بیۆنگ- چوول هان گەماڕۆدانی دیجیتاڵی.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

تەکنۆلۆژیا گومان پەرەپێدەدات، چوونكە لە دەرەوەی دراماتیکایە.

فەیلەسوفی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک کۆری (بیۆنگ- چوول هان) دوای نووسینە ڕەخنەییەکانی لەبارەی سەردەمی گەماڕۆدانی دیجیتاڵی ناوبانگی خۆی بەسەر گۆڕەپانی فیکر و فەلسەفەدا سەپاند، بەردەوام هەوڵی گەڕاندنەوەی پێگەی فەلسەفی لەبەرانبەر جیهانی تەكنۆلۆژی هاوچەرخ دەدات، لەو بارەشەوە ئاوڕدانەوەیەكی تووندی لەنێو خوێنەرانی ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا هێناوەتە ئاراوە و هەوڵدەدات بەشێوەیەکی جیاواز پەیوەندی بە تەكنۆلۆژیا و كلتووری ئەمڕۆ بکات، بۆ ئەوەی گەماڕۆی دیجیتاڵی و نمایشی پەیوەندییەکانی سەرمایەداری تەكنۆلۆژی وەك زڕەوێنە بخاتە بەر ڕەخنە و لەوێوە سۆزی دراماتیكی زیندوو بكاتەوە.
(بیۆنگ- چوول هان) بەردەوام وەک درێژکراوەی قوتابخانەی ڕەخنەگرانەی فڕانکفۆرت، هەوڵدەدات پێداگری لەسەر ئاشکراکردنی گرنگی پێگەی فەلسەفی بەرانبەر بە تەكنۆلۆژیا، نەک بە مەبەستی دابینکردنی چارە، بەڵكە وەك هەوڵێک بۆ وەسفکردنی سرووشتی جیهان بەشێوەیەکی ورد و شیکاری بخاتەڕوو… ئێستا خاوەنی (16) کتێبە: (كۆمەڵگای شەفافیەت، جەوهەری دەسەڵات، تۆپۆلۆژیای تووندوتیژی، ڕزگاركردنی جوانی، كۆمەڵگای هەڵپڕووكاو، لەناو پۆلدا، ئیرۆس… ) لە كۆی هەموواندا هەوڵی ڕەخنە و خوێندنەوە و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی جیهانی ئەمڕۆی تەكنۆلۆژیا و گەماڕۆی دیجیتاڵی و نمایشكردن لەپێناو نمایشكردن… دەدات، بە بیركردنەوەیەكی ڕەخنەگرانەوە بەر ئەرێیەكانیان دەکەوێت.
لە دیدی (بیۆنگ چوول هان)ەوە ئامێرە دیجیتاڵییەکان و سەرمایەداری، هاوپەیمانییەکی میتاسرووشتییان پێکهێناوە و هەموو ئازادییەکی کردارییان لەپێناو تەكنۆلۆژیای بێ وەڵام لەناوبردووە… پێداگری لەوە دەكات و دەڵێت سەرمایەداری وەک سیستەمێکی هەمەلایەنە خەریکە بڕواهێنان بە پرسیار لەق دەكات و بۆ (سەرمایەداری چاودێری) دەگۆڕێت… چوونكە ئەو پێیوایە بەردەوام پلاتفۆرمە تەکنۆلۆژییەکان چاودێریمان دەکەن و چاودێریمان دەکەن و کارەکانمان دەخەنە ژێر گومانەكانی دەسەڵاتی خۆیانەوە بۆ ئەوەی زۆرترین قازانج بەدەست بهێنین، لەبەر ئەو هۆکارە هەر کلیکێک لەسەر کۆمپیوتەرەكەمان تۆمار دەکەین، ئەوان بە سوودی خۆیان شیکاری دەکەنەوە. ئێمە لەلایەن بەرنامە ئەلگۆریتمییەکانەوە وەک بووکەڵە دەجوولێینەوە و خەیاڵ دەکەین کە ئازادین، وەک ئەوەی ئەمڕۆ (تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان) شایەتحاڵن… بەڵام ئەو ئازادییەی ئەوان فەراهەمیان كردووە، هەرگیز ئازادی نییە، وەهمی ئازادییە و جۆرێكە لە گرتنەخۆ…

گفتوگۆی ئازاد/ شەڕانگێزی خۆبەخشانە
ئەمڕۆ مرۆڤ كۆنترۆڵكردنی خۆی بە ئارەزووی خۆی هەڵبژاردووە، چوونكە هەر کلیکێک کە مرۆڤ دەیکات، هەڵدەگیرێت! هەر هەنگاوێک کە مرۆڤ دەینێت، دەتوانرێت شوێنپێی بگیرێت… ئێمە لە هەموو شوێنێکدا شوێنپێی دیجیتاڵی بەجێدەهێڵین، و ژیانی دیجیتاڵیمان خاڵ بە خاڵ لەناو تۆڕی دیجیتاڵیدا ڕەنگدانەوەی هەیە، خاڵ بە خاڵ كۆنتڕۆڵكراوین، بەو مانایەش گفتوگۆی ئازاد لە جیهانی دیجیتاڵیدا بووەتە دیوەکەی تری ستەمکردن، بووەتە شەڕانگێزی خۆبەخشانە… چوونكە بەبێ ئاگاداری خۆمان شەڕانگیزی پرۆسیسە دەكەن، بەبێ ئاگایی خۆمان ستەم لە ئازادییەکەمان دەكەین، بە ئارەزووی خۆمان ستەم و شەڕانگیزی بەسەر خۆماندا دەسەپێنین… ئێمە ئازاد نیین! كەواتە بڕواهێنان بە ئازادی دیجیتاڵی، دەستپێکردنی کۆیلایەتییە! کۆیلایەتییەک کە هەموومان نوقمی فەنکشنێکی دیجیتاڵی دەكات… (بیۆنگ- چوول هان) پێیوایە ئەو كۆیلایەتییە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ فیودالیزمی سەدەکانی ناوەڕاستدا نییە، بەو مانایەش ئاغاکانی فیۆدالیزمی دیجیتاڵی وەک فەیسبووک و ئەوانی دیکە، پارچە زەوییەکی بێ بەرانبەر دەدەنە بەکارهێنەران بۆ ئەوەی کەڵکیان لێوەرگرن، ئێمەش وەک گەمژە دەیانکێڵین، بۆ ئەوەی ئەو ئاغایانە بێن و بۆ خۆیان دروێنەی بكەن. ئەوە بۆیەكردنی پەیوەندییەكانی ئێمەیە بە بۆیەی ئازادی، ئێمە لە دنیای دیجیتاڵی لەڕێگای وەهمی ئازادییەوە پەیوەندی دەکەین و فیوداڵەکانیش قازانجەکانیان لەم پەیوەندییەوە دەچنن، کە دەزگا نهێنییەکان چاودێری دەکەن، ئەوە سیستەمێکی زۆر کاریگەرە و كەچی بە ئەرێنی دەیبینین و هیچ ناڕەزایەتییەكی بەرانبەر دەرنابڕین، چونکە ئێمە لە ژێر سیستەمێکدا دەژین، کە خودی ئازادی دەقۆزێتەوە. ئەو تایبەتمەندییە کەسییانەی کە هەر تاکێک لە تاکەکەی دیکە جیا دەکەنەوە و کەمکردنەوەی تایبەتمەندی جیهانی مرۆڤایەتی و توانای درووستکردن و تێپەڕاندنی و تێکدانەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە هەستی مرۆڤ بە هەموو جۆرەکانییەوە: خۆشی، شادی، حەز، خەم، دڵتەنگی… بگۆڕێت بۆ سیگناڵی دیجیتاڵی.
لەسەردەمی دیجیتاڵیدا ئەوە ئایكۆنەكانن، حەز و خۆشی و چێژی ناخی مرۆڤ دەردەبڕن! واتە مرۆڤ كارلەسەركراوە، نەوەك بكەر… هەر لەوێوە ئایكۆنەكان قووڵاییەکانی ناخی مرۆڤیان بەتاڵ كردۆتەوە و وادەكەن تەواوی كار و داهێنان و توانا مرۆییەکانی لەدەست بدات. بەمشێوەیە هاووڵاتی ئەلیکترۆنی وەک بیۆنگ- چوول هان لە کتێبی لە ناو پۆلدا، ئاسۆی دیجیتاڵی (٢٠٢١)دا باسی کردووە، وەك كەس بووەتە کەسێک کە ناسنامەی کەسیی خۆی لەدەستداوە، مرۆڤ لە ئەنجامی زیادەڕۆیی لە بەشداریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەك تاكێكی سەربەخۆ نەماوەتەوە، بەڵكوو بووەتە (هۆڵی نمایشكردن) کە بابەتی زۆرانی تێیدا نمایش دەكرێت.
بیۆنگ- چوول هان بە تووندی ڕەخنەی لە باسکردنی دانیشتووانی دیجیتاڵی لە تۆڕەکاندا دەگرێت، دانیشتووانی دیجیتاڵی ئەوەی پێکهاتنی (ئێمە)ی دامەزراندووە، ئەگەرچی پەیوەندییەكانی خێرا و كۆك كردووە، بەڵام ئەو پەیوەندییانە زیندوو نین و لە هاوژیانی بەدەرن، ڕۆحییان نییە… هیچ ڕۆحێک و ویژدان و ڕێکخراوێکیان نییە، گۆشەگیرن، پەرش و بڵاون، لەنێو خۆیاندا دەکشێن و دەچنەوەیەك…

مرۆڤی شاشە
ژیانی دیجیتاڵیدا دەبێتە هۆی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ژیانی ڕاستەقینەدا، نەمانی ڕێوڕەسمەکان لە ئێستادا نیشانەی نەمانی پەیوەندی گرووپە كۆمەڵایەتییەکانە، هەمیشە تەكنۆلۆژیا بێ وەڵامی دەسەپێنێ و دەکەوێتە دەرەوەی دراماتیکاوە، نەبوونی پەیوەندی کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەی دیجیتاڵی درووست بووە، هەرچەندە وایکردووە پەیوەندییمان بە یەکترەوە زیاتر و ڕاستەوخۆتر بێت، بەڵام لە یەکترەوە نزیک نین. سۆشیال میدیای مۆدێرن ڕەهەندی کۆمەڵایەتی لە پرۆسەکانی پەیوەندی نێوان تاکەکاندا نەهێشتووە. ڕاستە کۆمەڵگا كۆمەڵگایەکی پەیوەندیدارە بەشێوەیەکی خێرا و نایاب، بەڵام یەکگرتوویییەکی دەستەجەمعی تێکەڵاو لەنێوان ئەندامەکانیدا پێکناهێنێت. ئەمڕۆ گرووپی كۆمەڵایەتی هیچ چالاكییەكی زیندوویان نییە، وەک چۆن هەمووان لە ساتەوەختە تاکە کەسییداین، لە هەمان كاتدا پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە، هەمووان پەرت و بڵاوین، ئەگەرچی كلیك و پەیوەندی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەمووانی هەڵمژیووە.
لەسەردەمی دیجیتاڵیدا داتاكان بەیەكەوە كۆ دەكەینەوە و وەك مەعریفە دەیانبینین و درێژییان دەكەینەوە، بەڵام لە جیهانی دیجیتاڵیدا هیچ پرۆسەیەکی بیرکردنەوە و تێڕامان بە مانای درووستی وشەکە، کە لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوە و بونیادنانەوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دامەزرابێ، بوونی نییە. هیچ بیرکردنەوەیەکی ئاگایانە لەسەر بنەمای داتاكان بوونی نییە، چوونكە هەمیشە داتاکان لەناکاو دەبن بە ئامرازێکی دیاریكراو بۆ مرۆڤی دیجیتاڵی، بەڵام نابن بە تێڕامان و بیركردنەوەی بەرهەمهێنانەوە، نابن بە ئاگایی بۆ ژیانكردن… بەڵكوو دەبن بە ئامرازێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهان و ژماردنی ژمارەکان و حیساباتی چەندایەتی و پرۆسەیەکی بەردەوام و بێ وەستان… لەسەردەمی دیجیتاڵیدا هاوڕێیەتی لە ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیادا دەبێتە ژمارە، بەڵام هەرگیز هاوڕێیەتی ڕاستەقینە، هەرگیز پەیوەندی هاوڕێیەتی بە كلیك و ژمارە ناپێورێت!

گومانی دیجیتاڵی/ ئەنتی گێڕانەوە
سەردەمی دیجیتاڵی سەردەمی کۆکردنەوەی ژمارە و ژماردن و ژماردنی بەردەوام… ئەمڕۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەهاکانی سەربەخۆیی و دڵسۆزی کەوتوونەتە ژێر حیساباتی چەندایەتییەوە، بە ژماردنی نیشانەکانی سەرسامی (لایك) دەژمێردرێت… ژیانی دیجیتاڵی وێنەی ڕۆحی و نەبینراو و هاوژیانی و لایەنەکانی نەرێنی و ڕەخنەی قبووڵ نییە، ئەو ئەرێنییەی کە تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی درووستی دەكات، لە ئەگەری هەر ئەزموونێک کەمدەکاتەوە، یان لەناویدەبات و توانای درووستکردن و کارکردنمان لەگەڵ نەرێنی دەشێوێنێ.
(بیۆنگ- چوول هان) پێیوایە مرۆڤایەتی دەچێتە سەردەمی (گەماڕۆدانی دیجیتاڵی) بۆیە بەشێوەیەكی ڕەخنەگرانە (پاراستنی خۆمان لەخۆمان) بەرز دەكاتەوە! بەو مانایەش دەیەوێ بڵێ مرۆڤ بكەرە و كارلەسەركراو نییە… بۆیە دەبێ خۆمان لەڕێگای تێڕامان بیركردنەوە و بەرهەمهێنانەوە خۆمان ڕزگار بكەین…
لەڕابردوودا سەرمایەداری لە (دەرەوە) ئیستغلالی مرۆڤی دەكرد… ئەمڕۆ هاوکێشەی دابڕانی کرێکاران و خاوەنکاران پێچەوانە بووەتەوە، ئەمڕۆ سەرمایەداری لەسەر بەكاربردنی (ناوەوەی مرۆڤ) كار دەكات! ئەمڕۆ لەسەردەمی دیجیتاڵیدا خۆدەربڕین بۆتە ئارەزووكردنی خۆبەکارهێنان.. لە ژێر وەهمی خۆدەربڕین داواکارییەکان بۆ پاراستن لە زیادبووندایە، لەگەڵ بەرفراوانی کۆمەڵگاوە تاكەكان بەهۆی نەخۆشییە سەردەمییەكانی وەك پووكانەوەی دەمار و نیگەرانییەكانی سەردەم، دووچاری زێدەنەخۆشی، زێدەپووكانەوە، زێدە زێدە… بوونە.
هەڵبەتە بەشێكی زۆری زێدەنەخۆشی، زێدەپووكانەوە… لە ئەنجامی باری زۆری زانیارییەکانەوە درووست دەبن، كۆی ئەو نەخۆشییانە وردە وردە دەبنە هۆی تێکچوونی توانا ڕەخنەیی و شیکارییەکانی مرۆڤ، کەمی سەرنجدان، ناڕەحەتی گشتی و كەمبوونەوە و بێتوانایی لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی. ئەمڕۆ (كۆمەڵگای شلۆك) کە بەنێو تۆڕەکاندا دەڕژێت، تێڕامانی نەرێنی و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تاكەكان لاواز دەکات، ڕەخنە و تێڕامان و شیکاری فەرامۆش دەكات.
(بیۆنگ- چوول هان) قووڵایی بوومەلەرزەی جیهانی دیجیتاڵی ڕووندەكاتەوە و بەشێوەیەك لەشێوەكان ڕایدەگەیەنێت کە مرۆڤایەتی بەڕاستی پێویستی بە شۆڕشی تێڕامانی نەرێنی و بیركردنەوەی ڕەخنەیی و هەڵوەستە و هاوارێك هەیە، دژ بە پەیوەندییە بێ وەڵام و بێدەنگەکانی دیجیتاڵی. هەڵوەستەیەك دژ بە شایەتحاڵی تەقینەوەی زانیارییەكان، نەک زانست… چوونكە جیاوازییەکی گەورە لەنێوان ئەو دووانەدا هەیە. سەردەمی زانیاری تەنها پەیوەستە بە ئێستاوە، بەبێ ئەوەی ڕێگا بدات بە کەڵەکەبوونی زانست، زانیاری لە كلیكی كاتییەوەیە و زانست لە ئەزموونی هاوژیانییەوە، کە لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا درێژ دەبێتەوە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




عه‌وڵا جه‌یدی و نه‌نه‌ ئامینه‌.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

گڵاوڕۆژنه‌یه‌ك بۆ ڕوانین له‌شار‌ی كۆیه‌

فازیل شه‌وڕۆی په‌روه‌ردكار و شاعیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند، یه‌كێكه‌ له‌نووسه‌ره‌ به‌بڕشته‌كانی ئه‌مڕۆی جیهانی نووسینی كوردی، به‌رده‌وام به‌ده‌ق و لێكۆڵینه‌وه‌ی نایاب و ووته‌ و كاری هونه‌ری به‌سه‌رمانده‌كاته‌وه‌. له‌كۆتا مانگه‌كانی ساڵی 2023 له‌په‌یجی فه‌یسبووكه‌كه‌ی با‌به‌تێكی له‌ژێر ناوی (عه‌وڵا جه‌یدی و نه‌نه‌ ئامینه)‌ بڵاوكرده‌وه‌. له‌ده‌ستپێكیدا نووسیبووی {ناونیشانی کتێبێکی دیکەمە. نیزا دەکەم تەندرووستیم ڕێم بدا تەواوی بکەم. ئەو دوو زاتە باپیر و نەنکی خۆمن، دوو کەسایەتین کە جێ پەنجەیان لە مێژووی کۆمەڵایەتیی کۆیە بە جوانی دیارە. دەمەوێ لە گێڕانەوەی ژییاننامەی ئەوان، بە ئەمانەتەوە، وێنەیەکی زۆر بواری شاری کۆیە بکێشم لە ساڵانی١٩٢٠ تا ١٩٦٧}. ئینجا له‌ژێره‌وه‌ به‌ندی یه‌كه‌می ئه‌و كتێبه‌ بڵاونه‌كراوه‌ی ‌به‌ناونیشانی (کەوە دۆمە) خستبووه‌ به‌ر دیده‌. من هه‌ر كه‌ خوێندمه‌وه‌ چێژی زۆرم لێوه‌رگرت. هه‌م ناوه‌رۆكه‌كه‌ی هه‌میش ئه‌فسونی داڕێژتنه‌كه‌ی كێشی كردم. ئه‌وه‌ بوو وه‌ك زۆر له‌وتاره‌كانی دیكه‌ی ناوبراو، لای خۆم كۆپیم كرد. رۆژانی دواتر به‌نده‌كانی دووه‌م و سێیه‌می به‌دواداهێنا و ئه‌وانیشم كۆپی كرد. له‌چاوه‌ڕوانیدا بووم كه‌چی رێك به‌ندی حه‌وته‌می خسته‌ به‌ر رووان‌، بۆیه‌ ئه‌وسا مه‌سیجم بۆ به‌ڕێزیان نارد، به‌ڵام ئه‌و له‌وه‌ڵامدا پێیڕاگه‌یاندنم مه‌به‌ستی نییه‌ ته‌واوی كتێبه‌كه‌ی به‌و جۆره‌ بڵاوبكاته‌وه‌. دواتر له‌په‌یجه‌كه‌ی به‌نده‌كانی هه‌شت و نۆ و دوانزده‌ و چوارده‌ و شانزده‌ و نۆزده‌شی بلاوكرده‌وه. ئه‌وه‌ بوو ‌ساڵی رابردوو به‌شێوه‌ی كتێب خستییه‌‌ به‌رده‌م خوێنه‌ران.
ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه‌‌ له‌ 65 ناونیشان (به‌نده‌كان) پێكدێت. له‌كۆتایشدا پڕۆفایلی خۆی ده‌بینرێت. ناونیشانه‌كان ریزبه‌ند كراون. بۆ هه‌ندێكیان ماوه‌ی زه‌مه‌نی دیاری كراوه‌. له‌ناویاندا خوێنه‌ر به‌ره‌و به‌شێك له‌ژیاننامه‌ و كار و هه‌ڵوێستی عه‌وڵا جه‌یدی و نه‌نه‌ ئامینه‌ و وه‌ستا حه‌مه‌دی كوڕ و فازیلی كوڕه‌زاش كێش ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی بابه‌ته‌كان وه‌ك ئاوێنه وان بۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رووداوه‌كانی شاری كۆیه‌ له‌ماوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی رابردوو، به‌ڕووداوه‌ تاڵه‌كان و كاریگه‌ره‌ به‌ده‌كانی ئایدیای فریوده‌ری حزبی و ململانێیه‌ نه‌خوازراوه‌كانیان و كاریان له‌گۆڕینی ریشاڵی پاكی پێوه‌ندی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك. ئه‌مه‌و گرنگی له‌خسته‌ڕووی رووداوه‌كانی دوای كۆدێتا سه‌ربازییه‌كه‌ی ساڵی 1958 و كاره‌ساته‌ ناخۆشه‌كانی ئه‌و رۆژه‌ تاڵانه‌ی ساڵی 1963 ناو كۆیه‌ش داوه‌‌ كه‌ ته‌نگی به‌هه‌موو خه‌ڵكی شار هه‌ڵچنیبوو.
وه‌ك له‌پێشه‌وه‌ ئاماژه‌مان پێدا خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌ چێژ به‌خوێنه‌ر ده‌به‌خشێ. نووسه‌ر به‌كورتی و پوختی هاتۆته ‌گۆ، زۆر به‌وردیش وه‌سفی گه‌ڕه‌ك و خانووه‌كانی كردووه‌. سه‌لیقه‌ جوانه‌‌ هونه‌رییه‌كه‌ی خۆشی تێدا خستۆته‌گه‌ڕ. هه‌روه‌ها به‌وشه‌ی شێوه‌زاری كۆییانه‌ گێڕانه‌وه‌كانی جوانتر كردووه‌ له‌وانه‌: (ته‌ژگه‌به‌ڕ، دۆشه‌گۆره‌، پێته‌رازوو، خون، له‌گه‌ن، كێشكه‌، سبه‌ینێی سارحان، تریان‌، تریانه‌، ده‌سته‌باشی، قۆقیله‌، به‌تار، تێڕ، قووله‌تێن، كه‌ندوو، فه‌رمه‌سۆن، خه‌ركینه‌، نه‌ختۆكه‌ك، ئه‌قڵقونده‌، كنه‌وان، ده‌رس و ده‌ور، مینا، پلووسك، كۆنه‌و مۆنه‌، ته‌شتۆكه‌…). ‌ئه‌مه‌و باسی له‌چۆنیه‌تی ئاماده‌كردنی هه‌ندێك جۆری خوارده‌مه‌نی، وه‌ك ساوار و داندۆك و دانووله‌ و ئاوه‌ ته‌ماته‌ و قاورمه‌ش، له‌و رۆژگاره‌ كردووه‌. ئاماژه‌ی بۆ ئاوه‌دانی ئه‌وسای گه‌ڕه‌كه‌ كۆنه‌كانی سه‌ر كۆڵانه‌ ته‌نگه‌كانیش كردووه‌. بۆ نموونه‌ له‌لاپه‌ڕه‌ 87 سه‌باره‌ت ‌به‌مزگه‌وتی مناره‌ نووسیویه‌تی (ئه‌و مزگه‌فته‌ هه‌میشه‌ حوجره‌ی ده‌رس و ده‌ور بوو، مه‌دره‌سه‌ی ئایینی بوو، فه‌قێی زۆر بوو). ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ من له‌و ساڵانه‌ی رابردوو زۆر جار له‌كاتی نوێژ به‌لایدا ره‌تبووم كه‌چی ده‌رگاكه‌ی داخرا بوو‌.
لای خه‌ڵكی كۆیه‌، به‌تایبه‌تی كه‌سه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان، ناو و پێگه‌ی عه‌وڵا جه‌یدی و ئامینه‌ی خێزانی و حه‌مه‌دی كوڕی روونه‌. نووسه‌ریش ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ عه‌وڵا جه‌یدی پیشه‌كارێكی ده‌ستڕه‌نیگ بووه‌. وه‌ك چه‌خماغساز ‌به‌داهاتی دوكانه‌كه‌ی ده‌ژیا. هاوكات خۆبه‌خشانه له‌كۆمه‌ڵێك بوار ‌خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كردووه‌، له‌وانه‌ گۆڕ هه‌ڵكه‌ندن و مردوو شۆرین. ئه‌مه‌و به‌هۆی كه‌سایه‌تییه‌ كاریزمایه‌كه‌شی به‌هانا‌ی لێقه‌وماوان ده‌چوو و كۆمه‌كی بۆ كۆده‌كردنه‌‌وه‌. دوای مردنیشی نه‌نه‌ ئامینه‌ی ده‌ستڕه‌نگین له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی وه‌ك ژنێكی پیشه‌گه‌ر كه‌سابه‌تی كردووه‌. ئه‌ویش خۆبه‌خشانه‌ له‌كۆمه‌ڵێك بوار‌ خزمه‌تی كردووه،‌ له‌وانه‌ مامانی و مردوو شۆرین، وه‌ك پزیشكێكی میللیش چاره‌سه‌ری خه‌ڵكی ده‌كرد. ده‌رگای ماڵه‌كه‌شی وه‌ك قه‌له‌نده‌رخانه‌یه‌ك تا دره‌نگانی شه‌و بۆ ژنانی بێنه‌وا كراوه ‌بوو. حه‌مه‌دی كوڕیشیان یه‌كێك بووه‌ له‌وه‌ستا ‌ده‌ستڕه‌نگینه‌كانی بۆڕیسازی و كاره‌كانی دیكه‌ی هاوشێوه‌.
ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌واو له‌و به‌رهه‌مه‌ دڵنیام راستگۆیی نووسه‌ره له‌گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی. راسته‌ هه‌موو شتێك نانووسرێت‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بنووسرێ ده‌بێت به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ بێت. ئه‌و ئه‌مانه‌ته‌ش له‌و به‌رهه‌مه‌ به‌ڕوونی ده‌بینرێت. نازانم بۆچی له‌كاتی خوێندنه‌وه‌یدا (دانپێدانانه‌كانم) ده‌هاته‌وه‌ ‌یاد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌ له‌زۆر رووه‌وه‌ له‌ویان جیایه‌‌. راسته‌ گۆڕانی ریشه‌ییانه‌ی جان جاك رۆسۆ له‌و كاته‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ رۆژێك له‌شاری جنێڤی مه‌كۆی هاتنه ‌دنیای ده‌رده‌چێت و ئێواره‌ش له‌گه‌ڕانه‌وه‌دا دوا ده‌كه‌وێت و ده‌رگاكانی شار داده‌خرێن، بۆیه‌ ناچاریانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، تا خۆی به‌ماڵێكی دابڕاودا ده‌كات. خاوه‌نه‌كه‌ی (مه‌دام دوڤارنس) به‌دوودڵی داڵده‌ی ده‌دات. دواتر داوای لێده‌كات به‌دایه‌ بانگی بكات و ده‌بێته‌ دایكێكی دڵسۆز بۆی. رۆسۆ دایكی خۆی نه‌دیبوو. به‌و جۆره‌ رێڕه‌وێكی دیكه‌ ده‌گرێته‌به‌ر و ده‌گوزه‌رێنێ. ئه‌وه‌تا خاوه‌نی ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌ی ئێمه‌ش له‌كۆتایی یه‌كه‌م به‌ندی بیره‌وه‌رییه‌كانی كه‌ ئه‌وسا ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵ بووه‌‌، دوای ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو نابێت له‌گرتنه‌وه‌ی كه‌وه‌ دۆمه‌ی باوكی، له‌به‌ر هه‌ڕه‌شه‌كان ناتوانی سه‌ر به‌ماڵدا بكاته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی شه‌ویش ده‌رگای ماڵه‌كه‌یان‌ داده‌خرێت، په‌یامی پێده‌گات، كه‌ ده‌ركراوی كۆڵانه‌‌، تا خێره‌ومه‌ندێك بۆ ماڵی نه‌نكه‌ ئامینه‌ی ده‌بات و ئه‌و شه‌وه‌ی لای ئه‌و، به‌له‌شی كوتراو و داڕوشاو له‌ژێر جاجمی زوور و كه‌شی كابووساوی، رۆژ ده‌كاته‌وه‌.
به‌ڵی ئه‌وانه‌ سه‌ره‌تاكانی هه‌ردوو بیره‌وه‌ریه‌كانه‌، به‌ڵام به‌سه‌رهاته‌كان جیان و كه‌سه‌كانی ناویشیان ته‌واو جیان، ئه‌وانه‌ی ئێره‌ هاڕاوی رۆژانه‌ی ژیانێكی گه‌لێك پاكترن‌. ره‌فتار و كرداریشیان زیاتر له‌چه‌مكی مرۆڤایه‌تی و خواپه‌رستی نزیكه‌، بۆیه‌ مه‌ودای جیاوازی نێوانیان گه‌لێك دووره‌‌.
به‌شێك له‌به‌نده‌كانی ئه‌و كێبیه‌‌ له‌ژێر ناونیشانی (عه‌وڵا جه‌یدی له‌دیدی مێژوونووس و نووسه‌راندا) یه‌ كه‌ تێیدا نووسه‌ر ئاماژه‌ی به‌به‌شێك له‌نووسراوی ئه‌و كه‌سانه‌ داوه‌ كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ ئاشنای عه‌وڵا جه‌یدی بوون و شایه‌دییان بۆ رۆڵه‌ كاریزمایه‌كه‌ی له‌كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌ستڕه‌نگینی و كاره‌ خۆبه‌خشییه‌كانی داوه‌. دواتر نووسه‌ر گله‌یی له‌خه‌ڵكی ده‌كات كه‌ چۆن ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ و رۆڵه‌كانیان له‌یادگه‌ی خه‌ڵكی شاردا له‌بیر ده‌كرێن. وه‌ك له‌لاپه‌ڕه‌ 248 نووسیویه‌تی (له‌و تۆمارگه‌یانه‌ی قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستانی شایه‌دحاڵی وه‌ستا عه‌وڵا جه‌یدی بۆ ئێمه‌یان به‌جێهێشتووه‌ ده‌یسه‌لمێنن ئه‌و زاته‌ له‌ ژیاندا توانیویه‌تی به‌و ساده‌ و ساكاری و خاكییه‌ی خۆیه‌وه‌ كه‌سێتییه‌كی مه‌زن و بڵند و باڵا بۆ خۆی زامن بكات، كه‌سێتییه‌ك هاوشان له‌گه‌ڵ پیاوماقوڵ و ده‌ستڕۆیشتوو و دیار و ناسراوه‌كانی شاری كۆیه‌، خۆشی هه‌ستی به‌ بوونی ئه‌و پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ جوانه‌ كردووه، كه‌س نه‌بووه‌ له‌ ئاغا و حاجی و فه‌رمانڕه‌وا‌ و ده‌وڵه‌تداران ده‌ست له‌سه‌ر سنگ بۆی ڕانه‌وه‌ستابن). له‌لاپه‌ره‌ی دواتر به‌و جۆره‌ به‌رده‌وام بووه‌ (به‌ڵام چونكێ ئه‌قڵیه‌تی كورد خێڵگه‌ڕایی و ده‌سه‌ڵاتپه‌رست و به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌، دوای كۆچی عه‌وڵا جه‌یدی ده‌توانم بڵێم له‌ناو كتێبه‌كان نه‌بێ ناوی ڕه‌ش ده‌بێته‌وه‌، له‌كاتێكدا توێژی ڕۆشنبیر و ئه‌دیب و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك ده‌بووایه‌ وه‌ك وه‌فا و ئه‌مه‌كێك ئاوڕ له‌و جۆره‌ كه‌سایه‌تییانه‌ بده‌نه‌وه‌). له‌درێژه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ (جونكه‌ پێوه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندنی كه‌سێتیی له‌ناو كورددا به‌ پارسه‌نگی خێڵ و خزمایه‌تی و ئاغایه‌تی و شێخایه‌تی و ده‌سه‌ڵات و هێز و به‌رژه‌وه‌ندییه‌، هه‌میشه‌ ئه‌گه‌ر له‌ چینی هه‌ژار و عه‌وامی ڕه‌شوڕووتدا كه‌سێكیش هه‌ڵكه‌وتبێ و بووبێت به‌ ئه‌ستێره‌، زوو كاریان كردووه‌ بۆ خامۆشكردنی یان كووژانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌، مێژوومان پڕ له‌ ناوی سه‌ركرده‌ و ده‌سه‌ڵاتدار و ئاغا و حاكم و ده‌ستڕۆیشتووه‌، كه‌ تۆمارگه‌یان لێوانلێوه‌ له‌ غه‌در و سته‌مكاری و چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵك و خوێنمژی و خوێنڕێژی و ته‌ڵه‌كه‌بازی و گه‌نده‌ڵی و داوێنپیسی- خه‌ڵكیش غه‌در و تاوانه‌كانیان ده‌زانێ -، كه‌چی وه‌ك پێشه‌وا و ڕابه‌ر و مامۆستا و كه‌سایه‌تی به‌رز و بڵند ته‌ماشا ده‌كرێن و كتێبیان له‌سه‌ر ده‌نووسرێ و شیعریان به‌سه‌ردا هه‌ڵده‌ڵێن و په‌یكه‌ریان بۆ ساز ده‌كه‌ن و شه‌قام و مه‌ڵبه‌ند و قوتابخانه‌‌یان… به‌ناو ده‌كه‌ن).
بێگومان گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ چواری كتێبه‌كه‌ش ده‌بینین نووسه‌ر پێشتر ئاماژه‌ی به‌ناوی كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی خه‌ڵكی شار داوه‌ و به‌ (پیشه‌وه‌ر و كاسبكار و خێرخواز و چاكه‌كار و ڕابه‌ر…. ) ناوی هێناون كه‌ یه‌كێكیان (حه‌لیمه‌ ره‌زا) ی نه‌نكی منه‌ و له‌ئاستیاندا نووسیویه‌تی (به‌خت و تاڵعیان نه‌بووه‌، مه‌گه‌ر ڕاكوزارانه‌، لێره‌ و له‌وێ ناویان هاتبێ. له‌ كاتێكدا ڕه‌نگ بێ ژیاننامه‌ی هه‌ر یه‌كێكیان به‌رگی كتێبێك له‌خۆ بگرێ). ئه‌مه‌و پێشتریش مامۆستا فازیل له‌كتێبی (ژنه‌ پیشه‌وه‌ره‌كانی كۆیه‌) كه‌ ئاماژه‌ی بۆ حه‌لیمه‌ ره‌زاش كردبۆوه‌. له‌و كتێبه‌ش جگه‌ له‌كه‌سابه‌تكردن له‌ماڵ و خێر و هاوكاریكردن، له‌‌وه‌سفی به‌كارهێنانی چارۆگه‌ی كۆییانه‌ و تاسه‌ی زیووی سه‌ر و به‌باكردنی ئازاره‌كانی رۆژگار له‌رێگه‌ی جگه‌ره‌ی قامیش، هه‌مان خاڵی هاوبه‌ش له‌نیوان هه‌ردوو نه‌نكه‌كه‌دا ده‌بینم. ته‌نانه‌ت له‌به‌رگی پێشه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌ نووسه‌ر كه‌ وێنه‌ی كۆڵانێكی داناوه‌ خانوه‌كه‌ی حه‌لیمه‌ ره‌زا به‌گه‌وره‌یی ده‌رچووه‌. ئه‌و خانووه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆری ساڵانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی ته‌مه‌نم تێدا به‌سه‌ر بردووه‌.
ئه‌مه‌و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ نووسه‌ر بێزاری خۆی ده‌ربڕیوه‌ له‌به‌كارهێنانی ئه‌و ناو و ناتوره‌ ناشیرنانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی كۆیه‌ بۆ یه‌ك به‌كاری ده‌هێنن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ره‌خنه‌ی له‌لایه‌نه‌كانی وه‌ك مامۆستایانی ئایینی و پۆلیس و قوتابخانه‌ و زۆر شوێنی دیكه‌ گرتووه‌ كه‌ كاریان نه‌كردووه‌ بۆ سه‌ركۆنه‌كردن و بنبڕكردنی ئه‌و ئه‌تواره‌ دزێوه‌.

ئاكۆ عه‌بدوڵڵا




مەنهۆڵ.. زاهیر باهیر

هەرچەندە من نازانم بۆچی ناوی فلیمی مەنهۆڵ کە لە ڕۆژی ٣١ی تەموزەوە تا ئێستا لە ‘ ستی سینەما’ نمایش دەکرێت نووسەر و دەرهێنەرەکەی ئەو تایتڵەیان پێ بەخشیوە و دیارە ئەکتەرەکانیش پەسەندیان کردووە، بەڵام بینینی فلیمەکە گەر بە وردی سەرنجی بدەیت و دوای بکەویت، گەر تۆزێك بە ئاگا بیت لە بارودۆخی ئێستای کوردستان، لە گووزەرانی ژیانی دانیشتوان، لە نەبوونی موچە و کەمدەرامەتی کاسبکاران، لە زیادکردن و گرانبوونی وزەی نیشتمان ، لە نەبوونی ئاوی خواردن و گرانی نرخی تکتی چارەسەری نەخۆشان، لە بنیاتنانی ٢٠٠ ستی هەر لە سلێمانیدا بۆ پارە و سامان ، لە بوونی ئەو هەموو توندو و تیژییەی بەرانبەر ژنان، هاوردەکردنی دەرمان و خواردنی ئێکسپایەر و لێ نەپرسینەوە لە باشی کواڵەتی و ساخکردنەوەیان و بازرگانیکردنی بەسەر ژیانی خەڵکەوە، لە نەبوونی خزمەتگوزاری و سەلامەتی ڕێگاوبان و شەقامەکان ، زۆری بۆنی بەنزین و گاز و دووکەڵی سەیارە و پیسی وخۆڵبارین و بەپرسی ژینگە گوێنەدان… زۆری دیکە نە تووشی شۆک و نە بێ ئاگایش دەبیت لە بەکارهێنانی ئەو تایتڵە.
هەموو ئەمانە دروستیی بەکارهێنانی تایتڵی مەنهۆڵی ئەو فلیمەت بۆ پشتڕاست دەکاتەوە. بۆمن ئەو تایتڵە: مەنهۆڵ ، مەنهۆڵی زێرابی کوردایەتی، مەنهۆڵی دەسەڵاتی خۆماڵی ، مەنهۆڵی حکومەتی کوردی و حوکمڕانێتی بەرەی نیشتمانی …. بەرەی ئۆپۆزۆسیۆنی کوردی … مەنهۆڵی ئەو زێرابانەی سەرەوەیە کە دەرهێنەری ئەو فلیمە لە ڕێگای هەندێك لە باشترین ئەکتەری کوردەوە نمایش دەکرێت کە هەڵدانەوەی ئەو مەنهۆڵەیە ، ئاوەڵاکردنی سەری ئەو زێرابەیە، بەباکردن و بە بۆنکردنی بۆنی پیسی کوردایەتی و حوکمڕانێتی کوردانە و خۆماڵیانەیە.
لەم فلیمەدا بە شێوەیەکی جوانی ناوازە، بەڵام ئازاراوی، زۆرێك لە گرفتەکانی کۆمەڵی کوردی لە لایەن ئەو ئەکتەرە بە توانایانەوە تا ئەو ڕادەیەیەی تێیاندا هەبووە تا ڕادەی پەرستن دەپەرسترێ ، هەر ئاواش تاڕادەی ڕک و کینە و قێزەوەندی دەبوغزێنرێت پیشان دراوە، کێشەی بینەران و ئەوانەشی کە نەیان بینیوە تێیدا وێنە کێشراوە، گرفتی بەدی و خراپی بژێوی تا ڕادەی فرۆشتنی پارچەیەك لە ئۆرگانی جەستە بۆ پێدانی پارەی دکتۆر و عیادە و پشکنین، ڕۆڵی مافیا، درۆ و دانی پارە بە زانیاری هەڵە، نەبوونی بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتیی، دڵڕەقی و بێ بەزەیی باوك، دڵنەرمی و بەڕەحمی و میهرەبانیی، بێ مرۆیەتی و دڕەندەیەتی خاوەنخانوو، بەکارهێنانی بارخواریی و قۆستنەوەی هەژاری و نەدارایی تەنانەت بۆ سێکسیش، نیشاندانی مەسەلی دروستی پێشینان ” تێر ئاگای لە برسی نییە” جەوهەر و هەناو و دڵی دەسەڵات کە زۆر بێ باکانە دێت و دەچیت و کردنی خۆی ” بە کەڕەی شەربەت” لە هەموو ئەو گرفتە کۆمەڵایەتیانە کە هاووڵاتیانی تووشی بوون، ڕاستتر کە تووشی کردون … زۆری تر.
ئەم فلیمە ئەوەندە بەهای هەیە، ئەوەندە جوان چووەتە ناو گرفتە کۆمەڵاتییەکانەوە، ئەوەندە کارامانە و سەرکەوتوانە ئەکتەرەکانی ڕۆڵی خۆیانیان تێیدا دەبینن شیاوی ئەوەیە کە هەموو تاکێکی کۆمەڵگەی کوردی بیبینن . لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە زۆر پێویستە کە لەسەر هەموو شاشەی سینەمەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا و ئەمەریکا بەژێرنوسی زمانەکانی دانیشتوانیانەوە نیشان بدرێت تاکو هەر هیچ نەبێت بەڵگەی ئەوە بداتە دەست کە دەسەڵات خۆماڵی و بێگانە، لیبراڵ و مافیا ، دیمۆکراتی و دیکتاتۆری تەنها و تەنها هاووڵاتیانیان هەر بۆ دەنگدان دەوێت، تاکو فەرماندەرەکانی خۆیان، ستەمکارەکانیان، هەڵبژێرن ، تاکو ڕوتیان بکەنەوە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی و سەپاندنی هەموو کارەساتێکی جەرگبڕانە بە هەڵگیرسانی جەنگ و بێ کاری و بێ خانووبەرەیەتی تا ڕادەی کڕینی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە پارە و پایە و پلە، نیشاندەدات.
بۆ دروستیی هەموو ئەوانەی سەرەوە کە نوسراوە، هیوادارم خۆتان بە بینینی فلیمەکە ئەو ڕاستییەتان بۆ بسەلمێت کە ڕەنگە خۆتان لە ژیانی ڕۆژانەتاندا زۆر جار بەرکەوتنتان هەبووبێت.

زاهیر باهیر
١١/٠٨/٢٠٢٥




فرمێسكی تەنیایی.. سەلام عومەر

پاڵم بە كێلی گۆڕێكەوە داوە كە مێژووی لەدایك بوون و شەهید بوونی لەسەر نووسراوە، ئەو تاقانەیە تەنیا 17 ساڵ ژیاوە، وەلێ بایی سەدەیەك حیكایەتی سەركەوتنی جێهێشتووە، چاوم كەوتۆتە سەر ناوی پشكۆ و هەموو گیانم دەلەرزێ، پشكۆ ئاسا جەرگم داغ دەكاو چززە لە هەستم هەڵدەستێنێ، چیرۆكەكانی منداڵیمان بەهەموو گەمانەكانەوە خۆیان بەیادەوەریمەوە هەڵواسیوە و موچوڕكێك تەواوی دەمارەكانم سڕ دەكا، بەداخەوە بەلاویەتی دۆزیمەوەو لەنێو خوێندا هەڵمگرتەوە، هێشتا برینی رانەكانم ساڕێژ نەبوون، كەچی هەست بە برینی تەنیایی نێو دڵم دەكەم، تەنیایەك پێدەچێ بۆ تاهەتایە فرمێسك ببارێنێ و بەرۆكم بەرنەدات.

ئەوڕۆژەی یەكەم ددانی شیریم لەقی لە ترسان نانم بۆنەخورا، هەر پەنجەم تێوەردەداو هەستم بەخوران دەكرد، كەمێك ئازاری هەبوو وامدەزانی ئیدی هەتاهەتایە كەلێن دەكەوێتە نێو دەممەوە، رێك وەكو ئەو كونوكەلێنانەی دوای گەورەبوونم هەستم پێكرد، ئەو كەلێنانەی هێشتا بۆم پڕنەكراونەوەو دەشێ ئیدیشی بەدوادابێ، داكم زۆر هەوڵیدا نەمتوانی یەك پارووش بجووم، بەبرسیەتی مامەوە هەتا براگەورەكەم هاتەوە، كە دیتی داكم پەرێشانەو منیش برسیمەو ناوێرم نان بخۆم، هاتە لام و پەنجەیەكی لە ددانە لەقیوەكەمدا گوتی: هیچی وای نەماوە رایكێشە دێتە دەرێ، بەوقسەیە هەر زراوم چوو، دەمم داخستەوەو نەمهێشت كەسیدی پەنجەی لێدا، دەمگوت نابێت ددانم بكەوێ ئاخر وەك ئەوانی دی پێمدەڵێن كەلۆس، چەندی پێیان گوتم بابە ئی هەموو كەس وایە قسەی یەكیشیانم وەرنەگرت، چوونكە زۆر دەترسام، تا بابم هاتەوە، بارودۆخەكەیان تێگەیاند و لێمنزیك بۆوەو گوتی: كوڕم وەرە ئەوە كێ پێی گوتووی دەبێت رایكێشی نابێت توشی خوێن بەربوون دەبی، وەرە بەداوێك بۆت لە ددانەكانی دی دەبەستمەوەو دوو رۆژی دی دەچێتەوە جێی خۆی و چادەبێ، بەقسەی خۆش و بەقوربانت بم چۆن دێڵم ئازارت پێبگا دەمی پێكردمەوە، زۆر بەهێواشی و بەبێ ئەوەی هیچ ئازارم هەبێ دەزوویەكی هێنا لە ددانەكەی بەست، ئەوجا گوتی: كوڕم خۆ ئازارت نەبوو؟
گوتم: نا
گوتی: باشە دەمت زیاتر لێككەوە تا بەوانی دیەوە ببەستمەوە، هەر كە دەمم لێككردەوە بابم بەهەموو هێزی ددانەكەی راكێشاو دەریهێنا، منیش ئازارم هەبوو بەڵام زۆر كەم، لە چریكەمداو دەرپەڕیم، داكم و خوشكم و برایەكەم و بابم لەجیاتی ئەوەی خەمی منیان بێت پێدەكەنین، زۆرم پێ سەیر بوو! خوێن بەدەممەوە بوو ئەوانیش لەخۆچووبوون لە پێكەنینان، داوەكەی بەدەست بابمەوە بوو هێشتا ددانەكەی پێوەبوو هات و گوتی: كوڕم مەگریە ئەوە ددانی شیریە ئی هەموومان كەوتوەو ئی تۆش دەكەوێ و ئی نوێ دێتەوە، ددانەكەی دامەوەو گوتی: بڕۆ لەبن گڵی بنێ رۆژی قیامەتێ دەیانەوێتەوە، داكیشم هەمان قسەی دووبارە كردەوە، ئەمیش پێم گوتن: باشە ئەگەر ددانی نوێ لەجێی بێتەوە ئەو ددانە وردیلەم بۆ چییە، یان شۆخیم لەگەڵ دەكەن و ئیدی ئەو كەلێنە هەتاهەتایە لەنێو دەمم دەبێت، ئەوانیش دڵنیایان كردمەوە كە ئیدی دێتەوەو بڕۆ بیشارەوە، منیش چووم لەنێو كەلێنی دیوارێكی گڵدا شاردمەوە، زۆر ئازارم نەبوو بۆیە هەر ئەوكات داكم چێشتی بۆ تێكردم و گوتی: بەئاوی گۆشتی بیخۆ و تا ئێوارەش شتی رەق مەخۆ، زۆرم پێ سەیر بوو بۆشاییەك كەوتبۆ نێو دەمم، پێیان دەگوتم كەلۆس، خۆ تەنیا یەك ددانم كەتبوو كەچی هەستم بە بۆشاییەكی زۆر دەكرد، بە زمانیشم كە لە قۆڵتایی پوكم دەدا هەستم بە شتێكی تیژ دەكرد و داكم دەیگوت ئەوە ددانە نوێیەكەیە سەری دەرهێناوە، ئەوجار بەهۆی ئەم بۆشاییەوە لە قسەكردندا وشەی سینم بۆ نەدەهات وامدەزانی كەلۆس یانی فسە زمان، زۆری پێنەچوو ددانەكەم هاتەوەو چابوومەوە،


ساڵیك تێپەڕی ماڵێك هاتنە جیرانمان كوڕێكی هاوتەمەنی منیان هەبوو، دنیایەك دڵمان بەیەكتری خۆش بوو، چوونكە هەم منی لە تەنیایی رزگار كردو هەم خۆشی، ئەو كوڕە كە زۆر ناسك بوو تاقانەی داكوبابی بوو بۆیە زۆریان ناز دابوویە و هەمیشە چاودێریان دەكرد.
رۆژێك بەتەنێ لە كۆڵانێ گەمەمان دەكرد، هەلوكێن یەك لەو گەمانە بوو كە خومان پێوە گرتبوو، لەنێو گەماندا بووین كە من دارێكی درێژم بەدەستەوە بوو لەو دارە گچكەم دا كە لەسەر بەردێك دامنابوو، برادەرەكەم دەبوو پێشئەوەی دارە گچكەكە بگاتە زەوی ئەو لێیداتەوە كەچی خلیسكاو هەردوو ناو لەپی دەستی رووشا، دارەكەی خۆشی لەدەست بەربۆوە، زیقەی لێهەستاو داكی هاتە دەرێ، كەدیتی ئەمن بەرامبەری وەك پاڵەوان راوەستاوم و ئارەقەش بەنێوچەوانمدا دێتە خوارێ بەبێ ئەوەی پرسیار لە هۆكارەكەی بكات لە من توڕە بوو و منداڵەكەشی بردەوە ژوورێ، هێندەی پێنەچوو منداڵی تاین هاتەوە كۆڵانێ و دەستمان بەگەمان كردەوە.
كۆڵان ئەو شوێنەی لە قوتابخنەكەی ماڵێ و لە مامۆستایانیش زیاتر لێی سوودمەند بووم، كۆڵانێك كە دەڕژێتە نێو یادەوەریمەوە گریانم دێ، یاریەكانی ئەوكاتم بیر دێتەوەو تەزوویەك لە بنی پێمەوە دێت و لە تەپڵی سەرم دەردەچێ، هەموو منداڵەكان بەیەكەوە وەك یەك خێزان خۆشیمان لە چوونە كۆڵان وەردەگرت، نازانم بۆ ماڵەوە ببوە زیندان هەر كە دەچووینە كۆڵان وەك ئازاد بوبین وابوو، باڵەفڕەمان دەكردو زۆر جاران هەر لەخۆوە دەمان چریكاند، كۆڵانێك پڕ لە درەخت و دەنگی چۆلەكەكان ئارامی دەكردینەوە، مریشك و كەڵەبابەكانی وێ ببوونە هاوڕێمان لێمان نەدەترسان بە ئارەزووی خۆیان چینەیان دەكرد، هەروەك ئێمەش سەربەستانە گەمانمان دەكرد، هێشتا قوتابخانەمان نەدیبوو بۆیە ماڵەوەمان بەزیندان دادەناو كۆڵانیش ئازادی، كوێرایم دایە زۆر زوو گەورە بووین.
بابێینەوە سەر چیرۆكەكەی خۆمان، زستان داهات و هێشتا لەگەڵ ئەو برادەرەم لە كۆڵانێ گەمانمان دەكرد، بیرمە بەفر چۆكێك كەوتبوو، لە كۆڵانێ شەڕە بەفرێك بوو ئەوسەری دیار نەبوو، لە سەربانەكان كوڕانی گەڕەك لەگەڵ جیرانەكان شەڕە تۆپەڵیان دەكرد، تۆپەڵە بەفر بەبناگوێماندا ویزەی دەهات، كچەكان دەهاتن و بەفرو دۆشاویان دەخوارد سەرنجیشیان دەچۆ سەر كوڕە دڵخوازەكانیان، ئەوانیش زۆر جاران دەیانكردنە نیشانەو زیقەیەكی ناسك ئۆخژنی دەدایە لاوەكان، خۆ هەندێجاریش لەجیاتی تۆپەڵە بەفر نیگایان لەیەكتری دەگرت و ئەو نیگایانە جەستەی لاوەكانی دەكردە پشكۆ، ئێمەی منداڵیش بەهۆی راكە راكی نێو بەفر بەو سەرمایە عارەقەمان كردبوو، وەلێ دەست و لاقمان تەزی بوو، من و برادەرەكەشم شەڕەبەفرمان دەكرد بەڵام تۆپەڵەكانی ئێمە هەم گچكە هەم شل بوون چونكە دەستمان تەزی بوو نەماندەتوانی بەباشی بیگوشین، لەوكاتەدا تۆپەڵێك هات و بەبنا گوێی برادەرەكەم كەوت و زیقەی گەیشتەوە ماڵێ، باب و داكی هاتن و كە دیتیان ئەوە من تۆپەڵێك بەفرم بەدەستەوەیەو بەرامبەری راوەستاوم، ئارەقەش بە تەوێڵمدا دێتە خوارێ، وایانزانی من لێمداوە چەندی گوتم من نەبووم، كەچی ئەوان زۆر لێم توڕە بوون و بردیانەوە ماڵێ و ئەوەندەنا شكاتیشیان لێكردم، ئەو رۆژە ئەو منداڵە هەر نەهاتەوە كۆڵانێ، دواتریش كە دیتمەوە ئەو دەیزانی من نەبووم بۆیە یەكسەر هاتەوە لام و دەستمان بەگەمان كردەوە.
گەمانێك لە نێو كۆڵان و كۆڵانێك خۆشترین شوێنی منداڵی، لەوێ شتی نوێ فێردەبووین و لەپاڵ وشەی نوێدا جنێوی نوێ و شەڕە گەڕەك و بەرد هاویشتن و دارلاستیق و قۆچەقانی و دەرچوون و دوور كەوتنەوە لەماڵێ، دەچووینە رۆخی كۆڵانەكانی دی و منداڵی نوێمان دەدی، دەچووینە رۆخی بازاڕ و نەماندەوێرا بچینە ناوی لەبەر بزر بوون، خێرا بە رۆژانەكەمان چەند كەلایەكمان دەكڕی زوو دەگەڕاینەوەو خەریكی كەلایەن دەبووین، جیهانی ئەوكاتی منداڵی پڕ بوو لە سادەیی لە خۆشەویستی و دوور بوو لە كینەو ئیرەیی.
بەهار هات و لەگەڵ ئەو برادەرەم خەریكی گەمان بووین و ئەو زۆر جاران رادەوەستا و هەر دەستی لە دەمی دەنا، تا پێیگوتم: نازانم بۆ ددانێكم شل شلە هەر دێت و دەچێ، منیش كەدەستم دایە وەك ددانەكەی پاری من دەلەقی یەكسەر رێگەكەی بابم بەبیر هاتەوە ئەو چی گوت و چۆنی كرد منیش وامكرد، هەر كە دانەكەم راكێشاو دەرم هێنا، چریكەیەكی لێدا دارتێلەكانی لەراندەوە، بەگریان و راكردن چۆوە ماڵێ، كردیە هەرایەك ئەمنی شۆك كرد، هێشتا داو و ددانەكەم بەدەستەوە بوو كە داكی و بابی گەیشتنە سەرم پێموابوو دەستخۆشیم لێدەكەن و وەكو داكم و كەسەكانم پێدەكەنن، كەچی پێچەوانەی ئەوان بەجۆرێك لێم توڕەبوون زراوم چوو، ئاخر ئەوان كەدیمەنی پەتێك و ددانێكی پێوەهەڵواسراویان بەدەستمەوە دیت، ئاگر لەنێوچەوانیان باری، ئەمجارەیان نەك هەر لێم توڕە بوون زللەیەكیان لە بناگوێم داو دەستیان گرتم و بەو دیمەنەوە ئەمنیان بردە بەردەمی داكم، ئەویش گوتی: بەقوربانی كوڕەكەتانی دەكەم منداڵە نەیزانیوە و ئیدی ئەوقسانەی بۆ كردن و بەڕێی كردن، ئەوەی راستی بێت داكم هیچ لیم توڕە نەبوو دەیزانی ئاوەكە خۆیا رشتووینە و منیش چوومەتە ناوی، ئەوجار كارێكی هێندە خراپم نەكردووە، منیش تێمابووم باشە خۆ داكوبابی من كە ددانیان دەرهێنام پێدەكەنین كەچی داكوبابی ئەوان توڕەن زۆر توڕەن، هەر لەكن داكم بەكوڕەكەیان گوت نابێت تاهەتایە لەگەڵ ئەو قوڕمساغەی گەمان بكەی، ئەوەندەنا پێموابێ هەر لەبەر من بوو هێندەی پێنەچوو خانوەكەیان فرۆشت و لە گەڕەكێكی دی خانوویان كڕی، ئیدی ئەوان خاوێنترین پەیوەندیان لێكدابڕی و منیشیان تەنیا كرد.
ئێ منیش زۆر بە غەمباری ددانەكەی ئەویشم بردە تەنیشت ددانەكەی خۆم و لە كەلێنی دیوارە گڵینەكە شاردمەوە، تا ئەگەر لە قیامەتیش داوایان لێكردینەوە بەیەكەوە بچین و ددانەكان بێنینەوە.

جێهشتنی منداڵی وەك جێهێشتنی ئەو كەسە نزیكانەیە كە كۆچی هەتایی دەكەن و هەرگیز نایانبینیەوە، مەگەر بەسەر یادەوەریەكانیاندابچینەوە، منداڵی ئەو چیرۆكانەن كە وەك خواردن گەشە بە هزر و جەستە دەدەن، دەبنە كەرەستەی گەورە بوون و ئایندەت بۆ سانا دەكەن، زوو تێدەپەڕن وەلێ بۆ هەتاهەتایە كاریگەری خۆیان لەسەرت جێدەهێڵن، كەمێك گەورەتر بووین و چووینە قوتابخانە، لەوێ راستە زۆر شت فێر بووین، وەلێ لە زیندان دەچوو، هەر مامۆستایەك دەهاتە پۆل دارێكی بەدەستەوە بوو، بەزۆر وانەكانیان فێر دەكردین، جا حەزت لێباو نەبا دەبوو لەبەری كەی، ئەمن سەرم سووڕمابوو باشە خۆ ئایەت و ئینشای عەرەبی هیچی تیئَنەدەگەیشتین بۆ دەبوو لەبەری كەین؟ خۆ ئەگەر نەشمان زانیبا داركاری دەكراین، ئەوەندەنا قوتابیەك لە پۆلدا هەڵەی كردبا و مامۆستا نەیزانیبا كێیە هەموومانی داركاری دەكرد، زیرەك و تەمبەڵەكان هەژارو دەوڵەمەندەكان، عەجول و ئارامەكان، لە قوتابخانەكانی ئەوكاتدا ئێسكەكانمان ئی كەسەكانمان و گۆشتمان ئی مامۆستا بوو، بۆیە زۆر زوو لە قوتابخانە بێزار دەبووین و سەد خۆزگەمان بە ماڵەوە دەخواست، كە پێشتر بەزیندانمان دادەناو راماندەكردە كۆڵان، بەڵێ گەمانی منداڵی كە خۆشترین ساتەوەختی ژیانە جێمان هێشت، بەڵام فێرە گەمانی راستەقینە بووین، ئەو گەمانە مەترسیدارانەی ژیانمانی لەسەر بەند بوو، جگە لە وانەكانی قوتابخانە دەبوو وانەی نیشتمانی و خۆشەویستی خاك لەوانی دی وەرگرین و هەر لەبەر كردن نەبوو دەبوو جێبەجێیان كەین، نەوەیەك بووین ئەركمان تا بڵێی قورس بوو.
گەورە بووین و گەیشتینە قۆناغی ناوەندی، ئەو منداڵەی دەساڵ لەمەوبەر جیرانمان بوو و لەبەر منی بێخەتا ماڵیان گواستەوە، بەیەك گەیشتینەوە، ئاخر ئەو وەك من گەورە ببوو، دەیتوانی راست و چەپی خۆی لێك جیا بكاتەوە، ئەو منداڵە كە بەگەنجی دیتمەوە، كەوتینە یەك پۆل و تەنانەت دواتر لە سەر یەك كورسیش دادەنیشتین، ئەو ناوی پشكۆ بوو، سەرەتا كە یەكتریمان دیت من بەترسەوە تەماشام دەكرد و بەراستی هەستم بەتاوان دەكرد، كەچی ئەو هات و تۆقەیەكی گەرمی لەگەڵ كردم و گوتی: دەزانم لەهیچ كام لەو گەمانەی منی تێدا بریندار بووم تۆ خەتات نەبوو، كەچی چەندی بە داكوبابم دەگوت دەیانگوت نا ئەتۆ خوت بە كۆڵانەوە گرتووە هەردەتەوێ بچیەوە وێ بۆیە بەرگری لێدەكەی.
دەی كەوتینە تەنیشت یەك و رۆژێك بردمەوە گەڕەكەكەی خۆمان و هەموو یادەوەریەكانی منداڵی بیر هاتەوە، شوێنی ددانەكەشم پیشاندا و زۆر پێكەنی، قۆڵی لە قۆڵم كرد و منی بردەوە ماڵی خۆیان و بە داكوبابی ناساندمەوەو سوێندی بۆ خواردن كە ئەمن هیچ خەتایەكم نەبووە، باوەڕیان كردو هەردووكیا ماچیان كردم، هەواڵی ماڵباتەكەیان پرسی و بەڵێنی سەردانیشیان دا.
لەبیرم چوو ئەوەتان پێبڵێم كە گەیشتینە قۆناغی ناوەندی لەجیاتی گەمان لەپاڵ خوێندن خەریكی سیاسەت بووین، ئەوكاتی رێكخراوەكانی شاخ رەگیان گەیشتبووە هەموو ماڵێك، هەموو قوتابخانەو پۆلێك، وەك قەڵەم و دەفتەر ببوونە پێداویستی، خۆ نەماندەزانی سیاسەت چییە كەچی دەمانكرد، چەندی داگیركەرەكان فشاریان لەسەرمان زیاتر با ئێمەش زیاتر دەچووینە نێو قوڵایی ئەو سیاسەتەوەی تێی نەدەگەیشتین، دەماندی لە ماڵەوەو لە قوتابخانەش هەر باس باسی بێگانەكان و چوونە شاخ بوو، تا رەگی ئەو سیاسەتە لەنێو خێزانەكان بڵاو بۆوە و گەیشتە نێو دەمارەكانمان، كچ و ژنەكانیش بەشدار بوون و كۆبوونەوەیان پێدەكرا، ئابوونەیان دەدا و كاغەزوماغەزیان پێدەگواستنەوە، ئەوەندەنا سیاسەت چۆ سەرتر و هزریشی داگیر كردین.
من و ئەو هاوڕێیەی منداڵیش تووشی سیاسەت بووین و لەبری گەمان بە كەلا و دارلاستیق و هەلوكێن، رۆژانە دەمانخوێند و شەوانەش لە كۆڵانەكان لەنێو بازاڕ و شوێنە مەترسیدارەكان چەك و نارنجۆكی راستەقینەمان بەكار دەهێنا، رەگی سیاسەت بەجۆرێك گەیشتبووە نێو خوێنمانەوە شەوانە دەكوڵی و دەبوو ساردی كەینەوە.
شەوێك لەو شەوە تاریك و تنۆكانە بەبێ چەك، بۆ چوساغی و رێ پاكردنەوە لەگەڵ ئەو برادەرە بۆ هێنانی پێشمەرگە بۆ نێو شار گەیشتینە شوێنی دیاری كراو، لەوێ پێیان گوتین كەس راینەگرتن؟
ئێمەش گوتمان نا كەسمان نەدی.
تومەز ئەوان دەیانزانی بۆسەی دووژمن هەیە بۆیە ئێمەیان بەناوەراستی شەقام بەڕێكرد و خۆشیان بە پەنای دیوارەكانەوە و دوور لە یەكتری بەدوومانەوە بوون، لەپڕ گوێم لە قیفێك بوو، ئێمەش فێر كرابووین لەوكاتانەدا نەجوڵێین، راوەستاین و هێشتا دەستمان بەرز نەكردبۆوە بوو بە تەقە رێك هەردووكمان خۆمان بەزەویدادا، بەچاوی خۆم دیتم چەند فیشەكێكی ئاگردار بەنێو ئێمەدا تێپەری، تەقە لە هەموو لایەكەوە وەك رێژنە باران دەباری، ویزەی گوللەكان بەسەر سەرمانەوە دەتگوت هێلانە زەردەواڵەن، هەرایەك بوو نەبێتەوە، پێشمەرگەكان بۆسەكەی دووژمنیان شكاند و چەند لاشەیەكیشیان لێبەجیما، هاتنە سەر ئێمەو تەماشایان كرد برادەرەكەم زۆر بەسەختی بریندارە و منیش فیشەكێك سەرچیغ رانی رووشاندووم، رێك لەمساتەدا هەموو بیرەوەری منداڵیم هاتەوە یاد، گریان ئەوكی گرتم و ئەگەر لەبەر پێشمەرگەكان نەبا بەجۆرێك دەگریام هەموو شارم ئاگادار دەكردەوە.
خەڵكی گەڕەك كە زانیان بۆسەكە تێكشكاوەو پێشمەرگەكان بانگی یەكتری دەكەن، تەواوی ماڵەكان رووناك بوونەوە، هەر لە بەردەرگای ماڵێك نازانم چۆن بوو بەڵام دەزانم جێبێكیان هێناو برادەرەكەم و من و دوو پێشمەرگەی برینداریان سوار كردو ئێمەیان بردە ماڵێكی نهێنی كە لە دەستە چەپی شار بوو، لەوێ خەریكی تیمار كردن بوون، پێشمەرگەیەك و برادەرەكەم شەهید بوون و رانی منیشیان پێچایەوە، لەوكاتەیدا شەرمم شكا و لەسەر برادەرەكەم زۆر بەكوڵ دەگریام، بیرم لە رابردوو دەكردەوەو ئازاری هەموو دنیا لەنێو دەمارەكانمدا قوڵپی دەدا، خۆزگەم دەخواست من بوومایەو ئەو تاقانەیە نەبا، رەنگی سپی سپی ببوو روومەتەكانیم دەلستەوەو هەرچیم دەكرد چاویم پێدانەدەخرا، هەستم بەتەنیاییەكی سەخت كرد، وەك ئەو رۆژەی ماڵی برادەرەكەم باری كرد و بەتەنیا مامەوە، هەستمدەكرد گوللەكان زۆر نامەرد بوون ئەوی پێكاوەو خۆیان لەمن پاراستووە، رێك لەوكاتانەدا بوو بابی بەچەك و تاقم تفەنگەوە گەیشتە سەر لاشەی كوڕە شەهیدەكەی و یەكەم كەس كە دیتی وەك برا بۆ كوڕەكەی دەگری من بووم، منیش بە دەموچاوێكی گریاناوی، بە تەوێڵێكی خوێناوی لەجیاتی ئارەقە فرمێسكی خوێنینم دەڕشت، چاوەڕێی ئەوە بووم بەهەموو هێزی هەروەك دەساڵ لەمەوبەر یەك زللەم لێدات و كەفوكوڵی خۆی بەمنداڕێژێ، كەچی باوەشی لێدام و گوتی:
كوڕم خۆ تۆ باشی؟
باوەشێكی گەرمی لێدام و لەجیاتی زللە هەردوو روومەتی ماچ كردم، هەستم بە فرمێسكەكانی كرد كە بەلاملمدا دێنە خوارێ، باوەشێك زۆر لە ئی بابم گەرمتر، زۆر لەئی داكم بەسۆزتر.
ئیدی منیش لەنێو تەنیایی خۆمدا خەریكی توانەوە بووم، شەرمم دەكرد من زیندووم و برادەرەكەم شەهید، هەستمدەكرد دەمارەكانم تیك دەئاڵێن و چیدی ناتوانم خۆم بەپێوە بگرم، خوێن و خەم بەسەرمدا زاڵ بوون و هۆشم لە خۆم نەما، كەچاوم كردەوە رۆژ ببۆوە و كەسەكانم لەسەرم بوون، كە تەواو هەموو روداوەكانم بیر هاتەوە هەستامەوەو بابم تەواوی رووداوەكانی بۆ باس كردم.
هەر ئەو رۆژە بۆ ئەوەی كەس هەست بە بزر بوونم نەكا چوومە قوتابخانە هەر كە خۆم بە پۆلەكەمدا كرد دیتم هەموان دوو دوو لەسەر كورسیەكانیان دانیشتبوون تەنیا جێگەی پشكۆ چۆڵ بوو، قوڵپی گریان ئەوكی گرتم و بەبێ ئیزن هەستام و رۆیشتم، پێش ئەوەی بگەمەوە ماڵێ هەر لە كۆڵانەوە فرمێسكی تەنیایی رژان و غەمێكی قوڵ ناوەوەی هەڵتەكاندم، هەتا ئێستاشی لەگەڵدابێ ئەو فرمێسكانە كە ناومناون (فرمێسكی تەنیای ) زۆر جاران لەخۆیانەوە دێنە خوارێ، هەر منداڵێك ببینم كەلایەن دەكا، یان هەلوكێن و قەراقەرایەن فرمێسكەكان دەڕژێن، خۆ كە بەفر دەبارێ ئەمن هەر لە ژوورێ نایەمەدەرێ و هەر منداڵێكیشم بڵێ ددانم دەلەقێ گوێی خۆم دەگرم و ئەوناوە جێدێڵم.
ئێستا تاقە یادگاری پشكۆ لەلای من ددانە وردیلەكەیەتی كە بەتەنیشت ددانەكە منەوە خەوتوەو زوو زوو سەردانی دەكەم.




مێژوو زمانی هەیە.. نەوزاد بەندی

یەکێک لە نووسەرەکانی سەردەمی بەعس، کتێبێکی بڵاوکردەوە بە ناوی ( للتاریخ لسان ) واتا ( مێژوو زمانی هەیە ) نووسەرەکەی ناوی مالک سیف بوو. لە ڕاستیدا من ئەم کتێبەم نەکڕیوە و نەیمشخوێندۆتەوە، چونکە نوسەرێک کتێبەکەی کەس نەیکڕێ و ڕژێمی بەعس لە مامەڵەی هەندێ لە فەرمانگەکانیدا بە زۆر دانەیەک لەو کتێبە بە هاووڵاتیان بفرۆشێت، شایانی خوێندنەوە نییە. وەک چۆن هەندێ سەوزەفرۆش، کەرەوز بە تەنیا نافرۆشێت ئەبێ کەوەرێکیشی لەگەڵدا بکڕیت، کتێبەکەی مالک سیف یش بە هەمان شێوە لەگەڵ مامەڵەی هاووڵاتیاندا ساغ دەکرایەوە، ماڵ هەبوو سێ چوار دانەی لەو کتێبە تیا بوو، بە بێ ئەوەی هیچ کوردێک هەڵیبداتەوە و دێڕێکی لێ بخوێنێتەوە.

بەڵام لێرەدا و لەم بارودۆخەدا تێی کەوتووین، نازانم چۆن بوو ناوونیشانی کتێبەکەی مالک سیف م بیر کەوتەوە، (مێژوو زمانی هەیە) ؟؟ بە ڕاستی پیاو قسەیەکیش بۆ دز بکات، ناوونیشانێکی وورد و پڕ لە مانای هەڵبژاردووە.. واتا مێژوو پێویستی بە خوێندنەوە نییە، بۆ خۆی زمانی هەیە و قسە ئەکات.. بڕوانە ڕووداوە مێژووییەکان، خۆیان خۆیانت بۆ ڕوون دەکەنەوە، خۆیانت بۆ شی دەکەنەوە و ..براوە و دۆڕاوەکانت بۆ جیائەکەنەوە.. چونکە مێژوو تەنها زانستێکە کە هەستی بەراوردکاریComparison لای مرۆڤ دروست ئەکات، ئەمەیش بۆ خۆی هەم زانستێکە و هەم زمانێکی پاراوە، ئەبینیت بەردەوام ئەکەوینە ناو زانستی بەراوردکارییەوە کاتێ بۆ نمونە دەڵێین سەردەمی پاشایەتیی لە عێراقدا لە سەردەمی کۆماریی باشتر بوو، ئیتر داتاکانی ژیان لەو دوو قۆناغەدا بەراورد دەکەین یان ڕاستتر ئەو دوو مێژووە بۆ خۆیان خۆیان بەراورد ئەکەن و ئەنجامێکی پاک و پوختت ئەخەنە بەردەست.. یان دەووترێت عێراقی حەفتاکان لە هەشتاکان باشتر بوو، ئیتر مێژوو خۆی دێتە گۆ و پێت دەڵێت : حەفتاکان ژێرخانی ئابووریی و زانستیی لە عێراقدا توند و تۆڵ کران و بێکاریی نەما و عێراق بووە تاکە دەوڵەتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەخوێندەواریی تێدا نەما، بە جۆرێک ڕێکخراوی یونیسێف مەدالیای ڕێزلێنانی بە وەزیری پەروەردەی عێراق بەخشی کە ئەو کاتە موحەمەد مەحجوب دوری بوو.. بەڵام هەشتاکان واتا قۆرخکردنی دەسەڵات لە لایەن خێڵی سەدامەوە و هەر لە دەستپێکدا کوشتنی ناڕەوای موحەمەد مەحجوب و هاوڕێکانی بە تاوانی سیخوڕیی و هەڵگیرسانی جەنگی هەشت ساڵەی وێرانکەر لەگەڵ ئێراندا و بڵاوبوونەوەی بێکاریی و نەخوێندەواریی و سەدان هەزار بێوەژن و مناڵی بێ باوک و داڕمانی ژێر خانی ئابووریی و زانستی و سەرهەڵدانی فەرمانڕەوایی خێزان و تیرە و عەشیرەت و سەرهەڵدانی هێزە جەحافیلەکان له باکوری عێراق کە خۆیان پێیان دەووت جاش کە بریتی بوون لە دەیان هەزار چەکداری لە تەڕ خۆر و لە وشک خەوتوو، کە پاشان بەشێک لە پڕوسەی ئەنفالیان پێ  جێبەجێکردن ..هەروەها کیمیاباران و ..زۆر کارەساتی تری هەشتاکان.

هەر بۆیە لەگەڵ ڕەزا قورسیی کتێبەکەی مالک سیف و نەخوێندنەوەیدا، ناوونیشانی کتێبەکەی وای لێکردم ئەم چەند دێڕ و دەردە دڵه لە ژێر هەمان تایتڵی کتێبەکەی ئەودا بنووسم و بکەم.

ئەگەر لەو ئاقارەوە بەراوردێکی دۆخی بەیاننامەی یانزەی ئازار   و ئەمڕۆدا بکەین کە ساڵی1971 ــە، واتا 54 ساڵ پێش ئێستایه، مێژوو ئەم بەراوردکارییانەمان بۆ دەکات:

54 ساڵ پێش ئێستا و لە یانزەی ئازاردا، سەرکردەیەکی لووتبەرز و لەخۆبایی و شەڕەنگێزی وەک سەدام حسێن، شاخ بە شاخ بەدوای سەرکردایەتی کوردا وێڵ بوو بۆ ئەوەی بەیاننامە و ڕێککەوتنیان لەگەڵدا مۆر بکات 

تەنانەت بە چەرخەکەی خۆی جگەرەی بۆ دادەگیرساندن و بە شانازییەوە دەستی بەرز دەکردنەوە، لە کاتێکدا کورد لەو دۆخەدا هیچ دەسەڵاتێکی فەرمیی و یاسایی و دەوڵەتداریی نەبوو، کۆمەڵێ چەکداری ماندوو، برسی بوون بە شاخە سەخت و تاقەتپڕوکێنەکانەوە.

کەچی ئەمڕۆ دوای 34 ساڵ حوکمڕانیی کورد و چەندین پڕوسەی هەڵبژاردن و چەندین کابینەی فەرمانڕەوایی کوردییی، لە دوای بنیاتنانی دەیان وسەدان فڕۆکە و کۆشکی فەرمانڕەوایان و سوپای تایبەتی دەسەڵاتداران و سەردانی فەرمیی بۆ ووڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپا و ئەمریکا، دوای بەیاننامەی ئابووریی سەربەخۆ و ڕیفراندۆم و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گازی سروشتی، دوای هاتنی باڵوێزخانەی ووڵاتان بۆ لامان و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان بە هەموو فەرمانگە و دامەزراوەکاندا، کەچی دەیان شاند و دەستەی حوکومەتی کوردی ڕوو له بەغداد دەکەن و داوای موچەی سێ مانگ پێش ئێستایان لێدەکەن، ئەوانیش زۆر بە خەمساردی و بە کاسەی بەتاڵەوە ئەیاننێرنەوە بۆ کوردستان..! 

54 ساڵ پێش ئێستا لە کاتێکدا  کورد تەنها چەند چیایەکی بە دەستەوە بوو، هێشتا یەک  ئاڵای کوردستان نەچنرابوو، ملی هیچ سەرکردەیەکمان بۆینباخێکی لێ نەبەسترا بوو، لەگەڵ ئەوەیشدا بەغداد بە شانازییەوە سروودی : ( هەر بژی .. هەر بژی کورد و عەرەب رمز النضال ) ی لە ڕادیۆ و تیڤی ئەو سەردەمەوە پەخش دەکرد .

کەچی ئەمڕۆ کار گەیشتۆتە ئەوەی کەنیشکە  وەزیرێکی دارایی عێراق بە سەر شاندی کوردا ئەقیژێنێ : ( ئیتر مەیەنەوە بۆ بەغداد، هیچ قسەیەکم پێ نییە بۆتان، ناتوانم یەک دینارتان بۆ بنێرم، ئەوەیشی تا ئێستا ناردوومانە بۆتان، نایاسایی بووە و قوتی دەمی مناڵە هەژاره بێباوکەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بووە !! )

هەروەها لە ڕۆژی عەرەفەی جەژنی قورباندا، ملیۆنێک و دووسەد هەزار موچەخۆری کورد تەماشای دەمێ وەزیرەکەی بەغداد ئەکەن بەڵکو ئەوە خوایە مژدەیەک .. واژۆیەکی خەرجکردنی موچەکەیان بکات، کەچی ئەو بە قاقای پێکەنینەوە ئەڵێ : ( نییە .. نییە .. هیچم پێ نییە بۆتان  )

پاشان  حەنان فەتلاویی دەستەخوشکی وەک ئەوەی ئامۆژگاریی منداڵێک بکا، ئەڵێ  :  ( ئێوە نەوتتان هەیە و ئێمەیش نەوتمان هەیە. نەوتی خوتان بۆخۆتان و نەوتی خۆمان بۆ خۆمان.. ئێوە بە نەوتی خۆتان موچەی 3 پارێزگاکەی خۆتان دابین بکەن، وەک چۆن ئێمە بەو نەوتەی خۆمان موچەی 15 پارێزگاکەی خۆمان دابین دەکەین)

54 ساڵ پێش ئێستا هەرچی خوێنەوار و ڕۆشنبیر و خوێندکاری زانکۆ و ئامادەییەکانمانە خوێنیان  بۆ کوردایەتیی ئەکوڵا و بەشێکی زۆریان بوونە پێشمەرگە و شەهید بوون..

کەچی ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیر و خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەکانمان، نیشتمانیان بۆ هەتاهەتایه بەجێهێشت، ئەوانەیشی کە بەهۆی باری کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەوە هەلی کۆچکردنیان بۆ نەڕەخسا، بەشێکیان شێت بوون و بەشێکیان زیندان کران و بەشێکیان قیر و سیایان کرد چونە ناو هۆدە و هەیوانە ڕازاوە و پڕ له ناز و نیعمەتەکانی حیزبەکانەوە و .. یاسای نوسین بەرامبەر دۆلاریان پەیڕەو کرد، هەروەکو چۆن مێژوو پێمان دەڵێت سەدام حسێن دوای لە دەستدانی هەموو سەروەرییەکانی، به ناچاریی یاسای نەوت بەرامبەر خۆراکی واژۆ کرد.. 

ئیتر نازانم ئەمانەی لای خۆمان ئەمڕۆ بە ناچاریی چ یاسایەک واژۆ ئەکەن و لە چ واژۆیەک پاشگەز ئەبنەوە و .. بە تەمای چین ؟

مێژوو ئەوە ماوەتەوە پێمان بڵێت ئەو سەدامەی 54 ساڵ پێش ئێستا شاخ بە شاخ و ئەشکەوت بە ئەشکەوت بە دوای کوردەوە بوو ڕێککەوتننامەیەکیان لەگەڵدا واژۆ بکات ، لە ساڵی نەوەدەکاندا و ..لە کاتێکدا کورد حوکومەت و قەوارەی خۆی هەبوو، سەدام حسێن کۆبوونەوەیەک بە وەزیرەکانی دەکات و دەڵێ : ئەگەر تەنانەت ئەم مایکرۆفۆنەی بەردەمم بۆ کوردەکان بنێرم، یەکسەر ئاودیوی  ئێرانی ئەکەن ، ئیتر چۆن بتوانین کەرەستە و خواردن بگەیەنینە هاووڵاتیانمان لە باکور ؟




پەرتووكی شیعری ئێوارانی ڕاین بڵاوكرایەوە.. ئا: تەها عەبدوڵلا

ئێوارنی ڕاین و نەهامەتییەکانی کورد

كتێبی شیعری (ئێوارانی ڕاین) لە نووسینی نووسەر و شاعیر “یووسف مەنتک” تا ئێستا بەزمانەکانی (ئەڵمانی، فارسی و بە زاراوەی کرمانجی باکوور و ڕێنوووسی لاتینی، چاپ و بلاوبۆتەوە. لە حاڵی حازردا لە باشووری كوردستان، بە ئەلف و بێی زاراوەی سۆرانی ناوەڕاست جارێكی دیكە بە چاپێكی تازە و جوان بڵاوكرایەوە لە شاری سلێمانی لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم دەست دەکەوێت.

سەرەتا “فەرمانگەی فیدراڵی بۆ بوونەوەرە سیحرییەکان” لە ئەڵمانیا ڕانانێکی بۆ چاپە ئەڵمانییەکە کردبوو. لە كۆڵینەوەكەدا نووسویەتی: كۆمەڵەی شیعری ئێوارانی ڕاین، کتێبێکی جیاوازە لە ڕووی ڕیتم و ناوەڕۆكەوە، بۆیە زۆرجار شاعیران ناچار بەوە دەبن بە زوبانێكی قورس و ئاڵۆز دەقەكانیان بنووسن، كە لەوەدا خوێنەر ماندوو وەڕس دەبێت، بەڵام شیعرەكانی ناو ئەم دیوانە دوورن لەو جۆرە فۆڕم و دەربڕینانە، بەڵكوو بە زمانێکی پاک و ڕوون وسادە ڕەنگدانەوەی ڕووداو و هەستەکانی ڕۆژانەی بە ستایلێكی تەواو شیعریانە و ڕیالیزستیانە گەیاندووە. دەقەکانی ناو ئەو كتێبە لە ئەبستراکتدا ون نابن، بەڵکوو تەواوی ئەو چیرۆک و بەسەرهاتانە بە شێوازێكی کۆنکرێتی دەگێڕێتەوە. بۆ نموونە: دەربارەی خۆشەویستییە ونبووەکان، ماڵێکی بەجێماو، یان نیگەرانییەکانی کەسێکی ئاوارە. بە جۆێك مامەڵەی لەگەڵدا كردوون، وەك ئەوەی لەگەڵیاندا ژیابێت.

نووسەر و شاعری یووسف مەنتك، لە ئەڵمانیاوە وەڵامی چەند پرسیارێكی لەبارەی چاپە كوردیەكە دایەوە و وتی: كتێبی شیعری “ئێوارانی ڕاین” پیوەندی بە دۆخی ژیانی من و چەندانی وەك من هەیە لە ئەوروپا و ئەڵمانیا، لە لێرەوە بە ڕۆحێكی بیمارەوە، سەیری نیشتمان و كوردستان دەكەین. كتێبەكەم خۆی لە چەندین ناونیشان دەبینێتەوە، كە هەر یەكەیان مێژووی نووسینیان بۆ چەند ڕووداو و بەسەرهاتێك دەگەڕێتەوە. بۆ وێنە لە پێشەكی كتێبەكەدا نووسەر “عادل قادری” لەژێر ناونیشانی (كورد بوون لەسەر سنوورەكانی جیهان) زۆر بە وردی دێتە سەر ناوەڕۆكی شیعرەكان و خوێندنەوەیان بۆ دەكات. لە بەشێكی دیكەی وەڵامەكاندا یووسف مەنتك دەڵێت: بەشی زۆری شیعرەكان و ناونیشانی دەقەكان بە هەستێكی نیشتمانیی و نەتەوەییانە نووسراوە، بۆ نموونە لەسەر قامیشلۆی بریندار و كارەساتی شەنگالی ئێزیدخانێ نووسیومە. هەروەها باسی نەهامەتییەكانی كوردم كردووە، باسم لە كۆچ و سەرگەردانی كورد و نا عەدالەتیی كردووە. لە بارەی شیعری دڵداریی و خۆشەویستییەوە یووسف مەنتكی شاعیر

بەشێك لە شیعرەكانی پێوەندی بە عیشق و ئەڤیندارییەوە هەیە. ئەویش وەك بەشی زۆری گەنجەكان ڕۆژێك لە ڕۆژان شێتانە گە نجێکی عاشق بووە.

ئا: تەها عەبدوڵلا