” دوێت لەبەرزەخدا “.. رۆژگار خالید

بەهاوبەشی نووسراوە لەلایەن ” ییت بەنەر ” بە نەتەوە تورک و ” سەلاحەدین دەمیرتاش ” بە نەتەوە کورد .
ئەم ڕۆمانە لەلایەن ” فەرهاد چۆمانی ” وەرگێڕانی کردووە .

  • ئەگەرچی هەردوو نووسەر هەرگیز یەکدیان نەبینیوە کەچی هاوفکری یەکدین و دیوە تاریکەکەی مێژووی کۆماری تورکیا دەنووسنەوە .
  • ڕۆمانەکە ئەوەندە بەووردی و جوانی نووسراوە تاکۆتایی هیچ خوێنەرێک هەست ناکا کام بەشی ڕۆمانەکە ” ییت بەنەر ” یانیش” سەلاحەددین دەمیرتاش” نووسیوویەتی .
    ” چەند ووشەیەک “
    هەر کەسێک ئەو ڕۆمانە بخوێنێتەوە پێویستە شەرم بکات ببێتە جاسووس یاخود خیانەتکار دژی نەتەوەکەی یاخود خوێنی هاوزمانی خۆی بڕژێنێت .
    ” لەئێستادا “
    لەبەر ئەوەی دیدگایەکی نوێ لەسەر پرسی کورد لەباکوری کوردستان یاخود کۆماری تورکیا دروستبووە ، ئەم خەونە ڕەشە یاخود ئەم مێژووە پڕ لەخەیاڵەی لەگۆڕنا دژی نەتەوەی کورد هەبوو ، چاوەڕێین دیدگایەکی نوێ بۆ ئەو ڕووناکییە بێتەکایەوە یاخود بزانین ئەو قسانە بەکوێ دەگات یانیش کۆمەڵێک قسەن و نابنەکردار وەک قسەی سواو دەمێننەوە .
    ” ڕوانینی تاکی تورک “
    ئەگەرچی دەگەمەنن بەڵام چەندەها تاکی تورک هەبووە لەم سەد ساڵە بەرگریان لە زمان و ناسنامە و جل و بەرگ و کلتور و مافی نەتەوەی کورد کردیە و دژی ئەو فکرەیە بوونە ، هەموو شتێک لەمرۆڤی کورد وەربگرێتەوە و نوقمی عەقلیەتی کۆیلگەرایی و دەستەمۆی فۆڕمی بەتورک ببێت .
    لەبەرامبەر دەیان کورد بوونەتە کۆیلە و جاش و خزمەتکار و چەکداری دەوڵەتی تورکیا و لەجیاتی بەرگری لەمافی نەتەوەکەیان بکەن بەزمانی تورکی و بەئاڵای تورکیا و بەجل و بەرگی سەربازی تورکیا بەداخەوە مرۆڤی کوردیان کوشتووە !
    ” پێشهاتێکی نوێ “
    ئەوەی گرنگە بزانرێت دیدگای تاکی تورک چییە لەبارەی پرسی نەتەوەی کورد و تاکی کورد ؟! وە بەپێچەوانەشەوە وە ڕوانینی تاکی کورد چییە لەبارەی دەوڵەتی تورکیا و دەستوور و ئەم مێژووە ڕەشەی تێدا بووە بەقوربانی؟!
    لەجیاتی وەڵام بیرخستەوەیەک گرنگە //
    دوای ئەو هەموو تاوانە دەرحەق بە نەتەوەی کورد کراوە بۆیە بە ئومێدەوە دەڕوانین و دەبینین سەردەمێک لەپێشمانە ، ئایا تاکی تورک بڕوا دەکات داهاتوویەکی پڕ لەشکۆ و پڕ لەسەروەری هەیەبۆ تاکی کورد لەکۆماری تورکیا ؟!
    بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێویستە ئاوڕێک لەم مێژووە سەد ساڵەیە بدەینەوە ، ناتوانین باوەڕ بەم شکۆیە بکەین بە لەبیرکردنی ئەم مێژووە تاریکە برینەکانی ساڕێژ نابێت ، لەبیرکردن ناتوانێت خوێنی هەزاران شەهید بگەڕێنێتەوە و ڕوحی هەزاران مرۆڤیش بگەڕێنیتەوە و ئەو وێنەیەش ناسڕێتەوە لە زهنی تاکی کورد دروستبووە لەبارەی هێزی چەکدار و سەرباز و پۆلیس و جەندرمە و میتی تورک هەیە ئەم هێزە چەکداریە بووە بەکابووسێک و وەک شاخێکە پڕە لە ڕق و کینە و دژە ئینسانی .
    پێویستمانە ڕوحی ئینسانی تورک بگۆڕێت و نەفرەت لەم مێژووە بکات سەد ساڵە هەیە و گۆڕانکاری گەورە بەسەر هەموو شتێکدا بێت .
    _ پێویستە زهنی تاکی کورد بگۆڕێت و سەردەمێکی نوێ لەتورکیا دروست ببێ .
    _ چیتر زوڵم لەبوون و زمان و پێگەی کۆمەڵایەتی و پێگەی کەسی و داهاتووی تاکی کورد نەکرێت .
    _ ماف بگەڕێتەوە بۆ نەتەوەی کورد ڕۆژێکیش بێت هەموو ئەو شتانەی بەسەر نەتەوەی کورد هاتووە وەک مێژوویەکی پڕ لە ڕق و پڕ لەناشازی بنووسرێتەوە و لەداهاتوودا منداڵی تورکی لەسەر پەروەردە بکرێت هەڵەیەکە یانیش تاوانێکە سەد ساڵە هەبووە بەنێوچەوانی خۆیان و مێژووکەیان .
    کڕۆکی بابەتەکە ئەوەیە ئینکاری لەبوونی نەتەوەی کورد کراوە بەمانای ووجودیەتەکەی وەک مرۆڤ و شتێک نەبووە بەناوی نەتەوەی کورد .
    هەموو ئەو پرسیار و باسانەی لە ڕۆمانەکەدا نووسراوە نەتەوەی کورد قوربانی بووە وە دەوڵەتی تورکیا بەچاوی دوژمن و بەچاوی تیرۆرست لەکوردی ڕوانیوە !
    ” سەرەتای ڕۆمانەکە”
    لەڕێگەی دوو کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە بەناوی ” ئایڤاز دەرە ” و کەسێک بەناوی ” سنان ” پیشەکەی پارێزەرە ئاشنا دەبین .
    ” دواتر دوو کارەکتەری دیکە دێنە نێو دەقەکە “
    ” جان یوجل ” کوڕی پارێزەر سینانە گەنجێکە وەک هەموو گەنجانی ئێستای دەوڵەتی تورکیا خەریکی ژیانکردنە و بڕوای بەژیانی مۆدێرنە هەیە .
    ” بەرفین یانیش فاتمە ” کچێکی کوردە لە رۆژئاوای کوردستان ئاوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت و دواتر دەچێتە وڵاتی تورکیا و دەیەوێت بەشێوەی قاچاخ بچێتە ووڵاتی ئەڵمانیا .
    جان و بەرفین دەکەونە پەیوەندی خۆشەویستی بۆ گەشتێک دەچنە ناوچەیەکی کەناراوەکانی باشووری وڵات ئەم ناوچەیە نزیکە لە بنکەیەکی سەربازی، لەپڕ تەقینەوەیەک ڕوودەدا و هەردووکیان تاوانبار دەکرێن گوایە چالاکی تیرۆرستیان کردووە ، ناوچەکەدا وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی لێیە .
    ” ئایڤاز دەرە ” وەک ژەنەڕاڵێکی خانەنشینکراو بەتەنها دەژیت دوور لە جەنجاڵی ژیان لەناو سروشتی کەناراوەکانی باشووری ووڵات دەژێت ڕووداوەکانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم دەگێڕێتەوە دەبێتە شاهیدێکی گوناهبار بەسەر ئەو شتانەی ویژدانی هەلاهەلا دەکات و دەیەوێت مێژوو شەن و کەن دەکات .
    ” سینان ” وەک کوردێکی پارێزەر هەموو شتێک دەگێڕێتەوە لەژیانیدا ڕووبەڕووی بۆتەوە و بەرگری لەو کەیسانە دەکات زوڵم و ستەمیان لێکراوە لەهەشتاکانی سەدەی بیستەم کاتێک ئایڤاز جەلادێکی بێویژدان بووە و ئەو شەقە لەبیرناکات لەگەنجی بەدەستی ئایڤاز لێیدراوە کاتێک ڕووبەڕووی بۆتەوە .
    دوای تەقینەوەکە ” جان یوجل و بەرفین ” تاوانبار دەکرێن ، کەچی لەکۆتایی ڕۆمانەکە هەموو شتێک پێچەوانەوە دەبێتەوە و بەدیار دەکەوێت کەسانێکی دیکە هەن و بکەری تەقینەوەکەن !
    پێش هەر شتێک پێویستە ئەوە بخەمەڕوو ئەو ڕۆمانە دووشتی تێپەڕکردوو

  1. گێڕانەوە و نووسینەوەی مێژووی سەردەمێکی پڕ لە درۆ یانیش بەپاڵەوانیشاندان و سەرشۆڕکردنی سەدان مرۆڤی کورد بووە قوربانی .
  2. دروستکردنی دونیایەکی خەیاڵی مرۆڤ بکاتە فریشتە و پێی وابێت پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان و دونیایی جوانی هەموو شتێک بەدڵ و خەیاڵی خوێنەری بنووسێتەوە .
    دەتوانین بڵێین ئەو ڕۆمانە لەسەر ئاستی نەتەوەیی یانیش لەسەر ئاستی ئایینی نەنووسراوە .
    بەڵکو دوو مرۆڤی کۆمۆنیست کە بڕوایان بەدادی کۆمەڵایەتی هەیە بەڵام لەدوو سەردەمی جیاواز شتەکان دەکەنە یاداشت ” ئایڤاز دەرە ” دوای ڕووخانی دەوڵەتی تورک و گرتنەدەسەڵات لەلایەن ئیسلامی سیاسییەوە و پیربوونی دەیەوێت بەئاسوودەی بژێت ، ” سینان ” وەک گەنجێک لە قۆناغی خوێندنی زانکۆ دەیانەوێت هەموو مرۆڤێک لە ووڵاتی تورکیا بەبێ جیاکاری لە ئەرک و ماف و یەکسان ببن و بەرگری لەنەتەوەکەی دەکات .
    دوای تەمەنێک لەڕشتنی ڕووبارێک لە خوێنی مرۆڤی کورد پرسەکە لەسەر ئاستی جیهاندا دەنگدانەوەی بۆدروست دەبێت ، هەموو دونیا دەنگدانەوەی بەدەوڵەت و دەسەڵاتی تورکیا دەڵێت هەرگیز ئەم کێشەیە بەشەڕ چارەسەر ناکرێت ئەگەرچی هەتاکو ئێستا درێژەی هەیە .
    بەتێپەڕبوونی کات و کودەتای سەربازی و گرتنەدەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن خەونی دەوڵەتی نەتەوەیی تورک و ئەتاتورک دوای سەد ساڵ کۆتایی پێهات .
    هەژموونی ئیسلامی سیاسی و لاوازی حزبی نەتەوەی تورک وایکرد هەموو شتێک لەکۆماری تورکیا پێچەوانەوە ببێتەوە .
    دوای ڕووداوی تەقینەوەکە و گەڕان بەدوای ” جان یوجل و بەرفین” لەلایەن ” سنانی پارێزەرەوە ” چاوی دەکەوێتەوە بە چاوی ” ئایڤاز دەرە ” ژەنەڕالە جەلادەکەی سەردەمی گەنجی ، بۆ هەردووکیان پەشیمانییەک دێیتە پێش ژەنەڕاڵێکی سەربازی پشت لە ڕابردووی دەوڵەتەکەی دەکات و دەڵێت تاوانەکانی سەدەی بیستەمدا هەرچەندە یاسایی بێت و بە تیرۆر بناسرێت دووربووە لەهەموو بەهایەکی ئینسانی و ئەخلاقی و ئیدارەدانی سەربازی .
    هەر ئەوەشە وادەکات کاردانەوەکانی ژەنەڕاڵێکی باڵا چەندە زەحمەت بێت هەست بەتاوان بکات و پێی وایە هەموو شتێک شایەنی ئەوەیە پشتی تێبکەی ، ئەزموونی ژیان فێری دەکات مرۆڤایەتی چەندە گرنگە ، لەژیانی ” سینان ” تەنیاییەک هەیە هەرگیز کۆتایی نایەت، ڕابردوویەک هەیە هەرگیز لەبیرناچێتەوە ، هیلاکییەک هەیە لەناو دەیان چیرۆک و چیرۆکی ژیانیدا دووبارە دەبێتەوە چاوەڕوانییەک هەرگیز کۆتایی نایەت .
    پارێزەرێکی ماندوو لەژێر کاریگەریی فیکری کۆمۆنیستی و نادادی ژیان دەیان دەقی بەرگرینامە و پشتگیری لەخەڵکی ستەملێکراو بنووسێتەوە .
    ئەو پارێزەرە ململانێی ژیان دەکات و مردنیش ئازیزانی دەبات .
    دوورکەوتنەوەی هاوسەری و منداڵەکەی وادەکات خۆزگە بەمردن بخوازێت لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی و هەژاری ناچاری ناکات سەربەرزانە نەژێت .
    بۆ ئەوەی مێژووی کورد و کلتوریی کورد و دیدگای کورد بە تورکی نەکرێت .
    بەباشی دەزانم دیدگای ” رێبەر ئۆجەلان ” لەسەر کۆتاییهێنان بە ” پرۆسەی پڕ لە ئازار ” لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی و داهاتووی کورد لەنێو ڕۆمانەکە دەنگی داوەتەوە بەم شێوەیە دادەڕێژم :
    ” پرسی سیاسیەت “
    شەرم لەخۆم دەکەم چۆن کەشی سیاسی و هۆشی دەوڵەت هەمووانی یەخسیر کردووە چۆن شێوازی بیرکردنەوەمان ئاراستەدەکات کورد یەکسانە بە تیرۆرست ساڵانێکە هەموو ڕۆژێکی خودای لەهەموو کەناڵێکی تەلەفزیۆندا هەموو سیاسییەکان و قەڵەم فرۆشەکان مەگەر لەبەیانی تا ئێوارێ مێشکمان ناکۆڵن؟! ” لاپەڕە 142 ” .
    ” پرسی شەڕ “
    ئەوانەی شەڕ لەگەڵ دڕندەکان دەکەن پێویستە ئاگایان لەوە هەبێت نەبنە دڕندە… درۆیە؟ ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ سەیری بۆشاییەک بکەیت بۆشاییەکەش سەیری تۆ دەکات . ” لاپەڕە 143 ” .
    ” پرسی دەسەڵات “
    بڕوامان بەوەیە ئەوانەی بەچەک دەسەڵات دەگرنە دەسەڵات هەرگیز نابێ وڵات بەڕێوەبەرن چونکە مەیلیان بەلای ئەوەیە بە بەکارهێنانی چەک و هێز حوکمداری بکەن، ئەوانەی فکریان پشت بەچەک دەبەستن بەدڵنیاییەوە هەژاری فکرین . ” لاپەڕە 146 و 147 ” .
    ” پرسی دادپەروەری “
    تا دادپەروەری بەدی نەیەت ئاشتی بەدی نایەت بۆ ئەمەش پێویست دەکات لێپرسینەوە لە هەموو ئەو تاوانانە بکرێت لەڕابردوو ڕوویانداوە ، ئیدی ئەو شتانەی لەکاتە ئاساییەکانیشدا ڕوویاندا نابێ نادیدە بگرین .
    ” لاپەڕە 165 و 166 ” .
    ” پرسی ئاشتی و زۆرترین مشتومڕ “
    لەدۆخێکی وادا کێ لەگەڵ کێ ئاشت دەبێتەوە؟! لە کامە زەمیندا ؟! چۆن ئەم کۆمەڵگەیە لەداهاتوودا بەئاشتی بەیەکەوە دەژی؟! ” لاپەڕە 167 ” .
    ” پرسی تاوان “
    لەوەتەی لەسەر ئەم خاکەدا ئەو ئامرازی پێی دەگووترێت دەوڵەت هەیە سەرباری هەیە بەردەوام بەرانبەر خەڵک و گەلانیتر تاوانی کردووە بۆ تاکە جارێکیش لێپرسینەوەی لەگەڵ نەکراوە ، هەرکێ دەوڵەتی دەکەوێتە دەست بەئاسوودەیی و بێپەروا تاوان دەرحەق بەخەڵک دەکات هیچ ئەمان و ئەولەیەک بۆ هاونیشتمانیان نەماوەتەوە . ” لاپەڕە 179 ” .
    ” پرسی کورد “
    ئەم ووڵاتە بەتایبەت دەسەڵاتدارەکانی هەرگیز پاکحسابییەکی ویژدانی ناکەن . ” لاپەڕە 214 “.
    ” پرسی داهاتوو “
    تۆ بلێی ڕۆژێک ئاشتەوایی ئەم مەملەکەتە بگرێتەوە؟
    ” پرسی کورد”
    ئەو دەمەی هێشتا لە باشووری ڕۆژهەڵات لەئەرکدا بووم دەرکم کرد هەوڵماندا ملیۆنان کەس بەچاکی ئاشنای زمان و کلتور و دابونەریت و جوگرافیاکەیان نین لەخۆمان بچوێنین.
    هەوڵماندا کوردان بەتورک بکەین .
    لەبنەڕەتدا ئەگەر توانیبامان لەمەدا سەرکەتووبین هیچ کێشەیەک نەدەما ، بەڵام ئەوەتا لەسەر جێخەوەکەم هەستام لە بەردەڵانە سەرانسەرەکەی بەردەم پەنجەرە لەو شەپۆڵانەی بەدەم کەفچڕێنەوە هەڵدەستان و دەکشانەوە بۆ دوور دوورانی دوور ڕامام ، ئێ چی دەبوو ئەو کوردانەش ئەو ناسنامە تورکییە ڕۆشنگەر و مۆدێرن و ڕازاوەییان بۆ خۆیان قبووڵ کردبا خراپ دەبوو؟
    هەر کوردبوونە چیاییە دواکەوتوو و گوندیان بۆخۆیان هەڵبژارد .
    دەوران چەرخا کوردان ڕۆشنگەریی خۆیان داهێنا و ئێمەیان تێپەڕاند و ئێمەش دواکەوتووین .
    بۆ نموونە ژمارەی گرتنەدەستی دەسەڵات لە حیزبەکانی ئەواندا لە لایەن ژنانەوە بوونە پەرلەمانتار و شارەدار و چەندین لەئێمە زیاتر بوو .
    ئەدی نەیان دەگووت ئەوان گوندەکین و جووتیارن و ئێمەش شارستان و مۆدێرن بووین ؟!
    ئەوەتا ئەمەش بۆخۆشم سەختەددانی پێدا دەنێم و قبوولی دەکەم . ” لاپەڕە 220 و 221 ” .
    ” پرسی خیانەت و خۆفرۆشی “
    ژیان لەدیدی ئایڤاز دەرە ژەنەراڵی سەروبەندی کودەتای 12 ئەیلول ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم دەگێڕێتەوە :
    ئەرکی ئێمە ئەوەبوو کوژاندنەوەی دوایین تروسکاییەی لەنێو چاوانیان و لەنێوبردنی پارچەکانی دوایین سەرهەڵدانیان بوو .
    ئەمڕۆ دەزانم لە ئەرزی واقیعدا هەرگیز سەرکەتوو نەبووین لەوەی پارچەکانی ئەو سەرهەڵدانە لەنێوبەرین و ئەو گەنجانە یەخسیر بکەین .
    لایەنی سەمەرەی ئەمە لەوەدایە هەست بە دڵخۆشییەکی شاراوە دەکەم کە پێچەوانەی ئەوەی ویستمان شکایەوە .
    ئەوە ئێمە بوو دۆڕاین ، ئێمە دۆڕاوەکە بووین گەنجینەکان ئەگەر ڕێبازەکەشتانم قبووڵ نەبێت لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر حەق بوون .
    قارەمانی پاسەوانی کۆماری تورکیا بەدەستی خۆمان گۆڕمان بۆ خۆمان هەڵکەند . ” لاپەڕە 36 و 37 . “
    ” پرسی نیشتمانپەروەری “
    ئاژەڵدۆستانی ووڵاتەکەمان هاوشێوەی نیشتمانپەروەرەکانمان کەدێتە سەر قسەکردن هیچ لەخۆیاندا ناهیڵنەوە ، بەڵام دووراودوورن بەبێ ئەوەی زەحمەتێک بەخۆیان بدەن بەبێ ئەوەی هیچ بەرپرسایەتییەک بگرنە ئەستۆ . لاپەڕە 60 ” .
    لەکۆتاییدا بەم شێوەیە دەگەمە دەرئەنجامی خوێندنەوەکەم بۆ ڕۆمانەکەی :
    وەک ” ئایڤاز دەرە “دەڵێت گەورەترین ناپاکی لەمێژوو بکرێت تێنەگەیشتنە لێی بەم شێوەیە ناپاکی لەداهاتووشدا دەکەیت . ” لاپەڕە 12 ” .
    پرسی داهاتووی کورد لەبەردەم چارەنووسێکی نادیارە ئەگەر بابەتەکە ببەسترێتەوە بەپرسی پەرلەمان و دروستکردنی کۆمیسیۆن و باسکردنی کێشەکان بەم شێوەی ئێستا هەیە ، تێدەگەین کێشەی کورد هەرگیز چارەسەر نابێت .



تکایە، خاسی مەکەن، با خراپتر نەبێت!/٣.. ئاکۆ مارانی

ڎ ، ۋ ، ڼ ، ۊ ، ې (فۆن) یان (ئەلەفۆن)؟

٣.
/ۋ/ ۋې ṿ 1: فۆنێمە، واتای واژەکان دەگۆڕێت و جووتواژەکان* لە یەکدی جیادەکاتەوە. پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی کە /ۋ/ بە بێژەی ناوچەیی و ئەلەفۆن هەژمار دەکەن، دەیان جووت-واژە هەن، کە بە /ۋ/ گۆدەکرێن و بەرانبەر بە ئەوانیش واژەی دیکە هەن، کە بە /و/ گۆدەکرێن و واتایان جیاوازە و بەس بە هەبوونی /ۋ/ .. /و/ لە یەکدی جیادەکرێنەوە. واتە لەنێو ئاخاوتنی هۆرامی (بێجگە دیالێکتی ناوچە سنوورییەکانی هۆرامان) هەم فۆنێمی /ۋ/ و هەم فۆنێمی /و/ هەیە. /ۋ/ هەم لە سەرەتا و هەم لە نێوەند و هەم لە کۆتایی واژە بوونی هەیە. نموونە:..

بۆ درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن..




ڕۆڵی چین لە تێکشکاندنی فاشیزم.. محمد عبدالقادر

هەشتا ساڵ لەمەوبەر چین ڕوبەڕووی شەڕی درێژخایەن و وێرانکەر دژی میلیتاریزمی ژاپۆن و فاشیزمی جیهانی بووەوە تا سەرکەوتنی ساڵی ١٩٤٥ نەک هەر کۆتایی هاتنی جەنگی بەرخۆدانی چین لە دژی دەستدرێژی ژاپۆن (١٩٣١-١٩٤٥) بوو، بەڵکو بووە بەردێکی بناغەی سەرکەوتنی جیهانی بەسەر فاشیزم لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا. ئەمڕۆ، لە کاتێکدا جیهان بیر لەم ساتەوەختە سەرەکییە دەکاتەوە، گرنگی خەبات و قوربانیدانی چین بەردەوامە لە دەنگدانەوە بە قووڵی هەم لە یادەوەری نەتەوەیی و هەم لە مێژووی نێودەوڵەتیدا

لەشکرکێشی تەواوەتی ژاپۆن بۆ سەر چین لە ٧ی تەمموزی ١٩٣٧ دەستیپێکرد، دوای ڕووداوی پردی مارکۆ پۆلۆ، هەرچەندە دەستدرێژیکردن پێشتر بە داگیرکردنی مانچوریا لە ساڵی ١٩٣١ دەستیپێکردبوو، بۆ ماوەی ١٤ ساڵ خاکی چین بوو بە سەنگەرێکی سەرەکی لە شەڕی ئاسیا دژی فاشیزم. شارەکان وێران بوون، ملیۆنان کەس بوونة قوربانى – لەنێویاندا کۆمەڵکوژی نانجینگ لە ساڵی ١٩٣٧ – پەڵەی لە یادەوەری بەکۆمەڵی گەلی چیندا چەسپاند

سەرەڕای ئازاری بێئەندازە، نەتەوەی چین ڕەتیکردەوە خۆی ڕادەست بکات. شەڕەکە هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانی کۆکردەوە، لەوانەش پارتی کۆمۆنیستی چین و حکومەتی ناسیۆنالیستی، لە بەرەیەکی یەکگرتووی دەگمەن بەڵام چارەنووسسازدا. بزووتنەوەکانی خۆڕاگری لە شارەوە بۆ گوندەکان، لە سوپاوە بۆ هاووڵاتیانی ئاسایی بڵاوبوونەوە، زەمینەی سەرکەوتنی دواجاریان دانا

شەڕی چین دژی ژاپۆن یەکێک بوو لە شانۆ سەرەکییەکانی خەباتی جیهانی دژی فاشیزم. بۆ ماوەی هەشت ساڵ پێش ئەوەی هێرشی سەر پیرل هاربەر ئەمریکا بە تەواوی ڕابکێشێتە ناو جەنگی زەریای هێمن، چین نزیکەی بە تەنیا لە دژی فراوانخوازی ژاپۆن وەستابوو. چین بە بەستنەوەی زیاتر لە نیوەی سوپای ژاپۆن فشارەکانی لەسەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکانی دیکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە

زیاتر لە ٣٥ ملیۆن چینی لە کاتی شەڕەکەدا کوژراو یان بریندار بوون. بەڵام ئەم قوربانیدانە یارمەتی لاوازکردنی توانای ژاپۆنی دا بۆ فراوانکردنی زیاتر بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و دەرەوەی. سەرکردە نێودەوڵەتییەکان لەو کاتەدا چینیان وەک یەکێک لە هاوپەیمانە “چوار گەورەکان” ناساند، شانبەشانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت و بەریتانیا، دانیان بەو ڕۆڵە حەتمییەدا نا کە چین لە سەرکەوتنی جیهانی بەسەر فاشیزمدا بینیویەتی

نرخی سەرکەوتن زۆر قورس بوو بۆ چینییەکان. تەواوی خێزانە چینییەکان وێران بوون، ژێرخانی ئابووری لەناوچوون و برسێتی سەختییەکانی شەڕی زیاتر کرد. بەڵام خۆڕاگری خەڵک- جووتیاران، کرێکاران، خوێندکاران، سەربازان و ڕۆشنبیران بە هەمان شێوە- ئازایەتییەکی نائاسایی نیشان دەدا. شەڕی گەریلا لە لادێ، بەرخۆدانی کولتووری لە ڕێگەی ئەدەب و هونەر و خەباتی بێوچان لە سەنگەری جەنگدا، هەموویان هێمای ڕۆحی نەبڕاوەی نەتەوەیەک بوون کە بڕیاری مانەوەیان هەبوو،ئەم ڕۆحە بوو بە هێزێکی بەهێز کە چینی مۆدێرن بنيات بنرێت. سەرکەوتنەکە نەک هەر سەروەری نەتەوەی پاراست بەڵکو سەرەتای بزووتنەوەیەکی فراوانتر بوو بەرەو سەربەخۆیی و چاکسازی کۆمەڵایەتی و مۆدێرنیزاسیۆن، دوای هەشتا ساڵ، میراتی سەرکەوتنی چین بەسەر دەستدرێژی و فاشیزمی ژاپۆن بەردەوامە لە داڕشتنی جیهانبینی میللەتەکە. بۆ چین بیرهێنانەوەی ئەم مێژووە تەنها ڕێزگرتن نییە لە قوربانیدانی ڕابردوو بەڵکو پاراستنی ئاشتییە بۆ داهاتوو، چین هەموو ساڵێک یادی ٣ی ئەیلوول وەک “ڕۆژی سەرکەوتن بەسەر شەڕانگێزی ژاپۆن” دەکاتەوە. ئەم ڕێوڕەسمانە وەک بیرهێنانەوەی ڕێزلێنان بۆ تێچووی شەڕ و بەهای ئاشتی دەبینرێت. هەروەها تیشک دەخەنە سەر بانگەوازی چین بۆ بنیاتنانی جیهانێک کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و هاوکاری و ئاسایشی هاوبەش دامەزراوە، یادی ٨٠ ساڵەی تەنها ڕەنگدانەوەی مێژوو نییە بەڵکو وانەیەک بۆ جیهانی ئەمڕۆ. لەگەڵ سەرهەڵدانی تەحەدای نوێ بۆ سەقامگیری نێودەوڵەتی، یادەوەری ڕۆڵی چین لە شکستپێهێنانی فاشیزمدا جەخت لەسەر گرنگی یەکێتی لە دژی شەڕانگێزی و توندڕەوی و توندوتیژی دەکاتەوە. کۆمەڵگەی جیهانی دەبێت ئەوە لەبیربێت کە ئەو ئاشتییەی لە ساڵی ١٩٤٥دا بەدەست هات، لەسەر قوربانیدانی تاکی بێشومار بنیات نرا کە دژی ستەمکاری وەستانەوە.




ئایا تەواوی میلیشیاکان هەڵدەوەشێنەوە؟.. عوسمانی حاجی مارف

شتێک نەماوە لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی عێراقدا لە دەستی ئێراندا نەبێت، هاوپەیمانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” کە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسیە لە بەغدا، گروپی حزبی و میلیشیاکانی حوکمڕانی عێراق و حەشدی شەعبی، بەتەواوی پاشکۆ و دڵسۆز و ملکەچی ئێرانن، سەرکردەی لایەنەکانی هەماهەنگی پێیانوایە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئاو و هەوایان بۆ دابین دەبێت، هەر بۆیە تەواو چارەنوسی خۆیان بەهەموو شێوەیەک گرێداوە بە ئێرانەوە.

بەدوای شەڕی دوانزە ڕۆژە، هەوڵەکانی ئێستای ئێران لەچاو ساڵانی ڕابردودا بەرفراوانتر دەردەکەوێت، نەک تەنها بۆ دابینکردنی چەکی پێشکەوتو بۆ هاوپەیمانەکانی، بەڵکو دامەزراندنی سیستەمی هەواڵگری و هەماهەنگی کە ئۆپەراسیۆنی سێ قۆڵی لە نێوان تاران و حزبوڵای لوبنان و کوتلە عێراقیەکان لە خۆدەگرێت.

ئەم هەنگاوانە دوای ئەوە دێت کە عەلی لاریجانی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی کوتلە چەکدارەکان کۆبووەوە، دیدارەکانی لە بەیروت بەردەوام بون و لەگەڵ سەرکردەکانی حزبوڵلا وتوێژی کرد، ئەم کۆبوونەوانە دوو بڕیاری سەرەکیان لێکەوتەوە کە بریتین لە پێکهێنانی شانەی هەماهەنگی سێ قۆڵی و پەرەپێدانی سیستەمێکی پێشکەوتوی چەک بۆ ئەو کوتلانە، لەوانەش تەکنەلۆجیای دروستکردنی چەکی ناوخۆیی لەژێر چاودێری ئێراندا.

تاران لەبری ئەوەی چاوەڕێی ئاڵوگۆڕی دۆخی ناوچەکەو دانوستانەکانی بێت لە گەڵ ئەمریکا، هەوڵدەدات جارێکی تر ژێرخانی سەربازی نافەرمی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز کاتەوە و پێگەی هاوپەیمانەکانی بەهێزتر دەکات، وەک وەستانەوەیەک لەبەرامبەر ئەو فشارەی جەخت لەسەر چەکداماڵینی هێزە میلیشیاکان دەکرێت.

ئەم هەنگاوانە لەکاتێکدایە کە زیاتربونی گرژیەکانی نێوان ئێران و زلهێزەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا لە پەرسەندندایە، لەسەر پرسی ئەتۆمی و سەرهەڵدانەوەی هەڕەشە سەربازیەکانی نێوان تەلئەبیب و حزبولڵایە، کە فشارە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، ئەمەش وادەکات ئەو ئەگەرە پێشبینی بکرێت کە پێکهێنانی شانەیەکی هەماهەنگی سێ قۆڵی لە نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانیدا دەتوانێت هەوڵی گەڕانەوەی قۆناغێکی نوێی دەوری ئێران بێت، نەک تەنها لە لوبنان و عێراق، بەڵکو لە سەرانسەری ناوچەکەدا بە گشتی.

هێزە میلیشیاکانی سەر بەئێران لە ناوچەکە بەرەو هەڵگرتنی چەکی پێشکەوتوو دەڕۆن، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەر پرۆژەیەک بۆ چەکداماڵین یان تێکەڵکردنی فراکسیۆنەکان لە ئامێرە فەرمیەکانی دەوڵەتدا ڕەتدەکەنەوە.

سەرەڕای هەوڵە ناوخۆیەکانی لوبنان و عێراق بۆ بنیاتنانەوەی چەمکی دەوڵەت، کە هاوکاتی زیادبونی بارگرژی و نائارامیە، کە ئەم پێداگریەی ئێران لەسەر بەهێزکردنەوەی میلیشیاکانی دەتوانێت ببێتە هۆی دابەشبوونی زیاتر، کە ئاسۆی سەقامگیری سیاسی لە هەردوو وڵات ئاڵۆزتر بکات و پرسی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بکاتە شەڕێکی درێژخایەن و ئەگەری تەقینەوە.

بەمانایەک ئەم هەوڵانەی ئێران ئەوەی لێدەکەوێتەوە کەهەموو هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پچڕاندنی پەیوەندیەکانی عێراق له ئێران و دەرهێنانی لە تونێلی ئێران بێهودە دەبن، تەنانەت ئەگەر ئەو هەوڵانه بگەنه ئاستی وێرانکردنی  عێراق لەڕووی داراییەوه، ئەتوانین بڵێین گەر دۆخەکە بەم شێوەیە تێپەڕێت، ئەوە عێراق و لوبنان لە پرۆسەی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەورانێکی سەخت و دژوار بەسەر دەبەن.

هەڵبەتە ڕۆڵی کەسێکی وەک نووری مالکی، لەلایەک بەستنەوەی تەواوی دامودەزگاکانی عێراقە بەئێرانەوە، لەلایەکی ترەوە عێراقی بە یاسایەکەوە بەستەوە و قەتیسکرد کە ئابوریەکەی تا ئاستی مەرگباری دەڕژێنێت، لەوانە بڕینەوەی مووچە بۆ زیندانیانی سیاسی و شەهیدان و موجاهیدین و دەستبەسەرکراوانی رەفح و ئەوانەی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و لە ڕوی سیاسیەوە  دەربەدەرکراون، ئەمە جگە لە مووچەی چەکدارانی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە بودجەکەیان لە سێ ملیار دۆلار تێدەپەڕێت و بەردەوام لە زیادبووندایە، ئەمەش ئەو تاوانەیە کە مالکی و هێزە شیعەکان عێراقێکی “نوێیان” لە پەیوەند بە ئێران و حزبولڵای لوبنانەوە دامەزراند.

پێش ئەوەی ئەمریکا عێراق ڕادەستی ئێران بکات، کارگێڕی مەدەنی دەسەڵاتی ئەمریکی، پۆڵ بریمەر، ئەنجومەنی حوکمڕانی دامەزراند، کە پێشەکیەک بوو بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی تایەفەگەری و مەزهەبی و قەومی کە بە شێوەیەک داڕێژرا، بووە مایەی دەستکەوێكی گەورە بۆ لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێران. واتە ئاشکرایە کە پڕۆژەکە لەو کاتەدا ١٠٠٪ ئەمریکی بوو، ئێران ئەمریکای ناچار نەکرد دەسەڵات ڕادەستی شوێنکەوتوانی بکات، بەڵکو ئەمریکا بە ڕاوێژکاری بەریتانیا ئەوکارەی ئەنجامدا کە عێراق بخاتە ناو تەڵەیەکی تائیفیەوە کە بۆ ماوەیەکی زۆر نەتوانێت لێی دەرچێت. بەڵام خەیاڵی سیاسی و نەخشەی ئەمریکا لە وێرانکردنی عێراقدا، ئاراستەکەی بەرەر ئەو ئاقارە برد، کە عێراقی زەلیلی ژێردەستی ئێران کرد و لە هەمانکاتدا باڵادەستی ئێران توانی ببێتە هەڕەشەیەکی گەورە و مەترسیدار بۆ سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانی خودی ئەمریکاش. “عێراقی نوێ” لە بنەڕەتدا مامەڵە و هەڵەو تاوانێکی ئەمریکی بوو، کاتێک هێزەکانی لە ساڵی ٢٠١١دا ڕۆیشتن، دانیان بەو شکستەدا نا کە لە بەرژەوەندی هەژموونی ئێران شکایەوە.

هەشت ساڵی سەرۆکایەتی ئۆباما ئەو سەردەمە زێڕینە بوو کە ئێران چالاکانە بوونی هەمیشەیی خۆی لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن دامەزراند، ئەمڕۆ ئیدارەی ترەمپ له نیگەرانی بارودۆخی ناوچەکه و پێویستی ئیسرائیل بۆ چاوخشاندنەوه به مەسەلەی ئاسایشی خۆی لە ناوچەکەدا، ترامپ ڕوبەڕوی دۆخێکی دڕکاویە، بەوەی کەدەیەوێت دیسان کۆنترۆڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاتەوه و عێراق بگەڕێنێتەوە ژێردەستی خۆی.

لایەنە شیعەکانی دەسەڵاتدار لە عێراق، لەکاتێکدا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەم ئەنجام بدرێت، پەنایان بردۆتە بەر واژۆکردنی ڕێکەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئێراندا، تا ڕێگەیان پێبدات هێزەکانی ئێران بانگهێشت بکەن ئەگەر هەڕەشە لە دەسەڵاتەکەیان بکرێت.!

ئاشکرایە کە ئەم واقعە لە ئاگاداری عەقڵی سیاسی ئەمریکا تێپەڕ نابێت، چونکە هەوڵ و پلانی بۆ گەڕانەوەی باڵادەستی بەسەر عێراقدا داڕێژراوەو کاری لەسەر دەکات، کە سەرەتا لە چەکداماڵینی میلیشیاکانیەوە دەستپێدەکات.

ئێران بۆ خۆی ئەوە دەزانێت بڕیاری داماڵینی چەک لە میلیشیاکانی سەربە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕانەوەی نییە، هەروەها ئەوەش دەزانێت، کە ترامپ نزیکەی سێ ساڵ زیاتر لە کۆشکی سپی دەمێنێتەوە. ئەمەش کاتێکی دوورودرێژ و سەختە بۆ ئێران کە چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕی تر لە نەخشەو سیاسەتی ئەمریکا بکات. هەرچەندە ترەمپ بەشێک لە بڕیارەکانی پێشووی پێچەوانە کردووەتەوە، بەڵام تەنها بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی باشترە کە سوودی بۆ ئابووری ئەمریکا هەبێت، لە ئەگەری سەرکەوتنی ترامب لە داماڵینی چەکی میلیشیاکانی ئێراندا، ئەتوانێت ئاڵۆگۆڕێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قازانجی باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تۆمار بکات، لەهەمانکاتدا دەبێتە دەستکەوتێک بۆ هەلی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و بازرگانی لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

گومانی تیا نیە کە تا کۆماری ئیسلامی باڵادەستی حکومەتی ئێران بێت، هەروەها دەسەڵاتی سیاسی عێراق لە چوارچێوەی پێکهاتەی هێزە تائفی و مەزهەبی و قەومیەکاندا بمێنێتەوە، دۆخی عیراق هەر بە ناجێگیری و ئاژاوەی سیاسی و نا ئەمنی و کارەسات بەسەر دەبات، عێراق وەک گۆڕەپانێکی بەردەوام و کراوە بۆ پێکدادانی پڕۆژەکانی نفوزی نێوان ئێران و ئەمریکا دەمێنێتەوە، ئەم ململانێیە له لایەن خودی لایەنە شێعە و سونەکان و کوردەکان کە ئەمڕۆ ئیدارەی عێراق و کوردستان دەکەن، بەردەوامن لەوەی خەڵکی به دەست قەیرانە ئەمنی و ئابوری و سیاسی یەک بە دوای یەکەکاندا قەتیس بکەن.

واقیع ئەوەیە کە عێراق و کوردستان و لوبنان و تەواوی ناوچەکە لەم دۆخەدا بەردەوام ڕوبەڕوی ئاستەنگی دەبێتەوە و ئاسۆی ئارامی دیار نیە، پرسی چەکی میلیشیا یەکێکە لە گەورەترین بەڵا بۆ سەر ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و نەداری ناوچەکە، ئاشکرایە واشنتۆن هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپانە بە مەرجی پێشوەختە بۆ پابەندبون بە بەرژەوەندیەکانی خۆی مامەڵەی دەکات، ئەمریکا دژی هێزی میلیشیا نیە، دژی ئەو هێزە میلیشیایانەیە کە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیدا نابێت، یان دژ بەوانەیە کە دۆژمنایەتی ئەمریکا دەکەن، ئێستا هەوڵی ئەوە دەدرێت ئەو هێزە ملیشیایانە هەڵوەشێتەوە کە سەربە ئێرانن و دوژمنایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن، هەرهێزێکی میلیشیا دوژمنایەتی ئەمریکا نەکات، بەر ئەو هێرشە ناکەوێت، باشترین نمونە هێزە دڕندەکەی ئەحمەد شەرعە لە سوریا.




لەگەڵ خۆردا هەڵدێم.. خولیا حوسێن

لەنێوان خۆر هەڵاتن و خۆر ئاوابووندا
هەر ساتێک و کڵاوێک دەخەمە سەرم
کڵاوی دایک ، ئارامی و
بەرپرسیارێتی و
تا ئەوپەڕی عەشق و شێتی و خۆشەویستی دایکایەتیم بەسەر کۆرپەکانمدا دابەش دەکەم
دڵم لەگەڵ هەموو خورپەکانی
دڵیان، خورپە دەکا
دەزانم ئەوان ئیتر نە کۆرپەن
نە منداڵ و نە هەرزە
بەڵام ڕوونە هیچ کەسێک نازانێت و ناتوانێ وەکوو خۆم خۆشیانی بوێ

کاتێک کڵاوی خوشکایەتی دەخەمە سەر
لە دوورەوە بە ئارامییان ئارامم ،
بە خەمیان خەم دەخۆمەوە.
کڵاوی فریشتە و فریا کەوتنی ئەوانەی لەو ساتانەدا لە من زیاتر کەسیان نیە
ئەو کڵاوەیان لەهەموو کڵاوەکانیتر
پڕ ڕەنگ ترە
دڵی تاریان ڕەنگڕێژ دەکا
کە کڵاوی ڕاوێژکار ی دەخەمە سەر
دەبمە ڕابەری بێکەسان تنۆک تنۆک فرمێسکەکانیان چک دەکەم بە
بەخشینی ئومێد ، هیوا
لەکاتێکدا هیوا و ئومێد لە ناخیاندا
گیانیان داوە
ئێوارانیش
کڵاوی ژنێتیم ، کڵاوی سەروەریم ،
کڵاوی خۆدی خۆم
دەخەمەوە سەرم و
دەپرسم
ئێرە تاراوگەیە یان نیشتیمان
من لە وێدا لە خۆم ون بووم
ئەلێرانە خۆم دۆزیە
لەوێ هیچ کڵاوێکم نەبوو
لێرە دەیانی سەروەریم خستۆتە سەر




تابلۆیەک خاڵیی لە ڕەنگ ڕەنگێک خاڵیی لە تابلۆ.. نەوزاد بەندی

لە نیوەی ڕێ
لە ژێر درەختێکا منت بینی،
وای دانێ نەتدیوم، بڕۆ ..
بڕۆ بێ ئاوڕدانەوە ..
کوشندەیه گەڕانەوە بۆ ڕابوردوو..
یان گەڕانەوە بۆ ناو جەنگ
کوشندەیە ژەهری گەڕانەوە ..

٭ ٭ ٭

خۆمت پێ ناناسێنم
چونکە وەک ئەوە وایه ئازیزێکت
داوەتی پاشماوەکانی جەنگ و
بۆردومانکەی ..
وەک ئەوە وایه لەناو گۆڕێکا
دەعوەتی ژیانکەی ..
خۆمت پێ ناناسێنم ..
نامەوێ ..نا، بەهۆی منەوە زیانکەی

٭ ٭ ٭

قەت ئەوەندەی من ،
پێویستت بەو دیدارە نییە ..
قەت هێندەی شاخێکی بەستەڵەک
پێویستت بەو بەهارە نییە ..
ئاوڕ مەدەرەوە و ..بڕۆ ..
وەک چۆن ڕاستی
چاو دادەخا و
ناچێتە ناو ماڵی درۆ ..
قەت ئەوەندەی من پێویستت
بە ئیقامەی ئەو شاره نییە ..
قەت هێندەی گەڵایەکی زەرد
پێویستت بە لقی ئەو دارە نییە ..
بە جێم بێڵە ، بێ ئاوڕدانەوە ..
سوودی نییە دەستپێکردن
لە سەری ساڵانەوە ..
هەرچەندە بەفر ڕاویشی نێی،
هەر دێتە هەیوان و
داڵانەوە …!

٭ ٭ ٭

شوێنێ شک نابەم ،
به کاری هەڵواسینی تابلۆی نوێ بێ ..
قەت لە خۆت مەپرسە ،
ئەبێ ئەم شێوەکارە کێ بێ ..
هەر کەسێ بێ،
تازه شوێنێکی نەماوەتەوە بۆ جێگیربوون
تازە ڕێیەکی نەماوەتەوە بۆ ڕاکردن
تازه کاتێکی نەماوەتەوە بۆ بەسەر بردن ..
ڕۆژی سەد جار
ڕوو بە ڕوو ئەبێتەوە
لەگەڵ
مردن ..
تازە تێپەڕی چیرۆکی گەشتی کازیوە ..
گەشتی ژێر بارانی
تۆ و من ..
وشک بووینەوە وەک دوو مێروو ..
بووین بە دوو لاپەڕەی
لەیادکراوی مێژوو ..

٭ ٭ ٭

مەڵێ زوو ڕۆی ..
زوو تەواو بوو ئەو چاپتەرەی
باسی دوو تەلەبەی زانکۆ بوو
یەکێکیان گەرم و گوڕ
یەکێکیان سارد و سڕ
یەکێکیان تێر و پڕ
یەکێکیان شڕ و ووڕ ..
زۆر بە قورسیی لە من تێپەڕی ..
هەزار ساڵ زیاتری خایاند ..
بە خۆمەوە ،
هەزاران خوێنەری گریاند ..
قەت مەڵێ بۆچی وا خێرا تێپەڕی ..
بە خۆمەوە ،
ماڵی خوێنەرەکانیشمی ڕوخاند ..
یەکێکیان سەربازێ بوو ، نائومێد ..
بەر ڕێژنەی گولەیان دا ،
هەرچەند ئاڵای سپی هەڵکرد ..
هەرچەند وەک باوکی موحەمەد دوڕڕە،
دەستی ڕاوەشاند ..
قەت مەڵێ ئەو عەشقەی من و تۆ
بۆچی زۆری نەخایاند ..

نەوزاد بەندی




دوو ڕوو.. شیعری سەردار ڕەزا جاف

پەڕە پەڕەی ئێوارانم بۆ سووتان و
دەست و پەنجە
سڕک و سڕ و تەزيوی خۆم پێ خەفەکرد
ژيلەمۆی زەردی ئێوارە
بوو بە برين، بێ قەتماغە
هێشتان تک تک خوێن دەچۆڕێ
ژە دونيای جوانی ئاڵەکۆک
کۆچەری بووم
بە رووخۆشی رووکەشەوە
گريانم بوو
نها هەر پەيکی ئاڵەکۆک
سۆزەکانت دەبارێنێ
دەست و پەنجەی
ناڵە ناڵێ هەولێر دەگرێ
ديسانەوە
شين ژانم بوو

سەردار ڕەزا جاف
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا