خولیای زمان.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

هەمووان دەیانگوت: دوای دڵت بکەوە، وامکرد، شکا…. (ئەگاتا کریستی)

بێگومان ئەو ڕستەیەی خانمە نوسەری ئینگلیزی (ئەگاتا کریستی-Agatha Christie) لە تێگەیشتنێكی مێژووییەوە هەڵقوڵاوە و دڵی (هەمووان) ڕادەگرێت، بەڵام دڵی خودی (كریستی) دەشكێنێ… ئەگەرچی لەبتەڕەتدا ئەو شارەزاییە مێژووییە (گشتییە) بەرەو شكانی دڵ نییە، بەڵام بەهۆی گۆڕانگاری زەمەنی بەرەو شكانی مانامان دەكاتەوە! بەمجۆرە ئەو قسەیەی (ئەگاتا کریستی) وەك شكانی مانا، شكانی یەكەیەكی هاڕمۆنی مانایەكی دیاریكراوە، كە لە شارەزاییەكی زەمەنی ژیانکردنەوە بەرەو زەمەنی دەربڕینی تایبەت و جیاوازمان دەكاتەوە، بەڵام نەک بەو شێوەیەی کە شکانی مانا لە پەرچەکرداری ئاگاییەوەیە هاتبێتە ئاراوە، بەڵكە شکانی مانا بەو شێوەیەی کە کردەی ئاگایی بونیادی دەنێت!
لێرەوە زمان لە (بابەت)ەوە بۆ (کردە) دەگۆڕێت، لە هاوگونجانێكی مێژووییەوە بۆ جیاوازی و تایبەتمەندی، لە بیروڕای گشتییەوە بۆ بیروڕای كەسی، لە زەمەنێكی مێژوویی دیاریكراوەوە بۆ ساتەوەختێكی گۆڕاو و دواخراو… دەمەوێ بڵێم ئەو جۆرە لە شكانی مانا کارێکی كەسی و ئیبداعییە… واتە ئەو کاتەی کە مانا باوەکان دەشکێن، ئەو كاتەی كە یەكە هاوگونجاوەكانی تێگەیشتن لە ژیانكردنی هاوبەش كاڵدەبنەوە… ئەو كاتەیە، كە تەعبیركردن لە مانایەكی دیاریكراوی مێژوویی دەكەوێتە لێژییەوە، ئەو كاتەیە، كە مانا جیاوازەكان ساتەوەختی ژیانكردنی تایبەت دەنوێنن…
بەمجۆرە دڵ شكاندن، شكاندنی مانایە و تەعبیر لە (کردەی تایبەتی زمان) دەكات، ساتەوەختی هاتنەدی كردەی زمان، ساتەوەختێكە ڕێڕەوەکانی بیرکردنەوەی سیستمی باوی زمان بەرەو جیاوازی دەگۆڕێت. ئەو کاتەی کە تێڕوانینمان بۆ تێگەیشتنی باو دەگۆڕێ، دەکەوینە نێوان (پەرچەکردار)ی ئاگایی بابەتیانەی شارەزایی (ئیمانۆیل کانت)ەوە! بەڵام گۆڕانكاری و داهێنان و جیاوازی دەلالەت لەو ساتەوەختە دەكات، كە (کردەی) ئاگایی (ولیەم دێلتا) و (زمانەوانی نوێ) دایانڕشتووە…
لە پەرچەكرداری ئاگاییدا (بەدوای دڵ كەوتن…) وەک شارەزایی و ئەزموونكردنی ژیان خۆی دەنوێنێ. لە كردەی ئاگاییدا (دڵ شكان…) كردەیەكی ساتەوەختی تاکە کەسییە… كۆی ئەو كار و كردە مەعریفییە، لەلایەك تێگەیشتن وەک ڕێسا و یاسایەکی دامەزراو بەیان دەكات و لەلایەكی دیكە مانای گۆڕاو وەك بیركردنەوەیەكی دیكەی جیاواز و دواخراو دەنوێنێ! لێرەوە زمان وەک کردە و زمان وەک كار، دوو دامەزراوەی جیاوازی بیركردنەوە بەڕێوەیان دەبات، دوو دنیابینی جیاواز… یەكەمیان شارەزایی وەک ئەزموونی مێژوویی وەسف دەكاتەوە، دووەمیان شارەزایی بەردەوام وەک کردەی ساتەوەختی نمایانكردنی ئێستای ژیان بەرجەستە دەكات.
دواجار (شارەزایی) ئەو چركەساتەیە، كە مرۆڤ تێیدا دەژی! شارەزایی بریتییە لە كردەی ئاگایی، نەك ئاگایی كار. بەو مانایەش شارەزایی كردەیەكی ئەنتۆلۆژییە، نەك بابەتی ئەنتۆلۆژیا بێت.
كەواتە كاتێك بە (بەدوای دڵی هەمووان) دەكەوین، شارەزایی دەبێتە بابەتی ئاگایی. بەڵام (دڵ شكان…) بریتییە لە كردەی ئاگایی! یەكەمیان كاری مێژووی ژیان بیر دەخاتەوە، دووەمیان بەردەوام كردەی ئێستای ژیان دادەهێنێتەوە. دەتوانین یەكەمیان دەرك بكەین، بەڵام دووەمیان دەكەوێتە دەرەوەی دەرككردنەوە، یەكەمیان بیركردنەوەیەكی نەگۆڕ دەسەپێنێ و دووەمیان گۆڕاو…

كۆنتڕۆڵكردن/ ڕزگاری
لەنێوان بیركردنەوەی گۆڕاو نەگۆڕ، بەردەوامی و ساتەوەخت، كار و كردە… زمان بەشێوەیەكی ئاسۆیی هەناسە دەدات… وەك چۆن لە پەیوەندی نێوان سایكۆلۆژیا و ئەنتۆلۆژیا، ڕێسا و پراكتیك، فیكر و جەستە، ڕەفتار و كردار… دەنگدانەوەی هەڵوێستی نەرێنی خۆی درێژ دەكاتەوە، چوونكە زمان هەمیشە زێتر لە زانینێك و زێتر لە ئامرازێکی پەیوەندیکردن بووە، زمان هەمیشە بوارێکی جیاوازی خەباتە کە تێیدا هەم چەمکەکانی دەسەڵات داڕێژراون، هەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان چەسپاون، بەو مانایەش زمان لەلایەك وەک کۆنترۆڵکردن بەکاردەهێنرێت و لەلایەكی دیكە وەك هۆشیاری ڕەخنەیی دەتوانێت ڕزگاربوون بێت لەم زاڵبوونە.
هەڵبەتە ئەمڕۆ زانستی زمان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە زمان بێلایەن نییە، بەڵكە لەنێو خۆیدا هەڵگری كۆمەڵێك بازنەی تێگەیشتنی جیاوازە، هەڵگری سیستەمێكی ئایدیۆلۆژییە، کە پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەنێو کۆمەڵگادا دەچەسپێنێت. (نۆرمان فێرکلیف) دەڵێ دامەزراوە گەورەکان، چ سیاسی، میدیایی، یان ئابووریی، بۆ داڕشتنی تێڕوانینە گشتییەكانیان پشت بە گوتار دەبەستن و ئاراستەکردنی تاکەکان بەرەو پێگەی تایبەت دەبەن. بۆ نموونە، شێوازی گێڕانەوەی یاساکان یان هەواڵەکان تەنها هەڵبژاردنی زمانەوانی نییە، بەڵكە پرۆسەیەکە بە ئەنقەست بۆ بەرهەمهێنانی واقیعێکی دیاریکراو، کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەندێک هێز دەکات. نۆرمان فێرکلیف پێیوایە وشەکانی گوتار تەنیا قسەکردن یان نووسراو نییە، بەڵكە سیستەمێکی ئاڵۆزە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بەرهەم دەهێنێتەوە. لەڕێگای شیکردنەوەی دەقە جۆراوجۆرەکانەوە ئاشکرای دەکات، کە چۆن زمان بەکاردەهێنرێت بۆ سەپاندنی شەرعیەت بەسەر هەندێک پراکتیکدا، لە هەمان کاتدا هەندێکی دیکە پەراوێز دەخات… بۆ نموونە: لە گوتاری سیاسیدا، زاراوە بۆ ئاراستەکردنی ڕای گشتی بەکاردەهێنرێت، کە وشەی وەک (چاکسازی) لەبری (خۆپارێزی) و (سەقامگیری) لەبری (کۆکردنەوە)… بەکاردەهێنرێت، ئەوەش ڕێگاکە دەگۆڕێت… لەوێوە نۆرمان فێرکلیف گرنگی بە کاریگەری گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و تەکنۆلۆژییەکان لەسەر زمان دەدات، چوونكە میدیای نوێ و پەیوەندی دیجیتاڵی دەبنە گۆڕەپانێکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات… لە سەردەمی دیجیتاڵیدا گوتار لە نوخبە نەریتییەکاندا بە سنوورداری نەماوەتەوە، بەڵكە بووەتە بوارێکی گەشەسەندوو کە گێڕانەوەی جیاواز کێبڕکێی تێدا دەکات… بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە: نۆرمان فێرکلیف- كتێبی (اللغة والسلطة) وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە بۆ زمانی عەرەبی (محەمەد عنانی- 2016- قاهیرە).
لێرەدا پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە: ئایا دەتوانین خۆمان لە هەژموونی زمانەوانی ڕزگار بکەین، یان زمان هەمیشە بە ئاشتی لە دەستی دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە؟! وەڵامەکە ئەوەیە، کە زمان بوونێکی تۆبەکارانەی نییە، بەڵكە فەزایەکی گۆڕاوە، کە دەتوانرێت بەپێی ئەو ئاگایی-هۆشیارییە ڕەخنەییە گۆڕاوەی کە هەڵیگرتووە، دووبارە دابڕێژرێتەوە. بەمجۆرە توانای شیکردنەوەی گوتار دەبێتە جۆرێك لە (تێگەیشتن) لەوەی نەک تەنها بۆ تێگەیشتن لە شارەزایی ئەزموونكردنی ژیان، یان جیهانی دەوروبەرمان، بەڵكە بەشداریکردنە لە ساتەوەختی ئاگایی ژیان و ئەو شارەزاییەش گرنگی خۆی لە گۆڕانكارییدا دەبینێتەوە.

بازنەی لۆژیكی/ بازنەی تێگەیشتن
(ئاسمان ساماڵە) بازنەی تێگەیشتن لەو وێنەیە، بۆ ڕاستییەكی دیارى كراو دەمانبات، چوونكە وێنەى دۆخێكى تایبەتى كەش و هەوایە… لەلایەكی دیكە ئاسۆیی و فرە ڕەهەندە… بە بۆچوونی (ڤیتگنشتاین) بازنەی تێگەیشتنی (زمانەوانی) پەیوەندی وێنەییەكی شیمانەیی زمانە، بە نیگارەكێشراوەكانی جیهانەوە… بە دیوەكەی دیكە ئەو تێگەیشتنە پەیوەندییەكی دەرەكی و ناوەكی هەیە.. بەڵام تێگەیشتنی بازنەی (لۆژیكی) زمانمان بە شێوەیەك بۆ دادەڕێژێت، كە دۆزەكان دەكەونە دەرەوەى زمان و دەرەوەى نیگارەكێشراوەكانی جیهان و دەرەوەی شیمانەییەوە…
بازنەی تێگەیشتن لە وێنەی كێشراوی (ئاسمان ساماڵە) پانتاییەكی دەرەكی و ناوەكی بەرفرەوان و شیاو و جیاوازی هەیە، لە بازنەی لۆژیكیدا كورت ناكرێتەوە، چوونكە (بازنەی تێگەیشتن) لە لۆژیكدا بەس نییە، ئەگەرچی پێویستە! بازنەی تێگەیشتنی لۆژیكی زنجیرەییە، بۆ نموونە، تێگەیشتن لە ژمارە یەكەوە بۆ پێنج، ئەگەر ژمارە سێ ون بێ، تێگەیشتن لە ژمارە پێنج لە ژمارە سێ دەوەستێ… كەواتە ئەگەرچی ژمارە سێ پێویستە بەڵام بۆ تێگەیشتن لە ژمارە پێنج بەس نییە!! كەواتە پرۆسەی تێگەیشتنی لۆژیكی زنجیرەییە، یەكەم دەمانداتە دەستی دووەم و دووەم سێیەم… بەڵام تێگەیشتن لە زماندا ئاسۆییە… لە بازنەی تێگەیشتنی زنجیرەیی لۆژیكی، ناشێ لۆژیك تێپەڕێنین، چوونكە لەو حاڵەتەدا خودی لۆژیك بێ مانا دەكەوێتەوە! بەڵام بازنەی تێگەیشتنی ئاسۆیی، بریتییە لە دەرككردنی عەقڵی ئەویدیكە… ئەو شێوەیە لە درككردن لای ڤیتكنشتاین پێشخستنی بیرۆكەی یارییە زمانەوانییەكانی لێدەكەوێتەوە، وەك ئەوەی زمان یارییەكی كراوەبێ لەگەڵ جیهانێكی فرە ڕەهەنددا…

ڤیتگنشتاین و میرلۆپۆنتی
(مۆریس مێرلۆ-پۆنتی) و (لۆدڤیك جۆزێف یۆهان ڤتێكنشتاین) لە گرنگترین فەیلەسوفانی سەدەی بیستەم دەژمێردرێن، هەرچەندە بەشێوەیەكی گشتی پێچەوانەی یەکترن، بەڵام لێکچوونێکی زۆریان لە نێوانیاندا هەیە، چوونكە هەردووکیان وێنەی کاتێریی عەقڵ و دەروون تێدەپەڕێنن! قسەكردن لەسەر وێنەی کارتێرییانەی عەقڵ و دەروون، قسەكردنە لە ڕۆحێک، کە لە جەستە و جەستەی زماندا شاراوەتەوە، دەرئەنجامەکانی ئەو كارەش یەکخستنی جەستە و دەروونە، لە فۆرمێکی هاوبەشی ژیاندا.
مێرلۆ-پۆنتی كار لەسەر چەمكی ئەزموون دەكات، لە کاتێکدا ڤیتكنشتاین سەرنجی لەسەر ڕەفتاری زمانەوانی تۆخ دەكاتەوە، کە بیرۆکە بەناوبانگەکەی لەبارەی یارییە زمانییەکانی لەسەر دامەزراندووە! بەم شێوەیە حەزکردنی ڤیتكنشتاین بۆ زمان زیاتر لە هێما و پێکهاتەیەك لەخۆدەگرێت، بەڵام چەمکی ئەزموونی میرلۆپۆنتی تەنیا لەڕێگای نیشتەجێبوونەوە بەردەستە- بۆ میرلۆپۆنتی ئەزموون واتە جەستە، جەستە واتە جیهان- ژیان، جیهان وەک چۆن ئەزموونی دەکەین و کارلێکی لەگەڵدا دەکەین… لە كتێبی (المرئي واللامرئي) جیهانناسی میرلۆ-پۆنتی لەڕێگای جەستەوە قسەی لێكراوە، ئەو كارلێكی جیهان و جەستە هەڵدەنێت، بە هەمان كاركردنی فینۆمینۆلۆژیستەكان بنەمایەك بۆ درككردن لەڕێگای جەستەوە دادەمەزرێنێ، پێیوایە ئەوە جەستەیە بیردەكاتەوە! بەو مانایەش ئەزموونی مرۆڤ بە ئەزموونی جەستەوە گرێ دەدات…
بەڵام بوون بۆ ڤیتكنشتاین واتە زمان و زمان واتە بوون- ژیان… ئەوەش بەو مانایە نییە، كە جیهان بوونی نییە، یان ئەزموون گرنگ نییە، بەڵكە بەو مانایەیە كە هەموو ئەو شتانەی ئەزموونی دەكەین و بیری لێدەكەینەوە، تێیدەگەین، بە بونیادی زماندا گوزەر دەكات، لە دەرەوەی زمان هیچ مانایەك نییە، بۆیە هەموو هەوڵێك بۆ تێگەیشتن لە مانا، لێكدانەوەی هەر دەقێك لە زنجیرە بێكۆتاییەكانی دەقدا ئاماژە بە دەقێكی دیكە دەكات…
كەواتە بوونی مرۆیی بە زمانەوە بەندە، یان وەك (ژاك دریدا) لە (في علم الكتابة)دا دەڵێت: ئێمە لە جیهانی مانا جێگیرەكاندا ناژین، بەڵكە لە جیهانی بەردەوامی مانا دواخراوەكاندا دەژین!… بەمجۆرە هەر یەك لە میرلۆپۆنتی و ڤیتكنشتاین قسە لەسەر پێویستی هەڵوەشانەوە و دواخستنی مانا و وێنە جێگیرەكانی جیهانی زمان و وێنەی شێواوەكانی ئەو شوێنە دەكەن، كە ئێمەی تێداین! واتە لێکۆڵینەوە لە دیاردەی هەڵوەشانەوە و دواخستنی ڕۆژانەیی و گۆڕانكارییەكان دەكەن…
مێرلۆ-پۆنتی نوێنەرایەتی چوارچێوەی بیرکردنەوەی بابەتی دەکات، بەو مانایەی كە چەمکی جیهان وەک بچووککراوە بۆ بنەڕەتیترین ئەتۆمەکانی تەماشا بكەین، کە لە پەیوەندییە هۆکارەکاندا لەگەڵ یەکتردا ڕیزکراون، ئەوەش دەبێتە تێگەیشتنی دوو هەڵوێست بە دوو ڕواڵەتی دژ بەیەک: یەكەمیان ئەزموونگەریی، کە پێیوایە ئاگایی-هۆشیاری تەنیا یەکێکە لە شتەکانی جیهان و بوونێکی فیزیکی هەیە و دەتوانرێت بچووک بکرێتەوە بۆ ئەتۆمە بنەڕەتییەکانی و ڕەفتارەکانی بەپێی یاسا ڕوون بکرێتەوە… دووەمیان ڕۆشنبیریی کە پێیوایە ئەوە ئاگایی-هۆشیارییە جیهان و جیاوازییەكانی پێکدەهێنێت. ئەوەش ئەو وێنەیەیە کە لەلایەن کارەکانی ڤیتگنشتاینەوە هەوڵی هەڵوەشانەوە و دواخستنی دەدرێت… چوونكە ڤیتكنشتاین قسە لە جیهانی زمان دەكات، بەو مانایەی كە زمان خودی ئاگایی-هۆشیارییە، ئەوە زمانە جیاوازییەكان و بەكارهێنانە جیاوازەكان نیشان دەداتەوە. كەواتە هەر لەڕێگای زمانەوە مرۆڤ ھەست بە بوون و هەبوونی خۆی و دنیا دەکات، بەردەوام خۆی دەناسێت و دنیا ناس دەكاتەوە.
لەو تێگەیشتنەوە مرۆڤ بە وشە بیردەكاتەوە، بۆیە لای ڤیتكنشتاین خودی زمان ئەو یارییەیە، کە ئەزموونی هەستیاری بۆ ئاگایی-هۆشیاری و ئەزموونی ئاگایی-هۆشیاری بۆ تێگەیشتنی جیاواز دەگۆڕێت… بەو مانایەش سیاقی كۆمەڵایەتی و كردەی عەقڵی لێكجیا دەكاتەوە و پێیوایە ڕاڤەكردنی مانای زمانەوانی بە سیاقە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەندە، نەك بە كردەی دەروونی و عەقڵییەوە! چوونكە كردەی دەروونی و عەقڵی پشتگیری لە ڕاڤەكردنی مانا زمانەوانییەكانی ناكات، بەڵكە پشتگیری لە مانای دەستەواژەكان دەكات… كەواتە ئەگەر بشێ ناو لە ژیانی (نیشانە- علامات)كان بنێین، دەبێ لە بەكارهێنانە جیاوازەكانەوە (سیاقە كۆمەڵایەتییەكان) دەستپێبكەین… هەڵە و ڕاست ئەوەیە كە خەڵك دەیڵێن، خەڵك لەسەر ئەو تێگەیشتنە پێكهاتوون، كە بەكاری دەهێنن، هەڵبەتە ئەو گونجانە مەرج نییە بە بیروڕاوە بەند بێ، بەڵكە شێوەیەكی ژیانی بەیەكەوە گونجاوی زمان و خەڵكە…

ڤیتكنشتاین/ بۆردیۆ
بەشێكی گەورەی جێكەوتەی فیكری ڤیتكنشتاین لەسەر زانستە كۆمەڵایەتییەكان، بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتار و كردار و وێناكردنیان لە پرۆسیسەكردنە كۆمەڵایەتییەكان و بۆ تێگەیشتن لە كار و مانا و تێگەیشتن لە زمان وەك تێگەیشتن لە ژیان و بەدواداچوونی ڕەخنەییانە لە چەمكی بنەما و مانا و بۆ پەیڕەوكردنی بونیادی زمانەوانی دەگەڕێتەوە. لای ڤیتكنشتاین بنەمای بوونی مرۆڤ لە زمانەوەیە، هەموو جیهانی بوون لە پانتایی بنەماكانی زماندا دەسوڕێتەوە.
لێرەوە تێگەیشتن لە دنیا، تێگەیشتنە لە كردەی ئاگایانەی زمان، تێگەیشتنە لە بنەمای زمان… ڕاڤەكردنی بنەماكانی مانای زمانەوانیش بە سیاقە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەند دەكات، نەك بە كردەی دەروونی و عەقڵییەوە! هەڵبەتە وەك گوتمان لەگەڵ میرلۆپۆنتی لە كردەی زەینی و كردەی جەستەیی بەیەك دەگەن، چوونكە وەك میرلۆپۆنتی دەڵێ بیركردنەوە لە دەرەوەی جەستە بوونی نییە، لای ڤیتكنشتاینیش بیركردنەوە لە دەرەوەی بونیادی زمان بوونی نییە، ئەوەش جیاوازی نێوان كردەی زەینی و كردەی جەستەییە، چوونكە ڕەنگە لەبارەی شتێكەوە بیربكەیتەوە كە بوونی ماددی نەبێت، بەڵام هەتا لە خەیاڵكردنیشدا هەمیشە بابەتێك بۆ بیركردنەوە هەیە!
لە كردەی جەستەییدا هەمیشە بوونی ماددی پێویستە، چوونكە هەمیشە جەستە مامەڵە لەگەڵ جەستەدا دەكات. ئەو دیدە پێچەوانەی كۆجیتۆی (ڕینیە دیكارت) وەستاوە، چوونكە ئەو پێیوابوو عەقڵ جەوهەرێكی سەربەخۆیە و جیاوازە لە ئاگایی… بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا عەقڵی ڕووتی (ئایدیالییەكان) دەتوانێ لەوەی بیری لێدەكاتەوە، جیا بكرێتەوە؟ بە دیوەكەی دیكە ئەو بیركردنەوە دژ بە (نۆمین و فینۆمین- ڕاستی وەك ئەوەی هەیە و ڕاستی وەك ئەوەی دەردەكەوێت)ی (ئیمانۆیل كانت)یش وەستاوە.
لێرەوە (پییر بۆردیۆ) بیركردنەوەی ڤیتكنشتاین لە بارەی تێگەیشتن لە بنەمای زمان، لە تیگەیشتن لە ڕەفتارە كۆمەڵایەتییەكان تیۆریزە دەكاتەوە، بەو مانایەش وەک چۆن زمان بە بڕوای ڤیتگنشتاین دۆخێکی دەروونی و عەقڵی نییە، کە واقیع وێنا بکاتەوە، بەڵكە دۆخێكی كۆمەڵایەتی هەیە. بۆردیۆیش پێیوایە پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکان دەرئەنجامی پرۆسەی دەروونی و عەقڵی نین، بەڵكە هەمیشە ڕەفتارە كۆمەڵایەتییەكان لەڕێگای شێوازی بەکارهێنانەوە پشتڕاست دەكرێنەوە.
كەواتە ئەو وێنە دەروونی و عەقڵییەی دەتوانێت وەک پێوەرێک خزمەتی دۆخە كۆمەڵایەتییەكان بکات، شتێکی بێمانایە! وەك دەزانین پێوانەكردنی یاساکانیش لەسەر بنەمای کۆدەنگی دامەزراوە. بۆیە ڤیتكنشتاین دەڵێت: ڕاست و هەڵە ئەوەیە کە مرۆڤ دەیڵێت؛ مرۆڤەکان لەسەر ئەو زمانەی کە بەکاریدەهێنن ڕێکدەکەون. ئەوەش کۆدەنگی بۆچوونەکان نییە، بەڵکو کۆدەنگییە لە فۆرمێکی ژیاندا. (مجلة حكمة: بورديو قارئاً فتغنشتاين- د. حسن احجيج، مترجم وأكاديمي مغربي- 20/11/2016- ئینتەرنێت).
هەڵبەتە یەكێك لە داهێنراوەكانی بۆردیۆ چەمكی (هاپیتوس)ە، وەك خودێكی بەرجەستەکراو، كە لە جەستە پێکهاتووە، ئەگەرچی لە گریمانە دەروونییەکانیش پێکهاتووە، بەڵام لە كۆی ئەو شتە دەروونییانەی کە دەكەونە دەرەوەی مەبەست و نائاگایی و عەقڵی پەتییەوە! بەو مانایەش دەروونی لەبیركراو بەشێکە لە هۆشیاریی هاپیتۆس، هاپیتۆس ئاگایی-هۆشیارییەكی نائیرادییە و تەعبیر لە جۆرێک ئازادیی نائاگایی یان نیمچە هۆشیاری دەكات، لەوێشەوە (مرۆڤەكان) بەهۆی لەبیرچوونەوەیان پێیانوایە بنەمای تێڕوانینەکانیان بۆ کۆمەڵگا سرووشتی دەكەوێتەوە. لێرەوە بۆردیۆ دەڵێت: بڕیاری باوەڕکردن ناتوانێت سەرکەوتوو بێت، مەگەر بڕیاری لەبیرکردنی لەگەڵدا نەبێت… بڕوانە: (ه.س.پ).
بەڵام دواجار بۆردیۆ ئەو چەمکەی هەڵوەشاندەوە، ئەو چەمكەی كە ڕاستەوخۆ پشت بە کردارە دەروونییەکان دەبەستن، ئەو كردارانەی كە لەنێو سەری (تاکەکان)دا ڕوودەدەن و بەرەو ئامانجە عەقڵانیەکان دەكرێنەوە و لەلایەن بوونە دەروونییەکان وەک ڕێساکان، یان سوودمەندییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن، بەو مانایە چەمكی هاپیتۆس وەرچەرخانە لە کردەوەی مەبەستدارەوە بۆ یاسا و ستانداردە کۆمەڵایەتییە لەبیركراوەكان، داننانە بەوەی كە ڕەفتارەكان وەك وشەكان نازانن چی دەکەن، نازانن ئەوەی دەیکەن مانای زیاتری هەیە، لەوەی دەیزانن (ه.س.پ).
لێرەوە دەگەینە ئەوەی وەك چۆن بنەمایەکی زاڵ نییە، کە پراکتیکی زمانەوانی بەڕێوە ببات… لە پراکتیکە کۆمەڵایەتییەکانیشدا بنەمایەكی ڕەها بۆ: چی دەکەین یان چی دەڵێین نییە. ئیتر بۆردیۆ ڕەتیدەکاتەوە بەدوای بنەمایەكی ڕەهادا بگەڕێت، کە توانای ڕوونکردنەوەی ڕەفتارە كۆمەڵایەتییەكانی هەبێت. وەک چۆن ڤیتگنشتاین جگە لە پراکتیک هیچی دیکەی بۆ پاساوهێنانەوە بۆ مانا و حوکمڕانی زمان نەدۆزییەوە، بە هەمان شێوەش بۆردیۆ جگە لە پراکتیک هیچی دیکەی بۆ پاساوهێنانەوە وەك زەمینەیەکی تۆکمە کە لەسەر بنەمای ڕوونکردنەوەیەکی گونجاو، بشێ ژیانی کۆمەڵایەتی بونیاد بنێت، نەدۆزییەوە. بەو مانایەش ژیان پاساوی نییە.
كەواتە پراکتیک دەكەوێتە دەرەوەی پاساوهێنانەوە و مەبەستێكی دیاریكراوەوە یان عەقڵانییەتێکی تایبەتمەندەوە. بەڵكە پراکتیک سازشێکی بەردەوامە لەنێوان بواری كۆمەڵایەتی و هاپیتۆسدا… لێرەوە پراکتیک بریتییە لە تێگەیشتن لە لۆژیکی هەموو کردارە عەقڵانییەکان بەبێ ئەوەی بەرهەمی پلانێکی بیرلێکراوەی پاساودار و مەبەستدار بێت، یان وردتر حیساباتی عەقڵانی بۆ بكرێت؛ بەبێ ئەوەی لە مەبەستێكی یەکگرتوویی و لە بڕیارێکی هۆشیارەوە سەرچاوە بگرێت؛ بەڵكە ئەو کردارانەن کە لەگەڵ دواخستن و داهاتوودا دەگونجێن، بەبێ ئەوەی بەرهەمی پڕۆژەیەک، یان پلانێک بن. لێرەوە ڕەتکردنەوەی چەمکی جەوهەریی بنەمای ڕەها لای بۆردیۆ ڕەتكردنەوەی ئەنترۆپۆلۆژی و نۆرمی ئۆرتۆدۆکسییە، كە هەمیشە لە پراکتیزە کۆمەڵایەتییەکاندا شکست دەهێنێت.

هەولێر 31/7/2025
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە فەلسەفەدا وەک ئامرازێک بۆ بەردەوامبوونی داهێنان و گەشەپێدان.. و. لە عەرەبیەوە: یاسین لەتێف

‏نووسینی: د. زهیر الخویلدی

‏(خەیاڵ لاسایی دەکاتەوە ، ڕۆحی ڕەخنەگرانەش داهێنان بەرجەستە دەکات) – ئۆسکار وایڵد

‏‏بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پایەیەکی بنەڕەتیە لە فەلسەفەدا، تیشک دەخاتە سەر شیکاری سیستماتیکی و عەقڵانی بیرۆکە و بیروباوەڕ و ئارگیومێنتەکان بۆ گەیشتن بە ئەنجام گەلێکی دراسەکراو . بیرکردنەوەی ڕەخنەیی شیکاری تێدەپەڕێنێت و ئامانجی ئەوەیە ئارگیومێنتەکان هەڵسەنگێنێت و لایەنگری ئاشکرا بکات . بەهێز کردنی پرسارەکان و بەردەوامیپێدان سەبارەت بە ڕاستی و مەعریفە لـەم سەردەمی هاوچەرخەماندا، لەگەڵ زیادبوونی زانیاری چەواشەکارانەی میدیا و ئاڵۆزی تەکنەلۆژی و ئاڵانگاری ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی . بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بووەتە ئامرازێکی زیندوی ئاوات و ئامانجی فەلسەفە بۆ داڕشتنی هۆشیارییەکی بەکۆمەڵ و دادپەروەر و ڕۆشنگەر. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە ئاشکراکردنی بیرکرنەوەی ڕەخنەییە وەکو میتۆدێکی فەلسەفی ئامانجدار ، لە ڕێگەی بنەما تیۆرەکان و گەشەسەندنی مێژوویی و ڕۆڵی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵانگاریەکانی هاوچەرخدا، ئەویش بە گرنگیدان بە چۆنیەتی بەشداریکردن لە بەرزکردنەوەو چاکسازی لە تێگەیشتن و بەرپرسیارێتی فیکری.

بنەما فەلسەفیەکانی بیری ڕەخنەیی
‏بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لەسەر بنەماکانی عەقڵانیەت و لۆژیک و پرسیارکردنی سیستماتیک دامەزراوە.یەکێک لە چەمکە سەرەکیەکان “شیکاری لۆژیکی”یە، کە گرنگی بە هەڵسەنگاندنی ئارگیومێنتەکان دەدات بە پشتبەستن بە هێزی لۆژیکی و دروستی پێشمەرجەکانیان.ئەرستۆ لە ساڵی (٣٨٤-٣٢٢ پێش زایین) لە ڕێگەی کتێبەکەی ئۆرگانۆنەوە بناغەکانی لۆژیکی وێنەیی (فۆرماڵی) بەرجەستە کردووە، کە یاسا دروستەکانی ئیستدلالکردنی داناوە ، هەروەها لە سەردەمی نوێدا فەیلەسوفانی وەک جۆن دیوی (١٨٥٩-١٩٥٢) چەمکی ” تێڕامانی بیرکردنەوە “یان پەرەپێدا کە تیشک دەخاتە سەر پرسیارکردنی بەردەوام و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای شیکار و ئەزموون. چەمکێکی دیکەی گرنگ بریتییە لە “ڕەخنەگرتن لە خود” کە داوای گومانکردن لە بیروباوەڕە کەسیەکان وگریمانەکان دەکات. ئیمانوێل کانت (١٧٢٤-١٨٠٤) پێیوابوو کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پێویستی بە “بوێری مەعریفە ” هەیە واتە بەکارهێنانی عەقڵ بە شێوەیەکی سەربەخۆ بۆ ئاڵانگاری بیرۆکە پێشوەختەکان. هەروەها بیرکردنەوەی ڕەخنەیی جەخت لەسەر ئاشکراکردنی لایەنگریەکانی مەعریفە دەکاتەوە . وەکو لایەنگری پشتڕاستکردنەوە کەوا دەکات تاکەکان تەنها ئەو زانیاریانە قبوڵ بکەن کە لەگەڵ بیروباوەڕەکانی پێشوویاندا هاوتەریبن.

گەشەسەندنی مێژوویی بیری ڕەخنەیی
‏بیری ڕەخنەیی ڕەگ و ڕیشەی لە نەریتە فەلسەفییە کۆنەکاندا داکوتاوە. لە یۆنانی کۆندا سوکرات (٤٧٠-٣٩٩ پ.ز) شێوازی پرسیارکردنی ڕەخنەیی بەکارهێناوە، داوای لە دیبەیتکەران کرد لە ڕێگەی پرسیاری یەک لە دوای یەکەوە ناکۆکی بیروباوەڕەکانیان ئاشکرا بکەن . لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا فەیلەسوفەکانی وەک تۆماس ئەکوینی (١٢٢٥-١٢٧٤) سەرنجیان لەسەر ئاشتکردنەوەی عەقڵ و ئیمان بوو کە بەشداری کرد لە پەرەسەندنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە چوارچێوەی ئایندا. لەگەڵ سەردەمی ڕۆشنگەری بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بوو بە ئامرازێکی ناوەند بۆ ئاڵانگاری دەسەڵاتە نەریتیەکان. کانت لە کتێبی (ڕەخنە گردن لە عەقڵی پاک) چوارچێوەیەکی بۆ پشکنینی سنووری زانستی مرۆڤ داڕشت ، هەروەها جەختیکردەوە لەسەر گرنگی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە بنیاتنانی مەعریفەدا . لە سەدەی بیستەم قوتابخانەی فرانکفۆرت پەڕەیسەند بە سەرۆکایەتی ماکس هۆرکهایمەر و تیۆدۆر ئەدۆرنۆ . تیۆری ڕەخنەیی سەرنجی لەسەر ڕەخنەگرتن لە ئایدۆلۆژیا و دەسەڵات بوو، بازنەی بیری ڕەخنەیی فراوانترکرد تاکو پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانیشی گردەوە . لە دەیەکانی ڕابردوودا پێشکەوتنەکانی پەروەردە و دەروونناسی بەشداریان کردووە لە قوڵبونەوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی. فەیلەسوفانی وەک (ڕیچارد بول و جۆن دیوی) سەرنجیان لەسەر پراکتیک کردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بوو لە مەڕ پەروەردە ئەوان ئاماژەیاندا بە گرنگی پێشخستنی بیرکردنەوەی سەربەخۆ و دیموکراسی.

بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئاڵانگاری هاوچەرخ
‏لە سەردەمی هاوچەرخدا بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە کە لە ئەنجامی چەواشەکاری میدیا و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و ئاڵۆزیە کۆمەڵایەتیەکانەوە سەرهەڵدەدەن . یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکان زانیاری هەڵەیە لە فەزای دیجیتاڵیدا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا . بیرکردنەوەی ڕەخنەیی دەبێتە ئامرازێکی پێویست بۆ هەڵسەنگاندنی متمانەپێکراوی زانیاری . فەیلەسوفانی وەک (لوسیانۆ فلۆریدی) پێشنیاری بەکارهێنانی ئەخلاقی زانیاری دەکەن بۆ پەروەردەکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لە فەزای دیجیتاڵی لە چوارچێوەی زیرەکی دەستکرددا . بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە کە پەیوەستە بە هەڵسەنگاندنی ئەو بڕیارانەوە کە لەلایەن ئامێرەکانەوە دەدرێن بۆ نموونە چۆن تاکەکان دەتوانن بەرهەمەکانی زیرەکی دەستکرد هەڵسەنگێنن ئەگەر پشت بە خوارزمیاتە (ئەلگۆریتمەکان) ناشەفافەکان ببەستێت؟ . فەیلەسوفانی وەک (نیک بۆسترۆم)دەڵێن بیرکردنەوەی ڕەخنەیی پێویستە بۆ تێگەیشتن لەو مەترسییە بوونگەرایانەی کە زیرەکی دەستکردی پێشکەوتوو دروستی دەکەن لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتیدا، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەشدارە لە ڕوبەڕوبوونەوەی لایەنگریە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان،
‏ بۆ نموونە تیۆری ڕەگەزی ڕەخنەیی ئامرازەکانی بیری ڕەخنەیی بەکاردەهێنێت بۆ شیکردنەوەی جیاکاری ڕەگەزی و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان وەک لە کارەکانی کیمبەرلی کرێنشاولەسەرئینتەرسێکشناڵیتی(التقاطعیة) یان یەکتربڕەکان .

بیری ڕەخنەیی و خواستەکانی بیری فەلسەفی
‏بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە ڕێگەی دابینکردنی ئامرازەکانەوە بەشدارە لە بەدیهێنانی خواستەکانی فەلسەفە بۆ شیکردنەوەی بیرۆکەکان و بەرەوپێشبردنی بەرپرسیارێتی فیکری ، ‏لە کارلێکی لەگەڵ ئیپستمۆلۆژیا (لە هەڵسەنگاندنی مەعریفە) و ئیتیک (لە شیکردنەوەی بڕیارە ئەخلاقیەکان) و بیری کۆمەڵایەتی ڕەخنەگرانە (لە ڕەخنەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان) . ئەم بیرکردنەوە چوارچێوەیەکی نەرم و نیان دابین دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە هاوچەرخەکان ، بۆ نموونە یارمەتی پەرەپێدانی ئەخلاقی زانیاری دەدات لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی داتا متمانەپێکراوەکان بۆ پێشخستنی بیرکردنەوەی سەربەخۆ لە پەروەردەدا ، جگە لەوەش بیری ڕەخنەیی تەحەدای فەلسەفە دەکات کە زیاتر پەیوەست بێت بە واقیعی بژێویەوە ،جا چ بە ڕووبەڕووبوونەوەی چەواشەکاری میدیایی بێت یان پێشخستنی گفتوگۆی دیموکراسی ، ئەمە بانگهێشتێکە بۆ بیرکردنەوە لە فەلسەفە وەک پراکتیکێکی زیندوو کە ئامانجی ئەوەیە تاکەکان بتوانن لە جیهانێکی ئاڵۆزدا بڕیاری ڕۆشنگەری بدەن (ئەنجام)
‏بیرکردنەوەی ڕەخنەیی وەک پایەی بنەڕەتی فەلسەفەی هاوچەرخ دەمێنێتەوە و ئەو ئامرازەکان دابین دەکات بۆ شیکردنەوەی بیرۆکەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە فیکری و کۆمەڵایەتییەکان ، لە سۆکراتەوە تا کانت و هۆرکهایمەر، ئەم بیرکردنەوە پەرەی سەندووە بۆ ئەوەی بەرەوڕووی ئاڵانگاریەکانی ئەم سەردەمە ببێتەوە، لە چەواشەکاری میدیاوە تا زیرەکی دەستکرد و دادپەروەری کۆمەڵایەتی . لە ڕێگەی ئەم باسەوە بۆمان دەردەکەوێت کە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تەنها ئامرازێکی شیکاری نییە، بەڵکو میتۆدێکی داهێنەرانەیە کە بەشداری لە خواستەکانی فەلسەفەدا دەکات . دواجار ئاراستەکردنی بەرەو بنیاتنانی هۆشیارییەکی دادپەروەرانەی بەکۆمەڵ و ڕۆشنگەر . چۆن دەتوانرێت بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە فەلسەفەدا بە شێوەیەک پراکتیزە بکرێت کە سوودی بۆ مرۆڤایەتی هەبێت؟ .

‏ن . د زهیر الخویلدی بەرواری ٢٨/ ٨/ ٢٠٢٥
‏سەرچاوە … سایتی انفاس نت




ژیانی پەناهەندەی عیراقی لە رۆمانێکدا.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا


خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی(عیراقییەک لە پاریس) ی ساموێل شەمعون

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

یەکێک لە رۆماننووسە جوانەکانی عیراق( سەموێل شەمعون)ە، ئەم نووسەرە عیراقییە کە مەسیحییە و ماوەی چەندین ساڵە لە فەرەنسا دەژی، دەچێتە قاڵبی ئەو رۆماننووسە عیراقییانەی، کە بە(رۆماننووسی نوێی عیراق) وەسف دەکرێن. یەکێک لە کارە جوانەکانی، رۆمانی (عیراقییەک لە پاریس)ە ، کە لە ساڵی 2005 لە بەیروت چاپ بووە، ئەم رۆمانە بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەکان وەرگێڕدراوە و ( سەباح ئیسماعیل)، کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی رۆشنبیریی و هونەریی ئەندێشە، ساڵی 2014 چاپی کردووە.
بەداخەوە ژیانی گەلانی عیراق، هاتنی بەعسییەکان و ساڵانی حوکمڕانی (سەدام حسێن)، بووە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵکی بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی، وڵات بەجێبهێڵن و ئاوارەی وڵاتانی جیهان بن. لەمەشدا ژیانی پەنابەرانی عیراق، هیچ جیاوازی لەگەڵ گەلانی تر نەبووە و پڕیەتی لە حیکایەتی تراژیدیی. خۆشبەختانە ئێستا، بەشێکی زۆری رۆماننووسە عیراقییەکان، لە رێگەی رۆمانەکانیانەوە، توانیوویانە، بەشێک لەو حیکایەتە زۆرانەی پەنابەرانی عیراقی بگێڕنەوە.

لە نامەیەکدا نووسەر بۆ وەرگێڕی کتێبەکە، کە لە سەرەتای کتێبەکەدا بڵاوکراوەتەوە، لەبارەی رۆمانەکەوە دەڵێت:

«لێــت پرســیوم داخــۆ(عیراقییــەك لــە پاریــس) ژیاننامەیــە، یاخــود زادەی خەیاڵــە؟ دەخــوازم پێــت بڵێــم، بەڵــێ، ژیاننامەیەكــی رووتــە. مــن تێیــدا ویســتوومە وەســفی ئــەو ئەشــكەنجەیەی بەدەســت پیاوانــی پۆلیســی عەرەبـەوە، بەتایبـەت لـە سـوریا، ئـەردەن، لوبنـان و شـوێنانی تـر، كـە نـاوم نەهێنــاون، چەشــتوومە، هێــور بكەمــەوە. هەروەهــا لــە پەســنی ئــەو ژیانــە قورســەی كارەكتــەر لــە ئاوارەیــی لــە شــەقامەكانی پاریســدا لــەو زســتانە ســاردانەدا تێیــدا ژیــاوم، ســووك بکەم..ل11»

جیهانی عەرەبی گۆڕستانێکی گەورەیە

(جوبی کیکا)مەسیحییەکی خەڵکی حەبانییەیە، کەسێکی هونەرمەندە و عاشقی سینەمایە، خەونی گەیشتن بە هۆڵیود، ناچاری دەکات ساڵی 1979 عیراق بەجێبهێڵێت، سەرەتا کۆچ بۆ سوریا دەکات، لێرەشەوە، وەسفێکی گشتی کۆچەرانی عیراقی لە سوریا کردووە لە ساڵانی هەشتاکاندا. پاش هەفتەیەک لە سوریا، بە تۆمەتی سیخوڕیی دەستگیر دەکرێت و لە زیندان زۆر ئازاری دەدەن. نووسەر توانیویەتی وەسفێکی گشتی رەوشی زیندانەکانی سوریا بکات و مامەڵەی نامرۆڤانەی ئەو رژێمە دەربخات. تراژیدیای (جوبی) بەمە تەواو نابێت، کاتێک دەگاتە پاریس، رەوشی ژیانی ئاوارە عیراقییەکان و عەرەب و خۆرهەڵات لەم وڵاتەدا باس دەکات، نووسەر توانیوویەتی بەوپەڕی راستگۆییەوە باسی رەوشی پەنابەران بکات.

(ژیانی بێ خانە و لانە، نەک هەر کارێکی قورس بوو، بگرە کارێکی زۆر تاقەت پروکێنیش بوو. ل.101)

بە حوکمی ئەوەی خۆم ماوەیەک لە فەرەنسا ژیاوم، ئاگاداری رەوشی ناخۆشی پەنابەرانم. ئەم وڵاتە لەچاو وڵاتانی تری ئەوروپییدا، هیچ مافی پەنابەری نەدەدا بە پەنابەر، بەتایبەتی لە ساڵانی هەشتا و نەوەدەکاندا، پەنابەر هیچ مافێکی نەبوو، هەربۆیە زۆر کەم کورد و خەڵکانی خۆرهەڵات، لەم وڵاتەدا دەمانەوە، چونکە رەوشی ژیانی پەنابەران زۆر خراپ بوو، حکومەت هیچ هاوکاریی نەدەکردن، ئەگەر کەسێک یان هاوڕێیەکی دڵسۆزت نەبوایە، ئەوا لەسەر شەقامەکان دەکەوتیت و کەس لای لێ نەدەکردیتەوە. لێرەشدا نووسەری ئەم رۆمانە، زۆر بە جوانی وەسفی ژیانی پەنابەرانی کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی لە ساڵانی هەشتاکاندا روویان لە فەرەنسا کردوو.

(ئەگەر بۆ چەند ساڵێک لە شەقامەکانی پاریسدا بژیت، ئەوا دەشێت لەگەڵ خودا خۆیدا رووبەڕوو ببیتەوە.ل 169)

جگە لە ژیانی پەنابەران، نووسەر توانیوویەتی لایەکیش لە ژیانی مەسیحییەکانی عیراق بکاتەوە، لەهەمانکاتیشدا تیشکێک بخاتە سەر کەلتوری ئاشوورییەکانی عیراق، هەروەها بە توندییش رەخنە لە رژێمە دیکتاتۆرەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێت.




بۆچی پێویستییمان بە بیركردنەوەی ڕەخنەگرانەیە؟.. نووسینی: سامی المالح

ئێمە هەموومان وەكو مرۆڤ، لە دایك دەبین و هەموو ڕۆژێك لە ژیانماندا فێر دەبین و ساڵانێكی درێژ دەخوێنین و هەر یەكەمان لە پسپۆڕییەك یان بوارێكی دیاریكراودا تایبەتمەندو شارەزا دەبین. بە بێ لەبەرچاوگرتنی پسپۆڕی و تایبەتمەندییەكانیشمان، پزیشك، سەرباز، بازرگان، مامۆستا، ئەندازیار، جوتیار، ئابووریناس و…تاد، هەر یەكێك لە ئێمە لە هەموو ژیانیدا وهەر لە كاتی لە دایكبوونییەوە، مامەڵە لەگەڵ بڕێكی بێ ئەندازە زۆر لە زانیارییەكان و داتاكان و زانستەكان و بەهاكاندا دەكات و دەیانخاتە خزمەتی ئەنجامدانی كارو ئەرك و پەیوەندییەكانی لەگەڵ خەڵكی ناو كۆمەڵگە. لەبەرئەوەی ژیان بەردەوامەو ڕاناوەستێت، پەیوەندی مرۆڤ بە زانست و زانیاری و ئەزموون و بەهاكانی جێگیرو سەقامگیر نییە، بەڵكو لە گۆڕان و پەرەسەندنێكی بەردەوامدایە، ئەمەش پێویستیی بە هەڵسەنگاندن ونرخاندنی بەردەوام و وردەكاری هەیە.
ئێمە كە دەژین، بە تایبەتی لەم سەردەمەی ئێستامان، لە جیهانێكداین زانیارییەكان و پێدراوە نوێیەكان و پیادەكارییەكان لە هەموو بارەكانی ژیاندا بێ ڕاوەستان لە هورژمدان و لە بەرفراوانبوونی خێرادان. هەموو ئەمانە پەیوەندیی زانستی و مەعریفیی نوێ دەخوڵقێنن و وا لە مرۆڤ دەكەن، پسپۆڕی وئاستەكەی هەرچییەك بێت، لە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورەدا بێت، چونکە هەمیشە پێویستیی بە دڵنیابوون لە زانیارییەكان و وردبینیی داتاكان و بیركردنەوەی ڕژد لە ڕووی ڕاستگۆیی و كاریگەرییەكانی و ئەنجامەكان هەیە، كاتێك ئەم تاکە، یان كەسێكی دیكە، بۆ دەستنیشان كردنی هەڵوێستێك و وەرگرتنی بڕیارێك پشتی پێ دەبەستن.
مرۆڤ لە جیهانی ئەمڕۆدا پێویستییەكی زۆری بە تێڕامان و بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە هەیە، لەبەرئەوەی هەمیشە ناچارە پەنا بباتە بەر هەڵبژاردن و وەرگرتنی بڕیارەكان. لە پێناو بژاردەی درووست و وەرگرتنی بڕیاری ڕاستیش پێویستیی بە متمانەكردن بە سەرچاوەكان و وردبینی كردن و شیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتییانە و بەرئەنجامگیری هەیە. بۆیە توانای سەربەخۆیی لە بڕیار و هەڵسەنگاندن لە كاتی چارەسەركردنی كێشەكان و وەرگرتنی بڕیارەكان بۆتە پێویستییەكی هەرە لە پێشی هێنانەدیی پێشكەوتن و سەركەوتن و گەیشتن بە ئامانجەكان.
بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە ئەرك و سوودی گرنگی لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵەكان هەیە، لەوانەش:
• یارمەتیی وەرگرتنی بڕیارە دروستەكان و كەمكردنەوەی هەڵەكان دەدات، چونكە دەكرێ هەڵە چاوەڕوانكراوەكان دەستنیشان بكات و توانای خۆلادانیشی لێیان هەیە.
• زیادبوونی دەرفەتی سەركەوتن لە كار و پەیوەندییە كەسییەكان و كۆمەڵایەتییەكان.
• بەهێزكردنی توانا عەقڵییە هزرییەكان و پەرەپێدانی یادگەو جەختكردنەوە، ئەوەش لە میانی كۆشش و تەقەللادان لەسەر فێربوونی بەردەوام و پەرەپێدانی زانستی و مەعریفی.

ڕێگەی بەرەو نوێسازی و داهێنان
پێویستبوون بە بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە، تەنها لەسەر وردبینیی زانیارییەكان و داتاكان و متمانەكردن بە سەرچاوەكان ڕانەوەستاوە، بەڵكو بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە بۆتە پێداویستییەكی هەنووكەیی زۆر گرنگ بۆ پەرەپێدانی لێهاتووییە تیۆرییەكان و پیادەكارییەكان و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ژیان و بینینی شتەکان لە جووڵەیان و گۆڕانكاریی بەردەوامی پەرەسەندنیان و بەدەستهێنانی كارامەییە پێویستەكانی بەدواداچوونیان وهەڵسەنگاندنیان و لە ئەنجامیشدا وەرگرتنی هەڵوێست، ئەمەش زانستەكان و تەكنەلۆژیا و خێرایی لە هەمەجۆربوونی گۆڕانكارییە ئابوورییەكان و پزیشكی و پیشەسازیی دەرمان و گەیاندن و پەیوەندیكردن و گۆڕانكارییە سیاسییەكان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و بەهاكانیش دەگرێتەوە.
لەگەڵ ئەم هەموو پەرەسەندنانە لە سەرجەم بوارەكانی ژیان و كۆمەڵگە، خەریكە ڕاگەیاندن و وردبینی و هەڵوێستە ڕەخنەییەكان، پێگەی دیار و بەرچاو و ئەركی گرنگ و هەمەلایەنەیان ببێت، لە گەڕان و كۆكردنەوەی زانیارییەكان، چاودێری، دۆزینەوە، تیشك خستنەسەر واقیع و وردبینی كردنی، بەمەش ڕاگەیاندن دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بەدەستهێناوە ، بە شێوەیێک كە ئەمڕۆكە بە دەسەڵاتی چوارەم ناودەنرێت. بۆیە دەبینین كە توانای بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە بۆتە ئامانجێك لە ئامانجە بنەڕەتییەكانی فێركردن و پەروەردە و بە تایبەتی خوێندنی زانكۆیی لەو وڵاتانەی كە سوورن لەسەر بواری پەروەردەی ڕاستەقینە ومۆدێرن و بایەخ بە سەقامگیری و پەرەسەندن و گەشەسەندنی بەردەوامی دەدەن.
ژیانی ئێمەی مرۆڤ سەپێندراو و دیاریكراو و جێگیر نییە، بەڵكو لە گۆڕاندایە و شایانی پەرەسەندن و باشتركردنیشە، ئەمەش پەیوەستە بە بیركردنەوەو پەرەپێدانی زانست و زانیارییەكانمان و پیادەكردنە كردارییەكانیان لە هەموو بوارەكاندا، ئەو پەرەسەندنەی كە پێویستیی بە تێڕامان و بیركردنەوەی عاقڵمەندانە و ئامانجدار هەیە، بیركردنەوەی ڕەخنەگرانەش بە تایبەتی وەكو رێگەیەكی مامەڵەكردن و وەرگرتنی بڕیارەكانە لە هەموو داتاكان و گریمانەكان و تیۆرەكان و شتە بەڵگەنەویست و باوەڕییەكان، بە مەبەستی باشتركردن و پەرەپێدانیان. بەمەشێوەیە بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە بریتییە لە ڕێگەی بەرەو نوێسازی و داهێنان، ئەو ڕێگەیەی كە لە پرسیار و گومان دەست پێ دەكات و دەبێتە مایەی هەڵسەنگاندنی كارەكان و دەرئەنجامیش وەرگرتنی بڕیارە دروستەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر هەموو ئاستەكان.
دەتوانین ئامانجی بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە بەم جۆرەی خوارەوە دەستنیشان بکەین:

  1. خوڵقاندن ، یان دۆزینەوەی بژاردەی زیاتری كرداری.
  2. خوڵقاندن و دۆزینەوەی بەرئەنجامگیریی مسۆگەرو ئارامتر.
  3. ڕوونی لە ئەنجامەكان و دەرئەنجامە چاوەڕوانكراوەكان.
  4. ڕەنگدانەوە و بەرجەستەكردنی هەمەچەشنەیی.
    پێویستە ئەم بوارە زیندوو و سەرەكییانە بخرێنە بەر گفتوگۆ، نەخاسمە كە ئێمە ئەمڕۆ لەسەردەمی زانیارییەكان و پەرەسەندنی تەكنەلۆژیا و ململانێ و كێبڕكێدا دەژین، لە جیهانێك كە ڕووبەڕووی كێشەی گەردوونیی گرنگ دەبێتەوەو هەڕەشە لە تەواوی چارەنووس و ئایندەی مرۆڤایەتیی سەر هەسارەكەمان دەكات، لەوانە كێشەی گۆڕانكارییە كەشوهەواییە پەیوەستەكان بە شێوازی بەرهەمهێنان و ژیان، كێشەكانی ئاو و وشكەساڵی، كێشەی هەژاری و جیاوازیی بژێوی كە لە ناو زۆربەی هەرە زۆری گەلان و هەژاران و نێوان ئەو دەوڵەمەندانەی ڕۆژانە دەوڵەمەندتر دەبن زیاتر دەبێت و كێشەی جەنگ و ململانێی سەربازیی نێوان جەمسەرە ململانێكارەكان و ئەوانەی عەمباری تۆقێنەری چەكی ئەتۆمیی كاولكەریان هەیە، سەرباری هەڕەشەكانی پەرەسەندنی زیرەكیی دەستكرد كە خەریكە ئێستا لە هەموو شوێنێك لە دەرگاكان دەدات. زێدەباری هەموو ئەمانە بەرەنگاربوونەوەی بانگەشەو ڕاگەیاندنی بەرەڵڵا و نا بەرپرس و بڵاوكردنەوەی زانیاری و داتا و بەڵگە ساختەكان و فێڵ و فریودان و تەڵەكەبازی و بەزاندنی سنووری تایبەتمەندییەكان.

نووسینی – سامی المالح




تکایە، خاسی مەکەن، با خراپتر نەبێت! /٤.. ئاکۆ مارانی

ئاکۆ مارانی
٢٥/٠٨/٢٠٢٥
ڎ ، ۋ ، ڼ ، ۊ ، ې (فۆن) یان (ئەلەفۆن)؟

٤.
/ۊ/ ئۊ (بۆرە) 1 ü : یەکێکە لە فۆنێمە تاییبەتەکانی ئاخاوتنی هۆرامی و لە سەرتاسەی ناوچەکانی هۆرامان و لەنێو گشت دیالێکت و بنەدیالێکتە هۆرامییەکان واتای جووتواژەکان* دەگۆڕێت و لە یەکدی جیادەکاتەوە، بەتاییبەت :

  • لە کۆتایی گشت کردارە ڕانەبوردوو و داهاتوەکان (کردارە یەکجارەکییەکان) بۆ سێیەم کەسی تاک :..

بۆ خوێندنەوەی درێژەی بابەت کلیکی ئێرەبکەن..




دۆست و هاوڕێی باش گەوهەرە.. سامان خدر

مرۆڤ هەمیشە لەژیانی دا بەدۆخی سەخت و ناخۆش تێدە پەڕێت، هەمیشە لەكاتی سەختی و ناخۆشیدا دۆست و هاوڕێی باشی بۆ بەدیار دەكەوێت و بۆی ڕۆن دەبێتەوە، كێ دۆست و هاوڕێی تەنگانەیە.
هەربۆیە پێویستە مرۆڤ ئەو دۆست و هاوڕێ باشانەی لەكاتی ناخۆشی و تەنگانە بەكەلكی دێن ،لەدەستیان نەدات و هەمیشە لەگەڵیان بێت.

دۆست و هاوڕێی باش ئەو کەسەیە کە دەتوانرێت متمانەی پێ بکرێت و هەموو هەست و حاڵەت و هەست و سۆزێکی دەروونی کە تاکێک ڕەنگە لە کەسانی دیکە بیشارێتەوە، بۆی ئاشکرا بکرێت، تەنها ئەوە نەبێت کە بە هاوڕێ و دۆستی، باسیان دەکات، بە هیوای بەدەستهێنانی پشتیوانی و ئامۆژگاری.

مرۆڤ ناتوانێت بە تەنیا بژی، بەڵکو پێویستی بە گروپێکە بۆ ئەوەی تێیدا بژی، مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە کۆمەڵێک کەسی تایبەت هەیە کە لە باقی کۆمەڵگاکە لێی نزیکتر بن، و زۆرترینیان گرنگ لەم گروپانە خێزان یان ئەندامانی خێزان و هاوڕێیان.

هەروەها بۆئەوەی دۆستایەتیی لە نێوان هەردوولا بەردەوام بێت، دەبێت لەسەر چەند ئەخلاق و بەهایەکی وەک دڵسۆزی، ڕاستگۆیی، خۆشەویستی، هاوکاری، و قوربانیدان بێت کە یەکێکە لە پایە گرنگەکانی.

هاوڕێ و دۆستی باش گەنجینەیەکی زۆر گەورەیە، كەوا هەموكەسێك نیەتی و زۆرێك بەداخەوە لێی بێ بەشن و زۆرێكیش بەداخەوە قەدری نازانن.

هەروەها باشترین شت کە یارمەتی مرۆڤ دەدات لە ژیانیدا، دۆزینەوەی دۆست و هاوڕێی دڵسۆز، و بۆ ئەم شتەش باشترین یارمەتیدەر بێت بۆی بەسەر سەختییەکانی ژیاندا، لەگەڵیدا بەشداری لە خۆشی و دڵتەنگیدا بکات، و لێی نزیک بکاتەوە لە خودا و کردەوەی چاکە، و دووری بخەرەوە لە هەموو شتێک کە زیانی پێدەگەیەنێت.
دۆست و هاوڕێی باش ئەو کەسەیە کە وادەکات هەست بکەیت وەک ئەوەی لەگەڵ خۆتدا دانیشتوویت، وە بیری خراپت لێ ناکاتەوە، بۆیە ئەگەر هەڵەیەکت کرد خێرا لێت خۆش دەبێت، و بە دوای بیانوودا دەگەڕێت بۆت، ئەو کەسەیە کە وادەکات هەست بکەیت وەک ئەوەی لەگەڵ خۆتدا دانیشتوویت، وە بیری خراپت لێ ناکاتەوە، بۆیە ئەگەر هەڵەیەکت کرد خێرا لێت خۆش دەبێت، و بە دوای بیانوودا دەگەڕێت بۆت، ئەویش ئاواتەخوازە بۆ خۆی.ئەو ئەو کەسەیە کە ئامۆژگاریت دەکات کاتێک هەڵەت کردووە و یارمەتیت دەدات بۆ چاکەکردن، هەروەها هەمیشە نزات بۆدەكات كاری باش و چاك بێتە ڕێگات و دوربیت لەهەمو ناخۆشی و دەردێك، یارمەتیت دەدات و ئامۆژگاریت دەکات ئەگەر پێویستت بە ئامۆژگاری بوو، هەروەها یارمەتیت دەدات کاتێک پێویستت پێی دەبێت، و لە ڕێگەی زیانەوە دوورت دەخاتەوە.
هەروەها زۆری تریش هەربۆیە پێویستە وریابین و قەدری ئەو كەسانە بزانین و هەمیشە لەبیرمان بن.




کەسێک لە ناو ژیانێک بۆ ژیانێکیتر دەگەڕێت.. داستان بەرزان

خەڵک هەیە
خەڵکی جۆراوجۆر
کە من مێشکم قبووڵیان ناکات
ئەوان پێدەکەنن و
قوبڵی ساوەر و برنج و بریانی دەخۆن و
ئەسپ و سەیارە و تەیارە دەکڕن
خەیار و قەیسی و ترێ و تەمەرهند و
مۆڵ و مۆم و هۆم و چۆم دەپێچنەوە!
من هیچم نییە لەو سەرمایەیەی ئەوان کردوویانە بە قەڵا بۆ خۆیان
ئەوەی هەمە جیهانی خۆمە
نایدەم بە تاج و ساج و باج و گەراجی ئەوان
خەڵک هەیە
باڵۆنی هەیە
من هەم
باڵۆنم نییە!

خەڵک هەیە
ساڵۆنی هەیە
من هەم
ساڵۆنم نییە!
من نیمە زۆرینەی ئەو شتانەی ئەوان کردوویانن بە قەڵا بۆ خۆیان.

ڕاستی بڵێم؟
من قەڵاکەم دەمێکە ڕووخاوە
پاڵم داوە بە تەنیایی شینی خۆمەوە!

من بەبێ پادشای چوارئینجی ڕۆم
من بەبێ گشت خاکی پانی عەجەم
من بەبێ عومری بازنەیی نوح
من بەبێ هێزی بەرینی نەمروود
من بەبێ چیای تیژی تەڵا
من بەبێ جەماڵی خڕی یووسف
من بەبێ دانایی ئاسۆیی لوقمان
من بەبێ گەنجی ستوونی سەلمان
تەنیام.. من زۆر.. زۆر تەنیام
تەنیام و جیهانی خۆمم گرتووە
من جیهانی خۆمم خۆشدەوێت
من جیهانی خۆمم!

من بەبێ گەنجی قاروون
بەبێ ڕەنجی فەرهاد
بەبێ تاقی کیسرا
بەبێ سەبری ئەیوب
بەبێ هەرەم
بەبێ حەرەم
بەبێ کەرەم
بەبێ دەوڵەت
بەبێ سەروەت
بەبێ، بەپێ
بەپێوەم، بێ چارە
بەپێوەم، بێ پارە
تەنیا خاوەنی جیهانی خۆمم.

سامانی سولەیمانم نییە
پەڕجووی موسا و
لێبوردەیی عیسا و
هەسپی بوڕاقم نییە.
زەینەفۆن و
دیاکۆ
هۆلاکۆ و
ئەسکەندەر نیم.
تەنیا خاوەنی جیهانی خۆمم
من جیهانی خۆمم خۆشدەوێت
من جیهانی خۆمم!

کێ خوێنی پاکی خۆی دەکێشێت؟
من نەبێت!
کێ کێشاویە بە بەرددا گیانی خۆی؟
من نەبێت!
کێ دەبینێت چ ڕووناکە؟
من نەبێت!
کێ خودا دەناسێت، بۆی دەگری؟
من نەبێت!

من دەنگدەداتەوە سینەم
چۆڵە بێ تۆ!
من دەشتێکم وادەخنکێم
دەمرم بێ تۆ!

من بارگەیەکی جێماوم
زامم بێ تۆ!
من قارەمانێکی دۆڕام
ژارم بێ تۆ!

تۆ دەمکێشیت بە چیا و دەشتەکاندا
کوێرانە!
تۆ دەمکێشیت بە مانگ و ئەستێراندا
عاشقانە!

تۆ لە گەروودایت
تۆ لە باخەکاندایت
تۆ لە سروەدایت
تۆ لە کڕێوەدایت
تۆ درەختی منی
تۆ گوڵزاری منی
تۆ ئاسمانی
تۆ هەردی
تۆ زەریای
تۆ فڕینی
هەر تۆش تەنیا
ژانی منی!

ڕۆژێک دادێت دەچیتە گەردوونی خۆتەوە
جیهانی خۆت دەناسیتەوە
من خەیاڵاویی بە ناو ئەو ڕۆژەدا دەڕۆم
بۆ ژیانێک واقیع نەخۆشی نەخستبێت.

شوێنک شوێن نییە
کاتێک کات نییە
تێیدا بمرم!

دەردی من ئەوەیە
دەردەکانمم پێوە دیارن
دیارن بە ڕۆژەکانمەوە
بە هەنگاوەکانمەوە
بە ئاگرەکەمەوە
لەسەر شوێن پێیەکانم جێماون
ئەو دەردانەی کەس نایانخوێنێتەوە.

من واقیع ئازارم دەدات
برینێکە لەسەر بوونم
تەمێکی قوورسە دەمخنکێنێت
لە هەموو شوێنێکم گیربووە
لە هەموو کاتێکم ڕۆچووە
من واقیعم ژانی هەیە!

فریا ناکەوم ئەوەی دەمەوێت بژیم
فریا ناکەوم ئەوەی دەمەوێت بمرم.

من پێویستم بە ژیانێکی دیکەیە
ئەمە ژیانە ڕاستەقینەکە نییە.




سووکە لەنگەر/ پێشێلکردنی تایبەتمەندی كۆچکردووان.. فەریق عوسمان

ماددەی ١٢ ی مافی مرۆڤی جیهانی جەخت دەکاتەوە لەسەر پاراستنی تایبەتمەندییەکانی هەموو مرۆڤێك و بڵاونەکردنەوەی بێ ڕەزامەندی خۆی، هەروەها دەبێت بزانرێت چۆن زانیارییەکان کۆ دەکرێنەوەو چۆن بەکار دێن(١٥،٥)، وێڕای ئەوەی یاسای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپی ژمارە ٨ داکۆکی دەکات لەسەر ڕێزگرتنی ژیانی تایبەتی هەموو مرۆڤێك لە ڕووەکانی خێزانی و نشینگەو نامەگۆڕینەوەکانیشیەوە.
لێ داخم ناچێ دەیان ساڵە ئێمەی کورد نەك لە مێژوودا، بەڵکو لەدەرەوەی مێژوودا دەژین و لە ڕەوتی ژیاریی مرۆڤایەتی هاوچەرخ و مافە ماددی و مەعنەویەکانی مرۆڤ بێبەشین و دابڕێنراوین، بەرەنجام ئاسانترین و بێ لێپرسینەوەترین کار تەنانەت لای هاوڵاتییەکی سادە بریتییە لە پێشێلکردنی تایبەتمەندییەکانی تاکەکانی مرۆڤی کوردو زۆر ئەم کارە کە تەنانەت بووە بە (خوو) بە ئاسایی وەردەگیرێت و وەکو پێشینانیش گوتویانە: گەورە ئاو دەڕێژێ و بچوك پێی تێ دەنێت، نموونەش بۆ ئەوەی ئەم ڕاستییە بزانێت گەر کەمێك بەدواداچوونی سۆشیال میدیا بکات دەزانێت چ نەهامەتییەك بەرپابووە.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لەسەری بدوێم ئەو نامە تایبەتەی ڕەوانشاد شاعیر (موحەمەد عومەر عوسمان)ه کە لەگۆڤارێکدا لەم ماوەیەی دوایدا بێ ڕەچاوکردنی هیچ پرەنسیپێکی پاراستنی تایبەتمەندییەکانی تاکە کەسیی، دوای چل ساڵ لە نووسینی و بێ ڕەزامەندی خۆی و ئەندامانی ماڵباتەکەی بڵاوکراوەتەوە، ئەو لەسەرەتای بیستەکانی تەمەنیدا بوو کاتێك ئەو نامە شەخسییەی نووسی و هەرگیز ئەو بەمەبەستی بڵاوکردنەوە نەنووسیبووی و نەناردبووی، ڕەنگە ئێستا گەر لە ژیانیشیدا بووایە زۆر پەشیمان بوایەتەوەو هەرگیز نامەی وای نەنووسیبا، ئەو داوای لەکەسی نامە بۆ نێردراو کردووە (بەپێی ڕەشنوسی نامەکە) گەر بتوانێت ئاوڕێك لە شیعرەکانی بداتەوە، نەكو هەڵەی ڕێنووسی ناو نامەکەی بۆ ڕاستبکرێتەوەو دەقی نامەکە بڵاوبکرێتەوە! مەگەر ئاوا پاێزگاری لە ئەمانەت و ڕاسپاردە دەکرێت؟ خۆ ڕاسپاردە تەنیا پارەو نەختینە نییە لای کەسێك دابنرێت، تەنانەت وتەش هەر ئەمانەتە، چ جای نامەی شەخسی؟ بە ناوی ئەرشیف وکاری ڕۆژنامەنووسییەوە پێشێلی تایبەتمەندی نێرەر بکرێت و بڵاوبکرێتەوە! ئیدی نازانین چ مەبەستێکی لەپشتە؟ ئایا بۆ تیشكخستنە سەر بایەخی کەسی نامە بۆ نێردراوە کە لەلایەن شاعیرەوە داوای لێ کراوە شتێك لەسەر شیعرەکانی بنووسێت؟ یان شانازیکردن و خۆ بە چەقکردن و دەمڕاستکردنی نووسەران و قەڵەم بەدەستانە؟
جگە لەمەش خاڵێکی گرنگی تر کە دەبێت باس بکرێت ئەوەیە کە لە دنیای ڕۆژنامەگەریی ئەمڕۆدا هیچ بەهایەكی زانستی بۆ بڵاوکردنەوەی چاوپێکەوتنی کۆچکردووان دانانرێت، چونکە جێی متمانە نییەو چەندان پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت؛ وەك ئەوەی ئایا بۆ تا لەژیاندا بوو بڵاونەکرایەوە؟ ئەی ئایا کێ ناڕاستی گوتەکانی نێو چاوپێکەوتنەکە ڕاست دەکاتەوەو دەستنیشان دەکات گەر دەسکاری کرابێت؟….
بەهەرحاڵ هەنە لە هەموو چاخ و زەمانێکدا هەر دەیانەوێت لە بڵندایی بمێننەوە، بۆ نموونە گەر بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتییەك بێت لە زەمەنی پێشوودا یان بەرپرسی گۆڤارێك لە زەمەنی ئێستاو داهاتوودا، بێ ئەوەی پرسیار لە سەرچاوەی داهاتی چاپکردنی گۆڤارەکە بکرێت لەکوێوە دێت و لە بەرانبەر ئەو بەخشینەدا دەبێت چی بکرێت؟ هزرمەند و ڕۆشنبیرو ئەدیب و هونەرمەندی ڕاستەقینە، تەنانەت گەر بە بێکەسی و تەنیاییش سەر بنێتەوە؛ عەزیز گەردی ئاسا هەموو ئەو پرسیارانە دەکات و خۆی بەدوور دەگرێت لەو دنیایەی لای کاڵفامانی قەڵەم بەدەستان لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمێك لەو بڵاوکراوانەدا خۆیان دەبیننەوە،.
مەخابن زۆرینە ئەوانەی خۆیان بە قەڵەم بەدەست و خاوەن بەهرە و هزرمەند دەزانن ڕاستییەکان دەزانن و نایانەوێ خۆیان بدەن لەو بابەتگەل و پرسیارانە، چونکە نووسین لایان پرەنسیپ نییە، چونکە خاوەنی پاشخانی مەعریفی دروست ودنیابینی نین. ئەمەش گەورەترین کێشەی وڵاتانی جیهانی سێیەمە کە هزرمەندو خامە بەدەستەکانیان لە قەیرانی جەوهەریدا دەناڵێنن و تا پرسیار دەگاتە ئەوەی ئایا بەکێ بڵێین ڕۆشنبیری ڕاستەقینە؟
ڕەنگە ئەم خاڵانەی باسمان کردن شتێکی کەم بن لەو پێوەرە جیهاناینەی وای کردووە تەنانەت بڕوانامەی زانکۆکانیشمان ئەو ڕەواج وڕەوایەتییەی نەبێت لە ڕووی زانستی و ئەکادیمییەوە لەسەر ئاستی جیهاندا، ئیدی لە بچوکترین شتەوە بیگرە کە ژیانی تاکەکەسییە تا دەگاتە ئاستی گروپ و دەستەو ناوچەکان، چ پێشبینییەك دەکرێت بۆ پێشکەوتن کە هێشتا تاك وەكو مرۆڤ مافە سەرەتاییەکانی زامن نین و تەنانەت مافی پارێزگاری تایبەتمەندییەکانی خۆی نەبێت و بگرە تەنانەت بە ئەنقەست و بۆ لەکەدارکردنی لە جێگاگەلێك کامێرای شاردراوەی بۆ دابنرێت! یاخود دروستکردنی سیناریۆ بە فۆتۆشۆپ و زیرەکی دەسکردو…. ئیدی ئاساییە لە کۆمەڵگایەکی وادا زۆر هەبن بڵێن جا قەیدی چییە شاعیرێك چل ساڵ پێش ئێستا نامەیەکی بۆ کەسێکی تر نووسیوە با بڵاوبکرێتەوە بێ پرسپێکردنی و مۆڵەت لێ وەرگرتنی، چونکە وەفاتی کردووەو لەژیاندا نەماوە!
دەمەوێت بە وتەیەكی جۆرج بەرنارد شۆ کۆتایی بەم وتارە بهێنم کە دەڵێت: ئاگادار بن! بانگەوازکردنی مەعریفەو ڕۆشنبێرێتی زۆر مەترسیدارترە لە خودی نەزانیی.

فەریق عوسمان




خوێندنەوەیەک بۆ هـۆنراوەکانی (مرواری) ی محەمەد بەرزی.. رەزا شـوان

پێش ئەوەی بێینە سەر باسکردنی پەرتووکی (مرواری) حەزدەکەین بۆ سوودوەرگرتن، زۆر بە کورتی و بە چـڕی، باسی مەرج و ستانـدارد و کوالـیتی پەرتـووکی نموونەیی و هـۆنـراوەی گـونجـاو بـۆ منـداڵان بـکەیـن.
پەرتـووکی منـداڵان گـرنگـییەکی زۆری هـەیە. بە دەروازەیەکی جیهـانی دادەنـرێـت بـۆ چـوونە ناو هـۆشی منداڵان، کە چەندین دەرگایان بۆ خەیاڵکردن و داهـێنان و فـێربوون لەسەریان دەکـاتەوە. لە رێگەی پەرتـووکەوە، جـیهـانی دەوروبەریـان دەناسـن و فـێری خوێنـدنەوە و نووسـین دەبـن. زاخـاوی کارامەییـان دەدات و سامـانی زانستـیـیان زیـاتر دەبێـت. زمانیشیان گەشەدەکات و فەرهەنگی وشـە و زاراوەکانیان دەوڵەمەنتر دەبێـت. بۆیە پێویستە لە منداڵییەوە منـداڵەکانمان بکەیـن بە هـاوڕێی پەرتـووک، تا خوێنـدنەوە ببێـت بە خووی رۆژانەیان و بە کولـتوور بە پێـویستییەکی ژیانیان. لـێرەوە گرنگـیدانی نووسـەرانی وێـژەی منـداڵان، بە تەکـنیک و بە جـوانی پەرتـووکی منـداڵان سەرچاوەی گرتووە. هەر پەرتووکێک کە شایەنی سەرنجـڕاکـێشانی منداڵانی خوێنەربێـت، پێویستە مـۆدێـرن بێـت و کومەڵـێک مەرجی هـونەری و جـوانی و سـتانداردی و کوالیـتی باشی کاغـەز و تەکـنیکی چـاپ و ناوەڕۆک و شـێوە و قـەبـارە و نەخـشە و فـۆنـتی گـونجـاو و چەند مەرجێکی تری چاپکردنی جـوان نـموونەیی لەخـۆگرتـووبـێـت. وەک: پێویـستە قەبارەی پەرتووکی منداڵان، لەگەڵ تەمەنی منداڵانـدا بگونجـێت. بە فـۆنتێکی باش و بە ستایلێکی جوان چاپ بکرێت. ناونیشانەکەی درێژ نەبێت و بە فـۆنتێکی گەورە و روون نـووسـرابێـت. پێویـستە کاغـەزی بـەرگی پـەرتـووکی منـداڵان و پـەڕەکانی ئەسـتوور و وبـریـقـەداربـن. بە وێنـەی کـێـشراوی رەنـگاوڕەنـگی جـوان یان وێـنـەی فـۆتـۆگـرافی بـڕازێـنرێتـەوە. چـونکە وێنـە تەواکەری دەقـی وێـژەییـە. منـداڵان هـەمـیشە، هـۆگـر و تامەزرۆی پەرتووکی وێنـداری رەنگاوڕەنگـی جـوانـن. زیاتر سەرنجیان رادەکـێشێت و زیاتر مەیلی خوێندنەوەی دەکەن، بۆ ماوەیەکی زیاتریش بابەتەکان لەیادیان دەمێننەوە.
پێـویـستە رەنگەکـان گـەش و روون و دڵخـۆشکەربـن. پەرتـووکی وێنـەیی، یارمەتـیی منـداڵان دەدات، کە وێنـە و وشـە و رسـتەی نووسـراو بەیەکەوە ببەسـتنەوە. یارمەتی ئـەوەشـیان دەدات، لە کارەکـتەرەکـان و شـوێنـەکان و لە پـڵـوتی بابـەتـەکـان تـێـبگەن. توانای خوێنـدنەوەیان باشتر دەکات و ئارەزوو و چـێژێکی زیاتـریشیان پێدەبەخـشێـت.
دەربـارەی هـۆنـراوەی منـداڵان. نازانـم بـۆ زۆربـەی هـۆنـراوەنـووسانی کوردمـان، تا ئەمـڕۆش دەست لەم سێ وشە عەرەبییە هەڵـناگرن (ئەدەب) و (شـیعـر) و (شاعـیـر)؟ لە کاتێکـدا کە بەرانبەر بەو سێ وشە عـەرەبییانە، وشەی رەسەنی کوردیـمان هـەیە: (وێـژە) و (هـۆنـراوە، هـەڵـبەســت، هـۆزان) و (هـۆنـراوەنـووس، هـەڵـبەستـنـووس، هـۆزانـڤـان). لە جیاتی وشەی (شاعـیر) چی شوورەییەکی تێـدایە، گەر لە هـاوشێوەی (چیرۆکنووس، رۆماننووس، شانۆنووس، مـێژوونووس) بنووسین (هـۆنـراوەنووس)؟ من وەک نووسەرێک، لە ئەمـڕۆوە نانووسم (شاعـیر) و دەنووسم (هـۆنـراوەنـووس).
هـۆنـراوە کۆنـتریـن و گـرنگـتریـن ژانـری وێـژەیـیە. جـوانـترین و ناسکـتریـن شـێوەیە لە شێوەکانی هـونەر. فـۆرمێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە. هـۆنراوە نزیکترین هـونەرە لە رۆحی منـداڵانەوە. سـوود و چـێژ و خـۆشی و گـەشی و گەشبـینی و هـیوایەکی زۆریـان پێـدەبەخـشێـت. هـۆنـراوە پەیامێکی پەروەردەیی و سۆزداری و نیشـتمانی و میهـرەبانی و رەوشـتی و بەهـای بـەرزی مـرۆڤـایـەتی لـەخـۆگـرتـووە. هـەر هـۆنـراوەنـووسێکـیش شێواز و ستاـل و تەکـنیکی هـۆنینەوەی خۆی هـەیە لە گەیاندنی پەیامەکەی بە منـداڵان. گەرچی لە راستـیدا هـیچ رێگا و پێوەرێکی دیاریکراو بۆ نووسینی هـۆنراوە نییە، بەڵام دەتـوانن هـەنـدێـک مەرج و یاسا و پێـویستی بنەڕەتی پەیـڕەوی بـکەن. بە تـایـبەتیـش لـە هـۆنـراوە بـۆ منـداڵان. وەک: هـۆنـراوە پەیـامی پەروەردەییـە، پێویـستە ئەم پەیـامە لەگەڵ تەمەن و تێگەیشتن ئەو منداڵانەدا بگونجـێت، کە هـۆنراوەکانیان ئاراستە دەکەن. بێگومان سەروا و تـۆن و ریـتـمی مـوزیـکی، منـداڵان دەخـەنـە جـووڵـە و دەتـوانـن بـە ئاسانی ئەو هـۆنـراوە و سـروودانـە لەبـەربکەن و بە ئـاوازەوە و بە دەنگی بەرز بیـان چڕن. پێویستە زمانی هـۆنراوە و سروود ، سووک و ئاسان و شیریـن بێت و دووربێـت لە ئاڵۆزی و لە وشـەی گران. دووربێـت لە هەڵەی زمانەوانی و لە لە هەڵەی رێنووسی و لە هـەڵەی زانـستی و لـە وشـەی بـێگـانە. نیـوە دیـڕەکـانی هـونـراوەکان، کـورت بـن، باشـتر وایە کە لەنێـوان دوو بۆ چـوار وشـە زیاتـر نەبـن. هـۆنـراوکانیـش درێـژ نـەبـن، باشـتر وایـە، لەنێـوان شەش دێـڕ بـۆ هـەشـت دێـڕبـن. دەکـرێـت ئاوازدانـەران ئاسانـتر ئاوازیان بۆ دابنێن. شایەنی ئاماژە و ستایشە، هـۆنـراوەنووسانی کوردمان بۆ منـداڵان، پشکی شـێری هـۆنـراوەکانیان، لەسەر خـۆشـەویـستی و دڵـسۆزی و هـاوبـەسـتەبـوون بۆ کوردستانی نیشتمانی پیرۆزمان و لەسەر سروشتی جوان و ئەفسووناوی کوردستان نووسیون. تا لە منداڵـییەوە ئەم رەهـەنـدە نیشتمانییە لە هـۆشی منداڵانی کورد بڕوێنن.
ئەوەش دەزانین، کە منـداڵان بە سـروشتی و بە رەمـەکی، هـوگـری گورانی سـروود و هـۆنـراوە و مـوزیـک و چەپـڵەلـێـدان و هـەڵـپەڕکی و خـۆشی و شـادیـن و پـێکەنـین.
دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان. کە خوێندنەوەیەکی خـێرایە، بۆ پەرتـووکی (مـرواری)، کە بـریـتیـیە لە کـۆمـەڵـێک هـۆنـراوە بـۆ منـداڵان، لە هـۆنـینەوەی هـۆنـراونـووس و چیرۆکنووس و لێکـۆڵـینەوەنووسی ناسراوی کوردمان، ئـەنـدازیار (محەمەد بەرزی). کە لە سـاڵی (٢٠٢٤) دا، لە چـاپخـانەی (لـیـرە) لە شـاری سـلـێـمانی چـاپی کـردووە.
(محـەمـەد قـادر محـێـدیـن) لـە ناوەنـدی وێـژەیـیـدا، بـە (محـەمـەد بـەرزی) ناسـراوە. لە (٢٠/ یـوولی/ ١٩٤٦) لە شاری سـلـێمانی لەدایکـبووە. قـوناغـەکانی قـوتابخـانەی بنەڕەتی و ئامادەیی لە شاری سلـێمانی تەواو کـردووە. لە ساڵی (١٩٧١) دا زانکـۆی تەکـنەلـۆژی ـ لە کۆلـێژی ئەنـدازیـاری (بەشی کارەبـا)ی لە بەغـداد تـەواو کـردووە و بـڕوانـامەی بەکالـۆریـۆسی وەرگرتووە. هـەر ئەو ساڵە، لە کارگەی شەکری سلێمانی دامەزراوە. دوای داخـستنی کـارگەی شـەکـرەکە، گۆازراوەتـەوە بۆ کارگـەی تـووتـنی سـلـێـمـانی. لـە ساڵی (١٩٧٦) دا، هـاوسـەرگـیری پـێکهـێـناوە. سێ منـداڵـیان هـەیە.
لە رۆژی (٣١/ ئـاب/ ١٩٩٦) دا، لەگەڵ خـێزانـەکەیـدا، کۆچـیان بۆ ئەمـریکا کـردوە. لە ئـێـستادا، لە ویـلایـەتی (یـۆتـا)ی ولایـەتە یەکگـرتـووەکـانی ئەمـریـکادا دەژیـن.
محـەمەد بـەرزی تا ئێستا کۆمەڵـێک چـیرۆک و هـۆنـراوەی لە زمـانی ئـینگـلـیزییەوە، وەرگـێڕاون بۆ سەر زمانی کوردی. تا ئەمـڕۆ (٧) پەرتـووکی هـۆنراوە و چـیرۆکی بۆ منـداڵان بە ناوەکـانی (ناسک و ورچـەکە، بـازن، مـریـەم، خـۆزگـە، بەرخـەکـەی لانـە، مـرواری) و دوو پەرتـووکی زانستیشی (وزەی خـۆر، کوڵـێـنەری هـەڵـم) چاپکـردوون و بڵاویـانی کـردوونـەتەوە. زیـاتـریـش لە (٢٥٠) نـووسـینی بابـەت هـەمـەجـۆرەی لە گۆڤار و لە رۆژنامە و لە سایتە کوردییەکاندا، بڵاوکردۆنەتەوە. دانەبـڕاوە و درێـژە بە نووسینە هەمەجۆرەکانی دەدات. زیاتر لە (٥٥) ساڵە بەردوامە لە نووسین بۆ منداڵان.
پەرتـووکی مـرواری، بەپێی ئەو هەموو کوالیـت و تەکـنیکـیە هـونەرییانە چاپکـراوە، کە لەسەرەوە باسمان کردووە. قەوارەی مـرواری گونجاوە و بەرگەکەشی ئەستوورە. ناونیـشانـەکەی یـەک وشـەیە (مـرواری) یە، کە سەرنـاوی یەکـێکە لە هـۆنـراوکانی. بەرگی یەکەم و دووەمی، بە وێنەی جـوان رازاونەتەوە و سەرنج راکـێشن. کاغـەزی پـەڕەکـانی نـاوەوەی مـرواری ئەسـتوور و لـووس و بـریـقـەدارن.

مـرواری دیـزایـنێکی هـونەریی جـوان کراوە. سەرجەم لە (١٢٧) لاپـەڕەدا، (١١٤) هـۆنـراوەی کـورتی لەخـۆگرتـووە. لە سـەدا (٩٥%)ی هـۆنـراوەکان لە شـەش دێـڕ پێکهـاتوون، نیوەدێڕی هـۆنراوەکان کورتن. هەر نیوەدێـڕێک لەنێوان دوو بۆ چوار وشە پـێک هـاتوون. وشەکانیش سووک و ئاسان و بـاون. بە شـێوەیەکی هـونەریی جـوان و بـە فـۆنـتـێکی گـونجـاو و جـوان و روون چـاپکـراون. لـەلای چـەپـی هـەر هـۆنـراوەیـەکـدا و لە هەمان لاپـەڕەدا، وێنـەیەکی کـێـشراوی رەنگاوڕەنگی گەش و جـوان هـەیە، کە پەیـوەنـدیـان بە ناونـیشان و بـە نـاوەڕۆکی هـۆنـراوەکـەوە هـەیە.
بە کورتی لە رووی تەکـنیکی چـاپکـردن و هـونەری دیـزاینی هـۆنـراوە و وێنەکـان، دەتوانم بڵـێم پەرتووکی مرواری، بەشی هەرەزۆری کوالیت و ستانداردی پەرتووکی نمـوونەیی بۆ منـداڵان تـێدایە. لە رووی چـاپ و نـاوەڕۆک و فـۆرمەوە، یەکـێکە لە جوانـترین پەرتـووکە کوردییە چـاپکـراوەکـانی ساڵی (٢٠٢٤) ە، بۆ منـداڵانی کورد.
هـۆنـراوەنـووس کاک محـەمەد بـەرزی، بە پـێـشەکییەکی کـورت دەستی پـێکـردووە.
لە پـێـشەکـیـیەکەیـدا نـووسیـوێـتی:”هـۆنـراوەی بـاش هـەوێـنی هـونـەری داهـێـنانە، پەیـامێکی چـێژبـەخـشە و کاریگەری گـەورەی لەسـەر رۆحی مـرۆڤ هـەیە، خـەم و ئازار و فـشار کەمدەکاتەوە، ئۆخـژن و ئارامی دەدا بە دەروونمان و دەتـوانێ ئێـمە و منـداڵەکانمان فـێری خـۆشـەویـستی بـکات و دڵـمان خـۆش و گـەش بکات… هـتد”.
کـاک محـەمـەد بـەرزی، نـووسـەر و هـۆنـراوەنـووسێکی بە تـوانـایە و ژێـرخـانـێکی رۆشنبیری و زانـستی گـشتی هـەیە. حەز بە زۆر و بۆر ناکات، بەڵکو ئەو” نەخـت و پـوخـت” دەنـووسیت. توانـا و شارەزاییەکی باشی لە زمـانی کوردیـدا هـەیە. سەرجەم هـۆنراوەکانی مراواری، کورتن بە کوردییەکی شیرین و ناسک و ئاسان نووسیویانی و بێ گری گۆڵن. هەر یەکە لە هـۆنراوەکانی پەیامێکی پەروەردەیی بە منداڵان دەگەیەنن. بەهـای بەرزیان لەخـۆگرتـوون. بابەتاکانی نامـۆ نین و لە ژینگە و ئارەزوو و خواست و ژیـانی رۆژانەی منـداڵانی کوردەوە، ئـیلهـامی بۆ هـاتـوون. رەنگـدانەوەی سروشتی جوانی کوردستانیان پێوە دیارە. کاک بەرزی گرنگـییەکی زۆریشی بە کێش و سەروا و ریـتـم و مـۆزیکی هـۆنـراوەکانی داون. لەسـەر کـێـشی بـڕگەیی خـۆماڵی هـۆنـراوکـانی هـۆنیـوەتەوە. هەر هەمـوویان شایەنی ئەوەن کە لەلایـەن ئاوازدانەرانەوە ئاوازیان بۆ دابـنرێـن و بکـرێـن بـە گـۆرانی و بە سـروود، بـە دەنـگی نـاسک و شـیریـنی منـداڵان تۆمار بکرێن. گەر بمانەوێت بە وردی و بە تەسەلی، باسی یەک بە یەکی هۆنراوەکانی مـرواری بکەیـن. ناتوانین بە باسێکی کورتی سەرپێی چەنـد لاپەڕەیەک، بە تەواوی و بە جـوانی لـە هـەمـوو روویـەکـەوە، هـەمـوو هـۆنـراوەکـانی مـرواری شـیـبکەیـنەوە.
تەنها وەک گـوڵـبژێـر و نمـوونە، ئامـاژە بـە سێ هـۆنـراوە و بە چەنـد دێـڕێکی چەنـد هـۆنـراوەکی گۆڵـزاری هـۆنراوەکانی مـرواری دەدەیـن. گەرچی هەموو هـۆنـراوەکانی شایەنی ئـەوەن، کە بخـرێـنـە بـەردەم خـوێـنەرانی تامـەزرۆی هـۆنـراوەی منـداڵان. تا بـزانـن، کاک بەرزی بە چ مـروارییەکی دەگمەن و بەنرخ (مـرواری) ی رازانـدۆتەوە.
لە دوو دێـڕی یەکـەم، لە هـۆنـراوەی (وڵاتـەکـەم) کە مەبـەستی کوردسـتانی جـوانە:
وڵاتــــــم شـــــاخ و دەشــــــتـە
جــــوانـە وەک بـەهــەشــــــتـە
بـاخــی گـــــوڵ و گـۆڵــــــــزارە
هـەمـــــوو وەرزێ بـەهـــــــارە
لە دوو دێـڕی یەکەم، لە هـۆنراوەی (پـێـشمەرگە) باس لە بەرخودانی پـێشمەرگەی شـۆڕشگـێڕی کوردستان دەکـات، کە لە جیهـانـدا بـوونـەتە سیـمبـولی قـارەمانـێـتی.
هـەڵــــۆی ئــەم نـیـشـــــتـمـانـە
پـێـشــــمـەرگـەی قـــارەمــــانـە
ســــەری لـە ئاسمـان دەخــشێ
بـۆ ئـێـمــــــە تـێـــــــدەکــۆشـی
لە هـۆنراوەی (پەلکە زێـڕینە)ی حەوت رەنگـدا، کە دوای بـاران دەردەکەوێـت، وەک مـژدەیـەکی خۆشی و خـۆر دەرکەتـن، سەرنـجی گەورە و منـداڵان رادەکـێـشـێـت. ئەم هـۆنـراوەیەی کاک بـەرزی، لەلایـەن ستافی سایـتی (مـوزەی هـونـەری منـداڵان) ەوە، لە ساڵی (٢٠٢٠) دا، لەسەر فـانیلە (تـیشـێـرت) چاپیـان کردوە و دایناوە بۆ فـرۆشتن.
چەپــــکـێ رەنــگی چـەمـــــاوە
پـەلـکـەزێــڕیـنــــــــەی نـــــاوە
نـــــاوە نـــــاوە دوای بــــــاران
دەردەکــــــەوێ لـە ئـاســـــمـان
لەژێـر تـیـشکی خــۆری گــەش
دنـیـــــا دەگـرێـتــــــــە بــاوەش
ســــور و پـرتـەقــــاڵـی و زەرد
ســــەوز و شــــیـنی بـێـگـــەرد

ئـەرخـەوانی و مــۆری جـــوان
گــەردی ئـــاون هـەمـــوویـــان
پـەلــکـەزێــڕیـنـــــــەی ئـاســۆ
ئـاســــمـان دەکـــا بـە تـابـلــــۆ
لـە هـۆنـراوەی دیـمـەنی (تــەرزە) باریـن دا، بـە هـەستی منـداڵـێـیەوە، دەڵـێـت:
ئـەمـــڕۆ هــــــەوارە بــــــەرزە
کـەوتــە بــەر تـــاوە تــــــەرزە
دەنــــکی وەکــــو مــــــــرواری
خـــــێـرا خــــــێـرا دەبــــــــاری
بـەربـــــوونـە ریــــــــــزە دارێ
گــــــەڵا دەڕژایـــە خــــــــوارێ
بـە دەنـــــکی زۆر گـــــــەرورە
شـەقــەی دەهــات پـەنـجــــەرە
تـەرزەیــــە تــــیـژ دابــــــــەزی
زۆر بـە قــــــایـم هـەڵـبـــــەزی
گـەر چـەتــــرەکـەم نەبــــــوایـە
رەنـــگـە ســـــەرم بـشــــکـایـە
هـۆنـراوەی (سـوێـنـد) جەخـتکـردنـەوەیە، لە دڵـسۆزی و تـێکـۆشـان و بەرگـری لە سنووری کوردستانی نیشـتمانمان، تێـدەکـۆشین و وازناهـێـنین تا دەبێـت بە دەوڵـەت:
بـە خـــوای گــەورە سـوێـنـد دەخــــۆم
دڵـســـــــۆزبـم بـۆ خــــــــــاکی خــــۆم
تـێـــــــــــکـۆشـــم بــە رۆژ و شـــــەو
بـۆ بــــــــــەرزێـتـی نــــــاوی ئـــــــەو
بـیـپــارێــــــــــــــــزم ســــــــــــنـووری
چ نـــــــــــــــــــــــزیــــک و چ دووری
بــۆی بـســــــووتـێـم وەکـو مــــــــــۆم
تـا سـەربـەخــــــــــۆیی بـــــــــــــــڕۆم
لـە بـــــــــیـری نــەکـــــــــەم ســـــاتـێ
تـا دەبــــــــــێ بـە دەوڵـــــــــــــــــەتـێ
ئــــــــاوەدان پـــــــڕ لـە جـــــــــــوانـی
ئــــــــــــــــازادبـێ رۆڵــەکـــــــــــــانـی
شایـەنی باسـە، وەک مـن ئاگـادارم، کـاک محـەمـەد بـەرزی بەشـی زۆری پەرتـووکی (مـرواری) بە دیـاری، پـێشکەش بە بەڕێـوەبەرێـتی پەروەردەی شارەکانی کوردستان کرد، بۆ ئـەوەی بەسەر قـوتـابخـانە بنەڕەتـییەکانـدا دابەشـیان بکەن. کـارێکی جـوانە. قـوتـابیـانی قـوتـابخـانەکان، دەتـوانـن بە ئاسانی دەستـیان بـە هـۆنـراوەکانی مـرواری بگات و بیانخوێننەوە. هـۆنراوەکانی بۆ قـۆناغی قوتابخانەی بنەڕەتی زۆر گونجاون.

زۆر زۆریش سوپاسی بـرای فـرە بەڕێـز و دڵـسۆزمان، کاک محەمـەد بـەرزی دەکەم. کە دانەیەک لە مـرواری بە دیـاری، لە شاری سـلـێـمانییەوە بۆ نەرویـج بـۆمی نـارد.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٦/ سـێـپـتەمبـەر/ ٢٠٢٥




لوتکەی شەنگەهای، چین و خەونی سەرکردایەتی سەرمایەداری جیهانی-1-.. ڕەحمان حوسێن زادە

(بەشی یەکەم)

لوتکەی شەنگەهای ئەم دواییە بە سەرکردایەتی بێ مشتومڕی چین و دواتر نمایشی سەربازیی گەورە ی سوپای ئەو وڵاتە، بە گوتەی زۆرێک لە چاودێران، چ لایەنگری چین و چ دژی چین، بێ گومان ئال و گورێکی گەورەیە لە پەیوەندییە جیهانییەکانی جەمسەرە ئیمپریالیستەکاندا و نیشانەیەکی ڕوونە بۆ سەرهەڵدانی چین بۆ ئەوەی ببێتە هێزی یه که می ئابووری و سیاسی جیهان. لەم لوتکەیەدا شی جینپینگ سەرۆکی چین “دژی تاکلایەنە بون و بەرەو فرەلایەنی” قسەی کرد. سوودی ئەم ئیدیعا تاکتیکییەی شی لەم قۆناغەی ئێستادا دوو لایەنی هەیە: لایەنی یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی به رانبه ر تاکلایەنەیی ئێستا و هەژموونی خووازی جیهانیی ئەمریکایە کە ترەمپ بە دروشمی “ئەمریکا یەکەم” پیداگری لە سه رده کا، لایەنی دووەمیش ڕازیکردنی هاوەڵانی ئێستای ناو ڕێکخراوی شەنگەهای و هاوپەیمانی بریکس، کە لە دەوری وەهمی چاودێرێکی فرەلایەنە لە ڕێکخراوی شەنگەهای دەسوڕێتەوە و هاندانی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانی دیکە بۆ نزیکبوونەوە لە جەمسەری چین و هاوبەشەکانی. لە کاتێکدا پەیامی ستراتیژی شی جینپینگ، سەرکردەی چینی ئیمپریالیست، لەم ڕستە کورتانەدا لە هەمان لوتکەدا دەربڕدرا. “چین ڕێگری لێناکرێت” و ڕایگەیاند کە “رێکخراوی هاوکاری شەنگەهای مۆدێلێکە بۆ نەزمی جیهانی” و کێ دەتوانێت نکۆڵی لێ بکات، لە ڕێکخراوی شەنگەهای، لەنێویاندا لە لوتکەی ئەم دواییەی سێ ڕۆژەشدا، چین سەرکردایەتی بێ مشتومڕی وەرگرتووە و ڕوونە کە ڕووسیا و هیندستان و زیاتر لە بیست وڵاتی لەوێ کۆبوونەتەوە پێگەی سەرکردایەتی چینیان قبوڵ کردووە. لوتکەی شەنگەهای ئەمساڵ یەکێتی و یەکگرتوویی زیاتری لەم جەمسەرەدا دروستکرد. ئەمە پەیامێکی هۆشداری بوو بۆ بلۆکی ڕۆژئاوا و ئەمریکا و ناتۆ کە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی ترەمپ لە گرژی و گێژاوی ناوخۆیی جددیدان. کاردانەوەی دەستبەجێ و دەمارگیرانەی ترەمپ و نیگەرانی سکرتێری گشتی ناتۆ و سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا و حکومەتەکانی ئەوروپا تەنها پەیوەندی بە ڕای گشتی و ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکانی لوتکەی شەنگەهای و مانۆڕە سەربازییە قورسەکانی ئەم دواییە لە گۆڕەپانی تیان انمەن نییە. خەمی قووڵتریان لەسەر ئامانج و سیاسەتە ڕانەگەیەندراوەکان و لەمەودوای ڕێکخراوی شەنگەهای بە سەرکردایەتی چین لە هاوکێشە جیهانییەکاندا دەبێت. کاراکردنی لوتکەی شەنگەهای ئەمجارە زۆر یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ستراتیژی پارتی “کۆمۆنیستی” چینی و ئەو حکومەتە پاوانخواز و ئیمپریالیستییەی کە لێیەوە سەریهەڵداوە، کە پێشتر وتو یانه تا سه رده می سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی “کۆماری گەلی چین” لە ساڵی ٢٠٤٩دا ئیرادەیان ئه وه یه خۆیان بکه ن بە دەسەڵاتی پێشەنگی ئابووری و سیاسی جیهان.

گۆڕانکاری وا ئه گه ر روبدا، ئەمه گۆڕانکارییە کی گەورەیە بۆ سەرکردایەتیکردنی جیهانی سەرمایە؟ پرسیار ئه وه یه ئامریکا و قوتبی روژئاوا وه ها ئالو گوریک ته حه مول ده کا؟ لە بابەتی داهاتوودا له وەڵامی ئەم پرسیارە و ئەم بابەتە دەکۆڵینەوە.
بەردەوامە
٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
.