو مرۆڤایەتی لەگەڵیدا کەوتوونەتە سەما. سەختییەکانی ژیان و خەمەکان لای ئەو بەهایەکیان نییە و ناتوانن کاریگەری لەو بکەن. گرنگ ئەوەیه ئەو زیندووە یان مردوو. زۆربا مرۆڤێکە، تەژییە لە سەرکێشی و شێتی و هیچ شتێک ئەو ناترسێنێ، جگە لە پیری. ڕاستە ئەو خوێندەواری نییە، وەلێ لە ڕاستیدا ئەو فەیلەسووف و حەکیمە و پڕە لە فەلسەفە و حیکمەت. زۆربا و سەرۆک لە کەناری یەکێک لە ڕووبارەکانی شاری(گریت) لە یۆنان بە ڕێکەوت یەکتری دەبینن.

سواری کەشتییەک دەبن بە مەبەستی چوون بۆ دوورگەی (گریک)
گەشتێکی پلاتۆیی(ئەفلاتۆنی) لە نێوان فەیلەسووف و خوێندەوارێکی گەنج، لەگەڵ دەریاوانێکی نەخوێندەوار و پیر.
ئەو گەشتەی کۆمەڵێک چیڕۆکی سەیری ژیانی تێدا ڕوو دەدات و چەندین نهێنی و نەزانراو و فەلسەفەی بوون لە میانیدا ئاشکرا دەبن. وەک سەردانیکردنی ئەو دێرە گۆشەگیر و دوورەپەرێزەی قەدپاڵی چیاکە. ئەو پەیوەندییە تەمومژاوی و نامۆیەی زۆربا و پۆپۆلینای بەساڵداچوو. پەیوەندییە سەیر و ڕەق و نامرۆڤانەکەی خەڵکی دێیەکە لەگەڵ ژنە بێوەژنەکە(هۆرانتس.) لەنێو کەشتی گەشتکردنەکەدا زۆربا و سەرۆک ڕێککەوتنێک دەکەن بۆ کارکردن پێکەوە. زۆربا لەگەڵ باسێل و لە ژێر فرمانەکانیدا له کارگەیەکی خەڵووزدەرهێناندا کار دەکات. زۆربا کاتی ڕێککەوتنەکە بە سەرۆک دەڵێ”من تەنها کاتی کارکردن کرێکاری تۆم و لە ژێر فرمانەکانی تۆ دام، دوای ئەوە من کەسێکی ئازادم لە ژیانی خۆمدا.” لەو شاکارەی زۆربادا لە پاڵ هەردووک پاڵەوانی سەرەکی( زۆربا-سەرۆک) نووسەر باس لە کۆمەڵێک کارەکتەری تری لاوەکیش دەکات کە ڕۆڵ دەبینن له چیرۆکەکانی ڕۆمانەکە. لە نموونەی کەسایەتی بێوەژن(هۆرانتس) و مافراندۆنی پیرەمێرد، مومیکۆ، کاپتنی کەشتییەکە و کۆمەڵێک کەسی تر. ڕووداوەکان پەرەدەسەنن لە زۆربادا بە بەردبارانکردنی خاتوو هۆرانتسی بێوەژن، لە لایەن هەموو دانیشتووانی دێیەکە. ئەو ژنەی هیچ کەسێک بەرگری لێ ناکات جگە لە زۆربا نەبێت، فریای دەکەوێت. زۆربا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و هۆرانتس لەناو ئازار و بەردبارانکردن و لێدان لە ژێر دەستیان دەردێنێت. بە هۆکاری ئەوەی گەنجێک لە پێناو خۆشەویستییەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە، دەیانەوێت لە تۆڵەی ئەو گەنجە بیکوژن. دواتر کوشتنی هۆرانتسی بێوەژن لە لایەن مافراندۆنی باوکی گەنجە خۆکوژەکە کە بە چەقۆ پەلاماری دەدات و خەڵتانی خوێن دەکرێت و سەری لە لاشەی جیا دەکاتەوە.
ئەو بێوەژنەی هەموو پیاوەکانی دێ مۆڕەیان لێ گرتبوو و چاویان تێ بڕیبوو و تەماحیان تێکردبوو. ئینجا ڕۆمانەکە باس لە چیرۆکی ژنێکی تری بەساڵداچوو دەکات بە ناوی (پۆپۆلینا) کە بە تەنها دەژیت. پۆپۆلینا پێشووتر و سەردەمی جوانی و گەنجێتی، دۆستی ژەنەڕاڵەکان بوو و پەیوەندی سێکسی لەگەڵ دەبەستن. هەرچی ئاوی ژیان و تامی گەنجێتی ئەو بوو، هەموویان مژی.
کە چووە تەمەنیشەوە، ئیتر هەمووان جێیانهێشت و پشتیان تێکرد. ئەو میوانخانەیەکی بچووک لە دێیەکە دەکاتەوە تا بتوانێت لە ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات. پاشان لەگەڵ زۆربا دەکەونە داوی خۆشەویستی یەکترییەوە و دواتر دەمرێت و خەڵکی دێ ماڵەکەی هەموو دەبەن، جگە لەو قەرەوێڵەیەی کە لەسەری ڕاکشاوە بە مردوێتی، لەگەڵ بولبولەکەی ناو قەفەس نەبێت، ئەویش دواتر زۆربا وەک تاقە یادگاری پۆپۆلینا لەگەڵ خۆی دەیبات. زۆربا بە گواستنەوەی دار لە دارستانەوە، بۆ سەر لوتکەی چیا کار دەکات لە پێناو بەدیهێنانی خەونەکەی. وەلێ هەموو هەوڵەکانی زۆربا بۆ دروستکردنی پردێک لە نێوان کەناری دەریاکە و چیاکە، تا لە ڕێگایەوە ڕەژوو لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر بگوازێتەوە، شکست دێنێت. پاشان سەرۆکی هاوڕێی هەموو سامانەکەی دەخاتە نێو دەستی زۆربا، تا بڕوات هەموو پێداویستییەک و کەرەستەی پێویست بۆ کارەکەی بکڕێت. زۆربا دەڕواتە شار و ڕێکەوتی باڕێک دەکات. لەو باڕەدا ژنەگۆرانیبێژێکی بە تەمەن بچووک کە لەوێ کار دەکات، دەناسێت. ژنەکە دەرفەت دەقۆزێتەوە و پەیوەندی لەگەڵ زۆربا دەبەستێت و هیچ پارەیەکی پێ ناهێڵێت و هەمووی لە جوانیی خۆی و ڕابواردن و خواردنەوە و چێژی باڕ پێ سەرف دەکات. زۆربا دواتر نامەیەک بۆ سەرۆکی هاوڕێی دەنێرێت و چیرۆکی خۆشەویستی خۆی و ئەو ژنەگۆرانیبێژە و بابەتی نەمانی ئەو پارەیەی کە پێیداوە بۆ باس دەکات. چیرۆکی ڕووداوەکانی زۆربا بەردەوام دەبێت و دواتر زۆربا لەو ژنە جیادەبێتەوە و بۆ جاری سێیەم ژیانی هاوسەرگیری پێک دێنێت و ئینجا دەچێتە تەمەنەوە و نیشانەکانی پیری لەسەر جەستەی ژیانی هێدی هێدی بەدەردەکەون و چرچ و لۆچەکانی بەساڵداچوون لە سەر ڕووخساری شوێنپەنجەی خۆیان جێ دێڵن و نەخشی پیری دەکێشن. زۆربا و سەرۆکی هاوڕێی هیچ سامانێکیان بۆ نامێنێتەوە و بەو چەشنە بە سەما کۆتایی بە چیرۆکەکە دێت و پەڕەی ڕووداوەکانی ڕوومانەکە دادەخرێت. خوێنەر لە کۆتایی ڕۆمانی زۆربادا هیچ شتێک بەدەست ناهێنێت، جگە لە ورە و هێزی ئومێد و خۆڕاگریی و خۆشەویستیی مرۆڤ و ژیان نەبێت. لە ڕۆمانی زۆربادا، زۆر حیکمەت و فەلسەفە و پەند و شت فێر دەبین و کەسایەتی زۆربا وامان لێ دەکات بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشداری لە ژیان بکەین و لە جیهان و بوون بڕوانین. زۆربا کاریگەرییەکی گەورە و بێ وێنە لە سەرت جێ دێڵێت و دەتباتە جیهانێکی جیاواز. زۆربا ڕۆمانێکە پڕ لە ڕامانی قووڵ و حیکمەتی ژیان. ڕۆمانێک، هەڵگری کۆمەڵێک فەلسەفەی بەرز و حیکمەتی بێ وێنە و جوان. زۆربا هەموو قورساییەکانی ژیان سادە دەکاتەوە و بە هێزی خەندە و بە سەما، شەپۆلی فرمێسکی ئازارەکانی دەریای بوون ڕادەماڵێت. زۆربا گەشتێکی فەلسەفییە لە گۆشەنیگایەکی ترەوە بۆ قووڵایی ژیان و وجوود. گەشتێک، پڕ لە تێڕامان و پرسیار و ئەزموون و پەند و حیکمەت. زۆربا پێت دەڵێت”جوانییەک دڵی نەبوو و هەستی بە ئازاری مرۆڤایەتی نەکرد، با بڕواتە دۆزەخ.” زۆربا هەوڵدانێکە بۆ تێگەیشتن لە ژیان، بە ڕێگایەکی سادە و لە هەمان کاتدا پڕ لە تێڕامان و فەلسەفە و بیرکردنەوەی قووڵ. زۆربا ڕۆمانێکە، فێری فەلسەفەمان دەکات، بەڵام بە شێوازێکی تر. زۆربا پێمان دەڵێت ژیانتان بە هەموو ناخۆشییەکانەوە خۆش بوێت و فرۆغ ئاسا ژیان بە هەموو ناشرینییەکانییەوە با لاتان شیرین بێت. ئێمەی مرۆڤ لەم سەردەمەدا چەندە پێویستمان بە هەنگاونان و ڕۆیشتنە بەو ڕێگایەی زۆربا. ڕێگایەک، پڕ لە خۆشەویستی و مرۆڤبوون، پڕ لە ئومێد و خۆڕاگری و سادەیی، پڕ لە تێڕامان و جوانی.

ڕێگایەک، دڵێکی گەورە و هەستێکی بەرز دەوری داوە و
سەما دایپۆشیوە و بە فەرشی عیشق تەنراوە. زۆربا سەر بە هیچ قوتابخانەیەکی فیکری و فەلسەفی نەبوو، لەو قوتابخانە فیکری و فەلسەفییانەی لەناو پەرتووکەکاندا هەن. ئەو مرۆڤێکی سادەیە و خاوەنی کومەڵێک تێگەیشتنە لە بارەی ژیان و گەردوون و سروشت و میتافزیکا و مرۆڤ و بوون کە تەنها لە ئەزموونی تایبەتی خۆیەوە فێریان بووە. لە ڕوانگەی زۆرباوە، بەختەوەری لەو هۆشیاری و فەلسەفە و زانستانەدا نییە کە فەلسەفە و زانست پێشکێشی ژیانی دەکەن، بەڵکو لەو زانیارییەدایە کە لە ڕێگەی ئەزموون و دڵەوە پێیان دەگەین. ئەو جیهانبینییەی زۆربا، مانای وا نییە ئەقڵ بە تەواوی ڕەت بکاتەوە و پشتگوێی دەخات. نەخێر، بەڵکو ئەو ڕەخنەی ئەقڵێکی ڕووت و پەتی و وشکی میکانیکی بێ ڕۆح دەکات. زۆربا بانگەوازێکە بۆ ئەزموونکردن و خۆشەویستی. خۆشەویستی خۆمان و هەموو ئەوانەیتر. خۆشەویستی وڵات و هاونیشتیمانییان. خۆشەویستی هەموو مرۆڤایەتی. زۆربا دەنگی ویژدان و هێزی ناوەکی مرۆڤە. زۆربا بانگەوازێکە بۆ بیرکردنەوە بە جەستە و دڵ و ئەقڵ، بیرکردنەوەیەکی گشتگیر. بانگەوازێکە بۆ ژیانکردن بە جۆرێکی تری جیا لەوەی ئێستا. زۆربا داوامان لێ دەکات لە بری زاراوەی ڕق، زمانی ئیشق و سەما بکەین بە زمانێکی جیهانی نێوان مرۆڤەکان. زۆربا تا هەرمان(ئەبەد) بە نەمری و وەکو ئایکۆنێکی بەرز و بێ وێنە و شاکارێکی مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە. ئایکۆنێک، لە هەموو زەمان و شوێنێکدا و لە نێوان هەموو کەسێکدا ڕۆحی خۆشەویستی بڵاو دەکاتەوە و بەهای مرۆڤایەتی فێری مرۆڤەکان دەکات و جوانیی لە ژیاندا جێگیر دەکات.
زۆربا مرۆڤێکە، پڕە لە هەست و بەها و سادەیی و جوانیی. مرۆڤێکە، خاوەنی دڵێکی گەورەیە و نایەوێت سووکترین و بچووکترین ئازار بە هیچ کەسێک بگەیەنێت و هەستی کەس بریندار بکات. ئەو بیر لە ڕابردوو ناکاتەوە و داهاتوویش لای ئەو گرنگ نییە. تاقە شتێک لە سەنتەری بیرکردنەوەی ئەودا، ئەو پارووە نانەیە ئێستا دەیخوات و ئەو ژنەیە کە پەیوەندی لەگەڵ دەبەستێت و ئەو خۆشەویستییەیە، پێشکێش به مرۆڤایەتی دەکات. ئەو ئازادیی و ژیانی خۆی بە هیچ شتێکەوە نابەستێتەوە. لەگەڵ زۆربا هاوڕا یان دژ بیت، ئەوە هیچ لە کەسایەتی و گەورەیی ئەو کاراکتەرە جیاواز و مرۆڤدۆست و گەورەیه کەم ناکاتەوە. زۆربا کەسایەتییەکە، هەندێک بە نەزان و هەندێک بە شێت و هەندێک بە پیاوی جنس و سوارچاکی باوەشی ژن و ڕابواردنی دەزانن. چونکە لە تێڕوانینی ئەواندا، زۆربا هیچ نییە جگە لە کاراکتەرێک کە هەموو فەلسەفەی ژیانی لە کار و شەراب و نان و ژن کورت کردووەتەوە. بەشێکی تریش بە حەکیم و فەیلەسووف و دانا پێناسەی دەکەن. زۆربا لە یەک کاتدا هەموو ئەوانەیە کە باسمان کرد. کارەکتەری زۆربا سنوورەکانی کات و زەمان و زمان دەبڕێت. زۆربا کاتێک ناتوانێ بە زمان گوزارشت لە هزر و هەستی خۆی بکات و سەرۆکی هاوڕێی تێبگەیەنێت لە یەکێک لەو دایەلۆکانەی نێوانیان، پێی دەڵێت”سەمات بۆ دەکەم.” زۆربا بەو سەمایه دەیەوێت سنوورەکانی زمان تێک بشکێنێت و بە زمانی جەستە و زمانی سەما، مرۆڤەکان تێبگەیەنێت. زۆربا دەیەوێت لە جیهاندا دنیایەکی نموونەیی بەرز و تاکێکی ژیاندۆست دروست بێت. تاکێک، سنوورەکانی ئایدۆلۆژیا و دین و نەتەوە و ڕەگەز ببڕێت و هەموو جیاوازییەکان بسڕێتەوە و تەنها بڵێت”من مرۆڤم.” نووسەر لە ڕێگای زۆرباوە هەموو ئەو بیروبۆچوون و فەلسەفەی خۆی کە پێشووتر زەمینەی بۆ نەڕەخساوە و زرووفێک بۆی نەگونجاوە تا دەریان ببڕێت و باسیان بکات، هەمووی دەخاتە ناو شاکارە مەزنەکەی زۆربا و لە دوورگەی گریک و لەو شوێنەی کە بە کۆمەڵێک تابووی فیکری و تەقلیدی و تێگەیشتنی ناشیرین لە بارەی ژن و ژیان و مرۆڤەوە دەوردراوە، بڵاو دەکاتەوە و هەموو کۆتوبەندەکان تێکوپێک دەشکێنێت. زۆربا ڕەخنەگرتنە لەو تێڕوانینە پاتریارک و نێرسالار و نامرۆڤانەیەی لە کومەڵگە پیاوگەرا و تەقلیدییەکان کە ژن تەنها وەک کائینێکی بێ دەسەڵات و بووکەڵەی دەستی ئارەزووەکانی نێرینە و موڵکی پیاو دەبینێت. ئەو تێڕوانینە سەقەت و داخراوەی وێنەی ژن تەنها لە جەستەیەکی ڕووتدا دەبینێت. بە تایبەتی کۆمەڵی گریکی ئەوسا و ئەو تێڕوانینە وشک و نێگەتیڤ و دڵڕەقییەی تاکی گریکی لە بەرانبەر ژن و بە تایبەتی ژنە بێوەژن(هۆرانتس) کە بە کوشتنی کۆتایی هات. کوشتنێکی تراژیدی و نامرۆڤانە. لە زۆربادا کازانتزاکیس بە فەلسەفە تایبەتییەکەی خۆی، مشتومڕی کۆمەڵێک پرسی ئەزەلی تایبەت بە ژیان و مرۆڤ و بوون و عەدەم دەکات. وەک: بۆچی دەمرین؟ بۆچی دەژین؟ دوای مردن ئێمە بۆ کوێ دەڕۆین؟ ئێمە لە کوێوە هاتووین؟ بۆچی خەمبار دەبین؟ بۆچی دڵخۆش دەبین؟
ئایه ژیان ئەوە دەهێنێت کە لە پێناویدا بجەنگین؟ وەڵامی هەموو ئەو پرسە فەلسەفییانەیش له ڕێگای کارەکتەره نەخوێندەوار و سادەکەی زۆرباوە دەداتەوە و پێمان دەڵێت: تا دەتوانیت چێژ لە ژیان بەرە و بەختەوەر و دوور لە خەم بژی و دەرفەت مەدە هیچ خۆشییەک لەدەست بدەیت و ڕووبەڕووی ژیان بەرەوە و لەگەڵ نەهامەتیی و ناخۆشیی و ئازارەکانی بوون بجەنگە و هەرگیز لێنەگەڕێیت چۆکت پێدابدەن و لە هەوڵدان نەکەویت و شکست نەخۆیت لە بەرانبەر ناڕەحەتییەکان. ئەوەی تر لە کوێ هاتووین و بۆ کوێ دەچین، هەمووی بهاوێژە دۆزەخ و کونجی لەبیرچوونەوە و پەراوێزی فەرامۆشی و هیچ گرنگییەکیان پێ مەدە و ئیتر ژیان بکە، ژیان. هەروەها زۆربا باسکردنە لە ئافاتەکانی ئەقڵی بەشەریی، ئەقڵێکی میکانیکی ڕووت. ئەقڵێک، بەردەوام لە بیرکردنەوە و دڵەڕاوکێ و تەڕەددوددا دەژیت. ئەو ئەقڵەپەتییەی ژیان لە سایەیدا هیچ واتایەکی بۆ نامێنێتەوە. نووسەر ئەو جۆرە ئەقڵ و ئەقڵییەتە لە کارەکتەر و کەسایەتی سەرۆک و هەڵوێست و بیرکردنەوەکانیدا لەو ڕۆمانەدا بەرجەستە کردووە، لە بەرامبەر ئەقڵی کارەکتەری زۆربا، ئەقڵێکی سادە کە سەرچاوەی بڕیارەکانی تەنها ئیلهامی دڵێکی پاک و ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی ژیانن.
ئەقڵێک، بێ هیچ گرێیەکی قورس و تەفسیرێکی فەلسەفیی تەمومژاویی و ناڕوون و بێ هیچ بیرکردنەوەیەکی قووڵ، لەوپەڕی سادەییدا بڕیار دەدات و هەڵوێست وەردەگرێت. هەروەها زۆربا ڕەخنەیه لە سیستەم و ئەقڵییەتی سەرمایەداری. ئەو ئەقڵییەت و سیستەمە سەرمایەدارییەی کە تەنها لە ڕەهەندێکەوە مرۆڤ دەبینێت و مرۆڤی تاکڕەهەند دروست دەکات. لە کاتێکدا مرۆڤ لە کۆمەڵێک ڕەهەندی جیاواز پێک هاتووە. مرۆڤ بیردەکاتەوە و خۆشەویستی دەکات و ڕق دەیگرێت و سەرکەوتن بە دەست دێنێت و تووشی شکستیش دەبێت. لایەکی تری زۆربا ڕەخنەگرتنە لە چەپەکان و شۆڕشی شیوعییەکان و سیستەمی حوکمڕانییان.
لە ڕێگەی نموونەی ئەو دێیە بچووکەی کە خاتوو (پۆپۆلینا) تێیدا دەژیت. لە ڕێگای نموونەی دیمەنی دەوردانی ماڵەکەی(پۆپۆلینا.)
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی پۆپۆلینا، خەڵکی دێیەکە خێرا هێرش دێنن و هەموو ماڵەکەی تاڵان دەکەن. دیمەنێکە، دڵی کارەکتەری زۆربا و هەموو ئەوانەی ئەو ڕۆمانە دەخوێننەوە، دەگوشێت و ئازاریان دەدات و ناخیان دەکوڵێنێت. پۆپۆلینا هێشتا نەمردووە و لە سەرەمەرگ و دواهەناسە و کۆتا ساتەکانی ژیانیدایه. کۆمەڵەمرۆڤێک دێن و هەموو مریشکەکانی دەبەن.
زۆربا بەرجەستەکەری کەسایەتییەکی وجوودیی و بوونگەرایە.
کەسایەتییەک، جگە لە بنەماکانی مرۆڤبوون، بە هیچ شتێکی ترەوە پابەند نابێت. خۆشەویستی، ڕق، گەیشتن و دابڕان، ئومێد و ڕەشبینیی، هێمنیی و شێتیی، هەموو ئەو پارادۆکسانە لێرە و لە زۆرباکەی کازانتزاکیس دەبینیت.
ماوەتەوە بڵێم:
خوێنەری ئەم ڕۆمانە، گەر جیاوازییەکان قبووڵ نەکات و هەڵگری ڕۆحێکی گەورە و خاوەنی دڵێکی فراوان نەبێت، ئەوە هەرگیز
ناتوانێت هەڵسەنگاندنێکی جوان و بڕیارێکی شایستە بدات لەبارەی زۆرباوە.

شەماڵ بارەوانی




هاوسەنگییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناوێت.. نەوزاد بەندی

هاوسەنگیی و مامناوەندیی بوون، کارێکی قورسە و خۆماندووکردنی ئەوێت، بۆ نمونە تۆ دارعەسایەک لە هەر سەرێکییەوە بە دوای خۆتا ڕاکێشیت، زۆر ئاسانە و ئەتوانیت بە ڕاکردنیش لەگەڵ خۆتا بیبەیت، ئەوە پێی ئەووترێ تەتەروف یان پۆڵگیریی ..بەڵام ئەگەر لە ناوەڕاستی دارعەساکەدا و لە خاڵی هاوسەنگییەوە، دارعەساکە هەڵبگریت، ئەوا ئەبێ زۆر بە هێمنیی بڕۆیت و زۆر ئاگاداربیت تاکو هاوسەنگێکەی تێک نەچێ و بە ڕاست و چەپدا نەکەوێت، وەک ئەو پاڵەوانی سێرکەی کە بۆرییەکی درێژی بە دەستەوەیە و لە خاڵی هاوسەنگێکەیەوە هەڵیگرتووە و بە هێواشیی بەسەر گوریسێکدا ئەڕوات، ئەمە پێی ئەوترێ هاوسەنگیی، بە هۆیەوە پاڵەوانەکە ئەتوانێ خۆیشی هاوسەنگ بکا و بەسەر گوریسەکەدا بپەڕێتەوە .. خوایش ئاماژە بۆ شوێنکەوتووانی ئەکات: ( ئێوەمان بە کۆمەڵگایەکی مامناوەند دروست کرد ).
لە ڕاستیدا ئەو ووڵاتانەی هاوسەنگیی ئاینیی و سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییان ڕاگرتووە، بوون بە کۆمەڵگای ڕەسەن و پێشکەوتوو، توانیویانە یاسا و ژیان و گوزەران بۆ تاک بە تاکیان دابین بکەن، ئەوەیش عەقڵ و سەروەریی یاسا و کارکردنی ووردی ئەوێ.
بەڵام لە کۆمەڵگا پۆڵگیرەکاندا، عەقڵ و یاسا پەڕاوێز ئەخرێن، کۆمەڵگا پارچە پارچە ئەبێت، چەند خێزانێکی دەستڕۆیشتووی دەسەڵاتدار شاهانە ئەژین و کۆمەڵگا بە دوای خۆیاندا ڕائەکێشن.
شایانی ووتنە ئەوانەی سەرکردایەتی جیهانی ئەمرۆ ئەکەن، بۆ خۆیان هاوسەنگییەکی ووردیان پەیڕەو کردووە، بەڵام بۆ ووڵاتانی تر لە هەوڵی تێکدانی هاوسەنگیدان و گرنگی بە ناهاوسەنگیی و پۆڵگیریی دەدەن، هەر بۆیەی سیاسەتی وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەیان لە سەدا سەد جیاوازە.
کاتێ فەرمانڕەوایەکی هاوسەنگ و خاکیی و سادەی وەک عەبدولکەریم قاسم لە عێراقدا دروست ئەبێ، ناهێڵن لە سێ چوار ساڵ زیاتر فەرمانڕەوایی بگرێتە دەست و ئەیڕوخێنن، بەڵام دەسەڵاتێکی پۆڵگیر و خێڵ پەرست و دەمارگیری وەک سەدام حسێن زیاتر لە 35 ساڵ پشتگیریی ئەکرێت و ئەپارێزرێت. دوای ئەویش دەسەڵاتی پۆڵگیر و خێڵپەرستی شیعە و کورد بۆ ساڵەهای ساڵ و تا هەنووکەیش پشتگیریی نێودەوڵەوتییان لێدەکرێ، تا کار گەیشتۆتە بێ موچە کردن و برسیکردنی تەواوی کورد و ..وێرانبونی تەواوی پارێزگاکانی تری عێراق، لە بەرامبەردا کۆمەڵێک لە زیادە ڕەو و ملیاردێر و خۆپەرست وشەڕەنگێز هەڵتۆقیون.
یان لە ووڵاتێکی وەک میسردا، بە توندیی پشتگیریی نێودەوڵەتیی لە فەرمانڕەوا گەلێکی وەک جەمال و موبارەک و سیسی کراوە و ئەکرێ چونکە پۆڵگیر و ناهاوسەنگ و خۆپەرست و میللەتکوژ بوون ، بەڵام بە توندی دژی سادات و مورسی دەوەستنەوە چونکە وازیان لە پۆڵگیریی و دوژمنایەتیی ناوخۆ و دەرەوە هێنا و ویستیان فەرمانڕەواییەکی هاوسەنگ بێننە گۆڕێ.
کەچی کاتێ له ماڵی خۆیاندا جەنڕاڵێکی وەک نۆریێگا لە پەنەما ، چێڤارا لە کوبا، جەنڕاڵە دەمارگیرەکانی كرواتیا بە سەرۆکایەتی بیگۆڤیچ یاخی ئەبن و ئەیانەوێ هاوسەنگێکەیان لێ تێک بدەن، هێزەکانی ئێف بی ئای دارستان بە دارستان و کون بە کون دوایان دەکەون هەتا ئەیانگرن و لەناویان ئەبەن .. گرنگ نییە چێڤارا مرۆڤدست بووبێ و بیگۆڤیچ تاوانباری جەنگ، بەڵکو گرنگ ئەوەیە هاوسەنگیی سیستمی کۆمەڵگای ڕۆژئاوا نەشێوێت. لە بەرامبەردا چەندین تاقمی دەمارگیر و ناهاوسەنگی وەک قاعیدە و داعش دروست ئەکەن و هەڵیانئەدەنە ناو کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
ئەوانە بەڵگەی ئەوەن کە ئێمە ئەمڕۆ لە بەردەم شەڕی شارستانییەکانداین، شەڕێکی وورد و بەرنامە بۆ داڕێژراوە .
کاتێ شای ئێران ئەڵێت ئیتر ئێمەیش ووڵاتێکی زلهێزین و پێویستمان بە پاشکۆیەتیی ئەمەریکا نییە، کاتێکیش سەدام حسێن ئەڵێ ئیتر ئێمەیش زلهێزین و خاوەنی چەکی ئەتۆمیین، ئەم دوو ئاماژەیە واتای ئازادی نیشتمانیی و هاوسەنگیی یاسایی و دەستووریی دەگەیەنێت کە لای زلهێزەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا جێگای قبوڵکردن نییە، هەر بۆیە ئەو دوو ووتەیە بوونە هۆی لەناوچوونی هەردوو دەسەڵات.
کاتێکیش و لە دوای مۆر کردنی پەیماننامەی ئاشتی نێوان میسر و ئیسڕائیل ناسراو بە پەیماننامەی کامپ دەیڤید، باڵیۆزەکانی چەند وڵاتێکی ئەوروپیی دێنە لای ئەنوەر سادات و پێی دەڵێن ئەم پەیماننامەیە نابێ ستراتیجی فەرمانڕەوایی میسر بگۆڕێت و ئەبێ گەلانی میسر هەر بە هەژاریی و نەزانیی بهێڵرێنەوە .واتا پێویستە فەرمانڕەوایی پۆڵگیر لە میسردا هەر بەردەوام بێ و میللەت لە دۆزەخدا بێ و دەسەڵاتدارانیش لە کۆشکەکانی شەرملشەیخدا خەریکی ڕابواردن بن. سادات ئەم داوایەی باڵیۆزەکانی ئەوروپای ڕەت کردەوە، ئیتر بە جۆرێ لە جۆرەکان تیرۆریان کرد.
هەر بۆیە پێویستە بە لایەنی کەمەوە ئاگادار بین چی لە ناوچەکەمانا ئەگوزەرێت.
هێشتنەوەی ڕژێمی ئێران بەو حاڵە ناهاوسەنگیی و پۆڵگیرییە بۆ گەلانی ئێران و گەلانی ناوچەکە بۆ زیاتر لە 46 ساڵ، مانای چی دەگەیەنێت؟ لە کاتێکدا بە حیساب دوژمنی سەرسەختی ئەمریکایە .
تەماشا بکەن لە ووڵاتێکی وەک عێراقدا بە کوردستانیشەوە، سەدەیەک زیاترە چەندین شۆڕش و کۆدەتا ڕوویان دا و گەلانی عێراق چەندەها شەو و ڕۆژ ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا، کەچی دۆخی گەلانی عێراق لە ناهاوسەنگییەوە بۆ ناهاوسەنگیی زیاتر مل ئەنێت، زانا و بیریار و داناکانی قەتڵ و عام ئەکرێن، یان ڕائەکەن و سەری خۆیان هەڵئەگرن، میللەت برسی و نەزان و ئاواره ئەکرێت، ئەپێچرێت لە جەنگی بێ مانای ناوخۆیی و نێودەڵەتییەوە..برسی و تینوو و بێ خزمەتگوزاریی ئەکرێ، کۆمەڵێ دەسەڵاتداری مەزهەبی و دوژمن و دەمارگیر و خۆپەرست، تیرە پەرست، خێڵپەرست و خێزانپەرست فەرمانڕەوایی دەکەن، ئەمریکیی و ئەوروپییەکانیش بۆ دەیان ساڵ پشتگیریی و پێشوازییان لێدەکەن. کار گەیشتۆتە بێ موچەکردنی میللەت، کە ئەمە گەورەترین جینۆسایدە، چونکە تەنانەت له زیندانیشدا دەست نابرێت بۆ گوزەران و قوتی زیندانییەکان، کەچی ئەبینین دەسەڵاتدارە کۆڵۆنیالیستەکانی ئەوروپا و ئەمریکا زۆر بە ئاسایی دۆخەکە قبوڵ ئەکەن و ..پێشوازیی گەرم لەو تاوانبارانەی جەنگ ئەکەن کە میللەتی عێراقیان بردووە بە ناخی زەمیندا.
بەڵام کاتێ ووڵاتێکی وەک یۆنان ئیفلاسبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت، ئەوروپا و ئەمەریکا یارمەتیی خێرای بۆ ڕەوانە دەکەن، بۆ ئەوەی ناهاوسەنگیی نەیەتە ناو ماڵی ئەوروپاوە.
ئەم دۆخە ناهاوسەنگییەی ووڵاتانی موسوڵمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وای لە نوسەرێکی وەک عەلی شەریعەتیی کرد بڵێ : هیچ چارەسەرێکمان نییە، تەنها و تەنها ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ ڕەسەنی خۆمان، بۆ شارستانێتیی خۆمان.
ئەم گەڕانەوەیە بۆ ڕەسەن و شارستانیی، واتا وازهێنان لە ئەجندای کۆڵۆنیالیستە جیهانییەکان، چونکە ئەوان هەرچی خێر و خۆشییە بۆ خۆیانیان گەرەکە و .. هەرچی ناخۆشیی و ناتەبایی و شەڕ و برسێتیی و نەزانیشە بە باڵای میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیدا ئەبڕن.. هێمنترین و ئارامترین شاری جیهان کە ڤییەنای وڵاتای نەمسایە، تۆپی نەمساویی دروست ئەکا و ئەبێ لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بتەقێنرێن. ڤلادیمیر پۆتن وتی: زیاتر لە 68 جۆر چەکی نوێمان لە سوریادا تاقیکردەوە ..
ئەنجامەکەیشی ئەوەبوو، گەلانی سوریا بوون بە قەسابخانە و.. ئەوەیشمان لە یاد نەچێت دکتۆر عەلی شەریعەتی تیرۆرکرا ..!

نەوزاد بەندی




سەبارەت بە کارەساتی بەنزینخانەکەی هەولێر و لە پەیوەند بە کەرامەتی ناسیۆنالیستانەی کوردەوە!.. سابیر محەمەد

لە ڕۆژی ٦ /٨/ ٢٠٢٥ لە شاری هەولێر لە نزیک بازاڕی ماجدی مۆڵ کارمەندانی بەنزینخانەی شێر(SHER Oil) ، سێ کەسی بێتاوانی کوشتوە ، دوانیان گەشتیاری عەرەب زمان بوون کە یەکێکیان بە ناوی “حمودی ریاض” وە پاڵەوانی لەشجوانی عێراق بوو ، لەگەڵ هاوڕێکەی ، هەروەها کەسی سێەم کە کرێکارێکی کورد بوو وە لەو نزیکانە بوو ، هەرسێکیان بەبێ تاوان کوژران لەو کاتەدا ، بکوژ دەستبەجێ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەستی ئەگاتە چەکی کارمەندی سیکۆریتی بەنزینخانەکە و ، ئەم کارە وەحشیەی پێئەنجامداوە .
لەبارەی لێکۆڵینەوەو وردەکاری ئەم کارەساتە دڵتەزێن و نامرۆییە ، گەلێک پرسیار و ناڕۆشنی گەورەو پچوک لە خۆ ئەگرێت ، لەسەر ڕەوشی شارەزایانەی و بەردەوامبوونی لە تەقەکردندا وە سووربوونی لە سەر ئەوەی کە پێویستە سەد لەسەد دڵنیا بێت لە کوشتنیان ، هەروەها چۆن وە بە چ شێوەیەک وە چۆن لە ماوەیەکی کورتدا توانیویەتی دەستی بگاتە چەکی کۆمپانیای سیکۆریتیەکە ، هەموو ئەمانەو شتەکانی تریش جێگای پرسیار و گومانن .
مێدیای مێلیشیا کوردیەکان ئەم کێشەیە بەوە ئەبەستنەوە کە کەسی بکوژ لە ڕووی دەرونیەوە نەخۆش بووە!
مێدیا چەواشەکارە جۆر بەجۆرەکانی مێلیشیا دەسەڵاتدارەکانی کورد ، چاو پۆشی لە بوونی ڕەوتێکی کۆنەپەرستانەو کوێرانەیەی میللی ئەکەن کە لەبەرامبەر عەرب زمانەکاندا و زمانەکانی تری گەلانی ناوچەکە پیادە ئەکرێت .
دەسەڵاتی میلیشیایی کورد پشت بە ئاماری تاوانەکانی کوشتن ئەبەستێت لە وڵاتە ئیمپریالیستیە پێشکەوتوکانی جیهان وەک ئەمریکا ، بۆ پەردەپۆشکردن و ڕەوایی پێدانی تاوانی لەمجۆرە ، کە پەیوەندیان بە هزرو بۆچوونێک و پەروەدەو فێرکردنێکی ڕەگەزپەرستانەی کوێرانەی ناسیۆنالیستی ( کوردایەتی) یەوە هەیە ، لە چەشنی “ داکۆکیکردن لە کەرامەتی قەومی کوردان “ وە کەسایەتی ستەملێکراوی کورد “ .
هەلومەرجی ناکۆکیە سیاسی و ئابووریەکانی هەرێم و بەغدا ، خۆی لە خۆیدا ڕەنگدانەوەیەکی خراپی هەیە ، لەسەر گەشەی بیروبۆچوونی کوێرانەی ڕەگەزپەرستانە ، هەر بۆیە ناو بەناو کێشە و سیناریۆی لەم جۆرانە لێرەو لەوێ پەیدا ئەبن ، هەروەک کێشەی جوتیارەکەی کەرکوک بەر لە شەش مانگێک ، کە ئەویش بووە مایەی گەشەی بیروبۆچوونی ڕەگەزپەرستانەی ناسیۆناڵیستی نێوان کوردەکان عەرەبەکان لەو ناوچانەدا ، لە پێناو بەلاڕێدابردنی هزری جەماوەرە لەسەر کێشە ناوخۆیی و چینایەتیەکانی خەڵکی چەوساوەی ناوچەکە.
هزری کۆنەپەرستانە و کوێرانەی ناسیۆنالیستی سەرچاوەی پەیدابوونی دەیەها ڕووداوی لەمجۆرەیە ، وە درێژەشیان ئەبێت و بگرە بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپتردا ئەڕۆن.
دەسەڵاتی میلیشیایی کورد لەو ناوچەیەدا پەرە بەم جۆرە هزرو پەروەردە سیاسیە ناسیۆنالیستیە ئەدات ، لە پێناو خزمەت بە ئەجینداکانی خۆیان لە ناوچەکەدا .
دەسەڵاتی میلیشیایی ، لەسەر بنەمای سیاسەتێکی دوولایەنە کار ئەکات ؛ لەلایەک کۆنەپەرستی قەومی دەرخواردی خەڵک ئەدات ، لەلایەکی تریشەوە لە سات و سەودادایە لەگەڵ بۆرژوا حاکمەکانی بەغدا ، لە پێناو ئیمتیازات و پتەوکردنی ئابووری خۆی ، چونکە ئابووری ناوچەی هەرێم وابەستەیە بە ئابووری ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە .
سێکتۆری گەشتیاری و جموجووڵ و گەشەی سەرمایە و کڕین و فرۆشتن لە شارەکانی هەرێم ڕاستەوخۆ بە جەماوەری عەرەب زمانەوە بەستراوەتەوە ، وە ئەگەر خەڵکی ناوەراست و باشوری عێراق وەک گەشتیار ڕوونەکەنە شارو شارۆچکەکانی ناوچە کوردیەکان ، تەواوی پڕۆژەو سەرمایەکەیان ئەکەوێتە مەترسیەوە ڕوبەڕووی قەیرانێکی گەورە ئەبن ،، هەروەک لە ماوەی ئەم دوو هەفتەی ڕابوردوودا گەلی عەلی بەگ و ئەو شوێنە گەشتوگوزاریانە ئەو ناوە ، دەرگیری قەیرانێکی گەورەی نەبوونی گەشتیارە عەرەب زمانەکان بوون لەو ناوچانەدا ، وە ڕێکلام ئەکەن بۆ هاتنی زیاتری گەشتیارەکان.
لە کۆتاییدا وە لەسەر ڕۆشنایی ئەم ڕووداوانەی کە لێرەو لەوێ ڕوو ئەدەن ، قەڵشتێکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە نێوان پێکهاتە نەتەوەییەکانی عێراقدا دروست ئەبێت ، وە بەرەو ئاکامێکی زۆر خراپتر ئەڕوات ، هەر بۆیە دەسەڵاتداریەتی میلیشیایی هەرێم و دامودەزگاکانی بەرپرسن لە ژیان و سەلامەتی وە بژێوی و ئارامی ژیانی خەڵک تەواوی خەڵک لەهەموو شارو شارۆچکەکانی هەرێم . ..
صابر .م
٩/٨/ ٢٠٢٥