پشت و پەناکانی دەسەڵاتی بنەماڵەیی لە کوردوستان و سوپایەکی زەبەلاح لە تاوانباران!.. حەسەن ڕازانی

بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە سەپاندنی دەسەڵاتیان بە سەر خەڵکی کوردوستاندا سوود لە پشتیوانی ناوخۆیی و دەرەکیی وەردەگرن! هەر ئەمەشە نهێنی و هۆی بەردەوامییان لە دەسەڵاتدا.
ئەوجووت بنەمالەیە مێژوویەکی دوورو درێژیان هەیە لە ناکۆکی لە گەڵ یەکتردا، بەڵام هەمیشە کۆک بوون و بە یەکەوە بوون و هاوبەش بوون لەو بارودۆخەی کە خەڵکی کوردوستانیان تێکەواندووە!
بۆچی خەڵکی کوردوستان، کە مەبەستمان بەشی باشوورەکەیەتی، گەیشت بەو بارودۆخەی کە ئێستا تێیدایە؟ پرسیارێکی بە ڕواڵەت سادەیە بەڵام، لە پەیوەند بە بارودۆخی سیاسیی و ژیانی خەڵکی کوردوستان، پرسیارێکی سەرەکیی و گرنگە.
بۆ چەندین دەیە دەچێت خەڵکی کوردوستان بە تێکڕایی و بە تایبەتیش چینی مامناوەندو خوارەوە، قوڕبەسەریی نەما بە سەریدا نەهێنرێت. هەر ئەو چینە هەژارو زەحمەتکێشەش بووە کە هەمیشە لە نێو ئەو گۆڕانکاریە سیاسیانەدا زەرەرمەندی یەکەم بووە. بۆ نموونە پرۆسەی ئەنفالەکان بە ئەنفالی بارزاانیەکانیشەوە، پرۆسەی جینۆسایدکردنی یەزیدیەکان بە دەستی ذاعش، کیمیاباران، ڕاگواستن، بە عەڕەبکردن و چەندین کارەساتی تری گەورەو مێژوویی کە بەسەر نەتەوەی کوردا هێنراون.
بۆ چەندین دەیە دەچێت چینێکی باڵادەستی کوردوستان بە ناوی کوردایەتیەوە جڵەوی فەرمانڕەوایی خەڵکی کوردوستانی گرتۆتە دەست و جار جارەش ئاڵای کوردوستان بە پێی بەرژەوەندیەکانی خۆی دەشەکێنێتەوە، لە لایەکی ترەوە ئەو چینە باڵادەستە خۆی کردۆتە دەمڕاستی خەڵکی کوردوستان و خۆی کردووە بە ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردوستان و شیعاری:” یان کوردوستان یان نەمان”ی بەرز کردۆتەوە!. خەڵکی کوردوستان دەزانن کە لە ژێر ئەو ئاڵاو شیعارەدا سوودێکی ئەوتۆ بە کوردوستان، وەک خاک و نەتەوە و خەڵک نەگەیەنراوە، ژیانی خەڵکی داماوو زەحمەتکێشی بەرەو خۆشی نەبردووە. ئەو چینە باڵادەستە لە ژێر دەمامکی کوردایەتیدا، لە شاخ و لە شار، بێجگە لە نیوەی دووەمی شیعاری:” یان کوردوستان یان نەمان” شتێکی تری بەرهەم نەهێناوە بۆ خەڵکی هەژارو بەشمەینەتی کوردوستان.
لە سەرەتای شەشتەکانەوە ئاڵای بزووتنەوەی کوردایەتی و بەرزکردنەوەی شیعاری:” یان کوردوستان یان نەمان” لە لایەن بزووتنەوەیەکی چەکدارییەوە بوو کە ناوی لێنرا شۆڕشی ئەیلول و سەرکردایەتی ئەو شۆڕشەش ڕاستەوخۆ ماڵێ بارزانی لە ژێر ناوی پارتی دێموکڕاتی کوردوستان دا ڕابەرایەتی دەکرد. لەوێ ڕۆژێوە هەتاکو ئێستاش ئەو بنەمالەیە ڕاستەوخۆ جڵەوی بزووتنەوەی کوردایەتی بەرنەداوە و نەشیداوەتە کەسی تر. چەندین هەوڵ دراون کە ئاڵاو شیعاری ئەو کوردایەتیە لە دەستی ماڵێ بارزانی دەربێنن بەڵام هەموو هەوڵەکان بیسوود بوون.. مەیل و تەوژمێکی دژایەتی کردنی ماڵێ بارزانی هاتۆتە ناو مەیدانی کوردایەتیەوە کە چاوەکان زیاترو ڕاستەوخۆ لە سەر ماڵێ تاڵەبانین کە ڕابەرایەتی ئەو مەیل و تەوژمەیان کردووە، ئەو دژایەتی کردنەی ماڵێ بارزانیش یبێجگە لە ماڵوێرانیی بۆ کوردو بە کوشتدانی کوڕی کورد هێج ئەنجامێکی بۆ کورد نەبووە. بۆ نموونە شەڕە ناوخۆییەکان و شەڕەکانی شاخ و شارلە نێوان براکاندا کە بە شەڕی براکوژی ناو دەهێنران!
لە شەشتەکانەوە دژایەتی ماڵێ بارزانی لە گۆڕێدابووە، ویستوویانە جڵەوی کوردایەتی و ئاڵاکەیان لە ددەست دەربێنن. لە سەرەتای شەستەکانەوە کە ئەوکات ماڵباتی تاڵەبانی و ماڵێ بارزانی بە بڕواڵەت بە یەکەوە بوون لە ناو بەناو شۆڕشی ئەیلولدا و لە ژێر ناوی پارتی دێموکڕاتی کوردوستان دا. ئیتر لەوێوەو لە نێو ئەو شۆڕشەدا هەوڵی دژایەتی کردنی ماڵێ بارزانی دەستی پێکرا. خەڵکی کوردوستان زۆر باش و بە وردی ئاگاداری ئەو کێشمەکێش و دژایەتی کردنەیە. ئەو دژایەتی کردنە جار هەبووە بە ئاشکراو جاریش هەبووە بە نهێنی، بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ لە شارو لە شاخ ، تەنانەت لە نێو حکومەتی عێڕاق و بەعسیەکانیشدا ئەو دوو بنەماڵەیە خەڵکی تایبەت بەخۆیان هەبووە! واتە جاش هەبوون تەنها ڕاوە پێسمەرگەی پارتیان دەکردو هەش بوون تەنها ڕاوە پێشمەرگەی یەکیەتییان دەکرد. لە نێو حکومەتی کوردوستان و لە نێو پەڕلەمانەکەشیاندا کە هەر خۆیان لە بەرژەوەندی خۆیاندا درووسسیان کردبوو ئەو دژایەتی کردنەی یەکتری هەر بەردەوام بوو. دژایەتی کردنەکە بەردەوام بووە تاکو ئێستاش بوونی هەیە. ئەو دوو بنەماڵەیە تەنها لە بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردوستاندا هاوکارو کۆکن ودۆستی یەکترن ئەگینا بە پێچەوانە هەمیشە چەقۆو تیریان لە یەک سویون،
ئێستا ماڵێ بارزانی لە ژێر ناوی پارتی دێموکڕاتی کوردوستان و ماڵێ تاڵەبانیش لە ژێرناوی یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستاندا، کە سەردەمێک تەنانەت لایەنی چەپ و کۆمۆنیستیشی بەدوا کەوتبوو، فەرمانڕەوای کوردوستانن. ئەو دوو بنەماڵەیە لە ژێر ناوی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی وەڵاتدا دەسەڵاتداری بێڕکابەرن و بێ ویستی ئەوان کەسێک نیە بتوانێت ببزوێت. دەسەڵاتی سەربازییان هەیە. پۆلیسیان هەیە، ئاساییشیان هەیە، دژە تیرۆرو کۆماندۆیان هەیە. دادگاو دادوەرو یاسایان هەیەو هەرکەسێک پێ خوار دابنێ سزا دەدرێ. ئەو دوو بنەماڵەیە نە بە یەکەوە هەڵ دەکەن و نە بە بێ یەکیش دەتوانن ئیدامە بە مانەوەیان بدەن. سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردوستانیان لە ژێر دەستدایەو بە پێی ویستی خۆیان مامەڵەی پێوە دەکەن. زۆر چاو قایمانە مووچەو قووتی خەڵک دەست بەسەردا دەگرن، دەچنە بەغداو دەکشێنەوە، پەیوەندی دەرەکیی و ناوخۆیی بە ویستی خۆیان و ئارەزووی خۆیان، بە ئاشکراو بە نهێنی دەبەستن و کەسیش نابێ دژایەتییان بکات یان ناڕازی بێت بە کارەکانیان.
ئەو دوو بنە ماڵەیە هەردووکیان گەییشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە زۆرینەی خەڵکی کوردوستان باوەڕی پێیان نەماوە، بۆیە بە هەردووکیان پێکەوە بەشدارن لە سەرکوت و بێدەنگکردنی هەردەنگێکی ناڕازی. بۆ دژایەتی کردنی یەکتری پارت و گرووپی سیاسی و لایەنی سیاسی ناڕازی لە ژێر ناوی قەبەو سەرنج ڕاکێشدا درووست دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک وەک پوورەی هەنگ لێیان کۆببێتەوەو زۆریشی پێدەچێت تا خەڵک بۆی دەردەکەوێت کە بە دوا بەچکەی یەکێک لەو دوو بنەماڵەیە کەوتوون،. هەر لایەنێک و حیزبێکی سیاسی دەستی یەکێک لەو دوو بنەماڵەیەی تێدا نەبێ ناتوانێت دەوام بکاو تەمەنی کورت دەبێ . چونکە بە مەترسی دادەنرێت لە سەر دەسەڵاتی مێژوویی و لە مێژینەی خۆیان.
جا با بێینە سەر وەڵامی پرسیارە گرنگەکە کە بۆچی ئەو دوو بنە ماڵەیە دەتوانن ئاهوا دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن و تەمەنی فەرمانڕەوایی ئەوان بەو شێوەیە درێژە؟. بۆچی سەرباری ئەو هەموو ماڵوێرانیی و نەگبەتیەی کە ئەو دوو بنە ماڵەیە بەسەر کوردیان دا هێناوە کەچی هێشتا جەماوەرو ئۆتۆریتەی سیاسییان هەیەو هێشتا توانای سەرکوتیان هەیە،. بۆچی خەڵکی کوردوستانیان بەو دەردەی ئێستا بردووەو کەچی هەر لە دەسەڵاتیشدان؟
من پێم وایە ئەو دوو بنەماڵەیە نە دەیان توانی و نە دەشتوانن فەرمانڕەوا بن بەسەر خەڵکی کوردوستاندا ئەگەر بێت و پشت و پەنایان نەبێ. پشت و پەناکانی ئەو دوو بنە ماڵەیە. بە بڕوای من. تاوانبارن و دەبێ وەک تاوانبار مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت و دەبێ دادگاییش بکرێن.
پشت و پەناکانی ئەو دوو بنە ماڵەیە کێن؟
ئەو دوو بنە ماڵەیە هەر یەکەی لە ژێر ناوی پارتیکی سیاسی بە ناوێکی قەبەو سەرنج ڕاکێشەوە چەندین دەیەیە فەرمانڕەوایی دەکەن بە سەر خەڵکی کوردوستانەوە. هەردووکیان وەک یەک، بە شتێک کەمتر یان زۆرتر، .پشت و پەنای دەرەکیی و ناوخۆییان هەیە. دەرەکیەکە بریتیە لە دەوڵەتانی دەرو دراوسێ و تاڕادەیەک پەلیش دەهاوێت بۆ دەوڵەتانی دوورتریش لە نێو جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی و ئەوروپی و ڕۆژئاواییشدا. دیارە ئەو پشت و پەنا دەرەکیەش بێ چاکەدانەوە نابێت و لەبەرامبەردا دەبێ چاکەی هەر لایەک بدەنەوە کە دەستێکی هاوکاریان بۆ درێژ دەکات، کە مەعلومیشە هاوکارییەکە لە پێناو بەرژەوەندییەکی سیاسی تایبەتدایەو بە خۆرایی نیە!
دەمێنێتەوە پشت و پەنا ناوخۆییەکە کە ئەویش بریتیە لە ناوخۆی خەڵکی کوردوستان. بۆ ئەو پشت و پەنااو هاوکاریە ناوخۆییەی نێوخۆی کوردیش هەردووک بنەماڵەکە سوود لە بارودۆخی سیاسی کوردەکانی هەرسێک پارچەکەی تری کوردوستان دەبینن!
جا بە پلەی یەکەم پشت و پەنای ئەو دوو بنەماڵەیە لە کوردوستانی باشووردایە کە بریتیە لە بەشێک لە ڕوناکبیرە ئەکادیمیستەکان و مامۆستایانی زانکۆ. مامۆستایانی زانکۆ لە بەشە جیاجیاکانی وەک ڕامیاریی، لێکۆڵینەوە، کۆمەڵناسیی، پەیوەندیەکانی دەرەوەو دیبلۆماسیەت، ڕاگەیاندن، بەشی سایکۆلۆجیی، کۆمەڵناسیی و ئابووریی و کارگێریی و سەربازیی و چەندین بەشی گرنگی تر. جێگەی باسە کە هەموو پارتێکی سیاسی لەو بەشانەدا دەستەوەستان دەبێ و ناتوانێ ڕۆڵی هەبی ئەگەر بێت و مامۆستای زانکۆو شارەزای ئەوبوارانەی لە گەڵدا نەبێت. پارتی دێموکراتی کوردوسدتان واتە بنەماڵەی بارزانی و یەکیەتی نیشتیمانی کوردوستان واتە بنەماڵەی تاڵەبانی هەر یەکەی سوپایەک لە ئەکادیمیست و مامۆستای زانکۆیان بەدواوەیە. ئەو ئەکادیمیست و ماۆستای زانکۆیانە کە بە زانست و نووسسین و توانای ئەکادیمی خۆیان خەڵکی کوردوستان دەستەمۆدەکەن بۆ ئەودوو بنەماڵەیە دەبێ بە تاوانبار بناسرێن.
ئنجا وەرە لای نووسەری نووسین فرۆش و قەڵەم فرۆش کە نووسینەکەی وەک پیشەیەکی پڕداهات بەکاردێنێت و پارەی پێ پەیدا دەکات، بەو نووسینەیان خەڵکی پێ لاڕێ دەکەن و وا لە خەڵک دەکەن ملکەچ و گوەێڕایەڵ بن و ڕازی بن بەوەی کە هەیەو بە خەڵک دەڵێن خوا خەراپرترمان بەسەر نەهێنێت. شاعیرو گۆرانی بێژی دەنگ خۆش وشانۆ نووس و نمایشکارو ئەکتەرو کچ و کوڕە ئەستێرەو مۆدێلەکان و نوکتەچی و قسە زانی نێو دیوەخانانیش لەوێ ڕاوەستن. بەشێک لەوانەش بە تەواوی هونەرەکەی خۆیان و تواناکەی خۆیان لە خزمەتی سیستەمی ئەو دوو بنەماڵەیەدا تەرخان دەکەن. پێدا وەرە بە هونەرمەندو نیگارکێش و خۆشنووس و پەیکەرتاش و بێژەرێکی کچی جوان و دەنگ خۆش یان کورێکی خاوەن هێزو توانا، ئەو پێڕەش هەیەو هەر یەکەی لە ئاستی خۆیدا هاوکارە لە ڕاگرتنی ئەو بارودۆخەدا. لە لای خۆیەوە دەستی بە سیستەمەکە گرتوەو لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتی جووت بنەماڵە جار جارە مشتێک پووڵ و پارە بەسەریاندا هەڵدەڕێژێت. ئینجا ڕوویەک وەرگێرە بەلای چالاکوانێکی بە ڕواڵەت لە بواری ژناندا، یان لە بواری ژینگەو مافی مڕۆڤ و منداڵان و چەندین بواری تردا. ئەو چالاکوانەش لە ئاستی خۆی دەستی هەیە لە وەی کە بۆ بەرژەوەنی دەسەلات کڵاو دەکاتە سەری خەڵکی و دەمامکی چالاکوان بەکاردێنێت. لێرەدا من مەبەستم چالاکوانان بە گشتی نیە بەڵک و بەشێکیان بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات چالاکی دەنوێنن و بە ئیعازی دەسەڵات دەجووڵێن. جا ئەو جۆرە لە چالاکوانانەش هەر یەکەیان لە ئاستی خۆیاندا شانیان داوەتە بەر نیرگەو کاریتەکانی بنمیچی ئەو سیستەمە گەندەڵەی ئەو دوو بنەماڵەیە. سەرێک بادەوە بڕۆ بۆ لای کوێخایەکی دیوەخان و پشتێن هەشت نۆ گرێی لادێیەکی دوورە دەست و جوتیارێکی نێو مەزرا کە ئەویش لەبەرامبەر چاک و چۆنی و سڵاوێکی پیاوە دوورەکانی دەوری ئەو دوو بنەماڵەیە کاری خۆیان بە چالاکانە ڕادەپەڕێنن لە بەرژەوەندی دەوڵەتداریەکەی ئەو دوو بەنمالەیەدا.
لە هەمووی ترسناکترو کاریگەرتر لەوانەی کە لە پێشوودا گوتران هەندێک لەو پارت و لایەنە سیاسیانەن کە بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە لە گۆڕێدان و گوایە دەیانەوێت سیستەمی حوکمڕانی بگۆرن و ناڕازین بەو دەسەڵاتەی هەردووک بنەماڵە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانە بەشێکی سەرەکین لە سیستەمی ئەو دوو بنەماڵەیەو نانی سیاست دخۆن لەسەر حسابی خەڵکی کوردوستان و هەر یەکەی لەو حیزبە بە ناو ئۆپۆزسیۆنانە بۆتە تەڵەیەک کە بە کۆمەڵ خەڵکی وەزاڵاهاتوو یان تووڕە لەو دوو بنەماڵەیەی تێدەکەوێت. هەندێک لەو لایەنە ئۆپۆزسیۆنانەش هەر یەکەی بە ناوێکی قەبەو سەرنجڕاکێشەوە بۆ نموونە ناوی ئایینی و نەتەوەیی و چەپ و لیبڕاڵ و تەنانەت ناوی هەرێ چەپ و کۆمۆنیستیش لەخۆیان دەنێن بەس بۆئەوەی ببنە تەڵەو تەپکەیەکی باش بۆ خەڵکی سادەو تووڕە لەو دەسەڵاتەو تا دەوری خۆیان قەرەباڵغ بکەن. نموونەی لەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنانە هەن و خەڵک دەیان ناسێت. خەڵکی کوردوستان ئێستا دەزانێ ئەو جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن کار لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا دەکەن. ئەوانە خەڵک تەفرە دەدەن و دەوری خۆیان قەرەباڵغ دەکەن و لە کۆتاییشدا لە گەڵ دەسەڵات پێک دێن و بە دوا بەرژەوەندیە بنەماڵەیی و کەسیەکانی خۆیانیان دەکەون و خەڵکیش وەک سەپانی پووشێ دەمێنێتەوە لە مەیدانێدا. ئەو جۆرە لەو ئۆپۆزسیۆنانە خەڵک بێ هومێد دەکەن. وا لە خەڵک دەکەن کە ئیتر باوەریان بە حیزبایەتی نەمێنێ و باوەڕ نەمێنێ بە گۆڕانکاریی و پێیان وابێ کە دەسەڵاتی ئەو دووبنەماڵەیە لە ئاسمانەوەیەو بۆ هەتاهەتایێ دەوام دەکا. دەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵەیەش ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنانەیان خۆش دەوێ و تەنانەت هاوکارییشیان دەکەن هەر بۆیەش تاکو ئێستا هیچ بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەی دەسەڵات و نەیتوانیوە کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر دەسەڵاتی بنەماڵە دابنێ و هەر بۆیەش هەر دووک بنەماڵەکە لێیان پاڵداوەتەوەو مێشێکیش میوانیان نیە، چونکە دەزانن چ شتێک لە گۆڕێدا نیە زەرەری بۆ پەزەکان هەبێ!
لە لایەکی ترەوە ئەو دوو بنەمالەیە لە مێژووی دوورو درێژیاندا لە دژایەتی کردنی یەکتردا هەر یەکەیان بە دەیان هەزار لە کوڕی کوردیان بە کوشتداوەو هەر لایەک خۆی بەڕاست و کوردپەروەر زانیوەو لایەکەی تری بە جاشی نێونەتەوەیی و بابلباب جاسوس و نۆکەر لەقەڵەمداوە. ئەو هەمو وکوژراوانە هەمووی بە شەهیدی کوردو کوردوستان نووسراون و کەس و کاری شەهیدەکانیش گەلێک زۆرن و هەر هەمووشیان بە تۆزێک هاوکاری و بە بیانووی ئەوەی کە تۆ مێردت، برات، باوکت، کوڕت لەو شۆڕشەدا شەهید بووەو تازە شەرمە تۆ بچیت بۆ نێو لایەکی تر یان بەدوا ڕێبازی شەهیدەکەت نەکەویت، هەموویان بە دوا خۆیاندا ڕەکێشکردوون.
لە لایەکی ترەوە سوپای بێشوماری بن دیوار و چل بەچلەو خزمەتکاری دیوەخان و سوپایەک لە ناوی وەهمی . کە هەموو ئەوانەشیان بەدوا خۆیاندا ڕەکێش کردووەو هەر یەکەیان لە ڕووێیەکەوە پەیوەستن بە سیستەمەکەو ناتوانن هاوکار نەبن. لێرەدا هەردووک بنەماڵە سوپای بێشوماریان هەیە لە خەڵکێکی بێکار کە سیستەمەکە خۆی ئەو بێکارییەی خوڵقاندووە تاکو بێکارەکان چاریان نەبێ بێجگە لەوەی بچنە ناو سیستەمەکەوخزمەت بەو دوو بنەماڵەیە بکەن لە ژێر ناوی کوردایەتیدا..
با بێنە سەر کۆڵەکەو پشت و پەنایەکی تری ئەو دوو بنەماڵەیە کە ئەویش بەشێک یان هەندێک لە میبەری مزگەوتەکانە. هەندێک لە مینبەری مزگەوتەکان ڕێک بە ئاشکرا کارو کردەوەیان دەستەمۆکرن و ڕازی کردنی خەڵکە کە ملکەچ و گوێڕایەڵی دەسەڵاتی خۆیی بن و بە بیانووی ئەوەی کە هی خۆمانەو لە خۆمانەو برای موسڵمانی خۆمانە دەبێ فەرمانەکانیان جێبەجێ بکەین و پێیان ڕازی بین چونکە ئەوانە گۆشتیشت بخۆن ئێسقانت ناشکێنن…..
لە کۆتایی دا دەمەوێت جەخت لەسەر ئەو خاڵە بکەموە کە ئەو کۆڵەکەو پشت و پەنایانەی کە ناویان هات لە سەرەوە، دیارە بە خۆشمەوە،هەموومان بەشێکین و هۆیەکین کە ڕاستەوخۆ ئەو سیستەمە ڕادەگرین و ناهێڵین بکەوێت. جا زووربەمان لە بۆ پووڵ و پارەیەو لە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کەسیمانەو بەشێکیشمان لەبەر ترسەو بەشێکیشمان تەمبەڵ و تەوەزەلین و هیجمان دەباراندا نیەو هەندێکیشمان هەر قسەین و هیج کردارمان نیە. وەک ئەو کاکەیەی کە لە سلیمانی بە ئاشکرا دەیگوت کردار شەرتە، بەڵام بینیمان کە چۆن کرداریکی هەبوو، بینیمان چۆن هاوڕیکانی بەجی هێشت. بۆیە بە بڕوای من هەموو ئەوانەی کە ناوم هێنان دیارە بە خۆشمەوەتاوانبارین و دەبێ دادگایی بکریین هەر کاتێک کە خەڵکی کوردووستان دەسەڵاتی تایبەت بە خۆی بەدەستەوە گرت.

حەسەن ڕازانی
٢٤ی گەلاوێژی ٢٠٢٥




ئایا کوردەکان دەبنە خاوەنی دەوڵەت؟.. ئەکرەم سەعید

{له ‌سه‌رده‌می ئیمپریالیزمدا ته‌نها جه‌نگی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌یه‌ ،، نه‌ته‌وه‌ وه‌همێکه‌ خه‌ڵکی پێ ده‌خرێته‌ خزمه‌ت دوژمنه‌ دڕنده‌که‌یانه‌وه ،، ‌‌گه‌له‌ گچکه‌کان هه‌میشه‌ ده‌کرێنه‌ دامه‌ی گه‌مه‌ی وڵاته‌ ئیمپریالیستییه‌کان.}- ڕۆزا لۆکسمبۆرگ/ جونيوس.
لە ساڵی ١٩١٦ ڕێکەوتنی سایکس – پیکۆ ساتی دامەزراندنی دەوڵەتەکان بوو لە پانتایی سنووری نەتەوەی سەردەست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوکاتە کوردەکان شانسیان نەبوو ببنە خاوەن دەوڵەت، ئەما لەم سەردەمەدا لە دوای جەنگی کەنداو دامەزراندنی(شار- دەوڵەت)بۆتە ئەلگۆێک لە عێراق و لیبیا، و بەتایبەتی لە جەنگی غەززەوە لە(سوریا و لوبنان)و سبەی دەشێ لە(ئێران، میسر، تورکیا، و پاکستان،، هتد) لەو نموونەیە زۆر ببینین.
ناڵێم کوردەکان لەم خولەشدا شانسی بوون بە خاوەنی دەوڵەتیان نییە لە(شار- دەوڵەت)زیاتر ، چونکە ئەگەر هەوڵەکانی ئەمەریکاو ئیسرائیل بۆ دامەزراندنی(ئیسرائیلی گەورە)سەر بگرێ، ئەوا لەنێو ئەو پلانەدا دامەزراندنی دەوڵەت بۆ کوردەکان ئەگەری هەیە، بەڵام ئەم ئامانجە هێندە سانا نییە بە پێچەوانەی ئاراستەی ویستی دەوڵەتەکانی ناوچەکە و زلهێزەکانی دی دونیا بێتە دی.
بەڕای من هۆکاری ئەوەی کوردەکان نەبوونەتە خاوەنی دەوڵەت ناگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ڕەفتار و ئەخلاقی سیاسی سەرکردوەو ئەحزابەکانیان، بۆیە من کەمتر ڕەخنەی ئەخلاقی وەک(گەندەڵی، کۆنەپەرستی، نامۆدێرن، سەرکوتگەر و ملکەچی بێگانە)لە دەسەڵاتدارانی کورد دەگرم، چونکە ئەوە سیفاتی زۆرێک لە ئەحزاب و سەرکردەکانی بۆرژوازی ئەمرۆکەی دونیایە کە خاوەنی دەوڵەتیشن، وە کەمتر بەوە حیزبە ناسیۆنالیستە کوردەکان تاوانبار دەکەم کە ویست و فکری بوون بە خاوەنی دەوڵەتیان نییە، چونکە دروسترە لە سیاقی هەلومەرجی کێشمەکێشەکانی سیاسی و ئابووری دەوڵەتەکانی ناوچەکە و زلهێزەکانی دونیادا هەل و فرسەتی بوون بە خاوەن دەوڵەتی کوردەکان بخوێنینەوە.
ڕەخنەکەی من هەر وەک ڕەخنەم لە دەوڵەتی(سوید، چین، ئەمەریکا،، هتد)ئەوەیە کە ئەو دەوڵەتەی کوردەکانیش پێکی بهێنن هەر دەزگای خزمەتکاری بەرژەوەندی سەرمایە دەبێت، وە ئەوە بەڕای من ئەفسانەێکی مارکسییەکانە کە پێیان وایە بە دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی و نەمانی ستەمی ملی لەمپەر لەبەردەم هۆشیاری چینی کرێکاران و شۆڕشی سۆسیالیستی نامێنێ. لەم سۆنگەیەوە ئەگەر هەتا کوردەکان لەهەر پارچەێکی بێت یان لەهەر چوارپارچەکەی پێکەوە، ببنە خاوەنی دەوڵەتیش لەو سیستەمە سەرمایەدارییە باشتر دروست ناکەن کە ئەوە زیاد لە سی ساڵە لە هەرێمی کوردستانی عێراق خەڵکی دەچەوسێتەوە لەسایەیدا.
لەم پێشەکییەوە بچینە باسی ناوەڕۆکی پۆستەکە:
دەسەڵات؛ گەڕانەوە بۆ شار- دەوڵەت
سه‌رهه‌ڵدانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی لە سەردەمی کۆندا لە ئەنجامی پەرەسەندنی کۆمەڵگاکان لە فۆڕمی سادەی ڕێکخراوەیی وەک خێزانەوە بۆ پێکهاتەی خێڵەکی، پاشان شار-دەوڵەت و ئیمپراتۆریەت پێکهاتووە. دەسەڵات لە سەرەتادا دەسەڵاتی سەرکردەی گروپەکان و پیاوانی ئایینی و سەرۆک هۆزەکان بووەو لەگەڵ گەشەکردنی کۆمەڵگاکان، فۆرمەکانی حوکمڕانی پەرەیانسەند و بووە دەسەڵاتی پاشایەتی و ئیمپراتۆریەتەکان.
مارکس له‌ شیکارێکی ماتریالیزمی مێژووییه‌وه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی ده‌سه‌ڵات، له‌ قۆناغه‌ سه‌ره‌تایه‌کانی پێکهاتنی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینی که‌ سه‌ره‌تایترین و گشتیترین ده‌سه‌ڵات بریتی بووه‌ له‌و”هێزه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی”که‌ له‌ یه‌کیه‌تی توانا ساده‌کانی مرۆڤه‌کان له‌ پرۆسه‌ی دابینکردنی پێویسته‌کانی ژیان له‌ دایک بووه،‌ ووه‌ک شێوه‌ێکی ڕێکخستنی ساده‌ بووه‌ بۆ دابه‌شکردنی کارو به‌رهه‌مه‌کان به‌ یه‌کسانی. هۆکاری په‌یدابوونی ئه‌م هێزه‌ گچکه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌/کۆمۆنه‌ سادانه‌ له‌ پێداویستی به‌ڕێوه‌بردنی کاروباره‌کان سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، که‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌کانی ده‌گرێته‌وه‌و بۆ جێبه‌جێکردنی کاری به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌که‌ لانیکه‌م ده‌سته‌ێکی هه‌ڵبژێراوی له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ گچکه‌یه‌ پێویست ده‌کرد که‌ ئه‌رکەکانی ڕاپه‌ڕاندنی ڕێکخستنه‌که‌ بخه‌نه‌ سه‌رشانی خۆیان، ئه‌م ده‌سه‌ته‌یه‌ هه‌رچۆنێک هه‌ڵبژێرابن و ژماره‌یان چه‌ند بووبێ، بریتی بوون له‌ ده‌سته‌ێکی ده‌سه‌ڵاتدار. ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌ته‌که‌ خه‌ڵکانی کۆمۆنه‌که‌ پێی نامۆ نین، ووه‌ک هێزی خودی یه‌کگرتووی خۆیان دێته‌ پێش چاویان، بۆیه‌ خۆبه‌خۆی و بێ زۆره‌مله‌یی ملکه‌چی بڕیاره‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ده‌بن.
ئه‌نگلس له‌”دژی دۆهه‌رنیک”دا ده‌نووسێ:
{هه‌روه‌ک چۆن خه‌ڵکی سه‌ره‌تایی له‌ مه‌مله‌که‌تی ئاژه‌ڵان ده‌چنه‌ ده‌رێ”به‌مانای ته‌سکی ووشه‌که‌”ئاواش ده‌چنه‌ ناو مێژوو، که‌ هێشتا شێوه‌ ئاژه‌ڵێکن، دڕنده‌و وشک، ده‌سته‌وه‌ستان ڕاوه‌ستاون به‌رامبه‌ر هێزی سروشت، نامۆ و ناهۆشیار به ‌هێزی خۆیان، و هه‌ژار وه‌ک مه‌ڕو ماڵات یان که‌مێ له‌وان به‌ به‌رهه‌متر.
له‌و ساتانه‌ی که‌ یه‌کسانی باو بوو له‌ هه‌لومه‌رجی بژێوی، و بۆ سه‌رۆکی خێزانه‌کان جۆرێک له‌ یه‌کسانی هه‌بوو له‌ ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌و لانیکه‌م چینه‌کان بوونیان نه‌بووه‌، له‌ نێو ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ نیشته‌جێ بوووانه‌ی که‌ به‌کاری کشتوکاڵه‌وه‌ خه‌ریک بوون. له‌ نێوان ئه‌م کۆمه‌ڵانه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ گه‌لێ به‌رژوه‌ندی هاوبه‌ش هه‌بوو که‌ ناچاری ده‌کردن پاسه‌وانی بکرێ، و ئه‌م ئه‌رکه‌ ڕابسپێرن به‌ چه‌ند ئه‌ندام که‌ له‌ ژێر چاودێری گشتدا بوون: وه‌ک ناوبژیکردن له‌ کاتی کێشه‌دا، ڕاگرتنی ده‌ستدرێژی هه‌ندێ که‌س که‌ زیاد له‌ مافیان تێده‌په‌رن، پاسه‌وانکردنی دابه‌شکردنی ئاو به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ گه‌رمه‌کان و فه‌رمابه‌ریه‌تی ئایینی،، هتد. ئاشکرایه‌ که‌ بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و ئه‌رکانه‌ ده‌سته‌ هه‌ڵبژێراوه‌که‌ قه‌باره‌ێک له‌ ده‌سه‌ڵاتی ده‌بێت، که‌ ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن ده‌نوێنێ، و له‌ته‌ک پێ به‌پێی زیادبوونی هێزی به‌رهه‌مهێنان و چڕبوونی دانیشتوان دووجۆر به‌رژه‌وه‌ندی ده‌هاته‌گۆڕ، لێره‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و له‌وێ به‌رژه‌وه‌ندی ناکۆک له‌ نێوان ده‌سته ‌و تاقمه‌ جیاوازه‌کان، که‌ ده‌بووه‌ مایه‌ی یه‌که‌ێکی گه‌وره‌تر‌، و ئه‌مه‌ به‌ ڕۆلی خۆی ده‌بووه‌ هۆی دابه‌شکردنی نوێ بۆ کارو پێکهێنانی ده‌زگاێک له‌ پێناوی پارێزگاری له‌ به‌رژوه‌ندی هاو‌به‌ش و گشتی، و به‌ره‌نگاری به‌رژه‌وه‌ندییه‌ دژ به‌یه‌که‌کان، و ئه‌م ده‌زگایه‌ ناوه‌ندێکی بۆ خۆی داگیر ده‌کرد به‌ ڕوی هه‌ر ده‌سته‌و تاقمێک به‌ جیا، و زۆر جاڕیش ناوه‌ندێکی نه‌یار. ئه‌م ده‌زگایه‌ که‌ ئیدی بۆته‌ نوێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، جێگایه‌کی تایبه‌تی هه‌بوو به‌رامبه‌ر هه‌ر تاقمێک به‌ ته‌نها، و ئه‌م ده‌زگایه‌ لێره‌وه‌ به‌ خێرای سه‌ربه‌خۆییه‌کی خودی گه‌وره‌شی بۆ خۆی په‌یدا ده‌کرد، جا ئه‌وه‌ به‌ هۆی میراتی ئه‌رکه‌وه‌ بووبێ(له‌ جیهانێکدا که هه‌موو ئه‌رکه‌کان جێ به‌جێ ده‌کرا وه‌ک له‌ سروشتدا)یان به‌هۆی نه‌توانایی ده‌ستبه‌رداربوون لێی به‌هۆی زیادبوونی مشتومڕی ده‌سته‌و تاقمه‌کان، به‌ڵام چۆن به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکێکی کۆمه‌ڵایه‌تی توانی له‌گه‌ڵ کاتدا، به‌رزبێته‌وه‌و ‌سه‌ر‌به‌خۆی خودی هه‌بێت به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵ، و ببێ به‌ ده‌سه‌ڵاتێک به‌بان سه‌ری کۆمه‌ڵگەوە‌و چۆن خزمه‌تکارێکی سه‌ره‌تای وێنه‌که‌ی هێدی هێدی گۆڕاو بوو به‌ سه‌ید، و چۆن ئه‌م سه‌یده‌ ده‌رکه‌وت وه‌ک سوڵتانێک و زۆردارێکی ڕۆژهه‌ڵاتی، یان وه‌ک فه‌رمانبه‌ر لای هۆزه‌کانی گریک یان وه‌ک ڕابه‌رێک لای خێلی سلتیه‌، ئه‌مه‌ بۆمان گرنگ نییه‌ لێره‌دا، به‌ڵکه‌ ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌م ڕاستییه‌یه‌: که‌ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکه‌ کۆمه‌ڵاته‌تیه‌کان له‌ گشت جێگایه‌کدا بۆته‌ پایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، و دواتر هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی نه‌بووه‌ له‌ هیچ ماوه‌ێکی مێژووی ته‌نها کاتێ ئه‌م ئه‌رکه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی به‌جێگه‌یاندووه‌.}- ئه‌نگلس ‌- دژی دۆهه‌رنیک- لاپه‌ڕه‌ ۲۱۵/ دار دمشق لنشر ۱۹٦٥.
بەڕای من وەڵامی پرسیاری(چۆن خزمه‌تکارێکی سه‌ره‌تای وێنه‌که‌ی هێدی هێدی گۆڕاو بوو به‌ سه‌ید، و چۆن ئه‌م سه‌یده‌ ده‌رکه‌وت وه‌ک سوڵتانێک و زۆردارێکی ڕۆژهه‌ڵاتی کە مەیلی بە ئیمپراتۆریەت بوون و حەزی فراوانکردنی پانتایی دەسەڵات بووە)گرنگە، چونکە لە ساتەوەختێکی مێژووی وەک ئەمڕۆدا کە دونیای قەیران و بەربەریسمی سەرمایەدارییە و خولی داڕمانی دەوڵەتەکان و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەکانە، وەڵامی ئەو پرسیارە ڕۆشنایی دەخاتە سەر پرۆسە پێچەوانەکەی کە گچکەبوونەوەی پانتایی دەسەڵاتە لە ناوچەکەی ئێمەدا(شار- دەوڵەت / دەسەڵات لە شاری سلێمانی و دەسەڵات لە شاری هەولێر)؛ واتە چۆن(دەسەڵاتی سەرکردەێک و زۆردارێکی ڕۆژهه‌ڵاتی)لە دەوڵەتێکی خاوەن پانتایی جوگرافی وەک دەسەڵاتی(سەدام بەسەر ئێراق، قەزافی بەسەر لیبیا و بەشار ئەسەد بەسەر سوریا)بچووک دەکرێتەوەو دەگەڕێتەوە بۆ(شار دەوڵەت)یان دەسەڵاتی گچکە لە زۆنی زەرد و سەوز لە هەرێمی کوردستان یان لە سوریا، لیبیا، سودان،، هتد، کە هەر شارەو دەوڵەتێکی گچکەی حیزب و تاقمێکە.
ساڵانی۱۹٥۰-۱۹۷۰ ئەو دیاردەیەی زەقە لە ناوچەکەدا و گرنگە هۆکارەکانی شرۆڤە بکرێ(پرۆسەی گۆڕینی حیزب و دەسەڵاتە بۆ حزب و دەسەڵاتی بنەماڵە)لە سنووری دەوڵەتی نەتەوەیی؛ نموونەی حیزبی بەعس لە سوریا و عێراق(هەردوو حیزبەکە بوونە حیزبی بنەماڵەی سەدام و ئەسەد)، ئەمڕۆکە بەزۆری حیزب و دەسەڵات میلیشیای ئیدۆلۆژین یان بنەماڵەن، بەڵام دەسەڵاتەکەی لە سنوورێکی گچکەدایە(نموونەی عێراق، سوریا، سودان و لیبیا).
ئایا دەسەڵاتدارانی جیهان بە تایبەتی ئەمەریکا، و سبەی دەشێ ڕووسیا و چین بەم جۆرە لە دابەشکردنەی ناوچەکە قایل بن، بۆچی پانتایی دەسەڵات لە چوارگۆشەی گچکەی جوگرافیدا بەسوود دەزانن؟!. یانی گەڕانەوە بۆ شێوەی(شار- دەوڵەت)چۆن خزمەت بە بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری جیهانی دەکات، و سوودەکانی ئەم جۆرە دەسەڵاتە گچکانە بۆ هەژموون بەسەر ناوچەکەدا بۆ بۆرژوازی دونیا چییە؟. و ئەم شێوەی(شار- دەوڵەت)ە چۆن لەمپەر دەخاتە بەردەم شۆڕشی خەڵکی کرێکاران و هەژاران؟. ئەوە ئەو پرسیارانەیە کە دەبێ وەڵامی بدەینەوە.




خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی‌ بۆ كورته‌چیرۆكی (قه‌بات)ی گۆران سه‌باح.. بڵند باجه‌لان

سه‌ره‌تا:
کورتەچیرۆکی “قەبات”ی گۆران سەباح هەوڵێکه‌ بۆ نیشاندانی تێکشکان و ئاڵۆزییەکانی ناو خێزان لە کۆمەڵگای ئێستای کوردی دا، بەتایبەت لە سایەی قەیرانی ئابووری و کاریگەرییەکانی تەکنەلۆجیای نوێ. چیرۆکەکە بە زمانێکی ڕاستەوخۆ و واقیعی، لە ڕێگەی گێڕانەوەی چەندین دەنگەوە، ڕووداوی تەڵاقێکی سێ بە سێی نێوان “سەفین” و “سەناریا” دەخاتە ڕوو.
ئەم دەقە، وێڕای نیشاندانی لایەنە کۆمەڵایەتی و ڕۆژانەییەکان، دەکرێت لە ڕوانگەیەکی فەلسەفی و عیرفانی قووڵترەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەتایبەت لە ژێر ڕۆشنایی بیرۆکەکانی ” نیتشە” سەبارەت بە ویستی دەسەڵات، هەروەها لە دیدگای عیرفانەوە کە جەخت لەسەر خودناسین، زاڵبوون بەسەر نەفس، پێکهاتن لەگەڵ ڕاستی دەکاتەوە.

ويستى ده‌سه‌ڵات و كاره‌كته‌ر
نیتشە پێی وایە ژیان بریتییە لە “ویستی دەسەڵات”، کە هەموو بوونەوەرێک، بە مرۆڤیشەوە، بەدوایدا دەگەڕێت بۆ گەشەکردن و سەپاندنی خۆی, ئه‌مه‌ دەکرێت وەک چوارچێوەیەک بۆ خوێندنەوەی کارەکتەرەکانی ئەم چیرۆکە بەکار بهێندرێت.
سەفین نموونەیەکی بەرچاوی ویستی دەسەڵاتە کە لە ژێر گوشاردا تووشی شێوان بووە. ئەو وەک پیاوێک کە خۆی بە بەرپرسی خێزان دەزانێت، هەست دەکات ویستەکەی بۆ دابینکردنی سەفەر و ژیانی خۆشگوزەران بۆ ژنەکەی شەکەت بووە. نەبوونی مووچە وای لێ دەکات هەست بە بێدەسەڵاتی بکات. لە کاتێکدا ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر حکومەتدا بسەپێنێت (بۆ وەرگرتنی مووچە)، ئەم ناڕەزاییە قووڵە دەگۆڕێت.
ئەو هێرش دەکاتە سەر کەسانی لاوازتر: قوتابیەکەی، شۆفێری تەکسی، لە کۆتاییدا ژنەکەی. تەڵاقدانی سەناریا لای سەفین، سەرەڕای هەموو کێشەکانی، هەوڵێکی کۆتاییە بۆ سەپاندنی ویستی خۆی وەک دەسەڵاتدارێک لەو پەیوەندییەدا، کە چیتر نەیتوانی پارێزگاری لێ بکات. سەناریاش بە شێوازێکی جیاواز خاوەنی ویستی دەسەڵاتە. داواکارییەکانی بۆ سەفەر و گەڕان، ساردبوونەوەی سێکسی، چوونە ناو سۆشیال میدیا (تیکتۆک) هەموویان هەوڵن بۆ سەپاندنی ویست و خواستی خۆی. دڵخۆشییەکەی بە تەڵاقەکە نیشانەی سەرکەوتنی ویستی خۆیەتی بۆ ڕزگاربوون لە پەیوەندییەک کە چیتر نەیدەتوانی تێیدا بگاتە خواستی خۆی.
دایکی سەفین و دایکی سەناریا هەوڵ دەدەن دەسەڵاتی خۆیان بەسەر منداڵەکانیاندا بسەپێنن و کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانیان هەبێت. دایکی سەفین دەیەوێت کوڕەکەی “وەک جاران” بێت و ڕەخنە لە سەناریا دەگرێت، دایکی سەناریاش دەیەوێت کچەکەی “ئاوا لەو مل پانە قبوڵ نەکات”. ئەمەش نیشانەی ویستی دەسەڵاتە بەسەر ژیانی کەسانی دیکەدا.

مرۆڤی كۆتایی نیتشه‌ و مرۆڤی هه‌رزانی گۆران سه‌باح
ئه‌و هه‌ستی تۆڵه‌یه‌، بریتییە لەو تووڕەیی و کینە قووڵەی کە لە هەستکردن بە بێدەسەڵاتی یان ستەمه‌وە سەرچاوە دەگرێت و ئاراستەی دەرەوە دەکرێت. سەفین، بەهۆی بێمووچەیی و نەتوانینی دابینکردنی ژیانی خۆش، تووشی ئەم حاڵه‌ته‌ دەبێت. لەبری ئەوەی بەسەر ئەم ئاستەنگانەدا زاڵ بێت، دەست دەکات بە لێدان لە قوتابی و شەڕکردن لەگەڵ شۆفێری تەکسی و کۆتایی بە ژیانی هاوسەری دەهێنێت.
“مرۆڤی کۆتایی” لای نیتشە مرۆڤێکە کە گەیشتووەتە بارێکی پاشماوە، ژیانێکی بێ ئامانج و بێ ئایندە دەژی، تەنیا بەدوای ئاسوودەیی و چێژی کاتی و بێ واتا دەگەڕێت. داواکارییەکانی سەناریا بۆ سەفەر و گەڕان، ئاڵوودەبوونی بە تیکتۆک، دەتوانرێت وەک نیشانەی ئەم مرۆڤە کۆتاییە ببینرێت کە بەدوای چێژە هەرزانەکاندا دەگەڕێت و ژیانی هاوسەرییان تەنیا وەک ئامرازێک دەبینێت بۆ گەیشتن بەو چێژانە. هەروەها سەفینیش کاتێک دەست دەکات بە توندوتیژی لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی قووڵتر، ئەویش نیشانەی هەمان دیاردەیە. جێگای باسه‌ دختۆر گۆران سه‌باح ڕۆمانێكیشی هه‌یه‌ به‌ناوی (مرۆڤی هه‌رزان).

په‌یوه‌ندی نێوان خود و خودا
عیرفان به‌واتای په‌یوه‌ندیی پته‌وی نێوان خود و خودا نه‌ك به‌ واتای ئه‌و دنیا خورافیه‌ی له‌ ئێستادا سۆفیزم وێنای ده‌كا، جەخت لەسەر پەیوەندی خود بە خودا، زاڵبوون بەسەر نەفسی ئەمارە (ego)، و گەیشتن بە ئاشتی و ئارامی ناوخۆ دەکاتەوە. زۆر جار کارەکتەرەکانی ئەم چیرۆکە بە پێچەوانەی ئەم بنەمایانەوە دەجوڵێنەوە.
کارەکتەرەکانی چیرۆکەکە، بەتایبەت سەفین و سەناریا، بە تەواوی لەناو نەفسی خۆیاندا نوقم بوون. کردارەکانیان لە داواکارییە ماددییەکان و تووڕەیی و هەستی خۆبەزلزانینەوە سەرچاوە دەگرن. هیچ یەکێک لەوان هەوڵ نادات لە ڕێگەی خودناسینەوە هۆکاري ڕاستەقینه‌ی ناڕەحەتییەکانی بدۆزێتەوە و ڕووبەڕوویان ببێتەوە. سەفین هەستەکانی بەسەر کەسانی دیکەدا دەڕژێنێت، سەناریاش لە ڕێگەی داواکاری بێ کۆتایی و هەڵهاتن بۆ ناو جیهانی خەیاڵيی تیکتۆک، هەوڵی شاردنەوەی بۆشایی ناوەوەی دەدات.
عیرفان پێی وایە کێشەی مرۆڤ لە خودی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە دەرەوە، بەڵام ئەم کارەکتەرانە بەردەوام هۆکاری کێشەکانیان دەخەنە ئەستۆی دەرەوە (مووچە، سەناریا، سەفین). “قەبات” کە ناوی چیرۆکەکەیە و وشه‌یه‌كی هه‌ولێرییه‌، دەتوانرێت بە واتای نەفسی مرۆڤ لێک بدرێتەوە کە وەک هێزێك بەسەر ڕۆحی مرۆڤدا زه‌خت دەکات و ڕێگەی لێ دەگرێت بگاتە ئاشتی و ئارامی.
ژیانی هاوسەريی نێوان سەفین و سەناریا بە تەواوی ماددی و دنیاییە. ئه‌وین و پەیوەندی ڕۆحی لەنێوانیاندا ون بووە. له‌ سەرەتای هاوسەرگیرییان سەفین سەناریا بە فریشتە ناودێر دەکات، لێ دواتر دەگۆڕێت بۆ پەیوەندییەکی پڕ لە داواکاری و تۆڵەسەندنەوە. لە عیرفاندا، پەیوەندییەکانی مرۆڤ پێویستە بنەمایان لەسەر ئه‌وین و بەزەیی و لێبوردەیی بێت، نەک لەسەر داواکارییە ماددییەکان یان سەپاندنی ویست.
خواستی سەناریا بۆ سەفەر و گەڕان، لە دیدی عیرفانییەوە، تەنیا ئارەزووی دنیاییە کە لە کۆتاییدا مرۆڤ تووشی ناڕەزایی و بەتاڵی ناوەوە دەکات. لە عیرفاندا، “سەفەر”ی ڕاستەقینە سەفەرکردنە بۆ ناو خود و گەڕان بەدوای ڕاستیدا، نەک سەفەرکردن بۆ شوێنە ماددییەکان.
لە چیرۆکەکەدا جەستە و پێداویستییەکانی زۆر زاڵن. خواردن (دۆڵمە یان شاورمە)، سێکس (گانم ناداتێ)، ئارەزووی سەفەرکردن، هەموویان پێداویستیی جەستەیین. هیچ ئاماژەیەک بە بوونی پێداویستییەکی ڕۆحی یان عیرفانی نییە. ئەمە نیشانەی جیهانبینییەکی تەواو ماددیی كاره‌كته‌ره‌كانه‌ کە لە فەلسەفەی عیرفانیدا بە سەرچاوەی ناخۆشی و خەم و پەژارە دادەنرێت و دختۆر گۆران به‌ جوانی دایڕشتووه‌.

ڕەخنە لە لایەنی هونەری و تەکنیکیی چیرۆکەکە
يه‌كه‌م: نووسەر شێوازێکی تەکنیکی جوانی بەکارهێناوە کە بریتییە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان لە دیدی چەند کارەکتەرێکەوە. ئەمە یارمەتی خوێنەر دەدات کە لە نزیکەوە هەست و بیرکردنەوەی کەسایەتییە جیاوازەکان بناسێت. بەڵام کێشەیەک هەیە؛ شێوازی گێڕانەوەی دەنگی جیاوازەکان (سەفین، دایکی سەفین، دایکی سەناریا، سەناریا) زۆر لێک نزیکە و هەندێک جار ئەوەندە جیاوازییەکی ڕیشەییان نییە کە خوێنەر بتوانێت بە ئاسانی جیاوازی له‌نێوان دەنگی نووسەر و دەنگی کارەکتەرەکان بکات. زۆر کەم دەتوانرێت “شێواز”ی قیاس و ڕستەسازيی جیاواز لە نێوان کارەکتەرەکاندا هەست پێ بکرێت، کە ئەمەش کاریگەریی “فره‌ ده‌نگی” کەم دەکاتەوە.

دووه‌م: کارەکتەرەکان زۆر ڕاستەقینە و واقیعین، بەتایبەت لە نیشاندانی ناڕەزایی و تووڕەییەکانی ڕۆژانە, لێ کەمترین گەشەکردنیان تێدا دەبینرێت. به‌ درێژایی چیرۆکەکە، تەنیا ڕووبەرەکانی ناڕەزایی و تووڕەییەکانیان دەردەخەن، بەبێ ئەوەی هەوڵێک بۆ تێگەیشتن یان گۆڕینی خۆیان بدەن. ئەمە دەقەکە دەگۆڕێت بۆ ئاوێنەی ڕووداوەکانی ژیان و هەستی تاک، نەک لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ لە خودی مرۆڤ.

سێیه‌م: زمانەکەی ڕاستەوخۆ و واقیعییە و زۆر نزیکە لە زمانی قسەکردنی ڕۆژانە. بەکارهێنانی وشەی وەک “قەبات” و “زمانپەل” و “مل پان” و “بەدفەڕ” دەقەکە دەوڵەمەند دەکات بە وشەی فۆلکلۆری و ناوخۆیی, لێ لە هەندێک شوێندا، بەکارهێنانی زۆری وشەی زبر و توندوتیژ (لێدان، گارەگار، شیڕاندن, گانم ناداتێ) دەقەکە لە ڕووی هونەرییەوە کەمێک هەژار دەکات، چونکە ناتوانێت بە وردەکاری و قووڵی, دەروونی مرۆڤ دەرببڕێت، بەڵکو تەنها کاردانەوە سەرەتاییەکانیان پیشان دەدات.

چواره‌م: چیرۆکەکە وەک کورتەچیرۆک خاوەنی چڕییە، بەڵام ئەم چڕییە وادەکات خوێنەر هەست بە پچڕپچڕی بکات لە کاتی گواستنەوەی خێرا لە دەنگێکەوە بۆ دەنگێکی دیکە. هەندێک لە بەشەکان (بە تایبەت بەشی کۆتایی سەناریا) هەست دەکەی بە ناتەواوی کۆتایی هاتووە.

به‌ كورتى:
“قەبات”ی گۆران سەباح چیرۆکێکی گرنگ و جياوازە لە نیشاندانی لایەنە واقیعی و خەمناکەکانی ژیانی هاوسەری و قەیرانی ئابووری لە کۆمەڵگای کوردیدا. نووسەر توانیویەتی بە شێوازێکی هونەری (گێڕانەوەی چەند دەنگ) و زمانی واقیعی، وێنەیەکی ڕوون لەم کێشانە بخاتە ڕوو.

ئه‌نجام:
لە ڕوانگەی فەلسەفەی نیتشەوە، چیرۆکەکە وێنەی “مرۆڤی کۆتایی” نیشان دەدات کە لە ویستی دەسەڵات نوقم بوون، بێ ئەوەی بتوانن بەسەر خودی خۆیاندا زاڵ بن یان بەها نوێیەکان دروست بکەن. کارەکتەرەکان لە بازنەیەکی بێ کۆتایی لە تووڕەیی و داواکاری و تۆڵەسەندنەوەدا دەخولێنەوە.
لە ڕوانگەی عیرفانییەوە، چیرۆکەکە بە تەواوی نیشانەی ونبوونی ڕۆحی و گەیشتن بە خودناسیی دەخاتە ڕوو. کارەکتەرەکان لەناو نەفسی خۆیاندان و تێگەیشتنێکی قووڵیان بۆ ژیان و پەیوەندییە مرۆییەکان نییە، بەڵکو تەنیا بەدوای چێژە ماددی و کاتییەکاندا دەگەڕێن.

لە کۆتاییدا، چیرۆکەکە وەک ئاوێنەیەکە بۆ ناڕەزاییە کۆمەڵایەتییەکان، لێ پێویستە قووڵتر بڕواتە ناو ڕۆحی مرۆڤەوە، نەک تەنیا ڕووبەرە دەرەکییەکان نیشان بدات. ئەگەر نووسەر کەمێک ڕێگەی بە کارەکتەرەکانی بدایە کە لەو بازنەی نەفسه‌ دەربچن و ڕووبەڕووی خودی خۆیان ببنەوە، دەقەکە دەبووە خاوەنی قووڵاییەکی فەلسەفی و عیرفانی زیاتر و کاردانەوەیەکی هەمیشەیی تری بەسەر خوێنەردا دەبوو.

بڵند باجه‌لان

سه‌رچاوه‌: قه‌بات، گۆران سه‌باح، گۆڤاری كاروان، 2025




دەبابە و درۆن گەیشتنە نێو ماڵان.. سەلام عومەر

كە پشكۆی عەشیرەت دەگەشێنیەوە، دواتر دەتسوتێنێ، كە گەرای میلیشیا لەشار دەچێنی، چزەت لێهەڵدەستێنێ
ئەگەر پێشتر و لە سەردەمی دوای راپەڕین هێشتا پارتە سیاسیەكان كەمئەزموون بوون بەكۆڵەپشتێكی كۆن و بەرنامەیەكی چیاییەوە ناكۆكیە سیاسەكانیان گەیاندە شەڕی ناوخۆ و لەنێو شارەكاندا بە تەنیا چەكی سوك یەكلایی دەكرایەوە، یەكتریان راونا و كلتوری یەكتر فڕێدانیان هاویشتە سەر خوانەكان، ئەوا ئەمڕۆ دوای 34 ساڵ لە پرۆسەی سیاسی بە پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان و درووستكردنی دەیان رێكخراوی مرۆیی و هەبوونی بەناو یاسا و لەژێر زوومی هەزاران كامێرای ناوخۆ و بیانی و لەنێو بارودۆخێكی تەواو جیاواز كە دەگوترێ نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەراست گۆڕانكاری بەخۆیەوە دەبینێ، لە هەمووشی گرنگتر لە ژێر چاودێری قونسوڵیەی وڵاتان و لیكاوی حەشد و وڵاتە هەرێمایەتیەكان، بە دەبابە و درۆن لە نێوەندی شارێكی رۆشنبیری كەوتوونە گیانی یەكتری و نیشانە لە دیموكراسیەتێك دەگرن كە تەنیا لەو شارە دەستدەكەوت و كەچی تەرمی ئەویشیان وەك دەیان رۆڵەی ئەم شارە دیزە بەدەرخۆنە كرد.
ناكۆكیە سیاسیەكان و كێبڕكێی بردنەوەی هەڵبژاردن، جگە لەوەی لە هەموو وڵاتان هەیە لێرەش چەند ساڵێك بوو خەریكی گەشانەوە بوو و خەڵكی هیوایەكیان بەو تۆزە كرانەوەیە هەبوو كە لەژێر فشاری وڵاتە زلهێزەكان خرابووە سەر دەسەڵاتدارانی ئێرە و نەیاندەهێشت توخنی چەك و لەناوبردنی یەكتری بكەون، وەلێ بەداخەوە لەپەنای دیموكراسی و لەژێر سێبەری هەڵبژاردنە ساختەكاندا سەرەتا بە گوشینی زگی خەڵكی دەستیان پێكرد و دواتر كڕین و بندیوار، ئەوجار گەندەڵی گەیشتە ئاستێك داهاتی ئەم نیشتمانەیان بەسەر زۆنی سەوز و زەردا دابەشكرد و هەر بەوەشەوە نەوەستان نەوتەكەشیان خستە نێو باغەڵی خۆیانەوە و فەرمانبەرانیان بەجۆرێك دەسخەڕۆ كرد كە لەوەتەی ئەو وڵاتە هەیە هاوشێوەی نەبووە، هەر بەوەوە نەوەستان خۆپیشاندان و نارەزاییان قەدەغە كرد و ئۆپۆزۆسیۆنیشیان ناشت، ئەو دەرگا كراوەیەی لە سلێمانی هەبوو ئەویشیان داخست و هاتن هەموو جوڵانەوەیەكی نارەزایەتیان بەبیانووی جۆراوجۆر راكێشایە بەندیخانەكانەوەو دواتر كۆڵەپشتە كۆنەكانیان كردەوەو هەموو ئەو چەكانەی بۆ لەنێوبردنی دوژمن درابوون بە پێشمەرگە لەنێو شاری سلێماندا تاقی كرانەوەو بەجۆرێك گوللەیان بە دیموكراسیە نەخۆشەكەوە دەنا وەك ئەوەی شار كەوتبێتە ژێر هەژموونی دووژمنەوە.
ئەگەر پێشتر هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە هیوایەكیان بە دەسەڵاتی خۆماڵی هەبوو، ئەوا ئەمڕۆ تێگەیشتن هەر رەخنە و قسەیەكی بەجێ دژیان بە دەستگیر كردن و تۆمەت بەخشینەوە كۆتایی دێت و هەر ئەوەندەش نا، سەرهەڵبڕینی هەر پارتێك دژی ئەو زۆنە رەنگاورەنگانە بەسەركوتكردن و بەكارهێنانی چەكی قورس یەكلایی دەكرێتەوە.
چاو سووربوونی پارتە زەبەلاحەكان لەنێو داهاتێكی قەبەدا كە ئی خەڵكە و ئەوان دەیبەن، لەخۆبایی بوون و پشگوێ خستنی ئەوانیدی و ئامۆژگاریەكان كە هەمیشە بەبیریان دەهێننەوە، خۆی لێ گێل دەكەن و بەجۆرێك جڵەویان لەدەست دەرچووە خەریكە هەڵگوشینی زگی فەرمانبەران و بچوككردنەوەی قەوارەی هەرێم و داخوازیەكانی بەغدایان بیر دەچێتەوە و بێئاگان لەوەی ئەو سەركێشیەی ئەوان دواجار بە زەرەری خۆیان دواتر خەڵك كۆتایی دێت و قەت بیریان لەوە نەكردۆتەوە هێشتا بیانوو زۆرە بۆ لەنێوبردنمان.
ئاخر دەبێت تێبگەن ئەو نەقیزەی خۆیان درووستیان كردووە، دواتر هەر لە خۆیان دەچەقێ.

سەلام عومەر




بیرەوەرییەکانی مووسا عەنتەر ،وەک بەشێک لە دیرۆکی خوێناوی نەتەوەیەک.. گۆران هەڵەبجەیی

{گەر زمانەکەم مەترسی بێت بۆسەر پایەکانی دەوڵەتەکەت،کەواتە
وڵاتەکەت لەسەر خاکەکەی من بونیاد ناوە- مووسا عەنتەر}

من کەسێکم زۆر ئارەزوی خوێندنەوەی بیرەوەری دەکەم، بەتایبەت هی ئەو کەسانەی کە ڕۆڵ و نەخشیان لە کایەکانی مرۆڤاتیدا هەبووە و هەیە ،ئیدی لەسەر ئاستی لۆکالی بێت یا جیهانی. لەو ڕووەوە هەرچیم دەست کەوتبێ خوێندومەتەوە ،خوێندنەوەیان سوود بەخش بوون هەمیش چێژ بەخش.
نوێترین کتێب کە خوێندمەوە کتێبی{بیرەوەریەکانی مووسا عەنتەر} بوو بە قەوارەی[٦٣٨] لاپەڕە کە لە کاک سەلام محەمەدی هاوڕێم قەرز کردبوو .
مووسا عەنتەر مرۆڤێکی ڕووناکبیری هەمەڕەنگ بوو، بەو واتایەی لە زۆر بواردا خۆی دەبینیەوە ،لەوانە سیاسەت،نووسین و ڕۆژنامەگەری،زمان،یاسا،پرۆژەی بازرگانی.
ئەو کەسانەی یاداشتنامە یا بیرەوەری یاخود ژیاننامەی خۆیان دەنووسنەوە ،هەر یەکەیان بە ستایل و شێواز و فۆرمی تایبەتی خۆی دەنووسێت و پێی ناسراوە . لەخوێندنەوەی بیرەوەریەکانی مووسا عەنتەردا خۆم لەبەردەم جۆرێکی نوێ لە گێڕانەوەی ژیاننامەدا بینیەوە کە جیاوازە لەوانەی کە پێشتر خوێندومنەتەوە.بۆنمونە مووسا عەنتەر بەوجۆرە باسی خۆی نەکردوە کە وەک قارەمان خۆی نمایش بکات ،بەڵکو هێندە زوومی خستووەتە سەر خودی خۆی کە خزمەتی پەرەگرافەکەی کردوە،ئەو وابەستەنەبووە بە کات و ڕۆژەوە ، لە کویدا بەگونجاوی زانیبێت باسی ئەوڕووداو و کەسانەی کردوە کە بەرکەوتنی لەگەڵیاندا هەبوو،ئیدی بۆجارێک بووبێت یا بۆچەندین جار.مەبەستم ئەوەیە بەپێی سیاقی زەمەنی ڕووداوەکانی یاداشتت نەکردوە بەڵکو بەپێی پێویستی و گرنگیان باسی کردون. مووسا عەنتەر سیاسەتمەنداری کوردی باکوور، لەڕێگەی ئەو کتێبەوە توانیویەتی هەرچی ناسۆرو ستەم و چەوساندنەوە و کووشتار کە لە دیرۆکی پڕخوێناوی نەتەوکەیدا ڕویانداوە بەخوێنەری بناسێنێت .
ئاپێ مووسا لە باسکردنی ئەو فشارو ئەشکەنجەو گرتن و نکولی کردن لە مافی نەتەوەکەیدا کە خودی خۆی بەشی شێری بەرکەوتووە بەشێوەیەکی سادە بەڵام پڕمانا و هەندێک جاریش لەقاڵبی کۆمیدیدا باسکردوە،بۆنمونە لەدەمی یەکێک لە دادگایکردنیدا دادوەر لێی دەپرسێت ،چ کارەیت؟ ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت [کوردایەتی]،دادوەریش واتێدەگات کە قەشمەری پێ دەکات بۆیە لێی دووبارەدەکاتەوە،ئەویش بۆی ڕووندەکاتەوەو دەڵێت[لەسەر کوردایەتی دادگایی دەکرێم،لەسەرکوردایەتی سکاڵا لەدژم تۆمارکراوە،لەسەر کوردایەتی دژایەتی دەکرێم،لەسەر کوردایەتی چەندین جار بەند کراوم،لەسەر کوردایەتی نەفی دەکرێم ،لە سەر کوردایەتییە کە ناتوانم ژیانێکی ئاسوودە بژیم ]،کەواتە ڕاستم گووتووە کە پیشەم کوردایەتیە.
خەسڵەت یاخود بەهرەیەکی دیکەی ئەو مرۆڤە مەزنە ئەوەبوو کە لەکاتی خۆیدا و زۆر بەخێرایی وەڵامی نەیارانی داوەتەوە ،بەتایبەت ئەوانەی بۆنی سووکایەتی لەقسەکانیان یاخودلە پرسیارەکانیان هاتوە،ئەو بەجۆرێک بەرسیڤی داونەتەوە کە دەمبەستی کردوون.
ئەو تێکۆشەرە مەزنە تائەو ڕۆژەی تەرۆریان کرد پشویەکی نەدا ، ژیانێکی ئاسایی لەتەک خێزانەکەیدا نەژیا ،بەڵام هەرگیز کۆڵی نەداو بێزار نەبوو، چونکە دەیزانی ئەوە باجی کوردبوونە دەیدا.ئەو بەردەوام بەڕێگەی دادگاو بنکەکانی پۆلیسەوە بوو،لەزۆربەی باژێڕەکانی تورکیادا دۆسیەی هەبووە ،لەدۆسیەیەک دەربازدەبوو لەشوێنێکی تر دۆسیەیکی تری بۆ کراوەتەوە .
لەسەر شتی وابێ ماناو بێ نرخ لێپێچینەوە ولێپرسینەوەیان لەگەڵداکردوە کە عەقڵ قەبوڵی ناکات .وەک خۆی ئاماژەی پێداوە، لەسەرووەختی جەنگی جیهانی دووەمدا قەیرانی خۆراک لەتورکیا پەیدا دەبێت،بۆئەوەی خۆی و ئەو خوێندکارە کوردانەی لەو بەشە ناوخۆییەدا لە ئەستەمبوڵ دەژیان کە ئاپێ موسا خاوەنداری کردوە،بۆئەوەی برسی نەبن، دەنێرن لە گوندەکانی کوردستانەوە لەلایەن کەسوکاریانەوە خواردنی وشکەیان بۆبێت وەک ساوەر،نیسک، نۆک و پیاز. لەسەر ئەمە سکاڵای لەسەر تۆماردەکەن،
بەبەهانەی ئەوەی کە گوایە خوێندکارە کوردەکان فێردەکات تا خواردنی ئیستانبوڵ نەخۆن ، هاوکاتهانیان دەدات تا خواردنە نەتەوەییەکانی کورد لە بیر نەکەن.ئاپێ مووسا دەڵێئێمە لەنەبوونیدا ئەو خواردنانەمان دەخواد،کەچی ئەوەی خەبەری لێداین هەروەها پۆلیسیش خستبوویانە قاڵبی سیاسەتەوە.جا لەسەر ئەوە جارێکی دیکە بانگھێشتی بنکەی پۆلیس کرابوو.
زۆر جار بیرەکەمەوەو لەخۆم دەپرسم کە چۆن بەرگەی ئەو هەموو مەینەتیەی گرتووە ؟ وەڵێ دەمێک ئاوڕێک لە دیرۆکی سەخت و دژوارو پڕ تراژیدیای نەتەوەکەم دەدەمەوە، دەگەمە ئەو ڕاستیەی کەدەڵێت هەر تاکێکی کورد گەر بەشێک لە غەمی نەتەوەکەی کردەکۆڵ ،ئیدی ژیان و چارەنووسی دەبەسترێتەوە بە چارەنووسی نەتەوەکەیەو دەبێتە بەشێک لێی ،کەواتە ژیانی هێژا مووسا ئاوێنەی گەلەکەی بووە ،یاخود کورد واتەنی ژیانی مووسا [ مشتێک بووە لە خەروارێک] .
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئەوەیە لەگەڵ ئەو هەموو نەهامەتی و ناهەقی و ئەشکەنجە دەروونی و جەستەیدا کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە هەرگیز ورەی بەرنەداوەو لەتێکۆشان سارد نەبووەتەوە ،هاوکات ئەم حاڵەتەی نەکردوەتە کەرەستەیەک بۆ دژایەتی کردنی گەلی تورک، بەڵکو تەنها دەسەڵاتداران و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی تاوانبارکردوە،هەربەهۆی ئەم هەڵوێستە جوانەیەوە هاوسۆزی کۆمەڵێک ڕووناکبیری تورکی بۆخۆی ڕاکێشاوە : لەوانە ئیسماعیل بێشکچی،عەزیز نەسین،نازم حیکمەت ،پرۆفیسۆر سەروەر تانیللی وکەس و لایەنە چەپەکانی تورکیاش .
لەپاش خوێندنەوەی بیرەوەریەکان لەلایەن پرۆفیسۆر ساروەر تانیللیەوە نامەیەکی دەستخۆشی بۆ مووسا دەنووسێت و لەبڕگەیەکدا دەڵێت[ئەو ستەم و چەوساندنەوەو ئازاردانەی دووچاری خۆت و نەتەوەکەت بوون ،گەر ١% ی ڕاستبن ئەوە شەرمەزاریە بۆ دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەم،بەڵام دڵنیام کە ١٠٠% هەموویان ڕاستن ،بۆیە من ئەوە بەتاوان دەناسێنم.]
دەسەڵاتدارانی تورک دەیانزانی کە مووسا عەنتەر کەسێکی زیرەک و بیرتیژەو بەئاگاوە دەجوڵێتەوە،هەرگیز بەهانەی نەداوە بەدەستەوە ،هەربۆیەش زۆربەی جارەکان لەدادگاکان بێ تاوان دەردەچوو.
ئەو دەمەی هاوژینەکەی فرانسۆ میتران{دانیال میتران}بەسەردانێک لەتورکیا دەبێت،بەڕێز مووسا عەنتەر دەبینێت ،گفتوگۆ دەربارەی ڕەوشی خراپی کورد دەکەن،پاشان خانمە دانیال بانگهێشتی مووسا دەکات بۆ فەرەنسا بەمەبەستی بەشداری لە کۆنفرانسێک دەربارەی دۆزی کورد.
پاش ماوەیەک ڤیزەو داوەتنامەی پێدەگات،دەمێنێتەوە سەر ڕەزامەندی [میت] ،ئەوانیش کۆمەڵێک بەهانەی پێدەگرن،مەبەستیش ئەوەیە کە ڕێگەی سەفەری لێبگرن کە هەرواش بوو. دوا بیانو پێ ئەڵێن تۆ بەر لەچەندساڵێک قاچاخچێتیت کردووە،ئەویش وێرای ئەوەی پێکەنینی بەو تۆمەتە دێت ، داوای بەڵگەدەکات،پێی دەڵێن بەڵگەکان لە فڵان باژێڕە،ئەویش سەفەری هەمان باژێڕ دەکات،لەوێ پێی دەڵێن تۆ هیچ دۆسیەکت لای ئێمە نیە،ئیدی تێدەگات کە هەوڵدان بئ هودەیە بۆیە واز لە مەسەلەی سەفەر دێنێت .
سەیری سەخافەتی کاربەدەستانی تورک بکەن هەر تۆمەتی قاچاخچێتی مابوو بیدەنە پاڵی ،خۆشبەختانە بە هەوڵ و تواناو لێهاتوویی خۆی هەموو تۆمەتەکانی بەدرۆ دەخستەوە.
ئاپی مووسا ڕۆژنامەنووسێکی کاراو چالاک بووە ،وەک سەرنووسەر چەندین ڕۆژنامەی بەڕێوە بردوە ،یاخود ئەو ڕۆژنامانەی ئەو کاری تێداکردوون پڕفرۆشترین ڕۆژنامەبوون. لەڕووی بیروبۆچوونی سیاسیەوە سەربە مەدرەسەی چەپ بووە و وەک چەپێکی کورد ماوەیەک ئەندامی{پارتی کرێکارانی تورکیا}و بەربژێریان بووە بۆ یەکێک لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیا.
ئەوەی پتر دەسەڵاتدارانی تورکیای تووڕەو سەغڵەت کرد کتێبەکەی یاخود شانۆنامەکەی بوو بەنێوی [برینی ڕەش]+.ئەم کتێبە وەرگێڕدرایە سەر چەندین زمانی ئەوروپی ،تەنانەت لەسوید کردیانە دەقێکی شانۆیی و لەسەر شانۆ نمایش کرا،بەڵام لەتورکیا قەدەغەکراو لەبازاڕەکاندا کۆکرایەوە.
وەزیری ئەودەمەی تەندرووستی[١٩٥٩] دەربارەی نەخۆشی برینی ڕەش گووتبووی هۆکار خواردنەوەی ئاوی پیسە نەک گەنمی ژەهراوی،
نازم حیکمەتیش لە مۆسکۆوە بابەتێک دەنووسێت بەنێوی[ئابڕووچوونەکەی وەزیری تەندرووستی].
مووسا عەنتەر وێرای ئەوەی نووسەرو ڕۆژنامەنووسێکی بەتواناو سەرکەوتووبوو ،هاوکات خاوەنی ئەقڵێکی کاراو تیژبوو بوو،بەتایبەتی زرنگی لە خوێندنگا،وەڵامی گونجاو بۆ پرسیارەکان،بەرزی توانای بەڕێوەبردنی پرۆژەی بازرگانی گچکە یا مەزن و زۆر بواری دیکە.
بەکوردی و کورتی مووسا عەنتەر دیاریەکی مەزن بوو بۆ گەلی کورد،بەڵام بەداخەوە نەژادپەررستانی تورک بەرگەی ئەو ڕاستیانەیان نەگرت کە دەیخستنە ڕوو،جا بۆئەوەی ئەم مرۆڤە مەزنە پایەکانی ئەو دەوڵەتە فاشیە زیاتر هەڵنەتەکێنێت و پتر ئابڕوویان نەبات ،بڕیاری تەرۆرکردنیان دا.
لە ڕێکەوتی [ ٢٠/٩/١٩٩٢ ] مووسا عەنتەر لە هۆتێلێک دەبێت لە دیاربەکر،کەسێک دێتە لای و داوای لێدەکات کە کێشەی نێوان دوو لایەن چارەسەربکات،ئەویش لەدڵپاکی خۆیەوە قەبوڵی دەکات ،بەتەکسیەک لەگەڵ بکوژەکە دەچنە ئەو کۆڵانەی کەگوایە ئەو ماڵەی تێدایە کە ڕێکەوتنەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت، لەناکاو ئەوکەسەی لەگەڵیدا بووە لەناو کۆڵانێکی تاریکدا چەند فیشەکێک دەنێت بە مووسا عەنتەرەوەو و گیان لەدەست دەدات.
وەک هەندێک لە میدیای تورکی بڵاویان کردەوە ئەوانەی لەپشت تەرۆرکردنەوەکەوەبوون گرووپی[ژیتەم ]ن ،ئەوەی سەیرە لەپای ئەو تاوانە قێزەوەنە دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی جددی نەناو دۆسیەکەیان داخست.وەک خوێندمەوە تەنانەت بەخاک سپاردن و پرسەکەی زۆر سنووردار کرابوو.
دواوتەم ئەوەیە کە ئەم کتێبە تەنها یاداشتنامەی کەسێک نیە ،بەڵکو بریتیە لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی دیرۆکی نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو لە بەشێکی کوردستان کە باکوورە،ئەو زوڵمەی تائێستاش بەردەوامە،وەلێ ئەوەی مایەی شانازیە لەبەرامبەردا بەرەنگاربوونەوەش بەردەوامە.
سەرنج/ دەربارەی [+برینی ڕەش] هیچ نانووسم چونکە لە کتێبەکەدا باس کراوە،هیوادارم لەدەرفەتێکدا بیخوێننەوە.
*موسا عەنتەر، لە ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی (زڤینگێ) ی سەر بە شارۆچکەی نوسەیبینی پارێزگای مێردین، لەدایک بووە، دایکی موسا عەنتەر یەکەم موختاری ژن بووە لە تورکیا، لەساڵی ١٩٤٤ ژیانی ھاوسەری پێکھێناوەو خاوەنی دوو کوڕو کچێک بووە، بە ناوەکانی عەنتەر و دیجلە و ڕەشێ.




تەمەنمان لێ دزرا.. رەسوڵ بەختیار

دەرچوویەکی یەکەمی سەر ئاستی بەش و کۆلیژەکەی لەخوێندنی ساڵی 2018 -2019 دەرچووە، هێشتا چاوەڕێی دامەزراندن دەکا، ئەو یەکەمە، نازانم چۆن، ئەوە خۆی دەیزانێ، 6-7 ساڵە بێ ئیش و کار تیایدا دەسوڕێتەوە، زۆر گلەیی کرد، منیش پێمگوت: گلەیی مەکە، دەرانم، حەز دەکەی لەوڵاتی خۆتدا خزمەت بکەی، بەڵام دەزانی مامۆستا موحسین نزیکەی 20ساڵە خانەنشینە، ئەویش گلەیی هەیە، زۆرجار دەڵێ ئەم هەموو تەمەنەیان لێ دزین، لەپاش شۆڕشی 14ی تەمموزەوە ئێمە خێرمان لەخۆمان نەدیووە، ساڵێک دۆخەکە، باش و جێگیرە، دواتر قەیرانەکان دەست پێ دەکات، هەموو تەمەنمان بەقەیران و گرفت و کێشە و ڕاکە ڕاکە تەواو کرد، هێشتاش هیچ نەبووە، هیچ دیار نییە، نازانین،  کە کۆتایی بەو قەیرانانە دێ.

کێشەکە لەوەدایە هەمووان خۆیان بەشڕۆڤەکار و زانا و دانا دەزانن، هەر یەکەو بەئارەزووی خۆی بابەتەکان شەن و کەو دەکات، ئەوی دیکە، لێی دێتە وەڵام، لەجیاتی دوو قسەی جوانتر بکات، بەیەکجاڕ کێشەکە قووڵتر دەکاتەوە، .. بەڕاستی تەمەنمان لێ دزرا، بەو کێشە بێ مانایانە، بەو قەیرانە بێ مانایانە…

ئەحمەدی برام نەیتوانی لێرە لەگەڵ ئێمە درێژە بەژیان بدات، رۆیی چووە ئەڵمانیا،  ماوەی دە ساڵێکە تەنیا دوو جار ئەوم بینیووە،

محەمەدی هاوڕێم، لەگەڵ راپەڕین ئەویش رۆیشت، ئەویش لەشارێکی ئەڵمانیایە، بەکار و کاسبی خۆی سەر قاڵە، چەند جارێک هاتۆتەوە بینیوومە، بەڵام هەردووکمان داوی سپی لەسەر سەری یەک دەژمێرین، بەو واتایەی تەمەنێکی دوور و درێژیان لێ بردین، بەبێ ئەوەی هیچ کاممان بەرپرس بین لەقەیرانەکان، هیچ کێشەمان نەناوەتەوە، تەنیا هەرێممان خۆشدەوێ، دەمانەوێ خەڵک بەئاشتی و ئاشتەوایی بژیت، هیچ کات مامۆستا و فەرمانبەران بەدەست بێ مووچەییەوە نەناڵێنن، مامۆستا گۆران-ی ماڵپەڕی دەنگەکان، لەنزیکەوە نایناسم نازانم لەچ وڵاتێکە، بەڵام بەهۆی ئەم ماڵپەڕەوە مەیانەیەکمان لەنێوان دروست بووە، نازانم لەکەیەوە، نەهاتۆتەوە کوردستان، بەڵام بەهۆی ماڵپەڕەکەی هەست دەکەم، دەیەوێ داوای تەمەنە دزراوەکەی بکاتەوە، دکتۆر سلێمان و دوکتۆر وشیار، زۆر جار سوعبەتی خۆشمان دەکرد، لەبەر نادادپەروەری وڵاتێان جێهێشت، لەوانەیە ئەوان دۆخێان باشتر بوو بێ، چونکە لەو کەندایە، زوو مافی نیشتەجێ بوونیان وەرگرت، زوو زوو دەمەوێ تەلەفۆنێان بۆ بکەم، بەڵام زۆرجار دەڵێم لەوانەیە،لەکەنەدا نیوەی شەو بێ با وەڕسیان نەکەم، ئەوانیش دەیانویست لێرە لەتەک خۆمان بژین، بەڵام زاناتر بوون، بڕوام وایە، پێیان باشتر بووە، وەک چۆن تەمەنێان لێ دزرا، نەیانەوێ تەمەنی منداڵەکانیان  بدزری.

تەمەنی ئێمە لەنێوان شەڕ و کوشتار و قەیران و بێ مووچەیی فەرمانبەران و دووبارە نانەوەی کێشە تا کێشەی پێشترمان لەبیر ببەنەوە، دەزانم هەمووتان ئەو هاوڕێ و دۆستانەتان هەیە، لەناکاو بیرتان بێتەوە، بەڵام زۆڕ ناخۆسە هەست بەوە بکەین هەموو تەمەنیان لێ دزین، بەبێ ئەوەی ئاسۆیەکی ڕوون هەبێ بۆ بەیانی.