ڕەفتاری کۆیلایەتیی!.. نووسینی: لیندا ئیبراهیم.. وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی

(و ما خلقت الجن و الانس الا لیعبدون) سورة الذاریات ایة ٥٦
واتە: من هەربۆیە جندۆکەو مرۆم دروس کرد، بم پەرستن. (قورئانی پیرۆز هەژار موکریانی لاپەڕە ٥٢٣)
ئا لێرەوە کۆیلایەتی ئێمە دەستی پێکرد.
هاوڕیکانم:
لە سەردەمی فەرمانڕەوایی (سەدام حوسێن) دا بە هەزاران لە خەڵکی ئێراق لەوانەی کە بەرهەڵستکاری سەدام بوون و تەنانەت لەوانەش کە دژایەتییان نەدەکرد، گیران، ئەشکەنجەدران و کوژران. سەدام هەر بەوەندەشەوە نەوەستا بەڵک و لە ساڵی ١٩٨٨ هەستا بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی بە چەکی کیمیاوی لە دژی خەڵکی کوردوستان.
جا سەیرەکە لەوەدایە کە ئەو هەموو تاوانە قێزەونانەی کە سەدام حوسێن ئەنجامیدان، کاریگەریی ئەوتۆیان نەکردە سەر ئاستی جەماوەرییەکەی لە نێو شەقامی عەڕەبییدا! تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، خەڵکێکی زۆری عاڕەب هەیە کە پێیان وایە ئەو تاوانانەی سەدام حوسێن تەنها چەند کارێکی هەڵە بوون و ئەو تاوانانەش لە دیدو بۆچوونی ئەوانەوە هیچ لە پاڵەوانیەتی سەدام وەک پاڵەوانی نەتەوەیی کەم ناکەنەوە!
هەمان ئەو گوێپێنەدانە بە تاوانەکانی دیکتاتۆر لە گەڵ زوربەی دەسەڵاتدارانی عاڕەب دووبارە دەبێتەوە، ئەوەتە تاکو ئێستاش عاڕەبێکی زۆر پێیان وایە دەسەڵاتدارە خوێنڕێژەکانی وەک قەزافی و ئەسەدو عومەر بەشیر پاڵەوانی نەتەوەیین. ئەوەتە ئێستا ئێمە دەبینین دوای ئەوەی کە بەشار ئەسەد نیو ملیۆنی لە خەڵکی سوریا کوشت، ئەوە بێجگە لەوەی کە بە هەزارانی لە خەڵک لە کونجی زیندانەکاندا قایم کردبوو، لە ژێر ئەشکەنجەو بێحورمەتی پێکردندا دەیان ناڵاند،کە چی هێشتا زۆرێک لە عاڕەبەکان بە بەژن و باڵای بەشار ئەسەد دا هەڵدەڵێن!
تاکو ئێستاش جەمال عەبدولناسر، سەرۆکی نەتەوەیی عارەب، زۆرترین جەماوەری هەیە سەرباری ئەوەی کە ئەشکەنجەی دەیان هەزار لە گیراوەکانی داوە لە زیندانەکانی ناسرییدا و سەرباری تێوەگلانیشی لە شەڕەکانی دۆنکیشۆت ئاساییدا! ئەو بارودۆخە لە دەوڵەتانی کەنداودا زۆر باشتر نیە، لەوێش زیندانەکان جمەیان دێ لە خەڵکی بەرهەڵستکارو ڕووبەڕووی پیسترین ئەشکەنجە دەبنەوە بە هۆی بیروبۆچوونی سیاسییانەوە. هەر دەوڵەتیکی کەنداو کە بە نموونە وەربگریت و بچیت بە یەک کۆمێنت لە سۆشیال میدیادا ڕەخنە لە پادشا یان میرەکان ئەو کەنداوە بگریت ئیتر بەسە بۆ ئەوەی بۆ چەندین ساڵان فڕێت بدەنە زیندانەوە.
ئێستاش هەمان عەقڵیەت زاڵە لە نێو دەسەڵاتی دیفاکتۆی سوریاداو هەروەها لە نێو چڵکاوخۆرەکانی ئەبو محمد جۆلانی دا کە ئەو بۆ خۆی بە بیرێکی داعشیانە لە نێو هەناوی دڕەندەترین ڕێخراوی تیرۆریستی ئیسلامیدا لە دایک بووە!
زوربەی فەرمانڕەوایانی عاڕەب لە لایەن خەڵکەوە هەڵنەبژێراون، بەڵک و بە زەبری چەک دەسەڵاتیان گرتۆتەدەست و قۆرغیان کردووە، یاخود لە باب و باپیرانەوە بە میرات بۆیان بەجێماوەو ئەوانیش لە ڕیگەی تەزویرو فێڵ و ساختەکاریی و سەرکوتی بەرهەڵستکارانەوە درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان دەدەن. جا ئینجا سەرباری ئەوەش ئاستی جەماوەرییان و خۆشەویستییان لە نێو خەڵکیدا کەم نابێتەوە!
دیاردەی ژیان لە گەڵ چەوسێنەرو سەرکوتکەر لە نێو جیهانی عەڕەبیدا بڵاوەو جێی داخیشە، هەر بۆیەش ئەوەیان پاڵمان پێوە دەنێ کە پرسیارێکی گرنگ بکەین و بڵێین” بۆچی عاڕەب بە فەرمانڕەوای چەوسینەرو سەرکوتکەر ڕازی دەبن و پشتگیریی لێدەکەن و دەیکەنە پاڵەوان، سەرباری ئەوەی کە تەواوی تاوانەکانی ئەو فەرمانڕەوایە دەرهەق بە هاونیشتمانیان دەبینن؟”
یاخود:” بۆچی عاڕەب لە ڕووی مەبدەئییەوە سیستەمی دیکتاتۆریی ڕەت ناکاتەوە هەر وەک کە گەلانی تر ڕەتی دەکەنەوە؟”
بۆ ئەوەی وەڵامێکی درووست و ڕوونمان دەستبکەوێت دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو پاشخانە ڕؤشنبیرییەی کە لە ئیسلامەوە بۆمان بەجێماوەو ئایینی ئیسلام لە ڕێی چەندین مەزەب و ڕێبازی خۆیەوە پشتگیریی لەو جۆرە دەسەڵاتە دەکات بۆ نموونە: جەماوەرێک لە زاناو فەقێی نێو ئیسلام و لە نێویاندا هەر چوار ڕێبازو مەزەبەکەی ئیسلام پشتگیریی لەو جۆرە دەسەڵاتەی نێو جیهانی عاڕەبی دەکەن: بۆ نموونە:
مالکی: ئەحمەد بن مالک، شافیعی: محمد ئیبن ئیدری شافیعی، حەنەفی: ئەبو حەنیفە، حەنبەلی: ئیبن حەنبەل.
ئەمانەی کە ناومان هێنان هەموویان لە سەر ئەوە کۆکن کە گوێڕایەڵیی بۆ فەرمانڕەوای تاوانکارو سەرکوتکەر واجیبە. ئەوەیان بە مانای ئەوە دێت بۆ نموونە ئەگەر هات و کەسێک بە زەبری چەک دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت و تاوان و کوشتاری ئەنجامداو بەرهەڵستکارەکانی خۆی کوشت و لە ڕێگەی سەرکوتەوە خەڵکی هێنایە ژێر دەسەڵاتەکەی خۆیەوەو دەسەڵات و حوکمی گرتە دەست، ئا لەو کاتەدا ئەرک و واجیبی خەڵکی موسڵمان ئەوەیە کە گوێڕایەڵی ئەو فەرمانڕەوا ستەمکارو تاوانکارە ببن و هیچ بەرەنگاری نەبنەوە جا هەرچەندێکیش خوێنڕێژو تاوانکار بێت گرنگ نیە!
لێرەدا بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە بنچینەی ئەو بیرو فکرە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە کە عاڕەب ئاهوا گوێڕاڵی ستەمکارو چەوسێنەرن و بە جوانی لەگەڵیاندا هەڵدەکەن. ئەو گوێڕایەڵیەی عاڕەب بۆ دیکتاتۆر سەرچاوەکەی میرات و پاشخانی ئیسلامییەو ئەو زاناو فەقێییانەی ئیسلامن کە کە فەرمان دەکەن بە گوێڕایەڵی بۆ فەرمانڕەوا جا با دیکتاتۆرو خوێڕێژو تاوانکاریش بێت! ئەو میرات و پاشخانە ئیسلامییەیە کە داندەنێت بە ڕەوایەتی هاتنە سەر دەسەڵات بە زەبری هێزو چەکەوە نەک بە هۆی ویست و پشتگیریی خەڵکەوە! ئەو میرات و پاشخانەیە کە هاتنە سەر حوکمی دەسەڵتداران بە شیوەی ئینقیلاب و بە زەبری چەک بە ڕەوا دادەنێت.
کێشەیەکی تر لەو بارەوە ئەوەیە کە ئەگەر بێت و ئیمە گوێڕایەڵی دەسەڵاتدارێکی تاونبارو سەرکوتکەر بین و هەرچەندەش کە بە زەبری هێزو چەک و کوشتنی بەرهەڵستکارەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتبێت، کەچی بێین شەرعیەتی یاسایی پیبدەین، ئایا لەو بارودۆخەدا ئێمە دەتوانین کە لێپێجینەوەی لە گەڵدا بکەین لە کاتێکدا کە لە دەسەڵدا بێت، ئەگەر هات و بە ئارەزووی خۆی لە دەرەوەی یاسا دەستی بە کوشتن و گرتن و ئەشکەنجەو سزادانی خەڵک کرد؟
لێرەدا وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەگەر هات و ئێمە ڕازی بووین بە ڕێبازی هێزو چەک و ئینقیلاب بۆ گەییشتن بە دەسەڵات و فەرمانڕەوایی کەواتە ناگونجێت و نابێت هەمان ڕێبازی چەک و هێز بۆ مامەڵە لە گەڵ بەرهەڵتستکارانیش ڕەت بکەینەوە . واتە دەبێ بە هەمان ریبازێک کە پێی هاتووینەتە سەر حوکم بە هەمان ڕێبازیش مامەڵە لەگەڵ خەڵک و بەرهەڵستکارانیش بکەین. کەواتە میرات و پاشخانی ئیسلامیی کە فەرمان دەکات بە موسڵمانان بە گوێڕایەڵی دەسەڵاتداریکی تاوانکارو دیکتاتۆر، ناکرێت کە لە گەڵ خەڵک نەرم و نیان بێت و دان بە مافەکانی خەڵکدا بنێت کە لە دژی سیاسەتەکانی دەسەڵات دەنگ هەڵبڕن!
جیهانی عاڕەبی دێمڕاسیی نازانێت. لەبەر ئەوەی عاڕەب ڕازین بە سەرکوت و چەوسانەوەو ڕازین بە ملکەچکردن بۆ دیکتاتۆرو چاوپۆشیش دەکەن لە تاوانەکانی دیکتاتۆرو لە زۆر بارودۆخیشدا بە پاڵەوانی نەتەوەیی دادەنێن.
ئەو ملکەچکردنە بۆ چەوسانەوەو ڕازیبوون بە ژیان لە گەڵ سەرکوت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشخانە ئیسلامییەی کە لە باب و باپیرانەوە بۆمان بەجێماوەکە دژایەتی چەوساندنەوە ناکات و فەرمانیش دەکا بە گوێڕایەڵیی و ملکەچیی نواندن بۆ فەرمانڕەوای دیکتاتۆر، جا هەرچەندە کە تاوانکاریش بێت بە مەرجێک کە دەسەڵات بپارێزێت!
ئەو هۆشمەندیی و پاشخان و میراتە ئیسلامییەیە کە ناهێڵێت بەرەو پێش بچین و وامان لێدەکات کە ملکەچی چەوساندنەوەو سەرکوتی فەرمانڕەواو حاکمە زۆردارەکان ببین!
عاڕەب قەت بەرەو پێش ناچن و هەر لە شوێنی خۆیان دەمێنن و ناگەن بە نەتەوەی پێشکەوتوو هەتا ڕزگارییان نەبێت لەو میرات و پاشخانە فیکرە بۆگەنەی کە لە مامەڵەی لە گەڵ خەڵکدا پشت دەبەستێت بە ئایین و مەزەب و و فێریشیان دەکا کە ملکەچی زوڵم و دئکتاتۆریەت بن!
کاتێک کە عاڕەب رەتی بکاتەوەو نەهێڵێت کە فەرمانڕەواو دەسەڵاتدار یەک ڕۆژ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە مادام خەڵک هەڵی نەبژاردبێت، ئەوا ئەو کاتەیە کە ئیتر عاڕەب دژایەتی دیکتاتۆر دەکەن و پێیان وایە ئەو دیکتاتۆرە بە زەبری هێز دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووەو ئینجا گرتن و کوشتن و زیندانی کردنی خەڵکی بێتاوان وەک هەڵە نابینن و ناڵێن هەڵەی تاکە کەسەو کەسی دیکتاتۆریش هیچیتر ناکەنە پاڵەوان.
کاتێک کە عاڕەب ڕزگارییان دەبێت لەو میراتە کۆنەپەرستانەو دواکەوتوانەیە کە خەڵک دەکاتە کۆیلەی دەسەڵاتدارانی زاڵم و دیکتاتۆرو لە بەرامبەریشدا میراتێکی تازە دێننە دی کە فێری ئەوەیان دەکا کە بەرەنگاریی لە مافەکانی خۆیانیان بکەن و خۆیان فەرمانڕەوا هەڵببژێرن و نەهێڵن لە دەرەوەی ویستی خەڵک کەس دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت.
ئا لەو کاتەدایە کە عاڕەب دەتوانن ئازادیی و مرۆڤدۆستیی بۆ خۆیان بگێرنەوەو دەستەبەری بکەن و ببنە هاونیشتیمانی خاوەن شکۆو رێزلێگیراو. هەروەک کە نووسەری سوریی محمد ماغوت دەڵێت:
لە بارودۆخی چەوسانەوەو سەرکوت و دیکتاتۆرییدا پاڵەوانیەتی ئەوە نیە کە لە سەر پشتی دەبابەو تانکەکان بیت بەڵک و پاڵەوانیەتی ئەوەیە کە لە بەردەمیان دا بوەستیت!

سەرچاوەی ئەونووسینە بریتیە لە لە فەیسبووکی : لیندا ئیبراهیم




كاهلۆ له‌نێوان هونه‌ر و ژیانی سه‌ختدا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

كاهلۆ لەگەڵ دییگۆ ریڤیرای هاوسەری، لەبەجیهانی كردنی نیگاری هاوچەرخی مەكسیكی، رۆڵى دیار و گەورەیان گێڕاوە. نیگار كێشیه‌تی كاهلۆ له‌حەزی خۆرسك و ئیلهام و خوێندنی ئه‌كادیمیيانه‌ نه‌هاته‌ ئارا، به‌لكو تووشبوون به‌كاره‌سات و كه‌وتنی له‌ناو جێگا، وه‌هایان لێكرد ببێت به‌نیگاركێش. واتا له‌و جۆره‌ كه‌سانه‌یه‌ كە له‌لایه‌ن خۆیان و بۆ كات بەسەربردن و دەربڕینی ئازارەكانی ناخ،‌ فێر دەبن‌. ئەوسا نیگاريش تاكە دەروازە بوو بۆ خەمڕەوێنی و ناخۆشییەكانی. بۆیە تابلۆكانی ئاوێنەی هەستەكانیيەتی. لەتەك گرنگیدان بەبابەتی گوزارشتكەر و دەربڕی ناخۆشيیەكان و سرووشتی كپ و پۆرترێتی كەسانی دەوروبەر، زیاد لەهەموو بابەتێكی دیكە، پۆرترێتی خۆی كێشاوە. لەو بارەوە دەیوت : “خودی خۆم باشترین بابەتە بیناسم”. زیاتریش لەناویاندا بەتەنیایی و بەشێوەی نائاسایی دەری بڕیووە. بەبرۆی پانی بەیەكەوە لكاو و سمێڵە دیارەكەی. لەو كارەشیدا مەبەستی ئەوە بوو نەكەوێتە ژێر باری رێساكان و ببێت بەئایكۆنێكی تایبەتی. لەوەشدا سەركەوت.
ماگدالینا كارمێن فریدا كاهلۆMagdalena Carmen Frida Kahlo ناسراو بەفریدا كاهلۆ Frida Kahlo رۆژی 6 ی تەمموزی ساڵی 1907 لەكۆیۆاكانی دەوروبەری ‌شاری مه‌كسیكۆ ستی هاته ‌دنیا. دواتر وەك شانازی كردن بەساڵی هەڵگیرسانی شۆڕشی زاباتای وڵاتەكەی، رێكەوتی لەدایكبوونی گۆڕی بەساڵی 1910. گیلیرمو كاهلۆی باوكی، جولەكەیەكی بەره‌سه‌ن ئه‌ڵمانی بوو، ستۆدیۆی فۆتۆگرافی هەبوو. ساڵی 1913 نیشانەكانی دووچاربوون بەئیفلیجی لەكاهلۆ دەركەوت، بەهۆیەوە ماوەی ساڵێك كەوتە ناو جێگە. دواتر وردە وردە بەسەر پێ كەوتەوە. بەڵام كاریگەری ئەو نەخۆشییەی هەردەم پێوە دیاربوو بەتایبەتی لەقاچی راستیدا، بۆیە ناچار بوو لەڕێگەی گۆرەوی، نامۆیی قاچەكانی بشارێتەوە. لەكاتی خوێندندا، باوكی گرنگی زۆری پێدا و لەقوتابخانەیەكی سیستەمی ئەڵمانی داینا. تا ساڵی 1921 لەو قوتابخانەیە خوێندی. ساڵی دواتر چووە پەیمانگەی پزیشكی، بەو هیوایەی لەئایندە ببێتە پزیشك. ئەوسا بەڕووخسارە شیرینەكەی و پۆشینی جل و بەرگی تەقلیدی و رەنگا و ڕەنگ و خشل، ناوبانگی دەركرد. لەوێدا كۆمەڵێك لاوی لەگەڵ بوو كە بەبیروبۆچوونی سیاسی خەریك بوون. دواتر زۆربەیان وەك هزرمەند بەدیاركەوتن. هەر لەو ساڵەدا بۆ یەكەم جار چاوی بە (دیێگۆ ریڤێرا 1886 – 1975) كەوت كە لەپەیژەی سیمۆن بۆلیڤاری قوتابخانەی دواناوەندی نیشتمانی، سەرقاڵی كێشانی دیواربەندێك بوو. لەو ساوە كاهلۆ زۆر سەرسامی ئەو نیگاركێشە ناودارەی وڵاتەكەی بوو.
ساڵی 1924 تابلۆی (دەستەباشی و خەشخاش Tray with Poppies) و ساڵی دواتر تابلۆكانی (ژیانی كپ- گوڵەكان Still Life (Roses)) و (دیمەنی مەدەنیانە Urban Landscape) ی كێشا. هەر لەو ساڵە لەگەڵ ئەلیخاندرۆ ئاریاسی هاوڕێی، كه‌ له‌ڕێگای قوتابخانه‌دابوو، ئوتۆمبیلەكەیان خۆی بەتراموایەك كێشا و بەهۆیەوە كاهلۆ به‌سه‌ختی زامدار بوو. له‌ئه‌نجامدا بڕبڕه‌ی پشت و حەوزی ‌شكا و ماوەی ساڵێك ‌كه‌وته‌ ناو جێگا. ئه‌وسا بەمه‌به‌ستی كات به‌سه‌ربردن و له‌بیركردنی ئازاره‌كانی جه‌سته‌، بەیارمەتی دایكی كە ئاوێنەیەكی گەورەی لەبەرامبەری بۆ دانابوو تاكو بەردەوام بیر لەخۆی بكاتەوە و وێنەی خۆی ببینێ، فڵچه‌ی ‌گرته‌ ده‌ست و ‌كه‌وته‌ كێشان. بەو جۆرە ئەزموونی نیگار كێشانی پیشەییانەی لەسەرچاوەی ئازارەكان سەرچاوەی گرت و ئەو كارەشی بووە تاكە دەروازە بۆ دەركردنی ئازار و ناخۆشیەكانی. بەو جۆرەش لەهیوای پزیشكی بەرەو جیهانی نیگاركێشی هەنگاوی نا!. ئینجا بۆ ماوەیەك لەستۆدیۆكەی (فێرناندۆ فرناندێز دومینێز) ی هاوڕێی باوكی، مەشقی لەهەڵكۆڵین و چاپ كردن كرد.
ساڵی 1926 پۆرترێتی خود بەجلی مەخمەلی كێشا و پێشكەشی (ئەلیخاندرۆ) ی خۆشەویستی كرد كە ئەوسا ئەو بۆ ماوەیەك لێی دووركەوتبۆوە. دواتریش لەبەر كەم و كورتییە جەستەییەكانی كاهلۆ، كەس و كاری ئەلیخاندرۆ، بەمەبەستی دوورخستنەوەی تەواو لەكاهلۆ، ئەلیخاندرۆیان بۆ خوێندن ناردە ئەوروپا. ساڵی دواتر كاهلۆ تابلۆی (ئادێلیتا، پانچۆ ڤیلا و فریدا La Adelita, Pancho Villa, and Frida) و پۆرترێتەكانی (مایكل ن. لیرا Miquel N. Lira) و (ئادریانا Adriana) و (ئاگوستین ئۆلمێدۆ Agustin Olmedo) و (ئالیسیا گالانت Alicia Galant) و (رۆس كۆینتانیلا Ruth Quintanilla) و (Jesús Ríos y Valles) و (ئالیخاندرۆ گۆمێز ئاریاس Alejandro Gómez Arias) و ساڵی 1928 تابلۆكانی (كچێك لەگەڵ مراوی دانیشتووە Sitting Girl with Duck) و (دوو ژن Two Women) ی كێشا. هاوكات وه‌ك زۆربه‌ی لاوانی ئه‌وسای وڵاتەكەی، پێوه‌ندی به‌ڕیزه‌كانی حزبی كۆمونستی ‌كرد. لەو بازنەیەش راستەوخۆ بەدییگۆ ریڤیرا گەیشت. ئەویش سەرسام بوونی خۆی بەبەرهەمەكانی كاهلۆ نیشاندا و هانی بەردەوام بوونیدا. ئەمەو بەدیداری (خۆلیۆ ئەنتۆنیۆ میلا) ش گەیشت كە ئەوسا ناوبراو وەك دوورخراوەی شیوعی لەمەكسیك دەژیا.
ساڵی دواتر پۆرتری خۆی و پۆرترێتەكانی (كچ Girl) و (كچێك شریتێك لەه‌وری كه‌مه‌ریه‌تی Girl with Ribbon Around her Waist) و (ئیسۆلدا پینێدۆ كاهلۆ Isolda Pinedo Kahlo) و (لوپ مارین Lupe Marín) و (ڤیرجینیا، كچی بچوك Virginia (Little Girl)) و تابلۆی (پاسه‌كه‌ The Bus) ی كێشا. هەر لەو ساڵەدا شووی بەدییگۆ كرد. ئەوسا زۆر لەكەسە نزیكەكانی كاهلۆ بەو كارەی رازی نەبوون، چونكە لەلایەك جیاوازی تەمەنییان زۆر بوو، لەلایەكی دیكەش ریڤیرا كەسێك بوو لەتەك هونەرەكەی، بەردەوام لەگەڵ ژنانی داوێنپیس كاتی بەسەردەبرد. دەستبەرداری هاوسەرەكانی پێشووشی ببوو. بۆیە كەسە نزیكەكانی كاهلۆ ئەو هاوسەرگیرییان وەك (فیل و كۆتر) ناو دەبرد كە گوایە ریڤیرا لەبەر قەڵەوی و مەزنی بەفیل دەچێت و كاهلۆیش لەبەر بچووكی و ناسكی، بەكۆتر دەچێت.
ساڵی 1930 كاهلۆ تابلۆی (ژنێك بەبه‌رگی سپی Woman in White) و پۆرترێتی خۆی كێشا. هاوكات چوونە سان فرانسیسكۆی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا. لەوێدا داوای كێشانی دیواربەند بۆ بازاڕی بۆرسە و قوتابخانەی كالیفۆرنیا بۆ هونەرە جوانەكان لەریڤێری كرا. ئەوسا بۆ یەكەم جار كاهلۆ دووگیان بوو، بەڵام لەبەر باری تەندروستی، پزیشك ئامۆژگاری كرد بەناچاری لەبەر خۆی بەرێت. دواتریش چەندان جاری دیكە دووگیان بوو، بەڵام لەبەر باری سەختی جەستەیی و ئەو هەمووە نەشتەرگەرییانەی لەدوای رووداوی بەركەوتنەكە بۆ جەستەكەی كرا كە زیاتر لەسی و دوو نەشتەرگەری بوو، بەناچاری دەبووایە لەبەر خۆیان بەرێ. بەو جۆرە لەئاواتی دایكایەتی بێبەش بوو كە زۆر حەزی لێ بوو. بێگومان ئەو ئازارەشی لەتەك ئازارەكانی دیكە، لەچەندان كاری هونەری خستۆتە ڕوو.
ساڵی دواتر پۆرترێتەكانی (دكتۆر لیۆ ئێلۆیسه‌ر Dr. Leo Eloesser) و (ئیڤا فرێدریك Eva Frederick) و (خاتوو (جین وایت Jean Wight) و تابلۆی (فریدا و دیێگۆ ریڤێرا Frieda and Diego Rivera) ی كێشا. لەوەی دواییدا هەردووكیان بەجلی میللی دەبینرێن. بەبەراورد بەدییگۆ، كاهلۆ زۆر بچووكتر كیشراوە. دییگۆ فڵچە و پاڵێتی لەدەستێكە و بەدەستەكەی دیكەش دەستی كاهلۆی گرتووە. شایانی باسە ئەو بەرهەمەی بۆ بەرجەستە كردنی هاوسەرگیری بەختیار، وەك ئایكۆن وایە.
ساڵی 1932 پۆرترێتی خود لەسەر لێواری مەكسیك و ولایەتە یەكگرتووەكان كێشا. تێیدا كاهلۆ لەنێوان خاكی مەكسیك و ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وەستاوە و بەدەستێكی ئاڵای وڵاتەكەی گرتووە. لەبەشی مەكسیك وێنەی سرووشت و خاك و شارستانیەتییە دێرینەكەی دەبینرێ، بەڵام لەلایەكەی دیكەدا ژیانی شار و پیشەسازی پڕ هاژە هاژەی بەرجەستە كردووە كە كاهلۆ نە حەزی لەوە دەكرد و نە بەرگەشی دەگرت. هەر لەو ساڵە تابلۆی (نەخۆشخانەی هێنری فۆرد Henry Ford Hospital) ی كێشا.ئەو بەرهەمە ئەدگارەكانی سوریالی گرتۆتە خۆی و تێیدا چیرۆكی خۆی لەكاتی لەباربردنی دووەمی بەرجەستە كردووە. لەو دیمەنەدا كاهلۆ بەڕووتی لەسەر تەختەیەكی نەخۆشخانەی ناوبراو راكشاوە و كۆمەڵێك شتیشی لەتەك دەبینرێ، لەوانە كۆرپەڵە، گوێچكەماسی و گوڵێكی ژاكاو و ئێسكی حەوزی مرۆڤ. هەموو ئەو شتانەش لەڕێگەی كۆمەڵێك پەتی سوور و پان بەجەستەی كاهلۆ گەیانراون. هاوكات لەتابلۆكانی (له‌دایكبوونی من My Birth) و (فریدرا و نەشتەرگەری قەیسەر Frida and the Cesarean Operation) یش هەمان كێشەی لەباربردنی كۆڕپەڵەكانی بەرجەستە كرد.
ساڵی دواتر دوای بیستنی هەواڵی مردنی باوكی، سۆزی بۆ وڵات بزوا و پۆرترێتەكانی (خود- زۆر دزێوە) و (خود لەگەڵ ملوانكە) و تابلۆی (جله‌كەم لەوێ هەڵواسراوە My Dress Hangs There) یشی كێشا. لەو بەرهەمەی دوایشدا هەست كردن بەتەنیایی دەبینرێ. لەناو دیمەنێكی پڕی بینا و دوو ستوونی بڵند، پەتێك هەڵخراوە و جلە مەكسیكییەكەی كاهلۆی پێوە كراوە. ساڵی 1933 لەگەڵ ریڤیرا گەڕانەوە مەكسیك. دواتر تا دەهات ناپاكییەكانی ریڤێرا بەرامبەر بەكاهلۆ زیاتر دەبوو، بۆیە هەریەك بەجیا لەدد خانووی تەك یەك ژیان. ساڵی 1935 كاهلۆ پۆرترێتی (خود بەقژی لولاوی) و ساڵی دواتر تابلۆی (باپیرم، دایك و باوكم و من My Grandparents, My Parents, and I) و ساڵی 1937 پۆرترێتەكانی (ئه‌لبێرتۆ میسراچی Alberto Misrachi) و (دیێگۆ ریڤێرا Diego Rivera) و تابلۆكانی (بەری كاكتی Cactus Fruits) و (من و فولانج چانج Fulang-Chang and I) و (من و پەرستارەكەم My Nurse and I) و (من و بووكەڵه‌كه‌م Me and My Doll) و (دیماسی مردوو The Deceased Dimas) و (یادەوەری، دڵ Memory, the Heart) و (یادگه‌ Recuerdo) ی كێشا. لەناوەراستی ئەو بەرهەمەی دواییدا وێنەی خۆی كێشاوە كە لەلێواری دەریا وەستاوە و هەوری تۆخیش ئاسمانی دواوەی دیمەنەكەی تەنیوە. كاهلۆ قاچێكی لەسەر ئاوەكە ڕاگرتووە. پێڵاوكەی پێی لەناو ئاوەكە بۆتە بەلەمێكی چارۆگەدار و ئامادەیە لەنگەر بگرێ كە شەپۆلەكان بەرەو روویان دێت. قاچەكەی دیكەشی لەسەر وشكانییەكەیە. لەسەرەوەشدا شمشێرێكی درێژ كە لەبەشی پێشەوەی فریشتەیەكی بچووك دانیشتووە، سینەی بڕیوە و شوێنی دڵەكەی كردۆتە كونێكی گەورە. دڵەكەش بەگەورەتر لەقەبارەی خۆی كەوتۆتە سەر زەوی. لەگەڵ ئەو رووداوەشدا كاهلۆ بەئاسایی خۆی وەستاوە كە لەتەكیدا دوو جلی ژنانە بەدوو پەت لەئاسمانەوە راگیراون و هەریەكە دەستێكیان لەناودا هاتیتەدەر، وەك ئەوەی تەواوكەری یەكتری بن. لەقۆڵەكانی كراسەكەی كاهلۆش پەنجەكان نابینرێن وەك ئەوەی نەبن. دەستەكەی جلەكەی پێشەوە بەئاراستەی قۆڵە بێدەستەكەی كاهلۆ درێژبۆتەوە و پێوەی ئاڵاوە.
هەر لەو ساڵەدا به‌هۆی ریڤێرا، كاهلۆ بەلیۆن ترۆتسكی سه‌ركردەیه‌كی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری رووسی ‌گەیشت، كه‌ ئه‌وسا ناوبراو له‌ده‌ست سته‌می ستالین، بۆ ئه‌و وڵاته‌ دووره‌ رای كردبوو. ئەوسا كاهلۆ پۆرترێتی خۆی تایبەت بەترۆتسكی كێشا. ساڵی دواتر ئەندریا بریتۆنی ناسی كە لەگەڵ جاكلینی هاوسەری هاتبوونە مەكسیك. هەروەها تابلۆكانی (بەره‌كانی زەوی Fruits of the Earth) و (كچ و ماسكی مردن Girl with Death Mask) و (یادی برینه‌ كراوەكه‌ Remembrance of the Open Wound) و (كه‌وتنه ‌خواره‌وه‌ی فڕۆكە The Airplane Crash) و (خۆكوشتنی دۆرۆسی هێل The Suicide of Dorothy Hale) و (ئه‌وه‌ی ئاو پێیبه‌حشیم What the Water Gave Me) و (كاتێك تۆم هه‌یه‌، ژیان، چەنده‌ خۆشم دەوێی When I Have You, Life, How Much I Love You) و (خۆچێل، گوڵی ژیان Xochil, Flower of Life) و كۆمەڵێك پۆرترێتی دیكەشی بۆ خۆی كێشا. یەكێك لەوانە خود- چوارچیوەی ناوە كە ئەو بەرهەمەی لەموزەخانەی لۆڤەر هەڵواسراوە و بۆتە تاكە بەرهەمەمی ژنە نیگاركێشەكانی مەكسیك لەو موزەخانەیە.
ساڵی 1939 تابلۆی (دوو رووت لەدارستان Two Nudes in the Forest) ی كێشا و پێشكەشی (دۆلریس دی لریۆ) هاوڕێی كرد. سەرەتا ناوی (زەوی خۆیەتی) لێنا. تێیدا ئارەزووە سێكسیەكانی خۆی بۆ رەگەزەكەی نەشاردۆتەوە. وەك دەبینرێ ژنێك سەری كردۆتە سەرەوەی رانی ژنێكی دیكە و لەبۆشایی رایگرتووە. لەپشتەوەشیان لق و گەڵای زۆر پانی درەخت و ئاسمانێكی لێڵ دەبینرێ. هەردوو ژنەكەش رووتن.
وەك ئاماژەمان پێدا ریڤێرا لەناپاكی كردنی لەكاهلۆ بەردەوام بوو. تەنانەت لەگەڵ كریستینای خوشكە بچووكەكەی كاهلۆش دەستی تێكەڵ كرد. بەوەش كاهلۆ ئارامی نەما و وەك كاردانەوە به‌ده‌ست تێكه‌ڵ كردن له‌گه‌ڵ ترۆتسكی وەڵامیداوە كە ناوبراو لەماڵی كاهلۆ و له‌گه‌ڵیدا ‌دەژیا. ئەوسا كار بەوە گەیشت‌ لەریڤیرا جیابێتە‌وه‌ و بگەڕێتەوە ناو خانووەكەی كۆیۆاكان. ئینجا بەهۆی بانگهێشتكردنی ئەندریە بریتۆن، بەشداری لەپیشەنگەی سوریالییەكانی شاری پاریس كرد و بووە مایەی سەرسامی نیگاركێشە دیارەكانی رێبازی سوریالی. ئەوسا ئەوان هەوڵی زۆریاندا باوه‌ڕی پێبهێنن كاره‌كانی سوریالین و ئەویش هاوشانی ئەوان رابەڕێكی ئەو رێبازەیە، بەڵام كاهلۆ ره‌تی ده‌كر‌ده‌وه‌ و هه‌رده‌م پێداگر بوو له‌وه‌ی هیچ كاتێك خه‌ونه‌كانی نه‌كێشاوه‌ به‌ڵكو هه‌رده‌م ئه‌و واقیعه‌ی كێشاوه‌ كه‌ له‌لای خۆیدا هەیە. له‌ناویشیاندا ئازاره‌كانی گیان و جه‌سته‌ و ژیانی پڕ له‌ناخۆشی خۆی دەربڕیوە.
ئەمەو هەر لەو كاتەی لەپاریس بوو، تابلۆی (دوو فریدایەكە The Two Fridas) ی كێشا كە تێیدا گوزارشتی لەو تەنیاییە كردووە كە لەدوای جیابوونە لەگەڵ ریڤیرا رووبەڕووی ببۆوە. تابلۆیەكە بریتییە لەدوو وێنەی جیاوازی كاهلۆ كە لەتەك یەكتری دانیشتوون. ئەوەی چەپ، ئەو فریدایەیە كە دیگۆ ریڤیرا دەستبەرداری بووە، جلێكی سپی ئەوروپی هاوچەرخی پۆشیوە و ئەوەی دیكەش، فریدای خۆشەویستی ریڤیرایە. جلێكی رەنگاوڕەنگی تیهوانای مەكسیكی پۆشیوە. بەرجەستە كراوەیەكی بچووكی دییگۆشی لەدەستێكە كە وەك منداڵ دیارە و دەستەكەی دیكەشی لەناو دەستی فریدا جل سپییەكەیە. هەر دووكیشیان دڵییان بەدەرەوەیە و بەخوێنبەرێك بەیەكەوە لكاون. لای چەپە كۆتایی دێت و بەمقەستێك بڕاوە و دڵۆپی خوێنیش لەسەر جلە سپەكەڕژاوە. وەك ئەوەی تا مردن زامدار دەبێ. ئەوەش تەكنیكێكە كاهلۆ بۆ دەرخستنی ئازارەكانی بەكاری هێناوە. بەتایبەتی لەوەی كە جلی سپی پۆشیوە كە بەشكاوی دەبینرێ. لەبەشی دواوەی دیمەنەكەش ئاسمان لێڵە و پڕە لەهەور. ئەوەشیان بەڵگەیە لەسەر پەشێوی ناخ.
ساڵی دواتر تابلۆكانی (ریتابلۆ Retablo) و (خەون- جێگەی خەوتن The Dream- The Bed) و كۆمەڵێك پۆرترێتی دیكەی تایبەت بەخۆی كێشا. هاوكات دوای تێكچونی پێوەندی ترۆتسكی لەگەڵ ریڤیرا، لەناو ماڵەكەی كاهلۆدا ترۆتسكی تیرۆر كرا. بەو كارەش پۆلیس بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك وەك گومان لێكراو كاهلۆیان دەستبەسەر كرد. لەكۆتایدا بێتاوانی دەرچوو. دوای ئەو رووداوە لەتەك ریڤیرا جارێكی دیكە به‌ره‌و ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ‌چوون و بڕیاریاندا لەنوێ هاوسەرگیری بكەنەوە. لەوێدا كاهلۆ لەموزەخانەی هونەری نوێی شاری نیویۆرك و پەیمانگەی هونەری هاوچەرخ لەبۆستن و موزەخانەی فیلادلیفیا بۆ هونەر، بەشداری پیشانگەی بەكۆمەڵی كرد.
ساڵی 1941 حكومەتی مەكسیك داوای لێكرد وێنەی پێنج ئافرەتی ناوداری مەكسیكی بكێشێ، بەڵام بەهۆی مردنی باوكی، نەیتوانی درێژە بەو پرۆژەیە بدات، ئەوە جگە لەگرفتی جەستەیی. هاوكات تابلۆكانی (سەبەتەی گوڵ Flower Basket) و (من و تووتییه‌كانم Me and My Parrots) و كۆمەڵێك پۆرترێتی دیكەی تایبەت بەخۆی كێشا. ساڵی دواتر تابلۆی (لوچا ماریا، كچێك لە تیهواكان Lucha Maria, a Girl from Tehuacan) و پۆرترێتەكانی (ماروشا لاڤین Marucha Lavin) و پۆرترێتی خود لەگەڵ مەیمون و بەبەغای كێشا. ساڵی 1943 بۆ ماوەیەك لەقوتابخانەی لائازمیرالدا لە مەكسیكۆ وانەی وتەوە. هاوكات پۆرترێتی (ناتاشا گیلمان Natasha Gelman) و تابلۆكانی (دیێگۆ لەخەیاڵمە یان بیری دیێگۆ دەكەم Diego in my Thoughts or Thinking of Diedo) و (گوڵی ژیان Flower of Life) و (ژیان چەندە جوانە كاتێك سامانەكانی پێمان دەبەخشێ How Beautiful Life is When It Gives Us Its Riches) و (بووكه‌كه‌ ترساوه‌ لەبینینی ژیانی كراوە The Bride Frightened at Seeing Life Opened) و (بیركردنەوە لەمردن Thinking About Death) و (رەگه‌كان Roots) ی كێشا. لەو بەرهەمەی دواییدا كاهلۆ جەختی لەوە كردووە هەموو بەشەكانی ژیان دەكرێت لەیەك سەرچاوە هەڵقوڵابێ. تێیدا وێنەی خۆی لەسەر زەوی بەڕاكشاوی كێشاوە و لقەكانی درەخت لەجەستەیدا، بەتایبەتیش لەشوێنی دڵی، دەرچوون. وەك ئەوەی بەخوێنی جەستەی پێبگەن. بۆ خۆشی لێرەدا وەها بیردەكاتەوە وەك ئەوەی ببێتە درەختی ژیان. ساڵی دواتر پۆرترێتەكانی (خاتوو رۆزیتا مۆریللۆ Doña Rosita Morillo) و (لوپیتا مۆریللۆ سافا Lupita Morillo Safa) و (ماریانا مۆریللۆ سافا Mariana Morillo Safa) و (ئەلیسیا و ئێدواردۆ سافا Alicia and Eduardo Safa) و (ئەندازیار ئێدواردۆ مۆریللۆ سافاEngineer Eduardo Morillo Safa ) و (مارتی ئار گۆمێز Marte R. Gómez) و تابلۆكانی (دیێگۆ و فریدا Diego and Frida 1929-1944) و (ستوونی شكاو The broken Column) ی كێشا. لەوەی دوایشدا جەستەی خۆی وەها كیشاوە كە بەبزمار سمرابێ و بڕبڕەی پشتیشی بەئاسنێكی شكاو گۆڕیوە كە لەسەر لێواری داڕمانە. بێگومان بۆ ئەو مەبەستەش سینەی خۆی بەڕووتی كێشاوە. لەگەڵ ئەوەی لەچاوەكانیشیدا فرمێشك قەتیسماوە، بەڵام روانینەكانی جۆرێك لەئه‌له‌نگاری و هێزی لەبەرامبەر نەخۆشی لێ دەبینرێ.
ساڵی 1945 تابلۆكانی (ئاگنۆلیا Magnolias) و (موسا Moses) و (ماسك The Mask) و (جوجەڵە The Chick) و كۆمەڵێك پۆرترێتی دیكەی تایبەت بەخۆی كێشا. ئەوسا پزیشك سیستەمێكی ناچاریانەی خۆراكی بۆ دانابوو، ئەویش بۆ تۆمار كردنی ئەو ماوەیە، تابلۆی (بێهیوا Without Hope) ی كێشا كە تێیدا خۆی وەها نیشانداوە لەسەر جێگە كەوتووە و ناچار كراوە خۆراكێكی زۆر بخوات. لەپشتەوەی ئەو بەرهەمەشی نووسیویەتی (هیچ هیوایەكم نەماوە، هەموو شتەكان لەكاتی خۆیان تێدەپەڕن، وەك ئەوەی گەدە لەشتەكان بەتاڵ دەبێتەوە). ساڵی دواتر بەهیوای رزگاربوون لەئازارەكانی پشت، نەشتەرگەرییەكی دیكەی لەشاری نیویۆرك بۆ كرا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. بەو دەرەنجامەش هێندەی دیكە بێهیوابوو. ئەوسا بۆ دەربڕینی ئازارەكانی، وێنەی خۆی لەشێوەی مامزێك كێشا و ناوی نا (ئاسكی زامدار The Wounded Deer). ئەو بەرهەمە بەلایەوە زۆر خۆشەویست بوو. لەناویدا كاهلۆ بۆ گوزارشت كردن لەبێئومێدییەكەی و بێتوانستی لەگۆڕینی چارەنووسە تاڵەكەی، ئاسكێكی كێشاوە كە كۆمەڵێك تیری بەركەوتووە و زامدارە. باكگراوەندی تابلۆكەش دارستانێكە لەدرەختی مردوو و شكاو، بەهەمان ترس و بێئومێدی كاهلۆ دەچێت. ئاسمانیش تەم و مژاوییە و بەو بروسكەیە رۆشنبۆتەوە كە وەك هیوا وایە، بەڵام لەبەر دووری، بەئاسمان نەكەوتووە. هاوكات تابلۆكانی (دیمەنی سرووشتی Landscape) و (درەختی هیوا، بەهێز بمێنه‌وه‌ Tree of Hope, Remain Strong) و ساڵی 1947 تابلۆی (خۆر و ژیان Sun and Life) و پۆرترێتی خود لەگەڵ قژی درێژ و ساڵی 1949 تابلۆكانی (باوه‌شی خۆشەویستی گەردوون، زەوی، مەكسیك، خۆم، دیێگۆ و سێنۆر خۆلۆتل The Love Embrace of the Universe, the Earth (Mexico), Myself, Diego, and Señor Xolotl) و (من و دیێگۆ Diego and I) ی كێشا. لەوەی دواییدا كە وەك نیوە پۆرترێت وایە، جلێكی سپی پۆشیوە و سەرپۆشێكی ئەرخەوانیشی لەسەر كردووە. لەڕووخساریدا گریان بەدیدەكرێت. لەسەر برۆیەكانیشی دییگۆی وەك چاوی سێیەمی خۆی كێشاوە. شایانی باسە ئەو كارەی وەڵامدانەوەی ئەو دەنگۆیانە بوو كە ئەوسا دەكرا، گوایە دییگۆ لەپێناو ژنە ئەكتەرێكی هۆلیۆد، دەستبەرداری كاهلۆ دەبێت.
ساڵی دواتر پۆرترێتی (خێزانی فریدا Frida’s Family) ی كێشا. هاوكات جارێكی دیكە بۆ ماوەی یەك ساڵ كەوتەوە نەخۆشخانە. ساڵی 1951 تابلۆكانی (گوێزی هیندی Coconuts) و (ژیانی كپ تایبەت بەساموێل فاستلیخت Still Life Dedicated to Samuel Fastlicht) و (ژیانی كپ لەگەڵ تووتی و ئاڵا Still Life with Parrot and Flag) و (ژیانی كپ لەگەڵ تووتی و میوە Still Life with Parrot and Fruit) و پۆرترێتی (باوكم My Father) و پۆرترێتی (خود لەگەڵ پۆرترێتی دكتۆر فاریل Self-Portrait with the Portrait of Doctor Farill) و ساڵی دواتر تابلۆكانی (كۆنگره‌ی گەل بۆ ئاشتی Congress of People for Peace) و (سرووشتی زیندوو Living Nature) و (میوه‌ی ژیان Fruit of Life) و (ژیانی كپ لەگەڵ شوتی Still Life with Watermelons) ی كێشا.
ساڵی 1953 لەشاری مەكسیكۆ ستی بۆ یەكەم جار پیشانگەیەكی تایبەت بەكارەكانی بۆ كراوە كە ئەوسا لەبەر ئەوەی نەیتوانی لەسەر قاچەكانی ئامادە بێت، بەئامبۆلانس بەرەو هۆڵی پیشانگەكە بردرا. هاوكات وەك چالاكوانی سیاسی، بەشداری لەو خۆپیشاندانانە كرد كە دژی هەواڵگری ئەمەریكی لەگواتیمالا، ساز كرا. دواتر به‌هۆی ئازاره‌كانی پێشوو، دووچاری نه‌خۆشی گاگرینا- داخورانی ئێسك بوو و بەهۆیەوە قاچی راسته‌یان بڕیه‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ زیاتر بێهیوا بوو. بێگومان بێئومێد بوونیش له‌ (بوون به‌دایك) هێنده‌ی دیكه‌ ژیانی تاڵ كردبوو، بۆیە ئەوسا چەندان جار لەڕێگەی بەكارهێنانی ماددەی ئەفیون هەوڵی خۆكوشتنیدا.
ساڵی دواتر تابلۆكانی (ماركسییەت تەندروستی بەنەخۆشه‌كان دەبەخشێ Marxism Will Give Health to the Sick) و (ژیانی كپ لەگەڵ ئاڵا Still Life with Flag) و (ڤیڤا لا ڤیدا و دكتۆر خوان فاریل Viva la Vida and the Dr. Juan Farill) و (ڤیڤا لا ڤیدا، شوتی Viva la Vida, Watermelons) و پۆرترێتی (خود لەگەڵ پۆرترێتی دیێگۆ لەسەر مەمك و ماریا لەنێوان برۆكان Self-Portrait with a Portrait of Diego on the Breast and Maria Between the Eyebrows) و (پۆرترێتی خود لەگەڵ ستالین Self-Portrait with Stalin) و (پۆرترێتی خود لەدیمەنێكی سرووشتی لەگەڵ ئاوابوونی خۆر Self-Portrait in a Landscape with the Sun Going Down) ی كێشا. بەو جۆرە بەردەوام بووتا لەڕۆژی 13 ی تەمموزی ئەو ساڵە كۆچی دوایی كرد. به‌ر لەمردنیشی داوای له‌ریڤێرا كردبوو (له‌دوای مردنی لاشه‌كه‌ی بسوتێنێ). هەروەها وتبووی : “ئاواتەخوازم دەرچوونم لەدونیا خۆش بێت و جارێكی دیكە ناگەڕێمەوە ناوی”.
جگە لەو بەرهەمانەی ئاماژەمان پێدان، كاهلۆ كۆمەڵێك تابلۆ و پۆرترێتی دیكەی كێشاوە. زۆربەی بەرهەمەكانیشی تایبه‌تن به‌ژیانی خۆی كە له‌ناویاندا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی سه‌خت و ژیانی قورسی پڕ لەناپاكی هاو‌سه‌ره‌كه‌ی، ره‌‌نگیداوەتەوه. هەروەها لەناویاندا بەدوای خود (مێینەی جەستە) ش گەڕاوە. پارێزگاریشی لەفۆلكلۆری نەتەوەكەی كردووە. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسامیشه‌ ئه‌وه‌یه‌ قه‌باره‌ی تابلۆكانی گه‌لێك بچووكن، له‌كاتێكدا به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی ریڤێرا زۆربه‌یان دیواربه‌ندی گه‌وره‌ن.
ساڵی 1958 ئەو خانووەی لەكۆیۆاكان تێیدا هاتە دونیا و پێگەیشت و ساڵانێكیش لەگەڵ ریڤێرا تێیدا ژیا و هەر لەوێشدا مرد كە بەخانووه‌ شینەكە ناسراوە، لەلایەن ریڤێرا كرا بەموزەخانە و لەناویدا بەشێكی زۆری تابلۆ و كەل و پەلە تایبەتییەكانی و خۆڵەمێشەكەی كاهلۆ و خۆڵەمێشی ریڤیرا پارێزراوە. ئەمەو تا ئێستاش چەندان كتێب لەبارەی ژیان و پێگە هونەرییەكەی نووسراوە، لەوانە كتێبی (خۆشەویستی پیرۆز و خۆشەویستی نەگریس لەژیانی فریدا كاهلۆ) لەلایەن كلۆدیا شیفەر و كتێبەكانی (فریدا) و (ژیاننامەی فریدا كاهلۆ) لەلایەن هایدن هیریرا. ژیانە تاڵەكەشی وەك خاوی گرینگ چەندان جار كراوەتە دەقی سینەمایی. لەوانە ساڵی 2002 له‌هۆلیود كرا به‌فیلمی سینه‌مایی بەناونیشانی (فریدا ژیانی كێبڕكێ) كە جۆلی تایمور دەریهێنا و تێیدا سه‌لما حایكی ره‌سه‌ن لوبنانی و نمایشكه‌ری جل و به‌رگی مه‌كسیكی، سه‌ركه‌وتووانه‌ رۆڵی كاهلۆی گێڕاوە. هەروەها ناوبراو لێزانانە هەڵچوونەكانی ناخ و دەروونە تێكشكاوەكەی كاهلۆی دەربڕیوە. فیلمه‌كەش چه‌ندان خه‌ڵاتی پێبه‌خشرا.
ئازارەكانی جەستە و خۆشەویستی و ناپاكی هاوسەرەكەی و شكستهێنانی سیاسی و سۆزداری لەلایەك و پێداگریش لەژیان، وەهایان كردووە كاهلۆ ببێتە ئایكۆنی ئه‌له‌نگاری و رووبەڕووبونەوە. لەبەر ئەو گرنگییەش جگە لەوەی وێنەكەی كەوتە سەر پولی پۆستە، وەك ئایكۆنێكی بازرگانیش بۆ بڕه‌ودانی بەرهەمی كۆمپانیاكان، لەو وێنانەیە كە بۆ كۆمەڵێك بەرهەم بەكارهێنراون. لەوانە كۆمپانیای ماتیلی ئەمەریكی كاتێك زنجیرەیەك بووكەڵه‌ی باربی دەركرد، وێنەی كاهلۆ یەك لەو وێنانە بوو كە بۆ رووخساری بووكەڵه‌كان بەكارهێنا، دوای بڵاوبونەوەی فراوانی ئەو بەرهەمە، كەس و كاری كاهلۆ توڕە بوون. بەتایبەتیش لەبەر ئەوەی كۆمپانیاكە لەو بەرهەمەیدا برۆكانی وەك سرووشتی خۆی دیاری نەكردبوو كە نیشانەیەكی تایبەتی كاهلۆ بوو. ئەوسا وتیان: “فریدا كاهلۆ بەرهەمی ماركەیەكی بازرگانی یاخود بووكەڵه‌ نییە، بەلای ئێمە زۆر گرنگە پارێزگاری لەوێنەكەی خۆی بكەین، وەك ئەو هونەرمەندەی كە لەژیاندا هەبوو”.




کوردایەتی و گازلایتەرەکانی.. مەحموود عەبدوڵڵا

گازلایت ،یان بەکوردی چرای گازی، چەمکێکی دەرونناسییە،لە فیلمی ( gaslight )، وەرگیراوە. بەڵام ئەم چەمکە ئەمڕۆ لە بواری دەرونناسی و شیکاری سیاسی و فەلسەفەدا بەکاردێت.
فیلمەکە باس لە کەسێک دەکات کە، بەکۆمەڵێک تەکنیکی دەرونی، هەوڵدەدات دەستبەسەر ئەقڵی خێزانەکەیدا بگرێت . پیاوەکە ژنەکەی دەگەیەنێتە سنوری شێتی.بۆنمونە بەدزییەوە، چراگازیەکە خەف(کز)دەکات.کاتێک ژنەکە دەڵێت :ژورەکە تاریکە . پیاوەکە دەڵێت:ڕوناکیەکان وەکخۆیانن هیچ تاریک نییە ،و لەخۆتەوە وڕێنەد ەکەیت،ئەوەش وادەکات ژنەکە گومان لە هەستەکانی خۆی بکات،لەگەڵ چەندین تەکنیکی دیکە کە پیاوەکە بەکاری دێنێت.
گاسلایت، بە خراپبەکارهێنانی دەرونی دەوترێت ،کە ڕێکخراوێک، یان کەسێک ،ڕابەری گروپێک، بەرامبەر ئەوانیتر دەیکات. بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتاریان. گازلایتەر گومان دەخاتە سەر تەندروستی دەرونی بەرامبەر؛ بۆدەستگرتن بەسەر ڕەفتاریدا،بەجۆرێک کەسی بەرامبەر گومان لە ڕاستی و دروستی بۆچونەکانی خۆی بکات. یان گومان لەیادەوەری خۆی بکات.بەواتایەکیتر گومان لە توانای خۆی بکات، بۆ دەرککردنی واقیع. وە ڕۆڵی میدیای دەسەڵات، لە شێواندنی واقیع و ساختەکردنی دەچێتە خانەی ئەودیاردەیە.واتا گازلایتینگ.
گاسلایتەرەکان، کەسانێکن ،بەردەوام نکۆڵی لەکارە پیسەکانی خۆیان دەکەن”بەرپرس و ڕاوێژکارو نوسەرە فاسدەکان بێنە بەرچاو سەبارەت بەقەیرانەکان و نکۆڵیکردن لە کەموکوڕییەکان “، بەردەوام نکۆڵی لەقەیران و کێشەی کارەبا، موچە …، بۆنمونە کاتێک خەڵک کێشەی دارایی هەیە، ئەوان دەڵێن خەڵک ئۆتۆمۆبێلی هەیە ،ئەگەر خەڵک کێشەی هەیە ئەی بۆ ملیۆنێک ئۆتۆمبێل هەیە. لێرەدا دەیەوێت پێمان بڵێت:مامۆستایان،ڕۆشنبیران، خەڵک بەگشتی هەڵەن،کێشەکە لە خودی خۆیاندایە،ئەوان نازانن. قەیران چییە. هەبونی ئۆتۆمبێلێک پاساوە بۆ دزینی چوار ئۆتۆمبێلی خەڵک!
ئەو بەناو سەرۆک حکومەتە دەیەوێت خەڵکی ئۆتۆمبێلەکانیش بفرۆشن ئینجا بەگوێدرێژ ئەو شارو ئەم شار بکەین .ئەوسا جەنابیان بڵێت: وەڵا باوکم ڕاستە خۆ قەیرانە. ئاستی ژیان،بەگوێرەی سەردەم دیاری دەکرێت، ئەگەر بتوانین ژیان بگەڕێنینەوە دواوە،خەڵک گوێدرێژی هەبو، یەک ملیۆن گوێدرێژ بەس بو بۆئەوەی سەرۆکی حکومەت بونی گوێدرێژ بکاتە پاساوی نکۆڵیکردنەکانی چەتەییەکانی بنەماڵەکەی.
کێشەیەک نییە،کارەبای بیست و چوار سەعاتی هەیە،یان دەڵێن: خەڵک بەهیچ ڕازیی نییە، زۆرێکیش بڕوادەکەن کە ئەوە خۆیانن خراپ بیردەکەنەوە،ئەگینا واش نییە!ئەمانە قوربانی ئەودیاردەیەن بەناوی گازلایتینگ. هەندێکجار هەوڵدەدەن ئێرە بەراوردبکەن بەهەژارترێن وڵاتی دنیا،ئینجا پێمان بڵێن:سوپاسی خوابکەن، هەموو دەربڕینەکان خۆدزینەوەن لەبەرپرسیاریەتی.وەک ئەوەی ئیشی حکومەتێک ئەوەبێت وڵامی قسەی خەڵک بداتەوە،لەکاتێکدا حکومەت دەبێت وەڵامی داخوازی خەڵک بەکردار بداتەوە. دەی گەمژەترین کەس بکە سەرۆک وەزیران کە هەموو پلانی ئەوەبێت مێشکی بگوشێت تاقسەیەک فڕێبداتە ناو خەڵک ،دەتوانێت تەنانەت گەمژەترین کەس باشتر لێدوان دەدات . وەک دەڵێن کەس دەمی نەبەستراوە. بەڵام وادیاڕە ئەمان بەزنجیری تورکی دەستیان بەستراوە.
گازلایتەر والەکەسێک دەکات کە نەتوانێ خۆی بیرکاتەوەو بۆ بڕیاردان پێویستی بەکەسیتر بێت،لەبواری ژیانی کۆمەڵایەتی،کاتێک کەسێک دەیەوێت دەستبگرێت بەسەر بیروبۆچون و ڕەفتاری کەسێک.زۆرجار لە بواری کار و ژیانی تایبەتیش کەسانێک دەست وەرداندەکەن و بەناوی دڵسۆزی پێش کەسەکە دەکەون،یان کەسەکە بڕیارێک دەدات،گازلایتەر دەڵێت:چۆن وادەکەیت؟چۆن ووابیردەکەیتەوە تۆ دەبێت ئاوابکەیت،ئاوات باشترە؟ بەکورتی قوربانی وای لێدێت گومان لە توانای بڕیاردانی خۆی بکات،وگومان لە بۆچونەکانی خۆی بکات،گەرچی وەک ڕۆژی ڕون شتەکان دیاربن. گازلایتەر ،کە سادیست و نەرجسییە،دەشێ ژن بێت یان پیاو، بەئاشکرا دڕۆدەکات،بەرامبەر کەسی قوربانیو،ڕەفتاری بەوشێوەیە:
یەکەم: تەنگپێهەڵچنینی قوربانیەکە، گاسلایتەر وانیشاندەدات کە بایەخ بەکەسی بەرامبەرنادات و لەمەبەستی تێناگات،دەستەواژەی “دوبارە دەستیپێکردەوە…سەدجار پێم نەوتی کە… لە بواری سیاسیدا گازلایتەر بێ بایەخی خۆی بەم شێوەیە نیشاندەدات، بۆنمونە مسرور دەڵێت:سوپاس!
دووەم:گازلایتەر گومان دەخاتە سەر زاکیرەی قوربانیەکە سەبارەت بەڕابردوو،کاتێک باسی ڕوداوی چەندساڵ پێش دەکرێت دەڵێت:نانا بیرت چۆتەوە، ئای! تۆ کێشەی بیرچونەوەت هەیە ڕوداوەکە ئاوانەبوو، بەو شێوەیەیە من بۆت دەگێڕمەوە.لە بواری سیاسیدا گازلایتەرەکان خیانەت دەکەنە نیشتیمان پەروەری بەنمونە ۳۱ی ئاب. دیارە بەهۆی دەیان کەسی بەکرێگیراو و میدیای زەبەلاح پڕوپاگەندەی لەم شێوەیە دەکەن. بەڵام مرۆڤێک قوربانی گازلایتەر نەبێت،دەزانێک ئەو لەواقیعێکدا دەژی دەرەنجامی ئەم خیانەتەیە…
سێیەم :لادان لەبابەت ،گازلایتەکە بابەت دەگۆڕێت، بۆنمونە دەڵێت :تۆ لەخۆتەوە شت دەڵێیت و شت دەدۆزیتەوە تا دژی من بەکاری بێنیت ،یان لەکەسێکیتر ئەوەت بیستوەو …واتا جەلاد خۆی وەک قوربانی و غەدر لێکراو نیشاندەدات “نمونە لەحیزبەکانیش هەیە کاتێک حیزبێک سەرەڕای ئەوەی بەڕۆژی ڕوناک هەرچی کاری پیسە دەیکات هێشتا دەڵێت:کەسانێک هەن دژی پارتیمانن دڵڕەشن و لەخۆوە ڕقیان لەپارتییە. یاخی بونی مەدەنی وناڕەزایی ناودەنێن ئیرهابی فیکری! لەکاتێکدا ئەوان لەڕێگەی ئیڕهابی فیکری درێژە بەهەبونی خۆیان دەدەن.
چوارەم:گرنگی نەدان بەقوربانیەکە مەسەلەن نیگەرانیەکانی کەسی بەرامبەر بێ بایەخ دەکات و دەڵێت :لەسەر ئەم شتە بێمانایانە لەمن نیگەرانی!لەکاتێکدا بە ئەنقەست کەسەکە نیگەران دەکات!مەسەلەن کاتێک تۆ لەدواکەوتن ی مەوعید یان وڵامنەدانەوەی تەلەفۆن نیگەران دەبیت لەکاتێکدا ئەوبە ئەنقەست وادەکات دەڵێت:ئای ئەمانە کەی مەوزوعن تۆ خۆت وایت ، هەستیاریت،گرنگی بەوشتانە ئەدەیت دەنا من هەر بۆم گرنگ نییە ،تۆ زۆر بێ ئارامیت.کەسی گازلایتەر سادیستە،چێژ لەئازاردانێ دەرونی دبینێت. وانیشاندەدات کە هەستەکانی تۆ خراپن. یان خۆگیلدەکات لە هەندێ بابەتی پەیوەست بەهاوڕێیەتی و پەیوەندی هاوسەری و ….لەبواری سیاسیدا کەس یان حیزب دەڵێت :موچە چییە،توسەری من باسی مەکەن، بابەتەکەتان زۆر گەورەکردوە. یان ئەڵێن موچە هەموشتێک نییە.لەکاتێکدا سەدان هەزاریان بە موچە بێدەنگ کردووە.موچەی بندیواری.
پێنجەم :نکۆڵیکردن لە قەول و قەراری پێشتر، ئەمڕۆ پێم وتبوی کەناتوانم بێم بەدواتدا ،شک و گومان دروستکردن لەیادەوەری.لەکاتێکدا وای نەگوتووە. بۆئەوەی چاوەڕوانی کەسی بەرامبەر بێبایەخ بکات.گازلایتەر نەرجسیە و هەرگیز داوای لێبوردن ناکات.
نیشانەکانی کەسی قوربانی دیاردەی گەس لایتینگ
۱-هەستدەکات لەجاران زیاتر بەگومانە لەخۆی.
٢-هەست بەسەر لێشێواوی دەکات و پێیوایە تەندروستی دەرونی تەواونیە.
-پێیوایە بەردەوام دەبێ داوای لێبوردن بکات لەهاوڕێکەی یان ئەوکەسەی کە هەوڵیداوە کۆنتڕۆڵی بکات٠
-سەرەڕای هۆکاری زۆری خۆشحاڵی،بەڵام هەست بە خۆشحاڵبون ناکات.
-هەستدەکات دەبێ تاکتاکی ڕەفتاری هاوسەر یان هاوڕێکەی بۆ ئەوانیتر ڕونبکاتەوە. لەبواری سیاسی،تاک هەوڵدەدات بۆحکومەت ڕونیبکاتەوە کە ئەوەتا جزدانەکەم ، سوێند دەخوات پارەی پێنییە! بەجۆرێک دەپاڕێتەوە،کە بیسەلمێنێت ئەو وڵاتەکەی خۆشدەوێت،بەڵام زۆری بۆهاتوە. چونکە دەترسێت و گومانی لە هەڵوێستی خۆی هەیە،ئەترسێ گازلایتەرەکان تاوانباری بکەن،بە یاخیبون و شێتی …
-دەزانێت کێشەیەک هەیە،بەڵام بەدیاریکراوی نازانێت کێشەکە چییە.
-بەردەوام هەستدەکات دەبێ ئینسانێکی باشتربێت
-هەستدەکات لیاقەتی هاوڕێ یان هاوسەرەکەی نییە.
تائێرە زیاتر باسێکی گشتییە. بەڵام با لەمەودوا تەنها گازلایتەری سیاسی وەربگرین،کە چۆن هەوڵدەدات ئەقڵی میللەت لاقە بکات. دەسەڵات بەنرخی قوتی خەڵک، خەڵکی بەناو ڕۆشنبیرو ئەکادیمی بەکرێگرتووە،بۆنکۆڵیکردن لەبونی پارەی تەرخانکراو بۆ موچە.تا بێنە سەرشاشەوتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و پاساو بهێننەوەو والەخەڵک بکەن ،گومان لەهەستی خۆیان بکەن سەبارەت بە حکومەت. ڕۆشنبیرێک تا دوێنێ ڕەخنەی دەگرت، لەناکاو دەگەڕێتەوە لای دەسەڵات. لێرە دا ئەوی حوکم دەکات پارەێە نەک لۆجیک.ئەم هاتن و چونی ڕۆشنبیری حیزبی ،وادەکات کەسانێک هەبن،گومان لەهەڵوێستی پێشتری خۆیان بکەن.
کەسی گازلایتەر ،نەرجسییە. ئەو پێی وایە هەڵەکردن واتای ناتەواوییە، بۆیە هەرگیز دانبەهەڵەکانی خۆی دانانێت. بەڵکو لەجیاتی ئەوە، گومان دەخاتە سەر دروستی بیرکردنەوەی بەرامبەرەکان. بەڵام گازلایتەر دوژمنێکی ترسناکە،چونکە ئەو دوژمنایەتی ڕاناگەیەنێت ،بەڵکو بەپێچەوانەوە، لەژێر ناوی خۆشەویستی و دڵسۆزی کارەکانی دەکات.لەگەڵ هەرلێدانێکی سادیستی، نەرجسیانە شدا بۆمبارانی سۆزداری قوربانی،یان قوربانیەکان دەکات.
هەروەک ئەو سیاسیانەی لەژێرناوی خۆشویستنی کوردوکوردستاندا، دەستیان بەسەر چارەنوسی میللەتێک داگرت، لەژێرناوی کوردپەروەری و نیشتیمانپەروەریدا کارەکانیان ئەنجامدەدەن. جاکاتێک گاسلایت ڕێکخراوێک بە ملیاران دۆلار بخاتە خزمەت تەکنیکەکانی کۆنتڕۆڵکردن دەبێ چ ئەنجامێکی هەبێت!
نائومێدی، گومانکردن لەیادەوەری، بڕوابەخۆنەبون و … هتد .
کێشەی موچە: نزیک دەساڵە ،هەرچی قەڵەمفرۆش و زوڕناژەنی کوردایەتییە ،تادەگاتە تیکتۆکچی و کچەمۆدێل ،هێنایانە سەرساشە تا بە خەڵک بڵێن دۆخەکە بەوشێوەیەنییە خەڵک خۆی خەتابارە لەوەی پارەی نییە.بۆنمونە لە قسەکانی ئەو قەڵەمفرۆش و بەکرێگیراوانە :
-خەڵک تەمبەڵە و کارناکات.
-خەڵکی ئێمە دەعوەت زۆرئەکات.
-گەنج کارکردنی پێ عەیبە.
-خەڵک هەرچاوی لە دامەزراندنە.
-سەیرانگاکان جمەیان دێت.
-باحکومەت ئەوەندەی هەیەتی دابەشی بکات. “لێرەدا جەنابی ڕۆشنبیر وادەکات خەڵکێک گومان بکەن لەوەی حکومەت پارەی هەبێت٫ کابرای بەکرێگیراو خۆی دەکاتە دڵسۆزی خەڵک،ئەڵێ هەرچۆنێک بێت نیوموچە دابەشبکەن.ئەم دەیەوێت پێمانبڵێت ڕازیبن بە نیوموچەش،بەڵا م جەنابی لەبەر زۆرخواردن هەناسە بڕکێیەتی، وەک ئەڵێن لەبەر ورگی بەساڵ قاچەکانی خۆی نابێنێت”
-شۆڕشمان بۆ موچە نەکردوە.
-کەڕامەت هەبێت پارە ش دەبێت…ئیتر ئاوا لیستی قسە و دەربڕینەکان درێژ دەبێتەوە،وەک گوێیان…
بەڵام لەهەموویان بێشەرمانەتر ئەوەیە :کە بەناو سەرۆکی حکومەت دەڵێت :سوپاس!وەک ئەوەی لەگوێی گادا نوستبێت و گوێی لەم هەموو سوکایەتیە نەبوبێت کە پێیکرا.نە ئەوسەدان و هەزاران لێدوان و نوسینانە. لەکاتێکدا شەقیان لەمامۆستا هەڵدا،سوکایەتیان بە سەدان کەس کرد، گازی فرمێسک ڕێژیان بەکارهێنا، مانگرتن،بایکۆت،شکایەتکردن لە دادگای فیدڕاڵی و،کۆچی بەلێشاو…. بەڵام ئەو دەڵێت:سوپاسی خۆڕاگری خەڵک دەکەین. گاسلایتەر دێت پێماندەڵێت: من ئاگاداری هیچ شتێک نیم ،ئەوەندەی ئاگادارم خەڵک خۆڕاگربو. خەڵک حکومەتی خۆی خۆشدەوێت.
ئەو چاک دەزانێت کارێگەری وئەوخۆڕاگریە درۆزنانەیە چیبوە،لەسەر کۆمەڵگا. ئەودەزانێت گەنجەکان نیشتیمان بەجێدێڵن بەلێشاو،دەزانێت ڕێژەی جیابونەوە دەهێندە زیادیکردوە، کوشتن و کێشە کۆمەڵایەتیەکان،کێشەدەرونیەکان چەند زیادبوون،چۆن کۆمەڵگە لەداهاتودا کارێگەری پەکخستنی پەروەردەی لێدەردەکەوێت ،نەمانی ئینتیما و… بەڵام هێشتا سوپاسی خەڵک دەکات. ئەڵبەت ئەمە سوپاس نییە جنێوە،ئیهانەیە و بێ شعورییە.بەڵام بێشعوری دەرمانی نییە.

مەحموود عەبدوڵڵا




ناتەبایی و گێژاوی هەڵبژاردنی عێراق.. عوسمانی حاجی مارف

بەدوای شەڕی دوانزە ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران و بە لەبەرچاوگرتنی بارگرژی ناوچەکە و بەردەوامی ململانێکان، ئاڵۆزی پرسە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و شلەژانی دیمەنی سیاسی، گومانی تیا نیە هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق، سەختترین هەڵبژاردن بێت.
لەنێو کەشوهەوای گۆڕەپانی سیاسی ئێستای عێراقدا، شاهیدی هەوڵی چڕوپڕی هێز و لایەنە جۆراوجۆرەکانی شیعە و سونە و کوردەکانین، کە بۆ دووبارە داڕشتنی هاوپەیمانیەتی تازە و هەوڵدان بۆ زاڵبون بەسەر دۆخەکەدان، تا پێش هەڵبژاردن خۆیان جێگیر کەنەوە.
بەڵام ئەم هەڵبژاردنە، لەم هەلومەرجە مەترسیدارە ناوچەیی و ناوخۆییەدا، ناتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاییکەرەوە ببینێت لە ئایندەی پێکهاتنی جێگیربونی دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا، چونکە نەخشەی هاوپەیمانی نوێ و دابەشبونی ناو هێزە سیاسیە جیاوازەکانی عێراق و کوردستان وە گوڕانی هاوسەنگی هێزیان، کاریگەری لەسەر توانای دووبارە داڕشتنەوەی دەسەڵات لە عێراقدا دەبێت.
ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە لە چەند گروپێکی شیعەی هاوپەیمانی ئێران پێکهاتووە، بەدور نازانرێت بەهۆی دۆخی ناجێگیری ئێرانەوە ڕوبەڕوی تەحەددای زیاتر دەبنەوە، کە هەڕەشە لە سەر هاوپەیمانی و یەکگرتوییان دەکات، توانای پاراستنی پێگەی دەسەڵاتیان سەختە، بۆیە پێشبینی دەکرێت کە گۆڕەپانی سیاسی شیعە، بەتایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی لەهەوڵیاندا بۆ باڵادەستیان بەسەر تەواوی عێراقدا سەرکەوتونابن.
لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و باشوری لوبنان و کوشتنی سەرکردەکانی حەماس و حزبولڵای لوبنان، هێزە شیعەکانی عێراق درکیان کرد کە بەرەوڕوی تەحەددای جدی و سەرسورهێنەر دەبنەوە، ئەم تەحەددایانە لە ململانێی ناوخۆییدا ناوەستن و قووڵتر دەبنەوە، بەهۆی گۆڕانکاریە ناوچەیە گەورەکان کە وایکردووە سەرکردە شیعەکان لە عێراقدا بە حیساباتی ستراتیژیاندا بچنەوە.
ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و کوشتنی زانا و سەرکردەی سەربازی ئێران، پێکهاتەی هێزە شیعەکانی عێراقیشی لەرزان، ئەمەش بەڕونی کاریگەری لەسەر دۆخی دەرونی و سیاسی هاوپەیمانانی تاران لە بەغدا دانا، کە ئێستا ترسیان لە لەدەستدانی ئەو پێگەو قازانجە سیاسیانەیان هەیە کە لەدوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەدەستیان هێناوە.
دابەشبون لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا گەیشتووەتە قۆناغێک، زۆربەی لایەنەکان بڕیاریان داوە لیستی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بەڕێوەببەن، لە ترسی زیانێکی چاوەڕوان نەکراو. یەکێک لە تایبەتمەندیە دیارەکانی ئەم دابەشبونە، پەرەسەندنی ململانێی نێوان نوری مالیکی و سودانیە، کە سەردەمانێک سودانی پاشکۆی سیاسەتەکانی مالکی بوو، ئێستا خۆی لێ جیا دەکاتەوە و سیاسەتێکی سەربەخۆ دەگرێتەبەر، ئەمەش بۆ مالکی ترسی دابەزینی پێگە و نفوزیەتی.
لە هەوڵێکدا بۆ سنوردارکردنی تەماحەکانی سودانی، مالیکی دەستیکرد بە فراوانکردنی چالاکی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی کە زۆرینەی سونەن لە ڕێگەی لیست و حزبی نوێوە. مالیکی درک بەوە دەکات کە هاوپەیمانی لەگەڵ هاوکارەکانی لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا ئیتر گەرەنتی نیە، بۆیە هەنگاو دەنێت بۆ بەهێزکردنی چانسەکانی لە دەرەوەی بازنەی شیعە، هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئامرازە یاساییەکانەوە نفوزی سودانی تێکبدات، ئەمەش مانای ئەوەیە کە درزێکی گەورە لە نێوان ڕیزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەبینرێت. هەروەها مالیکی هەوڵیدا یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکاتەوە بۆئەوەی بەرپرسانی جێبەجێکار ناچاربکات پێنج مانگ پێش خۆکاندیدکردن دەست لەکاربکێشنەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دورخستنەوەی سودانی. هەروەها پشتگیری لە پڕۆژە یاسایەک کرد کە داوا دەکات سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا خانەنشین بکرێن، کە ئەگەری هەیە فالح ئەلفەیاد، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە و هاوکارێکی نزیک لە سودانی دوربخرێتەوە.
بەڵام ئەم هەوڵانە سەرکەوتو نەبون، مالیکی ناچار بوو بەدوای هاوپەیمانی بەدیلدا بگەڕێت، دیارترینیان لەگەڵ قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەق و بلۆکی صادیقون لەپەرلەمان، ئەوەی شایانی باسە خەزعەلی بۆ خولی دووەم بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی سودانی، ئەمەش پەیوەندیەکەی لەگەڵ مالیکی ئاڵۆزتر کردووە، لەهەمانکاتدا مالیکی هەوڵئەدات لەنێو بازنەی شیعەکانی تردا نفوزی خۆی بپارێزێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر نەیارەکانی لەناو دەوڵەتدا داناوە.
لەم دواییانەدا گۆڕانکاریەکی بەرچاو لە ئاراستەکانی قەیس خەزعەلی، سەریهەڵداوە، لە سەرۆکی فراکسیۆنێکی چەکدارەوە بۆ سیاسەتمەدارێک کە ئاواتەخوازە ڕۆڵێکی ناوەندی لە ئیدارەی دەوڵەتدا بگێڕێت، ئەم لێکنزیکبونەوەیەی نێوان سودانی و خەزعەلی بەبێ پێکدادانی ناوخۆیی تێنەپەڕی، ئەم هاوپەیمانیە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و مالکی تووڕە کرد، کە بە جیابوونەوە لە ئۆردوگای یەکگرتوی هێزە شیعەکانیان زانیوە.
لەهەمانکاتدا خەزعەلی بەکراوەیی ماوەتەوە بەڕووی ئەگەری دووبارە یەکگرتنەوە لەگەڵ سودانیدا، پێیوایە هێشتا هاوپەیمانی لەگەڵ سودانی باشترە لە هاوپەیمانی لەگەڵ مالیکی، چونکە چانسی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی لەناو حکومەتدا زیاتر دەبێت.
هاوکات خەزعەلی کار بۆ چەسپاندنی نفوزی خۆی لەدەرەوەی چوارچێوەی شیعە دەکات بە پتەوکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پەرەسەندنی پەیوەندی خەزعەلی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، بە ڕوونی لە کاتی هاوکاریکردنیان لە هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوکدا دەرکەوت، کە دەکرێت گەرەنتی پشتیوانی دەنگی کوردەکانی بۆ بکات لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتودا.
بەم شێوەیە وا دیارە مالیکی، خەزعەلی، سودانی… بەرەو ڕوبەڕوبونەوەی ئاشکرای هەڵبژاردن دەڕۆن، کە لە نێوان حیساباتی ئاڵۆز و گۆڕانی هاوپەیمانیەکان و هاوسەنگی هێز لەناو ئۆردوگای شیعەدا لەبری هاوپەیمانی بەرەو روی یەکتر دەبنەوە.
سودانی تاڕادەیەک ڕێبازی سیاسی جەماوەری بەدەستهێناوە، هەرچەندە بەربڵاو نەبووە، بەڵام بە وێنەی دەوڵەتدارێک ڕۆڵێکی هاوسەنگی و سەقامگیری نیشانداوە تا ئەو ئاستەی توانیویەتی هاوسەنگیەک لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا ڕاگرێت، سودانی هەوڵدەدات ڕێگەیەکی سیاسی نوێ دوور لە هێزە شیعەکانی تر نیشان بدات کە متمانەی ڕای گشتی عێراقیان لەدەستداوە. هەر لەم چوارچێوەیەدا، سودانی هاوپەیمانیەکی ستراتیژی لەگەڵ فالح ئەلفەیاد، سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی دروستکردووە، کە پەیوەندیەکی کاریگەری لەگەڵ هۆزەکانی پارێزگا سوننەکاندا هەیە، بەتایبەتی لە ئەنبار و سەڵاحەدین.
ئەگەر سودانی سەرکەوتو بێت له پێکهێنانی هاوپەیمانیەکی سەربەخۆی هەڵبژاردن و کێشەکانی لەگەڵ هەولێر بە ئەنجامێکی ئەرێنی بگەیەنێت، دەبێتە دەستکەوێک بۆی لەسەر سندوقی دەنگدان، بەڵام ئەوەی پێش ئەم هەڵبژاردنە جێگای سەرنجە تائێستا کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە ئاڵۆزی و ناجێگری و ناڕۆشنی ماوەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی موقتەدا سەدر پێشتر، بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ڕاگەیاند بە ناوی ئەوەی گەندەڵی بەربڵاو لە ژیانی سیاسی عێراقدا زاڵە، ئەگەری ئەوە هەیە کە سەدر پشتیوانی لە بزووتنەوەیەکی سەربەخۆی شیعە بکات کە پەیوەندی بە چوارچێوەی حوکمڕانی ئێستاوە نیە، ڕاستە پێشتر بایکۆتیان کردووە، بەڵام ئێستا بۆ خۆیان دەڵێن دۆخەکە لە گۆڕاندایە.
ئەگەر سەدر لە ڕێگەی پشتیوانی ناڕاستەوخۆوە بچێتە ناوەوە، ئەوە هاوسەنگی هێز تێکدەدات و تەنانەت نەیارەکانی وەک مالیکی و سودانیش ڕەنگە ناچاربن هاوپەیمانیەک پێکبهێنن بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەریە ئەگەریەکانی سەدر لەسەر هەڵبژاردن.
لە لایەکی دیکەوە، کوتلە میلیشیا شیعەکانی سەربەئێران، لە ساڵی ٢٠٠٣وە عێراقیان داگیرکرد، دواتر لە تشرینی ٢٠١٩ ڕوبەڕوی سەختترین تەحەدای هەڵبژاردنی خۆیان بوونەوە، جەماوەر لەبەرامبەریاندا هاتنە سەر شەقام، لەهەمانکاتدا زیادبونی فشارەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەکدارەکانیان، هاوسەنگیان لەدەستداوە. ئەتوانین بڵێین ئەم کوتلانە لە دوای شەڕی ئیسرائیل و ئێران زیاتر بەدەست پارچەپارچەبونی ناوخۆییەوە دەناڵێنن و فرسەتی سەرکەوتنی سەربەخۆییان نابێت بۆ بەشداری لە هەڵبژاردندا.
بەم شێوەیە هێزە سیاسیە شیعەکان بەگشتی و چوارچێوەی هەماهەنگی بەتایبەتی، لەگەڵ ڕەوتی سەدری و کوتلە میلیشیاکان لە نێو دیمەنێکی زۆر ئاڵۆزدا دەچنە ناو هەڵبژاردنەکانی داهاتووەوە، کە بە حیساباتێکی ناوخۆیی و بە تێکەڵاویەکی نەگونجاوی لاواز دەکەونە بەر ڕکابەری لایەنەکانی تر لە بەرامبەر سونەکان و کوردەکاندا، بەو مانایەی هیچ گەرەنتیەک لە چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دابین نابێت. پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو پەیوەستە بە توانای ئەو لایەنانەی بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هاوپەیمانیەکانیان لە ژێر ڕۆشنایی ئاستەنگە نوێیەکاندا، گەر بتوانن هاوپەیمانی و ئاسۆیەک لە پێکهینانی حکومەت نیشان بدەن.!
بەپێچەوانەی هێزە شیعەکان کە هەوڵی دووبارە جێگیرکردنەوەی خۆیان دەدەن، پێناچێت گۆڕەپانی سونەی عێراق ئامادەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو دابەشبونانەی کە ساڵانێکە دەرگیری بون، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لایەنە سونەکان بە هەمان دابەشبوونە کۆنەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ڕکابەری دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی جددی بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو هەبێت.
چاوەڕوانی هیچ نیشانەیەکی هاوپەیمانی و یەکگرتویی نێوان لایەنە سونەکان ناکرێت، هەرچەندە پرسیارەکە ئێستا لە سەر سونەکان پەیوەندی بە هاوپەیمانیەوە نیە، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کێیە کە دەتوانێ دەنگ بۆ سونەکان بەدەست بهێنێت، ئایا محەمەد حەلبوسی دەتوانێ خاوەن نفوزێکی بەتوانا بێت بۆ بەدەستهێنانی دەنگی پێویست، یان لایەنە بچوکەکانیش دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر ڕکابەری لەگەڵدا بکەن!؟
حەلبوسی لە چەند ساڵی ڕابردوودا توانی هەژمونی خۆی بەسەر گۆڕەپانی سیاسی سوننەدا بچەسپێنێت، پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا ٣٧ کورسی بەدەستهێناوە، هەروەها سەرۆکی پەرلەمانیش بوو تا ئەوکاتەی لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بە بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، سەرەڕای ئەم لێدانەش، چاوەڕوانیەکان ماونەتەوە کە حەلبوسی وەک کاریگەرترین هێزی سوننە بمێنێتەوە.
لەکاتێکدا کە هێزە سیاسیەکانی شیعە و سوننە بەرەو هاوپەیمانی و بلۆکی ناتەقلیدی هەنگاو دەنێین، هەوڵێکی بێ سەمەرو ناتەبا لەناو هەرێمی کوردستان بۆ یەکخستنی ڕیزەکانی کورد لەپێش هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت، کە بافڵ تاڵەبانی بە ناچاری باس لە هاوپەیمانیەک بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی دەکات، تا کاریگەرترین لایەنی هەرێم دروست بکەن.!
بەڵام سەرەڕای گرنگی ستراتیژی ئەم هەنگاوە بۆ خودی پێگەی بارزانی و تاڵەبانی لەم دۆخەدا، ئاشکرایە کە بەهۆی مێژوی دور و درێژی ناکۆکی نێوان هەردوولا، وەک دوو هێزی میلیشا و خاوەن بەرژەوەندی بنەماڵەیی و پێگەی تایبەت لە دوو زۆندا، چانسی گەیشتن بەو هەنگاوە بەڵگە نەویستە کە سنووردار دەمێنێتەوەو جێبەجێ ناکرێت. بارزانی بە دیفاکتۆ کۆنترۆڵی خۆی بەدەستەوەیە و ئاستەنگی بۆ هەر هاوپەیمانیەکی هاوسەنگ دروست دەکات، فشار دەبێت لەسەر تاڵەبانی، کە ناچار دەبێت ملکەچی بارزانی بێت.! به دەستهێنانی یه کگرتویی بارزانی و تاڵەبانی به دڵنیایەوه ئەستەمە، به تایبەت له ژێر ڕۆشنایی دووبەرەکی قوڵ و ناکۆکیه دێرینەکانیانن، هەروەها دوو هێزی ناسیۆنالستی کۆنەپەرست و نائیسانی و جەردە و گەندەڵ لەسەر حسابی کێشەی کورد مامەڵە و بازرگانی و قاچاخچێتی دەکەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخی هەڵبژاردنەکە دەبێت. بەمجۆرە یەکڕیزی کورد بە ملکەچی دانوستانی نێوخۆیی دەمێنێتەوە، لەنێو ئاڵۆزیە سیاسی و ئابوریەکانی بەردەم هەولێر و گرژی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بەغدا.
لەکۆتایدا تائێستا ئامادەکاریەکی داڕێژراو و گونجاو بەرەیەکی یەکگرتو لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمساڵی عێراقدا بەدی ناکرێت، لە کاتێکدا دۆخی ناوچەکە لە لوتکەی قەیران و گێژاوی سیاسیدایە، ئاراستەکەی نەک هیچ ئاسۆیەکی گەش لە ئارامی ناخاتە پێش چاو، بەڵکو چاوەڕوانی ناجێگیری و کارەساتی زیاتر دەکرێت.!




گـرنگـییەکانی مـۆسیقا بـۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

مۆسیقا، میوزیک یان موزیک، بریتییە لە جۆرێک لە جۆرەکانی هـونەر. بەوە پێناسە کراوە، کە هـونـەرێـکە گـرنـگی بە دانـان و بە دابـەشکـردنی ئـاوازەکـان و بە شـێـوازی دروسـتی وتـنی گـۆرانیـیەکـان و بـە تـرپـەی هـەڵـپەڕکـێکـان دەدات. مـوزیـک زمـانـێکی فـروانی گـشـتگـیریی جـیهـانی جـیاوازە. مـوزیک زمـانی رۆحـە. زمـانـێکـە لەنێـوان مـێـشک و دڵەکـان دایـە. زمـان و خـۆراکی خۆشەویستـیـیە. زمانـێکە کە جوانـتریـن و ناسکـترین واتای لەخۆگرتـووە و هەمووان لـێی تێدەگەن. موزیک بەهـێزتریـن جۆری ئەفـسوونە. گـوێگـرتن لە مـوزیک و لە فـێربـوونی مـوزیک تەنها بۆ خـۆشی نیـیە. بەڵکو گەلـێک ئامـانجی کەسایـەتی و کـۆمەڵایـەتی و سـوودی جەسـتەی و دەروونی دەهـێـنـێـتە دی.

(ئەفـلاتـون) دەڵێـت:”مـوزیک رۆح بە گـەردوون و بـاڵ بە ئەقـڵ و گوزەر بە خەیـاڵ و ژیـانـیش بە هـەمـوو شـتـێک دەبـەخـشـێـت”.
(کونجریـف) دەڵـێت:”مـوزیک دەتوانێت دڕنـدەکان رابهـێنـێـت و بەردیـش نەرم بکات”.
(لانـسی) دەڵـێـت:”خـەڵکی فـێری ئـەوە بکەن، کە گـوێ لـە مـوزیک بگـرن، ئەو کـات پێـویـستـیمان بە زینـدانی نـابـێـت”.
(کـارۆلـیـنا پـرۆتـیـسکـۆ) دەڵـێـت:”منـداڵـەکـانتـان فـێری مـوزیـک بـکەن، ئـەوەی کەمانچـەیەک هـەڵـبگـرێـت، ناتـوانـێـت چـەکـێک هـەڵـبگـرێـت”.
(نـیـشـته‌) دەڵـێـت:”ئـەگـه‌ر ویـستـت بـڕیـار له‌سـه‌ر ئـاستی گـه‌لـێک بـدەیـت. گـوێ له‌ مـوزیکـیان بگـرە”.
(کـۆنـفـۆشـیۆس) یـش دەڵـێـت:”مـوزیـک ئـاوێـنه‌ی شارسـتانی گـه‌لانـه‌”.
مـوزیک زمـانێکه‌، له‌ زمـانه‌کـانی جـوانی. له‌گـه‌ڵ زمـانه‌ جـوانـه‌کـانی کـه‌دا، پـێکه‌وە جـیهـانی منـداڵان پێکـدەهـێنن. زمانێکه‌ له‌ خـزمه‌تی منداڵان دایه‌، هه‌مـوو لایه‌نه‌کانی گه‌شـه‌کـردنی منـداڵان لەخـۆدەگـرێـت: کـۆمـه‌ڵایـه‌تی، سـۆزداری، هـزری، داهـێـنان، زمانەوانی، که‌سایه‌تی، جـووڵـه‌یی دەگرێته‌وە. له‌ هه‌مان کاتیشدا، چـێژ و شارەزایی و کارامـەیی پێـویـست و هـێمـنی و ئاسـوودەیی و خـۆشی بە منـداڵان دەبەخـشـێـت.

موزیک زمانی هـۆنراوە و گۆرانییه‌. موزیک هـۆنراوەیەکی دەنگـدارە، رۆح و گیانێکی نه‌مـری به‌ بـه‌ر هـۆنـراوەدا دەکات و تـێکەڵی یه‌کـتری بـوونـه‌. هـۆنـراوە و مـوزیـک و گـۆرانی گیانێکـن له‌ سێ جه‌سـته‌دان، سیانه‌یه‌کـن ئاوێـته‌ی یه‌کتری بوونه‌ و له‌ یه‌کـتری دانابـڕێـن. هـه‌ریه‌که‌یـان به‌ ئه‌وەی تـرەوە به‌نـدە. هـه‌ماهـه‌نگی له‌ بنیاتنانی که‌سایه‌تیـدا دەکـه‌ن. پـێکه‌وە به‌شـداری له‌ بنیاتـنانی رۆشـنبـیـری و شارستانێتـیـدا دەکه‌ن. مـوزیک بووە به‌ پێویستیـیه‌کی گرنگـمان. کاریگه‌ریی له‌سـەر رۆشـنبـیریمان هـه‌یه‌‌. تا رادەیه‌کی زۆر تێـکه‌ڵ به‌ لایـه‌‌نـه‌کـانی ژیـانی رۆژانـه‌مـان بـووە.

موزیک رۆڵێکی گه‌ورە و کاریگه‌ری له‌ په‌روەردەکردن و له‌ رۆشنبیریکردنی منـداڵانـدا هه‌یه‌. له‌ زۆر شوێنی جیهانـدا، زۆر دامه‌زراوەی کۆمه‌ڵایه‌تی هـه‌یه‌، له‌ په‌روەردەکردنی کـۆرپه‌له‌ی نـاو سکی دایکانـدا، پـشت به‌ به‌کـارهـێنانی مـوزیک دەبه‌سـتن. بـۆ نمـوونه‌: شارەوانی رۆمـا له‌ ئیتاڵـیا، ساڵانه‌ چه‌نـد جارێک له‌ سه‌نتـه‌ری شاری رۆما و له‌ باخـچه‌ گـشتییه‌کانیدا، ئاهـه‌نگی مـوزیک و گـۆرانی و سەمـا بۆ ژنـانی دووگیـان سـازدەکه‌ن. به‌ ئامانجی باشبوون و ئاسایی بـوونی مـیزاج و خۆشی و شادی به‌خـشـین به‌ کۆرپه‌له‌کانی نـاو سکی ئـه‌و ژنـه‌ دووگـیانـانه‌.
مـوزیک به‌ شێوەیه‌ی گـشتی و تێکـڕا، له‌ منـداڵییه‌وە له‌ زۆر له‌ بـوارەکاندا کاریگه‌ریی له‌سـه‌ر گه‌شه‌کـردنی منـداڵان هـه‌یه‌. هـۆگـربـوون بـه‌ مـوزیـک له‌ ته‌مه‌نـێکی بچـووکی منـداڵیـدا، کارتێکـردنی له‌ هـێنانەدی ژیـانێکی باشـدا هـه‌یه‌. رێـژەی ئه‌م کارتێکـردنه‌ش له‌ هه‌مـوو منـداڵانـدا وەک یه‌ک نییه‌، له‌ منـداڵـێکه‌وە بۆ منـداڵـێکی تر جیاوازیی هـه‌یه‌.
گوێگـرتنی منـداڵان لە موزیک زۆر پێویستە، بەڵام گـرنگـتر و بەهـێزتـر لە فـێربـوونی ژەنـینی ئامـێرە مـوزیکـییەکـان و بەشـداریکـردنیـانە، لە چـالاکـییە مـوزیکـییەکان و لە دەرخـستـنی توانـا و بەهـرە هـونەرییەکـانیان.

بە کورتی گرنگی و سوودەکان موزیک بۆ منداڵان، لەم خاڵانەدا چـڕمان کردوونەتەوە:
١ـ مـوزیـک گەشـەی مـێـشکی منـداڵان باشـتر دەکـات: لە سێ سـاڵی یەکـەمی ژیـانـدا، پەیوەندییەکانی مێشک دروست دەبن. کە بناغەی ئەو کارامەییانەی قسەکردن ” زمان”، جـووڵە و زانستی پێکـدەهـێـنن. سەرنجی ئەوەتـان داوە، کە منـداڵان گوێیان لە ئـاوازە دڵخـوازەکانیان دەبێـت، چاوەکانیان روونـاک و گـەش دەبنـەوە. ئەمـەش تەنهـا خۆشی نیـیە؛ گەشەکـردنی راستەوخـۆی مێـشکە. مـوزیک سەرسـوڕهـێـنەرە بۆ گەشەکردنی زانستی منـداڵان. خـۆراک بەو ناوچانەی مێشک دەدات، کە پەیوەنـدییان بە یـادەوەری و هـەست و تەنـانەت بـە هـەنـگـاوە بچـووکەکانی هـەڵـپەڕینـشەوە و هـەیە. چەنـدین توێـژینەوە و لـێکـۆڵـینەوە زانستی، لەسـەر کاریگەرییەکانی موزیک لەسەر مێـشکی منداڵان کراون. دەرکەوتـووە گوێگرتن لە موزیک، گەشەی مێشکی منداڵان باشـتر و خێراتر دەکات. توانا جووڵـییه‌کانی منداڵان چالاکـتر دەدات. لە بیـرکاریـدا باشتر دەبـن.
٢ـ موزیک هـۆکارێکی گرنگه‌ بۆ به‌ کۆمه‌ڵایه‌تی بـوونی منـداڵان: کار بۆ ئه‌وە دەکات، که‌ په‌یـوەنـدییـه‌کی به‌هـێزی هـاوڕێـتی بخـاته‌ نێـوان منـداڵانی هـاوحه‌زی مـوزیـکه‌وە.
به‌ تایبه‌تیش ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ پێکه‌وە له‌ کۆرسێکی موزیکیدان، یا له‌ تیپێکی موزیک و گۆرانی دان. پێویستیان به‌ هـاوڕێتی و هـاوکاری و یارمه‌تی و هه‌ماهـه‌نگی یه‌کتری هـه‌یه‌. چـونـکه‌ کـارێکی تـیـمی بە کـۆمـه‌ڵ ئه‌نجـام دەدەن. به‌بێ هـاوکاری نایه‌تـه‌دی.
مـوزیک پـه‌رە بە رێـز و بە خۆشـەویـستیی نێـوان منـداڵان دەدات. لەسەر ئاخاوتنی سـفـت و بێ گـرێ و سـادە و زمـانی گـوڵ و دوورکـه‌وتـنـه‌وە لـه‌ زمـانی زبـر و لـە به‌کـارهـێنانی شـێوازی رەقی رووشـکـێـن، منـداڵان رادەهـێـنـێـت.
٣ـ موزیک بەشدارە لە بیرکـردنەوەی داهـێنەرانەدا: مـوزیک خەیاڵ فـراوانتر دەکات و ئاستی زیـرەکی بەرزتر دەکاتەوە. هـانـدەرێکی بەهـێزی مـێشکە. توانای بیرکردنەوە و چارەسـەرکردنی کـێـشەکان بەرزدەکاتەوە. پەیوەندییەکی روون لەنێوان سەرقاڵـبوونی منـداڵان لەگەڵ مـوزیک و تـوانای داهـێـنان هـەیە. تـوێـژینـەوەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە ئـەو منـداڵانـەی کە پـێـشیـنەیەکی مـوزیـکـیـیان هـەیە، زۆر جـار لە داهـێـنان و لە چـارەسەرکـردنی گـرفـت و کـێـشەکـانـیانـدا سەرکـەوتـوون.
٤ـ مـوزیـک گەشـه‌ به‌ هه‌سـت و نه‌سـتی منـداڵان دەکـات: تـوانـای تـێـبینی و سه‌رنـج وردییان و رێکخستنی سۆزداریی لۆژیکییان زیـاتر دەکات. هه‌ر له‌ میانه‌ی مـوزیکه‌وە، توانایه‌کی زیـاتری گوێگـرتن و فـێربـوون و وەرگـرتنیان دەبێـت. هـه‌میـشه‌ش مـوزیک به‌ به‌شی ته‌وەری کرداری فـێربوونی منـداڵان دادەنرێت. کرداری فـێربوونی بابه‌ته‌کانی زانیاری و خـوێنـدنی قـوتابخـانه‌ش ئاسانـتر دەکات.

٥ـ مـوزیک گه‌شه‌ به‌ به‌هـرەکانی منـداڵان دەکات: زاخـاوی هـۆش و هـه‌ستیان دەدات و تـوانـای داهـێنان و ئافـرانـدنیـان زیـاتـر دەبـێـت.

٦ـ مـوزیک هـێمنی و ئـارامی و ئاسوودەییـه‌کی زۆر دەخـاته‌ دڵی منـداڵان: هـه‌سـت و چـێژی خـۆشی و کامـه‌رانی و به‌خـته‌وەری به‌ دەروونـییـان دەبه‌خـشـێـت و ژیانیـان لا شـیرینـتر و گـوشادتـر دەکات. ئارەزووی گـوێگـرتـن و وتـنی گـۆرانی له‌ دەروونیانـدا دەڕوێـنێـت. له‌ سروشتی گـشتـیدا هه‌میشه‌ له‌ دۆخـێکی گونجـاو و هـاوسه‌نگـیدا دەبن.
ئەرێـنی و گەشبینی و هـیواداری و مـتمانە بەخۆبوونێکی زیاتـریشیان پێـدەبەخـشـێت.

٧ـ مـوزیک رۆڵـێکی گـرنگ و کاریـگه‌ری له‌ په‌روەردەکـردنی دروسـت و له‌ بنیاتنانی که‌سایه‌تی هـاوسه‌نگی منـداڵانـدا هـه‌یه‌: مـوزیک هه‌میشه‌ش هـیوا و گه‌شبینی دەخاته‌ دەروونی منـداڵانه‌وە. یارمـه‌تییان دەدات بـۆ خـۆ ئامادەکـردن بـۆ ژیـانـێکی خـۆشـتر و بۆ داهـاتـوویه‌کی له‌بارتـر و گه‌شـتـر. بۆ دەربـردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی داهـاتوودا.

٨ـ به‌ هـۆێ گـۆرانی و میلـۆدی و مـوزیکه‌وە، دەتوانین گوزارشت و دربـڕینی ئه‌دەبی، له‌ منـداڵاندا کاراتر و به‌هـێزتـر بکەیـن: هانیان بدەیـن به‌بێ تـرس و شه‌رم، گوزارشت له‌ هه‌ست و نه‌ست و سۆزدارییان بکه‌ن و تواناکانی خۆیـان دەربخـه‌ن، چـییان له‌ نـاخ و باریان دایـه‌، هـه‌ڵیـان بـڕێـژن. مـوزیـک بـژەنـن و گـۆرانی بـڵـێـن و هـه‌ڵـپـه‌ڕن.

٩ـ مـوزیـک ئاسـتی ئـاکـادیـمی منـداڵان بـەرزتـر دەکـاتەوە: تا ئـێـستا تـوێـژیـنه‌وە و لێکـۆڵـینه‌وەیه‌کی زۆر دەربارەی کاریگه‌ری مـوزیک له‌سه‌ر مێشکی مـرۆڤ به‌ گـشتی و مێشکی منـداڵان به‌ تایبه‌تی کراوە. زانـاکان گه‌یشتـنه‌ ئه‌و ئه‌نجـامه‌ی، ئه‌و منـداڵانه‌ی که‌ هـۆگـری ژەنـیـنی ئامـێرێـکی مـوزیکـن یان گـوێگـرێـکی باشی مـوزیکـن، له‌ رووی ئاکـادیـمی و خوێـنـدنه‌وە، نمـرەکانیـان له‌ وانه‌کـانی خوێنـدنـدا، به‌رزتـرن له‌ نمـرەکـانی ئه‌و قـوتابییانه‌‌ی هـۆگـری مـوزیـک نـین و گـوێ لە مـوزیـک ناگـرن.
لێکۆڵینه‌وە تازەکانیش، ئاماژە به‌وە دەکه‌ن، ‌کە موزیک تێکڕای زیرەکی منداڵان به‌رزتر دەکاته‌وە. مـوزیک دەلاقـه‌یه‌کـیش بۆ خەیـاڵ فـراوانی و داهـێنان و ئافـرانـدن دەکاته‌وە.

١٠ـ مـوزیک یارمه‌تی گه‌شه‌کـردن و دەوڵه‌مه‌نـدکردنی زمـانی منـداڵان دەدات: منـداڵان له‌ رێی موزیکه‌وە، بـڕێکی زیاتری وشه‌ و زاراوە و رسته‌ و هـێـما فـێردەبـن. ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵێک وشه‌ و رسته‌ و نـاوی ئامـێرە موزیکـییه‌کان، به‌ زمانی ئـینگـلـیزی فـێردەبن.

١١ـ مـوزیک گوێیـه‌کانی منـداڵان له‌سـه‌ر گـوێگـرتـنی باشـتر رادەهـێـنـت: تا شـارەزای هه‌موو دەنـگه‌ جیـاوازەکـان بـبن. ئه‌و که‌سانه‌ی گـوێـقـوڵـغـان و گـوێیه‌کی مـوزیکـییان هـه‌یه‌، زووتر و زۆتـر وشـه‌ و رســته‌کـانی زمـان وەردەگـرن.
هـونه‌رمه‌نـدی گۆرانیـبێژی مه‌زنی کوردمان (هـۆمه‌ر دزەیی) جارێکیان له‌ دیمانه‌یه‌کی ته‌له‌فـزیـۆنیـدا وتی: له‌ فـه‌رەنسا به‌شـداریـم له‌ کۆرسێکی زمانـدا کرد، هـه‌ر له‌ یه‌کـه‌م رۆژدا، مامۆستاکه‌ چـیی بـوتـایه‌ یه‌کـسه‌ر وەرمـدەگرت. بۆیـه‌ مامۆستاکه‌ سه‌رسام بوو و لـێمی پرسی: تۆ هـونه‌رمه‌نـدێکی گورانیبـێژی؟ وتـم: به‌ڵێ. به‌ چـییا دەزانیت که‌ من گـۆرانیبـێـژم؟ وتی: تـۆ گـوێیـه‌کی مـوزیکـت هـه‌یه‌، یه‌کـسه‌ر قـسه‌کـانـم وەردەگـریـت.

١٢ـ مـوزیک و میلـۆدی و گـۆرانی و هـه‌ڵـپه‌ڕکێ، شـه‌رم و تـرسی منـداڵان ناهـێـڵـن: مـوزیـک ئـازایـه‌تی ئـه‌دەبـی و مـتـمانه‌ و بـاوەڕ به‌ خـۆبـوونـێکی زیـاتـر بـە منـداڵان دەبه‌خـشـێـت. تا بـه‌ راشـکاوی گـۆزارشـت لـه‌ هـه‌سـت و لـه‌ خـۆشــه‌ویـسـتی و له‌ سـۆزدارییان بـکه‌ن.

١٣ـ مـوزیـک چـارەسـەری هـەنـدێـک لە کـێـشە دەروونـیـیەکـانی منـداڵان دەکـات: به‌شـێکی زۆری پزیـشکان و دەروونناسانی منداڵان، بۆ هـه‌ندێ گرفـت و نه‌خـۆشی سایـکـۆلـۆژیـی منـداڵان، بـۆ چـارەسـه‌رکـردنیـان، په‌نـا بـۆ مـوزیـک دەبـه‌ن. وەکـو: دڵـتـه‌نـگی، خـه‌مـۆکی، دڵـەڕاوکێ، بـێـزاری، تـرس، نـێـرگـزی، شـه‌رم،… هـتـد.

١٤ـ مـوزیک هـەسـت و چـێژی جـوانی بە منداڵان دەبـەخـشـێـت: رەوشـتیان له‌ خه‌وش و خار پـاک دەکـه‌نـه‌وە.
(بێتهـۆڤـن) دەڵێـت:”مـیوزیک جـوانیـیه‌کی بیـستراوە.. ئه‌ڵـقـه‌یـه‌کیشـه‌ رۆح و هـه‌ست پێـکه‌وە دەبه‌ستـێـت”.

١٥ـ مـوزیک رۆڵـێکی گه‌ورەی له‌ رۆشـنبیریکـردنی منـداڵانـدا هـه‌یه: هـانی منـداڵانی موزیکـژەن یا گوێگـرانی مـوزیـک دەدات، بۆ خـوێنـدنه‌وەی ئه‌و پەرتـووکە ئاسانانه‌ی که‌ دەربـارەی میـلـۆدی و مـوزیـک و گـۆرانی نـووسـراون. تا شارەزاییـه‌کی زیاتـریان له‌ بـارەی مـوزیـک و مـوزیـکـژەنـه‌ ناسـراوە کـوردەکـان و جـیهـانیـیه‌کـان هـه‌بێـت. شارەزاییان له‌ شێوازی موزیک و له‌ رۆشنبیریی موزیکی و له‌ ئامێرە هه‌مه‌جـۆرەکانی موزیـک و له‌ داب و نه‌ریتی گه‌لانی جیاواز هه‌بێـت. به‌ رووی رۆشـنبیریی و موزیک و هـونه‌ری گـه‌لان و جـیهـانـدا بکـرێنـه‌وە.

١٦ـ موزیـک په‌یـوەنـدیی خـێزانیش به‌هـێز دەکات: رێـز و سـۆز و خۆشـه‌ویستی نێوان دایکان و باوکان و منـداڵه‌کانیان به‌هـێزتـر و شـیرینـتر دەکات. چـونکه‌ منـداڵان له‌ رێی مـوزیـکه‌وە، فـێری سـۆز و خـۆشـه‌ویـستی و رێـز و دیـالـۆگی شـیرن و یاسـا دەبـن.

١٧ـ مـوزیـک هـه‌ست و نه‌سـت و چـێـژ و خـۆشـیی دەروونی و جـەستەیی بە منـداڵان دەبەخـشـێـت: له‌ هـۆش و لە دەروونیـانـدا دەڕوێـن و وایان لـێـدەکـات، کە به‌ درێـژایی ژیانیـان، هـۆگـری موزیک و میـلـۆدی و گـۆرانی ببن و نەتـوانن پـشـت له‌ مـوزیـک و گـۆرانی بـکه‌ن. مـوزیـک واش لـه‌ منـداڵان دەکـات، لـه‌ رووی هـزری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سـۆزدارییـه‌وە، ئامـادەی ژیـانێکی خۆشـتر و داهـاتـوویـه‌کی باشـتربـن و گەشـتربـن.
زۆرن ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ له‌ ته‌مه‌نی چوار یا پێـنج ساڵاندا، فـێری موزیک ژەنین بوون. بـوون به‌ کـه‌ڵه‌ موزیکـژەنی جـیهـانی. له‌وانـه‌ش مـوزیکـژەن مـۆزارت. لە تەمەنێکی زۆر بچـووکـدا دەستی بە ژەنـینی مـوزیک کـرد.
١٨ـ مـوزیـک منـداڵان لەسەر خـۆراگـری و کۆڵـنەدان رادەهـێـنێـت: بۆ ئەوەی منـداڵان فـێری ژەنـینی ئامێرەکـانی مـۆزیک بـن، پێـویـستیـیان بە ئـارامی و بە خـۆڕاگـری و بە کۆڵـنەدانە. ئەمەش لە دواتـردا لە ژیانیانـدا، یارمەتییان دەدات، کاتێک کە رووبەڕووی سەغـڵەتی و ئاستەنـگـییەکی قـورستر دەبنـەوە.

دایکان و باوکان، مامۆستایان، موزیکـژەنان، گۆرانیبـێژان، رێکخـراوە خەمخـۆرەکانی منـداڵان، به‌ڕێـوەبـه‌رێتییە‌کـانی چـالاکـیـیه‌کانی قـوتـابخانـه‌ بنـەڕەتـییەکـانی کوردسـتان، به‌ له‌به‌رچاوگـرتنی ئه‌و سوودانـه‌ی سه‌رەوە و زیاتـریـش له‌و سوودانه‌ی مـوزیک، له‌ گه‌شـه‌کـردن و ئامـادەکـردنی منـداڵان بـۆ داهـاتـوویـه‌کی دڵخـواز و شـیاوتـر. پێـویسـته‌ پـلانی تۆکـمه‌ و به‌رنامه‌ی ته‌سه‌لـتان بۆ منداڵه‌کانتان هه‌بێـت بـۆ فـێربـوونی مـوزیک و گـوێگـرتن له‌‌ مـوزیک. چـونکه‌‌ په‌روەردەی مـوزیکی منـداڵان زۆر گرنگ و به‌سوودە. له‌ زۆر کار و ره‌فـتاری نه‌خوازراو و له‌‌ خـووی ناشیرین، منداڵه‌کانتان دووردەخـاته‌وە.
له‌ وڵاتـانی رۆژئـاوادا، بایـه‌خـێکی زۆر به‌ پـه‌روەردەی مــوزیـکی دەدەن. له‌ زۆربـه‌ی ماڵـه‌کانـدا، پیانـۆیـه‌ک هـه‌یه‌، یا ئامـێرێکی مـوزیکی هـه‌یه‌. گـه‌ورە و منـداڵان له‌ کاتی پەرژاندا تاوێک پیانۆ لێدەدەن. له‌ قوتابخانه‌کانیشدا منـداڵانی ئارەزوومـه‌نـدی مـوزیک، له‌ لایه‌ن مامۆستای پسپۆری مـوزیکه‌وە، به‌ پێی ئارەزوو و هـه‌ڵـبژاردنی قـوتابییه‌کان، فـێری ژەنـینی ئامـێرێکی مـوزیکـییان دەکه‌ن. له‌ هـه‌ر شـار و گه‌ڕەک و گونـدیکـدا، به‌ دەیان تیپی موزیکی هـه‌یه‌. به‌ خۆڕایی له‌ سه‌نته‌رەکانـدا ئاهـه‌نگی موزیکی سازدەکەن.

له‌‌ کوردستانیشدا، بابه‌تی موزیک وەکو وانه‌‌یه‌‌کی سه‌‌ربه‌خۆ و خـراوته‌‌ پـرۆگـرامه‌کانی قـوتابخانه‌‌ی بنه‌ڕەتییه‌وە. من وام پێ جـوان و دروسـته‌، که‌ هـه‌ردوو وشه‌که‌ (سروود) و (مـوزیک) بخرێنـه‌ پاڵ یه‌کـتری و ببـن به‌ وانه‌ی (سـروود و مـوزیک). مامـۆسـتای پسـپۆر و کارامه‌ و شارەزای مـوزیک، له‌‌ دەرچـوانی په‌یمانگای هـونـه‌رە جـوانه‌کـان، به‌شی مـوزیک. بۆ وتنه‌‌وەی ئه‌م وانـه‌یه‌‌‌ ته‌رخـان بکـرێـن. نه‌شکـرێـت به‌ وانـه‌یـه‌کی لاوەکی. پێـویـستە گـرنگی پـێـبـدەن.

دەستخۆشییه‌کی زۆریش له‌و لایه‌ن و مامۆستا موزیکـژەنه‌ دڵسۆزانه‌مان‌ دەکه‌م، که‌ له‌ پشـووەکانی هـاوینانـدا، کـۆرس و خـولی تایـبه‌ت بـۆ فـێرکـردنی مــوزیک بۆ منـداڵانی کوردمان دەکه‌نه‌وە. خـزمه‌تی پیـرۆز و ناوازەیـان، شایه‌نی ئه‌وپـه‌ڕی رێـز و پێـزانینه‌.

(*) بۆ ئەم نووسیـنەم، سـوودم لەچـەنـدیـن سایتی ئینگـلیزی و عـەرەبی وەرگرتـووە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٥




شانۆگەری سێ چیرۆکی خێرای مردنمان.. نووسینەوەو دەرهێنانی: رێباز محەمەد جەزا

شوێن: هۆڵی کۆمەڵەی هونەرەجوانەکان، سلێمانی تەنیشت نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی

کات: ٢٠\٨\٢٠٢٥ و رۆژانی دووایی

کاتژمێر: ٥:٣٠ی پاشنیوەڕ..