ژن شوناسێکی لەدەستدراو.. نیهاد جامی

شۆڕش دەتوانێت ماناکانی شۆڕشگێریەتی بگۆڕێتە سەر ئاستی کولتوریی، وەک ئەوەی لە شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ڕوویدا، شەهیدکردنی کچە کورد ژینا ئەمینی، سەرەتای بەگژداچوونەوەی دنیا نێرایەتی و کولتورێکی سەپێنراوە، ئەو بیرۆکەیە لای نووسەر دیلفین مینوی دەبێتە بیرۆکەی سەرەکی رۆمانی بەد جنس, یاخود بە فەرەنسیەکەی «بادژێنس».
وشەکە وەک نوسەر ئاماژەی بۆ دەکات لەزمانی فارسیدا بە دوو بڕگە دەنوسرێت و لەفەرەنسیدا وەک یەک ووشە بەکاری هێناوە، کە بە مانای خودێکی خراپ دەیناسین، کردەیەکی زیانبەخش ئەنجام دەدات و لەهەمان کاتدا کردەیەکی چێژ بەخشیشە، بەواتای چەندە خراپە بەهەمان شێوە دەتوانێت چێژیش بۆ خۆی بەرهەم بێنێت.
گێرەرەوە دەکەوێتە گێڕانەوەی شۆڕشی ژن لەژیانی ناو شەقامەکانی ئێران، وێنە پانۆراماییەکانی دەشێت بۆ ئێمە وێنەی تەبا بن، بەڵام بۆ خوێنەری فەڕەنسی کە رۆمانەکە بەو زمانە نووسراوە.. جێگای بایەخ و گرنگی خۆی بێت، چونکە وێنە پانۆراماییەکان وێنەیەکی ڕاستەقینەی ناو ڕووداوەکانە، لە هاندانی دایک بۆ کچ و بوونی کچەکان لە شەقام، ئەوە چیە کچەکان لەماڵ دێنێتە دەرەوە؟
سەرکەشی و یاخی بوونی یەکێک لەو کچانە بەناوی زەهرا ئیعتیمادی، ئەو کچە شانزە ساڵانەی ناو شەقامەکانی تاران دەبێتە تەوەری سەرەکی بۆ گێڕانەوەی ئەم شۆڕشە، ڕووبەروی کێشەکانی مێینەمان دەکاتەوە، بەتایبەت لەبابەتی لەباربردنی منداڵ و کێشەکانی کچ لەماڵی ئێرانیدا کە چۆن برا بەسەر ئەو دەسەپێنرێت.
ئەو ئێستایەی شەقام وابەستەی یادەوەری ژنەکانە، هاوارێکە لەدژی دنیای سیاسەت و پیاو، کاتێک بەناو یادەوەریدا دەچێتەوە، ڕووبەرووی ئەو هەموو ستەمەی پیاو دەبێتەوە لەماڵدا، باوک لەوێنەی بالا و نایەکسانی نێوان ئەوی کچ و مەهدی برای، تا ئەو هۆگربونەی وەک کچە مناڵکارێک بۆ عەلی ئامۆزای هەیەتی، کەچی ئەویش لەرێی سێکسکردنەوە دنیای لێ تاریک دەکات و زەبروزەنگێک کە ئەوی مناڵ هەر تێی ناگات چیە.
ئەو وەک کچێک دواتر هەر دەبێت ڕووداوەکە بۆ دایکی بگێڕێتەوەو دایکیش وەک کۆتایی چیرۆکێک دەرگای بەسەر دادەخات، چونکە دەزانێت پیاوەکان سزا نادرێن، ئەوان لەکۆمەلگایەکی پیاودا، دەبینن لە روداوێکی هاوشێوەدا کاتێک کچێک داکۆکی لەخۆی کردووە، ئەو پیاوەی کوشتووە کە پەلاماری داوە، سەرەنجام ژنەکە دەکوژرێتەوە، بۆیە کۆی چیرۆکەکان دەبێت بە بێدەنگی ببەخشرێن، ئەوە مەهدیەکانن لەمناڵیەوە، چونکە نێرن بە نازەوە گەورە دەکرێن، ئەوە عەلیەکانن لەکۆتاییدا پەلامار دەدەن و دەکوژن و سێکس دەکەن و بە بێگوناهی لێی دەردەچن، ئەو وێنەیە لەناو ماڵی ئێرانیدا وێنەیەکی روونی کۆی خۆرهەڵات و کۆمەلگای پیاو سالاری کۆنترۆلکراوە بە هاوپەیمانیەتێکی ئەخلاقی.
کاتێک دایکەکەش بریار دەدات بۆ پشوو کچەکەی ببات بۆ تاران، لێرەدا وێنەیەکی ڕوون دەبینین، ئەویش ئەوەیە ئەوەی بە فریای مێینەکان دەکەوێت، تەنیا خودی مێینەکان خۆیانن، دایک و کچ سەر بەیەک ڕەگەزن و هەر خۆشیان لە ئازارەکانی یەکتری تێدەگەن، لێرەدا گەر ئەو وێنەیە بشوبهێنینەوە، بە سەرەتای ڕۆمانەکە لەمانای شۆڕشی ژن لە شەقامی رۆژهەلاتی کوردستان و ئێران تێدەگەین کە بۆچی شۆڕشی ژن بوو، چونکە سیستمە کۆمەلایەتی و ئاینیەکان هاوپەیمان و هاودەستی پیاوەکانە، بۆیە ژنەکان دەیانەوێت شۆرشێکی فەرهەنگی بەسەر بیرکردنەوەدا بێنن، نەوەک بەسەر گوتاری سیاسی و ئاینی و کۆمەلایەتی، هێندەی دەیانەوێت ئەو بیرکردنەوەیە بگۆڕن، کە ژیانی ئەوانی وێران کردووەو لەناو ماڵەکانیشیان هەڕەشەی زوبروزەنگ و سەرکوتکردنەوەیان هەیە.
تێگەیشتن لەخودی خۆت، بەتەنیا وابەستە نیە بە ژیانێک کە تیایدا دەژیت، بەڵکو وابەستەی کتێبە کە وا دەکات مرۆڤ توانای خۆناسینی هەبێت، ڕەنگە هەموومان ئەو رستەیە بە نامۆ نەزانین، بەڵام کاتێک کتێب خرابێتە دەرەوەی ژیانەوە، دەبێت قبوڵی هەموو ستەمکاریەک بکەین کە لەدژماندایە، بە ئاگا نەهاتنەوەمان لەوەی تیایدا دەژین، هۆکارەکەی بوونمانە لەدەرەوەی کتێبەوە، تەنیا کتێبە توانای ڕزگارکردنمانی هەیە لەبەردەم ستەمکاردا، پێشنیاری کتێب فرۆشەکە بۆ کەسێتی کچە منالکارەکەی ناو ڕۆمانەکە، کە بە بەد جنس دەیناسین، وێنەیەکی ڕوونی ئەو تێگەیشتنەیە کاتێک کتێب فرۆشیە تارانیەکە، کە پیاوێکی پیرە پێی دەلێت ئەو دوو کتێبە بخوێنەوە و رۆژێک لە رۆژان تێی دەگەیت، دیارە دوو کتێبەکەش «رەگەزی دووەمی» سیمۆن دو بۆڤوار و کتێبی «دۆخی مرۆڤی هاوچەری» ی هانا ئارنێتە، ئەو کۆمەککردنە وەک ناخود ئاگاییەکی کتێبفرۆشێک بۆ کچەکە، بۆ خۆی جۆرێکە لەبنیاتنناوەی کەسێتی کە پیاوەکان تێیاندا شکاندویانە، بەشێکی تری وێنەی بنیاتنانەوە، بریتیە لەو قسەیەی دایکی کاتێک لە ئوتێل پێکەوە شیعری «سیمین بەهبەهانی» دەخوێننەوە، دایک ئەو دێرەی بۆ دەخوێنێتەوە، کاتێک باس لەوە دەکات، نیشتمانەکەی بنیاتت دەنێتەوە، گەر پێویست بکات بە قوڕی خۆی و بە ئێسقانەکانی، دیارە ئەو وێنەیە بۆ ئەو شوێنە، کۆمەکی تەواوی دایکە بۆ کچەکەی، سەرباری ئەوەی پێی وتوە چیرۆکی پەلاماردانەکەی لەیاد بکات، بەڵام کتێب و شیعر لەو شوێنەدا بۆ خۆی بنیاتنانی کەسی و کۆمەکی ژنەکانە بۆ یەکتری.
بۆ ئەوەی شۆڕشی ژنی ئێرانی هەڵگری تەواوی خەونەکانی بێت، نابێت دەستبەرداری ئازادی بێ سنوور بێت، لەدەرەوەی تێگەیشتنی ئاینی و کۆمەلایەتی دەڕوانێتە ئازادی، بۆیە ئێمە ڕووبەرووی ئەو دیدە هەنوکەییەی مرۆڤی ئەم رۆژگارە دەبینەوە، کاتێک دەبینین پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکەمان لەڕێی سۆسیال میدیاوە هاورێیەتی لەگەڵ کچێکی کۆری پەیدا کردووە، دایکی کچەکە دێتە ناو چاتە ڤیدیۆیەکەیان و باس لەمەیلی ژنانەی بۆ ژن دەکات، لێرەدا ئازادی دەکەوێتە نێو پەیوەندی ژن و شۆڕشدا، ئەو دیدە داکۆکیکارە لە نەریتی ڕابردوو کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئازادی سنوری هەیە، لەڕاستیدا ئەو سنورە ئەوە جۆری مرۆڤەکانە بڕیار لەسنورەکەی دەدەن کە چی دەکەن و باوەڕیان بە چۆنیەتی کارکردنە لەگەڵ ئازادی، مرۆڤ خۆی ئازادە لەوەی دەیەوێت سنور دابنێت بۆ کۆ ڕەفتارەکانی یاخود لەدەرەوەی سنورەوە بێت، نەوەک ئازادی بۆ خۆی سنوری بێت.
ڕووداوەکانی شۆڕش و بوونی ژنەکان لەشەقامدا وا دەکات سەرەتایەک بدۆزنەوە بۆ ئازادبوونی زمان و ڕزگاربوون لەو چەپاندنە زمانیەی نەیتوانیوە گوزارشت لە چێژی پەیوەندی سێکسی بکات، دواتر لەشەقامدا دەتوانن چیرۆکەکانی خۆیان بۆ یەکتری بگێڕنەوە، مانایەک نیە لەو ئازادیە جوانتر بێت، کە ژنەکان لەشەقامدا گوزارشتی لێ دەکەن، کوژرانی عەلی بە دوو فیشەگ دەرخەری رۆژگارێکی تری ژیانە بۆ ئازادی، ئەو کە داکۆکی لەدەسەڵاتێک دەکات، هەر بەدەستی هەمان دەسەڵات دەکوژرێتەوە، عەلی ئەو کوڕەی سێکسی لەگەڵ دەکات، کوژرانی بەواتای ئێمە لەسەرەتای رۆژگارێکی ترین بۆ ئازادی، هەر بۆیە کاتێک سۆڕش لەشەقام دەست پێدەکات، دایک هانی کچەکەی دەدات و ڕێگری لێ ناکات بۆ بەشداری کردن، چونکە ئەوە داکۆکیکردنە لەشوناسی زەوتکراوی، لەسڕینەوەی ماناکانی بوونی ڕەگەزێتی، لەساتی خوێندنەوەدا، ڕامانێک لەسەر رووداوەکان دەموەستێنێت و بیری تێکستێکی کوردیم دێتەوە، تێکستێکی شیعری کەژاڵ ئەحمەد نووسیویەتی بەناوی «جادەم لە پیاو خۆشتر ئەوێت» چونکە لەو کاتەدا ڕێک ژنەکان لەشەقامدا جادەیان لەهەموو ئەو پیاوانە خۆشتر دەوێت کە سێکسیان لەگەڵدا کردوون کە خۆشەویستیان بوون، بۆیە وەک کچە پاڵەوانی رۆمانەکە دەلێت هەموو دەنگەکانی باوک و عەلی و ئەوانیتر نابیستم، جادە لەو کاتەدا دەبێتە رووبەری ئازادی بۆ ژن.
پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ئەو کوڕەی ناوی داریوشە، کە تەواو جیاوازە لەهەموو کەسێکی تر، کوڕێک لە شەقامدا دەیناسێت و هەفتانە بەیەکەوە دەچنە ژوان و یەکتریش ماچ دەکەن، تەنانەت کچە بە دایکی خۆشی دەناسێنێت.
لەپڕ ڕۆژێک کوڕەکە بڕیار دەدات بەجێی بێلێت، ئەوەش دەخاتە ڕوو، نە بەهۆی ناسینی هیچ کچێکی ترەوەیە وە نە بەهۆی ئەو قسەیە کە کچە پێی وتوە باوکم توڕە دەبێت گەر بە پەیوەندیەکەمان بزانێت، بەڵکو قسەیەک کە هەمیشە لەدوای رۆیشتنی کوڕەکە لە مێشکی دەنگ دەداتەوە، کۆ دەنگیەکی ڕەگەزی نێرانەیە کە پێی وتووە «ببورە، من پیاوم، تۆ لەوە تێئەگەیت؟»
خالێک کە بە گرنگی لەم رۆمانەدا دەردەکەوێت ئەویش ئەوەیە، هەمیشە ژنەکان لەشکستدا پشت بە یەکتری دەبەستن، کۆ دەنگی و پاڵپشتی بۆ یەک درووست دەکەن، بۆیە گەر کاتێک ئامۆزاکەی لەڕووی سێکسیەوە لێی نزیک بۆوەو بۆ دایکی باسی کرد، لەم شکستە دڵداریەشدا پشت بە کچە کۆریەکەی هاوڕێی دەبەستێت و ئەو دڵنەوایی دەداتەوە، بەهۆی ئەوەی کارەکتەرە سەرەکیەکەی ڕۆمانەکەمان خەریکی کاری تاتۆیە، وێنەی ئەو کارە بە نهێنی دەکات و دایکیشی کۆمەکی دەکات و بڵاوکراوەی تایبەتی بۆ پەیدا دەکات، هاوڕێ کۆریەکەشی بەوە دەزانێت، بۆیە پێشنیاری ئەوەی بۆ دەکات، کە بێتە کۆریا و بەشداری لەو فێستڤاڵەی تاتۆ بکات، بۆ ئەوەش کچە کۆریەکە باس لەوە دەکات باوکی دیبلۆماتە و دەتوانێت کۆمەکی بکات بۆ سەفەرەکە, پاڵەوانەکەمان بۆ سەفەرەکەش بیر لەوە دەکاتەوە بەر لە ژینا ئەمینی بیری لەوە کردۆتەوە سەفەر بکات و ئێران بەجێ بێلێت.
ئێوارەیەکیان هاورێ کۆریەکەی تەلەفۆنی بۆ دەکات، باس لەڕووداوی کچێک دەکات، ئەویش کە سەیری ئەنتەرنێت دەکات و هەواڵەکان دەخوێنێتەوە، دەزانێت ڕووداوی ژینا ئەمینیە و سێ رۆژ دواتر لەیلای هاورێشی هەر بۆ هەمان مەبەست تەلەفۆنی بۆ دەکات، لێرەدا ئەوەی کۆ دەنگی دروست دەکات ترسی ژنەکانە لە دنیایەکی تۆقێنەر.
بۆیە هەموو یەکتر ئاگادار دەکەنەوە، هەر ئەو مەترسیەش دەبێتەوە هۆی لەدایکبونی شۆڕشی ژنەکان، دەشێت ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەری فارس و کورد کاریگەریەکی گەورە بەجێ نەهێلێت، چونکە بە ڕووداوەکان نامۆ نیە و بە تەواویان ئاشنایە، بەڵام بۆ خوێنەری فەڕەنسی گرنگی تایبەتی خۆی، نەک هەر ئەو ڕۆمانە تەنانەت ئەم ڕۆمانووسە لە ڕۆمانەکانی تریشیدا ویستویەتی وێنەیەکی ڕوونی ئێران بۆ خوێنەری فەرەنسی بخاتە ڕوو، وێنەیەک چەندە واقعیە هێندەش گێڕانەوەیەکی ئەدەبیە، بەتایبەت لەگێڕانەوەی بۆ هەستی کچان لەساتی شۆڕشی سەر شەقام، ئامادەبونی ئەوانەی لە ماڵەوەن و ئەوانەی سەر شەقام چۆن لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیامیان بۆ دەنێرن کە خۆزگەیان خواستووە لەگەڵیان بن، دایکی پێی دەلێت خۆزگە تەمەنم لە بیست ساڵیدا بوایە، ئەو وێنەیە دەریدەخات کە شۆڕشی کچان هی نەوەیەکی نوێ بوو، نەوەیەک سەر بەم سیستمە سیاسیە نین، بۆیە گەر هەمیشە باس لەپەیوەندی مرۆڤەکان بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەوە بکرێت، وەک کەسێتی سەرەکی ڕۆمانەکە پەیوەندی و ئاگاداربونەوەی بە دنیا لەم ڕێگایەوە دیار دەکات، ئەوا هەر ئەم نەوەییە کە ناتوانێت سیستمە سیاسەکەشی قبوڵ بکات.
ئەگەرچی ئەو قبوڵ نەکردنە بەرکەوتن بێت لەگەڵ قسەی باوک کاتێک باس لەوە دەکات دوور نیە وەک ئامۆزاکەی ئەویش بکوژرێت، بەڵام ئەو خۆی وەک کوژراوێکی ناو ژوورەکەی ماڵ دەبینێت، ئەو هەستە بە تەنیا هی مرۆڤێک نیە، هێندەی هی نەوەیەکە کە وادەزانێت کوژراوە، بۆیە دەبێت لەسەر شەقام بێت.
ئەو کاتانەی کچە کۆریەکەی هاوڕێی نامەی بۆ دەنووسێت کە ڤیزەکەی ئامادەیە، ئەوە ئەو ساتەیە ئەو لەسەر دیوارەکان درووشم دەنووسێت بۆ ئازادی و مردن لەپێناو ئازادی بۆ ئێرانێکی نوێ، بۆیە بەخۆی دەڵێت بۆچی بڕۆم، کە جگە لەمانەوە لەئێستادا هیچ شتێکی ترم ناوێت، مانەوە لەشەقام و سوتاندنی سەرپۆش و هاوار کردن بۆ ژیان و ئازادی و ژن دەبنە شوناسی نەوەیەک، کە گەر مردنیش بێت پێی وایە پێویستە تامی مردنیش بکات.

نیهاد جامی– فەڕەنسا




بەکورتی28: قەرزاری ڕەوشتیی.. و پابەندبوونە ڕەوشتییەکان لە داڕماندان.. ئازاد حەمە

لەبەرئەوەی پرسیاری قەرزاری ڕەوشتیی Moral Debt قورسایی خۆی هەیە و قەرزێکی مرۆیی دژواریشە بیرکردنەوە لە قەرزە ڕەوشتیەکانمان لەسەر خۆمان و لەسەر ئەوانی دیکە شایانی بیرلێکردنەوەیەکی بەردەوامی ووردە. گومانی ناوێت مرۆڤ تاکە بوونەوەرە هەست بەم جۆرە قەرزە لەبەردەم یەکتر یان یەزدان دا دەکات.وەکیتریش، هەستی قەرزاری ڕەوشتیی هەستێکی دیکە بەدوای خۆیدادێنێت، کە پابەندبوونە ڕەوشتییەکانە بە دانەوەی قەرزەکان؛ ئەمەیان لە هەنووکەدا لەبەردەم کێشەیەکی گەورەی ئاکارییدایە.
قەرزی ڕەوشتیی نە بە هەمووکەسێک دەدرێتەوە و نە هەمووان لە ماهیەتی قەرزاریی رەوشتیی حاڵیین. یەکلاییکردنەوەی قەرزە ڕەوشتییەکان داوای ڕەوشتییانە ڕەفتارکردنمان لێدەکەن. ئەمە لەکاتێکدا،کە قەرزاریە ڕەوشتییەکانی مرۆڤی ئەم چاخە لە زیادبووندایە؛ بەرامبەر بەوە ڕێژەی نابینایی ڕەوشتییش لە کۆمەلگە گەندەڵسالارەکان لە گەشەکردنی بێوچاندایە.
قەرزاری ڕەوشتیی چییە؟چۆن دەدرێتەوە؟ قەرزاری ڕەوشتیی و پابەندبوونی ڕەوشتیی هاوشانی یەک نیین؟ جیاوازیی چییە لەنێوان قەرزاریی ڕەوشتیی و قەرزاری ئابووریی؟چۆن هەستی قەرزاری ڕەوشتیی دروستدەبێت؟چۆن قەرزاری ڕەوشتیی قوربانییەکان بدەینەوە(قوربانیانی جینۆسایدەکان، قوربانیانی جەنگ، کۆلۆنیالیزم، هەژاریی و بێدادیی، دانەوەی مافی هەڵهاتووە غەدرلێکراوەکان، ئەو پەناهەندانەی بەدەم ڕێگاوە مردن … و)؟
قەرزاری ڕەوشتیی چییە؟ قەرزاری ڕەوشتی ئارەزوومەندییەکی مرۆییە بەرامبەر بە ئەویتر، هەستکردنە بەدانەوەی قەرزێک، ئەرکێک، یان ئەنجامدانی بەرپرسیارییەتێکی ڕەوشتی. ئەلبەتە بەدانەوەی ئەو قەرزە مرۆڤ دەکارێت بەشداریێ گەورە لە ئەنجامدانی کردارە ڕەوشتیەکانیشدا بکات. ئەڵبەتە ئەم کردارە لە کەسێکەوە بۆ ئەویتر و لە دۆزێکی کۆمەلایەتی و شارستانیەوە بۆ ئەویتر جیایە.
سەرەڕای ئەوە،هەچ کەسەو خۆی قەرزاری ڕەوشتیی خۆی دەداتەوە. چونکە قەرزاری ڕەوشتیی قەرزاری نێوان مرۆڤەکان و قەرزاری نێوان مرۆڤ و یەزدانە. بەواتەیەکی دیکە،دانەوەی قەرزە ڕەوشتییەکان کارێکی ئاسان نییە.ئەوەتا لە تێگەیشتنە ئایینییەکاندا قەرزاری ڕەوشتیی بریتییە”لە نیشاندانی سۆز و ڕێزگرتن، پێشخستنی دادپەروەری و ڕێزگرتن لە پەیوەندییە مرۆییەکان” و “پابەندبوونیش بە گەڕاندنەوەی ئەو باشە و خزمەتگوزارییانەی وەرگیراون”. کەواتە باشە وەرگیراوەکان دەبێت بدرێنەوە. کێ باشەی وەرنەگرتووە؟ هەموو لە شوێنێک لە شوێنەکان قەرزاریی باشەکانیین.
دەکرێت ئەوەش باسکەین، کە خودی قەرزاری ڕەوشتیی دەشێت زۆر فۆڕمی مرۆیی وەرگرێت، لەوانە: هەست بەشەرمکردن لە ئاست کەسێک سەبارەت بە شتێک، کە روویداوە، بۆنموونە سەرەخۆشیت لە هاوڕێیەکت نەکردووە بەبۆنەی کۆچی داکییەوە. ئەمە بۆی هەیە هەستێک لەگەڵ خۆید بێنێت، کە دەکرێت ناونرێت هەستی قەرزاری ڕەوشتیی.
ئەڵبەتە نموونە لەسەر هەستکردن بە قەرزاریی ڕەوشتیی زۆرە: ئەو کاتەی جولەکەکان قەتلوعامدەکران یان ئەو دەمەی کورد بە زیندووی زیندەبەچال و کیمیاباران دەکرا دەبایە نەتەوە و هاوئاین و هاوڕەگەزەکانی جولەکە و کورد لەڕووی ڕەووشتیەوە بەرپرسیاری ڕەوشتی خۆیانیان دەستەبەجێ دەستنیشان بکردبایە،بەلام ئەمەنەکرا و بگرە هەنگاوی ڕەوشتی چەوتیش لەوبارەیەوە نرا. یان قەرزاری ڕەوشتیی بەرامبەر بە ژینگە، ئاژەڵ، هەژار و پەککەوتە و…. .
دەخوازین ئەوەش بڵێێن، کە سەرنج خستنەسەر گۆڕینی دید و ڕەفتاری ڕەوشتیی لە کۆمەلگە کارکردنیدەوێت. لەوبارەیەوە دێینە سەر خاڵێکی سەرەکی، ئەوەش ئەوەیە، کە دانەوەی قەرزەکان پەیوەندی بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانەوە هەیە. ئەمەش لەبەرئەوەی دانەوەی قەرزە ڕەوشتییەکان لەخودی خۆیدا وابەستەیە بە پابەندبوونێکەوە.
گرنگە لەوە بەئاگابیین، کە زۆرجار دادوەرییەکانی ئێمە بەسەر تاوانباریی و بێ تاوانیی کەسێک دیوی تەنها ڕەوشتیی لەخۆناگرێت، دیوی یاساییش لەخۆدەگرێت. یاسا و ڕەوشت، کە پێکەوە کاردەکەن زۆرێک ڕێسا دەگۆڕن، کە ئایینیش هاتەنێوانیانەوە پێکەوەکارکردنەکەی یاسا و ڕەوشت ئاقاری دیکە وەردەگرێت.
وێڕای ئەوەی گوترا، ئاماژە بۆ ئەو باسەش دەکەین، کە قەرزاری ڕەوشتیی لە کۆمەڵگە گەندەڵەکان، کە بێباکە بەرامبەربە پێکاوەکارکردنی یاسا و ڕەوشت، ڕۆژانە دەبینیین ئەم لایەنە بۆ ڕوناکبیرانی کۆمەڵگەی ناوبراو بابەتی لێکدانەوەی وورد و قوڵ نیین. هاوکات ئەوەش دەبینیین،کە دۆزی ژیانی کەسەکانیش لەو کۆمەڵگانە بەجۆرێک فۆڕمی وەرگرتووە، کە قەرزاری ڕەوشتیی((بەرامبەر بە یەک و بە ئەویتر، بەرامبەر بە سرووشت و دەوروبەر، بەرامبەر بە دیاردەی هەژاریی، پەلاماردانی ژن، زەبربەکاربردن لەتەک منال، شێواندی ژینگە، لەباربردنی ستاتۆسی ئازادی)) بۆ نێوەندی ئەکادێمی و روناکبیریی لەیەک کاتدا جێیباس و ئاوڕدانەوە نیین.
لێرەدا گرنگە سەرنجبخەینەسەر ئەو لایەنەش، کە هەڵەی ڕەوشتی لە کۆمەلگەی گەندەڵی کوردیدا ڕۆژانە لە زیادبووندایە و بەشێکی زۆریش لەو هەڵانە بڕیار و تێگەیشتنی سیاسیی دروستکەرین. سیاسیەکانی کۆمەلگەی گەندەڵ، کە دووچاری نابینای ڕەوشتیی بوونە خۆیان لەو پابەندییە ڕەوشتییانە بەدووردەگرن کە دەکەوێتە ئەستۆیان.
کۆتا تێگەیشتنمان لەبارەی قەرزاری ڕەوشتییەوە ئەوەیە، کە پابەندبوونە ڕەوشتییەکان Ethical Obligations، کە هاوشانی قەرزە ڕەوشتییەکانن شایانی تێرامان و گفتوگۆن. ئەو وانانەی لە پابەندبوونە ڕەوشتییەکانەوە فێریدەبیین ئەوەمان پێدەڵێن، کە ئێمە قەرزاری نەوەکانی داهاتووین؛ داهاتووی مرۆڤەکان ئەرکێکی ڕەوشتییانەی مرۆڤەکانی هەنووکەن. مخابن بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردیی لەئێستادا ئەم هاوکێشەیە بەمجۆرە نییە. نەوەی ئێستا نە هەقی بەسەر نەوەی پێشووەوە هەیە نەش خەمی نەوەی داهاتوودەخوات و هیچیشی بۆخۆی نەکردووە.
لێرەوە لێدەگەڕێین فەلسەفەی ڕەوشت قسە خۆیبکات. ئەوەتا پۆل ڕیکۆر Paul Ricœur،پێیوایە ئێمە قەرزاری مردووەکانیین و پابەندییشین بەرامبەربەوەی لەپێناوی ئێمەدا چەشتوویانە، لەهەمانکاتدا باوەڕێکی زۆریشمان بەو دیتنە ڕەوشتیەی فەیلەسوفی دانیمارکی پێتەر کێمپ Peter Kemp هەیە،کە پشتگیری لە دیتنەکەی ریکۆر دەکات و لەڕووی ڕەوشتیشەوە بەرەو ئاڕاستەیەکی بالاتری دەبات کاتێک بۆئەوەدەچێت،کە””ئێمە تەنها قەرزاری مردووەکان نیین، قەرزاری ئەوانەشین لەگەلیاندا دەژین””. بۆیە””وانەکانی مێژوو پێویستە فێری ئەوەمان بکەن، کە چۆن قەرزبدەینەوە””.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




سیڤاگ دەنگە كاریگەرەكەی شیعری ئەرمەنی.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

ئێمە كەمینەین بەڵام ئەرمەنین
دەزانیین چۆن خزمەتی كەسانی دیكە بكەین
هەروەها لەچۆنیەتی گۆڕان بەرەو شمشێریش دەزانین
تا لەهەناوی ئەوانەی گیركەین كە دژایەتیمان دەكەن

ئەوەی سەرەوە سەرەتای چامەیەكی ناودارە لەئەدەبی هاوچەرخی ئەرمەنی. سیڤاك دایڕێشتووە و تێیدا لەزوخاوی قەتل و عامی ساڵی 1915 ی گەلەكەی لەلایەن عوسمانییەكان هەڵچووە. شاعیر لەو بەرهەمەدا زۆر بەلێزانی رابردوو و ئایندەی خاك و خوێن و ژیانەوەی گەلەكەی و بابەتەكانی دیكەی وەك ژیان و خۆشەویستی ئاوێتە كردووە. بۆیە ئەو بەرهەمەی لەسەر زاری هەموو ئەرمەنییەكە. ناوبراو وەك شاعیر و وەرگێڕ و رەخنەگری ئەدەبی، بەدیارترین دەنگی شیعری هاوچەرخی ئەرمەنی دادەنرێ. وەك شاعیرێكی نوێخواز، وێنە شیعرییەكانی كە لەنێوان داستانی و مێژوویین، لەتەكنیكی شیعری نوێ هەڵیهێنجاوە. زۆربەشیان رەنگدانەوەن بۆ ئازارەكانی گەل. بەتایبەتیش لەو ستەمە گەورەیەی كە بەناوی قەسابخانەی ئەرمەنییەكان لەلایەن عوسمانییەكانەوە ناسراوە.
بارۆیەر گازاریان Barouyr Ghazarian ی ناسراو بەپارویەر سیڤاك Paruyr Sevak رۆژی 24 ی كانونی دووەمی ساڵی 1924 لەخێزانێكی جوتیاری گوندی تشانختشی هەرێمی ئاراراتی ئەرمینای یەكێتی سۆڤیەتی ئەوسا هاتەدونیا. دواتر لەبەر ئەو، ناوی ئەو گوندە گۆڕا بەسیڤاگاڤان و ئێستاش زانگاكاتونی پێدەڵێن. سیڤاك تاقانە بوو، باوكیشی گرنگی زۆری پێدا. ساڵی1930 خرا بەر خوێندن. هەر زووش بەهرەی هۆنینەوەی شیعری لێدەركەوت. دوای ئەوەی قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی تەواوكرد، ساڵی 1940 چووە كۆلیژی مامۆستایانی زانكۆی یەریڤان. ساڵی 1942 یەكەم چامەی لەڕۆژنامەیەك بڵاوكردەوە. ئەوسا لەبەر خۆشەویستی و سەرسامبوونی بە (روبین سیڤاك) ی شاعیری گەورەی ئەرمەنی كە لەكۆمەڵكوژییەكەی ئاماژەمان پێدا لەناوچووبوو، ناوی سیڤاكی وەك نازناو بەكارهێنا و لەو ساوە بەو ناوە بەرهەمەكانی بڵاوكردەوە و پێی ناسرا.
ساڵی 1945 دوای تەواوكردنی خوێندنی زانكۆی یەریڤان، لەپەیمانگەی مانوك ئابیجیانی ئەكادیمیای ئەرمەنی بۆ زانست، لەئەدەبی ئەرمەنی سەرقاڵی خوێندنی باڵا بوو. ساڵی 1948 دیوانی (فەرمانی نه‌مره‌كان Immortals Command) ی بڵاوكردەوە. كە تێیدا دڵەڕاوكەی خۆی سەبارەت بەو قۆناغەی ژیان نیشانداوە. هەر لەو ساڵەدا لەگەڵ مایا ئاڤاجیان هاوسەرگیری كرد. هاوكات وەك نووسەر لەڕۆژنامەكان بابەتی بڵاودەكردەوە. ساڵی 1951 بۆ خوێندن لەپەیمانگەی مەكسیم گۆرگی بۆ ئادابی جیهانی، چووە مۆسكۆ. لەوێدا بەخاتوو (نیللی میناجاریشڤیلی) گەیشت دواتر، هاوسەرگیری لەگەڵ ئەویش كرد. ساڵی 1953 دیوانی (ئینتیمای سازش نه‌كراو Uncompromising Intimacy) و ساڵی دواتریش دیوانی (رێگەی خۆشەویستی Love Road) ی بڵاوكردەوە. ساڵی 1955 لەپەیمانگەی گۆرگی خوێندنی بەكۆتا گەیاند. ساڵی 1957 دیوانی (جارێكی دیكە لەگەڵ تۆ) ی بڵاوكردەوە. لەو ساوە تا ساڵی 1959 لەشاری مۆسكۆ بەوەرگێڕانی بابەتە ئەدەبییەكان خەریك بوو. هاوكات چامەكانیشی لەڕۆژنامە ئەرمەنییەكانی سۆڤییەت بڵاودەكردەوە. دواتر گەڕاوە یەریڤان و داستانە چامە نيشتيمانییە ناودارەكەی (زەنگەكەی بێدەنگ نابێ The Unsilenceable Belfry) ی بڵاوكردەوە. لەو بەرهەمەدا بەتەواوی لەچوارچیوە و فۆرمی شیعری كلاسیكی ئەرمەنی دەرچووە. لەهەردوو بواری ستایل و بونیاد دا رێگای نوێخوازی گرتووە. هەروەها بەناو بابەتەكانی بونگەرایی رۆچووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگاریی لەپرسی ناسنامەی نەتەوەكەی كردووە. ناوەرۆكی ئەو بەرهەمەی لەزامە تاڵەكانی قەسابخانەكە وەرگرتووە و لەوەشدا بەوردی چۆتە ناو ژیانی (كۆمیتاس ڤارداپێت Komitas Vardapet) ی میوزیكاری ئەرمەنی و چارەنووسە رەشەكەی. بەبۆچوونی خۆشی نووسین لەبارەی كۆمیتاس، نووسینە لەبارەی گەلی ئەرمەنی بەخۆشییەكان و ناخۆشیەكانییەوە. بەرابردوو و ئایندەیەوە. هەروەها لەڕێگەی ئەو كەسایەتییەش پەردەی لەسەر پرسی نیشتمانی دزراو هەڵماڵیوە و بڕواشی بەوەبووە رۆژێك دادێ ئازارەكان كۆتاییان پێدێت.
ساڵی 1963 وەك توێژەر لەپەیمانگەی (مانوك ئابیجیان) ی ئاداب دامەزرا. هاوكات دیوانی (Man in a Palm) ی بڵاوكردەوە. لەو بەرهەمەدا ناز و سۆزی دایك بەرجەستەیە. وەك چۆلەكە مرۆڤی لەناو پەلی مرۆڤ ئاخنیوە تاكو لەگەڵیدا واتاكانی خۆشەویستی و جوانی و هیوا لێكداتەوە. لەڕووی ستایلیشەوە لەو بەرهەمەش لەڕێسا كلاسیكیەكان دەرچووە و ئاسۆی نوێی لەبەرامبەر شیعردا كردۆتەوە. ساڵی 1966 بەسكرتێری ئەنجومەنی یەكێتی نووسەرانی ئەرمەنی دیاریكرا، تا كۆتایی ژیانیشی لەو پایەیە ماوە. ساڵی دواتر لەئەنجامی ئامادەكردنی تێزێك لەبارەی (سیات نۆڤا) ی شاعیر و میوزیككاری ناوداری ئەرمەنی كە یەكێك بوو لەسیمبوڵەكانی ئەو نەتەوەیە لەسەدەی هەژدە، دكتۆرای بەدەستهێنا. ساڵی 1968 لەئەنجومەنی باڵای سۆڤیەتی ناو كۆماری ئەرمینیای سۆشیالیستی سۆڤییەتی، وەك ئەندام دیاریكرا. ساڵی دواتر توێژینەوەكەی لەدوو تۆی كتێبێك بەناوی (سایات نۆڤا Sayat Nova) بڵاوكردەوە. هەروەها دیوانی (با رووناكی هەڵكات Let There Be Light) یشی بڵاوكردەوە. لەوەی دوایی لەجیهانی ماسكدار و ئامێرەكان، بانگەوازی بۆ خۆشەویستی و ئاشتی و سۆز و بەزەیی كردووە. بەوپەڕی راشكاوانەش هەوڵیداوە روانینی بۆ جیهان و ژیان بەحەقیقەتی خۆیان و دوور لەماسك بخاتەڕوو. ساڵی 1971 دیوانێكی شیعری تایبەت بەمنداڵان بڵاوكردەوە. بەو جۆرە بەردەوام بوو تا لەڕۆژی 17 ی حوزەیرانی ئەو ساڵە لەڕێگەی گەڕانەوە بەرەو یەریڤان دووچاری پێكدادانی ئوتۆمبیل بوو، بەهۆیەوە خۆی و نیللی هاوسەری كۆچی دواییان كرد. زۆر لەشارەزایان و خەڵكی ئاسایی ئەوسا و ئێستا. گومانیان لەسرووشتی ئەو رووداوە هەیە و بەمردنی پلان بۆ داڕێژراو لەلایەن رژێمی سۆڤیەتی ئەوسای دادەنێن كە دەیەویست دەنگی سیڤاك كپ بكات، چونكە لەساڵانی دوایی رەخنەی زۆری لەگەندەڵییەكانی ناو دامەزراوە سۆڤیەتییەكان دەگرت. هەرچەندە كەسێكی لادەر یاخود شۆڕشگێڕی رادیكالیش نەبوو، تەنیا شاعیرێك بوو بۆ ئەرمینیا دەیخوێند.
جگە لەو بەرهەمانەی ئاماژەمان پێدا، سیڤاك كۆمەڵێك چامە و داستانی دیكەی نووسیوە كە لەناویاندا رەهەندی فەلسەفی و گیانی نیشتمانی ئەرمەنی ئاوێتەكردووە. هەروەها زۆر بەرهەمی بۆ زمانی ئەرمەنی وەرگێڕا، لەوانە بەرهەمەكانی پوشكین. زۆر وتاری رەخنەیشی لەبارەی شاعیرانی وەك (ناریكاتسی) و (كوتشاك) نووسی. دوای مردنیشی كتێبی (خۆشەویستی سیڤاكی گەورە) بڵاوكراوە تێیدا ئەو نامانە هەیە كە بۆ سولامیتای ناردووە. ئەو تاكە ژنەی كە بەبێهیوا و بەبێ سستی خۆشی دەویست. ساڵی 1984 فیلمێكی دیكۆمینتاری بەناوی (پارویەر سیڤاك) لەلایەن لیڤۆن مكرتشیان لەبارەی ئەو دەرهێنرا.
سیڤاك لەمێژووی ئەدەبی ئەرمەنی كەسێكی جیابوو. بەوپەڕی بوێڕانە توانی لەبابەتە كلاسییكەكانی داڕێژتنی شیعری دەرچێت و رەچە بشكێنی و بەبابەتە فەلسەفییە نوێیەكان، كڵاوڕۆژنەیەكی نوێ لەبەرامبەر شیعر بكاتەوە. بەو بابەتانەش كە خستیەڕوو بۆتە ئینسكلۆپیدیای مرۆڤایەتی، چونكە لەبارەی زۆربەی دۆخەكانی دەروونی مرۆڤی نووسیوە كە خوێنەر بەوێنە جوانیەكانی شیعری و توانستە بەرزەكەی لەبونیادنانی دژبەیەكە جوانەكانی نێوان دیاردە جۆراوجۆرەكان، سەرسام دەكەن. لەلایەكی دیكەوە ئەو بەنموونەیەكی نامۆی ئەو رۆشنبیرانە دادەنرێ كە لەماوەی فەرمانڕەوایی رژێمی تۆتالیتاری لەیەكێتی سۆڤییەت دەركەوتن. راستە ئەویش وەك زۆرینە، بووە كۆمونیستی، بەڵام لەشیعرەكانی هەردەم شۆڕشگێڕ بوو دژی (خوداوەندی سەختە) دەهاتە گۆ. هەروەها نیشتمانپەروەرییەكەی تەواو پێچەوانەی بیرۆكەی تۆتالیتاری بوو.


بەشێك لەچامەی (چاكترین) ی سیڤاك

چاكترین زەردەخەنە، بەدڵنیاییەوە
زەردەخەنەیە بەچاوی داخراو
چاكترین خەونەكانیش
خەونەكانن بەچاوی كراوە
بەڵام چاكترین گۆرانی
ئەو گۆرانییەیە كە لەدوورەوە دێت
بەناو پەنجەرەیەكی پەردەدار دا
پاراوترین قسەش
ئەو قسەیەیە كە لەوپەڕی بێدەنگی، دەردەبڕدرێ
لەوانەشە چاكترین گەل
ئەو گەلەبێ كە ئیمپراتۆریەتی فراوانی نییە
چاكترین بڕواش
ئەو بڕوایە كە بگۆڕێت بەرەو ئایین
چاكترین ماسكیش، بەبێ گومان
رووی مرۆڤە
چاكترین نواندنیش
نواندنی سەرنەكەوتوو
چاكترین خۆشەویستیش
ئەو خۆشەویستییەیە كە هێشتا تەواونەبووە
چاكترین ئازار و ناخۆشیش
ئازاری گوڵە لەگۆرانی
چاكترین مەیمونیش لەجیهاندا، وەك دیارە
مرۆڤە
چاكترین مرۆڤیش، بەبێ گومان
بۆئەوە مۆڵەتم بدەن … منم




لە کۆمەڵکوژی نانجینگەوە تا کارەساتی هەڵەبجە.. هەڵۆ حەسەن

لە کاتێکدا جیهان یادی 80 ساڵەی سەرکەوتن لە شەڕی بەرخۆدانی گەلی چین لە دژی دەستدرێژی ژاپۆن و جەنگی جیهانی دژە فاشیست دەکاتەوە، ئەوەمان بیردەكەوێتەوە کە کارەساتەکانی ڕابردوو هێشتا قسە لەگەڵ ئێستا دەکەن. چیرۆکی شەڕی درێژخایەنی چین دژی فاشیزم تەنیا چیرۆکێکی چینی نییە- هۆشدارییەکی گشتگیرە و یادەوەرییەکی هاوبەشی مرۆڤە. لە کۆمەڵکوژی نانجینگ لە ساڵی 1937 تا دەگاتە كارەساتی هەڵەبجە لە ساڵی 1988، ئازارەكان وەک یەکن،لە نێوان ساڵانی 1931 بۆ 1945 زیاتر لە 35 ملیۆن چینی لە شەڕەکەدا کوژران کۆمەڵکوژی نانجینگ كە زیاتر لە 300 هەزار هاوڵاتی مەدەنی چینی لەلایەن ژاپۆنیەكانەوە سەربڕدران ،دوای ڕووداوی 7ی تەمموزی ساڵی 1937، چین بوو بە یەکەم وڵاتی گەورە کە بەرخۆدانی تەواوەتی لە دژی لەشکرکێشی فاشیستەکان دەستپێکرد. چینیەكان بەدریژایی 14ساڵ ئازایەتییەکی نائاسایییان نیشان دا و قوربانیدانی چین خاکەکەی کردە بەرەیەکی یەکلاکەرەوەی جەنگی جیهانی دژە فاشیست،بۆ گەلی کورد كە بەو ئازارە ئاشنایە. لە كارەساتی هەڵەبجە (1988)دا ، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشێکی کیمیاییدا کوژران- تاوانێک کە بە هەمان دڕندەیی و بێبایەخکردنی ژیانی مرۆڤ ئەنجامدرا ،كۆمەڵكوژی نانجینگی چین هەڵەبجەی كورد، غەززەی فەڵەستین هەموو ئەو شوێنانەی کە خەڵکی سڤیل باجی شەڕ و ڕق و کینەمان بیردێنێتەوە. ئەم دەنگدانەوەی ئازارەکان ئەوەمان بیردەخەنەوە کە یادکردنەوەی سەرکەوتنی چین تەنها پەیوەندی بە ڕابردووەوە نییە- پەیوەندی بە بەرپرسیارێتییەکی گشتگیرەوە هەیە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاریکترین بابەتەکانی مێژوو،دوای هەشتا ساڵ، یادەوەری سەرکەوتنی چین شەڕەکە خەڵکی چینی فێرکرد کە یەکگرتوویی و قوربانیدان و خۆڕاگری لە هەموو شەڕانگێزییەک بەهێزترە. ئەمەش بۆتە میراتێك بۆ بانگەوازی چین بۆ ئاشتی و دژایەتیکردنی فۆرمەکانی نوێی فاشیزم و ستەم و هەژموون،بۆ کوردستان، خەباتی چین وانەیەکی بەهێزمان پێدەدات كە تەنانەت لە تاریکترین ساتەكانیشدا، ئەو گەلانەی بە ئیرادە بەرەنگاری ستەم دەبنەوە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی مێژووی جیهان هەبێت،ڕەنگە ئەمڕۆ فاشیزم دەمامکی نوێی پۆشی بێت، بەڵام جەوهەرەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە لەناوچوون و ڕق و بێبایەخکردنی ژیانی مرۆڤ،بەرخۆدانی گەلی چین تەنیا خەباتێکی نەتەوەیی نەبوو بەڵکو بەردی بناغەی هەڵوێستی بەکۆمەڵ بوو لە دژی ستەمکاری. یادەوەرییەکەی هی هەموو ئەوانەن کە باوەڕیان بە ئاشتی و کەرامەت و خۆڕاگری مرۆڤە ، هەرچەندە بۆمبەکان لە ساڵی 1945 وەستان، بەڵام میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردن پەرەیان سەند،ئەزموونی چین لە کاتی جەنگدا بوو بە نەخشەی بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی – لە سەربەخۆیی ڤێتنامەوە تا ئازادی جەزائیر. ئەمڕۆش مۆدێلی گەشەپێدانی چین بەردەوامە لە ئیلهامبەخشین بەو گەلانەی کە بەدوای مۆدێرنیزاسیۆندا دەگەڕێن بەبێ ئەوەی سەروەری خۆیان لەدەست بدەن،لە سەدەی بیست و یەکەمدا، شەڕ لە بەرەکانی شەڕدا سنووردار نەماون- لە ڕێگەی ئەلگۆریتم، سیستەمی دراو و کەشوهەوا بەڕێوەدەچێت. ئامرازەکان جیاوازن، بەڵام ئامانجەکە وەک یەکە: زاڵبوون، سزای بەکۆمەڵ بە ناوێکی دیکە،یوانی دیجیتاڵی چین، دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا, و برێكس ڕێڕەوی نوێ بۆ سەروەری دارایی و تەکنەلۆژی بۆ باشووری جیهانی دروست دەکەن، ئەوەی پێی دەوترێت “یارمەتییە سەوزەکان” زۆرجار کۆلۆنیالیزمی کەشوهەوا دەشارێتەوە، چونکە قەرزەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پشتگیری ژینگەیی دەبەستنەوە بە قەرز و وابەستەیی پەکخستن- کە دەنگدانەوەی پەیماننامە نایەکسانەکانە،چین ڕێگای بەدیل بۆ سەروەری دارایی و تەکنەلۆژی دروست دەکات. ئەم هەوڵانە تەحەدای نەزمێکی جیهانی دەکەن کە چەند زلهێزێک زاڵن بەسەریدا و هیوایەک بە نەتەوە بچووکەکان دەبەخشن بەبێ ئەوەی سەربەخۆیی خۆیان تەسلیم بکەن،ئەمڕۆ کە ئازار لە غەززە دەبینین، ئاوارەبوون لە ئۆکرانیا، یان زۆرەملێی ئابووری لە گەلانی لاوازدا دەبینین، دەبێت ئەم وانانە بەبیر بهێنینەوە. یادکردنەوەی نانجینگ و هەڵەبجە تەنها ماتەمینی ڕابردوو نییە؛ پەیوەندی بە دۆزینەوەی بوێری بەرەنگاربوونەوە لە ئێستادا.

هەڵۆ حەسەن




دیاردەی كۆچكردنی خەڵك و بێباكی حكومەتی هەرێمی كوردستان!.. نووسینی: مەهدی خەلیل

لەوەتەی مرۆڤ بوونی هەیە دیاردەی كۆچكردنی خەڵك لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر بوونی هەیە، ئیتر بە هوكاری جۆراوجۆر، لە سەردەمی ئێستادا گرنگترین و بەربڵاوترین هوكارەكانی كۆچكردنی خەڵك بەهوی شەڕ و كوشتارەكانی مرۆڤەكانەوەیە لە نێوخۆیاندا.
هەرچی سەبارەت بە هەرێمی كوردستانی عێراقە، لە پێش ڕاپەرینی 1991 خەڵك كۆچیان دەكرد بۆ وڵاتانی تر بۆ خۆ رزگاركردن لە دەست ستەمەكانی رژێمی سەدام، بەڵام لە دوای ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی كەوتە دەست پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە هوی ستەمی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتیەوە ئازادی هەتا دەهات بەرتەسكتر دەبووەوە ئەمە جگە لەوەی هێزی چەكداری حیزبی دەستیانگرت بە سەر هەموو سەكتەرەكانی ژیاندا، هیزی خێڵەكی و عەشیرەتگەریان زیندووكردەوە، كۆمەڵێك حیزب و گروپ و مەلای ئیسلامی درووست بوون كە بەداخەوە دووبارە بە هوی پشتگیری و پاڵپشتی پارتی و یەكێتیەوە نەك گەشەیانكرد بەڵكو دەست تێوەردانیان دەكرد لە هەموو شتێكی خەڵكدا، دژی ئازادیەكان وەستانەوە بەتایبەتی ئازادی ژنان، ئەم كارانەی پارتی و یەكێتی وایكرد سەدان كەس تیرۆركرا بە هوی بیرباوەڕ و چالاكی سیاسیەوە، هەزاران كچ و ژن تیرۆركران لە ژێر ناوی ناموس پارێزیدا، سەدان كەس خرانە زیندانەوە بە هوی ناڕەزایەتی بوونیان لە بەرنامە و سیاسەتی پارتی و یەكێتی.

ئەو هوكارانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێكرد وایكرد سەدان و هەزاران خەڵك بەناچاری پەناببەنە بەر كۆچكردن، بەشێوەیەك كۆچكردن لە هەرێمی كوردستان زیادیكردووە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا نموونەی نەبووە، خەڵك ناچار بووە بەرگەی هەموو ئازار و برسێتی و تەنانەت خنكان لە دەریاكاندا بگرن بە مەبەستی خۆ رزگاركردن و گەشتن بە ژیانێكی باشتر، بەهیوای ئەوەی بگەن بە ژیانێكی ئارام و بێ كێشە، بەڵام كاتێك ئەو خەڵكە دەگەن بە یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپا رووبەرووی دەیان گرفت دەبنەوە، نموونەی دابڕان لە كەس و كار و هاوڕێكانیان و تووشی تەنهایەكی تەواو دەبنەوە چوونكە زمان نازانن ناتوانن تێكەڵی خەڵك ببن و هاوڕێ بدۆزنەوە، هەروەها توشی بەریەككەوتنی كەلتورەكان دەبنەوە زۆر یاسا و رێسا و دابوونەریتی كۆمەڵگای ئەوروپا جیاوازە لە گەڵ كوردستان زۆر زۆر قورس دەبێت بۆیان كە بتوانن لە یاسا و رێسا و كەلتور و دابوونەریتی وڵاتی دووەم تێبگەن و تێكەڵی بن، بۆیە توشی جۆرێك لە تەنهایی و گۆشەگیری دەبن ئەمەش وادەكات توشی دەیان گرفتی دەروونی و خەمۆكی ببن، هەروەها ئەگەر شانسیان هەبێت زوو داوای مافی پەناهەندەیەكەیان قەبووڵ بێت ئەوە باشترە بەڵام زۆر جار وا رێك دەكەوێت كە چەندین ساڵ لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە و لەبەر ئەوەی مافی كاركردنیان نیە دەبێت لەو شوێنانە بژێن كە دەوڵەت بۆی دابینكردوون و بەو بڕە پارەیە ژیان بكەن كە دەوڵەت بۆیانی دابینكردووە، واتە مانەوە لە ژیانێكی سادە كە تەنها بتوانن خواردنێكی سادە بخۆن و جارجاریش بتوانن جلێكی دەستی دوو بكڕن، هەروەها ئەگەریش مافی كاركردنیشیان پێ بدرێت دووبارە رووبەڕووی گرفتێكی تر دەبنەوە كە ئەویش گرفتی زمانە زۆربەی كارەكان دەبێت زمان بزانیت ئەگەر نە كارت دەست ناكەوێت، گرفتی هەرە گەورەی پێش ئەم پەناخوازانە ئەوەیە كە هەمیشە لە ترسدا دەژێن ئایە مافی پەنابەریان پێ دەدرێت یان دەیانگەڕێننەوە بۆ كوردستان كە ئەوان لە ترسی كوشتن و لە ناوچوون لە دەستی هەڵهاتوون.
لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە كە حكومەتەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان زۆر بێباكە لەوەی كە خەڵكەكەی كۆچ دەكەن هەرگیز هەوڵی نەداوە هوكاری كۆچكردنی خەڵك دەستنیشان بكات و پاش دەستنیشانكردنی رێگا چارەی گونجاو بۆ هەر هوكارێك لە هوكارەكان بدۆزێتەوە.
بۆ نموونە:
لەسەر بیروباوەڕ و ناڕەزایەتی خەڵك لە حكومەت زیندانەكانی پڕ نەكات لە خەڵك، كاتێك خەڵك خۆپیشاندان دەكات و داوای مافەكانی دەكات بە گولە و تێهەڵدان و زیندانیكردن وەڵامی خەڵك نەداتەوە، رێگا نەدا گروپە ئیسلامیەكان بە گشتی و مەلاكان بەتایبەتی دژ بە ئازادی ژنان و ئازادیە گشتیەكان بانگەشەی توندووتیژی بكەن و هانی خەڵك بدەن بۆ توندوتیژی، رێگا نەدات سەرۆك عەشیرەت و بەرپرسەكانی حیزب دەسەڵات و هیزەكانیان بەكار بهێنن بەرانبەر بە هەركەس بیانەوێت.
بەڵام بەداخەوە ئەوەی كە هەرگیز بۆ حكومەتەكەی پارتی و یەكێتی گرنگ نەبووە و نیە ژیانی خەڵكە، كۆچی خەڵكە ئازار و مەینەتیەكانی خەڵكە تەنها شت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگ بێت زیاتركردنی سامانەكەیەتی لە سەر حیسابی خەڵك، گرنگ ئەوەیە رۆژانە و مانگانە تەنكەرە نەوتی قاچاغ بفرۆشن و سامانەكەیان زیاتر و زیاتر بێت ئیتر با خەڵك هەژار بێت با خەڵك كۆچی بە لێشاو بكات با ئازادی بەرتەسك بێتەوە هێچ كێشەی بەرپرسەكانی پارتی و یەكێتی نەبووە و نیە و نابێت.

نووسینی: مەهدی خەلیل
ئەندامی رێكخراوی داكۆك لە بەریتانیا




ڤاکسینی ڕۆشنبیری.. یاسین لەتیف

سەبارەت بە چەمکی سۆفیستائی ، سفستایەکان گوتاربێژ گەلێکی ساختەچی بوون . لە ڕێگەی ئارگیومێنت و قایلکردنەوە بەدوای قازانجی مادیدا دەگەڕان و زۆرجاریش بۆ گەیشتن بەو شتە هەڵەیان بەکاردەهێنا .دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین سفستیەکان خاوەن ڕۆشنبیریەکی قووڵ بوون بە تایبەتی لە بواری زانستە سروشتیەکان و ماتماتیک و فەلسەفە ، بەڵام لێ هاتوو بوون لە گوتاری ڕیتۆریک کە ناوەڕۆکی توێژینەوەکانیان و کاری سەرەکیان بو بۆ فۆکس خستنە سەر هەڵگەڕاندنەوەی ڕاستیەکان و تێکەڵوپێکەڵ کردنی بڕیارەکان ، جێوازیەکانیان لە کەڵ کەسانیتر هەمیشە ئامادە بوون بۆ دیالکتیک . بەڵام لە سەردەمی نوێدا چەمکی سفستائی بە کار دەهێندرێت بۆ ستایشی (( هەڵەکان)) لە دیالکتیکی نێوان دوو کەسدا لایەنێکیان لە ڕێگەی پێچکردنەوەو مراوغە کردنەوە بە ئارکۆمێنتی هەڵە کە هیچ پەیوەست نییە بە ئەو بابەتەی جەدەلی لە سەر دەکرێت تەنها لە دەوروبەریدا دێت ودەچێت هەوڵدەدات دیاکتیکەکە بباتەوە .
زۆرجار زاراوەی سۆفستایەکان لە کتێبەکانی فەلسەفە، کتێبی کۆمەڵناسی، یان کتێبە فیکرییەکانیشدا دەخوێنینەوە، کە بەزۆری تەنانەت لە کتێبە ناپسپۆڕییەکاندا بەکاردەهێنرێت، بەڵکو بۆ ئاماژە کردنە بە جۆرێکی دیاریکراو لە مرۆڤ ، کەواتە مەبەست لە سۆفیستائی چییە؟
سۆفیستایی زاراوەیەکە بۆ ئاماژەکردن بە کۆمەڵێک فەیلەسوف و وتاربێژ لە یۆنانی کۆندا کە بە لێهاتوویی لە ئارگیومێنت و ڕیتۆریک و فێرکردنی هونەرەکانی ڕازیکردن بە گەنجان بەناوبانگ بوون. ۰ئەو لێزانەی خۆیان لە هونەری گوتاربێژی بە کار دەهێنا بۆ دیالکتیک و یاریکردن بە ڕاستیەکان و بردنەوەی دیالکتیک و مشتومڕەکان لە بەرامبەرەکانیان بە چاوپۆشی لە ڕاستی ئارکۆمێنتەکانیان ، سفتایەکان دەکارن بگەنە ئەنجامێکی لۆژیکی بە شێوەیەکی سەر لێشێواندن ، یان بە پێوەرێک کە ناگونجێت لە گەڵ ئەو بابەتەی کە دیالکتیکی لە سەر دەکرێت. وە دوای بیرکردنەوە لە خاوەنەکەی، بۆت دەردەکەوێت کە تۆی گەیاندووەتە ئەنجامێکی نالۆژیکی. سۆفیستائی بەشێک بوو لە بزووتنەوەیەکی فیکری کە لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین سەریهەڵدا، و سەرنجی لەسەر توانای ڕازیکردن بوو نەک گەڕان بەدوای ڕاستی ڕەهادا.ئه‌گه‌ر به‌ ووردی بیرو ڕاكانی سفستایه‌كان تاوتوێ‌ بكه‌ین ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بیر كردنه‌وه‌ی ئه‌وان زیاتر كراوه‌و له‌بار بووه‌ بۆ گۆڕانكاری و وه‌رگردنی كایه‌ی نوێ‌ له‌ بواره‌ جیا جیاكانی ژیان و سیاسه‌ت و بیری نوێ‌ ، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ها كۆمه‌لایه‌تیه‌كانیان به‌ لاوه‌ پیرۆزو گرنگ نه‌بووه‌ زیاتر خولیای پاكتاو كردنی ترادیسیۆن بوون ، پتر سه‌رقاڵی مه‌عریفه‌و خۆشی ژیان بوون و بۆیه‌ گه‌نجانی ئه‌و كات پێیان سه‌رسام بوون و هزری ئه‌وانیان به‌ هه‌ند وه‌ر ده‌گرد ، له‌ لای سفستایه‌كان چێژو چاکە یەک شتە .. ئەوەن پێیانوابوو خولیاو داواكاری چاكه‌ له‌ پێناوی چێژدایه‌ ، نه‌ك چێژ له‌ پێناوی چاكه‌دا . كه‌واته‌ ئه‌و كاره‌ی چێژمان پێ‌ ده‌به‌خشێت چاكه‌یه‌ ، به‌ڵام ئه‌وكارانه‌ی ئازارمان پێ‌ ده‌گه‌یه‌نێت كارگه‌لێكی خراپ و به‌ده‌ ،یان به‌ واتایه‌كی تر ژیان به‌ بێ‌ چێژ له‌ ناوه‌ڕۆكدا واتای مردن ده‌گه‌یه‌نێت ، دیاره‌ ئه‌وه‌ش ڕوونه‌ هه‌رگیز مردوه‌كان و به‌رده‌كان بوونه‌وه‌رگه‌لێكی شادومان نیین . سفستایه‌كان بوونی جێوازی نێوان چێژی چاك و چێژی خراپیان ڕه‌فز كردووه‌ ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێیانوابووه‌ هه‌ر شتێك پێداویستی و ئاره‌زووه‌كانمانی تێر كرد باش و چاكه‌یه‌ ..((ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ژیانی خۆی به‌ پوختی بگوزرێنێت پێویسته‌ جڵه‌وی ئاره‌زوه‌كانی به‌ره‌ڵاو ئازاد بكات ، پێویسته‌ چالاكی و ئازایه‌تی بنوێنێت بۆ ڕازیكردنی ئاره‌زووه‌كانی . ئه‌وه‌ ترۆپكی هێزه‌ و ، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش دادوه‌ری و ستاتیكای سروشته‌ )) ، كه‌واته‌ ناكرێت و نابێت كه‌ڵكه‌ڵه‌ی غه‌ریزه‌كان له‌ لای مرۆڤی پێگه‌یشتوو بچه‌پێنرێت به‌و چه‌شنه‌ی داب و نه‌ریت داوای ده‌كات .. ئه‌مه‌یه‌ پووخته‌ی بۆچوونی سفستایه‌كان سه‌باره‌ت به‌ كه‌ڵكه‌ڵه‌ی سروشت و داواكاریه‌كانی ناخی ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی كه‌ پێی ده‌ڵێن مرۆڤ ، سفستایه‌كان زیاتر له‌ سیسته‌می دیموكراسیه‌وه‌ نزیك بوون تا ئۆرۆستۆكراتیه‌ت، بۆیه‌ ئه‌وان جێی مه‌ترسی ده‌سه‌ڵاتی ئۆرۆستۆكراتی ئه‌و كات بوون .

واتاکانی زاراوە:
1- لە بنەچەی ئەرێنیدا: – وشەی (سۆفیستایی) بە واتای دانا یان مامۆستا دێت و سۆفیستەکان بە مامۆستای فیکر و زمان و لۆژیک دادەنران.
2- لە واتای نەرێنیدا: – دواتر ئەم دەستەواژەیە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بەکاردێت بۆ ئاماژەدان بەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی دەستکاریکەر و فریودەر ئارگومێنت بەکاردەهێنن، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ڕاستییەکان بکەن، بەڵام تەنها بە ئامانجی سەرکەوتن لە مشتومڕەکەدا.
تایبەتمەندیەکانی سۆفیستەکان:
١- ئەوان لێهاتوو بوون لە ئارگومێنت و قسەکردندا.
٢- توانای خستنەڕووی ئارگیومێنتی دژبەیەک بۆ سەلماندن یان پووچەڵکردنەوەی هەمان پرس.
٣- گرنگیدانیان بە پرسە کردەیی و ئەخلاقی و پەروەردەییەکان.
٤- جەختکردنەوەیان لەسەر ڕێژەیی لە بەها و مەعریفەدا.

دیارترین سۆفیستەکان:-
پرۆتاگۆراس: بەناوبانگە بەوەی کە دەڵێت: مرۆڤ پێوەرە بۆ هەموو شتەکان.

  • گۆرگیاس: دەڵێت تەرکیز لەسەر هێزی ڕیتۆریک و ڕازیکردن بکە.
    سۆفیستایەکان لە لایەن فەیلەسوفانی وەک (سۆکرات و ئەفلاتون و ئەرستۆ) ڕەخنەی زۆریان لێ گیراوە و ئەوانیش وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر حەقیقەت و بەها ئەخلاقییەکان دەیانبینی و سۆفیستەکانیان بە بڵاوکردنەوەی ڕێژەگەرایی و ئاژاوەی فیکری تۆمەتبار دەکرد. ڕەخنەی ئه‌فلاتون لە سفستایەکان سەبارەت بە تیۆری ئه‌خلاق پێیوایە سفستایه‌كان و تێگه‌یشتنیان بۆ ئاكار قێزه‌ون و دوو ڕووییه‌ جێوازی له‌ نێوان چێژی چاكه‌و خراپه‌ ناكەن . ته‌نها ئامانجیان چێژ وه‌رگردنە بێ‌ ئه‌وه‌ی چاكه‌و خراپه‌ لێكبدەنوه‌ .ئه‌فلاتون تۆمه‌تیان ده‌خاته‌ پاڵ و ده‌ڵێت سفستایه‌كان ووتار بێژێكی موزه‌یه‌فن ، بانگه‌شه‌ی حیكمه‌ت ده‌كه‌ن كه‌ چی پێی نا ئاشنان.

    یاسین لەتیف




نامەیەک بۆ دایـکم.. سێرگی یه‌سه‌نین*.. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

                          

هێشتا ماوی پیرەژنەکەم؟!
هێشتا؟
سڵاوت لێ بێ، سڵاو!
خۆری تاقانەی ئێوارانت
بەسەر ماڵێدا ببارێ…!

بۆم دەنووسن:
تۆ نیگەرانیی و خۆت دەخۆیتەوە و
زۆرم لە خەم دای ..
زۆر جار بە بـاڵـتۆ دڕاوەکەتەوە
دەچیتە سەر ڕێگا..
بۆم دەنووسن،
بە تەنیا خەونێکی
تاریکایی ئێوارەیەکی ڕەش
وات لێ دەکا دڵنیا و سووربی ،
وەک بڵێی
کەسێک لە دەمەقاڵییەکی مەیخانەدا
خەنجەر لە دڵمدا دەچەقێنێ ..!
شتی وا نییە قەدەرگرانێ من !
دڵنیابە !
ئەوە لە وڕێنەیەکی دزێو
بەدەر نییە..
من ئەو بەدمەستە ڕەزاقوورسه‌ نیم
بەرلەوەی بتبینمەوە بمرم..
هەر لەسەر پەیمانی جارانم
بەسۆز..
تەنیا خەون بە شتێکەوە دەبینم
زووتر بەرەو ماڵە بچکۆلەکەمان
بگەڕێمەوە و
لەو خەمۆکییە ڕاماڵە هەڵبـێم..
دەگەڕێمەوە
کە چڵ و پۆپ
لە باخچەی سپی بەهاریماندا
هەڵدەکشێن..
بەڵام نابێ دایە
لەگەڵ کازیوەدا
خەبەرم بکەیتەوە
وەک پێش هەشت ساڵان دەتکرد..
لە خەونە ون بووەکانم
بە ئاگام مەهێنە!
ئەوانەم لەلادا مەورووژێنە
بەدی نەهاتوون..
من هەر زوو ،
زۆر زوو
دەبووایە ،
ماندوویەتی و ون بوون
تاقی بکەمەوە..
فێری نوێژیشم مەکە دایە
پێویست ناکا
گەڕانەوە بۆ دواوە نییە..
تـۆ ،
تەنیا تۆی یارمەتیدەر و
شادی بۆ من..
تەنیا تۆی
ڕوناهی ئەفسووناویم.
کەواتە نیگەرانیی خۆت
لەبیرکە دایە !
خەمم زۆر بۆ مەخۆ
تکایە ئیدی
نەیەیتە سەر ڕێ
بە بـاڵتۆ شڕە کۆنەکەته‌وه‌…

() شاعیری ناسراوی ڕووس (1895 – 1925) . (*) له‌ ماڵپه‌ڕێكی تایبه‌ت به‌ شاعیر، به‌ وه‌رگێڕانی – ثائر زین الدین – بۆ عه‌ره‌بی
كراوه‌ به‌ كوردی.