شەپۆلی رۆماننووسی، ژانرێك لەدەرەوەی خوێندنەوە.. سمكۆ محەمەد

ئەوە داتایەكی سەرەتاییە كە لەدوای ئەوەی شیعر و شانۆ و چیرۆك بەتەواوی لەرۆژئاوا و لەدوای سەدەی 16 جێگەی خۆیان گرت، ئەم ژانرانە هەم هۆشیاری بوون و هەم گوتار و هەم بیانوویەك بوو بۆ ئەوەی سایەیەكی سەربەخۆی تر هەبێت، بەڵام كە شار گەشەی كرد و عەقڵ بوو بەسەرداری كایەكان، ئیدی رۆمان هات بوو بە ئەلتەرناتیڤی نووسینەوەی مێژوو، چونكە مێژوونووسەكان بەهەر بیانوویەك بێت، بەشە دیار و زاڵەكەی دەسەڵاتیان دەنووسیەوە، بۆ نموونە لەدەیان هەزار كارێكتەر و پاڵەوان لەرووداوە مێژووییەكاندا، تەنها ناوی ئەلكسەندەر مەكدۆنی و جەنگیزخان و سەلاحەدینی ئەیوبی و رەزا شا و هیتلەر و مۆسۆلۆنی و خومەینی و جەمال عبدلناسر و شیخ و پیاوە ناسراوەكانی مێژوو هاتووە، كەچی ناوی ئەو كارێكتەرانە نەهاتووە كە دەوریان كەمتر نەبووە لەرووداوەكان، لێرەوە رۆمان وەكو ژانرێكی سەربەخۆ بەرەبەرە چەكەرەی كرد و جێگەی بەژانرەكانی دیكە لەق كرد، ستایلێكی دیكەی شاراوەی مێژووی تۆمار كرد، چونكە شیعر و چیرۆك بەتەواوی راڤەی فەزای كۆمەڵایەتی و زەمەنە جیاوازەكانی پێنەدەكرا، هەروەها نەخشەی فراوانیان نەبوو بۆ رووداو و حەبكە و تەكنیكی نوێی ئەدەبی و تەنانەت زانست و فكریش، بۆیە رۆمان راستەوخۆ سەربەخۆیی وەرگرت و خۆی جودا كردەوە.
لەلایەكی دیكەوە لە كورتترین پێناسەدا، رۆمان بریتیە لەگێڕانەوەیەكی چیرۆك ئامێزی دوروودرێژ، لەمیانەی چیرۆكبێژییەوە وێنەی ژیانی كەسایەتی و كارێكتەرە ونبووەكان وەكو مێژوویەكی وونبوو دەنووسێتەوە، بەوانەشەوە كە پێیان ناكرێ ناویان بهێندرێت، یاخود شوناسیان وەكو كاریچكتەر واقیعییە و نابێت بەكارێكتەری خەیاڵی، چونكە هەموو ئەو كارێكتەرانی بەشداری مێژووی بزربوو دەبن، لەرووداوی جیاوازدا هەم بەشداردەبن و هەم لەرووی سایكۆلۆژیاوە وێنەیان دەگۆڕێت، لێرەوەیە كە رۆمان وەكو ژانرێكی سەربەخۆ فەزایەكی شمولی دەخوڵقێنێ، ئەوانیش بریتین لە چەند شوێن و زەمەنێكی جودا كە هەریەكەیان جێگەو رێگەیەكی دیاریكراو وەردەگرن، هەریەكەشیان بۆ دۆخی كارێكتەرێك دەبن، ئەمە بەهەردوو دیوەكەی كە ئەگەر دەقەكە واقیعی بێت، یاخود رۆمانێكی خەیاڵی یان زانستی بێت، هەمان ئەركی هەیە بەجیاوازی نەخشە و تەكنیكی نووسەرەكەشەوە كە هەندێكجار بەبیانوی شكاندنی دەقەوە، خوێنەر تووشی شڵەژانی سایكۆلۆژی دەكات.
لەرۆماندا كۆمەڵێك رەگەزی گرینگ كۆدەكرێنەوە، لەوانەش روداو و كەسایەتی و شوێن و زەمەن و گێڕەڕەوە و دیالۆگ و گۆشەنیگا هەیە، رۆمان پێكهاتووە لەكۆمەڵێك ژانری هونەری و ئەدەب جیاواز، واتە كۆكەرەوەی هەم شیعر و چیرۆك و تابلۆ و فۆتۆگراف و پیشە جیاوازەكان و هتد. چونكە رۆمان لەدایك بووی شارە، شاریش بریتییە لەكۆكەرەوەی هەموو كارێكتەر و پێكهاتە و نەتەوە و زمان و ئاین و مەزهەبە جیاوازەكان، بەوپێیەی كە ژانرەكە لەدایك بووی سەدەی نۆزدەهەمە، بەتایبەتی لەدوای شكستی ناپلیۆن و نووسینی ئاشتی نامەكەی ئەمانوئێل كانت كە ئاشتی سەرتاسەری خوڵقاند، ئەوكات رۆمان لەدایك بوو كە راسیۆنالیزم وەكو مەرجی خۆ ئەزموونكردن بوو بمیتۆدی بیركردنەوە، ئەمە بۆ ئەوەبوو كە رۆمان لەئاشتیدا زیاتر مێژوو بنووسێتەوە، چونكە بەردەوامی جەنگ، واتە بەردەوامی رووداو، بۆیە رۆمان لەدوای سەدەی نۆزدەوە شۆڕش بوو لەرووی هونەری و زانستی و سیاسەت، بەرامبەر بەو مێژووەی كە لەپێناو كارێكتەری سەرەكی جەنگ و رووداوەكان، كارێكتەرە چالاكەكان بزر دەكات، لێرەوەیە كە ئێمە دەبینین لەرۆماندا كارێكتەرەكان لە فەزایەكی ئازادتردا دیالۆگیان پێكەوە هەیە، شوێن هەمیشە كراوەترە لە شوێنی چیرۆك، شێوەی دیالۆگەكان كراوەترە و موفرەدەی دەوڵەمەند تێیدا بەشداری دەكات، وەكو پیشەسازی و فكر و تەكنۆلۆژیا و فرە پاڵەوانی و فرە رووداوی و هتد،
رۆمان بەپێی ئۆكسفۆرد بێت، دەقێكی فرە رەهەندی مەعریفییە و بریتییە لە گێڕانەوەی خەیاڵێكی پەخشان ئامێز، بۆیە شیعریەتی نووسین بۆ رۆمان مەرجی سەركەوتنی دەقەكەیە، هەروەها سەردی خەیاڵی، دەشێ وەكو هەقیقەتێكی مێژوویی بێت و بە ئێستاوە گرێبدرێت، تەنانەت ئەو پاڵەوانانەش كە ئەفسانەیین، وەكو سیزیف و هەرقل و رۆبنهود و پاڵەوانە ئەفسانەییەكانی نێو دەقی ئایینی و تادەگاتە شەیتان كە لەتێكستە ئاسمانیەكاندا سیمبولی شەڕە، ئەمە بۆ ئاژەڵ و باڵدارە ئەفسانەییەكانیش هەروایە، بۆ نموونە رۆماننوس دەتوانێ لاماسۆ واتە قیسارە یان بوڕاق یان سیمرخ یان ئەسپەكەی تەروادە و هتد بەكاربهێنرێت.
كاتێك رۆماننوس دەنووسێت، كەواتە هەدەفێكی تایبەتی هەیە و گەرەكیەتی جیهانێكی نوێ دابهێنێت، گەرەكیەتی فەزایەكی كۆمەڵایەتی یان سیاسی یان سیستمێك درووست بكات كە هەندێكجار نووسینەوەی ریالێتییە و هەندێكجاریش خەیاڵە و دوورە لە واقیعەوە. وەكو ئارنۆلد كیتل كە رەخنەگرێكی ئەدەبی ئینگلیزییە دەڵێ» هەندێكجار رۆماننوس گەرەكیەتی لەرێگەی نووسینەوە پەردە لەسەر هەموو شتێك هەڵماڵێت و بیخاتە خانەی گاڵتەجاڕییەوە، هەدەفەكەش بەخشینی ئومێدە بەژیانێكی خۆش و خەیاڵی كە هەم خەیاڵەكە و هەم پاڵەوانەكە درووستكراون». سێرڤانتس لە دەقی دۆنكیشۆتدا ئەم ستایلەی تاقی كردەوە.
رۆماننووس لەسەریەتی پلانی هەبێت بۆ داڕشتنی نەخشەی دەقەكە، لەوێشەوە زەینێكی نوێ بدات بەخوێنەر كە پێشتر لەدەقی دیكەدا ئاشنا نەبووە بەو روداوانە و مێژووش فلتەری كردووە، یان ئاشنا نەبووە بەخوێندنەوەی ئەو دەقە، یان ئەو حیكایەتانەی كە تائەوكات نەیبیستوون.
پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا ئێمە بۆچی باسی رۆمان دەكەین؟. بۆچی دەمانەوێ خۆمان ئەزموون بكەین لەرێگەی رۆمانەوە و خۆمان بنووسینەوە؟، یان خۆمان لە كارێكتەری رۆمانێكدا ببینینەوە؟. بۆچی دەمانەوێ مومارەسەی قورسترین كاری ئەدەبی بكەین؟. چونكە دەزانین ژانرێكە هەموو ژانرەكانی دیكەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە بەشیعر و چیرۆك و فۆتۆگراف و شێوەكاری و بیناسازی و ئابوری و سیاسەت و سایكۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیا و هتد، هەروەها دەمانەوێ بەشداربین لەدرووستكردنی ئەو دونیایەی كە یۆتۆپیایە، ئەو فەزایە بخوڵقێنین كە بۆ گەنجان هەم بەهەشتێكی وەهمیە و هەمیش دۆزەخ؟، هەروەك ئەوەی كامۆ یان سالینجەر یان ماركیز یان فۆرستەر و ئۆرهان پامۆك و هتد، لەدەقەكانیاندا باسی هەدەفی كارەكانی خۆیان دەكەن.
بۆ نموونە كە باسی رۆمانی (گەڕان بەدوای زەمەنی بەسەرچووی) مارسیل پرۆست دەكەین كە درێژترین رۆمانە و لە 7 بەرگ پێكهاتووە، باس لە كارێكتەرێكی جوو دەكات بەناوی (سوان) كە لەچینی ئەرستۆكراتییە و خێزانەكەیان روخاوە، كارێكتەرەكە كەوتۆتە نێوان جەنگ و خزمەتی سەربازی و سەری لێشێواوە، كەواتە باسی مێژووی تاك دەكەین، باسی فەزایەك دەكەین كە مێژوو دووبارەی دەكاتەوە، كە باسی دۆنكیشۆتی سێرڤانتس دەكەین، یان باسی تاوان و سزای دایستۆفیسكی دەكەین، یان باسی سەد ساڵ تەنیایی ماركیز دەكەین، چونكە زەینێكمان پێدەدەن كە بریتین لەخوێندنەوەی سایكۆلۆژی بۆ كۆمەڵگە و دۆنكیشۆت بۆ گاڵتەجاڕی موقاوەمەت لەبەرامبەر سیستمی سیاسی دەسەڵات، ماركیز باسی پاڵەوانێكی ئەفسانەیی دەكات كە لەشكستدا ئومێدی بە شۆڕش ماوە و هتد، بەڵام پرسیارەكە لێرەدا زەقتر دەبێتەوە، ئایا ئەو دەقانەی بەنموونە هێناومانەتەوە، شەپۆلی رۆمانووسی بێ ئامانج بوون؟، ئایا ئەم دەقانە خوێنەریان دوچاری ئیلتیزام كرد یان دووریان خستنەوە؟. ئایا ئەم دەقانە پرسیاریان درووست نەكرد؟ دواتر وڵامی ئەو پرسیارانە دەدەینەوە .

رۆمان و مێژوو
بۆیە مێژوو بریتی نییە لەوەی نووسراوە و دەسەڵاتی سیاسی و حوكمڕانی ئیمزای كردووە، چونكە غەدر لەكارێكتەرە ونبووەكان كراوە، كەواتە خەیاڵی نووسەر فراوانترە لەمێژوونووس، كەواتە فراوانتر دەڕوات بۆ ئەوەی پنتە مێژووییەكانی نەتەوە بنووسێتەوە، نووسینیش بەمانای پیشەسازی دێت بەتایبەتی بۆ ژانری رۆمان، لەكاتێكدا نووسەر لەبەردەم ئەگەرێكی سەختدایە كە ئەویش پلەی سفرە بۆ نووسین، رۆلان بارت جگە لەم بابەتە كە بۆ هەموو ئەدیبێك بەبێ جیاوازی رەگەز و نەتەوە دەگرێتەوە، باسی پلەی سفری نووسین دەكات، لێرە (پلەی سفر) كە تاكو ئێستا هیچ وڵامێكی رەهای وەرنەگرتووە، تەنها وێناكردنی سنووری نێوان مانای حەرفی و مانای مەجازی نەبێ، یان ئەو نووسینانەی كە تێڕامانن بەسەر دەقێكی تر، هیچ مانایەكی دیكەی نییە خوێنەر ئاشنای بێت، ئەوانەش كە پێیانوایە «پلەی سفری نووسین پەیوەندیی بەكۆنتێكستەوە هەیە، رۆمانیش تژییە لە كۆنتێكستی سەرنجڕاكێش، بەتایبەتی ئەو كۆنتێكستانەی كە خوێنەر بیری ناچێتەوە و هەندێكجار لەزمانی رۆژانەدا بەكاردێت، رەنگە ئەم ستایلە لەنووسین بەتایبەتی لەدەقی رۆمان، بەمانای بیناكردنێكی پیشەسازی بێت بۆ نووسین، كەوابوو لەگەڵ دەستاودەستكردنی مانا و كۆنتێكستی هونەركاری، دیاری ناكرێت و بەكارێك قورس تەماشا دەكرێت، هەموو ماناكەش لە (چاوە رۆشنكەرەوەكان) دا دەردەكەون، لەكاتێكدا لەروی زانستییەوە، ئەندازیار و كارەبایی و تەلارسازی و زانستكارەكانی دیكە، وشەی رۆشنكەرەوە بەو جەستەیە دەڵێن كە لەگەڵ خۆیدا رۆشنایی بەرهەم دێنێت، خۆ ئەگەر رەهەندی ئەم زاراوە، یان وشەیە لۆغەتێكە و كاری پێدەكرێت، ئەوە دەكەوینە بەردەم مانایەكی تری دژی مانای پێشوو، ئەویش نەشازیە، واتە ناوێزەیی سایكۆلۆژیی دەلالیە و هیچی تر، بارت لێرەدا بۆ سەلماندنی باسەكەی و بەكارهێنانی وشەكە، شیعرێكی پۆڵ ڤالیری بەنموونە دەهێنێتەوە.

(ئەو بانە لازوردیە هێمنیەی كە كۆترەكان لەسەری دەڕۆن
لەنێوان دار سنەوبەر و گۆڕەكاندا دەلەرزێ
دەریا، دەریا، هەمیشە دەریا)
پۆل ڤالیری لێرەدا لەبەیتی یەكەمدا تۆنێكی بەفری لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە كە لەمامەڵەی حەرفیدا بەكاریدەهێنێت، بەهۆی نەبوونی نەشازی سیفەتی رۆیشتنی بەسەر كۆترەكانەوەیە».
جگە لەو بەكارهێنانەی رابردوو، ئێستاش رۆمانووس هەیە خەیاڵی ئیمبرتۆ ئیكۆی بەكارهێناوەتەوە، جان دۆست رۆماننووسێكی كوردی سوریایە، لەرۆمانی میرنامەدا هەمان ئەو دیمەنەی نووسیوەتەوە كە ئیمبێرتۆ ئیكۆ لە رۆمانی گوڵی سووردا نووسیویەتی، لەچاپتەرێكدا كتێبی میر ژەهراوی دەكرێت. ئەم حاڵەتە بەكاریگەری هەژمار ناكرێت، چونكە خوێنەری دونیای دوای پۆست مۆدێرن، ئەم ستایلەی دەرباز كردووە و هۆشیارترە لە دونیای مۆدێرنی رابردوو، بۆیە ئەم دیاردەیە بەوەرگرتنی ئەدەبی هەژمار دەكات كە ئەمە پێی دەگوترێت ئیتلیزامی خوێنەر، لەكاتێكدا ئەم حیكایەتە لەهەزار و یەكشەوەشدا هەیە كە بۆرخیس بەدانپێنان باس لەكاریگەرییەكەی دەكات.
هەر حیكایەتێكی بزركراو یان پشتگوێ خراو كە سەرنجراكێشن، هەر یەكێك لەو كارێكتەرانەی كە دەوریان هەبوو لەدرووستكردنی مێژوو، ناویان هەبووە و خاوەنی چیرۆكی تایبەت بوونە، هەر یەكێك لەو نەتەوە و مەزهەب و ئاین و تایەفە و هتد، لەرێگەی گێڕەرەوە یان حیكایەت خوانەوە دەنووسرێنەوە، هەر قۆناغێك كە خاوەنی یەك دەنگ یان فرە دەنگی بووە، دەكرێت ببن بەهەوێنی سەرهەڵدانی رۆمان، بەمەرجێك رۆماننوسەكە زەمەن و دونیابینیەكە دوور نەخاتەوە لە خهیاڵی خۆی و وەكو خۆی بۆمان بنووسێتەوە، چونكە خوێنەرەكانی دەق و رەخنەگرە ئەدەبیەكان، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دیكۆمێنتانەی كە وهڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە، جەخت لەسەر چەند رەگەزێك دەكەنەوە و لەسەرووی هەمووشیانەوە زمانە، پاشان پشت بەستن بەتەكنیك و ستایل و شیعریەت و یادەوەری و روداوە جۆراوجۆرەكان، ئەمانە هەمووی فەزای دەقەكە پێكدەهێنن و ئامانجێكمان پێشكەش دەكەن، چونكە نابێت ئەوەمان بیربچێت كە ئەدەب هەدەفی خۆی هەیە، ئەمەش جۆرێك بوو لەناڕەزایی نووسەر بەرامبەر بەسیستم و حوكمڕانی دەوڵەت.
لەهەموشتێك گرینگتر ئەوەیە كە دەقنووس واتە رۆماننووس بۆ ئەوەی بونیادی دەقەكەی پتەو بخاتە بەردیدی خوێنەر، شارەزایی لەمێژوو و ئابوری و بازاڕ و ئیدیۆمی نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكە و هتد هەبێت، بۆچی دەڵێم مێژوو، چونكە یەكەمین وەزیفەی ئەدەبی رۆمان، پڕكردنەوەی ئەو كەلێنە بوو كە مێژوو نەیدەتوانی بینوسێتەوە، نووسینەوەی مێژووش وەكو خۆی هێڵی سوور بوو، هەروەها دەوری كاریگەری ئەو خەڵكەی زیندوو كردەوە كە لەمێژوودا وجودیان هەبوو، بەڵام مێژوونووس پشتگوێی دەخستن، كە دەڵێم رۆماننوس شارەزایی هەبێت لە ئابوری و بازاڕ، مەبەستم ئەوەیە كە هەموو سەردەمێك دراو سەرچاوەی ئابوری خۆی هەبووە، بۆ نموونە لۆكە و خوری و خواردەمی و خەڵوز و هتد. بازاڕی موفرەدەی تایبەتی خۆی هەبوو كە بەكاردەهات، بۆ نموونە پارە موفرەدەیەكی ئابوری نوێیە، پێشتر پێیان دەگوت ئەسكەنناس، ناكرێ رۆماننوس دوچاری هەڵە بێت لە بەكارهێنانی موفرەدەی بازاڕ، یان لەبری ئیزرەم كیلۆ بەكار بهێنێ، یان لەبری رببە فەردە و تەن بەكاربهێنێ، ئەمە جگە لە موفرەدەی ناوبازاڕ كە دوكاندار و كڕیار و پیاوانی دەوڵەت بەكاریان دەهێنا.
شارەزابوون لە كەش و هەوا و ژینگە، ئەمە لایەنی زانستیە كە نابێ رۆماننووس ئەوانە لەبیر بكات كە راوچی كەی دەتوانێ راوی ماسی یان كەو یان باسی گوڵێك یان بەری درەختێك یان رووەكێك بكات كە وەرزی نەبووە، یان باسی زاوزێی ئاژەڵ، یان پەلەوەر و پشیلە و سەگ و هتد بكات كە وەرزەكەی جودا بێت.

كێشەی رۆمانی سەردەم
حیكایەتخوان وەكو نموونە

حیكایەتخوان زۆرترین پەیوەندی بەخوێنەرەوە هەیە، چونكە هەموو شتێك لەرێگەی ئەم كارێكتەرەوە دەگوترێت، بۆیە گرینگی ئەم كارێكتەر یان پاڵەوانە كە هەندێكجار كۆنتڕۆڵی هەموو كایەكانی دەقەكەی كردووە، بەشێكی سەرەكییە لەداڕشتنی نەخشەی رۆمانەكە، چونكە گێڕانەوە لە گۆشەنیگای كەسی یەكەمەوە ئەوكات بەكاردێت كە حیكایەتخوان، بەزمانی كەسی یەكەم راناوی من بەكار دینێ، هەندێكجاریش دەشێ راناوی ئێمەش بەكاربهێنێ، چونكە حیكایەتخوانە و ئەو دەتوانێ بەرەو كۆتایی حیكاتەكە ئاراستەمان بكات، ئەوە ڕوانگەی بینینی زەمەنەكەیە، بۆیە رۆماننووس ئەو پاڵەوانە بەسەنتەر وەردەگرێت و هەندێكجار هەموو روداواكان رادەستی ئەو دەكات، ئەم جۆرە حیكایەتخوانە یان پاڵەوانە پێی دەگوترێت هەموو شتزان، واتە هەموو رووداوەكان و ئاراستە زەینییەكان لەدەسەڵاتی ئەو پاڵەوانەیە، ئەویش خودی رۆماننوسەكەیە.
زیندانیكردنی پاڵەوان یان كارێكتەر، كێشەیەكی دیكەی نووسینە، چونكە بڕوایەك هەیە كە پێیوایە رۆماننوس نابێ ئەوەندە دیكتاتۆر بێت هەموو پاڵەوانەكان بەئارەزووی خۆی ئاراستەیان بكات، تەنها ئەوە نەبێت وەزیفەی كارێكتەرەكە ماوە، یان فەرزە دەبێ وابێت، بۆیە بەشێكی زۆر لە رۆماننوسە ناودار و لۆكاڵیەكانیش ئەو رەخنەیەیان لەسەرە كە بەبێ ئاگا دیكتاتۆری نووسینن و كارێكتەر یان پاڵەوانی دەقەكە دەكوژن یان دەیكەن بە پاڵەوانی وەهمی، كە ئەمە خوێنەر بیزار دەكات و دەیكات بە مایەی مەلەل، بۆ نموونە رۆمانی حەمەدۆكی یەشار كەمال، ئەم فەزایەی بەسەردا زاڵە.
سەبارەت بە خوێندنەوەی سایكۆلۆژی بۆ دەقی كوردی، من پێموایە كە رەنگە بڵێین خوێندنەوەی سایكۆلۆژی بۆ دەقی كوردی هەروەك خوێندنەوەكانی ئەو رۆمانانەی لەسەدەی رابردوودا كران لاوازە، چونكە لایەنی كەمی شارەزایی تێدا نییە لەباری سایكۆلۆژی دانەری دەق، هەروەك ئەوەی دانەرێك هیچی لەسەر نەنووسراوە و مردووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئێمە لەگەڵ دانەر مامەڵەمان كردووە، بەقەد ئەوەی لەگەڵ ئەو دەقە مامەڵەمان كردووە كە لەسەر وەختی خۆیدا نووسراوە، زۆربەی ئەو دەقانەی كە بەناوی رۆمانەوە چاپ كراون، كێشەگەلێكی زۆریان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە، لەوانەش تێكەڵكردنی تەكنیكی زمان، هەروەها بەكارهێنانی كارێكتەری وێنەیی و كارێكتەری واقیعی، یان وەهمی فرە كارێكتەری لە دەقێكدا و نمایشكردنیان لە فەزایەكدا، جارێكی تر بزركردنیان و بەدیارخستنی كارێكتەرێك كە دەقنووس خۆی مەبەستی بووە، ئەمە داهێنان نییە، بەڵكو ئاستێكی نزمی گونجاندنی تاك پاڵەوانی و فرە پاڵەوانی یە، ئەمە بەپارادۆكسی نووسین هەژمار دەكرێ، لەحاڵێكدا تائێستا نەخوێنەر و نەرەخنەگری كوردی پرسیاری ئەوەیان لە چیرۆكنووس و رۆماننوسی كورد نەكردووە، بۆچی ناتوانن كەڵك لەفولكلۆر و ئەفسانە كوردییەكان وەربگرن، بۆچی ناتوانن نموونەیەكی نوێی ئەدەبی پۆست مۆدێرنە پێشكەش بەخوێنەر بكەن، لەكاتێكدا رۆماننوسی عەرب و رۆژئاوایی نییە كەڵكی لەهەزار و یەكشەوە و كەلیلە و دیمنە و بەسەرهاتی ئاڵمانی وەكو نەتەوەیەكی رەسەن نەبینیبێت وەكو سەرچاوەی ئەدەب.
هۆكارێكی دیكەی نەبوونی خوێندنەوەی جددی بۆ دەقی كوردی، ئەوەیە كە لەنێوان ئیرۆسی ئازاد بوون و لۆگۆسی كۆنتڕۆڵدا پنتێك هەیە، ئەویش ئازادی بیركردنەوەیە، چونكە تێگەیشتنێكی پێشوەختە هەیە لەم نێوانەدا بۆ ئیرۆس و لۆگۆس، چ جای ئەوەی كە كۆنتڕۆڵ لەسایەی كۆمەڵگەی كوردیدا كە دەسەڵاتێكی نادیارە، لەزۆربەی دەقەكان هەست بەوە دەكرێ دەقنووسەكە لەنێوان خوێندنەوە بیركردنەوەدا، ئەو پنتەی وەرنەگرتووە كە بیركردنەوەیە، بۆ ئەمە دەتوانم تاڕادەیەكی باش بڵێم هەناسەیەكی نەهیشتۆتەوە بۆ ئازادی نووسین و دەقی نوێ، تاكو رەخنە ئامادەیی ئەوەی هەبێت دەق شیتەڵ بكاتەوە و ئەو مانایە بەرهەمبێنێ كە هەم دانەر مەبەستێتی، هەم بەئاسانی دەگاتە خوێنەر و لاسایی كردنەوە نییە، ئەمە دەڵێم مەبەستم ئەوەیە كە رەنگە قەیرانی خوێنەریش هۆكارەكەی هەر ئەمە بێت، بەڵام ناتوانین بە تێكستی (لە خەوما) ی جەمیل سائیب، یان چیرۆكی (مەسەلەی ویژدان) ی ئەحمەد موختار بەگی جاف، ناوی دەقی خۆماڵی لێنەنێین، یان رۆمانی (رێگا) ی محەمەد مەلوود مەم چونكە دەقەكان بریتیین لەو خەونانەی كورد هەیەتی بۆ ژیانێكی شایستە، بەوپێیەی كە وازانراوە دەقی خۆماڵی بریتییە لەو تایبەمەندییانەی كە موڵكی نەتەوەیەكە، یان دابڕانێكە لەنێوان تێكستی پێش خۆی و واقیعی خۆی كە دواجار دەبێتە ستایل و لەرێگەی لاساییكردنەوەوە دەناسرێتەوە.
ئەو خوێندنەوە دەروونیانەش بۆ دەقی كوردی كراوە، جگە لەوەرگرتنی دەقێكی رەخنەیی بیانی و تەنها وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی و هیچی تر، یان عەرەبی بۆ سەر دەقێكی كوردی هیچی تر نییە، لەڕاستیدا ئەمە درمە ئەدەبییەكەیە، هەروەك ئەوەی كە ئێستا لەدونیای ئەدەبی كوردیدا رەخنە یان خوێندنەوەی دەق، لەحاڵەتێكی نائامادەییدا دەژی و نووسەر زۆرن و رەخنەگر نییە، بۆیە ناتوانێ لەكایەكانی دیكەشدا ئازاد بێت، بەپێچەوانەشەوە نووسەر هەرزی رەخنەیەك ناكات كە لەدەرەوەی لۆژیكی بیركردنەوە و ئاڕاستەی دەقێك بێت كە لەچوارچێوەی رەخنەدا بكەوێتە بەر میكرسكۆبی خوێندنەوەی تیۆرییەوە، باشترین حاڵەت بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە، ئەوەیە كە خوێنەرێك هەڵكۆڵین بۆ دەقێك بكات و بەدوای مانادا بگەڕێ سا ئەو دەقە شیعر بێت یان چیرۆك، تاكو پشێوی و ئاڵۆزی دەروونی درووست دەكات و مانای دیكەی پێ دەبەخشرێت.

رۆمان و ناسیونالیزم

داگیركاری كە لەسەدەی پێش زایین لەئیمپراتۆرییەتێكەوە بۆ سەر وڵاتانی بچووك و خاوەن كولتوور و فەرهەنگ، تەنها داگیركاری جوگرافیا و ئیكۆنۆمی نەبووە، بەڵكو دزین و بەتاڵان بردنی فكر و ئەدەب و دیكۆمێنتاری و فەرهەنگەكانیشیان بووە، بۆ نموونە كە ئیمبراتۆریەتی رۆما، یۆنان داگیردەكات، یان ئیسلام كە تاكو ئەندەلوس دەچێت، یان جەنگیزخان یان توركە عوسمانلیەكان كە تەواوی رۆژهەڵات داگیر دەكەن، جگە لەداگیركردنی جوگرافیا و كۆمەڵگە و فەرهەنگەكەیان، داوا لەنووسەرانیش دەكەن وەكو جەنگاوەر و مافناس و سیاسییەكانیان كەڵك لەئەدەب و فەلسەفەكەیان وەربگرن، بۆیە ئەدەب بەتایبەتی ژانری رۆمان بوو بەیەكێك لە هۆكارەكانی بەرگری كردن لەنەتەوە و زمان، بەومانایەی بەرگری لەنەتەوە، چونكە رۆمان هەموو جومگە و لایەنە شاراوەكانی مێژوو و كولتوور و كەلەپوور و ئیدیۆمی نەتەوەیی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، ئەمەش یەكێكە لە گوتاری ناسیونالیزم، واڵتەر سكوت لەبارەی سكۆتلەندا نووسیویەتی، هەوڵیداوە نەریتە باوەكان لەرۆمانی هاوچەرخدا روونبكاتەوە، بەو كارەشی زەمەنێكی مێژوویی كردە هەوێنی كارەكانی و تەوزیفی كردن، ئەمە جگە لەكەڵك وەرگرتن لەداستان و روداوە فەرامۆشكراوەكان و ململانێی نێوان چینەكان و خیڵەكان و نەتەوەكان و هتد. لەحاڵێكدا هیچ یەكێك لەو روداوانە خاڵی نەبوونە لە رۆمانسیەت، بۆیە بەدڵنیاییەوە دیمەنی رۆماننووسی كچ و كوڕێك یان خۆشەویستی جۆراوجۆری تەوزیف كردووە لە زیندوكردنەوەی مێژووەكە.
شەپۆلی رۆماننووسی
هەموو ئەو نموونانەی كە لەسەرەوە وەرمگرتوون و موناقەشەم كردوون، ئارگومێنت بوون بۆ سەلماندنی ئەم بەشەی دیكە كە پەیوەندی بەو شەپەۆلە رۆماننوسیەوە هەیە كە ئێستا بۆتە باو، ئەو دەقانەی كە هەڵگری شوناسی رۆمانن و بوون بەستایل و تەكنیكی نووسین، بەپێی هەڵسەنگاندنی نوێ و تیۆری ئەدەبی، خەمێكی دیكەی هەڵگرتووە كە جودایە لەو خەمەی دایستۆفیسكی و سێرڤانتس و تۆڵستۆی و تادەگاتە ماركیز، بۆچی؟، چونكە بەپێی تێگەیشتنی (ماڵكام برادبری) كە رەخنەگری رۆمانە، پێی وایە جیهانی ئەمڕۆ بەهەموو موفرەدەكانییەوە ستایلی ژیانی گۆڕی، ئەوەی تاكو دوێنێ بەوڵاخ و عارەبانە و ماشینی خاو پێویستییەكانی ژیانی پێ بەڕێدەخرا، ئەمڕۆ هەموو كەس خاوەنی ماشینە و ماشینی زۆر تیژتێپەڕ هەیە شەمەنەفەر و فڕۆكە هەیە و زەمینەی گەشت فراوانترە لەسەدەكانی رابردوو، كەرەستەكانی وەكو تەلیفۆن و تەلەفزیۆن و ریكۆرد هەموو بە ئامێرێك دەكرێت كە خوێندەوار و نەخوێندەوار هەیانە و دەتوانن رۆژنامەنووس بن و دەرهێنەری كورتە فیلمی ژیانی خۆیان بن و یادەوەرییەكانی خۆیان بەئاسانی تۆمار بكەن، ئەمە بۆ نووسەری نوێ و بەناونیشانی رۆماننووس ئاسانترە، چونكە خۆی خاوەن تایپ و خاوەن بڕیار و خاوەن پوڵ و چاپخانەیە، هەر خۆشی خاوەنی دابەشكردنی كاڵاكەیەتی.
ژینگە هۆكارێكی دیكەی درووستكردنی كارێكتەرە، بەدەستهێنانی زانیاری ئاسانترە لەجاران، ئەمانە هەموو حاڵەتی سایكۆلۆژی ئینسانی ئەم سەردەمەن كە لەگەڵ ئینسانی رابردوو جودا كردۆتەوە. بۆیە رۆماننوس ناتوانێ راسكۆلینكۆف و ئیمیل ستیكلیز ی هێرمان هیسە و زۆربا یەكی تر بخوڵقێنێ. كەواتە ئاسان نییە رۆماننوسی بتوانێ خوێنەری ئێستا رازی بكات.
ئەوەی كە خەڵكێكی زۆر بەلای رۆماندا رادەكێشێت، ئەوەیە كە رۆمان ئەو ژانرەیە كە سەبكێكی دیاریكراوی نییە، لەراستیدا، رۆمان پێویستی بەدژوارترین سەبكە، شێوازێك كە بەتەواوەتی خۆی دەكاتە پەیڕەوی بابەت، هەر لەبەر ئەمەشە دەتوانین بیر لەنووسەرێك بكەینەوە كە هەریەك لە رۆمانەكانی بەسەبكێكی جیاواز دەنووسێت». لەسەرەتای هەزارەی سێهەمەوە شێوە نووسینێك پەیدابوو لەنێو ئەدەبیات و بەتایبەتیش بەناو رەخنەی ئەدەبی، گوایە زمانی بونیادگەراكانە و نووسینەكانیان بەتەواوی رەنگیدابۆوە لەسەر نووسەری نوێ و ببوو بە جۆرە نەخۆشییەكی نووسین كە گوایە پڕ لەمەعریفەی نوێ یە، بەڵام ستایلەكە تەمەنی كورت بوو، چونكە هەم پراكتیك نەدەكرا بەسەر دەقی كوردییەوە، هەم نەیانتوانی هیچی نوێ لەبارەی دەق و ئەدەبی كلاسیكی كوردی بدركێنن و مۆركی فكری كوردی وەربگرێت، وەكو بونیاد و زمانی گەشەسەندووی كوردی، لەحاڵێكدا بیرمەندێكی وەكو (میخاییل باختین) خۆی ئەم جۆرە زمانە رەتدەكاتەوە بۆ قسەكردن لەسەر ئەدەب» باختین بانگەشەی ئەوە دەكات كە (فێردیناند دی سۆسێر) جۆرەكانی قسەی فەرامۆش كردووە.
لەهەموو ئەمانە گرینگتر ئەوەیە كە قسەیەك هەیە دەڵێ « رۆمان لە چاپخانە لەدایك بووە و سوودەكەشی هەر بۆ چاپخانەیە». سۆسیۆلۆژیە ئابورییەكان پێیانوایە پەیوەندی بازاڕ بە دانەرەوە، پەیوەندی بەو جۆرە خوێنەرەوە هەیە كە كەمتر بیر دەكەنەوە لەگەڵ خوێنەری فكر، یان سیاسەت یان یاسا و زانست، هەر ئەم تێگەیشتنەشە كە بازاڕی بۆ نووسەر و خوێنەر درووست كردووە و هەرچی زیاتر نووسەرەكان بەلای ژانری رۆمانەوە بچن، بەو پێیەی نەرۆماننووس كۆنتاكتی بە خوێنەرەوە هەیە و نە خوێنەریش دەتوانێ نووسەر ببینێ و لەسەر دیمەنێك یان هەڵەیەكی مێژوویی یان هەر كێشەیەك نووسەر دادگایی بكات، مەگەر خوێنەری دەق یان رەخنەگر بێت و دەقەكە دادگایی بكات، یان ئاشكرای بكات وەرگیراوە لەدەقێكی تر یان هەر شتێكی تربێت، بۆ ئەمەش خوێنەری رۆمان ناتوانێ رەخنەی ئەدەبی بخوێنێتەوە و ئیدی نەبێتە كڕیاری كاڵایەكی بێ كەڵك لەبازاڕی وەهمی، ئەمە هۆكارێكی دیكەیە كە رۆماننووسی بێ ناونیشان و بێ زانیاری و بێ مەعریفەی درووستكردوە.
ئەو شەپۆلە بەناو نووسەرەی كە ئێستا رێگەیان پێدراوە رۆماننوس بنووسن و بونە بەواقیعێكی ناجور بەسەر ئەدەب و بەسەر خوێنەرەوە، بەشی زۆریان لەكارگەی سیاسەتەوە هاتوون و كەرەگیانە مێژووی نەنووسراو بشوێنن، گەرەكیانە خوێنەر دوور بخەنەوە لەمەعریفە و لەخەیاڵ و لەدوونیا بینی، ئەمە جگەلەوەی كە كەڵكیان لەو كەلێنە وەرگرتووە كە هیچ سانسۆرێكی فكری و مەعریفی نییە لەمەیدانەكە، هەروەها ناكەونە نێو بازنەی رۆشنبیرییەوە تاكو خوێندنەوەیان بۆ بكرێت و سنوورێك بۆ ئەو فەوزا خوڵقاوە دابنێن، بۆیە هەر گروپ و دەسەتەیەكی شارەكان، بازنەیەكی بچووكیان درووستكردووە و زەمینەیان بۆخۆیان سازكردووە تاكو بەبێ سانسۆر بنووسن و بڵاوبكەنەوە و خوێنەری كەم مەعریفەش قەناعەت بكات كە ئەمانە دەقی نوێن.
ئەم شەپۆلە رۆماننوسەی كە لەسەر ئەركی خۆیان كتێب چاپ دەكەن و هیچ دەستگایەكی چاپەمەنی دانیان پێدانانێن و بەفەرمی وەكوو نووسەر نەناسراون، هەموو هەوڵێك دەدەن وەكو نووسەر و ئەدیب دەركەون، لەكاتێكدا شارەزاییان لە مەرجەكانی نووسین و ئەركی نووسین و هەدەفی نووسین نییە، ناتوانن چیرۆكێك بنووسن و دەقێك لەگەڵ دەقێكی دیكەدا جودا بكەنەوە، كەمترین زانیارییان هەیە لەسەر مێژوو، زۆربەیان بەخەیاڵی نۆستالیژیاوە دەنووسن كە نازانن نووسینەوەی نۆستالیژیا قورسترین ئەركی ئەم ژانرەیە، چونكە ناكرێ نووسەر وەكو خۆی ناوی كارێكتەرە و رووداوەكان و خودی بابەتەكە و شوێن و كاتەكەی بهێنێ، لەسەریەتی بیكات بەخەیاڵ و لەزەینی خوێنەر تۆماری بكات، لەكاتێكدا نووسینی رۆمان بەر لەهەر شتێك خەیاڵە، بەڵام ئەم شەپۆلەی ئێستا گرێی بەنووسەر بوون و بەخاوەن كتێب بوونیان هەیە، بەبێ خود سانسۆری خەیاڵ و فكری نووسەری دیكەش وەردەگرن و دەستكارییەكی چینینەوەی دەكەن و دەیكەن بەموڵكی خۆیان، بۆیە بوون بە بەشێك لەم شەپۆلە درووستكراوەی ئەدەب. سەرەنجام ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە ئەم شەپۆلە لەرۆمانووس، دابەش دەبن بەسەر چەند گروپێك، گروپی یەكەم ئەوانەن هاندراون بەو ئاستە نزمە، هەم ئەدەب بێ ئەرزش بكەن، هەمیش شەرعیەت بەئازادی نووسین بدەن. گروپی دووهەم ئەوانەن كە لەرێگەی لۆكاڵییەوە دۆخەكەیان لێبۆتە واقیع و خۆیان لێبووە بەنووسەر و ئەدیب، گروپی سێهەم ئەوانەن كە دژی خوێنەری بەرپرسیارن، ئەو خوێنەرەی كە بەمانای خوێنەر بەوردی تەماشای دەكات.

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە
1 : امبیرتو ایكو. التاۆیل بین سیمیائیات و التفكیكیە. ترجمە و تقدیم. سعید بنكراه. دار المركز الپقافی العربی. بیروت. 2004. ص147
2: عەلی عوسمان یاقوب. رۆمان ژانری تەكنیكە جوانەكان و رەگەزە فرە رەهەندەكان. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. 2019. ل294
3: فولفغانغ ایزو. افاق نقد استجابە القاری‌و. ترجمە. احمد بوحسن. الپقافە الاجنبیە. العدد الاول. 1994
4: ئۆرهان پامۆك. رۆماننوسی سادە و رۆمانووسی بیركەرەوە. وەرگێڕانی. بەكر شوانی. ناوەندی رۆشنبیری و هونەری ئەندێشە. 2016. ل35
5: بول ویست. الروایە الحدیپە. ترجمە. عبدالواحد محمد. منشورات وزارت الپقافە والاعلام. سنە 1981.
6: جیریمی هولون. مدخل لدراسە الروایە. ترجمە. غازی درویش عگیە. دار الشۆن الپقافیە العامە. 1996.
7: ئەلبێر كامۆ. یاداشتەكان. وەرگێڕانی بۆ كوردی. پێشڕەو حسێن. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. ساڵی.2014. ل126.




بەکورتی 27: مەڕانەڕەفتارکردن.. خۆمەڕکردن خۆگێلییە!.. ئازاد حەمە

مەڕگەرایی Sheepishness بەمانای مەڕانەدەرکەوتن و مەڕانەخۆنیشاندان دێت و هاومانای شەرمەزارییە. قسە یان ڕەفتاری مەڕانەsheepish قسە و ڕەفتارگەلێکی شەرمئامێزن. ئەوانەی مەڕانە دەژین و هەڵسوکەوتدەکەن خۆمەڕکردنیان لا سادەیە. هاوکات بە شێک لە مرۆڤە مەڕەکان دەزانن چییدەکەن و چۆن چوارچێوە بۆ ژیانی خۆیان دادەنێن. مەڕئاسا مامەڵەکردن واتە بێ باکانە، گێلانە ڕەفتارکردن. ئەوانەی ڕەفتارمەڕن بەرپرسیارئامێز نیین و چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکاریەکی جدییشیانلێناکرێت.
شڕۆڤەی مەڕانە مامەڵەکردن Act Sheepish بەرەو ئەوەمان دەبات بڵێێن: مرۆڤە مەڕکردارەکان لێکەوتەیان زۆرە؛ کرداری گەمژەئاسا و هەڵەی دووبارەیان لە زیادبووندایە. خۆمەڕانە نیشاندان واتە مەڕانە بیرکردنەوە و مەڕانە تێگەیشتن. ئەمەش هیچی کەم نییە لە هەست بەگەمژەییکردن و خۆشەرمەزارکردن لەناو خەڵکدا. ئەوانەی مەڕانە لەم دونیایە دێن و دەچن هەر مەڕانە دەڕۆن و شتێکی ئەوتۆ لە پاش خۆیان جێناهێڵن جگەلە دیرۆکێکی پڕ مەڕانە.
لەسەر بنەمای ئەوەی لای سەرەوە گوترا دەپرسین: کێ مەڕە؟ مەڕبوون لە چییەوە سەرچاوەدەگرێت؟ باشە خۆمەڕکردن خۆگێلیی نییە؟ کردارێ یان بیرکردنەوەیەکی مەڕانە دەرئەنجامی چیلێدەکەوێتەوە؟ مەڕانە دەرکەوتن واتە چی؟ کێ پێویستی بە خۆمەڕکردنە؟ مەڕانەژیان، مەڕانە هاوڕێیەتیکردن و …… بۆ؟ سیاسەت کار لەسەر بەمەڕکردنی مرۆڤاکان ناکات؟ ژیان بێ خۆگێلکردن دەڕوات؟ چۆن هەست بە مەڕبوونی کەسێک بکەین؟ مەڕی نایاب کێیە؟
خۆمەڕکردن واتە چی؟ لێکۆڵەران وایبۆدەچن، خۆمەڕکردن واتە خۆنەناسکردن لە کەسەکان، خۆپەڕانەوە لە کێشە و دۆزینەوەی چارەسەر، خۆشباوەڕیی و شەرمەزاریی. بە جۆرێکی ساکارتر دەپرسیین: بە کێ دەگوترێت مەڕ؟ بەوانە دەگوترێت، کە شەرمەزار، شەرمن و ملوڕن. بێگومان ئەم ئاوەڵناوانە، لە ئاکامی کردەوەکانیانەوە دروستبووە. لەوەشەوە، لە کارە گەمژەییانەکانیاندا زێدە گوێڕایەڵ و نەرمونیانن و خاوەنی هەستێکی لێبوردەیی گێلانەشن.
مەڕ و مرۆڤەمەڕ دوو شتی جیاوازن. ئاساییە مەڕی ڕاستەقینە مەڕانەبوونیخۆی بژیت، لەگەڵ مەڕەکانیتر بە کۆمەڵ بژیت و متمانەشی بەخۆی نەبێت. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی عەقڵی نییە. بەڵام مرۆڤ لەبەرئەوەی عەقڵی هەیە ناشێت مرۆڤەمەڕیی خۆی پەسەندبکات. مرۆڤەکان، کە خۆیان وەک مەڕ نیشاندەدەن ئەوە لێکەوتەی زۆر توند بە دوای خۆیدا دێنێت لە کۆمەڵگا. ئەوەشمان بیرنەچێت، کە شەرمەزاربوون و شەرمەندەیی دوو ئاوەڵناوی کەسی مرۆڤەمەڕە.
بەمەڕچواندنی مرۆڤ بەرهەمی ئەو دیتنەیە، کە ئەو جۆرە مرۆڤانە بە ئاسانی قایلدەکرێن، مەیلیان زۆرە بۆ وەدووکەوتنی ئەوانیتر (قەرەباڵغی) و بۆ بێدەنگبوونێکی ترسنۆکانەش. زۆرجاریش بە ڕاشکاوی بە کەسانێک دەڵێێن: مەڕ، یان گوزارەی وەک “دەڵێێت مەڕە بەوجۆرە قسەدەکات”، بەکاردەبەین بۆ ئەوانەی گوێڕایەڵ و سەرکزن. قسەکردن و گفتوگۆی مەڕانە ناکاریگەر و ناهەژێنەرە و شتێکی ئەوتۆشمان پێناڵێت، کە شایانی تێڕامان بێت.
سەرباریئەوە، ڕاستە ئێمە دەتوانین ڕەفتاری مەڕانە لە مرۆڤدا، لە تاکەکانی کۆمەڵگەدا، بدۆزینەوە، بەڵام بائەوەش بڵێێن: ئەوانەی ئێمە ناویاندەبەین بە مەڕڕەفتار، ئەوانە پێێانوایە ئەرێنی بیردەکەنەوە و شەرمن و نیەتپاکن. ئەم جۆرە مرۆڤانە لە گشت کۆمەڵگەیەک بوونیان هەیە، بەتایبەت لە کۆمەڵگە و شارستانییە نەرێتییەکاندا.
هەندێک لە توێژەران وایبۆدەچن مرۆڤەمەڕ ئەو مرۆڤەیە کە ئاکار باش و کەسێکی شەرمن و بێوەیە. ئەم جۆرە مرۆڤە رۆحێکی دۆستانە و پڕبەزەییشی تیایە. مرۆڤە مەڕەکان بەپێی ئەم شێوە توێژینەوانە شانازیی بە باشیی و ئەمەکداریی و شەرمنیی خۆیانەوە دەکەن.
سەرئەنجام ئەوەش دەڵێین: وڵیام دێرسیڤیچ William Deresiewicz، پرۆفیسۆری زانکۆی Yale ی ئەمەریکی لە کتێبەکەیدا بەناوی (Excellent Sheep مەڕی نایاب) ڕەخنەی پەروەردەی خراپی دەستەبژێری ئەمەریکی دەکات، کە بێ ئاگان لە تێگەیشتنی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانە و بەتەواوەتیش ئامانجی خۆیان نەدۆزیوەتەوە. بۆیە زانکۆ نموونەیەکانی ئەمەریکا بەوە وێنادەکات، کە خاوەنی خوێندکاری مێشکدارن، بەڵام بێ ڕۆحن (مەڕن). لای ئەو پرۆفیسۆرە ئەمەریکییە مەڕی نایاب ئەو ئەو خوێندکارە مێشک باشەیە، کە تەنها ئامانجی نمرەی بەرزە و هیچیتر. بۆ ئەم پرۆفیسۆرە ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە خوێندکاری زانکۆ دەستەبژێرەکانی ئەمەریکا، کە کەسی دەستەبژێر فرێدەدەنە کۆمەڵگەی ئەمەریکییەوە پێویستە بتوانن ڕێگای خۆیان دروست بکەن و بوێریی ڕەوشتییان دامەزرێنن.
کۆتا سەیرکردنمان بۆ خۆمەڕکردن ئەوەیە، کە خۆمەڕکردن گێلییە؛ خۆلادانە لە فێربوون و خۆچاککردنەوە. ئەمە لەژیانی کۆمەڵایەتییدا زۆر بەدیدەکرێت. گوتن یان دیدی مەڕانە وەک زەردەخەنەی مەڕانە وایە. سەیرەکە لەوەدایە، کە کەسەکە بێباکانە شادە و کەچی تێگەیشتنی بۆ شادی خۆی لەناو ئەو هەموو تراژیدیایانە نییە.
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، مخابن، زۆرێک لەو مەڕەمرۆڤانە لە بواری سیاسەتدا خۆیان مەڵاسداوە. بەگشتی سیاسییەکان مرۆڤی مەڕئاسایان دەوێت. ئەوانەیان پێویستە، کە خۆیان مەڕئاسا نیشاندەدەن، واتە خۆ لە ڕاستیی رووداوەکان گێلدەکەن. لەبواری ژیانی خێزانیشا زۆرجار مەڕێک بوونی هەیە، جا ئەوە ژنەکە بێت یان پیاوەکە. هاوکات لەنێوان هاوڕێیانیشدا دیاردەی خۆمەڕکردن بوونی هەیە؛ زۆرێک لە هاوڕێێان حەزیان بە هاوڕێی مەڕرەفتارە. کەواتە پێویستییەک یان ویست بۆ خۆمەڕکردن لەناو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا بوونی خۆی لەدەستنەداوە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




كاداری به‌حه‌سره‌تی خه‌ڵاتی نۆبڵ سه‌ریناوه‌!.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

‌دوای ئه‌وه‌ی ساڵانێك بۆ خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی كاندید ده‌كرا و پێی نه‌گه‌یشت، ڕۆژی 1ی ته‌مموزی ئه‌م ساڵ، ئیسماعیل كاداری نووسەری ئەلبانی له‌تیرانای پایته‌خت كۆچی دوایی كرد. ناوبراو تاكە نووسەری ئەلبانییە بەهۆی رۆمان و چیرۆك و شیعر و شانۆگەری و نووسراوەكانی دیكەی، له‌جیهاندا ناسراوه‌. لەبەر ئەوەی لەزۆربەی بەرهەمەكانیشی پشتی بەمێژوو و ئەفسانە و كەلەپووری گەلەكەی بەستووە، بۆیە ئەدەبەكەی وەك ئاوێنە وایە بۆ رەنگدانەوەی گیانی گەلی ئەلبانی و مێژووە نوێیەكەی، بەهەموو رەهەندەكانییه‌وه‌. هەروەها رەنگدانەوەی بارگۆڕانە سیاسییەكانی نیوەی دووەمی سەدەی رابردووی‌ وڵاتەكه‌شیەتی. ئەوە جگە لەوەی بەوپەڕی توانا هەوڵی دەدا ئەدەبی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ لەژێر هەژموونی ئەدەبی سۆڤیەتی رزگار بكات. لەلایەكی دیكەوە هەندێك لەشارەزایان بەكافكا و ئۆرۆیل بەراوردی دەكەن. هه‌ندێكیش خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان ئه‌و و گابرێیل گارسیا ماركیز ده‌بینن، چونكه‌ هه‌ردووكیان گرنگییان به‌چه‌شه‌ی سوریالی دەدا‌.
ئیسماعیل كاداری رۆژی 28 ی كانونی یەكەمی ساڵی 1936 لەشاری گیروكاسترای باشووری ئەلبانیا هاتە دنیا. باوكی نامەبەری دادگە بوو، زۆر بەتوندی رووبه‌ڕووی بیروباوەڕی كۆمونیستی ده‌بۆوە. كاتێكیش جەنگی دووەمی جیهانی بەرپابوو و ئەلبانیا بووە گۆرەپانی هێزە داگیركەرەكانی ئیتاڵی و ئەڵمانی، دانیشتوانەكەی ئازار و ناخۆشی زۆریان چێژت، بۆیە كاداری سەردەمی منداڵی بەتاڵی و ناخۆشی بەسەربرد. دوای تەواوكردنی خوێندنی دواناوه‌ندی، ‌چووه‌ كۆلێژی ئادابی زانكۆی تیرانای و تێیدا فەلسەفە و مێژووی خوێند. ساڵی 1954 كۆ شیعری (ئیلهامه‌كانی كوڕان Frymëzime djaloshare) وساڵی 1957 دیوانه‌كانی (خه‌ونه‌كان Ëndërrimet) و (شازاده‌ ئارگیجیرۆ Princesha Argjiro) ی بڵاوكرده‌وه‌. ساڵی دواتر مینحەی خوێندنی پێدرا و له‌په‌یمانگه‌ی مەكسیم گۆرگی شاری مۆسكۆ، ئادابی خوێند. له‌وێدا ئاشنای رۆشنبیری رۆژئاوایی بوو. ساڵی 1960 كاتێك پێوەندی لەنێوان هەردوو رژێمە كۆمونیستییەكەی ئەلبانیا و سۆڤییەت بەرەو گرژی چوو، كاداری بەناچاری گەڕاوە وڵات.
ئه‌و ماوه‌یه‌ی لەمۆسكۆ بوو رۆمانێكی بەناوی (شاری بێ ریكلامه‌كان) نووسی. دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵات نزیكەی چل لاپەڕەی لەگۆڤارێكی ئەدەبی بڵاوكردەوە، بەڵام ده‌زگای چاودێری رازی نه‌بوو بڵاوكردنەوەكەی بەكۆتا بگات. ساڵی 1963 رۆمانی (جەنەڕاڵی سوپای مردوو Gjenerali i ushtrisë së vdekur) ی بڵاوكردەوە. تێیدا گیانی ئه‌لبانی كردووە به‌ئیلهام و ئاشنای چیرۆكی جه‌نه‌ڕاڵێكی ئیتاڵیمان دەكات كە دوای وەستانی سی ساڵ بەسەر جەنگی دووەم، لەحكومەتەكەی خۆیدا فەرمانی پێكراوە له‌گه‌ڵ قه‌شه‌یه‌ك بچێتە ئەلبانیا و به‌دوای گۆڕی ئه‌و سوپا ئیتاڵیانه‌دا بگه‌ڕێت كه‌ له‌شه‌ڕگه‌كانی ئه‌و شوێنه‌ كوژرا بوون. هەرچەندە جەنەڕاڵەكە بڕوای بەو كارەی نەبوو، بەڵام ناچار بوو بڕوات. لەوێدا ناخۆشی زۆر دەبینێ. سەرەتا وەهای بەخەیاڵدا دێت سوپایەكی زۆری هەیە، بەڵام لەژێر خاكدان و چەندان تەن لەفوسفۆر و كالیسیۆمیان پێكهێناوە. دواتر دەبینێ جەنەڕاڵیكی ئەڵمانیش بۆ هەمان مەبەست هاتۆتە ناوچەكە. لەكۆتایدا له‌تۆڵه‌ی خوێنی كوڕه‌ كوژراوه‌كه‌ی، جەنەڕاڵە ئیتاڵییەكە به‌ده‌ست پیره‌مێردێكی ئه‌لبانی ده‌كوژرێت.
ئه‌و رۆمانه‌ ده‌رگای ناوبانگی بۆ كاداری خسته‌ سه‌رپشت و بۆ هه‌موو لایه‌كیشی ره‌خساند چاو به‌وێنه‌ی ئه‌لبانیا و پاڵاوانیه‌تی دانیشتوانه‌كه‌ی و داب و نه‌ریته‌ جوانه‌كانیاندا بخشێنن. لایەنێكی دیكەی سەركەوتنە گەورەكەی ئەو بەرهەمە لەوەدایە كاداری لەداڕێژتنیدا بەستایلی هونەری نووسینی رۆمان و شۆڕبوونەوە بۆ ناو ژیانی واقیعیانەی گەلەكەی، زۆر پابەند بووە. دوای وەرگێڕانیشی بۆ سەر زمانی فەرەنسی، ناوەندە رۆشنبیرییەكانی ئەو وڵاتە، بانگهێشتی كادارییان كرد. لەفەرەنسا لەلایەن نووسەران و رۆشنبیران پێشوازی گەرمی لێكرا و بەدەنگێكی رەسەن و بەهێزی پشت دیوارە ئاسنینەكانیان دانا. تا ئێستا ناوەرۆكی ئەو رۆمانە دوو جار كراوە بەفیلمی سینەمایی.
ساڵی دواتر دیوانی (بۆچی بیر له‌و شاخانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ Përse mendohen këto male) و ساڵی 1965 رۆمانی (دڕندە Përbindëshi) ی بڵاوكردەوە. له‌و رۆمانه‌یدا ئه‌سپی ته‌رواده‌ی كردۆته‌ هه‌وێن و هه‌وڵیداوه‌ رووداوێكی ئه‌فسانه‌یی بگۆڕێ بۆ حاڵی ئەوسای وڵاته‌كه‌ی، پاش ئەوەی حكومەت هەوڵیدا لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی سۆڤییەتی بێتە دەر. ساڵی 1967 رۆمانی (پێستی ته‌پڵ Lëkura e daulles) ی بڵاوكردەوە. ئه‌وه‌‌شیان بەرجەستەكەری ئەو قۆناغەیە كە ئەلبانیا لەساتی گۆڕان بەخۆیەوە بینی. ئەوە جگە لەواقیعی ژن لەچوارچیوەی دەرەبەگایەتی و كۆنەپەرستی ئەوسای كۆمەڵگەكەیدا. هاوكات لەو بەرهەمەدا بۆ ئەوەی عەزیمەت لەدەروونی ئەلبانییەكان نیشان بدات، كەلەپووری ئەفسانەیی ئەلبانی بەكارهێناوە. ساڵی دواتر هه‌مان رۆمانی به‌ناوی (هاوسه‌رگیری Dasma) خسته‌وه‌ به‌ر دیده‌. ساڵی 1970 رۆمانی (قەڵا Kështjella) ی بڵاوكردەوە. ‌له‌وه‌شیاندا چیڕۆكێكی میللی ئه‌لبانی كردۆتە هه‌وێن كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی پێداگرتنه‌ له‌سه‌ر قوربانیدان بۆ مانه‌وه‌. تێیدا گەڕاوەتەوە سەدەی پانزدە و چیرۆكێكی مێژوویی خستۆتە بەردیدە. كاتێك سوپا بەهێزەكەی عوسمانی هەڵدەكوتێتە سەر قەڵایەكی كۆنی ئەلبانیا، گەلەكەی ناوی ملكەچ ناكەن و بەرگری دەكەن. ئەوسا به‌و كاره‌ی كاداری داوای لەگه‌له‌كه‌ی كرد، بۆ گه‌یشتن به‌ڕۆژی گه‌ش پێویسته‌ قوربانی بده‌ن. هەر بۆیە كاتی خۆی لێكدانەوەی زۆر بۆ ئەو بەرهەمە كرا. تەنانەت هەندێك بەبەرجەستەكەری ئەو ململانێیە ئایدیالۆژییەیان دادەنا كە لەنێوان ئەلبانیا و رژێمی سۆڤیەتیدا هەبوو. هەر لەو ساڵەدا كاداری بووە ئەندامی پەرلەمانی وڵات و ماوەی دوانزدە ساڵ لەو شوێنە ماوە. بەوەش دەرگاكانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی بەڕوودا كراوە. ئەمەو بەهۆی پێوەندیشی لەگەڵ (ئەنوەر خواجە) ی سەرۆك، ناوبراو كردی بەسەرۆكی پەیمانگەی رۆشنبیری. ساڵی دواتر رۆمانی (چیرۆكی شاری به‌رد ‌Kronikë në gur) ی بڵاوكردەوە. تێیدا ‌به‌ره‌نگاری هێزه‌ ئه‌لبانییه‌كانی له‌كاتی داگیركاری له‌جه‌نگی دووه‌می جیهانی خستۆته‌ڕوو، بەتایبەتی شارەكەی خۆی كە چۆن رووبەڕووی سوپای داگیركەری ئیتاڵی و ئەڵمانی وەستان. هەروەها تێیدا ستایشی رۆڵی ئەنوەر خواجەی كردووە لەپێشڕەویكردنی دەستە بەرگریكارە كۆمونیستییەكان دژی داگیركەری ئیتاڵی لەئەلبانیادا. ساڵی 1972 رۆمانی (زستانی سەخت Dimiri i madhe) ی بڵاوكردەوە. كە بەڕۆمانێكی سیاسییانە دادەنرێت، لەجۆری ریالیزمی سۆشیالیستییە. تێیدا وێنەی بارودۆخی زستانی ساڵی 1961 ی كێشاوە كە ساڵی پێوەندیبڕینی وڵاتەكەی لەگەڵ یەكێتی سۆڤیەتی و چوونە پاڵ سەربازگەی چینی ماوی بوو. ئەو پێوەندیبڕینەش بەخاڵی گەمارۆ خنكێنەرەكەی وڵاتەكەی دادەنرێت كە هەموو لایەكی ژیانی ئەلبانیای تێكدا. دوای ئەوەی پێشتر یەكێتی سۆڤییەت وەك دەروازەی ئەو وڵاتە وابوو بەرەو رووی جیهان..

ساڵی 1975 رۆمانی (پایزی پایتەخت Nëntori i një kryeqyteti) ی بڵاوكردەوە. لەوەشدا هەوڵدان بۆ رزگاركردنی شاری تیرانا لەژێر دەسەڵاتی داگیركەری ئیتاڵی لەكاتی شاڵاوەكانی جەنگی دووەمی جیهانی دەبینرێ. ساڵی دواتر دیوانی (كات Koha) و ساڵی 1977 كۆ چیرۆكی (ئاڵای رابرووEmblema e dikurshme ) و ساڵی دواتریش رۆمانی (Muzgu i perëndive të stepës) ی بڵاوكردەوە. لەو رۆمانەشدا لەڕێگەی گێرانەوەی چیرۆكی خۆشەویستی نێوان كوڕێكی ئەلبانی و كچێكی رووسی، یادگارییەكانی پێشوی خۆی لەشاری مۆسكۆ، خستۆتە بەر دیدە. لەناو ئەو پێوەندییەش وێنەی جوانی مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتی كێشاوە، بەجۆرێك كە چه‌ندان ره‌هه‌ندی ئەو دوو لایەنەی هه‌ڵگرتووە‌. دوای ئه‌و كاره‌ جارێكی دیكه‌ بۆ مێژوو گه‌ڕاوه و به‌هه‌موو ئه‌و شتانەی‌ هه‌ڵگوت كه‌ ئه‌لبانییه‌كان وه‌ك كه‌له‌پور پێشكه‌شیان كردووه‌. ئەوەش لەڕۆمانی (Komisioni i festës) دەبینرێ كە هەر لەو ساڵەدا بڵاویكردەوە. تێیدا لەهەمان تەوەرەی رەخنەگرتن لەدەوڵەتی عوسمانی و سیاسەتە داگیركارییە خوێناوییەكەی، لەڕۆژهەڵاتی ئەوروپا سوڕ دەخواتەوە. ڕووداوێكی مێژوویی خستۆته‌ڕوو كە لەمێژووی ئەلبانیادا ناسراوە، ئەویش بانگهێشتەكەی سوڵتان مەحمودی دووەمە لەو كاتەی ویستی نەیارەكانی لەناوبەرێت كە ئاهەنگێكی گەورەی ساز كرد و دوای كۆكردنەوەیان پێنج سەد كەس لەو میوانانەی لەناوبرد كە گوایە هەوڵی جیابوونەوە و دژایەتیكردنی دەسەڵاتی عوسمانییان دەدا.

هەر لەساڵی 1978 رۆمانی (پردی سێ كەوانەیی Ura me tri harqe) بڵاوكردەوە. ناوەرۆكی ئەو رۆمانەشی لەچیرۆكێكی فۆلكلۆری گەلەكەی وەرگرتووە كە دەڵێت (لەكاتی داڕێژتنی بناغەی پردێك، بۆ ئەوەی تۆكمە و بەتین بێت و بەنەمری و تاهەتایی بمێنێتەوە، پێویستە قوربانی بەسەری مرۆڤێك یاخود گیانلەبەرێك بكرێت). ئەوەش ئاماژەیەكی دیكەیە بۆ واتای سیاسی ئەو رۆژگارە. واتا داوای لەگەلەكەی كردووه‌ بۆ بونیادنانی داهاتووی گەش، قوربانی بدەن. لەلایەكی دیكەوە ئەو رۆمانە بەوەڵامدانەوەی رۆمانی (پردی سەر رووباری درینا) ی ئیفو ئاندریتشی رۆماننووسی سربی دادەنرێت. هەر لەو ساڵە رۆمانەكانی (جێگه‌ی شەرمەزاری Kamarja e turpit) و (نیسانی تێكشكاو Prilli i thyer) و (پاشالیكی مه‌زن Pashalleqet emadha) ی بڵاوكردەوە. لەوەی دوایدا تیشكی خستۆتە سەر كەسایەتی پادشایەكی توركی كە دەیەوێت بەپشتیوانی رۆژئاوا، لەدەسەڵاتی عوسمانی جیابێتەوە، بەڵام دەوڵەتی عوسمانی پلان لەدژی دەگێڕێ و دواتر سەری لەجەستەی جیادەكاتەوە.

ساڵی 1980 كۆ چیرۆكی (Gjakftohtësia) ی بڵاوكردەوە. هاوكات له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هێما و ئه‌فسانه‌ ئه‌لبانییه‌كان، رۆمانێكی دیكەی بەپێزی بەناوی (كێ دۆرونتینی هێنا‌وه؟‌ Kush e solli Doruntinën?) بڵاوكردەوە. له‌و كاره‌شیدا پشتی به‌ئه‌فسانه‌یه‌‌كی دیكه‌ی میللی به‌ستووه‌ كه‌ تێیدا برایه‌ك له‌مردن زیندوو ده‌بێته‌وه‌ تا به‌رگری له‌خوشكە ڕفێندراوەكەی بكات. لێرەدا زیندووبوونه‌وه‌ی برا، زیندووبوونه‌وه‌ی گه‌لی ئه‌لبانییه‌ كه‌ ئه‌وسا وه‌ك مردوو ملكه‌چی چاره‌نووس ببوو. ساڵی دواتر رۆمانی (كۆشكی خه‌ونه‌كان pallati I éndrrave) ی بڵاوكردەوە. تێیدا جارێكی دیكه‌ بەگەڕانەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەكان، بابەتە گرنگەكەی پرسی تۆتالیتاری و ره‌خنه‌گرتن له‌ڕژێمی سته‌مكاری خستۆتەوە بەردیدە. بۆیه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی نووسه‌رانی وڵات ره‌خنه‌ی لێگیرا. ساڵی 1985 رۆمانەكانی (رووناكی مانگ Nata me hënë) و (ساڵی خراپه‌ Viti i mbrapshtë) و (Krushqit janë të ngrirë) ی بڵاوكردەوە. هاوكات ئەنوەر خواجە دیكتاتۆر و ستەمكار مرد كە ناوبراو بەهەموو جۆرێك هەوڵی دەدا لەو وڵاتە بچووكەدا رژێمی تۆتالیتاری پیادە بكات. بۆ رازی كردنی رژێمی سۆڤییەتیش دژی كرانەوە و مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژئاوا بوو. ساڵی 1988 كاداری رۆمانی (كۆنسێرت لەكۆتایی زستاندا Koncert në fund të dimrit) ی بڵاوكردەوە. لەو بەرهەمەدا هاوشێوەی رۆمانی زستانە مەزنەكە، ئاماژە بەپێوەندی بڕینی دەسەڵاتی فەرمانڕەوای وڵاتەكەی داوە. بەڵام ئەو جارە پێوەندی بڕینەكە لەگەڵ رژێمی چینی دوای مردنی ماوتسی تۆنگە. ساڵی دواتر رۆمانی (دۆسیەی ئێج Dosja H.) ی بڵاوكردەوە، كە تێیدا هەست بەو ململانێیە بێدەنگییە دەكرێت كە دوای خواجە لەسەر دەسەڵاتی وڵات سەریهەڵدا. هەروەها رەخنەشی لەماوەی دەسەڵاتی ئەحمەد زوگۆش گرتووە.
گومان لەوەدا نییە كاداری یەكێك بوو لەكەسە دیارەكانی رژێمی كۆمونیستی پێشوی ئەلبانیا و لەسایەی ئەو رژێمەش لەهەموو نووسەرێكی دیكەی ئەو وڵاتە زیاتر سوودمەند بوو. بەڵام ساڵی 1990 بەر لەڕووخانی رژێمی دەسەڵاتداری وڵاتەكەی و رووخانی گەورەی رژێمە كۆمونیستییەكانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا، كاتێك بۆی رەخسا، وڵاته‌كه‌ی جێهێشت و ‌چووه‌ پاریس. لەوێدا داوای مافی پەنابەری كرد و پاكانەی خۆشی لەئایدیای كۆمونیستی و رژێمی تۆتالیتاری راگەیاند. وەك دەنگێكی جیهانیش دژی ستەمەكانی پێشوی ناو وڵاتەكەی دەنگی هەڵبڕی. لەو وڵاتە رەگەزنامەی پێدرا و ساڵی دواتریش رۆمانی (Qorrfermani) و كۆچیرۆكی (خه‌ونی فریوده‌ر Ëndërr mashtruese) و ساڵی 1992 رۆمانی (هەڕەم Piramida) ی بڵاوكردەوە. لەو رۆمانەی دوایی پێوه‌ندی بڕینی خۆی له‌گه‌ڵ حزبی كۆمونیستی ده‌سه‌ڵاتداری وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاندووە. هەروەها تێیدا رازی نه‌بوونی كیوبسی فیرعه‌ونی میسری به‌ناشتنی له‌هه‌ڕه‌مدا، هاوشێوەی فیرعەونەكانی پێشوو، وه‌ك هێما بەكارهێناوە بۆ ئه‌نوه‌ر خواجه‌،‌ كه‌ ناوبراو بەپێچەوانەوە ئاواته‌خواز بوو له‌ناو جه‌رگه‌ی تیرانای پایته‌خت له‌هه‌ڕه‌مێك بنێژرێت. به‌هۆی ئه‌و رۆمانه‌ ده‌نگی گواستنه‌وه‌ی گۆڕی خواجه‌ بۆ سه‌نته‌ری میوزیكی رۆژئاوایی به‌رزبۆوه‌. ئه‌و سه‌نته‌ره‌ی كه‌ خواجه‌ هه‌رگیز حه‌زی له‌گوێگرتن له‌و جۆره‌ میوزیكه‌ نه‌بوو. كەواتە ناوەرۆكی ئەو رۆمانە پێچەوانەی رۆمانی زستانی سەختە كە لەوێدا خواجە وەك پاڵەوان دەركەوتووە.

ساڵی 1994 رۆمانی (سێبەر Hija) ی بڵاوكردەوە، كە له‌ڕۆژانی ده‌سه‌ڵاتی خواجه‌ به‌نهێنی نوسیبووی. تێیدا لەنێوان دۆخی ئەلبانیا لەسەردەمی خواجە و سەردەمی چاخەكانی ناوەند بەراورد كردووە. هەوڵیشیداوە لەناو پاڵەوانی ئەو كارەیدا كە بەرجەستەكەری خۆیەتی، بەتەواوی پاكانەی خۆی لەڕژێمی پێشوی وڵاتەكەی نیشان بدات. ساڵی دواتر رۆمانی (Shkaba) و ساڵی 1996 رۆمانی (سپيريتوس Spiritus) ی بڵاوكردەوە. هاوكات دوای مردنی كارل پۆپەری فەیلەسوفی نەمسایی و بەریتانی، لەشوێنی ئەو لەئەكادیمیای فەرەنسی بۆ زانستی سیاسی و ئەخلاقی، كرا بەئەندامی تاهەتایی.
ساڵی 1998 رۆمانی (شارێكی بێ ریكلام Qyteti pa reklama) ی بڵاوكردەوە. وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا. له‌و رۆمانه‌یدا كاداری وه‌ك گه‌نجێكی ئاواتخواز و هه‌ڵچوو بۆ گۆڕانكاری شۆڕشگێڕانه،‌ هه‌ستی خۆی ده‌ربڕیوه‌. پاڵه‌وانه‌كانی ناوی به‌و هیوایه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران شه‌رمه‌زار بكه‌ن، هه‌وڵی وێرانكردنی ئا‌یكۆنه‌كانی ناو كڵێسه‌كان و دڕاندنی كتێبی پیرۆز ده‌ده‌ن. هەر لەو ساڵە كۆ چیرۆكی (سێ گۆرانی ماته‌مینی بۆ كۆسۆڤۆ Tri këngë zie për Kosovën) و شانۆگەری (وه‌رزی بێزاركه‌ر له‌ئۆله‌مپ Stinë e mërzitshme në Olimp) و ساڵی دواتریش كۆ چیرۆكی (دزینی خه‌وی شاهانه‌ Vjedhja e gjumit mbretëror) و ساڵی 2000 رۆمانەكانی (گوڵە سارده‌كانی ئازار Lulet e ftohta të marsit) و (نه‌وه‌كانی هانكۆناته‌كان‌ Breznitë e Hankonatëve) و ساڵی دواتر كۆ چیرۆكی (له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌ی ژنێك Përballë pasqyrës së një gruaje) و ساڵی 2003 رۆمانەكانی (كچی ئاگامێنۆن Vajza e Agamemnonit) و (ژیان یاری و مردنی لول مه‌زره‌ك Jeta,loja dhe vdekja Lul Mazrekut) و (نه‌وه‌ Pasardhësi) ی بڵاوكردەوە. لەوەی دوایدا باسی لەڕووداوی خۆكوشتن یان تیرۆركردنی محەمەد شیخۆی پیاوی دووەمی ئەوسای وڵاتەكەی كردووە كە لەخانووە نوێیەكەیدا روویدا. بەگوێرەی ئەفسانە ئەلبانییەكانیش ئەو خانووە شوێنی تارمایی و گیانی مردووەكانە. ساڵی دواتر دیوانه‌ شیعری (هەندێک دڵۆپی باران کەوتنە سەر شووشە Ca pika shiu ranë mbi qelq) و ساڵی 2005 رۆمانی (بابه‌تی گه‌مژه‌یی Çështje të marrëzisë) و دیوانی (ئاسمان بێ فۆرم Pa formë është qielli) و ساڵی 2008 رۆمانی (ئێواره‌خوانێكی هه‌ڵه‌ Darka e Gabuar) و ساڵی دواتریش رۆمانی (به‌ربه‌ست: رێكویم بۆ لیندا بی E penguara: Rekuiem për Linda B) ی بڵاوكردەوە. لەوەی دوایدا كە رووداوەكانی لەساڵانی هەشتاكانی سەدەی راربردووە لەشاری تیرانا، باسی لەبارودۆخی وڵاتەكەی لەژێر سایەی رژێمی تۆتالیتاری كردووە. ساڵی 2010 رۆمانی (رووداو Aksidenti) و ساڵی 2013 كۆ چیرۆكی (Bisedë për brilantet në pasditen e dhjetorit) و ساڵی دواتریش رۆمانی (هەوره‌كانی تیرانا Mjegullat e Tiranës) ی بڵاوكردەوە. كە ئەوەی دوایی لەنێوان 1957 و 1958 نووسیبووی. ساڵی 2015 رۆمانی (بوكەڵه‌ Kukulla) و كتێبی (Uragani i ndërprerë) و كۆ چیرۆكی (كاتی خۆشەویستی Koha e dashurisë) و ساڵی 2017 كتێبی (سێ وتار لەبارەی ئەدەبی جیهانی Tri sprova mbi letërsinë botërore) و ساڵی دواتر كۆ چیرۆكی (كورته‌ نووسراو له‌یه‌ك به‌رگدا Proza e shkurtër, në një vëllim) و كتێبه‌كانی (سێ وتار له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی جیهانی Tri sprova mbi letërsinë botërore) و (كاتێك فه‌رما‌نده‌كان شه‌ڕ ده‌كه‌ن Kur sunduesit grinden) و (بەرهەمە شیعرییەکان لەیەک بەرگدا Vepra poetike në një vëllim) بڵاوكردەوە.
جگە لەو به‌رهه‌مانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا، كاداری كتێبی دیكەشی بڵاوكردۆتەوە. له‌زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیشی ئه‌فسانه‌ی به‌دۆزه‌ هه‌ستیاره‌كان ئاوێته‌ كردووه‌. ئه‌مه‌و له‌هه‌ندێكیشیان هێرشی كردۆته‌ سه‌ر كه‌له‌پور و شارستانی ئیسلامی. راشكاوانه‌ش ئاماژه‌ی به‌وه‌ ده‌دا ئیسلام به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌م گه‌لی ئه‌لبانی بۆ گه‌یشتن به‌شارستانی ئه‌وروپی. به‌و كاره‌شی وه‌های ده‌زانی له‌به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی نۆبڵ، ئه‌و خه‌ڵاته‌ی كه‌ هه‌رده‌م خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینی، نزیك ده‌بێته‌وه‌. نۆبڵی پێنه‌درا به‌ڵام چه‌ندان ‌خەڵاتی مەزنی جیهانی بەدەستهێناوە، لەوانە ساڵی 1992 خەڵاتی موندیل سینۆ دیل دوكا و ساڵی 2005 خەڵاتی مان بوكەری و ساڵی 2009 خەڵاتی میر ئەستوریاس و ساڵی 2015 خەلاتی قودسی ئەدەبی و مەدالیای جوقەی شەرەف و ساڵی 2016 خه‌ڵاتی نیشتمانی ئه‌لبانی و ساڵی 2018 خه‌ڵاتی نۆنینۆی نیوده‌وڵه‌تی و ساڵی 2020 خه‌ڵاتی نیوستادی نیوده‌وڵه‌تی پێبه‌خشرا. ئه‌وانه‌ و چه‌ندانی دیكه‌ش‌.




يەکەی ژانر و بەهای دەق.. سەردار ڕەزا جاف

خودی دەق ئەو نووسينە هەمەجۆرەيە لە يەکێ لە کايەکانی ئەدەبی و هونەری و زانستی و ئابووری و ڕامياری و سەربازی ….تاد، بەر چاو دەکەون و ژانرێکی گرێدراوە بە ئاراستەيەکی دياری کراو و يەکەی ژانری تێدا مەيسەر بووە و لە کرۆکی باسەکەی لای نەداوە، ئێمە لێرەدا باس لە دەقی ئەدەبی دەکەين و ئەم لايەنەمان زێتر لا گرينگ و مەبەستدارە بە تايبەت هەردوو بواری شيعر و ڕۆمان، لە رۆژگاری ئێستاماندا بە هۆی دونيای بێسانسۆر و بەربڵاو و بەرەڵای سۆشيال ميديا، هەر بابەيە و دادەيە بووە بە نوسەری عەيارە ٢٤ و پێی وايە ئیدی کەس بە کەس نييە و ئەو پانتاييەی بۆ دەچێتە سەر، هەموو نووسين ژانرێک خودان يەکەيەکی تايبەت بە خۆيە و گەرەکە نووسەر سەرەتا خۆی لە قاڵب بدات، ئەو بەناو ئازادييە بەرەڵاييە شياو و لە بار نين بۆ دونيای ئەدەب و بە هيچ کڵۆجێک ناخزێتە خانەی دەقی ئەدەبی ڕێچکە تەواو، ئەوەيش من و کەسانی ديکە نين بڕياری لە سەر بدەين، وەلێ کۆمەڵێ ميتۆد و بەهای پيرۆزی ئەدەبييە ڕێی پێ نادات بە پێی خاوسی تێی بکەوێ و مەيلی چۆن ڕێی پێبدا بە ئارەزووی خۆی مەلەی تێدا بکات، لەم سۆنگەوە گەرەکمانە بەرچاو ڕوونييەک بخەينە بەر دەستی ئەو کۆڵکە نووسەرانە تا تێ بگەن کۆمەڵێ بنەمای زانستی هەن و گەرەکە نووسەر، جا شاعير بێت يان ڕۆماننووس پێيەوە پابەند بێت، لیڕەدا دەمانەوێت بێژين دەقی ئەدەبی لە هەر دەقێکی زانستی ئەوانی دی لەسەرەوە باسمان لێوە کرد جياوازە، لە نووسينی کايەکانی دی جگە لە ئەدەبی بە تايبەتی زانستی پێويستە پشت بە بەڵگە و زانياری پڕاوپڕی ژانرەکەی بەر دەست بێت، کەچی لە بواری ئەدەبيدا زۆربەی هەرە زۆری نووسينەکان لە خەياڵی ئەديبەوە چەکەرە دەکات، جا بۆيە ئەو خەياڵە ناچار دەکرێت پەيوەست بە بنەماکانی نووسين بێت، تەنها سەرەتای نووسينی ئەدەبی ڕەوانبێژی و ئێستاتيکا دوو بنەمای هەرە سەرەکين بۆ هەر دەقێکی ئەدەبی، ئێمە هەوڵ دەدەين لێرەدا هەم ئەم لايەنە شرۆڤە بکەين هەميش يەکەی ژانرلە ناو شيعری هاوچەرخ و ڕۆمان، کە ڕۆمان بە ديد و تێڕوانينمان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا پانتاييەکی فرەی گرتووە و خوێنەری باشی هەيە.

چەمکی دەق :
يەکەم :

زمان لە دەقی ئەدەبی : دەق گرينگی بەهای تايبەت بە خۆی هەيە، کەواتە نووسەر پێويستی بە چييە بۆ هاوێربوونی دەقێکی ئەدەبی لە هزرێکی جەنجاڵی خەياڵاوييەوە کە دەڵێين جەنجاڵ هەم شيعر و هەميش ڕۆمان لە نێو هزری نووسەرەکەدا ژاوەژاو و ئاڵۆسکاوييەک دەخولقێنێت مەگەر هەر خودی نووسەرەکە بۆ خۆی سەری لێ دەربکات، تاوەکوو دەقێکی جوان و پڕ چەمکی بەهادار دەخاتە بەر ديدی خوێنەر، نووسەر گەرەکە توانای بە سەر زمانەکەدا بشکێت نەبا لە هەڵوێستێکدا نەزانێ چۆن بنووسێت و چۆن بدوێ کەواتە ڕەوانبێژی دەرگای جوانی نووسين واڵاتر دەکات.
ئاخۆ دەق هەر لە خۆڕایی و بە گۆترە لە دايک دەبێ، بێگومان نەخێر، بەر لە هەموو بنەما و پرنسيپەکانی نووسين، نووسەر زۆر گرينگە خاوەن پاشخانێکی ئەپستمۆلۆژی بێت، بە بێ بوونی مەعريفەيەکی پڕ, ئاستەنگە بتوانێت خۆ لە قەرەی کارێک بدات پێی بوترێت دەق، بۆ نمونە مێژووی ئەدەب يەکێکە لەو بنەمايانەی نووسەر يان ئەو کەسەی دەنووسێت شتێک لە بارەيەوە بزانێت، ئەمە يارمەتیدەر دەبێت بۆ خودی نووسەرەکە، بەر لە گەڕانەوە بۆ نووسينی دەق پێويستە شتێ لە بارەی ئەدەب بخەينەڕوو، کەواتە لێرەوە نووسينی دەق پێمان دەڵێ بەر لەوەی من بنووسيت بخوێنەوە، خوێندنەوەيش بۆ کاری ئەدەبی ناکرێ خوێنەنەوەی سەرپێی بێت، وەلێ خوێندنەوەيەکی قووڵ تا ڕۆحی خوێندنەوەی تێدا تۆو بکرێت بە جۆرێک کە سبەی دارەکەی بەرهەمدار بێت و لە بەریدا بەو ئامانجە بگات کە مەبەستێتی لە نووسينی دەقی ئەدەبيدا، لايەنێکی ديکە لە خوێندنەوە بەر لە نووسين هەوڵ بدە شيعر يان چيرۆک يا خود ڕۆمان بەو ئەدايە بخوێنەوە کە چێژ بە بيسەر دەدات، ئەودەم خوليايەکت لا دروست دەبێت بەرەو شۆڕبوونەوەی قووڵ بەرەو خوێندنەوەی زياتر تا بتوانی بکەويتە نووسين، لە هەر لايەکەوە پەنجە بەرەو دەق ببەين پێمان دەبێژێ دەق بريتييە لە : کۆمەڵە ڕستەيەکی گرێدراوە بە شێوە زمانێکی ڕاست و دروست نووسرابێت و بە پێی ئەو پەيوەندييە دياريکراوە، (( کە پەيوەندی لە نێوان دوو ڕستە يان زياتر هەبێت، لە نووسينی دەقی ئەدەبی پشت بە ئەبستمۆلۆژی دەبەستێت ))” ١ “ هەروەک گوتمان مەعريفە بنەمای سەرەکييە، کەواتە خوێندنەوەی پێشوەخت و ئاشنا بوون بە کۆڵەکە سەرەکييەکانی ئەدەب وا لەو نووسەرە دەکات کاری جوان و بەهادار بخاتە بەر دەستی خوێنەر، ئەمەيش لە ڕێی شەونخونييەوە بەرهەم دێت.

هەڵبەتە کاری نووسينی ئێمە لە سەر دەق نييە بە بارتەقای ئەوەی دەمانهەوێت يەکەی ژانر “ الوحدة الموضوعية “ لە دەقدا باس بکەين، پەنجە درێژکردن بۆ خودی دەق دەبێ کاری لە پێشينە بێت، کە خودی دەق بنەماکانی بە تەنها يەکەی ژانر نييە لێ کۆمەڵێک بنەما هەن پێويستە نووسەر لە بەرچاويان بگرێت، ئەوەی لێرەدا باسی لێوە دەکەين دڵۆپێک لەو دەريا پان و بەرينەيە و دواتر دێينە سەر خودی جەوهەری باسەکەمان، زمان لايەنێکی ديکەی تايبەتمەندی نووسينە، ناکرێ دەقی شيعری و سەرهات و رووداوەکانی ڕۆمان بە يەک زمان بنووسرێت دەکرێ زمانێکی پەخشان ئامێزی بە باڵای رۆماندا بدوورين، زمان ئێستاتيکا بە دەق دەدات، ئەگەر بە هەمان ئەو زمانی ئاخاوتنە دەقێکی شيعری بنووسرێت يان ڕۆمان تەنها گێڕانەوەی سەهات و رووداو بن، ئەوا هەر کەسێک دەتوانێ بەربێتە وێزەی ئەدەب هەروەک ئەمڕۆ لە سۆشيال ميدياکاندا دەبينين چ سەرگەردانييەک ڕووی لە ئەدەبی کوردی کردووە، ئەم حاڵەتە تەنها نەتەوەی کوردی نەگرتۆتەوە بەڵکوو نەتەوەکانی ديکەيش دووچاری ئەم گرفتە بوون هەر يەکەيش لای خۆيەوە بەرەو پاککردنەوەی دونيای ئەدەب هەنگاوی هاويشتووە، ئەدەب بۆ خۆی زمانە ئێمەيش بێين زمانەکە تێکبشکێنين جا چی دەمێنێتەوە بۆ ئەدەب، زمان ئەو هۆکارە هەرە گرينگ و سەرەکييە کە هەر يەکێک لە ئێمە بۆ گەياندنی مەبەست و ئارەزووەکانی دەری دەبڕێت، ڕايەڵەی پاکی نێوان تاک بە تاکی مرۆڤەکانە، هەر لە ڕێگای زمانەوە دەتوانين کۆمەڵێ کايەی گرينگ لە ژيانی هەر يەکێکمان پاشان نەتەوەکەمان هەم بە يەکدی هەميش بە گەلانی ديکە بناسێنين، لە ڕێگای نووسينەکانمان کە ئەويش زمانێکی تايبەت بە خۆی هەيە و جوانی دەربڕينەکانمان وا دەکات ئاسوودەیی ياخود چێژ بە بەرامبەر بگەيەنێت، هەروەک گوتمان باسمان لای ئەدەبە، کەواتە ئەدەب يەکێکە لەو هۆکارانەی کە زۆر سەرەکين بۆ ناساندنی هەم خۆمان وەک تاک هەم گەلەکەمان وەک نەتەوە، کەواتە ئەدەب ئەو پانتاييە جوانەيە کە ڕێمان بۆ خۆش دەکات زياتر پەل بهاوێژين، (( ئەدەب بە بێ زمان بوونی نييە، زمان ئاسەواری خۆی لە ناسنامەدا جێدەهێڵێت، چونکە بە نێو بوونی مرۆڤ و ئينتيماکەيەوە شۆڕ دەبێتەوە، جا لە بەر ئەوە دەگوترێت ئەدەب ئاوێنەی گەلانە کە خۆی تێدا دەبينێتەوە، لە ڕێگايەوە ناسنامە و بوونی خۆی تێدا دەردەبڕێت )) “ ٢ “ کەواتە با ئەو ئاوێنەيە تەڵخ نەکەين و زمانی جوانی ئەدەبی و ڕەوان و پاراوی کوردی لە دەقە ئەدەبييەکانمان بوونی هەبێت.
زمان بە پێی سەردەم گۆڕانی بە سەردا هاتووە و هێشتان ئێمەی کورد زێتر پێويستيمان بە پێشخستنی زمانە نەخاسمە زمانی ئەدەبی، زمانی ئەدەبی هێندەی کاری خودی ئەديبە هێندە کاری زمانناسەکان نييە، چونکە هەروا هاتووە زمانناسەکان لە ڕووی زانستی ئەکاديمييەوە پەرە بە زمان دەدەن کەچی لە بەرامبەردا بە تايبەت شاعير هەوڵ دەدات زمانی دادێی تاک ئەو زمانە بێت کە لە شيعرەکاندا بوونی هەيە، کەواتە ئەرکی ئەديب بە تايبەت شاعير زۆر قورسە و ئەمانەتيشە، (( پەيوەستی ئەدەب پەيوەستييەکی بەڵگەدارييە بە زمانەوە، بەرهەمی ڕاستەقينەی زمان ڕۆشنگەری بلۆگ بەم زمانە پارێزراوە لە چوارچێوەی فۆرمی ئەدەب و دەرکەوتەکانی، کە هەمەچەشن دەبێت بە جياوازی دەڤەر و سەردەم و کاتەکان، لێرەدا زۆر گوتەی ناودار لە بارەی ئەدەبەوە هەيە لەوانەی ئەوەی ، وليەم هازلت* دەيڵێ “ ئەدەبی هەر نەتەوەيەک ڕەنگدانەوەی وێنای راسەتەقينەیەتی” )) “ ٣ “ کەواتە بايەخدان بە ئەدەب کە زمان بنەمای سەرەکی ئەدەبە رەنگدانەوەی وێنای خودی نەتەوەکەيە و، ئەگەر کورد و نەتەوەی کوردمان بە دڵکارانە خۆشدەوێ بە بێ ئاشنابوونمان لە زمان و ئەدەب پەنای بۆ نەبەين، تەنانەت ڕێنووسيش کاريگەری تەواوی خۆی لە سەر زمانی نووسين هەيە..
پێمان وايە هێشتان نەمانتوانيوە و هەرگيزيش ناتوانين مافی تەواو بە بەهای زمان لە دەقی ئەدەبی بدەين، وەک دەقی هاوچەرخ و تازەگەری کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی هەيە، ئەوەی زۆر گرينگە زمانە پێمان باشە شتێک لەم لايەنەوە باس بکەين بەر لە غلۆربوونەوەمان بە نێو يەکەی ژانر لە دەقی ئەدەبی تازەدا، هەروەک وتمان زمان کۆڵەکەکەيەتی، لە تەک ئەوەيش (( تێکشکاندنی کێش و سەروا، هەمەجۆرکردنی شێواز و ژانرە جۆربەجۆرەکان، دەربڕين ناخی خود کە لە واقيعەوە هەڵقوڵا بێت، تێڕوانين بۆ ئايندەی بوون و ژيان، تا چەند کاريگەرە بە ڕەوتە فيکری و هونەرييە تازەگەرييەکان، جەخت بکاتەوە لە سەر ئەزمونی شيعری خۆی و دەوروبەری، مەيلی هەبێت تازەگەری لە فۆرم و ناوەڕؤک بخوڵقێنێت.. چەند لايەنێکی ديکەيش …… )) ئێمە تەنها باسمان لە کورتەيەکی زۆر زۆر کورتی زمان کردن مەبەستيش ئەوەيە کەسێ زمانی ئەدەبی لەنگ بێت تکايە با سۆشيال ميديا بە هەل نەقۆزێتەوە بۆ شکاندنی ئاوێنەی نەتەوەيەک…

دووەم :
ژانر و يەکەی ژانر : کۆڵەکەی يەکەی ژانر تەنها بيرکردنەوەی خودی نووسەرە و هيچی دی، شتێکی بوونە لە جيهانی درەوەماندايە ئەوەيش هەست و درکی پێ دەکەين و خود ڕووبەڕووی دەبێتەوە، کەواتە خود لە ڕێی ئاوەزەوە درک بەو جيهانەی دەرەوە دەکات کە بوونی هەيە، لێرەدا بيرکردنەوە ئەو ژانرە لە چوارچێوەی دەقێکدا دادەڕێژێت بۆ گەياندنی چەمکی دياری کراو بە وەرگر، ژانر بۆ خۆی بيرۆکەيەکی سەرەکی کاری ئەدەبی يان هونەری ياخود مۆزيکييە. هەر کايەيەک لە کايەکانی پەيوەست بە ژيانی مرۆڤەوە ژانری فرە ڕەهەندی خۆی هەيە، ئێمە کارەکەمان لە بارەی ئەدەب و لە ئەدەبيش ڕۆمان و شيعرە.
بەر لە ڕۆچوون بە نێو يەکەی ژانر، گەرەکمانە بێژين کە بنەما زانستی و ميتۆدييەکانی شيعر ڕۆمان ناخزێنە چوارچێوەی يەکەی ژانرەوە، زۆر هەن ڕەنگە وا تێ بگەن کە هەردووک يەک بن، نەخێر کە دێينە سەر ڕۆمان بنەماکانی ڕۆمان، بۆ نمونە گێڕەرەوە، کات و شوێن، زمان، پاڵەوان، گرێ، يان کرۆک “ الحبکة” کە ئەمايان دەکرێ ئاوێتەی ژانر ببێت، چونکە خودی ژانرەکەيە، بۆيە ناکرێت ئەوانی دی تێکەڵ بە ژانر بکرێن..
لێرەدا پرسيارێک دێتە پێشەوە، ئاخۆ ئێمە بۆچی باسمان لە يەکەی ئەندامێتی نەکرد و يەکەی ژانرمان هێنايە بەر باسکردن، ديارە دوو ئاراستەی جياوازن و هەردوو ئاراستەيش لە خاڵی سفری يەکدييەوە سەرچاوەيان گرتووە، قسەيەک هەيە هەميشە دەگوترێتەوە “ ئێمە کوڕی سەردەمی خۆمانين “ کەواتە شاعيرانی سەردەمی کۆنيش کوڕی سەردەمی خۆيان بوون لە ژێر کاريگەری ئەدەبی دراوسێکانمان بوون، ئەمە حاشا هەڵنەگرە، نمونەيش عەروزی شيعری عارەبی، لێرەيشدا هەمان کاريگەريان بە سەرەوە هەبووە، يەکەی ئەندامێتی زۆربەی بيرمەند و ڕەخنەگران لە سەر ئەوە کۆکن کە ئەم لايەنە پەيوەستە بەوەی ، بەيتەکانی هەر دەقێکی شاعيرانی کۆن يەکەی ژانريان نييە و يەکەی ئەندامێتييان هەيە، بەواتە هەر بەيتێک لە دەقە شيعرييەکانيان بە يەکەوە پەيوەست نين هەر بەيتێک سەربەخۆیی خۆی هەيە واتا ئەگەر بێت و پاش و پێش بە بەيتەکانيان بکرێت ئەوا کاريگەری زۆری لە سەر نابێت، دەقی ئەمڕۆ ئەو فەزايە قبووڵ ناکات، بۆ نمونە ئەگەر باسی مرۆڤێک بکەين لە سەرەوە بۆ خوارەوە ئەوا بە زنجيرە پێيدا دێينە خوارەوە، ئەمە بە واتا پەيوەست بوونی بە دوای يەکەوە، کەواتە ئەمە يەکەی ژانرە، وەلێ ئەگەر مەرج نەبێ باس لە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەکە بە زنجيرە بکەين و هەر جارەی شوێنێکی باس بکەين ئەوا ئەمەيان دەچێتە خانەی يەکەی ئەندامێتی بەڵام هەردووکيان لە يەک قاڵبدان هەردوو باس لە جەستەی مرۆڤ دەکات، يەکێکيان بە زنجيرە لە سەرەوە بۆ خوارەوە يان لە خوارەوە بۆ سەرەوە، ئەمەيان يەکەی ژانرە، ئەوی دی هەر جارەی باس لە ئەندامێکی لەشەکە دەکات وەلێ بە زنجيرە نييە ئەمەيش يەکەی ئەندامێتييە، هەردوو ئاراستەيش کۆمەڵێ بيرمەند و ڕەخنەگر لاگيری لێ دەکەن و هەروەها لە نێوان هەردوو ئاراستەکەيش ئاراستەيەکی دی هەيە و مەيلی هەردوو ديويان هەيە، (( لەو گؤڕانکارييەی کە کاريگەری و جياوازی تێدا ڕوو دەدات، دەبێتە هۆی ئەوەی وا لە قەسيدەکە بکات ناڕێک و شلوێ “ ناڕوون “ بێت، بەيتەکانی لە بەر يەک هەڵدەوەشێنێتەوە، ئالێرەدا ئەمە يەکەی ئەندامێتی پێ دەوترێت، وەلێ ئەو خاڵەی پەيوەستە بە يەکەی ژانر ئەوەيە کە سەرتاپای قەسيدەکە لە يەک جۆری دياريکراو خۆی دەبينێتەوە، هيچ شتێکی دی لە تەواوی قەسيدەکە لە خۆ ناگرێت، و لە گەڵ کۆنیتێکستی شيعرەکەدا دەگونجێت)) “ ٤ “ کارەکە لێرەدا بە کۆتا نايەت هەروەک گوتمان دوو ئاراستە هەن کەواتە مشتومڕ و دەمودوويەکی زۆر هەڵدەگرێ و وا بە سانایی نەک يەکلانابێتەوە وەلێ يەکلانەبۆتەوە، (( يەکەی ئەندامێتی شيعر کاريگەرە – تا مەودايەکی دوور – لە درک پێکردنی و جێبەجێکردنی بە بۆچونی ئەرستۆ بۆ يەکەی داستان و شانۆنامە، مەبەستمان لە يەکەی ئەندامێتی لە قەسيدەدا، يەکەی ژانرە، يەکەی هەستتە کە شاعير دەيورووژێنێت، ئەوەی لێرەدا پێويستە بەدوای يەک ڕێکستنی وێنا و بيرکردنەوەکانەوە رێکبخرێت شيعرە ورد ورد پێشبکەوێت، تا کۆتا تەواوبوونی دەخوازرێت بيرکردنەوە و وێناکان رێکبخرێن، بە مەرجێ بەشەکانی قەسيدەکە بونيادێکی زيندوو بێت، هەر بەشێک کاری خۆی دەبێت، کە لە ڕێگەی ريزبەندی بير و هەستەکانەوە بەرەولای يەکدی بەرن)) “ ٥ “ ئەوەی لێرەدا بۆمان ساغ دەبێتەوە کە ئێمە بەش بەحاڵی خۆمان دوای ئەوەی سەرچاوەيەکی زۆرمان پشکنی و کنەی ئەم پرسەمان کرد، وای بۆ دەچين کە يەکەی ژانر بەشێکە لە يەکەی ئەندامێتی، وەلێ وەک نها گەورە نەکراوەتەوە، بۆ ئەمڕۆ لە دەقی شيعری نوێگەريدا پێويستە قەسيدەکە يەکەی ژانر بە سەريدا زاڵ بێت، لە ڕۆماندا يەکەی ئەندامێتی زێتر پێويستە، کەواتە بۆچی لەم بوارەدا جياوازە ؟ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە لە ناو ڕۆماندا چەندين چيرۆک هەن خزمەت بە چيڕۆکە گەورەکە يان بڵێين بە خودی مەبەستی نووسەر لەو دەقەی نەخشەی بۆ داڕشتووە دەکات، ئەدەب نەمازە شيعر پەنجە بۆ هەر لايەنێکی ببەی دەرگای ديکەت لێ دەکاتەوە و پەل بۆ زۆر لايەنی ديکە دەهاوێت، کوردی و کورتييەکەی وەک زەردەواڵە لێت دەئاڵێ و ناکرێ پشتگوێی بخەی، زۆر جاريش لە ناچاريدا لە لای هەر نەتەوە و گەلێکەوە بێت لە کورتی دەيبڕنەوە و بۆ خەڵکانی ديکەی جێ دێڵن بەردەوامی پێ بدا و دەرگای دەمودوو و مشتومڕ بکاتەوە.
يەکەی ژانر پێويستی بە زنجيرە باسی لۆژيکی هەيە کە لە چواچێوەی پرسێکدا دەخولێتەوەو پەل بۆ لايەنی ديکە ناهاوێژێت، ئەمە بۆ شيعر زياتر لە بارترە وەک لە ڕۆمان، ڕۆمان بۆ چەندين لا پەل دەکوتێت وەلێ لە چواچێوەی ژانرەکە يان خزمەتکرنی بە ژانری سەرەکی بيرکردنەوەی نووسەر يان چاکتر وايە بێژين، لە کرۆکی باسەکە لا نادات هەموو پەيوەست دەبن بە يەک پرسەوە ئەويش ئەو ئاراستەيە ڕۆمانەکەی لە سەر بونيادنراوە.(( چەمکی ئەدەب، ئاستی ئاوەزييە، توانای چالاکی ئاوەز سوودبەخشە بە پێکهێنانی دروستکردن و هۆنينەوەی توخمە پێکهێنەرەکانی کەرەستەی ئەدەب و داهێنانەکەی، ئەم توخمە سێ پێکهاتەی سەرەکی لە خۆ دەگرێت کە ئەمانەن : “ فۆرم ، ڕەگەزی ئەدەبی ، کار “ فۆرم سوود بە پێکێنەری زمانی داڕشتن دەگەيەنێت، ئەوانەيشی لە فرە شێوازە ئەدەبييەکلندا لە خۆی دەگرێت، کەچی رەگەزی ئەدەبی، سوود بە چوارچێوە گشتييەکانی فۆرم دەگەيەنێت، لە جۆرە هونەرييە گشتييەکان و لقی ڕەگەزە ئەدەبييەکان، هەروەها کاری سێبەری سوود بە هۆکاری نووسين دەگەيەنێت” و نامانجەکانی ئەدەب لە بەهای بيرکردنەوەی هەمەچەشن کۆمەڵايەتی، ڕۆشنبيری و ئێستاتيکا و واتای ژانرييکان لە خۆدەگرێت هەر لە چەمکی فۆرم و ڕەگەزی ئەدەبی )) “ ٦ “ بۆ هەر دەقێکی ئەدەبی گەرەکە ئەو سێ فاکتەرە هەميشە لە بەرچاو بگيرێت لە پێناو سەرکەوتنی دەقە ئەدەبييەکە، ئەوانيش فۆرم و ڕەگەزی ئەدەبی و کارەکەی، ئەمەيش لە ڕێی چالاککردنی ئاوەز “ عەقڵەوە” بەرهەم دەهێندرێت، گەرەکە ئاوەزيش تێر مەعريفی بکرێ.

سەردار ڕەزا جاف
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا

سەرچاوەکان
١ – بحث عن خصائص النص الأدبي، کتابة، ندی أبراهيم ، موقع المرجع، في ١٦ / ٥ / ٢٠٢٥
٢ – ماهية العلاقة بين اللغة و الأدب و کيف يؤثران بعضهما، سامر سليمان، موقع سيدتي ، ٣١ / ٧ / ٢٠٢٤
٣ – تعريف الأدب لغة و أصطلاحا، کتابة: ألاء مبارک ، موقع فهرس في ٥ / ٧ / ٢٠١٩
٤ – ماهي الوحدات الموضوعية، کتابة : حنان عصام، موقع المرسال في ٢٦ / ٤ / ٢٠٢١
٥ – النقد الأدبي الحديث ، دکتور محمد غنيمي هلال ، دار نهضة مصر للطباعة والنشر و التوزيع، أکتوبر ١٩٩٧
٦ – قانون الکتابة الأدبية : الحعاصر والمکونات الأساسية، الأستاذ الدکتور عبدالرحمن محمد بن الوهابي، ، قسم اللغة العربية و آدابها، کلية الآداب والعلوم الأنسانية ، جامعة جدة “ السعودية “

  • وليەم هازليت نووسەری ئينگليزی و ڕەخنەگری دراما و وێنەکێش و فەيلەسوفە لە ١٠ نيسانی ١٧٧٨ لە دايک بووە و لە ١٨ / ٩ / ١٨٣٠ ماڵئاوایی لە ژين کردووە، ئەمێستاکە بە مەزنترين ڕەخنەگر و نووسەری وتار لە بارەی ميژووی زمانی ئينگليزی دادەنرێت، هاوشان لە تەک سامۆئيل جۆنسۆن و جۆرج ئۆرويل….. سايتی ويکبيديا



هەر گەڵایەک کە لە دارێ دەوەرێ.. برایم فەڕشی

هەر کمان خەڵکی شارێک بووین، ئەو شارەی لە تەمەنی پانزدە ساڵان لێی هەڵقەندرام. ئەو کەی و بۆچی شاری بەجێ هێشتبوو و بۆ کوێ چووبوو، لام ڕوون نەبوو. بڵێی لە شەقام و کۆڵان، بەردەرکی کتێبفرۆشی، ڕۆژنامەفرۆشی، لێرە و لەوێ، بەر دەرکی دووکانی شاعیر، ڕێبوارانە چاومان بە یەک کەوتبێ، نازانم. هاوتەمەن نەبووین، من لە چاو ئەو منداڵ بووم، منداڵێ کە خەریکی گەڕان و پشکنین بوو، بۆ ئەوەی زێد و کەسایەتییەکانی بناسێ. تەقولبابی ماڵانم دەکرد و سەرم بە هەر شوێندا دەکرد، بۆ ئەوەی چاوم بەم و ئەوی هونەرمەند بکەوێ و گوێ بۆ گێرانەوە و شمشاڵ و بەسەرهاتنیان ڕاگرم. ڕۆژێک لە ڕۆژان لە هیچ شوێنێک و لە زاری کەسەوە ناوی ئەوم نەبیست. لە ناو هونەرمەند، نووسەر و شاعیر، نە لە ناو دامودەزگای ئیداری و فێرگە، کەس جارێک ناوی نەهێنا!
لە سەردەمی جوڵانەوەی سیاسی و نیزامی گەر ئەو لێرە و لەوێ لە ناو بازنەی ئەم حزب و گرووپدا بووبێ، لای من شاراوە بوو. لە کوردستان و دەرەوەی وڵات و لە هیچ کۆڕ و کۆمەڵێک ناویم نەبیست و کەسیش ناوی نەهێنا. هەموو ئەوانە بەو مانایە نەبوو کە ئەو هیچی لە باراندا نەبووە، ڕێک بەپێچەوانە، ئەو لە زۆر لایەنەوە هەمبانی پڕ بوو، بەڵام هەڵاچی نەبوو.
لە وڵاتێکی ئورووپا لە ماڵی ئازیزێک، کە ئێستا ژن و پیاو هیچیان نەماون، بێ ئەوەی بیناسم، لە گەڵ یەک کەوتینە گفتوگۆ، ئەو هەم میوانی ئەو ماڵە بوو، هەم میوانی خاو وخێزانی خۆی، ئەو لە وڵاتێک و خاو وخێزان لە وڵاتێکی تر دەژیان. منداڵەکانی و خۆی و خێزانی بە ساڵان ژیانی ناو گوند و شاخیان تێپەڕاندبوو، ئەو یەکێک لە ڕابەرانی حزبەکەی بوو، کە دوای لەتبوونەکان گەیشتبووە ئورووپا و دوای ساڵانێک بە دیداری بنەمـاڵە و خزمەکانی شاد دەبۆوە. دوای ئەم دیدارە گەڕایەوە ئەو وڵاتەی، ژیانی نامۆیی و کاری ڕۆژانەی تێدا تێدەپەڕی. بەردەوام نامەی دەنارد..
شەڕەفەدین کوردستانی جگە لە نامە، بابەتی سیاسی، مێژوویی، ئەدەبی بۆ دەناردم و پاش هەڵگەڕاندنەوە بۆ سەر زمانی ئاڵمانی لە گۆڤاری “Kurdistan heute” چاپ دەکرا، گۆڤارێک کە ناوەندی بەڵگەنامە و زانیاریی لە شاری بۆن(پێتەختی پێشووی ئاڵمان) دەریدەکرد و لە وڵاتانی(ئاڵمان، ئوتریش،سویس) بڵاو دەکراوە و نووسەری ئەم دێڕانە یەک لە ئەندامانی ڕێداکسیۆن بوو.
ڕۆژێک لە ڕۆژانی ساڵێک گوتی، دێم و دەمەوێ بچمە فستیواڵی کوردەکان لە شارەکەی ئێوە، ئەوە هەمان ساڵ بوو، کە حزبێکی باکووری کوردستان بۆ یەکەمجار لە مەیدانی تۆپی پێی ناونەتەوەیی شار، گەورەترین فستیواڵی هونەریی فەرهەنگی سیاسی وەڕێ خستبوو. پاش چوون بۆ ئەو فستیواڵە و بەیەکەوە بوون و قسە و باسی زۆر، بۆم دەرکەوت کە ئەو دۆست و نزیک و هەواڵ و هاوپۆل و هاوتەمەنی دۆستێکی خۆمە کە ئەویش لە فێرکارانی فێرگە و زیندانی سیاسی و نووسەر و مێژوونووسە و هەروەها هەرکیان دۆست و هاوڕێی کاکە سوار بوون و هەر ئەوان تێکەڵ بە ڕووداوی سیاسی و فەرهەنگی بوون و هەمووشیان سەردەمێکی درێژ لە تاران نیشتەجێ بوون. ئەو و سوارە “ماف”یان خوێندبوو، سوارە لە بەشی کوردی ڕادیۆ دامەزرابوو، ئەو لە شارێکی کوردستان ببووە قازی.
سەرئەنجام دوای دووریی چەند ساڵە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیان، یەکتریان گرتەوە و ڕێگای دیتن کورتر بووە. ڕۆژێک ئەو و کۆنە دۆستەکەی هەرکیان بوونە میوانی شارەکەی قەراخ چۆمی ڕاین و دەمێک لە دەمی ژیانی هاوبەش بە یادی گۆمی سەرسەکۆ تۆمار کرا، وەک فرمێسکی هەژارێک لە سەر چۆمی ڕاین.

لەسەر چۆمی ڕاین لە ڕۆژگارێ جارێ
تکا ئەشکی ئاوارە کوردێ، هەژارێ
بەسەریا خوڕی: کوێندەریی ئەی تکەی سوێر
ئەتۆ و ئێرە چی دەنکە فرمێسکی بێ خێر؟
وتی: ئاوی چاوی کوڕی کوردستانم
لە دەجلە و فوراتڕایە ناو و نیشانم
لە زێڕینەڕوود و تەتاهۆ سەلامێ
لە بەژنت لە چلچەشمە پێمە پەیامێ
لەسەرخۆ بە ئەی ڕاینی شۆخ و شیرین
شتێک بووین ئەمەش گەرچی ئێستا ئەسیرین
هەچەند دیل و بێچارەشە نیشتمانم
ببەخشە لە جێی تۆی بە خۆشتر دەزانم
چ کەڵوە و چ سیروان و ئاوێژەڕۆیە
بە دیمەن هەمووی شۆخ و شەنگتر لە تۆیە
ئەگەر لادەچێ ئەم تەمەی نەگبەتیمان
بە خاوەن دەبێ کێو و چۆم و زەویمان
لە دڕکی نەیاران بژارێکی دەکرێ
هەزارانی وەک تۆ لە شاباشی دەدرێ
بەڵێ ئاوی چاوم لە دڵ هەڵکزاوم
لەڕێی سەربەخۆبوونی کوردان ڕژاوم
وتی ڕاین: ئەی تیشک و هێزی دڵی من
وەرە باوەشم بتبەمە بەحری بێ بن
بە هاوار و دادت موحیت بشڵەژێنە
لە چەپگەردی گەردوون بەشی کورد بسێنە
1957/08/15 بادگودەزبیرگ- بۆن- ئەڵمانیا
پاش دامەزراندنی ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات – بۆکان، ئەو و کەسانی وەک حەسەن سەلاح سۆران، ئەنوەر سوڵتانی یەک لە دوای یەک بوونە نووسەر و ئەندامی دەستەی نووسەران و بەرهەمەکانیان شیعر، چیرۆک، وەرگەراندن بڵاو دەکرایەوە، ئەو لێزانی زمان بوون، لە زمانگەلی ئاڵمانی، ئینگلیسی، فەڕانسە، ئازەری، فارسی شارەزا بوو.
چیرۆکەکانی چ ئەوانەی ژیانی خۆی لە سەردەمی منداڵی و دواتر دەگرتەوە، چ ئەوانەی باس لە ژیانی نیشتمانپەروەران بوو، چ ئەوانەی وەرگەڕاندن بوون، هەڵگری زمان و جوانییەکی تایبەتی زمانی کوردی و هونەریی وشە بەکارهێنان و فانتێزیی هونەریی و ئەستەتیکی بوون. شیعرەکانی خۆی و وەرگەڕاندنەکانی شیعریی لە زمانی ئاڵمانی، فەڕانسە، عەڕەبی، فارسی و ئازاری، نووسەر و شاعیر و کوردییزانێکی، کەم وێنەی دەناساند.
[من و داره‌به‌ن
کا‌ت ده‌مه‌و زه‌رده‌په‌ره، داره‌به‌ن له ئامێزی دۆڵی چۆل و کراڵدا به شنه‌ی شه‌‌ماڵ، پرچی ئاڵۆزی به‌شانه‌‌ده‌کا و لیزگه‌لیزگه ده‌یهۆنێته‌وه. له شادیی ژوان و شه‌ورامووسانێکی خه‌یاڵاوی له‌‌‌گه‌ڵ تریفه‌ی مانگه‌‌شه‌و ته‌زوویه‌کی سارد به ‌سه‌رتاپای له‌‌شی دادێ.
شه‌و زرینگاوه‌ته‌وه، ئاره‌قی ئه‌وین دڵۆپ دڵۆپ ده‌تکێته نێو هه‌ناوی داره‌‌به‌ن و په‌نجه‌کانی هێدی هێدی به سروه ده‌له‌رن و شه‌وباش له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره ده‌که‌ن. تریفه‌ی بێ ئارام تارمایی شه‌وه‌زه‌نگ وه‌ڵاده‌نێ و ئامێزی فێنکی له باڵای داره‌به‌ن وه‌ردێنێ و له‌‌نێو یه‌کتردا ده‌توێنه‌وه. ***
کات به‌ره‌‌به‌‌یانه، گزنگ ئه‌نگوتووه، داره‌به‌ن سه‌رمه‌ستی ئه‌و ژوانه‌یه، که قه‌ڵتی ته‌‌شوێی کاسبکارێک له‌و خه‌‌وه یه‌‌زدانییه رایده‌په‌رێنێ. ئه‌و خه‌وپه‌ڕێنه ده‌ست‌‌وه‌شێنه سه‌رتاپای داره‌به‌‌ن ‌به‌بێ به‌زه‌یی زامدار ده‌کا و بۆ هه‌ر زامێ گۆمیلکه‌یه‌کی قوڕین وه‌کو قاپێلکه‌ی چاوی برسی به‌‌له‌‌‌شییه‌و ده‌لکێنێ. زامه‌کان ده‌بن به چاو و هه‌موو ئه‌سرینیان لێده‌بارێ. فرمێسک ده‌رژێنه نێو گۆمیلکه قوڕینه‌که‌وه و ده‌بن به ئاوێنه. له‌و رۆژه‌وه که زاممه‌کانی داره‌به‌ن ده‌بن به چاو و چاوه‌کانیش روندکیان لێده‌بارێ ئاهی ساردی، له به‌ندی هێشووی قه‌زوانی شلک و بۆنخۆشدا ده‌مێنێته‌وه، که له‌‌هه‌ر ده‌ستپێداهێنانێکدا ده‌ڵێی دایکی رۆڵه‌ کوژراوه که به‌‌ڕانی خۆیدا ده‌‌کێشێ و په‌‌ککوپه! ‌‌‌ککوویه‌تی !
منیش ئه‌و کورده‌م که له ‌‌به‌ره‌به‌‌یانی خه‌‌وێکی یه‌زدانی‌‌دا وه‌کو داره‌به‌ن، زامداری بێتاوانی ئه‌‌و‌‌ وڵاته‌‌کاول کراوه‌م. هه‌ر دوو له‌شمان به ئاوریشمی ئه‌وین چنراوه و پێ به‌‌ستراوی ئه‌‌‌و لێڕه‌وار و چۆڵ و چڕه‌ین.
به‌ندی دڵی داره‌‌به‌‌ن به ناخی زه‌‌ویدا چووه‌ و من به پانایی و درێژایی ئه‌و وڵاته‌دا به تای که‌زی و به‌‌تیری مژۆڵی نازداران به سینگی ئه‌رده‌وه هه‌زار هه‌‌زار مێخه‌‌کراوم و کێوی یادگاری باووباپیرانیان له‌‌سه‌ر سینگ داناوم.
ئێمه‌‌ دوو ئه‌وینداری له‌‌مێژینه‌ین و دووو پێ له‌زنجیرکراوی دێرینه. به‌‌سه‌رهاتی ئێمه‌ له له بلوێری شوانه‌‌وێڵه‌ و له‌ قاسپه‌‌ی که‌و و چریکه‌ی بولبول دایه. داخوا که‌‌س هه‌یه ئه‌و به‌سه‌‌رهاته‌ی ئێمه‌ی به‌‌گوێ نه‌گه‌یشتبێ؟]

ئەو ڕاستگۆیانە بابەتی سیاسیی دەنووسێ، لێ وەک دۆستەکانی و گەلێک کەسی تر کەوتۆتە مەیدانێکەوە کە مەیدانی ئەو نەبوو. ئەوان لە ڕێگای بەرهەمەکانیانەوە چ خۆیان بخوازن و چ نەخوازن باسەکانیان سیاسی و کۆمەڵایەتییە و تێکەڵبوونی ئەم کەسایەتییانە لە تەک حزب چ لە کوردستان و هەر شوێنی تر، ڕێگرییە لە ئازادیی کەسەکە خۆی و ڕووشاندنی کەسایەتی بە هۆی تایبەتمەندی سیاسەت و حزبایەتی کە بە پێی بارودۆخ سەروخواری پێدەکرێ و لەم ڕێگایەدا پڕێنسیپ، ئەخلاق، تێگەیشتن و لە هەموو گرنگتر بۆچوون و هزریی ڕاستەقینەی کەسەکە یان دەبێ بۆ بۆچوونی حزب و سیاسەت لەبەرچاو نەگیرێ، یان دژ بوەستێ کە تاکە کەس وەبەر شاڵاوی حزبەکە دەکەوێ، کە ئەم دیاردەیە لە ناو کوردستان لە سەد ساڵی ڕابووردوو بەردەوام بووە و دیتراوە. هێمن، هەژار، قزڵجی، پەشێو، سابیر، بێکەس و دەیانی تر زیانمەندی ناو ئەم بازنەیە بوون، ئەوە کەسانی وەک برێشت، گراس، سارتر و دەیان و سەدانی تر دەگرێتەوە کە بە هیوای ئینسانی تێکەڵ حزبەکانی کۆمۆنیست و سۆسیال دێموکرات کەوتن و هیواکانیان لە ناو ئەو حزبانەدا نەبوونە واقعی ژیانی خەڵک. ئەویش یەک لەو کەسانە بوو، کە لە ناو و دەرەوەی حزب تووشی باڵانس نەبوو. کارە هونەریی و ئەدەبی و هزرییەکانی کەوتنە ژێر سێبەری نووسینە سیاسییەکانی و بازاڕی بێ پڕێنسیپی سیاسی و حزبی!
شەرەفەدین کوردستانی جارێکی تر گەڕایەوە کوردستان بەو هیوایەی بتوانێ لە بواری پیشەیی خۆی و بواری ئەدەبی و هزریی و زانستی خۆی گوتەنی خزمەتێک بکات. چی دیت و چی چێشت جیاواز لە دنیای حزبی و حزبایەتی و چەندە بواری بۆ ڕەخسا لە بواری پسپۆڕیی خۆی و هزر و ئەدەب کار بکات، چیرۆکەکەی لای خۆیەتی.
دیداری دووبارەی ئێمە ساڵی ٢٠٠٥ ڕووی دا ئەو کاتەی، دەستێکی غەیب ناوی منی خستبووە ناو لیستی بانگێشتکراوانی فستیوالی یادکردنەوە لە زیندەیاد قازی محەممەد لە شاری سولەیمانی. نیوەشەوێک لە هوتێل ئەزمەر توانیم حەسەن سەلاح سۆران و ئەو و خالید حیسامی و گەلێک کەسی تر لە ئامێز بگرمەوە. کە هێندێکیان دوا دیدار و هێندێکی تر دیداری تازەی ئەو نووسەر و شاعیر و ئاکادمیسین و چالاکانی سیاسی بوون کە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتەوە هاتبوون.
کوردستانی جارێکی تر گەڕایەوە شارە نامۆکەی هەندەران و ژیانی ڕۆژانەی لە ناو کتێب و نووسین و خوێندنەوەدا کۆ کردەوە و جار بەجار سەفەری ئێرە و ئەوێ و تەلەفونات لە گەڵ ئەم و ئەو و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی لە وێبلاگی تاکە کەسی خۆی و لاپەڕەی سۆسیال مێدیا. ئەوە ساڵێکە ئیتر وێبلاگ و لاپەڕەکەشی بێدەنگ بوون.
هێڕمان هێسە شاعیر، نووسەر و بیرمەندی تەرکە وڵاتی سەردەمی فاشیسم، باس لە پیشلەیەکی دوورە وڵات دەکات کە لە کۆڵانەکان کەس درگای لێناکاتەوە. هێرمان هێسەکانی وڵاتی من کە لە وڵاتەکەی خۆشیان و دەرەوه‌ دەرگا لەسەر داخراو ماونەتەوە، یەک و دووان نین، یەکیان لە شارەکەی خۆی لە ناو تابڵۆکانیدا بێدەنگ گیانی دەردەچێ. ئەویتر کە لە دەرەوە هەستان و دانیشتنیان لە تەک فیلسووف و بیرمەند و شاعیر و نووسەری ئورووپا و ئامریکا و کانەدا و ئێرە و ئەوێ بووە، بێدەنگ و نەناسراو دەمێننەوە، وەک گۆران(شاعیر، چیرۆکنووس، وەرگێڕ)، عەزیز(نووسه‌ر، وه‌رگێڕ، فەیلەسووف)، عەزیز(هونەرمەند، نووسەر، ته‌نزنووس)، عه‌زیز(فه‌رهه‌نگنووس)، حەسەن(پزیشک، فەرهەنگناس)، عه‌لی( نووسه‌ر، شاعیر، وێژه‌ر) و گەلێکی تر.
هەر گەڵایەک کە لە دارێ دەوەرێ، دەنگ و ڕەنگی هەیە، بەڵام لە ناو میللەتەکەی گەڵا و دەنگ و کەس، هەموو پرسیار ماوەتەوە…!

برایم فەڕشی
نووسین ٢٩/٢/٢٠٢٤ پێداچوونەوە ٩/٨/٢٠٢٥
*هەر گەڵایەک..شیعری هەڵۆ سوارە ئیلخانی زادە




هه شتا ساڵ دوای کارەساتی هیرۆشیما، کابوسی چەکی ئەتۆمی بەسەر مرۆڤایەتیدا.. ڕەحمان حوسێن زادە

جیهان و مرۆڤایەتی هەشتا ساڵەی کارەساتی ئەتۆمی هیرۆشیمایان نەک بە هەستیاری پێویستی مرۆڤایەتی، وەک هەواڵێکی ئاسایی تێپەڕاند . لە ڕۆژی ڕەشی ٦ی ئابی ١٩٤٥، کاتژمێر ٨:١٥ی بەیانی، لەگەڵ تەقینەوەی یەکەم بۆمبی ئەتۆمی لە شاری هێرۆشیما، زیاتر لە حەفتا هەزار کەس، منداڵ، پیر و گەنج، لە یەکەم چرکەدا بۆنه خۆڵەمێش. ئەم ئاستە لە کارەساتی جینۆساید هێشتا ره وه شتی تاوانکارانه و زۆرداری میلیتاریستی یەکێک لە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیهانی دووەم، واتە ئیمپریالیزمی ئەمریکای تێر نەکرد. دوای سێ ڕۆژ و لە ٩ی ئابدا دووەم بۆمبی ئەتۆمی کەوتە سەر شاری ناکازاکی. ئەم شارە هەر وەک هیرۆشیما کرا بە زەوییەکی سووتاو. لە سێ ڕۆژی یەکەمدا گیانلەدەستدانی سەد هەزار هاوڵاتی ژاپۆنی کە لەو دوو شارەدا دەژیان تۆمار کرا. بەپێی ئەو نووسراو و ئامارانەی تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە، لە پێنج مانگی کۆتایی ئەو ساڵەدا ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە “دوو سەد و سی هەزار کەس. جگە لەوەش ژمارەی وردی ئەو قوربانیانەی کە تا ئەمڕۆ بەهۆی دەرئەنجامە درەنگەکانی ئەو هێرشانە گیانیان لەدەستداوە دیار نییە، بەڵام پێدەچێت چەند سەد هەزار کەس بووبێت”.
ساخته کاری گەورەی مێژوو: ئیدیعای پیچه وانه ی به کارهینانی بۆمبی ئەتۆمی بۆ شکست پێهێنانی ژاپۆن و دروستکردنی “ئاشتی” :
لەو قۆناغەوە تا ئێستا ئەکتەر و شرۆڤەکاران و ئایدۆلۆژیستەکانی بەرگری لە دەستەی دەسەڵاتداری ئیمپریالیستی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، ئەم گەورەترین تاوانەیان لە دژی مرۆڤایەتی پاساو هێناوەتەوە وەک ئەوەی ئامانجەکە “شکست پێهێنانی ژاپۆن و کۆتایی هێنان بە شەڕ و دروستکردنی ئاشتی” بێت. ئەم ئیدیعا بێ بنەمایە هەر لەو قۆناغەوە، نەک تەنیا لە لایەن مرۆڤایەتی ئازادیخواز و ویژدانی هۆشیارەوە، بەڵکو لەلایەن زۆرێک لە دەوڵەتمەدار و شرۆڤەکارانی نەزمی ئیمپریالیستی به ئاشکرا کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە. هەمووان دەزانن کە جەنگی جیهانی دووەم بە شکستی فاشیزمی هیتلەری لە مانگی ئایاری ١٩٤٥ بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی هات، دوا بەرخۆدانی لاواز و بێ ئومێدی سوپای ژاپۆن لە ناوچە دوورەکانی دور له ئەوروپا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەردەوامبوونی جەنگی جیهانی دووەم نەبوو. مەسەلەکە تەسلیم بوونی ژاپۆن نەبوو کە بەبێ بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی یان تەنانەت درێژەدان بە جددی شەڕەکە ڕووی دەدا، بەڵکو ئامانج نمایشی میلیتاریستی دەسەڵاتی ئەمریکا نەک دژی “ڕکابەرە شەڕکەرەکان” بەڵکو دژی “هاوپەیمانەکانی” کە تا دوێنێ لە جەنگی جیهانی دووەمدا هاوپەیمان بوون و “ڕکابەرە جیهانییە نوێیەکان” له سەرۆیانه وه یەکێتی سۆڤیەت بو. ڕووداوەکانی کۆنفرانسی پۆتسدام کە لە ١٧ی تەمموزەوە تا ٢ی ئابی ١٩٤٥ لە شاری پۆتسدامی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، کە ئەوکات لەلایەن سوپای سوورەوە داگیرکرابوو، و ستالین (سەرۆکی سۆڤیەت)، چەرچڵ (سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و دواتر کلیمنت ئاتلی لە شوێنی ئەو) و هاری ترومان (سەرۆکی ئەمریکا)، چه واشه کاری پیویستی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکا و ترومانی تاوانبارەوە له دژی هێرۆشیما و ناکازاکی ئاشکرا ده کات.
سەرکەوتووانی جەنگی جیهانی دووەم لە کۆنفرانسی پۆتسدام کۆبوونەوە بۆ دابەشکردنی “غەنیمەتەکانی” شەڕ لە نێوان خۆیاندا، لە کێبڕکێیەکی هەستیار و کاریگەردا کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مه ودای ده سه لاتی کاریگەریی هەر دەسەڵاتێکی ئیمپریالیستی بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دیاری دەکرد. “بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەڵمانیا، کە نۆ هەفتە پێشتر ڕازی بووبوو بە خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج. لەو کۆنفرانسەدا هاری ترومان کە دوای مردنی فرانکلین ڕۆزڤێڵت بووبووە سەرۆکی ئەمریکا، بۆ یەکەمجار لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی هاوپەیمانان کۆبووەوە. هەر لە ناوەڕاستی ئەم کۆنفرانسەدا بوو کە ترومان ئاگادارکرایەوە کە “بۆمبی ئەتۆمیان بە سەرکەوتوویی تاقیکرایەوە”، هەروەها بڕیاری دالە دژی ژاپۆن بەکاریبهێنێت. چەند ساڵێک لەمەوبەر، چەرچڵ لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریدا سەبارەت بەم کۆنفرانسە کە لە تەلەفزیۆنی سوید پەخشکرایه وه، وتی. “ستالین لە قسەکانیدا سەبارەت بە دوایین بەرخۆدانی سوپای ژاپۆن کە ئەوەندە جددی نەبوو، ئاماده یی سوپای سۆڤیەتی دەربڕی بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ سوپای ئەمریکا لە پێناو هێنانەدی تەسلیم بوونی کۆتایی ژاپۆن. لە وەڵامدا هاری ترومان ڕایگەیاند، “پێویست ناکات، چەکێکمان دەستکەوتووە، بەم زووانە بەرخۆدانی ژاپۆن تەواو دەکەین.” ستالین به توره یی و ناڕەزایی زوو و بە ساردی کۆنفرانسی بەجێهێشت، لەوێشەوە لەکاتی جێهێشتنی کۆنفرانسەکەدا فەرمانێکی دەرکرد بۆ خێراکردنی بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی سۆڤیەت” (وەرگیراو لە فیلمێکی بەڵگەنامەیی سەبارەت بە جەنگی جیهانی دووەم و کۆنفرانسی پۆتسدام). پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە یەکێتی سۆڤیەت یەکەم بۆمبی ئەتۆمی خۆی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٩ تاقیکردەوە، کە ستالین هێشتا لە ژیاندا بوو. بەم تاقیکردنەوە، هاتنە ناوەوەی یەکێتی سۆڤیەت بۆ ناو یانەی وڵاتان بە چەکی ئەتۆمی چەسپێندرا و پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی لە نێوان ئەو دوو زلهێزەدا لە کاتی شەڕی سارددا گەیشتە لوتکە.
هەمان ئەم چیرۆکەی چەرچڵ نیشان دەدات کە بە هیچ شێوەیەک پێویستی بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە دژی سوپای تەسلیمکراوی ژاپۆن نەبووە. مردنی سەدان هەزار منداڵ و ژن و پیاوی پیر و گەنج لە هێرۆشیما و ناکازاکی بوو بە سوته مه نی و تێچووی کێبڕکێ و تەماحی پشکی ئەمریکای سەرمایەداری و ئیمپریالیست لە ڕووبەڕووبوونەوە و کێبڕکێ لەگەڵ زلهێزە سەرمایەدارییەکانی دیکەی جیهان.
ئەفسانەی ڕێگری ئەتۆمی!
خاوەنی بۆمبە ئەتۆمییە جیهان وێرانکەرەکان، ئایدۆلۆژیست و بەرگریکارەکانیان بەردەوام شمشاڵێک لەم ئەفسانەیە دەژە نن، “چەند باشە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم هێنراوە!؟، چونکە پێیان وایە بووەتە گەرەنتی ئاشتی و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی شەڕی جیهانی!!”. تاوانبارانی دژ بە مرۆڤایەتی لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی جیهانی و بۆردومانی هێرۆشیما و ناکازاکییەوە، مرۆڤایەتی لە ژێر هەژموونی قازانج خووازی سەرمایەداری جیهانیدا بە مانای ڕاستەقینەی وشەکە ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە. بە گوتەی ئەنجێلیکا کلۆزن، یەکێک لە نووسەرانی گۆڤاری “یونگه وڵت”ی ئەڵمانی نزیک لە “پزیشکانی نێودەوڵەتی بۆ پێشگرتن لە شەڕی ئەتۆمی (IPPNW)”، چەکی ئەتۆمی تەنانەت لە قۆناغەکانی پەرەپێدان و تاقیکردنەوەشدا قوربانیی به رهه مدینیت . بەپێی خەمڵاندنەکان، تیشکی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی ئاسمانی لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠دا بووەتە هۆی مردنی لانیکەم دوو ملیۆن کەس بەهۆی شێرپەنجە لە سەرانسەری جیهاندا. “بە تایبەتی دانیشتوانی ناوخۆی ناوچەکانی تاقیکردنەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە”. بۆیە ئەگەر فاکتەری شەڕی چینایەتی ڕووت و ئیستغلالکردنی چڕ و پڕی سەرمایەداری و تەنانەت تیابردنی هێزی فیزیکی چینی کرێکاری جیهانی و مردنی ڕۆژانەی ملیۆنان کەسی هەژار لە ئەنجامی قازانجخوازی سەرمایەداری لیره له به رچاو نه گرین، شەڕ بە مانای سەربازی و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دیکەی کۆمەڵکوژ و بۆمب و مووشەک و ئامرازی وێرانکەری دیکە، یه خه ی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە سەرانسەری جیهان و بەسەر هەموواندا و کیشوەرەکان لە ڕۆژی دوای کۆتایی هاتنی فەرمی جەنگی جیهانی دووەمەوە گرتووه.
ئەوەی کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا هاوسەنگی هێز لە نێوان جەمسەرە سەرمایەداری و ئیمپریالیستەکان و بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانیان و ئیمتیازەکانیان به یه کتر ئه وانی گەیاندووەتە خاڵی سازان، بۆ نموونە سالانێکی زۆر ڕێگری کردووە دوو جەمسەری بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە دووبارەبوونەوەی شەڕ لەسەر قەبارەی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی بۆ چەند دەیە، چیتر بەهۆی “دیاری چەکی ئەتۆمی جینۆساید”ەوە نییە. یان دوابەدوای داڕمانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، نەزمی سەرمایەداریی ئێستا شیواو به سه ریه کدا، هەرچەندە نەگەیشتووەتە خاڵی ئاورینی شەڕێکی جیهانی کلاسیک و ئەزموونکراو، بەڵام شەڕی ناوخۆیی و ناوچەیی سەریهەڵداوە. وە بە وەکالەت، بڵاوبوونەوەی تیرۆر و نائەمنی بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی زلهێزە سەرمایەدارەکان کە خاوەنی چەکی ئەتۆمین، مرۆڤایەتی خستۆتە خاڵێکی زه ختی توندەوە. شەڕ و تیرۆر و جینۆساید لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوابەدوای پێکهێنانی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل بە نه خشه ی بەریتانیا و فەرەنسا و پاڵپشتی بەردەوامی ئەمریکا و شەڕی ئێستای ئۆکرانیا و شەڕی بەردەوامی ئەمڕۆ لە ٥١ شوێنی جیهان، هیچی کەمتر لە شەڕێکی جیهانی نیشان نادەن. مەترسی شەڕی ئەتۆمی بەجۆرێکە کە لە بەیاننامەیەکی هۆشداریدا، “گۆڤاری زانایانی ئەتۆمی ئەمریکا” لە ٢٨ی ژانویەی ئەمساڵدا، بە وتەی خۆیان، “کاتژمێری قیامەتیان بۆ ٨٩ چرکە دانا تا نیوەشەو، واتە نزیکترین کات لە “لەناوبردنی مرۆڤایەتی” تا ئێستا. بە وتەی پسپۆڕێکی دیکەی ئەتۆمی، “ئەمە تەنها هەفتەیەک دوای دەستپێکردنی خولی سەرۆکایه تی دووەمی دۆناڵد ترەمپ ڕوویدا. سەرۆکی ئەمریکا بە کردەوەکانی ئەم مەترسییەی بەرجەستەتر کردووە. تەنها هەفتەی ڕابردوو فەرمانی بە ژێردەریایی ئەتۆمی کرد کە لە ڕووسیا نزیک ببنەوە.” من ئەوە زیاد دەکەم کە ئەو کارە ئیستفزازییەی ترەمپ دوای هەڕەشە ئەتۆمییەکانی مێدڤێدێڤ، سەرۆکی پێشووی ڕووسیا و جێگری ئێستای ئەنجومەنی ئاسایشی حکومەتی ڕووسیا هات. ئەم دۆخە ئەوە نیشان دەدات کە چەکی ئەتۆمی نەک ئامرازێکی “ڕێگریکردن”، به لکو هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە و ئەگەری هەیە بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی هاوچەرخ. بۆیە لە یادی ٨٠ ساڵەی کارەساتی ئەتۆمی هیرۆشیما و ناکازاکی، تێپەڕبوونی مرۆڤایەتی پێشکەوتنخوازانە بە خه م ساردییه وه بەم ڕووداوە خۆی کارەساتێکی شۆککەرە.ئێمە لە لای خۆمانەوە لە بەڵگەنامەیەکدا لەسەر دۆخی جیهان کە لەلایەن کۆنگرەی یازدەیەمی حزبی کۆمۆنیست کارگه ری- حێکمتیستەوە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٥ پەسەندکرابوو.ئەم دوو جەختکردنەوە بنەڕەتییەی خوارەوەمان هەبوو. “چڕبوونەوەی کێبڕکێی جیهانی و جیۆپۆلەتیکی و ململانێی نێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکان و شەڕی بە وەکالەت و مەترسی شەڕی ڕاستەوخۆیان لە دونیای بێ لەنگەری ئێستادا، مەترسی گه وره لەسەر ژیانی ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتی دروست کردووه… له درێژه دا ئێمە زیاتر جەختمان لەوە کردەوە، “کۆتاییهێنان بەم دۆخە بەستراوەتەوە بە ڕۆڵ و ئامادەبوونی هۆشیارانە و ڕێکخراوانەی بزووتنەوەی کرێکاری سۆسیالیستی، بە ڕێکخستنی شۆڕشێکی کرێکاری بۆ روخاندنی نەزمی سەرمایەداریی هەڵگەڕاوە و ڕێگریکردن لە بەربەرییەت”. لەم سیستەمەدا هیچ ڕێگەیەکی سێیەم نییە.

ڕەحمان حوسێن زادە
۷ ئابی ۲۰۲۵





کاریگەری ناڕەزایەتی جیهانی لەپەیوەند بە برسیکردن و کوشتار لە غەززەوە!.. نوری بەشیر

کۆمەڵکوژیەک لە ٢٢ مانگی رابردوودا لەژێر سایەی حکومەتی فاشیستی ئیسرائیل و بە هاوکاری حکومەتەکانی؛ ئەمریکاو زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپاو بەریتانیا لە غەززە دەستی پێکرد، بەردەوامەو لە چەند مانگی رابردوودا پێی نایە دەورەیەکی نوێ لە برسیکردن و کوشتاری ژن و منداڵ و پیرو لاو لەسەرەی یارمەتی خۆراک وەرگرتندا. وێنەی برسێتی و مردن و کوشتاری منداڵان و دایک و باوکان لە میدیا حکومی و غەیرە حکومیەکان هەناوی هەموو مرۆڤێک کە یەک تۆز هەستی ئینسانی تێدا بێت، هەژاند.
ئەوەی دەورەی رابردوو لە روخانی خانوو و و نەخۆشخانەو قوتابخانەکان بەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیەدا، تەنها کارو کردەوەی وەحشیانەی حکومەتەکەی ناتانیاهۆی نەدەخستەڕوو، بەڵکو کارنامەی حکومەتەکانی؛ ئەمریکاو بەریتانیاو ئەوروپاشی خستەڕوو، لە دیموکراسی و مافی مرۆڤێک کە ناوی دەبەن و ئیدعای بۆ دەکەن، ئەوە پێشێلکاری هەموو مافە جیهانیەکانی مرۆڤە کە هەموو ئەو وڵاتانە خۆیان بەشداربوون لە داڕشتنیدا، ئەمە ترس و تۆقاندنی تەنیا خەڵکی فەلەستین نیە، بەڵکو ترسە بۆسەرجەم مرۆڤایەتی لەدنیادا.
حکومەتە هارەکەی ناتانیاهۆ کۆمەڵكوژی ئەنجامدەداو سەرانی حکومەتەکان لە: بایدن و ترامپ، سوناک و کییەر ستارمەر، ماکرۆن و هەروەها سەرۆکەکانی ئەڵمانیا، ئیسپانیاو ئیتالیا بەهانەیان دەهێنایەوە کە حکومەتی ئیسرائیل بەرگری لەخۆی دەکات و بەم بیانوەش بەردەوام کۆمەکی مادی و مەعنەویان دەکرد، حکومەتەکان و حزبە ئیسلامیەکانی وڵاتانی عەرەبی یان شەرمنۆکانە قسەیان دەکرد، یان راستەوخۆ خەریکی بەرنامەی سیاسی و ئابوری خۆیان بوون لەگەڵ ئەمریکاو سەرانی حکومەتانی ئەوروپاو ناوچەکەداو تەنانەت ئیسرائیلیشدا.
ئەم هەڵوێستانەی حکومەتانی سەرمایەداری و حزبە بۆرژوازیەکان و وەستانیان لەپاڵ کۆمەڵكوژی خەڵكی فەلەستیندا بەتایبەت لە غەززە کە لەلایەن حکومەتی هاری ئیسرائیلەوە ئەنجامدەدرا، تاکە شانۆ نەبوو کە نمایشی تێدا دەکرا، بۆ سەرکەوتنی ناتانیاهۆو ئەمریکا لە بردنەپێشەوەی نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لەلایەکی ترەوە شانۆیەکی تر، مەیدانێکی تر، هەڵوێستێکی تر لە بەرامبەر ئەو تراژیدیا ئینسانیەدا کە بێپەردە بەبەرچاوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئەم سەدەیەوە ئەنجامدەدرێت کاردانەوەیەکی تری هەبوو، واتە بزوتنەوەیەکی ئینسانی کە دژی ئەو کۆمەڵكوژی و تراژیدیایەیە، دژی سیاسەتی ئەو حکومەتانەیە کە هاوبەشن لەو کۆمەڵكوژیەدا، ئەویش ریزی دەیان و سەدان ملیۆنی خەڵکی ناڕازی جیهانە لەیەکەمین رۆژەکانی ئەنجامدانی کۆمەڵكوژی خەڵكی غەززەدا، تا برسیکردن و کوشتاری سەرەگرتنی خەڵکی مەدەنی بۆ هاوکاریە مرۆییە جیهانیەکان، شێلگیرانەو بەردەوام ناڕەزایەتی نیشانداوەو لە فراوانبووندایەو کاریگەریەکانی دەرکەوتوون.
بزوتنەوەو رێزێک لە خەڵكی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست کە ریشەیەکی مێژووی هەیە لە خەباتی چینی کرێکارو ژنان بۆ مافەکانی مرۆڤ، رێزێک لە چینی کرێکارو یەکێتیەکانیان و ریزێک لە چەپ و سۆشیالیستەکان کە بەردەوام لەماوەی ئەم کۆمەڵكوژیەی خەڵكی غەززەدا ناڕەزایەتیان دەربڕیوەو لە شەقام و ناوەندی شارەکانی جیهاندا، نەک تەنیا بەدژی ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی، بەڵکو بەدژی حکومەتە بۆرژوا کۆنەپەرستەکانی وڵاتانی خۆشیان وەستاونەتەوە و سەرانی حکومەتەکانیان بە هاوبەشی ناتانیاهۆ داناوە لەو کۆمەڵکوژیەدا.
ئەم ناڕەزایەتیانە لە ئەمریکاوە تا ئەوروپا، بەریتانیا، ئوسترالیا، یابان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا و ئەفریقا تا تەلئەبیب لە ئیسرائلی، گرتەوە. سەرانی ئەمریکاو ئەوروپاو بەریتانیا بە هاوبەشی تاوانی کۆمەڵكوژی لەگەڵ ناتانیاهۆ دەزانن و دەڵێن بەناوی ئێمە شەڕ مەکەن و بەناوی ئێمەوە کۆمەڵكوژی ئەنجام مەدەن. لەژێر کاریگەری ئەو ناڕەزایەتیانەدا بوو کە لەسەر داوای حکومەتی ئەفریقای باشوور و چەند ووڵاتی دیکە، دادگای دای نێودەوڵەتی بڕیاری دەستیگکردنی بۆ ناتانیاهۆ و وەزیری جەنگی پێشوی ئیسرائیل دەکرد. ئێستاش و لەئاکامی بەردەوامی دەوڵەتانی رۆژاواییدا بۆ ئیسرائیل و جینۆسایدی خەڵکی غەززە، خواستەکە فراوانتربۆتەوە بۆ داوای دادگاییکردنی سەرانی حکومەتەکانی خۆیان کە هاوکاری ئابوری و سیاسی و چەک و تەقەمەنی حکومەتی ئیسرائیلیان کردوە بە تاوانی بەشداریکردن لە جینۆساید و برسیکردنی خەڵی غەززە. ئەم فشارەش بەجۆرێك کاریگەری لەسەر دەوڵەتانی ئەوروپی و رۆژاوا داناوە کە خەریکە هاوکێشەکان بەجۆرێک لە هەڵوێستی حکومەت و سەرانیاندا دەگۆڕێت. بەوەی داوا لە ئیسرائیل دەکەن شەڕەکە رابگرێ و رێگا بە چونەناوەوەی کۆمەکی مرۆیی بۆ ناو غەززە بدات و تەنانەت باس لە دان نا بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەکەن.
ئەم ریزە ملیۆنیە مرۆڤدۆست و ئازادیخوازیە، رۆژانەو هەفتانە بەردەوام لە ئاستی دنیادا بەدژی حکومەتی ئیسرائیل و هاوکارانی مەوجود بووە، وێنەی سەرانی حکومەتەکانیان لەپاڵ ناتانیاهۆدا داناوە و میدیای حکومەتەکانیان تاوانبار کردوە کە راستی هەلومەرجی غەززەو هەلومەرجی برسێتی و کوشتارو تراژیدیایەک لەوێ ئەنجامدەدرێت راناگەیەنن، پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمانیان خستۆتە ژێر فشارەوە کە هەڵویست بنوێنن، بەڵام کاریگەریەکان لەم چەند هەفتەیەی دوایی شتێکی دیکە نیشاندەدات.
لە ئاکامی ئەم فشارە جیهانیەوە سەرانی ٢٨ وڵات، داوای راوەستانی کوشتاری ئێسرائیل دەکەن لە غەززە، داوای کردنەوەی دەروازەکان و ناردنی ئەو هەزاران بارهەڵگرە دەکەن کە حکومەتی ئیسرائیل ناهێڵێت بگەنە خەڵکی برسی، داوای دوو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسرائیل دەکەن، هەندێ لەو وڵاتانە قەدەغەی سەردانی سەرانی ئیسرائیل دەکەن و ئەگەر بچنە وڵاتەکانیان دەستگیر دەکرێن، میدیاکان خەریکن ئاماری قوربانیەکان دەخەنەڕوو! لە راگەیاندنی ٥/٧/٢٠٢٥ی وێبسایتی DW ی ئەڵمانی بەزمانی عەرەبی، تەنها کوژراوانی لە غەززە بە زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس راگەیاندووە، ئاماری مناڵانی کوژراو بە نزیکەی ١٩ هەزار دادەنرێت، ئەوە ژمارەی بریندارو ونبوو و داروخانی ئابوری و کۆمەڵایەتی زیاتر لە دوو ملیۆن ئینسان هەر باس ناکرێت. زیاتر لەسەد رێکخراوی مرۆڤدۆستی راگەیاندنیان دژی پێشێلکاری حکومەتی ئیسرائیل دا، کەشتی مرۆڤدۆستی لە دەریای ناوەڕاستدا بۆ شکانی گەمارۆی سەر غەززە بەردەوامە، ناڕەزایەتیەکانی ناوخۆی ئیسرائیل بەدژی کۆمەڵكوژی ناتانیاهۆ لە غەززە لەزیادبوندایە.
کاریگەریەکانی ئەم ریزە فراوانە لە ناڕەزایەتی لەدنیادا نەک تەنها لەشەقام و ناوەندەکانی شاردا قەتیس نەماوەتەوە، بەڵكو چۆتە ناو کابینەکانی حکومەت و پەرلەمان و خودی حزبەکانی دەسەڵاتیشی گرتۆتەوەو ترسی لەبەریەک ترازانیان هەیە، ئەگەر دەورەی پێشوو تەنیا بە قەدەر ژمارەی پەنجەی دەستەکان ئەندام پەرلەمانی وڵاتەکان ناڕازی بوون، ئێستا بەسەدان ئەندام پەرلەمان داوای مەحکومکردن و پەیوەندی پچڕاندن لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل دەکەن، داوای دەستگیرکردنی سەرانی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەکەن، واتە ئەم ناڕەزایەتیانە بووەتە یەک ئەمری واقیع و یەخەی هەموو حکومەتە سەرمایەداریەکانی گرتۆتەوە، بۆتە بزوتنەوەیەکی ناڕەزایەتی لەناو هەموو خێزانێک، لە ناو یەکێتیە کرێکاریەکان، لەناو نەک تەنیا حزب و کەسایەتی چەپ بەڵکو ناو حزبەکانی دەسەڵاتیشی گرتۆتەوە.
ئەم ناڕەزایەتیانە لە ناو هونەرمەندان و کۆنسێرتەکانیاندا، لەناو رۆژنامەنوسان، دکتۆر، قوتابیان، مافناس، رێکخراوە حکومی و ناحکومی و ئینسانیەکانی وەک ئەمنستی ئینتەرناسیۆناڵ و هیومن رایت وەچ و یونیسێف، رێکخراوەکانی یوئین و دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان و هەتا چۆتە ناو خودی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، لەوەش زیاتر سەرانی وڵاتەکان هەڕەشە لە ئیسرائیل و ناتانیاهۆ دەکەن، کە گەمارۆی سەر ئەو هەزاران بارهەڵگرە لابەرێت کە ناهێڵێت بگاتە خەڵكی برسی غەززە، لەوەش واوەتر ژمارەیەکی زۆریان بڕیاریان داوە کە لەمانگی ٩دا لە کۆبوونەوەی نەتەوە تەکگرتووەکاندا مەسەلەی دان نان بە دەوڵەتی فەلەستین لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا بەرگری لێبکەن.
ئەم ئاڵوگۆڕانەی ئەم چەند هەفتەیە لە هەڵوێستی حکومەتان و سەرانیان کە تا دوێنێ بەهانەیان بۆ کۆمەڵكوژی ئیسرائیل دەهێنایەوە ئێستا تاوانباری دەکەن، ئەوەی تەنیا حکومەتی ئیسرائیلیان بە رەسمی دەناسی، ئەمڕۆ روخسارو هەڵوێستێکی نوێیان گرتۆتەبەر کە سەدو هەشتا پلە جیاوازە لەوەی پێشوو لە بەرگری لەدەوڵەتی فەلەستین، بێگومان بۆ دەربازکردنی خۆیانە لەژێر باری ئەو فشارە جەماوەریەی لەلایەن هاوڵاتیانی خۆیانەوە سەبارەت بە مەسەلەی غەزە خراوەتە سەریان و تەنانەت داوای لێپێچینەوەیان دەکەن بە تۆمەتی بەشداریان لەو تاوانەدا کە دژی غەزە دەکرێ!
ئەم فشارە جیهانیە بوو کە ئیسرائیل و ئەمریکاو پشتیوانەکانی لەناو دەوڵەتانی ئەوروپا بەجۆرێك لەباری سیاسی و دیپلۆماسیەوە تەریک خستەوە کە ترامپ ناچاربێت فشار لە ناتانیاهۆ بکات بۆماوەیەکی کاتی ئاگربەست ڕابگەیەنێ و رێگا بەچونەناوەی کۆمەکەکان بۆ غەزە بدات. ئەم بزوتنەوە جیهانیە ئەو هێزە مەزنەیە کە دەتوانێ ئەم بەربەریەتەی ئیسرائیل و ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپی دژی خەڵکی غەزە و فەلەستین رابگرێ و پرسی فەلەستین و بەرەسمیناسینی دەوڵەتی فەلەستین، سەرەڕای ملبادانەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل، بکاتە واقیع. بەوەش زەربەیەك لەم شەقاوەچێتیەی بۆرژوازی و ئیمپریالیزم بدات کە دەیانەوێ جیهان گیرۆدەی کارەسات بکەن لەپێناو بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی خۆیاندا.
٩ی ئۆگەستی ٢٠٢٥




عێراق بەرەو زریانێکی تر!.. عوسمانی حاجی مارف

هەڕەشەی حزبولڵا لە ناو حکومەتی بەغدا، بۆخواستی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەماوەی دوو مانگدا، واتە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە عێراقدا. لەلایەکی ترەوە سودانی وەک نوێنەری هەڵوێستی حکومەت کە بەردەوامی مانەوەی ئەو هێزانەی ئەمریکا لە بنکەکانیاندا بە پێویستیەک بۆ پاراستنی سیستەمی سیاسی ئێستای عێراق دەزانێت، ئەمەش نیشاندانی ناکۆکی نێوان هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگیە” کە لە حکومەتی عێراقدان، کە واقیعی دۆخی سیاسی ئاژاوە و سەرلێشێواوی زیاتر بەخۆوە دەبینێت و ئەگەری ئەوە هەیە قوڵتر بێتەوە، وە پەرتبونەکەی زیاتر بێت و دابەشبون لە نێوان پایەکانی سیستەمی حوکمڕانیدا فراوانتر بکات.
دۆخی عێراق ئاڵۆزتر بووە، کاتێک دوو پێچەوانە لە یەک کاسەدان، لایەک کە بەشێکە لە بڕیاردەری سیاسی، نەتوانێ خۆی لە نفوزی ئێران دوور خاتەوە، لەهەمانکاتدا لاکەی تر کە هەمان بڕیادەری سیاسیە، بەڵام چاوەڕوانی لە دەوری ئەمریکا هەبێت لە عێراقدا، ئەتوانین ئاڵۆزی و گێژاوی دۆخەکە بناسین.
لەم چوارچێوەیەی ئێستادا کە دەسەڵاتداریەتی لە بەغدا درێژە بە ڕێڕەوی ئاڵۆزی خۆیان ئەدەن، بە ساغ نەبونی یەکدەستیان لە سەر پاشکۆبون بۆ ئێران یا ئەمریکا، لەلایەکی ترەوە لە چوارچێوەی ململانێی بەردەوامی نێوان حکومەتی بەغدا و هەولێردا ئەمسەرو ئەوسەر دەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی بارزانی و حکومەتی هەرێم خاوەنی زانیارین سەبارەت بەو ناکۆکی و هەڕەشە جدیانەی کەدەتوانن هەڕەشە لە سەر حکومەتی ئێستای بەغداد بکەن، بۆیە لەهەر فرەسەتێکدا بارزانی یاریەک دەکات و کارتێک فرێ ئەداتە سەرمێزی قومارخانەی دەسەڵات.
ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگری لەسەر پابەندبون بە خواستی ئەمریکا بۆ ڕادەستکردنی چەکی میلیشیای حەشدی شەعبی بە حکومەتی عێراق نەکات، دەرگیری واقعیەتێکی ناتەندروست دەبێت، رادەستیشی بکات پێگەی دەسەڵاتی تەواو لەق دەبێت!.
ئەمریکا جەختی لەسەر جدیەتی هەڕەشەکانیەتی سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی، هەر لەم بارەیەوە ئەمریکا نیگەرانە بە دواخستنی یاسای پێشنیارکراو کە لە پەرلەمانی عێراقدا تاوتوێ دەکرێت و تائێستا نەخراوەتە دەنگدانەوە، چەند جارێکە دەنگدانەکە دوادەخرێت لەبەرئەوەی نوێنەرانی سوننە و کورد لە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەرچوون، بەگوێرەی نوێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت ئەو یاسایە بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق بناسێنن.
بە مانایەک ئەم دەستێوەردانە دەرەکیەی ئەمریکا لە عێراقدا و هەوڵدان بۆ هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی لەگەڵ ویست و دەوری ئێراندا نایەتەوە، هەروەها داوای حزبولڵای عێراق بۆ خێراکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەمەبەستی ئەوەیە لەڕێگەی بنکە سەربازیەکانی ئەمریکاوە کە دەکەوێتە سەر خاکی عێراق، ئێران نەکرێتە ئامانج.
بەڵام واپێدەچێت حکومەتی عێراق چیتر فرسەتی وای بەدەستەوە نەمابێت، چونکە بەڵگە و پێوەرەکان ئەوە دەگەیەنن کە سیاسەتی ئەمریکا لە بڕیاردان بۆ دابڕانی عێراق لە ئێران پێداگری خێرا دەکات، واتە ئەم سیناریۆیە گەیشتوەتە ئاستێک لە هەوڵ بۆکۆتاییهێنان بە حەشدی شەعبی و فشارهێنان بۆ جێبەجێکردنی.
هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کاریگەری خۆیان و سەرەتای داڕمانی سیستەمی سیاسیان دەزانن، پێیانوایە چەکداماڵینی حەشدی شەعبی جیاوازی نیە لەگەڵ نمونەی “شێواندنی ڕوخساری مرۆڤدا”، وەک ئەوەی لەبەرامبەر هەندێک نەتەوە و مەزهەب لە سوریا کراوە، کە دەبێتە زریانێک بۆ سەر پێکهاتەی دەوڵەتی عێراق.
ئەگەری زریانی داهاتوی ڕوو بە عێراق، کە بە بەڵگە و نەخشە سیاسیەکانەوە دەخرێتە ڕوو، کاریگەریەکەی تەنها لەڕێگای ململانێی ئێران و ئەمریکاوە دروست نابێت، بەڵکو لە هەمانکاتدا لە سایەی ئەو دەستە میلیشیاییانەوەیە کە دوو دەیە زیاترە حوکمڕانی عێراق دەکەن، جگە لە تاڵانچێتی و جەردەیی و وێرانکاری و ئاژاوە و خولقاندنی کارەسات هیچی دیکەیان لێ ناچنرێتەوە.
بوونی میلیشیا چەکدارەکان لە پەرلەمانی عێراق هەمیشە نوێنەرایەتی دۆخێکی نائاسایی مەترسیدار دەکەن، کە ئاماژەیە بۆ قەیرانێکی سیاسی بەردەوام کە لە ئەنجامی شەڕی نێوانیان و باڵادەستی بە هێزی چەکداری و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بارگرژی و ڕێزنەگرتن لە ئاسودەی و ئارامی دەبێتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتی، کە چەندین ساڵە خەڵکی عێراقی پێ زەلیلکراوە.
ڕژێمی عێراق ئەمڕۆ لە گۆڕەپانێکدا وەستاوە، ڕێڕەوەکەی زیاتر لە سەر پاوانخوازی هێزە میلیشیاکانی سەربەئێران و باڵادەستی مەزهەبی شیعەیە، کە بەردەوام هەڕەشەیە لە ناسەقامگیری خودی دەوڵەت و قەبول نەکردنی ناساندنی دەستورە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبون، بەم شێوەیە عێراق لە ئایندەیەکی تاریک و ناڕۆشن و نادیار ڕادەگیرێت.
ئێران و ئەمریکا لەسەر چاودێریکردنی دۆخەکەن، لەململانێی نێوانیان و بە گەمەی سیاسی خۆیان پشتیوانی لایەنە جۆربەجۆرەکانی عێراق دەکەن، کە ئەو لایەنە سیاسیانەیان کردۆتە پاشکۆی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی خۆیان، ئەمەش عێراقی خستۆتە ناو بازنەی ململانێیەک کە ئیرادە و ڕێبازی سەربەخۆی تەواوی هێزو لایەنەکانی خاڵی کردۆتەوە، چارەنوسی عێراق تەواو گرێی خواردووە بە ئایندە و ڕێرەوی ئەو ململانێیەی ئێران و ئەمریکا کە نازانرێت کەی یەکلایی دەبێتەوە.
لایەنێکی دیکەش کە پەیوەندی بە دووبارە ڕیزکردنەوەی هێزە شیعەکانەوە هەیە، بزووتنەوەی سەدریەکانە، سەرەڕای کشانەوەیان لە پەرلەمان، وەک یاریزانێکی بەهێز لەسەر شەقامەکان ماونەتەوە بە پشتبەستن بەوەی هەوڵدەدەن شەرعیەتی هەڵبژاردن پێناسە کەنەوە، بە نیازن لەم دۆخەی ئێستادا گەر بۆیان بلوێت گەمەیەکی تر لە گۆرەپانەکەدا بکەن، هاوکات هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵدەدەن پێگەی خۆیان بپارێزن، بەڵام ئاشکرایە ڕوبەڕوی ئاستەنگی زۆر و فشاری ناوخۆیی و دەرەکی دەبنەوە.
ئەوەی شایانی باسە ڕۆڵی لایەنە کوردیەکان و سونەکان لە هاوکێشەی سیاسی داهاتوی عێراقدا و لە نێوان دەخالەتی ئێران و ئەمریکا لە عێراقدا بێ بایەخ نیە، بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی هاوپەیمانی نوێ لە دەرەوەی سەرکردایەتی ئێستای حکومەتی عێراقدا، بە ئەگەرێکی زۆرەوە هاوسەنگی هێز لە بەغدا بگۆڕدرێت. لەم دۆخەشدا هێزە کوردیەکان بەدەست دووبەرەکی و ململانێی ناوخۆییەوە دەناڵێنن، ئەمەش وەک هەمیشە پێگەیان لە یاریەکان و دانوستانەکاندا لاواز دەکات، یان ئەگەری زۆرە زیاتر بارزانی بەکارتی قومارەکانی دەتوانێت یاریزانێکی بەتواناتر بێت و سود لەم دۆخە وەرگرێت.
لەلایەکی ترەوە هێزە سوننەکان هەوڵدەدەن خۆیان لە قاڵب بدەنەوە و خۆیان لە چوارچێوەی دیمەنی سیاسیدا جێگیر بکەن و لەڕیزی هاوشێوەی حکومەتی ئێستای سوریادا، خۆیان لەگەڵ ئەمریکا بگونجێنن، کە دەورانێکی تر و بە ڕۆڵێکی تر گێژاوی سیاسی و نائارامی لە عێراق درێژە پێدەدەن.
لە ڕاستیا ئەتوانین بڵێین دیمەنی ئێستای عێراق و ئایندەکەی زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە لە وێنەی سیناریۆکانی واقیعی ئێستادا دەبینرێت، لەنێوان هێزە سیاسیەکانی دەسەڵاتداری ئێستا و فراکسیۆنەکانی دیکە، واتە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هەر هێزێکی چەکداری تر، ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی عێراقدا شەڕی دواین موزایەدەی مان و نەمانی ئێران دەکرێت.
ئەوەش کە جێگای ئاماژە پێدانە هەموو ئەو قسانەی لە ئێستادا لەبارەی داواکاریەکەی ئەمریکا و نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا و کوتلە عێراقیەکان بڵاودەکرێنەوە، نابینرێت کەزۆر بەجدی مامەڵەی دەکرێت و بەم زووانە جێبەجێ بکرێت، دیداری ئەم دواییەی نێوان سودانی و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، باشترین بەڵگەی کشانەوەی ئیدارەی بایدن بوو لە مەلەفی عێراق و ڕەوانەکردنی بۆ ئیدارەی نوێی ترەمپ، پێموابێ هەر ئەمەشە کە سودانی و حکومەتی عێراق فرسەتی ئەوەیان هەیە خاوەخاوی تیا بکەن.
بۆیە واپێدەچێت جارێ چەکی میلیشیاکان لە ئێستا زیاتر بۆ پاراستنی “دەسەڵات” لە ناوخۆدا بهێڵنەوە، نەک بۆ هەڕەشەی دەرەکی، هەروەها تاران متمانەی بەو چەکانە و کاریگەریەکانی نیە بۆ بەردەوامی دەخالەتی لە عێراقدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تەواوی عێراق بارمتەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە و چاوەڕێی نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا و ترەمپ دەکات.
سەردان و چالاکیەکانی سودانی لە دەرەوەی وڵات تەنیا “نمایشێک” و هەوڵێکە بۆ بەبازاڕکردنی وێنەی سەرۆکوەزیران وەک فریادڕەسێک بۆ ڕای گشتی عێراق، لە هەمانکاتدا هەوڵێکی سودانیە بۆ پاراستنی پێگەی چوارچێوەی هەماهەنگی و میلیشیاکانی.
لەلایەکی ترەوە ژینگەی هەڵبژاردن لە عێراقدا لە قەیرانێکی قوڵتردایە، بەهۆی دابەزینی متمانەی گشتی بە دەسەڵاتی سیاسی و تەواوی لایەنە سیاسیەکان و دامەزراوەکان، بەردەوامی لە کەڵەکەبونی دۆسیەی گەندەڵی، ئەزمونەکانی پێشوتریش، بەتایبەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١، دەرکەوتووە کەلێنی قووڵتربونەوەی زیاتری نێوان هاووڵاتیان و دەسەڵاتە، لەگەڵ ڕێژەیەکی بەرزی بەشدارینەکردن لە دەنگداندا، هاوکات لەگەڵ تۆمەتی ساختەکاری و نەبوونی شەفافیەت لە ئەنجامەکاندا.
دەشێ هەڵبژاردنی داهاتوو نوێنەرایەتی ساتێکی هەستیار لە مێژووی سیاسی عێراقدا بکات، کە بەردەوامی لە سوڕی دوبەرەکی و ئیفلیجی سیاسیدا دیاری دەکەن، شکستی زیاتری حکومەتی فیدراڵی بەرجەستە دەکەنەوە، بۆیە گرەوەکانی ئەمڕۆ تەنها لەسەر ئەوە نیە کە کێ سەردەکەوێت، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە ئایا ئەوانەی سەردەکەون دەتوانن سەقامگیری لە دۆخی سیاسی عێراقدا بەدیبێنن؟ لەکاتێکدا کە زریانێک لە ئاڵوگۆڕ لەسەر ڕێگای دۆخی سیاسی عێراق لە ململانێی ئێران و ئەمریکادا شەپۆل ئەدات.
کلیلی گۆڕانی سیاسی لەدۆخی ئێستای عێراق و دەرکێشانی لەو گێژاوەدا، هاتنەمەیدان و سەرهەڵدانی هێزی سەربەخۆی جەماوەریە وەک هێزەکانی تشرین و بزوتنەوە مەدەنیەکان و خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان کە تەحەدایەک بۆ دەسەڵاتی ئێستا دروست دەکەن، ئەمەش وەک بزوتنەوەیەک کە هەوڵ ئەدات دەورو دەخالەتی خەڵک لەدەسەڵاتی سیاسیدا بەدەست بهێنێت و جێگیر بکات، گەربتوانن لە ژێر بەرنامەی واقیعی ئینساندۆستی و ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی و هاوپەیمانی فراواندا رێکخراوبن و یەکگرتوبن، ئەتوانن پێشکەوتن و پێشڕەوی و مرۆڤایەتی لەسەر نەخشەی سیاسی لە هەر شوێن و پارچەیەکی عێراقدا بەدەستبهێنرێت و بەر بەهەر زریانێک بگرن کە تەحەددای دانیشتوانی ناوچەکە دەکات.

عوسمانی حاجی مارف




من کە هیچ موناسەبەیەکم نییە.. نەوزاد بەندی

لەو سەری دنیاوە
هەتا ئەمسەری دنیا،
شتێک نییە وام لێ بکا سەرسام بم .

جاران حەزم ئەکرد،
شەوانی باران،
کەسێک لای پەنجەرەکەوە ،
بە بێ موقابیل گوێم بۆ ڕادێرێ ..

من بەیانیان ،
وەک سزا تەماشا ئەکەم،
چونکە لە خەو هەڵمانئەسێنێ،
بۆ ئەوەی زەمین وێرانتر بکەین ..
ملیۆنەها گیانداری بێتاوان سەربڕینەوە ،
بۆ ئەوەی ئاودەستخانەکان پیستر کەین ..

کرێکارێ لەسەر داخوازی ئاغایەک، سەرقاڵی ڕوخاندنی شاخێکە..
شاخێ ملیارێک ساڵ زیاترە،
هیچ دڕندەیەک له گوڵ کاڵتری پێنەوتووە ..

گەیشتوومەتە بڕوایەک
هەمووان درۆ ئەکەن ..
هەموومان تاوانبارین ..
زەوی لەوە زیاتر بە کەڵکی شیعر نایەت ..
مەگەر بە زیرەکی دەسکرد ..
چیدی دەریا نەهەنگ ناگرێتە خۆی ..
سانتیاگۆیەکی تر ،
جارێکی تر ناچێ بۆ ڕاو …

بە کراسێکی نیو قۆڵەوە،
بڕیار ئەدەم هەر لە ماڵ بمێنمەوە ..
ماڵ کراسەکەم ئەخوازێ و ..
بۆ خۆی ئەڕواتە دەرەوە ..

تەنانەت کتێبەکانیش
خەریکن ئەچنە خولی شۆفێریی ..
ئەوەی ئوتومبیل لێ نەخوڕێ، شەرەفی نییە ..

ئاو هەر بەشی شۆردنی ئوتومبیل ئەکا ..
ڕۆن هەر بەشی کەوەری ئوتومبیل ئەکا ..
نەوت هەر بەشی دووگیانگردنی ئوتومبیل ئەکا ..
کورد بێ ئوتومبیل یەکسانە بە هیچ ..

هەر بۆیە کە کورد ئەبێتە پەرلەمانتار،
پێش هەموو شتێ ،
لاندکرۆزەرێکی کیلۆمەتر سفری ئەدەنێ ..
ئەوە نرخی عەقڵ و بیرکردنەوە و زمانێتی ..
ئەوە نرخی دین و ئیمان و کەرامەت و ویژدانێتی ..
ئەوە لەشفرۆشییە + ڕۆحفرۆشیی .

لە حەوشەیەکی پڕ لە هیچ،
گرانترین شت ئەکوژم، کە کاتە ..
هیچ کۆناکەمەوە،
چونکە هیچی لێ نییە

ڕەفەی کتێبخانەکەم،
پڕن لەو دەعوەتنامانەی لە هیچیاندا حازر نەبووم ..
نازانم بۆچی پاراستومن؟
یەک دەقیقە مۆڵەتم بەنێ،
با بچم بیاندڕم ..

دڕیمن ..
فڕێم دانە سەتڵی خۆڵەکەوە ..

حەفتا ساڵ تەمەن بەچی تەواو ئەبێ ؟
بۆچی بە یەکتر ئەڵێن
تەمەن درێژ بی..؟
ساڵی 364 جار هەمان شت دووبارە بکەیتەوە ..
فڵچەکە بێنیت بە ددانتا و
لەبەردەم برنج و شلەکەدا دانیشی ..
لەبەردەم دەستگێڕێکی ماندوو ڕاوەستی و .. بڵێی :
دوو کیلۆ بە پێنج هەزار ئەبێ ؟
ئەویش بڵێ : نابێ ..
دوایی دەست بکەیت بە قوتدانی حەبە شینەکە ..

چ عەزابێکە ئەم دنیایە؟
بە سەد گوریس بەستراویتەتەوە و
ئەبێ بیشڕۆی ..
لە هەزار شوێنەوە تەقەت لێئەکرێ و
ئەبێ بیشژیت ..

کچە جوانەکان دووگیان ئەکەن و
سەد شیعریان بۆ ئەخوێننەوە ..
کچە ناشیرین و کەمئەندامەکان،
ئەخەنە ناو زبڵی قەیرەیی و
ئاوڕیان لێ نادەنەوە ..

بە لەچک و ڕیش خوا هەڵناخڵەتێ ..
کوا کامەتان شمشێرەکەی خالیدی ڕاوەشاندووە ؟
کامەتان چوار ساڵی گواویی خۆی،
لە پێناوی خوادا سووتاندووە؟
هەمووتان چۆک دائەدەن و پاڵئەکەون، لە بەردەم بەرازخۆرێکی سەرخۆش ..
لە ژێر ڕیش و لەچکەوە ،
وا باوەشتان بە دنیادا کردووە،
مەگەر مردن بە پاچ و خاکەناز
لێکتان کاتەوە ..
ئیتر درۆی شاخدارم بۆ مەکەن،
خوا پێتان ڕائەبوێرێ ..
لە خۆپەرستی زیاتر هیچتان پێناکرێ ..
هێشتا لە ژێر لێوەوە ئەڵێن
حسبي الله و نعم الوكیل ..
جا ئەڕۆنەوە بە لای ئیشی حەرام و پەڕین و گەدە و ڕیخۆڵە پڕکردن تا قڕقێنە ..

ئیتر لە دەرگام مەدەن ..
من هیچ موناسەبەیەکم نییە بۆ لام بێن ..
چاوەڕێ ئەکەم کۆتایی بێ،
ئەم حەسیر مەیانە ..
باران ئەکەین بە میز و
لە قەراغ شار ،
سەوزەکانی پێ ئاو ئەدەین..
ئاژەڵ و پەلەوەر و دار و بەرد ئەکەین بە پیسایی و ..
بە دزییەوە، هەڵی ئەدەینە ژێر زەوی ..
ئەرێ لەم خوێڕێتییە بێزار نەبوون ؟!




دوو شیعری ستار ئەحمەد

سێ گوڵه‌ هۆنراوه‌

شیعرێك گوڵ نه‌گرێته‌ ئامێز
زاری ره‌ش‌و رووتان نه‌بێ
خۆزگه‌ی شاعیر نایه‌ته‌دی
شیعر چی یه‌؟ نه‌بێته‌ سه‌نگه‌ری چیاو
ئاڵای عه‌شقێكی ئه‌به‌دی
من ده‌مویست هۆنراوه‌یه‌كی روو گه‌شبم
بۆ پاشه‌ڕۆژ بیرێكی نوێ بنیات بنێم
بڕیارێكه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ پاشگه‌زیش نیم
ئه‌مڕۆش نه‌بێ.. رۆژێك هه‌ردێ
وه‌كو گزنگی سه‌ربه‌رزی
له‌ ئاسۆی ته‌ماوی هه‌ڵبێم
شاعیر تووڕه‌ بوون نازانێ
شه‌و له‌ ته‌می هه‌ور وه‌ڕس بێ
رووی ئه‌ستێره‌كان ماچده‌كا
شاعیر ئه‌گه‌ر ده‌ستێكی شووم رایبژه‌نێ
وه‌ك ئه‌رخه‌وان چڵه‌كانی چرۆی هۆنراوه‌ ده‌رده‌كا

نه‌وره‌سێكی زامدار

بارگه‌ی خه‌می من پیرۆزه‌و
پیرۆزی تۆ له‌ كۆڵمایه‌
من به‌م باره‌وه‌ سه‌نگینم
له‌ توێی خه‌ونی كه‌سك‌و سوورا
نیگای ئاڵی تۆ ده‌بینم
من نه‌وره‌سێكی زامدارم
باران خوێنی زامه‌كانمه‌
خۆر هێلانه‌ی هیواكانم
ته‌ریوی لوتكه‌ی خه‌مێكم
خاك‌و خۆڵی ئه‌م زه‌مینه‌
ده‌خه‌مه‌ سه‌ر چرۆی گیانم
ئای كه‌ له‌ ئه‌شكی خۆما ده‌خنكێم
نازانم بۆ هه‌ر تینووم‌و
ده‌سته‌و دامێنی چیایه‌كم بۆ ووچانم
كانی سووتاو گه‌رووی حه‌زێتی‌و
په‌لكی وه‌ریوی دار هه‌نار برۆكانی
ئه‌ی پێم نه‌وتی!
له‌ زاری خۆزگه‌و عه‌شقی تاڵ تێ ناگه‌یت‌و
به‌ ژانی سه‌ختم نازانی
تۆ ته‌ماشاكه‌ كه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ك ده‌كوژێته‌وه‌
تاریكی.. ده‌بێته‌ به‌رگی برسیه‌كان
مانگ.. وورشه‌ی گواره‌ی نه‌وبووكێكه‌
لوتكه‌.. ئه‌سپی حه‌زو تاسه‌ی
خۆر.. ده‌بێته‌ نانێكی وون
كه‌ بارگه‌ی خه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌
وه‌كو نه‌وره‌سێكی ته‌ریو
دیسانه‌وه‌ ده‌بیت به‌ من
من‌و تۆ‌و خه‌م‌و هۆنراوه‌
په‌راوێزی مێژوویه‌كین
له‌سه‌ر سنگی ئه‌م زه‌مینه‌
وه‌كو چیایه‌كی به‌ ته‌مین
رۆژو مانگمان لێگیراوه‌
پڕ له‌ كانی ئه‌شك رێژین
خه‌ڵوه‌تگای بڕواو شه‌و نوێژین
به‌ڵام خۆمان خه‌زانێكین
ته‌می هیوامان بارێژه‌یه‌
زامی ناخمان جۆگه‌ی ژانه‌
دورگه‌یه‌كی پڕ كێشه‌یه‌

ستار ئەحمەد