عه‌لی و نینۆ له‌نێوان ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

عه‌لی و نینۆ، وەك كورته‌ رۆمانێكی چڕ و پوخت‌. یه‌كێكه‌ له‌شاكاره‌ دیاره‌كانی ئه‌ده‌بی قه‌فقازی. تێیدا له‌نێو كه‌شی گه‌رمی خۆشه‌ویستی بۆ هاوسه‌ر و نیشتمان، ئه‌و به‌ربه‌ست و ئازارانه‌ ده‌خاته‌ به‌ردیده‌ كه‌ رژێمی فه‌رمانڕه‌وای رووسی له‌سه‌رده‌مه‌كانی قه‌یسه‌ری و سۆڤییه‌تی، واتا له‌گه‌رمه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و جه‌نگی ناوخۆ، له‌نێوان ساڵی 1918 تا ساڵی 1920 خستبوویانه‌ به‌رده‌م باكۆی پایته‌ختی ئازه‌ربایجان. داستانێكی خۆشه‌ویستی و به‌رگریكردنه‌، له‌نێوان (عه‌لی خان شێرڤانشێر) كه ‌له‌خانه‌دانێكی موسوڵمانی شیعه‌ی ئازه‌ری ره‌سه‌ن فارسه‌ و له‌نێوان شازاده‌ (نینۆ كیپانی) مه‌سیحی ئارسۆدۆكسی جۆرجی‌. ئه‌وانه‌ كه‌ له‌باكۆ هاوپۆلی خوێندن بوون پێوه‌ندی خۆشه‌ویستی له‌نێوانیان دێته‌ ئارا و شه‌یدای یه‌كتری ده‌بن. دوای پرس و رای زۆر، هه‌ردوو ماڵباته‌كه‌ ‌ به‌هاوسه‌رگیرییان رازی ده‌بن، به‌و مه‌رجه‌ی نینۆ خوێندنی ته‌واو بكات. باوكی عه‌لیش به‌و مه‌رجه‌ی رازی ده‌بێت (عه‌لی نوێژ كات و مه‌ی نه‌خواته‌وه‌ و كاری باش بكات و له‌پێناو بیروباوه‌ڕیش بجه‌نگێ و رێگاش به‌دوژمن نه‌دات ده‌ستدرێژ بكات).
كاتێك كاروباره‌كان به‌باشی به‌ڕێوه‌ده‌چوون كوڕێكی مه‌سیحی ئه‌رمه‌نی ده‌وڵه‌مه‌ند كه‌ (نه‌خاره‌یان) ی ناوه‌ و هاوڕێی عه‌لی بوو دێته‌ نێوانیان بۆ نموونه‌ لای باوكی نینۆ باسی هه‌ڕه‌شه‌ی زۆری ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووری رووسی به‌سه‌ر ماڵباتی شێرڤانشێری له‌ ئێراندا ده‌كات و به‌گوێدا ده‌خوێنێ هاوسه‌رگیری كچه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌لی ده‌بێته‌ مایه‌ی گرفت له‌نێوان ئه‌وان (كیپانی) و حكومه‌تی رووسی. ئه‌مه‌و كه‌ رووسیاش له‌ساڵی 1914 چووه‌‌ ناو به‌ره‌كانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی، هه‌ندێك له‌هاوڕێكانی عه‌لی چوونه‌ ریزه‌كانی سووپا به‌ڵام كاتێك ده‌وڵه‌تی عوسمانیش دژی رووسیا چووه‌ جه‌نگه‌كه‌، ئه‌وان تووشی بارێكی نائاسایی ده‌بن، هه‌رچه‌نده‌ عوسمانییه‌كان سونین و ئازه‌ریه‌كانیش شیعه‌.
نه‌خاره‌یان بۆ به‌دیهێنانی مه‌به‌سته‌ شاراوه‌كانی رۆژێك به‌ئوتۆمبیله‌كه‌ی ده‌یه‌وێت نینۆ بڕفێنێ، ئه‌وه‌ بوو بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاری باكۆی برد. كاتێكیش ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌ عه‌لی ده‌گات به‌په‌له‌ و به‌ئه‌سپێكی خواستراو دوای ده‌كه‌وێت تا پێیانده‌گات.‌ دوای رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ عه‌لی به‌خه‌نجه‌ره‌كه‌ی ده‌یكوژێت. به‌وه‌ش ناچار به‌ره‌و چیاكانی داغستان ده‌بێت رابكات و لای خزمه‌كانی له‌گوندێك داڵده‌ ده‌درێت. دوای ماوه‌یه‌ك به‌یارمه‌تی كه‌سێكی خزمی عه‌لی نینۆ ده‌گاته ‌ئه‌و گونده‌ی سه‌خت و دووره‌ ده‌سته‌. له‌وێدا له‌گه‌ڵ عه‌لی هاوسه‌رگیری ده‌كات. به‌و جۆره‌ له‌شازاده‌ییه‌وه‌ ده‌بێته‌ ژنێكی گوندی و خه‌ریكی كاروباری ناوماڵ و هێنانی ئاو و سه‌ختته‌كانی دیكه‌ی رۆژانه‌ ده‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ختیارانه‌ ده‌ژیه‌ن.
دواتر هه‌واڵ به‌عه‌لی ده‌گات قه‌یسه‌ر نیكۆلای دووه‌م له‌ده‌سه‌ڵات لادراوه‌ و باكۆش له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌. ئه‌مه‌و ماڵباتی نه‌خاره‌یانیش به‌ره‌و‌ ئه‌رمینیا باریان كردووه‌. بۆیه‌ عه‌لی بڕیار ده‌دات بۆ به‌رگریكردن بگه‌ڕێته‌وه‌ باكۆ. ئه‌وسا سوپا هه‌ڵوه‌شاوه‌كه‌ی رژێمی پێشوو كه‌ به‌دوای تاڵانیدا ده‌گه‌ڕان به‌سه‌ر شاری باكۆدا ده‌ده‌ن و دوای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌خت، عه‌لی و نینۆ راده‌كه‌ن و ماڵه‌كه‌شیان وێران ده‌كرێت. نینۆ له‌وڵاتی ئێران رۆژانێكی ناخۆش له‌كۆشكێكی داخراو به‌سه‌ر ده‌بات. دواتر عه‌لی پێی ده‌گاته‌وه‌ و لای مامی ماوه‌یه‌ك ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ مامی لای شای ئێران پێگه‌ی به‌رز بوو. كاتێكیش نینۆ ده‌بێنی هاوسه‌ره‌كه‌ی رێوروسمی عاشورا ئه‌نجامده‌دات و جه‌سته‌ی خه‌ڵتانی خوێن ده‌كات، زۆری پێناخۆش ده‌بێت. دوای ئه‌وه‌ی هه‌واڵی ئه‌وشیان پێده‌گات هێزه‌كانی عوسمانی ئازه‌ربایجانیان كۆنترۆڵ كردووه‌ و باكۆ ئازاد كراوه‌. ئه‌وسا عه‌لی و نینۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ باكۆ. هاوكات جاڕی كۆماری ئازه‌ربایجانی دیموكراتی ده‌درێت. نینۆ ئه‌ركی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانووه‌گه‌وره‌كه‌ی بنه‌ماڵه‌ی عه‌لی ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ و عه‌لیش له‌لایه‌ن (فتالی خان هویسكا) ی یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی ئازه‌ربایجان، له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێته‌ پاشكۆی نووسینگه‌ی ئه‌وروپای رۆژئاوایی حكومه‌ت. به‌ڵام هێنده‌ی پێناچێت، سووپای توركی ئه‌و شوێنه‌‌ بۆ هێزی ئینگلیزی چۆڵ ده‌كات كه‌ ئه‌وان وه‌ك هێزی پارێزه‌ر هاتبوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌لی و نینۆش زمانی ئینگلیزییان ده‌زانی بۆیه‌ هاوكاریان كردن. ئه‌وسا نینۆ خه‌ونی به‌وه‌ ده‌بینی له‌باڵوێزخانه‌ی شاری پاریس كار بكه‌ن. دوای وه‌ستانی جه‌نگه‌كه‌ هێزی ئینگلیزی ناوچه‌كه‌یان جێهێشت و دانیشتوانی ئازه‌ربایجانیش هاوشێوه‌ی ئێمه‌ی كورد و گه‌لانی دیكه‌ی ئه‌وسا، چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی سیڤه‌ر بوون. به‌ڵام سوپای سووری سۆڤییه‌تی به‌مه‌به‌ستی رووخانی كۆماره‌كه‌ و سوودمه‌ندبوون له‌ته‌واوی نه‌وته‌كه‌ی یه‌كسه‌ر هێرش ده‌كاته‌وه‌ سه‌ر باكو و هه‌وڵی لكاندنه‌وه‌ی به‌سۆڤییه‌ته‌وه‌ ده‌دات. به‌وه‌ش باكۆ داگیر ده‌كرێته‌وه‌ و عه‌لی و نینۆش به‌ره‌و شاری گه‌نجه‌ راده‌كه‌ن. دوای ئه‌وه‌ی سوپای سۆڤییه‌تی ده‌گاته‌ ئه‌و شوێنه‌ش، عه‌لی ئه‌و جاره‌ نینۆ و كچه‌كه‌ی به‌ره‌و جۆرجیا ده‌نێرێت و بۆخۆشی له‌گه‌ڵ ئازادیخوازه‌كان چه‌كی به‌رگری هه‌ڵده‌گرێت، تا شه‌هید ده‌كرێت ده‌جه‌نگێت.
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت ناوه‌رۆكی ئه‌و داستانه‌ ته‌نیا چیرۆكێكی ئاسایی خۆشه‌ویستی نییه‌ به‌لكو سیمبولێكه‌ بۆ ناسنامه‌ و سازانی نێوان كه‌لتووره‌كان و ئایینه‌كان. نێوان رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا. ‌نێوان دواكه‌وتوویی و ژیانی نوێ. ‌نێوان بیابان و چیا. ‌نێوان پابه‌ندبوون به‌داخوازی دڵ و ده‌ستبه‌ردارنه‌بوونی ‌بیروباوه‌ڕ. نووسه‌ر جه‌ختی له‌سه‌ر دوو جۆر خۆشه‌ویستی كردووه‌. یه‌كه‌میان خۆشه‌ویستی كوڕێك بۆ ئاشقه‌كه‌ی. دووه‌میش خۆشه‌ویستی هه‌مان كوڕ بۆ نیشتمانه‌كه‌ی. رۆمانێكه‌ قه‌فقازی تێدا به‌رجه‌سته‌یه‌. ئه‌و خاكه‌ پڕه‌ له‌داستان و ره‌گه‌ز و ئایین و كه‌لتووری‌ جۆراجۆر. هه‌ر بۆیه‌ په‌ندی پێشینان و قسه‌ی نه‌سته‌ق و چیڕۆكی میللی تێدا ده‌بینین، بۆ نمونه‌ له‌ئێواره‌ خوانێكی ناو ماڵی كیپانی، نه‌خاره‌یان له‌ناو ئاپۆڕه‌ی ئاماده‌بووان وه‌ك گاڵته‌كردن روو له‌عه‌لی ده‌كات و ده‌ڵێت : “هه‌ڵۆ له‌چیا و به‌وریش له‌ جه‌نگه‌ڵه‌كان ده‌رده‌چن، ئه‌ی له‌بیابان چی هه‌یه‌؟” مه‌به‌ستی له‌بیابان خاكی ئازه‌ربایجانه‌. عه‌لیش لێزانانه‌ وه‌ڵام ده‌دات و ده‌ڵێت : “شێر و جه‌نگاوه‌ره‌كانی لێ ده‌رده‌چێت.
شایانی باسه‌ تا ئێستا نووسه‌ری راسته‌قینه‌ی ئه‌و شاكاره‌ نادیاره‌. هه‌ندێك له‌و بڕوایه‌ن (لیڤ نوسیمباوم 1905 – 1942) نووسه‌ری ئازه‌ری نووسیویه‌تی كه‌ ناوبراو له‌به‌ر هۆكاری سیاسی له‌ژێر ناوی خواستراوی (ئه‌سعه‌د سه‌یدEssad said ) بابه‌ته‌كانی ده‌نووسی. خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می گرنگه‌، له‌وانه‌ (خوێن و نه‌وت له‌ڕۆژهه‌ڵات)، (دوانزده‌ نهێنی قه‌فقاز)، (رووسیای سپی)، (زێڕی ڕه‌ش) و (مانوێلا). به‌ڵام زۆرینه‌ی شاره‌زایان له‌و بڕوایه‌ن نووسه‌ری ئه‌و شاكاره‌ (یوسف ڤیزێر شامانزامینلی 1887 – 1943) نووسه‌ر و دیپلۆماسكاری ئازه‌ربایجانییه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌به‌ر هۆكاری سیاسی به‌ناوی خواستراوی (قوربان سه‌ید Kurban Said) ده‌ینووسی. زۆر ئه‌دگاری پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه‌ش به‌كه‌سایه‌تی ئه‌و نووسه‌ره ده‌چێت. هه‌ر له‌رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ قوربانی دان. هه‌ندێك ده‌ڵێن ته‌نانه‌ت ناوه‌ خواستراوه‌كه‌ی قوربانیش له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. ‌ئه‌و نووسه‌ره‌ راوێژگاری دادوه‌ری بوو. ساڵی 1920 دوای ئه‌وه‌ی سوپای سۆڤیه‌‌تی به‌ره‌و ئازه‌ربایجان چوو، له‌به‌ر بۆچوونه‌ سیاسییه‌كانی دژ به‌سۆڤیه‌ت، وڵاتی جێهێشت و له‌تاراوگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ناسرێ و ده‌ستگیر نه‌گرێت زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی به‌ناوی خواستراو بڵاوكرده‌وه‌. له‌وانه‌ (قوتابییان) و (به‌هاری كچان) و (له‌نێوان دوو ئاگردا). ساڵی 1925 مۆڵه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ره‌و باكۆ پێدرا. ساڵی دواتر گه‌ڕاوه‌. ئه‌وسا ماوه‌یه‌ك له‌زانكۆی باكۆ وانه‌ی زمانی ئازه‌ری وته‌وه. زۆر بابه‌تیشی له‌زمانی رووسی بۆ ئازه‌ری وه‌رگێڕا. ساڵی 1934 به‌شداری له‌كۆكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م فه‌رهه‌نگی رووسی – ئازه‌ری كرد. ساڵی 1937 له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی پاكتاوكردنی ئه‌دیبانی دژ به‌ئایدیای ، به‌هۆی ناوه‌رۆكی رۆمانه‌كانی، هاوشێوه‌ی كۆمه‌ڵیك ئه‌دیبی دیكه‌ ده‌ستگیر ‌كرا‌ و ماوه‌ی هه‌شت ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا ‌سه‌پێنرا. دوای به‌سه‌ر بردنی سێ ساڵ، به‌هۆی به‌دخۆراكی و ئازاره‌كانی جه‌سته له‌ئۆردوگای غولاغ،‌ گیانی سپارد.
سه‌ره‌تای بڵاوكردنه‌وه‌ی عه‌لی و نینۆ بۆ ساڵی 1937 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ (ئی پی تال ڤێرلاگ E.p.Tal. Verlag) له‌ڤییه‌ننا به‌زمانی ئه‌ڵمانی چاپیكرد. دواتر له‌پێش چاوی خوێنه‌ران ون بوو، تا ساڵی 1970 خاتوو (جێنیا گرامان Jenia Graman) له‌كتێبخانه‌یه‌كی كۆنی ئازه‌ربایجانی ده‌یدۆزێته‌وه‌ و وه‌ریده‌گێڕیته‌ سه‌ر زمانی ئینگلیزی. ئه‌وسا هێنده‌ی پێناچێت بۆ كۆمه‌ڵێك زمانی دیكه‌ وه‌رده‌گێڕدرێت. ئه‌مڕۆش وه‌ك ئایكۆنێكی سه‌نگینی كۆماری ئازه‌ربایجانی دیموكراتی سه‌یری ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به‌ ته‌نینه‌وه‌ی ئه‌و شاكاره‌ش بۆ ناو كاری هونه‌ری ساڵی 2016 له‌به‌ریتانیا به‌هه‌مان ناوی عه‌لی و نینۆ كرا به‌فیلم. كریستۆڤه‌ر هامپتۆن سیناریۆكه‌ی داڕێژت و ئاسه‌ف كاپادیای ده‌رهێنه‌ری به‌ریتانی ره‌سه‌ن هیندیش، ده‌ریهێنا. وێنه‌ی دیمه‌نه‌كانی له‌توركیا و ئازه‌ربایجان گیراون. ئاده‌م به‌كری ئه‌كته‌ری فه‌له‌ستینی و ماریا ڤالڤێردی ئه‌كته‌ری ئیسپانی له‌ته‌ك ریكاردۆ سكامارچیۆ و هۆمایۆن ئه‌رشه‌دی و ماندی باتینكین و كۆنی نیلسن و كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری دیكه‌، رۆڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان تێدا به‌رجه‌سته‌ كردووه‌. ئه‌مه‌و پێشتریش وه‌ك شكۆداركردنی داستانه‌كه‌، خاتوو (ته‌مارا كڤیسیتادزی) ی په‌یكه‌رسازی جۆرجی ساڵی 2007 دیزانی بۆ په‌یكه‌رێكی دووانه‌یی كوڕ و كچێك به‌ناوی (په‌یكه‌ری خۆشه‌ویستی) داڕێژت و ساڵی 2010 له‌شاری باتۆمی سه‌ر ده‌ریای ره‌ش، چه‌سپاندی. هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌ له‌پارچه‌ شێوه‌ بازنه‌یین له‌پۆڵا دروستكراون. به‌رزییه‌كه‌یان هه‌شت مه‌تر و كێشیشیان حه‌وت ته‌نه‌. ئه‌و دوو په‌یكه‌ره‌ی له‌رێگای ته‌كنیكی كاره‌بایی به‌رده‌وام له‌بنه‌كه‌كه‌یانه‌وه‌ ‌له‌خوڵگه‌یه‌ك ده‌سوڕێنه‌وه‌ تاكو له‌كاتژمێر حه‌وتی ئێواره‌ی هه‌موو رۆژێك به‌هێواشی ئاوێته‌ی یه‌كتر ده‌بن. سه‌ره‌تا وه‌ك ئه‌وه‌ یه‌كتری ماچ بكه‌ن دواتر یه‌كتر له‌ئامێز ده‌گرن. ئینجا یه‌كتری ده‌بڕن و له ‌له‌نگه‌ری سووڕانه‌وه‌ی خۆیان ده‌ستبه‌رداری یه‌كتری ده‌بن و پشت له‌یه‌كتری ده‌كه‌ن، وه‌ك ئاماژه‌كردنێك بۆ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك له‌خۆشه‌ویستیدا به‌رده‌وام نییه‌.
ئه‌و كاره‌ هونه‌ریه‌ بۆته‌ رووگه‌یه‌كی دیاری گه‌شتیاری و شارستانی شاره‌كه‌. رۆژانه‌ زۆری گه‌شتیار له‌دیار ساتی ئاوێزانبوونی هه‌ردوو په‌یكه‌ره‌كه‌‌ ده‌وه‌ستن و بیریش له‌ساته‌ سه‌خته‌كانی چیڕۆكی خۆشه‌ویستی تراژیدی ناو جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئاكۆ عه‌بدوڵڵا




كورتە چیرۆكی ‘زیندانی وشەكان’.. نووسینی: عەبدولسەلام ئیسماعیل

زیندانی وشەكان
دەمژمێر شەش و شەش خولەكی ئێوارەیە. لە پەنجەرە شڕ و پیسەكەی ژوورەكەمدا سەیری دەرەوە دەكەم. تۆز و غوبارە. با و بۆران وەك زەنگەسۆرە خۆیان بە پەنجەرەكەدا دەدەن. ئاسمان یەك پارچە لێڵییە، ناتوانی هەڵیبێنی چ ڕەنگێكە. خۆر بنەوبارگەی تێكناوە و ئاسمانی ئێمەی جێهێشتووە. هیچ هیوایێك لەم ئاسمانەدا نابینم. ژوورەكەم لە دەرەوە دڵگیرترە، لێ تاكە شتێك بێزارم دەكات، ئەو وشانەن كە خۆیان بە تاقودیوارەكەدا دەدەن. لە هەوڵدام كۆیان بكەمەوە و بیانخەمە زیندانی كاغەز، بەڵكە چی دی ئارامیی ژوورەكەم نەشێوێنن. پەردەكەم دادەدەمەوە و دەست بە نووسین دەكەم. وشەكانم وەك لافاو دەڕژێنە سەر ڕوومەتی كاغەزەكان. كاغەزەكان بیابان ئاسا تینوون و دڵگەرمانە باوەشیان بۆ دەكەنەوە، لێ وەكو زیندانێك، نە زیاتر. دواجار زیندانێكم بۆ وشەكانم دروست كرد. ئێستە كەمێك ئارامترم، هیچ نەبێت خۆم خاوەنی زیندانەكەم. زیندانێكی ڕوتوقوت. لە هاویناندا بۆدڕی وشەكان كاست دەكات، لە زستانانیشدا خوێنی وشەكان دەمەییێت. ئێستە دوای ساڵێك و چەند مانگێك، دەخوازم گوزەرێك بە نێو زیندانەكەدا بكەم. بە تەنیا ناوێرم، بە وشەكان نامۆ بوومە. دەمەوێت بە قەد ژمارەی وشەكان، خەڵك لەگەڵ خۆم ببەم. من بە ترسەوە هەنگاو دەنێم، ئێوەش بە دوامدا وەرن.

گوزەرێك بە نێو ‘زیندانی وشەكان’م
من ئێستە نامۆم. لە ژوورێكی نسرم دام و نامۆم بە ڕابردوو. دڕدۆنگم، ئاخۆ هەر بەڕاست لە ڕابردوودا ژیاوم! یادەوەرییەكان وەك سێبەری ئاگرێك ونن، وەك هەڵمی چێشتێكی ساردەوەبوو لە كەتواری ئێستەمدا بزرن. لەم ژوورەدا ئیتر دەللاقەكان سیپاڵەكانم ناخەنە سەر شانیان. چ شاشییەكە! من لە ڕابردوودا ناژیم، بەڵكە ڕابردوو وەك بوونێكی بێزراو و ڕەزاگران لە نێو مندا دەژیت. یادەوەرییەكانی دەنگ و وێنە شەتەكم دەدەن. یادەوەرییە دەنگییەكان وەك تەزرە بەر زەویی ناخم دەكەون، درز نابات، دەڕوشێت. یادەوەرییە وێنەیییەكانیش هەرچەندە فرسەخێك لێمەوە دوورن، لێ شلوێ و دەهریم دەكەن. بەلەسەبووم و خۆم تەیار دا، بەرەو دوندی یادەوەرییەكان چووم. گەڕامەوە و نەگەڕامەوە. ئێستەش پارچەیەكم لە دامێن، پارچەیەكی دیكەم لە زاخڕ و یەكی دیكەشم لە بنار ماوەتەوە.
من ئێستە دەگەڕێمەوە بۆ بوونێكی لە دەستچوو لە ڕووی كاتەوە، لێ هەمیشە زیندوو لە نێومدا. یادەوەرییەكان دەمهاڕن. بۆنی پڵاوێك، جلوبەرگێك، وشەیێك، پێكەنینێك، نەخۆشخانەیێك، شەقام و كۆڵانێك دەمگەڕێننەوە بۆ مەودایێكی دوور لە چاوان و نزیك لە من. هەمیشە لەگەڵ یادەوەرییەكان لە جەنگ دام، نازانم كەی كۆتاییی دێت؟ هەمیشە ئەو هورووژم دێنێت و منیش بەرگریی دەكەم. لێ دڵنیام ناتوانم سەختگیرانە مامەڵەیان لەگەڵدا بكەم، چونكێ بەلەسە بوونە.
من ئێستە لە قەرەباڵغیدا تەنیام و لە تەنیایییشدا زۆر قەرەباڵغم. لە تەنیاییدا یادەوەرییەكان تەنیام ناكەن، لێ من دەمەوێت تەنیام بكەن و وازم لێ بێنن. دەمەوێت بەرەو شوێنكاتێكی دوور و نادیار تووڕیان هەڵدەم. شوێنكاتێك دوور لە بوون و زەمەنی من. شوێنكاتێك دەستیان پێم نەگات. شوێنكاتێك نەستم دەستی پێیان نەگات. شوێنكاتێك لەوێدا یادەوەرییەكانیشم ئازاد بن. منیش ڕەها و سەربەست و ئاسوودە بم. شوێنكاتی خەیاڵ، بەڵێ، تەنیا لەو شوێنكاتەدا دەتوانم لیخنیان بكەم و بیانشێوێنم.
لە نێو ئەم زیندانی وشەیەدا ون دەبم لە ڕووی ‘كات’ەوە، لێ خۆم دەدۆزمەوە لە ڕووی ‘بوون’ەوە. هەمیشە ‘كات’ و ‘بوون’ لە كێبەركێیەكی سەیر و تژی لە نامۆیی و حەسرەتن. ئەوە ‘كات’ە خۆی دەئاخنێتە نێو ‘بوون’ و زۆرجار دەستەمۆی دەكات و دەیئەنجنێت. زۆرجاریش ئەوەندە تێكەڵی یەكتر دەبن، ‘بوون’ دەبێتە مازۆخی و چێژ لەم ئازارە دەبینێت. ‘كات’ بزۆك و زیتەڵە، لە شوێنێك دەوەستێت، تۆ پێت وایە كۆتایی هاتووە، لێ دەبینی لە نێو نەچووە و سەر دەردێنێتەوە. ‘كات’ هەمیشە چاوەڕێی كاتێك دەكات بۆ هێنانە ناوەوەی یادەوەرییە زەمەن كردەكان. یادەوەرییەكان لە نێو ‘كات’دا گەشونما دەكەن و تا پەسلان دەمێننەوە. یادەوەرییەكان لە شێوەی هێڵێكی كاتی دابەشبوونە بەسەر نائاگاییمدا. من لە نائاگاییمدا بە ئاگاترم لە ئاگاییم. هەر ئەوەندەی وەنەوزم دا، ئیدی یادەوەرییە وێنەیی و دەنگییەكان هورووژم دێنن و نائاگاییم دەخەنە هەلەكەسەما.
من ئێستە لاقرتم بە ژیان دێت كەی هورووژم دێنێت. من ئێستە لاملم و ئاڵش و وێڵش لەگەڵ ژیاندا ناكەم. سەراسیمە دەڕوانمە زیتەڵی و سەرگەرمیی خەڵك بۆ ژیانێكی گرگن و پەڕپوت. لێ لەگەڵ ئەمانەشدا هێشتا ژیان لە شێوەی خۆشیێك خۆی مەڵاس داوە. هەمیشە چاوەنواڕم، گوێ و چاوم موت كردووە، وەكو كەسێك بیەوێت لە نێو پەشێویی و غوباری بیاباندا شتێكی دڵخۆشكەر ببینێت و ببیستێت. ئەوە منم بە چاویلكەیەكەوە لە نێو بیاباندا ‘غوبار’ ڕاودەنێم. ئەوە منم لەبەرانبەر زایەڵەی یادەوەرییەكان دەسرەوێم. ئەوە منم كە ژیان ئەفیونهەست نییە بۆی. ئەوە منم دەخوازم بەبێ پەڕەمووچ وێنەی ژیانێكی تەڤ لە هەڤ بكێشم. ئەوە منم…، ئەوە منم…، ئەوە منم من…
بێداربووینەوە و بە ڕاكردن هاتینە دەرەوە. هەر توانیمان چەند كونجێكی بچوكی زیندانەكە بەسەر بكەینەوە. سەیرم كرد دەمژمێر شەشی ڕێك بوو، چەند سەیرە! شەش خولەك گەڕاینەوە دواوە…!




ڕەخنەی ئەدەبی.. نووسينی: د . قائد غيلان.. وەرگێڕانی: سەردار ڕەزا

(( بەر لە ڕۆچوونە کارەکەوە، گەرەکمە دوو وشە بێژم پەيوەست بەم بابەتەوە، دوای خوێندنەوەی بابەتەکەی دکتۆر قائد غيلان، هەستم کرد وێکچوونێک لە باسەکەی بۆ ئێمەی کورديش هەيە بۆيە بە پێويستمان زانی بيکەينە کوردی بۆ ئەوەی پێداچوونەوە و بە خۆداچوونەوەمان بۆ کارە ئەدەبييەکانمان هەبێت، سەرپێيانە دەقی ئەدەبيمان ديقەت نەدەين، بە وردی لە چەمکی ڕەخنەيش بە ئاگا بين و لێی قووڵ بينەوە. بەهيواين بيخوێننەوە و ژانرێکی بە سوودە بێت بۆ خودی نووسەران و ڕەخنەگران )) سەردار

ڕەخنەی ئەدەبی وا ناسراوە کە هونەری هەڵسەنگاندنی کارە ئەدەبی و هونەرييەکانە و بڕيار لە بارەيانەوە دەدات و لە سەر بنەمای زانستی شرۆڤەی دەکات، بە واتا بە پێی تيۆر و ميتۆلۆژيای زانستی، ڕەخنەگر ئازاد نييە يانی ئازادێکی ڕەها نييە، بەڵکوو ئەويش پەيوەستکراوە بە بنەما و ڕێچکەی تيۆری و لەوێوە دەستدەکات بەو ميتۆدە ڕەخنەييەی جێبەجێی دەکات، ئەو ئازاد نييە تەنها لە هەڵبژاردنی ميتۆدەکە نەبێت، دوای ئەوە دەبێت ڕەخنەگر پابەندی ئەو ميتۆد و هەنگاوە پێويستانە بێت، ڕەخنەگر ميتۆلۆژيايەک بەکار دێنێت، کە لە تيۆرەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت، تيۆر و ميتۆدەکانيش جياوازی لە نێوان گەورە و بچوک ناکات، لە بەردەم ڕەخنەدا گريمانە و بڕياری ئامادەکراو نييە، هەر نووسەرێک چەند گەورە و ناودار بێت ملکەچی ڕەخنەيە، پێويستە لە سەر ڕەخنەگريش ئەرکەکەی بە باشی بزانێت خۆ لە باڵابوونی ناوەکەی قورتار بکات ئەگەر هەڵسوکەوتی لە گەڵ ئەديبێکی ناسراودا کرد، ناو و مێژوويەکی باشی هەبێت، ناکرێ نووسەری ناودار ترس و زۆرداری بە سەر ڕەخنەگردا بسەپێنێت و کارەکەی لەکەدار بکات، جا لە بەر ئەوە پێويستە ناوەکە وەلاوە بنێت و ڕەفتار لە تەک دەقدا بکات، وا ديقەتی بدات کە لە خاوەنەکەی دابڕاوە تاوەکو بتوانێت بە سەريدا زاڵ بێت و رامی بکات، لە بەرامبەر ڕەخنەگردا نووسەری ناودار و نووسەری ناديار يەکسانن، لە بەردەم ڕەخنەگر تەنها دەق هەيە، ئەو دەقەيش دەخزێتە ژێر لێپرسينەوەی ڕەخنەیی بە دەر لە نووسەرەکەی.
ڕەخنەی ئەدەبی زمانی دووەمە، قۆناغێکی دوای ئەوە و سەر بە داهێنانە، ئەدەب هەميشە يەکەمجار دێت پاشان ڕەخنە، وەلێ ڕەخنە لە سەر ئەدەب بونياد نەنراوە، بەڵکوو سەرچاوەی لە تيۆرەکان و فەلسەفييەکان و ميتۆلۆژييەکان وەرگرتووە، رەخنە پێويستييەکی ڕۆشنبيرييە، ئەوانەی کە دەبێ لە نەبوونی ڕەخنە بێزار بن خودی ئەديبەکان خۆيانن، نەبوونی بە واتا جێهێشتنی بوار يان دەرفەت بۆ ناپسپۆڕەکان، ئالێرەدا ئافات دەخوڵقێت، کاتێ کەسێ دێتە پێشەوە هيچ زانيارييەکی لە بارەی بنەماکانی ڕەخنە و ميتۆد و تيۆرييەکانی نييە ، دێت و قسەيەک دەنووسێت هاوشێوەی ڕەخنەيە نەک خودی ڕەخنە، قسەيەک لەو دەچێت نەک لە ناخييەوە هەڵقوڵابێت، چونکی بريتييە لە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک دەستەواژەی ناتەبا لە يەک شوێندا تا وا بۆ خوێنەری ئاسایی دەربکەوێت کە قسەگەلێکی قووڵن، کە بۆ خۆی هيچ پەيوەندييەکی نە بە قووڵی و نە بە ڕەخنە و نە بەمەعريفەوە هەيە.
لە يەمەن لەم جۆرە ڕەفتارانە هەن کە ئەدەب و ڕەخنە پێکەوە لەکەدار دەکەن، لە لاپەڕەکەمدا لەم جۆرە نمونانەم بڵاوکردەوە کە جياوازی لە نێوان ژانرە ئەدەبييەکان ناکات و، تێکەڵ و پێکەڵی لە نێوان دەستەواژە و چەمکەکاندا ناکات، بە داخەوە ئا ئەمە جێگرەوەی ڕەخنەی ئەدەبی پسپۆرييە.
ئێمە قەيرانێکی ڕەخنەیی دەبينين، يان بڵێين چەق بەستوویی رەخنەیی، لە بەرامبەردا بەرهەمی ئەدەبی بە لێشاوە و پەلە لە بڵاوکردنەوەی دەکرێت سەرباری رەوش و شکستەکان. ژمارەی داهێنەرەکان لە زيادبووندايە چاپەکانيان بە دووی يەکديدا دێن، چاودێری کردنێکی پێويست شک نابەن يان لە لايەن ڕەخنەگرانەوە هيچ دەستخۆشييەکيان لێ ناکرێ. گەنجە داهێنەرەکان رێگايەکی دوور دەبڕن، توانايەک بە گەڕ دەخەن تاوەکوو دانەيەک لە کتێبەکەی بە فڵانە ڕەخنەگر بدات و بۆی ئيمزا دەکات وشەی ڕیزلێنان و هيوای بۆ دەخوازێت، کەچی ئەو ڕەخنەگرەدەچێتەوە ماڵ کتێبەکە لە ڕەفەکە دادەنێت و لە بيری دەکات، هيچ خۆی بارگران ناکات تەنانەت لە نووسينێکی کورتی فەيسبووکيشدا دەستخۆشانەی لێ ناکات و وەک ئەندامێکی نوێ بۆ ناو خێزانی ئەدەبی پێشوازی لێ ناکات، ڕەخنەگر لای خۆی دەيهێڵێتەوە بە بێ ئەوەی وشەيەکی لە بارەوە بڵێ، ئەمە بێدەنگی و تەمەڵييە، دەشێ ئەوە ئيرەیی ڕۆشنبير بێت، کە گومان دەکات هەر وشەيەک لەوەوە دەربچێت وای لێ دەکات فڵان ببێتە شاعيرێکی ناسراو، لە راستيدا ئەوەی دەيکاتە شاعيرێکی ديار و ناسراو خودی شيعرەکەيەتی نەک وشەکەی ئەو، وشەکەی تۆ تەنها پێناسەيەکە، يەکەمجار پێناسەيە بۆ خۆت بەر لەوەی نووسەرەکە بناسێنيت، ئەديبی داهێنەر مافی ناسينی خۆی بە دەست دێنێت هەرچەند چاوەنواڕ بێت هەرچەنديش بە بێدەنگی رووبەڕوويان ببنەوە، لە دواماهيدا دەرفەتی خۆی دەدۆزێتەوە کتێبەکانی دەگات و ناوی بڵاو دەبێتەوە، تۆيش کات دەتبڕێت و خەڵکی و تەنانەت قوتابييەکانيشت تۆيان بير دەچێتەوە…
لە يەمەن دا دەيان ڕەخنەگری پسپۆر لە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا هەن، ئەديب زۆر بە خۆشی و پەرۆشييەوە هەوڵ دەدەن دانەيەک لە کتێبەکەيانی بە دياری پێ بدەن، بەڵکوو ئەمە خوايە يەکێکيان لە بارەيەوە بنووسێت، تەنانەت نووسينێکی پێناسەييش بێت، يان هەر وەک هەواڵێک لە واڵی فەيسبووکەکەی کە فڵان دانەيەک لە کتێبەکەی بە دياری پێشکەش کردم، بەڵام ئەمە ڕوو نادات، ڕەخنەگرەکە کتێبەکەی لێ وەردەگرێت و لە کتێبخانەکەی دايدەنێ ئەگەر کتێبخانەی هەبێت، خۆی بە خوێندنەوەيشی سەرقال ناکات، ئەرکەکەی جێ دێڵێت نووسەرێکی دی وەری دەگرێت کە پەيوەندی بە ڕەخنەوە نييە، ئافاتێک لە دەستەواژە و چەمک و بڕگەکانی ڕەخنەیی دەخوڵقێنێت، کارەکە لە وەرگر و نووسەرەکە دەشێوێنێت، سنوور لە نێوان ئەدەب و نائەدەب، داهێنەری ڕاستەقينە و ساختە، داهێنەر و ناداهێنەر ڕادەماڵێت..
لە بەرامبەردا داهێنەران زۆرجار ئەوە دووپات دەکەنەوە کە قايلن بە ڕەخنەيەک و پێشوازیشی لێ دەکەن گەرچی ڕەخنەيەکی بونيادنەرانەيە، لە ڕاستيدا لە ڕووی زانستييەوە ڕەخنەی بونيادنەرانە و يەکێکی دی ڕووخێنەر نييە، ئەم ناوزەدکردنە تەنها لای ڕۆژنامەنووسی ناوردبين و ناپسپۆر بەکار دەهێنرێت، سەرباری ئەم دابەشکارييە لە بنەڕەتدا ئەمە پۆلينکردنی سياسييە، دەسەڵاتداران هەر ڕەخنەيەک لە بەرژەوەندييان بێت ڕەخنەيەکی بونيادنەرە و، هەموو ئەوانەيشی دژيانە ڕووخێنەرە، وەلێ ڕەخنە لە ڕاستيدا بۆ خۆی پرۆسەيەکی ڕێکوپێکە بنەما و بنەچە و تيۆر و ميتۆلۆژيای خۆی هەيە، ئالێرەوە ڕەخنە بۆخۆی پرۆسەيەکی بونيادنەرانە و پێويست و داواکراوە، هيچ کەس لێی زيادمەند نابن بێ بەهرە و کەم مەعريفييەکان نەبێت، ئا ئەوانەن کە شەر لە گەڵ ڕەخنە دەکەن، بە هەڕەشەيەک بۆ سەر بوونی فشەڵيان دەزانن زيان بە بەرژەوەندييەکانيان دەگەيەنێت، ڕەخنە پرۆسەيەکی ڕێکوپێک و ئامانجی هەڵسەنگاندنی کارە ئەدەبی و هونەریيەکانە و بڕياريش لە بارەيانەوە دەدات و لە سەر بنەمای زانستی شرۆڤەکاريان دەکات کە لە سەرچاوەکانی تيۆری و ميتۆلۆژيا زانستييەکانەوە چاوگی گرتووە، لە بەرئەوە خۆی، واتا ڕەخنە، نە دژايەتی نە هێرش دەکات، ئەوەی بە ئەنجامی دەگەيەنێت لە ئاست کارە کرچوکاڵەکان ئەوەيە پشتگوێيان دەخات. مادام کارەکەت وەک ژانرێ دەستنيشانکرا بۆ ڕەخنە کەواتە هەموو مەرجە تەواوەکانی تێدايە تا ببێتە دەقێکی ئەدەبی شايستەی ڕەخنە پێداچوونەوە بێت.
بە هيچ جۆرێک دوژمنايەتی لە لە نێوان ڕەخنە و داهێناندا نييە، بەڵکوو شەڕێکی فريودەرانەيە ئەوانەی کەم داهێنەر و بێ بەهرەن دەيخوڵقێنن، تەنها گورزێکی پێشوەختەيە تاوەکوو شيبکەنەوە کە ڕەخنە دەرهاويشتەيەکی کرچوکاڵە لێی دەدوێت کە کاردانەوە و تەنها ناکۆکی نێوان داهێنەر و ڕەخنەگرە، ئەوانە هەموو هەوڵی نەزۆکن، تەنانەت ئەگەر هەموو ئەوانە کە لە سەر هونەر و ئەدەب هەژمارکراون و ئاتەشگايەکيان دژ بە ڕەخنەگران دروست کرد، ئەوا بەرهەمەکەت هەروا بە کرچوکاڵ و پووچی دەمێنێتەوە، بێگومان دواتر کەسێک دێت و ئەوەت پێ دەڵێت…
لە يەمەن دوو هەڵوێستی دژ بە ڕەخنە بوونی هەيە، يەکەم وای دەبيننەوە کە ڕەخنە لە يەمەن ئەکاديمييە و قەتيسی رەوتی زانکۆ و کتێبخانەکانێتی، دووەميش دەڵێن کە ڕەخنە بەتێبينی سەرپێی فەيسبووک بەستراوەتەوە، لە ڕاستيدا ژيانی ئەدەبی لە يەمەن پێويستی بە دوو جۆرە؛ ڕەخنەی ئەکاديمی زۆر گرينگە، پێويستە ئەو توێژينەوە زانستيانە چاپ بکرێن و ڕۆشنایی ببينن و پسپۆر و ناپسپۆرەکان چاوی پێدا بخشێنن. بەڵام داهێنەر پێويستی بە وشەيەکە ئەگەرچی پەلەيش بێت، ناتوانێت چاوەنواڕ بێت تاوەکوو توێژەر دێت و ڕۆشنایی دەخاتە سەر کارەکەی، ئەو پێويستی بە بيروبۆچۆنێکی بە پەلەيە بە چەند دێڕیکيش بێت لە فيسبووک وەک پاڵپشتييەکی مۆڕاڵی، هەروەها کارە کرچوکاڵەکانيش پێويستی بەوەيە يەکێک ئەوەيان پێ بڵێت، هەرچەند بە چەند دێڕیکیش بێت وەک بە ئاگاهێنانەوەيەکيان.
کاری ئەدەبی بە لێشاو لە ڕێگەی تؤڕەکۆمەڵايەتييەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، ئەوەيش پێويستی بە ڕەخنەيەکە هاوتەريبی بێت، هەمان هۆکار بەکار بێنێت، نووسينی ڕەخنەیی لەم قۆناغەدا پێويستە بارگرانی ميتۆلۆژياکەی کەم بکاتەوە، مادام توێژينەوەکەی لە چەند دێرێکدا دەخاتەڕوو، نالۆژيکييە ديدگايەکی ڕەخنەیی لە چوار دێردا بنووسيت و کەچی پێشەکييەکی ميتۆلۆژيش لە چوار لاپەڕەدا بنووسی. ميتۆدی ڕەخنەیی وەک بلدۆزەرێکی گەورە وايە، هەرگيز ناشێت بۆ هەڵکەندنی چاڵێکی بچوک بەکاری بێنیت، پێگەی بڵاوکراوەی فەيسبووکی جياوازە لە پێگەی توێژينەوەيەکی ڕەخنەیی، پێکەنين ئامێزە خودی هاوڕێ ڕەخنەگرەکانمان داوای ئەو کارەمان لێ دەکەن، ئەوەيش لە بەر نائاگایی هەندێکيان بە هۆی سروشتی نووسينی فەيسبووکی کە پێويست دەکات لە پێشەکييە تيۆری و دەرئەنجام و وردەکارييە ناپێويستييەکان سووك بکرێتەوە، بيرۆکەکە بە شێوەيەکی ڕاستەوخۆ لە چەند دێڕێکی کەمدا بخاتەڕوو، واڵگەر لانی کەم پێنج هەزار هاوڕێ و پەيگيری هەيە، ناتوانێت جێيان بهێلێت و لە گەڵتدا بمێنێتەوە تا وتارەکەت بخوێنێتەوە کە لە چەند لاپەڕەيەکدا نووسراوەتەوە.
ئێمە ڕووبەڕووی ئاريشەيەک بووينەتەوە تێبينیيە ڕەخنەييەکانمان بە پەلە لە تۆڕە کۆمەڵايەتييەکان بە تايبەت لە فەيسبووک بڵاودەکەينەوە، ئەو کێشە لە تەک ڕەخنەگری ڕاستەقينەدا نييە بەڵکوو لە گەڵ ڕەخنەگرە تەمەڵەکانە، يان ئەوانەی ناوم ناون “ ژيرەکان “، کە لە هاوتەريبی پرۆسەی ئەدەبی و هونەری دەستبەرداری ڕۆڵی خۆيان بوون، لە بری ئەوەی قورتار بن لە پەککەوتنيان لە پەيگيری کردنی ئەو کارانەيان و بە هێزکردنی، دەستبەتاڵ دەبن بۆ دەربڕينی نيگەرانييەکانيان لە ئاست ئەوەی دەينووسين.
هەژارييەکی زۆری ڕەخنەیی هەيە، ئەمە پرسێکە ناکرێ نکوڵی لێ بکرێت، سەرباری ئەوەيش ئەوەی لە تێبينی سەرپێی دەينووسين بە شێکی کەميش بێت لە ڕەوتی پرۆسەی هونەری و ئەدەبی هاوبەشە، وا دەبينێن “ ژيرەکان “ لە هاوڕێ و برادەرەکانمان زۆر بيزارن و تووڕەن لەوانەی لەبارەيانەوە دەياننووسين، ئەگەر ئەوان بيانووسيبا ئێمە بە پێشەنگی خۆمانمان دەزانين، وەلێ بێ دەنگن لە ئاست هەموو ئەوانەی دەنووسرێن، يەک حەرفێ لە بارەی ڕۆمانێ يان کۆمەڵە چيرۆکێک، ياخود قەسيدەيەکەوە نانووسن، ياخود تەنانەت بۆچوونێکی ڕەخنەیی سەرپێی لە بارەی قەسيدە يا چيڕۆک يان کارێکی هونەری دەرنابڕن، سەرباری ئەوەيش داهێنەرێکی يەمەنی نييە کە کتێبێک چاپ دەکا دانەيەکیان بۆ نەنێرێت، ئەو کتیبانە دەچنە کۆگا و تەپوتۆز دەيانخوات و پشتگوێ دەخرێن، “ ژيرەکان “ ی دۆستمان هيچ بەڵايەک لە گۆڕەپانی ئەدەبی و هونەری نابينن جگە لە نووسينە ڕەخنەييەکانمان نەبێت، ئەوان وای دەبينن مەترسی و هەڕەشەيە لە داهێنەران دەکرێت و ڕەخنەگران نيگەران دەکات ..

نووسينی: د . قائد غيلان
نووسەر و ڕەخنەگری يەمەنی
کوردیکردنی: سەردار ڕەزا
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا




کتێبێک بۆ خوێندنەوەیێکی ڕەخنەگرانە و گفتوگۆ!

ڕۆژی دەی مانگی مای/ئەیاری ڕابردوو، بە هاوکاری سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان/ هەولێر، کتێبی “بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە سەردەمی زیرەکی دەستکرد دا – بژاردەیێکی پەروەردەیی و پێویستییەکی کۆمەلگەیی” نووسینی سامی بهنام المالح، لە چاپخانە دەرچوو و گەیشتە دەستی خۆێنەران. ئەم کتێبە کە بەزمانی عەرەبی نووسراوە، لەلایەن مامۆستا و دەرونناس یوسف عوسمان حەمەد و نووسەر ڕابەر ڕەشید وەڕگێراوەتەوە سەر زمانی کوردی.

کتێبەکە سێ تەوەر لەخۆ دەگرێ/
تەوەری یەکەم لە شەش بەش پێکهاتوە، بە باسێکی بیرکردنەوە بەگشتی دەستپێدەکات و دێتەوە سەر بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بەهەموو لایەکانیەوە:
بنەماو ڕەگ و ڕیشەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، پێناسەکان و پێکهاتەو ڕەگەزەکانی. گفتوگۆ لەسەر بۆچی پێویستیمان بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە هەیە لە کۆمەڵگای ئێمە. بەشێکیش تەرخان کراوە بۆ خستنەڕووی پەیوەندی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و کاریگەریەکانی لەسەر نوێسازی و داهێنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا. دوا بەشی تەوەری یەکەم باسی بیانوەکان و بەهەڵەدابردنەکان دەکات بە گشتی و لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەتایبەتی.
تەوەری دووم سێ بەش لە خۆدەگرێ و بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە پەروەردە و فێربوون و فێرکدندا تەرخان کراوە. گفتوگۆیێکە لەسەر چۆنیەتی فێربوون و بەکارهێنانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە تەواوی سیستەمی پەروەدە و فێرکردن. ئەزموونی فێرکردنی ئەم بابەتە لە قوتابخانە و زانکۆکان و شوێنەکانی فێربوون و کارکردن و داهێنانی تردا لە وڵاتانی دونیادا دەخاتە بەر باس. هەر لەم تەوەرەدا لە بەشێکی تەواودا، بەربەستەکان و ئاستەنگەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە تێرو تەسەلی پؤلینکراون و گفتۆگۆیان لەسەرکراوە.
تەوەری سێیەمی کتێبەکە دوو بەشە، بۆ ناساندن و باسکردن و گفتگۆ کردنە لەسەر زیرەکی دەستکرددا لە هەموو ڕووەکانەوە. چۆنیەتی سەرهەڵدان و بەکارهێنانی، مێژووی دروستکردنی، جۆرەکان و ئاستەکانی زیرەکی دەستکرد، بوارە جیاجیاکانی بەکارهێنانی و کاریگەریەکانی لەسەر ژیان و تاک و کۆمەڵگا، ئالەنگارییەکان و مەترسیەکان.
هەر لەم تەوەردا گفۆگۆیێکی قووڵ لە ڕوانگەیێکی ڕەخنەگرانەوە کراوە لەسەر: زیرەکی دەستکرددا لە بواری پەروەدەو فێرکردندا – لە پۆل، قوتابخانە، کاری مامۆستا، تەواوی سیستێمی پەروەردەدا وبەکارهێنانی لە تۆژینەوە و نووسینەوە و پەیداکردن و بەکارهێنانی زانست و زانیاری و نوێسازی و داهێنان. لە بەشی کۆتایی تەوەری سێیەم پەیوەندی و کاریگەری و کارلێکردنی نێوان بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەو زیەرکی دەستکرددا، بە ئامانجی بە مرۆڤایەتی کردنی دروستکردن و بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لە کۆتاییدا باس و گفتوگۆی ئەو هەوڵ و پلان و دەسپێشخەریانە دەکا، چ لە ئاستی ولاتان یان لە ئاستی نێودەولەتی و گڵوبال لە ئارادان، کە بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی ئالەنگاریەکان و مەترسیەکانی پەرەسەندنی زیرەکی دەستکرد لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی ومرۆڤ و مرۆڤایەتی دروستی دەکات.
ئامانجەکانی نووسینی ئەم کتێبە، جگە لە پێشکەش کردنی ئەو بابەتە گرنگ و پێویستەیە بۆ کۆمەڵگای ئێمە لەم سەردەمەدا، وروژاندن و هاندانی ئەوانەی لەبواری هزرو پەروەردە و میدیا و ڕۆشنبیری و توؤژینەوەی زانستی کاردەکەن بۆ پشکنین و دیراسەی باشتری واقیعەکەمان و بۆ نووسین و گفتوگۆ و توێژینەوەی نوێ لەم بوارەدا. دیارە ئامانجێکی گرنگە ئەم بابەتی ئەم کتێبە ببێتە میوانی زانکۆکان و دەزگاکانی پەروەردەو و فێرکردن و توێژینەوە، ببێتە بابەتێکی ئەکادیمی و بەشێک لە کاری نوێسازی و داهێنان و گۆڕانکاری.
ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ فراوانکردنی ئاگاهی لە نێو هەموو ئەوانەی کار بۆ گۆڕانکاری و پێشکەوتن و ئایندەیێکی باشتر بۆ تاک و کۆمەلگا دەکەن. دەنگێکی ئەکادیمی زانستیە بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بە ئامانجی هەنگاونان بەرەو پێشەوە، ئەگەر هەنگاوێکی زۆر بچووکیش بێت.
بۆ زانین، لە سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان ناساندی کتێبەکە ڕیکخرا و گفتوگۆی لەسەر کرا. هیوادارین لە زانکۆکانی تری هەرێم دەرفەت بڕەخسێ و ئەم بابەتە لە ڕێگای ئەم کارە ئەکادیمیەدا ببێتە بابەتی دیالۆگ و گفتوگۆ و پلان دانان بۆ پێشخستنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و کردنی بە بەشێک لە کارو چالاکی و ژیانی ڕۆژانەی کۆمەلگاکەمان.
کتێبەکە لە سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی جیهان/ هەولێر دەستدەکەوێ.




لە رۆژی دادپەروەری تاوانكاری كوردستاندا: ژمارەی زیندانیانی نگرەسەلمان بە 3000 رەتدەكینەوە

ئەمڕۆ لە مۆنمێنتی ئەنفال لە شاری چەمچەماڵ و گۆڕستانی ئەنفالكراوان لە دێی بنە لە رزگاری رێكخراوەكانی جینۆساید بە بەشداری كەسوكاری ئەنفالكراوان لە رۆژی دادپەروەری تاوانكاری لە كوردستان دوو كۆنگرەی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا, دەقی بەیاننامەكە لە خوارەوە هاتووە:

لە یادی 19 ساڵەی دادگایی تاوانبارانی ئەنفال و رۆژی دادپەروەری تاوانكاری كوردستاندا

رێكەوتی 21ی ئابی 2006 بۆ پرسی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی تاوانەكانی جینۆسایدی گەلی كورد و بنەماڵەی قوربانیان بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بە گشتی رۆژێكی مێژوویی گرنگ بوو، بەو پێیەی رۆژی دەسپێكردنی دادگاییكردنی تاوانبارانی تاوانی “ئەنفال” بوو لە عێراق، لەو رۆژە بۆ یەكەمجار لە مێژووی گەلانی كوردستان و گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان لە ماوەی سەدان ساڵی رابردوودا، كەسانێكی تاوانبار بە تاوانی گەورە بەرامبەر بە گەلەكەمان “تاوانی جینۆساید، تاوانی جەنگ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی”، لەلایەن دادگایەكی وڵاتی داگیركەری كوردستان و بكەری تاوانەكەوە دادگایی بكرێن، لەو پایتەختەی بڕیاری تاوانی كۆمەڵكوژییەكانی تێیدا دەرچووە.
رێككەوتی (21-8-2006)، پرۆسەی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال دەستی پێكرد، خواستی قوربانیانی جینۆساید و شارەزایان و چالاكوانانی ئەو بوارە، بریتی بوو لە دادگایكردنی تاوانباران لە دادگایەكی نێودەوڵەتی یاخود لانی كەم دادگایەكی هاوبەش، تاكو دادگاییەكە بەشێوەیەكی دادپەروەرانەو جێی متمانەی ناوەندەكانی جیهانی بەڕێوە بچێت و پرۆسەی ناساندنی جێنۆساید گەلی كورد بە جیهانی بكرێت، هەرچەندە داواكە نەهاتە دی, وەلێ دادگاكە زۆر بڕیاری گرنگیدا، لەوانە چوار كەیسی كۆمەڵكوژی خەڵكی كوردستانی بە جینۆساید ناساند، كە تەنها لە ماوەی 9 ساڵدا بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامدرابوون، ئەمەش لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتیدا بێ وێنە بوو.
بەڵام مەخابن بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە دادگاییكردنی تاوانباران بە گشتی و بە تایبەتی تاوانبارانی ئەنفال جێبەجێ نەكرا و رێزی لێنەگیرا، گرنگترین بڕیاریان بریتی بوو لە ئاشكراكردنی لیستێكی سەرەتایی لە 423 تۆمەتبار، بەڵام پارتە سیاسییەكان بە تایبەتیش دەسەڵاتداران لە كوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر، نەك تەنها داڵدەی تاوانبارانیاندا و پاراستیانیان و نەیان هێشت پرۆسەی دادپەروەری بەردەوام بێت، بەڵكو فشاریان خستنە سەر دەزگا هەمە جۆرەكانی دادوەری و رێگرییان كرد لە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی 423 تۆمەتباری ئەنفال، كە زیاتر لە (61%)یان كورد بوون (258) و تا هەنووكەش تاوانبارانی داواكراو لەلایەن پارتەكانی دەسەڵاتدارەوە دەپارێزرێن و هەندێكشیان پۆست و پلەیان پێبەخشراوە. . . تەنانەت هەندێكی دیكەشیان لەلایەن پارتەكانەوە لەسەر پشكی گەلی كورد پۆستی سەربازییان لە رابردوو لە بەغدا پێدرابوو. ئەمە وێڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆری تۆمەتبارانی دیكە سكاڵایان لەسەر بوو, كەچی ناویان لە ریزبەندی تۆمەتباراندا نەبوو, لە هەمووشی سەیرتر نەبوونی ناوی نەزار خەزرەجی بوو, كە خۆی دان بەوەدا دەنێت سەرپەرشتی چوار پرۆسەی ئەنفالی كردووە كە دوییان ئەنفالی چوارو ئەنفالی كۆتایی كە زۆرترین زیانی مرۆیی هەبووە, ناوبراو لە پرۆسەی ئەنفال لە دوای سەدام حوسێن و عەدنان خێروڵاو عەلی حەسەن مەجید دەهات لە بڕیاردان.
ئێمە لە رۆژی دادپەروەری لە كوردستان كە رێكەوتی (21-8) ە، كە بە رۆژێكی گرنگ و مێژوویی و پڕ بەهای دەزانین بۆ خەڵكی كوردستان و پرۆسەی دادپەروەری لە كوردستان. . داواكارین:
یەكەم: تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال”423 تۆمەتبار” و كەیسەكانی دیكەی جینۆسایدا هاتووە، بە زووترین كات دەستگیر بكرێن و بدرێنە دادگای باڵای تاوانەكان بۆ دادگاییكردنیان, لە كوردستانیش ئەمانە وەك تۆمەتباری هەڵهاتوو لە دادگا مامەڵەیان لە گەڵدا بكرێت، نەك هاوڵاتی بە ئیمتیاز وەك ئێستا دەبینین.
دووەم: لیستی ناوی تۆمەتباران بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول دوای رێكخستنی لیستەكە بە ناوی چواری تۆمەتباران و ناوی سیانی دایكیان، بۆ ئەوەی هەڵاتووەكانیان لە وڵاتانی دەرەوە دەستگیر بكرێن و دادگایی بكرێن كە تاكە رێگای بە جینۆساید ناسینی تاوانەكانە لە سەر ئاستی جیهانی.
سێیەم: لەلایەن پەرلەمانی داهاتووی كوردستانەوە ڕۆژی 21 / 8 بە فەرمی بە ڕۆژی دادپەروەری تاوانكاری (عدالە الجنائیە) لە كوردستان بناسرێت و ئەو ڕۆژە بكرێت بە سیمبولی رزگار نەبوونی تاوانباران لە سزا, بۆ بەرچاو روونی هەموو لایەك, لە ساڵانی رابردوو, بە پێشنیاری ئێمە و بە پشتیوانی وەزیری شەهیدانی پێشوو مامۆستا ئارام ئەم رۆژە لە كابینەی حەوت بە فەرمی وەك رۆژی دادپەرەوەری ناسێنراوە.
چوارەم: دەستگیركردنی عەجاج هەواڵێكی خۆش بوو, لەوەش خۆشتر ئەوەیە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی بە ئەركی دادگاییكردنی هەڵبستێت, لە دادگایەكی ئاشكرادا, رێگا بە زۆرینەی شایدحاڵ و سكاڵاكەرانی زیندانی نگرە سەلمان بدرێت شایەدی خۆیان بدەن و سكاڵا پێشكەش بكەن.
پێنجەم: بە زووترین كات رووفاتی ئەنفالكراوان دەرهێنراو لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان بهێنرێنەوە كوردستان و پرۆسەی پشكنینی دی ئێن ئەی خێراتر بكرێت بۆ كەسوكاری قوربانیان.
شەشەم: نابێت رێگا بە تۆمەتبارانی ئەنفال و موستەشارەكان و نەوەكانیان بدرێت, لە رێگای پۆستی سەرۆكی عەشیرەتەوە دەسەڵاتی خۆیان بسەپێننەوە بەسەر خەڵكدا.
حەوتەم: رێگا بگرترێت لە بەرپاكردنی پرسەو مەراسیمی گەورە بۆ ئەو تاوانبارانەی جینۆساید كە دەمرن, وەك پاڵەوانی نەتەوەیی نمایش بكرێن.
هشتەم: داواكارین لە لیژنەی شەهیدان و جینۆسایدی پەرلەمانی كوردستان, بڕیاری لێبوردنی گشتی بەرەی كوردستانی بۆ تاوانبارانی جینۆساید و تاوانە مەزنەكان وەك شەهید كردن بە گرتن دان و سیخوڕێكردن هەڵوەشێنێتەوە.
نۆیەم: ئێمە ژمارەی 3000 لە دانپێنانی تاوانبار حەجاج هاتووە لە رۆژنامەی ئەلسەباحی 21-8-2025 رەت دەكەینەوە, پێمان وایە ژمارەی زیندانیان دوو بۆ سێ هێندەی ئەو ژمارەیەیە.
لە كۆتاییدا دەڵێین دوای 19 ساڵ لە دادگاییكردنی تاوانبارانی ئەنفال هێشتا زۆرینەی تۆمەتباران نەك دادگایی نەكراون, بگرە بەهێزكراون, روفاتی قوربانیان نەگەڕێنراونەتەوە بۆ زێدی خۆیان, موچەی كەسوكاری قوربانیان هاوتای موچەی كەسوكاری قوربانیانی عێراق نەكراوە, حكومەتی عێراق داوای لێبوردنی نەكردووە, عێراق ویستی نییە ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی, بەمەش دەیەوێت لە جوگرافیای جینۆساید بمێنێتەوە….
بەرزو بەرێز بێت روحی شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال و هەڵەبجە و بارزانی و فەیلی و ئێزیدی و كریستان و كاكەیی و شەبەك لە رۆژی دادپەروەری تاوانكاری لە كوردستاندا، سەركەوێت دادپەروەری لە پێناو بەرقەراربوونی حوكمی یاسا و دادگایەكی بەهێزی سازشنەكەری پیشەیی لە كوردستان.
دەربازبوونی تاوانبارانی جینۆساید لە سزا, گەورەترین پێشێلكاری یاسایی و تاوانە لە كوردستان, درێژەی تاوانەكانی بەعسە و بەردەوامی پرۆسەی جینۆسایدە.

  • تۆڕی رێكخراوە كوردستانیییەكان له پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی – Koncicc
  • رێكخراوی 14/4
  • كۆمەڵەی داكۆكی لەپرسی ئەنفال
  • چاودێری كوردۆساید-چاك / كوردستان
    -كۆمەڵەی قوربانیانی چەكی كیمیاوی هەڵەبجە
    -تۆڕی ئایكان كوردستان ــ IKN
    -رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان ــ OAWMD
    -رێكخراوی هەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC
    -رێكخراوی جیهانی بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی- WWW
    -هەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە كوردستان
    -گۆڤاری تۆبزاوە
    -رۆژنامەی نگرە سەلمان
  • رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
    -رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید- Kwg

21-8-2025




سیحری سۆمات.. كاوەی خەسرەوكاوانی

     

سیحری سۆمای چاوەكانت
پاش ساڵانی دووری و غوربەت
هەمان هێزی ئەفسووناوی
ئەو ساتانەی گرتۆتەخۆ…
كە گڕی ساكارە عیشقی
سەرەرێگای نێوانمانی
دەگەیاندە بەرزی ئاسۆ…
چاوەكانت هەمان نهێنی جارانیان
كردۆتە ئامێزی سۆزی …
ئەو وشانەی لەسەرلێومان
چرۆیان كرد
ئەوانەش كە بڕیاریان بووگوڵ دەربكەن
پاراستوونت بە پیرۆزی …
سیحری سۆمات
ئاوێتەیە بەورۆژانەی
تازە دەزانین خۆشترین
ساتی تەمەنی ژینمان بوون …
تازە دەزانین ئەو وشە سادانەمان
نموونەی پاكی و بێ گەردی ئەوینمان بوون …
تەمەن هێشتا زۆری ماوە
باتاریكی بە رووناكی عیشق لادەین …
بائەو خەمانەی خەریكە
دەڕژێنە نێو هەموو هەست وجودێكمان
بە خۆشەویستی بەبادەین …

3/1تا20/1/2008
kawa_kiwiny@yahoo.co.uk