سایکۆلۆژیای مێگەل.. وەرگێڕان و ئامەدەکردنی لە عەرەبییەوە: گۆران عەبدوڵڵا

زۆرترین شتێک کە مێگەل ڕقی لێیەتی ئەو مرۆڤەیە کە بە شێوەیەکی جیاوازتر لەوان بیر دەکاتەوە. لە ڕاستیدا ئەوان ڕقیان لە ڕایەکەی نییە، ئەوەندەی ڕقیان لەو جوورئەتەیە کە ئەم تاکە هەیەتی، لەوەی بیردەکاتەوە جیاوازبێت لەوانی تر.
بەم وشانە شۆپنهاور ڕاستەوخۆ دەمانخاتە بەردەم یەکێک لە قووڵترین کێشە مرۆییەکان، ئەویش ئەوەیە کە “ئازادی بیرکردنەوە” ڕووبەڕووی ڕەتکردنەوە نابێتەوە لەبەر ئەوەی هەڵەیە یان نەگونجاوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی خیانەتێکی رانەگەیەندراوە دژ بەو سیستەمە شاردراوەی کە پەیوەندییە مرۆیییەکان ڕێک دەخات، واتە دەسەڵاتی کۆمەڵگە. مێگەل دژایەتی ڕاستی ناکات لە ناخیدا، چونکە ڕاستی تووڕەی ناکات تا ئەو کاتەی کەسێک جوورئەتی نەکردبێت خاوەندارێتی لێبکات. بەڵکو تووڕە دەبێت کاتێک تاکێک بوێریدەکات جیاوازێکان دەربخات یان ئەو هاوئاوازییە ساختەکارییە بشکێنێت کە یەکیاندەخات.
بۆ ئەوەی بڵێیت “من بە چاوی خۆم دەبینم، نەک بە چاوەکانتان.” ئەم نیوەدێڕە ڕێگایەکی فراوان لەبەردەمماندا دەکاتەوە لە فەلسەفە و دەروونناسی و مێژوو و کۆمەڵناسیدا.
با یەکەم جار لە واتا فەلسەفییەکەی بڕوانین؛
ئەوەی شۆپنهاور – Arthur Schopenhauer دەیڵێت دەنگدانەوەیەکی قووڵە بۆ ئەوەی سوقرات دوو هەزار ساڵ پێشتر نووسیویەتی، کاتێک ڕەتیکردەوە بێدەنگی هەڵبژێرێت سەبارەت بەو پرسیارانەی کە لە کۆمەڵگە دەیوروژێنێت، ژەهرەکەی خواردەوە بۆ ئەوەی دڵسۆز بمێنێتەوە بۆ بیرکردنەوەی جیاواز.
سوقرات نەکوژرا لەبەر ئەوەی هەڵەی کردبوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی جوورئەتی بیرکردنەوەی “دژە باوی” هەبوو، لەبەر ئەوەی بەبوونی خۆی شەق و شڕی “دڵنیایی درۆینەی” شارەکەی ئاشکراکرد. ئاوا تێدەگەین ئەوەی مێگەل ڕقی لێیەتی بیرۆکەکە نییە، بەڵکو بوونی “راستییە” لای تاکێك. لەم چوارچێوەیەشدا نیتچەمان بیردەکەوێتەوە، ئەوەی مرۆڤی ئازادی بە “ڕۆحی ئازاد” ناودەبرد.
ئەو تاکەی سەر بە مێگەل نییە ئەوەیە کە بە تەنها لە چۆڵەوانیدا دەڕوات. لە کتێبەکەیدا “ئەودیوی خێر و شەڕ”، نیچە دەیسەلمێنێت کە چۆن گەورەترین تاوان لەبەرچاوی مێگەل، کوشتن و خیانەت نییە، بەڵکو جوورئەتی بیرکردنەوەیە لە دەرەوەی ئاکاری باو، چونکە ئەمە مەترسی دەخاتە سەر بنەما هاوبەشەکانی پێکەوە ژیانیان!
مێگەل پێویستی بە “ڕاستی-حەقیەت” نییە، بەڵکو پێویستی بە “یەکگرەنگی”، پێویستی بەو ئارامیەیە کە لە گوتنی “هەموومان بیر لە هەمانشت دەکەینەوە” سەرچاودەگرێت.
لێرەوە دەتوانین رەگی باسەکە بەرینەوە لای کۆمەڵناسی. “ئێمیل دۆرکایم” Émile Durkheim کاتێک سەبارەت بە هۆشیاری کۆمەڵایەتی دەستی دایەنووسین، بینیویەتی کە “کۆمەڵگە بنەمایەک لە بەها و باوەڕەکان بۆ خۆی دروست دەکات و هەرکەسێک لەو بنەمایە دەربچێت دەبێتە نامۆ، نەک بە واتایەکی نەخۆشانە بەڵکو بە واتای-هەبوون “
کۆمەڵگە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی و یەکڕەنگی خۆی، شوێن بۆ “کەسی نامۆ” بە هزری ئەو کۆمەڵگایە ناکاتەوە . لێرەوە تێدەگەین بۆچی بیرمەندی جیاواز وەک مەترسی دەبینرێت تەنانەت ئەگەر ڕاستگۆش بێت.
“نامۆیی” ئەو وێنە یەکگرتووییە دەشکێنێت کە مێگەل پیرۆزی دەکات. بەڵام چی سەبارەت بە دەروونناسی فرۆید؟ کاتێک باسی میکانیزمی فڕێدان یان بەرەنگاربوونەوەی دەکرد، ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی کە ڕقمان لە کەسی دیکەیە، تەنها ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە ترسی رووبەڕوبونەوەمان هەیە لەگەڵ ئەو کەسە!
لێرە بە وردی گرنگی قسەکەی شۆپنهاور دەردەکەوێت، ئەویش ئەوەیە کە مێگەل ڕقی لە بیرۆکەکە نییە، بەڵکو رقی لەوەیە کە کەسێک بیریبهێنێتەوە دەکرێت لەدەرەوەی حەسارەکەی ئەوان بیرکردنەوەی “جیاواز” هەبێت. ئەوان توانای بینینی کەموکوڕیەکانی خۆیان نیە لە ئاوێنەدا، بۆیە لە بری رووبەڕوبونەوەی کەموکوڕیەکانیان دەچن “ئاوێنەکە” دەشکێنن!
نموونەی زیندوش لەوبارەوە گالیلۆ دادگای نەکرا بە هۆکاری ئەوەی هاوکێشە ماتماتیکێکەی کێشەی هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بوێری ئەوەی کرد بڵێ زەوی چەقی گەردوون نییە.
جوردانۆ برونۆ Giordano Bruno سوتێنرا چوونکە بێدەنگی هەڵنەبژارد لەوەی کە گەردوون بێکۆتاییە، ئەم وتنەی ئەو پایەکانی مەسیحیەتی خستە ژێر پرسیارەوە. رقیان لە مارتن لوثەر- Martin Luther- نەبووەوە بە هۆکاری ریفۆرمەکانی بەڵکو بە هۆکاری ئەو بوێرییەی بوو کە بۆچوونەکانی خۆی بە دەرگای کڵێسا هەڵواسی. بوونی “بوێری” یەکە تاوانە نەوەک حەقیقەتبێژی!
ئەگەر روومان وەربگێڕین بەرەو ئەدەب دەبینین:-
دۆستۆیەفسکی- Fyodor Dostoevsky- لە ڕۆمانی “برایانی کارامازۆڤ”دا وادەکات “ئیڤانە” ڕووبەڕووی کڵێسا بووەستێتەوە، نەک لە ڕێگەی درۆپێکردنەوە بەڵکو لە ڕێگەی “پرسیارکردن” لە ئازادی.
کڵێسا لە ڕۆمانەکەدا لە لەدەستدانی ڕاستی ناترسێت بەڵکو لەوە دەترسێت کە خەڵک ئازادانە عەقڵیان بەکاربهێنن.
ئەوەی شۆپنهاوەر دەیڵێت ڕستەیەکی ساکار نییە، بەڵکو کلیلێکە بۆ تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤایەتی. مێگەل ڕقی لە جیاوازیە نەک لەبەر ئەوەی هەڵەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە ئەو بێهیزی و گوێڕایەڵییەی کە تێیدایە ئاشکرا دەبێت.
بیرکردنەوەی جیاواز ڕاگەیاندنێکە کە بوون بە بەشێک لەکۆمەڵگە “چارەنووسی نەگۆڕ” نییە و تاک دەتوانێت بە تەنها لەسەر پێی خۆی بوەستێت و جیهان بە چاوی سەربەخۆوە ببینێت.
ئەگەر لە لایەکی ترەوە لە قسەکانی شۆپنهاوەر بڕوانین، دەردەکەوێت کە ناوەڕۆکەکەی هەر ئەوەیە کە “کارڵ مارکس” دواتر پێی گوت “نامۆبوون”. کاتێک تاک لە ناو کۆمەڵگەدا خۆی بە نامۆ دەبینێت، دەردەکەوێت کە ئەوەی جیای دەکاتەوە لە مێگەل نە ڕاستی و نە خەیاڵە، بەڵکو مەودایە لە نێوان خودی ئازاد وسەرخانی کۆمەڵایەتی.
مارکس باسی نامۆبوونی کرێکاری کرد کاتێک کاڵایەک بەرهەم دێنێت هەست بە بوونی ناکات لەخۆیدا. بەڵام دەتوانین ئەم چەمکە بە شێوەیەکی فراوانتر بخوێنینەوە؛
هەرکەسێک “دژە باو” بیربکاتەوە، ژیانێکی نامۆییانە دەژێت، چونکە ئەوەی ئەم دەیبینێت ئەوانی تر نایبینن، بۆیە هەست بە غەریبییەکی قوڵدەکات تەنانەت ئەگەر لە دڵی شارەکەیشیدابێت.
مێگەل ڕقی لە جیاوازیە چونکە هۆکار بۆ ئەو نامۆبوونە ئاشکرا دەکات، بیریان دەخاتەوە کە “کۆمەڵایەتی” بوونیان ئازادی نییە بەڵکو “گرێبەستێکی” ئایدۆلۆژیە. ئەمەش دەمانباتەوە لای فوکۆ- Michel Foucault- ئەو تێبینی ئەوەی کردووە کە “دەسەڵات” هەمیشە لە دەستی فەرمانڕەوا یان دەوڵەتدا نییە، بەڵکو لە پێکهاتەی کۆمەڵگەکەی خۆیدا دابەش کراوە. دەسەڵاتی کۆمەڵگە، دەسەڵاتی مێگەل لەوانەیە لەزۆر حاڵەتدا “ستەمکارتر” بێت لە دەسەڵاتی زۆردار. زۆردار یان ڕووبەڕوودەکرێت یان دەکوژرێت، بەڵام مێگەل نابینرێت و بەردەستنییە لە فۆرمێکی دیاریکراودا، وەکو خێوێک لە سێتی ئایدیۆلۆژیا، ئاکار، بیرکردنەوە بە شلی و بە توندی لە هەموو شوێنێکە؛ لە قوتابخانە، شەقام، قاوەخانە و شوێنی کار.
کاتێک جیاواز بیر دەکەیتەوە، دەبینیت کە تەنها ڕووبەڕووی یەک ڕوو نابیتەوە، بەڵکو سەد ڕوو. لە ڕووتدا پێدەکەنن و لە ناخەوە شتێکی ترن. ئەم دەسەڵاتە نەبینراوە وا دەکات کە بیرکردنەوەی جیاواز کارێکی مەترسیدار بێت، چونکە یاخیبوون نییە لە دژی تاک یان دامەزراوە، بەڵکو لە دژی تۆڕێکی ئاڵۆزی چاو و عەقڵ کە چاودێرن بەسەرتەوەو هەناسەکانت دەژمێرن.
لێرەوە دەتوانین تێبگەین لەوەی جۆن ستیوارت میل- John Stuart Mill- کە لە کتێبی “سەبارەت بە ئازادی- On Liberty”دا نووسیویەتی:
“گەورەترین هەڕەشە بۆ ئازادی زۆرداری دەوڵەت نییە بەڵکو زۆرداری ڕای گشتییە”
میل جیاوازی دەکات لە نێوان “ئازادی قسەکردن” و “ئازادی بیرکردنەوە” یەکەمیان لەوانەیە پێت بدرێت، بەڵام دووەمیان تەنها ئەویان مرۆڤ بنیات دەنێتەوە!
بەڵام مێگەل بەرگەی ئازادی بیرکردنەوە ناگرێت چونکە دەزانێت بیرۆکەی ئازاد توشبوونێکی بەهێزتری هەیە لە هەموو ڤایرۆسەکان. گومان لە دڵدا دەچێنێت، ئەمەش ڕوون دەکاتەوە کە بیرمەندی جیاواز جارێک سزا دەدرێت نەک بە کوشتن بەڵکو بە دابڕان و بێدەنگی، چونکە مێگەل دەترسێت توشبوونی جوورئەت بڵاو ببێتەوە.
ڕاستی ئەوەیە کە ئەم شەڕە لە نێوان تاک و کۆمەڵگە نوێ نییە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەفسانە کۆنەکان، پڕۆمیسیوس دەبینین کە ئاگری دزی بۆ مرۆڤەکان، کەچی سزادرا نەک لەبەر ئەوەی هەڵەی کردبوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی جوورئەتی کرد پیرۆزییەکانی خوداوەند بشکێنێت.
ئاگر لێرە هێمای بیرکردنەوەی ئازادە، جوورئەتی دزینیشی ئەوەیە کە مێگەل ڕقی لێیەتی. هەموو پاڵەوانێکی تراژیدی لە مێژوودا هەمان چارەنووس رووبەڕوی دەبێتەوە؛
“ئۆدیپ” کە ویستی ڕاستی بزانێت چاوەکانی لەدەستدا، مەسیح کە لە دەرەوەی یاسای کۆمەڵگە رێنوێنیدەدا لە خاچدرا، گالیلێۆ کە جوورئەتی کرد ئەستێرەکان بە جۆرێک ببینێت جیا لەوەی پێی گوتراوە، کڵێسا رایکێشایە بەردەم دادگاکانی لێکۆڵینەوە.
کاتێک ئەم زنجیرە نموونانە دەخوێنینەوە، تێدەگەین کە هەموو مێژوو تەنها مەیدانی شەڕە لە نێوان “مێگەل” و “کەسی جیاواز”مێگەل جێگیری دەوێت، ئارامی دەوێت، دەیەوێت لە دڵنیاییەکی یەکڕەنگدا بخەوێت. کەسی جیاواز لە پڕۆسەی گەڕان بە دوای ڕاستیدا “جورئەتی بیرکردنەوەی جیاواز” دروست دەکات، تەنانەت ئەگەر ئەم گەڕان و جورئەتە سەختیش بێت، بۆیە ئەم تاکە و ئەم کۆمەڵگەیە بەر یەك دەکەون.
لەبەر ئەمە کیرکگارد- Søren Kierkegaard- نووسیوویەتی “کۆمەڵ درۆیە”، چونکە بینیویەتی مێگەل هەرچەندە بانگەشەی ڕاستی بکات، هەوڵی بۆ نادات جگە لەو ڕادەیەی کە “دڵنیایی” پێدەدات، لە کاتێکدا هەوڵدەری ڕاستی لە پێناوی جێکەوتەکردنی راستیدا ئاسایش و ئارامی خۆیدەخاتە مەترسییەوە.
کاتێک لە تێڕوانینی دەروونناسێکەوە لێکدانەوەی بۆ دەکەین، دەبینین ڕقی مێگەل لە جیاوازی تەنها ڕەنگدانەوەی میکانیزمەکانی گوێڕایەڵی و ڕازیبوونە کە مرۆڤەکان لە قووڵایی خۆیاندا ڕێک دەخات.
با تاقیکردنەوە ناودارەکەی سۆلۆمۆن ئاش – Solomon Asch – لە پەنجاکانی سەدەی بیستەم بەبیر بهێنینەوە، لەم تاقیکردنەوەیەدا؛ نیشانیدا چۆن خەڵك خۆیان لەگەڵ بۆچوونی زۆرینەدا دەگونجێن، تەنانەت کاتێک بە ڕۆشنی دەزانێت هەڵەیە. لەوێ داوا لە بەشداربووان کراوە کە درێژی هێڵەکان بگونجێنن، بەڵام زۆرینەی “گرووپەکە” (لە ڕاستیدا بەشێک بوون لە پلانەکە) بە مەبەست وەڵامی هەڵەیان دایەوە، ئەمەش وایکرد کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە بەشداربووانی ڕاستەقینە لەگەڵیدا بگونجێن و وەڵامی هەڵە بدەنەوە سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی کە هەڵەیە!
لێرەدا لەقووڵایی شۆپنهاور تێدەگەین: ڕاستی دوژمن نییە، بەڵکو تەنها جوورئەتەکەیە. لە تاقیکردنەوەی میلگرامدا- Milgram -، لەلایەن ستانلی میلگرامەوە- Stanley Milgram- لە ساڵانی شەستەکاندا ئەنجامدرا، لێکۆڵینەوەی لە ئامادەیی تاکەکان کرد بۆ گوێڕایەڵی کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکان، تەنانەت کاتێک ڕێنمایی دەکران بۆ ئەنجامدانی کارێک کە لەگەڵ ویژدانی کەسی خۆیاندا ناکۆکە.
تاقیکردنەوەکە “مامۆستا” (بەشداربوو) و “فێرخواز” (بەشداربووی ئاگادار لە پلانەکە)ی تێدابوو کە گوایە بەهۆی وەڵامی هەڵەوە تەزووی کارەبای لێدەدرێت.
سەرەڕای ناڕەزایەتی فێرخوازەکە و کاردانەوەی ناڕەحەتی زیاتر، ڕێژەیەکی سەرسوڕهێنەری بەرزی بەشداربووان بەردەوام بوون لە بەڕێوەبردنی لێدانی تەزووی کارەبا، تەنانەت لە ئاستێکی مەترسیداریشدا. نەک لەبەر ئەوەی خراپ بوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی جوورئەتیان نەبوو بۆ خۆیان بیر بکەنەوە!
گوێڕایەڵی لای مێگەل لە ویژدان بەهێزترە تا کاتێک ویژدان لەسەر مێگەل دابەش کراوە. ئاوا ڕوون دەبێتەوە کە مێگەل ڕقی لە بیرۆکەی نوێ نییە لەبەر ئەوەی بەهەڵەی دەزانێت، بەڵکو ترسی لەوە هەیە کە بیرۆکە نوێیەکە مەترسی بخاتە سەر پێکهاتە دەروونییەکەی کە یەکگرتووییان دەپارێزێت: ڕازیبوون، گوێڕایەڵی، کۆك بوون لەسەر بێدەنگی.
کەواتە؛ کاتێک تاکێک دێتە دەرەوەو و دەڵێت:-
“ ئیتر من بە چاوی خۆم دەبینم”، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی عەقڵانی نابێتەوە، بەڵکو زیاترلە بەرگری دەچێت. کۆمەڵگە هێرشی بۆ دەکات، هەروەکوو ئەوەی لاشە کاتێک بەرگری لەخۆیدەکات کە ڤایرۆسێکی نامۆ لێیدەدات.
کۆمەڵناسی ئەمە وەسف دەکات وەک “میکانیزمی داماڵین” تاکەکە دەیان ناو و ناتۆرەیان لێدەنرێت: شێت، لادەر، خائین، تاکو خەڵک بە ئارامییەوە بگەڕێنەوە بۆ دڵنیاییەکانیان. داماڵینی “ئەوی تری جیاواز” ئەو ڕێگایەیە کە مێگەل خۆی پێ دەپارێزێت.
ئەم میکانیزمانە لە سنووری تاقیکردنەوە یان تیۆرێکان ناوەستن، بەڵکو دەتوانرێت لە دیمەنە ڕۆژانەکانی مێژوودا ببینرێن. بڕوانە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ ڤان گۆخ – Vincent van Gogh -کرد، وێنەکێشی خەڵوەتگری گەورە. ئەوەی ئەوانی تر نەیاندەبینی ئەو لە ڕەنگ و سێبەرەکاندا دەیبینی، بۆیە وەک شێتێک وێنەی کێشا و وەک نەفرەتلێکراوێک ژیا، لە ئێستاشدا تابلۆکانی بە ملیۆنان دۆلار دەفرۆشرێن. مێگەل ڕقی لە تابلۆکانی نەبوو لەبەر ئەوەی خراپ بوون، بەڵکو ڕقی لەو دوو چاوە جیاوازەی بوو کە جیهانیان بەو جۆرە دەبینی کە ئەوانی تر جورئەتی ئەوبینینەی ئەویان نەبوو.
هەمان دیاردە لە کۆمەڵگە سیاسییەکاندا دەبینین. کاتێک “نێلسۆن ماندێلا” دژی سیستەمی رەگەز پەرستی هاتە مەیدان، بە بیرمەند یان چاکسازکار نەژمێردرا، بەڵکو بە “تیرۆریست” ناسێندرا بۆ سێ دەیە! ئەمە بەهۆکاری ئەوە نەبوو کە بیرۆکەکەی هەڵە بوو، بەڵکو لەبەر ئەوەی جوورئەتی کرد لە دەرەوەی “دڵنیایی مێگەلی سپی پێستی باڵاو سەردەست” بیرۆکەکەی بڵێت، ئەمە تاوانەکە بوو نەك خودی بیرۆکەکانی. دوای ئەوەی پێکهاتەکە گۆڕا، هەمان کەسی جیاواز بووە پاڵەوانی نیشتیمانی.
مێژوو سەلماندوویەتی کە مێگەل ڕقی لە کەسی جیاواز نییە بۆ خۆی، بەڵکو لەبەر ئەوەی مەترسی دەخاتە سەر پێکهاتەی گوێڕایەڵی. ئەگەر پێکهاتەکە بگۆڕدرێت، کەسی جیاواز دەبێتە هێماو سیمبول و ئاماژە.
ئەم میکانیزمە دەروونی و کۆمەڵایەتیانە تاک لەبەردەم دوو هەڵبژاردەدا دادەنێن کە سێیەمیان نییە: یان توانەوە لەناو مێگەل و بێخەمبوون، یان بە تەنها بمێنێتەوە و ڕاستی بدۆزێتەوە
. بۆیە ئەلبێرت کامۆ- Albert Camus- گوتویەتی (ئازادی واتای نییە ئەگەر مەترسی تەنیایی لەخۆ نەگرێت، چونکە مێگەل ئازادیت ناداتێ، بەڵکو ناسنامەیەکی ئامادەت دەداتێ لە بەرامبەر ئەوەی واز لە جوورئەتی بیرکردنەوە بهێنیت.)
کاتێک ئەوەی شۆپنهاور گوتوویەتی لە ڕووناکی بیرۆکەکانی ئانتۆنیۆ گرامشییەوە- Antonio Gramsci – تەماشای دەکەین، دەبینین ئەو جیاوازییەی کە مێگەل ڕقی لێیەتی تەنها تاکێکی دابڕاو نییە، بەڵکو ئەوەیە کە دەتوانین پێی بڵێین “ڕۆشنبیری ئۆرگانیک”. گرامشی جیاوازی کردووە لە نێوان ڕۆشنبیری تەقلیدی کە لە باڵەخانەیەکی بەرزدا دەژێت و ڕۆشنبیری ئۆرگانیک کە تێکەڵە بە کێشە و خەباتی کۆمەڵگەکەی و جوورئەتی بزواندنی دۆخەکەی هەیە.
ئەم ڕۆشنبیرە ئۆرگانیکە لە دیدی مێگەلەوە خائینە، چونکە کێشە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگە ئاشکرادەکات، ئەو کێشانەی بەلای مێگەلەوە سرووشتییە کە لەڕاستیدا بیناسازییەکی مێژووییی شەق و شڕە کە دەتوانرێت بڕووخێنرێت. مێگەل لە بیرۆکە بچووکەکان ناترسێت، بەڵکو لەو بیرۆکانە دەترسێت کە لە جەستەی ڕاستیدا جووڵە دەکەن.
بۆیە کارڵ مارکس ڕووبەڕووی ڕقێکی بێسنوور بووەوە، نەک تەنها لەبەر ئەوەی دەربارەی سەرمایە نووسیویەتی، بەڵکو لەبەر ئەوەی تیۆری بە کردەوەی شۆڕشگێڕانەوە بەستووەتەوە و فەلسەفەی کردووە بە چەکوش. کاریگەرییەکەی هەتا ئەمڕۆ بەردەوامەو بەردەوام دەبێت.
مێگەل، بورژوازی بێت یان بیوروکراسی، توانای قبوڵکردنی مارکسیان نییە کە بیر و ژیانی پێکەوە بەستۆتەوە، چونکە بنەماکانی یاسایی گوێڕایەڵی کۆمەڵایەتی دەلەرزێنێت.
دەتوانین ئەو نووسینەی هانا ئارێنت- Hannah Arendt- بهێنینەوە کە دەربارەی “پوچی خراپە” – the Banality of Evil -نووسیویەتی. ئەو بینیویەتی کە خراپترین تاوانەکان بە پاڵنەری ڕقی تاکەکەسی ئەنجام نادرێن، بەڵکو بە پاڵنەری گوێڕایەڵی کۆمەڵگە ئەنجام دەدرێت.
ئایخمان- Adolf Eichmann- کە ڕێکخستنی گواستنەوەی جولەکەکانی بۆ کامپە نازییەکان کردووە، ئەو دڕندە شەیتانەکە نەبوو، بەڵکو کارمەندێکی بیروکرات بوو کە گوێڕایەڵی لەیاساکان دەکرد.
مێگەل هەمیشە دڵخۆشە بەو دۆخە، چوونکە دەتوانێت خراپەکاری ئەنجامبدات بێبیرکردنەوە. بەڵام کاتێک بیرمەندێک پەیدادەبێت و دەڵێت:
“ خۆت بیر بکەرەوە”، ئەمە وەک مەترسی لەسەر پێکهاتەیی خۆیان دەبینن، بۆیە ئەم کەسە وەک مەترسییەکی خراپتر لە هەر دوژمنێکی دەرەکی سەیردەکرێت.
لێرەوە تێدەگەین بۆچی لە ئەسینا ڕقیان لە سوقرات بوو، لە کاتێکدا نە سوپای هەبوو نە سامان، بەڵام گەنجەکانی بۆ پرسیارکردن هاندەدا. مێگەل لەو کەسانە خۆشنابێت کە خەڵک فێری چۆنیەتی بیرکردنەوە دەکەن. چوونکە ئەوە باشدەزانن نەخۆشی فێربوون لە هەموو چەکەکانی تر کووشەندەترە.
هەمان شت دەربارەی گالیلێۆ ڕاستە، کاتێک تەلیسکۆپەکەی سوڕاند بەرەو ئاسمان لە جیاتی دەقەکانی کڵێسا. تەلیسکۆپەکە مەترسیدار نەبوو، بەڵکو جوورئەتەکە بۆ بەکارهێنانی دژی دڵنیایی کۆمەڵگە تاوان بوو.
لێرە تراژیدیایەکی ئازارهێنەر دەردەکەوێت، کەسی جیاواز زۆرجار ژیانی دادەنا لە پێناوی جوورئەتەکەی، لە کاتێکدا مێگەل دوای مردنی ئینجا دێن بۆ تۆمارکردنی خاوەندارێتی مێگەل بەسەر ئەم کەسەوە، بەمرۆڤێکی بەرز دەینرخێنن.
سوقرات دوای خواردنەوەی ژەهرەکە بووە “باوکی فەلسەفە”،
جیۆردانۆ برونۆ- Giordano Bruno- دوای سووتاندنەکەی بووە هێمای ئازادی. مارتین لوثەر کینگ- Martin Luther- دوای کوشتنی بووە ئایکۆنێک. مێگەل ناتوانێت جیاوازی کەسانی زیندوو قبوڵبکات، بەڵام پاش مردنیانیان کە ترسیان دەڕەوێتەوە بەرز دەیاننرخێنن، خۆی دەکات بە میراتگری شەرعی تاکەکان، تا بتوانێ هەیبەت بداتەوە کۆنتڕۆڵی خۆی.
بەم واتایە دەتوانین بڵێین مێژوو تەنها مەیدانێکە کە کەسە جیاوازەکانی دەکوژێت پاشان پیرۆزیان دەکات. وەک ئەوەی مێگەل هەمیشە پێویستی بە کوشتنی جیاوازی هەیە بۆ دڵنیایی خۆی، دواتر بەرز نرخاندنی لە پێناو خۆجوانکردنی خۆیدا.
ئەم تراژیدیایە قسەکەی شۆپنهاور ئازاربەخشتردەکات، نەک تەنها ئەوەی مێگەل ڕقی لە بوێری فکری هەیە، بەڵکو لە ڕێگەی نکۆڵیکردن و دوواتر قبوڵکردنی بەڵام پاش بەسەرچوونی کات.
ڕەنگە هەندێک وابیر بکەنەوە کە پاشهاتنی مۆدێرنیزم و هەڵگرتنی تاکگەرایی لە خۆیدا، مرۆڤی لە کۆتی مێگەل ئازاد کردووە. بەڵام لەڕاستیدا بابەتەکە لەوە ئاڵۆزترە. ڕاستە مۆدێرنیزم درووشمی خودی ئازادی بەرزکردەوە، بەڵام ئەم خودە لە بۆشاییدا نەژیا، بەڵکو ڕووبەڕووی خوداوەندێکی نوێی کردەوە ئەوەش “جەماوەرە”.
گوستاڤ لۆبۆن- Gustave Le Bon- لە کتێبی “سایکۆلۆژیای جەماوەر” ئاماژەی پێکردووە، ( تاک لەناو کۆمەڵگەدا وەک تاک بیرناکاتەوە، بەڵکو توانا ڕەخنەییەکانی لەدەست دەدات و دەبێتە گەردیلەیەک لە ناو شەپۆلێکی کوێر.)
لەم چوارچێوەیەدا کەسی جیاواز لە بەرانبەر مەترسیدا دەمێنێتەوە، نەک بە شمشێری دادگاکانی لێکۆڵینەوەو پشکنینی کڵێسا وەک لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، بەڵکو بە سزای کۆمەڵگە کە شێوەی دابڕان، تەریککردنەوە، یان کوشتنی مەعنەویی دەکرێتەسەر.
مۆدێرنیزم مێگەلێکی نوێی دروست کرد، مێگەلێکی زیاتر بڵاوبووەوە. لە ڕابردوودا جیاوازکار ڕووبەڕووی قەشەیەك یان پاشایەک دەبووەوە، بەڵام ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ملیۆنان چاو دەبێتەوە کە لە پشت شاشەکانەوە چاودێریی دەکەن، ملیۆنان دەنگ پێکڕا هاوار دەکەن.
ڕاگەیاندن، پاشان ئامرازەکانی سۆشیال میدیا، مێگەلێکی جیهانیی دروست کردووە. مێگەل چیتر ناوخۆیی نەماوەتەوە، بەڵکو جیهانیە. دەکرێت وشەیەکی رەگەزپەرستی سنووری هەموو کیشوەرەکان ببڕێت.
ڕەنگە مەترسیدارترین شتێک ئەم مۆدێرنیزمە هێنابێتی ئەوەبێت کە نیچە بە “ئەخلاقی کۆیلە” ناوی بردووە، ئەو ئەخلاقەی زۆرینە وایلێدەکات ڕقیان لە هەر تاکێک بێت کە بوێری تێپەڕینی هەبێت.
لە کۆمەڵگە ” یەکڕەنگە جاموەریەکاندا-یان تۆلیتارە کۆمەڵایەتیاکاندا” سەرکەوتن کۆدێکە بۆ لێکچوون و جیاوازیش دەبێتە تۆمەت. تەنانەت ئازادیش، ئەوەی هەمیشە فەیلەسوفەکان باسیان لێوەکردووە، لە ناو مێگەلدا، دەبێتە ئازادییەکی مەرجدار کە هێڵە سوورەکان تێنەپەڕێت کە بە کۆدەنگی دانراوە.
لەم چوارچێوەیەدا ئێریک فرۆم- Erich Fromm- دەربارەی “ترس لە ئازادی” نووسیویەتی، ئەو ترسەی وا لە تاکەکان دەکات هەڵبێن لە بارگرانی بڕیاری سەربەخۆی بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکدا بتوێنەوە.
مێگەلی سەردەمی، ڕقی لە جیاوازی نییە لەبەر ئەوەی لەگەڵ ڕاستیدا ناگونجێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو بەرپرسیارێتییەی لێیهەڵهاتوون بە بیریان دێنێتەوە. بەرپرسیارێتی لەوەی کە ئازاد بیت، بۆیە جیاوازبوون لەسەردەمی پۆپۆلیزمدا بەشێوەیەکی تووند سزادەدرێت نەک هەموو جارێک بە کوشتن بەڵکوو لە رێی گاڵتەپێکردن و بێزارکردنەوە بۆ بێدەنگکردنی.
ئەمە هەموو ڕۆژێک لە دادگا مۆدێرنەکانی لێکۆڵینەوەو پشکنیندا دەیبینین کاتێک میدیا کەسێک دەکاتە دوژمنی گشتی، یان سۆشیال میدیا دەیکاتە ئامانجی گاڵتە و ڕق.
لۆژیکەکە هەمان ئەوەیە کە شۆپنهاور باسی کردووە:
“ڕای جیاواز ئەوە نییە کە مێگەل ڕقی لێیەتی، بەڵکو بوێرییە بۆ بیرکردنەوە لە دەرەوەی ئاوازی کۆمەڵایەتی”
بەم واتایە مۆدێرنیزم خۆدەربازکردن نییە لەهەژموونی مێگەل، بەڵکو دووبارە شێوەپێدانیەتی لە شێوەیەکی زیاتر شاردراوەدا. مێگەل نەمردووە، بەڵکو ماسکی ئازادی پۆشیوە.
لێرە مەترسی جیاوازێکە زیاتر دەبێت، چونکە لە کۆمەڵگەیەکدا کە درووشمی ئازادی بەرز دەکاتەوە، جیاوازی دەبێتە ڕسوایییەکی گەورە، چوونکە ئازادی نەژیاوەتەوە بەڵکوو قەتیس کراوەتەوە لە دروشمدا.
هۆرکهایمەر و ئادۆرنۆ- Max Horkheimer- Theodor W. Adorno- لە “دیالێکتیکی ڕووناکبیری” نیشانیانداوە کە ئەو عەقڵەی کە مۆدێرنیزم مزگێنیی بۆیدا نەبووەتە عەقڵێکی ڕەخنەیی و ئازاد، بەڵکو بووەتە عەقڵی ئامرازێک – عەقڵێک کە پرسیاری “واتا” ناکات، پرسیاری ڕێگە، گەڕان بەدوای ڕاستیدا ناکات، بەڵکو بەدوای “کاریگەری” و “کۆنترۆڵدا” دەگەڕێت.
لە سای ئەم عەقڵە ئامرازییەدا، جیاوازیەکە دەبێتە مەترسیەکی دووبەرابەر، چونکە نەک تەنها ئەنجامەکانی مێگەل ڕەت دەکاتەوە، بەڵکو بنەماکانی یاریەکەشی ڕەت دەکاتەوە.
مێگەلی هاوچەرخ پرسیاری “ئایا ئەوەی دەیکەین دادپەروەرانەیە؟” ناکات، بەڵکو پرسیار دەکات “ئایا کاریگەرە؟” کەسی جیاوازیش کە جوورئەتی پرسیارکردنی دادپەروەری دەکات، وەک ئەوە وایە هەموو دەزگا زەبلاحە ئەژدیهایەکە ڕابگرێت.
بیرکردنەوەی جیاواز لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا بە ترسناک سەیردەکرێت، چونکە دژایەتی “خێرایی” دەکات، دژایەتی “قازانجپەرستی و سوودپەرستی دەکات، دژایەتی سیستەم دەکات” لە جیهانێکدا کە بەها بە بەرهەمهێنان پێوانە دەکرێت، هەر دەنگێک کە پرسیاری ئامانجی کۆتایی بکات دەبێتە مایەی هەڕەشەیەك کە دەبێ بوەستێنرێت، لە نێوببرێت.
بەمشێوەیە کەسی جیاواز دووجار لە کۆدەنگی دەردەچێت: جارێک لەبەر ئەوەی لە بیروڕا بەشداری کۆمەڵگە ناکات، جارێکی تریش لەبەر ئەوەی لە پێوەرە چەسپیوە فەرمیەکاندا بەشداری ناکات.
بۆ نموونە هێربەرت مارکۆزە- Herbert Marcuse- باسی “مرۆڤی تاک ڕەهەند”یی دەکات، ئەو مرۆڤەی هەموو ئاسۆکەی کورتکردۆوەتەوە لە لۆژیکی خەرجکردن-مەسرەفگەرایی و چێژ لەتەکنەلۆژیا وەکو بەکاربەری بێ مەرج وگوێرایەڵ. کەسی جیاواز لەم جیهانەدا ئەوەیە کە پێداگری لەسەر بینینی دوو ئاراستەکەی تر دەکات و دەیەوێت بیانبینێت: ئاراستەی جوانکاری و ئاراستەی ڕزگارکەری. بەڵام کاتێک ئەمە دەکات دەستبەجێ تۆمەتبار دەکرێت بە نا-واقعی، خەیاڵپەرەست یان نیهیلیست.
ئەمە هەمان میکانیزمی مێگەلە کە شۆپنهاور باسی کردووە: ڕای جیاواز ئەوە نییە کە تاوانباردەکرێت، بەڵکو جوورئەتەکەیە بۆ خاوەنداریکردنی دونیا بینییەکی تر بۆ جیهان.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ نموونەکانی مێژوو، دەبینین بابەتەکە لە سەدەی بیستەمدا دووبارە دەبێتەوە. هەرکەسێک هەوڵیدا بەرەنگاری لۆژیکی تەکنەلۆژیا، تەکنۆلۆژیای لێکۆڵینەوە بێتەوە، بە ئاستەنگ هەژمار دەکرا. هایدگەر خۆی سەرەڕای ئاڵۆزیەکانی ڕێچکەی سیاسی، بینیویەتی کە تەکنەلۆژیا تەنها ئامراز نییە بەڵکو شێوازێکی “هەبوونە” کە مرۆڤ کورتدەکاتەوە بۆ سەرچاوە.
کەسی جیاواز کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە مرۆڤ زیاترە لە تەنها “سەرچاوەی مرۆیی” یان سەرمایەی مرۆیی، وەک دەنگێکی نالەبار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئەو ئەو زمانە لەناو دەبات کە مێگەل خوی پێوەگرتووە: زمانی کارایی و ژمارە و سوود.
لە کۆمەڵناسیدا ئەم دیاردەیە بە ڕوونی دەبینین لە ڕەخنەی ؛
ماکس وێبەر – Max Weber- لە “قەفەسی ئاسن- iron cage -“. کۆمەڵگەی مۆدێرن بە عەقڵانیەتێکی بیوروکراتی مەحکومکراوە کەتێیدا هەموو شتێک شایانی پێوانەکردنە.
جیاوازیەکە لێرەوە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات هەندێ شت هەیە پێوانە ناکرێت: جوانی، خۆشەویستی، قوربانیدان، شێتی، بەهرەمەند. بەڵام مێگەل کە فێری پێواندنی هەموو شتێک بە ژمارە بووە، لەمەدا تەحەدایەک دژ بە وجودی خۆی دەبینێت.
ڕەنگە بەرچاوترین نموونەی ئێستامان چارەنووسی ئەوانە بێت کە دژی سیستەمی نیۆلیبراڵی ئەمڕۆ ڕادەوەستن. هەر دەنگێک ڕەخنە لە لۆژیکی بازاڕی ئازاد بگرێت، دەستبەجێ بە بەدواکەوتوو یان یوتۆپیایی ناودەبردرێت، نەک بە گشتی لەبەر ئەوەی هەڵەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بوێری دەرچوون لەو ئاوازە ئامرازییە دەکات کە جیهان وەک زنجیرەیەک لە بازاڕەکان دەبینێت.
لێرەدا جارێکی تر پێشبینیەکانی شۆپنهاور ڕوونتر دەبێتەوە.
رقیان لە کەسی جیاواز دەبێتەوە نەک لەبەر ئەوەی هەڵە دەکات، بەڵکو لەبەر ئەوەی بنیاتی بیرکردنەوەی خۆی ئاشکرا دەکات. ئەمە پارادۆکسی سەردەمی نوێیە کە ئەو ئازادییەی بەڵێنیان پێداین گۆڕا بۆ عەقڵ سالاریەکی تەکنیکی کە بە توندی خۆی پاسەوان دەکات و هەرکەسێک بوێری بکات و لە دەرەوەی ئەو بیر بکاتەوە، دەستبەجێ دەردەکرێت.
بەم شێوەیە مێگەل دەمێنێتەوە هەرچەندە پەلاماری نوێگەری و عەقڵانیەت بدات، بەڵام دڵسۆز دەمێنێتەوە بۆ ناوەڕۆکە کۆنەکەی: ڕقبوون لە هەر تاکێک بوێری بیرکردنەوەی جیاوازی هەبێت لە دەرەوەی ئەوان.
ئەگەر فەلسەفە و زانست چارەنووسی کارەساتبارانەیان بۆ کەسانی جیاواز هێناوە، هونەر شانۆیەکی زیاتر دراماتیک بووە بۆ ئەم شەڕە، چونکە هونەر بە سرووشت لەسەر جیاوازی دەژیت، لەسەر ئەوەی بە چاوێکی تر دەبینێت، لە جیهانەوە ئەوە وەردەگرێت لێرەدا مێگەل ئەو چاوانە لە ناوخۆیدا قبوڵناکات. لێرەوەیە مێژووی هونەر زنجیرەیەک بووە لە پرۆسەکانی ڕەتکردنەوە و تەنیایی و سووکایەتی کە مێگەل لە دژی داهێنەران دەیانگێڕێت.
لە ئەدەبی عەرەبیدا چارەنووسی “مەعەڕی” دەبینین کە بە “زیندیق ” “تاوانبار کرا” ناودەبرا چونکە بوێری ئەوەی کرد شیعر بنووسێت کە دووڕووی باوەڕەکان ئاشکرا بکات، جا مێگەل ڕەتیکردەوە بەڵام ئەمڕۆ هێمای ئازادی بیرکردنەوەیە لە میراتی عەرەبی.
هەمان شتیان لەگەڵ تەها حوسەین کرد کاتێک “فی الشعر الجاهلی”ی بڵاوکردەوە، تۆمەتەکانی کوفر و خیانەت بارانی لێ بارین چونکە بوێری ئەوەی کرد بیربکاتەوە لەو دەقانەی بەلای مێگەلەوە پیرۆزە.
میکانیزمی مێگەل ئەوەیە، یەکەم جار هێرش دەکاتە سەر کەسی جیاواز چونکە ڕیتمی کۆمەڵایەتی دەشکێنێت، دواتر نەمری دەکات ئەوکاتانەی ترسی دەڕەوێتەوەو هەست بە دڵنیایی دەکات.
مێگەل شەڕت لەگەڵ ناکات چونکە هەڵە دەکەیت، بەڵکو بە هۆکاری ئەوەی سەرکێشی دەکەیت لە خولگەکەی ئەوان دەردەچیت. ڕقیان لێتدەبێتەوە چونکە بیریان دەخەیتەوە لەوەی کە هەڵهاتوون لێی: بەرپرسیارێتی ئەوەی بە چاوی خۆیان ببینن و بارگرانی بیرکردنەوە بە تەنهایی هەڵگرن.
ئەم ڕێگایە بانگەشەنییە بۆ هەموان. ئەمە ڕێگای مەنفایە، ڕێگایەک کە تەنها ئەوانە دەیپێون کە ڕازین بە ڕووتی بژین، بێ دڵنیایی، بێ پاراستن، بێ کۆری چەپڵەڕێزان.
بیرکردنەوەی ئازاد شەرەف نییە، بەڵکو نەفرەتە. ئەوەی هەڵیبژێرێت دەبێت تەنیایی وەک چارەنووس قبووڵ بکات و نرخەکەی بەخوێنی بدات یان دابڕان و بێدەنگی بکات بە چارەنووسی خۆی.
لە کۆتاییدا لەوانەیە ڕاستی تەنها برینێکی کراوە بێت، بەڵام برینی تۆیە، نەک برینی مێگەل.

و.ئامادەکردنی لە عەرەبییەوە: گۆران عەبدوڵڵا

سەرچاوە:
https://www.youtube.com/watch?v=IQA2iiIB4uA




بەکورتی 30 : پارادۆکس …… دەربازبوون لە مرۆڤی پارادۆکسال پێویستییە.. ئازاد حەمە

پارادۆکس Paradox (ناکۆک لە خودی خۆیدا) چەمکێکی ناڕوون و بێزارکەرە و پێکۆڵیکردنیش( پێداگریی) لەسەر نزیکبوونەوەلێی دەمانبات بەرەو ئەوەی، گشت پارادۆکسێک دۆزێکی خۆی هەیە، کە هەر ئەو دۆزەشە سروشت و ناواخنی دیاریدەکات،بەڵام لەناو پارادۆکسدا خۆدژایەتیەک Contradiction بوونی هەیە، کە پێویستە بدۆزرێتەوە. وێڕای ئەوە، دۆزینەوەی پارادۆکس دانپێداهێنانیشە بە شتێک کە هێشتا نایزانیین.
پارادۆکس لە فەلسەفەدا “ئارگیومێنتێکە، کە لە ڕووکەشدا لۆژیکیی دەردەکەوێت،بەڵام لە ڕووی لۆژیکییەوە دەکرێت ببێتە هۆی دەرەنجامێکی دژبەیەک یان قبوڵنەکراو. بە واتایەکی تر،پارادۆکس هەڵوێستێکە یان لێدوانێکە وەک شتێکی دژ بەیەک دەردەکەوێت، ڕەنگە ڕاستیش بێت یان ڕاستییەکی قووڵتر دەربخات”.
لەوبارەیەوە بە پێویستی دەزانیین، بپرسیین: پاڕادۆکس لوغزێکی هزرییە؟ ئەی لە وتووێژا چۆن دەردەکەوێت و چی دەبێتە هۆی دروستبوونی؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ پارادۆکسێکدا بکەین؟ دەربازبوون لە پاڕادۆکس شیاوە؟ گوتەیەکی پارادۆکساڵ لەگەڵ خودی خۆیدا ناتەبا نییە؟ کەسی پارادۆکسال چ جۆرە کەسێکە؟ لە پارادۆکسدا دژایەتییەکیی ڕواڵەتیی بوونی هەیە؟ لەبەرئەوەی بنەمای پارادۆکس زاراوەیەکی ناڕوونە، تێگەیشتنلێی قورسە؟زۆرجار ڕەنگە واپێویستکات پارادۆکسەکە لەناونەبرێت، یان نەتوانرێت لەناوببرێت؟ بەرتەسکبوونەوەی پارادۆکس لە سیاسەتدا راستی ئاشکرادەکات؟ لالەزار پارادۆکسی یەکێتیەکان نییە؟
کەواتە با بزانین پارادۆکس چییە؟پارادۆکس(ناکۆکبوون لەگەڵ خودیخۆدا یاخود دژوێژی) ئەو شتەیە لەتەک خۆیدا ناکۆکە(دژبەیەکە). شێلگیرانەتر بدوێین دەڵێێن: لەبەرئەوە پارادۆکس ناکۆکە چونکە لۆجیکێک لەناوەوەیدا کارناکات و ئەمەش وادەکات لە رووی لۆژیکییەوە پەسەندنەکراوبێت. هەروەها پارادۆکس هانماندەدات زۆرتر، قوڵتر بیربکەینەوە لەوەی تیایین. بۆنموونە لەو راستییەی پێیگەیشتوین، لەوەی بە واقیعی Real دەزانیین.
بەواتایەکی دی، پارادۆکسەکان ڕەنگە وامانلێبکەن،بەو چەمکانەدا بچینەوە، کە گوتومانن یان بەکاریانمانبردوون. “زۆرجاریش پارادۆکسەکان لەسەر ئارگیومێنتە(بەڵگە) لۆژیکییە بەڕواڵەت دروستەکان بنیات دەنرێن، بەڵام لە کۆتاییدا دەبنە هۆی دەرئەنجامێکی نالۆژیکی”.
وێڕای ئەوەی گوترا، لەسەربنەمای تێگەیشتنێکی فەلسەفییانە بۆ پارادۆکس دەڵێێن: پارادۆکس وامانلێدەکات بە گریمانەکانماندا بچینەوە. دەتوانێت دەرفەتی ئەوەشمان بۆدروستبکات، کە لە ناتەباییەکان، لە ڕاستییەکی شاراوە حاڵیبیین. بۆیە لێکۆڵینەوە لە “ناتەباییە لۆژیکییەکان دەمانگەیێننە پارادۆکسەکان”. ئەو شتەی پارادۆکسە کێشەیەکی چارەسەرنەکراوە و خۆشی لە دۆزێکی دوانەییدا دەبینێتەوە: ئەمە یان ئەوە.
مرۆڤی پارادۆکسال کێێە؟ ئەم جۆرە مرۆڤە،کە لە دەورووبەرماندا زۆرن ئەو کەسەیە پۆلێک تایبەتمەندی دژبەیەکی تیا بەرجەستەیە. جۆرە مرۆڤێکی رەفتار و هەڵسوکەوت ناتەبایە، یان رەفتارەکانی چاوەڕواننەکراون و کردەکانیشی لە لۆژیکەوە دوورن. ئەمانە، دەکرێت مرۆڤگەلێکی کارا و هاوکات پاسیڤ بن، دەکرێت سۆزاوی و توندیش بن. کەسی لەم جۆرە ئەوەی لە سەرەتا دەیکات یان دەیڵێیت، ئەوە نییە لە کۆتاییدا دەیکات یان دەیڵێیت، بۆیە تێگەیشتن لە کەسی پارادۆکساڵ قورسە.
سەرباری ئەوە، دەکرێت بگوترێت، کە کەسی پارادۆکسال لەناو کرداری خۆدژایەتیکردندایە self-contradictory و ناڕێکی یاخود ناتەباییش لەخۆدا کۆدەکاتەوە: پارەیەکی زۆر سەرفدەکات و باس لەوەش دەکات، کە داهاتی بەرەو خراپی دەچێت؛ بەردەوام باس لە ئەوین دەکات و ڕقی دونیای لە خانمانە. تەنانەت بەبەڵگەکردنی نەزانیargument from ignorance یش جۆرێکە لە ھەڵەی لۆژیکی یان ھەڵەوێژی، کە لە کەسی دژوێژ(پارادۆکسال)دا لە لوتکەدایە.
بەپێی ئەوەبێت لایسەرەوە گوترا، پارادۆکس بەرەو ئەوەشمان دەبات، کە گوزارەی بەھەڵەبردنی لۆژیکی یا ھەڵەی لۆژیکی یا ھەڵەوێژیش بەهەندوەرگرین. بەھەڵەبردنی لۆژیکی یان ھەڵەوێژی بریتییە لە بەکارھێنانی ئاکامگریی ناتەواو یا ھەڵە لە کاتی بنیاتنانی بەڵگەیەکی لۆژیکیدا. بەڵگەکە دەکرێت لە ڕواڵەتدا بێکەموکوڕی بێت، بەتایبەت ئەگەر هەڵەکە ڕووکەش نەبێت و درک بە بوونی هەڵەکە نەکرێت. ئەم لایەنە چەواشەکاریی لۆژیکییشی پێدەگوترێت. بۆیە پێشتریش هێمامانبۆکرد، کە پارادۆکسەکان شیکارییان دەوێت، توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەش بۆ رووبەرووبوونەوەی پارادۆکس گرنگی خۆی هەیە.
ئاماژە بۆئەوەشدەکەین، کە جیاوازی لەنێوان پارادۆکس و ناکۆکیدا هەیە. لەناو پارادۆکسدا ناکۆکییەک لەنێوان کردن و نەکردنی شتێک بوونی هەیە. ناکۆکیەکەی ناو پارادۆکس جیایە لەوەی دوو شت ناکۆکن. بۆنموونە کاتێک دەڵێین بەفر سپی و رەشە ئەمە ناکۆکییە. چونکە لەیەک کاتدا ناکرێت بەفر سپی و رەشیش بێت. پارادۆکس ئەوەیە، کە سەرەتاکەی شتێکە و دواتری شتێکیترە. بۆنموونە: تا کتێب زۆرتر بخوێنمەوە هەستەکەم هیچ نازانم. ئەمە پارادۆکسە چونکە ناکۆکە. بۆ؟ مرۆڤ،کە زۆرتر کتێب دەخوێنێتەوە ئەوکات بۆیدەردەکەوێت، کە پێشتر چەند نەزانبووە. بەمجۆرە، پارادۆکس وەک ناکۆکیی نییە. پارادۆکس ئامرازێکی لۆژیکییە بۆ دەرخستنی ناکۆکییەکانی ژیان.
هەر تایبەت بە چەمکی پارادۆکس دەکرێت ئاماژە بەوەش بکەین،کە زۆرێک جۆری پارادۆکس هەن (پارادۆکسی کیسەڵەکە، پارادۆکسی مریشک و هێلکەکە، پارادۆکسی درۆ، پارادۆکسی باپیرە، و…..)، لێرەدا یەک نموونە بەهەندوەردەگرین لەسەر پارادۆکس ئەوەش (پارادۆکسی باپیرە) یە کە بەم جۆرەیە: ئەگەر پێش ئەوەی باوکم لەدایک بێت، باپیرەی خۆمم بکوشتایە، ئێستا من لەدایکنەدەبووم.
گۆتا گوتنمان لەمەڕ چەمکی پارادۆکس ئەوەیە، کە دەربازبوون لە پارادۆکس گرنگیی خۆی هەیە و ڕێگەگەلیش هەن بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پارادۆکسێکدا. کەوابێت، دەرفەت رەخسان بۆ هاتنەدەرە، یان دەربازبوون لە پارادۆکس کارێکی لۆژیکییە. دیارە،کە پاڕادۆکس سەرەتا ناڕێک و ناڕوون دەردەکەوێت، دواتر مەرجی لۆژیکی تیابەدیدەکرێت و پارادۆکسبوونی خۆی تێدەپەرێنێت. بۆیە هاتنەدەرەوە لە پارادۆکس یان تێپەراندنی بەکردنی پارادۆکسەکە بە ڕاستییەکی پشتڕاستکراوە،یان دۆزینەوەی چارەسەرێک بەوە لە پارادۆکس دەربازماندەبێت. ئەمە هیچ ئاسان نییە، چونکە تایبەتمەندی پارادۆکس لەوەدایە کە گیریی و پێوەبوونێکی تیایە، کە زۆرێک ناوی دەنێن ناڕوونی و گومڕایی. بۆیە دەربازبوون لە پارادۆکس هاتنەدەرەوەیە لەو ناڕوونی و گومڕایییە.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی




مه‌دام ریكامیێه‌ له‌دوو نیگاری هاوشێوه‌دا.. ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

له‌ڕۆژگاری خۆیاندا ئافره‌تانێك جگه‌ له‌وه‌ی ناودارانه‌ ژیاون، له‌چوارچیوه‌ی نیگاریشدا به‌دره‌وشاوه‌یی كێشراون. له‌مێژووی هونه‌ری شێوه‌كاریدا به‌تایبه‌تی پێش ده‌ركه‌وتنی ئامێری فۆتۆگرافی چه‌ندانی وه‌ها ده‌بینرێن. یه‌كێك له‌وانه‌ (جان فرانسوا جولی ئادێلاید بێرنارد)، ناسراو به‌ (مه‌دام ریكامیێه‌ 1777- 1849) یه‌. ناوبراو ئافره‌تێكی جوان و سه‌رنجڕاكێش بوو. باوكی پزیشك بوو. له‌ئاهه‌نگێك ‌كه‌وته‌ به‌ردیده‌ی (جاك ریكامیێه‌) و بووه‌ مایه‌ی سه‌رسامی و شه‌یدابوونی. ئه‌و پیاوه‌ یه‌كێك بوو له‌ده‌وڵه‌مه‌نده‌ دیاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی پاریسی، كۆمه‌ڵێك بانكی هه‌بوو. ته‌مه‌نیشی له‌سه‌ره‌وه‌ی ‌ته‌مه‌نی باوكی جولی بوو. له‌ته‌مه‌نی پانزده‌ ساڵی‌ شووی پێكرد. دواتر بۆ كێشكردنی عه‌قڵ و هۆشی پیاوانی سیاسه‌تمه‌دار و هزرمه‌ند و هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیب، جوانی و دڵڕفێنی و ژیری خۆی و سامانی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌كار‌هێنا. سالۆنێكی كردبۆوه‌ كه‌ ببووه‌ مه‌كۆی گردبوونه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه‌ ناوداره‌كانی ئه‌و رۆژگاره‌ی پاریس. ناپلیۆن بۆتاپۆرت به‌چیایه‌كی سه‌ركێش ناوی ده‌برد، دواتریش له‌به‌ر نانه‌وه‌ی كێشه‌ دژی شۆڕش و بارودۆخی ئه‌وسای وڵات، دووریخسته‌وه‌.
مه‌دام ریكامیێه‌ حه‌زی ده‌كرد له‌به‌رده‌م نیگاركێشان بوه‌ستێ و ئه‌وانیش بۆ كێشانی روخسار و پێگه‌كه‌ی، سه‌رنجی وردی خۆیان به‌كاربهێنن. ساڵی 1800 داوای له‌ (جاك ده‌یڤد) كرد كه‌ ناودارترین نیگاركێشی ئه‌وسای فه‌ره‌نسا بوو. ئه‌وه ‌بوو له‌تابلۆیه‌كدا به‌رجه‌سته‌ی كرد كه‌ تێیدا ده‌بینرێت له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌یه‌كی نایاب راكشاوه‌ و سه‌ری بۆ دواوه‌ سوڕاندووه‌ و له‌بینه‌ر ده‌ڕوانێ. جلێكی سپی درێژی پۆشیوه‌، له‌شێوه‌ی پۆشاكی خانمه‌ شازاده‌كان كه‌ دامێنه‌كه‌ی به‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌كه‌ شۆڕبۆته‌وه‌. قژیشی به‌جۆرێك شانه‌كردووه‌ ‌و ‌شریتێكی ره‌شیشی به‌نێو چه‌وانی به‌ستووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاماده‌یی پێوه‌ دیاربێت‌. روخساریشی جۆرێك له‌به‌ختیاری و هه‌وڵدانی ده‌ربڕینی قسه‌ی پێوه‌ دیاره‌. به‌گشتیش هیله‌ لاربووه‌كانی ناو دیمه‌نه‌كه‌ به‌رجه‌سته‌ی هه‌ست و ئه‌دگاری مێینه‌ن.
به‌ر له‌وه‌ی ئه‌وكاره‌ به‌كۆتا بگه‌یه‌نێ، ده‌یڤد له‌لایه‌كی دیكه‌ی ژووره‌كه‌ چاوی به‌پۆرترێتێكی دیكه‌ی مه‌دام ریكامیێه‌ ده‌كه‌وێت كه‌ (فرانسوا جیرارد) ی قوتابی خۆی كاری له‌سه‌ر ده‌كرد. ئه‌وسا ده‌یڤد زۆر تووڕه‌ ده‌بێ، چونكه‌ بڕوای نه‌ده‌كرد خاتوون له‌هه‌مان كاتدا له‌به‌رده‌م قوتابییه‌كی ئه‌و دابنیشێ، بۆیه‌ و كه‌ل و په‌له‌كانی كۆكرده‌وه‌ و له‌كاغه‌زێك بۆی نووسی (خانمه‌كه‌م.. من ده‌زانم ئافره‌ته‌ جوانه‌كان زۆر سه‌رقاڵی جوانی و شه‌نگی خۆیانن، به‌ڵام پێویسته‌ بزانی هونه‌رمه‌ندانیش شانازی به‌كار و كه‌رامه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن. عیزه‌تی نه‌فسیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌ده‌ستی بده‌ن، هه‌موو شتێكیان له‌ده‌ستده‌چێت. بۆیه‌ رێگه‌م پێبده‌ له‌و ئاسته‌دا بوه‌ستم).
هه‌ندێك ده‌ڵین ئه‌وه‌شی بۆ نوسیوه‌ (وه‌ها دابنێ یه‌ك له‌و كارانه‌ ته‌واوكراوه‌). به‌و جۆره‌ كاره‌كه‌ زۆر ورده‌كاری مابوو ده‌ستی لێهه‌ڵگرت، به‌تایبه‌تی بابه‌ته‌كانی رازاندنه‌وه‌ی ژینگه‌ و ورده‌كارییه‌كانی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌جوانكاری. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تابلۆیه‌كه‌ وه‌ك شاكارێكی جیهانی سه‌نگی خۆی هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت له‌هه‌موو ئه‌و كارانه‌ش ناودارتره‌ كه‌ بۆ ریكامیێه‌ كێشراون.
ساڵی 1951 (ڕێنێ ماگریت) ی نیگاركێش به‌‌هه‌مان ژینگه‌ی كاره‌كه‌ی ده‌یڤد تابلۆی (رونگه‌: مه‌دام ریكامێیه‌ له‌ده‌یڤده‌وه‌) ی كێشا. لێره‌دا نیگاركێش هاوشێوه‌ی به‌رهه‌مه‌ سوریالییه‌كانی دیكه‌ هه‌مان ناوه‌رۆك و بابه‌تی كۆكردۆته‌وه‌ به‌ڵام به‌چه‌شه‌ و ناونیشانی دیكه‌. له‌شوێن خاتوونی ناوبراو تابوتێكی شێوه‌ نامۆی له‌سه‌ر هه‌مان قه‌نه‌فه‌ داناوه‌. بۆ له‌یه‌كچوونی زیاتری نێوان هه‌ردوو دیمه‌نیش پاشماوه‌ی كراسه‌ سپیه‌ شۆڕبۆوه‌كه‌ی خاتوو ریكامیێه‌ له‌ژێر تابووته‌كه‌ بۆ سه‌ر زه‌ویه‌كه‌ درێژبۆته‌وه‌‌. ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش وه‌ك كارێكی نوێی شێوه‌كاری پێگه‌ی دیاره‌ و دوای تێپه‌ڕینی ئه‌و ماوه‌ درێژه‌ چیرۆكه‌ كاریگه‌ره‌كه‌ی كاره‌كه‌ی پێشووی به‌بیر بینه‌ران هێناوه‌ته‌وه‌‌.


ده‌یڤد:
جاك لویس ده‌یڤد (1748- 1825) ی نیگاركێشی فه‌ره‌نسی به‌یه‌ك له‌بلیمه‌ته‌كانی نیگار داده‌نرێت. به‌هۆی گه‌ڕان به‌دوای كه‌له‌پووری كلاسیكی گریكی و رۆمانی كۆن و داڕێژتنه‌وه‌یان به‌شێوه‌ی نوێ، توانی قوتابخانه‌ی كلاسیكی نوێ دابمه‌زرێنی. ئه‌وسا جاڕی ئه‌وه‌یدا ده‌ستنیشانكردنی ساتی درامی و به‌كارهێنانی له‌ناو تابلۆ، بنه‌مای سه‌ره‌كی كلاسیكی نوێیه‌. به‌و كاره‌شی شۆڕشێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ری رێڕه‌وی رۆكۆكۆ هه‌ڵگیرساند. زیاد له‌هه‌موو هونه‌رمه‌ندێكی ئه‌و ره‌وته‌ نوێیه‌ش، زیاتر هه‌وڵیدا هونه‌ری رۆمانی زیندووبكاته‌وه‌. زۆربه‌ی تابلۆكانیشی كه‌ بابه‌تی مێژوویی و ئه‌فسانه‌ییان گرتۆته‌خۆ، بارگاوین به‌په‌یامی جۆشدارانه‌ و دروشم و ناوه‌رۆكی سیاسی و نیشتمانی. له‌ناو زۆربه‌شیاندا زیاتر له‌ڕه‌نگ، جه‌ختی له‌ڕێسای ئه‌ندازه‌یی و هێل ده‌كرد. هاوكات له‌كێشانی پۆرترێتیش لێهاتوو بوو. به‌ده‌ر له‌هونه‌ر، له‌كاتی شۆڕشه‌ مه‌زنه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی، زیاد له‌هه‌موو نیگاركێشێكی دیكه‌، رۆڵی كارای گێڕا و مكوڕانه‌ش بانگه‌وازی بۆ چاكسازی سیاسی رادیكالی و راماڵینی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكار ده‌كرد. له‌سه‌رده‌می ناپلیۆنیش به‌توندی جله‌وی هونه‌ری شێوه‌كاری وڵاته‌كه‌ی گرتبوو.

ماگریت:
ڕێنێ ماگریت 1898 -1967 ی به‌لجیكی له‌نیگاركێشه‌ هه‌ره‌ دیار و كاریگه‌ره‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌. له‌هونه‌ری شێوه‌كاری، به‌رامبه‌ر به‌سه‌لڤادۆر دالی، به‌جه‌مسه‌ره‌كه‌ی دیكه‌ی رێبازی سوریالی داده‌نرێ. به‌ڵام سوریالییه‌تی ئه‌و له‌هی سوریالییه‌كانی دیكه‌ جیابوو. جۆرێك له‌ده‌ربڕینی نه‌ست، یاخود ده‌ربڕینی خه‌ونه‌كان نه‌بوو. به‌ڵكو هه‌ڵزنانه‌ی هه‌ستییانه‌ی كه‌لوپه‌له‌ كێشراوه‌كان بوو. له‌ناو سوریالییه‌كانیشدا تاكه‌ هونه‌رمه‌ند بوو واقیعیانه‌ وێنه‌ی ده‌كێشا و شێوه‌ و چه‌شه‌ی وه‌هاشی بنیاد ده‌نا كه‌ پێشتر نیگاركێشان به‌لایدا نه‌چووبوون. ئه‌و ستایلێكی وه‌های گرتبوه‌به‌ر كه‌ به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌بنیاتی كه‌ش و هه‌وای سوریالییانه‌، هه‌موو هۆكارێكی له‌خشته‌بردنی چاوی به‌كارده‌هێنا. به‌هۆی خه‌یاڵی قووڵیش توانی سه‌رچاوه‌یه‌كی هونه‌ری وه‌های بۆ بدۆزێته‌وه‌ی له‌ناویدا پێكهاته‌ هێماییه‌ بێكۆتاییه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات. هه‌ر بۆیه‌ سوریالییه‌تیه‌كه‌ی به‌هه‌ڵگری هزری و شاعیریه‌تی داده‌نرێت. له‌تابلۆكانیدا په‌نجه‌ره‌ی وه‌های بۆ بینه‌ر كردۆته‌وه‌ تاكو له‌ناویاندا بچێته‌ ناو لایه‌نه‌ تاریكه‌كانی هۆش. واتا له‌ناویاندا ئه‌وانه‌ی نیشانداوه‌ كه‌ ناكه‌ونه‌ به‌ر دیده‌. له‌كاتی دیارنه‌مانی هه‌ستیش، رێگه‌یه‌كی وه‌ها ده‌خه‌نه‌ سه‌رپشت كه‌ له‌شێوه‌ باو و زانراوه‌كان گه‌لێك دوورتر ده‌چن. زیاتریش به‌و كارانه‌ ناوبانگی ده‌ركرد كه‌ له‌ناویاندا هه‌وڵیداوه‌ توخمه‌ ئاساییه‌كان له‌ڕێچكه‌ی نائاسایی نزیك بكاته‌وه‌ تا واتای نوێ ببه‌خشن كه‌ پێشتر نه‌زانرابوون. به‌وه‌ش هه‌م بینه‌ر ناچار ده‌كات زۆر به‌وردی له‌ناوه‌رۆكه‌كان بڕوانێ، هه‌میش بۆ خۆی بووه‌ نیشانه‌یه‌كی جیاواز له‌مێژووی سوریالیدا.

ئاكۆ عه‌بدوڵڵا




شەڕی كەلتوور دەكەم.. سەلام عومەر

(ترێ بەگەنم، نەوت بەرامبەر خۆراك، وەك داهات بەرامبەر موچە و چەك بەرامبەر ئاشتی).
بێزار بووم لەو شەڕەی چل ساڵی تەمەنم لەسەردانا، شەڕێك لە شەقامەكانەوە دەستی پێكردو لەنێو سەنگەرەكاندا گەرمبۆوە، لە چیاكانەوە هات و لەنێو باڵەخانەكاندا گیرسایەوە، شەڕێك منی كردە دووژمنی چینایەتی و كەچی لەنێو جیاوازیكاندا توامەوە، خەونەكانی منداڵیمی زیندان كرد، لاویەتیمی بزر كردو چەندی لێی دەگەڕێم نایدۆزمەوە، كاتێك لەداهاتوو دەڕوانم كەلتوورە بەجێماوەكانی مندڵی پرچم دەگرێ و ئاوڕم پێ لەدواوە دەداتەوە.
ئیدی ماندوو بووم دەمەوێ شەڕی كەلتوور بكەم.
بۆیە شەڕی كەلتوور بە ئی خۆم دەزانم چونكە خەریكە زۆر شت لەبیر دەكەین و گۆڕیومانەتەوە بە كاڵا بێبەهاكان، بۆ نموونە ئۆتۆمێلە تێلەكان كە بەمنداڵی درووستمان دەكرد و بەرهەمی بیركردنەوەی خۆمان بوو، گۆڕیمانەوە بە نایلۆنە بێگیانەكان و دواتر لەسەر پشتی كەرەوە سواری لاندگرۆزە میچ بەزەكان بووین، ئەوانەی بەرهەمی بیركردنەوەی ئەوانیدیە.
كۆلارەكاغەزینەكان كە لە ئاسمان لەنگەری دەگرت و نامەمان بۆ دەنارد، ئێستا بەنامەیەكی ویپچاد ملیۆنان كۆلارەی چینی بێگیان دێتە نێو دەستمان، سەدان درۆنی مەترسیدار لە بانەكان دەكەون.
قولابی راوە ماسی و دارلاستیكەكانی خۆمان كەڕاومان پێدەكرد، گۆڕیوەتەوە بە شمەكە لێزەریەكان، كە توانای داهێنان و دەستڕاستیمانی لەگەڵ خۆی برد و تا ئاوڕماندایەوە دیتمان نیشانەیان لە ئێمە گرتوەو راودەكرێین و لەنێو تۆڕی یاساكاندا عاسێ و بەقولابی ئابووریەوە گیر بووین.
خەریكە زیرەكی دەستكرد، تەواوی دەسكردەكانی خۆمان قوتبدا، قەڵەم و دەفتەری فڕێدا، نامەی نێو شقارتەی نەهێشت، تەنانەت شیعر و چیرۆكی سادەو بێتامیش دەنووسێ، گۆرانی و موزیك و شێوەكاریشە، خەریكە بێئاگا هەموومان بەدەست تەكنەلۆژیاوە دەبینە رۆبۆت، هزرمان سڕ دەبێ و چاومان وەك لیدەكان رەشكەوپێشكە دەكا، دڵمان لەترسی شەڕی براكان دەڵێ: چك چك چك.
بۆیە شەڕی كەلتوور دەكەم، چونكە بۆنی مێخەكی سینگی دایكمان بۆتە ئەوجۆرە عەترانەی زەهرن، رەنگی خەنەو وەسمەی بسكی داپیرەمان بۆتە سوبغی كیمیایی، باول و جلەكوردیە بوكێنیەكانمان بۆتە بەدلەفشەكان و شەكراو خواردنەوە و دەهۆڵ و زوڕنا چۆتە ئەو هۆڵانەی كە دەنگ لەوێدا دیجەیەو هەر لە شەڕی ناوفیلمی سینەماكان دەچێ و خۆ هۆڵی پەرلەمانیش هەر لە بێدەنگی شەقام دەچێ، بێدەنگیەك خەریكە كاسمان دەكا.
شەڕی كەلتوور دەكەم و بەردەوام دەڕژێمە منداڵیمەوە، تا لەسەربانەكان پەردەوكوللە دەبینمەوەو شەوان ئەستێرەكان دەژمێرم، ناوەستم و حەزم لە ئاوی گۆزەكانە، ئەو ئاوەی بەدەستی خوشكەكانمان لە كانیەوە دەیانهێنا، بێزم لە ئاوی نێو نایلۆنان دەبێتەوە، ئەو ئاوانەی لەسەر مێزە بازنەییەكان دادەنرێن و دوای یەكەمین قوم بەساویلكەیمان پێدەكەنن.
حەزم لە چیرۆكی مەڕۆكە و بزنۆكەیە، كە لەتەنیشت سینگی دایكمەوە تا خەوتن گوێم لێدەبوو، بۆیە ئەوكات خەونەكانیشمان خۆش بوون، ئیشتیام چۆتە بەركوڵەكەی بەر ئاگردان و یاری ئەو كەلاشوشانەی بەدزی بابمان دەمانكڕین، لەو تۆپەی تۆپانێمان پێدەكرد و وەك ئێستا كەس نەبوو كەلایەن و تۆپانێمان پێبكا.
دەمەوێ بچمە ژێر كەوایەكەی دایكم تا بۆنی مرادخانیەكەی بابم بكەم، بەدزی پێڵاوە گەورەكانی خوشكم لەپێ دەكەم هەتا بەدووم كەوێ و منیش لەو لاژەلاژە فێرە هاوسەنگی ژیان بم، پێچەوانەی ئەو ناهاوسەنگیەی بەئاشكرا لە پێڵاوە گەورەكاندا بەدیدەكرێت و رەنگدانەوە خستۆتە سەر كادیرەكان، ناهاوسەنگیەك منداڵی قوتداین و لاویەتیمانی رەزیل كرد، كامڵیمانی كردە پتڕۆڵ دایانە ئەو كۆمپانیایانەی خەریكە دەمانبەنەوە سەردەمی( ترێ بەگەنم و نەوت بەرامبەر خۆراك).

سەلام عومەر




بە بۆنەی دەستپێکردنی ساڵێکی نوێی خوێندن.. نووسینی – سامی المالح

لە زۆربەی زۆری وڵاتانی دونیا، لەم ڕۆژانەدا، سەدان ملیۆن مناڵ و هەرزەکارو گەنجان، ڕوو لە قوتابخانە و خوێندنگا و زانکۆکان دەکەن. مناڵان و گەنجان ئایندەی میللەتان و مرۆڤایەتین، بۆیە دەبینین ئەو وڵات و میللەتانەی کە چاویان لە ئایندەیێکی باشترە، هەموو ساڵێک لە کێبرکیێکی هەمەلایانەن بۆ باشترکردن و پەرەپێدانی، نەک تەنها قوتابخانەکان و زانکۆکان، بەلکو لە باشتر کردنی تەواوی سیستەمی پەروەردە و فێربوون وخوێندندا.
لەو وڵاتانەی گرنگی بە گۆڕانکاری و پێشکەوتن دەدرێ، هیچ گومانێک لای دەوڵەت و حکومەتەکان و کۆمەڵگادا نیە لەوەی کە پەروەردەی نەوەی نوێ و بنیاتنانی مرۆڤی باوەڕ بەخۆ و بە زانست و بە ئایندە، فاکتەرێکی هەرە سەرەکی و گرنگ و کاریگەری گۆڕانکاری و پێشکەوتنە. ئەو فاکتەرە لە ڕاستیدا، گەلێک لە سامان و سەروەت و نەوت و سیاسەت و بازاڕی نەتەوە پەرستی و نیشتمان پەروەری بەتاڵی بێ ناوەڕۆک و دوور لە کردارو بیرکردنەوە وداهێنان، کاریگەرترو گرنگترە. نموونەی وڵاتانی وا زۆرن. بۆ ناساندن و زانینی زیاتر لەسەر ئەو ڵاتانە تەنها ئەوەمان بەسە کە ئاوڕێک لە ژیانی ڕۆژانەمان بدەینەو، جا دەبینین کە هەموو ئەو پێداویستی و بەرهەم و شتانەی ئێمە بەکاری دێنین و ژیانمانی پێ بەڕێوە دەبەین، لە هەموو بوارەکان و ئاستەکاندا، و زادەی ئەو وڵاتانەیە کە مرۆڤەکانیان فێردەبن و کار دەکەن و بەرهەم دێنن و نوێکاری دەکەن و داهێنانی ڕۆژانە تۆمار دەکەن.
ئەی وڵاتی ئێمە؟
مناڵەکانمان و گەنجانمان ڕوو لە چ جۆرە قوتابخانە و زانکۆ دەکەن؟ چ ژینگەیێکی پەروەردەو فێربوون چاوەڕێیان دەکات؟ مامۆستاکانیان تا چ ڕادەیێک ئامادە و ئاسوودە و پڕ چەککراون بە زانست و ئاکامەکانی توێژینەوەو گۆڕانکاریە خێراکانی زانیاری و زانست و هونەری پەروەدە و فێربوون و بیرکردنەوەی ئەڕێنی؟ چی کراوە بۆکۆتاییهێنان بە کێشەی ژیان و مووچە و دیسپلین و شکۆ و ئاست و جێگای کۆمەڵایەتیان؟
ئایا ژمارەی قوتابخانەکان بەشی ژمارەی قوتابیان و خوێنکاران دەکات؟ ئایا ئەو قوتابخانە حکومیانەی هەن پێداویستیەکانی خوێندن و فێربوون و ئارامی وپێشکەوتنی خوێنکارانیان تێدایە؟ ئایا ناوەڕۆکی بابەتەکانی خوێندن لەگەڵ ڕێڕەوی گۆڕانکاریەکان و پێداویستیەکانی کۆمەڵگا و ژیانێکی باشتر گونجاون و بەردەوام پێشدەکەون؟
دیارە کێشەکان زۆرن، بەڵام کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە وڵاتێک یان هەرێمێک نەخشەو پلانیكی ڕوونی، چ نزیک چ دوورمەودا، نەبێت و، ئامانجەکانی دوورو نزیکی دیار نەبن و، هیچ هەڵسەنگاندن و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بۆ کارەکان، لە تەواوی سیستێمەکە لە ئارادا نەبێ.
بێ گومان ڕۆژانە کارێکی زۆر دەکرێ، کارمەندی دڵسۆز و مامۆستای بەتوانا و بوێر زۆرن و ڕۆژانە لە ناو هەموو بوارەکاندا،بە خۆشی و ناخۆشیەوە، کۆششی خۆیان دەدەن و خزمەتێکی بەرچاو و مایەی شانازی بە منداڵان و قوتابیان و کۆمەڵگا دەکەن. باشە بۆ ئەو کارانە دیار نەبن و نەبنە بنەما بۆ گۆڕانکاری و پەرەپێدان و نەخشە دانان بۆ نوێسازی؟
ئەوەی ئەزموونە جیهانیەکان سەڵماندوویانە و ئێستا لای هەموان بۆتە زانیاری ئەوەیە:
پەروەردە و فێربوون و خوێندن، تەنها و تەنها لە کەژێکی ئازاد و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و زانست وڕێز لێنان لە مامۆستا و خوێنکار و دامەزراوەکان پێشدەکەوێ، تەنها ئەو ڕێگایەیە وڵات دەخاتە نێو پرۆسەی هەستانەوە و میلەتێک دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی هیواو کارکردن و چارەسەرکردنی کێشەکان.
بە حزبی کردنی فێرکردن و پەروەردە، یان بە ئایدیۆلۆجیا خنکاندنی، یان بە سنووردارکردنی بیرکردنەوە و ڕەخنەی بنیاتنەر و شەیدایی بۆ نوێکاری و دۆزینەوەی شتی باشتر و نوێتر، یان بە بازارکردن و بزنسکردن و تایبەتکردن بۆ دەوڵەمەندەکان و چینێکی کەمینە، لە ڕاستیدا ڕێگایێکە بۆ کوشتنی هیواو ئایندە و لەناو بردنی دەرفەتی پێگەیاندن و بنیاتنانی ئەو مرۆڤەیە، ئەو نەوەیەیە کە بتوانێ بەخۆشەویستی و دڵسۆزی و توانای زانستی و بڕوا بە خۆ و بە کارامەیی هێزو هزرو داهێنان، ڕۆژگارێکی گەشەتر و باشتر بۆ خۆی و بۆ نەتەوەی و وڵاتەکەی و مرۆڤایەتی زامن بکا.
زۆر گرنگە کۆمەلگا ئاگادار بێ لەوەی بۆ ساڵی نوێی خوێندن چی کراوە. دیارە دەبێ شت کرابێ! بۆ نموونە چەند قوتابخانەی نوێ بنیاتنراوە، چەند مامۆستای نوێ دەست بەکار دەبێ؟ لەسەر ڕۆشنایی هەڵسەنگاندن و دیراسەکردنی ئەنجامەکانی هەمەلایەنەی پار ساڵ، چ بڕیاری نوێ دراوە؟ چ گۆڕانکاری دەکرێ؟ چی و چ بوارێک و شوێنێک و لە چ کاتێکدا نوێ دەکرێتەوە؟
بە بۆچوونی من وەک هاوڵاتیێک و مامۆستایێک، هەر کەسێک، هاوڵاتی ئاسایی، یان هوشیارو ڕۆشنبیر، یان ئەکادیمی، یان سیاسەتمەدار، یان لێپرسراو و کاربەدەستی ناو دەوڵەت و حکومەت، یان لە سەرەوە و ترۆپکی دەسەڵات و بڕیار بەدەست، ئەگەر بەکردەوە، ئەوەندەی لە توانایدا هەیە، کار بۆ باشتر کردنی پەروەردە و قوتابخانەکان وژیانی مامۆستا نەدا، مەحاڵە بەڕاستی ودروستی دڵسۆزی ئایندە بێت. مەحاڵە بتوانێ گۆڕانکاری ڕاستەقینە ئەنجام بدا، ماحاڵە ئامانجەکانی میللەتەکەی و وڵاتەکەی بەدەست بێنێت.
مێژوو سەڵماندوویەتی، لە دەیان وڵاتی ئەم جیهانەدا، هیچ گۆڕانکاری ستراتیجی و دوور مەودا و گەیشتن بە ئامانجەکان نەهاتۆتە دی بێ بنیاتنانی مرۆڤ، بێ زانست، بێ سیستەمێکی باشی پەروەردە و فێربوون و فێرکردن، بێ بەرزکردنی جێگا و ئاستی ژیانی مرۆڤ و ڕێز گرتن لە مامۆستا بە هەموو پلەکان و لەهەموو ئاستەکانی خوێندندا.